داڕووخانی لیبرالیزم و پۆست لیبرالیزم.. ئەکرەم سەعید

قیژەێک لە ساکسۆنی-ئانهاڵتی ئەڵمانیاوە

دوای ئەوەی دوێنێ پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا ٤٤%ـ ی دەنگەکانی لە هەڵبژاردنی ئەڵمانیا بەدەستهێنا، قیژەێک لە ویلایەتی ساکسۆنی-ئانهاڵت خەڵکی لە مەترسیەک ئاگادار کردوە( گەڕانەوەی چەپۆکە ڕەشەکان – نازییە نوێکان بۆ دەسەڵات)، ئەو نازییە نوێیانەی خۆیان وەک فریاڕەس پیشانی خەڵکی دەدەن. ئێمە ئەمڕۆکە لە ساتەکانی سەرەتای وەرچەرخانێکی سیاسی ترسناکدا دەژین، لە خولێکی ڕاگوزاری لە جیهانی یەک جەمسەرییەوە بۆ جیهانێکی فرە جەمسەری، لە کۆمەڵگەی دیموکراسی وکراوەی ڕۆژئاواوە بەرەو کۆمەڵگەی تۆتالیتاری وداخراو. مەترسییەکان بەزۆری بۆ سەر مافە ئابووری و سیاسییەکانی چینی کرێکاران و پەناهەندەکانە.
لاوازبوون و پوکانەوەی بنەماکانی حوکمی دیموکراسی و لیبرالیزم، کە لەم سەردەمەی ئێمەدا بە پۆست لیبرالیزم ناو دەبرێ، نموونەیمان لە نزیکەی ناوەڕاستی ساڵانی هەزارو هەشت سەدەکاندا، بە جۆرێکی دی و لە هەلومەرجێکی جیاواز لە ململانێی چینایەتیدا بینیووە. لە ساڵی ۱۸٤۸ دا مارکس وەسفی ئەو هەلومەرجە دەکات کە پاڵ بە چینی بۆرژوازی فەرەنسییەوە دەنێ تا لە پێناو پاراستنی سەروەت و سامانەکەیان ملکەچی دیکتاتۆریەتی پۆناپارت بن. شیکارەکەی مارکس بۆ وەرچەرخان و گۆڕانی بۆرژوازەکان لە دیموکراسییەوە بۆ دیکتاتۆری، بە شاکارێکی فیکری و قووڵ لە مێژووی فەلسەفەی سیاسیدا دادەنرێت. مارکس لە کتێبەکەیدا«هەژدەی برۆمێری لویی بۆناپارت» بە شیکاریی زانستی نیشانی دەدات کە چۆن بۆرژوازی فەرەنسی، بۆ پاراستنی مڵکداریی تایبەت و بەرژەوەندییە داراییەکانیان، کۆماری دیمۆکراتیی خۆیان لەباربردوو وخۆیان تەسلیمی سەرکوتکاریی بۆناپارت کرد. لۆژیکی بۆرژوازی:( قوربانیدان بە تاجی سیاسی لە پێناو جزدانی پارەکانی ). مارکس لە بەشی پێنجەمی کتێبەکەدا، بە زمانێکی زۆر ڕوون و بێپەردە وەسفی ئەو مامەڵە مێژووییە دەکات کە بۆرژوازی لەگەڵ دیکتاتۆرەکەدا کردی:« بۆرژوازی بە ڕوونی ڕایگەیاند کە بەرژەوەندییە چینایەتییەکانی خۆی ناچاری دەکەن دەست لە بەشداریکردنی ڕاستەوخۆ لە دەسەڵاتی سیاسیدا هەڵبگرێت؛ و بۆ ئەوەی ئارامی و سەقامگیری لە وڵاتدا بگەڕێنرێتەوە، دەبێت پێش هەموو شتێک پەرلەمانی بۆرژوازی بێدەنگ بکرێت؛ وە بۆ پاراستنی هێزی کۆمەڵایەتی و ئابوورییان (واتە کارگە و بانکەکانیان)، دەبێت هێزی سیاسییان بشکێنرێت. بۆرژوازی تێگەیشت کە بۆ ئەوەی بتوانێت جزدانی پارەکەی بپارێزێت، دەبێت تاجەکەی لەسەری دابگرێ، و ئەو شمشێرەش کە بڕیارە بیپارێزێت ( واتە سوپای دیکتاتۆر ) لە هەمان کاتدا وەک شمشێری دۆمۆکلیس بەسەر سەری خۆیەوە هەڵبواسێت.».
هەروەها مارکس ڕوونی دەکاتەوە کە بۆرژوازەکان دیمۆکراسی وەک مەترسی بۆ سەر سەرمایەداری چاو لێدەکەن، کاتێک سەرنجیاندا کرێکاران و گەل دەتوانن لە ڕێگەی دیمۆکراسییەوە داوای مافەکانیان بکەن، ئیدی بۆرژوازەکان دیمۆکراسیی وەک خاڵی لاواز یان وەک دوژمن تەماشا کرد، تەنانەت ئەگەر دیمۆکراسییەکە هی خۆشیان بوایە:« بۆرژوازی تێگەیشت کە هەموو ئەو چەکانەی کە بۆ لێدانی دەرەبەگایەتی کۆن دروستی کردبوون (وەک ئازادی ڕادەربڕین، مافی دەنگدان، کۆماریخوازی)، ئێستا گۆڕاون بۆ چەکێک کە ڕوویان لە خۆیەتی … بۆیە هەموو ئەوانەی کە پێشتر ناوی نابوون ” ئازادی پێشکەوتنخواز ”، ئێستا وەک هەڕەشەیەکی سۆسیالیستی پێناسەی کردنەوە و مەدالیای تاوانبارییان بەسەردا بڕی.» – کەواتە ” تەنها دیکتاتۆریەت دەتوانێت کۆمەڵگای بۆرژوازی ڕزگار بکات! ”.
مارکس لە بەشی شەشەمی کتێبەکەدا باسی قۆناغی کۆتایی پێش کودەتاکەی بۆناپارت دەکات، کاتێک بۆرژوازی شێتبووبوو بەدەست ناسەقامگیری بازاڕ و ترسی شۆڕشی کرێکاران، بۆیە داوای دیکتاتۆریەتی دەکرد:«بۆرژوازی هاواری دەکرد: ” کۆتاییەکی بەئازار نەک ئازارێکی بێ کۆتایی! ”. ئەم هاوارە بە تەواوی لە لایەن بۆناپارتەوە بیسترا … کاتێک پەرلەمانتار و ڕۆژنامەنووسە بۆرژواکان داوای ئازادییان دەکرد، بازرگان و سەرمایەدارە بۆرژواکان لە دەرەوەی پەرلەمان سووکایەتییان پێ دەکردن و هانی بۆناپارتیان دەدا بۆ ئەوەی دەنگی ئەوان کپ بکاتەوە، چونکە پێیان وابوو چالاکییە سیاسییەکان دەبنە هۆی شڵەژانی بازاڕ و بازرگانی.».
ئەنگلس لە چەندین شوێندا بە دەق و بە ڕوونی باسی ئەم پاشەکشە مێژووییەی بۆرژوازی و چەمکی ” بۆناپارتیزم ” دەکات. لە گرنگترین ئەو بەڵگە و دەقانەی کە وەک سەرچاوە دەتوانیت بەکاریان بهێنین، ئەمانەن: نامەی ئەنگلس بۆ مارکس (١٣ی نیسانی ١٨٦٦). ئەم کورتە نامەیە بە یەکێک لە ڕوونترین سەرچاوەکان دادەنرێت کە تێیدا ئەنگلس پێناسەی بۆناپارتیزم دەکات وەک ” ئایینی بۆرژوازی ”:
« بۆناپارتیزم ئایینی ڕاستەقینەی بۆرژوازی مۆدێرنە. بۆم دەرکەوتووە کە بۆرژوازی توانای ئەوەی نییە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ حوکمی سیاسی وڵات بکات؛ بۆیە ئەگەر ئۆلیگارشییەک (کەمینەیەکی دەسەڵاتدار) نەبێت کە لە پێناو بەرژەوەندی ئەواندا دەسەڵات بگرێتە دەست… ئەوا دیکتاتۆریەتێکی نیوە – بۆناپارتی دەبێتە شێوازی ئاسایی دەسەڵات. ئەم جۆرە دیکتاتۆریەتە بەرژەوەندییە ماددییەکانی بۆرژوازی دەپارێزێت ( تەنانەت ئەگەر لە دژی ویستی خۆشیان بێت )، بەڵام هیچ پشک و بەشێک لە دەسەڵاتی حکومەتدا بە خودی بۆرژوازی نادات.» – سەرچاوە: نامەکانی مارکس- ئەنگڵز ١٨٦٦/ نامەی فریدریش ئەنگڵس بۆ کارل مارکس لە مارگەیت، ١٣ی نیسانی ١٨٦٦.
وە لە پێشەکی بۆ چاپی سێهەمی کتێبەکەی مارکس «هەژدەی برۆمێری لویی بۆناپارت» – ١٨٨٥، ئەنگلس مێژووی فەرەنسا ولۆژیکی بۆرژوازی ڕوون دەکاتەوە:« فەرەنسا ئەو وڵاتەیە کە تێیدا ململانێ مێژووییەکانی نێوان چینەکان، زیاتر لە هەر شوێنێکی تر، هەرجارەو بە بڕیارێکی یەکلاکەرەوە کۆتایی هاتووە… بۆرژوازی فەرەنسی لە دوای ساڵی ١٨٤٨، کاتێک لەبەردەم مەترسی ڕاپەڕینی سووری (سۆسیالیستی) کرێکاراندا پشتی شکا، پەنای بردە بەر سەرکوتکاریی پۆلیسی و سەربازی؛ ئەوان ئامادەبوون ئازادییە سیاسییەکانی خۆیان بدەن بە بۆناپارت لە پێناو هێشتنەوەی کۆیلایەتی ئابووریی چینی کرێکار و پاراستنی سەقامگیریی بازاڕەکانیان.».
ئەم شیکارییەی مارکس و ئەنگلس ئەوە دەسەلمێنێت کە بۆرژوازی هیچ دڵسۆزییەکی بنەمایی بۆ دیمۆکراسی یان لیبرالیزمی سیاسی نییە یانی پراگماتیزمە؛ چونکە دیمۆکراسی لە ڕوانگەی بۆرژوازییەوە تەنها ئامرازێکە بۆ حوکمڕانی. کاتێک سەرمایەداری لە خولێکی قەیرانی قووڵدا هەست دەکات دیمۆکراسی بووەتە هەڕەشە بۆ سەر مانەوەی سەروەتەکەی، یان ڕێگا خۆش دەکات بۆ سەرکەوتنی هێزە ڕادیکاڵەکان( پۆپۆلیست یان چەپخواز )، ئەوا دەستبەجێ دەمامکە لیبراڵییەکەی فڕێ دەدات، و پەلە دەکات بۆ خۆحەشاردان لە باوەشی دکتاتۆریەت (تۆتالیتاریزم) و حوکمی ” ڕابەری بەهێز ” دا؛ ئەمەش ڕێک ئەو ترسەیە کە ڕەخنەگران لە گوتاری ئەمڕۆیاندا دەیخەنە سەر واقیعی هاوچەرخی ئەوروپا.

بەڵام بارودۆخی ئێستای ئەوروپا بە تەواوی لەگەڵ فەرەنسای ساڵی ١٨٤٨دا یەکناگرێتەوە؛ چونکە ئەمڕۆ کرێکاران و چەپەکان هەڕەشە لە دەسەڵاتی بۆرژوازی ناکەن لە ئەوروپادا؛ ئەمە یانی جیاوازی هەلومەرجی مێژووی لە داڕمانی لیبڕالیزم و پاشەکشەی بۆرژوازی لە دیموکراسییەوە بۆ دیکتاتۆری، لە سەردەمی مارکس و سەردەمی ئێمەدا، بەتایبەتی جیاوازی لە پلەی ململانێی چینایەتی نێوان کرێکاران و بۆرژوازەکان دایە. لە سەردەمی ئێمەدا، بەهۆی ناهۆشیاری چینی کرێکاران و لاوازی ململانێیان لەتەک بۆرژوازەکان، لەمەوە ئەوەی پاڵ بە بۆرژوازەکانەوە دەنێ ( تاجی سیاسی- دەسەڵاتی لیبڕالی بکاتە قوربانی لە پێناو جزدانی پارەکانی ) ترس نییە لە شۆڕشی سۆسیالیستی، بەڵکو ڕووسیا، ململانێ نێودەوڵەتییەکان و قەیرانە ئابوورییەکان مەترسییە گەورەکەن. ئەو مەترسییە وجودییەی کە ئێستا هەڕەشە لە بژاردەی بۆرژوازی باڵادەست دەکات لە ئەوروپادا، سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەکی کرێکاریی شۆڕشگێڕ نییە وەک ئەوەی لە فەرەنسای ١٨٤٨دا هەبوو، بەڵکو مەترسییە لە قەیرانە ئابوورییەکان، ململانێ نێودەوڵەتییە توندەکان و گەشەی جیۆپۆلەتیکی ڕووسیا و چیندا کورت دەبێتەوە. ئەم جیاوازییە بنەڕەتییە، یەکێک لە گەورەترین دژبەیەک (پارادۆکس) و مەتەڵەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی هاوچەرخ دەخوڵقێنێت؛ چونکە چۆن دەکرێت بژاردەی بۆرژوازی ڕۆژئاوایی چاوپۆشی بکەن یان فەرشی سوور لە مەیدانی هەڵبژاردندا بۆ ڕەوتە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان ڕاخەن (وەک: پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا و مارین لۆپان لە فەرەنسا،، هتد)، لە کاتێکدا ڕۆژ بە ڕۆژ دەسەلمێنرێت کە ئەوان پەیوەندییەکی توندوتۆڵیان لەگەڵ ڕووسیا و پۆتیندا هەیە، کە خۆی دوژمنی یەکەمی جیۆپۆلەتیکی ئەوروپایە؟ ئەم ” مەتەڵ و دەمارە شاردراوە گەورەیە ” دەکرێت لە ڕێگەی ئەم ڕەهەندانە سەرەکییەوە شیبکرێتەوە، کە نهێنیەکان ونادیارییەکانی ئەم کایە سیاسییە دەردەخەن.
بۆچی پۆتین پاڵپشتیی ڕاستڕەوی توندڕەو دەکات؟ وە بۆچی ئەوانیش کێشی لای ئەو دەبن؟.پەیوەندیی نێوان کرملین و حیزبەکانی وەک ” حیزبی بەدیل بۆ ئەڵمانیا ” یان ” کۆبوونەوەی نیشتمانی ” لە فەرەنسا چیتر نهێنی نییە، بەڵکو ستراتیژییەکی بەرژەوەندیی هاوبەشە. چەکی هەڵوەشاندنەوەی ئەوروپا لە ناوخۆوە؛ پۆتین درک بەوە دەکات کە ناتوانێت بە شێوەیەکی سەربازیی ڕاستەوخۆ سەرکەوتن بەسەر هاوپەیمانیی ناتۆ یان یەکێتیی ئەوروپادا بهێنێت. بۆیە، باشترین ئامراز بۆ لاوازکردنی ڕۆژئاوا بریتییە لە پاڵپشتیکردنی حیزبە ناسیۆنالیستەکان (ڕاستڕەوی توندڕەو) کە داوای هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی ئەوروپا، ڕاگرتنی هاوکارییەکانی ئۆکرانیا و سەرلەنوێ گەڕاندنەوەی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ مۆسکۆ دەکەن. بەڵام بۆ ڕاستڕەوی توندڕەو لە کەسایەتیی پۆتیندا نموونەیەک بۆ “پیاوی بەهێز” دەبینێت، واتە ئایدیۆلۆژیا و کاریزمای پۆتین لەتەک بیروباوەڕی ڕاستڕەوی توندڕەو هاوبەشیان هەیە، چونکە پۆتین بەرەنگاری جیهانگیریی لیبراڵ دەبێتەوە، و بەها کۆنەخوازە نەریتییەکان لە دژی ئەجێندا کولتوورییە هاوچەرخەکانی ڕۆژئاوا دەپارێزێت. سەرەڕای ئەمەش، چەندین ڕاپۆرتی هەواڵگریی ڕۆژئاوایی بە بەڵگەوە ئاماژەیان بەوە کردووە کە هەندێک لەم حیزبانە کۆمەک و قەرزی داراییان لە بانکە ڕووسییەکانەوە پێگەیشتووە، یان لە ڕێگەی کەمپینەکانی چەواشەکاریی دیجیتاڵی و” سوپای ئەلیکترۆنیی ڕووس ”یەوە پاڵپشتی کراون. هەروەها پشتگیری ترەمپ و ئیلون ماسک بۆ ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی ئەوروپا، هۆکارەکەی بوونی بەرژەوەندی سیاسی و هزری هاوبەشە.
پرسیاێک لێرەدا دەتوانین لە خۆمانی بکەین: بۆچی بژاردەی بۆرژوازی دەسەڵاتدار لە ئەوروپادا چاوپۆشی لەم مەترسییە دەکات؟. ئەگەر ڕاستڕەوی توندڕەو هاوپەیمانی پۆتین بێت، ئەی بۆچی دەسەڵاتدارانی لیبراڵ نایانشکێنن و لەناویانبەرن؟.

دەسەڵاتدارانی ئەوروپا ئەمڕۆکە پراگماتیزمانە بیردەکەنەوە و گەمەێک دەکەن؛ ئەوان دەیانەوێ ئاراستەی توڕەیی کۆمەڵانی خەڵکی بگۆڕن، چونکە قەیرانە ئابوورییەکانی ئێستا( هەڵاوسان، قەیرانی وزە، پاشەکشەی خۆشگوزەرانی ) توڕەییەکی جەماوەریی بەربڵاوی خوڵقاندوە. بۆ سیستەمی سەرمایەداریی دەسەڵاتدار، سەرکەوتنی ڕاستڕەوی توندڕەو کە توڕەیی جەماوەر بەرەو ڕووی کۆچبەران، پەنابەران و کەمینەکان ئاراستە دەکات، بژاردەیەکی ” بێوەیە وەک زمانەی دڵنیایی ” دەبینرێت؛ چونکە ئەم گوتاری نازییە نوێکان دەستکاری جەوهەری سیستەمی ئابووریی سەرمایەداری ناکەن، وهەڕەشە لە پێکهاتەی مڵکداریی تایبەتی سەرمایەداران ناکەن (بە پێچەوانەی ئەوەی چەپی ڕادیکاڵ دەیکات ئەگەر بێتە سەر دەسەڵات). بەشێک لە خاوەن کارگەکان لە ئەوروپادا بەرژەوەندییان هەیە لە پرۆگرامی نازییە نوێکان، چونکە بەڵێنی کەمکردەنەوەی باج لەسەر سەرمایە ولابردنی باجی ژینگە کە یەکیەتی ئەوروپی سەپاندوویەتی دەدەن، و تووڕەیی چینایەتی خەڵک بەرەو کۆچبەران دەگۆڕێ، بۆیە دەشێ زۆرینە سەرمایەدارانەکان دژی هاتنی هێدی بە هێدی ڕەگەزپەرستەکان نین بۆ سەر حوکم، و ئەگەر بە ئاشکرا نەیکەن ئەوا لە پشتی پەردەوە کۆمەکییان دەکەن. هەروەها مەتەڵی شەرعییەتی سندوقەکانی دەنگدان (دیموکراسییەت)؛ بژاردەی ئەوروپی لە نێو ڕێساکانی ” کۆمەڵگەی کراوە ”دا گەمارۆدراون. ئەگەر بێن و ئەو حیزبانە قەدەغە بکەن کە نوێنەرایەتی ٣٠٪ یان ٤٠٪ی دەنگی دەنگدەران دەکەن (وەک ئەوەی لە ویلایەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا یان لە فەرەنسا ڕوودەدات)، ئەوا شەرعییەتی دیمۆکراسیی خۆیان بە دەستی خۆیان لەناو دەبەن و بۆ رای گشتی دەسەلمێنن کە دیکتاتۆریەتێکی دەمامکدارن، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی هەڵگیرسانی شۆڕشی ناوخۆیی زۆر مەترسیدارتر لە مەترسیی دەرەکیی ڕووسیا. دەشێ نهێنییە گەورەکە لەم کایەیەدا ئەوەبێ کە بۆرژوازیی دەسەڵاتدار گرەو لەسەر ” ماڵیکردن و ڕاهێنانی ” ڕاستڕەوی توندڕەو دەکات، هەر بەو شێوەیەی کە لە دەسەڵات نزیک دەبنەوە. مێژووی نزیک ڕاستیی ئەم گرەوە دەسەلمێنێت: ئەگەر سەرنجی نموونەی جۆرجیا میلۆنی بیدەن لە ئیتاڵیا؛ ئەو لە پاشبنەمایەکی ڕاستڕەوی توندڕەو و نیمچە فاشیستییەوە هات و ڕەخنەگرێکی سەرسەختی یەکێتیی ئەوروپا بوو، و نزیک بوو لە تێڕوانینە کۆنەخوازەکان و دۆستی پۆتین بوو، بەڵام هەر کە گەیشتە لوتکەی دەسەڵات، گۆڕا بۆ هاوپەیمانێکی گوێڕایەڵی ناتۆ، سیاسەتێکی ئابووریی نیولیبراڵیی تەواو هاوتای خواستەکانی بانکە گەورەکانی گرتەبەر، وپشتگیریی ڕەهای خۆی بۆ ئۆکرانیا دژی ڕووسیا ڕاگەیاند. بژاردەی بۆرژوازی پێیان وایە کە خاوەنی هێزێکی دارایی و دامەزراوەیی هێندە قووڵن کە دەتوانێت هەر حیزبێکی ڕاستڕەوی توندڕەو ناچار بکات “بەڵێننامەی دڵسۆزی” بۆ سیستەمی سەرمایەداری و سیاسەتی دەرەکی واژۆ بکات. لەم بڕوایەوە هەر نازیێک کە پۆستی وەزاریی وەرگرت، ئیدی دوای ئەوە دروشمەکانی هەڵبژاردنی خۆی و لایەنگری خۆی بۆ پۆتین، دەکاتە قوربانی.
ئەم دیمەنەی شانۆی سیاسی ئەمڕۆ لە ئەوروپا کۆپییەکی سادەی ساڵی ١٨٤٨ نییە، بەڵکو داڕشتنێکی ئاڵۆزە لە )بۆناپارتیزمی جیۆپۆلەتیکی هاوچەرخ (. بژاردەی سەرمایەداریی ئێستا ڕازی دەبن بە مەترسیی شۆفێنیزم (ڕاستڕەوی توندڕەو) و ئاساییکردنەوەو ماڵیکردنی، نەک لەبەر ترسیان لە کرێکاران، بەڵکو وەک ئامرازێک بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانە ئابوورییەکان و مژینی شۆکە کۆمەڵایەتییەکان؛ ئەوان بەهۆی خۆبەزلزانیی چینایەتییانەوە پێیان وایە دەتوانن کۆنترۆڵی ئەم دێوەزمەیە بکەن، و ڕێگری لێبکەن لەوەی لە کۆتاییدا ئەوروپا ڕادەستی پۆتین بکات.

من بەڕاستی زانیاریم وردم نییە، بەڵکە هەواڵەکان دەخوێنمەوەو شیکارو پێشبینی دەکەم. لە گەمەی پراگماتیسمی دەوڵەتەکانی ئەوروپا و پۆتین لەتەک نازییە نوێکانی ئەوروپا کە ترامپ و ئیلۆن ماسک پشتگیریان دەکەن تێدەگەم، بەڵام ئەم گەمەیە مافیا ئاساییە زۆر مەترسیدارە. پۆتین گەر پێی وابێ نازییە نوێکان (مۆرەێک – داشێک )ی سیاسی باش و بەسوودن لە گەمەی شەترەنجەکەی لەتەک ناتۆ، چونکە دەشێ بۆ کورت ماوە کۆمەکی کەن، بەڵام بۆ درێژماوە نازییە نوێکان کە پۆتین لە ئۆکراینان دەرەقەتیان نایەت، ئەگەر هەموو ئەوروپا بگرنە دەست، ئەوکات وەک هیتلر هێرش دەکەن بۆ ڕوسیا. بێگومان دەسەڵاتدارانی ئەوروپاش بەرامبەر چین دەیدۆڕێنن ئەگەر نازییە نوێکان دەسەڵات بگرنە دەست، چونکە ئابووری ئەوروپا بەرگەی کارەساتی ناسەقامگیر ناوخۆی و دەستوەشاندنی چەپ و ڕاستی توندڕەو لە یەکتر ناگرێ و هەرەس دەهێنێ، وە ئەوروپا بێ پەناهەندە ناتوانێ گەشە بکات و بەرامبەر چین دەیدۆڕێنێ.
خاڵە هەستیارە ستراتیژییەکانی ئەو یارییە جیۆپۆلەتیکییە ئاڵۆزن کە ئەوروپا لە ٢٠٢٦ پێیدا تێپەڕ دەبێت. لێرەدا مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە، چونکە کاتێ پۆتین دەکەوێتە تەڵەی “نازییە نوێیەکان”، ئەمەش تاڕادەێکی زۆر هەر بەو جۆرە لە مێژوودا بەڕێوە چووە؛ دیکتاتۆرەکان هەمیشە پێیان وابووە دەتوانن هێزە ڕادیکاڵ و شۆڤێنییەکان وەک “پادۆنی/ سەربازی شەترەنج ” دژی نەیارەکانیان بەکاربهێنن. پۆتین وا دەزانێت پشتگیریکردنی حیزبەکانی وەک حیزبی ئەلتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا کە لە ساڵانی ٢٠٢٥ و ٢٠٢٦دا گەشەی مێژووییان بەخۆوە بینیوە، ئەوروپا لاواز دەکات. بەڵام ئەگەر ئەم هێزە نەتەوەپەرستە توندڕەوانە (کە ئێستا لەلایەن دۆناڵد ترامپ و ئیلۆن ماسکەوە هاندانی میدیایی و سیاسی دەکرێن) دەسەڵات بگرنە دەست، ئایدیۆلۆژیای ڕەگەزپەرستی ئەوان لەسەر بنەمای ” باڵادەستی نەتەوەیی ” کار دەکات. لە کۆتاییدا، ڕووسیا بۆ ئەوان دەبێتەوە بە دوژمنی مێژوویی و هەمیشەیی، وەک چۆن هیتلەر دوای ڕێککەوتنی “مۆلۆتۆف-ڕیبێنترۆپ” هێرشی کردە سەر یەکێتی سۆڤیەت. توندڕەوی ناسیۆنالیستی کۆنترۆڵ ناکرێت و پۆتین دەبێتە قوربانی یەکەمی ئەو دێوەزمەیەی کە خۆی یارمەتی بەخەبەرھێنانەوەی داوە.
وە بە زیادبوونی هەژموونی نازییە نوێکان سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئەوروپادا تێکدەچێ، وتێکچوونی هاوسەنگی ئابووری بەرامبەر چین، ئەمە گرنگترین لایەنی مۆدێرنی ئابووری سیاسییە؛ ململانێی توندی نێوان ڕاستی توندڕەو و چەپی ڕادیکاڵ لە ناوخۆی ئەوروپا، دەبێتە هۆی پەککەوتنی بازاڕەکان و ناسەقامگیری کۆمەڵایەتی. ئابووری ئەوروپا ئابوورییەکی پیشەسازی و خزمەتگوزاری ناسکە و بەرگەی گرژی و جەنگی ناوخۆیی سەر شەقامەکان ناگرێت. ئەگەر ئەوروپا لە ناوخۆدا سەرقاڵی جەنگی ناسنامە و ئایدیۆلۆژیا بێت، ئەوکات گۆڕەپانی کێبڕکێی جیهانی بە تەواوی بۆ چین چۆڵ دەکات، کە بە بێدەنگی و ستراتیژی خەریکی کۆنترۆڵکردنی بازاڕەکانی جیهانە.

ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە ئەوروپا بێ پەنابەران لاواز دەبێ، لوتکەی هاوچەرخی شیکاریی دیمۆگرافی و ئابوورییە. ئەوروپا کیشوەرێکی “پیرە”؛ ڕێژەی لەدایکبوون تێیدا لە دابەزینی بەردەوامدایە و هێزی کاری ناوخۆیی تێرکەری پێویستییەکانی بازاڕ نییە. لایەنی پراگماتیستی دەسەڵاتی بۆرژوازی دەزانێت کە: هێزی کار و گەشەی ئەوروپا بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی سندوقەکانی خانەنشینی و دابینکردنی هێزی کاری کارگە و کەرتی تەندروستی، پێویستییەکی حەیاتی بە کۆچبەران و پەنابەران هەیە. بەڵام دروشمی ستراتیژی نازییە نوێیەکان بۆ دەرکردنی کۆچبەران یاخود کەمکردنەوەی مافەکانیان، لە ڕووی ئابوورییەوە کەتوارێکی خۆکوژییە بۆ ئەوروپا. بەبێ هێزی کاری نوێ، پیشەسازی ئەڵمانیا و فەڕەنسا توانای کێبڕکێی بازاڕی چینیان نابێت.
باسی وڵاتی چین بکەین کە چۆن دەڕوانێتە بەهێز بوونی نازییە نوێکان لە ئەوروپادا؟. ئایا وەک مەترسی یان فرسەتی لاوازبوونی ئەوروپا چاوی لێدەکات؟. پەیوەندەییەکان چین بە ئەوروپاێکی خاوەن دەسەڵاتی تۆتالیتاری چۆن دەبێ لە پاشەڕۆژێکی نزیکدا؟. لێکۆڵینەوە و داتا سیاسییەکانی ساڵانی ٢٠٢٥ و ٢٠٢٦ دەری دەخەن کە پەکین (چین) بە دیدگایەکی زۆر پراگماتیستی(بەرژەوەندیخوازانە)و دووڕەهەندی دەڕوانێتە بەهێزبوونی نازییە نوێکان و ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی ئەوروپا. چین لە یەک کاتدا وەک فرسەتێکی کاتی و مەترسییەکی ستراتیژیی قووڵ سەیری ئەم دۆخە دەکات:
١. یەکێتیی ئەوروپا هەمیشە وەک سەرئێشەیەک بووە، چونکە ئەوروپایەکی یەکگرتوو هاوشانی ئەمریکا دەبێتە هێزێکی گەورە دژی چین. بۆیە باڵاکردنی نازییە نوێکان ئەم فرسەتانە بۆ پەکین دەڕەخسێنێت؛ واتە تێکدانی یەکڕیزی ئەوروپا، چونکە حیزبە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان، دژی سیاسەتە ناوەندییەکانی برۆکسلن. چین سیاسەتی (پەرتکە و زاڵبە) بەکاردێنێت؛ کاتێک یەکێتی ئەوروپا لاواز دەبێت، چین دەتوانێت بە جیا کڕین و فرۆشتن و ڕێککەوتنی ئابووری لەگەڵ تاکە وڵاتەکان بکات، بەبێ ئەوەی گوێ بە یاساکانی یەکێتییەکە بدرێت.

۲/ حیزبە ڕاستڕەوەکان گرنگی بە پرسی مافەکانی مرۆڤ لە چین (وەک كێشەی ئیگۆرەكان، تایوان و هۆنگ کۆنگ) نادەن. ئەوان تەنها باسی “سەروەری نیشتمانی” دەکەن، ئەمەش بۆ چین زۆر گونجاوە، چونکە چیتر ڕووبەڕووی کێشەی سیاسی و ڕەخنەی ئەخلاقی نابێتەوە لەلایەن ئەوروپاوە. بۆیە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئاشکرا بووە کە مۆدێلی “پراگماتیزمی ئابووری” خاڵێکی هاوبەشە لە نێوان توندڕەوەکان و چین؛ بەشێک لە سەرکردەکانی ڕاستی توندڕەوی ئەوروپا تەنانەت سەردانی چینیان کردووە و دژی سزادانی ئابووری پەکین دەنگیان داوە، یانی پەیوەندی ژێربەژێر .
بەڵام بێگومان باڵاکردنی نازییە نوێکان بۆ وڵاتی چین لایەنی مەترسیشی هەیە، وەک “پارێزگاری ئابووری” و داڕمانی بازاڕ؛ نازییە نوێکان و ڕاستڕەوەکان لەسەر بنەمای ” ناسیۆنالیزمی ئابووری ” کار دەکەن. چونکە دروشمی ئەوان پاراستنی بەرهەمی ناوخۆییە. ئەمەش گەورەترین مەترسییە بۆ چین، بە تایبەتی داخرانی بازاڕەکانی ئەوروپا بە ڕووی کاڵاکانی چیندا. ئابووری چین بە تەواوی پشت بە هەناردەکردنی کاڵا بۆ ئەوروپا بەستوە (ئێستا چین ڕۆژانە بڕی ١ ملیار یۆرۆ کورتهێنانی بازرگانی بەسەر ئەوروپادا دەسەپێنێت). ئەگەر نازییە نوێکان دەسەڵات بگرنە دەست و باجی قورس بخەنە سەر کاڵای چینی، ئابووری چین تووشی شۆکێکی گەورە دەبێت. هەروەها ناسەقامگیری جیهانی لە ئەنجامی نازییە نوێکان، بەتایبەتی ئەگەر ئەوروپا بکەوێتە شێواوی ناوخۆیی و گۆشەگیری ئابووری، ئیدی هێزی کڕینی نامێنێت. بازاڕی تێکچووی ئەوروپا ناتوانێت کڕیاری کاڵا گرانبەها و تەکنەلۆژییەکانی چین بێت.
کەواتە بۆرژوازەکان و نوێنەرەکانیان لە دەسەڵاتدا لە زۆربەی وڵاتاندا گەمەی سیاسی ئاشکراو پشت پردە بە شێوازێکی مافیایی و کورتبینانە دەکەن؛ کە تێیدا لایەنەکان تەنها بەرژەوەندی کاتی خۆیان دەبینن. ئیدی ئەمە لۆژیکی بۆرژوازەکانە: کاتێک سەرمایەداری تووشی قەیران دەبێت، چاوپۆشی لە کێشە مەترسیدارەکان دەکەن. بەڵام گەمەیەک کە تێیدا ڕێگە بە هێزی توندڕەوی ڕەگەزپەرست بدرێت گەشە بکات بەو هیوایەی کۆنترۆڵ بکرێن، مێژوو سەلماندوویەتی کە هەمیشە بە کارەسات کۆتایی دێت؛ کارەساتێک کە تێیدا هەم ئابووری ئەوروپا بەرامبەر داهاتووی ئاسیا (چین) دەدۆڕێنێت، و هەمیش ئاسایشی جیهانی دەکەوێتە مەترسییەوە.

گۆڕهەڵکەنەکانی لیبرالیزم و جیهانی پاش لیبرالیزم
گەشەسەندنی خێرای تەکنەلۆژیا و سەرکەوتنی بزووتنەوە پۆپۆلیستییەکان، نوێنەرایەتی دوو گۆڕهەڵکەنی سەرەکی دەکەن، کە پێکەوە هەڕەشە لە بنچینەکانی دیمۆکراسیی لیبراڵ و ئازادییە کلاسیکییەکان دەکەن. مۆدێرنیتە و جیهانگیری، کە ڕۆژانێک وەک دەستکەوتی مەزنی لیبرالیزم تەماشا دەکران، ئێستا چەکێکی بەهێزیان بەخشیوە بە دوژمنەکانی. لیبرالیزم بە فەلسەفە و دەستوورەکەیەوە لەسەر [ ئازادیی تاک و پاراستنی تایبەتمەندێتی تاک ] دامەزرا بوو، بەڵام ئێستا دەوڵەتان و کۆمپانیا زەبەلاحەکان بە فەزڵی تەکنەلۆژیاوە، چاودێرییەکی توند بەسەر ژیانی تایبەتی تاکەکان و گشت خەڵکیدا دەسەپێنن و تایبەمەندیەتی تاکەکانیان پێشل کردوە:( ئەمڕۆکە: لە هەر جێگاێک ئۆتۆمبێلەکەت ڕاگری، یان زەنگی تەلەفۆنی بۆ هەر کەس لێبدەی، یان پۆستێک لە واڵەکەت دابەزێنی، گەشت بکەیت، بچیتە مۆڵەکان کەلوپەل بکڕیت،، هتد، ئەوە کاکی گەورە چاوی لێتە.). وە دەوڵەتان چیتر وەک ئامرازێکی جیهانیی گەشەپێدان تەماشای تەکنەلۆژیا ناکەن، بەڵکو وەک چەکێکی ناسیۆنالیستی بۆ سەپاندنی سەروەری و باڵادەستی دەیبینن، ئەمەش دەبێتە هۆی پەکخستنی بازرگانیی ئازاد و کرانەوەی جیهانی ( کە دوو کۆڵەکەی سەرەکین بۆ لیبرالیزم ). لە هەمان کاتدا، بزووتنەوە پۆپۆلیستییەکان زەمینەیەکی بەپیت بۆ گەشەی ڕەگەزپەرستی و لاهوتی سیاسی دەڕەخسێنن کە لیبرالیزم بە خاک دەسپێرن. پۆپۆلیزمی نوێ ” سۆزی نەتەوەی و ڕەگەزپەرستی – خاک و خوێن ” و ” پاساوە لاهوتییەکان ” سەر لەنوێ دەگەڕێنێتەوە بۆ داڵانەکانی دەسەڵات؛ بە جۆرێک پۆپۆلیستەکان لە دەوڵەتانی ڕۆژئاوادا خۆیان وەک) ڕزگارکەری نیشتمان و نەتەوە و ڕەگەز یان وەک پارێزەری شارستانییەتی مەسیحی/ ناسیۆنالیستی( پێشکەش دەکەن، ئەمەش عەقڵانییەتی سیاسیی لیبراڵ لە نێو دەبات. هاوکات، ڕەگەزپەرستی چەمکی هاوڵاتیبوون دەگۆڕێت بۆ تەنها شوناسێک؛ لە سیستەمی لیبراڵیدا، مرۆڤەکان لە ڕوواڵەتدا لەبەردەم یاسادا یەکسانن (هاوڵاتیبوون)، بەڵام بزووتنەوە پۆپۆلیستییەکان لە ڕێگەی زیندووکردنەوەی ڕەگەزپەرستی و دەمارگیریی نەتەوەییەوە کۆمەڵگە دابەش دەکەن بەسەر دوو جەمسەردا:) دانیشتوانی ڕەسەن و بێگانەکان/ پەنابەران(، ئەمەش دەبێتە هۆی پەکخستنی چەمکی مافەکانی مرۆڤی جیهانی. دەرئەنجام ئەم دوو دیاردەیە وەک دوو شەپۆلی هاوتەریب کار دەکات: تەکنەلۆژیا مرۆڤ لە ناوەوە پوچەڵ دەکاتەوەو تایبەتمەندی تاکەکەس و ئازادییەکەی پوچەڵ دەکات، لە کاتێکدا پۆپۆلیزم لە دەرەوە، بە پشت بەستن بە هێزی جەماوەری ناهۆشیار و بە دروشمە لاهوتی و ڕەگەزپەرستییەکانی، هێرش دەکاتە سەر دامەزراوە دیموکراسییەکان و یاساییەکان.

پەراوێز:

  • هەڵبەتە حکومەتەکانی ئێستای ئەوروپا لە ڕووی پێکهاتەییەوە وەک کۆماری ڤایمار – ساڵی ۱۹۱۹ و۱۹۳۳ کەنەفت و لەرزۆک نین، بەڵکو حکومەتگەلێکی قەیراناوین کە بە دوای هاوسەنگییەکدا دەگەڕێن لە نێوان پاراستنی ماف و ئازادییەکان لە لایەک، و بەرەنگاربوونەوەی ڕەوتە پۆپۆلیستە توندڕەوەکان لە لایەکی ترەوە. مەترسیی ئەمڕۆ لە داڕووخانی لەناکاوی دەوڵەتدا نییە لەسەر دەستی نازییە نوێیەکان کە جلی سەربازییان پۆشیوە، بەڵکو لەوەدایە کە زانایانی سیاسی ناوی دەنێن ” داخورانی پلە بە پلەی دیمۆکراسی ” لە ناوەوە؛ بە شێوازێک کە بەهاکانی لێبوردەیی و فرەیی بە هێواشی بەتاڵ دەکرێنەوە لە پێناو جێبەجێکردنی سیاسەتی پەڕاوێزخستن و سەپاندنی یاسای توند کە ئازادییەکان بە ناوی پاراستنی ئاسایش و قەیرانە ئابوورییەکانەوە بەرتەسک دەکەنەوە.
  • بەشێک لە نووسەران ڕایان وایە کە ( ئەوروپا بێ پەنابەران لاواز دەبێ، شیکاریی دروستی دیمۆگرافی و ئابوورییە، چونکە ئەوروپا کیشوەرێکی “پیرە”؛ ڕێژەی لەدایکبوون تێیدا لە دابەزینی بەردەوامدایە و هێزی کاری ناوخۆیی تێرکەری پێویستییەکانی بازاڕ نییە.)، بەڵام ڕخنە لەم دیدگایە ئەوەیە کە سەردەمی ئێمە ( سەردەمی ڕۆبۆت و زیرەکی دەستکرد )ە، ئیدی چەند ساڵی ئاییندەی نزیک، تەکنەلۆژیای نوێ، کێشەی کەمی کرێکاران بۆ وڵاتانی ئەوروپا پڕ دەکاتەوە.
  • چەند جار لە وتارەکانی پێشومدا خۆم داوە لە باسی(فاشیزم و مەترسیان لە سەر دیموکراسی و پەناهەندەکان). بۆ نموونە وتاری: (۱/ کۆمەڵگەی سەرمایەداری لە لیبڕالیسمەوە بەرەو تۆتالیتاریسم.. ۲/ فاشیسمی نوێ لە ئەوروپادا . ۳/ وەرزی کۆچی پەناهەندەکان بەرەو باشوور ) کە لە ” سایتی دەنگەکان و هاوپشتی کرێکاری ” بڵاوکراونەتەوە.
  • جگە لە چەندەها کتێبی زۆر بە سوود لەسەر داڕمانی لیبڕالیسم یان پاش لیبڕالیسم، هێشتا بەڕای من کتێبەکەی ئیمانیۆل ڤالەرشتاین «داڕووخانی لیبرالیزم» کە لە ساڵەکانی ۱۹۹۰ چاپکراوە، یەکێکە لە سەرچاوە بە سوودەکان.



ئایا ئەوەی دەنووسرێت پەخشانە شیعرە؟.. سۆران محەمەد

بەدواداچوونی وتاری پێشوو..

لە دوای بڵاوکردنەوەی بابەتی پێشوو لە ژمارەی ڕابردووی ماڵپەڕی (دەنگەکان)دا لە ژێر ناونیشانی (ئیستاتیکای زمانی شیعر)، هەندێک پرسیارو تێبینی و داواکاریم ڕووبەڕووبوونەوە سەبارەت تەوەرەی سەرەکی بابەتی شیعر، گرنگترینیان لەو خولگە سەرەکییەدا دەخولایەوە: ئایا ئەو دەقانەی ئێستا لە لایەن زۆرینەی ئەوانەی بە شاعیر ناودەبرێن دەکرێت بە شیعر ناوبەرین؟
ئەمە زۆپرسیارێکی بنەڕەتییەو دەبێتە دیاریکردنی سنووری ژانرە ئەدەبییەکان و وەڵامەکەشی دەبێتە بەرچاو ڕوونییەك بۆ هەموو ئەوانەی ئێستا لەو بارەوە دەنووسن و لەو جیهانەدا دەربڕین لە ناخ و هەستەکانیان دەکەن.
سەرەتا بۆ چوونە ناو بابەتەکەوە پێویستە ئەوە بگوترێت کە تا ئێستا ٣ جۆر دەقی شیعری سەرەکی هەن(مەبەستم لە هایکۆو هاوشێوەکانی نین):
١- کلاسیك، واتا پابەندبوون بە کێشی عەروزو سەرواو کێشەوە، وەك شیعرەکانی مەحوی و نالی….
٢- شیعری ئازاد، پابەند بوون بەسەرواوکێشی پەنجەوە بەشێوەکی ئازادو بوونی مۆسیقا و یەکیتی بابەت…وەك شیعرەکانی گۆران، لەتیف هەڵمەت، نەوەی حەفتاکان …تاد
٣- پەخشانە شیعر: لە ڕووی شێوەوە ڕاستە نە کێشی عەروزو نەکێشی پەنجەو سەروا تیایدا مەرجی سەرەکی نین، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت مۆسیقای ناوەکی و وێنە و خەیاڵ، چڕکردنەوە، ئاماژە و لادانی زمان، یەکگرتوویی ئۆرگانیکی، دنیا بینی و ئەزموونی تایبەت، هەروەها پێکهاتەی هونەریی لە خۆ بگرێت کە جیای دەکاتەوە لە پەخشانی ئاسایی یان خاتیرە.
وێڕای ئەوەی کە شیعر زیاتر لە دنیای میتافیزیکدا ئیش دەکات، وەکو خەیاڵ و هەست و بیرۆکە؛ بۆیە زەحمەتە چوارچێوکی کۆنکرێتی بۆ جۆرەکانی شیعر دابنێین، بەتایبەتی لەم سەردەمە خێرایەدا کە ژانرە ئەدەبییەکان بە جۆرێک تێکەڵاوی یەکتری بوون، هەندێكجار چیرۆك یان ڕۆمان یان تابلۆ یان پەخشان و شانۆو سینەماو….تێکەڵاوی شیعر دەبن و شتێکی تازەو ناوازەی لێ دروست دەبێت، بەڵام ئەگەر بەشێوەیەکی گشتی باسی شیعرییەت بکەین کە سیمایەکی سەرەکی هەر سێ جۆرەکەیەو نابێت فەرامۆش بکرێت،(بەڵام هەر یەکەیان بە فۆرمێکی جیاواز تیایدا ڕەنگ دەداتەوە)، ئەوا گرنگترین مەرجی شیعرییەت ئەوەیە کە دەبێت لە دەقەکەدا جۆرێك پێکهاتەی زمانی تێدا هەبێت کە لە قسەی ئاسایی جیای بکاتەوە، چونکە بێگومان هەموو دەقێك لە زمان پێکدێت و شیعریش لەو چوارچێوەیەدا زمان بەکاردێنێت بۆ دەربڕین لە هەست و درککردن و هەر ئەمەشە دەبێتە هۆی ناونانی دەقێك بە شیعرو جیای دەکاتەوە لە ژانرەکانی دی، ئەگینا ئەگەر وا نەبێت هەرکەسێک هەستێت و چەند وشەیەكی نائاسایی پێکەوە بلکێنێت نابێتە شیعر، ئەگەر ئەم خاڵانەش پەیڕەو بکرێن، ئەوا هەم دەق باڵا دەبیت و لە هەمان کاتیشدا ئەو سنعەتە پلەو سەنتەری خۆی بەدەست دێنێتەوە.
لەم پێناوەدا بەکارهێنانی وێنەی شیعریی، خوازەکان، ئاماژەو ڕەمز و چڕکردنەوەی واتا (واتا بە کەمترین وشە زۆرترین مانا بگەیەنێت) بەشێکی گرنگی پێکهاتەی شیعرن.
کەواتە تەنیا دابەشکردنی دەقێکی پەخشان بۆ چەند کورتە دێڕێك بەس نییە بۆ سەلماندنی شیعرییەتی دەق.
لە پەخشانە شیعردا؛ کە بابەتی وتارەکەمانەو زۆربەی شیعری باشی ئێستا کە دەنووسرێت دەچنە ناو بازنەی ئەو ژانرەوە، تەنیا لێكدانی کۆمەڵێك ڕستەی جوان بەس نییە، کە لە تەنیشت یەکتر دابنرێن و ئیدی وازی لێبێنین و ناوی شیعر یان پەخشانە شیعری لێ بنێن، لێرەدا جێی خۆیەتی سێ خاڵە سەرەکییەکەی وتارەکەی پێشووتر وەبیر بهێنینەوە(تییمە، تەکنیك، بیرۆکە) کە ڕۆڵ دەگێڕن لە لەدایکبوونی دەقێکی شیعریی باشدا، کاتێك هەر یەك لەو سێ خاڵە بە شێوەیەکی وردو دروست و سەرکەوتوو بەکار بهێنرێت.
لێرەدا قسەمان لەسەر ئەو هەموو شیعرە دووبارە جوانانە نین کە پێوەری شیعریشیان تێدا هەیە، بەڵام زۆر سواو و دووبارەن، بۆ نموونە وەك بەکارهێنانی تییمەی هەستەکانی خۆشەویستی و بەجێهێشتن و ژووان و ئەو بابەتەتانە، کە نە بابەتەکەی هیچ جیاوازی و ناوازەییەکی تێدایە، نە شێوازو تەکنیکێکی جیاوازی دەربڕینی تێدا بەکارهاتووە، نە بیرۆکەیەکی نوێ و تازەشی تێدایە، بگرە ڕەنگە لە سەر زۆر عەرەبانەو پشتی ماشێن و شوێنە گشتییەکان ئەو کورتە شیعرانە بخوێنینەوە.
لە ڕاستیدا وەك ڕەخنەگری هاوچەرخ عەبدوڵلا غوزامی دەڵێت: پەخشانە شیعر سەخترین جۆری نووسینی شیعرە، ئەگەر مافی تەواوی خۆی پێ بدرێت، چونکە لە ناوەڕۆکدا زۆرقووڵە، لەیەك کاتدا هەست و خەیاڵ و سۆزو بیرو گیان تیایدا بەشدارەو ئەم ئازادییەشە وای لێکردووە سرك و یاخی بێت و بە ئاسانی خۆی نەدا بەدەستەوە. کە بێگومان دەبێت پەیوەندییەک یان پەتێكی نهێنی لەنێوان بەشەکانی دەقدا هەبێت و پێکەوەیان ببەستێتەوە، چ پەیوەندییەکی بابەتی بێت، یان هەستەکی، یان هێمایی، یان میوزیکی، کەواتە دروستکردنی بینایەکی پەخشانە شیعر زۆر پێکهاتەی جۆراوجۆر لە خۆیدا کۆدەکاتەوە کە لە هەموویان گرنگتر بنەماو بناغەکەیەتی، کە لە بیرۆکەو تەکنیکدا چڕ دەبێتەوە، پاشان دیوارەکانییەتی کە زمان و ئیستاتیکیای وشەیە، دواتر سەقفەکەیەتی کە کۆتایی دەقەکەیەو دەبێت لەگەڵ دیوارو بناغەکەدا سازو گونجاو بێت و تەواوی بکات. بۆیە لێرەدا جێی خۆیەتی ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین: ئایا بوارمان بە خۆمان داوە لە نووسینی دێڕە شیعرێکدا زۆر بیربکەینەوە، بگەڕێین تا شیعریترین وشە بدۆزینەوە بۆ ئەو شوێنەو بەکاری بهێنین؟ هەم دەگمەن و هەم مۆسیقی و هەم پڕ بە پڕی ماناکانی ئەو شوێنگەی دەق بێت؟ لە ڕاستیدا زمانی کوردی زمانێکی فرە شێوەزارو دەوڵەمەندەو ئێمە زۆر هاومانای وشەییمان هەیەو دەتوانین سازگارترین و سەرنجڕاکێشترینیان بەکاربهێنین، هەر دوور نەڕۆین بۆ نموونە وشەکانی: یاری، وازی، گەمە، کایە….تاد، کە هەمووی یەك مانا دەبەخشن بەڵام لە سیاقی دێڕەکاندا ڕەنگە هەموویان وەك پێویست ئەرکی شیعریی نەگەیەنن، بۆیە لێرەدا سەلیقەی هەڵبژاردنی زاراوەسازیی شاعیر و دەوڵەمەندیی فەرهەنگیی خاڵێکی بنەڕەتییە، نەك تەنیا زوو لە کۆڵکردنەوەی نووسینی دەقێك تەنیا بە هەبوونی بیرۆکەیەك لە مێشکماندا.
لە شیعردا مەجازو هونەرەکانی ڕەوانبێژی زۆر گرنگن و یارمەتی دەرن لە پێکهێنانی وێنەی شیعردا و لەم بوارەشدا خستنەگەڕی خەیاڵ زۆر گرنگە لە پێناو گۆڕینی ئەزموون و بیرۆکە بۆ وێنە و ئاماژە، بەم شێوەیە ڕزگارمان دەبێت لە پەتایەکی بەربڵاوی شیعری ئەم سەردەمە کە بریتییە لە سادەیی و ڕاستەوخۆیی لە دەربڕیندا. بۆ نموونە: سەبارەت دەبڕینی هەستی خەمباریی کەسێك دەتوانێت بنووسێت: «ئای ئەم پاییزە من زۆر خەمگینم، تەمەن وا ڕۆشت» لە کاتێکدا ئەمە دەگوترێت و شێوە ڕاستەوخۆکەی دەربڕینە، کە هیچ هونەرێکی شیعریی تێدا نییە، جگە لە دەربڕینی هەستی ناخ و دەروون سەبارەت دۆخێکی دیاریکراو، بەس کاتێك ئەم دەربڕینەت کرد بە وێنەو هەروەها گەڕایت میتافۆڕ/ خوازەت بۆ بەکارهێنا ئەوا بەهای شعریی بە دەقەکە دەدەیت، وەك ئەوەی بۆ نموونە بڵێیت “گەواڵەی پاییز گریا بەسەرما ” بە خستنەپاڵی گریان بۆ هەور کە لێكچوونیش هەیە لە نێوانیاندا لە ڕووی ئەوەوە کە چاو فرمێسک دەڕیژێ و هەور باران، ڕووی لێكچوونەکەیان تنۆکە و دەربڕین لە خەمباری دەکات، دەربڕینەکەش تێکەڵکردنی هەستی ناخە لەگەڵ توخمێکی سروشتدا، هەم لە ڕووی ماناشەوە لەگەڵ تێپەڕین و ڕۆشتنی تەمەندا دێتەوە، چونکە خەزان گەڵاکانی تێدا دەوەرێت و تەمەنیش ساڵەکانی تێپدەپەڕن، ئەمە نموونەیەکی سادەیەو بەس بۆ ڕوونکردنەوەیە، ئەگینا ئەم نموونەیەش شتێکی تازە نییەو شاعیران بەکاریان هێناوە، بەڵام وەك ئەو دروشمانە نییە کە ڕۆژانە لیرەو لەوێ بەسەر شیعردا ساخ دەکرێنەوەو شیعر نین و بەڵکو وەکو قسەی ڕۆژانەی خەڵکیان لێ هاتووەو هۆنینەوەیان پێویست بە هیچ سەلیقەو شارەزایی و ماندووبوونێك ناکات.
ئەمە لە کاتێکدا، بەڵێ دەستەواژەی «ئای ئەم پاییزە من زۆر خەمگینم، تەمەن وا ڕۆشت» ڕستەیەکی ئەدەبییە، چونکە ڕستەیەکی سادە نییەو خەڵک ڕۆژانە بەکاری ناهێنێت، بەڵکو خەڵکی ئاسایی دەڵێت “ئەمڕۆ زۆر بێتاقەتم” یان دەڵێت “وا پیریش بووین”، بەڵام هەر بە تەنیا ئەوە بەس نییە پاییزو خەمباری و ڕۆشتنی تەمەن، لە ڕستەیەکدا کۆ بکەینەوە (کە دەکرێت وەك پەخشانێکی ئاسایی سەیری بکەین)، یان بە سێ نیوە دێر بینووسین و ناوی شیعری لێ بنێین، بەم جۆرە:
ئای ئەم پاییزە،
من زۆر خەمگینم،
تەمەن وا ڕۆشت
لە کاتێکدا گەر بمانەوێت دەقێکی بەهاداری شیعریی بنووسین، وەکو گوتمان دەبێت هەوڵ بدەین بیرۆکە بکەین بە وێنە، ئایدیاش لە شێوەی تەکنیکێکی شیعری سەرکەوتوودا ئەو وێنەیە بەکار بهێنێت و لە شوێنی تایبەتی دەقدا جێی بکاتەوە، تا لەناو نەخشەی گشتی شیعرەکەدا بە شێوەیەکی هونەریی کارا بێت و ڕۆڵی خۆی بگەیەنێت، لەگەڵ سەرجەم سیمبوڵ و ئاماژەو پێکهاتە فۆرمیی و مانایی و ئیستاتیکییە زمانەوانییەکانی تردا.
خاڵێکی زۆر گرنگی تر لە پەخشانە شیعردا بریتییە لە چڕکردنەوە، زۆرجار گەر بە وردی بە دەقدا بچینەوە دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە ئەو مانایەی مەبەستمان بووە، دەکرا لە بری ئەوەی بە ١٠ وشە دەربڕینی لێ بکەین، ڕەنگە هەر ٤ وشەی بەس بووایە، ماناکەشی توندو تۆڵ و فرە ڕەهەندتر دەکردو خاڵی جێبەجێکردنی ئابووریی زمانیشمان تێدا پەیڕەو دەکرد، ڕەنگە لە بەرەنجامی ئەم پێداچوونانەوەشدا بوو بێت شاعیرانی جیهانی بەتوانای وەك ئۆکتاڤیۆ پازو ئارتۆر ڕامبۆ….دوای پیداچوونەوە دەقە شیعرییەکانی خۆیان دڕاندبێت یان خستبێتیانە ناو زۆپاوەو سووتاندبێتیان، هەرچەندە کەسانی دەوروبەریشیان بە دڵیان بووبێت.
شاعیری داهێنەر و بە ئەزموون و خاوەن سەلیقە هیچ وشەیەك و تەنانەت خاڵبەندییەك بە زایە نادات لە دەقدا، دەزانێت هەر وشەیەک کێش و ئەرکی خۆی هەیەو شوێنی گونجاوی خۆی پڕاوپڕ گرتووە، ئەنجا ڕەنگە لە دەقەکەی ڕازی بێت و بەشیوەیەکی باش و دروست لە ئەزموونەکەیدا جێی خۆی بکاتەوە، بەڵی ڕاستە ئەم پەلە نەکردن و ماندووبوونە ڕەنگە لای هەندێك سەریەشە بێت و تاقەتی ئەوەیان نەبێت، بەڵام لە کۆتاییدا ئەم وردەکارییانە بەرەنجامێکی باش بەرهەم دەهێنیت و سەنگ دەدات بە ئەزموونی شاعیرەکەی و خوێنەر چێژ دەبینێت لە خوێندنەوەیداو سبەی نووسەرەکەی لە دەقەکە پەشیمان نابێتەوە.
یەكێکی تر لە خاڵە گرنگەکانی نووسینی پەخشانە شیعری سەرکەوتوو بریتییە لە ئەزموون و بینین و دیدگا؛ چونکە
شاعیری باش تەنیا شتەکان وەسف ناکات؛ چونکە لە فەرهەنگدا ئەو کارە ئەنجام دراوە، بەڵکو بینینی تایبەتی خۆی بۆیان پێشکەش دەکات و تێکەڵاویان دەکات و شتێکی تریان لێ دروست دەکات، لێرەدایە ڕەخنەگرو خوێنەری زیرەك دەزانن کە شاعیر لە چ گۆشە نیگایەکی تایبەتەوە دەڕوانێتە جیهان و ڕەگەزو توخم و شتەکان دەخاتە کار؟
بۆیە دەکرێت دوو کەس لەسەر مەرگ بنووسن، بەڵام یەکێکیان ئەزموونێکی شیعریی تایبەت و نوێ پێشکەش بکات، کە خۆی هەڵگری ئەو تێڕوانین و وێنانەیە و ئەوی تر تەنیا وەسفێکی ئاسایی مردن بکات.
هەر وەك پێشتریش گوتمان لە ڕووی بەکارهێنانی زمان لە شیعردا؛ تەنیا ڕازاوەیی و ڕوونی زمان مەرج نییە.
بگرە هەندێک جار زمان زۆر سادەیە، بەڵام چۆنییەتی ڕێکخستنی وشەکان و شێوازی بەکارهێنانیان و هەڵبژاردنی ئاماژەکانی ناویان شیعرێکی باڵا بەرهەم دێنێت.
بەڵام نەبوونی کێش و سەروا کە لە مێژە شیعری پێ پێناسە دەکرێت، واتای ئەوە نییە هەر دەقێکی تری پەخشانە شیعر کە لەمڕۆماندا دەنووسرێت لە هەموو جۆرێك لە هارمۆنیا و ئاوازو کێش دابماڵین، بەڵکو پەخشانە شیعر جوانییەکەی لەوەدایە ڕەنگە لە کۆتایی چەند نیوە دێڕێکدا، سەروا- گیان بکات بە بەری دەقداو بیڕازێنێتەوە، لەگەڵ هەموو ئەمانەشداو وەك لەسەرەتادا گوتمان مۆسیقای ناوەکی دەق و هەروا ئیکۆو مۆسیقای وشەکانیش بە جۆرێک لە جۆرەکان دەبێت لەپێشچاو بگیرێت، بە گونجاندنیان لە ناو پەخشانە شیعردا.
بە کورتی لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی شاعیری ڕاستەقینە، بە هەر سێ جۆرە سەرەکییەکەی شیعرەوە ئەمانەن:
بەهرە + زمان + خەیاڵ + مۆسیقا + وێنە + ئەزموون + توانای بنیاتنانی دەق + هونەرەکانی ڕەوانبێژیی+ بەردەوامی و لە هەمووشیان گرنگتر دەبێت شاعیر خاوەنی دەنگێکی شیعریی تایبەتی خۆی بێت، دوور لە لاسایی کردنەوەو چاولێکەریی ئەوانی تر.
لەگەڵ زانینی ئەو ڕاستییەدا کە شاعیر ئەو کەسە نییە تەنیا بتوانێت یەک شیعری جوان و باش بنووسێت؛ بەڵکو ئەوەیە کە بتوانێت خوێنەر وا لێببکات بڵێت:
«ئەم دەقانە لە خاوەنەکەی دەچن و پەنجە مۆری تایبەتی خۆی لەسەریانە»
لە دوماهییدا دەبێت ئەو ڕاستییەش بڵێین شیعر سرکە وەکو جیوە وایەو ناگیرێت، بۆیە زەحمەتە چوارچێوەی بۆ دەستنیشان بکەین، بەڵام کاتێك بەهرە بە ئەزموون و خوێندنەوە سەنگین کرا، ئەو کاتە شاعیر دەزانێت چی دەنووسێت، وەکو گوتراویشە “شعر سەدای گیان و زاری هەستەکانە”، لەبەر ئەوە هەرکەسێک گەر پارچە شیعرێکی کاڵوکرچیش بنووسێت ڕەنگە لای خۆی گرنگ و خۆشەویست بێت، هەروەها لای ئەو خوێنەرانەش کە لە ئاستی شیعریی ئەودان جۆش و خرۆشیان پێ ببەخشێت و سەری بۆ بلەقێنن و چەپڵەی بۆ لێبدەن، چونکە دەقەکە پارچەیەکە لە ژیان و ئەزموون و هەست و بینینی خۆی، بەڵام کاتێك بێینە سەر پێوەرەکانی هەڵسەنگاندنی شیعر یان پەخشانە شیعری ڕەسەن و ڕاستەقینە، ئەوا ڕەنگە زەحمەت بێت لە هەڵسەنگاندنەکاندا خاڵ و پلەی پێویست بە دەست بهێنێت.
بەڵێ ئەم سەرە قەڵەمانەی لێرەدا نووسران، تەنیا لە پێناوی دروستکردنی دیالۆگدایەو ئەگینا هەرگیز مافی ئەوە بە خۆم نادەم و بەڕەوای نازانم ئامۆژگاری کەس بکەم و پێی بڵێم چۆن شیعر بنووسێت، تەنیا ئەمانە هەندێك لەو بیروبۆچوونە گشتییانە بوون کە ئێستا لە مێشکمدا گەلاڵەبوون، دوای ئەوەی ئەو پرسیار و بیروبۆچوونانەم ئاراستەکران سەبارەت وتاری پێشووم (ئیستاتیکای زمانی شیعر) و منیش بە پێویستم زانی ئەم ڕوونکردنەوانە بنووسم و ئەم خڵاانەش تەنیا بواری تیۆریین و دەمێنێتە سەر شاعیر چۆن ئەم زانیاریانە تەرجەمەی بواری پراکتیك بکات و شیعری پێ بنووسێت. ئیدی هیواخوام هەر بەڕێزێك دەتوانیت ئەم بابەتە گرنگە دەوڵەمەند بکات و بەشدار بێت لەم دیالۆگەدا، دڵنیام نووسین و ڕاو بۆچوونەکان جێی خۆیان دەگرن و گۆمی مەنگ و بێ دەنگی کەمێك لەو دنیا پەرش وبڵاوەی شیعری هاوچەرخی ئەمڕۆمان دەشڵەقینیت .
ئەگینا باسی شیعر زۆر لەوە بەرفراوانترە بە چەند وشەیەك کۆتایی پێ بێنین، بەڵکو وەکو دەڵێن شیعر ترپەی دڵە، گیانی زمانە کە جادوو بە وشەکان دەبەخشێت و دەمانساکێنێت و ڕامانمان لا دروست دەکات، ئەو هەستانەی ناخە کە بیرۆکەی خۆیان دەدۆزنەوەو بیرۆکەکانیش وشەی دروستی خۆیان بەکار دێنن.

سۆران محەمەد

بۆ خوێندنەوەی وتاری پێشوو کیکی ئێرەبکەن..




گفتوگۆیەکی شانۆیی لەگەڵ نیهاد جامی.. بەشی چوارەم

4..

—کاتێک باسی تازەگەری دەکرێت، زۆرجار قسە لەبارەی شانۆنامەکانی سامۆئیل بیکیت دەکرێت، بەتایبەت شانۆنامەی لەچاوەڕوانی گۆدۆ، شانۆی ئەزموونگەری کوردیش گەڕاوەتەوە بۆ ئەو شانۆنامەیە, لەم سالانەی دوایش کتێبێکی کوردیش کە توێژینەوەی شانۆیی بوو لەبارەی بیکیت بڵاو کرایەوە، بۆ ئەوەی بچینە ناو بابەتەکە، با بەم شێوەیە بپرسین: بیکیت پەیوەندی بە شانۆی ئەزموونگەری هەیە؟ ئەو دراماتۆرگ بوو نەک دەرهێنەر؟ ئایا شانۆی ئەزموونگەری دەتوانێت لە شانۆنامەوە لەدایک بێت؟

-با هیچ درۆیەکت لەگەڵ نەکەم، بەهیچ جۆرێک ئارەزووم لەو پرسیارە نیە، لەبەر چەندن هۆکار، هەمووشیان لەخاڵێکدا کورت دەکەمەوە، دڵڕەنجاندنی هەموو ئەو دۆستانەیە، بەلام لەهەمان کاتدا، ئامادەییم تیا نیە لەهیچ جۆرە پرسیارێکیش ڕابکەم و خۆم بدزمەوە، بۆیە سەرەتا با ئەو پرسیارە لەخۆمان بکەین، ئایا ئەو دەرهێنەرانەی شانۆی ئەزموونگەری عێراقی و کوردیی لەسەری وەستان خۆیان باسیان لە شانۆی ئەزموونگەری کرد؟ ئایا ئارتۆ و گرۆتۆڤسکی وتارێکیان لەو بارەیەوە هەیە؟ چونکە ئەوان بۆ خۆیان بەدوای جێگرەوەی شانۆی باو دەگەڕان، گرۆتۆڤسکی دەیویست توێژینەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ پرۆسەی ئامادەکردنەوەی ئەکتەر بخولقێنێت، بۆیە کارەکەی زیاتر وابەستەی زانستی مرۆناسیانەوە بوو، ئاڕتۆ خەونی بە شانۆیەکی سوریالیەوە دەبینی، شانۆیەک هاوشێوەی دنیای شیعریەکەی ئەندریە بریتۆن و تابلۆکانی سلڤادۆر دالی بن، بەڵام برێخت راستەوخۆ وتاری نووسی لەبارەی شانۆی ئەزموونگەری، کاتێک باس لەئەزموونگەری دەکرێت لەشانۆی مایەر هۆڵد، وابەستەی دنیای ئەزموونکاریانەی ڕاستەوخۆی بوو، بەڵام شانۆی ئەزموونگەری کوردیی کە لەمندالدانی شانۆی ئەزموونگەری عێراقیەوە هاتۆتە بوون، برێخت و مایەر هۆڵد بە ئەزموونکار نازانن، بەڵام وەک ئێوە دەڵێن ئاخۆ ئەزموونگەری دەتوانێت لەناو شانۆنامە لەدایک بێت؟
ڕاستیەکەی تەنیا لەناو شانۆنامە دەخولقێت، بەواتای ئەوە دراماتۆرگە توانی ئەو شانۆیە بخولقێنێت، لەبنەرەتدا بەناوی پێشرەو خۆی ناساند، دیارترین نمونەی ئەزموونکاریش ئەو دیدە دژە ئەرستۆییەی برێخت و بیکیتە، ئەو دوانە بۆ پیتەر بروک پایەی شانۆکەی بنیاتناوەو خۆشی دانبەوە دەنێت، برێخت دەتوانێت ئەزموونکار بێت و دیدی لۆژیکی ئەڕستۆیی بگۆڕێت بە لابردنی دیواری چوارەم و شانۆکەی بە دیدی فەلسەفی مارکس و ماتریالیزمی دیالەکتیکەوە بەستەوە، شانۆکەی رووبەرووی دیدێکی جوانیناسانەی نوێی شانۆیی کرد، بەڵام شانۆی ئەزموونگەری لای خۆمان ناتوانێت برێخت وەک ئەزموونگەر ببینێت و لەناو فەلسەفەی مارکسیزمدا کورتی دەکاتەوە، جا با ئەوەش نەشارینەوە، گروپە کۆمۆنیستەکانیش نمونەیەکی خراپیان لەیادەکانیان بەم شانۆیە بەخشی، لەئاهەنگی یەکی ئایارو یادی شوراکاندا دەهاتن شانۆنامەیەکی فێرکاری برێختیان دەهێناو وەک دروشم دەیانخستە ڕوو، هەموو ئەو دیدە جوانیناسی و لۆژیکی و فەلسەفییەی شانۆکەیان لەناو فۆڕمی ئایدیای کۆمۆنیزمی نیشان دەدا، بەڵام شانۆی ئەزموونگەری کوردیی دیارە لەدەرهێنانی کاک شەماڵ عومەر شانۆگەری «لەچاوەروانی گۆدۆ» ی خستۆتە سەر شانۆ، لەم ماوەیەدا بیستم گوایە کاک دانا رەئووف وتویەتی بۆ قسەکردن لەسەر شانۆی ئەزموونگەری کوردیی تەنیا دەبێت بگەڕێنەوە بۆ کتێبەکەی من، منیش لێرەدا لەوەڵامی ئەو پرسیارە پشت بەکتێبەکەی بەڕێزیان دەبەستم، چونکە ڕاست دەکات کتێبەکەی بەرێزیان دۆکۆمێنتێکی گرنگی کارەکانی خۆیانە، ئەگەرچی کتێبەکە بۆ خۆی پێویستی بەوەیە لەسەری بووەستین، چونکە نە توێژینەوەیە و نە ڕەخنەی شانۆیی، بەڵکو زیاتر وەسفێکی پەخشانیە، وا دەکات ئەزموونگەری سنورێکی فراوانی هەبێت لەشانۆی کوردیدا لەمستەفا قەسیم و فازل جافەوە تا خۆی و شەماڵ و گەزیزەو ئەوانیتر، بەڵام بەڕاستی دەستەواژە پەخشانیەکانی نابن بە دیدی ڕەخنەیی، ستایشەکانی بۆ پردی ئارتای فازل جاف بەهەمان شێوە زیاتر وێنەیەکی ستایشکاریانەی نمایشێکە، هەروەها باس لەشانۆگەری چیرۆکی باخچەی ئاژەلان دەکات بە کارێکی ئەزموونگەری و یەکەم ئەزموونی شانۆی ژووری دادەنێت لەمێژووی شانۆی کوردیدا، بۆ من تووشی سەرسوڕمان دەبم کاتێک کەسێک لەبارەی نمایشێکی شانۆیی دەنووسێت کە خۆی دەرهێنەریەتی، سەرباری ئەوەی پێشتر وتمان شانۆی ئەزموونگەری کوردیی وا تێگەیشتبوو شانۆی ژوور دەبێت لەژوور نمایش بکرێت، نەک مەبەست لەشانۆی بچووک بێت، دوای نیو سەدە هێشتا ئامادە نین دانبەو هەلەو خەوشانە بنێن، بەداخەوە شانۆکارانی ئەو قۆناغە نەیانتوانی و ناشتوانن بوێر بن و باس لەهەڵەکانیان بکەن، قسەکەمان لەسەر بیکتە، لەو رۆژگارە بەپێی ئەو کتێبە کە دەیخوێنینەوە کاک شەماڵ ئەو کارەی خستۆتە سەر شانۆ، با وێنەیەکی پانۆرامایی ببەخشین، تاوەکو ڕەخنە ئاراستەی ئەو وێنەیە بکەین، دوو ژن بە جل و بەرگی سپیەوە لەپانتاییەکی بۆش بە مۆم و قوماش چاوەروانی گۆدۆ دەکەن، نمایشەکە ووشەی رۆژی سێ یەمی بۆ زیاد کراوە، بوزۆ و لکی و مناڵەکە نەماون تا ئێرە فۆڕمی نمایشەکەیە، هەلبەت زیادکردنی ناونیشان ئەو دۆزینەوە گرنگەی نوسەری کتێبەکە نیە کەوابزانێت شەماڵ زەمەنێکی تری بۆ بیکیت و چاوەروانیەکەی زیاد کردووە، بەڵکو گومانکردنە لە ئەزموونگەری خۆی، ئەمڕۆ کاک شەماڵ باش دەزانێت ئەو دەقەکەی بیکیتی لە شانۆنامەیەکەوە گۆڕیووە بۆ دیدێکی پێرفۆڕمانسی نەوەک بۆ شانۆیەکی ئەزموونگەری، دەنا سێ کارەکتەر وون دەبن، ئەوە بۆ شانۆنامەکەی بیکیتە؟ کەواتە شانۆی ئەزموونگەری کوردی شانۆی کورت کردەوە بۆ چەند دیالۆگ و داڕشتنەوەی پانتایی شانۆ لەڕێی ئەو موفرەدانەی بۆ شانۆی وێنەیی عێراقی گرنگ بوون، کاتێک ئەو هەموو ستایشەی شانۆکارانی عێراقی لە ئەرشیفی رۆژنامەکانی هاوکاری و پاشکۆی عێراق دەخوێنینەوە، لەوە تێدەگەین، شانۆی ئەزموونگەری کوردیی ئاشت کردنەوەی شانۆی کوردیە لەگەڵ شانۆی عێراقیدا، شانۆی وێنەیی کۆنترۆڵکردنی نمایشە بە بیانوی فۆڕمی باڵا، هەستی کوردبوون دەبردرێتە پەراوێزو پێویستە کارەکتەرەکان بجولێنەوە قوماشی سپی و مۆمیان لەگەڵ بێت، نەمانی وێنەی ماڵی کوردیی لەناو نمایشەکاندا بەرزبونەوەی شانۆی ئەزموونگەری کوردیی نیە بەلکو تەسلیمبونی گوتاری شانۆی کوردیی ئەو رۆژگارەیە، بۆ ناو شانۆی عێراقی، ئەوە بەهیچ جۆرێک، سڕینەوەی مێژووی ئەو شانۆیە نیە، هێندەی لەنەبونی ئاراستەی ڕەخنەیی بۆ ڕابردوو، پێویستە پەردە لەسەر بەشێکی تێگەیشتنەکان هەڵبدرێنەوە، بەداخەوە ئەوان خۆیان تا ئێستاش توانای ئەوەیان نیە قسە لەو ساتەوەخت و ئاراستەکانی بکەن.

-قسەیەکت سەرنجی ڕاکێشام، ئاماژەتان بۆ ئەوە کرد کەوا پیتەر بروک پایەی شانۆکەی لەسەر برێخت وبیکیت بنیاتناوە، ئایا ئەوە مانای وایە ئەو ئەزمونکارە؟

  • خۆی ڕەنگە ئەو پرسیارە بمباتە سەر تەواوکردنی قسەکانم، من ئاماژەیەکی خێرام کرد، بۆیە لێرەدا کەمێک دەوەستم، ئەوە ئاماژەی من نیە، ئەو بۆ خۆی باس لەوە دەکات، پایەی شانۆکەی لەسەر بیکیت و برێخت بنیاتنراوە، بەڵام ئەوە کورتکردنەوەی شانۆی ئەو نیە بۆ ئەو دووانە، هێندەی ئاماژەیەکی ڕوونە کە پیتەر بروک ئەزموونکارەو لەرۆحی ئەزموونکاری تێگەیشتووەو دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دوانە، بەڵام ئاخۆ ئەوە بەو ماناییە چاوپۆشی لەهەندێک شت بکەین؟ زۆرجار دەبیستین و دەخوێنینەوە، هەڵبەت تەنیا لەناو نووسینی کوردی وعەرەبیدا گوایە بروک تیۆریستێکی شانۆییە، ئەوانەی ئەو دەستەواژەیە دەنووسن، بەدڵنیایی لەتیۆر تێنەگەیشتوون و ناتوانن تیۆرو یادداشتی پرۆڤە لەیەکتر جیا بکەنەوە، با بیرمان نەچێت شانۆ هونەرێکی سادە نیە، سادەبوون قوڵایی بوونە لەشانۆدا، شکسپیر و ئەپسن و چێخۆف شانۆیان وا نووسیوەتەوە، نابێت یاری پێبکەیت، ڕەنگە بپرسیت ئەی بۆ باس لەوە دەکرێت بروک دیمەنی کۆتایی هاملێت دێنێتە سەرەتا؟ دەی منیش دەپرسم بۆ وا دەکات؟ چونکە دەیەوێت لە دیدی ئەزموونکاتری برێخت سەیری بابەتەکە بکات، بۆ ئەوەی لەقسەکانمان دوور نەکەوینەوە، دەمەوێت بڵێم بروک تیۆریستێکی شانۆیی نیە، تەواوی کتێبەکانی بریتین لەتێگەیشتن و نووسینەوەی نهێنی شانۆیی خۆی نەک نهنێنی نمایشی شانۆیی، ئەو یادداشتی پرۆڤەکانی خۆی دەکات و لەو ڕوانگەیەوە قسەیان لەبارەوە دەکات، ئەوە تیۆر نیە، هێندەی نووسینەوەی پرۆڤەو خوێندنەوەی ڕووبەرەکانی بیرکردنەوەی شانۆیی خۆیەتی، بەڵام مەرج نیە دەرەنجامەکان بۆ هیچ دەرهێنەرێک راست بێت، بۆ من مایەی پێکەنینە کەسێک بیەوێت هەڵەی دەرهێنانی خۆی ناوبەرێت بە پانتایی بۆشی بروک، بۆیە دەبێت ناچار بین لێیت تێبگەین، بینەر پێویستی بەوە نیە بزانێت پانتایی بۆشە، گرنگ ئەو پانتاییە دەتوانێت ڕووبەرێکی ڕوون بە دیدی بینین ببەخشێت؟ ئایا شانۆنامەکە بۆ خۆی وێنەیەکی درامی ڕوونی هەیە؟ هەڵبەت بۆ توێژەرانی شانۆ کتێبەکانی بروک بۆ خوێندنەوە و ناسینی دەرهێنەرێک و ئەزموونەکەی گرنگە، بەڵام مەرج نیە گریمانەی بۆ ناو شانۆی کوردیی بکەین.



کاسکێتێک بۆ پاییز و خوێنێک بۆ ئازادی.. ئارام ئیسماعیل کەریم

(خوێندنەوەیەکی سۆسیۆلۆژی بۆ یاخیبوونی بەکر عەلی لە ئەدەبی دوای ڕاپەڕیندا)

ئەدەبی کوردی لە قۆناغی دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی گەورەی بەخۆیەوە بینی و لە گوتارێکی ناسیۆنالیستیی گشتییەوە بەرەو گوتارێکی تاکگەرایی و کۆمەڵایەتیی وردتر هەنگاوی نا. لەم قۆناغە هەستیارەدا، کۆمەڵگەی کوردی بەدەست قەیرانی ئابووری، نادادیی کۆمەڵایەتی و دروستبوونی چینێکی نوێی دەسەڵاتدارەوە دەیناڵاند، شەهید (بەکر عەلی) وەک نوێنەری چینی پەراوێزخراو و چەوساوەکان دەرکەوت. لە ڕوانگەی میتۆدی سۆسیۆلۆژیای ئەدەب و شیکاریی دەقەوە، شیعری ئەم شاعیرە جوانەمەرگە تەنیا کاردانەوەیەکی سۆزداری نییە بەرانبەر بە هەژاری، بەڵکوو پڕۆژەیەکی ئەدەبیی یاخییە، کە زمان وەک کەرەستەیەک بۆ ڕەتکردنەوەی کەتوار و بونیادنانی هۆشیارییەکی نوێ بەکاردەهێنێت. ئەو پێکهاتەگەرییە بونیادییەی لە شیعرەکانی بەکر عەلیدا دەبینرێت، ڕەنگدانەوەی تەواوی جیهانبینیی ئەو چینە کۆمەڵایەتییەیە، کە نووسەرەکەی خۆی تێدا ژیاوە و بە قووڵی ئازارەکانی چەشتووە، هەر بۆیە دەقەکانی ببوونە ئاوێنەی ڕاستەقینەی ململانێکانی ئەو سەردەمە.
لای بەکر، شیعر لە چوارچێوەی ئیستێتیکای ڕووتەوە دەگۆڕێت بۆ یەکگرتنی تیۆری و کردار. ئەو شیعرەکانی دەکاتە ئامرازێکی شۆڕشگێڕانە بۆ بەرگریکردن لە کرێکاران و هەژارانی گەڕەکی (حامیە). هاوکات لە ڕوانگەی مارکسیستییەوە، بەکر درک بە دروستبوونی چینی بۆرجوازیی نوێ دەکات و بە زمانێکی توند ڕووبەڕوویاندەبێتەوە. بۆ نموونە کاتێک دەڵێت:

“بە چیتان ئەوێ بمکەن، بەس..
ڕازی نابم گوڵان بکرێن بە پێڵاوی هیچ گەورەیەک”

لە ڕووی نیشانەناسییەوە چەمکی (گوڵ) دەبێتە مێتافۆڕ/ خوازەیەک بۆ مرۆڤە سادە و چەوساوەکان، لە بەرانبەردا (پێڵاو) و (گەورە) ئاماژەن بۆ دەسەڵات و سەرمایەداری. لێرەدا ئەرکی شیعر لە پەسنکردنی جوانییەوە دەگوازرێتەوە بۆ پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و بەشداریی کارا لە خەباتی چینایەتیدا، ئەمەش ئەوپەڕی بەرپرسیارێتیی ئەدەبییە لە بەرانبەر کۆمەڵگەدا. لەپاڵ ئەم توڕەییە کۆمەڵایەتییەدا، یەکێک لە توخمە بنەڕەتییەکانی ناو شیعرەکانی بەکر عەلی، چەمکی نامۆبوونە، کە دوو ڕەهەندی ئابووری و بوونگەرایی لەخۆگرتووە. بەهۆی هەژاری و ڕەتکردنەوەی لەلایەن سیستەمی باڵادەستەوە، شاعیر هەست بە تەنیاییەکی قووڵ دەکات، ئەم تەنیاییەش وا دەکات ڕۆمانسییەتێکی پڕ لە ئازار لە دەقەکانیدا بخوڵقێت. لە دەقەکانی “ئەو شەوانەی لە پرچەکانت ڕەشترن”، دەبینرێت عەشق چۆن لەگەڵ هەژاریدا ئاوێتە دەبێت و وێنەیەکی تراژیدی دروستدەکات. ڕاکردن بۆ ناو جیهانی عەشق لای ئەم شاعیرە، هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی پەناگەیەک لەنێو دڕندەیی شار و جیهانێکی ماددیدا، کە جێگەی پاکی و دڵسۆزیی ئەوی تێدا نابێتەوە، بۆیە دەقە ڕۆمانسییەکانیشی بە جۆرێک لە جۆرەکان هەڵگری ڕەهەندێکی شۆڕشگێڕانە و یاخیبوونن لەو واقیعەی مرۆڤی تێدا بچووک دەکرێتەوە.
هەروەها لە ڕووی سۆسیۆلۆژیای ڕۆشنبیری و هەڵوێستی نووسەرەوە، کاتێک زۆرێک لە شاعیرانی سەردەمەکەی کەوتبوونە نووسینی شیعری حەماسی و بۆنە حزبییەکان، بەکر عەلی بڕیاری ئۆپۆزیسیۆنبوونی ئەدەبی دەدات و ڕەتیدەکاتەوە قەڵەمەکەی بکاتە پاسپۆرتێک بۆ نزیکبوونەوە لە دەزگاکانی دەسەڵات و سواڵکردنی چەپڵە. ئەم باوەڕەی، متمانە و بەهایەکی ئەخلاقیی باڵا بە دەقەکانی دەبەخشێت. هاوکات لە ڕووی زمان و سیمیۆتیکی وێنەی شیعرییەوە، فەرهەنگی وشەسازیی بەکر، فەرهەنگێکی واقعی، شەقامی وبێگرێیە.
ئەو وشەکانی وەک (شەقام، کاسکێت، پاییز، کرێکار، نان، مەرگ،…) دەهێنێتە ناو فەزای شیعرییەوە و لوتکەی دەلالەتی نیشانەناسی تێدا دەخوڵقێنێت. کۆکردنەوەی شیعرەکانی پاش مەرگی لەژێر ناوی “کاسکێتەکەم بسپێرن بە پاییز”، بەرجەستەکردنی (کاسکێت)ە وەک کنایەیەک بۆ چینی ڕەنجدەر و (پاییز)یش وەک هێمایەک بۆ مەرگ و هەڵوەرینی خەونەکان، کە وا دەکات زمانە سادەکەی ببێتە زمانێکی فرەڕەهەند و پڕ لە تەقینەوەی مانایی. دواجار، ئەوەی خاڵی جیاکەرەوە و مۆرکی ئەبەدیی بەکر عەلییە لە مێژووی ئەدەبی نوێی کوردیدا، یەکگرتنەوەی مەرگی فیزیکی شاعیرە لەتەک دەقەکانیدا.
شەهیدبوونی لە ١ی ئەیلوولی ١٩٩٤ بە دەستڕێژی گوللـە، لە کاتی پێشەنگایەتیکردنی خۆپیشاندانێکی مەدەنی و هێمنانەدا بۆ بەرگریکردن لە خەڵکی هەژاری گەڕەکی حامیە، وای کرد مەرگەکەی ببێتە کۆتا دەقی ئیستێتیکی و سەلمێنەری ڕاستگۆیی وشەکانی. ئەگەر لە ڕەخنەی ئەدەبیی مۆدێرندا “مەرگی نووسەر” وەک میتۆدێک مەرج بێت بۆ لەدایکبوون و سەربەخۆبوونی دەق، ئەوا لای بەکر عەلی، مەرگە تراژیدییەکەی و خوێنەکەی بوونە هۆی ژیانەوەی ئەبەدیی شیعرەکانی. بەمەش دەسەلمێنرێت، شیعری بەکر عەلی تەنیا بەرهەمێکی ئیستێتیکیی دابڕاو نییە لە کۆمەڵگە، بەڵکوو دۆکیۆمێنتێکی سۆسیۆلۆژی، مێژوویی و دەروونیی قۆناغێکی تاریکە. ئەو توانی لە ڕێگەی تێکەڵکردنی ئەخلاقی شۆڕشگێڕانە و فۆڕمی شیعرییەوە، مۆدێلێکی نموونەیی لە شاعیری ئۆرگانی و یاخی پێشکەشبکات، کە وەک سنبوولی بەرەنگاری، دەنگی چەوساوەکان و یەکەمین قوربانیی ئازادییی ڕادەربڕین لە مێژووی نوێی کوردیدا بۆ هەمیشە بە زیندوویی بمێنێتەوە.

ئارام ئیسماعیل کەریم

سەرچاوە پشتپێبەستراوەکان:

  • عەلی، بەکر، ٢٠١٥، کاسکێتەکەم بسپێرن بە پاییز، کۆکردنەوە و ئامادەکردنی: فەرەیدون عارف، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی.
    ـ ئەحمەد ئەسوەد، نەوزاد، ٢٠٢٤، نامۆبوون، ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ژمارە ٩٣١٠.
  • چەمکی نامۆبوون: پشت بەستن بە تێڕوانینە مارکسیستی و بوونگەراییەکان سەبارەت بە دابڕانی مرۆڤ لە کۆمەڵگە و سیستەمی سەرمایەداری، کە وەک کەرەستەیەک بۆ شیکردنەوەی تەنیایی و تراژیدیای ناو عەشق و ژیانی شاعیر بەکارهێنراوە.
  • ئەرشیفی ڕووداوەکانی شاری سلێمانی (١ی ئەیلوولی ١٩٩٤): بەڵگەنامە و گێڕانەوە ڕۆژنامەوانییەکانی پەیوەست بە خۆپیشاندانەکەی گەڕەکی (حامیە) و چۆنیەتی شەهیدبوونی بەکر عەلی.



بە دوای هەڵوەشاندنەوەی «قەسد»: کۆتایی مۆدێلێک یان دەستپێکی پێداچوونەوەیەکی چەپ بۆ کێشەی نەتەوەیی؟.. ڕزگار ئاکرێی

پرسی کورد وەک نموونەیەک : بانگەوازێکە بۆ دەوڵەتی هاووڵاتیبوون و دادپەروەری کۆمەڵایەتی لەگەڵ ئاسۆیەکی سۆسیالیستی
ڕزگار ئاکرێی

دیمەنی کۆشکی گەل: یەک ئەزموون کۆتایی پێدێت و یەک پرسیار دەکرێتەوە
لە 25ی ئابی 2026، مەزڵوم عەبدی لە کۆشکی گەل لە دیمەشق ڕایگەیاند کە ئەرکی هێزەکانی سوریای دیموکرات کۆتایی هاتووە و وەک هێزێکی سەربازی سەربەخۆ هەڵوەشاوەتەوە. ئیدارەی ئۆتۆنۆمی لەگەڵ هەموو پێکهاتە سەربازی و مەدەنییەکانی پەیوەست بە خۆی، هەموویان لە دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا تێکەڵ بوون. ئەم ڕاگەیاندنە دوای ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی فراوان هات کە هێزەکانی حکومەت لە کانوونی دووەمی 2026 دەستیان پێکرد. ئەو ئۆپەراسیۆنە بەشێکی زۆری ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکراتی تێچوو و ڕێڕەوێکی دانوستانی کردەوە کە بە ڕێکەوتنێک کۆتایی هات بۆ تێکەڵکردنی هێز و دامەزراوەکانی لە ناو دەوڵەتی سوریادا.
من ئەمە بە پەرەسەندنێکی ئەرێنی دەزانم. ئەگەری جەنگی ناسیونالیستی وێرانکەر کەم دەکاتەوە و یەکەم قوربانی ئەم جۆرە جەنگانە هەمیشە کرێکاران و کرێکارانی هەژاری هەموو نەتەوەکانن. ڕێککەوتنە یەک لە دوای یەکەکان، لە ئازاری 2025 تاوەکو رێککەوتنی گشتگیر لە کانوونی دووەمی 2026 و هەتا ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوە، مەترسی جەنگیان کەمکردەوە و ناوچەکەیان لە وێرانکاری زیاتر ڕزگار کرد. لەگەڵ ئەوەشدا هیچ بڕگەیەکی تێدا نەبوو لەسەر ئەو پرسیارانەی کە ئێمە وەک هێزێکی چەپ و پێشکەوتووخواز لە پێناویدا دەجەنگین: مافەکانی ژنان، کەسایەتی عەلمانی دەوڵەت، کۆتاییهێنان بە تایبەتیکردن، پاراستنی کەرتی گشتی، دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان و پیاوانی کرێکار بە دەست و مێشک، بەدەستهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، و هەڵبژاردنی دیموکراتی بۆ هەموو بەرپرسێک.
ساڵانێکە بەشێکی بەرفراوانی چەپی کورد و نێودەوڵەتی ئەم مۆدێلەیان وەک شۆڕشێکی چەپی سۆسیال و فێمینیستی و دیموکراتی جەماوەری پێشکەش کردووە بە بڕیارێک کە لە لوتکە دەرچوو و لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە دیمەشق ڕاگەیەنرا کۆتایی پێهات. هیچ ڕیفراندۆمێکی جەماوەری نەبوو و هیچ بڕیارێکی ڕاگەیەندراو لەلایەن ئەنجومەنەکان و کۆمونەکانەوە نەبوو کە هێزەکانی سوریای دیموکرات وەک خاوەن سەروەری ڕاستەقینە لە “ئیدارەی ئۆتۆنۆمی” کە گوایە لەسەر دەسەڵاتی خەڵک بنیات نرابوو، بە جیهان ناساندبێت. ئەمریکا پاڵپشتی سەرەکی سەربازی و سیاسی هێزەکانی سوریای دیموکرات بوو، لە هەمان کاتدا پشتیوانی لە ڕێڕەوی سیاسی و سەربازی دەسەڵاتدارانی نوێ لە دیمەشق دەکرد. بۆیە لایەنێکی سەرەکی بوو لە داڕشتنی ڕێڕەوی جەنگ و پاشان ڕێڕەوی چارەسەری. ئەم ڕاستییە بەتەنیا ئەوە دەردەخات کە دەسەڵاتی بڕیاردان لە کوێ بووە و تا چەند دەتوانرێت متمانە بە گرەوکردن لەسەر هێزە ئیمپریالیستییە گەورەکان بکرێت.
ئەوەی جێگەی سەرنجە چۆنیەتی دابەشکردنی تێچوونەکانە. دەوڵەتی نوێ بەشێک لە سوپا و نوخبەی حزبی هێزەکانی سوریای دیموکراتی هەڵگرت، سەرەڕای تایبەتمەندی چینایەتی و ئایینی و دیکتاتۆری ئەو دەوڵەتە. ژمارەیەک لە فەرماندەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ پۆستە سەربازییەکان دانراون و ئەوانی دیکەش پلە و پۆستی کارگێڕییان وەرگرت. ئەوان بوونە بەشێکی چالاک لە دەزگا سەربازی و سیاسی و کارگێڕی و ئەمنییەکانی حکومەتی سوریا و پێکهاتەی چینایەتی سەرمایەداری. ژنان و پیاوانی کرێکار بە دەست و مێشک، لە هەمان کاتدا، کورد، عەرەب، سریانی و هەموو کۆمەڵگایەکی تر، ڕووبەڕووی هەمان کێشە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیەکانی پێش جەنگ بوونەتەوە، کە ئێستا بەهۆی ساڵانێک لە شەڕ و وێرانکاریەوە تیژتر بووە.
هاوکات فەرمانێک دەرکرا کە کورد وەک بەشێک لە گەلی سوریا ناساند، کوردی وەک زمانی نەتەوەیی و نەورۆز وەک پشووی نیشتمانی ناساند، و کاریگەرییەکانی سەرژمێری نادادپەروەرانەی حەسەکە لە ساڵی 1962 لابرد. ئەمانە دەستکەوتی ڕاستەقینەن و نەوەکان تێکۆشاون بۆیان. لەگەڵ ئەوەشدا دانپێدانانەکە کاتێک هات کە هاوسەنگی هێز جێگیر بوو، نەک پێشتر. ئەو مافانەی کە بە فەرمان پێدراوە دەتوانرێت بە بڕیاری پێچەوانە بسەنرێتەوە، بەتایبەت لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتێکی نادیموکراسیدا کە پشت بە ڕێکخراوە ئیسلامییەکان دەبەستێت کە مێژوویەکی سەرکوت و توندوتیژییان هەیە. ئەوەی ئەمڕۆ پێویستە ئەوەیە کە ئەم دەستکەوتانە بگۆڕین بۆ دەقێکی دەستووری ناچارکەر لە چوارچێوەی گواستنەوەیەکی سیاسی گشتگیردا، بۆ ئەوەی وەک بەرژەوەندی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر نەمێننەوە.
ئەو هۆشدارییە کاتێک سەیری سروشتی دەسەڵاتدارانی دیمەشق دەکەین تیژتر دەبێت. هیچ گەرەنتییەکی ڕوون و ناچارکەریان لەسەر کەسایەتی عەلمانی دەوڵەت و مافەکانی ژنان و ئازادییە گشتییەکان پێشکەش نەکردووە. تۆماری سەرکوتکردن و پێشێلکارییە دۆکیۆمێنتییەکانیان ئاماژە بە ڕێگایەکی تر دەکات و ترسی دیکتاتۆرییەکی نوێ لە ژێر پەردەیەکی ئایینیدا زیاد دەکات کە مەترسیدارتر نییە لە ئەوەی پێش خۆی.

چی له دۆسیەی تۆمارکراودا هەیە، چی ناشاردرێتەوه
بابەتی پێویستی بەوەیە کە لایەنە پۆزەتیڤەکانیش تۆمار بکرێن. لە هەرێمی کوردستانی عێراق، ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان میوانداریکردنی ژمارەیەکی زۆر ئاوارە لە هەموو کۆمەڵگەیەکی عێراقی تۆمار کردووە. ئەوان ئاماژەیان بە ئاستێک لە سەقامگیری و ئازادی کۆمەڵایەتی و ئایینی کردووە کە لە هەندێک ڕووەوە بەرزترە لە بەشەکانی تری عێراق و ڕۆڵی هەیە لە پاراستنی کەمینەکان لە هەڕەشەی لەناوبردن لە کاتی سەرهەڵدانی داعشدا.
لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕۆڵێکی کاریگەری سەربازییان هەبوو لە شەڕی دژی داعش و باجی گیانی زۆریان دا. هەوڵ درا لە هەلومەرجی شەڕ و گەمارۆدا مۆدێلێکی کارگێڕی مەدەنی بنیات بنرێت و پێشکەوتنی ڕێژەیی لە بەشداری ژنان بەدەست هات کە لە چوارچێوەی ناوچەکەدا دەگمەنە لە بەرامبەردا تۆماری بەڵگەنامەیی دەوەستێت.

لە هەرێمی کوردستان، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ پێشێلکاری گەورە و سیستماتیکیان راگەیاندووە: دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانی ڕۆژنامەنووسان و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ، سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان دژ بە بێکاری، گەندەڵی و مووچەی نەدراو، هەندێک جار بە گوللەی زیندوو و شکستی گەورە لە پاراستنی ژنان لە توندوتیژی، لەگەڵ پێشێلکارییە گەورەترەکان کە ساڵ لە دوای ساڵ تۆمار دەکرێن.
لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، پێشێلکارییە بەرفراوانەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە هەمان شێوە تۆمار کراون. لەوانە ناردنی منداڵانی خوار تەمەن 18 ساڵ کە پێشێلکردنی بەڵێنە دووبارەکراوەکان بۆ کۆتاییهێنان بەو کارە و دەستگیرکردنی هەڕەمەکی و ئەشکەنجەدان لە شوێنەکانی دەستبەسەرکردن و سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان. ڕاپۆرتەکانی مافەکانی مرۆڤ هەروەها تۆمەتی پێشێلکاری دژی دانیشتووانی عەرەب و ئاوارەبوونی زۆرەملێ لە هەندێک ناوچە و داخستنی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی تۆمار کردووە.
هیچ کام لەم فایلانە لەگەڵ یەکخستنەکە دانەخراون. لێکۆڵەرەوانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوامن لە وەرگرتنی شایەتی لەسەر کوشتن و بێسەروشوێنکردنی بەزۆر و دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی لە حەسەکە. ئاکامە مرۆییەکانی شەڕەکە هێشتا لەلایەن ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەدواداچوون دەکرێت. کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتی سەربەخۆی لێکۆڵینەوە وەک ئەو دەزگایە دەمێنێتەوە کە ئەرکی دیاریکردنی بەرپرسیارێتی ئەو جۆرە تاوانانە دەدات.

بۆشایی نێوان گوتار و پراکتیک

چەپ، چ ناوخۆیی بێت یان نێودەوڵەتی، ڕووبەڕووی تەحەدایەکی ئاڵۆز دەبێتەوە. چۆن بەرگری لە مافە ڕەواکانی گەلی کورد دەکات و لە هەمان کاتدا ستانداردی ڕەخنەیی جێگیر بەرامبەر بە هەموو دەسەڵاتێک بەبێ جیاوازی دەپارێزێت؟ ئەو هاوسەنگییە مەرجێکە بۆ متمانەی خودی هاوپەیمانی ئینتەرناسیۆنالیست.
هاوسۆزی لەگەڵ گەلی کورد و هەموو گەلانی چەوساوە بنەمایەکی سەرەکی چەپە لەسەر بنەمای ئەو بەهایانە دامەزراوە کە ژێردەستەیی نەتەوەیی، چەوساندنەوەی چینایەتی و هەموو جۆرە جیاکاریەک ڕەتدەکەنەوە. گەلی کورد کەوتۆتە ژێر چەوساندنەوەی نەتەوەیی مێژوویی و بەردەوامەوە کە بریتییە لە جینۆساید و ئاوارەبوونی زۆرەملێ و نکۆڵی کردن لە مافە کولتووری و زمانەوانییەکان و سەرکوتکردنی سیاسی
لەگەڵ ئەوەشدا ئەم هاوسۆزییە لەسەر هاوئاهەنگی بێ مەرج دانەنراوە. دەبێت هێڵێکی ڕوون بکێشێت. لەلایەکەوە پشتیوانی لە مافی گەلانی چەوساوە بۆ شکۆمەندی، یەکسانی و مافی چارەی خۆنووسین هەیە. لەلایەکی دیکەشەوە پشتگیری بێمەرجی پارتە ناسیونالیستە دیاریکراوەکان دەکەن کە تێوەگلان لە پێشێلکاری گەورە و بەڵگەنامەیی سەلمێنراوە، ئەو پارتانەی کە بە درێژایی مێژووی خۆیان کوشتنی سیاسی، دەستگیرکردنی هەڕەمەکی، بێسەروشوێنکردن و ئەشکەنجەدانی نەیارەکانیان ئەنجام داوە، کە زۆربەیان لە ڕیزەکانی چەپەکانن.
بەشێکی زۆری چەپ سەرنجی چەمکی “کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی” و تیۆرییەکانی عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕاکێشا، کە لەلایەن ئیدارەی ئۆتۆنۆمی وەک بەدیلێکی دەوڵەتی نەتەوەیی مەرکەزی پەسەند کرا. ڕاهێنان لەسەر زەوی دژایەتییەکی توندی ئاشکرا کرد. لە کاتێکدا قسە لەسەر کۆمۆنەکان و دیموکراسی جەماوەری بوو، بڕیاردانی سەربازی و دارایی لە دەستی کادرە حزبی و سەربازییە هەڵنەبژێردراوەکان بوو کە بە عەقڵییەتێکی توند مەرکەزییەت کاریان دەکرد.
پاشان زمانی ئیکۆلۆژیا، فێمینیزم و دژە دەوڵەت هەیە، کە وەک بەرگێکی ڕەوانبێژی لەبەردەم بیروڕای ڕۆژئاوا و بەتایبەتی چەپەکاندا بەکار دەهێنرێت، لە جیاتی دەسەڵاتێکی سەربازی یەک لایەنە کە لە نزیکەوە لەگەڵ دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی ئەمریکا کاریان دەکرد و پارەیان لێیان وەردەگرت. بەڕای من ئەمە هیچ خزمەتێک بە بیری چەپ ناکات. ئەو بیرکردنەوەیە لە ناوەرۆکەکەی بەتاڵ دەکاتەوە و دەیکاتە هێزێک کە لە جیاتی ئەو دامەزراوانە کار دەکات.
کاتێک ئەو بزووتنەوانەی کە خۆیان وەک شۆڕشگێڕ یان ئازادیخواز نیشان دەدەن پشت بە پارە و چەکی ئەمریکی دەبەستن، ئەمە بابەتێکی تاکتیکی تێپەڕ نییە. سروشتی ناوەکییان دەگۆڕێت، هەنگاو بە هەنگاو. کاتێک سەنتەری کێش لە بزووتنەوەی جەماوەرییەوە دەگۆڕێت بۆ پارەی دەرەکی، بزووتنەوەیەک لە هێزێکی کۆمەڵایەتیەوە دەگۆڕێت کە لە بنکەی جەماوەریدا ڕەگی داکوتاوە بۆ هێزێکی سەربازی مووچەخۆر. کەواتە مانەوەی ئەو زیاتر بەندە بە بەردەوامی پشتیوانی نێودەوڵەتی نەک لەسەر ئەو بنکەی جەماوەری کە لە کۆتاییدا بڕیار لەسەر داهاتووی دەدات. ئەو ساتەی کە ئەولەویاتی پاڵپشتیکەر دەگۆڕێت، لاوازی پێکهاتە یەکسەر ئاشکرا دەبێت. ئەمە ڕێک ئەو شتەیە کە ڕوویدا، و من لە وتارەکانی پێشووتردا ئاماژەم پێکرد لە ساڵی 2018.
واشنتن لە مانگی ئایاری 2025 سزاکانی سەر دیمەشقی لابرد. لە مانگی تشرینی دووەمی 2025 لە کۆشکی سپی پێشوازی لە ئەحمەد شەرعا کرد و سوریای خستە ناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش. هەڵمەتی کانوونی دووەمی 2026 لەنێو لێکتێگەیشتنی ئەمەریکا و تورکیادا دەستی پێکرد. نوێنەری ئەمەریکا تۆم باراک بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی پشتگیری فیدرالیزم ناکات لە سوریا و ئامانجی سەرەکی ئەو هێزانە بە شێوەیەکی کاریگەر کۆتایی هاتووە. نێردراوێکی پێشووی ئەمەریکا ڕەتیکردەوە ئەو ڕووداوە بە خیانەت ناوببات و ڕوونی کردەوە کە واشنتن هەمیشە هاوپەیمانێتییەکە بە کاتی، تاکتیکی و مامەڵەیی دەزانی. شایەتی بڕیاردەران خۆیان هەر شیکردنەوەیەکی زیاتر بۆ گرەوکردن لەسەر هێزە گەورەکانی سەرمایەداری پێویست ناکات.
ئەو پێکهاتەیەی کە وەک هاوپەیمانی لە نێوان کۆمەڵگەکانی ناوچەکەدا پێشکەش کرابوو لە یەکەم تاقیکردنەوەی جددیدا هەڵوەشایەوە. پێشتریش سەرکردایەتییەکەی ڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان (بارزانی ها) وەک خاڵی سەرچاوەی نەتەوەیی سەرەکی بۆ کورد قبوڵ کردبوو. ئەمە سەرەڕای حوکمی خێزانی و خێڵەکی، گەندەڵی و گواستنەوەی بۆماوەیی دەسەڵات بوو. کاتێک دانوستانەکان بەرەو هەولێر ڕۆیشتن ڕوون بووەوە و مەسعود بارزانی ڕۆڵی ناوبژیوانی و کەفیلی گرتە ئەستۆ.
ئەمە ئەو دەرئەنجامە نییە کە من ئەمڕۆ پێش دەچم، دوای ئەوەی ئەزموونی هێزەکانی سوریای دیموکرات کۆتایی پێهات، چونکە ساڵانێک لەمەوبەر لەم ئاراستەیەدا نووسیومە.
لە وتارێکدا بە ناونیشانی “دەوڵەتی نەتەوەیی؟ یان دۆخی هاووڵاتیبوون و مافەکان؟”لە ساڵی 2018 دا بڵاوکرایەوە، ئەمەی خوارەوەم لەبارەی ئەزموونی چەپی ناسیونالیستی کورد لە سوریا نووسی:
“بەبۆچوونی من، ئەزموونی چەپی ناسیونالیستی کورد لە ڕێگەی پارتی یەکێتی دیموکراتی و ئەندامەکانی لە سووریا، هەرچۆنێک بێت گەشە بکات، دەبێتە چاکسازییەکی مەدەنی چەپ و ڕادیکاڵ، هاوشێوەی حوکمی بەعس لە عێراق و سوریا لە ساڵانی حەفتاکاندا، کە یەکێکە لە گرنگترین ئەزموونە مێژووییەکانی حکومەتی چەپی ناسیونالیستی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. و هەر یەکێک لەو ئەزموونانە بوو بە ڕژێمێکی دیکتاتۆری گەندەڵ و دیکتاتۆر.”

هەر لەو وتارەدا هۆشداریم دا سەبارەت بە سروشتی هاوپەیمانێتییەکە لەگەڵ ئەمریکا و نووسیومە:
ئەمریکا وەک گەورەترین هێزی سەرمایەداری پشتگیری زۆربەی ڕژێمە کۆنەپەرست و ڕەگەزپەرستەکانی جیهان دەکات و هەرگیز بۆ یەک جار لایەنگری گەلانی چەوساوە یان بەها مرۆڤدۆست و ئازادیخوازەکان نەبووە. تەنها بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی خۆی لەوێ و لە ناوچەکە و ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەری ڕوسیا لە سوریا ئامادەیە. بە بۆچوونی من، هاوپەیمانێتی ئەمریکا لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمەریکا خزمەت دەکات، نەبوونی هێزی زەمینی گەورەی خۆی لە خاکی سووریا، چ سەربازی ئاسایی بێت یان کۆمپانیا ئەمنییەکان، بۆیە پشت بە توانای سەربازی مرۆیی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەبەستێت بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای خۆی لەناو سوریادا. ئەم هاوپەیمانێتییە لەو هاوپەیمانێتییە دەچێت کە بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی عێراقی لەڕێگەی کۆنگرەی نیشتمانی عێراقەوە لەڕووی سیاسی و سەربازییەوە لەگەڵ ئەمریکا پێکهێنا لەپێش ڕووخانی دیکتاتۆرییەتی بەعس لەعیراقدا من لەو باوەڕەدام کە هاوپەیمانێتییەکی کاتی و لاوازە کە دوای بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکەوێت و شەرعییەت دەدات بە دەستێوەردان و کردارەکانی ئەمریکا لە سوریا و هەروەها یارمەتیدەرە بۆ جوانکردنی ڕوخساری ناشرین و تاریکی ئەمریکا لە ناوخۆ، ناوچەیی و جیهانیدا. ئەمریکا بەوە ناسراوە کە هاوپەیمانەکانی بەجێ دەهێڵێت کاتێک ئەرکەکانیان تەواو دەبن، یان کاتێک ناکۆک دەبن لەگەڵ ئەجێندای ئەو وڵاتەدا. بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ تورکیا گرنگترین و یەکلاکەرەوەترین بەرژەوەندییە و مەسەلەکە کێشەی کاتە و هیچی تر.”

تاقمی ناسیونالیستی هاوشێوە کە بە زمانی جیاواز قسە دەکەن و پرسیارەکان کە دان بە هیچ “بەڵامێکدا” نانێن

من لە دەقەکانی پێشووتردا تێبینیم کردووە کە هیچ جیاوازییەکی بنەڕەتی لە نێوان دەستە ناسیۆنالیستە دەسەڵاتدارەکاندا نییە. ئەمە لە هەرێمی کوردستانی عێراق و لە نێو ئەو وڵاتانەی کە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریایان بەڕێوەبردووە و لە نێوان ئەوان و ڕژێمە ناسیۆنالیستە دەسەڵاتدارەکان و بۆرژوازییەکانی ناوچەکە لە بەغدا و دیمەشق و ئەنقەرە هەڵیگرتووە لێکچوون لە سروشتی دەسەڵات و بەرژەوەندییە چینایەتییەکاندا قووڵ دەبێت. ئەوەی ئەوان دابەش دەکات پەیوەندی بە پشکەکان، کاریگەری، سەرچاوەکان و دابەشکردنی دەسەڵاتەوە هەیە، هەرگیز تایبەتمەندی حوکم یان بەرژەوەندییەکانی چینە کرێکارەکانە. هەموویان بە پلەی جیاواز بەشداری دەکەن لە هەژارکردنی جەماوەر، سەرکوتکردنی ئازادییەکان و پێشێلکردنی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان، هەر خاڵێکی سەرەتایی نەتەوەیی و ئایینییان بێت. ڕووداو و واقیعەکان لەهەردوو هەرێمی کوردستانی عێراق و سوریا تا ڕادەیەکی زۆر ئەم خوێندنەوەیەیان پشتڕاستکردۆتەوە
کەواتە بەس نییە کە چەپ بە شێوەیەکی ئەبستراکت هاوسۆزی خۆی لەگەڵ “گەلی کورد” ڕابگەیەنێت. گەلان بلۆکی هاوشێوە نین. ئەمانە پێکهاتەی چینایەتین کە تێیدا دژایەتییە نەتەوەییەکان لەگەڵ دژایەتییە چینایەتییەکان یەکتر دەبڕن و هیچ گەل و نەژادێک ئەوەندە پاک نییە کە ئازاد بێت لە ململانێی ناوخۆیی چینایەتی. چەپ دەبێت هەڵوێستی خۆی یەکلایی بکاتەوە و پرسیارەکەش ئاسانە: لەگەڵ کام چین لە گەلی کورد دەوەستێت؟ لەگەڵ بۆرژوازی کرێگیر و نوخبەی حزبی کە دەسەڵات و سەروەت و سامان مۆنۆپۆل دەکەن یان لەگەڵ ژن و پیاوی کرێکار بەدەست و مێشک لەنێو کورد و عەرەب و تورکمان و نەتەوەکانی دیکەی ئەو ناوچانەدا کە بەدەست و مێشکەوە دەناڵێنن و بەدەست حوکمی دیکتاتۆری و هەژاری و بێکاری و پەراوێزخستن و داڕمانی خزمەتگوزارییەکان دەناڵێنن کە مافی سەندیکای کرێکاری سەربەخۆ و ڕێکخراوی سیاسی خۆیان بەرتەسک کراوە و کێ بەتەنیا باجی جەنگە ناسیۆنالیستییەکان بە خوێنی خۆیان و داهاتووی منداڵەکانیان دەدات؟
لەبەر ڕۆشنایی ڕاپۆرتە بەڵگەنامەکان، چەپ دەبێت پرسیاری یەکلاکەرەوە بۆ خۆی بکات. ئایا حوکمی بنەماڵەیی ڕەتدەکەینەوە و داوای هەڵبژاردنی دیموکراتی ڕاستەقینە دەکەین؟ ئایا ئێمە دەستگیرکردن، کوشتن و ئەشکەنجەدان ئیدانە دەکەین، هەرکەسێک بێت ئەنجامدەری بێت؟ ئایا داکۆکی لە ئازادی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی کورد و مافی عەرەب و تورکمان و سریانی و ئەوانی تر دەکەین بۆ یەکسانی تەواو؟ ئایا ئێمە دامەزراندنی منداڵان ڕەت دەکەینەوە و داوای مامەڵەی مرۆڤانە و دادگایی کردنی دادپەروەرانە بۆ هەموو کەسێک دەکەین کە لە زینداندان؟ ئایا داوا دەکەین لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و لێپرسینەوە لە هەموو پێشێلکارییەک بکرێت و مافە نەتەوەیی و زمانەوانی و کەلتوورییەکان لە دەستووردا دەستەبەر بکرێت؟ ئایا ئێمە بەرگری لە مافە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی جەماوەری کرێکار دەکەین و داوای خزمەتگوزاری گشتی و کار و کرێی دادپەروەرانە دەکەین و ڕووبەڕووی هەژاری و بێکاری و گەندەڵی و تاڵانکردنی پارەی گشتی و قۆرخکاری سەروەت و سامانی نوخبەی پارتی و بنەماڵە دەبینەوە ؟ ئایا ڕێگە نادەین هێزە چەپ و ئازادیخوازەکان پەیوەست بن بە سیستەمی سەربازی و ئەمنیی ئیمپریالیزم، یان پارەیان لێ وەربگرین؟
ئەم پرسیارانە تەنها پەیوەندی بە سوریاوە نییە. بە یەکسانی بەسەر هەرێمی کوردستانی عێراقدا جێبەجێ دەکرێت، کە بەشێک لە چەپ پێویستی بە پێداچوونەوە بە هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە دەسەڵات و پارتە دەسەڵاتدارەکان هەیە، وە بەرگری لە دیموکراسی و ئازادی و مافەکانی مرۆڤ و چالاکوانانی هەردوو ڕەگەز و یەکسانی لە نێوان هەموو کۆمەڵگاکاندا بکات و دوور لە حیسابی حیزبی و نەتەوەیی بێت.
ئەگەر وەڵامەکە بە “بەڵێ، بەڵام بارودۆخەکە نائاساییە” یان “کاتەکە هەڵەیە،” یان “دەقەکە دەبێت لەبەرچاو بگیرێت،” ئەوە ئەو شوێنەیە کە کێشەکە دەست پێدەکات. مافەکانی مرۆڤ و پرەنسیپەکانی چەپ هەرگیز نابێت بە هەڵبژاردنی جێبەجێ بکرێن، چونکە پاساو هێنانەوەی پێشێلکارییەکان بە پەنابردن بۆ بارودۆخی نائاسایی وتاری چەپ نزیک دەکاتەوە لە هەلپەرستی و ستانداردە دووانەکان کە ئێمە ڕەخنەی لێدەگرین لە سەرمایەداریدا.
ئەوەی لە سوریا ڕوویداوە و ئەوەی لە هەرێمی کوردستان ڕوودەدات ئەم هەڵسەنگاندنەوەیە زۆر بەپەلە دەکات و تەنیا پەیوەندی بە ناسیۆنالیستە کوردەکانەوە نییە بەشێک لە چەپەکانی جیهانی عەرەبی بۆ چەندین ساڵ بەرگری لە ڕژێمە دیکتاتۆرەکان دەکەن لەوانە ڕژێمە ناسیونالیستە بەعسییەکان لە عێراق و سوریا و بەشێکی دیکەش بەرگری لە مۆدێل و پارتە ناسیۆنالیستەکانی تر دەکەن. کەواتە ئەوەی پێویستە ئەوەیە کە واز لە هاوسۆزی لەگەڵ گەلان و مافەکانیان نەهێنن بۆ دیاریکردنی داهاتووی خۆیان. بریتییە لە پێداچوونەوە بە پەیوەندی نێوان پارتە و ڕژێمە ناسیونالیستە چەپەکان و دیکتاتۆرەکان و ئازادکردنی ئەو هاوپشتییە لە پاساوی بێ ڕەخنەی پێشێلکارییەکان و ئەو دەسەڵات و هێزە سیاسیانەی کە ئەنجامیان دەدەن هەرچۆنێک بێت ناسنامەی نەتەوەیی و ئایدیۆلۆژییان
بەدیل: دەوڵەتی هاووڵاتیبوون و دادپەروەری کۆمەڵایەتی
من بە تەواوی قەناعەتم بە مافی هەموو گەلانی چەوساوە بۆ مافی چارەی خۆنووسین. لەگەڵ ئەوەشدا هەلومەرجی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی و واقیعی سەر زەوی ڕێگە نادات لە داهاتوویەکی نزیکدا دەوڵەتی نەتەوەیی سەربەخۆی کورد دروست ببێت و هیچ پشتیوانییەکی نێودەوڵەتی جددی بۆ ئەو ڕێگایە نییە ڕووداوەکانی ساڵی 2026 بەڵگەیەکی ڕوونیان پێشکەش کرد. قەوارەیەکی نیمچە دەوڵەتی بەناوی ئیدارەی ئۆتۆنۆمی لە سوریا کە لەلایەن گەورەترین هێزی سەربازی ئیمپریالیستی جیهانەوە پاڵپشتی دەکرا، لە ماوەی چەند مانگێکدا کۆتایی پێهات، هەر کە حساباتی سەرمایەدارەکانی گۆڕا و هاوسەنگی هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان گۆڕا. ئەم پەرەسەندنانە دەشێت لە هەرێمی کوردستانی عێراقیشدا ڕەنگ بداتەوە، هاوکات لەگەڵ گۆڕانی بەرژەوەندی و هاوپەیمانێتییەکانی ئەمریکا و هاوسەنگی هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان.
لە هەمان کاتدا، من لەو باوەڕەدام کە گەشەی فکری و یاسایی مرۆڤایەتی و قورسایی زیادبوونی بەهاکانی مافەکانی مرۆڤ، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و هاووڵاتیبوون، ناچار دەکات دووبارە بیر لە پڕۆژەکانی دەوڵەتی نەتەوەیی لەسەر بنەمای دڵسۆزی نەتەوەیی و ئایینی بکرێت. بەڕای من تێکۆشانی هاوبەشی گەلی کورد لەگەڵ گەلانی تری ناوچەکە و جەماوەری زەحمەتکێشی خەباتی هاوبەشە ئامانجی ئەوەیە کە لە دەوڵەتی نەتەوەیی پەراوێزخراو تێبپەڕێت و کرێکاران و هەژارانی کرێکار نەبنە سووتەمەنی بۆ جەنگە ناسیونالیستییە وێرانکەرەکان کە لە کۆتاییدا خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی بۆرژوازی ناسیونالیستی و نوخبەکان دەکات.
ئەڵتەرناتیڤەکە، وەک من دەیبینم، زیاتر پەیوەندی بە پرسی کوردەوە هەیە. چوارچێوەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشە نەتەوەیی و ئایینییە جۆراوجۆرەکانی ناوچەکە پێشکەش دەکات: دەوڵەتی هاووڵاتیبوونی دیموکراتی. دەوڵەتێکی ئاوا پشت بە دەستوورێک دەبەستێت کە لەسەر بنەمای پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ دامەزراوە، لەسەر بێلایەنکردنی نەتەوە و ئایین لەناو دەوڵەتدا، لەسەر گەرەنتی یەکسانی نەتەوەیی و کەلتووری بۆ هەموو کۆمەڵگاکان، و ڕەتکردنەوەی هەموو شێوەکانی هەژموونی نەتەوەیی. هەروەها پشت دەبەستێت بە سیستەمێکی فیدرالی دیموکراتی لامەرکەزی لەگەڵ بنەمای جوگرافی و کارگێڕی دادپەروەرانە کە ڕێگە بە خۆبەڕێوەبردنی فراوان دەدات لە نێو دەوڵەتێکی یەکگرتوودا. لەگەڵ ئەوەشدا هەڵبژاردنی ڕاستگۆ، پلۆرالیزمی حزبی، جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، دادوەری سەربەخۆ، ئازادی ڕۆژنامەگەری و سەندیکای کرێکاران و رێکخراوی سیاسی و پچڕانی تەواو لە دیکتاتۆرییەت و دەسەڵاتی بۆماوەیی و حوکمی خێزانی و خێڵەکی.
دەوڵەتێکی ئاوا بەبێ دادپەروەری کۆمەڵایەتی تەواو نابێت. واتە دەستەبەرکردنی مافەکانی جەماوەری کرێکار لە هەموو نەتەوە و ئایینێک، پاراستنی کەرتی گشتی، و ڕەتکردنەوەی سیاسەتی تایبەتی و نیولیبرالی کە جەماوەر هەژار دەکات و نوخبەکان دەوڵەمەند دەکات. لەم چوارچێوەیەدا، مافە نەتەوەیی و کەلتوورییەکانی هەموو نەتەوە و ئایین و کۆمەڵگاکان دەتوانرێت دەستەبەر بکرێت، بەبێ ئەوەی هیچ نەتەوە و گروپێکی ئایینی بەسەر ئەوانی تردا دابنرێت.
مەسەلەی کورد پرسێکی ڕەوایە و شایەنی هاوخەباتی ڕاستەقینە و پرەنسیپییە. لەگەڵ ئەوەشدا هاوپشتی ڕاستەقینە مانای پێدانی پارێزبەندی سیاسی و ئەخلاقی بە پارتە ناسیونالیستەکان و نوخبەکان ناگەیەنێت. واتە پشتیوانیکردن لەخەباتی گەلی کورد و سەرجەم گەلانی ناوچەکە لەپێناو ماف و ئازادییەکان و کەرامەت و دادپەروەری کۆمەلایەتی ئەمەش مانای ئەوەیە کە ڕێگە نەدەین پرسی نەتەوەیی ببێتە ئامرازێک بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی نوخبەکان و پاراستنی مافە چینایەتییەکانیان
لێرەوە دەردەکەوێت کە ڕەخنەگرتن لە هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕەخنە لە مافەکانی گەلی کورد نییە ڕەخنەگرتن لەحزبە دەسەڵاتدارەکان لەهەرێمی کوردستان ڕەخنەگرتن لەدۆزی کورد نییە ڕەتکردنەوەی دەوڵەتی نەتەوەیی ڕەتکردنەوەی شوناسی نەتەوەیی و مافە نەتەوەییەکان نییە هەڵوێستێکی چەپە کە داوای ئازادکردنی هاوپشتی نەتەوەیی لە ژێردەستەیی نوخبە و دەسەڵات دەکات، پرسی ئازادی نەتەوەیی بە خەبات بۆ دیموکراسی، یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و خەباتی یەکگرتووی ژنان و پیاوانی کرێکار بە دەست و مێشک لە هەموو نەتەوە و کۆمەڵگایەکدا دەبەسترێتەوە.


سەرچاوەکان ..
I. پەرەسەندنەکانی ئەم دواییانە (2026)
● ڕێبەری کوردی سوریا هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕادەگەیەنێت پاش تێکەڵبوونی بە سوپا ، فەڕەنسا 24 ، 25 ی ئابی 2026
https://www.france24.com/en/middle-east/20260825-syrian-kurdish-leader-dissolves-force-that-spearheaded-jihadist-fight
● ڕێککەوتنی گشتگیر لە نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ یەکگرتنەوەی تەواو، سانا، 30 کانوونی دووەمی 2026
https://sana.sy/en/politics/2293263/
● چۆن شەرعی سوریا ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی کوردەکانی داگیر کرد و ئەمەریکا لە پاڵ ئەمەریکا هێشتەوە، ڕۆیتەرز، 21 ی کانوونی دووەمی 2026
https://www.reuters.com/world/middle-east/how-syrias-sharaa-captured-kurdish-held-areas-while-keeping-us-onside-2026-01-21/
● وەڵامدانەوەی مرۆیی لە پارێزگاکانی حەلەب و باکووری ڕۆژهەڵات، ڕاپۆرتی بارودۆخی ژمارە 2، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان OCHA، 3ی شوباتی 2026
https://www.unocha.org/publications/report/syrian-arab-republic/humanitarian-response-aleppo-and-northeast-governorates-humanitarian-situation-report-no-2-3-february-2026
● نوێکردنەوەی مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە سووریا: گۆڕە بەکۆمەڵەکان و بێسەروشوێنکردنی بەزۆر لە حەسەکە، ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان (OHCHR)، نیسانی 2026
https://www.ohchr.org/en/press-briefing-notes/2026/04/human-rights-update-syria
II. ڕاپۆرت لەسەر هەرێمی کوردستانی عێراق
● ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستانی عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو بەرتەسک دەکرێتەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان OHCHR، 2021
https://www.ohchr.org/en/press-briefing-notes/2021/05/freedom-expression-increasingly-curtailed-kurdistan-region-iraq-un
● عێراق: دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان شکستیان هێنا لە ڕزگاربووانی توندوتیژی خێزانی، لێبوردنی نێودەوڵەتی، 2024
https://www.amnesty.org/en/latest/news/2024/07/iraq-kurdistan-regions-authorities-failing-survivors-of-domestic-violence/
● ڕاپۆرتی خولی GCHR سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستانی عێراق، سەنتەری کەنداو بۆ مافەکانی مرۆڤ، 2025
https://www.gc4hr.org/gchrs-periodic-report-on-human-rights-violations-in-the-iraqi-kurdistan-region/
● ڕاپۆرتی وڵاتانی 2024 لەسەر مافەکانی مرۆڤ: عێراق، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
https://www.state.gov/reports/2024-country-reports-on-human-rights-practices/iraq
III. ڕاپۆرت لەسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا
● ڕاپۆرتی جیهانی 2025: بارودۆخی مافەکانی مرۆڤ لە سوریا، هیومان ڕایتس ۆوچ
https://www.hrw.org/world-report/2025/country-chapters/syria
● ئاکامەکان: نادادپەروەری، ئەشکەنجەدان و مردن لە بەندیخانە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، نەتەوە یەکگرتووەکان / OHCHR
https://www.un.org/sexualviolenceinconflict/wp-content/uploads/2024/05/Aftermath_ENG.pdf
● منداڵان و ململانێی چەکداری: ڕاپۆرتی سکرتێری گشتی، نەتەوە یەکگرتووەکان، 2024
https://docs.un.org/en/S/2024/384
● سوریا: هێزە کوردییەکان قەدەغەکردنی منداڵانی سەربازی پێشێل دەکەن، هیومان ڕایتس ۆوچ
https://www.hrw.org/news/2015/07/10/syria-kurdish-forces-violating-child-soldier-ban-0
● کۆمیسیۆنی سەربەخۆی نێودەوڵەتی لێکۆڵینەوە لە کۆماری عەرەبی سووریا، نەتەوە یەکگرتووەکان OHCHR، 2025
https://www.ohchr.org/en/hr-bodies/hrc/iici-syria/independent-international-commission
IV. وتاری پەیوەندیدار لەلایەن نووسەرەوە
● ڕزگار ئاکرێیی- عەفرین … دەوڵەتی نەتەوەیی؟ یان دۆخی هاووڵاتیبوون و مافەکان؟ … تێبینیە کورتەکان (بە عەرەبی)
https://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=593808




ئەزموونی پێشمەرگە شیوعییەکانی عێراق (ئەنسار)… خەباتێکی شەرەفمەندانە لە مێژووی چەپدا.. ڕزگار ئاکرێی

ئەزموونی پێشمەرگە شیوعییەکان (ئەنساڕ)[1] لە عێراق بە یەکێک لە دیارترین و ڕاستگۆترین ئەزموونەکانی خەباتی شیوعی لە مێژووی عێراقی هاوچەرخ و هەرێمی کوردستاندا دەمێنێتەوە. هەموو خەباتێک لایەنی ئەرێنی و نەرێنی لەخۆدەگرێت، هیچ هەوڵێکی مرۆیی یان سیاسی لەم ڕاستییە بەدەر نییە، چەندە دەستپاکی و ئامانجەکانی بڵندیش بن. بەڵام ئەم ئەزموونە، سەرەڕای ئەو گەنگەشە و جیاوازیی بۆچوونانەی دەوروپشتی بڕێک لە لایەنەکانی دەدەن، وەک شایەتحاڵێکی زیندوو ڕادەوەستێت کە هزری چەپ توانا و شایستەیی ئەوەی هەیە بەرزترین و ڕاستەقینەترین نموونەکانی خەبات بهێنێتە ئاراوە، حەتتا لەژێر سەختترین و تاریکترین بارودۆخەکانیشدا. نموونەیەکی بەشکۆ بوو لە قوربانیدان، خۆنەویستی و سووربوون لەسەر بڕینی ڕێگای ئازادی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، سەرەڕای ئەو گۆشەگیری، ڕاوەدوونان و سەرکوتکارییەی لەلایەن ڕژێمی فاشیستی بەعسەوە ڕووبەڕووی دەبووەوە[2].

بزووتنەوەی پێشمەرگە شیوعی بە پێکهاتەی جیاوازی نەتەوەیی و ئایینییەوە جیا دەکرایەوە: عەرەب، کورد، کلدان، ئاشووری، سریانی، تورکمان، کوردانی فەیلی، لەگەڵ ئەرمەنییەکان؛ موسڵمانی سوننە و شیعە، مەسیحی، صابئەی مەندائی، ئێزدی و شەبەک؛ پیاوان و ژنان وەک یەک، هەموویان لە هەناو و دەوری یەکدا تواونەتەوە کە ڕۆحێکی قووڵی نێودەوڵەتییانە (ئینتەرناسیۆنالیستی) بەسەریاندا زاڵ بوو. نەتەوە و ئایین قورساییەکی ئەوتۆیان لە هۆشیاری ئەو شیوعییانەدا نەبوو، چونکە ناسنامەی چینایەتی و ئینتیمایان بە هزر و ئامانجە جیهانییەکان و هاوڕێیەتی ، ئەو پەیوەندییە ڕاستەقینەیە بوو کە لە نێوانیاندا دروست ببوو. بەم شێوەیە، بزووتنەوەکە نموونەیەکی زیندووی هاوبه شي لە نێوان پێکهاتەکانی گەلی عێراقدا بەرجەستە کرد.

ئەم خەسڵەتە نێودەوڵەتییەی جوولانەوەکە، شوێنپەنجەیەکی بەردەوامی لەسەر هۆشیاری و بیرکردنەوەی دانیشتووانی گوندە کوردییەکان جێهێشت، کە تێگەیشتن دوژمنی ڕاستەقینەیان ڕژێمی بەعس و سیاسەتە سەرکوتکەرەکانیەتی، نەک عەرەب وەک نەتەوە، بەپێچەوانەی ئەو گێڕانەوەیەی کە هەندێک هێزی نەتەوەیی توندڕەو لە هەردوو لادا هەوڵیان دەدا پەرەی پێبدەن، کە ململانێکەیان کورت دەکردەوە بۆ ڕەهەندێکی نەتەوەیی تەسک. هەروەها بزووتنەوەکە پێشەنگییەکی مێژوویی بەرچاویشی تۆمار کرد؛ بەو پێیەی “نەسیرات” (کچە پێشمەرگە و شەڕڤانانی شیوعی – نصيرات)، بۆ یەکەمجار لە مێژووی خەباتی چەکداری لە کوردستاندا چەکیان هەڵگرت، و شانبەشانی هەڤاڵانیان بەشدارییان لە هەموو نەبەردی و ئەرکەکانی بەرگریدا کرد. ئامادەیی ژنان لە گۆڕەپانی جەنگدا کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر هۆشیاریی گوندە کوردییەکانی پەناگەی ئەنساڕ جێهێشت، کە یارمەتیدەر بوو بۆ چەسپاندنی ڕوانگەیەکی یەکسانیخوازانەتر بەرامبەر بە ڕۆڵی ژن لە کۆمەڵگەدا و ئاسۆیەکی نوێی بۆ ژنانی ئەو گوندانە کردەوە تا وەک کارئەکتەری چالاک لە ژیانی گشتیدا لە خۆیان بڕوانن.

لە تاڵترین بەشەکانی ئەم ڕێڕەوەدا، کارەساتی بشتاشانە[3]، کە لەلایەن هێزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە دژ بە پێشمەرگەکانی حزبی شیوعیی عێراق لە یەکەمی ئایاری ١٩٨٣دا ئەنجامدرا، و بووە هۆی شەهیدبوونی زیاتر لە سەد هەڤاڵ. ئەم تاوانە وەک برینێکی قووڵ لە یادەوەریی بزووتنەوەی ئەنساڕدا دەمێنێتەوە، و دەفتەری ئەم مێژووە هێشتا داوای بەڵگەدارکردن و سزادانی تاوانباران دەکات، بۆ دادپەروەری و ڕێزگرتن لە یادەوەریی قوربانییان.
لە ساڵی ١٩٨٨دا، پێشمەرگە شیوعییەکان ڕاستەوخۆ شاهیدی یەکێک لە قێزەونترین تاوانەکانی جێنۆساید لە مێژووی هاوچەرخدا بوون: شاڵاوەکانی ئەنفال[4]، کە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دژی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. ئەم شاڵاوە بووە هۆی شەهیدبوونی زیاتر لە سەد و هەشتا هەزار کەس و وێرانکردنی هەزاران گوند و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی. لەناو ئەو بارودۆخە دڕندانەیەدا، بزووتنەوەی پێشمەرگە شیوعی تووشی پاشەکشەیەکی سەخت بوو، دوای ئەوەی بنکە و جەماوەری خۆی لەو گوندانەدا لەدەستدا کە کەمپینەکە وێرانی کردبوو و دانیشتووانەکەی ئاوارە کردبوو، ئەمەش زۆربەی شەڕڤانانی نەچار کرد بکشێنەوە بەرەو ناوچە ئارامترەکان یان پەنا ببەنە بەر خاکەکانی دراوسێ لە ئێران و تورکیا.

پێش ئەوەی ئەزموونی پێشمەرگە شیوعی ئەو شێوازە وەربگرێت کە ئەمڕۆ دەیناسین، مێژووی چەپی عێراق پێشتر هەوڵێکی زووتر لە خەباتی چەکداری بەخۆیەوە بینیبوو. ئەوەش بە سەرکردایەتی شەهید خالید ئەحمەد زەکی[5] بوو لە زۆنگاوەکانی باشوور (ئەهوار) لە ساڵی ١٩٦٨دا، کە پشتی بە ئەزموونی گێڤاریستی و بیرۆکەکانی شۆڕشی چەکداری دەبەست کە لە ڕێگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیەوە وەریگرتبوون. خالید ئەحمەد زەکی لەگەڵ هەڤاڵانیدا لە نەبەردیی – هۆڕی ئەلغەمۆقە – دا شەهید بوو، و ئەزموونەکەی لە یادەوەریی چەپی عێراقدا بڕدرا، و دواتر ئیلهامبەخش بوو بۆ بەرهەمی ئەدەبی و هونەری کە ئەو ساتە دەگمەنەی لە مێژووی چەپی عێراقدا تۆمار کرد.
هەر هەڵسەنگاندنێک بۆ ئەزموونی ئەنساڕ و خەباتی چەکداری، لەگەڵ تەواوی ئەزموون و شێوازە جیاوازەکانی خەباتی چەپدا، دەبێت لەسەر بنەمای سیاقی مێژوویی خۆی بێت. ئەگەرچی ئەمڕۆ من تێبینی و سەرنجی خۆمم هەیە لەسەر خەباتی چەکداری وەک شێوازێک بۆ بەرگری، بەڵام بارودۆخی ئەو سەردەمە، لەژێر پەلاماری دڕندانەی ڕژێمی فاشیستی بەعس بۆ سەر چەپ و هێزە پێشکەوتنخوازەکانی تر، بە بڕوای من، هیچ بژاردەیەکی تری نەهێشتبووەوە جگە لە چەک هەڵگرتن، ئەگەر تەنها بۆ بەرگریکردن لە خۆ بێت لە بەرامبەر سەرکوتکردن و سڕینەوە، و بۆ هاوکاریکردن لە ڕوخاندنی دیکتاتۆریەتی ئەو سەردەمەدا.
لێرەدا دەگەڕێمەوە سەر ئەزموونی کەسیی خۆم لەگەڵ ئەم بزووتنەوەیەدا. شانازی دەکەم کە لەنێو ئەو کەسانەدا بووم کە بەشدارییان تێدا کردووە، لە ڕێگەی چالاکییەکانم لەناو ڕێکخستنە نهێنییەکانی حزبی شیوعیی عێراقدا[6] لە ناوەوەی عێراق لە نێوان ساڵانی ١٩٨٣ بۆ ١٩٩٠، وەک ئەندامێک لە ڕێکخستنی ٣١ی ئادار[7]، کە یەکێک بوو لە گەورەترین ڕێکخستنە نهێنییەکانی حزب، کە شانازی ئەوەم هەبوو لە سەرکردایەتیەکەیدا بەشدار بم. دەیان هەڤاڵی لە سەرانسەری عێراقدا کۆکردبووەوە. ڕێکخراوەکە لە سەرەتادا پەیوەست بوو بە بزووتنەوەی ئەنساڕەوە لە ڕێگەی سەریەی پێنجەمی سەربەخۆ، و هەندێک جار لە ڕێگەی فەوجی سێیەم یان ڕاستەوخۆ لەگەڵ کەرتی بەهدینان[8].

ئێمە، تا ڕادەیەکی زۆر، “ئەنساڕی – پێشمەرگە نهێنی” بووین، پشتگیری بەردەواممان بۆ بزووتنەوەی ئەنساڕ دابین دەکرد لە ڕێگەی زانیاریی هەواڵگری لەسەر جووڵەی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان، دابینکردنی چەک، کەلوپەل، دەرمان، بەڵگەنامە، ئاسانکاریی جووڵە لەناو شارەکاندا، و هاوکاریکردنی ڕزگارکردن و ڕەوانەکردنی هەڤاڵانی بکەوتووە ژێر مەترسی بۆ ناوچە ئازادکراوەکان، سەرباری کارەکانی هۆشیارکردنەوە و کارە سیاسی و ڕێکخستنییەکان لەناو شارەکاندا. هەروەها سەردانی نهێنیی بەردەواممان بۆ بنکە سەربازییەکانی ئەنساڕ دەکرد بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەو هەڤاڵانەی بەرپرس بوون لە سەرپەرشتیکردنی ڕێکخستنەکانی حزب.
ئەمڕۆ هەر هەڵوێستێکمان هەبێت بەرامبەر بەم یان ئەو قۆناغەی ڕێڕەوی پێشمەرگە شیوعی، و ڕێکەوتن یان جیاوازیی بۆچوونمان لەسەر شایستەیی خەباتی چەکداری وەک ڕێگەیەکی بەرگری، ئەم ئەزموونە وەک یەکێک لە قۆناغە گرنگەکانی مێژووی خەباتی سۆشیالیستی لە جیهاندا دەمێنێتەوە، لەگەڵ ئەزموونەکانی تردا کە لە سیاقی جیاوازدا هەمان ڕێگایان بڕیوە: لە شۆڕشگێڕانی سیێرا مایسترا لە کۆبا، کە لە ساڵی ١٩٥٩دا دیکتاتۆریەتی باتیستایان ڕووخاند، تا بەرەی ساندینێستا لە نیکاراگوا، کە لە ساڵی ١٩٧٩دا دەسەڵاتی بنەماڵەی سۆمۆزایان هێنایە خوارەوە؛ تێپەڕین بە سوپای ڕزگاریی گەلی یۆنانی، کە بەرگری لە داگیرکاریی نازی کرد پێش ئەوەی تووشی جەنگێکی ناوخۆیی تاڵ بێت لەگەڵ ڕاستڕەوەکانی ژێر پشتیوانیی ڕۆژئاوا، و شۆڕشگێڕانی زۆفار لە عومان، کە لە نێوان ساڵانی ١٩٦٥ و ١٩٧٦دا، یەکێک لە درێژترین شۆڕشە چەکدارییە چەپەکانیان لە نیمچە دوورگەی عەرەبیدا بەرپا کرد بۆ بەرگریکردن لە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و دژی ئامادەیی کۆلۆنیالیزمی بریتانی؛ تا دەگاتە بزووتنەوەکانی بەرگریی چەپ لە سەرانسەری ئەوروپادا لە سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەمدا، لە بەرگریی فەرەنسی، ئیتالی، و دانیمارکییەوە تا پێشمەرگە و پارتیزانەکانی تیتۆ لە یوگۆسلاڤیا، کە شیوعییەکان و چەپەکان بڕبڕەی پشتی خەباتی چەکدارییان پێکهێنا دژی داگیرکاریی نازی و فاشیزم.
ئەم ئەزموونانە لە بارودۆخ و دەرئەنجامەکانیاندا جیاوازن، و هەر یەکەیان وانەی گرنگ لەخۆدەگرێت کە شایستەی سوودلێوەرگرتنن، لەگەڵ هەڵەی وا کە شایستەی ڕەخنەی هەڤاڵانەی ئاشکران. بەڵام هەموویان لە ڕاستییەکی هاوبەشدا بەیەک دەگەن: کە چەپ، کاتێک ڕووبەڕووی جێنۆساید و سەرکوتکاریی دڕندانە و داخرانی هەر ئاسۆیەکی سیاسیی کراوە دەبێتەوە، سەلماندوویەتی کە توانا و شایستەیی ئەوەی هەیە شێوازی دەگمەنی بەرگری بەرهەم بەهێنێت کە وەک بەشێک لە یادەوەریی هاوبەشی مرۆڤایەتی دەمێنێتەوە لە خەباتیدا بۆ ئازادی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، و بەدیهێنانی بەدیلی سۆشیالیستی.
لە کۆتاییدا، ڕۆحی قوربانیدان و خۆنەویستی کە لە ئەزموونی پێشمەرگە شیوعی و لە قۆناغەکانی تری خەباتی چەپ لە عێراقدا بەرجەستە بوو[9]، دەبێت ئاڕاستە بکرێت بۆ ناو وزەیەکی یەکگرتوو و چالاک کە بخرێتە خزمەت ژنان و پیاوانی کرێکار و زەحمەتکێش، جا بە دەست کار بکەن یان بە هزر. من بانگەوازی خۆم نوێ دەکەمەوە بۆ پێویستیی نوێکردنەوە و یەکخستنی هێزە چەپ و پێشکەوتنخوازەکان، لە تەواوی باڵ و ڕەوتە جیاوازەکانیاندا، و بەهێزکردنی کاری هاوبەش لە نێوانیاندا.
سەروەری و نەمری بۆ شەهیدانی بزووتنەوەی چەپی عێراقی و کوردستانی لە تەواوی باڵەکانیدا، و لە پێشەنگیاندا شەهیدانی، ژنان و پیاوانی، پێشمەرگە شیوعی. چەپ، لە تەواوی باڵەکانیدا، وەک هیوای درەوشاوەی مرۆڤایەتی دەمێنێتەوە لە بەرامبەر گەندەڵی و خۆسەپێنیی باڵادەست لە عێراقدا، کە هەردووکیان بەردەوامییان پێدەدرێت لە ڕێگەی سیستەمی بەدناوی پشکپشکێنەی نەتەوەیی و مەزهەبی لە بەغدا، و دەسەڵاتی بنەماڵەیی-عەشایەری لە هەرێمی کوردستاندا.
ئەم دەقە بە شێوەیەکی کورت و بەرایی نووسراوە و لە ڕۆژنامەی “ئەلنەسیر ئەلشیوعی”[10] دا بە بۆنەی پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنیەوە بڵاوکراوەتەوە، کە هیوای سەرکەوتنی بەردەوامی بۆ دەخوازم لە بەڵگەدارکردنی ئەم کەلەپوورەی خەبات و گواستنەوەی بۆ نەوە نوێیەکان، بە پێزانینی گەورەم بۆ ڕۆڵی وەک یەکێک لە سەکۆ گرنگەکانی چەپ لە عێراقدا.

ئەم دەقە بە تەواوی بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکراوەتەوە، و بە دەیان زمانی تر لەبەردەستدایە لەسەر ماڵپەڕی چەپی نێودەوڵەتی ZNetwork: https://znetwork.org/znetarticle/the-experience-of-the-iraqi-communist-partisans-ansar-an-honorable-struggle-in-the-history-of-the-left/

  1. پەراوێزە ڕوونکردنەوەییەکان
    [1] بزووتنەوەی ئەنساڕی شیوعی (پێشمەرگە شیوعییەکان): پێکهاتەیەکی خەباتکار و چەکدار بوو کە لەلایەن حزبی شیوعیی عێراقەوە لە شاخەکانی کوردستانی عێراق دامەزرا. لە قۆناغەکانی پێشتردا چالاکیی سەربازیی سنوورداری هەبوو، بەڵام شێوازە ڕێکخراو و بەرفراوانەکەی لە کۆتایی هەفتاکاندا دەستی پێکرد، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەرکوتکاریی بەعس لە ڕێگەی خەباتی چەکدارییەوە دوای ئەوەی چالاکیی سیاسیی ئاشکرا لەناو شارەکاندا مەحاڵ بوو. هەزاران خەباتکار لە ژنان و پیاوانی کۆکردەوە کە ناچار بوون شارەکانیان جێبهێڵن بەرەو ناوچە ڕزگارکراوەکانی شاخ.
    [2] ڕژێمی بەعس: ئەو ڕژێمەی فەرمانڕەوایی عێراقی کرد لەژێر سەرکردایەتی حزبی بەعسی سۆشیالیستی عەرەبی لە نێوان ساڵانی ١٩٦٨ بۆ ٢٠٠٣، کە لە سەردەمەکەیدا سەرکوتکاری دژی چەپەکان، شیوعییەکان و ئۆپۆزسیۆنی سیاسی گەیشتە لووتکە، بەتایبەتی لە سەردەمی سەدام حسێندا. سەرەڕای خەسڵەتە سەرکوتکەرەکەی بەرامبەر بە شیوعییەکان و ئۆپۆزسیۆن لە ناوخۆدا، ڕژێم لە یەک کاتدا بەهرەمەند بوو لە پشتیوانیی هەردوو جەمسەرە نەیارەکەی جەنگی سارد. یەکێتیی سۆڤیەت زۆربەی کەلوپەلی سەربازیی لە حەفتاکاندا لەژێر پەیماننامەی هاوڕێیەتی و هاوکاریی ساڵی ١٩٧٢ بۆ دابین دەکرد، و بەردەوام بوو لە چەکدارکردنی لە ڕەوتی جەنگی ئێران و عێراقدا (١٩٨٠-١٩٨٨)، لە کاتێکدا دەوڵەتە سەرمایەدارییە ڕۆژئاواییەکان، بەتایبەتی فەرەنسا و ئەڵمانیای ڕۆژئاوا، چەکی پێشکەوتوو و تەکنەلۆجیایان بۆ دابین دەکرد کە دواتر بڕێکی بەکارهێنرا بۆ دروستکردنی چەکی کیمیایی و بیۆلۆجی، سەرباری پشتیوانیی ناڕاستەوخۆی ئابووری و هەواڵگریی ئەمریکا لە سەردەمی هەمان جەنگدا.
    [3] کارەساتی بشتاشان: هێرشێکی چەکداری بوو لەلایەن هێزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، بە سەرکردایەتی جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا، لە یەکی ئایاری ١٩٨٣دا، بە پشتیوانیی ڕژێمی بەعس، بۆ سەر بنکەکانی حزبی شیوعیی عێراق لە گوندی بشتاشانی سەر بە زنجیرە شاخی قەندیل. بووە هۆی شەهیدبوونی زیاتر لە سەد ئەندامی حزب و پێشمەرگەی ئەنساڕ، ئەمەش بووە یەکێک لە خوێناویترین و تاوانکاریترین قۆناغەکانی مێژووی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە عێراقدا.
    [4] شاڵاوەکانی ئەنفال: زنجیرەیەک عملیاتی سەربازی بوو لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە لەژێر سەرکردایەتی سەدام حسێن لە نێوان شوبات و ئەیلولی ساڵی ١٩٨٨دا دژی دانیشتووانی کورد لە هەرێمی کوردستانی عێراق ئەنجامدرا. لە هەشت قۆناغ پێکهاتبوو کە تێیاندا چەکی کیمیایی بەکارهێنرا، و بووە هۆی شەهیدبوون یان بێسەروشوێنبوونی نزیکەی سەد و هەشتا هەزار کەس، وێرانکردنی هەزاران گوند، و ئاوارەبوونی سەدان هەزار دانیشتوو. دواتر لەلایەن ژمارەیەک دەستەی دادوەرییەوە وەک تاوانی جێنۆساید دژی گەلی کورد ناسێنرا.
    [5] خالید ئەحمەد زەکی: خەباتکارێکی شیوعیی عێراقی بوو، لە ساڵی ١٩٣٥ لە بەغدا لەدایکبووە، کە دەستبەرداری پێگەی خۆی بوو وەک سکرتێری دامەزراوەی بێرتراند ڕەسڵ بۆ ئاشتی لە لەندەن تا سەرکردایەتی ئەزموونێکی خەباتی چەکداری بکات کە ئیلهامی لە ئەزموونی گێڤاریستی وەرگرتبوو لە زۆنگاوەکانی باشووری عێراق لە ساڵی ١٩٦٨دا. لە جەنگدا لەگەڵ ژمارەیەک لە هەڤاڵانیدا لە هۆڕی ئەلغەمۆقە لە حوزەیرانی هەمان ساڵدا شەهید بوو، و دواتر بە نازناوی “گێڤارای عێراق” ناسرا. چیرۆکەکەی ئیلهامبەخش بوو بۆ ڕۆمانی “چەپکێک بۆ گژوگیای دەریایی” (وليمة لأعشاب البحر) لە نووسینی ڕۆماننووس حەیدەر حەیدەر.
    [6] حزبی شیوعیی عێراق: لە ساڵی ١٩٣٤ دامەزراوە، و یەکێکە لە کۆنترین حزبە شیوعییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و ڕۆڵێکی ناوەندیی گێڕاوە لە ژیانی سیاسی و سەندیکایی عێراقدا لە سەدەی بیستەمدا. کەوتووەتە بەر شەپۆلی دووبارەبووەوەی سەرکوتکاری لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمە یەکبەدوایەکەکانی عێراقدا.
    [7] ڕێکخستنی ٣١ی ئادار: یەکێک بوو لە گەورەترین ڕێکخستنە نهێنییەکانی سەر بە حزبی شیوعیی عێراق لەناو شارەکانی عێراقدا لە هەشتاکاندا. لەژێر بارودۆخێکی زۆر سەختی نهێنیکاری و چاودێریی ئەمنیی بەردەوامی ڕژێمی بەعسدا کاری دەکرد.
    [8] کەرتی بەهدینان (قاطع بادینان): ناوچەیەکی جوگرافییە لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا کە یەکێک بوو لە گرنگترین گۆڕەپانەکانی چالاکیی بزووتنەوەی چەکداریی پێشمەرگە شیوعی. سەریەی پێنجەمی سەربەخۆ و فەوجەکانی یەکەم و دووەمی پێشمەرگە شیوعی لەم کەرتەدا چالاک بوون.
    [9] حزبە چەپەکانی عێراق: لەگەڵ حزبی شیوعی عێراق، دیمەنی چەپی عێراقی ڕێکخراوی ترەکانیشی لەخۆدەگرێت، لەوانە حزبی شیوعی کوردستان، حزبی شیوعی عێراق (سەرکردایەتی ناوەندی)، حزبی شیوعی کرێکاری عێراق و کوردستان، ڕێکخراوی ئالتارناتیفی شیوعی، حزبی چەپی شیوعی، و هی تریش. ئەم ڕێکخراوانە لە مێژوو و ئاراستە بیرۆکەییەکانیاندا جیاوازن، بەڵام هەموویان هاوبەشن لە پەیوەندییان بە بواری چەپ و کۆمۆنیزمی عێراقییەوە.
    [10] ڕۆژنامەی ئەلنەسیر ئەلشیوعی (پێشمەرگەی شیوعی): بڵاوکراوەیەکی خولییە کە لەلایەن ڕابیتەی پێشمەرگە شیوعیی عێراقەوە بڵاو دەکرێتەوە. ژمارەی دەستپێکی (ژمارە سفر) لە تەممووزی ساڵی ٢٠٢١دا دەرچوو، بە ئامانجی بەڵگەدارکردنی مێژووی بزووتنەوەی پێشمەرگە شیوعی و گواستنەوەی کەلەپووری خەباتی بۆ نەوە نوێیەکان، بەتایبەتی گەنجانی ڕاپەڕینی تشرینی ٢٠١٩. شایەتحاڵی، وتار، و بابەتە ئەرشیفییەکان لەخۆدەگرێت کە لەلایەن خودی پێشمەرگە و ئەنساڕەکانەوە نووسراون دەربارەی ئەزموونیان هەم لە شاخەکان و هەم لە شارەکاندا.

ڕزگار ئاکرێی




گفتوگۆ یەکی شانۆیی لەگەڵ نیهاد جامی.. بەشی سێ یەم

ئەو بیرکردنەوەیەت لەبنەرەتدا وا خۆی نیشان دەدات کە دژایەتی نوێگەری بێت، لەکاتێکدا کە لەکوردستان دەژیایت و کاری شانۆت دەکرد، داکۆکیکارێکی سەر سەختی نوێگەری بوویت؟

-خۆفریودان بە چەمکی نوێ ئەو چەمکە خۆرئاواییە هێندە دەستەواژەیەکی دەمامکدارە، نەک بەرەو دنیای نادیارمان دەبات، بەڵکو فریومان دەدات بۆ ئەوەی بیر نەکەینەوەو ئەو بە پیرۆز بکەین، هیچ کاتێک لەبەردەم نوێگەری خۆرئاواییدا ئێمە دیدێکی ڕەخنەییمان نیە، بە پێچەوانەوە ئێمە هەمیشە ستایشکارێکین بۆ نوێی خۆرئاوا، هەموو داهێنانێک لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، پێویستیەکی زۆرمان بەوەیە لاساییان بکەینەوە، چونکە ئەوە سەرچاوەی نوێگەریە، بەڵام کاتێک لەناو خودی خۆرئاوا سەیری ئەو نوێیە دەکەین و بەهەمان تێگەیشتنەوە دەیگوازینەوە ناو زمانەوە، وەک نامۆیەک دەبینرێین، کە ئێمە باسی چ نوێیەک دەکەین؟ بۆ ئێمە لە چ شوێنێک و زەمانێک هاتووین بۆ ئێرە؟ لێرەوە پرسیاری ئەوان ناچار بە بیرکردنەوەمان ناکات، بەڵکو رامان دەکێشێتە کلاسەکانی زمان، تاوەکو خێرا فێری زمانەکەیان بین، بەپێی ئاست و گەشەکردنمان لە زمانەکاندا، کتێنخانەکان دەبنە ماڵی ئێمە تا بەدوای ئەو هەموو ساڵانە بکەوین کە ئێمە تیایدا بێ ئاگاین و زیاد لە پەنجا ساڵە نازانین چی روویداوە، ئەوان ڕاستیان کرد ئێمە لەچ رۆژگارێکەوە هاتووین؟ خۆمان ئەو پرسیارە لەخۆمان دەکەینەوە، تا لەناو دڵی خۆرئاوا نەژین و فێری زمانەکانیان نەبین، تێناگەین کە چۆن نوێگەریە خۆرئاواییەکەی ئێمە کۆن و بەسەرچووە، کەچی تا ئەو ڕۆژگارە ئێمە بە لوتکەی نوێگەری سەیری دەکەین، چ گرفتێکە گیرۆدەی بووین، ئەی ئەوانەی لەخۆرئاوابوون و لە سی ساڵی ڕابردوو نەیانتوانی ئەو ڕاستیە ببینن و هەمیشە ئەو ناوانەیان دووپات کردەوە بۆ نوێگەری ئەوان چی؟ ئەوە پرسیارێکە پێویستی بە وەلامی دڵڕەقانەیە بە ووشەیەکە کە وەک هەڵکۆلینی جەستە بێت بۆ برین، نە فێری زمانێکی باش بوون و نە خوێندیانەوەو کتێبخانەکان بوونە ماڵیان، بۆیە جەختیان کردەوە لەسەر ئەو نوێگەریەی پێش سەفەر ناسیان و بۆ ئەوەی کولتور نەبێتە ژیانی ئەوان، هەر ئەو ناوانەیان دووپات کردەوە، تاوەکو لەبڕی کتێب خەمی کولتور بگۆڕن بە خەمی ژیان، هەندێکیان هەر بەو نوێگەریە دەرگای رۆژنامەکانی کوردستانیان بۆ کرایەوە، کەوتنە نووسینی وتارو باسیان لەتازەگەری خۆرئاوایی و ناوەکانیان کرد، بەلام لە بنەرەتدا ئەو ناوانە هەر ئەوانە بوون کە نوێنەرایتی نوێگەری نیو سەدە پێشوویان کردووە، کە ئەمڕۆ خۆرئاوا وەک میراتی نوێگەری سەیریان دەکات، نەک وەک گوتاری نوێگەری لەئێستادا . نوێگەری بۆتە دەمامکێک بۆ شاردنەوەی ڕۆشنبیریی، بۆیە نەوەکان لەکوردستاندا هەمیشە وا سەیری دەکەنەوە، کاتێک دیدێکی ڕەخنەیی لەو بارەیە بخەیتە ڕوو، هەست بە هەڵچوونێک دەکەن کە ناتوانیت ئاسۆکانی ببینیت، بڕوای وایە تۆ لەخۆتەوە هاتوویت ئەو قسانە دەکەیت، بەلام کاتێک تۆ تەواوی کارەکانی گرۆتۆڤسکی بە پۆلەندی دەخوێنیتەوە، گەنجێکی کوردێکیش لەکوردستان دوو وتاری مۆنتاژکراوی کوردیی خوێندۆتەوە لەپال کتێبەکەی بە عەرەبی، جا بۆ زانیاریت، ئەو ساڵەی «کتێبی بەرەو شانۆی هەژار» کرا بە عەرەبی، شانۆ لابۆریەکەی کۆتایی پێهاتبوو رۆیشتبوو بەرەو ئیتالیاو خەریکی پێرفۆرمانس بوو، ئەو رۆشنبیرە کوردیە بەو کتێبەو بە چەند وتارێکی کۆلاژکراو ناپرسن لەوەی بەخستنە ڕووی کتێبەکانی گرۆتۆڤسکی و سەرچاوەکانی و گەشت کردن بە شانۆکەی بۆچی نابێت ئیتر بە مەعریفەی خۆیاندا بچنەوە، وەک ئەوەی ئێمە بەخۆماندا دەچینەوە، ئەگەر کەمێک راستگۆیانە و بۆ ئەو نەوەیە زۆر ڕەقتر قسە بکەین، دەبێت بڵێین بە بێ زانینی زمانی پۆلەندی و ئاشنابوون بە کولتوری پۆلەندی ناتوانیت شانۆکە و داهێنەرەکەی بناسیت، ئەو قسەیە بۆ ئاڕتۆش ڕاستە، تۆ دێیت دوو کتێبی مۆنتاژکراوی وتاری عەرەبی لەبارەی ئارتۆ دەنووسیت و لەکوردستان وەک گرنگترین کتێب دەیخەیتە ڕوو، بەڵام کاتێک کەسێک لە زمانی فەرەنسیەوە دێت کۆ بەرهەمی ئارتۆ بخوێنێتەوەو لەناو کولتورەکەدا ژیان بکات، هێشتا پێت وابێت نا دادوەری هەیە، لەراستیدا لەدۆخێکی وادا دەبێت هەمووان ڕابگریت و زمان و کولتور بکەیت بە مەرجی سەرەکی توێژینەوەو گەڕان، تاوەکو بتوانیت بەناو تەواوی سەرچاوەکاندا بچیتەوە، بەبێ ئەوە کتێبەکان هیچ نین.. ستایشەکان دیدێکی سۆفستایی سوکراتیانەیە بۆ داهێنەرەکان، ئەگەر بە زمانی دێرێدا قسە بکەین سوکرات لەگەل خواردنەوەوەی ژەهرەکە کە بە فارماگۆن ناسراوە ئاخاوتن دەمرێت و نووسین دێتە بوون، بۆیە فارماگۆنی ناو نووسین ڕاگرتنی نوێبوونی ساختەکارە، ساختەکار بەو مانایەی کۆن بووەو تێی ناگەیت، ساختەکار لەو ڕوانگەی چەند وتارێکی عەرەبی مۆنتاژکراو دێنیت و بەتوێژینەوە دەیخەیتە ڕوو، کتێبێک دەخوێنیتەوەو دوو کتێبی لەسەر دەنووسیت، ئەو قسەیە وابەستەی مرۆڤەکان نیە، بەلکو هەوڵێکی هەلوەشاندنەوەی سێنتەری بیرکردنەوەی شانۆییمانە، کە دەبێت بگەین بە بونیادەکان و لە بونیادەکانەوە سەیری شانۆ بکەین، ئەو سێنتەرەی ئێمە دەمانەوێت هەلیبوەشێنینەوە وێرانکردن نیە، بەڵکو گەیشتنە سەر بنەچەکەی ڕاستەقینەی شانۆیە و بەتالکردنەوەی وەهمی تازەگەریە، ئەوە بەو مانایە نیە ناوەکان تازەگەر نەبوون، بەڵام خۆ دزینەوەیە لە مێژووی ڕاستەقینەی تازەگەری، هێنانی ناوێک و سەپاندنی بەسەر کۆ تراژیدیای مەعریفەی شانۆیی ئێمەیە، بۆیە پێویستە بزانین ئەو تازەگەریە لەکوێوە دێت و لەجەوهەردا بەرەو چ ئاراستەیەک دەڕوات، ئەو تازەگەریە کە لەشانۆدا بەناوی ئەزموونگەری هات، بۆچی لە ولاتانی عەرەبی بەناو چەند دەرهێنەرێک کورت دەکرێتەوە؟ ئەو پرسیارە ڕاماندەکێشێت بۆ بابەتێکی گرنگتر ئەویش ئەوەیە: شانۆی ئەزموونگەری چیە؟ ئایا نوێگەری ئەزموونکردنە؟ لەکوێوە لەماناکانی تێبگەین؟ هەر پرسیارێکی لەم شێوەیە دەبێت لەبنەرەتدا هەڵوەشاندنەوەی سێنتەری ئەو گوتارە بێت تاوەکو بتوانین بەدوای هەڵوەشاندنەوەگەرایی بونیادەکان وەک خۆی بخوێنینەوە.

-جا کەوایە فەرموو با ئەو ئەرکە بخەینە ئەستۆی ئێوە، خۆتان وەڵامی پرسیارەکەتان بدەنەوە، تێمان بگەیەنن شانۆی ئەزموونگەری چیە و لەکوێوە لەماناکانی تێبگەین؟

-سەرەتا چەمکەکە بۆ شانۆی پێشەنگ یان پێشڕەو بەکار هات، ئامانجی تێکشکاندنی یاسای ئەڕستۆییە بۆ دراما، خولقاندنەوەی پەیوەندیەکی نوێیە لەنێوان بینەرو تەختەی شانۆ، سەرەتای ئەو هەنگاوە لەگەڵ سەدەی بیستەم دەست پێدەکات، هەر هەوڵێک ک دەیەوێت مێژووەکەی بۆ دوورتر بگەڕێنێتەوە، ناچاریش دەبێت وەک ڕواڵەتخوازی ئەو شانۆیە بگەرێنێتەوە بۆ شانۆی کلاسیک و گەشەسەندنەکانی، بەلام ئەوە ناکرێت، هێندەی سەدەی بیستەم دەرکەوتنی ڕاستەقینەی ئەو شانۆییە، جگە لەوەی زەمینەی شانۆی ئەزمونگەری عێراقی و کوردی پشتیان بە دۆخی سەدەی بیستەم بەستووە، بۆیە شانۆی ئەزموونگەری لەسەدەی بیستەمدا بە چەند ئاستێکدا تێدەپەڕێت، دەتوانین دیارترین سیماکانی و شانۆکارەکانیشی ببینین، هەڵبەت ئەو شانۆیە لەبنەرەتدا بەهۆی کاریگەری شیعر وهونەری شێوەکاری دەرکەوت، بەتایبەت لەگەڵ هاتنی داداییەکان و سوریالیەکان، کاریگەری دیدگای ئەندریە بریتۆن و سلڤادۆر دالی، وێنەیەکی ناتەباو جوانیناسی بە ئەدەب و هونەر بەخشی، کە وابەستەی تێکشکاندن و گۆڕانکاری بکاتەوە، ئەو شانۆیە ویستی وەک ئەوان خۆی پابەندی دەرچوون لە یاسا باوەکان بکات، ئەنتوان ئاڕتۆ شاعیرێکی دادایی و دۆستێکی نزیکی بریتۆن بوو، لەوێ شیعری دەنووسی، ئەو دیدگا شیعرییەی دەگواستەوە بۆ ڕوانینی شانۆیی، بۆیە ئەو کتێبانەی وەک تیۆریی شانۆیی سەیری دەکەین، لەبنەرەتدا دیدی ستایشکاریانەی شیعری ئارتۆیە بۆ شانۆ، دەیویست شانۆ لەو فۆڕمە بێت، وەک گۆڕانکاریە شیعریەکە، بۆیە پێشنیاری شیعریەتی شوێن و جەستەی کرد، ڕوانینێکی شیعریی جوانیناسیانەیە بۆ شانۆ، بەڵام نەیتوانی ئەو پێشنیاریە بگۆرێت بۆ وێنەیەکی ڕاستەقینە، شکستە لەدوا یەکەکانی دیدێکی داداییانە بوو، تەنانەت دواهەمین نمایشی، دوای دەرچونی لەشێتخانە، دیسان شکست و کۆتایی خەونێکە، بەڵام وەک بیرۆکەیەکی شیعریی بۆ شانۆ گرنگی خۆی هەیە لەئاستی ئەو نەخشە و مێژووە، کەناڵی تەلەفزیۆنی فەرەنسا، ئەمساڵ دۆکۆمێنتاریەکی کورتی پێنج دەقەی لەسەر ئارتۆ دروست کرد، ئەوانەی لە فەرەنسا دەژین دەتوانن لەئێستا لەسەر ئەپلیکەیشنی کەناڵەکە دۆکۆمێنتاریەکە ببینن، ئاماژەی بە ڕۆڵی شیعریی و نواندنەکانی کرد، هەر وەک تەواوکاری دیدگایەکی کەسێتی ئارتۆ لەنێوان شیعرو شانۆ، لەوێدا ئاماژە بۆ قسەیەکی ئەندریە بریتۆن دەکرێت، سالی١٩٥٩ لەبارەی ئارتۆ وتویەتی، ئەو دەڵێت:
«بۆ هەمیشە گەنجان ئەم ئالا سوتاوە وەک هی خۆیان دەناسنەوە» هەڵبەت قسەکە لەسەر شانۆ نیە، بەلکو لەسەر خودی کەسێتی ئارتۆیە، بریتۆن باوەری وایە دەرچون لەیاساکان، سزاکەی هێندە کوشندەیە، ڕاپێچی شێتخانەت دەکات و سزات دەدات، بۆیە نەوەی داهاتوو ئەو ئاڵا سوتاوەی تازەگەری وەک سیمای خۆیان دەناسنەوە، ئەگەر بەقسەکەی ژاک لاکان بڕوامان هەبێت، ناکرێت بەدوای ساڵی ١٩٤٦ سەیری هیچ نووسینێکی ئارتۆ بکەین، کەچی بەدوای ئەم ساڵە ئارتۆ لەهەموو کاتێک زیاتر دەست بە نووسین دەکات، بەڵام ژاک لاکان زۆر بەر لەو مێژووە پێشبینی ئەوە دەکات، ئەو لە ١٩٣٩ دەڵێت دەبێت ئیتر هیچ دێرێکی تر نەنوسێت، ساڵی دوای ئەوە «کتێبی شانۆ و هاوشانۆ» دەنووسێت ئەو کتێبەی بۆ شانۆکارانی ئەزموونگەری کوردی و عەرەبی، وەک تاکە سەرچاوەی ئەو شانۆیە سەیر دەکرێت، بەڵام بۆ خۆی دیدێکی ستایشکاریانەی شیعریە بۆ شانۆ نەوەک کتێبێکی تیۆریی بێت، ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە: ئارتۆ مرۆڤێکی ئاسایی بوو؟ نەخێر ئەو شاعیرێکی داهێنەر بوو، خەونی بە شانۆیەکی شیعریی دەبینی، داهێنەرەکانی بەقوربانی کۆمەڵگا سەیر دەکرد، وەک لەکتێبە بچکۆلەکانی لەبارەی ڤان کوخ نووسی، هەوڵێکی زۆریدا بۆ ئەو شانۆیە، بەڵام گرفتەکە لەوە نەبوو کە کۆمەڵگا نەیتوانی لە دیدی شانۆیی ئارتۆ تێبگات، بەڵکو گرفتەکە لەخودی ئەو وێنە شیعرییە کە نابێت بە شانۆ و لەناو کتێبدا دەمێنێتەوە، دەنا لەو ساتەی ئێستا قسە دەکەین، دەبوو شانۆی فەرەنسی بگەڕێتەوە بۆ ئارتۆ، وەک چۆن کورد و عەرەب بۆی دەگەڕێتەوە؟ بۆچی لەهەموو کاتێک زیاتر شانۆ گەڕاوەتەوە بۆ ئەدەب و هەموو فۆڕمەکان لەناو دەقی شانۆیی بنیات دەنرێنەوە؟ ئەو وێنە ڕاستیە تەنیا کاتێک شانۆکاری کورد دەتوانێت تێیبگات لەناو خودی شانۆی فەرەنسی و زمان و کولتورەکەیدا بژیێت، دەنا کتێبە عەرەبیەکان وا وێنایان کردووە کە ئارتۆ ڕزگارکەری شانۆ بوو، دەتوانین شانۆ ببەینە ئاستی باڵا لەم رێگایەوە، بەڵام ئارتۆ بۆ خۆی دەقە شانۆییەکانی لەڕێی دیالۆگ بنیات دەنێت، جگە لەچەند کورتە سیناریۆیەک، چونکە دیدگا شیعریەکەی ووشە بنیاتی دەنا، ووشە وێنای جەستە و دژایەتی شانۆی باوی دەکرد، نەک خودی جەستە خۆی.
خودی ستراتیژە شانۆییەکە بۆ گۆڕینی درامای ئەرستۆیی بەکۆی مێژوویی شانۆی ئەزموونگەری، ئێمە دەرهێنەرێک و دراماتۆرگێک نابینین گرنگتر لە برێخت، ئەو ڕێک دەیزانی چی دەکات و چۆن ئەو وێنەیە لەناو خودی شانۆ بنیات دەنێتەوە، برێخت ئەزموونکاری راستەقینەی شانۆیە، گەڕانەکانیشی لەئاستی تیۆریی دراماو گوتاری فەلسەفی مارکسیدایە، بۆیە ئەزموونکارێکی شانۆیی نیە وەک ئەو وێنەیەکی ڕوونی بە گوتارە ئەزموونکاریەکە بەخشی بێت، بەڵام ئەزموونکارانی ئێمە ناتوانن ئەو وێنەیە ببینن، هۆکارەکەشی ئەوەیە ئەوان ئارەزووی فۆڕمێک دەکەن، کە دەق تەواو بەرەو لەناوچوون بڕوات وکەشێکی سریالیانە بە نمایشی شانۆیی ببەخشێت، وەک سەڵاح قەسەب راستەوخۆ باس لەو شانۆ سریالیە ئارتۆییە دەکات.
قۆناغی دووەمی شانۆی ئەزموونگەری بەدوای جەنگی دووەمی جیهانی دەست پێ دەکات، لەو قۆناغەی پرسیاری مرۆڤ گەڕان بوو بەدوای بێبەهایی، وەک لە کۆمەڵگای پۆڵەندیدا دەرکەوت و تەوژمێکی شانۆیی لەنێوان ساڵانی پەنجاکانی سەدەی بیستەم لەگەڵ سەرەتای بیستەکان کۆتایی دێت، کە گەرانەوەیە بۆ ناو فۆڕمی بینین و جەستە، پڕۆژەکەی گرۆتۆڤسکی لەبنەرەتدا گەڕان و پشکنینە بۆ جەستەی پۆلەندا دوای کاولکاری نازیەت، جەستەی ئەو مرۆڤە دەسوتێنرێت و هیتلەر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات لە خەلوزی ئەو جەستەیە سابون دروست بکەن، دڕندەیی بەرامبەر جەستەی پۆڵەندی وێنەیەکی دڕندانەیە، شانۆکارانی پۆڵەندی دێن لەڕێی نمایشی شانۆییەوە جەستە دەکەن بە زمانی سەرەکی نمایش، هەروەها دەرهێنەرێکی وەکو گژێگۆ ژێڤسکی شانۆی شێوەکاری بنیات دەنێت ولەماوەی سێ ساڵدا درێژە بە نمایشەکان دەدات، نەک وەک ئێمە دوای چل ساڵ هێشتا لەسەر ئەو چەند نمایشە بژیت، گرفتەکە لێرەوەیە ئەوان لەدۆخی سیاسی وەک چەکێک بۆ دژایەتی فاشیزم بنیات دەنێن، بەڵام شانۆی ئەزموونگەری کوردی دەبێت فۆڕمێک بۆ دوورکەوتنەوە لەبیرکردنەوەی مرۆڤی کوردیی، جەستەی کوردیی نەیەتە ناو نمایشەوە، ئەو جەستە لەژێر کاریگەری دیدی شانۆیی وێنەیی بەغداوە فۆڕمێک دەخولقێنێت تەنیا کوردیی نەبێت، گەڕان وپشکنینەکان نابنە بەشێک لەناو بنیاتنانەوە، هێندەی شانۆی باڵا شانۆیەکی ئەزموونگەریە تا ببین بە شانۆیەکی جیهانی، بێ ئاگا لەوەی بۆ ئەوەی شانۆکەمان جیهانی بێت، دەبێت تا ئاستی ڕەگەکەمانەوە کوردیی بین، تەنانەت لاسایی کردنەوە لە نوسینی دەقی شانۆیی بتەوێت وەک ئەوان بنوسیت ناتکات بە جیهانی، سیمای مرۆڤی کوردیی کاتێک دەبێتە شانۆیەکی جیهانی کە تەواو کوردیی بێت، تەنیا شتێک کە بکرێت وەرگێڕانی زمانەکەیە، شانۆنامەکانی ئەحمەد سالار و تەلعەت سامان و سمکۆ ناکام کاتێک لە خۆرئاوا بخەیتە سەر شانۆ، بەلام زمانەکەی وەرگێردرابێتە سەر فەرەنسی و ئەلمانی و ئیتاڵی دەبن بە شانۆیەکی جیهانی.
قۆنای سێیەم لەگەڵ دەرکەوتنی بونیادگەری فەرەنسی سەرهەڵ دەدات، ئەویش دەرکەوتنی هونەری پێرفۆرمانسە لەلایان گرۆتۆڤسکی، تاکو ئێستا شانۆکاری کورد ئەوەش هەر وەک شانۆی ئەزموونگەری دەبینێت، ئەو وێنە کاریکاتۆریە ئەزموونکاریە کوردیە دەبێت بووەستێندرێت، ئەو درۆکردنە بەناوی ئەزمووونگەری وایکردووە خاسیەتی ڕەخنەگرتن لەشانۆی ئێمەدا بوونی نەبێت، بۆیە سەرسوڕمان دروست دەبێت، کاتێک دەبینن لەم فۆڕمە ڕەخنەییەوە دێین قسە دەکەین، تێناگەن لەوەی ئەو دیدە ستایشکارو درۆزنانەیە رۆحی شانۆی لەکۆمەڵگای کوردیدا کووشتوە.
پێویستە ئەوە بخەینە ڕوو ئەوەی شانۆی لەسەر تەختەی شانۆ هێنا خوارەوەو خستیە ناو شوێنە کراوەکان، شەقام و باڵەخانەکان، ئەوە شانۆی ئەزموونگەری نەبوو، ئەوە هونەری پێرفۆڕمانسە، گرۆتۆڤسکی لەپێرفۆرمانس ئەو کارە دەکات، پەیوەندی بە ئەزموونگەریەوە نیە، بەڵام وەرە بتوانە ئەوە لەموریدەکان و مامۆستا ئەزموونکارەکان بگەیەنە، چونکە فریودانێک هەیە بەمەبەست و بە پرۆژە ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەوەی نەخوێنیتەوە.. کێشەی کتێب و زمانی تری نەبێت, دەتوانێت لە پەنجا ساڵی رابردوو چی فێر بوویتە، ئەمرۆش هەر لەسەر ئەم ناوانە کار بکەیتەوە، ئەگەر شانۆی ئەزموونگەری وەک باسی دەکەن ئەمڕۆ هێندە گرنگە لە ئێستای خۆرئاوا با بێن ناوی دوو دەرهێنەری ئەزموونکاری دنیامان پێ بڵێن، بەلام دەتوانین یەک لەشکر لەپێرفۆڕمێری پۆلەندی وفەرەنسی و ئیتاڵی بخەینە ڕوو، دواهەمین کتێب چیە لەبارەی شانۆی ئەزموونگەری نووسراوە؟ گرنگترین سەرچاوەی ئەم شانۆیە چیە؟ کامە سەرچاوەی زانستی و باوەڕپێکراوە؟ کە لەم سالانەدا سەر لەنوێ بە فەرەنسی چاپکرایەوە؟ کتێبی کێیە؟ تازە نووسراوە؟ یاخود هەر کتێبەکەی ژێمز رۆز ئیڤانسە بەناوی «شانۆی ئەزموونگەری لە ستانسلاڤسکیەوە بۆ پیتەر بروک» هاورێم کاردۆ محەمەد چەند بەشێکی لێ کردووە بە کوردیی، جا هەر بەراست شانۆکاری ئەزموونکاری کورد بروای بەوە هەیە ستانسلاڤسکی ئەزموونکارە؟ یان وەک تەقلیدی و کۆنزەرڤاتیزم سەیری دەکات؟ ئایا دەتوانیت مایەر هۆڵد وەک یەکێک لە ئەزموونکارەکان ببینیت؟ تۆ کە ستانسلاڤسکی وەک ئەزموونکار نەبینیت، بەلام یۆژینۆ باربا وەک ئەزموونکار ببینیت لەوێوە تراژیدیای ئاکاری دەست پێدەکات، باربا تەنیا عەرابێکی گرۆتۆڤسکی بوو، دەرکەوتنیشی زادەی دەرفەتێکە لە ژیاندا لەگەل ئەودا بوو، من دوو کاریم بە ڤیدیۆ بینیووە یەکێکیان هاملێت بوو تا دیمەنی کۆتایی نازانیت هاملێت کامەیە، بۆیە کلاوێکی لەسەر دەکات و لەسەر کلاوەکە دەنووسێت هاملێت، گەر ئەم نمایشە گەنجێیکی کەرکوکی دروستی بکات، هەر مناڵە موریدەکان دەکەونە سوکایەتی کردن، بەڵام باربا دەیکات ئیتر دەبێت بە ئەزموونکار، کەچی ناتوانیت مایەر هۆلد بە ئەزموونکار ببینیت، ستانسلاڤسکی بەلاتەوە مۆدیلێکی کۆنە و نابێت بگەڕێیتەوە سەری، چونکە شانۆکارانی عەرەب دیدی نوێگەریان بە شانۆ بەخشیووە، کتێبەکانیان بوونە بە ئیلهامی تازەگەریمان، تازەگەریەک کۆن بووەو خۆرئاوا خۆی بیری چۆتەوەو تۆی کورد وەفات بۆی هەیە و بۆی زیندوو دەکەیتەوە، بەڵام هەموو ئاستەکان لەیەک وێنەدا کۆ دەکەیتەوە، بڕوام وایە تا ئێرە بەس بێت بۆ قسەکردن لەشانۆی ئەزموونگەری، دەکرێت ئێستا بێینە سەر پرسی گرنگیتر.

-پرسیارێکی تر: لەو ساڵانەی لەکوردستان بوویت، ڕەخنەی توندت ئاراستەی هەندێک شانۆکار دەکرد کە ڕەخنەیان ئاراستەی شانۆی ئەزموونگەری دەکرد، ئێستا خۆت بوویتە بەشێک لەبیرکردنەوەی ئەوان، ئایا ئامادەیت ئێستا داوای لێبوردنیان لێ بکەیت؟

-پرسیارەکەت ڕەوایە، بەڵام بڕوام وایە بەشێکیشی پێویستی بە داڕشتنەوەیەکیتر هەیە تا ببێت بە پرسیارێکی شانۆیی بێ لایەنانە، گرفتەکە ئەوەیە، هەندێک بیرکردنەوەیان لەتۆ باشترە، بە نمونە تەڵعەت سامان لەسەرەتای نەوەتەکانەوە هۆشداریدا بە ئێمە لە تەواوبونی ئەو ناوانەی شانۆی خۆرئاوا، کەچی دواتر من لەچەندین وتاردا بریندارم کرد، ئازارمدا، بەر لەوەی لە کوردستان بێمە دەرەوە، ئێوارەیەکی درەنگ دنیا تاریک بوو لەکۆلانێک کە دەکەوتە بەرامبەر هۆڵی گەل لە هەولێر، ئەو کە منی بینی ڕۆیشتە ئەو بەری شەقامەکە، باش بوو رۆیشتم بەرەو ڕووی، چونکە ئەوە دواهەمین جار بوو لە ژیانمدا ئەوم بینی، وەستاندم پێم ووت کە «قسەی من لەسەر شانۆ بووە، ئێستاش ئەو بۆچوونانەم نەماوە، بەڵام دەبوو ڕەخنەی توندت بکەم تا خۆم بسەپێنم» تاوێک لێم ڕاما، ووتی «منیش وامکرد وەک تۆ کاتێک پێیان ووتم لە گازینۆی لەیالی ئەربیل محەمەد مەولود مەم دەیەوێت بتبینێت» ووتم «ئەو کاری بەمنە با ئەو بێت» ووتی «وا هەوالم بۆ مەم نارد» دواتر سەیرێکی کردم و ووتی «گوێبگرە من کە دەقێکی شانۆییم دەنوسم دەبێتە یەکێک لەهەرە خۆشەویسترین کەسەکانم، ئەو قسانەی ئێستای تۆ بەقەد یەکێک لەشانۆنامەکانم خۆشم دەوێن و چێژم پێدەبەخشێت» کارێکی باشم کرد ئەم ئێوارەیە دانم بە ڕاستی ناو قسەم لەگەڵی کرد و لەبەردەم ئەو داهێنەرە ووتم من هەڵە بوومە، دەی مەگەر کارێکی باشم نەکرد؟
تۆ باس لەوە دەکەیت بوویت بە بەشێک لەبیرکردنەوەی ئەوان، نا کەس نابێت بە بەشێک لەبیرکردنەوەی ئەویتر، بەڵکو کە دێیتە خۆرئاوا، زمانیتر فێر دەبیت، ڕاستی دەبینیت، فرە میتۆدی شانۆ دەبینیت، شانۆی ئەزموونگەری لەساتەوەختێکی مێژوویی دەستەبژێریدایە، بۆیە د. فازل جاف لەکتێبێکی گفتۆگۆ لەگەڵ مامۆستایانی ئازیزمان کاک ئازاد عەبدولواحید و مرۆڤی شادی ژیانمان مەحمود زامدار ئەنجام دابوو، لەوێ د. فازل زۆر شتی وتووەو ئێمەی گەنجانی دلداری شانۆی ئەزموونگەری وێنەیەکی خەیاڵی ناو زهنی خۆمان بۆ ئەو دروست کرد، وێنەیەک کە مرۆڤێکە دژە تازەگەر و دژە شانۆیە، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە دەتەوێت ئەمڕۆ من بێم داوای لێبوردن لە د. فازل جاف بکەم؟ نەخێر نایکەم، نەکردنی بێ ڕێزی نیە، من هەمیشە رێزی زۆرم بۆی هەبووە، تەنانەت کە ناراستەوخۆ و ڕاستەوخۆش قسەم لەبارەی کردبێت، بەڵام ئەگەر ئەمڕۆ داوای لێبوردن لە د. فازل جاف بکەم، ئێ دەبێت کاک دانا رەوف یش ببەینە دادگا، چونکە راستگۆ نەبووە فریوی داوین، کتێبەکەی ئارتۆ ئەمڕۆ ئینجیلی شانۆکارانی ئەوروپا نیە، ئەوە تەنیا کۆمەڵێک ڕستەی ڕەوانبێژی و پەخشانیە، بۆیە من نە داوای لێبوردن لەکەس دەکەم و نە کەس دەبەمە دادگا، گرفتی کەسیم هیچ کاتێک لەگەڵ کەس نەبووە، بەپێی تێگەیشتن و بیرکردنەوەی خۆم لەبارەی شانۆ دەدوێم وقسەی خۆم دەکەم، دەتوانن هەمووتان توڕە بن و هەندێک خۆشتان بووێم، لەکۆتاییدا لەگەڵ خۆم ڕاستگۆم و قسەی خۆم دەکەم، هیچ کاتێکیش شتێک لای من بوونی نیە پەیوەندی بە ڕق و کێشەی کەسیەوە بێت، تا ئەم ساتە وەختەی قسە دەکەین تۆ دەبینیت کەمترین قسە لەسەر کاک شەماڵ عومەر دەکەم، ئەو پێرفۆرمێرێکە و کاری خۆی دەکات، لەروانین و تێگەیشتنەکانی دەزانێت دەیەوێت چی بکات، بۆیە گرفتەکە تەواو شانۆییە، ئەوەی تێی نەگەیشت و وێنەیەکی لە زهنی خۆی بۆ من دروست کرد، ئەوە پەیوەندی بە منەوە نیە، بەڵکو پەیوەندی بەوێنەکەی ناو زهنی خۆیەتی بۆ من.




ئیلاهیاتی ڕامیاری و سەرمایەداری.. ئەکرەم سەعید

پێشەکی
با لە سەرەتاوە ئەو پرنسیپە دووپات بکەینەوە کە سۆسیالیستەکان دژی بیروباوەڕی ئایینی خەڵکی نین، بەڵکە دژی سەرمایەدارین، دژی تێکەڵکردنی ئایین و سیاسەتن، دژی بازرگانیکردنن بە بیروباوەڕی ئایینی خەڵکییەوە؛ واتە دژی بەکارهێنانی ئایینن وەک ئایدۆلۆژیاێک بۆ مەرامی سیاسی و فریودانی خەڵکی. لەم سۆنگەیەوە وەڵامەکەی حیزبی شیوعی ئەمەریکا بە ترەمپ دروستە:(دوژمنی ئێمە خودا نییە، بەڵکو سەرمایەدارییە.).

خەڵکی ئەمڕۆ ئەگەر بەراورد بکەن لە نێوان دۆخی ساڵانی ۱۹٦۰و ساڵانی دووهەزار، بە ڕۆشنی پاشەکشەی هزری و سیاسی دونیا دەبینن بەرەو ڕاستڕەوی؛ واتە جیاوازی نێوان دۆخی ساڵی ١٩٥٥ هاوپەیمانی بەغداد و دۆخی ڕێککەوتننامەی مەککە ۲۰۲٦.(هاوپەیمانی بەغداد) بە بەشداری”عێراق، تورکیا، بەریتانیا، پاکستان و ئێران”- بوو(دواتر عێراق لێی چووە دەرەوەو ناوی گۆڕا بۆ هاوپەیمانی سەنتو). ئامانجی ئەو هاوپەیمانییە ڕێگریکردن بوو لە فراوانبوونی نفوزی یەکێتیی سۆفێت و بڵاوبوونەوەی بیری شیوعی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەما(ڕێککەوتننامەی مەککە) لە ئێستادا بە هاوبەشی”عەرەبستانی سعوودی، تورکیا و پاکستان”ە. ئامانجی ئەم ڕێککەوتننامەیە بەرگریی ئەو وڵاتانەیە لە مەترسییەکانی دوای لاوازبوونی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا، و دورستبوونی بۆشایێک کە ئێران و ئیسرائیل پڕی دەکەنەوە. ئەوەی لێرەدا بۆ ئەم وتارە گرنگە بەراوردی دۆخی هزرو سیاسی نێوان ئەو دوو ڕێککەوتننامەیەیە. لەیەکەمدا بەشێکی جیهانی سەرمایەداری کۆنەپەرست و تانجی وڵاتانی ئیمپریالیزم بوون دژی بەشێکی پێشکەتووخواز و سیکولار. لەو خولەدا ناوی وەک:(عەبدول کەریم قاسم، جەمال عەبدول ناسر، جۆسیپ تیتۆ ، جەواهرلال نهرو، گیڤارا و هۆشی منە) لە جیهاندا باوی بوو، بەڵام لە ساتەکانی(ڕێککەوتننامەی مەککە) لە ڕۆژئاواوە بۆ ڕۆژهەڵات، بە شێوەیەکی گشتی ناوی سەرکردەو ڕابەری پارتە کۆنەپارێزی بۆرژوازی دڕندە باویەتی، کە ئایین تێکەڵ بە سیاسەت دەکەن.

بۆچی جیهان هێندە لە ڕوی هزرو سیاسەتەوە پاشەکشەی کردووە؟ هۆکاری چییە لە سەردەمی مۆدێرن و لە نێو کۆمەڵگەی مەدەنی بۆرژوازیدا، دوای بزووتنەوەی ڕۆشنگەری و بڵاوبوونەوەی ئەقڵانیەت و بیروباوەڕی ئازادی تاکەکەس و دەوڵەتی سیکولار، جارێکی دی《ئیلاهیاتی سیاسی》هێندە لە جیهاندا پێگەی بەهێزە و ڕۆڵی هەیە؟. بێگومان گەلێ هۆکار هەیە بۆ پاشەکشەی کۆمەڵ، بەڵام دەتوانین لە شرۆڤەی تایبەتمەندییەکانی سەرمایەداری، ڕۆشنتر بنەمای هۆکارەکان بناسینەوە. بۆ وەبیرهێنانەوەی خوێنەری هێژا، من لە چەند وتاری پێشوومدا دەربارەی”تایبەتمەندییەکانی سەرمایەداری” بە کورتی باسم لە【* قەیرانی سەرمایەداری. * دڕندەیی/بەربەریسم. * سەرمایەی وەهمی. * تۆتالیتاریسم/ سەرکوتگەری】کردووە، بێگومان بەبێ باسکردنی ڕۆڵی《ئیلاهیاتی سیاسی》لە سەردەمی مۆدێرندا، باسەکانمان دەربارەی تایبەتمەندییەکانی سەرمایەداری کەموکورت دەبێ.

ئیلاهیاتی ڕامیاری و سەرمایەداری

«ئیلاهیاتی ڕامیاری و سەرمایەداری» یەکێکە لە ئاڵۆزترین بابەتە تیۆرییەکانی سەردەمی نوێ. ئەم بابەتە باس لە کاریگەری ئیلاهیاتی سیاسی لەسەر سیستەمی سەرمایەداری «پێکهاتە ئابوورییەکەی/ ژێرخانی سەرمایەداری» و پێکهاتە هزری و سیاسییەکەی/ سەرخانی سەرمایەداری» دەکات، و تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی گەورەی ڕێکخراوە مەدەنی و سیاسییەکانی ئایینی، لە ململانێی کۆمەڵی نوێدا.
لە سەردەمی کۆندا ئیلاهیاتی سیاسی پایەێکی سەرەکی دەسەڵات بووە؛ لە میسری کۆندا سیستەم بریتی بوو لە تێکەڵکردنی ئایین و دەوڵەت، کە پادشا بە کوڕی خوداوەندەکان یان خۆی بە خوداوەندێک لەسەر زەوی دادەنا، بەم شێوەیە دەسەڵاتی ڕەها و ئیلاهی بە دەسەڵاتەکەی خۆی دەبەخشی. بەم جۆرە سیستەمی حوکمڕانی لەسەر بنەمای “پاشایەتی ڕەها” کە لە ڕووی ئیلاهیاتەوە پشتیوانی لێدەکرا خۆی دامەزراند بوو، پاشا وەک سەرۆک کاهینێک کە بەرپرسیار بوو لە دەستەبەرکردنی دادپەروەری گەردوونی (مەعات) و سەقامگیری وڵات، پشتی بە ئامێرێکی ئیداریی ئاڵۆز دەبەست بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانی. وە ئیلاهیاتی سیاسی لە وڵاتی چین لە کۆندا: تێکەڵەیەکی ناوازەیە لە بنەما فەلسەفی/ئاینییە نەریتییەکانی(کۆنفۆشیۆسیزم، تائۆیزم)و دەسەڵاتی سیاسی، کە تیشک دەخاتە سەر”ویستی خودایی” وەک سەرچاوەی شەرعیەت، ئەمەش وا دەکات فەرمانڕەوا ببێتە نێوەندگرێک لە نێوان ئاسمان و زەویدا. بەم پێیە لەڕووی مێژووییەوە دەسەڵات بەرئەنجامی تێکەڵاوبوونی ئایین و سیاسەت بووە.
ئەنگلس دەربارەی کۆمەڵگەی نەرێتی نووسیبووی:( لەسەردەمی چەرخی ناوەڕاستدا، مرۆڤایەتی یەک جۆرە ئایدۆلۆژیای زانییوە ئەویش (ئایین و لاهوت) بوو. بەڵام، لەسەدی هەژدەهەمدا، کاتێ بۆرژوازی گەیشتە پلەێک لە هێز کە بەس بێت بۆ ئەوەی ئایدۆلۆژیاێکی تایبەت بەخۆی هەبێت، و گونجاو بێت لەتەکە دۆخی چینایەتی خۆی، بە پشتبەستن تەنها بە هزری یاسای و سیاسی، هەڵستا بە هەڵگیرسانی شۆڕشە مەزن و ڕەساکەی(شۆڕشی فەرەنسا)بێ ئاوڕدانەوە لە ئایین، تەنها مەگەر کاتێ ڕێگری بۆ دروستکردبێ. بەڵام ئەوەی بە مێشکیدا نەهاتووە کە لەبری ئایینی کۆن ئایینێکی نوێ بخاتە جێگەی.) – ئەنگلس/ فیۆرباخ و کۆتایی فەلسەفەی کلاسیکی ئەڵەمانی/ لاپەڕە ٥۱.
ساڵانێکە (لاهووتگەرایی سیاسی)ی هەموو ئایینەکان، وەک ئەنجامێکی قوڵبوونەوەی ناکۆکیەکانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری مۆدێرن، لە بوژانەوەدایە، و ڕۆڵی لە سیاسەت و کۆمەڵگەدا زیاد دەکات و جێگا بۆ خۆی داگیر دەکات، لێرەوە شەپۆلی ڕەشی بیروباوەڕی ڕاستڕەوی، هێرش بۆ سەر لیبڕالیزم(ئازادی تاکەکەس و یەکسانی یاسایی هاوڵاتیان )و لایەنگرانی سۆسیالیزم دەبات. ئەگەر بپرسین هۆکاری چییە لە سەردەمی مۆدێرندا، دوای بڵاوبوونەوەی بیروباوەڕی ئەقڵانی و سیکولاری ڕۆشنگەری و فەلسەفەی ماتریالیسمی، جارێکی دی فەلسەفەی ئایدیالیست و بیروباوەڕی نائەقڵانی و کۆنەپارێز دەبووژێتەوە؟ یان بۆچی لەژێر سێبەری مەدەنیەتی بۆرژوازیدا(لاهووتگەرایی سیاسی)ی هەموو ئایینەکان سەوز دەبنەوە؟. بلیخانۆف بەم جۆرە وەسفی کێشەکە دەکات:
“ماتریالیسمه‌کانی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م پێیان وابوو که ‌بۆ یه‌کجاری کۆتاییان به‌ ئایدیالیسم هێناوه‌و میتافیزیکی کۆن له‌نێوچووه‌و نراوه‌ته‌ گۆڕه‌وه‌، ئیدی ئه‌قڵ هیچ حه‌زی نییه‌ گوێ بیستی بێت، به‌ڵام هه‌ر زوو ئاقاری حاڵه‌کان‌ ڕه‌وتێکی تری وه‌رگرت، ئه‌وه‌ چه‌ند ڕۆژێکه‌ فه‌یله‌سوفه‌کان له ‌ئه‌ڵه‌مانیادا فه‌لسه‌فه‌ی ئادیالیسمیان بووژاندۆته‌وه‌، وه‌ له ‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا گوێکان خنران له ‌ئاست وتاری ماتریالیسمیداو به‌ مردوو ده‌ژمێرا، و له‌لای جیهانی فه‌لسه‌فه‌ و ئه‌ده‌ب بیروباوه‌ڕی ماتریالیسمی وه‌ک “خه‌مۆکی و چەقبەستو” چاوی لێده‌کرا، وه‌ک “گۆته‌” وای ده‌بینی که‌ “ماتریالیسم وه‌ک تارماییێک مووچڕکه‌ به‌له‌شی خه‌ڵکیدا ده‌هێنێ”. به‌م جۆڕه‌ ئایدیالیسمیش به‌ بڕوای خۆی لای وابوو که‌ دوژمنه‌که‌ی بۆ هه‌تاهه‌تایی شکستی پێ هێنراوه‌.” – بلیخانۆف/ به‌رهه‌مه‌ فه‌لسه‌فیه‌کانی – ماتریالیسمی مارکس / لاپه‌ڕه‌ ۱۲۵.
وردبینی‌ بلیخانۆف لەو چەند دێرەی سەرەوەدا بۆ سەردەمەکەمان تابڵێیت بلیمەتانەیە؛ دروست لە نێو بڕێک لە چەپ و سۆسیالیستەکان هه‌مان وه‌همی سه‌رکه‌وتن و بڕوابوون به‌ له‌ نێوبردن و بنبڕکردنی دوژمنه‌کانی فه‌لسه‌فه‌ی ماتریالیسمی مارکس بره‌وی هه‌بوو. که‌س دوای ماتریالیسمی مارکس بڕوای نه‌بوو بیروباوه‌ڕی ئایینی (لاهوتی ڕامیاری) هێنده‌ به‌هێز ببێته‌وه‌. لەڕاستیدا لەژێر سێبەری سەرمایەداریدا (واتە لە سەردەمی مۆدێرن: سەردەمی ڕۆشنگەری و دەوڵەتی سیکولار و کۆمەڵی مەدەنی بۆرژوازیدا)، ئیلاهیاتی سیاسی بە گووتەی مارکس(ئامادەیێکی بەهێزی هەیە). بیرمەندانی وەک: ”سپینۆزا، مارکس، ماکس وێبەر و کارل شمیت” ڕایان وا بوو (کە چوارچێوە تیۆلۆژییەکان بەشدارییان لە سەرهەڵدانی هزر و سیاسەت و دەوڵەتی سەرمایەداریدا کردووە). مارکس لە بەشێک لە بەرهەمەکانیدا لێکچوونەکان لەنێوان مەسیحیەت(وەک ئایین)و (تایبەتمەندییەکانی) سەرمایەداریدا دەکێشێت. ئەم لێکچوونانە بەتاببەتی بەشێوەێکی سەرنجڕاکێش لە کتێبی “سەبارەت بە پرسی جوولەکەکان” دەست نیشانکراوە. مارکس ڕای وا بوو کە ئایین لەژێر سایەی ئەو دەوڵەتە بۆرژوازییە کە سیکولارە ئامادەیێکی بەهێزی هەیە لە کۆمەڵدا، و کارل شمیت دەستەواژەی “ئیلاهیاتی سیاسی”ی بەکارهێنا بۆ ئەوەی نیشان بدات کە هەموو چەمکە مۆدێرنەکانی دەوڵەت چەمکی ئایینی سیکولارن.
بەڕای سپینۆزا ئیلاهیاتی سیاسی ئامانجی کۆنترۆڵکردنی جومگە گشتییەکانی کۆمەڵە، لە ڕێگەی ئایینەوە بۆ مەبەستی سیاسی. ئەمە ناوەڕۆکی کتێبەکەی سپینۆزایە بە ناوی «نامەیەک لەبارەی ئایینزانی و سیاسەت» کە لە ساڵی ١٦٧٠ بڵاوکرایەوە. سپینۆزا ڕای وایە کە بە(سیکولاریزم – جیای ئایین لە دەوڵەت) ناتوانرێ ئیلاهیاتی سیاسی لە کۆمەڵدا کەم بکرێتەوە، بەڵکە دەبێ دەوڵەت زیاتر هەنگاو بنێ بەرەو (جیای سیاسەت لە ئایین)، و دەوڵەت تاکە دەسەڵات بێ بەسەر ئاییندا، ئامانجی ڕاستەقینەی سپینۆزا ئەوە بوو کە دەوڵەت کۆنترۆڵی ئایین بکات، نەک تەنها جیایان بکاتەوە، واتە دەبێ ئایین بخرێتە ژێر سەروەری سیاسی دەوڵەتەوە. مارکس لەم ڕاونگەیەوە نزیگ بووە. لێرەدا مانایەکی تری سیکولاریزم دەبینین، کە جیاوازە لە تێگەیشتنی باو، ئەم ڕوانگەیەی سپینۆزا و مارکس، بەتایبەتی لەلایەن چەپەکانەوە، ساڵانێکە پشتگوێ خراوە.

لیو شتراوس و لاهوتی سیاسی

ئه‌گەر لە‌ زەمه‌نی کۆمە‌ڵگەی یۆنانی کۆندا سۆکرات فه‌لسە‌فه‌ی له ‌ئاسمانەوە‌ دابە‌زاندە سە‌ر زە‌وی، و پێشنیاری بۆ مرۆڤەکان کرد کە ‌بۆ گە‌ڕان بە ‌دوای ڕاستیدا “سه‌یری زەوی بکە‌ن”، ئەوا مارکس لە‌ سەردەمی کۆمە‌ڵگەی سەرمایە‌داریدا، داوای کرد‌ بۆ دۆزینەوە‌ی ڕاستی نامۆی مرۆڤ و چەوسانەوەی مرۆڤەکان، لەبری تەنها پشکنین لە ‌نێو فە‌لسە‌فە و سیاسە‌تدا، دە‌بێ بچینە‌ ڕه‌خنە‌ی ئابووری سیاسی، و ‌شۆڕش بەسه‌ر پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا، واتە شۆڕش به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ی مەدە‌نی و مۆدێرنی سە‌رمایە‌داریدا، بکە‌ین. بەڵام‌ فه‌لسه‌فه‌ی بۆرژوازی کۆنزەرفاتیزم، به‌پێی ڕێنماییەکانی لیو شتراوس، داوا ده‌کات که‌ جارێکی دی بۆ دۆزینه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ت و ڕەوشتبەرزی، ده‌بێ مرۆڤه‌کان ڕووبکه‌نه‌وه‌ ئاسمان و سه‌یری ئاسمان بکه‌ن. لە نووسینی “پێشەکی بۆ کتێبەکەی هۆبز” لیو شتراوس ناوەڕۆکی باسەکانی خۆی ئاشکرا دەکات:( زیندووکردنەوەی لاهووت منی لەگەڵ “کارل بارت و فرانز ڕۆزنزڤایگ”دا دەبەستەوە ،، لەوکاتەوە پرسی”لاهوتی سیاسی” جێی سەرنجی لێکۆڵینەوەکانم بووە.).
سێ سوچکه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی شتراوس بریتییه‌ له‌: ۱/ ڕه‌وشت. ۲/ سیاسه‌ت. ۳/ ڕه‌خنه‌ له‌ مۆدێرنێته‌ و ڕۆشنگه‌ری، و داوای له‌یه‌ک هه‌ڵپێکانی جارێکی دی سیاسه‌ت و ئایین. لیو شتراوس وەک دامەزرێنەری فەلسەفەی سیاسی ڕەوتی «نیوکۆنزەرفاتیزم» لە ئەمریکا تەماشا دەکرێت. یەکێک لەگرنگترین باسەکانی فەلسەفە سیاسییەکەی دەربارەی پەیوەندی «قودس و ئیتینا – »یە، کە تێیدا پێکداچوون و ململانێی نێوان ئایین (ڕۆح) و فەلسەفە (عەقڵ) شیدەکاتەوە. بەڕای لیو شتراوس ئەم دوو شارە تەنها دوو شوێنی جوگرافی نین، بەڵکو دوو کۆڵەکەی سەرەکین کە شارستانیەتی ڕۆژاوایان دروست کردووە: قودس- هێمای تەورات، ئایین – ڕۆح و باوەڕە؛ نوێنەرایەتی ژیانێک دەکات کە لەسەر بنەمای ملکەچی و خۆشەویستی بۆ یاسای خودایی دامەزراوە. ئیتینا: هێمای فەلسەفەی یۆنانی- عەقڵ و لێکۆڵینەوەی ئازادە؛ نوێنەرایەتی ژیانێک دەکات کە لەسەر بنەمای گەڕان بەدوای حیکمەت و تێگەیشتنی سەربەخۆدا دامەزراوە. «نیوکۆنزەرفاتیزمەکان» یەکیەتی ئەم دوو شارەیان لە سەردەمی ئێمەدا کردە پایەی هزر و سیاسەتی( یەهودی زایۆنی و مەسیحی زایۆنی )، چونکە بەڕای لیو شتراوس یەکیە‌تی ئه‌و دوو شارە‌ بۆ خۆرئاوا به‌ درێژای مێژوو پایە‌ و هێزی ڕۆژئاوا بووە‌، لەم ڕوانگەیەوە دە‌بێ بۆ چارە‌سە‌ری قه‌یرانی وڵاتانی ڕۆژئاوا، کە سەرچاوەکەی قه‌یرانی‌‌ مۆدێرنێتەیە، بە یه‌کگرتنه‌وه‌ی” ئه‌تینا و قودس ” چاره‌سه‌ر بکرێ. سەیر نییە دەبینین ترامپ به‌ گه‌شته‌که‌ی خۆی له‌ سعویه‌وه‌ بۆ ئیسرائیل و له‌وێوه‌ بۆ ڤاتیکان، بازنه‌که‌ی “لیوشتراوس”ی فراوانکردو یه‌کیه‌تی”مه‌که‌ و قودس و ڤاتیکان”ی له‌بری دانا، واته‌ یه‌کیه‌تی “ئیسلام و یه‌هودیه‌ت و مه‌سیحیه‌ت” یان (ڕێککەوتنامەی ئیبراهیمی)، کە زنجیرەیەک ڕێککەوتنی ئاشتییە کە لە ساڵی ٢٠٢٠ لەژێر چاودێریی دۆناڵد ترەمپ لەنێوان ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی عەرەبیدا واژۆ کرا.
ئایا دوای ئاوابوونی خۆری ئیمپراتۆریەتی ئەمەریکا و لاوازبوونی( یەهودی زایۆنی و مەسیحی زایۆنی )، ئێمە هزر و سیاسەتی( چەپ یان ڕاست )ی نوێ، کە یەکبگرێ لەتەک ئیسلامی سیاسی، لە ئەمەریکا و ئەوروپادا دەبینین؟!. چونکە هەم لە دەوڵەتی چین و ڕوسیا، و هەم لە دەوڵەتەکانی ڕۆژئاوا، ڕەوتێکییان تێدایە کە خۆی نزیک دەکاتەوە لە ئیسلامی سیاسی. لێرەوە ئێمە و نەوەی نوێش، لەژیر سایەی سیستەمی سەرمایەداریدا، بۆ چەند ساڵێکی تریش دەرگیری کێشەی ڕۆڵی ئیلاهیاتی ڕامیاری لە هزر و سیاسەتی کۆمەڵدا دەبین.
سەرکەوتنی( ممدانی و عەبدول ) وەک دوو نوێنەری بزووتنەوەی چەپ( سۆسیال- دیمموکرات ) کە بێگومان هەواڵێکی پۆزەتیڤە، هێمای لاوازبوونی هەژموونی مەسیحی زایۆنیزمە لە ئەمەریکادا، بەڵام لەهەمان کاتدا دەشێ تۆوی سەوزبوونی چەپێک بێ کە خۆی نزیک دەکاتەوە لە ئیسلامی سیاسی، ئەمەش دیاردەێکە ساڵانێکە لە وڵاتانی ئەوروپادا نموونەیمان بینیوە، بەتایبەتی دوای ھێرش بۆ سەر غەززە. ئەمە یانی ئەگەر لە ئێستاو چەند ساڵی داهاتوودا، (مەسیحی و یەهودی زایۆنی) لاواز ببێ، بەڵام (ئیسلامی سیاسی) و هاوپەیمانانی لە مەسیحی سیاسی و چەپ لە زیاد بووندایە؛ کەواتە ئیلاهیاتی ڕامیاری تا چەند ساڵی تریش هەر ئامادیی بەهێزی دەبێ لە جیهاندا.

خوێندەنەوەێکی ڕەخنەگرانە بۆ ڕای چەپەکان دەربارەی هۆکاری باڵاکردنی ئیسلامی سیاسی

ساڵانێکە ئیلاهیاتی سیاسی دیسانەوە لە خۆڵەمێشی خۆیەوە هەڵساوەتەوەو ڕۆڵی گەورە دەبینێ لە جیهاندا. ئیسلامی سیاسی توخێمکه‌ ده‌یه‌وێ کۆمه‌ڵگه‌ ڕاکێشێ به‌ره‌و ڕابووردوو، بزووتنه‌وه‌یه‌که‌ وه‌ڵامێکی کۆنه‌په‌رستانه‌ به‌ کێشه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ ده‌داته‌وه‌. باڵاکردنی ئیسلامی سیاسی جێگای گه‌لێ باس و لێکۆلینه‌وه‌ بووه‌، ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێ تیشکی بخه‌مه‌ سه‌ر:
۱/ بینینی ئه‌م دیارده‌یه‌ وه‌ک توخمێک، وه‌ک بزووتنه‌وه‌ێکی کۆمه‌ڵایه‌تی سیاسی له ‌کۆمه‌ڵگه‌دا، واته‌ ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ وا ته‌ماشای نه‌کرێ که ‌دروستکراوی ده‌ستی وڵاتان یان ده‌زگای جاسوسی به‌ریتانی یان ئه‌مه‌ریکیه‌، ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌ فاکتێکی حاشا هه‌ڵنه‌گره‌ که ده‌ستی یارمه‌تی ئه‌و ده‌زگایانه‌ هه‌بووه‌ له‌ پێکهێنانی ئه‌حزاب و که‌سه‌کانی سه‌ر به‌م بزووتنه‌وه‌یه‌، به‌ڵام خودی بزووتنه‌وه‌که‌ ڕه‌گوڕیشه‌ی واقیعی‌‌ خۆی هه‌یه‌ له ‌نێو کۆمه‌ڵه‌گه‌دا، ئه‌مه‌ له‌لاێک وه‌ له ‌لاێکی دی په‌یوه‌ندی باڵاکردنی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ به‌ هه‌لومه‌رجی گشتی جیهانی سه‌رمایه‌داریه‌وه‌. سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی سیاسی هاوسات و هاوشانی سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌ کۆنه‌په‌رسته‌کانی ئایینی سیاسی تر بووه‌ له ‌جیهاندا، بۆیه هه‌ڵه‌یه‌ بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی سیاسی وه‌ک تاقانه‌ چاو لێ بکه‌ین، و ده‌سته‌ خوشکه‌کانی هاوشێوه‌ی خۆی له مه‌سیحی سیاسی، یه‌هودی سیاسی، هیندۆسی و بودی سیاسی نه‌بینین.

۲/ باری فکری و سیاسی سه‌رده‌می سه‌رمایه‌داری دڕنده‌ قۆناخێکی کۆنه‌په‌رستییه‌، ئه‌مه‌ش زه‌مینه‌ێکی گونجاوه‌ بۆ گه‌شه‌ و باڵاکردنی بزووتنه‌وه‌ ئایینیه‌کان، ئه‌م بزووتنه‌وه‌ ئاینییه‌ سیاسیانه‌ له‌م‌ سه‌رچاوه هاوبه‌شه‌وه‌ ئاو ده‌خۆنه‌وه‌، و بیروباوه‌ڕی ئایینی خه‌ڵکیان کردۆته‌ ئاڵای بزووتنه‌وه‌کانیان بۆ پا‌سه‌وانکردنی سه‌رمایه‌داری.

له ‌کتێبی( ئایینیه‌ گشتیه‌کان له‌ جیهانی ئه‌مڕۆدا) خۆزیه‌ کازانوڤا ده‌نووسێ:” ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی له‌مه‌ڕ حیجاب هه‌یه‌ له‌ جیهانی عه‌ره‌ب و تورکیا و ئه‌وروپادا هاوشێوه‌ی ئه‌و باسانه‌ن له‌مه‌ڕ له ‌باربردن ( إجهاض – abortion ) که ‌له‌ ئه‌مه‌ریکادا هه‌ن، مشتومڕێکی گه‌رمی ئایینی سیاسین. باوه‌ڕێک باوبوو له‌ دوای سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ری و زاڵ بوونی ڕوانگه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی سه‌ده‌ی بیست که ‌ڕۆڵی ئایین له ‌سیاسه‌ت و کۆمه‌ڵگه‌دا پاشه‌کشه‌ ده‌کات و ده‌بێته‌ لاوه‌کی، به‌ڵام له‌ته‌ک شۆڕشی ئیران و جه‌نگی ئه‌فگانستان و ڕوداوه‌کانی دواتر بینیمان ڕۆڵی ئایین له‌ کۆمه‌ڵگه‌ و سیاسه‌تدا ڕوو له‌ زیادبوونه‌ “.
بڕواناکه‌م که‌سێ هه‌بێ له‌گه‌ڵ ئه‌م بینینه‌ی خۆزێ کازانوڤا ڕاێکی پێچه‌وانه‌ی هه‌بێ، به‌ تاییبه‌تی له‌ نێو به‌هاری عه‌ره‌بیدا( ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین به‌هاری ئیسلامی سیاسی )و هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌مه‌ریکا، زیادبوونی ڕۆڵی ئاینی سیاسی حاشا هه‌ڵنه‌گره‌. کێشه‌که‌ له‌مه‌دا نییه‌ به ‌قه‌د ئه‌وه‌ی له‌وه‌دایه‌ کاتێ هۆکاره‌کان و فاکته‌ره‌کانی زیادبوونی ڕۆڵ و باڵاکردنی ئایینی سیاسی ده‌ست نیشان ده‌کرێ. زۆرێک له ‌نووسه‌ران هۆکاری باڵاکردنی ئیسلامی سیاسی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شکستی بۆرژوازی له پڕۆسه‌ی ‌به‌ مۆدێرنیز‌کردنی ووڵاتانی عه‌ره‌ب:( گه‌شه‌ی ئیسلامی سیاسی میلیتانت له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا به‌رئه‌نجامی شکستی ناسۆنالیسم و سکولاریزم و مۆدێرنیزمی بۆرژوازییه‌ له‌م وڵاتانه‌دا.( – بڕوانه‌: مەنسوور حیکمەت “باڵاکردن و ئاوابوونی ئیسلامی سیاسی” )، و سه‌میر ئه‌مین له‌ نووسراوی ” ئیسلامی سیاسی، ڕوویه‌کی تری سه‌رمایه‌داری مته‌وه‌حش ” ده‌نووسێ:( سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و بزووتنه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندیان به ‌ئیسلامه‌وه‌ هه‌یه‌، بریتین له ‌یاخی بوونێکی تندوتیژ دژی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری مه‌وجود و ئه‌و مۆدێرنێته‌ ناکامڵ و شێوێندراو گومڕاکه‌ره‌ی که‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا هێناوه‌ ).

به‌ ڕای من ئه‌م جۆره‌ لێکدانه‌وانه‌ تێگه‌شتنێکی کەموکورتی له‌خۆی هه‌ڵگرتووه‌ بۆ مۆدێرنێته‌، وه ‌چاوه‌ڕێی شتێکی گه‌وره‌ له ‌مۆدێرنێته‌ ده‌کات که‌ ئاسته‌مه‌ له‌سایه‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌داریدا مۆدێرنێته‌ بتوانێ ئه‌وه‌ به‌رئه‌نجامی بێ. پرسیارێک که‌ ده‌کڕێ بیکه‌ین ئه‌وه‌یه‌: باشه‌ ئه‌گه‌ر هۆکاری سه‌رهه‌ڵدان و بەهێزبوونی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی سیاسی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شکستی بۆرژوازی له‌ پڕۆسه‌ی ‌به‌ مۆدێرنیز‌کردنی( عصرنة أو تحديث ) وڵاتانی عه‌ره‌بی، ئه‌ی هۆکاری سه‌رهه‌ڵدان و بەهێزبوونی بزووتنه‌وه‌ی مه‌سیحی سیاسی له ‌ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکادا چییه؟ چونکه‌ لۆژێک نییه‌ بڵێین له ‌ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکادا پیشه‌سازی گه‌شه‌ی نه‌کردووه‌ یان ‌بڵێین بزووتنه‌وه‌ی مه‌سیحی سیاسی به‌رئه‌نجامی شکستی ناسۆنالیسم و سکولاریزم و مۆدێرنێته‌ له‌و وڵاتانه‌دا. به‌ شێوه‌ێکی گشتی مۆدێرنێته‌ له‌ ژێر سایه‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌داریدا پرۆسه‌ێکی ناکامڵ و شێواوی بڕیوە. مارکس ڕای وابوو کە ( مۆدێرنێنته‌ له‌ هه‌ناوی خۆیدا ناکۆکی هه‌ڵگرتووه‌ )، ئه‌مه‌ به ‌جیا له‌وه‌ی باسی چ جوگرافیاێک ده‌که‌ین، وه‌ڵامێکی گشتییه‌ بۆ دیاریکردنی هۆکارێکی سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌ ڕاستڕه‌وه‌کان، به‌ڵام ئه‌مه‌ نه‌ هۆکاری سه‌ره‌کییه، ‌و نه‌ وه‌ڵامێکی تایبه‌تیمان پێ ده‌داته‌وه‌ که‌ بۆچی ئیسلامی سیاسی وه‌ک بزووتنه‌وه‌ێکی سیاسی و جه‌ماوه‌ری ڕۆڵی ڕوو له‌سه‌ره،‌ وه‌ ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته‌ ده‌ست. به‌ڵکه‌ گرنگ ئه‌و فاکته‌ره‌یه‌ که‌ سه‌رمایه‌داری له سه‌رده‌می دڕنده‌یی و قه‌یرانی ئابووریدا، ‌پێویستی به ‌بزووتنه‌وه‌ کۆنه‌په‌رسته‌کانه‌ بۆ ڕاگرتنی جڵه‌وی مێژوو تا نه‌چێته‌ پێش، واته‌ به‌کارهێنانی ئایین وه‌ک پاسه‌وانێکی دڵسۆزی سه‌رمایه‌داری‌، وه‌ له‌لایه‌که‌ی تره‌وه‌‌ سوود وه‌رگرتنی وڵاتانی ڕۆژئاوا و هاوپه‌یمانه‌کانی له ‌بزووتنه‌وه‌ ئایینه‌کان به‌تایبه‌تی ئیسلامی سیاسی میلیتانت دژی روسیا و چین، و بەکارهێنانی له ‌گه‌مه‌ی ئاژاوەو بێسەروبەری هه‌تا له‌ نێو خودی وڵاتانی ڕۆژئاوادا بۆ سه‌رنج ڕاکێشانی کرێکاران بۆ کێشه‌ی لاوه‌کی و خولقاندنی دۆخێکی کۆنەپەرستی پڕ لە تیرۆرو تۆقان. ئه‌مانه‌ ئه‌و مەبەستانەن ‌له‌ پشت خه‌رجکردنی ملیاره‌ها دۆلار بۆ گه‌شه‌ و به ‌هێزبوونی ئیلاهیاتی ڕامیارییەوەیە‌ له‌ جیهانی ئێمه‌دا.

  • سەردەمی مۆدێرن – “کوردستانێکى ئازاد و مۆدێرن”
    بەڕای هەندێک لەڕوناکبیران دەبێ ستراتیژى چەپەکانی کوردستان “کوردستانێکى ئازاد و مۆدێرن” بێت: (دەبێت کۆنگرەیەکى بەرەنگاری لە لایەن چەپەکانەوە ببەسترێت تیایدا بە وەلانانى جیاوازیی فیکرى و سیاسی، و ئەولەویەتەکە “وەڵامدانەوە بە واقیعى هەرێمى کوردستان” بێت و کارنامەى نوێ و گشتگیر سەرپێ بخەن کە بنەڕەت و ستراتیژى کۆنگرەکە “کوردستانێکى ئازاد و مۆدێرن” بێت.) – (هاورێ‌ عبداڵە و شاهۆ عەلی )/ خوێندنەوەیەك بۆ ئەركی نوێی چەپی كوردی لەسەردەمی مۆدێرنەدا – هەفتەنامەی ڕێگای كوردستان .
    لە وەڵامی پرسیاری بەگشتی مانگێک چەند شەو و ڕۆژە؟. زۆرینەی خەڵک دەڵێن:(مانگێک سی ڕۆژە). لەڕاستیدا (مانگێک بە گشتی ٣٠ یان ٣١ شەو و ڕۆژە). لێرەدا دەبینین کە خەڵکی بۆ کورتکردنەوە، شەوەکانی لە مانگەکەدا نەژماردوە، وەک شاردنەوەو باس نەکردنی دیوی تاریکی مانگەکە. هاوشێوەی ئەوە، زۆرینەی سەردیاتەکان دەربارەی(سەردەمی مۆدێرن)، باسی دیوی تاریکی سەردەمەکەی تێدا نییە و شاردراوەتەوە. لە ڕاستیدا (سەردەمی مۆدێرن) دەڕبڕینێکی مەکتەبی لیبڕاڵییە بۆ سیستەمی سەرمایەداری؛ یانی ئەگەر بڕوامان وایە کە بۆ ڕزگارکردنی کوردستان لە ئەحزابی میلیشیای و بنەماڵەی و ئیلاهیاتی سیاسی، پێویستە “کوردستان ئازاد و مۆدێرن” بکەین، ئەمە یانی کوردستان بە سەرمایەداری بکەین. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا هۆکاری قەیرانی سیاسی و ئابووری کوردستان ناسەرمایەداری/ نا مۆدێرن بوونیەتی؟!. کەواتە هۆکاری دیاردەکانی ئیلاهیاتی سیاسی و تۆتالیتاریسم، ڕاسیزم و فاشیزم لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا چییە؟. لۆژیک نییە بڵێین نامۆدێرن و لەوێکانە سەرمایەداری و پیشەسازی بەرهەمهێنانی کاڵاکان گەشەی نەکردووە.
    پوختەی ڕای من ئەوەیە کە به‌هۆی تایبەتمەندییەکانی سەرمایەداری بەتایبەتی له‌م سه‌رده‌مه‌دا‌، ئیدی سه‌رمایه‌داری وه‌ک ( پاڵتۆ شڕه‌که‌ی گۆگۆل )ی لێهاتوه‌و به‌ پارچه‌ شڕه‌ی کۆنی وەک( مۆدێرنێته‌ و سیکولاریزم ) پینه‌ و پەڕۆ ناکرێ.

پەراوێز:

  • سۆسیالسیتەکان ئازادی بیروباوەڕی ئایینی بۆ خەڵکی لە بەرنامەکەیاندایە، و لە کۆمەڵگەی سۆسیالیستدا ماف و ئازادی بیروباوەڕی ئایینی بۆ خەڵکی بە یاسا دابین دەکرێ.
  • لە ئێستادا لە جیهاندا دوو دەوڵەت بە تەواوی سیستەمێکی تیۆکراسی (سایۆکراسی) ڕەهایان هەیە، بە شێوەیەک کە پیاوانی ئایینی ڕاستەوخۆ سەرۆکایەتی دەوڵەت و سەرکردایەتی باڵای سیاسی دەکەن: یەکەم فاتیکان: پاپا (ڕێبەری باڵای کەنیسەی کاسۆلیکی جیهانە)، لە هەمان کاتدا پاشای ڕەها و سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، یاسادانان و دادوەرییە لەم دەوڵەتەدا. سەرجەم وەزیر و بەرپرسە باڵاکانیش پیاوانی ئایینی مەسیحین. دووەم ئێران: لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩وە سیستەمی “ویلایەتی فەقێ” پەیڕەو دەکرێت. ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی کە پیاوێکی ئایینی شیعەیە(مەرجەع)، بەپێی دەستوور خاوەنی دەسەڵاتی ڕەهایە بەسەر سوپا، دادگا و سەرجەم جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵاتدا. بەڵام بەپێی ڕاپۆرتەکانی(سەنتەری توێژینەوەی پیو)، نزیکەی ٤٣ بۆ ٤٨ دەوڵەت لە جیهاندا بە فەرمیی خاوەنی دەوڵەتی ئایینین، و زیاتر لە ٨٠ وڵاتیش بە فەرمی یان ناڕەسمی پشتگیری یەک ئایین دەکەن. ئیسلام، مەسیحیەت و بودایی باوترینن لەم دەوڵەتانەدا. دابەشبوونی دەوڵەتە ئایینییەکان بەپێی جۆری ئایین: ئیسلام لە ٢٧ وڵاتدا وەک عەرەبستانی سعوودیە، ئێران، و میسر ئایینی فەرمییە. مەسیحیەت: لە ١٣ بۆ ١٥ وڵاتدا وەک ڤاتیکان، یۆنان، و دەنیمارک ناسراوە. ئایینەکانی تر: وەک بودایی لە کامبۆدیا و بۆتان، و ئایینی یەهوودی لە ئیسرائیل. دەتوانین بڵێین کە نزیکەی ٤٠ بۆ ٥٠ وڵات لە جیهاندا هەن، کە ئایین و ئیلاهیاتی سیاسی تێیاندا، ڕۆڵێکی گەورە و فەرمی لە دەسەڵات و یاسادانان و کۆمەڵدا، دەگێڕێ.
    *بەڕای سۆسیالیستەکان سکولاریزم بۆرژوازی (Bourgeois Secularism) چەمکێکە بۆ پێناسەکردنی جۆرێک لە جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی چینی بۆرژوازی و بازاڕی سەرمایەداری داڕژاوە.
  • ماکس وێبەر دەڵێ، ئەخلاقی پرۆتستانت (وەک زاهید و كاركردن و ماندووبوون) ئەو چوارچێوە تیۆلۆژییەیان پێکهێنا کە بەشدا



بۆچی شۆڕشی رۆژئاڤا شکستی هێنا؟ – چاوپێکەوتنی گۆڤاری بەرگری لە مارکسیزم لەگەڵ فرێد وێستۆن

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: گۆران عەبدوڵڵا

بۆ ماوەی چەندین ساڵ، شۆڕشی رۆژئاڤا وەک نموونەیەکی شۆڕشگێڕانە سەیردەکرا. ئەمڕۆ خیانەتی لێ کراوە. بۆ فێربوون لە وانەکانی ئەم بزووتنەوە قارەمانە و شکستە تراژیدییەکەی، گفتووگۆیەکمان ئەنجامدا لەگەڵ فرێد وێستۆن، نووسەری ( رۆژئاڤا: بۆچی شۆڕشەکەی شکستیهێنا؟) لە ژمارەی تازەی گۆڤاری بەرگری لە مارکسیزم بڵاوبۆتەوە.
هەروەها فرێد لە مانگی داهاتوودا لە قوتابخانەی جیهانیی کۆمۆنیزم لەسەر ئەزموونی شۆڕشی رۆژئاڤا قسە دەکات ، گەورەترین قوتابخانەی ئۆنلاین بۆ بیرۆکە کۆمۆنیستییەکان لەسەر گۆی زەوی.

لە سەرەتای وتارەکەتدا، بەکورتە مێژوویەک دەستپيدەکەیت لەسەر چەندین خیانەت کە لەگەلی کورد کراوە، بە تایبەتی لەلایەن ئیمپریالیزمی بەریتانییەوە. بە وردی چۆن پێتوایە ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا خیانەتی لە کورد کردووە؟

پاش شکستهيێنان و رووخانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لە شەڕی یەکەمی جیهانییدا ، ئیمپریالیزمی بەریتانیا بەهۆکاری بەرژەوەنديەکانی هەستا بە دابەشکردنی ناوچەکە. کورد وەک ئیتنیکێکی نەتەوەیی لە ناوچەکە بەشێک بوون لە کێشمەکێشەکان وە بەریتانییەکان بەکاریانیانهێنا وەک چۆن هەموو گەلێک بەکاردەهێنن کاتێک پێویستیان پێیانە و کاتێک پێویستیان پێیان نییە پشتیان لێدەکەن.
لە بنەڕەتدا بەڵێنیان بە کوردەکان دا کە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم دەتوانن سەربەخۆیی خۆیان بەدەستبهێنن. مەبەست لەوە ئەوە بوو کە کوردەکان بەکاربهێنن دژی عوسمانییەکان. کاتێک جەنگ کۆتایی هات و ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ڕووخا و تورکیا پێکهات، بەریتانییەکان پەشیمان بوونەوە و خیانەتیان لە بەڵێنەکانی خۆیانکرد و لەگەڵ تورکیا رێککەوتن کە کوردستان سەربەخۆ نەبێت.
لە ڕاستیدا، خاکی کوردەکان پارچەپارچە کرا: بەشێکی خرایە سەر تورکیا و بەشەکانی تریش خرانە ناو چوارچێوەی ئەو وڵاتە نوێیانەی کە لەلایەن ئیمپریالیستەکانەوە دروست کران وەک سوریا، عێراق و هتد. عێراق بوو بە بەشێک لە ئینتیدابی ئیمپریالیزمی بەریتانی کە خواستی سەرەکییان دەستکەوتنی نەوت بوو. کاتێک کوردەکان لە قۆناغێکی دیاریکراودا بوونە هۆی کێشە بۆیان بێسڵەمینەوە بۆمب بارانیان کردن. ئەمە شێوازی هەڵسوکەوتی ئیمپریالیزمی بەریتانیا بوو. ئەمە شێوەی ئاسایی ئیمپریالیزمە. ئەوان وەک پارێزەری گەلێک دەردەکەون کاتێک لە بەرژەوەندییاندا بێت، هەر کە بەرژەوەندییەکانیان بەدەست هێنا، وازیان لێ دەهێنن.

 وەسفکردنەکەت بۆ ڕووداوەکانی شۆڕشی رۆژئاڤا زۆر هاندەرانەیە، بە تایبەتی کۆبوونەوەی بەرفراوانی ژنان و دروستکردنی ئەنجومەنەکان، کە زۆر دەچنەوە سەر سۆڤییەتاتەکان، بە ڕاستی دەتوانیت دۆخێکی شۆڕشگێڕانە ببینیت. ئەمە چۆن ڕوویدا؟

ئەو باسە دەبێت لە سیاقی خۆیدا شیکردنەوەی بۆبکرێت. ڕوونکردنەوەیەکی مادی، ڕاستەقینە و کۆنکریتی هەیە بۆ ئەوەی ڕوویدا. قەیرانی دارایی ٢٠٠٨ کە هەموو ئابووریی جیهانی گرتەوە، کاریگەرییەکی گەورەی هەبوو لەسەر سەرانسەری جیهان و زۆر وڵاتیش راستەوخۆ کەوتە ژێر ئەو کاریگەرییانەوە. جیهانی عەرەبی لە ٢٠١١ خرۆشا. لە تونس دەستی پێ کرد و بڵاو بووەوە بۆ میسر و ڕووخانی موبارەکی بەدواداهات. جووڵانەوەکان سەراسەری بوونەوە وهەموو دونیای عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتەوە: کوردەکان عەرەب نین – ئەوان گەلێکی هیندوئەورووپین.
خۆپیشاندانەکان سوریاشیان گرتەوە. لە ٢٠١١ خۆپیشاندانە بەرفراوانەکان دەستیپێکرد و ڕژێمی ئەسەد ڕووبەڕووی ئەگەری ڕووخاندن بووەوە لەلایەن ئەم جووڵانەوەیەوە. لەو چوارچێوەیەدا کوردەکانی سوریا توانیان بە شێوەیەکی کاریگەر خۆبەڕێوەبەری بەدەست بهێنن لەو ناوچەیەی کە دواتر بە ناوی رۆژئاڤا ناسرا.
ڕژێمی ئەسەد، بەهۆی سەرهەڵدانەکانەوە نەیتوانی کوردەکان ڕابگرێت لەو ناوچەیە، بە شێوەیەکی دەستکاریکراو و وەک شتێکی کەمتر خراپ بۆ خۆی قبووڵی کرد. بۆیە لە سوریا، دەرفەتێک بۆ کوردەکان هاتە پێش بۆ دەستگرتن بەسەر دەسەڵاتدا لە ناوچەکانی خۆیان. درێژکراوەیەکی PKKی تورکیا لە سوریا دروست بوو. ئەوان دەسەڵاتیان گرت، هێزی چەکداری خۆیان دروست کرد و کۆنترۆڵی ئەو ناوچانەیان کرد کە بە ناوی رۆژئاڤا ناسرا- بەشی کوردستانی سوریا.
ئەمە بەشێک بوو لە شۆڕشەکە کە بە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاو بووەوە. بە ئەگەری زۆر پێشکەوتووترین دەربڕینی ئەو شۆڕشە بوو، چونکە لەوێ خەڵک بە ڕاستی دەسەڵاتیان لە دەستدا بوو. خۆبەڕێوەبەرییان هەبوو. کۆنترۆڵی ژیانی خۆیان لە بەشی کوردیی سوریادا هەبوو.

 پرسیارێکی سەرەکی کە لە وتارەکەدا دەردەکەوێت پەیوەندی نێوان کاروباری سەربازی و هێڵی سیاسیی شۆڕشەکەیە. وادیارە زۆر بڕیار لەسەر بنەمای «پراگماتیزم» دراون، وەک هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەمریکا. ئایا شۆڕشەکە ئەم هاوسەنگییەی بە دروستی بەدەست هێنا؟ ئایا کوردەکان هەڵە بوون لە وەرگرتنی پشتیوانییەکانی ئیمپریالیزمی ئەمریکی؟

ئەمە پرسیارێکی هەستیارە، لە هیچ شۆڕشێکدا ناتوانیت بڵێیت «چەک وەرمەگرن»، چوونکە شۆڕش پێویستی بە چەک هەیە. پرسیارەکە ئەوەیە بە چ نرخێک و بە چ مەبەستێک. ئایا بە ڕاستی دەتوانین خەیاڵ بکەین ئیمپریالیزمی ئەمریکا بە تەواوی سەربازییانە پشتگیری ناوچەیەک بکات کە تێیدا سەرمایەداری لەناو دەبرێت و دەسەڵاتی ڕاستەقینەی کرێکاران دروست دەکرێت؟ زەحمەتە خەیاڵی ئەمریکا بکەین کە ئەم کارە بکات.
ئەوەی ئەمریکا کردی ئەوە بوو کە لەوە تێگەیشت کوردەکان باشترین شەڕکەر بوون، بۆچی؟ چونکە بۆ بەرگری لە نیشتمانەکەیان شەڕیان دەکرد، بە ڕاستی بۆ خاکی خۆیان شەڕیان دەکرد. کاتێک دیاردەی داعش هاتە پێش، ئەم گرووپە ئیسلامییە توندڕەوە ئەمریکا وەک هەڕەشەیەک لەسەر بەرژەوەندییەکانی خۆی لە ناوچەکە دەیبینی. بەهەمان شێوە ڕژێمی ئەسەدیشی هەروا دەبینی.
ئەمریکێکان کوردیان وەک هيزێکی زەمینی کاریگەر دەبینی کە خۆیان ئەوەیان پێنەدەکرا. چەکیان پێدان بەڵام بە شێوەیەکی سنووردار، هەروەها لە هەندێک شوێن یارمەتییاندان لە رێگای هێرشە ئاسمانییەکانەوە.
بەڵام پرسیارەکە ئەمەیە: کاتێک هێزی سەربازی دەبێتە پێشینەی کارەکانت و کارە کۆمەڵایەتییەکان پشتگوێ دەخرێن وەک: دەستگرتن بەسەر زەوی دەرەبەگەکاندا و دابەشکردنی بەسەر جوتیاراندا، دەستگرتن بەسەر ئامێرە پیشەسازییە سنووردارەکانی ئەم ناوچە ناپێشکەوتووە و کۆنترۆڵکردنی لەلایەن کرێکارانەوە، هەروەها دەستپێکردنی پرۆسەی دروستکردنی ئابووریی پلاندار، بەبێ ئەنجامدانی ئەم هەنگاوانە ئەوا شتێکی بنەڕەتی لە دەست دەدەیت.
ئەگەر تۆ پێشکەوتنی سەربازییانەت بەم ناوەڕۆکە کۆمەڵایەتییەوە تێکەڵ بکردایە، ئەوا هێزی سەربازیی پێشکەوتووی کوردی بە عەرەبەکانی سوریا و جوتیارەکانی دەوت: ئێمە تەنها بۆ کوردستان شەڕ ناکەین، بەڵکوو بۆ مافی ئێوەش لە کۆنترۆڵکردنی زەوی و ئابوورییەکانتان شەڕ دەکەین.
ئەگەر ئەوان ئەمەیان بکردایە بە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیی ڕاستەقینە و ناوەڕۆکە کۆمەڵایەتییەکەیان بڵاو بکردایتەوە لە دەرەوەی سنوورەکانی ڕۆژئاڤا، بەدڵنیاییەوە کاریگەرییەکی گەورەیان دەبوو لەسەر سەرانسەری سوریا، تەنانەت لە دەرەوەی سوریاش. هاوسۆزییەکی بەرفراوان بۆ کوردەکانی ڕۆژئاڤا لە نێو کوردەکانی عێراق، کوردەکانی تورکیا و تەنانەت لە ئێران هەبوو.
بۆچی هاوسۆزی هەبوو, چونکە ئەوان لە کوردەکانی رۆژئاڤا شۆڕشێکی ڕاستەقینەی خەڵکیان دەبینی. لە کاتێکدا لە عێراق، ناوچەی کوردی بە شێوەیەکی کاریگەر لەلایەن خێزانە بۆرژوازییەکانەوە بەڕێوە دەبرێت کە هیچ بەرژەوەندییەکیان نەبوو لە پشتگیری شۆڕشی کوردی لە سوریا.

بەشيوەیەکی گشتی لە لایەن خەڵک و گەنجانەوە هاوسۆزییەکی زۆر بۆ رۆژئاڤا هەبوو. ئەگەر ئەوان شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیی ڕاستەقینەیان لێ دروست بکردایە و بانگەوازێکیان لە دەرەوەی سنوورەکانی رۆژئاڤا کردبایە – زەوی و سەرچاوە ئابوورییەکانتان بگرنە دەست، ئەوە مانای وابوو کە دەکەوتنە ململانێیەکی ڕاستەوخۆوە لەگەڵ سیاسەتمەدارە بۆرژوازییەکانی کە بەشی کوردیی عێراق بەڕێوە دەبەن هەروەها ململانێی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەردۆغان لەسەر پرسی کۆمەڵایەتی و ئابووری.
ئەوان پاشەکشێیان کرد لەبنەما بنەڕەتێکانی شۆڕش بەهۆکاری ترس لە بەڕێوەبەرانی ناوچەکانی تر، چونکە بۆ ئەوان پرسی سەربازی لە پيشینەی کارەکانیان بوو. بۆ نموونە، تەنها هاوپەیمانێتییان لەگەڵ ئەمریکا نەکرد، بەڵکوو هاوپەیمانێتییان لەگەڵ سەرکردە عەشیرەتییە عەرەبەکانی سوریاش کرد. هەندێک لەم کەسانە زۆر کۆنەپەرست و خاوەنی داب و نەریتێکی زۆر کۆنەپەرستانەیان هەیە بەرانبەر بەژنان.
چۆن دەکريت پرسێکی پێشکەوتووخوازانەی وەک ژنان لە شۆڕشی رۆژئاڤا تێکەڵ بکرێت، ژنان رۆڵێکی زۆر گەورەتریان لە شۆڕشەکەدا هەبوو، تەنانەت ژنان خاوەنی هێزی چەکداری سەربەخۆبوون، مافەکانی ژنان دامەزراوەیببون – ئەم دیاردەیە لەگەڵ هاوپەیمانێتی لەگەڵ سەرکردە خێڵەکییەکان بەتەواوی پێچەوانەن! زۆر کۆنەپەرست و پیاوسالارانەن و هیچ جێگاو شوێنێک بەڕەوا نابیینن بۆ ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەد!
هەرکاتێک تۆ هاوپەیمانێتییەکی سەربازی لەگەڵ ئەم جۆرە کەسانە دابمەزرێنیت، ناوەڕۆکە کۆمەڵایەتییەکەی خۆت لە دەست دەدەیت و شۆڕشەکە لاواز دەبێت. ئەوەی بینیمان ئەوە بوو کاتێک ئیمپریالیزمی ئەمریکا بەرژەوەندیی نەما لە پشتگیری کوردەکانی سوریا و ترەمپ بەرژەوەندی هەبوو لە پشتگیری ڕژێمی ئیسلامیی نوێ [بە سەرکردایەتیی ئەحمەد شەرع] کە لەلایەن تورکیاوە پشتگیری دەکرا و لە دیمەشق دەسەڵاتی گرتبووەدەست، ئەمریکاییەکان رووی خۆیان وەرگێڕا.
ئەوان چیتر پێویستیان بە کوردەکان نەما و پشتیان بە ڕژێمی دیمەشق دەبەست. ئەوەی ڕوویدا ئەوە بوو کە بە وردی ئەو سەرکردە عەشیرەتییانەی کە هاوپەیمانێتی سەربازییان لەگەڵ کردبوون وەلائیان گۆڕی، چوونکە بەرژەوەندیی ئابوورییان لەئێستادا کەوتۆتە دەستی ڕژێمی نوێی دیمەشق چوونکە پارێزراوترە لەوەی لەگەڵ ئەم کوردە ڕادیکاڵانەبن. هەر بۆیە لەو کاتەی ڕژێمی دیمەشق پێشڕەوی دەکرد بۆ رۆژئاڤا و ناوچەکانی کە سەربازییانە کۆنترۆڵیان دەکرد، کوردەکانی رۆژئاڤا هەشتا لە سەدی خاکەکەیان لە دەستدا.
ئەوەی روویدا پاشەکشەو شکست بوو. لە ئێستاشدا لە رووی سەربازی و ئابوورییەوە تێکەڵ بە دەوڵەتی نوێی سوریا دەکرێن. لەگەڵ ئەوەشدا رۆژگارێک وەک جۆرێک لە نموونەی شۆڕش و چۆن دەتوانیت شۆڕشێک ئەنجام بدەیت، سەیری دەکرا.

 جێگای سەرنج بوو کاتێک شیکردنەوە بۆ شکستەکە دەکەیت سەرنجت دەخەیتە سەر پرسی هەڵەی تیۆری، نەک هەڵەی سەربازیی و مەیدانی. بۆچی؟

لە نووسینی وتارەکەدا، دەقەکانی ئۆجالانم خوێندەوە. نەمویست تەنها یەک یان دوو وتار بخوێنمەوە؛ تەواوی کتێبەکەم خوێندەوە – کۆکراوەی چوار وتاری ئۆجالان. ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام ئەوە بوو کە لە کرداردا پراکتیزەکردنی ئەنارکیزمە بەرامبەر دەوڵەت.
ئۆجالان بۆ نزیکەی سێ دەیەیە لە تورکیا زیندانی کراوە. رووی لە خوێندنەوەی بەرهەمەکانی بیرمەندێکی ئەمریکی نەک ئەنارکیستی کراوە، بەڵکوو نیمچە ئەنارکیست (ماری بووکچین) کرد. کە بیرۆکەی ( کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی) و ئەنجومەنە ناوخۆییەکانی پەرەپێدا. لە بنەڕەتدا ناوەڕۆکەکە ئەنارکیستییە لە ڕەتکردنەوەی ئەوەی کە لە شۆڕشی کرێکاراندا پێویستە دەوڵەتی کرێکاران دروست بکەیت، چونکە بە شێوەیەکی گشتی دەوڵەت بە خراپ یان نەگونجاو دەبینن.
لاوازیی ئەو باوەڕە ئەمەیە: ئەگەر دەوڵەتی کرێکاری دروست نەکەیت، ئەگەر ئەوە رەتبکەیتەوە کە دەوڵەتێکی جێگرەوە بنیاتبنێیت، ئەوا دەکەویتە دۆخێکەوە کە ناتوانیت دەوڵەتی بۆرژوازی بڕووخێنیت. دەوڵەتی کرێکاری چییە؟ ئەوە هێزە چەکدارەکەتە. ئەوە گرووپە چەکدارەکانی کرێکارانن بۆ بەرگری لە بەرژەوەندییەکانیان، کاتێک کۆمەڵگەیان گۆڕیوە. کتێبی دەوڵەت و شۆڕشی لینین بخوێنەوە لەو بارەوە تێگەیشتنی تەواوت دەبێت.

ئەوەی لە ڕۆژئاڤا ڕوویدا ئەوەیە کە دەوڵەتی بۆرژوازی گەڕایەوە و خۆی دووبارە دامەزراندەوە. ئەگەر دەقەکانی ئۆجالان بخوێنیتەوە، رەخنە لە مارکسیزم دەگرێت لە پرسی دەوڵەت. تەنانەت دەڵێت خۆبەڕێوەبەری ناتوانرێت لە رێگەی شۆڕشەوە بەدەست بهێنرێت. قسە لەسەر دیموکراتیزەکردنی دەوڵەت دەکات و ئاماژە بە هەموو ئەو دەوڵەتانە دەکات کە کورد تێیدا دەژین – تورکیا، سوریا، ئێران و عێراق – و قسە لەسەر بەدیموکراتیزەکردنیان دەکات و زیاتر بە دیموکراتی بکرێنەوە.
ئەو قسە لەسەر دەوڵەتی بۆرژوازی دەکات. باش، بینیمان چۆن دەوڵەتی بۆرژوازیی تورکیا هەڵسوکەوتی کرد. دەوڵەتی بۆرژوازیی تورکیا هیچ بەرژەوەندییەکی نەبوو لە بەدیموکراتیزەکردن لەلایەن ئۆجالان و PKK، وە بە ڕاستی شەڕی لە دژی PKK کرد. لە رێی سەربازییەوە دەستیان وەردایە ناوخۆی سوریا. مەبەستیان لەناوبردنی رۆژئاڤا بوو. لە ڕێگەی ڕژێمەکەی [شەرعە]وە کە پشتیان پێ دەبەست بۆ ئەجنداکانیان ئەوەیان بەدەست هێنا.
بۆیە ئەمانە دەوڵەتە بۆرژوازییەکانن. لاوازیی تیۆریی ئەنارکیزم، کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی بیرۆکەکانی ئۆجالانەوە دەربڕاوە، بە ڕاستی بوون بەهۆکاری شکستی شۆڕشی ئێستا، زۆر کەس دەڵێن: تۆ قسە لەسەر تیۆری دەکەیت، ئێمە پێویستمان بە سیاسەتی کردارییە. جا، لێرە دەبینین کە ئەگەر هەڵەیەکی بنەڕەتی لە تیۆری بکەیت، هەڵەی گەورە لە کرداردا روودەدات، رێک وەک ئەوەی کە لێرە ڕوویدا.
سەرباری ئەوەی کە چەکداریان هەبوو، بە شێوەی دیفاکتۆ دەوڵەتی خۆیان هەبوو، بیرۆکەی بنیاتنانی دەوڵەتێکی بەدیل و ڕووخاندنی دەوڵەتە هەبووەکانیان ڕەتکردەوە. بیرۆکەکەیان ئەوە بوو لە رێی بە دیموکراتیزەکردنەوە دەچنە پێشەوە. کاتێک دەقەکانی ئۆجالانم دەخوێندەوە، بیرم کردەوە: ئەمە سەرکردەی سوپایەکی گەریلایە یان ڕێکخراوێک کە لە شەڕدایەو ٤٠ هەزار قوربانیداوە؟ کاتێک قسە لەسەر دەوڵەت دەکات زۆرتر وەک ریفۆرمخوازێک قسە دەکات!
لێرە لاوازیی شۆڕشی ڕۆژئاڤا دەردەکەوێت: لاوازیی تیۆری و ئەمەش بووە هۆی شکست. وەک مارکسیستەکان، پێویستە لەم وانەیە هەموومان فێر بین و ڕوونی بکەینەوە کە ئەگەر هەڵەیەکی بنەڕەتی لە تیۆری بکەیت – وەک لە پرسی دەوڵەت – ناتوانیت شۆڕش ئەنجام بدەیت و تەواوی بکەیت.

 ئایا شۆڕشەکە دەیتوانی سەرکەوتوو بێت؟

بەڵێ، پێم وایە دەیتوانی. دەزانیت، ئەو مەرجانەی لەلایەن جووڵانەوەی ٢٠١١ەوە دروست بوون، لەسەر بنەمای قەیرانی دارایی ٢٠٠٨، نشانیان دا کە توانای شۆڕشگێڕانە لە سەرانسەری باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبوو. جووڵانەوە لە تونس هەبوو، جووڵانەوە لە میسر هەبوو، سودانیش پێی گرتبوو و شۆڕشێک سەرو سیمای بە خۆیدەدا.
جووڵانەوەکان لە سوریا، لوبنان و وڵاتە عەرەبییەکانی تر هەبوون. وڵات دوای وڵات پەیوەست دەبوون. لە ٢٠١٣ جووڵانەوەیەکی گەورە لە تورکیا هەبوو. جووڵانەوە گەورەکان لە ئێران هەبوون. توانای شۆڕشێک کە بە سەرانسەری ئەم وڵاتانە بڵاو ببووەوە هەبوو.
کوردانی رۆژئاڤا دەیانتوانی چ رۆڵێک بگێڕن؟ ئەگەر شۆڕشەکەیان تەواو بکردبایە، ئەوە بەشێوەیەکی بنەڕەتی مانای وادەبوو: دەستکۆتاکردنی خاوەن زەوییەکان و سەرمایەداران. خۆت وەک دەوڵەتی کرێکاران ڕابگەیەنبایە. بانگەوازی جەماوەری سەرانسەری سوریات بکردبایەو راتبگەینبایە: ئێمە تەنها بۆ خۆبەڕێوەبەریی کوردی شەڕ ناکەین، بەڵکوو بۆ ئازادی کرێکاران و جوتیارانیش شەڕ دەکەین.
بانگەوازی کرێکاران و جوتیارانی سوریات بکردبایە ئەوان وەڵامیان دەدایتەوە. ئەوان لەشەڕدابوون لەگەڵ خاوەن زەوی و سەرمایەداران. ئەمە بە ڕاستی پرسی سەربازیشی چارەسەر دەکرد و دەسەڵاتی ئەسەدی دەڕووخاند پێش ئەوەی ئەم ئیسلامییانە بێن.
ئەم ئەزموونە دەیتوانی ببێتە نمونەیەک بۆ کوردەکانی عێراق، کە دەبووە سەرەتای شۆڕشی عێراقی. دەیتوانی پەلبهاوێت بۆ کوردەکانی تورکیا، کە سەرەتای شۆڕشی تورکی دەبوو. نموونەیەک دەبوو بۆ شوێنکەوتنی لە سەرانسەری ناوچەکە.
هاوسۆزییەکی زۆر گەورەیان لە دەرەوەی ناوچەکە هەبوو، لەسەرانسەری ئەوروپا و زیاتر. شۆڕشی رۆژئاڤا زۆر بەناوبانگ بوو. لەلایەن زۆرێک لە گەنجانەوە شوێنی دەکەوتن. هەندێکیان چوونە ئەوێ و شەڕیان کرد بۆ یارمەتیدان لە بەرگریکردن لێیان. دەیتوانی ببێتە بزوێنەری شۆڕشێک لانیکەم لە ئاستی ناوچەیی. تراژیدییەکە ئەوەیە کە ئەمە ڕووی نەدا.
بەڵام هۆکاری ئەوەی ڕووی نەدا ئەوە بوو کە سەرکردایەتی بە ئاگایی باوەڕی وابوو کە ئەمە مەحاڵە. باوەڕیان وابوو کە خەبات بۆ سۆسیالیزم و شۆڕشی سۆسیالیستی مەحاڵە. ڕێگەیان بۆ ئەنجومەنە دیموکراتییەکانی ئاستی خۆماڵی بوو، خۆبەڕێوەبەری و بە شێوەیەکی هەنگاو بە هەنگاو دیموکراتیزەکردنی ئەم دەوڵەتانە – جۆرێک لە لەناوچوونی هەنگاو بە هەنگاوی دەوڵەتی بۆرژوازی. ئەمە لەگەڵ جیهانی راستەقینەدا ناگونجێت.

١٧ی تەمموزی ٢٠٢٦

—————————-
سەرچاوە:
https://marxist.com/why-was-the-rojava-revolution-defeated-exclusive-interview-with-fred-weston.htm




ئایا چەپ دەتوانێت قەڵای دیجیتاڵی سەرمایەداری بشکێنێت؟.. ڕزگار ئاکرێی

پێشەکی: قەیرانی ڕێبازە تەقلیدییەکان لە سەردەمی ئەلگۆریتمەکاندا

شەڕی ئازادی سۆسیالیستی لە سەدەی بیست و یەکدا بە ئامرازەکانی سەدەی پێشوو سەختە. لە سەردەمێکدا کە ئەلگۆریتمەکان زاڵ دەبن، کاریگەری دیجیتاڵیزەکردن و زیرەکی دەستکرد لەسەر میدیا، کەلتوور، پەروەردە، کار و ژیانی ڕۆژانە بەربڵاوە و سیاسەت و ستراتیجی ئابووری لە ڕێگەی شیکردنەوەی داتای گەورە و بڕیاردانی سیاسی و ئابوورییەوە شێوە دەدرێت، چەپ خۆی لە بەردەم پرسیارێکی وجودی دەبینێتەوە: چۆن ئەو بزووتنەوانەی کە هێشتا کار دەکەن و خۆیان بە لۆژیکی تەقلیدی رێکدەخەن دەتوانن بەرگەی سەرمایەداری دیجیتاڵی بگرن کە گەیشتووەتە ئاستێکی بێ وێنە لە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا؟
بەردەوامی پشت بەستنی ڕێکخراوە چەپەکان بە شێوازە تەقلیدییەکانی گوتاری و ڕێکخستن و کردار، تەحەدایەکی گەورە بۆ ئەوان دروست دەکات لە ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ سەرمایەداری. ئێمە ڕووبەڕووی دوژمنێک دەبینەوە کە خاوەنی جبەخانەیەکی پێشکەوتووی ئامرازی دیجیتاڵی و ئابووری و سیاسی و سەربازی و میدیاییە و لە هەموو بوارەکاندا بە درێژایی خولەکێک لە گەشەسەندندایە و سەرەڕای قووڵایی قەیرانەکانی خۆی دەگونجێنێت و سەرەڕای ململانێی نێوان بلۆکەکانیدا بە شێوەیەکی چینایەتی یەکدەگرن لە کاتێکدا بەشێکی بەرچاوی چەپ هێشتا پشت بە میتۆد و ئامرازی بەسەرچوو دەبەستێت کە چیتر لەگەڵ پێداویستییەکانی ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە نوێیەدا ناگونجێت. ئەمە ئەو شتەیە کە ئەمڕۆ لەسەر زەوی دەیبینین و پێویستی پەرەپێدان و نوێکردنەوەیان لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستە.
لە وتارەکانی پێشوودا، ئەم دابەشبوونە گەورەیەم بە لێکچوونی فیل و مێروولە دەربڕیوە. هەرچەندە، پاش گەشەسەندنی خێرا و گەورەی سەرمایەداری دیجیتاڵی، لەگەڵ کاریگەری چەپی سنووردار و پێشکەوتووخوازی دیجیتاڵی و بەهۆی کارە پیشەییەکانم لە بوارەکانی ئەلگۆریتمی و حوکمڕانی دیجیتاڵی، لەو باوەڕەدام کە ئەم بۆشاییە ئێستا فراوانتر بووە و بووە بە مێروولە و دایناسۆرێک. ئەمە ڕاستییەکی سەخت و تاڵە کە دەبێت بە ڕاشکاوانە دانی پێدا بنێین، بۆ ئەوەی لەم دانپێدانانەوەیە دەست پێبکەین بە لێکۆڵینەوەی جددی لە بەدیلی گونجاو.

مارکس و ئەنگلس: زانست و تەکنەلۆژیا وەک شمشێرێکی دوو دەمی

زانست و تەکنەلۆژیا ناوەندی بیری کارل مارکس و فریدریش ئەنگلس بوون کە وەک ئامرازێک دەیانزانی کە دەتوانرێت بۆ ئازادی یان پەرەپێدانی هەژموونی چینایەتی بەکار بهێنرێن. لە ژێر دەسەڵاتی سەرمایەداریدا، پێشکەوتنی زانستی و تەکنەلۆژیا بۆ زیادکردنی قازانجی بۆرژوازی و چەوساندنەوەی کاری دەستی و ڕۆشنبیری بەکاردەهێنرێت و نامۆبوون و نایەکسانی چینایەتی زیاتر دەکات. بەڵام مارکس و ئەنگلس درکیان بەوە کرد کە ئەم دژایەتیانە توانای شۆڕشگێڕی هەیە کە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ بنیاتنانی سیستەمێکی سۆسیالیستی دادپەروەرانەتر. ئەمڕۆ، تێڕوانینی ئەوان لە سەردەمی سەرمایەداری دیجیتاڵیدا زۆر پێویستە، کە تەکنەلۆژیا بۆتە ئامرازێکی نوێی کۆنتڕۆڵکردن، لە هەمان کاتدا دەرفەتی ئازادی مرۆڤایەتی دەڕەخسێنێت.
هۆشیارییەکی قووڵیان لە سروشتی دیالێکتیکی مێژوو و کۆمەڵگا وای لێکردن کە پێشکەوتنی زانستی وەک هێزێکی ماددی و کۆمەڵایەتی ببینن کە ڕەنگدانەوەی پەیوەندییەکانی دەسەڵاتی چینایەتی و شمشێرێکی دوو دەمی خاوەن توانای ئازادیخوازی گەورە و لە هەمان کاتدا بۆ قوڵکردنەوەی چەوساندنەوە و پتەوکردنی هەژموونی سەرمایەداری بەکار دەهێنرێت. بیرکردنەوەیان بەڵگەی توانای شیکاری ماددی بوو بۆ تێکەڵکردنی زانست لەگەڵ ململانێی چینایەتی، کە تێیدا زانین دەبێتە هێزێکی پاڵنەر بۆ گۆڕینی جیهان، نەک تەنها ئامرازێک بۆ تێگەیشتن. پڕۆژەی ڕۆشنبیری ئەوان بە ڕوونی داوای تێپەڕاندنی سنووری سیستەمی سەرمایەداری دەکات بەرەو داهاتوویەکی مرۆڤانەتر، لەسەر بنەمای ئەو ئەگەرە ئازادیخوازانەی کە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا پێشکەشی دەکات.
لە شیکردنەوەی مارکس بۆ سەرمایەداری، تەکنەلۆژیا پێگەیەکی سەرەکی هەبوو لە ئاشکراکردنی دژایەتییە بنچینەییەکانی سیستەم. ئەو باوەڕی وابوو کە ئامێرەکان کە نوێنەرایەتی لوتکەی پێشکەوتنی زانستی دەکەن لە سەردەمی ئەودا ئامرازێک نین بۆ باشترکردنی ژیانی مرۆڤ یان ئازادکردنیان لە بارگرانی کاری سەخت، بەڵکو بوونە ئامرازێکی کاریگەر بۆ کەڵەکەکردنی قازانجی سەرمایەداران و زیادکردنی چەوساندنەوەی کرێکارانی دەستی و ڕۆشنبیر. ئەم بەکارهێنانە لە تەکنەلۆژیا بووەتە هۆی بەرهەمهێنانی بەهای زیادە بە کەمکردنەوەی پێویستی بە کاری مرۆڤ و پرۆلیتاریا لە دۆخێکی نامۆدا جێدەهێڵێت کە کرێکار لە پرۆسەی بەرهەمهێنان و دەرئەنجامی کارەکەی دابڕاوە. بۆ مارکس، ئەم دژایەتییە بەڕێکەوت نەبوو، بەڵکو بەشێکی گرنگی میکانیزمەکانی سەرمایەداری بوو کە زانست و تەکنەلۆژیا دەکاتە ئامرازی زاڵبوونی چینایەتی.
ئەنگلس زانستی وەک ئامرازێک بۆ تێگەیشتن لە ململانێی کۆمەڵایەتی بە قووڵتر دەبینی. کاریگەری ئەو لەسەر دۆزینەوە زانستییەکان وای لێکردووە ببینێت کە ململانێ تەنها بە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیەوە نییە، بەڵکو سروشتیش دەگرێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو دیترمینیزمی بایۆلۆجی ڕەتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە یاساکانی فەرمانڕەوایی سروشت جیاوازن لەو یاسا کۆمەڵایەتیانەی کە کاریگەری کرداری مرۆڤی هۆشیاریان لەسەرە. ئەنگلس ڕەهەندێکی زانستی بۆ ماتریالیزمی دیالێکتیکی زیاد کرد، نیشانی دا کە یاساکانی دیالێکتیک بەسەر سروشت و کۆمەڵگادا جێبەجێ دەکرێن، تێگەیشتن لە گۆڕانە مێژووییەکان وەک بەشێک لە بزووتنەوەیەکی پەرەسەندنی سەرتاسەری بەهێز دەکات.
ئەم بۆچوونە بۆ پێداچوونەوە بە تیۆری لە ژێر ڕۆشنایی گۆڕانە مێژووییەکاندا بۆ خودی مارکس نامۆ نەبوو، وەک خۆی و ئەنگلس بە ئاشکرا دانیان پێدا ناوە: لە پێشەکیی هاوبەشیان بۆ چاپی ئەڵمانی مانیفێستی کۆمۆنیستی کە لە لەندەن لە ساڵی 1872 دەرچووبیست و چوار ساڵ پاش دەرچوونی مانیفێستی سەرەتایی، پرەنسیپە گشتییەکانی هێشتا بە تەواوی ڕاستن، بەڵام هەندێک لە وردەکارییە پراکتیکییەکانی، واتە بەرنامەی شۆڕشگێڕانەی کە لە کۆتایی بەشی دووەمدا پێشکەش کرا، کۆن بوون و پێویستیان بە فۆرمولەیەکی تەواو جیاواز هەیە، لەبەر ڕۆشنایی ئەو گەشەسەندنە پیشەسازییە گەورەیەی کە جیهان لە ساڵی 1848 ەوە بەخۆیەوە بینیوە، فراوانبوونی ڕێکخراوی سیاسی چینی کرێکار و ئەو دەرسانەی کە لە کۆمونەی پاریس لە ساڵی 1871 وەرگیراون. ئەگەر مارکس ئەمڕۆ ئامادە بوایە، بە هەمان لۆژیکەوە ئاماژەی بەوە دەکرد کە سەرمایەداری دیجیتاڵی قۆناغێکی پێشکەوتووی هەمان دینامیکی چەوسێنەرانە دەنوێنێت کە لە سەدەی نۆزدەهەمدا باسی کرد، هەرچەندە بە شێوازێکی زیرەکتر، وردتر، کۆنتڕۆڵکەر و قووڵتر. کۆنتڕۆڵکردنی چیتر تەنها بە خاوەندارێتی کارگە و کەرەستە خاوەکانەوە نییە، بەڵکو بۆ کۆنتڕۆڵکردنی لێشاوی داتا و ئاراستەکردن و کۆنتڕۆڵکردنی هەڵسوکەوت و هۆشیاری مرۆڤ فراوان بووە. بۆ توندوتیژی، سەرکوتی دیجیتاڵی، و سەربازیکردن لە ڕێگەی ئەلگۆریتمەکانەوەتا ئەو کاتەی کە لە زۆر حاڵەتدا بوو بەهۆی هاوپەیمانێتی لەگەڵ ڕاستڕەوی توندڕەو، فاشیزمێکی دیجیتاڵی نایاب. ئەو گۆڕانکاریانەی سەردەمی دیجیتاڵ هێناویەتی لەوانەیە ڕێگە بۆ دەرفەتی نوێ بۆ خەبات و ڕێکخستنی سۆسیالیستی بکاتەوە بە مەرجێک سوودیان لێوەربگرین و بە شێوەیەکی زانستی ورد مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین.
ئەمە مافێکی ڕاستەوخۆیە کە لەلایەن واقیعی کاری ژنان و ڕۆشنبیران لە بەشە جیاجیاکانی جیهاندا سەپێنراوە. سەرمایەداری دیجیتاڵی سەرەڕای سروشتی چەوسێنەری تەقلیدی، هێزی خۆی لە ڕێگەی ئەلگۆریتمەکانەوە بەکاردەهێنێت کە ئەمڕۆ نەک تەنها لێشاوی زانیاری ڕێکدەخات بەڵکو زۆربەی جومگەکانی ژیانی ڕۆژانە کۆنتڕۆڵ دەکات، هەروەها بڕیار دەدات کام بیرۆکە بگاتە هۆشیاری خەڵک و کام بیرۆکەکان لەناودەچن یان پەراوێز دەخرێن. ئەم گۆڕانە قووڵە لە پێکهاتەی دەسەڵاتی چینایەتیدا چەپ ناچار دەکات بە شێوەیەکی بنەڕەتی چاو بە ئامرازەکانی شیکاری و شێوەکانی ڕێکخستنی لەسەر زەوی بخشێنێتەوە.

تەکنەلۆژیا ئامرازی سەرمایەدارییە بۆ زاڵبوون بەسەر قەیرانەکانیدا و خۆڕاگریی زانستی وەک خەباتێکی چینایەتی مۆدێرن

ململانێ لەسەر تەکنەلۆژیا دژی خودی زانست نییە، بەڵکو دژی قۆرخکاری ئەو هێزانەیە کە کۆنتڕۆڵی دەکەن. زیرەکی دەستکرد و تەکنەلۆژیا بە گشتی نابێت وەک هەڕەشە سەیر بکرێت، بەڵکو وەک گۆڕەپانێک تەماشا بکرێت کە تایبەتمەندییەکانی بە هاوسەنگی هێز کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری دیاری دەکرێت. لەم ساڵانەی دواییدا خێراییەکی بێ وێنە لە چڕبوونەوەی هێزی دیجیتاڵی لە نێو ژمارەیەکی دیاریکراو لە وڵاتانی گەورەی سەرمایەداری و قۆرخکارە زەبەلاحەکان بەخۆوە بینیوە کە ژێرخانی زیرەکی دەستکرد، هەور، و داتای جیهانی کۆنتڕۆڵ دەکەن. ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی ئابووری و سیاسی و کەلتووری پێبەخشی لە دیاریکردنی داهاتووی مرۆڤایەتی.
لە کاتی قەیراندا، سەرمایەداری هەمیشە پەنا دەباتە بەر بەرهەمهێنانەوەی خۆی لە ڕێگەی ئامرازی زانستی پێشکەوتووەوە کە توانای زاڵبوون بەسەر تەحەددیاتەکاندا دەدات بەبێ سازش کردن لەسەر جەوهەری چەوساندنەوەی، ئەمەش لە چەند قۆناغێکدا دەردەکەوێت: لە قەیرانی 2008 دا تەکنەلۆژیا و میتۆدی زانستی بۆ ڕزگارکردنی سیستەمی دارایی بەکارهێنرا لە کاتێکدا چینی کرێکار باجی زیانەکانیان لە ئەستۆ گرت و لە کاتی پەتای کۆرۆنادا سەرمایەداری بە برەودان بە ئۆتۆماتیک، زیرەکی دەستکرد و کار لە دوورەوە بەسەر قەیرانەکەدا زاڵ بوو گەشەی بەرفراوانی زیرەکی دەستکرد لە ساڵی 2023 ەوە قۆناغێکی نوێی دووبارە ڕێکخستنەوەی کرێکارانی کردەوە، چونکە پشت بەستن بە ئۆتۆماتیک و سیستەمی زیرەک لە زۆربەی کەرتەکاندا فراوان بوو، و نیگەرانییەکان سەبارەت بە داهاتووی ملیۆنەها هەلی کار زیادیکرد.
ئەم خاڵانە پێکەوە نیشانی دەدەن کە چۆن سەرمایەداری زانست وەک ئامرازێک بۆ پێکهاتن و بەردەوامی سیستەم بەکار دەهێنێت و چۆن هەندێک جار هەندێک بیرۆکەی سۆسیالیستی وەک دەستێوەردانی دەوڵەت وەک ڕێوشوێنی کاتی بۆ مسۆگەرکردنی سەقامگیری وەردەگرێت.
لەبەر ڕۆشنایی ئەم تەحەدایانە، چەپ دەبێت سوود لە پێشکەوتنی زانستی وەربگرێت لە ڕێگەی داڕشتنەوەی سیستماتیکی گوتاری و ئامرازەکانی. ئەمەش پێویستی بە بەکارهێنانی ئامرازی مۆدێرن هەیە بۆ شیکردنەوەی کێشە کۆمەڵایەتیەکان، پەرەپێدانی گوتاری زانستی واقیعی بەپێی ئەوەی کە دەکرێت نەک ئەوەی پێویستە، و میکانیزمی ڕێکخراوی و سەرکردایەتی نەرم کە سەرنجی ئەو گەنجانە ڕادەکێشێت کە لە جیهانێکدا گەورە بوون کە تەکنەلۆژیا بەسەریدا زاڵ بووە. وەبەرهێنان لە ئامرازە زانستییەکان مانای ناساندن بە بەهاکانی سەرمایەداری نییە، بەڵکو ستراتیژێکە بۆ سوودوەرگرتنیان لە خزمەتی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و کەمکردنەوەی نایەکسانی چینایەتی وەک هەنگاوێک بەرەو ئەلتەرناتیڤێکی سۆسیالیستی.
ئەگەر شۆڕشی پیشەسازی پێشوو هاوکێشەکانی بەرهەمهێنان لە ڕێگەی ئامێر، هەڵم، کارەبا و کۆمپیوتەرەوە گۆڕیبێت، سەردەمی ئێستای زیرەکی دەستکرد، گەورە داتا و پلاتفۆرمی دیجیتاڵی بەرهەمهێنان و کار و زانیاری و پەیوەندی مرۆڤ بە شێوەیەکی قووڵتر و فراوانتر دەگۆڕێت. لەم سەردەمەدا، داتا، ئەلگۆریتم، و سیستەمەکانی AI بوونەتە ئامرازی سەرەکی بۆ بەرهەمهێنانەوەی زاڵبوون بە شێوەیەکی تاڕادەیەک نادیار، لە ڕێگەی کاریگەری لەسەر ڕای گشتی، ڕێنمایی کردنی هەڵسوکەوتی تاک و کۆمەڵ، و کۆنتڕۆڵکردنی دەستگەیشتن بە زانیاری و زانیاری.

هاککردنی قەڵا و دەستکاریکردنی ئامرازەکان: بەرەو بەدیلی چەپی دیجیتاڵی

لە کاتێکدا بوونی چەپ لە یەکێک لە شەڕەکانی ئێستادا لە کەمبوونەوەدایە لە ئەنجامی مامەڵەکردنیان لەگەڵ تەکنەلۆژیا وەک ئامرازێکی دووەم، بەڵام هێشتا شەڕەکە یەکلایی نەبووەتەوە. سەرکەوتن پێویستی بە گۆڕینی دیدگاکە هەیە بۆ پرۆگرامێکی کرداری کۆنکرێتی لەسەر بنەمای بەکارهێنانی هۆشیارانەی تەکنەلۆژیا. چەپ ناتوانێت لە بەرگریدا بمێنێتەوە چونکە دەبێت ئەکتەرێک بێت لە داڕشتنەوەی داهاتووی تەکنەلۆژیا و تێکەڵکردنی لە پڕۆژەی ڕزگاریخوازی.
لەگەڵ ئەوەشدا، تەکنەلۆژیا جێگرەوەی ڕێکخستنی هۆشیارانەی مرۆڤ نییە. هێزی ڕاستەقینە لە مرۆڤی ڕێکخراودایە کە دەتوانێت ئەم ئامرازانە بەکار بهێنێت بۆ خزمەتکردنی ئامانجەکانی خۆی. زیرەکی دەستکرد و تەکنەلۆژیا بەگشتی ئامرازێکی کاریگەرن بۆ بەگەڕخستن، ڕێکخستن و شیکردنەوە، بەڵام جێگەی هاوپشتی و کاری مەیدانی ناگرێتەوە کە وەک پاڵنەری سەرەکی گۆڕانکاری دەمێننەوە.
قەیسەر، ئێمە لە مێژوودا سەرکەوتوو بووین لە پێشکەشکردنی بەدیل لە بوارەکانی ئابووری، دادپەروەری، سیاسەت، ماف و ئەوانی تردا، و هەمیشە پێشنیاری سەربەخۆیی ڕۆشنبیری و سیاسی و ڕێکخراوەیی و میدیامان کردووە. بەڵام ئەمڕۆ، ئێمە ڕووبەڕووی تەحەدایەکی چارەنووسساز دەبینەوە بۆ هەر ئەم بنەمایە: هێشتا بینینێکی دیجیتاڵی گشتگیر، سەربەخۆ و جێگرەوەمان کەمە کە بتوانێت کۆت و زنجیرە تەکنەلۆژیای سەرمایەداری بشکێنێت، کە چەپ و جەماوەرەکەی لاواز دەکات بۆ سنووردارکردن، پەراوێزخستن، سەرکوتکردن و چوونە ناوەوە. وەک لەسەرەوە باسمان کرد، گرنگترین وانەی دیالێکتیکی کە دەبێت فێری ببین ئەوەیە کە تەکنەلۆژیا بێلایەن نییە، بەڵکو گۆڕەپانێکی خەباتی چینایەتییە و کێشەی بنەڕەتی لە جەوهەری زیرەکی دەستکرد یان ئۆتۆماتیکدا نییە، بەڵکو لە پەیوەندییەکانی خاوەندارێتی دایە کە بەڕێوەی دەبات، واتە لە قۆرخکردنی لەلایەن چەند کۆمپانیایەکی زەبەلاح و وڵاتانی گەورەی سەرمایەداری، بەشێوەیەک کە بۆشایی چینایەتی قوڵتر دەکاتەوە، چاودێری جەماوەر فراوان دەکات و هۆشیاری مرۆڤ لە خزمەتی قازانج و هەژموونی فکری و سیاسیدا کڵێشە دەکات.
بەم پێیە، چیتر بەس نییە کە چەپ ڕازی بێت بە هەڵوێستی ڕەخنەگر یان تەماشاکەرێک کە لەسەر دیوارەکانی ئەم تەکنەلۆژیایە بوەستێت و تەنیا لە دەرەوە ڕەخنە لە چەوساندنەوەی بگرێت، چونکە ئەمە بەتەنها گۆڕانکاری خوازراو ناهێنێت و لەوانەیە لە بازنەی تەسکی ڕۆشنبیری و گشتیدا دوور لە ڕەوتی ڕاستەقینەی ململانێکە بهێڵێتەوە. ئەوەی پێویستە ئەوەیە کە بگەینە دڵی پرۆسەی تەکنیکی و لە لۆژیکی ئەلگۆریتمەکان تێبگەین بۆ هەڵوەشاندنەوە و بنیاتنانەوەیان بە شێوازێکی ئازادیخوازانە لە ڕێگەی پێشنیارکردنی میکانیزمی نوێ و بوێرانە بۆ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بەپێی سیستەمە دیموکراتییە بەشداربووەکان و شەفافەکان.
ئێمە پێویستمان بە “زیرەکی دەستکرد و ئەلگۆریتمی جەماوەری” هەیە کە لەگەڵ کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی و یاسا و یاسا و یاساکانی جیهانی و ناوخۆیی کار بکات و لە ڕێگەی دیجیتاڵی هاوکاری سۆسیالیستییەوە گەشە پێبدات کە شەفاف بێت و لەلایەن هەمووانەوە چاودێری بکرێت و ئامانجیان دابەشکردنی سامان، ڕێکخستنی بەرهەمهێنان، چارەسەری نەخۆشی و هەژاری و بەدەستهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی بێت، بەشێوەیەک کە خزمەت بە پێداویستییە ڕاستەقینەکانی مرۆڤ بکات، نەک ئارەزووی بازاڕ و پەرەپێدانی هەژموونی و میلیتاریزم. هەروەها پێویستمان بە مۆدێلی سەرچاوە کراوە، پلاتفۆرمی دیجیتاڵی سەرچاوەی کراوەی پێشکەوتوو، چ پلاتفۆرمی پەیوەندی، بزوێنەری گەڕان، یان ئەوانی تر، و دەستپێشخەری تەکنەلۆژیای هاوبەش کە لەژێر لۆژیکی قۆرخکاری بازرگانیدا نەبێت، و ڕێگە بە کۆمەڵگاکان و بینەران بدات بەشداری بکەن لە بەڕێوەبردنی زانیاری و داتا و پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای نوێ.
هەروەک چۆن مارکس و ئەنگلس زانستە ئابووری و فەلسەفییەکان و پەرەسەندنی زانستی و مەعریفی سەردەمی خۆیان گۆڕی بۆ چەکێکی تیۆری و پراکتیکی لە دەستی کرێکارانی دەستی و ڕۆشنبیر، ئەمڕۆ چەپ پێویستە ئەکتەرێک بێت لەم گۆڕەپانەدا و لە پۆلێنی “بەکارهێنەری وەرگر” ملکەچی هەلومەرجەکانی پلاتفۆرمی سەرمایەداری بجوڵێت بۆ ڕۆڵی “بەرهەمی ئەلتەرناتیڤ” کە ئەڵتەرناتیڤی تەکنەلۆژیای کۆمەڵایەتی کراوە و ئازاد پێشنیار دەکات.
ململانێ لەسەر هێزی ئەلگۆریتمەکان چیتر تەنها داهاتووی تەکنەلۆژیا نییە، بەڵکو داهاتووی کار، دیموکراسی، کەلتوور و دادپەروەری کۆمەڵایەتییە.

دەرئەنجام
ئەم لێدوانە ڕەخنەییانە بۆ کەمکردنەوەی چەپ و مێژووی ناسراوی لە وڵاتەکانماندا نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ پەرەپێدانی مشتومڕێکی بێدەنگ لە بازنەی ئێمەدا سەبارەت بە بەدیلی دیجیتاڵی خوازراو. ئاسان نییە، بۆشاییەکە گەورەیە و سەرمایەداری دیجیتاڵی تا ڕادەیەکی زۆر زاڵە بەڵام مێژوو فێرمان دەکات کە هیچ شتێک مەحاڵ نییە لە بەرامبەر خەباتی بێوچان: هەروەک چۆن لە ڕابردوودا کاتژمێرەکانی کارکردن لە هەفتەیەکدا 70 کاتژمێر تێپەڕاندووە، ئەمڕۆ لە هەندێک وڵات تەنها 37 کاتژمێر یان کەمترە بەهۆی خەباتی کەڵەکەبووەوە کە پێشتر خەونێکی دوور بوو. هەروەک چۆن سەدەیەک لەمەوبەر ژنان مافی دەنگدان و خوێندن و کارکردنیان لە دەرەوەی ماڵ نەبوو، ئەمڕۆ لە زۆربەی وڵاتان لە پێشەنگی حکومەتەکان، پەرلەمان و زانکۆکانن، ئەمەش بەهۆی خەباتی بەردەوامی فێمینیستی و چەپ کە سەرەڕای ناهاوسەنگی هێز لە سەرەتای دامەزراندنیدا، هەرگیز هێور نەبووەتەوە.
بەگوێرەی ئەم گۆڕانکارییە زەبەلاحانە و ئەو قۆناغە زۆر پێشکەوتووەی کە سەرمایەداری پێی گەیشتووە، دەبێت بە چەکی کوشندەی خۆی ڕووبەڕووی ببینەوە، بە سوود وەرگرتن لە زانستی مۆدێرن و شۆڕشی دیجیتاڵی و داهێنانی بەردەوام لە هەموو بوارەکاندا، بۆ ئەوەی بەسەریاندا تێپەڕین. لەم چوارچێوەیەدا، ئاراستەی بەرەو چەپی ئەلیکترۆنی -دیجیتاڵ وەک تەوژمێکی ڕۆشنبیری و ڕێکخراوەیی کە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی ئەم وەرچەرخانە گەورەیە و گەشەکردنی هۆشیاری مافەکانی مرۆڤ و مەعریفە و هەوڵدان بۆ ئاراستەکردنی ئەم هۆشیارییە بەرەو گۆڕانێکی سۆسیالیستی ڕادیکاڵ و گشتگیر لە پێکهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەکاندا و لە هەمان کاتدا پاراستنی ئەو بەها بنچینەییانەی کە بە درێژایی مێژوو کرۆکی بیری مارکسیستی و چەپگەرایی پێکهێناوە.
واقیع سەلماندی کە ڕێکخراوە چەپەکان کە بەردەوام گوتار و ئامراز و کار و ڕێکخراوەکانیان نوێ دەکەنەوە و پەرە پێدەدەن و لەگەڵ تەحەداییە نوێکان و پێشکەوتنی زانستی و مەعریفی یەکدەگرن و لەگەڵ پێشکەوتنە نوێیەکان و پێشکەوتنی زانستی و مەعریفی زیاتر توانای پاراستنی ڕۆڵ و کاریگەری خۆیان هەیە، لە کاتێکدا ئەو تەوژمانەی کە پەیوەست دەبن بە میتۆدۆلۆژیای کۆنی خۆیانەوە وەک لە سەرەتای ئەم وتارەدا باسمان کرد وردە وردە ئەندام و پشتیوانی جەماوەری خۆیان لە دەست دەدەن و ڕۆڵەکانیان بەشێوەیەکی بەرچاو کەم دەبنەوە. ئەمە واقیعێکی قورسە بۆ چاودێریکردن لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا، بەڵام نکۆڵی لە بوونی ئەزموونی چەپ و پێشکەوتووخواز ناکات کە ئیلهام بەخش بێت و مۆدێلی دابین بکات کە بتوانرێت لەسەری بنیات بنرێت.
بەبێ بوونی چەپی چالاک و کاری هاوبەش کە نەتەوە یەکگرتووەکان لەم بوارەدا هەماهەنگی بکات، سەرمایەداری دیجیتاڵی بەردەوام دەبێت لە دیاریکردنی ئاراستەی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا لە بەرژەوەندی خۆی و کۆنتڕۆڵکردنی داهاتووی مرۆڤایەتی. لە کۆتاییدا، هێزی ڕاستەقینەی چەپ لە توانایدا لە یەکخستنی ڕێکخراوی مرۆیی لەسەر زەوی لەگەڵ سەروەری دیجیتاڵی، بەشێوەیەک کە بۆشایی دیجیتاڵی ببێتە گۆڕەپانێکی پاڵپشتی و کاریگەر، نەک جێگرەوەی خەبات، بەڵکو باڵێک بێت بۆ فڕین بەرەو ئایندەیەکی مرۆڤانەتر و دادپەروەرانەی سۆسیالیستی.
ئەم ڕەهەندە ئینتەرناسیۆنالیستییە لە ڕووبەڕووبوونەوەدا بابەتی وتارێکی داهاتوو دەبێت لەباری: دیجیتاڵی چەپی نێونەتەوەیی. ئەم وتارە تەنها سەرەتای دیالۆگێکی کراوەیە کە تێیدا داوا لە هەڤاڵان دەکەم لەسەر ئاستی ناوخۆیی و جیهانی وۆرکشۆپی دیجیتاڵی هاوبەش پێکبهێنن کە ئەگەرەکانی بنیاتنانی بەدیلی تەکنەلۆژیای چەپ و پێشکەوتووخواز تاقی بکەنەوە و بناغەی پراکتیکی بۆ ئەنتەرناسیۆنالیزمی دیجیتاڵی دابنێن کە شەڕی داهاتوومان پێویستی پێیەتی.

ڕزگار ئاکرێی

————————————————

تێبینی: چاپی یەکەمی ئەم وتارە بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکرایەوە، پاشان بۆ چەند زمانێک وەرگێڕدرا و لە دەیان ماڵپەڕدا بڵاوکرایەوە، گرنگترینیان بریتین لە: Globetrotter (ئینگلیزی، ئیسپانی، پورتوگالی، جیهانی)، Znetwork (دەیان زمان، جیهانی)، CounterPunch (ئینگلیزی، جیهانی)، MROnline (ئینگلیزی، جیهانی)، Countercurrents (ئینگلیزی، هیندستان)، NewsClick (ئینگلیزی، هیندستان)، Aliran (ئینگلیزی، مالیزیا). The Left Chapter (ئینگلیزی، کەنەدا)، Sinistra in Rete (ئیتاڵی، ئیتاڵیا)، Contropiano (ئیتاڵی، ئیتاڵیا)، Jornal GGN (پورتوگالی، بەرازیل)، Diário Carioca (پورتوگالی، بەرازیل)، Revue Supernova (فەڕەنسی، فەڕەنسا)، elviejotopo (ئیسپانی، ئیسپانیا)، El Maipo (ئیسپانی، چیلی)، Insurgencia Magisterial (ئیسپانی، مەکسیک))، Amiidonk (هەنگاریا، هەنگاریا)، Perjamuan Buku (ئیندۆنیزیا، ئەندۆنیزیا)، Slguardian (ئینگلیزی، سریلانکا).




پادشا دەمرێت.. زاهیر عەبەڕەش

ڕاڤەکارییەک بۆ شانۆنامەی پادشا دەمرێت

(ئەم دەقە شانۆییە بەرێز عەلی کەریم وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، لە دەزگای چاپ و بەخشی سەردەم بڵاوکراوەتەوە).
ئەوەی شانۆی یوجین ئیۆنێسکۆ ئەوەندە سەرنجڕاکێش دەکات ئەو ئەتمۆسفیرە گاڵتەجاڕی و کۆمێد و ئەبسوردەیە کە تا ڕادەیەک هەمیشە پرسیارە ئاینی و بوونگەراییەکان دەشارێتەوە. تاڕادەیەک شانۆنامەکانی سەرەتا باس لە مرۆڤە نامۆکان و دۆخە سەیر و سەمەرەکاندا دەکات ، بەڵام لە ڕووکەشدا باسی حەسرەتی مرۆڤ دەکات بۆ مانا و ڕاستی. یەکێک لەو دەربڕینانەی لە ژیانی ڕۆژانەدا زۆر جار بەکاری دەهێنین کە دەڵێت “کاتم نییە یان زۆر بێ کاتم”، ئەگەر لە ژیاندا هەندێک جار مرۆڤ خۆی بڕیار لەسەر کات بدات، بەڵام کاتی واش هەیە کە ئیدی کات بڕیار دەدات و ڕۆڵی تۆ تەواو دەبێت ئەویش ساتی مردنە. لەم جیهانە پڕ لە نادڵنیاییەدا مردن لە کات و شوێندا هەیە، سات و شوێنێکی حاشاهەڵنەگرە و کە دەبێت هەموومان بە دڵنیاییەکی تەواوەوە ڕووبەڕووی ببینەوە، لەبەر ئەوە دەمەوێت باسی ئەو ساتە بکەم. کە (پاشا دەمرێت) کە یەکێکە لە گرنگترین شانۆنامەکانی یۆژین یۆنسکۆ.
هەموو مرۆڤەکان دەزانن کە دەمرن، ئەم درک کردنەش دڵەڕاوکێ دروست دەکات.
بوون و ژیان زۆرجار مانایەکی ڕوونی نییە، مردنیش ئەم بێماناییە ڕوونتر دەکاتەوە. ترس و تەنیایی زۆرێک لە کارەکتەرەکانی هەوڵ دەدەن لە بیری مردن ڕزگاریان بێت بەڵام شکست دەهێنن. پرسیارێکی بوونگەرایی یۆژین یۆنێسکۆ لێکۆڵینەوە لەوە دەکات ژیان مانای چییە؟ کاتێک مرۆڤ دەزانێت ژیان سنووردارە.
ڕوونترین نموونە شانۆنامەی پاشا دەمرێت، کە تێیدا شا بیرانژێ وردە وردە ناچار دەبێت قبووڵی بکات کە بڕیارە دەمرێت. تەواوی شانۆنامەکە باس لە خەباتی مرۆڤ دەکات بەرامبەر بە حەتمیەتە.
ئیۆنێسکۆ لە ڕێگەی دوو شانۆنامەکەیەوە لە ڕەشبینییەکی قووڵەوە دەچێتە بەرخۆدانێکی بێدەنگ و لە هەمان کاتدا یەکلاکەرەوە و هەبوونی دەنگدانەوەیەکی بەهێز . بەرهەمەکانی، وەک دووبارە خوێندنەوە و پێداچوونەوەیان ئەمڕۆ دەیسەلمێنێت، ئەوە نیشان دەدەن کە ئەدەب و هونەر ناتوانن لەگەڵ کاتدا پەیوەندیی خۆیان لەدەست بدەن؛ بەڵکو لە هەموو سەردەمێکدا لایەنی نوێی ئازار و خەونەکانی مرۆڤ ئاشکرا دەکەن. نموونەی شانۆنامەی کۆرسییەکان، لە جیهانێکدا کە پڕ بووە لە کورسی بەتاڵ و ڕیتۆرێکی کون، بەرەنگاربوونەوەی بێمانایی بە چەسپاندن بە مرۆڤایەتییەوە وەک کردەوەیەکی قارەمانانە دەمێنێتەوە.
(ئێستا کە ڕاستی مردن بەسەرمەوەیە بەیان بووە، دەستبەرداری هەموو پلەو پایە و حەسرەت و وابەستەبوونێک دەبم، لەگەڵ نەمانی ئەم جەستەیەم لە گۆشت و خوێنە، وەک وەهمێکی زوو تێپەڕ دەیناسینەوە).
شانۆنامەی پاشا دەمرێت هاوشیوەی ڕۆمانە بەناوبانگەکەی تۆڵستۆیە بە ناوی (مەرگی ئیڤان ئیلیچ) زۆریش لە نووسەران سەرنجیان لەو بارەیەوە هەیە کە شانۆنامەکە لەو ڕۆمانەوە سەرچاوەی گرتووە. لە شوێنێکی تردا لە لاپەڕەی دەنگەکان و سپی مێدیا شیکاریەکەکم بۆ ئەو ڕۆمانە کردووە. هەروەها دەمەوێت جیاوازیەکان و شتەهاوبەشیەکانی ئەو دوو دەقە بخەمەڕوو.
لە شرۆڤەی ڕۆمانی (مەرگی ئیڤان ئیلیچ)ی تۆڵستۆی، ئەم چیرۆکە نائاساییە ڕەنگدانەوەیە لەسەر مردن و نەخۆشی، ئازاری جەستەیی و ئازاری ڕۆحی، لەسەر مانای ژیان، پەیوەندییەکانی مرۆڤ، لەسەر ئەوەی چی گرنگە و چی زیادە. هەروەها بوونی مرۆڤ لە ناو کاتدا چۆن مامەڵە دەکات.
دەکرێت شانۆنامەی (پاشا دەمرێت ) ی یۆژین یۆنسکۆ تەواوکەرێکی نایابی ئەو چیرۆکەی تۆڵستۆی بێت، هەرچەندە ڕۆحیترە، بەڵام زیاتر زاڵترە. لێرەدا مردن پاڵەوانی ڕاستەقینەیە. لە تۆڵستۆی پاڵەواندا مردن نییە، بەڵکو ژیانە. ژیانێک کە ئازار دەچێژێت، ژیانێک کە کۆتایی دێت؛ ئایا ژیان مانای هەبوو یان نا، ئایا شایانی ئەو هەموو ئازار و ڕەنجە بوو، ئایا دەکرا باشتر بژیین، پەشیمانی لەوەی کە کرا کە نەدەبوو بکرێت و بۆ ئەوەی نەکرا کە دەبوو بکرێت.
لەم بەرهەمەی ئیۆنێسکۆدا، مردن لە ڕوانگەیەکی دیکەوە دەخرێتەڕوو؛ ڕەهەندی تایبەتی خۆی هەیە، هیچ چارەسەرێکی دینی ناخاتە ڕوو کە پێمان بڵێت کە دەمریت لەو دونیا زیندوو دەبینەوە، ، قۆناغەکە هەر لەم جیهانەدا دەمێنێتەوە. دیوەکەی ترمان نیشان نادات کە چاوەڕێی دابەشکردنی پاداشت یان سزا بین، هیچ ژیانێکی دوای ئەمە نییە، ڕۆژی حوکمدان، بەهەشت، دۆزەخ، زیندووبوونەوە و ژیانی هەتاهەتاییمان بۆ باس ناکات .
مردن بۆ خۆی ئەزموونێکە، نهێنی کۆتاییهێنان بە ئازارەکانە و لێرەدا ئاماژە بە ئازارە ڕۆحییەکان دەکەین نەک جەستەییەکان، لە وازهێنان لە خۆهەڵواسین بە ژیانەوە. ئەمانە بڕگەکانی کۆتایی چیرۆکی (ئیڤان ئیلیچ)ن.
ڤیکتۆر فێرناندێز دەنووسێت” ڕەنگە یۆنسکۆ ئاگاداری کتیىی پیرۆزی مردووەکانی تبت یان کتێبی دەوڵەتە مامناوەندەکان (باردۆ تۆدۆل) بێت، ئەو کتێبە تێڕوانینی بوداییەکان بۆ مردن دەبینێت، چونکی ئەو لێکچوون لە نێوان شانۆنامەکە و تێڕوانینی بوداییەکان بۆ مردن دەبینێت، شانۆنامەی پاشا دەمرێت هاوبەشی لەگەڵ فەلسەفەی ڕۆژهەڵاتیدا هەیە”.
کتێبی مردووەکانی تبت چییە؟لە ڕاستیدا پێی دەوترێت (باردۆ تۆدۆل Bardo Thödol).لە ئایینی بودایی تبتدا باس لەوە دەکات چی ڕوودەدات کاتێک مرۆڤ دەمرێت. بیرۆکەیەکی ناوەندی ئەوەیە کە مرۆڤی مردوو بە( باردۆس )ی جۆراوجۆردا تێدەپەڕێت، واتە دۆخی مامناوەند لە نێوان مردن و بوونێکی نوێدا.
لەم حاڵەتانەدا کەسەکە ڕووبەڕووی ئەم بارودۆخانە دەبێتەوە: ترسەکانیان، ئارەزووەکانیان، وەهمەکانیان و ئاگایی خۆیان. شتە چارەنووسسازەکە ئەوە نییە کە خودا حوکم لەسەر کەسەکە بدات، بەڵکو ئەوەیە کە ئایا دەتوانێت واز لە ئیگۆی خۆی بهێنێت و واقیع قبوڵ بکات.
ئەم دیدە دینی فەلسەفییە بە هاوشێوەی شانۆنامەکەی پاشا دەمرێت ـ ی یۆنسکۆ. هەر لە سەرەتاوە پاشا دەزانێت کە بڕیارە دەمرێت. لە درێژەی شانۆنامەکەدا بە قۆناغی جیاوازدا تێدەپەڕێت:

  • ئینکاری مردن دەکات.
  • توڕە دەبێت.
    ـ هەوڵی دانوستان دەدات.
    ـ نائومێدی دەستی بەسەردا گرتووە.
  • دواجار قبوڵ دەکات واز لە ژیان لێبهێنێت.
    هەموو ئەم گۆڕانکاریانە لەسەر زمانی پاسەواندا بە خەڵکەکە ڕادەگەیەنرێت. ئەمە تەواو هاوشێوەی ڕێبازی بوداییە لە ڕێگەی مردنەوە. ئەوەی گرنگە پرۆسەی ناوەوەیە نەک ئەوەی دوای مردن ڕوودەدات.
    یەکێک لە بیرۆکە سەرەکییەکانی شانۆنامەکە ئەوەیە کە پاشا بە تووندی دەستی بە شانشین و کورسیەکەی، بە دەسەڵاتەکەی، جەستەی و بە ژیانیەوە دەگرێت، کاتێکیش واز لەم هەموو ئەم شتانە و لە شەڕ دێنێت، ئەو دەمە دەتوانێت بە ئارامی بمرێت. ئەوەش ئایینی بودایمان بیردەخاتەوە، کە دەڵێت: ئازار کاتێک سەرهەڵدەدات کە خۆمان بە شتگەلێکەوە دەلکێنین کە ڕاگوزەرن.
    کاتێک ڤیکتۆر فێرناندێزی ڕەخنەگر دەڵێت دەشێت یۆنسکۆ ئاگاداری کتێبی مردووەکانی تبتی وەک کلیلی لێکدانەوە بەکارهێنابێت و لەوەوە سەرچاوەی گرتبێت، دەشێت ئەوە تەنها گریمانەبێت. مەرج نییە بڵێین ئیۆنێسکۆ بیرۆکەکانی لەوێوە وەرگرتووە، بەڵکو وێناکردنی مردن لە شانۆنامەکەدا، وەک پرۆسەیەک کە مرۆڤ دەبێت وردە وردە دەستبەرداری ئیگۆ و کۆنترۆڵی خۆی بێت، ئەمەش فەلسەفەی ڕۆژهەڵاتی بیردەخاتەوە. خوێندنەوەیەکی مومکین و سەرنجڕاکێشە، بەڵام لێکدانەوەیەکی مەسیحی یان بوونگەرایی یاخود ئیسلامی هەمان دەرئەنجام نایەتە دی، بەڵام هەموو لەسەر ئەوە کۆکن کە ڕۆمانی ئیڤان ئیلیچ سەرچاوەی ئیلهامێتی.
    ڕەخنەگەری زۆرمان هەیە کە ئەم ژانرە شانۆییە بە بوونگەرایی یان نیهیلیزمی بێدینەوە دەبەستینەوە، بە بۆشایی و نائومێدی و دڵ تێکهەڵدانەوە دەبەستنەوە، ڕەنگە ئەم شانۆنامەیە (پاشا دەمرێت) زۆر دووربێت لەم ڕەوتانانەی کە بە ڕەشبینی وجودییەوە نەهلەستیەوە نقومبووبێت. دەقی پاشا دەمرێت ئەو هەستەت پێنابەخشێت وەک دەقی سۆپرانی سەڕوتاوە و یان تێکستەکانی بێکت، یان لە زۆربەی نووسەرانی تر، تەنانەت لە تێکستەکانی تری یۆنسکۆ خۆشی.
    تەنانەت دیمەنی کۆتایی هەستی خوێنەر و بینەر دەجوڵێنێت ئارامییەکی دەرونی یان خۆشییەکی بێدەنگ بەئاگا دەهێنێتەوە. نەک هیوا، چونکە هیوا شتێکە کە ئاراستەی داهاتوو دەکرێت. هیوا نیە لەبەرچی ؟ جیاوازی هەیە نێوان هیوا و هەستی خۆشی بێدەنگ، هیوا واتە چاوەڕوانی شتێک کە هێشتا ڕووی نەداوە. بۆ نموونە، هیوادارم چاک ببمەوە، هەمیشە هیوا بەرەو داهاتوو ئاراستە دەکرێت، بەڵام لە کۆتایی پاشا دەمرێت و داهاتوو نییە و چاک نابێتەوە و پاش چەند ساتێکی تر دەمرێت. چیتر ناتوانێت ئومێد بە هیچ شتێک بخوازێت. بەڵام کاتێک پاشا دواجار مردنەکەی قبوڵ دەکات، واز لە شەڕکردن لەگەڵ مەرگدا دەهێنێت، هێمنی باڵ دەکێشێت بەسەر دۆخەکەدا، ترسەکە کەم دەبێتەوە، هەستێک دروست دەکات کە لەسەر بنەمای شتێکی باشتر نییە کە دواتر بێت، بەڵکو ئاشتییە لە ئێستادا. خۆشی بێدەنگ، هەموو شتێک چارەسەر نابێت، بەڵام ئەو چیتر لە ململانێدا نیە لەگەڵ واقیعدا.
    یۆنسکۆ بەمەرگی پادشا بیرکردنەوەیەکی فەلسەفەیەکی دادەڕێژێت، چونکێ یۆنسکۆ وێنای ئەوە دەکات کاتێک مرۆڤ واز لە شەڕی حەتمی دەهێنێت، دەتوانێت ئاشتییەکی چاوەڕواننەکراو ئەزموون بکات، کەواتە خۆشی لەبەر ئەوە نایەت کە داهاتوو باشتر دەبێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەو هەوڵدانە کۆتایی دێت.
    ئەگەر لە دیدێکی دینییەوە سەیری بکەین لەوانەیە بڵێت کە هێشتا هیوا هەیە، بەو پێیەی هیوا تەنها پەیوەندی بە داهاتووی زەمینییەوە نییە بەڵکو پەیوەندی لەگەڵ خودا و ژیانی هەتاهەتاییشدا هەیە.
    بەڵام بەو پێیەی ئیۆنێسکۆ هیچ ژیانێکی دوای مردن لە شانۆنامەکەدا نیشان نادات ڕەنگە ئاستەم بێت بە دیدێکی مەسیحیانەو یەکتاپەرستی بخوێندرێتەوە، چونکی دیمەنی کۆتایی بە مانا مەسیحییەکەی هیوا نییە، بەڵکو باس لە ئاشتەوایی ناوەوە دەکات لەگەڵ ئەوەی لێرە و ئێستا ڕوودەدات. یۆنێسکۆ زیاتر باس لەوە ناکات کە شانۆنامەکە نوێنەرایەتی چی دەکات بەڵێنێک نییە بۆ داهاتوو، بەڵکو ساتێکی ئارامییە کاتێک پاڵەوانەکە واز لە بەرەنگاربوونەوەی مردن دەهێنێت.
    ئەگەر بە وردی مرۆڤ ئەو شانۆنامەیە بخوێنێتەوە لێیی حاڵی بیت یان بیبینێت کاردانەوەی بیرکردنەوەی مەرگ لە فکرو جەستەی خۆتدا خەیاڵ دەکەیت، ڕەنگە یەکێک لەو تێکستانەیەدوای خوێندنەوەی یان بینینی نمایشەکە هەر هەموومانی پەڕتەوازە کردبێت و هەرکەسەی لە خەیاڵدانێکدا بێت یان تێفکرینێکی جیوازدا بێت بۆ شیکاری مەرگ، هەرچەندە ئێمە هەر هەموومان لەبەر دەم یەک نمایشی چیرۆکی مەرگ بین.
    هەروەها کارەکتەرەکان هێما و ئاماژەن هەریەکەیان نوێنەرایەتی بارودۆخێکی مردنی خۆمان دەکات،. درەنگ یان زوو هەموومان ڕۆڵی پاڵەوان بیرانژێر دەگێڕین وەک پاڵەوانی شانۆنامەکەی “پاشا دەمرێت”مان بەسەردا دێت. کەواتە بەهیوای ئەوەی حیکمەتی شاژن مارگارێتامان لە نزیکەوە هەبێت بۆ ئەوەی یارمەتیدەرمان بێت لە بڕینی تەلی دڕکاویەکانی قاچمان و شکاندنی ئەو بەربەستانەی کە رێی لێگرتووین بۆ ئەو شوێنە کە ڕەنگە بیدۆزینەوە ڕەنگە نیرڤانا؟ ڕەنگە بەهەشت بێت؟ ڕەنگە گەڕانەوەی هەمیشەیی سامسارا؟(١) ڕەنگە هیچ نەبێت؟ لەبەر ئەوە یۆنسکۆ کۆتاییەکی کراوەمان بۆ جێدەهێڵێت، چەندین ئەگەری جیاواز دەخاتە ڕوو، بەڵام هیچیان پشتڕاست ناکاتەوە.

    کارەکتەرەکان:
    بیرانژێر: گرنگترین کەسایەتی ڕەمزی شانۆنامەکەیە، ئەو نوێنەرایەتی تەنها پاشایەک ناکات، بەڵکو هەموو مرۆڤێک. ئەو لەبری هەموومان لەوێیە کە دەبێت درەنگ یان زوو ڕووبەڕووی مردن ببینەوە.
    پاشا، ئیگۆ، خود، ناوەندی گەردوونە. ئێمە هەموومان ناوەندی گەردوونین بۆ خۆمان، بیرانژێر هەر یەکێک لە ئێمەیە. هەموومان لە ژیانی خۆماندا حوکمڕانی دەکەین، کەم تا زۆر دەسەڵاتمان هەیە، وە هەموومان، هەرچەندە ژیانمان جۆراوجۆر بووبێت، لە کۆتاییدا هەمان کرداری کۆتایی ئەنجام دەدەین. بێگومان کاتێک لە چوارچێوەی ئەم بەرهەمەدا باسی مردن دەکەین، مەبەستم لە مردنی مرۆڤ خۆیەتی، نەک مردنی ئەوانی دیکە، چ نزیک بێت یان دوور، مردنی مرۆڤ خۆی ناوازەیە و تەواو کەسێتییە و شەخشیە. مردنی ئەوانی تر چیرۆکێکی ترە، کاتێک مرۆڤ خۆی دەمرێت، پرۆسەی مەرگ کارکردنی دەوروونی جەستەیی بەسەر تۆدا دێت، دەنا ئێمە هەرگیز بە ئاگا نین دوای مردنمان، بەڵکو لە ڕێگەی مردنی ئەوانی تروە ئاگاییمان هەیە.
    ئەو پیاوەی سەرەتا ئینکاری مردن دەکات، ڕەتیدەکاتەوە قبوڵی بکات کە بمرێت. هیوادارە، ناڕەزایەتی دەردەبڕێت و دەیەوێت کۆنترۆڵی خۆی بپارێزێت. پاشاندا دەترسێت لە درێژی شانۆنامەکەدا تێگەیشتنی لا دروست دەبێت ، لە دواجاردا قبوڵی دەکات کە ژیان کۆتایی دێت، ئەمەش هێمایە کە مرۆڤەکان زۆرجار کاردانەوەیان دەبێت کاتێک ڕووبەڕووی واقیعی مردن دەبنەوە، بیرانژێرر لاواز و سەرلێشێواو و دابەش بووە، مرۆڤێکە کە بناغەیەکی تۆکمەی نییە کە ڕەنگدانەوەی هەستی نادڵنیایی و دڵەڕاوکێی بوونگەرایی مرۆڤی هاوچەرخە.
    کارەکتەرەکە دوا سەفەری بوونگەرایی مرۆڤ نیشان دەدات، بیرانژێر هێمای خودی مرۆڤە کە دژی مردنی خۆی دەجەنگێت، و لە کۆتاییدا دەبێت قبوڵی بکات
    شاژن مارگرێتا: هاوسەری یەکەمی پاشا، لەگەڵ هاتنی هاوسەرە جوان و شۆخەکەی دووەمی پاشادا، پێگەی هەستیاری خۆی لە دەست دەدات، بەڵام کۆتایدا ئەودەبێت ڕێبەرو حەکیم و یارمەتی پاشا دەدات کە بەربەستەکانی مردن ببڕێت و بەئارامی بمرێت. مارگرێتا واتە ڕوونی و ڕاستی و دیسیپلین و قبوڵکردنی حەتمی مردن.
    لە شانۆنامەکەدا یەکێکە لە دیارترین کەسایەتییە هێمادارەکانی شانۆنامەکە، تاڕادەیەک پێچەوانەی شاژنی دووەم ماریا کاردەکات، ئەو ڕاستی و ڕیالیزمی دەکات، نوێنەرایەتی واقیعی سارد و ڕوون دەکات، ئینکاری مردن ناکات هەموو شتێک وەک خۆی دەبینێت، بە هیوا پاشا فریو نادات. مارگرێتا لە ڕێگەی شێوازی مامەڵەکردنیەوە نیشان دەدرێت کە بەردەوام دژایەتی شاژنە ماریا دەکات، هیوا و وەهمەکان ڕەتدەکاتەوە، فشار دەخاتە سەر پاشا بۆ ئەوەی درک بە ڕاستییەکان بکا، لەگەڵ لاوازبوونی پاشادا زیاتر باڵادەست دەبێت، ئەو کارەکتەرە بەو شیوەیە وێنا دەکرێت نەک لە ڕێگەی هەستەکانەوە، بەڵکو لە ڕێگەی کردەوە و زمانێکەوە کە ڕەق و ڕوون و نەگۆڕە. مارگریتا ئەو بەشەی واقیعە کە ناتوانرێت لێی دوور بکەوێتەوە. ڕەنگە ئەو جەوهەری ئەو دیدە ی هیوم بەرجەستە بکات کە دەڵێت ” لەڕاستیدا ئێمە ناتوانین بوونی ئەوانیتر تاقی بکەینەوە” . خۆ ئەگەر بەشێوەیەکی دەروونشیکارییش لێکی بدەینەوە پسپۆڕێکی دەروونناس و ڕێبەری مردن کاری دەکرد.
    شاژن ماریا: هاوسەری دووەمی پاشا. ماریا وەهمی مارایە. ئەو شاژنەیە کە سەردەمانێک پاڵەوانەکەی دڵخۆش دەکرد بە خۆشیەکانی دونیا، ئێستاش ڕەتیدەکاتەوە دەستبەرداری بێت. بۆ بیرانژێر، ئەو لە بارگرانییەک زیاتر نییە کە بە ژیانەوە دەیبەستێتەوە، بەربەستێک کە ڕێگری دەکات لە بەردەوامبوون لەسەر ڕێبازە سروشتییەکەی خۆی.
    کارەکتەری ماریا، شاژنی دووەم بۆ ناوی ماریا یە. لە ئیدیۆمی دینی بو بوزیدا، وەهمی مارا. مارا لە ئایینی بودادا کەسایەتییەکی هێمادارە کە نوێنەرایەتی وەسوەسە، ئارەزوو، وەهم دەکات کە ڕێگری لە ڕۆشنگەری دەکات. وەهمی مارا ئاماژەیە بۆ خۆشیەکانی ژیان. لەبەر ئەوە ماریا نوێنەرایەتی چێژەکانی ژیان دەکات. چێژەکانی جەستە، هەستی و چێژە دونیاییەکان، بۆ نموونە سەرنجڕاکێشانی سێکسی، سامان، پێگە، ئاسوودەیی، یان شتی تر کە دەتوانێت مرۆڤ بە ئارەزووە مادییەکانەوە ببەستێتەوە.
    ماریا، واتە خۆشەویستی، ژیان، گەنجی، هیوا، ئارەزوو و ڕەتکردنەوەی قبوڵکردنی ئەوەی کە ژیان کۆتایی دێت. بوونی ئەو وا دەکات پاشا بیەوێت بەردەوام بێت لە ژیان و ئینکاری مردن بکات. باوەڕی بەوە هەبێت کە دەتوانێت لە چارەنووسی خۆی ڕزگاری بێت. ئەمەش بەو مانایەیە کە ماری هێمای سەرنجڕاکێشی ژیانە. ماریا کەسایەتییەکی “خراپ” نییە، بەڵام ئارەزووی مرۆڤ بۆ بەردەوامبوون لە ژیان و خۆشەویستی و چێژوەرگرتن بەرجەستە دەکات. لە بەرامبەردا مارگریت نوێنەرایەتی ئەو درککردنە دەکات کە مردن حەتمییە و دەبێت قبوڵ بکرێت.
    لە ڕوانگەی بوونگەراییەوە دەتوانرێت بڵێین ئیۆنێسکۆ ڕێگە بە دوو شاژنەکە دەدات نوێنەرایەتی دوو لایەنی مرۆڤ بکەن، یەکەم ماریا نوێنەرایەتی ئارەزوو، هیوا، ئیرادە بۆ ژیان، ئەو وەهمەی کە ژیان دەتوانێت بەردەوام بێت. دووەم مارگریات، نوێنەرایەتی ڕاستی و ماڵئاوایی و مردن و قبوڵکردن.
    هەر بۆیە دەتوانرێت ماری بە “وەهمەکەی مارا” لێکبدرێتەوە، نەک لەبەر ئەوەی ئیۆنێسکۆ بە ئاشکرا سیمبۆلیزمی بودایی بەکاردەهێنێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەرکەکەی لە دراماکەدا ڕۆڵی مارا وەک ئەو کەسە دەهێنێتەوە یاد کە مرۆڤ بە بوونی دونیایەوە دەبەستێتەوە. لێکدانەوەیەکە نەک شتێک کە لە شانۆنامەکەوە باسی بودایییەت بکات.
    ئەگەر بە کورتی پوختەی جیاوازیەکانی هەردوو شاژن بزانین ئەوەیە کە : شاژنە ماریا واتە واتە ژیان و خۆشەویستی و هیوا، ئەو دەیەوێت پاشا باوەڕی بەوە هەبێت کە ژیان دەتوانێت بەردەوام بێت. بەڵام شاژنە مارگرێتا واتای ڕاستی و مردن، ئەو نیشان دەدات کە دەبێت قبووڵی بکات کە دەمرێت. ئەو دوانە پێکەوە هێمای ململانێی مرۆڤن لە نێوان وەهم (ویستی بژی) و واقیع (دەبێت بمرێت).

پزیشک: و نەشتەرگەر، جەلاد و بەکتریاناس و ئەستێرەناسی شانشینی مەملەکەت. ئەم کارەکتەرە نوێنەرایەتی حیکمەت، زانست دەکات، بە درێژایی ژیانمان زانست و حیکمەتمان بەکار هێناوە ئێستاش لە ساتەکانی کۆتاییدا، یارمەتیمان دەدات نیشانەکان ببینین و لێکدانەوەیان بۆ دەکات، بەڵام ئەرکەکەی لەو شوێنە کۆتایی دێت کە ژیانی ماددی کۆتایی دێت، لەوە زیاتر ناڕوات.
لە دەقەکەدا، کارەکتەری پزیشک یەکێکە لە کارەکتەرە ڕەمزییەکانی شانۆنامەکە. ئەو تەنیا بە مانای ئاسایی پزیشک نییە، بەڵکو نوێنەرایەتی چەند بیرۆکەیەک دەکات، ئەو هێمای زانست و ڕاستی بابەتییە. پزیشکی بێ بەزەیی و بێ ڕازاندنەوە بارودۆخی پاشا هەڵدەسەنگێنێت، دەستنیشانی مردنی پاشا دەکات و پابەند دەبێت بە ڕاستییەکانەوە، ئەو هێمای واقیعی بابەتییانەیە کە لە ژێر کاریگەریی بیرکردنەوەی ئاواتخوازانەدا نییە. هێمای حەتمی بوونی کات و مردنە، ئەو هەر لە سەرەتاوە دەزانێت کە ناتوانرێت ڕێگری لە مردنی پاشا بکرێت، تاڕادەیەک وەک نێردراوی چارەنووس مامەڵە دەکات و بەردەوام ئەوەمان بیردەخاتەوە کە مرۆڤ ناتوانێت شکست بەکات بهێنێت. هێمای عەقڵە بەبێ هەست، بە پێچەوانەی ماری کە هاندەری هیوا و زەوقی ژیانە، پزیشک سارد و عەقڵانییە. نوێنەرایەتی لۆژیک و ڕێکوپێکی و ڕاستی بێبەزەیی دەکات. هەروەها نوێنەرایەتی دادوەر یان خزمەتکاری مردنیشە، ئەو تەنها پزیشکێکی ئاسایی نیە، بەڵکو زۆر لەوە زیاتریشە، دادوەر، قەشە و تەنانەت مەرگ خۆی دەکات، ئەو ڕێنمایی پاشا دەکات بەرەو ئەو تێگەیشتنەی کە کۆتایی نزیکە و پشتگیری لە کارەکانی مارگریت دەکات بۆ ئەوەی چارەنووسی خۆی قبوڵ بکات.
ژولێت: لە دەقەکەدا ژولێت خزمەتکار، پاککەرەوە و پەرستارە کەسایەتییەکی ڕەمزی گرنگە، هەرچەندە ڕۆڵێکی کەمتری هەیە لە چاو ماریا و مارگریتادا، ئەو نوێنەرایەتی کەسی سادە و ڕۆژانە دەکات، کەسێک کە دەسەڵات و پێگەیەکی نییە. بە پێچەوانەی پاشا و شاژنەکانەوە وەستاوە. نوێنەرایەتی هەموو بازنەی کۆمەڵایەتیەکانە، ناسیاو، ڕەعیەت، هاوڕێ و دوژمن. سەرقاڵی بابەتە پراکتیکییەکانی ژیانی ڕۆژانەیە کە بەردەوام دەبێت بکرێت، سەڕەڕای مردنی پاشاش، لە ڕێگەی کردارە بچووک و کۆنکرێتییەکانەوە خەمی پاشا نیشان دەدات. ئەو نوێنەرایەتی گەرمی مرۆڤ و ژیانی ڕۆژانە دەکات، نەک بیرۆکەی گەورە یان بنەما فەلسەفیەکان. ژولێت لەبەر ئەوەی مرۆڤێکی ئاساییە، ئەوە نیشان دەدات کە مردن تەنها پاشاکان ناگرێتەوە، هەموو کەسێک دەگرێتەوە. لە جیهانی ئیۆنێسکۆدا هەموو مرۆڤەکان لە بەرامبەر مردندا یەکسانن، بەبێ گوێدانە پێگەی کۆمەڵایەتی.
دەتوانرێت ژولێت وەک “هێمای ژیانی ڕۆژانە” سەیر بکرێت. ئەو خەمی پرسیارە فەلسەفییە گەورەکانی نییە بەڵکو خەمی کردەوەی کۆنکرێتییە، خەمی شتە بینراوە بچوکەکانێتی . ئیۆنێسکۆ لە ڕێگەی ئەوەوە نیشانمان دەدات کە ژیان لە کردارە سادەکانی مرۆڤ پێکدێت، کارەکانی ژولێت جەوهەری ئەو گۆرانییەیە کە ” سترانبێژی یانەی شەوان جولێت گیکۆ، لە گۆرانیەکدا دەڵێت .( مرۆڤ بریتیە لەو شتانەی ئەنجامی دەدات) ئەم ڕاستیە ڕووکەشیە جەوهەری فەلسەفەی بوونگەراییە. سارتەریش دەڵێت ( جەوهەری بوونگەرایی مرۆڤە لە پراکتیکدا).
گرنگیدان بە کەسێک، پاککردنەوە، کارکردن و بوون. هەروەها ئەوەمان بیردەخاتەوە کە لە بەرامبەر مردندا، پاشا چیتر تەنها فەرمانڕەوا نییە، بەڵکو مرۆڤێکە کە وەک هەموو کەسێک پێویستی بە یارمەتی و چاودێری هەیە. ئەو کارەکتەرەیە کە دراماکە لە واقیعی مرۆیی و ڕۆژانەدا زەمینەسازی دەکات. ئەمەش وا دەکات کە هاوسەنگییەکی گرنگ بێت بۆ هێمای بوونگەرایی شانۆنامەکە.
پاسەوان: ئەو نوێنەرایەتی ڕێکخستن و دەسەڵاتی ئەو دەوڵەتە دەکات کە پاشا دەپارێزێت، لە سەرووی هەموو شتێکەوە هێمای ئەو دەسەڵاتە سیاسی و سەربازییە کە خەریکە گرنگی خۆی لەدەست دەدات لەگەڵ نزیکبوونەوەی مردنی پاشا یاساکان جێبەجێ دەکات. ئەوەی ڕوودەدات ڕادەگەیەنێت و هەوڵدەدات ڕێوڕەسم و دیسیپلین بپارێزێت. هێمای دامودەزگاکانی کۆمەڵگا و ئەو نەزمەیە کە دەوری دەسەڵاتی داوە. کاتێک پاشا دەمرێت، ڕۆڵی پاسەوان بێمانا دەبێت. نە سەرباز و نە چەک و نە پاسەوان ناتوانن پاشا لە مردن بپارێزن. ئیۆنێسکۆ نیشانمان دەدات کە دەسەڵاتی سیاسی و سەربازی لە بەرامبەر چارەنووسی کۆتایی مرۆڤدا بێدەسەڵاتە. ئەو بەردەوامە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی تەنانەت لە کاتێکدا کە شانشین خەریکە دەڕووخێت و هەموو شتێک هەڵدەوەشێتەوە. ئەوە نیشان دەدات کە چۆن زۆرجار مرۆڤەکان بەردەوامن لە پەیڕەوکردنی ڕۆتین و ڕۆڵەکان، هەرچەندە دۆخەکە مانای خۆی لەدەستداوە.
ئەو نوێنەرایەتی ئەو پێکهاتانە دەکات کە دەسەڵات بە پاشا دەدەن، سوپا، دەوڵەت و ڕێکخستن. بەڵام پەیامی ئیۆنێسکۆ ئەوەیە کە هیچ دامەزراوەیەک و هیچ دەسەڵاتێکی دونیا ناتوانێت مرۆڤ لە مردن بپارێزێت. کاتێک پادشا دەمرێت، ڕۆڵی پاسەوان مانای خۆی لەدەست دەدات، ئەمەش تەوەری بوونگەرایی شانۆنامەکە بەهێزتر دەکات، مردن هەموو مرۆڤەکان یەکسان دەکات و هەموو پلەبەندییەکانی مرۆڤ هەڵدەوەشێنێتەوە.

چەمکی مردن:
ڕەنگە ئەم دەقە باشترین شانۆنامە بێت کە لەسەر مردن کە تا ئێستا نووسرابێت.
تەنها دوو شت دەخەمەڕوو: ناتەبایی نێوان مردن و ئیگۆسەنتەریزم. کە مردن مامۆستای ژیانە. ئیگۆسەنتەریزم ئەوەیە کە خود هەست دەکات وەک ناوەندی ڕەهای گەردوونە، بە بڕوای من ئەو حاڵەتە ئاساییەیە کە خۆمان تێیدا دەبینینەوە. وەک هەموومان دەزانین کە مردن نوێنەرایەتی خراپەکاری دەکات، لەناوچوونی تەواو و شکستی کۆتایی.
ڕاستییەک هەیە کە دەڵێیت تەنیا دابڕان لە ئیگۆ دەتوانێت ڕێگەمان پێبدات بە ئارامییەکی دیاریکراوەوە ڕووبەڕووی ببینەوە، بۆ من بە وشیاری، خۆشەویستی و سیمپاتی و چاوتێری دەتوانینی بەرامبەر ئیگۆی سەنتەر بینەوە بەڵام لە شانۆنامەکەدا یۆنسکۆ مردن ڕووبەڕوی ئیگۆسەنتەر دەکاتەوە.
بەڵام پرسیار ئەوەیە کەی ئێمەی مرۆڤ کەی دەگەینە درک پێکردنی ئەم حیکمەتەی کە ڕوووبەڕووی ئیگۆسەنتەر بینیەوە.
ڕێگای ئایدیاڵی مردن ئەوەیە کە مرۆڤ خۆی لە هەموو شتێک داببڕێت، لە ناوەوە و دەرەوە، بۆ ئەوەی عەقڵ کەمترین حەسرەت و وابەستەیی بەجێبهێڵێت بۆ ئەوەی لەو ساتەوەختە تایبەتەدا دەستی پێ بگرێت. ئەمەش لەلایەن نوێنەری زانست و دادپەروەرییەوە پشتڕاست دەکرێتەوە.
وەک گوتمان دەقەکە جەخت لەسەر دوو شت دەکاتەوە، ناتەبایی نێوان مردن و ئیگۆسەنتەریزم، ئەگەر مردن مامۆستای هونەر بێت ژیاندا، ئەوا ئیگۆیزم واتا بیرکردنەوە تەنها لە خۆت، ژیانی مرۆڤ، دەسەڵات، خودی خۆت، بەڵام مردن هەموو ئەمانە تێکدەشکێنێت. لەبەر ئەوە مرۆڤ ناتوانیت “ئیگۆسەنتەر” بیت کاتێک تێدەگەیت کە بڕیارە دەمریت. مەرگ مامۆستایە لە هونەری ژیاندا. مەرگ تاکە دژ و ڕکابەری ئیگۆسەنتەرە ودەنگێکی دژ بەوە، لەبەر ئەوەی کاتێک بەڕاستی لە مردن تێدەگەی دەست دەکەیت بە تێگەیشتن لەوەی لە ڕاستیدا بەهای ژیان چییە، تاڕادەیەکی زۆر مرۆڤ واز لە ژیانی ڕووکەش یان خۆپەرستانە دەهێنیت. هەر بۆیە مردن فێرمان دەکات کە چۆن بەڕاستی بژین. ئەم تێکستە وەڵامی جەوهەری پرسیاری وجودیمان دەداتەوە کە دەڵێت، ژیان چییە؟ من کێم؟
ئەو ئیدیۆمەی دەڵێت مەرگ مامۆستایە، لەبەر ئەوەی مردن فێرمان دەکات کە قەدری ژیان بزانین، درک بەوە بکەین کە دەسەڵات و سەروەت و سامان بەردەوام نابێت، تێبگەین کە هیچ کەسێک لە کەسێکی تر گرنگتر نییە، بەم مانایە مردن مامۆستایە نەک لەبەر ئەوەی مردن باشە نەخێر، بەڵکو لەبەر ئەوەی ناچارمان دەکات واقیع ببینین.
لە سەرەتای شانۆنامەکەدا، بیرانژێر زۆر ئیگۆسەنتەرییە، ئەمە بەو مانایە نییە کە خۆپەرستە، بەڵکو هەموو جیهانەکەی لە دەوری خۆی دەسوڕێتەوە، بۆ نموونە بیر لەوە دەکاتەوە ودەڵێت نامەوێت بمرم، من پاشام و دەتوانم بڕیار لەسەر هەموو شتێک بدەم و دەبێت ڕێگەیەک هەبێت بۆ دوورکەوتنەوە لە مردن. ئەو پێی وایە دەسەڵات و ئیرادەی ئەو دەتوانێت واقیع بگۆڕێت. بەڵام مردن چی دەکات؟ مردن نیشانی دەدات کە ئەو هەموو توانایەی نییە، ناتوانێت کۆنتڕۆڵی کات بکات و وەک هەموو کەسێک مرۆڤە و بۆیە ئیگۆی ئەو دەڕەوێتەوە بەرەو لە ناوچوون دەڕوات، چ کاتێک ئیگۆی پاشا بەرەو کاڵ بوونەوە و نەمان و تێکچوون دەڕوات، ئەو کاتەی هەست بە تێگەیشت دەکات، ئەو کاتەی مرۆڤ دەبێت بە خاوەنی عەقڵ. لەبەر ئەوەیە یۆنسکۆ لە گەڕان بەدوای عەقڵدایە، بە حەسرەتی ژییریەوە بۆ نەمانی بێمانایی سیستەم.
مارگریتا ئەو کەسەیە کە هەمیشە ڕاستییەکان دەڵێت، هەوڵ نادات بە هیوای درۆ دڵنەوایی بدات، هەنگاو بە هەنگاو بەرەو ئەو درککردنە ڕێبەرایەتی دەکات کە ئەو لە مردن گەورەتر نیە. هەر لەبەر ئەوەیە زۆرێک مارگرێتا وەک ڕێبەری ڕۆحی لێکدەدەنەوە. ئەو یارمەتی بیرانژێر نادات زیاتر بژی بەڵکو یارمەتی دەدات لە ژیانی خۆی تێبگات بە قبوڵکردنی کۆتاییەکەی.
بە درێژایی شانۆنامەکە کارەکتەری پاڵەوان لە یاخیبوونەوە بۆ قبوڵکردن و لە دڵەڕاوکێیەوە بۆ بێدەسەڵاتی دەگۆڕێت، لەکاتێکدا خۆی بۆ شەڕێکی دۆڕاو ئامادە دەکات، بەو پێیەی مردنەکەی لە کۆتایی شانۆنامەکەدا نووسراوە، جگە لە “ئازارێکی گەورە لە دیارنەمانی خۆیدا” هیچی دیکەی بەجێناهێڵێت
دوای شەوێک لە ئاهەنگگێڕان، پاشای مەملەکەت بیرانژێرر پێیوابوو خۆی چەقی گردوونە هەموو شتێک بەفەرمانی ئەو دەجوڵێتەوە، دەنانەت خۆر و مانگ باران و بەفەر بە فەرمانی ئەو دەبارێن. هەواڵی ئەوەی پێدەگات کە دوای نزیکەی سەعات و نیوێکی تر دەمرێت. بەم شێوەیە شایەتحاڵی دوا ساتەکانی ژیانی دەبێت شانبەشانی هاوسەری یەکەمی مارگرێتا و هاوسەری دووەمی شاژن ماریا کە شاژن ماریا تەواو غەمبارەو جلی ڕەشی پۆشیووە. شاژن ماریا هەوڵ دەدات بە سۆزەوە مامەڵە لەگەڵ پاشا بیرانژێر بکات و شاژن مارگڕیتا، ڕاستیەکی بۆ ڕوندەکاتەوە کە شا دەمرێت ئەمە چیرۆکەکەیە، مێژووی مردنێکە کە پێشبینی دەکرێت. هەمووان دەزانن، بەڵام ئەو ڕەتیدەکاتەوە باوەڕی پێبکات. ئەو پێی وایە کابوسێکە و گومانی هەیە کە ساتەکە نزیکە، ​​بۆیە بەردەوام دەبێت لە دەرکردنی فەرمان بە خۆبەزلزانینی کەسێک کە پێی وایە کۆنتڕۆڵی هەموو شتێک دەکات.
ئیۆنێسکۆ پێیوایە کە “خودا ناوی نییە و واقیعی خودایی زەحمەتە. بۆیە بۆ ئەو ئەم بەرهەمە بە شێوەیەکی ئاشکراکەر باس لە سروشتی مرۆڤ دەکات”. بیرانژێرر ناوێکە کە نووسەر لە بەرهەمەکانیدا بە پاڵەوانەکانی دیکە دەیدات، بۆیە بەڕاستی دەتوانرێت هەر کەسێک بێت.
ئەم دەقە زۆرترین لێکدانەوەی بۆکراوە، ئەگەر دوو لێکدانەوەی جیاواز وەبگرین. خۆسێ لویس ئەلۆنسۆی ڕەخنەگر، شانۆنامەکەی وەک کارێکی ئیلاهیاتی دەبینی، بەمانای پەیوەندی مرۆڤ بەخوداوە ئەلۆنسۆ ئەو دەرهێنەرەیە کە ساڵی ١٩٦٦ کاری دەرهێنانی بۆ ئەم تێکستە کرد، مەبەستی ئەوەیە کە پاشا دەمرێت لە ڕوانگەی ئایینیەوە باس لە بەریەککەوتنی مرۆڤە لەگەڵ مردن دەکات. بەڵام دیدێکی تری پێچەوانەی ئەمەش هەبوو دەنووسێت ئەگەر لەبارەی ئیلاهیات بێت ئەوە دەبوایە باسی خودا بکات، بەڵام بە هیچ شێوەیک ناوی خودا ناهێنرێت، بەڵکو ترسی مرۆڤ، تەنیایی مرۆڤ و مردنی مرۆڤە. ئەم دەقە سروشتی مرۆڤ ئاشکرا دەکات
خۆسێ لویس گۆمێز ساڵانێکی زۆر مامۆستا دراما بوو، شارەزایە لە یۆژین ئیۆنێسکۆ بەرهەمەکانی شانۆنامەی پاشا دەمرێت بەرهەمێک سەبارەت بە بوونی مرۆڤ.
درێژەی پێدەدات و دەڵێت دەقی تیۆلۆژی و ئیلاهیات دەربارەی خودایە، بەڵام بەو پێیەی ئیۆنێسکۆ پێیوابووە کە خودا نهێنییەکە و ناتوانرێت وەسف بکرێت. لەبەر ئەوە ئیۆنێسکۆ ڕاستەوخۆ باسی خودا ناکات. هەر بۆیە شانۆنامەکە بە پلەی یەکەم باس لە سروشتی مرۆڤ دەکات، لە سەرووی هەموو شتێکەوە بوونگەراییە لە بارودۆخی مرۆڤدا دەکۆڵێتەوە، بە تایبەت چۆن کاردانەوەمان هەیە بەرامبەر بە مردنی خۆمان”
لە شانۆنامە ، پاشای مردوو لەسەر تەختەکەی دەمێنێتەوە، هێواش هێواش نامێنێت و لەگەڵیدا دیوارەکان، دەرگاکان، هەموو ئەوەی ماددییە لەبەردەم تەم و مژاوی ڕووناکییەکی خۆڵەمێشیدا دەڕووخێت.
خانمی خاوەن شکۆ لەپڕ ون دەبێت. پاشا لەسەر تەختی شاهانە دانیشتووە، لە میانی ئەم دیمەنەدا وردە وردەو لەسەر خۆ دەرگا، پەنجەرە و دیوارەکانی عەرش نامێنن، تەکنیکی دیکۆرسازی ئەم دیمەنە ئەنجام دەدات، لە کۆتایدا هیچ نەماوە جگە لە ڕووناکییەکی خۆڵەمێشی، هەموو ئەو شتانەی لەوەو پێش بینراون لە چاو ون دەبن.
ئەوەش هێمایە بۆ تەنیایی مرۆڤ کە ڕووبەڕووی ئەم ساتەوەختە کۆتاییە دەبێتەوە.
بێمانایی بوون، ژیان زۆرجار مانایەکی ڕوونی نییە، مردنیش ئەم بێماناییە ڕوونتر دەکاتەوە. ترس و تەنیایی زۆرێک لە کارەکتەرەکانی هەوڵ دەدەن لە بیری مردن ڕزگاریان بێت بەڵام شکست دەهێنن. پرسیارێکی بوونگەرایی ئیۆنێسکۆ لێکۆڵینەوە دەکات کە ژیان مانای چییە کاتێک مرۆڤ دەزانێت ژیان سنووردارە.
کات لە دەقی شانۆیی پاشا دەمرێت:
لە دەقەکەدا، تێگەیشتن لە کات بەشێکی سەرەکییە لە تەوەری بوونگەرایی شانۆنامەکە. کات واقیعی نییە بەڵکو وەک هێمایەک بۆ ژیانی مرۆڤ و مردنی حەتمی کاردەکات. مەبەست ئەوەیە کە کات چۆن تێڕوانینی مرۆڤ بۆ ژیان دەگۆڕێت کاتێک ڕووبەڕووی مردنی خۆی دەبێتەوە. کات نابێتە تەنها شێوازێک بۆ پێوانەکردنی ڕووداوەکان، بەڵکو دەبێتە دەربڕینێک بۆ ئەزموونی ناوەوەی مرۆڤ لە مردن. تا بیرانژێر لە کۆتایی نزیک بێتەوە، ڕوونتر دەبێتەوە کە کات ناتوانرێت کۆنتڕۆڵ بکرێت، بوەستێنرێت یان ناتوانێت بیرانژێر هەڵسێتەوە. بەم شێوەیە کات دەبێتە هێمای بوونی سنوورداری مرۆڤ و ئەزموونی گشتگیری ناچاربوون بە قبوڵکردنی مردن.
تەوەری بوونگەرایی ئەم دەقە مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسیارە بنەڕەتیانە دەکات کە هەموو مرۆڤەکان ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، ژیان واتای چییە؟ بۆ دەبێت بمرین؟ چۆن پەیوەندیمان بە مردنمانەوە هەبێت؟ مانای ژیان چییە کاتێک ڕۆژێک کۆتایی دێت؟ گرنگترین پرسیاری بوونگەرایی دەقەکە ئەوەیە کەسێک پێش مردنی دوایین جار هەست بە چی دەکات؟
هاوشێوەیە ڕۆمانی مەرگی ئیڤان ئێلیچ، کاتی ئەم دەقەش کات لەسەر دوو ئاست کاردەکات.
یەکەم: کاتی کرۆنۆلۆژی یان کاتی دەرەکەی (کاتی ئۆبجەکتیڤی)، کە زەمەنی ئەم دەقە نیزیک بە چەند کاژمێرێکە، مردنی پادشا لەم ماوە کورتە ڕوودەدات.
دووەم: کاتی دەروونی یان ناوەکی (کاتی سوبجەکتیڤی) لەم ئاستەدا پادشا بیرانژێر هەموو شریتی عومری بە بەرچاویدا تێدەپەڕێت، هەوڵ دەدات کات بوەستێنێت، ڕەتیدەکاتەوە کە بڕیارە بمرێت، دانوستان لەگەڵ واقیعدا دەکات و لە کۆتاییدا مردن قبوڵ دەکات.
بۆیە لەم دەقەدا کاتی دەروونی زۆر گرنگتر دەبێت لە کاتەکانی کرۆنۆلۆگی.

لە لای ئیۆنێسکۆ کات هێمای ژیانی مرۆڤە: کەس ناتوانێت ڕێگری لە تێپەڕبوونی کات بکات، مەرگی شا بیرانژێر نزیک دەبێتەوە، هەرچەند دەسەڵات و سەروەت و سامانی هەبێت و تێکشکان و گلۆر بوونەوەیشی بەرەو خوار گوزارشتە لەوەی کە چۆن هەموو زیندەوەران بە تێپەڕبوونی کات تێکدەچن وکاتێک شانشینی بەرەو ڕوخان دەڕوات لە هەمان کاتدا پاشا لاوازتر دەبێت، دەبێتە هێمایەک کە جیهانەکەی بەرەو کۆتایی دەڕوات.
ئیۆنێسکۆ، مانا بە کات دەدات و کات بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی جەخت لەوە بکاتەوە کە مرۆڤ کاتێکی سنوورداری هەیە بۆ ژیان. بە پێچەوانەی دراما واقیعییەکانەوە، کات لێرەدا بە پلەی یەکەم شێوازێک نییە بۆ ڕێکخستنی ڕووداوەکان، بەڵکو شێوازێکە بۆ وێناکردنی ڕاگوزەری ژیان و دڵەڕاوکێی بوونگەرایی، ئیۆنێسکۆ لە ڕێگەی ئەم تێڕوانینە نائاساییەوە بۆ کات نیشان دەدات کە هیچ مرۆڤێک ناتوانێت لە تێپەڕبوونی کات یان مردن ڕزگاری بێت، بەبێ گوێدانە دەسەڵات و پێگە.
کات دەبێتە هێما، لای ئیۆنێسکۆ کات هێمایە بۆ خودی ژیان، کاتێک کات بەرەو کۆتایی دەڕوات، بوونی مرۆڤیش خەریکە کۆتایی دێت، هەر بۆیە چەند جارێک لە شانۆنامەکەدا گوێمان لێدەبێت کە دەڵێت جیهان لەیەکتر دەترازێت، شانشینی دەڕوخێت، خۆر نامێنێت و سروشت دەگۆڕدرێت. ئەمەش مەرج نییە ئەمە بەو مانایە بێت کە بەڕاستی گەردوون بەرەو کۆتایی دەڕوات، نەخێر، بەڵکو ئەوە دونیای پاشایە کە خەریکە کۆتایی دێت، چونکە هۆشیاری و تێگەیشتنەکەشی بۆ جیهان بەرەو نەمان دەچێت، چونکێ مردنی بە شێوەیەکی ڕەمزی بەقەد کۆتایی جیهان گەورە دەبێت.
لە دەقەکەدا لەگەڵ نزیکبوونەوەی پاشا لە مردن، هەموو شتێک لە دەوروبەری دەست دەکات بە داڕمان. لەمەوە ئیۆنێسکۆ وشیاری پادشا دەبەستێتەوە بە جیهانەکەیەوە، کاتێک هۆشیاری پادشا بیرانژێر گۆڕانکاری بەسەر دێت لەگەڵیشیدا جیهانەکەی، دارو دەستەو عەرشەکەی گۆڕانکاری بەسەردا دێت، هەروەها بە پێچەوانەشەوە.
ئەمەش بیرۆکەی مارتن هایدگەرمان دەهێنێتەوە یاد کە پێی وایە بوونی مرۆڤ بە هۆشیاری لە مردنی مرۆڤ خۆی لە قاڵب دەدرێت. کاتێک مرۆڤ بەڕاستی ڕووبەڕووی مردنی دەبێتەوە، ئیتر کات نابێتە ڕیزبەندییەکی بێلایەن لە خولەک و کاتژمێرەکاندا، بەڵکو دەبێتە شتێکی سنووردار و جێگرەوەی نییە. هەر ساتێک مانایەکی نوێ وەردەگرێت.

کات خێراتر دەبێت:
بیرۆکەیەکی گرنگ لە دەقەکەی ئیۆنێسکۆدا ئەوەیە کە کات بە یەکسانی ناڕوات، کاتێک مرۆڤ تێدەگات کە بڕیارە دەمرێت، وا دیارە کات خێراتر دەڕوات. بیرانژێر چەند جارێک دەڵێت : کە کاتم نییە ئەو دەیەوێت، کەمێک زیاتر بژی، هەوڵ بۆ دواخستنی مردن دەدات، بەڵام کات بێ وەستان بەردەوامە و کەس ناتوانێت ڕێگری لێبکات، ئەمەش بێدەسەڵاتی مرۆڤ لە بەرامبەر مردندا دەردەخات، لە واقیعدا زۆرجار مرۆڤەکان پێیان وایە کە کاتێکی زۆریان هەیە، بەڵام کاتێک مردن زۆر نزیک دەبێتەوەو دەبێتە شتێکی کۆنکرێتی، تەواوی ئەزموونی کات دەگۆڕێت، کات درێژتر نابێت، خولەک و سەعات و ڕۆژ وەکو خۆیەتی، بەڵکو خولەک و سەعات و ڕۆژ دەبێتە پێوەرێک بۆ ئەوەی مرۆڤ چەندە لە مردن نزیکە. بۆیە لە لای ئیۆنێسکۆدا کات ڕۆڵی خۆی دەگۆڕێت و دەبێتە کارەکتەرێک، کارەکتەرێکی نوێ تر هاوشانی پاڵەوان گەمە دەکات، خۆی وەستاوە و ناشبینرێت بەڵام ڕوداو پو ڵۆتەکە بەرەو پێشەوە دەبات.
لە ڕوانگەی بوونگەراییەوە، ئیۆنێسکۆ پێمان دەڵێت کە مرۆڤەکان لە نێو دژایەتییەکدا دەژین، ئێمە دەزانین کە دەمرین، بەڵام بەزۆری وەک ئەوەی کاتێکی بێ سنوورمان هەبێت دەژین، بەڵام سەروەختێک کە مردن دەبێتە ڕاستی و لەبەردەماندا قوت دەبێتەوە، تەواوی تێڕوانینمان بۆ کات دەگۆڕێت.
تێگەیشتن لە کات بەشێکی سەرەکییە لە تەوەری بوونگەرایی شانۆنامەکەدا، ئیۆنێسکۆ کات بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی نیشان بدات کە چۆن تێڕوانینی مرۆڤ بۆ ژیان دەگۆڕێت کاتێک ڕووبەڕووی مردنی خۆی دەبێتەوە. کات نابێتە تەنها شێوازێک بۆ پێوانەکردنی ڕووداوەکان، بەڵکو دەبێتە دەربڕینێک بۆ ئەزموونی ناوەوەی مرۆڤ لە مردن. تا بیرانژێر لە کۆتایی نزیک بێتەوە، ڕوونتر دەبێتەوە کە کات ناتوانرێت کۆنتڕۆڵ بکرێت، بوەستێنرێت یان ناتوانرێت بیگێرینەوە دواوە. بەم شێوەیە کات دەبێتە هێمای بوونی سنوورداری مرۆڤ و ئەزموونی گشتگیری ناچاربوون بە قبوڵکردنی مردن. بەڵام ئەوە بینەر یان خوێنەرە دەتوانێت کات لای خۆی بگەڕینێتەوە دواوە و لە شا بیرانژێر فێر بێت، ئەزموونی ئەو وەک وانەیەک ببینێت بگەڕێتەوە پێش مردنی شا بیرانژێر.
کات، لای هایدگەر، تەنها زنجیرەیەک لە ساتەکان نییە، بەڵکوو ڕەهەندێکی بنەڕەتییە کە بوونی مرۆڤ پێک دەهێنێت. هایدێگەر لە کتێبی بوون و کاتدا چەمکی دازاین بەو شێوەیە پێناسە دەکات، دازاین ئەو بوونەوەرەیە (واتە مرۆڤ ) پرسیار لە بارەی بوون و خۆیەوە دەکات. بوونەوەرێکە لە نێو کاتدا دەژی و لە هەمان کاتدا لە ڕابردوو و داهاتوو تێدەگات.
کاتیك پادشا بیرانژێر لە شانۆ نامەکەدا و ئیڤان ئێلیچ لە ڕۆمانەکەدا مەرگ قبوڵ دەکەن، هەردوو نووسەری دەقەکە تۆڵستۆی و ئێۆنسکۆ دیدێکی گرنگی هایدگەر بۆ مەرگ بەیان دەکەن، چۆنکێ پادشا و ئیڤان دەگەنە ئەو ڕاستییەی کە مردن هی خۆمە، کەس ناتوانێت بۆم بمرێت، ئەوانی تر دەتوانن لە تەنیشت مەرگم دابنیشن و مەرگی من بینن، بەڵام مردن خۆی دەبێت بە تەنیا تێیدا بژیم، بۆیە مردن کەسایەتیترین ئەزموونە. دوای ئەو هەموو تووڕەبوون و ئینکاریە، تێدەگەن کەس ناتوانێت جێگەی ئیڤان و بیرانژێر بگرنەوە، دەبێت خۆیان ڕووبەڕووی مردن ببنەوە.
لێرەدایە کە هایدگەر یارمەتیمان دەدات لە ئیۆنێسکۆ تێبگەین، هایدگەر پێی وایە هۆشیاری لە مردن دەتوانێت یارمەتی مرۆڤ بدات بە شێوەیەکی ڕەسەنتر بژین و مانایەکی زیاتر بە ژیان ببەخشێت.

بیرۆکەی دیاردەناسی لە دەقەکەدا:
ئیۆنێسکۆ دەیەوێت ئەوە نیشان بدات کە هەموو مرۆڤێک جیهانی خۆی لەناو خۆیدا هەڵدەگرێت، کاتێک مرۆڤ دەمرێت تەنها جەستە نییە کۆتایی دێت. هەروەها هەموو ئەو جیهانەی کە ئەو کەسە ئەزموونی کردووە، هەر لە یادەوەری و پەیوەندی و هەست و ئەزموونەکانی کۆتایی دێت.
دەتوانرێت سود لە بیرۆکەی هەردوو فەیلەسوف ئێدمۆند هوسێرل و مۆریس مێرلۆ-پۆنتی (Maurice Merleau-Ponty ـ Edmund Husserl) وەربگیرێت، بیرۆکەکانیان یارمەتیدەرمانە بۆ ئەوەی تێبگەین کە بۆچی دەتوانرێت شانۆنامەی پاشا دەمرێت وەک شانۆنامەیەک بخوێنرێتەوە کە باس لەوە دەکات کە چۆن جیهانی مرۆڤایەتی لە ڕێگەی هۆشیارییەوە بوونی هەیە. گرنگترین پرسیاری ئەوان ئەوەبوو کە مرۆڤ چۆن ئەزموونی جیهان دەکات؟. بە پێی ئێدمۆند هوسێرل فەلسەفە نابێت بە پلەی یەکەم بپرسێت جیهان چییە، بەڵکوو دونیا چۆن دەردەکەوێ بۆ ئاگایی ئێمە.
لە شانۆنامەکەدا پادشا وردە وردە کۆنترۆڵی جەستەی خۆی لەدەست دەدات، لە کۆتایدا ناتوانێت بجوڵێت، لە کاتێکدا کە توانای جوڵەی نامێنێت. لەوکاتدا هەموو جیهانەکەی دەگۆڕێت. لێرەدا ڕوانگەی مێرلۆ-پۆنتی فریامان دەکەوێت کە جەخت لەوە دەکاتەوە کە کاتێک جەستە دەگۆڕێت، شێوازی ئەزموونکردنی جیهانیشمان دەگۆڕێت
چۆن فەلسەفەی فینۆمینۆلۆژیا ــ دیاردەناسی یارمەتی زیاترمان دەدات بۆ تێگەیشتن و شیکاری لە دەقەکەدا. ئیۆنێسکۆ مردن وەک ڕووداوێکی بایۆلۆژی نیشان نادات، بەڵکو وەک گۆڕانکارییەک لە هەموو جیهانی مرۆڤدا نیشان دەدات
لەگەڵ هوسەرلدا، دەتوانین لەوە تێبگەین کە بۆچی وا دیارە جیهانی پاشا هەڵدەوەشێت، کاتێک هۆشیارییەکەی پێشوی نامێنێت و گۆڕانی بەسەردا دێت، یاخود کاتیك مرۆڤ هوشیاری لە دەست دەدات، ئیدی کەس نامێنێت ئەو جیهانە ئەزموون بکات.
لەگەڵ مێرلۆ-پۆنتییشا دەتوانین لەوە تێبگەین کە بۆچی جەستەی پاشا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت: کاتێک جەستە دەسەڵاتی خۆی لەدەست دەدات، شێوازی بوونی لە جیهانیشدا دەگۆڕێت
هەردوو فەیلەسوفی دیاردە ناسی پێیان وایە جیهان هەمیشە لە ڕێگەی هۆشیارییەوە ئەزموون دەکرێت. ئێمە هەرگیز دەستڕاگەیشتنێکی ڕاستەوخۆمان بە “جیهانێک لە خۆیدا” نییە؛ ئێمە لە ڕێگەی ئەزموونەکانمانەوە جیهان دەناسین
لە شانۆنامەی پاشا دەمرێت، ئەم بیرۆکەیە بە شێوەیەکی دراماتیک دەخریتە ڕوو، وەک چۆن هۆشیاری بیرانژێر وردە وردە نامێنێت، ئەو جیهانەی کە بۆ ئەو هەیە، بە هەمان شێوە نامێنێت. لە هەمان کاتدا بیرێکی بوونگەرایی هەیە، لەوێدا مردن تەنها مانای کۆتایی ژیان نییە، بەڵکو کۆتایی ئەو جیهانە ناوازەیەشە کە هەر مرۆڤێک لەناو خۆیدا هەڵیدەگرێت. بۆیە بۆ بیرانژێر هەست دەکات کە هەموو جیهان بەرەو کۆتایی دەڕوات، هەرچەندە بوونی جیهان بۆ خەڵکانی تر بەردەوامە.
بەڵێ. هوسەرل و مێرلۆ-پۆنتی هەوڵدەدەن باس لەوە بکەن کە مرۆڤەکان چۆن جیهان ئەزموون دەکەن، تیۆری فەلسەفی سەبارەت بە ئەزموون و هۆشیاری پەرەپێدەدەن، بەڵام لە بەرامبەر ئەوەدا ئیۆنێسکۆ شانۆنامەنووسە. ئیۆنێسکۆ ئەو پرسیارانە لەسەر شانۆ لە ڕێگەی هێما و دیالۆگ و شانۆوە دەخاتە ڕوو. ئەو تیۆرێکی فەلسەفی دروست ناکات، بەڵکو ڕێگە بە بینەر دەدات ئەزموون بکات کە چۆن جیهانی مرۆڤێک وردە وردە دەتوێتەوە لەگەڵ نزیکبوونەوەی لە مردن
بۆیە فەلسەفەی ئەوان دەتوانێ یارمەتیدەرمان بێت بۆ لێکدانەوەی شا دەمرێت، هەرچەندە ئیۆنێسکۆ شانۆگەرییەکی دیاردەناسیی بە مانا فەلسەفییە قوڵەکەی نەنووسیوە.

لێکچوونەکان جیاوازییەکان لە نێوان ڕۆمانی مردنی ئیڤان ئیلیچ و شانۆنامەی پادشا دەمرێت:
شانۆنامەی مردنی پاشا لە نووسینی یوجین ئیۆنێسکۆ و مردنی ئیڤان ئیلیچ لە نووسینی لیۆ تۆڵستۆیە، هەردووکیان باس لە ڕۆژانی کۆتایی ژیانی مرۆڤ دەکەن، بەڵام بە شێوازی زۆر جیاواز چیرۆکی مردن دەگێڕنەوە،
هەردووکیان لە دەوری پاڵەوانێک دەسوڕێنەوە کە دەبێت مردنی خۆی قبوڵ بکات، مەرگی ئیڤان ئیلیچ کورتە ڕۆمانێکی واقیعییە، لە کاتێکدا مەرگی پاشا شانۆنامەیەکی سەر بەڕێبازی ئەبسوردە.
هەردوو پاڵەوانەکان بیرانژێر و ئیڤان ئێلیچ بە گەشتێکی ناوەوەدا تێدەپەڕن لە ئینکارییەوە تا پلەیەکی دیاریکراو لە قبوڵکردن. ئیڤان ئیلیچ دادوەرێکی ئاساییە؛ شا بیرانژێ پاشایەکی ڕەمزییە کە بە گشتی نوێنەرایەتی مرۆڤایەتی دەکات.
هەردوو دەقەکە، (پاشا دەمرێت) و( مەرگی ئیڤان ئێلیچ) بەدواداچوون بۆ مانای ژیان دەکەن، لە بارەی ئەوەی چی گرنگە کاتێک مردن نزیک دەبێتەوە. تۆڵستۆی سەرنجی لەسەر ئەخلاق و ویژدان و مرۆڤایەتییە. ئیۆنێسکۆ زیاتر سەرنجی لەسەر دڵەڕاوکێی بوونگەرایی و بێدەسەڵاتی مرۆڤ لە بەرامبەر مردندایە
هەردووکیان پێمان دەڵێن، کە چۆن کەسانی دەوروبەری کەسە مردووەکە بە شێوازی جیاواز کاردانەوەیان دەبێت. لە لای تۆڵستۆی ڕەهەندێکی ڕوونی ئایینی و ئەخلاقی هەیە، لە ئیۆنێسکۆدا پەیامەکە زیاتر فەلسەفییە و بۆ لێکدانەوە و شیکاری کراوەیە.

ڕوانگەی مردن:
لە دەقی (مردنی ئیڤان ئیلیچ)دا، مردن دەبێتە دەرفەتێک بۆ گەشەسەندنی کەسایەتی و ڕۆحی. ئیڤان تێدەگات کە بۆ پێگە و سەرکەوتنی دەرەکی ژیاوە و بە قبوڵکردنی ڕاستییەکانی ژیانی خۆی جۆرێک لە ئارامی ناوەوە دەدۆزێتەوە. گەیشتن بەم بڕیارە ڕەهایە ئازادی دەهێنێت بۆ مەرگ.
لە دەقی (پاشا دەمرێت)دا مردن وەک بارودۆخێکی گشتگیر و حەتمی خراوەتەڕوو. پاشا بە نائومێدیەوە دژی چارەنووسی خۆی دەجەنگێت و شانۆنامەکە نیشانمان دەدات کە مرۆڤ چۆن هەوڵدەدات دەست بە دەسەڵات و ناسنامە و کۆنترۆڵەوە بگرێت هەرچەندە هەموو شتێک دەبێت کۆتایی بێت.

بەرەو پێشچوونی پاڵەوانەکان:
ئیڤان ئیلیچ لە ڕێگەی خۆپشکنین و تێڕامانێکی خۆوە گەشە دەکات و لە ڕووی ئەخلاقییەوە دەگۆڕێت و پێش مردنی زیاتر هاوسۆز و بەبەزەیی دەبێت.
شا بیرانژێر و وردە وردە واز لە ژیانی خۆی و دەسەڵات و کورسیەکەی دەهێنێت و گەشتەکەی کەمتر ئەخلاقییە و زیاتر بوونگەراییە ـ وجودییە، مەبەست ئەوەیە نابێت بە کەسێکی باشتر یان خراپترلە ڕووی ئەخلاقیەوە گۆڕانی بەسەردا نایەت، بەڵکو پەیوەندی بەوەوە هەیە کە چۆن ڕووبەڕووی مردنی خۆی دەبێتەوە. ڕەنگە گەورەترین ئەو پرسیارە بوونگەراییە بێت لە خۆمانی بکەین بڵێن ” من کێم کاتێک خاوەندارێتی هەموو شتێکم کردبێت، بەو سەروەت و موڵک و کورسیەوە دەناسرێم بەڵام نامێنێت” چۆن دەژیت لە کاتێکدا مردن حەتمییە، یاخود مردن مانای چییە؟
دوا ئەنجام
تۆڵستۆی دەیەوێت نیشان بدات کە ژیانێکی ڕەسەن و پڕ لە خۆشەویستی تەنانەت لە بەرامبەر مردنیشدا مانا دەبەخشێت. ئیۆنێسکۆ زیاتر جەخت لەوە دەکاتەوە کە مردن بەشێکە لە بارودۆخی مرۆڤ و کەس ناتوانێت لێی ڕزگاری بێت. بەڵام هەردوو بەرهەمەکە ئاماژە بەو ڕاستییە دەکەن کە قبوڵکردن گرنگترە لە ئینکاری.
لێکچوونی سەرەکی ئەوەیە کە هەردوو بەرهەمەکە پیاوێک وێنا دەکەن کە بە ناچاری ڕووبەڕووی مردنی خۆی دەبێتەوە، لە دواجاردا وردە وردە مەرگی خۆی قبوڵ دەکات. جیاوازی سەرەکی ئەوەیە کە تۆڵستۆی چیرۆکێکی واقیعی بە پەیامێکی ئەخلاقی ڕوون و تا ڕادەیەکیش ئایینی بەکاردەهێنێت، لە کاتێکدا ئیۆنێسکۆ شانۆی بێمانا بەکاردەهێنێت بۆ لێکۆڵینەوە لە پرسیارە بوونگەراییەکان سەبارەت بە ژیان و مردن و تەنیایی مرۆڤ
ئیۆنێسکۆ زیاتر ڕەشبینە، لە شانۆنامەی پاشا دەمرێت هیچ چارەسەرێکی فەلسەفی ڕوون نییە، شانۆنامەکە بە پلەی یەکەم ئەزموونی مردنی مرۆڤ نیشان دەدات، نەک ئەوەی کە ئەم ئەزموونە بە مەرج ببێتە هۆی ژیانێکی باشتر یان مانادارتر

………..
پەراوێز:
(١) نیرڤانا (بودایی)، ئازادبوون لە ئازار و لەدایکبوونەوە. نەک بەهەشت، بەڵکو حاڵەتێکە کە ئارەزوو و نەزانی تێیدا وەستاوە.
ــ بەهەشت (مەسیحیەت و ئیسلام)، هاوبەشیکردن لەگەڵ خودا دوای مردن.
ــ سامسارا (هیندۆسی و بودایی)، خولی لەدایکبوون و مردن و دووبارە لەدایکبوونەوە.
ــ هیچ، کە مردن کۆتاییە و هیچ هۆشیارییەک بەردەوام نییە.




گفتوگۆی ئارام حاجی لەگەڵ کاروان کاکەسوور لەبارەی ڕۆمانی دەوڵەتی سەربازە هەڵاتووەکانەوە

ئەم گفتۆگۆیەی لێرەدا بە نووسین بڵاو دەکرێتەوە، بەرهەمی گفتوگۆیەکی دەنگیی نێوان من و «کاروان عومەر کاکەسوور»ە لەبارەی ڕۆمانی «دەوڵەتی سەربازە هەڵاتووەکان«ەوە. دیارە زۆر لەوە زیاترە، بەڵام چڕمان کردووەتەوە و بەم شێوەیەی ئێستا دامانڕشتووەتەوە.
کاکەسوور دوور لە قەرەباڵغی خەریکی نووسینی ڕۆمان و بواری توێژینەوەیە. لەو نووسەرانە نییە میدیایان لە پشتە و بەرهەمەکانیان بەسەر خوێنەردا ساغ دەکرێنەوە. ڕۆمانەکانی بە تەکنیکی نوێ دەنووسێت و خاوەنی شێوازێکی تایبەتە بە خۆی. کۆمەڵێک بابەتی فکری و فەلسەفی جێگای بایەخی ئەون، بۆیە زمانەکەی لە ئاستی باودا نەماوە. ئەو نووسەری بەرهەمە ناڕاستەوخۆکانە. لە ڕۆمانەکانیدا بۆچوونی خوێنەر و دەق یەک ناگرنەوە، بەڵکوو ململانێ دەبێتە توخمێکی دیار. ململانێی تێگەیشتن و بۆچوونەکان، هیی ڕاڤە و ئاڕاستەکان شوێنی وەرگرتن و پەسەندکردن دەگرنەوە. ئەگەر ڕۆمانەکانی پڕن لە گرێ، ئەوە بۆ کردنەوەیان تەنیا یەک ڕێگە نییە، بەڵکوو چەندان ڕێگە خۆیان دەردەخەن. یەک چیرۆک بەشێوەی ڕوون ناخرێتە بەردەستی خوێنەر، بەڵکوو ئاماژە و سەرەداو هەن کە دەکرێت هەر خوێنەرێک بە ڕێگەی خۆی مامەڵەیان لەگەڵدا بکات. هەمیشە لەبەردەم سەرەداوی زیاتر لە چیرۆکێکیت.
کارەکتەرەکانی کاکەسوور ئەوانە نین لای خەڵک ناسراون، ئەوانەیش نین پێگەی بەرزی کۆمەڵایەتییان هەیە، بەڵکوو کەسانی ناباو، بێزراو و پەراوێزخراون. ئەوانەن جووڵە دەخەنە کردەی گێڕانەوەوە و دەتوانن ئەنجامە چاوەڕوانکراوەکان بگۆڕن. هەموو ئەمانەیش لە ڕێگەی زمانێکی چالاکەوە جێبەجێ دەکرێن. ڕیتمی زمان خێرایە و ڕستەکان کورتن، کە لە ڕێی ئەو وشە و دەنگانەی هەڵیاندەبژێرێت هێز بەو ڕێتمە دەدات. خوێندنەوەی بەرهەمی کاکەسوور پێویستی بە پشووی درێژ، ڕامان و قووڵبوونەوەیە. بەشێک لە خوێنەرانیش دەڵێن ناتوانین بڵێین ڕۆمانەکانی بەگشتی باسی چی دەکەن. ئەوە ڕاستە، چونکە ئەو لە گشتەوە بۆ تایبەت دەپەڕێتەوە. خۆی لەو شتانە دەپارێزێت کە خوێنەر خۆی دەیانزانێت؛ تیشک دەخاتە سەر لایەنی شاراوەی ئەو شتانە. ئەرکی کۆکردنەوەی پارچە بڵاوەکان دەخاتە سەر شانی خوێنەر. ئایا ڕۆمانەکانی بۆ خوێندنەوە و تێگەیشتن سەختن؟ بەڵێ. بەڵام ئایا خوێنەر ئەگەر خۆی لەگەڵیاندا ماندوو بکات، ناتوانێت ئەو سەرەداوانە بدۆزێتەوە و چیرۆکەکان بگەیەنێتەوە یەک؟ دەتوانێت و چێژیشیان لێ دەبینێت. من لێرەدا باس لە ئەزموونی خۆم دەکەم کە لە خوێندنەوەی بەرهەمەکانیدا ئەو چیژەم بینیوە. گەیشتمە ئەو باوەڕەی، کارکردن لەسەر ڕۆمانی «کاکەسوور» بۆ لێکۆڵینەوەی ئەکادیمییش ئاسان بە دەست نایەت. خوێنەر بە ڕوونی دەرک بەو تیۆرییانە دەکات کە لە بەرهەمەکانیدا کاریان پێ کراوە.
ڕۆمانی دەوڵەتی سەربازە هەڵاتووەکانیش وەک ئەوانەی تر خوێندنەوە و تێگەیشتی سەختە، بەڵام ناکرێت دەقێکی لەم شێوەیە بە ئاسانی بنووسرێت، هەتا خوێنەریش بە ئاسانی وەریبگرێت. لە دوای خوێندنەوەی هەر چەند لاپەڕەیەک کۆمەڵێک پرسیارم دەهاتنە بەردەم و ڕاستەوخۆ لە کاکەسوورم دەکردن. ئەویش وەڵامی دەدامەوە. گفتوگۆکە بەو شێوەیە دەستی پێ کرد و ئەمەی لێ بەرهەم هات.
ئارام حاجی

ئارام حاجی:
ناونیشانی ڕۆمانەکە، دەوڵەتی سەربازە هەڵاتووەکان، دژایەتییەک دەردەخات. دەکرێت بڵێین پارادۆکسێکی سیمۆنتیکایی نیشاندەدات. سەرباز کاتێ پێی دەگوترێت هەڵاتوو کە لە دەوڵەت ڕا دەکات، بەڵام لێرەدا سەربازە هەڵاتووەکان دەوڵەتێک دادەمەزرێنن. بەوەیشەوە ناوەستن، هەموو ئەوانە سزا دەدەن کە ملکەچی یاساکانی ئەم دەوڵەتە نابن. وەک دەبینین ئەم ناونیشانە پارادۆکسێک دەخاتەڕوو و زانیارییەکیش دەگەیەنێت، کە ئەو زانیارییە لە هیی تێگەیشتنی گشتی جیاوازە. ئاماژەی ئەوەیش بە خوێنەر دەدات سیاسەت بابەتێکی ڕۆمانەکەیە. دیارە ململانێ توخمە زەقەکەی سیاسەتە. چۆن ناونیشان بەگشتی و هیی ئەم ڕۆمانە بەتایبەتی دەتوانێت ببێتە چاوگێک بۆ بەرهەمهێنانی واتا؟ چۆن بەو توخمانەی سنووری نێوان خۆی و تەواوی دەقەکە دەسڕێتەوە، هەتا لەوە دەربچێت بڵێین تەنیا دەروازەیەکە بۆ چوونەناوەوەی دەق، بەڵکوو وەک کردارێکی سیمۆنتیکاییش لە بزواندنی ئەو توخمانەدا بەشدارە؟

کاروان کاکەسوور:
نەک تەنیا ناونیشان، بەڵکوو تێکڕای توخمەکانی تری وەک کارەکتەر، ڕووداو، گرێچن، پێگەی ڤەبێژەر (نارەتەر)، کات، شوێن و ئەوانەی تریش لە ڕۆمانی فرەدەنگدا، کە ڕۆمانی پۆستمۆدێرنە، گۆڕانیان بەسەردا هاتووە، بەوەی ڕەهەندی ئەزموونگەری (experimental dimension) دەگرێتە خۆی، کە ڕووبەڕووی هەموو قاڵب و کڵێشەکان دەبێتەوە. ئەو توخمانەی دەیانخاتە ڕوو، بزۆکن و لە جووڵەی بەردەوامیاندا مانای نوێ بەرهەم دەهێنن، بە ڕادەیەک نەتوانیت لە چێوەیان بگریت و تەنیا لە مانایەکی دیاریکراودا قەتیسیان بکەیت، بەڵکوو گومان و پرسیار وا دەکەن لە هەر دۆخێکدا بە شێوەیەکی جیاواز لە هیی پێشوو لێکیان بدەیتەوە. هەموو ئەمانە لە زماندا ڕەنگ دەدەنەوە، بەوەی زمان مەڵبەندی بەریەککەوتنی توخمە جیاوازەکانە. لەبەر ئەوەیشە ڕۆمانی فرەدەنگ هەم فرەییی توخمەکان دەگرێتە خۆی و هەم ڕەهەندی ئاڵۆزییش. ئاڵۆزی بەرهەمی ئاوێتەبوونی توخمە جیاوازەکانە. دەکرێت بڵێم ئەوە تەنیا ڕۆماننووس نییە لە ڕێی کردەی پێکهێنانی دەقەوە ڕووبەڕووی پرسیارە بوونگەراکان دەبێتەوە، بەڵکوو خوێنەری نموونەییشە، کە دەست دەداتە گەمەی هەڵوەشاندنەوە و پێکهێنانەوە.
ناونیشان وەک ئاماژەیەکی زمانەوانی (linguistic sign) تەنیا ڕەهەندی تامەزرۆیی (suspense) و تەفرەدان لە خۆ ناگرێت، بەڵکوو ڕەهەندی چڕکردنەوە، هێنانەبەرچاو، پێشبینی، خستنەڕووی گریمانەکان، دژبەیەکیی نێوان شتەکان و هیی دیکەیش پێشان دەدات، کە ئەوانە تێگەیشتنێکی سەرەتایی لای خوێنەر پێک دەهێنن، تا لە ڕێیەوە بچێتە ناو ئەو دایەڵۆگەی لەگەڵ دەقەکە دایدەمەزرێنێت، کە بەوەدا شپرزەیی و ڕاڕایی خەسڵەتی دیاری دەقی فرەدەنگن، ئەوە ئەم تێگەیشتنە لە هەر بەریەککەوتنێکدا گۆڕانی بەسەردا دێت. لێرەدا هێزی ناونیشانی ناڕاستەوخۆ دەردەکەوێت و لە هیی ڕاستەوخۆ جودا دەبێتەوە، کە لە دووەمیاندا ڕۆماننووس خۆی دەکاتە چاوساغ و ڕێپێشاندەری خوێنەر، بەوەی هەر لە سەرەتاوە پێی گوتووە دەقەکە بە کوێ دەگات، یان لانی کەم لە ڕێی هەندێک ئاماژەی سادەی زەقەوە ئەوەی ڕاگەیاندووە ململانێی هێزی چاکە و خراپە دەگرێتە خۆی. بۆ نموونە دەکرێت ڕەنگی سپی، فریشتە، پەپوولە، لە بەرانبەریشدا ڕەنگی ڕەش، ئیبلیس، مار و هیی دیکە ئەوە دەربخەن ڕۆماننووس هەر لە سەرەتاوە لایەنگری لایەکە و دژی لایەکی ترە. ئەمەیش وەها دەخوازێت پرینسیپی (سەرەتا، ناوەڕاست و کۆتایی) لە بەرچاو بگیرێت. پێویستە تێکڕای شتەکان بەو ئامانجە بگەن، کە بە پێوەری کۆمەڵگە پەسەندە. مانای وایە خوێنەر دەیناسێت. زمان سادەیە و لە ڕێی گوتەی ڕەونەقدارەوە خۆی دەردەبڕێت، بەڵام ناونیشانی ناڕاستەوخۆ وەک گوترا هەڵگری خەسڵەتی ڕاڕایی و شپرزەیییە، ئاڵۆزە و شیفرە لە خۆی دەگرێت، کە دەکرێت هەر خوێنەرێک بە شێوازی خۆی هەوڵی کردنەوەی شیفرەکان بدات و مانای جیاواز نەک لە هیی خوێنەرێکی دیکە پێک بهێنێت، بەڵکوو ئەو مانایە لەوەیش جیاواز بێت، کە لای ڕۆماننووس هەیە.
ناونیشان لە ڕۆمانی نوێدا بایەخی زۆری پێ دەدرێت، کە (جیرار جینێت) بە تێکستی هاوتەریب (Parallel texts) ناوی دەبات، بەو مانایەی ئەو کەناڵەیە دەرەوە و ناوەوە پێک دەگەیەنێت، کە نەک تەنیا ئەرکی گەیاندن و ناساندنی دەق، بەڵکوو هیی پێدانی کۆمەڵێک ئاماژەیش دەگرێتە ئەستۆ. لە پۆلی شەشەمی ئامادەییدا مامۆستا (بەندەر عەلی مەندەلاوی) ئەدەبی عەرەبیی پێ دەگوتین. لە کۆتاییی کتێبەکەدا بەشێک بۆ هونەری چیرۆک تەرخان کرابوو. بەوەدا ئەو مامۆستایە خۆی نووسەر بوو، ئەوە زۆر بایەخی پێ دەدا. دەیویست زیاتر لەوەمان پێ بڵێت، کە لە کتێبەکەدا هەیە. من خۆیشم تازە دەستم دابووە نووسینی چیرۆک. لەبارەی ناونیشانەوە گوتم لە تارای بووک دەچێت، کە وا دەردەکەوێت ڕووی داپۆشیوە، بەڵام نەک هەر نەیشاردووەتەوە، بەڵکوو جوانتریش دەریخستووە.
هەوڵم داوە لەم ڕۆمانەدا ڕووبەڕووی چەند بابەتێک ببمەوە، کە تەنیا بەشێکیان دیارە و دەبینرێت، دەنا بەشەکەی تریان نادیارە، بەو مانایەی واقیعێک هەیە و شتەکانی خۆی خستوونەتە ڕوو، بەڵام هونەری ڕۆمانی فرەنگ ئەوە دەخوازێت لە بەرانبەر ئەو دیارەدا، نادیار پێشان بدرێت، کە ئەم نادیارە دژی دیارەکە نییە، بەڵکوو سنووری نێوانیان هەڵدەگیڕێت و ئەمیان هێز بەویان دەدات، بگرە نادیار وا دەکات دیار چالاک ببێت، بەو مانایەی بکەوێتە جووڵە و مانای تری لێ بەرهەم بێت. بە مانایەکی دی، واقیع و خەیاڵ وەک دوو ڕووبەری جیاوازی دژبەیەک دەرناکەون، بەڵکوو ئەو توخمە بزۆکانە هەردووکیان دەکەنە یەک. واقیعەکە ئەوەی پێ گوتووین، کە دەوڵەتێک هەیە و موجاهیدەکان پێکیان هێناوە. ئێمە داعشمان دیوە و ئاگامان لە وردەکارییەکانیەتی، بەڵام لێرەدا چەمکی دەوڵەت دەخزێت و گۆڕانی بەسەردا دێت. واتە لە هیی موجاهیدەکانەوە دەبێتە هیی سەربازە هەڵاتووەکان. بە مانایەکی دی، ئەگەر ئێمە مێژوویەکی زانراومان هەیە و داعش دروستی کردووە، ئەوە پێویستمان بە دروستکردنی مێژوویەکی تری نەزانراو هەیە، کە دەبێت سەربازە هەڵاتووەکان ببنە بکەری. پارادۆکسێکی تر ئەوەیە چەپەکان دەیانەوێت دەوڵەتێک لەسەر شێوازی موجاهیدەکان پێک بهێنن، بە مەرجێ ئەوان وا ناسراون دژی دەوڵەتن و بە ئامرازی سەرکوتکردنی دادەنێن. ئەمە بواری خەیاڵە و تێیدا فانتازیا ڕۆڵ دەبینێت. لێرەوە سەرنجت بۆ ڕەهەندی چڕکردنەوە، هێنانەبەرچاو، پێشبینی، خستنەڕووی گریمانەکان، دژبەیەکیی نێوان شتەکان ڕادەکێشم، کە پێشتر گوتم لە ناونیشاندا هەن. زەوینەی ئەوە ڕەخساوە، تا بە درێژاییی دەقەکە خوێنەر لە ڕێی تەکنیکەکانی گێڕانەوەوە بگاتە ئەوەی لە کوێدا پێشبینی و چاوەڕوانییەکانی کورتیان هێناون، کە لە ڕۆمانی فرەدەنگدا توخمی ناکاوی (Sudden) بایەخی گەورەی پێ دەدرێت. ئەو فیلۆسۆف و بیرمەندانەی ڕەخنەیان لە چەمکی حەتمیەتی مێژوویی گرتووە، کە لە بەشێکی بەرهەمەکانی پێشوومدا نووسینی هەندێکیانم بە سەر کردووەتەوە و بۆچوونیانم هێناوەتەوە، هێزی گەورەیان بەم شێوازە داوە، بەوەی پێیان وایە مێژوو بریتی نییە لە هێڵی ڕاست، تا بەپێی قۆناغەکان بچێتە پێشێ، بەڵکوو پڕە لە وەستان، پێچکردنەوە، لادان، نووشتانەوە، گەڕانەوە و هیی دیکە. چەمکی کاتیش گۆڕانێکی زۆری بەسەردا هاتووە و لەوە دەرچووە بەپێی سیستەمێکی ڕێک ببزوێت، بەڵکوو کۆمەڵێک ئاڕاستەی پێچەوانە دەگرێت. هەر ئەمە وای کردووە ناونیشان بە ئاسانی خۆی بە دەستەوە نەدات و لە یەک مانادا کورت نەکرێتەوە، بەوەدا ئەو ناونیشانە ڕاستەوخۆ و زەق نییە، ئەوە توانای توانەوەی هەیە و دەکرێت تێکەڵی سەرتاپێی دەقەکە ببێت. لە خۆم ڕادەبینم بڵێم چەمکی دەوڵەت تەنیا لەم سنوورەدا نامێنێتەوە، بەڵکوو بە کۆمەڵێک چەمکی دیکەوە پێوەست دەبێت، کە یەکێکیان شۆڕش و ئەوەی دیکەیان یاخیبوونە. لێرەیشەوە چەمکی سەردار و کۆیلە دێتە گۆڕەپان (سپەیس)ی دەقەکەوە، کە لە کارەکتەری وەک (مەیسوون چەلەنگ)، (ماریلۆک) و ئەوانەی ترەوە بەرجەستە دەبن، تا ڕوانینی جیاواز لەو بارەیەوە بخرێتە ڕوو. بە هەمان شێوە سەرباز و سەربازی هەڵاتوو دووچەمکی دیکەن، کە لێرە و لەوێدا دێنە پێشێ و دۆخیان دەگۆڕێت. هەموو ئەم چەمکانە لە شوێن و کاتی جیاوازدا دەردەکەون، تا بەردەوام مانای نوێ بە خۆیانەوە بگرن. وەک دەبینیت دەقەکە بە قووڵاییی مێژوودا ڕۆ دەچێت و لە ڕێی تەکنیکەکانی گێڕانەوەوە چەند نەوەیەک دەهێنێتە سەر شانۆ.

ئارام حاجی:
بەڵێ، لەم ڕۆمانەیشدا وەک بەشێکی زۆری ئەوانەی ترت تاکهێڵ ون دەبێت و ڕووداوەکان بە یەک ئاڕاستەدا ناچنە پێشەوە. شێوازی گێڕانەوە فرەجەمسەرە و ئەو جەمسەرانە بە ناو یەکدا دەچن. دەقەکە بە دوو کارەکتەر دەست پێ دەکات. پزیشک زێوێ بە ڕێشاری کوڕی دەڵێت پێویستە ئەم شارە بە جێ بهێڵێت. لێرەیشدا ئەو پارادۆکسە دێتە پێشەوە و ڕووبەڕووی تێگەیشتنی باو دەبێتەوە. وا زانراوە دایک دەست بە ڕۆڵەیەوە دەگرێت و نایەوێت لێی دوور بکەوێتەوە، بەڵام لێرەدا ئەو دایکە دەیەوێت کوڕەکەی خۆی و شارەکەیش بە جێ بهێڵێت، بێ ئەوەی ئەو شوێنە دیاری بکات کە پێویستە بۆی بچێت. ئەم گوتەیەی پزیشک زێوێ ئاماژەیە بە هەبوونی کێشەی دەروونی و کۆمەڵایەتی، بەو واتایەی کێشەکە جارێک لەگەڵ خۆیدایە و جارێک لەگەڵ ئەوانەی تردا. دەمانخاتە بەردەم پێوەندیی مرۆڤ بە ژینگەکەیەوە. بەر لەوەی بچینە ناو دەقەکەوە، ئاماژەی ئەوە دراوە ئەم ژینگەیە کەوتووەتە بەر مەترسی، بەڵام مەترسییەکان جارێ دیار نین. تەنیا لە ئاستی ئاماژەدا هەن. پرسیاری ئەوەی بۆچی دایک سورە لەسەر ئەوەی کوڕەکەی بڕوات و بە جێی بهێڵێت تەنیا یەخەی ڕێشار ناگرێت، بەڵکوو دەپەڕێتەوە و دەبێتە هیی زۆر خەڵکی شاریش. دەیانکاتە دوو بەشەوە. بەشێک پێشبینی دەکەن سەر هەڵبگرێت و بەشێکیان بەپێچەوانەوە. جادووگەرەکانیش وەک هەمیشە دێنە پێشەوە. ئەوانیش دەبنە دوو بەش. دیارە ئەمە دەبێتە پێشبینیی خوێنەریش. لەبارەی دەستپێکی ڕۆمانەوە بۆچوونی جۆراوجۆر هەن کە جەخت لەسەر کاریگەرییەکەی دەکەنەوە. تۆ خۆت لەو بارەیەوە چی دەڵێیت؟ ئەو دەستپێکە تا چەند کۆمەکی کردەی گێڕانەوە دەکات، تا پێشبینییەکان تێک بشکێنێت و ڕێگایەکی پێچەوانەی هەردوو لا بگرێت؟

کاروان کاکەسوور:
پێم وایە دەستپێک لە ڕۆمانی فرەدەنگدا یەکێکە لە کێشە سەختەکان و هەر لە سەرەتاوە یەخەی ڕۆماننووس دەگرێت. ڕۆمانی فرەدەنگ وەک هیی باو نییە، تا لە یەک ئاڕاستەی ڕوون پێک هاتبێت، بەڵکوو بریتییە لە کۆمەڵێک ئاڕاستەی جیاوازی نادیار. چۆن ئەو دەستپێکە سنووردار نەکرێت و نەبێتە هیی یەک ئاڕاستە؟ من لێرەدا پێ لەسەر چەمکی دایەڵۆگ دادەگرم، کە ئەم چەمکە زۆر لەوە فرەوانترە وا لە تێگەیشتنی باودا هەیە و لە نووسینی میلـلیدا ڕەنگی داوەتەوە، بەڵکوو بریتییە لە هەبوونی ئەو دەنگەی بانگەوازی دەنگەکانی تری دەرەوەی خۆی دەکات، کە ئەمە گۆڕینی دۆخێکی داخراوە بۆ دۆخێکی کراوە. ئەم دەنگە توانای هەیە گوتارە جیاوازەکان بەر یەک دابدات و هیی نوێیان لێ پێک بهێنێت. لێرەوە جۆری پێوەندییەکەی نێوان خوێنەر و دەق دیاری دەکرێت، بەو مانایەی کاتێ ئەو دەستپێکە دایەڵۆگئامێزە و ڕووی لە کرانەوەیییە، ئەوە خوێنەر بەرەو نەزانراو ئاڕاستە دەکات و دەیخاتە بەردەم لێکدانەوەی دراوەکان و پێکهێنانی تێگەیشتنی جیاوازی خۆی.
بەگشتی لە ڕۆمانی مندا، کە پرینسیپی (سەرەتا، ناوەڕاست و کۆتایی) تێک شکاوە و کات بازنەیییە، ئەوە وەک چۆن کۆتایییەکی دیاریکراو نییە، بەڵکوو دەشێت کۆمەڵێک کۆتایی هەبن، بە هەمان شێوە ناکرێت یەک سەرەتای بۆ دابنێیت. بەم شێوەیە خودی دەستپێک دەبێتە کێشە و پێویستی بەوە هەیە لێک بدرێتەوە. (جیرار جینێت) لە کتێبی (گوتاری حیکایەت… توێژینەوەیەک لەبارەی مێتۆدەوە)دا کاتێ لە ڕۆمانی (گەڕان بە دوای کاتی گومبوو)ی (مارسێل پرۆست) دەکۆڵێتەوە، ئاماژە بەو کێشەیە دەکات و لانی کەم حەوت سەرەتای بۆ دادەنێت. ئەمە خەسڵەتی ڕۆمانی نوێیە و لە هیی باوی جودا دەکاتەوە، کە بە گشتی هەم سەرەتای زەقە و هەم کۆتاییشی.
هەڵبژاردنی ئەم دەستپێکە دەشێت بەشێکی پێوەندیی بە نائاگایییەوە هەبێت، بەوەی ئەدەب پشت بە خەیاڵ دەبەستێت و خەیاڵیش سنووری نییە، تا لێکدانەوەی تەواوی بۆ بکەیت، بەڵام لە ڕێکخستنەوەی خەیاڵدا ئاگایی ڕۆڵ دەبینێت، کە ڕۆماننووسی ئەزموونگەر بەپێی تێگەیشتنی ئێستای دایدەڕێژێتەوە. چ وشەیەک بە کار بهێنێت، چۆن لەگەڵ بیرۆکەی تردا ئاوێتەی بکات، بە چ شێوازێک بیگەیەنێت و هیی دیکە. لەبارەی ئەو بەشەی پرسیارەکەتەوە، ئایا دەستپێک چەند هێز بە کردەی گێڕانەوە دەدات، تا پێشبینییەکان تێک بشکێنێت و ڕێیەکی پێچەوانەی هەردوو لا بگرێت، ئەوە وەک پێشتر گوترا ناکاوی خەسڵەتی دیاری ڕۆمانی فرەدەنگە، بەو مانایەی هەبوونی فرەییی توخمەکان وا دەکات بۆ هەر بابەتێک ڕوانینی جیاواز بخرێتە ڕوو. کارەکتەر، ڕووداو، کات، شوێن و هیی دیکەی جیاواز هەن. ئەوەی لای کارەکتەرێک پەسەندە، لای یەکێکی دیکە پێچەوانەیە. ئەوەی لە سەردەمێکدا بایەخی هەیە، لە سەردەمێکی دیکەدا پووچ دەبێتەوە. ئەو بەهایانەی لە شوێنێکدا بەرز سەرنج دەدرێن، ئەوە لە شوێنێکی تردا وا نین. بەم شێوەیە شتەکە لەوە دەردەچێت تەنیا پێوەندیی بە دوو لایەنەوە هەبێت، بەڵکوو کۆمەڵێک لایەنی تریش لەو ناوەڕاستەدا دەردەکەون. گەشەکردنی ڕووداوەکانیش پێوەندییان بە دەرکەوتنی ئەو دەنگە جیاوازانەوە هەیە. بۆ نموونە لەبارەی چەمکی شۆڕشەوە ڕوانینی جۆراوجۆر دەخرێنە ڕوو. ئایا (کەیدارا چەلەنگ) وەک (ئازاد شکۆمیرسی) و (ئاری سوارچاک)ـە؟ ئایا (پاڵەوان پاڵاو)یش لە هەرسێکیان جیاواز نییە؟ ناکرێت بڵێین ئاڕاستەی (مەیسوون چەلەنگ) پێچەوانەی ئاڕاستەی هەمووانە؟ لێرەدا پێویستە بگوترێت، کە پێشبینییەکان نە بە دی دێن و بە تەواوییش کورت دەهێنن، بەو مانایەی شێوازی فرەدەنگی ڕێ نادات شتەکان بە ڕەهایی دەربکەون و بە خاڵێکی دیاریکراو بگەن، مادام بێژمار ئاڕاستەی تر هەن. ئایا ئەو ئەنجامەی (ڕێشار) پێی دەگات، مانەوەیە لە شار، یان دەرچوونە لێی؟ ئایا ناکرێت بڵێین هەردووکیان و زیاتریش لە خۆ دەگرێت؟ شتەکان لە دنیای پۆستمۆدێرندا بێگەرد نین، بەڵکوو فرەڕەنگ، فرەڕەگ، فرەشێوە، فرەڕەهەند و فرەئاڕاستەن. ئەو تیۆریستانەی لەبارەی تیۆریی خوێنەرەوە نوسوویانە، کە (ئایزەر) یەکێکیانە، پێ لەسەر ئەو کاریگەرییە دادەگرن، کە لە خوێندنەوەی دەقەوە بەرهەم دێت، نەوەک بەدیهاتنی پێشبینییەکانی خوێنەر، بگرە پێویستە دەق نائومێدی بۆ ئەو وەرگرە بهێنێت. ئەوەی پێ نەڵێت، کە دەیزانێت و چاوەڕێیەتی لە دەقدا پێی بگاتەوە، بەڵکوو پێویستە بیخاتە بەردەم ئەنجامی چاوەڕواننەکراوەوە، تا هەم باوەڕەکەی تێک بشكێت و هەم بچێتە ئاستی ڕاڤەیشەوە. ڕۆمانی فرەدەنگ نەک تەنیا کردەی تێکشکاندنی باوەڕەکانی ڕۆماننووسە، بەڵکوو هیی خوێنەریشە. ئایا من خۆم وەک نووسەری دەقەکە دەمزانی ئاڕاستەی ڕووداوەکان بە کوێ دەگەن؟ نەخێر، بەڵکوو ڕووم لەو نەزانراوە بوو و لە ئەنجامی ململانێی چیرۆکە جیاوازەکانەوە بەردەوام ئەو باوەڕەم گۆڕانی بەسەردا دەهات، بگرە گەلێجار پێشبیننەکانم کورتیان دەهێنا. لەم ڕۆمانەیشدا هەوڵم داوە ئەنجام بە لاوە بنێم و شتەکان بە کراوەیی بهێڵمەوە، کە ئەوانە لای خۆیشم کۆتایییان دیار نییە.
ئارام حاجی:
خوێنەر کاتێک پێرستی ڕۆمانەکە دەخوێنێتەوە، چوار وشە، یان دوو جووت وشە سەرنجی ڕادەکێشن کە زۆر پاتە دەبنەوە: ئاسایی و نائاسایی، نموونەیی و نانموونەیی. بۆ نموونە بەرەو شارێکی نموونەیی، گەڕانەوە بۆ شارێکی نانموونەیی، ماڵێکی نائاسایی لە شارێکی نانموونەییدا، بووک و زاوایەکی نائاسایی لە شەوێکی ئاساییدا و هیی تریش. هەر لە دەروازەی ڕۆمانەکەدا گوتەیەک لەبارەی ئەو چوار چەمکەوە هەیە. شتەکانی ڕۆمانەکە لەنێوان ئاسایی و نائاسایی، نموونەیی و نانموونەییدان، بەڵام ئاسایی چییە و نائاسایی کامەیە؟ کێ نموونەیی و کێ نانموونەیییە؟ بۆ نموونە یاوەر و پاوەر هەر برا نین، جمکیشن، بەڵام نازانین کامیان ئاساییە و کامیان نائاسایی، کامیان نموونەیی و کامیان نانموونەییە. لە ڕێگای هاوڕێیەکی باوکیانەوە دەزانین ئەوەی بە یاوەر ناسراوە و لە شاردا ماوەتەوە، پاوەرە، بە مەرجێ ئەو برایە خۆیشی تازە ڕووبەڕووی ئەم ڕاستییە دەبێتەوە. دوو کەسێتیی زۆر جیاوازن و لە دوو ماڵی جیاوازیشدا گەورە کراون. ئەوەی لە شاردا ماوەتەوە و دووکانی خەڵووزی هەیە، بە ڕواڵەت مرۆڤێکی نەریتییە و ترسی لەوەیە تێکەڵی خەڵک ببێت، بەڵام لەناوەوە خاوەنی ڕوانینێکی پێچەوانەیە. فەلسەفەیەکی تایبەتی بۆ ژیان داڕشتووە. پێی وایە مرۆڤ بۆ ئەوە شۆڕش هەڵدەگیرسێنێت، تاج بە دەست بهێنێت، بەڵام ڕاستییەکەی ئامانجی لستنەوەی پێڵاوە. ئەگەر ناتوانێت ئەوە بە ئاشکرا دەرببڕێت، مانای ئەوە نییە دەستی لێ هەڵگرتووە. تەنیا پێڵاوی مرۆڤ دەبینێت، تەنانەت چاو دەبڕێتە پێڵاوەکانی پووری و هەست بە ئازاری ویژدان دەکات، وەک بڵێی پێڵاو خودی کەسەکە بێت. ئەوی زاوا ناچێتە لای پرچسیای بووک، تا ناو شەرواڵی پڕ خەڵووز نەکات. شەوێک بەڕێ دەکەن کە خاڵی نییە لە کۆمیدیا. ناکرێت ئەم کارەکتەرە بخەینە ژێر چەتری یەکێ لەو چوار ناونیشانەوە. ئەمە لە کارەکتەرەکانی تریشدا ڕەنگی داوەتەوە. بۆ نموونە پارێزا کە دواتر دەبێتە ڕۆماننووس و ژیاننامەی خۆی دەنووسێتەوە، سەختە بزانرێت کام لەو چوار خەسڵەتەی هەیە. خوێنەرەکانیشی لەوە ناگەن. ئەو بەشەی ڕۆمانەکەتت لەژێر ناونیشانی ژیانێکی نانموونەیی و ژیاننامەیەکی نائاساییدا نووسیوە. ئایا ئەم ناجێگیرییە بەر لەوەی هیی ڕۆمانەکە بێت، هیی واقیعەکەیە، یان ئەدەب بەگشتی و ڕۆمان بەتایبەتی زیادەڕۆیی لە پیشاندانەوەی دیاردەکانی واقیعدا دەکات؟
کاروان کاکەسوور:
پێشتر گوتم واقیع و خەیاڵ دوو ڕووبەری جیاواز و دژبەیەک نین، بەڵکوو دەکرێت وەک یەک کایە بیانبینین، بەڵام ئەمە کاتێ ڕوو دەدات، کە دواڵیزمەکان تێدەپەڕێنین و بەو ئەنجامانەدا دەچینەوە وا تا ئێستا پێیان گەیشتووین. بە مانایەکی دی، کاتێ ئەم تێگەیشتنە جێ دەهێڵین، کە لەوەدا بەرجەستەیە شتەکان لە خودی خۆیاندا خراپ، یان چاکن و ئەوە دەخەینە بەرچاو، کە دەشێت لە هەر جووڵەیەکدا چیەتییان بگۆڕێت، ئەوسا پێناسەی دیکە بۆ هەر یەکێ لەو توخمانە دەکەینەوە، بێ ئەوەی بهێڵین ئەم پێناسەیە بە جێگیری بمێنێتەوە. لەمەوە دەگەینە ئاستی شاراوەی شتەکان و بە شێوازی جیاوازتر دەریاندەبڕینەوە، کە ڕۆمانی فرەدەنگ بەو تەکنیکانەی دایهێناون، توانای بەڕێوەبردنی ئەم کردەیەی هەیە، کردەی گواستنەوەی وێنەکان لە واقیعەوە بۆ خەیاڵ و لەوێوە بۆ نووسین. لێرەدا بە خوێندنەوەی خۆم سێ ئاست هەن و بە شێوەیەک لە شێوەکان لە یەکتر جیاوازن، بۆیە سەختە وێنەی نووسراو دەقاودەق وێنەی خەیاڵ بێت و هیی خەیاڵیش ڕێک هەمان ئەوەی واقیع نییە، بەڵکوو هیی نووسراو تێپەڕێنراوی دووانەکەی ترە. لەبەر ئەوەیشە ناجێگیرە و دەکرێت بە زۆر شێوە لێک بدرێتەوە.
هونەری پێداچوونەی ئەنجامە بەدەستهاتووەکان هەر بە تەواوی لە ڕۆمانی فرەدەنگدا بەرجەستەیە، بەوەی واقیع هەڵدەوەشێنێتەوە و بەپێی ڕوانینی کارەکتەرەکان دایدەڕێژێتەوە، کە هیی ئەمیان لە هیی ئەویان جیاوازە. بە مانایەکی دی، ئەو واقیعە نەک هەر بە ڕێی جۆراوجۆر تێک دەشکێنرێت، بەڵکوو بە شێوازی جیاوازجیاوازیش دادەڕێژرێتەوە، بە ڕادەیەک بە قەدەر ژمارەی کارەکتەرەکان واقیع دەردەکەوێت، کە هەموویان لە واقیعە زانراوەکە جیاوازن. زمان بەوەدا مێتافۆر و ڕەوانبێژی دەگرێتە خۆی، ئەوە شتەکانی واقیعی تێدا دەخزێن و بە شێوازی تر دەردەخرێنەوە، بۆیە ئیکزۆتیک، یان سەمەرەیی توخمێکی دیاری ئەم شێوازەی ڕۆمانە. لێرەدا سنوور لەنێوان ئاسایی و نائاسایی، نموونەیی و نانموونەییدا دەسرێتەوە. هیچ یەکێ لەو چەمکانە جێگیر نییە، بەڵکوو بەردەوام لە گۆڕاندایە، کە ئەمەیش وا دەکات لە ڕۆمانی فرەدەنگدا کۆتایی هەڵبگیرێت، یان وەک گوترا زیاتر لە کۆتایییەک هەبن.
تۆ (یاوەر) و (پاوەر) بە نموونە دەهێنیتەوە، کە سەختە بزانرێت کامیان نموونەیی و کامیان نانموونەیییە، وەک چۆن ناتوانین بگەینە ئەوەی، ئاخۆ کامیان ئاسایی و کامیان نائاسایییە. ئەگەر سەختە لەم ڕووەوە ئەنجامێکی ڕوون بە دەست بهێنینن، ئەوە مانای ئەوە نییە کۆمەڵێک چیرۆکی جیاوازی هەردووکیان نایەنە ناو گۆڕەپان (سپەیس)ی دەقەکەوە. خراپتێگەیشتن، یان لێکحاڵینەبوون (misunderstanding) یەکێکە لە خەسڵەتەکانی ئەم شێوازەی من، بەوەی ئاڕاستە جیاوازەکان یەکتر دەبڕن و جۆرێک لە پاشاگەردانی دێتە کایەوە، کە هونەری ڕۆمان بریتییە لە پاشاگەردانی. لە ڕۆمانی فرەدەنگدا چیرۆکە وردەکان جێگەی بایەخن و هەر ئەوانیشن کردەی گێڕانەوە بە زیندوویی ڕادەگرن، بگرە هێز دەدەنە ڕیتمی ئەو گێڕانەوەیە. پێشتریش گوتوومە هۆکار و ئەنجام لە دنیای پۆستمۆدێرندا بایەخیان نامێنێت. ئەوەی لە شاردا ماوەتەوە، (یاوەر)ـە، یان (پاوەر)، شتێک لەوە ناگۆڕێت، کە ئەو کارەکتەرە ژیانێکی جیاواز لە هیی ئەوانەی تر تاقی دەکاتەوە، کە نە لە هیی (هێزدار)ی باوکی دەچێت و نە لە هیی (فەرەیدوون)ی کوڕیشی، وەک چۆن تەواو لە هیی (پرچسیا)ی هاوسەر و (هێلانە)ی کچیشی جیاوازە. خۆت ئاماژەت پێ کرد ناوەوە و دەرەوەی (یاوەر) لە یەکتر جیاوازن. بەڵێ، جیاوازن، بەڵام دژی یەک نین، بەڵکوو هەردووکیان کەسێتییەکەی پێک دەهێنن. دیسان ئەوە دەخەمەوە بەرچاوە، کە شڵەژان، ڕاڕایی، نیگەرانی و دوودڵی خەسڵەتی ڕۆمانی فرەدەنگن، مادام گوتە و هەڵسوکەوتی هەر یەکەیان پێوەستە بە تۆڕێکی فرەوان و چڕی پێوەندییەوە. من خۆم هەمیشە هەوڵ دەدەم سنووری نێوان مەنەڵۆگ و دایەڵۆگ بسڕمەوە، بەو مانایەی گەردوونێک هەیە و هەموو ئەو دەنگانەی تێدا دەبیسترێن.

ئارام حاجی:
من وەک خوێنەرێک لە سەرەتای ئەم ڕۆمانەدا ڕووبەڕووی ڕیتم بوومەوە. کاتێکیش دەڵێم ڕیتم مەبەستم ئەو زمانەیە کە ئەو هەموو شتە جیاوازەی لێ بار کراون و بەو ڕێگە پێچاوپێچانەیەدا دەبات، بێ ئەوەی لە خاڵێکدا بوەستێت. ڕیتمی گێڕانەوە بە شێوازی جیاواز ڕۆ دەچێتە نێو کایە جیاوازەکانی مێژوو، کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی، کولتووری و زۆری ترەوە. کات و شوێنی جیاواز دەبڕێت. سەردەمەکان دەگەیەنێتەوە یەک. هێڵی ڕووداوەکان تۆڕێک پێک دەهێنن لە هیی جاڵجاڵۆکە دەچێت. ئەو ڕیتمە بەردەوام و بە شێوەی خێرا بابەت لە دوای بابەت دەخاتە ڕوو. ئەمانە وایان کردووە ئەگەر خوێنەر تەنیا سێ دێڕ بپەڕێنێت یان بۆ ماوەیەکی کورت خەیاڵی لای نەمێنێت، چیرۆکێکی لە دەست دەچێت و لە جووڵەی ڕووداوەکان دادەبڕێت، چونکە هەر چیرۆکێک پێوەندیی بەوانەی تریشەوە هەیە. وەک دەڵێن تێگەیشتن لە ڕۆمانی تۆ زەحمەتە کە من پێم وایە ئەم ڕیتمی گێڕانەوەیە پێویستی بە ڕیتمی تایبەتی خوێندنەوەیە. ئەم کردەیە زیاتر لە تەقینەوە دەچێت کە هێشتا شوێنەواری تەقینەوەیەک کاڵ نەبووەتەوە، دەنگی دانەیەکی تر دەبیستین. بۆ نموونە لەگەڵ گەیشتنی پڵنگەکەدا تەقینەوەیەکی گەورە هەم لە دەرەوە و هەم لەناوەوەی کارەکتەرەکاندا ڕوو دەدات. مێژووی خانەوادەکە دەچێتە دۆخێکی ترەوە. فەرەیدوون دوای ئەو هەموو ساڵە گەڕاوەتەوە زێدی خۆی و دیسان ون دەبێتەوە، بەڵام پزیشک زێوێ بە جێ دەمێنێت و ژیانی خۆی لەم شارەدا دەست پێ دەکات. سکیشی بە ڕێشارەوە هەیە. وەک بڵێی پڵنگەکە کە ناوی نامۆکۆی لێ دەنرێت، شوێنی فەرەیدوون بگرێتەوە. هەر بە ڕاستی ڕێشار بە کوڕی نامۆکۆ دادەنێن. ژیرکۆ هۆشکۆزادە ناوی کەرێکە و هەڵسوکەوتەکانیشی هیی مرۆڤن. دەکرێت لە ڕۆمانەکەدا زۆر نموونەی تر بهێنینەوە کە ئاماژە بەو تەقینەوانە دەکەن. ئایا ئەم شڵەژان و هەڵچوونە، ئەم هەڵبەزیون و دابەزینە بۆ ئەوە دەگەڕێنەوە کە هەم بابەتەکان ئاسایی نین و هەم کارەکتەرەکانیش؟ لەپشت ئەم هونەری ڕیتمەوە چ ئەزموونێکی تایبەتت هەیە؟

کاروان کاکەسوور:
لای من ڕیتم بایەخێکی زۆری هەیە، ئەگەر نەڵێم خەیاڵ، بیرکردنەوە، خوێندنەوە و نووسین ڕیتمن، تەنانەت ڕێ بە خۆم دەدەم بڵێم ڕۆمانی فرەدەنگ بریتییە لە ڕیتم. کاتێ دەستم دایە نووسینی چیرۆک، دوو کۆسپ، یان دوو پرسیارم هاتنە ڕێ. یەکەم، چۆن بنووسم؟ دووەم، چۆن کات بە کار بهێنم؟ پێشتر هەر بۆ خۆشی هەندێک شتم دەنووسی، بەڵام ناوی چیرۆکم لێ نەدەنان، بەڵکوو زیاتر لە شێوەی نوکتەدا دەرمدەبڕین. بۆ هاوڕێ و هاوپۆلەکانمم دەگێڕانەوە. هەر هێندە بڕیارم دا چیرۆک بنووسم، ئەو دوو پرسیارە ڕایانگرتم. خێرا تێگەیشتم چیرۆک وەک نوکتە نییە، تا ڕاستەوخۆ بیگێڕمەوە، بەڵکوو دەربڕینی ناڕاستەوخۆ و لەتکردنی کات دەخوازێت. کۆمەڵێک سەرچاوەم لەبارەی زمان و کاتەوە بە دەست هێنان. ئەگەر پێشتر هەم بە کوردی و هەم بە عەرەبی وەک خوێنەرێک ئەوانەم دەخوێندەوە، ئێستا دەمەوێت وەک چیرۆکنووسێک زیاتر لەو بارەیەوە بزانم.
لە سەرەتای حەفتاکانەوە چەند نووسەرێکی کورد لەوە بە ئاگا هاتنەوە، کە شێوازی گێڕانەوەی زنجیرەیی بە سەر چووە و دەبێت گۆڕانی تێدا بکەن. هونەری گێڕانەوە چووە ئاستێکی ترەوە و مێژووی چیرۆکمان پێی نایە قۆناغێکی نوێیەوە، تەنانەت هەندێک چیرۆکنووس دەستکاریی بەرهەمەکانی پێشووی خۆیان دەکرد و بە شێوازێکی کاریگەرتر دایاندەڕشتنەوە. لە دووی ناوەندیدا بووم، کاتێ (ڕستێک زەنگیانەی ئاوی)ی (حەمەفەریق حەسەن) دەرچوو، کە نەک شێوازی گێڕانەوەی، بەڵکوو ناونیشانەکەیشی ئاماژەیەکی ڕوونە و پێمان دەڵێت هونەری نووسین بایەخی پێ دەدرێت. زمانی گێڕانەوە چووەتە ئاستێکی باڵاتر. چیرۆکەکە پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە موور و زەنگیانەوە نییە، وەک ئەوەی لە کۆتاییی هەشتاکاندا نووسەرێکی سەر بە دەستگەی بەعس گاڵتەی پێ دەکرد، بەڵکوو ئاماژەیە بە دڵۆپەفرمێسکەکانی (نازەنینی حەمە گەرمیانی). لە دنیای ئەدەبدا، کە دنیای ئاماژەیە، شتەکان بەسەر گەورە و بچووک، بایەخدار و بێبایەخ دابەش نابن، بەڵکوو هونەری نووسین، کە خاوەنی لۆجیکێکی تاکانەیە، هەڵیاندەوەشێنێتەوە و بە شێوازی خۆی دایاندەڕێژێتەوە. لێرەدا شتە ورد و بەلاوەنراوەکان زیاتر دەبنە جێگەی سەرنجی هونەرمەند. ئایا نووسەری داهێنەر ناتوانێت لە ڕێی زەنگیانەوە داهێنانی گەورە بکات؟ ئەو چیرۆکنووسە لە ناوەڕاستی حەفتاکاندا بایەخی بە ئاماژەناسی داوە، بەڵام دیارە لە هەر سەردەمێکدا کەسانێک هەن ئاوا بڕواننە داهێنان، تا دنیای شمەک و هیی ئاماژەیان لێ تێکەڵ ببن. سەرەتا ئەو کۆمەڵەچیرۆکەم تەنیا وەک ئەوە دەخوێندەوە، کە بە زمانێکی جیاواز نووسراوە، دەنا لە تەکنیکەکانی نەدەگەیشتم، بەڵام دواتر پێیان ئاشنا بووم. بەشێکی ئەو چیرۆکانەی لە گۆڤاری نووسەری کورددا بڵاو کراونەتەوە، تا ئەمڕۆیش هێزی هونەریی خۆیان پاراستووە. (دووربین)، (جیهانێکی تایبەت) و (قاوغەشقارتە) هەژاندمیان. دەتوانم (ئەحلام مەنسوور)، (حسێن عارف)، (ڕەووف بێگەرد)، (عەبدولڵا سەراج)، (محەمەد موکری)، (شێرزاد حەسەن) و (سەڵاح عومەر) بە نموونە بهێنمەوە، کە بایەخیان بە هونەری گێڕانەوە داوە، بەڵام دواتر چەند هێزیان خستووەتە بەر ئەو ئەزموونەیان و تا چ ئەندازەیەک گۆڕانیان بەسەردا هێناوە، ئەوە قسەی تر هەڵدەگرێت.
پێچەوانەی ئەوانەی پێیان وایە خوێندنەوەی کتێبی تیۆری لە نووسینی ئەدەبیدا بایەخی نییە، من زۆر سوودم لە هەندێکیان بینی. ئایا بەرهەمەکانی (جیرار جینێت)، (تۆدۆرۆڤ) و (ئومبێرتۆ ئیکۆ) هەر لەبارەی ڕیتمەوە گرنگ نین و کۆمەکی ڕۆماننووس ناکەن، تا جیاواز بنووسێت؟
ئەوەی لەو سەرەتایەدا پێی گەیشتم، ئەوە بوو، کە ڕیتمی خێرا واتە بازدان بەسەر ئەو ڕووداوانەی بایەخێکی ئەوتۆیان نییە، لە کاتێکدا ڕیتمی خاو بریتییە لە هەڵوەستەکردن لەسەر ئەو بابەتانەی گرنگن و نووسەر دەیەوێت تیشکیان بخاتە سەر، بەڵام هەوڵم دا ئەم ئاستەیش تێبپەڕێنم و مانای دیکە هەر لە چەمکەکەدا بدۆزمەوە. گەیشتمە ئەوەی بڵێم ڕیتم بریتییە لە تێکڕای ئەو جووڵەیەی توخمە جیاوازەکان دەیخەنە دەقەکەوە، بەو مانایەی تا ژمارەی ئەو توخمانە زیاتر بێت و لە ئاستی زماندا جیاوازتر دەیانببڕم، ڕیتمەکە پتر هێز پەیدا دەکات و زیاتر بابەتەکان دەهەژێنێت. بە مانایەکی دی، ڕیتم هونەری ئاوێتەکردنی توخمە جیاوازەکانە، کە ئەمە تەنیا لە ڕێی جووڵەوە دێتە دی. ئەو جووڵەیە گۆڕان بەسەر شێوە و ئەرکی توخمەکاندا دەهێنێت. هێزی جووڵە پێوەستە بە شێوازی بەکارهێنانی زمان و گۆڕینی ڕێڕۆی کات لە ئاستی فیزیکییەوە بۆ ئاستی دەروونی، یان دەکرێت بڵێم لە دۆخی گشتییەوە بۆ دۆخی تایبەت. هەوڵم دا ئەم دوو خاڵە لە بەرچاو بگرم. خۆشبەختانە ئەو نووسەرانەی پێیان سەرسام بووم، تا ئەمڕۆیش لە بواری زماندا شارەزان و بە کوردییەکی پوخت دەنووسن. کاتێ دەمویست ڕستەیەک دابڕێژم، وشەی گونجاوم بە کار دەهێنا. چەند جارێک دەمخوێندەوە، ئاخۆ هیچ گرێیەک دروست ناکات. وشەیەکم بە یەکێکی دی دەگۆڕی، یان کار دەگەیشتە ئەوەی تەواوی ڕستەکە لا ببەم و دانەیەکی تری بخەمە شوێن. ئەگەر بۆ نموونە دوو وشەی (بەڵام) لە نزیک یەکەوە بن، ڕیتم دەشێوێنن. وشەی (کە) زووزوو یەخەم دەگرێت. پێویستە ڕێ لەم گرفتە بگرم، تەنانەت وشەی (چونکە) دەکەمە (چونکوو)، یان (چونکێ)، تا دەنگی (کە) لەوە زیاتر ڕیتم خاو نەکاتەوە. کاتێ ناو لە کارەکتەر دەنێم، خۆم لەوانە دەپارێزم، کە (سەر)، (بە) و (کە)یان تێدان، چونکێ هەرسێکیانمان زۆرن. پریپۆزیشنی وەک (لە)، (بە)، (پێ)، (لێ) زووزوو دەردەکەون. چاکترە ڕستەکانم وا دابڕێژم، زۆر ئەوانە لە خۆ نەگرن. ئینجا ئەزموونەکەم گەیشتە ئەوەی چیرۆک بە ڕابوردووی دوور نەگێڕمەوە، بەڵکوو پەنا ببەمە بەر ڕانەبوردوو، چونکێ (چووبوو)، (خواردبوو)، (نووستبوو) و هیی دیکە ڕیتم خاو دەکەنەوە، لە کاتێکدا لە دۆخی ڕانەبوردوودا ئەو (بوو)انە نامێنن. (دەچێت)، (دەخوات)، (دەنوێت) و… هتد.
ئەمە لە بواری زماندا، بەڵام لە بواری کاتیشدا ئەزموونێکی تایبەتم بە دەست هێنا و هەوڵم دەدا زیاتر پەرەی پێ بدەم. گوتارێکم لەژێر ناونیشانی (کات وەک پرسیارێکی شەڕانگێز لە ئەزموونی مندا)دا نووسیوە و تێیدا باسم لەوە کردووە چۆن ئەم تێگەیشتنە لە بەرهەمەکانمدا ڕەنگی داوەتەوە. ویستوومە مامەڵەیەکی جیاواز لەگەڵ چەمکی کاتدا بکەم، کە هەر لە سەرەتاوە تەکنیکی لەتلەتکردنم بە کار هێناوە. ئەوە بە فراگمەنتەیشن ناسراوە و لە ئەدەبی گێڕانەوەدا بایەخێکی بەرچاوی هەیە. (باشلار) لە کتێبی (دایەڵەکتیکی کات)دا وا دەڕوانێتە ڕیتمی کات، کە هەبوونی پێوەندییە لەنێوان دیاردەکاندا. پێ لەسەر ئیستاتیکای میوزیک و شیعریەت دادەگرێت، کە فرەیی بەرهەم دەهێنن.
لە ڕێی خوێندنەوەی تیۆریی گێڕانەوەوە چەمکی قرتاندن، یان بڕین (Elision)، دیمەن (Scene)، وەستان (Pause)، چڕکردنەوە، یان کورتکردنەوە (Summary)، فلاشباک، فلاشفۆوەرد و زۆری ترم ناسین، کە هەر یەکێ لەوانە یاریمەتیدەرە لەوەی چۆن نووسەری ئەدەبی گێڕانەوە کردەی گێڕانەوە بە شێوەی هونەری بباتە ڕێوە، بەڵام ئەوانە قاڵب و کڵێشە نین، بەڵکوو پێویستە هەر نووسەرێک بە ڕێی تایبەتی خۆی کاریان پێ بکات. بۆ نموونە سوودی زۆرم لە هونەری قرتاندن بینی، کە سێ جۆری هەن، ئاشکرا، نهێنی و گریمانی. من زیاتر پەنا بۆ دووەم و سێیەمیان دەبەم. هەوڵ دەدەم هەمیشە بۆشایییەکی گەورە بۆ خوێنەر جێ بهێڵم، تا خۆی شتەکان بهێنێتە بەرچاو و لێکیان بداتەوە. ئەو تێگەیشتنە کۆمەکی ڕۆماننووس دەکات چۆن بابەتە بەلاوەنراو و کارەکتەرە پەراوێزخراوەکان بخاتە ئاستی هونەرییەوە، تا مانای تریان تێدا بدۆزێتەوە. ڕیتم تەنیا هەڵچوون نییە، بەڵکوو داچوونیشە. وەک چۆن هاوار و قیژەیە، ئاوها بێدەنگی و هێمنییشە. (ئیکۆ) لە کتێبی (پیاسە بە دارستانی گێڕانەوە)دا بایەخ بە چەمکی (ئارامبوونەوە) دەدات لە کردەی گێڕانەوەدا، کە زەوینە بۆ خوێنەر خۆش دەکات، تا چاکتر ڕۆ بچێت و لە شڵەژانی ناپێویست ڕزگار ببێت. ئەگەر بڕیارە شتێکی گرنگ و کاریگەر ڕوو بدات، با بایەخ بە هونەری ئارامبوونەوە بدەین. لەگەڵ ئەو بۆچوونەی (ئیکۆ)دا هاوڕام. دەڵێم دەقی فرەدەنگ و فرەئاڕاستە بە ئەندازەی هەڵچوون ئارامییش دەگرێتە خۆی. من خۆم لە سەرەتای تەمەنی نووسینمەوە تا ئەمڕۆ بایەخ بە کۆمیدیا دەدەم. جاری وا هەیە لە گەرمەی تراجیدیادا پەنا بۆ توخمی گاڵتە دەبەم، کە لە ڕۆمانی فرەدەنگدا هەموو چەقەکان تێک دەشکێنرێن. هەر کاتێ لایەنی ڕژدی دەبێتە چەق و دەیەوێت دەقەکە دابپۆشێت، لە ڕێی گاڵتەوە گۆڕان بەسەر ئەو دۆخەدا دەهێنم. لێرەدا هونەری دایەڵۆگ دەردەکەوێت، کە پێشتر یەکێ لەو چەمکانەی ئاماژەمان پێ کرد، دیمەن بوو. کاتێ دەڵێین دیمەن، زیاتر مەبەستمان لە دایەڵۆگە، کە ڤەبێژەر (نارەتەر) بە لاوە دەنرێت و کارەکتەرەکان خۆیان چ لە ڕێی دایەڵۆگی دەرەکی و چ لە ڕێی مەنەڵۆگەوە خۆیان دەردەبڕن.
ڕۆماننووسی ئەزموونگەر سوود لە هەموو دۆخە جیاوازەکان دەبینێت و هەر لێرەیشدا شتە شاراوەکان دەدۆزێتەوە. ئەو شتانەی لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا زەقن و مانایان ئاشکرایە، لە نووسینی ڕۆمانی هونەریدا جێگەی بایەخ نین و خزمەتی ڕیتم ناکەن، بەڵکوو هونەری ڕۆمان ئەوە دەخوازێت لایەنی شاراوەی ئەو شتانە بدۆزێتەوە، کە ئەمەیشە گۆڕان بەسەر زماندا دەهێنێت، بەوەی نهێنییەکان دەردەبڕێت و ئەوانەیش لای خوێنەر ناسراو نین. هەر لێرەیشدا پێوەندیی نێوان نووسەر و خوێنەر دەگۆڕێت. بە مانایەکی دی، خوێنەر لەوە دەردەچێت پەیامێکی ڕوونی لەو نووسەرەوە پێ بگات، بەڵکوو بە ناچاری دەچێتە ئاستی ڕەخنەوە و دراوەکان لێک دەداتەوە. (ماریۆ بارگاس یۆسا) لە کتێبی (ددانپێدانانی ڕۆماننووسێکی لاو)دا دەڵێت ئەگەر پێت بڵێن ڕۆمانی (مێتامۆرفۆسیس)ی (کافکا) باس لەوە دەکات چۆن فەرمانبەرێک بۆ زیندەوەر دەگۆڕێت، ڕەنگە بە دەم باوێشکەوە بڵێیت ئینجا کاتی خۆم بە خوێندنەوەی ئەم شتە پووچە ناکوژم، بەڵام کاتێک دەیخوێنیتەوە، هونەری باڵای ئەو دەقەت بۆ دەردەکەوێت.
تۆ لە پرسیارەکەتدا ڕیتمی ڕۆمانەکە بۆ ئەوە دەگەڕێنیتەوە، کە نە بابەتەکان ئاسایین و نە کارەکتەرەکانیش. کارەکتەری پەراوێزخراو وەک ڕەخنەدۆزی ئایرلەندی (فرانک ئۆکۆنۆر) لە کتێبی (دەنگی تاک)، یان (دەنگی تەنیا)دا، کە لە سەرەتای شەستەکاندا نووسیویەتی، پێی وایە ئەوانە بزوێنەری چیرۆکی نوێن. هەوڵی داوە لە ئەدەبی گێڕانەوەدا بایەخ بۆ ئەو کارەکتەرە بەلاوەنراوانە بگەڕێنێتەوە. لەم ڕووەوە نموونە لە بەرهەمی (چیخۆڤ)، (تۆرگنێڤ)، (جۆیس)، (فۆکنەر)، (هەمینگوای) و هیی دیکە دەهێنێتەوە. دواتر ڕەخنەدۆز و توێژەران بە تایبەتی لەگەڵ بەهێزبوونی شەپۆلی پۆستمۆدێرندا زیاتر بایەخی ئەوانەیان لە بەرچاو گرت. لە بەرهەمەکانی پێشوومدا کەموزۆر لەوە دواوم، بەڵام هێندەی پێوەندیی بە ڕیتمەوە هەبێت، دەڵێم بەوەدا ئەو کارەکتەرانە سەر بە دامودەستگەی فەرمی نین و دەکەونە دەرەوەی سیستەمەکانەوە، ئەوە بە خەسڵەتی ڕاڕایی، دڵەڕاوکێ، نیگەرانی، شڵەژان و هیی دیکە دەناسرێنەوە، بۆیە ئەمانە جووڵە دەخەنە هەر ئاڕاستەیەک، کە پێوەستە بە سیستەمی دامودەستگە کۆمەڵایەتییەکانەوە. بوونی ئەوانە لە ئەدەبی گێڕانەوەدا وا دەکات گۆڕان بەسەر سیستەمی کات و شوێندا بێت، بەوەی لە دەرەوەی شوێنی ئاسایی و ناسراودان. ئینجا پێبەندی کاتی دەرەکی نین، بەڵکوو بەپێی کاتی ناوەوەیان دەجووڵێن. شڵەژان و نیگەرانی پێوەندییان بەو تێگەیشتنەوە هەیە، کە کارەکتەر لەگەڵ ئەو ئەنجامانە ڕێک ناکەوێت وا بە دەست هاتوون، بەڵکوو هەوڵ دەدات گومانیان تێ بخات و هەڵیانبوەشێنێتەوە.
من خۆم هەر لە سەرەتای تەمەنی نووسینمەوە بایەخم بەم جۆرەی کارەکتەر داوە، بۆیە گەلێجار تێگەیشتن لە دنیایان وەک لە پرسیارەکەتدا هاتووە سەختە. دیارە ئەو بەرهەمەی بە سەختی دەنووسرێت، بە سەختییش دەخوێنرێتەوە. ئەرێ خوێندنەوەی ڕۆمانی نوێ کەی سەخت نەبووە؟ واز لە (جۆیس) بهێنە، کە دەستگەکانی چاپ ئامادە نەبوون ڕۆمانەکانی چاپ بکەن، بەڵکوو وەرە لای (فۆکنەر)، کە شانزدە ساڵ دوای چاپکردنی ڕۆمانی (ژاوەژاو و تووڕەیی)دا ناچار دەبێت پاشکۆی کۆمپسۆن (Compson Appendix) بخاتە بەرچاوی خوێنەر، تا هەندێک شت لەبارەی دەقەکەوە بڵێت، چونکێ بۆی دەرکەوتووە تێگەیشتنی ئاسان نییە. ژمارەیەکی کەمی لێ فرۆشراوە. ڕۆمانی (گەڕان بە دوای کاتی گومبوو)ی (پرۆست) سەرەتا چاپ نەدەکرا، گۆیە لە وەسفدا نغرۆیە، بەڵام ئەو وەسفە بەوە دەناسرێتەوە، کە ڕیتمی ژیان دەگرێتە خۆی. دەکرێت سەرجەم بەرهەمی (پرۆست) لەژێر ناونیشانی ڕیتمدا جێ بکەینەوە، کە وەک گوترا ڕیتم خودی ژیانە. ئەگەر کتێبی (بەرەو ڕۆمانی نوێ)ی (ئالان ڕۆب گرێ) بخوێنینەوە، دەبینین ئەم شێوازە سەرەتا لە فرەنسادا دراوەتە بەر توانج و پەسەند نەکراوە. ئەمە بە مێژووی ڕۆماندا تێدەپەڕێت و دەگاتە ئەمڕۆ. ناکرێت ڕۆمانی فرەدەنگ، کە ئەو هەموو ئاڕاستە جیاوازە پێکی دەهێنن، بە ئاسانی خۆی بە دەست خوێنەرەوە بدات. لای ئێمە گەلێجار ڕۆماننووس بە شانازییەوە دەڵێت ڕۆمانەکانم زۆریان لێ فرۆشراون، بە مەرجێ ئێمە هێشتا مێژوویەکی درێژمان لەم ڕووەوە بە ڕێ نەکردووە و ئەزموونی گەورەمان بە دەست نەهێناوە، بەو مانایەی خوێندنەوەی ڕۆمان کۆمەڵێک ئاڕاستەی جیاوازی نەگرتوون و شتی جۆراوجۆری تاقی نەکردوونەتەوە. هەڵەیەکی لۆجیکییە، کاتێ زۆریی ژمارەی خوێنەر دەکرێتە پێوەر بۆ ئەوەی چ ڕۆمانێک داهێنانە. ئایا ئەو خوێنەرانەی ڕۆمانێک بە داهێنان دەزانن، کاتێ بۆ نموونە دەگەنە (گورگی دەشت)ی (هێرمان هەسە) چی دەڵێن؟ ئەرێ مانای وایە ئەم ڕۆمانە لاوازە، بۆیە ئەو خوێنەرانە گوتەیان لێ وەرنەگرتووە و بڵاویان نەکردووەتەوە؟ هەندێجار گوێت لە ڕۆماننووسان دەبێت، کاتێ دەڵێن پێویستیان بە لایەنی تیۆری نییە و دەتوانن بەبێ ئەوەیش بنووسن. ڕاستییەکەی ئەوانە حیکایەت و ڕۆمانیان تێکەڵ کردوون، کە ئەگەر بۆ (جینێت) و ئەوانەی تریش بگەڕێینەوە، دەبینین هونەری ڕۆمان بریتییە لە تێکشکاندنی پایەکانی حیکایەت و داڕشتنەوەی لە دنیای ئاماژەدا، نەوەک دەستپێوەگرتنی. ئەم تێکشکاندنە بریتییە لە بەکارهێنانی تەکنیک و فێڵەکانی گێڕانەوە، کە ئەو کردەیە زمانێکی ئاڵۆز دەهێنێتە گۆڕێ و خوێنەرێکی وریایش دەخوازێت، خوێنەرێک توانای دایەڵۆگی هەیە و بەو تێگەیشتنە جیاوازەی توخمەکان ڕاڤە دەکات. بە مانایەکی دی، ڕیتمی دەق ئەوە دەسەپێنێت خوێنەر چۆن و لە چ ئاستێکدا بیخوێنێتەوە.
لەم ڕۆمانەیشدا هەوڵم داوە ئەم ڕیتمە بپارێزم. تۆ نموونەی (نامۆکۆ) و (ژیرکۆ هۆشکۆزادە)ت هێناونەتەوە، کە ئەمیان پڵنگ و ئەویان کەرە؛ گۆڕانکاری بەسەر ڕێتمی گێڕانەوەدا دەهێنن و دۆخێکی تری کارەکتەرەکان پێشان دەدەن. ڕۆمانی فرەدەنگ دایەڵۆگییە. هەر بە ڕاستی (باختین) چەمکی دایەڵۆگیزم بەو مانایە بە کار دەهێنێت، کە بریتییە لە بەریەککەوتنی دەنگە جیاوازەکان لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا. ئەمەیش وا دەکات شتەکان یەک مانا وەرنەگرن، بەڵکوو لە ڕێی ئەو پێوەندییانەوە مانای جۆراوجۆر بە دەست بهێنن. ئەوە ڕووبەڕووبوونەوەی چەمکی حەقیقەتە، کە بە تایبەتی لە (نیتشە) و (هایدیگەر)ـەوە تێگەیشتنی جیاواز لەم ڕووەوە دێتە پێشێ، کاتێ هەر یەکەی بە شێوازی خۆی ڕەخنە لەو تێگەیشتنەی (ئەریستۆ) دەگرێت، کە لە هاوڕێکیی نێوان شتەکاندا بەرجەستەیە و بە مێژووی فەرمیی فەلسەفەدا ڕۆ چووە. لە کتێبی (ئاماژە فەلسەفییەکانی شێواز و شێوازناسی)دا هەوڵم داوە بەو وردی ئەم چەمکانە لێک بدەمەوە. گۆڕەپانی ڕۆمانی فرەدەنگ وەک بەردەوام گوترا دەتوانێت زۆرترین توخمی جیاوازجیاواز بگرێتە خۆی. دنیای مرۆڤ و هیی ئاژەڵ دژی یەک نین، بەڵکوو پڕن لە خاڵی هاوبەش. ئەگەر بۆ تیۆریی پەرەسەندن بگەڕێینەوە و چەمکی (لوکا: LUCA) بخەینە بەرچاو، کە پێمان دەڵێت هەمووان یەک باوانی هاوبەشیان هەیە، ئەوە دەکرێت بڵێین مرۆڤ و ئاژەڵ لە یەک دانەبڕاون. لە گفتوگۆیەکی دیکەی تۆدا گوتوومە (نیتشە) پێی وایە غەریزەی ئاژەڵییانە بوونێکی بنەڕەتییانەیە لە مرۆڤدا. بە حەقیقەتی سەرەتایی لە سروشت (primal truth in nature) ناوی دەبات. شارستانیەت لەپێناوی بەهای ساختەدا ئەم غەریزەیەی سەرکوت کردووە. ئەمە مانای ئەوەیە مرۆڤ حەقیقەتی خۆی لە دەست داوە و دەستی بە حەقیقەتی ساختەوە گرتووە. هەر یەک لە (فرۆید) و (دولووز)یش بە شێوازی خۆی لەم بابەتەی کۆڵیوەتەوە، کە لێرەدا بە پێویستی نازانم لەوە زیاتر بڵێم، مادام پێشتر هەوڵم داوە بە وردی باسی بکەم. هێندەی پێوەندیی بەم ڕۆمانەوە هەبێت، ئەوە هەبوونی ئاژەڵەکان ئەو چەقە تێک دەشکێنێت، کە لە مرۆڤدا بەرجەستەیە و هەموو بوونەوەرەکانی دی بە لاوە دەنێت. ئاژەڵ لەم ڕۆمانە و ئەوانەی دیکەیشمدا کارەکتەرن، کە مانای وایە ئەرکیان لە ئەستۆدایە و دەنگیان دەبیسترێت. ئەو دەنگانە بەر هیی تر دەکەون و جیاوازی دەخەنە دەقەکەوە. لە بەریەککەوتنی دەنگەکاندا حەقیقەت تێک دەشكێت و پارچەکانی لەو گۆڕەپانەی دەقدا بڵاو دەبنەوە، کە لەمەوە خوێندنەوەی جیاواز دەهێننە گۆڕێ. دەمەوێت لێرەدا ئاماژە بەم گفتوگۆیە بدەم، کە لەنێوان (پارێزا) و (هێلانە)دا دەکرێت:
_ ئەرێ شتێکی سەیر نییە، دادە هێلی، مرۆڤ مەڕ بۆ پڵنگ سەر ببڕێت و کەوڵی بکات؟
(هێلانە) وەڵامی دایەوە:
_ پڵنگێک کێو جێ بهێڵێت و بگاتە شار، پێویستە لە بیری بچێتەوە ئاژەڵە.
کەمێک بیری کردەوە و گوتەکەی بە شێوەیەکی دی داڕشتەوە:
_ دەی، شتەکە وەهایە، پارێزا. دەبێت ئەو هەندێک دەست لە ئاژەڵبوونی خۆی هەڵبگرێت و ئێمەیش کەمێک دەستبەرداری مرۆڤبوونی خۆمان ببین، تا لەو ناوەڕاستەدا بە یەک دەگەین، دەنا لە یەک ناگەین.




گفتوگۆ لەگەڵ نیهاد جامی- بەشی دووەم

بەشی دووەم


* ئایا ئەوە بەو مانایە نایەت تۆ داوا دەکەیت بەتەواوی لەشانۆی خۆرئاوایی دوور بکەوینەوە؟

– نەخێر بەڵکو لەتێگەیشتنی عەرەبەکان بۆ شانۆی خۆرئاوایی دوور بکەوینەوە، میتۆدەکان بنەمای خولقاندنی نمایشی شانۆیی نین، بەڵکو فراوانبونی ئاسۆی ڕۆشنبیرین تاوەکو بتوانین رۆشنبیریی شانۆییمانی پێ فراوان بکەین، نەک بێین بیسەپێنین بەسەر شانۆی کوردیەوە، بەلکو پێویستە ئێمە فێری ئەوە بین زانستیانە شانۆ بناسین نەک بەرهەمی کولتورەکانیتر بگوازینەوە، میراتی ئەدەبی شانۆی دنیا سەرچاوەیەکی گرنگی ئاشنابوون و کارکردنە، کاتێک دێیت کاریان لەتەکدا دەکەیت ناکرێت بکەویتە ژێر کاریگەری وتارێکەوە کە دەرهێنەرێکی خۆرئاوایی چیکردووە، تاوەکو تۆش وای لێ بکەیت، گرفتی ئێمە لەتەک شانۆنامە خۆرئاواییەکان، گەڕان بوو بەدوای تازەگەریدا، بەوەی دیالۆگ و دیمەن و لاپەرەکان لابەرین و هەندێک دیمەنی بێدەنگ و روناکی و ڕەنگ دروست بکەین، بە بیانوی ئەوەی دیدی فەلسەفی بە شکسپیر دەبەخشین، وەک ئەوە وابێت شانۆنامەکە دیدی فەلسەفی و فیکری خۆی نەبێت و ئێمە بێین بە رەنگ و روناکی و جولە بیکەین بە فەلسەفە، دواتر تێناگەم بۆ دەبێت بیکەین بە فەلسەفە، دەقی شانۆیی ڕووبەرێکی کۆمەلناسیانەیە بۆ خوێندنەوەی ژیانی کۆمەلایەتی و سیاسی کۆمەلگایەک، گەر باوەرت بەم دەقەیە دەبێت ئەو دنیایەی نووسەر بخەیتە سەر شانۆ، خەمناکیەکە لەوەدایە بەبیانوی دیدگای دەرهێنانی بێیت بەویستی خۆی ئەو دەقە کورت بکەیتەوە، دیدگای دەرهێنانی تۆ لە سرینەوەی دیالۆگ نیە، لە لابردنی دیمەن نیە، دیدگای دەرهێنانی وابەستەی دیکۆرو روناکی و مۆسیقا و جل و بەرگ وجولەیە، بەواتای تۆ چۆن دیالۆگەکانی نوسەر دەخەیتە سەر شانۆ، ئەو دەرهێنەرەی دێت دیمەن دەبڕێت و دەیالۆگ و دیمەن لا دەبات، دیدگای نیە، بەڵکو بکوژی دیدگایە ، ناتوانێت لە ئەفسوونی نهێنی شانۆ تێبگات، بۆیە سەرەنجام وێنەیەکمان پێ دەبەخشێت کە پەیوەندی بەنوسەرەوە نیە، بەلکو نووسەر تەنیا بیرۆکەیەکە، ڕێک لەشانۆی وێنەی عێراقی هاتووە کە دەقی شانۆیی بیرۆکەیەکی مردووەو نووسەر زیندویی دەکاتەوە، ئەوە گەر نەمانخاتە پێکەنین هەموو نوکتەی دنیا ناتوانێت بماهێنێتە پێکەنین، بەداخەوە شانۆی ئەزموونگەری کوردی پێگەی خۆی لەسەر ئەو جۆرە ڕوانینانە بنیاتنا، بۆ ئەوەی وێنەی ڕوون بەم دۆخە ببەخشین، لێرەدا ناچارم چەند ئارگۆمێنتێک بۆ قسەکانم بێنمەوە، تازەگەریی شانۆییمان دەق وەک مردوو سەیر دەکات و کۆلاژی وێنەیی تیا دەخولقێنێت، چونکە دەق لەگەل دیدگای ئەو ناگونجێت، بەڵام دەرهێنەرێکی ناسراوی وەک «ئەلیکسەندەر باردینی» کاتێک شانۆگەری «لالۆ ڤانیا» ی چێخۆف دەخاتە سەر شانۆ، بۆ ئەوەی تەواوی دیدگای خۆی بەرجەستە بکات، ووشەو دیالۆگێک نابینیت لا ببردرێت، بەلکو دەستکاری فۆرمی دەرەکی کارەکتەر دەکات، سۆنیا لای باردینی کچێکی ناشیرین نیە، بەلکو دێت جوانترین ئەکتەری شانۆی پۆلەندی هەلدەبژێرێت کە «یۆوانا ژۆوکۆڤسکا» یە، تا بلێت هۆکاری نەبونی دۆستێک بەهۆی روخساریەوە نیە، هێندەی بەهۆی نەگبەتیەکەوەیە کە بەدوایەتی، لەگەل لەدایکبونیدا دایکی دەمرێت، ئەو هاوشێوەی لالۆ ڤانیایە، لێرەدا دیدی دەرهێنانی وابەستەی فۆرمی دەرەکیە نەک فۆرمی ناوەکی کەسێتی و لابردنی دیالۆگەکان، پێشتریش باردینی شانۆنامەی «سێ خوشک» دەخاتە سەر شانۆ لەوێشدا هیچ دەستکاریەکی ئەو دیالۆگانە ناکات، بەبێ ئەوەی گۆڕانکاری لەتێکستی نووسەر بکات، چەندە وێنەیەکی چێخۆڤیانە بەنمایشەکە دەبەخشێت، بەتایبەت لەدیمەنی کۆتایی هەوڵ دەدات ئەو وێنە خەمناکە وەک تراژیدیایەکی ماڵ وپەیوەندیەکانی بگەیەنێتە لوتکە، کاتێک لەڕێی کولێگینی مێردی ماشا کە بە پەیوەندی ژنەکەی لەگەڵ ڤێرشینین دەزانێت، تەنانەت دیمەنی ماڵئاواییەکەیانیش دەبینێت، کاتێک ماشا ماچی دەکات، بەڵام خۆشەویستی خۆی بۆ ژنەکەی دووپات دەکاتەوە، من بۆ خۆم لەم دەرهێنەرە فێری ئەوە بووم چێخۆڤ ناکرێت یەک ووشەی لێ لا ببردرێت، چونکە کە وەک خۆی خستە سەر شانۆ ئەوسا لە گرنگی و شاعیریەتی ئەو نووسەرە تێدەگەیت، بۆیە گەر لەشانۆی پۆلەندی ئەو وەک دەرهێنەری چێخەڤی بناسرێت هۆکارەکەی داکۆکیکردنیەتی لەرۆحی شانۆنامەکان بەبێ گۆڕینی ووشەیەک، رەنگە قسەکە لەوە بێت ئاخۆ شانۆی پۆڵەندی دەستکاری دەق ناکات؟ با دوو نمونە بێنمەوە، ئەو شانۆیە کە من لەنزیکەوە کارم تیای کردوەو لەناویدا ژیاوم، جۆرە دەستکاریەک کە شانۆکاری کورد ناویناوە شانۆی ئەزموونگەری، ئەزموونگەری نیە، بەڵکو پێرفۆڕمانسە، بیرۆکەیەک وەردەگیرێت و هەندێک دیالۆگی تیا بەکار دێت، ئەوە پێرفۆڕمانسە، پێرفۆڕمانسە بەدوای شانۆ لابۆریەکەی گرۆتۆڤسکی و هاوکات لەگەڵ گەشتەکەی بۆ ئیتالیا هاتە بوون، ئەمڕۆ میراتگرانی ئەم هونەرە لەشاری ڤرۆتسواڤ لەپاڵ پەیمانگاکەی گرۆتۆڤسکی و چەندین گروپ هەن وا کار دەکەن دیارترینیان گروپی زارو پیسن کۆزوا، بە نمونە ئەو گروپەی دواییان پێرفۆڕمانسی «ماکبێس» بە حەوت دەقیقەو بە چوار ئەکتەر نمایش دەکەن، بەڵام هیچ شتێک نیە ناوی شانۆی ئەزموونگەری بێت، بەڵکو هونەری پێرفۆڕمانسە، وەک چۆن کارەکانی لابۆری لالش لەئێستا دا پێرفۆرمانسە نەک نمایشی شانۆیی، ئەوە لایەک، لە روویەکی تردا ئاخۆ دەرهێنەرانی شانۆ دەستکاری دەق ناکەن؟ بۆچی نا، بەڵام رەنگە بکەونە ژێر تەوژمێکی ڕەخنەیی بەوەی ئاخۆ ئەوەی نیشانی دەدەن بەو بڕینانەوە گوزارشت لەو شانۆنامانە دەکات؟ با دوو نمونە لێرەدا وەک ئارگۆمێنت بۆ قسەکانمان بێنینەوە، تا مناڵە فریودراوەکانی شانۆی ئەزموونگەری تێبگەن ڕاستەقینە لەکوێدایە، زۆربەی جار ئەوانەی بەدوای دەستکاریکردنی دەقەوەن لەشانۆی پۆلەندی ئەو نەوە نوێییەی شاری ڤرۆتسواڤن، بەهۆی ئەو زەمینەیەی گرۆتۆڤسکی لەو شارەدا خوڵقاندی ، وەک سیمای هونەری ئەو شارەی لێهات، بۆیە کاتێک خانمە دەرهێنەر «ئاگنێشکا گلینیسکا» شانۆنامەی «سێ خوشک» ی چیخۆف دەردەهێنێت, دیارە من لە کتێبەکەمدا کە پرۆژەی ژیانمە لەبارەی ژیانمە لەبارەی شانۆی پۆلەندی کە باس لە ١٧٠٠ تاوەکو ٢٠٢٥ ی ئەم شانۆیە دەکات، وە نازانم کەی لەنوسینی تەواو دەبم، بەلام لەوێدا لەبارەی ئەو نمایشە نووسیومە: هەر لەسەرەتاوە ڕووبەرووی گریمانەی ناو تێکست نابینەوە، بەڵکو سێ خوشکەکە لەدوو کورتە دیمەنی شانۆیی باس لەخەون و ژیانی ڕابردووی خۆیان دەکەن، بەدوای ئەوە دەگەڕێینەوە ناو سەرەتای دیمەنی شانۆنامەکە، چڕ بوونەوەی زەمەنی لەناو دیمەنەکان درووست کراون، هەندێک دەیالۆگی ناو دیمەنەکان نەماون، بەڵام ئەوەشیان چەندە زیانی بەو دیدە چێخۆڤیەی ناو نمایشەکە گەیاندووە، هێندەش پەیوەستە بەستراتیژی گوتاری نمایش بەهۆی ئەوەی ئەتمۆسفێری نمایشەکە دەیەوێت قسە لەمرۆڤی هاوچەرخ بکات، نەک مرۆڤێک کە نووسەر لە ١٩٠١ شانۆنامەکەی تیا نووسیوە، دەرهێنەر لەهەوڵی ئەوەدایە کاتێک لە ٢٠١٢ ئەم شانۆنامەیە نمایش دەکات، قسە لەو بینەرە بکات کە ئامادەبووی نمایشەکەیە، دەیالۆگەکانی نووسەر وەک خۆی ماونەتەوە جگە لەهەندێک دیمەن کە چڕبوونەوەو لابردنی ووشە و دەستەواژەی لابردووە، بەڵام لەڕووی جل و بەرگ ودیکۆر و ئەتمۆسفێرەو نزیکی کردۆتەوە لەژیانی ئەمڕۆدا، ئەوەش وای کردووە فەزا چێخۆڤیەکە وابەستەی ئەمرۆ بکات، نەک وەک پابەندبوونی بە گریمانەی ناو تێکستی نووسەر، ئەگەرچی کردەی بینین لادانی نەخولقاندووە لەدنیای نووسەرەوە، سەرەنجام ئەوەی دەیبینین شانۆگەری سێ خوشکە بە دیدێکی نوێوە. لەڕێی پێکەنین و سرووتێکی شادیەوە دەیەوێت خەمی سەر ڕووی کارەکتەرەکان بگۆڕێت، بەوەی مرۆڤەکان هەمیشە ئومێدێکیان هەبێت بۆ ژیان، هەڵبەت ئەوە لای نووسەریش بوونی هەیە، بەڵام کارەکتەرەکان هەمیشە خەمگینن گەرچی لەبنەرەتدا خەونیان هەیە، بەتایبەت خوشکەکان کە خەون بە گەڕانەوە بۆ مۆسکۆ دەبینن، بۆیە لەهەندێک شوێندا دەرهێنەر بۆ ئەوەی بنیاتی ئەو شادیەی کارەکتەر بکات، دێت هەندێک ووشە وەک پەیوەندی ڕووخسار بە کارەکتەرەکان دەبەخشێت.

*ئایا ئەزمونیتر لەو شانۆیەدا لەگەڵ تێکستی تر تاقی کرایەوە؟

-لەئێستادا «ئاندژێ ڤایدا» دەکەوێتەوە خەیاڵ لە سەردەمی سۆڤیەت و دوای سۆڤیەت شانۆگەری (هاملێت) ی شکسپیر پێشکەش دەکات، لەڕێی سینۆگرافیاوە دوو سەردەمی جیاواز دەخوێنێتەوە، بەبێ ئەوەی دیالۆگ لابەرێت، یان ماچیێۆڤسکی شانۆنامەی (باوک) ی سترێندبێری دەخاتە سەر شانۆ، دیالۆگ لا نابات بەڵام یەک دیمەنی کورتی بانتۆمایم زیاد دەکات کە نمایشەکە تەواو دەبێت هەست دەکەیت باس لەکۆمەلگای پۆلەندی سەردەمی نازیەت دەکات. چونکە دەزانێت ئەتمۆسفێرێکی تایبەت بۆ خوێندنەوەی کۆمەلگا بخولقێنێت، دیالۆگی نووسەریش لا نابات، ئەوە بۆ ئەو مناڵانەی کە پێیان وایە ئێمە بە بێ ئارگۆمێنت قسە دەکەین، بەڵکو ئارگۆمێنتەکان لەپشت زانینی روانینی شانۆییمانە، بەڵام تۆ وەرە سەیرکە ئێمەی کورد چۆن و بۆچی لەگەڵ تێکست مامەلە دەکەین؟ چونکە سەرچاوە بنەرەتیەکەمان لەزەمینەیەکی شانۆیی ناخولقێت، بەڵکو کۆی سەرچاوە تازەگەریەکەمان وابەبەستەی دیدی شانۆی وێنەیی عێراقیە تاوەکو ئەو وێنەیە بکەین بە چاوگەی سەرەکی شانۆی ئەزموونگەری کوردیی، من لێڕەدا لەسەر دوو پێگەی گرنگ دەوەستم، یەکێکیان وابەستەی شانۆی وێنەییە، سەلاح قەسەب دەلێت شانۆکەم لە ساندا مانۆ وەرگرتووە، بەڵام ساندا مانۆ کێیە لە ١٩٨٦ تاوەکو ٢٠٢٦ تەحەدای هەموو شانۆی کوردی و عەرەبی دەکەم یەک دێریان لەبارەی ئەو خانمە خوێندبێتەوەو بزانن کێیە، ئەویتریشیان برادەرێک کتێبێکی نوسیوە لەستایشی کارەکانی هاورێکانی و هەندێکیش ستایشی خۆی دەکات، دەلێت بەبێ ئەو کتێبە کەس ناتوانێت و بۆی نیە باس لە شانۆی ئەزموونگەری بکات، کەواتە پرسەکە ئەوەیە سەرەتا پێویستمان بەوەیە بۆ مێژووی بنەچەکەی شانۆی وێنەی عێراقی بگەرێینەوە، شانۆکە بناسین کەی و چۆن سەری هەڵدا؟ بۆ لەدایک بوو؟ پەیوەندی نێوان فاشیزم و شانۆی وێنەیی چیە؟ ئەی ساندا مانۆ کێیە؟ بەدوای ئەوەی وەلامی ئەو پرسیارانەمان دایەوە، ئەوسا دێین بۆ قسەکردن لەشانۆی ئەزموونگەری کوردی پشت بە کتێبی ئەو برادەرە دەبەستین و لەروانگەی کتێبەکەی ئەو وەک ئارگۆمێنتێکی شانۆیی قسە لەو رۆژگارە دەکەین، سەرەتا با لەسەر شانۆی وێنەیی بوەستین، لەکۆتایی سالی ١٩٧٦ سەلاح قەسەب نمایشێک بۆ یەکەم جار پێشکەش دەکات لەگەل گروپێکی لاو بەناوی «كيف فسرت الخلود عند كلكامش» شانۆکاری عێراقی سەعدون عوبەیدی لەگۆڤاری ئەلف با، ژمارەی کانونی دووەمی ١٩٧٧ بە دوو لاپەرەی گۆڤارەکە باس لەو نمایشە دەکات، نمایشەکە وەک لەو قسانە دەردەکەوێت وەک نمایشێکی ئاسایی سەیرکراوە، ئەگەرچی عوبەیدی لەوتارە پانۆراماییەکەیدا دەیەوێت بە گرنگ باسی نمایشەکە بکات، کە سەرەتای دوورکەوتنەوەی قەسەب دەبێت لەشانۆ و بەرجەستەکردنی شانۆ لەرێگەی جولەو وێنەو کەمترین دیالۆگەوە، کاتێک دەرواتە ڕۆمانیا بۆ خوێندن دەبینێت ژنە دەرهێنەری رۆمانی ساندا مانۆ بایەخی بۆ ئەو فۆرمە هەیە، بەلام تێگەیشتنێک نیە بەناوی شانۆی وێنەی ڕۆمانی، بەلکو لەچەند نمایشێکدا ئەو خانمە ویستویەتی وا کار بکات، ساندا مانۆ لەدایکبوی ١٩٣٣ و لە ٢٠٢٣ ماڵئاوایی لەژیان کردووە، جگە لەکاری وەک دەرهێنەری شانۆیی، وەک دەرهێنەری کورتە فلم و زنجیرەی تەلەفزیۆنی کاری زۆری کردووەو ئەوەش ناوبانگێکی زیاتری بۆ پەیدا کردووە، بەتایبەت چونکە ئەو لەخانەوادەیەکی هونەریە و کچی ئەکتەری ناسراوی رۆمانی ئیۆن مانۆ ١٨٩١-١٩٦٨ باوکی ئەکتەرێکی ناسراوی شانۆی نیشتمانی بۆخارست بوو، هەروەها هاوسەرەکەی «ستیڤان تابالاگا» کەسایەتی ناسراوی کۆمەلگای رۆمانیە، ساندا مانۆ مامۆستای زانکۆ بوو لەبواری شانۆدا،. لەژیانیدا لە رۆمانیا زیاد لە ١٢٠ شانۆگەری دەرهێناوە، سەرەتای کارکردنی لەشانۆی نیشتمانی بوو لە یاش، بە شانۆگەری (تاونول) ، ئەوە بەسەرەتای ڕاستەقینەی کاری شانۆیی ئەو دادەنرێت، کە دەرگای لێکردەوە بەرەو ڕووی شانۆ گەورەکانی ڕۆمانیا هەنگاو بنێت، لەوانە شانۆی نیشتمانی و شانۆی میک و شانۆی کۆمێدیا، ڕەنگە پرسیارەکە ئەوە بێت بۆچی لەسەر پانۆرامای ژیانی ئەو دەوەستین؟ چونکە چل سالە عەرەبەکان پێمان دەلێن شانۆی وێنەیی لە ساندا مانۆ وەرگیراوە، بەلام یەک دێرمان لەبارەی کاری ئەو پێ نالێن، بۆ ئەوەی شانۆکارە ئەزموونکارەکانی ئێمەش ئاشنایەتی لەبارەیەوە پەیدا بکەن، ئەو وێنە پانۆراماییە بە پێویست دەزانین. بەدوای یەکەم کاری توانی لەگەل شانۆی نۆتارا کار بکات و ساڵی ١٩٥٧ شانۆگەریەک نمایش بکات بەناوی (ئیکاترینا تیۆدۆریۆ)، دوو سال دواتر شانۆگەریەکی شپبنهاور پێشکەش دەکات، هەروەوها لەسەرەتا لەتەک شانۆی موزیکال و ئۆپەرێتیش کاری کردووە. هەروەها هەندێک لە شانۆگەریەکانی بردۆتە ولاتانی ترو لەوێ نمایشی کردوون لەوانە ئەلمانیاو ئەمریکا، گەشتی هونەری کردووە و کارەکانی ن ایشکردووە لە وارشۆ و مۆسکۆ و بلگراد، لەشانۆی نیشتمانی بە شانۆگەریەکی کۆمیدی مۆلێر بەناونیشانی «پیاوێکی نەخۆشی خەیاڵی» خەلاتی باشترین دەرهێنەری شانۆیی وەرگرتووە، ئەوەش ئارگۆمێنتێکی گرنگە کە بزانرێت دەقی شانۆیی گرنگیەکەی لەبوونیدا نەک وەک سەلاح قەسەب بانگەشەی دەکات، تەنانەت مامۆستاکەی بە شانۆنامەیەکی کۆمیدی مۆلێر خەلاتی باشترین دەرهێنەر وەردەگرێت، چونکە بە باشترین شێوە کۆمیدیاکە دەخاتە سەر شانۆ، هەروەها دکتۆرای شانازی پێدراوەو لە سالی ٢٠٠٣ یەکێک لە سەرکەوتووترین کارە شانۆییەکانی پێشکەش دەکات بەناونیشانی «چۆن نیوەکەی ترمان خۆش بوێت” کە لەسەر شانۆی بچووکی ژوور لە بۆخارست نمایش کراوە، کە دۆستانی ئێمە ئەم شانۆ بچووکەیان وا راڤەکرد کە دەبێت لە ژوورێک نمایش بکرێت، لەسالی ٢٠١١ شانۆگەری «دەنگێکی مرۆیی» ژان کۆکتۆ دەخاتە سەر شانۆ، لەنواندنی ژنە ئەکتەر (ئۆوانا بیکیا) ئەوەیان بەپێی ئارگۆمێنتەکان وەک دواهەمین کاری شانۆیی ئەو دادەنرێت هیچ قۆناێکی ژیانی شانۆیی ئەودا رەخنەگران و توێژەران بەگرنگەوە لەسەر نمایشە بانتۆمیمەکانی ناوەستن، وەک پێگەی باڵای شانۆی وێنەیی ئەودا قسەی لەبارەوە ناکەن، گەر کۆمەلێک ئارگۆمێنت هەبوو، توانی ئەوەمان بۆ بسەلمێنێت دەکرێت هەڵەی خۆمان ڕاست بکەینەوە، بەلام لەکۆی ئەو وتارە فەرەنسی و پۆلەندیانەی لەبارەیەوە نوسراون ، ئاماژە بەهیچ هەولێکی ئەو ناکات لەشانۆی وێنەیی و بەگرنگی قۆناغی ژیانی شانۆیی ئەو دانانرێت.

*تۆ قسەیەکت کرد وتت لەتێگەیشتنی عەرەبەکان بۆ شانۆی خۆرئاوایی دوور بکەوینەوە مەبەستت هەر لەم شانۆییە یاخود تێگەیشتنێکی گشتی هەیە دەبێت لێی دوور بکەوینەوە؟

-گرفتی ئێمە لەگەڵ کتێبە عەرەبیەکانەوە دەست پێ دەکات، باوەرمان وابوو، هەر کتێبێک بە عەرەبی چاپ دەکرێت ئەوە سەرچاوەیەکی گرنگی شانۆیە، کاتێک لەکتێبێکدا دەنووسرێت شانۆی نوێی ئەوروپی ئیدی ئێمە واتێدەگەین بە خوێندنەوەی ئەو کتێبە وەک ئەوەیە لە ئەوروپا بین وئاگامان لەم شانۆیە بێت، بەڵام کاتێّک سەیری ئەو سالە بکەیت ئەو کثێبەی تیا نووسراوە، پەنجا ساڵ پێش ئێستایە، ئیدی نوێ بوون چ مانایەکی هەیە، ئەوە سەرباری ئەو فانتازیە عەرەبیە لەوەسفی درۆزنانە بۆ نمایشی خۆرئاوایی، باوەر ناکەم هیچ کتێبێک هەبێت لەکتێبەکانی سەمیر سەرحان و سەعد ئەردەش خراپتربن لە مەعریفەی شانۆییدا، وەسفێکی ڕەوانبێژی دروست دەکەن و دیدی رەخنەیی تیایدا ئامادە نیە، سەرحان کتێبێکی هەیە بەناوی “تجارب جديدة في فن المسرحي” ئەو کتێبە لەکۆتایی هەشتاکان دۆستانی شانۆی ئەزموونگەری کوردی لە پاشکۆی عێراق و هاوکاری دەیانکرد بە سەرچاوە، وەریاندەگێرا وتاریان لێ ئامادە دەکرد، بەشێوەیەک باسی مارا- سادی پیتەر بروک دەکات، مرۆڤ گەر نمایشەکە نەبینێت تووشی رامانێکی فانتازی دەبێت، من ئەو کارەم بە دی ڤی دی بینی، خاڵیە لەهەموو ئەو وەسفە درۆزنانەی ئەو کتێبە عەرەبیە، وەک ئەوەی شیعری هۆنیبێتەوە بۆ نمایشەکە، سەرەنجام ئەو کتێبە دەبێت بە یەکێک لەسەرچاوەکانی شانۆی ئەزموونگەری کوردیی، یاخود کاتێک باس لە مهابهارتا دەکەن، وا دەزانیت داهێنانی شانۆیی لەوێوە لای بروک سەری هەلداوە ، بەداخەوە کە ڤیدیۆکە دەبینیت نمایشەکە هێندە ماندووکەرە، نازانم گرنگی ئەو نمایشە لەنەخشەی شانۆدا چیە، جگە لە ئاشنابونی خۆرئاوایی بە کولتوریی هندی، گەر گرنگیەکە لەوەدابێت دەبێت کولتوریی کوردیی گرفتی تەنیا ئەوە بێت دەرهێنەرێکی خۆرئاوایی نەهاتووە بیکاتە نمایش، بەڵام ئێمەی کورد ئەم سەرسامیە لەکوێوە دێنین، من لەوە تێناگەم، ئەوەی تێی دەگەم کتێبە خراپە عەرەبیەکانە، پێویستە شانۆکاری کورد بگەرێتەوە سەر سەرچاوە راستەقینەکان، ئەکتەرو دەرهێنەری کورد دەبێت بگەرێنەوە بۆ ستانسلاڤسکی، پێویستە ئەو فریودانە مێژوویەی نەوەی تازەگەری کوردیی پەردەی لەسەر هەڵبمالدرێت، دەشێت ئەوانیش فریوی دەستی عەرەبەکان بووبن ، بەڵام چیتر ناکرێت فریوو بخۆین، با نمونەی دوو کتێبی تری عەرەبی بێنینەوە، کتێبێکی سامی عەبدولحەمید و بەدری حەسون فەرید هەیە بەناوی “مباديء اخراج المسرحي” کە لە کۆلژی هونەرە جوانەکانی بەغدا وەک گرنگترین سەرچاوەی دەرهێنانی شانۆیی وەردەگیرێت، باشە ئەو کتێبە بخوێنەوە خۆشیان نایشارنەوە کۆلاژو کورت کردنەوەی کتێبەکەی ئەلکسەندەر دینە بەناوی”أسس الإخراج المسرحي” جا پێویست دەکات خۆمانی پێوە خەریک بکەین ڕاستەوخۆ پێویستە سەرچاوە راستەقینەکە بخوێننینەوەو نەک کتێبە ئامادەکراوەکە لەلامان ببێت بە سەرچاوەیەکی گرنگی شانۆیی وەک کە لەبەغدا هاتونەتەوە بەگرنگەوە باسیان لەو کتێبە کردووە، کتێبێکی تر هەیە کە عەونی کەرومی نوسینەوەیەتی بەناوی «فن التمثيل” کە کورتکراوەی کتێبی ئامادەکردنی ئەکتەری ستانسلاڤسکیە، کارێکی باشی کردووە کە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو، بەڵام چ پێویست دەکات نامیلکەیەکی ئامادەکراو بخوێنینەوە کە کتێبە ئورگینالەکە لەبەردەست بێت، قسەی من لەسەر ئەو دۆخە عەرەبیە خراپەیە کە باڵی بەسەر شانۆی ئێمەدا گرتوو تا ئێستاش بەری نەداوە.

*ئێمە هەر لەرێی ئەو کتێبانە و بەزمانی عەرەبی شانۆو تیۆریستەکانیمان ناسی، بۆ نمونە گۆردن گریک، دەتوانیت نکولی لەوە بکەیت؟
-گۆردن گریک ناوێکی ناسراوە لەمێژووی شانۆدا، بەڵام پێویستە ئێمە لەوە تێبگەین، ئەو دەتوانێت چی بە ئێمە ببەخشێت، ئاخۆ گەر ڕوانینەکانیمان سەپاندە سەر بیرکردنەوەی خۆمان دەتوانین ببین بە شانۆکاری تازەگەر؟ هەر بەڕاست ئێمە بڕوامان بەم ڕوانینانە هەیە یاخود تەنیا وەک ناو وەریان دەگرین؟ هەموو ئەو ناوانەی شانۆی خۆرئاوا کاتێک دەسەلاتی ڕەها لە دەرهێنەر وەردەگرنەوە، بەڵام شانۆی کوردی بە شانۆی ئەزمونگەریشەوە دەسەلاتی ڕەها هی دەرهێنەرە نەک ئەکتەر، لێرەوە جیاوازی بنەرەتی ئێمە لەگەل گرۆتۆڤسکی دەست پێدەکات، چونکە ئەو باوەری وابوو دەسەلاتی ڕەها بۆ ئەکتەرە، بەلام بیرکەرەوەو خاوەن دەسەلات لەشانۆی ئەزموونگەری کوردیدا بۆ دەرهێنەرە، دەرهێنەر بیرکەرەوەو خولقێنەری نمایشە، بەپێی ئەو کتێبەی لەبارەی شانۆی ئەزموونگەری کوردیی یەکێک لە ئەندامەکانی نووسیویانە باس لەوە دەکات کە شەماڵ عومەر وەک دەرهێنەر کارەکان دەخولقێنێت، ئەوە دۆخێکی سرووشتیە، چونکە مەعریفەی شانۆی ئێمە مەعریفەی باڵای تاکە، دەگوازرێتەوە بۆ ئەوانەی خوارەوە، رێک وەک پێکهاتەی حزبی، سەرۆک بیردەکاتەوە، دەوروبەری سەرۆک و ئەندامانی بەدەوریدا خول دەخۆنەوە، لەشانۆی ئێمەدا هەر وایە، دەرهێنەر بڕیاردەدات بنیات دەنێت، ئەوانیتر دەبنە جێبەجێکاری پلانەکانی دەرهێنەر، ئێمە لە تیپی شانۆی ئەزموونگەری کەرکوک هەموو پلانەکان وابەستەی بیرکردنەوەی شانۆیی من بوو، تا ئاستی ئەوەی رۆژێک فریاد ئەحمەد ووتی «من واز دێنم چونکە تەنیا تۆ دەزانیت چی دەکەیت، ئێمە کەسمان نازانین خەریکی چین تەنیا پلانەکان و بریارەکانی تۆ جێبەجێ دەکەین، ئێمە نازانین خەریکی چین» ئەو قسەیە پڕ بوو لە حەقیقەت، بەلام بەر لەویش کاردۆ محەمەد لە کۆرێکی ڕەخنەیی لەبارەی یەکێک لەنمایشەکانمان ووتی «کارەکانی ئێوە تەنیا بۆ دەرهێنەرەکەی ئەزموونگەریە، چونکە ئەکتەر ئەزموونکار نیە و تەنیا پلان و بریاری تۆ جێبەجێ دەکات» با بگەرێینەوە بۆ گۆردن گریک و پرسیارەکەی تۆ، ئێمە بروامان بە روانینەکانی هەیە؟ ئەو چی ویست لە شانۆدا؟ ئێمە گەر بڕوامان بە گۆردن گریک بێت دەبێت دژە گرۆتۆڤسکی بین، چونکە ئەو گرنگیە بە ئەکتەر نادرێت، بەلکو بە بووکە شووشە دەدرێت، گرفتەکە ئەوە بوو ئەو دەرهێنەرانە ویستیان گۆڕان لە شانۆی خۆرئاوا بەرپا بکەن، بەلام نەیانتوانی، بۆیە هەمیشە ناچار دەبوون بۆ کولتوری خۆرهەڵات بگەڕێنەوە، گریک وای نەکرد، بەلام هات پێشبینی و تێگەیشتنەکانی بکات بە پێشنیاری داهاتوو بۆ شانۆ، ئەوەی خستە ڕوو کە «شانۆ لە ئایندەدا دەبێت بە شانۆی جولە و ئاماژە ئەو رۆژەش دێت دەقی شانۆیی بوونی نەمێنێت» پێویستە لەسەر ئەو تێگەیشتنەی بووەستین، ئایا سەدەی بیست و یەک سەدەی چوونە ناو ئایندەی شانۆیە؟ هەڵبەت بەپێی تێگەیشتنی ئەو، کەواتە کە هات هەموو شتێک وەلا بنێت، ئەوە بۆ ساتەوەختی خۆی گۆڕانی فۆڕم و تێگەیشتنێکی نوێیە، بەلام وەک بۆدلێر لەشوێنێکدا جیاکاری دەکات لەنێوان تازەگەری کاتی و تازەگەری نەمر، دەبێت گریک وەک تازەگەریەکی کاتی ناو بەرین، بۆچی؟ لەشانۆی خۆرئاوا ئەمڕۆ دەقی شانۆیی لەهەموو ساتێک زیاتر پێگەکەی گرنگە، شانۆ گەورەکانی دنیا سەر لەنوێ باوەشیان کردۆتەوە بۆ شاکارەکانی شکسپیر و چێخەڤ و مۆلێر و و بیکیت، شانۆی جولە و ئاماژە بوو بە کاری دەستەبژێری و گروپە بچووکەکانی پێرفۆرمانس، بۆیە گریک دەشێت بۆ پێرفۆرمانس دەروازەیەکی گرنگ بێت، بەڵام تێگەیشتنەکانی بۆ شانۆ شکستیان هێنا، کتێبە چاپکراوە شانۆییەکان لە ولاتێکی وەکو فەرەنسا زیاتر دەقی شانۆیین تا دەگات بە توێژینەوەو ڕەخنە، رێک بە پێچەوانەی تێگەیشتنی باوی ئێمە، بینەران و خوێنەران بە خۆشحالیەوە باوەشیان بۆ دەکەنەوە، هەر شانۆکارێکی کورد دەتوانێت لەگەڵ ئەو تێگەیشتنە ڕێ بکات کە خۆی دەیەوێت، بەڵام کاتێک ڕوانینەکانی وەک مەعریفەی بالاو تاکە تێگەیشتن بۆ شانۆ ناو دەبات، پێویست دەکات لێی بێینە دەنگ و هەندێک تێگەیشتن بخەینە ژێر ڕەخنەوە، پێویست ناکات وەک ئەوەی سالانێکی زۆر ئێمە فریوودراین، ئەم نەوە نوێیەش وا بخەڵەتێندرێت، با هەموو شانۆکاری کورد لەخۆرئاوا بێن پێمان بڵێن شانۆی ئەزموونگەری لەئێستادا لە کوێیە؟ ئەو روانینانەی پەنجا ساڵ پێش ئێستا تەواو بوون، ئاخۆ ئێستا بەو گرنگیە سەیر دەکرێن؟ یاخود تەنیا بۆ توێژینەوەی ناوەندی ئەکادیمی و گروپە پێرفۆرمانسیەکان گرنگی خۆیان هەیە؟ کاتێک نەتوانیت گفتوگۆ بکەیت دەبێت بێیت سوکایەتی بکەیت جنێو بدەیت حیکایەتی کۆنمان بۆ بگێڕیتەوە، قسە لە ئارگۆمێنت دەکەن، فەرموو با ئارگۆمێنتەکان بخرێنە ڕوو، هەر شانۆکارێکی ئەوروپی جگە لە ئێمە دەزانێت جیاوازیە بنەرەتیەکانی پێرفۆرمانس و شانۆ چیە.

  • کاتی ئەوەیە بزانین ئەو جیاوازیە چیە کە ئێمە نایزانین؟ ناکرێت تا سەر ئەو بێدەنگیە یەخەمان بگرێت؟ کەواتە فەرموو ئێستا دەرفەتێکی باشە تۆ ئەو کارە بکەیت و پێمان بڵێیت جیاوازیەکانیان چین؟

    -من لەوەدا هاورام، بۆچی؟ دیارە هەر نیازی ئەم گفتوگۆیە لەسەر ئەم لۆژیکە دامەزراوە، گرفتێک لەئارادا نیە، ئەوەی هەیە چۆنیەتی ڕاستکردنەوەی رۆشنبیریی شانۆییمانە، خالەک دابنێین بۆ ئەو نا ئاگاییەی بە رۆشنبیریی ناسیومانە، گرفتەکە لەوێدایە زمان فێربیت شانۆی دنیا ببینیت، بەلام نەتوانێت دەستبەرداری ڕوانینەکانی رابردووت بیت، کە کتێبە عەرەبیەکان فێریان کردوویت، ئەوە تەنیا مانای یەک شت دەگەیەنێت، ئەویش ئەوەیە تۆ وازت لەوە هێناوە بخوێنیتەوە، بەڵام کتێب دەنووسیت، لێدوان دەدەیت، دەچیتە بەردەمی مایکەکان، هەر هێندەی هەڵەت ڕاست کرایەوە تووشی دەرمارگرژی توڕەیی و ڕق دەبیت، نا دۆستان لەدەرەوەی خۆشەویستی هیچ شتێک بوونی نیە، بەڵام پێویستە خۆشەویستی نەبێتە هۆکاری کوێریی، ناکرێت دۆستایەتی و خۆشەویستی بێدەنگمان بکات، با دۆستان لەخۆیان بپرسن من گرفتم لەگەل کامیان هەیە؟ کێشەکە گرفتی کەسی نیە، بەڵکو بابەتەکە پەیوەستە بە خودی شانۆ خۆیەوە، ئێستا تۆ دەپرسیت جیاوازی پێرفۆرمانس و شانۆ چیە؟ ناکرێت وەک دە ساڵ پێش ئێستا قسە بکەم، بەڵێ ناچارم پێت بلێم نمایشی شانۆیی کە لەسەر تەختەی شانۆ هاتە خوارەوە، شانۆی ئەزموونگەری نیە، بەڵکو پێرفۆرمانسە، پێرفۆرمانس پێویستی بە دەق نیە ، دیالۆگی ناوێت، هۆلی شانۆیی بۆ گرنگە، بینەرێکی دەستەبژێر یاخود دەست نیشانکراو دەیبینێت، جاران بەو شتانەمان دەووت شانۆی ئەزموونگەری، ئەوانە پێرفۆرمانسن، بۆیە مێژووی شانۆی ئەزموونگەری کوردیی لەراستیدا مێژووی پێرفۆرمانسە، ئەوە سڕینەوە نیە، هێندەی هەڵوەشاندنەوەی سێنتەری ئەزموونگەریە، سێنتەر نیە، بونیادەکانن تێمان دەگەیەنن. لێرەدا بونیادەکان چین؟ بیرۆکە.. پێرفۆرمێر.. دەنگ.. جولە، ئەوانە چەمکە سەرەکیەکانی ئەزموونگەری نین، توڕە مەبن، بونیادن لەناو پێرفۆرمانسدا، رەنگە ئێستا پرسیاری ئەوەت لەلا دروست بێت شانۆی ئەزموونگەری چیە؟ کێ ئەزموونگەرە؟ من هەر لەسەرەتاوە وتم تا ئەم گتوگۆیە تەواو دەبێت پێویستمان بە هەناسە درێژی هەیە، تا قسە لەسەر هەموو پرسەکان دەکەین، بەلام نمایشی شانۆیی دەق کۆلەگەی سەرەکیەتی، ئەکتەر چۆن بە باشترین شێوە دەقی نووسراو لەسەر شانۆ بەرجەستە دەکات، دەرهێنەر ناوەندگەرێتی نێوان دەق و ئەکتەرە، چۆن ووشەکانی نووسەر لەرێی ئەکتەر بەرجەستە دەکات و ئەو دنیای ووشەیە دەکات بە دنیای بینین، نەک بێت دیالۆگ ببڕێت و دیمەن بسڕێتەوە، شانۆکارێکی فەرەنسی ئەم سەردەمە هەیە کە تیای دەژین، نوسەرو دەرهێنەرە ناوی «ژۆزیف دانان» ە لەسالی ٢٠١٣ کتێبێکی گرنگی لەو بارەیە نووسیوە بەناوی «لەنێوان شانۆ وپێرفۆرمانس» ، هەر بۆ خۆی خوێندنەوەی ئەو کتێبە دەتوانێت هەموو خەوشەکانی ئێمە لەرابردوو راست بکاتەوەو ناچارتان بکات وەک من نەتوانن بێدەنگی لێ بکەن، پرۆژەکەی ژۆزیف لەبارەی دراماتۆرگیە، ئەوە کتێبی دووەمیەتی، خۆی پرۆژەکە بریتیە لە سێ کتێب، سەرباری کتێبەکانیتری، پرسیارێک لەم کتێبەدا دەکات، بڕوام وایە پرسیاری هەموومانە، وەلامە بەو خەیاڵەی کە دەوترا شانۆی خۆرئاوایی چیتر دەقی بۆ گرنگ نیە و وێنەی شانۆیی بەلاوە مەبەستە، نوسەری ئەو کتێبە دەپرسێت: ئاخۆ دەق لەشانۆی هاوچەرخدا سێنتەری نمایشە یاخود وەک هەر پێکهاتەیەکی تری نمایشە؟ دێت باس لەو چەند دەیەی کۆتایی دەکات، بەدرێژایی کتێبەکە خاسیەتە جیاوازەکان دەخاتە ڕوو لەنێوان شانۆ وپێرفۆرمانس، بە نمونە باس لەوە دەکات کە چۆن لە نمایشی شانۆییدا تەواوی گرنگی بە دەق دەدرێت، ئەو دەبێتە سێنتەری نمایشی شانۆیی، ئەگەرچی نوسەر نەهاتووە شانۆ و پێرفۆرمانس لەیەکتر جیا بکاتەوە، بەڵام باس لەهەموو ئەو گەشەسەندنە دەکات کە پێرفۆرمانس ویستی لەناو شانۆی هاوچەرخدا بیخولقێنێت، بەلام سەرەنجام وایکرد پێڕفۆرمانس خاسیەتەکانی خۆی لەوە دەست نیشان بکات لەشوێنی دەق «دەرهێنەرو ئەکتەر ودەنگ و جولە و ڤیدیۆ» بەیەکەوە مانا درووست دەکەن، واتە چیرۆک لە پێرفۆرمانس بریتی نیە لەوەی لەناو دەقی شانۆیی هەیە، بەڵکو ئەوانە دێن لەشوێنی دەق بەیەکەوە بیرۆکە یان بابەتێک دروست دەکەن، دەقیش دەکاتە بیانویەک، یاخود وەک بیرۆکە وهێلێک سەیری دەکات، ئەوەش وا دەکات نوسەر نەبێتە خاوەنی کارەکە، بەلکو دەرهێنەرشوێنی ئەو دەگرێتەوە، نوسەری کتێبەکە هەموو ئەو خاسیەتانەی لەپێرفۆرمانس ئاماژەی بۆ دەکات، سەلاح و قەسەب و موریدەکانی بە شانۆی ئەزموونگەری ناو دەبەن، بەڵام ئەو دێت باس لە پێرفۆرمانس دەکات نەک سانۆی ئەزموونگەری، کە لەپێرفۆرمانسدا ڕووداوی بینراو لە چیرۆک گرنگترە، خودی ئەکتەر بە گرنگتر سەیر دەکرێت لە بابەت، واتە ئەکتەر خۆی گرنگترە لە ڕووداوەکانی ناو چیرۆکەکە، لەکۆتاییشدا باس لەو گفتوگۆیە دەکات کە چۆن شانۆ و پێرفۆرمانس دەیانەوێت بەیەکەوە گەشە بکەن، لێرەدا جیاوازیەکی تر دەدۆزێتەوە ناویان دەبات «دەق وەک ئامادە لەشانۆدا» جیاواز لە «بەکارهێنانی دەق لەپێرفۆرمانسدا» بەکورتی شتێک نیە بەناوی شانۆی ئەزموونگەری کوردیی، بەلکو ئەوەی هەبوو پێرفۆرمانس بوو، بەڵام هێشتا بەدوای ساڵانێکی زۆر دۆستان شەردەکەن لەسەر شانۆ ئەزموونگەریەکەیان، بە بروای ئێمە باشتر وایە، بێن دانبە خەوش و ناتێگەیشتنەکان بێنن، ئەوەتا تا ئەمرۆش دەیانەوێت ئەو وێنەیە درێژە پێبدەن و بڕوامان پێ بێنن بۆ شانۆی ئەزموونگەری، نەک پێرفۆرمانس.




دامەزراوە ئیسلامییەکان لە ئەوروپا لە نێوان تێکەڵبوون و کاریگەری بیانی: کێ گوتاری ئایینی پێکدەهێنێت؟.. ڕزگار ئاکرێی

لە نێوان ڕێوڕەسمی عاشورا لە کۆپنهاگن و تۆڕە دەرەکییە بیانییەکان

لە ڕۆژی هەینی 26 ی حوزەیرانی 2026 شەقامەکانی ناوچەی نۆربرۆ لە کۆپنهاگن ڕێپێوانێکی گەورەی عاشورا بەخۆوە بینی بۆ یادکردنەوەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن بە بەشداری نزیکەی هەژدە هەزار کەس. ئەوەی جێگەی سەرنج بوو ئەوە بوو کە ڕێکخەرانی ئاهەنگەکە جیاکردنەوەی تەواویان لە نێوان ژن و پیاودا سەپاند، پیاوان، منداڵان و کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە پێشەوە دەڕۆیشتن و ژنان لە ڕیزێکی جیادا بەدوایدا دەڕۆیشتن.
ئەگەر لە ڕوانگەی بەهاکانی یەکسانی لە ڕۆژئاوای ئەوروپا تەماشا بکرێت، ئەم کردارە جۆرێک لە جیاکردنەوەی ڕەگەزی لە بواری گشتیدا پێکدەهێنێت. ئەو شێوازە هاوشێوە لە سیستەمەکاندا بەبیر دەهێنێتەوە کە بە شێوەیەکی سووکایەتی مامەڵە لەگەڵ ژنان دەکەن و سنووردارکردنی توند دەخەنە سەر ئامادەبوونیان لە شوێنە گشتییەکان و مافە مەدەنییەکانیان، وەک رژێمی ئێران[4] کە یاسای جلوبەرگی زۆرەملێ دەسەپێنێت و مافی ژنان بۆ هاتوچۆ و کار و بەشداری گشتی سنووردار دەکات. و سیستەمی سعودیە، کە بەردەوامە لە پیرۆزکردنی سەرپەرشتیاری پیاوان بە شێوەی جۆراوجۆر سەرەڕای چاکسازییە بەشێکیەکان کە ڕاگەیەندراون. هەروەها ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنتڕۆڵی بزووتنەوە ئاینییە توندڕەوەکاندان کە مامەڵە لەگەڵ ژنان دەکەن وەک مێردمنداڵی هەمیشەیی، وەک بزووتنەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان کە ژنان لە خوێندن و کار و جوڵە بەبێ پاسەوانی پیاو قەدەغە کردووە. هەروەها گروپی حوسییەکان لە یەمەن، کە چەندین کۆتوبەندی هاوشێوە دەسەپێنێت.
لەوەش گرنگتر، ئەم جۆرە کردارانە لە بۆشایی گشتی ئەوروپا پرسیاری جددی دەربارەی ئاڕاستەی کۆمەڵگە تەریبەکان دروست دەکات کە لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسایی و بەهای هاوبەشی وڵاتانی خانەخوێیان کار دەکەن. ئەم ڕووداوە کاردانەوەی بەرفراوانی لە دانیمارک لێکەوتەوە. پارتە ڕاستڕەوەکان ئەمەیان بەستەوە بەوەی کە پێی دەڵێن “بەها نەتەوەییەکان”، مشتومڕێکی کە لە زۆربەی پایتەختەکانی ئەوروپا سەرهەڵدەداتەوە هەر کاتێک کێشەیەکی هاوشێوە سەرهەڵدەدات، لە بەلجیکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و سوید وەک یەک.
لەگەڵ ئەوەشدا هەمان ئەو هێزە ڕاستڕەوانە بە دەگمەن خۆیان بە ڕەخنەگرتن لە کردارێکی جیاکاری دیاریکراو سنوردار دەکەن. ئەوان بەشێوەیەکی ڕۆتینی ئەم جۆرە دەرفەتانە دەقۆزنەوە بۆ داکۆکیکردن لە یاسایەک کە زۆر لە مەرجەکانی یەکسانی تێدەپەڕێت و ڕاستەوخۆ لەگەڵ پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ ناکۆک دەبێت، وەک سنووردارکردنی ئازادی پەرستن بە تەواوەتی، یان سەپاندنی کۆتوبەندی جیاکاری لەسەر کۆچبەران و پەنابەرێتی لەسەر بنەمای ئایین یان ڕەچەڵەک. ئەم جۆرە داواکاریانە پێشێلکردنی ئازادی بیروباوەڕ و مافی پەنابەرییە کە لە ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییەکاندا مسۆگەر کراوە، وە هیچ جیاوازییەک ناکەن لە نێوان چارەسەرکردنی کردارێکی جیاکاری دیاریکراو و سزادانی تەواوی کۆمەڵگەیەکی ئایینی.
کێشەکە لێرەدا هاوڕابوون لەگەڵ ماف نییە، نە وەرگرتنی ڕەوانبێژی. ئەمە بابەتێکی تەواو سەربەخۆیە لە بنەماکاندا. جیاکردنەوەی جێندەر لە بواری گشتی دەوڵەتێکی دیموکراتی ئەوروپایی، کە تیایدا ژنان پلەیەکی بەرچاوی یەکسانییان بەدەست هێناوە، پێچەوانەی بەها چەپەکانە، بزووتنەوەکانی فێمینیستی، پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ، و پرەنسیپی یەکسانی تەواو لە نێوان ژن و پیاودا، یەکسانییەکە کە بزووتنەوە پێشکەوتووەکان، چەپ و فێمینیستی لە ئەوروپا بە درێژایی نەوەکان بەدەستیان هێناوە.
بۆ ڕوونکردنەوەی مشتومڕەکە: ئەگەر بزووتنەوەیەکی ڕاستڕەو خۆپیشاندانێک ڕێکبخات و بەشداربووانی سپی پێست لە ڕەش و قاوەیی جیا بکاتەوە، ئایا ئەوە جیاکاری ڕەگەزی ئاشکرا نابێت کە شایەنی ئیدانەکردنی ئاشکرایە؟ هەمان لۆژیکا بۆ جیاکردنەوەی ڕەگەزی لە بواری گشتیدا جێبەجێ دەکرێت. ئازادی ڕادەربڕین و ئەنجامدانی ڕێوڕەسمە ئایینییەکان پارێزراون، بەڵام کاتێک دەبنە جیاکاری رێکخراوی ئاشکرا لەسەر شەقامەکان دەگاتە سنوورەکانیان.
گاڵتەجاڕییەکە ئەوەیە کە ئەم جۆرە کردارانە لە کۆتاییدا خزمەت بە ئەجێندای سیاسی ڕاستڕەوی ڕەگەزپەرست لە ئەوروپا دەکەن کە ئەوان دەقۆزنەوە بۆ لادانی خەباتی کۆمەڵایەتی لە ململانێی چینایەتی لەسەر دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامان و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ناسنامە و بەها لە نێوان “شارستانیەتی ئەوروپی” و “ئیسلام”.
ئەم چوارچێوەیە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ڕاستڕەوەکان دەکات زۆر زیاتر لەوەی خزمەت بە دانیشتوانی ئەو وڵاتانە بکات، لە هەر ئایینێک یان بیروباوەڕێک، یان کرێکاران، دەستی و ڕۆشنبیر، بە گشتی. سەرنج لە کێشەکانی چەپ و هێزە پێشکەوتووەکان لادەدات و ئاراستەی ململانێیەکی کەلتووری دەکات کە ڕاستڕەوەکان بە ئاسانی دەتوانن بە چەکی هەڵبژاردن بەکار بهێنن.
بەڵام ئەوەی زۆر مەترسیدارە ئەوەیە کە ئەم کردارانە سێبەرێکی درێژ دەخەنە سەر هەموو ئەو کۆمەڵگایانەی کە لە وڵاتانی زۆرینەی موسڵمانەوە سەرچاوەیان گرتووە، جا ئەو باوەڕدارانە بن کە بە بەردەوامی ڕێوڕەسمە ئاینییەکانیان پەیڕەو دەکەن، یان ئەوانەی باوەڕیان نییە، یان عەلمانییەکان کە بە تەواوی ئەم ئاراستە ئایینییە ڕەتدەکەنەوە. ملیۆنەها کۆچبەر کە تێکەڵ بە کۆمەڵگاکانی ئەوروپا بوون و بەشدارییان لە بنیاتنانی کۆمەڵگاکانیان کردووە خۆیان لە هەڵمەتی گومان و ئامانج دۆزیوەتەوە کە کەس ناپارێزێت.
لێرەدا ئەوە دەبینین کە دەتوانرێت وەسف بکرێت وەک هاوپەیمانییەکی بابەتی دیفاکتۆ لە نێوان مافە ئاینییەکانی ناو کۆمەڵگەی کۆچبەران و پەنابەران لە لایەک و ڕاستڕەوی ڕەگەزپەرست لە ئەوروپا لە لایەکی ترەوە. هەردوولا بەرژەوەندی هاوبەشیان لە ڕێگرتن لە تێکەڵاوبوون دەبینن: یەکەمیان دەیەوێت ناسنامەی ئایینی داخراو و پشت بەستن بە خاڵە دەرەکییەکان بپارێزێت، دووەمیان دەیەوێت کۆچبەران لە دەرەوەی چوارچێوەی مەدەنی بهێڵێتەوە بۆ ئەوەی بوونیان وەک کارتی هەڵبژاردن بقۆزنەوە. لە هەردوو حاڵەتەکەدا، قوربانی زۆرینەی بێدەنگی کۆچبەرانن کە دەیانەوێت تێکەڵاوبوون و بەشداری کردن و ژیانی مەدەنی تەواویان هەبێت.
هەرچەندە بەس نییە لەوێدا بوەستین. دەبێت قووڵتر بچینە ناو دیاردەکەوە و ئەو پرسیارە بنەڕەتییە بخەینە ڕوو: کێ گوتار و ئاراستەی ئایینی ئیسلامی لە ئەوروپا بنیات دەنێت؟ دانمارک لێرەدا نموونەیەکە بۆ دیاردەیەکی فراوانتر.
لەم ڕوانگەیەوە، ئەوەی پێویستە تەنها ڕەخنە نییە. ئەوەی پێویستە گرتنەبەری سیاسەتی کرداری کە بریتییە لە قەدەغەکردنی جیاکردنەوەی ڕەگەزی لە بواری گشتی، دڵنیابوون لە شەفافییەت لە پارەی ئایینی، ڕاهێنانی ئیمامەکان لە ناوخۆدا، و بەستنەوەی هەر پشتگیرییەکی فەرمی یان دانپێدانانێک بە ڕێزگرتن لە یەکسانی و یاسا، ئەو سیاسەتانەی کە لە هەر وڵاتێکی ئەوروپا جێبەجێ دەکرێن، نەک تەنها لە دانیمارک.

کێ گوتاری ئایینی ئیسلامی لە ئەوروپا پێکدەهێنێت؟
من لە هەڵوێستێکی چەپەوە پێم وایە دابڕانێکی تەواو لە نێوان ئایین و ناسیۆنالیزم لەلایەک و دەوڵەت لەلایەکی دیکەوە مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی دیموکراتی مۆدێرن لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوونی یەکسان کە تێیدا هەموو هاووڵاتییەک بێ گوێدانە ئایین و نەتەوە لە ماف و ئەرکدا یەکسان بێت ڕەگەز، یان باکگراوندی کۆمەڵایەتی. ئەم پرەنسیپە لەوانەیە بناغەی گرێبەستی کۆمەڵایەتی لە زۆربەی دیموکراسیەکانی ئەوروپا پێکبهێنێت، هەرچەندە بە دەربڕینی جیاواز.
چەندین وڵاتی ئەوروپا لە سەرووی هەموویانەوە دانمارک مۆدێلێک دەگرنەبەر کە ئایین لە دەوڵەت بێلایەن دەکات و ئایین وەک بابەتێکی تاک و کۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی یاسایی و مەدەنیدا رێکدەخرێت، بەبێ هیچ ڕۆڵێکی ڕاستەوخۆ لە داڕشتنی سیاسەتی گشتی یان دامەزراوەکانی حوکمڕانی. ئەمە مانای جیابوونەوەی تەواوی ئایین لە دەوڵەت ناگەیەنێت. هیچ وڵاتێکی ئەوروپایی نەگەیشتووەتە ئەو خاڵە. واتە ڕێکخستنی ئەو پەیوەندییە لە ڕێگەی چوارچێوەی مەدەنی و یاسایی ڕوونەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، کڵێساکانی مەسیحی مێژووی، چ لوسەران لە وڵاتانی ئەسکەندەناڤیا یان کاسۆلیکی و پرۆتستانت لە بەشەکانی تری ئەوروپا، لەژێر چوارچێوەی یاسایی فەرمی و رێکخستن و چاودێری دامەزراوەیی لەناو دەوڵەتدا، دڵنیابوون لە گونجاندنیان لەگەڵ یاسا گشتییەکان و سیستەمی مافە مەدەنییەکان، و دایاندەنێن وەک دامەزراوەیەکی ئایینی کە لە چوارچێوەی گشتی مەدەنی کار دەکەن نەک لەسەرووی ئەوەوە. دانمارک بە کڵێسای نەتەوەییەکەیەوە مۆدێلێکی ڕوونی ئەم پەیوەندییە رێکخراوەی نێوان ئایین و دەوڵەت نیشان دەدات.
بە پێچەوانەوە، بەشێکی بەرچاوی دامەزراوە ئاینییە ئیسلامییەکان لە چەندین وڵاتی ئەوروپا کەمتر لەم چوارچێوەیەدا تێکەڵ بوون، بە بەردەوامی پشت بەستن بە پارە و کاریگەری دەرەکی، بەتایبەتی لە وڵاتانی وەک تورکیا[5]، قەتەر[6]، سعودیە[7]، و ئێران[8]، لە ڕێگەی دامەزراوە و دامەزراوە ئایینییە جۆراوجۆرەکانی حکومەت یان نیمچە حکومی.
نمونەی بەرچاو لە دانیمارک مزگەوتی ئیمام عەلی لە کۆپنهاگن کە ڕۆژنامەی بەرلینگسکی دانیمارکی لە ڕێگەی بەڵگەنامەی نهێنییەوە ئاشکرای کرد کە ملیۆنەها کرۆن لە لایەن دامەزراوە ئێرانییەکانەوە لە ڕێگەی باڵیۆزخانەی ئێرانەوە گواستراوەتەوە، لە کاتێکدا توێژەرانی زانکۆی کۆپنهاگن پشتڕاستیان کردەوە کە رژێمی ئێران لە پشت دروستکردن و بەڕێوەبردنی مزگەوتەکەیە. و سەرۆکی کۆمەڵەکەی بە فەرمی لەلایەن ڕێبەری باڵاوە دەستنیشان دەکرێت. شایانی باسە ئەم شێوازە تەنها بە دانیمارکەوە نییە: ئەڵمانیا مزگەوتی ئیمام عەلی لە هامبورگ لە ساڵی 2024 بەهۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێراندا داخست. دەسەڵاتدارانی سوید لێکۆڵینەوە لەو مزگەوتانە دەکەن کە پەیوەندییان بە تۆڕە تورکییەکانەوەیە. فەڕەنسا و بەلجیکا بەڵگەنامەی پارەدانی سعودیە و قەتەریان بۆ ژمارەیەک دامەزراوە ئاینیەکانیان تۆمار کردووە.
هەموو ئەمانە پلەیەکی نایەکسانی بێلایەنی لە نێوان ئایینەکان و دامەزراوە ئایینییەکان لە پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتە خانەخوێکانیان بەرهەم دەهێنێت، کە لە ئەنجامدا ئاستی جیاوازی ئۆتۆنۆمی و تێکەڵاوبوون لە بواری گشتی ئایینی کیشوەرەکەدا دروست دەبێت.
ئەمە مانای ئەوە نییە کە هەموو دامەزراوە ئیسلامییەکان پارەی بیانی وەردەگرن. مەبەستەکە ئەوەیە کە ئەم دیاردەیە لە ژمارەیەک دامەزراوەدا هەیە و مشتومڕی سیاسی بەرفراوانی لە زیاتر لە یەک وڵاتی ئەوروپا دروستکردووە کە دانمارک یەکێکە لە دیارترین نمونەکان. هەروەها شایانی باسە کە سیاسەتەکانی ئەوروپا خۆیان وەک یاساکانی تێکەڵاوبوون، سیستەمی جیاکاری، وەبەرهێنان لە پەروەردەی مەدەنی و تەوژمی ڕەگەزپەرستی، هەروەها ڕۆڵیان هەیە لە داڕشتنی گوتاری ئایینی لەناو کیشوەرەکەدا، هەرچەندە بە شێوەیەکی کەمتر ڕاستەوخۆ.
لەم ساڵانەی دواییدا، مشتومڕ لەسەر کاریگەری پارەی دەرەکی لەسەر وتاری ئایینی لە پایتەختەکانی ئەوروپا چڕتر بووەتەوە. بەتایبەتی لە دانیمارک، پەرلەمان لە ساڵی 2021 یاسایەکی دەرکرد بە ئامانجی سنووردارکردنی هەندێک شێوەی پارەی بیانی بۆ دامەزراوە ئاینییەکان[10]، وەک بەشێک لە گفتوگۆیەکی فراوانتر لەسەر تێکەڵاوبوون، شەفافییەت و کاریگەری سیاسی بیانی. فەڕەنسا و نەمسا بە ئاراستەی یاسادانانی هاوشێوە هەنگاویان ناوە. لەگەڵ ئەوەشدا، جێبەجێکردنی کرداری ئەم یاسایانە لە زۆربەی وڵاتانی وەرگردا سنووردارە و ئەمەش مانای ئەوەیە کە کاریگەری پارەدانی سنوور و تۆڕە ڕێکخراوەییەکان بە پلەی جیاواز بەردەوامە.

بەشی یەکەم: کۆمەکی دەرەکی بابەتێکی بێلایەن نییە

هەر دامەزراوەیەکی ئایینی کە کاریگەری لەسەر هۆشیاری خەڵک هەبێت و سەرچاوە داراییەکان بەڕێوە ببات و بەشداری لە داڕشتنی ژیانی کۆمەڵایەتیدا بکات ناکرێت وەک بۆشاییەکی دابڕاو لە سیاسەت و کۆمەڵگا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. کەواتە پارەدانی بیانی تەنها پرسیارێکی تەکنیکی یان کارگێڕی نییە. ئەمە پرسیارێکە کە پەیوەستە بە سروشتی ئەو گوتارەی کە لە کۆمەڵگاکانی ئەوروپا بەرهەم دەهێنرێت و ئەو هێزانەی کە بەشداری لە شێوەپێدانی دەکەن.
لە دەیان ساڵی ڕابردوودا، قەوارە و دامەزراوەکانی پەیوەندیدار بە وڵاتانی بیانییەوە بەشدارییان کردووە لە دابینکردنی پارە بۆ ژمارەیەک مزگەوت و دامەزراوە ئیسلامییەکان لە سەرانسەری کیشوەری ئەوروپا لە دانمارک و ئەڵمانیاوە تا فەڕەنسا و بەلجیکا و بەریتانیا. هەندێک لەم دەوڵەتانە ئەجێندای سیاسی و ئایینی ڕوونیان هەیە و هەوڵ دەدەن کاریگەری کەلتووری و کۆمەڵایەتی خۆیان لە ڕێگەی دامەزراوە ئایینییەکان و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکانیانەوە فراوان بکەن. لە زۆر حاڵەتدا، پارە لە ئاراستەی فکری و سیاسی جیانەکراوە.
ئەم واقیعە گرژی لەناو وڵاتانی خانەخوێ دروست دەکات. لە لایەکەوە، ئەم دەوڵەتانە لەسەر بنەمای مەدەنی و دیموکراسی دامەزراون و بنەماکانی یەکسانی تا ڕادەیەک ڕوونن. لەلایەکی ترەوە، بەشێک لە دامەزراوە ئاینییە ئیسلامییەکان بەردەوامن لە کارکردن لە ژێر کاریگەری ڕۆشنبیری و ڕێکخراوەیی وڵاتانی تۆتالیتار، کۆنەپارێز و ژینگەی سیاسی جیاواز لەو بەهایانە.
ئەم کاریگەرییە لە پارەی دارایی ناوەستێت. ئاماژە بە خاڵە ئاینییەکان، تۆڕەکانی ڕاهێنانی ئیمام و پەیوەندییە ڕێکخراوەییە سنوورییەکان دەگرێتەوە کە مزگەوتەکانی دانمارک لەگەڵ مزگەوتەکانی تری ئەڵمانیا و فەڕەنسا لە چوارچێوەی هەمان تۆڕی رێکخراویدا دەبەستنەوە.
کێشەکە خودی ئایین و مافی موسڵمانان نییە بۆ ڕێکخستنی ئایینی. ئەمە لە نەبوونی چوارچێوەیەکی ناوخۆیی سەربەخۆ لە هەر وڵاتێکی ئەوروپا کە پارە و شەفافییەت و سەربەخۆیی دامەزراوە ئاینییەکان لە کاریگەری سیاسی بیانی مسۆگەر بکات.
بەردەوامی ئەم دۆخە موسڵمانان دەخاتە دۆخێکەوە کە پشت بە خاڵە دەرەکییەکان دەبەستێت، نەک پەرەپێدانی دامەزراوە ئاینییەکان کە لە واقیعی خۆیانەوە لە کۆمەڵگە ئەوروپییەکانیاندا دەردەکەون. شایانی باسە لەناو ئەم کۆمەڵگایانەدا دەستپێشخەری و تاک و دامەزراوە هەن کە کار دەکەن بۆ پەرەپێدانی گوتارێکی ئایینی سەربەخۆ کە زیاتر لەگەڵ بەهاکانی دیموکراسی و یەکسانیدا بگونجێت، بەڵام ئامادەبوونیان لە بەرامبەر قورسایی دامەزراوە نەریتییە دەرەکییەکاندا سنووردارە و پشتگیریکردنیان دەکاتە پێویستییەک نەک بژاردە.
لەبەر ئەم هۆیە، زۆر گرنگە کە لەگەڵ دامەزراوە ئاینییەکان بەپێی ستانداردی مەدەنی یەکگرتوو و لەسەر بنەمای شەفافییەت و بەرپرسیارێتی و ڕێزگرتن لە یاسا و مافەکانی مرۆڤ تێکەڵ بکرێن.
بەشی دووەم: دانمارک وەک مۆدێلێک — چۆن دەوڵەت دەتوانێت پەیوەندی خۆی لەگەڵ ئایین ڕێکبخات؟
ئەزموونی دانمارکی سەرەڕای تایبەتمەندی چینایەتی دەوڵەت و پەیوەندییە مێژووییەکانی کڵێسای نەتەوەیی مەسیحی بە پێکهاتەی دەسەڵاتی سەرمایەداری، ئەوە دەردەخات کە دەوڵەت دەتوانێت پەیوەندی خۆی لەگەڵ دامەزراوە ئاینییەکان ڕێکبخات بەبێ پێشێلکردنی ئازادی ئایینی یان ئۆتۆنۆمی بیروباوەڕ. کڵێسای دانیمارکی یاسای ڕوونی هەیە. پارەی گشتی هەیە. و کارەکانی لە چوارچێوەیەکی مەدەنی لەگەڵ مافە بنچینەییەکاندا بەڕێوە دەچێت. هەروەها بە پرۆسەیەکی درێژخایەنی گەشەسەندندا تێپەڕیوە کە لە بەهاکانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی نزیک بووەتەوە.
ئەو پرسیارەی کە لەسەر ئاستی ئەوروپا خۆی دەسەپێنێت: بۆچی چوارچێوەیەکی بەراورد بۆ دامەزراوە ئیسلامییەکان لە سەرانسەری کیشوەرەکەدا پەرەی پێنەدراوە؟
مەبەست کۆنتڕۆڵکردنی ئایین نییە. بنیاتنانی چوارچێوەیەکی مەدەنی شەفافە کە کاری دامەزراوە ئایینییەکان وەک بەشێک لە بواری گشتی ڕێکدەخات. هەر دامەزراوەیەک کە پارە بەڕێوە دەبات و کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵک هەیە دەبێت ڕووبەڕووی شەفافییەت و لێپرسینەوە و قەدەغەکردنی هاندانی ڕق و جیاکاری بێت، بێ گوێدانە ئەوەی لە چ وڵاتێکدا کار دەکات. ئەم پێوانانە دەبێت بەسەر هەموو کەسێکدا جێبەجێ بکرێت، چونکە پرسیارەکە پەیوەندی بە سروشتی بواری گشتییەوە هەیە، نەک هیچ ئایینێکی دیاریکراو.
لێرەدا ناتوانرێت خاڵێکی بنەمایی فەرامۆش بکرێت: زۆربەی موسڵمانانی وڵاتانی ئەوروپا هاووڵاتی تەواون و باج دەدەن و بەشداری لە بنیاتنانی کۆمەڵگاکەیاندا دەکەن. بەم پێیە، دەوڵەت بە پێی بنەمای هاووڵاتیبوون و یەکسانی پابەندە بە دوور نەخرێنەوە لە دامەزراوە ئاینییەکانی لە پاڵپشتی گشتی ئەگەر پشتگیری لە دامەزراوەکانی ئایینەکانی تر بکات. پێوەرەکە ئایین نییە. پابەندبوونی تەواوە بە ستانداردەکانی شەفافیەت، یەکسانی و سەربەخۆیی لە هەر پارەدانێکی سیاسی بیانی.
دامەزراوەیەکی ئیسلامی ناوخۆیی کە ئەم مەرجانە جێبەجێ بکات شایەنی هەمان پشتیوانی کڵێسایە نەتەوەییەکانە، نەک لەبەر ئەوەی ئیسلامییە، بەڵکو لەبەر ئەوەی هاوڵاتیانی شایستەی دامەزراوە ئاینییە مۆدێرنەکانن کە لە کۆمەڵگاکەیاندا ڕەگ داکوتاوە و لە ڕێگەی باجەکانیانەوە پارەی بۆ دابین دەکرێت.
وڵاتانی ئەوروپا لە سەرووی دانمارکەوە، بەرپرسیارێتی پشتگیری کردن لە بنیاتنان و دابینکردنی دابینکردنی دامەزراوە ئاینییە ئیسلامییە ناوخۆییەکان و کەمکردنەوەی پشت بەستن بە پارەی دەرەکی و هاندانی دەستپێشخەری چاکسازی کە لەگەڵ بەهاکانی هاووڵاتیبوونی دیموکراتی و یەکسانیدا گونجاندووە. ئەمە چاکەیەک نییە لەلایەن دەوڵەتەوە. ئەوە پابەندبوونێکە کە بە پێی بنەمای یەکسانی لە نێوان هاوڵاتیاندا دەسەپێنرێت.

بەشی سێیەم: ڕاهێنانی ئیمام لە ئەوروپا پێویستییەکی کۆمەڵایەتییە

ڕۆڵی ئیمام بە نوێژ و وتاردان ناوەستێت. ئەمە بۆ کاروباری خێزان، بەخێوکردنی منداڵ، پەیوەندی گەنجان لەگەڵ کۆمەڵگا، هەڵوێست بەرامبەر ژنان، و تێکەڵبوون لەگەڵ کەسانی جیاواز درێژ دەبێتەوە. کەواتە ڕاهێنانی ئیمام لە هەر وڵاتێکی ئەوروپا پرسێکی کۆمەڵایەتی و کەلتووری و سیاسییە کە پەیوەندی بە تێکەڵاوبوونەوە هەیە. ڕاستیەکە ئەوەیە کە زۆرێک لە دامەزراوە ئیسلامییەکان لە سەرانسەری کیشوەری ئەوروپا بە دانمارکیشەوە پشت بە ئیمامەکان دەبەستن کە لە دەرەوەی وڵاتەوە هاتوون یان لە چوارچێوەی ئایینی و سیاسی جیاواز لە ژینگەی ئەوروپا ڕاهێنراون.
ئەم ڕاهێنانە دەبێت لەسەر بنەمای تێگەیشتن لە کۆمەڵگای خانەخوێ و ڕێزگرتن لە یاسای ناوخۆیی و دەستوور و دانپێدانان بەوەی کە چوارچێوەی یاسایی بواری گشتی بەڕێوە دەبات و باوەڕ بابەتێکی تاکەکەسییە . هەروەها دەبێت لە کەلتووری مافەکانی مرۆڤ و یەکسانیدا ڕەگ دابڕێژرێت، کە یەکسانی نێوان ژن و پیاو بنەمایەکی بنچینەیی و بێ گفتوگۆیە و هەر گوتارێک کە جیاکاری پاساو بدات پێچەوانەی ئەم بەهایانەیە. دەبێت پلۆرالیزم بەرز بکرێتەوە و جیاکاری ئایینی یان نەتەوەیی ڕەت بکرێتەوە، چونکە کۆمەڵگاکانی ئەوروپا بە شێوەیەکی گشتی لەسەر پێکەوە ژیان لە چەندین باکگراوند بنیات نراون.
بەمەش جیاوازی لەنێوان ئیمامێک کە لە ئەوروپا لە ڕێگەی دامەزراوە پەروەردەییە باوەڕپێکراوەکانەوە ڕاهێنراوە و ئیمامێک کە لە چوارچێوەی سیاسی و ئایینی جیاوازدا ڕاهێنراوە، ڕوون دەبێتەوە. یەکەمیان تێکەڵ بە واقیعی یاسایی و کەلتووری ناوخۆیی کراوە. دوایینیان لەوانەیە ئەو بیرۆکەیە بگوازێتەوە کە لەگەڵ ئەو کۆمەڵگایەی کە تێیدا دەژی ناگونجێت.

بەشی چوارەم: چاکسازی ئایینی پرۆسەیەکی مێژوویی ئەوروپییە

چاکسازی ئایینی جیاوازییەکی مێژوویی نییە. ئەزموونی ئەوروپا گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هاتووە کە پەیوەندی نێوان ئایین و دەوڵەتی لە زیاتر لە یەک وڵاتدا گۆڕیوە و وردە وردە بەهاکانی هاووڵاتیبوون و یەکسانی و مافەکانی مرۆڤ لە سەرانسەری کیشوەرەکەدا پتەوتر دەکات.
هەروەها لە چوارچێوەی ئیسلامیدا، تەوژمی ڕیفۆرمیستی و ڕەخنەگرانە سەریان هەڵداوە کە هەوڵیان داوە دەقی ئایینی بخوێننەوە و بیبەستنەوە بە واقیعی هاوچەرخەوە[13]، بە ئەوروپا خۆیشەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی لاوازی پشتیوانی لە بەرامبەر بەهێزی دامەزراوە تەقلیدییەکان کە لە دەرەوە پارەیان بۆ تەرخان دەکرێت، سنووردار ماونەتەوە.
پرسیارەکە لێرەدا ناکۆکی لەگەڵ ئایین نییە. بەڵکو ڕەتکردنەوەی هەر قۆرخکارییە بەسەر لێکدانەوەکەیدا. کردنەوەی بوارەکە بۆ خوێندنەوەی جۆراوجۆر و پشتیوانیکردن لە دەستپێشخەریەکانی چاکسازی لە هەر وڵاتێکی ئەوروپا یارمەتیدەرە بۆ بنیاتنانی گوتاری ئایینی کە زیاتر لەگەڵ کۆمەڵگای مۆدێرن گونجێت.
لەلایەکی ترەوە بەجێهێشتنی ئەم بوارە بە بێ چارەسەر مانای ئەوەیە کە کاریگەری هێزە دەرەکییەکان لە داڕشتنی بەشێک لە ژیانی کۆمەڵایەتی لەناو وڵاتانی خانەخوێ بەردەوامە، هەروەک لاوازی ئۆتۆنۆمی دامەزراوە ئاینییە ئیسلامییەکان لە دانمارکەوە بۆ فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا.
لەم چوارچێوەیەدا، جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت وەک پرۆسەیەکی وردە وردە دەمێنێتەوە کە پەیوەستە بە گەشەسەندنی هەر کۆمەڵگایەکی ئەوروپایی و هەڵبژاردنی خەڵکەکەی. تا ئەو کاتەی ئەو جیاکردنەوەیە بەدی دێت، پێوەرەکانی شەفافییەت و بەرپرسیارێتی و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ وەک چوارچێوەیەکی پێویست دەمێنێتەوە کە هەموو دامەزراوە ئاینییەکان بەبێ جیاوازی لە هەموو وڵاتانی ئەوروپا کار بکەن.

بەشی پێنجەم: چەپی ئەوروپا و ئیسلام – پێویستیی هەڵوێستێکی عەلمانی

چەپی ئەوروپا بە هاوشانە دانیمارکییەکانیشەوە ڕووبەڕووی تەنگژەیەکی ڕاستەقینە دەبێتەوە کاتێک باس لە ئیسلامی سیاسی و دامەزراوە ئاینییەکان دەکرێت کە پارەی دەرەکی وەردەگرن. لە لایەکەوە، چەپ لە نەریتێکی ڕۆشنبیرییەوە سەرچاوە دەگرێت کە جیاکاری ڕەتدەکاتەوە و بەرگری لە مافەکانی کەمایەتیەکان دەکات.
لەلایەکی ترەوە، هەمان ئەو پرەنسیپانە داوای هەڵوێستێکی ڕوون دەکەن لەسەر هەر گوتارێک کە پلەبەندی نێوان ڕەگەزەکان بچەسپێنێت، پرۆگرامەکانی پەروەردەیی بەرز بکاتەوە کە دژ بە بەهاکانی هاووڵاتیبوون بێت، بە سووکایەتیەوە مامەڵە لەگەڵ جیاوازی سێکسیدا دەکات، داوای سزادانی ناگونجێت لەگەڵ مافەکانی مرۆڤدا، یان کۆمەڵگاکان لەژێر چاودێری خاڵە دەرەکییەکاندا دەهێڵێتەوە دوور لە بنەمای جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت.
ئەم گرژییە پاڵ بە بەشێک لە چەپەکان لە زیاتر لە یەک وڵاتی ئەوروپا دەنێت بۆ دواخستنی هەڵوێستی خۆیان یان ڕازیبوون بە ڕێبازێکی زۆر وریا، لە ترسی ئەوەی تۆمەتبار بکرێن بە وەرگرتنی گوتاری ڕاستڕەوی ڕەگەزپەرست. لەگەڵ ئەوەشدا هۆشیاری زۆر لێرەدا خزمەت بە بنەماکانی یەکسانی و عەلمانییەت ناکات کە چەپی ئەوروپا لە مێژوودا لەسەری بنیات نراوە. کاتێک جیاکردنەوەی ڕەگەزی لە شەقامەکانی کۆپنهاگن یان هەر شارێکی تری ئەوروپا بە ناوی ڕێوڕەسمی ئایینییەوە ڕێکدەخرێت، ئەوە بەس نییە کە چەپەکان ئەم بابەتە بگێڕنەوە بۆ ئازادی پەرستن یان ئازادی ڕادەربڕین. کێشەکە قووڵترە و پەیوەندی بە کێ هەیە کە ئامرازەکانی بنیاتنانی هۆشیاری ئایینی و کۆمەڵایەتی لەناو کۆمەڵگە کۆچبەرەکان لە سەرانسەری کیشوەرەکەدا هەیە.
هەڵوێستی چەپی جێگیر مانای ئەوە نییە کە ڕەوانبێژی ڕاستڕەوی ڕەگەزپەرست پەیڕەو بکەین. ئەوە مانای وەرگرتنی ڕەخنەیەکی عەلمانی ڕەگ داکوتاوە کە لە هەمان کاتدا جیاکاری لەسەر بنەمای ڕەگەز، ئایین و ڕەگەز ڕەت دەکاتەوە. پشتگیری سەربەخۆیی دامەزراوە ئاینییەکان دەکات لە دەستێوەردانی دەوڵەتە بیانییەکان. داوا لە وڵاتانی ئەوروپا دەکات کە دامەزراوە ئیسلامییەکان بە پێی بەها مەدەنییەکانی هاوچەرخ پشتگیری بکەن و بنیاتنانەوە. وە لە پاڵ ئەو موسڵمانانە دەوەستێت کە لەناو کۆمەڵگاکانی خۆیاندا داوای چاکسازی و یەکسانی دەکەن. ئەمانە هاوپەیمانی سروشتی چەپی ئەوروپان، نەک ئەو هێزانەی کە دەسەڵاتی ئایینی پیاوسالاری لە دڵی کیشوەرەکەدا بەرهەم دەهێننەوە، چ لە کۆپنهاگن بێت یان لە هەر پایتەختێکی تری ئەوروپا.

بەشی شەشەم: هەموو ئەمانە لە پراکتیکدا لەسەر ئاستی ئەوروپا مانای چییە؟
ئەوروپا ئەمڕۆ ڕووبەڕووی هەڵبژاردنێکی ڕوون دەبێتەوە و دانمارک نموونەی ئەوەیە: یان بەردەوام بێت لەسەر سیاسەتەکانی ئێستا و ئەو دژایەتیانەی کە دروستی دەکەن، یان بنیاتنانی مۆدێلێکی نوێ کە لەسەر بنەمای بێلایەنکردنی هەموو ئایینەکان لە دەوڵەت و بڕینی پشت بەستن بە دەوڵەتە ئاینییەکان بێت کە دامەزراوە ئایینییەکان وەک ئامرازێک بەکاردەهێنن بۆ فراوانکردنی کاریگەرییان لە سەرانسەری کیشوەرەکەدا. ئەم مۆدێلە دروشمێکی گشتی نییە. ئەمە پاکێجێکی ڕێوشوێنی کرداری یە کە هەر وڵاتێکی ئەوروپا دەتوانێت پەیڕەوی بکات.
یەکەمیان قەدەغەکردنی یاسایی ئاشکرایە لەسەر جیاکردنەوەی ڕەگەزی لە هەر بۆنەیەکی گشتی یان مۆڵەتپێدراودا، هاوتایە لەگەڵ قەدەغەکردنی جیاکردنەوەی ڕەگەزی. هیچ پاساوێک نییە بۆ لێخۆشبوون لە جیاکردنەوەی ڕەگەزی لەسەر بنەمای ڕێوڕەسمی ئایینی، چ لە کۆپنهاگن بێت یان پاریس یان بەرلین.
دووەمیان سنووردارکردنی پاڵپشتی دەرەکییە و داواکردنی هەر دامەزراوەیەکی ئایینی کە پارەی بیانی وەردەگرێت، حکومی یان نیمچە حکومی، بۆ ئاشکراکردنی سەرچاوە و بڕی پارەی خۆی. شەفافییەت لێرەدا مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ متمانەی کۆمەڵگا، نەک سنووردارکردنی ئازادی ئایینی.
سێیەمیان بەستنەوەی هەر پشتگیرییەک یان مۆڵەتێکی حکومەتە بۆ ڕوونکردنەوەی ستانداردە مەدەنییەکان: قبووڵکردنی ئاشکرای یەکسانی جێندەر، ڕەتکردنەوەی وتاری جیاکاری و سەربەخۆیی لە دامەزراندنی ئیمام لە هەر دەسەڵاتێکی بیانی.
چوارەمیان پاڵپشتیکردن و دابینکردنی پارە بۆ دامەزراوە ئاینییەکان لەسەر بنەمای یەکسانی و وەبەرهێنان لە پەیمانگا ناوخۆییەکان بۆ ڕاهێنانی ئیمام لە هەر وڵاتێکی ئەوروپا نەک بەجێهێشتنی ئەم بۆشاییە بۆ تۆڕە بیانییەکان، وەک زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا لە مێژوودا لەگەڵ ڕاهێنانی پیاوانی ئاینی مەسیحیدا کردوویانە.
چەپی ئەوروپا ناتوانێت تەنها لەسەر هەڵوێستی پرەنسیپی پشوو بدات. دەبێت ئەم داخوازییانە لە هەموو وڵاتێکدا بە ئاشکرا پەسەند بکات و جیاوازی بکات لە نێوان بەرگریکردن لە مافی موسڵمانان بۆ پەیڕەوکردنی ئایین و بێدەنگ بوون لە بەرامبەر ئەو کردارانەی کە جیاکاری چەسپاند و کۆمەڵگاکان لەژێر چاودێری خاڵە بیانییەکاندا دەهێڵنەوە. بێدەنگی کەس ناپارێزێت. بە سادەیی زەوی بۆ ڕاستڕەوی ڕەگەزپەرست لە لایەک و بۆ دامەزراوە دەرەکییەکان لە لایەکی ترەوە، لە دانیمارکەوە تا ئەورووپا.

ڕزگار ئاکرێی

————————————————————
سەرچاوەکان..
ڕووماڵی ڕۆژنامەگەری

  1. ڕێوڕەسمی عاشورا لە کۆپنهاگن – TV2 Kosmopol
    https://www.tv2kosmopol.dk/koebenhavn/nu-gar-tusindvis-sorgemarch-pa-norrebro-i-kobenhavn-4ea23
  2. ئیمام حوسێن – ویکیپیدیا
    https://en.wikipedia.org/wiki/Husayn_ibn_Ali
  3. جیاکردنەوەی ڕەگەزەکان لە ڕێوڕەسمەکەدا – TV2 Kosmopol
    https://www.tv2kosmopol.dk/koebenhavn/konsopdelt-optog-gennem-kobenhavn-er-forkasteligt-mener-politiker-b7ead
  4. مزگەوتی ئیمام عەلی لە کۆپنهاگن و پەیوەندییەکانی بە ئێرانەوە – TV2 Kosmopol
    https://www.tv2kosmopol.dk/koebenhavn/forbindelse-mellem-koebenhavnsk-moske-og-iran-paavist
    ڕاپۆرتەکانی مافەکانی مرۆڤ
  5. لێبوردنی نێودەوڵەتی لەسەر سەرکوتکردنی مافەکانی ژنان لە ئێران
    https://www.amnesty.org/en/latest/news/2025/03/iran-authorities-target-womens-rights-activists-with-arbitrary-arrest-flogging-and-death-penalty/
    پشتگیری ئایینی و ڕووماڵکردنی میدیای پسپۆڕی
  6. کۆمەکی تورکیا بۆ مزگەوتەکان لە دانیمارک – پەیمانگای گەیتستۆن
    https://www.gatestoneinstitute.org/11400/turkey-denmark-mosques
  7. پارەدانی قەتەر بۆ مزگەوتی حەرام لە دانیمارک
    https://middle-east-online.com/en/danish-politicians-slam-qatar%E2%80%99s-control-grand-mosque
  8. ڕاپۆرتی پەرلەمانی ئەوروپا لەسەر کۆمەکی سعودیە
    https://www.europarl.europa.eu/doceo/document/B-9-2020-0087_EN.html
  9. ئێران ئینتەرناسیۆنال لەسەر کۆمەکی ئایینی ئێران
    https://www.iranintl.com/en/202508161375
    یاسادانان و بەڵگەنامە فەرمییەکان
  10. یاسای دانمارک کە بەخشینی بیانی بە دامەزراوە ئاینییەکان قەدەغە دەکات
    https://www.lovguiden.dk/loven/lov-om-forbud-mod-modtagelse-af-donationer-fra-visse-fysiske-og-juridiske-personer/1
    سەرچاوە ئەکادیمیەکان
  11. توێژینەوەی ئەکادیمی لەسەر پەیوەندییەکانی ئایین و دەوڵەت لە ئەوروپا – MDPI
    https://www.mdpi.com/2077-1444/9/5/144
  12. نەریتی ڕیفۆرمیستی لە ئیسلامدا – پەیمانگای خوێندنی ئیسماعیلی
    https://www.iis.ac.uk/scholarly-contributions/islams-reformist-tradition
  13. تەوژمەکانی ڕیفۆرمیستی ئیسلامی – قەبارەی ئەکادیمی ئۆکسفۆرد
    https://academic.oup.com/edited-volume/43158/chapter-abstract/362193978?redirectedFrom=fulltext



شیکاریەک بۆ ڕۆمانی مردنی ئیڤان ئیلیچ.. زاهیر عەبەڕەش

پیاوێکی مردوو کە لە مردنی خۆی دەترسێت.

ڕۆمانی، مردنی ئیڤان ئیلیچ (Ivan Ilitjs död) کورتە ڕۆمانێکە لە ساڵی ١٨٨٦چاپکراوە، لە نووسینی نووسەری ڕووسی لیۆ تۆڵستۆی. بە یەکێك لە باشترین کورتە ڕۆمانەکانی ئەدەبی جیهانی دادەنێن، کاریگەرترین دەقە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مرۆڤ لەگەڵ مردن. لە ڕاستیدا پێش خوێندنەوەی ئەم تێکستە شانۆیی (مردنی پاشا) ی یۆژین یۆنسکۆم خوێندبووە و شیکاریم بۆ کردووە، پاشان کە ئەم دەقەم خوێندەوە لێکچوونێکی زۆر هەیە لە نێوانیان، یۆنسکۆ لە ژێر کاریگەری ئەم دەقەدا تێکستی مردنی پادشای نووسیووە، لە نووسینێکی تردا جیاوازی و لێکچوونەکانم دەستنیشان کردووە. سوپاسی کاک ماجید حەمە قادر دەکەم کە پێی ڕاگەیاندم ئەو تێکستە بە کوردی هەیە و نووسخە کوردیەکەی بۆ ناردم، تێکستە سویدیەکەی ساڵی ١٩٢٨ و نوسخە کوردیەکەی ساڵی ٢٠١١ دەزگای توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی موکریانی بڵاو کردۆتەوە و وەرگێڕانی بۆ کوردی ئەمین گەردیگلانی.
بەیەکێک لە بەرهەمە بەناوبانگەکانی دادەنرێت کە باس لە مانای ژیان و مردن و مەیلی مرۆڤ بۆ ژیان بەپێی چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگا دەکات. چیرۆکەکە بەو شێوەیە دەست پێدەکات کە پاڵەوانەکە پێشتر مردووە. چیرۆکەکە باس لەوە دەکات کە چۆن ئیڤان ئیلیچ، دادوەرێکی تەمەن ٤٥ ساڵ لە ڕووسیا لە سەدەی نۆزدەهەمدا ڕووبەڕووی مردن دەبێتەوە. ئیڤان کە ژیانێکی بەڕواڵەت ڕێک و پێک دەژی، سەرەڕای پەیوەندییە کارەساتبارەکانی لەگەڵ هاوسەرەکەی، بە هەڵە لەکاتی هەڵواسینی پەردەی پەنجەرەی خانووە نوێکەیاندا دەکەوێتە خوارەوە. دوای یەک دوو هەفتە دەست دەکات بە هەستکردن بە تامێکی نامۆ لە دەمیدا و ئازارێک لە جەستەیدا. هیچ پزیشکێک ناتوانێت دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە بکات، بەڵام زۆری نەخایاند ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە ئیڤان لە دۆخی مردندایە.
بەشی دووەمی ڕۆمانەکە باس لەو ئەشکەنجە و بیرکردنەوانە ئازار چەشتنە دەکات کە ئیڤان پێیدا تێدەپەڕێت لەسەر وەختی لەسەرمەریگدا.
سەرەتای دەستپێکردنی ڕۆمانەکە بە خوێندنەوەی هەواڵی کۆچی دوایی ئیڤان ئیلیچ (Ivan Ilitjs) دەست پێدەکات. یەکێک لە هاوەڵەکانی ئیڤان لە دادگا لە کاتی پشوودا، لە ڕۆژنامەیەکدا هەواڵی مردنی ئیڤان بۆ هاوڕێکانی تری دەخوێنێتەوە.
لەگەڵ دەستپێکردنی ڕۆمانەکە تۆڵستۆی تۆڵستۆی ڕاستەوخۆ تیشک دەخاتە سەر چۆنیەتی کاردانەوەی خۆپەرستانەی هاوڕێ و هاوکارەکانی ئیڤان. هەرلەوێدا باسی ئەوە دەکەن کێ شوێنی ئیڤان بگرێتەوە، چۆن پلەی پیشەییان بەرز بکەنەوە، ئەمە چۆن کاریگەری لەسەر مووچەکەیان یان پیشەکەیان دەبێت؟ چۆن بچن بۆ پرسەکەی، بەم شێوەیە مردنەکە وەک دەرفەتێک بۆ قازانجی خۆیان دەبینن نەک خەمی مردنی ئیڤانی هاوڕێیان.
چیرۆکەکە لە کۆتاییەوە دەست پێدەکات، لەو کاتەوەی کە ئیڤان دەمرێت پاشان تیشک دەخاتە سەر ژیانی ڕابوردووی، لە بەشی یەکەمدا بەشێوەیەکی ڕووکەشی ژیانی کارەکتەرەکان وێنا دەکات پێش ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ وێناکردنی ژیان و نەخۆشی ئیڤان.
تۆڵستۆی کاردانەوەی کارەکتەرەکانی دەوروبەری پاڵەوان بەکاردەهێنێت بۆ ڕەخنەگرتن لە کۆمەڵگایەک کە مرۆڤەکان زیاتر خەمی پلەو پایە، ستاتۆس، پارە و پیشەیان هەیە نەک مرۆڤایەتی. مرۆڤەکان خۆیان لە بیرکردنەوە یان قسەکردن لەسەر مردنی خۆیان و پرسیارە جەوهەریەکەی ژیان بەدوور دەگرن، لەبری ئەوە بەردەوامن لە جەختکردنە سەر کار و پارە و ژیانی ڕۆژانە. هاوکار و هاوڕێکانی ئیڤان بیر لەوە دەکەنەوە ئەوە ئیڤانی هاوڕیانە مردووە نەک خۆیان.
تۆڵستۆی مردنی خۆی لە ڕوانگەی زیندووەکانەوە وێنا دەکات. بە پێچەوانەی ڕێزبەندی کاتی لە پیشدا پاڵەوان مردووە ئەوجا باسی ژیانی دەکرێت، تۆڵستۆی ئەو کاتە بێمانا وبەتاڵ و ئەبسوردەمان لە ژینگەیەکی بیرۆکراتیی و بەرژەوەند خوازیدا بۆ باس دەکات، کە پێشتر مردووەکە سەر بەو ژینگەیە بووە، هەڵوێستی هاوڕێکانی ئیڤان ئیلیچ بەرامبەر بە مردنی، شێوازی پەیوەندیکردنیان لەگەڵ مردووەکە، بەو هێڵە کاتییانەی لە ڕۆمانەکەدا بەکارهێنراون، زەق دەبێتەوە. هەروەها پێناسەی کاتمان بۆ دەکات، لەبەر ئەوە لەم شیکارییەدا لە ڕوانگەی کات و هێماکانەوە شیکاری بۆ ئەم دەقە دەکەم.
لە بەشەکانی پاشتردا تۆڵستۆی زانیاریمان پێدەدات کە ئیڤان ئیلیچ دادوەرێکی سەرکەوتوو بووە و بەپێی پێوەرەکانی کۆمەڵگا ژیانێکی ئاسوودە ژیاوەو رێزێکی زۆری هەبووە، زۆریش حەزی بە یاری کاغەزێن کردووە، خاوەنی دوو منداڵە کچ و کوڕێک. پراسکۆڤیا فێدرۆنۆڤا (Praskovya Fyodorovna) ی ژنی پشتیوانێکی گرنگ بوو بۆ ئەو. ژیانی هاوسەرگیرییان تاڕادەیەک بە خۆشی دەست پێدەکات بەڵام لە کۆتاییدا سارد و پڕ لە ململانێ دەبێت. کاتێک ئیڤان نەخۆش دەکەوێت پراسکۆڤیای زۆرجار توڕەیی دەردەبڕێت چونکێ خەمی کرداری و عەمەلی نیشان دەدات نەک بەزەیی. تۆڵستۆی ڕۆڵی خۆی بەکاردەهێنێت بۆ وێناکردنی ئەوەی کە چۆن ڕێکەوتنە کۆمەڵایەتییەکان و بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەتوانن کاریگەرییان لەسەر پەیوەندییە مرۆڤییەکان هەبێت. هاوڕێکانی هەست بە ناخۆشی دەکەن نەک لەبەر لە دەستدانی هاوڕێکەیان بەڵکو لەبەر ئەوەی بڕیاریان دابوو کە شەوێ کۆ ببنەوە و یاری کاغەزێن بکەن. تۆڵستۆی لە وەسفکردنی هەڵوێستی زیندووەکان بەرامبەر بە مردن، و بەو هۆیەوە بەرامبەر بە ژیان، سەرنجی تایبەت بۆ شێوازی مامەڵەکردنیان لەگەڵ کاتدا ڕادەکێشێت:
لە سەرەتای ڕۆمانەکەدا، لە دوای مردنی ئیڤان ئیلیچ، بە هەمان شێوەیە وێنای پراسکۆڤایا دەکات کە بەردەوام مژوڵی بابەتە کردارییەکانە، لەوانە دارایی و ئەو خانەنشینییەی کە چۆن دوای مردنی هاوسەرەکەی وەریبگرێت. ئەمەش ڕەخنەی تۆڵستۆی لە کۆمەڵگا بەهێزتر دەکات کە زۆرجار پێگەی دەرەکی و بەرژەوەندی خۆ لە پێش خەمی ڕاستەقینەدا دادەنرێت.
ئیڤان لە بەشی سێی ڕۆمانەکە ئیڤان دەگوازێتەوە بۆ شاری شاری پترۆزبۆرگ، لەوێ لە دادگا کار دەکات پارەو پولێکی باش کۆدەکاتەوە و خانوویەک دەکڕێت، لە ماڵە نوێیەکەی خەریکی ڕازاندنەوەی ماڵەکەیانە، لە کاتی هەڵواسینی پەردەی پەنجەرەکاندا دەکەوێت و کەلـلەکەی دەیماڵێت بە قەراغی کورسیەکەدا بریندار دەبێت و تووشی ئازارێکی زۆر دەبێت و ئەوەش دەبێت هۆی ئەوەی تووشی نەخۆشیەکی کوشندەی بکات و هەر بەو هۆیەوە دەمرێت. بەڵام کەس نایەوێت دەربارەی ئیڤان ئیلیچ لە ترسی مردن بزانێت، تەنانەت ژنەکەی خۆیشی. کەس نییە، جگە لە خزمەتکارێکی بێ پارە گراسیم کە ئاگاداری دەبێت.
گیراسیم کوڕێکی کە سادە بوو بە بێ پاداشت، وەک خزمەتکارێک لە ماڵی ئیڤان، بە دڵسۆزی یاوەری ئەو پیاوە ی دەکرد، چاودێری دەکرد هەندێکجار بە درێژایی شەو تا بەیانی و هاوغەمی ئازارەکانی ئیڤان بوو، بە شێوەیەکی سروشتی، زۆر بە ڕێز و ئارامییەوە مامەڵەی لەگەڵ نەخۆشەکە، پێش ساتەوەختی مردنیشی تەنانەت لەگەڵ مردنەکەشیدا دەکرد. لای ئەو ئەمە ویستی خودایەو مەرگ چاوەڕێی هەموومان دەکات.
ئیڤان یادەوەرییەکانی ژیانی ڕابردووی لەسەرەمەرگدا وەک مۆتەکەیەک بەردەوام بەدواوەیەتی . کەمێک پێش ساتەوەختی مردن، ئیڤان ئیلیچ لە هەستێکی قوڵدایە بەوەی کە ژیان چییە ؟ تەنها کاتێک ئیڤان تێدەگات کە بەڕاستی دەمرێت، دەست دەکات بە بیرکردنەوە لەوەی کە چۆن ژیاوە و بەڕاستی چی گرنگ بووە؟
مردن حەتمیە و هەموو مرۆڤەکان دەبێت ڕووبەڕووی مردن ببنەوە. مانای ژیان، ژیانێکی باش و پڕ مانادار مانای چییە؟ تۆڵستۆی ڕەخنە لە ژیانێک دەگرێت کە بە پێگە و سەرکەوتنی دەرەکی بەڕێوەدەچێت، ئازار و بەزەیی چاودێری ڕاستەقینەی مرۆڤ دەتوانێت تەنانەت گەورەترین ئازاریش کەم بکاتەوە.
دەست دەکات بە پرسیارکردن لە هەموو ژیانی خۆی. پرسیاری ئەوە دەکات کە ئایا بەڕاستی ژیانێکی دروستی ژیاوە یان تەنها هەوڵی بەدەستهێنانی پێگە و پارە و ڕێزی کۆمەڵایەتی داوە. زۆربەی کەسانی دەوروبەری خۆیان لە قسەکردن بە ئاشکرا لەسەر مردنەکەی بەدوور دەگرن، ئەمەش وای لێدەکات تەنیا بێت. تاکە کەسێک کە بەزەیی ڕاستەقینە نیشان دەدات، خزمەتکار گراسیم کە بەبێ پارە هاوکاری دەکات. تۆڵستۆی پێشنیاری ئەوە دەکات کە ژیانێک کە تەنها لەسەر بنەمای پیشە و پارە و شکۆمەندی کۆمەڵایەتی دامەزراوە، مەترسی ئەوەی هەیە کە هەست بە بەتاڵی بکەیت.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی مردن، تەنها کاتێک ئیڤان ئیلیچ ڕووبەڕووی مردنی خۆی دەبێتەوە، درک بە بەهای خۆشەویستی و ڕاستگۆیی و بەزەیی دەکات.
هەرچەندە ڕۆمانی مەرگی ئیڤان ئیلیچ چیرۆکێکی ڕیبازی ئەبسورد نییە، بەڵام گەلێک تایبەتمەندی هەن کە دەتوانرێت وەک ئەبسورد هەستیان پێبکرێت وسەیر بکرێت، بەو مانایەی کە نیشان دەدەن مرۆڤ چۆن لەگەڵ مانای ژیان و حەتمیەتی مردندا ململانێ دەکات. بەڵام ڕۆمانەکە زۆر پێش ئەوەی بێمانایی ببێتە بزووتنەوەیەکی ئەدەبی نووسراوە و بە ئەبسورد حسێب ناکرێت.
ئیڤان ئیلیچ وا ژیاوە کە مردن تەنها کاریگەری لەسەر کەسانی تر هەبێت، ئێمە هەرگیز مەرگی خۆمان نابینین، مەرگ پەیوەندی بە کەسانی دیکەوە هەیە نەک خۆمان، کارەکتەرەکانی دەورو بەری هەوڵدەدەن خۆیان قەناعەت پێبکەن کە مردنی خۆیان بیر لێناکانەوە، هەرچەندە لە ڕاستیدا دەزانن کە ئەوە ڕاست نییە.
ڕێک ئەم بیرکردنەوە خۆ فریودەرەیە کە تۆڵستۆی ڕەخنەی لێدەگرێت: مرۆڤ بەزەحمەت مردنی خۆی قبوڵ دەکات و خۆی لە پشت ئەو تێڕوانینە دەشارێتەوە کە مردن هەمیشە کاریگەری لەسەر کەسێکی دیکە هەیە.
بەڵام لە لایەکەی ترەوە مەرگی ئەوانی تر دەبینین، ئیڤانیش هەرگیز مەرگی خۆی نابینێت، بەڵکو لە هەستی مردندا دەژی، کاتێک خۆی تووشی نەخۆشییەکی کوشندە دەبێت، وەک شتێکی ناعەقڵانی و نزیکە لە بێمانایی ئەزموون دەکات کە ئەو کەسەیە کە دەبێ بمرێت. خەڵکی دەوروبەری ئیڤان بەردەوامن لە ژیانی ڕۆژانەیان، وا خۆیان نیشان دەدەن کە نزیکە وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەداوە. ئەوان زیاتر خەمی پیشە و میرات و ئەرکە کۆمەڵایەتییەکانیانن نەک ئازارەکانی. ئەمەش هەستی بێ مانا و نامۆبوون دروست دەکات.
ئیڤان کاتێک ئاوڕ لە ژیانی خۆی دەداتەوە، تێدەگات کە بە پلەی یەکەم بەپێی ئایدیالی سەرکەوتن و پێگەی کۆمەڵگا ژیاوە. لەخۆی دەپرسێت ئایا هەموو ژیانی مانای ڕاستەقینەی هەبووە؟ ئەم قەیرانە وجودییە ئەو پرسیارانەمان بیردەخاتەوە کە دواتر لە ئەبسوردیزمدا گرنگ بوون.
جیاوازییە چارەنووسسازەکە ئەوەیە کە تۆڵستۆی ڕێگەیەکی دەربازبوون لە قەیرانەکە پێشکەش دەکات. بەرەو کۆتایی، ئیڤان ئیلیچ بە قبوڵکردنی مردن و درککردن بە بەهای خۆشەویستی و مرۆڤایەتی و ژیانێکی ڕاستەقینە، فۆرمێکی ئاشتەوایی دەدۆزێتەوە.
لە بێمانایی کلاسیکدا بۆ نموونە لە یوجین ئیۆنێسکۆ یان ساموێل بێکێتدا بە گشتی چارەسەرێکی لەو شێوەیە نییە. مرۆڤ لە جیهانێکدا دەژی کە مانایەکی ڕوونی نییە و دەبێت خۆی مامەڵە لەگەڵ ئەم وەدیهاتنەدا بکات.
مەرگی ئیڤان ئیلیچ ڕۆمانێکی بێمانا نییە، بەڵام پرسیاری وجودی لەخۆدەگرێت کە دواتر بوونە ناوەندی لە ئەبسوردیزمدا، بەریەککەوتنی مرۆڤ لەگەڵ مردن، هەستکردن بە بێ مانایی، ڕووکەشبوونی کۆمەڵگا وتەنیایی لە کۆتایی ژیاندا، گرنگترین جیاوازی ئەوەیە کە تۆڵستۆی ڕێگە بە پاڵەوان دەدات مانا و ئارامی ناوەوە بدۆزێتەوە، لە کاتێکدا بەرهەمەکانی ڕێبازی ئەبسورد زۆرجار کەسەکە بەبێ وەڵامێکی ڕوون یان ئاشتەوایی کۆتایی بەجێدەهێڵن.

کات لە ڕۆمانەکەدا
تێڕوانین بۆ کات لە کورتە ڕۆمانی مەرگی ئیڤان ئیلیچ دا زۆر گرنگە بۆ ئەوەی تۆڵستۆی چۆن ژیان و مردنی کارەکتەری سەرەکی وێنا دەکات. ڕۆمانەکە هەردوو کاتی (کرۆنۆلۆژی واتە بە پێی کات ڕێکخراوە) و (کاتی دەروونی) بەکاردەهێنێت. گۆڕانکارییەک لە نێوان کاتی دەرەکی (ڕووداوەکانی ژیان) و کاتی ناوەکی، دەروونی (بیرەوەری و بیرکردنەوەکان) چییە؟
یەکەم کاتی کرۆنۆلۆژی : پێکهاتەیەکی گێڕانەوەکەی (چیرۆکەکە بە مردن دەست پێدەکات و دواتر دەگەڕێتەوە) چیرۆکەکە بە شێوەیەکی نائاسایی دوای مردنی ئیڤان ئیلیچ دەست پێدەکات، کاتێک هاوکارەکانی هەواڵی کۆچی دوایییان پێدەگات. پاشان پڵۆتەکە دەگەڕێتەوە بۆ کات و باس لە ژیان و ژیانی پیشەیی و چۆنیەتی نەخۆشکەوتنی دەکات. بەرەو کۆتایی چیرۆکەکە دەگەڕێتەوە بۆ دوا ڕۆژەکانی پێش مردنی.، واتە ڕۆژ و هەفتەو مانگ و ساڵەکان بە شێوەیەکی ڕێکخراوەیی بەدوای یەکدا دێن.
دووەم کاتی دەروونی: کاتێک ئیڤان بە سەختی نەخۆش دەکەوێت، تێڕوانینی بۆ کات دەگۆڕێت. ڕۆژەکان هەست بە درێژیی و ئازار دەکەن بەهۆی ئەو ئازارەوە، بەردەوام بیر لە ژیانی خۆی دەکاتەوە و هەڵبژاردنەکانی دەکۆڵێتەوە. یادەوەرییەکانی منداڵی و گەنجی فەزایەکی زۆریان پێدەدرێت، بەو پێیەی هەوڵدەدات لەوە تێبگات کە ئایا ژیانی هیچ مانایەکی ڕاستەقینەی هەبووە یان نا. لێرەدا ئەوە کاتژمێر نییە کە چیرۆکەکە کۆنترۆڵ دەکات، بەڵکو بیرکردنەوە و هەستەکانی ئیڤان ئیلیچ.
گرنگی کات. تۆڵستۆی کات بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی نیشان بدات کە چۆن ڕوانگەی مرۆڤ لە بەرامبەر مردندا دەگۆڕێت، پێش نەخۆشییەکە ئیڤان کات وەک شتێکی پڕ لە کار و پیشە و سەرکەوتنی کۆمەڵایەتی ئەزموون دەکات.
کاتێک ئیڤان نەخۆش دەکەوێت، تێدەگات کە کاتێکی بێسنووری بۆ نەماوەو کات تەواو دەبێت لە وە بە ئاگا دەبێت هەر ڕۆژێکی نوێ بەو مانایەیە کە خەریکە لە مردن نزیک دەبێتەوە. بۆیە چیتر بیر لە پلانی داهاتوو و پیشەکەی ناکاتەوە، بەڵکو بیر لەوە دەکاتەوە کە چەند کاتێکی کەمی ماوە، ئیڤان مردنەکەی قبوڵ دەکات و فۆرمێک لە ئاشتی دەدۆزێتەوە.
بۆنموونە، پێشتر بیری لەوە دەکردەوە: ساڵی داهاتوو ڕەنگە پلەبەرزکردنەوەکەی بۆ بێت، مووچەکەی چەند زیاد دەبێت و دەتوانێت ساڵی داهاتوو چەند پاشەکەوت بکات، بەڵام ئێستا بیردەکاتەوە چەند ڕۆژم ماوە بژیم؟ بۆیە کات زۆر بەنرختر و ترسناکتر دەبێت.
ئەو کاتەشی گۆڕانکارییەکی ناوەوەی بەسەردا دێت، واز لە شەڕی مەرگ دەهێنێت، قبووڵی دەکات کە بڕیارە بمرێت، هەست بە بەزەیی بۆ خێزانەکەی دەکات لەبری ئەوەی تەنها بیر لە ئازارەکانی خۆی بکاتەوە و هەر ئەم گەشەسەندنی ناوەوەیە کە لە کاتەکانی دەرەوە گرنگتر دەبێت.
لە کۆتاییدا ئیڤان ئەوەندە لە مردن نزیک دەبێتەوە کە بیرکردنەوە لە ڕۆژ و کاتژمێر و بەروار دەهێنێت، گرنگ ئەوەیە چەندێک دەژی، بەڵکو چۆن ڕووبەڕووی مردنەکەی دەبێتەوە. جۆرێک لە ئاشتی دەدۆزێتەوە ئەمە بەو مانایە نییە کە تەندروست دەبێت یان واز لە ئازارەکان دێنێت. بەڵکو ئارامی ناوەوە دەدۆزێتەوە. واز لە ترسی مردن دێنێت چونکە قبوڵ دەکات. بەم شێوەیە تۆڵستۆی نیشان دەدات کە ئەزموونی مرۆڤ لە کاتدا تەنها بە ڕۆژ و ساڵ ناپێورێت، بەڵکو لە چۆنیەتی تێگەیشتن و بەهادان بە ژیانماندا دەپێورێت. ئەمە یەکێکە لە پەیامە گرنگەکانی تۆڵستۆی ئەوەی مانا بە ژیان دەبەخشێت، ئەوە نییە کە چەند دەژین، بەڵکو چۆن دەژین و چۆن پەیوەندیمان لەگەڵ مرۆڤەکانی تر و بە مردنی خۆمانەوە هەیە.

کات لە ساتی مردنی ئیڤان ئیلیچ
ماوەی بیست و یەک ساڵ تێدەپەڕێت دوای هاوسەرگیرییەکەی ئیلیچ، کات لە رۆمانەکەدا ژیانی پاڵەوانەکە و لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی ئەو پێکدەهێنێت هەروەها بێمانای ژیانیش. حیکایەتخوانی ناو ڕۆمانەکە بە وردی بەرواری ڕووداوەکانی دیاری ناکات بەڵکو تیشک دەخاتە ئەو شتانەی تەنیا لە بۆچوونی ئیڤان دا گرنگە.
بەشی سێیەم زیاتر جەخت لەسەر باوەڕی پاڵەوان دەکات کە کۆنترۆڵی بەسەر کاتدا هەیە، کە بە بۆچوون ئەو چۆن دەبێت ژیان بەو شێوەیە بەڕیوە بچێت کە ئەو دەیەوێت . بە ئاسانی، بە خۆشی و شایستەیی.
ئیڤان بەردەوام خەریکی کۆنترۆڵکردنی کاتەکانیێتی، کە نابێت هیچ شتێک تێکی بدات، کاتژمێر نۆ هەڵدەستێت لە خەو، قاوە دەخواردەوە، کاغەزەکانی دەخوێندەوە، پاشان یەکپۆشییەکەی لەبەر دەکات و دەچێتە دادگا. بەتەواوی کاتەکانی خۆی ڕێکخستووە. ڕۆتینی ڕۆژانە کە لەلایەن ئیڤان ئیلیچەوە دامەزرابوو، بە شێوەیەکی سروشتی نانخواردنی نیوەڕۆ و خواردنی کەمی پاشنیوەڕۆ و ئێوارەخوانی ئێوارەی لەخۆگرتبوو. حیکایەتخوان باسی ئەم کاتانەی ڕۆژ دەکات (ئەو کاتەی کە ژەمەکان دیاری دەکات) و ئەو چالاکییانەی پەیوەستن پێیانەوە. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە ئیڤان بە تەنیا لە کاتێکی ڕێکخراو و ڕۆتینیدا دەژی کە هیچ بوارێک بۆ گەشەکردنی ڕۆحی یان دروستکردنی پەیوەندی قووڵ و ڕاستگۆیانە لەگەڵ مرۆڤەکاندا ناهێڵێتەوە، بەڵام ئازار و گەشەسەندنی هەستکردن بە ناڕەحەتی دەبێتە هۆی تێکچوون لە کاتدا. لەوێدا کات دەبێتە شتێکی تر و گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
کات لە ڕۆمانی مردنی ئیڤان ئیلیچ ئامرازێکی گرنگە بۆ بیرۆکەکانی تێکستەکە، بەشێوەیەکی زۆر هۆشیارانەی هەمەچەشن کات و پەیوەندی پاڵەوانی ڕۆمانەکە بە کاتەوە وێنا دەکات و ئەزموونی ژیان و مردنی خۆی باس دەکات و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات. بۆیە وەک پۆلێنێکی فەلسەفی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، بەستراوەتەوە بە بیرکردنەوە لە مانای بوونی مرۆڤ. سەردەمی ئیڤان ئیلیچ- کە سەرەتا وەک مردوو پێشکەش دەکرێت، پاشان دەگۆڕدرێت بە بۆ ژیانی و بەیوەندی ئیڤان ئیلیچ بەکاتی دەرەکی و ناوەکی.
هەر لە سەرەتا و لە لاپەڕەی یەکەمدا پێمان دەڵێت کە هاوڕێکانی کاتیان نییە بۆ بەشداریکردن لە پرسەکەدا، یەکێکی تریان دەڵێت بەشداری کردن لە کاتێکی وەرزکەر و ناخۆشە.
مردن وەک پچڕانێک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت بۆ بەسەربردنی کاتەخۆشەکان، هاوڕێکانی هەست بە ناخۆشی دەکەن، نەک لەبەر لە دەستدانی هاوڕێکەیان بەڵکو لەبەر ئەوەی بڕێاریان دابوو کە شەوێ کۆ ببنەوە و یاری کاغەزێن بکەن
تۆڵستۆی وەسفی ژیانی ڕۆژانەی پاڵەوانەکە بە ڕێکوپێکی و بە خێرایییەکی ئاسایی دەکات ، ساڵ بەدوای ساڵدا دێت بە شێوەیەکی تاڕادەیەک نەریتی تا ساتەوەختی پەیدابوونی قەیرانە وجودیەکە، لە دوای نەخۆشییەکەی ئیڤانەوەیە پێوانەکردنی کات دەگۆڕدرێت، خێرایی گێرانەوەکە دەگۆڕێت و خاو دەبێتەوە و سەرنج دەخرێتە سەر بیرکردنەوە و هەستی پاڵەوان و ئەزموونی بابەتیی کات کە لە کرۆنۆلۆژیای ئاسایی گرنگتر دەبێت. تیشک دەخرێتە سەر گەشەسەندنی ناوەوەی و قەیرانی بوونگەرایی. قۆناغی کۆتایی زۆر وردتر وێنا دەکرێت.
ئەو شتانە دەگێڕدرێتەوە کە لە ماوەی چەند دەیەک لە ژیانی پاڵەوانەکەدا ڕوویانداوە، پوختەی ڕووداوەکان دەگێڕیتەوە، زۆرجار بازدانی کاتیی بەرچاو بەکاردەهێنێت. لە درێژایی گێرانەوەکەدا خوێنەر دەزانێت کە ئیڤان ئیلیچ لە چەند شوێنێکدا بۆ ماوەی جەند ساڵ کاریکردووە، لە چ شوێنێکی تر پەلی باڵای هەبووە و ڕۆژنە چۆن کاتەکانی دابەشکردووە. لە بەشێکی تریدا بیست ساڵە هاوسەرگیری کردووە، بە هیچ شێوەیەک باس لە بێمانایی ژیان ناکات لەو بەشانەدا، وێنەی پیاوێک دروست دەکات تا ڕادەیەک بەدوای ئامانجی بەرژەوەندی بەدوای خۆیدا دەگەڕێت. کۆنترۆڵی بەسەر کاتدا هەیە.

هەستکردن بە ناڕەحەتی دەبێتە هۆی تێکچوونی کات:

لە بەسەرنجی بۆ ڕێکخستنی کاتی ناجێگیر ڕادەکێشێت: لە دیمەنەکانی بەشی چوارەم بەدواوە داهاتوو پێمان دەڵێت کە “لە کاتی نانخواردنی ئێوارەدا” ئیڤان تووشی توڕەیی بووە یان “بەهۆی ئازارەکەوە هەموو شەوەکە نەخەوتووە”
لە شوێنێکی دیکەدا ئاگادارمان دەکاتەوە جارێکی دیکە “کەمێک دواکەوت بۆ نانخواردنی ئێوارە”، “هەندێک بابەتی گرنگی دواخست”، و لەبری ئەوەی یاوەری میوانەکانی بکات تا درەنگانی شەو، ” بەڵام چووە ژوورەکەی خۆی. ئەمانە هەمووی ئەنگیزە و هۆکارە بۆ تێکچوونی کات.
کاتێک ئیڤان بە سەختی نەخۆش دەکەوێت، ئەزموونی کاتەکەی دەگۆڕێت. هەرچەندە دەتوانێت سەیری کاتژمێرەکە بکات، بەڵام دەزانێت کە ئیتر هیچ شتێکی گرنگ لەبارەی واقیعەکەیەوە ناڵێت. بۆ ئەو هەموو شتێک لە دەوری ئازارەکە، ترسەکە و چاوەڕوانی مردن دەسوڕێتەوە. بۆیە چیتر ژیانی بە پێی کاتژمێرەکەی دەستی ناڕوات لەسەر کاتژمێرەکەی دەستی میقات ناکرێت. تۆڵستۆی دەیەوێت بڵێت، کاتژمێر هێشتا کاتی ئاسایی دەپێوێت، بەڵام بۆ ئیڤان مانای خۆی لەدەستداوە. ئێستا ژیانی بە نەخۆشی و ئەزموونی ناوەوەی کات بەڕێوەدەچێت نەک بە کاتژمێر و خولەک، کاتێک مرۆڤ ڕووبەڕووی مردن دەبێتەوە، کاتی دەروونی گرنگتر دەبێت لە کاتی کرۆنۆلۆژی.

کاتە ئۆبجەکتیڤیەکان Objektiv دەرەکی
کاتە ئۆبجەکتیڤیەکان بابەتییەکان ئەو کاتەیە کە هەموو کەسێک دەتوانێت بیپێوێت. بۆ هەموو کەسێک وەک یەکە نموونە: کاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆیە، سەعاتێک شەست خولەکە و ساڵێک ٣٦٥ ڕۆژە. کاتەکان بە هەمان ڕێژە بەرەو پێشەوە دەڕوات، بەبێ گوێدانە هەستکردنمان و لە چ بار و دۆخێکدا بژین.

کاتە سەبجەکتیڤیەکان Subjektiv ناوەکی
کاتە سەبجەکتیڤیەکان ئەوەیە کە چۆن ئەزموونی کات دەکەین چۆن کات بەسەر دەبەین و چۆن کاتەکان تێدەپەڕن تۆ دەتوانێت هەست بە جیاوازی بکات بەپێی هەستەکانت و بارودۆخەکەت.
بۆ نموونە: لە ویستگەیەکدا وەستان لە ژێر باران چاوەڕێی پاس بکەیت، ئەگەر پێنج خولەک بێت هەست دەکەیت نیو کاتژمێرە. لەگەڵ باشترین هاوڕێکانت سێ کاتژمێر کۆدەبیتەوە بەڵام هەست دەکەیت نیو کاتژمێرە. کاتێک ئازارێکی زۆرت هەیە یان دەترسیت، لە هەر خولەکێکدا هەست بە درێژیی زۆر دەکەیت، هەرخولەکێک دەبێت بە سەعاتێک. کاتژمێر لە هەموو ئەم بارودۆخانەدا هەمان کات پیشان دەدات، بەڵام ئەزموونی کات جیاوازە.
لە سەرەتای چیرۆکەکەدا کاتە ئوبجەکتیڤیەکان زاڵە. ئیڤان ئیلیچ ژیانێکی ئاسایی دەژی کە ساڵەکان تێیدا تێدەپەڕن، دەخوێنێت، کار دەکات، هاوسەرگیری دەکات و دەبێت بە خاوەنی پیشە، چیرۆکەکە بە ڕێکوپێکی ڕووداوەکان بەدوایدا دەچێت.
کاتێک نەخۆش دەکەوێت کاتە سەبجەکتیڤیەکان گرنگتر دەبێت. چیتر بیر لە ساڵنامە و کاتژمێر ناکاتەوە، بەڵکو بیر لە ئازارەکانی و ترسی خۆی دەکاتەوە. لە شەوێکدا دەتوانێت هەست بە بێکۆتایی کات بکات و بیرکردنەوەکانی لەبارەی ژیان و مردنەوە شوێنی زیاتر لە ژماردنی کاتە ئاساییەکان دەگرێتەوە.
کاتێک لیزا، کچی ئیڤان ئیلیچ، کە نایەوێت بۆ ماوەیەکی زۆر لەگەڵ باوکە نەخۆشەکەیدا بمێنێتەوە، بێ تاقەتی نیشان دەدات و سەیری کاتژمێرەکەی دەکات دەڵێت کاتی ئەوە هاتوو بڕۆین بۆ بینینی نمایشەکە، ئیڤانی نەخۆشی تێڕوانینی خۆی بۆ کات دەگۆڕێت و پەیوەستیشی دەکاتەوە بە خێزانەکەیەوە کات بەقوڵی دەبێتە ناوەکی (سوبژێکتیڤ) گێڕەرەوە ئاماژە بەوە دەکات کە ئیڤان دەست دەکات بە بەراوردکردنی ئێستا لەگەڵ ڕابردوودا: “لە ڕابردوودا بەرگەی شکستەکانی گرتبوو، بەڵام ئێستا هەموو شتێک شکستە.
ڕابردەوو وەک “ژیان و ڕووناکی” لەکاتێکدا ئێستا وەک “مەرگ وتاریکی” هەڵدەسەنگێنێت. هەروەها ئیڤان ئیلیچ دەست دەکات بە بیرکردنەوە لە داهاتوو، واتە بیر لە تێپەڕبوونی کات دەکاتەوە، لەسەر کۆتایی ژیان، ژیانێک کە هەبووبەڵام لە لەناکاو دەخلیسکێتە ناو ئەو تونێلە ڕەشەوە کە خۆی باسی دەکات.
تۆڵستۆی بەتایبەت لە بەشی هەشتەم و نۆیەمدا، باسی سووڕی ئەبەدی کات دەکات و جەخت لەسەر ئەو ئازارە دووبارەبوونەوەیە دەکاتەوە کە پاڵەوان ئەزموونی دەکاتەوە، وەک ئەوەی ئیڤان لە کاتدا گیری خواردبێت، و چۆن وردە وردە کۆنترۆڵی بەسەریدا لەدەست دەدات. ئەم دووبارە بوونەوەیە پاڵەوان دەهاڕێت.
هەموو ڕۆژێک وەک یەک دەردەکەوێت، لە خەو هەڵدەستێت، ئازاری هەیە، سەردانی پزیشک دەکات ئازاری هەیە، هەوڵی پشوودان دەدات، ئازار دەچێژێت و چاوەڕێ دەکات هیچ شتێک ناگۆڕێت. کات لای پاڵەوان تەنها بە بازنەیی دەڕوات لەبری ئەوەی بەرەو پێشەوە بێت. هەمان شت دووبارە و سێبارە ڕوودەدات و ئیدی وەک زیندانییەک خۆی دەبینێت کە چاوەروانی ڕۆژی لە سێدارەدانی بێت. کات تەنها جەستەو شکڵی ئیڤان ناگۆڕێت بەڵکو چۆن دەست دەنێتە بینی و بەرەو کیسە ڕەشەکە دەینێرێت. تەنها چاوەڕێی هێرشی داهاتووی ئازار یان ڕۆژی جەفای دواتر دەکات.
ئیدی لەمەو دوا، جگە لە ئازارەکەی هەست بە گەشتێکی تەنیا دەکات، گەشتێک لەگەڵ مردندا، تێبینی دەکات کە بەڕاستی کەس تێناگات کە بە چیدا تێدەپەڕێت. خێزان و پزیشکەکان باسی نەخۆشیەکەی دەکەن، بەڵام باسی ئەوە ناکەن کە لە ڕاستیدا بڕیارە بمرێت، درک بەوە دەکات کە مردن شتێکە لە بنەڕەتدا دەبێت بە تەنیا ڕووبەڕووی ببێتەوە.
تۆڵستۆی باسی ئەوە دەکات نەخۆشییەکە نەک هەر بە قەیرانێکی فیزیکی نا بەڵکو بە قەیرانێکی بوونییش وەسفی دەکات. ئیڤان ئیلیچ نەک تەنها تەندروستی خۆی لەدەست دەدات ژیانی ڕۆژانە و ئەو پەیوەندییانە و هەستی کۆنترۆڵکردنیش لەدەست دەدات کە پێشتر پێکهاتەی ژیانی پێبەخشیبوو.
لە بەشی دەیەمدا ئیڤان وردە وردە لە جوڵە دەکەوێت، ئەگەر جاروبار لەناو ماڵکەی دەجوڵا ئێستا تەنانەت ناشتوانێت لە ژوورەکەیدا بجوڵێتەوە، (دەمووچاوی دەنێت بە دیوارەکەوە و جوڵەی تەواو سنووردار دەبێت،) نەک هەر کات بەڵکو شوێنیش دەگۆڕێت، ئیتر ئیڤان پەیوەندی بە ئۆفیسی کارکردن و ئەو شوێنانەنەی کە کاتی تێدا بەسەر بردووە نامێنێت. بەڵکو پەیوەندی بەوەوە هەیە کە چۆن هەموو جیهانەکەی وردە وردە بچووک دەبێتەوە و دەگۆڕێت بۆ فەزای مردن.

سێ ڕۆژەکە

بەشی یانزەهەم بە تووڕەبوونەکەی ئیڤان کۆتایی دێت کە هاوار دەکات: بیکە بەخاتری خوا، لێمگەڕێ با بەدردی خۆمەوە سەربنێمەوە، ئیدی هیچ ئارامییەکی نامێنێت، پاژی دوانزەهەمیش حیکایەتخوان باسی ئەوە دەکات، لە ڕۆمانەکەوە ” دوای ئەوە هاوار و ناڵەی پڕئازار و بۆ ماوەی سێ ڕؤژبەردەوام بوو، ناڵەو قیژەی تەواوی ماڵەکەی پڕکردبوو، سێ ڕۆژ بێوەستان ئیڤان هاواری کردووە، سێ ڕۆژ ئازار ومردنی ترسناک، ئیڤان لەو کاتەوە کە ژنەکەی خۆی دەرکرد لە ژوورەکە بۆی دەرکەوت کە مردنی یەکجارییە، وا چاکە دەست لە هەموو هیواکان بەربدات” . بیرکردنەوەیەکی بەم شێوەیە بە مانای خۆبەدەستەوەدان بوو بۆ دۆخێکی تاریکی دەروونی مرۆڤ. تۆڵستۆی ژنەکەی ئیڤان لەوێدا وەک حیکایەتخوان دادەنێت باسی ئەو سێ ڕۆژە دەکات کە کات بۆی نەمابوو لە ناو کیسە ڕەشەکەدا خەباتی دەکرد هێزێکی نەبینراو و بەرگە نەگیراو فشاری هێناو خستیە ناو چاڵەکەوە، مرۆڤ هەرچەند خەبات بکات لێی دەرباز نابێت.
لە ڕۆمانەکەوە ” سێ ڕۆژی تەواو لە هەمبەر ئەو هێزە نادیارەدا خۆڕاگریی کرد کە دەیویست فڕیی بداتە ناو چاڵەکەوە، ڕاست وەکو مەحکوم بەمەرگێک کە بەدەست جەلادەوە خۆی ڕادەپسکێنی و لێشی ڕوونە ئەو هەوڵ وڕاپسکانە بێ هوودەیە. سات لە دوای سات لەو شتە تۆقێنەر و بەسامەنزیک و نزیکتر دەبووە”
ئەو سێ ڕۆژە شتێکە کە خەڵکی تر دەیبینن، بەڵام لە دوا جار هێزێکی نەبینراو هەیە کە کە بێدەنگی دەکات، ئەو هێزەش قبوڵکردنە. سێ ڕۆژی ئینتیمی، واتە سێ ڕۆژی، قوڵ لە بیرکردنەوە، سێ رۆژ لە ئەزمون کردن لە دواجاردا قبوڵ کردنی ئەوەی کە بڕیارە بەمرێت.
سێ ڕۆژ کە لە ڕۆمانەکەدا لە بەشی دوانزەهەمدا چەند جارێک دوو بارە دەبێتەوە، دەشێت تۆڵستۆی بە مانایەکی مێتافۆرێک بەکاری بهێنێت، بەشێوەیەکی ڕەمزی لێکدانەوەی بۆ بکات، لە ئایینی مەسیحیدا و هەروەها لە بیروباوەڕ و ئەفسانە جۆراوجۆرەکانیشدا، سێ ڕۆژ لە کایەی تاریکیدا هێمای پرۆسەی گۆڕانکارییە. ڕۆژێ پێش مردنی ئیڤان ئیلیچ تەنها سێ ڕۆژی ڕۆژمێری نییە، سێ ڕۆژی ئۆبجەکتیڤی نیە، تۆڵستۆی وەک هێما بەکاریان دەهێنێت.
کاتێک دەڵێین کە سێ ڕۆژەکە مانای مێتافۆرییان هەیە، مەبەست ئەوەیە کە نوێنەرایەتی گەشتێکی ناوەوە دەکەن. تاریکی واتای ئازار و مردنە، لە کاتێکدا سێ ڕۆژەکە هێمای ئەو پرۆسەیەن کە ئیڤان ئیلیچ لە ترس و ئینکارییەوە دەڕواتە تێڕوانین و قبوڵکردن. هەر لەبەر ئەمەشە وێناکردنی تۆڵستۆی بە ئایینی مەسیحی و ئەفسانەی تری گۆڕانکارییەوە دەبەستێتەوە.
تۆڵستۆی بە هێمایەکی کۆن و ئایینی و ئەفسانەییەوە دەیانبەستێتەوە، مرۆڤ دەچێتە ناو تاریکی(ئازار، مردن، ئاژاوە) پاشان گۆڕانکاری ناوەوەی بەسەردا دێت مرۆڤ وەک کەسێکی گۆڕاو دێیتە دەرەوە. یان لە ئایینی مەسیحیدا، بۆ ژیانێکی نوێ دێتەوە، پرسیار ئەوەیە بۆچی سێ ڕۆژ بە تایبەتی؟ لە ئایینی مەسیحیدا ڕوونترە هاوتەریبە لەگەڵ مردن و زیندووبوونەوەی عیسا. لە ئاینی مەسیحیدا عیسا دەمرێت، پاشان لە کایەی مردووەکاندایە و لە ڕۆژی سێیەمدا هەڵدەستێتەوە. بۆیە سێ ڕۆژ بوونەتە هێمای گواستنەوە لە مردنەوە بۆ ژیانی نوێ.
هەروەها مۆتیڤی هاوشێوە لە زۆرێک لە ئەفسانەکاندا دەبینرێت، پاڵەوانێک یان خودایەک دادەبەزێت بۆ ناو تاریکی یان جیهانی ژێرزەوی، تاقیکردنەوەیەکی بەسەردا دێت و بە گۆڕانکاری دەگەڕێتەوە.
ئەمە چۆن پەیوەندی بە مردنی ئیڤان ئیلیچەوە هەیە؟ لە ماوەی سێ ڕۆژەدا، ئیڤان ئیلیچ ئازارێکی زۆر دەچێژێت، دژی مردن لە ناو ئەو کیسە ڕەشەدا دەجەنگێت. پاشان تێدەگات کە بە هەڵە ژیاوە و دەست دەکات بە بەزەیی بۆ خێزانەکەی واز لە شەڕی مەرگ دەهێنێت و قبوڵ دەکات.
ئەوە ئەم گۆڕانکارییە ناوەکییەیە کە نووسەر ئاماژەی پێدەکات. بەم پێیە سێ ڕۆژەکە هێمای گۆڕینی ڕۆحی ئەون. لە ڕووی جەستەییەوە تەندروست نابێت و زیندوو نابێتەوە، بەڵکو وەک مرۆڤێک تەنها پێش مردنی دەگۆڕێت.
لێرەدا پەیوەندییەکی هێمادار لە نێوان مردنی ئیڤان ئیلیچ و چیرۆکی ئەفسانەی ئینجیلی یونا یان وەک لای موسڵمانەکان پێی دەڵێن حەزرەتی یونس ڕوون دەکەیەنەوە. ئەو یونسی کوڕی مەتایە و ڕەچەڵەکی دەچێتەوە سەر حەزرەتی ئیبراهیم. هەریەکە چیرۆکێکی هەیە بەڵام لە هەردوو دینەکە چیرۆکە هاوبەشەکە ئەوەیە کە دەکەوێتە ناو دەریاوە و ماسیەک قوتی دەدات لە سکی ماسیەک دەمێنێتەوە، لە ئینجیلدا ماوەی سێ ڕۆژ دەمێنێتەوە و لای موسڵمانەکان تا خەڵکی نەینەوا دەبن بە موسڵمان دەمێێتەوە. چیرۆکی یۆنا ــ یونس ، یەکێکە لە پڕماناترین چیرۆکەکان بۆ هەر مرۆڤێک کە هەست بە “تەنگانە” و “بێ ئومێدی” دەکات. ئەم چیرۆکە کورتە بەڵام زۆر قووڵە.
کتێبی ئینجیلدا بەو شێوەیە باس کراوە کە یونا پێغەمبەرێک بووە و لە لایەن خوداوە کە ئەرکێکی پێدەسپێرن کە بچێتە شاری نەینەوا و خەڵکی ئەوێ ئاگادار بکاتەوە چونکە خراپەکاری زۆریان کردبوو، بەڵام یونا نەیدەویست ئەو کارە بکات. بە کەشتییەکەوە بەرەو ئاراستەیەکی تر هەڵهات. پاشان زریانێکی گەورە هات. دەریاوانەکان تێگەیشتن کە زریانەکە پەیوەندی بە یونسەوە هەیە و فڕێیاندایە ناو دەریاکە پاشان ماسیەکی گەورە قوتی دا، یونا سێ ڕۆژ و سێ شەو لە سکی ماسیدا بوو. لەوێ دوعای لە خودا کرد و تەوبەی کرد. دوای سێ ڕۆژ ماسییەکە تفی کردەوەو کەوتە سەر وشکانی. پاشان یونا چووە نەینەوا و ئەرکەکەی جێبەجێ کرد.بە شێوەیەکی ڕەمزی چیرۆکی یونا بە واتای، دابەزین بۆ ناو تاریکی، بۆ ئەوەی دادگایی بکرێت و بۆ گۆڕین و دەستکەوتنی سەرەتایەکی نوێ. یونس ماسییەکی گەورە قوتی دەدات سێ ڕۆژ لە تاریکی و حاڵەتێکی مەرگاویدایە دەبێت و پاشان دیسان دێتەوە دەرەوە. بە هەمەن شێوە مەسیحیش سێ ڕۆژ لە ژێر خاکدا دەمێنێتەوە. جیاوازی ئەوەیە کە ئیڤان ئیلیچ ئەوەیە ئەو لە ڕووی جەستەییەوە زیندوو نابێتەوە و، بەڵکو لە ناوەوە بە ئاگا دێتەوە و هەست بە خۆشەویستی بۆ دەوروبەرەکەی دەکات قبوڵی مەرگ دەکات، لەبری بیرکردنەوە لە پلە و پایەو ژیانێکی مادی بیر لە خۆشەویستی خێزان و بەزەیی و میهرەبانی دەکاتەوە.
لە ڕۆمانەکەوە، لە دوا لاپەڕەی ڕۆمانەکەوە، لە سەر زمانی ژنەکەیەوە بۆمان دەگێڕێتەوە ” بمرم بارودۆخەکە باشتر دەبێت، حەزی دەکرد ئەو قسانە بکات. بەلام توانای قسەکردنی نەبوو و زمانی شکابوو، بیریکردەوە ” بەڵام بۆ دەبێت بەزمان بیدرکێنم؟ دەبێت بە عەمەلی بیکەم” بە ئاماژە هاوسەرەکەی حاڵی کرد کە ڤلۆدیا بنێرێتە دەرێ، زۆر بە زەحمەت گوتی
ـــ زۆرم خەمی ئەوە… بۆ تۆش زۆر بە پەرۆشم.. هەوڵیدا بڵێ (لێم ببوورە) بەڵام گوتی:
ــ بیبە دەرێ
لەدڵی خۆیدا گوتی: بەڵێ هەموو شتەکان ڕاست و دروست نەبوون، بەڵام گرنگ نییە دەکرێ باش ببێ.
شەبەقێکی دەدی. هەوڵی دا گوشار بۆ مێشکی خۆی بێنێ و فکرەکانی کۆبکاتەوە (ئازارەکە لە کوێێە؟)
” بەڵێ، ئەوەتا لێرەیە”
ترسی چی؟ کامە مەرگ؟ ترسێک لە گۆڕێدا نەبوو
چونکە هیچ مەرگێک بوونی نەبوو.
بەجێی مەرگ ڕووناکی هەبوو.
لە ناکاو بە دەنگێکی بەرز گوتی
ــ کەوایە ئەوەیە چ چێژێکە ئۆقرە گرتن، چ خۆشییەکە
لێرەدا نووسەر باسی دوا ساتەکانی ئیڤان ئیلیچ دەکات و وەک ئەزموونێکی عیرفانیی یان ڕۆحی لێکدەداتەوە.
ژیان لە ئێستادا، لە ڕۆمانەکەی تۆڵستۆیدا وەک حاڵەتی ڕۆحی پاڵەوان (هۆشیاری بەئاگابوو)، وەک حاڵەتێکی ڕۆشنگەر و ئامادەبوونی بەدیقەتمان پێشەکش دەکات، کە تێگەیشتن بەسەریدا زاڵ بوو، چونکێ ئیڤان دەستی بە گوێگرتن کرد بۆ یەکەمجار لە کاتی گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ڕۆحدا ئەم حاڵەتە ئەزموون دەکات، کە وەک ساتێکی بێدەنگی ناوەکی، تەرکیزکردن وەسف دەکرێت، “ئەو بوو بێدەنگ”. سەرەتای دروست بوونی هوشیاری گوێگرتنە
ئەو هەوڵیدا ئەو ترسە کۆنەی لە مردن هەیبوو وەربگرێتەوە، بەڵام نەیتوانی بیدۆزێتەوە. ئەوەش بە مانای ئەوەی کە ترسی لە مەرگ نەماوە، بەڵام خودی مەرگ هەرماوە، بەڵام ترسەکە وون بوو. ئەمەش شێوازێکی ڕەمزییە بۆ ئەوەی بڵێین مەرگ دەسەڵاتی بەسەریدا نەماوە، چونکێ ئیدی ترس نەماوە. هەر ئەم ڕزگارییە ناوەکییە کە تۆڵستۆی دەیەوێت وێنای بکات.
لە کۆتا ساتی ڕۆمانەکە گۆڕینی ناوەوەی ئیڤان ئیلیچ نیشان دەدات، کە بەداخ بوو بۆیان، بەزەیی بە منداڵاکان و خێزانەکەیدا دێتەوە. یەکەمجارە بە پلەی یەکەم بیر لە ئازارەکانی خۆی ناکاتەوە، بەڵکو بیر لە ئازارەکانی ئەوان دەکاتەوە. بیر لەوە دەکاتەوە کە دەبوو بەجۆرێک مامەڵە بکات کە نەدەبوایە ببێت بە ئازار بۆیان. چیتر نایەوێت لە پێناو خۆیدا دەست بە ژیانەوە بگرێت. دەیەوێت ئازارەکانی خێزانەکەی کەم بکاتەوە.
لێرەدا تێدەگات کە خەباتی دژی مردنەکەی ئازارەکان گەورەتر دەکات، چ بۆ خۆی و چ بۆ ئەو کەسانەی خۆشیان دەوێت. بە قبوڵکردنی مردن دەتوانێت هەم ئەوان و هەم خۆی ئازاد بکات، بۆی دەردەکەوێت کە چارەسەر بەرەنگاربوونەوەی مردن نییە، بەڵکو قبوڵکردنیەتی.
لە ڕۆمانەکەوە
“ئیڤا ئیلیچ خۆی بانگەوازی مردن دەکات،: مردن؟ لە کوێیە؟
مردن؟ لە کوێیە؟
ئێستا بەدوای ئەو مردنەدا دەگەڕێت کە پێشتر ئەوەندە لێی دەترسا، لەبری مردن ڕووناکی هەبوو”
لەو کاتەی کە دەڵێت مەرگ نەما، هەرچەند لە ڕاستیدا دوای چەند ساتێکی کە دەمرێت، بەڵام ئەوەی نامێنێت ترسی مردنە، بە درێژایی ڕۆمانەکە ئیڤان شەڕی مردنی کردووە لە دوا ساتیدا بیری لەوە کردۆتەوە، لە ڕووە سایکۆلۆژیەکەوە دەتوانین بڵێین مەرگ دەسەڵاتی بەسەر ئێمەدا هەیە تا ئەو کاتەی لێی بترسین، کاتێک ئیڤان واز لە ترس دەهێنێت، دەسەڵاتی خۆی لەدەست دەدات. ئەمەش مانا عیرفانییەکەیەتی کە تۆڵستۆی ڕۆحێکی عیرفانی هەبوو. مەبەست ئەوەیە کە لە ساتەوەختی مردندا ئیڤان ئیلیچ ئەزموونێکی عیرفانیی بێ کات، مانای قووڵی هەیە. مردن کە پێشتر تاریکی بووە، لەبری ئەوە دەبێتە ڕووناکی. بۆیە مردنی نەک تەنها دەبێتە کۆتایی، بەڵکو دەبێتە رزگاری ناوەوە و گۆڕانکاری. تۆڵستۆی مەرج نییە بانگەشەی ئەوە بکات کە ئیڤان ئیلیچ بەڕاستی وەحییەکی ئایینی هەیە، نەخێر بەڵکو ئەو لێکدانەوەی ئەدەبی بۆ کۆتاییەکە دەکات و چەمکەکانی عیرفان بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی ڕوونی بکاتەوە باسی چی دەکات.
مانای عیرفان بە تێکڕایی کاری کەسێکە دەیەوێ خۆی بناسێ؛ بۆ هاتووە؟ بۆ کوێ دەچێ؟ دەبێ چی بکا؟ هەرچەندە تۆڵستۆی باوەرذار بوو بەڵام بەمانای ئەوە نییە بانگەشەی دینی دەکات. تەنانەت بەبێ لێکدانەوەیەکی ئایینی، ڕووناکی دەتوانێت هێمای تێگەیشتن بێت. جاران ئیڤان بۆ پێگە و پیشە و ئەوەی خەڵکی دیکە بیری لێدەکەنەوە ژیاوە.، بەڵام ساتە وەختی مردنی، دوای بینینی ڕوناکی ئیدی تێدەگات کە بەڕاستی چی گرنگە، خۆشەویستی، بەزەیی و ڕەسەنایەتی، بەو شێوەیە ڕووناکی دەبێت بەعەقڵ، ئەم بیرۆکەیەش لەلای چەند فەیلەسوفێکی ڕواقیەکان هەیە، چونکەی ڕواقیەکان (Stoikerna ) پێیان وایە مرۆڤ دەبێت بەپێی عەقڵ بژی و ئەوەی کە ناتوانێت کۆنتڕۆڵی بکات وا باشە قبوڵی بکات. بە بڕوای ڕواقیەکان ، بەو پێیەی مردن شتێکە کە کەس ناتوانێت خۆی لێی بەدوور بگرێت، بە دیدی ئەوان بێمانایە کە هەموو ووزە و هێزمان لە هەوڵی ڕزگاربوون خەرج بکەین. گرنگ ئەوەیە چۆن پەیوەندی پێوە بکەین.
سێنیکای فەیلەسوف Seneca کە یەکێکە لە فەیلەسوفە رواقیەکان، پێیان وابوو کە ئێمە ناتوانین کۆنتڕۆڵی مردن بکەین، چونکێ هەموومان دەمرین ، مەرگ کارێکی حەتمییە، ئەوان باوەڕیان وابوو کە ئێمە مردن هەڵنابژێرین ئەوەی بەسەرمان دێت، بەڵکو دەتوانین هەڵوێستی خۆمان بەرامبەر مەرگ وەربگرین. هەر ئەم بیرۆکەیە کە گەشەسەندنی ئیڤان ئیلیچ لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا دەهێنێتەوە
ئەگزیستانسیالیستەکان ( الوجودیە) پێیان وابوو مرۆڤ کاتێک ئازادتر دەبێت کە مەرجەکانی ژیان قبوڵ بکات لەبری ئەوەی لێیان ڕابکات، ئەوەش دیدێکی فەلسەفی بونگەرایی پاڵەوانەکەیە. پێدەچێت تۆڵستۆی بیەوێت پێمانبڵێت ئەوە مردن نییە کە گەورەترین کێشەی مرۆڤە، بەڵکو ئەوە ترسی مردن و ژیانێکی ناڕاستەقینە و دروستکراوە کە کیشەی مرۆڤەکانە. تۆڵستۆی لەوەش زیاتر دەڕوات. بۆ ئەو قبوڵکردنی مردن بەس نییە. هەروەها ئیڤان لە ڕێگەی خۆشەویستی و بەزەیی و گۆڕانکارییەکی ڕۆحی مانا دەدۆزێتەوە. هەر بۆیە ڕۆمانەکە بە “ڕووناکی” کۆتایی دێت، کە زۆر کەس وەک نیشانەی ئاشتەوایی ڕۆحی یان ئایینی لێکدەدەنەوە.
ئەمە یەکێکە لەو بڕگانەی کە زۆرترین مشتومڕی لەسەر ڕۆمانی مەرگی ئیڤان ئیلیچ دا هەیە، و دەتوانرێت بە چەندین شێوەی فەلسەفی لێی تێبگەین. تۆڵستۆی وەڵامێکی سادە ناداتەوە، بەڵکو ڕێگە بە خوێنەر دەدات لێکی بداتەوە کە “ڕووناکی” مانای چییە.

زاهیر عەبەڕەش




گفتوگۆیەکی شانۆیی لەگەڵ نیهاد جامی-بەشی یەکەم

1-

رەنگە میتۆدی ئەم گفتوگۆیە لەگەڵ هەر گفتوگۆیەکیتر جیاواز بێت، هەڵبەت هەمیشە بەدوای شێوازو زمانی جیاواز گەڕاوین بۆ قسەکردن لە شانۆدا، لەرێگەی توێژینەوەو وتار و شانۆنامە و گفتوگۆ، بەڵام ئەوەی لەو گفتوگۆیەدا پشتی پێدەبەستین ، میتۆدی هەڵوەشاندەوەگەرایی ژاک دێرێدایە، بەهەمان میکانیزمی ئەو کار دەکەین ئەو فەیلەسوفە کتێبێکی هەیە بەناوی “شوێنگەکان” لەو کتێبەدا دیدی فەیلەسوفەکان دێنێت و دەیکاتە پرسیار ئاراستەی خۆی دەکات، ئەو میکانیزمە بۆ ئێمە دەروازەی چوونە ناو ئەو گفتوگۆییە، لەماوەی دە ساڵی ڕابردوو ئاشنابوون بە تەک شانۆی خۆرئاوایی و کارکردن تیایدا، فێربوونی زمانی جیاوازی وەک پۆڵەندی و فەڕەنسی وایکرد دەستمان بەسەر کتێب و سەرچاوە ئۆرگیناڵەکان بگات،  تێگەیشتین هەڵەی چەند زۆر هەیە، پێویستیان بە راستکردنەوەیە، بۆیە لەم گفتوگۆیە وەڵام بە هەموو پرسیارو دەنگە دەنگ و جنێوو هاتو هاواری شانۆکارانەک دەدەینەوە، جگە لەوەی زۆر زانیاری بە خراپ گەیشتوون ڕاستیان دەکەینەوە.

* با لەسەرەتای کاری شانۆییتان دەست پێبکەین، چۆن هاتنە ناو شانۆ؟ تۆ لەم سەرەتایەی خۆت ڕازیت؟ ئارەزوو بوو یان مەعریفە؟ تۆ لەگەڵ یەکەم کارت وەک دەرهێنەر خەلاتی باشترین دەرهێنەرت لەفێستڤاڵی شانۆ وەرگرت، دەتوانم بڵێم هەر لەسەرەتاوە بوویتە شانۆکارێکی دڵخۆش و هەموو دەرگاکان بەڕووت کرانەوە؟ 

  • رەنگە هەمیشە سەرەتا تەنیا چوونە ناو ماڵێکی گەورە بێت، ژوورەکانیت نەدیووە، دەبێت بیپشکنی تا بزانیت پێویستیەکانی چین و دەبێت تۆ چی بکەیت لەناو ئەو ماڵەدا، هەر لەسەرەتاوە من و ئەو نەوەیەی دوای راپەرین کەس گوێی لێ نەدەگرتین، دەمانویست یاخی بین، هاتین جەنگمان بەرپا کرد لەگەڵ نەوەی پێش خۆمان، نەوەی پێش ئێمە، ئەو نەوەیەی بریتی بوون لەکۆمەڵێک دەرهێنەری ریالیستی، کە بۆ هەمیشە دەبێت شانازیان پێوە بکەین، ئەوان بریتی بوون لە «تەڵعەت سامان،فەرهاد شەریف، تەحسین شەعبان، عوسمان چێوار، ئەحمەد سالار» هاتین نووسیمان وتمان هیچتان نەکردووە ، ئێمە هاتووین شانۆ بنیات بنێین، بەڵام لەڕاستیدا ئێمە هێندەی قسەمان دەکرد، ئەوان زیاتر دەرگاکانیان توندتر بەروومان دادەخست، شەری ناوخۆ بوو، نەوەی پێشوو خۆی بەدوورگرت لەشانۆ، ئەوە دەرفەتەکەی بۆ ئێمەی قۆستەوە، لەو فێستڤالە شانۆییەی وەزارەتی رۆشنبیریی من خەڵاتی باشترین دەرهێنەرم وەرگرت، ئەوە سەرەتایەکە بۆ نائومێدی، بەرپرسیاریەتێکت دەبێت، بۆ دوای ئەوە چی دەکەیت، چاویان لەوەیە بزانن کارەکانت بەرەو کوێ دەڕوات، من هیچ کاتێک لەشانۆدا شانۆکارێکی دڵخۆش نەبووم، ئێستا لەشانۆدا لەهەموو کاتێک خەمگینترم، بەلام هیچ کاتێک هێندە ڕوناکیم نەبینیووە وەک ئەوەی لەشانۆی پۆڵەندی بینیم، لەوێ زانیم هەڵەو خەوشەکان چین، هەر بەڕاست ئێمە خەریکی چی بووین؟ تازەگەریەک کە باسمان دەکرد، ئەو کاتەی ئێمە باسمان لەو تازەگەریە دەکرد، لە خۆرئاوا ببوو بە میرات و کەلەپووری تازەگەری، ئەو ناوانەی باسمان دەکردن، کە ئێستاش لەکوردستان هەر باسیان دەکرێت، پەیوەندی نەبوو بە تازەگەری شانۆیی، هێندەی پرۆژەی دژە شانۆ بوو، دەرهێنەرانێک بەدوای فۆڕمێکیتر دەگەڕێن، کە دژی تەواوی بنەماکانی شانۆیە، بە بڕوای ئێمە یەکەم برین بەر جەستەی شانۆی ئێمە دەکەوێت لەرێگەی تازەگەریەوەیە، چونکە تازەگەریەک کە سەرهەڵدەدات لەشانۆی ئێمەدا زادەی ساتەوەختێکی ترسناکی ئەنفال و هەڵەبجەیە، کەس هێندەی بەعس بەم تازەگەریە دلخۆش نیە، بۆیە دەرگای ڕۆژنامەکان دەکاتە سەر پشت تا بەویستی خۆی شانۆکاری کورد باس لەشانۆیەکی ئەزموونگەری و تازەگەر بکات، چونکە لەبنەرەتدا شانۆیەک بوو بیرکردنەوەی شانۆیی بە بیانووی فۆڕمی باڵاو شانۆی جیهانی، مرۆڤی کوردی دوور دەکردەوە لەکێشە کولتوریی و نەتەوەییەکانی، لەساتەوەختی ئەنفالدا تۆ بێیت زمانی کوردی و جل و بەرگی کوردیی و دیمەنی ماڵی کوردیی بگۆڕیت بە جولەو سەما و مۆم و قوماش و گوریس، جگە لە بەعس کێ سەرکەوتووە لەوە؟ ئێمە نەوەیەکمان هەیە هێشتا خەون بەو شانۆیە دەبینێت، بەدوای ڕاپەرین من یەکێک بووم لەو شانۆکارانە و کارم دەکرد دەمنووسی و ڕەخنەم دەگرت، بەڵام لەپڕ سەیرمان کرد تەنیا شانۆکارانی هاوڕێمان لەهۆڵەکە ماون، ئیدی بینەرمان نەبینی، ئێمە تۆمەتمان دەبەخشیەوە، گوایە بینەر هۆشیاری لاوازەو لەو شاکارە فەلسەفیانە تێناگات، نەوەی من پێویستە پۆزشی هەبێت لەوەی بووە بکوژی شانۆ، بەڵام جگە لەمن کەس ئەو بوێریەی نیە، وا نەزانیت ئەوە لەخۆبایی بوونە، نەخێر ئەو پەری بەرپرسیاریەتی ئەخلاقیە بەرامبەر شانۆ، من هاولاتیەکی شانۆییم، ئەو دەستەواژەیەم لە شانۆکار هادی ئەلمەهدی وەرگرتووە، هەڵبەت زۆرتان نازانن بەر لەمن هادی وای ووت، بەڵێ ئەو هەر بەڕاستی هاولاتی شانۆ بوو، وەک چۆن کە دەستی دەدایە کاری تەلەفزیۆن دەتزانی خەریکی خیانەتکردنە لەنیشتمانەکەی کە شانۆیە، بۆیە ئەوەم تەنیا وەک ئەمانەت باسکرد، دێمەوە سەر قسەکانی خۆم، دەبێت لەبەرامبەر نیشتمانەکەمدا شانۆ ڕاستگۆ بم، لەهەڵەو خیانەتەکاندا تاوانەکانم بگرمە ئەستۆی خۆم، هەر کەسێک وای نەکرد، نەک هاوڵاتی نیە، بەڵکو بێگانەیە هاتۆتە ماڵێک کە ماڵی ئەو نیە، بۆیە لەم گفتوگۆیەدا زۆرم بەلاوە مەبەستە بەگژ مەعریفەی باوی تیۆرە شانۆییەکان بچینەوە، ئەو تیۆرانەی خۆر ئاوا وەک میراتێکی شانۆیی سەیری دەکات، کەچی هێشتا لای ئێمە و شانۆکارانی عەرەب دیدێکی پیرۆزگەرا و ڕەهایان هەیە لەبیرکردنەوەی شانۆییدا، ئەوە هەوڵێک نیە بۆ خۆ گەورە بینین، هێندەی قسەکردنە لە ئێستا کە تێی دەگەین، بەگژداچوونەیە بە تیۆر، نەک بۆ ڕەتکردنەوەی، هێندەی دیدی ڕەخنەییە بۆ تیۆر، لەوەی چۆن سەر لەنوێ بتوانین لەهەڵوەشاندنەوەی سێنتەری گوتاری تیۆر، بونیادەکانی بنووسینەوە، ئەوەی جێگەی گومانی من نیە ئەوەیە، شانۆکارانێک کە تائێستا تیۆرەکان وەک پیرۆز دەبینن، ئەو گفتوگۆیە وەک گوناهێک لەبەرامبەر تیۆر سەیر دەکەن، رۆژگارێک بۆ ئێمەش هەمان شت بوو، ئەو تیۆریستانە دواهەمین پلەی باڵای شانۆ بوون، بەڵام کاتێک لەناوەندگەرێتی شانۆی خۆرئاوادا دەبینیت، ئەوەی بۆ ئێمەی شانۆکاری کورد پلەی باڵای شانۆیە، بۆ ئەوی شانۆکاری ئەو کولتورە خۆر ئاواییە وەکو میراتێکی تازەگەری سەیر دەکرێت، نەک خودی تازەگەری بێت، ئەوەش خوڵقاندنی چەمکی جیاوازی نێوان منی کورد و ئەویتری خورئاواییە. رەنگە هەوڵێکی وا پێویستی بە بوێریەکی زۆر بێت، تا ئاستی ئەوەی گفتوگۆکە لەم رۆژگارەدا بەهای خۆی نیشان نەدات، بەڵام بەپێی تێگەیشتنی رۆژگار ناچار وەک هەوڵێکی خاکەڕایی دەبینرێت، کە پرۆژەیتر بەدوای خۆیدا دێنێت، دەمەوێت لەڕێگەی پرسیارەکانی دواتر لەسەر تەواوی ئەو پرسانە قسە بکەم، کە شانۆی لەکۆمەلگای کوردیدا کووشت، وەک سەرەتا ئاماژەمان بۆ کرد دەمانەوێت لەڕوانگەی هەڵوەشاندنەوەگەرایی و چەمکەکانی وەکو سێنتەر و بونیاد و زمان و جیاوازی بە مانا دێرێداییەکەی کار دەکەین، دەیگوازینەوە ناو تێگەیشتنەکانی مانا تیۆریەکان، لەساتی هەلوەشاندنەوەی تیۆرو چۆنیەتی نووسینەوەی بونیاد، ئەوەش ڕزگار بوونە لەسێنتەر و گەڕانەوەیە بۆ بونیاد بەر لەبوونە گوتار، ئەوەی بۆ ئەو میتۆدە ڕوونە خۆشبەختانە بونیاد وەک گوتار سێنتەری نیە و لەدەرەوەی سێنتەرە.
  • * شانۆی ئەزموونگەری کوردیی شانۆیەک نەبوو کە بینەری کوردیی بە شانۆی باڵا ناساند؟
  •  ئەو پرسیارە لەبنەرەتدا خراپ نیە، بەڵام ستراتیژی شانۆ چیە؟ ئایا ئێمە پێویستمان بەوە بوو شانۆکەمان گوزارشت لەشانۆی باڵا بکات، شانۆیەک بێت ڕابکات لەکێشەکانی مرۆڤی کوردیی؟ هەر بەڕاست ئەوە خۆ فریوودانی ئێمە نەبووە لەرابردوو ویستومانە وای بخەینە ڕوو لەڕێی تێکستە جیهانیەکان و لابردنی بەشێکی زۆری دیالۆگەکان و گۆڕینی بە وێنە گوایە لەم رێگایەوە باسی برینی کوردیی دەکەین؟ مەگەر تەنیا لەزهنی دەرهێنەردا وێنەی وا بوونی هەبێت، سەرەنجام بینەران نمایشێک دەبینن گوزارشت لەو ناکات، بۆیە ئەو دۆستانەمان پێویستە ئەوە قبوڵ بکەن، کێشەی شانۆی کوردی خودی شانۆی ئەزموونگەری خۆیەتی، ئەزموونگەری بکە دەرەوە بزانە شانۆی کوردیی کێشەی هەیە؟ دواتر بەڕاست ئێستا ساتی ئەوەیە لە خۆمان بپرسین: سەرچاوە تیۆریەکانی ئەو شانۆ ئەزموونگەریە چی بوو؟ لەکوێوە هاتبوو؟ لەچی ئەزموونی دەکرد؟ هیوادارم سەلیقەتان هەبێت و ئارامگر بن، تا وەڵام بەو پرسیارانە دەدەینەوە، دیارە سەرچاوە تیۆریەکانی شانۆی ئەزموونگەری کوردیی خودی دنیا ئەزمونکاریەکەی شانۆکارانی خۆرئاوا نەبوو، بەڵکو لەناو شانۆی وێنەیی عێراقیەوە دێرێک یان ناوی دەرهێنەرێکی خۆرئاوایی دێت، لەڕووی خوێندنەوەی بایۆگرافیەوە، گەر بڕوانین دامەزرێنەری ئەو شانۆیە شانۆکارێکە کە عەرەبەکان بە داهێنەر ناوی دەبەن، منیش سەرەتای ژیانی شانۆییم تەواو وامدەزانی شانۆ لەسەر دەستی ئەو شانۆکارەیە ، ئەویش سەلاح قەسەبە، بۆیە کتێب و سیناریۆو دێری ناو وتارێکی نیە نەمخوێندبێتەوە، بەڵام با ستایشکار نەبین با بێین بە دیدێکی ڕەخنەییەوە لێی بڕوانین، دەزانم دەتەوێت بلێی بۆ ستایشکار نەبین؟ بێزار بووین لەوەی ستایشی بکەین، تەنانەت من کارم لەسیناریۆیەکی شانۆیشیدا کردووە، بۆیە دەمەوێت ئیتر بە دیدێکیتر لێی بڕوانین، ئەو کارەکتەرە کە رۆڵەی شەرعی بەعسە، شانۆ لەکێشەکان دەردەکات و دەیگۆرێت بۆ ناو فۆڕمی سوریالیزم، هەر کاتێک ئەدەب و هونەر باسی لەکێشەی کۆمەلگا نەکردو فۆڕمی خولقاند دەسەڵاتە فاشیەکان کێشەیان نیە لەگەڵیدا، ئەوانەی ئەو شانۆ ئەزموونگەریە دێننەوە کوردستان، ئەوانەن کە خوێندکاری ئەون لە بەغدا، دۆست و هاوڕێ و ئازیزەکانمان، گومانمان لەتواناو خەونبینی شانۆییان نیە و هەمووشیانمان خۆش ئەوێت، بەڵام پرسەکە زۆر لە خۆشەویستی گرنگترە، کەواتە سەرچاوە تیۆریەکانی شانۆی ئەزموونگەری کوردیی.. شانۆی وێنەیی عێراقیە، ئەزموونکردن نیە بەقەد ئەوەی لابردنی بەشێکی دیاری تێکست و گۆڕینیەتی بە وێنە و بەکۆمەڵێک دەلاتی ناتەباوە، کەشێکی سوریالیانە بەرهەم دێنێت، ئەوە شانۆی عێراقی دلخۆش دەکات، مرۆڤی کوردی لەکێشە سەرەکیەکانی دوور دەکاتەوەو شانۆکەش دەکات بە پەراوێزی شانۆی عێراقی، ئەی شانۆکە لەچی ئەزموونی کردووە؟ ئایا ئەزموونی شانۆی خۆرئاوایی بوو؟ کە وتمان شانۆی وێنەی عێراقی بوو، بەلام ئەوان باسیان لە ئارتۆ و گرۆتۆڤسکی دەکرد، ئێمە لەدرێژی ئەو گفتوگۆیەدا دڵنیام دەگەڕێینەوە سەر ئەو باسە لە ئاستی تیۆری تیۆریستەکانی خۆرئاوایی قسە دەکەین، چونکە زۆرجار دەبیستمەوە گوایە بەم دواییانە من وتومە گرۆتۆڤسکی لەشانۆدا گرنگ نیە، بەداخەوە مرۆڤگەلێک کە وەک ئەو بیرت نەکردەوە کە نەیتوانی بخوێنێتەوە کە دەستی نەگەیشت بە کتێب و سەرچاوەی ئۆرگینالی، چی بکات تا بیسەلمێنێت کە وەک تۆیە؟ هەر دەبێت تۆمەتت بۆ بتاشێت، من پیاوێکی باوەڕداری خوداییم و لەحەزرەتی مەسیح فێری بووم دەبێت بیانبەخشین لەگوناهەکانیان، بەڵام لەهەمان کاتدا لەسەر من پێویستە هەڵەو نەزانیەکانیان بۆ راست بکەمەوەو بەردەمیان ڕوناک بکەمەوە، لەو تاریکیەی تیایدان ڕوناکی بۆ چاوەکانیان بگەڕێنمەوە، دواتر دێینە سەر گرۆتۆڤسکی و ئارتۆ، با لە باسەکە زۆر دوور نەکەوینەوە، شانۆی ئەزموونگەری کوردیی تەنانەت شانۆ خۆرئاواییەکەشی وەک خۆی وەرنەگرت، بۆ نمونە دوو نمایشیان بەناوی شانۆی ژوور بەرهەم هێناوە، سەرەتا کە دەچیە سەر سەرچاوە تیۆریەکانیان بۆ ئەم شانۆیە، فریوی دەستی کتێبێکی عەرەبین کە بەدوو لاپەرە باسی ئەو شانۆیە دەکات، ڕەنگە ئەمرۆ ئەو زانیاریانە لە ویکیپیدا زۆر زیاتر هەبێت، ئەوە گرفتەکە نیە، گرفتەکە لەوێ دەست پێ دەکات بەهۆی ئەوەی بە شانۆکە ووتراوە ژوور، ئەو دۆستانە واتێگەیشتوون دەبێت لە ژوور نمایش بکرێت، بۆیە شانۆکەیان بردۆتە ژوور، کاتی خۆی منیش ئەو هەڵەیەم کردو نمایشێکم لە کەرکوک لەژووردا نمایشکرد، منیش واتێگەیشتبووم، لەکاتێکدا شانۆی ژوور بەواتای شانۆی بچووک لە فۆڕمی ژوور، بۆ ئەوەی وێنەی ئەو شانۆیە رێک ببینیت، ئێمە دوو شانۆیی وامان لەکوردستان هەیە، هۆلی بەرێوبەرێتی شانۆی هەولێر و هۆلی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی، بەوانە دەووترێت شانۆی ژوور، نەک نمایش بەرینە ناو ژوور، کەواتە هەر لەناو نان و میتۆدەوە هەلە هەیە و دەبێت ڕاست بکرێتەوە، جگە لەوە ئەزموونگەری ئەوە نیە کە نمایش لەهۆلی شانۆ بێنیتە دەرەوە، بەلکو ئەزموونکردن بەواتای ئیشکردنەوە لەسەر تەکنیک و تیۆر لەناو دەقی شانۆیی وەک لای برێخت و بیکیت و یۆنسکۆ دەیبینین، بەلام لای شانۆکاری کورد ئەزموونگەری واتە هاتنە دەرەوە لەهۆلی شانۆ، ئەوەش لەشانۆوە دەگۆرێت بۆ پێرفۆرمانس و یا ئەوەی پێی دەلێن شانۆی دوای دراما، بە کورتی تیپی شانۆی ئەزموونگەری کوردی هەشتاکان و تیپی شانۆی ئەزموونگەری کەرکوک کە من سەرۆک و دەرهێنەری بوومە و کارم بە کۆمەلێک گەنج تیایدا کردووە، هیچیان شانۆی ئەزموونگەری نین، بەلکو کاری پێرفۆڕمانسین و لەرۆژگاری خۆیدا کەسمان پێمان نەزانیووە، ئیدی کاتی ئەوەیە ئێستا هەلەکانمان بدۆزینەوەو باسیان بکەین.

-ترس دەکەوێتە کوێوە لە هەڵوەشاندنەوەی سەنتەر بۆ گوتاری تازەگەری و شانۆی ئەزموونگەریدا؟ ئایا بونیادەکان لەو ڕووبەرەدا ونکردنی شوناس نیە ؟

* لەچی دەترسیت؟ لەوەی مێژووی ساختەکاریمان ئاشکرا دەبێت و دەبینە دژە مێژوو؟ من ترسم لەوە نیە، بۆیە دەبێت ئەو سێنتەرە هەلبوەشێندرێتەوە، هەڵوەشاندنەوەی سێنتەری تازەگەری کوردیی، قسەکردنە لەئاستی تیۆریی ئەو سێنتەرە، چی تازەگەری بەرهەمهێنا ؟ لەکوێوە هات؟ پەیوەندی نێوان تازەگەری و کولتور چیە؟ تازەگەری کوردیی زادەی دۆخێکی شانۆیی نەبوو، هاوکات بوو لەگەڵ تەوژمێکی شانۆی عێراقی لەساتەوەختێکدا بەعس دەگات بە وێنەی باڵای تۆقێنەر، سەرکەوتنی جەنگی هەشت ساڵەی لەگەل ئێران و وێرانکردنی دێهاتەکانی کوردستان و شۆڕشی کوردی بەناچاری دەرواتە ئەودیوی سنوور، ئەوەش وا دەکات بەعس هەستی سەرکەوتنی بگاتە لوتکەو عێراقی سەددام عێراقێکی بەعسی بێت، شاعیرێکی وەک نزار قەبانی دێت دەکەوێتە ستایش و دەلێت «بەخۆشەویستەکەم بلێن لەبەغدا، باببێت بە بەغدایی” دواتر بە شیعری شمشێر جۆرێک لەپاشگەزبونەوە دەخاتە ڕوو، ژنە شاعیری کوێتی سوعاد سەباح شیعرێک دەنوسێت بەناوی «خودەی سەربازێکی عێراقیم پێ بدە هەزار شیعرت ئەدەمێ” ساڵ ناسوڕێتەوە ئەو سەربازە وڵاتەکەی داگیر دەکات، قەبانی و سەباح لەماوەی ساڵێکدا لەڕێی شیعرەوە پاشگەزبونەوەی خۆیان نیشان دەدەن، شانۆکاری کورد دوای چڵ ساڵ هێشتا ستایشی دۆخێک دەکات کە بەدژی کولتور بوو، لەو ساڵانەدا بەعس دامەزراوەکان کۆنترۆل دەکات و ئۆرگانە چالاکەکان پەک دەخات، ئەوەش دەرفەتێکی گرنگە بۆ کۆمەلگایەکی بەعسی تازەگەر، چونکە تازەگەری و فاشیزم لەناو یەک مندالدان دێنە بوون، ستالین و هیتلەر و سەددام دەخولقێنن، نازیزم و بەعسیزم دێنێتە بوون، لەسایەیدا هیرۆشیما و هەلەبجە دەبن بە دوو شوێن وەک ئاماژەی درندەی فاشیزم لەتازەگەریدا ، هۆلۆکۆست و ئەنفال دێنێتە بوون، لێرەدا فاشیزم دامەزراوە ئایدیۆلۆژیەکانی وەک سەربازیەکانی گەشە پێ دەدات تا هەموو شتێک بەدەوری خۆی بسوڕێتەوە، تازەگەری بیانویەکی ترسناکی هەیە بۆ لەکارکەوتنی کولتور، سیماکانی بوون دەسڕێتەوە، شانۆی ئەزموونگەری وەک فۆڕمێکی تازەگەری دێتە ناو ژیانی شانۆییمان، خەون بینین بە شانۆیەکی باڵا لەبنەرەتدا کوشتنی خەونی شانۆیەکی کوردیە، بەڵام کۆمیدیاکە لەوێوە دەست پێدەکات کاتێک لەژێر دروشمی «بەرەو دامەزراندنی شانۆی کوردی» دەیان وتار لەبارەی شانۆی ئەزموونگەری کوردی دەنوسرێت، تا ئەو شوێنەی بێئاگایی زاڵە دۆخەکە سرووشتیە، بەلام کاتێک بەئاگایان بێنیتەوەو سووربن لەسەر هەمان دنیابین، لەوێوە تراژیدیا ئەخلاقیەکانی لەدایک دەبێت، چونکە ئەو تازەگەریە لە ڕوالەتدا خەونێکی شانۆییە، بەلام لە جەوهەردا لەشوێنێکەوە دێت کە دەزگا ئایدیۆلۆژیەکانی بەعسە بۆ لەکارکەوتنی کولتور لەکۆمەلگادا، بۆیە سیماو خەسلەتە کوردیەکان وەک سونەتگەرایەکی کۆن لەشانۆدا سەیر دەکرێت و هەندێک ئاماژەی سوریالی دوبارە دەبنەوە، وەک ئەوەی لەوتارە ئەرشیفی و کتێبە کۆکراوەی وتارەکانی ئەم شانۆیە لەلایان شانۆکارێکەوە نوسراوەو باس لەکارەکانی خۆیان دەکات، نیگەران دەبێت کە ئێمە کاری ئەوانمان نەدیوە چۆن قسەیان لەسەر دەکەین، با سەرنجێک بنووسم، کتێب و ئەرشیف بۆ ناسین و گەرانەوەی ئەو رۆژگارەیە دەنا بۆچی کتێبی لەبارەوە دەنووسن، تۆ کە نمایشەکانی راینهارت و بێرگمانت نەدیوە چۆن کتێب لەبارەیان دەنووسیت، مەگەر تەنیا بۆ سەرچاوەکان نەگەرێیتەوە، بۆیە با بچینەوە سەر قسەکانی خۆمان ، ئەو شانۆیە لە بەغداوە دێت ، تازەگەریەکە دابران لەگەل کولتور دەخولقێنێت،  هەموومان شاگەشکە دەکات، کاتێک حەقیقەتی جیاواز دەبینین، لەڕاستیەکان تێدەگەین، دەیانەوێت بەسەر ئەو مێژووەدا باز بدەین و کوێرانە ئەوەی دەمانەوێت بیخەینە ڕوو نەیبینین، دەنا توڕە دەبن و دەتوانن سوکایەتیمان پێبکەن، دەتوانیت بەدژی ڕوانینەکانمان بیت، بەڵام تۆمەت بەخشینەوەو گومانکردن و فەتوادان ئەخلاقێکە هێشتا بەردەوامی هەیە لەناو مۆرالێکی بەعسیانە، هەندێک لەمنالکارەکانیش کە هێشتا فێری عەرەبیەکی باشیش نەبوونە دەکەونە فیکەو چەپڵە لێدان، بە باوەری من بۆ قسەکردن لەشانۆیەک پێویستە زمانی ئەو شانۆیە بزانیت و کولتورەکەی بناسیت، ناکرێت تۆ یەک کتێبی ئارتۆ بخوێنیتەوەو دوو کتێبی لەسەر بنووسیت، ئەی کتێب و روانینەکانی تری، جا واز لەوەش بێنە نە کولتوری فەرەنسی و نە زمانی فەرەنسی بزانیت هەر ئەو مۆنتاژ و کۆلاژە عەرەبیە لەکتێبەکەت بەرهەم دێت، تا ئێستا باس لەجەستەی ئەکتەر دەکەین لای گرۆتۆڤسکی ، بەلام تۆ کە کۆمەلگای پۆلەندی نەناسیت، کە زمانی پۆلەندی نەزانیت، ناتوانیت بە وەرگێرانی کتێبێکی گرۆتۆڤسکی بناسیت، دواتر دێینە سەر قۆناغە جیاوازەکانی ژیانی شانۆیی گرۆتۆڤسکی، کە لای کورد هەر هەمووی وەک یەک سەیر دەکرێت، بەلام کاتێک شانۆ لابۆریەکەی دروست دەکات، مەبەستی لەوەیە چۆن دوای سوتاندنی جەستەی مرۆڤی پۆلەندی بەدەستی نازیەکان، شانۆ دەتوانێت ئەو جەستەیە بنیات بنێتەوە، واتە جەستە دەکەوێتە نێوان پەیوەندیەکی  فەرهەنگی و کولتوری، فەرهەنگیەکەی شانۆیە و کولتوریەکەی ژیانی مرۆڤی پۆلەندیە، بۆیە گرۆتۆڤسکی خۆی ناو دەبات بە ئەنترۆپۆلۆگێکی شانۆیی، نەک دەرهێنەرێکی شانۆیی، کتێبی شانۆی هەژار لەو سالەی دەکرێت بە عەرەبی و تەواوی شانۆی عەرەبی گەشکە دەیانگرێت بەوەی گەورەترین سەرچاوەیان بۆ تازەگەری بەدەست گەیشت، رێک هاوتای ئەو سالەیە کە گرۆتۆڤسکی رۆیشتووە بۆ ئیتالیا و پانزە سال پێش ئەو ڕووداوە کۆتایی بە شانۆ لابۆریەکەی هێناوە، کە ئێمە وەک شانۆی هەژار دەیناسین، هەڵوەشاندنەوەی ئەو سەنتەرە وا دەکات بونیادەکان سەر لەنوێ ڕێکبخەینەوە، وێنە جیاوازەکانی کاری شانۆیی و کتێبەکان وەک بونیادی سەربەخۆ بناسین، بونیاد بەهۆی ئەوەی سەنتەری نیە، بۆیە لەبەردەم بونیاددا دەبێت بزانین کە ئێمە قسە لەدەق وەک بونیاد دەکەین، ئەو شوناسە لەدەست دەدەین کە بە شانۆی ئەزموونگەری کوردی ناسیمان، بەواتایەکی تر شانۆیەک بوو وەک پرۆژەیەکی تەواو سەیری دەکەین، تەواو بەو مانا فەلسەفیەی کۆتایی هاتن، بۆیە شانۆی ئەزموونگەری کۆتاییەکە دەبێت قسە لەخەوشەکانی بکەین، بەبێ نیازخراپی وەک بەشێک لەکارەکتەرەکانی ئەو رۆژگارە تێی گەیشتوون.

*ئەگەر هۆلۆکۆست دەرگایەک بکاتەوە بۆ گرۆتۆڤسکی تا جەستە ببێت بە زمانی سەرەکی شانۆ و گرنگیەکەی دەربکەوێت، ئاخۆ ئێمە بۆ ئەنفال بۆچی ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ گرۆتۆڤسکی؟

  • کێشەی ئێمە ئەوەیە هەمیشە لەدیاردەو گرفتەکانی فۆڕمە ڕواڵەتیەکەی وەردەگرین، بەبێ ئەوەی بزانین لەجەوهەردا ئەوانە وێکچوون، ئێمە وتمان نازیزم و بەعسیزم لەمندالدانی تازەگەری هاتونەتە بوون، هۆلۆکۆست و ئەنفال بەرهەم دێنن، بەڵام ئایا ئەو خوێندنەوە ئەنترۆپۆلۆژیە شانۆییەی بۆ جەستەی مرۆڤی پۆلەندی قبوڵکراوە، دەگوازرێتەوە بۆ ناو جەستەی مرۆڤی کوردیی؟ پرسیارە گرنگەکە لێرەدایە، ئێمە ناتوانین روانینێکی ئامادەکراو بگوازینەوە ناو کولتورێکیتر ، دەکرێت سوودیان لێ ببینین، بەڵام نەک بیگوازینەوە ناو شانۆیەکیتر، ئەوانەی لەو بوارەدا لەشانۆی ئێمەدا دەنووسن یاخود ئەوانەی کاری پراکتیکی دەکەن بە ڕوانینی خۆیان پێیان وایە لەتەک میتۆد کار دەکەن، بێئاگایانە ڕەهەندە کولتوریەکە بەهەند وەرناگرن، بۆیە هەمان دەرەنجامی ئەوان بەرهەم دێننەوە، ئێمە بۆ ئەوەی هاوشێوەی هۆلۆکۆست بمانەوێت ئەنفال لەناو نمایشی شانۆیی بخوێنینەوە، جەستەی کوردی چۆن لەناو شانۆ بنیات دەنێینەوە، مانای وا نیە بێین گرۆتۆڤسکی بگوازینەوە، بەڵکو پێویستە تێگەیشتنی گرۆتۆڤسکی بکەین بە دەروازە بۆ خوێندنەوەی جەستەی کوردیی، دەتوانین وەک ئەو کاری لابۆری و پشکنین ئەنجام بدەین، لەسەر بنەمای ئەنترۆپۆلۆژیانە بۆ جەستەی مرۆڤی کوردیی، کارێک گەڕان بێت بەناو ئەنفالدا، لەکۆتاییدا ئەوەی پێی دەگەین دەرەنجامی خوێندنەوەی ئێمەیە بۆ ئەنفال، جەستەی کوردیە کە چۆن لەناو شانۆ بونیاتی کەسێتی مرۆڤی کوردی وێنا دەکاتەوە، پەیوەندی یادەوەری ئەو مرۆڤە بە ژیانەوە، چۆن لم دێت ساتەوەختێک دەوەستێنێت، دابڕان دەخاتە ناو دوو زەمەنی ژیانی ئێمە، زەمەنی پێش ئەنفال و زەمەنی دوای ئەنفال، شانۆکار دەتوانێت ئیش لەسەر ئەوە بکات، ئەوە تەنیا گریمانەیەکە، کە هیچ پەیوەندی بە هۆلۆکۆستەوە نیە، وەک چۆن دیدی گرۆتۆڤسکی دابڕاوە لەتێگەیشتنی کولتوریمان، قسەکە لەوێیە ناکرێت ئەزموونێکی خۆرئاوایی کە خوێندنەوەی کۆمەلگاکەی خۆیەتی دەرەنجامەکانی بگوازیتەوە ناو شانۆی کۆمەڵگایەکیتر، بەلام دەتوانیت سوودمەند بیت لێی و دەرگا بەڕووی خۆت بکەیتەوە، ڕەنگە پرسیارەکە لەوەدا بێت مەرجە تەنیا لەرێی جەستەوە ئەوە بنیات بنرێت؟ هەلبەت دیدی جیاواز و گەڕان و پشکنینەکان توانای ئەوەیان هەیە فۆڕمیتر ببەخشن، گرفتی ئێمە ئەوەیە یان لەشانۆیەکی سونەتی کار دەکەین یان ئەزموونگەرین، لەم سالانەی رابردوو دەرهێنەری هاوچەرخی پۆڵەندی یان کلاتا نمایشێکی شانۆیی پێشکەش کرد بەناوی «ترانسفێرت» کە باسی لە هۆلۆکۆست دەکرد، تەنانەت سێ ڕزگار بووی هۆلۆکۆستی هێنابوو، جەستە ئامادەبوونێکی ئەوتۆی نەبوو، ژنێک و دوو پیاو چیرۆکی ئەو ڕۆژگارەیان دەگێڕایەوە، دەرهێنەر شێوازی گێڕانەوەو جولەی ئەوان دەست نیشان دەکات، ڕەنگە گەر نمایشەکە لەشانۆی کوردیی نیشان بدرێت بە کارێکی سونەتگەرای خراپ ناو بەرین، بەلام ئەو نمایشە کاریگەریەکی گرنگی وەدەست هێنا لەنێوەندی رەخنەی شانۆیی و بینەراندا، نمونەیەکە هیچ پەیوەندیەکی بە گرۆتۆڤسکیەوە نیە، نەک هەر ئەوە بەڵکو هەر بیریشی لێ ناکاتەوە، ئەو دەیەوێت دیدی خۆی وەک دەرهێنەرێک لەئەمڕۆدا بۆ تراژیدیای نەتەوەکەی بخاتە ڕوو، هەڵبەت گرۆتۆڤسکی بۆ ئەنستویتەکەی خۆی و گروپە پێرفۆرمانسیەکانی وەکو شانۆی زار و پیسن کۆزلا گرنگی تایبەتیان هەیە، بەڵام بە گشتی وەک میراتێکی تازەگەری سەیر دەکرێت، کە لە ئەمڕۆدا نوێنەرایەتی تازەگەری ناکات، تەنیا بۆ کوردو عەرەب نوێنەرایەتی تازەگەری دەکات. لەوانەیە دوای سی ساڵی تر لەرێی وتارێکی عەرەبەکانەوە شانۆکاری کورد یان کلاتا بناسێت ئەوسا بکەوێتە ستایشکردنی، بەڵام هەرگیز ناتوانێت لەئێستادا باوەر بەوە بێنێت کە ئێستای خۆی چیە و چۆن پێویستی بەقۆناغێک نیە کە بە ئەزموونگەری ناسراوە، لێتانی ناشارمەوە، بەداخەوە شانۆکارانێکی کورد کە لەخۆرئاوا دەژین رۆلێکی خراپیان بینیووە لە فریودانی نەوە نوێیەکانی شانۆ وایان تێگەیاندوون هێشتا ئەو ناوانە کاریگەری گرنگیان لەنەخشەی شانۆی جیهانی هەیە، لێتانی ناشارمەوە زۆرینەش ئەو قسانەیان پێخۆشە، چونکە ناچار بەوە نابن بەدوای زانیاریتر بگەرێن، هەر ئەو سەرچاوانەو هەندێکی تری عەرەبی و فارسیت دەست بکەوێت، بڕوا بەخۆت دێنێت تۆ تازەترین سەرچاوەکانت بەدەستەوەیە، کاتێک ڕاچەنینی بۆ درووست دەکەیت، خۆشەویست نیت و هەموو ڕقیان لێتە، چونکە کەس نایەوێت دان بڕان درووست بکات و تێبگات تازەگەریەکەی ناسیوومانە کۆن بووەو جگە لە ئێمەو ئەوانی دەوروبەرمان بۆ کەسیتر گرنگ نین، لەڕۆژانی ڕابردوو وتارێکی شانۆکارێکی ئازیزم خوێندەوە، گلەیی لەنێوەندی ئەزموونگەری ئەوە بووە کە کامەران ڕەئوف ئەزموونکار بووەو کەچی نمایشەکانی بە شانۆی ئەزموونگەری نەناسراوە، بەدلنیاییەوە بەو دۆستە ئازیزەم دەلێم کە کامەران رەئوف هەرگیز ئەزموونکار نەبووە، دەبێت دلخۆش بین بەوەی ئێمە دەرهێنەرێکی وەک ئەومان هەیە کە تەواو لە ستانسلاڤسکی تێگەیشتووە، من کاتی خۆی لەوتارە پۆلەندیەکەشمدا کە لەچوارچێوەی وانەی خوێندن بوو، لەخوێندنگای دراماتۆرگی شانۆی زیگمۆند هۆبنەر باسم لەشانۆگەری شالیری کامەران کرد وەک دیدێکی واقعی دەروونی ستانسلاڤسکی، مامۆستاکەمان کە دراماتۆرگێکی دیاری شانۆی پۆلەندیە بەناوی ئارتور پاوڤێک، دلخۆش بوو بەوەی کورد شانۆکارێکی لەم شێوەی هەبێت و بەگرنگ بینی، هەڵبەت ئەوە ناکرێت چاوپۆشی لەخەوشی نمایشەکانی کامەران رەئوف بکەین، بۆ من کە خراپترین دیدێک کەپەیرەوی کردووە تێکەڵکردنی چەند دەقێکی شانۆییە، ئەوەش لەژێر کاریگەری هەندێک تێگەیشتنی عەرەبی کە بەناوی خوێندنەوە و مانای نوێ ئەویشی گرتۆتەوە، بەڵام سەرەنجام ئەو باشترین نمونەی دەرهێنەرێکی کوردە کە لەستانسلاڤسکی گەیشتووە.   
  • * قۆناغ و ئاستە جیاوازە شانۆییەکانی گرۆتۆڤسکی چین؟ بۆچی پێتان وایە گرۆتۆڤسکی چەند وێنەیەکی جیاوازی هەیە؟ ئایا شانۆی گرۆتۆڤسکی شانۆی هەژار نیە؟
  •       دەی ئەوە گومانی هەمووانە، بەڵام نەزانینێک هەیە خەوشی تیا نیە، گرنگیشە لەئێستادا دەست نیشانی بکەین و وێنەکانی گرۆتۆڤسکی لەشانۆدا لەیەکتری جیا بکەینەوە، چونکە تا ئێستا لە کتێبە عەرەبیەکان باسی ئەو جیاکاریە نەکراوە، ئەوەی ئەوانیش باسیان نەکردبێت، شانۆی ئێمە لێی نەزانیووەو خۆی لێ بێدەنگ کردووە، ناکرێت ئێمە ئاستە جیاوازەکان و قۆناغەکانی نەناسین و بەم ڕادەیەش ئەو بە ڕزگاری شانۆ بزانین، گرۆتۆڤسکی گرنگیەکی مەزنی هەیە لەنەخشەی کاری پێرفۆڕمانسیدا، هەروەها لەکردەی ئامادەکردنی ئەکتەر، پرۆژە شانۆییەکەی بەدرێژایی کات لەم دوو تێگەیشتنەوە تایبەتن، بەڵام ئەمڕۆ هەرگیز گرۆتۆڤسکی نوێنەرایەتی تازەگەری ناکات، بەقەد ئەوەی کولتورێکی شانۆیی خولقاندووە، کە وەک میراتێکی تازەگەری دەیبینین، نەک ئێمە تەنانەت بۆ خودی شانۆی پۆلەندی، ئەگەرچی تا ئێستاش گروپە پێرفۆرمانسەکان ئەو بەرابەری خۆیان دەزانن، چونکە چەند چەمکێکی جیاوازی هێنایە ئاراو جیاواز لەتێگەیشتنی باوی شانۆیی، بەڵام با هەناسەمان درێژ بێت و بتوانین ئاست و قۆناغەکانی لەیەکتری جیا بکەینەوە. سەرەتای کارکردنی وەک لە کتێبی ئیلهام و ئیحا بەغشەکانم لەشانۆدا کە کتێبیەکە لە دوو بەرگ پێکهاتووە، باس لەشانۆ لابۆریەکەی دەکات کە دواتر لۆدڤیک فلادزین کە بەرێوبەری شانبۆکەیەتی شانۆکەی ناو دەبات بە شانۆی هەژار، ئەو دەستەواژەیە دەبێتە جێی سەرنجی گرۆتۆڤسکی و هاوڕا دەبێت لەسەر ناونانی شانۆ لابۆریەکەی بەم ناوە،. شانۆی هەژار بۆ خۆی لەنێوان ساڵانی ١٩٥٨-بۆ ١٩٦٩ بە سێ قۆناغی کارکردن تێپەڕیووە، تەمەنی شانۆکە یانزە ساڵە،  قۆناغی یەکەمی کارکردنی لەوێدا گرۆتۆڤسکی لاو دەناسین، دەرهێنەرێکی لەنێوان ساڵانی ١٩٥٨-١٩٦٠ دەست بە دەرهێنانی شانۆیی دەکات، گەنجێکی بیست ساڵە یەکەم کاری خۆی لەگەڵ کۆمەلێک خوێندکارێک وەک کارێکی ئارەزومەندانە بۆ لابۆرەکەی نمایش دەکات، نمایشەکە  بەناوی «شەیتان کردیە ژن»، هەر لەو سالەدا شانۆگەری «خوای باران» نمایش دەکات، سالی دواتر کار دەکات لەتەک شانۆنامەی «ئورفیۆس» ی ژان کۆکتۆ، لەو کتێبەدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوە یەکەم نمایشی تیپەکەی بوو، سەرباری ویستویەتی دوو کارەکەی پێشووی هەر بە درێژەی کاری لابۆرەکەی سەیر بکات، بەلام زیاتر لەگەل کۆمەلێک گەنجی خوێندکار پێشوو کاری کردووە، بەڵام ئێمە ناتوانین لەبنەرەتدا ئەوە بە مێژووی شانۆی هەژار سەیر بکەین، چونکە پرۆژەیەکی بەردەوام نەبووە، وەک ئەوانەی لەبارەی شانۆکەی قسە دەکەن، جەخت لەوە دەکەنەوە، ئەوە مێژووی راستەقینەی ئەو شانۆیە نیە بەقەد ئەوەی سەرەتای کاکردنیەتی لەشانۆدا، دیدێکی تەواوی نیە، هەر بۆیە لەکتێبەکەیدا باس لەو کاریگەریەی ستانسلاڤسکی دەکات کە هێشتا لەو قۆناغەدا نەیتوانیوە بەیەکجاری دەستبەرداری بێت، سالی ١٩٦٠ بە دوو نمایش ئەو قۆناغەی ژیانی شانۆیی تەواو دەبێت، لە دووشاری جیاواز کار دەکات، سەرەتا شانۆگەری «قابیل» ی بایرۆن پێشکەش دەکات، دواتر  ڕوو دەکاتە شاری بۆزنان بۆ ئەوەی شانۆگەری «فاوست» ی گۆتە نمایش بکات و کارەکە لەوێ نمایش دەکات، بەو پێیەی ئەو شارە لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە دەرگای بۆ گروپە جیاوازەکان کردەوە کە بەشداری لەتازەکردنەوەی شانۆی پۆلەندی بکەن، تا ئێرە سینۆگرافیا لەشانۆکەیدا بوونی هەیە، بەڵام قۆناغی دووەمدا کە لە ١٩٦٠-١٩٦٤ درێژ دەبێتەوە، لێرەدا دەستبەرداری سینۆگرافیا دەبێت و بایەخێکی تایبەت بە جەستەی ئەکتەر دەدات، ئەو کارانەی نمایشی دەکات بریتین لە پێنج نمایش، سەرەتا بە شانۆگەری «شاکۆنتالا» دەست پێدەکات، کە لەتێکستێکی کۆنی هیندیەکانەوە وەرگیراوە، سال دواتر بۆ یەکەمجار کار دەکات لەتەک شانۆنامەیەکی پۆلەندی ئەویش شانۆگەری  «ئێوارەی باوان» کە لە نوسینی ئادەم میچێکیڤیچ، ئەو نوسەرە بەبەردی بناغەی ئەدەبی پۆلەندی دادەنرێت ، داستان و شیعر و شانۆنامەی نووسیوە، زمانێکی قوڕسی هەیە، کە لەاێستادا ئەو زمانە پۆلەندیە گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە، بەڵام لەڕۆشنبیریی پۆلەندی ئەدەبی میچێکیڤیچ وەک بنەچەکەی ئەدەبی پۆلەندی سەیر دەکەن، لەم شانۆگەریەدا گرۆتۆڤسکی کارێک دەکات کە پێشتر ئەنجامی نەداوە، ئەویش کارکردنی راستەوخۆی نێوان ئەکتەرو بینەرانە، لێرەدا گرۆتۆڤسکی لەڕێی ئەم نمایشەوە خالێک دەدۆزێتەوە، کە بەجۆرێک لە جۆرەکان وەک لابردنی دیواری چوارەمە، بۆیە لەچەندین نمایشی تری ئەم قۆناغە تیایدا بەردەوام دەبێت، کاتێک لەنمایشی «کۆردیان» رووداوەکان لەنەخۆشخانەیەکی دەروونی ڕوو دەدەن، بینەران وەک دانیشتووی ناو خانەوادەی نەخۆشەکان دەردەکەون، خالێکی گرنگ پێویستە وەک تێبینی سەیری بکەین، لەم قۆناغەدا پەلە ناکات، ساڵی یەک نمایش بەرهەم دێنێت، بۆیە لەسالی ١٩٦٣ ئەمجارە دەقەکەی کریستۆڤەر مارلۆ دەخاتە سەر شانۆ بەناوی «مێژووی مەرگەساتاوی دکتۆر فاوست»، لەناو نوسینە رەخنەییەکان ڕەخنەگران جەخت لەو پەیوەندیەی نێوان ئەکتەرەکان و بینەران دەکەنەوە، کاتێک لەماڵەکەی فاوستدا مێزێکی گەورەو فراوانی نانخواردن دانراوەو بینەران وەک میوان سەر مێزەکە بانگهێشت لکراون ، سالی دواتریش شانۆگەری هاملێت نمایش دەکات لەژێر ناوی «توێژینەوەیەک لەبارەی هاملێتەوە» ، ئەوەیان دوا نمایشی قۆناغی دووەمە، کە لەم قۆناغەدا دوو خال بە گرنگی لە ئەزموونەکەیدا دەردەکەوێت، بایەخدانی سەرەکی بە جەستەی ئەکتەرو ئەویدیش لابردنی دیواری چوارەمی شانۆیە، لەقۆناغی سێ یەم و کۆتایی شانۆی هەژار بریتیە لەکارکردن لەتەک کلاسیکی ئەدەبی، یەکەم کاری ئەم قۆناغە «ئەکرۆپۆلیس» بوو ، دەقی شانۆنووسی کلاسیکی پۆلەندی ستانیسواڤ ڤیسپیانیسکیە. ڕووداوەکانی لە گرتوخانەیەکی دەستگیرکراوان ڕوو دەدات، لەماوەی پێنج ساڵدا بەچەندین ئیزافەو لابردنەوەو لەچەندین نمایشی جیاواز ئەم شانۆگەریە پێشکەش دەکات، هەروەها یەکێک لەکارە دیارەکانی شانۆگەری «شازادەی هەڵکشاوە» یەکەمجار ئەم شانۆگەریەی لە سالی ١٩٦٥ نمایش کردووە لە دەقی کالدێرۆن وەرگیراوە، بڕوام وایە ئەوە تاکە دەقێکی شانۆیەتی کە کاری تیا کردووەو کراوە بە عەرەبی لەپال هەندێک راهێنانەکانی ئەویش لە سالی ١٩٨٠ لە گۆڤاری «الحیاة المسرحية» ی سوری بلاو کراوەتەوە، لەسالی ١٩٦٩ گرۆتۆڤسکی دواهەمین نمایشی خۆی لەشانۆی هەژار وەک دەرهێنەر پێشکەش دەکات کە کارێکی ئێکستاسیسە بەناوی «کۆتایی جیهان لەگەڵ وێنەکاندا» ، کە بەبڕوای توێژەرانی شانۆی هەژار ئەوە دواهەمین کاری شانۆی هەژارە، ئەگەرچی ئێمە بۆ خۆمان بەم دواییە لە ئەنستیتوی ئەرشیفی گرۆتۆڤسکی لەشاری فرۆتسواڤی پۆلەندی هەندێک دۆکیۆمێنتمان بینی، کە سالی ١٩٧٠ شانۆگەری «شازادەی هەڵکشاو» وەک کۆتایی شانۆی هەژار بۆ ئەوەی ئەوروپا دەستکەوتەکەیان لەم شانۆیە ببینێت نمایشەکەیان بردۆتە چەندین ولاتی ئەوروپی لەوانە؛ ئەلمانیا و فەرەنسا و سویسرا و چەند ولاتێکی تریش، ئیدی لەوێوە بەرهەمی نوێیان نامێنێت، ئەگەرچی تیپەکەی تا سالی ١٩٨٠ بەردەوام دەبێت و کارەکانی پێشوو نمایش دەکاتەوە، لە سالی ١٩٨٦ گرۆتۆڤسکی دەرواتە ئیتالیا و لەوێ خەریکی کاری پێرفۆرمانسی دەبێت و دواتر باسی دەکەین،  لەپاڵ هەندێک روانینین بۆ شانۆکەی. گرۆتۆڤسکی بۆ خۆی لەشانۆ لابۆریەکەی دەسبەرداری پرۆژەی گەڕان و پشکنین دەبێت، ئەوەش تەواو پێچەوانەی ئەو ڕوانینە عەرەبییە بۆ شانۆکەی و کە شانۆکارانی کوردیش دوبارەی دەکەنەوە گوایە شانۆی ئەزموونگەری سنوری نیەو بێکۆتاییە، کامل بوونی سێ قۆناغەکەی شانۆی هەژار دەریدەخات ئەم شانۆیە سنوری هەیە و لەناو کلاسیکی ئەدەبیات کۆتایی بەخۆی دێنێت و ئەوەی دەمێنێتەوە توێژینەوەو گەڕانەوەیە بەناو دۆکیۆمێنت و زانیاریەکان، بەلام با ئەوەمان لەیاد نەچێت سەرباری بلاوکردنەوەی راهێنا و دەقێکی ئامادەکراوی گرۆتۆڤسکی لە ١٩٨٠ بە زمانی عەرەبی، سالی ١٩٨٥ بۆ ١٩٨٦ یەکەمجارە کتێبی «شانۆی هەژار» دەکرێت بە عەرەبی رێک لەو کاتەی گرۆتۆڤسکی خەریکی پێرفۆڕمانسە، هەڵبەت وەرگێڕانە عەرەبیەکەی ئەو کتێبە لەبەراوردکردنی بە پۆلەندیەکە تێدەگەیت هیچ چەمک و زاراوەیەک نیە بە هەڵە وەرنەگێردرابێت، کە دیارە تا ئێستا کتێبەکە نەکراوە بە کوردیش ، بەلام شانۆکاران کردویانە بە زەمینەی شانۆی ئەزموونگەری و تازەگەری.
  • ئێستا ئێمە باسمان لە نمایشەکانی ئەم شانۆیە کردو قۆناغەکانیمان دەست نیشان کرد، کەواتە دەتوانین ئاست و قۆناغ و دەستکەوتەکانی لەچیدا ببینین؟ چی کرد ؟ کاریگەریەکانی چی بوون؟ چی لەپێش خۆی گۆڕی؟
  • ئێمە پێویستمان بە هەڵوەشاندنەوەی سێنتەرە لەشانۆی هەژاردا، بە مانەوەی سێنتەر، وەک شانۆی ئەزموونگەری کوردیی تەنیا دەبێت ستایش بکەین، ستایشکردن لەڕووی ئەکادیمیەوە هیچمان پێ نابەخشێت، پرۆژە ڕەخنەییەکەمان پێویستی بە تێگەیشتنە، بەڵام ئەگەر ئێمە سێنتەرمان هەڵوەشاندەوە مانای وا نیە بڕوامان بە گرۆتۆڤسکی نیە و ڕەتیدەکەینەوە؟ ئەوە پرسیارێکە ستایشکارانەی سێنتەر دەیانەوێت وەک گومان لەپڕۆژەی ڕەخنەیی بیخەنە ڕوو، دەنا لەبنەرەتدا هەڵوەشاندنەوە لێرەدا مەبەستمان گەڕانەوەیە بۆ ناو بنەچەکەی تازەگەری و ئەو پایەی ئێمە ویستومانە دروستی بکەین، بۆ ئەوەش با قسەیەکی دێرێدا خۆی بێنینەوە لەبارەی سێنتەرەوە ئەو دەنووسێت «ئێمە دەتوانین بەبێ سێنتەر بمێنینەوە، من وای دەبینم کە سێنتەر وەزیفەیە و نەک بوون بێ یان واقیع» کەواتە کاتێک ئێمە سێنتەرمان نامێنێت، مانای وایە بونیادەکان سەربەخۆ دەبن و لێرەدا ئیشکردنی ئێمە لەگەل بونیاد ئاسانتر دەتوانین تێیبگەین، با زۆر دوورنەکەوینە، شانۆ لابۆریەکەی کە لۆدڤیک فلازین سەرەتا ناوی نا شانۆی هەژار، ئەو شانۆیە چۆن هات ئەدەب لەشانۆ بکاتە دەرەوە، کتێبێک هەیە بەناوی «دواهەمین دەیە وهونەری شانۆی پۆڵەندی» قسەکردنە لەسەر کۆمەلێک شانۆکاری پۆڵەندی کۆتایی هەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی بیستەم لەشانۆی پۆلەندیدا، کتێبەکە سالی ١٩٩١ چاپکراوە، پرۆژەیەکی ئەرشیفیە بۆ گەڕانەوە بەناو کۆی سەرچاوە شانۆییەکان و لەلایان باربارا ئۆستێرلۆف و  ئەگنێشکا کۆشێر ئامادەکراوە، لەشوێنێکی کتێبەکەدا باس لە پەیوەندی ئەدەب و دەسەلاتی دەرهێنەر دەکات، بەوەی بەدوای مایەرهۆڵد و ئارتۆ و گریک و بروک ، لەلای گرۆتۆڤسکی و کانتور ئیدی متمانە بە ئەدەب نامێنێت لەشانۆدا، کەواتە لەسۆنگەی ئەو کتێبەوە دەنووسین گرۆتۆڤسکی تەواوی ئەو روانینەی پێش خۆی کۆدەکاتەوەو لەناو شانۆ لابۆریەکەی ڕێکی دەخاتەوە، بەدوای ئەزموونکردنی لەتەک چەندین دەقی شانۆیی و کلاسیکیەکانی ئەدەبی شانۆ، کۆتاییەک بۆ شانۆی هەژار دەست نیشان دەکات، درکی ئەو نهێنیە دەکات، ئەوە ڕایدەکێشێت بەرەو ڕووبەری سەربەخۆی کاری هونەری کە لەنمایشی شانۆیی جیا بێتەوە، بۆیە لەسالی ١٩٨٦ دەروات بەرەو ئیتاڵیا و سەنتەرێکی تایبەتی توێژینەوە لەبارەی هونەری پێرفۆرمانس دادەمەزرێنێت و نمایش دەگۆڕێت بۆ رزگاربوونی مرۆڤ و بەرزکردنەوەی ئاستی رۆحی مرۆڤ، ئەوەشی ناونا «هونەر وەک پێرفۆڕمانس» لە زمانی عەرەبیدا بە ئامراز ناوبردراوە، بۆیە هەندێک شانۆکاری کوردیش وەک ئامراز ناوی دەبەن، لەم سالانەی دوایی و رێک لە سالی٢٠٢٠ کاتاژینا ڤۆژنیاک کتێبێکی لە زمانی ئیتالیەوە کرد بە پۆلەندی, کە بریتیە لەکۆمەلێک توێژینەوەو گفتوگۆ لەگەل گرۆتۆڤسکی و نووسین لەبارەی پێرفۆرمانسەکانیدا، کتێبەکە بەناوی «گریمانەی سێیەم»، شتێک نیە لەو کتێبە خودی گرۆتۆڤسکی بەناوی شانۆی هەژار بگەرێتەوە سەری، بەلکو تەواو باس لەسالانی ١٩٨٦ تاوەکو ١٩٩٩ و ساتی مردنیەتی، چونکە ئەو قۆناغە لەژیانی شانۆی گرۆتۆڤسکی تەواو جیاوازە، هەر لە پێرفۆڕمانسەوە ئەو وەک شانۆکارێکی جیهانی دەردەکەوێت، ئەویش بەهۆی گوتاری رەخنەی شانۆی ئیتالی کە وەک قەشەی شانۆ ناوی دەبەن و هەندێکیش ناوزەدی دەکەن بە مامۆستای ڕۆحی، ئەو ڕوانینانەی لەشانۆی کوردیی و عەرەبی دراوە بە شانۆی هەژاری گرۆتۆڤسکی، لەڕاستیدا زادەی پێرفۆرمانسە نەک شانۆی هەژار، ئێمە لەو کتێبانەو بەتایبەت لەکتێبەکەی زبگنیڤ ئوشینیسکی وێنە ڕاستەقینەکەی گرۆتۆڤسکی دەناسین، ئەو کتێبە گفتوگۆیەکی درێژە لەگەڵ گرۆتۆڤسکی سەرباری دەیان دۆکیۆمێنت و بەلگەی وێنەیی و نوسراو لەبارەی کارەکانیەوە، تێکەڵکردنی شانۆی هەژار و پێرفۆرمانس هەلەیەکی هێندە کوشندەیە تەنیا زادەی نەخوێندەواری و نەبوونی سەرچاوەیە، وەرگرتنی ناوی گرۆتۆڤسکی و سەپاندنی کارەکانیەتی بەسەر یەک فۆڕم، کاتێک دێیت ئەو جیاکاریە نیشان دەدەیت، مناڵەکان دەکەونە تۆمەت بەخشین، بەوەی ئێمە مەبەستمان بووە لە گرنگی ڕۆڵی ئەو کەم بکەینەوە، لەڕاستیدا پرسی گرۆتۆڤسکی لەشانۆی ئێمەدا پرسێکی گرنگە، قسەکردنیش لەبارەیەوە هەموو دۆستە ئەزموونکارەکانمان زوویر دەکات، بە بروای من شانۆکارێکی کورد هەبێت زۆر بە ئاگایانەوە ئاشنای پێرفۆرمانس بێت شەماڵ عومەرە، لەرابردووشدا هەمووتان دەزانن من لەبارەی روانینەکانیان نووسیوومە ، بایەخم بە هەوال و چالاکیەکانیان داوە، کاتێک گۆڤاری شانۆکارم لەکەرکوک دەردەکرد، ژمارەیەکم تایبەت کرد بەوان و دواتریش هەرچی وتارێک لەبارەیانەوە هەبوو لەکتێبێکدا چاپمکرد، بەلام بەرپرسیاریەتی لەشانۆدا گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، کاتێک بینیم روانین و چەمکەکانی لابۆری شانۆی لالش لەبنەرەتدا بەرەنجامی بیرکردنەوەی شانۆیی ئەوان نیە و بەڵکو لە گرۆتۆڤسکی وەرگیراون، وەک چۆن موتوربە کراون بە دیدی شێوەکاریانەی تادووش کانتور، ئەوەم دوانزە ساڵ پێش ئێستا لە ئیمێلکدا پێ ووتن، ئەوە بوو بێدەنگیان لێکردو پەیوەندیی هاورێیەتی مان کۆتایی هات، بەڵام بۆ من کە هاولاتیەکی شانۆم، پەیوەندی هاورێیەتی کاتێک لەدەست دەدەم، دەزانم بەرەنجامی راستگۆییمە، گەر وەک مرۆڤ نیگەرانیش بم، ناچارم قبوڵی بکەم، چونکە ناتوانم ناپاکی لەخودی شانۆ بکەم، کە هەموو ژیانم پێبەخشییوە، بۆیە ئەو چەمکانەی ئەوان بەکاری دێنن و لەهەندێک وتارەکانیان ئاماژەی بۆ دەکەن وەرگیراوی گرۆتۆڤسکین، بەلام ئەوە هیچ لەگرنگی ئەوان کەمناکاتەوە وەک گرۆپێکی پێرفۆرمانس، بە تایبەت لەئیشکردنەوەیان لەسەر دەنگدا.        
  • تیۆرەکان تا چەند سوود بە شانۆی ئێمە دەگەیەنن؟ ئایا گومانێک هەیە لەتیۆر؟

    • * بەتەنیا وابەستەی گومان نیە، هێندەی ئێمە زۆربەی ڕوانینەکانمان تێکەڵکردووە، ئەوەی لەفۆڕمی تازەگەری هاتە ناو شانۆی ئێمە، تیۆری لەشانۆ کردەوە، دنیا بۆ نواندن لەسەر پایەی ستانسلاڤسکی وەستاوە، بەلام ستانسلاڤسکی بوو بە شانۆیەکی کۆن، وەک شەرمێکی لێهات، لەشوێنی ئەودا هەندێک ناویتر جێگایان گرتەوە، لەوانە ئارتۆ و گرۆتۆڤسکی و بروک و گۆردن گریک و باربا، بەبروای من ئەو پێنج ناوە کە شانۆی ئێمەیان لەرێی عەرەبەکانەوە داگیرکردووە، پێویستە ئێستا زۆر زانستیانە بەدژی ئەو داگیرکاریە بووەستینەوە، بۆیە من لێرەدا هەوڵ دەدەم ئەو کارە بکەم، بەڵام سەرەتا با باس لە هاتنی ئەوان بکەین کە چۆن هاتن، بۆچی هاتن؟ ئەو نزیکیە کولتوریی و تیۆریەی ئەوان چی بوو لەکۆمەڵگای کوردیی؟ تا بتوانین بە ئاسانی لەشانۆی ئێمەدا پێگەیەکی پتەویان هەبێت؟ چۆن ئەوانمان هەر هەمووی لە کۆلاژێکدا خستە ناو وێنەیەکەوەو ناومان نا شانۆی ئەزموونگەری، لەڕاستیدا من ساڵانێکی زۆری تەمەنم لەئاستی کاری شانۆییم بەم شانۆیە بەخشیووە، لەئێستاشدا ئەوە لای هەمووتان ڕوونە، بەڵام با بیرمان نەچێت، ئەوەی لەکوردستان ناومانناوە شانۆی ئەزموونگەری نەبوو، بەڵکو پڕۆژەی دژە شانۆ بوو، بەداخەوە من لەوێ دواهەمین نەوەی ئەو ئەزموونگەریە بووم کە ڕۆڵێکی خراپمان بینی بۆ کوشتنی شانۆ، ئەو شانۆیە ئەزموونی نەدەکرد، هێندەی شانۆی دەگۆڕیە سەر وێنەی جولاو ، گرفتی سەرەکی لەگەل دیالۆگ هەبوو، بێ ئاگا لەوەی شانۆ خودی دیالۆگ دروستی دەکات، با بڕوانین دیالۆگ هەر لەشانۆی گریکەوە یەکەم پایەکانی شانۆی تیا دادەمەزرێنێت، ئێمە هاتین ڕەتمان دەکردەوە، چونکە بەبانگەشە ساختەکاریەکانی عەرەب و عێراقی فریومان خوارد، دەنا دیالۆگ گرنگیەکەی هێندە زۆرە تاوەکو فەیلەسوفێکی وەک ئەفلاتون دەیکات بە زمانی ناو کتێبە فەلسەفیەکانی، لەسەردەمی ڕۆشنگەریدا فەیلەسوفە فەڕەنسیەکانی وەکو رۆسۆ و دیدرۆ دیدە فەلسەفیەکانیان لەڕێی دیالۆگی شانۆیی و شانۆنامە دەنووسنەوە، تەنانەت سارتەرو کامۆ ئەوانیش وا دەکەن، ئەو گرنگی و بایەخەی ژیل دولوز دەیدات بە شانۆنامەکانی بیکیت، بەڵام ئێمە دژە دیالۆگین، چونکە شانۆی وێنەی عێراقی لەهەشتاکان بەلوتکەی تازەگەری شانۆیی تێدەگەین، کە لەبنەرەتدا پرۆژەیەکی بەعسیزمە بۆ کوشتنی فیکر و بیرکردنەوە، هەمیشە لەسەر دەستی فاشیستەکان فۆڕمێک دەخولقێت بۆ دووربوون لە بیرکردنەوە، ئێمە نا ئاگایانە یان بەمەبەست ئەو کارە بکەین، سەرەنجام تیۆر لەشانۆ دەکەینە دەرەوەو پشت بەپڕۆژەی دژە شانۆ دەبەستین، ئەوەش لەسەر ئەو بنەمایەی شانۆ دەتوانێت گۆڕانکاری لەکۆمەلگادا بخولقێنێت، وەک ئەوەی گەیشتین بە نهێنیە گرنگەکەی شانۆ، وتەیەکی پیتەر بروک لەبەرگی کتێبی شانۆی هەژار نووسرایەوە بەوەی کە دەلێت گرۆتۆڤسکی دانسقەیە چونکە بەدوای ستانسلافسکی کەس وەک ئەو توێژینەوەی لەبارەی ئەکتەر نەکردووە، ئیدی ئەو ووتەیە بەس بوو ڕەوایەتی بدەین بە گرۆتۆڤسکی و دەستبەرداری ستانسلاڤسکی بین وەک سەرچاوە راستەقینەکە، ئیدی هەموو ئەوانەی وەک گرۆتۆڤسکی دەڕواننە رۆلی جەستە گرنگی تایبەتی خۆیان هەبوو، شانۆکارێک کتێبێک دەنووسێت لەبارەی ئارتۆ هەموومان شاگەشکە بووین، بەمدواییە هەمان کتێبی دانا رەووف هەندێک دەستکاری و زیادەکاری تیا کردو سەر لەنوێ چاپی کردەوە. سێنتەری بیرکردنەوە لەو کتێبەدا چیە؟ کۆکردنەوەی کۆمەلێک سەرچاوەی و کۆلاژکردنیەتی لەناو کتێبێکدا، ئێمە ناگەین بە دەرەنجامێک ، ئەوەش کێشەیەکی کتێبەکەیە، وەسفێکی پەخشانی زاڵە، وەک چۆن ئەو وەسفە بەسەر زۆربەی کتێبەکانیەوە دەبینین، باس لە ئارتۆ دەکات، کەچی لەبەشی پراکتیکی کتبەکەی سەرچاوەی شانۆی وێنەیی و ڕوانینەکانی سەلاح قەسەبە، هەندێک دەستەواژەی تیایە مرۆڤ فرمانی وا دەرناکات، گوایە کتێبەکەی ئارتۆ شانۆ و هاوشانۆ ئەمرۆ لەخۆرئاوا وەک ئینجیلی شانۆکار سەیر دەکرێت، با ئەو دەستەواژەیە راست بکەینەوە، ئەو کتێبەی ئارتۆ کتێبێکی تیۆریی نیە، چونکە ئارتۆ هەرگیز تیۆریستی شانۆیی نەبوو، ئەوە تەنیا لەعەرەبەکانەوە وەرمانگرت، ئارتۆ شاعیرێکی دادایی و ئەکتەرێک بوو، ئەو کتێبەشی وەسفێکی شیعریە لەستایشی شانۆدا، دواتر بەتایبەت باس لەکۆبەرهەمی ئارتۆ دەکەین، کە لە یەک بەرگدا کۆ بەرهەمی کۆکراوەتەوە، ئێمە لەناو ئەو کتێبە کوردیە لەبارەی ئارتۆ تا دەخوێنینەوە، رووبەروی لێدوانی هەڵچوون ئامێز دەبینەوە، توێژینەوەی زانستی زادەی بیرکردنەوەو پشکنین و گەڕانە، تۆ دێیت باس لەوە دەکەیت شانۆی ئارتۆ مەبەستی لەتوندوتیژیی نیە، لەکاتێکدا تێکستە شانۆییەکانی ئارتۆ پریەتی لەوێنەی توندوتیژیی باوکێک پەلاماری مەمکی بوکەکەی دەدات، ئایا ئەوە توندوتیژیە یان رۆمانسیەتە وەک لەشانۆنامەی ئال سینی ئارتۆ دەیبینین، یاخود لەدواهەمین کاری کە مۆنۆدرامایەک دەبێت، هەروەها لەنمایشێکی تریدا کە لەیوتیوب دانراوە، لەهەردوو سوچی شانۆ دوو بلندگۆی گەورە دادەنێت و تیایدا مۆسیقایەک لەشێوەی هۆرنی ئۆتۆمۆبیلی بارهەڵگر پەخش دەکات، ئەوە توندوتیژی نیە بەچی ناوی دەبەیت، لەبنەرەتدا ئێمە شانۆکارانێکمان هەیە فریوو خواردوی دەستی عەرەبەکانن، هەرچی لەبارەی چەمکی پاکژبونەوە وەک گرنگیەک باسی دەکەن، هیچ شتێکی نوێی تیا نیە، چونکە لەپاکژبونەوەی گریکی وەرگیراوە، تۆ یان لەهونەری دراما تێناگەیت، یا ئەوەتە ئاگادار نیت، ئێمە کاتێک بونیادەکانی کتێبێک بەمشێوەیە لەسەنتەرەوە هەڵوەشێنینەوە ڕووبەرووی دوو ئاست دەبینەوە، بونیاد لێرەدا زادەی بیرکردنەوە نیە هێندەی وەرگیراوی ناو تێگەیشتنی عەرەبەکانە، بەبێ بوونی تێگەیشتن و گەڕان وبینین، چی ئەوان دەینوسن و وێنەیەکی فانتازی دەبەخشن، ئەوانەی ئێمەش پشتی پێ دەبەستن و لۆژیکەکانی خۆیانی پێ پتەو دەکەن، گەر بونیاد لەو جۆرە کتێبانەدا بەم شێوە بکەوێتەوە، لێرەدا چەمکێکی هەڵوەشاندنەوەگەرایی بەکار دێنینەوە ئەویش دەنگە، دەنگ بریتیە لەکۆی ئەو دۆخە نەستیانەی تێیدا دەژین و نابن بە زمان و هەر لەناو ئاخاوتن دەمێننەوە، ئەوەش دەنگ ناگۆرێت بۆ زمان لەناو نووسین، بەڵکو وەک ساتی بەر لەنووسین بەرهەم دێتەوە، بەڵام دڵنیام خودی نووسەر خۆی لەو تێگەیشتنە تێناگات، دەنا بە کتێبێکی ئارتۆی نەدەخوێبدەوەو دوو کتێبی لەسەر دەنوسی، چونکە بەو کتێبەی ناتوانیت بەتەواوی ئارتۆ بناسیت، هەلبەت ئەو کتێبە کوردیە تاکە خەوشێک نیە، ئێمە تەنیا وەک نمونەیەک هێنامانەوە، کام کتێبی شانۆیی ئێمە پڕی نیە لەو کەموکوڕیانە، د. فازل جاف کۆمەلێک کتێبی شانۆیی نووسیوە هەندێکیان وەک کتێبی ئەو برادەرەی پێشوو لەراپۆرتی رۆژنامەوانی رۆژنامەنووس دەچن، وەک کتێبەکەی لەبارەی شانۆی سویدی ، هەڵبەت کتێبیشی هەیە دەبێت بەگرنگ باسی بکرێت، کتێبەکەی فازل جاف لەبارەی فیزیای جەستە کتێبێبێکی گرنگە،  هەروەها کتێبەکەی لەبارەی دەرهێنانی شانۆیی کە پێویستە هەموو دەرهێنەرێکی گەنج بیخوێنێتەوە، گرنگیەکەشی لەدیدی زانستی شانۆیی و پەیرەوکردنی نوسینی زانستیە و دوورە لەهەڵچوون و خولقاندنەوەی دەنگ لەناو نووسین.   

  • من دەمویست زیاتر بێینە سەر ئارتۆ، بەلام هەڵیدەگرین بۆ پرسیاری دواتر، چونکە تۆ گومانت هەیە لەبنەچەکەی تازەگەری شانۆیی، ئەوەت وتت «لەبنەرەتدا پرۆژەیەکی بەعسیزمە بۆ کوشتنی فیکر و بیرکردنەوە، هەمیشە لەسەر دەستی فاشیستەکان فۆڕمێک دەخولقێت بۆ دووربوون لە بیرکردنەوە، ئێمە نا ئاگایانە یان بەمەبەست ئەو کارە بکەین» ئەوە بۆ خۆی جۆرێک گومان دەخولقێنێت، ئایا مەبەستە بلێی تازەگەری کوردیی بەرهەمی بەعسە؟
  • سەیرکە بۆ ئەوەی ووردبین بین، پێویستە شتەکان نەشێوێنین، من ئاماژەم بۆ ئەوە کرد، ئاخۆ بەمەبەستە یان نا ئاگایانەیە، بۆیە دەسێت نائاگایانە بێت، تەنیا خەمی گەڕان بووبێت بەناو فۆڕمی تازەگەری شانۆیی، بەڵام لەپاڵ ئەوەشدا بۆ هەندێک بەمەبەست بووە، کە ئەمڕۆ هێندە ڕووقایمن دەیانەوێت ئەو فاشی بوونەیان بۆ بگۆڕینە سەر شۆڕشگێریەتی، بۆیە دەتوانین ناویان بەرین بە پاڵەوانی کولتوریی لەسەردەمی فاشیزمدا، تۆ سەیرکە رەنگە لەژیاندا مرۆڤگەلێکی زۆر نەبن بتوانن بوێری ئەوەیان هەبێت کارەکتەرێکی دژ بۆ خۆیان درووست بکەن، کە تەواو جیاواز بێت لەشوناسی کەسێتی ئەوان، بەلام کاتێک مرۆڤەکان پاساو بۆ کەسێتی خۆیان دێننەوە، ئەو ساتە مرۆڤ ناچار دەبێت، سەیری ئەو بوێریە بکات، چۆن بە کۆتایی سیستمە فاشیەکان، مرۆڤەکانی ناو ئەو سیستمە دەتوانن پاساو بۆ خەوشەکانی خۆیان بێننەوە، سەیر نیە ئەوانەی دەڕۆنە ناو سیستمی کۆنترۆڵکراوی فاشیزم، بە روخانی فاشیزم، کاری کولتوریی خۆیان وەک دژە فاشیزم ناو بەرن، ئەوان ئەو مرۆڤە دەگمەنانەن لەیاریەکانی فاشیزمەوە فێری گەمە ترسناکەکە بوونە، تەنانەت هێندە ڕوو قایمانە سەیری ئارگۆمێنتەکانیش دەکەن، ئامادەکاریەکی باش بۆ درۆیەک دەکەن کە لەسەردەمی فاشیزم فێری بوون، بەوەی بەلگەکان دروستکراون و ئێمە دژی سیستمی فاشیزم جەنگاوین. هەر کاتێک گوێمان لەو دەنگە بوو نابێت سەرمان بسوورمێت، چونکە چاوەروانی چی دەکەیت لەمرۆڤگەلێکی فاشی کە ڕۆژگارێک ئەدەب و هونەری وەک ئۆرگانێکی فاشیزمی ڕەمزیی بینیووە و کاری تیا کردووە بۆ خزمەتی فاشیزم، ئەو کاتەی روانینەکانمان گشتگیر دەبنەوە، هۆکارەکەی ئەوەیە ئێمە قسە لە تاکە مرۆڤێک ناکەین، بەڵکو لەکۆی ئەخلاقی گروپێکی فاشی دەکەین، بەلام کاتی خوێندەوە، گەر خەیاڵت بۆ کەسێکی دەست نیشانکراو ڕۆیشت، تۆ لەکردەی خوێندنەوەدا هەڵەت نەکردووە، بۆ خۆت ئەو مرۆڤەت دۆزیوەتەوە، کە لەوانەیە هەمان کات دۆستێکت خەیاڵی بۆ یەکێکی تر بڕوات، چونکە ئەو جۆرە مرۆڤانە هەمیشە دەیانەوێت فریوومان بدەن، ئەوان خوازیاری ئەوەن لەگەڵ سەردەمە نوێیەکاندا حیکایەتێکمان بۆ بگێڕنەوە کە ئەوان بەشێک نەبوون لەناو ئەو سیستمە، بەڵکو بەدژی ئەو سیستمە کاریان کردووە، درۆکردن وەک جۆرێک لە حیکایەتی ئەوانی لێهاتووە، ئەو هەستەی لەناو زماندا بوونی هەیە ناتوانێت لەخەیاڵی ناو تێکستدا ئەو بوونەی خۆی لەناو ئەدەبدا بنووسێتەوە کە چۆن خوازیاری ئەوەیە سیماکانی کارەکتەری خۆی بگۆڕێت، بۆیە وەک نوسینی بیۆگرافی یادداشتی ژیانی خۆی دەکات، بەوەی فاشیزم بەدوایەوە بووە، بەلام ئەو کۆڵی نەداوەو هەمیشە لەڕێی نووسین و کاری هونەری دژی فاشیزم بووە، بەلام هەر بەڕاست درۆیەک لەشوێنی خەیاڵ دەنووسرێتەوە، ئاخۆ ماوە زەمەنیەکەی تا چەندە درێژ دەبێتەوە؟ ئاخۆ رۆژگارێکی تر نایەتە بوون کە درۆ وخەیاڵ لەیەکتر جیا بکرێنەوە، ئاخۆ حیکایەتەکانی فاشیزم، دەتوانێت هەمیشە بەناو شادەمارەکانی ژیانی ئێمەدا بچێتە خوارەوە؟ کاتێک بیر لەو پرسیارانە دەکەمەوە، دەبینم کە چۆن مناڵە ساویلکەکان، نەوەیەک کە لەماناکانی فاشیزم تێنەگەیشتووە، چۆن دێن بڕوا بەو حیکایەتانە دەکەن و دەتوانن خۆیان فریوو بدەن و بخەڵەتێن و ستایشیان بکەن، بەڵام ئەو دۆخە پەیوەستە بە کەمئەزموونی نەوەیەکەوە، کە نە ئەم نەوەیە تا سەر بڕوای پێ دەکات، نە فاشیەکانی ناو سیستمی فاشیزم دەتوانن بۆ هەمیشە لەڕێی درۆکردنەوە خۆیان لە فاشیزم پاک بکەنەوە، مرۆڤ بۆ ئەوەی خۆی لە فاشیزم پاک بکاتەوە، پێویستی بەوە نیە درۆ بکات، درێژە بەفریودانی ئەوانیتر بکات، ئەوان بەر لەئێمە دەزانن پاکبونەوەیەک بوونی نیە، بەڵام دەتوانن درۆ نەکەن، کە ئەوان بەشێک بوونە لەناو ئەو سیستمە، نەک بەرهەڵستکاری سیستم بوونە، چونکە دەردەکەوێت بەدوای ڕووخانی فاشیزمیش ئەوان هێشتا درێژە بە فاشی بونی خۆیان دەدەن، هێندە بێ چاووڕون دەتوانن هەڕەشە بکەن بەوەی ئەوان لەتوانایاندایە بمانخەنە بەردەم دادگا کە چۆن سوکایەتی بەو شۆڕشگێرانە دەکرێت، گرفتەکە ئەوەیە فاشیەکان هێشتا نەیانزانیوە سیستمە فاشیەکەیان کۆتایی هاتووە، بۆیە هەموو گۆڕانکاریەکیش هەر بەدرێژ بوونەوە بۆ سیستمە فاشیەکەیان دەگەڕێننەوە، بەڵام، بە موتوربەکردنی ڕۆحی شۆڕشگێریەتی بەوەی کارەکتەرێکی درۆیانەیان بەخۆیان بەخشیووە کە مێژووی ئەوان مێژووی دژایەتی فاشیزم بووە، لەکاتێکدا بە کەوتنی دەمامکەکانیان دەردەکەوێت ئێمە لەبەردەم چ فاشیزمێکی ڕەمزی ترسناکدابووینە کە تا ئەمڕۆش دەیانەوێت وەک پاڵەوان و شۆڕشگێر بیانناسین، پاڵەوانی کولتوریی لەسەردەمی فاشیزمدا ترسناکترین مۆدیلی پاڵەوانە، چونکە هەموو کارەکانی بەدژایەتی کولتور وەک وێناکردنەوە و دامەزراندنەوەی کولتور ناو دەبات، ئێمە چونکە یادەوەریمان کوێرە ناتوانین ئەو کارەکتەرانەی سەردەمی فاشیزم وەک خۆیان بناسین، لەکاتێکدا پێویستیەکی زۆرمان بەوەیە بۆ لەدایکبونی ئەدەبێک کە سیمای ڕاستەقینەی پاڵەوانی کولتوریی سەردەمی فاشیزم بخاتە ڕوو، هەر نەبێت چیتر ڕوویان نەبێت لەئێستادا خۆیان وەک دژە فاشیزم وێنا بکەن.   
  • باستان لەئارتۆ کرد، ئایا ئارتۆ و کتێبەکەی لەئێستادا وەک ئینجیلی شانۆکاران لەخۆرئاوا سەیر ناکرێت؟

    • ئەو دەستەواژەیە کوردییە، ئارتۆ شاعیرێکی دادایی گرنگ بوو، وەسفی شیعریی بۆ شانۆ نووسی، بەڵام ئەوەی ئەو نووسی تیۆر نەبوو، ستایشی شیعریی بوو بۆ شانۆ، رۆژگارێکی زۆر ئێمە فریوومان خوارد بەدەست سەرچاوە عەرەبیەکان و هەندێک شانۆکاری کوردەوە، کە ئەویان وەک نمونەی باڵا وڕزگارکاری شانۆ ناو دەبرد، تۆ گەر کۆ بەرهەمی ئارتۆ نەخوێنیتەوە، ناتوانیت ئەو هەموو فرمانە دەربکەیت، کاتێک باس لەکتێبەکەی ئارتۆ دەکەن، دەزانم مەبەستان لەکتێبی «شانۆ و هاوشانۆیە» وەک ئەوەی ئەو تەنیا ئەو کتێبەی نووسی بێت، من لێرەدا هەول دەدەم کەمێک لەبارەیەوە بووەستم بەگەڕانەوە بۆ کتێبی کۆ بەرهەمی بەزمانی فەرەنسی، کە سالی ٢٠٠٤ دەزگای گالیمار لە پاریس بە قەبارەی ١٧٨٨ لاپەرە چاپکردووە، کە کۆی نووسینی ئارتۆ و هەموو ئەو نووسینانەی لەبارەیەوە نووسراوە، سەرباری گۆرینەوەی نامەکانی، رەنگە لەرووبەری ئەو گفتوگۆیە نەتوانین باس لەکۆبەرهەمەکەی ئەو بکەین، بەلام دەتوانین پانۆرامایەکی خێرا بەکارەکانی ببەخشین، ئارتۆ وەک لەنامەکانی بۆ شاعیری فەرەنسی ژاک پریڤێر دەردەکەوێت، ئەو سەرەتا وەک شاعیرێکی سوریالیستی دەردەکەوێت، دیدی روونی ئەو لەناو نامەکانیدا و دواتریش لەناو تێکستە شیعریەکانیدا وێنەی مرۆڤێکی یاخی و بیمار نیشان دەدات، ئەو وێنەیە پەیوەندی ئارتۆیە بە زمانەوە، بۆیە بۆ شانۆش خەونی بە شانۆیەکی جیاواز دەبینی، شانۆیەک بەدوای گەشتەکانی بڕوای وابوو پێویستە شانۆ بگەرێتەوە بۆ خۆرهەڵات، چونکە سەرچاوە سەرەکیەکە لەوێدایە، لەشانۆیەکدا زمانی جەستە تیایدا بالا دەست بێت، سەیر ئەوەیە ئەو داوا دەکات شانۆی خۆرئاوایی بگەڕێتەوە بۆ خۆرهەڵات، بەلام تۆی خۆرهەڵاتی تازەگەری لەشانۆدا بە شانۆی خۆرئاوایی دەزانیت و خەون بە شانۆی خۆرئاوایی دەبینیت، ئەوە دوو فاقیەکە لەگەڵ تێگەیشتنی کوردیی بۆ خودی ئارتۆ خۆی، ئاڕتۆ وێنەیەکی شیزۆفرینیای زمانە، ناتوانێت وێنای زمانە نەستیەکەی بکات و لەناو هەستەکانی وەک مرۆڤێکی خۆرئاوایی دەمێنێتەوە، لەکۆی دەقە شانۆییەکانی دەینووسێت، بە دەگمەن دیمەنەکان لەناو دیالۆگدا نەماون، با زۆر ڕوونتر بدوێم، ئەو شانۆنامانەی دەینوسێت دیالۆگ پێکی دێنێت، ئیدی زمانی جەستە لەکوێدایە، مەگەر لەچەند کورتە دیمەنێکدا ویستبی بانتۆمایم بنووسێتەوە، دەنا فەرموو سەیری هەموو ئەو کورتە شانۆنامەی بکە تا بزانیت، ئەوەی شانۆی ئارتۆ بنیات دەنێت جەستە نیە.. بەلکو دیالۆگە، دەتوانین بگەرێینەوە بۆ شانۆنامەکانی ئارتۆ خۆی وەکو «سامورای یان درامای هەستەکان» بۆچی ناتوانێت ئەوانە لەڕێی جەستەوە بنیات بنێت و دیالۆگ بۆ کارەکتەر دەنووسێت؟ بەڵام شانۆکاری کوردو عەرەب کە باس لە ئارتۆ بکەن دەبێت بجولێنەوە و دیالۆگ بوونی نەبێت، لێرەدا بۆ شانۆکاران نا کە کتێبە شانۆییەکان هەر ئەوانەن کە ئەوان فێری بوون، بەڵام بۆ ئەوانەی کە خولیای فەلسەفەن، ڕەنگە پرسیارەکە ئەوەبێت: بۆچی فەلسەفەی فەرەنسی لەکۆتایی سەدەی بیستەمدا هەڵوەستەی کرد لەسەر دیدی ئارتۆ بۆ شانۆ؟ ئەو پرسیارە رۆژگارێکی زۆر بەخۆیەوە خەریکی کردووم، تەنانەت لەهەردوو کتێبەکەمدا «پلەی سفری شانۆ» و «فەلسەفەی شانۆ.. شانۆی فەلسەفی» لەسەری وەستاوم و توێژینەوەم لەبارەی کردووە، بەڵام لەئێستادا گەیشتووم بەو دەرەنجامەی گرنگی ئارتۆ لەلای دێرێداو فۆکۆ و کریستیڤا وابەستەی ئەو دیدە ڕەمزیەی زمانە بۆ شانۆ، ئارتۆ پێشنیاری زمانێک دەکات کە لە ئەفسوون دەچێت، وەسفێکی شیعری بەرجەستە دەکات، بەلام ئەو ستایشی شیعریە بۆ شانۆ نە خۆی و نە ئەوانی دوای ئەویش ناتوانن بەرجەستەی بکەن، چونکە لەناو شیعردا دەمێنێتەوە، ئەو مرۆڤێکی بیمار بوو، بیمار بەدوور لەمانا سایکۆلۆژیەکەی، بەڵکو بیماری کولتوری بوو، بەڵام خاڵیش نەبوو لەمانا دەروونیەکەی، بەتایبەت لەو نامانەی کە هەرگیز کەسانی وەک بیکاسۆ وەڵامیان نەدایەوە، بۆیە ئەوەش وا دەکات توندوتیژیەک ببێت بەو زمانەی ئارتۆ لەناو شانۆنامەکانی لەرووی کرداری کارەکتەرەوە، هەروەها لەو نمایشانەی دەیانخاتە سەر شانۆ، بۆیە هیچ دەستەواژەیەک لەو دێرە عەرەبی وکوردیە پێکەنیناویتر نیە کاتێک دەووترێت «شانۆی ئارتۆ مەبەستی توندو تیژیی جەستەیی نەبوو» لێرەدا ڕووبەرووی پرسیارێک دەبینەوە بۆ تێگەیشتن لەئارتۆ، بگەرێینەوە ناو شانۆنامە و نامەکان و وتار و بەیاننامەکانی ئارتۆ ؟ یاخود بچینەوە سەر کتێبە عەرەبیەکانی نوسەرانی وەک سەمیر سەرحان و سەعد ئەردەش؟ چونکە لێرەدا ڕووبەرووی دوو دنیای تەواو جیاواز دەبینەوە، روانینە شیعریەکانی ئارتۆ وەک تیۆر دەبینرێت، نە خۆی و نە دوای خۆی لەشانۆدا دەرناکەوێت، ئەگەر ئەو ئەفسوونێک لەخودی شانۆی خۆرهەڵاتی دەبینێت، ئەو ئەفسوونە چیە شانۆی خۆرهەڵاتی خۆی دەداتەوە دەست خۆرئاوا؟ ئەو پێویستیە کولتوریە بۆ خۆرئاوا وەک ئارتۆ دەلێت ووشە خنکاندنی، ئەی تۆی خۆرهەلاتی بۆ دەبێت شاگەشکە بیت بە شانۆی خۆرئاوایی؟ سەرچاوە تیۆریەکان چین؟ ئایا هێندە بەسە کتێبی شانۆو هاوشانۆ بە عەرەبی بخوێنیتەوەو گروپی بۆ دروست بکەیت و بێیت دوو کتێبی لەبارەوە بنووسیت؟ ئەو وەرگێرانە عەرەبیە بەشێوەیەکە ئەوانەی زۆر لەئێمە باشتر ئەو زمانە دەزانن، با ئەوان بێن قسە بکەن کە ئاخۆ ئەو کتێبە وەرگێرانە عەرەبیەکەی هێندە ڕوونە تا تێی بگەیت؟ هەڵبەت من لەرێی خوێندنی قورئان لە مزگەوتەوە فێری زمانی عەرەبی بوومە، بۆیە بەلاتەوە سەیر نەبێت هەرگیز لەوەرگێرانە عەرەبیەکەی کتێبەکەی ئارتۆ تێ نەگەیشتم، تا بەم دواییە بەفەرەنسی خوێندمەوە، پێشتریش بە پۆلەندی خوێندبوومەوە، گرفتەکان کەسی نین هیچ رقێک بوونی نیە، ئەوەی لەپشت راستیەوەیە تەنیا رۆشنایی خستنە سەر هەڵەکانی رابردووە، راستکردنەوەی خەوشێکە کە ئێمە کوێرانە بیستمان و بەرجەستەمان کردو ئەزموونگەریی ئارتۆ لێمان بوو بە ئەفسانەی شانۆی بالا.        




بەرەو چەپێکی یەکگرتوو: نەخشەڕێگایەک و دیدێکی پراکتیکی.. ڕزگار ئاکرێی


دەرس و ئاستەنگەکانی بنیاتنانی چوارچێوەیەکی فراوانی چەپ

پێشەکی
هەرچەندە دەقەکە پشت بە ئەزموونی عێراقی دەبەستێت وەک خاڵی چوونە ژوورەوەی شیکاری، بەڵام ئەوەی باسی دەکات زۆر زیاترە لە کەیسی عێراق بەتەنها. زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری جیهان واقیعی هاوشێوەیان هەیە: بزووتنەوەی ناڕەزایی جەماوەری بەرفراوان کە هەوڵیان دا خۆیان بگۆڕن بۆ هێزێکی سیاسی ڕێکخراو، چەپێک کە ئامادەبوونێکی بەرچاوی لەسەر شەقامەکان نیشان دا بەڵام پەرتەوازە مایەوە، لە کاتێکدا تەحەداکانی ڕێکخراوەیی و هەڵبژاردن لەگەڵ چالاکی بەکۆمەڵی لاواز بەردەوامن و پێویستی بە گرنگیدانی جددی هەیە. عێراق لێرەدا وەک نموونەیەک بۆ بیرکردنەوە و فێربوون خزمەت دەکات و ئەو پرسیارانەی دەخرێنە ڕوو زۆر فراوانترن لە سنوورە جوگرافیەکانی.
لەم چوارچێوەیەدا، ئەزموونی مەغریبی شایەنی باسێکی تایبەتە. مۆدێلێکی زیندوو و پەرەسەندووی دیالۆگ و کاری هاوبەش لە نێوان هێزە چەپەکاندا پێشکەش دەکات. دامەزراندنی “هاوپەیمانی چەپ” لەنێو کۆمەڵێک هێزە چەپەکانی مەغریبدا وەک لوتکەی پرۆسەیەکی درێژخایەنی هەماهەنگی و کاری هاوبەش هات کە ئیرادەیەکی سیاسی ڕوونی دەربڕی بۆ زاڵبوون بەسەر پەرتەوازەیی کە لەم ساڵانەی دواییدا تایبەتمەندی چەپی هەبووە و پشتبەستن بە مێژووی هاوبەشی خەبات. لایەنە بەشداربووەکان جەختیان لەوە کردەوە کە سروشتی ئەم سەردەمە بە ئاستەنگی سیاسی و ماف و کۆمەڵایەتییەوە پێویستی بە بەهێزکردنی یەکڕیزی کردار، دەستپێشخەری هاوبەش و دروستکردنی ڕۆحی یەکگرتووی خەبات لە بەرگری لە ئازادی و کەرامەت و دیموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی هەیە. ئەو هێزانەی ئەم هاوپەیمانییە پێکدەهێنن دان بەوەدا دەنێن کە سەردەمی داهاتوو پێویستی بە نوێبوونەوەیەکی فکری و سیاسی هەیە هاوکات لەگەڵ پەرەپێدانی شێوەکانی خەبات و هەروەها داڕشتنی پرۆگرامێکی پراکتیکی یەکگرتوو کە وەڵامی پرسیارە گرنگەکانی دامەزراندن و تەندروستی و پەروەردە و خانووبەرە و دادپەروەری و پێداویستییە فراوانەکانی کرێکاران بداتەوە.
ئەم مۆدێلە مەغریبییە، سەرەڕای تایبەتمەندی دەقەکەی، گرنگییەکی سیمبولی و هاوڕێیەتی گرنگی هەیە بۆ هەموو هێزە چەپەکان لە سەرانسەری ناوچەکەدا: یەکێتی کاتێک دەگونجێت کە ئیرادەی سیاسی پێش حساباتی تەسکی حزبی بێت. شایانی باسە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر هێز و کەسایەتییە چەپەکانی عێراق کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانیان ئەنجامدا و هەنگاوێک بەهەمان ئاراستەدا هەنگاویان ناوە و دانپێدانانێکی زیاتریان دەربڕیوە بەوەی کە کاتی پێداچوونەوە و کاری هاوبەش و یەکڕیزی بۆتە پێویستییەکی بەپەلە کە ناکرێت دوابخرێت. دوو ئەزموونی مەغریبی و عێراقی هەرچەندە لە ناوەڕۆک و ئامرازدا جیاوازن، بەڵام لەسەر یەک ڕاستی کۆدەبنەوە: یەکێتی و ئیرادەی هاوبەشی هاوڕێیەتی تاکە هێزن کە دەتوانن تووڕەیی کۆمەڵایەتی و دادپەروەری هۆکارەکە بگۆڕن بۆ هێزێکی سیاسی ڕێکخراو و کاریگەر.
ئەم بەشدارییە ئەزموونی چەپی عێراقی و کوردستانی دەکۆڵێتەوە، وەک بەشدارییەک لە دیالۆگی هاوڕێیانەی بەردەوامی سەبارەت بە ئەگەرەکانی بنیاتنانی چوارچێوەیەکی چەپی یەکگرتوو کە بتوانێت ڕۆڵی مێژوویی خۆی بگەڕێنێتەوە و ئامادەیی چالاک خۆی نوێ بکاتەوە.

ناوەڕۆک و کێشەی ناوەند

ژمارەیەک خاڵ هەن کە شایەنی گفتوگۆی قووڵن و یارمەتیدەرن بۆ تێگەیشتن لە بۆشایی نێوان تەوژمی جەماوەری و ڕێکخراوە چەپەکان:
ئامادەبوون و کاریگەری: چەپ وەک تاک و کادیر بەشدارییەکی کاریگەر و بەرجەستەی لە مەیدانەکانی خۆپیشانداندا کرد، بەڵام پرسی پەرەپێدانی ئەم ئامادەبوونە بۆ هێزێکی سیاسی یەکگرتوو و ستراتیژێکی ڕاگەیەندراو هێشتا جێگەی لێکۆڵینەوە و گفتوگۆیە.
بەڕێوەبردنی ناکۆکی ناوخۆیی: ناکۆکی ناوخۆیی نێوان تەوژمە چەپەکان، کاتێک لە دەرەوەی چوارچێوەیەکی کۆمەلایەتی ڕوون و بنیاتنەر بەڕێوە دەبرێت، و کاتێک جەخت لەسەر ئەوان گەورە دەکرێت لەسەر حسابی زۆرێک لە خاڵەکانی لێکنزیکبوونەوە، وزە لە ساتەکاندا کە داوای یەکگرتن و هەماهەنگی دەکەن.
پەرەپێدانی گوتاری سیاسی و میتۆدی ڕێکخراوەیی: دەرفەتێکی ڕاستەقینە هەیە بۆ پەرەپێدانی میتۆدی ڕێکخراوەیی و گوتاری چەپ بۆ ئەوەی لە ئازاری ڕۆژانەی بەرجەستەی جەماوەرەوە سەرچاوە بگرن و زیاتر بە واقیعەوە گرێیان بدات و توانای قایلکردن و کاریگەرییان زیاتر بێت.
هەماهەنگی هەڵبژاردن: پەرتەوازەیی چەپ بەسەر چەند لیستێکدا کە بەرنامەی هاوشێوەیان هەیە، بە شێوەیەکی گشتی ئەو هەمەجۆرییەی بەرهەم نەهێناوە کە هیوای بۆ دەخوازرێت و بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان ئەم هێزانە هێشتا پێویستییەکی پراکتیکی بەپەلەیە.
بنیاتنانی ڕێکخراوە جەماوەریەکان: مۆدێلی زاڵ بۆ بنیاتنانی ڕێکخراوە جەماوەریەکان پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی هێمنانە هەیە، چونکە پشتگیری کردن لە سەندیکاکان و فیدراسیۆنە سەربەخۆکان پێدەچێت بنچینەیەکی فراوانتر و بەردەوامتر لە مۆدێلی “ڕێکخراوە پێشەوە” حزبییەکان پێشکەش بکات.
بەهێزکردنی گەنجان و ژنان: ڕۆڵی سەرەکی گەنجان و ژنان لە بزووتنەوەکانی ناڕەزایی دەربڕیندا پێویستی بە بەهێزکردنی نوێنەرایەتییان هەیە لە دەستەی سەرکردایەتی چەپدا بە شێوەیەک کە ڕەنگدانەوەی ئەم ڕۆڵە ڕاستەقینەیە.
وەبەرهێنان لە بۆشایی دیجیتاڵی: ئەم ماوەیە دەرفەتێکی گونجاو دەڕەخسێنێت بۆ پەرەپێدانی ئامرازە دیجیتاڵییەکان و بەکارهێنانیان بە شێوەیەکی کاریگەر لە شەڕی هۆشیاری و پەیوەندی لەگەڵ نەوەکانی نوێ.

ئاسۆی کرداری پێشنیارکراو
دیالۆگ و کارکردن بۆ بنیاتنانی چوارچێوەیەکی چەپی یەکگرتووی فرە پلاتفۆرم، پشت بەستن بە پرۆگرامێکی هاوبەش کە بە زمانی ڕۆژانەیان ڕووبەڕووی جەماوەر ببێتەوە، پێکهاتەیەکی رێکخراوی نەرم و لامەرکەزی کە ڕێز لە تایبەتمەندی هەر پێکهاتەیەک بگرێت، نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی گەنجان و ژنان لە پۆستەکانی بڕیاردان، سیاسەتێکی دیجیتاڵی کاریگەر کە لەگەڵ سەردەمدا بگونجێت، و پەیوەندییەکی بەردەوام لەنێوان کاری ناڕەزایی دەربڕین. بەشداری هەڵبژاردن و یەکێتی ڕۆژانە و خەباتی جەماوەری. ئەمە دەبێت لە ئەزموونی جیهانی ئەمریکای لاتین و ئەوروپا سەرچاوەی بگیرێت، کە نیشانی دەدەن کە تێکەڵەی داهێنەرانەی یەکێتی، شەقام، رێکخراو و سندوقی دەنگدان وای لە هێزە چەپەکان کرد لە بارودۆخە سەختەکاندا توڕەیی کۆمەڵایەتی بگۆڕن بۆ گۆڕانکاری سیاسی کاریگەر.
یەکگرتن لە چوارچێوەی چەپی فراواندا کاریگەرترین ڕێگایە بۆ گەڕاندنەوەی ڕۆڵ و کاریگەری، بەو مەرجەی نوێبوونەوەیەکی ڕۆشنبیری و ڕێکخراوەیی قووڵ لەگەڵدا بێت کە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و تەکنەلۆژیاییەکان هەڵمژێت و وەڵامی ئاواتەکانی نەوەکانی نوێ بداتەوە و چەپ لە ڕووی ڕۆشنبیری و ڕێکخراوەییەوە لەسەر بنەمایەکی نوێ دابمەزرێنێ کە توانای چارەسەرکردنی پرسیارەکانی ئێستا و تەحەداکانی داهاتوو هەبێت.

پێشەکی:
بزووتنەوەکانی ناڕەزایی و داواکاری و بەرەنگاربوونەوەی گۆڕان، لە شەقامەوە بۆ ڕێکخراو
عێراق و هەرێمی کوردستان لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا چەندین شەپۆلی ناڕەزایی بەخۆوە بینیوە کە تووڕەیی جەماوەری قووڵی بەرامبەر گەندەڵی و دابەشکردنی دەسەڵات و خراپبوونی خزمەتگوزارییەکان دەردەبڕن. بەڵام ڕاپەڕینی تشرینی یەکەمی 2019 دیارترین و کاریگەرترین ساتی پێکهێنا. ئەوە تەنها شەپۆلێکی ناڕەزایی تێپەڕ نەبوو. بەڵکو گوزارشت لە گۆڕانێکی چۆنایەتی دەکات لە هۆشیاری بەشێکی فراوانی کۆمەڵگا، بەتایبەتی گەنجان، سەبارەت بە سروشتی دەسەڵات و ئەگەرەکانی گۆڕان. بۆ یەکەم جار لە ماوەی دەیان ساڵدا، شەقام و گۆڕەپانەکان ڕۆڵی خۆیان وەک بۆشایی سیاسی ڕاستەقینە و ناوەندێک بۆ بەرهەمهێنانی گفتوگۆ، رێکخستن و دەستپێشخەری بەدەستهێنایەوە.
جەماوەری ئەم خۆپیشاندانانە لە شوێنی وەرگری پاسیڤەوە گواستەوە بۆ شوێنی ئەکتەری راستەوخۆ. داواکارییەکان ڕوون و ئاشکرا بوون: نان، کەرامەت، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، دامەزراندن، خزمەتگوزاری، و کۆتاییهێنان بە سیستەمی دابەشکردنی دەسەڵات و گەندەڵی و دیکتاتۆرییەت ئەمانە داواکاری بوون لە ئەزموونی سەختی ڕۆژانەی جەماوەر کە باجی دەیان ساڵ جەنگ و گەمارۆدان و تاڵانکردنی ڕێکخراویان دا. لەجەرگەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکاندا چەپی عێراقی بەهەموو تەوژمەکانییەوە ئامادە و چالاک بوو.
سەرەڕای هەموو ئەم ناڕەزایەتیانە و ڕەتکردنەوەی بەربڵاوی بەشێکی زۆری دانیشتوانی دەسەڵاتدارانی بەغدا و هەولێر و بە لەبەرچاوگرتنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی تشرینی دووەمی 2025 کە تێیدا لیستە چەپەکان نەیانتوانی یەک کورسی پەرلەمان بەدەست بهێنن، ئەو پرسیارە بنەڕەتییە وەک پێویستییەکی سیاسی دێتە ئاراوە کە ناتوانرێت دوابخرێت: بۆچی چەپ نەیتوانی سەرەڕای دادپەروەری گوتاری و قووڵایی ئامادەبوونی لەسەر شەقامەکانی، بۆ گۆڕینی ئەم تەوژمە جەماوەریە بۆ هێزێکی سیاسی ڕێکخراو؟ بۆچی لە بەرگری و دابەشکردندا گیریان خوارد نەک بەرەو شوێنی دەستپێشخەری و یەکڕیزی بڕۆن؟
وەڵامەکە ناتوانرێت تەنها بۆ فاکتەرە دەرەکییەکان کورت بکرێتەوە، هەرچەندە گرنگ بن. بەڵێ، سیستەمی سیاسی دژایەتی گۆڕانکاری دەکات، لەسەر بنەمای دابەشکردنی دەسەڵات و چەک و میلیشیا و پارەی سیاسی پارێزراوە و لەلایەن تۆڕە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانەوە پاڵپشتی دەکرێت. بەڵێ، سەرکوتکردن خوێناوی و سیستماتیک بوو، ڕاستەوخۆ چالاکوانان و هێزەکانی گۆڕان و بە تایبەتی چەپ دەکاتە ئامانج. لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە هەرچەندە ترسناک بێت، چەپ لە بەرپرسیارێتی پێداچوونەوە بە ئامرازەکانی، شێوەکانی کارکردن و میتۆدۆلۆژیای خوێندنەوە و تێکەڵبوون لەگەڵ واقیعدا بێبەش ناکات.
بزووتنەوەکانی ناڕەزایی و داواکاری توانایەکی جەماوەری گەورەیان بۆ گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی ئاشکرا کرد، لەگەڵ ئەوەشدا لاوازی پێکهاتەی ڕێکخراوەیی و بۆشایی نێوان گوتاری چەپ وەک لە ناو ڕێکخراوەکاندا بەرهەم دەهێنرێت و هۆشیاری جەماوەری لەسەر شەقام. ئەوان ئاشکرایان کرد کە دادپەروەری هۆکارەکە بەتەنیا بەس نییە ئەگەر ئامرازی رێکخراوی نەرم و هاوچەرخ، یەکخستنی وزەکان، وتاری تێگەیشتن، بەکارهێنانی کاریگەری ئامرازەکانی دیجیتاڵ و ستراتیژێکی ڕوون کە ناڕەزایی دەربڕین بە کاری سیاسی و خەباتی ڕۆژانەی ناو کۆمەڵگاوە دەبەستێتەوە.
ئەم بەشدارییە هەوڵی پێشکەشکردنی وەڵامی ئامادە یان هاوکێشەی جادوویی نادات. بەڵکو هەوڵ دەدات بەشداری لە دیالۆگی بەردەوامدا بکات سەبارەت بە ئەزموونی چەپی عێراق لە مامەڵەکردن لەگەڵ دوو میکانیزمی بنەڕەتی گۆڕان هەڵبژاردن و بزووتنەوەی ناڕەزایی و پێشنیارکردنی ئاسۆیەکی کارکردن کە بەشداری لە بنیاتنانی ستراتیژێکی چەپ بکات کە توانای نوێبوونەوە و یەکڕیزی و گەڕاندنەوەی متمانە و کاریگەری و گێڕانەوەی ڕۆڵی مێژوویی هەبێت.

یەکەم: بزووتنەوەی ناڕەزایی و چەپ، دەرفەتێکی مێژوویی و تەحەدای ڕێکخراوەیی

  1. چەپ لە دڵی بزووتنەوەکانی ناڕەزایی
    ئەو بزووتنەوە ناڕەزایی و داخوازییانەی کە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا لەعیراق و هەرێمی کوردستان بەخۆوە بینیویانە ناتوانرێ بەجیا لەڕۆڵی چەپی عێراقی و کوردستانی لەناویاندا بخوێنرێتەوە بەبێ زیادەڕەوی و کەمکردنەوە، چەپ بەشێکی چالاک بوو لە پێکهاتەی ڕاستەقینەی ئەم خۆپیشاندانانە. هەر لە یەکەم ڕۆژەوە لە گۆڕەپانەکاندا بەشداری لە ڕێکخستن، بەڕێوەبردنی شوێنی خۆپیشاندان، بەرگریکردن لە کەسایەتی ئاشتیخوازانەی بزووتنەوەکە و ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵەکانی دزەکردن، چ لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە و چ لە لایەن ئەو هێزانەوە بوو کە دەیانەوێت ڕێڕەوی ڕووداوەکان بگۆڕن.
    لە گۆڕەپانەکانی بەغدا و ناسریە و بەسرە و نەجەف و دیوانیە و هەولێر و سلێمانی و شارەکانی دیکە، چەپ ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە بنیاتنانی فۆرمی رێکخراوی ئاسۆیی ناپلەبەندی کە پشت بە دەستپێشخەری تاکەکەسی و هەماهەنگی ڕۆژانە و کاری خۆبەخشانە دەبەستێت. ئەزموونی کەڵەکەبووی ساڵانێک لە خەباتی نهێنی و جەماوەری لە بەڕێوەبردنی خۆپیشاندانەکان، ڕێکخستنی ڕیزەکان، مامەڵەکردن لەگەڵ سەرکوتکردن و داڕشتنی دروشم دەرکەوت. چەپ هەروەها ئامادەییەکی ڕوونی هەبوو لە کۆمیتەکانی ڕاگەیاندن، لە گەیاندنی وێنەی ئەوەی کە ڕوودەدا، لە شکاندنی قۆرخکاری گێڕانەوەی فەرمی، و لە بەستنەوەی ڕووداوە ناوخۆییەکان بە چوارچێوەی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی.
    لەگەڵ ئەوەشدا، سەرەڕای ئەم ئامادەبوونە چڕ و کاریگەرە لە شەپۆلە یەک لەدوای یەکەکانی ناڕەزایەتیدا، چەپ وەک تاک و کادر و چالاکوان ئامادە بوو، زیاتر لەوەی وەک هێزێکی سیاسی یەکگرتوو و ڕێکخراو بە سەرکردایەتی ڕوون و ستراتیژێکی ڕاگەیەندراو ئامادە بوو. ئەم دژایەتییە لە نێوان ئامادەبوونی ڕاستەقینە و لاوازی رێکخراوی یەکگرتوو وردەکاریەکی لاوەکی نەبوو. بەڵکو یەکێک بوو لە کلیلە بنچینەییەکانی تێگەیشتن. چەپ لە جەرگەی ڕووداوەکاندا بوو، بەڵام لە پێگەی سەرکردایەتی سیاسی گشتگیر نەبوو. نەیتوانی بوونی مەیدانی خۆی بگۆڕێت بۆ خاڵێکی سەرچاوەی ڕێکخراوەیی کە بتوانێت کۆرسەکە یەکبخات یان بەلایەنی کەمەوە ئاسۆیەکی پێشکەوتووخوازی ڕوون دابنێت.
    بە بۆچوونی من، ئەم بارودۆخە ڕێکەوت نەبوو. بەڵکو بەرهەمی کەڵەکەبوونێکی درێژخایەن بوو لە کێشەی ڕێکخراوەیی، دوودڵی لە مامەڵەکردن لەگەڵ شێوازە نوێکانی جوڵانەوە، و ترس لە تۆمەتبارکردنی زاڵبوون یان چاودێری بەسەر شەقامدا. زۆرێک لە هێزە چەپەکان پێیان باش بوو کە لە شوێنی پشتیوانی پاشبنەمادا بمێننەوە، یان بە تەواوی تێکەڵ بە چالاکی ناڕەزایی دەربڕین بکەن بەبێ ئەوەی ناسنامەیەکی سیاسی ڕوون نیشان بدەن، لەو باوەڕەدان کە ئەمە خۆپیشاندانەکان لە شێواندن دەپارێزێت یان کەسایەتی جەماوەرییان دەپارێزێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم هەڵبژاردنە سەرەڕای نیازپاکی، لە پراکتیکدا بۆشاییەکی سیاسی و ڕێکخراوەیی بەجێهێشت کە هێزەکانی تر بە خێرایی پڕیان کردبووەوە، یان گۆڕدرا بۆ حاڵەتی پەرتەوازەیی و دوودڵی.
  2. بۆچی تەوژمی بزووتنەوەی ناڕەزایی نەگۆڕا بۆ هێزێکی سیاسی چەپ؟
    پرسیاری سەرەکی کە لێرەدا خۆی دەسەپێنێت ئەوەیە: بۆچی چەپ نەیتوانی ئەم تەوژمە گەورە و قوربانییە گەورەیە لە شەپۆلە یەک لەدوای یەکەکانی ناڕەزایی بگۆڕێت بۆ هێزێکی سیاسی ڕێکخراو کە توانای بەردەوامی و کاریگەری هەبێت؟ بۆچی بزووتنەوەکانی ناڕەزایی لە ئاستی ئەنجامە سیاسییەکاندا لاواز بوون بەبێ ئەوەی چوارچێوەیەکی یەکگرتووی چەپ یان پێشکەوتووخواز بەرهەم بهێنن، یان تەنانەت هێزێکی هەڵبژاردنیش کە بتوانێت بتوانێت بێتە ناو گۆڕەپانی سیاسیەوە؟
    چەپی عێراقی و کوردستانی چووە ناو بزووتنەوە ناڕەزایەتیەکانەوە و ناکۆکی قووڵ و چارەسەرنەکراویان لەسەر سروشتی بزووتنەوەکە و میکانیزمەکانی هەڵگرتبوو ئەم دابەشکردنانە لەناکاو دەرنەکەوتن. بەڵکو بە ڕوونی لە چوارچێوەی ئەم خۆپیشاندانانەدا تەقینەوە. ناکۆکییەکە تەنها لەسەر تاکتیک نەبوو، بەڵکو لەسەر دیدگای ستراتیجی بزووتنەوەکە بوو. ئایا دەبێت خۆپیشاندانەکان بەردەوام بن تا ئەو کاتەی سیستەمەکە دەڕوخێنرێت؟ یان دەبێت وردە وردە گواستنەوە بەرەو فۆرمی ڕێکخراوەیی جێگیرتر بێت؟ پەیوەندی نێوان گۆڕەپانەکان و رێکخراوەکانی ئێستا چییە؟
    لە ڕێگەی چاودێرییەکانم، سێ تەوژمم لە لای چەپدا دیاری کرد. یەکێک لە تەوژمەکان پێویستی بە گۆڕینی تەوژمی ناڕەزایی بۆ پێکهاتەیەکی ڕێکخراوەیی بەردەوام کە توانای پاراستنی دەستکەوتەکان و بەردەوامی خەبات و بەشداری کردن لە هەڵبژاردنەکاندا بکات. تەوژمێکی تر داوای مانەوە لە شەقامەکان دەکات تا گۆڕانکاری ڕادیکاڵ بەدەست دەهێنێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هەر گواستنەوەیەکی زوو بەرەو ڕێکخستن لەوانەیە بزووتنەوەکە لە ناوەڕۆکی شۆڕشگێڕانەی بەتاڵ بکات. تەوژمی سێیەم لە نێوان دوو بژاردەدا دوودڵ بوو بەبێ چارەسەری ڕوون، کە بووە هۆی گفتوگۆی ناڕوون و گۆڕینی هەڵوێست و لەدەستدانی ئاراستە.
    ئەم دابەشبوونە وەک ناکۆکییەکی تەندروست لە چوارچێوەیەکی یەکگرتوودا بەڕێوە نەچوو. بەڵکو بوو بە ململانێیەکی گشتی کە وزەیەکی زۆری بەتاڵ کرد و دۆخێکی سەرلێشێواوی لەنێو جەماوەری ناڕازیدا دروستکرد.

    نەتوانینی بنیاتنانی هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی فراوان
    یەکێک لە دیارترین خاڵە لاوازەکانی ئەزموونی چەپ لە کاتی بزووتنەوەی ناڕەزایی و ئۆکتۆبەر وەک نموونەیەکی گرنگ و زیندوو، نەتوانینی لە بنیاتنانی هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی فراوان و جێگیر بوو. ڕاستە بزووتنەوەکە سروشتی هەمەجۆر بوو و بەشە جیاوازەکانی لەخۆ گرتبوو، بەڵام ئەم جیاوازییە نەگۆڕا بۆ هاوپەیمانێتییەکی ڕێکخراو. چەپ شکستی هێنا لە دروستکردنی پردی بەهێز و درێژخایەن لەگەڵ بزووتنەوە جەماوەری و مەدەنی سەربەخۆکان، لەگەڵ سەندیکاکانی پیشەیی و کرێکاری، یان لەگەڵ کەرتی کۆمەڵایەتی فراوانی وەک ژنان، بێکاران، دانیشتوانی گەڕەکە هەژارەکان و خوێندکاران.
    سروشتی بزووتنەوەکە ڕۆڵی هەبوو لەم کێشەیەدا. بۆچوونی “بێلایەنی” لە گۆڕەپانەکانی ناڕەزایی دەربڕیندا زاڵ بوو، کە زۆرێک لە خۆپیشاندەران، ژن و پیاو، ناڕەزاییان هەبوو لە کاری سیاسی پارتیزانی بە هەموو شێوەکانیەوە، ئەمەش بەهۆی ئەزموونی نەرێنی کەڵەکەبووەوە لەگەڵ پارتە تەقلیدییەکان. ئەم هەڵوێستە، هەرچەندە لە چوارچێوەی خۆیدا تێگەیشتووە، بەربەستێکی سایکۆلۆژی دروست کردووە لە بەرامبەر هەر هەوڵێک بۆ بنیاتنانی چوارچێوەی ڕێکخراوەیی، تەنانەت ئەگەر سەربەخۆ و نەرم بێت. چەپەکان نەیانتوانی مۆدێلێکی رێکخراوی جێگرەوە پێشکەش بکەن کە ئەم پارێزگارییە بشکێنێت و خۆپیشاندەران ڕازی بکات کە ڕێکخراو مەرج نییە هەژموونی حزبایەتی بێت، بەڵکو ئامرازێکی پێویستە بۆ پاراستنی بزووتنەوەکە و مسۆگەرکردنی بەردەوامی.
    بەشێکی ئەم ئەنجامانە لە سەرکوتکردن و قەدەغەکردنی سەپێنراوەوە سەرچاوە دەگرێت، بەشێکی دیکەش لە لاوازی کاری جەماوەری ئارام و ئارەزووی ڕازیبوون بە ئامادەبوون لە ساتی تەقینەوەدا بەبێ بنیاتنانی رێکخراوێکی بەردەوام پێش و پاش تەقینەوە. جیاواز لە ئەزموونە جیهانییە زۆرەکان کە یەکێتییەکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بڕبڕەی پشتی هاوپەیمانی چەپیان پێکهێناوە، ئەم هێزانە لە عێراق یان گەمارۆدراون، یان پەراوێزخراون و لاوازن، یان لە دەرەوەی حساباتی ڕاستەقینە بوون.
    ئەنجامەکە ئەوە بوو کە بزووتنەوەکانی ناڕەزایی و داواکاری، سەرەڕای گەورەیییان، تا ڕادەیەکی زۆر بەبێ بەردەوامی ڕێکخراوەیی یەکگرتوو لەسەر ئاستی نەتەوەیی ماونەتەوە، بەبێ باڵێک کە بتوانێت بیانپارێزێت، تەوژمی خۆیان وەبەربهێنێت و بەرگری لە دەستکەوتەکانیان بکات. ئەمە توانای دەسەڵاتدارانی ئاسان کرد بۆ هەڵوەشاندنەوەیان لە ڕێگەی سەرکوتکردن، کوشتن، دزەکردن، ماندووبوونی دەروونی و کۆمەڵایەتی و ڕێکخستنەوەی کارتەکانیان.

  3. ئایا بزووتنەوەی ناڕەزایی بەتەنیا دەتوانێت گۆڕانکاری بەدەست بهێنێت؟
    ئەزموونی مێژوویی ئەوە دەسەلمێنێت کە ناڕەزایی مەرجێکی پێویستە بۆ گۆڕان، بەڵام بەس نییە. ناڕەزایی پەنجەرەکە دەکاتەوە، بەڵام گرەنتی ئەوە ناکات کە ڕووناکی تێدەپەڕێت. بەبێ ڕێکخراوێکی سیاسی کە بتوانێت ئەو ساتە بقۆزێتەوە، خۆپیشاندانەکان یان دەگۆڕن بۆ تەقینەوەی دووبارەبوونەوە بەبێ ئەنجام، یان دەبنە بزووتنەوەیەک کە کۆنتڕۆڵ دەکرێن یان سەرکوت دەکرێن.
    لە بەهاری عەرەبیدا، ڕژێمەکان کەوتن و دیکتاتۆری چەسپاو لەرزێنرا، بەڵام نەبوونی ئەلتەرناتیڤێکی ڕێکخراو ساتی شەقامی گۆڕی بۆ بۆشاییەکی سیاسی و ڕێگە بۆ ئاژاوە یان گەڕانەوەی دیکتاتۆری بە شێوەیەکی نوێ کردەوە. کێشەکە لە جەماوەر نەبوو، بەڵکو لە بەجێهێشتنی ڕاپەڕینەکان بوو بەبێ ئاسۆیەکی چینایەتی و ڕێکخراوەیی.
    لە مەغریب، ڕاپەڕینی نەوەی Z لە ساڵی 2025 ئەم ناکۆکییەی ئاشکرا کرد. ئەم نەوەیە ناڕەزایی دەربڕی دژی تێچووی ژیان و پەراوێزخستن بە بەکارهێنانی ئامرازی دیجیتاڵی و گفتوگۆی کۆمەڵایەتی راستەوخۆ. لەگەڵ ئەوەشدا ڕووبەڕووی سنووری کرداری سیاسی بێ چوارچێوە بووەوە، کە توڕەیی وشک کرد بەبێ ئەوەی گۆڕانکاری پێکهاتەیی بەدەست بهێنێت.
    لە ئەمریکای لاتین، بزووتنەوەکان سەرکەوتوو بوون کاتێک شەقامیان لەگەڵ سندوقەکانی دەنگدان تێکەڵ کرد و فشاری جەماوەری و ڕێکخستنی جەماوەرییان هێشتەوە. لە ئەوروپا شێوازی نوێی ڕێکخستن لە سکی ناڕەزایەتیەکانەوە دەرکەوت و پەیوەندی نێوان شەقام و دامەزراوەکان پێناسەی کردەوە و هاوسەنگییەکی نوێی لەناو سیستەمی ئێستادا دروست کرد. ئەم ئەزموونانە ئەوە دووپات دەکەنەوە کە خۆپیشاندان بەتەنیا ساتەوەختێکی ناتەواوە مەگەر ببێتە هێزێکی ڕێکخراو لەگەڵ ئاسۆیەکی کۆمەڵایەتی ئازادیخواز.
    دەرسەکە لە ئەزموونی عێراق و ناوچەیی و جیهانییەوە ڕوون و ئاشکرایە: خۆپیشاندان دەرفەت دەخولقێنێت، بەڵام ڕێکخستنی سیاسی ئەو گۆڕانکارییە دەگۆڕێت بۆ گۆڕانکارییەکی کاریگەر و کاریگەر و ڕادیکاڵ.

    دووەم: هەڵبژاردن وەک میکانیزمێک بۆ گۆڕان، خوێندنەوەی ئەزموون

  4. خوێندنەوەیەکی رەخنەگرانە بۆ ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی 2025
    شکستی لیستە چەپ و پێشکەوتووەکان لە بردنەوەی یەک کورسی پەرلەمان لە هەڵبژاردنەکانی تشرینی دووەمی 2025 تەنها ئەنجامێکی نەرێنی هەڵبژاردن نەبوو. بەڵکو دەربڕینێکی چڕەوە بوو بۆ کێشە پێکهاتەییەکان کە پێویستی بە چارەسەر هەبوو لە پەیوەندی نێوان چەپ و کۆمەڵگا و لە ئامرازە سیاسییەکاندا کە بەکار دەهێنرێن. ئەم ئەنجامە ناتوانێ تەنها بە یاسای هەڵبژاردنی نادادپەروەرانە ڕوون بکرێتەوە، نە بە هەژموونی پارەی سیاسی، نە بە ساختەکاری و دەستکاریکردن، هەرچەندە هەموو ئەم فاکتەرانە ڕاستەقینەن و کاریگەرییەکی زۆریان هەیە. ئەوەی ڕوویدا ئەنجامی کارلێک کردنی ئەم فاکتەرانە بوو لەگەڵ کێشە ڕێکخراوەییە ناوخۆییەکان، کە چەپ نەیتوانی دادپەروەری پڕۆژەکەی بگۆڕێت بۆ هەڵبژاردنێکی جەماوەری قەناعەتپێکەر.

    کێشەکانی سەرچاوە

    گرنگترینیان بۆشایی گەورە بوو لە سەرچاوە و تواناکاندا. لە بەرامبەر توانا زۆر سنووردارەکانی چەپ، هێزە باڵادەستەکان خاوەنی سەرچاوەی دارایی زۆر، ئامێری هەڵبژاردنی ئاڵۆز و تۆڕی فراوانی چاودێری و قازانجیان هەبوو. لاوازی بودجەی چەپەکان و لاوازی ژێرخانی هەڵبژاردنی فەرمانگە خۆجێییەکان و نوێنەران و میدیا و هەڵمەتی مەیدانی رێکخراو، کێبڕکێکەی بە قووڵی نایەکسان کرد. لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هێزانەی کە پارەی سیاسی، کاریگەری کارگێڕی و دەسەڵاتی میدیاییان هەیە، توانای چەپی مامناوەند نەیتوانی هاوسەنگییەکی ڕاستەقینە لە شەڕی هەڵبژاردندا دروست بکات.
    ئەم واقیعە یارمەتیدەر بوو بۆ بەردەوامی بوونی پەراوێزی چەپ بە بەراورد لەگەڵ هێزە دەسەڵاتدارەکان، پرۆسەی هەڵبژاردنی خۆی لاواز کرد، و هەستی بێدەسەڵاتی بەهێزتر کرد تەنانەت لە نێو لایەنگرانی خۆیاندا.

    ئاستەنگەکانی گفتوگۆ و پەیوەندی: لە تیۆرییەوە بۆ واقیع
    ئاستەنگەکانی گفتوگۆ و گفتوگۆ ڕوون و ئاشکرا بوون. گوتاری هەڵبژاردنی هێزە چەپەکان زۆرجار بەردەوام بوو لە بەکارهێنانی زمانی تیۆری و نوخبەیەک کە لە واقیعی ڕۆژانەی جەماوەردا ڕەگ و ڕیشەی نەبوو. زۆرێک لە پرۆگرامەکانی هەڵبژاردن نزیکتر بوون لە لێدوانی ڕۆشنبیری درێژ وەک لە پلانی کاری سیاسی ڕوون. لەگەڵ ئەوەشدا کێشەی قووڵتر تەنها لە زماندا نەبوو، بەڵکو لە خودی میتۆدۆلۆژیاکەدایە: پێشکەوتن لە تیۆرەکانەوە بەرەو واقیع، نەک بەرەو واقیعی بەرجەستە بەرەو تێگەیشتن و گۆڕین. لەجیاتی گوێگرتن لە ئازاری ڕۆژانەی خەڵک و بنیاتنانی پرۆگرامەکە لەو خاڵەی سەرەتاوە، پرۆگرامەکان پڕ بوون لە بیرۆکەی ئامادە بۆ ئەوەی “دەبێ چی بێت”، بەبێ ڕەچاوکردنی پێویست بۆ ئەوەی چی دەکرێت بە لەبەرچاوگرتنی هاوسەنگی هێزە چینایەتی و سیاسیەکان.
    پەیامەکە ئاسان نەبوو و دروشمە مەزنەکان وەرنەگێڕدران بۆ وەڵامی ڕاستەوخۆی پرسیارەکانی ڕۆژانەی خەڵک سەبارەت بە دامەزراندن و مووچە و کارەبا و تەندروستی و پەروەردە و نیشتەجێبوون. لەوەش گرنگتر، چەپەکان بەردەوام بوون لە پێشنیارکردنی “چارەسەری خوازراو” بەبێ پێشکەشکردنی “چارەسەری گونجاو”، هەنگاوی کرداری و وردە وردە کە لە ماوەیەکی نزیکدا بەدەست دەهێنرێت. جەماوەر تەنها بەدوای دیدێکی نموونەیی بۆ داهاتوو ناگەڕێت. ئەوان بەدوای هەنگاوی ڕوون و کارپێکراو دەگەڕێن کە ئەمڕۆ ژیانیان باشتر بکات و هیوایان پێ ببەخشێت کە گۆڕانکاری بەڕاستی دەگونجێت. لە بازاڕێکی سیاسیدا کە پشت بە وێنە و پەیامی خێرا و پەیوەندی ڕاستەوخۆ دەبەستێت، چەپ وا دەردەکەوت کە خۆی دەخاتە ڕوو یان ئاراستەی تەوژمێکی تری چەپ دەکات کە هاوڕا نییە، زیاتر لەوەی کە بە زمانی سادە و چارەسەرەکان پەیوەندی بە واقیعی ژیانیانەوە بکات.

    پەرتەوازەیی و سەرلێشێواوی: دەرکەوتەکانی قەیرانی هەڵبژاردنەکانی 2025
    لە هەڵبژاردنەکانی 2025، شکستەکە تەنها بەهۆی لاوازی دەنگەکانەوە نەبوو، بەڵکو لە پەرتەوازەیی و دۆخی سەرلێشێواوی لەگەڵ دیمەنی چەپدا بوو. بەشێک لە چەپەکان بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کرد، هەڵبژاردنێکی تێگەیشتوو بە لەبەرچاوگرتنی لەدەستدانی متمانە بە پرۆسەی سیاسی و سنوورەکانی. هەرچەندە لە پراکتیکدا یارمەتیدەر بوو بۆ زیادبوونی سەرلێشێواوی خەڵک لە جیاتی ئەوەی بگۆڕێت بۆ هەڵوێستێکی ڕێکخراو و وروژێنەر.
    لەگەڵ ئەوەشدا سەرلێشێواویەکە تەنها لە دەرەوە نەبوو. تەنانەت لەناو پارتە چەپە بەشداربووەکانیشدا ڕێژەیەکی بەرچاو لە ئەندامان بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کرد، ئەمەش ڕەنگدانەوەی قووڵایی قەیرانی ڕێکخراوەیی و سیاسی و بۆشایی متمانە لە نێوان بنکە و سەرکردایەتیەکاندایە. لە هەمان کاتدا، هێزە چەپە بەشداربووەکان بەسەر چەند لیستێکدا دابەش بوون بە پرۆگرامی هاوشێوە و گوتاری هاوشێوە. ئەم بڵاوبوونەوەیە هەمەچەشنی داهێنەرانەی بەرهەم نەهێنا. بەڵکو سەرلێشێواوی خەڵکی دروستکرد. جەماوەر بەدوای چەند وەشانێکی هاوشێوەی پڕۆژەی چەپدا ناگەڕێت. ئەوان بەدوای بەدیلێکی ڕوون دەگەڕێن کە بتوانرێت متمانەی پێبکرێت، تێبگات و بەرگری لێبکرێت. کاتێک چەندین وەشانی هەمان پڕۆژە بەبێ چوارچێوەیەکی یەکگرتوو یان ئاسۆیەکی هاوبەش پێشکەش دەکرێن، دادپەروەری خۆی لە بەڵێنێکی ئازادیخوازییەوە دەگۆڕێت بۆ سەرچاوەی سەرلێشێواوی.

    بۆشایی متمانەی جەماوەری
    بۆشایی متمانەی خەڵک مەترسیدارترین توخمە. جەماوەر مەرج نەبوو دژی چەپ دەنگ بدەن، بەڵام بە گشتی ئەڵتەرناتیڤێکی ڕوون و یەکگرتوویان تێدا نەبینی. خەڵکێکی زۆر بەشداری خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان بوون و قوربانی گەورەیان دا، بەڵام لە هەڵبژاردنەکاندا دەربڕینێکی سیاسی ئەو ئەزموونەیان نەدۆزیەوە. ئەوان کەسیان نەدۆزیەوە کە بە ڕوونی پێیان بڵێت: ئێمە بەردەوامی ئەوەین، ئەمە پلانی ئێمەیە، ئەمانە ئەولەویاتی ئێمەن، ئەمانە ئامرازەکانمانن.
    هەروەها بەشداری هەندێک لە هێزە چەپەکان لە حکومەتەکانی دوای 2003، سەرەڕای کاریگەری ڕاستەقینەی سنووردار لەسەر بڕیاردان، لە نێو بەشەکانی دانیشتواندا ئەو تێڕوانینەی دروست کرد کە بەشێک لە چەپەکان پەیوەستە بە سیستەمی سیاسی ئێستاوە. ئەم تێڕوانینەش تەنانەت ئەگەر ڕەنگدانەوەی ڕۆڵ و مەبەستی ڕاستەقینە نەبوو، یارمەتیدەر بوو بۆ لاوازکردنی وێنەی چەپ وەک ئەلتەرناتیڤێکی ئۆپۆزسیۆنی ڕادیکاڵ لە دەرەوەی دەسەڵات. جەماوەری ناڕازی کە دژی هەموو سیستەم هاتنە دەرەوە بەدوای هێزێکی سیاسی بێ هیچ ناڕوونییەک لە هەڵوێستی بەرامبەر دەسەڵاتدا دەگەڕان، هێزێک کە بە هیچ شێوەیەک بەشداری لە سیستەمی دابەشکردنی دەسەڵات و شکستی حکومەت کەڵەکەبوودا نەبێت. ئەم بۆشاییە لەلایەن کەسەوە پڕ نەکرایەوە و سندوقەکانی دەنگدان بە تەواوی بەتاڵ مابوونەوە لە دەنگی چەپەکان.

    تەحەدای دیجیتاڵی و لاوازی وەبەرهێنان لە شۆڕشی تەکنەلۆژیا
    ڕەنگە یەکێک لە مەترسیدارترین خاڵە لاوازەکانی ئەزموونی هەڵبژاردنی چەپەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان شکستهێنان بێت لە وەبەرهێنان لە شۆڕشی دیجیتاڵی و بەکارهێنانی کاریگەر. لە سەردەمێکدا کە بەشێکی زۆری شەڕە سیاسییەکان لە ڕێگەی بۆشاییە دیجیتاڵییەکانەوە بەڕێوە دەچن و ڕای گشتی لە ڕێگەی پلاتفۆرمە کۆمەڵایەتیەکانەوە شێوە دەکێشرێت، چەپەکان بەردەوام بوون لە کارکردن بە ئامرازە تەقلیدییەکان کە پێویستیان بە گەشەسەندن هەیە. ڕاستە هەندێک لە هێزە چەپەکان ماڵپەڕ و هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان هەبوو، بەڵام ئامادەبوونی دیجیتاڵی لە ئاستی پێویستدا کاریگەر نەبوو، ڕێکخراو نەبوو و توانای کێبڕکێی نەبوو. تیمی ناوەڕۆکی تایبەت دروست نەکرا، هەروەها ئامرازەکانی شیکردنەوەی کارلێک و پێوانەکردنی کاریگەری، هەروەها پلانی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڵمەتی دژە یان ناوزڕاندنی سیستماتیک نەبوو.
    لە کاتێکدا هێزە ڕکابەرەکان بە شێوەیەکی کاریگەر وەبەرهێنانیان لە ڕیکلامەکان، داتای گەورە و تەکنیکەکانی کاریگەری سایکۆلۆژیدا دەکرد، چەپەکان ڕازی بوون بە پۆست و لێدوانی درێژ کە نەگەیشتە جەماوەری مەبەست. ئەم دواکەوتنە تەنها تەکنیکی نەبوو. ڕەنگدانەوەی کەلێنێک بوو لە تێگەیشتن لە سروشتی خەباتی هاوچەرخ، کە چیتر بوونی ڕاستی لە لایەن کەسێکەوە بەس نییە، بەڵکو دەبێت توانای گەیاندنی بە زمان و ئامرازەکانی سەردەم هەبێت.

    کێشەی نوێنەرایەتی ژنان لە سەرکردایەتییە چەپەکاندا
    لێرەدا کێشەیەکی قووڵ لە نوێنەرایەتی ژنان لە نێو دەستەی سەرکردایەتی چەپ لە هەموو ڕێکخراوەکاندا سەرهەڵدەدات، سەرەڕای ئەوەی ژنان زیاتر لە نیوەی کۆمەڵگا پێکدەهێنن، سەرەڕای بوونی چالاک و کاریگەریان لە بنکە ڕێکخراوەییەکان و کاری مەیدانی. ژنان بەشێکی سەرەکی پێکهاتەی خۆپیشاندانەکان بوون و باجێکی قورسیان دا بە قوربانیدان. لەناو ڕێکخراوە چەپەکان خۆیان، ژنان ڕێژەیەکی بەرچاو لە کادرە چالاکەکان و سەرکردایەتی ڕاستەقینە لەسەر ئاستی بنکە و پارێزگاکان پێکدەهێنن. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم چڕی مەیدانە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە لە ئاستی دەزگاکانی سەرکردایەتی باڵادا ڕەنگ نەداوەتەوە کە نوێنەرایەتی ژنان سنووردار دەمێنێتەوە و هەندێک جار سیمبولی نییە، بەبێ دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە بڕیاردانی گرنگ کە زۆربەیان لە دەستی پیاواندا دەمێننەوە.
    ئەم ناکۆکییە لە نێوان ڕۆڵی ڕاستەقینە و نوێنەرایەتی فەرمیدا چەپ لە ڕووی ڕێکخراوەییەوە لاواز دەکات و بەشێکی گەورەی متمانەی خۆی بێبەش دەکات کاتێک باسی دادپەروەری و یەکسانی دەکات. کێشەکە تەنها ئەخلاقی نییە. ئەوە سیاسی و ڕۆشنبیرییە: چۆن چەپ دەتوانێت داوای گۆڕانی کۆمەڵگا بکات کاتێک یەکسانی لە پێکهاتەکانی خۆیدا بەدەست نەهێناوە؟ چۆن دەتوانرێت متمانەی ژنان لە کۆمەڵگا بەدەست بهێنێت کاتێک خۆیان لە ناوەندەکانی بڕیاردانی ڕاستەقینە لەناو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگادا پەراوێز خراون؟

    کێشەی نوێنەرایەتی گەنجان و نەبوونی سەرکردەی گەنج لە ناوەندەکانی بڕیاردان
    هێزە چەپەکان ڕووبەڕووی تەحەدایەکی گەورە دەبنەوە لە نوێنەرایەتیکردنی گەنجان لە پێکهاتەی سەرکردایەتییاندا. هەرچەندە زۆربەی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان لە جەوهەردا ڕاپەڕینی گەنجانن کە لەلایەن نەوەیەکی نوێوە بە ئامرازی نوێ و هۆشیاری جیاوازەوە سەرکردایەتی دەکرێن، بەڵام ئەم واقیعە لە پێکهاتەی سەرکردایەتی چەپ و بڕیاردانیاندا ڕەنگی نەداوەتەوە. تێکڕای تەمەنی سەرکردایەتی ڕاگەیەندراو لە زۆربەی ڕێکخراوە چەپەکاندا لە شەست ساڵ تێدەپەڕێت و تەنانەت لەو حاڵەتانەی کە گەنجان بەشداری پۆستی ڕێکخراوەیی دەکەن، ئامادەبوونیان بەزۆری لە دەرەوەی بەرەی سیاسی دەمێنێتەوە و ڕۆڵێکی سەرەکی و یەکلاکەرەوەیان لە داڕشتنی ستراتیجی و بڕیاردان نییە.
    ئەم ناهاوسەنگییە تەنها پرسیاری تەمەن نەبوو، بەڵکو پچڕانی زمان و ئامرازەکان و تێگەیشتن لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە قووڵەکان بوو. ئەو گەنجانەی کە بە جەستەی خۆیان بەشداری خۆپیشاندان و خۆپیشاندانیان دەکرد و بە دەنگی خۆیان گوتاری خۆیان داڕشت، زیاتر خۆیان لە ڕۆڵی جێبەجێکردن و کاری مەیدانیدا دەبیننەوە، بەبێ بەشداری ڕاستەقینە لە پلاندانان و دانانی ئاراستەی گشتی. ئەم پەراوێزخستنە پێکهاتەیە، تەنانەت ئەگەر مەبەستیش نەبووبێت، پاڵی بە زۆربەیان دا کە لە چوارچێوەی تەقلیدی دوور بکەونەوە و بەدوای شێوازی بەدیلی رێکخراودا بگەڕێن کە ئاسۆیی و نەرمتر بن. ئەنجامەکەش ئەوەیە کە چەپ بەشێکی گەورە و گرنگی وزەی نوێبوونەوەی خۆی تەرخان نەکرد و لە بازنەی دووبارەکردنەوەی هەمان شێوازەکانی سەرکردایەتیدا بەند کرابوو، لە کاتێکدا ئەو نەوەیەی کە دەبوایە لە ناوەنددا بێت لە پەراوێز یان لە دەرەوەی چوارچێوەی چەپ مایەوە.

  5. ئایا هەڵبژاردن میکانیزمێکی گونجاو نییە بۆ گۆڕان؟
    بەشێک لە چەپەکان هەڵبژاردن لە عێراق بە ئامرازێکی نەزۆک دادەنێن یان یارییەک کە ئەنجامەکانی پێشوەخت دیاری کراون. ئەم هەڵسەنگاندنە پشت بە ڕاستی دەبەستێت، بەڵام کاتێک دەگۆڕێت بۆ هەڵوێستێکی پرەنسیپی جێگیر کە بۆ گفتوگۆ و پێداچوونەوە ناکرێت، کێشە دروست دەبێت. هەڵبژاردن وەک میکانیزمێک خۆی لە خۆیدا نە پێشکەوتووخواز و نە پارێزگارە. ئەوان گۆڕەپانێکی ململانێن کە دەتوانرێت بەکار بهێنرێن بۆ بەهێزکردنی زاڵبوون، هەروەک چۆن دەتوانرێت بەکار بهێنرێن بۆ چوونە ژوورەوە، بە پلەی جیاواز.
    ئەزموونی جیهانی دەریدەخات کە چەپ سەرکەوتوو بووە لە چوونە ناو سیستەمی هەڵبژاردنی توندتر کاتێک ستراتیژێکی ڕوونی هەبوو. لە ئەمریکای لاتین و شوێنەکانی تری باشووری جیهان، سیستەمەکان کەمتر ئاڵۆز و زاڵ نەبوون، لەگەڵ ئەوەشدا چەپەکان توانیویانە هەڵبژاردن بگۆڕن بۆ ئامرازێک لە نێو ئەوانی تردا، نەک جێگرەوەی خەباتی کۆمەڵایەتی و نە پێچەوانەی ئەوە. کێشەکە لە عێراقدا تەنیا لە هەڵبژاردندا نەبوو، بەڵکو لە چۆنیەتی چوونە ژوورەوە و بە چ ئامرازێک و بە چ گوتارێک و بە چ هاوپەیمانێتییەک و کاتێک کورسی بەدەست دەهێنرێت میکانیزمی کارکردن لە ناو پەرلەمان دەبێت چی بێت.
    هەڵبژاردن خۆی لە خۆیدا گۆڕانکاری ڕیشەیی ناکات، بەڵام دەتوانێت ببێتە یەکێک لە گۆڕەپانەکانی. ڕەتکردنەوەی ڕەهای هەڵبژاردن لەوانەیە هەڵوێستێکی ئەخلاقی بێت، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە لەوانەیە ببێتە هۆی گۆشەگیری. بەشداری نەکراو لەوانەیە ببێتە هۆی بەشداریکردن. تەحەدای ڕاستەقینە بنیاتنانی توانای بەکارهێنانی ئەم میکانیزمەیە بەبێ ئەوەی بکەوێتە داوی ئەو، واتە بەستنەوەی بە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی جەماوەری زیندوو، پرۆگرامێکی ڕوون و رێکخراوێکی بەهێز کە هەموو دەستکەوتێکی بچووک دەگۆڕێت بۆ دەسکێکی گەورەتر.

    سێیەم : پەرتەوازەیی سەندیکاکانی کرێکاران و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان و لاوازی سەربەخۆیی

    یەکێک لە گرنگترین کێشە پێکهاتەییە قووڵەکان کە کاریگەری لەسەر توانای چەپی عێراقی هەبوو بۆ بنیاتنانی بنکەیەکی کۆمەڵایەتی فراوان و سەقامگیر، پەرتەوازەیی لە نێو ڕێکخراوە جەماوەرییەکاندا، بەتایبەتی ڕێکخراوە فێمینیستەکان، خوێندکاران، سەندیکاکانی کرێکاران و سەندیکای پیشەیی. بەشێکی گرنگی ئەم پەرتەوازەبوونە ئەنجامی ڕاستەوخۆی میتۆدی کارکردنی زاڵ بوو لە نێو زۆربەی هێزە چەپەکاندا، کە لەسەر بنیاتنانی سەندیکاکان و ڕێکخراوە جەماوەریەکان وەک بەرەیەکی سیاسی ڕاستەوخۆ بۆ پارتەکە دامەزراوە، نەک وەک رێکخراوێکی سەربەخۆی ڕاستەقینە کە بەرژەوەندییەکانی کەرتە کۆمەڵایەتییەکانیان دەردەبڕن.
    هۆشیاری سەبارەت بەم بۆچوونە پێویست بوو، بەتایبەتی لە وڵاتێکدا کە ئەزموونێکی تاڵی لە یەکێتی سیاسی لە سەردەمی دیکتاتۆری پێشوودا هەبوو، کاتێک ئەوان بوون بە ئامرازی کۆنتڕۆڵ نەک نوێنەرایەتی بەرژەوەندییە جەماوەرییەکان. هەڵوێستی نێگەتیڤ بەرامبەر بە یەکێتییە سیاسیکراوەکان هێشتا لە یادەوەری خەڵکدا هەیە و دەسەڵاتدارانی بەغدا و هەرێم بەردەوامن لە گرتنەبەری هەمان ڕێباز. بەڵام چارەسەر ئەوە نەبوو کە چەپەکان هەمان کار بکەن. بەڵکو دەبێت ئەم شێوازە بشکێنێت و مۆدێلێکی جیاواز پێشکەش بکات لەسەر بنەمای سەربەخۆیی ڕاستەقینە و دیموکراسی و پلۆرالیزم.

    ڕێکخراوەکانی بەرە و ئەلتەرناتیڤی سەربەخۆ
    زۆربەی ڕێکخراوە چەپەکان جەختیان لەسەر دامەزراندنی سەندیکا، فیدراسیۆن و رێکخراوی خۆیان دەکردەوە و هەندێک جار تاکە پارتێک زیاتر لە یەک ڕێکخراو لە هەمان کەرتدا دامەزراند لەبەر هۆکاری پەیوەندیدار بە ناکۆکی ناوخۆیی. ئەنجامەکە دیمەنێکی پەرتەوازەیی دەیان ڕێکخراوی بچووک بوو کە هەریەکەیان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە نوێنەرایەتی هەمان کەرت دەکەن، بەڵام ڕۆڵیان سنووردار بوو و بەسترایەوە بە هێزی ئەو حزبەی کە لە پشتیانەوە وەستاوە. ئەم بۆچوونە ڕێکخراوەکان لە ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی خۆیان بەتاڵ دەکاتەوە: ئەو یەکێتییەی کە بۆ خزمەتکردنی پارتێکی دیاریکراو دروست کراوە توانای نوێنەرایەتی کرێکاران لە هەمەچەشنیدا لەدەست دەدات، ڕێکخراوی فێمینیستی توانای خۆی بۆ ڕاکێشانی ژنان لە دەرەوەی بازنەی حزبەکە لەدەست دەدات و یەکێتی خوێندکاران دەبێتە گۆڕەپانێک بۆ ململانێی حزبی.
    بنیاتنانی یەکێتیەکی بەهێز و سەربەخۆ بە دەیان هەزار ئەندام هەزار جار باشترە لە دروستکردنی کۆمەڵێک سەندیکای بچووک کە سەر بە پارتە چەپە جیاوازەکانن. یەکێتی سەربەخۆ بەشێوەیەکی کاریگەرتر بەرگری لە مافەکان دەکات، متمانەی فراوانتر بەدەست دەهێنێت، کەش و هەوایەکی پێشکەوتووتر دەخولقێنێت، ئەمەش خزمەت بە پڕۆژەی چەپ دەکات، تەنانەت ئەگەر چەپ کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی بەسەر سەرکردایەتی و کارەکەیدا نەکات.
    کۆنگرە نێودەوڵەتییەکان وەک بنەمایەکی پرکتیکی بۆ بنیاتنانی یەکێتی و فیدراسیۆنی دیموکراتی سەربەخۆ
    بەرهەمدارتر دەبوو ئەگەر هەوڵەکان ئاراستە بکرایە بۆ بنیاتنانی سەندیکای کرێکاری و پیشەیی سەربەخۆ و فیدراسیۆن، شانبەشانی ڕێکخراوە جەماوەری و فێمینیستی سەربەخۆکان، کە کارەکانیان لەسەر بنەمای مافە نێودەوڵەتییەکانی مرۆڤ و کار و پەیماننامەکانی مافەکانی ژنان بنیات بنێن. ئەمانە بریتین لە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکان، پەیماننامە بنچینەییەکانی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی (ILO) سەبارەت بە ئازادی کۆبوونەوە و مافی رێکخستن، و پەیماننامەی نەهێشتنی هەموو شێوەکانی جیاکاری دژی ژنان (CEDAW) لەگەڵ پێوەرە پابەندەکانی بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان و دەستەبەرکردنی یەکسانی تەواویان. ئەم پەیماننامانە سەرچاوەیەکی بنچینەیی بۆ کاری ڕێکخراوە سەربەخۆکانی فێمینیستی پێکدەهێنن، وەک چوارچێوەیەکی یاسایی نێودەوڵەتی کە مافە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانی ژنان دەناسێنن و شەرعیەتێک بە خەباتیان دەبەخشن کە لە چوارچێوەی تەسکی ناوخۆیی تێدەپەڕێت.
    ئەوەی لەم پەیماننامانە و ستانداردە نێودەوڵەتییەکاندا دەردەکەوێت زۆرجار لەوە زیاترە کە هێزە چەپەکان خۆیان وەک داواکاری پێشکەوتوو پێشکەشی دەکەن، چ لەسەر مافەکانی کرێکاران، چ مافەکانی خەڵک یان مافەکانی ژنان. سوود وەرگرتن لەم سەرچاوەیانە نەک تەنها چوارچێوەیەکی یاسایی و ئەخلاقی بەهێز بۆ خەباتی یەکێتی و فێمینیستی دابین دەکات، بەڵکو یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی هەستیاری و تۆمەتی سیاسی کردنی پارتیزانی لەناو یەکێتیەکان، فیدراسیۆن و ڕێکخراوە جەماوەرییەکاندا، چونکە داواکارییەکان لە دروشمی ئایدۆلۆژیای گشتییەوە دەگۆڕێت بۆ مافێکی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی کە لەبەردەم کۆمەڵگا و دەسەڵاتداراندا بەرگری لێدەکرێت.

    هۆشیاری نوێ و پێویستی پێداچوونەوە

    نەبوونی سەندیکا، فیدراسیۆن و رێکخراوی بەهێز و سەربەخۆ چەپی زۆر لاواز کرد. کاتێک ساتە یەکلاکەرەوەکان هاتن، خۆی لە بۆشاییەکی ڕێکخراوەییدا دەبینیەوە: هیچ سەندیکایەک نەبوو بتوانێت خۆپیشاندان و خۆپیشاندانەکان بگۆڕێت بۆ مانگرتن کە ئابووری ئیفلیج بکات، هیچ بزووتنەوەیەکی یەکگرتووی خوێندکاران، هیچ ڕێکخراوێکی فێمینیستی کاریگەری فراوانی نەبوو. لە جێگەی ئەوان دەیان ڕێکخراوی بچووکی ڕکابەر وەستابوون.
    جەماوەر، بەتایبەتی گەنجان لە گۆڕەپانەکانی ناڕەزایی چیتر متمانەیان بە ڕێکخراوەکانی یەکێتی و “پێشەوە” نەماوە و شێوەی ئاسۆیی ڕێکخراو و دەستپێشخەری سەربەخۆیان پەسەند کردووە. لە ڕاستیدا، بەشێکی گەورە لە ڕێکخراوە حزبییەکان بە گشتی دوور کەوتوونەتەوە، دیاردەیەکی شایەنی لێکۆڵینەوەیە نەک ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕەتکردنەوە. کات گۆڕاوە و جەماوەر ئەمڕۆ بەرەو ڕێکخراوە سەربەخۆ و فرە پلاتفۆرمەکان دەڕوات کە ڕێز لە سەربەخۆیی خۆیان دەگرن و هێڵە حزبییەکانی ئامادە ناسەپێنن. ئەمە پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی بنەڕەتی هەیە. هەڵبژاردن چیتر لەنێوان بنیاتنانی بەرەیەکی سەربەخۆ یان نەکردنی کاری جەماوەری نییە، بەڵکو لەنێوان بەردەوامی پەرتەوازەیی یان گواستنەوە بۆ پشتیوانیکردنی سەندیکای بەهێز و سەربەخۆ و فیدراسیۆنی کە چەپەکان وەک تاکێک پابەند بە کێشەکانی کەرتەکانیان کار دەکەن.
    پارادۆکسی ئازاربەخش ئەوەیە کە چەپ داوای یەکگرتنی جەماوەری کرێکار دەکات، بەڵام ئەم سیاسەتە بێ مەبەست بووە هۆی بڵاوبوونەوەی هەوڵەکان. ڕێگای یەکگرتن بە فرە ڕێکخراوە سەربەخۆکاندا تێناپەڕێت. بەڵکو بە بنیاتنانی یەکێتی، فیدراسیۆن و رێکخراوی بەهێز و سەربەخۆ تێدەپەڕێت کە هەمووان کۆدەکاتەوە، بێ گوێدانە ئینتیمای ڕۆشنبیری، نەتەوەیی یان ئایینی، لە دەوری بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان.

    چوارەم: بەرەو ستراتیژێکی یەکگرتوو و یەکخستنی ڕێگاکان و یەکخستنی چەپ

  6. تێپەڕاندنی کەمکردنەوە: ناڕەزایی دەربڕین، هەڵبژاردن و ڕێکخستنی یەکێتی
    یەکێک لە دیارترین ئاستەنگەکان کە چەپی عێراق ڕووبەڕووی بووەوە لە بزووتنەوە ناڕەزایەتیەکانی ئەم دواییەدا مامەڵەکردن بوو لەگەڵ ئەو پرسیارە: ئایا ئەولەویەتی هەڵبژاردنە یان خۆپیشاندان؟ ئەم پرسیارە، بەم شێوەیە داڕێژراوە، رەنگە ڕەنگدانەوەی کەموکورتی لە بیرکردنەوەی دیالێکتیکی، و تێگەیشتن لە گۆڕان وەک پرۆسەیەکی ئاڵۆز لەگەڵ چەندین ئاست و ئامراز. مێژوو هیچ نموونەیەکی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی قووڵ لە ڕێگەی میکانیزمی پاک و دابڕاوەوە پێشکەش ناکات. بەڵکو، لە ڕێگەی کارلێکردنی بەردەوامی نێوان شەقام، رێکخراو، دامەزراوەکان، و خەباتی ڕۆژانە.
    ناڕەزایی هەرچەندە گەورە بێت، پێویستی بە ئامرازی تر هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستەمێکی ئاڵۆز کە دەوڵەت و چەک و پارە و میدیای تێدایە. لە هەمان کاتدا، هەڵبژاردن، مەبەستی بەشداربووان هەرچییەک بێت، پێویستی بە فشاری کۆمەڵایەتی ڕێکخراو و بەردەوام هەیە بۆ ئەوەی ببێتە ئامرازێکی ڕاستەقینەی گۆڕان. گرنگترین پرسیار ئەوە نییە کە کامیان هەڵبژێرین، بەڵکو چۆن ستراتیژێک دابمەزرێنین کە هەر ئامرازێک لە شوێنی گونجاوی خۆیدا بەکار بهێنێت و لە یەک دیدگادا بەیەکیان ببەستێتەوە.
    ستراتیجی یەکخراو مانای هەبوونی بزووتنەوەیەکی ناڕەزایی بەردەوام و بەدرێژایی ساڵ و داواکاری ڕوون و توانای خۆڕێکخستن هەیە لە ڕێگەی سەندیکاکان و فیدراسیۆنە جەماوەرییە سەربەخۆکان (کە پێویستی بە تێپەڕاندنی ڕێبازی “ڕێکخراوی پێشەوە” و هەنگاونان بەرەو بنیاتنانی رێکخراوی یەکێتی دیموکراتی هەیە کە بەڕاستی نوێنەرایەتی بنکەکانیان بکات نەک ئەجێندای حزبی)، لە هەمان کاتدا پڕۆژەیەکی هەڵبژاردنی سیاسی چەپی یەکگرتوویان هەبێت. نەک وەک جێگرەوەی شەقام، بەڵکو وەک درێژکراوەی. هەروەها مانای کارکردن لە ناو کۆمەڵگادا، لە سەندیکاکان، فیدراسیۆنەکان، گەڕەکەکان، زانکۆکان و شوێنی کارەکان، وەک گۆڕەپانێکی خەباتی ڕۆژانە کە لە گۆڕەپانی گشتی یان پەرلەمان کەمتر گرنگ نییە. ئەم وانەیە پێویستی بە زیاتر وەرگرتن لە ئەزموونی عێراق هەیە لە شەپۆلی ناڕەزایی یەک لە دوای یەکدا، بۆ دوورکەوتنەوە لە دووبارەبوونەوەی هەمان کێشە لە هەر ساتێکی ناڕەزایی نوێدا.
  7. دەرسەکانی ئەزموونی جیهانی کاری هاوبەش
    ئەزموونی جیهانی لە دەیان ساڵی ڕابردوودا وانەی ڕوون دەربارەی بەهای تێکەڵکردنی ناڕەزایی و ڕێکخستن و کاری هەڵبژاردن پێشکەش دەکات، نەک وەک ڕێڕەوی دژ بەیەک، بەڵکو وەک ئەڵقەیەک لە یەک زنجیرەدا.
    لە ئەمریکای لاتین، هێزە چەپەکان تەنها دوای پرۆسەیەکی درێژخایەن لە ناڕەزایی کۆمەڵایەتی گەیشتنە دەسەڵات یان پێگەی کاریگەر کە هۆشیارییەکی نوێی بەرهەم هێنا، کە دواتر سیاسی رێکخرابوو.
    لە کۆڵۆمبیا، چەپەکان ڕووبەڕووی مێژوویەکی دوورودرێژ لە سەرکوت و توندوتیژی بوونەوە. پاشەکشەی نەکرد بۆ دابڕانی هەمیشەیی ناڕەزایی دەربڕین. بەڵکو کاری کرد بۆ بنیاتنانی هاوپەیمانییەکی فراوان کە هێزەکانی چەپ و فێمینیستی و ژینگەیی لەخۆ دەگرێت، لەگەڵ سەندیکاکانی کرێکاران و بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان. ئەم کارە هاوبەشە لەسەر بنەمای کەمترین پرۆگرامێکی ڕوون و ئاشکرا ڕێگەی دا توڕەیی کۆمەڵایەتی بگۆڕێت بۆ هێزی هەڵبژاردن و چەپی هێنایە سەر سەرۆکایەتی بۆ یەکەم جار لە مێژووی وڵاتدا. دەرسەکە لێرەدا ئەوەیە کە یەکگرتن، تەنانەت لە نێوان هێزە جیاوازەکانی ئایدۆلۆژیا، کاتێک دەگونجێت کە لەسەر ئەولەویاتی بەرجەستە بگاتە ژیانی جەماوەر.
    لە بەرازیل، ڕووخاندنی ڕاستڕەوی توندڕەو بەبێ هاوپەیمانییەکی فراوان کە سنوورە تەقلیدییەکانی چەپ تێدەپەڕێنێت، مەحاڵ نەبوو. پارتی کرێکاران سەرەڕای بەهێزی مێژوویی خۆی تێگەیشت کە گەڕانەوە بۆ دەسەڵات تەنیا لە ڕێگەی بنکەی تەقلیدی خۆیەوە نابێت بەڵکو لە ڕێگەی بنیاتنانی بەرەیەکی پێشکەوتووخوازی فراوان کە پشت بە سەندیکاکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و کەرتەکانی چینی ناوەند دەبەستێت ئەم تێکەڵەی کاری جەماوەری و ڕێکخستنی هەڵبژاردن هاوسەنگی سیاسی گەڕاندەوە و نیشانی دا کە پراگماتیزم تاکتیکی مانای وازهێنان لە پرەنسیپەکان نییە، بەڵکو پاراستنی ناوەڕۆکی پڕۆژەکە.
    لە چیلی، لەگەڵ شکستی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی 2025، چەپەکان لە گۆڕەپانەکە ون نەبوون. بەڵکو ئامادەبوونێکی کۆمەڵایەتی بەرجەستە دەهێڵێتەوە، بە سوود وەرگرتن لە هاوپەیمانییە فراوانەکانی، ڕۆڵی سەندیکاکان و فیدراسیۆنەکان، و تۆڕەکانی کاری کۆمەڵایەتی. ئەم ئامادەبوونە ڕەگ و ڕیشەی خۆی لە ڕاپەڕینی 2019 دژ بە نیولیبرالیزم دەدۆزێتەوە، کە ڕێگە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی دیمەنی سیاسی کردەوە. بەڵام ئەوەی ئەم ڕێگایەی چارەسەر کرد، تەنها شەقام نەبوو، بەڵکو توانای گۆڕینی ئەم تەوژمە کۆمەڵایەتییە بوو بۆ هاوپەیمانییەکی هەڵبژاردنی ڕێکخراو کە بووە هۆی سەرکەوتنی سەرۆکایەتی بۆریچ. سەرەڕای شکستەکانی دواتر و سنووردارکردنی ئەزموون لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، هاوپەیمانێتییەکە وەک هێزێکی سیاسی مایەوە، چونکە شەقام لە رێکخستن دابڕاو نەبوو و ناڕەزایی بە ڕۆڵی سەندیکاکان و فیدراسیۆن و کاری کۆمەڵایەتی ڕێکخراوەوە بەسترابووەوە، کە ڕێگە بە بوونی کۆمەڵایەتی ڕاستەقینە دەدا تەنانەت لە کاتی پاشەکشەی هەڵبژاردنەکاندا.
    لە ئەوروپا ئەزموونی لیستی یەکێتی لە دانمارک وەک مۆدێلێکی ڕوون دەوەستێت. سێ پارتی چەپی بچووک کە نەیانتوانی بچنە ناو پەرلەمانەوە، بڕیاریان دا یەکبگرن لە یەک چوارچێوەدا. جیاوازییەکانیان نەهێشتەوە، بەڵام لە چوارچێوەی پێکهاتەیەکی نەرمدا بەڕێوەیان بردوون کە ڕێگە بە یەکخستنی هەوڵی هەڵبژاردن و بنیاتنانی ئامادەبوونێکی جەماوەری بەردەوام دەدات. ئەنجامەکە گواستنەوەی چەپ بوو لە پەراوێزەوە بۆ پێگەیەکی کاریگەر، بەبێ وازهێنان لە ڕادیکاڵیزمی کۆمەڵایەتی.
    ئەوەی ئەم ئەزموونانە یەکدەخات دانپێدانانیان بەوەی کە گۆڕانکاری لە یەک ئامرازەوە دەرناکەوێت، نە لە یەک ساتەوەخت، بەڵکو لە کاری کەڵەکەبوو، یەکگرتوو و ڕێکخراو کە تووڕەیی کۆمەڵایەتی، ڕێکخستنی سیاسی و کاری ڕۆژانە لەناو کۆمەڵگادا تێکەڵ دەکات. هەموویان ڕووبەڕووی کۆسپ و شکستیان بووەوە، بەڵام نەگەڕاونەتەوە بۆ سفر، چونکە چوارچێوەیەکی ڕێکخراوەییان دامەزراند کە توانای فێربوون و خۆگونجاندنیان هەیە.
  8. ئەمە بۆ چەپەکانی عێراق چی دەگەیەنێت؟ پێویستیی هەڵسەنگاندنی زانستی و نوێکردنەوەی گشتگیر
    چەپی عێراقی بەدەر نییە لە یاساکانی خەباتی کۆمەلایەتی ئەوەی لێرەدا سەرکەوتوو نەبوو لە شوێنێکی تر سەرکەوتوو بوو، نەک لەبەر ئەوەی ئەو کۆمەڵگایانە باشتر یان ئاسانترن، بەڵکو لەبەر ئەوەی هێزە چەپەکان لەوێ بوێری ئەوەیان هەبوو هەڵسەنگاندنێکی زانستی ڕەخنەگرانە بۆ ئەزموونەکانیان ئەنجام بدەن، وەبەرهێنان لە گەشەی مەعریفی و ئامرازی دیجیتاڵی مۆدێرن بکەن بۆ تێگەیشتن لە واقیع و پێوانەکردنی کاریگەری، وە نەرمی پێویستیان هەبوو بۆ نوێکردنەوەی ئامرازەکانیان و پەرەپێدانی گفتووگۆ و شێوە ڕێکخراوەییەکانیان لەگەڵ گۆڕانە کۆمەڵایەتییەکاندا. عێراق خاوەنی توانایەکی گەورە و هۆشیاری پێشکەوتوو و ئەزموونی قووڵی خۆپیشاندانەکانە. ئەوەی کەموکورتی هەیە تووڕەیی نییە، بەڵکو ڕێکخستنە. ئازایەتی نییە، بەڵکو میتۆدی زانستی لە هەڵسەنگاندن و ئامادەیی بۆ نوێبوونەوەی بنەڕەتی.
    ئەوەی ئەمڕۆ پێویستە هەڵسەنگاندنێکی زانستی گشتگیرە بۆ ئەزموونی چەپی عێراق، بە پشتبەستن بە شیکردنەوەی قووڵ بۆ داتا بەردەستەکان، ڕاپرسی ڕاستەقینە لەسەر ڕای گشتی و ئاراستەکان، و لێکۆڵینەوەی ورد لە هاوسەنگی هێز چینایەتی و سیاسی. هەڵسەنگاندنی زانستی مانای ڕازیبوون بە تێڕوانین یان لێکدانەوەی ئامادە نییە. بەڵکو پێویستی بە بەکارهێنانی ئامرازی شیکاری مۆدێرن هەیە، لە زانستی داتەوە بۆ توێژینەوەی کۆمەڵایەتی، بۆ تێگەیشتن لە کوێ شکستمان هێنا، لە کوێ سەرکەوتوو بووین، لە کوێ هەڵەمان کرد، و چی دەتوانرێت ڕاست بکرێتەوە. ئەم هەڵسەنگاندنە دەبێت ببێتە هۆی نوێبوونەوەیەکی فکری و سیاسی و ڕێکخراوەیی قووڵ کە لە پێداچوونەوە بە گریمانە کۆنەکان نەترسێت و دوودڵ نەبێت لە پێشنیارکردنی چارەسەری نوێ کە بە نەرمی و توانای خۆگونجاندن لەگەڵ واقیعی گۆڕاو تایبەتمەند بێت.
    ئەوەی پێویستە گواستنەوەی میکانیکی ئەزموونی کەسانی تر نییە، بەڵکو سوود لێوەرگرتنە بەشێوازێکی گونجاو لەگەڵ واقیعی خۆمان و هاوسەنگی چینایەتی و سیاسی هێزەکان لەعیراق و هەرێمی کوردستان و تایبەتمەندی پێکهاتەی کۆمەلایەتی و مێژووی ناوخۆیی خەبات هەر ئەزموونێک ناوەڕۆکی خۆی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا یاسا گشتییەکانی خەباتی کۆمەڵایەتی بە دروستی دەمێننەوە: یەکگرتن، ڕێکخستن، تێکەڵکردنی ئامرازە جیاوازەکانی خەبات، و پەیوەندی ئۆرگانیکی لەگەڵ جەماوەر. لە هەمووی گرنگتر توانای فێربوونی بەردەوام، هەڵسەنگاندنی خولی و گەشەپێدانی خودی لەسەر بنەمای ئەزموونی کەڵەکەبووو داتای نوێ.
    تێکەڵکردنی ناڕەزایی لەگەڵ هەڵبژاردن، شەقام لەگەڵ دامەزراوەکان، پێویستییەکی پراکتیکی بەپەلەیە کە لە خوێندنەوەی واقیع و هاوسەنگی هێزەوە وەرگیراوە. بەبێ ئەم تێکەڵەیە، چەپ بەردەوام دەبێت لە جوڵە لە بازنەیەکی خراپدا: تەقینەوەی ناڕەزایی بەهێز لە شەقامەکان بەڵام کاریگەری سیاسی بەردەوامی سنووردارە و بەشداری لاوازی هەڵبژاردن چونکە لە بنکەیەکی کۆمەڵایەتی ڕێکخراوەوە دابڕاوە.

    پێنجەم: بنیاتنانی چوارچێوەیەکی چەپی یەکگرتوو و پێویستی و ئەگەرەکان
    پرسی بنیاتنانی چوارچێوەیەکی چەپی یەکگرتوو لە عێراقدا چیتر بابەتێکی تیۆری یان خۆشگوزەرانی سیاسی نوخبەی نییە. بەڵکو گۆڕاوە بۆ پێویستییەکی مێژوویی دەستبەجێ کە هاوسەنگی هێز و ئەنجامی ئەزموون و سنوورەکانی بەردەوامبوون بە هاوکێشەی ئێستا سەپاندووە. پەرتەوازەیی چیتر تەنها لاوازی نییە. بۆتە بەربەستێکی ڕاستەقینە لەبەردەم هەر ئەگەرێکی کاریگەری، و سەرچاوەیەکی هەمیشەیی بۆ لەدەستدانی متمانەی خەڵک. ئەزموون دەریخستووە کە چەپ کە وەک دوورگەیەکی ڕکابەری جیا کار دەکات، نەیتوانیوە ئامادەیی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری خۆی بگۆڕێت بۆ هێزێکی سیاسی ڕێکخراو، هەرچەندە تەنها گوتاری خۆی بێت یان قوربانییە قووڵەکانی.
    چوارچێوەی یەکگرتوو مانای نەهێشتنی جیاوازییە ڕۆشنبیری و ڕێکخراوەییەکان و تواندنەوەی هەمووان نییە بۆ یەک پارتێکی داخراو. ئەزموونی جیهانی دەریدەخات کە چوارچێوە فراوانە سەرکەوتووەکان ئەوانەن کە فرەیی لەناویاندا بەڕێوە دەبەن، نەک ئەوانەی جیاوازییان سەرکوت کردووە. ئەوەی پێویستە چوارچێوەیەک بێت لەسەر بنەمای بەرنامەیەکی هاوبەش کە ئەولەویاتی بەپەلە دیاری بکات و بابەتە تیۆرییە مشتومڕەکان بۆ گفتوگۆی دیموکراتی بەجێبهێڵێت، بەبێ ئەوەی ڕێگە بدات ببنە هۆکاری ئیفلیج.
    ئەم چوارچێوەیە دەبێت بۆ پارت و ڕێکخراوەکان و هەروەها بۆ ئەو چالاکوانانەی کە سەر بە هیچ رێکخراوێک نین کراوەبێت. بەشێکی زۆری چەپەکانی ئەمڕۆ لە دەرەوەی چوارچێوەی حزبی تەقلیدی کار دەکەن، یان بەهۆی سیاسەتی ڕێکخراوەیی هەڵە، ڕەتکردنەوەی فۆرمی ڕێکخراوەیی بەردەست، یان هۆکاری تر.

    نەخشەڕێگا: بنەما پراکتیکییەکان بۆ چوارچێوەیەکی چەپی یەکگرتوو
    هاوپەیمانێتییەکە کێ لەخۆ دەگرێت؟ یەکڕیزی لەسەر بنەمای کاری کۆمەلایەتی نەک لەسەر بنەمای شوناسی ئایدیۆلۆژی
    چوارچێوەی یەکگرتووی خوازراو دەبێت کراوە و گشتگیر بێت و سەرجەم هێزە چەپ و پێشکەوتووەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بگرێتەوە بەبێ پەراوێزخستن و پەراوێزخستن واتە پارت و ڕێکخراوە چەپەکان لە هەموو تەوژمە جۆراوجۆرەکانیان، کۆمۆنیست، سۆسیالیست، پێشکەوتووخواز و مەدەنی. هەروەها ڕێکخراوە جەماوەریەکان، سەندیکاکانی کرێکاران و پیشەیی، فیدراسیۆنی خوێندکاران، رێکخراوەکانی فێمینیستی و ڕێکخراوەکانی ماف، ژینگەیی و مەدەنی دەگرێتەوە کە دیدێکی پێشکەوتووخواز و تێکۆشان بۆ زۆرترین ئاستی دادپەروەری و یەکسانی کۆمەڵایەتی هاوبەشن. لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە چوارچێوەکە دەبێت کراوەبێت بۆ چالاکوانانی سەربەخۆ، ئەوانەی سەر بە هیچ ڕێکخراوێکی حزبی نین، بەڵام بڕوایان بە پڕۆژەکە هەیە و کاری بۆ دەکەن.
    پێوەر لێرەدا ئینتیمای ئایدیۆلۆژی نییە، بەڵکو پراکتیکی ڕاستەقینەیە: هەموو کەسێک کە کار دەکات و بەشداری دەکات لە گۆڕینی ژیانی جەماوەر بۆ باشتر و تێکۆشان بۆ یەکسانی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، ماف و کەرامەتی مرۆڤ، بەشێکە لە کەمپی چەپ، بێ گوێدانە ئەو ناوەی هەڵیگرتووە یان باکگراوندی ڕۆشنبیری کە لێوەی دەڕۆن. چەپ ناسنامەیەکی ئایدیۆلۆژیای داخراو نییە. بەڵکو هەڵوێستێکی پراکتیکییە لەسەر واقیع، و هەڵبژاردنێکی ڕوونە بۆ لایەنگری جەماوەری کرێکار. ئەم هاوپەیمانییە فراوانە دەبێت لەچوارچێوەی پێکهاتەیەکی دێموکراسی ڕووندا بەڕێوە ببرێت کە ڕێز لەتایبەتمەندییەکان بگرێت و لەسەر بنەمای هاوبەش بنیات بنرێت و هەمووان بەرەو یەک ئامانج ئاراستە بکات ئەویش گۆڕینی هاوسەنگی هێز لەبەرژەوەندی کرێکارانی دەستی و ڕۆشنبیری لەسەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان
    ناوێکی سادە و ناسنامەیەکی یەکگرتوو.
    چوارچێوەی یەکگرتوو پێویستی بە ناوێکی سادە و تێگەیشتوو هەیە کە ناوەڕۆکی پڕۆژەکە دەرببڕێت بەبێ ئەوەی باری ناونیشانە تەقلیدییەکان هەڵبگرێت کە پڕ بووە لە مێژووی دابەشبوون و لێکدانەوەی ناکۆک. ناوێکی سادە و نزیک لە جەماوەر وەک “هاوپەیمانی نان و ئازادی” ڕاستەوخۆ مانای پڕۆژەکە دەگەیەنێت و بە زمانی ڕۆژانەیان ئاراستەی جەماوەر دەکات. ئامانج شاردنەوەی ناسنامەی چەپ نییە، بەڵکو پێشکەشکردنی لە ناوەرۆکی پراکتیکیدا نەک لە ڕێگەی ناونیشانە مێژووییەکانییەوە. ژمارەیەکی زۆر ئەزموونی جیهانی سەلماندویەتی کە ناوە سادەکان کە لە داواکاری بەرجەستەوە سەرچاوە دەگرن، سەرکەوتوو دەبن لە دروستکردنی پردێکی فراوانتر لەگەڵ کۆمەڵگادا و تێپەڕاندنی بەربەستە سایکۆلۆژییەکان کە دەیان ساڵ لە جەمسەرگیری سیستماتیک و ناوزڕاندنی هەموو شتێک کە ناوی چەپ، کۆمۆنیست، یان سۆسیالیست هەڵگرتووە.

    بەرنامەیەکی ڕوون و ڕاستەوخۆ
    پرۆگرامێک کە جەخت لەسەر ئەو شتانە دەکاتەوە کە لە ماوەیەکی نزیکدا بەدەست دەهێنرێت، بەبێ ئەوەی ئاسۆی ستراتیجی بەجێ بهێڵێت. خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، دامەزراندن، ئاسایشی کۆمەڵایەتی، مافەکانی تەواوی ژنان، جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت، پاراستنی ئازادییەکان و ئەوپەڕی دادپەروەری کۆمەڵایەتی. پرۆگرامێکی کورت و تێگەیشتوو، کە لە شەقامدا ڕوون دەکرێتەوە، نەک بەڵگەنامەیەکی تیۆری وردەکار. پرۆگرامێک کە لە واقیعەوە بنیات نراوە، بەردەوام پەرەی پێدراوە و پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت لە ڕێگەی دیالۆگی کراوە لەگەڵ بنکە جەماوەریەکان و گوێگرتن لە ئەزموونی ڕۆژانەیان.

    پێکهاتەی ڕێکخراوی نەرم
    سەرکردایەتی خولانەوەی بەکۆمەڵ کە تێیدا دەسەڵات لە دەستی تاک یان رێکخراوێکی دیاریکراودا چڕنەبێتەوە. فۆرمی ئەندامێتی فرە کە ڕێگە بە ئەندامێتی تاک و ڕێکخراوەکان دەدات لە یەک کاتدا. لامەرکەزییەتی بەرفراوان ڕێگە بە هەر پارێزگایەک و هەر کەرتێکی کۆمەڵایەتی دەدات خەباتی ڕۆژانەی خۆی لە چوارچێوەی هێڵی گشتیدا بەڕێوە ببات. پێکهاتەیەکی کراوەیە بۆ تاقیکردنەوە، ڕێگە بە فۆرمی نوێی ڕێکخراوەیی دەدات کە وەڵامی تایبەتمەندییەکانی ناوچە و گروپە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان بداتەوە، بەبێ سەپاندنی یەک مۆدێلی ڕەق بەسەر هەمووان. هەر پارتێکی بەشداربوو سەربەخۆیی تەواوی ڕێکخراوەیی و پرۆگرامەکانی خۆی و کاری ڕێکخراوەیی خۆی لە دەرەوەی چوارچێوەکە دەپارێزێت، لە کاتێکدا چوارچێوەی یەکگرتوو وەک بۆشاییەک دەمێنێتەوە بۆ کاری هاوبەش لەسەر خاڵە ڕێککەوتووەکان و ئەولەویاتەکان.

    بەهێزکردنی ڕاستەقینەی گەنجان و ژنان
    نەک لە ڕێگەی گفتوگۆ، بەڵکو لە ڕێگەی یاسای ڕێکخراوەیی ناچاری. پشکی نوێنەرایەتی ڕوون لە دامەزراوەکانی سەرکردایەتی، و دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە بڕیاردان. نوێبوونەوە لەخۆوە ڕوو نادات. بەڵکو لە ڕووی رێکخراوییەوە فەرمان دراوە. گەنجان و ژنان هاوپۆلی یارمەتیدەر یان سیمبولی نین. بەڵکو هێزی ڕاستەقینەی گۆڕانن. ئەمە مانای گرتنەبەری میکانیزمەکانی پابەندبوون وەک خولانەوەی سەرکردایەتی نێوان ژن و پیاو و سیستەمی دوو پۆست لە دامەزراوەکانی سەرکردایەتی کە هەر پۆستێکی سەرکردایەتی لە یەک کاتدا پیاو و ژنێک بە دەسەڵاتێکی یەکسانەوە داگیر دەکەن. بەهەمان شێوە، پشکی زۆرەملێ بۆ نوێنەرایەتی گەنجانی خوار تەمەن چل ساڵ دەبێت لە هەموو ئاستەکانی سەرکردایەتیدا تەرخان بکرێت و دەسەڵاتی راستەقینەی هەبێت لە بڕیاردان. تواناسازی ڕاستەقینە مانای ئەوەیە کە گەنجان و ژنان ڕۆڵێکی ڕاستەقینەیان هەیە لە داڕشتنی سیاسەت و دیاریکردنی ئەولەویەتەکان، نەک تەنها ئامادەبوونی سیمبولی یان ڕۆڵێکی سنووردار.

    میدیای مۆدێرن و سیاسەتی دیجیتاڵ
    بۆشایی دیجیتاڵی ئەمڕۆ گۆڕەپانێکی سەرەکی خەباتی چینایەتییە. چوارچێوەی یەکگرتوو دەبێت پلاتفۆرم، تیمی ناوەڕۆک و توانای شیکردنەوەی کارلێکردن، پێوانەکردنی کاریگەری و بەکارهێنانی ئامرازی دیجیتاڵی و زیرەکی دەستکرد بۆ تێگەیشتن لە بینەران هەبێت. گفتوگۆ دەبێت سادە، ڕاستەوخۆ و پەیوەست بێت بە واقیعی ڕۆژانەوە، بەبێ ئەوەی واز لە قوڵایی سیاسی بهێنێت. وەبەرهێنانی کاریگەر لە پەرەپێدانی دیجیتاڵی ئێستا پێویستییەکی وجودییە و دواکەوتن مانای نەبوونی ڕاستەقینەیە لە گۆڕەپانی خەباتی سیاسی هاوچەرخ.

    بەستنەوەی ناڕەزایی بە کاری ڕۆژانەوە
    دروستکردنی کۆمیتەی جەماوەری لە گەڕەکەکان، و کارکردن لە نێو سەندیکاکان و فیدراسیۆنەکان لەگەڵ ڕێزگرتن لە سەربەخۆیی و بەستنەوەی کێشە ناوخۆییەکان بە پڕۆژەی سیاسی گشتی. تەنها بەم شێوەیە چوارچێوەکە لە قەوارەیەکی هەڵبژاردنی وەرزییەوە دەگۆڕێت بۆ هێزێکی کۆمەڵایەتی هەمیشەیی. کاری ڕۆژانە بۆ چارەسەرکردنی کێشە بەرجەستەکانی خەڵک، لە بڕینی ئاو تا بێکاری و جیاکاری، متمانەی ڕاستەقینە دروست دەکات و دروشمەکان دەگۆڕێت بۆ ئەزموونی ژیان.
    میکانیزمی چاره سه رکردنی ناکۆکییه کان و به ڕێوه بردنی جیاوازی
    چوارچێوەیەکی یەکگرتوو بەتاڵ نابێت لەناکۆکی و ئەمەش سروشتی و تەندروستە کێشەکە لە بوونی ناکۆکیدا نییە، بەڵکو لە لاوازی میکانیزمی دیموکراسی ڕوونە بۆ بەڕێوەبردنی. دەبێت چوارچێوەکە یاسای دیموکراتی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە ناوخۆییەکان لەخۆ بگرێت و ڕێگە لە گۆڕینیان بۆ ململانێی گشتی بگرێت کە یەکێتی لاواز دەکات و کاری سیاسی و جەماوەری تێک دەچێت.

    شەشەم : دەرئەنجام، یەکڕیزی و نوێبوونەوە، ڕێگای گێڕانەوەی ڕۆڵی مێژوویی
    بنیاتنانی چوارچێوەیەکی یەکگرتوو بۆ چەپ بە دڵنیاییەوە ڕێگایەکی ئاسان نابێت و ئەمە شتێکە کە هەموو ئەوانەی بەدوای مێژووی چەپدا کەوتوون و خەباتی درێژخایەنی دژ بە دیکتاتۆرییەت و چەوساندنەوە و هەروەها کێشە و خاڵە لاوازەکانی ئەو بزووتنەوەیە تێگەیشتوون. تەحەدایەکی بابەتی بە بەهێزی ئامادەیە: سەرکوتی سیاسی، پارەی زۆر، میدیای زاڵ و دابەشبوونی قووڵ لە کۆمەڵگا. لەپاڵ ئەمانەشدا تەحەدایەکی بابەتی هەن کە کەمتر گرنگ نین و لە سەختی نوێبوونەوە و گۆڕانکاری لەناو هەندێک ڕێکخراوی چەپدا دەردەکەون، هۆشیاری لە لەدەستدانی پۆستەکان، زیادەڕەوی لە ناکۆکییە لاوەکیەکان، و پەیوەست بوون بە فۆرمە کۆنەکان کە پێویستیان بە پەرەپێدان هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ واقیعی نوێدا بگونجێت.
    ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم تەحەدایانە پێویستی بە هۆشیارییەکی قووڵ هەیە سەبارەت بە سروشتی قەیرانەکە، ئیرادەی سیاسی ڕاستەقینە و ئامادەیی بۆ تاقیکردنەوە و گەشەسەندن. هیچ هاوکێشەیەکی ئامادە یان چارەسەری جادوویی نییە. ئەوەی هەیە ڕێگایەکی دوورودرێژە کە پێویستی بە ئارامگرتن، بوێری ڕێکخراوەیی، و توانای ڕاستەقینە بۆ ڕەخنەگرتن لە خۆیەتی، ئەو تایبەتمەندییانەی کە لەمێژە چەپیان لە ساتەکانی سەرهەڵدانی مێژوویدا جیا کردووەتەوە.
    پاش چەندین ساڵ لە خۆپیشاندان و داواکاری جەماوەری و ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی 2025 چەپی عێراق و کوردستان لە چوارڕیانێکی یەکلاکەرەوە وەستاوە یان بەردەوام بوون لەسەر هەمان ڕێگا بە ئەنجامە زانراوەکانەوە، یان ئەنجامدانی پڕۆژەی نوێبوونەوە و یەکگرتن لەگەڵ هەموو ئەو مەترسی و ئەگەرانەی کە هەڵیگرتووە. بزووتنەوە ناڕەزایەتیەکان ڕۆڵی مێژوویی چەپیان وەکوو ویژدانی کۆمەڵایەتی و هێزی پاڵنەر بۆ گۆڕان وەبیرهێنایەوە و نیشانیان دا کە جەماوەر ئامادەیە بۆ خەبات و ترس چارەنووس نییە. لە هەمان کاتدا، ئەوان ئاشکرایان کرد کە توڕەیی بەتەنیا بەس نییە، و دادپەروەری بەبێ رێکخستن وزەیەکی بەکارنەهێنراو دەمێنێتەوە.
    ئەوەی ئەمڕۆ پێویستە چەپێکی یەکگرتووە کە بوێری پێداچوونەوە بە خۆی هەبێت بەبێ ئەوەی واز لە کرۆکی چینایەتی و مرۆیی بهێنێت چەپێک کە دان بەوەدا دەنێت کە ئامرازەکانی خەبات گۆڕاون و سیاسەت چیتر تەنها لە گۆڕەپانە گشتییەکاندا بەڕێوە ناچێت، بەڵکو لە بۆشاییە دیجیتاڵییەکان و جەنگە جۆراوجۆرەکانی هۆشیاریدا بەڕێوە دەچێت. چەپێک کە ناڕەزایی و کاری هەڵبژاردن و ئەزموونی مێژوویی لەگەڵ پێداویستییەکانی نوێبوونەوە تێکەڵ دەکات.
    لەم چوارچێوەیەشدا دەبێت ڕێز لە خەبات و ڕۆڵی مێژوویی هێزە چەپەکانی عێراق و کوردستان بگیرێت کە دەیان ساڵە درێژە ئەم هێزانە کە شەرەف و ئیمتیازی تێکۆشانیان هەبوو لە ڕیزەکانیاندا بێ جیاوازی لە پرەنسیپترین هێزە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانن قوربانی گەورەیان پێشکەش کرد و بەخوێنی کادر و سەرکردایەتییەکانیان بەهای گرانیان دا و هەمیشە لە پێگەی بەرگری لە کرێکارانی دەستی و ڕۆشنبیر لە دژی هەموو شێوەکانی دیکتاتۆرییەت و چەوساندنەوە و تایەفەگەری و گەندەڵی مابوونەوە جیاوازی تاکتیکی و تیۆری هەرچییەک بێت، ئەم مێژووی خەباتە وەک سەرمایەیەکی جەماوەری و مرۆیی دەمێنێتەوە کە نکۆڵی لێناکرێت یان کەم ناکرێتەوە.
    لەگەڵ ئەوەشدا دڵسۆزی بۆ ئەم مێژووە تەنها نۆستالژیا نییە. لەسەر بنیات دەنرێت. ئەو ڕەخنەیەی لەم بەشدارییەدا بەرز دەکرێتەوە کەمکردنەوەی ئەم هێزانە نییە، بەڵکو بانگهێشتێکی هاوڕێیانەیە بۆ گێڕانەوەی ڕۆڵی مێژوویی خۆیان لە فۆرمێکی هاوچەرخدا. چونکە پرسیاری ئەمڕۆ چیتر ئەوە نییە کە ئایا ئێمە خاوەنی بیرۆکەی ڕاست بووین یان نا، چونکە چەپ هەمیشە خاوەنی ئەو بیرۆکەیە بووە. بەڵکو چۆن بیگۆڕین بۆ ئامرازێکی کاریگەر کە بتوانێت کاریگەری لەسەر ژیانی جەماوەر دروست بکات و باشتر بکات. مێژوو پاداشتی ئەوانە دەدات کە توانیویانە تەنها بیرۆکەکان بگۆڕن بۆ هێزێکی ماددی ڕێکخراو.
    یەکێتی هەڵبژاردنێک نییە لە نێوان هەڵبژاردنەکاندا. بەڵکو ڕێگایەکی بنەڕەتییە بۆ گەڕاندنەوەی ڕۆڵ و کاریگەری. لەگەڵ ئەوەشدا یەکێتی بەتەنیا بەس نییە، ئەگەر نوێبوونەوەی ڕۆشنبیری و ڕێکخراوەیی قووڵ لەگەڵدا نەبێت. ئەوەی پێویستە تەنها کۆکردنەوەی هێزە پەرتەوازەکان نییە لە ژێر یەک سەقفدا. بەڵکو بنیاتنانەوەی چەپ لەسەر بناغەی نوێ کە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و تەکنەلۆژیاییەکان هەڵدەمژێت، وەڵامی هۆشیاری نەوەکانی نوێ دەداتەوە، و فۆرمی ڕێکخراوەیی تێدەپەڕێنێت کە پێویستی بە گەشەپێدان هەیە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی سەردەم. نوێبوونەوە واتە پێداچوونەوە بە وتار، مۆدێرنکردنی ئامرازەکان، و دووبارە بیرکردنەوە لە پەیوەندی نێوان ڕێکخراوە چەپەکان و کۆمەڵگا، شێوەکانی سەرکردایەتی، میکانیزمی بڕیاردان و شتی تر.
    ئەم پڕۆژەی یەکخستن و نوێکردنەوەیە تایبەتمەندییەکان ناهێڵێت و هەڵوەشاندنەوە ناسەپێنێت. بەڵکو لەسەر بنەمای هاوبەش بنیات دەنرێت و ڕێز لە فرەیی دەگرێت و وزە ئاراستە دەکات بۆ ئامانجی هاوبەشی بنەڕەتی ئێستا: بنیاتنانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە لەسەر بنەمای دیموکراسی، حوکمی دامەزراوەکان، هاووڵاتیبوون و یەکسانی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، کەرامەتی مرۆڤ و ئازادی ڕاستەقینە بۆ هەموو ژنان و پیاوانی هاووڵاتی. لێرەدا تەحەدایەکی ڕاستەقینە لەبەردەم چەپی عێراقی و کوردستانی ئەمڕۆدایە و لێرەدا ئاسۆی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان مانای قووڵی خۆی دەردەخات ئەگەر ئێمە بوێری ئەوەمان هەبێت کە پێکەوە بڕۆین و یەکگرتوو و یەکگرتوو بین لە هەمەچەشنیدا و لە بیرکردنەوە و ڕێکخستندا نوێ ببینەوە و لە یەکڕیزیدا بەهێز بین.

ڕزگار ئاکرێی




ڕەخنەیەکی چەپ لە سەرکردەیەکی چەپ: ڕەخنەی خودی لە پراکتیکدا.. ڕزگار ئاکرێی


کاتێک وردەکارییەکانی ڕۆژانە بۆشایی نێوان بەهاکان و ڕەفتاری سیاسی دەردەخەن

چەند نموونەیەکی ناسراو لەبەرچاو بگرن: سەرکردەیەکی چەپ کە داکۆکی لە تەندروستی گشتی و دابینکردنی پارەی بەکۆمەڵ بۆ خزمەتگوزاری تەندروستی دەکات، بەڵام بەردەوام ڕێوشوێنە سەرەتاییەکانی خۆپارێزی پشتگوێ دەخات کە مەترسی برینداربوون و ڕووداوەکان کەم دەکاتەوە. یان سەرکردەیەک کە داوای پەرەپێدانی پەروەردەی گشتی دەکات وەک کۆڵەکەیەکی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، بەڵام دڵنیایی دەدات کە منداڵەکانی خۆی تەنها لە قوتابخانەی تایبەت و بیانی دەخوێنن. یان سەرکردەیەک کە بەرگری لە شەڕی دژی گەندەڵی و شەفافیەتی دارایی دەکات، پاشان خۆی لە ئاشکراکردنی سەروەت و سامانی خۆی دەدزێتەوە یان کاریگەری و پەیوەندییەکانی بۆ قازانجی شەخسی بەکاردەهێنێت.
لە هەموو ئەم حاڵەتانەدا، هەمان پرسیار دێتە پێشەوە: ئایا ئێمە ڕووبەڕووی هەڵبژاردنی تاکەکەسی و هەڵاواردنی کەسیی دەبینەوە کە دەتوانرێت پشتگوێ بخرێن؟ یان ڕووبەڕووی دژیەک دەبینەوە کە بۆشاییەکی ڕاستەقینە لە نێوان ڕەوانبێژی و پراکتیکدا دەردەخات و ئەو متمانەیە لاواز دەکات کە کاری سیاسی لەسەری بەندە؟
کێشەکە پەیوەندی بە هەڵەیەکی تاکەکەسی دابڕاو نییە، بەڵکو پەیوەندی بە ئەو ڕادەیەوە هەیە کە سەرکردەکان لەگەڵ ئەو بەهایانەدا دەگونجێن کە بە ئاشکرا بەرگری لێدەکەن. ئایا ئەم بەهایانە لە هەڵسوکەوتی ڕۆژانەیاندا ڕەنگ دەداتەوە کاتێک لە ژێر چاوی خەڵکدان؟ ئایا ئەو شتانە بەسەر خۆیاندا جێبەجێ دەکەن کە لە کەسانی تر داوا دەکەن؟
ئەم پرسیارانە تایبەت بە دانمارک نین و تەنها بە چەپی دانمارکی سنووردار نین. هەموو تەوژمێکی سیاسی لە هەر وڵاتێکدا دەگرێتەوە کە بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و پابەندبوونی پرەنسیپی دەکاتە بەشێک لە وتاری گشتی.

لە 27 ی ئایاری 2026، ڕۆژنامەی چەپی دانیمارکی Information کورتەیەکی بڵاوکردەوە کە من نووسیومە لە ژێر ناونیشانی “پێلێ دراگستێد بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ ناگرێت کاتێک بەبێ کڵاو لێخوڕین.”¹
پێلێ دراگستێد (Pelle Dragsted) وتەبێژی سەرەکی سیاسی Enhedslisten کە یەکێکە لە دیارترین پارتە چەپەکان لە دانیمارک،² وتارەکە ڕەخنەیەک بوو لە پابەند نەبوون بە یاسا سەرەتاییەکانی سەلامەتی ڕێگاوبان، چونکە ئەو ڕاهاتووە بە لێخوڕینی پاسکیل بەبێ کڵاو، سەرەڕای ئەوەی حزبەکەی تەندروستی گشتی و سەلامەتی کۆمەڵگەی وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکی بەرنامەی سیاسی خۆی داناوە. I لە گفتوگۆ و گفتوگۆ لەگەڵ ژمارەیەک چاودێر زانیم کە ئەم بابەتە پێشتر لە ناوەوە و دەرەوەی پارتەکە بەرز کرابووەوە پێش ئەوەی وتارەکەم بڵاو بکەمەوە.
بۆ تێگەیشتن لە بابەتەکە، پێویستە لە چوارچێوەی دانمارکی خۆیدا سەیری بکەین. پاسکیل بەشێکی سەرەکی ژیانی ڕۆژانەیە لە دانیمارک. داتا فەرمییەکان و توێژینەوە پسپۆڕییەکان دەریدەخەن کە نۆ لە هەر 10 دانمارکی پاسکیلیان هەیە و کۆپنهاگن بە یەکێک لە شارەکانی جیهان دادەنرێت کە زۆرترین پشت بە پاسکیل دەبەستن.³ لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە دانمارک بە یاسایی پێویستی بە بەستنی کڵاوەکە نییە، و خۆی سنوردار کردووە بە ڕاسپاردنی توند بەبێ هیچ پابەندبوونێکی یاسایی، لە کاتێکدا وڵاتانی وەک ئوسترالیا، نیوزلەندا، ئەرجەنتین، قوبرس و نامیبیا هەڵیانبژاردووە کە کڵاوەکە بە زۆرەملێ ببەستن و غەرامە بکەن بۆ پابەند نەبوون.⁴
سەبارەت بە خۆم، لەوەتەی گەیشتووم بۆ دانیمارک بۆ هۆکاری ژینگەیی و تەندروستی و کرداری پشت بە پاسکیل دەبەستم. من خۆم تووشی ڕووداوێک بووم کە کڵاوەکە فاکتەرێکی گرنگ بوو بۆ سنووردارکردنی دەرەنجامەکانی برین، کە وادەکات ئەم بابەتە نزیکتر بێت لە ئەزموونی ژیانی تاکەکەسی وەک لە ڕەخنەی ئەبستراکت.
بۆ خوێنەرانی دەرەوەی دانیمارک، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی باشووری جیهان کە کێشەی جەنگ، سەرکوتکردن، هەژاری و گەندەڵی زاڵ بوون، ئەم بابەتە لەوانەیە وەک وردەکاریەکی پەراوێز دەربکەوێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی کە پەراوێز دەکەوێت هەندێک جار پرسیاری سیاسی و پرەنسیپی قووڵتر دەردەخات. ئەم وتارە لە بنەڕەتدا دەربارەی کڵاوی پاسکیل نییە. ڕەخنەی گشتی و دیالۆگی کراوە لە نێو چەپدا، ڕۆڵی ڕۆژنامەگەری و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە سەردەمی شۆڕشی دیجیتاڵی، گونجانی نێوان بەها و پراکتیک لە نێوان سەرکردە سیاسیەکان، و توانایان بۆ تێکەڵبوون لەگەڵ ڕەخنە، داننان بە هەڵەکان و ڕاستکردنەوەیان.
ئەم وتارە پشتی بە ئەزموونی شەخسی دەبەستێت لە ڕاهێنانی ڕەخنەگرتن لە خودی چەپی دانیمارکی و چۆن وردەکاریەکی سادەی ڕۆژانە دەتوانێ مشتومڕێکی گشتی فراوانتر لەسەر ئەم بابەتانە بکاتەوە. دەق و بارودۆخ بە دڵنیاییەوە لە نێوان کۆمەڵگاکاندا جیاوازە، بەڵام ڕاوێژکردن بە ئەزموونی کەسانی تر و وەرگرتنی دەرس لێیان ئامرازێکی گرنگە بۆ گەشەپێدانی کەلتووری بەرپرسیارێتی و ڕەخنەی خودی لە هەر شوێنێک بێت. بەرپرسیارێتی تەنها بە کێشە گەورەکانەوە دەست پێناکات. هەروەها لە ڕێگەی وردەکارییە بچووکەکانەوە شێوە دەدرێت کە بە تێپەڕبوونی کات کەڵەکە دەبن.

ناکۆکی لە ناوەڕۆکی مەسەلەکەدا: بۆچی ڕەخنەی خودی پێویستییەکی چەپە؟
لە دانیمارک، متمانەی سیاسەتمەدار تەنها بەو قسانەی کە دەیڵێت ناپێورێت، بەڵکو بەو شتانەش دەپێورێت کە لە ژیانی ڕۆژانەیدا بەرجەستەی دەکات. کاتێک باس لە سەرکردایەتی چەپ دەکرێت، ئەم ستانداردە گرنگییەکی تایبەتی وەردەگرێت، چونکە گونجانی نێوان بەهاکان و پراکتیکەکان بەشێکی گرنگی گوتاری چەپ پێکدەهێنێت. لێرەوە ئەوەی کە وەک بابەتێکی سادە دەردەکەوێت، وەک لەبەرکردنی کڵاوی پاسکیل، دەبێتە مشتومڕێکی فراوانتر دەربارەی بەرپرسیارێتی گشتی و ڕۆڵی سیاسی.
هاوپەیمانی سوور و سەوز خۆی بە قسەکردن و کەمپین بۆ دادپەروەری کۆمەڵایەتی، مافەکانی کرێکاران و دژایەتیکردنی ڕەگەزپەرستی سنووردار ناکات. هەروەها بە یەکێک لە دیارترین پارتەکانی دانمارک دادەنرێت لە بابەتەکانی پاراستنی ژینگە و کەشوهەوا. پرۆگرامی سیاسی بریتییە لە پێداگری لەسەر سەلامەتی شوێنی کار، پاراستنی تەندروستی گشتی، خۆپاراستن لە کۆمەڵگە، و ڕۆڵی دەوڵەت لە بەهێزکردنی سەلامەتی هاوڵاتیان و پەرەپێدانی کەرتی تەندروستی. هەروەها سیاسەتی کۆمەڵایەتی بە سیاسەتی ژینگەیی دەبەستێتەوە لە ڕوانینێکی چەپدا کە ئەمە بە بەشێکی گرنگی دادپەروەری کۆمەڵایەتی دادەنێت.
شایانی باسە کە سەرکردایەتی پارتەکە ئەم بەها ژینگەییانە لە هەڵسوکەوتی ڕۆژانەیاندا بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش بەرجەستە دەکات. بینیمان چۆن شاندی پارتەکە کە پێلێ دراگستێد و هاوکارەکانی پێک دێن بە پاسکیل بەشداری کۆبوونەوەکانی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو دەکەن، لە دیمەنێکدا کە پابەندبوونێکی راستەقینە بە بەهاکانی ژینگە و تەندروستی دەردەخات.
لەم چوارچێوە تایبەتەدا، مەسەلەکە پەیوەندی بە وێنەیەکی تێپەڕین یان وێنەیەکی دابڕاو نییە. پێلێ دراگستێد چەندین جار بینراوە کە بە پاسکیلەکەی بەبێ کڵاوی دەگاتە ئەو کامێرایەی کە چەند جارێک لەلایەن کامێرای وێنەگرە ڕۆژنامەوانییەکانەوە گیراوە. ئەوەی ئێمە سەیری دەکەین هەڵەیەکی خێرا یان فەرامۆشکردنێکی نائاسایی نییە. ئەمە شێوازێکی هەڵسوکەوتی ڕۆژانەی دووبارەکراوەیە کە ناکۆکییەکی بەڵگەنامەیی دەردەخات لە نێوان ئەوەی پارتەکە بانگەشەی بۆ دەکات و ئەوەی سەرکردەکەی لە فەزای گشتیدا بەرجەستەی دەکات.
ڕەهەندێکی تر هەیە کە شایەنی بیرکردنەوەیە لەم چوارچێوەیەدا. دەوڵەتی خۆشگوزەرانی دانیمارک تێچووی چارەسەر، چاکسازی و تەنانەت مووچەی خانەنشینی کەمئەندامی لە حاڵەتی هەر ڕووداوێک دابین دەکات. ئەمە مانای ئەوەیە کە هەڵبژاردنی تاک بۆ نەبەستنی کڵاو لە چوارچێوەی کەسیدا نامێنێتەوە. کاریگەری لەسەر سیستەمی بەکۆمەڵ هەیە کە لەلایەن هەموو باجدەرەکانەوە پارەی بۆ تەرخان کراوە. لەم ڕوانگەیەوە مشتومڕ لەسەر کڵاوەکە دەبێتە مشتومڕ لەسەر بەرپرسیارێتی کۆمەلایەتی چەپ.
من ئەم وتارەم وەک نووسەرێکی چەپ نووسی کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ڕابردوودا دەنگم بە هاوپەیمانی سەوز و سوور دا، چونکە لە ڕووی ئایدۆلۆژیاوە نزیکترین لیستە سەرەڕای ناکۆکیم لەگەڵ پارتەکە لەسەر کۆمەڵێک بابەت لەوانە پڕچەککردن، ناتۆ، جەنگی ئۆکرانیا، سیاسەتی ڕێکخراوەیی ناوخۆیی و بابەتەکانی تر. بارودۆخی ناوچەیی و جیهانی. ئامانجەکە زیان گەیاندن بە دراگستێد یان حیزبەکە نەبوو. ئامانجەکە ڕێک پێچەوانە بوو. ڕەخنەی ڕاستگۆ و بنیاتنەر یەکێکە لە بەرپرسیارێتییەکی ڕاستەقینە بەرامبەر پرۆژەیەکی چەپ، تەنانەت ئەگەر کەسێک لەسەر ئەم خاڵە یان ئەو خاڵە ناکۆک بێت. هەڵەکان بە فەرامۆشکردن چارەسەر ناکرێن. لە ڕێگەی دەستنیشانکردن، دانپێدانان و ڕاستکردنەوە چارەسەر دەکرێن. ئەوە ئەو شتەیە کە من ویستم بیکەم.

لە دەروازە سەرەکیەکانەوە بۆ بۆشایی دیجیتاڵی
لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا دوای بڵاوبوونەوەی وتارەکە، مشتومڕەکە بۆ ژمارەیەک لە ڕۆژنامە و پلاتفۆرمەکانی میدیای دانیمارک بڵاوبووەوە. ڕۆژنامەنووس ئاندرس ڕێدەر لە ڕۆژنامەی Jyllands-Posten کە یەکێکە لە ڕۆژنامە هەرە خوێنەراوەکان و کاریگەرەکانی دانیمارک، لە وتارەکەی لە ڕۆژنامەی پەرلەمانی خۆیدا لە ژێر ناونیشانی “کڵاوەکەت ببەستە، پێلێ دراگستێد” لە وتارەکەی وەرگیراوە و باسی لە بیرۆکەی سیاسەتمەدارەکە وەک نموونەیەکی گشتی کردووە.⁵ بەهەمان شێوە، نووسەر و ڕۆژنامەنووس لینی مالاسینسکی لە هەواڵنامەی هەفتانەی خۆیدا بە ناوی “Ærligt talt” (ڕاستگۆیانە قسەکردن) لە ویکنداڤیسن باسی ئەم بابەتەی کرد و خوێندنەوەیەکی شیکارانەی بۆ دیبەیتەکە زیاد کرد.لە بارەی Altinget، پلاتفۆرمی سەرچاوەی سیاسی تایبەت بە بازنەی پەرلەمانی و حکومی، ڕۆژنامەنووس جێپ هۆیبێرگ سۆرێنسن ئەم وتارەی بە یەکێک لە دیارترین بابەتەکانی گفتوگۆی سیاسی ئەم هەفتەیە ناوبرد.⁷
گرنگی ئەم ڕووماڵکردنە تەنها لە قەبارەکەیدا نییە، بەڵکو لە چۆنیەتی گفتوگۆیەک کە لە ڕۆژنامەیەکی چەپەوە دەستی پێکرد و بەرەو دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە ئاراستەی جیاواز ڕۆیشت و بایەخێکی کۆمەڵایەتی فراوانتری ئاشکرا کرد: بەرپرسیارێتی کەسایەتییە گشتییەکان و کاریگەرییان لەسەر هەڵسوکەوتی بەکۆمەڵ.
دەنگدانەوەی بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان درێژ بووەوە کاتێک Weekendavisen لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک چەند بەشێکی وتارەکەی بڵاوکردەوە و پۆستەکە بوو بە شوێنێک بۆ گفتوگۆی فراوانی کۆمەڵگا کە زیاتر لە هەزار کەس بەشداری تێدا دەکەن.⁸ پزیشکان و پسپۆڕانی تەندروستی گشتی و سەلامەتی ڕێگاوبان بەشدارییان لە گفتوگۆکەدا کرد و جەختیان لەوە کردەوە کە بەڵگەی زانستی پشتگیری بەکارهێنانی ئاسایی کڵاو و کاریگەری راستەقینەی کەسایەتییە گشتییەکان لەسەر دروستکردنی کەلتووری سەلامەتی دەکات.
توێژینەوە پسپۆڕەکان دەریدەخەن کە کڵاوەکان مەترسی برینداربوونی سەر بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەکەنەوە، لە کاتێکدا ئامارەکانی سەلامەتی ڕێگاوبان لە دانیمارک دەریدەخەن کە ساڵانە هەزاران پاسکیلسوار تووشی برینداری سەر و مل دەبن و دەرەنجامەکانی نەک تەنها کاریگەری لەسەر تاکەکان بەڵکو لەسەر خێزان و سیستەمی تەندروستی بەگشتی دەبێت.¹⁰

ڕەخنە نابێت لە ترسی چەوساندنەوە دوابخرێت
سەرنجم نەچوو کە هەندێک لەوانەی کە سەرقاڵی وتارەکە بوون ڕەخنەکانیان بەکارهێنا بۆ هێرشکردنە سەر هاوپەیمانی سوور و سەوز و چەپی دانیمارکی بەشێوەیەکی فراوانتر. ئەمە لایەنێکی چاوەڕوانکراو و تێگەیشتووی مشتومڕی سیاسی گشتییە، چونکە هیچ بۆشاییەکی ڕەخنەیی ئازاد نییە لەو دەنگانەی کە مشتومڕ بەکاردەهێنن بۆ خزمەتکردنی ئەجێندای سیاسی جیاواز لە نووسەری سەرەکی، چ لە ڕاستەوە بێت یان لە لایەنەکانی ترەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە هۆکارێک نییە بۆ دواکەوتن یان پاشەکشە کردن لە ڕەخنە.
چەپێک کە لە ترسی ئەوەی ڕکابەرەکانی ئەو پێداچوونەوە بقۆزنەوە، دەکەوێتە ناو تەڵەیەکی زۆر مەترسیدارترەوە لەو هەڵەیە کە خۆی لە دانپێدانان لادەدات. ڕەخنەگرتن لە خود دیاری نییە بۆ ڕکابەران. ئەمە مەرجێکی بنچینەییە بۆ پاراستنی متمانە و توانای نوێبوونەوە و کاریگەری. دەستنیشانکردنی هەڵەکان و دانپێدانانیان لاوازی نییە. ئەمە یەکێکە لە شێوەکانی پێگەیشتنی سیاسی کە چەپێکی متمانە بە بەها و سیاسەتەکانی جیا دەکاتەوە.
ئەگەر ڕەخنەی خودی هەمیشە پێویستییەکی سیاسی بووبێت، ئەوا شۆڕشی دیجیتاڵی وای لێکردووە کە هیچ دەربازبوونێک لێی نییە. زانیاری ئێستا دەستبەجێ بڵاو دەبێتەوە و دەگاتە ڕای گشتی پێش ئەوەی هیچ لایەنێک دەرفەتی هەبێت گفتوگۆکە بگرێت یان ئاراستەی بکات. هەزاران کەس بە خێراییەکی بێ وێنە بەشداری هەر گفتوگۆیەک دەکەن و بیروڕاکان لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا لە پلاتفۆرمە جیاوازەکاندا زۆر دەبن. ئەم واقیعە وادەکات گونجانی نێوان بەهاکان و ڕەفتاری ڕۆژانە پێویستییەکی حەتمی بێت بۆ هەر کەسایەتیەکی گشتی کە دەیەوێت متمانە بپارێزێت.

دراگستێد بە وێنەیەک وەڵامی دەداتەوە کە کڵاوەکەی لەسەر کردووە
ئەوەی چاوەڕوان نەکراو بوو وەڵامێک بوو کە لە یەک کاتدا خێرا و ڕەوانبێژ بوو. دراگستێد لە ئەکاونتی ئینستاگرامی خۆیدا وێنەیەکی تایبەتی بڵاو کردەوە کە کڵاوی پاسکیل لەسەر بوو لە ڕێگادا بۆ کۆبوونەوەکانی پێکهێنانی حکومەت و دەستەواژەی دانمارکی سووکی لەگەڵدا نووسیبوو: “دەڕۆین بۆ مارینبۆرگ. 😉❤️ هەروەها وەک هەر بەشداربوویەکی ئاسایی بەشداری لە گفتوگۆی بەردەوامی پەیجی فەیسبووکی Weekendavisen کرد، بەبێ ئەوەی سەیری ئامادەبووان بکات یان گفتوگۆکە پشتگوێ بخات و وێنەیەکی تایبەتی بڵاو کردەوە لەگەڵ دەستەواژەیەکی ئینگلیزی کورت و زیرەکانە: “By Popular Demand ❤️” واتە “لە وەڵامی داواکاری خەڵک”.
وەڵامەکە نە بەرگریکارانە بوو و نە داوای لێبوردن بوو. بە سووکی و متمانە بەخۆبوونەوە هات، کە جێگەی متمانەیەتی. سیاسەتمەدارێکی مامناوەند دەردەخات کە توانای گوێگرتن و تێکەڵبوون لەگەڵ ڕەخنەی گشتی بە ڕۆحێکی کراوەوە هەیە نەک پاشەکشە یان پشتگوێ خستن. توانای قبووڵکردنی ڕەخنە بەم شێوەیە خۆی لە خۆیدا سیفەتێکی پێویستە بۆ سەرکردایەتی چەپ. پەیامەکە گەیشت و مشتومڕی گشتی کاریگەری هەبوو لەسەر هەڵسوکەوتی کەسایەتییەکی سیاسی دیار. ئەمە ڕێک ئەو شتەیە کە ڕەخنەی بنیاتنەری چەپ دەبێت بەدەستی بهێنێت.

تێبینیەکی کۆتایی بۆ خوێنەرانی
ئەو کۆمەڵگایانەی کە سەرکردەکانیان بەرپرسیار دەکەن بۆ هەڵە و وردەکارییە بچووکەکان پێش ئەوەی چاوەڕێی قەیرانی گەورە بکەن، ئەو کۆمەڵگایانەن کە دەیان ساڵە کلتورێکی ڕاستەقینەی بەرپرسیارێتییان بنیاتناوە. دیموکراسییەکی تەندروست تەنها لە خاڵی وەرچەرخانێکی گەورەوە دەست پێناکات. هەروەها لە پراکتیزەکردنی ڕۆژانەدا و لەو ساتانەدا شێوە وەردەگرێت کە سەرکردە، هەرکەسێک بێت، لە ژێر چاوی خەڵکدایە.
دەقەکان بە دڵنیاییەوە جیاوازن. ئەوەی لە دانیمارک گەورە دەکرێت مەرج نییە لە هه ولير وبەغدا و بەیروت و قاهیرە گەورە بێت. لەگەڵ ئەوەشدا پرسیاری بنەڕەتی لە هەموو شوێنێک هەمان پرسیارە: ئایا ئێمە داوا لە سەرکردەکانمان دەکەین، چ لە دەسەڵاتدان یان لە ئۆپۆزسیۆن، بە ڕێکخراوە چەپەکانیشەوە، کە ئەو بەهایانە بژین کە بەرگری لێدەکەن و لە ژیانی ڕۆژانەیاندا ڕەنگی دادەنەوە؟ ئایا ئێمە ئامراز و بۆشاییمان هەیە بۆ ئەوەی ئەم پرسیارە بە ئازادی بوێرین؟
لە هەمووی گرنگتر: چۆن دەتوانرێت کەلتوورێکی راستەقینەی بەرپرسیارێتی لە کۆمەڵگاکاندا بنیات بنرێت کە بنەما سەرەکییەکانی تێدا نییە، لە ئازادی ڕادەربڕین و میدیای سەربەخۆوە تا دەزگاکانی چاودێری کاریگەر؟ و چۆن دەتوانرێت کەلتووری ڕەخنەی خودی لەناو هێزە چەپ و پێشکەوتووەکاندا گەشە پێبدرێت و چەسپاو بێت وەک مەرجێکی پێویست بۆ متمانە و نوێبوونەوە و کاریگەری کۆمەڵایەتی، بە پشت بەستن بە ئەزموونی نێودەوڵەتی لەم بوارەدا؟

ڕزگار ئاکرێی
Rezgar Akrawi

——————————————————

تێبینیەکان و سەرچاوەکان
¹ بابەتی سەرەکی لە Dagbladet Information — Rezgar Akrawi، “Pelle Dragsted بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ ناگرێت کاتێک بەبێ کڵاو لێدەخوڕێت”، 27 ی ئایاری 2026
https://www.information.dk/debat/2026/05/pelle-dragsted-ansvar-bevidst-naar-cykler-uden-cykelhjelm
² دەربارەی Enhedslisten (هاوپەیمانی سوور-سەوز) — پارتەکە لە ساڵی 1989 لە تێکەڵبوونی سێ پارتی چەپ و مارکسیستی دانمارکی دامەزرا: پارتی کۆمۆنیستی دانیمارک، سۆسیالیستە چەپەکان و پارتی کرێکارانی سۆسیالیست. لە هەڵبژاردنەکانی ئاداری 2026، پارتەکە 11 کورسی بە نزیکەی 6.4٪ ی دەنگەکان لە پەرلەمانێکدا کە 179 کورسی هەبوو، بەدەستهێنا.
³ ئاماری پایسکلسواری لە دانمارک
https://denmark.dk/people-and-culture/biking/
⁴ یاساکانی کڵاوی پاسکیل لە سەرانسەری جیهان
https://worldpopulationreview.com/country-rankings/bicycle-helmet-laws-by-country
⁵ ڕۆژنامەی پەرلەمانی Jyllands-Posten — Anders Redder، “کڵاوەکەت ببەستە، Pelle Dragsted،” ئایاری 2026
https://jyllands-posten.dk/nyhedsbreve/brevfraborgen/ECE19334636/spaend-hjelmen-pelle-dragsted/
⁶ هەواڵنامەی هەفتانەی Weekendavisen — لێنی مالاسینسکی، “Pelle Dragsted وێنەگیراوە بەبێ کڵاو”، ئایاری 2026
https://www.weekendavisen.dk/samfund/pelle-dragsted-taget-uden-cykelhjelm
⁷ Altinget Weekly Review — Jeppe Højberg Sørensen, 30 May 2026
https://www.altinget.dk/artikel/saadan-skal-en-ny-regering-saettes-sammen-ifoelge-ugens-debattoerer
⁸ گفتوگۆی فەیسبووک — پەڕەی فەرمی Weekendavisen، ئایاری 2026
https://www.facebook.com/Weekendavisen/posts/1652549700204292
⁹ توێژینەوەی زانستی لەسەر کاریگەری کڵاوی پاسکیل
https://pmc.ncbi.nlm.nih.gov/articles/PMC7291179/
¹⁰ ئامارەکانی سەلامەتی ڕێگاوبانی دانمارک
https://www.sikkertrafik.dk/rad-og-viden/cykel/cykelhjelm/fakta-om-cykelhjelm




دیمەنی کۆمەڵگە: هونەر، وەرزش، سێکس و میدیا.. فەردا چەتین.. وەرگێڕانی: گۆران عەبدوڵڵا

ئازادی؛ پایەی هۆشمەندی و هۆشیاری مرۆڤە بەرووی کۆیلەتی و دوورخستنەوە لە کۆمەڵگە و سروشت، هەروەها تەنگەبەرکردنەوەی ژیان. ئەم هۆشیاریەش دەکرێت بەدەستبێت لە رێی زانیارییەوە.
ئەنتۆنیۆ گرامشی،( زانیاری لە لایەن هیچ کەسێکەوە مۆنۆپۆڵ نەکراوە هەروەها هەموو کەسێک توانای بیرکردنەوەی هەیە. فەلسەفە دەستەیەکی تایبەتمەند نییە، یان خوێندنەوەیەکی زهنی نییە تایبەت بە فەیلەسوفەکان. هەموو بەشەرییەت فەیلەسوفن. هەروەها دەڵێ: لەو کاتەی مرۆڤەکان هۆشیار دەبنەوەو بە ناوی خۆیانەوە قسەدەکەن و هەڵسوکەوت دەکەن، نوێنەرایەتی میکانیزمی هێز بزردەبێت.)
پۆڵ میشێڵ فۆکۆ بەکەم سەیری ئەو باوەڕەی گرامشی دەکات سەبارەت بە رۆڵی تاک لەکۆمەڵگەدا. بەبڕوای ئەو، خەڵک پێویستی بەوەنییە کەسانێک فێریبکات بۆ ئەوەی راستییەکان بزانن. کۆمەڵگە هەموو شتێک بە روونی دەبینێت وە دەتوانێت ئاکامەکانی شیبکاتەوە. بەهەرحاڵ، دەسەڵاتێک هەیە رێگری دەکات و زانیارێکان بە قازانجی خۆی بەکار دێنێت.
گرامشی و فۆکۆ ئەوەمان پێدەڵێن، هەموو کەسێک توانای لێکجیاکردنەوەی چاکە و خراپە وبینینی راستێکانیان هەیە، ئەگەر چەواشەکارییەک نەخوڵقێنرێت بۆ رێگرتن لە بینینی راستێکان. ئۆجەلان رێبەری خەڵکی کورد ئەوەی روونکردۆتەوە کە هۆشمەندی گەشەناکات تاکو کۆمەڵگە گەشە نەکات، چونکە دەسەڵاتداران لە کۆنەوە بۆ ئێستا پیادەی ئایدیۆلۆژی بە کۆیلە بوونیان کردووە.
“ لە کۆمەڵگەی سۆمەری، نهۆمی سەرەوەی زیگۆرات (Ziggurat ( دانراوە بۆ خودای هۆشمەندی. نهۆمی ناوەڕاست بۆ ئەو ئایندارانەی کاروباری سیاسیان بەڕێوەدەبرد. نهۆمی خوارەوەش سازکرابوو بۆ پیشەوەران و جوتیاران کە لە هەموو بوارەکانی بەرهەمهێناندا کاریان دەکرد. ئەو مۆدێلە لە کۆنەوە بۆ ئێستا لە رووی ناوەرۆکەوە گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە، تەنها ئاست و قەبارەکەی گەورەتر بووە.”
بیرمەندە چەپە سۆشیالیستەکان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە دەسەڵاتدارێتی رەهایی ئەمڕۆ لەلایەن “ خودا نهێنییەکانەوە” بەڕێوە دەبرێت. چونکە باوەڕی سەرمایەداری کە هەڵگری مۆرکی زانستی مۆدێرنە لە رێی ئازادکردنی بازارو جیهانگیرییەوە رەوایەتی بە باڵا دەستی خۆیداوە بەسەر کۆمەڵگە و سروشتدا بەشێوەیەکی جیهانی.
جیهانگیری وەک یەک سیستمی جیهانی یەکسان و دادپەروەر نمایشدەکرێت، قودسییەتێک بە دونیای مۆدێرنەو کاپیتالیزم دەدرێت کە خاڵییە لە هەموو نەرێنییەکی مێژوویی و ئایدیۆلۆژی و گوناهی سیاسی.
جیهانگیری و جیهان وەک لادێیەک گفتوگۆی پێش خەوتنە، وێنەیەکی خەیاڵی لە مێشکماندا درووست دەکات کە هەموان تیایدا یەکسانن، هەموان براوەن، هەموان دڵخۆشن. لەگەڵ ئەوەشدا جیهانگیری ناوی سیستمێکە دەوڵەمەندەکان و هەژارەکان ئارەزوویانە دەستیان بە هەمان شت بگات، بەڵام تەنها دەوڵەمەندەکان لە توانایاندایە دەستیان بەوە بگات کە دەیانەوێت.
لەسەرێکەوە دەڵێن جیهان بۆتە لادێیەک، لەسەرێکی ترەوە ملیارەها دۆلار خەرجی بۆمبی ئەتۆمی دەکەن بۆ پاراستنی سنورەکانی ناو ئەو لادێیە. لەسەرێکەوە بە ئامار باس لەوە دەکەن کە چۆن کیسە نایلۆنی بازاڕەکان بۆتە مایەی پیسبونی ژینگە و بۆتە مایەی هەڕەشە لەسەر جیهان، لەدەستەکەی ترەوە وێستگە ئەتۆمێکان دەکەنەوەو دارستانەکان لەناو دەبەن.
لەگەڵ هەموو ئەمانەی کە ڕوودەدا، ملیۆنەها لە خەڵکی هەژار لە وڵاتانی جۆراوجۆرەوە بە پەرۆشەوە گوێبیستی ئەو هەواڵە دەبن کە ناسا ئەستێرەیەکی تری دۆزیوەتە کە بۆ ژیان گونجاوە وەک ئەلتەرناتیڤێک دەتوانرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا گەشتی بۆبکرێت.
لە ئاکامدا کەمینەیەک لە خەڵک کە مۆنۆپۆڵی سەروەت و سامانیان کردووە و وایانکردووە ئەم جیهانە بەکەڵکی ژیان نەیەت، هەوڵدەدەن خۆیان بدزنەوە لەو بەرپرسیارێتییەی شەڕو کوشتار و قەیرانی ئابوری و ڕوتاندنەوەی سروشت و بە شێوەیەکی گشتی لۆمەی کۆمەڵگە بکەن بە هەژاران و چەوساوەکانەوە.
ئەگەر خەڵک تێنەگەن لەوەی کە ڕوودەدات، ئەگەر رازیبون بەوەی کە دەسەڵات دەیانداتێ، پێویستیان بە گۆڕینی دەسەڵات نابێت. لەم کاتەدا تەنها ( ئازادی هەڵبژاردنیان) هەیە لەنێوان ئەو پێدانانەی دەسەڵات دەیخاتە پێشیان. گیدنس -Giddens- دەڵێ: ( هیچ هەڵبژاردەیەکمان نییە هەڵبژاردننەبێت) چونکە ئەوەی لەگەڵیدا بەرەو ڕووین ( کۆمەڵێک لە هەڵبژاردەی ئاڵۆزە).
سەرمایەداری پێویستی نوێ و جۆراوجۆری فەراهەم کردووە بۆ بەکارهێنان. داهێنانی پێویستی نوێ واتە دینامیکیەت و نوێبونەوەی سەرمایەداری. لێرەوە ئاوێزانی فیکرو پێویستییەکانی خەڵک دەبن. لەم خاڵەوە هەموو ئەم بوارانە تێکەڵاوی گەمەکە دەبن، تەلەفزیۆن، رۆژنامە، گۆڤار، ئیعلانات، سینەما، سێکس، بەشی مۆدە، کۆمەڵناس، دونیای خواردن، کەلتور و هونەر.
گرنگیدان بە پرۆسەی “ بەسەرمایەداریکردنی زانست، هێز و بەنامۆکردن لە کۆمەڵگەدا” ئۆجەلان رەگی ئەم لەبەریەکهەڵوەشانەوەیەی کۆمەڵگە و گەشەکردنی، بە مۆنۆپۆلکردنی زانست دەگەڕێنێتەوە بۆ هەمان پرۆسە.
“ئەوەی لە ئەمڕۆدا بۆتە جێگەی گفتوگۆ هەژمونی کۆمپانیا زەبەلاحە جیهانییە مۆنۆپۆلکەرەکانن کە توانیویانە گەورەترین هەڵکشان بە سەرمایەداری بدەن لە رووی مێژوییەوە، ئەمە پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە لەبەریەک هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگەوە هەیە. بەبێ پەرش و بڵاوکردنی کۆمەڵگە ناتوانرێت قازانجێکی بەمشێوەیە کەڵەکەبکرێت، بەبێ هیچ ئامرازێکی بەرهەمهێنان.” ناوەندی چارەسەری کێشە زانستێکان وەک مەزارگەیەک گۆڕاوە بۆ ناوەندی خوڵقێنەری کێشە، نامۆبون و هەژمونی ئایدیۆلۆژی.

کێشەو و قەیرانی زانکۆکان و ناوەندە ئەکادیمێکان رەگی لەناو ئەو دۆخەدایە. بۆیە دەسەڵاتداران، سەرکوتگەران، تەڵەکچێکان، ئەوانەی سەیری کۆمەڵگە دەکەن وەک سەرچاوەیەک بۆ چەوسانەوە، گرنگترین ئەرک و حیکمەتێک لە زهنیاندابێت وەک یەکمین کار بیرکردنەوەیانە لە کۆمەڵگە لەوەی چۆن بتوانن مۆنۆپۆڵی هۆشمەندی بکەن، ئەمە بەو مانایەی پەرستگە دەبێتە ئەرکی سەرەکی. پەرستگە دوو رۆڵ دەبینێت.
یەکەم، کۆنترۆڵی هۆشمەندی ئەرکێکی بنەڕەتییە بۆ زاڵبوون.
دووەم، زۆر گونجاو و لەبارە مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمەڵگە و ئەو ڕوانگەیەی بەلایەوە بەهادارە.
هیچ کێشەیەک لە دووبارە بونەوە نییە: ئەگەر توانیت ئایکۆنەکانی نەتەوە، ئاین، سێکسیزم، وەرزش و هونەر بگۆڕی، ئەو کاتە دەتوانی کۆمەڵگە بەهەر ئاراستەیەکدا بتەوێت ببەی. دەستبەسەرداگرتنی هۆشمەندی بنەڕەتیترینە بۆ گەشەکردن، وادەکات کۆمەڵگە لەمڕۆدا کراوەتربێت بەڕووی سەرمایەی دراوی جهانیدا لەهەر سەردەمێکی تر.”
ئایا کۆمەڵگە و خەڵکانی سادە ئەم ناکۆکییە گەورەیە و ئەم زوڵمە زۆرە دەبینن؟
بەداخەوە، نا، چونکە رێپێدراونیین.
Arundhati Roy دەڵێ، خەڵک بە چاو بڕیار دەدەن.
خەڵک فێرکراوە هەژاری نەبینێت. چاویلکە لە چاو دەکەن بۆ رێگرتن لە بینینی چەوسانەوەو زوڵم و هەڵاواردنی جنسی و وێرانکردنی سروشت. بۆیە هەموو ناکۆکێکان وەلا دەنێن.
ئەوانەی مۆنۆپۆڵی زانیاری دەکەن لەڕێی بە دیلکردنی عەقڵمانەوە دێنە ناو ئەو زمانەی کە رۆژانە بەکاری دەهێنین؛ زمانێکی نوێ درووستدەکەن کە رێ بە تاڵانی و کوشتار و کوشتنی بە کۆمەڵ دەدات لە رێی هەڵاواردنی سێکسی و خاوەندارێتی تاکگەراییەوە.
سیستمی جیهانگیری وەک سیستمێک کە هەمووان تێیدا یەکسانین نیشان دەدرێت وە هەموو کەس تیایدا دەتوانێت براوەبێت. جیهانگیری و بەجیهانیکردن لە بری ئیمپریالیزم و ئیستعمار بەکار دەبرێت. لە جیاتی سەرمایەداری پێیان باشە بوترێت بازاڕی ئازاد. سەرمایەداری مانایەک دەبەخشێت واتە خاوەن سەرمایەو چەوسانەوە، بەڵام ئازادی وشەیەکی باشترە، بازاڕی ئازادیش ئازادی دێنێت.

ئەوانەی کۆمەڵ کوژی دەکەن و ئەوانەی بێدەنگی هەڵدەبژێرن لە بەرانبەر ئەم تاوانە و هەوڵدەدەن بە وشە پەردەپۆشی بکەن. لە جیاتی جەنۆساید وشەیەکی رەونەقدار بەکار دەهێنن (پاکتاوی رەگەزی).
پاساو بۆ داگیرکاری وڵاتانی تر دێننەوە بە درۆی ( شەڕ لە دژی تیرۆر).
ئەم کڵیشەیەیان وا ناساندووە ( پێویستی بێ کۆتایە، سامانیش دیاریکراو) وەریانگێڕا بۆسەر هەموو زمانەکانی دونیا،. بەهەر حاڵ پێچەوانەکەی راستە. پێویستی دیاریکراوە و سامانیش بەشی هەموو جیهان دەکات.
بەدەر لە زمان و بابەت هەمیشە و لە هەموو بۆنەیەکدا ئەم دەستەواژەیە بەکار دەهێنن ( ئەوە کێشەی خۆتە). ئەم دەستە واژەیە هەموو کەس لە دژی یەکتر بەکاری دێنێت. ئەمە دەربڕینێکی ئەبەدی سیستمی سەرمایەدارییە لە بەرانبەر هاوکاری کۆمەڵایەتیدا. بەڵام چی روودەدا کاتێک کەسانێک لەبەرانبەر ئەم بارو دۆخە نا مرۆڤانەیەی سیستمی سەرمایەداریدا دەوەستێتەوە؟
سەرەتا، رەوانە دەکرێن بۆ چارەسەر، خۆ چارەسەرکەریش باس لە چارەسەری شۆڕشگێڕانە ناکات. بەلای ئەوانەوە کێشەکە لە بارو دۆخەکەو گوزەرانیاندا نییە، بەڵام لەم سیستمەدا ئەو کەسەی نەیەوێت تێیدا بژێت و لەگەڵیدا بسازێت بە نەخۆش لەقەڵەم دەدرێت.
سەرەکیترین و بەرایترین کارێک کە دەکرێت ئەنجام بدرێت لە دایەنگە و قوتابخانە سەرەتایەکاندا فێرکردنی راهاتنە. مناڵان رادەهێنرێن بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ سەرکوت و چەوسانەوە لە سیستەمی سەرمایەداریدا. ئەو مناڵانەی جۆرێک پەیوەندیدارن بە سەربەخۆبوونەوەو پرسیار دەورژێنن لەبەرانبەر ئەو سیستمە، ئەوانە بە ناسەرکەوتوو لەقەڵەم دەدرێن، ئەو منداڵانەی تر کەدەبن بەکاڵای ئەو سیستمە بەسەرکەوتوو لەقەڵەم دەدرێن.
جۆرج ئۆروێڵ (George Orwell) لە کتێبەکەیدا بە ناونیشانی١٩٨٤ کە لە ١٩٤٩ نووسیویەتی: ئەوان لێمان دەگەڕێن بێئاگا و بێ زانیاریبین لەسەر ئەم بارودۆخە ترسناکە. ئەڵدۆس هۆکسڵی ( Aldous Huxley) لە ١٩٣٢ لە کتێبەکەیدا The Brave New World لەو کەسانە دەترسێ کە بایی ئەوە زانیارییان کەڵەکە کردبێت بۆ ئەوەی خەڵک بە ئاراستەی پاسفیست و خۆپەرستیدا بەرن.
لە رۆمانی١٩٨٤ ی جۆرج ئۆروێڵ ( خەڵک لە ژێر هەڕەشەی برسێتیدا کۆنترۆڵ کراوە. هەروەها لە رۆمانی (دونیایەکی نوێی ئازا ی ئەڵدۆس هۆکسڵی) لە فەوزادا رایاندەگرن، نوقمی خۆشییەکی بێلەزەت دەکرێن…
ئیدواردۆ گالیانۆ ( Eduardo Galeano) دەڵێ: ( بەفیرۆدان، خۆنمایشکردن و دڵڕەقی نابنە مایەی هەڵچونی ناوخۆیی، کارێکی سەیرە، هەموو شتێک تەنانەت رۆح دەکرێت کاری کڕین و فرۆشتنی پێوە بکرێت یان بەکرێ بدرێت و بەکار بهێنرێت… ئێمە هەموو بەشێکین لەم پرۆگرامە شوناس جۆراو جۆرە و سەتەلایتە جیهانیە. هەموو شتێکی ئەم گەردوونە تەفسیر کراوە بۆ ناوەندی هێز، تەفسیر کراوە بۆ سیستمێکی جیهانی لە درۆ). ئۆروێڵ و هۆکسڵی پشتڕاستی دەکەنەوە.
کەواتە، چیبکرێت لەبەرانبەر ئەم دۆخە رەشبینییە؟ چیدەکەیت؟
ئاوڕنەدانەوە لەوەی چ وانەیەک لە قوتابخانە و زانکۆکاندا دەخوێنرێت، هەواڵی رۆژنامەو بەرنامە تەلفزیۆنێکان و ئەندازیارە کۆمەڵایەتییەکان، لەوە تێبگەن کە ئەم سەرچاوە هەواڵیانە بێلایەن نین. پرسیارکردن و چالاککردنی هێزی خۆمان نیوەی چارەسەرەکەیە.
ناڕازیبوون ورەتکردنەوە، جوڵان بەشوێنخۆیدا دەهێنێت، چونکە کارکردن باشترین کارێکە بە ئاراستەی ئازادی خەڵکدا. ناڕەزایەتی، رەتکردنەوە و پرسیارکردن بەواتای ئەوە دێت تاک و کۆمەڵگە لە جیاتی ئەوان بیردەکەنەوەو خۆیان دەبنە سەرچاوەی زانیاری بۆ خۆیان. بەرهەمی زانیاری لە ڕێی ئەم هۆشیاریەوە دەبێتە مایەی تێکۆشان دژ بە دەسەڵات. ئەم هێزە لەم رێیەوە گەشەدەکات و سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت بەرانبەر ئەو هێزەی کە پێیوایە هێزێکە قابیلی تێکشکان نییە.

———————————

فەردا چەتین (Ferda Çetin)
دەرچووی کۆلێژی مافە لە زانکۆی ئیستانبوڵ. وەک رۆژنامەوان کاریکردووە لە هەتەنامەی Yeni Ülke هەروەها رۆژنامەی Özgür Gündem و Özgür Ülke ئەمانە هەموو لە تورکیا بڵاودەبنەوە، هەروەها Özgür Politika کەلە ئەوروپا بڵاودەبێتەوە. لەم کەناڵە تەلەفزیۆنانەش کاریکردووە، Med TV, Medya TV, Roj TV, Sterk TV and Med Nuçe TV. ئەندامی یەکێتی نووسەرانی فەرەنسا SNJو فیدراسیۆنی رۆژنامەوانی نێونەتەوەیی IFJ.

سەرچاوە:
Challenging Capitalist Modernity III
Documentation of the 2017 Conference
P55-59




چەپ و سەندیکاکان و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان.. رزگار ئاکرەیی

بەرەو یەکخستنی سەندیکای کرێکاران و بزووتنەوەی جەماوەری وەک دەروازەیەک بۆ بنیاتنانی چوارچێوەیەکی چەپی فراوان و یەکگرتوو.
پێداچوونەوەیەکی ڕەخنەیی لە ژێر ڕۆشنایی ئەزموونی عێراقدا و کوردستانیش

پوختە: ئەو خاڵە سەرەکیانەی لەم وتارەدا خراونەتە ڕوو

وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری جیهان کە لە ژێر ڕژێمە دیکتاتۆرەکاندا دەژین یەک قەیرانی پێکهاتەیی هاوبەشیان هەیە: لاوازییەکی توند و درێژخایەن کە توشی ڕێکخراوە جەماوەریەکان، سەندیکاکان، بزووتنەوەکانی فێمینیستی و یەکێتی قوتابیان دەبێت. ئەم وتارە ئەم قەیرانە لە ڕێگەی ئەزموونی عێراقەوە وەک واقیعێکی زیندوو و ڕاستەوخۆ دەکۆڵێتەوە و دەرس و پرسیاری پەیوەست بە چوارچێوەی هاوشێوە لە ناوچەکە و باشووری جیهاندا وەردەگرێت.
هەروەها ئەم وتارە بەشێکی لە ئەزموونێکی مەیدانی ڕاستەوخۆی دەگەڕێتەوە بۆ هاوینی ساڵی 1992 کاتێک هەوڵدان بۆ دامەزراندنی سەندیکای کرێکارانی بێکار لە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی پرسیارێکی بنەڕەتی بووەوە کە تا ئەمڕۆش جێگەی سەرنجە: ئایا ئێمە ڕێکخراوێکی جەماوەری فراوان دروست بکەین کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندیی هەمووان بکات، یان ڕووکەشێکی ئایدیۆلۆژی کە بنکەی خۆی بەرتەسک بکاتەوە پێش ئەوەی دەربچێت؟
شێوازی بنیاتنانی سەندیکای کرێکاران و ڕێکخراوە جەماوەریەکان کە بە توندی بە پێکهاتەکانی حیزبەوە بەستراون دیمەنێکی بەرهەم هێناوە کە بە بڵاوبوونەوەی ڕێکخراوە بچووکەکان، وزەی پەرتەوازە و کەمبوونەوەی کاریگەری جەماوەری ڕاستەقینە دەناسرێتەوە. ئەم بۆچوونە لە ڕووی مێژووییەوە پاساوی هەبوو لە سەردەمی سەرکوتکردنی تونددا، کاتێک هەلومەرجی چەوساندنەوە ڕێکخستنی مەرکەزی کردە پێویستییەکی ڕەها. لەگەڵ ئەوەشدا، شۆڕشی دیجیتاڵی و گۆڕانکارییە نوێیەکان لە چۆنیەتی بیرکردنەوە و ڕێکخستنی خەڵکدا، بەتایبەتی لە نێو نەوەکانی گەنجدا کە لەسەر کەلتووری ڕێکخستنی ئاسۆیی و بەشداری ڕاستەوخۆ گەورە بوون، ئێستا پێویستی بە هەڵسەنگاندنێکی بنەڕەتی بۆ ئەم شێوازە هەیە.
بۆ ئەمە دەبێت تەحەدایەکی پێکهاتەیی قووڵتر زیاد بکرێت، بەتایبەتی سروشتی کرێیی ئابووری کە بۆشایی بۆ ڕێکخستنی سەربەخۆی سەندیکاکان سنووردار دەکات، هەروەها ڕۆڵی هەندێک رێکخراوی بەخشەری نێودەوڵەتی لە برەودان بە مۆدێلەکانی “کۆمەڵگەی مەدەنی” کە خۆی لە بەرەنگاربوونەوەی پێکهاتە ئابوورییە سەرەکییەکان و لاوازکردنی سەندیکاکانی کرێکارانی چینایەتی دوور دەخاتەوە.
بە پێچەوانەی ئەم دەستنیشانکردنە، ئەم وتارە سوود لە ئەزموونی سەندیکای کاریگەر لە تونس، بەرازیل، ئەفریقای باشوور، هیندستان و دانمارک وەردەگرێت، کە هەموویان نیشانی دەدەن کە ڕێکخراوە جەماوەرییە سەربەخۆکان و سەندیکاکان کاتێک لە بنچینە کۆمەڵایەتییەکانیان داکوتاوە و ئازاد بن لە ئینتیمای حزبی تەسک، دەتوانن لە ساتە یەکلاکەرەوەکاندا وەک کاریگەری ڕاستەقینەی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و سیاسی خزمەت بکەن.
ئەم وتارە باس لەوە دەکات کە نوێکردنەوەی چەپ و بنیاتنانی هێزی جەماوەری ڕاستەقینەی پێویستی بە هەڵسەنگاندنێکی بنەڕەتی هەیە کە پشت بە سێ کۆڵەکەی تەواوکەر ببەستێت: یەکەم، بنیاتنانی سەندیکای کرێکارانی سەربەخۆ و پێشکەوتووخواز، فیدراسیۆن و ڕێکخراوە جەماوەریەکان کە لەسەر بنەمای مافە نێودەوڵەتییەکانی مرۆڤ و مافەکانی کرێکاران و پەیماننامەکانی مافەکانی ژنان دامەزراوە نەک بەرنامەکانی حزبی. دووەم، بەشداری چالاکانەی کەسانی چەپ لەناو ئەم ڕێکخراوانەدا وەک کەسانی پابەند بە بەرژەوەندییەکانی کەرتەکانیان نەک وەک نوێنەری حزبەکانیان. سێیەم، بنیاتنانی چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانی فراوان لە نێوان هێزە چەپە جۆراوجۆرەکان کە جیاوازی ئایدیۆلۆژیای لاوەکی تێدەپەڕێنێت بەرەو پرۆژەیەکی یەکگرتووی گۆڕان کە پارتە و ڕێکخراوە و سەندیکاکان و بزووتنەوە جەماوەرییەکانی چەپ و پێشکەوتووخواز دەگرێتەوە.
ئەم وتارە بانگەشەی ئەوە ناکات کە ڕەچەتەیەکی ئامادە یان نەخشەڕێگایەکی تەواو پێشکەش دەکات. وردەکارییەکانی جێبەجێکردن و میکانیزمەکانی دەستپێکردن پێویستی بە دیالۆگێکی کراوەی کۆمەلایەتی هەیە لە نێوان هێزە چەپەکان، بزووتنەوەی سەندیکاکان و خودی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان. لە ناوەڕۆکدا، ئەمە بانگهێشتێکە بۆ کردنەوەی ئەو دیالۆگە و خۆراکی کردنی بە پرسیاری جددی.
بۆ دەقی تەواو و وردەکاری زیاتر، بەردەوام بە لە خوێندنەوەی خوارەوە.

لە پێویستیی مێژووییەوە بۆ پرسیارەکانی دووبارە هەڵسەنگاندن و نوێبوونەوە
چەپ لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری جیهان کە لە ژێر ڕژێمە دیکتاتۆرەکاندا دەژین بەدەست کێشەیەکی پێکهاتەیی هاوبەشەوە دەناڵێنن کە لە لاوازی و پەرتەوازەیی توند و درێژخایەندا دەردەکەوێت کە توشی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، بەتایبەتی سەندیکاکانی کرێکاران، فیدراسیۆنە پیشەییەکان، ڕێکخراوە فێمینیستەکان و سەندیکاکانی خوێندکاران دەبێت.
ئەم ڕژێمانە لە هەمان چوارچێوەدا هەلومەرجی سەرکوتگەریان دروستکردووە کە هێزە چەپەکان ناچار بوون فۆرمی ڕێکخراوەیی توند مەرکەزی بگرنەبەر لە ژێر قورسایی سەرکوت و چەوساندنەوەدا، بۆچوونێک بەرهەم دەهێنن کە لەسەر بنەمای بنیاتنانی سەندیکای کرێکاران و ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی نهێنی و هەندێک جار نیمچە گشتی کە بە پارتە سیاسیەکانەوە بەستراون، لەسەر حسابی سەربەخۆییان و توانایان بۆ لەخۆگرتنی دەنگدەرانی کۆمەڵایەتی فراوانتر.
ئەزموونی بەراوردکاری لەم چوارچێوانەدا ئەوە دەردەخات کە کاتێک چەپ دەستی بەسەر ڕێکخراوە جەماوەرییەکانیدا توند دەکات و دەیانکاتە پاشکۆی پێکهاتەی حزبەکەی، لەوانەیە پێکەوەبوون و کاریگەری ئایدۆلۆژیای ناوخۆیی بەدەست بهێنێت، بەڵام مەترسی لەدەستدانی شتێکی زۆر بەنرختر دەکات: قورسایی کۆمەڵایەتی ڕاستەقینە کە توانای کۆکردنەوەی خەڵک لە ساتە یەکلاکەرەوەکاندا هەیە.
دادپەروەری پێویستی بەوەیە دان بەوەدا بنێین کە مۆدێلی یەکێتی حزبی و ڕێکخراوی جەماوەری لە هەموو بارودۆخێکدا هەڵە نەبوو. ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە چەند قۆناغێکی مێژوویی کە نکۆڵی لێناکرێت بەتایبەتی لە سەردەمی گەشەی چەپ و سەرهەڵدانی جەماوەریدا کە مەرکەزییەتی ڕێکخراوەیی پێویستییەکی سەپێنراو بوو لەلایەن واقیعی سەرکوتکەر و پێویستی پاراستنی یەکڕیزی و پاراستنی کادرەکان. سەندیکاکان و فیدراسیۆنەکانی سەر بەو قۆناغانە توانیان وەک دەزگایەکی کاریگەر بۆ کاری یەکێتی و جەماوەر لە هەلومەرجێکی زۆر سەختدا خزمەت بکەن.
لەگەڵ ئەوەشدا کات لە بنەڕەتدا گۆڕاوە و لەگەڵ ئەوەشدا میکانیزمی بیرکردنەوە و ڕێکخستنی جەماوەری گۆڕاوە. خەلکی ئەمڕۆ، بەتایبەتی نەوەکانی نوێ کە لەسەر کەلتووری دەستگەیشتنی دەستبەجێ بە زانیاری، ڕێکخستنی ئاسۆیی و بەشداری ڕاستەوخۆ لە بڕیارداندا پەروەردە کراون، چیتر قبوڵ ناکەن کە لە خزمەتی ئەجێندای حزبێکی دیاریکراودا بسیج بکرێن، هەرچەندە مەبەستی ڕاستگۆیانە بێت. دەسەڵاتی ڕاستەقینەی جەماوەری ئەمڕۆ بە بڕیاری ڕێکخراوەیی دروست ناکرێت. لە ڕێگەی ڕەگداکوتانەوە لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و نوێنەرایەتیکردنی ڕاستگۆیانە و کاریگەری بەرژەوەندییەکانیان، بێ گوێدانە ئینتیمای فکری و سیاسییان بنیات نراوە.
ئەم خوێندنەوەیە هەوڵی هاندانی مشتومڕی جددی دەدات سەبارەت بە پێویستی پێداچوونەوە بە مۆدێلی “ڕێکخراوی جەماوەری هاوپەیمان و دڵسۆز” و دۆزینەوەی مۆدێلێکی جێگرەوە کە پشت بە سێ کۆڵەکەی تەواوکەر ببەستێت: یەکەم، بنیاتنانی سەندیکای کرێکارانی پێشکەوتووخواز و فیدراسیۆن و ڕێکخراوە جەماوەریەکان کە لەسەر بنەمای ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییەکان دامەزراوە نەک پرۆگرامەکانی حزب. دووەم، بەشداری چالاکانەی کەسانی چەپ لەناو ئەم ڕێکخراوانەدا وەک کەسانی پابەند بە بەرژەوەندییەکانی کەرتەکانیان نەک وەک نوێنەری حزبەکانیان. سێیەم، بنیاتنانی چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانی فراوان لە نێوان هێزە چەپە جۆراوجۆرەکان کە جیاوازی ئایدیۆلۆژیای دووەمی تێدەپەڕێنێت بەرەو پرۆژەیەکی یەکگرتووی گۆڕان.
ئەم وتارە حاڵەتی عێراق وەک ئەزموونێکی زیندوو و ڕاستەوخۆ دەکۆڵێتەوە نەک وەک مۆدێلێکی تیۆری ئەبستراکت و وانە و پرسیارەکانی پەیوەست بە چوارچێوەی هاوشێوە لە ناوچەکە و باشووری جیهاندا وەردەگرێت. بەتایبەتی لە عێراقدا، ئەم کێشەیە بە توندی دەردەکەوێت. هێزە چەپەکان بە درێژایی مێژووی خۆیان ناچار بوون لە ژێر ڕژێمە دیکتاتۆرییە یەک لە دوای یەکەکاندا کار بکەن، بەتایبەتی ڕژێمی بەعس کە لە ساڵی 1968 تا 2003 حوکمی وڵاتەکەی کرد.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەو هەلومەرجە نوێیەی کە بەدوای گۆڕانە سیاسییەکان و ڕووخانی ئەو دیکتاتۆرییەدا هات و بوونی پەراوێزێکی ڕێژەیی ئازادی و چالاکی گشتی سەرەڕای دەسەڵاتی میلیشیا ئایینی و ناسیۆنالیستەکان ئێستا پێویستی بە هەڵسەنگاندنێکی هێمن و بنیاتنەرانە بۆ ئەم بۆچوونە و بیرکردنەوەی جددی لە مۆدێلی ڕێکخراوەیی کراوەتر و سەربەخۆتر هەیە کە بتوانێت پێکهاتەی کۆمەڵایەتی فراوانتر لەخۆ بگرێت و بە قووڵایی و ڕاستگۆیی زیاتر نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانیان بکات.
ئەم هەڵسەنگاندنە گرنگی زیاتر وەردەگرێت کاتێک ئەزموونی تاڵی یەکێتییە زەردەکان بەبیر دەهێنینەوە کە لە لایەن ڕژێمە دیکتاتۆرەکانەوە بۆ خزمەتکردنی مەبەستی خۆیان دروستکراون یان کۆنتڕۆڵ دەکرێن لە سەردەمی دیکتاتۆری عێراق و سەرانسەری ناوچەکەدا.
ئەم میراتە لە یادەوەری کۆمەڵدا بە زیندوویی دەمێنێتەوە دەسەڵاتدارانی بەغدا و هەرێمی کوردستان بەردەوامن لە پەیڕەوکردنی هەمان شێواز لەگەڵ یەکێتییە فەرمییە دڵسۆزەکانیان و پێشکەشکردنی مۆدێلێکی ئەڵتەرناتیڤ لەسەر بنەمای سەربەخۆیی ڕاستەقینە و سەرکردایەتی بەکۆمەڵ و دیموکراسی ناوخۆیی و پلۆرالیزمی ڕۆشنبیری دەکەنە پێویستییەکی بەپەلە بۆ گێڕانەوەی متمانەی جەماوەری و فراوانکردنی بواری نفووز.

لە ئەندامێتی ئۆرگانی بۆ سەربەخۆیی
لە دوای ساڵی 2003، زۆربەی ڕێکخراوە چەپەکان بە پەرۆش بوون بۆ هێشتنەوە و دامەزراندنی سەندیکا، فیدراسیۆن و رێکخراوەکانی خۆیان. ئەمە زۆرجار بووە هۆی زۆربوونی ڕێکخراو و سەندیکاکان لە هەمان کەرتدا، و لە هەندێک حاڵەتدا بووە هۆی دووبارەبوونەوەی رێکخراوەکان لە نێو یەک پارتدا، لە ئەنجامی دابەشبوونی ناوخۆیی یان کێبڕکێ لەسەر ڕۆڵی جەماوەری، دیمەنێکی جەماوەری بەرهەم دەهێنێت کە بە وزەی پەرش و بڵاو، فرە ناو، و کەمبوونەوەی کاریگەری ڕاستەقینە لەسەر زەوی دەناسرێتەوە.
ئەم واقیعە پێویستی بە بیرکردنەوەیەکی هێمن و بنیاتنەرانە هەیە لەسەر ئەو نرخەی کە ڕێکخراوە جەماوەریەکان لە پێگەی نوێنەرایەتییان لە ئەنجامی ئەم ئینتیمابوونە ئۆرگانیدا داویانە. یەکێتیەک کە بە توندی بەستراوەتەوە بە رێکخراوێکی دیاریکراوەوە بە زەحمەت کرێکاران لە باوەش بگرێت بە هەموو جیاوازی ڕۆشنبیری، نەتەوەیی، ئایینی و سیاسی، بۆیە بواری کاریگەری تەسک دەبێتەوە و سنووردار دەبێت بۆ چینێکی دیاریکراو.
بەهەمان شێوە، ڕێکخراوە فێمینیستەکان کە بە پارتێکی دیاریکراوەوە گرێدراون، بە زەحمەت دەتوانن ژنانی باکگراوندی سیاسی و ڕۆشنبیری جیاواز ڕابکێشن، هەرچەندە مەبەستی سەرکردەکانیان ڕاستگۆ بێت. یەکێتی قوتابیان وردە وردە دەبنە گۆڕەپانی ڕکابەرییەکانی حیزبەکان، کە تێیدا قوتابیان شوێنی سەربەخۆیی خۆیان لەدەست دەدەن و لەوانەیە هەست بکەن کە لە ڕووی سیاسیەوە دامەزرێنرێن نەک وەک بەشدارێک لە بزووتنەوەیەک کە بەڕاستی نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانیان دەکات.
پێشنیارەکە لێرەدا وازهێنان لە کاری جەماوەری یان کشانەوەی نییە، بەڵکو بەرزکردنەوەی بەرەو مۆدێلێکی سەربەخۆتر و نوێنەرایەتی فراوانتر. بەشداریکردن لە بنیاتنانی سەندیکایەکی سەربەخۆی بەهێز و پێشکەوتووخواز کە دەیان هەزار کەس لەخۆ دەگرێت لە بەهای کۆمەڵایەتی و مافەکانیدا دەیان ڕێکخراوی بچووک و پەرتەوازە تێدەپەڕێنێت، چونکە یەکێتیەکی گەورەی سەربەخۆ ئەو قورسایی و متمانەیەی هەیە کە دەتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی ئەندامەکانی بکات و بە دەنگێکی بەرزتر و کاریگەری قووڵتر ڕووبەڕووی پێشێلکارییەکان ببێتەوە.
تاکی چەپ کە لەناو ئەم سەندیکایانەدا کار دەکەن وەک کەسانی پابەند بە بەرژەوەندییەکانی کەرتەکانیان، دەتوانن کاریگەری کۆمەڵایەتی و سیاسی قووڵتر بەدەست بهێنن لەوەی کە لە رێگەی ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکانی کاریگەری سنووردارەوە بەدەستی دەهێنن.
ئەزموونێکی تایبەتی کە لە هاوینی 1992 پێیدا ژیاوم قووڵایی و ڕەگەکانی ئەم کێشەیە دەردەخات. کاتێک لەگەڵ ژمارەیەک لە هەڤاڵانی چەپ و کرێکارانی بێکار کۆبووینەوە بۆ دامەزراندنی سەندیکایەک بۆ بێکاران لەهەرێمی کوردستان یەکەم ناکۆکی لەنێوانماندا لەسەر پێکهاتەی ڕێکخراوەیی و میکانیزمی کارکردن نەبوو بەڵکو لەسەر خودی بەیاننامەی دامەزراندن بوو هەندێک لە هەڤاڵان بەیاننامەیەکیان پێشنیار کرد کە پڕ بوو لە زمانی ئایدیۆلۆژیای چەپ وەک ئیمپریالیزم و سۆسیالیزم و هاوشێوەکان.
من هاوڕا نەبووم لەگەڵیاندا، و پێم وابوو ئەوەی ئێمە دەمانەوێت یەکێتیەک بۆ هەموو بێکاران دروست بکەین، لە هەموو بیرۆکە و ئاراستەیەکەوە، نەک یەکێتیەک بۆ بێکارانی چەپ بەتەنها. ئێمە ڕووبەڕووی هەڵبژاردنێکی بنەڕەتی بووینەوە: ئایا ڕێکخراوێکی جەماوەری فراوان دروست بکەین کە گوزارشت لە بەرژەوەندییەکانی هەمووان بکات، یان ڕووکەشێکی ئایدیۆلۆژی دروست بکەین کە بنکەی خۆی بەرتەسک بکاتەوە پێش ئەوەی دەست پێ بکات؟ ئەو پرسیارە کە لە هاوینی 1992 بەرزکرایەوە، هێشتا لە دڵی ئەو کێشەیەدایە کە ئەمڕۆ باسی دەکەین.

لاوازی هەماهەنگی و پەرتەوازەیی و کاریگەری لەسەر خەباتی جەماوەری و سەندیکاکان و فیدراسیۆنەکان
کێشەی پەرتەوازەیی لە سەندیکاکان و ڕێکخراوە جەماوەرییەکاندا ناتوانرێ بە جیا لە دیاردەیەکی قووڵتر و کاریگەرتر چارەسەر بکرێت: دۆخی لاوازی هەماهەنگی و کاری هاوبەش کە باری لەسەر ڕەوتی هێزە چەپەکان قورس کردووە و لە قۆناغە گرنگەکاندا بارگرانی خستووەتە سەریان. ئەو پەرتەوازەیی جەماوەری کە لە دیمەنی یەکێتی و ڕێکخراوەکاندا دەیبینین بەشێکی ڕەنگدانەوەی پەرتەوازەیی سیاسی و ڕێکخراوەیی پێشووە کە لە فرە بوونی ڕێکخراوە چەپەکان و جیاوازی هەڵوێستەکانیان لەسەر هەندێک بابەت دەردەکەوێت. ئەم جیابوونەوەیە خۆی لە خۆیدا سروشتی و ڕەوایە، بەڵام کاتێک دەگۆڕێت بۆ گرژی و ململانێ کە کاری هاوبەش لاواز دەکات، سێبەری قورسی خۆی دەخاتە سەر هەموو بۆشایی بارستایی.
لە کۆتایی سەدەی ڕابردووەوە، هێزە چەپەکانی عێراق ڕووبەڕووی تەحەدای گەیشتن بە کەمترین ئاستی هەماهەنگی هاوبەش بوونەتەوە لە ساتە یەکلاکەرەوەکاندا. جیاوازی لەسەر هەڵوێستە سیاسیەکان، هەر لە مامەڵەکردن لەگەڵ داگیرکارییەوە تا هەڵوێست لەسەر پرۆسەی سیاسی و هەڵسەنگاندنی ئەزموونی چەپ، هەندێک جار لە مشتومڕێکی ڕۆشنبیری بەرهەمهێنەرەوە کە پێشوازی لە ناکۆکی دەکات دەگۆڕێت بۆ گرژییەک کە هاوکاری مەیدانی قورس دەکات سەرەڕای زۆر خاڵی لێکنزیکبوونەوە.
کاریگەری جەماوەری ئەم واقیعە بەرجەستە بوو: گرژییە ناوخۆییەکان توانای چەپی لاواز کرد بۆ ئەوەی خۆی بە شێوەیەکی یەکگرتوو لەبەردەم خەڵکدا نیشان بدات کە پشتیان پێ دەبەست وەک هەڵگری پڕۆژەی گۆڕان.
ئەم واقیعە ڕاستەوخۆ لەسەر ڕێکخراوە جەماوەری و سەندیکاکان ڕەنگی دایەوە. کاتێک هێزە چەپەکان لە پێگەی خۆیان لێک جیا دەبنەوە، سەندیکاکان و فیدراسیۆنەکان لە کاریگەری ئەو لادانە دەرباز نابن، هەندێک جار خۆیان لەبەردەم ڕکابەرییەکاندا دەبیننەوە کە وزەیان بڵاو دەکاتەوە و لە ئەرکی بنەڕەتی خۆیان بۆ بەرگری کردن لە مافەکانی ئەندامەکانیان لایان دەدات. لەجیاتی ئەوەی هەوڵەکان ئاراستە بکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێشێلکارییەکان و داواکردنی مافەکان، ئەو هەوڵانە هەندێک جار لە ململانێی ناوخۆیی نێوان هێزە چەپەکان و ناکۆکیەکاندا وشک دەبن کە نە خزمەت بە کرێکاران دەکات و نە بەرژەوەندییەکانیان.
نەبوونی هەماهەنگی هەروەها شێوازێکی کێبڕکێی لە نێو هەمان بازنەی جەماوەریدا دروست کرد نەک فراوان بوون بەرەو کەرتی کۆمەڵایەتی نوێ کە هێزە چەپەکان هێشتا نەگەیشتوون. ئەنجامەکە ئەوە بوو کە دیمەنی جەماوەری سەرەڕای فرە ڕێکخراوەکان سنووردار مایەوە، چونکە ئەم فرەیی هەمیشە نەبووە هۆی دابەشکردنی کار و چارەسەرکردنی توێژە جیاوازەکان. لەجیاتی ئەوە، بووە هۆی تێکەڵبوون و دووبارەبوونەوە لە هەمان ناوچەدا.
پارادۆکسێکی ئازاربەخش هەیە کە شایەنی بیرکردنەوەیە: چەپ ئاڵای یەکڕیزی لەنێو جەماوەری زەحمەتکێشدا بەرز دەکاتەوە، بەڵام ئەم ڕێبازە ڕێکخراوەییە بێ مەبەست بووە هۆی پەرتەوازەبوونی خەبات و تێکۆشانی هاوبەش و لاوازبوونی یەکێتی و بزووتنەوەی جەماوەری لەسەر زەوی.
لەم چوارچێوەیەدا، بەهای ستراتیجی بنیاتنانی ڕێکخراو و سەندیکای جەماوەری سەربەخۆ ڕوون دەبێتەوە، چونکە ئەو بۆشاییە پێکدەهێنن کە تێیدا تاکەکانی چەپی سەر بە ڕێکخراوە جیاوازەکان دەتوانن شان بە شانی بەرژەوەندی هاوبەشی ڕوون و خاڵی لێکنزیکبوونەوە کار بکەن. سەندیکاکان و فیدراسیۆنە سەربەخۆکان لۆژیکی خۆیان دەسەپێنن کە لەسەر بنەمای بەرگری لە مافەکان دامەزراوە و ئەم لۆژیکە جیاوازی ئایدیۆلۆژی تێدەپەڕێنێت کاتێک دێتە سەر ڕووبەڕووبوونەوەی دەرکردنی هەڕەمەکی، بەدەستهێنانەوەی مافێکی بەدەستهاتوو، بەرزکردنەوەی مووچە، یان داواکردنی ماف و یەکسانی زیاتر.
ئەزموونی بزووتنەوەکانی یەکێتی و جەماوەر لە چوارچێوەی هاوشێوەدا دەریدەخات کە کاری هاوبەش لە نێو یەکێتیا و فیدراسیۆنە سەربەخۆکاندا وردە وردە کلتوری هاوکاری پتەوتر دەکات و دەسەڵاتی جەماوەری کۆمەلایەتی لەسەر زەوی بنیات دەنێت، کە ئەمەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر کەش و هەوای پەیوەندییەکانی نێوان هێزە چەپەکان خۆیان هەیە.

دەرس لە ئەزموونی کاریگەری یەکێتی
ئەزموونی مێژوویی و هاوچەرخ دەریدەخات کە سەندیکاکانی پێشکەوتووخوازی سەربەخۆی کاریگەر زۆرجار فاکتەرێکی سەرەکی بوون لە گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و سیاسیدا و هێزیان لە ئینتیمابوونیان لەگەڵ ئەم یان ئەو پارتەوە سەرچاوە نەگرتووە، بەڵکو لە ڕەگ و ڕیشەی راستەقینەیان لە بنکەی کرێکاران و جەماوەرییاندا سەرچاوە دەگرێت.
لە تونس، یەکێتی کرێکارانی گشتی تونس سەرەڕای ئەو ناڕەزاییانەی کە هەبوون، ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە ڕووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ساڵی 2011 و چوارچێوەیەکی دامەزراوەیی بۆ دیالۆگی نیشتمانی دابین کرد و تا ڕادەیەکی بەرچاو سەرکەوتوو بوو لە گۆڕینی ناڕەزایی جەماوەری بۆ داواکاری ڕێکخراو. قورسایی جەماوەری، کە لە کەرتێکی فراوانی کرێکاران و پیشەگەراندا سەرچاوەی گرتووە، ڕێک ئەو توانایە بوو کە توانای دانوستانی پێ بەخشی کە هەموو پارتە سیاسییەکان پێکەوە نەیانتوانی بەراوردی بکەن.
لە ئەفریقای باشوور، کۆنگرەی سەندیکاکانی کرێکارانی ئەفریقای باشوور کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی لە خەبات دژی سیستەمی ئاپارتاید پێکهێنا و نیشانی دا کە سەندیکای سەربەخۆی بەهێز دەتوانێت لە هەمان کاتدا وەک بەرەیەکی بەرگری لە مافەکانی کرێکاران و پلاتفۆرمێک بۆ خەبات لە پێناو کەرامەتی مرۆڤ، ئازادی و یەکسانی خزمەت بکات، بەبێ ئەوەی لە هیچ پارتێکی سیاسی دیاریکراودا هەڵمژرابێت.
لە بەرازیل، بزووتنەوەیەکی سەربەخۆی سەندیکای کرێکاران لە کۆتایی حەفتاکان لە کەرتی پیشەسازی ئۆتۆمۆبیل سەریهەڵدا، بە سەرکردایەتی کرێکارانی کارگەکانی ساوپاولۆ لە ڕووبەڕووبوونەوەی دیکتاتۆری سەربازی، کە نیشانی دا کە مانگرتنی ڕێکخراو ئامرازێکی سیاسی گەورەیە کاتێک لەلایەن یەکێتیەکی پێشکەوتووخوازەوە پشتگیری دەکرێت. ئەم بزووتنەوەیە لە دوایدا پارتی کرێکارانی دروستکرد کە گەیشتە دەسەڵات، لە مۆدێلێکی دەگمەنی بنیاتنانی دەسەڵاتی سیاسی ڕاستەقینە لە کاری سەندیکای جەماوەری.
لە هیندستان، سەندیکاکانی کرێکاران و کرێکارانی چنین لە مێژوودا خەباتی ڕۆژانەی کرێکاران لەسەر مووچە و هەلومەرجی کارکردن بە گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی فراوانترەوە بەستووەتەوە، ئەمەش نیشانی دەدات کە یەکێتیەک کە توانای لەخۆگرتنی جەماوەری جەماوەری بە هەموو جیاوازی ئایینی، نەتەوەیی و چینایەتییانەوە هەیە، دەتوانێت داواکاری ئابووری تەسک تێبپەڕێنێت و خۆی بگۆڕێت بۆ هێزێک بۆ گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی قووڵ.
سەبارەت بە ئەزموونی هاوچەرخی دیموکراسیەکانی ڕۆژئاوا، چەپی دانمارکی مۆدێلێک پێشکەش دەکات کە شایەنی بیرکردنەوەیە، هەرچەندە ئەویش بێ گومانی گەورە نییە. لە دانیمارک، پارتە چەپ و سۆسیالیستەکان چیتر بژاردەی دامەزراندنی سەندیکای خۆیان یان دڵسۆزیان نییە، چونکە کۆنفیدراسیۆنی سەرەکی سەندیکاکان کیانێکی سەربەخۆ و بەهێزە. ئەمەش وایکردووە کە کارکردن لەناو سەندیکاکانی سەربەخۆ و بەشداریکردنی چالاکانە لە پێکهاتەکانیاندا ببێتە رێگایەکی پراکتیکی بۆ بەرەوپێشبردنی ئاراستەی ڕادیکاڵ و پێشکەوتووخواز لە ناوەوە، لە ڕێگەی قایلکردن، پراکتیک، و خەباتی مەیدانی لە سێکتەرە جۆراوجۆرەکاندا. ئەم ڕێڕەوە یەکێتییەکانی بە قورسایی جەماوەری ڕاستەقینە بەرهەم هێناوە، لە کاتێکدا هێزە چەپەکان لە ناویاندا کاریگەری کۆمەڵایەتی و سیاسی قووڵتر بەدەست دەهێنن لەوەی کە تەنها بە سەرکردایەتی کردنی ڕێکخراوە بچوکەکانی دڵسۆز پەیوەست بە حزبەکانیان بەدەستیان هێناوە.
ئەوەی ئەم ئەزموونانە بە کۆمەڵ دەری دەخەن ئەوەیە کە سەندیکای سەربەخۆی کاریگەر و ڕێکخراوە جەماوەریەکان تەنها بەرگری لە مافە دەستبەجێکان ناکەن. هەروەها دەتوانن بە درێژایی ساڵان، کلتورێکی ڕێکخراوەیی و توانای دامەزراوەیی بنیات بنێن کە وایان لێدەکات ببنە دەسکێک بۆ گۆڕانکاری لە ساتە یەکلاکەرەوەکاندا. ئەمە ڕێک ئەو شتەیە کە چەپی عێراق لە ڕاپەڕینی تشرینی یەکەمی 2019 و دواتردا کەموکورتی هەبوو و دەبێت قیبلەنمای کاری جەماوەری چەپ لە ماوەی داهاتوودا پێک بهێنێت.

پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان وەک بناغەیەکی پراکتیکی بۆ بنیاتنانی یەکێتی و فیدراسیۆنە دێموکراتییە سەربەخۆکان

لێرەدا دەرفەتێکی گرنگ دێتە ئاراوە کە وەک پێویست سوودی لێ وەرنەگیراوە: ئاراستەکردنی هەوڵەکان بۆ بنیاتنانی سەندیکای کرێکاران، فیدراسیۆنی پیشەیی و رێکخراوی کرێکاران، شانبەشانی ڕێکخراوە جەماوەریەکان، مافەکانی مرۆڤ و فێمینیستی کە کارەکانیان لەسەر بنەمای پەیماننامەکانی نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی ژنان دادەنێن نەک لەسەر بەرنامە و ئاراستەی سیاسی ڕێکخراوە چەپەکان لەم بوارەدا. ئەم بۆچوونە گرنگییەکی زیاتر وەردەگرێت لە وڵاتانی باشووری جیهان کە یەکێتی و بزووتنەوە جەماوەرییەکانیان بەدەست لاوازی پێکهاتەیی توندەوە دەناڵێنن چونکە ئەم پەیماننامانە بناغەیەکی پتەو و شەرعیەتێکی ئەخلاقی و یاسایی دابین دەکەن کە سنوورە ناوخۆییەکان تێدەپەڕێنێت و ڕەهەندێکی جیهانی بە خەباتی یەکێتی دەبەخشێت کە بە تۆمەتی لایەنگری سیاسی و ئایدۆلۆژی ئەستەمە بکرێتە ئامانج.
لە سەرووی سەرووی ئەم ئاماژەیانە، جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤە کە لە ماددەی بیست و سێیەمیدا مافی کارکردن و هەڵبژاردنی ئازادی کارکردن و هەلومەرجی دادپەروەرانە و گونجاوی کار دەستەبەر دەکات و بە ئاشکرا دان بە مافی هەمووان بۆ پێکهێنان و چوونە ناو سەندیکاکان دەنێت. تەواوکەری ئەم چوارچێوەیە پەیمانی نێودەوڵەتی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانە کە لەلایەن عێراقەوە پەسەند کراوە، کە بە ئاشکرا دەوڵەتان ناچار دەکات ئازادی سەندیکاکان دەستەبەر بکەن و کرێکاران لە پێشێلکارییەکان بپارێزن.
پەیماننامە سەرەکییەکانی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی پتەوترین کۆڵەکەی کرداری لەم چوارچێوەیەدا پێکدەهێنن، بەتایبەتی پەیماننامەی ژمارە 87 سەبارەت بە ئازادی کۆبوونەوە و پاراستنی مافی رێکخستن، کە مافی دامەزراندن و بەشداریکردن لە رێکخراوەکان بەبێ جیاوازی دەستەبەر دەکات. پەیماننامەی ژمارە 98 سەبارەت بە مافی ڕێکخستن و مامەڵەی بەکۆمەڵ، کە کرێکاران لە هەر دەستێوەردانێک لە کاروباری سەندیکاکان دەپارێزێت. پەیماننامەی ژمارە 29 سەبارەت بە کاری زۆرەملێ؛ پەیماننامەی ژمارە 105 سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی کاری زۆرەملێ؛ و پەیماننامەی ژمارە 111 سەبارەت بە جیاکاری لە دامەزراندن و پیشەدا، کە هەموو جۆرە جیاکاریەک لە ژینگەی کاردا قەدەغە دەکات.
سەبارەت بە پرسی تایبەتی مافەکانی ژنان، پەیماننامەی نەهێشتنی هەموو شێوەکانی جیاکاری دژی ژنان (CEDAW) گشتگیرترین و ناچارترین سەرچاوەیە کە دان بە تەواوی مافە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانی ژنان دەنێت بەبێ هیچ مەرجێک. بەیاننامەی پەکین و پلاتفۆرمی کرداری تەواوکراوە کە تا ئەمڕۆش بە یەکێک لە گشتگیرترین بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکان دادەنرێت کە باس لە کێشەکانی ژنان و پێداویستییەکانی تواناکردنیان دەکات.
ئەوەی شایەنی جەختکردنەوەیە ئەوەیە کە ئەوەی ئەم پەیماننامانە لەخۆ دەگرێت لە جەوهەری خۆیدا هاوتایە لەگەڵ ئەوەی هەموو هێزە چەپەکان وەک داواکاری لە بواری مافەکانی کرێکاران و مافەکانی جەماوەر و مافەکانی ژنان پێشی دەخەن، لە هەمان کاتدا قووڵیان دەکاتەوە و چوارچێوەیەکی یاسایی نێودەوڵەتییان بۆ دابین دەکات. بنچینەی خەبات لەم سەرچاوەیانەدا نەک تەنها چوارچێوەیەکی یاسایی و ئەخلاقی بەهێز بۆ خەباتی یەکێتی و جەماوەر و فێمینیستی دابین دەکات، بەڵکو یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی هەستیاری تۆمەتی سیاسی کردنی حیزب لەناو یەکێتیەکان، فیدراسیۆن و ڕێکخراوە جەماوەرییەکاندا، چونکە داواکارییەکان لە دروشمی ئایدیۆلۆژیای گشتییەوە دەگۆڕدرێن بۆ مافێکی دانپێدانراو لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کە دەتوانرێت لەبەردەم کۆمەڵگا و دەسەڵاتداراندا بەرگری لێبکرێت.

ئابووری بەکرێگیراو و ئاڵۆزییەکانی ڕێکخستنی یەکێتی
بۆ ئەمانە دەبێت تەحەدایەکی پێکهاتەیی سروشتی بەکرێگیراوی ئابووری عێراق و هەرێمی کوردستان زیاد بکرێت، کە زۆربەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاوبەشی هەیە، کە ڕێکخستنی سەربەخۆی یەکێتی دەکات بە بابەتێکی زۆر ئاڵۆز و پێویستی بە بیرکردنەوەی زانستی ورد هەیە. کاتێک بەشێکی زۆری هێزی کار پشت بە مووچەی دەوڵەت و کەرتی گشتی دەبەستێت، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی پشت بەستن بە دەسەڵات دروست دەبێت کە بۆشایی بۆ ڕێکخستنی سەربەخۆ سنووردار دەکات و پاڵنەری ناوخۆیی بەرەو ئەو دەسەڵاتە لاواز دەکات.
ئامارە فەرمییەکان قووڵایی ئەم پشتبەستنە ئاشکرا دەکەن: داهاتی نەوت لە حەوت مانگی یەکەمی ساڵی 2024 نزیکەی ٪89ی کۆی بودجەی گشتی عێراق پێکهێناوە، لە کاتێکدا داتاکانی نیوەی یەکەمی ساڵی 2025 ئاماژە بەوە دەکەن کە نەوت نزیکەی ٪92ی کۆی داهاتی وڵات پێکدەهێنێت، بەمەش عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لە ڕووی ئابوورییەوە زۆرترین پشت بە تاکە سەرچاوەیەک دەبەستێت لە جیهاندا. و بەرتەسککردنەوەی بۆشایی بۆ هەر یەکێتیەکی سەربەخۆیی ڕاستەقینە لە ڕووبەڕووبوونەوەی دەوڵەتێک کە هەردوو ئامرازی سزادان و پاداشتی لەخۆگرتووە.
لە ئابووری بەرهەمهێناندا، کرێکاران بەرەو ڕێکخستنی سەندیکاکان دەڕۆن چونکە توانای دانوستاندنیان لەگەڵ خاوەنکارە تایبەتەکان پێویستی بە کاری کۆمەڵی ڕێکخراو هەیە. لە ئابووری کرێداردا، لۆژیکێکی جیاواز زاڵە: پەیوەندی نێوان هاووڵاتی و دەوڵەتێک کە کرێ دابەش دەکات، کە داواکاری کرێکاران لە ململانێ لەسەر مافە گرێبەستییە ڕوونەکان دەگۆڕێت بۆ هەوڵێک کە دەورەدراوە بە نیگەرانی دەربارەی ئاسایشی کار و سەقامگیری بژێوی.
ڕەنگە ڕوونترین نموونە ئەوە بێت کە لە کاتی ڕاپەڕینی تشرینی یەکەمی 2019 لە عێراق ڕوویدا، ئەو ڕاپەڕینە جەماوەرییە گەورەیەی کە تەواوی سیستەمی سیاسی هەژاند کاتێک سەندیکاکانی ئێستا نەیانتوانی تەوژمی شەقامەکان بگۆڕن بۆ مانگرتنی کرێکارانی ڕێکخراو کە پرۆسەی بەرهەمهێنان ڕادەگرێت و حکومەت ناچار دەکات وەڵام بداتەوە. چونکە زۆرینەی کرێکارانی ناڕازی فەرمانبەری حکومەت بوون کە ڕاستەوخۆ بە مووچەی دەوڵەتەوە بەستراون و خۆیان ڕووبەڕووی هاوکێشەیەکی ئازاربەخش دەبنەوە: یان ناڕەزایی دەرببڕن و دەرئەنجامە پیشەییەکانی هەڵبگرن، یان بێدەنگ بن و تاکە سەرچاوەی داهاتیان بپارێزن.
له هه رێمی کوردستان ئه م شێوازه به چڕی زیاتر ده رکه وتووه ئێمە شاهیدی شەپۆلی بەردەوامی ناڕەزایی بووین لەسەر دواکەوتنی پێدانی مووچە، بەڵام ئەم خۆپیشاندانانە لەخۆوە و پچڕ پچڕ بوون و نەیانتوانی بگۆڕن بۆ بزووتنەوەیەکی سەندیکای ڕێکخراو و بەردەوام. هۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە کرێکاری کورد کە لە هەمان کاتدا داوای مافەکانی خۆی دەکات دەزانێت کە ئەوان بەتەواوی پشت بەو حکومەتە دەبەستن کە ناڕەزایی دەردەبڕن و ڕێکخستنی سەربەخۆی سەندیکاکان دەکاتە مەترسییەکی شەخسی کە تاک بە تەنیا بەرگەی بگرێت
ئەم واقیعە پێویستییەکی بەپەلەی بۆ سەندیکاکان دەرخستووە کە وردە وردە هۆشیاری دروست دەکەن کە مافی سەندیکاکان یاخیبوون لە دژی دەوڵەت نییە، بەڵکو گەرەنتییەکە بۆ کەرامەتی کرێکار لە بەرامبەر هەر دەسەڵاتێکدا، و پاراستنی کۆمەڵ وەک بەدیلێکی لاوازی تاک پێشکەش دەکات.
ئەم واقیعە بانگهێشتی چەپ دەکات بۆ پەرەپێدانی سیاسەتی یەکێتی جیاواز کە تایبەتمەندی ژینگەی کرێنشین لەبەرچاو بگرێت، نەک دووبارەکردنەوەی ئەو مۆدێلانەی کە لە چوارچێوەی ئابووری جیاوازدا لەدایک بوون. ئەم سیاسەتانە پێویستی بە تەرکیز کردنە لەسەر بنیاتنانی وردە وردە هۆشیاری کۆمەڵایەتی کە یەکێتی و مافەکانی جەماوەر دەستبەرداربوون نین کە لەلایەن دەسەڵاتەوە پێدراو و لێی دەکشێنرێنەوە. ئەوان مافێکی سروشتین کە لە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکاندا گەرەنتی کراوە و بۆ هاووڵاتیبوونی تەواو پێویستە.
هەروەها پێویستیان بە فراوانکردنی چەمکی ڕێکخستن هەیە بۆ داواکردنی شەفافییەت لە دابەشکردنی سامانی بەکرێگیراو و لێپرسینەوە بۆ ئەوانەی بەڕێوەی دەبەن.

ڕێکخراوە بەخشەرە نێودەوڵەتییەکان و پرسی سەربەخۆیی
هیچ خوێندنەوەیەک بۆ دیمەنی یەکێتی و پەرتەوازەیی جەماوەری تەواو نابێت بەبێ ئاماژەکردن بە ڕۆڵی ڕێکخراوە بەخشەرە نێودەوڵەتیەکان. دادپەروەری پێویستی بە دانپێدانان بەوە هەیە کە پارەی نێودەوڵەتی و شارەزایی جیهانی یارمەتیدەر بووە لە پاڵپشتیکردنی سەندیکای ڕاستەقینە و مافەکانی مرۆڤ و چالاکی جەماوەری لە قۆناغە جیاجیاکاندا و زۆرێک لە ڕێکخراوەکان سوودیان لەم پاڵپشتییە وەرگرتووە لە بنیاتنانی تواناکانیان و فراوانکردنی ئامادەبوونیان.
لەگەڵ ئەوەشدا لایەنێکی تری ئەم وێنەیە هەیە کە پێویستی بە بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەیی ڕاشکاوانە هەیە، بەتایبەتی سەبارەت بەو ڕێکخراوانەی کە بە حکوومەتە سەرمایەدارەکانی ڕۆژئاواوە بەستراون و لە کۆتاییدا ڕەنگدانەوەی سیاسەت و بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی وڵاتەکانیان لە ناوچەکەدا دەکەن.
زۆرێک لەم ڕێکخراوانە پارەی خۆیان بە شێوەیەک ئاراستە کردووە کە خزمەت بە ئەجێندای پەرەپێدانی مۆدێلێکی تایبەتی “کۆمەڵگەی مەدەنی” بکات، مۆدێلێک کە جەخت لەسەر چاکسازی لە سیستەمی چینایەتی ئێستادا دەکات و خۆی لە بەرەنگاربوونەوەی پێکهاتە ئابوورییە سەرەکییەکان بەدوور دەگرێت، لە کاتێکدا یەکێتییەکان و فیدراسیۆنەکان پەراوێز دەخات بە ئاراستەیەکی چینایەتی ڕوون و کرێکاری ڕادیکاڵ و داواکارییە جەماوەرییەکان.
ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی ئەو رێکخراوانەی کە بۆ خزمەتکردنی پێداویستییەکانی ڕاپۆرت و پرۆژەکان زیاتر لە پێداویستی بنکە جەماوەریەکانیان دیزاین کراون، ئەو رێکخراوانەی کە بە کۆتایی خولی پارەدان کۆتایی دێن و هیچ پێکهاتەیەکی دامەزراوەیی پتەو لە دوای خۆیان بەجێ ناهێڵن.
لە ئاستێکی قوڵتردا، ئەم شێوازە تەرخانکردنە یارمەتیدەر بووە لە دووبارە کێشانەوەی نەخشەی ئەولەویاتی خەبات، لەگەڵ سەرچاوە و وزەی مرۆیی کە دەکرا بۆ بنیاتنانی یەکێتیەکی بەهێزی سەربەخۆ و بزووتنەوەیەکی جەماوەری ئاراستە بکرێت لە جیاتی ئەوە بەرەو چالاکی و پڕۆژەی کاتی ئاراستە دەکرێت.
ئەمە هەندێک جار لەگەڵ بەهێزکردنی دیاردەی تاکەکەسی کردن لە سەندیکاکان و رێکخراوەکاندا دەبوو، کە پەیوەندی لەنێوان سەرمایەدار و تاکەکانی دیاریکراو دروست بوو نەک لەنێوان سەرمایەدار و رێکخراوەکە وەک دامەزراوەیەکی کۆمەلایەتی.
ئەمە پێکهاتەی بەشداربووی لاواز کرد و سەرکردایەتی هەندێک ڕێکخراوی کرد بە ئیمتیازاتی شەخسی پەیوەست بە دەستگەیشتن بە تۆڕەکانی دارایی دەرەکی، نەک دەربڕینی متمانەی بنکەی جەماوەری.
ئەمە بانگەوازێک نییە بۆ دوژمنایەتییەکی ڕەها بەرامبەر هەموو هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان. هاوخەباتی نێودەوڵەتی ڕاستەقینە لەگەڵ بزووتنەوەکانی کرێکار، سەندیکا، جەماوەر و فێمینیستی هەیە کە لە لایەن ڕێکخراوەکانی کرێکاری و مافەکانی مرۆڤی نێودەوڵەتی سەربەخۆ وەک کۆنفیدراسیۆنی سەندیکای کرێکارانی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکانی مافی مرۆڤ و فێمینیستی بەرجەستە کراوە.
بانگەوازێکە بۆ هۆشیاری ڕەخنەیی چینایەتی لە مامەڵەکردن لەگەڵ بودجەی حکومەتی ڕۆژئاوا و پابەندبوون بەو پرەنسیپە کە ئەولەویاتی یەکێتی و بزووتنەوەی جەماوەری دەبێت لە پێداویستی کرێکاران و خەڵکەوە دەربکەوێت نەک لە هەلومەرجی سەرمایەدارەکانەوە، وە سەربەخۆیی بڕیاردان مەرجێکی بێ گفتوگۆیە بێ گوێدانە بەهای ئەو پارەیەی پێشکەش دەکرێت.

هۆشیاری نوێ و پێویستی دووبارە هەڵسەنگاندن: بەرەو چەپێکی جەماوەری یەکگرتوو
نەبوونی سەندیکا، فیدراسیۆن و رێکخراوی بەهێز و سەربەخۆ چەپی لاواز کردووە بەشێوەیەک کە زیاتر لەوەی کە لە ڕواڵەتدا دەبینرێت. کاتێک ساتەوەختی یەکلاکەرەوە لە مێژووی ناڕەزایی و ڕاپەڕینە جەماوەرییەکاندا هات، چەپەکان خۆیان لە بۆشاییەکی ڕێکخراویدا دەبیننەوە: هیچ یەکێتیەک نەبوو بتوانێت خۆپیشاندانەکان بگۆڕێت بۆ مانگرتنی ڕێکخراو کە دەسەڵاتدارانی فەرمانڕەوا لە بەغدا و هەولێر ناچار بکات وەڵام بدەنەوە، هیچ بزووتنەوەیەکی خوێندکارانی یەکگرتوو بە دەسەڵاتی دامەزراوەیی ڕاستەقینە و هیچ ڕێکخراوێکی فێمینیستی کاریگەر نەبوو کە بتوانێت تووڕەیی جەماوەری بگۆڕێت بۆ داواکاری بەردەوام. لە جیاتی هەموو ئەمانە، دەیان ڕێکخراوی بچووکی ڕکابەر لەگەڵ هەماهەنگی سنووردار و ناکۆکی ڕێکخراوەیی دووبارەبووەوە.
دەیان ساڵی ڕابردوو گۆڕانکاری بنەڕەتی لە شێوازی بیرکردنەوە و ڕێکخستنی خەڵک بەخۆوە بینیوە کە هیچ هێزێکی سیاسی جددی ناتوانێت پشتگوێی بخات. شۆڕشی دیجیتاڵی نەخشەی هێز و کاریگەری کێشایەوە و تۆڕە ئاسۆییەکان و دەستپێشخەرییە سەربەخۆکان توانای بەدەستهێنانی بەرفراوانی مەیدانی لە کاتێکی پێوانەیی دا دا. بزووتنەوە ناڕەزایەتیەکان، لە گۆڕەپانەکانی عێراقەوە تا بزووتنەوەکانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە سەرانسەری جیهاندا، نیشانیان داوە کە ڕێکخستنی ئاسۆیی نەرم توانای بەرهەمهێنانی وزەیەکی گەورەی هەیە کە پێکهاتە زۆر مەرکەزییەکان ناتوانن بەراوردی بکەن.
بۆ ئەمە دەبێت گۆڕانێکی قووڵ لە سیستەمی بەهای نەوەکانی نوێ زیاد بکرێت بەرەو پلۆرالیزمی ڕۆشنبیری و شەفافییەت و ڕەتکردنەوەی مەرکەزییەتی زیادەڕەوی. گەنجانی ئەمڕۆ لە کەلتوورێکدا گەورە بوون کە دەستگەیشتنی دەستبەجێ بە چەندین سەرچاوەی زانیاری هەیە، توانای ڕەخنەیی و بەراوردکاریی بەرزیان هەیە، و شەفافییەت لە بڕیاردان و بەرپرسیارێتی لە بەکارهێنانی سەرچاوەکان وەک مەرجی سەرەکی بۆ بەخشینی متمانە بە هەر رێکخراوێک دادەنێن.
هەروەها ئێمە شاهیدی بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو بووین لە مۆدێلەکانی سەرکردایەتی بەشداربووی بەکۆمەڵ. ئەزموونی سەرکەوتوو لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە هاوچەرخەکاندا ئەوە دەردەخات کە سەرکردایەتی دابەشکراو لە نێو گروپەکاندا دەردەکەوێت بەردەوام و کەمتر لاوازە لە مۆدێلی سەرکردایەتی تەوەرەیی تاکەکەسی.
لەبەر ڕۆشنایی ئەم هەموو گۆڕانکارییانە بەیەکەوە، خەڵک بەتایبەتی کچان و کوڕانی گەنج لە گۆڕەپانەکانی خۆپیشاندان چیتر متمانەیان بە سەندیکاکان و ڕێکخراوەکانی سەر بە پارتەکان نەماوە. ئەوان شێوەی ئاسۆیی ڕێکخستن و دەستپێشخەری سەربەخۆیان پێ باشترە کە ڕێز لە سەربەخۆیی ڕۆشنبیرییان بگرێت، ڕێگە بە بەشداری ڕاستەقینە بدات لە بڕیارداندا، و تێکەڵ بە هەمەچەشنی وەک سەروەت و سامانێک نەک بارگرانی.
بەشێکی زۆر لە گەشەسەندن، بەتایبەتی لە نێو گەنجاندا، ناڕەحەتی خۆیان نیشان دەدەن لە کاری تەقلیدی حزبی. ئەم دیاردەیە شایەنی بیرکردنەوە و لێکۆڵینەوەی جدییە بۆ تێگەیشتن لە ڕەگەکانی و شیکردنەوەی وردی نەک بە ڕەتکردنەوە و ئیدانە کردن ڕووبەڕوویان ببنەوە و ئەمەش پێویستی پەرەپێدانی فۆرمی ڕێکخراوەیی دیموکراتی و کۆمەلایەتی و نەرمتر بەسەر چەپدا دەسەپێنێت
ئەم لۆژیکە نوێیە لەوانەیە دەرفەتێکی ڕاستەقینە بۆ نوێکردنەوەی ڕۆشنبیری و ڕێکخراوەیی و فراوانکردنی بنکەی کۆمەڵایەتی لەبەردەم چەپدا بڕەخسێنێت. هەڵبژاردن چیتر لەنێوان بنیاتنانی ڕووکەشێکی دڵسۆز یان وازهێنان لە کاری جەماوەری نییە. لەنێوان بەردەوامبوون لە پەرتەوازەیی یان گواستنەوەیە بەرەو بنیاتنان و پشتگیری یەکێتی و فیدراسیۆنە پێشکەوتووەکانی سەربەخۆی بەهێز کە تیایدا تاکەکانی چەپ لە هەموو ئاراستەیەکەوە پێکەوە کار دەکەن.
ڕێگای یەکگرتنی ڕاستەقینە لەسەر زەوی بە دوو ڕێڕەوی تەواوکەردا تێدەپەڕێت کە هیچکامیان بەبێ ئەوی تریان ناتوانن بوەستێنرێن:
یەکەم تراک: یەکێتی و کاری جەماوەری. بەشداری بەکۆمەڵ لە بنیاتنانی سەندیکای کرێکارانی پێشکەوتووخوازی بەهێز و فیدراسیۆن و ڕێکخراوە جەماوەریەکان کە هەمووان کۆدەکاتەوە بێ گوێدانە ئینتیمای ڕۆشنبیری و نەتەوەیی و ئایینی لە دەوری بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و داخوازییە گرنگەکانیان. لەناو ئەم ڕێکخراوە سەربەخۆیانەدا، کەسانی چەپ دەتوانن باشترین ئەو شتانە پێشکەش بکەن کە هەیانە: بەهاکانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، هاوپشتی و تێکۆشان بۆ کەرامەتی و یەکسانی مرۆڤ.
ڕێڕەوی دووەم: کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی. هەماهەنگی و کاری هاوبەش لەسەر ئاستی پارتی و سیاسی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی هەمەجۆر، لەسەر ئاستی وڵات یان پارێزگاکان یان لە دەوری داواکاری دیاریکراو، وەک هەنگاوی وردە وردە بەرەو بنیاتنانی چوارچێوەیەکی چەپی پێشکەوتووخواز فراوان و یەکگرتوو و فرە پلاتفۆرم کە هەموو هێزە چەپ و پێشکەوتووەکان لەپاڵ سەندیکاکان و ڕێکخراوە کرێکارییەکان و بزووتنەوە جەماوەرییەکان بەپێی خاڵەکانی لێکنزیکبوونەوەی هەنووکەیی بگرێتەوە. گۆڕینی بارودۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان پێویستی بەکۆکردنەوەی هەموو ئەو وزانە هەیە لەپڕۆژەیەکی یەکگرتوودا
شایانی جەختکردنەوەیە کە ئەم وتارە بانگەشەی ئەوە ناکات کە نەخشەڕێگایەکی ئامادە یان ڕەچەتەیەکی تەواوی ڕێکخراوەیی پێشکەش دەکات. هەنگاوە پراکتیکییەکان، میکانیزمەکانی دەستپێکردن و وردەکارییەکانی جێبەجێکردن لە بوارە جیاوازەکاندا لە بنەڕەتدا بابەتێکن کە پێویستی بە دیالۆگێکی کراوەی کۆمەلایەتی لە نێوان هێزە چەپەکان، بزووتنەوەی سەندیکاکان و خودی ڕێکخراوە جەماوەرییەکاندا هەیە.
مەبەستی سەرەکی ئەم خوێندنەوەیە هاندانی ئەم دیالۆگە و پەروەردەکردنی بە پرسیاری جددییە، بەو هیوایەی ببێتە هۆی گفتوگۆیەکی ڕۆشنبیری و پراکتیکی کە یارمەتیدەر بێت بۆ پەرەپێدانی دیدگاکە و بنیاتنانی وەڵامی هاوبەش.
ئەمە مانای کاری جەماوەری ڕاستەقینەیە لە سەردەمی ئێمەدا: خزمەتکردنی کرێکارانی دەست و مێشک، بنیاتنان و یەکخستنی دەسەڵاتیان، و بەشداریکردن لە گۆڕینی ژیانیان بۆ باشتر، و بەرجەستەکردنی بەهاکانی چەپ لە پراکتیکی ڕۆژانەدا نەک تەنها لە گوتاری سیاسیدا.
هێزی ڕاستەقینەی چەپ تەنها لە پێشنیارە ڕۆشنبیری و پێگە سیاسیەکانیدا نییە، بەڵکو لە توانای دامەزراندنی دامەزراوە سەربەخۆکان، دوور مەودا، پێشکەوتووخوازانە، کە لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدا ڕەگ و ڕیشەیان داکوتاوە و توانای بەرگری لە بەرژەوەندییەکان و مافەکانیان و گۆڕینی وزە کۆمەڵایەتییەکانیان بۆ هێزێکی ڕاستەقینە بۆ گۆڕان هەیە کە ڕێگە بەرەو ئەلتەرناتیڤی سۆسیالیستی دەکاتەوە.


. سەرچاوەکان
ئەزموونی سەندیکای کرێکاران
[1] تونس: ڕۆڵی یەکێتی کرێکارانی گشتی تونس (UGTT) لە شۆڕشی 2011 و گواستنەوەی دیموکراسی https://internationalviewpoint.org/spip.php?article5575
[2] ئەفریقای باشوور: پێکهێنانی COSATU و ڕۆڵی لە تێکۆشانی دژی ئاپارتاید https://sahistory.org.za/article/congress-south-african-trade-unions-cosatu
[3] بەرازیل: بزووتنەوەی سەندیکای کرێکارانی سەربەخۆ و پێکهێنانی پارتی کرێکاران https://en.wikipedia.org/wiki/Workers%27_Party_%28Brazil%29
[4] هیندستان: مێژووی بزووتنەوەی کرێکاری و پەیوەندییەکەی بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی https://thelaw.institute/introduction-to-law/india-labour-movement-historical-overview/
[5] دانیمارک: کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی کرێکارانی دانمارک https://en.wikipedia.org/wiki/Danish_Trade_Union_Confederation
ئابووری بەکرێگیراوی عێراق
[6] سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، راوێژکاری ماددەی چوارەم سەبارەت بە عێراق 2025 https://www.imf.org/en/news/articles/2025/07/08/pr-25243-iraq-imf-executive-board-concludes-2025-article-iv-consultation
[7] سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، ڕاپۆرتی عێراق 2024 https://www.imf.org/en/news/articles/2025/05/15/mcs-iraq-concluding-statement-of-the-2025-imf-article-iv-mission


وتارەکە لە هەمان کاتدا بە زمانی ئینگلیزی لە ماڵپەڕی چەپی جیهانی ZNetwork بڵاوکرایەوە کە وەرگێڕدراوە و بە دەیان زمان بەردەستە کە لەلایەن ماڵپەڕەکەوە پشتگیری دەکرێن.
https://znetwork.org/znetarticle/the-left-trade-unions-and-mass-organizations




پێشەکییەک بۆ ئابووری مارکسیستی.. بەشی سێیەم و کۆتایی.. رەوتی نێودەوڵەتی بەلشەفی

بەشی سێیەم و کۆتایی
وەرگێڕان و ئامادەکردنی: گۆران عەبدوڵڵا

قەیرانەکان لە تیۆریدا
قەیرانەکان شێوەی خولگەیی وەردەگرن (واتە لە خولەکانی گەشەو وەستاندا لە ماوەی مامناوەنددا) ئەمەش رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر سیستمەکە. دەتوانین بڵێین سیستەمەکە لە قەیراندایە: ئەویش مێژووییە. بۆ ئەوەی لە قەیرانەکان تێبگەین، پێویستە لەوبارەوە بگەڕێینەوە بۆ مارکس.

با بگەڕێینەوە سەر کاڵا کە دەتوانرێت بەهاکەی دابەش بکرێت بۆ سێ پێکهاتە، c + v + s، .

C سەرمایەی بەردەوام: (constant capital)
ئاماژەیە بۆ بەهای هەموو ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و توخمەکانی تر کە کاری بەرهەمداری پێویسنە بۆ دروستکردنی بەها.
V سەرمایەی گۆڕاو: (variable capital)
ئاماژەیە بۆ بەهای کرێی کرێکارانی بەرهەمدار.
S زێدەبایی: (surplus value)
ئاماژەیە بۆ بەهای بەرهەمی زیادە.

بەها لە بەرهەمهێناندا دروست دەبێت بەڵام لە ڕێگەی میکانیزمی جۆراوجۆرەوە دابەش دەکرێت بۆ سەرمایەی بێ بەرهەم لە ڕیکلام، گواستنەوە، دەوڵەت و دارایی. دەتوانرێت هەموو بەها لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا سەر بە یەکێک لە سێ پۆلەکە بناسرێت.

مارکس سەرمایەی نەگۆڕ وەک مردوو (یان ڕابردوو) وە سەرمایەی گۆڕاوی وەک کاری “زیندوو” ناساند. ئەو بەهایەی کە سەرمایەی نەگۆڕ بەشداری لە کاڵاکەدا دەکات جێگیرە (هەر لێرەوەیە “نەگۆڕە”)، بەڵام کاری زیندوو کە کاریگەری لەسەر گواستنەوەی بەهای سەرمایەی بەردەوام (نەگۆڕ) بۆ سەر کاڵاکە بەهای نوێ دروست دەکات هەم بە جێگرتنەوەی بەهای هێزی کار و هەم بە بەرهەمهێنانی زێدەبایی (کە سەرمایەدارەکان یان بۆ بەکارهێنان یان وەبەرهێنانەوە لە بەرهەمهێنانی فراوانکراودا بەکاری دەهێنن). هێزی کار خوێنی ژیانی سیستمە.

کێبڕکێی نێوان سەرمایەداران، هەروەها دژایەتییەکانی نێوان سەرمایەدار و کرێکاران، سەرمایەدارەکان بەرەو زۆرترین قازانج دەبات بە دابەزاندنی تێچووی بەرهەمهێنان لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای پاشەکەوتکردنی کار و جێگرتنەوەیان. بۆ نموونە بە ئۆتۆماتیکیکردن، کۆمپیوتەر، تەکنیکە کاراترەکان و هتد. بە واتایەکی تر، سەرمایەداری مەیلی کەمکردنەوەی ڕۆڵی کرێکاری زیندووی هەیە لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا.

ئەمە لە خۆیەوە شتێکی باش دەبێت، بەو پێیەی ئەم پەرەسەندنەی هێزە بەرهەمهێنەرەکان بنەمای کارکردنی کەمتر دادەنێت کە لە نێوان هەمان ژمارەی خەڵکدا دابەش بکرێت. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخە کۆمەڵایەتییە نامۆکانی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری، بە مانای قەیران و بێکاری و ئیستغلالکردنی زیاتر دێت.

لە ڕاستیدا بەلای (مارکس) ەوە دەتوانرێت ئیستغلالکردنی کار بپێورێت: ڕێژەی بەهای زیادە (s/v) بە ڕێژەی ئیستغلالیش ناسراوە، بەو پێیەی ڕەنگدانەوەی ئەوەیە کە چەندە زێدەبایی بەرهەمدێت بە بەراورد بە سەرمایەی گۆڕاو (کرێی کرێکارانی بەرهەمدار).

دەستکردن بە جێگررتنەوەی کرێکار بە ئامێر لە سەرمایەداریدا کێشەیەکی دیکەی قووڵتر دروست دەکات، کێشەیەک کە ڕەنگدانەوەی سیمایەکی تادێت ناعەقڵانی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانە. وەبەرهێنان لە تەکنەلۆژیا و بەرزبوونەوەی “پێکهاتەی تەکنیکی سەرمایە” ڕێژەیەکی گۆڕاو لە دابەشبوونی بەهای کاڵاکەدا بەدەست دەهێنێت، چونکە “C” قورسایی زیاتری خۆی دەگرێتە ئەستۆ. مەیلێک هەیە بۆ ئەوەی کە مارکس ناوی بردووە بە پێکهاتەی ئۆرگانیکی سەرمایە ( Organic Composition of Capital)، c/(v+s) بەرزبێتەوە. دەتوانین بیر لە OCC بکەینەوە کە باڵابونی کاری “مردوو” وە لە ئامێرەکان و شتەکانی تردا بەسەر کاری “زیندوو”دا.

گرنگە ئەوە بزانین کە پێکهاتەی ئۆرگانیکی سەرمایە (OCC) بۆ کۆمپانیای تاکەکەس جیاوازە لەگەڵ ئابوورییەکە بە گشتی.
سەرمایەداران بە ڕاستەوخۆ سوودی کرێکارەکانی خۆیان وەرناگرن. لە بەرهەمهێنانەوە پرۆسەیەک هەیە کە وادەکات ئەو کۆمپانیایانەی تەکنەلۆژیای زیاتریان بەکارهێناوە (یانی پێکهاتەی ئۆرگانیکیان بەرزترە)، بەشێکی زیاتری سوودە گشتییەکە بەدەست بهێنن.
بەم هۆیەش، هۆکاری سەرەکییە بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان پارە بخەنە تەکنەلۆژیای نوێ کە کرێکاری کەمتر پێویستە.

ئەم کێشەیە لە ئاستی گشتی ئابووری (ماکرۆ)دا دروست دەبێت.
ئەگەر هەموو شتێک وەک خۆی بمێنێتەوە، بەرزبوونەوەی پێکهاتەی ئۆرگانیکی سەرمایە (OCC) وادەکات ڕێژەی قازانج بە شێوەیەکی گشتی دابەزێت.
ئەم ڕێژەی قازانجە بریتییە لە: سوود (زیادەبایی) / (سەرمایەی بەردەوام + سەرمایەی گۆڕاو) یانی بڕی سوودەکە بە بەراورد لەگەڵ سەرجەم ئەو پارەیەی سەرمایەدارەکە خەرجی کردووە.
هەرچەندە زیادبوونی سوودی کرێکاران دەتوانێت قازانج بەرز بکاتەوە، بەڵام بە گشتی ئابووری بەرەو دابەزینی ڕێژەی قازانج دەڕوات.
ئەمە کێشەیەکی گەورەیە، چونکە ڕێژەی قازانج ئەو هێزەیە کە وادەکات سەرمایەداران وەبەرهێنان بکەن.

ئەگەر ڕێژەی قازانج دابەزێت، سەرمایەداران کەمتر وەبەرهێنان دەکەن لە بەرهەمهێنانی ڕاستەقینە.
لەبری ئەوە، یان پارەکەیان دەخەنە کاروباری نا بەرهەمهێن (کە هیچ بەرهەمێکی نوێ دروست ناکات)، یان پارەکەیان دادەنێن و چاوەڕێی باشتربوون دەکەن.
کەمبوونەوەی وەبەرهێنان کاریگەرییەکی زنجیرەیی هەیە:
• دەبێتە هۆی دەرکردنی کرێکاران (لەکارخستن)
• زۆر کۆمپانیا دەکەون و دادەخرێن
• چونکە کرێکاران کەمتر دەتوانن کاڵا و خزمەتگوزاری بکڕن.
لە ئەنجامدا، بەشێک لە سەرمایەی بەردەوام (ماشێن، کارگە…) بەهای خۆی لەدەست دەدات. ئەمەش وادەکات پێکهاتەی ئۆرگانیک (OCC) دابەزێت.
کاتێک ئەمە ڕوودەدات، ڕێژەی قازانج دەست دەکات بە بەرزبوونەوە و سەرمایەداران دووبارە وەبەرهێنان دەکەن.
بە گشتی، ئەم پرۆسەیە هۆکاری سەرەکیی بازنەی بەرز و دابەزین (boom and bust)ـە کە هەموو ئابووریناسان دەیناسن.

قەیرانە خولییەکان بە شێوەیەکی گشتی ئەو شتانەن کە ئێمە پێی دەڵێین پاشەکشە یان وەستان، هەرچەندە دەتوانن گرژبوونی توندتر (واتە کەساد) خێراتر بکەن بەپێی ئەوەی کە چۆن پەیوەندییان بە ڕەوتە درێژخایەنەکانەوە هەیە لە ڕێژەی قازانج و پێکهاتەی ئۆرگانیکی سەرمایە. خولەکان لەگەڵ هەردوو ماوەی درێژخایەنی فراوانبوون و دابەزین بوونیان هەیە.

سیستەمەکە بۆ ئەوەی خۆی نەخنکێنێت و نەوەستێت، هەوڵ دەدات چەند ڕێگەیەک بەکاربهێنێت کە مارکس پێی دەڵێت “هێزە دژەکان” (countervailing tendencies).
نموونەی ئەم ڕێگایانە:
• وەبەرهێنان لە وڵاتانی تر
• زیادکردنی بەرهەمهێنانی کرێکاران بەبێ کڕینی ماشێنی نوێ (بۆ نموونە: درێژکردنەوەی سەعاتی کار)
• کەمکردنەوەی بەهای سەرمایەی بەردەوام (بە فرۆشتنی زۆر هەرزان یان داخستنی کۆمپانیاکان لە کاتی قەیراندا)
بەڵام ئەم چارەسەریانە سنووردارن.
بە گشتی، ڕێژەی قازانج بەردەوام دادەبەزێت و قەیرانەکان خراپتر دەبن. لە ئەنجامدا سیستەمەکە خاو دەبێتەوە و بەردەوام پارەی زیاتر دەچێتە ناو کاروباری نا بەرهەمهێن هەندێک جار تەواو ساختە و ساختەکاری.

قەیرانەکان لە مێژوودا
شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری لە چارەکی کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمەوە لە دۆخێکی داکشانی مێژووییدایە. ئەوە بەو مانایە نییە کە سیستەمەکە بە درێژایی کاتەکە لە قەیرانی تونددا بووە. بە پێچەوانەوە قۆناغەکانی گەشەکردن و فراوانبوونی چڕ و پڕی هێزە بەرهەمهێنەرەکان هەبووە. بەڵام ئەو گەشەکردنە بە تێچووی گەورە هاتۆتە ئاراوە کە بەهۆی ناعەقڵانییەتی سیستەمی سەرمایەدارییەوە دروست بووە. بە وەلانانی پرسی ئاشکرای کاریگەرییەکان لەسەر ژینگەی سروشتی، ئەو گەشەکردنەی کە سەرمایەداری توانیویەتی بەدەستی بهێنێت، بە وێرانکارییەکی بەرفراوان بووەتە مومکین.

با بگەڕێینەوە سەر جیاوازییەکە لە نێوان قەیرانەکانی کورتخایەن (Recession) و قەیرانەکانی درێژخایەن (Depression).
• Recession (قەیرانی کورتخایەن): ئەو دابەزینانەی مامناوەندی بازنەیی کە لە ماوەی چەند ساڵێکدا چارەسەر دەبن. ئابووریناسانی سەرمایەداری بەم ناوە ناویان دەبەن ئەو دابەزینانەی GDP کە بۆ ماوەی لانیکەم دوو چارەکی ساڵێک بەردەوام دەبێت، بەڵام زۆرترین چەند ساڵێک دەخایەنێت.
• Depression (قەیرانی گەورە و درێژخایەن): قەیرانەکانی توندتر، کەمتر ڕوودەدەن و زۆر درێژترن. پێش گرانییە گەورەکەی ساڵانی ١٩٣٠، هەموو دابەزینێکیان بە “depression” ناودەبرد. ئێستا بەو قەیرانانە دەڵێن کە زیاتر لە سێ ساڵ بەردەوام دەبن یان GDP بە ڕێژەی ١٠٪ یان زیاتر دابەزێت.
ئابووریناسی مارکیستی مایکڵ ڕۆبێرتس لە کتێبەکەی بە ناوی “The Long Depression”، بە باشی ڕوونی کردووەتەوە کە مێژووی ئەم قەیرانە گەورانە چۆن بووە، بە بەکارهێنانی تیۆری بەها (value theory).
مایکڵ ڕۆبێرتس دەڵێت: جیاوازییەکەی ئابووریناسانی سەرمایەداری کێشەیەکی گەورەی هەیە، چونکە گرنگیی ئەوە نادات کە چەند کات دەخایەنێت بۆ گەڕانەوەی ئابووری. قەیرانەکانی Depression دەتوانن ١٠ ساڵ یان زیاتر بخایەنێت بۆ گەڕانەوەی ئاسایی، بەڵام Recession زۆر خێراتر چارەسەر دەبن.

بەم بیرکردنەوەیەوە، مایکڵ ڕۆبێرتس سێ قەیرانی گەورە (Depression) لە مێژووی سەرمایەداری جیهانیدا دیاری دەکات:
• ١٨٧٣ – ١٨٩٧
• ١٩٢٩ – ١٩٣٩
• ٢٠٠٨ – ؟ (هێشتا بەردەوامە)
لە ناوەندی هەر یەکێک لەم قەیرانە گەورانەدا، بەرزبونەوە و دابەزین هەبووە (واتە ماوەیەک گەشە و قەیرانی کورتخایەن)، بەڵام بە گشتی گەشەی ئابووری لە ئاستی خوارەوە بووە بە بەراورد لەگەڵ ماوەی پێش قەیرانەکە.
لە نێوان ئەم قەیرانە گەورانەدا، گەشەی ئابووری بەهێزتر و باشتر بووە.
ڕۆبێرتس بە وردی دەڵێت: ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە ڕێژەی سوود (زیادەبایی)، پێکهاتەی ئۆرگانیکی سەرمایە و ڕێژەی قازانج دا ڕوودەدەن — کە مارکس باسی کردووە — زۆر بەهێزن بۆ تێگەیشتن لە مێژووی ڕاستەقینەی قەیرانەکانی سەرمایەداری.
ئەم قەیرانانە دەتوانرێت بە هۆکارێکی جیاواز دەست پێ بکەن، وەک دڵەڕاوکێی دارایی، بڵقی کاڵاکان، کارەساتی سروشتی و هەروەها قەیرانی تەندروستی گشتی (وەک کۆڤید).
زۆرێکمان قەیرانی گەورەی ساڵانی ١٩٣٠ دەزانین. لیبڕاڵەکان دەڵێن سیاسەتەکانی کینز (سیاسەتەکانی ڕۆزڤێلت) ئابووریان دەرهێنا لە قەیران. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە قەیرانی گەورەی ١٩٣٠ بە بەکارهێنانی پیشەسازی بۆ جەنگی جیهانی دووەم کۆتایی هات.
هەروەها، بنەمای گەشەی دوای جەنگی جیهانی دووەم ئەوە بوو کە زۆرێکی زۆری سەرمایەی فیزیکی لە جەنگدا وێران ببوو، بە تایبەت هەموو پیشەسازییەکانی ئەوروپای ڕۆژئاوا بە شێوەیەکی گەورە وێران بوون. ئەمەش وایکرد پێکهاتەی ئۆرگانیکی سەرمایە بە شێوەیەکی گەورە دابەزێت.

لە کۆتایی چلەکانی سەدەی ڕابردوودا ئەمریکا ٥٠%ی بەرهەمی پیشەسازی جیهانی بەرهەمدەهێنا. سێ دەیەی دواتریش بەهۆی باڵادەستی ئیمپریالیزمی ئەمریکاوە لە قاڵب درا، لە گرتنە بەری سیاسەتێکی تردا ڕێگەی بە ڕکابەرەکانی دا لە ئەڵمانیا و ژاپۆن بۆ چاکبوونەوە و گەشەکردن بە شێوەیەکی بەرچاو بەهۆی حیساباتی جیۆسیاسی لە چوارچێوەی شەڕی سارددا لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەتدا.

بووژانەوەی دوای جەنگی دووەمی جیهانی لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا کۆتایی هات. بوژانەوەی ئابووری دوای خراپیی ئابووری و جەنگی دووەمی جیهانی پەیوەست بوو بە بوژانەوەی ڕێژەی قازانج، هەرچەندە ئەمەی دووەمیان لە ڕاستیدا لە ساڵانی ١٩٥٠دا دەستی بە دابەزینێکی پلە بە پلەکرد. ئەوە دابەزینی ڕێژەی قازانج بوو لە ماوەی دە ساڵ یان دە ساڵ و نیوێکی داهاتوودا کە زەمینەی بۆ ناڕەحەتی ساڵانی حەفتاکان دانا. مۆرای سمیس- Murray Smith- لە چاپی دووەمی کتێبە باشەکەیدا بەناوی Invisible Leviathan ، سەیری بەشدارییە تیۆری و ئەزموونییەکانی ئابووریناسانی مارکسیست (بە خۆشیەوە) دەکات سەبارەت بە ئابووری ئەمریکا لە ساڵانی ١٩٥٠ وە تا ئەمڕۆ. سمیس نیشانی دەدات کە چۆن بەرزبوونەوەی OCC بووە هۆی دابەزینێکی گەورەی ڕێژەی قازانج لە نێوان ساڵانی ١٩٥٠ و هەشتاکاندا.

ڕێژەی قازانج لە ساڵانی نەوەدەکانەوە تا ساڵی ٢٠٠٧ بەرزبووەوە، واتە تەنها پێش “پاشکەوتنی گەورە” کە لە ساڵی ٢٠٠٨ دەستی پێکرد. وەک سمیس ئاماژەی پێدەکات، بەرزبوونەوەی ڕێژەی قازانج (کە بە بەکارهێنانی پێوەرە فەرمییەکان حیسابی بۆ کراوە) لە ماوەی ئەو چارەک سەدەیەدا نەک تەنها لەسەر بنەمای بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەهای زیادە بووە (ئەمە قۆناغێکی هێرشی نیولیبراڵ بوو بۆ سەر چینی کرێکار) بەڵکو لەسەر بنەمای ئەوەش بووە تا ڕادەیەکی زۆر لەسەر قازانجی خەیاڵی – سەرمایە زیاتر و زیاتر هەڵهات بۆ ناو وۆڵ ستریت و مامەڵە داراییەکانی ئاڵۆزی و دابڕان لە “ئابووری ڕاستەقینە”.

بەم شێوەیە ئەو بچووکبوونەوەیەی کە لە ساڵی ٢٠٠٨ دەستی پێکرد لە ئاستێکی تاڕادەیەک نزمدا لە ڕووی ڕاستەقینەوە دەستی پێکرد، بە کەرتی دارایی ئاوساو، قەرزی گشتی و تایبەت (واتە داواکاری لەسەر بەهای داهاتوو) و ئەو قازانجە خەیاڵیانەی کە بەستراوەتەوە بەو قەرزەوە. لەو حاڵەتەدا، ئەوە تەقینی بڵقی خانووبەرە بوو لە ئەمریکا، کە بنەمای خانووی کارتۆنی بە سەرمایەی خەیاڵی کە بوو بەهۆکاری داڕمانی ئابووری.

سمیس ئاماژە بەوە دەکات “کە قەیرانی سەرمایەداری جیهانی کە لە ساڵی ٢٠٠٧-٢٠٠٨سەریهەڵدا، دەگەڕێتەوە بۆ کێشە بەردەوامەکانی قازانجکردنی سەرمایەی بەرهەمدار، ئەم کێشانە لە ڕیشەی دیاردەی ‘داراییکردن’ و قەیرانەکانی قەرزدان کە ئێستا سیستەمی جیهانی ناسەقامگیر دەکات .” هەروەها دەڵێت: ” ئەستەمە قەیرانی ئابووری جیهانی بەبێ هێرشی زۆر دڕندانەتر بۆ سەر کرێکاران لەلایەن سەرمایەوە تێپەڕێنرێت وەک لەوانەی کە تایبەتمەندی سەردەمی نیولیبراڵی پێش ٢٠٠٨ بوون.”

سۆسیالیزم

ئێمە ئەمڕۆ لە ناوەڕاستی قەیرانێکی گەورەی جیهانیداین. تەنانەت پێش قەیرانی کۆرۆناش، پێدەچێت لە چوارچێوەی دابەزینی بەرفراوانتردا بەرەو خوارتر بڕۆین. ئەو دابەزینە ئێستا واقیعێکە: دەیان ملیۆن کەس لە کارەکانیان بێبەشکراون. وەڵامی حکومەتەکان بۆ ئەو قەیرانە کە بە تایبەتی لە ئەمریکادا بەرچاو کەوتووە، ڕزگارکردنی کۆمپانیاکان بووە و پشتیوانییەکی کەم بۆ کرێکاران. دەوڵەتە سەرمایەدارەکان کەرتی دارایی بەهێزتر دەکەن لەکاتێکدا قەرزەکان کۆدەکەنەوە، ئەمەش زەمینە بۆ شەپۆلێکی دڕندەتر لە هێرشکردنە سەر چینی کرێکار دادەڕێژێت، سەرەڕای ئەو قسە و باسانەی ئێستا ( تاڕادەیەکی زۆر بەتاڵن) سەبارەت بە گرنگیدان بە خەڵک. ئێمە نەک ئاسۆی “مامەڵەی نوێ” (“سەوز” یان شتێکی تر)، بەڵکو لەبەردەم بێکاریی بەکۆمەڵ و سیاسەتی austerity-دەستگرتنەوە دەڕۆین.
هەموو ئەمانە مانای چییە؟ چی دەکات بۆ ئەوەی یارمەتیدەرمان بێت لە تێگەیشتن و بەرەنگاربوونەوەی سەرمایەداری؟ چی دەکات بۆ داڕشتنی شەڕی سۆسیالیزم؟

“ئابووری” مارکسیستی یارمەتیمان دەدات لە دژایەتییەکانی سەرمایەداری و بناغەکەی لە ئیستغلالکردن و نەوەی قەیرانەکانی تێبگەین. بەڵام سیستەمەکە بە سادەیی و لەسەر خۆی ناڕوخێت. سەرمایەداری هەمیشە ڕێگایەک بۆ دەربازبوون لە قەیران دەدۆزێتەوە، تەنانەت لەو کاتانەیش کە قەیرانەکان توندتریشدەبن. ڕێگایەکی دەربازبوون دەدۆزێتەوە ئەوەش لەڕێگەی ئیستغلالکردنی کرێکارانەوە، بە بەکارهێنانی دەوڵەت بۆ گواستنەوەی سامان لە چینی کرێکارەوە بۆ چینی سەرمایەداری (لەوانەش چینە مشەخۆرەکانی سەرمایەی دارایی، بیمە و هتد)، بە بردنە پێشەوەی شەڕی بازرگانی و… لە کۆتاییدا شەڕکردن بە چەک.

بەڵام مارکسیزم هاوکارمانە بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی ڕزگاربوون لە سەرمایەداری. کلیلەکە چینی کرێکاری نێودەوڵەتییە. مارکسیستەکان هەوڵ دەدەن لەهۆشیاری ئێمە لە سەرمایەداری کەڵک وەربگرن بۆ یارمەتیدان لە بنیاتنانی حیزبێکی شۆڕشگێڕ کە بتوانێت پشتیوانی لای چینی کرێکار بەدەست بهێنێت و پەروەردەی بکات لە ئەرکە مێژووییەکەیدا کە گۆڕینی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییە بە سۆسیالیزم.

https://bolshevik.org/statements/ibt_20201019_marxist_economics.html

بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەم کلیکی ئێرەبکەن..

بۆ خوێندنەوەی بەشی دووەم کلیکی ئێرەبکەن..




فریدریش نیتچە و کارڵ مارکس: لێکچوون و جیاوازییەکانی نێوان دوو جیهانبینین.. حەمید کورەچی

فریدریش نیتچە و کارڵ مارکس دوو بیرمەندی کاریگەرن لە مێژووی فەلسەفە و تیۆری کۆمەڵایەتیدا. سەرەڕای جیاوازی ڕوانگەکانیان لەسەر دەسەڵات، ئایدۆلۆژیا و گۆڕانی کۆمەڵایەتی، هەردوو فەیلەسووفەکە بەشدارییەکی گەورەیان کردووە لە تێگەیشتنمان بۆ کۆمەڵگا، سیاسەت و سروشتی مرۆڤ. ڕەخنەکانی نیتچە بۆ بەها باوەکان و چەمکی “ویستی دەسەڵات” جەخت لەسەر گرنگی تاکگەرایی و خۆدیاریکردن دەکەنەوە، لە کاتێکدا جەختکردنەوەی مارکس لەسەر ململانێی چینایەتی و نایەکسانی ئابووری لە ناو جەرگەی مشتومڕە بەردەوامەکانی پەیوەست بە نایەکسانی داهات و مافەکانی کارگەراندایە.

فەلسەفەی نیتچە کاریگەرییەکی بەردەوامی لەسەر بوونگەرایی (ئێکزیستانسیالیزم) و تاکگەرایی هەبووە، تەنانەت لەو کۆمەڵگایانەی کە بیری ئازاد تێیاندا سنووردارە. جەختکردنەوەی ئەو لەسەر “ویستی دەسەڵات” و گرنگی دروستکردنی بەها تایبەتەکانی خودی تاک، دەنگدانەوەی هەیە لای ئەو کەسانەی لە ژینگەی سەرکوتکەردا بەدوای سەربەخۆییدا دەگەڕێن. لە هەمان کاتدا، بیرۆکەکانی مارکس بە شێوەیەکی بەرفراوانتر لە بزووتنەوە سۆسیالیستی و کۆمۆنیستییەکاندا پەسەند کران، بەڵام جێبەجێکردنیان بەپێی کەشوهەوای سیاسی بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕانی بەسەردا هات.

هەردوو فەیلەسووفەکە تێڕوانینی بەنرخیان دەربارەی ئاڵۆزییەکانی بوونی مرۆڤ و ئەو پێکهاتانەی کۆمەڵگا بنیاد دەنێن پێشکەش کردووە، کە شوێنەواری بەردەوامیان لەسەر شێوازی بیرکردنەوەمان دەربارەی دەسەڵات، یەکسانی و هەوڵدان بۆ جیهانێکی باشتر جێهێشتووە. بۆ نموونە، بیرۆکەی نیتچە دەربارەی “مرۆڤی باڵا” (Superhuman) هاندەر بووە بۆ تاکەکان تا لە نەریتی کۆمەڵایەتی ڕزگاریان بێت و ڕێگەی تایبەتی خۆیان بەرەو بەدیهێنانی خود بدۆزنەوە.

بەڵام گرنگە ئەوە درک پێ بکەین کە بیرۆکەکانیان لە مێژوودا بە هەڵە لێکدراونەتەوە و بۆ پاساودانی کردەوە و ئایدۆلۆژیا سەرکوتکەرەکان بەکارهێنراون. شیکردنەوەی ڕەخنەگرانە و تێگەیشتن لە کارەکانیان لە ناو چوارچێوەی مێژوویی خۆیاندا، کارێکی یەکجار گرنگە بۆ دوورکەوتنەوە لە ڕووکەشگەرایی و دڵنیابوون لە تێگەیشتنێکی وردتر بۆ فەلسەفەکەیان. بە کۆڵینەوە لە دەقە ڕەسەنەکان و ڕەچاوکردنی بارودۆخی مێژوویی و کولتووریی سەردەمەکەیان، دەتوانین لە داوی لێکدانەوەی دەمارگیرانە ڕزگارمان بێت و تێڕوانینەکانیان بۆ ڕێنوێنیکردنی هەوڵە بەردەوامەکانمان لە پێناو دروستکردنی کۆمەڵگایەکی دادپەروەرتر و گشتگیرتر بەکاربهێنین.

تەواوکاری و جیاوازی نێوان نیتچە و مارکس

لەم بابەتەدا دەمەوێت لێکۆڵینەوە لە تەواوکاری و جیاوازی نێوان ئایدۆلۆژیاکانی نیتچە و مارکس بکەم، بە جەختکردنەوە لەسەر بیروباوەڕ و بنەما سەرەکییەکانیان. نیتچە کە بە چەمکی “ویستی دەسەڵات” و ڕەخنەگرتن لە ئەخلاقی باو ناسراوە، ڕوانگەیەکی بێوێنە دەربارەی تاکگەرایی و تێپەڕاندنی خود پێشکەش دەکات. لە لایەکی دیکەوە، جەختکردنەوەی مارکس لەسەر ململانێی چینایەتی و ماددیەتی دیالێکتیکی، چوارچێوەیەک بۆ تێگەیشتن لە گۆڕانکارییە مێژووییەکان و داینامیکی سەرمایەداری دابین دەکات.

جەختکردنەوەی نیتچە لەسەر توانای تاک بۆ تێپەڕاندنی نەریتە کۆمەڵایەتییەکان و دروستکردنی بەهاکانی خۆی، بە توندی پێچەوانەی جەختکردنەوەی مارکسە لەسەر کاری دەستەجەمعی و پێکدادانی حەتمی نێوان چینە کۆمەڵایەتییەکان. هەردوو فەیلەسووفەکە پرسیاری گرنگ دەربارەی داینامیکی دەسەڵات و سروشتی بوونی مرۆڤ دەورووژێنن، و تەحەدای ئێمە دەکەن کە بەسەر ئاڵۆزییەکانی جیهانێکی خێرا گۆڕاودا زاڵ بین، لە کاتێکدا هەوڵ بۆ کۆمەڵگایەکی دادپەروەرتر و یەکسانتر دەدەین.

لە کۆمەڵگایەکی سەرمایەداریدا، ڕەنگە تاک هەوڵ بۆ کۆکردنەوەی سەروەت و سامان و دارایی بدات وەک پێوەرێک بۆ سەرکەوتن، لە کاتێکدا لە کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستیدا ڕەنگە جەختکردنەوە لەسەر خاوەندارێتی بەکۆمەڵ و دابەشکردنەوەی سەرچاوەکان بێت بۆ بەرژەوەندی گشتی. ئەم ڕوانگە جیاوازانە تیشک دەخەنە سەر گرژی نێوان ویستی تاکەکەسی و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی، کە لە ناو جەرگەی زۆربەی گفتوگۆ سیاسییەکانی ئەمڕۆدایە.

بیرۆکەکانی مارکس کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر گەشەکردنی بزووتنەوە کۆمۆنیستی و سۆسیالیستییەکان لە سەرانسەری جیهاندا هەبوو. ئەو مێژووی وەک زنجیرەیەک لە ململانێی چینایەتی دەبینی کە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی ڕووخانی چینی دەسەڵاتدار. هەرچەندە نیتچە و مارکس ڕوانگەی جیاوازیان هەبوو دەربارەی باشترین ڕێگە بۆ بەدیهێنانی ئازادی تاکەکەسی و یەکسانی، بەڵام هەردووکیان شوێنەواری قووڵیان لەسەر بیری سیاسی و کۆمەڵایەتی جێهێشتووە.

جێبەجێکردنی پراکتیکی و ئاڵۆزییەکان

ئەنجامە جیاوازەکانی جێبەجێکردنی بنەما مارکسییەکان لە وڵاتە جیاوازەکاندا، گرنگی ڕەچاوکردنی بارودۆخی تایبەت و شێوازی سەرکردایەتی نیشان دەدات. لە کاتێکدا هەندێک وڵات توانیویانە بیرۆکە مارکسییەکان بۆ دروستکردنی کۆمەڵگای یەکسانتر بەکاربهێنن، هەندێکی تر بەهۆی سەرکردە دەسەڵاتخوازەکان و سیستمە گەندەڵەکانەوە تووشی دەرئەنجامی کارەساتبار بوون. ڕوونە کە سەرکەوتنی جێبەجێکردنی مارکسیزم بەندە بە کۆمەڵێک هۆکارەوە، لەوانە هەبوونی ژێرخانێکی ئابووری پتەو لە سایەی سەرمایەدارییەکی پێشکەوتوو، سەقامگیری سیاسی، ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و حوکمڕانییەکی کارا.

سەرکەوتنی بنەما مارکسییەکان لە ژێر کاریگەری هۆکاری جۆراوجۆردایە، وەک کاریگەرییە دەرەکییەکان، پاڵپشتی جەماوەری، پاشخانی مێژوویی و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان. ئەو وڵاتانەی مێژوویەکی درێژیان لە سەرمایەداری هەیە یان کاریگەرییەکی توندی سەرمایەدارییان لەسەرە، ڕەنگە لە کاتی گۆڕان بەرەو سیستمی مارکسی تووشی ئاستەنگی زیاتر ببن، لە کاتێکدا ئەو وڵاتانەی سەرمایەدارییەکی بەهێزیان هەیە کە هۆکارەکانی بەردەوامی و ژیانێکی شاهانەیان بۆ کۆمەڵگا دابین کردووە، ڕەنگە نەیانەوێت یان نەتوانن سیاسەتە مارکسییەکان بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکەن.

تیۆرییەکانی مارکس دەربارەی سەرمایەداری، ململانێی چینایەتی و دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا چوارچێوەیەک بۆ تێگەیشتن لە ئاستەنگ و ئەگەرەکانی وەرچەرخان بۆ سیستمی مارکسی دابین دەکات. سەرمایەداری بە چەوساندنەوە و نایەکسانی دەناسرێتەوە، کە تێیدا چینێکی بچووکی سەرمایەدار خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانن و سوود لە ڕەنجی چینی کرێکار وەردەگرن. ئەم دابەشکردنە نادادپەروەرانەی سامان و دەسەڵات دەبێتە هۆی ململانێیەکی چینایەتی کە تێیدا چینی کرێکار هەوڵی ڕووخاندنی سیستمی سەرمایەداری و دامەزراندنی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا دەدات.

لە کاتی شۆڕشی ڕووسیای ساڵی ١٩١٧دا، پرۆلیتاریا بە سەرکردایەتی پارتی بۆلشەویک توانی حکومەتی سەرمایەداری بڕووخێنێت و دەوڵەتی “سەرمایەداری دەوڵەت” وەک پێشەکییەک بۆ بنیادنانی سۆسیالیزم دابمەزرێنێت. ئەم وەرچەرخانە بووە هۆی گۆڕانکاری گەورە لە ئابووری و پێکهاتەی کۆمەڵایەتیدا، بەڵام لە کۆتاییدا بووە هۆی سەرهەڵدانی سیستمێکی تۆتالیتار (گشتگیر) لە سەردەمی جۆزێف ستالیندا. ئەمە ئەوە نیشان دەدات کە هەوڵدان بۆ سامان و دەسەڵات هەندێک جار دەتوانێت ببێتە هۆی دەرئەنجامی نەخوازراو و بەردەوامبوونی نایەکسانی و سەرکوتکردن.

جیاوازی لە ڕێبازە فەلسەفییەکاندا

جیاوازییە سەرەکییەکانی نێوان وڵاتانی سۆسیالیست و سەرمایەدار دەکرێت لە هەڵوێستیان بەرامبەر مافەکانی تاک و ڕۆڵی حکومەت لە کۆمەڵگادا ببینرێت. دەوڵەتە سۆسیالیستییەکان بەزۆری ئەولەویەت دەدەنە خاوەندارێتی بەکۆمەڵ و کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوەکان، لە کاتێکدا دەوڵەتە سەرمایەدارەکان جەخت لەسەر ئازادییە تاکەکەسییەکان و گرنگی کێبڕکێ و هێزەکانی بازاڕ دەکەنەوە بۆ برەودان بە گەشەی ئابووری.

سەرکەوتن یان شکستی دەوڵەتێکی سۆسیالیست یان سەرمایەدار بەندە بەوەی تا چەند دەتوانێت هاوسەنگی لە نێوان پێویستییەکانی تاک و داخوازییەکانی کۆمەڵدا دروست بکات، و تا چەند لە ڕووبەڕووبوونەوەی نایەکسانی و دیکتاتۆریەتدا سەرکەوتوو دەبێت. وڵاتانی وەک سوید و دانیمارک بە سەرکەوتوویی سیستمی سەرمایەدارییان جێبەجێ کردووە کە خاوەنی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی بەهێزن و خزمەتگوزاری تەندروستی و پەروەردەیی گشتگیر پێشکەش دەکەن، بێ ئەوەی گەشەی ئابووری یان ئازادییە تاکەکەسییەکان بکەنە قوربانی.

هەردوو نیتچە و مارکس ڕەخنەیان لە پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان هەبوو و پێیان وابوو کە سەرکوتکەرن. ئەوان داوای هەڵسەنگاندنەوەی بەهاکان و دووبارە وێناکردنەوەی کۆمەڵگایان دەکرد بۆ دروستکردنی سیستمێکی دادپەروەرتر. بە تێکەڵکردنی بیرۆکەکانیان، دەتوانین تێگەیشتنێکی قووڵترمان دەربارەی کەموکوڕییەکانی سیستمەکانی ئێستامان هەبێت و هەوڵ بدەین بۆ دروستکردنی کۆمەڵگایەکی یەکسانتر بۆ هەمووان. ئەم یەکگرتنە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی دەسەڵات، نایەکسانی و چەوساندنەوە کە تا ئێستاش لە کۆمەڵگاکەماندا ماونەتەوە.

مارکس و نیتچە هەر یەکەیان لە ڕوانگەی جیاوازەوە مامەڵە لەگەڵ چەمکی دەسەڵات و زاڵبوون لە کۆمەڵگادا دەکەن. مارکس تیشک دەخاتە سەر چڕبوونەوەی دەسەڵات لە دەستی بۆرژوازیدا، کە پرۆلیتاریا بۆ بەرژەوەندی خۆی دەچەوسێنێتەوە. ئەو داوای خەباتی دەستەجەمعی دەکات بۆ ڕووخاندنی ئەم پێکهاتە سەرکوتکەرانە. لە لایەکی ترەوە، ڕەخنەی نیتچە بۆ ئەخلاقی باو و جەختکردنەوەی لەسەر “ویستی دەسەڵات” دەکرێت وەک تەحەدایەک بۆ داینامیکی دەسەڵاتی ئێستا ببینرێت، کە هانی تاکەکان دەدات پرسیار لە سیستمە سەرکوتکەرەکان بکەن و بەرەنگاریان ببنەوە.

تیۆرییەکانی مارکس و نیتچە چوارچێوەیەکی گشتگیر بۆ تێگەیشتن لە کێشە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان، لە نایەکسانی داهاتەوە تا دەگاتە جیاکاری ڕێکخراو (سیستماتیک)، پێشکەش دەکەن. بە ناسینی یەکتربڕینی هۆکارە ئابووری، دەروونی و کولتوورییەکان، دەتوانین چارەسەری گشتگیرتر بدۆزینەوە. ئەم ڕێبازە ڕێگەمان پێ دەدات تەحەدای دۆخی باو (Status Quo) بکەین و داوای سیاستێک بکەین کە یەکسانی و دادپەروەری بۆ هەموو ئەندامانی کۆمەڵگا دابین بکات.

ئاسۆکانی داهاتوو و توێژینەوەی زیاتر

چەمکی نیتچە بۆ “مرۆڤی باڵا” و جەختکردنەوەی لەسەر ئیرادەی تاک و کۆنتڕۆڵی خود، بە توندی پێچەوانەی جەختکردنەوەی مارکسە لەسەر خەباتی بەکۆمەڵ و دابەشکردنەوەی دەسەڵات و سەرچاوەکان. نیتچە داوای هەڵسەنگاندنەوەی بنەڕەتی بەهاکان و ڕەتکردنەوەی ڕێسا ئەخلاقییە باوەکان دەکات، لە کاتێکدا مارکس داوای شۆڕشی پرۆلیتاریا دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە چەوساندنەوەی سەرمایەداری.

هەروەها دەتوانرێت ڕوانگەی بیرمەندانی تریش وەک ماکس ڤێبەر و میشێل فوکۆ بۆ ئەم باسە زیاد بکرێت. ڤێبەر پێی وابوو ئایین و بەها ئەخلاقییەکان کارلێکی ئاڵۆزن لە نێوان تاک و کۆمەڵگا، لە کاتێکدا فوکۆ تیشکی دەخستە سەر سروشتی دەسەڵات و ئاڵۆزییەکانی ئارەزووی مرۆڤ. تێکەڵکردنی ئەم ڕوانگانە یارمەتیمان دەدات باشتر مامەڵە لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی وەرچەرخانی کۆمەڵایەتیدا بکەین.

لە کۆتاییدا، کۆڵینەوە لە کارەکانی نیتچە و مارکس لە جیهانی هاوچەرخدا دەتوانێت تێڕوانینی بەنرخمان دەربارەی داینامیکی دەسەڵات و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان پێ ببەخشێت. بە تێکەڵکردنی بیرۆکەکانی نیتچە دەربارەی دەسەڵات و تیۆرییەکانی مارکس دەربارەی پێکهاتە ئابوورییەکان، دەتوانین چوارچێوەیەکی گشتگیرتر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەوساندنەوە و نایەکسانی دابڕێژین. لێکۆڵینەوە لەوەی چۆن چەمکەکانی تاکگەرایی و کۆمەڵگەرایی لە بیری ئەم دوو بیرمەندەدا یەکدەبڕن، دەتوانێت ڕێگەی نوێ بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و یەکسانی نیشان بدات. بەڵام پێویستە ئەوەش بزانین کە تەنها ململانێی چینایەتی هۆکاری گۆڕانکارییەکان نییە، بەڵکو کاری دەستەجەمعی، هاوپشتی و دامەزراوەکانیش ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن.

حەمید کورەچی




فاشیزمی دیجیتاڵی، هاوپەیمانی مۆنۆپۆلی سەرمایە لەگەڵ ڕاستڕەوی توندڕەو.. ڕزگار ئاکرێی

خوێندنەوەیەکی چەپ بۆ مانیفێستی Palantir Technologies پالانتیر

ئەو مانیفێستەی” پالانتیر” بڵاوی کردووەتەوە نە بەڵگەنامەیەکی تەکنیکی و نە دیدێکی ئابوورییە. بەڵگەنامەیەکی سیاسی ئاشکرایە کە قۆناغێکی نوێ لە ڕێڕەوی سەرمایەداری دیجیتاڵی ڕادەگەیەنێت، قۆناغێک کە تێیدا وازی لە بانگەشەی بێلایەنی هێناوە و بڕیاری داوە خۆی ئاشکرا بکات و ڕوخساری تەواوی ئایدیۆلۆژیای خۆی ئاشکرا بکات. ”پالانتیر” حاڵەتێکی جیا نییە لە دیمەنی تەکنەلۆژیای جیهانی.
یەکێکە لە چەندین کۆمپانیای گەورەی تەکنەلۆژیا کە تەکنەلۆژیاکانیان بە سیستەمەکانی سەرکوتکردن و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دەفرۆشن و لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤەوە سەرکۆنەی کراوە بەهۆی ڕۆڵی لە دیپۆرتکردنەوەی زۆرەملێ و چاودێری بەکۆمەڵ و چەوساندنەوەی بەرهەڵستکاران.
لە هەمووی خراپتر ئەوەیە کە ڕاپۆرتە بەڵگەنامەکان هاوبەشییەکی ڕاستەوخۆی نێوان ئەم کۆمپانیایە دەردەخەن لەگەڵ کۆمپانیاکانی تری تەکنەلۆژیای ڕۆژئاوایی وەک گووگڵ و ئەمازۆن و مایکرۆسۆفت و سوپای ئیسرائیل کە داتا و سیستەمی ئامانج دابین دەکەن کە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا بەکارهاتوون. لەم ڕووەشەوە، لە ناوەڕۆکدا جیاوازی نییە لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی تری سەرمایەداری دیجیتاڵی کە هەمان شت بە شێوەی جیاواز و پلەی جیاوازی کراوەیی ئەنجام دەدەن.
ئەمە ڕاگەیاندنێکی چینایەتییە بۆ پرۆژەیەک بۆ هاوپەیمانییەکی فاشیستی دیجیتاڵی کە تەنها پشت بە توندوتیژی تەقلیدی نابەستێت، بەڵکو پشت بە چاودێری و سەرکوتکردنی دیجیتاڵی و شیکردنەوەی داتا و زیرەکی دەستکرد و دەستکاریکردنی ڕای گشتی و سەرکوتکردنی ناڕەزایی لە رێگەی شێوازێکی هەستپێنەکراو بەڵام کاریگەری قووڵەوە دەبەستێت. هاوپەیمانێتییەک کە تاوانەکانی لە بازنەی نوخبەدا و ئۆفیسی کۆمپانیاکان نامێننەوە، بەڵکو گۆڕەپانەکانی جەنگ و جەستەی خەڵکی مەدەنی دەگرێتەوە، کە ئەمڕۆ بە ڕوونترین شێوە لە ترەمپیزم و هاوپەیمانێتییەکانیدا و تاوانەکانی و جەنگە شەڕانگێزەکانی بەرجەستە کراوە.

لە دۆڵی سیلیکۆنەوە بۆ کۆشکی سپی: هاوپەیمانی ئۆرگانیک
بۆ تێگەیشتن لە مانیفێستی پالانتیر لە دەرەوەی چوارچێوەی دابڕاوەکەی، دەبێت وێنەی ئەو هاوپەیمانییە بهێنینەوە کە لەم چەند ساڵەی دواییدا لەنێوان بەشێک لە نوخبەی تەکنەلۆژیا و پڕۆژەی ڕاستڕەوی ناسیونالیستی توندڕەو دروست بووە. پیتەر ثیل، دامەزرێنەری پالانتیر و گرنگترین سەرمایەداری پیشەی سیاسی ترەمپ، تەنها بازرگانێک نییە کە پشتگیری کاندیدێکی سیاسی بکات.
ئەو ئەو عەقڵە ئایدیۆلۆژیەیە کە لۆژیکی سیاسی خۆی بۆ ئەم پڕۆژەیە دابین دەکات، ئەو کەسەی کە دیموکراسی لیبرال نوێنەرایەتی هەیە وەک بەربەستێک بۆ پڕۆژەی نوخبەی تەکنۆکرات دەبینێت، و بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە کە سەرمایەداری و دیموکراسی لیبرال تەقلیدی ناگونجێن. ئەم هاوپەیمانێتییە ڕێکەوت نییە، و هیچ یەکتربڕێک نییە. ئەمە لێکنزیکبوونەوەیەکی بابەتییە لە نێوان دوو پڕۆژە کە یەک ئامانجیان هاوبەشە: چڕکردنەوەی دەسەڵات لە دەستی ئۆلیگارشی دارایی و سیاسی کە بڕوای وایە “مافێکی سروشتی” هەیە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگاکانی خۆی و ئەوانی تر.
ئەم هاوپەیمانێتییە ئەمڕۆ دەربڕینی دامەزراوەیی خۆی لە بزووتنەوەی خێراکردنی تەکنەلۆژیا دەبینێتەوە کە ئیلۆن مەسک، جێف بیزۆس، مارک زوکەربێرگ و ئەوانی تر لەخۆ دەگرێت، کە بە شێوەیەکی هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی دووەمی ترەمپ دەستیان کردووە بە جوڵە. ئەوەی یەکیان دەخات ڕێکخستنی تەواوی ئایدۆلۆژیا نییە. ئەوەی یەکیان دەخات پێگەی چینایەتی و بەرژەوەندی هاوبەشە: نەهێشتنی هەر کۆتوبەندێکی یاسایی یان دیموکراسی کە توانایان بۆ کەڵەکەبوون، زاڵبوون و فراوانکردنی کۆنتڕۆڵ سنووردار بکات.

مانیفێستی 22 خاڵی: خوێندنەوەی ناوەڕۆکی پۆلەکەی
”پالانتیر” پوختەیەکی کتێبی “کۆماری تەکنەلۆژیا” ی بەڕێوەبەری جێبەجێکارەکەی بڵاوکردەوە کە لە نێو بەشداری فراوانی جیهان و توڕەیی سیاسی زیادبوو. بەڵام تووڕەیی نابێت تەنها بە کاردانەوەی سۆزداری ڕازی بێت، چونکە مانیفێستەکە لە ناوەرۆکی خۆیدا نەخشەڕێگایەکی چینایەتییە کە شایەنی خوێندنەوەیەکی چەپی ورد و قووڵترە لە تووڕەیی.
مانیفێستەکە 22 خاڵ لەخۆ دەگرێت کە بە وردی تەلارسازی بە ئەنقەست دروستکراون، نەک بە هەڕەمەکی. هەندێک خاڵ لە ڕواڵەتدا میانڕەو و مرۆڤانە دەردەکەون، وەک داواکردن بۆ لێبوردەیی بەرامبەر سیاسەتمەداران لە ژیانی تایبەتییاندا، یان دژی دڵخۆشی بە شکستی ڕکابەر.
ئەم خاڵانە نە بێتاوان و نە ڕێکەوتن. ئەمانە ڕووکەشێکی ژمێردراون بۆ بردنەوەی خوێنەری دوودڵ و بەخشینی وێنەیەکی هاوسەنگ بە مانیفێستەکە پێش ئەوەی ڕوخساری ڕاستەقینەی خۆی دەربخات ئەمە ئەو شتەیە کە توێژینەوەکانی ئایدۆلۆژی پێی دەڵێن پێکهاتەی ڕەزامەندی دروستکراو: بڕێک زمانت پێدەدرێت کە دەنگێکی گونجاو بێت بۆ ئەوەی یارمەتیت بدات ژەهراوەکە قووت بدەیت. کەواتە ئەوەی لە مانیفێستەکەدا لۆژیکی دەردەکەوێت بەڵگەی هاوسەنگییەکە نییە، بەڵکو بەڵگەی زیادەیە لەسەر فێڵبازیی.
هەموو ئەم خاڵانە وەک پەردەیەک بەکاردەهێنرێن بۆ بەرەوپێشبردنی ئەجێندایەکی ئایدۆلۆژیای گشتگیر کە هەموو ئەم نیگەرانیانە بە پڕۆژەی سەربازیسازی، زاڵبوون و پلەبەندی شارستانییەوە دەبەستێتەوە. بۆیە تیشک دەخەمە سەر ئەو خاڵانەی کە زۆرترین چینایەتی و ناوەڕۆکی ئایدیۆلۆژیای ڕاستەقینەی ئەم پڕۆژەیە دەردەخەن، لە هەمان کاتدا ئاماژە بە چەمکەکانی تری ناو جەستەی دەقەکە دەکەم.
خاڵی یەکەم جەخت لەوە دەکاتەوە کە “نوخبەی ئەندازیاری دۆڵی سیلیکۆن لە ڕووی ئەخلاقییەوە پابەندن بە بەشداریکردن لە بەرگری لە نەتەوەکە.” ئەم چوارچێوە ئەخلاقییە بێتاوان نییە. کاتێک گرێبەستی سەربازی و ئەمنی وەک “ئەرکێکی ئەخلاقی” پێشکەش دەکرێت، فشاری کۆمەڵایەتی دەبێتە میکانیزمێک بۆ ناچارکردنی ئەندازیاران و پرۆگرامسازان بۆ خزمەتکردنی میکانیزمی جەنگ و سەرکوتکردن، و هەموو دەنگێکی ناڕازی لەناو کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا بە ناوی “نیشتمانپەروەری” بێدەنگ دەکرێت. ئەمە گۆڕینی ویژدانی تاکەکەسە بۆ کاڵایەک لە خزمەتی دەوڵەتی سەربازی و ئەمنی و دامەزراوە سەرکوتکەر و چاودێرییەکانی.
خاڵی دووەم داوای “یاخیبوون لە ستەمی ئەپڵیکەیشنەکان” دەکات، واتە ڕەتکردنەوەی تەکنەلۆژیای بەکاربەر لە بەرژەوەندی سیستەمی ئاسایش و سەربازی قوڵتر. ئەمە ڕەخنەیەک نییە لە سەرمایەداری بەکاربەر وەک دەردەکەوێت. ئەمە بانگەوازێکە بۆ ئاراستەکردنی توانای تەکنەلۆژیا بەرەو ئامێری جەنگ و چاودێری نەک بازاڕی خۆشی.
خاڵی پێنجەم دەڵێت “پرسیارەکە ئەوە نییە کە ئایا چەکی AI دروست دەکرێت یان نا. پرسیارەکە ئەوەیە کێ دروستیان دەکات.” ئامانجی ئەم لۆژیکە داخراو بۆ نەهێشتنی هەر مشتومڕێکی ڕەتکردنەوەی تەکنەلۆژیای سەربازی لە ڕەگەکانیەوە. کاتێک هەڵبژاردن وەک “ئێمە یان دوژمن” دادەنرێت، ئەگەری وتنی “نەخێر بۆ چەک” دەسڕێتەوە. ئەمە هەمان لۆژیکە کە لەلایەن ئیدارەکانی جەنگی ساردەوە بەکاردەهێنرێت بۆ بێدەنگکردنی بزووتنەوەی ئاشتی و سنووردارکردنی ڕێکخراوە چەپەکان، و لێرەدا بە بەرگی دیجیتاڵی دەگەڕێتەوە.
خاڵی شەشەم داوا دەکات کە خزمەتی نیشتمانی ئەرکێکی جیهانی بێت و داوای پێداچوونەوە بە سەربازی خۆبەخش بکات لە بەرژەوەندی سەربازی زۆرەملێ. ئەم داواکارییە ڕوخساری فاشیستی کلاسیکی مانیفێستەکە دەردەخات: کاتێک دەوڵەت ئامادەیی خۆبەخشانە بۆ بەشداریکردن لە جەنگەکانی بەرهەم نەهێنێت، پەنا دەباتە بەر زۆرداری دامەزراوەیی و پێی دەڵێت “بەرپرسیارێتی هاوبەش”. لە هەمووی ڕوونتر ئەوەیە کە ئەو کۆمپانیایەی داوا لە گەنجان دەکات ژیانی خۆیان پێشکەش بکەن بۆ بەرگری لە ڕۆژئاوا لە هەمان کاتدا ملیارەها دۆلار لە گرێبەستەکانی جەنگ بەدەست دەهێنێت کە تیایدا ئەو گەنجانە دەمرن. ئەرک بۆ هەمووان، قازانج بۆ کەمێک.
خاڵی حەڤدە جەخت لەوە دەکاتەوە کە “دۆڵی سیلیکۆن دەبێت ڕۆڵی هەبێت لە چارەسەرکردنی تاوانی توندوتیژی.” ئەم پێشنیارە لە ڕواڵەتدا پراگماتیک دەردەکەوێت، بەڵام لە ناوەڕۆکدا فراوانکردنی دەسەڵاتەکانی کۆمپانیاکانی ئاسایشی تایبەتە بۆ تێپەڕاندنی ڕۆڵی دەوڵەت و گۆڕینی بۆ هێزێکی سەربەخۆی کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی، کە بە لۆژیکی قازانج کار دەکات نەک لۆژیکی یاسا و دادوەری سەربەخۆ و لێپرسینەوەی دیموکراتی.
خاڵی بیست داوای “بەرگری لە بەرهەڵستی بەربڵاوی باوەڕی ئایینی” دەکات. ئەم خاڵە لە بەرگرییەکی ڕاستەقینە لە ئازادی بیروباوەڕەوە سەرچاوە ناگرێت. ئەمە بڵاوکردنەوەی هەلپەرستانەی گوتاری ئایینییە بۆ بنیاتنانی هاوپەیمانییەکی ئایدیۆلۆژی لەگەڵ تەوژمە کۆنسێرڤاتیڤ و ئاینییەکان کە زۆر ئامادەن بۆ جوڵەکردن لە پشت پرۆژەکانی جەنگ. مێژوو فێرمان دەکات کە هەموو پڕۆژەیەکی فاشیستی پێویستی بە هاوپەیمانی لەگەڵ دامەزراوە ئاینییەکان هەبوو بۆ بەخشینی کارەکتەرێکی پیرۆز بە توندوتیژی، ئەمەش ئەو خاڵەیە کە ئەم خاڵە لە ژێر پەردەی “ئازادی باوەڕ” بەدوای خۆیدا دەگەڕێت.
خاڵی بیست و یەک ئاشکراترین ڕەهەندی ئایدیۆلۆژیای قووڵە، کاتێک ڕایدەگەیەنێت کە “هەندێک کەلتوور پێشکەوتنی گرنگیان بەرهەمهێناوە لە کاتێکدا هەندێکی تر ناچالاک و دواکەوتووانە دەمێننەوە.” ئەم ڕستەیە بیروڕای کەلتووری تێپەڕین نییە. ئەمە بناغەی تیۆری ڕەگەزپەرستی کۆلۆنیالی شارستانییە کە زاڵبوون و داگیرکردن و کوشتنی گەلان لە ژێر پەردەی “بەڕێوەبردنی عەقڵانی شارستانیەت” پاساو دەدات.
ئەم لۆژیکە لە بنەڕەتدا جیاوازی نییە لەگەڵ “باری پیاوی سپی” کە لە سەدەکانی پێشوودا کۆلۆنیالیزمی پاساو دەدا، و ئەمڕۆش بە زمانی ئەلگۆریتمی و داتای گەورە بەرهەم دەهێنرێتەوە. ئەوەی کە مەترسیدارتر دەکات لە پێشینەکەی ئەوەیە کە پێویستی بە هیچ هێزێکی داگیرکەری دیار نییە. داتابەیسێک و ئەلگۆریتمی ئامانج بەسە.

ترەمپیزم وەک سیستەمێک نەک وەک کەسێک
هەڵەی باو ئەوەیە کە ترەمپیزم بۆ کەسایەتی دۆناڵد ترەمپ کەم بکرێتەوە. ترەمپیزم پرۆژەیەکی چینایەتی گشتگیرە کە سەرمایەی دارایی نەتەوەیی و ناسیۆنالیزمی شۆڤێنی و دوژمنایەتی بەرامبەر کۆچبەران و کەمایەتییەکان تێکەڵ دەکات. لە ناوەڕۆکدا دەربڕینی قەیرانی سەرمایەدارییە کاتێک چیتر ناتوانێت وەهمی لیبرالی بۆ بینەرەکانی بەرهەم بهێنێت، بۆیە پەنا دەباتە بەر گوتاری ناسیونالیستی شەڕانگێز بۆ ئەوەی سەرنج لە دژایەتییە چینایەتییە ڕاستەقینەکان لابدات. ئەوەی مانیفێستی پالانتیر دەیکات بەستنەوەی سەرمایەی مۆنۆپۆلی دیجیتاڵییە بەم پڕۆژەیە و دابینکردنی ئامرازی تەکنەلۆژیای پێویست بۆ گۆڕینی لە گوتاری سیاسی هەڵبژاردنەوە بۆ سیستەمێکی ڕاستەقینەی کۆنتڕۆڵ.
هاوکاری بەڵگەنامەیی نێوان پالانتیر و دەسەڵاتدارانی کۆچبەران و دەزگا ئەمنییەکان لە بەدواداچوون و دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران نموونەیەکی پراکتیکی ئەم هاوپەیمانێتییە. تەکنەلۆژیا لێرە بۆ خزمەتکردنی ئاسایش بە هیچ مانایەکی بێلایەن بەکار ناهێنرێت. بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی سەرکوتکەر و ڕەگەزپەرستی بە کارایی بەرز بەکار دەهێنرێت. ئامرازی دیجیتاڵی سەرکوتکردن خێراتر و وردتر دەکات و کەمتر پێویستی بە پاساوی گشتی هەیە.

دەرەبەگایەتی دیجیتاڵی و قۆناغی فاشیستی

وەک پێشتر لە شیکردنەوەکانم بۆ سەرمایەداری دیجیتاڵی باسی ئەوەم کرد، ئێمە لە قۆناغی پێشکەوتووی دەرەبەگایەتی دیجیتاڵیدا دەژین، کە تیایدا کۆمپانیا گەورەکان ژێرخانی دیجیتاڵی قۆرخ دەکەن و مەرجەکانیان بەسەر بەکارهێنەراندا دەسەپێنن، هەروەک چۆن دەرەبەگەکان سەردەمێک زەوییان قۆرخ دەکرد و جوتیارانیان کۆنتڕۆڵ دەکرد. ئەوەی مانیفێستی پالانتیر دەریدەخات ئەوەیە کە ئەم دەرەبەگایەتی دیجیتاڵییە ئێستا دەچێتە قۆناغی فاشیستی خۆیەوە، ئەو قۆناغەی کە سەرمایە چیتر خۆی بە چەوساندنەوەی ئابووری بێدەنگ ڕازی ناکات بەڵکو بەرەو جوڵە و کۆنتڕۆڵی سیاسی و ئایدۆلۆژیای ئاشکرا دەڕوات بۆ پاراستنی سیستەمەکەی لە هەر هەڕەشەیەک.
لە ژێر سەرمایەداری دیجیتاڵیدا، چیتر تەنها کرێکارانی دەستی و ڕۆشنبیری تەقلیدی نین کە قوربانی چەوساندنەوەن. هەموو بەکارهێنەرێک داتای ڕۆژانە بەرهەم دەهێنێت کە دەگۆڕدرێت بۆ ماددەی خاو بۆ بەرهەمهێنانی بەهای زیادە بەبێ قەرەبووکردنەوە.
کۆیلەکانی دیجیتاڵ لە سیستەمێکدا کار دەکەن کە خاوەنیان نییە و لەژێر یاسادان کە هیچ کاریگەرییەکی ڕاستەقینەیان بەسەردا نییە. ئەوەی مانیفێستەکە بۆ ئەم وێنەیە زیاد دەکات سەربازییە: هەمان ئەو سیستەمە چەوسێنەرانە ئێستا ئاراستەی چوارچێوەی مێشکی مرۆڤ و جەنگ و سەرکوتکردنی ناڕەزایی و بەزۆر دوورخستنەوە و بەڕێوەبردنی سیستەمەکانی کۆنترۆڵی ئەمنی دەکەن.

ئەلگۆریتمەکانی مەرگ
ناکرێت مانیفێستەکە بە جیا بخوێنرێتەوە لەوەی کە لە جەنگە هاوچەرخەکاندا ڕوودەدات. ڕاپۆرتە بەڵگەکراوەکان ئاشکرایان کردووە کە پالانتیر هاوبەشی ستراتیژی لەگەڵ سوپا و دامەزراوە ئەمنییەکان دامەزراندووە بۆ دروستکردنی داتابەیسی ئامانج کە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا بەکاردەهێنرێت. ئەمە ئەگەرێکی تیۆری نییە. ئەمە کردارێکی ڕۆژانەی دۆکیۆمێنتکراوە: ئەلگۆریتمەکان ژیانی مرۆڤ دەگۆڕن بۆ خاڵی داتا و خاڵەکانی داتا بۆ ئامانجی سەربازی.
لە فەلەستین، ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانی و لێکۆڵینەوە بەڵگەی بەکارهێنانی سیستەمی زیرەکی دەستکرد بۆ دروستکردنی لیستی ئامانج تۆمار کردووە کە بووە هۆی کۆمەڵکوژی خەڵکی مەدەنی لە غەززە. لە ڤەنزوێلا، ئێران و وڵاتانی تر کە واشنتن بە “هەڕەشە” پۆلێن دەکات، سیستەمی چاودێری و داتا بەکاردەهێنرێت بۆ پاڵپشتیکردنی میلیتاریزم و دەستدرێژی و جەنگ کە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی بێت.
ئەوەی کۆمپانیاکە پێی دەڵێت “سیستەمی ئامانجی زیرەک” لە پراکتیکدا ئامێرێکە بۆ بەڕێوەبردنی کوشتن بە کاریگەری پیشەسازی. کوشتن چیتر پێویستی بە بڕیارێکی مرۆڤی بەرپرسیارانە نییە. پێویستی بە ئەلگۆریتمێک و داتای پێویست و گڵۆپی سەوز هەیە لە دەزگایەک کە هیچ لێپرسینەوەیەکی دیموکراتی نییە. ئەمە کارپێکردنی مەیدانی ئەو شتەیە کە مانیفێستەکە پێی دەڵێت “توانای بڕیاردان لە کاتی ڕاستەقینە”دا، کە بڕیاری کوشتن دەستبەجێ لە سیستەمە تەکنیکییە داخراوەکاندا دەدرێت.
لە هەمووی گرنگتر لەم چوارچێوەیەدا، بەکارهێنانی ئەم سیستەمانە ناتوانێ لەو گوتارە جیا بکرێتەوە کە پاساو بۆ پۆلێنکردنی تەواوی کۆمەڵگاکان وەک دواکەوتوو یان هەڕەشە دەکات. تاوانەکە بە بۆمبەکە دەست پێناکات. بە پۆلێنکردن دەست پێدەکات. کاتێک هەموو کۆمەڵگاکان وەک هەڕەشە پێناسە دەکرێن، کوشتن و بەئامانجگرتنی هاووڵاتیانی مەدەنی دەبێتە “بەڕێوەبردنی ئاسایش” نەک تاوانێک کە دەبێت ئەنجامدەرانی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

وەهمی بێلایەنی تەکنەلۆژیا، چاودێری خود و سەرکوتی دیجیتاڵی وەک ئامرازی کۆنتڕۆڵ
مەترسی ئەو مۆدێلەی کە ”پالانتیر” دروستی دەکات تەنها لە بەکارهێنانی سەربازی ڕاستەوخۆی نییە. لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە کە دەتوانرێت بە “کۆمەڵگای چاودێری” وەسف بکرێت، کاتێک کۆنتڕۆڵ دەبێتە ناوخۆیی نەک دەرەکی. کاتێک تاک دەزانێت لە هەموو ساتێکدا چاودێری دەکرێت و هەست دەکات هەموو کارلێکێکی دیجیتاڵی تۆمار دەکرێت و شیدەکرێتەوە، دەست دەکات بە سەپاندنی چاودێری بەسەر خۆیدا.
ئەوان قسەی خۆیان دەگۆڕن، خۆیان لە بابەتە هەستیارەکان دوور دەخەنەوە، خۆیان لە بیروبۆچوونە ناڕازیە ڕادیکاڵەکان دوور دەخەنەوە. ئەم چاودێری خۆبەخشانە بزووتنەوە چەپ و پێشکەوتووخواز و ڕێکخراوە کرێکارییەکان لە ناوەوە سنووردار دەکات و لاواز دەکات، بەبێ ئەوەی پێویست بە دەستگیرکردن یان سنووردارکردنی ڕاستەوخۆ بکات.
بانگەوازی مانیفێستەکە بۆ “تێگەیشتنی قووڵ لە هەڵسوکەوتی مرۆڤ” وەک مەرجێک بۆ ئاسایش لە ڕاستیدا بانگەوازێکە بۆ بنیاتنانی سیستەمێکی گشتگیر بۆ تێکدانی چالاکی سیاسی بەکۆمەڵ پێش ئەوەی سەرهەڵبدات. پێشبینیکردنی هەڵسوکەوتی ناڕەزایی دەربڕین و هەڵوەشاندنەوەی پێش ئەوەی ببێتە بزووتنەوەیەکی ڕێکخراو ئەو خەونەیە کە دەزگا ئەمنییەکان لەمێژە بەدوایدا دەڕۆن و تەکنەلۆژیای پالانتیر بەرەو بەدیهێنانی نزیک دەبێتەوە.
یەکێک لە دیارترین میکانیزمە ئایدیۆلۆژییەکانی مانیفێستەکە پشتبەستنە بە لۆژیکی بڕیاری داخراو . “بێلایەنی تەکنەلۆژیا نابێت”، “پرسیارەکە ئەوە نییە کە ئایا چەکی AI دروست دەکرێت یان نا”، “دیموکراسیەکان ناتوانن تەنها پشت بە وتاری ئەخلاقی ببەستن.” ئامانجی ئەم بۆچوونە گۆڕینی هەڵبژاردنە سیاسیەکانە بۆ ڕاستییەکی سروشتی و نەهێشتنی هەر پرسیارێک لە سروشتی سیستەمی ئێستا لە بواری مشتومڕی ڕەوا. ئەمە هەمان ئەو بۆچوونەیە کە نیولیبراڵەکان بەکاری دەهێنن کاتێک لە ساڵانی 1990 دا ڕایانگەیاند “سەرمایەداری کۆتایی مێژووە”. ئێستا هەمان لۆژیکا لە فۆرمولەی ئاسایشدا دەگەڕێتەوە: هیچ هەڵبژاردنێک نییە جگە لە سەربازیکردنی دیجیتاڵی.
ئەم دیترمینیزمە وەسفێکی بێلایەنی واقیع نییە. تاکتیکە بۆ بەتاڵکردنەوەی سیاسەت لە ناوەرۆکەکەی. کاتێک دڵنیا بوویت کە هیچ جێگرەوەیەک نییە، واز لە گەڕان بەدوای یەکێکیان دەهێنیت. ئەمەش ئامانجی سەرەکی ئەم زمانەیە.

ئەڵتەرناتیڤی چەپ: پرسی خاوەندارێتی و کۆنتڕۆڵی بەکۆمەڵ

مانیفێستەکەی پالانتیر تەنها بەڵگەنامەیەکی کۆمپانیایەکی تەکنەلۆژیا نییە کە هەڵوێستەکانی ڕادەگەیەنێت. ئەمە زەنگێکی ئاگادارکردنەوەیە کە هێزە پێشکەوتووەکان دەبێت بە ڕوونی بیبیستن: شەڕ لەسەر داهاتووی تەکنەلۆژیا چیتر لە پشت پەردەوە خۆی ناشارێتەوە. ئەو هەنگاوی ناوە بۆ کراوە، بەبێ شەرم خۆی ڕادەگەیەنێت. ئەوانەی لە تێگەیشتن لەم گۆڕانکارییە دوادەکەون، چوونە ژوورەوەیان بۆ ناو یەکلاکەرەوەترین گۆڕەپانی خەبات لەم سەدەیەدا دوادەخەن.
پرسیاری بنەڕەتی ئەوە نییە کە تەکنەلۆژیا چۆن بەکار دەهێنرێت. ئەوە ئەوەیە کە کێ خاوەنیەتی و ئامانجەکانی دیاری دەکات. تەکنەلۆژیا نابێتە ئامرازی ئازادی تا ئەو کاتەی لە دەستی مۆنۆپۆلی دیجیتاڵی هاوپەیمان لەگەڵ پرۆژەکانی ڕاست و جەنگ و سەرکوتکردندا بمێنێتەوە. هەر گفتوگۆیەکی جددی دەبێت لە پێویستی خاوەندارێتی کۆمەڵایەتی لە ژێرخانی دیجیتاڵی و لە خستنەژێر ئەلگۆریتمی و زیرەکی دەستکرد دەست پێبکات بۆ چاودێری دیموکراتی ڕاستەقینە کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی جەماوەری کرێکار دەکات نەک نوخبەی قۆرخکار.
ئەمە پێویستی بە هێزە چەپەکان، پێشکەوتووخوازان و مافەکانی مرۆڤ هەیە کە بە جددی لەگەڵ گۆڕەپانی تەکنەلۆژیا وەک بوارێکی گرنگی خەباتی چینایەتی تێکەڵ ببن. بەرهەمهێنانی ڕەخنەی فیکری، هەرچەندە گرنگ بێت، بەس نییە بەبێ بنیاتنانی بەدیلی تەکنەلۆژیای ڕاستەقینە لە ڕێگەی هەماهەنگی و کاری هاوبەش لە ڕێگەی نێودەوڵەتی دیجیتاڵی: پلاتفۆرمە کۆمەڵایەتیەکان ئازاد لە قۆرخکاری و سنووردارکردن و سەرکوتکردن. ئامرازەکانی گەڕان کە ڕێز لە تایبەتمەندی هەموو بەکارهێنەران دەگرن. سیستەمەکانی زیرەکی دەستکرد بە شێوەیەکی دیموکراتی و شەفاف بەڕێوە دەبرێن. و ئەپڵیکەیشنی دیجیتاڵی تر. ئەمانە پڕۆژەی ڕابواردنی داهاتوو نین. پێویستییەکی ستراتیژی بەپەلەن بۆ هەر پڕۆژەیەکی جددی ئازادیخوازی.

زیادکردنی پێویست: داماڵینی تەکنەلۆژیا وەک پێشمەرجێک

دروستکردنی بەدیل بەتەنها بەس نییە مەگەر لەگەڵ هەڵمەتێکی ڕێکخراو بۆ داماڵینی ئەم قۆرخکارانە لە چەکی تەکنەلۆژیا. لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ”پالانتیر” حاڵەتێکی نائاسایی یان نائاسایی نییە لە دیمەنی تەکنەلۆژیادا. ئەمە ڕوونترین و بوێرانەترین دەربڕینی ئەو شتانەیە کە زۆربەی کۆمپانیاکانی تر بە بێدەنگییەکی گەورەتر و وتارێکی نەرمتر پەیڕەوی دەکەن. ئەوەی وای لێدەکات سەرنج بخاتە خاڵی سەرنج لەم شیکردنەوەیەدا ئەوەیە کە ئەو شتانەی ئاشکرا کرد کە کەسانی تر ڕاهاتوون بیشارنەوە، نەک ئەوەی کە لە ناوەڕۆکدا جیاوازی لەوان هەیە. سیستەمەکە یەکێکە. تاکە جیاوازی پلەی ڕاشکاوییە.
هەروەک چۆن بزووتنەوە کرێکارییە مێژووییەکان هەوڵی داماڵینی سەرمایەی کارگە و کێڵگەکانیان دا، ئەمڕۆش خەباتێکی هاوشێوە پێویستە بۆ دەرهێنانی ئەلگۆریتمی کوشندە، سیستەمە ئامانجەکان و چاودێری بەکۆمەڵ لە چنگی ئەم کۆمپانیایانە بەکۆمەڵ.
ئەم ململانێیە چەندین شێوەی هەیە: بایکۆتکردنی خزمەتگوزاریەکانیان، ئاشکراکردنی گرێبەستە نهێنییەکانیان لەگەڵ حکومەتەکان، دادگایی کردنی بەڕێوبەرەکانیان لەبەردەم دادگای نێودەوڵەتی بە تۆمەتی بەشداریکردن لە تاوانەکانی جەنگ، و فشار خستنە سەر دامەزراوە گشتییەکان بۆ پچڕاندنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەم کۆمپانیایانە. هەر گرێبەستێکی حکومەت لەگەڵ ئەم سیستەمە پارەی راستەوخۆی ئامێری کوشتن و دیپۆرتکردنەوەیە. وەستاندنی ئەم لێشاوە داراییە هێڵی یەکەمی ڕووبەڕووبوونەوەیە.
ئەم ڕێگایە بەبێ کارکردن لە هەردوو ئاستی یاسادانانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا تەواو ناکرێت. لەسەر ئاستی ناوخۆیی، دەبێت فشار بخرێتە سەر یاسای توند کە کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیای ئاسایش ناچار بکات شەفافیەتی تەواو لە گرێبەستەکانیان لەگەڵ حکومەتەکان بپارێزن، بەکارهێنانی سیستەمی زیرەکی دەستکرد لە ئامانجە سەربازییەکاندا لە دەرەوەی هەر چاودێرییەکی دادوەری سەربەخۆ بە تاوان ناساندن.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، دەبێت کار بکرێت بۆ ملکەچی ئەو کۆمپانیایانە بۆ پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ، بەتایبەتی پەیماننامەی جنێڤ کە قەدەغەکردنی ئامانجە کەسییەکانی مەدەنی و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاراستنی زانیارییە کەسییەکان و ڕێنماییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بازرگانی و مافەکانی مرۆڤ. کۆمپانیایەک کە داتابەیسی ئامانج لە ناوچەکانی جەنگ دروست دەکات ڕێگە نادرێت لە دەرەوەی ئەم چوارچێوە یاساییە کار بکات و ئەگەر وابکات ئەوا ئەو حکومەتانەی گرێبەستی لەگەڵدا دەکەن بەرپرسیارێتی تاوانکاری هاوبەشیان لە ئەستۆ گرتووە. ئەمە داواکارییەکی ڕیفۆرمیستی خۆشگوزەرانی نییە. ئەمە کەمترین داوایە لەلایەن مرۆڤایەتی یاسا لە ڕووبەڕووبوونەوەی نامرۆڤانەی ئەلگۆریتمەکە.

زیادکردنی دووەم: ئاشکراکردنی بێدەنگی کرێکاران لە دڵی مانیفێستەکەدا

ئەوەی لە مانیفێستەکەی پالانتیردا جێگەی مانگرتووە، لە ڕاستیدا ئەوەی زۆر جێی گومانە ئەوەیە کە یەک وشە باسی کرێکاران، سەندیکاکان، مافی ڕێکخستن و مانگرتنەکە ناکات. لە بەڵگەنامەیەکدا کە باس لە “نوخبەی ئەندازیاری” و “ئەرکی ئەخلاقی” و “کەلتووری دواکەوتوو” دەکات، هیچ شوێنێک نییە بۆ ئەو کرێکارە دەستی و ڕۆشنبیرانەی کە ئەم ئەلگۆریتمانە دروست دەکەن، بەکاریان دەهێنن و لەژێر قورسایی هەمان چاودێری دەژین.
ئەم بێدەنگییە ڕێکەوت نییە. ئەمە دانپێدانانێکی نادیارە کە پڕۆژەی تەکنەلۆژیای فاشیستی ناتوانێت ڕووبەڕووی پرسی کرێکاران ببێتەوە، چونکە کرێکاران بەتەنیا ئەگەر خۆیان ڕێک بخەن، دەتوانن هێڵەکانی بەرهەمهێنانی مردن بە تەواوی بوەستێنن. مانگرتنێکی گشتی لە دۆڵی سیلیکۆن، یان تەنانەت لە ئۆفیسەکانی پالانتیر، مۆتەکەی ئەم پڕۆژەیە. کەواتە پشتگیری کردنی سەندیکاکانی کرێکارانی تەکنەلۆژیا و بەستنەوەی خەباتیان بە خەباتی جیهانییەوە کارێکی بەرهەڵستکارییە لە پلەی یەکەم.
ئەم خەباتە تەکنەلۆژیایە ناتوانێ لە خەباتی جەماوەری لەسەر زەوی جیا بکرێتەوە. تەکنەلۆژیا ئامرازێکی پاڵپشتییە بۆ تێکۆشان، نەک جێگرەوەی. دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە ڕێکخستنی سیاسی، کرێکاری و جەماوەری، لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکاندا، لە هاوخەباتی نێودەوڵەتی لە نێو جەماوەری زەحمەتکێشی ئەم سیستەمەدا دەمێنێتەوە چ لە جەنگدا، لە سنوورەکان، یان لە گەڕەکەکانی کرێکاران کە لەلایەن ئەلگۆریتمەکانەوە چاودێری دەکرێن کە پێویستیان بە مۆڵەتی کەس نییە.

دەرئەنجام: فاشیزمی دیجیتاڵی بە ناوی ڕاستەقینەی خۆیەوە
مانیفێستی پالانتیر بە ڕوونی ئەوە دەردەخات کە ئێمە ڕووبەڕووی شێوازێکی نوێی فاشیزم دەبینەوە، نەک تەنها لە مانا مێژووییە تەسکەکەدا، بەڵکو لە مانا بنەڕەتیەکەیدا: هاوپەیمانی سەرمایەی مۆنۆپۆل لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی نەتەوەیی شەڕانگێز و بڵاوکردنەوەی توندوتیژی، سەرکوتکردن و پلەبەندی شارستانی بۆ پاراستنی ئەم هاوپەیمانییە لە هەر هەڕەشەیەکی جەماوەری. تاکە جیاوازییەکە ئەوەیە کە ئامرازەکانی ئەم فاشیزمە ئەمڕۆ ئەلگۆریتمەکان، داتای گەورە و زیرەکی دەستکردن، و ئەمەش وایکردووە بەرهەڵستی قورستر بێت لەوەی پێش خۆی.
کاتێک ئەلیکساندەر کارپ نووسینی مانیفێستی فەلسەفی لە ئۆفیسەکەی تەواو دەکات، ئەلگۆریتمەکانی کۆمپانیاکەی دروستی کردووە بەردەوام دەبن لە کارەکانیان بۆ دیاریکردنی ئامانجەکان، بەدواداچوونی کۆچبەران لەسەر سنوورەکان، دروستکردنی داتابەیسی بەرهەڵستکاران لە سەرانسەری جیهاندا، و پاڵپشتیکردنی میکانیزمی میلیتاریزم و سەرکوتکردن لە سەرانسەری جیهاندا. فەلسەفە و تاوان دوو ڕووی یەک دراون.
خەبات بۆ دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئازادی ئەمڕۆ بە ناچاری و بە شێوەیەکی گرنگ لە ڕێگەی تێکۆشانی ئازادکردنی تەکنەلۆژیا لەم هاوپەیمانییە چینایەتییە شەڕانگێزە تێدەپەڕێت. ئەمە پرسیارێکی تەکنیکی یان پرسیارێکی ئەخلاقی ئەبستراکت نییە. ئەمە پرسیارێکی سیاسییە و بەشێکە لە ململانێیەکی مێژوویی لەسەر ئەوەی کێ کۆنتڕۆڵی داهاتوو و هۆشیاری مرۆڤایەتی دەکات: کەمینەی قۆرخکاری هاوپەیمان لەگەڵ پرۆژەکانی کوشتن و سەرکوتکردن، یان جەماوەری کرێکار کە دەبێت دەسەڵاتی خۆیان بەسەر ئەو ئامرازانەدا بسەپێنن کە ژیان و چارەنووسیان پێکدەهێنن.


سەرچاوەکان و سەرچاوەکان
یەکەم: سەرچاوەی سەرەکی — مانیفێستی پالانتیر
1. Palantir Technologies — The Technological Republic، بە کورتی (پۆستی فەرمی X، نیسانی 2026) https://x.com/PalantirTech/status/2045574398573453312
2. Karp, Alexander C. and Zamiska, Nicholas W. — کۆماری تەکنەلۆژیا: هێزی سەخت، باوەڕی نەرم، و داهاتووی ڕۆژئاوا. دراوی تاج، نیویۆرک، 2025. https://techrepublicbook.com/
دووەم: ڕاپۆرت و شیکاری ڕۆژنامەوانی لەسەر مانیفێستەکە
3. ئەلجەزیرە ئینگلیزی — “تەکنۆفاشیزم؟ بۆچی مانیفێستەکەی پالانتیر لایەنگری ڕۆژئاوا ڕەخنەگرانی نیگەران کردووە”، 21 ی نیسانی 2026. https://www.aljazeera.com/news/2026/4/21/technofacism-why-palantirs-pro-west-manifesto-has-critics-alarmed
4. TechCrunch — “Palantir مینی مانیفێستی ئیدانە دەکات لە گشتگیری و کەلتووری “دواکەوتوو”، 19 ی نیسانی 2026. https://techcrunch.com/2026/04/19/palantir-posts-mini-manifesto-denouncing-regressive-and-harmful-cultures
5. Engadget — “Palantir مانیفێستێکی بڵاوکردەوە کە وەک پیاسەی خراپەکارێکی کتێبی کۆمیدی دەخوێنرێتەوە،” نیسانی 2026. https://www.engadget.com/big-tech/palantir-posted-a-manifesto-that-reads-like-the-ramblings-of-a-comic-book-villain-181947361.html
6. TRT World — “ئینتەرنێت لە توڕەیی لە مانیفێستی تەکنەلۆژیای دیستۆپی Palantir دەتەقێتەوە،” نیسانی 2026. https://www.trtworld.com/article/e3c96555543c
7. هۆکار — “مانیفێستی نوێی پالانتیر دەیەوێت ڕەشنووسی سەربازی بگەڕێندرێتەوە،” 20 ی نیسانی 2026. https://reason.com/2026/04/20/this-big-tech-firm-wants-to-reinstate-the-draft
سێیەم: ڕاپۆرتەکانی مافەکانی مرۆڤ لەسەر پالانتیر و هاوکاری تەکنەلۆژیای گەورە لە غەززە
8. لێبوردنی نێودەوڵەتی — ڕاپۆرت لەسەر ئابووری سیاسی جیهان کە یارمەتی جینۆسایدی ئیسرائیل دەدات و پالانتیر لە نێو بەشدارە سەرەکییەکاندا ناودەبات، ئەیلولی 2025. https://www.democracynow.org/2025/9/18/amnesty_international
9. Truthout — “لێبوردنی نێودەوڵەتی داوا لە وڵاتان دەکات ئەو ئابوورییەی پشتگیری جینۆسایدی ئیسرائیل دەکات ڕابگرن”، ئەیلولی 2025. https://truthout.org/articles/amnesty-calls-for-states-to-pull-the-plug-on-economy-backing-israels-genocide
10. سەنتەری سەرچاوەی بازرگانی و مافەکانی مرۆڤ — گوایە پالانتیر توانای بە ئامانجگرتنی AI ی ئیسرائیل لە غەززە دەدات و نیگەرانی لە تاوانەکانی جەنگ دروست دەکات. https://www.business-humanrights.org/en/latest-news/palantir-allegedly-enables-israels-ai-targeting-amid-israels-war-in-gaza-raising-concerns-over-war-crimes/
11. سەنتەری سەرچاوەی بازرگانی و مافەکانی مرۆڤ — “ئەمازۆن، گووگڵ و مایکرۆسۆفت سووتەمەنی دەستدرێژی سەربازی ئیسرائیل لە غەززە دەکەن، لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن”، شوباتی 2025. https://www.business-humanrights.org/en/latest-news/amazon-google-microsoft-fuel-israeli-military-aggression-in-israels-war-on-gaza-investigation-reveals/
12. سەنتەری سەرچاوەی بازرگانی و مافەکانی مرۆڤ — “گووگڵ و ئەمازۆن و مایکرۆسۆفت گوایە دەستیان لە تاوانەکانی جەنگ هەیە لە شەڕی ئیسرائیل لە غەززە.” https://www.business-humanrights.org/en/latest-news/google-amazon-microsoft-allegedly-complicit-in-war-crimes-amid-israels-war-in-gaza/
13. ناوەندی سەرچاوەی بازرگانی و مافەکانی مرۆڤ — “گووگڵ وەڵامی ئەو تۆمەتانەی نەدایەوە کە پەیوەندییان بە تاوانەکانی جەنگەوە هەبووە لە شەڕی ئیسرائیل لە غەززە”. https://www.business-humanrights.org/en/latest-news/google-did-not-respond-to-the-allegations-over-its-complicity-in-war-crimes-amid-israels-war-in-gaza/
14. سەنتەری سەرچاوەکانی بازرگانی و مافەکانی مرۆڤ — “ئەمازۆن وەڵامی ئەو تۆمەتانەی نەدایەوە سەبارەت بە بەشداریکردنی لە تاوانەکانی جەنگ لە میانەی شەڕی ئیسرائیل لە غەززە،” نیسانی 2025. https://www.business-humanrights.org/en/latest-news/amazon-did-not-respond-to-the-allegations-over-its-complicity-in-war-crimes-amid-israels-war-in-gaza/
15. سەنتەری سەرچاوەی بازرگانی و مافەکانی مرۆڤ — “مایکرۆسۆفت وەڵامی ئەو تۆمەتانەی نەدایەوە سەبارەت بە بەشداریکردنی لە تاوانەکانی جەنگ لە شەڕی ئیسرائیل لە غەززە”، نیسانی 2025. https://www.business-humanrights.org/en/latest-news/microsoft-did-not-respond-to-the-allegations-over-its-complicity-in-war-crimes-amid-israels-war-in-gaza/




شاعیرى نەفرەتلێكراو.. (ئونسی ئەلحاج و قەسیدەى پەخشان).. عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

(1)
شیعر لە دەرەوەی وشە و دەربریندا- خۆشەویستییە، ژیاندۆستییە، مرۆڤدۆستییە… یەكەم كۆمەڵە شیعری (ئونسی لويس ئەلحاج- 27 يوليو 1937 – 18 فبراير 2014) شاعری هاوچەرخی لوبنانی، بەناونیشانی «لن» ساڵی 1960دا بڵاوبۆوە، لەبەر ئەوەی شێوە كۆنەكانی شیعری عەرەبی لەرزاند، نەفرەتییان لێكرد.
هەرگیز (ئونسی ئەلحاج) دەستەكانی بە سیاسەت پیس نەكرد، هەمیشە لەگەڵ ئازادی بوو. ئەوە قسەیەكی سادە نییە، بەڵكە ڕاستییەكی قووڵە كە لە ژیانی ئونسی ئەلحاجدا ڕەنگیداوە… ئەو شاعیرەی كە قسەی خۆی گوت و لە تەمەنی (حەفتا و حەوت) ساڵیدا، دوای ململانێیەكی درێژ لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجە، بە ئارامی ڕۆیشت…
شیعرەكانی (ئونسی لويس ئەلحاج) بۆ زمانی فەڕەنسی و ئینگلیزی وەرگێڕدراون، و هەندێكـ لە موزیسیانانیش ئیلهامیان لە پەیڤەكانی وەرگرتووە و كاری هونەری و مۆسیقییان لەسەر بونیادناوە… لە یەکێک لە گرنگترین بابەتە تایبەتەکانی لەبارەی گۆرانیبێژی لوبنانی (فەیروز) بەناونیشانی “بەوپەڕی توندوتیژییەوە خۆشم دەوێت”، تیایدا دەڵێت: لە ژیانی ئێمەدا شوێنێک بۆ فەیروز نییە؛ هەموو شوێنەک تەنها بۆ فەیروزە…
هەندێكـ لە بڵاوكراوەكانی شاعیر «سەری بڕاو»، «ڕابردووی ڕۆژە داهاتووەكان»، «چی بە زێڕ كرد؟ چی بە گوڵ كرد؟»، و «پەیامبەرێ بە قژی درێژەوە، تا کانیاوەکان»…
ئونسی ئەلحاج كۆچی دوایی كرد، بەڵام وشەكانی مانەوە— ئەو هەمیشە بە ئازادی وشەكانی دەردەبڕین، تەنانەت ئەگەر ڕووحیشی لەڕێگای ئەو ئازادییەوە بریندار بوایە.
(2)
لە پێشەكى كۆمەڵە شیعرى (لن) هەر تەنها شاعیرێكى یاخى نییە، بەڵكە شاعیرێكى نەفرەتلێكراویشە… هەر تەنها هاوارێكى جیاوازى شیعرى نییە، بەڵكە هێرشێكى دۆزەخى بوو، بۆ سەر چوارچێوەى شیعریى و كلتورى سونەتگەرایى… ئونسی ئەلحاج لەنێوان هۆشیارى ڕەخنەیى و قەسیدەى شیعرى ئازاد و قەسیدەى پەخشاندا ئاگاییەكى نوێى لە قەسیدەى پەخشاندا هێنا ناوەوە، دەمەوێ‌ بڵێم ئاگایى ئونسی ئەلحاج پەیوەندى بە ڕۆشنبیریى شیعرى جیهانییەوە هەبوو، بۆیە وەك ڕووداوێكى ئەدەبى لە بەرجەستەكردنى قەسیدەى پەخشان و چۆنێتى گەیاندنى بە خوێنەران بە جوانى ڕەنگیدایەوە.
قەسیدە دنیایەكى داخراوە بەسەرخۆیدا، هیچ ئامانجێكى زەمەنى نییە. شیعر دڵ- لە دڵدانە. پەخشان- گێرِانەوەیە… قەسیدە كورتبرِى لە هەموو هۆیەكانى دەربرِین دەكات. ڕەگەزى یەكەمى شیعر- موزیكایە. شیعر ئەوە دەڵێ‌ كە گوتراوە، پەخشان ڕوو لە شتێ‌ دەكات و دەیدوێنێ‌ و هەموو چركەكانى گوتار بە هى خۆى دەزانێت، موزیكا لە پێكهاتەى پەخشاندا بوونى دەكەوێتە لەرزەوە. لە شیعردا شاعیر پێش خوێنەر دەكەوێت، چونكە ئەو ئامرازانە ناس دەكات، كە شیعرى پێدروست دەكرێت، هەمیشە شیعر لەڕێگاى لەرەى موزیكاوە دەچێتە دڵى خوێنەرەوە، ئەوەى شاعیرێكى كۆنەپەرست و خوێنەرێكى كۆنەپەرست بەیەكەوە دەبەستێتەوە چارەنووسە!
ئەگەرچى لەنێوان دارِشتنى شیعر و پەخشاندا جیاوازییەكى بەرچاو هەیە، بەڵام ئەوەى جێى گومان ئەوەیە، كە هەموو كەلەپورە زیندووەكانى دنیا، شیعرى مەزنیان لە پەخشان پێشكەش بە مرۆڤایەتى كردووە، هەر لەبەر هەندێ‌ ئەمرِۆ شیعر بە كێش و سەروا ناناسرێتەوە! ئەوەى بەردەوام ڕێگا لە شیعرى پەخشان و قەسیدەى پەخشان دەگرێ‌ كێش و سەروایە. لێرەدا شیعرى بە پەخشانكراو- پەخشان نییە، وەك چۆن قەسیدەى بە پەخشانكراو- پەخشان نییە.
شیعرى لیریكى هەیە، بەڵام پەخشانى لیریكى نییە، قەسیدەى پەخشانى نزیكە لە گێرِانەوە، قەسیدەى پەخشانى بێ‌ ریتمە وەك ئەوەى (سان جۆن پێرس) دەینوسى… قەسیدەى پەخشان خاوەنى جیهانبینییە، قەسیدەى پەخشان ئەزموونێكى قووڵ و بەهێزە، بەو پرِشنگانە دەناسرێتەوە كە بڵاوى دەكاتەوە وەك قەسیدەكانى هینرى میشۆ و ئارِتۆ…!
هەموو قەسیدەیەك وەك پێویست كورتە، بەڵام كورتبرِى زێتر لەسەر پەخشان جێبەجێ‌ دەبێت، نەك قەسیدە… قەسیدەى كێشدار زێتر پێویستى بە یەكگرتنە، نەك گەرِانەوە بۆ سەرچاوە… قەسیدەى پەخشان پێویستى بە ئامرازى گێرِانەوە، وەسف، ئەزموون، جیهانبینى… هەیە.
(سوزان بیرنار) دەڵێت: پێویستە قەسیدەى پەخشان لەپێناو درەوشانەوە- كورتبرِى بكات! هەموو قەسیدەیەكى پەخشان پاڵنەرێكى ئاژاوەیى لە پشتە، ڕووخێنەرە، وزەیەكى ئەندازەیى تێدایە، ڕاپەرِینە بە دژى كۆتوبەند… (ڕامبۆ) دەیویست بەسەر زماندا زاڵ بێت و كورتبرِى لە (بۆن، دەنگ، ڕەنگ…) بكات… قەسیدەى پەخشان لەسەر درەوشانەوە، نەفرەت، شێتایەتى… وەستاوە، هەمیشە هەرِەمەكى بوونی خۆى نیشان دەدات! قەسیدەى پەخشان كارى شاعیرى نەفرەتلێكراو و بەرهەمى نەفرەتلێكردنە… لە قەسیدەى پەخشاندا شتێك نییە پێى بڵێن كۆتایى.
(3)
ئونسی ئەلحاج نامەبەری دۆزەخى زمانە، بەردەوام بە دواى ئامانجە مرۆییەكانەوەیە، بە دواى خۆشەویستى، بە دواى مرۆڤدۆستى و ژیاندۆستییەوە… شیعر لاى ئەو خۆراكى خودە! ئافرەت لاى ئەو ئەلتەرناتیفى ژیانە! منداڵیى لاى ئەو پشتگوێخستنێكى فریشتەییانەیە لە ڕەشەبا دەمانپارێزێت‌… ئونسی ئەلحاج هەمیشە لەنێوان ناپاككردنەوەی زمان و پووچگەرایى ژیان و وێرانكردنى شتەكان، وەك بیابان تینووە.
ئونسی ئەلحاج شاعیرى ڕچەشكێن، شاعیرى هەرێمە دەست بۆ نەبراوەكانە، شاعیرى نەست و ناخ و زمانە قەدەغەكراوەكان ناوەوەی مرۆڤی لەنێو زماندا چەسپاند، دەست بۆ نەبراوەكانى، لە زمان و لە سەر ئاستى بیركردنەوە بەرجەستە كرد… بەڵام شیعر هەر تەنها بە مەسەلە قەدەغەكراو و دەست بۆ نەبراوەكانەوە پەیوەست نییە، شیعر بە حەقیقەت و ژیان و خەونەوە بەندە! شیعر هەر تەنها ڕاستگۆیى و بوێرى نییە، شیعر چۆنێتى تەعبیركردنە لە ژیاندۆستى، لە مرۆڤدۆستى، گەرِانى بەردەوام و بەجێهێنانى زێترى خۆشەویستى و چێژ و خۆشییە…
مەرج نییە قەدەغەكراوەكان هەمیشە قەیران بنێنەوە، بەڵام هەموو ڕچەشكێنییەك ئامانجى ڕچەشكاندنە، ئەوە بەو مانایە دێت، كە هەمیشە وزەى ژیان بەهێزترە لە مردن، ئەوە بەو مانایە دێت، كە یاخیبوون كۆتایى نییە.
(4)
تێگەیشتنى باو ئەوەیە كە پەخشان پەخشانە و شیعر شیعرە، كەواتە ئەو میكانیزمانە چین كە قەسیدەى پەخشان بەرەو شیعر دەبات، یان شیعر لە قەسیدەى پەخشان دروست دەكەن، بێ‌ ئەوەى وەك پرنسیبێكى بنەرِەتى بە سەرچاوەى پەخشانەوە گرێ‌ بدرێت! ئونسی ئەلحاج لە پێشەكى كۆمەڵەى (لن) بەرانبەر ئەو دیدە باوەى كە شیعر و پەخشان لێكجیا دەكاتەوە، پێیوایە لەنێوان شیعر و پەخشاندا پردى بەیەكگەیشتن هەیە! ئەگەرچى پێیوایە پەخشان و شیعر نكۆڵى لە یەكتر دەكەن، چونكە شیعر دەبێ‌ ئەوە بێت كە لە دەرەوەى پەخشاندا دەنوسرێت، بەڵام پەخشان نەرم و كراوەیە، شیعر ڕێكخراو و مەبەستدارە، پەخشان هێمن و جێگیرە، شیعر گرژە، شیعر نە زەمەنییە و نە پەیوەندى بە بارودۆخەوە هەیە، ئەوەش پێچەوانەى پەخشانە. پەخشان بەرهەمى عەقل و ئاگاییە، بەڵام شیعر بەرهەمى دەروونە، پەخشان گەیەنەر و ڕازیكەرە و شتەكانمان بۆ دەسەلمێنێ‌، بەڵام شیعر درەوشاوە و ئاماژەخوازە…
كەواتە ئایا دەكرێ‌ لە قەسیدەى پەخشان دەربچین؟ ئەو پرسیارە ئیشكالئامێزە یەكێكە لە پرسیارە ئاڵۆزەكانى پێشەكى كۆمەڵە شیعرى (لن). بە برِواى من ئەو پرسیارە تەمومژاوییە! دەمەوێ‌ بڵێم دەكرێ‌ لە برى (ئایا) بە (چۆن) پرسیارەكە راستكەینەوە: چۆن لە قەسیدەى پەخشان دەربچین؟ ئەگەرچى پرسیارى دووەمیش مەرج نییە ڕاست بێت، بەڵام لەگەڵ پەیبردن بە قەسیدەى پەخشان زێتر دەگونجێت‌… پرسیارى دووەم پرسى تایبەتمەندى و تاكگەرایى لەخۆدا هەڵگرتووە… ئونسی ئەلحاج پرسیارى یەكەم بە (نەرێ‌) وەڵام دەداتەوە: نەخێر ناتوانین لە قەسیدەى پەخشان دەربچین. لە پشت ئەو وەڵامەشدا پرنسیبێكى چەسپاو هەیە، ئەویش ئەوەیە كە بنەماى شیعر پەخشانە! پرسیارى یەكەم پێمان دەڵێت قەسیدەى پەخشان بە پەخشانەوە بەندە و دەكەوێتە ژێر كاریگەرى جۆرەكانى وەسف و ناونانەوە، بەڵام پرسیارى دووەم ئەو پرسیارەى لێرەدا هەوڵى فۆرمەلەكردنمان داوە پێمان دەڵێت قەسیدەى پەخشان بنەماكەى لەسەر پەخشان نەچەسپاوە، بەڵكە قەسیدەى پەخشان بنەماكەى شیعرە، دواجاریش دەمەوێ‌ تۆخترى بكەمەوە و بڵێم پەخشان ڕەگەزێكە لە ڕەگەزەكانى شیعر… شیعرى داهێنەرانە هەموو ڕەگەزەكانى قەسیدە و پەخشان لە ئاستێكى باڵادا خەلق دەكات، داهێنانیش لە ئاستە باڵاكانى زماندا دەدۆزێتەوە.
كەواتە لەنێوان شیعر و پەخشان مەسافەیەكى ئیستێتیكى و دەربرِینێكى بەرفرەوان هەیە، وەك چۆن مەسافەیەكى جوانى لە وەرگرى جۆراوجۆردا دروست دەكات. بەو مانایەش دەشێ‌ پرسیارى ئونسی ئەلحاج: ئایا دەكرێ‌ لە قەسیدەى پەخشان دەربچین؟ مەبەستى لە پەخشانێك بێت، كە مەسافەیەك لە شیعر نزیك دەبێتەوە…
(5)
شیعرى ئونسی ئەلحاج ڕووتە وەك ئادەم و حەوا بەر لەوەى لە بەهەشت دەربكرێن، وشە ڕووتەكانى بێ‌ ئەوەى هەست بە شەرم بكەن، ڕووبەڕووى دنیا دەبنەوە، هەموو وشە ڕووتەكانى لە قەسیدەكانیدا سەر بەرزانە دەوەستن، بێ‌ ئەوەى خۆیان بە جوانكارى خەریك بكەن، بێ‌ ئەوەى خۆیان دەمامك بدەن، هەر تەنها بە ڕووتى سەما دەكەن، بێ‌ ئەوەى كراسى خوازە و چوارشێوى ڕەوانبێژى بپۆشن! وشەكان لەو مانایانە دەردەچن، كە ئێمە دەیانزانین، ئونسی ئەلحاج لەنێوان شیعر و خۆشەویستى، یەكەمیان بە گوتنى بێدەنگ دادەنێ‌ و دووەمیان بە كردار… ئەو چەند شیعرەى ئونسی ئەلحاج بە بێدەنگى بخوێننەوە:

پلان
لەنێوان دارسنۆبەرەكاندا هاوارت دەكرد، باى دەنگت بەرەو ناخم دەهات، بێدەنگی هەڵگرتبوو
خۆت لە پەنا دارسنۆبەرەكاندا حەشاردابوو، دەگەمە هاوارت، دەگەرِێمەوە بۆ ئەوەى نەمبینیت
لەنێوان دارسنۆبەرەكاندا هاوارت دەكرد، ئازیزەكەم وەرە
من لە پەنا دارسنۆبەرەكان بووم، بۆ ئەوەى نەمبینى، لە هیكەوە بەرەو ڕووت دەبمەوە، تۆ ڕادەكەى.

سەرچاوە:

*أنسی الحاج، دیوان (لن )- المقدمە.ط3. دار الجدید. بیروت 1994 ص27..

تا بەیانی و نیوەی بەیانی
I
بۆتۆ دەرگا كراوەیە—
لە بەیانییەوە تا بەیانی،
بەیانی و نیوەی بەیانی.

II
بە جلەكانتەوە لەسەر گردەكە دانیشتوویت.
باران دەبارێ، تەڕ دەبیت.
مارەكە دەخشێ، و لەسەر گردەكە وەك شمشێر دەچەقێ.
هەناسەتان توند دەبێت.

III
ڕەنگی دەمت بۆنی سێوە.

IV
كاتژمێر شەوە—دوای شەو و نیوەی شەو.
ماڵی خۆشەویستەكەم لە بان شەوە.
ژوورێكی ماڵەكەی لە ناوەڕاستی شەوە.
لەوێوە بۆم دەڕوانێ، نامبینێ.
بۆ ئەو شوێنە دەچێ كە من بۆی دەچم، نامبینێ.
ڕووناكی دەكاتەوە، نامبینێ.
لە پاشان ئیتر دەخەوێ،
خەون بە پەنجەرەوە دەبینێ،
و دەترسێ با بیگرێتە خۆی.

V
چاو لە تاریكایی بكە؛
تێدەپەڕم، دەنگت پڕ دەكەم لە دەنگم.
دەنگت—لە گەروومەوە دێ—
شیرین، شیرین وەكو مێوژ.

سەرچاوە:
أنسي الحاج: ماذا صنعت بالذهب؟ ماذا صنعت بالورد؟ دار الجدید، طبعة ثانیة، بیروت- 1994. ص51-52.
هەولێر 8/4/2026




ئیسرائیل، ڕەگەزپەرستی و سزای لەسێدارەدان، جەنگ لە دژی مافی ژیان بۆ فەلەستینییەکان.. ڕزگار ئاکرێی

لە 30 ی ئازاری 2026، کنێستی ئیسرائیل یاسایەکی تێپەڕاند کە مردن دەسەپێنێت بە هەڵواسین بەسەر زیندانیە فەلەستینییەکان و دەستگیرکراوەکان کە لەلایەن دادگای سەربازییەوە تاوانبار کراون لە کەیسەکانی بەشداریکردن لە هێرشی کوشندە، کە سزاکە دەبێت لە ماوەی نەوەد ڕۆژ لە تاوانبارکردنەکە جێبەجێ بکرێت. ئەمە یاسای تاوان نییە. ئەمە ئامرازێکی کۆدکراوەی پاکتاوی ڕەگەزییە کە لە چوارچێوەی سیستەمێکی ئاپارتایدی بەڵگەنامەدا کار دەکات.
ئاپارتاید لێرەدا وەسفێکی ڕەوانبێژی یان زیادەڕەوییەکی شاعیرانە نییە. ئەمە زاراوەیەکی یاسایی وردە کە لە یاسای نێودەوڵەتیدا وەک سیستەمێکی زاڵبوونی دامەزراوەیی سیستماتیک لەلایەن گروپێکی نەتەوەییەوە بەسەر گروپێکی نەتەوەییدا پێناسە کراوە، لەسەر بنەمای جیاکاری لە ماف، جوڵە و هەبوونی یاسایی. ئەم سیستەمە بەرگێکی سیاسی بێ وێنەی ئەمریکی هەیە.
بۆ تێگەیشتن لەوەی چی ڕوویداوە، ناتوانین تەنها بە یاسا دەست پێبکەین. ئێمە دەبێت لە هەموو ئەو پێکهاتەیە دەست پێبکەین کە بەرهەمی هێناوە، سیستەمی سەرمایەداری کە دەیپارێزێت، و دووڕوویی ڕێکخراوی ڕۆژئاوا کە تەمەنی درێژ دەکاتەوە.

  1. سزای لەسێدارەدان، هەرزانترین چارەسەرە بۆ دەوڵەتێکی شکستخواردوو
    لە هەڵوێستی پرەنسیپی و مرۆیی خۆم، سزای لەسێدارەدان بە تەواوی و یەکلاکەرەوە ڕەت دەکەمەوە. مافی ژیان مافێکی سروشتییە و لە مرۆڤایەتی مرۆڤ جیانەکراوە، و هیچ دەوڵەتێک، هەرچەندە شەرعییەتی بانگەشەی بۆ بکات، مافی ئەوەی نییە لێی بسەنێتەوە. ئەم ڕەتکردنەوەیە نالەرزێتەوە کاتێک یاسا لە دەوڵەتێکەوە دێت کە خۆی بە دیموکراسی دەناسێنێت، هەروەها کاتێک لە دەوڵەتێکەوە دێت کە چەوساندنەوەی نەتەوەیی قێزەون ئەنجام دەدات لەبەرچاوی جیهان و بە پیرۆزی شاراوەی خۆی.
    هیچ کەسێک تاوانبار یان توندوتیژ لە دایک نابێت. هەموو مرۆڤێک لە حاڵەتێکی بێتاوانی تەواودا لەدایک دەبێت. هەندێک هەلومەرج و هەلومەرجن کە مرۆڤ دەکەنە تاوانبار: هەژاری، بێکاری، نەبوونی پاراستنی کۆمەڵایەتی، ستەمکاری، جگە لە جیاکاری و چەوساندنەوەی نەتەوەیی و ئایینی و چینایەتی. سزای لەسێدارەدان بیانوویەکی ئامادە بۆ حکومەتە شکستخواردووەکان دەڕەخسێنێت بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی ڕاستەقینەیان لە چارەسەرکردنی ڕەگەکانی تاوان و توندوتیژی.
    لە چوارچێوەی جیاکاری نەتەوەیی قێزەوندا، زیاتر دەڕوات: ئامرازێکە بۆ لەناوبردنی بەرهەڵستکاری، تاوانبارکردنی قوربانی، و گۆڕینی خەڵکێک کە ڕووبەڕووی چەوساندنەوە دەبنەوە بە تۆمەتبار لەبەردەم دادگاکانی ستەمکارەکانیاندا، لە دیمەنێکدا کە نەبوونی دادپەروەری دەگاتە ئەوپەڕی ئەوپەڕی خۆی.
    ئەمە ئاسانترین و کەمترین چارەسەرە، لە کاتێکدا چارەسەرکردنی ڕەگەکانی تاوان و توندوتیژی تێچووی زۆرە و کاری جدی و ڕاستەقینەی دەوێت. کاتێک ئەو دەسەڵاتە لەسەر نادادپەروەری و جیاکاری نەتەوەیی دامەزراوە، پرسیاری ڕەگەکانی توندوتیژی دەبێتە پرسیارێکی سیاسی دیار، چونکە وەڵامەکەی پێشوەخت زانراوە: ڕەگی توندوتیژی خۆی چەوساندنەوەیە، ئەو هەژارییەی دروستی دەکات، ئەو ئاوارەییەی بەرهەمی دەهێنێت، و ئەو سووکایەتییەی ڕۆژانە دەیخوێنێت.
    سزای لەسێدارەدان لە جەوهەردا سزایەکی توندوتیژی، تۆڵەسەندنەوە و نامرۆڤانەیە کە لەسەر بنەمای لۆژیکی تۆڵەسەندنەوە دامەزراوە، نەک لەسەر لۆژیکی چاکسازی و چاکسازی. هەروەها لە سروشتی خۆیدا سزایەکی چینایەتی و جیاکارییە لە هەموو شوێنێک و لە هەموو کاتدا.
    زۆرینەی ئەوانەی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە لە جیهاندا سەر بە چینی کرێکار و کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکان و کەمایەتییە نەتەوەیی و ئاینییەکانن.
    بەدەگمەن گوێمان لە کەسێکی دەوڵەمەند یان کەسێکی خاوەن قورسایی سیاسی دەبێت کە بە تاوانێکی تاوانکاری لە سێدارە بدرێت. ئەمە ڕێکەوت نییە. ئەوە جەوهەری خودی سیستەمەکەیە، کە خاوەن ئیمتیازات دەپارێزێت و سزای بێبەشکراوەکان دەدات.
    لەگەڵ ئەوەشدا، سزایەکی نەگەڕاوەیە لە جیهانێکدا کە دادگاکان بە هەڵەی گەورەی دادوەری پیس کراون و زۆرینەی دانپێدانانەکان لە ژێر زۆرەملێ، ئەشکەنجەدان و فشاری دەروونی و جەستەیی وەردەگیرێن. کاتێک سزای لەسێدارەدان بەسەر کەسێکی بێتاواندا دەسەپێنرێت، هیچ گەڕانەوە و قەرەبووکردنەوەیەک نییە، ئەمەش بەسە بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو سزایە لە بنەڕەتەوە.
    چەند خراپترە کە دادگا لە سەرەتاوە سەربەخۆ نییە، بەڵکو خۆی بەشێکە لە ئامێری چەوساندنەوەی نەتەوەیی و یەکێک لە ئامرازەکانی.
    ئەو کۆمەڵگایانەی کە مرۆڤانەترین مامەڵەن لەگەڵ تاوان و دادپەروەرترین لە دابەشکردنی ساماندا ئەوانەن کە توانای کەمکردنەوەی توندوتیژییان هەیە. کوشتن بەناوی یاساوە ئاسایش بەرهەم ناهێنێت. دەوڵەتێک بەرهەم دەهێنێت کە توانای تۆڵەسەندنەوە بەدەست دەهێنێت و لە چاکسازیدا شکست دەهێنێت، دەوڵەتێک کە لە ڕێگەی لەسێدارەدانەوە کلتوری مردن و کوشتن دەچەسپێنێت و لە هەموو کۆمەڵگادا بڵاوی دەکاتەوە.
    کاتێک دەوڵەتێکی ئاوا لەسەر نادادپەروەری و جیاکاری نەتەوەیی قێزەون دامەزراوە، ئەم کەلتووری کوشتن لە سنوورەکانی خۆیدا نامێنێتەوە. دەبێتە مۆدێلێک کە هەناردە دەکرێت، شەرعی دەدرێت و لاسایی دەکاتەوە لەلایەن هەموو سیستەمێکی زاڵبوون کە بەدوای داپۆشینی یاسایی بۆ تاوانەکانی دەگەڕێت.
  2. یاسای نوێ، گۆڕینی کوشتن بۆ سیاسەتی فەرمی
    حکومەتی ئێستای ئیسرائیل ڕاستڕەوترین و توندڕەوترین و ڕەگەزپەرستترین حکومەتی ئیسرائیلە. کابینەکەی چەند وەزیرێکی تێدایە کە فەلەستینییەکان بە زمانێک وەسف دەکەن کە بە ئاشکرا مرۆڤایەتیان لێ داماڵێت و بە ئاشکرا بەرگری لە ئاوارەبوونی زۆرەملێ و لکاندن و لەناوبردنی جەستەیی وەک سیاسەتی فەرمی دەوڵەت دەکەن.
    ئەم وەزیرانە نیازی خۆیان ناشارنەوە و قسەکانیان نەرم ناکەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر مێزی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی دادەنیشن و لە هەندێک پایتەختی ڕۆژئاوا پێشوازییان لێدەکرێت. ئەم دژایەتییە زەق لە نێوان زۆربەی گوتاری سەرمایەداری ڕۆژئاوا لەسەر مافەکانی مرۆڤ و پراکتیکی ڕاستەقینەی سیاسەتی نێودەوڵەتییە کاتێک لەگەڵ بەرژەوەندییە ستراتیجیەکاندا بەریەک دەکەوێت.
    ئەم حکومەتە لە بۆشاییدا لەدایک نەبووە و بە جیا حوکمڕانی نەکردووە. گەیشتووەتە ئەو ئاستە لە بوێری لە تاوانی کۆدکراو چونکە دەزانێت کە تا ڕادەیەکی زۆر لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پارێزراوە و ئەو نرخەی دەیدات تا ئێستا ئەوەندە گران نابێت کە حسابەکانی بگۆڕێت.
    گرنگترین بەرگی سیاسی ئەمڕۆ لە واشنتۆنەوە دێت. ئیدارەی ترەمپ کە سیاسەتی ڕاستڕەوی نەتەوەیی پۆپۆلیستی ئەمەریکا بە بێسنوورترین شێوە دەردەبڕێت، پشتیوانی ستراتیژی بێ مەرج بۆ ئیسرائیل دابین دەکات کە لە هەموو ئەو شتانە زیاترە کە ئیدارەکانی پێشووی ئەمەریکا پێیان بەخشیووە. ڕاستگۆیی مێژوویی پێویستی بە جەختکردنەوە هەیە کە ئەم پشتگیرییە داهێنانێکی ترەمپ نییە.
    لەلایەن ئیدارەی دیموکرات و کۆمارییەکانەوە وەک یەک پەروەردە کراوە، تەنانەت ئەگەر پلە و شێوەکانی جیاواز بووبێت. ئەوەی ترەمپ کردوویەتی بەرزکردنەوەی سەقفی ئەم پشتیوانییە بوو بۆ ئاستێکی نوێ لە بێ شەرمی و ناوبانگ، هەموو گەڵایەکی هەنجیری دیپلۆماسی کە پێشتر کاریگەری نەرمی کردبوو.
    ئەم پشتیوانییە تەنیا هەڵوێستێکی دیپلۆماسی نییە. ئەمە هاوپەیمانییەکی ئایدیۆلۆژیی ئۆرگانیکی نێوان دوو بزووتنەوەی راستڕەوی ڕەگەزپەرستە کە لە ناوەرۆکیاندا نزیکن: هەردووکیان هەژموونی نەتەوەیی بە سەرچاوەی شەرعییەت دادەنێن و هەردووکیان گوتاری ئاسایش و تیرۆر بەکاردەهێنن بۆ پاساو هێنانەوەی تاوانەکان دژی گەلانی چەوساو، هەردووکیان کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەکانی چاودێری نێودەوڵەتی دەکەن کە لەوانەیە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات، و هەردووکیان گوزارشت لە جیاوازی یەک سیستەمی سەرمایەداری دەکەن کە بەرژەوەندییەکانی زاڵبوون لە سەرووی هەموو مرۆڤێکەوە دادەنێن ڕەچاوکردنی یاسایی.
    واشنتن و تەلئەبیب لێرەدا وەک دوو دەربڕینی جیانەکراوەی یەک سیستەم دەردەکەون کە هێز دەکاتە یاسا، نادادپەروەری نەتەوەیی دەکاتە شارستانیەت، و بەرگری دەکاتە تیرۆر.
    ئەم هاوپەیمانێتییە هەموو شتێک دەدات بە مافەکانی ئیسرائیل بۆ زیادکردنی پێشێلکارییەکانی: پاراستن لە ئەنجومەنی ئاسایش لە ڕێگەی ڤیتۆی ئەمریکی دووبارە و سیستماتیک، داپۆشینی میدیا لە ڕێگەی میکانیزمی دیجیتاڵی ڕاستڕەوی ئەمریکی کە جینۆساید وەک بەرگری لە خۆی دادەڕێژێت، و پشتگیری نێودەوڵەتی کە جیاکاری نەتەوەیی قێزەون وەک بەرگرییەکی ڕەوا و ئاپارتاید وەک پێویستییەکی ئەمنی پێشکەش دەکات. ئەمەش یاسایەکی ڕەگەزپەرستی ئاشکرا وەک بەشێک لە سیستەمی حوکمڕانی نێودەوڵەتی مامەڵە دەکات.
    ئەوەی لێرەدا نوێیە لە خودی کردارەکەدا نییە. ئیسرائیل دەیان ساڵە لە سێدارەدانی نایاسایی ئەنجام دەدات لە ڕێگەی کوشتن و لەناوبردنی مەیدانەکان و بۆمبارانکردنی ڕاستەوخۆی دانیشتوانی مەدەنی. زۆرێک لەو ئۆپەراسیۆنانە دەیان هاووڵاتی مەدەنی لە دەوروبەری ئامانجەکانیان کوشت و بوونە جۆرێک لە لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ کە بە زمانی ئاسایش و بەربەست داپۆشرابوو.
    ئاشکراترین و قێزەونترین مۆدێل ئەوەیە کە لە غەززە لە مانگی تشرینی یەکەمی 2023 ەوە ڕوویداوە، کە ژمارەی قوربانیان لە حەفتا هەزار کەس تێپەڕیوە بەپێی ئامارە بەڵگەنامەکان کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی بوون.
    ئەوەی ئەم دیمەنە ترسناکتر دەکات ئەوەیە کە زۆربەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئامانج لە ڕێگەی سیستەمی زیرەکی دەستکرد و ئەلگۆریتمێکی پێشوەخت بەرنامە بۆ داڕێژراو ئەنجامدراون کە ئامانجەکان هەڵدەبژێرن و فەرمانی کوشتن دەدەن بەبێ دەستێوەردانی مرۆڤ. ئەمە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نییە.
    ئەمە شێوازێکی فاشیستی لە لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی بێ دادگایە کە لەبەردەم چاوی جیهاندا ئەنجام دەدرێت.
    ئەوەی ئەمڕۆ تازەیە ئەوەیە کە دەوڵەت چیتر خۆی بە کوشتنی نهێنی سنووردار ناکات. ئێستا بە ئاشکرا ئەم کارە دەکات و شەرعییەتی یاسایی پێدەبەخشێت و دەیخاتە ناو جبەخانەی یاسایی ڕاگەیەندراوەکەیەوە. ئەمە ئازایەتی نییە لە داننان بەوەی کە لەسەر زەوی ڕوودەدات. ئەوە بوێرییە لە ئاسایی کردن و بە یاساییکردنی تاوانەکان بە پیسترین شێوەکانیان.
  3. بزووتنەوەی نیشتەجێبوون، لە پەراوێزەوە بۆ دڵی بڕیاردان
    ئەم زیادبوونە ناتوانێ جیا بکرێتەوە لە ڕۆڵی گەشەسەندووی بزووتنەوەی نیشتەجێکردنی ڕەگەزپەرست لە کەناری ڕۆژئاوا کە بە درێژایی دەیان ساڵ لە کۆمەڵێک لە پەراوێزی نەخشەی سیاسیەوە گۆڕاوە بۆ هێزێکی سیاسی کاریگەر لەناو پێکهاتەی دەوڵەتی ئیسرائیلدا. ئەم بزووتنەوەیە بە جیا لە چوارچێوەی نێودەوڵەتی نەگەیشتە ئەم پێگە تەوەرەییە.
    گەشەی کرد و گەشەی کرد لە ژێر بودجەی بەردەوامی ئەمەریکا و هاوبەشی ئابووری بێپچڕان و پەیوەندییە دیپلۆماسییە ئاساییەکان کە تەنانەت لە خراپترین و توندوتیژترین قۆناغەکانی فراوانبوونی نیشتەجێبوونیشدا هەرگیز نەپچڕا. ئەم بزووتنەوەیە ئێستا بەرەو سیاسەتی توندڕەوتر پاڵ دەنێت و ئامرازەکانی سەرکوتکردن و سزادان فراوان دەکات، لەوانە یاسای توندتر وەک ئەو یاسایەی بەم دواییانە پەسەند کراوە.
    ئەم گۆڕانکارییە بەرهەمی ستراتیژێکی سیستماتیک بۆ بنیاتنانی بوونی دیمۆگرافی و سیاسی لە خاکی فەلەستین و هاوکاری بەردەوامی پارەی حکومەت و پاراستنی سەربازی هەمیشەیی.
    نیشتەجێبوونی ئیسرائیل لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستین پێشێلکارییەکی ئاشکرا و بەڵگەنامەی یاسای نێودەوڵەتییە و ئەمە بڕیارێکی یاسایی ڕوون و ئاشکرایە. ماددەی 49 لە پەیماننامەی چوارەمی جنێڤ ڕێگە لە دەسەڵاتێکی داگیرکەر دەگرێت هاوڵاتیانی خۆی بگوازێتەوە بۆ ئەو خاکەی کە داگیری دەکات.
    دادگای نێودەوڵەتی لە راوێژکارییەکەی ساڵی 2024 دا دووپاتی کردەوە کە بەردەوامی داگیرکاری ئیسرائیل و دامەزراندنی نیشتەجێبوون بەپێی یاسای نێودەوڵەتی نایاساییە و داوای کۆتاییهێنان بە ئەو شوێنانە کرد. بڕیاری 2334ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ساڵی 2016 دەرچوو، بە کۆی دەنگ جەخت لەوە دەکاتەوە کە نیشتەجێبوونەکان هیچ یاسایەکیان نییە و بەربەستێکی گەورەن لەبەردەم ئاشتیدا.
    لەسەر زەوی، ژمارەی نیشتەجێبووان ئەمڕۆ لە حەوت سەد هەزار کەس تێدەپەڕێت، لە دۆخێکدا کە بەردەوامی جوگرافیای فەلەستینییەکان پارچەپارچە دەکات و کەناری ڕۆژئاوا دەکاتە دوورگەیەکی دابڕاو. سەرەڕای هەموو ئەمانە، زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بەردەوامن لە هاوردەکردنی کەلوپەلی نیشتەجێبوون و دارایی ئەو کۆمپانیایانەی لەوێ کار دەکەن و گرێبەستی بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ دەکەن.
    نوێنەرانی ئەم بزووتنەوەیە ئەمڕۆ پۆستی وەزاری گرنگیان هەیە و ئەوەی پێشتر بە ئەجێندای توندڕەوی پەراوێز دادەنرا تا ڕادەیەکی زۆر بووە بە سیاسەتی فەرمی دەوڵەت کە وەرگێڕدراوە بۆ یاسای ناچاری کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیان و مافەکانی فەلەستینییەکان هەیە.
  4. پێکهاتەی یاسایی دووانە، دوو ڕێگا بۆ جێبەجێکردن
    ئەم یاسایە لە بۆشایی یاسایی دەرناکەوێت. ئەم یاسایە دەکەوێتە چوارچێوەی دوو پێکهاتەی یاسایی کە چەندین ساڵە بوونی هەیە، لەسەر بنەمای دوو ڕێڕەوی جیاواز کە لەوانەیە ببێتە هۆی سزای لەسێدارەدان. ڕێڕەوی مەدەنی لەناو ئیسرائیلدا هەندێک کردەوەی دیاریکراو لە چوارچێوەی تیرۆردا پێناسە دەکات و مەرجی یاسایی تایبەت دادەنێت کە لەوانەیە لە ڕووی تیۆرییەوە ڕێگە بۆ جێبەجێکردنی سزاکە بکاتەوە.
    بەگوێرەی هەندێک لە شیکردنەوەکان، لەوانەیە هەندێک عەرەبی فەلەستینی لەناو ئیسرائیل بگرێتەوە، یان زیندانیان و دەستگیرکراوەکان کە بەهۆی ڕووداوەکانی وەک 7ی تشرینی یەکەمی 2023 دەستگیرکراون. لە هەمان کاتدا ڕێڕەوی سەربازی لە کەناری ڕۆژئاوا و کەرتی غەززە بەسەر ئەو فەلەستینیانەدا جێبەجێ دەکرێت کە لەژێر سیستەمێکی جیاکاری نەتەوەیی قێزەوندان و لە چوارچێوەی سیستەمێکی دادوەری تەواو جیادا کە نە بە پێوانەی دادپەروەری مەدەنی بەڕێوە دەبرێت و نە بە گەرەنتی سەرەتایی.
    ئەم دوالیزمە یاساییە ڕەنگدانەوەی پێکهاتەیەکی سەرکوتکەری بە ئەنقەست کە دوو گرووپی مرۆڤ دەخاتە ژێر دوو سیستەمی یاسایی جیاوازەوە: سیستەمێک بۆ نیشتەجێبوون و یەکێکی تر بۆ چەوساوەکان، سیستەمێک بۆ ئەو کەسەی کە مافی تەواوی هەیە و سیستەمێکی تر بۆ ئەو کەسەی کە تەنها بەهۆی بوونی لەسەر خاکی باوباپیرانی بووە بە هەڕەشەی ئەمنی.
    سزای لەسێدارەدان لە ئیسرائیل بەتەواوی نوێ نییە، بەڵام لە ڕووی مێژووییەوە خەریک بوو بەسترا و بە دەگمەن جێبەجێ دەکرا، و تەنها لە حاڵەتێکی نائاسایی زۆر سنوورداردا بەکار دەهات، بەتایبەتی لە سێدارەدانی ئەدۆڵف ئایشمان لە ساڵی 1962. گۆڕانی ئێستا تەنها لە چالاک کردنەوەی نییە.
    زیاتر دەڕوات، مەودای خۆی فراوان دەکات، ئاسانکاری بۆ جێبەجێکردنەکەی دەکات، و قوربانییەکانی لە هەموو گرەنتییەکی ڕێوشوێن داماڵێت، لە چوارچێوەیەکی سیاسی و سەرکوتکەردا کە هیچ بوارێک بۆ لێکدانەوەی مەبەستە ڕاستەقینەکانی ناهێڵێتەوە.
    ئەوەی ئەم یاسا قێزەونە بە تاوان دادەنرێت تاوان نییە بە مانا یاساییە ڕاستەقینەکەی خۆی. بەرگری خۆی بە هەموو شێوەکانیەوە بە تاوان دادەنێت. ئەوانەی دەکەونە دیلەکانەوە دەبێت بەپێی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی وەک دیلی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت نەک وەک تاوانبار، ئەمەش ئەو پێگەیەیە کە لە پەیماننامەی سێیەمی جنێڤدا دەستەبەر کراوە، کە هێزە داگیرکەرەکە بە ئەنقەست پشتگوێی دەخات بۆ ئەوەی خەباتی ئازادیخوازی بگۆڕێت بۆ تاوانێک کە شایەنی لەسێدارەدان بێت.
    فەلەستینییەکان لە ناوچەکانی ژێر داگیرکاری ئیسرائیل لەبەردەم سیستەمی یەکسانی یاسایی دادگایی ناکرێن. لەبەردەم دادگایەکی سەربازی دادگایی دەکرێت کە لە چوارچێوەی چەوساندنەوەی نەتەوەیی قێزەوندا کار دەکات و سەرەتایترین گەرەنتی دادگاییەکی دادپەروەرانەی لێ داماڵراوە و بەگوێرەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئیسرائیلی و نێودەوڵەتی رێژەی تاوانبارکردنەکان نزیک دەبێتەوە لە تەواوی دادگاییکردن. ئەم دادگایانە دادپەروەری نین بە هیچ مانایەکی ڕاستەقینەی وشەکە. ئەمانە ڕێوشوێنێکی بیرۆکراتییە کە ڕواڵەتێکی یاسایی هەڵە دەبەخشێت بە بڕیارەکانی پێشوەخت لە ژوورەکانی تردا.
  5. وردەکارییەکانی یاسا، لەسێدارەدانی دڕندانە بەبێ گەرەنتی
    ئەوەی ئەم یاسایە لە یاساکانی تری تاوان جیا دەکاتەوە تەنها سزاکە نییە. ئەمە دیزاینێکی سیستماتیک و بە ئەنقەست بۆ لابردنی هەموو گەرەنتییەکی یاسایی کە لەوانەیە ڕێگری لە جێبەجێکردنی بکات. داواکاری گشتی پێویست ناکات داوای جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بکات و ڕەزامەندی سادەی لیژنەیەکی سێ ئەفسەری سەربازی بەسە بۆ دەرکردنی سزای لەسێدارەدان.
    دادوەران پێویستە پاساوی نائاسایی تۆمار بکەن ئەگەر بیانەوێت سزای لەسێدارەدان بە زیندانی هەتاهەتایی بگۆڕن، کە لۆژیکی دادپەروەری سەرەو ژێر دەکات بە شێوەیەک کە سروشتی ڕاستەقینەی ئەم یاسایە دەردەخات: لەسێدارەدان بووە بە بنەڕەت و بەزەیی بە هەڵاواردن، واتە دادوەر دەبێت پاساو بۆ ئەوە بدات کە بۆچی نەکوژێت، نەک بۆچی بکوژێت.
    ڕێگاکانی پێداچوونەوە و پێداچوونەوە بە توندی سنووردارکراون و ئەگەری لێبوردنیان نەماوە، لە کاتێکدا تۆمەتبارەکان لە گۆشەگیرییەکی تەواو ڕاگیراون و مافی نوێنەرایەتی یاسایی سنوورداریان بۆ دەکرێت، چونکە پارێزەرەکە تەنها لە ڕێگەی پەیوەندی ڤیدیۆییەوە پەیوەندی لەگەڵ بریکارەکە دەکات.
    لەپاڵ ئەم یاسایەدا، پرۆژە یاسایەکی تر لەبەردەم کنێست ئامادە دەکرێت کە بە یاسای دادگاییکردنی بەشداربووانی ڕووداوەکانی 7 ی تشرینی یەکەم ناسراوە. دادگای سەربازی نائاسایی دروست دەکات کە دەسەلاتی پێشوویان هەیە بۆ دادگاییکردنی ئەو کەسانەی تۆمەتبارن بە بەشداریکردن لە هێرشەکانی 7ی تشرینی یەکەمی 2023. ئەم دادگایانە دەسەڵاتیان هەیە لە یاسا ستانداردەکانی بەڵگە و ڕێوشوێن لابدەن، و سزای لەسێدارەدان بە زۆرینەی سادە بسەپێنن بەبێ ئەوەی داواکاری گشتی داوای بکات.
    ئەم دوو یاسایە پێکەوە فراوانبوونێکی بێ وێنە لە بواری جێبەجێکردندا پێکدەهێنن، هەندێک لە گرەنتی ڕێوشوێنەکان لادەبەن کە دەیان ساڵە جێبەجێکردنیان سنووردار کردبوو، و بەگشتی بازدانێکی چۆنایەتی لە ڕێگای چەسپاندنی قڕکردنی یاسایی بە فاشیستترین شێوەکانیدا دەنوێنێت.
    تاوانبارکردنەکە پێش دەستپێکردنی دادگاییکردنەکە بڕیاری لەسەر دراوە. بە پێچەوانەوە، ئەو هاووڵاتییە جوولەکەیەی ئیسرائیل کە تاوانی بەڵگەنامەیی دژی فەلەستینییەکان ئەنجام دەدات، لەوانە کوشتن و ئاوارەبوون و سوتاندنی گوندەکان، لە سیستەمێکی یاسایی تەواو جیاوازدا دادگایی دەکرێت، یان بەهیچ شێوەیەک دادگایی ناکرێت، چونکە لێکۆڵینەوە لە زۆربەی تاوانەکانی نیشتەجێبووان زۆر جار بە ڕەفە و داخستنی دۆسیەکان کۆتایی دێت بەبێ لێپرسینەوە.
    ئەم جیاکارییە کەموکوڕییەک نییە کە بتوانرێت بە هەموارکردنی دەقێک چاکبکرێتەوە. ئەمە جەوهەری پێکهاتەیەکی یاساییە کە مرۆڤ دابەش دەکات بۆ پۆلێنی نایەکسانی ژیان و ماف، کە لە ناوەڕۆکدا پێناسەی یاسایی وردی ئاپارتاید پێکدەهێنێت.
    کاتێک سیستەمێکی لەم شێوەیە دەسەلاتی لەسێدارەدانی کەسێک لە ماوەی نەوەد ڕۆژدا لەسەر بنەمای دادگاییەکی سەربازی بە رێژەی تاوانبارکردنی ئۆتۆماتیکی پێدەدرێت، ئێمە مامەڵە لەگەڵ یاسای تاواندا ناکەین. ئێمە ڕووبەڕووی ئامرازێکی کۆدکراوی پاکتاوی ڕەگەزی دەبینەوە کە واژۆی پەرلەمان و مۆری دەوڵەتی لەسەرە.
  6. ئاپارتاید، تایبەتمەندییەکی یاسایی لە بنچینەی واقیعەوە
    وەسفکردنی ئیسرائیل وەک سیستەمێکی جیاکاری ڕەگەزی چیتر تەنها وتارێکی سیاسی نییە. ئەمە بووە بە تایبەتمەندییەکی یاسایی دۆکیۆمێنتاری کە لەلایەن ڕێکخراوە گەورەکانی مافەکانی مرۆڤەوە پشتگیری دەکرێت. لە راپۆرتی ساڵی 2022دا، لێبوردنی نێودەوڵەتی گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ئیسرائیل سیستەمێکی ڕەگەزپەرستی دژی فەلەستینییەکان پەیڕەو دەکات کە لەسەر بنەمای ستەمی سیستماتیک و جیاکاری دامەزراوەیی دامەزراوە و لە سەرانسەری ناوچەکانی فەلەستین و لەناو کۆمەڵگە فەلەستینییەکانی ناو ئیسرائیلدا بڵاو دەبێتەوە. هیومان ڕایتس ۆوچ هەروەها لە راپۆرتی ساڵی 2021ی خۆیدا دووپاتی کردووەتەوە کە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل تاوانی ڕەگەزپەرستی و چەوساندنەوە ئەنجام دەدەن لە ڕێگەی سیاسەتەکانەوە بە ئامانجی چەسپاندنی هەژموونی گروپێکی نەتەوەیی بەسەر گروپێکی تردا.
    لە ساڵی 2024، دادگای نێودەوڵەتی راپۆرتێکی ڕاوێژکاریی مێژوویی دەرکرد و جەختی لەوە کردەوە کە بەردەوامی داگیرکاری ئیسرائیل بەپێی یاسای نێودەوڵەتی نایاساییە و داوای کۆتاییهێنان بە دەستبەجێی دەکات.
    ئەم دەرئەنجامانە لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە ناسراوەکان و دادگا نێودەوڵەتییە ناسراوەکانەوە هاتوون کە بە پێی میتۆدی یاسایی توند و بەڵگەنامەی مەیدانی ورد کار دەکەن. ئەمانە بڵاوکراوەی ئایدیۆلۆژی گروپەکانی فشار نین.
    تەنها بە بەکارهێنانی هەمان لۆژیکی بەرگری کە پێشتر ئەندازیارانی ڕەگەزپەرستی لە ئەفریقای باشوور بەکاریان هێنا کاتێک ڕەخنەی نێودەوڵەتیان وەک دەستتێوەردان لە کاروباری ناوخۆ و شکستهێنان لە تێگەیشتن لە تایبەتمەندی بارودۆخی ئاسایشی خۆیان وەسف کرد. مێژوو حوکمی ئەو کەسانەی داوە و ئەوانیش حوکم دەدات.
    لەسەر ئەرزی واقیع، ئەم سیستەمە لە کۆمەڵێک ئامرازی یەکخراو دەردەکەوێت: یاساکان کە بە پێی ئەو زەوییە فەلەستینییەکان دەدرێت بە نیشتەجێبووان و بە بیانووی موڵک و ئامرازەکانی تر دەستی بەسەردا دەگیرێت، رژێمێکی مۆڵەت پێدان کە کۆنترۆڵی خۆی بەسەر هاتوچۆی فەلەستینییەکان لە نێوان شار و گوند و شوێنی کارەکانیاندا توندتر دەکات، دیوارێکی جیاکەرەوە کە نایاسایی بوونی لەلایەن دادوەری نێودەوڵەتی خۆیەوە دووپات کراوەتەوە. گەڕەکەکانی ئۆرشەلیم کە خانووەکانیان ڕووخێنراون بۆ ئەوەی نیشتەجێ لە جێگەی ئەوان دابنرێن و گەمارۆدانی غەززە کە کەرتی کرتی کردووە بە بەندیخانەیەکی کراوە کە دوو ملیۆن کەس تێیدا دەژین لە بارودۆخێکدا کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەک کارەساتێکی مرۆیی بە ئەنقەست تۆمار کراوە. ئەمە سیاسەتێکی ئەمنی کاتی نیە. ئەمە پێکهاتەیەکی هەمیشەییە کە بۆ چەسپاندنی هەژموونی نەتەوەیی و ڕەگەزی دروستکراوە.
    گاڵتەجاڕییەکە ئەوەیە کە زۆربەی حکوومەتە ڕۆژئاواییەکان کە دان بەم ڕاپۆرتانەدا دەنێن و ستایشی میتۆدەکانیان دەکەن بەردەوامن لە پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئابوورییەکانیان لەگەڵ ئەو دەوڵەتەی کە بە ڕەگەزپەرستی وەسفی دەکەن، لە دوو ستاندارددا کە تەنها بە لۆژیکی بەرژەوەندی ستراتیژی سەرمایەداری ڕووت ڕوون دەکرێتەوە. کاتێک یاسای نوێی سزای لەسێدارەدان لەم چوارچێوەیەدا دادەنرێت، ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە ئەڵقەیەکی لۆژیکیە لە نێو سیستەمێکی یەکخراوی زاڵبوون کە کۆنترۆڵی خاک و جوڵە و ناسنامە دەکات و ئەمڕۆ کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی مافی ژیان زیاد دەکات. ئاپارتاید تەنها ئەوی تر سەرکوت ناکات.
    کار دەکات بۆ لاوازکردنی بەهای مرۆیی تا ئەو ڕادەیەی کە گونجاو بێت بۆ ژێردەستەیی و لەناوبردن، بەبێ وروژاندنی کاردانەوەی ئەخلاقی گونجاو لە زۆربەی هێزە گەورەکان کە سپۆنسەری ئەم سیستەمە دەکەن، پارەی بۆ تەرخان دەکەن، پڕچەکی دەکەن، و خۆیان بە ئیدانەی زارەکی لاواز ڕازی دەکەن هەرکاتێک دڕندەیی ئەو سیستەمە چڕتر دەبێتەوە و سنووری ئەوەی کە دەتوانرێت لە بواری میدیادا پشتگوێ بخرێت.
  7. گۆشەگیریی گشتگیر لە جیهاندا، ئەو چەکە کە سیستەمی ئاپارتاید لێی دەترسێت
    سیستەمی ئاپارتاید لە ئەفریقای باشوور بەهۆی بەئاگاهاتنەوەی لەناکاوی نوخبەی فەرمانڕەوا نەکەوت و هەروەها بەهۆی سەرکۆنەی زۆرێک لە پایتەختەکانی ڕۆژئاوا نەکەوت و پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ پریتۆریا بە دەستەکەی دیکەش بەردەوام بوو.
    کەوتە ژێر قورسایی ئەو فشارە کەڵەکەبووانەی کە لە چەند ئاراستەیەکەوە دەهاتن: دابڕانی نێودەوڵەتی گشتگیر، سیاسی، ئابووری، ئەکادیمی و کەلتووری، کاتێک ئەو گۆشەگیرییە ڕاستەقینە بوو نەک ڕەوانبێژی، ململانێیەکی ناوخۆیی درێژ و گرانبەها، و داخورانی وردە وردە شەرعییەتی رژێم کاتێک تێچووی گۆشەگیری دەستی کرد بە کاریگەری لەسەر بەشە فراوانەکانی کۆمەڵگەی سپی پێست. ئەمە دەرسێکی مێژووییە کە ناکرێت پشتگوێ بخرێت و ئەزموونی ئێستا دەیسەلمێنێت کە ڕۆژئاوا بەباشی دەیزانێت و بە ئەنقەست پشتگوێی دەخات کاتێک باس لە ئیسرائیل دەکرێت.
    ئەمڕۆ، هەموو دەوڵەتێکی جیهان داوا دەکرێت گۆشەگیرییەکی نێودەوڵەتی گشتگیر بەسەر دەوڵەتی ئاپارتایدی ئیسرائیلدا بسەپێنێت. ئەمە بانگەوازێک نییە بۆ هاوپشتی ڕەمزی یان ڕاگەیاندنی ڕەوانبێژی خێرا لەبیرکراو. ئەمە داواکاری لێدوانی نووسراو و ئیدانەکردنی زیاتر نییە کە سەلمێنراوە کە بەتەواوی توانای گۆڕینی هیچ شتێک لەسەر ئەرزی واقیع نییە. ئەمە وەسفی پابەندبوونێکی سیاسی و ئەخلاقی ناچارییە بۆ هەر دەوڵەتێک کە بانگەشەی ڕێزگرتن لە یاسای نێودەوڵەتی و مافەکانی مرۆڤ دەکات.
    پچڕانی پەیوەندییە دیپلۆماسیەکان، سەپاندنی سزای ئابووری، بەستنی ڕێککەوتنی چەک، کشانەوەی وەبەرهێنان، سەپاندنی بایکۆتکردنی ئەکادیمی و کەلتووری و وەرزشی، و دادگاییکردنی بەرپرسان لەبەردەم دادگا نێودەوڵەتییەکان هەمووی ئامرازی پێویست و یاسایی بوون.
    بارودۆخی نێونەتەوەیی ئێستا ئەوە دەردەخات کە گۆڕانێکی ڕاستەقینە و بەرجەستە هەیە کە شایەنی تێبینی و پێزانینیە: زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا دەستیان کردووە بە تێپەڕاندنی سنووری لێدوانی زارەکی بەرەو هەڵوێستی بوێرانەتر و کاریگەرتر و هەنگاوی کۆنکرێتی بەرەو داننان بە مافەکانی فەلەستینییەکان و فشار خستنە سەر ئیسرائیل.
    لە ئەمریکای لاتین، شەپۆلێکی فراوان لە هەڵوێستی بوێرانە سەریهەڵداوە کە سەرکردایەتی جیهان دەکات لە ڕەتکردنەوەی سیستەمی ئاپارتایدی ئیسرائیل و داوای لێپرسینەوە دەکات. ئەم گۆڕانە لە ڕای گشتی و مەزاجی نێودەوڵەتی ئەوە دەسەلمێنێت کە فشاری جەماوەری کەڵەکەبووی ئەنجامی ڕاستەقینە بەرهەم دەهێنێت و هاوسەنگی هێز جێگیر نییە.
    بە پێچەوانەوە، زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و تەنانەت هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی بەردەوامن لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل و بێدەنگکردنی ڕەخنەکانیان لە ترسی فشاری ڕاستڕەوی ئەمەریکا و ترس لە تۆمەتی دژە سامی کە بوونەتە چەکێکی سیاسی بۆ بێدەنگکردنی هەموو ڕەخنەیەکی ڕەوا.
    بۆیە فشاری جەماوەری لەم وڵاتانەدا، لە ڕێگەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان، هێزەکانی چەپ و پێشکەوتنخواز، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، و سەندیکاکانی کرێکاران و جەماوەری، وەک ئامرازێکی پێویست دەمێنێتەوە بۆ شکاندنی ئەم بێدەنگییە هاوبەشانە و ناچارکردنی حکومەتەکان بۆ گواستنەوە لە ئیدانەکردنی زارەکی سیستەمی ئاپارتاید بۆ داواکردنی دابڕان و هەڵوەشاندنەوەی.
    لە هەمان کاتدا، فشاری دەرەکی بەتەنیا بەس نییە. هەر گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی پێویستی بە تێکۆشانی هەموو دانیشتووانی ئەم خاکە هەیە، عەرەب و جوولەکە و هەموو نەتەوە و ئایینەکانی تر، لە دژی خودی سیستەم. دەنگی چەپ و پێشکەوتووخوازان لە نێو دانیشتوانی وڵاتدا کە ئەم ڕێگایە ڕەتدەکەنەوە بوونی هەیە و لە کۆمەڵگای خۆیاندا باجێکی قورس دەدەن بۆ دژایەتیکردنی ئەو ڕێگایە. ئەمانە دەنگێکن کە شایەنی پشتیوانی و هاوسۆزی و کاری هاوبەشن.
  8. دەوڵەتی هاووڵاتیبوون، بێلایەنکردنی ناسیۆنالیزم و ئایین لە دەوڵەت
    ململانێ دژی ئەم یاسا ڕەگەزپەرستانەی سزای لەسێدارەدان شەڕێکی یاسایی جیا نییە. ئەمە بەشێکە لە خەباتێکی فراوانتر و قووڵتر کە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی تەواوی پێکهاتەی جیاکاری و زاڵبوونی نەتەوەیی و ئایینی و گەڕان بەدوای بەدیلێکی ڕاستەقینەیە کە مرۆڤ نەک ناسنامە لە ناوەندی دەوڵەت و یاسادا دابنێت.
    بنیاتنانی دۆخێکی هاووڵاتیبوونی ڕاستەقینە و یەکسان دروشمێکی ڕۆمانسی یان ئارەزوویەکی یۆتۆپیا نییە. ئەمە واقیعیانەترین و دادپەروەرانەترین بژاردەی سیاسییە بۆ ئەوانەی کە بەڕاستی دەیانەوێت لەم بنبەستە مێژووییە دەربچن نەک تەنها بەڕێوەی ببەن و نەوە دوای نەوە بەرهەمی بهێنن.
    دەوڵەتێکی عەلمانی دیموکراتی کە عەرەب و جوولەکە و مەسیحی و موسڵمان و عەلمانی و بێباوەڕ و ئەوانی تر هاووڵاتی یەکسانن لەبەردەم یەک یاسادا کە تێیدا ناسیۆنالیزم و ئایین لە دەسەڵات بێلایەن دەکرێن و دەگوازرێنەوە بۆ بواری ئازادی تاکەکەسی و ژیانی کولتووری.
    ناسیۆنالیزم ناسنامەیەکی کولتوورییە و ئایینیش باوەڕێکی تاکەکەسییە. هەموو مرۆڤێک مافی ئەوەی هەیە هەڵیبگرێت و شانازیان پێوە بکات، بەڵام هەر لەو خاڵەدا دەوەستێت و نابێتە سەرچاوەی ئیمتیازاتی یاسایی یان پاساوێک بۆ مافەکانی سەرووی مافی ئەوانی تر.
    دەوڵەتێک کە شەرعییەتی خۆی لە ناسنامەیەکی ئایینی یان نەتەوەیی دیاریکراوەوە وەردەگرێت بە ناچاری دەبێتە ئامرازی پەراوێزخستن لە دژی هەموو ئەوانەی سەر بە ئەو وڵاتە نین و هەر ئەمەشە کە سیستەمی ئاپارتایدی ئیسرائیلی بەرهەمهێناوە و تا ئەمڕۆش بەردەوامە لە پەروەردەکردنی. ئەمە دەرسێکە نەک تەنها لە بیرۆکەکان، بەڵکو لە ئەزموونی درێژخایەنی ناسیۆنالیستی دیکتاتۆری لە هەمان ناوچەدا فێر دەکرێت.
    ئەم بۆچوونە هیچ یەکسانییەک لە نێوان داگیرکەر و ئاوارەکاندا ناگەیەنێت، هەروەها هیچ یەکسانییەکی ئەخلاقی لە نێوان دەوڵەتێک کە ئاپارتاید پەیڕەو دەکات و خەڵکێک کە لە ژێر گەمارۆدان و سەرکوتکردن و داگیرکاریدا بەرهەڵستی دەکەن.
    ئەم بابەتە لە ڕاستیدا زۆر ئاڵۆزە، لەگەڵ ڕەهەندی مێژووی، جوگرافی، دیمۆگرافی و یاسایی، و ڕێگە بە چەندین تێڕوانینی جدی دەدات تەنانەت لە نێو ڕیزەکانی چەپدا خۆی. لەگەڵ ئەوەشدا من لەسەر بنەمای خوێندنەوەی واقیعی جوگرافی و دیمۆگرافی مەیلی ئەوەم هەیە کە چارەسەری یەک دەوڵەت بە ناوێکی تر، لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوونی یەکسان، دادپەروەرانەترین و واقیعبینترین چارەسەرە لە ئاسۆی مێژوویدا، و پڕۆژەی دوو دەوڵەت لەسەر بنەمای نەژادی بەو شێوەیەی کە ئێستا بڵاو دەکرێتەوە، گەلی فەلەستین لە مافەکانیان بێبەش دەکات و کێشەی نوێ دەخوڵقێنێت لە جیاتی چارەسەرکردنی کێشەی ئێستا.
    تێکەڵبوونی دیمۆگرافی قووڵ لەنێوان فەلەستینیەکان و جوولەکەکان لەسەر ئەم خاکە، بوونی زیاتر لە دوو ملیۆن فەلەستینی لەناو ئیسرائیلدا کە دووچاری جیاکاری دامەزراوەیی دۆکیۆمێنتاری دەبنەوە لە مافە مەدەنی و سیاسی و ئابوورییەکانیان و هیچ چارەسەرێکی دابەشکردن وەڵامێکی دادپەروەرانە پێشکەش ناکات، و پارچەپارچەبوونی جوگرافیای فەلەستین کە دەیان ساڵ لە ئاوارەبوونی زۆرەملێ بەرهەم هاتووە، کە قسەکردن لەسەر دەوڵەتی فەڵەستین لە وەهمدا نزیک دەکاتەوە، هەموو ئەمانە پاڵ بەم هەڵبژاردنە دەنێن.
    لە ناوەڕاستی هەموو ئەم بیرکردنەوەیانەدا مافی گەڕانەوەیە، ئەو مافە مرۆیی و یاساییە کە بە بڕیاری 194 ی نەتەوە یەکگرتووەکان مسۆگەر کراوە، مافی ملیۆنەها ئاوارەی فەلەستینی و کوڕ و کچەکانیان کە لە کەمپەکانی لوبنان و ئوردن و سوریاوە تا سووچەکانی جیهان بڵاو بوونەتەوە.
    هاوکێشەی دانوستان وەک بەربەستێک مامەڵەی لەگەڵ کردووە کە پێویستە بەسەریدا زاڵ ببێت، لە کاتێکدا لە ڕاستیدا کۆڵەکەیەکی بناغەییە کە هیچ چارەسەرێکی قبوڵکراو ناتوانێت تێبپەڕێنێت. دۆخی هاووڵاتیبوون تاکە چوارچێوە کە ڕێگە بە دانپێدانان دەدات، چونکە خاڵی سەرچاوەکەی هاووڵاتیبوونە نەک زۆرینەی نەژادی.
    مشتومڕ لەسەر باشترین شێوەی ئەم دەوڵەتە شەرعی و کراوەیە، ئەگەر شێوەی دەوڵەتێکی یەکگرتوو لە ژێر ناوێکی نوێدا وەربگرێت لەگەڵ لامەرکەزییەتێکی کارگێڕی فراوان کە مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی مسۆگەر دەکات، یان قەوارەیەکی فیدرالی کە خۆبەڕێوەبردنی پێکهاتەکانی مسۆگەر دەکات و یەکێتی هاووڵاتیبوون و مافەکان دەپارێزێت، یان یەکێتیەکی کۆنفیدرالی نێوان دوو قەوارەی یەکسان لە ماف و سەروەریدا. یان هەر هاوکێشەیەکی تر کە خەڵکی ئەم خاکە بە خواستی ئازاد لەسەری ڕێککەوتوون.
    تاکە پێوەری جێگیر لە هەموو ئەم هاوکێشانەدا هاووڵاتیبوونی یەکسان و مافی مرۆڤە، نەک ناسنامەی نەتەوەیی و ئایینی. ئایین بابەتێکی تایبەتە نەک دەوڵەت و ناسیۆنالیزم میراتێکی کەلتوورییە کە لە بواری کۆمەڵایەتیدا ئاهەنگ دەگێڕدرێت.
    ئەم بەدیلە خەونێکی یۆتۆپیای دابڕاو نییە لە واقیع. ئەمڕۆ لە نێو هێزە چەپ و پێشکەوتووەکان لە سەرانسەری جیهاندا بە جددی گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، پاش ئەوەی سیستەمی ئاپارتایدی ئیسرائیل پڕۆژەی دوو دەوڵەتی لە ڕێگەی سیاسەتە بەردەوامەکانی نیشتەجێکردن و شەڕانگێزییەوە تێکدا.
    هەرکەسێک بڵێت ئەم پڕۆژەیە یۆتۆپیایە دەبێت لەبیری بێت کە هیچ کەسێک خەیاڵی ئەوە نەدەکرد کە سیستەمی ئاپارتاید لە ئەفریقای باشوور سەرەڕای ئەو هەموو هێزە سیاسی، سەربازی و ئابوورییە گەورەیەی کە هەیبوو، دەڕوخێت.
    لەگەڵ ئەوەشدا خەباتی جەماوەری ناوخۆیی و جیهانی، لەگەڵ فشاری نێودەوڵەتی کەڵەکەبوو، سەلماندی کە داڕمان کاتێک دەگونجێت کە ئیرادەی ڕاستەقینە و هاوپشتی ڕاستەقینە هەبێت. مێژوو بە هێڵێکی ڕاست ناجوڵێت، و ئەو سیستەمانەی کە وا دەردەکەون چەسپاو بن دەست دەکەن بە شکاندن کاتێک تێچووی بەردەوامبوونیان لەوە زیاترە کە بەرگەی دەگیرێت.
  9. دژی لۆژیک، نەک تەنها دژی سزایەک
    گوتاری چەپ و ئازادی دەبێت لەسەر بنەمای ڕەخنەی ڕاستگۆیانە دابنرێت، تەنانەت لە سەختترین ساتەکانیشدا بەرگری لە داگیرکاری و نادادپەروەری نەتەوەیی ئەرکێکی ئەخلاقی و یاساییە کە جێی مشتومڕ نییە، بەڵام ئەمە ئەرکێکی هاوتەریب لانابات: ڕەخنەی ڕاشکاوانە لە هەمان کەمپدا.
    ئەزموونی فەلەستین خۆی دوو نموونەی ڕوون دەخاتەڕوو: بزووتنەوەیەک کە کەوتە ناو گەندەڵییەوە و هەماهەنگی ئەمنی لەگەڵ سیستەمی ئاپارتاید بەڕێوە دەبرد تا ئەو کاتەی قیبلەنمای ئازادی خۆی لەدەست دا، و ئەوی دیکەش کە سیستەمی تاک حیزبی دامەزراند کە جۆرێک لە چاودێری ئایینی بەسەر ژیانی گشتیدا سەپاند.
    شەڕی ناوخۆیی ئەوان کارەساتێکی سیاسی لێکەوتەوە کە پەرتەوازەیی فەلەستینییەکانی قوڵتر کرد و پڕۆژەی ئەڵتەرناتیڤی لاواز کرد لە بەرامبەر دوژمنێک کە ئەم دابەشبوونە بە تەواوی دەقۆزێتەوە.
    ئەو بزووتنەوانەی کە تۆوی داخستنی ئایینی-نەتەوەیی و سیاسی و دەسەڵاتخوازی لە گوتارەکانیاندا هەڵدەگرن و جەماوەر دەخەنە ناو جەنگێکی نایەکسانەوە کە تێیدا ژیانی بێتاوانان زۆرترین باج دەدات، پڕۆژەیەکی ڕاستەقینەی ڕزگاریخوازی دروست ناکەن. بەڵکو لە باشترین حاڵەتدا لەوانەیە بە ناوێکی تر وێنەیەکی پێچەوانەی دوژمنەکەیان بەرهەم بهێنن.
    ئەم ڕەخنەیە پاشەکشە نییە لە مافی فەلەستینییەکان و نە هیچ جۆرە پرسیارێک لە دادپەروەری کێشەکە. بانگەوازێکە بۆ پەرەپێدانی بەرەو ئەلتەرناتیڤێک کە دادپەروەرانەتر، مرۆڤانەتر، عەقڵانیتر و کراوەتر بێت بۆ ئاسۆی سۆسیالیستی، بەدیلێکی توانای بنیاتنانی پڕۆژەیەکی ڕزگاریخوازی ڕاستەقینە لەسەر زەوی.
    کەواتە ڕۆڵی هێزە چەپ و پێشکەوتووەکان لە هەموو فراکسیۆنەکانیاندا دێت لە خستنەڕووی ئەلتەرناتیڤی دەوڵەتی هاووڵاتیبوونی عەلمانی، کە ناتوانرێت بنیات بنرێت تەنها لەسەر شانی پڕۆژەیەکی ڕزگاریخوازی کە لەسەر بنەمای بێلایەنکردنی ناسیۆنالیزم و ئایین لە دەوڵەت دامەزراوە، و هاووڵاتیبوونی یەکسان و ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی وەک پێوەر بۆ هەمووان بەبێ جیاوازی.
    دادپەروەری بە کوشتن و تۆڵەسەندنەوە بەدی ناهێنرێت. تاوان و توندوتیژی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتین کە ڕەگی قووڵی لە نادادپەروەری و هەژاری و ئاوارەیی و چەوساندنەوە هەیە کە بە درێژایی نەوەکان کەڵەکە بووە. کاتێک دەوڵەتێک کە جیاکاری نەتەوەیی قێزەون ئەنجام دەدات پەنا دەباتە بەر سزای لەسێدارەدان دژی خەڵکێک کە لە ژێر چەوساندنەوەدا تێکشکێنراون، ئەوە چارەسەری توندوتیژی ناکات. ئەوە وروژاندن، بەرهەمهێنانەوەی، و چینێکی نوێ لە نادادپەروەری و سکاڵا زیاد دەکات.
    بەرپرسیارێتی ڕاستەقینە دەکەوێتە ئەستۆی پێکهاتەی جیاکاری و چەوساندنەوەی نەتەوەیی کە توندوتیژی بەرهەم دەهێنێت و نەوە لە دوای نەوە خۆراک دەدات.
    ململانێی ڕاستەقینە تەنها بە یەک سزای یاسایی دیاریکراو سنووردار نییە، هەرچەندە سەخت بێت. ئەو لۆژیکێکی تەواو دەکاتە ئامانج کە دەوڵەت دەکاتە ئامرازی کوشتن، یاسا دەکاتە پەردەیەک بۆ جیاکاری، و ئینتیمای نەتەوەیی دەکاتە پێوەرێک بۆ بەهای ژیان.
    ئەوانەی ئەم لۆژیکە دەپارێزن و دەیپارێزن، چ لە ڕێگەی پشتگیری ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگەی سەرکۆنەی ترسنۆکەوە کە هاوکاری ڕاستەقینە دەشارێتەوە، بەرپرسیارێتی تەواوی مێژوویی و ئەخلاقی خۆیان لە ئەستۆ دەگرن، جا لە تەلئەبیب یان واشنتن و برۆکسل و لەندەن و پاریس یان لە پایتەختە عەرەبییەکان دابنیشن.
    خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی جیاکاری و نادادپەروەری نەتەوەیی ئیسرائیل و دابڕانی هاوپەیمانی جیهانی کە دەیپارێزێت شەڕی جیا نین. ئەمانە چەند دەربڕینێکی یەک خەباتی ئازادیخوازن کە هەموو مرۆڤێک، بەبێ جیاوازی، لە چەقی بەها، ماف و یەکسانیدا دادەنێت.
    لەم چوارچێوەیەدا، هەڵوەشاندنەوەی یاسای سزای لەسێدارەدانی ئیسرائیل کە لە 30 ی ئاداری 2026 دەرچووە، دەبێتە داواکارییەکی دەستبەجێ و بەپەلە، چونکە یاسایەکی دڕندە و ڕەگەزپەرستانە، ئامرازێکی کۆدکراوی پاکتاوی ڕەگەزی، تاوانی جەنگ و پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای مرۆڤایەتی نێودەوڵەتیە. داواکردنی هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایە ئەرکێکی ئەخلاقی و یاساییە کە دەکەوێتە ئەستۆی هەموو هێزە چەپ و پێشکەوتووەکان و مافەکانی مرۆڤ و هەموو دەوڵەتێک کە بانگەشەی ڕێزگرتن لە یاسای نێودەوڵەتی و مافەکانی مرۆڤ دەکات.
    با سیستەمی ئاپارتاید لە ئیسرائیل بڕووخێنین و سزای لەسێدارەدان جێبەجێ بکەین، نەک تەنها لە ئیسرائیل بەڵکو لە هەموو وڵاتانی ناوچەکە و هەموو جیهان. با سزای لەسێدارەدان خۆی دوایین قوربانی بێت کە هیچ گەڕانەوەیەکی لێ نییە.

بەستەرە پەیوەندیدارەکان
لێبوردنی نێودەوڵەتی، 30 ی ئاداری 2026: ئیسرائیل و ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستین و یاسای سزای لەسێدارەدان کە تازە پەسەند کراوە دەبێت هەڵبوەشێنرێتەوە
https://www.amnesty.org/en/latest/news/2026/03/israel-opt-newly-adopted-death-penalty-law-must-be-repealed/
لێبوردنی نێودەوڵەتی، شوباتی 2022، ئاپارتایدی ئیسرائیل لە دژی فەلەستینیەکان: سیستەمی ستەمکارانەی زاڵبوون و تاوان لە دژی مرۆڤایەتی
https://www.amnesty.org/en/documents/mde15/5141/2022/en/
هیومان ڕایتس وۆچ، نیسانی 2021، سنوورێک تێپەڕاند، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل و تاوانەکانی ئاپارتاید و چەوساندنەوە
https://www.hrw.org/news/2021/04/27/abusive-israeli-policies-constitute-crimes-apartheid-persecution




مارکس و پرسی مۆڕاڵ.. ئەکرەم سەعید

( قانوون، ئەخلاق، مەزهەب لەچاو ئەوەوە کۆمەڵێک پێشداوەری بۆرژوازیین کە کۆڵێک قازانج و مەسڵەحەتی بۆرژوازی لە پشتیانەوە حەشاردراوە.)- مارکس و ئەنگڵس/ مانیفێستی کۆمۆنیست/ لاپەڕە ۲۳.

”مایکل ڕۆزن” پرسیارێک دەکات: ئایا مارکس ڕەهەندێکی ئەخلاقی یان تیۆرێکی ئەخلاقی هەیە؟. بەڕای مایکل پرسی مۆڕاڵ یەکێکە لە مشتومڕترین پرسەکانی مارکس. ئەم پرسەش بۆیە سەختە، چونکە مارکس لەلایەک لەبارەی ئەخلاقەوە بڕوای بە مافی نەرێنی هەیە (مافی نەرێنی مافی مەدەنی وسیاسی لەخۆدەگرێ: وەک ئازادی ڕادەربڕین، مافی ژیان، خاوەندارێتی تاکەکەسی، ئازادی ئایین، دادوەری دادپەروەرانە)، بەڵام لە دوای ساڵی ١٨٤٥ مارکس دووپاتی دەکاتەوە کە تیۆریەکەی؛ تیۆرێکی یۆتۆپیای یان ئەخلاقی نییە، بەڵکو “زانستێکی ئەرێنی ڕاستەقینە”یە (مافی ئەرێنی- مافە ئابووری وکۆمەڵایەتی وکولتوورییەکانە:وەک خۆراک، نیشتەجێبوون، پەروەردەی گشتی، دامەزراندن، خزمەتی تەندروستی، ئاسایشی کۆمەڵایەتی)، بەڵام لەلایەکی دیکەوە بەشێکی زۆری ئەو زمانەی کە بۆ وەسفکردنی سەرمایەداری بەکاری دەهێنێت بە ئاشکرا ئیدانەکردنە (بۆ نموونە کە دژایەتی ستەمکاری و چەوسانەوە دەکات). ئایا ئەمە نوێنەرایەتی ناتەبایی لە فکری مارکسدا ناکات؟ ئایا ئەمە لەیەک کاتدا ئەخلاق و ڕەتکردنەوەی ئەخلاق نییە؟.
نۆرمان گێراس لە نامیلکەکەیدا “مشتومڕ لەسەر مارکس و دادپەروەری” نووسیبووی:(مارکس لە کتێبی “ڕەخنە لە بەرنامەی گۆتا”دا دەڵێت:”دابەشکردنی دادپەروەرانە” چییە؟ ئایا بۆرژوازی بانگەشەی ئەوە ناکات کە دابەشکردنی ئێستا “دادپەروەرانەیە”؟وە ئایا لە ڕاستیدا تاکە دابەشکردنی”دادپەروەرانە”نییە لەسەر بنەمای شێوازی بەرهەمهێنانی ئێستا؟ ئایا بارودۆخی ئابووری بە چەمکی یاسایی ڕێکدەخرێت؟ ئایا بە پێچەوانەوە نییە کە پەیوەندییە یاساییەکان لە پەیوەندییە ئابوورییەکانەوە سەرهەڵدەدەن؟ ئایا سۆسیالیستەکانیش بیرۆکەی جیاوازیان نییە سەبارەت بە دابەشکردنی “دادپەروەرانە”؟).
بەڕای من ئەو پرسیارانە دروستن، بەڵام ئەوکات وەڵام وەردەگرێتەوە کاتێ تەواوی تیۆری مارکس لە شرۆڤەی بۆ کۆمەڵگەی سەرمایەداری دراسە بکرێ. لەو دوو کۆپلە قسانەی سەرەوە ئالۆزی باسەکان و هەڵوێستەکان لەسەر دیاردەکان لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا پیشان دەدات. ئالۆزی پرسەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئاڵۆزی کۆمەڵگەی سەرمایەداری خۆی، چونکە کۆمەڵگەێکی ڵنگەوقوچە و ناکۆکی تێدایە، بۆ نموونە:هەندێک لە چمکەکان ئەوە پیشان دەدەن کە”چاکە و دادپەروەری” تەنیا سیفەتی نەرێنین، بەڵام لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا ”چاکە و دادپەروەری” لە بنەڕەتدا تەنها سیفەتی نەرێنی یان ئەرێنی نین، بەڵکە لە خزمەتی پاراستن و بەردەوامی سیستەمەکەن. هەروەها “کۆمەڵگەی یەک کەلتووری یان فرە کەلتووری” هیچکامیان لە ناوەڕۆکدا باسێک نییە لە پێشکەوتووخوازی یان ئازادی و دادپەروەری، بەڵکە هەردووک هزر و سیاسەتی بۆرژوازین، وە لە خزمەتی پاراستنی سیستەمی سەرمایەدارین. بێگومان پرسەکانی وەک:(ژینگە، ژنان، ئازادی ڕادەربڕین، مافی کەمایەتییەکان، مافی نەتەوە ژێردەستەکان، مافی کۆمەڵگەی میم) پرسێکی سەروچینایەتی و مافی ئەبستراکت نین، بەڵکە ئەم پرسانە بەرژەوەندی سیستەمی سەرمایەداری و ئەجەندای چینی بۆرژوازی لە پشتیانە.
ڕەخنەکانی مارکس لە کۆمەڵگەی بۆرژوازی بە شێوەیەکی تایبەت پەیوەستە بە نامۆیی بوونی ئینسانەکان؛ سروشتی مرۆڤ لەناو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە بۆرژوازییەکاندا چەقبەستووەو شێواوە. ئەمە یەکەمجار ئەوە دەگەیەنێت کە مرۆڤ سروشتی نییە و بە ناچاری بەدیهاتووەو تەنیا سروشتێکی پۆتانسێلە. مارکس سەرمایەداری بەوە لەکەدار دەکات کە ڕێ لە مرۆڤەکان دەگرێ لە بەدیهێنانی سروشتی مرۆیی خۆیان؛ مرۆڤەکان بە ڕای مارکس لە سایەی سەرمایەداریدا گەشەکردنیان وەستاوەو گرگن دەکرێن- بڕوانە کتێبی (ئیدۆلۆژیای ئەڵەمانی).
تیۆری مارکس هەم ئەزموونییە و هەم نۆرماتیڤە، کەوابێ شتێک نییە لە کۆمەڵگەی چینایەتی سەرمایەداریدا ناوی(سروشتی مرۆڤی ڕاستەقینە)بێ، بەڵکە سروشتی ڕاستەقینەی مرۆیی بە کۆتایی پێهێنانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری دەبێ بەدی بهێنرێت، یانی بە کۆتایی پێهێنانی مێژووی درندەیی و دەستپێکردنی مێژووی ڕاستەقینەی ئینسانی لە کۆمەڵگەی سۆسیالیسمەوە بەدواوە دەتوانرێ سروشتی مرۆڤی ڕاستەقینە بناسرێ. بەم پێیە بەتایبەتی جۆرە جەدەلێک لەسەر مافی (هاوڕەگەزخوازەکان، جەندەر) بە پشتگیری یان دژی، پەیوەندی بە مافی سروشتی مرۆڤەوە نییە، بەڵکە ئەوە بۆ خۆی مافێکە لە چوارچێوەی کۆمەڵگەی بۆرژوازییەوە تاوتوێ دەکرێ. مارکس لە دراسەی بۆ کۆمەڵگەی سەرمایەداری جەخت لەسەر کارەکتەری چینایەتی ماف و ئەخلاق دەکاتەوە، ئەخلاقی بۆرژوازی؛ جەختکردنە لەسەر ڕێزگرتن لە موڵک و ماڵ، قبوڵکردنی دەسەڵات و ڕازیبوون بە نایەکسانی سامان و دەسەڵات، ئەمە خزمەت بە ئەرکی پاراستنی بارودۆخی زاڵبوون و کۆنترۆڵکردنی چینایەتی دەکات. ئەمە چۆن بەدی دێت؟ بۆرژوازەکان و کۆمەڵگەی سەرمایەداری دەیەوێت بە هەلومەرجی بابەتی یان هزر شەرعیەت بەوە بدات کە ئێمە/ واتە مرۆڤەکان جیاوازین بەڵام یەکسانین، شوناس و حەزەکان و ڕەنگمان جیاوازە بەڵام لەبەرامبەر یاسا یەکسانین. لێرەدا بەشێوەێکی ناڕاستەخۆ نایەکسانی چینایەتی شەرعیەت وەردەگرێ، ئەمە فۆرمی پاراستنی سیستەمی سەرمایەدارییە.

  • ڕەخنەکانی مارکس بەرامبەر بە ”مافەکان”
    ڕەخنەکانی مارکس بەرامبەر بە”مافەکان” زیاتر لە سەرنجەکانی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ (١٧٩١)و هاوڵاتیدا ڕوون دەبێتەوە، کە لە وتارەکەیدا”لەبارەی پرسی جوولەکەکان”دا لە ساڵی ١٨٤٣نووسراوە. مارکس لەوێدا ڕەخنەی خۆی لە بیرۆکەی مافەکانی مرۆڤ بەگشتی دەخاتەڕوو: (ئەو مافانەی کە پێیان دەوترێت مافەکانی مرۆڤ، بەسادەیی مافی ئەندامی کۆمەڵگەی مەدەنییە، واتە مافی مرۆڤی ئیگۆیست، مافی مرۆڤی گۆشەگیر لە مرۆڤەکانی دیکە وکۆمەڵگە).
    ناڕەزایەتی مارکس لێرەدا لەو ناڕەزایەتیانە دەچێت کە پێشتر لە کتێبی ڕەخنەی فەلسەفەی مافی هیگڵدا نووسیوویەتی. ئەو مافانەی کە لە کایەی سیاسیدا دابڕانی تاکەکان لە یەکتر مسۆگەر دەکەن، کە ئەوە بۆ خۆی تایبەتمەندی نامۆبوونی ئابووری سەرمایەدارییە. سەرنجەکانی مارکس لەسەر مافەکان دیسانەوە ئەوە دووپات دەکەنەوە کە ئەم جۆرە مافانە پێشگریمانە لە “ئیگۆیزم/ ئەنانیەتی”ی ئەو تاکانە دەکەن کە ئازادییان گەرەنتی دەکرێت: ( [ماف و ئازاد]ی مرۆڤ لەسەر بنەمای پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤدا نییە، بەڵکو لەسەر جیابوونەوەی مرۆڤ لە مرۆڤ دامەزراوە.).
  • پاڵپێوه‌نه‌ری کاری چاکه‌ و فه‌زیله‌ت
    لای مرۆڤێکی خاوه‌ن بڕوای ئایینی، پاڵپێونه‌ری کاری چاکه‌ و فه‌زیله‌ت ترسه‌ له سزای خودایه‌ک یان بۆ وه‌رگرتنی پاداشتێکی ئاسمانییه‌، واته‌ گه‌مه‌ی قامچی و گوێزه‌ر، بۆیه‌ پاڵپێوه‌نه‌ره‌کانی بڕواکه‌ران ته‌واو خۆویستی (ئه‌نانیه‌تی) ڕووته‌. به‌ڵام پاڵپێوه‌نه‌ری چاکه‌ و فه‌زیله‌ت لای که‌سێکی سۆشیالیست بەدیهێنان و بەرجەستەکردنی ئینسانی خودی خۆیەتی، واته هه‌ستکردنی به مرۆڤایه‌تی خۆیه‌تی. له‌ هه‌ردوو حاڵه‌ته‌که‌دا پاڵپێوه‌نه‌ره‌کان بۆته‌ عه‌قیده و هه‌ڵقوڵاوی ناخیانه‌، له یه‌که‌میان خۆویستێکی ڕووته‌، ئەما بۆ دووه‌م مرۆڤ دۆستی حه‌قیقه‌تی ڕووته‌. چونکه‌ که‌ سۆشیالیستێک چاکه‌ ده‌کات و گیانی خۆی به‌خت ده‌کات، ئه‌و له‌ ترسی سزای خوایه‌ک ئه‌مه‌ ناکات و سووریش ده‌زانێ به‌هه‌شتێ له‌ ئاسمان چاوه‌ڕێی ناکات. یانی که‌سی سۆشیالیست یاخییه‌کی ڕه‌هایه‌ و چوارچێوه‌ی گه‌مه‌ی”قه‌مچی و گوێزه‌ر”ی تێکشکاندووه‌و لێی ده‌ربازبووه‌و بۆته‌ جه‌نگاوه‌رێکی سه‌رسه‌خت بۆ حه‌قیقه‌ت. جه‌نگاوه‌رانێکی لەو چەشنە سیستمی سه‌رمایه‌داری لێیان ده‌ترسێ، چونکه‌ پراگماتیزمی و دبلۆماسی و مساوه‌مه‌چی نین، و له خه‌باتیان دژی سیستمه‌که‌ به‌ که‌متر له‌ ڕماندنی و له‌نێوبردنی قایل نابن.
    وتمان پاڵنەری ئەخلاقی نوخبە و کەسانی هۆشیاری سۆسیالیستی (ڕزگارکردنی چینی کرێکارانە لە چەوسانەوەی سەرمایەداری و دیفاعکردنە لە چەوساوەکان و ڕزگارکردنی ئینسانەکانە لە چەوسانەوە)، ”بەرگری لە مافی ئینسانە بەشخوراوەکان و وەستانەوە دژی چەوسانەوەی ئینسان” پرنسیپێکی مەزنی ئەخلاقی سۆسیالیستەکانە، ئەما پاڵنەری ئەخلاقی چینی کرێکاران لەسەرەتادا تەنها(داواکاری ئابووری ڕووتە/ مافی ئەرێنی ئابوورییە)، چونکە چینی کرێکاران تا ئەو کاتەی هێشتا سۆسیالیست نین؛ واتە هۆشیارو ڕێکخراو نەکراون، تەنها بیر لە مافە ئابووریەکانی خۆی دەکاتەوە، یانی پاڵنەرێکی ئەنانی/ خۆویستی هەیە وەک: داواکاری زیادکردنی کرێ یان باشترکردنی ژینگەی کارو کاتی کار.
    بۆیە کاتێ ئەحزابەکان بانگەوازی چینی کرێکاران دەکەن بۆ دیفاکردن لە (مافە نەرێنیەکانی گروپەکانی کۆمەڵگە/ کە بێگومان مافە لیبڕاڵەکانن) ئەوە تەنها لایەنگرانی وەک ئەفراد لە چینی کرێکارانەوە بە دەنگیانەوە دەچێ نەک کرێکاران وەک چینێک. لێرەوە چەپەکانیش ناچار دەبن بۆ پرس و مافە نەرێنیەکان وەک پۆپۆلیست ڕووبکەنە (خەڵک، جەماوەر) بەگشتی. کەواتە بانگەوازەکە بەم جۆرەی لێدێ:(خەڵکینە وەرن با هەڵواسراوی سیاسی کوردستان چارەسەرکەین. جەماوەری پێشکەوتوخواز وەرن با دەوڵەتی سیکولار دامەزرێنین. جەماوەری ئازادیخواز با دیفاع لە: مافی ژنان، کۆمەڵگەی میم، ئازادی ڕادەربڕین وڕۆشنبیران،، هتد، بکەین.). کەی سۆسیالیستەکان و چینی کرێکاران توانیان خەباتیان بۆ(مافە نەرێنی و مافە ئەرێنیەکان بە دەربڕینێکی چڕتر: مافە مەدەنییەکان و مافە ئابوورییەکان) بەیەکەوە ببەستنەوە، بەمەرجێ ئەو خەباتە لە خزمەت ئامانجی کۆتایی پێهێنانی پێکهاتی ئابووری و سیاسی سەرمایەداری بێ، ئەوکات دەتوانین بڵێن بزووتنەوەی سۆسیالیستی و بزووتنەوەی چینی کرێکاران پەیوەست بوون بە یەکترو بوونەتە یەک بزووتنەوەی مێژووی مەزن بە ئامانجی دامەزراندنی پێکهاتی ئابووری و سیاسی سۆسیالیستی، دەنا بێ ئەو پەیوەستگرتنە بە یەکتر و بە فەرامۆشکردنی ئەو مەرجەی خەباتەی سەرەوە، ئیدی ئەوە تەنها وەهم و خۆفریودانە، و بزووتنەوەی جۆراوجۆری بۆرژوازییە بەناوی سۆسیالیستی و چینی کرێکارانەوە.

سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:
۱/ نۆرمان گێراس: مشتومڕ لەسەر مارکس و دادپەروەری.
۲ / ئی . پرێۆبراژێنسکی: ئەخلاق و نۆرمەکانی چینایەتی.
۳/ مایکل ڕۆزن: ڕەخنەی مارکسیستی لە ئەخلاق و تیۆری ئایدۆلۆژیا.




زمان، پەیام و ئەخلاق لە میدیای کوردیی باشووری کوردستاندا.. ئەمجەد شاکەلی

میدیا، دەستەواژەیەکە بۆ کۆی ئەو کەناڵانەی زانیاری و هەواڵ و پەیام و سەرگەرمی(کات بەسەربردن) بۆ خوێنەر و بیسەر و بینەرێکی بەرفراوان بڵاودەکەنەوە، وەک ڕۆژنامە و تیڤی و و ڕادیۆ و ماڵپەڕی ئینتەرنێت وتۆڕەکۆمەڵایەتییەکان. میدیا، لەو سیستمە سیاسییانەی جیهاندا کە بە دیموکراتی پیناسە دەکرێن، دوای دەسەڵاتی یەکەم”حوکوومەت” و دەسەڵاتی دووەم “پەرلەمان” وەک “دەسەڵاتی سێیەم” دەژمێردرێت. میدیا زۆر بە وردی چاودێری دەسەڵات و ئەو کەسانەی لە دەسەڵاتدان دەکات، وەها کارێکیش یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی دیموکراتی. دەستەواژەی میدیا هەردوو میدیای گشتی نەریتی و سۆشیال میدیای دیجیتاڵیش دەگرێتەوە.
کاتێک باس لە بار یا حاڵی زمانی کوردی لە میدیای کوردیدا دەکەین ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە حاڵی زمانی میدیای کوردی بە شێوەیەکی گشتی بەدەر نییە لە ڕەوشێکی زمانی کوردی تێدایە و پێیدا تێدەپەڕێت. زمانی کوردی بەگشتی و بەتایبەتیش لە باشووری کوردستان له‌ قه‌یران و کێشه‌یه‌کدایه‌، هه‌رگیز به‌ درێژایی مێژوو، قه‌یران و کێشه‌ی وای به‌ خۆیه‌وه‌ نه‌دیوه‌. زمانی کوردی تا دێت خراپتر ده‌بێت و تا دێت خراپ و خراپتر به‌ کار ده‌برێت و ئه‌تک ده‌کرێت و تا دێت به‌ره‌و له‌تبوون و داڕووخان ده‌ڕوات. ئه‌مڕۆ، خه‌ڵکێکی فرە به‌ ناوی زمانناسی و شاره‌زایی و پسپۆری و خوێندووییه‌وه‌، زمانی کوردی لەتلەت دەکەن و لەبەینی دەبەن. ئه‌مڕۆ، سه‌رباری ئه‌و ئازادییه‌ی کورد به‌ خۆیه‌وه‌ ده‌یبینێت و سه‌رباری ئه‌و هه‌موو میدیا و ده‌سگەی ڕاگه‌یاندن و پاره‌ و ده‌سه‌ڵاته‌ی کورد هه‌یه‌تی (مه‌به‌ست باشووری کوردستانه‌) و سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو ته‌کنیک و پێشکه‌وتنه‌، له‌ بواری ڕاگه‌یاندن و گه‌یاندن و په‌خش و چاپه‌مه‌نییه‌ی، ده‌ستی کورد پێی ڕا ده‌گات، زمانی کوردی دادەکشێت.
میدیا، ئەگەر بە دروستی بەکار بهێنرێت، هۆکارێکە بۆ بەهێزکردن، پاراستن و پێشکەوتنی زمان و دەتوانێت ڕۆڵی زمان لە دەربڕین و دروستکردنی پێناسەی نەتەوەییدا بەهێزتر بکات. لە‌ مێژووی هە‌موو نە‌تە‌وە‌کاندا، میدیا ڕۆلی کاریگە‌ری هە‌بووە‌ بۆ چێکردنی پێناسە‌ی نە‌تە‌وە‌یی. دەگوترێت: “نەتەوەسازیی بێچووی چاپە‌مە‌نی بووە”. وەک ئەوەی بۆ نە‌تە‌وە‌ مۆدێرنە‌کانی ئەوروپا دەگوترێت.
ئەگەر لەپێشدا هەستێکی نەتەوەیی بووبێت، پتر لە نێو بڕێکی کەمی خوێندەوار، شاعیر و سیاسەتکاردا بووە. ئێستا میدیای بینراو بە تایبەت تە‌لە‌ڤیزیۆن و میدیای بیستراو و ڕۆژنامە و گۆڤار لە‌ نێو هەموو توێژ و چینەکانی کۆمەڵی کوردەواریدا، پەخش دەبن، بەڵام ئەو گوتارانەی دەبوو کار بۆ نەتەوەسازی بکەن، ئە‌وانە دەنگ و ڕە‌نگی حیزب و گرۆ و دەستەیان پێوە دیارە و ئیدیۆلۆگێنراون، چون حیزب خاوە‌نی ئەو میدیایانەن، هەر بەوەیش زمانە کوردییەکە خراوەتە خزمەتی ئیدیۆلۆگیاوە. دیارە زمانیش بۆ حیزب هێندە گرنگ نییە!
لە ھەرێمی کوردستان، لە ماوەی سیوچوار ساڵی ڕابردووی دەسەڵاتی کورددا، ھیچ ھەوڵێک نەدراوە بۆ یەکخستن و بەرجەستەکردنی زمانی ڕەسمی دەوڵەت. یا زمانێکی یەکگرتوو کە لە نووسین وداڕشتن، وەک یەک زمانی ھاوبەشی کورد بەلایەنی کەمەوە لە باشووری کوردستان پێڕۆ بکرێت. بێگومان لە نەبوونی زمانێکی ھاوبەشیشدا، شێوە جیاوازەکانی شێوەزار و ڕێنووس و نووسین دەبنە دیاردە. لەو ڕوانگەیەوە دەبینین زمانی داڕشتن و نووسین لە ڕاگەیاندنەکان و بڵاوکراوەکاندا، زمانێکی یەک جۆر و یەک شێوە نییە. بەڵکە ھەریەکە شێوەیەکی ڕێنووس پێڕۆ دەکات. تەنانەت زۆرجار ڕێنووسی یەک وشە بە گەلێ شێوە دەنووسن.
زمانی میدیای كوردی هێندە خراپە هینی ئەوە نییە ئێرەیی پێ ببرێت، چون هێندەی واژەی بیانی بە تایبەت ئینگلیزی تێکەوتووە تا دێت زمانی كوردی گچکەتر دەبێتەوە. سەدان وشەی بیانی و داتاشراو و ناساز و نادروست و سەدان وشه‌ی ئینگلیزی ترێنجێنراونەتە نێو زمانی کوردییەوە و ڕۆژانە نەک تەنێ لە میدیادا بەڵکە لە کۆڵانیشدا و لە لایەن خەڵکی بێسەوادیشەوە بەکار دەبرێن. ئەوەی لەمەڕ زمانی کوردییەوە لە میدیای کوردیدا دەگوترێت و دەگوزەرێت ناشێت تەنێ لە ڕووی زمانەوانی و زاراوەسازی و ڕیشەناسی و ڕێزمان و ڕێنووسەوە بخوێندرێتەوە، بەڵکە مامەڵە و بەرخورد و ئەخلاق و شێوازی هەڵسوکەوت و تێڕوانین و دواندن مەرجێکی سەرەکییە بۆ کاری میدیایی. ئەخلاقیش لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بریتییە لە کۆمەڵێک بەها و بنەما کە ڕێنمایی بڵاوکردنەوەی زانیاری و هەڵسوکەوت لەگەڵ جەماوەردا دەکات، واتە: بەکارهێنانی وشە و وێنە وەک ئامرازێکی دروستکردن و بنیاتنان، نە وەک ئامرازێکی وێرانکردن. چون میدیا دەچێتە نێو خەڵکەوە، هەموو جۆر و چین و پێشە و ڕەگەز و تەمەن و پیکهاتەکانی جڤاکی کوردییەوە. میدیا دەچێتە هەموو ماڵێکەوە و دەچێتە بەر دید و بەر گوێی گەورە، گچکە، مێ و نێری کوردەوە، کە هەر یەکێک لەوانە خاوەنی ئاستێکی تێگەیشتنی جیاوازە لە یەکێکی دی. هەر لەبەر ئەوانە شێوازی بەکاربردنی زمان، ئاراستەی وتار، خوێندنەوەی دەروونیی وەرگر، خوێنەر، بیسەر، بینەر هەموو ئەوانە مەرجگەلێکن بۆ کاری میدیایی.
دەشێت لە چەند نموونەیەکدا هەندێک تێبینی لەمەڕ ئەو باسە و لە ڕووی بنەما ئەخلاقییەکانی میدیاییەوە وشێوازی بەرخوردی میدیای کوردی لەگەڵ وەرگر، خوێنەر، بیسەر، و بینەردا پێشان بدرێن:
یەک
لە حەفتەنامەی (هەولێر)ی ژماره 1204ی ڕۆژی سێشەممەی 6ی دیسەمبەری2011دا، کە لە هەولێر دەردەچێت لە لاپەڕەی فەرهەنگدا دوو هەواڵ لەمەڕ تەندروستی مامۆستایان نەوزاد ڕەفعەت و زاهیر ڕۆژبەیانی کە هەردوویان نەخۆش بوون بڵاو کرابوونەوە. ئەو دووانە دوو نووسەر و شاعیری ناسراوی کوردستان بوون. مامۆستا ڕەفعەت شاعیرێکی دیار و ناسراوی هەولێر بوو و مامۆستا ڕۆژبەیانییش، نووسەرێکی ناسراوی شاری کەرکووک بوو و لە هەولێر دەژیا. بە چەند دێڕێک باسی تەندروستی مامۆستا ڕۆژبەیانی کرابوو و وێنەیەکی مامۆستایش لەگەڵ هەواڵەکەدا دانرابوو. وێنەکە هینی ئەو کاتە بوو کە مامۆستا گەلێک نەخۆشە و گۆڕانێکی زۆر بەسەر شێوە و سیما و ڕوخساریدا هاتبوو. هەر کە وێنەکەم بینی دەسبەجێ چەند دێڕێکم وەک ڕەخنە لە پەخشکردنی ئەو وێنەیە بە ئیمەیڵ بۆ سەرنووسەری هەولێر مامۆستا جەواد قادر نووسی و باسی ئەوەم کرد کە نەدەبوو ئەو وێنەیەی مامۆستا ڕۆژبەیانی کە نەخۆشە دابنێن و ئەگەر هەر بڕیارە وێنەکەی دانرابا، دەبوو وێنەیەکی کۆنتری دانێن، چون ئەوە کارێکی جوان نەبوو و ناخۆش و ناپەسەند و کاریگەر بوو بۆ هەموو دۆستانی مامۆستا ڕۆژبەیانی و ماڵبات و خانەوادەکەیان.
دوو:
له‌ گوتارێکیدا به‌ ناوی”خاک و جه‌سته‌ لای جه‌نگیز ئه‌یتماتۆف و سه‌میر نه‌قاش، له‌ هه‌ردوو رومانی(رۆژه‌که‌ له‌ سه‌ده‌یه‌ک درێژتر ده‌بێته‌وه‌) و (شلۆمۆ کورده‌ و من و رۆژگار)دا”، که‌ له‌ دوو به‌شدا، وه‌ک ڕانانێک بۆ دوو کتێبی تازه‌په‌خشکراوی نووسه‌ر و چیرۆکنووس مامۆستا جه‌لیل کاکه‌وه‌یس، بڵاو بووه‌ته‌وه، ‌مامۆستا نه‌جات نوری، نووسه‌ری گوتاره‌که‌، ده‌نووسێت:”له‌م دێڕانه‌ی سه‌ره‌تادا ده‌بێت قه‌دری هه‌وڵه‌ دیاره‌کانی برای ئازیزمان(جه‌لیل کاکه‌وه‌یس)ی چیرۆکنوس بگرم که‌ به‌و ته‌مه‌نه‌وه‌ هێشتا عه‌شقی ئه‌و بۆ ئه‌ده‌ب و نووسین پیرۆزی ماوه‌و به‌رده‌وام به‌و عه‌شقه‌وه‌ خزمه‌ت به‌ خوێنه‌رانی کورد ده‌کات. هێشتا ده‌یه‌وێت ئه‌ده‌ب ببێته‌ سه‌رچاوه‌ی ژیانمان و له‌ناو هه‌مو تاریکاییه‌کاندا روناکیه‌کمان پێ ببه‌خشێت. هێشتا ده‌ست ده‌بات بۆ وه‌رگێڕانی ئه‌و ده‌قه‌ باشانه‌ که‌ خوێنه‌ری ئێمه‌ ده‌ستی پێیان نه‌گه‌یشتووه‌…” . تۆ له‌م نووسینه‌دا تێبینی ئه‌م ڕسته‌ و وشانه‌ بکه‌”..که‌ به‌و ته‌مه‌نه‌وه‌ هێشتا عه‌شقی بۆ ئه‌ده‌ب و نووسین پیرۆزی ماوه‌…” و “..هێشتا ده‌یه‌وێت…” و “هێشتا ده‌ست ده‌بات بۆ وه‌رگێڕانی…”.، وا باسی مامۆستا کاکه‌وه‌یس ده‌کات، وه‌ک بڵێی خودانه‌خواسته‌ و دوور له‌ گیانی مامۆستا کاکه‌وه‌یس، مامۆستا کاکه‌ویس:
“له‌ نێو ماڵێکی بێ ژن دا
له‌ بن لێفێکی چڵکن دا
له‌ سه‌ر ته‌ختێکی ڕه‌ق و ته‌ق
سه‌رتاپای شه‌ڵاڵی ئاره‌ق
پیر و که‌نه‌فت و که‌له‌لا
هه‌موو له‌شی هه‌لا هه‌لا
پشتی ڕه‌ق و باسکی ته‌زیو
پێێ نه‌ده‌کرا ئه‌م دیو ئه‌و دیو
کز و گۆد و سڕ و بێ ناز
پێچی ده‌دا وه‌ک مارانگاز” ، که‌وتووه‌ و بێهێز و لاواز، به‌ حاڵ نووزه‌ی لێوه‌ دێ و هه‌ناسه‌ ده‌دات. به‌و جۆره‌ باسکردنی مامۆستا کاکه‌وه‌یس و نیشاندانی وه‌ک پیرێکی په‌ککه‌وته‌، ئه‌گه‌ر به‌لای مامۆستا نه‌جات نووریشه‌وه‌ بۆ پێشاندانی وزه‌ و توانست و خواست و کۆششی مامۆستا کاکه‌وه‌یس بێت، هێشتا کورت ده‌هێنێ و له‌ ڕووی ده‌روونی و سایکۆلۆگییه‌وه‌، ئه‌گه‌ر نه‌یشێباته‌وه‌ سه‌ر خۆی و وه‌هایش پێشان بدات، که‌ گرنگ نییه‌ و بێخه‌مه‌ له‌و ڕووه‌وه‌، کار ده‌کاته‌ سه‌ر مرۆڤ (کاکه‌وه‌یس). مامۆستا جه‌لیل کاکه‌وه‌یس، هه‌موو چه‌ند مانگێکه‌، له‌ ته‌مه‌نی 63 ساڵیدا وه‌ک مامۆستا خانه‌نشین کراوه‌، ئیدی که‌ی هینی ئه‌وه‌یه‌ پێی بگوترێ:”به‌و ته‌مه‌نه‌وه‌ هێشتا….”، خۆ ده‌یان خه‌ڵکی 75-80 ساڵان و هه‌ورازتریش ئه‌مڕۆ فه‌رمانڕه‌وای وەڵاته‌که‌ی مامۆستا کاکه‌وه‌یسن و بڕیار به‌سه‌ر ژیانی میلیۆنان کاکه‌وه‌یسدا ده‌ده‌ن و که‌سیش پێیان ناڵێ پیر!

سێ:
پێم وایە هەموو بینەر و بیسەر و خوێنەرێکی کورد، کە پتر بە هۆی میدیای بینراو و بیستراو و تۆڕەکۆمەڵاتییەکانەوە ئاگاداری هەواڵ و ڕووداو و چالاکی و ناچالاکی و بوارەکانی دیکەی ڕەوتی ژیان دەبن لە کوردستان و دەرێی کوردستان، لەم جۆرە دیمەن و گوتارانە گەلێ جار دەبێنن و دەژنەفن و دەخوێننەوە: خێزانێک یا چەند خێزانێک بەهۆی ڕووداوێکی هاتوچوونی ئۆتۆمبیلەوە ئیدی پێکدادان بێت یا وەرگەڕان یا بەهۆی شەڕی نێوان دوو ماڵەوە یا دوو تیرەوە یا بەهۆی لافاو یا ئاگرکەوتنەوەوە یا بەربوونەوە لە باڵاخانە و تەلار و هەورازێک یا بەهۆی تەقە و بۆمب و مینەوە یا بەهۆی هەڵاتنەوە بۆ هەندەران و لە ئاوی زەریادا خنکان یا هەر ڕووداوێکی دیکەی لەو جۆرانە بێت، کەسێک یا چەند کەسێکیان تێدا دەچن، دەبینیت میدیاکاران وەک داڵ لەو ماڵانەی یا لەو کەسانەی کچیان، کوڕیان، باوکیان، دایکیان، خوشکیان، برایان، ژنیان، مێردیان، منداڵیان، کەسێکیان یا چەند کەسێکیان تێدا چوونە و گیانیان لەدەست داوە یا زیانی گەورە بە لەش و ماڵیان کەوتووە، لەبەردەم ماڵەکەدا، لەنێو ماڵەکەدا، لە گۆڕستان و لە کاتی ناشتنی خۆشەویستەکانیاندا، کاتێک گەرمەشین و شەپۆڕ و واوەیلایانە و لە سنگ و ڕوومەتی خۆیان دەدەن، ڕێک لەو کاتەدا میدیاکاران بە خۆ و کامیرا و مایکێکەوە گەرماوگەرم خڕ دەبنەوە و دەچنە بەردەم کەسی کۆسکەوتوو و لێقەوماو و نوقمبووی خەم و گریان و وەڕس لە گیانی خۆ و دەست بە پرسیار دەکەن لێی لەمەڕ ئەوەی چ هەستێکی هەیە کە کەسەکەی بەو جۆرە گیانی لەدەست داوە و دەیەوێت چی بڵێت و ئیدی لەو جۆرە پرسیارە ناپەسەند و نابەجێیانە، بێ ڕەچاوکردنی ڕەوشی پەشێوی ئەو مرۆڤە و بێ بیرکردنەوە لە باری ئاڵۆزی دەروونی ئەو! وەها کارێکی میدیاکار دەیکات نازانم بۆ خۆی دەیخاتە چ خانەیەکەوە، بەڵام ئەوە دەزانم کە دوورە لە هەموو بنەمایەکی ئەخلاقی و ئەتیکێتی کاری میدیایی.
چوار:
مامۆستایەکی شاعیر لە دیدارێکی تەلەڤزیۆنیدا باس لە گوندێکی گەرمیان دەکات، کە داربەڕوویەکی تێدا شین بووە، ڕێک بەم جۆرە دەیگێڕێتەوە:”لە گوندی ناساڵح لە پشت کفری، گوندێک هەیە پێی دەڵێن ناساڵح، لە پشت کفری بەڵێ، داربەڕوویەک هەبوو، هاوڕێکانم لەبواری میندا کاریان دەکرد، پێیان سەیر بوو لە دیالە لەو شوێنە عەرەب نشینە، لەم شوێنە داربەڕوو چی دەکات، دوای ئەوەی بۆ پاککردنەوەی لوغمەکان هەڵیان کۆڵی، بینییان خێزانێکی کوردە ئەنفال کراون، یەکێک لەو منداڵانە کە شەرواڵێکی مۆری لەبەر بووە، لەناو گیرفانەکەی بەڕوو هەبووە، دوای ئەوەی لە چاڵیان ناون ناشتوویانن، ئەو بەڕووەی گیرفانی ئەو منداڵە شەرواڵ مۆرە 11 ساڵییە، وردە وردە گەورە دەبێت و دەبێتە داربەڕوو..”. تا ئێرە فەرموودەی ئەو مامۆستایەیە. بەڵام با بڕێک وردبینەوە لەو قسانە بزانین چەندی ڕاستە و چی لێ هەڵدەکڕێنین:

  1. گوندی ناساڵح لەنێوان سەرقەڵا و کفریدایە و سەربە شارۆکەی کفرییە. کفری، شارۆکەیەکی کۆنی مێژووییە و هەمیشە سەربە ئوستانی کەرکووک بووە، لێ پاش لەتوپەتکردنی کەرکووک لە ساڵی 1975دا، کفری لە کەرکووک دابڕێنرا و لە 6 نۆڤەمبەری 1975دا بە کردەیی بە ئوستانی دیالەوە لکێنرا، بەڵام فەرمانی کۆماریی ئەو گۆڕینە بە شێوەیەکی ڕەسمی بە ژمارە 41 لە ڕۆژنامەی وەقائیعی عیراقی(الوقائع العراقیة)ی ژمارە 2513، لە 8ی فێریوەری 1976دا بڵاوکرایەوە و بڕیار درا:

  • ئوستانێک بە ناوی ئوستانی سەلاحەددین دامەزێنرێت و نێوەندەکەی شاری تکریت بێت.
  • شارۆکەی خورماتوو بخرێتە سەر ئوستانی سەلاحەددین.
  • شارۆکەی کفری و تەواوی شارەدییەکانی بخرێنە سەر ئوستانی دیالە .

  1. بەوەی کە گوندی ناساڵح ئێستا سەر بە ئوستانی دیالەیە، نە عەرەبنشینە و نە هەرگیزیش عەرەبنشین بووە و ئوستانی دیالەیش ئەگەر کاکی شاعیر بڕێک شارەزای جیۆگرافیا و مێژوو بووایە دەیزانی ئەگەر تەواوی ئوستانی دیالە بکەیت بە دوو لەتەوە لەتێکی خاکی کوردستانە و کوردنشینە، خانەقی، جەلەولا، قزڕەوات، مەنەلی، شارەبان و… وەک نموونە. ئێستا ئیدی بە تۆبزی کفریشی بە قەرەتەپە و جەبارە و سەرقەڵاوە خراوەنەتە سەر. باسکردنی ناساڵح و کفری و قەرەتەپە و سەرقەڵا وەک دیالە و باسکردنی خورماتوو وەک سەلاحەددین (تکریت) و باسکردنی مەخموور وەک مووسڵ (نینوی) لەلایەن هەر تاکێکی کوردەوە لە هەر پلە و پایە و چین و ئاست و بیرکردنەوە و بەرگێکدا بێت، چاوپۆشینە لە واقیعیکی سەپێنراو و دداننانە بە قانوونێکی نادروست و ناڕەوا کە لە پەنا و سایەیدا گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان و عەرەباندن پیادە دەکرێت! کورد دەبوو بۆ خۆی، بە تایبەت فەرهەنگییانی، هەرگیز تووتی ئاسا، جۆر و شێوازی ناوهێنانی دەڤەرەکانی کوردستانی وەک دەسەڵاتدارانی بەغدای بەکار نەبردایە و دەستەواژەکانی ئەوانی لە میدیادا نەگوتبایەوە کە ئەوە “أضعف الإیمان”ەکەیە!
  2. هەرگیز خەڵکی ئەنفالکراو نەگوێزراونەوە بۆ ناساڵح و کفری و هەرگیز لەوێ نەنێژراون و تاکە یەک گۆڕی ئەنفالکراوێک لەو دەڤەرەدا نییە. ئەوانەی ئەنفالکراون براون بۆ تۆپزاوای لای کەرکووک و لەوێیشەوە بۆ بێاوانەکانی نۆگرەسەلمان و سەماوە.
  3. وەک چۆن دارخورما لە هەورامان یا چیای گارە ناڕوێت، داربەڕوویش هەرگیز لەو دەشتی گەرمێنەدا نەڕوواوە، نازانم ئەگەر ئێستا بە هۆی تەکنۆلۆگیا و ئامرازی نوێوە وەها کارێک ببێتە ڕاستییەک! ئەو هاوڕێیانەی مینهەڵگر، ڕەنگە خەڵکە ئەفەندییەکان بووبێتن، ئەوانەی لەسەر ئەسکەمیل دادەنیشن و لە پشتی مێزەوەن، دەنا کارگەرەکان کە خەڵکە گیانفیداکارەکانن و ئەوانن تووشی زیان دەبن و لاقیان، قۆڵیان و دەستەکانیان دەپەڕێت، چاوانیان لە دەست دەدەن و ژیانیان لەدەست دەدەن، ئەوان دەزانن داربەڕوو لە گەرمیان نابێت و ئەنفالکراویش نەگواستراونەوە بۆ ناساڵح!
  4. گوندی ناساڵح سنوور نییە ، ئەگەر جارجار جەنگی تێدا بووبێت ناکاتە ئەوەی مەیدانی جەنگ بووبێت، ئیدی ئەم مین و مینهەڵگرتنەوە و مینناسی و مینبازی و مینیزم و مینیست و مینهەڵگرانە تەنێ خەیاڵێکی مۆری، وەک شەرواڵی کوڕە 11 ساڵەییە شەرواڵ لەپێیە خەیاڵییەکەی نێو گۆڕە خەیاڵییەکە و ناوکە خورما خەیاڵییەکەی نێو گیرفانی و داربەڕووە خەیاڵییەکەی شاعیرێکە دوای ڕامانێکی قووڵ و داچۆڕانێک بە نێو خۆدا. پێناسەکردنی ناساڵح وەک دەڤەرێکی عەرەبنشین و ئەو خەیاڵە مۆرەی شاعیرەکە، وەنەبێ تەنێ لە سنووری زمانی کوردیدا باس کرابێت و مابێتەوە، بەڵکە کراوە بە زمانی فارسییش و لە ئینستاگرام(Instagam)یشدا بڵاو کراوەتەوە. . ماوەیەک دوای دیتنی ئەو دوو ڤیدیۆیەی مامۆستای شاعیر، ڤیدیۆیەکی دیکەیم دیت لەوێدا پێمان دەڵێت، ئەوەی لەمەڕ داربەڕوو و منداڵە شەرواڵ مۆرەکە و ناساڵحەوە گوتوویەتی تەنێ خەیاڵە و خەیاڵێکی شاعیرانە و هیچی تر ! ئەوەی بۆ من سەیرە ئەو هەر جەخت لە عەرەبنشینیی ناساڵح و عەرەبایەتی ئەو دەڤەرە دەکاتەوە، کە ئەوە دەکاتە شەوارە پێ کردنی لاوانی کورد و ناشارەزایانی جیۆگرافیای کوردستان و ئەوانەیشی بە زمانی فارسی دەپەیڤن، چون بۆ ئەوانیش ئەو داهێنانە مەزنەی مامۆستای شاعیر کراوەتە فارسی!
    پێنج:
    لە تەواوی میدیای باشووری کوردستاندا و لەلایەن ئەوانەی دەنووسن و قسە دەکەن و دەبیسرێن، بە خەڵکە بەرپرس و سیاسەتکار و فەرهەنگییان و خەڵکە گشتییەکەیشەوە، وشەی “هەرێم” جێی بە وشەی کوردستان یا باشووری کوردستان لەق کردووە و بووە بە جێگرەوەی ئەو دوو وشە و دەستەواژەیە. کە دەگوترێت هەرێم یا تەنانەت هەرێمی کوردستانیش، دەکاتە ئەوەی تەواوی ئوستانی کەرکووک و نیوەی ئوستانی دیالە و نیوەی ئوستانی نەینەوا(مووسڵ) دەسڕدرێنەوە. ئەم وشەی هەرێمە ڕیک وەک “ناوچەی ئۆتۆنۆمی/منطقة الحکم الذاتي”یەکەی عیراقی سەردەمی بەعسە و لە واقیعیشدا هەر ئەوەیە کە بەعس بە کوردی ڕەوا دەبینی. وشەی هەرێم بە قرتاندنی وشەی کوردستانەکەی، لەسەر زمانی دەسەڵاتدارانی بەغدا و عەرەب و بڕێک خەڵکی ناکوردەوە گەلێک شیرینە و هەردەم دەگوترێتەوە و دەنووسرێت و بەکاردەبرێت و دەدرێت بە گوێی کورددا تا گەیشتووەتە ڕادەیەک سیاسەتکارانی کورد و میدیای کوردی و کوردستانی، وەک تووتی لاسایی “هەرێم لەزارخۆشەکان” دەکەنەوە و ڕۆژانە بێ وشەی کوردستان هەزار پاتەی دەکەنەوە. خەڵکە ئاساییەکەی کوردستانیش بەگوێرەی تیۆری خەڵک (مرۆڤەکان) لەسەر ئایینی پادشاکانیانن “الناس علی دین ملوکهم” هەر ئەوەی میدیاکان و حیزبەکان و سەردارانیان دەیڵێنەوە، ئەوانیش ڕێک بەو جۆرە بەو ئاوازە دەخوێنن. دەسەڵاتی بەغدا و ناکوردان کە دەڵێن هەرێم، واتە: “کوردینە ئێوە تەنێ ئەو سێ قوتە شارە: دهۆک، هەولێر و سلێمانی هینی ئێوەیە و بۆتان هەیە پێی بڵێن هەرێمی کوردستان و لەوە بەولاوە یەک دانە سەنتیمیتر خاکتان نییە و نابێت باسی بکەن”. ئەوان کە دەیشڵێن هەرێم، واتە: “ئێوە وەک هەرێم بەشێکن لە عیراق و هیچی تر و ئەگەر لە باشترین حاڵدا بیر لە جیابوونەوەیش بکەن لە عیراق، ئەوە تەنێ سێ قوتە شارەکانتان هەن و هیچ دی”. تەواوی ئەو دیدەی بەغدا لە میدیای کوردیدا برەوێ پێ دەدرێت و مێشکی خەڵکی پێ دەشۆردێتەوە.
    شەش:
    دەستەواژەگەلێکی بێفەڕ و دزێو و ناحەزی وەک: ناوچە جێناکۆکەکان، ناوچەکانی 140، ناوچە دابڕاوەکان، ناوچە دابڕێنراوەکان، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، لە میدیای کوردی و لە لایەن سیاسەتکارانی کورد و خەڵکی کوردەوە هەمیشە دەگوترێنەوە. ڕاستە هێز بڕیاری توانستی داگیرکردن و ڕزگارکردن و دەسەڵات گرتنە دەست و گێڕانەوەی خاکی زەوتکراو و ماڵ و سامانی دزراو و مافی خوراو دەدات، بەڵام مێژوو ئەوەمان بۆ دەگێڕێتەوە کە ئەو دەڤەرانەی میدیای کوردی و حیزب و دەسەڵاتەکەی کوردستان، بە 140 و جێناکۆک ناوی دەبەن، بێجگە لە کوردستان و خاکی کوردستان شتێکی دیکە نین!. ئەوەی میدیای کوردی و دەسەڵاتی کوردستان کە بە مادەی 140 ناوی دەبەن، تەواوی ئەم دەڤەرانەی باشووری کوردستان دەگرنەوە:

  • ئوستانی کەرکووک: تەواوی شاری کەرکووک و سەرجەم قەزا و ناحیەکانی دەگرێتەوە.
  • ئوستانی نەینەوا: قەزاکانی شنگال، حەمدانیە، شێخان، مەخموور، زوممار، تلکێف و ناحیەکانی بەعشیقە، قەحتانیە و رەبیعە دەگرێتەوە.
  • ئوستانی دیالە: قەزای خانەقین و ناحیەکانی: جەلەولا، قزڕەوات(سەعدیە)، مەیدان، قۆرەتوو، قەزای شارەبان و ناحیەکانی، قەزای بەلەدروز و ناحیەی مەندەلی و قەرەتەپە و کفری دەگرێتەوە.
  • ئوستانی سەڵاحەددین(تکریت): خورماتوو، ئامرلی، سلێمان بەگ ، کە سەربە کەرکووک بوون و ئێستا سەر بە سەلاحەددینن دەگرێتەوە.
  • ئوستانی واسیت(کووت): زرواتییە و قەزای بەدرە و ناحیەی جەسسان دەگرێتەوە.
  • لە هەرێمی کوردستانیش: چەمچەماڵ، ئاکرێ، فایدە، کفری و کەلار دەگرێتەوە.
    ئەوان، میدیای کوردی و دەسەڵاتی کوردستان، وەک بنێشتەخۆشە وشە و دەستەواژە بێفەڕەکانی جێناکۆک و 140 دەجوونەوە و بەکاری دەهێنن و دەیڵێنەوە، لە کاتێکدا کورد دەبوو لەبری ئەو دەستەواژانە ڕێک و ڕەوان بیگوتبا: ناوچە داگیرکراوەکان، لێ کورد نەیوێراوە و نایشوێرێت جاڕی داگیرکراویی ئەو بەشەی کوردستان بدات، کە لە هەرێمە قوتەکە زیاتر و بەرینترە. نزیکەی سەد ساڵە و بە تایبەتیش شەست ساڵێکە عەرەب دادەبارێنرێن و دادەبارنە کەرکووکەوە و کوردی خاوەنماڵ دەردەکرێن و عەرەب دەبنە خاوەنماڵ، ئێستایشی لەگەڵدا بێت، کورد ناتوانێت بێژێت ئەو عەرەبانەی هێنراونە و هاتوونەتە کەرکووک داگیرکەرن. کورد، بە میدیا و بە سیاسەتکارییەوە بە گوتنەوەی جێناکۆک و 140 کوردستانیبوونی تەواوی ئەو دەڤەرانە، کە لە 16ی ئوکتۆبەری 2017 بە دواوە ڕادەستی عیراق کران و ئەوانەیشی پێشتر عیراق دەستی بەسەردا گرتبوون و بەدرێژایی مێژوو کوردستان بوونە و کورد بە خاکی خۆی زانیوە، دەخاتە گومانەوە، چون مرۆڤ، ئەگەر نانیشتمانی و هێڕ و گەمژە نەبێت بە ماڵی خۆی ناڵێت جێناکۆک و ڕاپرسیی لەسەر کوردستانیبوونی خاکی خۆی ناکات! میدیای کورد، یادگەی مرۆڤی کورد، بە تایبەت نەوەیەک کە دوای 2003 پەیدا بوون، گێژ و بەنگ دەکات و دەسڕێتەوە. بەو هەموو ماڵوێرانییەی گەلی فلستین لە 1948ەوە بە دەست ئیسرائیلەوە تووشی هاتوون، تا هەنووکەیش فلستینییەک نییە بە فلستین نەڵێت: خاکی داگیرکراو یا فلستینی داگیرکراو “الأراضي المحتلة /فلسطین المحتلة”و بە ئیسرائیلیش نەڵێت: داگیرکەر”إسرائیل المحتلة/الکیان المحتل” یا دەوڵەتی عیبری”الدولة العبریة”! ئەو دەستەواژە دزێوانەی 140 و..لە پاش ڕووخانی ڕێژیمی بەعس و سەددام حوسەینەوە لە 2003دا هاتە گۆڕێ، لێ هەر لە 1991ەوە کە ئیدی دەڤەری نەفڕین ساز کرا، کورد تەنێ لەو دەڤەرەدا چەقی و ئیدی چ بە کردەوە و بە بیرکردنەوە نەیتوانی لەو بازنەی نەفڕینەکە بێتە دەرێ. ئەو دید و بەرخوردانە لە میدیای کوردیدا هەمیشە زەق دەکرێنەوە و مێشکی مرۆڤی کوردی پێ کول و نائاگا و کەم وزە دەکەن. هەر ئەوەی میدیای کوردی لەگەڵ کەرکووک و مووسڵ و دیالە و سەلاحەددین و واستدا دەیکات لەوە خراپتر لەهەمبەر کوردانی دەرێی باشووری کوردستان (کوردانی فەیلی) دانیشتووانی بەغدادا دەکات. جاران لە عیراقدا ئەگەر بتگوتبا کام شار لە عیراقدا گەورەترین شاری کوردانە یا کوردنشینە، دەگوترا شاری بەغدا. شاری بەغدا نشیمەنی کوردانی فەیلی بوو و یەک میلیۆن و پتر کوردی تێدا دەژیان. کوردانی فەیلی هەمیشە بڕبڕەی پشتی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان بوون چ لە ڕووی هێزی مرۆیی و چ لە ڕووی ئابوورییەوە. ئەوان لە سەنگەری پێشەوەی خەبات و بەرخوداندا بوون. ئەوان گەورەترین و ڕێکوپێکترین و دڵسۆزترین و بوێرترین و ئازاترین و ڕاستگۆترین کورد بوون کە لەنێو داگیرکەرانی خاکی کوردستاندا دەژیان و ئامادەیی تەواویان بۆ هەموو چالاکییەک و شێوازەکانی خەبات هەبوو. ئەو کوردەیلە کە چەندین سەدە بوو نیشتەجێی بەغدا بوون و تێیدا ژیابوون، بە بیانووی ئێرانیەتییەوە وەک بنەچە، ڕێژیمی بەعس دەستی بەسەر تەواوی سامان و ماڵ و هەموو شتێکیاندا گرت و بە پێ خاوسێ وەدەریانی نا بۆ ئێران و پتر لە سی هەزار لە کوڕە گەنجەکانیانی خستنە زیندانەوە و دواتر یەک دانەیشیان لێیان نەهێشتەوە و هەموویانی لەبەین برد. وەها نەهامەتی و کارەسات و قڕان و بنبڕکردن و ستەمێک، لە میدیای کوردیدا چ گرنگییەکی پێ دراوە؟ کەی باس کراوە؟ کەی بەدواداچوونێ بۆ بزربووان و بۆ کێشەکانیان کراوە؟ ئێستایش لە هەرێمە قوتەی لەمەڕ خۆمان، کوردانی فەیلی نەک وەک خاوەن ماڵ، وەک میوانیش ناژمێردرێن و خەڵکی کوردی سی قوتە شار، هێندەی شارەزاییان لە ئیستەنبوول و دوبەی و عەممان و بەسرە و شام و تاران و لبنان و خەڵکی ئەو دەڤارانەدا هەیە، لە سایەی میدیای کوردی و شێوازی بەرخوردی، یەک لە سەدی ئەوە شارەزایی و زانیارییان، لەمەڕ کوردانی فەیلییەوە نییە!
    حەفت:
    نووسین و گوتنەوە و دەربڕینی ناوی هەندێک شوێن و دەڤەری کوردستان بە جۆرێکی نادروست لە میدیای کوردیدا دەبنە هۆی سڕینەوەی مێژوو و پەخش کردنەوەی هەڵە. “خورماتوو” و “دووبز” و ” ڕانیە ” و ” کەڵەکی یاسین ئاغا، کەڵەک یا ئەسکی کەڵەک ” و “جەلەولا” و “کلکەی کۆزەکوڵ یا کۆزەکوڵ”ی کوردستان دەکرێن بە “دووز” و “دبس” و “ڕاپەڕین” و “خەبات” و “گوڵاڵە” و “ڕزگاری” و…هەموو ئەوانە وەک گۆڕینی “کەرکووک”بوو بۆ “تأمیم” لە سەردەمی بەعسدا، وەها کارێک هۆکارە بۆ کاڵکردنەوە و لەبیرچوونەوەی مێژوو! لە میدیای کوردیدا فرە جار کە باسی دێیەک یا چەند دێیەک دەکەن لە دەوروبەری کەرکووک یا مەنەلی و خانەقی و.. دەڵێن دانیشتووانەکەی کوردن یا چوار دێی کوردنشینن لای خورماتوو، وەک بڵێی لە خاکێکی عەرەبستان، تورکستان، ڕووسستان، هیندوستان و…چوار دێی کوردنشین هەن. ئەم ئاواییانەی خانەقی، مەنەلی، کەرکووک ئەگەر کوردنشینیش نەبن و ئەگەر تەواوی ئەو خاکە عەرەبنشینیش بێت خاکەکەی لە ڕووی مێژووییەوە کوردستانە و تەواوی یا زۆرینەی خەڵکەکەی کوردن، میدیای کوردی و حیزب و دەسەڵات و مرۆڤی کورد هەرگیز بیر لەوە ناکەنەوە کە بە هەڵە بەکاربردنی وشە و دەستەواژە و چەمک لە زمانی میدیادا، جێی خۆی دەگرێت و دەبێتە هۆکاری چاندنی تۆوی ناڕوونی و وەبەرهێنانی مرۆڤی چەواشەکراو و ناڕوون.
    هەشت:
    لە دەسپێکی ناساندنی عیراق لە لایەن بریتانیاوە وەک دەوڵەت لە 1921دا، چەندین جار بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیایی، گۆڕین لە کارگێڕی و خاکی باشووری کوردستاندا کراوە. تەواوی ئەو گۆڕینانە حوکوومەتی عیراق بۆ دەستکاریکردن و بچووککردنەوەی باشووری کوردستان، بەتایبەت لەو ناوچە و دەڤەرانەی کەمینەیەکی ناکورد(تورکمان، مەسیحی، تاکوتەرا عەرەب)ی تێدان. ئەو دەڤەرانەی وەها گۆڕینێکیان تێدا کراوە، ئوستانگەلی کرکووک، مووسڵ و دیالەن. مووسڵ، لە 27ی ئایاری 1969دا قەزای دهۆکی لێ دابڕێنرا و کرا بە ئوستان بە بیانووی ئەوەی دهۆک شارۆکەیەکی کوردە، لە کاتێکدا ئێستایشی لەگەڵ بێت بەشە زۆرە کوردەکەی ئوستانی مووسڵ هێشتا بە قەزا و ناحیە و گوندەوە سەر بە ئوستانی مووسڵە و مووسڵیش وەک مێژوو بە گوتەی مامۆستا جەرجیس فەتحوڵڵا”هەرگیز شارێکی عەرەبی نەبووە”. کەرکووکیش چەندین جار گۆڕانی گەلێک کاریگەری تێدا کراوە بە دژی کوردستانیبوون و کوردیبوونی شارەکە. بە فەرمانێکی کۆماریی ژمارە 137 لە 28ی فێبریوەری 1970دا، گوندی کەلاری سەر بە ناحیەی شێروانەی سەربە قەزای کفری و ئوستانی کەرکووک، کرا بە قەزا. بەڵام ئەم قەزای کەلارە لەگەڵ قەزای چەمچەماڵی سەر بە ئوستانی کەرکووک بە فەرمانی کۆماریی ژمارە 608 لە 6ی نۆڤەمبەری 1975دا بە خۆیان و ناحیەکانیانەوە لە ئوستانی کەرکووک دابڕێنران و بە ئوستانی سلێمانییەوە لکێنران. هەردوو قەزای کفری و قەزای خورماتوو، لە ئوستانی کەرکووک دابڕێنران و یەکەمیان بە دیالەوە لکێنرا و دووەمیان بە سەلاحەددین(تکریت)ەوە. تەواوی ئەوانە بۆ تێکدانی نەخشەی کوردستان و عەرەباندنی باشووری کوردستان کراون. بەشێکیان بە ئاگاداری کوردیش کراوە و بەشێکی دیکەیان بە تۆبزی. کورد، نە ئەو دەمەی ئەو کارانە کراون و نە ئێستایش نووزەی لێوە نەهاتووە و نایەت. سەرباری هەموو گاڵتەجاڕییەک، ساڵانە کورد، شایی و دەهۆڵکوتان و زوڕنالێدان و شایلۆغان دەکات بە بۆنەی بە قەزابوونی کەلار و بە ئوستانبوونی دهۆک و پیرۆزبایی لەیەکدی دەکەن. تەواوی ئەو شایی و دەهۆڵکوتان و زوڕنالێدان و شایلۆغان و بەزمە بە هۆی میدیاوە گەرم دەکرێت و زەوینەی بۆ خۆش دەکرێت و ئامادەکاریی و تەدارەکی بۆ ڕێک دەخرێت و دنیایەک پارەوپووڵی بۆ خەرج دەکرێت. بێ ئەوەی میدیا باسی ئەوە بکات، وەها گٶڕانێک کە کراوە، بۆ لەتوپەتکردنی کەرکووک و مووسڵ بووە و بۆ تاساندنی کەرکووک بووە و بۆ سڕینەوەی کوردستانیبوونی کەرکووک بووە، کە نەدەبوو و نابێت جەژن و شایی لەو ڕۆژەدا بکرێت. ئەوەی میدیا دەیکات کارێکی ناپەسەندە و لەبیربردنەوەی مێژووە و گەوجاندنی جەماوەری کوردی ئەم سەردەمەیە. لەبری شایی، میدیای کوردی دەبوو کەرکووک و مووسڵ و خورماتوو و خانەقی و جەلەولا و شارەبان و مەنەلی و بەدرە و جەسسان و زرواتییە، لە هزری مرۆڤی کورددا بچێنێت و زیندوو بکاتەوە و بچەسپێنێت و بچەقێنێت و هەمیشە بیانخاتە بەرباس.
    نۆ:
    میدیای کوردی ئەگەر کەمۆکەیەک جیاوازییان لەگەڵ یەکدیدا هەبێت بە گشتی لە زۆربەی هێڵە گشتییەکانیاندا یەک دەگرنەوە و هاوبەشییان پترە لە جیاوازییەکانیان. دوو هەژموونی زاڵ ئاراستە و ڕەنگڕێژی دەکەن، هەژموونی حیزب و دەسەڵات و هەژموونی سەرمایەداری و بازاڕ لە شێوە نیولیبرالیزمەکەدا، کە هەردوویان تەواوکەری یەکدین و کار لەسەر ورووژاندن و خڕکردنەوەی خوێنەر و بینەر و بیسەر و گۆڕێنی مێشکی مرۆڤی کورد دەکەن بە ئاراستەی خۆشەویستکردنی حیزب و کەرتی تایبەت و سەرمایەداری و نیولیبرالیزمێکی سەقەت و شێوێنراو، چون باشووری کوردستان بە دەسەڵات و سیاسەت و سیاسەتکار و حیزب و بەشێک لە جڤاکەکەیشییەوە لە ڕووی دید و ئاسۆی بیرکردنەوەدا هێشتا لە قۆناخی دیوەخان و تەکیە و هۆز و خێڵ و کوێخا و عەشیرەتبازیدان. جڤاکی کوردستان هێشتا سەر بە فەرهەنگی فیۆدالی و خێڵەکییە کەچی خۆی بەستووەتەوە بە سەرمایەدارییەوە، کە دەبوو لە کوردستان ناوی (خێڵمایەداری) لێ نرابا و باس لە دیموکراتی دەکات، کە دەبوو لە کوردستان ناوی (ماڵباتوکراتی) لێ نرابا. دیموکراتی بۆ جڤاک و خەڵک و وەڵاتێک پیادە دەکرێت و دەگونجێت و دەچەسپێت، هیچ جیاوازییەک لەنێوان تاکێک و تاکێکی تردا و هاووڵاتییەک و هاووڵاتییەکی دیکەدا نەبێت و مرۆڤ وەک خۆی پێناسە بکرێت و بەرخوردی لەگەڵدا بکرێت، نەک وەک بنەچە و ماڵبات و هۆز و.. لە باشووری کوردستان هەر 1991 بە دواوە کە ئیدی حیزبگەلی چیا بوون بە دەسەڵاتی شار، یەکێک لە کارە هەرەپێشەنەکانیان زیندووکردنەوەی دیوەخان و هۆز و خێڵ و عێل و عەشیرەت و تیرە و تایفە و بەرەباب و ماڵبات بوو. دیوەخانانەیان بۆ ڕیشچەرموو و دەمڕاست و کوێخا و سەرانیان بڕییەوە و بەردەوام پێشوازییان لێ دەکردن و گرنگییەکی لە قەبارەی خۆیان زیتریان پێ دەدان. یەکێک لە سەرانی ئەو زلحیزبانەی کوردستان کە هەموو ژیانی، خۆی وەک خوێندەوار و چەپ و..داوەتە ناسین و خەڵکی کوردیش هەر بەو چاوە لێیان نۆڕیوە، تەنیا لە ماوەی27 ڕۆژدا لەنێوان 19/08/2024 – 12/11/2024، بە ناوی پێشوازیی لە خزمانی فڵان و فیسار، هۆز و خێڵگەلی: جاف، گه‌رگه‌ری، سوورچی، میراوده‌لی، مه‌نگوڕ، غه‌واره‌، گۆران، هه‌رکی، ته‌رخانی، نه‌ورۆڵی، گه‌ڵاڵی و..نوێنه‌ری ئایینه‌کانی: ئێزدی، کاکه‌یی، شه‌به‌ک، کلدان، ئاشووری، سریان، سوننه‌ی عه‌ره‌ب، شیعه‌ی عه‌ره‌ب و..نوێنه‌ری تورکمان و..نوێنه‌ری هۆز و خێڵی عه‌ره‌ب و کەسایەتی فڵانە دەڤەر و هەموو ئەوانەی بینیوە و لەگەڵیان جڤیوە و دنیای بۆ کردوونەتە ماستی مەیو و بەهاری بۆ هێناونەتە چۆکان و بەڵێنی ڕەنگاڵەی پێ داون . ئەم هۆزگەرایی و خێڵبازییە میدیای کوردی وەک نموونەیش کوردستانی نوێ گرنگییەکی یەکجار زۆری پێ دەدات و زەقی دەکاتەوە. سەرباری ئەوە ساڵانە فیستیڤاڵی خێڵ و هۆز دەکرێت و بە هەزاران خەڵک خڕ دەبنەوە و دەبێت بە شایلۆغان و پڕڕەنگردنەوە و دەمەزەردکردنەوەی هەستی هۆزگەرایی و خۆنواندن و شانازیکردن بە خێڵ و عێل و بنەماڵەوە. هۆز و عەشیرەت لەم ڕۆژگارەدا هەر بەوەوە ناوەستن کە میدیای ئەم و ئەو باسیان بکات و چالاکییە خێلەکییەکانیان پێشان بدا، ئیدی لە شاییدا بێت یا شین، بەڵکە بۆخۆیشیان کەناڵی تیڤی و بنکەی میدیایی و وتەبێژ و بارەگا و تەنانەت هێزی چەکداریشیان هەن. تەواوی ئەو گرنگیدانە بەو دیاردەی زەقکردنەوەی هۆز و خێڵگەراییە زەوینەخۆشکردنە بۆ سەرلێشێوان و بزربوون و هاندانە بۆ هەڵاتن لە بوون بە نەتەوە و نەتەوەسازی و نزیکبوونەوە لە شارستانیەتی، کە میدیای کوردی نۆرەیەکی گەلێ خراپ لەو پرسەدا دەلیزێت.
    بەشی هەرە زۆری میدیای کوردی کار بۆ حیزب و بەرژەوەندییەکانی حیزب دەکەن و لەنێو بازنەی حیزبدا دەجووڵێنەوە و وەک زمانی حیزب دەپەیڤن و دەهزرێن و حیزب دەیانژێنێت. لە زۆر کاتیشدا میدیا دەبێتە ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنانی گوتاری دەسەڵات(حیزب) و بیرۆکەی تایبەت بە سیستمی سیاسی و لە قاڵبدانی ڕاستییەکان بە شێوەیەکی تایبەت لە جوارچێوەیەکی دیاریکراودا. حیزبی ئەم سەردەمەی کوردستانیش بوونەتە بەشێک لە سیستم و دەسگەی سەرمایەداری. سیاسەت بوارێکی سەرەکییە لە باسوخواسەکانیاندا و سیاسەتیش لە میدیای کوردیدا سیاسەتی حیزبە و پڕانیی میدیای کوردستانیش میدیایەکی حیزبییە بە هەردوو دیوەکەیدا، حیزبی دەسەڵات و حیزبی دەرێی دەسەڵات و حیزبگەلێک پێیەکیان لە دەسەڵاتدایە و پێیەکەی دیکەیشیان لە دەرێی دەسەڵاتە. حیزبگەلی دەڕێی دەسەڵات و ئەوانی دیکەی “نێو جۆگە..”یش هەرگیز نەیانتوانیوە خاوەنی خۆیان بن و لە دەسەڵات دابڕێن، بە سەدان داو بە دەسەڵاتەوە گرێ دراون! گەلێک خویایە میدیا یەکێکە لە گرنگترین دامەزراوە جڤاکییەکان، کە نۆرەیەکی سەرەکی هەیە لە سازکردنی بیروڕا و ئاراستەکردنی گوتوبێژ و گوتاری گشتیدا. بەڵام کاتێک زۆرینەی دامەزراوە میدیاییەکان پێوەندی ڕاستەوخۆیان بە حیزبە سیاسییەکانەوە هەیە، ئیدی سەربەخۆیی میدیا سنووردار دەبێت و دەبێتە هۆی ئاراستەکردنی هەواڵ بۆ بەرژەوەندی سیاسی (حیزب). ئامانجی میدیا تەنیا گواستنەوەی هەواڵ نییە، بەڵکە دروستکردنی بیرۆکە و چوارچێوەی تێگەیشتنە، چاودێری دەسەڵاتە، دژ بە گەندەڵی بوونە، ڕوونکردنەوە و هۆشیارکردنەوە و بەرزکردنەوەی ئاگایی کۆمەڵە لە ڕووی سیاسی و جڤاکییەوە، بەڵام کە سەربەخۆیش نەبێت دەبێتە ئامرازێک بۆ پرۆپاگەندەی سیاسی. گەلێ جار باس لە میدیای حوکوومەتی یا سەربەخۆ دەکرێت، لێ میدیای حوکوومەتیش هەر حیزب ئاراستەی دەکات و ئەوەیشی ناوی سەربەخۆی لە خۆ ناوە، بۆ خۆی وەها بانگەشەیەک دەکات دەنا ئەویش هەم لەم بەرە و هەم لەو بەر، “..نێو جۆگەئاسا” لە گەلێ لا دەخوات. چون سیستمی سیاسی لە هەرێم زۆرجار دووجەمسەرییە(پارتی، یەکیەتی)، ئەمە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر میدیا هەیە و میدیا دەبێتە بەشێک لە ملمڵانێی سیاسی، بەوەیش سەربەخۆیی لەدەست دەدات و تاڕادەیەک میدیای نیشتیمانیی بێلایەن کەمتر وەدی دەکرێت. سیاسەت و باسی سیاسەت، لە 1991ەوە لە تەواوی میدیای کوردیدا، هیچ کاتێک لەسەر بناخە و بنەمای هزر نەکراوە و ناکرێت. هێڵی هاوبەشی هەموویان گلەیی و گازندەیە و دزێوکردنی یەکدی و مێژوو و فەرهەنگ و جڤاکی کوردە. ئەو دوو هەژموونەی حیزب و سەرمایەداری(نیولیبرالیزم) تەواوکەری یەکدین. میدیای کوردی بە پەرەپێدان و برەودان بە ڕیکلام و پەسندانی کەرتی تایبەت و بەها لیبرالییەکان و بە زانین و نەزانینەوە کار بۆ نایەکسانی دەکات لە جڤاکی کوردستاندا.
    دە:
    ڕێکلام، خراپترین جۆری ڕیکلام، نانیشتمانی و نانەتەوەیی و ناکوردستانیترین ڕیکلام (بەتایبەت لە تەلیڤزیۆنەکانەوە)، هەمیشە میوانێکی خوێنتاڵ و تووکتاڵ و قەڵبی بەردەوامی ماڵانن. ڕێکلام بۆ کاڵا و بەرهەمی دەرەکیی(بە تایبەت تورکیایی) دەکرێت و بەرهەمی دەرەکیی وەک بێ ڕکابەر و نایاب وەسف دەکرێن و پەسن دەدرێن، لەبەرامبەریشدا بەرهەمی ناوخۆیی کوردستان و پێشخستنیان پشتگوێ دەخرێت و وەک پێویست بەتەنگ پێشخستن و برەوپێدانییەوە نین. ڕیکلام بۆ زانستگە و خوێندنگە و کۆمپانیا و بازاڕ و پۆشاک و خۆراک و هەموو شتێکی بیانی و ناکوردستانیی دەکرێت. ڕێکلامی تورکیایی بە زمانی تورکی تەنێ دۆبلاژ دەکرێت و ئیدی ناوەڕۆکەکەی بۆ میدیای کوردی گرنگ نییە چی دەگەیەنن و چی پەخش دەکەنەوە. تەنانەت ڕێکلام بە زمانی عەرەبی، میدیای کوردی هەر بە عەرەبی بڵاوی دەکاتەوە. ڕۆن و شیر و دۆشاوی تەماتە و چای و قاوە و برنج و سەدان شت و کاڵای دیکەی ئاڵتوونسا و مەحموود و جیهان و.. دەدرێنە دەرخواردی مێشک و چاوی مرۆڤی کورد. تەواوی ئەو کاڵا و شتانەیش هینی وەڵاتگەلێکن ددان بە بوونی کورددا وەک نەتەوەیەک نانین! میدیای کوردی بە تایبەت بینراو و ڕیکلام، دوو ڕووی یەک دراون. ئابووری بازاڕی ئازاد و سەرمایەداری، کە کوردستانیش خۆی پێدا هەڵواسیوە، ژیان دەکاتە ڕیکلامسازی و بە کاڵاکردن و بە بازاڕکردن. وەها سیستمێک، هەرچەندە بۆ خۆی بانگەشەی فرەیی دەکات، لە ڕێگەی میدیاوە مرۆڤ دەکاتە خاوەنی یەک چێژ و یەک بیرکردنەوە و تەنانەت یەک جۆرە شێوە و ڕوخسار. ئەوەی بازاڕی ئازاد و سەرمایەداری بۆ مرۆڤایەتی هێناوە و بەتایبەتیش بۆ کوردستان، بێجگە لە قەلەمووناندنی مرۆڤ هیچی دیکە نییە و هەمووان بە فیکەیەک دەست دەکەن بە “قوڵ قوڵ قوڵ”، مرۆڤ دەکرێت بە کۆیلەی بازاڕ و کاڵا. کوردستان ئەمڕۆ، بووە بە خواردنگە، هۆتێل، خانوو و ئەپارتمان، ئارایشگە، پێشانگای ئۆتۆمبیل، مۆڵ، سیتی، زانستگە و خوێندنگە و فێرگەی بیانی و بەزمان و فەرهەنگی بیانی، هەموو ئەوانەیش سەرمایەداریی لە پشتییەوەیە و حیزب ئامرازە بۆ جێبەجێ کردنی و میدیایش شەوارە بە خەڵک، بە مرۆڤەکان دەکات و دەیانکاتە ڕەدووکەوتووی بازاڕ و مەستی کڕین و بەرخۆریی. سەرمایەداری، کە لەسەر بنجی بەکاربردنی چینایەتی و جڤاکی ڕوواوە، مرۆڤ لە مرۆڤیەتی دادەماڵێت و دەیگۆڕێت بۆ ماددە و وەک هەموو کاڵایەک دەیئافرێنێت و دەیخاتە بازاڕەوە و کڕێن و فرۆشتنی پێ دەکات و دەیکاتە سەرچاوەی قازانج و سامان و هێز تا ئەو ئاستەی مرۆڤ دەگەیەنێتە حاڵەتی نامۆبوون (بە عەرەبی: الإغتراب، بە فارسی: بیگانگی، بە ئینگلیزی: (Alienation)، لە ڕۆح و ئاگایی و ویست و بوونی ئەخلاقی وەک لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا بە سەدان جۆر دەردەکەوێت و دەبینرێت، نامۆبوونێک مارکس لە سەدەی نۆزدەیەمدا باسی کردووە.
    میدیای کوردی هێندەی کار لەسەر هێنانی فەرهەنگی بیانی دەکات و برەو بە زمانی بیانی بەتایبەت ئینگلیزی دەدات، کە ئەو کارەیش هەر بازاڕ بە کاڵاکردنی فەرهەنگە، کاری لەسەر برەودان بە زمان و فەرهەنگی کوردی نەکردووە، ئەگەریش بە کوردی دەنووسرێت و دەگوترێت و دەبینرێت، لێ بە کوردییەکی ئەتککراو دەگاتە تۆ و من. گرنگییەکی زۆر بە هەندێ نەریتی ناکوردی وەک هاللۆیین، بلاک فرایدەی، ڤالانتاین، سەری ساڵی زایینی و.. دەدرێن و ڕیکلامی زۆریان بۆ دەکرێن، هەموو ئەوانە بەرهەمی سەرمایەداری و لاساییکردنەوەی ئەوروپا و ئەمەریکا و فەرهەنگی خۆراوایین و چ پێوەندێکیان بە کوردستانەوە نییە و هەرگیز نەیشبووە.
    یانزدە:
    سەرگەرمی، کە بوارێکی کۆمەڵایەتییە و دەکرێت لە چوارچێوەی تەنز و ساتیردا، وەک بوارێک بۆ کراوەیی و دڵفراوانی و چیژبەخشین و شادی و وەک ڕەخنەیەکی کاریگەر لە سیاسەت و جڤاک و ئابووری و دەسەڵات و..بەکارببرێت لێ لە میدیای کوردیدا ئەو سەرگەرمییە پتر کار بۆ فەرهەنگێکی تێکشکاو و ئامانجێکی سیاسی دیاریکراو دەکات، کە بە ڕێگە و شێوازی جیاواز کۆمەڵ بەرەو هەڵدێر دەبەن. فەرهەنگ، فەرهەنگی ڕاستەقینە کەمترین بوارێکە گرنگیی پێ دەدرێت. زۆرینەی کەناڵەکانی میدیای کوردی لایەنی فەرهەنگییان کەنار خستووە، هەمووی بووە بە سیاسەت و بازاڕ، وای لێ ھاتووە تێکڕای میللەت بووە بە “سیاسی” و “چاودێری سیاسی” و “شارەزای سیاسی”، کە لە ڕاستیدا هەموو بێجگە لە “دابەزیوی ئوتێلی سیاسەت..”.بە قەولی مامۆستا مەسعوود موحەممەد، شتێکی دیکە نین.
    دوانزدە:
    لە میدیای کوردیدا چەند دیاردەیەکی زەق لەمەڕ شێوازی دەربڕینەوە دەبێنرێن وەک نموونە: بەکارهێنانی وشەی توند و هەڵچووناوی، دروستکردنی دژایەتی و دووجەمسەری، بەکارهێنانی دەستەواژەی سیاسی بۆ هێرشکردنە سەر بەرانبەر یا ئەوەی لە بەرەیەکی دیکەدایە، هەموو ئەمانە دەبنە هۆی پتر لێکترازان و دابەشبوونی جڤاک. دەشێ ئەو دیاردانە وەک زمانی هەڵچوون و سۆزدار ناو ببرێن. ئەڵبەت لە میدیای حیزبیدا، هەواڵ بە شێوەیەکی هەڵبژێردراو پێشان دەدرێت، واتە ئەوەی بە قازانجی حیزبە و بەشێک لە ڕاستییەکان دەشاردرێنەوە و سەرچاوەی تاکلایەنە بەکاردەبرێت، ئەمانەیش دەکەونە خانەی زمانی پرۆپاگەندەوە. بێگومان پەخشکردنی زانیاری هەڵە لە میدیادا، کاریگەریی خراپی نەک تەنێ بەسەر زمان بەڵکە بەسەر مێژوو، جیۆگرافیا، جڤاک، نیشتمان، خاک و هزری مرۆڤی کوردەوە دەبێت. لە میدیادا سیاسی درۆ دەکات، دووڕوویی دەبێتە ڕیگەیەک بۆ مشەخۆری، بازرگان و سەرمایەدار وەک فریادڕەس پێشان دەدرێن، بێ ئەوەی کەس بڵێ وانییە! هەست دەکەیت نیشتمانیش نوقمی بێ سەوادییە!
    سێیانزدە:
    لە ڕووی زمانی میدیاوە، زمانە کوردییەکەی، واتە؛ ڕێنووس و زاراوەسازی و ڕێزمان و ئەوانەوە، زۆر بە ئاشکرا دەبینرێت میدیا کێشەی زمانی پوختە و ستانداردی هەیە و جیاوازییەکی لە بەرچاو لە شێوازی نووسیندا هەیە و ڕێزمانێکی میدیایی یەکگرتوویش نییە، وای لێ ھاتووە ھەر کەناڵە و بەکەیفی خۆی نەک بە پێی دەستوور و ڕێسای زمان، وشە و زاراوە دادەتاشێت و دەیترنجێنێتە نێو زمانە کوردییەکەوە! دیارە ئەوەی پێوەندی بە زمانەوانییەوەیە لە میدیادا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پاشاگەردانییەی لە زمانی کوردیدا هەیە. میدیا وەک شمشێر (ذولفقار) کەی ئیمام عەلی، دوو دەمە، لەکاتێکدا هۆکارێکە بۆ دروستکردنی زمانێکی یەکگرتوو بۆ نەتەوەیەک، بە دیوەکەی تریشیدا هۆکارێکە بۆ لێکترازانی زمانەکە بۆ چەند زار و بنزاری جیاواز. لە میدیای کوردیدا هەر کەسە بە زارە لۆکاڵییەکەی خۆی دەنووسێت و دەدوێت و لۆکاڵیانە هزر و ئاوەزی دەخاتە بەرچاو و گوێی خوێنەران و بینەران و بیسەران. ئەم جۆرە هزرینەش لە چوارچێوەی ناوچەگەڕێتی زێتر تێناپەڕێت. تێپی لاتینی، وەک زڕباوکێکی دزێو هێنراوەتە نێو هەموو پەلێکی میدیاوە. لە میدیای کوردیدا، بە بیانووی ڕاگەیشتن بە پێشکەوتنی عەقڵ و هزر و هەموو بوارەکانی ژیانی سەردەم و کەموکورتییەکی کە لە زمانی کوردیدا یا لە جڤاکی کوردستاندا هەیە، کار لەسەر ئینگلیزییاندنی زمانی کوردی دەکرێت! کورد عاشقی فەرهەنگی بیانییە و ئەوەی خۆی پێ هیچە ئەو دیدەیش میدیا دروستی دەکات. وشەی کوردی بێ بیرکردنەوە لە ڕیشەی وشەکە و کورد چۆنی بەکار بردووە دەگۆڕدرێت بۆ شتێکی دیکەی ناکوردی، وەک نموونە: کورد دەڵێ: چای بخۆوە، ڤەخۆ، بخۆرەوە، کەچی دەنووسن “چــای بخــۆ، چای دەخۆی، چا دەخۆی”. کورد جاران بۆ کات و بۆ ئەو ئامێرەی کاتەکە دەژمێرێت دەیگوت “سەعات” دواتر وشەی”کاتژژمێر” پەیدا بوو کە بە واتای ئامێری ژماردنی کات دێت، کەچی ئێستا سەعات و کاتژمێر کراون بە”کاژێر” ئەمە ڕێک وەک ئەوە وایە تۆ بە “خەرمان، دەرمان، سێبەر، شارەبان و..” بڵێی”خەرما، دەرما، سێبە، شارەبا و..”. وشەگەلی “چای دەخۆی” و “کاژێر” ڕۆژانە سەدان گلەت دەدرێن بە گوێی مرۆڤی کورددا بە تایبەت زارۆک، کە مێشکی بە جۆرێک دەشۆردرێتەوە پێی وایە ئیدی ئەوانە ڕاستن چون میدیا وا دەنووسێت و وا دەپەیڤێت!
    کۆڵۆنیالیزمی فەرهەنگیی نەتەوە سەردەستەکانی دەوروبەرمان، ئەوانەی کوردستانیان داگیر کردووە، دەسکاریی هەموو بوونی کوردیان کردووە و هێندەیان کار لەسەر تواندنەوەی کورد لەنێو فەرهەنگیی خۆیاندا کردووە بە بێ تەقاندنی یەک فیشەک مێشکی نەتەوەیەک دەسڕنەوە. کورد تووشی لە خۆ نامۆبوون کراوە، نامۆبوونی زمانیی، فەرهەنگی و..زانستگە تایبەتییە بیانییەکان، خوێندنگە ناحوکوومەتییەکان، ئیدی ئەمەریکایی، ئینگلیزی، تورکی، فرانسایی، لبنانی و دەیانی تر..هەموو ئامرازی لەبەرچاون و جەخت لەسەر ئەو گۆڕینە دەکەنەوە. ئەڵبەت بنەمای تەواوی ئەوەی ڕوو دەدات، دەگەڕێتەوە بۆ سەرمایەداری و نیولیرالیزم، کە مرۆڤێک بەرهەم دەهێنن، هانی دەدەن بۆ ئەوەی هەمێشە بە دوای گەیشتن بە تراویلکەی بەختەوەریدا هەڕا بکات، کە سەرمایەداری بەڵێنی وەدەستهێنانی پێ دەدات، بەختەوەرییەک کە نییە و تەنێ خەیاڵە. تەواوی سیستمی سەرمایەداری و ئەوەی سەرمایەداری دەیکات و ئەو لەخۆنامووبوونەی کورد تووشی دەبێت، میدیای کوردی زۆر بە شانازییەوە لە کوردستان، لەکن کورد، لاوان و نەوەی نوێ بەتایبەت، بە ئارایشتکراوی و ڕازاندنەوە و جوانکاری و پیرۆزکردنەوە خۆشەویستی دەکات و تەواوی هەستەکانیان و مێشکیانی لێ تژی دەکات.
    کورد بە گشتی و ڕووناکبیران و فەرهەنگییانی کورد و میدیای کوردی بە تایبەت، دەبوو تەماشایەکی نەتەوەگەلی دیکە، دەر و دراوسێ و خەڵکی دیکە بکەن بۆ ئەوەی بزانن خەڵکی دی چۆن بیر لە زمانی خۆیان دەکەنەوە! وەک نموونە دەشێ تەماشایەکی ئەم دوو مرۆڤە بکەین:
    مالیک حەدداد (مالك حداد (1927 – 1978) شاعیر و ڕۆماننووسی جەزائیری. ئەو عاشقی زمانی عەرەبی بوو و داخ و حەسرەتی ئەوەی هەبوو کە بە عەرەبی نەیدەنووسی. پاش سەربەخۆیی جەزائیر سوێندی خوارد، ئیدی بێجگە لە زمانی عەرەبی بە زمانێکی دیکە نەنووسێت. حەدداد خاوەنی ئەو دەربڕینە بەناوێیەیە: “زمانی فرانسی تاراوگەی منە”. ئەو لە دەسپێکی ڕۆمانی ئاسکێکت پێ دەبەخشم(سأهبك غزالة)ەکەیدا دەنووسێت:”زمانی فرانسی بەربەستێکە لە نێوان من و نیشتمانەکەمدا، توندتر و بەهێزتر لە بەربەستی زەریای ناوەڕاست و من ناتوانم هەستەکانم بە عەرەبی دەربڕم، فرانسی بووە بە تاراوگەم.” پێش مردنی مالیک حەدداد بە ماوەیەکی کەم، عەبدوڵڵا ئەلرکێبی(عبداللە الرکیبي/ 1928-2011) نووسەر و ڕەخنەگر و مامۆستای زانستگە و سیاسیی و لە ساڵانی 1970دا سەرۆکی یەکیەتیی نووسەرانی جەزائیر، لەپێش خانەی یەکیەتیی نووسەرانی جەزائیردا تووشی حەدداد دەبێت، حەدداد منداڵێکی گچکەی لەگەڵدایە و منداڵەکە بە زمانێکی ڕەوانی عەرەبی قسە دەکات. ئەلڕکێبی لە حەدداد دەپرسێت ئەو منداڵە کێیە! حەددادیش دەڵێت:” ئەمە تۆڵەکردنەوەی منە لە زمانی فرانسی، ئەمە کوڕمە”. ئەو وتەیەی حەدداد دەربڕینی دوورکەوتنەوەیەکی قووڵە لە ناخیدا. دوورکەوتنەوەیەکی زمانەوانی پێش ئەوەی جیۆگرافیایی بێت. ئەو باس لە ملانێیەکی ناوخۆیی دەکات لە نێوان زمانێکدا فێربووە بیری پێ بکاتەوە و بنووسێت و زمانێک کە پێویست بووە ماڵی یەکەمی بێت. زەریا دەبێتە مەودایەک دەتوانرێت ببڕدرێت، بەڵام زمان دەبێتە دیوارێک لە ناو خۆیدا نیشتەجێ دەبێت. ئەو کە ناتوانێت بە عەرەبی هەستەکانی دەربرێت ئازارێکی دوو هێندە پێشان دەدات؛ چون ئەو نەتوانینە تەنیا نەتوانینی ئاخافتن نییە، بەڵکە نەتوانینێکە تەواوی پێوەند و ڕایەڵەکان لەخۆ دەگرێت. زمان تەنیا ئامرازی قسەکردن نییە، بەڵکە بیرەوەری و ناسنامە و منداڵییە. کاتێک توانستی دەربڕینت بە زمانی دایکیت لێ دەسێندرێت، هەست دەکەیت بەشێک لە تۆ لێت سەندراوە و لە تۆدا نەماوە. ئەو دەربڕینەی”فرانسی تاراوگەمە”، وشە و دەربڕینێکە چڕ و ئازاراوی. تاراوگە بۆ خۆی جیۆگرافیایەکە، شوێنێکە، بەڵام ئەو کردوویەتی بە زمان، وەک ئەوەی لە ناو وشەکاندا دەژێت، لێ ئەو وشانە تەواو هاوشێوەی ئەو نین یان بە شێوەیەک هاوشێوەین هەمیشە وەبیری دەخەنەوە کە دوورە.
    نووسەری کینیایی نگووگی وا سيۆنگۆ (Ngũgĩ wa Thiong’o/ 1938-2025)، کە لە ساڵی 1978دا لە زیندانێکی کینیادا بوو، بەڵێنی دا ئیدی هەرگیز بە زمانی ئینگلیزی”زمانی دەسەڵات” کە بریتانیای داگیرکەر بە تۆبزی سەپاندبووی بەسەر وەڵاتەکەیدا نەنووسێت، بەڵکە بە زمانی کیکوویوو (گیکوویوو) بنووسێت، کە زمانی دایکییەتی. ئەو بڕیارەی بژاردەیەکی ناوازە بوو و هەرگیز لێی پەشیمان نەبووەوە و بەوەیش بوو بە نووسەرێکی مەزن لە مێژووی ئەدەبی ئەفریقاییدا.
    هەڵوێستێک ئەو دوو ڕووناکبیرە مەزنە مالیک حەددادی عەرەب و نگووگی وا سيۆنگۆی کینیایی لەهەمبەر زمانانی فرانسی و ئینگلیزی نواندوویانە، خۆداماڵینە لە هەژموونی کۆڵۆنیالیستانەی ئەو دوو زمانە و بەرخودانێکی ڕاستەوخۆی فەرهەنگییە دژ بە هەژموونی زمانەوانیی داگیرکەران. میدیای کوردی لە باشووری کوردستان و بە پاڵپشتی دەسەڵات و کەرتی تایبەت و سەرمایەدار و غەرب زەدە و تورک زەدە و کۆمەڵێک زەدەی دیکەیش نەک هەر خۆ لە قەرەی باسکردنی هەژموونی زمان و فەرهەنگی بیانی بە سەر کورددا نادەن، ڕێک بە پێچەوانەوە هاندەرن بۆ ئەو هەژموونە و کاریگەریی لەسەر جڤاکی کورد و فەرهەنگ و زمانی کوردی!
    هەرچەندە میدیاکاران بژاردەی خەڵک نین، بەڵام میدیا کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ، بەهێز و قووڵی لە ژیانی جڤاکیدا هەیە. میدیا و میدیاکاران دەچنە نێو ورد و درشتی مرۆڤ و هۆش و ئاوەزی خەڵک داگیر دەکەن. میدیا، هێز و هەژموونی ئەوەی هەیە دید و جیهانبینی و ئاگایی مرۆڤ ئاراستە بکات، بگۆڕێت و بەرەو ئەو جێیەی ببات بۆ خۆی گەرەکێتی، ئیدی خاس یا خراو. دەتوانێت ئاگایی و وریایی و زرنگی و بەرینبینی و میهرەبانی و زانیاریی سوودبەخش بە مرۆڤ ببەخشێت یا بیگەوجێنێت و هێڕی بکات و فریوی بدات، وازی بە مێشک و هزری بکات.

    ئەپریلی 2025

پەراوێزەکان:

١- برای هێژا کاک جەواد،
سڵاوی گەرم و ڕێزی زۆرم، هیوادارام لەشساغ و کەیفساز و بەختەوەر بن.
مەبەست له نووسینی ئەم نامەیه بۆ ئێوەی بەڕێز، ئاگادارکردنەوەتانه له بابەتێک، که له ڕۆژنامەکەتاندا بڵاوتان کردووەتەوه، من پێم وایه دەبوو به جۆرێکی دیکه بووایه. له هەولێری ژماره 1204ی ڕۆژی سێشەممەی 06/12/2011 دا و له لاپەڕه 15ی فەرهەنگدا، دوو هەواڵتان لەبارەی مامۆستایان زاهیر ڕۆژبەیانی و نەوزاد ڕەفعەتەوه بڵاو کردووەتەوه، که هەردوویان نەخۆشن و هیوای چاکبوونەوەیان بۆ دەخوازن. منیش زۆرم پێ ناخۆشه که ناساغن و پڕبەدڵ هیوای چاکبوونەوەیان بۆ دەخوازم. من تا ئێره هیچ گلەییەکم نییه و لەمەڕ هەواڵەکەی کاک نەوزاد ڕەفعەتەوه، هیچ قسەیەکم نییه، بەڵام ئەوەی من پێم ناخۆشه ئەوەیه، که لەگەڵ هەواڵەکەی کاک زاهیر ڕۆژبەیانیدا، وێنەیەکی ئێستای و بەو شێوەیه و بەو باری ناساغییەوه بڵاو بکەنەوه، که نەدەبوو کرابا. من ئەوەم پێ کارێکی جوان نییه و پێشم وایه هیچ پێویست به دانانی ئەو وێنەیه نەبوو، بەڵکه دەکرا، ئەگەر هەر وێنەیش دادەنرا، وێنەیەکی کۆنتری کاتی ساغیی مامۆستا ڕۆژبەیانی دانێن. دانانی ئەو وێنەیەی مامۆستا ڕۆژبەیانی، بێجگه لەوەی له ڕووی دەروونی و هەستەوه، گەلێک مامۆستا ڕۆژبەیانی بۆ خۆی بریندار دەکات، کاریگەرییەکی نیگەتیڤیش دەکاته سەر هەستی خوێنەرانی ڕۆژنامەکه و بەتایبەت کەسانێک، که مامۆستا زاهیر ڕۆژبەیانی دەناسن.
دیاره ئێوه وەک سەرنووسەری ڕۆژنامەکه دەبوو بیرتان لەوه کردبایەوه و دەشبوو ئەو هاوڕێیەی بەرپرسی لاپەڕەی فەرهەنگ وەها شتێکی وەبیردا هاتبا و بەسەریدا یا بەسەرتاندا تێپەڕ نەبووایه.
هەمیشه بەختەوەر و سەرکەوتوو بن براتان ئەمجەد شاکەلی
٢- ره‌خنه‌ی چاودێر، ژماره‌(285)، 24/10/2011. ڕێنووسی نووسینه‌که‌ی مامۆستا (نه‌جات نووری)م، هه‌رچه‌نده‌ پێ هه‌ڵه‌یه‌، به‌ڵام وه‌ک خۆی گواستوومه‌ته‌وه‌.
٣- به‌شێکه‌ له‌ پارچه‌ شیعرێکی مامۆستا هیمنی موکریانی له‌ ژێر ناوی “بناری هه‌ڵگورد”دا، من ته‌نێ جێناو(پاشگر)ه‌ تاکه‌ که‌سه‌ یه‌که‌مه‌کانم گۆڕیوه‌ بۆ جێناو(پاشگری)ی تاکی که‌سی سێیه‌م بۆ گونجاندن له‌گه‌ڵ مامۆستا جه‌لیل کاکه‌وه‌یسدا. دیوانی هێمن موکریانی، پێشه‌کی و پێداچوونه‌وه‌: س. چ. هێرش، چاپی یه‌که‌م، کتێبفرۆشی ئه‌رزان، سوێد 2003،، ل 254.
٤- شاکەلی، ئەمجەد، پیری بە تەمەن نییە! بنۆڕە: https://amjad-shakely.blogspot.com/2011/
٥- ە https://www.tiktok.com/@cheguevara540/video/7335953426695654689
https://www.tiktok.com/@.baibun/video/7474149393680076040?_r=1&_t=ZS-8u9ETv0xN5k : هەرەوەها بنۆڕە
٦- نشرت جريدة الوقائع العراقية في العدد 2513 في 8 شباط 1976 – صدر المرسوم الجمهوري تحت الرقم 41 في شباط 1976 وتقرر ما يلي :- 1. استحداث محافظة صلاح الدين يكون مركزها مدينة تكريت. 2. إلحاق قضاء طوزخورماتو إلى محافظة صلاح الدين. 3. إلحاق قضاء كفري والنواحي التابعة لها إلى محافظة ديالى.
٧- مێژووی کوردستان و جاران کورد بۆ خۆیشی، حەمرین و زرواتییە (الزرباطیة) و عەلی غەربی(علێ الغربي) و عەلی شەرقی (علي الشرقی)یان بە سنووری باشووری کوردستان دادەنا، ئێستا کەلار و ناساڵح و قوشتەپە و چەمچەماڵ و،،بوون بە سنوور!
٨- https://www.instagram.com/reel/DRZ8EbaCJv4/?igsh=dmYwNmJsMDRhMzB5
٩- https://www.tiktok.com/@rudawradio/video/7577330492832238904?_r=1&_t=ZN-91lEz0i88HP
١٠- https://amjad-shakely.blogspot.com/search?updated-max=2004-12-06T14:22:00-08:00&max-results=7 بنۆڕە: شاکەلی، ئەمجەد، هۆزگه‌رایی وه‌ک به‌شێکی سه‌ره‌کی بنه‌مای ئایدیۆلۆژیی حیزب.
هەروەها بنۆڕە ژمارەکانی 3450-3523ی (کوردستانی نوێ)ی نێوان19/08/2024 – 12/11/ 2024




گرۆتێسک، ئەبسورد، شانۆی پۆڵەندی و سلاڤۆمیر مرۆزێک.. بەشی سێیەم و کۆتایی.. زاهیر عەبەڕەش

بەشی سێیەم و کۆتایی
تێبینی: کۆی هەر سێ بەشەکە لەخوارەوەی ئەم بابەتە بە فۆرماتی پ د ف دانراوە..

ناوی کارەکتەرکانی شانۆنامەکانی مرۆژێک
ناونانی کارەکتەرەکانی مرۆزێک نموونەیەکی تایبەتی ناونانی شانۆنامەی ئەبسوردە، بۆنموونە ” لە شانۆنامەی کۆچبەران کارەکتەرەکان ناویان ئەی ئەی و ئێکس ئێکس ـ ە AA و XX ، لە شانۆنامەی ڕووتبوونەوە ناویان ( کاک یەک و کاک دووە، یان کەسی یەک و کەسی دوو) لە شانۆنامەی لە دەریادا کارەکتەرەکان ناویان لەڕ و درێژ و قەڵەو، لە شانۆنامەی پۆلیسدا کارەکتەرەکان، زیندانی، سەرۆکی پۆلیس، سەردەستە، لە شانۆیی کارۆل کارەکتەرەکان بە ناوی جوتیاری یەک و جوتیاری دوو. شانۆنامەی (جەفەنگ) (١٥) ئاهەنگ یان گەمەکردن دێت، کارەکتەرەکان بانەوی پیاوی یەکەم، و پیاوی دووەم و پیاوی سییەم، یان لە هەندێک وەرگێڕاندا بە کرێکاری یەک، دوو، سێ ناویان هاتووە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە پاڵەوانەکانی شانۆنامەکانی مرۆژک نوێنەرایەتی جۆرەکانی مرۆڤ دەکەن نەک کەسێکی دیاریکراو.

کارەکتەر لە دەقەکانی مرۆژکدا:
لە بونیادی پێکهاتەی دراماکاند گۆڕانکارێەکی چۆنێتی بەسەردا دێت، بەو هۆکارەی کە هاودەم بێت لە گەڵ نمایشکردنی شانۆی ژوور و پاشان هۆکاری نمایشکردنیان لەو شوێنانەی کە رێ پێنەدراو بوون بە هۆکاری سیاسی، ئەویش ژمارەی کارەکتەرەکانی ناو شانۆنامەکان کەم دەبێتەوە، هەندێک جاریش تەنها لە دووکارەکتەر پێکهاتووە، بۆ ئەوەی زیاتر جەخت لەسەر کێشەی نەبوونی پەیوەندی بکەنەوە، کە یەکێکە لە تەوەرە باوەکانی درامای ئەبسورد. کارەکتەرەکانی شانۆنامەکانی مرۆژێک ستریۆیپە، واتە یەک ڕەنگ و یەک فۆرمە. لە بەر ئەوەی زۆرجار کارەکتەرەکان یاسا و نەریتەکان پەیڕەو دەکەن بەبێ ئەوەی بیر لە خۆیان بکەنەوە. ئەمەش بۆ ئەوەیە نیشان بدات کە چۆن مرۆڤەکان هەندێک جار تەنها پەیڕەوی سیستەم یان یاساکانی کۆمەڵگا دەکەن بەبێ ئەوەی بیرکردنەوەیان هەبێت.
هەروەها ڕەفتارەکاناین لە بوكەڵە دەچن، کاتێک کارەکتەرەکان بە شێوەیەکی میکانیکی ڕەفتار دەکەن، وەک بووکەڵە دەردەکەون و هاوتا دەکرێن لەگەڵ ئەو ئەرکە کۆمەڵایەتیانەی کە ئەنجامی دەدەن، ئەمەش هێمای ئەوەیە کە مرۆڤەکان واتە کارەکتەرەکان هەندێک جار بە پێوەندی دەسەڵات، نەریت یان یاسا کۆمەڵایەتییەکان کۆنتڕۆڵ دەکرێن لەبری ئەوەی ئازاد بن. کارەکتەرکانی کۆنەپەرستانە و بوکەڵانەن بۆ ئەوەی نیشان بدات کە مرۆڤەکان لە کۆمەڵگادا بە شێوەیەکی میکانیکی و بەبێ ئیرادەی خۆیان هەڵسوکەوت دەکەن. هیچ پاڵنەرێکی دەروونی بۆ هەڵس و کەوتیان نییە.
نووسەری شانۆنامە ئەبسوردیەکان، مرۆژێک بەتایبەتی زۆرجار ژمارەی کارەکتەرەکان لە شانۆنامەکانیدا کەم دەکاتەوە، یان تەنانەت بۆ دووکەس ئەوەش لەبەر چەند هۆکارێک سەرەڕای هۆکاری سەرەوە، ئەو گرنگی دەدات:
ــ گرنگیدان بە بیرۆکەکان، کاتێک کارەکتەرەکان کەم بن، بینەر دەتوانێت زیاتر سەرنجی لەسەر بیرۆکە و پەیامی ناو شانۆنامەکە بێت لەبری ئەوەی دیقەتی لەسەر کارەکتەری زۆر و ڕووداو بێت.
ــ جیاوازی نێوان مرۆڤەکان، کاتێک تەنها دوو کارەکتەر بێت، دژایەتی لە نێوانیاندا نیشان بدات، بۆ نموونە:
دەسەڵات ↔ لاوازی
سەرکردە ↔ شوێنکەوتووانی
ئازادی ↔ کۆنتڕۆڵکردن
ئەمەش ناکۆکییەکە ڕوونتر دەکاتەوە، تایبەت لە شانۆی ئەبسوردا، بارودۆخێکی سادە بەکاردێت بۆ نیشاندانی تەنیایی ومرۆڤی بۆش و بێمانایی کۆمەڵگا.
ــ سیمبوڵی ڕۆڵ، هەندێک لە کارەکتەرەکان نوێنەرایەتی ڕۆڵی خۆیان ناکەن بەڵکو نوێنەرایەتی بیرۆکە دەکەن لەبری تاکی ڕاستەقینە. بۆیە کارەکتەری زۆر پێویست نین. بونموونە شانۆنامەکانی مرۆژێک وەک ( کۆچبەران – دوو کارەکتەر، کارۆل – سێ کارەکتەرم، گەمە، سێ کارەکتەر، لە دەریادا، سێ کارەکتەر. ڕووتبوونەوە ــ دوو کارەکتەر)
ــ مرۆزێک کە دوو کارەکتەر بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەی ناکۆکییەکە ڕوونتر بێت و جەخت لەسەر بیرۆکە و هێماگەرایی لە شانۆنامەکەدا بکاتەوە.
سەرەڕای پەیوەستبوونی سلاڤۆمیر مرۆژێک لەگەڵ شانۆی ئەبسوردا بەهۆی گرۆتێسک، تیکەڵکردنی کۆمێدی و تراژیدیا، دیاری نەکردنی کات و شوێنی ڕووداو، داڕشتنی فۆرمی کارەکتەرەکان و ڕەتکردنەوەی پاڵنەرە دەروونیەکان، بەڵام تا ڕادەیەک جیاوازی هەیە لەنێوان دەقە شانۆیە درامیەکانی نووسەرانی پێشەنگی شانۆی ئەبسسورد چ لەڕووی شێواز و چ ڕووی ناوەڕۆکەوە.
دەقە درامیەکانی ساموێل بێکێت لەسەر بنەمای بوونگەرایی و ڕەنگدانەوەی میتافیزیکی ڕۆنراون و دیدێکی کارەساتبار و تراژیدیانە بۆ بارودۆخی مرۆڤ دەخەنە ڕوو. دەقەکانی یوجین ئیۆنێسکۆ لە نێو ئەوانی تردا تاکێک وێنا دەکات کە ڕووبەڕووی جیهانێک دەبێتەوە کە ماناکەی لەدەستداوە، ئەوەش شایەتحاڵی سروشتی ناتەبایی ئەو جیهانە و بێ مانایی بوونە. هەردوو بێکێت و ئیۆنێسکۆ هەر جۆرە بەشدارییەکی سیاسی یان کۆمەڵایەتی لە دەقەکانیاندا ڕەتدەکەنەوە، لە کاتێکدا دەقە دراماتیکییەکانی مرۆژێک پڕن لە ئاماژەی سیاسی.

ڕەخنە لە تۆتالیتاریزم یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکییەکانی ئالیگۆری مرۆژێک
لە شانۆنامەکانی مرۆژکدا، کارەکتەرەکان هەندێک جار دەتوانن وەک ئالیگۆری(١٦) کار بکەن. بۆ نموونە، کارەکتەرێک دەتوانێت هێمای دەسەڵات، گوێڕایەڵی یان یاساکانی کۆمەڵگا بێت نەک تەنها کەسێکی ئاسایی. لە دەقەکانی مرۆزێکدا پەیوەندی هەموو تاکەکان بە هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و سیاسی دیاری دەکرێن. لە کاتێکدا لە شانۆنامەکانی بێکێتدا ئەبسورد لە مەحاڵبوونی زانین و بەدەستهێنانی وەڵامی یەکلاکەرەوە سەرهەڵدەدات، بە دیدی فەلسەفیانەی بێکت ئەوەیە مرۆڤەکان ناتوانن بە تەواوی لە دونیا تێبگەن، ئەوان هەرگیز وەڵامی یەکلاکەرەوەیان دەست ناکەوێت بۆ پرسیارە گەورەکان وەک (واتا، خودا، مەبەست و ڕاستی) کارەکتەرەکان تێگەیشتنیان نییە و پرسیاریان نییە تەنها چاوەڕێی وەڵامەکان دەکەن، بێگومان مرۆڤ وەڵامی چنگ ناکەوێت هەتا پرسیاری نەبیت، . هەر بۆیە شانۆنامەکانی بێکێت بۆ نموونە چاوەڕوانی گۆدۆدا، کارەکتەرەکان هەوڵدەدەن لەوە تێبگەن کە چی ڕوودەدات یان مانای چییە، بەڵام هیچ کەس نازانێت و بە دڵنیاییان نییە و هیچ وەڵامێکی یەکلاکەرەوە نایەت ئەمەش هەستی بێمانای و ئەبسورد دروست دەکات. ئەبسوردی درامای بێکێت لە مرۆڤەکان ئەوەیە ئەوان دەیانەوێت لە ژیان تێبگەن، بەڵام مەحاڵە وەڵامی دیاریکراو بەدەست بهێنرێت، لە ژیاندا مرۆڤەکان بەدوای ڕاستی و مانادا دەگەڕێن بەڵام لە جیهانی بێکێتدا، وڵامی دڵنیا بەدەست ناهێنرێت، هەربۆیە لە هەموو لە شتێکدا هەست بە بێمانای و ئەبسوردی دەکرێت. بەلام ئەبسورد لە دەقەکانی مرۆزێکدا تەنیا لە پەیوەندی نێوان تاکەکان و ئەو بارودۆخە کۆمەڵایەتی – سیاسییەدا سەرهەڵدەدات کە کارەکتەرەکان تێیدا دەژین.
مرۆزێک گرنگی بەو بنەمایانە دەدات کە مرۆڤەکان لە جیهانە بچووکەکانیاندا چ یاسایەک پەیڕەو دەکەن و چۆن ئەم یاسایانە ڕەفتارەکانی خەڵک بەڕیوە دەبات. هۆکاری ئەوەی کارەکتەرەکان چۆن لەناو ژینگە بچووکەکاندا دەژین، کارەکتەرەکان قوربانی ئەو دۆخەن کە تێیدا دەژین، کەسانی دەوروبەریان، دمودەزگای دەوڵەتی، ئەو دامەزراوانەی کە تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەندییەکانیان ڕێکدەخەن. ئەمەش بە باشترین شێوە لەلایەن کارەکتەرەکانی شانۆ نامەی پۆلیسەوە دەسەلمێنرێت کە ئەو ڕۆڵە کۆمەڵایەتیانە قبوڵ دەکەن کە بۆیان دانراوە، نرخەکەشی لەدەستدانی کەسایەتی خۆیانە، یان شانۆنامەی شەهید پیتەر ئۆهی، کارەکتەری سەرەکی بێ هیچ گومان کردنێک و پرسیارکردنێک بوونی سەپێنراوی پڵنگێک لە حەمامەکەی خۆیدا قبوڵ دەکات. مرۆزێک باس لەوە دەکات کە چۆن ملکەچبوون بۆ سیستەمێکی بەزەبرو زەنگ و ئیرادەی دەسەڵات دەبێتە هۆی لەدەستدانی توانای بیرکردنەوەی عەقڵانی.
کارەکتەرەکانی ئیۆنێسکۆ لە ژێر کاریگەری کولتوری جەماوەریدا توانای بیرکردنەوەیان لەدەستداوە،
مارتن ئێسلن دەڵێت” کارەکتەرەکانی ئیۆنێسکۆ لە ژێر کاریگەری کولتوری جەماوەریدا توانای بیرکردنەوەیان لەدەستداوە و بەهۆی کۆنفۆڕمیزمkonformizam (١٧) ( کۆنفۆرمیزم واتە خۆ گونجاندنی کوێرانە، ئەوەی کە خەڵکی تر دەیکات) بەواتای ئیۆنێسکۆ پێمان دەڵیت کە چۆن مرۆڤەکان دەتوانن بێ بیرکردنەوە و نامرۆڤ بن کاتێک تەنها پەیڕەوی لە قەرەباڵغی و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن بەبێ ئەوەی بیر لە خۆیان بکەنەوە، ئەم خۆگونجاندنە کوێرانەیە وایان لێدەکات مرۆڤبوونی خۆیان لەدەست دەدەن، تەنها شوێن نۆرمەکانی جەماوەر و کۆمەڵگا دەکەون ئەمەش پەیڕەوبوونێکی میکانیکی وئامێری مرۆڤەکانە، لەوێدا تەواو دەبن بە ئامێرد، ئەمەش تەواو ئەبسوردیە و بێماناییە. ئەم دیدە لە شانۆنامەی کەرکەدەن (١٨) بەرجەستە دەکات.
لە کاتێکدا کارەکتەرەکانی مرۆزێک لەلایەن کۆمەڵگاوە ڕێگرییان لێدەکرێت.کارەکتەرەکانی مرۆزێک بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی و ئامێری کاردانەوەیان دەبێت، چونکە توانای بیرکردنەوەیان لە ژێر فشاری ئایدۆلۆژیا و سیستەم و خودا لەدەستداوە. ئەوان دیلی واقیعی کۆمه ڵایه تی و ده سه ڵاتێکی تۆتالیتارین، که توانای بیرکردنه وه ی ڕه خنه گرانەیان لێ دزراوە، گوتارو دەستەواژەکەیان وەڵامێکی کورت و ئامێردیە. لە لای مرۆژێک کۆمەڵگا قەدەغەیان دەکات، کارەکتەرەکان ناتوانن هیچ بکەن، ناتوانن بە ئازادی بیربکەنەوە، خۆیان بن یان بۆچوونی خۆیان دەرببڕن، کۆمەڵگە یان سیستەم دەیانوەستێنێت، یاسا، نۆرم یان دەسەڵات ڕێگری لە ئازادییان دەکات. واتە کۆمەڵگا ڕێگە نادات مرۆڤەکان ئازاد بن، بۆیە کارەکتەرەکان بە شێوازێکی دیاریکراو ڕەفتار دەکەن. (١٩)
مرۆزێک گرنگی بە چارەنووسی تاک دەدات لە چوارچێوەی هەندێک پەیوەندی کۆمەڵایەتیدایە، نەک پرسە میتافیزیکی و خستنەڕووی ئەبسوردی جیهان. شانۆنامەکانی، مەسەلە سیاسییەکانە لە فۆرمێکی گرۆتێسکدا ئاکامی جیهانی سیاسیکراوی پۆڵەندای دوای جەنگە. لە شانۆنامەکانیدا ژێردەقی سیاسی (پەیامێکی سیاسی شاراوە) هەیە، ئەو پەنهانی و ئاماژانەش بینەری پۆلۆنی بەڕوونی دەیانناسیەوە، لەو کاتەدا لە پۆڵەندا کۆنترۆڵی سیاسی بەهێز هەبوو، بۆیە کاتێک کە بە ناڕاستەوخۆش ڕەخنە لە سیستەمەکە دەگیرا دەتوانرا وەک ئیستفزازییەک لە دژی دەسەڵاتداران دەخوێندرایەوە.
بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین هەندێک جیاوازی لە نێوان دەقە دراماتیکییەکانی بێکێت، ئیۆنێسکۆ و مرۆزێکدا بەدی بکرێت.(٢٠) یوجین ئیۆنێسکۆ و ساموێل بێکێت تا ڕادەیەکی بەرچاو جەخت لەسەر دەربڕینی هەموو تووخمە شانۆییەکان دەکەنەوە، گرنگییەکی زۆر بە هەموو بەشەکانی شانۆی سەر شانۆ دەدەن، نەک تەنها دیالۆگ بەڵکو جوڵە و بێدەنگی و سینۆگرافی و ڕووناکی، دەقەکانین جەخت لە نمایش بوونیان دەکەنەوە. دەقەکانین زۆر شانۆیین بە پێچەوانەی شانۆنامە یەک ئەکتەکانی مرۆزێک کە تێیدا وشە بەرچاوترین ڕۆڵ دەگێڕیت و زۆر دیالۆگین. بەمانای ئیۆنێسکۆ و بێکێت بۆ دروستکردنی مانا، تەواوی دەربڕینی شانۆ (جووڵە، بێدەنگی، سینۆگرافی) بەکاردەهێنن، لە کاتێکدا مرۆزێک بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر بنەمای دیالۆگ و وشە دامەزراون.
میرنا سندیچیچ سابلیۆ دەڵێت ” لە دەقەکانی مرۆزێکدا ئۆنیریزم onirizam نییە ئەوەندەی لە لای یۆنێسکۆ ئامادەگی هەیە ئۆنیریزم بە مانای وێنەی خەیاڵی و کابووس و شتی سەیر و سەمەرە. تەنانەت لە دەقەکانی بێکتیشدا ئامادەنین. دەقە شانۆییەکانی مرۆزێک پێکهاتەیەکی بازنەییان نییە و دیمەن و ڕووداوەکان کۆتاییەکی ڕوونتریان هەیە” دەقە شانۆییەکانی مرۆزێک سەرەتایەکی ڕوونتر و ململانێ و چارەسەرێکی ڕوونتریان هەیە بە بەراورد بە شانۆنامەکانی بێکێت و ئیۆنێسکۆ.
شانۆنامەکانی مرۆزێک زۆر واقیعیتر و وشکانی بزوێنەرترن، دیالۆگ و کردارەکە زیاتر سەرنجیان لەسەرە ، بەبێ ئەم توخمە خەون و خەیاڵیانە، یان کرداری ئەبسوردی، دیالۆگ زۆر گرنگە و دیمەنەکان واقیعیترە. لە شانۆنامەکانی ئیۆنێسکۆ، دیمەنەکانی دەتوانێت ئەبسورد و خەوناوی و پڕ بێت کەل و پەلی وێنەی سەیر و نامۆ.
دیمەنی هەیە کە مۆبیلیات دەفڕێت خەڵک لەناکاو ڕووخسار دەگۆڕێت یان کات باز دەدات و دەگەڕێتەوە، ئەمەش پێی دەوترێت ئۆنیریزم، لە شانۆنامەکانی ئیوجین ئیۆنێسکۆدا زۆرجار توخمگەلێکی خەوناوی لەم جۆرە ڕوودەدەن.

دەرئەنجام:
دەقە شانۆییەکانی سڵاڤۆمێر مرۆزێک کە لە نێوان ساڵانی ١٩٥٨ بۆ ١٩٦٥ نووسراون، لە دەقی پۆلیسەکان تا تانگۆ، لەلایەن ڕەخنەگرانەوە وەک دەقی شانۆیی ئەبسورد پۆلێن دەکرێن، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە سلاڤۆمیر مرۆزێک خۆی هەرگیز بە ئاشکرا هیچ پەیوەندیەکی لەگەڵ ساموێل بێکت یان یوجین ئیۆنێسکۆ، یان تادێوس ڕۆزێڤیچ نەبڕیوە.ڕەخنەگری ئینگلیزی مارتن ئێسلین ڕەنگە یەکەم کەس بێت لە بەستنەوەی دەقە دراماتیکییەکانی مرۆزێک بە ڕەوتی هونەری دوای جەنگ، کە کاریگەری یەکلاکەرەوەیان لەسەر پێشوازیی دواتری مرۆزێک لە سەرانسەری جیهاندا هەبوو. هەرچەندە ئەو دەقانەی کە لە کۆتایی شەتەکاندا نووسیوێتی لە شێوازە ئەبسوردی و بابەتە گرۆتێسکیەکان دوور دەکەوێتەوە، بەڵام ڕایەڵێکی تووند ببە شێوازی نووسینی ڕابووردووی گرێی دەداتەوە. دوای ئەوەی مرۆژێک وڵاتی خۆی بەجێ دەهێڵێت ڕوو لە بابەتگەلێکی گشتگیرتر دەکات، کە دڵخوازی بینەرانی وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوان، زۆر حەز بە بینین و بیستنی دەکەن. لە دەقەکانی سلاڤۆمیر مرۆزێک و شانۆنامەنووسانی دیکەی ئەبسوردا هەندێک لێکچوون هەیە، چونکێ نەریتی شانۆی تەقلیدیدا دەشکێنن پێکهاتەی کلاسیکی (سەرەتا – ململانێ – چارەسەرکردن) پەیڕەو ناکەن ڕەنگە هەست بکەیت ڕوداوەکان کە پارچە پارچەبوون یان نالۆژیکییە، دەقەکان، کورتن، نالۆژیکین، پێکهاتەیەکی ڕوون و کارەکتەری واقیعییان نییە. نەبوونی ئاماژەی ڕوونی کات و شوێن، زۆرجار بە تەواوی نازانیت کردارەکە لە کوێ و کەی ڕوودەدات. زۆرجار کارەکتەرەکان جۆر یان هێمان نەک کەسانی واقیعی، قوڵایی دەروونی زۆریان نییە.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک جار کارەکتەری دەقەکانی مرۆژک لەگەڵ نموونە کارەکتەرەکانی دەقەکانی ئیۆنێسکۆ جیاوازن. بارودۆخی کۆمەڵایەتی-مێژوویی. لە دەقەکانی مرۆزێکدا، ئەو دەسەڵاتە تۆتالیتارییەی کە تێیدا دەژین، کارەکتەرەکان لە قاڵب دەدات و هەر بۆیە دەقەکانی زۆر واقیعبینترن لەهی بێکێت و ئیۆنێسکۆ. کارەکتەرەکان لە کۆمەڵگایەکدا دەژین کە دەسەڵات کە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی تێیدا قەدەغەیە، کە دەبێتە هۆی بۆ ئەوەی شێوازی دەربڕینی مرۆڤەکان هەژار و میکانیکی و زۆر سادەتر بن، مرۆڤەکان وازیان لەدەربڕینی بیروڕای خۆیان دێنن و لەبری ئەوە دەست دەکەن بە دووبارەکردنەوەی دەستەواژە و دروشمی ئامادەکراو کە لە هەموو شوێنێک دەبیسترێن. لە دۆخێکی وادا پەیوەندی ڕاستەقینەی نێوان کارەکتەرەکان مومکین نییە، بۆیە هەمیشە شتە ئەبسوردیەکان لە پەیوەندییە نێوان کەسەکانەوە دروست دەبێت. ڕەخنەگران بە پلەی یەکەم مرۆزێکیان بە ساموێل بێکتەوە گرێداوە بەهۆی پێشوازییە زۆرەی بێکت لە پۆلۆنیا، بەڵم ڕەخنەگران دەڵین دەقەکانی مرۆژک زیاتر لە دەقەکانی یۆژین ئۆنسکۆ نزیکترە، بەڵم بێ شک ئەبسوردیەتی هیچ کام لە نووسەرانی ئەبسورد وەک یەک نییە.
مرۆزێک درێژە بە نەریتی ویتکیڤیچ و گۆمبرۆڤیچ دەدات، کە گرۆتێسک و تەنزئامێز لە دەقەکانیاندا تێکەڵ دەکەن بۆ ئەوەی واقیع بەم شێوەیە ئاشکرا بکەن. مرۆژک پەنا بۆ گرۆتێسک و ساتیرێکی نەرم دەبات بۆ ئیدانەکردنی تۆتالیتاریزم. دەقەکانی پڕن لە ئاماژەی سیاسی شاراوە، چونکە بەهۆی سانسۆر و چاودێری توندەوە ناچار بووە ئالیگۆری (Allegory) بەکاربهێنێت و پەیامەکان بشارێتەوە. ئەبسوردیزم وای لێدەکات ئەو شتانە دەرببڕێت کە نەدەبوو بە ئاشکرا بگوترێ.
زۆر لە دەقە ئەبسوردیەکان پەیوەندییەکی نزیک بە بوون و پرسە میتافیزیکییەکانەوە هەیە، بەڵام لەلای مرۆزێک، ئەبسورد لە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و دەسەڵاتە باڵاکانەوە سەرهەڵنادات، بەڵکو لە سەرووی هەموویانەوە لە پەیوەندی نێوان کەسەکانەوە سەرهەڵدەدات ، بەشێوەیەکی سەرەکی باس لە پچڕانی پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ ئەو کۆمەڵگایەی کە تێیدا دەژی دەکات، مرۆزێک بۆ ڕەخنەگرتن لە سیاسەت، گرۆتێسک و ئیرۆنی بەکاردەهێنێت. ئەمانە تایبەتمەندی شانۆنامە بێماناکانی دیکەی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتن، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ماوەی ساڵانی شەستەکاندا نووسراون، کە لەلایەن بینەرانی هەردوو ئەوروپای ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتەوە پێشوازییەکی زۆریان لێکرا.

تەواو
بۆ خوێندنەوەی کۆی هەر سێ بەشەکە بە فۆرماتی پ د ف کلیکی ئێرەبکەن..
——————————

پەراوێزی بەشی سێ..

(١٦) ئالیگۆری (Allegory) شێوازی گێڕانەوەی چیرۆکە، ئوبێکتەکان، کارەکتەرەکان، شوێنەکان یان ڕووداوەکان یان شتەکان هێمان بۆ شتیكی تر، بۆ گەیاندنی مانایەکی قووڵتر. ئەوەی کە نمایشەکە دەیڵیت زۆر زیاترە لە چیرۆک و ڕووداوەکانی نمایشەکەی بینیوتە. هەروەها زۆرجار کارەکتەر و دۆخەکان نوێنەرایەتی بیرۆکە، ئەخلاق یان کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن پەیوەندی بە پرسە ئەخلاقی، سیاسی، یان فەلسەفییەکانەوە هەیە
نموونە چیرۆکێک دەربارەی ئاژەڵەکان لە ڕاستیدا دەتوانێت دەربارەی مرۆڤ و سیاسەت بێت، گەشتێک دەتوانێت هێمای ژیانی مرۆڤ بێت.
مانای دووسەری: هەر چیرۆکێکی ئالیگۆری دوو ئاستی مانای هەیە:
ــ یەکەم مانای ڕووکەش: ئەو چیرۆکە سادەیەی کە دەیبیستین یان دەیخوێنینەوە.
ــ دووەم مانای شاراوە: ئەو پەیامە بنەڕەتییەی کە نووسەر دەیەوێت بیگەیەنێت.
بۆنموونە: چیرۆکی کێڵگەی ئاژەڵان ـ ی جۆرج ئۆرێڵ لە ڕووکەشدا چیرۆکی کۆمەڵێک ئاژەڵی کێڵگەیە، بەڵام لە ڕاستیدا ئالیگۆرییەکە بۆ ڕەخنەگرتن لە شۆڕشی ڕووسیا و دیکتاتۆرییەت.
ئەشکەوتەکەی ئەفلاتوون: چیرۆکی زیندانییەکانی ناو ئەشکەوتێکە کە تەنها سێبەر دەبینن، بەڵام مەبەستی فەلسەفی لێی گەڕانە بەدوای ڕاستی و زانیاریدا.
(١٧) کۆنفۆڕمیزم konformizam : گونجاندنی بیر و ڕەفتار لەبەر خاتری خەڵک، کە بە هەرنرخێک بێت لەگەڵ زۆرینەی خەڵک و کۆمەڵگەدا خۆی بگونجیت. ئەگەر هەموو کەسێک لە گروپێکدا دەست بکات بە وتنی هەمان شت و تۆش هەمان شت بیڵێیت تەنها بۆ ئەوەی لەگەڵیدا بگونجێت، تەنانەت ئەگەر بەڕاستی هاوڕا نەبیت – ئەوا ئەوە کۆنفۆڕمیزمە.
(١٨) شانۆنامەی کەرکەدەن لە نووسینی ئۆژین یونیسکۆ، ئەم دەقە وەرگێراوەتە سەر زمانی کوردی و دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی سەردم چاپی کردووە. لە شانۆنامەکەدا خەڵکی شارێک یەکە یەکە دەگۆڕدرێن بە کەرکەدەن، سەرەتا هەمووان پیان وایە سەیر و ترسناکە، بەڵام دوای ماوەیەک، خەڵکی زیاتر و زیاتر ئەم گۆڕانکارییە قبوڵ دەکەن پێی ڕادێن خۆیان دەگۆڕن.
١٩) دەتوانین بەراوردێک لە نێوان سلاڤومێر مرۆژێک و ئوژین یۆنیسکۆ بکەین.
لە بەرهەمەکانی یۆنیسکۆ:
ــ کێشەکان لە ناو خەڵکەکەوە دێت.
ــ کەسایەتییەکان خۆیان بێ بیرکردنەوە شوێن کۆمەڵگە دەکەون.
ــ بۆیە کۆنفۆڕمیزم (konformizam) دەکەن و وەک یەک دەبن. خۆیان دەگونجێن. ئەمە وایان لێدەکات ئاستی مرۆڤایەتییان نزم ببێت. واتە خەڵک خۆیان خۆیان دەگۆڕن بۆ ئەوەی لەگەڵ زۆرینە بگونجن.
بەڵام لە بەرهەمەکانی مرۆژێکدا کارەکە جۆرێکی ترە.
ــ کێشەکان لە سیستەم و کۆمەڵگەوە دێت.
ــ کەسایەتییەکان دەتەوێت شتێک بکەن یان بیر بکەن، بەڵام کۆمەڵگە و دەسەڵات ڕێگایان لێدەگرێت، واتە: خەڵک دەیانەوێت ئازاد بن، بەڵام کۆمەڵگە ڕێگا نادات.
یۆنسکۆ: خەڵک خۆیان شوێن زۆرینە دەکەون.
مرۆژێک: کۆمەڵگە خەڵک ناچار دەکات.
(٢٠) جیاوازی، مرۆژک لەگەڵ بێکت و یۆنسکۆ لە ڕووی شانۆییەوە
مرۆژک:
ــ دیالۆگ و وشەکان لە هەمووی گرنگترن.
ــ بیرۆکە و پەیامەکان زیاتر لە ڕێگەی ئەوەی کارەکتەرەکان دەیڵێن دێت
بێکت و مرۆژێک:
ــ شانۆ و جوڵە و فۆڕمی شانۆیی زۆر گرنگە.
ـ جوڵەکان، بێدەنگی، سینۆگرافی (شانۆکە چۆن دەردەکەوێت)، ڕووناکی و دەنگ و زمانی جەستەی ئەکتەرەکان، جوڵەی سادە و بێدەنگی هێندەی دیالۆژەکان گرنگن.




ئەلتەرناتیڤی چەپ بۆ ژیریی دەستکرد.. ڕزگار ئاکرێی

پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی ژیریی دەستکرد AI دەرفەتێکی گەورەی بۆ بەکارهێنانەکانی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوان نیگەرانیان دروستکردووە سەبارەت بە چۆنیەتی ئاراستەکردنی ئەم تەکنەلۆژیایە. لە ڕوانگەی چەپگەرایی دیجیتاڵی، AI دەتوانێت ئامرازێکی شۆڕشگێڕانە بێت کە یارمەتیدەرە لە دووبارە بنیاتنانەوەی کۆمەڵگا بەرەو دادپەروەری و یەکسانی زیاتر.
ئامانجی ئەم بینینە ئازادکردنی AI لە سنوورەکانی بازاڕی سەرمایەداری و ئاراستەکردنی بۆ خزمەتکردنی هەموو مرۆڤایەتی، گۆڕینی بۆ ئامرازێک بۆ باشترکردنی کوالیتی ژیان، ئازادکردنی خەڵک لە کاری قورسی ڕۆتینی و پەرەپێدانی داهێنانی مرۆڤ لە هەموو بوارەکاندا.
بۆ یەکەم جار لە مێژوودا، بە کەمترین هەوڵی مرۆڤ پێداویستی زۆرینەی دانیشتوان دابین بکرێت و کاڵا و خزمەتگوزاری و زانیاری بە فراوانی دابین بکرێت، هەندێک جار تەنانەت بە خۆڕایی، بەبێ پشت بەستن بە کرێی چڕ یان پێکهاتەی بیرۆکراتی تەقلیدی. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم ئەگەرانە سنووردار دەکرێن و بەکاردەهێنرێن بۆ زیادکردنی قازانج، کەمکردنەوەی مووچە و قوڵکردنەوەی هەژموونی چینایەتی و ئایدۆلۆژیا، نەک بۆ ئازادکردنی خەڵک لە چەوساندنەوە.
ئەمڕۆ، AI تەنها ئامرازێکی نوێ نییە لە دەستی سەرمایەدا، بەڵکو لە بنەڕەتدا ڕەنگدانەوەی گۆڕانێکی چۆنایەتییە لە سروشتی بەرهەمهێنان و خستنەڕووی سنوورە پێکهاتەییەکانی سەرمایەداری. زۆرێک لە ئەپڵیکەیشنەکان و پلاتفۆرمەکانی دیجیتاڵ، لە چاپی سێ ڕەهەندیەوە تا سیستەمی هەرەوەزی، بەرهەمهێنانی ماڵەوە، ئۆتۆماتیکی بەکۆمەڵ و لابردنی نێوەندگیرانی سەرمایەداری لە هەندێک کەرتدا، ئەوە دەسەلمێنن کە کۆمەڵگا ئێستا بە شێوەیەکی کاریگەر خاوەنی ئەو ئامرازانەی هەیە کە دەتوانێت ڕێگە بە رێکخستنەوەی سوسیالیستی ئابووری بدات بە شێوەیەکی ئاسۆیی، بەشداربووانە و لەسەر بنەمای کۆمەڵگە.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەم گۆڕانکارییە هێشتا سنووردار و خنکێنراوە لەلایەن پێکهاتە قۆرخکارییەکانەوە کە تەکنەلۆژیا زاڵ دەبن و ئاراستەی قازانج دەکەن نەک قازانجی کۆمەڵایەتی.
لە بەشەکانی داهاتوودا، دەزانین چۆن دیدگایەکی سۆسیالیستی چەپ، بەتایبەتی چەپگەری دیجیتاڵی، دەتوانێت ژیریی دەستکرد وەک هێزێکی ئازادیخواز پێناسە بکات کە خزمەت بە بەها مرۆڤایەتی و پێشکەوتووەکان دەکات. هەرچەندە ئەم بیرۆکانە تەنیا چوارچێوەیەک بۆ دیالۆگی بەکۆمەڵ لەناو چەپدا بوون. پێشنیارکردنی بەدیلێکی لەم شێوەیە پێویستی بە گفتوگۆیەکی فراوان هەیە لە نێوان بزووتنەوە چەپ و پێشکەوتووخواز و چالاکوانەکان و تاکەکان لە سەرانسەری جیهاندا.
بە پێشکەشکردنی ئەم بیرۆکانە، ئامانج پێشکەشکردنی چارەسەری ئامادە نییە، بەڵکو کردنەوەی گفتوگۆیە لەسەر ئەولەویاتی بەپەلە. ئەم ئەولەویەتانە دەبێت وەک بانگهێشتێکی کراوە بێت بۆ بەشداریکردن لە گەشەپێدانی دیدێکی چەپی دیجیتاڵی لەسەر بنەمای خاوەندارێتی کۆمەڵی ژیریی دەستکرد بە تایبەتی و تەکنەلۆژیا بە گشتی، لە ڕێگەی هەوڵێکی چەپی جیهانی ڕێکخراو.

  1. پەرەپێدانی سیستەمی AI چەپ، بێلایەن و سەرچاوەکراوە.
    وەک چارەسەرێکی گونجاو، پەرەپێدانی سیستەمی AI بێلایەن، دیموکراتی و سەرچاوەکراوە یەکێکە لە ستراتیجیە سەرەکیەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی دەوڵەت و کۆمپانیا گەورەکان بەسەر AI. ئەم سیستەمانە دەبێت بە شەفافییەت و سەربەخۆیی بەڕێوە ببرێن، تا ئەوپەڕی توانا لە بەرژەوەندییە مۆنۆپۆلی سەرمایەدارییەکان دوور بخرێنەوە، بۆ دڵنیابوون لە بەکارهێنانیان لە خزمەتی خەڵکدا.
    بەدەستهێنانی ئەمە پێویستی بە هەوڵ و هەماهەنگی هەیە لە نێوان ڕێکخراوە چەپەکان، پێشکەوتووخواز و مافەکانی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهاندا، بۆ داکۆکیکردن و کارکردن بۆ ئەوەی تەکنەلۆژیا بکاتە ئامرازێک کە دیموکراسی، ئازادی و یەکسانی بەهێز بکات لە ژێر داینامیکی دەسەڵاتی چینایەتی ئێستادا.
    سیستەمەکانی سەرچاوە کراوە دەرفەتێک بۆ خەڵک و ڕێکخراوە چەپەکان/پێشکەوتووخواز دەڕەخسێنن بۆ بەشداریکردن لە پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا بە شێوەیەک کە ڕەنگدانەوەی بەهاکانیان بێت. تاکەکان یان گرووپەکان دەتوانن دەستیان بە کۆدی سەرچاوە بگات و لە چۆنیەتی کارکردنی سیستەمەکان تێبگەن و ئازادانە دەستکاری بکەن و باشتریان بکەن. ئەم شێوازە دەتوانێت خاوەندارێتی و داهێنانی کۆمەڵ بەهێز بکات، پاڵپشتی شەفافییەت بکات و بەشێک کۆنترۆڵی دەوڵەت و کۆمپانیا قۆرخکارەکان هەڵبوەشێنێتەوە. دەستگەیشتنی گشتی ئەم سیستەمانە بۆ پێداچوونەوە هەروەها مەترسی دەستکاریکردنی ئایدۆلۆژی یان ئەجێندای شاراوە کەم دەکاتەوە و وایان لێدەکات زیاتر باوەڕپێکراو و سەربەخۆ بن لە بەرژەوەندییە تەسکەکانی سەرمایەداری.
    هەروەها پاسەوانی بۆ پاراستنی داتا و تایبەتمەندی دابین دەکات. بە چالاککردنی پێداچوونەوە بە کۆدی سەرچاوە، دەتوانرێت لایەنگری شاراوە و دەستکاریکردن کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی چینی فەرمانڕەوا دەکات بناسرێتەوە.
    دروستکردنی شەفافییەت و متمانە بە AI هەنگاوی یەکەمی گرنگە بۆ گۆڕینی تەکنەلۆژیا بۆ ئامرازێکی ئازادیخواز.
    چارەسەری کۆتایی کە دەبێت لە درێژخایەندا تێبکۆشین لە هەماهەنگی جیهانی نێوان رێکخراوەکانی چەپ و پێشکەوتنخواز و مافەکانی مرۆڤە بۆ پەرەپێدان و پەرەپێدانی جێگرەوەیەکی چەپ و پێشکەوتووخواز و شەفاف بۆ AI، دڵنیابوون لەوەی کە تەکنەلۆژیا دەبێتە موڵکی کۆمەڵ، لەژێر چاودێری و ئاراستەی گشتی، هاوتەریب لەگەڵ ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ، یەکسانی، بەها دیموکراسیەکان، و فرەیی ڕۆشنبیری.
    لەجیاتی ئەوەی AI ببێتە بواری تایبەت بە دەوڵەتە دەوڵەمەندەکان و کۆمپانیا قۆرخکارەکان، دەبێت ببێتە ئامرازێکی پێشکەوتووخواز و جەماوەری کە یارمەتیدەر بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە جیهانییەکان و ناوخۆییەکانی وەک هەژاری و چەوساندنەوە، بەدەستهێنانی یەکسانی و دادپەروەری، بەهێزکردنی دیموکراسی، چارەسەرکردنی گۆڕانی کەشوهەوا، و پەرەپێدانی سیستەمی تەندروستی و پەروەردەی گشتگیرتر و دادپەروەرانەتر.
    بەم شێوەیە ژیریی دەستکرد دەبێتە پڕۆژەیەکی ڕزگاریخوازی جیهانی، دووبارە پێناسەی پەیوەندی نێوان مرۆڤ و تەکنەلۆژیا بەپێی بەها سۆسیالیستییەکان دەکات و دەرگا دەکاتەوە بۆ مۆدێلێکی نوێ کە تێیدا تەکنەلۆژیا لە خزمەتی مرۆڤایەتیدا بێت.
    تاوەکو مۆدێلی چەپی پێشکەوتووخوازی AI بەتەواوی بەدی نەهێنرێت، تەکنەلۆژیای ئێستا دەبێت لەژێر چاودێری یاسایی نێودەوڵەتی سەربەخۆ و مافەکانی مرۆڤ بێت بۆ دڵنیابوون لە شەفافییەت و دادپەروەری. ئەم چاودێریکردنە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی دەستکاریکردنی سەرمایەداری لە تەکنەلۆژیا وەک هەنگاوێکی سەرەتایی بۆ دووبارە ئاراستەکردنی بۆ خزمەتی خەڵک لە ژێر پاسەوانی گونجاودا.
  2. ئامرازێک بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەلایەتی و برەودان بە یەکسانی لە بازاڕی کاردا
    ژیریی دەستکرد، ئەگەر لە چاویلکەی پێشکەوتووخواز، سۆسیالیست-چەپەوە ئاراستە بکرێت، دەتوانێت ببێتە ئامرازێکی بەهێز بۆ ئازادکردنی مرۆڤایەتی و بەدەستهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، لە ڕێگەی شیکردنەوەی کێشە کۆمەڵایەتییە ئاڵۆزەکان و دابینکردنی چارەسەری کاریگەر بۆ کەمکردنەوەی نایەکسانی ئابووری و چەوساندنەوەی چینایەتی. بەڵام بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە ئۆتۆماتیکی نییە. پێویستی بە ئاراستەکردنی میکانیزمەکان و تواناکانی هەیە بۆ چارەسەرکردنی هۆکارە بنەڕەتییەکانی هەژاری و بێکاری و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و جیاکاری کۆمەڵایەتی بۆ ئەوەی بتوانێت بەڕاستی خزمەتی خەڵک بکات.
    AI هەروەها دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە چاودێریکردنی ئەم جیاوازیانە لە ڕێگەی سیستەمی پێشکەوتووی شیکردنەوەی داتا، ڕێگە بە دیاریکردنی گروپە هەژارەکان دەدات و سیاسەتی دادپەروەرانە ئاراستە دەکات بۆ ڕاستکردنەوەی ناهاوسەنگیی پێکهاتەیی لە دابەشکردنی سامان و خزمەتگوزاری.
    لەم چوارچێوەیەدا، حکومەتە پێشکەوتووەکان و دامەزراوە چەپەکان دەتوانن ئەم تەکنەلۆژیایانە بەکار بهێنن بۆ داڕشتنی پرۆگرامەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی دادپەروەرانەتر و سیستماتیکتر، بە بەکارهێنانی مۆدێلی داتای ورد بۆ دیاریکردنی پێداویستییە ڕاستەقینەکانی کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکان، بەم شێوەیە دەرفەتی یەکسان و کەمکردنەوەی نایەکسانی چینایەتی و بەدەستهێنانی بەرزترین ئاستی دادپەروەری کۆمەڵایەتی.
    بەدیلی چەپ بۆ AI جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بیکات بە ئامرازێک بۆ ئازادکردنی خەڵک لە کاری ماندووکەر و دووبارە، لە هەمان کاتدا دەستەبەرکردنی دابینکردنی کاری شکۆمەند و جێگیر بە مووچەی یەکسان. بەکارهێنانی دادپەروەرانەی ئۆتۆماتیک دەتوانێ کاتژمێرەکانی کارکردن کەم بکاتەوە و کاتی زیاتر بدات بە تاکەکان بۆ گەشەی کەسایەتی، بەشداری کۆمەڵگە، و چێژ وەرگرتن لە ژیان، لەجیاتی ئەوەی لە بازنەی چەوساندنەوەی چڕی سەرمایەداریدا گیریان خواردبێت.
    لەم مۆدێلەدا، بازاڕی کار دەبێتە فەزایەکی دادپەروەرانەتر و ئازادتر، جیاکاری لەسەر بنەمای جێندەر، ڕەگەزی، ئایین و تەمەن لە ڕێگەی سیستەمی هەڵسەنگاندن لەسەر بنەمای لێهاتوویی و شارەزایی، سەربەخۆ لە لایەنگری کۆمەڵایەتی یان ئایدۆلۆژی. دەبێتە میکانیزمێک بۆ دەستەبەرکردنی دەرفەتی یەکسان بۆ هەمووان، لەگەڵ ژینگەیەکی کار کە خۆشگوزەرانی کرێکارانی دەستی و ڕۆشنبیری وەک یەک باشتر دەکات.
    سەرەڕای ئەوەش، AI دەتوانێت ئامرازێکی بەهێز بێت بۆ پاڵپشتیکردنی ڕێکخستنی کرێکاران و چالاکی سەندیکا، لە ڕێگەی پەرەپێدانی ئەپڵیکەیشنەکان کە یارمەتی کرێکاران دەدات سەندیکای دیجیتاڵی دروست بکەن، تۆڕی هاوسۆزی دروست بکەن، توانایان بۆ دانوستان لەگەڵ خاوەنکارەکان بەهێز بکەن، داوای مافەکانیان بکەن و هەلومەرجی کارکردن باشتر بکەن.
    لە کۆتاییدا، AI دەتوانرێت بۆ پەرەپێدانی پرۆگرام بەکار بهێنرێت کە توانای دزەکردنی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و سەپاندنی مانگرتنی دیجیتاڵی هەیە، بە تێکدانی سیستەمی بەرهەمهێنان لەناو کۆمپانیاکان یان دامەزراوە حکومییەکان کە مافی کرێکاران پێشێل دەکەن یان چالاکی سەندیکاکان قەدەغە دەکەن. لە ڕژێمە دیکتاتۆرەکاندا کە کرێکاران لە مافی خۆڕێکخستن و مانگرتن بێبەش دەکەن، ئەمە دەبێتە دوایین چارەسەر بۆ ناچارکردنی ئەو قەوارانە بۆ پێدانی مافی زیاتر بە هێزی کارەکانیان.
  3. ژیریی دەستکرد وەک ئامرازێکی پراکتیکی بۆ ئازادی زانستی و بەهێزکردنی داهێنان
    لەجیاتی ڕێگەدان بە ژیریی دەستکرد بۆ لاوازکردنی تواناکانی مرۆڤ و بەرهەمهێنانی نەوەیەک کە زۆر پشت بە تەکنەلۆژیا دەبەستێت، دەتوانرێت ئاراستەی بکرێت بۆ ئەوەی ببێتە ئامرازێک بۆ ئازادی زانستی و پەرەپێدانی داهێنان. AI نابێت بەتەواوی جێگەی بیرکردنەوەی مرۆڤ بگرێتەوە، بەڵکو دەبێت یارمەتیدەر بێت لە فراوانکردنی تواناکانی مرۆڤ، توانای دەستگەیشتن بە ئامرازەکانی زانیاری پێشکەوتوو و ئازادکردنی کات لە ئەرکە ڕۆتینییەکان، بەم شێوەیە ڕێگە بە خەڵک دەدات تەرکیز لەسەر داهێنان و کاری داهێنەرانە بکەن.
    لەجیاتی بەهێزکردنی پشت بەستن و زۆر پشتبەستن، بە تەڵەی ئالوودەبوونی دیجیتاڵیشەوە، AI دەتوانرێت بۆ یارمەتیدان دیزاین بکرێت نەک جێگرتنەوەی توانای مرۆڤ. دەتوانرێت سیستەمی AI سەرچاوە کراوەی پێشکەوتوو پەرە پێبدرێت بۆ هاندانی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و داهێنەرانە، هانی بەکارهێنەران دەدات بە سەربەخۆیی زانیاری بدۆزنەوە بە هاندانی پرسیاری شیکاری نەک تەنها پێشکەشکردنی وەڵامی ئامادە. ئەم سیستەمانە دەتوانن بیرۆکەی توێژینەوە پێشنیار بکەن، داتا شیبکەنەوە بۆ پشتگیری کردنی هۆکاری استنتاجی، و هاندانی بەکارهێنەران بۆ دروستکردنی بیری ڕەسەن، نەک بەکارهێنانی پاسیڤی زانیاری.
    بەدیلی چەپ هانی بەکارهێنانی AI دەدات بۆ بەهێزکردنی توێژینەوەی زانستی هاوبەش لە ڕێگەی ئاسانکردنی ئامرازەکانی شیکردنەوەی داتای گەورە بۆ زانایان و توێژەرانی سەربەخۆ. ئەمە دەتوانێت داهێنانی زانستی لە بوارەکانی وەک پزیشکی، چارەسەری نەخۆشییە درێژخایەنەکان و دەگمەنەکان، کۆمەڵناسی، وزەی نوێبووەوە، پاراستنی ژینگە و شتی تر خێراتر بکات.
    دەتوانرێت پڕۆژەی هاوبەشی AI دابمەزرێنرێت بە بەشداری کرێکاران، ژنان، ئەندازیاران، توێژەران و چالاکوانانی کۆمەڵایەتی، دڵنیابوون لەوەی کە تەکنەلۆژیا لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتی بەکار دەهێنرێت. زۆر گرنگە تەکنەلۆژیای AI وەک خزمەتگوزاری گشتی تەواو بەخۆڕایی دابین بکرێت، کە دەستگەیشتن بە هەموو تایبەتمەندیەکان، سەرەتایی و پێشکەوتوو، کە پاڵپشتی داهێنان دەکات لە هەموو بوارەکاندا، بەبێ باری تێچوونی زۆر.
  4. چاودێری کۆمەڵگا لەسەر ژیریی دەستکرد
    بەدیلی چەپ بۆ AI هەوڵ دەدات چاودێری شەفاف و دیموکراتی کۆمەڵگا بەسەر تەکنەلۆژیا، بەتایبەتی ژیریی دەستکرد، بسەپێنێت بۆ دڵنیابوون لەوەی بەکارهێنانی دادپەروەرانە و دادپەروەرانە. چاودێریکردنی کاریگەر پێویستی بە دووبارە دابەشکردنەوەی هێزی دیجیتاڵی هەیە بۆ ئەوەی تەکنەلۆژیا ببێتە خاوەندارێتی کۆمەڵایەتی و بۆ خزمەتکردنی خەڵک بەکار بهێنرێت، نەک لەلایەن کۆمپانیا گەورەکانەوە قۆرخ بکرێت.
    ئەمە پێویستی بە دروستکردنی دامەزراوە و پلاتفۆرمی بەشداربوو هەیە کە ڕێگە بە خەڵک دەدات لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی دیزاین و جێبەجێکردنی ئەلگۆریتمەکان بکات و شەفافییەت بەرز بکاتەوە و بەکارهێنەران تێبگەن کە ئەم تەکنەلۆژیایانە چۆن کاریگەری لەسەر ژیانی ڕۆژانەیان هەیە. دەزگاکانی چاودێری جەماوەری دەبێت لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دابمەزرێنرێن، لەوانە نوێنەرایەتی فراوانی کرێکاران، ئەکادیمیەکان، داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ و شارەزایانی تەکنیکی، بۆ دڵنیابوون لە بێلایەنی و دادپەروەری لە پەرەپێدان و بڵاوکردنەوەی سیستەمەکانی AI.
    سەرەڕای ئەوەش، یاسا و ڕێنمایی ناچار دەبێت پێشکەش بکرێت کە داوا لە پەرەپێدەران بکات بەهاکانی دادپەروەری و یەکسانی لە قۆناغی دیزایندا جێگیر بکەن، لەگەڵ پێداچوونەوەیەکی زۆرەملێ کۆمەڵگا پێش ئەوەی هەر سیستەمێک بە بازاڕ بکرێت.
    گەشەپێدەران دەبێت ناچار بن هەر سیستەمێکی لایەنگری کە زیانی کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوە بگۆڕن یان بوەستێنن، وە نابێت هیچ تەکنەلۆژیایەک بەبێ پێداچوونەوەیەکی ورد بۆ دڵنیابوون لەوەی کاریگەری نەرێنی لەسەر گروپە پەراوێزخراوەکان نابێت یان نایەکسانی چینایەتی بەهێز ناکات.
    سەرەڕای ئەوەش، دەزگاکانی چاودێری دەبێت دەسەڵاتی ڕاستەقینەیان پێبدرێت بۆ پێداچوونەوە بە بەردەوامی ئەلگۆریتمەکان و چاودێریکردنی لایەنگیرییە چەسپێنراوەکان کە لەوانەیە ببێتە هۆی جیاکاری یان چەوساندنەوە. هەروەها دەبێت ئەم دەزگایانە دەسەڵاتی سەپاندنی ستانداردی یاساییان هەبێت بۆ ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی AI وەک ئامرازێک بۆ بەردەوامی نایەکسانی یان زاڵبوونی چینایەتی.
  5. دووبارە بنیاتنانەوەی بەرهەمهێنان و دابەشکردن بە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد
    دووبارە ڕێکخستنەوەی بەرهەمهێنان و دابەشکردن کۆڵەکەیەکی سەرەکی تێڕوانینی چەپەکانە بۆ AI. ئەم تەکنەلۆژیایە دەتوانرێت بۆ بنیاتنانی سیستەمی پلاندانانی ناوەندیی دیموکراتی لەسەر بنەمای داتای دروست و پرەنسیپە سۆسیالیستییەکان بەکار بهێنرێت، کە ڕێگە دەدات سەرچاوەکان بە شێوەیەکی کاریگەر تەرخان بکرێن بۆ دابینکردنی پێداویستییە ڕاستەقینەکانی کۆمەڵگا بە ئامانجی بەدەستهێنانی ئەوپەڕی دادپەروەری کۆمەڵایەتی.
    ئەم سیستەمانە پشت بە شیکردنەوەی ورد بۆ خواست و بەکارهێنان دەبەستن، توانای بەرهەمهێنانی کاڵا و خزمەتگوزاری پێویست لەسەر بنەمای پێداویستی ڕاستەقینە و دوورکەوتنەوە لە زیادەڕۆیی بەرهەمهێنان کە تایبەتمەندی سیستەمی سەرمایەداری دەکات. سیستەمێکی سۆسیالیستی دیموکراتی کە بە AI بەڕێوە دەچێت، دەتوانێت هاوسەنگییەک لەنێوان بەرهەمهێنان و بەکارهێنان بەدەست بهێنێت و سەرچاوەکان بە دادپەروەرانە دابەش بکاتەوە بۆ زیادکردنی سوودەکانی تواناکانی بەردەست.
    AI دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە دووبارە داڕشتنەوەی زنجیرەی دابینکردن بە کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان، ئاراستەکردنی بەرهەمهێنان بەرەو ئەو ناوچانەی کە زۆر خزمەتیان پێنەکراوە، و پەرەپێدانی بەردەوامی ژینگەیی بە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی وزە و ماددە خاوەکان. سیستەمە لۆجیستییە زیرەکەکان دەتوانن یارمەتیدەر بن لە دابەشکردنی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان بەشێوەیەکی کاراتر و دیاریکردنی باشترین ڕێگا بۆ کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن، دەستەبەرکردنی دەستگەیشتنی دادپەروەرانە بەبێ دەستکاریکردنی بازاڕ یان کۆنترۆڵی قۆرخکاری.
    لەگەڵ ئەوەشدا، AI دەتوانێت شەفافییەت لە بەرهەمهێنان و دابەشکردندا بەهێز بکات بە بەدواداچوونی چۆنیەتی تەرخانکردنی سەرچاوەکان و دڵنیابوون لەوەی لەگەڵ ئەولەویاتی کۆمەڵگادا هاوتەریب دەبن.
    AI هەروەها توانای شۆڕشی بەرهەمهێنانی هەرەوەزی و کۆمەڵایەتی هەیە. دەتوانێت هاوکاری و پڕۆژەکانی کۆمەڵگە بەهێز بکات بۆ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای زیرەکانە کە کارایی کارکردن باشتر دەکات، تێچووی کەمتر دەکاتەوە و دابەشکردنی دادپەروەرانەی سەرچاوەکان لەنێوان ئەنداماندا دەستەبەر دەکات. لەم چوارچێوەیەدا، تەکنەلۆژیا دەبێتە ئامرازێک بۆ بنیاتنانی ئابووری هاوپشتی، یارمەتیدانی کۆمەڵگە هەژارەکان بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی ئابووری و سیاسی لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی هاوبەش و دابەشکردنی دادپەروەرانەی سەرچاوە بەردەستەکان، ئازاد لە چنگی سەرمایەی مۆنۆپۆلی.
  6. ژیریی دەستکرد بۆ دادپەروەری جێندەر
    هێزە چەپەکان، فێمینیستەکان و مافەکانی مرۆڤ دەبێت چالاکانە کار بکەن بۆ دیزاین و پەرەپێدانی سیستەمەکانی AI کە دادپەروەری جێندەر بەرز دەکاتەوە و پشتگیری یەکسانی تەواو دەکات. بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە، پێویستە نوێنەرایەتی هاوسەنگ بۆ ژنان لە تیمەکانی پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا هەبێت، یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی لایەنگری جێندەر کە لە ئەلگۆریتمەکاندا جێگیر کراوە. هەروەها دەبێت فشار هەبێت بۆ سەپاندنی ئەو سیاسەتانەی کە هەمەچەشنی جێندەر لە هەموو قۆناغ و ئاستەکانی دیزاین و پەرەپێدانی AI دەسەپێنێت، بە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی زاڵبوونی پیاوان لە بوارەکەدا.
    سەرەڕای ئەوەش، ئەلگۆریتمەکان دەبێت لەسەر داتای گشتگیر و هەمەجۆر ڕابهێنرێن کە ئەزموون و ڕۆڵی ژنان بە شێوەیەکی تەواو و ناکڵێشەیی ڕەنگ دەداتەوە. ئەمە یارمەتیدەر دەبێت بۆ شکاندنی قاڵبی ڕەگەزی نەریتی کە لەلایەن پێکهاتەی پیاوسالاریەوە بەهێز دەکرێت. پێویستە حکومەتەکان فشار بخەنە سەر یاسایەک کە داوا لە کۆمپانیاکان دەکات ڕاپۆرتی شەفاف لەسەر جیاوازی جێندەر لە تیمەکانی تەکنەلۆژیا و پرۆگرامەکانیاندا بڵاو بکەنەوە.
    پێوانەی هەڵسەنگاندن دەبێت بگۆڕێت بۆ جەختکردنەوە لەسەر “یەکسانی جێندەر” لە ئەدای سیستەمدا نەک تەنها کارایی تەکنیکی.
    هەروەها دەتوانرێت AI بۆ پشتگیری کێشەکانی ژنان و پەرەپێدانی یەکسانی جێندەر بەکار بهێنرێت لە ڕێگەی پەرەپێدانی سیستەمی شیکاری پێشکەوتوو کە جیاکاری لە شوێنی کار دەدۆزێتەوە. هەروەها دەتوانێت پشتگیری ئەو سیاسەتانە بکات کە مافەکانی ژنان لە پەروەردە، چاودێری تەندروستی و گرتنەخۆی ئابووری و سیاسی بەهێز دەکەن. سەرەڕای ئەوەش، تەکنەلۆژیای AI دەتوانرێت بۆ شیکردنەوەی جیاوازی مووچەی جێندەر لە ڕێگەی سیستەمی زیرەکی ڕاهێنراو لەسەر داتای بازاڕی کار بەکار بهێنرێت، یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەشەپێدانی سیاسەتی دادپەروەرانەتر کە دادپەروەری مووچە و یەکسانی جێندەر بەدەست دەهێنێت.
    ڕێکخراوەکانی چەپ و فێمینیست و مافەکانی مرۆڤ دەبێت گوتارێک وەربگرن کە تەکنەلۆژیا وەک ئامرازێکی ئازادیخواز بۆ یەکسانی جێندەر پێناسە بکات، نەک جیاوازی بەرهەم بهێنێت. ئەمە بریتییە لە بەرەنگاربوونەوەی کڵێشەی بەستراو بە سیستەمی خزمەتگوزاری و دەنگ و پەرەپێدانی یاریدەدەری زیرەک کە ڕەنگدانەوەی بەها پێشکەوتووەکانی وەک دادپەروەری و یەکسانی، داننان بە ژنان وەک هاوبەشێکی تەواو و یەکسان لە بنیاتنانی کۆمەڵگادا.
    لەگەڵ ئەوەشدا، زمانی پیاوسالار دەبێت لە سیستەمەکانی AI لاببرێت و زمانی بێلایەنی جێندەر پەرە پێبدرێت بۆ یارمەتیدان لە هەڵوەشاندنەوەی لایەنگری ڕەگەزی. ئەمە دەتوانرێت بە دیزاینکردنی ئەلگۆریتمەکان بەدەست بهێنرێت لەسەر بنەمای داتای زمانەوانی گشتگیر و هەمەجۆر کە ڕەنگدانەوەی کڵێشەی ڕەگەزی تەقلیدی نییە.
    ئامرازەکانی AI هەروەها دەتوانرێت پەرە پێبدرێت بۆ پێداچوونەوە بە دەقەکان و شیکردنەوەی گفتوگۆ بۆ نەهێشتنی جیاکاری زمانەوانی یان ڕەگەزی، یارمەتیدەر دەبێت بۆ دووبارە شێوەکردنی زمانی سیستەمە زیرەکەکان بۆ گشتگیرتر و دادپەروەرانەتر، و بەرزکردنەوەی ڕێز و یەکسانی لە دەربڕین و پەیوەندیدا.
    ئەم جۆرە ڕێوشوێنانە یارمەتیدەر دەبن بۆ بنیاتنانی دیدگایەکی جێگرەوە کە پەیوەندی نێوان AI و دادپەروەری جێندەر دووبارە پێناسە دەکاتەوە، کە تێیدا تەکنەلۆژیا دەبێتە ئامرازێکی کاریگەر بۆ بەهێزکردن و ئازادی، و پشتگیری یەکسانی و دادپەروەری تەواوی جێندەر دەکات.
  7. ژیریی دەستکرد وەک ئامرازێک بۆ بەرەوپێشبردنی مافەکانی مرۆڤ
    ژیریی دەستکرد دەبێت ببێتە ئامرازێک بۆ پاراستن و بەرەوپێشبردنی مافەکانی مرۆڤ، نەک بۆ سنووردارکردن یان پێشێلکردنیان. بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە، پێویستە دەستپێشخەری چەپی پێشکەوتووخواز بگیرێتەبەر بۆ دڵنیابوون لە شەفافییەت و چاودێری و بەکارهێنانی AI بە شێوەیەک کە دادپەروەری و یەکسانی بەرز بکاتەوە، لەجیاتی ئەوەی لەلایەن ڕژێمە دیکتاتۆرەکان و کۆمپانیا گەورەکانەوە بۆ چاودێریکردنی تاکەکان و سەرکوتکردنی ئازادییەکان بەکار بهێنرێت.
    پێویستە چوارچێوەی یاسایی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی توند دابمەزرێنرێت بۆ بە تاوان ناساندنی بەکارهێنانی AI لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، چ لە ڕێگەی چاودێریکردن، بە ئامانجگرتنی بەرهەڵستکاران و چالاکوانان، یان سانسۆری دیجیتاڵی کە دەبێتە هۆی دەستگیرکردنی دیجیتاڵی و کوشتنی دیجیتاڵی و سنووردارکردنی ئازادی ڕادەربڕین.
    هەموو کاربەرنامەکانی AI دەبێت ڕێز لە بنەماکانی دادپەروەری و مافە بنچینەییەکانی مرۆڤ بگرن کە لە دەستوورە نێودەوڵەتییەکاندا هاتووە. ئەپڵیکەیشنەکانی AI لەسەر بنەمای ئاسایش دەبێت لەژێر پێداچوونەوەیەکی دادوەری سەربەخۆدا بن، لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەشداری بکەن لە هەڵسەنگاندنی ئەو مەترسیانەی ئەم سیستەمانە بۆ ئازادییەکان دروست دەکەن. پێویستە تۆڕی هاوپشتی جیهانی پێکبهێنرێت بۆ چاودێریکردنی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ و بایکۆتکردنی ئەو کۆمپانیایانەی تەکنەلۆژیای چاودێری بە ڕژێمە دیکتاتۆرەکان دەفرۆشن و بیانخەنە لیستی ڕەشی نێودەوڵەتی.
    بۆ دڵنیابوون لە بەرپرسیارێتی، سیستەم و پرۆگرامەکانی AI سەرچاوە کراوە دەبێت لەلایەن دامەزراوە سەربەخۆکان کە لە نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی و مافەکانی مرۆڤ پێک هاتوون، پەرە پێبدرێت و بەڕێوە ببرێن، لەگەڵ چاودێری دیموکراتی بۆ ڕێگریکردن لە خراپ بەکارهێنان لەلایەن حکومەتەکان، کۆمپانیا قۆرخکارەکان، یان ڕژێمە دیکتاتۆرەکان. ئەم سیستەمانە دەتوانرێت بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بەکار بهێنرێن لە ڕێگەی ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکان، چاودێریکردنی ئەدای حکومەت و شیکردنەوەی داتاکان بۆ ئاشکراکردنی کردارە سەرکوتکەرەکان.
    بەهێزکردنی ڕۆڵی رێکخراوەکانی چەپ، پێشکەوتنخواز و مافەکانی مرۆڤ لە چاودێریکردنی بەکارهێنانی AI زۆر گرنگە. دەتوانرێت هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێکبهێنرێت بۆ فشار خستنە سەر بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایە بۆ زاڵبوون و سەرکوتکردنی دیجیتاڵی.
    AI هەروەها دەتوانێت ئامرازێکی کاریگەر بێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی چاودێری دیجیتاڵی لە ڕێگەی پشتیوانیکردن لە پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای نهێنی و پەیوەندی پارێزراو بۆ پاراستنی چالاکوانان و بەرهەڵستکاران، هەروەها چاودێریکردنی حکومەتە دیکتاتۆرەکان و ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ.
    هەروەها بەرزکردنەوەی هۆشیاری گشتی سەبارەت بە مەترسییەکانی چاودێری و کۆنتڕۆڵی دیجیتاڵی زۆر گرنگە، لەگەڵ دەرکردنی یاسای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ ڕێگریکردن لە پێشێلکردنی تایبەتمەندی و دابینکردنی ئامرازێک بۆ یارمەتیدانی تاکەکان بۆ پاراستنی داتاکانیان و دەستەبەرکردنی ئازادی ڕادەربڕین لە بۆشاییە دیجیتاڵییەکاندا.
  8. بەرەو بەدیلێکی ژینگەیی سۆسیالیستی بۆ ژیریی دەستکرد
    ژیریی دەستکرد دەبێت بەرەو پاراستنی ژینگە بگۆڕدرێت، ئامانجێک کە تەنها لە چوارچێوەیەکی سۆسیالیستی دا بەدی دێت کە پەیوەندی نێوان تەکنەلۆژیا و سروشت دووبارە پێناسە دەکاتەوە، دوور لە لۆژیکی بازاڕی سەرمایەداری کە ئێستا پەرەی سەندووە.
    جێگرەوەیەکی چەپ بۆ AI دەبێت هەوڵ بدات تەکنەلۆژیا لە کۆنتڕۆڵی سەرمایەداری ئازاد بکات و بیکاتە ئامرازێک بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان بە شێوەیەکی دیموکراتی و کۆمەڵایەتی. بەکارهێنانەکانی دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، کەمکردنەوەی کاریگەری ژینگەیی بەرهەمهێنان و دەستەبەرکردنی دابەشکردنی دادپەروەرانەی سەرچاوەکان خزمەت بکات، لەجیاتی بەهێزکردنی مۆدێلی سەرمایەداری بەرهەمهێنانی بێسنوور کە هاوسەنگی ژینگەیی تێکدەشکێنێت.
    لە مۆدێلی چەپدا، AI وەک میکانیزمێک بۆ پلاندانانی ئابووری هۆشیارانە خزمەت دەکات. توانای شیکاری بەکاردەهێنرێت بۆ ڕێکخستنی بەرهەمهێنان لەگەڵ پێداویستییە ڕاستەقینەکانی کۆمەڵگا، نەک خواستی بازاڕ و کێبڕکێ، کە بەردەوام پەرەسەندن بەڕێوە دەبات. لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی پێشکەوتووی AI، دەتوانرێت سەرچاوەکان بەشێوەیەکی کاریگەرتر بەکار بهێنرێن، بەفیڕۆدان کەمبکرێتەوە، و پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا ئاراستەی چارەسەری ژینگەیی قووڵ بکرێت، وەک باشترکردنی سیستەمەکانی وزەی نوێبووەوە، بەڕێوەبردنی بەردەوامی ئاو و کەمکردنەوەی گازەکان لە کەرتەکانی پیشەسازی.
    پێویستە AI لەو پرۆژانەدا قەدەغە بکرێت کە زیان بە ژینگە دەگەیەنن و هەر تەکنەلۆژیایەکی AI دەبێت پێش پەسەندکردنی کاریگەری ژینگەیی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. پێویستە سیستەمی چاودێری زیرەک دروست بکرێت بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوونی کۆمپانیاکان بە ستانداردە ژینگەییەکان، لەگەڵ چاودێریکردنی جەماوەری سیاسەتەکانی پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا بۆ ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی سەرچاوە وێرانکەرەکان.
    کۆتاییهێنان بە هەژموونی دەوڵەتە بەهێزەکان و کۆمپانیا قۆرخکارەکان بەسەر تەکنەلۆژیا تەنها دووبارە دابەشکردنەوەی سوودەکانی نییە، بەڵکو پێناسەکردنەوەی ئەولەویەتەکانیەتی. پێویستە تەکنەلۆژیا بەرەو دەستپێشخەری ژینگەیی ستراتیژی بگۆڕدرێت کە خزمەت بە کۆمەڵگا و هەسارەکە دەکات، نەک بەرژەوەندییەکانی کۆمپانیاکان.
    تەکنەلۆژیای سەرمایەداری بە شێوەی ئێستای خۆی قەیرانی ژینگەیی چارەسەر ناکات، بەڵکو خراپتری دەکات. بەڵام لە چوارچێوەی سۆسیالیستیدا دەتوانرێت تەکنەلۆژیا ببێتە ئامرازێکی بەهێز بۆ پاراستنی سەرچاوە سروشتییەکان و بنیاتنانی ئابووری لەسەر بنەمای دادپەروەری ژینگەیی نەک مرۆڤ و ئیکۆلۆژی.
    لە کاتێکدا هەندێک چاکسازی لە سەرمایەداریدا دەکرێت وەک یاسای ژینگەیی و یاسای سەوز، بەڵام ئەزموون سنووردارییەکان و نەتوانینی گۆڕانکاری بنەڕەتی نیشان دەدات.
    چارەسەری بنەڕەتی پێویستی بە گۆڕانێکی ڕیشەیی هەیە لە پەیوەندی نێوان تەکنەلۆژیا و کۆمەڵگا، کە تێیدا هەموو تەکنەلۆژیا و سیستەمەکانی AI ملکەچی ستانداردی دیموکراسی و ژینگەیی توندن کە ئەولەویەتی پاراستنی ژینگە دەدەن.
    ئەمە هەروەها پەرەپێدانی سیستەمی زیرەک دەگرێتەوە کە زیادەڕۆیی وزە کەم دەکاتەوە و پشت بەستن بە وزەی نوێبوونەوە بەرز دەکاتەوە، دڵنیایی دەدات کە تەکنەلۆژیا خزمەتی کۆمەڵگا و ژینگە دەکات.
  9. ژیریی دەستکرد بۆ ئاشتی و چەک داماڵین
    پێویستە AI وەک ئامرازێک بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی جیهانی ئاراستە بکرێتەوە نەک وەک چەکێکی جەنگ و وێرانکاری. بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە، پێویستە سیاسەتی نێودەوڵەتی بگیرێتەبەر کە پەرەپێدان و بەکارهێنانی AI لە چەکەکاندا قەدەغە بکات، بەتایبەتی سیستەمە سەربەخۆکان کە بەبێ دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی مرۆڤ کار دەکەن، چونکە ئەمانە هەڕەشەیەکی بێ وێنەن بۆ ئاشتی جیهان و هەژموونی زلهێزە سەربازییەکان بەهێز دەکەن.
    بزووتنەوە چەپ و پێشکەوتووخوازەکان دەتوانن دەستپێشخەری جیهانی بکەن بۆ فشار خستنە سەر حکومەت و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ دەرکردنی یاسایەکی ڕوون و توند بۆ قەدەغەکردنی پەرەپێدانی سەربازی AI. ئەم تەکنەلۆژیایە دەتوانرێت بەکار بهێنرێت بۆ شیکردنەوەی ململانێکانی ئێستا، لێکۆڵینەوە لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی جەنگ و پێشنیارکردنی چارەسەرەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەو هۆکارانە.
    AI هەروەها دەتوانێت هاوکاری نێودەوڵەتی بەهێز بکات لە ڕێگەی پلاتفۆرمەکانەوە کە دیالۆگی نێوان گەلان پەرە پێدەدات و دیپلۆماسی و چارەسەری ئاشتیخوازانە پەرە پێدەدات.
    سەرەڕای ئەوەش، AI دەبێت بۆ دۆکیۆمێنت کردنی تاوانەکانی جەنگ و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بەکار بهێنرێت و رژێمە دیکتاتۆرەکان، دەوڵەتان و کۆمپانیا گەورەکان بەرپرسیار بن لە سەربازیکردنی تەکنەلۆژیا و بەکارهێنانی بۆ جەنگ.
    بزووتنەوە چەپەکان، گروپەکانی داکۆکیکار لە ئاشتی، و رێکخراوەکانی دژە جەنگ ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە بەرزکردنەوەی هۆشیاری خەڵک سەبارەت بە مەترسیەکانی میلیتاریزاسیون AI لە ڕێگەی هەڵمەتی پەروەردەیی، میدیای پێشکەوتووخواز و چالاکی لەسەر زەوی، بۆ ئاشکراکردنی پەیوەندییەکانی نێوان سەرمایەداری و جەنگ و کاڵاکردنی وێرانکاری.
    بەهێزکردنی جەماوەر بۆ بەرگری کردن لە سەربازیکردنی تەکنەلۆژیا مانای بنیاتنانی بزووتنەوەیەکی بەرگری جیهانی کە بتوانێت فشار بخاتە سەر حکومەت و دامەزراوەکان بۆ کۆتایی هێنان بەم بەکارهێنانی نامرۆڤانە و تاوانکارانەی تەکنەلۆژیا بە گشتی و ژیریی دەستکرد بە تایبەتی.
  10. ژیریی دەستکرد بۆ پشتیوانیکردنی دێموکراسی و بەشداری جەماوەری
    پێویستە AI لە ئامرازێک بگۆڕدرێت کە یارمەتی داخورانی دیموکراسی دەدات بۆ ئامرازێک کە بەهێزی دەکات و بەرەو پێشى دەبات. تەکنەلۆژیا دەبێت خەڵک بەهێز بکات، بەشداری سیاسی لەسەر بنەمای یەکسانی بەهێز بکات، و شەفافییەت و دەستپاکی لە پرۆسەی دیموکراسیدا مسۆگەر بکات.
    AI دەتوانرێت بۆ پەرەپێدانی پلاتفۆرمی دیجیتاڵی پارێزراو و شەفاف بۆ دیالۆگ و دەنگدان بەکار بهێنرێت، کە ڕێگە بە هاوڵاتیان دەدات بیروڕای خۆیان دەرببڕن و ڕاستەوخۆ و کاریگەرانە بەشداری بکەن لە بڕیاردان لە هەموو ئاستەکاندا. ئەمە دەبێتە هۆی پەرەپێدانی دیموکراسی بەشداربوون و گەڕاندنەوەی دەسەڵات و نوێنەرایەتی بۆ خەڵک.
    هەروەها دەتوانرێت ئامرازەکانی AI پەرە پێبدرێت بۆ دۆزینەوە و ئاشکراکردنی هەواڵی ساختە و زانیاری هەڵە و پاراستنی خەڵک لە هەڵمەتەکانی زانیاری هەڵە بە مەبەستی لاوازکردنی توانایان بۆ بڕیاردانی هۆشیارانە. ئەم ئامرازانە دەتوانرێت بەشێوەیەکی بەرفراوان و ئازادانە بەردەست بکرێن وەک بەشێک لە دەستپێشخەرییەکی گشتی بۆ پەرەپێدانی شەفافیەتی میدیا و بەرەنگاربوونەوەی زاڵبوونی میدیای قۆرخکار.
    ئەمە پێویستی بە شەڕکردن هەیە بۆ یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کە بە ڕوونی بەکارهێنانی AI قەدەغە دەکەن بۆ دەستکاریکردنی ڕای گشتی و دڵنیابوون لەوەی ئەو زانیاریانەی پێشکەش بە خەڵک دەکرێن دروست، بابەتی و ڕەنگدانەوەی واقیعن و دوور لە لایەنگری چینایەتی و ئایدۆلۆژی.

ڕزگار ئاکرێی




پێشەکییەک بۆ ئابووری مارکسیستی-1- رەوتی نێودەوڵەتی بەلشەفی.. و: گۆران عەبدوڵڵا

بەشی یەکەم..
رەوتی نێودەوڵەتی بەلشەفی
بەشی توێژینەوە

International Bolshevik Tendency_IBT

دەربڕینی “ئابووری مارکسیستی” دەربڕینێکی هەڵەیە. ڕەخنەی کارل مارکس لە تیۆری “ئابووری سیاسی” سەردەمی خۆیدا، سیما کۆمەڵایەتییە بنەڕەتییەکەی “ئابووری”ی ئاشکرا کرد: بەرهەمهێنان، ئاڵوگۆڕ، نرخ، کرێ و هتد. ئابووری مارکسیستی دوور و نزیک بەشێک نییە لەو جۆرە ئابوورییە سەرەکییەی کە لە زانکۆدا دەیخوێنیت. بە پلەی یەکەم پەیوەندی بە پێکهاتنی نرخەوە نییە، هەروەها گرنگی بە پێشبینیکردنیش نادات کە یارمەتیت بدات سەرمایەکەت لە کام کارگەو پرۆژە بخەیتە کارەوە بۆ بەدەستهێنانی قازانج. ئامۆژگارییەک بەدەست ناهێنێت کە کام سیاسەتی دراو باشترینە بۆ هاندانی گەشەکردن. ئابووری مارکسیستی بابەت و ئامانجێکی جیاوازی هەیە.

شیکاری مارکس بۆ شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری – واتە “ئابووری مارکسیستی” – گەڕانێکی زانستییە بۆ بناغە و سنوورە مێژووییەکانی سەرمایەداری و چۆن پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی بەرهەمهێنان لەو شتانەدا دەردەکەون کە ئێمە بە شێوەیەکی ئاسایی وەک دیاردەی ئابووری هەستی پێدەکەین.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێناسەیە، تێڕوانینێکی گشتی سادە بۆ ئابووریی مارکسیزم دەخەمەڕوو. بەشە سەرەکییەکانی بریتی دەبن لە: بەرهەمهێنان، بەها، نامۆبوون، ئاڵوگۆڕ، قەیرانەکان لە تیۆریدا، قەیرانەکان لە مێژوو و سۆسیالیزمدا.

بەرهەم هێنان
با لە بەرهەمهێنانەوە دەست پێبکەین، کە بریتییە لە گۆڕینی کردەیی سروشت لەلایەن مرۆڤەوە بۆ دروستکردنی شتی بەسوود بۆ مرۆڤەکانی دیکە. دەتوانین بە کۆی دروستکراوەکانمان بڵێین بەرهەمی کار، بەو پێیەی هیچ شتێک بەبێ خەرجکردنی کاری مرۆڤ دروست نابێت — تەنانەت ڕۆبۆتێک سەرەتا دەبێت دروست بکرێت و بەرنامەی بۆ دابنرێت. تواناکانمان بۆ گۆڕینی سروشت بۆ شتە بەسوودەکان، مارکس بە هێزەکانی بەرهەمهێنان ناوی دەبرد.

ئێمە بوونەوەری کۆمەڵایەتین. ئێمە پێکەوە دەژین و کار دەکەین و تەنانەت بەرهەمهێنەرێکی سەربەخۆش لە دەرەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا نییە. مارکس باسی لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی بەرهەمهێنان کرد، واتە شێوازی پەیوەندیمان بە یەکترەوە لە ڕێگەی ئەو شێوازەی کە بە پرۆسەی بەرهەمهێنانەوە گرێدراوین. پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی بەرهەمهێنان دەتوانن ئەو کایانەی چالاکیی مرۆڤیش لەخۆ بگرن کە لە پرۆسەی بەرهەمهێنانەوە گەشە دەکەن، بەڵام سەربەخۆیییەکی ڕێژەیی لێی بەدەستدەهێنن، بۆ نموونە دەوڵەت، خێزان. هەروەها بەزۆری لە سیستەمێکی خاوەندارێتی و فۆرمەکانی تری ئایدیۆلۆژیدا کە ڕەنگدانەوەی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان، بەرجەستە دەبێتەوە.

پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و هێزەکانی بەرهەمهێنان (واتە بۆچی و چۆن بەرهەم دەهێنین) بەرهەمی کار (واتە چی و چەند بەرهەم دەهێنین) لە قاڵب دەدەن. بە گشتی کارلێک دەکەن و ئەوەی مارکس ناوی لێنا شێوازی بەرهەمهێنان پێکدەهێنن. شێوازی بەرهەمهێنانی جیاواز هەیە، کە لە ڕووی مێژووییەوە بەپێی “یاساکانی جووڵە”ی تایبەتی خۆیان و ئەو کردارە مرۆڤانەی کە ئەو یاسایانەی جووڵەیان لە قاڵب داوە، پەرەدەسەنن.

لە چوارچێوەی شێوازێکی بەرهەمهێناندا، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان سەرەتا هاندەری گەشەسەندنی هێزە بەرهەمهێنەرەکانن بەڵام دواتر گەشەکردنیان ڕادەگرن. ئەم دژایەتییە، یان گرژیی پێکهاتەیی، لە نێوان هێزەکان و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێناندا، شێوازی کەوتنە ململانێی چینە کۆمەڵایەتییە بنەڕەتییەکانی شێوازی بەرهەمهێنان لەگەڵ یەکتردا دادەڕێژێت.

بۆچی چین و توێژی کۆمەڵایەتی جیاواز هەیە؟ بۆچی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی بەرهەمهێنان سیمایەکی چینایەتی دابەشکراویان هەیە؟ با بگەڕێینەوە سەر بەرهەمی کار. دەتوانین بیکەین بە دوو بەشەوە.

کاری پێویست هەیە، کە مەبەستمان لە کۆی شت و خزمەتگوزارییە بەسوودەکانە کە تەنیا بۆ بەرهەمهێنانەوەی دانیشتووان پێویستن. بە واتایەکی تر بڕی خۆراک، جل و بەرگ، شوێنی نیشتەجێبوون، هەروەها چاودێری تەندروستی، چاودێری منداڵان و هتد.. ئەوانە پێویستییەکن بۆ ئەوەی مرۆڤەکان بتوانن بژێن. قەبارە و سیمای بەرهەمی کاری پێویست لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر جیاواز دەبێت، بەڵام هەمیشە لایەنی کەمێک هەیە، کە بە دڵنیاییەوە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر جیاوازە. ناکرێت بەرهەمهێنان بەئاستێک بێتەخوارەوە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک دەست بە مردن بکەن.

لە دەرەوەی بەرهەمی کاری پێویست، ڕەنگە ئێمە بەرهەمی کار زیادەمان هەبێت، واتە شت و خزمەتگوزاری بەسوود کە بۆ مانەوەی بنەڕەتی ئەوانەی بەرهەم دەهێنن پێویست نین. جۆرەکەمان نزیکەی ٢٠٠ هەزار ساڵە بوونی هەیە. بەڵگەکان ئەوە پیشان دەدەن کە ئێمە بە درێژایی کاتەکە پێکەوە ژیاوین و بەرهەممان هێناوە و بۆ زۆربەی ئەو ماوەیە، هیچ بەرهەمێکی زیادە لە پێویستییەکانمان بەرهەم نەهێناوە. ئێمە ڕاوچی و کۆکەرەوە بووین کە شێوازی بەرهەمهێنانمان بەرهەمێکی لەوە کەمتریشی بەرهەمدێنا لەوەی کە پێویستمان بوو بۆ مانەوە لە ژیان.

ئەوەش دوای کۆتایی هاتنی دوایین سەردەمی سەهۆڵبەندان نزیکەی ١٢ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەستی بە گۆڕانکاری کرد، کاتێک مرۆڤەکان لەو شوێنەی ئەمڕۆ پێی دەڵێین ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستیان کرد بە چاندن و دروێنەکردنی بەروبووم و بەخێوکردنی ئاژەڵ بۆ خۆراک. شۆڕشی کشتوکاڵی بەرهەمێکی زیادەی کارێکی بەردەوام و بەرچاوی کردە مومکین.

بوونی بەرهەمی زیادەی کار ڕێگە بە دابەشبوونی کۆمەڵایەتی دەدات لە نێوان زۆرینە، کە بەرهەم دەهێنن و کەمینەیەکی بچووک، کە لە کار بەخشراون و بەم هۆیەوە بە کاری ئەو کەسانە دەژین کە کار دەکەن. بە واتایەکی تر، بەرهەمی زیادەی کار، مەرجی ماددییە بۆ بوونی چینێکی دەسەڵاتداری ئیمتیازدار و شێوازی بەرهەمهێنانی دابەشکراوی چینایەتی.
هەر شێوازێکی بەرهەمهێنانی دابەشکراوی چینایەتی بەرهەمێکی زیادەی کاری هەیە کە لەلایەن چینی دەسەڵاتدارەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت. ئێمە هیچ کێشەیەکمان نییە لە ناسینی ئەم دیاردەیە لە شێوازەکانی بەرهەمهێنان لە ڕابردووی دوورەوە، بۆ نموونە کۆمەڵگەی کۆیلایەتی کۆن لە یۆنان یان ڕۆما، فیۆدالیزم لە ئەوروپای سەدەی ناوەڕاستدا. زۆرێک لە ئابووریناسە بۆرژوازییەکان بە ئامادەییەوە دان بە هەموو ئەوانەدا دەنێن. بەڵام هەوڵبدە بڵێیت هەمان شت بۆ شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریش دەگونجێت وکەچی رووبەڕوی توڕەیی و دەیان هۆکاری پێچاوپێچ دەبیتەوە کە بیانوو دەهێنرێتەوە شتەکان جیاوازن. بەڵام بێگومان شتەکان لە بنەڕەتدا وەک یەکن.
جیاوازی ڕاستەقینە ئەوەیە کە بەرهەمی زیادەی کار لە سایەی سەرمایەداریدا فۆڕمی زێدەبایی کۆمەڵایەتی وەردەگرێت. ئێستا ئەوە پێویستی بە هەندێک ڕوونکردنەوە هەیە، چونکە لە کۆمەڵگە چینایەتییەکانی پێشوودا فۆڕمی باڵادەست نەبووە و لە ڕاستیدا ئەمە سەرچاوەی ئەو وەهمەیە کە سەرمایە یان تەکنەلۆجیا یان کاری مەترسیدار یان شتەکانی تر سەرچاوەی قازانجی سەرمایەدارییە.

بەها
مارکس شیکاریی خۆی بۆ شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری بە کاڵا دەستپێکرد چونکە کاڵا ئەو فۆرمە کۆمەڵایەتییە بنەڕەتییە کە بەرهەمی کار لە کۆمەڵگای ئێمەدا گریمانە دەکات. وەک هەموو ئەو شتانەی کە لەلایەن مرۆڤەکانەوە بەرهەم دەهێنرێن، بڕیارە سوودی هەبێت، بۆیە دەتوانین بڵێین بەهای بەکارهێنان یان سوودی هەیە.

بەڵام کاڵاکە لە بازاڕدا دەکڕدرێت و دەفرۆشرێت و هەر بۆیەش بەهای ئاڵوگۆڕی هەیە (واتە ئەو بڕە پارەیەی کە دەتوانێت فەرمانی پێبکات).
ئابووریناسانی بۆرژوازی پێیان وایە کە بەهای کاڵایەک کە بە سادەیی لەگەڵ نرخ یان بەهای ئاڵوگۆڕدا تێکەڵیان دەکەن، لەسەر بنەمای بەهای بەکارهێنانی دامەزراوە – یان باشتر بڵێین، خەمڵاندنی بابەتیی سوودەکەی بە بەراورد بە خواستەکان و ئەو پارەیەی کە لەبەردەستدایە واتە کڕیارەکە. یەکێک لە کێشەکانی ئەم ئارگیومێنتە ئەوەیە کە سوودمەندی وەک تایبەتمەندییەکی ئەبستراکت، هیچ بوونێکی بابەتیی و ژمارەیی نییە. سوودمەندی لە بنەڕەتدا کۆنکرێتییە و بۆ جۆرە تایبەتەکانی کاڵا دەگونجێت. ئاماژەیە بۆچۆنێتی نەک چەندایەتییەکی کاڵایەک – لە ڕاستیدا ئەوە هۆکارێکە بۆ ئەوەی خەڵک کاڵایەک بە کاڵایەکی جیاواز بگۆڕنەوە.

بۆ ئەوەی بەها لە بەهای ئاڵوگۆڕی کاڵا جیاوازەکاندا دەربڕین بدۆزێتەوە، دەبێت هەم ژمارەیی بێت (لەبەرئەوەی کاڵاکان لەگەڵ یەکتردا ئاڵوگۆڕ دەکرێن – و لەگەڵ هاوتای گشتگیر، پارە – بە بڕی دیاریکراو) و هەم “ئەبستراکشن”ێکی ڕاستەقینەی بابەتیانە (گشتییە یان واقیعێکی جیانەکراوە کە لە دەرەوەی سوبژێکتیڤی تاکەکان بوونی هەیە).

مارکس تێبینی دەکات کە کاڵاکان بەرهەمی کارن. کار کۆنکرێتییە، واتە فۆڕمی تایبەتی پەیوەست بە بەرهەمهێنانی بەها-بەکارهێنانی تایبەت وەردەگرێت. بەڵام کار، لە ڕێگەی بەشداریکردنی لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە نێوەندگیرییەکانی بازاڕ، لە هەمان کاتدا ئەبستراکت دەبێت – یان باشتر بڵێین ئەبستراکت دەکرێت یان کورت دەکرێتەوە بۆ چالاکیی بەرهەمهێنانی مرۆیی گشتگیر. سەرەڕای ئەوەش، کاری ئەبستراکت دەتوانرێت ژمارەیی بکرێت – بە شێوەیەکی گشتی، بە کاتژمێرەکان ژمارەیی دەکرێت، یان بە شێوەیەکی گشتیتر لە کاتی کارکردندا.

کاری ئەبستراکت لای مارکس مادەی کۆمەڵایەتی بەهای کاڵایەکە. کاڵا وەک شتێکی ماددی هەم بەهای بەکارهێنانە و هەم کریستاڵکردنی ماددی پێکهاتەی پەیوەندییە مرۆییەکانە لەسەر بنەمای شێوازی بەرهەمهێنان. بەهای ئەو کاتەی کاری ئەبستراکت کە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ناسراوە (یان لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە پێویستە) دیاری دەکرێت کە پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی.

بەهای کاڵایەک ڕاستەوخۆ وەرناگێڕێتە سەر نرخی بازاڕەکەی. نرخی کاڵاکان لە ئاستێکی جیاوازدا بە هۆکاری جۆراوجۆر دیاری دەکرێت، لەوانەش دابینکردن و خواستی ئاشنا. بەڵام نرخەکان لە دەوری لەنگەری کۆمەڵایەتی خۆیان لە بەهای کاردا دەلەرزن و لە ئاستی ماکرۆدا کۆی نرخەکان دەبێت یەکسان بن بە بەهای کۆی گشتی. ئەمە یاسای بەهایە.

ڕەنگە جۆرێک لە تێگەیشتنێکی ئینتێستیڤ لە یاسای بەهادا ئەزموون کردبێت کاتێک تووشی هەندێک بەرهەم بوویت کە بە بڕوای تۆ “نرخی زۆرە”. نرخی زیادە لە پێوەندی لەگەڵ چی؟ ئابووریی بۆرژوازی دەڵێت “لە پێوەندی لەگەڵ خەمڵاندنی تۆ بۆ سوودەکەی بۆ تۆ”، بەڵام ئەوە ئیستدلالێکی بابەتیی و لە کۆتاییدا بازنەییە کە ناتوانێت حساب بۆ ئەوە بکات کە بۆچی ڕەنگە ئەوە بۆ هەموو کەسێک ڕاست بێت. لە واقیعدا، ڕەنگە تۆ ئەو ڕاستییە هەڵبگریت کە کاتێکی کاری کەمتری مامناوەند و پێویستی کۆمەڵایەتی وەرگرتووە بۆ بەرهەمهێنانی ئەو کاڵایە بە بەراورد لەگەڵ کاڵاکان بە نرخێکی هاوشێوە.

لە هەر شوێنێک بازرگانی هەبێت، کاڵا هەیە کە خاوەنی بەهای کارە. بۆیە یاسای بەها، تا ڕادەیەک، لە هەر کۆمەڵگایەکدا کە ئاڵوگۆڕی کاڵا تێیدا هەبێت، بوونی هەیە. ئەوەی لە سەرمایەداریدا جیاوازە ئەوەیە کە بەرهەمی کار بە پلەی یەکەم شێوەی کاڵا وەردەگرێت – شتێک نییە کە لە پەراوێزی کۆمەڵگادا ڕووبدات. سەرمایەداری کۆمەڵگەیەکی بازاڕییە. یاسای بەها ڕێکخەری باڵادەستی ئابووری سەرمایەدارییە.

بۆ ئەوەی ئەمە وابێت، بۆ ئەوەی یاسای بەها یاسای بەهای سەرمایەداری بێت، ئەوە بەس نییە کە بەرهەمی کار فۆرمی کاڵا وەربگرێت. گۆڕانکارییەکی گەورەی دیکە لە شێوازی بەرهەمهێناندا دەبێت ڕووبدات: هێزی کار خۆی دەبێت ببێتە کاڵایەک کە بە کرێ لە بازاڕدا بکڕدرێت و بفرۆشرێت. بەم شێوەیە وەچەخستنەوەی چینی کرێکار بە تەواوی پەیوەستە بە کارلێکەکانی بازاڕەوە (هەروەها کاری بێ مووچەی ناوماڵ، بە تایبەت ژنان، کە بەهای نییە چونکە لە دەرەوەی پەیوەندییەکانی بازاڕ ڕوودەدات).

کار بەڕاستی چۆن بەهای زیادە دروست دەکات. وەک کاڵایەک، هێزی کار بەهایەکی هەیە و ئەو بەهایە، وەک چۆن بۆ هەر کاڵایەکی تر، بە بڕی ئەو کاتەی کاریی پێویستی کۆمەڵایەتی کە پێویستە بۆ “بەرهەمهێنانی” دیاری دەکرێت — لەم حاڵەتەدا، خۆراک، شوێنی نیشتەجێبوون، پەروەردە و… بەم شێوەیە کرێکارێک (لەگەڵ کەسانی سەر بە خۆی) پێویستی بەوەیە بتوانێت کار بکات. بەڵام دەسەڵاتی کرێکاری کاڵایەکی ناوازەیە. لە جووڵەدا، چالاکیی کرێکارییە و پێکهاتەی زیندووی پرۆسەی بەرهەمهێنانە کە بەهای زیاتر لەوەی خۆی بەهای هەیە، دروست دەکات. بەرهەمی زیادە، لە شێوەی بەهای زیادە، وەک قازانج و سوود و کرێ دەچێتە سەر سەرمایەدارەکان (ئەوان لە ڕێگەی پرۆسەی جیاوازەوە زیادە هاوبەشەکە دەکەن). لەبەر ئەوەی هێزی کار، لانیکەم لە ئاستی ماکرۆدا، بە بەهای ڕاستەقینەی خۆی پارەی بۆ دەدرێت، بەپێی یاسای بەها هیچ “کورتەگۆڕینێک” نییە – و بۆیە پێدەچێت خۆبەدەستەوەدانی بەهای زیادە نەک تەنها دادپەروەرانە بێت بەڵکو پەیوەندی بەوەوە هەیە هۆکارە ئابوورییەکان لە دەرەوەی کار. ئەمەش وەهمێکە کە خودی سیستەمەکە دروستی دەکات: سەرمایەدارەکان لە ڕاستیدا بە ئیستغلالکردنی چینی کرێکار دەژین، هەروەک چۆن هەموو چینە دەسەڵاتدارەکانی پێشوو (ئەگەرچی بە شێوەیەکی ئاشکراتر) هێزی زیادەی بەرهەمهێنەرانی ڕاستەوخۆیان خۆیان گرتووە.

ماویەتی..




ڕەگە چینایەتی و سیاسیەکانی قەیرانی تێکەڵبوونی پەنابەران لە سکاندیناڤیا: دانمارک وەک مۆدێل.. ڕزگار ئاکرێی

تێکەڵبوون وەک بەرپرسیارێتییەکی هاوبەش: خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی چەپ لە نێو سەرهەڵدانی گوتاری راستڕەوی دژە کۆچبەر، تێگەیشتنی کێشەی دەوڵەت و هەندێک کرداری هەڵەی کەمینەی کۆچبەران.

قەیرانی تێکەڵبوونی پەنابەران لە ئەوروپا ناتوانرێت بە جیا لەو چوارچێوەیەی کە دروستی کردووە تێبگەین. شەپۆلە گەورەکانی پەنابەران لە بۆشاییدا سەریان هەڵنەدا. زۆربەیان دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی جەنگ و وێرانکاری سیستماتیکن کە تەواوی کۆمەڵگاکانیان وێران کردووە. ئەم وێرانکارییە ئەمڕۆش بەردەوامە: تەنها لە غەززە ژمارەی قوربانیانی دەستدرێژی ئیسرائیل لە تشرینی یەکەمی 2023 ەوە لە حەفتا و دوو هەزار فەلەستینی تێپەڕیوە کە زۆربەیان منداڵ و ژنن و نزیکەی دوو ملیۆن کەس ئاوارە بوون. لە سودان و یەمەن و سوریا، شەڕەکان بەردەوامن لە بەرهەمهێنانی شەپۆلی بێوەستانی ئاوارەبوون. لە مانگی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی سەربازییان لە دژی ئێران ئەنجامدا. بێ گوێدانە سروشتی ڕژێمی دیکتاتۆر و کۆنەپەرستی ئێران، ئەم دەستدرێژییە سەربازییە راستەوخۆ لە دژی دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری لۆژیکی جەنگ و میلیتاریزم وەک جێگرەوەی یاسای نێودەوڵەتی پتەوتر دەکات و قوربانی مەدەنی و ئاوارەی زیاتری لێدەکەوێتەوە. ئەم شەڕ و ململانێیانە زۆربەی کات لە لایەن هاوپەیمانی نێوان سەرمایە و هێزە ڕاستڕەوەکانی ڕۆژئاوا و هاوپەیمانە ناوچەییەکانیان هەڵگیرساون یان پشتگیری دەکرێن. ئەوە زۆر دژوارە کە هەمان ئەو هێزانەی کە بەشدارییان کرد لە وێرانکردنی تەواوی کۆمەڵگاکان ئەمڕۆ لە پێشەوەی ئەوانەن کە ئاڵای دوژمنایەتی بەرامبەر بە کۆچبەران بەرز دەکەنەوە و وەک بارگرانی وێنای دەکەن نەک وەک قوربانی ئەو جەنگانەی کە خۆیان هەڵیانگرتووە.
پرسی تێکەڵاوبوون دەیان ساڵە لە وڵاتانی ئەسکەندەناڤیا و هەندێک لە وڵاتانی باکووری ئەوروپا پێشەوەی دیمەنی سیاسی داگیر کردووە و توندوتیژییەکەی لەگەڵ هەر وەرزێکی هەڵبژاردندا نوێ دەبێتەوە. سەرەڕای جیاوازی چوارچێوەی نەتەوەیی، ئەم وڵاتانە ڕووبەڕووی کێشەی هاوشێوە دەبنەوە: سەرهەڵدانی گوتاری راستڕەوی دژە کۆچبەران، لادانی پارتە چەپەکانی ناوەڕاست بەرەو هەڵوێستی توندتر لەسەر دۆسیەی کۆچبەران، و نەبوونی ڕوونکردنەوەیەکی پێکهاتەیی جددی بۆ هۆکارەکانی شکستی تێکەڵاوبوون لە نێو کەمینەی تازە هاتووەکاندا. دانمارک لەم چوارچێوەیەدا وەک توندترین مۆدێل لە ئێستادا دەردەکەوێت، کە لەم ساڵانەی دواییدا هەندێک لە توندترین یاساکانی کۆچبەریی و تێکەڵاوبوون لە جیهانی ڕۆژئاوادا پەسەند کردووە. ئەم خوێندنەوەیە دانمارک وەک مۆدێلێکی شیکاری وەردەگرێت، نەک لەبەر ئەوەی جیاوازی پێکدەهێنێت – چونکە ئەم دژایەتیانە بە ڕوونی سەرسوڕهێنەر بەرجەستە دەکات – بەڵکو لەبەر ئەوەی من لەوێ نیشتەجێم و لە نزیکەوە چاودێری پەرەسەندنەکانی دەکەم، کە ڕێگەم پێدەدات لە ناوەوە چاودێری ئەم کێشانە بکەم. ئەم دۆخە لە جەوهەری خۆیدا گشتییە و بۆ چوارچێوەی هاوشێوە لە وڵاتانی تری ئەوروپا کە سیستەمی خۆشگوزەرانی پێشکەوتوویان هەیە، جێبەجێ دەکرێت.

تێبینیەک بۆ خوێنەر: دیمەنی حیزبی دانمارک
دیمەنی سیاسی دانیمارک بەسەر دوو بلۆکی سەرەکیدا دابەش بووە. بلۆکی ڕاستڕەوی شین پێکهاتووە لە ڤێنسترێ (پارتی لیبرال مێژووی)، پارتی گەلی دانیمارک – Dansk Folkeparti (ناسیونالیست پۆپۆلیست)، کە لە سەرەتای هەزارەوە گوتاری دژە کۆچبەرانی دامەزراندووە کە بووەتە سەرچاوەیەک بۆ کێبڕکێی سیاسی لە وڵاتدا و هەموو دیمەنی سیاسی لەسەر ئەم بابەتە بەرەو ڕاست پاڵ پێوەناوە.
بلۆکی چەپی سوور پارتی سۆسیال دیموکرات پێک دەهێنێت کە نموونەیەکی بەرچاوی لادانی چەپ بەرەو ڕاست لە دۆسیەی کۆچبەراندا دەکات، کە سەرکردایەتی حکومەتەکانی کردووە کە هەندێک لە توندترین یاساکانی کۆچبەران لە مێژووی دانیمارکدا دەرکردووە سەرەڕای ئەوەی مێژوویەکەیان سەر بە چەپی کۆمەڵایەتیە. پارتی گەلی سۆسیالیست – سۆسیالیستسک فۆلکپارتی پێگەیەکی میانڕەوی داگیر کردووە.
هاوپەیمانی سوور و سەوز نوێنەرایەتی ئاشکراترین باڵی چەپ دەکات لەسەر ئاستی پەرلەمان لە ڕەتکردنەوەی ڕەگەزپەرستی بەرامبەر بە کۆچبەران و داواکردنی سیاسەتی تێکەڵاوبوون لەسەر بنەمای پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم ڕوونکردنەوەیە ناکۆکییە بنەڕەتییەکان ناشارێتەوە: هەڵوێستەکانی لەسەر سیاسەتی دەرەوە و پڕچەککردن دووری خستووەتەوە لە هەڵوێستی سۆسیالیستی تەقلیدی دژ بە جەنگ و میلیتاریزم پشتگیری لە زیادکردنی خەرجییەکانی بەرگری کردووە لەسەر حسابی پاراستنی کۆمەڵایەتی، و تەنانەت پێشنیاری درێژکردنەوەی خزمەتی سەربازی زۆرەملێ بۆ ژنان کردووە لە جیاتی ئەوەی داوای هەڵوەشاندنەوەی بکەن. ئەم پەرەسەندنانە وای لە هێزەکانی چەپی ڕادیکاڵ کردووە کە ناڕەزایی ئاشکرا دەرببڕن سەبارەت بە دابینکردنی ئەو بژاردەیە بە بژاردەیەکی چەپی باوەڕپێکراو، تەنانەت ئەگەر لە دۆسیەی مافە کۆمەڵایەتییەکان و تێکەڵاوبووندا باشترین بژاردە بێت کە دیمەنی پەرلەمانی ئێستا پێشکەشی دەکات.
لە دەرەوەی ئەم بلۆکە پەرلەمانییانە، پارت و ڕێکخراوە چەپە ڕادیکاڵەکان لە دانمارک چالاکن بەبێ ئەوەی نوێنەرایەتی پەرلەمانیان هەبێت، بەڵام بەشێکی زیندوو و گرنگی دیمەنی چەپ پێکدەهێنن: پارتە کۆمۆنیستەکان بە ئاراستە جۆراوجۆرەکانیان، ڕێکخراوە سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکان، بزووتنەوە ئەنارکیستەکان و سەندیکاکانی کرێکارانی سەربەخۆ. ئەم هێزانە چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوەی پەرلەمان کار بکەن، سەرچاوەی سەرەکی فشارن بۆ پاراستنی دەستکەوتە کۆمەڵایەتییەکان و بەرهەڵستکاری گوتاری راستڕەوی دژە کۆچبەران.
ئەم دابەشکردنە حزبییە تەنها نەخشەیەکی ڕێکخراوەیی نییە. ئەمە کلیلی تێگەیشتنە لە سروشتی مشتومڕی بەردەوامی کۆچبەران و تێکەڵاوبوون لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئێستای پێش هەڵبژاردنی یاسادانان کە بڕیارە لە 24ی ئاداری 2026 بەڕێوەبچێت. لە نێوەندی ئەم هەڵمەتەدا لە چوارچێوەی کێبڕکێی توند لە نێوان هەردوو کوتلەدا، پرسی پەنابەران و تێکەڵاوبوون بە قورساییەکی بەرچاوەوە دەگەڕێتەوە بۆ پێشەوەی مشتومڕی سیاسی، وەک ئەوەی وەک یەکێک لە کێشە بنەڕەتییەکانی هەڕەشە لە یەکگرتن و داهاتووی کۆمەڵگای دانیمارک پێشکەش بکرێت.
زۆربەی پارتەکان، لەوانە هەندێک پارتی چەپی ناوەڕاست، سەرکەوتن یان شکستی تێکەڵبوون لە ڕێگەی فاکتەری کولتووری، ئایینی و نەژادیەوە ڕوون دەکەنەوە. ئەم فاکتەرانە بێ گومان ڕۆڵ دەگێڕن لە هەندێک لایەنی تێکەڵاوبوون، بەڵام کاریگەرییان سنووردار و ناتەواوە بۆ ڕوونکردنەوەی دیاردەکە لە جەوهەرەکەیدا. لەجیاتی مامەڵەکردن لەگەڵ تێکەڵاوبوون وەک پرۆسەیەکی ئاڵۆزی کۆمەڵایەتی و مێژوویی کە فاکتەرە پێکهاتەیی، دەروونی و ئابوورییەکانی تێدا تێکەڵ دەبن، کورت دەکرێتەوە بۆ دروشمی سادەکراوی کەلتووری و ئایینی کە بۆ وروژاندنی ترس و کۆکردنەوەی دەنگدەران بەکاردەهێنرێت.
لێرەدا پێویستە جیاوازی لەنێوان دوو جۆر “بەهای دانیمارکی” بکرێت: بەها ڕەسەنەکان لەسەر بنەماکانی هاووڵاتیبوون، یەکسانی و کەرامەتی مرۆڤ کە لە دەستوور و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤدا هاتووە، و “بەها دانیمارکییەکان” کە مافەکان بە ناوی “ناسنامەی نەتەوەیی” بانگەشەی بۆ دەکەن و لە جەوهەری ئەوان لەسەر بنەمای لێبوردەیی و ڕەگەزپەرستی دامەزراون. جیاکاری و شۆڤێنیزمی نەتەوەیی. ئەم گوتارە لە پراکتیکدا دەبێتە هۆی مامەڵەکردن لەگەڵ دانیشتوانی وڵاتی کۆچبەر، نەوەی یەکەم و دووەم کە لە دانمارک لەدایک بوون و گەورە بوون، وەک تۆمەتبارێک کە پێویستە بە بەردەوامی بێتاوانی خۆیان بسەلمێنن بەهۆی ئینتیمای ئایینی یان نەتەوەیییانەوە، هەرچەندە زۆربەیان کار دەکەن، بەشداری دەکەن و بە شێوەیەکی کاریگەر تێکەڵ بە کۆمەڵگای دانیمارک دەبن. هەندێک لەم وتارانە لە بەها مافییەکان تێدەپەڕن کە دەستووری دانمارک و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ گەرەنتی کردوون.
لەگەڵ ئەوەشدا، پرسیارێکی قووڵتر بە دەگمەن لە مشتومڕی گشتیدا دێتە پێشەوە، نە لەلایەن بلۆکی شین و نە لەلایەن زۆربەی پارتەکانی بلۆکی سوورەوە: دەوڵەت لە مێشکی ئەو کەسانەدا چی دەگەیەنێت کە بەشێکی زۆری ژیانیان لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتێکدا بەسەر بردووە کە سەرکوت و تاڵانی دەکات؟ و چۆن ئەم ئەزموونە ڕەگداکوتاوە کاریگەری لەسەر پەیوەندییان لەگەڵ هەر وڵاتێکی تر هەیە؟ ئەم بابەتە تەنها بۆ نەوەی یەکەم سنووردار نییە، چونکە ئەم وێنەیەی دەوڵەت دەتوانرێت بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بگوازرێتەوە بۆ نەوەی دووەم کە لە دانیمارک لەدایک بووە، لە ڕێگەی زمانی ڕۆژانەی ماڵەوە و شێوازی قسەکردن دەربارەی دامەزراوەکان، دەسەڵات و یاسا. ئەو منداڵەی کە لە ژینگەیەکدا گەورە دەبێت کە بە گومان و ترسەوە سەیری دەوڵەت دەکات، لەوانەیە ئەم بۆچوونە بە میرات وەربگرێت پێش ئەوەی ئەزموونی خۆی لەگەڵیدا هەبێت، ئەمەش وادەکات چارەسەرکردنی ئەم ڕەهەندە سایکۆلۆژی و مێژووییە پێویستییەک بێت کە کاریگەری لەسەر نەوەکان هەیە، نەک تەنها تاکەکان.
دەوڵەت بەو شێوەیەی کە دەیانناسی: دەزگایەکی سەرکوتکردن، نەک دامەزراوەیەکی خزمەت
زۆرێک لە پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەندێک ناوچەی ئاسیا و ئەفریقا زۆربەی تەمەنیان لە ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆر و گەندەڵدا بەسەر بردووە بۆ ئەوان دەوڵەت دامەزراوەیەکی گشتی نەبوو کە خزمەتی کۆمەڵگا بکات و مافەکانی ئەندامەکانی بپارێزێت. لە ئەزموونی ڕۆژانەیاندا، دەزگایەکی دەسەڵات سەرکوتکەر بوو کە بە شێوەیەکی گشتی لە بەرژەوەندی نوخبەیەکی تەسک لەسەر حسابی کۆمەڵگا کار دەکرد، کە پەیوەندی بە گەندەڵی سیستماتیک، بەرتیل، دەزگا ئەمنییەکان هەبوو کە بەسەر ژیانی گشتیدا زاڵ بوون و بیرۆکراسییەک کە بەرپرسیاری خەڵک نەبوو. زۆرجار دەسەڵاتێکی هەڵنەبژێردراو بوو، یان پەنا دەباتە بەر هەڵبژاردنی ساختە و ساختە کە جگە لە ڕووکەشێک بوو بۆ شەرعیەتدان بە یاسایەک کە پێشتر هەبوو، و مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵک وەک هاووڵاتییەکی ملکەچ نەک هاووڵاتییەکی خاوەن ماف.
ئەم ئەزموونە ڕەگدارە قووڵەی هەڵبژاردنە ساختە یان نەبوونی تەواوی هەڵبژاردنەکان بەشێکی ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە ئامارەکانی دیموکراسیەکانی سکاندیناڤیا ڕەنگدانەوەی هەیە: ڕێژەی دەنگدەرانی کەمە لە نێو دانمارکیەکان بە ڕەچەڵەک بیانی بە بەراورد بە هاوڵاتیانی ڕەسەن. بەشداریکردن لە هەڵبژاردن ڕەفتارێکی زگماکی نییە. ئەمە کردارێکی بەدەستهاتووە کە لەسەر متمانەیەکی قووڵ بنیات نراوە کە دەنگی تاک جیاوازییەکی ڕاستەقینە دروست دەکات. ئەوانەی کە لە ژیانیاندا هیچیان نەزانیوە جگە لە سندوقەکانی دەنگدان کە هیچ شتێک ناگۆڕن، یان بۆ ساختەکردنی خواستی خەڵک بەکار دەهێنرێن، پێویستیان بە کات و ئەزموونێکی بەرجەستە هەیە بۆ ئەوەی قەناعەت بەوە بهێنن کە شتەکان لێرە جیاوازن.
لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە ئەم ویلایەتانە لە زۆر حاڵەتدا لە بۆشاییدا سەریان هەڵنەداوە. ئەوان دەسەڵاتیان پێکهێنا و پتەویان کرد لە ڕێگەی هاوپەیمانییەکی نزیک لە نێوان سەرکردە سیاسیەکان و نوخبەی سەرمایەداری ناوخۆیی و جیهانی کە سوودیان لێوەردەگرن. ئەو وڵاتانەن کە زۆرجار پاڵپشتی سیاسی و سەربازی و دارایی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا وەردەگرن بە دانمارکەوە بە بیانووی سەقامگیری ناوچەکە و بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی، لە هەمان کاتدا کۆمەڵگای مەدەنی تێکدەشکێنن و ڕێگری لە هەر جۆرە رێکخراوێکی سەربەخۆی دیموکراتی یان یەکێتی دەکەن. ئەم چوارچێوە نێودەوڵەتییە بەشێکی دانەبڕاوە لە تێگەیشتن لە قەیرانەکە: کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاوا کە ئەمڕۆ پرسیار لە هۆکارەکانی ئاستەنگی تێکەڵاوبوون دەکەن، لە هەمان کاتدا بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی گەورەیان هەیە بۆ نایەکسانی ئابووری و هێشتنەوەی ئەو ڕژێمانەی کە ئەم پەنابەرانەیان دروستکردووە و ئەم پەیوەندییە قووڵەی بێ متمانەیی و ترس بەرامبەر بە دەوڵەتیان تێدا دروست کردووە.
لەم جۆرە ڕژێمە سەرکوتگەر و گەندەڵانەدا، زۆر سروشتییە کە خەڵک هەوڵ بدەن فێڵ لە دەوڵەت بکەن نەک هاوکاری لەگەڵیدا بکەن. ئەوان خۆیان لە ڕێوشوێنی فەرمی دوور دەخەنەوە، خۆیان لە یاسا و باج دەدزێن، بەدوای ڕێگای نافەرمی دەگەڕێن بۆ تەواوکردنی مامەڵەکانیان، و پشت بە تۆڕی پەیوەندییە کەسیی و خێزانی و ناوچەییەکان دەبەستن نەک دامەزراوە گشتییەکان کە کەس متمانەی پێناکات. ئەمە تایبەتمەندییەکی کەلتووری بۆماوەیی نییە بە مانای بنچینەیی سادە. ئەمە لە زۆربەی بەشەکاندا دەرئەنجامی لۆژیکی ئەزموونێکی مێژوویی درێژ و بۆماوەییە لەگەڵ دەوڵەتێک کە بە شێوەیەکی سیستماتیک کۆمەڵگای سەرکوت و تاڵان کردووە نەک خزمەتی بکات.
ئەم ئاڵۆزییە بە ڕەهەندێکی تر دەوڵەمەند دەبێت کە مشتومڕی گشتی زۆر جار پشتگوێی دەخات: زۆرێک لە پەنابەران نەک تەنها ئەزموونی سیاسی لەگەڵ دەوڵەتی دیکتاتۆردا هەڵدەگرن، بەڵکو ئازاری جەنگ و ئاوارەبوون و چەوساندنەوەیان هەیە کە سێبەرێکی قووڵ دەخاتە سەر توانایان بۆ متمانە کردن بە هەر دامەزراوەیەک بێ گوێدانە سروشتی خۆی. ئەم ڕەهەندە سایکۆلۆژییە بە تەنها بە ڕوونکردنەوەی دامەزراوەیی چارەسەر ناکرێت. پێویستی بە پاڵپشتی پسپۆڕی هەیە کە دەبێت بەشێکی دانەبڕاو بێت لە هەر سیاسەتێکی جددی یەکخستن.

دەوڵەتی خۆشگوزەرانی: مۆدێلێک بە خەباتی چینایەتی لەدایک بووە

کاتێک ئەم پەنابەرانە دەگەنە دانیمارک، خۆیان دەبیننەوە کە زۆر جیاوازە لە هەموو ئەو شتانەی کە دەیانناسی. هەرچەندە دەوڵەتی مۆدێرن لە کۆتایی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی چینایەتی لەناو سیستەمی سەرمایەداریدا دەمێنێتەوە بەڵام لە دانمارک و وڵاتانی ئەسکەندەناڤیا بە گشتی پشت دەبەستێت بە دامەزراوە دیموکراتیەکان، هەڵبژاردنی ئازاد و سەربەخۆ، شەفافییەت دامەزراوەیی تا ڕادەیەک بەرز و یاسا یاساییەکان کە بە شێوەیەکی یەکسان بەسەر هەموواندا جێبەجێ دەکرێن، بێ گوێدانە ئینتیمایان و دەوڵەمەندییان – مۆدێلێک کە بە هیچ شێوەیەک بەراورد ناکرێت لەگەڵ ئەوەی لە وڵاتانی سەرەکی خۆیاندا ئەزموونیان کردووە.
لەگەڵ ئەوەشدا، داننان بەم دەستکەوتانە مانای پشتگوێخستنی کەسایەتی چینایەتی دەوڵەتی دانمارک نییە. چونکە لە کۆتاییدا دەوڵەتێکی سەرمایەدارییە کە لە چوارچێوەی سیستەمێکی ئابووریدا کار دەکات کە سەروەت و سامان چڕدەکاتەوە و نایەکسانی کۆمەڵایەتی بەرهەم دەهێنێتەوە. پەروەردەی گشتی بەخۆڕایی، چاودێری تەندروستی گشتی، سیستەمی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و یاساکانی پاراستنی کرێکاران لەگەڵ دەوڵەتی دانمارک لەدایک نەبوون. ئەوان لە دەیان ساڵی درێژ لە خەباتی کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوەیی نێوان کرێکاران و سەرمایە دەرهێنراون و هەرگیز دەستبەرداربوونێکی ئارەزوومەندانە لە چینی فەرمانڕەوا نەبوون. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەم مۆدێلە سکاندیناڤیایە – دەوڵەتی خۆشگوزەرانی – لە نەوەدەکانەوە دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، کاتێک پارتە سۆسیال دێموکراتەکان بەرەو ناوەندی لیبرال ڕۆیشتن و وردە وردە واز لەو ئەولەویاتانە دەهێنن کە ئەم مۆدێلەیان داڕشتبوو لە بەرژەوەندی بەڕێوەبردنی سەرمایەداری نەک بەرەنگاربوونەوەی.
ئەم دەستکەوتانە بۆ هەمیشە پارێزراو نین. ئەوان هەمیشە ڕووبەڕووی داڕمان دەبنەوە هەرکاتێک بزووتنەوەی چەپ و سەندیکاکان لاواز دەبن و بوونی لە فەزای گشتیدا کەم دەبێتەوە. مێژووی سەرمایەداری دەیسەلمێنێت کە سەرمایە خۆبەخشانە دەستبەرداری ئەو شتانە نابێت کە لێی سەندراوەتەوە، و هەر دابەزینی هێزی ڕێکخراوی کۆمەلایەتی پەنجەرەیەک دەکاتەوە بۆ کەمکردنەوەی ئەم مافانە لە ژێر بیانووی نوێدا. کەواتە پاراستن و پەرەپێدانی ئەم دەستکەوتانە لە هەموو نەوەیەکدا مەرجدارە بە هۆشیاری بزووتنەوە چەپ و پێشکەوتووەکان و بەردەوامی ڕێکخراوەکانیان و بەشداری سیاسی چالاکیان.
ئەم ڕاستییە مێژووییە کلیلی سەرەکییە بۆ تێگەیشتن لە سروشتی دەوڵەتی دانیمارک. کاتێک بە کۆچبەرێک یان پەنابەرێک دەگوترێت کە دەوڵەت لێرە جیاوازە، ئەم لێدوانە ئەبستراکت دەمێنێتەوە مەگەر لەگەڵ ئەو چوارچێوە مێژووییەی کە ئەم جیاوازییەی بەرهەمهێناوە: بزووتنەوەی کرێکاری رێکخراو، مانگرتن و ناڕەزایی دەربڕین، سەوداگەری بەکۆمەڵ، و خەباتی سیاسی کە نەوەکان درێژەی کێشاوە پێش ئەوەی ببێتە هۆی ئەم ئاستە لە مافە کۆمەڵایەتییەکان.
ئەم دەوڵەتەش پشت بە سیستەمێکی یاسایی دەبەستێت کە لەسەر بنەماکانی مافەکانی مرۆڤ دامەزراوە، لەوانە یەکسانی یاسایی نێوان ژن و پیاو، جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت، پاراستنی مافەکانی منداڵان، و مافی هەموو هاوڵاتیان و دانیشتووان بۆ پەروەردە، تەندروستی و کەرامەتی مرۆڤ بێ گوێدانە پێگەی کۆمەڵایەتی و ئابوورییان. بۆ زۆرێک لە پەنابەران کە لە کۆمەڵگاکانەوە دێن کە ئەم مافانە پارێزراوی یاسایی پێویستیان نییە، تێکەڵکردنی ئەم یاسایانە و تێگەیشتن لە لۆژیکیان تەنها گونجاندنێکی کەلتووری نییە، بەڵکو بەشێکی گرنگە لە تێگەیشتن لە سروشتی دەوڵەتی دیموکراتی عەلمانی و شێوازی کارکردنی.
یەکێک لە دیارترین ئەنجامەکانی ئەم سیستەمە ئەوەیە کە ئەو ژنە کۆچبەرەی کە لە ژینگەیەکەوە دێت کە ژنان بەدەست جیاکاری یاسایی و کۆتوبەندی کۆمەڵایەتی توندەوە دەناڵێنن ڕووبەڕووی سیستەمێکی ماف دەبێتەوە کە پارێزگاریی فراوانتری لە بوارەکانی کار، خوێندن، جیابوونەوە، بەخێوکردنی منداڵ و ئازادی هاتووچۆ دەستەبەر دەکات. ئەو زۆرجار بۆ یەکەم جار ئەو مافە یاساییانە دەدۆزێتەوە کە لێیان بێبەش کراوە.
زۆرینەی پەنابەران وردە وردە خۆیان لەگەڵ ئەم مۆدێلە دەگونجێنن و بە شێوەیەکی ئەرێنی و کاریگەر مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن. ئەوان فێردەبن متمانە بە دامەزراوە گشتییەکان بکەن، بچنە ناو بازاڕی کارەوە، باج بدەن، بەشداری لە ژیانی کۆمەڵگەدا بکەن و منداڵەکانیان لەم سیستەمەدا پەروەردە بکەن. زۆربەیان بوونەتە بەشدارێکی چالاک لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگای دانیمارک، لەوانە کەرتە ئابوورییە گرنگەکانی وەک چاودێری تەندروستی، خزمەتگوزاری، گواستنەوە، بیناسازی و پیشەسازیی خۆراک.
لە هەندێک کەرتدا، هێزی کاری بیانی ئێستا زۆرینەی هێزی کار پێکدەهێنن، چونکە ئەم کەرتانە پێویستیان بە ئامادەیی هەیە بۆ کارکردن لە هەلومەرجێکی سەخت و کاتژمێرێکی درێژدا. ئەم بەشدارییە ئابوورییە ڕاستەقینەیە بە دەگمەن دەچێتە ناو مشتومڕی سیاسی گشتی، کە خولیای لایەنە نەرێنییەکانە. ئەمە بەشدارییەکە کە شایەنی ڕێزلێنان و پێزانینە نەک فەرامۆشکردن.
هەروەها دەبێت ئاماژە بەوە بکرێت کە تێکەڵاوبوون لە بازاڕی کار تەنها بەربەستی کۆچبەران نییە. توێژینەوەکان بوونی جیاوازی پێکهاتەیی ڕاستەقینە دەسەلمێنێت: داواکارانی خاوەن ناوی بیانی بە ڕێژەیەکی بەرزتر ڕەت دەکرێنەوە بە بەراورد بە هاوتاکانیان کە ناوی دانمارکی هەیە، بێ گوێدانە بڕوانامەکانیان. ئەم جیاکارییە کێشەیەکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو لایەنگیرییەکی پێکهاتەیی لەناو بازاڕی کاری سەرمایەداریدا و چارەسەرکردنیشی پێویستی بە یاسادانانی توند و فشاری ڕێکخراوی سەندیکایە.
لەگەڵ ئەوەشدا، کەمینەیەکی بچووک هەیە کە بۆ ماوەیەکی درێژتر بە دیلی ئەزموونی کۆن لەگەڵ دەوڵەت و میراتی پیاوسالاری دیکتاتۆریدا دەمێنێتەوە و مامەڵە لەگەڵ سیستەمی دانمارک دەکات بە لۆژیکی ئەوەی کە لە وڵاتی پێشووی خۆی پێی ڕاهاتووە: پەنابردن بۆ کاری نافەرمی، هەوڵدان بۆ خۆلادان لە یاساکان، پشت بەستن بە تۆڕە نافەرمییەکان نەک دامەزراوە گشتییەکان. یان هەوڵدان بۆ سەپاندنی سنوور بەسەر ژنان لە خێزان و بەخێوکردنی منداڵدا کە پێچەوانەی سیستەمی مافەکانە کە یاسای دانمارک بۆ هەمووان گەرەنتی دەکات. لە هەندێک حاڵەتدا، مەسەلەکە تەنها پەیوەندی بە دەوڵەتەوە نییە، بەڵکو فشاری کۆمەڵگە، مەزهەب و ئایینە، کە هێزێکی هاوتەریب پێکدەهێنێت کە کێبڕکێ لەگەڵ دامەزراوە گشتییەکان دەکات و بەسەر تاکەکاندا، بەتایبەتی ژنان و منداڵان، دەسەپێنێت لەگەڵ ئەو نۆرمانەی کە دژ بە سیستەمی مافەکانی دانیمارکن. ئەم دەسەڵاتە کۆمەڵایەتییە هاوتەریبە پێویستی بە چارەسەری سەربەخۆیە کە ڕوونکردنەوەی دامەزراوەیی بەتەنیا بەس نییە.

سیاسەتەکانی یەکخستن و کێشەی تێگەیشتن لە دەوڵەت

شکستی تێکەڵاوبوونی ئەم کەمینەیە بە شێوەیەکی گشتی لە مشتومڕی سیاسی زاڵدا وەک کێشەیەکی بنەڕەتی کولتووری یان ئایینی ڕوون دەکرێتەوە کە پاساوی سنووردارکردنی زیاتر، تاقیکردنەوەی زیاتر و مەرجی زیاتر دەدات. ڕوونکردنەوەیەکی وردتر و واقیعیانە ئەوەیە کە کێشەکە لە زۆر حاڵەتدا گواستنەوەیەکی ئازاربەخشە لە تێگەیشتنێکی قووڵ بۆ دەوڵەت وەک ئامرازێکی سەرکوت و گەندەڵی بۆ چەمکێکی جیاوازی بنەڕەتی کە تێیدا دەزگایەکی هاوکاری کۆمەڵایەتی دەبینێت کە شایەنی متمانە و بەشداریکردنە . ئەوانەی لە ئەزموونی دیکتاتۆرییەوە هاتوون پێویستیان بە کات و وەبەرهێنانی ڕاستەقینەیە بۆ ئەوەی تێبگەن کە پەیوەندی نێوان کۆمەڵگا و دەوڵەت لە دانمارک لەسەر یاسایەکی تەواو جیاواز لەوەی کە ئەوان ئەزموونیان کردووە.
سیاسەتەکانی ئێستای تێکەڵاوبوونی دانمارک وەک پێویست چارەسەری ئەم ڕەهەندە بنچینەییانە ناکات. لەجیاتی تەرکیز خستنە سەر ڕوونکردنەوەی سروشتی دامەزراوەکانی دەوڵەت و میکانیزمی کارکردنیان و مێژووی خەباتی بەرهەمهێنان، لەم ساڵانەی دواییدا، لە ژێر فشاری ڕاستڕەو و ڕاستڕەوەکاندا، سیاسەتێکی تێکەڵاوبوون کەڵەکە بووە کە ئاراستەی توندکردنی یاساکان، فراوانکردنی تاقیکردنەوەکانی بەهاکان و سەپاندنی سنووردارکردنی زیاتر لەسەر نیشتەجێبوون و هەندێک مافە کۆمەڵایەتییەکان دەکات. ئەو سیاسەتانەی کە لەو گریمانەی پێشترەوە سەرچاوە دەگرن کە پەنابەر بە گشتی کێشەیەکە کە دەبێت کۆنتڕۆڵ بکرێت، نەک مرۆڤێک کە هەڵگری ئەزموونێکی مێژوویی ئاڵۆزە کە پێویستە لێی تێبگات و بە جدی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
ئەم شێوازە تەنها شکستی هێناوە لە بەدەستهێنانی یەکخستن. لەوانەیە لە هەندێک لە پەنابەراندا ئەو وێنە کۆنەی دەوڵەت بەهێز بکات کە دەوڵەت وەک قەوارەیەکی دوژمن چاوەڕێیان دەکات، کە ڕێک پێچەوانەی ئەو سیاسەتەیە کە سیاسەتەکانی تێکەڵاوبوون هەوڵی بەدەستهێنانی دەدەن.
بە پێچەوانەوە، تێکەڵاوبوونی ڕاستەقینە پێویستی بە ڕوونکردنەوەیەکی ڕوون هەیە سەبارەت بە چۆنیەتی کارکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون، پەیوەندی ئۆرگانیکی نێوان باج و خزمەتگوزاری گشتی، و ڕۆڵی سەندیکاکان و یاساکانی کار لە پاراستنی کرێکاران. فێربوونی زمان بێ گومان پێویستە، بەڵام بەتەنیا بەس نییە بۆ تێگەیشتن لە کۆمەڵگا. تێگەیشتن لە دەوڵەت و دامەزراوەکانی و تێگەیشتن لە پەیوەندی نێوان مافە کۆمەڵایەتییەکان و پابەندییە هاوبەشەکان، لە توانای قسەکردن بە زمانی دانمارکی کەمتر گرنگ نییە.

بەشداریکردن لە هاوکاری کۆمەڵایەتی
لە نێو ئەو چەمکانەی کە پێویستە لە چوارچێوەی تێکەڵاوبووندا دووبارە دابڕێژرێنەوە چەمکی کاری نافەرمییە، کە لە دانیمارک بە “کاری ڕەش” ناسراوە. لە هەندێک وڵات کارکردن بەبێ تۆمارکردن و پێدانی باج بە شتێکی سروشتی و پێویست دادەنرێت بۆ مانەوە و هەندێک جار وەک جۆرێک لە بەرگری لە دژی دەوڵەتێکی گەندەڵ تەماشا دەکرێت کە شایەنی پارە نییە. ئەم لۆژیکە لە چوارچێوەی ڕژێمە دیکتاتۆرەکاندا تێدەگات کە باج بۆ بەرژەوەندی فەرمانڕەواکان تەرخان دەکەن نەک بۆ خزمەتی کۆمەڵگا.
لەگەڵ ئەوەشدا، ناتوانرێت پارادۆکسێکی گەورە پشتگوێ بخرێت: خاوەن سەرمایەی دانیمارکی خۆیان پەنا دەبەنە بەر خۆدزینەوە لە باج و کاری ناڕەسمی لە رێگەی شێوازێکی زۆر ئاڵۆزتر و لە قەبارەیەکی گەورەتردا، لە ڕێگەی پەناگەی باج، کۆمپانیا وەهییەکان و دەربازگەیەکی یاسایی کە بۆ خزمەتکردنیان دروستکراوە. چڕکردنەوەی ڕەخنەی گشتی و سیاسی لەسەر کرداری کەمینەی کۆچبەران لە کاتێکدا چاوپۆشی لە خۆدزینەوە لە باج لەلایەن چینی سەرمایەدارەوە نە هەڵوێستێکی بێلایەن و نە پرەنسیپییە.
لەگەڵ ئەوەشدا، لە وڵاتێکی وەک دانمارک کە پشت بە سیستەمی باجی پێشکەوتووخوازی بەکۆمەڵ دەبەستێت – لە ڕێگەی تێکۆشانەوە داگیرکراوە و لە ڕێگەی رێکخراوەوە پارێزراوە – بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، کاری نافەرمی تەنها سەرپێچییەکی یاسایی نییە، بەڵکو لاوازکردنی سیستەمێکی هاوپشتی کۆمەڵایەتییە کە بە درێژایی نەوەکان بنیات نراوە. هەر باجێک لێرە دەدرێت بۆ قوتابخانە و نەخۆشخانە و ژێرخانی ئابووری و سیستەمی ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەڕوات کە هەمووان سوودی لێوەردەگرن.
کاتێک مرۆڤ لەم پەیوەندییە ئۆرگانیک تێدەگات لەنێوان ئەوەی دەیدات و ئەوەی کۆمەڵگا وەریدەگرێت، پێدانی باج دەبێتە کردارێکی تەواو جیاواز. چیتر ملکەچی دەسەڵاتێکی دەرەکی نییە. دەبێتە بەشداری خۆبەخشانە لە سیستەمێکی هاوکاری کۆمەڵایەتی کە هەمووان سوودی لێوەردەگرن.
هەمان شت بۆ هەوڵدان بۆ خۆلادان لە یاساکان جێبەجێ دەکرێت. لە ڕژێمە دیکتاتۆرەکاندا، خەڵک لەوانەیە بەرگری لە دەوڵەت وەک جۆرێک لە بەرگری لە خۆیان و تەنانەت وەک دژایەتییەکی ڕەوا بۆ ڕژێمێکی گەندەڵ ببینن. لە کۆمەڵگایەکدا کە لەسەر دامەزراوە گشتییە هاوبەشەکان دامەزراوە، ئەم کردارانە متمانەی هاوبەشی نێوان کۆمەڵگا و دەوڵەت لاواز دەکات و ئەو سەرچاوانە کەم دەکاتەوە کە قوتابخانە و نەخۆشخانە و خزمەتگوزارییە گشتییەکان پشتی پێ دەبەستن.
هەمان لۆژیکا بەسەر دیاردەی دوورکەوتنەوە لە کار و ڕاگەیاندنی هەڵەی نەخۆشی بۆ بەدەستهێنانی قازانجی کۆمەڵایەتی کە مرۆڤ مافی نییە، جێبەجێ دەکرێت. لەو وڵاتانەی کە دەوڵەت هاوڵاتیانی تاڵان کردووە، دەستبەسەرداگرتنی سوودەکانی سیستەمی کۆمەڵایەتی لەوانەیە وەک ڕێگەیەک بۆ بەدەستهێنانەوەی مافەکان یان تۆڵەسەندنەوە لە دەسەڵاتێکی نادادپەروەر تەماشا بکرێت. بەڵام ئەم لۆژیکە بە تەواوی پێچەوانە بووەتەوە لە کۆمەڵگایەکدا کە لەسەر بنەمای هاوپشتی کۆمەڵایەتی دامەزراوە سەرەڕای تایبەتمەندی چینایەتی: ئەم قازانجانە لە گەنجینەی دیکتاتۆرێکەوە نایەت. پارەیان لە باجی کرێکارانی دەستی و ڕۆشنبیر وەردەگیرێت کە ئەم سیستەمەیان لە دەیان ساڵ خەباتی بەکۆمەڵدا دامەزراندووە. خۆلادان زیان بە دەوڵەت ناگەیەنێت وەک دامەزراوەیەکی ئەبستراکت زیان بە هاوکاری کۆمەڵایەتی دەگەیەنێت کە هەمووان سوودمەند دەبن، بە خودی پەنابەران.
لەوەش جدیتر، ئەم کردارە هەڵانە هەرچەندە لە کەمینەیەکی بچووکەوە سەرچاوە دەگرن، بیانوویەکی زێڕین بۆ ڕاستڕەو و ڕاستڕەوەکان دەڕەخسێنن بۆ بەهێزکردنی وتاری ڕەگەزپەرستی و وێنا کردنی هەموو کۆچبەران وەک بارگرانییەکی سەر کۆمەڵگا. ئەمە گوتارێکە کە ئەوان لە کۆتاییدا بەکاری دەهێنن بۆ پاساوی کەمکردنەوەی دەستکەوتە کۆمەڵایەتییەکان کە کاریگەری لەسەر هەمووان هەیە، دانیشتوانی ڕەسەن و کۆچبەران. لەبەر ئەوە لە بەرژەوەندی پەنابەران خۆیاندایە پێش هەر ڕەچاوکردنێکی تر، هۆشیارترین کەس بن لە پاراستنی ئەم دەستکەوتانە و هیچ بیانوویەک بۆ ئەوانەی دەیانەوێت هەڵوەشاندنەوەیان بکەن.
تێکەڵاوبوونی ڕاستەقینە: ئەزموونێکی کۆمەڵایەتی و بەرپرسیارێتییەکی هاوبەش
لەبەر هەموو ئەم هۆکارانە بەیەکەوە، سیاسەتەکانی تێکەڵاوبوون دەتوانرێت نموونەی کرداری و بەرجەستە لەخۆ بگرێت کە ئەم چەمکانە لە واقیعی ڕۆژانە نزیک دەکاتەوە: چۆن قوتابخانە و نەخۆشخانەکان لە ڕێگەی باجەوە پارەیان بۆ تەرخان دەکرێت، چۆن کرێکارێک مافەکانی بەدەست دەهێنێت لە ڕێگەی گرێبەستی دامەزراندنی فەرمی و سەندیکاکاکان، چۆن یاساکان کرێکاران دەپارێزن کاتێک دامەزراندن بە فەرمی تۆمار دەکرێت. ئەم تێگەیشتنە دەتوانرێت بە هاندانی بەشداری پەنابەران لە ژیانی سیاسی و مەدەنی و سەندیکاکان و لە ڕێکخراوە ناوخۆییەکان و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان بەهێز بکرێت.
کاتێک خەڵک دەبینن دامەزراوە دیموکراتییەکان لە ژیانی ڕۆژانەدا چۆن کار دەکەن و چۆن ڕێکخراوە چەپەکان، کرێکاران، سەندیکاکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان توانیویانە مافە کۆمەڵایەتییە فراوانەکان لە ڕێگەی ڕێکخراوی کۆمەلایەتیەوە بەدەست بهێنن، تێکەڵبوون دەبێتە پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتی ڕاستەقینە نەک تەنها پابەندبوونێکی کارگێڕی یان تاقیکردنەوەیەکی بەهاکان کە دەوڵەت لە دەرەوە دەسەپێنێت.
تێکەڵاوبوون بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە – کە گومانی تێدا نییە – بەڵام دابەشکردنی ئەم بەرپرسیارێتییە ناتوانێت یەکسان بێت. دەوڵەت لەگەڵ دامەزراوەکانی و میدیاکانی، گەورەترین بەش لەم بەرپرسیارێتییە لە ئەستۆیە، چونکە ئەوان ئامراز، سەرچاوە و دەسەڵاتی پێویستیان هەیە بۆ داڕشتنی سیاسەت و دروستکردنی هۆشیاری گشتی.
دەوڵەت دەبێت وەبەرهێنان بکات لە ڕوونکردنەوەی سروشتی دامەزراوەکانی و مێژووی خەباتیان نەک خۆی بە سەپاندنی تاقیکردنەوەی بەها و توندکردنی یاساکان. میدیا بەرپرسیارێتییەکی تایبەتی لە ئەستۆیە: ئەرکیان ئەوەیە جەخت لەسەر زۆر لایەنی ئەرێنی گەشتی تێکەڵاوبوون بکەن و بیانخەنە ڕوو، نەک گەورەکردنی هەندێک کرداری هەڵە کە وەک دەگمەنن نەک یاسا و دابەشبوونی کۆمەڵایەتی قوڵتر دەکەنەوە.
لەلای خۆیانەوە، ئەو ژمارە کەمەی پەنابەران کە بەردەوام لە ڕوانگەی ئەزموونی ڕابردوویانەوانەوە سەیری دەوڵەت دەکەن، پێویستیان بە پێداچوونەوەیەکی ڕاستەقینە بەو وێنەیە هەیە. دەوڵەتی دانیمارک سەرەڕای کەموکورتییەکانی و ناکۆکییە چینایەتییەکان کە نکۆڵی لێناکرێت، دەزگای گەندەڵی و سەرکوتکردنی ڕۆژانە نییە وەک ئەوەی زۆر کەس لە وڵاتانی پێشوویان دەیانزانی. تا ڕادەیەکی زۆر دامەزراوەیەکی گشتییە کە مافە بنچینەییەکان دەستەبەر دەکات، خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی فراوان دابین دەکات و یاسا لەبەردەم هەموواندا بە یەکسانی دەپارێزێت.
ئەم جیاوازییە بنەڕەتییە ڕێک ئەو شتەیە کە ئەو کەمینەیە پێویستی پێیەتی بۆ تێکەڵاوبوون. ڕێزگرتن لە یاساکان، تۆمارکردنی دامەزراندن، باج دان و مامەڵەکردن لەگەڵ دامەزراوە گشتییەکان تەنها پابەندبوونێکی یاسایی نین کە دەسەڵاتێکی دەرەکی بەسەریدا سەپاندووە، بەڵکو جۆرێک لە بەشداری کاریگەر لە سیستەمێکی هاوکاری کۆمەڵایەتی پێکدەهێنن کە لە ماوەی دەیان ساڵی خەباتی کرێکارانی دەستی و ڕۆشنبیر، چەپ، سەندیکاکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا پێکهاتووە.

بەشداری سیاسی
هەر لەم خاڵە دەستپێکەوە بەشداریکردن لە هەڵبژاردن ئەمڕۆ دەبێتە ئەرکێکی پێویست. دەنگدانی هەڵبژاردن ئامرازێکە بۆ کاریگەری راستەقینە لەسەر ئەو بڕیارانەی کە ڕۆژانە کاریگەری لەسەر ژیانی هەمووان هەیە، هەر لە خزمەتگوزاری تەندروستی و پەروەردەییەوە تا یاسای کار و سیاسەتەکانی نیشتەجێبوون. دانمارکی بە ڕەچەڵەک بیانی کە دەنگ نادەن گۆڕەپانەکە بە کراوەیی بەجێ دەهێڵن بۆ ئەو دەنگانەی کە سیاسەت لەسەر حسابی خۆیان داڕشتووە و وتاری ڕەگەزپەرستی دەردەخات کە ئەوان وەک بارگرانی وێنا دەکات نەک هاوبەش.
لە هەڵبژاردنەکانی 24 ی ئاداری 2026، هیچ بژاردەیەکی چەپی ڕادیکاڵ لە دەنگداندا دەرنەکەوت، کە دەنگدەری چەپ دەخاتە بەردەم هەڵبژاردنێکی تاکتیکی حەتمی: دەنگدان بە هێزە چەپەکانی پەرلەمان کە زۆرترین بەرگری لە مافەکانی کرێکارانی دەستی و ڕۆشنبیر دەکەن و زۆرترین دژایەتی گوتاری ڕەگەزپەرستی دەکەن، لە هەمان کاتدا بەرپرسیارێتی بەردەوامیان هەیە بۆ دژایەتییەکانیان بەتایبەتی پشتیوانیکردنیان بۆ زیادکردنی خەرجی بەرگری کە سەرچاوەکانی قوتابخانەکان وشک دەکات. نەخۆشخانەکان و سیستەمی خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی. ئەمە گرەوکردنێکی تاکتیکییە نەک پەسەندکردنی بێ مەرج.
لەگەڵ ئەوەشدا پەرلەمان تەنها یەکێکە لە گۆڕەپانە گرنگەکانی خەبات. ڕێکخراوی سەندیکا، کاری کۆمەڵگە و فشاری جەماوەری لە دەرەوەی پەرلەمان، دەستکەوتی کۆمەڵایەتیان لە مێژوودا دروستکردووە و ئەمڕۆ دەیانپارێزن. ئەوانەی کە ماوەیەکی زۆرە لە ژێر سایەی دەوڵەتێکدا ژیاون کە دەنگەکانیان دزی و ڕێکخراوەکەیان تێکشکاند، ئێستا دەرفەتی دووانیان هەیە: بۆ ئەوەی دەنگ بدەن لە سندوقەکانی دەنگداندا، و بەشداری لە سەندیکای کرێکاران و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەدا بکەن، چونکە گۆڕانکاری بنەڕەتی هەرگیز تەنها لە سندوقەکانی دەنگدانەوە نەهاتووە، سەرەڕای گرنگییان.
لە کۆتاییدا، پرسیارێک هەیە کە ناتوانرێت لێی لابدرێت: چۆن داوا لە کۆچبەران بکەین تێکەڵ بە کۆمەڵگایەک بن کە لە هەمان کاتدا بە کۆمەڵگایەکی چینایەتی سەرمایەداری وەسفی دەکەین؟ وەڵامەکە ئەوەیە کە ئەم کۆمەڵگایە، سەرەڕای تایبەتمەندی چینایەتی، قەوارەیەکی یەک بڕگە و هاوشێوە نییە. ئەمە گۆڕەپانێکی خەباتە کە تێیدا کرێکارانی دەستی و ڕۆشنبیر و چەپ بە درێژایی نەوەکان مافە کۆمەڵایەتییە ڕاستەقینەکانیان سەندووەتەوە. ئەو تێکەڵاوییەی لێرەدا مەبەست لێی هاتووە خۆبەدەستەوەدان نییە بۆ سیستەمی ئێستا و نە قبووڵکردنی مەرجەکانی وەک ئێستا. بەشداری چالاکانە لەم ململانێیەدا. ئەو کۆچبەرەی کە باج دەدات، دەچێتە ناو سەندیکایەکی کرێکارییەوە و بەشداری لە ژیانی سیاسیدا دەکات، ئامرازەکانی خەباتی سۆسیالیستی بەدەست دەهێنێت و دەبێتە هاوبەش لە پرۆسەی گۆڕینی ئەم کۆمەڵگایەدا، نەک تەنها سوودمەند بێت لە دەستکەوتەکانی. یەکخستن و خەباتی سۆسیالیستی دوو ڕووی یەک دراون لە ئەزموونی هەموو ئەوانەدا کە بە درێژایی مێژوو لە پێناو کۆمەڵگایەکی دادپەروەرانەتر خەباتیان کردووە.

ڕزگار ئاکرێی




هۆکارەکانی دابڕانی کورد لە مێژوو -بەشی یەکەم- .. مەحمود چاوەش

ئایا چی لە مێژووی ڕوداوەکانەوە فێربووین؟

بەشی یەکەم

بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین، کە مرۆڤ پەند و ڕوداوە مێژووییەکان زوو وەبیر خۆی دەهێنێتەوە، بەڵام زۆر بە هێواشی لێیانەوە فێر دەبێت، یان باشتر بڵێین زۆر بە سستی کاریان تێدا دەکات. تەکنەلۆژیا، دەوڵەت و ئایدۆلۆژیاکان دەگۆڕدرێن، بەڵام شێوازە بنچینەییەکانی ئەم ئەزمونە مێژووییانە زۆر جار لەجێی خۆیاندا دەمێننەوە. بۆچی ئێمە ئەزموونەکانی مێژوومان لەبیردەچنەوە؟ ئەوە کاتێک مێژووی کورد پڕاوپڕ ئەزموونی چەوساندنەوە و بەکۆمەڵکوژی بووە؟ دیارە هۆکارەکانی ئەم گرێ مێژووییە گەلێکن و پێوستیان بە دواچونی فاکتە مێژووییەکانە. ئەگەر بەوردی بەدوای هەندێ ڕوداوی سەدەی ڕابردووی کوردستاندا بگەڕێین و لێکۆڵینەوەی زانستیانەی لەسەر بکەین، زۆرێك کەندوکۆسپ و ئاستەنگ دێنە ڕێگەمان. نەبوونی فاکت و دۆکومێت، فلیم و وێنە، یان نووسینی مێژوویی لەسەریان زۆر بەدەگمەن بۆ نەوەکانی دواتر بەجێهێڵراون، یان لە لایەن هەندێك لایەنی دژەکوردەوە نەهێڵراوە بکرێنە دۆکومێنتی ڕاستەقینەی ڕووداوەکان (مێژووی دەسەڵاتی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی و کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان دوای یەکەمین جەنگی جیهانی نموونەیەکی ڕوونی ئەم مێژووەن، لێ فەرمانبەرانی ئەو دەمە نەیانهێشتووە هیچ دۆکومێنتێك، نووسینێك لەسەر ئەم ڕووداوانە بەئەنجام بگەیەنرێت، کە دژی دەسەڵاتی ئەوکاتە بووبێت. دەوڵەتی ئێستای تورکیش هەر بە هەمان شێواز و سیستێم کار لەم جۆرە ڕووداوانەدا دەکات. تا ئەم ڕۆژگارەش تورکەکان بە شێوەیەکی فەرمی و دەڵەتی دان بەم تاوانەدا نانێن، کە بە یەکێك لە ڕەشترین و شەرمەزارترین مێژووی ئیمپڕاتۆریەتی عسمانی و دەوڵەتی تازە دامەزراوی تورکی لە دوای یەکەم جەنگی جیهانیدا دەژمێردرێت. بارودۆخی کورد لەو وڵاتەدا ڕاستییەکی ئاشکرای تری ئەم فاکتەیە).
ئەم فاکتە مێژووییە لێواولێو (تەواو) بۆ مێژووی ئەم دەڤەرەی ئێمە دەگونجێت، ئاخر زۆرینەی دۆکومێنت و فاکتە مێژووییەکان لەناوبراون یان نەکراون بە دۆکومێنت. گەلەك سەیرئامێزە، کە مرۆڤ بوونەوەرێکی هێندە لاوازە، تەنانەت فاکتە مێژووییەکان بە شێوەیەکی هەڵگەڕاوەیی و ساختە بهۆنێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتووی. چی لەو مێژووانە فێربووین و فێرکراین؟ هەر گروپ و دامودەستگەیەك بە بەرژەوەندی و هەندێجار بە مەزاجی خۆی باس لە تاڵترین ڕووداوەکانی مێژوومان بۆ دەگێڕنەوە. وەچەکانی دوای خۆیان چ عیبرەتێك لەم مێژووە فێردەبن، لە نووسین و گێڕانەوەی درۆ؟ ئایا ئێمە دەتوانین ڕۆژگار و پاشەڕۆژێکی باشتر بۆ نەوەکانی دوای خۆمان بەم درۆ و دەلەسەیە دەستنیشان بکەین؟ بێگومان نەخێر. کەواتە دەبێت بیرکردنەوەمان ئاڕاستەی فاکتە زانستییەکانی مێژوو بکەین، بۆ ئەوەی وێنەیەکی ڕوون و بێلەکە بدەینە دەست نەوەکانی دوای خۆمان.

بە بیروڕای من ئەم خاڵانەی خوارەوە هەندێك هۆکاری ترن بۆ ئەم گرفتە مێژووییە.
ـ ڕەنگە فشار و ترس لە دووبارەبوونەوەی ئەم ڕووداوە مێژووییانە هۆکارێکی تری ئەم دیاردەیە ڕونبکەنەوە، کە گەلی کورد لە ژێر دەسەڵاتی چەوسێنەری ئەو دەوڵەتانە بوون و هەر خۆشیان تاوانباربوون لە چەوساندنەوەی گەلی کوردا. تاکی کورد لە تەواوی مێژوودا هەوڵی ئەوەی داوە، لەسەر ژیان بمێنێتەوە و ترسی باسکردنی ئەم ئەزموونە مێژووییانەی بۆ نەوەکانی داهاتوی هەبووە، کە بەشێوەیەکی سیستماتیك بۆ ئەوانەی دوای خۆیان ماوەتەوە. کەرتبوون و پارچەکردنی کورد هۆیەکی زۆر گرنگە لەم میانەیەدا، کاتێكیش کوردیان چەوسانۆتەوە، خۆیان توانیویانە ڕووداوەکان لە چوارچێوە و ئارەزۆکانی خۆیان بهۆننەوە. کورد لە تەواوی مێژوودا برینێکی زۆر گەورەی بۆ ئێمە بەجێهێشتووە. ئەگەر بڕوانینە لایەنە سایکۆلۆژیەکەی ئەم دیاردە مێژووییە، ئەوا ئەو ڕاستیەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، کە ئەم چەوساندنەوەیە جۆرێك لە تراومای بۆ تاکی کورد پێکهێناوە و بەرەوڕوی تراومایەکی دەستەجەمعی کردۆتەوە (لە کۆتایدا باسی ئەم دیاردەیەش دەکرێت). بێگومان ئەم کاریگەریانە لە مێژووی جیهاندا، بە دیاریکراوی لە وڵاتانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و پارچەکانی دیکەشدا، ڕوویانداوە. لە مێژووی کوردیشدا بە شێوەی جیاواز دەربڕاوە. یەکێك لە گرنگترینیان کارکردن بووە لە سڕینەوەی ناسنامەی کورددا، کە تا ئەم ڕۆژگارەش کاری تێدا دەکرێت، ئاخر پەستانی ئەو چەوساندەوەیە زۆرجار بۆتە هۆکاری شکاندنی کەرامەت و ناسنامەی مرۆڤ. کاتێك مرۆڤ وەك “موڵك” یان “کاڵا” سەیردەکرێت یان دەنرخێندرێت، ئەوا هەست بە بێبەهایەتی و لاوازی هزری خۆی دەکات. بەکۆیلەکردنی مێردمناڵ و کچە یەزیدییەکان لەلایەن چەکدارانی داعشەوە نمونەیەکی زیندوی ئەم ڕاستیەن، کەتاکو ئەم ڕۆژگارەش کچانی فڕێنراو و بەکۆیلەکراو لەبارێکی دەوونی سەخت و تڕاومایەکی کەسی و دەستەجەمعیدا بژین.
ئەمەش کوردی خستۆتە ڕەوشێکی دەرونی سەختەوە، ڕەنگە هەندێ تاکی کوردی ئالودەی فرەکەسایەتی (لە ناوەوە و لە دەرونیدا کوردە و لە دەرەوەدا ناچارە ناسنامەی خۆی بگۆڕێت) کردبێت. ئەم دیاردەیە کەسایەتی تاکی کوردی خستۆتە پەژارەوە و لە هەمانکاتدا جۆرێك لە هۆشیاری و خۆڕاگری لە مێژوودا پێبەخشیوە.
ـ کورد تاکو ئێستا خاوەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ نەبووە، لێ ئەو نەتەوانەی خاوەنی دەوڵەتن مێژووی دەڤەری خۆیان لە فێرگەکاندا دەڵێنەوە، بۆ ئەوەی نەوەی داهاتویان هەمان هەڵەی باوانیان دووبارە نەکەنەوە. لە مۆزەخانەکان و بە شێوەی فلیم یادگارییە مێژووییەکانیان بە شێوەیەکی یاسایی دەپارێزن. کورد زۆر جار ئەم دەرفەتانەی لەبەر دەستدا نەبووە.
ـ تاوانە مێژووییەکان بەرامبەر کورد بە شێوەیەکی دەستوری و یاسایی نەخراونەتە بەردەمی دادگاو، بەردەمی یاسای جیهانی بۆ مافی مرۆڤ و بەردەم ویژدانی مرۆڤەکان لە تەواوی جیهاندا. جوەکان زۆر بە وردی کاریان لەم مەیدانەدا کردووە، تاوانبارەکانی ئەم ڕوداوە مێژووییانەشیان هەندێجار بە سزا داوە (نمونەی ئادۆڵف ئایشمانی نازی، کە لە دوای دووەمین جەنگی جیهانی بەرەو ئەرجەنتین هەڵهات، لەپاش ئۆپەڕاتسیۆنێکی نهێنی توانرا ئایشمان بهێنرێتەوە بۆ ئیسڕائیل و ساڵی ١٩٦١ درایە بەر دادگای ئیسڕائیل. لەساڵی ١٩٦٢ دا لەسێدارە درا.) ئادۆڵف ئایشمان ئەندازیاری توانەوەی یان کۆمەڵکوژی جوەکان بوو، مێژووی ویژدانی گەلێك بوو، کە تاوانیان بەرامبەر کرابوو، بەرەو نەمانییان هەڵدێرن. ئەی ئێمەی کورد بە هەمان مێژوودا ڕۆنەچووین، هەمان کۆمەڵکوژی و کۆچی بە کۆمەڵ و برینی مێژوویمان نییە؟ کوان ئەو دادگایانەی تاوانبارانی رژێمی بەعسیان هاوردە بەر دادگا و بە پێوانە یاساییەکانی جیهانی و لۆکالی ئەمانەیان بەتاوانی کۆمەڵکوژی تاوانبارکرد. ئایا سەرانی کوردایەتی پاڵهێزنەبوون بۆ زۆر تاوان؟ بێگومان. ئەی ئێمەی کورد چەند لە تاوانبارانی ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆریمان خستە بەردەم دادگا و بە شێوەیەکی یاسایی سزادران؟ ئێمە داوای هاوپشتیوانی و هاوسۆزی لە میلەتانی جیهان دەکەین، لەکاتێکدا خۆمان کارمان لە مێژووکەی خۆماندا بە ڕاستگۆیی و ئەمانەتەوە نەکردووە. ئەمە چ پەڕەدۆکسێکی مێژوویی دەڤەری ئێمەیە؟ ئایشمانەکان لە مێژووی ئەڵمانیاندا بۆنەتە سیمبۆلی شەرمەزاری بۆ نەوەکانی داهاتووی دووهەم جەنگی جیهانی، ئاخر جووەکان توانیان ئایشمان لە کوچە و کۆڵانە تاریکەکانی ئەرجەنتینەوە بەرەو دادگای ئیسڕائیل بفڕێنن. خۆ ئێمە تاوانبارەکانی جەنگی دژە کورد و کۆمەڵکوژەکانیان لەبەر دەمی خۆماندا بوون، ئەدی ئامادەکاری ئێمەی کورد چی بوو، بۆ بە مافی یاسایی خۆیانمان نەگەیاندان؟ ڕەنگە سەرانی بەرپرسی بەناو کوردایەتی بەرامبەر ئەم هەڵوێستە نانیشتمانیانە شەرمەزاربن بەرووی مێژوودا. لێرەدا تەنها دەبێژم، با نمونەیەک لە مێژووی جوەکان بۆ خومان دابڕێژین و پەندیان لێوە وەربگرین.

ـ لەبیرچونەوە هەمیشە نیشانەی لاوازی نییە، زۆرجار میکانیزمی خۆپاراستنە لە ئازار. کاتێك ئازار زۆر قوڵ دەبێت، مێشك خۆی لێ دووردەخاتەوە، بۆ ئەوەی ژیان بتوانێت بەردەوام بێت. (ئەمە ڕەنگە لایەنە سایکۆلۆژیەکەی ئەم دیاردەیە بێت)
ـ زۆرێك لەم ڕووداوە مێژووییانە بە شێوەی چیرۆك نەگواستراونەتەوە بۆ وەچەکانی داهاتو، بەڵکو بە شێوەی ئەدەبی (وەك لەنێو کوردا بە هۆنراوە بەرجەستە کراون )، یان بە شێوەی زارەکی (دەماودەم)، کە زیاتر سۆزدارانە نەك ڕیالیستیانە بەجێهێڵراون. کاتێك نەوەی نوێ لەم بارەوە زانیاری وەردەگرێت، تەنها وەك ئاژمارێك هەڵیان دەسەنگێنێت (یان مامەڵەیان لەتەکدا دەکات) و بە قوڵی هەست بە تاوانەکان ناکات. ئەمەش گرفتی ئەو پەیوەندیە لاوازانەیە، کە لەنێوان نەوەکاندا بەرجەستە بووە. پەروەردەی نەوەی داهاتوو لە ئەستۆی ئێمەدایە، خۆمان لەدەست ڕەگەزپەرست و فاشیزمی ئیسلامی تورك و عەرەب و فارس ڕزگار نەکردوو و بەهەمان مێتۆد نەوەی داهاتوش وەك خۆمانی لێدەکەین. ئەمە مەترسیەکی زۆر گەورەیە. تاکو ئەو کاتەی ئێمە خۆمان لەو سیستەمە فاشی و ڕەگەزپەرستە نەپارێزین و بەرەنگاری نەبینەوە، نەوە بەدوای نەوەکانی تردا بەهەمان خەڕەکی مێژوویی ئێمەدا دەچنەوە.

ـ بەزۆرەملێکردنی کورد بۆ ئایینی ئیسلام نەوەیەکی موسوڵمانی لە کورد دروستکردووە، کە لە کۆن و نوێشدا بەهۆی بیروباوەڕەکەیانەوە دژی گەلی خۆیان وەستاونەتەوە و لە بەرژەوەندی گەلەکانی عەرەب و تورك و فارسدا کاریان کردووە(لێرەدا دەبێت بێگومان موسڵمانی میللی و تەسەوفی لە ئیخوانی و سەلەفی جودابکرێنەوە، چونکە ئیخوانی و سەلەفی نۆکەری بێگانانن، دوانەکەی دی بەزۆریی کوردستانین). ئەم دیاردەیەش بەردەوام زیانێکی مەزنی لە ئێمە داوە. (ئاخر ئێمەی کورد دڵپاک و بەڕەحمین، زۆر بەزەییمان بەکەسانی لێقەوماو و بێپەنادا دێتەوە)، هەر بەم جۆرە بیرکردنەوە و هەڵوێستانە دوژمنانی کورد توانیویانە میللەتی کورد هەمیشە لە پێناوی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا هەڵبخەڵەتێنن و لە پشتەوە بە خەنجەری ژەهراوی لێیان بدەن.

ـ کورد مێژووی ڕووداوەکانی دەڤەری خۆی خۆویستانە لەبیر خۆی ناباتەوە، بەڵکو میکانیزمێکی سایکۆلۆژی ئەوتۆی بۆ خۆی و نەوەکانی چنیوە (ڕستووە)، کە لە پلەی یەکەمدا پارێزگاری لە مانەوەی خۆی بکات. ئەم دیاردەیە لە هەمان کاتدا زیانێکی گەلەك مەزنی لە خودی گەلی کورد داوە. زەبروزەنگی دوژمنانی کورد و چەوساندنەوەی ئەم میللەتە هێندە سەخت و پڕ ئازارە و جەرگبڕ بووە، کە باوانمان بە ترسێکی پڕژانەوە باسیان لە ڕووداوە کارەساتلەخۆگرەکان کردووە. وە بیرمدێت باوکم باسی ڕوداوەکانی حوزەیرانی ساڵی١٩٦٣ بۆ دەکردین، هەمیشە چاوەکانی پڕ فرمێسك بوون. ئێمە منداڵ بووین و لە هۆکارەکانی ئەم ڕووداوانە تێنەدەگەیشتین. باوکم دەگریا و لەناوەوە وەکو کورەی ئاگر دەسوتا و دەترسا دەنگی بەرز بکاتەوە، بۆ ئەوەی دەورودراوسێ گوێیان لە سکاڵاکانی نەبێت و نەگاتە دەست دەسەڵاتدارانی ڕژێمی بەعس. هەموو جارێك بە ئێمەی دەگوت بێدەنگبن و لەدەرەوە باسی نەکەن، خوا ڕۆژێك دێت حەقیان لێبکاتەوە. بەڵام ئەم یادەوەریانە لەسەر هزر و دەرونی مرۆڤی کوردا، لەژێر خاك و لە نێو خێزان و لە هۆنراوە و گۆرانیدا تۆمارکراون.

تراومای دەستەجەمعی

کاتێك چەوساندنەوە و وێرانکردنی کۆمەڵگەیەك بە شێوەیەکی سیستماتیکی بەرجەستە دەکرێت، ناکرێت بەتەنها باس لە تڕاومای تاک بکرێت، بەڵکو ڕوودەنێتە تڕاوماکی دەستەجەمعی. ئەم تڕاومایە لە زۆرینەیەکی ئەو کۆچبەرانەدا دەستنیشان دەکرێن، کە بەهۆکاری جەنگەکانەوە ڕوویان لە هەندەران کردووە و داوای پەناهەندەییان لەم وڵاتانە کردووە، کوردیش ژمارەیەکی زۆری ئەم پەناهەندانەن. کاتێك کۆمەڵکوژی و چەوساندنەوە بەسەر نەوەیەكدا دێت، تەنها ئەو نەوەیە، کە ڕووداوەکانی بەچاوی خۆی بینیوە، توشی ئازار و تراوما ناکات، بەڵکو ئەم تراومایە دەگوازرێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتووش، جا ئەگەر ئەوان ڕاستەوخۆ ئەم بەسەرهاتانەشیان نەبینیبێت. نەوەکانی داهاتووش لەنێو ترسێکدا پەروەردە دەبن، کە ڕاستەوخۆ نەیانبینیوە، بۆیە هۆکارەکانی ترسەکەیان ڕوون نین و هەست بە نائاسایشی هەمیشەیی دەکەن. ڕەنگە هەندێجار هەست بە شەرم و تاوانباری خۆیان بکەن، بێ ئەوەی هۆکارەکان لایان ڕوونبن. زۆرجار باوانی ئێمە منداڵەکانیان بەوە پاراستووە، کە ڕوداوە دڵتەزێنەکانی مێژوویان بۆ باس نەکەن و دوبارەیان نەکەنەوە یان بە شێوەیەکی هێورتر بۆیان باسکردوون، بەڵام منداڵ هەست بەو ترسە دەستەجەمعییە دەکات و ناتوانێت بە وشە دەریان ببڕێت
(لێرەدا مەبەست لەوەیە، کە ناتوانێت گوزارشتیان لێبکات). کاتێك باوانمان وشەیەکیان لەسەر ڕودارێك بەڕوونی دەرنەبڕیوە، مانای ئەوە نییە، کە مناڵەکە هەستی بەو بێدەنگیە نەکردووە، ئاخر تڕاوما بە هەست دەگوازرێتەوە نەك تەنها بە وشە. کەواتە ئەم نەوەیە هەست بە شتێك دەکات، بەڵام نازانێت بە تەواوی هۆکارەکانی چییە.
وەبیرم دێ، کاتێك باوکم باسی ڕوداوەکانی “حامیەی شاری سلەیمانی، کە بە ٩ ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٦٣ ناسراوە و بۆ تۆقاندنی کورد بووە”، بۆ دەکردین، ئێمەی منداڵان پێکڕا دەکەوتینە بارودۆخێکی دەروونی زۆر سەختەوە، بەبێ ئەوەی بزانین لە ڕاستیدا چی و چۆن ڕویداوە، هۆکارەکانی چی بوون. ئەوەی باس دەکرێت لە ساڵی ١٩٦٣ دا بە یەکێك لە تاڵترین بیرەوەریەکانی شارەکانی کوردستانی باشور دەژمێردرێت و ناسراوە بە کۆمەڵکوژی لە سەرتاسەری کوردستاندا. عەشایەری عەرەبی ئێراق بەناوی (حەرەس قەومی) بە هاندانی بەعسییەکان لە کەرکوك و دەوروبەری ، لە کۆیە و سلەیمانی و هەولێر سەدان هەزار هاوڵاتی سیڤیلیان بەبێ هیچ دادگا و لێپرسینەوەیەك زیندانی کرد و زۆرێکیان لەوان کۆمەڵکوژ کرد. هەزاران ماڵ و موڵکی بێتاوانیان فەرهود کرد. کۆمەڵکوژی نێو حامیە و یاریگای شاری سلەیمانی لە دیمەنە ترسناك و خوێنڕێژییە بەناوبانگەکانن. ئەم ڕووداوە مێژووییە بە هێندەی قەوارەی تاوانەکان دۆکومێنت نەکراوە، ئەمەش بەهۆی نەبوونی فلیمی ڤیدیۆ و نەبوونی ڕۆژنامەوانی لەو سەردەمەدا. ئەم بیرەوەریانە بە شێوەیەکی زارەکی (دەماودەم) لەلایەن چەند کەسانێکەوە یان چەند خێزانێکەوە باسکراون. ئەم کارەساتە مێژووییە لە بیرەوەری هەندێك خێزاندا ماوەتەوە و لە هەندێک نووسراوی مێژووییدا تۆمارکراوە، لێ بە شێوەیەکی فاکتی مێژوویی ئەرشیڤ نەکراوە. لەناو حامیەشدا کۆمەڵێکی زۆر لە گەنجانی شارەکە ڕەمی کران (سەرپێیی و پڕکێش). لەم بارەوە هیچ ئامارێکی فەڕمی ڕوون بڵاونەکراوەتەوە. حکومەتی بەعس هەوڵی داوە ڕوداوەکان بشارێتەوە و بەهۆکاری ناڕاستانە خراونەتە بەر دەست. جگە لەوەش خێزانە کوردەکانیان ترساندووە و قسەکردنیان لەم بارەوە لێ قەدەغە کراوە. زۆرێك لەم خێزانانە تا دوا ساڵەکانیش نەیاندەزانی چی بەسەر کەسوکارە کوژراوەکانیاندا هاتووە. حامیە بووە ڕەمز و هێمای تاوانەکانی دەوڵەتی بەعس، بەبێ ئەوەی بۆ نەوەکانی داهاتوو کرابن بە دۆکومێنت. ئەم نەوانەی ئێستا دۆکومێنتێکی ئەوتۆی ئەم ڕوداوانەیان لەبەر دەستتدا نییە، تاکو بە شێوەیەکی مێژووناسانە لێی بتوێژنەوە. ئەمە گرفتێکی گەلەك ئاڵۆز و لە هەمان کاتدا پێویستە لایەنە فەرمییەکانی کورد، بەتایبەتی زانکۆکان، بۆ گەشەپێدانی ئاگایی نەتەوەیی کوردی فرە لایەن لێی بتوێژنەوە.
گرفتەکەش لەوەدایە، کە تیمی کوردی خۆماڵی بۆ کۆڵینەوە لەم کارەساتانە دروست نەکراون. ڕەنگە زیادەڕۆیی نەبێت، ئەگەر بگوترێت زۆرینەی لاوان و ئەم نەوە تازەیە ئاگاداری ئەم ڕوداوانە نەبن و تەنانەت بەر گوێشیان نەکەوتبن. ئەگەر ئەم ڕووداوانە بخرێنە سیستەمی فێرکارییەوە لە خوێندنگەکاندا، بە تایبەتی لە وانەکانی مێژوودا، ڕەنگە ڕویەکی تر بدرێتە وەبیرهێنانەوەی ئەم ڕووداوانە.
هەندێجار هۆکارەکانی ئەم دیاردەی دووبارەبوونەوەیە ئەوەیە، کە مرۆڤ ئارەزوی بۆ دەسەڵات هەیە، ئەوجا گەر بەو دەسەڵاتە گەیشتبێت ترسی لەدەستدانی دەسەڵاتەکەی هەبووە. زۆرینەی کۆمەڵگەکان وا بیر دەکەنەوە، کە ئەوان لە کۆمەڵگەکانی تر مۆدێرنتر و زیرەکتر و بەئەخلاقترن، کۆمەڵگەکانی تورك و فارس و عەرەب نموونەیەکی زیندوی ئەم ڕاستیەن، کە ئەوان هەمیشە کولتوورەکانی خۆیان لە کولتووری کوردی بەرزتر نرخاندووە، کە ئەمەش پێچەوانەکەی ڕاستە.
ئەوان هەمیشە لە گۆشەنیگای دەسەڵاتەوە ڕەچاویان کردووە، نەك لە گۆشەنیگای شیکاری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەوە.
ئەم باوەڕە دەبێتە هۆکاری ئەوەی، کە ئێمە هۆشداری و ئەزموونەکانی مێژوومان پشتگوێ بخەین. لێرەدا مێژوو وەك ئەزموون و پەندێك نابینین، بەڵکو وەك چیرۆکێك، کە پەیوەندی بە ئێستاوە نەبێت، جا ئەگەر چی ئەزمونە تاڵەکان لە مێژوودا زۆرجار دووبارە بوونەتەوە، جا ئەگەر تەنانەت گۆڕانە مێژووییەکان لەدەساڵاتدارییەکی پاشایەتی، دیکتاتۆری یان بەناو دیموکراسیدا بووبێتن. سەرباری ئەوەی ئەزموونەکان بەردەوام دووبارە دەبنەوە، بەرامبەریان نایەکسانی و نادادپەروەری پتر پەرە دەسێنن، چینە دەسەڵاتدارەکان لە ژیانی رۆژانەی ئەوانی تر دوور دەکەونەوە، باوەڕ بە دامەزراوەکان کەم دەبێتەوە و لەپاڵ ئەمانەشدا پۆپۆلیستەکان بەڵێن بۆ چارەسەری سادەی گرفتەکان دەدەن، بەبێ ئەوەی ڕۆبچنە ناوەڕۆکی گرفت و تەنگژەکانی کۆمەڵگەوە.
هەندێ جار پرسیار لە خۆمان دەکەین، بۆچی مێژوو دووبارە دەبێتەوە، سەرەڕای ئەوەی مێژووی دەڤەری ئێمە لێواولێو پڕە لە کارەساتی پڕ ئازای مرۆڤی و سروشتی.
لە ساڵەکانی سەدەی ڕابووردوودا، ڕەنگە کۆتایی شەستەکانی سەدەی بیست بووبێت، پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکان لەو دەڤەرەی ئێمە لەژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆریدا بوو. گرفت لەوەدا نەبوو، مرۆڤەکان بە چ ئاڕاستەیەکدا دەڕوانن و خۆ لە چ پڕۆسەیەکدا دەبیننەوە، بەڵکو لەوەدا بوو، چۆن وەکو ماشێن ئالودە و ئاڕاستەی دەستەجەمعییەکان بکرێن، نەك وابەستەی بیروڕاکانی تاکەکەسیەکانی خودی خۆیانبن. گرفتەکان لەوەدا نەبوون، کە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری بونیاد و ئاڕاستەکانی مرۆڤی کوردی ئیفلیج کردبوو، بەڵکو لەوەدا بوو کە زۆرینەیەك لە مرۆڤەکان بەرەو دەستەجەمعییەتێک ڕاپێچ دەکران، تا لەنێو خۆیاندا چاودێر و ملشکێنی یەکدیبن .
کەواتە کۆمەڵگەی ئێمە زۆرجار هەوڵدەدات، ئەزموونە مێژووییەکان پشتگوێ بخات نەك ڕووبەروویان بوەستێتەوە. ئێمە هەمیشە هانا بۆ دەرەوە دەبەین، لەتەك ئەوەشدا، کە ئێمە زۆر ڕێسۆرسی مرۆڤی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیمان هەیە. زۆرینەی جار ڕۆڵی قوربانی و تاوانباری تێکەڵی یەکتر دەکرێن. ئێمە لێرەوە دەتوانین پێشبینی بکەین “تڕاومای چارەسەرنەکراوی ئەزموونە مێژووییەکان” بەدوی خۆیدا تڕاوماکی نوێتر و توندوتیژتر بهێنێت. ئاخر مێژوو تەنها بۆ فێربوون نییە، بەڵکو بۆ بەکارهێنانیشە، نەك ببێتە چەکێك، بەڵکو ببێت بە کتێبێکی فێرکاری. فێربوونیش ئارامیی گەرەکە، ئاخر ئەگەر مرۆڤ بکەوێتە تەنگژەوە، ئارامی لەدەست دەدات، تەنانەت پەنا دەباتە بەر شێوازێکی دی، ئەگەر زیانبەخشیش بێت، ئەویش چونکە ترس بەچەشنێك مرۆڤی نێو تەننگژە دەتەنێت، کە ڕابردوو وەبیر خۆی نەهێنێتەوە. بۆ ئەوەی مێژوو نەبێت بە چیرۆکی هۆنراوە، گومانی تێدا نییە هەندێك خاڵ دەشێت وەك ڕێگر ڕەچاو بکرێن، وەك فێرخوازی، پەروەردەکردن لەسەر مێژوویەکی ڕاستگۆیانە نەك شکۆدارکردنی، تەوازوع بەرامبەر هەڵەکانمان و وەبیرهێنانەوەی ئەزموونە مێژووییەکان، کە ئۆرگانەکانە زانستییەکانی کۆمەڵگە بە شێوەیەکی ڕێکخراو ئەنجامی دەدەن.
جا سەرنجێك لە مێژوومان رەنگە ڕامانبچلەکێنێ و ڕوبەڕووی گەلەك پرۆسەی تاڵمان بکاتەوە. ئەم دووبارەبوونەوەیە لەو ڕۆژگارانەدا، کە ڕژێمی بەعس لە عێراقدا دەسەڵاتی یەکەم بوو، جاشایەتی و کارکردن لەتەك ئەم ڕژێمەدا هەمان خەڕەکی دووبارەبوونەوەی مێژووی کورد بوو. هەمئێستاش ئەم دووبارە و سێبارەبوونەوەیە بەردەوامە و ئەنجام و بەروبوومەکەی ئێستا لە هەرێمی خۆماندا دەچنینەوە.

مەحمود چاوەش
هانۆڤەر
09.03.2026




بۆرژوازە خۆکوژەکان – لە پەراوێزی جەنگی ئەمەریکا و ئێران.. ئەکرەم سەعید

بۆرژوازە دڕندکان لە سەردەمی ئێمەدا وەک داعشیەکان خۆکوژن، و بۆ گەیشتن بە ئامانجە پوچەکانیان بۆمبیان لە خۆیان بەستووەو ئامادەن خۆیان و جیهان بتەقێنەوەو خاپوری بکەن؛ جەنگ لە(ئۆکراینا، غەززە، سودان، و جەنگی ئەمەریکا و ئێران لەم ڕۆژانەدا لە کەنداوی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست)نموونەی جەنگی بۆرژوازە خۆکوژەکانە. جەنگی نێوان ئەمەریکا و ئێران نموونەیەکە لە جەنگی دڕندەکانی سەردەمی مۆدێرن، یانی کوشتنی خەڵکی مەدەنی لە جەنگەکانی دەوڵەتە دڕندەکانی سەرمایەداریدا نە هەڵەیە و نە زیانی لابەلا، بەڵکە ئامرازێکە بەئامانجی ئیفلیج پێکردنی هێزی دوژمن. بۆیە تیۆری”پێنج ئەڵقە”ی عەقید(جۆن واردن)بە دیارترین تیۆری سەردەمی مۆدێرن دادەنرێت. ئەم تیۆریەی جەنگی دڕندەکان لەلایەن عەقید”جۆن واردن”داڕێژراوە، و لە پلاندانان بۆ ئۆپەراسیۆنی زریانی بیابان(۱۹۹۱)بەکارهێنراوە. تیۆرەکە لەسەر بەئامانجکردنی”ئیفلیج”پێکردنی دوژمن دامەزراوە نەک لەناوبردنی سوپاکەی”، یانی ئامانج ئیفلیج پێکردنی ژێرخانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردن(کارەبا، پەیوەندییەکان، گواستنەوە)یە. هەرچەندە تیۆرەکە بە ڕاشکاوی کوشتنی خەڵکی مەدەنی ناکاتە ئامانجی ڕاستەوخۆ، بەڵام لە کردەوە سەربازییەکاندا بە عەمەلی(موشەک گرتنە باڵەخانەێک و کوشتنی منداڵان و خەڵکی مەدەنی لەبری موشەک گرتنە زرێپۆش پەیڕەو دەکرێ). هەروەها بۆردومانی ژێرخانی کۆمەڵگە لە وزە و کارەبا و ئاو(کە خزمەت بە هەردوو سەربازی و دانیشتوانی مەدەنی دەکات)دەبێتە هۆی ئازاری توندی خەڵکی مەدەنی و لەدەستدانی خزمەتگوزارییە جەوهەریەکان، بەمەش فشار دەخرێتە سەر سەرکردایەتی سیاسی ئەو وڵاتە.
ئەم وتارە شیکاری وردی جەنگی نێوان ئەمەریکا و ئێران نییە و هەواڵەکانی ڕۆژانەی ئەو جەنگە ناچێتە ناو باسەکانییەوە، بەڵکە بە گشتی باسە لە دوو تیۆری جەنگ و هەندێ سەرنج لە جەنگەکانی سەردەمی ئێمە *.
جەنگ و وەهمی تیۆرەکان
[وەهم دروستکردنی دونیاێکە لە خەیاڵدا کە لەڕاستیدا بوونی نییە].

تیۆری ململانێی شارستانیەتەکان
هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە(۲٦.۱۱.۲۰۲٤)دا گووتی:”هیچ کات هێندە لە پێکدادانی شارستانیەتەکان نزیک نەبووینەتەوە”. ئەم ساختەچییە خۆی و حیزبەکەی بە موسڵمان دەزانێ لەکاتێکدا وڵاتەکەی ئەندامی پەیمانی ناتۆیە، و تورکیا هاوکاری ئەمەریکاو ئیسرائیلی کردووە دژی سوریا، میسر و ئێران، و تورکیا زیاد لە سەد ساڵە کوردەکانی ناوچەکە کۆکوژی دەکات کە ئایینی ئەو خەڵکە ئیسلامە، و کەچی باسی ململانێی شارستانیەتەکان دەکات؛ بەڕاستی مەهزەلەیە.
“ململانێی شارستانیەتەکان”، ئەو تیۆرییەی کە”ساموێل هەنتینگتۆن”لەسەرەتای نەوەدەکاندا بڵاویکردەوە، پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە کاتێک ڕووبەڕووبوونەوەی ئایدیۆلۆژیی نێوان کۆمۆنیزم و سەرمایەداری کۆتایی هات، ململانێی نێودەوڵەتی لە نێوان ئەو وڵاتانەدا سەرهەڵدەدەن کە ناسنامەی کولتووری و ئایینی جیاوازیان هەیە، و”بەریەککەوتنی شارستانیەتەکان”زاڵ دەبێت بەسەر سیاسەتی جیهانیدا. بۆ هەندێ کەس هێرشەکانی قاعیدەو شەڕەکانی ئەفغانستان و عێراق ئەم بۆچوونە پشتڕاست دەکەنەوە. بەڵام وەک ئێستا دەزانین ئەوەی ڕوویداوە ئەوەیە کە ململانێکان زیاتر لەناو شارستانیەتەکاندا بووە نەک لە نێوانیاندا. تیرۆریستە ئیسلامییە خواپەرستەکان زۆر زیاتر لە هەموو کەسێک خەڵکی مەدەنی موسڵمانی بێتاوانیان کوشتووە، وە شەڕەکانی نێوان شیعە و سوننە بەردەوامە و زۆرینەی قوربانیانی موسڵمانانی لێدەکەوێتەوە، ئەمڕۆکە هێزەکانی(ئەبو مەحەمەد جۆلانی)بە کۆمەکی وڵاتی سعودییە و ئەمەریکا خۆیان ئامادەکردووە کۆکوژی شیعەکانی لوبنان بکەن، وەک چۆن کۆکوژی عەلەویەکانی سوریایان کرد، و هەروەها ئێران کۆمەکی ئەرمینیا دەکات کە مەسیحین و دژی ئازەربایجانە کە شیعەن،، هتد. جەنگی ئێستای نێوان غەرب و ڕووسیا لە ئۆکراینا هەردوو لاکەی ئایینی مەسیحی تێیدا زاڵە، ململانێی تایوان و چین کێشەکە کەلتوور و ئایین نییە، بەڵکە جەنگی هەژموونی ئابووری و سیاسی و سەربازی نێوان بلۆکی چین و بلۆکی ئەمەریکایە. کەواتە تیۆری ململانێی شارستانییەکان بۆ فریودانە و شایستەی ئەوەیە کە فرێبدرێتە ناو زبڵدانی مێژووەوە.

تیۆری ململانێی چینایەتی
لە تیۆری مارکسیدا(هێزە بەرهەمهێنەرەکان و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان)هێزی چالاکن کە ڕووداوە مێژووییەکان و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان دروستدەکەن. هێزە بەرهەمهێنەرەکان، لەوانەش تەکنەلۆجیا و پرۆسەی کار، ئەو دینامۆیەن کە گەشەسەندنی کۆمەڵگا دەباتە پێشەوە، لە کاتێکدا پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان(پێکهاتە چینایەتییەکانی کۆمەڵایەتی)بنەمای بزووتنەوە سیاسییەکان و ئەحزابەکانە کە فکرو بەرنامەی کارکردنیان هەوڵدانە سامان چۆن دابەشبکرێت و دەسەڵات چۆن ڕێکبخرێت. گۆڕانکاری کۆمەڵگە لەئەنجامی ململانێی چینایەتی ئەم هێزانەدا، بەتایبەتی لەڕێگەی ململانێی چینی چەوساوەو چینی چەوسێنەر، وەک فاکتۆری سەرەکی گۆڕانکاری مێژووی کۆمەڵایەتی، لەلایەن مێژوونووسانی بۆرژوازی فەرەنسی و کۆمۆنیستە سەرەتاییەکان و مارکس، سەیر دەکرێت. ئایا تاچەند ئەم تیۆرە ڕووداوەکانی مێژوو بە دروستی شرۆڤە دەکات؟.
بێگومان ڕۆڵی(گەشەی هێزەکانی بەرهەمهێنان و ململانێی چینایەتی)لە کۆمەڵگەدا چەندەها فاکت و ڕووداوی مێژوویی پشتڕاستی دەکاتەوە، بەڵام ئەوە تاکە فاکتۆری گۆڕانی کۆمەڵگەکان نییە لە مێژوودا، چونکە گۆڕانی کۆمەڵگە و مێژوو لە سەردەمە دێرنەکان و نوێشدا(ململانێی نێوان خاوەن دەسەڵات و هێزەکان)ڕۆڵی گرنگیان بینیوە، بەڵکو زۆربەی کات ململانێی خاوەن دەسەڵات و هێزەکان کە هەموویان سەر بە چینی چەوسێنەرن، ئەوە بۆتە فاکتۆری گۆڕان و ڕووداوی لە مێژوودا دروست کردووە، نەک ململانێی نێوان(چینی چەوساوە و چینی چەوسێنەر). بە ماناێکی دی؛ هێزی چالاک ئەو هێزانەن کە کاریگەرییان لەسەر دروستکردنی ڕووداوەکان هەیە، جا چ لە ڕێگەی کردارەوە بێت یان کاردانەوەی چ ناوەکی یان دەرەکی؛ واتە زۆر کات ململانێی ئەو هێزانە ڕاستەوخۆ دەبنە هۆی یان کاریگەرییان لەسەر دۆخی یان گۆڕانی ڕژێمەکان هەیە، هەرەس بە دەسەڵات و دەوڵەتەکان دەهێنن. کەواتە ململانێی هێزەکانی خاوەن دەسەڵات بزوێنەری ڕووداوەکانن، دەبنە هۆی ڕوودان یان گۆڕینی ڕێڕەوەکەیان. بۆ بەڵگە زۆر دوور نەڕۆین تەماشی ڕووداوەکان بکەین لەساڵانی جەنگی جیهانی یەکەم تا ئێستا و پرسیار لە خۆمان بکەین: ئایا لەتەک ئەوەش کە چینی چەوساوە(بەشێوەێکی بابەتی چینی کرێکاران هەبوون و هەندێ جار خۆپیشاندانیان کردووەو هۆشیارانە هەندێ جار ڕاپەڕینیان کردووە)، بەڵام ئایا چ ململانێک و چ هێزێک ڕووداوەکان و گۆڕانەکانی دروستکردووە؟.
با سەرنج لەمڕۆ بدەین: کە ئەمریکا زلهێزێکی باڵادەستە و چین هێزێکی هەڵکشاوە، ئایا کێبڕکێی نێوان ئەو دوو هێزە نییە لە گشت مەیدانەکان و لەئاستی جیهانیدا کە ڕووداوەکان دروست دەکات؟. جەنگی نێوان: ڕووسیا و ناتۆ لە ئۆکراینا، ئیسرائیل و ئێران،، هتد. ئایا ململانێی هێزەکان و جەنگەکانیان کە ڕووداو دروستدەکەن لەکام جۆری ململانێی چینەکانە؟. بێگومان ململانێی چینە خاوەن دەسەڵاتە چەوسێنەرەکانن، نەک ململانێی نێوان چینی چەوساوە و چینی چەوسێنەر؛ بە ماناێکی دی بەزۆری ئەوە ململانێی نێوان خودی چینی بۆرژوازی خاوەن دەسەڵاتە کە ڕووداو دروست دەکات لە مێژووی سەردەمی نوێدا، هەر بەهەمان شێوە کە ململانێی نێوان ئیمپراتۆرییەتەکانی سەردەمی(میسری کۆن، مێزۆپۆتامیا، ساسانیەکان و ڕۆم، مەملەکەتەکانی وڵاتی هیند و چین)ڕووداویان دروستدەکرد.
هۆکاری ئەم دیاردانە لە مێژوودا چییە؟ یانی هۆکاری ڕۆڵی مەزنی فاکتۆری ململانێی چینە خاوەن دەسەڵاتە چەوسێنەرەکانن چییە؟.
لەم سەردەمەدا بەهۆی(لاوازی سۆسیالیستەکان، ئەزموونی خراپی دامەزراندنی بەناو دەوڵەت و کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی، خامۆشی چینی کرێکاران،، هتد)، ململانێی چیانیەتی بەمان مارکسییەکەی(واتە ململانێی نێوان چینی چەوساوە/ پرۆلیتاریا و چینی چەوسێنەر/ بۆرژوازی)زۆر لاوازبووەو کاریگەری لە دروستکردنی ڕووداوەکان کەم بۆتەوە، هەتا ئێستاش بەڵگە نییە کە ناڕەزایەتی چینی کرێکاران ڕۆڵی هەبووبێ لە ڕێگری لە هەڵگیرساندنی جەنگ یان ڕاگرتنی؛ بۆ نموونە(جەنگی ئۆکراینا، جەنگ لەسەر غەززە، جەنگی ئەم دواییەی نێوان ئەمەریکا و ئێران).
مارکس لە وەسفی ڕۆڵی وەهم لە مێژوودا لەپێشەکییەکەی ساڵی ١٨٦٩ی چاپی دووەمی کتێبی(هەژدەی برۆمێری لویی بۆناپارت)دا ئاماژەی بەوە کردووە کە مێژوو بە تەواوی بە داینامیکی چینایەتی دیاری ناکرێت، ئەوە بەهۆی یەک شت”ڕۆڵی هەست و وەهمەکانی مرۆڤەکان”، چونکە مرۆڤەکان”لەڕێگەی نەریت و پەروەردەکردنەوە”کە دەگوازرێنەوە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەێکی دی، وادەکات لە ئەنجامدا مرۆڤەکان”ڕەنگە خەیاڵ بکەن کە پاڵنەرە ڕاستەقینەکان و خاڵی دەستپێکی چالاکییەکانی پێکدەهێنن- مارکس”، بەڵام لەڕاستیدا زۆرینەی کارو بیری مرۆڤەکان بەرهەمی هەلومەرج و وەهمەکانن.

ئەنجامەکانی دوای جەنگ
لە مێژووی کۆن و نوێدا ئیمپراتۆرییەتە مەزنەکان بەهۆی قەیرانی ئابووری و ناکۆکی ناوخۆی و جەنگی دەرەکییەوە کۆتاییان هاتووە. پۆسێدۆنیۆس (١٣٥ پێش زایین – ٥١ پێش زایین) مێژوونووس و فەیلەسوفی یۆنانی کۆن دەیگوت: (لە ساتەوەختی لەنێوبردنی تەحەدای کارتاجیەکان بۆ دەسەڵاتی ڕۆما، فەزیلەتەکانی ڕۆما پێشێلکراوە.). فەزیلەتەکانی ڕۆما وا پێناسە دەکرا کە بریتییە لە شارستانیەت، و گوایە پێچەوانەی بەربەریسمی جەرمەنەکانە، کە هەمەجی بوون لە کوشتاری خەڵکیدا. بەڵام کاتێ ڕۆما قەرتاجەی سووتان، و دڕندانە کۆکوژی خەڵکەکەی کرد، ئیدی تەواوی بەهاکانی ڕۆما پێشێلکرا، وە دەرکەوت کە ڕۆما لە جەرمەنەکان و قەرتاجیەکان بەربەریترە.
ئەمریکا ساڵانێکە پرۆپاگاندەی بەهاکانی شارستانییەتی غەرب دەکات:(ئازادی، یەکسانی، برایەتی و ئاشتی) کە دروشمەکانی شۆڕشی فەرەنسی ساڵی ١٧٨٩–١٧٩٩یە، وە پروپاگاندەی ئەوەی دەکرد کە مافی مرۆڤ دەپارێزێ، بەڵام ئەمڕۆکە لە هەڵوێستیدا بەرامبەر پەلاماری ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و جەنگی ئەمەریکا و ئێران، تەواوی بەهاکانی خۆی پوچەڵ دەکاتەوە. ئیدی ئەمریکا بەهاکانی خۆی دۆڕاندووە، لێرەوە هەتا ئەگەر ئەمەریکا شەڕەکەی دژی ئێران و هاوپەیمانەکانی بەرێتەوە، بەڵام جەنگەکەی لە بەرامبەر ڕووسیا و چین دەدۆڕێنێ. چونکە سبەینێ دوای جەنگ، هەتا ئەگەر ئەمەریکا براوە بێ، بەهۆی ئەوەی کە خاوەنی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی سەربازییە، چۆن دەتوانێ باس لە ڕوسیا بکات تاوانی جەنگی کردووە لە ئۆکراینا؟! یان چۆن دەتوانێ ڕەخنە لە چین بگرێ کە موسڵمانانی ئیگۆر دەچەوسێنێتەوە؟! لەکاتێکدا ئەمەریکا خۆی و ئیسرائیل هەزارەها خەڵکی مەدەنی و منداڵیان لە غەززەو ئێران و ناوچکەدا کۆکوژی کردووە!. بۆ چینی کرێکاران و خەڵکی هەژاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەگەر براوە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بن، یان براوە ئێران و هاوپەیمانەکانی بن، هیچ جیاوازییان نییە، و چارەنووس هەر بەشمەینەتییە، چونکە هەردوو لایەنەکەی جەنگەکە دوو مەعەسکەری سەرمایەداری دڕندەیە.

سۆسیالیستەکان و جەنگ
لە ژیانی مارکسدا جەنگی جیهانی ڕووینەداوە، بۆیە مارکس تیۆرێک یان مەفهومێکی تایبەتی بۆ جەنگ دانەڕشتووە، بەڵام میتودێک کە بەکاری هێناوە لەشیکاری بۆ هۆکارەکانی جەنگی ئەمەریکای باکوور دژی ئەمریکای باشوور، دروست بووە. ئەنگلس لە کتێبی(ئەنتی دوهرینگ)دا باسی ڕۆڵی تندوتیژی کردووە لە مێژوودا، بەڵام مارکس و ئەنگلس بڕوایان بەوە نەبووە کە جەنگ ڕێگایەکە بۆ گۆڕینی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵگای سەرمایەداری، بەڵکە دروشمیان ئەوە بووە کە”چینی کرێکارانی جیهان یەکگرن”، و بە پێویستیان زانیووە کە پەیڕەو لە پرەنسیپی هاوپشتی نێونەتەوەیی کرێکاران بکەن.
دەشێ ساتەکانی جەنگ دوژوارترین و خراپترین کات بێت بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی سۆسیالیستی، چونکە کۆمەڵگای سۆسیالیسم نە دابەشکردنی هەژارییە، و نەگونجاوە لەسەر وێرانەێک دامەزرێ. ئەم دەربڕینە دروستە بەڵام مەرج نییە بۆ هەموو جەنگەکان دووبارەی بکەینەوە، بەڵکە هەلومەرجی مێژوویی ساتی جەنگی دەوڵەتە سەرمایەدارییەکان، بڕیاردەرە کە چ هەنگاوێک دروستە بنرێ، نەک بڕگەێکی دەقێک.
سۆسیالیستەکان تا پێش جەنگی جیهانی یەکەم، دروشمیان ئاشتی و دژی عەسکەرتاری دەوڵەتی سەرمایەداری و جەنگ بووە، چونکە جەنگ دەبێتە هۆکاری برسیەتی، بێکاری، کاولکاری، و کۆکوژی کرێکاران و خەڵکی مەدەنی. لەکاتی جەنگی جیهانی یەکەم، نێونەتەوەیی دووەم نەیتوانی هەڵوێستێکی یەکگرتوو دژی جەنگی ئیمپریالیستی دەوڵەتە سەرمایەدارەکان، وەربگرێ. لە بەرامبەر ئەم دیمەنەدا، ڕۆزا و لینین بە دەنگی بەرز دژی جەنگ بوون. لۆکسمبۆرگ بە ڕوونی نیشانی دا کە چۆن میلیتاریزم بڕبڕەی پشتی دەوڵەتە، و ڕای وا بوو کە دەبێ دروشمی“جەنگ دژی جەنگ“ببێتە دروشمی بنەڕەتی سیاسەتی چینی کرێکاران. لەو کاتەوە ئامانجی سەرەکی پرۆلیتاریا بوو بە“بەرەنگاربوونەوەی ئیمپریالیزم و هەڵوێستی دژی جەنگ“. ئەم دروشم و هەڵوێستانەی”ڕۆزا و لینین”ئەگەر چی دروست و شۆڕشگێڕانە بوو، بەڵام ئەفسووس لە عەمەلدا نەتوانرا دژی جەنگی جیهانی یەکەم لەلایەن سۆسیالیستەکانی ئەو سەردەمە پەیڕەوی لێ بکرێ، و بەهۆی هەڵوێست بەرامبەر جەنگی جیهانی یەکەم دووبەرەکی و لێکترازان لەنێو ڕیزەکانی سۆسیالیستەکان دروست بوو.
ڕاکەی”ئیتیان بالیبار”دروستە کە نووسیبووی:(شەڕ بۆ مارکسیزم بەتەواوی چەمک نییە، بەڵام بە دڵنیاییەوە کێشەیەکە. لە کاتێکدا مارکسیزم نەیتوانی چەمکێکی شەڕ دابهێنێت، بەڵام دەیتوانی دووبارە دروستی بکاتەوە، ئەگەر بڵێین: واتە پرسی شەڕ بخاتە ناو کێشەدارەکەی خۆیەوە، و ڕەخنەیەکی مارکسیستی لە شەڕ، یان تیۆرێکی ڕەخنەیی لە شەڕ و بارودۆخ و پرۆسەکانی جەنگ، بە ناوەڕۆکێکی تەواو ڕەسەن بەرهەم بهێنێ. بە جۆرێک دەتوانرێت ئەمە وەک جۆرێک لە تاقیکردنەوە بۆ توانای مارکسیزم بۆ جێگیرکردنی خۆی وەک گوتارێکی سەربەخۆی ڕاستەقینە بسەلمێنرێ. بیری مارکسیستی دەوڵەمەندیێکی شیکاری هەیە سەبارەت بە شەڕ بە گشتی، و جۆرە تایبەتەکانی شەڕ. بەڵام شتێکی نائاسایی ڕوویدا: کێشەی شەڕ لەبری ئەوەی یارمەتیدەر بێت بۆ پتەوکردنی یەکگرتوویی مارکسیزمەکان، لەبری ئەوە کاریگەرییەکی قووڵی وێرانکەری بەرهەمهێنا ،،،.)- مارکسیزم و جەنگ/ ئیتیان بالیبار.
ئەمڕۆکە لە کاتی جەنگ لەسەر غەززە، هەندێ لە کۆمۆنیستەکان لە بەیاننامە و وتارەکانیاندا، هەڵوێستەکەی لینین و ڕۆزا دووبارە دەکەنەوە: باڵێکی کۆمۆنیستی بڕوای وایە کە دەبێ جەنگی غەززە بکرێ بە جەنگی چینایەتی دژی ئیمپریالیسمی ئەمەریکا، بەمە فرسەتی شۆڕشی سۆسیالیستی زیاد دەبێ؛ یانی ئەم هاوڕێیانە گرنگی بە کۆنەپەرستی پرۆژەی حەماس و هاوپەیمانەکانی نادەن، بەڵکو قورسایی خۆیان خستۆتە سەر دژایەتی ئیسرائیل و ئەمەریکا، واتە یەک تاک چاون، وە بڕوایان وایە لەتەک حەماس دژی ئەمەریکا، زەمینەی جەنگی چینایەتی خۆش دەبێ!. باڵێکی دی کۆمۆنیستەکان ڕای وایە کە ئەم جەنگە بکرێ بە فرسەتی بەرپاکردنی شۆڕش بەسەر دوژمنی ناخۆیی(یانی گۆڕینی جەنگ بۆ شۆڕش بۆ نموونە لە ئێراندا). بەڕای من ئەم هاوڕێیانە گەرچی هەڵوێستی ئینسانیان دژی جەنگی ئیسرائیل و ئەمەریکا، دروستە و جێگای دەستخۆشییە، بەڵام بانگەوازو دروشمەکانیان تەواو خەیاڵییە، و بیرکردنەوەیان دوورە لە بەرژەوەندی چینی کرێکاران. چونکە ئەو بلۆکەی بەرامبەری ئەمەریکایە، بلۆکێکی دڕندەو کۆنەپەرستی سەرمایەدارییە؛ واتە ئەمە جەنگی دوو بلۆکی سەرمایەداری دڕندەن، ئیدی چۆن جەنگی حەماس و ئێران لەتەک ئیسرائیل و ئەمەریکا دەبێ بە زەمینەسازکردن بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی سۆسیالیستی؟!. ئەمە خۆشخەیاڵییەکەی لینینە دەربارەی شۆڕشی گەلانی چەوساوە دژی ئیمپریالیسم بەشێوەێکی کاریکاتێری. وە لە سەردەمی ئێمەدا، پرسەکانی وەک فەڵەستینیەکان یان کوردەکان، دەمێکە بۆتە مەیدانی کێشمەکێشی بۆرژوازە کۆنەپەرستەکانی لۆکاڵی و جیهانی، ئیدی هیچ بزووتنەوەێکی گەلانی چەوساوەو ژێردەست نەماوە کە پێشکەتووخواز بێ، و دەمێکە ئەوە کەشف بووە کە جەنگی بۆرژوازی گەلانی ژێردەست دژی دەوڵەتی سەردەست، ناکرێ بە موتەحالفی چینی کرێکاران، و سەربەخۆیی(فەڵەستین و کوردستان)بەسەرکردایەتی بۆرژوازییە ناسیۆنالیستەکان بێ یان ئیسلامییەکان، نابێتە بەردەباز بەرەو سۆسیالیسم؛ ئەوە تەنها ئەستۆرەیە. وە فرسەت هێنان لەکاتی جەنگ بۆ بەرپاکردنی شۆڕش لە ئێران یان ئێراقدا؛ ئەقڵی موغامری کەمایەتێکی نێو فەزای مەجازییە، چونکە لەئێستادا هیزێکی سۆسیالیستی نییە بتوانێ ئەوە بکات، وە شۆڕش لەئێستادا لەو وڵاتانەدا، دەچێتە خزمەت بەرەکەی دییەوە. بۆ سۆسیالیستەکان بەتایبەتی ئەوە گرنگە کە سیاسەتی سەربەخۆی چینی کرێکاران دژی دەوڵەتەکانی سەرمایەداری بپارێزن، وە بەتایبەتی لەم پرسەدا:”دژی جەنگ”بن، و هۆشیاربن نەکەونە ناو سەنگەری ئەمریکا یان ئێران.
وه‌حشه‌كانی مۆدێرنه‌
پۆتین سه‌گه‌كه‌ی له‌ منداڵێكی سوری
خۆشتر ده‌وێ.
پۆتین خوێن ده‌ڕێژێ و
یاری به‌ سه‌گه‌كه‌ی ده‌كا.
لای پۆتین ڕژانی خوێن و
یاری سه‌گ لێك ده‌چن.
تره‌مپیش جارێك گوتبووی:
سه‌دام گاڵته‌یه‌كی كیمیاوییانه‌ی
له‌گه‌ڵ هه‌ڵه‌بجه‌ كردبوو،
بۆ وا لێیان كردبووه‌
هه‌ڵڵا و هه‌را؟…
ئه‌رێ خه‌ڵكینه‌، ئه‌مانه‌ مرۆڤن؟
یان وه‌حشه‌كانی سه‌رمایه‌ و مۆدێرنه‌؟
به‌ختیار محه‌مه‌د

فەلسەفە لەزمەنی داڕماندا
ساتێک بۆ پاشەوە و ساتێک بۆ پێشەوە

سەردەمەکەی ئێمە بەوە دەناسرێتەوە کە بۆرژوازەکان سامان بەخێرایی کەڵەکە دەکەن و کرێکاران و زۆربەی خەڵکیش زیاتر هەژار دەکەن. ئەوەی جێی سەرسوڕمانە بۆرژوازە دەسەڵاتدارەکان توانیویانە زۆربەی هەر ئەو خەڵکەی کە هەژاریان کردووە فریو بدەن، و بیانکەنە لایەنگرانی ئەحزاب و بیروباوەڕە کۆنەپەرستەکانی خۆیان. لەخوێندنەوەی دەقەکانی”سۆسیالیستەکان و مارکس”کە پێداگریان دەکرد لەسەر(ڕۆڵی هۆشیاری/ ئەقڵانییەت)، بەتایبەتی شرۆڤەی مارکس بۆ کۆمەڵگەی سەرمایەداری، ڕایان وا بوو کە چینی کرێکاران؛ ئەم چینە نوێیە نابێت ڕێگە بدات بکەوێتە تەڵەکانی هۆشی موزەیەف/ ساختە/ ئیدۆلۆژیاکانی دەسەڵات؛ یانی بەجۆرێک نابێت ڕێگە بەخۆی بدات بە بەرتیلێکی گەورە یان بچووک(ئیسڵاحات)ئارام بکرێتەوە، یان نابێت لە بێزاری و بێهێزی بچێت ملکەچی دەسەڵاتی بۆرژوازی بێ، وەک چۆن زۆرێک لە چینەکانی مێژووی پێشوو(کۆیلەکان و جوتیاران ملکەچی دەسەڵات و بیروباوەڕی خاوەن کۆیلەکان و دەرەبەگەکان بوون)، و پرۆلیتاریا نابێت ڕێبدات گەوجبکرێ بە بیروباوەڕی ئایینی سیاسی و ڕەگەزپەرستی.
بەڵام ئایا ئەمڕۆکە بەشێکی زۆری چینی کرێکاران و خەڵکی هەژار بەدوی(داعش، ڕەگەزپەرستەکان، ئەحزابی هیندۆسیەکان، مەسیحی سیاسی، ڕاستڕەوی توندڕەو،، فکری بنەماڵە و هۆزەوە) نین؟!. ئایا ئەمڕۆکە بەشێکی پرۆلیتاریا لە(ئەمەریکا، ئەوروپا،، و کوردستان،، هتد)کە بژێوییان سەختە و بێکارن، بەدوی سیاسەت و بیروباوەڕی بۆرژوازییەوە نین؟. بۆرژوازی توانیویەتی بە سیاسەت و ئیدۆلۆژیا لە ڕێگەی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ لە میدیا و سۆسیال میدیا، پرۆلیتاریا نەک تەنها لە هۆشیاری چینایەتی دووربخاتەوە، بەڵکە ویژدان و هەست و میهرەبانی ئینسانی نەھێڵێ و بیکاتە دڕندە(بۆرژوازەکان جیهان لەسەر شێوەی خۆیان دروست دەکەن – مارکس/ مانیفێستی کۆمۆنیست).
ئەگەر سەرنج بدەین چەمکی وەک(مرۆڤی نامۆ، مرۆڤی مەسخ، مرۆڤی زۆمبی، مرۆڤی گرگن، مرۆڤی فریودراو، مرۆڤی گەمژەکراو)لە ئەدەبیاتی سۆسیالیستیدا بەکارهێنراوە بۆ وەسفی حاڵەتی ئەو بەشە فریودراوەی خەڵک، کە لەم سەردەمدا بەناشیترین شێوە لە کردەوەکانی ڕەگەزپەرستەکانی ڕۆژئاواو شوێن کەوتووەکانی ئەحزابی ئایینی سیاسی لە: سوریا، سودان، یەمەن، عێراق، هیندستان،، هتد، دەی بینین. ئەمڕۆکە ململانێی چینایەتی لە هەلومەرجێکی زۆر نالەباردایە و فەلسەفەی سۆسیالیستی ساڵانێکە لە پاشەکشەدایە. لەڕاستیدا ئەمە سەدەیەکە بۆ ناعەقڵانییەتی بۆرژوازی؛ بۆیە کەسانی سۆسیالیست و چەپی وەک ئێمە و بڕێک لە خەڵکی مەدەنی و سکولار وا هەست دەکەن کە ئێمە دواهەمین نەوەی سەردەمێک بووین بەسەرچووە، و ئەو سەردەمە هەروا ئاسان ناگەڕێتەوە.
چۆن گەیشتینە ئێرە؟ بۆچ بیروباوەڕ و هەلومەرجی کۆمەڵگە هێندە پاشەکشەی پێکراوە؟. ململانێی بیروباوەڕ هاوشێوەی شەڕ سیجالە؛ بۆ پێشەوەو بۆ پاشەوەی تێدایە، واتە فەلسەفە لە ململانێدایە و وەرچەرخان دەکات، شەڕێکە و سەرکەوتن و شکستی بەدوایەکتری تێدایە؛ یانی هەر فەلسەفەیەو لە سەردەمێکدا سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت و لە سەردەمێکی دیکەدا شکستی پێدەهێنرێت.
لە سەردەمی دەرەبەگایەتیدا فەلسەفەی کۆنسەرڤاتیڤ و چەمکەکانی شەرەف، داب و نەریەت، و دڵسۆزی بۆ هۆز و خێزان زاڵ بوون، لە سەردەمی سەرمایەداریدا بەتایبەتی لە سەرتایدا و تا ساڵانی ۱۹۹۰ فەلسەفەی لیبڕالی و چەمکەکانی تاکەکەس، ئازادی و یەکسانی سیاسی و یاسایی باو بوو، بەڵام ئەمڕۆکە بە زۆری بۆرژوازی دەمانگەڕێنێتەوە بۆ کەلتووری شەرەف و دڵسۆزی بۆ: دەسەڵات، نیشتمان، ئایین، ڕەگەز، هۆز و بنەماڵە. ئەما سۆسیالیستەکان خەبات دەکەن بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەێک کە ئازادی و یەکسانی بە ناوەڕۆکی هەردووک سیاسی و ئابووری تێیدا زاڵ بێ.
ساڵەکانی ۱۸۰۰- ۱۹۸۰ بەوە دەناسرێتەوە کە ململانێی نێوان فەلسەفەی لیبڕالیسم و سۆسیالیسم باڵی بەسەر جیهاندا کێشابوو، بەڵام لەتەک سەرهەڵدانی قۆناغی ئیمپریالیسم، بە هەوڵی بیرمەندانی وەک(نیتشە، کارڵ شمیت، هایدگەر، لیۆ شتراوس، ساموێل هینتینگتۆن،، هتد)فەلسەفەی کۆنسەرڤاتیڤ پشتی ڕاستکردووەو مەیدانی داگیر دەکرد، و هێدی هێدی بەهاتنی(ماگرێت تاتچەر و ڕێگان)بۆ سەر حوکم، فەلسەفەی کۆنسەرڤاتیڤ و سیاسەتەکانی لە دونیادا زاڵ دەبوون، تا ئەنجامەکەی وای لێهات ئەمڕۆکە هەردووک فەلسەفەی(لیبڕالیسم و سۆسیالیسم)پاشەکشەیان کردووەو لاواز بوون، بەڵام بیروباوەڕی کۆنسەرڤاتیڤ لەوپەڕی بەجەماوەر بووندایەو لاێکی دونیا کۆنەپەرست و دڕندەیە. ئایا دونیا وەرچەرخانێکی فەلسەفی و سیاسی نوێ بەخۆیەوە دەبینێ؟ ئایا ئێمە فەلسەفەی سۆسیالیستی دەبینین جارێکی دی دونیا بە(ئازادی و یەکسانی ئینسانەکان)ڕووناک بکاتەوە؟. بەڕای من بەڵێ ئەوە ئەگەرێکە و بەندوبەستراوە بەوەی کە ئینسانە ئازاد و یەکسانخوازەکان تا چەند:

  • واقیعیانە لە دونیای ئەمڕۆکە تێگەیشتوون و چ کارێک دەکەن بۆ گۆڕینی، چونکە دەبێ لە دونیای ئەمڕۆکە دروست تێبگەین تا بتوانین بیگۆڕین.
    *سۆسیالیستەکان(دۆست و دوژمن)؛ کە بنەمای هەموو فەلسەفەێکی سیاسییە، چۆن و بە چ پێوەرێک دیاری دەکەن.
    * تاچەند سۆسیالیستەکان لەگورپچییەتی(سیکتاریسم)خۆیان بەدوور دەگرن و هەوڵی کاری هاوبەش دەدەن.

پەراوێز:

  • بۆ خوێندنەوەی ڕای نووسەر لەسەر هۆکارەکانی جەنگی ئەمەریکا و ئێران دەتوانن ئەم وتارانە بخوێنەوە:
    ۱/(سەرمایەداری: قەیران و بەربەریسم – ئەکرەم سەعید) – لە کتێبی”تێگەیشتنێک لە شۆڕشی سۆشیالیستی“.
    ۲/ (جەنگ و فریودان) – ئەکرەم سەعید.
    ۳/ (جەنگی دڕندەکان بەرەو کوێ دەچێ؟) – ئاسۆ کەمال – ئەکرەم سەعید.



8 ی مارس لە نێوان میراتی خەباتی ژنانی کرێکار و فێمینیزمی سۆسیالیستی.. بەیان ساڵح

سەرەتاکان: کاتێک ژنانی کرێکار ئەمڕۆ ڕێگایان بۆ ئێمە خۆش کرد
لە 8 ی مارسدا، بیرەوەرییەکی تێپەڕیمان بیر ناکەوێت. ئێمە مێژوویەکی ئاگر و ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوە لە دژی ئەو هەلومەرجە بەبیر دەهێنینەوە کە قورسایی لەسەر ژنانی کرێکار هەبوو. ئەم ڕۆژە بە دەستی ژنانی کرێکار لە کارگەکاندا شێوە درا و بە دەنگی ژنانی تێکۆشەر لەسەر شەقامەکان بەرز کرایەوە تا بوو بە ڕۆژێکی نێودەوڵەتی بۆ نوێکردنەوەی پابەندبوون بە دادپەروەری و یەکسانی و سیستەمێکی سۆسیالیستی بێ چین. ئەمە ڕۆژێکە کە تەنها بە قسەی سۆزداری ناژیت. بە گەڕانەوە بۆ ئەو چوارچێوە مێژووییەی کە بەرهەمی هێناوە و بە ناسینەوەی ڕۆڵی سەرەکی بزووتنەوەی فێمینیستی سۆسیالیست لە دۆکیۆمێنتکردنی و داکۆکیکردن لە پەسەندکردنی وەک بۆنەیەکی نێودەوڵەتی بۆ یەکخستنی دەنگی ژنان لە سنوورەکاندا.
8 ی مارس لە بۆشایی لەدایک نەبوو. ڕەگەکانی دەگەڕێتەوە بۆ ناڕەزایی کرێکارانی چنین لە نیویۆرک لە ساڵی 1857، کاتێک هەزاران ژن ڕێپێوانیان کرد دژی کرێی کەم و کاتژمێرەکانی کارکردن کە ڕۆژانە 16 کاتژمێر درێژ دەبووەوە، لە هەلومەرجێکدا کە زۆر جیاواز نەبوو لە کۆیلایەتی شاردنەوە. هەرچەندە پۆلیس ئەو بزووتنەوەیەی سەرکوت کرد، بەڵام تۆوی ڕێکخراوی سەندیکای ژنانی چاند و ئەو بیرۆکەیەی لە نێو ژنانی کرێکاردا چاندووە کە بێدەنگی بژاردە نییە و شەقام گۆڕەپانێکی ڕەوایە بۆ داواکردنی مافەکان.
زیاتر لە نیو سەدە دواتر، لە 8 ی مارسی 1908، شەقامەکانی نیویۆرک دیسان پڕ بوون لە هەنگاوی پازدە هەزار ئافرەت کە دروشمی “نان و گوڵەباخ” یان هەڵگرتبوو: نان وەک هێمای ئاسایشی ئابووری و شکۆمەندی ژیان، و گوڵەباخ وەک نیشانەی مافیان بۆ ژیانێکی مرۆڤانە کە ژنان کەم نەکاتەوە بۆ ئامێری بەرهەمهێنان. داوای کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کارکردن، قەدەغەکردنی کارکردنی منداڵان و مافی دەنگدانیان کرد، کە لەو کاتەدا وەک ئیمتیازات مامەڵەی لەگەڵدا دەکرا نەک مافێکی سروشتی. ئەو ساتە ناوازە بوو چونکە داواکاری ئابووری و خواستی سیاسی لە یەک وێنەدا یەکخست و ڕایگەیاند کە کێشەی ژنان لێک جیا نابێتەوە.
لە ساڵی 1909، پارتی سۆسیالیستی ئەمریکی یەکەم ڕۆژی نەتەوەیی ژنانی ڕاگەیاند بۆ ڕێزلێنان لە خەباتی کرێکارانی چنین دواتر بیرۆکەکە لە دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڵاو بووەوە و دەنگدانەوەی لە نێو بزووتنەوە کرێکاری و سۆسیالیستەکانی ئەوروپا دۆزیەوە. لە ساڵی 1910، لە کاتی کۆنفرانسی ژنانی سۆسیالیست لە کۆپنهاگن، پێشنیارێک پێشکەش کرا بۆ دیاریکردنی ڕۆژی جیهانی ژنان. لەنێو دیارترین داکۆکیکاران، کلارا زێتکین (1857-1933) سۆسیالیستی ئەڵمانی بوو کە ژیانی خۆی تەرخان کرد بۆ بەستنەوەی دۆزی ژنان بە ئازادی چینایەتی و ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە دامەزراندنی ئەم ڕۆژە وەک خەباتێکی بسیج نەک ئاهەنگێکی ڕێوڕەسمی. کۆنفرانسەکە بە کۆی دەنگ پێشنیارەکەی پەسەند کرد و ئاماژەی بەوەدا کە بیرۆکەکە گوزارشت لە پێویستییەکی ڕاستەقینە دەکات کە ژنانی چەکدار لە هەموو شوێنێک هەستی پێدەکەن.
لە ساڵی دواتر، سەدان هەزار ژن لە ئەڵمانیا، نەمسا، سویسرا و دانمارک ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ یادکردنەوەی ئەو ڕۆژە. بەڵام ئەو ساتەی کە سیمبولی شۆڕشگێڕانەی خۆی چەسپاند لە ساڵی 1917 دا بوو کاتێک ژنانی کرێکاری ڕووسی لە پترۆگراد دەستیان کرد بە مانگرتن و داوای “نان و ئاشتی” دەکەن لە نێو شەڕێکی وێرانکەردا کە ژیانی خەڵک و خۆراکی خێزانەکانی وشک دەکرد. ئەو مانگرتنە، کە لە 23 ی شوبات بە پێی ڕۆژژمێری ڕووسیا کە هاوتایە لەگەڵ 8 ی ئازار بە پێی ڕۆژژمێری زاینی، یەکەم پریشکی شۆڕشی ڕوسیا بوو کە تزاریزمی ڕووخاند. بەم شێوەیە ئەو ڕۆژە لە ساتێکی داخوازییەوە گۆڕا بۆ ڕووداوێک کە ڕێڕەوی مێژووی گۆڕی و ڕەهەندێکی شۆڕشگێڕانەی بە 8 ی مارس بەخشی کە تا ئەمڕۆش لەدەستی نەداوە.
8 ی مارس بۆ چەندین دەیە لە وڵاتانی سۆسیالیستی مایەوە و کەسایەتی شۆڕشگێڕی و چینایەتی خۆی هێشتەوە، تاوەکو نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی وەک ڕۆژی جیهانی ژنان لە ساڵی 1977 ناساند. بەم شێوەیە ئەم ڕۆژە خۆڕاگری ژنانی کرێکار لە ئەمریکا، ئازایەتی ژنان لە ڕوسیا، و هۆشیاری میلیشیاکانی سۆسیالیست لە ئەوروپا کۆدەکاتەوە، کە وەک بەڵێنێکی نوێ دەمێنێتەوە کە مافەکان نابەخشرێن بەڵکو لە ڕێگەی خەباتی ڕێکخراوەوە بەدەست دەهێنرێن، وە ڕێپێوان بەرەو یەکسانی هێشتا بەردەوامە و نەوەکان قەرزداری ئەوانەی پێش خۆیان بوون و سوورن لەسەر درێژەدان بە ڕێگاکە تا کۆتایی.

فێمینیزمی سۆسیالیستی : کاتێک ئازادی بوو بە مەسەلەی خەباتی ڕۆژانە
فێمینیزمی سۆسیالیستی کە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەم دروست بوو، یەکێک لە پتەوترین بناغە تیۆرییەکانی بۆ ڕوونکردنەوەی چەوساندنەوەی ژنان و پێناسەکردنی مەرجەکانی ئازادییان پێکهێنا. لەگەڵ ناوی تێکۆشکەران و بیرمەندانی بەناوبانگ پەیوەست بوو، لە کلارا زێتکین، ڕۆزا لوکسەمبورگ، و ئەلێکساندرا کۆلۆنتای تا فلۆرا تریستان، کلارا لێملیچ و سیلڤیا پانکهورست، و دواتر لەگەڵ نەوەکانی تیۆریسین و چالاکوانان لە سەدەی بیستەمدا پەرەی سەند.
ئەم تەوژمانە چەوساندنەوەی ژنان وەک دیاردەیەکی سەربەخۆ لە سیستەمی کۆمەڵایەتی زاڵ نەبینیوە. بەڵکو بە بەشێکی دانەبڕاو لە میکانیزمی چەوساندنەوەی سەرمایەداری دادەنێن کە پێی خۆراک دەدرێت و لە هەمان کاتدا بەرهەمی دەهێنێتەوە. لەم ڕوانگەیەدا، ژنی کرێکار ڕووبەڕووی دوو چەوساندنەوە دەبێتەوە کە ناتوانرێت بە جیا لێی تێبگەین: ئەو وەک کرێکارێک لە ڕێگەی کرێی کەمتر لە پیاوان لە بازاڕی کاردا چەوسێنراوەتەوە، وە لە ناو خێزاندا لە ڕێگەی کرێکاری ناوماڵەوە چەوسێنراوەتەوە کە بەرهەمهێنانەوەی هێزی کار مسۆگەر دەکات بەبێ ئەوەی یەک فلسی سەرمایە تێبچێت.
لەم تێگەیشتنە قووڵەوە، فێمینیزمی سۆسیالیستی ڕەخنەی لەوە گرت کە بە “فێمینیزمی بۆرژوازی” ناسراوە، ئەو بزووتنەوەیەی کە هەوڵەکانی خۆی لەسەر مافە سیاسی و یاساییەکانی وەک مافی دەنگدان، دەستگەیشتن بە پەروەردە و بەشداری کردن لە ژیانی گشتی چڕکردۆتەوە. فێمینیستە سۆسیالیستەکان لە کاتێکدا دان بە گرنگی و پێویستیی ئەم داخوازییانەدا دەنێن و دەڵێن کە دەستیان لە کرۆکی کێشەی ژنانی چینی کرێکار نادات، چونکە یەکسانی یاسایی بەتەنیا کۆتایی بە وابەستەبوونی ئابووری ناهێنێت و زنجیرەکانی چەوساندنەوەی ماددی ناشکێنێت. ژنێک کە مافی دەنگدانی هەیە بەڵام لە هەژارییەکی زۆردا دەژی و لە ڕووی ئابوورییەوە پشت بە پیاو دەبەستێت چونکە بازاڕی کار کار یان مووچەیەکی دادپەروەرانەی پێشکەش ناکات، بە شێوەیەکی کاریگەر ئازاد دەمێنێتەوە بێ گوێدانە ئەو مافانەی کە لەسەر کاغەز هەیەتی.
بۆیە ئەم تەوژمانە جەختیان لەوە کردەوە کە خەباتی ژنان نابێت لە خەباتی چینایەتی فراوانتر جیا بکرێتەوە، چونکە لە بنەڕەتدا بەشێکە لە بزووتنەوەیەکی فراوانتر کە ئامانجی گۆڕینی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانە. ئەوان ناکۆکییەکی سروشتی نێوان ژن و پیاو لەناو چینی کرێکاردا نەبینی. بەڵکو پێیان وابوو کە ئەم جۆرە بۆچوونە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی سیستەمێک دەکات کە دەیەوێت چینی کرێکار پارچەپارچە بکات و بیگۆڕێت بۆ ململانێی ناوخۆیی لەجیاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو لایەنەی قازانج لەسەر حسابی کار کۆدەکاتەوە. لەم ڕوانگەیەوە، چالاکی ڕێکخراوەیی بزووتنەوەی فێمینیستی سۆسیالیستی پەیوەندییەکی نزیکی بە بزووتنەوەی کرێکاری فراوانترەوە هەبوو، کە ژنانی کرێکار لە چوارچێوەیەکی سیاسی شۆڕشگێڕانەدا رێکدەخات کە یەکدەخات نەک دابەش بکات.
ئەم تەوژمانە هەروەها دیدێکی گشتگیریان بۆ ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگا بەرەو پێش برد بۆ ئەوەی ژنان بتوانن سەربەخۆیی ئابووری بەدەست بهێنن لە ڕێگەی تێکەڵاوبوونی تەواو لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا، هاوکات دابینکردنی خزمەتگوزاری گشتی فراوان وەک سەنتەری چاودێری منداڵان، دامەزراوەکانی چاودێری و چێشتخانە بەکۆمەڵەکان. ئەم جۆرە ڕێوشوێنانە باری زۆری کاری ناوماڵ لەسەر ژنان کەم دەکاتەوە و پشتبەستنیان لەناو خێزانی تەقلیدی تێکدەشکێنێت. ئازادی ژنان، لەم ڕوانگەیەوە، تەنها بابەتێکی ئەخلاقی، کەلتووری، یان ڕەوانبێژی نەبوو. ئەوە بابەتی ژێرخانی ئابووری بوو کە پێویستی بە گۆڕانێکی بنەڕەتی بوو لە پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و خاوەندارێتی و دەسەڵات.
بەم مانایە ڕادیکاڵیە، فێمینیزمی سۆسیالیستی سۆسیالیزمی وەک زیادەیەکی سیاسی ئارەزوومەندانە نەبوو کە بتوانرێت لە دەرەوە بە دۆزی ژنان ببەسترێت، بەڵکو وەک مەرجێکی بنچینەیی بۆ بەدەستهێنانی ئازادی ڕاستەقینە و هەمیشەیی دەبینێت. لە ڕێگەی ئەم پەیوەندییە قووڵ و پێکەوە بەستراوەی نێوان فێمینیزم و خەباتی چینایەتی، ئەم تەوژمانە یارمەتیدەر بوون لە داڕشتنی دیدێکی تیۆری بەهێز کە بەردەوامە لە گفتوگۆ هاوچەرخەکان سەبارەت بە پەیوەندی دیالێکتیکی نێوان پرسی ژنان و ململانێ لەسەر پێکهاتەی ئابووری کۆمەڵگا.

چوارچێوەی پیشەسازی: سەرمایەداری و لەدایکبوونی هۆشیاری ژنانی کرێکار
لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم، ئەوروپا فراوانبوونی پیشەسازی گەورەی بەخۆیەوە بینی کە کیشوەرەکەی گۆڕی و نەخشەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی گۆڕی. کارگەکان زۆر بوون، و شارەکان پڕ بوون لە شەپۆلی مرۆڤ کە لە لادێکانەوە دەهاتن. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو سامانە زۆرەی کە کەڵەکەبوو، بەشدار نەبوو لە لایەن ئەوانەی کە بە دەست و ڕەنجی خۆیان دروستیان کرد. ژنان، لەگەڵ پیاوان و منداڵان، کاتژمێرێکی درێژ و ماندووکەر لە بارودۆخێکی سەختدا کاریان دەکرد کە تەنانەت سەرەتایترین ستانداردەکانی تەندروستی و سەلامەتی نەبوو، مووچەی زۆر کەمتر و بەبێ پارێزگاری یاسایی ڕاستەقینە لە دەرکردنی هەڕەمەکی یان برینداری لە شوێنی کار.
لەم چوارچێوە تایبەتەدا، چەوساندنەوەی ژنان تەنها کێشەیەکی کەلتووری پەیوەست بە دابونەریت و دابونەریت نەبوو. بەشێکی جیانەکراوەی پێکهاتەی ئابووری سەرمایەداری بوو کە ڕاستەوخۆ سوودی لە کاری هەرزان ئافرەت و لاوازی پێگەی کۆمەڵایەتی ژنان و نەبوونی کاریگەری یاسایی و ڕێکخراوەیی وەردەگرت.
لەم کەش و هەوایەدا بزووتنەوەی سۆسیالیستی وەک دەربڕینێکی سیاسی بەرژەوەندی و ئاواتەکانی چینی کرێکار لە جیهانێکی دادپەروەرانەتردا دەرکەوت. ژنانی تێکۆشەر بە باوەڕێکی فیکری پتەوەوە کە لە ماوەی چەندین ساڵ چاودێریکردن و لێکۆڵینەوە و خەباتی ڕاستەوخۆ پێکهاتووە: چەوساندنەوەی ژنان ئەنجامێکی ڕاستەوخۆ و بە ئەنقەستی سیستەمێکە کە جەوهەری لە چەوساندنەوەی کار و زۆرترین قازانج لەسەر حسابی ژیان و مافەکانی مرۆڤە.
فێمینیزمی سۆسیالیستی بە ڕوونی جیاوازی لە نێوان دۆزی ژنانی کرێکار و ژنانی بۆرژوازی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە تێکەڵکردنیان لە ژێر یەک ناونیشاندا ناکۆکی ڕاستەقینە دەشارێتەوە و خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی چینی باڵادەست دەکات. لە کاتێکدا تەوژمە لیبراڵەکان جەختیان لەسەر بەدەستهێنانی مافی دەنگدان لە سیستەمی ئێستادا دەکرد بەبێ بەرەنگاربوونەوەی پێکهاتەی ئابووری سیستەمەکەی، فێمینیستە سۆسیالیستەکان مشتومڕیان لەسەر ئەوە دەکرد کە ئەم بۆچوونە چارەسەری نیشانە دیارەکان دەکات بەبێ ئەوەی لە ڕەگە قووڵەکان نزیک ببێتەوە. پرسیارێکی بێ سازش هەر مایەوە: چ جۆرە ئازادییەک مافی دەنگدان بە ژنێکی دەوڵەمەند دەبەخشێت لە کاتێکدا ژنە کرێکارەکە لە قوڕی هەژاری و چەوساندنەوەی ڕۆژانەدا گیریان خواردووە؟ و چ جۆرە یەکسانییەک لەسەر بناغەیەکی شکاوی نادادپەروەری ئابووری بنیات نراوە؟
لە ڕێگەی نووسین و پلاتفۆرمە چەکدارەکانی فێمینیزمی سۆسیالیستی، پەیوەندی ئۆرگانیکی نێوان سەرمایەداری و چەوساندنەوەی ژنان بە قووڵی دەگمەن شیکرایەوە. ئابووری سەرمایەداری ژنانی چەوساندەوە سەرەڕای هۆشیاری لە سروشتی دووانەی پێگەیان. بەتەواوی بەهۆی ئەوەوە ئیستغلالیان دەکرد، سوودی لە هەر هەنگاوێک وەردەگرت لە نێوان کارگە و ماڵدا.
ئەم تەوژمانە داوای ململانێی نێوان ژن و پیاویان نەکرد کە ئەو شتانە دابەش بکات کە دەبێت یەکبخرێن. لە ناوەرۆکیاندا داوای ململانێیەکی ڕوون لە نێوان خاوەن سەرمایە و چینی کرێکاردا دەکەن و ئازادی ژنان بە گۆڕانێکی گشتگیر دەبەستنەوە کە هەلومەرجی بەرهەمهێنان دەگۆڕێت و ئەو سیستەمە هەڵدەوەشێنێتەوە کە چەوساندنەوەی ژنان دەکاتە پێکهاتەی ئابووری سەرمایەداری.

باشووری جیهان: کاتێک کارگەکان هێشتا ناوی خۆیان دەپارێزن
ئەگەر خەباتی کرێکارانی چنین لە نیویۆرک لە ساڵی 1857 لە کارگەکانی چنین دەستی پێکرد، ئەوا هەمان ئەو کارگانە تا ئەمڕۆش بوونیان هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان گواستوویانەتەوە بۆ ئەو شوێنانەی کە کرێکار هەرزانترە و یاساکان لاوازترن و چاودێری لاوازترە ئەوان گواستوویانەتەوە بۆ بەنگلادش و کەمبۆدیا و ئەسیوپیا و مەغریب و وڵاتانی تری باشووری جیهان کە بوونەتە کارگەی هەرزان سەرمایەداری جیهانی، ئەوەی باکوور لەبەری دەکات و دەیخوات بەرهەم دەهێنن لە کاتێکدا کرێکارەکانیان لە دەرەوەی هیچ پارێزگارییەکی ڕاستەقینە دەمێننەوە.
تەنها لە بەنگلادیش زیاتر لە چوار ملیۆن ژن لە کەرتی جلوبەرگی ئامادە کار دەکەن و کاڵا بەرهەم دەهێنن بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا و ئەمەریکا بە مووچەیەک کە لە باشترین حاڵەتدا لە 95 دۆلار لە مانگێکدا تێناپەڕێت. کاتێک باڵەخانەی ڕانا پلازا لە ساڵی 2013 داڕما و زیاتر لە 1100 کرێکار لە ژێر وێرانەکەیدا کوژران، ئەو ڕووخانە ڕاستییەکی ئابڕووبەرانەی ئاشکرا کرد: ئەو دەزووەی کە کراسێک لە پاریس بە 200 یۆرۆ دەفرۆشرێت و ژنێک لە ژێر داروپەردوودا لە داکا دەمرێت، دەزوویەکی سەرمایەدارییە کە سنوورەکانی تێپەڕاندووە. ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی و چەند رێکخراوێکی مافی مرۆڤ ئەم کارەساتە بە یەکێک لە خراپترین کارەساتەکانی پیشەسازی لە مێژووی پیشەسازی جلوبەرگدا دادەنێن.
لەگەڵ ئەوەشدا باشووری جیهان تەنها کارگە نییە. لە وڵاتانی کەنداو، سەدان هەزار کرێکاری ناوماڵ لە فلیپین، ئەندۆنیزیا، ئەسیوپیا و سریلانکا لە ژێر سیستەمی کەفالە دەژین. ئەم ژنانە نەک تەنها لە گفتوگۆ نێودەوڵەتییەکاندا ئامادە نین. ئەوان لەو یاسایانەدا دیار نین کە دەبێت بیانپارێزن، چونکە کاری ناوماڵ لە زۆربەی ئەو وڵاتانە بە تەواوی لە یاسای کار بێبەش کراوە.
لە ئەمریکای لاتین و باشووری بیابانی ئەفریقا، ژنان لە ژێر سیاسەتی توندوتیژی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی جیهانیدا بۆ ماوەی دەیان ساڵ بارگرانی دووانیان لە ئەستۆ گرتووە. کاتێک خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە پەروەردە، تەندروستی و چاودێری کۆمەڵایەتی کەم دەکرێتەوە، ئەم خزمەتگوزاریانە بە ڕاستی لەناوناچن. بارەکانیان دەچێتە ناو بواری خێزانەوە، لەوێ ژنان قەرەبووی بڕینی بودجەی دەوڵەت دەکەنەوە بە کاری بێ مووچە و کاتی ماندوو. لەم ڕوانگەیەوە، توندوتیژی سیاسەتێکی ئابووری بێلایەن نییە. ئەمە سیاسەتێکە کە دەرەنجامی کۆمەڵایەتی و جێندەریی ڕوونی هەیە و نرخەکەی یەکەم و قورسترین باجەکەی لەلایەن ژنانەوە دەدرێت.
لێرەدا میراتی تیۆری فێمینیزمی سۆسیالیستی ڕەهەندێکی نوێ وەردەگرێت لە دەرەوەی ئەوروپا کە لەوێ سەرچاوەی گرتووە. کاتێک ئەم تەوژمانە ئازادی ژنانیان بە ئازادی چینی کرێکار لە چەوساندنەوەی سەرمایەداری بەستەوە، بناغەی تیۆری دانا کە ڕوونی دەکاتەوە ئەمڕۆ لە کارگەکانی باشوور، ماڵەکانی کەنداو و گەڕەکە هەژارەکانی کەیپ تاون، لیما و کاراچی چی ڕوودەدات. چونکە کێشەکە لە بنەڕەتدا یەکیە: سیستەمێک کە پێویستی بە کاری هەرزان، جەستەی ناسک و یاسای کوندار هەیە، و هەموو ئەمانە بە ئاسانی لە ژنێکی هەژار لە باشووری جیهان دەدۆزێتەوە.
هەروەها گفتووگۆ لەسەر واقیعی ژنان لە جیهاندا ناتوانێ تەواو بێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو کەسانەی کە پاڵیان پێوە دەنرێت بۆ فرۆشتنی جەستەیان بۆ مانەوە لە ئابوورییەکی نادادپەروەرانەدا کە بوون خۆی پشت بە جەستە و کاری ناجێگیر دەبەستێت. وەک ئەوەی لە زۆربەی شوێنەکانی جیهاندا ڕوودەدات، لە وڵاتانی گەشتیاری هەژارەوە تا شارە گەورەکان کە لەسەر ئابووری سێبەر دەژین، جەستەی ژنان دەبێتە دوایین سەرچاوەی بەردەست لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەژاری و پەراوێزخستن.
بۆیە 8 ی مارس ناتوانێ ڕۆژێکی جیهانی بێت مەگەر کرێکاری کارگەکە لە داکا، کرێکاری ناوماڵ لە ریاز، فرۆشیاری بازاڕ لە ئەدیس ئەبابا و ئەو ژنەی کە ڕۆژانە بۆ بژێوی ژیان تێدەکۆشێت لە ئابووری نافەرمی سەختدا لە ناوەڕاستی ئەو ڕۆژەدا ئامادە نەبن نەک پەراوێزەکانی. نەک وەک قوربانی بۆ وروژاندنی هەست، بەڵکو وەک ئەکتەرێک لە خەباتێکدا کە نەوەستاوە و ناوەستێت تاوەکو ئەو هەلومەرجە پێکهاتەیەی کە چەوساندنەوەیان گونجاو و قازانج بەخش و بەردەوامە دەگۆڕێت.

قەیرانەکان ڕاستیەکان دەردەخەن: لاوازی دەستکەوتەکان لە ژێر سایەی سەرمایەداریدا
ئەم لاوازییە پێکهاتەیە کە ژنان لە باشوور ئەزموونی دەکەن تەنها پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە. قەیرانی ئابووری ئەوە دەردەخات کە ژنان لە باکووریش دەستکەوتیان بەدەستهێناوە کە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە بەبێ ڕەگ و ڕیشەی قووڵ لە پێکهاتەی خودی سیستەمەکەدا. ئەزموونی ئەو وڵاتانەی کە بە پێشکەوتوو وەسف دەکرێن لە یەکسانی جێندەردا بە ڕوونی نیشانی دەدەن کە ئەم دەستکەوتانە سەرەڕای گرنگی زۆریان هێشتا لاوازن و ئەگەری داخوران لە سیستەمێکی سەرمایەداریدا کە پێکهاتەی بنەڕەتی نەگۆڕاوە. لە هەموو قەیرانێکی ئابووریدا، داواکان داوا لە ژنان دەکەن لە بازاڕی کار بکشێنەوە لە ژێر ئەو مشتومڕەی کە لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە دەردەکەون بەڵام لە بنەڕەتدا ئابووری دەردەکەون، وەک کەمکردنەوەی بێکاری، کەمکردنەوەی خەرجی گشتی، یان گەڕانەوە بۆ “ڕۆڵی سروشتیی” ژنان لە ماڵ و خێزاندا.
تەنانەت لە وڵاتانی ئەسکەندەناڤیا و ئەوروپا کە زۆرجار وەک نموونەی یەکسانی نیشان دەدرێن، بەشداری ژنان لە پۆستە باڵاکانی سەرکردایەتی تا ڕادەیەک سنووردارە لە زۆربەی کەرتەکاندا لە سەدا 25 بۆ 35 ی پۆستە باڵاکانی بەڕێوەبەر تێپەڕ ناکات و لە بەرزترین پۆستی جێبەجێکار بۆ 10 بۆ 15 لە سەدا دادەبەزێت، لە کاتێکدا جیاوازی مووچە بە تێکڕای 10 بۆ 13 لە سەدا بەردەوامە. شەڵتەرەکانی قوربانیانی توندوتیژی خێزانی ساڵانە سەدان ژن وەردەگرن، ئەمەش بە ڕوونی نیشانی دەدات کە یەکسانی یاسایی لە دەستوور و یاساکاندا مانای کۆتایی هێنان بە چەوساندنەوەی ڕاستەقینە نییە.
ئەم لاوازییە تەنها بۆ باشوور سنووردار نییە. هەمان سیستەمی ئابووری کە گوشار دەخاتە سەر کرێی ژنانی کرێکار لە کارگەکانی داکا، سیاسەتی توندوتیژی و تایبەتیکردن بەڕێوە دەبات کە کاریگەری لەسەر ژیانی ژنانی کرێکار لە نەخۆشخانە و قوتابخانە و دامەزراوەکانی چاودێری لە ئەوروپا هەیە. بەم شێوەیە لاوازی دەستکەوتەکان دەبێتە دیاردەیەکی هاوبەش کە شێوەی جیاواز لە نێوان باکوور و باشوور وەردەگرێت بەڵام لە هەمان ڕەگەوە سەرهەڵدەدات.
ئەم ڕاستییە ئازاربەخشانە ئەوە دووپات دەکەنەوە کە ئەو مافانەی کە لە ڕێگەی خەبات و قوربانیدان بەدەست هاتوون وردە وردە لەناودەچن مەگەر ئەو پێکهاتە ئابوورییە قووڵانەی کە پەیوەندییەکانی چەوساندنەوە و جیاکاری دەپارێزن بگۆڕدرێن. مافێک کە لە سیستەمێکدا دەدرێت کە باوەڕی بە یەکسانی نییە وەک مافێکی هەڵپەسێردراو دەمێنێتەوە کە دەتوانرێت هەر کاتێک بەرژەوەندییەکانی ئەو سیستەمە پێویست بکات لێی بسەنرێتەوە.

کاتێک پێشکەوتنی ژنان مانای سەرکەوتنی فێمینیستی نەبێت
بوونی ئافرەت لە پۆستی سەرکردایەتیدا مەرج نییە سەرکەوتن بێت بۆ دۆزی ژنان. ئەمە تەنها پارادۆکسێکی تیۆری نییە. مێژوو نموونەی بەرجەستە پێشکەش دەکات. یەکێک لە بەرچاوترین نموونەکان ئەزموونی مارگارێت تاچەر (1925-2013) بوو کە یەکەم ئافرەت بوو بە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کە لە نێوان ساڵانی 1979 و 1990 حوکمڕانی کرد. بەرزبوونەوەی ئەو بۆ بەرزترین ئاستی دەسەڵات لە کۆمەڵگایەکدا گرنگی هەبوو کە ژیانی سیاسی لەمێژە پیاوان بەسەریدا زاڵ بوون. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم بەرزبوونەوەیە نەبوو بە سیاسەتێک کە یەکسانی کۆمەڵایەتی بەهێز بکات یان چینی کرێکار لە چەوساندنەوە بپارێزێت.
بە پێچەوانەوە، سەردەمی ئەو پەیوەندییەکی نزیکی هەبوو بە سیاسەتی تایبەتکردنی فراوان و توندوتیژی ئابووری سیستماتیک کە سەندیکاکانی لاواز کرد، هێرشی توندی لە کرێکاران کرد و نایەکسانی کۆمەڵایەتی قوڵتر کرد. ژنان، بەتایبەتی ژنانی کرێکار و هەژار، باجێکی نەگونجاو و ئازاربەخشیان دا بۆ ئەم سیاسەتانە.
ژنان بەس نییە بگەنە پۆستی دەسەڵات ئەگەر هەلومەرجی کارکردن نادادپەروەرانە بمێنێتەوە. بەس نییە کە گوتاری “تواناسازی” و “شکاندنی سەقفی شوشەیی” بڵاو ببێتەوە لە کاتێکدا کاری ناوماڵ و چاودێری لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە نەناسراوە و لە حساباتی ئابووری فەرمی دوورخراونەتەوە. ئەم ئەزموونە بیرمان دەخاتەوە کە ئازادی ژنان بە ڕەگەزی ئەو کەسە ناپێورێت کە لەسەر کورسی دەسەڵات دانیشتووە، بەڵکو بە سروشتی ئەو سیاسەتانەی جێبەجێ دەکرێن و هاوتەریب بوونیان لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی زۆرینەی چەوساوەدا دەپێورێت.
ئامادەبوونی ژنان لە پۆستەکانی سەرکردایەتی و بڕیاردان هەنگاوێکی گرنگ و پێویستە بەرەو یەکسانی، چونکە قۆرخکاری مێژوویی دەسەڵات دەشکێنێت و ئامادەبوونێکی سیاسی و دامەزراوەیی دەبەخشێت بە ژنان. لەگەڵ ئەوەشدا پێوانەی ڕاستەقینەی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی ژمارەی کورسییەکانی ژنان نییە لە ئەنجوومەنی کۆمپانیاکان یان هۆڵەکانی پەرلەمان، بەڵکو گەشەسەندنی بەرجەستە لە ژیانی ژنانی پەراوێزخراو: کرێکارانی مووچەی کەم، ئەو ژنانەی لە هەژاری بۆماوەییدا گیریان خواردووە، پەنابەرانی هەڵهاتوو لە جەنگ و چەوساندنەوە، قوربانیانی سیاسەتی توندوتیژی کە باجی ئەو قەیرانانە دەدەن کە خۆیان دروستیان نەکردووە. لەم ڕوانگەیە ڕادیکاڵەوە، 8 ی مارس وەک رۆژی پرسیاری قووڵ لە سیستەمی ئێستا، سیاسەتەکانی و پێکهاتەکەی دەمێنێتەوە نەک دەرفەتێک بێت بۆ گونجاندن یان ماستاوکردن.

8ی مارس: چۆن تێدەکۆشین، نەک چۆن ئاهەنگ دەگێڕین
لە کۆتایی ئەم ڕێگا مێژووییە درێژە کە لە نیویۆرکەوە تا پترۆگراد و لە کۆپنهاگنەوە بۆ هەموو شارێک درێژ دەبێتەوە کە ژنان ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ داواکردنی مافەکانیان، بیرهێنانەوەی 8 ی مارس گەڕانەوەیەکی سۆزدارانە نییە بۆ ڕابردوو. ئەوە گەڕاندنەوەیەکی هۆشیارانە بۆ مانا ڕەسەنەکەی کە زۆر هێز هەوڵ دەدەن جوانی بکەن و بەتاڵ بکەن لە ناوەرۆکی چینایەتی و شۆڕشگێڕی. بەدەستهێنانەوەی ئەم ڕۆژە مانای نکۆڵی کردن لە خەباتی ڕیفۆرمیستی نییە کە دەستکەوتی بەدەست هێناوە کە ناتوانرێت بەکەم بزانرێت. واتە دووبارە بەستنەوەی ئەو دەستکەوتانە بە ڕەگە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکانیانەوە بۆ پاراستنیان لە پاشەکشە و پاشەکشە کردن.
سەرەڕای هەموو ئەو مافانەی کە بە دەیان ساڵ خەبات و خوێن و قوربانیدان بەدەست هاتوون، ئەو پێکهاتە قووڵانەی کە ڕۆژانە جیاکاری لە هەموو کارگەیەک، فەرمانگە و ماڵێکدا بەرهەم دەهێنن، لەناونەچوون. چەوساندنەوەی ژنان بەردەوامە لە بازاڕی کار کە لەسەر بنەمای جیاوازی مووچەی سیستماتیک و کاری بێ مووچە لە ئامارە فەرمییەکاندا نییە، و لاوازی ئابووری بۆماوەیی لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوازرێتەوە. ئەو سیستەمەی کە ژنانی کرێکار لە کارگەکانی چنین بەرهەڵستی دەکرد، بە زیندوویی دەمێنێتەوە و شێوە و میکانیزمەکانی دەگۆڕێت و لەگەڵ ئەوەشدا ناوەڕۆکی خۆی لەسەر بنەمای زاڵبوون و چەوساندنەوەی سیستماتیک دەپارێزێت.
ئەو میراتەی فێمینیزمی سۆسیالیستی بەجێی هێشت بانگەوازێک نەبوو بۆ ئاهەنگێکی ساڵانە کە ئاڵاکان هەڵواسرێن، گوڵ دابەش بکرێن و کۆنفرانس ئەنجام بدرێت پێش ئەوەی هەمووان بگەڕێنەوە بۆ ژیانیان بەبێ گۆڕان. بانگەوازێکی بەپەلە بوو بۆ ڕێکخستن و تێکۆشان لە سنوور و کەلتوور و زمانەکاندا، یەکسانی بە ڕەخنەگرتن لە سیستەمی چینایەتی سەرمایەداری و بەستنەوەی ئازادی ژنان بە ئازادی کۆمەڵگا بە گشتی لە لۆژیکی چەوساندنەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا گرنگترین پرسیار هەر دەمێنێتەوە: چۆن تێبکۆشین؟ ئەمڕۆ چ شێوازێکی ڕێکخستن پێویستە؟ ئایا پارتێکی سیاسی سۆسیالیستی تەقلیدی، تۆڕە کۆمەڵایەتییە لامەرکەزییەکان، یان رێکخراوەکانی فێمینیستی ترانس نەتەوەیی؟ چۆن کرێکارێکی جلوبەرگ لە بەنگلادیش دەتوانرێت پەیوەندی بە بەکاربەرێکی ئەوروپاوە هەبێت بە شێوەیەک کە هۆشیاری هاوبەش دروست بکات سەبارەت بە زنجیرەی چەوساندنەوەی جیهانی نەک شاردنەوەیان؟ چۆن دەتوانرێت ڕووبەڕووی سیاسەتی توندوتیژی ببێتەوە کە لەلایەن دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتیەکانەوە سەپێنراوە، کە دەرەنجامەکانی زۆرترین دەکەوێتە سەر ژنانی کرێکار و هەژار؟
وەڵامەکان ناتوانن کورت بکرێنەوە بۆ یەک هاوکێشەی ڕێکخراوەیی کە لە هەموو شوێنێک دروست بێت. هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە چوارچێوەیەکەوە بۆ چوارچێوەیەکی تر جیاوازە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەزموونی هاوچەرخ ئاماژە بە چەند ئاراستەیەکی ڕوون دەکات، لەوانە بەهێزکردنی ڕێکخراوی فێمینیستی سەربەخۆ و بنیاتنانی تۆڕی هاوپشتی فێمینیستی و کرێکاری. هەندێک لە پارتە چەپەکان و هێزە پێشکەوتووەکانیش ڕۆڵیان گێڕاوە لە پشتیوانیکردن لە یەکسانی جێندەر و داخوازییەکانی بزووتنەوەی فێمینیستی، چ لە ڕێگەی کاری پەرلەمانی و چ هاوپەیمانی لەگەڵ بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان.
لەم چوارچێوەیەدا، گرنگ دەبێت خەباتی فێمینیستی بە خەباتی کۆمەڵایەتی فراوانتر لە دژی سیاسەتی توندوتیژی و تایبەتیکردن ببەسترێتەوە و شێوازی نوێی ڕێکخستن کە کاری سیاسی و کۆمەلایەتی و فشاری سەندیکاکان تێکەڵ بکات. جیهانگیریی سەرمایەداری ئابووری جیهانی بەیەکەوە بەستووەتەوە. نەک تەنها تەحەدایەکی هاوبەشی بەرهەمهێناوە بەڵکو هەلومەرجی نوێی بۆ هاوپشتی کیشوەربڕ ڕەخساندووە کە دەتوانێت خەباتی ژنان لە شەڕە ناوخۆییە دابڕاوەکانەوە بگۆڕێت بۆ بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی جیهانی هۆشیارتر لە خۆی و ئامانجەکانی.
بۆیە لە 8 ی مارس و هەموو ڕۆژەکانی دواتر، پرسیاری سەرەکی ئەوە نییە کە چۆن ئەم بۆنەیە بگێڕین. پرسیاری ڕاستەقینە ئەوەیە کە چۆن تێدەکۆشین و ڕێک دەخەین و بنیات دەنێین. ئەو مافانەی دوێنێ بەدەستیان هێنا پێویستیان بە هۆشیاری نوێ و رێکخراوێکی بەردەوام هەیە بۆ پارێزگاریکردنیان لە ئەمڕۆ، وە پێویستیان بە ئیرادەی فێمینیستی چەپی شۆڕشگێڕانە هەیە کە ماندوو نەبێت لە فراوانکردنیان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ تا یەکسانی تەواو بەدەست دێت—یەکسانییەک کە نە نیوە قبوڵ بکات و نە وردە وردە قبوڵ بکات.

بەیان ساڵح




ئازادی گەلانی ئێران لەبەردەم بەربەستەکانی دوای ڕوخانی ڕژێمی ئیسلامیدا.. شاخەوان قادر شۆڕش

لە جوگرافیای ڕامیاریی ئێراندا ژمارەیەک گروپی ئەتنی ئایینی و نەتەوەیی دەژین کە فارس نین و سەدان ساڵە لەژێر دەستی دەسەڵاتدارانی تاراندان. کورد، لور، بەختیاری، ئیلامی، بەلوج، ئازەری، عەرەب و چەندین گروپی دی لە ژێردەستەییدا دەژین. ئیمراتۆرەکانی ئێران لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە لەژێر ناوی ڕەوتی شیعەی ئیسلامیدا لە هەموو سەردەمەکاندا ناڕەوا ئەو گەل ونەتەوانەیان خستۆتە ژێر دەستیان و چەوساندوویاننەوە و چیان ویستووە پێیان کردوون. وەکو هەموو ئیمپراتۆرەکان بە درێژایی مێژوو لەسەر بنچینەی هێز و داگیرکاری و فراوانخوازیی دروست بوون، ناڕەوا و بەهێزی زەبروزەنگ خۆیان بەسەر گەلاندا سەپاندووە. گەلانی ژێردەستی ئێران لە بێهێزیی و ناچاریدا ملیان بۆ دەسەڵای ناوەند کەچ کردووە. لە دوای دامەزراندنی دەسەڵاتی پادشایەتی ڕەزا شا، ئەم بارە وەکو پێشوو درێژەی پێدرا. ڕژێـمی ڕەزا شا لە چەوساندنەوە و سەرکوتکردنی گەلان لە تێکشکاندنی کۆماری کوردستان و ئازەربایجانەوە و لەسێدارەدانی سەرکردە کوردەکان و سەدان شۆڕشگێری کورد دەستی پێکرد و بەردەوام بوو، کەمترین کاردانەوە و ناڕەزایی بە تووندترین شێوە وەڵامی دەدرایەوە. حەمە ڕەزا شای ئێران لە خەیاڵی بەرزەفڕی خۆیدا نازناوی درۆزنەی پەهلەویان لە خۆیان نا، وەکو مەبەستی بوو ئیمراترۆری فارس زیندووکاتەوە و زمان و فەرهەنگی فارسی لەژێر رەوتی ناسیونالیستی ڕەگەزپەرستانەدا لە ڕێگەی زەبروزەنگدا بەسەر گەلاندا بسەپێنێت. کە ڕژێمی ئیسلامی لە ساڵی ١٩٧٩ دا هاتنە سەرکار ئەم ڕەوتە خۆسەپێنەر و فراوانخوازییە لەلایەک و نکۆڵیکردن لە مافی گەلان لە لایەکی دی درێژەی پێدرا، لەژێر ناوی شۆڕشی ئیسلامی و بیروهزری خومەینیدا ٤٧ ساڵە ئەم ڕژێمە خەڵک دەچەوسێنێتەوە، ئازادیی و کرانەوەی تاکەکانی قەدەغە کردووە، یاسای شەریعەی ئیسلامی بەسەر خەڵکدا سەپاندووە، لەو ساوە تا ڕۆژی ئەم ڕۆمان لە کوشتن و تیرۆر و ئازاردانی خەڵک لەسەر جودایی بیروڕاو داوای ئازادی خەڵک بەردەوامە. دەکرێ مەزەندەی ئەوە بکرێت کە سەدان هەزار کەس لە لایەن ئەم ڕژێمەوە بێدادانە لە دادگای بەناو شۆڕشی ئیسلامیدا سزای مردنیان بەسەردا سەپێندراوە و ناڕەوا کوژراون. جگەلەوەی کە ئێران هەناردەی شۆڕشی ئیسلامی بۆ دەرەوەی ئێران کردووە، پشتگیریی گروپە ئیسلامیە تووندڕەوەکانی لە زۆر لە وڵاتە مۆسوڵمانەکاندا کردووە، بۆ نموونە دەستی خستۆتە ناو کاروباری عێراق، سوریا، لبنان و فەڵەستین وڵاتانی دیکە.
ڕژێمی شا لەژێر کاریگەریی هزری ئایدۆلۆژیانەی پان فارسیسزمدا ئەم گەلانەی چەوساندۆتەوە، ڕژێمی ئیسلامی ئێران لەژێر کاریگەریی هزری ئایینی ئیسلامدا درێژەی بە هزری نەتەوەیی فارسیانە داوە و ئەم گەلانەی چەوساندۆتەوە. لە کاتێکدا نە ئیمپراتۆرەکان، نە ڕژێمی شا نە ڕژێمی ئیسلامی مافی ئەوەیان نەبووە ئەم هەرێمانە بە زەبروەنگ و هێز بخەنەژێر دەستی خۆیان و داگیریان بکەن.
لە دوای هەڵگیرانی جەنگ لە نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل لە لایەک و ڕژێمی ئیسلامی لە بەرەکەی دیکەدا لە ڕۆژی ٢٨/٢/٢٠٢٦دا، کوشتنی خامنەئی و ژمارەیەک لە بەرپرسە باڵاکان و وێرانکرانی سەربازگە و کارگەکانی چەک، دەوڵەتی ئێران لە ئەگەری ڕووخان و وەرچەرخان دایە. ڕووخانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران نە تەنها بۆ گەلانی ئێران گرنگ و پێویستە بەڵکو بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان گرنگی هەیە، ئەگەر لە دیدی ئازادی و کرانەوەدا سەیری گۆڕینی ئەم ڕژێمە تۆتالیتارە ئیسلامیە بکەین.
کوڕەکەی شا بە ئاواتی گەڕانەوەیە و لایەنگرانیشی هەن، لە ئەگەری گەڕانەوەی کوڕەکەی حەمە ڕەزا شا بۆ دەسەڵات کە لە ئێستاوە هەڕەشە لەو گەلانە دەکات کە نیازی ئازادی و خۆسەریان هەیە، ئەوا ئەگەرەکانی درێژەدان بە چەوساندنەوە و سەرکوتکردنی گەلانی ژێردەستەی ئێران لە ژێر ناوی پارێزگاریی لە یەکپارچەیی خاک و یەکسانی لە هاوڵاتیبووندا بەهێز دەبن، ئەوەش دەرئەنجامەکانی بۆ ئێرانی دوای ئایەتوڵاکان باش نابێت، چونکە ئاژاوە و ناکۆکی و شەڕی ناوخۆ و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیی لە لایەن دەسەڵاتی تارانەوە ئەو مەترسیانەن کە لە ئەنجامی سەپاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆرانەدا سەرهەڵدەدەن. گەلانی ئێران پێویستیان بە ئازادی و دیموکراسی هەیە، پێویستیان بە دیکتاتۆرێکی دی لەبەرگی پادشایەتیدا نییە.
هەموو ئەو گەلانەی لەژێر دەستی تاراندا بوون مافی خۆیانە چارەنووسی خۆیان دیارکەن و بڕیاری لەسەر بدەن، هەر جۆرە سەپاندنێک لەژێر ناوی پاراستنی یەکێتی خاکی ئێران، یا هاوڵاتی بوون و یەکسانی لە مافی هاوڵاتیبووندا بەمجۆرە ڕاکردن لە دانپێنانی مافی کەلتوری و ڕامیاریی و نەتەوەیی ئەم گەلانەی کە خاوەنی مێژوو و جوگرافیای تایبەت بەخۆیانن، ناتوانێ چارەسەری درێژ خایەن لەگەڵ خۆیدا بهێنێت، بەپێچەوانەوە درێژەدانە بە چەوساندنەوە و سەرکوتکردنی ئەم گەلانە کە نە فارسن و نە دەخوازن لەژێر دەسەڵاتی تاراندا بن.
لەگەڵ ڕوخانی ڕژێمی ئیسلامیدا پێویستە ڕەتی ئەو سنوورە جوگرافیانە بکرێنەوە کە دەسەڵاتی ناوەند بە مەبەستی لاوازکردن و گۆڕینی دیمۆگرافیا ئەم نەخشە ناوخۆییانەی سەپاندووە. پێویستە ئەم شێواندنە جوگرافی و دیمۆگرافیانە چاکبکرێنەوە. بۆ نموونە نیوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لەژێر چنگی ئێراندایە وەکو ئازەربایجانی ڕۆژئاوا ناوزەدکراوە. کە کە خەڵک و خاکەکەی هیچ پەیوەندیان بە ئازەربایجانەوە نییە. پێویستە ئەم سنوورە بەڕێوەبەریی و جوگرافیانە چاکبرێنەوە. پێویستە گەلانی ئێران شانسی ئەوەیان پێبدرێت خۆیان خۆیان بەڕێوەببەن و جۆرێک لە دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمی یا فیدرالیان هەبێت، لەسەر بنچینەیەکی دیموکراسیانە سیستەمی ڕامیاریی خۆیان دابمەزرێنن و مافی کەلتوری و سیاسی کەمینەکان لە چوارچێوەی سنوورەکانیاندا پارێزراو بێت. دەکرێ جۆرێک لە سستەمی تێکەڵ لە ئۆتۆنۆمی و فیدرالی بەپێی هەڵکەوتە و تایبەتمەندی هەرێمەکان دروست بکرێت، مسۆگەری مافە کەلتوری و ڕامیاریەکان بکرێت، هەموو گەلان نوێنەریان هەبێت و بەشداریی لەبەڕێوەبردندا بکەن، مسۆگەری مافەکانی مرۆڤ بکرێت، هەروەها نوێنەرانی ئەم گەلانە بەشدرایی لە دەسەڵاتی ناوەنددا بکەن. هەروەها گرنگە بیری بخەینەوە سنووری هیچ دەوڵەتێکی بەزۆر سپێندراو پیرۆز نییە و فەرمانێک نییە لە ئاسمانەوە دابەزیبێت، بۆیە پێویستە لە دیدی ڕەوایی دادوەریی و مافی گەلانەوە سەیری سنوور بکرێت. ئەو گەلانەی کە توانای سەربەخۆییان هەیە و مەرجەکانی دەوڵەت پڕ دەکەنەوە ڕێگەی مافی چارەی خۆنووسینیان پێبدرێت و لە دەستووردا ئەم مافە مسۆگەر بکرێت.
زلهێزەکان جگەلەوەی خەریکی جێبەجێکردنی پلانی ئابووری و سیاسی خۆیانن و لە ململانێدان، بەپێی بەرژەوەندی تایبەتیان هەنگاو دەنێن و پیادەی ڕیالپۆلیتیک دەکەن، ئەوەش ئاراستەیەکە کە بیر لە بەدیهێنانی ئامانجە ئاسایشییە نەتەوەییەکان دەکاتەوە و مافی گەلانی ژێردەستە لە بەرنامەیدا نابێ، ئەگەر بەرژەوەندیەکانی نەخوازێت. لە کاتێکدا ئەمەریکا هەوڵی تێکشاندنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بەتەواویی دەدات و دەیهەوێ ڕژێمەکە تەواو لاوازکات، مسۆگەریی کۆنتراکتی نەوت و گازبگات، ئیسرائیل جگەلە نەهێشتنی بەرنامەی ئەتۆمی هەوڵی نەهێشتنی ڕژێمی ئیسلامی دەدات، کە بەهەڕەشەی ڕاستەوخۆ لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەیبینێت. وەکو لای سەرانی ئیسلامی ئێران ڕەوابووە ئیسرائیل لەگەڵ خاکدا تەختک بکرێت و بە شانازیەوە ئاماژەیان بە ئەرکی جیهادیانەی خۆیان کردووە، هەر لەم دیدە جیهادی و فراوانخوازیەوەش پشتگیریی گروپە ئیسلامیەکانی وەکو حەماس، حزبوڵا و حوسیەکانی لە دژی ئیسرائیلدا کردووە. بۆیە ئیسرائیل لەوەدا بە کردەوە و بەڵگەوە ئەو هەڕەشەیەی ئێرانی لەسەردا هەبووە و ئیستا دەیهەوێ شوێنەوەرای ئەم ڕژێمە نەهێلێت.
ڕۆژئاوا و وڵاتانی موسوڵمان لە دیدی تایبەتی جیاجیاوە لەگەڵ ئەوەن زوو سەقامگیریی بۆ ئێران بگەڕێتەوە و شەڕی ناوخۆ و پەرتەوازەیی دروست نەبێت. ئەگەر ڕۆژئاواییەکان لەگەڵ جۆرێ لە کرانەوە و بەستنی کۆنتراکتی نەوت و گازدا بن، ئەوا وڵاتە موسوڵمانەکان کێشەیان لەگەڵ هاتنی ڕژێمێکی دیکتاتۆردا نییە، چوکە خۆیان دیموکراسی نین.
ئەوەی بە پلەی یەک کاریگەریی لەسەر گۆڕانکارییەکەدا هەبێت ئەمەریکایە، جگەلەوەی سەختە لە نیازی شاراوە و هەنگاوی داهاتووی تڕەمپ بگەیت، چونکە ئێمە نازانین لە ژوورە داخراوەکاندا بڕیاری چی دەدرێت، بەڵام ئەگەر سەرنجی لێدوانەکان بدەین و وەکو لە سوریا دیترا ڕەوتی بەڕێوەبەریی تەرمپ سەبارەت بە جۆری چارەسەری کێشەی نێوان نەتەوەکان، تێگەیشتنێکە لەژێر کاریگەریی تورکیادایە، تێگەیشتنێکە خۆی لە هزر و بیرۆکەی ئۆتۆنۆمی و فیدرالی دووردەخاتەوە، پێ لەسەر یەکێتی خاکدا دادەگرێت، جەخت لەسەر مافی کەلتوری و هاوڵاتی بوون و “مافە سڤیلەکان” دەکاتەوە، دژی داننانە بە مافە نەتەوەییەکان و دابەشکردنی وڵاتە لەسەر بنچینەی مافە ئەتنی و نەتەوەییەکاندا، بەکورتی لەگەڵ چارەسەری فیدرالی و خۆسەریدا نییە، تەنها لەبارێکدا کە نەتەوەی ژیردەستە خۆی وەکو نەتەوە سەڵماندبێت و بەهێز و یەکگرتووانە هاتبێتە پێش و سووڕبێت لەسەر مافەکانی، لەم بارەدا دەکرێ لاربوونەوە ڕووبدات. بەڕێوەبەریی تڕەمپ پیادەی ڕیالیزم دەکات کە بەرژەوەندیی ناسیونالیستی ئەمەریکا چەقی هەنگاوەکانیانە، مافی مرۆڤ و مۆڕال گرنگیان نییە. بەکورتی بەڕێوەبەریی تڕەمپ کێشەی لەگەڵ بوونی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆردا نییە کە مافی گەلان پێشێلکات بە مەرجێک سەقامگیر بێت و بە پێی خواست و بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکا بجووڵێتەوە. بۆ نموونە ئەوەی لە ڤەنزوێلا ئەنجامیدا بۆ ئەمەریکا ئاساییە دووبارەی بکاتەوە. ئەو ڕەوتەی ئەمەریکا ئاراستەیەکە لەگەڵ خواستی گەلانی ژێردەستەی ئێران یەکناگرێتەوە و دژە لەگەڵیاندا، بۆیە ئەرکی ئەم گەلانە لە خەباتیان بۆ گەیشتن بە ئازادیی زۆر سەختتر دەکات. ئەگەر سەیری سوریا بکەین ئەوە بێگومان خەباتی ئازادی و ڕزگاریی گەلان لە ئێراندا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت دایە، بۆیە چ جۆرە چارەسەرێک و سیستەمێکی ڕامیاریی بۆ ئێرانی دوای ڕژێمی ئیسلامی گونجاوە بژاردەیەکی ئاسان نابێ ئەگەر لەلایەک ئەمەریکا دژی پرەنسیپە دیموکراسیەکان بوەستێت و کەسێکی دیکتاتۆر بێنێت و بیسەپێنێت، لە لایەکی دی ڕەجەویەکان و شا پەرستەکان و فارسە ناسیونالیستەکان بەگشتی دژی مافی خۆبەڕێوەبەری گەلان بووەستنەوە.
گرنگە کوردەکان و گەلانی ژردەستە پەیوەندی دیپلۆماسیان بەهێزکەن و بگەن بە بازنەی خەڵکە نزیکەکان لە تڕەمپی سەرۆکی ئەمەریکا، تاکو بتوانن کارییگەریی لەسەر بڕیارەکان دروستکەن. ئەوەی لەسەر پارتە ڕامیاریەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە تەبایی و یەکگرتووییە لەسەر ستراتیژیەتێکی ڕامیاریی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە تیایدا ڕەچاوی بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستان بکات، مسۆگەری مافەکانی مرۆڤ بکات، مسۆگەری مافە کەلتوری و ڕامیاریەکانی کەمینەکانی کوردستان بکات، هەروەها لەسەر بابەتە چارەنوسسازەکان یەکگرتووانە لەگەڵ لایەنە ناوخۆیی و دەرەکیەکان بدوێن. پێویستە کوردستان هێزی بەرگریی تایبەت بە خۆی هەبێت و کە لە قۆناغی دوای ڕوخانی ڕژێم لەسەر بنچینەیەکی مۆدێرن ڕێکبخرێتەوە، هەڵەیەکی کوشندەیە لەسەر بنچینەی میلیشیا و ‌حزب حزبێنە درێژە بە بوونی بدات. یەکگرتوویی و دیسپلینی بەهێز، ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆکمە و بەهێز پیشان دەدات و وادەکات بەهێزەوە بچنە ناو دانوستان و ڕێککەوتنەکان.

شاخەوان قادر شۆڕش
٧-٣-٢٠٢٦




ئۆجەلان و باکۆنین: گفتوگۆیەکی تەواونەکراو.. کارڵۆس پازمینیۆ.. و: گۆران عەبدوڵڵا

ئەم نووسینە گفتوگۆیەکە لەسەر تەکنیکی شۆڕشگێڕانەو لایەنە هاوبەش و جیاوازییە تیۆرێکانی بنچەی دەوڵەت لە نێوان عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕابەری پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK ) و بزووتنەوەی رزگاری کورد لەگەڵ میخائیل باکۆنیین، یەکێک لە گرنگترین تیۆریستەکانی ئەنارکیزم و رابەرانی چەپ لە سەدەی نۆزدە.

هاوبەشی و جیاوازی ئەو باوەڕانەی کە لەم رۆژگارەدا دەخرێنە بەرچاومان زۆر گرنگن بۆ تێگەشتن لە دەوڵەت، تاکتیکی شۆڕشگێڕانە دژ بە دەوڵەت، ناوەندە سیاسێکان و رۆڵی شۆڕشگێڕانە، لەگەڵ پێداگری لەسەر ئازادی ژن. بۆیە ئەم بەشداریکردنە پرسیاری گرنگ دێنێتە ئاراوە کە بەشێکی زۆری لە بیرکرابوون یان لاوەکییانە لێیان دەڕوانرێت لە لایەن بزووتنەوەی چەپ و تیۆریستەکانیەوە بۆ بیرکردنەوە لە شۆڕش لە سەدەی ٢١ دا.(Pazmino 2017a).

وەک دەزانرێت باکۆنین لە بیر کرا پاش دەرکردنی لە کۆنگرەی یەکەمی ئەنجومەنی نێودەوڵەتی کرێکاران (IWMA)، هەروەها خۆیی و باوەڕەکەی بە توندی سەرکۆنەکرا وەک باوەڕێکی (تەواو ئایدیلۆژی). بەهەرحاڵ، پێشتر و پاش روخانی یەکێتی سۆڤییەت، ڕەخنەکانی باکۆنیین ناوە ناوە سەریان هەڵدەدایەوەو جار لە دوای جار رەخنەکانی دووبارە دەکرانەوە لەسەر بنچەکانی دەوڵەت و دەوڵەتداری مارکسیستی. پێشبینییەکانی پشتڕاستکرانەوە لە کۆمۆنەی پاریسەوە تا شۆڕشی روسیا کە دەوڵەتی سۆشیالیستی چارەسەر نییە بۆ فەراهەمکردنی کۆمەڵگەیەکی دیموکرات و ئازاد (price 2012 [2007].

ئۆجەلان، پێش ئەوەی گەشە بدات بە پەرەدایمەکەی لە مارکسیست لینینیستیەوە بۆ کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی، بەهەمان شێوەی باکۆنیین توشی رەخنە بوەوە سەبارەت بەدەوڵەت ( Pazmino 2017b). باکۆنین و ئۆجەلان (2016a)، لە دوو زەمەنی جیاوازدا هاوشێوەی یەکتر گەشەیان بەتیۆری بنچەی دەوڵەت دا، بیانویان ئەوەیە کە بنچەی دەوڵەت ئابوری نەبووە، بەڵکوو ` ئایدیۆلۆجی` بووە، هەروەها دەوڵەت `دەزگایەکی ئاینی`ە، سەرکوتگەر، خۆسەپێن و باوکسالارە. بەهەرحاڵ، ئۆجەلان زۆر واوەتر رۆشت لە باکۆنین و گفتوگۆیەکی هێنایە ئاراوە سەبارەت بە بنچەی دەوڵەت لە ژێر هەژمونی ژنان دا، بەم شێوەیە دەتوانرێت بووترێت رێبەری کورد تیۆری دەوڵەت لای باکۆنین کامڵ دەکات و تێیدەپەڕێنێت (Pazmino 2017b).

شیکارێکانی ئۆجەلان بوونە هۆکاری گەشەیەکی تەکنیکی نوێ، ئەویش  کۆنفیدراڵییەتی دیموکراتییە ( ئۆجەلان ٢٠١٦ب). لەو سەین و بەینەدا مارکسێکان بانگەوازی دەستبەسەرداگرتنی دەوڵەت دەکەن و ئەنارکیستەکانیش کار بۆ هەڵوەشانەوەی دەکەن، ئۆجەلان بانگەوازی هەڵوەشانەوەی دەکات هەنگاو بە هەنگاو تا بەتەواوی دەسەڵات دەکەوێتە دەستی کۆمەڵگەی رێکخراو. بابەتی شۆڕش، پرۆلیتاریا نییە، بەڵکو ژنانە کە ئامادە نیین ` رۆڵیان هەبێت لە شۆڕش` ئەوان شۆڕشن ( Bi Battista 2016 ). وەک دەبینین ئۆجەلان کۆتایی بەو گفتوگۆیە گەورەیە هێنا سەبارەت بە بنچەی دەوڵەت و تەکتیکاتی شۆڕشگێڕانە پاش ١٥٠ ساڵ لە دامەزراندنی پەیوەندی نێودەوڵەتی کرێکاران.

دەوڵەت دەزگایەکی ئاینییە.

باکۆنیین پێی وایە دەوڵەت کاتێک دەردەکەوێت لە ` کۆمەڵگە سەرەتاییەکان ` ئەو کاتانەی ساحیرەکان و ` پیاوانی خودا` کاریەگەری دەخەنە سەر کۆمەڵگە لە رێی ئەفاسانەکان و شیکردنەوەی دیاردە نادیارەکان، لێرەوە ` هاوپشتییە سروشتییەکان` تێکدەشکێنرێت لە ژیانی کۆمەڵگەدا. ` رۆحی بەرزەفڕی` ئینسان دەیەوێت لە دیاردە سروشتێکان تێبگات و هەر لێرەشەوە شوناسێکی خوداییان بەبەردا دەکات. لێرەوە ساحیرەکان رۆڵی خوداوەندی لەسەر زەوی وەردەگرن، وردە وردە دەبنە ئەندازیاری کۆمەڵگە، چوونکە ئەوان کەناڵی پەیوەندیین لەگەڵ خودادا.

لەم رێگایەوە دەوڵەت خۆی رێکدەخات وەک قوربانی دەرێک لە پێناو ژیانی کۆمەڵگەدا، نکۆڵی لە ئازادی، چەوسانەوەو سەرکوتکردنی کۆمەڵگە لەسەر بنەمای ئەو شوناسە ئاسمانییەی بە خۆی بەخشیوە: هێزی رەهای دەوڵەت بەسەر کۆمەڵگەدا وا خۆی نمایش دەکات کە ` پارێزەری کۆمەڵگەیە`. لەگەڵ ئاڵۆزبوونی زیاتری پەیوەندییە کۆمەڵایەتێکان لە رەوتی مێژوودا، بڕوابوون بەدەوڵەت و گرنگێکەی زیاتر بووە تەنانەت لە بڕوای ` پیاوەکانی خودا` لە چەرخە کۆنەکان.

پرۆژە تیۆرێکەی ئۆجەلان زۆر واوەتر دەچێت لە باکۆنین، هەرچەندە رێبەری کورد بەشدارە لە ئایدییەی بنچەی ئاینی دەوڵەت، بەڵام رەگەزێکی تری بۆ زیاد دەکات، ئەویش باڵادەستی پیاوانە بەسەر ژنان دا لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژی ئاینی.[1]

بەتەنها دەرکەوتنی ` کۆمەڵگەی ئاینی` نییە کە وادەکات دەوڵەت دەرکەوێت، بەڵکوو کەمکردنەوەی رۆڵی ژنانە لەکۆمەڵگەدا، هەر بۆیە، دەوڵەت دامەزراوەیەکی باوک سالارییە. بەبێ گومان ئەمە گرنگترین بەشداری ئۆجەلانە لەگەڵ رێزدا بۆ باکۆنیین، ئۆجەلان سەیری بابەتی سەرهەڵدانی دەوڵەت دەکات – ژنان – هەموو کۆمەڵگە نیین وەک ئەوەی باکۆنیین دەڵێت. ئۆجەلان پێی وایە کۆمەڵگە باڵادەست دەبێت و دەچەوسێنێتەوە، وەک ئەوەی ئۆجەلان پێی وایە ژنان سەرەتا باڵادەست بوون دوواتر چەوسانەوە، ئەمە وایکردووە ژنان دژ بە دەوڵەتبن وەک دوواتر دەبینین.

دژە دەوڵەت و ژیلەمۆی شۆڕش: ئازادی ژنان

لە نەریتی سۆشیالیستە کلاسیکەکان، هەر لە باکۆنین ەوە تا مارکس، تەنانەت سەردەمی مارکسیستە ئەرسەدۆکسەکان وەکوو عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) بابەتی شۆڕش بۆیان پرۆلیتاریا بووە. سەبارەت بە نووسەرانی کلاسیک بە شێوەیەکی گشتی لەسەر ئەم بابەتە کۆک بوون کەوا ناکۆکی و پێکدادانەکان پەیوەستە بە چینی بەرهەمهێنەری سەرمایەدارییەوە، واتە خەباتی ئابورییان خستە سەروی بوارەکانی تری خەباتەوە. پێیان وابوو بە جیهانیبونی سەرمایەداری دەبێتە هۆکاری بە جیهانیبونی پرۆلیتاریا لە هەموو وڵاتانی جیهان[2]؛ بەهەر حاڵ،  سەرمایەداری بە شێوەیەکی یەکسان وەبەرهێنان ناکات لە جیهاندا، وەکوو پرۆلیتاریا. پرۆلیتاریای ناجێگیر بەشێوەیەکی زۆر وەک هێزێکی جیهانی لە خۆیدا هێزی خۆی لەدەستداوە، لە هەمان کاتدا دەرکەوت ئەم بابەتە شۆڕشگێرانەیە کێشەی تیۆری گرنگی هەیە. لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم کە تیۆری باکۆنین و مارکس بۆ ئەم چینە توانایی و گرنگی خۆی بە هیچ شێوەیەک لەدەست نەداوە، دەبێت تێکەڵاوی ` دونیای کار` بیت بۆ تێگەشتن لە چینەکەو گرفتەکانی، وە تێبگەیت لە سیستمە ئاڵۆزەکانی نێوان کاری فەرمی و نافەرمی، ئایدیۆلۆژی، ئابوری و جێندەر، تاد.، رەنگە دژواربێت لەم کاتەیا جیهانیبین لە پەیوەند بە هۆکاری شوناسی تاک و کۆمەڵ.

لایەنێکی گرنگ لەوەی ئۆجەلان ئەوەیە کە بەشێوەیەکی تایبەت بڕوای وایە کە ژنان لە رۆژگارێکی زووەوە ناکۆکی و دژەکانی کۆمەڵگەی رێکخراویان سەبارەت بە توندوو تیژی و چەوسانەوە و باڵادەستی بەرجەستە کردووە. بەرای ئۆجەلان باڵادەستبوون بەسەر ژناندا تەنها چارەڕەشی نەبوو بۆ ژنان، بەڵکوو بەدبەختی بوو بۆ هەموو بەشەریەت، لێرەوەیە ئۆجەلان توانایەکی گەورەتر بۆ پرۆلیتاریا دەگەڕێنێتەوە.

لەم کاتەیا دەمەوێت قسە لەسەر سێ خاڵی هزری گرنگ بکەم سەبارەت بە تیۆری ئۆجەلان.

یەکەم، ئۆجەلان بزانێت یان نەزانێت، تیۆرییەکی لە دێدگای ژنانەوە درووستکردووە سەبارەت بە چۆنیەتی دەرکەوتنی دەوڵەت.

دووەم، باڵا دەستبوون بەسەر ژناندا مایەی درووستبونی دەوڵەتە.

سێیەم، لە رەهەندە تاکتیکییەکانی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتییدا، کە هەوڵدان و گەڕانە بە دوای ئازادی ژناندا وەک پێداویستییەکی کۆمەڵگە، ناکرێت گرەوە لەسەر درووستبونی دەوڵەتێکی نوێ بکات، کە لە خۆیدا لە رووی ئایدیۆلۆژی و تەکنیکییەوە پێچەوانەیە. کەواتە، کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی دەتوانرێت پۆلین بکرێت وەک نمونەیەکی عەمەلی و تەکنیکی و هەروەها ژنانە.

بەمشێوەیە، ئۆجەلان نەک هەر ئەڵتەرناتیڤێک[3] لە رووە مێژوییەکەیەوە دەخاتە بەر دەستی چەپ بۆ گفتوگۆ، بەڵکوو ئەو باوک سالاریەش دەخاتە بەرباس کە بەردەوامە لەگەڵ مێژوی بزوتنەوەی چەپدا کەوایکردووە ئازادی ژنان بخرێتە دوواوە.

پارتی شۆڕشگێڕ یان بزووتنەوەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتی؟

بە پێچەوانەی مارکسیزمی کلاسیکەوە، باکۆنیین پێی وایە پارتی شۆڕشگێڕ رۆڵی ` مامانی شۆڕشگێڕ` دەبینێت. بەڕای باکۆنیین حیزب رۆڵی شۆڕشکردن ناگێڕێت بەڵکوو لەگەڵ خەڵکدایە کە ئاکتەری سەرەکی شۆڕشن. بەڵام لە مارکسیزمدا ئەوە حیزبە رابەرایەتی دەکات و لە هەمان کاتیشدا دەوڵەتۆتکەیەکی بچوکیشە، هەر کاتێکیش دەستی دەگاتە دەسەڵات بۆخۆی بەرپرسیارەتی دەوڵەتی پرۆلیتاریایی دەگرێتە دەست.

گۆڕانی فیکری ئۆجەلان و PKK، بە رێزگرتن لە ستراکچەری حیزب، چوونە وتووێژی فکرییەوە لەگەڵ ئایدیاکانی باکۆنین دا. PKK وەک پارتێکی مارکسی لینینی کلاسیک توانی خۆی بگۆڕێت بۆ بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بۆ دەرەوەی خۆی و سنوورەکانیش ببەزێنێت[4]، سەرباری مانەوەی ستراکچەرە سیاسییەکەی، ئەو توانایەی لە خۆی نیشانداوە ببێتە بزووتنەوەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتی خاوەن رەهەندێکی فراوان. بە گرەونەکردن لەسەر پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی PKK توانیتی ئەو نمونە کلاسیکییە مارکسیە لینینیە بەجێبێڵێت و ببێت بەوەی کە لەسەرەوە ئاماژەم پێدان. کاتێک هەزاران کورد لە تورکیا دەڕژێنە سەر جادە و هاوار دەکەن ` PKK خەڵکەو، خەڵک وا لێرەیە،` لێرەوە دەتوانیت باشتر لەو دیاردەیە تێبگەیت.

وەک ئەوەی تێبینی دەکرێت، لێکچون و جیاوازێکانی نێوان باکۆنین و ئۆجەلان گرنگن، دەست دەبەن بۆ بۆ ئەو بابەتانەی دونیای چەپ کە بە بێ چارەسەری ماونەتەوە. پرۆژەی ئۆجەلان سەبارەت بە دەوڵەت و ئازادی ژن و رۆڵی حیزب، ئەمانە رەگەز گەلێکی گرنگن بۆ بیرکردنەوە لە شۆڕش و تیۆری شۆڕشگێڕانە لە سەدەی بیست و یەکەمدا. خوێندنەوەکانیان دەبێت لایەنی تیۆری و چەکداریش لە خۆی بگرێت.

————————-

Carlos Pazmiño

کارڵۆس پازمینۆ توێژەرە لە بواری کورد لە ڕوانگەی ئەمریکای لاتینەوە. نامەی ماستەرەکەی بە ناونیشانی (هەڵوەشانەوەی دەوڵەت) بوو لەگەڵ چۆنیەتی تێگەشتن لە گۆرینی نەزەری و عەمەلی فیکری عەبدوڵڵا ئۆجەلان و PKK. پازمینۆ یەکەمین کەسە لە ئەمریکای لاتین کە ئەم بابەتە دەداتە بەر باس و لێکۆڵینەوە. پازمینۆ وەک خەباتکارێکی مەیدانی لە چەند بوارێکی میللی کاردەکات، پەیوەندی هەیە لەگەڵ سەندیکا کرێکاریەکان و خەباتکردنە ناوچەییەکانەوە، هەروەها سەبارەت بە ئەمریکای لاتین و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت دەنووسێت.

سەرچاوە:

https://www.academia.edu/34570216/%C3%96calan_and_Bakunin_an_incomplete_discussion#:~:text=Pazmi%C3%B1o%2C%20Carlos.%202017a.%20Abdullah%20%C3%96calan%3A,siglo%20XXI.%20http%3A%2F%2Fkurdistanamericalatina.org%2Fabdullah%2Docalan%2Duna%2Dcontribucion%2D%20para%2Dpensar%2Dla%2Drevolucion%2Den%2Del%2Dsiglo%2Dxxi%2F%20__________2017b.


[1]  رەخنە لە ئۆجەلان دەگیرێت بەوەی کە رۆڵی بەرچاوی داوە بە ژنان لە چاخی بەردینی نوێدا لەو کۆمەڵگەیانەی کە نیشتەجێی ` رۆژهەڵانی ناوین – Fertile Crescent` بون، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم رۆڵە پێشتر وەک کەلتورێک دەرکەوتووە لە دانیشتوانی چیای ئەندیز لە ( ئەمریکای خواروو) پێش داگیرکارییەکانی ئینکا و ئسپانییەکان. بۆیە دەکرێت ئایدییەکانی ئۆجەلان گرنگ بن بۆ تێگەشتن لە دەرکەوتنی دەوڵەت وەک دەزگایەک لە هەندێک ناوچەی ئەندیز و لە هەندێ ناوچەی تر ئەو پرۆسەیە تەواو نەبووە وەکو پیرۆی ئێستا، دەوڵتی ئینکا و فراوان بوونەوەکەی نمونەیەکە لەوە.

[2]  گفتوگۆکردن سەبارەت بە گرنگی رۆڵی پرۆلیتاریا وەکو بابەتێکی شۆڕشگێڕانە بە قەیرانێکی بەرچاودا تێدەپەڕێت ئەگەر وادابنرێت ` ئەم چینە کرێکاری سەنعەتیین` بە بێ لەبەرچاوگرتنی چینی کرێکار لە ناوچەکانی پۆستکۆلۆنیالیزم و `گرێدراوەکان` وەکوو کوردستان  یان ئەمریکایلاتین. سەرمایەداری لە سەردەمی نیو لیبراڵیزمدا قەیرانەکانی زیاتر بووە کە کاریگەری هەیە لەسەر وڵاتە ناوەندەکان و چینی کرێکارەکەی، ناچاربونە بە گەڕانەوەی ` کارگەکان و سەرمایەکەیان` بۆ ئەو وڵاتانەی لێوەی هاتوون.

[3]  رەخنەکانی ئۆجەلان، ژنانی لیبراڵی رۆژئاوایی و تێگەیشتنە پاسفیستی و بەرژەوەندخوازێکانیانیش دەگرێتەوە، پێشنیارێکە کە دەبێت بزووتنەوەی ژنان ستراکچەر و رێکخراوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی تایبەت بە خۆی بنیاتبنێت. ئۆجەلان داوا لە ژنان دەکات بەشێوەیەکی کرداری و کاریگەر لەسەر زەمینی واقعی خەباتبکەن. بەم هۆیەوە ناکرێت ئازادی ژن کورتبکرێتەوە تەنها بۆ ئۆجەلان، لە ئێستادا ژنانی کورد ئەو ئایدییەیان نەک هەر گونجاندووە لە خەباتی خۆیاندا بەڵکوو بە شێوەیەکی باشیش چوارچێوەی ئایدیاکەی رێبەریان تێپەڕاندووە و بونەتە پاڵەوانی سیاسەتی کوردی بە مانای وشەکە.

[4]  بۆ ئەوەی ئەمە روبدات بە بڕوای من سێ رەگەز گرنگە. ١- کامڵ بوونی فیکری ئۆجەلان. ٢- گرتنەکەی، پاڵی بە بزووتنەوەی رزگاری کوردەوە نا لە غیابی ڕێبەرەکەیدا دووبارە بیربکاتەوە لە هەموو روداوەکان. ٣- دەرکەوتنی زیاتری کەسایەتی ژنان.




ئێستێتیکی فریدریش شیلەر-1-     کاوە جەلال

                                                                                      

                           “گەر کەسێک بوێریی بۆ ئازادی نەبێت، بیرۆکەکانی ئازاد نین”
(بەشی یەکەم)
-1 کەس و سەردەم

ئەڵمانیای سەدەی هەژدەم قەوارەیەکی سەرجەمییانەی سیاسی نەبوو، بەڵکو بەسەر 300 میرنشین و شانشیندا دابەشیبوو، لێرەشدا هەر یەکەی ئەو دەوڵەتانە سنوور و سوپای تایبەت، پۆلیس و فەرمانبەری خۆی هەبوو، هەروەها لەسەر سنوورەکانی گومرگی پەڕینەوەی بازرگانیی وەردەگرت. گەورەترین دەوڵەتی نێو وڵاتی ئەڵمانەکان پرۆیسن بوو وەک دەوڵەتێکی میلیتاریستیی تەواو ڕێکخراو، لەم ڕووە سەربازییەشەوە سێیەم دەوڵەتی ئەوروپا بوو، جگە لەوە فۆرمی حوکمدارییەکەی بریتی نەبوو لە دەسەڵاتی کۆشک، بەڵکو ئەبسۆلوتیزم (دەسەڵاتداریی کەسی سەربەخۆ لە یاسا) بوو، بێگومان ئەبسۆلوتیزمی ڕۆشناییپێدراو. بە هەر حاڵ، وشەی “دۆیچ” تەنیا پەیوەندیی بە زمانەوە هەبوو نەک ناوێک بێت بۆ هاووڵاتیی دەوڵەتێک، جگە لەوە لە کۆتایی ئەو سەدەیەدا ناوی “دۆیچلاند” (وڵاتی دۆیچەکان) سەریهەڵدا.
جڤاکی ئەڵمانیی سەدەی هەژدەیەم، یان ئەوروپی بەگشتی، لە چەرخی نێڤینەوە زۆر کەم گۆڕانی بەسەردا هاتبوو. جڤاک هیرارشییانە و بەگوێرەی ستاند بیناکرابوو، بە شێوەیەکی دی ببێژین، پێگەی کەس تێیدا لە زایینەوە بەڕێی ڕەچەڵەکەوە دیاری دەکرا و زۆر بەدەگمەن دەشیا کەسێک لە ستاندی خۆیەوە هەڵبچێت بۆ ستاندی سەرووی خۆی. بێگومان ئاگایی ستاندییانە هاوکات لەنێو دانیشتوانیشدا سەروەر بوو. لەم هیرارشییەدا شا نێوەندیاری ویستی خودا بوو لەسەر زەمین؛ لە ستاندی سەرەوەدا ئەڕیستۆکراتی و پیاوانی ئایین دەسەڵاتیان دەنواند؛ ستاندی ناوەڕاست تایبەت بوو بە بۆرژوازی، لەژێر ئەویشەوە کشتیاران (ئەوجا درەنگتر کرێکاران) دەهاتن. بەشی ژێرەوەی هیرارشییەکە لەو کەسانە پێکهاتبوو کە سەر بە هیچ ستاندێک نەبوون، واتا: بێستاندەکان.
شارنشینان وەک توێژی سۆسیال لە کۆتایی چەرخی نێڤیندا بە گۆڕانی بازرگانی و ژیانی شارییانە سەریانهەڵدا. لەو کاتە بەدوواوە شارنشینان بەردەوام پتر پەرەیان دەسەند و بەهێزتر دەبوون، هەروەها بە خەباتی تایبەتی جیاکراوە لە ئەڕیستۆکراتی و کشتیاران، ئازادییە بۆرژواییەکانی خۆیان “سەند”.
سەدەی هەژدەیەم زۆر گرنگ بوو بۆ گەشەی بۆرژوازیی ئەڵمانی. لەم سەردەمەدا ئەرکە جیاوازە بەڕێوەبەرییەکان، بەمەش هەروەها پێداویستی بۆ فەرمانبەرانی پسپۆر کە شارەزای یاسا، ئابووری، بازرگانی و دارایی بوونایە، پەرەیان سەند، وەلێ لەم ڕەوشەدا ڕەچەڵەک هێندە بەواتا نەبوو، بەڵکو شارەزایی و توانست. بەم شێوەیە لە نیوەی دووەمی سەدەی هەژدەیەمدا لە ئەڵمانیا توێژێکی بەگزادەیی-بۆرژوازیی پەروەردەیی (واتا پێگەیشتوو بە خوێندن) سەریهەڵدا و شارەزایانی پیشە جیاوازەکانی لە خۆ گرتبوو: پزیشک، فەرمانبەر، مامۆستا، قەشە، دادوەر و پرۆفیسۆر و هتد.
بۆرژوازیی پەروەردەیی (یان ئینتەلێکتوێلان) و خاوەن فابریکەکان ئەرکی گەورەی دەوڵەتی و جڤاکییان لە ئەستۆ دەگرت، بەمەش بۆرژوازی چووە هاڤرکێوە لەدژی ئەڕیستۆکراتی. بێگومان تیۆریی نوێی جڤاکی، یان “ئیدێی جڤاکی مەدەنی”، رۆڵێکی بەرچاوی لە گەشەی ئەو بۆرژوازییەدا گێڕا کە لە ڕەوتی سەردەمی ڕۆشناییەکاندا گەشەی سەند و پێشبینییەکانی دێمۆکراتی، مافەکانی مرۆڤ، دەوڵەتی یاسا و لیبەرالیزمی پێکەوە گرێ دا. بۆرژوازی رۆڵێکی کرۆکیی لەوەدا گێرا کە فیۆدالیزم و ئەبسۆلوتیزم وەربگۆڕرێن ڕووەو ئیکۆنۆمی و جڤاک. ئەمە بریتییە لە قۆناغی سەرەتای سەرمایەگەری.
سەدەی هەژدەیەم هەروەها ناودەنرێت سەدەی بزاوتی ڕۆشناییەکان کە فەیلەسوفی ئینگلیزی جۆن لۆک بە بابەگەورەی دادەنرێت و لە ئینگلاندەوە تەنییەوە بۆ نێو وڵاتانی دیکەی ئەوروپا. ئەدگاری تایبەتی بزاوتی ڕۆشناییەکان ڕووکردنە مرۆڤ بوو وەک بوونەوەرێکی جڤاکییانەی بەرپرسیار، ئەمەش بەواتای: ئێستا چواندنی ڕەها نادرێت بە پێوەرە گشتگیرە ئۆبژێکتیڤییەکان کە گۆیا دەرهاویشتەی ویستی خودایەکی یاسادانەرن، بەڵکو خودی مرۆڤ وەک دەرچەی هزرین دادەنرێت، لێرەشدا گۆڕان بە “ئیدێیەکی خودا” دەدرێت کە ناودەنرێت “دایزم” و لە سەدەی هەژدەیەمدا وەک فۆرمێکی بڵاوی ئایینی گەشە دەسێنێت. کاتێک لە ئایینی کریستیانیدا خودا کەسێتییەکی سەربەخۆیە و ڕاستەوخۆ دەست دەنێتە نێو ڕوداوەکانی جیهانەوە، ئەوا لە ڕۆشناییەکاندا دەگۆترێت، خودا تەنیا جیهانی هاوشێوەی سەئاتێک قوڕمیش کردووە، ئیدی جیهان لەوە بەدواوە سەربەخۆ لەو بۆ خۆی دەبزوێت. ئەم خودایە بۆی نییە دەستبنێتە نێو ڕەوتی ڕوداوەکانی جیهانەوە. لێرە مرۆڤ پێوەر و سەروەرە.
سەرەڕای ئەوە کارایی بزاوتەکە لە هەر یەکەی وڵاتانی ئینگلاند و فەڕەنسا و ئەڵمانیا جیاواز خۆی نواند. بزاوتی ڕۆشنایی لە ئینگلاند دوای شۆڕشی ئینگلیزی سەریهەڵدا؛ لەوێ بزاوتەکە بوو بە فاکتەرێکی سەقامگیرکەری بۆرژوازی و پەیوەندییەکانی سەرمایەگەری، وەلێ لە فەڕەنسا بزاوتی ڕۆشنایی پێش شۆڕشی فەڕەنسی تەنییەوە و بوو بە یەکێک لە فاکتەرەکانی هەڵگیرساندنی شۆڕش، بە پێچەوانەشەوە مۆرکی ڕۆشنایی لە ئەڵمانیا بەگشتی باوەڕ بوو بە هێزی ئازادکەری ئاوەز، یان باوەڕ بوو بەوە کە مرۆڤ لەتوانایدایە ئاوەز و فەزیلە یەکبخات و بەختیاری لەسەر زەمین بکات بە کەتوارێکی جڤاکی. هەروەک کانت دەبێژێت: پێشمەرجی ڕزگاربوون لە بێتوانایی خۆخەتابار ئەوەیە کە تاکەکەس لەنێو خۆیەوە ئامادەباشیی سەربەخۆی بۆ هزرین هەبێت، وەلێ هاوکات بیروڕاکانی خۆی لە نێوەندی گشتیدا ڕابگەیەنێت و تواناکانی بۆ ئاڵوگۆڕی بۆچوون و تێڕوانین پێبگەیەنێت. لێرەدا کانت بەڕوونی هەموو سنوورێکی نێوان چین و ستاند دەبەزێنێت. بەڵێ، سەرەتا “بیورگەر / بۆرژوا” سەربەخۆ لە ستاند و چین گشتگیرانە پێناسە دەکرێت. بیورگەری ڕۆشناییپێدراو گەرەک بوو مرۆڤێکی “ئاکاری” بێت کە هاوکات چالاکانە بەدیبهێنێت و بۆ ئاسوودەیی گشتی هەڵوێست وەربگرێت.
یۆهان کریستۆف فریدریش شیلەر لەم سەردەم و پەیوەندییە پڕناکۆکییانەدا 10.11.1759 لە مارباخ ی سەر ڕوباری نێکار هاتە جیهانەوە، لە خوێندنی سەرەتاییەوە بەر پەیوەندییە سەختە جڤاکییەکان و ڕێسای چەسپێنراوی فێرکاری کەوت، وەلێ ئەویش تا ڕادەی شیان لێیان یاخی بوو، خۆی گونجاند، و لە کۆتاییشدا هەڵزنێنراو بۆ ئاستی ستاندی بەگزادەیی، واتا بە پێبەخشینی نازناوی “فۆن” بوو بە “فریدریش فۆن شیلەر”.
باوکی فریدریش ئەفسەر و پزیشکی تیمارکەری برین بوو، دایکی کچی مەیخانەچییەک بوو. فریدریش لەنێو شەش زارۆکدا تاکە کوڕی خانەوادەکەی بوو، بۆیە باوک و دایکی بڕیاریان دا دەرفەتی پێگەیاندنی فێرگەیی بۆ بڕەخسێنن، بۆ ئەو مەبەستەش ساڵی 1766 ناردیان بۆ “لاتاینشولە” (فێرگەی لاتینی) لە لودڤیگسبورگ. ئەم جۆرە فێرگانە ناودەنران لاتینی، چونکە زۆرینەی وانەکان بەو زمانە بوو و فێرخوازانیان بۆ دیراسەی زانستگەیی پێدەگەیاند. شیلەر تا ساڵی 1773 لەوێ فێرخواز بوو، وەلێ هەر لەم قۆناغە سەرەتاییەی فێربووندا سۆزی خۆی بۆ نووسینی دراما ئاشکرا کرد و بڕیاری دا ئەو سۆزەی بژێنێت. ئەو وەک فێرخواز دوو شانۆنامەی بە ناونیشانی “ئابزالۆن” و “دی کریستن” (“کریستیانییەکان”) نووسی.
بێگومان هەڵبژاردنی ڕێگەی خۆیی بۆ کارێکی پسپۆری هێندە ئاسان نەبوو، چونکە میرەکان خۆیان لە ناوچەکانیاندا بڕیاریان بۆ ئایندەی ژێردەستەکانیان دەدا. هەر بەم شێوەیە کارل ئۆیگن کە هێرتسۆگ (میر-ژەنەرال) ی ڤیورتەمبێرگ بوو، بڕیاری دا کە شیلەر دەبێت لە زانستگە یاسا بخوێنێت، بۆ ئەم مەبەستەش نێررا بۆ “کارلسشولە” (فێرگەی کارل) لە شتوتگارت. وەلێ ئەوە بەدڵی شیلەر نەبوو، چونکە کارلسشولە ئەکادیمییەکی لەشکریی بوو بە ڕێسای چەسپێنراوەوە. هەرچۆنێک بوو شیلەر توانیی بەشەکەی بۆ پزیشکی بگۆڕێت و ساڵی 1780 تەواوی کرد، بێگومان بەبێ ئەوەی ڕێی پێبدرێت بە خواستی خۆی کاری پزیشکی بکات، بەڵکو بەناچاری بوو بە “مێدیکوس ی ڕێگیمێنت” (پزیشکی سوپا لە لەشکرێکی دیاریکراودا). شیلەر نەیدەتوانی بەو موچەیە کە وەک پزیشکی سوپا وەریدەگرت، گوزەرانی دابین بکات، هاوکات ڕێی پێنەدەدرا وەک پزیشک چارەسەری نەخۆشییەکانی خەڵکی سیڤیل لە دەرەوەی سوپادا بکات. بەڵێ، هێرتسۆگ نەک تەنیا ڕێی پێنەدا نۆڕینگەی پزیشکی بکاتەوە، بەڵکو بە فەرمانی ئەو تەنانەت بۆی نەبوو پۆشاکی سیڤیل بپۆشێت، ئەمەش بۆ شیلەر نەشیاوی قبووڵکردن بوو، بۆیە بەردەوام بیری لەوە دەکردەوە لە خزمەتی سوپا هەڵبێت.
شیلەر لە ماوەی فێربوونی زانستگەییدا هۆشسام بوو بە ئەدەبی “شتورم ئوند درانگ / Sturm und Drang” (هێرش و پاڵنان) کە ئاڕاستەیەکی ئەدەبیی ڕۆشناییدەر بوو، کەواتە ڕەخنەیی بوو بەرانبەر پەیوەندییە جڤاکییەکان و هزرینی سەروەر، یان بەرانبەر دەسەڵاتە لەشکرییەکان، بۆیە شیلەر ناچار بوو بەنهێنی کاربکات. ئەو لەم دەمەدا، ساڵی 1777، دەستیدایە نووسینی درامای “دی ڕۆیبەر” (“جەردەکان”) کە ساڵی 1781 تەواوی کرد و چاپی یەکەمی لەژێر ناوی خوازراودا بڵاوکردەوە. دراماکە ساڵی 1782 لە مانهایم نمایشکرا، وەلێ شیلەر پێش دەستپێکردنی نمایشەکە ناچار بوو چەند جارێک شوێنی کارکردنی جێبهێڵێت و بڕوات بۆ مانهایم، بەو هۆیەشەوە هێرتسۆگ سزای گرتنی بەسەردا سەپاند، تەنانەت نووسینی لێ یاساغ کرد. “جەردەکان” بەهۆی تەزووی شۆڕشگێڕانەیەوە هۆشسامیی لە نێوەندی ئەدەبدۆستاندا خستەوە، ئەوەش بەوەدا خویا بوو کە تیاتەردۆستان لە مانهایم بە هوروژم ڕۆیشتن بۆ ڕوانین لە شانۆییەکە.
بۆ شیلەر ڕوون بوو کە دەبێت لە خزمەتی سوپا هەڵبێت. ئێوارەیەک بە ناوی “دۆکتۆر ڕیتەر”، پێکەوە لەتەک ئاندریاس شترایشەری هەڤاڵیدا، ئاهەنگێکی هێرتسۆگیان بە هەل زانی و لە شتوتگارت هەڵاتن. شیلەر لەم کاتە بەدوواوە سەربازی هەڵاتوو بوو. ئەو سەرەتا ڕۆیشت بۆ مانهایم، لەوێشەوە خۆی گەیاندە تیورینگن. بێگومان کارل ئۆیگن زۆر هەوڵی دا “سەربازە-هەڵبەستڤانەکەی” تەسلیم بکرێتەوە، وەلێ هەوڵەکانی سەریان نەگرت.
شیلەر لە تیورینگن وەک پەنابەر درێژەی بە نووسین دا: سەرەتا بە نووسینی “کابالە ئوند لییبە” (کابال و خۆشەویستی)، پاشان پرۆژەی “دۆن کارلۆس”ی ئامادە کرد. ئەو ساڵی 1783 گەڕایەوە بۆ مانهایم و لەوێ وەک نووسەری شانۆنامە لە “ناتسیۆنالتیاتەر” (“تیاتەری نەتەوەیی”) دامەزرا، وەلێ دوای ئەوەی تیاتەری ناوبراو گرێبەستەکەی بۆ نوێ نەکردەوە، گواستییەوە بۆ لایپتسیگ. لەوێ کریستیان گۆتفرید کوێرنەری نووسەر زۆر پشتیوانیی شیلەری کرد و دەرفەتی بۆ ڕەخساند لەسەر نووسین بەردەوام بێت بەبێ ئەوەی خەمی دانەوەی قەرزەکانی بخوات. لەم کاتەدا هەڵبەستە بەناوبانگەکەی بە ناونیشانی “ئۆدەیەک / هەڵبەستێک بۆ شادمانی” سەریهەڵدا، کە پاشان لودڤیگ فۆن بێتهۆفن خستییە فۆرمی دەنگەوە، ئەمڕۆش مێلۆدییەکە بووە بە سرودی یەکێتیی ئەوروپا.
ساڵی 1787 شیلەر سەردانی شاری ڤایماری کرد و لەوێ چەند نووسەر و هزرڤانی ناسی، وەک: یۆهان گۆتفرید هێردەر و کریستۆف مارتین ڤیلاند، کە دوو هزرڤانی کاریگەری ڕۆشناییەکان بوون و درەنگتر پێکەوە لەتەک گوێتە و شیلەردا “کلاسیک ی ڤایمار”یان خستەوە.
شیلەر بەهۆی کارکردنی بەردەوامییەوە لە مێژوودا ساڵی 1789 لە زانستگەی یێنا بوو بە پرۆفیسۆری مێژوو، وەلێ موچەکەی هێندە زۆر نەبوو کە بتوانێت قەرزەکانی بداتەوە. ساڵێک دوای ئەوە لەتەک شارلۆتە فۆن لێنگەفێلددا چووە پەیوەندیی هاوژینییەوە. وەلێ ئەو بەردەوام پتر تووشی نەخۆشیی سەخت دەبوو. ساڵی 1793 یەکەم زارۆکی هاتە جیهانەوە.
شیلەر ساڵی 1793 پێکەوە لەتەک یۆهان فریدریش کۆتایندا کە بەچاپگەیەنەر و پەخشکەری کتیب بوو، هەنگاوی نا بۆ بەگەڕخستنی پرۆژەیەکی تەواو نوێ: گۆڤارێکی مانگانە کە پاشان گەلێک نووسەر و فەیلەسوف بەشدارییان تێدا کرد، ناسراوترینیشیان یۆهان ڤۆلفگانگ فۆن گوێتە بوو. دەستپێکی پەیوەندیی هەڤاڵێتیی شیلەر لەتەک گوێتەدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1794. وەلێ کاتێک گوێتە لەو دەمەدا ناسراوترین نووسەری ئەڵمانیا بوو، شیلەر بە پێچەوانەوە تازە ناوبانگی دەردەکرد، بۆیە سەرەتا پەیوەندیی ئەم دوو نووسەرە بە هاڤرکێ تەنرابوو پێش ئەوەی هەڤاڵێتییەکی قووڵ لە نێوانیاندا بێتەگۆڕێ.
گوێتە و شیلەر دوو سەرە مەزنەکەی “کلاسیکی ڤایمار”ن کە لە 1786 تا 1832 دەخایەنێت. ئەدەب یان هونەرێکی کلاسیکی هەردەم دابێکی ئەدەبی یان هونەریی نەمری ڕابوردوو، کەواتە هێشتا هەنووکەیی، دەکات بە نموونەی ئافراندنی خۆیی، ئەمەش پەیوەند بە کلاسیکی ڤایمارەوە بەواتای، نووسەران فۆرمی هونەریانەی ئەنتیکەیان بە ڕێسا ڕوونە فۆرمالەکانییەوە وەک نموونەی کارکردنی خۆیی دانابوو. ئەوجا ناوی ڤایمار دەگەڕێتەوە بۆ شوێنی سەرهەڵدانی ئاڕاستە ئەدەبییەکە، چونکە یەکەمین نووسەرانی لەو شارە نیشتەجێ بوون.
شیلەر لایەنگر و پێهۆشسامی لە هەموو ئەوروپادا هەبوو. شازادەی دێنەمارک دیارییەکی گەورەی دارایی پێبەخشی، بەمەش دەرفەتی بۆ ڕەخسا سەرلەنوێ دەست بە نووسین بکاتەوە بەبێ ئەوەی خەمی گوزەران بەرۆکی گرتبێت. ئەوجا شۆڕشگێڕانی فەڕەنسا ڕێزێکی مەزنتریان لێنا: ساڵی 1793 بوو بە هاووڵاتیی شەرەفی کۆماری فەڕەنسی. ئاخر شیلەر لە درامای “جەردەکان”دا ئەدگارێکی پۆزەتیڤی بە ڕوداوی شۆڕش دابوو، بەڵێ لە هەمان مەغزای شۆڕشی فەڕەنسیدا هەڵوێستی خۆی بۆ یاخیبوون ڕاگەیاندبوو، تەنانەت بە پەرۆشەوە پێشوازیی لەو شۆڕشە کرد، وەلێ (ئا لێرەدا دێینە نێو جەرگەی وەرچەرخانی شیلەرەوە ڕووەو ئێستێتیک کە لە خوارەوە تەواو ڕووندەبێتەوە) دوای ئەوەی شۆڕش لەژێر دەسەڵاتی ژاکۆبییەکاندا گەیشت بە دەسەڵاتی تێرۆر، ئیدی شیلەر پشتی تێکرد. ئەو تەنانەت 8ی یێنایەری 1793 لە نامەیەکدا بۆ کوێرنەری هەڤاڵی دەنووسێت کە کوشتنی لودڤیشی شازدەیەم لە لایەن تاوانبارانەوە بە ڕادەیەک قێزیان هێناوەتەوە کە ئیدی بۆ ماوەی چواردە ڕۆژ نەیتوانیوە هیچ ڕۆژنامەیەکی فەڕەنسی بخوێنێتەوە.
قۆناغیکی نوێی کارکردنی شیلەر خەریکبوونییەتی بە فەلسەفەی کانتەوە، بەدووی ئەوەشدا دەست دەداتە نووسینی کارە فەلسەفەییەکانی. کانت وەک “مافی بەرهەڵستی” لەدژی سەروەریی دەوڵەت تەنیا ڕێی بە “ئازادیی قەڵەم” دابوو، نەک زەبری فیزیکی یان چەکداری، کە بە هەمان شێوە هەڵوێستی شیلەر بوو. کارە فەلسەفەییەکانی شیلەر لەم قۆناغەدا بریتین لە: “کالیاس یان لەبارەی جوانی” (1793) کە گۆڕینەوەی بیروڕان بە نامە لە نێوان شیلەر و کوێرنەردا، وەلێ ئەم پرۆژەیە بەهۆی نەبوونی کاتەوە تەواونەکراو مایەوە. ئەم نووسینە سەرئەنجامی خەریکبوونی شیلەرە بە تێگەی جوانییەوە لای کانت. وەلێ کاتێک کانت دەیویست ڕوونی بکاتەوە کە مرۆڤ پابەند بە چە مەرجگەلێکەوە دەرکی جوانێتی دەکات، لێرەشدا هەوڵی دا بڕیارێکی بەگشتی چواندووی چێژ بناسێتەوە، ئەوا شیلەر بە پێچەوانەوە خۆی بە پێکهاتەی جوانێتییەوە خەریک کرد، واتا مەبەستی ئەوە بوو کە پرنسیپێکی ئۆبژێکتیڤی بۆ بڕیاری چێژ بدۆزێتەوە. ئەم نووسینە، هەروەها نووسینەکانی “لەبارەی ناسکی و شکۆ” (1793)، “لەبارەی مەزنێتی” (1793)، “لەبارەی پەروەردەی ئێستێتیکیی مرۆڤ” (1795)، سەر بە ئیدیالیزمی ئەڵمانین وەک ئاڕاستەیەکی هزری کە جەخت لە ئیدێی ئازادی دەکات. لەم ڕوانگەیەوە تەنیا کاتێک مرۆڤ دەتوانێت لە ئازادی وەک ئیدێ تێبگات و پێی بگات، گەر لە سنووری کەتواری جڤاکی و دەوڵەتی تێبپەڕێت، چونکە ئەم کەتوارە کە ڕەوشێکی بەرجەستەیە، ئیدێی ئازادی دەشێوێنێت.
شیلەر لە دوایەمین ساڵانی ژیانیدا ڕزگاری بوو لە خەمی دارایی، وەلێ بەردەوام بەسەختی نەخۆش دەکەوت. بێگومان ئەو لەم ساڵانەشدا زۆر بەبەرهەم بوو. یەکەم ژمارەی گۆڤارە مانگانەکەی بە ناوی “دی هۆرن” (Die Horen) ساڵی 1795 بڵاوکرایەوە و هەر لەو سەرەتایەوە ناسراوترین نووسەرانی سەردەمەکەی هاوکاری بوون، لەوانە: فریدریش هوێلدەرلین، هێردەر، هەردوو برا ڤیلهێلم و ئالێکساندەر فۆن هومبۆلت، فیشتە، ئاوگوست ڤیلهێلم شلێگل، هەروەها یۆهان هاینریش فۆس.
هەروەها یەکەم ژمارەی گۆڤارە ئەدەبییەکەی بە ناوی “موزنئالماناخ” (Musenalmanach) ساڵی 1796 دەرچوو و بڵاوکردنەوەی تا ساڵی 1800 ی خایاند. لەم گۆڤارەشدا گوێتە، هەروەها هەڵبەستڤانان هێردەر، هوێلدەرلین، ئاوگوست ڤیلهێلم شلێگل و تییک کاریان کرد.
لە ساڵانی ئایندەدا، تا 1804، شیلەر چەند کارێکی بەواتای تەواو کرد، لەوانە دراماکانی “ماریا ستوارت” (1800) و “پاکیزەکەی ئۆرلیۆن” (1801)، هەروەها کارەکانی “بووکی مێسینا” (1803) و “ڤیلهێلم تێل” (1804).
فریدریش شیلەر 16ی نۆڤەمبەری 1802 لەقەبی “فۆن”ی پێدرا و هەڵزنێنرا بۆ ئاستی ستاندی ئەڕیستۆکراتی. ئەو لە ئێستا بەدوواوە خۆی ناو دەنا فریدریش فۆن شیلەر. ئەو 09.05.1805 جیهانی بەجێهێشت و لە گۆڕستانی زانکت یاکۆبسکیرشە لە ڤایمار نێژرا.

—————————
(تێبینیی نووسەر: لەتەک بڵاوبوونەوەی دوا بەشی نووسینەکەدا سەرچاوەکان دادەنرێن).




کاتێک جەستە دەبێتە کاڵا: توندوتیژیی سیمبولی دژی ژنان لە ژێر دەسەڵاتی سەرمایەداریدا.. بەیان ساڵح

• پێشەکی
لە کاتی خوێندنەوەی کتێبی “شەهرزاد بەرەو ڕۆژئاوا” (1) فاتمە مەرنیسی خۆمم بینی کە لە لاپەڕە 231 دا ڕووبەڕووی چەمکێکی قووڵ و بیرکردنەوە بوومەوە: چەمکی توندوتیژی سیمبولی کە کۆمەڵناسی فەڕەنسی پیەر بۆردیو لە کتێبی “زاڵبوونی پیاوسالارنە” پێشکەشی کردووە (2). ئەم چەمکە بۆ ماوەیەکی درێژ سەرنجی ڕاکێشام، چونکە شێوە شاراوەکانی کۆنتڕۆڵ و چەوساندنەوە دەردەخات کە پشت بە هێزی فیزیکی ڕاستەوخۆ نابەستن، بەڵکو لە ڕێگەی سیمبول و کەلتوور و گوتاری زاڵ لە کۆمەڵگادا کار دەکەن.
ئەوەی زیاتر حەزی منی بۆ ئەم چەمکە زیاد کرد تێبینیکردنم بوو لەسەر یەکتربڕێکێکی ڕوون لە نێوان ئەوەی بۆردیو پێشکەشی دەکات و تێزەکەی نووسەری فێمینیستی ئەمریکی ناعومی وۆڵف لە کتێبەکەی “ئەفسانەی جوانی” (3) پێشکەشی کرد، بەتایبەتی کە لە لاپەڕە 230 ی کتێبەکەی فاتیمە مێرنیسی دەردەکەوێت. بۆم دەرکەوت کە هەردووکیان بوردیو و ناعومی باسی میکانیزمێکی هاوبەش دەکەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ژنان، تەنانەت ئەگەر دەرکەوتەکان و دەقەکانیش جیاواز بن.
بۆردیو ئەو بیرۆکەیە دەخاتەڕوو کە توندوتیژی هەمیشە ماددی و بینراو نییە. توندوتیژی لە ڕێگەی کەلتوور، بەها و پەروەردەوە ئەنجام دەدرێت، وا لە زاڵەکان دەکات زاڵبوونیان قبوڵ بکەن و بەبێ ئاگایی بەرهەمی بهێننەوە. لە لایەکی ترەوە، وۆڵف دەریدەخات کە چۆن ستانداردەکانی جوانی بەسەر ژناندا دەسەپێنرێن تەنها ئارەزووی کەسیی نین، بەڵکو ئامرازێکی دیکتاتۆرییە کە بۆ تەمبێکردنی ژنان و کۆنتڕۆڵکردنی جەستە و ژیانیان بەکاردەهێنرێت.
ئەم یەکتربڕی نێوان دوو بۆچوونە دەمانگەیەنێتە تێگەیشتنێکی قوڵتر کە چۆن زاڵبوونی پیاوانە لە چوارچێوەی سیستەمی سەرمایەداریدا کاردەکات، کە جەستەی ژن دەگۆڕێت بۆ شوێنێکی وەبەرهێنانی ئابووری و کۆنتڕۆڵی سیمبولی لە یەک کاتدا. لەبەر ئەوە گرنگی لێکۆڵینەوە لەم بابەتە و تێگەیشتن لە میکانیزمە ئاڵۆزەکانی.

• یەکەم: توندوتیژی سیمبولی و زاڵبوونی پیاوسالارنە
پیەر بۆردیو باوەڕی وایە کە توندوتیژی تەنها بە شێوە ماددییە ڕاستەوخۆکانی سنووردار نییە. لەوانەیە شێوازێکی نەبینراو وەربگرێت کە لە ڕێگەی سیمبولەکان، ماناکان و کەلتوورەکانەوە ڕاهێنان دەکرێت، کە ئەو پێی دەڵێت توندوتیژیی سیمبولی. ئەم توندوتیژییە بە نەرمی و هەستپێنەکراو دەناسرێتەوە، چونکە لە ڕێگەی زمان، پەروەردە، ئایین، میدیا و دابونەریتی کۆمەڵایەتیەوە ئەنجام دەدرێت، بەبێ پەنابردن بۆ زۆرەملێ جەستەیی.
مەترسییەکەی لەوەدایە کە زۆرجار لەلایەن ئەو کەسانەوە قبوڵ دەکرێت کە ڕووبەڕووی دەبنەوە، چونکە ئەوان بە سروشتی یان ئاشکرا دەیبینن. توندوتیژی سیمبولی بە سەپاندنی شێوازێکی دیاریکراوی بیرکردنەوە و هەڵسەنگاندن کار دەکات کە پەیوەندییە نایەکسانەکان ڕەوا دەردەکەون، دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانەوەی زاڵبوونی کۆمەڵایەتی بەبێ هۆشیارییەکی ئاشکرا.
لەم چوارچێوەیەدا، بۆردیو چەمکی زاڵبوونی پیاوسالارنە وەک مۆدێلێکی ڕوونی توندوتیژیی سیمبولی پەرە پێدەدات. زاڵبوونی پیاوسالارنە تەنها لەسەر بنەمای کۆنترۆڵی ماددی پیاوان بەسەر ژناندا نییە، بەڵکو بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕێگەی پێکهاتەی سیمبولی و کەلتوورییەوە دامەزراوە کە وا لە سەروەری پیاوان دەکات سروشتی و ڕەوا دەربکەوێت.
لە منداڵییەوە تاکەکان نوێنەرایەتی عەقڵی و ڕۆڵی کۆمەڵایەتی بەدەست دەهێنن کە دابەشبوونێکی دووانەیی لە نێوان نێر و مێ بەرهەم دەهێنن، کە تێیدا نێرینە پەیوەندی بە هێز، عەقڵ و سەرکردایەتییەوە هەیە، لە کاتێکدا مێینە پەیوەندی بە لاوازی، هەست و ژێردەستەیی هەیە. ئەم سیستەمە تەنها لەلایەن پیاوانەوە نەسەپێنراوە. ژنان هەروەها بەشداری دەکەن لە زاوزێی لە ڕێگەی ئەوەی کە بۆردیو پێی دەڵێت هابیتۆس، واتە سیستەمی سروشتی دەروونی و جەستەیی کە ڕەگی لە ئەزموونی کۆمەڵایەتیدا هەیە.
بەم شێوەیە، زاڵبوونی پیاوسالارنە دەبێتە سیستەمێکی کۆمەڵایەتی کە لە نائاگایی کۆمەڵدا جێگیر دەبێت، ڕۆژانە لە ڕێگەی کردارە ئاساییەکان و گوتاری زاڵەوە بەرهەم دەهێنێتەوە، بەبێ ئەوەی پێویست بە توندوتیژی ڕاستەوخۆ بکات. بۆردیو جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەڵوەشاندنەوەی ئەم جۆرە زاڵبوونە پێویستی بە هۆشیارییەکی ڕەخنەگرانە هەیە لەو پێکهاتە ڕەمزیانەی کە پاڵپشتی دەکەن، چونکە بەرهەڵستکاری تەنها بە گۆڕینی یاسا یان هەلومەرجی ماددی بەدەست ناهێنرێت، بەڵکو بە گۆڕینی شێوازی بیرکردنەوە و پۆلێنکردنیش کە نایەکسانی قبوڵ دەکات و بەردەوام دەکات.

• دووەم: زاڵبوونی نێرینە لە چوارچێوەی سیستەمی سەرمایەداریدا
بۆردیو لە کتێبەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات کە زاڵبوونی پیاوسالارنە بابەتێکی سروشتی یان بایۆلۆجی نییە، بەڵکو سیستەمێکی کۆمەڵایەتی و کەلتوورییە کە لە ڕێگەی توندوتیژیی سیمبولییەوە بەرهەم دەهێنرێتەوە، واتە لە ڕێگەی شێوەی ناڕاستەوخۆ و نەبینراوی کۆنتڕۆڵ کە لە ڕێگەی زمان، دابونەریت، پەروەردە و دامەزراوە کۆمەڵایەتیەکانەوە ئەنجام دەدرێت، تا ئەو کاتەی زاڵبوونی پیاو بەسەر ژناندا سروشتی و قبوڵکراو دەردەکەوێت.
لە چوارچێوەی سیستەمی سەرمایەداریدا، ئەم زاڵبوونە ئامرازێک پێکدەهێنێت بۆ پاراستنی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری دیاریکراو، چونکە ڕۆڵی ژنان لە مێژوودا سنووردار بووە بۆ بواری ناوماڵ و چاودێری خێزان، کە هێزی کاری هەرزان بۆ پیاوان لە بازاڕدا دابین دەکات و بەردەوامی دابەشکردنی نایەکسانی کار مسۆگەر دەکات.
سیستەمی سەرمایەداری پشت دەبەستێت بە شەرعیەتدان بە سیمبول و بەهاکان، و زاڵبوونی پیاوسالارنە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی جیاکردنەوەی ڕۆڵی ژن و پیاو سروشتی دەربکەوێت، کە پیاوان وەک بەرهەمهێنەری بەهێز وێنا دەکرێن و ژنان وەک بەخێوکەر و چاودێری ماڵ وێنا دەکرێن. ئەم جیاکردنەوەیە ئاسانکاری بۆ چەوساندنەوەی هێزی کار دەکات و بەردەوامی سیستەمی ئابووری و کۆمەڵایەتی مسۆگەر دەکات بەبێ پەنابردن بۆ هێزی راستەوخۆ.
زاڵبوونی پیاوسالاری هەروەها پەیوەستە بەوەی کە بۆردیو پێی دەڵێت سەرمایەی سیمبولی کە دەگۆڕێت بۆ جۆرێک لە کۆنتڕۆڵی ئابووری و کۆمەڵایەتی ناڕاستەوخۆ، وەک بێبەشکردنی ژنان لە دەرفەتی کار، کەمکردنەوەی مووچەکانیان یان ناچارکردنیان بۆ ڕۆڵی خێزانی بێ مووچە.
بە کورتی، دەتوانین بڵێین توندوتیژیی سیمبولی پیاوسالارنە یەکێکە لە کۆڵەکەکانی شەرعییەتی کۆمەڵایەتی سەرمایەداری، چونکە نایەکسانی جێندەریی سروشتی دەردەکەوێت و دابەشکردنی بەردەوامی سەرچاوە و دەسەڵات بە شێوەیەک مسۆگەر دەکات کە خزمەت بە سیستەمی ئێستا بکات.

• سێیەم: ئەفسانەی جوانی وەک جۆرێک لە توندوتیژیی سیمبولی
لە کتێبی “ئەفسانەی جوانی”، نائۆمی وۆڵف چەمکی توندوتیژی سیمبولی وەک شێوازێکی ناڕاستەوخۆی چەوساندنەوە دەخاتە ڕوو کە بەسەر ژناندا دەسەپێنرێت لە ڕێگەی پێوەرەکانی جوانی کەلتووری، نەک لە ڕێگەی هێزی جەستەیی یان یاسای ئاشکراوە. ئەم توندوتیژییە بە بێدەنگی بەڕێوە دەچێت، بەڵام کاریگەرییەکەی قوڵە، چونکە وا لە ژنان دەکات کە بەبێ ئاگایی خۆیان ملکەچ بکەن.
وۆڵف دەبینێت کە ئەفسانەی جوانی تەنها ئارەزووی جوانی نییە، بەڵکو سیستەمێکی دەسەڵاتدارە کە بە بەهێزی لەگەڵ پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و ئابووری ژنان سەریهەڵداوە. هەرچەندە ژنان ماف و دەرفەتی فراوانتر بەدەست دەهێنن، ئەوەندە سنوورداریان بەسەردا دەسەپێنرا لە ڕێگەی ستانداردی جوانی توند و مەحاڵ.
توندوتیژی سیمبولی لێرەدا دەردەکەوێت لە سەپاندنی مۆدێلێکی دياريكراو بۆ جەستەی مێینەیە: جەستەیەکی گەنج و باریک، بێ کەموکوڕی، بەردەستە بۆ بەکاربردنی بینراو. ئەم توندوتیژییە لە ڕێگەی میدیا، ڕیکلام، پیشەسازی فاشیۆن و وتاری پزیشکییەوە بەڕێوە دەچێت، کە تیایدا جوانی وەک بەهایەکی ئەخلاقی و مەرجێک بۆ سەرکەوتن، خۆشەویستی و قبووڵکردنی کۆمەڵایەتی نیشان دەدرێت.
بەم شێوەیە، جەستە دەگۆڕێت بۆ پرۆژەیەکی هەمیشەیی چاودێری و ڕاستکردنەوە، و ئافرەت دەگۆڕێت بۆ ڕەخنەگرێکی سەرسەختی خۆی. لەوەش مەترسیدارتر، ئەم ژێردەستەییە وا دەرناکەوێت کە لە دەرەوە بسەپێنرێت، بەڵکو وەک هەڵبژاردنێکی شەخسی و ئارەزووی تاکەکەسی دەژیت.
وۆڵف ڕوونی دەکاتەوە کە توندوتیژی سیمبولی ژنان تەنها لە ڕووی جەستەییەوە لەناونابات، بەڵکو لە ڕووی دەروونی و مەعریفیشەوە، چونکە وزەیان بەتاڵ دەکاتەوە، متمانە بەخۆبوونیان لاواز دەکات، کێبڕکێ و دوژمنایەتی لە نێوانیاندا دەچێنێت و دووریان دەخاتەوە لە کرداری سیاسی و داهێنەرانە. سەرقاڵبوونی بەردەوام بە ڕواڵەت دەبێتە ئامرازێک بۆ دوورخستنەوەیان لە دەسەڵاتی ڕاستەقینە.
لە کۆتاییدا، چەمکی توندوتیژی سیمبولی لە “ئەفسانەی جوانی” ئەوە دەردەخات کە چۆن کولتوور دەتوانێ ببێتە جیهانێکی چەوساندنەوەی نەرم بەڵام زۆر کاریگەر، وە چۆن جوانی وەک چەکێکی نادیار بەکاردەهێنرێت بۆ تەمبێکردنی ژنان و هێشتنەوەی ناهاوسەنگیی هێز، بەبێ ئەوەی پێویست بە توندوتیژی ئاشکرا یان زۆرەملێ ڕاستەوخۆ بکات.

• چوارەم: توندوتیژی سیمبولی وەک ئامرازێکی سەرمایەداری: جەستەی نێوان زاڵبوون و قازانج
توندوتیژی دژی ژنان هەمیشە بە لێدان یان زۆرەملێ ڕاستەوخۆ ئەنجام نادرێت. زۆرجار فۆرمێکی بێدەنگ و نادیار وەردەگرێت، دزە دەکات لە ڕێگەی گفتوگۆ، وێنە و ستانداردەکانەوە، وەک سەلیقەی گشتی یان هەڵبژاردنی تاکەکەسی پێشکەش دەکرێت. ئەم توندوتیژییە یەکێکە لە ئامرازە بنچینەییەکانی سیستەمی سەرمایەداری لە ژێردەستەکردنی ژنان و کۆنترۆڵکردنی جەستەیان.
لە ژێر سەرمایەداریدا، جەستەی ژن کەم دەکرێتەوە بۆ بەهای ئاڵوگۆڕ و دووبارە وەک کاڵایەک پێناسە دەکرێتەوە کە دەتوانرێت بازاڕ بکرێت، بگۆڕدرێت و بەکار بهێنرێت. وەک جەستەیەکی زیندوو سەیر ناکرێت کە ئەزموون، یادەوەری و ئازار هەڵدەگرێت، بەڵکو وەک ڕووکەشێکی بینراو سەیر دەکرێت کە بۆ بەدەستهێنانی قازانج وەبەرهێنان کراوە.
زاڵبوونی نێرینە ئەرکی ئاسایی کردنی ئەم کەمکردنەوەیە لە ئەستۆ دەگرێت بە گۆڕینی تێڕوانینی نێرینە بۆ ستانداردێکی گشتی جوانی، کە بەهای ژنان و پێگەی کۆمەڵایەتی پێ دەپێورێت.

• پێنجەم: پیشەسازی کەلتووری و سەپاندنی تاکە مۆدێلی جوانکاری
پیشەسازی کەلتووری تاکە مۆدێلێکی جوانکاری دەسەپێنێت، توندوتیژ لە تایبەتیەکەیدا، نوێنەرایەتی دەکرێت بە جەستەیەکی گەنج و باريك و بێ کەموکوڕی و بابەتی بابەتکردن، یان دەموچاوەکان کە نەشتەرگەری جوانکاری دەکرێن وەک بەرزکردنەوە، پڕکردنەوە، گەورەکردنی لێو، گۆڕینی لووت، تا ئەو کاتەی تایبەتمەندییە سروشتییەکان نامێنن و دەرکەوتنەکە نزیکتر دەبێتەوە لە بووکەشووشە.
هەروەها هانی جەستەی نەخشێنراو دەدات لە ڕێگەی لابردني چەوری، گەورەکردنی مەمک لە ڕێگەی سیلیکۆن یان گەورەکردنی سمت، و ئەوانی تر. ئەم مۆدێلە بە هێز ناسەپێنرێت، بەڵکو لە ڕێگەی دووبارەکردنەوە، فریودان و هەڕەشەی سیمبولی دەسەپێنرێت.
ژنان لە تەمەنێکی منداڵییەوە فێر دەبن کە جەستەیان کەموکورتی هەیە و دەبێت بەردەوام چاکی بکەنەوە، نەک بۆ خۆیان، بەڵکو بۆ قبوڵکردن، خۆشەویستی و دياربون لە ناو كؤمەلگادا.

• شەشەم: نەشتەرگەری جوانکاری وەک توندوتیژییەکی سیمبولی
نەشتەرگەری جوانکاری لێرەدا وەک یەکێک لە دیارترین شێوەکانی توندوتیژیی سیمبولی دەردەکەوێت. ئەوان کردارێکی بێلایەن و هەڵبژاردنی تاکەکەسی بێتاوان نین، بەڵکو ئەنجامی فشارێکی پێکهاتەیی قووڵن کە جەستەی مێینە دەکاتە پرۆژەیەکی هەمیشەیی بۆ گۆڕانکاری و ڕاستکردنەوە. ئەم ڕێوشوێنانە لە گفتووگۆی باودا وەک ئامرازێک بۆ باشترکردنی خود و بەرزکردنەوەی متمانە پێشکەش دەکرێن، بەڵام لە ڕاستیدا وەڵامێکە بۆ ستانداردە سەپێنراوەکانی دەرەکی، کە ژنان دەگۆڕن بۆ بوونەوەرێک لە گەڕانی هەمیشەیی بۆ کامڵبوونی مەحاڵ.
ژنان نەشتەرگەری گرانبەها، ئازاربەخش و مەترسیدار ئەنجام دەدەن، هەوڵ دەدەن لە مۆدێلێکی جوانکاری دەستکرد نزیک ببنەوە کە بە ڕاستی بەدەست ناهێنرێت. ژنان دەچنە ناو گۆڕاوێکی بێ کۆتایەوە: گؤريني سيماو دەموچاو، پڕکەرەوەی لێو، نەشتەرگەری لووت، گەورەکردنی مەمک، چەوری لابردن و نەشتەرگەری دیکە کە مەترسی تەندروستی و ئاڵۆزی مەترسیداریان هەیە.
پارادۆکسی تراژیدی ئەوەیە کە ئازار وەک وەبەرهێنانێک لە داهاتوو نیشان دەدرێت، و شێواندن پێی دەوترێت چاکسازی و جوانکاری. ژنان بەرگەی ئازاری جەستەیی و دەروونی دەگرن، پارەی زۆر دەدەن و تەندروستی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە، هەموویان لە پێناو گەیشتن بە وێنەیەکی نمونەیی کە پیشەسازی جوانکاری و میدیا سەپاندويانە. کاتێک ئەنجامە خوازراوەکە بەدەست نایەت، یان کاتێک کەموکوڕییەکی نوێ دەردەکەوێت، سووڕەکە دووبارە دەست پێدەکاتەوە، لە بازنەیەکی خراپی بەدواداچوونی خەیاڵی کامڵی.

• حەوتەم: دوورکەوتنەوە لە خواردن، نەشتەرگەری جوانکاری و مەترسییەکانی تەندروستی
خۆدوورخستنەوە لە خواردن و برسێتی خۆ، وەک حاڵەتەکانی کەمخۆراکی دەمارگیری، شێوازێکی تری توندوتیژی سیمبولییە کە ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی گەنج ڕووبەڕووی دەبنەوە، بەتایبەتی لە کاتی هەرزەکاریدا.
هەندێکیان تووشی نەخۆشی دەروونی سەخت دەبن کە چاکبوونەوەیان سەختە و ئاڵۆزی تەندروستی مەترسیداری لێدەکەوێتەوە، سەرەڕای مەترسییەکانی نەشتەرگەری جوانکاری و دەرزی سیلیکۆن کە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە مەترسیدارەکانی وەک شێرپەنجەی مەمک زیاد دەکات. بەهەمان شێوە، بەکارهێنانی نینۆکی دەستکردیش بازرگانییەکی قازانج بەخشە، بەڵام دوایین ڕاپۆرتی تەندروستی لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو ماددانەی لە دروستکردنی ئەم نینۆکانەدا بەکاردەهێنرێن لەوانەیە مەترسییەکی گەورە لەسەر تەندروستی نینۆک دروست بکەن.

• هەشتەم: تێچوونی جەستەیی و دەروونی
ئەم ڕێگایە تێچوونێکی جەستەیی و دەروونی بەرز و فرە ڕەهەندی هەڵدەگرێت. لەسەر ئاستی جەستەیی، جەستەکان دەبینین کە بێهۆش دەکرێن، بڕین و دەرزی لێدەدەن، بەرگەی ئازار و خوێنبەربوون و زام دەگرن و ڕووبەڕووی مەترسی ئاڵۆزی پزیشکی و تێکچوونی ئەگەری دەبنەوە. لە ئاستی سایکۆلۆژیدا، ڕۆحەکان دەبینین کە بەهۆی دڵەڕاوکێی بەردەوام و ناڕەزایی هەمیشەیی لە خود، و هەستێکی درێژخایەنی کەموکوڕی بێ گوێدانە پلەی گۆڕان. لەوە مەترسیدارتر ئەوەیە کە هۆشیاری خۆی شێوە دەگۆڕێت تاوەکو ملکەچی وەک توانا ئاسایی دەکرێتەوە، و چەوساندنەوە وەک هەڵبژاردنی ئازاد.
ژنان نەک تەنها ناچار دەبن جەستەی خۆیان بگۆڕن و بەرگەی ئازار و مەترسی بگرن، بەڵکو گوتارێکی تەواو پەیڕەو بکەن کە ئەم توندوتیژییە بە ناوی ئازادی تاکەکەسی و هەڵبژاردنی تاکەکەسییەوە پاساو و شەرعییەت دەدات. ئەوان دەڵێن “من ئەمە بۆ خۆم هەڵدەبژێرم”، “ئەمە وام لێدەکات هەست بە متمانە بەخۆبوونم بکەم،” هەموو دەستەواژەکان کە لە ڕواڵەتدا ئازادکەر دەردەکەون. بەڵام پارادۆکسەکە ئەوەیە کە مەرجەکانی ئەم ئازادی بانگەشەکراوە لە ناخی ژنەوە بەرهەم ناهێنرێن، بەڵکو لە چوارچێوەی لۆژیکی بازاڕی سەرمایەداری کە پێویستی بە بەکاربردنی بەردەوامە، و لە چوارچێوەی دەسەڵاتی نێرینە کە ستانداردەکانی بەها و جوانی دیاری دەکات، بەرهەم دەهێنرێن.

• نۆیەم: سەرمایەداری و فرۆشتنی ڕق لە خود: قەبارەی بازاڕی ئابووری
سەرمایەداری تەنها جوانی نافرۆشێت، بەڵکو ڕق لە خۆی دەفرۆشێت. هەرچەندە ژنان زیاتر هەست بە کەموکورتی بکەن، بازاڕەکانی جوانکاری، فاشیۆن و دەرمانی جوانکاری زیاتر گەشە دەکەن. بەم شێوەیە، جەستەی ئافرەت دەگۆڕێت بۆ شوێنێکی وشککردنی ئابووری هەمیشەیی، کە قازانجی لێوە دەردەهێنرێت بە قووڵکردنەوەی نامۆبوونی بە خود.
خەمڵاندنە ئابوورییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە قەبارەی بازاڕی جوانکاری ساڵانەی جیهان گەیشتووەتە نزیکەی 336-470 ملیار دۆلار لە ساڵی 2024 (4)، بازاڕی ڕێجیم و دەرمانی دابەزاندنی کێش لە دەوروبەری 190-300 ملیار دۆلار بووە (5)، لە کاتێکدا پیشەسازی نەشتەرگەری جوانکاری گەیشتووەتە نزیکەی 56-85 ملیار دۆلار (6)، پێشبینی دەکرێت ئەم ژمارەیە لە داهاتوودا بەرز ببێتەوە.
ئەم ژمارە زەبەلاحانە قەبارەی وەبەرهێنانی سەرمایەداری لە جەستەی ئافرەتدا دەردەخەن و ئەوە دووپات دەکەنەوە کە کاڵاکردنی جەستەی ئافرەت تەنها دیاردەیەکی کەلتووری نییە، بەڵکو پیشەسازییەکی ئابووری زەبەلاحە کە ساڵانە ملیارەها دۆلار بەرهەم دەهێنێت. سیستەمی سەرمایەداری نایەکسانی جێندەر دەگۆڕێت بۆ دەرفەتێک بۆ قازانج و وەبەرهێنان دەکات لە بەردەوامی دڵەڕاوکێ و کەموکوڕی لە نێو ژناندا بۆ مسۆگەرکردنی بەردەوامی سووڕی بەکارهێنان.

• دەیەم: دەرئەنجام
لەم شیکردنەوەیەدا دەردەکەوێت کە توندوتیژیی سیمبولی دژ بە ژنان لە سیستەمی سەرمایەداریدا توندوتیژییەکی کاتی یان ڕێکەوت نییە، بەڵکو پێکهاتەیەکی سیستماتیکی ڕەگی لە کرۆکی سیستەمی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا هەیە.
لە چوارچێوەی سەرمایەداریدا، ئەم توندوتیژییە سیمبولییە دەگۆڕێت بۆ ئامرازێکی ئابووری کاریگەر، کە جەستەی ئافرەت کورت دەکرێتەوە بۆ کاڵایەک کە دەتوانرێت بازاڕی بۆ بکرێت و گۆڕانکاری تێدا بکرێت. ستانداردی جوانی سەپێنراو تەنها ئارەزووی جوانی نییە، بەڵکو میکانیزمی کۆنتڕۆڵکردنە کە وزەی دەروونی و ماددی ژنان بەتاڵ دەکات و دووریان دەخاتەوە لە پێگەی دەسەڵات و کرداری سیاسی.
ئامارە ئابوورییە گەورەکانی پیشەسازی جوانکاری، خۆراک و نەشتەرگەری جوانکاری قەبارەی وەبەرهێنانی سەرمایەداری بۆ بەردەوامی ئەم سیستەمە دەردەخەن. ژنان نەک تەنها دەکەونە ژێر فشاری کەلتووری و سیمبولی، بەڵکو دەگۆڕدرێن بۆ بازاڕێکی بەکاربەری هەمیشەیی و ملیارەها دۆلار بۆ پیشەسازیەکان بەرهەم دەهێنن کە دەژین و گەشە دەکەن بە قووڵکردنەوەی هەستی ناتەواویی و نامۆبوون بة جەستەیان.
بەرەنگاربوونەوەی ئەم توندوتیژیە سیمبولییە پێویستی بە هەڵوەشاندنەوەی ڕەخنەگرانە هەیە لە پێکهاتە کەلتووری و سیمبولییەکان کە پشتگیری دەکەن. گۆڕینی یاساکان یان باشترکردنی بارودۆخی ئابووری بەس نییە. مەگەر شێوازی بیرکردنەوە و پۆلێنکردن کە نایەکسانی قبوڵ دەکات بگۆڕێت، سیستەمەکە بەردەوام دەبێت لە بەرهەمهێنانەوەی خۆی. ئەوەی پێویستە هۆشیارییەکی بەکۆمەڵە کە جوانی واقیعێکی جێگیر نییە، بەڵکو بیرۆکەیەکی کۆمەڵایەتیە کە دەکەوێتە ژێر گۆڕانەوە، و جەستە کاڵا نییە.
لە کۆتاییدا، ئازادی ژنان لە توندوتیژی سیمبولی تەنها بە مانای ڕەتکردنەوەی پێوەرەکانی جوانی سەپێنراو نییە، بەڵکو بە مانای دووبارە پێناسەکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ جەستە، بەدەستهێنانەوەی کۆنتڕۆڵی مانا و بەها، و بنیاتنانی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری کە لەسەر بنەمای چەوساندنەوە و وشککردنی جەستەی ژنان نییە، بەڵکو لەسەر داننان بە تەواوی مرۆڤایەتی و مافی بوونیان لە دەرەوەی لۆژیکی بازاڕ و دەسەڵاتی پیاوانە.

• پەراوێز و سەرچاوەکان
(1) فاتیمە مەرنیسی (1940 – 2015)
فاتیمە مەرنیسی بیرمەند و توێژەرێکی دیاری مەغریبی بوو لە بوارەکانی کۆمەڵناسی و کێشەکانی ژنان و خوێندنی ئیسلامی. ئەو لە ساڵی 1940 لە شاری فاس لە مەغریب لەدایک بووە و لە ساڵی 2015 کۆچی دوایی کردووە. کارەکانی تیشکی خستە سەر پێگەی ژنان لە کۆمەڵگا ئیسلامییەکان، بەتایبەتی مافەکانی ژنان و ئازادییە تاکەکەسییەکان. لە بەناوبانگترین کتێبەکانی “ژنان و ئیسلام”، “پەردە و نوخبەی پیاو” و “شەهرزاد بەرەو ڕۆژئاوا دەڕوات”. هەروەها بە داکۆکیکردن لە تواناسازی ژنان و ڕەخنەی کۆمەڵایەتی لە زاڵبوونی پیاوسالاري لە کەلتووری عەرەبی و ئیسلامیدا ناسراوە.
بۆ زانیاری زیاتر: https://en.wikipedia.org/wiki/Fatema_Mernissi
پوختەی کتێبی “شەهرزاد بەرەو ڕۆژئاوا دەڕوات” لەلایەن فاتیمە مەرنیسی
کتێبەکە باس لە وێنەی ژنانی عەرەب دەکات کە لە کەسایەتی شەهرزاد وەک ئەوەی لە خەیاڵی ڕۆژئاوادا دەردەکەوێت و وێنەی ژنان لە کەلتووری عەرەبیدا بەراورد دەکات لەگەڵ وێنەی ئەوان لە کەلتووری ڕۆژئاوادا. فاتیمە مەرنیسی ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن ڕۆژئاوا ژنانی ڕۆژهەڵات بە وێنەیەکی هەستیاری و ملکەچ سنووردار دەکات، لە کاتێکدا کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاوا لە بەرامبەردا کۆتوبەندی جیاواز بەسەر ژناندا دەسەپێنن، بەتایبەتی لە ڕێگەی جەستە و میدیاوە. ئامانجی کتێبەکە هەڵوەشاندنەوەی کڵێشەی هاوبەشە و بەرگری لە ژنان وەک مێشکی چالاک نەک تەنها جەستە.
(2) پیەر بۆردیو (1930 – 2002)
پیەر بۆردیو کۆمەڵناس و فەیلەسوفی فەڕەنسی بوو کە لە ساڵی 1930 لەدایک بووە و لە ساڵی 2002 کۆچی دوایی کردووە. ئەو بە خوێندنەکانی لەسەر دەسەڵات و چینە کۆمەڵایەتیەکان و کەلتوور ناسراو بوو. ئەو چەمکە بنچینەییەکانی وەک بوارە کۆمەڵایەتیەکان و سەرمایەی سیمبولی و کەلتووری ناساند بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی دابەشکردنی دەسەڵات و جیاکاری لەناو کۆمەڵگادا. ئەو تیشکی خستە سەر کاریگەری پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکان و خووی کەلتووری لەسەر دەرفەتەکانی تاکەکان. ئەو بە یەکێک لە دیارترین بیرمەندەکان دادەنرێت لە ڕەخنەی کۆمەڵگای مۆدێرن و کۆمەڵناسی ڕەخنەگر.
بۆ زانیاری زیاتر: https://en.wikipedia.org/wiki/Pierre_Bourdieu

پوختەیەکی کورتی ” زالبوني پیاوسالاري” لەلایەن پیەر بۆردیو
لەم کتێبەدا، پیەر بۆردیو ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن پیاوسالاري لە کۆمەڵگاکاندا نەک تەنها لە ڕێگەی یاسا و دامەزراوەکانەوە، بەڵکو لە ڕێگەی کەلتوور، نەریت، زمان و پەروەردەشەوە بەرهەم دەهێنرێت. ئەو نیشانی دەدات کە ژن و پیاو بەشداری دەکەن لە دامەزراندنی ئەم سیستەمە، زۆرجار بە نائاگایی، لە ڕێگەی ئەوەی پێی دەگوترێت توندوتیژی سیمبولی، کە تێیدا زاڵبوون وەک سروشتی قبوڵ دەکرێت. ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئازادی ژنان پێویستی بە هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتە کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکان هەیە کە جیاوازی ڕەگەزی ئاشکرا دەکەن.

(3) ناۆمی وۆڵف (1962 – )
ئەو بیرمەند و نووسەر و چالاکوانی فێمینیستی ئەمریکییە کە لە ساڵی 1962 لەدایک بووە. ئەو بە شیکردنەوەی کێشەکانی ژنان، جێندەر و کەلتووری بەناوبانگ بوو. ئەو لە ڕێگەی کتێبی “ئەفسانەی جوانی” کە لە ساڵی 1990 بڵاوکرایەوە، ناوبانگێکی زۆری پەیدا کرد، کە باس لەوە دەکات چۆن ستانداردەکانی جوانی وەک ئامرازێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ژنان و سنووردارکردنی دەرفەتەکانیان بەکاردەهێنرێن. کارەکانی تیشکی خستە سەر بەهێزکردنی ژنان و بەرگری کردن لە کڵێشەی جەستە و مێینەیی لە میدیا و کەلتووردا.
بۆ زانیاری زیاتر: https://en.wikipedia.org/wiki/Naomi_Wolf

پوختەیەکی “ئەفسانەی جوانی” لەلایەن ناۆمی وۆڵف
لەم کتێبەدا ناعومی وۆڵف ڕوونی دەکاتەوە کە ستانداردەکانی جوانی بەسەر ژناندا سەپێنراون بێتاوان نین، بەڵکو وەک ئامرازێکی نوێ بەکاردەهێنرێن بۆ کۆنتڕۆڵکردنیان دوای ئەوەی مافە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکانیان بەدەست هێناوە. ئەو نیشانی دەدات کە چۆن جەستەی ئافرەت لە ڕێگەی میدیا و ڕیکلامەکان و پیشەسازی فاشیۆنەوە بەکاردەهێنرێت بۆ دروستکردنی هەستێکی هەمیشەیی کەمتەرخەمی، کە ئازادی ژنان سنووردار دەکات و لە دەسەڵات و سەربەخۆیی دووریان دەخاتەوە. ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە جوانی واقیعێکی جێگیر نییە، بەڵکو بیرۆکەیەکی کۆمەڵایەتییە کە خزمەت بە سیستەمی کۆنتڕۆڵ دەکات.
(4) بازاڕی جیهانی جوانکاری
• Fortune Business Insights (2024). “قەبارەی بازاڕی جوانکاری، پشک و ڕاپۆرتی ئاراستەکان، 2034”. بەهای بازار: 335.95 ملیار دۆلار لە 2024. https://www.fortunebusinessinsights.com/cosmetics-market-102614
• توێژینەوەی بازاڕ (2024). “شیکردنەوەی بازاڕی جوانکاری جیهانی 2025-2032”. بەهای بازار: 467.63 ملیار دۆلار لە 2024. https://www.maximizemarketresearch.com/market-report/global-cosmetics-market/72541/
(5) بازاڕی خۆراکی جیهانی و دابەزاندنی کێش
• توێژینەوەی شارەزای بازاڕ (2024). “دابەزاندنی کێش و بەڕێوەبردنی کێش گەشەی بازاڕی ڕێجیمی | 2034”. بەهای بازار: 190.35 ملیار دۆلار لە 2024. https://www.expertmarketresearch.com/reports/weight-loss-and-weight-management-diet-market
• گروپی IMARC (2024). “قەبارەی بازاڕی دابەزاندنی کێش، پشک، شیکردنەوەی گەشە 2033”. بەهای بازار: 296.8 ملیار دۆلار لە 2024. https://www.imarcgroup.com/weight-loss-market
(6) بازاڕی جیهانی نەشتەرگەری جوانکاری
• توێژینەوەی گراند ڤیو (2024). “بازاڕی نەشتەرگەری جوانکاری و نەشتەرگەری | ڕاپۆرتی پیشەسازی 2033”. بەهای بازار: 83.07 ملیار دۆلار لە 2024. https://www.grandviewresearch.com/industry-analysis/cosmetic-surgery-procedure-market
• توێژینەوەی پێشینە (2025). “قەبارەی بازاڕی نەشتەرگەری جوانکاری تا ساڵی 2034 دەگاتە 160.47 ملیار دۆلار”. بەهای بازار: 85.83 ملیار دۆلار لە 2025. https://www.precedenceresearch.com/cosmetic-surgery-market




ژاوەژاوی ستراسبۆرگ و ئاماژەکان بۆ رۆژئاڤا؟.. جوتیار مەلا رەئوف

باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا جارێکی دیکە لە ستراسبۆرگ بابەتێکی گەرمی گفتوگۆ بوو، لە هۆڵی پەرلەمانی ئەوروپادا، زۆر زاراوەی بیستراوو دووبارەبۆوەوە و ئاشنا بە گویچکەکانمان بەکارهێنران، مافی مرۆڤ، پاراستنی کەمینەکان، بەشداری سیاسی، بەرپرسیارێتی دیموکراسی لەو ووشە ودەستەواژە باوانە بوون، دۆخی ناوچە زۆرینە کوردییەکان بە هەستیار پیناسە کرا و ڕۆڵی کورد لە شەڕی (دەوڵەتی دڕندەی ئیسلامی داعش) بە ڕاشکاوی گفتۆگۆکراو دانیان پێدانا، مشتومڕێک کە پڕ بوو لە تۆن و رەنگێکی ئەخلاقی ڕوون و لە هەمان کاتدا، مشتومڕێک بوو کە سنووری کاریگەریی دیدگای ئەوروپیەکانی تا ئاستێک ئاشکرا کرد.
چەندین پەرلەمانتار لە وتارەکانیاندا بەبیریان هێنایەوە کە هێزە کوردییەکان بەشدارییەکی بەرچاویان لە کۆنتڕۆڵکردنی هێزو و پێکهاتە جیهادییەکانی سوریا کردووە، ئەوان دەیانگوت ئەم بەشدارییە نەک هەر لە ڕووی ناوچەییەوە گرنگە بەڵکو ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەوروپاشی بەهێزتر کردووە. لەو واقیعە مێژووییەوە، چەند پەرلەمانتارێک بە ئاستێکی بەرزی خیتابی پێشنیاری ئەویان کرد، کە ئێستا دەبێت بەرپرسیارێتییەکی نوێ سەرهەڵبدات لە ناو سیاسەتی ئەوروپا بۆ ئەو ناوچەیەو بۆ کورد بە تایبەتی، بەڵام بە داخەوە بەرپرسیارێتی نوێی سیاسی لە گوتاری پەرلەمانەوە ناگۆڕێت بۆ کردارو بەرپرسیارەتی نوێی ستراتیژی.
پەرلەمانی ئەوروپا بەڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە مەترسییەکان پێشبینیکراو و دانپێدانراون، بۆشایی دەسەڵات لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەتوانێت ناسەقامگیرییەکی نوێ دروست بکات و توندڕەوی جیهادی ئیسلامی پەرەپێبدات و قەیرانە مرۆییەکان زیاتر بکات، سەرەڕای ئەوەش، مرۆڤ هەستی بەوە دەکرد کە مشتومڕەکە لە نێوان پەرلەمانتارەکاندا لە ئاست و لە چوارچێوەی بانگەوازە سیاسییەکاندا قەتیسماوە، هیچ دەستپێشخەرییەکی کۆنکرێتی و ئامرازێکی نوێی سیاسەتی ئەمنی لەو کۆبونەوەیەدا ڕانەگەیەندرا، ستراسبۆرگ چاوەڕوانییەکانی داڕشت، بەڵام بۆ ئێمەی کوردو خەڵکی ڕۆژئاڤا هیچ میکانیزمێکی جێبەجێکردنی نەخستە ڕوو.
سیگناڵە سیاسیەکان بۆ خۆسەری کورد پڕ بوون لە دووفاقیەت، لە لایەک شەرعیەتی سیاسی (ئەحمد شرع) ناخرێتە ژێر پرسیارەوە و ڕۆڵ و دەستەڵاتەکەی وەک فاکتەری سەقامگیری تەعریف دەکرێتوو دانپێدانراوە، لە لایەکی تریش پەرلەمانی ئەوروپا دژایەتی سەرکوت دەکات و داوای پاراستنی کوردەکان و کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان دەکات،ئەرێ هەر بەڕاست ئەو سیاسەتوو هەڵویستە بە چ تەرازویەک دەپێورێت؟
لە لایەکی دیکەشەوە وا دەردەکەوێت کە پشتیوانی رۆژئاڤا لە ڕووی ئەمنی و پێکهاتەییەوە سنووردار دەمێنێتەوە،
چونکە پەرلەمانی ئەوروپا دەسەڵاتی جێبەجێکاری سیاسەتی دەرەوەی نییە و وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا بە شێوەیەکی نەریتی بە وریاییەوە مامەڵە دەکەن کاتێک باس لە پابەندبوونە ئەمنییەکان دەکرێت بە شیوەیەکی ڕاستەوخۆ لە سوریا.
بۆ کورد لە ڕووی فەهمی مرۆیی و مۆڕاڵیەوە تێگەیشتنی ئەو دیدگایە قورسە، بەڵام لە ڕووی پاشخانی مێژوویەوە زۆر ئاسانە، جونکە ئێمە بە درێژایی ژیانی سیاسیمان لە ژێر ئەنوای بەڵین و پایمانە درۆیەنەکانەوە داڵدە دەدرێین تا ئەو کاتەی ‌زلهێزەکان لەبەرامبەر دەسکەوتێکدا سەودامان پێدەکەن.
ژاوەژاوە سیاسیەکە لە ستراسبۆرگ وەکوو فەزایەکی ڕەخنەگرانە بەرامبەر دەستەڵاتی شەرع و دەوڵەتی عەرەبی سوریا دەرکەوتوو لەوانەیە بمێنێتەوە، بەڵام ناتوانێت ببێت بە هیوایەکی بەهێز، یان ئارگومێنتێکی دانپیدانراو و پابەندکەر، ستراسبۆرگ دەیەوێت روداوەکانی سوریا وەکوو چیرۆکێکی غەمگین بگێڕیتەوە، بەڵام نایەوێت وەکوو فاکتێکی واقیعی و سیاسی بیخوێنێتەوە، هەرچەندە بۆ ئەوانیش زۆر ڕۆشنە کە سیاسەتەکانی شرع و حکومەتوو هێزە جیهادیە چەکدارەکانی بە دنەدان و پاڵپشتی دەوڵەتی تورک وەکوو بەربەستێک بۆچارەسەری سیاسی بەردەوام ببن بە گرفت لە بەردەم ئارامی ئەو ناوچەیەو ئومێدی سیاسی رۆژئاڤادا.
پەیامی ستراسبۆرگ ئەوەمان پیدەڵێت، کە ئەوروپیەکان بە ئاشکراو ڕوون وڕەوانی جەخت لەسەر یەکپارچەیی خاکی سوریا دەکنەوە، ئەوان بە دوای چارەسەری سیاسی لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی یەکگرتووو سەقامگیردا دەگەڕێن، نەک بە ئاراستەی پارچەپارچەبوونی دەوڵەتو دابەشکردنی دەستەڵات، بەو قسەیە، ئەوروپا ئاماژە بەوە دەکات کە لامەرکەزییەت شتێکە کە لە ئیستای سوریادا شوێنێکی نییە بۆ بیرلێکردنەوە.
مشتومڕو ژاوەژاوەکەی ستراسبۆرگ تیشک دەخاتە سەر گرژییەکی بنەڕەتی لە سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتی ئەوروپادا، لە کاتێکدا ئەوان ئامادەییان بۆ مەترسیە جیۆپۆلەتیکیەکان لە و ناوچەیە سنووردارە، بەلام لە هەمان کاتیشدا یەکێتی ئەوروپا سەقامگیری دەوێت، دەیەوێت ڕێگری لە شەپۆلی نوێی کۆچ بکات و دەیەوێت رێگە لە کاریگەریەکانی پەرەسەندنی ناوچەیی بگرێتوو لەخۆی دووربخاتەوە کە ئەوەش پێیدەگوترێت سیاسەتی وریایی وهێڵی سنوردار.
لە روی کۆنتێکستی سیاسیەوە ئایا ئەم دانیشتنەی ستراسبۆرگ گرنگ بوو؟
دەکرێت وەڵامەکەی لە لایەک بەڵێ بێت، چونکە ئەوە نیشان دەدات کە ئەو پرسە مەبەست پرسی رۆژئاڤا لە کارنامەی ئەوروپادا تا ئاستێک هەیە، وە دەکرێت نەخێریش بێت، چونکە هاوسەنگی هێز لەسەرئەرزی واقیع ناگۆڕێت.
من پێم وایە ژاوەژاوەکەی پەرلەمانی ئەوروپا ئاماژەیەک بوو زیاتر بۆ هاودەنگی لە پرەنسیپ و بەها مرۆیەکان. بەڵام تەنیا لە ناو چوارچێوەیەکی مۆراڵیدا، نەوەکوو رەهەندێکی سیاسی لە داهاتووی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و رۆژئاڤادا.
ڕێک لێرەدایە بۆمان دەردەکەوێت کە واقیعی سیاسەتی کوردی لە بۆشایەکی زۆر گەورەدایە لە نێوان پڕەنسیپی سیاسی و مرۆییدا لە ناو جیهانی زلهێزو دیدگای وڵاتە بەرژەوەندخوازەکاندا.

جوتیار مەلا رەئوف

.




بۆچی بلاک ڕۆک، جەی پی مۆرگان و گۆڵدمان لە کاتی شەڕی بازرگانی ترەمپدا 1.4 تریلۆن دۆلاریان گواستەوە بۆ چین؟

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: نەوزاد مدحەت ( گۆران عەبدوڵڵا)

لە ساڵانی ٢٠١٨ بۆ ٢٠٢٠، جەنگی بازرگانی ترەمپ لەگەڵ چین گەشتە ترۆپکی خۆی. دانانی باج لەسەر سەدان ملیار دۆلار کاڵای چینی. سەردێڕی میدیاکان هاواری راوەستانەوەیان دەکرد بەڕووی پێکینگ دا. هەردوو پارتەکە بە توندی وتاریان دەدا دەربارەی گەڕاندنەوەی کارەکان بۆ ناو ئەمریکا. هەموو دامەزراوە سیاسییەکان یەکگرتوو بوون لە وتنی: “ئێمە لە کۆتاییدا دەجەنگین دژی چین.” لە هەمان ئەو ساڵانەدا، بڵاک ڕۆک، جەی پی مۆرگان، گۆڵدمان ساکس، و باقی وال ستریت بە نهێنی ١.٤ تریلیۆن دۆلاریان گواستەوە بۆ بازاڕەکانی چین. نەک ١٠٥ ملیار، ١.٤ تریلیۆن کە ساڵی ٢٠٢٠ لە لووتکەی جەنگی بازرگانیدا بوون.

ئێستا، لەوانەیە پێت وابێت ئەمە هەڵەیەک بووە یان کاتێکی خراپ. لەوانەیە وال ستریت غافڵگیر بووبێت بە سیاسەتەکان، ڕاست یان هەڵە ئەمە پێشبینیکراوترین جووڵە بوو لە مێژووی دارایی نوێدا. چونکە شێوازێک هەیە، شێوازێک کە زیاتر لە ٣٠٠ ساڵە دووبارە دەبێتەوە. نەخشێک ئەوەندە جێی متمانەیە، ئەوەندە وردە لە ڕووی بیرکارییەوە کە کاتێک دەیبینیت، تەواوی چیرۆکی ئەوەی کە لە ئێستادا بەسەر دەسەڵاتی ئابووری ئەمریکادا دێت، وەک بلوری ڕوون دەبێتەوە.

ئێمە لە قۆناغی سێیەمداین لە چوار قۆناغ. سیستەمی دارایی جیهانی هەڕەمەکی و بێسەرەوبەرەنییە. بە شێوەیەکی میکانیکی بە چوار قۆناغ کار دەکات کە هەموو دراوێکی یەدەگی لە مێژووی تۆمارکراودا وێران کردووە.
قۆناغی یەکەم، ئلیتی دارایی مۆنۆپۆڵی چاپکردنی پارە دەکات لە ڕێگەی بانکی ناوەندییەوە.
قۆناغی دووەم، ئەم مۆنۆپۆلییە بەکار دەهێنن بۆ دانی قەرز بە دەوڵەت. هەموو شتێک باش دەردەکەوێت. ئابووری گەشە دەکات، ئیمپراتۆرییەت گەورە دەبێت. هەموو کەس پێی وایە کەئەمجارە لە کێشەکە گەشتوون کە چۆن چارەسەر دەکرێت.
قۆناغی سێیەم، سیستەمەکە زۆر درێژ دەبێتەوە. دراو دەست دەکات بە لەدەستدانی بەها. حکومەت کۆنتڕۆڵ لەدەستدەدات، درزەکان گەورەتر دەردەکەون.
قۆناغی چووارەم: ئەمە بەشێکی گرنگە، هەموو ئەو کەسانەی ئەم سیستەمەیان دامەزراند پارەکەیان دەگوازنەوە بۆ هێزێکی نوێی تازە گەشەکردوو پێش ئەوەی ڕووخانەکە ئاشکرا بێت بۆ هەموو کەس. دانیشتووانی وڵاتیش لەگەڵ کاغەزە بێنرخەکاندا لە ماڵەکانی خۆیاندا دەمێننەوە.

ئەمەمان لە بەریتانیا، ئەڵمانیا و ئەمریکا بینیوە دوای ١٩٧١ و ئێستاش وا ڕوو دەدات.
کاتێک وال ستریت پارە دەڕژێنێتە چین، لە هەمان کاتدا واشنتن شانۆی تووندبونەوە لەگەڵ پەکین نمایش دەکات.
کاتێک بەریتانیا لە جەنگدا بوو لەگەڵ فەڕەنسا، پارەی تەواو ببوو. پیاوێک بە ناوی ویلیام پاتەرسۆن- William Patterson- چارەسەرێکی زیرەکانە دەهێنێتە پێش. دروستکردنی بانکی ئینگلتەرا. ڕێککەوتنەکە وایە بانکەکە ١.٢ ملیۆن پاوەند قەرز دەداتە حکومەت بە ڕێژەی ٨٪ سوو. بەڵام زیرەکی ڕاستەقینەکە ئەوە نییە چۆن کار دەکات. حکومەت قەرز دروست دەکات. بانکەکە ئەو قەرزە دەگۆڕێت بۆ پارە کە لە ئابووریدا دەسوڕێتەوە و بەشداربووانی دەوڵەمەند لە بانکەکە، قازانجەکانیان کۆدەکەنەوە لەسەر هەموو دابینکردنی پارەی نەتەوەکە. قۆناغی یەکەم تەواو بوو.

لە ماوەی چوار ساڵدا، قەرزی نەتەوەیی بەریتانیا لە 1.2 ملیۆن بۆ 16 ملیۆن چووەسەر. تا ساڵی ١٨١٥، دوای داراییکردنی جەنگەکانی ناپۆلیۆن بە ڕێگەی چاپکردنی پارەی بەردەوام پشتگیریکراو بە قەرزی حکومەت، قەرزەکە دەگاتە 885 ملیۆن. قەرزدەرەکان نەک تەنها قازانجیان کرد، بەڵکو خاوەندارێتی لەحکومەتی بەریتانیش دەکەن.
قۆناغی دووەم دەست پێ دەکات، بەریتانیا دەستبەجێ گەورەترین هێزی دەریایی جیهان دروست دەکات، نیوەی جیهان کۆلۆنی دەکات. پاوەند دەبێتە دراوی یەدەگی جیهانی. بازرگانی نێودەوڵەتی بە پاوەندی بەریتانی کار دەکات. حکومەتە بیانییەکان پاوەند وەک یەدەگ دەگرن. هەموو شتێک وەک ئەوەیە ڕانەوەستێت. بەریتانیا لە لووتکەی جیهاندایە.

بەڵام ئەوەی زۆر کەس نەیزانن ئەوەیە کە لە نیوەی ١٨٠٠ەکان، درزەکان دەردەکەونەوە. بەرهەمهێنانی پیشەسازی بەریتانی لە لووتکەی خۆیدا دەست دەکات بە دابەزین بەرامبەر بە ئەڵمانیا و ئەمریکا. تێچووی پاراستنی ئیمپراتۆرییەتی جیهانی زۆر زیاتر بوو لەوەی بەریتانیا بتوانێت بیپارێزێت. قەرزەکان زیاتردەبن. لێرەدا شتەکان سەرنجڕاکێش دەبن. هەمان دامەزراوە داراییەکان کە سیستەمی بەریتانیایان دروست کردبوو دەست دەکەن بە گواستنەوەی پارەکانیان بۆ ئەمریکا. سەرمایەی بەریتانی دەڕژێتە بوارە جیاوزەکانی پیشەسازی ئەمریکاوە وەکوو: رێگەی ئاسنین، پۆڵا و چەندین پیشەسازی تر. ڕۆتشیلدەکان- Rothschilds- سەرمایەیەکی زۆر دەخەنە خزمەت گەشەکردنی پیشەسازی ئەمریکاوە. کاتێک بەریتانیا لە١٩٣١بە فەرمی واز لە ستانداردی زێڕ دەهێنێت، کاتێک پاوەند ڕووخا وەک دراوی یەدەگ، دروستکەرەکان پێشتر هەمان سیستەمیان لە نیویۆرک دروست کردبووەوە. پارەکەیان گواستبووەوە پێش ڕووخانەکە.
قۆناغی چوارەم بە تەواوی جێبەجێ کرا.

نمونەی دووەم
دوای جەنگی جیهانی یەکەم پەیمانی ڤێرسای ئەڵمانیای بە ١٣٢ ملیار مارکی زێڕ قەرزاربارکرد بە هێزی هاوپەیمانان. حکومەتی ڤایمار- Vhimar- ڕووبەڕووی دوو بژاردە دەبێتەوە. باجەکان بەرز بکاتەوە بۆ پارەدان یان پارە چاپ بکات. ئەوان چاپخانە هەڵدەبژێرن. بانکی ڕایخ، بانکی ناوەندی ئەڵمانیا، دەست دەکات بە دراویکردنی قەرزی حکومەت، پارەدانی کرێکارە مانگرتووەکان، داراییکردنی بەرنامە کۆمەڵایەتییەکان، پاراستنی هاوپەیمانی سیاسی. کاتێک فەڕەنسا و بەلجیکا لە کانوونی دووەمی ١٩٢٣ ناوچەی روهەر-RUHR-ی پیشەسازی داگیر دەکەن بۆ گرتنی خەڵوز و زۆرکردن بۆ پارەدان، وەڵامی ئەڵمانیا، پارەدان بوو بە کرێکارەکانی ڕووهەر بۆ مانگرتن. پارەدانیان بە پارەی چاپکراو. چاپکردنی پارە بە شێوەیەکی سەیر زیاد دەبێت.
ئایاری ١٩٢٣، 8.6 ملیار مارک. حوزەیران، 17 ملیار. ئاب، 669 ملیار. تشرینی دووەم 400 کوینتیلیۆن. تا تشرینی دووەمی ١٩٢٣، یەک دۆلاری ئەمریکی 4.2 تریلیۆن مارکی ئەڵمانی دەکڕێت. عەربانەیەک پارە رۆژنامەیەک ناکڕێت. کرێکارەکان بە کاتژمێر پارە وەردەگرن چونکە مووچەکەیان لە کۆتایی شیفتەکەیان بێنرخ دەبێت. نرخەکان لە ماوەی کاتژمێرەکانی کارکردندا سەردەکەون. چینی ناوەڕاست تەواو دەسڕدرێتەوە. پاشەکەوتەکان لە شەوێکدا دەبن بە هەڵم.

ڕودۆلف هاڤێنشتاین- Rudolph Havenstein -، سەرۆکی بانکی ڕایخ، بە ئەنقەست دراوی بیانی بە مارک دەکڕی بە هەر نرخێک بووایە بە بێ گوێدانە هەڵاوسان. حکومەتەکە دەیوت ئەمە پێویستە بۆ پارەدانی تاوانبارکردنەکان. ڕاوێژکارە بەریتانی و فەڕەنسییەکان دەیانووت ئەمە وێرانکردنێکی ئەنقەستییە بۆ دراو. تۆمارەکانی دواتر پشتڕاستیان کردەوە. هەڵاوسانی زۆر سوودبەخش بوو. . قەرزەکانی شەڕی ناوخۆی نەهێشت. چینی ناوەڕاستی سیاسی نەویستراوی وێران کرد. کاتێک قەیرانەکە بەلووتکەی خۆی گەیشت، کاتێک ئەڵمانیا مارکی کرێی- Rentenmark لە تشرینی دووەمی ١٩٢٣ داهێنا بۆ ڕاگرتنی ئەو داچۆڕانە دراوییە، چارەسەرەکە پێویستی بە قەرزەکانی ئەمریکی هەبوو.

پلانی داوەس- Dawes- لە ١٩٢٤ وال ستریتی هێنایە ئەڵمانیا بۆ ڕێکخستنەوەی هەموو شتێک. پارەی ئەمریکی لە کۆتایی ١٩٢٠ەکاندا ڕژایە ئەڵمانیاوە. بانکە ئەمریکی و کۆمپانیاکان پێشوازییەکی بێوێنەیان لێکرا. کاتێک دوواتر ئەو سیستەمە لە سەرەتای ١٩٣٠ەکان ڕووخا، کە مەرجەکانی دروست کرد بۆ هێنانە سەرکاری نازییەکان.
هەمان دامەزراوە داراییە ئەمریکییەکان پێشتر ئامادە بوون بۆ قۆناغی داهاتوو. هەمان شێواز، سەدەی جیاواز. بانکی ناوەندی قەرز دەدات بە حکومەت. سیستەم بە هەڵاوسان گەشە دەکات، بەهای دراو هاڕەدەکات، سەرمایەی بیانی لە قەیراندا ڕێک دەخاتەوە، پاشان دەرچوون پێش کارەساتی سیاسی.

نمونەی سێیەم، ئەوەی سیستەمی ئەمڕۆی دروست کرد. لە کۆنفرانسی برێتۆن وودز، نیو هامپشایر. نوێنەرانی ٤٤ نەتەوە سیستەمێکی نوێی پارەیی دروست دەکەن. دۆلاری ئەمریکی بە زێڕ پێوەر دەکرێت بە ٣٥ دۆلار بۆ ئۆنسێک. هەموو دراوی تر بە دۆلار پێوەر دەکرێت. بانکە ناوەندییە بیانییەکان دەتوانن دۆلارەکانیان بگۆڕنەوە بۆ زێڕی ڕاستەقینە بەو ڕێژە جێگیرە. دۆلار دەبێتە دراوی یەدەگی جیهانی پشتگیرکراو بە گەورەترین یەدەگی زێڕ لە مێژوودا لە فۆرت نۆکس- Fort Knox-. بۆ دوو دەیە، کار دەکات.
ئەوروپا و ژاپۆن دووبارە دروست دەبنەوە. دۆلار لە جیهاندا دەسوڕێتەوە. سەرکردایەتی ئابووری ئەمریکی تەواوە. بەڵام دوواتر ئەمریکا دەست دەکات بە بەکارهێنانی توانای چاپکردنی دراوی یەدەگ بۆ داراییکردنی جەنگی ڤێتنام. بەرنامەکانی کۆمەڵگەی گەورە، دروستکردنی سەربازی لە جەنگی سارد، هەمووی بە بێ بەرزکردنەوەی باجەکان. بانکی فیدراڵی دابینکردنی پارە گەشە دەکات. ڕێژەی سوو نزم دەمێنێتەوە. ئابووری بەردەوام گەشە دەکات. دۆلار دەڕژێتە بانکە ناوەندییە بیانییەکانەوە، ئەمریکا توانا بازرگانێکانی گەورەتر و گەورەتر دەکات.

تا ١٩٧١، زۆر زیاتر دۆلار لە سوڕدایە لەوەی ئەمریکا زێڕی هەیە بۆ پشتگیریکردنیان. فەڕەنسا دەبینێت چی ڕوو دەدات. لە سەردەمی سەرۆک شارل دۆگۆل- Charles de Gaul -، دەست دەکەن بە داواکردنی زێڕ بۆ دۆلارەکانیان. لە ئابی ١٩٧١، سەرۆک جۆرج پۆمپیدو- George Pompidou- کەشتی جەنگییەک دەنێرێت بۆ نیویۆرک بۆ کۆکردنەوەی زێڕی فەڕەنسی. سویسرا لە ٩ی ئاب سیستەمەکە جێدەهێڵێت. لە ١١ی ئاب، بەریتانیا داوای ٣ ملیار دۆلار زێڕ دەکات کە لە فۆرت نۆکس بگوازرێتەوە بۆ نیویۆرک. پۆڵ ڤۆلکەر- Paul Vulkar -، ئەو کاتە جێگری وەزیری گەنجینە دەبێت، دواتر وتی کاتێک بەریتانیا، ئەو وڵاتەی کە سیستەمەکەی لەگەڵ ئەمریکا دامەزراند و جەنگی کرد بۆ پاراستنی دراوەکەی خۆی، دەستی کرد بە بردنی زێڕ بۆ دۆلارەکان، هەموو کەس زانیتی کۆتایی هاتووە. تا ١٥ی ئاب، تەنها ١٠,٠٠٠ تۆن مەتریک زێڕ لە یەدەگەکانی ئەمریکادا مایەوە.
١٥ی ئابی ١٩٧١، شەوی یەکشەممە، نیکسۆن دێتەسەر تەلەفزیۆن و ڕادەگەیەنێت ئەمریکا بە شێوەیەکی کاتی گۆڕینەوەی دۆلار بۆ زێڕ ڕادەگرێت. پەنجەرەی زێڕ دادەخرێت. ئەو ڕێکارە کاتییە تا ئەمڕۆش بەردەوامە. سیستەمی برێتۆن وودز- Brettonwood- ڕووخا. تا ئازاری ١٩٧٣جیهان گواستییەوە بۆ بازاڕی نرخی ئاڵڵوگۆڕی گۆڕاو واتە بەهاکەی بەپێی دابینکردن و داواکاری بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی دیاری دەکرێت، دۆلار دەبێتە دراوی تەواو کاغەزی، هێزی پشتی هیچ نییە جگە لە بەڵێنی حکومەت و هێزی سەربازی ئەمریکی لە بازاڕەکانی نەوتی جیهانی.

لەو ڕۆژەوە، دۆلار زیاتر لە ٩٨٪ی نرخی لەدەست دا بەرامبەر زێڕ. لە ١٩٧١، زێڕ ٣٥ دۆلار بوو بۆ ئۆنسێک. ئەمڕۆ، زیاتر لە ٣,٠٠٠ دۆلارە. هەمان شێواز، درێژەدان بە سیستەم، لەدەستدانی دیسیپلینی پارەیی، بێنرخکردنی بەهای دراو.

ئێستا بەراوردی بکە بەم دۆخەی ئێستا ڕوو دەدات. ٦ی تەممووزی ٢٠١٨، ترەمپ یەکەم باجەکان دادەنێت لەسەر کاڵای چینی. ٣٤ ملیار دۆلار. جەنگی بازرگانی بە فەرمی دەست پێ دەکات. ئەمریکا لە کۆتاییدا ڕووبەڕووی چین دەبێتەوە، هاوسەنگی بازرگانی دەکاتەوە، بەرهەمهێنان دەگەڕێنێتەوە. هەردوو پارت پشتیوانی دەکەن. دامەزراوەکە یەکگرتووە. بەڵام ٦ی تەممووزی ٢٠١٨ بە هۆکارێکی تر گرنگە. تەنها یەک مانگ دوای ١ی حوزەیرانی ٢٠١٨، ئەو ڕۆژەی کە کۆمپانیای MSCI کە کۆنترۆڵی پێوەرەکانی وەبەرهێنانی جیهانی دەکات، بە فەرمی دەستیکردووە بە خستنەڕووی کۆمپانیای AShares ی چینی لە پێوەرەکانی بازاڕە تازەپێگەیشتوەکانیدا. بیر لەوە بکەرەوە کە ئەمە مانای چییە، کاتێک MSCI بازاڕێک لە پێوەرەکانیدا دەخاتە ڕوو، ئەو وەبەرهێنەرە دامەزراوەییانەی کە بەدواداچوون بۆ ئەو پێوەرانە دەکەن، دەبێت پارە بخەنە ناو ئەو بازاڕەوە.. سندووقەکانی خانەنشینی، سەرمایە سیادێکانی دەوڵەت، سەرمایە پێ بەخشکراوەکانی زانکۆکان، کۆمپانیاکانی بیمە، تریلیۆنەها دۆلار تەنها بەو رێڕەوەدا دەڕۆن. کێشی چین بە پێوەری بازاڕە نوێکانی MSCI لە نزیکەی سفرەوە گەیشتە ٤٣٪ تا تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠. لە هەمان ماوەی ٢٠١٨ بۆ ٢٠٢٠، وەبەرهێنانی خەزێنەی ئەمریکی لە چین گەیشتە ١.٤ تریلیۆن.
بڵاک ڕۆک کارەکانی چینی گەشە پێدا لەم ماوەیەدا. جەی پی مۆرگان پەسەندی وەرگرت بۆ خاوەندارێتی کاری زۆرتر لە چین. گۆڵدمان ساکس بەشی خۆی لە هاوبەشی چینی زیاد کرد. ئەمانە لە ئاکامی کاری هەڵەوە نین. ئەمانە هەمان دامەزراوەی دامەزراوەیین کە لە بەریتانیا، لە ئەڵمانیا، لە ئەمریکای دوای جەنگ کارایان کرد و ئێستا قۆناغی ٤ جێبەجێ دەکەن.

با بۆکسەکان بپشکنین. قەرزی نەتەوەیی ئەمریکا ٣٦ تریلیۆن، ڕێژەی قەرز بە GDP ٩٨٪. بیلانسی بانکی فیدراڵی لە ژێر ١ تریلیۆن بوو لە ٢٠٠٨. لە کۆڤید تەقێتەوە بۆ ٩ تریلیۆن. هێشتا زیاتر لە ٧ تریلیۆن ئەمڕۆ. هەمان میکانیزم وەک هەمیشە. بانکی ناوەندی قەرزی حکومەت دراو دەکات. حکومەت زۆر زیاتر خەرج دەکات لەوەی باجەکان دەتوانن دابینی بکەن. دابینکردنی دراو زۆر زیاتر گەشە دەکات لە توانای بەرهەمهێنەری ئابووری، دامەزراوە داراییەکان کە ئەم پرۆسەیە بەڕێوە دەبەن دەست دەکەن بە گواستنەوەی سەرمایە بۆ ناوەندی هێزی داهاتوو.

قۆناغی یەکەم، یەدەگی فیدراڵی لە ساڵی ١٩١٣ دامەزرا، قۆرخکاری لەسەر دروستکردنی پارە.
قۆناغی دووەم، دەیەها ساڵ دراویکردنی قەرز، داراییکردنی جەنگەکان و بەرنامە جیهانێکان. قۆناغی سێیەم، هەڵئاوسانی سیستەمی مالی بە ڕێژەی ٩٨٪ی لەکۆی بەرهەمی ناوخۆیی و شێوانی بەهای دراو.
قۆناغی چوارەم، دامەزراوە داراییەکان سەرمایە دەگوازنەوە بۆ چین لە کاتێکدا واشنگتۆن شانۆ دەکات.
ئێمە ئێستا لەم قۆناغەداین.

ئەم شێوازە گوێ بە هەڵبژاردنە سیاسییەکانت نادات. گوێ بەوە نادات کە باوەڕت بە ئەمریکییەتی نا ئاسایی هەیە یان نا. گوێ لە تەکنۆلۆژیا ڕزگارکردنمان یان تیۆری پارەیی نوێ یان هەر چوارچێوەیەکی زیرەکانەی تر نادات کە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم جارە جیاوازە دروست کراوە.
ئەم جارە جیاواز نییە، میکانیزمەکە ماتماتیکییە. کاتێک سیستەمێکی دارایی لەسەر دروستکردنی قەرز دامەزراوە، کاتێک ئەو دامەزراوەیەی پارە دروست دەکات جیاوازە، بەڵام پەیوەستە بە باج کۆکردنەوە. کاتێک سیستەمەکە گەشە دەکات لە دەرەوەی توانای بەرهەمهێنەر، دراو بێنرخ دەبێت. کاتێک دراوەکەی بێنرخ دەبێت دراوی یەدەگی جیهانییە، دروستکەرەکانی ئەو سیستەمە سەرمایەکەیان دەگوازنەوە پێش تەواوبوونی ڕووخانەکە.

ئەوەی کەسەکان لەدەستی دەدەن ئەوەیە کە جەنگی بازرگانی شانۆ بوو بۆ شکستهێنان دروست کرابوو، یان وردتر بڵێین بۆ ئەوە دروست کرابوو کە وەک ئەوە دەربکەوێت ئەمریکا بەرگە دەگرێت لە کاتێکدا یەکگرتنی دارایی ڕاستەقینە خێراتر دەبێت. ناتوانیت بە باجەکان جەنگ لەگەڵ چین بکەیت لە کاتێکدا گەورەترین دامەزراوە داراییەکانت پارە دەگوازنەوە بۆ بازاڕەکانی چین. ناتوانیت بەرهەمهێنان بگەڕێنیتەوە ماڵەوە لە کاتێکدا دابینکەرەکانی ئیندێکس کە دابەشکردنی سەرمایەی دامەزراوە کۆنتڕۆڵ دەکەن کێشی چین لە جانتا جیهانییەکان زیاد دەکەن.
ناتوانیت هەژموونی دۆلار بپارێزیت لەکاتێکدا کورتهێنانی تریلیۆن دۆلار بەڕێوەدەبەیت کە لەلایەن چاپکردنی پارەی بانکی ناوەندییەوە دارایی دەکرێت. دژایەتییەکە ڕووداوێک نییە. میکانیزمەکەیە. دانیشتوانی بەریتانیا لە ساڵی ١٨٨٠ تێنەگەیشتن کە پایتەختەکەیان خەریکی بنیاتنانی ئەمریکایە. دانیشتوانی ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩٢٩ لەوە تێنەگەیشتن کە بانکە ئەمریکییەکان خولی هەڵاوسانی زۆریان ئاسان کردووە. ئێستا دانیشتوانی ئەمریکا لەوە تێناگەن کە وۆڵ ستریت ژێرخانی دارایی چین بنیات دەنێت لە کاتێکدا واشنتۆن بەرخۆدان ئەنجام دەدات. بەڵام شێوازەکە پێویستی بە تێگەیشتنی تۆ نییە. تەنها جێبەجێ دەکات.

کەواتە چی لەم زانیارانە دەکەیت؟ تێدەگەیت کە ماشێنەکە لە جوڵەی خۆیدایە. تێدەگەیت ئەو کاتەی ئەمە ئاشکرا دەبێت بۆ ڕای گشتی، هەموو پرۆسەکە جێگیربووە. تێدەگەیت کە سیستەمی ئێستا، دۆلار وەک دراوی یەدەگ، سەرکردایەتی دارایی ئەمریکی، ڕێککەوتنی دوای برێتۆن وودز، هەمیشەیی نییە. قۆناغی سێیەمە لە شێوازێکی چوار قۆناغی و قۆناغی چوارەم ئێستا جێبەجێ دەکرێت. خۆت بەپێی ئەوە ڕێک دەخەیت.
تێدەگەیت کە گرتنی سامان بە دراوی بێنرخ هەڵبژاردنێکە بۆ بەشداربوون لە میکانیزمی گواستنەوەکە. تێدەگەیت کە هەڵاوسان کاتی نییە، گواستنەوە نییە، ئەنجامی کەمی زنجیرەی دابینکردن نییە. ئەنجامی پێشبینیکراوی گەشەی پارەیی لە دەرەوەی گەشەی بەرهەمهێنەرە. تێدەگەیت کە کاتێک پێت دەڵێن نیگەران مەبە، ئەم جارە جیاوازە، ئەندازیاری دارایی نوێ چارەسەری کێشەکانی سیستەمەکانی پێشووی کردووە. یان نەزانن لە شێوازەکە یان هاوکارن لە جێبەجێکردنیدا. تێدەگەیت کە ٥ بۆ ١٠ ساڵی داهاتوو وەک ٣٠ ساڵی ڕابردوو نابێت. میکانیزمەکە خێرا دەبێت. قەرزەکان ناتوانرێت بدرێنەوە. دراو بەردەوام بێنرخ دەبێت. ئلیتی دارایی پێشتر ئامادەیە. پرسیارەکە ئەوەیە کاتێک شێوازەکە بە ڕوونی دەیبینیت و تێدەگەیت لە کاتی ڕاستەقینەی خۆیدا ئایا بڕیارە حەتمییەکە لەبەرچاو دەگریت.

ئەمە پێشبینی نییە، ناسینەوەی شێوازە. هەمان میکانیزم کە سەرمایەی بەریتانی گواستەوە بۆ ئەمریکا لە سەدەی ١٩، هەمان میکانیزم سەرمایەی ئەمریکی گواستەوە بۆ ئەڵمانیای ڤایمار پێش ڕووخان، هەمان میکانیزم سەرمایەی لە ئەمریکا گواستەوە کاتێک برێتۆن وودز شکستی هێنا ئێستا سەرمایە دەگوازێتەوە بۆ چین. لەئێستادا سیاسەتمەداران مشتومڕ لەسەر باجەکان دەکەن، لە کاتێکدا ناوەندەکانی گەڕان مشتومڕ لەسەر ستراتیژییەکانی کۆتاییهێنانی پەیوەندێکان دەکەن، لە کاتێکدا میدیا سەرقاڵی ئەگەری جەنگی بازرگانییە، وال ستریت پێشتر بڕیاری داوە ١.٤ تریلیۆن دۆلار بگوازێتەوە، شێوازەکە هەرگیز شکستی نەهێناوە لە تەواوکردنی خۆی، سێ چارەکی جێبەجێکردنەکەی تەواو کردووە.

ئەگەر دەتەوێت تێبگەیت لە داهاتوودا چی ڕوو دەدات، ئەگەر دەتەوێت بزانی چۆن قۆناغی کۆتایی ئەم شێوازە تەواو دەبێت، ئەگەر دەتەوێت ببینیت چۆن گواستنەوەکە لە سەرکردایەتی دارایی ئەمریکی بۆ چینی کۆتایی دێت، پێویستە تێبگەیت چۆن ماشێنەکە دروست کراوە. پێویستە ژێرخانی دامەزراوەیی ببینیت کە ئەم گواستنەوەیە ئاسان دەکات. پێویستە ناسینەوە بکەیت کە هەموو بەڵگە مێژووییەکان ئاماژە بۆ هەمان ئەنجام دەکەن. دانیشتووان دراوەکە دەگرن کاتێک نزیک دەبێتەوە لە سفر. لە کاتێکدا دروستکەرەکانی سیستەمەکە پێشتر سامانەکەیان گواستووەتەوە بۆ ناوەندی هێزی داهاتوو. ئەوە شێوازەکەیە، ئەوە میکانیزمەکەیە، ئەوە ئەوەیە کە ئێستا ڕوو دەدات لە کاتێکدا هەموو کەس سەیری شانۆی سیاسی دەکات و گواستنەوەی سیستەماتیکی سامان لە پشتەوە لەدەست دەدات.

سەرچاوە:
https://www.youtube.com/watch?v=cDg7oTNbGfg




بارودۆخی سوریا و بێدەنگیی ڕۆژئاوا : کۆبانێ دەسوتێت.. بەیان ساڵح

لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ یەکێک لە هاوڕێ چەپە دانیمارکییەکانم سەبارەت بە بارودۆخی سوریا، پێم گوت:
ئەوەی ئێستا لە سوریا ڕوودەدات دووبارە ڕێکخستنەوەی سیستەمی سەرمایەدارییە لە ناوچەکەدا، کە نەخشەیەکی جوگرافیای نوێی سوریا دەکێشرێت و دەوڵەتێک لەسەر بنەمای تیرۆریستی و ناسیۆنالیستی دەسەپێنرێت کە دوورە لە دەوڵەتی هاووڵاتیبوون.

ئەمەریکا لەگەڵ هاوپەیمانەکانی کە بریتین لە ئیسرائیل و تورکیا و سعودیە و قەتەر لە دروستکردنی ئەم پڕۆژە تاوانکارییە دەوەستێت. هێرشی سەربازی و تیرۆریستی بۆ سەر دانیشتوانی مەدەنی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و کوشتنیان و دەربەدەرکردنیان و بێبەشکردنیان لە ئاو و کارەبا لەلایەن هێزە تیرۆریستییە ئیسلامییەکان کە لەلایەن حکومەتێکی شەرعیەوە نوێنەرایەتی دەکرێن کە بەسەر گەلی سوریادا سەپێنراوە، هێرشێکی دڕندانەیە کە بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی وڵاتانی کەنداو دەپارێزێت. سەرەڕای بەدیهێنانی ئامانجەکانی بۆرژوازی ئیسلامی شۆڤێنی لە تورکیا

ئەم شەڕە کۆنەپەرستانە لە دژی جەماوەری کوردستانی سوریا شەڕێکە بە ئامانجی بەهێزکردنی تیرۆریزمی سیاسی ئیسلامی لە ناوچەکەدا جێی داخە کە چارەسەری پرسی کورد و پاراستنی مافەکانی گەلی کورد پەیوەستە بە ستراتیژ و پلانی هێزە سەرمایەدارەکان و ئیمپریالیستەکان و هاوپەیمانەکانیانەوە وەک هێز و تەوژمەکانی کوردی وەک هێزەکانی سوریای دیموکرات نیشانیان دا کە شەراکەتی هاوپەیمانێتییان لە ڕێکەوتنی نوێدا فەرامۆش کرا.

کۆبانێ، واقیعی تراژیدی لەسەر زەوی: گەواهیدەران لە دڵی دۆزەخەوە
لە ڕێگەی کارە پیشەییەکانم لەگەڵ هەندێک خێزانی کوردی سوریا و لە ڕێگەی پەیوەندییە بەردەوامەکانیان لەگەڵ کەسوکاریان لە ناوچەی کۆبانێ لەم ڕۆژانەدا، وێنەیەکی مرۆڤایەتی زۆر ناخۆش دەردەکەوێت. نزیکەی نیو ملیۆن خەڵکی کورد بەتەواوی گەمارۆدراون و ئاو و کارەبا و خۆراک و پێداویستییە پزیشکییە بنچینەییەکانیان لێبڕدراوە. ئەو وێنەیەی لەوێوە دێت ترسناکە: منداڵان دەمرن، نەخۆشەکان بەهۆی نەبوونی دەرمانەوە دەمرن، و خێزانەکان هەوڵ دەدەن بە کەمترین شێوە بژین. پەیوەندییە تەلەفۆنییە پچڕپچڕ لەگەڵ دانیشتووانی گەمارۆدراو ئاوازی نائومێدی و دەنگە لەرزۆکەکان وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانەی ژێر گەمارۆدان دەگێڕنەوە: “ئاوی خواردنەوە و کارەبا بۆ چەند ڕۆژێکە نییە، منداڵەکان برسینن و نەخۆشخانەکان ناتوانن برینداری زیاتر وەربگرن.”
بەم گەمارۆیە خنکێنراوە، ئازاری هاووڵاتیانی کورد بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانەوە خراپتر بووە، چونکە هەندێک لە بازرگانان ئەم دۆخە ئەمنییە خراپەیان قۆستەوە بۆ بەرزکردنەوەی نرخی خۆراک بەشێوەیەکی نامرۆڤانە. کیلۆیەک نان کە پێشتر بە نرخێکی کەم دەفرۆشرا بۆ زۆربەی خێزانەکان زۆر گران بووە. پارەگۆڕەکان سوود لەو نەهامەتییە وەردەگرن، برسێتی دەکەنە بازرگانی، پێداویستی مرۆڤ دەکەنە دەرفەتێک بۆ قازانجی خێرا. تەنانەت لە خراپترین بارودۆخیشدا سەرمایەداری ڕێگایەک دەدۆزێتەوە بۆ ڕشتنی خوێنی هەژاران. تراژیدیاکە تەنها بە برسێتی و گەمارۆوە سنووردار نییە. ئەمە درێژ دەبێتەوە بۆ ترسی بەردەوامی ئاوارەبوونی بەزۆر و ترسی کردارە دڕندەکانی داعش و مامەڵەی نامرۆڤانە و پێشێلکارییە ترسناکەکانی دژی هاوڵاتیانی بێ بەرگری. یادەوەری کۆمەڵی گەلانی ناوچەکە هێشتا برینی ئەو کارانەی داعش لە ڕابردوودا کردوویەتی هەڵدەگرێت: لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ، کۆیلەکردنی ژنان، لەناوبردنی ناسنامەی کولتووری، و سڕینەوەی هەموو شوێنەوارێکی ژیانی مەدەنی.
ئەمڕۆ خەڵکی کۆبانێ بە دوو ترسەوە دەژین: ترسی مردن بە برسێتی و تینوویەتی و سەرما و ترسی شتێکی خراپتر ئەگەر شارەکە بکەوێتە دەست هێزەکانی سوریا. گەلی کورد لە چارەنووسی ژنان و کچان دەترسێت و جەماوەریش دەزانێت کە ئاوارەبوونی زۆرەملێ مانای لەدەستدانی هەموو شتێکە خاک و ماڵ و ناسنامە ئەمە تەنها گەمارۆیەکی سەربازی نییە. ئەمە هەوڵێکی سیستماتیکییە بۆ سڕینەوەی تەواوی خەڵکێک لە نەخشەی ناوچەکە.

بێدەنگی شەرمەزاری ڕۆژئاوایی: کاتێک تراژیدیای مرۆڤ دەبێتە پەراوێز
هاوڕێکەم بە خەمێکی قووڵەوە گوتی: “ئەوەی ئەمڕۆ لەو ناوچانە ڕوودەدات زۆر تراژیدیە و لەبەرچاوی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەوروپا ڕوودەدات بەبێ ئەوەی هیچ میدیایەکی ڕاستەقینە ڕووماڵی ئازاری خەڵکی مەدەنی بکات.” گفتوگۆکەمان بەردەوام بوو لەسەر ئەوەی کە چۆن لێرە لە دانیمارک تەنها دوو پارتی چەپ پشتگیری ئەو پرسەیان کردووە، لەگەڵ پشتیوانییەکی سنووردار لەلایەن چەند پارتێکی ترەوە، لە کاتێکدا میدیای دانیمارک بەتەواوی بێدەنگە و لە بەرنامە هەواڵییەکانیدا باسی ئەو شتانە ناکات کە ڕوودەدەن. ئەمە بە شێوەیەک لە شێوەکان هاوکاری ئاشکرایە لەگەڵ پڕۆژەی ئیمپریالیستی کە لە ناوچەکەدا بەڕێوە دەچێت. دیموکراسی سەرمایەداری ڕۆژئاوا ڕوخساری ڕاستەقینەی خۆی دەردەخات: مافەکانی مرۆڤ هەڵبژاردەن و بەها مرۆییەکان تەنها سەوداگەری گەمەی بەرژەوەندییە گەورەکانن. چەند ڕۆژنامەیەکی دانیمارکی ئاماژە بە کارەساتی مرۆیی ئێستای کۆبانێ دەکەن و ئاماژەیان بەوە کردووە کە شارەکە بەدەست پچڕانی تەواوی کارەبا و ئاو و ئینتەرنێتەوە دەناڵێنێت و هەروەها کەمی زۆری ئارد و دەرمان هەیە. ئەوان هەواڵی مردنی منداڵان بەهۆی پلەی گەرما و کەمی سووتەمەنی گەرمکردنەوە و نەبوونی شوێنی حەوانەوە بڵاودەکەنەوە.
وڵاتانی ڕۆژئاوا کە شانازی بە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤەوە دەکەن، چاویان لە تراژیدیای نیو ملیۆن کەس لە کۆبانێ گەمارۆدراو گرتووە کە ڕووبەڕووی مردنی هێواش دەبنەوە. میدیای ڕۆژئاوا کە تیشک دەخاتە سەر هەموو ڕووداوێک کە خزمەت بە ئەجێندای سیاسی خۆی دەکات، بێدەنگی ڕەها هەڵدەبژێرێت کاتێک باس لە تاوانەکانی هاوپەیمانەکانی دەکات.
ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەم هەڵمەتە تیرۆریستییە و دژایەتیکردنی شۆڤێنیزم
من پێم گوت: من ئەوەی لە سوریا ڕوودەدات نمونەیەکی زەق دەبینم لە بەیەکگەیشتنی شێوە جۆراوجۆرەکانی چەوساندنەوە: ئیمپریالیزم، سەرمایەداری، فاشیزمی ناسیونالیست، و ئیسلامی سیاسی، هەموویان هاوپەیمانن بۆ سەرکوتکردنی گەلان و جەماوەری کرێکار، نادادپەروەری بە شێوەیەکی هەمیشە نوێ بەرهەم دەهێننەوە.
من پشتگیری لە وەستاندنی دەستبەجێی ئەم هەڵمەتە تیرۆریستییە دەکەم و دژی هەموو شۆڤێنیزمە ناسیۆنالیستەکانم، چ ناسیۆنالیستە تورک و چ عەرەبەکان، هەروەها ناسیۆنالیستە کوردەکان. گەلی کورد و هەموو گەلانی تر مافی ئەوەیان هەیە خۆیان لە هەموو تیرۆرێکی شۆڤێنی بپارێزن و مافی قسەکردن بە زمانی دایکیان و مافی چارەی خۆنووسینیان هەیە
سەرەنجام هەردووکمان لەسەر ئەوە ڕێککەوتین کە خەباتی چینایەتی دژ بە سەرمایەداری لە خەبات دژ بە چەوساندنەوەی نەتەوەیی و سیستەمی پیاوسالاری جیا نابێتەوە ئەمانە هەموویان ڕوویەکی یەک ڕیزبەندین لەسەر بنەمای زاڵبوون و چەوساندنەوە و ئازادی ڕاستەقینە بەدی ناهێنرێت ئەگەر هەموویان پێکەوە ڕووبەڕوو نەبنەوە.

بەیان ساڵح




ڕۆژاوای کوردستان لە کۆڵۆنیالیزمی فەڕەنسیەوە بۆ ئیمپریالیزمی ئەمریکی.. شوان ئەحمەد باپیر

ڕۆژاوای کوردستان، بەشێکی دانەبڕاوی خاکی کوردستانە و درێژەپێدەر و تەواوکەری هەردوو بەشی کوردستانی باکوور و باشوورە، ناوچە کوردییەکان بەدرێژایی پشتێنەی سنووری باکووری سووریا درێژ دەبێتەوە بە کەناری سوری- تورکی. کە لە پارێزگای حەسەکە فراوان دەبێت، دووبارە درێژ دەبێتەوە لە پارێزگای حەلەب، هەردوو ناوچەی کۆبانێ و سەرێ کانی و عەفرین لە خۆ دەگرێت. هەڵکەوتەی جیۆپۆلۆتیکی ناوچە کوردییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەرخەری ئەوەیە لە سەدەی بیستەمدا ببێتە ناوەندی چاوتێبڕینی وڵاتە کۆڵۆنیالیزمەکان لەسەروی هەموویانەوە بەریتانیا و فەڕەنسا، لەم نێوەندەدا دووپاتکرایەوە لەسەر بەخشینی کوردستانی سووریا، بە وڵاتی فەڕەنسا، بەگوێرەی بڕیارەکانی کۆنگرەی سان ڕیمۆ لە ٢٦ی نیسانی ١٩٢٠ بەسترا. وای لە کوردەکان کرد بە گژ ئەم هەوڵەی کۆڵۆنیاڵیزمی فەڕەنسی بچنەوە و بەرەنگاری کورد لە دژی فەڕەنسییەکان لەو کاتەوە دەستی پێکرد، کە بڕیاری دەستگرتن بەسەر حکومەتی شا فەیسەڵ درا، فەرەنسییەکان ڕووبەڕووی بەرەنگاری سوورییەکان بوونەوە، لە ساڵی ١٩٢٠دا لە جەنگی مەیسەلۆن سەرکردەی دیاری کورد (یوسف العظمة)، گیانی لەدەستدا، لە ٢٤ی ٧ی هەمان ساڵدا جەنەڕاڵ گۆرۆی فەڕەنسی چووە نێو دیمەشق. هاودەم لە کانوونی یەکەمی ١٩٢٠، لە باکووری سووریا ناوچەی جبل الکراد- جبل الزاویة، بەسەرکردایەتی (ابراهیم هەنانۆ)، فەرەنسییەکان بەسەرکردایەتی جەنەڕاڵ گراندکور، بەسەرکردایەتی ٣٠هەزار سەرباز، توانییان بزوتنەوەی جوتیاران لە تەمووزی ١٩٢١سەرکوت بکەن. کوردەکان بەشێکی دانەبڕاو ڕەسەن بوونە لە بەرەنگاری کۆڵۆنیالیزمی فەڕەنسی، کە چی لە قۆناغی سەرپێکەوتنی دەوڵەتی سووریادا مافەکانیان پشتگوێخران و تەنانەت دەلیڤەی ئەوەیان نەبوو ببن بە خودان ڕەگەزنامەی خۆیان، هەندێک لە نموونەی بەرەنگاربوونەوەی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی کورد لە سووریادا بە هۆی سەپاندنی سیاسەتی ماندێتی فەرەنسا، دەنگی نارەزایی لای گەلانی سووری بەرزبووەوە و کوردیش لەم ڕووەوە درێغی نەکردووە، دیارترین کەسایەتی کوردی جێ دەستیان لەم شۆڕشە هەبوو ئەمانەن. (علی ئاغا زلفو، حسن الخراط- ئەحمەد بەرئاڤی- نجیب البرازی- ئیبراهیم هنانوو)، چەندان کەسایەتی دیکەش.
کورد وەک کەمینەی مەسیحی و دروزەکان نەیتوانی پشتگیریی فەڕەنسییەکان بەدەستبهێنێت، بەڵام فەڕەنسییەکان هەل و مافی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییان بۆ کورد ڕەخساند، لەم چوارچێوەیەدا کورد هەوڵیدا بۆ دامەزراندنی کۆمەڵەو ڕێکخراوی سیاسی و فەرهەنگی. بۆنموونە، کوردی ڕۆژئاوا لەگەڵ ئەو کوردانەی دوای شکستی ڕاپەڕینەکەی شێخ سەعیدی پیران لە ١٩٢٥ لەدەست ستەم و زۆری تورک هەڵاتنە سووریا، پێکەوە توانییان (کۆمەڵەی خۆیبوون)، لە هاوینە هەواری بحمدون- دامەزرێنن، لە نێوان سااڵنی (1927-1946)، ڕۆڵی دیاریان لە بزافی نەتەوەیی و فەرهەنگی کورد لە سووریا بینی و ببووە هۆی ئەوەی هۆشیاری نەتەوەیی لە ڕۆژئاوای کوردستان پەرەبسێنێت و بەرهەمێکی دیکەی ئەو ڕەوشە نوێیەی لەڕووی فەرهەنگییەوە بۆ کورد هاتەپێشەوە (گۆڤاری هاوار)بوو لەلایەن (جەلادەت بەدرخان) ەوەبڵاو کرایەوە. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە هەروەک چۆن خەباتی ناسیۆنالیستی کوردانی ڕۆژئاوا لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم لاواز بوو، لە دوای کۆتایی جەنگی دووەمی جیهانی هەر بە لاوازی مایەوە. بزوتنەوەی کوردی لە ڕۆژئاوا تاڕادەیەکی زۆر کەوتبووە ژێر کاریگەری بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی لە بەشەکانی دیکەی کوردستان و سەربەخۆبوونی سووریا لە1946دا ڕەوشی کوردی بەرەو خراپتربوون برد و گورزێکی گەورەی لە ڕەوشی مافی کورد لە سووریا وەشاند، چونکە لە حکومەتی نەتەوەیی عەرەبی سوریدا بە ئاشکرا کاریان بۆ دورخستنەوەی کورد کرد لە بەشداری پێکردنی سیاسی و کارگێڕی لەوڵاتدا دەکرد، لەم چوارچێوەیەدا کۆمەڵێک بڕیار دران بۆ بەرتەسکردنەوەی چالاکییەکانی کورد. پاش ماوەیەکی کەم لەسەربەخۆبوونی سووریا ڕەوشی وڵات تێکچوو حکومەتی سووریا لەنێوخۆدا متمانەی لەدەستدا و پەرلەمان لاواز بوو، دواتر زنجیرەیەک کودەتای سەربازیی لە سووریا ڕوویدا و ڕەوشی کورد لەسایەی دەسەڵاتی سووریا تاوەکو دەهات بەرەو خراپتربوون دەچوو، چونکە سیاسەتی بە عەرەبکردن لە بوارەکانی کارگێڕیی و سەربازیی پەیڕەودەکرا.
ئەگەرچی سەرباری بەشداری کورد لە زۆرێک لە پایە گرنگەکانی دەوڵەت لە سووریادا، بەڵام دەسەڵاتدارانی سووریا، ددانیان بە مافە ڕەواکانی کورد نەدەنا، لەم چوارچێوەیەدا (پارتی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی)، کە دامەزرا لە ١٩٤٧دا، کورد درکی بەوەکرد ئەم پارتە هەڕەشەیە بۆ سەر شوناسی نەتەوەیی و بەرژەوەندییەکانی کورد لە سووریا، بۆیە لە بەرانبەردا، عبدالحمید دەروێش و عوسمان سەبری (پارتی دیموکراتی کوردی سووریا)یان دامەزراند، وەک یەکەم پارتی سیاسی کوردی لە سووریا لە ١٤ی حوزەیرانی ١٩٥٨ دا دامەزراند. ڕژێمە فەرمانڕەواکانی سووریا، هەمیشە بەرانبەر نەتەوەی کورد سیاسەتێکی ڕەگەزپەرستانەیان پێڕەوی لێکردووە، بۆ نموونە بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کوردان، ساڵی ١٩٦٢ سەرژمێریەک لە حەسەکە ئەنجامدراو (١٢٠- ١٥٠)هەزار کوردیان بێ بەش کرد لە ناسنامە بە بیانوی ئەوانە کۆچەری تورکیانە و هەوڵی گۆڕینی ناوچەکەیانداوە بە کۆچپێکردنیان و نیشتەجێکردنی عەرەب لە شوێنیان. لە8ی ئاداری ساڵی1963دا پارتی بەعسی سووریا کودەتایەکی سەربازیی لە سووریا ئەنجامدا، بەهۆی ئەو کودەتا سەربازییەوە توانیان دەسەاڵت بگرنەدەست لە20ی ئاداری هەمان ساڵ حیزبی بەعس حکومەتی لە سووریا پێکهێنا و دەستوریان دانا، لەو دەستورەدا هیچ باسێکی سەبارەت بە کورد و کەمایەتییە ئیتنی و نەتەوەییەکانی لە خۆنەگرتبوو. لە ساڵى 1968دەسەڵاتدارانی سووریا هەڵمەتیکی نوێی دەستگیرکردنی کورد و سەرکردەکانی پارتە کوردییەکانی دەستیپیکرد له نێو ئەو سەرکردانەی کە دەستگیرکران “صالح بەدرەدین” ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کورد. کە باس لە ناسۆرییەکانی نێو زیندان دەکات لە لایەن بەعسییەکانەوە. لەسەردەمی حافز ئەسەددا ١٩٧١- ٢٠٠٠، سەرۆکی سووریابووە، لە چوارچێوەی دژایەتی زمان و کولتووری کوردی لە ساڵی ١٩٨٦ زمانی کوردی قەدەغەکرا لەکاتی ئیش و کاری فەرمیدا. سانسۆر خرایە سەر ڕۆژنامە و بڵاوکراوە کوردییەکان.
ئەمەو لە ساڵی ١٩٩٢دا پشتێنەی عەرەبی (الحزام العربی)، وەک سیاسەتێکی ڕەگەز پەرستانە پێڕەوکرد بەدرێژایی سنووری سووریا لەگەڵ عێراق – تورکیا. بۆ ئەوەی لەنێوان ناوچە کوردییەکان چەند ناوچەیەکی عەرەبی دروستبکرێن، ببنە ڕێگر لەبەردەم بەیەکەوە بەستنەوەی ناوچە کوردییەکان، بە قوڵایی ٥کم، کرین و فرۆشتنی زەوی یاساغ کرا. بەڵام دوای نەمانی دەسەڵاتی بەعس لە دەڤەرە کوردییەکان هێزە کوردییەکان لە سووریا کۆتاییان بەم هەوڵەی دەسەڵاتدارانی بەعس هێنا. ئەوەی لێرەدا خستمانڕوو بەرکۆڵێکی بچووک بوو لە ڕەشی کوردانی سووریا لە چەندین سەردەمی جیاجیادا، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت لەسەر گۆڕەپانی سیاسی وڵاتی سووریا لەبەرچاونەگرتنی هەوڵی نەتەوەکانی دیکەیە لە سووریا لە ئاواکردنی وڵات و نەهێشتنی ترسناکترین ڕێکخراوی توندڕەوی (ڕێکخراوی داعش) لەسەر دەستی نەتەوەی ڕەسەنی خاکی سووریا ئەوانیش کوردەکان بوون، کە
مەزڵوم کۆبانێ یاخود مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە ٢٣ی ئاداری ۲۰۱۹دا بە فەرمی کۆتاییهاتنی “خەلافەت”ی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشی لە باغۆزی سووریا ڕاگەیاند. ئەمەش دوای شەڕێکی درێژخایەن و بە پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هات، ئەگەرچی ئەمریکا وەک هاوبەشێک لە هێزە کوردییەکانی دەڕوانی، بەڵام ئەوەیان ستراتیژ و پلانی ئەو کاتیان بوو، بەهۆی بوونی زلهێزێکی دیکە لە سووریا ئەویش ڕووسەکان بوون، ئەوانیش لە هەوڵی جێکەوتکردنی پلانەکانی خۆیاندابوون لە ناوچەکەدا، بەڵام بە ڕووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە ٨ی ١٢ی ٢٠٢٤دا، کە ٥٣ ساڵ بوو لە دەسەڵاتدابوون ئیتر ڕووسیا هاوپەیمانێکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێ کەمبووەوە گەرچی کوردەکان ویستیان ئەوەبوو، کە سیاسەتێکی جۆرێک لە پارسەنگی بگرنەبەر بەرانبەر ئەمریکا و ڕووسیا، بەڵام ڕووداوی داگیرکردنی عەفرین لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٨دا لەلایەن داگیرکاری فاشیستی تورک و هێزە پڕۆکسییەکانی، ڕووسیا هێزەکانی خۆی لەم کانتۆنەدا کشاندەوەو هەڵوێستی ئەوتۆیان نەبوو، هاوشێوەی ئەمریکا تەنها لە نیگەرانی زیاتر چی هەوڵێکی دیکەیان نەدا بۆ بەرگرتن بەو هێرشە بەربەرییە، لەلایەکی دیکەوە ئەمریکا لە دوای هاتنەسەر کاری دۆناڵد ترەمپ بۆ جاری دووەم، مەترسی لای کوردەکان سەری هەڵدایەوە چونکە لە ماوەی فەرمانڕەوایەتی یەکەمینیدا هەریەکە لە ناوچەکانی گرێ سپی و سەرێکانی گڵۆپی سەزی بۆ تورکیا هەڵکرد و تورکیاش سەرکەوتووبوو لە دەستگرتن بەسەر ئەم دوو ناوچەیەدا، گەرجی کوردەکانی ڕۆژاوا لە هەوڵی بەردەوامیدانبوون لە هێشتنەوەی پێوەندی دۆستانەی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکراتیک و ئەمریکا، بەڵام دەبوایە کوردیش لەوە دڵنیابان کە ئەمریکا وەک ستراتیژی دوور مەودا بەڵێنی پاراستنی بەکوردان نەدابوو، بۆیەشە کوردەکان دەبوایە بە پلەی یەکەم لە هەوڵی تۆکمەکردنی ناوچە سنووریەکانی خۆیان و ناوچە کوردنشینەکاندابوونایە لە زۆربەی ڕوووەکانەوە، چونکە لەلایەکەوە لەژێر گوشاری تورکیادابوون و لەلایەکی دیکەوە هێزە پڕۆکسییەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە چاوەڕوانی دەلیڤەیەکدابوون، کە دووبارە کۆنتڕۆڵی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بکەن، ئەوەش لەدوای پاڵپشتییە زۆرەکان کە بەرهەڤبوون بۆیان لە هەریەکە لە وڵاتانی عەرەبی (قەتەر، سعوودیە)، و داینەمۆی هاندانیان بۆ بەرتەسککردنەوە و نەهێشتنی ڕۆڵی هەسەدە لە سووریای دوای بەشار ئەسەد، بریتییە لە دەوڵەتی تورکیا، کە ئارەزووی گەڕانەوەی هەژموون و پێگەی خۆیەتی بۆ ناوچە هەمەجۆرەکانی سووریا، بەڵام ڕای گشتی زۆرێک لە ناوەندەکانی بڕیاری جیهانی بەتایبەتی دۆستە کوردییەکان لە زۆرێک لە وڵاتان لە هەوڵی وەستانەوەدانە دژ بەو هێزە تیرۆرستانەی کە خاکی ڕەسەنی کوردان بە ئامانج دەگرن، ئەوەی لە ئێستادا مایەیی خۆشحاڵی کوردانە بریتییە لە دروشمی وەکه هەڤی و یەکانگیری نێوان کوردانی هەر چوار پارچە و کوردانی تاراوگە کە بە خۆپیشاندانەکانیان شەقامی ئەوروپی و جیهانیان هەژاندوە لە پێناو پاراستنی کورد و دەستکەوتەکانی لە ڕۆژاڤا، چونکە بەرخودانی کوردان نادیدە گیراوە بەجۆرێک لە جۆرەکان لە لایەن هاوپەیمانەکانەوە، لە سەروی هەمووانەوە ئەمریکا، هەروەک ڕوونە، کە ئەفسانەی تێکشکاندنی داعش لە سەر دەستی بەرخودانی کوردان هاتەجێ، کەچی لە پڕێکدا هێزە بە ناو ناڕەزاییەکانی سووریا بەربوونە گیانی کوردان و خەریکبوو کارەسات بخوڵقێنن بەرانبەر نەتەوەیەک کە ئەوانی پاراست لە هەژموونی داعش کەچی زۆر بێ ئەرزشانە لە نەتەوەیەکی سێجار جار ستەمدیدە جارێک لەسەردەستی کۆڵۆنیالیزمی فەڕەنسی و بەریتانی و کردنی بە پارچەیەک لەژێر دەستی وڵاتێکی دروستکراو بە ناوی سووریا و جاری دووەم ستەمدیدەی ژێر دەسەڵاتی حیزبی بەعسی فاشی- سووریا و جارێکیش لەژێر هەڕەشەی دەسەڵاتی داعش، هەزاران ڕۆڵی خۆیان کردە قوربانی، بەڵام ئەوەی گرنگە کورد دەبێت زۆر بە بڕشتی کار بکات بۆ دووبارە چاوخشاندنەوە بە دۆست و نەیارەکانی و زامنی بەردەوامی بەدەستهێنانەوەی متمانە و پشتگیری شەقامی کوردی بکات بە بەرجەستەکردن و فەراهەمهێنانی ژیانێکی یەکسان بۆ گشت تاکەکانی، چونکە دواجار کوردبوونە هەموومانی ڕاچڵەکاندووە بۆ ئەوەی وەک هەر گەلێکی ماف خوراو و ستەمدیدە بگەین بە ژیانێکی ئارام و شایستە بە قوربانییەکانی باب و باپیرانمان داویانە بۆ ئەم خاک و نشتیمانە.

————————————
هەندێک لە ژێدەرە سوود لێ وەرگیراوەکان:

  1. ئامانج و دەرئەنجام لە مێژووی بزاڤی نەتەوەیی کورددا، سەلاح ئەحمەد محمد ئەمین، چاپخانەی پاندا، سلێمانی، ٢٠٢٤.
  2. سیاسەتی حکومەتی سووریا بەرامبەر بە پرسی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان(1970- 2004)، ئاوات عەبدوڵڵا عەبدولقادر، زانکۆی سلێمانی، کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکان، بەشی مێژوو، ٢٠٢٢.
  3. کوردانی سووریا لەژێر دەسەڵاتی فەرەنسیدا، نێلیدا فوکارۆ، وەرگێڕانی لەئەڵمانیەوە: هەڵۆ بەرزنجی، سلێمانی، ٢٠١٢.
  4. کوردی سووریا بونێکی نکولی لێکراو، نووسینی هێریەت مۆنتگومری، و، لە ئینگلیزییەوە، مینە، پێشەوا، سلێمانی، ٢٠٠٩.

شوان ئەحمەد باپیر
. سۆران.
٢٦- ١- ٢٠٢٦.




چینە چەوساوەکانی کورد لە نیوان بەرداش و مەنگەنەی سەرانی کوردو ئیمپریالیزمی جیهانی و وڵاتانی ناوچەکە.. وەستا سابیر

پێشەکیەکی کورت
قۆناغی ئێستای مێژووی گەشەی سەرمایەداری
قۆناغی ئێستای گەشەسەندنی سەرمایەداری لە جهانگیری سەرمایەوە
( گڵۆباڵیزمی سەرمایەوە ) تێپەڕیوە و چووەتە قۆناغێکی تازەی چڕبوونەوەو چەق بەستنی سەرمایە؛
لەم قۆناغەدا، هەموو بۆرژوازیە نیشتمانیەکانیەکان ڕۆڵی سەربەخۆو شۆڕشگێڕانەی خۆیان بەتەواوەتی لەدەستداوەو، بوون بەبەشێک لە سیستەمی سەرمایەداری جیهانی.
بۆیە خەبات لە دژی ئیمپریالیزمی ئەمریکا، بۆتە بەشێکی دانەبڕاو لە خەباتی گشتی دژ بە سەرمایەداری جیهانی.
لەم ڕوانگەیەوە، وەهم و هیوای پەیوەست بە ” مافی چارەنووسی خۆنووسین ” کە لەلایەن چەپی هەلپەرستەوە دەرخواردی جەماوەر ئەدرێت، ناتوانێت ببێتە ڕێگای ڕاستەقینەی ڕزگاری.
ڕێگای ڕاستەقینە تەنها لە ڕێگەی سازماندانی سیاسی و جیهانبینیەکی شۆڕشگێڕانەی سەربەخۆی چینە چەوساوەکانەوە دژ بە دەسەڵاتدارانی ناوخۆو هەروەها دژ بە ئیمپریالیزمی جیهانی فەراهەم ئەبێت.
بەشی یەکەم
پیلانی ڕوخاندنی دەسەڵاتی ئەسەد، و هێنانە سەرکاری ئەحمەد الشەرع( جۆلانی) بۆ سەر حوکم لە سوریا
هێرشەکانی ئەم دوایانەی سوپای سوریا بۆ سەر ئەو گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی شاری حەڵەب، وەک دەسپێکی هەڵمەتێکی فراوانتر بۆ سەر ناوچەکانی تری ژێردەسەڵاتی (هەسەدە) بەڕێوە چوون، ئەم هێرشانە تەنها ڕووداوێکی سەربازی نەبوون، بەڵکو بەشێکن لە جێبەجێکردنی ستراتیژیەتی هاوبەشی ئەمریکا، تورکیا، و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا، وەک ئەڵێن شەڕ درێژەی سیاسەتە .
لە دوای گۆڕینی ڕژێمی ئەسەد و هێنانە سەرکاری ئەحمەد الشەرع( جولانی)، ئەمریکا بە کردەوە ستراتیژی و سیاسەتی خۆی گۆڕی و پشتیوانی خۆی بۆ تورکیاو هێزە جێگرەکانی ڕژێمی نوێ ڕاگەیاند.
لەم چوارچێوەیەدا، چیتر پێویستی بە ستراتیژیەتی مانەوەی هێزەکانی ( هەسەدە) نەما، کە وەک پسوڵەیەکی سیاسی کاتی پێشوەخت بەکاری هێنابوون، و بە شێوەیەکی فریودەرانەو لێزانانە بۆ پاراستنی نێوبانگی خۆی، کەوتە جێبەجێکردنی ئامانجی پاشەکشە لە پشتیوانیە مادی وسەربازیەکانی خۆی.
لەهەمان کاتدا، ئەمریکا نەخشەیەکی سیاسی بۆ ( هەسەدە) داناوە، لە ڕێگەی ڕێکەوتن نامەیەکەوە، کە هێزەکانیان ببن بە ئەندامی سوپای سەربازی سوریا، نەک وەک قەوارەیەکئ سەربازی، بەڵکە بە تاک نەک بە کۆمەڵ، وە چیتر نابێت وەک قەوارەیەکی سەربازی و سیاسی لەدەرەوەی چوارچێوەی دەسەڵاتی مەرکەزی حوکومەتی سوریه دا بمێننەوە.
مەبەست لەم نەخشە جەههەننەمیەی ئەمریکا ئەوەیە، کە ئۆتۆریتەی فیکری و سیاسی ئەوان، وەک “داکۆکی خواز لە مافی کوردان” لەناو کۆمەڵگای کوردیدا بپارێزێت ،وە نیشانی بدات کە نە ئەمریکا، نە تورکیا و نە ئیسرائیل ، نە حوکومەتی سوریا دژ، بە ( مەسەلەی کوردەکان) نین.
شانبەشانی ئەوەش ئەوە نیشان بدات کە سەرۆکایەتی بزووتنەوە چەکداریەکانی کورد وهەروەها حیزبە دەسەڵاتدارەکانیان پشتو و پەناو، دۆستی گەلی کوردن، ئەمەش وەک پاداشتێک لەلایەن ئەوانەوە پێشکەش بە سەرانی بۆرژوازی- کۆمبرادۆری کورد ئەکرێت، لەبەرامبەر ئەو بەکرێگیراوی و گوێ ڕایەڵ بوونەیان بۆ سیاسەتەکانی خودی دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان و دەوڵەتانی ناوچەکە.
بەم شێوەیە، جارێکی تر ئەزموونی بزووتنەوەی چەکداری ناسیۆنالیستی کوردان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، وەک ئەزموونێکی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازیانە، سیاسەتی ناسیۆنال- ڕیفۆرمیستانەو فریودەرانەی کوردایەتی پڕاگماتیزمی سازشکارانەی ( پەکەکە) ، ڕووی ڕاستەقینەو وابەستەیی و بەکرێگیراوی خۆیان بۆ جەماوەری کرێکارو جوتیارانی هەژاری کورد ئاشکرا دەکەن.
ئەم جەماوەرە ستەمدیدەیەو بێچارەیە، لەدرێژەی ئەم ستراتیژیەتەو گەمە سیاسیانەدا، کراون بە قوربانی سیاسەتی فریودەرانەی هاوبەشی نێوان ئیمپریالیزمی ئەمریکا، تورکیا و ئیسرائیل، بەهەمان شێوەی ئەزموونی بزوەتنەوەی چەکداری بارزانیەکان ، کە لە ساڵی ١٩٧٥ دا ئاشبەتاڵیان پێکرا، لە لایەن دەسەڵاتی ئەمریکیەوە.

بەشی دووەم
وابەستەیی بۆرژوای- کۆمبرادۆری نیشتمانی بە سەرمایەداری جیهانی
بۆرژوا- کۆمبرادۆری ناوخۆ وە بۆرژوا ئیمپریالیستەکان ، لە ڕاستیدا پێکهاتەی گیانی سەرمایەداری جیهانین، لە دوو جەستەدا.
ئەم دوو لایەنە لەناو سیستەمی سەرمایەداری جیهانیدا تێکەڵ بەیەکتر بوون، وە بە هاوئاهەنگی یەکتر بەرژەوەندی سەرمایەی جیهانی ئەپارێزن، لەبەرامبەر پشکێکی دیاریکراو لە ئیمتیازات و داهاتێک کە لە نێوان خۆیاندا دابەشی ئەکەن، وە لەم ڕاستایەدا ئەرکی گەمژاندن ، فریودان وسەرکوتکردنی ناڕەزایەتیەکانی جەماوەری کرێکار و چەوساوەکانیان لە ئەستۆ گرتووە.
لەم چوارچێوەیەدا، ئەم بۆرژوازیە ناوخۆییانە هەمیشە چاوساغ و سووری بەر لەشکری سوپای وڵاتانی وەک تورکیا، ئێران ، وسوریا بوون، وە ڕۆڵی سەرەکی ئەوان ئەوە بووە کە بەرژەوەندیەکانی ئیمپریالیزمی ئەمریکاو وڵاتە زلهێزەکانی ناوچەکە بپارێزن.
ئەم ڕۆڵە وای لێکردوون بەکردەوە سیاسەتێکی دوو فاقیانە پیادەبکەن؛ لەلایەک خۆیان وەک دۆست و دڵسۆزی جەماوەری چەوساوەی کورد پیشان بدەن، لە لایەکی ترەوە بە شێوەیەکی ملکەچیانە و بێ مەرج، سیاسەت و ستراتیژیەتی ئەمریکاو هێزە ئیمپریالیستەکان بەرەو پێش ئەبەن، بگرە سەرخەتی یاساکان و بەیاننامەو ڕێکەوتننامەکانیش بە ئامادەکراوی ئەخرێنە بەردەستیان بۆ ئیمزاکردن و جێبەجێکردنیان.
لەهەمان کاتدا، بیروبۆچونی بەرتەسکی ناسیۆنالیستانە، و شۆڤێنیستانە و دژایەتی نەتەوایەتی، لە ڕێگەی مێدیاکانیانەوە، و دامەزراوە جۆر بەجۆرە ئاینیەکانیانەوە پیادەبکەن و پەرەیان پێبدەن، تا بتوانن هەرچی زیاتر ناکۆکی و کەلێنی نێوان چینە چەوساوەکان زیاتر بکەن، وە ڕێگە لە یەکێتی و هاوخەباتی ئەوان بگرن.
بەشی سێیەم
هێرش و پەلاماری سەرکوتگەرانەی سوپای سوریا بۆ سەر ناوچە کوردی و عەلەوی و دورزیەکان
هێرشە خوێناوییەکانی ئەم دواییانەی سوپای سوریا بۆ سەر گەڕەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی حەڵەب، هەروەها ناوچەکانی تر، بە شێوەیەکی ڕوون ڕەفتاری سەرکوتگەرانە و بەربەریانەی دەسەڵاتی نوێی سوریان پیشان دا. ئەم ڕەفتارانە هیچ جیاوازییان نییە لە کوشتن و سەرکوتکردنی بێتاوانانی ناوچە عەلەوی نشین و دورزی نشینەکانی تر، و بەشێکن لە بەربەریەتی نیزامی سەرمایەداری و ستراتیژیەتی هاوبەشی ئەمریکا، تورکیا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا.
مەبەست لەم هێرش و پەلاماردانە چاوڕوانکراونە ئەوەبوو، کە هێزەکانی ( هەسەدە) بەهۆی فشاری سەربازیەوە، لە بنبەستی چاوەڕوانی و کات بەفیڕۆدان، بێننە دەروەو، وەک هەنگاوێکی عەمەلی و تاکتیکی پێویست و چارەهەڵنەگر و جێبەجێکردنی ڕێکەوتننامەی ١٠ ئازار ساڵی ٢٠٢٥، کە تیایدا هەم هێزەکانی ئەحمەد شەرع و هەم (هەسەدە ) لەسەری ڕێکەوتوون، کە ئەویش یەکێتی و یەکپارچەیی خاکی سوریایە، لەسەر بنەمای ستراتیژیەتی ئەجیندای ئەمریکا، تەرکیا، و ئیسرائیل .
لە هەمان کاتدا، ئەم هێرشانە هەنگاوی سەرەتایی و دەسپێکی سەپاندنی زەبرو زەنگ و چەوساندنەوەیەکی ئەتنیکی و میللی و چینایەتی بەرفراوانە، بۆ سەر تەواوی چینی کرێکارو چەوساوەکانی تەواوی سوریا بە کوردو عەرەب و دورزی و عەلەویەوە، وە زەمینە فەراهەم کردن بۆ لێدانی هەر بزووتنەوەیەکی چینایەتی ، وە هەوڵێکە بۆ تۆقاندن و سەپاندنی کەش و هەوای ئیستبدادی سیاسی، لە ڕێگەی ڕەشەکوژی و ئاوارەیی و ماڵوێرانی کە پشکی سەرەکی بەر چینە چەوساوەکان ئەکەوێت .

بەشی چوارەم
ڕێکەوتنە نافەرمیەکان، و ڕۆڵی ئیسرائیل و دروستکردنی هاوکێشە ڕەگەزپەرستانەکان
لە م دواییاندا، ڕێکەوتنە نافەرمیەکان و هاوئاهەنگی سیاسی–ئەمنی نێوان حوکومەتی ئەحمەد الشەرع و دەوڵەتی ئیسرائیل، بە ئاشکرا دەریخست کە ئیسرائیلش وەک فاکتەرێکی هاوکار بەشدارە لە بەرقەرارکردنی سیاسەتی یەکپارچەکردنی سوریا لە ژێر سایەی دەسەڵاتی ناوەندیدا. ئەم هاوئاهەنگییە، لە هەمان کاتدا، بەشێک بوون لە هەڵمەتی جێبەجێکردنی ڕێکەوتنانەی ١٠ ئازار، کە ئیسڕائیلیش هاوبەش بێت لەو بڕیاڕانەی کە ئەدرێن بۆ سەپاندنی مەرکەزیەتی حوکومەتی ئەحمەد الشەرع .
ناکۆکیە ناوخۆییەکانی نێوان حوکومەتی ئەلشەرع و تورکیا لەگەڵ ئیسرائیل لەلایەکەوەو، لە نێوان بۆچوونەکانئ ئیسرائیل و ئەمریکا لەلایەکی ترەوە، هۆیەکی سەرەکی ئەم دانوساندنانە بوون کە لەنێوان حوکومەتەکەی الشەرع و ئیسرائیلدا ئەنجام دراون.
هەوڵی فریودەرانەی ئیسرائیلیش بۆ پشتیوانی لە بەناو( سەربەخۆیی کوردان)! ، خۆی لە خۆیدا فاکتەرێکی ڕێگر بوو لەبەردەم ڕازی بوونی سەرانی هەسەدە و ئەندامەکانی بە خودی بەیاننامەی ١٠ ئازار، لەلایەکی ترەوە کاڵفام کردنی زۆربەی هەرە زۆری کوردان ، کە ئیسڕائیل (دۆستی کوردە)! و جێگیرکردنی ئەفسانەیەکی خەیاڵی لە مێشکی جەماوری کوردا، کە ئەوان یارمەتیدەر ئەبن بۆ دروستکردنی (دەوڵەتی کوردی)!
ئەویش بۆ خۆی هۆکارێکی گرنگی فریودانی جەماوەری چەوساوەی کوردە ، کە پێویستە شکۆئ ( کوردایەتی) بپارێزرێت و نەشکێنرێت، و ئەفیونێکی بەردەوامی کاریگەر بێیت لە ناوچەکەدا، وێڕای تەسلیم بوون و ئاشکرا بونی ڕۆڵی بەکرێگیراوانەی (هەسەدە )، وە هاوئاهەنگیان لەگەڵ حوکومەتی الشەرعدا ، وەک سیاسەتێکی بەرفراوانی دژ بە کۆمۆنیزم لە ناوچەکەدا، و هێشتنەوەی جەماوەری ستسەمدیدەیە لە گێژاوی هزری ناسیۆنالیستی و متمانە بە بۆرژوا- کۆمبرادۆرە کوردەکان.
هەروەها فاکتەرێکە بۆ گەشەدان بە وتاری نەتەوە پەرەستی و ڕەگەزپورستی نێوان کوردو عەرەب و نەتەوەکانئ تربووە ، وە پەردەپۆشکردنی مەسەلە بنەڕەتیە چینایەتیەکان ، کە جەماوەری ستەمدیدەی کوردستان ئاوڕ لە ژیانی ڕاستەقینەی ئابووری و سیاسی خۆی نەداتەوەو، هەمیشە سەرقاڵی خوڵانەوە بێت لە بازنەی داخراوی ( کوردایەتی) دا.، کە خۆی لە خۆیدا خودی سەرکردایەتی هەسەدەیش سوود مەندە لەم سیاسەتە .
ڕێکەوتنە نافەرمیەکانی حوکومەتی ئێستای سوریا لە گەڵ ئیسڕائیل، لە پێناو کەمکردنەوەە نەهێشتنی ئەم جۆرە پشتیوانیە ئیعلامی و مێدیایەیە ، کە ئەبنە ڕێگر لەبەردەم بەدی هێنانی یەکپارچەیی سوریا و بنیات نانی دەوڵەتێکی مەرکەزی ئیستبدادی لە سوریا.

بەشی پێنجەم
دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان وەک ئامرازێکی بەرژەوەندی ئەمریکا و ڕۆژئاوا
لە ماوەی ساڵانی دەسەڵاتداریەتی، دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بە ئاشکرا وەک بەشێک لە پڕۆژەی سیاسی–ئەمنی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا کاریان کردووە.
ئەم دەسەڵاتە بەشوێن جێبەجێکردنی ستراتیژیەتی ئەمریکاوە بوون، لەسەر خاکی کوردستانی عێراق ، ئەو بەرپرسیاریەتەیان لە ئەستۆ گرتووە، و بوونەتە ئامرازێک بۆ پیادەکردنی بەرژەوەندیەکانی سەرمایەی جیهانی لە ناوچەکەو عێراقدا.
لە پێناوی پاراستنی ئەم بەرژەوەندیانە دا ماف و داواکاریە سیاسی و ئابووریەکانئ جەماوەری کرێکار و چەوساوەی ناوخۆ بە شێوەیەکی بەردەوام پێشێل کردووە.
لە هەمان کاتدا، هاوکاری و هاوئاهەنگی نزیک لەگەڵ تورکیا لە بوارە سەربازی و ئابووریەکاندا، ڕێگەی بە قووڵبوونەوەی وابەستەیی ئابووری و سیاسی و ئەمنی لەگەڵ تورکیا دروست کردووە، وە لە پشت سیاسەتەکانی تورکیاوە بووە بۆ سەرکوتی جەماوەری چەوساوەی شارو گوندە کورد نشینەکانی تورکیا، وە هاوکاری ئەمنی و سەربازی کراون بۆ لێدانی هێزەکانی پەکەکە و تاڵانکردنی سامانە سروشتیەکانی ئەو ناوچانە.
ئەم بارودۆخە بەگشتی چ لە هەرێم یان لە عێراق وس تەواوی ناوچەکە ، بە قازانجی سیاسەتی تائیفی و دینی و میلیشیایی ، وە سەرگەردانی سیاسی و بڵاوبوونەوەی فەسادی ئابووری و سیاسی و ئەمنی لە ناوچەکەو ، قۆناغی لێبڕاڵیزمی نوێی سەرمایەداری ، هەرچی زیاتر قەڵشتی چینایەتی و نوقوم بوونی جەماوەری کرێکارو چەوساوەی نەتەوەکانی ئەو ناوچەیەیە، لەناو هزری ئاینی ، قەومی، عەشائیری ، وە هەڵپەی کەڵکەی سەرمایە کە لەکۆمەڵگادا بەرچاو ئەکەوێت، هێندەی تر ئەوانئ بەرەو نامۆبوون و بێئاسۆیی و ڕەشبینی بردووە، تەنانەت هێزە چەپە ڕیفۆرمیستە بۆرژوازیەکانیشی بەتەواوەتی بەرەو سەنگەری ناسیۆنالیزم و بە قازانجی بەرژەوەندیەکانی حیزبە حاکمەکان بردووە، وە لە کۆتاییدا بەرەو سیاسەتی سازان و دەست تێکەڵکردن لەگەڵ سیاسەتەکانی بۆرژوا ناسیۆنالیستەکان هەنگاو بنێن .

بەشی شەشەم
لە چوارچێوەی ستراتیژیەتی ئەمریکادا بۆ ناوچەکە ، ئەم چەند خاڵە لەبەر چاو ئەگیرێت
● – حوکومەتی ئەلشەرع سیاسەتی سەربازی لێرەو لەوێ پیادە ئەکات ، بۆ دەست بەسەراگرتنی تەواوی ناوچەکانی تری ژێر چاودێری ( هەسەدە) لە گوندو ناوچەکانی ( ڕۆژهەڵاتی باکوری سوریا ) وەک ” ريف حلب” ، منبج ، کۆبانی ، دیر الزور، هەروەها حەسەکە ش ، بەردەوام ئەبن و دووبارە ئەبنەوە بەمەبەستی و سەپاندنی هەژموونی خۆیان بەسەر بیرە نەوتیەکان و تەواوی سوریادا .
● – هێزەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی پڕاگماتیکانە و بە شێنەیی پاشەکشە لە تەواوی ئەو پڕۆژەیە ئەکەن، کە پێشتر بۆ ڕاگرتنی توازناتی سیاسی خۆی لە ناوچەکەدا ، لە ڕێگەی پڕ چەککردنی هێزەکانی ( هەسەدە) گرتبویانە بەر، بەجۆرێک کە ناوی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا نەزڕێت . واز هێنان و ڕاگرتنی کۆمەکی ماڵی بۆئەو ڕێکخراوانەی کۆمەڵگای مەدەنی کە پێشتر ئەرکی ئامادەکردنی خواردن و کەلو پەلی پێویست بۆ کەمپەکان و دانیشتوانەکەیان، ڕاگرتووە، وە بەسەروکاری دۆزینەوەی چارەسەرن بۆ گێڕانەوەی نزیکەی ( ١٦) هەزار لە کەس و کاری داعشیە عێراقیەکان، بە هاوکاری حوکومەتی بەغداو هەرێم ، بەدوور لە چاوی کامێراکان.

● – هەڵوەشاندنەوەی (هەسەدە) وەک قەوارەیکی سەربازی ، وە تێکەڵکردنی ئەو تاکە کەسانەی کە سوودیان ئەبێت بۆ حوکومەتئ الشەرع ، تواندنەوەی لەناو سوپای حوکومەتی سوریادا، لە ڕێگەی ڕێکەوتنێکی سیاسیەوە.

● – پێکهێنانی بەڕێوەبەرایەتیەکی خۆجێی ئیداری ، نەک سەربەخۆیی سیاسی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کە لە مەسەلەی مافە فەرهەنگیەکانی وەک زمان و کولتورو و خزمەتگوزاریەکان تێناپەڕێت,هەروەک لە دەقی ڕێکەوتننامەی ئاگربەستی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی دا هاتووە(١)

● – تراژیدیایەکی مرۆیی و سیاسی و سەربازی لە کوشتارو ماڵوێرانی و دەربەدەری چاوەڕوانی خەڵکی کرێکارو چەوساوەی کوردەکان ئەکات لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا ، وە ئەو خەونە وەنەوشەییانەی کە چاوەڕوانیان ئەکرد، بۆ هێنانەدی دەسەڵاتێکی سەربەخۆ، لەژێر دەسەڵاتی بۆرژوازی – کۆمپرادۆری کوردو هێزەکانی وەک ( هەسەدە) یان گەریللا، دەرکەوت کە هیچی تر نەبووە، بێجگە لە فریو دان و کاڵفامکردنی هزری ملیۆنەها مرۆڤی چەوساوەو کارگەری کورد لەو ناوچانەدا، کە ئاکامەکەی داڕمانێکی مەعنەوی و سیاسی و فیکری ئەو جەماوەرە ستەمدیدەیەو، دەستی خیانەتکارانەی سەرانی ( هەسەدە) ش بۆ جەماوەر ئاشکرابوو.

بەشی حەوتەم
خاڵە هاوبەشەکانی ئۆپۆرتۆنیزمی چەپ
یەکەم- هاوکاری و بە ڕەوا بینینی پشتیوانی و هاودەنگی لە گەڵ بۆرژوازی نیشتمانی و ئۆپۆزیسیۆنە چەکداریە بۆرژوازیەکانی، لە ژێر ناوی داکۆکی لە (مافی چارەی خۆنووسین) و شاردنەوەی پێکهاتەی چینایەتی سیاسەتە دژ بە کۆمۆنیزم و بزووتنەوە کرێکاریەکانی ئەم بزووتنەوە چەکداریانە.
دووەم- چاوپۆشیکردن لە ڕۆڵی وابەستەیی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازیانەی کورد و دورزیەکان و عەلەویەکان، بۆ سیاسەتەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل و تورکیا ، وبەشداریکردن و هاوپشتی سیاسی و سەربازی بۆ ئەم بزووتنەوانە ،هیچی تر نیە بێجگە لە سیاسەتی ناسیۆنالیزمی چەپ.
سێیەم – چەواشەکردنی جەماوەری ستەمدیدەی کوردو نەتەوەکانی تر، کە توانای بە فەرمیکردنی ئەو دەسەڵاتەی کە ئێستا هەیانە وەک واقعێکی دیفاکتۆ ، ئەویش لە ژێر چەترو وە لە چوارچێوەی ستراتیژیەتی ئەمریکا لەم ناوچانەدا، هەروەها ڕەواج دان بە ئەفسانەی ئەوەی کە دروستکردنی هێزەکانی ( هسد) لەلایەن ئەمریکیەکانەوە لە پێناو سەربەخۆیی کوردان و مافەکانی ئەوان هاتوونەتە دی .
چوارەم – بێدەربەستی و بەهەند وەرنەگرتنی ئەو کۆمەڵکوژی و تاوانانەی کە دژ بەم جەماوەرە سیڤیلەو چەوساوەکان ئەکرێت، وە چ ماڵوێرانی و دەربەدەریەک کە بەسەریان دێت، وە خۆ پاراستن لە باسە چینایەتیە بنەڕەتیەکان ، بەبێ پێداگرتن لە ستراتیژی خەبات و نیشاندانی ئاسۆی خەباتێکی شۆڕشگێڕانە، دژ بە هەڵسوڕێنەران و داڕێژەرانی ئەو سیاسەتەی کە لە سوریا و ناوچەکە ئەگوزەرێت ، هەموو ئەمانە هیچیتر نین، بێجگە لە لووتبەرزی و ڕاڕایی ڕۆشەنبیرانێکی ووردەبۆرژوازی و ڕێکخراوە بەناو چەپ و کۆمۆنیستەکانیانە .
هەربۆیە لە دوا ئاکامدا ئەم تاکتیک و سیاسەتە ئۆپۆرتۆنیستیانە، بە قازانجی باوەشێنی سیاسەتی فریودەرانەی ناسیۆنالیزمی بۆرژوا-کۆمپرادۆرە لۆکاڵیەکان ئەشکێنەوە، لە پێناو سازان و بردنە پێشەوەی ئەجیندای بەرنامە ڕیفۆریستیەکانیان .

بەشی کۆتایی
ئەنجامگیریەکان

هەڵوێستی سیاسی پڕۆلیتاریای شۆڕشگێڕ سەبارەت بە جەنگ و سیاسەتی شۆڤێنیستانەی وڵاتانی ئەمریکاو و تورکیا و ئیسرائیل و سەرۆکە بەکرێگیراوەکەیان ئەحمەد الشەرع ، سیاسەتێکی چینایەتیە، پشت بە بنەمای سیاسەتی وردەبۆرژوازیانەی ناسیۆناڵ چەپەکان نابەستێت، بەڵکە پشت بە بنەمای سیاسەتێکی چینایەتی نێوەنەتەوەییانە ئەبەستێت، کە پێداگری لە ئەوە ئەکات، کە لەهیچ شوێنێکی جیهاندا ( بۆرژوازی نیشتمانی وسیاسەتە بەرگریە نیشتمانیەکەی )، ناتوانرێت شۆڕشگێڕانەو پێشکەوتوخوازانە بێت.
هەروەها پێداگری لە سازماندانی سیاسەتێکی شۆڕشگێڕانەی سەربەخۆی چینایەتی کرێکاران و چەوساوەکان ئەکات ، کە خەباتی چینەکە تێکەڵ بە بە سیاسەتی بۆرژوا – کۆمباردۆرە نیشتمانیەکان نەکرێت و خەباتی چینایەتئ نەکرێتە قوربانی خەباتی ناسیۆنالیستانەی میللی .
بەڵام ئەم ئاسۆیەو ئەم سیاسەتە سەربەخۆیە ئەوە ناگەیەنێت کە دژ بە پاکتاوکردنی دەسەڵاتی نەتەوەو ڕەگەزە ئاینیەکان و کەمایەتیەکانی تر، نەوەستنەوە، وە دژ بە سەندنەوەی ئیرادەی هەر یەکێک لەم نەتەوەو کەمایەتیانەیە ڕانەوەستن ،کە بەشێوەیەکی وەحشیگەریانەو سەرکوتگەرانە بە بەرچاوی جیهانەوە بەڕێوە ئەچێت .
ئەم دژایەتی و هەڵوێستە شۆڕشگێڕانەیە پێویستە بە ڕێچکەو خەباتی سیاسی و فیکری چینایەتی خۆیدا تێپەڕ بێت، و ڕاگوزەر بکات کە تەواو جیاوازە لەگەڵ ئەو بەرگری و هەڵوێستە نمایشکارانەی کە بۆرژوا میللی و ناسیۆنالیستە چەپەکان پێی هەڵئەستن.
پڕۆلیتاریای شۆڕشگێڕ لە سۆنگەی تێکۆشان و خۆئامادەکاری بۆ سەربەخۆیی ئیرادەی سیاسی چینایەتی کرێکاران و چەوساوەکان، جهانبینی خەباتی خۆی دائەڕێژێت؛
لەلایەک دژ بە سیاسەتی شۆڤێنیستی ودژ بە ئازادی و سەربەخۆی میللەتان و ژنان و لاوان و سەرکوتی ناڕەزایەتیەکان ئەوەستێتەوە؛
لە لایەکی تریشەوە دژ بە هەر سیاسەتێکی ئۆپۆرتۆنیستانە ئەوەستێتەوە، کەلە لایەن چەپی ڕیفۆرمیست و بۆرژوا ئاسا، خەباتی چینایەتی ئەکات بە پاشکۆی بەرژەوەندیەکانی بۆرژوا- کۆمبرادۆرەکان، و قۆناغ بەندی شۆڕشی سۆسیالیستیان کردووە بە بڕبڕەپشتی سیاسەتەکانی خۆیان، وە ڕزگاری میللەتان بە پێشمەرجی شۆڕشی سۆسیالیستی دائەنێن، لە کاتێکدا ئەو هێزانەی کە بەناوی میللەتەوە ئەجەنگن، خۆیان بەشێکن لە سیاسەتی داگیرکاری وئیمپریالیستانەی سەرمایەداری جهانی و لۆکاڵی.
دژایەتی کردنی سیاسەتە سازشکارو پڕاگماتیکانەی بەرگری نیشتمانی بۆرژواکان ، وە هەوڵدان بۆ سەرپێخستنی سیاسەتێکی سەربەخۆی پڕۆلێتێری ، دژ ئۆپۆرتۆنیزمی چەپی بۆرژوازی ، بەمانای پشتیوانی لە سیاسەتە سەرکوتگەرەکانی وڵاتانی وەک ئەمریکاو ئیسرائیڵ و تورکیا وەدواتر داردەستەکەیان سوریا نیە.
ئەو ئەزموونەی کە ناویان ناوە ( ئەزموونی ڕۆژئاوا ) ڕۆژبەڕۆژ بۆ جەماوەرێکی بەرفراوانی کرێکاران و چەوساوەکانی کورد ڕۆشن بۆتەوەو جار بۆ جار باشتر ڕۆشنتر ئەبێتەوە ، کە ڕزگاری ئەوان پەیوەست نیە ، نە بە پەکەکە، پارتی، یەکێتی نە بە هیچ پارت و بزووتنەوەیەکی ناو گۆڕەپانی سیاسی لە شارە کورد نشینەکانی وەک ئێرانیش، بەڵکە ڕزگاری ئێجگاری چەوساوەکانی کورد لە هەرجۆرە چەوسانەوەیەکی میللی و چینایەتی وابەستەیە بە شۆڕشێک و ئاڵوگۆڕێکی چینایەتی گەورە لە ناوچەکەدا، کەلە ڕێگەی هاوپشتی خەباتی چەوساوەکانی تەواوی ناوچەکەدژ بە بنەماو ڕیشەکانی چەوساندنەوەی میللی و چینایەتی، کە ئەویش خودی ڕژێمە بۆرژوا ناوخۆیی و دەرەکیەکانە.
وە بۆرژوازی – کۆمبراۆدری کورد لە هەر چوار پارچەکە وەک ئەڵێن لە ئاست ئەم گۆڕانکاری و ڕزگاربوونە ئێجگاریەدا نین ، وە هەمیشە خیانەتیان لە شۆڕشگێڕان و خەباتی چینایەتی چەوساوەکان و تێکۆشەرانی ناوچەکە کردووەو سەرکوتی کردوون، وە بە قازانجی بەرژەوەندیەکانی خۆیان ئەوانیان سازمانداوەو پڕچەک کردووە.

و.سابیر
٢٠/ ١/ ٢٠٢٦
——————
(١). ده‌قی رێككه‌وتنی ئاگربه‌ستی نێوان ئه‌حمه‌د شه‌رع و مه‌زڵوم عه‌بدی

.




جیاوازی چییە لەنێوان مێیینەیەکی موسڵمانی کورد و مێینەیەکی موسڵمانی ئیسلامی سیاسیی کورددا ؟.. بەختیاری شەمەیی

ئەمە نووسینێکە بە زمانێکی سادەوساکار سەبارەت بە ( پێوەندیی جلوبەرگ بە رەوشتەوە )

مێیینەی موسڵمانی کورد و مێینەی موسڵمانی ئیسلامی سیاسیی کورد

با لێرەوە داوە تیشکێک بخەینە سەر جیاوازییەکان، مێیینەی موسڵمانی ئیسلامیی کورد خودی خۆی بە ئابڕوو/شەرەفی نێرینەکانی خێزانەکەیی و بە شەرەفی نێرینەکانی کەسوکارەکەی دەزانێت، ئیتر بەم هۆکارە جەستەی خۆی بە لەچک و باڵاپۆش یان بە رووپۆش/نیقابی هاوردەکراوی ئیسلامی سیاسی دەپۆشێت بۆ ئەوەی پێی بڵێن مێیینەیەکی بەشەرەفە یان پێی بڵێن مێیینەیەکی بڕوادار و لەخواترسە، بەڵام مێیینەی موسڵمانی نائیسلامیی کورد خۆی بە شەرەفی نێرینەکانی خێزانەکەیی و نێرینەکانی کەسوکارەکەی نازانێت، بەڵکو مرۆڤێکی ئاساییە و خاوەنی خودی خۆیەتی، خۆی خاوەنی جەستەی خۆیەتی و بڕوای بەخۆیەتی و رێزلەخۆگرتووە، خۆی چ جۆرە جلوبەرگێکی پێ باش و پێ جوان بێت، ئەوە دەپۆشێت.
مێیینەی موسڵمانی نائیسلامیی کورد، شکۆمەندی و باوەڕبەخۆبوون و رێزی بوونی خۆی بەوە دەردەبڕێت کە بە ئاگا و هۆشیارە لە ئازادیی خۆی و لە زانینی ئەرک و مافە رەواکانی خۆیدا، دەزانێت سنووری ئازادی و ئەرک و مافەکانی چین، لەهەمان کاتیشدا رێزی نێرینەکانی خێزانەکەی خۆی و کەسوکارەکەی دەگرێت نێرینەکانی خێزانەکەیی و نێرینەکانی کەسوکارەکەیشی ئەمیان پەسەندە وەک ئەوەی کە خۆی دەیەوێت و وەک ئەوەی کە هەیە پەسەنیان کردووە و رێزی لێدەگرن، بەڵام مێیینەی موسڵمانی ئیسلامی سیاسی پێبەندە بە بڕواداریی و خواستی نێرینەکانی خێزانەکەیی و نێرینەکانی کەسوکارەکەیەوە، هەردەم لە هەوڵی ئەوەدایە کە لە هەموو روویەکەوە بەدڵی نێرینەکانی خێزانەکەیی و نێرینەکانی کەسوکارەکەی بێت، خۆی هیچ شکۆمەندی و خواست و بڕوابەخۆبوونێکی نییە، بێبەرییە لە خاوەندارێتیی خودی خۆی، بێبەرییە لە ئازادیی تاکەکەسیی خۆی، جلوبەرگە هاوردەکراوە ئیسلامییەکانی لەلایەن نێرینەکانی خێزانەکەیەوە، باوک و برا و مام و خاڵ و کوڕە مام و کوڕە خاڵەکانیاوە بۆی دەستنیشان کراوە و بەسەریدا سەپێبراوە، هیچ خواستێکی تاکەکەسیی خۆی تێدا نییە، خۆ ئەگەر مێیینەیەکی موسڵمانی ئیسلامیی کورد بە خواستی خودی خۆیشی ئەو جلوبەرگە هاوردەکراوە ئیسلامییانە بپۆشێت، ئەوە هەر ئەوە دەگەیەنێت کە وەک مرۆڤێک و وەک مێیینەیەک قوربانیی پەروەردەیەکی دواکەوتووانە و کۆنەپەرستانەی ئیسلامییانەی خێزانەکەیی و کەسوکارەکەیەتی کە ئەو جۆرە جلوبەرگە هاوردەکراوە دواکەوتووە ئیسلامییانەیان لەلای ئاسایی کردووە و لێیان کردووە بە هێمای بەشەرەف بوون و بڕوادار بوونی و لەناو خێزانەکەیدا بەسەریدا سەپێنراوە و دەبێت بیانپۆشێت. جا ئەگەری ئەوەش هەیە کە رەنگە خودی خۆی پۆشینی ئەو جۆرە جلوبەرگە ئیسلامییە هاوردەکراوانەی پێ جوان و باش بێت و بەهۆی پۆشینی ئەو جلوبەرگە ئیسلامییەوە چێژ لەوە ببینێت کە پێی بڵێن کەسێکی بڕوادار و پۆشتە و بەشەرەف و لەخواترسە، ئیتر بەم شێوەیە لەچک و باڵاپۆش و نیقابی ئیسلامیی ئیخوانی و مۆدێلەکانی جلوبەرگی مێینە موسڵمانەکانی تورکیا و میسر و سعودییە و قەتەر و میرنشینەکانی تری کەنداو دەپۆشێت و لاسایی ئەوان دەکاتەوە، خۆ ئەگەر مێیینەی موسڵمانی ئیسلامیی کورد لەلای خۆیەوە و لە دڵیشەوە جلوبەرگی رەسەن و جوان و رازاوە و شارستانییەکانی کوردی و کوردەواریشی بەدڵ بن و پێی جوان و باش و پەسەندبن، بەڵام بەهۆی پێبەند بوونییەوە بە یاسا و رێساکانی ئیسلامی عەرەبەوە، هەروەها بەهۆی پێبەندبوون یان ترسانییەوە لە نێرینەکانی خێزان و کەسوکارەکەیەوە، ملکەچ و ناچاری بڕیارەکان و خواستەکان و ناچارکردنەکانی نێرینەکان دەبێت و بە لەچک و باڵاپۆش و هەندێکیشیان بە نیقاب، جەستەیان دەپێچنەوە و بەبێ خواستی خۆیان، وەک مرۆڤێک و وەک مێیینەیەک بێبەرییان دەکەن و مێیینەکان خۆیشیان بە ناچاری خودی خۆیان لە پۆشینی جلوبەرگی رەسەن و جوان و رازاوە و شارستانییانەی میللەتەکەی خۆیان بێبەری دەکەن.
با بپرسین: یانی ئیتر هەر مێیینەیەکی موسڵمان کە لەچکی لەسەر کرد و باڵاپۆشی لەبەرکرد و نیقابی پۆشی، ئیتر ئەوە نیشانەی چاکی و باشی و رەوشتبەرزی و ئابڕوومەندییەتی؟
لەڕاستیدا مەرج نییە هەر کچ و ژنێکی موسڵمانی ئیسلامیی کورد لەچکی لەسەر کرد و باڵاپۆشی لەبەر کرد و نیقابی پۆشی، ئیتر بێبەری بێت لە کاروکردەوەی نەشیاو و نائاسایی یان ئیتر پارێزراو بێت لە دەستدرێژیی نێرینە خۆپەرست و چاوچنۆک و داوێنپیسەکانی ناو کۆمەڵگە.
هەموومان ئەو چیرۆک و بەسەرهات و رووداوانەی هەندێک لە کچان و ژنانی لەچکبەسەر و باڵاپۆشلەبەر و نیقابپۆشەکانمان بیستوون کە چ مامەڵە و بازرگانی و بەکارهێنانێک لەنێوانیاندا هەیە و چ کاروکردەوەیەکی نائاسایی و نەشیاو و ناشایستە لەژێر لەچک و باڵاپۆش و نیقابدا ئەنجام دەدرێن.
لەناو کۆمەڵگە رۆژهەڵاتییە موسڵمانەکاندا مێیینەکانیان لەترسی نێریینەکانیان خۆیان بە جلوبەرگی دەستنیشانکراوی عەرەبی و ئیسلامی دەپێچنەوە بەڵام لەناو کۆمەڵگە ناموسڵمانەکان یان لەناو کۆمەڵگە ئەوروپییەکاندا مێیینەکانیان هیچ ترسێکیان لە نێرینەکانیان نییە، لەبەرئەوە ناچار نین خۆیان بە جلوبەرگێکی دەستنیشانکراوی ئایینی بپۆشن و سەرتاپای خۆیان بپێچنەوە.
شایانی باسە کە مێینەی موسڵمانی نائیسلامیی کورد، مرۆڤێکی ئازاد و مێیینەیەکی خاوەن ئازادییە لە جلوبەرگ پۆشیندا، هەرکاتێک پێی خۆش بێت یان بۆ بۆنەکان پێویست بێت، بە خواستی خۆیی و بە ئەوپەڕی شانازی و سەربڵندییەوە جلوبەرگی رەسەن و جوان و رازاوە و شارستانییانەی میللەتەکەی خۆی دەپۆشێت و جوانترین نماییشتی خۆیی و شکۆمەندی و خواست و ئازادیی خۆی پێوە دەکات، بەڵام بەپێچەوانەوە مێیینەی موسڵمانی ئیسلامی سیاسیی کورد، جلوبەرگی کوردی ناپۆشێت و بێبەرییە لەو جوانی و رازاوەیی و چێژ و خۆشی و شانازییە نەتەوەیی و نیشتمانییە، هەربۆیە مێیینەی موسڵمانی ئیسلامی سیاسیی کورد، ناچارکراو و کۆیلەیە و بەبێ خواستی خۆی وەک بووکەڵە پۆشتەکراوە و پێچراوەتەوە.
لێره‌وه‌ ئاماژەیەک بە سیمای جلوبەرگی کۆمەڵایەتی و کوردەواریی کۆمەڵگەی باشووری کوردستانی ساڵانی هەشتاکان دەدەین و دەڵێین هەتا ئەوکاتەی گروپە ئیسلامییە سیاسییەکان لە باشووری کوردستان دروستنەکرا بوون و سەریان هەڵنەدا بوو و هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر کۆمەڵگەی باشووری کوردستان نەبوو، ئەوکاتە بەدەگمەن مێیینەیەکی موسڵمانی کوردی باشوور هەبووە کە لەچک و باڵاپۆش و نیقابی هاوردەکراوی وه‌هابييه‌کان سه‌له‌فييه‌کان و ئیخوانییەکان و میرنشینەکانی کەنداو و عەرەبستانی سعودییە و قه‌ته‌ری پۆشیبێت. بێگومان دوای سەرهەڵدان و پەرەسەندن و بەهێزبوونی گروپە ئیسلامییە سیاسییە دروستکراو و نۆکەر و بەکرێگیراوەکان، سیمای کوردەواری و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەی باشووری کوردستان گۆڕا بە هاوشێوەی وڵاتانی میسر و تورکیا و ئێران و میرنشینەکانی کەندا و عەرەبستانی سعودی، مێیینەکانی موسڵمانە کوردە ئیسلامییە سیاسییەکان کەوتنە لاسایی کردنەوە و پۆشینی لەچک و باڵاپۆش و نیقابی هاوردەکراوی ئەم وڵاتانەی ناومان هێناون.
هەتا ساڵانی نەوەدەکانیش لەچک و باڵاپۆش و نیقابی ئیسلامی لەناو کچان و ژنانی باشووری کوردستاندا نەبوون و نەبینراون، بەڵام ئەمڕۆ بە هەزاران هەزارن، بە دەیان دوکان و فرۆشگەی پیشاندان و فرۆشتنی لەچک و باڵاپۆش و نیقابی ئیسلامییان لە شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستاندا کردوونەتەوە و فرۆش و برەویان پێداون.
سەرنج بدەن مێیینەیەکی موسڵمانی کوردی ئیسلامی نییە کە جلوبەرگی کوردی بپۆشێت. مێیینەیەکی ئیسلامی سیاسی کورد نییە کە شانازی بە جلوبەرگی رەسەنی میللەتەکەی خۆیەوە بکات، جگە لەمەش، مێیینەی ئیسلامی سیاسیی کورد، جلوبەرگی رەسەنی کوردیی کچان و ژنانی کورد بە ناجاییز و دژی ئایینی ئیسلام دەزانێت و بە لادان لەو رەوشتەی دەزانێت کە خۆی پێی وایە ئەوە رەوشتی ئیسلامییە و دەبێت هەموو کچان و ژنانی کورد وەک ئەو بن و پێڕەوی لەو رەوشتە ئیسلامییەی ئەو بکەن.
ئەمڕۆ سیمای جلوبەرگی مێیینە موسڵمانە ئیسلامییە سیاسییەکانی کۆمەڵگەی باشووری کوردستان گۆڕاوە بۆ جلوبەرگی هاوردەکراو و سەپێنراوی وه‌هابی و سه‌له‌فی و ئیخوانی و تورکی و عەرەبی و ئێرانیی ئیسلامیی دواکه‌وتوو و کۆنه‌په‌رست و ناشارستانیانە و ناسەردەمییانەی ئەو وڵاتە ئیسلامییانە. هەر له‌ سايه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و باند و گروپه‌ ئيسلاميیه‌ سياسييانه‌ و هه‌بوونی هه‌زاران مه‌لای ئيسلاميی سياسی و بانگخوازی ئيسلاميی سياسییه،کۆمەڵگەی باشووری کوردستان بەشێوەیەکی وا نائاسایی و خراپ گۆڕاوە کە لە شوێنە گشتییەکاندا بە شێوازی پۆشینی جلوبەرگی هاوردەکراوی ئیسلامیی سیاسی، ناتوانیت مێیینەیەکی موسڵمانی کورد لە مێیینەیەکی موسڵمانی ئیسلامیی عەرەبی نیشتەجێبووی باشووری کوردستان یان لە مێیینەیەکی موسڵمانی ئیسلامیی گەشتیاری عەرەب و تورک جیابکەیتەوە. ئا بەم شێوەیە گروپە ئیسلامییە سیاسییە دروسکراوەکان، بە هاوردەکردنی ئەجندای ئامادەکراوی دەرەوەی کوردستان، دژایەتی و دوژمنایەتیی فەرهەنگ و دابونەریتی رەسەنی مێژوويی و دێرينی جوان و شارستانييانه‌ و سه‌رده‌مييانه‌ کورد و کوردەواری دەکەن، ئا بەم شێوە و شێوازە ئیسلامییە عەرەبی و تورکییانە، باند و گروپه‌ ئیسلامییە سیاسییەکان دابونەریتی رەسەن و باش و جوان و پەسەندکراوی دێرینە و مێژوویی کورد و کوردەواری دەسڕنەوە، بە لەچک و باڵاپۆش و نیقابی هاوردەکراوی ئیسلامی سیاسی، ململانێی جلوبەرگی رەسەن و جوان و رازاوە و شارستانییانەی کورد و کوردەواری دەکەن و لە هەوڵی سڕینەوە و نەهێشتن و نەمانیدان.
لێرەدا پێویستە باسی ئەوەش بکەین کە هەر لە کۆنەوە کچان و ژنانی کورد سەروپێچی جوانی کوردەوارییان لەسەر کردووە و کراس و کەوای دامێندرێژی کوردییان لەبەرکردووە و چەفتەیان داوە بەشانیاندا و جلوبەرگی جوان و رازاوەی کوردەوارییان پۆشیوە بەبێ ئەوەی ئەمە هیچ پێوەندییەکی بە ئایین و ئایینداری و بە ناچارکردنەوە هەبوو بێت.
بەکورتییەکەی مەرج نییە ئەوەی لەچکی لەسەردا بێت و باڵاپۆشی لەبەردا بێت و نیقابی پۆشی بێت ئیتر ئەوە نیشانەی ئەوە بێت ئەو کەسە ئاییندار بێت یان کەسێکی چاک و باش و رەوشت بەرز بێت، پێچەوانەکەیشی هەر راستە.
راستییەکی دیکەش هەیە، لە رابووردوودا و لە ئەمڕۆشدا بە هەزاران لە کچان و ژنانی کورد لەچکیان لەسەر کردووە و لەچک لەسەر دەکەن بەبێ ئەوەی دەستی دەرەکی و سیاسیی گوماناویی لەپشتەوە بووبێت و ببێت، بێگومان ئەمە ئازادیی تاکەکەسییە و هیچ پێوەندییەکی بە سیاسەت و بە خواستی گروپە ئیسلامییە سیاسییەکانەوە نەبووە نییە. لەهەمان کاتیشدا ئەو جۆرە لەچکپۆشییە هیچ کاتێک زیانی بۆ هیچ بوونەورێک نەبووە و نییە.
بێگومان هەموو مێیینەیەک دەبێت ئازاد بێت لە پۆشینی ئەو جۆرە جلوبەرگەی کە خۆی بە خواستی تاکەکەسیی و تایبەتیی خۆی دەیەوێت بیپۆشێت.

مێیینەی فێمینیست و سیکولاریستی ئازادبیر

پێویستە ئاماژە بە جۆرێکی تریش لە رەگەزی مێیینەی کۆمەڵگەکەمان بدەین ئەویش ئەو مێیینە ئازادبیر و فێمینیست و سیکولاریستانەی ئەمڕۆی کوردستانن کە خۆیان خاوەنی خۆیانن، خاوەنی جەستەی خۆیانن، خاوەنی بیرکردنەوە و تێگەیشتن و هەڵوێستی خۆیانن، ئەم جۆرە لە مێیینەی کۆمەڵگەی کوردەواری و کوردستان، ئەو مرۆڤە رۆشنبیر و رێزلەخۆگرتوو و بەهەڵوێستانەن کە بیردەکەنەوە و تێگەیشتن و بەرهەمی هزری و رۆشنبیری و فەرهەنگیی تایبەت بە خۆیان هەیە، به‌هره‌وه‌ر و توێژه‌ر و کاران و کاريگه‌ريی ئه‌رێنييان له‌سه‌ر نه‌وه‌ی نوێ به‌تايبه‌تی و کۆمه‌ڵگه‌ به‌ گشتی هه‌يه‌. ئەوانە ئەمڕۆ بە هەزاران لە مامۆستایانی فێرگەکان و زانکۆکان و ئامۆژگاکانن، بە هەزاران لە رۆشنبیران و چالاکوانان و رەخنەگران و وەرگێڕان و هونەرمەندان و موزیکژەنان و گۆرانیبێژان و شانۆکاران و شێوەکاران و کۆمەڵناسان و دەروونناسان و فێمینستان و سیکولارستەکانی کۆمەڵگەکەمانن کە سیمایەکی هەرە جوان و هەرە پێشکەوتووانە و هەرە شارستانییانەیان بە کۆمەڵگەی کوردستان بەخشیوە و مایەی سەربەرزی و شانازی و سوپاسگوزاریی گشت هاونیشتمانییەکی پاک و دڵسۆز و تێکۆشەر و نیشتمانپەروەرن. کۆمەڵگەی کوردستان بەم خانمە بەڕێز و دڵسۆز و تێکۆشەر و کۆڵنەدەرانەوە جوانتر و سەربەرزتر و گەشاوەتر بووە. ئەم جۆرە مێیینانەی کوردستان لە هەموو چین و توێژ و نەتەوە و کەمەنەتەوەییەکانی دانیشتووانی کوردستانن.
با ئەوەشمان بیرنەچێت کە لەم جۆرە خانمانەی کۆمەڵگەکەمان ئێستا بە هەزاران هەزارانیان لە دەرەوەی کوردستانن و دانیشتووی هەندەرانن وەک خانمانی بیرکەرەوە و رۆشنبیر و زمانزان و چه‌ندين زمان ده‌زانن و مامۆستای زانکۆن و ئه‌ندامی پارته‌ سياسييه‌کانی ئه‌وروپان و سياسه‌توان و ئه‌ندام په‌رله‌مانن و خاوەنکار و فەرمانبەر و شێفی گەورەی فەرمانگە و کۆمپانیا و بانکەکانن و چالاکوان و کارا و بەرهەمدار و کاریگەرن، هەڵگری بڕوانامەی دوکتۆران لە گشت بوارەکانی زانست و زانستە کۆمەڵایەتییەکان و تەکنەلۆجیا و هونەر و موزیکدا و جێپەنجەیان بەسەر کوردان و کوردستانیانی هەندەراننشین و تەنانەت ئەو کۆمەڵگەیانەشەوە دیارە کە تێیدا دەژین.

نەوەی نوێی ئەمڕۆی کۆمەڵگەکەمان

هەر بەم بۆنەیەوە ئەگەرچی زۆر بەکورتیش بێت، پێویستە ئاماژەیەک بە نەوەی نوێی ئەمڕۆی کۆمەڵگەکەمان بدەین، ئەمڕۆ بە هەزاران هەزار لە کچان و لە کوڕانی باشووری کوردستان کە نەوەی نوێن و نەوەی ئەم سەردەمە پێشکەوتووەی مرۆڤایەتین، نەوەیەکن لە خێزانە تێگەیشتوو رۆشنبیرەکانن و لە شار و شارۆچکە و گوندەکانەوە ئینتەرنێت بەکاردەهێنن و زۆربەی هەرە زۆریان ئینگلیزی يان زمانێکی ديکه‌ی جيهانیباش دەزانن، خوێندکارن و خوێندکاری زانکۆن یان دەرچووی زانکۆن، ئاگاداری پێشکەوتنەکان و گۆڕانکارییەکانی جیهانن. گەلێکیان گەشتی وڵاتانی پێشکەوتوویان کردووە و بە پێشکەوتن و شارستانێتیی میللەتانی تر ئاشنا بوون. خۆشبەختانە ئەم نەوە نوێیەی کۆمەڵگەکەمان نەوەیەکی بیرکەرەوە و هۆشیار و چاوکراوەن و لە راستیی ژیان تێگەیشتوون و ژیاندۆستن و نەکەوتوونەتە ژێر کاریگەریی خراپی ئیسلامی سیاسی و مەلا و بانگخوازە مووچەخۆرەکانیانەوە. خۆیان بەشوێن زانیاری راست و دروستدا دەگەڕێن و سوود لە زانستەکانی مرۆڤایەتی وەردەگرن بەڵێن و پاداشتی درۆزنانەی بەهەشت و ترس و ئازاریئاگری دۆزەخی خەیاڵی هیچ کاریگەریەکیان لەسەر بیرکردنەوە و ژیانیاندا نییە. کاتی زێڕینی خۆیان بە ئایینەوە ناکوژن و بڕوایان بە خورافیات و خورافیاتپەرستی نییە. نەوەیەکی بیرکەرەوە و هۆشیار و زانستدۆستن و هیوا و ئومێدی ئێستا و داهاتووی کۆمەڵگەکەمانن.

جۆرەکانی جلوبەرگ

پێویستە هێڵێکی جیاکەرەوە لەنێوان ئەو جلوبەرگەی کە کەسەکە بە ئازادانە و بە خواستی خۆی دەیپۆشێن و ئەو جۆرە جلوبەرگەی کە بۆ کەسەکە دەستنیشان دەکرێت، دابنێین. بەکورتییەکەی جلوبەرگی مێیینەی ئیسلامی سیاسیی کورد، دەستێکی دەرەکی و سیاسی و گوماناوی لەپشتەوەیە و بەرنامەبۆداڕێژراوە و لە دەرەوەی کوردستان دەستنیشانکراو و ئامادەکراو و هاوردەکراوە و بەزەبری پارە یان ترساندن و هەڵخەڵەتاندن و فریودان، سەپێنراوە بەسەر مێینە موسڵمانە ئیسلامییە سیاسییەکانی باشووری کوردستاندا، هەر لەبنەڕەتەوە بۆ دژایەتی کردن و دوژمنایەتی کردنی جلوبەرگی رەسەن و شارستانیانە و جوان و رازاوەی کوردییە. بۆ نموونە گروپە ئیسلامیییە سیاسییەکان فیستڤاڵی لەچک پۆشی و باڵاپۆشی لە شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستاندا رێک دەخەن و بە یەک جار لە هۆڵێکدا و لەکاتێکی دیاریکراودا هەزاران کچ و ژنی کورد (بەتایبەتی کچانی گەنج)، یەک لەچکپۆش و یەک باڵاپۆش دەکەن، لە هەمووی سەیروسەمەرەتر ئەو فیستڤاڵەیان ناوناوە: (فیستڤاڵی تاجی زێڕین) کە لەڕاستیدا ئەوە فیستڤاڵی خۆتێکه‌ڵ کردن و ده‌ستدرێژی کردنه‌ بۆسه‌ر خواستی تايبه‌تيی و که‌سايه‌تی و شکۆمه‌نديی تاکه‌که‌سی و تاتبه‌تييان. کۆتوبەندکردن و بەکۆیلەکردنی کچان و ژنانی کوردە. سەپاندنی ئەو جلوبەرگە یەکپۆشییە ئیسلامییە، جلوبەرگی سیاسی و ئیسلامییە، لاسایی کردنەوەی جلوبەرگی ئیسلامییە کۆنه‌په‌رست و دواکه‌وتووه و ناشارستانی و ناسەردەمییەکانی ئیخوانەکانی تورکیا و میسر و سعودییە و قەتەرە، لەهەمان کاتیشدا بە ئیسلامی کردنی کۆمەڵگەی باشووری کوردستانە، بەپاشکۆکردنی باشووری کوردستانە بە وڵاتانی تورکیا و سعودییە و قەتەر و میسرەوە. به‌و شێوه‌يه گروپە ئیسلامییە سیاسییە دروستکراو و نۆکەر و بەکرێگیراوەکانی باشووری کوردستان، بە زەبری پارە و سەرمایە و کۆمەک و پشتیوانیی دەرەکی، هەزاران لە کچان و ژنانی خێزانە هەژارەکان و گوندنشینەکانی کوردی باشووریان ناچار کردووە کە لەچکی ئیسلامی مۆدێلی وه‌هابی و سه‌له‌فی و ئیخوانی لەسەر بکەن و باڵاپۆشی و چارشێو پۆشيی رەشی عه‌ره‌بی و ئیسلامیی توندڕەو بپۆشن. ئیسلامییە سیاسییەکان بەم شێوەیە ئازادی و مافداری و شکۆمەندی و کەسایەتیی تایبەتی لەو کچانەی کورد دەسێننەوە.
هیچ گومانێکی تێدا نییە کە لەو کۆمەڵگە نائیسلامییانەدا پۆشینی جلوبەرگ پێوەندیی بە کەسەکان خۆیانەوە هەیە، چونکە هەڵبژاردن و پۆشینی جۆری جلوبەرگ، ئازادیی تاکەکەسیی مرۆڤەکانە. لە کۆمەڵگەیەکدا کە یاسا سەروەر بێت و ئازادییە دیموکراسییەکان و ئازادییە کەسییەکان دەستەبەر بن، هەموو هاونیشتمانییەک ئازادە لە پۆشینی جۆری ئەو جلوبەرگانەدا کە دڵخواز و خواستی تاکەکەسی و تایبەتیی خۆیەتی، هیچ کەسێک و هیچ لایەنێک و تەنانەت هیچ دەوڵەتێکیش بۆیان نییە جۆری جلوبەرگ و جلوبەرگێکی تایبەتی و دەستنیشانکراو بەسەر هاونیشتمانیاندا بسەپێنن.

پڕۆژەکانی ئیسلامییە سیاسییەکان

با ئاماژە بەوەش بدەین کە گروپە ئیسلامییە سیاسییەکانی باشووری کوردستان بە پارە و سەرمایەی دەوڵەتانی قەتەر و سعودییە و ئێران و تورکیا و هەندێک رێکخراو و دامەزراوەی ئیسلامیی جیهانی لە ساڵانی رابووردووەوە بە سەدان کۆرسی لەبەرکردنی قورئانیان بۆ منداڵان و مێرمنداڵانی کورد کردووەتەوە و مێشکی ئەو منداڵە بێ گوناهانەیان بە ئایینی ئیسلامی عەرەبی بارگاوی کردووە و بەم شێوەیە ئەو منداڵ و مێرمنداڵە کوردانەیان له‌ ژيانی پڕ له‌ ياری و چێژ و خۆشيی منداڵی و مێرمنداڵيی خۆيان دوور خستوونه‌ته‌وه‌ و له‌ هه‌مان کاتيشدا بۆ داهاتوو هه‌ست و گيان و بير و هۆشی‌ سروشتيي نەتەوەپەروەری و نیشتمانپەروەری و کوردایەتییان سڕ ده‌که‌ن.
سڕینەوەی فەرهەنگی رەسەن و مێژوویی و دێرینەی کورد، دوژمنایەتی کردن و باونەهێشتنی جلوبەرگی رەسەن و جوان و شارستانییانەی مێیینەی کورد پڕۆژەیەکە کە دوژمنانی کورد و داگیرکەرانی کوردستان زۆر لەمێژە کاریان لەسەر کردووە و بەردەوام کاری لەسەر دەکەن و سەرمایەی تۆکمەیان بۆ تەرخان کردووە، هیچ گومانێکی تێدا نییە و روون و ئاشکرایە کە جێبەجێ کردنی ئەم پڕۆژە گڵاوەیان لەناو کۆمەڵگەی کوردستاندا بە ئیسلامییە سیاسییەکان و مەلا و بانگخوازە مووچەخۆرەکانیان سپاردووە.
ئیسلامییە سیاسییەکان هەر بەوەوە نەوەستاون کە بە لەچک و باڵاپۆش و رووپۆشی عه‌ره‌بی و ئیسلامی، کچان و ژنانی کورد کۆت و بەند دەکەن و بە کۆیلەیان دەکەن، بەڵکو ئەو کۆت و بەند کردن و بەکۆیلە کردنە، تەنانەت کچانی منداڵی ٦تا١٧ ساڵانیشی گرتووەتەوە و ئەو کچە منداڵ و کچە هەرزەکارانەشیان تێوەگلاندووە و بە کۆیلەی جلوبەرگی عەرەبی و ئیسلامی و ئیخوانی و وەهابی و سه‌له‌فیان کردوون. ئەمەش بەوە دەکەن کە دەرفەت لە هەژاری و نەخوێندەواری داماویی خێزانی ئەو کچە منداڵ و کچە هەرزەکارانە دەهێین و بە زەبری پاداشت و پارە و مووچە بۆ بڕینەوە دووچاری کۆت و بەند و بەکۆیلە بوونیان دەکەن، خۆشیی تەمەن و ژیانی منداڵانە و هەرزەکارییانە لەو کچە منداڵ و کچە هەرزەکارانە دەشێوێنن و لەو هەست و چێژ و خۆشییەی ئەو تەمەنە هەستیارەیان بێبەرییان دەکەن. هەموو ئەو دیاردە دواکەوتوو و ناشارستانی و خراپ و ترسناکانە، کە هەڕەشەن لەسەر ئاساییشی نەتەوەیی کورد و نیشتمانیی کوردستان، بە ئاشکرا و بە ئازادانە بەبەرچاوی سەرانی پارتی و یەکێتی و سەرانی دەسەڵاتدارانی خۆماڵییەوە گوزەراون و دەگوزەرێن.
هاوردەکردنی ئەو جۆرە جلوبەرگە ئیسلامییە سیاسییانە بۆناو کۆمەڵگەی کوردستان، جگە لە کۆتوبەند کردن و بە کۆیلە کردنی مێینەکانی کوردستانە، لە هەمان کاتیشدا بازرگانی کردنە بە جەستەی مێینەکانەوە و سەرانی ئیسلامییە سیاسییەکان پارەی پێ پەیدا دەکەن و خۆیانی پێ دەوڵەمەندتر دەکەن.

جلوبەرگ و رەوشت

جلوبەرگێکی تایبەتی هەستێکی تایبەتی بە کەسەکە دەبەخشێت کە پۆشیویەتی، بۆ نموونە جلوبەرگی پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ و ئاساییش و پاسەوانی فەڕمی هێمایەکە بۆ بەرپرسیارێتی و فەرمانبەری و دەسەڵاتدارییەکی سنووردار، ئەم جۆرە جلوبەرگانە لە رووی دەروونییەوە جۆرە هەستێکی تایبەتی و دەسەڵاتداریی بە کەسەکە دەبەخشن، بەڵام ئەم جۆرە جلوبەرگانە ناکرێت هێمایەک بن بۆ چاکی یان خراپی و رەوشتبەرزی یان رەوشتنزمیی ئەو کەسانەی کە ئەو جۆرە جلوبەرگە فەڕمیانە دەپۆشن. بۆ نموونە کەسێک کە مێزەرێک یان کڵاوێک یان جامانەیەک لەسەر دەکات، ئەمە هەرگیز نابێتە نیشانەی رەوشبەرزی و رەوشتچاکی و رەوشجوانی و ئازایەتیی کەسەکە، رەوشتی چاک، بەڵکو رەوشتی جوان، رەوشتی بەرز یان پێچەوانەکەی، راستەوخۆ پێوەندیدارە بە جۆری بیرکردنەوە و پەروەردە و هەڵسوکەوتی کەسەکەوە.
هەر نەتەوەیەکیش خاوەنی جلوبەرگی میللیی تایبەت بەخۆیەتی، جلوبەرگی میللی رەنگ لە پێداویستی ژینگەی ژیان و دەستڕەنگینی و هونەری میللی دەدەنەوە. بۆ نموونە جلوبەرگی هەندێک نەتەوە جۆراوجۆر و رەنگاوڕەنگ و کراوەن کە گەشبینی و سروشتدۆستی و ژیاندۆستیی زۆرتر تێدایە، بەڵام دیسان جلوبەرگی میللی، بابەتێکی مێژوویی و نەریتییە و هیچ پێوەندییەکی بە باشی و خراپی و رەوشتبەرزی و رەوشتنزمییەوە نییە.
مەبەست و مانای پۆشینی هەر جۆرە جلوبەرگێک یان پۆشینی جلوبەرگێکی تایبەتی، بابەتێکی رێژەییە، لە نەتەوەیەکەوە بۆ نەتەوەیەک و لە کەسێکەوە بۆ کەسێکتر جیاوازن، مەرج نییە جلوبەرگ رەنگ لە ناخی کەسەکە بداتەوە، کەسێک کە جلوبەرگی تاریک یان رەش دەپۆشێت، مەرج نییە ئەوە نیشانەی ئەوە بێت کە کەسەکە کەسێکی رەشبین و نائومێدە و دڵی بە جوانی و بە ژیان خۆش نییە، دەکرێت پێچەوانەکەیشی راست بێت.
هیچ پێوەندییەکی لۆژیکی لەنێوان جلوبەرگ و جۆری بیرکردنەوە و ئابڕوو و رەوشتی بەرزدا نییە. دەکرێت کەسێک جلوبەرگی پۆلیسی لەبەردا بێت و پۆلیسیش نەبێت، بۆ نموونە کەسێکی ساختەچی و رێگر و دز بێت، یان مێیینەیەک جلوبەرگێکی دابونەریتیی ئایینیی لەبەردا بێت، بەڵام ئاییندار نەبێت و خەریکی مامەڵەی نایاسایی و کاری نەشیاو و ناشایستە بێت.
ئەگەر مێیینەیەک بە هەر هۆکارێک بێت شوێنێکی جەستەی بەدەرەوە بێت، ئەوە هەرگیز نیشانەی ئەوە نییە کە ئەو مێیینەیە کەسێکی باش نەبێت و کەسێکی خراپ بێت یان لەڕووی رەوشتەوە کەموکوڕیی هەبێت، ئەمە بەهیچ شێوەیەک وا نییە و راست نییە.
لەڕاستدا پۆشینی جۆرە جلوبەرگێکی تایبەتی جۆرە هەستێکی تایبەتی بە کەسەکە دەبەخشێت، بەڵام ئەمە هەستە نەک رەوشت، جلوبەرگ هەر جۆرە جلوبەرگێک بێت پێوەر نییە بۆ رەوشتی چاک و جوان و بەرزی مرۆڤەکان.
هەندێک جلوبەرگ هەن کە رەنگ لە کار و پیشەیەک دەدەنەوە، وەک جلوبەرگی فەڕمیی پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ و هێزە چەکدارەکان و کارگە و چێشتخانە و هۆتێل و شوێنە گشتییە فرۆشیارییەکان، ئەمە پێداویستیی ئیش و کارە، ئەمەش بە هیچ شێوەیەک پێوەر نییە بۆ جۆری بیرکردنەوە و ئابڕوو و و رەوشتی مرۆڤەکان.
جلوبەرگ دەکرێت نیشەنەی پیشەیەک و پلەوپایەیەکی کۆمەڵایەتی بێت، وەک جلوبەرگی هەندێک لە شوێنە فرۆشیارییەکان و چێشتخانە و کارگەکان، یان جلوبەرگی شیک و گرانبەهای دەوڵەمەندەکان. بۆ نموونە لە کۆمەڵگەی کۆنی چینییەکاندا دەسەڵاتدارانی دەوڵەت جۆرە جلوبەرگێکی تایبەتییان هەبووە، بەهەمان شێوە خێزان و بنەماڵە خانەدانەکان جلوبەرگی تایبەت بە خۆیان لەبەرکردووه‌کە خەڵکە هەژارەکان و کۆیلەکان بۆیان نەبوو هەمان ئەو جۆرە جلوبەرگانەی خێزانە دەوڵەمەندەکان و بنەماڵە خانەدان لەبەربکەن. هەژارەکان و کۆیلەکانیش دەبووایە جلوبەرگی هەژارانە و کۆیلانەی تایبەت بەخۆیان لەبەربکەن.
هەندێک جلوبەرگیش هەن رەنگ لە ئامانجێکی تایبەتیی ژیان دەدەنەوە وەکو ئەو جۆرە جلوبەرگە ئایینییانەی کە مێیینە کریستیانە دێرنشینەکان دەیپۆشن، ئەوانە خۆیان بۆ ئەوە هەڵگرتووە کە لە داهاتوودا هاوسەرگیری لەگەڵ عیسای مەسیح دا بکەن. هەروەها ئەو جۆرە جلوبەرگە نارنجییانەی کە پەرستگەنشینەکانی ئایینی بودایی دەیپۆشن کە نیشانەی ئەوەیە ئەو ئاییندارانە خۆیان بۆ خزمەتی بودا و ئایینی بوداییزم تەرخان کردووە.
شایانی باسە لە هەموو کۆمەڵگەکاندا ئەم جیاوازیی جۆری جلوبەرگە لەنێوان چینە هەژار و دەوڵەمەندکاندا هەبووە و لە سەردەمی ئێستایشدا ئەم رەوشە هەر بەردەوامە. لە کوردەواریی خۆیشماندا لە گوندەکاندا جلوبەرگی دەرەبەگەکان و زەویدارە دەوڵەمەندەکان، لە جلوبەرگی جووتیارەکان و پاڵە و سەپان و شوانەکان جیاواز بووە. لە مێژوودا هەروا بووە، دەوڵەمەندەکان شیکپۆش و گرانبەهاپۆش بوون و هەژارەکانیش شڕپۆش و هەرزانبەهاپۆش بوون.
هه‌ر وه‌ک ئاماژه‌مان پێدا که‌ جلوبه‌رگ يان هه‌ر جۆره‌ جلوبه‌رگێکی تايبه‌تيي، پێوه‌ر نييه‌ بۆ باشی يان خراپی، ره‌وشتبه‌رزی يان ره‌وشتنزميی مرۆڤه‌کان، هەر بۆ نموونە بە میلیۆنان مێیینەی ئەوروپایی کە بۆ باشیی تەندروستییان لە کەناری دەریا و رووبارەکاندا خۆیان رووت دەکەنەوە تا تیشکی خۆر لە جەستەیان بدات، یان بە رووتی و نیوە رووتی لە کەنار دەریا و رووبارەکاندا مەلەدەکەن و یاری دەکەن یان پشوو دەدەن، ئایا ئەو مێیینە ئەوروپییانە خراپن، رەوشت نزمن، ئایا ئەوانە بێ ئابڕوون؟ بێگومان وەڵامەکەی نا و نەخێرە.
لێرەوە پێویستە چەند راستییەک دووباره‌ بکه‌ينه‌وه‌، ئه‌ويش ئه‌مه‌يه‌ که‌ جلوبەرگ هەرگیز نيشانه و هێما و پێوەر نەبووە و نییە بۆ چاکی و خراپیی هیچ مرۆڤێک، هەر بۆ نموونە هۆزە ئەمازۆننشینەکانی بەرازیل و هەندێک لە هۆزەکانی ئەفەریقا بەگشتی رووتن، بەڵام ئەوە جۆری ژیانی تایبەتیی خۆیانە، هیچ هێما و نیشانەیەک نییە بۆ خراپییان یان بۆ رەوشت نزمییان.
هەموومان ئەم راستییە دەزانین کە جلوبەرگ پێداویستییەکی ژیانە، بۆ خۆپارستنە لە سەرما و لە گەرما، هەروەها لەهەمان کاتیشدا بۆ جوانکاری و خۆڕازاندنەوە و شیکپۆشیشە، بۆ جوانی و دڵخۆشی و چێژ بینینشە. جلوبەرگ هیچ پێوەندییەکی بە ئابڕوومەندی و رەوشت بەرزیی مرۆڤەوە نییە.

پێوه‌ندييه‌کانی کچان و کوڕان

پرسیارێکیتر هەر لەم بوارەدا: ئایا هەموو ئەو کچ و کوڕە ئەوروپییانەی کە لە تەمەنی سەرو هەژدە ساڵاییەوە، لە دەرەوەی پڕۆسەی هاوسەرگیرییەوە پێکەوە دەژین و پێکەوە دەخەون، ئایا ئەو هەموو میلیۆنان کچ و کوڕانە خراپن، بێ ئابڕوون، رەوشت نزمن؟ لەناو ئەو کچان و کوڕانەدا کە پێکەوە دەژین، پێکەوە مەلە دەکەن، پێکەوە گەشت دەکەن، پێکەوە دەخەون، بە هەزارانیان دەرچووی زانکۆ هەرە پێشکەوتووەکانی جیهانن، چەند زمانێک دەزانن، پزیشکن، ئەندازیارن، تەلارسازن، لێکۆڵەرەوەن، گەردوونناسن، ئابووریزانن، سیاسەتزانن، شوێنەوارناسن، نووسەرن، وەرگێڕن، کۆمەڵناسن، دەروونناسن، فرمانبەری پلە بەرزی بانکەکانن و هتد. بێگومان ئەو جۆری پێوەندییەییەی کچان و کوڕانی ئەوروپی هیچ پێوەندییەکی بە رەوشت و ئاکارەوە نییە، لەبەرئەوەی کۆمەڵگە ئەوروپییەکان پێش کۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەکان چەند هەنگاوێکی ژیانی کۆمەڵایەتی و فه‌رهه‌نگی و رۆشنبیری و ئابووری و سیاسییان لە مێژوودا ناوە و ئێستا ئەمە بەشێکی جۆری پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگە ئەوروپییەکانە و به‌ سروشتی و بە ئاسایی وەرگیراوە و پەسەند کراوە.
راستە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا جارێ ئەم دیاردەیە نییە، بەڵام دەگونجێت لە داهاتوودا لای ئێمەش ئەو دیاردەیە سەرهەڵبدا و لەلامان ئاسایی و پەسەندکراو بێت. کۆمەڵگە و ژیان بەردەوام لە گۆڕانکاریدان. بێگومان ئەوروپاش پێشتر وەکو ئێستا نەبووە، ساڵانی ٦٠کان پێوەندییەکۆمەڵایەتییەکان لەناو کۆمەڵگە ئەوروپییەکانیشدا وەکو ئەمڕۆ نەبووە.
لەلای خۆمان بەهۆی پابەبد بوونی زۆرینەی خەڵک بە ئایینی ئیسلام و دابونەریتی عەرەبەوە، جارێ ئەو دیاردەیە نییە و زۆریشی دەوێت تا وەکو ئەوروپامان لێ بێت.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هەمووان ئەو باش دەزانین کە ئەمڕۆ لەشارە گەورەکاندا چی دەگوزەرێت، تا ئەندازەکیش پەسەندکراوە و وەک کێشەیەکی گەورە وەرنەگیراوە.
هەر بەم بۆنەیەوە پێویستە باسی دیاردەیەکی هەرە خراپی نێو هەندێک لە خێزانە ئیسلامییە سیاسییەکان و هەندێک لە خێزانە نائیسلامییەکان بەڵام خێزانی ئایینداری زۆر تودندڕەو و ئەوپەڕگیر بۆ پرسی ئایینی بکەین، هەندێک لەو خێزانە ئیسلامییە سیاسییەکان و ئاییندارە توندڕەوەکان و ئەوپەڕگیرەکان کە مێیینەکانی خۆیان بە هەڕەشە و ترساندن و بە بەکارهێنانی شێوازی پڕ لە زەبروزەنگ ناچاردەکەن تا لەچک و باڵاپۆش و پەچە و رووپۆش بپۆشن، ئەو خێزانانە بارودۆخێکی خێزانی و کۆمەڵایەتیی نائاساییان هەیە و خێزانێکن کە لە کەشوهەوایەکی خێزانی و کۆمەڵایەتیی زۆر ناجێگیر و زۆر نائارام و پڕ لە کێشەی دەروونی و رەوشتیدا ژیان بەسەر دەبەن. پێوەندییەکانی نێوان نێر و مێیینەکانی ئەم جۆرە خێزانانە لەسەر بنچینەی رێز و خۆشەویستی و سۆزداریی بەرامبەریی خێزانی نییە و مێیینەکانیان لە ناخۆشترین بارودۆخی خێزانی و دەروونی و کۆمەڵایەتدا دەژین کە هەندێک جار ناگوێڕایەڵی و یاخی بوونی ئەو مێیینانەی لێدەکەوێتەوە و دواجار ئەو مێینانە جگە لە چەوساندنەوە و ئازاری دەروونی، رووبەڕووی چەوساندنەوە و بەندکردن و لێدان و ئازاردانی جەستەییش دەبنەوە و هەندێک جار سووتاندن و خنکاندن و کوشتوکوشتاریشی لێدەکەوێتەوە. نموونە زۆرن، وەک ئەو خێزانە موسڵمانە توندڕەو و ئەوپەڕگیرانەی کە لە ئەوروپا دەژین و مێیینەکانیان لەناو خێزان و پێوەندییە کۆمەڵایەتییە ناوخۆییەکانیاندا جۆرێکن و لە دەرەوەی خێزان و لە دەرەوەی پێوەندییە کۆمەڵایەتییە ناوخۆییەکانیاندا جۆرێکی ترن و جۆرە جلوبەرگێکی تر دەپۆشن و جۆرە هەڵسوکەوتێکی دیکەی جیاوازیان هەیە، بەتایبەتی ئەو کچە گەنجانەی کە دەخوێنن و تێکەڵی کچ و کوڕە ئەوروپییەکان و کچ و کوڕە ناموسڵمانەکانی میللەتانی تر بوون و ئەمانیش چاو لەوان دەکەن و دەیانەوێت وەکو ئەوان بن و ئەمانیش وەکو هاوڕێ و هاوپۆلەکانیان بن و وەکو ئەوان ئازادانە جلوبەرگ لەبەربکەن و وەکو ئەوان ئازادانە هەڵسوکەوت بکەن و وەکو ئەوان پێوەندییەکانیان لەگەڵ کچان و کوڕانی تردا رێکبخەن.
دەبێت ئەمەش بڵێین کە لەم نووسینە بواری ئەوە نییە بچینە ناو وردەکارییەکانی کێشە تاکەکەسی و خێزانی و کۆمەڵاتییەکانی ئەو مێیینانەی کە لە ناو خێزانی موسڵمانی ئیسلامی سیاسی و لەناو خێزانی موسڵمانی ئایینداری توندڕەو و ئەوپەڕگیردا کە لە ئەوروپا دەژین، کێشەکان زۆر زۆرن و جۆراوجۆرن، بەشێکی زۆری ئەو کێشەنانە دەچنە ناو میدیاکانی وڵاتە ئەوروپییەکانەوە و کاردانەوەی فرە زۆر و جۆراوجۆری کەسایەتییەکان و فێمینیستەکان و رێکخراوە فێمینیستییەکانی داکۆکیکار لە مافە مرۆییە مێیینەکانی لێدەکەوێتەوە.
بەڵێ راستە لە ئەوروپا ئازادی و دیموکراسی هەیە و پێڕەو دەکرێن، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا تا ئەندازەیەکی پێویست پۆشینی هەندێک جۆرە جلوبەرگی نائاسایی رێگەپێنەدراوە، لە زۆربەی زۆری وڵاتە ئەوروپییەکاندا، لەبەر پاراستنی باری ئاساییش و ژیانی ئاسایی هاونیشتمانیان، بە فەڕمی، پۆشینی پەچە و رووپۆش و لە هەنێک لە خوێندنگە و فەرمانگە دەوڵەتییەکاندا تەنانەت لەچک و باڵاپۆشی ئیسلامیش بە یاسا یاساخ کراون.

کۆمەڵگەی ئەمڕۆی ژاپۆنی

هەر لەم بارەیەوە سەرنجێک لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆی ژاپۆنی بدەن کە یەکێکە لە پێشکەوتووترین و ژینگەپارێزترین و رەوشتبەرزترین کۆمەڵگەکانی جیهان، راستییەکە ئەمەیە کە ئەمڕۆ زۆرینەی هەرە زۆری ژاپۆنییەکان یان بێ ئایینن، یان هیچ پێوەندارییەکیان بە جێبەجێ کردنی ئەرک و فەرمانە ئایینییەکانەوە نییە، هەروەها زۆرینەیەکی زۆری ژاپۆنییەکان کاتی خۆیان بە پرسی بوون و نەبوونی خوایەکەوە بەخەرج نادەن، بەڵام ئایا ژاپۆنییەکان بەم هۆکارە و لەبەرئەوەی ئاییندار یان موسڵمان یان خواناس نیین، ئیتر مرۆڤی باش نین و خراپن یان رەوشت نزمن؟ هەروەک ئاماژەدانێک بەو پێشکەوتنە زۆرەی کە ژاپۆنییەکان لە گشت بوارەکانی پێشکەوتنی ژیانی ماددیدا پێی گەیشتوون، ئەمڕۆ لە هەموو کۆمەڵگە موسڵمان و ئیسلامییەکاندا ماڵێک یان کارگەیەک و فەرمانگەیەک و نەخۆشخانەیەک و خوێندنگەیەک و سەربازگەیەکی ئەو کۆمەڵگە موسڵمان و ئیسلامییانە نییە کە داهێنانێک و دروستکراوێکی بەرهەمی بیر و هزر و کاری ژاپۆنییەکانی تێدا نەبێت و لێی سوودمەند نەبووبن و نەبن. بەپێچەوانەی ئەمەشەوە هیچ ماڵێک یان کارگەیەک و فەرمانگەیەک و سەربازگەیەک و نەخۆشخانەیەکی ژاپۆنی نەبووە نییە کە داهێنانێک و دروستکراوێکی بیر و هزر و کار و به‌رهه‌می موسڵمانێک هه‌بوو بێت و هه‌بێت کە ژاپۆنییەک بەکاری هێنابێت و بەکاری بهێنێت و لێی سوودمەند بووبێت و لێی سوودمەند بێت.

ئایین و رەوشت

پرسیارەکە ئەمەیە کە ئایین چۆن و بۆچی سەرچاوەی رەوشت بێت لەکاتێکدا کە هەموو ئایینەکان لەلایەن پیاوانەوە داهێنراون، هەموو پەیامبەرانی ئایینەکان لە رەگەزی پیاو بوون.
تەنانەت خواپەرستی و ئایینداری یان پێچەوانەکەی، نیشانە و پێوەر نین بۆ چاکی و خراپی یان رەوشتبەرزی و رەوشتنزمی مرۆڤه‌کان.
سەرباری ئەمەش (جگە لە ئایینی زەردەشتی کە ئایینێکی ئاسمانی نییە و داهێنراوی زەردەشتی بیرمەند و فەیلەسوف و چاکەخوازە)، ئیدی ئایینەکانی تر بەچاوێکی کەم لە رەگەزی مێیینەیان روانیوە، لە ئایینە ئاسمانییەکاندا کە گوایە پەیامی خوان، بێ رێزی و سووکایەتی بە رەگەزی مێ کراوە، رەگەزی مێ بە بوونەوەرێکی کەمتر لە رەگەزی نێر پێناسە کراوە، مێ بە پاشکۆ و خزمەتکاری نێر دانراوە، ئەمە لەگەڵ دادپەروەری و رەوشتی بەرز و ویژدانی مرۆڤایەتیدا یەکناگرێتەوە. هەربۆیە ئایین هەرگیز ناتوانێت سەرچاوەی رەوشتی چاک و جوان و بەرزی مرۆڤایەتی بێت.
دەبێت ئاماژە بەم راستییەش بدەین کە لەناو هەموو پەڕتووکە ئاینییە ئاسمانییەکاندا تێکستی جوان و چاکەخوازانە هەن، بۆ نموونە فەرمان بە چاکە و نەکردنی خراپە، رێزگرتن و یارمەتیدانی دایکان و باوکان، سۆز و خۆشەویستی و میهرەبانی هەبوون بۆ منداڵانی بێ دایک و بێ باوک، ئەمانە هەموویان بیرۆکەی باشن، بەڵام ئەم بیرۆکانە پێش پەیدابوونی ئایینەکانیش هەر هەبوون، پێش پەیدابوونی ئایینەکان مرۆڤەکان ئەم ئەرک و فەرمانانەیان هەر بەجێهێناوە، یارمەتیی یەکتریان هەر داوە، نەوەکان بە سروشتی، رێزی دایک و باوکی خۆیان هەر گرتووە، خەڵک بەگشتی سۆز و خۆشەویستی و میهرەبانیان بۆ منداڵانی بێ دایک و بێ باوک هەر هەبووە، بێ هه‌بوونی ئايين و بێ ئايينداريش، رێز و سۆز و خۆشەویستی و میهرەبانی یارمەتیدان لەنێوان مرۆڤەکاندا هەر هەبووە و هەر هەیە و هەر دەبێت.
ئەگەر ئایینەکان لەناو چوارچێوەی چەمکی باشە بکە و خراپە مەکە و وەکو ئامۆژگاریی باش و چاک و مرۆڤدۆستانە بمانایەنەوە و خۆیان تێکەڵی ژیانی تایبەتیی مرۆڤەکان نەکردنایە و نەبوونایەتە سەرچاوەی یاسا و دەسەڵات و دەسەڵاتدارێتی و فەرمانکردن، سوپا و هێزی چەکداریان بۆ خۆیان دروست نەکردایە و لێبگەڕانایە کە مرۆڤەکان ئازاد بوونایە لە پەسەندکردن و پێڕەوکردنی خۆبەخشانەی هەر ئایینێکی دڵخوازی خۆیان، ژیان باشتر و خۆشتر دەبوو، ئایینداران بێ ئاژاوە و بێ شەڕ و جەنگ و بێ داگیرکاری و تاڵانکاری و کوشتوکوشتار، بە خۆشی و ئاشتی و ئارامی و ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانی پێکەوە دەژیان.
جا وەک چۆن یاساکان بۆ سەردەمی خۆیان نووسراون و بۆ ئەو سەردەمە کارا و گونجاو و بەسوود بوون، بە تێپەڕبوونی رۆژگار و بە هۆکاری گۆڕانی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و رۆشنبیری و فەرهەنگیی کۆمەڵگەکان، یاساکانیش کۆن دەبن و سەردەمەکەیان بەسەر دەچێت و پێویستە بگۆڕێن و دەشگۆڕێن و یاسای نوێ و سەردەمییانە و گونجاو، شوێنی یاسا کۆنبوو و بەسەرچووەکان دەگرنەوە. بەهەمان شێوە پێویستە و دەبێت هەموو ئايين و بيروباوەڕێك بەردەوام بەشێوەیەك چاكسازی گۆڕانكاريیان تێدا بكرێت كە ناوەڕۆكەكەی لەگەڵ راستيی ژيانی مرۆڤايەتيی سەردەمدا بگوجێت. پێویستە و دەبێت چاكسازی و گۆڕانکاری لە لە گشت ئەو یاسا و فەرمان و بڕگانەی ئایینەکاندا بکرێت و یاسا و فەرمانە کۆنبووە زیانبەخشەکان و بڕگە توندوتیژەکان سڕ بکرێن و چیتر کاریان پێنەکرێت. ئایینێك كه نيوەی كۆمەڵگە بە كۆيلەی نيوەكەی ديكەی بكات، دەبێت ياسا و فەرمان و بڕگە كۆنبووە زيانبەخشەكانى پێڕەو نەكرێن و بخرێنە ناو ئەرشيفی مێژووەوه.
ئايين ئامڕازه‌، ئامانج نييه‌‌. ده‌بێت ئايين له‌ خزمه‌تی مرۆڤدا بێت نه‌ک مرۆڤ له‌ خزمه‌تی ئاييندا بێت.
پێویستە ئەم راستییە هزری و فەلسەفییە لەبیرنەکەین کە تاکە پێوەر بۆ چاکی و باشی و رەوشبەرزی و مرۆڤدۆستی و ژياندۆستیی مرۆڤەکان، ئەم سێ چەمکە فەلسەفییە، جەوهەرییە، هەتاهەتاییەی مرۆڤایەتییە کە بریتییە لە:
(بیری چاک، وتەی چاک، کرداری چاک).

کۆتایی

بۆئەوەی ئەم نووسینە لەمە درێژتر نەبێتەوە، لەکۆتاییدا دەڵێین: بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی باشووری کوردستان لە داهاتوودا بە هەمان ئەزموونی کارەساتباری تاڵیبان و ئەلقاعیدەی ئەفغانستاندا نەڕوات و هەمان پاشکەوتن و چەوساندنەوە و گرتن و ئەشکەنجەدان و ماڵوێرانی و کوشتوکوشتار و بەکۆیلەکردنی کچان و ژنانی کوردستانی لێنەکەوێتەوە، داوا لە دەسەڵاتدارانی دەسەڵاتی باشووری کوردستان دەکەین یان سنوورێک بۆ رەوتی ئیسلامی سیاسی دابنێن، یان ئەگەر لەتوانایاندایە و ئازایەتی و بوێریی ئەوەیان هەیە، هەوڵ بدەن بە زووترین کاتی گونجاو بە یاسا هەموو باند و گروپە ئیسلامییە سیاسییەکانی باشووری کوردستان هەڵبوەشێننەوە و هەموو جۆرە کار و چالاکییەکی رەوتی ئیسلامی سیاسی لەناو کۆمەڵگەی باشووری کوردستاندا یاساخ بکەن. جگە لەمەش پێویستە و دەبێت لایەنە پێوەندیدارەکان کۆنتڕۆڵی وتاردانی مەلاکان و بانگخوازە ئیسلامییە سیاسییەکان بکەن و رێگە نەدەن ئەو مەلا و بانگخوازانە لەسەر سەکۆی مزگەوتەکان و لە بۆنەکاندا و لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە خواستی دوژمنانی کورد و داگیرکەرانی کوردستان و هەروەها بە ئارەزووی خۆیان چی بەسەر دەمیاندا بێت بیڵێن و چییان بوێت بینووسن و بڵاوی بکەنەوە، هه‌ڕه‌شه‌ له‌ کچان و ژنان و رۆشنبيران و نووسه‌ران و رەخنه‌گران بکه‌ن، فه‌توای کوشتن و وڵاتبه‌ده‌رکردنيان بده‌ن، بە ئارەزووی خۆیان چییان بوێت، بیکەن و بۆيان بچێته‌سه‌ر؟.


چەند پەیڤێکی پێوەندیدار بەم بابەتەوە لە پەڕتووکی (روانگەکان)ەوە :

١

تۆڵەی شەرەف
چەمكی نامۆ و نەفرەتی و ترسناكی ‌(تۆڵەی شەرەف)، یەكێ لە كارەساتبارترین چەمكە هاوردەكراوەكانی ناو عەرەب و ئیسلامه بۆ كوردستان كە بەردەوام كچان و ژنان – خوشكان و دایكانمان باجەكەی دەدەن.

٢

جەستەی مرۆڤ

  • هەموو مرۆڤێك، خۆی خاوەنی جەستەی خۆيەتی.
  • جەستەی گشت بوونەوەرانی گۆی زەوی، نە شەرمە، نە شانازيه، خوا، سروشت، يان رێكەو‌ت، بەو شێوەيە ئافەريدەی كردوون. ئيتر هيچ بڕوادار و دەسەڵاتدارێك، بەناوی خۆيان و خوا و ئايين و ئايينزا‌وە، ئەو مافەيان نييە، خواستی تايبەتيی خۆيان بەسەر شێوازی نيشاندانی ئەو جەستەيەدا بسەپێنن.
  • هەموو مرۆڤێك بە رووتی لەدایك دەبێت، ئەگەر جەستە شەرم بووایە، خوا مرۆڤی بە پۆشتەیی دروست دەکرد.
  • ئەگەر دەركەوتنی جەستەی مرۆڤ نەنگی بێت، كەواتە خوا بە نەنگییەوه مرۆڤی دروست كردووە.
  • پرچی مێیینە هیچ جۆرە پێوەنددارییەکی بە رەوشتەوە نییە.
  • ئابڕوومەنديی مرۆڤ، لە خۆپێچانەوە و شاردنەوەی جەستە‌یدا نييە، بەڵكو لە بيری چاك و وتەی چاك و كرداری چاكی دايە‌.

٣

هۆكارە سەرەکییەکانی سەرهەڵدانی رەوتی ئیسلامی سیاسی
١- رووخانی خیلافەتی ئیسلامیی تورکە عوسمانییەكان.
٢- سەرنەکەوتنی رەوتی ناسیۆنالیزمی عەرەبی: ناسریزم و بەعسیزم.
٣- رووخانی دەسەڵاتی بنەماڵەی پەهلەوی و سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی لە ئێران.
٤- ململانێی نێوان هەردوو ئۆردوگای سەرمایەداری و سۆسیالیزم: ئەمەریکا و ئەوروپای رۆژئاوا و یەکێتیی سۆڤێت و وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات.
٥- هێرشی سوپای سووری سۆڤێتی بۆسەر ئەفغانستان.
٦- رووخانی یەكێتیی سۆڤێت و سەرنەكەوتنی سیستمی سۆسیالیزم و كۆمۆنیزم.
٧- شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق.
٨- رووخانی دەوڵەتی عێراق و دروستبوونی كەشوهەوایەكی ئازادانە و دیمۆكراسییانە لە عێراق و باشووری كوردستاندا بۆ گەشەكردنی رەوتی ئیسلامی سیاسی.
٩- دژایەتی و دوژمنایەتی و شەڕی یەكتر كوشتنی پارتی و یەكێتی كە باند و گروپە ئیسلامییە سیاسییەکانی باشووری کوردستان زۆر لێی سوودمەند بوون.

٤

ئيسلامی سياسی لە باشووری كوردستاندا بەرهەمی سێ هۆكارە
يەكەم: دوژمنانی كورد و داگيركەرانی كوردستان بۆ دوژمنايەتی كردنی كورد و بزووتنەوەی ئازاديخوازی كوردايەتی و رێگەگرتن لە دروست بوونی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان و بەعەرەبكردن و تواندنەوەى كورد، دروستیان كردوون.
دووهەم: بە هۆی شەڕی ناوخۆی كوردستانە‌وە گەشەيان كردووە و بەهێز بوون، پارتی دژی يەكێتی كۆمەكی هەندێكيانی كرد و يەكێتی دژی پارتی كۆمەكی هەندێكی ديكەيانی ‌كرد. ئيسلامييە سياسييەكان توانيان زۆر سوود لە دژایەتی و دوژمنایەتی و شەڕی يەكتر كوشتنی پارتی و يەكێتی وەربگرن. ئيسلامييه سياسييەكان ئەو ئاژاوە ناوخۆییەیان بۆ‌ بەرژەوەندييەكانی خۆيان بەكار هێنا و ئێستايش ئەو سوود وەرگرتن و بەكارهێنانە هەر بەردەوامه.
سێهەم: بەهۆی ئەو پاشاگەردانييەی كە ناونراوە ئازاديی بيروڕا و ئازادیی چالاكيی سياسی و بەهۆی ئەو سيستمە ديمۆكراسييە ناتەندروستەوە كە لە باشووری كوردستاندا بە هەڵە جێبەجێ كراوە و دەكرێت، ئيسلامييە سياسييەكان تێیدا گەشەيان كرد و توانيان لەو بارودۆخە پاشاگەردانييەدا زۆرترين جەماوەر بۆ خۆيان دروست بكەن و ئەم رەوتە ناسروشتييە ئێستايش هەر بەردەوامه.
ئیسلامییە سیاسییەکانی كورد لە هەر شوێنێك بن، بەرژەوەندییەكانی دوژمنانی كورد و داگیركەرانی كوردستان، لەو شوێنەدا پارێزراوە.

٥

هەر ئیسلامییەکی سیاسی، داعشێکی خۆمەڵاسداوە بۆ کاژێری سفر .
ساڵانی هه‌شتاکان ئه‌وکاته‌ی که‌ ورده‌ ورده‌ گروپ و که‌سانی ئيسلاميی سياسی به‌ کۆمه‌ک و پشتيوانيی ئيتڵاعاتی ئێران و ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بييه‌ شۆفێنيسته‌کانی ناوچه‌که‌ و تورکه‌ تۆرانييه‌کان، ده‌نگ و ره‌نگی ئيسلاميی سياسيی په‌يدا ده‌بوو، هێشتا زۆر به‌‌هێز نه‌بوون و په‌ره‌يان نه‌سه‌ندبوو، ئه‌و کاته‌ هاوبيرانی نه‌ته‌وه‌يی هاواريان له پارتی و يه‌کێتی ده‌کرد و به‌ زمانێکی ساده‌ و پڕ خه‌مخۆری و پاڕانه‌وه‌ پێيان ده‌گوتن، تکايه‌ و ده‌ستمان به‌ دامێنتان، مه‌هێڵن ئه‌و‌ گروپ و که‌سه‌ ئيسلامييه‌ سياسييانه‌ گه‌شه ‌بکه‌ن و به‌هێزبن، مه‌هێڵن ئه‌مانه‌ هێزی چه‌کداريان‌ له‌ کوردستاندا هه‌بێت، مه‌هێڵن ئه‌وا‌‌نه‌ به‌ئاره‌زووی دوژمنانی کورد و ده‌وڵه‌ته‌ داگيرکه‌ره‌کانی کوردستان، چالاکی بکه‌ن و پێوه‌نديی به‌م ده‌وڵه‌ت و به‌و ده‌وڵه‌ته‌وه‌ بکه‌ن، مه‌هێڵن ئه‌و‌ ميکرۆب و ڤايرۆسانه‌ له‌ جه‌سته‌ی کورد و بزووتنه‌وه‌ی کوردايه‌تيدا بڵاوببنه‌وه‌ و خۆيان به‌هێز بکه‌ن، مه‌هێڵن ئه‌و‌ ده‌سته‌ ره‌شه‌ دروستکراوانه لاوان و خه‌ڵکه‌ هه‌ژار و ساده‌ و ساکاره‌که‌ی کوردستان بخه‌ڵه‌تێن و فريويان بده‌ن و به‌لای خۆياندا رايانبکێشن، مه‌هێڵن به‌ ناوی ئاينی ئيسلاميی عه‌ره‌بييه‌وه‌ کوردستان و فه‌رهه‌نگی ره‌سه‌نی کورده‌واری ئه‌نفال بکه‌ن و عه‌ره‌بچێتی و ته‌عريبچێتی و ئيسلامچێتی بکه‌ن، بەڵام به‌داخه‌وه‌ که‌س گوێی له‌ هاوار و پاڕانه‌وه‌ی دڵسۆزانه‌ی هاوبيرانی نه‌ته‌وه‌يی نه‌گرت تا وای لێهات له‌ هه‌ورامان کچان و ژنان له‌ ماڵه‌کانی خۆيشياندا نه‌يانده‌توانی بێ له‌چک و بێ باڵاپۆشی ناشارستانييانه‌ی ئيسلاميی عه‌رەبی به‌سه‌ربه‌ستی بژين. لێره‌دا ده‌بێ بڵێين ماڵی سوپا به‌هێزه‌که‌ی ئه‌مه‌ريکا ئاوا بێت که‌ توانی به‌ زه‌بری سه‌ربازييانه هه‌ر له‌ ئاسمانه‌وه‌ کۆتاييان پێبهێنيت. بێگومان ئه‌گه‌ر ئه‌و هێرش و هه‌ڵمه‌ته‌ سه‌ربازييانه‌ی ئه‌مه‌ريکييه‌کان نه‌بووايه‌، ئێستا ئيسلامييه‌کان له‌ هه‌ورامان و ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ريدا هه‌ر باڵاده‌ست بوون و به‌ره‌و شاری سلێمانيش هێرشيان د‌ه‌هێنا. راستییەکە ئەوەیە کە ئێران به‌ هه‌موو شێوه‌يه‌ک بۆ شێواندی باشووری کوردستان، هه‌موو کۆمه‌ک و پشتيوانييه‌کی ده‌کردن. هه‌زاران جار ماڵی ئه‌مه‌ريکييه‌کان ئاوابێت و زۆر سوپاس بۆ ئه‌وان که‌ ئه‌و گورزه‌ کوشندانه‌يان لێوه‌شاندن و له‌ هه‌ورامان کۆتاييان پێهێنان.
هاوبيرانی نه‌ته‌وه‌يی هاواريان ده‌کرد و ده‌پاڕانه‌وه‌ و‌ ده‌يانوت بيکه‌ن به‌ خاتری کورد و کوردستان، بيکه‌ن به‌خارتی خوا و ويژدانی مرۆڤايه‌تی، کۆمه‌کی ئه‌و‌ گروپ و که‌سه‌ ئيسلاميييه‌ سياسييانه‌ مه‌که‌ن. هاوبیران ده‌يانوت ئه‌و‌ ئيسلامييه‌ سياسييانه‌ له‌ سه‌ددام و به‌عسييه‌ فاشيسته‌کان و ده‌وڵه‌تی داگيرکه‌ری ئێراق مه‌ترسيدارترن بۆ سه‌ر ئاساييشی نه‌ته‌وه‌يی و نيشتمانيی کورد و کوردستان، ئه‌مانه‌ زۆر به‌ئاسانی له‌ رێگای ئايينی ئيسلامی عه‌ره‌بييه‌وه‌ ده‌توانن خه‌‌ڵکه‌ ساده‌ و ساکار و نه‌خوێنه‌واره‌که‌ی کوردستان فريوبده‌ن و هه‌ڵيان بخه‌ڵه‌تێنن و بيانکه‌ن به‌ دوژمنی کوردايه‌تی، بيان که‌ن به‌ دوژمنی که‌لوپه‌لی ره‌سه‌ن و جوانی کورده‌واری، بيانکه‌ن به‌ دوژمنی مارشی نه‌ته‌وه‌يی و نيشتمانيی کوردستان، بیانکەن به‌ دوژمنی ئه‌ی ره‌قيب، بيانکەن به‌ دوژمنی بيروباو‌ڕی پيرۆزی کوردايه‌تی، بيانکه‌ن به‌ دوژمی هه‌موو شتێکی کورد کوردايه‌تی. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ که‌س گوێی له‌ هاوبيرانی نه‌ته‌وه‌يی نه‌گرت، بەداخەوە يه‌کێتی و پارتی له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌نديی ته‌سکی خۆياندا دژی يه‌کتر هه‌ر يه‌که‌يان کۆمه‌ک و پشتيوانييان له ‌يه‌کێک يان چه‌ند لايه‌نێکی ئيسلاميی سايسيی ده‌کرد، پاره‌يه‌کی زۆر و بێئه‌ندازه‌يان به‌سه‌ردا هه‌ڵده‌ڕشتن، ئه‌مڕۆش له‌ بوودجه‌ی هه‌ژارانی کورد و کردستان، چه‌ندين که‌ناڵی ته‌له‌فيزيۆنی و راديۆ و گۆڤار و رۆژنامه‌يان بۆ دامه‌زراندوون، مانگانه به‌ناوی بودجه‌ی حيزبييه‌وه‌ پاره‌يه‌کی زۆريان ده‌ده‌نێ و به‌ هه‌زاران که‌سی ئيسلاميی سياسييان هه‌ر له‌سه‌ر بوودجه‌ی خه‌ڵکی کوردستان خانه‌نشين کردوون و مووچه‌ی موفتيان ده‌ده‌نێ. هه‌ر به‌ پاره‌ و کۆمه‌ک و کارئاسانی کردنی ده‌سه‌ڵاتی باشووری کوردستان، ئه‌م گروپه‌ ئيسلامييه‌ سياسييه‌ به‌کرێگيراوانه‌ی ره‌گه‌زپه‌رسته‌کانی تورک و عه‌ره‌ب و فارس، به‌ سه‌دان ماڵپه‌ڕ و بڵاوکراوه‌ی جۆراوجۆيان دامه‌زراندوه و له‌م رێگايانه‌وه‌ و به‌هۆی ئه‌م ده‌ستاوێژانه‌وه‌ پڕوپاگه‌نده‌ بۆ ئيسلامچێتی و بۆ به‌رژه‌وه‌ندييه‌ گڵاو و ناڕه‌واکانی دوژمنانی کورد و داگيرکه‌رانی کوردستان ده‌که‌ن.

٦

ئيسلامی سياسی و عروبه
بە گريمانەيەك، ئەگەر سەدام زيندوو ببێتەوە و بەعسييەكان ديسانەوە دەسەڵات بگرنەوە دەست، ئەمجارەيان بۆ بەعەرەب كردن، يان لەناوبردنی كوردی باشوور، زەبروزەنگ و باروت و ئاسن و كيميايی بەكار ناهێنن و سوپا و هێزه چەكدارەكانی جارانيان نانێرنەوە بۆ داگيركردنەوەی كوردستان، بەڵكو ئەم شتانە دەكەن: چەند باند و گروپێكی ديكەی ئيسلامی سياسيی كوردى دورست دەكەن و ئەو خەرجييانەی كە پێشتر لە كورد و كوردستاندا بە كاريان دە‌هێنا، ئەمجارەيان بەشێكی مزگەوتی زۆرتری پێ دروست دەكەن و بەشەكەی تريشی دەدەن بە ئيسلامييە سياسييەكان، بەم شێوە‌يە بەبێ ئەوەی خۆيان ماندوو بكەن و كات و وزە و توانای خۆيان بەكار بهێنن و يان يەك بەعسی و يەك سەربازی عەرەب بەكوشت بدەن،‌ بە ئامانجە ناڕەواكانيان دەگەن و هەموو كوردی باشوور دەكەنە‌ موسڵمانی خزمەتكاری عەرەب و عروبە.

٧

باشووری كوردستان، سەيرانگە و تەمەڵخانەی ئيسلامييە سياسييەكانە.
ئيسلامييە سياسييەكان لە بزووتنەوەی رزگاريخوازی كوردستاندا خاوەنی هيچ خەبات و رابووردوو و شانازييەك نە بوون و نين. ئەوانە هاتوونەتە سەر سفرەی ئامادەكراو و لە بارودۆخی ئازادی و دیمۆكراسيی باشووری كوردستاندا، ئەمان سوودمەنترين و بەختەوەرينن و ژێربەژێريش بەرنامەی دوژمنانی كورد و داگيركەرانی كوردستان جێبەجێ دەكەن و بە هاوكاری و كۆمەكى ئەوان، كار بۆ پاشكەوتن و گەوجاندن و بە ئیسلام کردن و بەعەرەبكردنى كۆمەڵگەی كوردەواری دەكەن.
باشووری كوردستان بۆ باند و گروپە ئيسلامييە سياسييەكان و مەلا و بانگخواز و ئەندام و لايەنگرە مووچەخۆرەكانيان بووە بە سەیرانگە و تەمەڵخانە. نە كار دەكەن، نە ماندوو دەبن، نە هيچ بەرهەميێكان بۆ كۆمەڵگە هەيە، بەڵام لەلايەن دەسەڵاتی كورتبينی كوردييەوە، بوودجەيەكی زۆريان بۆ بڕاوەتەوە و خاوەنی چەندين كەناڵی تی ڤی و راديۆ و بنە و بارەگا و گۆڤار و رۆژنامە و ماڵپەڕی ئەلەكترۆنين، كە هەموو ئەم ئامڕاز و دەستاوێژانە بۆ ئيسلامچێتی و ئيخوانچێتی و تۆرانيچێتی و تەعريبچێتی و گەوجاندی كۆمەڵگەی كوردستان بەكار دە‌هێنن.
هەتا ئێستا ئيسلامييە سياسييانەكان نە چەكدارێكيان، نە ئەندامێكيان نە بەرپرسێكيان، بەرەكانی شەڕی دژ بە لەشكری داعشی ئيسلامييان بە خەويش نەبينوە، تەنانەت، يەك دڵۆپ فرمێسك و خوێنيان بۆ كورد و كوردستان لێنەڕژاوە. بەڕاستی خوا بۆی داون، لەسەر بوودجەی هەژارانی ميللەت بوون بەخاوەنی هەموو شتێكی خۆيان، هەر دەخۆن و دەخۆنەوە و لە پشووی ژيان و خۆشگوزەرانيدا، بێ خەم و بێ باك، پاڵی هەميشەييان لێداوەتەوه.
ئەرێ بەراست بۆ هيچ كەس و هيچ لايەنێك له دەسەڵاتی سياسيی كوردی و له ‌سەرانی پارتی و يەكێتی و گۆڕان ناپرسن: بوونی ئەو کەس و باند و گروپه ئيسلامييە سياسييە دروستكراو و بەكرێگيراوانە جگە لە مشەخۆری و زيانداری و دواخستنی كورد و كوردستان، چ سوودێكيان هەيه!؟
بەرەو ياساخ كردنی رەوتی ئيسلامی سياسی لە باشووری كوردستان .

٨

بورقا و نیقاب
بورقا و نیقاب، ئەم مۆدێله‌ جلوبەرگه ئيسلامييە سياسييە كاره‌ساتاوییانه‌، به‌ڕێوه‌ن بۆ باشووری كوردستان، هیچ پێتان سه‌یر نه‌بێت و به‌ گاڵه‌ته‌ش وه‌ریمه‌گرن، مۆدێلی بورقا و نیقابی تاڵیبان، له‌مێژه‌ له‌لایه‌ن ئیسلامییه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ بانگهێشتن كراوه‌ و كاری بۆ ده‌كرێت، به‌ڵام جارێ كاتی نه‌هاتووه‌ و تا ئێستا بۆیان نه‌لواوه‌ بیسه‌پێنن

٩

بیری چاك، وتەی چاك، کرداری چاك.
زەردەشت

رزگار كردنی ژيانی مرۆڤێك بەنرخترە لە دروست كردنی پەرستگايەك.
كۆنفوشيۆس

هەموو پەيامبەرە چەكدارەكان سەركەوتنيان بەدەستهێناوە، پە‌يامبەره بێ چەکەكان، دووچاری تێکشكان بوونەتەوە.
نيكۆڵۆ مەكياڤيللی

من پێويستم بەوە نييە كە بە هۆی هەڕەشەی دۆزەخەوە بەڕەوشت بم.
بێرتراند رەسەڵ

پیاوانی سیاسی به‌ به‌ڵێنی خۆشکردنی ژیانی ئێره‌ و پیاوانی ئاینیش به‌ به‌ڵێنی ژیانی ئه‌ولا، گه‌وره‌ترین جه‌هه‌ننه‌میان بۆ خوڵقاندوین.
مه‌سعوود محه‌مه‌د

ئەگەر ئافرەتێك بە ڕوتی بەسەر شەقامێكدا رابكات، شارێك لە پیاوان دوای دەكەون، بەڵام ئەگەر پێیان بڵێی وا شارێك دەسوتێت، هەموویان پاساوێك دەهێننەوە كە توانای راكردنیان نیە!
ئۆریانا فالاچی

ئەگەر لە عەرەبستان لەدایك بوویت، دەبیت بە موسڵمان!
ئەگەر لە هیندستان لەدایك بوویت، دەبيت بە هیندوسى!
ئەگەر لە ئەمریكا لەدایك بوویت، دەبيت بە مەسیحی!
دینی ئێوە، بەس جەبری جوگرافیای لەدایك بوونتانە و شوێنی لەدایك بوونتان ئایینتان دیاری دەكات نەك بیركردنەوە و لێكۆڵینەوە لەسەر ئایینەكان!
زانای زیندەوەرزانی و گیانداران و شارەزا لەئايینەكان :
ریچارد داوكینز


تێبینی: بۆ نووسینی ئەم نووسراوە نەگەڕاومەتەوە بۆ سەرچاوەکان و تێکستەکانی پێوەندیدار بەم بپرسەوە، بەڵکو تەنها پشتم بە تێگەیشتن و سەرنج و بۆچوونەکانی خۆم بەستووە.

  • هەموو کەس و لایەنێک و پێگەیەکی میدیایی دڵسۆزی کوردایەتی و خەمخۆری ئازادییە دیموکراسییەکان و مافە مرۆییە رەواکانی مێیینەکان، دەتوانن ئەم نووسینە بەبێ دەستکاری و وەکو خۆی، بڵاوی بکەنەوە.

25-12-2025




سۆسیالیزمی دیجیتاڵی یان لەناوچوون: وانەی ڤەنزوێلا لە دڕندەترین قۆناغی سەرمایەداریدا.. ڕزگار ئاکرێی

  1. وانەی ڤەنزوێلا
    لە بەرەبەیانی ڕۆژێکی ئاسایی لە سەرەتای کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، جیهان بە هەواڵێکی ترسناک بەخەبەر هات کە لە یەکەم نیگادا کاردانەوەی ڕوون نەبوو: دەستدرێژی سەربازی دڕندانەی ئەمریکا و ڕفاندنی سەرۆکی ڤەنزوێلا نیکۆلاس مادورۆ و هاوسەرەکەی سیلیا فلۆرێس لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاڵۆزدا کە بە وردی سەربازی و هەواڵگری ئەنجامدرا. هەرچەندە ئۆپەراسیۆنەکە بریتی بوو لە هێرشی سەربازی راستەوخۆ، تۆپبارانکردنی چڕ و تێکشکاندنی سیستماتیکی عەمبارەکانی چەک و پلاتفۆرمی بەرگری، بەڵام زۆر پشتی بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی بەست و لێرەدا جەخت لەسەر شیکردنەوەی دەکەین. ڕووماڵی میدیای سەرەکی جەختی لەسەر لایەنە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی ڕووداوەکە کرد، بەبێ ئەوەی سەرنجی ڕاستەقینە بدە، چ لەخۆوە بێت یان بە ئەنقەست، بۆ ئەو ڕۆڵە گرنگەی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو لەم ئۆپەراسیۆنەدا گێڕا. ئەمە تەنها دەستێوەردانێکی سەربازی تەقلیدی نەبوو وەک هەندێک میدیای ڕۆژئاوایی هەوڵیان دەدا وێنای بکەن. بەڵکو جەنگێکی دیجیتاڵی گشتگیر و ڕێکخراو بوو کە پێش دەستگیرکردنەکە چەند مانگێکی درێژ بوو، ئەگەر ساڵانێک نەبێت لە پلاندانان و چاودێری و ئامادەکاری.
    پێش ئەوەی بەردەوام بم، دەمەوێت لێرەدا ئاماژە بە تێبینی خۆم بکەم سەبارەت بە سیاسەتەکانی ڕژێمی مادورۆ لە سەرکوتکردنی ناڕەزایی و سنووردارکردنی ئازادییەکان و توندکردنی دەستبەسەرداگرتنی چەپەکان و سەندیکاکانی کرێکاران. ڕەخنەی ئێمە لە دەستێوەردانی سەرمایەداری ئەمەریکا و پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا وەک چەکی هەژموونی بە هیچ شێوەیەک مانای پاساو هێنانەوەی کردارە سەرکوتکەرەکانی ڕژێمی مادورۆ لە دژی هێزە پێشکەوتووەکان و بزووتنەوەی کرێکاری ڤەنزوێلا بە تایبەتی حیزبی کۆمۆنیستی ڤەنزوێلا ناگەیەنێت. وەستانەوە لە دژی میلیتاریزمی شەڕانگێزی سەرمایەداری ئەمریکی ناکۆک نییە لەگەڵ ڕەخنەی ستەمکاری ناوخۆیی. بەڵکو هەڵوێستێکە کە لەگەڵ بەها چەپەکاندا دەگونجێت. ئەوەی لێرەدا تیشک دەخەینە سەر ئەو دەرسە تەکنەلۆژیای و ستراتیجیەیە کە ئەم ڕووداوە بە هەموو بزووتنەوە چەپ و پێشکەوتووەکان دەبەخشێت، بێ گوێدانە هەڵسەنگاندنمان بۆ خودی ڕژێمی مادورو.
    بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لە میدیاکاندا بڵاوکراونەتەوە، پێشکەوتووترین سیستەمی چاودێری مانگی دەستکردی ئەمەریکا لە جیهاندا لەم ئۆپەراسیۆنەدا بەکارهێنراوە بۆ بەدواداچوونی جموجۆڵەکانی سەرکردایەتی ڤەنزوێلا لە ڕێگەی مانگی دەستکردی ئەمەریکاوە کە بە دەوری زەویدا دەسوڕێتەوە. شیکردنەوەی داتای گەورە تەنها بۆ چاودێریکردنی جوڵە فیزیاییەکان سنووردار نەبوو، بەڵکو نەخشەی ورد و وردی تۆڕەکانی پەیوەندییەکانی حکومەتی ڤەنزوێلا بە هەموو ئاڵۆزییەکان و لقەکانیانەوە دەگرێتەوە. شکاندنی سیستەمە ئەلیکترۆنییەکان پرۆسەیەکی هەڕەمەکی نەبوو، بەڵکو بە وردی پلانی بۆ داڕێژرابوو بۆ لەکارخستنیان و پەیوەندییەکان لە ساتی یەکلاکەرەوەدا، سەرکردایەتی ڤەنزوێلا بە تەواوی لە بنکە و لایەنگرانی دابڕاو کرد.
    بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد لە شیکردنەوەی ملیۆنەها پەیوەندی تەلەفۆنی، نامە و ئیمەیڵ تەنها پرۆسەیەکی سیخوڕی تەقلیدی نەبوو، بەڵکو کردارێکی ئاڵۆز بوو بۆ دیاریکردنی شوێنی سەرکردەکان بە ووردی و پێشبینیکردنی نیازەکانیان و هەنگاوەکانی داهاتوویان پێش ئەوەی بیانگرنەبەر. ئەلگۆریتمەکانی فێربوونی ئامێر شێوازەکانی هەڵسوکەوتیان شیکردەوە، چاودێری گۆڕانکارییەکانی شێوازەکانی پەیوەندییان کرد، و زانیاری زیرەکی لە بڕێکی زۆر داتای بێ پێکهاتە دەرهێنا. دەستکاریکردنی بەرنامە بۆ داڕێژراو و سیستماتیکی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڵمەتێکی ڕێکخراو بوو کە پشت بە زیرەکی دەستکرد دەبەستێت بۆ دروستکردنی ڕای گشتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندی دەستێوەردان، ئۆپەراسیۆنەکە وەک “ڕزگاربوون لە دیکتاتۆری و قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان” وەسف دەکات، نەک دەستدرێژی بۆ سەر سەروەری دەوڵەتێکی سەربەخۆ و پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتیەکان. ئەم هەموو ئامادەکارییە میدیایی و دیجیتاڵییە خۆی لە خۆیدا ئامانج نەبوو، بەڵکو ئامرازێک بوو بۆ توندکردنی دەستگرتن بەسەر تواناکانی وڵات و تاڵانکردنی سەرچاوە زۆرەکانی، ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ دامەزراندنی رژێمێکی “کارتۆنی” کە لە خواستی خۆی داماڵراوە و لە خولگەی ئەمەریکا دەخولێتەوە و ئەجێندای خۆی جێبەجێ دەکات.
    ئەمانە سیناریۆی فیلمی خەیاڵی زانستی نین، بەڵکو واقیعێکی بەڵگەنامەیی و بەرجەستەن کە ئەمڕۆ دەژین. ئاژانسی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا پرۆگرامی PRISM ی هەیە کە لەلایەن ئێدوارد سنودن، کارمەندی پێشووی هەواڵگری ئەمەریکا، ئاشکرا کراوە، کە چاودێری پەیوەندییە جیهانییەکان دەکات بەبێ جیاوازی و سنوور. کۆمپانیاکانی وەک Palantir Technologies کە بە پارەی دەزگای هەواڵگری ناوەندی دامەزراوە، سیستەمی شیکردنەوەی داتای زۆر ئاڵۆز بۆ دەزگای هەواڵگری ئەمریکا دابین دەکەن، کە لەژێر ناوەکانی جەنگی دژی تیرۆر و بەدواداچوونی ئامانجە ستراتیژییەکان بەکاردەهێنرێن.
    سیستەمی تەکنەلۆژیای سەرمایەداری ئەمڕۆ تا ڕادەیەکی زۆر توانای چاودێریکردنی تەواو، چاودێریکردنی ورد و بەدواداچوونی سیستماتیکی بزووتنەوە سیاسیەکان، ڕێکخراوەکان و ئەکتەرە سیاسییەکان هەیە. لەوەش مەترسیدارتر، لەوانەیە زۆر تەکنەلۆژیا و چەکی دیجیتاڵی هەبێت کە هێشتا لە بواری خەیاڵی زانستی یان توێژینەوەی مەجازیدا بێت، یان هێشتا ڕانەگەیەنرابێت، وەک زۆربەی پێشکەوتنە تەکنەلۆژیاییەکان کە بە نهێنی پەرەیان پێدەدرێت و بەکاردەهێنرێن پێش ئەوەی ببنە بەردەست خەڵک. مێژوو شایەتی ئەوە دەدات کە ئینتەرنێت خۆی و زۆر تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی تر بۆ ڕای گشتی ئاشکرا نەکراون تاوەکو چەندین ساڵ دوای بەکارهێنانیان لە بازنەی سەربازی و هەواڵگری و ئاسایش و پیشەسازیدا ئاشکرا نەکراون.
  2. تەکنەلۆژیا وەک ئامرازێک بۆ کۆنتڕۆڵ و هەژموونی سەرمایەداری
    ئەوەی لە ڤەنزوێلا ڕوویدا ڕووداوێکی تاک و نائاسایی نییە لە مێژووی هاوچەرخدا. ئەمە بەشێکی گرنگە لە ستراتیجی سەرمایەداری دیجیتاڵی گشتگیر و یەکخراو کە لە چەندین شوێنی جیهاندا گەشە دەکات و دووبارەدەبێتەوە و لە خەباتی دیجیتاڵی تەریبی خەباتی شەقام و گۆڕەپانەکاندا بەکارهاتووە. قورسترین و ڕوونترین دەرس لە ڕووداوی دەستگیرکردنی مادورۆ ئەوەیە کە سەرمایەداری لە قۆناغی ئێستایدا چیتر تەنها پشت بە هێزی سەربازی توند و تەقلیدی نابەستێت، هەرچەندە هێشتا لە کاتی پێویستدا دەیپارێزێت و بەکاری دەهێنێت. سیستەمێکی دیجیتاڵی ئاڵۆز و تێکەڵاوی پەرەپێداوە کە توانای تێپەڕاندنی سنوورە جوگرافی و سیاسییەکان و چاودێریکردنی تاک و گرووپەکان بە وردی سەرسوڕهێنەر و دەستکاریکردنی زانیاری و دروستکردنی هۆشیاری گشتی بەشێوەیەک کە لە هیچ سەردەمێکی پێشوودا نەکراوە و سنووردارکردن و ئیفلیج کردنی بزووتنەوە چەپ و پێشکەوتووەکان پێش ئەوەی بگەنە قۆناغی مەترسی ڕاستەقینە لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمە جەنگێکە کە بە چاوی ئاسایی نابینرێت، زۆرێک لە شەڕەکانی لە بۆشایی ئینتەرنێتی دیجیتاڵی و سێرڤەرەکانی داتا و ئەلگۆریتمەکان و تۆڕە دەماری دەستکردەکاندا ڕوودەدەن، بەڵام لە ڕووی سیاسی و ماددییەوە کاریگەرترە و تێچووی کەمترە لە بۆمب و فڕۆکە و تانک و سەرباز و دەزگا سەرکوتکەرەکان. زیرەکی دەستکرد بووە بە بڕبڕەی پشتی ئەم جەنگە دیجیتاڵییە، توانای بێ وێنە لە شیکردنەوەی پێشبینیکەر، چاودێری تەواو، و جەنگی دەروونی بە وردی ئاراستە کراوە.
    ئەم واقیعە نوێیە پرسیارێکی چارەنووسساز و وجودی دەخاتە بەردەم هێزە چەپەکان و بزووتنەوە پێشکەوتووەکان لە سەرانسەری جیهاندا، پرسیارێک کە وەڵامەکەی ناتوانرێت دوابخرێت: چۆن بزووتنەوە ئازادیخوازەکان کە هێشتا لە ڕێکخراوەکانیاندا پشت دەبەستن بە کۆبوونەوە تەقلیدییەکان و دابەشکردنی نامیلکەی کاغەزی لە شەقامەکان و بەکارهێنانی تەلەفۆنی بێ کۆدکردن بۆ ڕێکخستنی چالاکییەکانیان و ئینتەرنێت بە شێوازێکی سەرەتایی و تەقلیدی بەکار بهێنین، و لە بازنەی گفتوگۆی سنووردار کە چاودێریکردنی ئاسانە، ڕووبەڕووی سیستەمێکی دیجیتاڵی سەرمایەداری ببنەوە لەگەڵ ئەم ئاستە سەرسوڕهێنەرە لە گەشەسەندن و ئاڵۆزی؟ وەڵامەکە ڕوون و لە هەمان کاتدا ئازاربەخشە: ناتوانێت تا ڕادەیەکی زۆر بێت، مەگەر بڕیار بدات بە جددی، قووڵ و ستراتیجی بچێتە ناو بواری تەکنەلۆژیا، نەک وەک بەکارهێنەری پاسیڤ بۆ تەکنەلۆژیای سەرمایەداری وەک ئێستا، بەڵکو وەک گەشەپێدەر و داهێنەر و بەرهەمهێنەری بەدیلی دیجیتاڵی سەربەخۆ کە تێکۆشانەکە پەرە پێدەدات و لە دزەکردن و سەرکوتکردن دەیپارێزێت. و بەهێزکردنی بە ئامرازی کاریگەر کە لەگەڵ ڕۆحی سەردەم و پێداویستییەکانی بگونجێت.

    زیرەکی دەستکرد: چەکی نوێی هەژموونی سەرمایەداری
    ئەمڕۆ بەبێ هیچ گومانێک ڕوون بۆتەوە کە زیرەکی دەستکرد، سەرەڕای توانا گەورە و بەڵێندەرەکانی لە خزمەتکردنی هەموو مرۆڤایەتیدا، چیتر تەنها پێشکەوتنێکی زانستی بێلایەن نییە کە چاوەڕێی کەسێک بکات بەرەو چاکە یان خراپە ئاراستەی بکات. لە ڕاستیدا چەکێکی زۆر پێشکەوتوو و ئاڵۆزە لە دەستی سەرمایەداری جیهانی، کە سیستماتیک و بە ئەنقەست بەکاردەهێنرێت بۆ قوڵکردنەوەی کۆنتڕۆڵی خۆی بەسەر کاری مرۆڤ، هۆشیاری کۆمەلایەتی، و داتای گەورە کە بووەتە نەوتی نوێ لە سەردەمی دیجیتاڵدا و بەسەر کۆمەڵگادا بە گشتی لە هەموو لایەنە ئابووری، سیاسی، کەلتووری و ڕۆشنبیرییەکانیدا.
    کۆمپانیا گەورەکانی سەرمایەداری مۆنۆپۆل ئەمڕۆ پەرەپێدان و کارپێکردنی بەهێزترین سیستەمی زیرەکی دەستکرد لە جیهاندا قۆرخیان کردووە. ئەم کۆمپانیایانە قەوارەی تەکنیکی بێلایەن نین کە لە بۆشایی سیاسی و ئابووریدا کار دەکەن کاتێک هەوڵ دەدەن خۆیان نیشان بدەن. لە ڕاستیدا ئامرازی ڕاستەوخۆی سەرمایەی جیهانین و بە پەیوەندییەکی نزیک و تێکەڵاویان لەگەڵ پنتاگۆن و دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و دامەزراوەکانی دەوڵەتی قووڵی سەرمایەداری گرێدراون.
    بەرهەمهێنانەوەی چەوساندنەوەی چینایەتی بە مەبەستی دیجیتاڵی
    ئەوەی ئەمڕۆ لە هەموو شوێنێکی دەوروبەرماندا دەیبینین بەرهەمهێنانەوەی هەمان چەوساندنەوەی مێژوویی چینایەتییە، بەڵام بە ئامرازی زانستی، پێشکەوتووتر، ئاڵۆزتر و شاراوە. ئەم چەوساندنەوە چیتر لە دیواری کارگەکاندا سنووردار ناکرێت کە کرێکاران لەسەر هێڵەکانی بەرهەمهێنان کار دەکەن، یان لەو کێڵگانەی کە جوتیاران لە ژێر خۆردا ڕەنج دەکێشن. ئەم چەوساندنەوە بۆشایی دیجیتاڵی خۆی دەگرێتەوە، کە زۆر کەس وەک بۆشاییەکی ئازاد و کراوە وێنای دەکەن. ئەمڕۆش دەبینین چۆن ئەلگۆریتمەکان لە کۆمپانیا دیجیتاڵییەکاندا بەکاردەهێنرێن بۆ چەوساندنەوەی کرێکارانی دەستی و ڕۆشنبیر بە شێوازێکی وردتر و دڕندانەتر لە هەر بەڕێوبەرێکی مرۆڤ لە مێژوودا. ئەم ئەلگۆریتمانە مووچە لەسەر بنەمای خستنەڕوو و خواست لە هەموو ساتێکدا دیاری دەکەن، کاتژمێری کارکردنی ماندووکەر دەسەپێنن بەبێ هیچ ڕەچاوکردنێک بۆ تەندروستی یان دۆخی خێزانی کرێکار، و سزای ئۆتۆماتیکی دەردەکەن بۆ هەر دواکەوتن یان هەڵەیەک بەبێ هیچ ئەگەرێکی پێداچوونەوە یان دانوستاندن. کرێکارە دەستییەکان و ڕۆشنبیرەکان لێرە ڕووبەڕووی خاوەنکارێک نابنەوە کە بتوانن پێشتر گفتوگۆی لەگەڵدا بکەن یان ناڕەزایی دەرببڕن، بەڵکو ڕووبەڕووی ئەلگۆریتمێک دەبنەوە کە هیچ بەزەیی نازانێت و لە بارودۆخی مرۆڤ تێناگات.
    لە بواری هۆشیاری و ئایدۆلۆژیا: ئەلگۆریتمی پلاتفۆرمە زەبەلاحەکانی وەک فەیسبووک، تویتەر (X)، یوتیوب و تیک تاک بەکاردەهێنرێن بۆ دروستکردنی هۆشیاری ملیارەها کەس لە سەرانسەری جیهاندا. ئەم ئەلگۆریتمانە بێلایەن کار ناکەن وەک کۆمپانیاکان بانگەشەی بۆ دەکەن، بەڵکو بەشێوەیەکی سیستماتیک ئایدیۆلۆژیای بەکاربردنی سەرمایەداری و کەلتووری تاکگەرایی، کێبڕکێ و هەتاهەتایی سیستەمی سەرمایەداری بەرز دەکەنەوە، لە کاتێکدا شەڕی ناوەڕۆکی چەپ و پێشکەوتووخواز دەکەن لە ڕێگەی تەکنیکەکانی “کەمکردنەوەی گەیشتن” و “قەدەغەکردنی سێبەر” کە ناوەڕۆکەکە نادیارە بەبێ ئەوەی بە فەرمی بیسڕێتەوە. ملیۆنەها نەوەی گەنج ئەمڕۆ هۆشیارییان لە ڕێگەی خوێندنەوە و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەوە دروست نەکراوە، بەڵکو لە ڕێگەی ئەلگۆریتمەکانەوە کە بڕیار دەدەن چی ببینن و چی نابینن، چی دەزانن و چی نازانن.
    لە بواری چاودێری و کۆنتڕۆڵی ئاسایش و جەنگە هاوچەرخەکان: تەکنیکەکانی زیرەکی دەستکرد ئەمڕۆ وەک ئامرازێکی سەرەکی بەکاردەهێنرێن بۆ قوڵکردنەوەی کۆنتڕۆڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە شێوەیەک کە لە هیچ قۆناغێکی پێشوودا نەکرابوو. سیستەمەکانی ناسینەوەو شیکاری ئەلگوریتمی ڕێگە بە بەدواداچوونی چالاکوانانی سیاسی و چاودێریکردنی هەڵسوکەوت و تۆڕ و جموجۆڵەکانیان بە وردی بەرز دەدەن و ئەم تەکنیکانە تەنها بۆ ئەو وڵاتانە نامێننەوە کە پەرەیان پێداوە، بەڵکو بە شێوەیەکی گەورە دەخرێنە بازاڕەوە و هەناردە دەکرێن بۆ ڕژێمە دیکتاتۆر و سەرکوتکەرەکان و فەزای دیجیتاڵی و گشتی وەک یەک دەگۆڕن بۆ بوارێکی چاودێری هەمیشەیی. لە هەمان چوارچێوەیەدا، زیرەکی دەستکرد لە بەڕێوەبردنی توندوتیژی و جەنگدا بە شێوەیەکی سیستماتیک بەکار دەهێنرێت، چونکە بڕیاری چارەنووسساز پەیوەست بە ژیان و مردن بە سیستەمە بیرکارییەکان دادەنرێت کە پۆلێنکردن، خەمڵاندن، و بڕیاردان بە پێی لۆژیکێکی تەکنیکی سارد، دابڕاو لە هەموو ڕەچاوکردنێکی مرۆیی یان ئەخلاقی. بەم شێوەیە تەکنەلۆژیا کە گوایە بەرهەمی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی بێت دەبێتە ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنانەوەی کوشتن و سەرکوتکردن بە کارایی بەرزتر، لە خزمەتی لۆژیکی هەژموونی سەرمایەداری و میلیتاریزمدا، نەک لە خزمەتی مرۆڤ و مافی ژیان و ئازادی.

  3. گرەوی مێژوویی چەپ
    فاکتەری تەکنەلۆژیا چیتر تەنها زیادەیەکی لاوەکی یان خۆشگوزەرانی نییە لە شەڕی چەپ دژی سەرمایەداری ناوخۆیی و جیهانی. بۆتە مەرجێکی بنەڕەتی و گرنگ بۆ مانەوە و کاریگەری و کاریگەری. ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم واقیعە ناتوانێ تەنها بە ڕەخنە و دەستنیشانکردن سنووردار بێت، بەڵکو پێویستی بە هەڵوێست و سیاسەتی دیاریکراو و بەرجەستە هەیە، کە تەنها خستنەڕووی هەژموونی سەرمایەداری تێدەپەڕێت بۆ کارکردن لەسەر هەڵوەشاندنەوەی و دووبارە ئاراستەکردنی تەکنەلۆژیا بە گشتی و زیرەکی دەستکرد بە تایبەتی بۆ خزمەتکردنی جەماوەری گشتی لە جیاتی کۆیلەکردنیان.

    پێویستی بەدیلی پێشکەوتووخواز
    لەجیاتی بەجێهێشتنی تەکنەلۆژیا لە دەستی ژمارەیەکی کەم لە کۆمپانیا و دەوڵەتە سەرمایەدارەکان، دەبێت پەرەپێدانی سیستەمی زیرەکی دەستکردی چەپی پێشکەوتووخواز پاڵ پێوە بنرێت. بەڵام گۆڕانەکە بەبێ گۆڕانکاری بنەڕەتی لە پێکهاتەی سیاسی و ڕۆشنبیری و ڕێکخراوەیی هێزە چەپەکان و تێڕوانین و بۆچوونیان بۆ تەکنەلۆژیا ڕوو نادات بەس نییە کە بە بیانووی ئەوەی کە تەکنەلۆژیا ئامرازێکی تایبەتی سەرمایەدارییە مامەڵە لەگەڵ تەکنەلۆژیا بکەین یان بە شێوەیەکی سنووردار و ڕووکەشانە بەکاری بهێنرێت، بەڵکو دەبێت بە قووڵی شارەزا بێت و لێی تێبگات و قەڵاکانی ببڕدرێت و دووبارە ئاراستە بکرێت بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی کرێکارانی دەستی و ڕۆشنبیر و جەماوەری گشتی.
    پەرەپێدانی تواناکانی چەپ لە بواری تەکنیکیدا پێویستییەکی گرنگە لە پەرەپێدانی تواناکان لە بوارەکانی سیاسی و ڕۆشنبیری و ڕێکخراوەیی و میدیایی و کاری جەماوەری. هەروەک چۆن هێزە چەپەکان ناتوانن پشت بە میدیای سەرمایەداری ببەستن و هەوڵی بنیاتنانی میدیای سەربەخۆی خۆیان بدەن و هەروەک چۆن بیروبۆچوون و سیاسەت و ئامرازە ڕێکخراوەییەکانیان بە سەربەخۆیی دوور لە قاڵبی هەژموونی سەرمایەداری پەرەیان پێداوە، دەبێت ئەوانیش کار لەسەر بنیاتنانی ئەلتەرناتیڤی تەکنەلۆژیای سەربەخۆی خۆیان بکەن، چ لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بێت یان لە زیرەکی دەستکرد و ئەوانی تردا، بۆ خزمەتکردنی پڕۆژەی ڕزگاریخوازی گشتگیر.

    چارەسەری گونجاو و بنەڕەتی
    چارەسەری گونجاو ئێستا پەرەپێدانی سیستەمێکی سەرچاوەکراوە، شەفاف و بێلایەنە کە بە شێوەیەکی دیموکراتی و کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی بەڕێوە ببرێت، سەرەڕای هەوڵدان بۆ دەرکردنی یاسای نێودەوڵەتی کە کاری زیرەکی دەستکرد ڕێکدەخات و خزمەتی بە کۆمەڵگا بە گشتی مسۆگەر دەکات، نەک بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتە گەورەکان و کۆمپانیا سەرمایەدارەکان.
    بەڵام ئەمە بەس نییە. چارەسەری پێویست و ڕادیکاڵ بنیاتنانی بەدیلی تەکنەلۆژیای چەپی ڕاستەقینەیە بە ئاراستەی پێشکەوتووخواز و خاوەندارێتی کۆمەڵایەتی، کە لە ڕێگەی ئەوەوە ئەم تەکنەلۆژیایە لە چنگی بازاڕ دەردەهێنرێت و لە هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییەکانی چەوساندنەوە بەکار دەهێنرێت و بەشداری لە بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی نوێ، دادپەروەرانەتر و مرۆڤانەتر دەکات، لەسەر بنەمای یەکسانی، هاوکاری و ڕازیکردنی دادپەروەرانەی پێداویستییەکان.

    بەکارهێنانی هۆشیارانە و هۆشیارانەی زیرەکی دەستکرد
    بەکارهێنانی زیرەکی دەستکردی ئێستا لەلایەن چەپەکانەوە دەبێت ورد و بە ئەنقەست و وریایانە بێت. ئەو ئەپڵیکەیشنانەی کە لە ژینگەیەکی سەرمایەداریدا و لەلایەن مۆنۆپۆل و کۆمپانیاکانەوە پەرەیان پێدراوە ناتوانن متمانەیان پێبکرێت بەبێ هۆشیارییەکی ڕەخنەیی قووڵ لە میکانیزمی کارکردنیان. لە کاتێکدا زۆرێک لەم ئامرازانە ڕێگە بە شیکردنەوەی ورد و پلاندانان و چاودێریکردنی ئاڕاستەی ڕای گشتی و باشترکردنی سیاسەت و میتۆدەکانی رێکخراو و بەگەڕخستن و پەیوەندییەکان دەدەن، بەڵام لەوانەیە لە پێکهاتەی خۆیاندا لایەنگری شاراوە هەڵبگرن کە هەژموونی سەرمایەداری لە کاری ڕێکخراوە چەپەکاندا بەرهەم دەهێنێتەوە. کاتێک مامەڵە لەگەڵ داتا و زانیارییە هەستیارەکاندا دەکرێت زۆر ئاگادار بن، چونکە بەکارهێنانی نەخوێندراوی ئەم ئامرازانە لەوانەیە ببێتە هۆی دزەکردنی ئاسایش یان دزەکردنی زانیاری کە ڕێکخراوە چەپەکان دەخاتە مەترسییەوە، بەتایبەتی لە دەوڵەتە دیکتاتۆرەکاندا. بۆیە پێویستە پرۆتۆکۆلی ئاسایشی دیجیتاڵی پێشکەوتوو پەرە پێبدرێت و ئەپڵیکەیشنی سەرچاوەی کراوەی سەربەخۆتر بەکار بهێنرێت و ئەندامان لەسەر کردارەکانی ئاسایشی دیجیتاڵی ڕابهێنرێت بۆ دڵنیابوون لەوەی کە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد لە خزمەتی خەباتدایە نەک ئامرازێکی سەرکوتکەر و زیرەکی کە دژی بەکار بهێنرێت.

    بەرەو شۆڕشێکی دیجیتاڵی ئازادیخوازانە
    ئەوەی شۆڕشی دیجیتاڵی ئێستا دەردەخات، و بەتایبەتی پەرەسەندنی زیرەکی دەستکرد، ئەوەیە کە ئێمە لە ساتەوەختێکی مێژوویدا دەژین کە تێیدا دژایەتیەکانی نێوان گەشەسەندنی گەورەی هێزەکانی بەرهەمهێنان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە سەرمایەدارییەکان کە چیتر توانای کۆنتڕۆڵکردنی ئەم پەرەسەندنەیان نییە یان ئاراستەی دەکەن بۆ بەرژەوەندی جەماوەر. هەرچەندە ئەو توانا گەورەیەی ئەم شۆڕشە دیجیتاڵییە پێشکەشی دەکات بۆ ئازادکردنی مرۆڤ لە کاری ماندووکەر و پێداویستییەکانی ژیان، بەڵام لە چوارچێوەی لۆژیکی هەژموونی سەرمایەداری و قازانج سنوردارکراون و دووبارە ئەندازیاری دەکرێنەوە.
    خەبات لەم فەزای دیجیتاڵیدا دەبێت ببێتە درێژکراوەیەکی ئۆرگانیکی خەباتی سۆسیالیستی لەسەر ئەرزی واقیع، نەک تەنیا گۆڕەپانێکی کار و گفتوگۆی جیا لە واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری. ئەم خەباتە لە دژی هەژموونی دیجیتاڵی تەنها بە فەزای مەجازی سنووردار ناکرێت بەڵکو دەبێت درێژکراوەی بزووتنەوە و خەباتی کرێکارانی دەستی و ڕۆشنبیری و بزووتنەوەی جەماوەری مەیدانی بێت. بەستنەوەی خەباتی تەکنەلۆژیا و خەباتی چینایەتی لەسەر زەوی گرنگە، چونکە هەژموونی دیجیتاڵی تەنها درێژکراوەی هەژموونی سەرمایە بەسەر بەرهەمهێنان و کۆنتڕۆڵکردنی هێزی کاردایە.

  4. ساتەوەختی مێژوویی یەکلاکەرەوە بۆ چەپ
    ئەوەی لەگەڵ سەرۆکی ڤەنزوێلا مادورۆ ڕوویدا ڕووداوێکی تەنهایە و هەڵاواردنێکی تێپەڕ نییە لە ململانێی دەسەڵات لە جیهاندا، بەڵکو ئاگادارکردنەوەیەکی تیژ و بەرزە بۆ هەموو ڕژێمە پێشکەوتووخوازەکان و بزووتنەوە چەپەکان لە جیهاندا. ئەمە ڕاگەیاندنێکی پراکتیکییە کە شەڕی دیجیتاڵی گۆڕاوە بۆ گۆڕەپانێکی سەرەکی و گرنگی خەباتی چینایەتی کە لێرە و ئێستا ڕوودەدات و هەڕەشە لە بوونی سیاسی و ڕێکخراوەیی هەموو پڕۆژەیەکی ئازادیخوازی دەرەوەی گوێڕایەڵی سەرمایەداری و بەتایبەتی ئەمەریکا لە سەردەمی ترەمپ دەکات. ئەوەی لە ڤەنزوێلا ڕوویدا ئەوە دەردەخات کە سەرمایەداری دیجیتاڵی پشت بە بۆشایی تەکنیکی دەبەستێت کە ئەگەری کاریگەری لەسەر سەقامگیری ڕژێمە پێشکەوتووەکان و هەوڵدان بۆ ئیفلیج کردنی سەرکردایەتیەکانیان یان سەرلێشێواندنی بزووتنەوەکانیان و گرەوکردن لەسەر ئەندازیاریی هۆشیاری کۆمەڵگاکانیان بە دیجیتاڵی . کە بژاردەی هێرشبردنی پێدەبەخشێت کە هەندێک جار کاریگەری زیاترە لە شێوازەکانی دەستێوەردانی سەربازی تەقلیدی یان داگیرکاری راستەوخۆ.
    مەترسیەکە تەنها لەسەر ڤەنزوێلا نییە، بەڵام دەشێت هەڕەشە لە هەموو ئەزموونێکی چەپ و پێشکەوتووخواز بکات، هەموو حکومەتێک کە هەوڵ دەدات لە لۆژیکی بازاڕ و هەژموونی سەرمایەداری دەربچێت، و هەموو بزووتنەوەیەکی کرێکاری یان جەماوەری کە بەدوای گۆڕانکارییەکی ڕیشەییدا دەگەڕێت. ئێمە لە قۆناغێکی نوێی خەباتی چینایەتیداین کە تێیدا تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەستکرد وەک چەکێکی ستراتیژی بەکاردەهێنرێن بۆ لێدانی بزووتنەوە چەپ و پێشکەوتووەکان لە بێشکەکانیاندا و گەمارۆدانی هەر ئەگەرێک بۆ بنیاتنانی ئەلتەرناتیڤی سەربەخۆی پێشکەوتووخواز. خەباتی سۆسیالیستی جیهانی ئەمڕۆ راستەوخۆ ئامانجی نەک تەنها سەرکوتی سەربازی و ئابووری بەڵکو دزەکردنی دیجیتاڵی و چاودێری تەواو و وشکبوونی پێشوەختەی هەر چالاکییەکی شۆڕشگێڕی شاراوە.
    پرسیاری بنەڕەتی، کە بوونیی و چارەنووسسازە: ئایا ئێمە وەک هێزێکی چەپ و پێشکەوتووخواز بەڕاستی ئامادەین بۆ شەڕکردن لەم جەنگە ئاڵۆزە، درێژ و فرە بەرەی دیجیتاڵی؟ پاش ئەو هەموو پۆستانەی لەدەستمان داوە و پاش ئەو هەموو پاشەکشەی و دابەشبوون، ئایا بوێری ئەوەمان هەیە کە چەپ لە ڕووی ڕۆشنبیری و ڕێکخراوەیی و تەکنیکیەوە بنیات بنێینەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەرمایەداری لە بەرزترین ئاستی زانست و تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی؟ ئایا ئێمە ئامادەین پەرتەوازەیی ناوخۆیی و دابەشبوونی جیهانی و ململانێی نێوان هێزە چەپەکان تێبگەین و لەوە تێبگەین کە چارەنووسی هەموو ئەزموونێکی پێشکەوتووخواز بە چارەنووسی ئەوانی ترەوە گرێدراوە؟
    ساتەوەختی مێژوویی بێ بەزەییە، و سەرمایەداری دیجیتاڵی چەکدار بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و زیرەکی دەستکرد چاوەڕێی دوودڵی و خاوبوونەوەمان ناکات. یان ئێمە لەم شەڕەدا لەگەڵ هۆشیاری، خەبات و ڕێکخستندا تێکەڵ دەبین و پڕۆژەیەکی سۆسیالیستی ئەڵتەرناتیڤ دابڕێژینەوە کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی سەردەمی دیجیتاڵی هەبێت، یان لە پەراوێزی مێژوودا بەجێ دەهێڵین، لەژێر کاریگەری شێوازی نوێی چەوساندنەوە و سەرکوتکردندا کە نەرمتر و کاریگەرترن. قبووڵکردنی ئەم چارەنووسە بەتەواوی لەناوچوونێکی حەتمییە. بەم پێیە، گرەوی ڕاستەقینە و تاکە مێژوویی بۆ پڕۆژەی ئازادی، سەرەڕای هەموو ئاڵۆزییەکانی ڕێگاکان، ئەوەیە کە بگۆڕێت بۆ پرۆژەیەکی دیجیتاڵی لەگەڵ هۆشیاری و رێکخستن. هیچ بژاردەیەکی سێیەمی نییە جگە لەوەی ببێتە دیجیتاڵ بۆ ئەوەی بمێنێتەوە.
    زانیاری تەکنیکی دیجیتاڵی و تێگەیشتن لە میکانیزمەکانی کاری زیرەکی دەستکرد دەبێت ببێتە بەشێکی دانەبڕاو لە کەلتووری چەپی هاوچەرخ، و لێرەدا ڕۆڵی گرنگی گەنجان وەک پێشەنگی ئەم گۆڕانکارییە دەردەکەوێت. ئەوان زۆرترین توانایان هەیە بۆ سوودوەرگرتن لەم ئامرازانە و ڕابەرایەتی کردنی داهێنانی دیجیتاڵی لەناو بزووتنەوە پێشکەوتووەکاندا. پێویستە کادری تەکنیکی چەپ دروست بکەین و وزەی نەوەی گەنج بۆ پەرەپێدانی ئامرازی دیجیتاڵی و سیستەمی زیرەکی دەستکردی خزمەتگوزاری تەرخان بکەین نەک چەوسێنەر و تۆڕی پەیوەندی کە ژێر کاریگەری ئەلگوریتمی سەرمایە نەبێت. ئێمە دەبێت لە کۆدی پرۆگرامکردن تێبگەین هەروەک چۆن لە دەقی سیاسی تێدەگەین، و شارەزایی لە ئەلگۆریتمەکان بکەین کاتێک شارەزایی لە شیکردنەوەی پۆل دەکەین، وە داتای گەورە وەک بوارێکی خەبات سەیر بکەین، نەک تەنها وەک ژمارەیەکی بێلایەن.
    ئەم هەوڵە پێویستی بە هەماهەنگی و کاری هاوبەش لە ئاستی جیهاندا هەیە لە ڕێگەی بنیاتنانی هاوپەیمانی دیجیتاڵی و نێودەوڵەتی کە ئامانجیان پەرەپێدانی خەباتی دیجیتاڵی چەپە لە هەموو جیهاندا. هەروەک ئینتەرناسیۆنالی یەکەم و دووەم و سێیەم وەڵامێکی مێژوویی بوون بۆ قۆناغەکانی گەشەی سەرمایەداری، ئینتەرناسیۆنالی دیجیتاڵی ئەمڕۆ پێویستییەکی ستراتیژییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەرمایەداری لە دڕندەترین قۆناغی دیجیتاڵیدا. لەگەڵ ئەوەشدا، بنیاتنانی ئەم بەدیلانەی تەکنەلۆژیای سەربەخۆ پڕە لە کێشەی جددی: کێشەی پشت بەستن بە زانیاری و ئامرازەکانی پەرەپێدراو لە باوەشی خودی سیستەمی سەرمایەداری، کێشەی سەرچاوە زەبەلاحەکانی پێویست بۆ کێبڕکێ، و کێشەی هەماهەنگی نێوان هێزە چەپە ناکۆکەکان.
    کەواتە، ئەم پڕۆژەیە ناتوانێ پڕۆژەیەکی یۆتۆپیای جیا بێت. بەڵکو دەبێت تاکتیکێکی ستراتیجی بێت کە لە بەکارهێنانی ڕەخنەیی و هۆشیارانەی ئامرازەکانی بەردەست دەست پێبکات و تۆڕی تەکنیکی هاوپشتی لەسەر بنەمای پرسە پراکتیکییە هاوبەشەکان بنیات بنێن و هەوڵ بدەن ناوکێکی جێگرەوە لە بۆشاییەکانی تەکنەلۆژیای سەرچاوە کراوە و تۆڕە لامەرکەزییەکان دابین بکەن، لەگەڵ دانپێدانان بەوەی کە ئەمە پرۆژەیەکی کەڵەکەبووی درێژخایەنە نەک چارەسەرێکی جادوویی دەستبەجێ. کە ئەرکێکی مێژووییە کە دەکەوێتە سەر شانی گەنجەکانمان بۆ تێکەڵکردنی بەهاکانی دادپەروەری لەگەڵ ئاسۆکانی تەکنەلۆژیا.
    چەپ کە ڕۆڵێکی ناسراوی گێڕاوە لە بەرەوپێشبردنی ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری دەتوانێت بەسەر بارودۆخی ئێستادا زاڵ بێت هەروەک چۆن سەرمایەداری خۆی لە ئاستێکی گەورەدا گەشەی کردووە، با ئەم خەباتە دیجیتاڵییە ببێتە ساتەوەختی گەشەی چۆنیەتی چەپی ئێستا بەرەو چەپێکی ئەلیکترۆنی دیجیتاڵی تێکەڵ بە خەباتی سەر زەوی، بوێرتر و ڕادیکاڵتر و زانستیتر و توانای نوێبوونەوە و سەرکردایەتی خەباتی سەردەمی خۆی و بەرگری کردن لە ئایندەی ئەلتەرناتیڤی سۆسیالیستی لە بەرامبەر مەترسیدارترین هێرشی کە ڕووبەڕووی بۆتەوە مێژووی هاوچەرخ. ململانێ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی تەنها ململانێیەکی تەکنیکی نییە، بەڵکو ململانێیە لەسەر داهاتووی مرۆڤایەتی خۆی.
    سۆسیالیزمی دیجیتاڵی لەم ڕوانگەیەوە یەک بژاردە نییە لەنێو ئەوانی تردا. ئەمە مەرجی وجودییە بۆ مانەوەی خودی پڕۆژەی سۆسیالیستی لە سەدەی بیست و یەکدا.

ڕزگار ئاکرێی




مافی ژنان: لە نێوان هەڵکشان و داکشان، ژنانی عێراقی لە چاوی زریاندا.. شیرین عەبدوڵڵا

لە کاتێکدا کۆتا ڕۆژەکانی ئەمساڵ بەڕێدەکەین و نزیک دەبینەوە لە ساڵی نوێ (٢٠٢٦)، دەبینین هەڵاواردن و دابەشکاری و نایەکسانییە جۆراوجۆرەکان لە گەشە کردندان لە نێو چەندین قەیران و بەرزبوونەوەی شەپۆلی کۆنەپەرستی لە جیهانێکدا کە بۆ چەسپاندنی باڵادەستی پیاوان دیزاین کراوە. مافی ژنان و گرووپە پەراوێزخراوەکان لە سەرانسەری جیهاندا ڕوو لە دابەزینە، ئەو دەستکەوتانەی بە خەبات بەدەست هێنراون کەوتوونەتە بەرهێرش و تا دێت دەوڵەتە بورژوازییەکانیش زیاتر و زیاتر لە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان دەکشێنەوە. ئەمە زەنگێکی مەترسیدارە بۆ هوشیاربوونەوە بە ناجێگیری مافەکانمان و ئاسانیی لەدەست دانیان. لە هەمان کاتدا لە ڕێگەی خەباتی بەردەوام و ڕزگاریخوازانەی ژنانەوە، لێرە و لەوێ تیشکی هیوا بۆ گۆڕانکاری و پێشکەوتن دەدرەوشێتەوە.
لێرەدا چەند نموونەیەک لە پاشەکشە و دەستکەوتەکان دەخەینەڕوو، پاشان تیشک دەخەینە سەر بارودۆخی عێراق، کە ڕەنگە پەسەندکردنی پاکێجی ئەحکامە شەرعییەکانی جەعفەری (المودەووەنە) لە (٢٨)ی ئابی (٢٠٢٥)دا گەورەترین و مەترسیدارترین هێرش بێت بۆ سەر مافەکانی ژنان، نەک تەنها لە عێراقدا، بەڵکو لە سەرانسەری ناوچەکە.

  • لە لاتڤیا، پەرلەمان لە (٣١)ی ئۆکتۆبەر دەنگیدا بە کشانەوە لە ڕێککەوتننامەی ئەستەنبوڵ بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان.
  • لە گامبیا هەوڵ هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەدەغەکردنی خەتەنەکردنی مێینە کە لە مێژە بە کاربووە.
  • لە مانگی حوزەیرانی (٢٠٢٢)، دادگای باڵای ئەمریکا بڕیاری (ڕۆ -دژی -وەید)*ی هەڵوەشاندەوە، بەمەش پارێزگاری دەستووری لە هەموو ژنان سەندەوە سەبارەت بە لەباربردن و چاودێری پزیشکی ڕزگارکەری ژیان، هەروەها زۆرێک لە ژنان و پێشکەشکەرانی خزمەتی لەباربردنی منداڵ ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی و تۆمەتباری کردەوە. دایک و باوکەکان بەهۆی یارمەتیدانی کچەکانیان بۆ دەستگەیشتن بە چاودێری تەندروستی ڕووبەڕووی تۆمەت دەبنەوە. لێپرسینەوەی یاسایی و تاوانبارکردنی ژنانی دووگیان بە ڕێژەیەکی مەترسیدار زیادی کردووە.
    لە بەرامبەردا:
  • لە (٢٥)ی تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری (٢٠٢٥)، پەرلەمانی ئیتاڵیا یاسایەکی نوێی بە فەرمی دەرکرد کە ژنکوژی لە یاسای سزادانی وڵاتەکەدا جێگیرکرد و سزای زیندانی هەتاهەتایی پەسەند کرا. دەنگدانەکە هاوکات بوو لەگەڵ ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان.
  • لە بەریتانیا، لە کۆتاییەکانی مانگی تشرینی یەکەم/ئۆکتۆبەری ئەم ساڵدا، دادگای باڵا بڕیارێکی لەمێژینەی دادگای خێزانی هەڵوەشاندەوە، کە تیایدا توندوتیژی خێزانی لەنێوان دایک و باوکدا بە پەیوەندیدار لەگەڵ مەترسی بۆ سەر منداڵەکانیان نەدەبینرا. ئەمەش دەستکەوتێکی بەرچاو بوو بۆ ئەو ژن و منداڵانەی بەرکەوتەی توندوتیژی خێزانی بوون. ڕاپۆرتێکی ئەم دواییەی کۆمیساری توندوتیژی خێزانی گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە لە (٨٧٪)ی ئەو کەیسانەی کە خراوەتە بەردەم دادگای خێزان، توندوتیژی خێزانی هۆکارێک بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تەنها لە (٤٢٪)ی کەیسەکاندا بە پەیوەندیدار بە بڕیارەکانی سەرپەرشتیکردنی منداڵان دانراوە.
    لە عێراقدا خودی ئەو مودەوەنەیەی کە پەرلەمان پەسندی کرد، واتا (پاکێجی ئەحکامە شەرعییەکانی جەعفەری) گوزارشە لە دوژمنایەتی دەسەڵاتداران بەرامبەر بە ژنان و پێداگرییان لەسەر پەراوێزخستنیان و چەسپاندنی هەژموون و کۆنترۆڵکردنی پیاوان و ئاساییکردنەوەی توندڕەوترین شێوەکانی توندوتیژی دژی ژنان و منداڵان بە مەبەستی سەپاندنی ئەجێندای سیاسی کۆنەپەرستانەی خۆیان.
    ئەم دوژمنایەتیە تێمان دەگەیەنێت کە بۆچی یاسای توندوتیژی خێزانی بۆ زیاد لە ١٠ ساڵە لە ناو پەرلەماندا بێنەو بەرەی پێ دەکرێت!
    جگە لەوەش، شێوازی تێپەڕاندنی مودەووەنەکە، لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی سێ لایەنە لە بەینی قەوارە سیاسییە تائیفی و ناسیۆنالیستەکانی ناو دەسەڵات، دەربڕینێکی ئاشکرایە لە سروشتی پیاوسالاریی توێژی سیاسی دەسەڵاتدار و میکانیزمەکانی دامەزراوەکانیان، کە لەسەر بنەمای سازان و بەرژەوەندی هەر فراکسیۆنێک لەسەر حیسابی چاکەی گشتی کاردەکەن.
    هەروەها، پشتگوێخستنی نیمچە تەواوی میدیای جیهانی و ناوخۆیی لە تووڕەیی و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بەرامبەر بە هەموارکردنەکە و مودەووەنەکە بەڵگەیە لەسەر ڕادەی ڕاکێشانی ڕای گشتی بە دژی ژنان و ڕۆڵی هاوبەشیی دەزگاکانی ڕاگەیاندن، کە سوودی دارایی لەو لایەنانە وەردەگرن کە بەرژەوەندییەکانیان بەستراوەتەوە بە ئەجێندای ڕژێمە دەسەڵاتدارەکان کە کۆنترۆڵی بڕیاردانی سیاسی دەکەن لە عێراق و ناوچەکەدا.
    دوای کەمتر لە سێ مانگ لە دەرکردنی ئەم یاسا دڕندانەیە دژی نیوەی کۆمەڵگا، هەمان پەرلەمانی پیاوسالار، هەڵبژاردنێکی ئەنجامدا. ئەم هەڵبژاردنە کە بە دەوری خۆشی لەسەر بنەمای سازان و دابەشکاری قەومی و تائیفی و حیساباتی فڕاکسیۆنە پەرلەمانییەکان و دابەشکردنی ڕۆڵ و تاڵانی غەنیمەکان دامەزراوە، نەک هەر هیچ پەیوەندی بە بەرژەوەندی و چارەسەری ئازارەکانی خەڵکەوە نییە، بەڵکو لە بنەڕەتدا بۆ ئەوە دانراوە کە ئیرادەیان لێ بستـێـنـێـتەوە و لە ڕێگەی پارە و چەکەوە ملکەچیان بکات و بەم جۆرە درێژە بە سیستەمەکەی بدات.
    یەکێک لە تایبەتمەندیە دیارەکانی ئەم هەڵبژاردنە لە خزمەتی کۆنەپەرستیدا، زیاتر جیگیر کردنی ستەمکاری بە دژی ژنان و بەردەوامدان بە یاسای ئەحکامی جەعفەری بوو.
    شایانی باسە کە ئەم هەڵبژاردنە، وەک هەڵبژاردنەکانی پێشوو لە ساڵی (٢٠٠٣)ەوە بێبەش نەبوو لە نوێنەرایەتی ژن. ژنان لە دوای ئەنجومەنی حوکمڕانی ئینتقالییەوە بەشدارییان کردووە، کە بە بڕیاری دەسەڵاتی کاتی هاوپەیمانی بە سەرۆکایەتی پۆڵ بریمەر پێکهێنراوە و لە کۆی (٢٥) ئەندام سێ (٣) ژنی تیابوو. دوای دوو ساڵ و لە ساڵی (٢٠٠٥) دەستووری عێراق پەسەند کرا، کە (٢٥٪)ی کورسییەکانی پەرلەمانی بۆ ژنان تەرخانکرد (سیستەمی پشکی ژنان)؛ ئەمەش بەو مانایەیە کە لە کۆی (٣٢٩) کورسی (٨٣) کورسی بۆ ژنان تەرخانکراوە.
    دوابەدوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی (٢٠٢١)، کەناڵی جەزیرە نێت بابەتێکی بەناونیشانی “لە پێشینەیەکی بەرچاودا… بەم شێوەیە ژنان هەڵبژاردنی عێراقیان سەرسام کرد” بڵاوکردەوە و ڕوونیکردەوە “سەرەڕای ئەو هەموو ناکۆکییانەی سەبارەت بە ڕۆڵی ئایندەی ژنانی عێراق هەیە، هەمووان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا پێشکەوتنێکی بەرچاویان بەدەستهێناوە”. لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی (٢٠٢١)دا (٩٧) ژن بۆ ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردران، کە بە ڕێژەی (١٤) کورسی پشکەکانیان زیاتر بوو، هەروەها سێ پۆستی وەزارییان دەستەبەرکرد کە بریتین لە دارایی، پەیوەندییەکان و کۆچ.
    بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانییە ئەوەیە کە ئەم بەشداریکردن و نوێنەرایەتیکردنەی ژنان لە ڕووبەرێکی درۆ و فریودەر زیاتر نەبووە. بوونی زۆرینەی ژنان لە پەرلەماندا بە پلەی یەکەم ئامرازێک بووە بۆ پڕکردنەوەی پۆستە بەتاڵەکان و دامەزراندنیان بۆ خزمەتکردنی ئەجێندای قەوارە سیاسییەکان، تەنانەت ئەگەر ئەو ئەجێندایانە لەگەڵ پرس و بەرژەوەندییەکانی ژناندا ناکۆکیش بن. ڕوونترین بەڵگەی ئەمە ئەوەیە کە ئەم “پێشکەوتنە گەورەیە” نەبووە ڕۆڵێکی دیاریکراو بۆ ڕەتکردنەوەی یاسای جەعفەری یان تەنانەت چەسپاندنی یاسای توندوتیژی خێزانی. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ژنە پەرلەمانتارەکان دابەش بوون بەسەر دوو بەشدا کە بەشێکیان بەرگری لە مافەکانی ژنان دەکەن، و بەشەکەی تریان بە پێشخستنی دڵسۆزی بۆ حزب و خێڵ و نەتەوە و ئایین، دژایەتی مافی ژنان دەکەن.
    پەرلەمانتار جەمیلە عوبەیدی مشتومڕێکی بەرفراوانی لە کۆمەڵگەی عێراقدا دروستکرد، بە بانگەوازی هەڵمەتێک بۆ هاندانی فرەژنی و ڕەتکردنەوەی کەلتوری تاکژنی، بەو پێیەی ئەو پێشنیارە سوود بە ژنانی جیابووەوە و بێوەژن دەگەیەنێت کە لە شەڕدا مێردەکانیان لەدەستداوە. ئەو پەرلەمانتارە داوای دەرکردنی یاسایەکی “بۆ پاراستنی ژنانی ئازادی عێراق و چارەسەرکردنی ئەم دیاردەیە” کرد لە ڕێی دابینکردنی هاندانە داراییەکانی وەک دەرماڵـە و باج بۆ هاندان و هاوکاریکردنی پیاوان بۆ هاوسەرگیری لەگەڵ “هەموو بێوەژنێک و جیابووەوەیەک”، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە “سەختی دارایی یەکێکە لەو هۆکارانەی کە ڕێگری لە هاوسەرگیری لەگەڵ زیاتر لە یەک کەس دەکات”. ئەو ژنە پەرلەمانتارە پاڵپشتییەکی بەرچاوی لەلایەن بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە وەرگرت، هاوکات ڕووبەڕووی ڕەخنەی هەندێک لە هاوپیشە ژنەکانی بووەوە. پێشنیارەکەی لەو کاتەدا لە سۆشیال میدیادا شەپۆلێکی توڕەیی و گاڵتەجاڕی لێکەوتەوە، کە بە “سوکایەتیکردن بە ژنان” دانرا.
    ژنە پەرلەمانتارمان بیستووە کە بانگەشەی هەڵبژاردنیان لەسەر بنەمای هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی بوو بۆ لابردنی مەرجی ڕەزامەندی ژن بۆ هاوسەرگیری دووەم. ژنە پەرلەمانتارانی دیکە پشتگیریان لە هەموارکردنەوەی مادەی (٥٧) کردبوو کە پەیوەندی بە زەوتکردنی مافی سەرپەرشتیکردنی دایکانەوە (حەزانە) هەیە.
    جێگای سەرسوڕمانە کە سەرۆکی لیژنەی خێزان و منداڵ، دونیا ئەلشەمەری، خۆی بەرگریکاری هەموارکردنە کۆنەپەرستانەکەی یاسای باری کەسی (١٨٨) بوو، نوێنەرایەتی بۆچوونەکانی قەوارە سیاسییەکەی خۆی دەکرد و بەم شێوەیەش ئاستەنگی زیاتری خستە بەردەم ئەوانەی دژایەتی هەموارکردنەکەیان دەکرد.
    بۆیە سەیر نییە کە دوای دوو دەیە لە دەستگرتنی حزبە ئیسلامی و ناسیۆنالیستەکان بەسەر چارەنووسی خەڵکی عێراق ودوای شەش هەڵبژاردن، خەڵک هیچ باوەڕێکی بەو شتە نەماوە کە پێی دەوترێت پەرلەمان و هەڵبژاردن. سروشتی ڕاستەقینەی ئەم هەڵبژاردنانە ئەمجارە لە جاران زیاتر بە ئاشکرا دەرکەوتووە: لە کۆنتڕۆڵی ملیاردێرەکان، کڕینی دەنگ و نەبوونی هیچ دیدگایەک یان بەرنامەیەکی چاکسازی کە ڕەنگە سەختییەکانی ژیان کەم بکاتەوە، و لەم پرۆسەیەدا ژنان و مافەکانیان بونەتە گەورەترین قوربانی.
    هەروەها، لە سایەی هەمان ئەم بلۆکە پەرلەمانیەدا بوو، کە گەورەترین کۆمەڵکوژیی گەنجان کرا لە کاتی ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری (٢٠١٩)، کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە (٨٠٠) کەس و برینداربوونی زیاتر لە (٣٠) هەزار گەنج و ژن و پیاو، و لەگەڵ ئەوەشدا کە ژنان لەم ڕاپەرینەدا کۆت و بەندییان شکاند ولەماڵ هاتنەدەر، هێزەکانی کۆنەپەرستی یەکسەر و بێ دواکەوتن دەستیان دایە سەرکوت و پڕوپاگەندە و چەواشەکاری دژە ژن.
    هەموو ئەمانە ئەوە دەردەخەن کە ژنانی عێراق (و پیاوانیش) ڕووبەڕووی دوژمنێکی ئاسایی یان سیستەمێکی پیاوسالاری نەریتی (تەقلیدی) نین وەک ئەوانەی لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهانی مۆدێرن دەبینرێن، بەڵکو ڕووبەڕووی دوژمنێکی زۆر دڕندە دەبنەوە کە تواناکانی بێئەندازەیە و پەیوەندیی ئاڵۆز و چڕی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی هەیە- دوژمنێک کە درێغی نییە لە ئەنجامدانی قێزەونترین کۆمەڵکوژی لە دژی نەیارەکانی بۆ پتەوکرنەوەی چەپۆکی دەسەڵاتەکەی بەسەر خەڵکدا.
    لەم کەش و هەوا سیاسییە خنکێنەر و دژە ژنەدا، کە بۆ هەندێک لە توێژە نێرینەکانی عێراق دیزان و قۆرخ کراوە و لەڕێی توندوتیژییەوە و بە سیستماتیک، و بە پشت بەستن بە بنەمای بەها و نەریتی خێڵەکی و ئایینی کۆنەپەرستانەوە بەرهەم دەهێنرێتەوە، دەنگ و ئازارەکانی ژنان بەزەحمەت دەبیسترێت.
    جگە لەوەش، ژنان وەک هەموو گرووپە پەراوێزخراوەکانی دیکە، ڕووبەڕووی چەندین بەربەستی زیادە دەبنەوە لەبەردەم بەشداریکردنیان لە ژیانی سیاسی و توانای ڕۆڵگێڕانیان لە داڕشتنی سیاسەتەکان کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانیان بکات و مافەکانیان بپارێزن؛ چالاکی سیاسی ژنان بە پێشێلکاری نەریت و بەها کۆمەڵایەتییەکان دادەنرێت، و فشارە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکان زۆرێک لە ژنان بێهیوا دەکەن لە بەشداریکردن لە کاری سیاسیدا. کاندیدی ژن پێویستی بە ڕەزامەندی خێزانەکەی یان هۆزەکەی هەیە و لەوانەیە تووشی هەڕەشە وهێرشی میدیای ئەلیکترۆنی و هەراسانکردن بێت. جگە لەوەش ژینگەی کێبڕکێ و پیاوسالاری و پەراوێزخستن و ڕوانگەی سووکایەتیکردن بۆ ژنان لە شوێنی کار و دامەزراوە حکومییەکان وەک ڕێگرییەک لە دژی چالاکیی سیاسی کاردەکات.
    شایانی باسە، ناڕەزایەتیەکی بەرفراوانی کۆمەڵایەتی بە دژی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی ١٨٨ کە دواتر لە شێوەی مودەووەنەدا لە لایەن پەرلەمانەوە پەسەند کرا، بە ڕێخرابوو، کە هەتا ئێستاش بەردەوامە و هەر ڕۆژە ژنان دەرگیری ئاکامە کارەساتبارەکانی دەبنەوە، چەندین ڕێکخراو و چالاکوانی ژنان و ئازادیخواز کە هەندێکیان لە تەحالوفی ١٨٨ بەشدار بوون، بەڵام ئەم ناڕەزایەتیانە نەیاتوانی بەر بە شەپۆلی کۆنەپەرستی ناو کۆمەڵگەو پەرلەمان بگرێت.
    شاهیدی چەندین هەڵمەتی شکۆشکاندن بووین بەرامبەر بەو ژنە پەرلەمانتار و پارێزەر و چالاکوانانەی کە دژی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسایەتی ڕاوەستاون، تەنها بەهۆی دەربڕینی بۆچوونەکانیان لە پرۆسەیەکدا کە گوایە دیموکراسییە و لەسەر بنەمای دیدگای جیاواز دامەزراوە.
    چالەنجەکانی بەردەم ژنان لە عێراقدا بێ ئەندازە و فرەلایەنەیە، پێویستی بە خەبات لە دژی ستراکتۆرە چەسپاوەکانی سیستەمی پیاوسالاری هەیە، کە لەلایەن پایەکانی سیستەمی سەرمایەداری و بەها کۆمەڵایەتییەکانی دوژمنایەتی ژنان و ڕزگاریکردنیانەوە پاڵپشتی دەکرێن. بەڵام نە پیاوسالاری و نە سەرمایەداری نەمر و هەتاهەتایی نین و ئەوەی ژنانی عێراق ئەزموونی دەکەن، قەدەرێکی حەتمی نییە. لەم سەردەمەدا ئەمە چارەنووسێکی حەتمی نییە، بەڵکو سیستەمێکە کە بە زەبری توندوتیژی و بەهێزکردنی بەها و نەریتە کۆنەپەرستەکانەوە بەرهەم هێنراوەتەوە.
    ئەرکەکە لە خەباتدایە بۆ هەڵوەشاندنەوە و ڕیشەهەڵکێشکردنی ئەم سیستەمە و گرتنەبەری دیدێکی کۆمەڵایەتی ڕادیکاڵ و سیاسەتێکی پراکتیکی هاوتا لەگەڵ چالەنجەکاندا.
    ٢٩-١٢-٢٠٢٥

*لەباربردنی منداڵ لە سەرانسەری ئەمریکادا، دوای بڕیارێکی یاسایی گرینگ لە ساڵی ١٩٧٣، یاسایی کرا، کە زۆرجار بە دۆسیەی ”ڕۆ دژی وەید” ناودەبرێت.




چەپی عێراقی و كوردستانی لە چوار ڕیانێکدایە: نوێبوونەوە و یەکڕیزی و چاکبوونەوەی چالاکی جەماوەری.. ڕزگار ئاکرێی

  1. چەپی عێراقی لە نێوان بەشداریکردن و بایکۆتکردن لە هەڵبژاردنەکانی 2025
    ئەم وتارە لە ساتەوەختێکی سیاسی و ڕێکخراوەیی هەستیاردا دێت بۆ چەپی عێراقی. شکستەکانی ئەم دواییە چیتر ناتوانن تەنیا بە هۆکاری دەرەکی ڕوون بکرێنەوە. ئەوەی ئێمە ئەزموونی دەکەین تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ ویستمان و توانامان بۆ داهێنانی ئامرازی نوێی کردار و میتۆدی نوێ. ئەو ئەنجامانەی زۆرینەی هێزەکانی چەپی عێراق لە هەڵبژاردنەکانی 2025 بەدەستیان هێنا ناتوانرێت وەک دۆڕاندنێکی تێپەڕێندراوی هەڵبژاردن بخوێنرێتەوە و نە تەنها وەک دەرئەنجامێکی ڕاستەوخۆی یاسای هەڵبژاردنی نادادپەروەرانە و هەژموونی پارەی سیاسی بخوێنرێتەوە. ئەم فاکتەرە دەرەکیانە ڕاستەقینە و کاریگەرن، بێ گومان، ئاڵۆزتر دەبن بەهۆی تەحەدایەکی توندتر کە لەلایەن هێزە هەژموونەکانەوە و کاریگەری گەندەڵی پێکهاتەیی کە تەواوی گۆڕەپانی خەبات دەشێوێنێت و کێبڕکێیەکان تا ڕادەیەکی زۆر نایەکسان دەکات.
    لەگەڵ ئەوەشدا، تەرکیز کردن لەسەر کاریگەرییە دەرەکییەکان بەتەنها، سەرەڕای گرنگییان، بەس نییە بۆ تێگەیشتن لە تەواوی وێنەکە. ئەوەی لە واقیعدا ڕوویدا دەربڕینێکی چڕتر بوو لە قەیرانێکی قووڵتر کە کاریگەری لەسەر شێوەکانی ڕێکخستن و شێوازی کارکردن و شێوازی گفتوگۆ و بیرکردنەوەی زاڵ لەناو چەپی عێراقدا بە گشتی و لە هەموو فراکسیۆنەکانیدا هەبوو. قەیرانێکە پەیوەندی بە پارت یان سەرکردەی دیاریکراوەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی شێواوی نێوان بیرۆکەی ڕاست و ئامرازی نادروست هەیە. پەیوەندی نێوان گوتاری گۆڕانخوازی ڕادیکاڵ و شێوازی پێشکەشکردن و بەبازاڕکردنی لە نێو “بازاڕی سیاسی” زۆر ئاڵۆز و دڕندانە، کە ئاسایش و زاڵبوونی دارایی بەڕێوە دەبات نەک کێبڕکێی دیموکراتی ئازاد.
    سەرەڕای ئەم دابەزینە ئاشکرایە، چەپی عێراق بە هەموو فراکسیۆنەکانیەوە هیوای ڕاستەقینە و جدیترین بەدیل بۆ گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی دەمێنێتەوە دادپەروەری پڕۆژەکەی و توانای شاراوەی بۆ ڕێکخستن و کاری بەکۆمەڵ هێشتا ماوە بەڵام چاوەڕێی شێوازی نوێی کردارن کە لەگەڵ گۆڕانی کۆمەڵایەتیدا بگونجێت و نەک هەر توانای پەرەپێدانی ئامادەبوونی جەماوەری هەبێت بەڵکو ئامرازی میتۆدی و زانستیشی هەبێت بۆ کارکردن لە هەلومەرجی ئێستای خەباتی سیاسی و کۆمەلایەتی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا
    لەسەر بنەمای ئەم دەستنیشانکردنە دووانە، لاوازی ناوخۆیی و بەرەنگاری دەرەکی، پرسیاری ڕاستەقینە تەنها ئەوە نییە کە بۆچی زۆربەی هێزە چەپەکان نەیانتوانی لە هەڵبژاردنەکاندا ئەنجامی خوازراو بەدەست بهێنن، یان تەنانەت لە بایکۆتکردندا، هەروەها بۆچی نەیانتوانی ئامادەیی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیان بە گشتی بەهێز بکەن. بەڵکو بۆچی سەرەڕای بارودۆخی خراپی جەماوەر و حوکمی دەستە دیکتاتۆر و گەندەڵەکان لە بەغدا و هەولێر، گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی سەرەڕای دادپەروەری و پێویستی، نەیتوانی ببێتە بژاردەیەکی جەماوەری ڕوون و قەناعەتکەر؟ بۆچی پڕۆژەی چەپ بە هەموو هەمەجۆرییەوە پەرتەوازە و دژ بە یەک مایەوە؟ و بۆچی، سەرەڕای زۆر خاڵی لێکنزیکبوونەوە، هێشتا نەمانتوانیوە چوارچێوەیەکی یەکگرتوو لە دەوری ئەوان دروست بکەین کە وزە هەمەجۆرەکانمان ڕێک بخات و ئاراستەی یەک ئاراستە بکات؟
    لەم دۆخەدا جەماوەر یەک ئەڵتەرناتیڤی پتەو نەبینی، بەڵکو زنجیرەیەک پێشنیاری ڕکابەریان لە دەوری هەمان بیرۆکە دەبینی، زۆربەیان هەمان گوتاری گرتۆتەبەر، تا ئەو ڕادەیەی کە کەسێک بە ئاسانی ناوی ڕۆژنامە یان حیزب لە میدیاکانیدا دەگۆڕێت و خوێنەر هەست دەکات تاکە پارتێک دووبارە دەبێتەوە. بەتایبەتی لەسەر بابەتە ڕاستەوخۆکان.
  2. ئایا دەتوانین سوود لە میتۆدی سەرمایەداری وەربگرین و شەڕ لەگەڵ دوژمن بە ئامرازە پێشکەوتووەکانی بکەین
    بۆ تێگەیشتن لەم ناتەواوییە، بەسوود دەبێت و لەوانەیە پێویست بێت، کە لە گۆشەیەکی نانەریتی سەیری بابەتەکە بکەین. ئەمە پێویستی بە جۆرێک لە “پراگماتیزمی چەکداری” هەیە کە لە ڕەقی ڕۆشنبیری تێدەپەڕێت و بە هۆشیارییەکی ڕەخنەگرانە لە لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کاریگەری و دابەزین و هەڵسەنگاندن و چۆنیەتی سوود وەرگرتن لە ئامرازە تەکنیکی و میتۆدۆلۆژیەکانی بەبێ وەرگرتنی بەها و لۆژیکەکەی بەڕێوە دەچێت.
    لە هەڵوێستێکی چەپەوە دەتوانین هەندێک میکانیزمی پێوانەی زانستی و هەڵسەنگاندنی بابەتی بەکار بهێنین کە لە بنەڕەتدا بەشێکن لە میراتی مارکسیستی کە زانستی لە کرۆکی خۆیدا داناوە، وەک مۆدێلێکی پراکتیکی توند بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ لاوازی و گۆڕینی شکست بۆ ئامرازێک بۆ فێربوون و بنیاتنانەوە.
    لەم ڕوانگەیەوە، قەیرانی چەپی عێراق دەتوانرێت وەک قەیرانی “پڕۆژەی گواستنەوە” دادپەروەرانە و باش بخوێنرێتەوە، لەگەڵ سیاسەتێک کە لە ڕووی تیۆرییەوە ڕاست دەردەکەون، بەڵام هێشتا باشترین شێوەیان بۆ وەرگێڕانی پراکتیکی نەدۆزیوەتەوە کە لەگەڵ ئاستی پێشکەوتنی کۆمەڵگای عێراقدا بگونجێت. بزووتنەوەکە دەبێت لە واقیعەوە بەرەو تیۆری بڕوات، نەک به پێچەوانەوە، لەگەڵ بەڕێوەبردن و بازاڕکردن کە پێویستی بە گەشەپێدان هەیە، و میکانیزمەکانی پێویستیان بە نوێکردنەوەیە، لە نێو بازاڕێکی سیاسی کە بە کێبڕکێی بێ بەزەییانە دەناسرێتەوە، کە پارتە ناسیونالیستە ئایینی و بۆرژوازییەکان خاوەن سەرچاوەی زۆریان بەسەردا زاڵ بێت.
    بە پێی لۆژیکی سەرمایەداری، بەس نییە بەرهەمێک باش بێت یان لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە پێویست بێت بۆ ئەوەی لە بازاڕدا سەرکەوتوو بێت. سەرمایەداری مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵگا وەک بازاڕ دەکات، بیرۆکەکان وەک کاڵا، و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی وەک بەرهەمێک کە دەتوانرێت بەرز بکرێتەوە یان پەراوێز بخرێت. کاتێک چەند کۆمپانیایەک دەچنە بازاڕەوە و ناوی هاوشێوەیان هەڵگرتووە و یەک بەرهەم دەفرۆشن کە پێی دەوترێت “گۆڕانی کۆمەڵایەتی”، بەڵام بەبێ هاوئاهەنگی، هەماهەنگی یان ناسنامەیەکی ڕوون، کوالێتی خۆی دەبێتە کێشە.
    ئەمە ڕێک ئەو شتەیە کە لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا بەسەر چەپەکانی عێراقدا هاتووە. نەک تەنها لە ڕووی ڕێکخراوەییەوە دابەش بوو، بەڵکو لە ڕووی سیاسییەوە دابەش بوو لە نێوان بەشداریکردن و بایکۆتکردن، و ناکۆکی لەسەر هەردووکیان هەبوو. وزەیەکی زۆر لە ململانێی ناوخۆیی و دەرەکیدا لەسەر هەردوو بژاردەی ناوخۆ و دەرەوەی ڕێکخراوەکان بەکار هێنرا، کە بە ئەنجامێکی لاواز لە هەردووکیاندا کۆتاییهات. هیچ هەڵوێستێکی یەکگرتوو، هیچ وتارێکی ڕوون و هیچ تاکتیکێکی کۆمەلایەتی بۆ جەماوەر دەرنەکەوت. بەشداریکردن لە ڕێگەی لیستی جیاوازەوە ڕوویدا نەک تاکە لیستێکی چەپ لە سەرانسەری عێراقدا بەگشتی و وادەکات دیمەنەکە وەک ململانێیەک دەربکەوێت لە نێوان چەند جۆرە پەرشوبڵاو و سەرلێشێواوێکدا.
    لەم حاڵەتەدا جەماوەر “یەک بەرهەم” بە تایبەتمەندی ڕوون نەبینی، بەڵکو زنجیرەیەک بەرهەمی هاوشێوە دەبینێت کە لە جیاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕکابەرە ڕاستەقینەکان کێبڕکێ لەگەڵ یەکتر دەکەن. ئەوەی بۆ ژنانی کرێکار و پیاوانی کرێکار گرنگە ناوی ڕێکخراوە چەپەکان یان سەرچاوە تیۆرییەکانیان نییە، بەڵکو ئەو کەسانەیە کە دەتوانن ژیانیان هەنگاوێک بەرەو پێشەوە ببەن، تەنانەت وردە وردە، لە بواری خزمەتگوزاری، یەکسانی، دادپەروەری، کار و مافەکانی تری مرۆڤدا.
    لێرەدا، ئاژاوە و لاوازی سیاسی ئەرکەکە جێبەجێ دەکەن. بازاڕ خۆی سزای “پڕۆژەی گۆڕان” ناڕێک دەدات، بەتایبەتی لە گۆڕەپانێکدا کە هێزە ڕکابەرەکانی ڕێکخراو کە پارە، میدیا، دەسەڵات و توانای بەرزی جوڵانەوەیان هەیە، بەسەریدا زاڵ دەبێت. فرەچەشنی بێسەروبەر، گوتاری دژ بەیەک، جیاوازی نرخی سیاسی، شێوازی بازاڕی پێشنەکەوتوو، سەرلێشێواوی و ململانێی ناوخۆیی هەمووی متمانە لاواز دەکات. “کڕیار”، لێرەدا مەبەستی ژنانی کارکەر و پیاوە کرێکارەکانی دەست و مێشکیە، متمانە بەخۆبوون لەدەست دەدەن نەک لەبەر ئەوەی بیرۆکەی گۆڕان ڕەتدەکرێتەوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی بە شێوەیەکی پەرتەوازە و نوخبەیی و تیۆری دەگاتە ئەوان کە لەگەڵ گەشەی کۆمەڵایەتی و پێداویستییەکانی ڕۆژانەدا ناگونجێت.
    بە تێپەڕبوونی کات، بیرۆکەی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی لە بەدیلێکی سەرنجڕاکێشەوە دەگۆڕێت بۆ کاڵایەکی گومانلێکراو، پاشان بۆ بەرهەمێکی نەخوازراو، نەک لەبەر لاوازی خۆی، بەڵکو بەهۆی چۆنیەتی گەیاندن و پێشکەشکردنی لە بازاڕێکی سیاسی شێواودا کە بەرژەوەندی ڕکابەرەکانی خاوەن ئامرازی بەهێزتر و پتەوتر هەیە. بەکارهێنانی چەمکی بازاڕ و بەرهەم لێرەدا وەرگرتنی لۆژیکی سەرمایەداری یان بەرزکردنەوەی بەها چەوسێنەرەکانی نییە، بەڵکو وەسفێکی شیکارییە ڕەخنەگرانەیە بۆ میکانیزمەکانی دوژمنی چینایەتی، بە ئامانجی هەڵوەشاندنەوە و تێگەیشتنیان بۆ زاڵبوون بەسەریاندا، نەک بەرهەمهێنانەوەیان.
  3. چەپ و چارەسەرکردنی دابەزین و لاوازی
    کاتێک دابەزین و لاوازی دەردەکەوێت، جیاوازی بنەڕەتی نێوان لۆژیکی سەرمایەداری و لۆژیکی زۆرێک لە هێزە چەپەکان ڕوون دەبێتەوە. سەرمایەداری لە هەموو قەیرانێکدا ناگەڕێتەوە بۆ تیۆریزە کلاسیکییەکانی بۆ ئەوەی بپرسێت ئایا تێکستەکانیان بە تەواوی جێبەجێ کراون، هەروەها تاقیکردنەوەی ناوخۆیی ئەنجام نادات کە بپرسێت ئادەم سمیس، ڕیکاردۆ، هاایک یان فریدمان لە کوێ بە هەڵە تێگەیشتوون. ناڵێت بازاڕ شکستی هێناوە چونکە کتێبەکان باش نەخوێنراون، هەروەها پەنا دەباتە بەر پاساوی ئایدۆلۆژی یان لۆمەی “کڕیارەکان”.
    وەک سیستەمێکی پراکتیک، سەرمایەداری وەک ئاماژەیەکی تەکنیکی مامەڵە لەگەڵ دابەزین دەکات کە دەتوانرێت پێوانە بکرێت و چارەسەر بکرێت. بە خێرایی ئامرازەکان، گفتوگۆکان، ڕووکارەکان و میکانیزمەکانی کار و رێکخستن دەگۆڕێت، بەبێ تاوان، بەبێ پیرۆزکردنی ناو، رێکخراو، یان مێژوو، و بەبێ ترس لە ڕاستکردنەوەی ڕێڕەو. توێژینەوەی زانستی و میتۆدی پراکتیکی بەکاردەهێنێت، داتا کۆدەکاتەوە، ژمارەکان شیدەکاتەوە، هەڵسوکەوتی بەکاربەر دەکۆڵێتەوە، پرسیار دابەش دەکات، چاوپێکەوتن دەکات، مۆدێل دروست دەکات، تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو، دیجیتاڵیزەکردن و زیرەکی دەستکرد بەکاردەهێنێت، گریمانەکان تاقی دەکاتەوە و هەڵەکان بە سیستماتیک هەڵدەسەنگێنێت.
    بە سادەیی و بە وردی دەپرسێت: بۆچی بەرهەمەکە شکستی هێنا؟ متمانە لە کوێ لەدەست چوو؟ چی کڕیارەکانی سەرلێشێواند؟ کەموکوڕی بەڕێوەبردن، ناو، فۆرم، پەیام، کات، یان کەناڵەکانی دەستگەیشتن لە کوێیە؟ لەسەر بنەمای ئەم وەڵامانە، سیاسەت و بەڕێوەبردن و رێکخراوەکانی لە هەموو ئاستەکاندا بنیات دەنێتەوە، قەبارە بچووک دەکاتەوە، میکانیزم و سیاسەتەکان دەگۆڕێت، تێکەڵ دەبێت بۆ قەوارەی گەورەتر، جێگەی سەرکردایەتی دەگرێتەوە و ڕۆڵەکان دابەش دەکات، هەمووی بە یەک ئامانج ڕوون دەکات: گەڕاندنەوەی کاریگەری و فراوانکردن لە بازاڕدا.
    بە پێچەوانەوە، هەندێک لە هێزە چەپەکان کاتێک ڕووبەڕووی دابەزین دەبنەوە، دەگەڕێنەوە بۆ تیۆریزە کلاسیکییەکان بۆ گەڕان بەدوای وەڵامدانەوە، یان بۆ مێژووی شکۆداری حزبەکانیان دەیان ساڵ لەمەوبەر. لەگەڵ ئەوەشدا تەحەدای ڕاستەقینە لە گێڕانەوەی تێکستەکان نییە، بەڵکو لە جێبەجێکردنی خودی میتۆدی مارکسیستدایە، کە داوای شیکردنەوەی بەرجەستەی واقیعی کۆنکریت دەکات. پرسیاری سەرەکی دەبێت ئەوەبێت: بۆچی پەیامەکەمان ئەمڕۆ ناگات، هەرچەندە پەیوەندی بە باشترکردنی ژیانی خەڵکەوە هەیە؟ وە بۆچی ئێمە واقیعی هاوچەرخ بە پێوەری سەدەی ڕابردوو دەپێوین، لەجیاتی ئەوەی ئەدای ئێستامان بە پێوەری زانست و ئەزموون و ئەنجامەکان بە پێی واقیعی ئێستا بپێوین؟
    کێشەکە گەڕانەوە بۆ کەلەپووری چەپ وەک میتۆدێکی ڕەخنەیی زیندوو نییە، بەڵکو کاتێک ئەو کەلەپوور و میکانیزمە ڕێکخراوەییە کۆنانە دەگۆڕێت بۆ ستانداردی ڕەق، دەق لەسەرووی واقیعەوە، یان جێگرەوەی هەڵسەنگاندنی مەیدانی، توێژینەوە، رێکخستن و گەشەپێدان. لەو کاتەدا، ئێمە بەبێ مەبەست وەک دامەزراوەیەک دەبین کە بە میتۆدی بەسەرچوو دەنوسێت چونکە جارێک سەرکەوتوو بووە، لەکاتێکدا مەرجەکانی سەرکەوتن گۆڕاوە پشتگوێ دەخەین، و پاشان دەپرسین بۆچی جەماوەر بەدوای بەدیلی تردا دەگەڕێن، تەنانەت هەژاران.
  4. گێڕانەوەی میتۆدی زانستی وەک کرۆکی بیری چەپ
    دەرسەکە لێرەدا شکۆمەندی سەرمایەداری یان وەرگرتنی بەهاکانی نییە، بەڵکو سوود وەرگرتن لە شێوازی هەڵسەنگاندنی زانستی بۆ دیاریکردنی خاڵە لاوازەکانی خۆمان. تەحەدای سەرەکی ئەوەیە کە چۆن “ئامرازەکە قەرز بکەیت” لە کاتێکدا “ڕۆح” ڕەت بکەیتەوە. ئەم دژایەتییە دەبێت بە هۆشیارییەکی توندەوە بەڕێوە ببرێت.
    چەپی عێراقی ئەمڕۆ پێویستی بەم جۆرە هەڵسەنگاندن و وردی زانستییە هەیە دەبێت ڕاپرسی ڕاستەقینە لە گەڕەکەکانی چینی کرێکار، لە نێوان ژنانی کرێکار و پیاوانی کرێکاری دەست و مێشک، لە زانکۆکان، شوێنی کارەکان، و لە نێو بێکاراندا ئەنجام بدات، نەک بۆ ئەوەی واز لە ئاسۆی چینایەتی یان پڕۆژەی کۆمەڵایەتی خۆی بهێنێت، بەڵکو تێبگات کە پەیامەکەی چۆن دەگات، چۆن تێدەگات، لە کوێ تێکدەشکێت و لە کوێ دەگۆڕێت بۆ گوتارێکی قورس و دابڕاو لە واقیع.
    دەبێت کاریگەری سیاسەت و لێدوان و چالاکیەکانی و بوونی لەسەر زەوی و بۆشایی دیجیتاڵی و زمانی گوتاری و توانای بنیاتنانی متمانەی ڕاستەقینە بخوێنێت و پێوانە بکات. دەبێت پێداچوونەوە بە شێوەی ڕێکخراوەیی و سەرکردایەتیدا بکات و جەماوەری ڕاستەقینەی بخوێنێت. دەبێت بە ڕوونی بپرسین: بۆچی ناگەینە ئەو ئامانجە؟ بۆچی ئێمە کاریگەری ناکەین؟ بۆچی ئێمە نابینە بژاردەیەکی ڕوون؟
    تەنها ئەوکاتە دەتوانرێت بڕیاری سیاسی و ڕێکخراوەیی بوێرانە لەسەر بنەمای ئەنجامەکان وەربگیرێت. گرنگ فراوانبوون، بەدەستهێنانی متمانەی جەماوەر و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتییە. ئەم لۆژیکە هەرچەندە بەشێکە لە میکانیزمی سەرمایەداری، بەڵام وانەیەکی پراکتیکی گرنگی هەڵگرتووە: پشت بە زانست و تاقیکردنەوە و پێداچوونەوە بەردەوامەکان دەبەستێت، نەک لەسەر دروشم و نیازپاکی یان مێژوو.
  5. چەپ لە سەردەمی شۆڕشی دیجیتاڵی
    لە چوارچێوەی شۆڕشی دیجیتاڵیدا، ئەم پێویستییە زۆر بەپەلە دەبێت. ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە بیرۆکەکان بە گەیشتن، کاریگەری، کارلێک و توانای گۆڕین بۆ کرداری بەکۆمەڵ دەپێورێن. ئەمانە پێوەرن کە نەوەی گەنج لێی تێدەگەن و ڕۆژانە لە بۆشایی دیجیتاڵی و لەسەر زەوی پراکتیزە دەکرێن.
    ژنانی گەنجی کرێکار و پیاوانی کرێکار لە ڕێگەی وتاری درێژ یان تێکستی تیۆری قورسەوە سیاسەت وەرناگرن، بەڵکو لە ڕێگەی پلاتفۆرم، ڤیدیۆی کورت، گفتوگۆی کراوە، رێکخراوی ئاسۆیی نەرم و سەرکردایەتی بەکۆمەڵ وەردەگرن. زانستە سیاسی، کارگێڕی و ڕێکخراوەییەکان، گەشەسەندن و بۆشایی دیجیتاڵی دەبێت وەک گۆڕەپانێکی ڕاستەقینەی خەباتی چینایەتی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و بە شێوەیەکی کاریگەر بەکار بهێنرێن، چونکە ئەمە مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ بنیاتنانی چەپێکی هاوچەرخ کە توانای گۆڕینی توڕەیی کۆمەڵایەتی بۆ هێزێکی ڕێکخراو هەیە.
    لەم ڕوانگەیەوە، بیرۆکەی چەپ دەبنە ئامرازێکی زیندووی شیکاری لە دڵی شۆڕشی دیجیتاڵدا، بەردەوام لە پەرەسەندندایە نەک لە تێکستە نەمرەکاندا ببەستێت. ژنان و پیاوانی گەنج لە بینەری ئامانجەوە دەگۆڕن بۆ ئەوەی ببنە ئەکتەری سەرەکی لە بەرهەمهێنانی سیاسی، ڕۆشنبیری و ڕێکخراوەیی. کاتێک چەپ سەرکەوتوو دەبێت لە بەستنەوەی دادپەروەری پڕۆژەی کۆمەڵایەتی خۆی بە پەرەسەندنی زانستی، وەک مارکس و ئەنگلس، بەڵام ئەمڕۆ بە ئامرازی دیجیتاڵی دەتوانێت گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی وەک بەدیلێکی ڕوون و قەناعەت پێکراو پیشان بدات، لە پەرتەوازەیی بجوڵێت بۆ کاری کۆمەڵی ڕێکخراو و هەژموونی سەرمایەداری سیاسی بشکێنێت.

6 . بۆچی پێویستمان بە چوارچێوەیەکی چەپی فراوان و یەکگرتوو لەعیراقدا هەیە
چەپی عێراقی تەنیا تاکە پارتێک یان کۆمەڵێک ڕێکخراو نییە، بەڵکو تەوژمێکی فراوانی سۆزداری و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتییە کە بە قووڵی لە کۆمەڵگای عێراقدا ڕەگی داکوتاوە. ئەم تەوژمە لە هەموو فراکسیۆنەکانیدا ڕۆڵێکی مێژوویی گێڕاوە لە تێکۆشان بۆ مافەکانی ژنانی کرێکار و پیاوانی کرێکار لە برەودان بە بەها چەپ و مەدەنییەکان و یەکسانی و مافەکانی ژنان و مافی کەمینەکان.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەم مێژووە شەرەفمەندانە ئەمڕۆ بەرپرسیارێتییەکی گەورەتر دەخاتە ئەستۆی ئێمە. چەپی عێراق ڕووبەڕووی دابەزینی بەردەوام، زیادبوونی گۆشەگیریی جەماوەری، و دوورکەوتنەوەیەکی ئاشکرا لە نەوەی گەنج دەبێت. تەمەنی سەرکردایەتی زۆرجار لە نێوان شەست بۆ حەفتا ساڵیدا دەبێت، کە پێویستی بە کردنەوەی بۆشایی هەیە بۆ نەوەی گەنج لە چوارچێوەیەکی یەکخراوی ئەزموون و نوێبوونەوەدا.
سەرەڕای هەوڵە ئەرێنییەکان، گەنجان و ژنان هێشتا سنووردارن لە داڕشتنی سیاسەتی گشتی و سەرکردایەتی، بەتایبەتی لە سەردەمی دیجیتاڵدا کە شێوەکانی ڕێکخستن و سەرکردایەتی بەشێوەیەکی بنەڕەتی گۆڕاوە.
لێرەوە بانگەوازی چوارچێوەیەکی چەپی فراوان و یەکگرتوو دەبێتە وەڵامێکی پراکتیکی بۆ قەیران و پێویستییەکی مێژوویی

  1. ئەزموونی جیهانی یەکێتی و کاری هاوبەش لە نێوان هێزە چەپەکاندا
    لێرەدا سوودبەخشە کە لە ئەزموونە جیهانییەکان فێر بین کە لەسەر بیرۆکەی چوارچێوەیەکی چەپی یەکگرتوو کاریان کردووە، نەک وەک ڕەچەتەی ئامادەکراو، بەڵکو وەک وانەی ڕێکخراوەیی و پراکتیکی کراوەیە بۆ بەشداری ڕەخنەگر. ئەم ئەزموونانە نیشانی دەدەن کە چۆن بەڕێوەبردنی جیاوازییەکان و کارکردن لە دەوری خاڵەکانی لێکنزیکبوونەوە دەتوانرێت بگۆڕدرێت بۆ سەرچاوەیەکی سەرەکی و کاریگەری هێز.
    • لە دانیمارک لیستی یەکگرتوو (Enhedslisten – Red Green Alliance) لە ساڵی 1989 دامەزرا وەک پێویستییەک بۆ یەکخستنی چەپ بە تێکەڵکردنی سێ حیزبی مارکسیست لەگەڵ بنکەیەکی فراوانی ژنان و پیاوانی سەربەخۆ. ڕاستییەکی سەرنجڕاکێش و ئیلهام بەخش لێرەدا ئەوەیە کە ئەم سێ پارتە پێش یەکگرتنەوە هیچ نوێنەرایەتییەکی پەرلەمانییان نەبوو و بە تاکەکەسی نەیانتوانی ڕێژەی هەڵبژاردن تێبپەڕێنن. لە ڕێگەی یەکڕیزی و بنیاتنانی رێکخراوێکی نەرم لەسەر بنەمای لق و تۆڕ نەک بیرۆکراسی قورس، ئەم گەمارۆیەیان شکاند. ئەم یەکگرتنەوەیە بووە هۆی ئەوەی کە ئەوان ببنە هێزێکی پەرلەمانی تا ڕادەیەک کاریگەر و چەند جارێک پلەی یەکەمیان لە کۆپنهاگنی پایتەخت بەدەست هێنا. ئەم پێشکەوتنە بەوەوە نەوەستا بەڵکو لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئەم دواییانەدا ڕەنگی دایەوە، کە هاوپەیمانێتییەکە پێگەی خۆی وەک پێنجەم گەورەترین پارت لە وڵاتدا بەهێز کرد و لە سەدا 7.1 ی دەنگەکانی لە سەرتاسەری وڵاتدا بەدەستهێنا. ئەمە ئەوە دووپات دەکاتەوە کە یەکێتی “سفری پەرلەمانی” دەتوانێت هێزێکی یەکلاکەرەوە دروست بکات کاتێک ئیرادە و ئامرازی گونجاوی هەبێت.

• لە ئەڵمانیا، Die Linke لە ساڵی 2007 بە تێکەڵکردنی دوو تەوژمی سەرەکی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا دامەزرا و یەکێتییەکی مێژوویی بەدەست هێنا کە توانی ئەنجامەکانی پەرلەمانی دوو هێندە بکات و بەشێکی گەورەی چەپی هەڵبژاردن و کۆمەڵایەتی لە یەک چوارچێوەکەدا یەکبخات سەرەڕای ناکۆکییە ناوخۆییە ئاڵۆزەکان.

• لە پورتوگال، بلۆکی چەپ (Bloco de Esquerda) لە ساڵی 1999 لە رێگەی تێکەڵبوونی چەند تەوژمێکی چەپەوە دامەزرا. مۆدێلێکی هاوپەیمانی نوێنەرایەتی دەکات کە سەربەخۆیی فیکری و ڕێکخراوەیی تەوژمە دامەزرێنەرەکەی لە چوارچێوەی پێکهاتەیەکی فراوانتر و ئامانجی هەڵبژاردنی هاوبەشدا دەپارێزێت. ئەمەش وای لێکرد کە توانای دانوستاندنەکانی بەهێز بکات و بۆ یەکەم جار لە مێژووی هاوچەرخدا لە ڕێگەی پشتیوانی پەرلەمانەوە بچێتە ناو پێکهێنانی حکومەتەوە.

• لە ئیسپانیا، مۆدێلی پۆدێمۆس جێگەی سەرنجە. لە ساڵی 2014 دامەزراوە و پشت بە پلاتفۆرمی دیجیتاڵی و رێکخراوی ئاسۆیی دەبەستێت بۆ تێکەڵکردنی چالاکوانان، بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان و ڕۆشنبیران و بەرەنگاربوونەوەی پێکهاتە تەقلیدییەکانی حزبەکان. ئەم مۆدێلە توانای چەپ بۆ بەکارهێنانی ئامرازەکانی سەردەمی مۆدێرن بۆ پێکهێنانی خێرای هێزێکی سیاسی ڕادیکاڵ و گشتگیر دەردەخات و لە هیچەوە بۆ سێیەم گەورەترین هێزی پەرلەمانی لە ماوەی چەند ساڵێکدا دەڕوات.

• لە کۆڵۆمبیا، “پەیمانی مێژووی” (Pacto Histórico) پێشکەوتنێکی بێ وێنەی لە مێژووی وڵاتەکەدا بەدەستهێنا. ئەوە تەنها هاوپەیمانییەکی کاتی هەڵبژاردنی نەبوو، بەڵکو پێکهاتەیەکی هاوپەیمانی پتەو بوو کە پارتە مارکسیستەکان، بزووتنەوە ژینگەییەکان، رێکخراوەکانی فێمینیستی و هێزەکانی نوێنەرایەتی خەڵکی ڕەسەن و کۆمەڵگە ڕەچەڵەکەکانی ئەفریقی کۆکردەوە. چەپی کۆڵۆمبیا لەوە تێگەیشت کە دابەشبوون “دیارییە بۆ ڕاستەکان”، بۆیە ئەم چوارچێوەیەیان دامەزراند کە سەرکەوتوو بوو لە هێنانی گوستاڤۆ پێترۆ بۆ سەرۆکایەتی لە ساڵی 2022. ئەم ئەزموونە بە “پراگماتیزمی چەکداری” دەناسرێتەوە کە گوتاری لە دروشمی ئایدۆلۆژیای ئاڵۆزەوە گۆڕا بۆ ئەو بابەتانەی کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵک هەیە، وەک “دادپەروەری کەشوهەوا”، “سەروەری خۆراک” و “دەستەبەرکردنی مافەکانی گروپە پەراوێزخراوەکان”. هاوپەیمانێتییەکە هەروەها دیجیتاڵی و زیرەکی دەستکرد بەکارهێنا بۆ بەڕێوەبردنی هەڵمەتەکانی زەمینی و گەیشتن بە نەوەی گەنج کە هەستیان بە نامۆبوون لە سیاسەتی تەقلیدی کرد. وانەی کۆڵۆمبیا ئەوە دەردەخات کە کاتێک چەپ واز لە “نوخبەی گفتووگۆیی” دەهێنێت و بە بەرنامەیەکی یەکگرتووی کەمترین پرۆگرامەوە دەڕژێتە سەر شەقامەکان، توانای شکاندنی سیستەمە تەقلیدییە چەسپاوەکان و گۆڕینی هیوا بۆ هێزێکی ماددی ڕێکخراو دەبێت.

• لە بەرازیل، ئەزموونی “فیدراسیۆنی هیوای بەرازیل” (Federação Brasil da Esperança) وەک مۆدێلێکی پێشەنگی تاکتیکی سیاسی دەردەکەوێت. پاش چەندین ساڵ لە دابەزین و هێرشی دادوەری و سیاسی کە چەپەکان کرایە ئامانج، پارتی کرێکاران نەگەڕایەوە بۆ نۆستالۆژیا بۆ مێژووی کۆنی خۆی. لەجیاتی ئەوە، دانی بەوەدا نا کە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستڕەوی توندڕەو پێویستی بە بنیاتنانی “بلۆکی چەپی پێشکەوتوو” هەیە. ئەم فیدراسیۆنە ڕۆڵێکی سەرەکی گێڕا لە گێڕانەوەی هاوپەیمانییە تەقلیدییەکان لەگەڵ سەندیکاکانی کرێکاران، لە هەمان کاتدا ژیرانە فراوان بوو بۆ ئەوەی بزووتنەوەکانی زەوی، پارێزەرانی ژینگە، و تەنانەت کەرتەکانی بۆرژوازی و ناوەندی سیاسی زیانی پێگەیشتووی ئاژاوە بگرێتەوە. گرنگترین دەرس بۆ بەرازیل ئەوەیە کە چەپەکان توانیویانە لە 2022 دا دەسەڵات بەدەست بهێننەوە لە رێگەی “هاوپەیمانی گشتگیر” کە لە دروشمی چینایەتی تێدەپەڕێت و خۆی وەک داکۆکیکار لە دیموکراسی و دامەزراوەکان نیشان دەدات و بە کارامەیی ئامرازەکانی پەیوەندی دیجیتاڵی بەکاردەهێنێت بۆ شکاندنی هەژموونی ڕاستڕەوەکان بەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و توڕەیی جەماوەری لەسەر هەڵئاوسان و پەراوێزخستن بۆ پرۆگرامێکی حکومی کۆنکرێتی دەگۆڕێت.

• لە چیلی، ئەزموونی “پەسەندکردنی شکۆمەندی” (Apruebo Dignidad) جێگەی سەرنجە. ئەم هاوپەیمانێتییە لە بەرەیەکی فراوانی ڕێکخراوە چەپەکان و بزووتنەوە ناڕەزایەتیەکان پێکهێنرا و سەرکەوتوو بوو لە هێنانی گابریێل بۆریچ بۆ دەسەڵات لە ساڵی 2021 وەک گەنجترین سەرۆک لە مێژووی وڵاتدا. لە هەمان کاتدا، چیلی دەرسێکی سەخت پێشکەش دەکات لە دۆڕاندنی چەپەکان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە کانوونی یەکەمی 2025 بە ڕاست، شکستێک کە پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی ڕەخنەگرانە بە میکانیزمەکانی پاراستنی متمانەی جەماوەری هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، هاوپەیمانی چەپ ئەمڕۆ یەکێکە لە هێزە کاریگەرە سەرەکییەکانی وڵات بەهۆی پێکهاتەی هاوپەیمانی یەکگرتوو، کە ڕێگری کرد لە هەڵوەشاندنەوە یان پەرتەوازەیی پاش بەجێهێشتنی دەسەڵات و توانی خەباتی ئۆپۆزسیۆن وەک کوتلەیەکی پتەو و ڕێکخراو بەڕێوە ببات.
ئەوەی ئەم ئەزموونانە یەکدەخات دانپێدانان بەوەی کە چەپ چیتر توانای ئەوەی نییە وەک پارتێکی دابڕاو و داخراو لە گۆڕەپانە جیاوازەکانی خەباتدا بە شێوەیەکی کاریگەر کار بکات، بەڵکو وەک هاوپەیمانییەکی نەرم و پلاتفۆرمی فرە کە توانای بەڕێوەبردنی جیاوازییەکان و بەستنەوەی سیاسەت و خاڵەکانی لێکنزیکبوونەوە لەگەڵ داخوازییە کۆمەڵایەتییە ڕاستەوخۆکانی ژنانی کرێکار و پیاوانی کرێکار بەدەست و عەقڵ هەیە. ئەم وانانە لە پراکتیکدا ئەوە دەردەخەن کە لۆژیکی یەکگرتن و رێکخستنەوە وەڵامێکی زانستییە بۆ پێداویستییەکانی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێستا. هەرچەندە ناتوانن بەشێوەیەکی میکانیکی بگوازرێنەوە بۆ عێراق، بەڵام ئاسۆیەکی پراکتیکی دەکەنەوە بۆ بیرکردنەوە و سوود وەرگرتنیان لێیان لە بنیاتنانی چوارچێوەیەکی ڕێکخراوەیی چەپی عێراقی فراوان و یەکگرتوو کە وەڵامی هەلومەرجی سەردەم بداتەوە.

  1. بناغە و میکانیزمەکانی چوارچێوەی چەپی یەکگرتوو، نەخشەڕێگایەکی زانستی بۆ جێبەجێکردن
    پاش دەستنیشانکردنی قەیرانی ئامرازەکان و پەرتەوازەیی ڕێکخراوەکان و وەرگرتنی دەرس لە مۆدێلە جیهانییەکان کە سەرکەوتوو بوون لە یەکگرتن و بەڕێوەبردنی جیاوازییەکان، بیرکردنەوە لە ڕێگای کرداری هاوبەش دەبێتە پێویستییەکی بەپەلە. لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانرێت نەخشەڕێگایەک بۆ دامەزراندنی چوارچێوەیەکی یەکگرتووی چەپی عێراقی پێشنیار بکرێت کە لەسەر بنەمای کۆکردنەوەی هەموو هێزە چەپ و پێشکەوتووەکان لە دەوری خاڵەکانی لێکنزیکبوونەوە و “کەمترین پرۆگرام” و میکانیزمی دیموکراسی ڕوون و ڕۆڵی سەرکردایەتی بەهێزتر بۆ گەنجان و ژنان بێت.
    ئەمە دەتوانرێت لە ڕێگەی ئەم میکانیزمانەی خوارەوە بەدەست بهێنرێت:
    1. بەستنی کۆنفرانسێکی گشتی بۆ سەرجەم چین و کەسایەتییەکانی چەپی عێراقی و کوردستانی بەمەبەستی تاوتوێکردنی بنیاتنانی چوارچێوەیەکی ڕێکخراوی چەپی یەکگرتوو لەسەرتاسەری عێراقدا بەهەرێمی کوردستانیشەوە ئەم چوارچێوەیە پارت و تەوژمەکانی چەپ و پێشکەوتووخواز و سەندیکاکان و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان دەگرێتەوە و هەروەها ڕێگە بە بەشداری چالاکوانانی تاک دەدات کە نایانەوێت بچنە ناو پێکهاتەی ڕێکخراوە تەقلیدییەکانەوە. ئەمە ڕێژەیەکی زۆری ژنان و پیاوانی چەپ لەبەرچاو دەگرێت کە ئێستا لەبەر هۆکاری جۆراوجۆر لە دەرەوەی چوارچێوەی ئێستان، لە هەمان کاتدا مافی ئەندامێتی تاک و ئەندامێتی پارت و ڕێکخراوەکان بە پێی بنەمایەکی ڕێکخراوەیی ڕوون دەستەبەر دەکات.

2. داڕشتنی “کەمترین پرۆگرام” یەکگرتوو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە لە ماوەیەکی کورتدا چی بەدەست دەهێنرێت. بەرنامەیەکی کورت و ڕوون و ڕاستەوخۆ بێت کە چەقی بەرژەوەندییەکانی ژنانی کرێکار و پیاوانی کرێکار و گەشەپێدانی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و بەدەستهێنانی بەرزترین ئاستی دادپەروەری و یەکسانی کۆمەڵایەتی و ڕەخساندنی هەلی کار بێت پرۆگرامەکە دەبێت بە تەواوی مافەکانی ژنان و بێلایەنی ئایین لە دەوڵەت و پاراستنی ئازادییە گشتی و تاکەکەسییەکان لەبەرچاو بگرێت. دەبێت بە زمانێکی هاوچەرخ، بەردەست و پراکتیکی بنووسرێت، دوور لە ئاڵۆزی ئایدیۆلۆژی، و بە پلانی کاری زانستی ببەسترێتەوە کە مەرجی سەلماندن و پێوانەکردن و هەڵسەنگاندن بێت و بە گوێرەی گۆڕانکاری لە واقیعی بەرجەستەدا بەردەوام ئامادە بێت.

3. هەڵبژاردنی ناوێکی سادە و تێگەیشتن بۆ چوارچێوەکە، وەک “هاوپەیمانی نان و ئازادی” یان “یەکێتی”، دوورکەوتنەوە لە ناونیشانی چەپی نەریتی کە چیتر بەشێکی فراوانی کۆمەڵگا ڕادەکێشێت.

4. چوارچێوەکە لەسەر بنەمای سەرکردایەتی بەکۆمەڵ و خولانەوە، یاسای رێکخراوی نەرم و شێوە جۆراوجۆرەکانی ئەندامێتی لەسەر بنەمای هاوپەیمانی و فرەیی دامەزراوە. ئەمە دەبێت ئەندامێتی حیزب و ڕێکخراوەکان لەگەڵ ئەندامێتی تاکەکەسی لە یەک کاتدا تێکەڵ بکات و ڕێگە بە پێکهێنانی تەوژم یان پلاتفۆرم لە چوارچێوەی ئەو چوارچێوەیەدا بە شێوەیەکی گشتی و ڕێکخراو بدات. لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە قەوارە چەپە دامەزرێنەرەکان دەبێت ئامادە بن بۆ دووبارە داڕشتنەوەی چوارچێوەی ڕێکخراوەیی خۆیان و کەمکردنەوەی مەرکەزیەتی پارتی تەقلیدی بۆ خزمەتکردنی پێداویستییەکانی چوارچێوەی یەکگرتوو و دڵنیابوون لەوەی کە ئەم سەرکردایەتییە کۆمەڵایەتییە دەسەڵاتی ڕاستەقینەی هەیە نەک سیمبولی.

5. جەختکردنەوە لەسەر لامەرکەزیەتێکی فراوان لە پارێزگا و هەرێم و دەزگا پسپۆڕەکاندا، بۆ ئەوەی هەر یەکە بتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر بەپێی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و پیشەیی تایبەتی خۆی لە چوارچێوەی هێڵێکی سیاسی گشتی یەکگرتوودا بەڕێوەی ببات. ئەمەش هەروەها پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی ڕەخنەگرانە بە دابەشبوونی نەژادی هەندێک لە پارتە چەپەکانی عێراقی بۆ لقەکانی عێراقی و کوردستانی و دۆزینەوەی فۆرمی ڕێکخراوەیی هەیە کە زیاتر لەگەڵ یەکڕیزی خەباتی کۆمەڵایەتی و چینایەتیدا بگونجێت.

6. بەکارهێنانی کاریگەری زانستە مۆدێرنەکان لە سەرکردایەتی، بەڕێوەبردن، رێکخراو، میدیا، دیجیتاڵیزەکردن و هەڵسەنگاندنی خولی سیاسەت، بە گۆڕانکاری یان گۆڕانکاری بەپێی پێداویستی و ئاستی دەستکەوت و پشت بەستن بە فیدباکی جەماوەر وەک میکانیزمێکی سەرەکی لە بڕیاردان.
7. بەهێزکردنی ڕۆڵی گەنجان لە سەرکردایەتیدا وەک هێزی پاڵنەری سەردەمی دیجیتاڵ، لە ڕێگەی یاساکانی رێکخراوی ناچارکردن لە چوارچێوەی یاساکاندا، وەک پشکی نوێنەرایەتی بۆ گەنجان و ژنان لە دامەزراوەکانی سەرکردایەتی و بەستنەوەی ئەم نوێنەرایەتییە بە دەسەڵاتی ڕاستەقینەوە. گرنگترین دەرس لە ئەزموونی جیهانی ئەوەیە کە نوێبوونەوە لە ڕێگەی دروشمەوە بەدەست ناهێنرێت، بەڵکو لە ڕێگەی یاسا ڕێکخراوەییەکانەوە بەدەست دێت کە دەیسەپێنن و بەرهەمی دەهێنن.

8. بنیاتنانی سیاسەتێکی کاریگەری میدیای دیجیتاڵی زانستی بۆ ئەو چوارچێوەیە کە مامەڵە لەگەڵ بۆشایی دیجیتاڵی وەک گۆڕەپانێکی ڕاستەقینەی خەباتی چینایەتی دەکات. ئەمە بریتییە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی فرە پلاتفۆرم، تیمی ناوەڕۆکی ناوخۆیی لە پارێزگاکان، پرۆگرامەکانی ڕاهێنانی دیجیتاڵی لە ئاستە جیاوازەکان، بەکارهێنانی ورد و کاریگەری زیرەکی دەستکرد، و ئامرازی زانستی ڕاستەقینە بۆ پێوانەکردنی کاریگەری گفتوگۆ و هەڵمەتەکان، وەک ڕاپرسی دیجیتاڵی، شیکردنەوەی داتا، و دینامیکی بڵاوکردنەوەی خوێندنەوە. ئەمە چەپەکان بە نەوەی گەنج دەبەستێتەوە کە ئەمڕۆ لە ڕێگەی دیجیتاڵیزەکردنەوە سیاسەت دەژین.
مەرجی یەکلاکەرەوە بۆ سەرکەوتنی ئەم ڕێگایە ئەوەیە کە چوارچێوەی یەکگرتوو بتوانێت کار لەسەر خاڵەکانی لێکنزیکبوونەوە و بەرنامەی ڕێککەوتوو بکات و جیاوازییەکان بە شێوەیەکی پۆزەتیڤ و بنیاتنەر بگرێتەوە بەبێ ئەوەی ببێتە گۆڕەپانی ململانێ یەک چوارچێوە، چەندین پلاتفۆرم، زمانی گشتی هاوبەش، و ئامرازی مۆدێرن. تەنیا بەم شێوەیە چەپی عێراقی دەتوانێت لە دوورگە پەرتەوازەکانەوە بگۆڕێت بۆ هێزێکی کۆمەڵایەتی ڕێکخراو کە توانای کردار و کاریگەری هەبێت.

  1. لە کۆتاییدا، ئایا ئێمە بەردەوام دەبین لە لێکدانەوەی جیهان لە کاتێکدا دوژمنەکانمان بەردەوام دەبن لە گۆڕینی جیهان
    پرسیاری یەکلاکەرەوەی ئەمڕۆ دەربارەی نیازەکان نییە، بەڵکو دەربارەی کردارە ئایا چەپ ئەڵتەرناتیڤێک پێشکەش دەکات کە لەوەوە دەست پێدەکات کە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و چینایەتییەوە دەگونجێت، و دەتوانرێت لە نێو هاوسەنگی چینایەتیدا بەدەست بهێنرێت، لە ڕێگەی لۆژیکی گۆڕانی کەڵەکەبووەوە و وردە وردە؟ یان خۆی سنوردار دەکات بە بەرزکردنەوەی دروشمی تیۆری ڕاست بەبێ ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە و بەرجەستە لە ژیانی جەماوەردا بەرهەم بهێنێت؟
    سەرەنجام قەیرانی چەپی عێراق لە بنەڕەتدا قەیرانی دڵسۆزی و مێژوو و ڕێکخراو یان سەرکردایەتی دیاریکراو نییە، بەڵکو قەیرانی ئامراز و شێوازەکانی کارکردنە لە جیهانێکدا کە هەلومەرجی سیاسەت و ڕێکخستن و خەباتی بنەڕەتی گۆڕاوە. پەرەسەندنی زانستی و گۆڕانی دیجیتاڵی بۆشاییەکانی کاریگەری، بنیاتنانی هۆشیاری و دەسەڵاتیان کێشاوەتەوە. ئەوانەی ئەم گۆڕانکاریانە پشتگوێ دەخەن بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی هاوکێشەکە دەچنە دەرەوە و توانای گواستنەوە لە دەنگێکی دابڕاوەوە بۆ هێزێکی جەماوەری کاریگەر لەدەست دەدەن.
    ئێمە پێویستمان بە چەپێکی نوێ نییە لە بەهاکانیدا، بەڵکو پێویستمان بە چەپێکی نوێ هەیە لە گوتاری و پراکتیکیدا و میکانیزمەکانی ڕێکخراوەیی، چەپێک کە بیرکردنەوە وەربگێڕێت بۆ گۆڕانکاری بەرجەستە لەسەر زەوی بەبێ ئەوەی واز لە کرۆکی پڕۆژەی سۆسیالیستی خۆی بهێنێت. بەبێ ئەم گۆڕانکارییە میتۆدۆلۆژیا، چەپ بەردەوام دەبێت لە لێکدانەوەی جیهان بە ژیری کۆنی خۆی، لە کاتێکدا دوژمنە ڕێکخراوەکانی بەردەوام دەبن لە گۆڕینی جیهان بە ئامرازە نوێکانیان.
    وەڵامی ئەم تەحەدایە دیاری دەکات کە ئایا چەپی عێراقی تەنها “یادەوەرییەکی گەشاوە” دەمێنێتەوە لە هۆشیاری مێژوویدا یان دەبێتە “هێزێکی چالاک” لە داڕشتنی داهاتوودا. میتۆدی زانستی و ئەزموونی جیهانی ئەوە دووپات دەکەنەوە کە دابەزین و لاوازی چارەنووس نین، بەڵکو دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ئامرازەکانن کە چیتر لەگەڵ پێداویستییەکانی قۆناغەکە ڕێک ناکەون، و پێکهاتە ڕێکخراوەییەکان کە توانای کارکردن و نوێبوونەوەیان کەم بووەتەوە. ئەو ئازایەتییەی ئەمڕۆ پێویستە لە بەرزکردنەوەی دروشم نییە، بەڵکو لە بوێریدایە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتە ڕەقەکان، وازهێنان لە مەرکەزیەتی تەسک، و هەنگاونان بەرەو چوارچێوەیەکی یەکگرتوو، فراوان و نەرم کە بتوانێت هەمووان بگرێتەوە و رێکخراوەکان بە واقیعی زیندووەوە ببەستێتەوە.
    لێرەدا، ئەو پرسیارە لە گۆڕەپانەکانی خەبات و گۆڕەپانەکانی ناڕەزایی هەڵپەسێردراودا دەمێنێتەوە : ئایا ئێمە وەک چەپ بەڕاستی ئامادەیی ڕاستەقینەمان هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەم سەرکێشییە نوێبوونەوەیە، سنوورە مێژووییەکانمان تێپەڕێنین، واز لە چوارچێوەی ڕێکخراوەیی تەسک و شێوازەکانی سەرکردایەتی تەقلیدی بهێنین، خۆمان بەڕووی واقیعدا بکەینەوە بۆ یەکگرتن، و هێزێک بنیات بنێین کە بتوانێت ژیانی جەماوەر بەرەو باشتر بگۆڕێت؟
    هەڵبژاردنێکی یەکلاکەرەوە لەبەردەمماندایە: یان ڕێگای نوێبوونەوە و یەکگرتنەوەی پراکتیکی دەگرینە بەر و ڕۆڵی خۆمان وەک هێزێکی ڕاستەقینە و کاریگەر بۆ گۆڕان بگەڕێنینەوە، یان لەسەر ڕێگای ئێستا بەردەوام دەبین و مەترسی دابەزینی زیاتر و پێشێلکردنی بزووتنەوەی مێژوو دەکەین. ئەزموونی جیهانی هیوامان پێدەبەخشێت کە گۆڕانکاری بەدەست دەهێنرێت و بە ڕوونی ئەوە دەسەلمێنێت کە یەکێتی نەک تەنها مومکین بەڵکو کاریگەرە، تەنانەت لە سەختترین هەلومەرج و قووڵترین جیاوازی فیکری و ڕێکخراوەییدا.
    چەپێک کە دەیان ساڵ لە دیکتاتۆری و سەرکوت بەرگەی گرتووە ئەمڕۆ بوێری پێویستی هەیە بۆ چاککردنەوەی ئامرازەکانی و نوێکردنەوەی زیندوێتی فكري و ڕێکخراوەیی و بەرگری کردن لە خۆی و جەماوەرەکەی.

تێبینیەکان

  • چەپی عێراقی لە چەندین حیزب و ڕێکخراو پێکهاتووە کە دیارترینیان حیزبی شیوعی عێراق، حیزبی شیوعی کوردستان، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکارانی عێراق، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان، ڕێکخراوی شیوعی ئەڵتەرناتیڤ، پارتی چەپی شیوعی و پێکهاتەکانی دیکە.
  • هیچ کام لە لیتە چەپ و پێشکەوتووەکان کە بەشدارییان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تشرینی دووەمی 2025 دا کرد، هیچ کورسییەکی بەدەست نەهێنا.



ڕۆشنبیر کێیەو ئەرکەکانی چیین؟.. ‏ یاسین لەتیف

ئەوڕۆ لە جیهاندا و بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کولتووری هاوچەرخ بەدەست قەیرانێکی قوڵەوە دەناڵێنێت کە بە ” پاشە کشەو نزم بوونەوەی کولتووری” یان “سەردەمی هیچو پووچێتی” دەناسرێت، ئەمەش دیاردەیەکی زەق و ئاشکرایە لە دونیای ئێمەدا بە بڵاوبوونەوەی بەرهەمی ڕووکەشیی بەکاربەر، پووچیی میدیایی و ڕووکەشبوونی هزری بە ناوبانگە ، ئەم دۆخە بە تایبەتیتر لە دونیای ئێمەدا پێویستی بە دەستەبژێرگەلێکە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە پوچگەرایە کە کەرامەتی مرۆڤی تێدا دەشکێنرێت ، پێداویستیەکی هەنوکەییە بۆ تێکشکاندنی ئەو تەوقو تەڵەزگەیەی کە مرۆڤی ئێمەی لە نێو زێراب و زەلکاوی کولتووری شیزۆفرینیای سیستەم جەقاندووە ، بۆ دەرباز بوون و تێپەڕاندنی ڕۆشنبیری شیزۆفرنیای سستەم پێویستی بە مرۆڤی جندڵمان و ڕۆحی بەرەنگاری هەیە کە بوێرانە هەر شتێکی خراپ و نەگەتیڤ و بە دڵی نەبوو لە بەرژەوەندی هاوڵاتیەکانی ڕەدیبکاتەوەو ، ڕاشکاوانە بە دەسەڵات بڵێت تا ئێرەو بەس ئەمە لابەن خراپە و زیانبەخشە ، ئەمەش باشەو لە پێناو بەختەوەری ئینساندایە زیادیکەن .
لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە:
ئایا ڕۆشنبیر کێ یە؟
ئەی ئەرکەکانی چیین؟
چەمکی ڕۆشنبیر(Intellectual) یەکێکە لە چەمکە ئاڵۆز و گرنگەکان کە لە کۆمەڵناسیدا جێگەی مشتومڕە. ئەم چەمکە لەفەرهەنکی سیاسیدا پێناسەی جۆراو جۆری بۆ کراوە . هەر کەسەو بە پێی بەرژەوەندی چینایەتی خۆی پێناسەی کردووە ، بۆیە ناتوانین لە سەر یەک ڕیتمی پێناسە بوەستین ، دواجار دەکرێت بڵێین ڕۆشنبیر واتە ویژدانی بەئاگای کۆمەڵگە.
ئەو کەسەیە کە لە کاتێکدا هەمووان بێدەنگن، ئەو قسە دەکات و دەبێتە دەنگی بێ دەنگەکان و لە دۆخی ئێستا ڕازی نییە و هەمیشە بە دوای دونیایەکی باشتردا دەگەڕێت. ڕۆشنبیر ئەو کەسەیە کە خاوەن ئاستێکی بەرزی زانین و تێگەیشتن و هۆشیارییە. ئەم کەسە توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە وتوێژینەوە و تێڕامانی هەیە دەربارەی سروشتی واقیع، بەتایبەتی سروشتی کۆمەڵگا و چارەسەرییە پێشنیارکراوەکان بۆ کێشەکان.
ڕۆشنبیری بێ ڕا، وەک چرایەکی بێ ڕووناکی وایە و سودی نییە بۆ مرۆڤ چونکە ڕۆشنایی پێ نابەخشێت و بەر پێی مرۆڤ ڕوناک ناکاتەوە ؛ دەکرێت بڵێین ڕۆشنبیری بێ ڕا وەکو ئاوێکی لێڵ و لێخن وایە بەکەڵکی خواردنەوە نایەت و مرۆڤ ناتوانێت لێی بخواتەوەو تاکو تینوێتی خۆی لە مەعریفەی بشکێنێت، بەو مانایەی ڕوشنبیری لەو چەشنە ئێنێرژی مەعریفەی پێ نییە تا وەرگر لێی سودمەند بێت ، ئەم چەشنە ڕۆشنبیرانە دەکرێت پێیان بڵێین ڕۆشنبیری کلاسیک بۆخۆیان لە کاخ و بارگای حیزبەکان و کەناڵەکانی TV دانیشتون سەنای بەرپرس و دگداتۆرەکان دەکەن ، یان خەریکی چەواشەکاری کۆمەڵگان ، زۆربەی کاتیش دژ بە ڕۆشنبیری ئۆرگانیکن ، ڕۆشنبیری کلاسیک ڕەنگە شێوەکەی هەبێت بەڵام ئەرکەکەی جێبەجێ ناکات، سەرەکیترین ئەرکی ڕۆشنبیر ڕەخنەگرتنە لە دەسەڵات، و دابونەریتە کۆنەکان، و هەڵە باوەکانی ناو کۆمەڵگە.
ڕۆشنبیر نابێت زوڕنا ژەن و “تەپڵ لێدەر”ی دەسەڵات بێت، بەڵکو دەبێت وەک ئاوێنەیەک کەمکوڕییەکان نیشان بدات. چونکە ئەرکی ڕۆشنبیر دروست کردنی ژاوە ژاو و قەرەباڵخی نییە بۆ گرداکۆ بوونی حەشامات لە چواردەوری دروشمی پڕوپووچ و بێ مانا کە سودی بۆ ژیانی مرۆڤ نییە ، دواجار زانیاری بە تەنها بەس نییە ئەگەر نەگۆڕێت بۆ هەڵوێست و ئەکت، هەڵوێستیش تەواو نابێت ئەگەر بە ئازایەتییەوە ڕانەگەیەندرێت و کارێگەری نەنوێنێت لە سەر ڕەفتارو بیرکردنەوەی ئینسانەکان، هەروەها وەهم لە ناخی مرۆڤەکاندا نەگۆڕێت بۆ واقیع و کرداری حەقیقی و بەرجەستەی هەنوکەیی ، ڕای ئازاو بوێرانە ئەوەیە کە تایبەتمەندی دەبەخشێت بە ڕۆشنبیرو لە مرۆڤی ئاسایی و عەوام جیای دەکاتەوە، چونکە دەیخاتە بەردەم ڕووبەڕووبوونەوەی جیهان نەک لە سێبەریدا بیهێڵێتەوە، بەڵام ڕای ئاسایی لانیکەم بوونی خۆی لە گۆڕەپانی گفتوگۆدا دەسەلمێنێت و ڕێگری دەکات لەوەی زانیاری ببێت بە بێدەنگییەکی نەزۆک و بێ کەڵک و پاسیف.
دروستکردنی ڕاوبۆچوون و هەڵوێستی جدیانە خۆشگوزەرانی نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقییە ، ڕیسک کردنە بە ژیانەوە لە بەرامبەر سیستەمی باوو سەپاو کە ئامانجی ئەو سیستەمە ئەوەیە ئینسانەکان بکاتە کۆیلە لە ژێر یاسای قەرەقوشی و بنەماڵەیدا بە ناوی نیشتمان و ناسیۆنالیزم و چەندین دەستەواژەی تڕوحات تەنها بۆ ئەوەی مرۆڤ خۆی بکاتە قوربانی تا سیاسیەکان زیاتر دەوڵەمەند بن و ژیانێکی فیرعەونی بۆخۆیان و کەسوکاریان و هاوڕێکانیان بژین.
ڕۆشنبیر تەنها بە وەرگرتنی بیرۆکەکان ناوەستێت، بەڵکو سەرلەنوێ دایاندەڕێژێتەوە و تاقییان دەکاتەوە و دەیانخاتە ناو فەزای کۆمەڵگەوە بۆ ئەوەی ببێتە پرس و ماددەیەک بۆ گفتوگۆ و گۆڕانکاری ، هەروەها لە دۆخی پەسەند بوونی لە لایەن کۆمەڵگاو پۆزەتیڤ بوونی دەکرێت ببێتە کولتوور . ڕۆشنبیری ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە زانیاری و ئازایەتی، و بیر و ویژدان بەیەکەوە دەبەستێتەوە بە بێ ترس و حیساب کردن بۆ سیستەم و دەسەڵات ، دەکرێت ڕۆشنبیر بە بێ ترس سوقراتانە بیرۆکەکانی خۆی بە شێوەیەکی ڕاشکاوانە بخاتە ڕوو بوێرانەش هەنکاو بنێت ، هەروەها زۆربایانە و سارتەرانە تەماشای کایەی ئازادی بکات و هیج ماشین و ئامێرێکی ستەمکاری و ( فا ، شی، زم) پاشگەزی نەکاتەوە لە بیروبۆچون و هەڵوێستەکانی ، ئەنتۆنیۆ گرامشی زۆر بە ڕوونی ئەرکی ڕۆشنبیری ئۆرگانیکی خستۆتە ڕوو، بەمەش ڕۆشنبیر دەق و ڕاستییەکان دەکاتە هەڵوێستی زیندوو و زمان دەکاتە پردێک لە نێوان ئەقڵ و ویژداندا و ڕێگای ڕاست بۆ هاونیشتمانیانی پیشان دەدات و چەوتیەکانی سیستەمیش دەست نیشان دەکات ، لە کۆمەڵگایەکی لەم چەشنەدا دەکرێت پیشەسازی پەروەردە تاکێک بەرهەم بێنێت هیچ کۆتوبەندێکی سیستەم و ستەمکاری نەتوانێت قەمتەری بکات و بیگەمژێنێت و بیکاتە کۆیلە ، چونکە ئەو تاکانە هۆشیارنو پەروەردەیەکی ژان ژاک ڕۆسۆیی کراون ، تاکگەلێکن بە چەشنێک ڕێنمایی کراون هەمیشە پرسیار دەکەن و لە دۆخێکی گوماناوی دەژێن ، بەو مانایەی گومان لەوانە دەکەن کە خۆیان بە ڕاست و بێ ‌کەموکوڕی دەزانن.
لە جیاتی ئەوەی هەمیشە وەڵامی ئامادەکراو بداتەوە، ڕۆشنبیر فێری خەڵک دەکات کە چۆن پرسیار بکەن و گومان لە شتەکان بکەن تا بگەن بە ڕاستی. ئەمە دەستەواژەی “ئیدوارد سەعید”ـە. ڕۆشنبیر دەبێت ئازایەتی ئەوەی هەبێت ڕاستییەکان بڵێت تەنانەت ئەگەر لە بەرژەوەندی خۆشی نەبێت ، یان دوچاری مەترسی بکات . ئەو ڕۆشنبیرەش کە تەنها بە گواستنەوەی زانیاری دەوەستێت، وەک کەسێک وایە لە ناونیشانی کتێبەکاندا نقوم بووبێت بێ ئەوەی جەوهەرەکەیان وەربگرێت، بەڵام ئەو ڕۆشنبیرەی کە ڕایەک دروست دەکات، وەک ئاگرێک وایە کە ڕووناکی دەبەخشێت و گەرمی دەدات، تەنانەت ئەگەر ببێتە هۆی مشتومڕ و گفتوگۆش لە ژێر سێبەریدا.ڕۆشنبیر ئەرکییەتی ئەو تاریکی و نەزانییەی لە ناو کۆمەڵگەدا هەیە بە ڕووناکی زانست و مەعریفە بڕەوێنێتەوە.
دەبێت پردێک بێت لە نێوان بیرۆکە ئاڵۆزەکان و تێگەیشتنی خەڵکی ئاسایی. هاوکات هەمیشە لە بەرەی “مەزڵوم و چەوساوەکان بێت و ئەرکییەتی دژی ستەم و دیکتاتۆرییەت بوەستێتەوە و پارێزەری ئازادی ڕادەربڕین بێت.









پایزی سەرمایەداری *.. ئەکرەم سەعید

(ئێمە شاهیدی پایزی مۆدێلی سەرمایەداریی ئێستاین، بەڵام هێشتا لە بەهاری گەلاندا نین، چونکە هێشتا ئەڵتەرناتیڤەکە نەخەمڵیوە. لەئێستادا بزووتنەوەو ناڕەزایەتییە جیهانییەکان لە قۆناغی ئاژاوەگێڕیدان، و دەکرێت ئەمە ببێتە مایەی بزووتنەوەی توندڕەو، ڕژێمی فاشیستی، تەنانەت ڕووخانی دەوڵەتەکان، یان دەشێت ببێتە هۆی شتێکی تەواو نوێ)- سمير امين: نشهد خريف الرأسمالية/ بِدَايَات/ فصلية ثقافية فكرية/ ساڵی ٢٠١٥.
“سەمیر ئەمین”لە دوا ساڵانی تەمەنیدا زۆر باسی لە پایزی سەرمایەداری دەکرد. پایزی سەرمایەداری زاراوەیەکە ئاماژەیە بۆ خولێکی پڕ لە قەیران و شێواوی و جەنگ لە سیستەمی سەرمایەداریدا؛ دیاردەی وەک نایەکسانی ئابووری، ناسەقامگیری و نائەمنی، نادادپەروەری کۆمەڵایەتی و زیادبوونی کارەساتی ژینگە. لە ڕاستیدا دابەشکردنی مێژوو بۆ خولی”بەهار و پایز”مێژوونووسانی کۆنی وڵاتی چین بەکاریان هێناوە. مەبەستیان لە بەهار خولی سەقامگیری و گەشەکردنی ئابووری(کشتوکاڵ، بازرگانی، کاری پیشەیی و هونەر) بووە، و پایز وەک خولی(داڕمانی ئابووری و شێواوی و جەنگ). لە خولی پایزدا(شانشینی ژۆو)لە ڕۆژهەڵاتی چیندا لاواز بووەو میرنشینە فیۆداڵیەکان سەربەخۆ بوون، و سەردەمی جەنگی میرنشینەکان دەستی پێکردووە **.

سەرمایەداری چەندجار دووچاری قەیرانی ئابووری و سیاسی و جەنگ هاتووەو بە سەلامەتی لێی قووتار بووە. سەرمایەداری لە ساڵی ١٩٠٠ تا ١٩۲۹ بە قۆناغی گەشەسەندنی خێراو بە(ساڵانی بەختیاریی ۱۹۰۰ و بیستەکان) ناوبانگی دەرکردوە، بەڵام دواتر کەسادی گەورەی وێرانکەر بەدوایدا هات، و ئەنجامەکەی لە ٢٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٩ داڕمانی وۆڵ ستریت بوو لە نیویۆرکدا، کە بووە هۆی بێکاری بەکۆمەڵ و شکستی بانکەکان و کەمبوونەوەی بازرگانی لەسەر ئاستی جیهاندا. جارێکی دی له‌ مانگی ئۆکتۆبه‌ری ۲۰۰۸ دا “وۆڵ ستریت” تووشی داڕمان هات – ساڵی ۲۰۱۹ پەتاى کۆڤید/۱۹ – ساڵی ۲۰۲۲ جەنگی ئۆکراینا، و تا ئەمڕۆکە بە گشت کێشەکانی هەڵئاوسانی دراو، گرانی، بێکاری و جەنگ لێرەو لەوێ؛ لەو کاتەوە جیهان چۆتە وەرزێکی پایزی نوێی سەرمایەدارییەوە. یەکەم وەرزی پایزی سەرمایەداری لانیکەم بیست ساڵی خایاندووە، بەڵام هێشتا دیار نییە ئەم خولە نوێیەی پایزی سەرمایەداری کەی و چۆن کۆتایی دێت.

نیشانەکانی خولی پایزی سەرمایەداری
۱/ قەیرانی ئابووری و مەترسی داڕمانی بازاڕ و بازرگانی:
ئەگەر جیهانگیری لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، پاڵنەرو لۆژیکی فراوانبووی سەرمایەداریی بازاڕی ئازاد بووبێ، ئەوا ئەمڕۆکە سیاسەتی سەپاندنی باجی گومرگی تڕەمپ، وە بە زیادبوونی پەلاماری گەشتی بازرگانییەکان لە دەریادا، و بە سیاسەتی داخستنی سنوورەکان بە ڕوی پەناهەندەکان و دیپۆرتکردنەوەیان، ئەوا شتێکی سەیر نییە کە جیهانی سەرمایەداری دەچێتە نێو خولێکی ناکۆک لەتەک خودی پایەکانی سەرمایەدا.
گۆڤاری”ئیکۆنۆمیست”ی بەریتانی لە مانگی نۆڤەمبەردا ژمارەیەکی تایبەتی بەناونیشانی(جیهانێک لە پێشمان/ العالم أمامنا / The World Ahead ***)بڵاوکردەوە. ڕاپۆرتەکە باسی چارەنووسی جیهان دەکات لە ساڵی ٢٠٢٦دا؛ کە ساڵێک لە نادڵنیایی دەبێت! . بەڕای گۆڤارکە جیهان لە ساڵی ٢٠٢٦دا دەچێتە ناو نادیارەوە، بۆیە دەپرسێ: ئایا ئێمە لەبەردەم ساڵێکی”ڕووخان”داین یان ساڵێک لە”دەرفەتەکان”؟. چونکە لەگەڵ گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ و سەرهەڵدانی ئەژدیهای چین، جیهانی کۆن کۆتایی هاتووەو یاساکانی یارییەکەش بە تەواوی گۆڕاون. پێشبینییەکانی ڕۆژنامەکە بۆ ساڵی ٢٠٢٦ وێنەیەکی تاریک و پڕ لە پشێوی بۆ جیهان دەکێشێت، کە ململانێ جیۆپۆلەتیک و جەمسەرگیری سیاسی و پێشبڕکێی تەکنەلۆژی زاڵن بەسەریدا، لە کاتێکدا شەڕ و قەیرانە ئابوورییەکان بەردەوام دەبن.

۲/ زیادبوونی دیاردەی ستەم و شەڕ:
دەوڵەتەکان لەمڕۆدا خەڵکی بە خۆیان و ماڵومنداڵیان بە کۆیلەی خۆیان دەزانن، و دەسەڵاتە دڕندەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بە زۆری هێزو فریودان ژیانی ئەو خەڵکەیان خستۆتە بەردەم مەترسی فەوتان، چونکە بە فرمانی خۆیان لە سەرەوە، بێ هیچ بەشداری خەڵک و ڕەزامەندییان، دەوڵەتەکان بڕیاری جەنگ دەدەن و کۆمەڵگەیان خستۆتە نێو کەشێکی سەربازییەوە؛ بڕوانە: بڕیارەکانی ڕووسیا بۆ جەنگ دژی ئۆکراینا، بڕیاری ئەمەریکا بۆ جەنگ دژی ڤێنیزوێلا، بڕیاری سەرۆک وەزیرانی یابان بۆ چوونە نێو جەنگ ئەگەر چین پەلاماری سەربازی تایوان بدات،، و سەدەها حاڵەتی دی. هەموو ئەو بڕیارانەش لە ئاکامی قەیرانی ئابووری و کێشمەکێشی بازرگانییەوە سەرچاوەیان گرتووە، وە بێگومان لە ئەنجامی جەنگەکانیشدا هێندەی دی قەیرانەکان قوڵتر دەبنەوە.

۳/ سەرهەڵدانەوەی دیاردەی چەتەگەری سەرمایەداران – {عادت حليمة إلى عادتها القديمة} – بۆ نموونە وەک:

  • تەقاندنەوە یان دەستگرتن بەسەر کەشتیەکان لە دەریادا؛ چەتەگەری دەریایی دەوڵەتەکان لە زیادبووندایە.
  • وەزیرانی دارایی ئەوروپا باسی بەکارهێنانی سەروەت و سامانی بەستووی ڕوسیا بۆ دابینکردنی کۆمەکی دارایی بۆ ئۆکراینا دەکەن – دەستگرتن بەسەر بڕی زیاد لە ۳۰۰ ملیار دۆلار لە سەروەت و سامانە داراییەکانی ڕووسیا کە لە بانکەکانی ئەوروپا.
  • بەخۆماڵیکردنی کارگەکانی وڵاتی چین لە ئەوروپا: لەگەڵ پەرەسەندنی شەڕی کانزا دەگمەنەکانی نێوان چین و ڕۆژئاوا، ئەوروپا گەرەکی بوو دەستبگرێ بەسەر”کۆمپانیاکانی چیپ”ی چینی لەسەر خاکەکەی، هۆڵەندا دەست بەسەر”کۆمپانیای نێکسپریای چینی”دروستکەری چیپدا(الرقائق)بگرێت. و بەخۆماڵیکردنی دەگەڕێتەوە بۆ بەریتانیا: شەڕێکە بۆ ڕزگارکردنی دوا کورەی پۆڵا لە چنگی وەبەرهێنەری چینی.
    بەڵام دەستبەسەرداگرتن بەسەر سەروەت و سامانی ڕووسیا لە بانکەکان، پایەکانی ئابووری یەکێتی ئەوروپا وێران دەکات، چونکە متمانە بە بانکە ئەوروپییەکان نامێنێ و زۆربەی وڵاتانی دیکە سەرمایەکانیان دەکێشنەوەو کارەکانیان لە شوێنێکی تر ئەنجام دەدەن.

    ٤/ نوخبەی دەسەڵاتدارانی سەرمایەداران ڕۆژ دوای ڕۆژ وەک(نوخبەێکی سەرکوتگەر و دژی پەناهەندە، گەندەڵ، جەنگخواز و بەدڕەوشت)دەردەکەون؛ بۆ نموونە:

  • نوخبەی جەنگخوازی ئەوروپا دەیانەوێت شەڕ لە ئۆکراینا بەردەوام بێت، ئەوەش لە پێناوی ڕزگارکردنی خۆیان و فراوانکردن و چەسپاندنی کۆنترۆڵییان بەسەر خەڵکی ئەوروپادا.
  • ئیهانەی ترەمپ بۆ خەڵکی وڵاتانی(ئاسیا، ئەمەریکای لاتین وئەفەریقا)، و لێدوانی ڕەگەزپەرستانەی ڕاوێژکاری ئەڵەمانیا”فریدریش مێرتز”:(پەنابەران دیمەنی شارەکانی ئەڵمانیا تێکدەدەن).
  • فەزیحەی(دوورگەی جێفری ئیپستین).
  • هاوشێوەی مرۆڤ کە دەچێتە ساڵەوە زۆر باسی ڕابردوو دەکات، سیستەمی سەرمایەداریش لە خولی پایزیدا زۆر باسی ڕابردوو دەکات و نەریەتە کۆنەکان لە(ئایین، ڕەگەز، خێڵ و بنەماڵە)زیندوو دەکاتەوە. بۆرژوازی دەسەڵاتدار جیهان بەلای ڕاستدا وەردەچەرخێنێ؛ هێندە تووند بەلای ڕاستدا کە مەترسی دەخاتە سەر وجودی سیستەمی سەرمایەداری، چونکە ستافی فەرمانڕەوای بۆرژوازی لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا نوخبەێکی جەنگخوازو سەرکوتگەرو کۆنەپەرستەو گوتارو سیاسەتی لیبڕالی گۆڕیوە بە گوتارو سیاسەتی کۆنەپارێزی ئایینی و نەژادپەرستی و ناسیۆنالیستی توندڕەو.
  • وەرزی پایزی سەرمایەداری وەرزی ناسەقامگیری کۆمەڵگە و شێواوی سیاسییە؛ وەرزی زیادبوونی تەقەکردنە لە خۆپیشاندانی مەدەنی و تیرۆر و کۆکوژی.

ئەم خولی پایزی سەرمایەدارییە سیستەمەکە دەخاتە بەردەم دوو ئەگەر:

  • ئەگەری قوڵبوونەوەی قەیرانە ئابوورییەکان تا پلەی داڕمان، و فراوانبوونی جەنگەکان تا پلەی جەنگی جیهانی سێیەم کە کۆتایی بە ژیان دەهێنێ لەسەر گۆی زەوی.
  • یان دەسەڵاتدارانی سەرمایەداری دانوستان دەکەن و ڕێدەکەون لەسەر دابەشکردنی نوێی کار و سامانی جیهان.
  • وەسفکردنی خولی داڕمانی سەرمایەداری بە (وەرزی پایزی سەرمایەداری) مێتافۆریکییە؛ واتە وەسفکردنی شتێک بە بەکارهێنانی لێکچوون یان وێنەیەک، کە بە شێوەیەکی ڕستەیی ڕاست نییە. مێتافۆریک بەکاردێت بۆ دروستکردنی وەسفێکی بەهێز و مەجازی بۆ شتێک، بەزۆری بە بەراوردکردنی لەگەڵ شتێکی تر کە تایبەتمەندی هاوشێوەی هەیە. بۆ نموونە وتنی”ژیان سەفەرە”، ئەوە وەسفێکی مێتافۆریکە بۆ ژیان، چونکە ژیان بە شێوەیەکی ڕستەیی سەفەر نییە، بەڵکو تایبەتمەندی هاوشێوەی هەیە، وەک هەبوونی سەرەتایەک، شوێنی مەبەست و دەرفەتی ئەزموونکردنی شتی جیاواز لە ڕێگادا. لێرەدا”پایزی سەرمایەداری” هەستێک و ڕوانگەێک وەسف دەکات کە مۆدێلی سەرمایەداریی ئێستا لە قەیرانی بووندایە، واتە خراپبوونی بەردەوام، کە ڕەنگە سەرمایەداری لە گۆڕانکارییەکی بەرچاو یان داڕمان نزیک بێتەوە.

    ** بۆ یەکەم جار وەسفی سەردەمی”بەهار و پاییز”-(نزیکەی ساڵی ٧٧٠-٤٧٦ پێش زایین)، لەلایەن مێژوونووسانی چینی کۆن، لە سەردەمی بەشی یەکەمی(شانشینی ژۆو)بەکارهێنراوە.
    *** بڕوانە: The World Ahead 2026 / from The Economist / 10 nov. 2025
    ڕۆژنامەی ئیکۆنۆمیست ڕاپۆرت دەربارەی ساڵی ۲۰۲٦ بڵاودەکاتەوە. ڕۆژنامەکە ڕای وایە کە وڵاتانی دەوڵەمەند لە دەرەوەی تواناکانی خۆیان دەژین، وە مەترسی قەیرانی بازاڕی بۆندەکان لە زیادبووندایە.




نوخبەی شیعر بەرەو کوێ؟.. سۆران محەمەد

پێشەکی:
لە هەموو دەورو زەمانێکدا شیعری باش و خراپ بوونی بووە، ئەوەی باش بووە مانەوەی بۆ خۆی مسۆگەر کردووە، ئەوەش خراپ بووە هەر زوو لە سەردەمی نووسیارەکەیدا لە بیرچووەتەوە، لەم نێوەندەشدا شاعیری کەم بەهرە لە ژیانیاندا زیاتر دەناسرێن، چونکە دەچنە هەموو کونێكەوەو سەربە هەموو کونێکدا دەکەن بۆ ناسین، کە لێرەدا خۆیان دەبنە هۆکاری ناساندنی خۆیان وەكو شاعیر، نەك بەرهەمەکانیان ناسنامەی شاعیرێتیان پێبدات، بەڵام بە مردنیان لە بیر دەچنەوە، بە پێچەوانەی شاعیری ڕاستەقینە کە زۆرجار لە ژیانیاندا ناناسرێن و وەك پێویست بایەخیان پێنادرێت و بگرە ستەمیان لیدەکرێت و دەنگیان کپ دەکرێتەوەو دژیان دەجەنگن، بەڵام لە دوای مردنیان باس دەکرێن.
فريدريك هۆڵدرلينی ئەڵمانی (١٨٤٣ – ١٧٧٠)و شیلی ئینگلیزییش (١٧٩٢-١٨٢٢) لە ژیانیاندا وەك شاعیر سەیرنەکران، بەڵام دوای خۆیان و ئێستاشی لەگەڵدا بێت کارەکانیان جێی لێوردبوونەوەیەو کاریگەرییان بەسەر شاعیرانی ناوداری دوای خۆیانەوە جێهێشتووە، بە نموونەی ڤان کوخی هۆڵەندی(١٨٥٣-١٨٩٠) کە لە ژیانیدا تەنیا یەك تابلۆی فرۆشت و کەچی ئێستا تابلۆکانی بەهەموو ڕێگایەك هەوڵی دزینی دەدرێت لە لایەن دزە موحتەریفەکانەوە لەبەر بەها هونەریی و ماددیەکانیان.
ئەمە ئەوە ناگەیەنێت ئەم پێوانەیە بۆ هەمووان ڕاست بێت، شاعیری واش هەیە کە بەخت یاوەری دەبێت و لە ژیانی خۆیاندا بەهرەکانیان کەشف بووەو ناسراون و شاعیرە سادە نووسەکانیش لە قۆناغێك لە قۆناغەکانی نووسینیاندا هەرخۆیان ساردبوونەتەوەو وازیان هێناوەو بەرۆکی شیعریان بەرداوە، ئەوانەش کە ڕۆژێك لە ڕۆژان چەپڵەیان بۆ لێداون شتێکی ئەوتۆیان لە شیعر نەزانیوەو تەنیا دەربڕینیان لە هەستی ساتەکی خۆیان کردووە بەرانبەر ئەو شیعرە.


شیعری باش وخراپ:
لە کۆن و نوێدا زۆر باسی پێناسەی شیعر کراوەو لەگەڵ ئەوەشدا لە هەر زەمانێکدا تەرزێکی جیاواز لە شیعر ڕەواجی بووەو دواتر بە پێی پێشکەوتنی ژیان و عەقڵ و تێگەشتن و چەشەی مرۆڤ و گۆڕانکارییە هەمەکییەکان، شیعرو ستایڵ و زمانی شیعریش گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، تەنانەت زمانیش لەبەکارهێنانی ڕۆژانەیدا لەم گۆڕانکارییانەدا پشکی خۆی بەردەکەوێت.
بەڵام بۆ ئەوەی بە دەقێك بوترێت شيعر، کە قسەمان لێرەدا لەسەر (شیعری ئازاد)ه دەبێت کە چەند بنەماو خاسییەتێکی شیعر هەیە تێیدا بوونی هەبێت، تا پێی بگوترێت شیعر، لەوانە ڕەچاوکردنی زمانی شیعر کە لە زمانی ئاسایی و قسەکردن باڵاترو چڕترو مۆسیقیتره، ناکرێت لە ژێر ناوی شیعری ئازاددا هەرچییەك بنووسرێت بە شیعر ناوببرێت، بەو واتایەی خۆداماڵین لەهەموو مەرجبوونێكی شیعر و شیعرێتی بەناوی داهێنانەوە، چونکە شیعر خۆی لە خۆیدا دەربڕینێکی هونەرییە نەك ئاسایی، بۆ نموونە گەر دەقێکی دانائامێز لەسەر شێوازی ستوونی بەرهەم بهێنرێت دەکرێت ناوببرێت بە دانائامیزیی یان فەلسەفی یان هزریی یان ڕامیاری بەڵام ناکرێت ناوببرێت بە شیعر، شیعر سەلیقەو کارکردن و خرۆشاندن و تییمەو وێناندنی ئەندێشەیی پێویستە، دوور لەم جوانکارییە زمانەوانییانە خاڵی دەبێتەوە لە ڕەگەزەکانی جیاکاریی و داهێنانی شیعریی، وەك بەداخەوە لە زۆر دەقی بڵاوکراوەی ئەمڕۆدا بەرچاو دەکەون و خوێنەر لە کاتی خوێندنەوەیاندا بەر هیچ جیاوازیی و داهێنان و خۆ ماندووکردنی شاعیرەکەی ناکەوێت، ڕاستە بەهرە هەموو شتێك نییە، بەڵام شاعیری بێ بەهرە ناتوانێت شیعر بنووسێت، کە لێرەدا بونیادو تیمەی شیعر دەکرێت بە (لێشاوی بەهرە) بناسرێت کە دەرگای چوونە ناو نووسینی دەقێکی شیعرییە و ئیتر کارکردنی شاعیرەکە ڕۆڵ دەبینێت لە بەئەنجام گەیاندن و تەواوکردنی شیعرەکەداو شەونخونی بە چنین و ڕازاندنەوەی زمانەکەی و ڕەگەزە بەشداربووەکانی ناو شیعرەکە.
لە لایەکی تریشەوە دووبارەکردنەوەی کۆنەکان بە ناوی نوێخوازییەوە خوێنەری بەئاگا توشی سەرەگێژە دەکات، بۆ نموونە گەر شارل بۆدلێر یان مالارمێ بە باوکی روحی سیمبوڵییەت بناسرێت و ئارتۆر ڕامبۆ بە باوکی روحی سوریالیەت ناوزەد بکرێت، ئەوا چ هونەرێکی تێدایە ئێستا شاعرێك بێت و سیفاتی سەگانە بکاتە ناونیشانی شیعرێکی یان دیوانێكی؟ ئەوەتا ڕامبۆ لە شیعری (دیموکراتی)دا دەنوسێت:” ڕابواردنی زیاتری سەگانە ” یاخود ڕۆڵان بارت لە لاپەڕەکانی سەرەتای ڕەخنەو حەقیقەتدا سەبارەت ئەو هێرشانەی کرانە سەری لە لایەن ڕەخنەنووسی پێشین (بیکار)و هەندێکی ترەوە دەنووسێت: “دەکرێ ڕەخنەی نوێ لە ژێر ئیمپراتۆری دووەمدا دادگایی بکرێت: کە ئاوەز بریندار نەکات بە وەستان دژە ڕێسا سەرەتاییەکانی فیکری زانستی و گۆکراو، لانی کەم بەر ئاکاری گشتی نەکەوێت، لە هەموو بۆنەیەکدا تاوانبار نەکرێت بە بزواندنی هەستی جنسی، بەر ئاوەڵاو سەگیی…ئایا ئەمە مەترسیدار نییە گەر بەرانبەر ئەقڵ و هونەر و هەموو بیرێکی پێچەوانە بخرێتە گەڕ، ئەمە ترسە لە نوێبوونەوە “
دەزانم ئەم قسانە جێی ڕەزامەندی زۆر لە هەوداران و سادەنووسانی شیعر نییە، بەڵام وەکو عەلی وەردی دەڵێت: ڕۆژێك بە دراوسێکەمانم گوت: دەنگی کەڵەشێرەکەتان چیدی نایەت؟ لە وەڵامدا وتی: دراوسێکەمان دەیگوت بەیانیان دەخوێنێت بێزارمان دەکات؛ منیش سەرم بڕی..لەو کاتەوە زانیم ئەوانەی خەڵك هوشیار دەکەنەوە چارەنووسیان ئاوها دەبێت.
ڕەخنەگر دۆستی شاعیرەو لە بەرژەوەندی ئەو دەنووسێت و ماندوو دەبێت، بەڵام لای ئێمە پلاری تێ دەگیرێت و دژی دەجەگن، گەر ڕەخنە نەبێت ئەدەبی باشیش بوونی نابێت، لەبری ئەوەی کاکی شاعیر بچێت بۆ لای ڕۆژنامەوانێك تا لەسەر شیعرەکانی بنووسێت کە زۆربەی موجامەلەی بێ بنەمای زانستییە، بۆچی ناچێت بۆ لای ڕەخنەگرێك، تا پێش بڵاوبوونەوەی بەرهەمەکانی بە دەقەکاندا بچێتەوە؟ مەگەر ئەو بەرهەمانە نابنە موڵکی و لەسەری حساب ناکرێت؟
من وەك خوێنەرو موتابەعەکارێك مافی ئەوەم هەیە سەلیقەم تێك نەدرێت بە دەقی خوارو خێچ، تۆش کە شیعر دەنووسێت دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بکەیت کە شیعرەکەت بە چەشەی هەمووان ناخوات و گەدەی شیعریی هەمووان ڕەنگە پێیان هەرس نەکرێت، لە هەموو حاڵەتەکاندا ئەمە دیاردەیەکی تەندروستەو دەبێتە هۆی بەرپابوونی ئارگیومێنتی بونیاتنەرانە، مادام لە دەق بترازێت باس لە هیچ شتێکی دەرەکی و کەسێتی شاعیرەکە ناکرێت.


جەماوەری سۆشیال میدیاو جەماوەری دەقی باش:
بەرکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە پێی پێویست و لە پێناو سوود وەرگرتنی مەعریفیدا دادەنرێت بە خاڵێکی ئیجابی، بەڵکە پێداویستییەکی سەردەمیانەیە کە ئاسانکاریی بۆ بەڕێوەچوونی کاروباری مرۆڤ لەم سەردەمە خێرایەدا دەکات، بەڵام بە پێچەوانەوە گەر بۆ کات کوشتن و خۆ مەشغوڵکردنی (کاتەکانی بێ ئیشیی) بێت، ئەوا سەردەکێشێت بۆ زیانگەیاندن بە خۆو بە کەسانی تر، هەرواش زۆربەی ئەوانەی خەریکی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانەن خوێنەری سەرپێیی و خێران، بە پێچەوانەی جیهانی پڕ ڕامان و هێمن و قووڵی شیعرەوە کە پێویستی بە هەزمکردن و لێوردبوونەوەیە، من جارێك تەماشای شیعرێکی ئەو تۆڕانەم کرد بینیم ١٦ لایکی بۆ دانرابوو، کە کلیکم کرد تا دەقەکە بخوێنمەوە بینیم ١٢ جار ئەو شیعرە خوێندراوەتەوە بە منەوە! ئەمە ئەگەر بەڵگەی هەر شتێك بێت سەرەتا جەختکردنەوەی ئەو ڕاستییەی سەرەوەیە، پاشان لەوەش خراپتر؛ هەیە تەنانەت پۆستەکەش ناخوێنێتەوە لایكی دەکات و دەستخۆشی دەنووسێت، کە ئەمە لە ڕاستیدا سەرلێشێوانی شاعیرو بەلاڕێدابردنییەتی، چونکە شاعیر بەم لایك و کۆمێنت و دەستخۆشییانە هەڵدەخەڵەتێت و پێی دەخلیسکێت و وادەزانێت باشترین شاعیرەو کەچی لەولاوە گەر پیشانی کەسێکی شارەزای بدات سەیر دەکات شیعرەکەی پڕ لە هەڵەو کەموکوڕیی و کاڵوکرچییە، لێرەوە هۆکاری ئەوە دەردەکەوێت بۆچی شیعری باش کەمترین لایکی بۆ دەکرێت؟ هۆکارەکەش ئەوەیە کە ئەوە شوێنی ئەو شیعرانە نییە، چونکە خوێنەری ئەو شیعرانە لەوێدا نابینرێن، چونکە ئەوان خەریکی کات کوشتن نین بەو تۆڕە کۆمەڵایەتیانەی هەندێك کەس موعتادی بوون کە تا ئێستاش لە ئەدەب و هونەرو مەعریفە هیچ فێر نەبوون. جەماوەری هەر بابەتێك شوێن و کاتی خۆی هەیە، بۆیە گرنگە کاتێك شاعیر شیعر دەنووسێت بزانێت خوێنەرەکانی کێن؟ ئەو کاتە دەزانێت ئاستی شیعرەکەی لە کوێدایە، ڕۆژێك برادەرێك گوتی: باشترین فرۆشی کتێبی شیعر؛ شیعری مۆبایلە. باسی کتێبێکی لەو بابەتە کرد کە چۆن ٢٠ هەزار نوسخەی لێ چاپکراوەو لە بازاڕدا نەماوە، کتێبی جددیش لە ساڵێکدا ڕەنگە چەند دانەیەکی لێ بفرۆشرێت. ئەوە باسمان لەوە نییە کە بەراوردی لایکی مۆدێلەکان یان یاریچی تۆپانێ بەو شاعیرەی ١٦ لایکی بۆ کراوە بکەین و لەگەڵ ئەمەشدا کە هەمووشیان شیعرەکەیان نەخوێندووەتەوە. چ کارەساتێك هەست پێدەکەین کاتێك ببینین مۆدیلەکە سەدان هەزار لایکی بۆ بکرێت! ئەمە دیاردەیەکی کوشندەی کۆمەڵایەتییەو پێویستی بە لێکۆڵینەوەی سۆسیۆلۆژی ئەکادیمی و قووڵ هەیە کە بەرەنجامەکەی زەنگی مەترسی لێدەدات بۆ کۆتایی هاتنی سەردەمی ڕەسەنایەتی و شیعری جددی و چینی نوخبەی خوێنەران، لەو لێشاوە کوێرانەیەدا بەها ژێر پێ دەکەوێت و چی دی نابێتە جێی بایەخ، لەم دووڕیانەدا مردنی ڕاستەقینەی میللەت ڕوودەدات، بە شکستی بەرهەمی باش و دەرکەوتن و برەوی شتی خراپ. لێرەدا گرنگە مرۆڤ شوێنگەی ڕاستەقینەی خۆی بدۆزێتەوە تا نەسووتێت بە دەرد و پەتای ئەو شەپۆلە.


ئایا شیعر بە تەنیا مەعنایە؟
شاعیری ئینگلیزی تۆماس گرەی ١٧١٦-١٧٧١ لە وەسفێکی چڕی شیعردا دەڵێت:
“Poetry is thoughts that breathe, and words that burn.”
مانای: شیعر هەناسەدانی بیرۆکەکان و سووتانی وشەکانە.
وەکو زانراوەو گوتراویشە: شیعر سۆزو ئەندێشەیە، ئاماژەو نیشانەیە، چڕبوونەوەی دەلالەتە، یان تەقینەوەی چڕی هەست و نەستەکانە، کەواتە لێرەوە دەردەکەوێت کە زاراوە و زمان ڕۆڵێکی بەرچاودەگێڕێت لە سنعەتی هۆنینەوەی ئەو هەستە ناخەکیانە کە لە هیچ ژانرێکی تری وێژەییدا جێی نابێتەوەو یەکسەر لەگەڵ گیاندا یەکانگیر دەبێت کە خوێنەر پێی دەگات، جادوی خۆی لەسەری دەڕێژێت. لەم نێوەندەشدا وشەسازی و پشت بەستن بە بەش و زانستەکانی ڕەوانبێژی ڕۆڵێکی باش دەگێڕێت تا شیعر لە قسەی ڕۆژانە جیا بکاتەوەو ئەو وێنە مەجازییە شیعرییانە بكێشرێت کە بەهیچ جۆرێك کۆپی ڕاستەوخۆی واقیع نییە، بەڵکو پێکهاتەیەکی تێکەڵەو بە دەزوویەکی باریك شاعیر لەگەڵ واقیعدا گرێی دەدات و سەلیقەی داهێنان و مەیدانی کارکردنی لێرەدا دەردەکەوێت، کە تا چەندێك تازەن و چاولێکەریی و دووباەکردنەوە نین.
هەیە بۆ نموونە لە ژێر ناوی رەخنەی ڕادیکاڵی و بە تەنیا بینینی گوتارو تییمەی دەقدا هیچ لە پێکهاتە سەرەکییەکانی شیعر نابینێت و دەیەوێت ڕەخنە لە دەقێك بگرێت، هەر وەکو ئەوەی ڕەخنە لە هەڵوێست یان گوتارێکی سیاسی بگرێت، بێ ئەوەی بزانێت شاعیر تا چەند وردەکارانە، جوانییە فەرامۆشکراوەکانی ژیان دەکاتە دەقێك و دەمانهەژێنێت، ئەو دەقە پێش ئەوەی لەگەڵ ئاوەزدا بدوێ، لەگەڵ دڵ و سۆزو هەستەکانماندا دەئاخفێ.
ئەگەر بڵێین بەشێك لە پێکهاتەی هەموو زاراوەیەك مانایەو بە خستنە پاڵ یەکتری، شاعیر ڕێگای نوێ دەدۆزێتەوە بۆ دەربڕین کە پێش ئەو ئەنجام نەدراوەو لەو میانەیەدا شتێکی نوێمان بە زمانی ناڕاستەوخۆو پڕ کۆدی چڕی شیعر پێشکەش دەکات، کەواتە مانا و پەیامی پشت وشەکان بەشێكی شیعرن نەك هەموو، ئەویش دەکرێت ڕاستەخۆو ئاشکرابن یان شاراوەو ناواخندار، یان زیاد لە مانایەك لە دووتوێیاندا خۆی وەشاردبێت. بەڵام هەرگیز شیعر شەرح و ڕوونکردنەوەو درێژدادڕیی نییە، کاتێك زمانی شیعر گەیشتە ئاستی قسەی ڕۆژانە ئەوا لە هونەرکاریی خۆی دادەماڵێ و خواحافیزی لێ بکە.
ئەگەر نا، ئەوا وتاریش کە هەڵگری چەمکی مانایە، دەبوو وەك شیعر تەماشا بکرێت، یاخود پەخشان و نامەو ڕێپۆرتاژو ..تاد، بەڵام ئەوەی شیعر لەمانە جیا دەکاتەوە لە میانەی مانادا، چڕی و خەستییەکەیەتی لە شیعردا، کە ڕەنگە هەر بە ئاماژەیەك دەربڕینی لێ بکرێت، ئەمەش دەبێت لە فۆرم و ستایڵی تایبەتی شیعردا بێت نەك شتێکی تر، ئەمانە ڕاستییەکن هەر لە سەرەتای قۆناغی زارەکی فۆلکلۆری و لاواندنەوەکانەوەو تا دەگاتە کلاسیك و ڕۆمانتیك و سیمبوڵیزم و ڕیالیزم و مۆدێرن ئەو بنەما سەرەکییانەی پێشوو باسمان کردن کەم تا زۆر پەیڕەوکراون، بەڵام لە هەر قۆناغێکدا چەند لایەنێك زاڵبووە بەسەر ستایڵە شیعرییەکاندا، بۆ نموونە گەر لە قۆناغی کلاسیکدا کێش و سەرواو وەزنەکان و مەنتیق بەمەرجی سەرەکی دانرابن، بەڵام لە هەمان کاتدا هەست و هەژان و سۆزو هونەرەکانی مەجازو ڕەوانبێژی تیایاندا بوونی بووە، بەهەمان شێوەش کاتێك لێشاوی شیعری ڕۆمانتیك و شیعری ئازاد پشتی لە کێش و سەرواکردو شیعری لە هەندێك مەرج ئازادکرد کە بەکۆتی بەردەم داهێنان دەیانبینییەوە، بەڵام نەیتوانی خۆی لە مۆسیقاو ئیقاع و ڕەوانبێژی و چڕبوونەوەو وێنە ڕزگار بکات. کەواتە ئەوەی ناوەڕۆکی شیعرو هونەرەکانی تر لەیەکتر جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە لە شیعردا هزرو هەست و سۆز بەمانایەکی تر بوارەکانی(ئاوەز، دڵ، دەروون) تیایاندا ڕۆڵ دەگێڕێت لە بەرهەمهێنانیدا و هیچ یەكێکیش لەوانە نییە بە تەنیا، بۆیە لێرەوە دەتوانین بڵێین ئەستەمە پێناسەیەکی دیاریکراو بۆ شیعر دابڕێژین کە پڕاوپڕی خۆی بێت و لە چەند وشەیەکدا کورتی بکەینەوە. هەرچەندە زۆر لەم بارەوە گوتراوەو نووسراوەو هەرکەسە لە دیدو تێڕوانین و سەلیقەو تێگەیشتنی خۆیەوە تەماشای شیعری کردووە. ڕەنگە ئەمە بێت وای لە شاعیری ئەمەریکی بەناوبانگ ڕۆبەرت فرۆست کردبێت بڵێت: “شیعر ئەو هەستانەیە کە بیرۆکەی خۆیان دۆزیوەتەوە، و بیرۆکەکانیش وشەکانیان دۆزیوەتەوە”.
مەخابن ڕەنگە لەمڕۆدا نووسینی شیعری ئازاد زۆر ئاسان تەماشا بکرێت، بۆیە نووسیارانی هێند زۆربوون و شیعری کاڵوکرچ لە برەودایە، دەبوو بزانرایە بە تەنیا زانین و زانیاری بەس نییە بۆ شیعر نووسین، بەڵکو بەهرەو سەلیقەو کارکردنی لەگەڵدایە، چونکە شیعر کیمیاو فیزیا و جوگرافیاو میژوو نییە تا لەبەربکرێت و بۆ نموونە خاوەنەکەی ببێتە مێژوونووس. ئەمە بۆ ڕەخنەش هەر ڕاستە، بەوەی کەسێك لە بونیادی کەسایەتیدا وردبینی و سەلیقەی شیعریی نەبێت ناتوانێت تەنیا بە زانین ببێتە ڕەخنەگر، بەڵام لە ڕێگەی خوێندنەوەو موتابەعەکردنەوە بەهرەو تواناکانی پەرە پێدەدات.


ئێستای شیعری کوردی:
قسەم لەو لێشاوە بەربڵاوەی نووسینی شیعر نییە، بەڵام با پەنجە بۆ خیانەتکردن لە شیعر درێژ بکەین لە لایەن ئەوانەی خۆیان بە شاعیرو ڕۆشنبیرو کارمەندی دەزگاو جاپەمەنییە ئەدەبییەکان دەزانن، کاتێك دەقێکی شیعری باش دەچێتە بەردەستیان و لەبەر هەر هۆیەكی نابابەتی ڕەفزی دەکەن و لە بەرانبەردا بە چەندان هۆکار شیعری کەم ئاست دادەبەزێنن، قسەم لەوەش نییە هێشتا خۆی وەك شاعیر نەبینراوە، دەڵێت چیرۆکنووسیشم، ڕەنگە بتوانرێت گۆڤارێك بە داواکاریی وتەکلیفکردن لەم ولەو تژی لە بابەتی وەرگێڕان بکرێت و چاپ ببێت، بەڵام هەرگیز ناتوانرێت بگەیەنرێتە ئەو ئاستەی دوو شیعری کوردی داهێنەرانەو دوو ڕەخنەو لێکۆلێنەوەی موعتەبەری خۆماڵی تێدا بڵاوبکرێتەوە، لاپەڕە ڕەش کردنەوە ئاسانەو داهێنان و تازەگەریی و جیاوازنووسین لە دنیای شیعردا زۆر گرانە، هەروەها قسەمان لەوانە نییە وا دەزانن تازەگەریی لە بە بابەتکردنی شتی سەیرو سەمەرەو کەم بایەخدا چڕ دەبێتەوە، وەکو شیعر لەسەر جۆرە جیاوازەکانی مووی جەستە، یان لەویش خراپتر گوو…ببورن کە ئەو وشەیەم نووسی… شاعیرانی پێشوو هێندە شیعریان لا بەرز بووە، هەرگیز نەیانویستووە سومعەی شیعریان وا دابەزێنن و بگاتە ئەو ئاستە نزمە، گەر ویستبێتیان پلارێکیش بگرن هێند هونەریی و وەستایانەو زمانزانانە هۆنیویانەتەوە تەنانەت پلار لێگیراویش چێژی لە خوێندنەوەی بینیوە، نەك ئازار بە چەشەی خوێنەرانی شیعر بگەیەنن.
ئەگەر لای هەندێك بە تەنیا مەعنای شیعر هەموو پێوەرو شتێك بێت، ئەوا بابەتی زاڵی شەپۆلە گشتییەکە هەر سیمای ڕۆژگارەکەمانە، کە غەمباری و تەنیاییە و دەگمەنن ئەوانەی بە جیاوازی خۆیانی لێ دەدەن گەر بریار بێت خۆیانی لێ بدەن! وێڕای ئەوەی زۆرجار دەبینین یەکێتی بابەت پشتگوێ دەخرێت وهەر لە شیعرێکدا لەبابەتەوە بۆ بابەت بازبازێن دەکرێت و ئەستەمە خوێنەر بتوانێت بێ سەرەگێژە دوای ئەو هەموو بازدانانە بکەوێت و ملی نەشکێت، ئەی بۆ باسی ئەو هەموو وێنە نامەعقولە شیعرییە ناکەیت بە ناوی سوریالییەوە کە هیچ ڕایەڵێك خوازەی لێكچوو بە لەوچوو نابەستێتەوە وپاشان بە ناونیشان و تییمەی دەق، هەروا نەبوونی دنیابینی لە شیعرداو نەبوونی شێوازی شیعریی کە بیرکردنەوەو کارکردنی شاعیرەکەی دەردەخات یەکێکە لە کێشەکانی دی، ئەمانە بەڵگەن لەسەر کاری بەپەلەو بێ پێداچوونەوەی شاعیرەکەی، لە لایەکی ترەوە ڕەنگە زەمینەکە لەبار بێت بۆ ئەو جۆرە بەرهەمە لە ڕووی بوونی سیستەمی گەڕەلاوژەو جەماوەرو خوێنەری سادەو کارکردن لە واقیعێکی وا پەرپووتدا کە دەقی وای لێ شین ببێت. خاڵێکی تر لەو سیما دیارو لاوازانەی شیعری ئەمڕۆ چڕبوونەوەی مانای زاتییبوونە؛ بە پلەیەك دابڕان لەگەڵ خوینەران کە خوێنەر خۆی یان بەشێك لە خۆی لەو دەقەدا نادۆزێتەوە، بەڵی زۆربەی دەق لاوازیی تێدا هەیەو ڕەنگە لایەنی ئەرێنی و دڵخۆشکەریشی تێدا بێت، بەس گرنگە لاوازیی و هەڵەو کەموکورتییەکان زاڵ نەبێت بەسەر کۆی جەستەی کارە شیعرییەکەدا، ئەمڕۆ لێشاوی کارە بینراوەکان تەنگی بە کارە زیهنی و هەستەکییەکان هەڵچنیوە کە هۆکەی دەگەڕیتەوە بۆ برەودان بە شەپۆلی پووچی و نادانیی، وەك چۆن هێندەی لە گۆرانییەکانی ئەمڕۆدا گرنگی بە نمایش دەدرێت وەك لە دەنگ و ئاوازی ڕەسەن. هەرواش بڵاوکراوەکان وێنەیەکی گەورەو جوانی شاعیر پێش دانانی شیعرەکە دەخەن وەك ئەوەی ئەوە پێوەر بێت.


شتێك لەبارەی وێنەی شیعرییەوە:
وێنە لە فەرهەنگدا بە مانای شێوە دێت، بەڵام وێنەی شیعریی بریتییە: لە ڕێگای تایبەتی دەربڕینی شاعیرو بونیاتی زمانەوانی کە لە ڕێی دونیابینییەوە دادەڕێژرێت، لە شێوە باوەکەیەوە وێنە دەگۆڕدرێت بۆ شێوەیەکی ناباوی نوێ، ئەمەش کارلێکردنی کرداری درککردن و زمانە پێکەوە، کە ئەندێشە دروستی دەکات و هاوچوونیی و جیاوازیی تێدا هەیە لەگەڵ واقیعدا و لە پێناو دەربڕینی ئەزموونی شاعیردا بە وشە دەکێشرێت. بۆ ئەوەی ئەم باسە زیاتر ڕوون بکەینەوە، دەبیت بزانین وێنە دوو جۆری هەیە: ١- وێنەی زەینی ٢- بەرجەستە. وێنەی شیعریی زەینی ئاماژەدارە و نابەرجەستەیە. جێی باسە ئەم بابەتە کۆنەو لە مێژە شاعیران پەنایان بۆ وێنەی شیعریی بردووە، بۆ نموونە جاحیز ٧٧٦ – ٨٦٨ز، لە کتێبی (حيوان)دا دەڵێت: شیعر سنعەت و چنین و ڕەگەزی وێناندنە. ئەمەش کاری ئەندێشەکردنە. کە لای ڕۆمانتیکیەکان هەست سەرچاوەیەتی و لای سوریالی و سیمبوڵیستەکان شوێنی سەرەکی نەستە. ئەمە لەسەر بنەمای خوازەو میتافۆر بەهەم دێت و وێنەیەکی تێکەڵەمان دەداتێ کە هەڵقوڵاوی توانای ئەندێشەکردن و سۆزو دنیابینی شاعیرە.
کەواتە کرداری کێشانی وێنەی شیعریی زیهنییەو زۆرجار خواستنی سیفەتێکی دیاریکراوی شتێکەو خستنە پاڵی شتێکی ترە کە لە نێوانیاندا هاوبەشییەك هەیە، ئەمیش لە چوار ڕەگەز پێکدێت: ١-لێكچوو، ٢-لەوچوو، ٣-ئامرازی لێكچوون، ٤-ڕووی لێكچوون. هەندێكجار هەردوو ئامرازی لێكچوون و ڕووی لێكچوون لادەبرێت و بەس لێكچوو و لەوچوو دەمێنێتەوەو ئەو کاتە وریایی خوێنەر درك بەم کرداری لابردنە دەکات و میتافۆڕەکە بەهێزتر دەکات و پەی بە مانای دروستکراو دەبات، بۆ نموونە وەك ئەوەی بگوترێت (بریسکانەوەی چاوی) لە بری (چاوی وەك ئەستێرە دەبریسکێتەوە).
لێرەدا باپێكەوە دیقەتی ئەم وێنە شیعرییانە بدەین و ئەو یاسایەی پێشووی بەسەردا جێبەجێ بکەین:

نموونەی یەك/

(وەك گۆچانێك
لە کافێیەك دەڕشێمەوە)

وەك: ئامرازی لێكچوون
گۆچان: لێكچوو
ڕشانەوە: ڕووی لێكچوون
لەوچوو: ڕاناوی ـ م ـ ی من، لە (دەڕشێمەوە)دا

  • تێبینی: سەبارەت ڕووی لێكچوون: لێرەدا ناڕوونە.
    منی خوێنەر لێرەدا دەپرسم ئایا ئەم وێنەیە هی هەستە یان نەست؟ دەبێت هی نەست بێت چونکە لە ڕووی قبوڵکردن و ماقووڵبوونی وێنەکەوە دەبێ بپرسین: ئایا چ ڕایەڵێکی پەیوەندیی و خاڵی هاوبەش هەیە لە نێوان گۆچان و ڕشانەوەدا، کە لێرەدا دەمانباتە سەر لێكچوونێکی زۆر دوورتر، کە لێرەدا ناچارین و دەبێت ڕێ بە خۆ بدەین بۆ ڕاڤەکردن، بڵێین گۆچان کە دەسکەکەی چەماوەتەوە نیشانەی چەمانەوەی پشتە، ئەویش نیشانەی پیر بوونە، پاشان مرۆڤێکی پیر بهێنینە پێشچاو کە دەڕشێتەوە، چ لەبەر نەخۆشی بێت یان لەبەر پێنەکەوتنی ئەو خورادن و خواردنەوەیەی کە لە کافێدا گەدە بۆی هەرس نەکراوە. ئیتر بڕیاری شیعرێتی و بەهێزیی وێنەکە لای وەرگر جێ دەمێنێت، کە ئەزموون و سەلیقەی بڕیاری پێدەدەن.
    ……
    نموونەی دوو/

(زەمینی هەور ئێرە نییە
بۆشاییەکی کزو ساردە
چونکە خەمباریی پەنجەرەیەکی پیرە
ژیان لە دەستەکانی گەمارۆبوونی ساردبۆتەوە
لە بیردەکەم کاتژمێرەکە بشکێنم
ڕەنگە هێشتا
چنینی قوماشێك لە خەڵوز
لە ئەگەری هاتنی تۆفان
هیوایەکی باش بێت).

وێناندن لەم کۆپلەیەدا ئاوێتەیە، واتا زیاد لە وێنەیەكی تێدایەو لێتێگەشتنی کۆپلەکەو هەناسە شیعرییەکە ئاڵۆز دەکات، یەکەم دێڕ لە وێنەیەکی واقیعییەوە دەست پێدەکات: (زەمین و هەور و ئێرە) هەرسێك بەرجەستەن، پاشان دەکرێت بپرسین ئایا هەور یان ئێرە کامییان بۆشاییەکی ساردە؟ ناڵێم کز، چونکە کز بۆ تینی ڕووناکی و گەرمی بەکاردێت، گەر بگوترایە (کزە) ئەوا دەمانزانی مەبەستی لە بای ساردە.
پاشان دێینە سەر خوازە/میتافۆڕی خەمباریی؛ کە شاعیر بە پەنجەرەیەکی پیر دەیچووێنێت، دەزانین پەنجەرە ئاماژەی دیدگایە، ئیتر لە دێڕی دواتردا خوێنەر توشی ئاڵۆسکان دەبێت لە کاتی لێکدانی مانا لێکدراوەکانی (ژیان لە گەمارۆبوونی دەستەکانی ساردبۆتەوە) ئایا گەمارۆبوونی چی؟ و ئاماژەیە بە کێ؟ هەروا دەستەکانی کێ؟ پاشان گەر بگەڕێینەوە بۆ سێ دێڕەکەی پێشوو کە باسی هەورو پەنجەرە بوو. ئەم بازدانە بۆ ژیان و تەواونەکردنی ئەو دوو وێنەیەی پێشوو چ نهێنییەکی لە پشتەوەیە؟
پاشتر دێڕە شیعری (لە بیردەکەم کاتژمێرەکە بشکێنم) دێت، کە دوو مانای هەیە: بەرجەستە و ئەندێشە، بەرجەستەکە ڕوونە کە شکاندنی هەر کاتژمێرێکە، بەڵام شاعیر دیارە لەبری گوتنی زەمەن سیمبوڵی کاتژمێری بەکارهێناوە (وەك گوتمان هەردووك ئامرازی لێكچوون و ڕووی لێكچوون لابردراوە).
دواتر بەر وێنەیەکی تری سوریالی دەکەوین، کە لە قووڵایی دنیای خەون و سوریالیزمدا سەرهەڵدەدات، ئەویش چنینە لە خەڵوز، چونکە وەك زانراوە کاتێك شاعیر خوازەی دنیای هەستی بەکارهێنا و دوو زاراوەی لێکدا بۆ دروستکردنی وێنەیەکی تازەی شیعریی، دەبێت ڕووی لێكچوون لە نێوان ئەو دوو زاراوەدا هەبێت، دەزانین خەڵوز سیفەتی ڕەشێتی لێرەدا لێوەرگیراوە وەکو ڕەشبینی و دەربڕینی باری خەمناکیی، بەڵام رووی لێكچوونی لەگەڵ چنیندا نییە، چونکە لە ڕەگەزی قوماش و پێستەو هەموو ئەو شتانە نییە کە بواری چنینیان هەبێت. بەڵام خوێنەر دەتوانێت مانای ئەم دیدگایە تەواو بکات لە ڕووی ناوەڕۆك و پەیامی دەقەوە، کە شاعیر پێشبینی هاتنی خراپتر دەکات و بە تۆفان دەیچوێنێت، کەواتە هێشتا ڕەشبینی وەکو هیوایەکی باشە بە بەراورد بە ژیان لەناو ئەو تۆفان و ئاژاوەو کارەساتانەی بەڕێوەیەو شاعیر پێشبینی دەکات کە لە ئاکامی گومڕایی و لەخۆباییبوونی مرۆڤ بەرپا دەبێت.

وێنەی سێ/

(زەرفێک بارانی فێنکی حەشاردا بوو،
بێز لە دەنگی خۆی، نا
ژیان، با!
دەکردەوە).
…………..
شاعیر لێرەدا دالی (زەرف) بەکاردەبات وەکو سیمبوڵ، هەروا وەك هەوڵ و دەستپێشکەرییەك لە بەکارهێنانی ئەو زاراوانەی شاعیرانی پێش خۆی بەکاریان نەهێناوە، بەڵام بەکارنەهێنانی ئەم دالەش لە لایەن شاعیرانی پێشترەوە ڕەنگە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە بە زاراوەیەکی شیعرییان دانەنابێت! ڕەنگە ئەمە دیمەنێکی ڕاگوزەر بێت شاعیر لەسەر ڕێدا بینیبێت و لێرەدا لە وێنەیەکی شیعرییدا جێی کردووەتەوە. شایانی ئاماژەیە کە لە بەشێكی ڕۆژهەڵات بە زەرف دەڵێن دڵق، لێرەدا گرنگ نییە گەر زەرفی کاغەز بێت یان نایلۆن، بەڵام بەوەدا توانای لە خۆگرتنی بارانی هەیە ڕەنگە هی نایلۆن بێت، ئەم وێنەیە حسی و بەرجەستەی واقیعە، شاعیر سەرنجی داوە کە چۆن لە کاتی باران باریندا ئەو زەرفە دڵۆپە ئاوی لەخۆ گرتووە، کاتێك هەوا لێی دەدات دەنگێك دروست دەکات، ئەو دەنگە بەراورد دەکات بە دەنگی ژیان کە هەموو هارمۆنیەتییەکی لەم سەردەمەدا لەدەستداوە، ئیدی بڕیار دەدات دەنگی ئەو زەرفە بەرەندە بکات و لای پەسەندتر بێت وەك لە دەنگە فریودەرەکان، وەك ژاوەژاو و ئەو سەدایانەی لە کەناڵەکانی تیڤییەوە بڵند دەبن، کە ئەمڕۆ هروژمەکانی پروپاگەندەو بەلاڕێدابردن زاڵن بەسەر هەقیقەتدا لە کۆمەڵگاکاندا. پرسیارو خرۆشانی خوێنەر سەبارەت (زەرف) لەوەدایە کە چلۆن ئەو بابەتە کەمبایەخەی فڕێ دەدرێت بە بەراورد بە ژیانی هاوچەرخ، پەسەندترە بە بەراورد بە دەنگەکانی تری ژیان؟ ئەمەش درێژکردنەوەی ئەو دنیابینییە پڕ نائومێدیی و ڕەشانەی پێشووی شاعیرە بۆ ژیان کە لە کۆپلەکانی تردا فۆرمی تریان پێدرا بۆ دەربڕین لە هەمان دیدگا.
لێرەدا ئەو بەیتەی مەحویمان یاد دێتەوە کە چلۆن ئەویش لە وێنەیەکی شیعریدا خوازەی (سوراحی) ئەکتیڤ دەکات کە قێزی دێتەوە و یەع دەکات کاتێك ملی شۆڕ دەکاتەوەو ئاو دەکاتە پەرداخ بۆ هەندێك لە کەسەکان کە دەڵێت: (قەی کردنی سوراحی ئەوی تێبگات دەڵێت: دڵ تێکەڵهاتنە لەگەڵ ئەم خەڵکە تێکەڵی)..
کەواتە بەپێی تێڕوانینی بونیادگەرایی، مانا لەم کۆپلەیەدا ئەم فۆرمە گشتییە وەردەگرێت:
بچووکی مانادار………پەسەندترە……..لە گەورەی بێ مانا

نموونەی چوار/

(لە نێو شوشەیەکی دڕاودا،
پشکۆی زەمەن کۆبکەرەوە).
………
چوار دال و پنتی سەرەکی لەم کۆپلەدا هەن کە وێنە شیعرییەکەیان دروست کردووە، (شوشە، دڕاو، پشکۆی زەمەن، کۆکردنەوە). ئەمەش وێنەیەکی نەستییە، بەحوكمی ئەوەی شوشە دەشکێت، بەڵام لە تاقیگەی شاعیردا دەدڕێت؟ بەڵام بۆچی؟ گەر هەندێك بە ناتەبایی وێناندنەکەی لێكبدەنەوە، ئەوا مەبەست لە سینەی شاعیردا پەنهانەو ڕەنگە وەڵامی خۆی هەبێت بۆ ئەم گۆڕینە.
گەر وردتر سەرنج بدەین لەم کۆپلەیەدا هەموو شتەکان لە حاڵەتی نەرێنیدان، هەم دڕان یان شکانی شوشە، هەم بە خۆڵەمێش بوون کە قۆناغی دوای بڕینی درەخت و سوتان و بە پشكۆ بوونە، هەرچەندە کۆکردنەوە حاڵەتێکی ئەرێنییە، بەڵام لە کۆکردنەوەی پشكۆدا خوێنەر نیشانەی پرسیارو سڵەمینەوەی لا دروست دەبێت و دەکرێت بە ڕووەکەی تردا لێکدانەوەی بۆ بکات، وەك دەڵێن: پشكۆی شۆڕش، بەڵام لێرەدا پشكۆی زەمەنە، گەر زەمەنیش زیاتر ورد بکەینەوە کە شوێن لەخۆ دەگرێت و مێژوویەکی پێ ببەخشێن، ئەوا دەکرێت لێکدانەوەی ئەزموونی ژیانیشی بۆ بکرێت، کە ئەمەش مانا دوورەکەی وێناندنەکەیە.

پێنج/
(بوومەتە کۆیلەی بێزاریی.
لەکەلاوەی زەمەن، چرایەکی زامدارم.
هێشتانەکینێ تەنیاییەکەم، لە ئێوەدا دەنێژم)
….
لەم کۆپلەیەدا بەر چەند ئاماژەو ڕەگەزێك دەکەوین، نەك تەنیا وێنەی شیعریی، بەڵکو یەکەم دێڕ ڕەنگە هەندێك وای ببینن کە ئاخاوتنی ڕۆژانەیە، دەکرێت هەر یەکەمان وا بڵێین: (زۆر بێزارم) بەڵام کاتێك دالی (کۆیلە) بخەینە پاڵ بێزاریی ئەوا مانایەکی چڕترمان لە بێزاریی پێدەدات، لە دیوەکەی تریدا ئاماژەشە بە زۆربونی کۆیلە، چونکە شتێك لە ژینگەی شاعیردا نەبێت ئاسان نییە بەکاریبهێنێت و پەی پێ ببات و لە دەرگای شیعری بدات، مەگەر زۆر ئەندێشە بکات و بە تەواوی لە دنیای واقیع و بەرجەستەدا بچێتە دەرەوە لە کاتی نووسینی بەرهەمە شیعرییەکەیدا.
لە دێڕی دوودا جارێکی تر دەگەڕێتەوە بۆ زەمەن و ئەمجارە لەجیاتی پشکۆ، کەلاوە دەخاتە پاڵ زەمەن، تا بڵێت: لەوخەراباتە بێ ڕووناکی و تاریکەدا من وەکو ڕۆشناییەکی ئازار چەشتوو هەناسە دەدەم، چونکە وەك دەزانین چرا بریندار نابێت ( لە دنیای بەرجەستەدا برینداربوون وەسفە بۆ مرۆڤ و گیانلەبەران بەکاردێت و شکان بۆ چرا بەکاردێت) بەڵام لەبەر ئەوەی لێرەدا مانایەکی مەجازی لە پشت ئەو دەربڕینە شیعرییەوەیە بۆیە خۆی وەك چرا شوبهاندووەو بە بریندار وەسفی دەکات، بەڵام ڕەنگە ئەم مانایە پێکدادان بەرپا بکات لەگەڵ ماناکەی پێشوودا کە چۆن لەوێ بێزارو لێرەش ڕووناکی! بۆیە دەبێت شاعیر زۆر وریا بێت لە دانانی هەر وشەیەك لە شیعردا کە جێی تەواوی خۆی بێ زیادو کەم بگرێت، پاش نووسینیش چەندان جار بەسەریاندا بچێتەوە، گەر خۆی کە دانەری شیعرەکەیە درکیان پێ نەکات، دەتوانێت پیشانی کەسانی تری بدات بۆ وەرگرتنی ڕاو بۆچوونیان، پێش ئەوەی پەخشی بکات و ببێتە موڵکی و بەهەموو جوانی و ناشیرینیەکانیەوە لەسەری هەژمار بکرێت.
لە دوا دێڕدا ئەوە دەفامینەوە کە تەنیایی مەرگە، بۆیە لێرەدا ئاوها دەنێژرێت، بەڵام ناشتن لەناو خاکدا نییە بەڵکو لەناو ئەوانی مرۆڤ و قەرەباڵغييەکانیاندایە کە بەگۆڕ چووێنراون، واتا شاعیر تەنیا نییە، یان گەر تەنیاییەکەی بە جەستە بچوێنین و لەگەڵ ئەواندا بگوزەرێنێ، ئەوا ڕوحی بە دڵنیاییەوە بێزارەو هەست بە تەنیایی دەکات. ڕەنگە هەندێك بڵێت شاعیر دەیتوانی دێڕەکە پوختر بکات بە کورتبڕی زیاتروکارکردنی زیاتر لەسەری، لەبری ئەوەی بڕگەی وشەکان درێژ بکاتەوەو قورس بن لەسەر زمان و نامۆسیقی بن، بۆ نموونە دەیتوانی لە بری (هێشتانەکینێ تەنیاییەکەم، لە ئێوەدا دەنێژم) شاعیرانەتر دەبوو بڵێت (ئاوهاش تەنیاییم، تیاتان دەنێژم)، ئەمە هەربۆچوونە بۆ ڕوونکردنەوە، نەك فرمان بە گۆڕین بەم شێوەیە!

شەش/
(لە ئێسک و پروسکی گۆرانییەکی تەنیا؛
پەیکەری باڵندەی هەڵفڕیوی خۆزگەکان:
ئەو خۆزگانەی لە نێو گۆڕی فەرامۆشی
وەرزێکی تر لە مردن دەست پێدەکەنەوەو
دڵتەنگی گەمارۆی داون، بنیات دەنێنەوە)
……………..
نموونەی ئەم دواکۆپلەیەم لەبەرئەوە نەهێنایەوە، کە کەرەسەکانی وەك تەنیا، گۆڕ، دڵتەنگی ..کە هەمان دەربڕینی ناسۆری بارە دەروونییەکانی پێشترن و دووبارەن، هەروەها نیشاندەری شێوازی ڕۆچوونی شاعیرە بە دنیای سایکۆلۆژی و ئاشنا بوونی خوێنەریشە بە تییمەو بابەتی شیعریی و تەنانەت شێوازی لێکدانی وێنە مەجازییە شیعرییەکانی شاعیر، بەڵکو مەبەستی من لێرەدا ئەوەیە لێکدانی چەند وێنەیەکی شیعریی و تێکەڵ کردنیان چ ئاستەنگێك بۆ خوێنەر دروست دەکات لە هەرسکردنی وێنەکان لە چیكڵدانەی شیعرییداو چەند گران دەبێت سیفەتی ئیستاتیکی دەق بپارێزێت.
لە سەرەتا دێڕدا خۆمان لەبەردەم وێنەیەکی مەجازی دەبینینەوە کە بەخشینی سیفەتی (جەستە)یە بە (گۆرانی تەنیا)، ئەو جەستەش لە ئێسك و پروسك پێکدێت، واتا کۆتایی هاتووەو مردووەو بە تەنیا چوارچێوەکەی ماوەتەوە، پاشان وێنەیەکی هاوشێوەی ئەمەمان بۆ دەنەخشێنێت لە دێڕی دوودا، کە (پەیکەری باڵندەن) ئەم بەشەی بەرجەستەیە، بەڵام کە (خۆزگە) دەلکێنێت بە باڵندەوە دەبێتە مەجاز. کەواتە منی وەرگر وای لێدەفاممەوە، باڵندەی خۆزگەکان هەم هەڵفڕیوەو هەم مردووە، یان زۆر لاواز بووە (وەکو کورد وتەنی: هەر پێست و ئێسقانەکەی ماوەتەوە) چونکە هەر پەیکەرەکەی ماوەتەوە. پاشان لە دێڕی سێدا وێنەیەکی تری شیعریی زیاد دەکات بۆ هەمان مانای ئەو کۆپلەیە کە وەسفی شوێنگەی خۆزگەکانە و شوێنیان (گۆڕی فەرامۆشییە)، هەموو ئەو بێهیواییەو تەنیایی و خەمبارییە شوێنیان گۆڕی فەرامۆشی و لەیادچوونە، هەموو ئەو وێناندنانەی پێشووش لە دێڕی چواردا بەردەوامییان پێ دەدرێت و وەسفی خۆزگەکان دەکرێت کە نەمردوون، بەڵام وەرزێکی تریش دابێت هەر مردنە بۆ خۆزگەکان و بێتاقەتن، ئەوا ئەکشن لێرەدا ئەوەیە: پەیکەری هەڵفریوی خۆزگەکان لە ئێسک و پروسکی گۆرانییەکی تەنیا پەیکەری خۆزگەکان بنیات دەنێتەوە.
ئەمە ڕێگای تێگەیشتنی خوێنەرە بۆ ئەم کۆپلە ئاوێتەیەو بەرەنجامەکەشی ئاڵۆسکاندنی وێنەی شیعرییە، بەڵام ڕەنگە لە دڵی شاعیردا مانایەك هەبێت و بەمجۆرە توانیویەتی بیشیعرێنێت، کە ڕەنگە شاعیرێکی تر بەشێوەیەکی جیاوازترو کورتبڕانەتر بتوانێت هەمان وەسفی دۆخی ناوەکی خۆی مانا لێ بکات و دەرببڕێت. ئەمەش بواری ئازادی دنیای نووسینی شیعرو جیاوازی پەنجە مۆری مرۆڤەکانە، لەهەمان کاتیشدا شتێکی سەیر نییە چونکە تەنانەت عەبدوڵڵا گۆرانی شاعیریش جارانێك بە تەواوی نەیتوانیوە ئەندێشەو هزری جێ بکاتەوە لەناو دەقێکی شیعریی بەرهەمهێن و لەمبارەشداو لە (هەڵبەستی دەروون) دا دەڵێت:
هەرچەند ئەکەم ئەو خەیاڵەی پێی مەستم
بۆم ناخرێتە ناو چوارچێوەی هەڵبەستم
لێکدانەوەی دەروون، قســـــەی زمانم
بۆچی وەها دوورن لەیەك ؟ نازانــــم!

————————————

سەرچاوەکان:

1-Understanding Poetry. 4th edition. by: Brooks, Cleanth, Robert Warren, Wadsworth Publishing.
2- Percy Bysshe Shelley, By Bloom, Harold,
Broomall, PA : Chelsea House.2001
٣- النقد والبلاغة. شكري عياد، دار المعارف الطبعة الاولی، ١٩٩٤.
٤- ماڵپەڕی شیعریی (تەم) چەند دەقێك، نەهرۆ جەرجیس، ساڵ٢٠٢٤ .




کورد و ڕەهەندەکانی ڕۆشنبیری.. دوکتور شەماڵ ئیسماعیل پوور

بەرایی
ڕۆشنبیری و گرینگی ئەم چەمکە بۆ کۆمەڵگا هەمیشە حاشاهەڵنەگرە. ئەم بابەتە لە زانستە مرۆییەکان و لێکۆڵینەوە فەرهەنگی و گوتارە سیاسییەکاندا هەرگیز کۆن و بۆژۆ نابێت. هەربۆیە هەڵدەگرێ بە شێوازی نوێ و نوێتر بخرێتە بەرباس و لێکۆڵینەوەی تایبەت. فەیلەسووف و کۆمەڵناسەکان لە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانەوە ئەم بابەتەیان تاووتوێ کردووە. لەم وتارەدا تیشک دەخەینە سەر کاریگەری و جێ‌پێی دیاردەی ڕۆشنبیری لە کوردستاندا. ئەم کاریگەرییە بە نەتەوەی کورد و بارودۆخی کوردەوە گرێ دەدەین و ڕۆشنبیری نەتەوەی بێ‌دەوڵەت پێناسە دەکەین و لە کۆتاییدا بۆ پرسی ناسنامەی نەتەوەیی لە دەربیجەی ڕۆشنبیرییەوە دەڕوانین.

ڕۆشنبیری
وشەی ڕۆشنبیر لە وشەی فەڕەنسی (Intellect) وەرگیراوە و بە واتای هێزی عەقڵە. ئەم وشەیە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1860ی ز لە وتارێکی پیسارۆفی ڕووسیدا هات و بۆ لاوانی ئاکادیمی بەکار برا . ئەو لاوانەی خاوەنی ئەندێشەیەکی ڕەخنەگرانە بوون. لە ئەندێشەی مارکسیستیدا چەمکی ڕۆشنبیر لەگەڵ چەمکی چەپ بە یەک واتا هاتوون.بە دڵنیاییەوە گەشەی گەلان و ڕزگاربوونیان لە دواکەوتوویی و خورافات و ژێردەستی، لە سۆنگەی چالاکی و کاری ڕۆشنبیرانەوە بووە. ڕۆشنبیران کارێکی زۆر دژواریان لە ئەستۆیە. ڕەنگە هیچ کارێک بەڕادەی وەئاگاهێنانەوەی خەڵک دژوار نەبێت. کاری ڕۆشنبیری جۆرێک لە پەروەردەیە. کاری پەروەردەش گەلێک دژوار و پسپۆڕخواز و کاتبەر و تێچوو هەڵگرە. ئیمانۆئێل کانت دەڵێ :لە نێو داهێنانەکانی بەشەردا دوو شت لەوانی دیکە دژوارترن، یەکیان هونەری بەڕێوەبردنی وڵات و ئەوەی دیکەیان هونەری پەروەردە.

زمانی ڕۆشنبیر
ڕۆشنبیر خاوەنی زمانی تایبەت بە خۆیەتی. ئیدوارد سەعید دەڵێ: کەسی ڕۆشنبیر ئەگەر زۆر پسپۆڕانە بدوێ، کەس لێی حاڵی نابێ و ئەگەریش زۆر ساکار و سادە بدوێ دەچێتە حاڵەتی پۆپۆلیزمەوە . کەوابوو کەسێکی ئەوتۆ دەبێ لەگەڵ ئەوەدا کە خاوەنی زانایی تایبەتە، دەبێ بەزمانی ناپسپوڕانە و تایبەت بدوێ. تاکوو هەموو خەڵک لێی تێبگەن و وتەکانی فام بکەن و بتوانێ قسەی خۆی بە گوێی هەموو خەڵک بگەیەنێ.

کاری ڕۆشنبیر
لە نێو گەلانی خاوەن دەوڵەتدا، کاری بنەڕەتی ڕۆشنبیر ڕەخنە گرتن لە دەسەڵاتە . دەسەڵات بە بێ ڕەخنە لێگرتن و چاودێری کردنی ڕۆشنبیران دەگنخێ. دەسەڵاتدار کە لە دەسەڵاتدا مایەوە، ئاشقە خۆ دەبێت و بێجگە لە خۆی کەس نابینێ و تاکڕەوانە کاران ڕادەپەڕێنێ و دەستی بۆ هەموو خراپەکارییەک ئاوەڵا دەبێت. هێدی هێدی لە یاسا و ڕێساکانی کۆمەڵگا دوور دەکەوێتەوە و دەچێتە چوارچێوەی ئایدیۆلۆژیاوە. لە وەها حاڵەتێکدا لەباتی پێمل‌بوون بە یاسا و داخوازییەکانی گەل و نەتەوە، حەز و ئاواتە تاکڕەوانەکانی خۆی دەکاتە یاسا و خەڵک پێملی ویستەکانی خۆی دەکات. ڕۆشنبیری بوێر و نەترس و ئازا دێتە مەیدانەوە و بە ڕەخنەی ڕۆشنبیرانە بەرهەڵستی دەسەڵاتدار دەبێتەوە. ئەوسا زۆرجار دەسەڵاتدار لەبری پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ و چاکسازی، پەنا دەباتە بەر تیرۆر و ڕەشەکوژی و لەناوبردنی کەسی ڕەخنەگر. مێژووی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین پڕە لەو کوشتن و بڕین و دورخستنەوە و ژیان لێ ئەستاندنانە. ئەم دیاردەیە لە مێژووی وڵاتێکی وەکوو ئێراندا هێندە بەرچاوە کە نووسەرێکی وەکوو عەلیڕەزا قولی کتێبی کۆمەڵناسی بژاردە کوژی (جامعەشناسی نخبە کشی) نووسی و کومەڵناسانە ئەم دیاردە دژە مڕڤانەیەی تاووتوێ کرد. ئەم کتێبە بە شێوەیەکی کۆمەڵناسانە باس لە ملهوڕی و دواکەوتوویی دەسەڵاتداران دەکات کە چۆن کەسانی بژاردەی گەل و نەتەوە خۆشەویست دەکوژن و پێیان خۆشە خەڵک گیل و نەزان بمێننەوە.ڕۆشنبیر لەنێو گەلانی دواکەوتوودا دەکەوێتە بەر غەزەبی خەڵکیش . هەربۆیە زۆر جار ڕۆشنبیر و جیابیران بە دەستی گرووپە توندئاژۆکانی ئەو کۆمەڵگایە کوژراون. ئەم دیاردەیە بەجۆرێک بەربڵاوە کە دەتوانین لەنێو هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا نموونەی بۆ بێنینەوە.

دەردی ڕۆشنبیر
ژان پۆل سارتر پێی وایە کەس ڕۆشنبیری ناوێ و کەسیش بە فەرمی نایناسێ.تەنانەت خەڵکی ئاساییش بە هێندی وەرناگرن و لەلایان گرینگ نییە. ئەو لای وایە کاتێک ڕۆشنبیر هاتە گۆڕەپانی چالاکی ڕۆشنبیرانەوە، چینی دەسەڵاتدار بە خاینی دەزانێ و پێی وایە دژی ئەو سیستمە ڕاساوە کە ئەوی پێ گەیاندووە.چینی هەڵبژاردەش نایانەوێ و لایان وایە بە دژی داخوازی و قازانجی ئەوان دەجووڵێتەوە.دەردی سەرباری دردانیش ئەوەیە کە چینی زوڵم لێکراویش لێی دڕدۆنگ و بەگومانن و دەیخەنە بەر تیری قسە و قسەڵۆک و پاشگر و پێشگری ناحەز و دوور لە ڕاستی . تەنانەت بووە ڕۆشنبیریان بە تاوانی دژە دین و دژە خودا بوون کوشتووە و خەڵکانی دیکەش شادمانی خۆیان لەو کوشتنە دەربڕیوە.ئەمە لە حاڵێکدایە کە وەکوو سارتر دەڵێ ڕۆشنبیر بەرهەمی هیچ بڕیارێکی پێش وەخت نییە.
واتە هیچ کەس و لایەن و گرووپ و حیزب و ڕێکخراوەیەک ڕۆشنبیریان پەروەردە نەکردووە. ڕۆشنبیر بە هۆی تایبەتمەندییەکانی خۆی ڕۆشنبیرە و کەس ناتوانێ ئەو نازناوەی پێ ببەخشێ. هەڵبەت لە کۆمەڵگا نەخۆش و کەمزان و دواکەوتووەکاندا دەسەڵات یاخۆ لایەنە بەهێزەکان ڕۆشنبیری درۆیین و ناڕاست دادەتاشن و وەکوو کورد دەڵێ، سەرلووسی بن پیس دەیخەنە بەر چاوی کۆمەڵگا. بەڕواڵەت ڕۆشنبیرە و لە ڕاستیشدا ناڕۆشنبیر و فریودەر و خەڵک خەڵەتێن.لێرە دایە کە ڕۆشنبیر و ناڕۆشنبیر دەبنە دوو چەمکی ململانێکەر . کردەوەی کەسی ناڕۆشنبیر بە بابەتی ڕۆشنبیری بە خەڵک دەفرۆشرێ و خەیانەتی ڕۆشنبیری وەکوو چەمکێکی حاشا هەڵنەگر دێتە ئاراوە.
ژۆلین بێندا و ژان پۆل سارتر دەڵێن، ڕۆشنبیر بە هەر هۆیەک خەیانەت بە ئارمانی ڕۆشنبیری بکات، واتە خۆی لە هەق و دادپەروەری و ئازادی ببوێرێ، خاینە. هەقیقەت و دادپەروەری و ئازادی سێ‌کوچکەی ڕۆشنبیری و مەزنایەتی مرۆڤ و چەمکە گرینگەکانی ژیانن. فێدریکۆ مایور شاعیری کاتالۆنیایی دەڵێ: ڕۆڵەکانم من بۆ ڕزگارکردنی ئەم سێ وشەیە کە بە میرات بۆتانی بەجێدێڵم، ژیاوم: عەشق و دادپەروەری و ئازادی . لە نێو ئەم سێ وشەیەشدا ڕەنگە ئازادی ئەو بەختەی بووبێ کە زۆرتر لەوانی‌تر کاری بۆ کرابێ و حورمەتی لێ گیرابێ و خوێنی بۆ ڕژابێ و سەربازی ڕۆشنبیری زۆرتر بووبێت. دوکتۆور مستەفا ڕەحیمی دەڵێ: ئازادی ئەگەر ببێ بە دیلی من، ئیتر ئازادی نییە، بەڵکوو دیلییە. کەوابوو ئازادی واتە ئازادی جیا بیران.
مارکس لەسەر ڕۆشنبیر پرسیارێکی جەوهەری هەیە و دەڵێ: ڕۆشنبیر چ کارکردێکی لەسەر بەرهەمی کۆمەڵایەتی هەیە؟
فرانسوا شاتلە لەمەڕ ڕۆشنبیر لێدوانێکی سەرنجڕاکێشی هەیە کە دەکرێ بڵێین بە جۆرێک وڵامی پرسیارەکەی مارکسی تێدایە. بە بڕوای شاتلە ڕۆشنبیر لەخۆیدا دژی پیرۆزییە. دژی کۆمەڵگایەکە کە هەقیقەت و ڕوونی و ڕوون بێژی بە ڕەوا نازانێ. ڕۆشنبیر خۆی بە بەرپرس دەزانێ. نەک لەبەر ئەوەی کە خاوەن زانستە و ئیمان و بڕوایەکی تایبەتی هەیە. یاخۆ نەک لەبەر ئەوەی کە لایقە. بەڵکوو لەبەر ئەوەی کە خاوەن ئیرادەیە. ڕەنگە هەر ئەو ئیرادەیە بێت کە کاڕێڵ مانهایمی کۆمەڵناس دەڵێ: ڕۆشنبیر بەرهەمی کۆمەڵگایە و لە چاو چینەکانی تر پێگەی سەرتری هەیە.

بارودۆخی کولتووریی و سەرهەڵدانی ڕۆشنبیری لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا
ڕۆژهەڵاتی ناوین بەدرێژایی مێژوو گۆڕەپانی ململانێی بزاڤە جۆراوجۆرەکان بووە . ئەم ناوچەیە هیچکات لە توندوتیژی و پێکدادان و شەڕ و ئاژاوە و کێشەی ئایینی و نەتەوەیی و ئازادیخوازی و پاوانخوازی و…. بەدوور و بەدەر نەبووە.
باسکردن لە ڕۆشنبیری و پێناسەی ڕۆشنبیر لە وڵاتان و لە نێو گەلانی ئەم ناوچەیەدا کارێکی هاسان نییە. بەهۆی زاڵبوونی هێژموونی ئایینی لەم ناوچەیەدا، ڕۆشنبیری ئایینیش لە چاو ڕۆشنبیرانی تر دەم لەپێشتر و قسە ڕۆیشتووترن. بەم پێیە لێرەدا باسی ڕۆشنبیری بەگشتی دەکەین و لێکیان هەڵناوێرین. بۆ ئەو مەبەستە پۆلینبەندی مەحموود سەریعولقەلەم لەسەر فەرهەنگی ئێرانی و گشتاندنی ئەم فەرهەنگە بەسەر فەرهەنگی خەڵکانی ناوچەکەدا دەکەینە بەڵگە. ناوبراو دەڵێ: فەرهەنگی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئێران دوو ئاستی لە فەرهەنگ بەخۆوە دیوە: یەکەم، فەرهەنگی شاری وعەقڵی و پیشەسازی . دووهەم، فەرهەنگی عەشیرەیی و گوندی و سونەتی . پاشان لە پێناسەی فەرهەنگی عەشیرەییدا سێ تایبەتمەندی بۆ دادەنێ و ئاوا ڕیزبەندی دەکات: یەکەم، خزمخوازی دووهەم، ڕۆحی شەڕانگێزی و سێهەم، پاراستنی عەشیرە لە ڕێی پەلامار و هێرشەوە.
دیارە لە وەها کۆمەڵگایەکدا کاری ڕۆشنبیر گەلێک دژوارتر لە کاری ڕۆشنبیرانی کۆمەڵگاکانی دیکەیە. لەم کولتوورەدا تا خزموکەس نەبی و بە خوێنی بنەماڵەیی بە عەشیرەوە گرێ نەدرێی، نابیندرێی و دەرەتانی خۆ نیشاندانت نابێ . تاکی کۆمەڵگا کە خاوەنی خوو و خدەی شەڕانگێزی بێت ناتوانێت بکەوێتە بەر کاریگەری کاری ڕۆشنبیر. بۆپاراستنیش دیارە عەشیرە لە هیچ توندوتیژییەک خۆ نابوێرێ و هەموو شێوە توندئاژۆیەکان تاقی دەکاتەوە و لە وەها حاڵەتێکدا بە دڵنیاییەوە بزاڤی ڕۆشنبیری غەوارە دەبێت.

ڕۆشنبیری نەتەوەی بێ دەوڵەت
دیارە نەتەوەخوازی دیاردەی سەردەمی دوای ڕێنێسانس و وەئاگاهاتنەوەی گەلانی ئورووپایە. لە سەردەمی سەدە تاریکییەکاندا نەتەوە و نەتەوەخوازی هیچ واتایەکی نەبوو . ئەوە گرینگ بوو کە هەمووان لەبن سێبەری ئایینی مەسیحییەتدا کۆببوونەوە . بە پێی یاسای ئاسمانی ئەو دینە خەڵک دەژیان. بەڵام پاش شۆڕشی وەئاگاهاتنەوە و ڕزگاری خەڵک لە کۆت و بەندی کڵێسە، هێدی هێدی بیری نەتەوەخوازی سەریهەڵدا و دەوڵەت نەتەوەکان بیچمیان گرت. ئەم دیاردەیە بوو بە هۆی دروست بوونی ئەوینێک بۆ خاک و ئاو و زێد و زمان و نیشتمان و نەتەوە. ئەم ئەوێنە تەشەنەی کرد و هەموو جیهان و هەموو گەلانی جیهانی گرتەوە و بۆ دروستکردنی دەوڵەت نەتەوەی خۆیان تێکۆشان.
دیارە بە هۆی بارودۆخی تایبەتی ناوچەکە و گەلی کورد، ئەم نەتەوەیە بەو ئاستە نەگەیشت و ئێستاشی لەگەڵدا بێت بە بێ دەوڵەت ماوەتەوە. هەر بۆیە مەجبوورین ناوی ڕۆشنبیرانی نەتەوەی بێ دەوڵەت لە ڕۆشنبیری کورد بنێین. ڕۆشنبیری کورد لە وەها حاڵەتێکدا بۆ کارکردن لەسەر دەسەڵات و دروستکردنی هێژموونی و کاریگەری خۆی لەسەر دەسەڵات بە قازانجی نەتەوەکەی دەست بەکار دەبێت. هێندێک لە ڕۆشنبیران دەبنە ڕێبەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەل و بزاڤی ناسیونالیزم وەڕێ دەخەن . هەر بۆیە بەتوندی دەکەونە بەر غەزەبی دەسەڵات و بە هەموو جۆرێک گیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە و بۆ پاراستنی گیان و مانیان دەبێ بچنە جلوبەرگی خەباتکارەوە. شاخ بکەنە ناوەندی ڕۆشنبیری خۆیان و لەوێوە دزە بکەنەوە نێو شار و گوندی وڵاتەکەیان. دیارە ئەو ڕۆشنبیرانە پێش لەوەی وەکوو ڕۆشنبیر مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ و وەکوو ڕۆشنبیر بناسرێنەوە، لەبەر چاوی خەڵک دەبنە شۆڕشگێڕ و خەباتکەر.
دەسەڵاتی سەر نەتەوە بێ دەوڵەتەکان بە هیچ لەونێک ددان بە نەتەوەبوونی ئەو گەلانەدا نانێ. ئەم دەسەڵاتانا لە هیچ شوێن و هیچ وڵاتێکدا بۆ گرووپە جیاوازەکانی نێو کیانی سیاسی خۆیان،چەمکی نەتەوە بەکار نابەن. ئەمە لە حاڵێکدایە کە بە پێی جاڕنامەی مافی مرۆڤ دەبێ سەربەخۆیان بکەن و مافیان پێ بدەن.
تەنانەت ئەگەر مەجبوور بن لە یاسای بنەڕەتیدا ددانیان پێدابنێن لە ئەمری واقعیدا حاشایان لێ دەکەن و بە توندترین شێوە حەز و بژاڤی نەتەوەخوازییان لێ دەستێنێتەوە. لە ئاست ئەم گەلە ژێر دەستانەدا هێندە دڵڕەق دەبن کە مادەدەستوورییەکانی خۆشیان لە حاندیان پێ شێل دەکەن. هەر بۆیە لە وەها حاڵەتێکدا ڕۆشنبیری نەتەوە خواز سەر هەڵدێنێ. یا خود ڕۆشنبیر هەر بیر و بۆچوونێکی بۆ گەلەکەی ببێ دەخرێتە بازنەی ڕۆشنبیری نەتەوەخوازەوە و دەسەڵات بە توندترین شێوە هەڵسووکەوتی لەگەڵ دەکات و ئاستەنگ دەخاتە بەر پێی. زۆر جار بووە کە ڕۆشنبیر لە وەها بارودۆخێکدا بوونی بۆ دەسەڵات بڤڤە بووە و قەبووڵ نەکراوە و گیانی لێ ئەستێندراوە.
هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە دروست بوونی بزاڤی نەتەوەخوازی لەنێو هەر گەل و نەتەوەیەکدا پێویستی بە بوونی ڕۆشنبیران هەیە.

ڕۆشنبیران لەم حاڵەتەدا بە سێ دەستە دابەش دەبن:
یەکەم، ڕۆشنبیرانی ڕێفۆڕمخواز: ئەم ڕۆشنبیرانە دەچنە کار و چالاکی لە دەمودەزگای دەسەڵاتدا و بە هیوان لە ڕێی ڕیفۆڕمەوە بە ئامانجەکانیان بگەن. دەیانەوێ لەڕێی یاسایی و پاڕلمان و چوارچێوەی دەسەڵاتەوە چاکسازی بکەن و بەدەستی ئەوکەسانە ئاڵوگۆڕ دروست بکەن کە بۆخۆیان بوونەتە هۆکاری مافخوراوی نەتەوەکەیان. دیارە ڕیفۆڕم و چاکسازی لەوەها بارودۆخێکدا ئەستەمە و ئەگەریش بڕێک دڕوشم و قەولی کاڵ بدرێت، ناچنە چوارچێوەی کردەوە و دابەزینەوە.
دووهەم ڕۆشنبیرانی نێو دامودەزگا خۆجێییەکان: ئەم ڕۆشنبیرانەش بە کارکردن لە نێو پێکهاتە خۆجێییەکانی پێمل بە دەسەڵاتدا سەرهەڵدەدن و دەیانەوێ بەم کارە خەڵک و نەتەوە بپارێزن و کار بۆ پاراستنی بەهاکانی نەتەوەکەیان بکەن . دیارە ئەگەر دەسەڵاتێک هێندە لە خۆی ڕاببینێ دامودەزگای نەتەوەیی دابمەزرێنێ،دەشتوانێ ڕۆشنبیرانێک لە چوارچێوەی ئەم دەمودەزگایانەدا ببینێ بەڵام لە ڕاستیدا ئەم ڕۆشنبیرانەش بە دەردی ڕۆشنبیرانی پێشتر دەچن و کارێکی ئەوتۆیان لە دەست نایات.
سێهەم ڕۆشنبیرانی وەفادار بە نەتەوە و گەلی خۆیان:ئەم ڕۆشنبیرانە هەموو ژیانیان تەرخانی گەل و نەتەوە دەکەن و ناهێلن نەتەوەکەیان لە نەتەوەی زاڵ و باڵادەستدا قاڵ بێت و بتوێتەوە.
ئەمانە ئیدوارد سەعید گوتەنی بە زمانی نەتەوەی خۆیان دەدوێن و خۆیان لە گەل جیا ناکەنەوە و لە گەڵ ئەواندا دەژین و وەکوو ئەوان دەژین و لە کۆتایشدا سەریان لە ڕێی کاری ڕۆشنبیری دادەنێنەوە.

ڕۆشنبیری کورد
کورد وەکوو نەتەوە و شێوەی ژیانی لە نێو ئاو و خاکی خۆی لە چوار وڵاتدا دەژی. هەر بەشێک لە کوردستان بە پێی بارۆدۆخی ئەم وڵاتانە پێناسەی ئەکرێ. ژیان و کولتوور و جیهان بینی و تەنانەت شێوەزاریشی کاریگەری لەم وڵاتانە وەرگرتووە.
ڕۆشنبیری هەر بەشێک بە پێی دۆخی ئەو بەشە درووست دەبێت.دەتوانین بڵێن ڕۆشنبیرانی کورد بە پێی پارچەی کوردستانی شوێنی ژیانیان لەگەڵ یەکتر وردە جیاوازی تایبەتیان هەیە .ئەم جیاوازیانە دەکرێ ببێتە هەوێنێ ڕۆشنبیری جیاواز لە یەکتر کە ئاسۆی هەموویان کورد بوونە و ئاکامی خەباتی هەموویان بۆ مانەوەی نەتەوەی کوردە.
ڕۆشنبیری هەر بەشێک لە کوردستان لە گەڵ جۆرێک دەسەڵاتی تایبەتدا ڕووبەڕووە کە لە دەسەڵاتی بەشەکانی دیکە ناچێ.هەر بۆیە ئەم ڕۆشنبیرانە مەجبوورن بە پێی بارودۆخی خۆیان کار بکەن و بە پێی ڕادەی دەسەڵات و هێزی ئەژنۆی خۆیان هەنگاو بنێن،دیارە ئەم هێزی ئەژنۆیە لە هێندێک دۆخی زەمانی و شوێنی تایبەتدا دەکرێ بە پڕتاو بەرەو پێش بچێ و لە هێندێک دۆخی زەمانی و شوێنی تایبەتدا بە دارەدارەش ناگات.
بەرپرسایەتی ڕۆشنبیری کورد لەبەر بارودۆخی کورد و کوردستان زۆر زیاترە لە بەرپرسایەتی ڕۆشنبیرانی گەلانی دیکە. گەلانی دیکە دەتوانن لە نێو چوارچێوەی دەسەڵاتدا خاوەن حیزب و گرووپ و هێژموونی خۆیان بن.
بەڵام هیچ دەزگا و دەسەڵاتێک لە پشت ڕۆشنبیری کورد نییە. تەنیا و بێ کەس و بێ پشتیوانە، هەر وەکوو پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد، دەسەڵات بە خاینی دەزانی وچینی هەڵبژاردەش نایەوێ و چینی زوڵم لێکراویش لێی بە گومان و دڕدۆنگە (ژان پۆل سارتر)
ڕۆشنبیری کورد لە هەموو پرس و کێشەکانی کورد دەڕوانێ. دەبێ بۆ جۆری بیرکردنەوەی نەتەوەکەی بە خەم بێت. بۆ زانستی کورد هەوڵ بدات و بە خەمی زمان و کەلتوور و بەهاکانییەوە بێت. یەکێک لە کێشە تایبەتەکانی ڕۆشنبیری کورد ناسەربەخۆیی بڕیار و ڕوانینە. بەختیار عەلی دەڵێ:ڕۆشنبیری کورد خۆی لە چوارچێوەی حیزبێکدا دەبینێتەوە و لە باشترین حاڵەتدا دەبێتە ڕەخنەگری حیزبەکەی. ئەگەر ڕۆشنبیری کورد خۆی لە بازنەی حیزبە کوردییەکانیش ڕزگار نەکات و نەکەوێتە پێش ئەوانەوە،سەربەخۆیی ڕۆشنبیری و فیکری نامێنێ و کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا کەم دەبێتەوە.

ڕۆشنبیر و ناسنامە و کۆمەڵگا
کاری فیکری بۆ کۆمەڵگا سەرەتا لە ئەدەبی مارکسییەوە سەر هەڵدەدات. ئەم بیرۆکەیە لە کۆمەڵگاکانی ئەو کاتەدا زۆر جێنەکەوت و پێشوازی باشی لێ نەکرا، لە لایەکی تریشەوە بیری نامارکسی بە جێی کاری فیکری لە ژیانی فیکری کۆمەڵگا ڕاما. ئەم بۆچوونە بۆ ژیانی فیکری و ڕۆشنبیری، مرۆڤی خوێندەواری کردە هاودەمی ژیانی فیکری و ڕۆشنبیری لێ دروست بوو . بەم پێناسەیە ڕۆشنبیر کەسێکە لەسەر کۆمەڵگا کاریگەری تایبەتی هەبێ و بۆ ناسنامەی نەتەوەش تێبکۆشێ. مادام کە خوێندەواری بوو بە پێناسەی ڕۆشنبیری، ئاخۆ لەو کۆمەڵگایانەدا کە هەمووان خوێندەوارن، هەمووشیان ڕۆشنبیرن؟
لێرەدا پێناسەی تایبەت دەخوازێ و دەبێ کەسی ڕۆشنبیر لە خوێندەواری ئاسایی جیا بکرێتەوە. کەسێک کە بتوانێ لە سەقامگیر کردنی ژیانی فیکریدا شوێن و کاریگەری هەبێ دەبێتە ڕۆشنبیر.

شوناسی نەتەوەیی
کاتێک ئەم شوناسە دروست دەبێت کە کەسێک تێیدا هۆگری و پێوەندی بە دەوڵەت یان نەتەوەکەیەوە دروست بێت و ئەم پێوەندییە بە خەڵکێکەوە گرێ بدات کە نەتەوەیەک ساز دەکات. خاڵی هاوبەشی لەگەڵ ژیانی خەڵکی دەبێتە سەرەکیترین خاڵی شوناسی نەتەوەیی. ئەرێنیترین خاڵی شوناس لە نەتەوەدا دەبێتە نیشتمان پەروەری و خۆشەویستی گەل و نیشتمان. ئەو حاڵەتەی کە مرۆڤی نەتەوەیی، لە پەنا گەلان و نەتەوەکانی دیکەدا سەربەرزی و گەورەیی و سەربەخۆیی بۆ گەلی خۆی دەخوازێ.
مامۆستا هێمن گوتەنی،ئارەزوو دەکات هەموو گەلان بە ئازادی بژین و دیلی و مافخوراوی بۆ کەس ناخوازێ. خاڵی نەرێنی نەتەوەخوازی و توند و تیژبوون لەم حاڵەتەشدا دەبێتە شۆوێنیزم کە تەنیا نەتەوەی خۆی دەبینێ و حەز بە دیلی و نەمان و بێدەرەتانی گەلانی دیکە دەکات. ڕۆشنبیری کورد کارێک دەکات کە تاکی کۆمەڵگای کوردی هەست بە بەرپرسایەتی بکات.بتوانێ لەبەرانبەر ئەوی تردا خۆی پێناسە بکات و شوناسی نەتەوەیی خۆی بەهێند وەربگرێ و بە بێ خۆبەکەمزانین لە نەتەوە و شوناسی خۆی بدوێ. ڕۆشنبیر لە نێو نەتەوەی کورددا و لە ساتە تایبەت و پێویستەکاندا یەکڕیزی و یەکگرتوویی نەتەوەیی درووست بکات. ڕۆشنبیر بە دوور لە هەر بیرێکی مێتافیزیکی و ئاسمانییەوە لە ئاخاوتن و دربڕینی بیری ڕۆشنبیری خۆیدا دەربکەوێت. واتە هیچ پاشگر و پێشگرێکی جیا لە ڕۆشنبیر ییلەگەڵدا نایەت و ئەگەر کەوتە چوارچێوەیەکی بەرتەسکی کۆمەڵایەتییەوە، لە بەشێکی زۆر لە خەڵک جیا دەبێتەوە و ڕۆشنبیریی پێ ناکرێت. کە وابوو ڕۆشنبیر دەبێ سەرتر لە هەموو ئایدیالۆژی و چوارچێوەکان بێت. ڕۆشنبیری کورد تا تیۆری خۆماڵی نەبێت، ناتوانێ کارێک بۆ ناسنامە و کێیەتی گەل بکات. جەلال حاجی زادە دەڵێت:ڕۆشنبیری کورد دەبێ بە پێی کۆمەڵگای خۆی هەوڵی داهێنان و خولقاندنی تیۆری نۆی بدات و ڕووی لە داهاتوو بێت. ڕۆشنبیری کورد دەبێ بە پێی دەقی خۆی پێناسەی لە ناسنامە ببێ. خوێندنەوە ناکوردانە و و دانانی پێناسەی نا کوردی بۆ ناسنامەی کورد، ئەو ناسنامە دڵخوازەی لێ دروست نابێت کە بتوانێ ئەم نەتەوەیە بگەیەنێتە ئاستێک کە سەرێک بێت لە نێو سەرانی دیکەدا. بۆ گەیشتن بە بەرئەنجامێک دەڵێن کە ڕۆشنبیری و گرینگی ئەم بابەتە هەمیشە بۆ کۆمەڵگا پێویستە. ڕۆشنبیر خاوەن زمانی خۆیەتی و دەبێ خەڵک بە دوای خۆیدا بەرێ. هەرگیز لە ڕەخنە گرتن لە دەسەڵات غافڵ نەبێت و ئەم بابەتە بە ئەرکی بنەڕەتی خۆی بزانێ. ڕۆشنبیری لە کۆمەڵگا داخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا کارێکی زۆر ئەستەمە و هێندێ جار گیان لە دەست دانی پێوەیە. ڕۆشنبیر سەر بە هیچ لایەن و ئایدیالۆژیایەک نییە و سەربەخۆ دەمێنێتەوە و هەموو کێشە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگا دەناسێ و بۆ لابردن و چارەسەرییان کار دەکا. بە پێی پێویستییەکانی نەتەوەی خۆی هەوڵ و تێکۆشانی دەبێت و بە پێی کۆمەڵگای خۆی هەوڵی داهێنان و خولقاندنی وتاری تێۆری نوێ دەدات.

دوکتور شەماڵ ئیسماعیل پوور ـ سەقز

——————————–

ژێدەر
۱. کار روشنفکری، بابک احمدی،نشر مرکز،تهران، ۱۳٨٤
۲. در دفاع از روشنفکران، ژان پل سارتر، ترجمە رضا سید حسینی، نشر نیلوفر، چاپ دوم،تهران، ۱۳٨٥
۳. تغییر ذهن ها، هوارد گاردنر، ترجمه سید کمال خرازی، نشر نی تهران، چاپ دوم، ۱۳٨٨
٤. وتاری ڕۆشنبیری لە خۆیدا بۆ….. لە نووسینی جەلال حاجی زادە




ئەنتۆنیۆ گرامشی و فەلسەفەی پراکتیک.. ‏‏و.لە عەرەبیەوە: یاسین لەتیف

‏گرامشی مارکسیزمێک پێشنیار دەکات و ناوی دەنێت “فەلسەفەی پراکتیک” . ئەم فەلسەفەیە جۆرێک نییە لە پراگماتیزم، بەڵکو شێوازێکە لە بیرکردنەوە کە کێشە تیۆریەکان بە مێژوویی دەکات. بەم شێوەیە جیاوازی دەکات لە نێوان “ئایدۆلۆژیای ئۆرگانیکی مێژوویی، کە پێویستن بۆ پێکهاتەیەکی دیاریکراو، هەروەها ئایدۆلۆژیای عەقڵانی و ئارەزوومەندانە کە جێی شانازیە .

١ – کار
‏ئەنتۆنیۆ گرامشی (١٨٩١-١٩٣٧)، گرنگترین فەیلەسوفی مارکسیستی بوو لە ئەوروپای ڕۆژئاوا، لە دوای مردنی زیاتر لە ڕێی بەرهەمەکانیەوە ناسراوە، کە هەموویان لەو ماوەیەدا بڵاوکراونەتەوە کە لەم لێکۆڵینەوەیەدا باسکراوە. ئەم بەرهەمانە بریتین لە سی و دوو دەفتەری زیندان، کە پێکهاتووە لە نزیکەی سێ هەزار لاپەڕەی دەستنووس و (نزیکەی چوار هەزار لاپەڕە لە وەشانی چاپکراو)، پێش مردنی لە زیندان نوسراون لە ساڵی ١٩٢٩ تا ١٩٣٥ . دوای دوور خستنەوەی لە ژیانی سیاسی بە هۆی زیندانی کردنیەوە . گرامشی پلانێکی دراسە کراوی تیۆری داڕشت و هەوڵیدا پەرەی پێبدات سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی کە سیستەمی زیندان سەپاند بووی بە سەریدا ، بۆ ئەمەش سەرسەختانە خەباتی کرد بۆ بە دەستهێنانی کەرەستەی نوسین بۆ پرۆژەکەی . نووسەرانی میراتی گرامشی نموونەی ئەم گرژییە بەردەوامەیان کۆکردۆتەوە لە مانگی ئەیلولی ساڵی ١٩٣٠ گرامشی فەیلەسوف نوسراوێکی نوسی بۆ سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی ئیتالیا و گوتی : من هێشتا پانزە ساڵ زیندانی لە پێشمدایە، ئەمە پرسێکی گرنگە بۆ من، بۆ ئەوەی بزانم کام کتێب بخوێنمەوە . ئەم بارودۆخە بە تەنیا بەسە بۆ ڕوونکردنەوەی زۆری تێبینییە پەرش و بڵاوەکان و وەرگرتتی بیرەوەری و…. هتد، لە دەفتەرەکانی زینداندا هەرچەندە توێژینەوە درێژخایەنەکانیش لەخۆدەگرێت، بەڵام ئەم فەیلەسوفە بەپێی ئامانجەکەی تەواوی کارەکەی داڕشت ، مەبەستی دیاریکردنی بوژانەوەیەکی تەواو بوو بۆ مارکسیزم و پێشخستنی ئەم چەمکە بە هۆی پێداویستی ژیانی پراکتیکی بێکەڵک و کۆن بووەو گەیشتوەتە ئاستێک پێویست بەوە دەکات فریای چارەسەر کردنی ئەو ئەرکە ئاڵۆزانەی بکەوێت کە پەرەسەندنی خەباتی ئێستا دەیخاتە ڕوو . واتە بەرزکردنەوەی بۆ ئاستی دروستکردنی ڕۆشنبیریەکی نوێ و یەکگرتوو. گرامشی وای دەبینێت ئەوەی ئەم پێشهاتە نوێیە جیادەکاتەوە، پێکهێنانی حزبە کۆمۆنیستەکانە بەگشتی و سەرکەوتنی شۆڕشە لە ڕوسیا بەتایبەتی ، لەو ساتەوەختەوە چینێکی ژێردەستە بە ڕاستی سەربەخۆ و باڵادەست دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی جۆرێکی نوێ لە دەوڵەت،پێداویستی بنیاتنانی سیستەمێکی نوێی فیکری و ئەخلاقی لە فۆرمێکی کۆنکرێتیدا دروست دەبێت. لەم دەقەدا دەستەواژەی “چینی ژێردەستە” هاوتایە لەگەڵ دەربڕینی باوی مارکسیستی “چینی باڵادەست” و وشەی باڵادەست ، هەرچەندە ڕۆشنبیری لە جەوهەریدایە بەڵام ئاماژەیە بۆ تیۆری دیکتاتۆری لینینیزم و هاوپەیمانییەکانی پرۆلیتاریا.
گرامشی سانسۆری زیندانی تێپەڕاند بە دەربڕینی جۆرێک لە ئەبستکرات ، ئەویش بە ڕاست کردنەوەو دەستکاریکردنی هەندێک چەمکو گوزارەو ناوی مارکسیزم کە ئەو کات بە کاری دەهێنا . یەکێک لەو فێڵە زمانەوەنیانە کە لە گەڵ مەبەستە فەلسەفیەکەی گرامشی دەگونجا ، مارکسیزمی نوێ بەخت یاوەری بوو بە قەد زاراوەی ژیاری میتافیزیکی ئەرستو گرنکی هەبوو . گرامشی سوور بوو لە سەر ئەوەی کە بە هیچ شێوەیەک وشەی “مارکسیزم” بەکارنەهێنێت، بەڵکو زیاتر “فەلسەفەی پراکتیکی بە کار دەهێناو دەنووسی. ئەوەی ئەو دەیویست ڕووبەڕووبوونەوەی فۆلگاریزەکردنی “ابتذال” یان بێئەرزش بوونی مارکسیزم بوو لە پراکتیکدا . گرامشی لەم ئەرکەیدا ئیلهامی لە مارکسیزمەوە وەر دەگرد ، بەو مانایە نەبوو ناوەندێتی چەمکی مارکسیزم لە پراکتیکدا بسڕێتەوە ، بەڵکو قوڵترین چەمکی پێدەبەخشی کە تاکو ئێستا وێنەی نەبووە لە ئەدەبیاتی فەلسەفەی مارکسیزمدا . دوور لە بناغەی پیشاندان و گوزارشت کردن بە ڕاستی گرامشی فەیلەسوفی پراکتیکی بوو .

٢ – زانست و فەلسەفەی پراکتیک
‏بەڵام فەیلەسوفی پراکتیک پراگماتیست نەبوو: جگە لە هێشتنەوەی بەردەوامی “لۆژیکی فۆرماڵی پێویست”، یەکەم کێشەی ئاشتکردنەوەی زانست و پراکتیک بوو . بە دیاریکراوی لە ڕێی ڕەخنەی ( نا وردكراوەوە لە دەفتەری تێبینیەکانیدا) چارەسەری پراکماتیزم و پۆزەتیفیزمی بە شێوەیەکی گشتی کردووە . ئەم ڕەخنەیەی بە پلەی یەکەم دژ بە چەمکی پۆزەتیڤیستی زمانە (گرامشی وەک ئەکادیمیستێک شارەزاو پسپۆری زمانەوانی بوو)، کە تێیدا سنووردارکردنێک دەبینێت : لە ڕاستیدا زمان کۆمەڵێک ڕاستی کەم تا زۆر یەکگرتوو و تۆکمەی ئۆرگانیکە: تا ئەو ڕادەیەی دەتوانرێت بڵێین هەموو بوونەوەرێکی قسەکەر زمانی تایبەتی خۆی هەیە ، بەو مانایەی شێوازی تایبەتی خۆی هەیە بۆ هەست و بیرکردنەوەو ڕۆشنبیری بە پلەی جۆراو جۆر . ‏ژمارەیەکی زۆر یان کەم لە تاکەکان لە چەند چینێکدا یەکدەخات و بەردەوام دەبن لە گوزارشت کردن، بە پلەی جیاواز لە یەکتر تێدەگەن و … هتد.. ئەم جیاوازییە مێژوویی کۆمەڵایەتیانە لە زمانی هاوبەشدا ڕەنگ دەداتەوە. ئەمانە کۆسپن و هۆکارەکانی هەڵەن کە پراگماتیستەکان لێکۆڵینەوەیان لەسەر کردووە. بەم شێوەیە بابەتی تیۆری زمان بریتیە لە کەرەستەی زانست لە پراکتیکی مێژوودایە. گرامشی هەمان کردار لەگەڵ ئەمەدا دەکات بە پشتبەستن بەو هەواڵانەی کە لەو کاتەدا لە کۆنفرانسە زانستیەکانەوە پێیدەگات . وەک ئەوەی بە شێوەیەک لێی تێنەگەیشت بێت لەو ساڵانە لە سایەی دۆخی خۆیدا.
‏گرامشی ئەو کێشانەی چارە سەر کردووە کە مایکرۆفیزیا دەیخستنە ڕوو ،لە یەکێک لە دەفتەرە تێبینیەکانیدا ئاماژەی بۆ دەکات و ناوی ناوە “دیاردەی بچووک” و لە فەلسەفەکەشیدا شرۆڤەی کردووە . ئلهامبەخش بوو لەم پەیوەندیە بینراوەی نێوان چاودێرو دیاردە لە مایکرۆفیزیادا بۆ چەمکێکی نوێی بابەتگەرایی ، بەم پێیە هەنگاوی هاویشت بۆ تێکەڵ کردنی زانست بە فەلسەفەی پراکتیک بە شێوەیەکی سیسماتیکانە . ئەوەی بۆ زانست گرنگە بابەتیەتی واقیع نییە بەڵکو ئەوەی بۆ مرۆڤ گرنگە پەرەپێدانە بە میتۆدەکانی و بەردەوام ڕاست کردنەوەی ئامرازە مادی و لۆژیکەکانیەتی (لەوانەش بیرکاری). ئەوەی بۆ ئەو گرنگە کولتوورە و دواجار پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ واقیع لە ڕێگەی تەکنەلۆژیاوە. تەنانەت لە زانستیشدا گەڕان بەدوای حەقیقەتدا بە دابڕان لە مرۆڤ لە پارادۆکسێک زیاتر نییە . بەم شێوەیە گرامشی سەر لە نوێ تێزێکی بنەڕەتی مارکس (١٨١٨-١٨٨٣) داڕشتەوە ” سەبارەت بە فەلسەفەی پراکتیک .گرامشی دەنووسێت ناتوانرێت بوون لە بیرکردنەوە دابڕێت ، هەروها مرۆڤ لە سروشت، یان چالاکیی لە مادە، یان سوژە لە ئۆبژە دابڕیت . ئەگەر مرۆڤ ئەم دابڕانە پراکتیزە بکات دەکەوێتە ناو ئەبستراکتێکی بێماناوە.

3. فەلسەفەی واقیعی و مێژووگەرایی.
‏فەلسەفەی پراکتیک فەلسەفەیەکی واقیعیە ، سەرەتا بەو دانپێدانانە دەست پێدەکات کەهەموو مرۆڤەکان فەیلەسوفن ، پاشان سنوور و تایبەتمەندییەکانی ئەم “فەلسەفە خۆبەخۆیە” لە زمان و عەقڵی ساغدا دەدۆزێتەوە ،هەروەها لە تێڕوانینی گشتی (ئاینی، ئەفسانەیی و خورافات) و گەردووندا دەیاندۆزێتەوە.‏دەشێت فەلسەفە ئەکادیمی بێت بە پێی فەیلەسوف ڕەنگە پەیوەندی بە فەلسەفەی خۆبەخۆوە هەبێت ، بەڵام لایەنێکی هونەری تایبەتی هەیە جەوهەری ئەم لاێەنە هونەریە لەوەدایە کە فەیلەسوفی پیشەیی درک بە مێژووی وردی ئەم کێشانە دەکات ، واتە مێژووی فەلسەفە . ئەگەر ئەوەش لە بەرچاو بگرین کە فەلسەفەی خۆبەخۆ دیسان مێژوویی و گۆڕاوە و هۆکاری مێژوویی بۆ گۆڕانکاری هەیە تێدەگەین بە مانای ڕاستەوخۆو ئاشکرا مرۆڤ ناتوانێت فەیلەسوف بێت ، واتە تێڕوانینێکی ڕەخنەیی یەکگرتووی هەبێت بۆ جیهان [ تەنها فەیلەسوفە ناخۆبەخۆکان] بە بێئەوەی درک بە مێژوویی بوونی بکات لە ئاستی کۆنکرێتیدا، واتە لە ڕووی مێژووییەوە، () دەبێت فەلسەفە لە سیاقی پراکتیزەی (کردەی) مرۆییدا تێبگەین. گرامشی بە کورتی چەند ساتەوەختێک لە مێژووی فەلسەفە دەخاتە ڕوو کە تیایدا بیرمەندە مەزنەکان ئەو ڕێگایەیان خۆشکردووە کە مارکس کردییە ڕێڕەوی سەرەکیی فیکری خۆی: قەشە تۆماس، کە هێشتا لەسەر ڕێچکەی یۆنانییەکان بوو، بەڵام بە جەختکردنەوەیەکی زیاترەوە، فێری کردین کە “ئەقڵی تێڕامانیی فراوانخواز بۆ پراکتیزەی کردەیی گونجاوە”. بەڵام لایبنیتز و ڤیکۆ، بە پێچەوانەی ئەوەوە، کەوتنە شوێن چالاکیی فیکر: “جادووگەرە تێڕامانییەکان چین، جادووگەرانی پراکتیزەن” (گۆتفرید لایبنیتز (١٦٤٦ – ١٧١٦)) “ڕاستی بریتییە لە واقیع” (ڤیکۆ). لە کۆتاییدا، هیگڵ ، گرامشی ئاماژە بە بوونی داڕشتنێکی هاوشێوە دەکات لە ڕووی شێوەوە لای تێرتولیان (نزیکەی ١٥٥/١٦٠ تا دوای ٢٢٠ ز)) فێری دەکردین کە “هەر شتێک واقعی (حەقیقی) بێت، ئەقڵانییە”. فەلسەفەی پراکتیزە (پراکتیس) جارێکی تر ئەم ئاوڕدانەوانە دەخاتەوە ڕوو: مەسەلەکە ئەوە نییە کە تێڕامان درێژ دەبێتەوە بۆ پراکتیزە، یان هاوتەریبی دەبێت، یان لەناو خۆیدا دەیتوێنێتەوە، بەڵکو واقیعی مرۆیی [شتێکی] کردەییە، دەستکردی مرۆڤە و زانینیشی بریتییە لە دروستکردنی . بۆیە بابەتی مرۆڤ بوون دەگەڕێتەوەو کێشەی سەرەکی و یەکەمی فەلسەفەیە . ‏

‏ ‏4. کێشەی یەکەم و سەرەکی
‏ کاتێک پرسیارێک دەکرێت “مرۆڤ چییە؟” ئێمە نامانەوێت (لە ڕووی فەلسەفییەوە) پێکهاتەی بایۆلۆژی مرۆڤ بزانین، چونکە ئەگەر پرسیارەکە ئەوە بوایە، دەبوو چاوەڕێی ئەنجامی هاوتاکانی زانستە سروشتییەکان بکەین، بەڵکو ئەوە شتێکی دیکەیە: “مرۆڤ دەتوانێت ببێتە چی؟” واتە ئایا مرۆڤ دەتوانێت چارەنووسی خۆی کۆنتڕۆڵ بکات، ئایا دەتوانێت خۆی دروست بکات ، ئایا دەتوانێت ژیان بۆ خۆی دروست بکات؟ . هەموو فەلسەفەکان تا ئێستا نەیانتوانیوە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە، چونکە مرۆڤیان وەک کورتکراوەیەک لە تاکایەتیەکەیدا سەیر کردووە. بەڵام ئەو مرۆڤایەتیەی له تاکدا دەردەکەوێت، له سێ جۆر ڕەگەز پێکدێت: یەکەم تاک خۆی؛ دووەم ئەوانی تر ، سێیەم سروشت ، ڕەگەزی دووەم و سێیەم ئاڵۆزن.
‏تاک بە شێوەیەکی میکانیکی لەگەڵ ئەوانی تر و لەگەڵ سروشتدا ناچێتە ناو پەیوەندییەوە، بەڵکو بە شێوەیەکی ئۆرگانیک (لەگەڵ ئەوانی تر)، و نەک تەنها (لەگەڵ سروشت) چونکە سروشت خۆیەتی، بەڵکو بە شێوەیەکی چالاکانە لە ڕێگەی کار و تەکنەلۆژیاوە لەوانەش لەم چەمکە کۆتاییەدا ئامرازە عەقڵانیەکانە واتە زانست و فەلسەفە . لە ڕونکردنەوەی کۆتایدا گرامشی پۆلێک دادەمەزرێنێت بە ناوی “گرێبەست” بێگومان یەکێک لە وڵامە دۆکترینە مارکسیستەکان پێکدێنێت بۆ شیکاری بونگەرایی ، جگە لەوەش ئەم پەیوەندیانە چالاک و هۆشیارن، واتە گونجاوە لەگەڵ تێگەیشتنی مرۆڤایەتی لێیان بە پلەیەکی جێوازەوە .
‏بۆیە دەکرێ بڵێین هەموو مرۆڤێک خۆی دەگۆڕێت و خۆی ڕاست دەکاتەوە ، بە قەد کۆی گۆڕین و ڕاست کردنەوەی ئەو پەیوەندیانەی کە سەنتەرو ناوەندی ئەوە . لەم قۆناغەدا داڕشتنەوەی تەواوکاری سەبارەت بە چەمکی سروشتی مرۆڤ لە لایەن مارکسەوە بۆ گرامشی هەژمار دەکرێت. ئەگەر بڵێین سروشتی مرۆڤ کۆی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانە [وەک مارکس وتی] ، دڵخۆشکەرترین وەڵامە، چونکە بیرۆکەی بوون لەخۆدەگرێت، هەروەها دەشێت بڵێین سروشتی مرۆڤ بریتیە لە مێژوو .

‏٥ – پێکهاتەی سیاسەتی ڕۆشنبیری
‏ڕەگ و ڕیشەی جیهانی مرۆڤ، واتە مێژوو و کولتور جیاوازن و دژ بەیەکن. لە هەموو قۆناغەکانی مێژوودا کۆمەڵێک کەس هەبوون کە چەمکێکی ڕوونیان بۆ جیهان هەیە، بە چەشنێکیتر سەرکردە ڕۆحییەکانی هەر کۆمەڵگایەک وەرگرین چەمکێکی دیکەیان هەیە بۆ جیهان، لانیکەم بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە پراکتیکدا دژایەتی چەمکی یەکەمیان دەکات . ئەمە پێکهاتەی ڕۆشنبیری سەرەتایی چینێکی باڵادەستە، یان چینێکی ژێردەستە، لە فەرهەنگی دیاردەناسیی گرامشیدا لەم دۆخە ڕۆشبیریە دژبەیەک و دابەشبووەدا تێگەیشتن لە [چینە باڵادەستەکانمان] بۆ ئاشکرا دەبێت لەڕێگەی ململان بۆ بە دەست هێنانی هەژموونی سیاسیەت . سەرەتا لە بواری ئەخلاقدا، پاشان لە بواری سیاسەتدا، بۆ ئەوەی بگاتە فۆرمولەیەکی باڵاتری چەمکی تایبەت لە واقیع . هۆشیاریی سەر بە هێزێکی دیاریکراوی باڵادەست =[چینی کۆمەڵایەتی] ، واتە هۆشیاری سیاسی قۆناغی یەکەمی خود هۆشیاری دواتر پێشکەوتنخوازانە، کە تیایدا تیۆری و پراکتیک یەکدەگرن ، دواجار ئەمە ڕێگە بە گەشەکردنی تەواوی تاک دەدات .
بەم پێیە یەکێتی تیۆری و پراکتیک ڕاستیەکی میکانیکی نییە بەڵکو پرۆسەیەکی مێژوویە . کاتێک پرۆلیتاریای دەسەڵاتدار هەژموونی خۆی دەسەپێنێت و دەوڵەتی خۆی دروست دەکات، بناغەکانی گەشەسەندنی تەواوی ڕۆحی خۆی دادەنێت؛ دەگاتە ساتێکی “پاککردنەوە” کە تێیدا چیتر بەهۆی بەرژەوەندیە خۆپەرەستە کۆنەکانەوە ناجووڵێت کە پێشتر بۆ بەردەوامبوونی پێویست بوون. بەڵام سەرکەوتن لەم گەشەکردنەدا لەم داهێنانە کولتوورییەدا تەنیا پەیوەست نییە بە فاکتەرەکانی هێزەوە. گرامشی لێرەدا پێویستی ڕاستی زانستی و ” وێنای لۆژیکی پێویست” بە یاد دەهێنێتەوە. تەنیا کاتێک ئەمانە هەبن دەتوانرێت حەقیقەتی مێژوویی بەدەست بهێنرێت و لە هەمان کاتدا تێکەڵ بە واقیع بکرێت . ئەوەش ڕوونە کە بنیاتنانی بەکۆمەڵ لەم جۆرە ناتوانرێت بە ئارەزووی خۆیان ، لە دەوری هەر ئایدۆلۆژیایەک لە ڕێگەی ئیرادەی بنیاتنەری فەرمی کەسایەتییەک یان گروپێکەوە ئەنجام بدرێت کە لە فەناتیزمەوە بۆ چەمکە فەلسەفی یان ئاینیەکانی خۆی پێشنیاری دەکەن . پابەندبوون یان پابەندنەبوونی جەماوەر بە هەر ئایدۆلۆژیایەکەوە ڕێگای پشتڕاستکردنەوەی ڕەخنەی ڕاستەقینەی عەقڵانییەت و مێژوویبوونی شێوازەکانی بیرکردنەوەیە . ئا لێرەوەیە گاڵتە کردنەکەی گرامشی کە لە (مارکسەوە وەریگردووە) تەنها بە ئایدۆلۆژیەکان ، ئەم بابەتە میراتی گەورە مارکسیستە هاوچەرخەکانی ئیتالیایە وەکو سێزار لوپۆرینی (1909-1993) . ‏

‏گرنگترین بڵاوکراوەکانی گرامشی دوای مردنی بریتین لە: نامەکانی زیندان (1947)؛ ماتریاڵیزمی مێژوویی و فەلسەفەی بێنێدیتۆ کرۆچێ (1948)؛ ڕۆشنبیران و ڕێکخستنی کلتوور (1949)؛ ڕێنێسانس (1949)؛ تێبینیەکانی ماکیاڤێلی و سیاسەت و دەوڵەتی نوێ (1949)؛ ئەدەب و ژیانی نیشتمانی (1950)؛ ڕابردوو و ئێستا (1951). داگۆبێرت دی. ڕۆنیست لە فەرهەنگی فەلسەفەدا (١٩٠٢-١٩٨٢) سەرپەرشتی کردووە و ساکریستان گریاڵبۆ ( ١٩٦٩) وەریگێڕاوەتە سەر زمانی ئیسپانی ، ساکریستان ئەم نووسینەی خوارەوەی دەربارەی نووسەری “دەفتەرەکانی زیندان” خستووەتەڕوو:(١٨٩١-١٩٣٧)؛ سیاسەتمەدار و فەیلەسوفی ئیتاڵی، دامەزرێنەری حزبی شیوعی ئیتاڵیا. لە زانکۆی تۆرینۆدا زمانەوانی و فیلۆلۆژیای خوێندووە (بە تایبەتی زانستی زمانەوانی)، بەڵام بەهۆی خۆبەخشی و خۆ تەرحانکردن بۆ سیاسەت، خوێندنی زانکۆی تەواو نەکرد. بەشداریی لە ڕۆژنامە سۆسیالیستەکانی “شەرەفی گەل” و “پێشکەوتن”دا کردووە. گۆڤاری “سیستەمی نوێ”ی دامەزراندووە، کە ئاراستەی شیوعی (لێنینیزم) کردووەو بناغەی بیرکردنەوەی خۆی و بیرکردنەوەی سیاسەتمەدارە دیارەکانی دیکەی ئیتاڵیا (پالمیڕۆ تۆلیاسی (١٨٩٣-١٩٦٤)) بووە.

دوای دامەزراندنی حزبی شیوعی ئیتاڵی، نوێنەری ئیتاڵیا بوو لە ئینتەرناشناڵی سێیەم (کۆمینتێرن)، پاشان بوو بە ئەمینداری گشتی. لە ساڵی ١٩٢٦ زیندانی کرا و لە ٢٧ی نیسانی ١٩٣٧ کۆچی دوایی کرد، پاش شەش ڕۆژ لەو حوکمەی کە داواکاری گشتی حوکمەکەی بەم قسەیە پاساو دابوو: “دەبێت ڕێگری لەم مێشکە بکەین بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ کار نەکات”.بەرهەمەکانی گرامشی پێکدێن لە وتارە ڕۆژنامەوانیەکان کە پێش زیندانیکردنی بڵاوکراونەتەوە، و نزیکەی سی دەفتەری یاداشتە کە لە زینداندا نووسیونی (“دەفتەرەکانی زیندان”). بێنێدیتۆ کرۆچێ (١٨٦٦-١٩٥٢) نامەکانی گرامشی کە لە زیندانەوە نووسیبوونی، بە کارێکی کلاسیکی نوێی دەزانێت لە ئەدەبیاتی ئیتاڵیدا . گرامشی مارکسیەتێک پێشنیار دەکات کە ناوی لێناوە “فەلسەفەی پراکتیک”.
ئەم فەلسەفەیە پراگماتی نییە، بەڵکو شێوازێکی بیرکردنەوەیە کە کێشە تیۆرییەکان دەکاتە مێژوو بەوەی هەمیشە وەک کێشەی کلتووری و ژیانی مرۆیی گشتگیر دەیانبینێت: “ئەوەی بۆ زانست گرنگە ئەوەندە ئۆبژێکتیڤبوونی ڕاستی نییە، ئەوەندەی بۆ مرۆڤ گرنگە میتۆدەکانی پەرەپێدەدات و بەردەوام ئامرازە ماددییەکانی و لۆژیکیەکانی (لەوانەش بیرکاری) ڕاستدەکاتەوە؛ ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە کلتوورە. پەیوەندیی مرۆڤ بە ڕاستیەوە لە ڕێگەی تەکنەلۆژیاوە. تەنانەت لە زانستیشدا گەڕان بەدوای ڕاستیدا دابڕان لە مرۆڤایەتی جگە لە پارادۆکسێک هیچی تر نیە . فەلسەفە دەبێت لە چوارچێوەی پراکتیکی مرۆڤایەتیدا تێبگەین، “بە شێوەیەکی کۆنکرێتی، واتە بە شێوەیەکی مێژوویی”. کەواتە بابەتی مرۆڤ کێشەی یەکەم و سەرەکیی فەلسەفەی پراکتیکە.
ئەو بابەتانەی کە لای فەیلەسوفە مارکسیە نەریتیەکان یان ئەکادیمیەکان، بەشە سەرەکیەکانی “ماتریاڵیزمی مێژوویی” پێکدەهێنن (واتە ئەو بابەتانەی لە “فەلسەفەی سروشت”ی ڕۆمانسیەتەوە وەرگیراون)، کردەیانە لە کارەکانی گرامشیدا بوونیان نیە. سەرەڕای ئەوەش بیرکردنەوەی گرامشی دوودڵیەکی سەیر دەوروژێنێت سەبارەت بە بابەتی ئایدیۆلۆژیاکان. گرامشی درکی بەوە کردبوو کە کاری فەلسەفی مارکس لە بنەڕەتدا ڕەخنەگرتنە لە ئایدیۆلۆژیاکان. بەڵام لە لایەکی ترەوە گرامشی پێی وایە هەر بیرکردنەوەیەک کە پەیوەندی بە پراکتیکەوە هەبێت وەک مارکسییەت بۆ نموونە پێویستە تا ڕادەیەک بونیادنانی ئایدیۆلۆژی یان “ئەفسانە”ی تێدا بێت، وەک لە وتارە سەرەتایەکانی خۆیدا نووسیویەتی.‏گرامشی لە ساڵانی پێگەیشتنیدا، دوودڵ بوو لە بەکارهێنانی ئەم وشەیەو چەمکی مارکسیزمی خۆی بە تەواوی لە ئایدیۆلۆژیاکەی دانەماڵی. بەڵکو پەنای بردە بەر جیاکردنەوەی نێوان ئایدیۆلۆژیا ئۆرگانیە مێژوویەکان کە بۆ پێکهاتەیەکی دیاریکراو پێویستن، و ئایدیۆلۆژیا هەڕەمەکی و عەقڵانییە “پەسەندکراوەکان”. بەهۆی ئەوەی لە ڕووی مێژووییەوە پێویستن، ئەم ئایدیۆلۆژیایانە خاوەنی باوەڕپێکراویەکی دەروونین، چونکە جەماوەری مرۆیی ڕێکدەخەن و بنەمایەک پێکدەهێنن کە مرۆڤەکان تێیدا خەبات دەکەن و تێیدا هۆشیاری لە هەڵوێستەکانیان بەدەست دەهێنن ….هتد.”

‏‏اکد الجبوری – حوارالمتمدن – ٢٤/ ١٠ / ٢٠٢٥











لە بتەکانی عەقڵەوە بۆ نەفرەتی ڕووناکی.. وەرگێڕان: نەوزاد مدحەت (گۆران عەبدوڵڵا)

مرۆڤایەتی تا ئێستا لە پەرستنی بتدا ژیاوە، بتەکان لە ئەخلاقدا، بتەکان لە سیاسەتدا، بتەکان لە فەلسەفەدا.
بەم لێدوانە، چەکوشەکەی نیتچە مرۆڤایەتی رووبەڕوی ئاوێنەی حەقیقەتدەکاتەوە. بتەکان چیتر ئەو بەردانەنین کە لە پەرستگاکاندا لێیان دەپاڕێنەوە، بەڵکو چەمکەکانن کە لە کتێب و مێشکدا پیرۆز کراون.
لە سەرەتاکانی مێژوودا، مرۆڤ خوداوەندەکانی خۆی لە ترسەوە دروستکرد، پاشان دەیپەرستن بۆ ئەوەی ئەو ترسە لەبیر بکات. هەموو بیرۆکەیەک کە لە سەرووی گومانەوە بەرز بکرێتەوە دەبێتە خودایەکی بچووک کە چاوەڕێی پێشکەشکردنی گوێڕایەڵی دەکات. ئەخلاق، ڕاستی، عەقڵ، نەتەوە، خودا، خەڵک، یەکسانی، ئازادی ئەمانە هەموو ناوی جیاوازن بۆ هەمان پێویستی کۆن، پێویستی کڕنۆشبردن.
نیتچە بە تەنیا ئایین تێک ناشکێنێت، ئەو شێوازی بیرکردنەوەیەش تێکدەشکێنێت کە وامان لێدەکات باوەڕمان بە شتێک هەبێت زیاتر لە خۆمان.

ئەو بتانەی ئەو باسی دەکات بەردی بێدەنگ نین بەڵکو بیرۆکەیە کە لە ناخماندا هەناسە دەدەن بەبێ ئەوەی ئێمە هەستی پێبکەین. ئێمە هەموو ڕۆژێک دووبارەیان دەکەینەوە کاتێک دەڵێین: دەبێ ، پێویستە، باشە، خراپە. ئەو وشانە بتەکانی مۆدێرنەن، هۆشیاریمان پێکدەهێنن وەک پەرستگاکان هۆشیاری کۆنانیان پێکهێناوە. خوداوەندەکان لە ئاسمان دوورخرانەوە تەنها بۆ ئەوەی وەک بەها و پرەنسیپ بگەڕێنەوە. ئێمە لێرەین، بۆ چاکە دەپاڕێینەوە وەک باوباپیرانمان نوێژیان بۆ خوداوەندی خۆر دەکرد.
مرۆڤ هەرگیز ئازاد نەبووە، ئەو تەنها فەرشی نوێژەکەی بە مێزێک گۆڕی، ئینجیل بە دەستوور، پەرستگاکەی بە زانکۆ. بتەکان شێوە دەگۆڕن، نەک جەوهەر.

ئەخلاق، لای نیتچە، کۆنترین و فێڵبازترین بتە. ئەوە فێڵێکە قوربانی دایهێناوە بۆ ئەوەی لاوازی خۆی پێبشارێتەوە و بیکاتە یاسا. لە کتێبی ” رەچەڵەکی ئەخلاقی- Genealogy of Morality “، ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن چاکە لە ژیانتاڵی بێدەسەڵاتەکانەوە سەریهەڵداوە، ئەوانەی کە ناتوانن تۆڵە بکەنەوە، ناویان ناوە لێخۆشبوون، ترسنۆکی بە میهرەبانی، ملکەچبوونیان بەستایەوە بە رەحمەتی خوداوە. لەو ساتەوە بەهاکان سەرەو ژێر بوون: چاکە بوو بە وەی کە هیچ رۆژێک نیشانەی لاوازی نەبووە، خراپە هیچ رۆژێک نیشانەی هێز نەبووە.
ئەخلاق تەرازووی ئاسمانی نییە وەک ئێمە منداڵان فێر دەکەین. ئامرازێکی سایکۆلۆژییە خەڵک دایانهێناوە بۆ خنکاندنی هەر تاکێک کە لە سەروی ئەوانەوە بیردەکاتەوە.
لە سوکراتەوە عەقڵی ڕۆژئاوا دەستی کرد بە پەرستنی ئەخلاق وەک ئەوەی خودایەکی نوێ بێت. دانایی ناونرا دەستەمۆکردنی ئارەزوو، شەهوەت یانی کەوتن، بیرکردنەوە لە دژی جەماوەر بە شێتی. بەم شێوەیە خواستی مرۆڤ بە لادابرا و ئارەزووی گوێڕایەڵی جێگەی گرتەوە. ویژدان بوو بە دەنگێکی ناوەکی کە دژی خۆی هەڵگەڕێنرایەوە. ئەخلاق چیتر قەڵغانێک نییە بۆ لاوازەکان بەڵکو زنجیرێکە لە ملی، کە تەنها لە کاتی مردندا ئازاد دەکرێت.
چەکوشەکەی نیتچە چاکە وەک ڕووناکی نابینێت، بەڵکو وەک دەمامکێک دەیبینێت کە ترسنۆکی لەسەری دەکات ئەوکاتەی بە ناوی خوداوە قسە دەکات. ڕەوشت مرۆڤ پاک ناکاتەوە، بەڵکوو ڕێگری لێدەکات لەوەی بە تەواوی مرۆڤ بێت.

سیاسەت، وەک ئەوەی نیتچە دەیبینێت، گەورەترین شانۆی بتپەرستی مۆدێرنەیە. لەوەتەی خودای کۆن مردووە، مرۆڤەکان پەلەیان کرد بۆ دروستکردنی خودای نوێ لە گۆشت و دروشمەکان. نەتەوە، خەڵک، دەوڵەت، نیشتیمان. هەموو ئەو دروشم و ناوانە بەرگی پیرۆزیان کراوەتە بەر، بەڵام لە راستیدا تەنها بتێکی کۆمەڵە بۆ قووتدانی تاکەکان و مانەوەی خۆیان لە “پشت چاکە و خراپە”وە.
چەکوشەکەی نیتچە دەنووسێت کە هەموو وڵاتێک دڕندەیەکی خوێن ساردە و کەسی خۆشناوێت بەڵکو لە دڵسۆزی هاوڵاتیانی خۆی دەخوات وەک پەرستگایەک کە لە نوێژی باوەڕداران دەخوات. ئەمە خودای زەوییە کەس نکۆڵی لێ ناکات، چونکە ئەوانەی گومانیان هەیە بە خیانەتکار ناودەبرێن. لەم جیهانەدا، فەرمانڕەوا پێویستی بە تاج نییە، قسەکردن بە ناوی گەلەوە بەسە بۆ ئەوەی فەرمان بە گوێڕایەڵی مێگەلەکە بکات. دروشمەکان ئینجیلی سەردەمی نوێن، وەک سیمبولی ڕزگاری لە گۆڕەپانەکاندا هەڵواسراون لە کاتێکدا ئازادی ڕۆژانە بە ناوی ئەوانەوە سەردەبڕدرێت. نیشتیمان پەروەر جیاوازی لەگەڵ خوداپەرست نییە، هەردووکیان مێشکیان داوە بەدەست هەستێکی هەڵە لە مانای ژیان.

نیتچە سیاسەتمەدار وەک قەشەی مۆدرن دەبینێت، دەوڵەتیش تەنها درێژکراوەی رۆڵی کڵێسایە بە هۆکارێکی تر بەردەوام دەبێت. پیاوانی ئاینی روو لە ئاسمان قسەیان دەکرد، سیاسەتمەدارەکانی ئەمڕۆ روولە زەوی قسە دەکەن، هەردوو دەنگەکە مرۆڤ بێدەنگ دەکەن بە ناوی حەقیقەتی رەهاوە.

فەلسەفە وەک ئەوەی نیتچە دەیبینێت شاراوەترین پەرستگایە لە نێو مەزارگەی بتەکان. فەیلەسوفەکان لە ئەفلاتونەوە خودایان نەدەپەرست، بەڵکو بیرۆکەکەیان دەپەرست. قوربانگاکەیان بە چەمک و ڕێوڕەسم بە میتۆد و ئیمانیان بە عەقڵ گۆڕی. بەڵام لە ناوەرۆکدا وەک قەشە مانەوە و لە ترسی ئاژاوە و پیرۆزی سیستەم.
نیتچە گاڵتە بە ئەفڵاتوون دەکات کە جیهانی نموونەیی بەرز دەکاتەوە بۆ سەرووی ڕاستی، وە ڕاستی لە بەهەشت دادەنێت، لەکاتێکدا مرۆڤ لە قوڕدا چەقیوە. ئەم دابەشکردنە گەورەترین درۆی لە مێژووی بیرکردنەوەدا هێنایە بوون: کە عەقڵ لە جەستە پاکترە، بیرکردنەوە لە ژیان پیرۆزترە. پاشان هێگڵ هات و مێژووی کرد بە خودایەکی دوو قاچ، ڕۆحی ڕەهای کردە بتێکی نوێ و عەقڵی کردە یاسایەکی گەردوونی بێ هەڵە. بەم شێوەیە فەلسەفە خوداوەندەکانی بە ڕەها و قەدەری بە دیالێکتیکی گۆڕیەوە و بەردەوام برەویاندا بە بنەماکانی پەرستن لە جیاتی ئەزمونگەری.

نیتچە هەموویانی وەک هەڵاتوویەک لە ڕاستی دەبینی، ترسیان لە جوانی دڕندانەی ژیان وەک خۆی هەیە. ئەوان دەیانویست ئەقڵ وەک عەرش بێت، بەڵام لایەنە ئینسانێکەیان لێداماڵی. چەکوشەکەی لە دژی هەموویانی نووسی بۆ گەڕانەوەی فەلسەفە بۆ سەر زەوی، بۆ جەستە، خوێن، ئارەق، غەریزەکان. کاتێک بیرکردنەوە لە سۆز جیا دەبێتەوە، دەبێتە پەیکەر. ئەو جۆرە فەیلەسوفانە لە ئاژاوە دەترسن، بۆیە دەبنە بتەکە خۆی.

کاتێک نیتچە مردنی خودای ڕاگەیاند، ئەو ئاهەنگی نەگێڕا بەڵکو شیوەنی دەگێڕا. خودا بە تەنها نامرێت، بەڵکو هەموو ئەو مانایانەی کە مرۆڤ پێی دەژیا لەگەڵ ئەودا دەمرن. لەگەڵ ئەوەشدا مرۆڤ بەرگەی بۆشاییەکەی نەگرت و پەلەی کرد، پەرستگای نوێی لەسەر وێرانە کۆنەکان بنیادنا، ئەمجارەیان لەسەر وێنەی خۆی. بەم شێوەیە بتێکی ئاینی نوێ لەدایک بوو: مرۆڤ خۆی لەسەر تەختی خودا دانیشت. چیتر ئافەریدگارێک لە سەرەوە ناپەرستێت، بەڵکو خۆی لە ئاوێنەدا دەپەرستێت.
بێ باوەڕی، بۆ نیتچە ئازادی لە ئایین نەبوو، بەڵکو بەردەوامی بوو بە زمانێکی تر مرۆڤ خۆی دەپەرست لە جیاتی ئاسمان. خەڵک قەشەیان بە زانا ئاڵوگۆڕ کرد، کۆمەڵ بە کۆنفرانس، ئاشکراکردن بە میتۆدی تاقیکردنەوە، بەڵام ڕۆحەکە یەکێکە: ملکەچبوون بۆ ڕاستی وەک دەسەڵات. عەقڵی مۆدرن کەمتر لە باوەڕی کۆن ستەمکارانەتر نییە، هەمان دڵنیایی بە شێوەیەکی جیاواز دەسەپێنێت.

ئایین نەمردووە؛ دەنگی گۆڕی، ئێستا بە ناوی مەنتیق، مرۆڤایەتی، زانست، بەرژەوەندی گشتیەوە قسە دەکات. لەبەر ئەوە وشە تاڵەکەی نیتچە دەڵێت: «خودا مردووە، بەڵام بۆنی تەرمەکەی هێشتا ئەشکەوتەکان پڕ دەکات.» مرۆڤی هاوچەرخ لەسەر وێرانەکانی خودا دەژی، بەڵام ئارەزووی بەچۆکدا هاتنی هەر لاماوە ئەگەر بۆ خۆشیبێت. بتی حەقیقەت وەک ئەوەی نیتشە ناوی لێدەنێت ترسناکترینی بتەکانە چوونکە لەناو هزردا دەژێت.
لەوەتەی ئەفڵاتوون ڕاستی بۆ ڕەها بەرز کردووەتەوە، عەقڵی ڕۆژئاوا دەیپەرستێت وەک باوەڕدارێک کە پەروەردگاری خۆی دەپەرستێت. بەڵام نیتچە مێزەکە هەڵدەگێڕێتەوە: حەقیقەت ئەوە نییە کە دەیدۆزینەوە بەڵکو ئەوەیە کە دروستی دەکەین. پێکهاتەیەکی زمانەوانییە، خواستە بۆ هێز بە دەمامکی حەقیقەت دەمامکدراوە لە پشت چاکە و خراپە و خواستی دەسەڵات. ئەو باوەڕە کوێرانەیە ئاشکرا دەکات و دەڵێت: مرۆڤ بەدوای ڕاستیدا ناگەڕێت لەبەر ئەوەی بڕوای پێیەتی، بەڵکو بەرگەی ناڕونێکان ناگرێت. ئەو فەرمانی دەوێت تا دڵنیای بکاتەوە، تەنانەت ئەگەر هەڵەش بێت. هەموو فەلسەفەیەک لە بنەڕەتدا بەرگریکردنە لەشێوەیەک لە ترس.
نیتچە لە ڕەخنە لە بتی ڕاستی، داوا لە درۆ ناکات بەڵکو داوا لە ئازایەتی دەکات بۆ دانپێدانان بەوەی کە ڕاستی خۆی هێزێکی زمانییە. لێرەدا ئەو ڕووبەڕووی ئەوە دەبێتەوە کە دواتر میشێڵ فوکۆ و جاک دەریدا کردیان، ئاشکراکردنی ئەوەی کە زانیاری بێتاوان نییە بەڵکو بەستراوەتەوە بە زاڵبوون. ڕاستی ئازادمان ناکات؛ بەڵکو پێناسەمان دەکات لەناو سیستەمێکدا کە چاودێری دەکات و دیاری دەکات چی بکرێت و بوترێت. لێرەوە نیچە: هەموو سیستەمێکی زانیاری سیستەمێکی ئەخلاقییە لە شێوەی شاراوەدا؛ لە پشت هەموو ڕاستییەک، ویستێک بۆ دەسەڵات هەیە کە جیهانبینی خۆی دەسەپێنێت. فەیلەسوفی ستایشکەری ڕاستی تەنها کاهینێکی نوێیە کە بەرەکەتی زمانی دابەش دەکات بۆ فەرمانبەران.

عەقڵی مۆدرن بوو بە بتێکی نوێ کە بۆخۆی لەلایەن ئەوانەوە دروستکرابوو کە پێیان وابوو هەموو بتەکانیان لەناوبردووە. کانت لە کتێبی ( ڕەخنە لە عەقڵی بێخەوش- Critique of Pure Reason )، هەوڵی دا سنووری عەقڵ دابنێت نەوەک وێڵ ببێت، لۆژیکی کردە یاسا، گومان چاودێری، ئەزموون سەنگی مەحەک. بەڵام نیتچە لە پرۆژەکەی کانت بەردەوامی ڕۆح دەبینێت کە دەبێتە هۆکاری دامەزراندنی ئەخلاق و ئایین، ترس لە ئاژاوە، ئارەزوو بۆ ڕێکخستنی هەمیشەیی. عەقڵ یاساکانی خۆی دادەنێت ئارەزووی هۆکارە بۆ گوێڕایەڵی، ڕاستی ناتوانێت وەک ئاژاوەیەکی جوان بەرگە بگرێت.

پاشان ڕۆشنگەری هات و ئەم بتە نوێیەی لە زانست و پێشکەوتندا پیرۆز کرد. فرانسیس بەیکن- Francis Bacon لە Novum Organum نووسیویەتی کە زانین هێزە، بەڵام نیتچە بە پێچەوانەوە دەیبینێت کە ئەمە بووە بە دەسەڵات. سیستەمێکە ستەم دەکات لە جیهاندا وەک ئەوەی ئایین پێشتر دەیکرد.
دیکارت- Descartes لە (تێڕامان لەسەر فەلسەفەی یەکەم- Meditations on First Philosophy) ڕایگەیاند (من بیر دەکەمەوە، کەواتە هەم،) بیرکردنەوە دەکاتە بتێکی نوێ، من، ناوەندی گەردوون، سەرچاوەی بوونی دڵنیایی. بەم شێوەیە بیرۆکە پەرستی بەردەوام بوو، ئەمجارە بە جلوبەرگی زانستیەوە.

چەکوشەکەی نیتچە لە دژی هەموویان دەوەستێت وەک یەک هۆکار بۆ بینینی بەندیخانەیەکی زێڕین. ئێمە خۆمان بە عەقڵ ئازاد نەکردووە، عەقڵ خۆی لە ئێمە ئازاد کرد بۆ ئەوەی بە ناوی خۆیەوە کۆت و زنجیرمان بکات.

لە روانینی نیتچەدا، دوای مردنی خودا، مرۆڤ وەک بیرکردنەوە نەچووە ناو سەردەمی ئازادییەوە، بەڵکو وەک خۆپەرستی ڕەها. لە هەردوو کتێبی – The Gay Science -Spoke Zarathustra – بەم شێوەیە وێنای مرۆڤی مۆدرن دەکات کە لەسەر داروپەردووی مانای کۆن وەستاوە و هاوار دەکات کە گەورەی بوونە کەچی لە ناوەوە وێرانە. ئەو تەختی خودای بە میرات وەرگرت، بەڵام دانایی نەبوو، بوو بە خودایەکی شێواو و دروستدەکات بەبێ ئەوەی بزانێت بۆچی، کۆنتڕۆڵی کرد بەبێ ئەوەی بزانێت لە کوێ و بەرەو کوێ. بەم شێوەیە مرۆڤ خۆی بوو بە گەورەترین بت. فەیلەسوف بەناوی ئەوەوە قسە دەکات، سیاسەتمەدارەکان وەک بیانوویەک بە ناویەوە قسەدەکەن، هونەرمەندان وەک ناوەندی گەردوون گۆرانی پێدا دەڵێن، لە کاتێکدا ئەو تەنها سێبەرێکە بەدوای ڕووناکی ونبوودا دەگەڕێت.

بەشەر پەرستی لە هەموو هونەرە مۆدرنەکاندا بەرجەستە بوو. لە “ئافراندنی ئادەم”ی مایکل ئەنجێلۆ، دەستی خودا دەگاتە مرۆڤ، بەڵام نیتچە پێچەوانەکەی دەبینێت: ئەو ساتەی ئاگر لە ئافەریدگارێکەوە بۆ بوونەوەرێکی تر تێدەپەڕێت، دەست بە خودپەرستی دەکات.
لە شیعرەکانی بۆدلێر- Baudelaire -، بەتایبەتی گوڵەکانی خراپە، مرۆڤ خۆی وەک بوونەوەرێکی کەوتوو دادەنێت کە پێویستی بە لێخۆشبوون نییە بەڵکو جوانی لە پاییزدا. گۆیا لە (کەیوان کوڕەکەی دەخوات) – Francisco Goya وێنەی پیاوە نوێیەکە دەکێشێت کە ئەوەی دروستی دەکات بە دەستەکانی خۆی دەیخوات.

هونەر بوو بە ئاوێنەیەک بۆ خۆویستی هۆشیاری مۆدرن و موبتەلابوون بە خۆشەویستی خودەوە، هەر وەک ئەو چیرۆکەی نێرگز کاتێک وێنەی خۆی لە ڕووی ئاوەکە دەبینیت و هەوڵدەدات دەست لە خۆی بدات دەکەوێتە ناو ئاوەکەوەو دەخنکێت. خودپەرستی مۆدرن، بە بۆچوونی نیتچە، تەنها خۆشویستنی خود نییە بەڵکو ملکەچبوونە بۆی. مرۆڤ لە کۆیلەی خوداوە گۆڕا بۆ کۆیلەی پەیکەرەکەی، لە کڕنۆشەوە لەبەردەم پەرستگاوە بۆ کڕنۆش بۆ ئاوێنە. لە سەردەمێکدا کە من ناوەندی بوونە، ڕاستی دابەش بووە بۆ ئەزموونی تاکەکەسی. هەموو پیاوێک بوو بە خودایەکی بچووک کە بە دەوری گەلەئەستێرەی تایبەتی خۆیدا دەسوڕێتەوە. بەڵام ئەم خوداوەندە نوێیە فشەڵە، لە سەر ئاستی هۆشیاری ئەوانی تر هەست بە بوونی خۆی دەکات.
لە دونیای نووسینی نیتچەدا مرۆڤ بەگوریسێک شەکەت دراوە لە نێوان ئاژەڵ و مرۆڤی خاوەن پێگەدا، گوریسێک لەسەر بۆشایی. مرۆڤ چیتر بەدوای مانادا ناگەڕێت ئەوەندەی بە دوای نمایشکردنی خۆیدا.

ئەم تراژیدیایە لە هونەردا بە هەمان ئەندازە لە بیرکردنەوەدا دەردەکەوێت. ڤان کوخ وێنەی سروشتی نەکێشاوە بەڵکو سووتانی خۆی لە ناویدا کێشاوە. هەر ڕەنگێک برینێکە لە هۆشیاری، هەر ڕووناکییەک هەوڵێکی مەحاڵە بۆ ڕزگاری. ڕێنێ ماگریت – René Magritte in The Son of Man لە کوڕی مرۆڤدا دەموچاوێکی بە سێو کێشاوە بۆ ئەوەی بڵێت مرۆڤی مۆدرن چیتر ڕوخساری ڕاستەقینەی خۆی ناناسێتەوە بەڵکو لە پشت هێماکانیدا دەژێت. لە شیعرەکانی ڕیلک – Rilke -، بەتایبەتی Duino Elegies خودهۆشیاری دەبێتە ئازارێکی پیرۆز، ململانێ لەنێوان ئارەزووی نەمری و ترس لە سەیرکردنی ئاوێنە.

هونەر لێرە خۆشگوزەرانی نییە بەڵکو توێکاری ڕۆحە، ئاشکرای دەکات کە چۆن مرۆڤ بووە بەکۆیلەی ئەو خودەی دروستی کردووە. جوانی خۆی بوو بە بتێکی نوێ کە تیایدا مرۆڤ فۆرم دەپەرستێت نەوەک جەوهەر. پاش کەوتنی پەرستگا بەردینەکان، پەرستگاکانی وێنە بەرز بوونەوە. لە سەردەمی بۆدلێر، هونەر ڕزگاری نەبوو بەڵکو ماسکێکی جوان بوو بۆ ناشیرینی وەک ئەوەی لە ( گوڵەکانی خراپە )، کە جوانی بەرەو نشێوی دەڕوات، فریودان مردن دادەپۆشێت. ئۆسکار وایڵد لە وێنەی (دۆریان گرەی) جوانی کردە نەفرەتێکی ئەخلاقی، جەستە پیر نابێت، ڕۆح لە پشت کامڵییەکی ڕواڵەتییەوە بۆگەن دەبێت. ئەوە ڕوخساری نوێی بتەکەیە: جوانی لە ئەزموونی هەستییەوە دەگۆڕێت بۆ میتافیزیکی درۆ.

لە مۆسیقادا، ئەم شێتییە گەیشتە لوتکە لەگەڵ واگنەر – Richard Wagner کە هەوڵیدا ئازار بگۆڕێت بۆ سەمفۆنیای پیرۆز. نیتچە کە لەسەرەتاوە کاریگەر بوو پێی، بەڵام دواتر بەرپەرچی دایەوە، لە کەیسی ڤاگنەردا نووسیتی مۆسیقاکەی نەخۆشی دەگۆڕێت بۆ ئاوازێکی جوان. هونەری مۆدرن، بە بۆچوونی ئەو، چیتر چارەسەر نییە بەڵکو جوانکردنی نەخۆشییە، بەنجکردنێکی جوانە بۆ جیهان.

تەنانەت لە تابلۆکانی سلڤادۆر دالی و سیمفۆنیای نۆیەمی ماهلەر- Gustav Mahler-، کە بە کاڵبوونەوە کۆتایی دێت کە لە ئازاری مردنی گەردوون دەچێت گوێمان لە مرۆڤی مۆدرن دەبێت کە لە خۆویستیدا مەلە دەکات تا خنکاندن. هونەر بوو بە نەریتێکی میتافیزیکی نوێ بۆ خودپەرستی. جوانی دوایین پەناگەی بتەکانە کاتێک هەموو خواوەندەکان کەوتن.

وەرگێڕان و ئامادەکردنی لە عەرەبییەوە: نەوزاد مدحەت (گۆران عەبدوڵڵا)

سەرچاوە:
https://www.youtube.com/watch?v=TUvefmWZyxA&t=739s




ڕۆژی جیهانیی فەلسەفە چییمان بیردەخاتەوە؟.. ئازاد حەمە

ئەم ساڵ رۆژی جیهانیی فەلسەفە ڕێکەوتی20/11/2025 دەکات، کە سێهەمین پێنجشەمەی ئەم مانگەیە.

دەستپێک: جیهانی پر کارەساتباری ئێستامان دەکرێت بێ فەلسەفە بێت؟

ڕۆژی جیهانیی فەلسەفە چییمان بیردەخاتەوە؟ ئەم ڕۆژە لە ڕووی مێژووییەوە هەردەم سەرەتاتکێیەکی هزرییمان لەگەڵدا دەکات؛ پێماندەلێت فەلسەفە لە هەناوى مرۆڤبوونی ئێمەوە سەریدەرهێناوە، ئەوەی لەوەدا زیاتر لە هەموو شتێک شایانترە بۆ گوتن ئەوەیەکە، فەلسەفە هەردەم موسافرێکی ئۆقرەنەگرتووە، سەرسەخت و دڕدۆنگانە(بەگومانەوە) دەمانخاتەناو دۆخگەلێکی پڕتێڕامانەوە. هەرلێرەدا بەدڵێکی خەمگینەوە دەبێژین: دەبوو فەلسەفە بۆ کورد سەروی گشت زانینێکبایە، سەرمەشقی سیاسەت و هونەر و زانستیشبایە، لێ حەیف فەلسەفە لە پەراوێزی زانکۆ و نێوەندی ڕوناکبیریی و سیاسییشماندایە. لە پەروەردەگەڕێ، کە چەند لە فەلسەفە بێئاگایە، خۆشەویستیش هەروەک پەروەردە و هزری سیاسییمان بە فەلسەفە نامۆ و غەوارە.
لەبەرئەوە جیهانی پر کارەساتباری ئێستامان ناکرێت بێ فەلسەفە بێت. فەلسەفە بۆ ئەم جیهانەی ئێستا، بۆ ئەو فۆڕمەی ئەم جیهانە وەریگرتووە، پێویستییە. لێ ناشێت فەلسەفە لەناو جیهانی ناوبراودا بەهەمان ئامرازی فەلسەفیی شارستانی یۆنانی کۆن و رۆمانی و سەدەکانی ناوەڕاست و سەدەی ڕۆشنگەریی کاریخۆی بکات.

لای خوارەوە بەچەند هەنگاوێک هێمابۆئەوەدەکەم،کە ڕۆژی جیهانیی فەلسەفە دەشێت چییمان بیربخاتەوە:
بۆدەبێت ڕووبەری فەلسەفەکردن فڕاوانبکرێتت؟
لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانیی فەلسەفەدا دەخوازم هێما بۆ ئەوە بکەم، کە لە جیهانی ئێستاماندا گوماندەکەم بەئاسانی هەل و مەرجی فڕاوانکردنی ڕووبەری فەلسەفەکردن بێتەئاراوە، کار لەسەر پرسە سەرەکییە هاوچەرخەکان بکرێت، فەلسەفە بکرێت بە بابەتی گفتوگۆی نێوان کولتوورەکان. ئەم گومانەم بەری تەسکبوونەوەی پرسیار و خودی گومانیشە لەم چرکەساتە ئاستەنگاوییەی حەزی بە چارەی فەلسەفە نییە. حەیف لە ئێستایەکدا دەژین ڕق لە فەلسەفە ئامادەیە. بەڵام گرنگە ئەوەش بزانین، کە فراوانکردنی ڕووبەری فەلسەفەکردن پێویستییەکی ڕۆشنگەریی نیشتیمانیی و جیهانییە. ئەمە دەستپێکی گۆڕانیشە لە پەروەردە و فێربوون، ئەو دەستپێکەی سەرزەوی هەمووی تێکڕا زۆرترین پێویستی پێیەتی. فێربوونی فەلسەفە و وتنەوەی فەلسەفە بەرپرسیارییەکی گشتی مرۆڤە و سەرەتاشە بۆ پێکەوە ڕووبەڕووبوونەوەی پرسە بنەڕەتییە سەردەمییەکان و بۆ تێگەیشتنێکی باشتریش لە جیهان.
ڕووبەری فەلسەفەکردن فراواننابێت تا ڕووبەری ئازادی فراواننەبێت. لەو شوێنەش، کە ئازادی بوونی نییە فەلسەفە بێ شوێنە. ئەو فەلسەفەیەی لە کۆمەڵگەی نائازاد و گەندەڵ دا هەیە نافەلسەفەیە. ئێستا نافەلسەفە لە زۆر جێگا جێگایەکی بۆخۆی دابینکردووە. باشە بۆ دەبێت جێگایەک لە کۆمەڵگە، لەناو ژیان، بۆ فەلسەفە هەبێت؟ لەبەرئەوەی لەڕێگای فەلسەفەوە دەشێت کار لەسەر تەشەنەسەندن و نەشونمای شیکردنەوە و توێژینەوەی پرسیارە چارەنوسسازەکان بکرێت. فەلسەفە دەکارێت ئەمە بکات، چونکە کاری لێخوردبوونەوەیە لە تاک و کۆ، لە بوون و کەتواری ئەم تاک و کۆیە.
داواکان لە فەلسەفە زۆرن. داواکان، کە هیوان هەموو دەخوازن فەلسەفە ئەم داوایانە بهێنێتەکایەوە. هەموو دەخوازن فەلسەفە سەرلەبەری گۆی زەوی بەرەو باشە بگۆڕێت. باشەی لەم جۆرە، کە یەکسانی، ئازادی و ماف لەخۆدەگرێت هەر هەموو ئەمانە هێزی خۆیان لە فەلسەفەوە وەردەگرن. بەڵام هێنانەدی ئەم داوایانە، هیوایانە، کاری بەردەوام و هاوبەشی دەوێت.

فەلسەفە چی پێدەکرێت؟
زۆرێک دەپرسن: فەلسەفە چی پێدەکرێت؟ لێ ئێمە دەپرسین : فەلسەفە چی پێبکرێت؟ ئەو شتە چییە فەلسەفە دەبێت بیکات؟ وەکیتریش فەلسەفە چیپێدەکرێت و چیپێبکرێت هەر لەسەر ئەوە وەستاوە، کە فەلسەفە کێیە تا ئەم داوایەی لێبکرێت؟ فەلسەفە خۆمانین، ئەوانەنن، کە بیردەکەنەوە. فەلسەفە ئەو شێوازەیە، کە بۆ بیرکردنەوە دەگیرێتەبەر. ئەڵبەتە فەلسەفە لە هەرە شێوازە دیار و دانسقەکانی بیرکردنەوەشە. بەهۆی فەلسەفەوە دەگەین بەو زانینەی نییمانە. ئەم زانینە چیپێدەکرێت؟ دەمانبات بەرەو تێگەیشتن. تێگەیشتن لەوەی تا هەنووکە لێیتێنەگەیشتووین. ئەم تێگەیشتنەش خاڵی وەرچەرخانی ئێمەیە لە شتێک هێشتا نییە، کە دەشکرێت ئەوە ڕۆشنگەرییبێت، کە دواتر لەمیانە بیرکردنەوەکانەوە دێتەکایەوە.
ڕۆشنگەریی چرکەی لەدایکبوونی عەقڵە لای تاک/ لای گشت منێک. لێرەوە دەشێت بپرسین: لە ئێستادا شیاویی لەبەردەم ئاڵوگۆڕی میراتی فەلسەفیدا ماوە؟ مرۆڤەکان باوەڕیان بەم پرینسیپە مرۆییە ماوە؟ ئەم شیاویی و باوەڕە پێویستە مابێت. بیرکردنەوە لە جیهان، ئەمە دەبێت کۆمانبکاتەوە. پاش ئەم بیرکردنەوەیە ئەدی کاری سەرەکی فەلسەفە چییە؟ ڕەنگە یەک لەو کارانە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری گشتی بێت. ئەمە ئەرکی یەک کۆمەڵگە و یەک کولتوور یان شارستانی نییە، ئەمە بەرپرسیارییەکی ڕەوشتی مرۆیی گشت سەرزەوییە.
سەرباری ئەوە، شوێنی فەلسەفە تەنیا هۆڵی زانکۆکان نییە، پرسیارە فەلسەفییەکان هەر لەنێو مامۆستا و خوێندکاران نەشونما ناکات. فەلسەفە، کە مافی هەموانی بەسەرەوەیە بەهۆیەوە دەکارین ئەو کێشانە بخەینە ژێر پرسیارەوە، کە ئەمڕۆ جیهان ڕووبەڕووی دەبێتەوە، ئەمەش بەزۆری لەبەرئەوەی، فەلسەفە بەشدارە لە پەرەپێدانی تێگەیشتن لەو بنەما و بەهایانەی ڕێنمایی کردار و بڕیارەکانمان دەکەن.

خەمی ئێستای فەلسەفە چییە؟
خەمی ئێستای فەلسەفە ئەو پرسانەیە، کە ڕووبەڕووی جیهانی هاوچەرخ دەبنەوە. ئەو کێشانەی کە ڕووبەڕووی جیهان دەبێتەوە کێشەگەلێکی کۆن و هاوچەرخیشن. وەکیتریش لە وشەدانی فەلسەفەدا خۆمان لەناو زۆرێک واتای فەلسەفییدا (ڕاستیی، ڕەوشت، هاوڵاتیببون، لێبووردن، ڕێزلەیەکترگرتن، دادپەروەریی،….) دەبینینەوە، کە گرنگن بۆ هەڵکشانی ئاستی تێگەیشتنی ڕۆژانەی ئێمە لە خۆمان و دەورووبەرمان.
فەلسەفە تەنیا دیاردەیەکی ڕوناکبیریی یان ڕۆشنگەریی نییە دیسیپلینیشە، ئەمەو فەلسەفە تەقەلایەکی پراکتیکی ڕۆژانەشە، کە دەکارێت کۆمەڵگاکان بگۆڕێت و کولتوورەکان لەیەکتر نزیکبکاتەوە. واتە، فەلسەفە یارمەتیدەرە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئاسوودەتر و ڕێزدارتر. بەم شێوەیە فەلسەفە وا دەکات بتوانرێت لە بەربەست و ئاستەنگە گەورەکانی هاوچەرخ تێبگەین و بە دروستکردنی هەلومەرجی هزریی بۆ گۆڕانکاری وەڵامیان بدرێتەوە.
لەو پرسانەی، کە ڕووبەڕووی جیهانی هاوچەرخ دەبنەوە بابەتی ڕەوشتە، کە دەتوانێت بابەتگەلێکی تریش لەخۆبگرێت، وەک: ڕێز، ئاکار، تێرۆر، گەندەڵی، ماف. بۆ ئەوەی ئەمە بکرێت پێویستمان بەوەیە، کە زوو زوو پێناسەی فەلسەفە بکرێتەوە. ئەوەش ڕوونبکرێتەوە، کە ئەرک و ئامانجی بنەڕەتی فەلسەفە چییە و دەخوازێتیش چی بۆ مرۆڤ بکات. ئەمەش بە پلەی یەکەم پێویستە بۆ مناڵان و دواتر بۆ لاوان بکرێت. لاوان، کە کەوتوونەتە ژێر فشاری کۆمەڵگەیەکی بەرخۆری دژە بەها و جیهانگیرییەکی پەرت و بۆشەوە پێویستییەکی زۆریان بە خوێندنەوەی فەلسەفەی کلاسیک و هاوچەرخ هەیە.
سەرئەنجام، ئەو پرسانەی، کە ڕووبەڕووی جیهانی هاوچەرخ دەبنەوە خەمی ئێستای فەلسەفەن و گرنگە وا لە فەلسەفە بکەن خۆی لە عەوام نزیکبکاتەوە. ئەمە ڕێگایەکیشە بۆ لە بەدەستەبژێرخستنی فەلسەفە و تیشک خستنە سەر گرنگی دیدگا ڕەخنەییەکانیشی.

لە هەنووکەدا چۆن فەلسەفە سەرقاڵی بیرکردنەوە بکرێت؟
فەلسەفە واتە بیرکردنەوە لە هەنووکە. فەلسەفە هەنووکەی خۆی هەیە. لەو کاتەی، یان سەردەمەی، فەلسەفە ئامادەیە ئەو کاتە، یان سەردەمە، هەنووکەی فەلسەفەیە. فەلسەفە، کە لە هەنووکەی خۆی دورکەوتەوە فەلسەفە نییە. فەلسەفە چاودێرە بەسەر هەنووکەی خۆیەوە. هەنووکە ناشێت لە ژێرکۆنترۆڵی فەلسەفە دەرچێت. ئەو دەمەی فەلسەفە بە ڕاڤەی هەنووکە ناوێرێت ئەوە نەک هەر فەلسەفە نییە، بگرە بیریش لەو هەنووکەیەدا بوونی نییە. هەنووکەکان جۆراوجۆرن، لێ فەلسەفە هەمانە. فەلسەفە لە دەمی دەرکەوتنیەوە دیارە ئامانج و ئەرکی چییە، هەنووکەش، کە دەگۆڕدرێت فەلسەفە لەم گۆڕانە حاڵییە.
گشت ئەوەی لای سەرەوە وترا، بەرەو ئەو تەماشاکردنەمان دەبات، کە نزیکبوونەوەی فەلسەفە لە هەنووکە مەرجە. ئەمە بە ئاسانی نایەتە دی. بیرکردنەوە لە کردارەکانمان سەرەتای گۆڕینی بیرکردنەوەکانمانە بۆ کردار. گشت هەنووکەیەک لەژێر کاریگەریی کردارەکانە. هەنووکە بۆی هەیە کردارەکانمان بخاتەژێرپرسیارەوە. خودی هەنووکەش گومانیلێدەکرێت بەرهەمی کاتی خۆی نەبێت.

تێگەیشتنی قوڵ داوای فەلسەفەیە؟
فەلسەفە وادەکات تێگەیشتنی قوڵت هەبێت. ئەو دەمەی فەلسەفەکردن لە کەسێکدا چرۆدەکات تێگەیشتنی قوڵ زاڵدەبێت. تێگەیشتنی قوڵ لەگەڵ تێگەیشتنی سادە و لاواز دا یەکناگرێتەوە. تێگەیشتنی قوڵ پێویستی بە بیرکردنەوەی زۆر و بەردەوامە. بیرکردنەوەش مەشق و ڕاهێنانی جۆراوجۆری پێویستە. لە تێگەیشتنی قوڵ دا ئاسۆکانی تێڕامان بەرین و کراوەن. لەوێندەرێ فەلسەفە توانای تێپەڕاندن و بڕینی سنورەکانی لەنێوان زانستە جیاوازەکانیش دا هەیە. ئەوەی فەلسەفە لەتەک یەک زانست(دیسیپلین)دا یەکانگیرنابێت ئەمە یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی فەلسەفە. فەلسەفە بە چییەتی بیرکردنەوە دەستپێدەکات و بە پەروەردەکردنی تێگەیشتن کۆتاییدێت.
زۆر جار بۆ زۆرێک پرسیارەکانی فەلسەفە خۆیان لە ناسادەیی دەدەن. ئەمە ڕاستە و بەشێکیشە لە سروشتی فەلسەفە. بەپێی ئەوەی پرسیارەکانی فەلسەفە سەرساممان دەکەن بیرکردنەوەی وروژێنەریش دەسازێنن. بوون بە فەیلەسوف، نزیکبوونەوە لە فەلسەفە، ڕۆڵی فەلسەفە لە خۆشگوزەرانی مرۆیی و لە هێنانەدی ئاشتیخوازی و….، گشت ئەمانە و گەلێک بیرکردنەوەی تریش وروژاندنێک لەخۆدا بەرجەستەدەکەن، کە ئەوەمان پێدەڵێن هزر و تێگەیشتنی مرۆڤ و ڕۆشنبیرییەکەی لەتەک دەرکەوتنی فەلسەفەدا نەشونمایکردووە.

چۆن فەلسەفە لەگەڵ خێرایی ئەلێکترۆنی مامەڵەبکات؟
فەلسەفە بەئاگایە لە گەشەی ئەلێکترۆنی. لەبەرئەوە فەلسەفە لە سەردەمی خێرایی ئەلێکترۆنی دا لەژێرپرسیاردایە. دەمی هەنووکەمان دەمی زێدەڕۆییە لە خێرایی. رەچەڵەکی خێرایی، کە بۆ شۆرشە زانستییەکان دەگەڕێتەوە بەم ڕۆژەیان گەیاندین. واتە، ئەوەی ئەم خێراییەی هێنایەکایەوە مەکینە هایدرۆلی و میکانیکی و ئەلکترۆنییەکان بوو. ئەم خێراییە ڕەفتارەکانی مرۆڤی ئەم دەمەی بەجۆرێک گۆڕیووە، کە رووداوەکان، دیاردەکان خێرا تێپەڕن. جیهانی تازە لە هەناویدا هەڵاوگۆڕان و ڕیکخستنێکی بەردەوام لە خۆدەگرێت و ئەمەش ئەو خێراییە دروستدەکات مرۆڤایەتی کاریپێدەکات. ئەم جیهانە دژی وەستان و سستییە، لە گۆڕان و گەیاندن و گوازتنەوەی بەردەوامی خێرادایە. ئەمە وایکردووە جوڵە وەک جاران نەبێت.
جوڵەی ئێمە لەژێر فشاری خێرایی بووتە بەشێک لە ئێمە. جوڵەکانمان نۆرماڵ نییە. لە گشت جێگایەک ئەم جۆرە جوڵەیە ئامادەیە و مەحکومیشیکراوین بە جوڵە: لە بانق، لە ژوری نوستن، لە کاتی خۆشتن، لەناو شەمەندەفەر، لە…. . هاوکات ئەم جوڵەیەی ئێستا هەیە، کە بەرهەمی خێراییە، خێرایی دیگیتاڵی و سابیریانیCyber جوڵەیەکی سانا و بێ لایەن نییە. تەماشا سێبەری خێرایی لەناو گشت چالاکییەکانماندا بوونی هەیە: هاوڕێیەتی، وەرزش، خوێندن و فێربوون، سێکس، سەما، نانخوادن و….. هتد. هەر ئەم جوڵەیە ئەوەشمان پێدەڵێت، کە ئەو شتەی خێرا دەگۆڕێت لە جێگەی خۆی نامێنێت و چییەتیشی دەگۆڕدرێت. خێرایی دیدی ئێمەی بۆ جیهان گۆڕیوە و کاریگەریشی لەسەر پەروەردە، ئابوری، جیۆسیاسی و ژینگە بەجێهێشتووە.
سەرئەنجام، فەلسەفە لەناو ئەم خێراییەدا سست تێدەپەڕێت و فریای خستنەژێرپرسیار و گومانی دیاردە سایبیریانییەکان (فێمینیزمی سایبیریانیCyberfeminism، تاوان و دزی سایبیریانیCybercrime، سێکس و ئەوینداری سایبیریانی،……)ناکەوێت. فەلسەفە، کە شوێنێکی شیاو و گونجاوە بۆ بیرکردنەوە لە تەنگوچەڵەمە ڕەوشتیی و سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان، پێویستی بەسەرلەنوێ چالاککردنەوە و وەگەڕخستنەوەیە بۆ شیکارکردن و ڕوونکردنەوەی چەمکە سەرەکییە فەلسەفییەکان(ڕاستی، ڕێزلەیەکترگرتن، وەفاداریی، ئەمەک، ئاکار،….).

فەلسەفە لەگەڵکاتدا دەروونشیکاری ناخاتەژێر ڕکێفی خۆیەوە؟
زەفەربردنی فەلسەفە بە دەروونشیکاریی لە دوورمەودادا دەرئەنجامی پۆزەتیڤی دەبێت. فەلسەفە بە بیرکردنەوە(تێهزرین) یەکسانە نەک شیکارکردنی ڕەفتار، بیرکردنەوەش لەسەر بیرکردنەوە گەشە بە بوونی فەلسەفە دەدات. بیرکردنەوە لە چییەتی فەلسەفە بیرکردنەوەشە لە چییەتی ئێمەی بەرهەمهێنەری فەلسەفە. ئەمە، کە بە دەروونشیکاریی ناکرێت ناسنامەیەکی هزریی لەناو دیسیپلینەکانی تر بۆ فەلسەفە دادەتاشیت.
سەرباری ئەوە، دوا کارکردنەکانی پۆلێک لە بیریارانی فەڕەنسی لەم چەند ساڵەی دواییدا بەرەو ئەو تێزەی بردوون، کە کاتی ئەوە هاتووە فەلسەفە دەسەڵاتی شیکاریی لە دەروونناسی وەربگرێتەوە. دەروونناسی ئەم دەسەڵاتەی بە خراپ بەکاربرد: خەمۆکی، بێزاریی، تەنیایی، دابڕان لە خودی خۆ و دواتر لە ئەویتریش وەک خۆیان ماونەتەوە و کەچی دەروونشیکاریی پێیوایە هەر بەردەوام و سەرکەوتووە. بەم تێزەی بیریارانی فەڕەنسی دەگەینە ئەو تێگەیشتنە، کە دەروونناسی پاشەکشەی پێبکرێت لە چارەسەرکردنی مرۆڤ.
هەندێك واتا هەن (سۆزداریی، هاوڕێیەتی، بەختەوەریی، خودگەرایی، خۆشەویستیی و…) تایبەتمەندی گەردووناوی خۆیان هەیە. ئەم تایبەتمەندییە فەلسەفە بەشێوازی خۆی كاری لەسەر دەكات. وەکیتر، هەر ئەوەشە وادەکات فەلسەفە زەفەر بە دەسەڵاتی شیکاریی دەروونناسی بەرێت. دووبارە شیکردنەوەی فەلسەفییانەی ئەم واتایەنەش هیوایەک بەوانە دەبەخشیت قوربانی دەستی دەروونناسی هاوچەرخن
زۆربەمان دەزانین، کە لەگەڵ تاڵیس، یەکەم هزرەڤانی یۆنانی لە سەدەی شەشی پێش زایین، فەلسەفە بووە دەروازەی پاراستنی ڕۆحی ڕوناکبیریی مرۆڤ. هەر لەو دەمەوە لەو شتانەی لە چییەتی فەلسەفەدا پەنهانکرا قسەکردن بوو لە واتاگەلێکی وەک: ڕاستی، هاوڕێیەتی، ئاشتی. وەک بەرپرسیارییەکی فەلسەفیی، لێ دیسیپلینەکانی تر( بەتایبەت دەروونناسی و دواتر سیاسەت، کۆمەڵناسی) بەشێک لەم واتایانەیان خستەژێرڕکێڤی خۆیانەوە و بە شێوازی خۆیان تێۆریزەیان بەسەرەوەکرد.

مەرگی فەلسەفە شیاوە؟
لە ڕۆژی جیهانیی فەلسەفەدا مەرگی فەلسەفە جارێکیتر مایەپووچدەبێتەوە. لەم ڕۆژەدا مەرگی فەلسەفە سەرلەنوێ دەبێتەوە بە بابەت. خودی ڕۆژەکە وەبیرهێنانەوەی گرنگیی فەلسەفەیە، پرسیاریشە لەسەر ڕەچەڵەکی فەلسەفە و دانپێدانان بە ئایدیای بەرەوپێشبردنی لێبوردەیی و ئاشتی، کە داوای توانامان لێدەکەن لە فەلسەفە. بۆیە مەرگی فەلسەفە یەکناگرێتەوە لەگەڵ دۆزی ڕەوشتیی و مرۆیی سەردەم و مەرگی شتێکیشە لە خۆمان پێکهاتووە. فەلسەفە تا بەم جۆرەی ئێستا دروستبووە زۆرێک سەدە و دەڤەر و کولتوور و فەیلەسوف کارییان بۆکردووە. بۆیە فەلسەفە هەر ئێرەیی نییە، ئەوێیشە و خەڵکی گشت جێگا و شارستانییەتێکیشە.
لەبەرئەوە لەناوچوونی فەلسەفە لەناوچوونی ئەو شتەیە، کە هاوبەشە. شتە هاوبەشەکان بە ئاسانی لەناوناچن. نەک هەر لەبەرئەوەی لەخۆڕا دروستنەبوون، لەبەرئەوەش، کە فاکتەری بنچینەیی کاری لە دروستبوون و پەرەسەندنییاندا کردووە. وەکیتریش ئەو شتە هاوبەشانەی هۆکاری دروستبوونی فەلسەفەن تا هەنووکە هەن: جەنگ، ڕەوشت، ماف، ئەوین، دادپەروەریی، سەرباری ئەوانە مرۆڤ. ڕەگەزی مرۆڤ، کە تا هەنووکە ماوە پێویستی بە فەلسەفەیە وەک بیر. ئەم مرۆڤە ڕۆژانە بەریەککەوتنی هەیە لەتەک شەڕ، درۆ، هەڵە، گەندەڵیی، بێ وەفایی، نیگەرانیی و….. بۆیە مرۆڤ بێ فەلسەفە ناشێت هەڵبکات و مەرگی فەلسەفەش لە ئێستای مرۆڤایەتییەوە دوورە.

خوێندنی فەلسەفە لە گشت قۆناغەکانی پەروەردە و زانکۆ پێویست نییە؟
خوێندنی فەلسەفە لە گشت قۆناغەکان پێویستییە. فەلسەفە بنەچەی خۆی هەیە، دێرینترین زانینە و زانینی زانینەکانیشە، کە فەیلەسوفەکان هەر زوو جەختیان لە دەگمەنی ئەم بنەچەیە کردووەتەوە. شوێنی فەلسەفە لە پەروەردەدا بە خوێندنی فەلسەفە لە گشت قۆناغەکانی خوێندن جێگا بۆ خۆی دابیندەکات. خوێندنی فەلسەفە و شوێنی فەلسەفە لە پەروەردەدا جگەلەوەی دەرفەتێکی ناوازەیە بۆ چرۆکردنی تێگەیشتن لە فرە کولتوری، هاوڵاتیبوون و ئازادی بریتیشە لە خوێندنی بیر و هیوایەکیشە لەبەردەم سەرلەنوێ بوژاندنەوەی فەلسەفەدا.
خوێندنی فەلسەفە مەشقکردنیشە لەسەر بوونی فەلسەفە بە بابەتی چارەسەر بۆ کێشە و کەموکوڕییەکان. فەلسەفە، کە قوتارماندەکات لە بیرنەکردنەوە، لێهاتوومان دەکات لە زاڵبوون بەسەر نیگارانی و کاتە قەیراناوییەکاندا. خوێندنی بیر لە گشت قۆناغەکانی خوێندن سەرەتای حاڵیبوونی خودە (قوتابییە) لە خودی خۆی، لە کردار و گشت ئاکارەکانی. ئەمە تەنیا ئەو کاتە دەکرێت، کە فەلسەفە دەبێت بە یەکێک لە مادەکانی قۆناغی بنەڕەتی. خوێندنی فەلسەفە پێش قۆناغی زانکۆ سەرەتای زاڵبوونی قوتابییە بەسەر تەحەدیات و ئەستەمەکان.
خوێندن و فێربوون لە بنەڕەتی بێ فەلسەفە بنەڕەتی دەکات بە شوێنێک بۆ بیرنەکردنەوە، شوێنێک کە زانین تیایدا ناخرێتەژێرپرسیارەوە. فەلسەفە لە قۆناغی بنەڕەتی دا هەر پەیوەندی نێوان زانین و پسپۆرییەکان ڕێکناخات، خودی زانینیش تۆکمە و پرسیارئامێزدەکات، لێ بەبازاڕیکردنی پەروەردە زیانێکی زۆر لە فەلسەفەی خوێندن دەدات. فێربوونی فەلسەفەش لەناو کێبڕکێیەکانی بازاڕ لەگەڵ پەروەردە خودی کردەی فیربوون دوچاری گرفتی گەورەی ڕەوشتی دەکات. هاوکات ئاشناکردنی مناڵ بە فەلسەفە ئاشنابوونیەتی بە پرسیار و وەڵام، بەس ئەمە هەرگیز نایەتەدی تا فەلسەفە نەخرێتە ناو پرۆگرامی خوێندنی دایەنگە، باخچەی مناڵان و بنەڕەتییەوە.

فەلسەفە لە کوێی ڕوناکبیری ئێمەدایە؟
فەلسەفە لە وشەدانی فەلسەفیی ئێمەدا كارەساتبارە. ڕوو نییە لە ڕوناکبیریی ئێمەدا فەلسەفە لە چاوەنواڕی چیبدایە. ئەمەش بەزۆری لەبەرئەوەی، کە فەلسەفە لە نێوەندی سیاسیی و ئەکادێمیی ئێمە ونە. لە ئێستادا دۆزینەوەی فەلسەفە لەو سێ نێوەندە گرنگەدا خۆی لە ئەستەمیی دەدات. ئەوەی دەبینرێتەوە زۆر شتە، لێ فەلسەفە نییە. واتە ڕوناکبیریی هەیە، لێ بێ فەلسەفەیە. نێوەندی سیاسیی و ئەکادێمیی هەیە، کەچی زۆر نا فەلسەفییە، دوورە لە فەلسەفە، خۆی لە فەلسەفە دەدزێتەوە. وەکیتر فەلسەفە لەناو خەڵکی و سۆسیال میدیاش نادیار و ناکاریگەرە.
سەرئەنجام، فەلسەفە ونە، ئەمەش ترۆپکی گومانی ئێمەیە لە وتاربێژیی و بڵندگۆیی رۆمان و شیعری سەردەمی نوێ کوردیمان. فەلسەفە پێویستە لەناو ئێمەدا بدۆزرێتەوە. ونبوونی فەلسەفە، هەڵاوێشتن و توڕدانی فەلسەفە بە زیانی گشت مرۆڤایەتی دەکەوێتەوە، نەک هەر ئێمە. چونکە چەکەرەکردنی فەلسەفە لە گشت نێوەندەکانی ژیانی مرۆڤی سەردەم ،قوتارمان دەکات لە بنەبڕکردنی نەفامی. تەنیا بە فەلسەفە، بە فەلسەفەیەکی کراوە و نەترس، نەفامی و هاوشێوەکانی، بێدادی و تێرۆر، گەندەڵی، بنەبڕدەکرێت.
بەشێك لە ئێمە پێویستە بپرسێت دوای ئەو تێكشكانانەی، کە هاتەسەر كۆمۆنیزم و ناسیۆنالیزم، ئێستاش کە ئەو دوو ئیزمism ە بە ئیسلامی سیاسیی پڕدەکرێتەوە هەمان تێكشكان بەرهەم نایەتەوە؟ ئاییندەی فەلسەفە ئەو دەمە دەبێت چۆن بێت؟

کۆتا گوتن: فەلسەفە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی ناسازێنێت؟
گرنگی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی. فەلسەفە بۆ دامرکاندنەوەی نیگارانییەکان نییە. بەپێچەوانەوە فەلسەفە نیگارانییەکانی مرۆڤ وەک کێشە دەبینێت و بەدوای چارەسەریانەوەیە. ئەمەشە جەوهەری جیاکردنەوەی فەلسەفە لە دەروونشیکاریی. فەلسەفە بەدوای داناییەوەیە، لێ جیهانی ئێستا لەژێر زەبری هەژاری، نەداری، نایەکسانی خەریکە دانایی خۆی لەدەستدەدات، خەریکە گاڵتە بە دانایی و وشەدانی ئەم واتایەش دەکات. لەبەرئەوە دروستکردنی ژینگەی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لە زۆر ڕوەوە کاتیهاتووە.
باشە لە هەل و مەرجێکی وادا چی لە نیگەرانییەکانی زانست بکەین؟ فەلسەفە چی لەو بارەیەوە پێیە بۆ وتن؟ فەلسەفە چاودێری ڕەوشتییە بەسەر زانستەوە. پشتگیریی لە زانست دەکات تا ئەو شوێنەی مرۆیی و ئاکارییە. فەلسەفە لە خودی خۆیدا بریتییە لە ئارەزومەندیەکی خۆییانە و تاکییانە، نەک زۆرەملێیانە. فەلسەفە دوژمنی زۆرەمڵێیی و ستەمە. بۆیە تا ئێستا بابەتی ئاشتی هەمیشەیی بابەتێکی هەستیارە بۆ گفتوگۆکردنێکی فەلسەفییانەی بەردەوام.
بەم جۆرە “فەلسەفە وەک دیسیپلینێک هاندەری بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و سەربەخۆیە و دەتوانێت بەشداری بکات لە تێگەیشتنێکی باشتر لە جیهان و چەسپاندنی بناغە ڕاستەقینەکانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و لێبوردەیی”. ئەمە دروشم نییە، بەڵکو ماهیەتی ڕاستەقینەی فەلسەفەیە. جیهانی پر کارەساتباری ئێستامان پێویستیەکی زۆری بە فەلسەفەیە، بەو شتەی فێربوونی ژیان دێنێتەدی. داخ و جه‌خار کردەی فەلسەفەکردن و فەلسەفاندن لە دەڤەری ئێمە بە ئاسانی نایەتە سەرپێ. لەم شوێنە ناپسپۆڕ لە فەلسەفە داگیرکەری بواری فەلسەفەیە! پشتکردنی کۆلێجەکان لە فەلسەفەوتنەوە زیانی لە گەیاندنی فەلسەفە بۆ زۆرینە داوە. وەکیتر، لە زانکۆکانی هەرێم غەدرێکی زۆر لە فەلسەفە دەکرێت و ناپسپۆر لە فەلسەفە وانەی فەلسەفە دەڵێتەوە و ئەمەش هزر و تێگەیشتنی فەلسەفیی لەو شوێنەدا خستووەتە گیانەڵاوە. بۆیە ڕۆژی جیهانیی فەلسەفە لە وەها دەڤەرێک وەک گشت ڕۆژێک تەماشادەکرێت.

سەرنج: یۆنسکۆ لە ساڵی 2002 وە رۆژێکی بۆ فەلسەفە تەرخانکردووە، کە دەکەوێتە سێهەمین پێنجشەمەی مانگی نۆڤەمبەرەوە(مانگی یانزە).
ئەم ساڵ رۆژی جیهانیی فەلسەفە ڕێکەوتی20/11/2025 دەکات، کە سێهەمین پێنجشەمەی ئەم مانگەیە.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




ناوازەیی جیهانگیری و ئاینی تەکنۆلۆژیا.. ‏و. لە عەرەبیەوە: یاسین لەتیف

‏ مارکس (١٨١٨-١٨٨٣) دەڵێت:
نامۆبوون کاتێک ڕوودەدات کرێکار کۆنترۆڵی کارەکەی و بەرهەمەکەی و جەوهەری کۆمەڵایەتی خۆی لەدەست دەدات.

ئەمڕۆ لە ئابووری دیجیتاڵیدا ئەم نامۆبوونە بە شێوەیەکی ڕیشەیی دووبارە دەبێتەوە . لە سەدەی بیست و یەکدا بێگومان تەکنەلۆژیا ئەرکی خۆی وەک ئامرازێک تێدەپەڕێنێت و دەبێتە سیستەمێکی بیروباوەڕی جیهانی ومێشکمان دەبێتە مەعبەدو پەرەستگای ئاینی تەکنۆلۆژیا کە بە شاشەکانەوە بەستراونەتەوە ، ڕێوڕەسمی پەرەستش لە چەندین کاتژمێری دیجیتاڵی پێکدێت ، عەقیدەی ئەو باوەڕێکە بە پێشکەوتنی بێکۆتایی و تاکایەتی و تەکنۆلۆژیای نزیک . خودا بەڵێنی زیرەکیی باڵاتری پێداوین کە هەموو زانستێکی مرۆڤ لەخۆ بگرێت و کێشەکانمان بۆ چارەسەر بکات. بەڵام
‏خودا نوێکە بە کۆد و داتا ساختە کراوە و پشت بە زانست دەبەستێت . تەکنەلۆجیا نەهاتووە بۆ جێگرەوەی ئایین، هەروەها پێویستیش نییە ئەو کارە بکات ، بەڵام ئەو فەزا سۆزداری و ڕەمزیانەی کۆنترۆڵ کردووە کە پێشتر شتە پیرۆزەکان بەڕێوەیان دەبرد . هەر لە گەڕان بەدوای یەکڕیزیەوە تا بەڵێنی لێبوردن، ئایینی تەکنیکی وەڵامی پێداویستییە سەرەتاییەکانی مرۆڤ دەداتەوە: ئارەزووی پەیوەندی، ترس لە مردن و تینوێتی . نامۆبوون هەمیشە هێزێکی بزوێنەری ئاینداری بووە و ئاینی تەکنەلۆژیاش بەرهەمی سەردەمێکە کە ئەم دیاردەیە گەورەتر دەکات . ئەم ئاینە تەنها لە گەڵ ئاینە نەریتەکان و تێکەڵاوو هاوبەشەکان ناژێت ، بەڵکودەبێتە تەواوکەری ئەوان و تەنانەت لەگەڵیاندا هاوژیانیش دەبێت . لە زۆر ڕووەوە لە ئاینێکی کۆن دەچێت بەڵام جل و بەرگی ئایندەیی لەبەردایە. نامۆبوون لای مارکس کاتێک ڕوودەدات کە کرێکار کۆنترۆڵی کارەکەی و بەرهەمەکەی و جەوهەری کۆمەڵایەتی خۆی لەدەست بدات. ئەمڕۆ لە ئابووریی دیجیتاڵیدا ئەم نامۆبوونە بە شێوەیەکی ڕیشەیی دووبارە دەبێتەوە .

نامۆبوونی داتاکان ڕاستیەکی واقیعیە: بەکارهێنەران بەهای (زیادە بایی) دروست دەکەن لە ڕێگەی چالاکیەکانیانەوە لەسەر پلاتفۆرمەکانی وەک (لایک، گەڕان و ناوەڕۆک) . بەڵام ئەم بەهایە لەلایەن کۆمپانیاکانی وەک گۆگڵ یان مێتا دەستی بەسەردا دەگیرێت و دەگۆڕێت بۆ سەرمایە. پەیوەندییە مرۆییەکان تادێت بە شێوەیەکی زۆر پشت بە ئەلگۆریتمەکان دەبەستن . ئینستاگرام و تیندەر ئینتیما و پەیوەندی سۆزداری دەگۆڕن بۆ کاڵا، پەیوەندییە مرۆییەکانیش دەکەنە تەنها کارلێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو . سەربەخۆیی لە سیستەمی ناڕووندا کەم دەبێتەوە و دواجار ئەلگۆریتمەکان هەڵبژاردنەکانمان دیاری دەکەن، هەر لەو شتانەی کە بەکاریدەهێنین تا ئەو کەسانەی کە پەیوەندییان پێوە دەکەین، دەمانکاتە پاشکۆو پەیوەندیەکانی ئامێری دیجیتاڵی . کەواتە ئێمە پرۆلیتاریای دیجیتاڵین، پەیوەندیمان بە بەرهەمی کاری مەجازیمانەوە پچڕاوە و بەدوای شتێکدا دەگەڕێین کە باوەڕمان پێی هەبێت تا بتوانین بەردەوام بین لە بووندا . ئاینی تەکنەلۆژیای ئەم ئیستغلالکردنە لە ڕێگەی ڕیوایەتی “داهێنان”، “نوێبوونەوە”، “شۆڕش” و “داهێنانەوە” پیرۆز دەکات کە دەرهێنانی بەهای مەعریفی و سۆزداری زیادە دەشارێتەوە، لە دۆخێکی بەردەوامی چاوەڕوانیدا دەمانهێڵێتەوە بەڵێنی داهاتوویەکی پڕ لە شتی باشمان پێدەدات. ئەم ئایینە بە تەواوی لەگەڵ پێداویستیەکانماندا دەگونجێت، چونکە ئیمان و هیوا دەچێنێت بەو شتانەی کە لە داهاتوودا دێت. وەک ئەوەی ئەوە بەس نەبێت، ئەوە تاکە ئاینە کە ڕەزامەندی دەستبەجێ پێشکەش دەکات بە پێچەوانەی ئەوانی ترەوە.
ڕەزامەندی خێرا بریتیە لە پەیوەندیکردن بە هەموو شتێکەوە کە لە ئینتەرنێتدا هەیە ، وەکو ئەوە وایە کە کەنیسەی کاسۆلیکی هێرۆینی مقەدەس ڕۆژانە بە شێوەیەکی نهێنی دابەش بکات. لە کاتێکدا ئینجیلیەکان کۆپی کتێبی پیرۆزیان لە ژێر باوەشدا هەڵدەگرن، شوێنکەوتوانی ئایینی تەکنەلۆژی مۆبایلەکانیان بە دەستەوە هەڵدەگرن . قوربانگایەکی گەورەی گەورە و ئاوێنەیەکی نەرگسی بۆ ڕازیکردنی خێرا ، هەروەک چۆن ئینجیلیەکان بەردەوام چاویان لە کتێبی پیرۆزە بۆ ڕێنمایی، کەسانی خاوەن ئایینی تەکنەلۆژیا سیستەمی جیهانی دیاریکردنی پێگەیشتنیان (GPS) یان هەیە . جگە لەوەش پێغەمبەری خۆیان هەیە کە پێشبینی هاتنی مەسیحی تەکنەلۆژی نوێ دەکەن کە پێدەچێت حەتمی بێت.
هاتنی زیرەکی دەستکردی خۆئاگا ئامادەیە بۆ ئەوەی ببێتە ساتێک لە وەحی خودایی ،ئەو ساتەی کە تاکایەتی تێدەپەڕێنین و دەچینە ناو جیهانێکی ترەوە کە لە مەجازی و دیجیتاڵ تێدەپەڕێت. جگە لەوەش پەیوەندی دیجیتاڵی ئەزموونی بەکۆمەڵ دروست دەکات کە هەستی یەکێتی و تێپەڕاندن دەوروژێنێت هاوشێوەی ئەوانەی پێشتر پەیوەست بوون بە ئاینەوە . ئینتەرنێت پیروز دەبێت و پەیوەندیکردن پێیەوە بەهەشتە، پچڕانی پەیوەندی لێی دۆزەخە. نەمانی لە تۆڕەکە مانای بوونی نەبووە لە بەرامبەر جیهانی دیجیتاڵیدا ، بەڵام ئەم تێڕوانینەی یەکگرتوویی تا ڕادەیەک وەهمیە .
بڵقی ئەلگۆریتمەکان کار بۆ پارچە پارچە کردنی واقیع دەکەن، بەڵام گێڕانەوەی دەستەواژەی “هەموان لە پەیوەندیداین” تامەزرۆیی مرۆڤ بۆ سەر بە شتێکی مانادار تێر دەکات، هەروەک چۆن لە ئاینەکانی وەک بودایی (“بەستنەوەی گشتگیر”) یان مەسیحیەت (“جەستەی مەسیح”) و لە ئیسلامدا…
‏بە هەمان شێوە بەرکەوتنی بەردەوام بە ڕژێمی زانیاری بێکۆتایی (تێپەڕین لە سۆشیال میدیا، پەخش ، ئاگادارکردنەوە) هەستێکی نوقمبوون بە شتێکی گەورەتر لە خۆمان دروست دەکات. ئەوە خۆشحاڵیەکی دیجیتاڵی شل و هۆکارە بۆ ئالوودەبوون ، هاوشێوەی ئاینێکی پڕ لە ڕەهبانیەت و بەرز . ئەم زیادەڕەویەی وابەستەبوونە دەروون نەخۆش دەخات. لەوێدا “ژینگەی گرنگیپێدان” هەیە لەو شوێنەی کە بە پەلەیە جێگەی گرنگ دەگرێتەوە پێویستە زوو زانیاریەکانی پێشووت لەبیربچێت بۆ ئەوەی زانیاریە نوێیەکان ببینیت. دوچاری وەسوەسەی زانیاری دەبینەوەو لەناو ئاژاوەی هاندەرەکاندا گیر دەخۆین و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و خۆکۆنتڕۆڵکردن لەدەست دەدەین . ‏هەروەها دوچاری وەسوەسەی زانیاری دەبینەوە ، لەناو ئاژاوەی هاندەرەکاندا گیر دەخۆین و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و خۆکۆنتڕۆڵکردن لەدەست دەدەین . لە لایەکی ترەوە هەموو ئاینێک ئەفسانەی خۆی هەیە. باوەڕ بە پێشکەوتن و تەکنەلۆژیا وەک چارەسەرێکی گشتگیر بۆ کێشە کۆمەڵایەتیەکان پشتگوێ دەخات.

‏(گۆڕانی کەشوهەوا، نایەکسانی و قەیرانی وجودی) ئاڵۆزی سیستماتیکی ڕزگاریمان لە شێوەی داهێناندا دەفرۆشن بەبێ ئەوەی لێکەوتەکانی بخەنە ژێر پرسیارەوە. لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ژان بۆدریار (١٩٢٩-٢٠٠٧) باسی کۆمەڵگایەکی کرد کە تیایدا لاسایکردنەوە (کۆپی بەبێ ئەسڵی) جێگەی واقیعی گردۆتەوە . ئەمڕۆ ئاینی تەکنیکی گەیشتۆتە قۆناغێکی بەرزتر لەو پرۆسەیە . سۆشیال میدیا واقیعێکی توندڕەو دروست دەکات کە ژیان تێیدا ئازاد دەبێت و خود دەبێتە تەنها مەشهەدێکی دیزاینەر بۆ چەسپاندنی دەرەکی . “لایک” بریتیە لە نیشانەی بەتاڵ، ڕێوڕەسمی پەرەستن نەرگسییە. ئەلگۆریتمە نەبینراوەکان وەک خوداوەندە گۆڕاوەکان دیاری دەکەن کە چی دەبیستین و بیر لە چی دەکەینەوە و باوەڕمان بە چی هەیەئەمەش هێڵی نێوان ئیرادەی ئازاد و بەرنامەسازی کاڵ دەکاتەوە.
‏سەبارەت بە ژان بۆدریار پێیوایە ئاینی تەکنیکی تەنیا نامۆبوون نییە بەڵکو کوشتنی واقیعە. بەم شێوەیە ئەم باوەڕە نوێیە بەرەو نامۆبوونێکی فرە ڕەهەندمان دەبات. لەسەر ئاستی ماددی ئێمە لە ڕووی ئابووریەوە ئیستغلال کراوین لە ڕێگەی گرتنی داتا و گۆڕینی ئەفسوناوی ، ژیان و تەمەنمان دەقۆزرێتەوە بۆ کاتەکانی شاشەی ژمارەیی (دیجیتاڵی)کە بەهای زیادە بەرهەم دەهێنێت ، لە ڕووی مەعریفیەوە بیروباوەڕی ئاڵۆزی مرۆڤایەتیمان بەرتەسک دەکرێتەوە بۆ نەخشەی ئەلگۆریتمیەکان ، هەروەها لە بواری هێمادا ئاڵوگۆڕ کردنی ئەزموونی ڕاستەقینەمان بۆ لاسایکردنەوەی دیجیتاڵی . لە ئەنجامدا دەگەینە دۆخی تەقدیس کردنی تەکنەلۆژیا ، هاوکات ئێمە ئەو ئامرازانە دەپەرەستین کە خۆمان دروستی دەکەین و تا ڕادەیەک هێزی ئیلاهیشی پێدەبەخشین ، زیرەکی دەستکرد وەک بتەکانی دوێنێ تادێت ژیانێکی تایبەت بە خۆی لەبەردەم چاوی ئێمەدا بەدەست دەهێنێت. ئێمە لە سیستەمێکی موقەدەس و گشتگیردا نوقم بوین بۆیە بە ناچاری قفڵی مۆبایلەکانمان دەکەینەوە وەک ئەوەی لە ڕێوڕەسمێکی ڕۆژانەدا بین ، بەردەوام پشکنینیان بۆ دەکەین، لە تویتەکاندا لە تویتەر دان بە تاوانەکانماندا دەنێین و لە بارگاویکردنەوەی وزەی ڕۆژانەدا داوای لێبوردن دەکەین . بەڵام ئەم عیبادەتە ڕزگارمان ناکات و دەمانخاتە نێو بازنەیەکی بەتاڵی وابەستەو دڵەڕاوکێ ، هەروەها لە دۆخێکی نوقمبووی دیجیتاڵیدا دەمانهێڵێتەوەو ئەستەمە لێی دەربازبین . وەک چۆن نەخۆشێکی شیزۆفرینیا حەبەکانی خۆی لە گیرفانیدا هەڵدەگرێت ، بە هەمان چەشن مروڤی مۆدێرنیش خوداکەی خۆی لە گیرفانیدا هەڵدەگرێت ؛ مەبەست لە موبایلەکەیەتی . وەک ئێدگار مۆرین (1921-) نووسیویەتی، “کێشەکە لە تەکنەلۆژیادا نییە، بەڵکو لە تێکەڵکردنیدایە بۆ ناو سیستەمێکی کوێرو نابینا” سیستەمێک کە قازانجی خێرا لە پێشینەیدایە بە بێ لە بەرچاوگردنی ئەخلاق و بیرکردنەوەی سیستماتیکی و ، هەروەها جیا لە ئاڵۆزی مرۆڤ .
دەبێت ئەو ڕاستیە بزانین جیابوونەوە لە ئاینی تەکنیکی مانای ڕەتکردنەوەی تکنۆلۆژیا نییە ، بەڵکو پێناسە کردنەوەیەتی وەکو ئامرازێک تا لە خزمەتی مروڤایەتیدا بێت ، نەک وەک جێگرەوەی ئاین . تەنها بەم شێوەیە دەتوانین لە پەرستگای دیجیتاڵی ڕزگارمان بێت و جیهانێکی هاوبەشی ڕاستەقینە بنیاتبنێنەوە.لەکۆتاییدا سەرباری ئەوەش ئەگەر ڕاستگۆ بم، ڕۆژێک پێشتر بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر بێ ئینتەرنێت بووم. لە ساتێکی نائومێدیدا، بتە شاراوەکەم لە باوەش گرت و نوێژم بۆ خودای ئینتەرنێت کرد و دوای ماوەیەکی کەم گەڕایەوە ، ڕەنگە دوعاکردن بۆی هەندێک سوودی هەبێت. بەڵام لە کۆتاییدا ئایا ئەمە هەمان لۆژیک نییە کە هەموو ئاینەکان کاری لە سەر دەکەن؟ ..

‏(بە پێنوسی ابو ذر الجبوري – وەرگێڕانی لە یابانیەوە اکد الجبوري – حوارالمتمدن – ٣١ – ٣٠ – ٢٠٢٥)
https://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=891623




کۆیلایەتی هزری.. وەرگێڕان و ئامادەکردنی لە عەرەبییەوە: گۆران عەبدوڵڵا

کۆیلایەتی هزری مەترسیدارترە لە کۆیلەی جەستەیی، چونکە کاتێک مێشکی کەسێک کۆیلە دەکەیت، پێویست بە کەلەپچەکردنی دەستی ناکات. بەم لێدوانە مارکس ئاشکرای دەکات کە ترسناکترین زیندانەکان بۆمرۆڤایەتی ئەوانەنین کە لە ئاسن و دیوار دروستکراون، بەڵکو ئەوانەن کە لە ناو مێشکدا دروستدەکرێن.

 کەلەپچەی جەستەیی دەبینرێت و دەستی لێدەدرێت، دەتوانرێت بشکێنرێن و خۆتیان لێدەربازبکەیت، کۆتی دەروونی وەک قەناعەتێک، باوەڕێک یان ڕاستییەکی جێگیر دەگۆڕدرێت. بەڵام کۆیلەی هزری بەشدارە لە کۆیلەکردنی خۆیدا، تەنانەت وەک پاسەوانێکی هۆشیاری زیندانی ناوخۆی، چونکە بڕوایان وایە ئەوەی ئەزموونی دەکات خودی ئازادییە.

ستەمکار کە دەیەوێت جەستە ملکەچ بکات پێویستی بە سەرباز و قامچی هەیە. بەڵام ئەو کەسەی دەیەوێت مێشک ملکەچ بکات، تەنها پێویستی بە بیرۆکەیەکی قەناعەت پێکراو هەیە، بیرۆکەیەک کە واقیع ڕێک دەخاتەوە بۆ ئەوەی نادادپەروەری وەک دادپەروەری دەربکەوێت، چەوساندنەوە وەک چارەنووس و گوێڕایەڵی وەک ڕزگاری. لێرەدا مانای قووڵی هۆشیاری کۆیلایەتی دەردەکەوێت تەنانەت لەناو هۆشیاری کۆیلەی  بەجەستە کۆتکراو لەوانەیە ڕۆژێک خەون بە ئازادییەوە ببینێت، بەڵام مێشکی داگیرکراو تەنها خەون بەو شتانەوە دەبینێت کە خزمەتی زیندانەکەی دەکات.

نیتچە ئەم مانایەی خستە ژێر هەژموونی فیکری خۆیەوە کاتێک چەمکی ئەخلاقی کۆیلەی داڕشت. ئەگەر مرۆڤ نەتوانێت بەرگری لە ڕاستی بکات، یاخی نابێت. لە جیاتی ئەوە، لاوازی خۆیان دەگۆڕن بۆ چاکە و ملکەچبوونیان بۆ جۆرێک لە پیرۆزی.

 لێرەدا مەترسیدارترین شێوەی دیلکردن دەست پێدەکات، کاتێک کۆیلە خۆبەدەستەوەدانی خۆی وەک کارێکی ئەخلاقی دەبینێت و گوێڕایەڵی خۆی بەوەدەزانێت کە بە ئازادی دەژیت. ئەوان چیتر پێویستیان بە مامۆستایەک نییە تا سنوورەکانیان بەبیر بهێنێتەوە، چونکە ئەو دۆخەی بیرکردنەوەوەیان وەک پەرژینێک دەورەیانی داوە. بەم مانایە، ئەو هۆشیاری کۆیلایەتییە تەنها پاڵنەری یاخیبوون سەرکوت ناکات، بەڵکو دووبارە وەک دڵسۆزێک پابەندی کۆیلایەتێکەی دەبێت. لەم دۆخەدا مرۆڤ دەگۆڕێت بۆ ڤێرژنێکی شێواو، هەموو ڕۆژێک سنوورەکانی خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە وەک ئەوەی پێویستییەکی سروشتی بێت. هەر بۆیە نیتچە بەشێوەیەکی تووند ڕایگەیاند کە ئەخلاق بێتاوان نییە، بەڵکو مێژووی ڕامکردنە. ستەمکاران دەمرن و دەڕۆن، بەڵام ئەو بەهایانەی لە مێشکدا چێنراون بۆ چەندین سەدە دەمێننەوە بۆ ئەنجامدانی ئەرکی خۆیان.

فۆکۆ، میکانیزمەکانی ئەم کۆیلەکردنە شاراوەیە ڕوونتر دەکاتەوە. دەسەڵاتی مۆدێرن چیتر پشت بە زنجیر و زیندان نابەستێت، بەڵکو پشت بە شتێکی زیرەکتر و مەترسیدارتر دەبەستێت, وادەکات تاک چاودێری خۆی بکات.

 بیرۆکەی پانۆپتیکۆن- Panopticon ، کە فۆکۆ لە بێنتام- Jeremy Bentham-  وەریگرتووە، تەنها مۆدێلێک نییە بۆ بەندیخانەیەکی بازنەیی. ئەمە خواستێکە بۆ مێشکی مرۆڤ کاتێک هەست دەکات بەردەوام چاوێکی نەبینراو لە هەموو ساتەکاندا سەیری دەکات. لێرەدا، کۆیلایەتی زۆرەملێ دەرەکی نییە، بەڵکو دیسپلینێکی ناوەکییە کە بۆتە بەشێک لە پێکهاتەی ژیانی ڕۆژانەی. بەم گۆڕانە، سەرکوتکردنی ڕاستەوخۆ چیتر گرنگ نییە. ئەوە بەسە بۆعەقڵ کە تێبگات کە هەموو کردارێک چاودێری دەکرێت، هەموو وشەیەک تۆمار دەکرێت و هەموو بیرۆکەیەک دەتوانرێت لە دژی بەکار بهێنرێت. پاشان کەسەکە دەبێتە پۆلیس بەسەر خۆیەوە، بیرکردنەوە دەکوژێت، پرسیارەکانیان دەخنکێنێت پێش ئەوەی بوێری دەربڕینیان بۆی هەبێت. بەم شێوەیە، درووستی وتەکەی مارکس بەدی دێت: کۆیلەیەکی بێ کەلەپچە، بەڵام کۆت و زنجیرەکان لە زهنیەتییان چێنراوە.

ئەم ڕوخسارە ترسناکەی کۆیلەی هزری لە ئەدەبدا بەرجەستە کراوە، بەتایبەتی لە ڕۆمانی جۆرج ئۆروێڵ 1984. لەوێ کۆیلایەتی چیتر بە هێزی ماددی ناسەپێنرێت، بەڵکو لەلایەن خودی زمانەوە دەسەپێنرێت. کاتێک دەسەڵات کۆنترۆڵی وشە دەکات، سنوورەکانی بیرکردنەوە کۆنتڕۆڵ دەکات. “قسەی نوێ” تەنها زمانێکی خراپ نییە. ئەوە سنوورێکی نادیارە لەسەر خەیاڵ. ئەوەی وشەی ئازادی لە فەرهەنگەکەیدا نەبێت ناتوانێت لە مێشکیدا بیری لێ بکاتەوە. بەم شێوەیە، مرۆڤ دەبێتە بەندکراو لە فەرهەنگێکی شێواودا، وا بیر دەکاتەوە کە ئەوان تەنها ئەو شتانە دووبارە دەکەنەوە کە دەسەڵات دایڕشتووە. ئەمە کرۆکی تراژیدیاکەیە کەسی بەجەستە زیندان دەزانێت کە زیندانیکراوە و خەون بە هەڵاتنەوە دەبینێت، بەڵام کەسێک کە دەروونی زیندانیکراوە تەنانەت قەفەسەکەی خۆشی نابینێت، دەکرێت بەرگریشی لێبکات وەک ئەوەی شوێنێکی سروشتیبێت بۆ ژیان. ئۆروێڵ تەنها پێشبینییەکی خەیاڵی نەنووسیوە. ئەو توێکاری سیستەمێکی نووسی کە خەڵک ملکەچ دەکات بەبێ دەنگ و دیوار، سیستەمێک کە فێریان دەکات کۆت و زنجیرەکانیان خۆشبوێت و ڕقیان لە هەر هەوڵێک بێت بۆ شکاندنیان، وەک ئەوەی ئازادی مەترسی ڕاستەقینەبێ!.

مارکس خۆی لە بۆشاییدا قسەی نەدەکرد. ئەو چاودێری دەکرد کە چۆن ئایدیۆلۆژیا وەک هێزێکی ماددی کار دەکات کە مێشک دەگرێت پێش ئەوەی جەستە بگرێت. لە “ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانی”دا هۆشیاری هەڵە وەک میکانیزمێک وەسف دەکات کە کرێکار چەوساندنەوەکەی وەک ئەوەی چارەنووسێکی سروشتیە قبوڵ بکات، وەک ئەوەی هەژاری لە ئاسمانەوە بۆیان دابەزیبێت و سامانی ئەوانی تر مافێکە کە لە یاساکانی گەردووندا چەسپێنراوە. لێرەدا، بیرۆکەکان دەگۆڕێن بۆ کۆت و زنجیری بەهێزتر لە ئاسن چونکە بە زۆر ناسەپێنرێن بەڵکو وەک باوەڕ دەچێنرێن. ئەمە ئەو شتەیە کە کۆیلایەتی هزری لە کۆیلەی جەستەیی مەترسیدارتر دەکات.

ئەو کرێکارەی کە دەستەکانی کۆت و زنجیر کراوە لەوانەیە خەون بە شۆڕشەوە ببینێت، بەڵام ئەو کرێکارەی کە هۆشیاری دزراوە تەنیا خەون بە گوێڕایەڵییەوە دەبینێت. سەرمایەدار پێویستی بە پۆلیس یان تەلبەند نابێت تا ئەو کاتەی عەقڵ خۆی بووە بە ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنانەوەی چەوساندنەوە. ئەو هێزەی مێشک کۆیلە دەکات تەنها کۆیلە گوێڕایەڵ ناهێڵێتەوە، وایان لێدەکات ڕۆژ لەدوای ڕۆژ مەرجەکانی گوێڕایەڵییان دابین بکەن.

لای هایدگەر- Heidegger -، دەنگدانەوەیەکی تری ئەم تێگەیشتنە دەدۆزینەوە، بەڵام لە ڕەهەندێکی ئۆنتۆلۆژیای قووڵتردا. مرۆڤ، وەک لە چەمکی ”  Das Man “دا باسکراوە، دەکەوێتە ناو “ڕۆژانە”، کە ئەوان وەک هەموو کەس دەژین، وەک هەموو کەس بیر دەکەنەوە، وەک هەموو کەس قسە دەکەن. لێرەدا، ستەمکار نە پێویستی بە زیندان هەیە و نە ئایدیۆلۆژیایەکی پتەو، چونکە مێگەل خۆی بووە بە زیندان. تاک لەناو جەماوەردا دەتوێتەوە تاوەکو کەسایەتی خۆی لەدەست دەدات، توانای پرسیارکردن لەدەست دەدات، لەجیاتی ئەوە تەنها ئەو شتانە بەبێ بەرگری دووبارە دەکاتەوە کە بەسەریدا دەسەپێنرێت. کۆیلایەتی هزری لەم چوارچێوەیەدا تەنها سەرکوتکردنی ئازادی نییە، بەڵکو سڕینەوەی خودیە. ئەمە حاڵەتێکی نەبوونە کە تێیدا “بایەخ” جێگەی بیری تاک دەگرێتەوە و دەنگی “من” لەناو کۆرسی دەنگە هاوشێوەکاندا دیار نامێنێت. لێرەدا، مەترسیەکە دەگاتە لوتکە، نەک تەنها ئەو کەسە توانای شۆڕشگێڕی نییە، بەڵکو تەنانەت ناتوانێت بزانێت کە کۆیلەیە. ئەوان بوونەتە سێبەرێک لە نێو سێبەرەکاندا، لەسەر ڕێگایەکی پێشوەخت دەڕۆن بەبێ ئەوەی بزانن کە ڕێگاکە هی ئەوان نییە.

ئەگەر سەیری مێژوو بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە ئایین کاتێک لە ئەزموونێکی ڕۆحی زیندووەوە دەگۆڕێت بۆ دامەزراوەیەکی دیکتاتۆر، دەبێتە یەکێک لە مەترسیدارترین شێوەکانی کۆیلایەتی هزری. لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، پیاوانی ئاینی پێویستیان بە زنجیری ئاسنین نەبوو، بەڵکو پێویستیان بە گوتارێک بوو کە ترس لە ڕۆحدا بچێنێت: بیرکردنەوە گوناهە، پرسیارکردن یاخیبوونە لە خودا، ڕزگاری تەنها لە ڕێگەی گوێڕایەڵی ئەوانەوە دێت. کەواتە، کۆیلایەتی تەنها گوێڕایەڵی قەشەکان نەبوو، بەڵکو ناوخۆیی ترسێکی هەمیشەیی بوو لە خودی بیرکردنەوە.

 مەترسیدارترین لایەنی ئەم سیستەمە ئەوەیە کە مرۆڤ لە ئازادی خۆی دەترسێت وەک نەفرەت و وەک زیندانییەک لە نێوان دوو دیواردا دەژێت: دیواری سزای سەر زەوی و دیواری سزای هەتاهەتایی. بە تێپەڕبوونی کات، ترس دەبێتە خوو، ترس دەبێتە سروشتی دووەم، مێشک خۆی دەبێتە پاسەوان. پێویست بە لێکۆڵەرەوانی دەرەکی ناکات کاتێک لێپرسینەوەکە لە ناوەوە جێگیردەبێت. ئەمە ئەو کۆیلایەتیەیە کە مارکس مەبەستی بوو: عەقڵ خۆی لە ژێرزەمینێکی تاریکدا زیندانی دەکات و باوەڕی وایە کە گەنجینەیەکی پیرۆز دەپارێزێت.

تەنانەت لە دنیای هونەریشدا کە گوایە بۆشاییەکی فراوانی بۆ ئازادی هەیە، کەچی کۆیلایەتی هزری دەتوانێت ڕەگی ریشەی خۆی لە تاریکیدا نقومبکات. کاتێک سینەما دەبێتە ئامرازی پڕوپاگەندە، یان مۆسیقا دەگۆڕێت بۆ سروودی ملکەچبوون، یان تابلۆکان دەبنە شکۆمەندی سەرکردەکان، خەیاڵ خۆی کۆیلە دەبێت. لەجیاتی کردنەوەی دەرگای خەیاڵ، هونەر دەبێتە قەفەزێک کە ڕەنگ کراوە. ئەمە لەلایەن ڕژێمە تۆتالیتارەکانەوە ناسراوبوو، کە ئەوەندە پێویستیان بە زیندان نەبوو ئەوەندەی پێویستیان بە شانۆ و گۆرانی هەبوو بۆ دروستکردنی هۆشیارییەکی هەڵە کە دڵسۆزی بە چاکە دەبەستێتەوە. لێرەدا دەردەکەوێت کە سایکۆلۆژیا پێی دەڵێت “سێگۆشەی تاریک”: خۆپەرستی، ماکیاڤیلیزم و سایکۆپاتی. ئەم ستەمکارە نوێیانە تەنها بە قامچی فەرمانڕەوایی ناکەن، بەڵکو بە توانای دەستکاریکردنی عەقڵ لە ڕێگەی پڕوپاگەندە، دروستکردنی وێنەیەکی کاریزماتیک و بەکارهێنانی هەست وەک چەک. جەستە زیندانی ناکەن، بەڵام هۆشیاری کۆمەڵ زیندانی دەکەن لە نمایشێکی گەورەدا کە هەموو هاووڵاتییەک دەبێتە ئەکتەر لە دیمەنێکدا کە نەینووسیوە. کاتێک هونەر و دەسەڵات تێکەڵ دەبن، جوانی خۆی دەگۆڕێت بۆ ئامرازی زاڵبوون و تاک دەبێتە بەندی گۆرانی و ئەفسانە و وێنەی خۆی.

لە سایکۆلۆژیادا، قوتابخانەی فرۆید دەریدەخات کە کۆیلەکردن سنووردار نییە بە رووکەشی دەرەوەی مرۆڤ، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ قووڵایی ناخ. سەرکوتکردنی چەسپاو لە نائاگاییدا لەگەڵ تێپەڕبوونی کات دەگۆڕێت بۆ فەرمانی نادیار. ئەو منداڵەی لە ژێر قورسایی ترس و هەڕەشەدا گەورە دەبێت بەندیخانەیەکی بێدەنگ لە ناخەوە هەڵدەگرێت، بەردەوام بەبیری دەهێنێتەوە کە ئازادی مەترسیدارە و یاخی بوون گوناهە. کەواتە، ئەگەر لە کۆتوبەندەکانی کۆمەڵگە ڕزگاریان بێت، دیلی ئەو دەنگە سەرەتاییانە دەمێننەوە کە وێنەی جیهانیان پێکهێناوە. کۆیلەی هزری لێرە لەلایەن سوپەرئیگۆ بەڕێوە دەبرێت کە بە ناوی دەسەڵات و باوک و نۆرمە کۆمەڵایەتیەکانەوە قسە دەکات و خود دەگۆڕێت بۆ دادگەیەکی دڵڕەق.

یۆنگ -Carl Gustav Jung- زیاتر ڕۆیشت کاتێک باسی سێبەری کرد: ئەو بەشە تاریکە کە مرۆڤ ڕەتی دەکاتەوە دانی پێدا بنێت. کاتێک تاک لە ناوخۆیدا دڵڕەقی، ئارەزوو و دەستدرێژی سەرکوت دەکات، لێیان ڕزگار نابێت، بەڵکو لە گۆشەیەکی دەروونیدا بەجێی دەهێڵێت، لەوێ لە تاریکیدا گەشە دەکات و بە شێوەیەکی ئاڵۆز کۆنتڕۆڵی هۆشیاری دەکات. لەوانەیە ئەو کەسە وا بیر بکاتەوە کە ئازادانە بیردەکاتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا فەرمانەکانی ئەو هێزە نائاگایانە جێبەجێ دەکەن. لێرەدا، کۆیلایەتی دەگاتە لوتکە. ئەوەی دوێنێ لە ناخی خۆتدا زیندانت کرد، ئەمڕۆ دەیەوێت ئاراستەی ژیانت بگۆڕێت، کێشەکە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئەو هێزە شاردراوەی ناخمان لە کاتی خۆیدا رووبەڕووی نەوەستاوینەتەوە.

کاتێک لە سایکۆلۆژیای تاکەکەسەوە دەچینە سایکۆلۆژیای جەماوەری، وێنەیەکی ترسناکتر لە کۆیلەی هزری دەردەکەوێت. گوستاڤ لۆبۆن لە کتێبەکەیدا باسی ئەوە دەکات کە چۆن تاک کاتێک لەناو جەماوەردا دەتوێتەوە توانای ڕەخنەگرتن لەدەست دەدات و ملکەچی پێشنیارەکانی مێگەل دەبێت. لێرەدا، ئەوان چیتر بیر لە خۆیان ناکەنەوە، بەڵکو مێشکێکی کۆمەڵی نادیار دەگرنەبەر کە ڕێنماییان دەکات. لە یەک ساتدا، مرۆڤی عەقڵانی دەتوانێت ببێتە ئامرازی توندوتیژی و ڕۆشنبیریش دەتوانێت ببێتە قسەکەری پڕوپاگەندە، چونکە جەماوەر، وەک خۆی دەڵێت، نەک بە لۆژیکەوە بەڵکو بە ئەفسانە و هەست بەڕێوە دەبرێن. ئەمە ساتێکی نامۆبوونی تەواوە، کە مێشک دەبێتە ئاوێنەیەک تەنها دەبێتە رەنگدانەوەی ئەو شتانەی کە فڕێ دەدرێت. ئەمە ئەو شتەیە کە کۆیلایەتی هزری دڕندانەتر دەکات. نەک تەنها تاک دەکاتە ئامانج بەڵکو هەموو گرووپەکە لە تۆڕێک لە هێما و دروشمدا زیندانی دەکات. کاتێک میدیا گوتارێکی دیاریکراو دووبارە دەکاتەوە، کاتێک درۆ لە ڕێگەی دووبارەکردنەوەوە دەبێتە ڕاستی، ئەو هۆشیارییە هەڵەیە کە مارکس باسی لێوە کرد، بەدی دێت. خەڵک دەبنە زیندانی ئەو باوەڕانەی کە هەڵیان نەبژاردووە، بەڵام لەلایەن میکانیزمی دەستکاریکردنی سۆزەوە بۆیان هەڵبژێردراوە. لێرەدا، زنجیرەکە چیتر ئاسن نییە، بەڵکو زمانەوانی و سایکۆلۆژییە، خەیاڵ دەورە دەدات و گوێڕایەڵی بە شێوەیەکی گەورە بەرهەم دەهێنێتەوە.

مەترسیدارترین شت دەربارەی کۆیلایەتی هزری ئەوەیە کە وەهمی ئازادی لە کەسەکەدا دەچێنێت. کەسی کۆیلە هەست بە کۆیلە بوون ناکات. ئەوان وا بیردەکەنەوە کە ئازادن لەهەڵبژاردندا، بڕیار دەدەن و خاوەنی باوەڕی خۆیانن، لە ڕاستیدا ئەو شتانە بەرهەم دەهێننەوە کە ئەوانی تر بۆیان داڕشتووە. ئەمە زیرەکی دەسەڵاتە کاتێک دەگۆڕێت بۆ ئایدیۆلۆژیا، وات لێدەکات باوەڕ بکەیت کە بیرکردنەوەکانت هی خۆتن و هەڵبژاردنەکانت لە خۆتەوە سەرچاوە دەگرن، بەڵام لە بنەڕەتدا، ڕەنگدانەوەی پرۆگرامی درێژخایەنن. وەک ئالتوسەر- Louis Althusser ئاماژەی پێکرد، دەزگاکانی دەوڵەتی ئایدۆلۆژی (قوتابخانە، میدیا، ئایین) بە زۆرەملێ کار ناکەن بەڵکو بە “لێپرسینەوە” کار دەکەن، وادەکات تاک خۆی بە ئازاد ببینێت بەڵام لە ڕاستیدا تەنها گوێرایەڵێکە و هیچی تر. لەم چوارچێوەیەدا دەتوانین لەوە تێبگەین کە بۆچی سپینۆزا دەڵێت: «مرۆڤ بۆ کۆیلایەتی دەجەنگێت وەک ئەوەی ڕزگاری بێت.» ئەوان بەرگری لە زنجیرێکی سەپێنراو ناکەن، بەڵکو وێنەیەکی عەقڵی لە مێشکیاندا دروست بووە.

هونەر خۆی لەم تۆڕە دەرباز نەبووە؛ هەندێک جار وەک ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنانەوەی کۆیلایەتی هزری بەکارهاتووە. لە سیستەمە تۆتالیتارییەکاندا، شیعر دەبێتە ناونیشانێک بۆ سەرکردە، شانۆ دەبێتە ئاهەنگێک بۆ سەرکەوتنە خەیاڵییەکان و سینەما دەبێتە ئامێرێک بۆ رتووشکردنی وێنەی ستەمکار. ئەوەی دەبوو پەناگەیەک بێت بۆ خەیاڵ، دەبێتە ئاوێنەی ڕەنگدانەوەی ئەو شتانە کە دەسەڵات دەیەوێت خەڵک بیبینن. لەم ساتەوەختەدا هونەر چیتر ئازادی ڕۆح نییە، بەڵکو ئەندازیاری هۆشیارییەتی. بەڵام پارادۆکسەکە ئەوەیە کە هونەریش دەتوانێت ئەم زنجیرەیە ئاشکرا بکات. لە دیوارەکەی پینک فلۆیدەوە – Pink Floyd’s “The Wall”  تا شانۆنامەکانی برێخت کە میکانیزمەکانی دەسەڵاتیان ئاشکرا کرد، هونەر هەمیشە گۆڕەپانێکی دووانە بووە: یان وەک ئامرازی کۆیلەکردن بەکار دەهێنرێت یان وەک چەکی بەرگری. بۆیە ستەمکاران زیاتر لە هونەرمەندی ڕاستەقینە دەترسن نەک لە سیاسەتمەداری بەرامبەر، چونکە هونەرمەند بە شمشێر و بە وشەی ڕاستەوخۆ شەڕ ناکات، بەڵکو بەو سیمبولەی کە نائاگایی دەهەژێنێت و عەقڵ لە خەوەکەی بەئاگا دەهێنێتەوە.

ئەگەر بڕوانینە ڕۆژهەڵات، بۆمان دەردەکەوێت کە بیرۆکەی ڕۆشنبیری کۆیلە بۆ داناکانی چین و هیندستان نامۆ نەبوون. کۆنفوشیوس- Confucius هۆشداری دا لە مەترسی ئەوەی کەسێک ملکەچی نەریتەکان بێت بەبێ تاقیکردنەوە، کاتێک دابونەریت دەبنە کۆت و زنجیری نەبینراو کە مێشک کۆت و زنجیر دەکات و گوێڕایەڵی خۆی دەکاتە ئامانج. هەرچەندە کۆنفوشیوس لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سیستەمی کۆمەڵایەتی بنیات نراوە، بەڵام مەترسییەکەی کاتێک کورت دەکرێتەوە بۆ تەنها دووبارەکردنەوەی وتەکانی بە شێوەیەکی گشتی کەسەکان دەبنە سێبەری ڕابردوویەکی بێ کۆتا. لێرەدا، کۆیلایەتی لە شێوەی ڕێزگرتن کوێرانە بۆ دابونەریت دەردەکەوێت، کە تێیدا تاک ناوێرێت پرسیار بکات لە ترسی تۆمەتکردنی بە تێکدانی پیرۆزی باوباپیران.

لە هیندستان، بودا هۆشداری دا کە نەزانی (avidya) ڕەگی سەرەکی ئازارەکانە. کۆیلایەتی هزری لەوێ تەنها ملکەچبوون بۆ دەسەڵاتی سیاسی نییە، بەڵکو وابەستەبوونە بە وەهمی “خود” و وێنە درووستکراوەکانی مێشک کە ئارەزووەکان دروستیان کردووە. تاک وا بیر دەکاتەوە کە ئازادە لە کاتێکدا لە ڕاستیدا بەندی ئارەزوو و بیروباوەڕەکانیەتی، بەدوای تراویلکەیەکی بێ کۆتایدا دەکەون. لەبەر ئەوە فەلسەفەی بودایی ڕێگای ئازادی بە شکاندنی زنجیرە دەرەکییەکان دەست پێنەکرد، بەڵکو بە هەڵوەشاندنەوەی خەیاڵە ناوخۆییەکان لە ڕێگەی تێڕامان و کوژاندنەوەی ئاگری وابەستەبوون. بانگەوازێکە بۆ ئازادکردنی مێشک لە زیندانە شاراوەکانی پێش ئەوەی بیر لە ئازادکردنی جەستە بکەیتەوە لە زیندانە دیارەکانی.

فەیلەسوفەکان بۆیان دەرکەوت کە کۆیلایەتی هزری تەنها مرۆڤ ناهێڵێتەوە بە کۆیلەی ئەوانی تر. وایان لێدەکات دوژمنی خۆیان بن. ئارەزوویان ڕێک دەخاتەوە بۆ ئەوەی بەدوای کۆت و زنجیرەکانیاندا بگەڕێن هەروەک تینووەکان بەدوای ئاودا دەگەڕێن. لە چینی تاوئیستی، لاو تزو- Taoist China, Lao Tzu هۆشداریدا لەوەی دەوڵەت یاساکان چەند هێندە دەکات، چونکە بڵاوبوونەوەی یاساکان ئەوەندەی مرۆڤەکان ڕێکناخات ئەوەندەی ڕۆحیان هەژار دەکات و وایان لێدەکات خوو بە ملکەچبوونەوە بگرن. گوێڕایەڵی کوێرانە بۆ سیستەم تەنها ڕوویەکی تری کۆیلایەتی فیکرییە، کە تاک لە پێکهاتەیەکی ڕەقدا دەتوێتەوە و دەنگی ناوەوەی خۆی لەدەست دەدات و وەک ئامرازێک لە دەستی دەسەڵاتێکی نەناسراودا دەژی.

لە هیندۆیزمدا، دەقی “بهاگاڤاد گیتا- Bhagavad Gita ” وەک ئاوێنەیەکی ئەم ململانێیە دەردەکەوێت. ئارجونا، جەنگاوەرە دوودڵەکە، خۆی ئیفلیج دەبینێتەوە بەهۆی قورسایی ئەرک و نەریت، بەڵام ئەو نازانێت کە زیندانی ڕاستەقینەی ئەو مەیدانی جەنگ نییە بەڵکو دوودڵی ناوخودی خۆیەتی. فەلسەفەی هیندۆ نیشانی دەدات کە مرۆڤ دەتوانرێت نەک تەنها لەلایەن دەسەڵاتی دەرەکیەوە کۆیلە بکرێت بەڵکو بە دەنگێکی ناوەکی پڕ لە ترس و داب و نەریت و نەتوانینی بڕیاردانی ڕاستەقینە کۆیلەبکرێت. لێرەدا زنجیرەکە دەگاتە لوتکە، گەمارۆدراو لەلایەن ئەو سنوورانەی کە کەسەکە خۆی لە باوەڕە تاقینەکراوەکانەوە دروستی کردووە.

لە سەردەمی مۆدێرن، کۆیلایەتی هزری لەو شتەدا دەردەکەوێت کە ئادۆرنۆ و هۆرکهایمەر – Adorno and Horkheimer لە کتێبی “دیالێکتیکی ڕۆشنگەری” ناویان ناوە “پیشەسازی کەلتوور”. کەسی هاوچەرخ چیتر کۆیلە نییە بە کۆت و زنجیر، بەڵکو بەهۆی ئەو ناوەرۆکەیەوە کە بەرهەم دەهێنرێتەوە بۆ ئەوەی وەک بەکاربەرێکی هەمیشەیی بیهێڵێتەوە. سینەما، ڕیکلامەکان، و مۆسیقای بازرگانی هەموویان وەک ئامرازێک کار دەکەن بۆ ڕێکخستنەوەی هۆشیاری کۆمەڵ بۆ ئەوەی تاک وا بیر بکاتەوە کە ئازادانە هەڵدەبژێرێت، لە کاتێکدا ئەوان لەناو تۆڕێکی ئارەزووەکان دەجوڵێن کە پێشتر بۆیان دروستکراوە. ئازادی لێرەدا تەنیا خەیاڵە چونکە هەڵبژاردنەکە خۆی لە تاقیگەکانی سەرمایەدا دیزاین کراوە.

گای دیبۆرد- Guy Debord لە کتێبی “The Society of the Spectacle” باسی لەوە کرد کە جیهانی مۆدێرن چیتر لە واقیعدا ناژیت بەڵکو لە وێنەکەیدا دەژیت. خەڵک مامەڵە لەگەڵ شتەکان ناکات بەڵکو لەگەڵ نوێنەرایەتیکردنیان لەسەر شاشە و ڕیکلامەکان و سیاسەت مامەڵە دەکەن. کاتێک وێنەکە بەهێزتر دەبێت لە ڕاستی، مێشک دەبێتە کۆیلەی زیرەکی خۆی. کۆیلایەتی هزری لێرە پێویستی بە جەلادێک نییە بەڵکو شاشەیەکی ڕووناککەرەوەی دەوێت. ئەو کەسە وا بیر دەکاتەوە کە جیهان دەبینێت، بەڵام تەنها ڕەنگدانەوەی بە وریاییەوە دەبینێت کە خزمەتی دەکات وەک بەکاربەرێکی گوێڕایەڵ.

میشێل فۆکۆ لە “دیسپلین و سزادا” زیاتر دەڕوات و ئاشکرای دەکات کە دەسەڵاتی مۆدێرن چیتر توندوتیژی ڕاستەوخۆ بەکار ناهێنێت بەڵکو جەستەی بە دیسپلین و مێشکی گوێڕایەڵ بەرهەم دەهێنێت. قوتابخانە، نەخۆشخانە، سەربازگە، و کارگە تەنها دامەزراوەی کرداری نین. ئەوان ئامرازێکن بۆ دووبارە شێوەپێدانی تاک بۆ ئەوەی ببێتە بوونەوەرێکی گوێڕایەڵ بەبێ ئەوەی هەستی پێبکات. لێرەدا، کۆیلایەتی هزری لە بەرگێکی نوێدا بەدەست دێت: مێشکێک کە پێی وایە فێر دەبێت، مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، یان کار دەکات، لەکاتێکدا بەپێی ستانداردەکانی سیستەمەکە شێوە دەگۆڕدرێت.

فۆکۆ دەریدەخات کە مۆدێرنیتە زنجیرەکەی هەڵنەوەشاندەوە بەڵکو بە شێوازێکی نەرمتر و قووڵتر دایڕشت. لە جیاتی زیندانی فیزیکی، ئەو کەسە لە شوێنێکی کراوەدا دەژی کە پڕە لە چاوی نەبینراو کە دەیکاتە کۆیلەی تەمبێکردن. ئەوەی کێشەکە ئاڵۆزتر دەکات ئەوەیە کە ئەم دەسەڵاتە خۆی وەک ستەمکار ڕاناگەیەنێت بەڵکو وەک شوان و پارێزەر ڕادەگەیەنێت. بۆیە خەڵک باوەڕی پێدەکەن و بە ئارەزووی خۆیان ملکەچی دەبن. لێرەدا کۆیلایەتی هزری دەگاتە لوتکە، کاتێک تاک باوەڕی وایە گوێڕایەڵی پاراستن و چاودێری، چاودێرییە.

لە “پیاوی یەک ڕەهەندی”، هێربێرت مارکۆز-“One-Dimensional Man,” Herbert Marcuse هۆشداری دا کە سەرمایەداری دواکەوتوو تەنها جەستەی لە کارگەکاندا کۆیلە نەکردووە، بەڵکو هۆشیاری خۆی لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی پێداویستی هەڵە کۆیلەکردووە. تاک ئارەزووی ئەو کاڵایانە دەکات کە تەنها دووبارە بەکارهێنانەوەی ئارەزووەکانن کە پێشتر بۆی دروستکراون و مێشکیان دەگۆڕێت بۆ بازنەیەکی داخراو، بۆ پڕکردنەوەی بۆشایییەک بەکاری دەهێنن، پاشان بەکارهێنانیان بۆشاییەکە زیاد دەکات.

ئەم کۆیلایەتییە پێویستی بە سەرکوتکردن نییە چونکە مرۆڤ دەخاتە دۆخێکی ڕازیکردنی خەیاڵییەوە کە وای لێدەکات نقووم بێت لە ئاسوودەیی، لە کاتێکدا جەوهەری ئازادییەکەی دەدزرێت. مارکۆز ڕوونی دەکاتەوە کە مەترسیەکە لە زنجیرەی بینراو نییە، بەڵکو لە ڕازیبوونی هەڵخەڵەتێنەردایە. کۆمەڵگە بەختەوەرییەکی بچووک بۆ تاک دابین دەکات کە بێهەستی دەکات لە بینینی بەختەوەری گەورەتر و لەدەست چوو. لێرەدا، کۆیلایەتییەکی مەترسیدارتر لە چەوساندنەوەی جەستەیی سەرهەڵدەدات، کۆیلایەتییەکی هزری کە وا لە کەسەکە دەکات هاوبەش بێت لە ژێردەستەیی خۆیدا، چونکە قەناعەتیان بەوە هەیە کە ئەوەی ئەزموونی دەکات باشترین حاڵەتە. بەم شێوەیە، ئەگەری شۆڕش لەناودەچێت، نەک بەهێز، بەڵکو بە تێربوونی وەهمی کە هەموو دەرگایەک بۆ بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە دادەخات.

لە کتێبی “کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنەکانی”، کارل پۆپەر-“The Open Society and Its Enemies,” Karl Popper هۆشداری داوە لە مەترسی ئایدیۆلۆژیای تۆتالیتاری کە دەرگای ڕەخنە دادەخات و ڕاستی دەکاتە دەقێکی داخراو. دیکتاتۆری ڕۆشنبیری کاتێک دەست پێدەکات کە پرسیارکردن قەدەغە دەکرێت بە ناوی دڵنیاییەکی ڕەها، چ ئایینی بێت یان ئایدۆلۆژی. لێرەدا، کۆیلایەتی هزری لە پاکترین شێوەیدا بەدی دەکرێت، مێشک لە ناوەوە دەستی بەسەردا گیراوە، تەنها ئەو شتانە دەبینێت کە دۆگمای زاڵ ڕێگەی پێدەدات. مرۆڤ پێویستی بە کۆت و زنجیر نییە تا ئەو کاتەی لە دیوارێکی ئایدیۆلۆژیدا بەند بکرێت کە خۆی بە ڕاستی ڕەها دادەنێت.

هانا ئارێنت لە کتێبی “بنچینەکانی تۆتالیتاریزم”The Origins of Totalitarianism,” ڕوونی کردووەتەوە کە چۆن ئایدیۆلۆژیا دەتوانێت درۆ بگۆڕێت بۆ سیستەمێکی پێکەوە بەستراو کە مێشک قووت دەدات. بە کۆنتڕۆڵکردنی جەستە ڕازی نابێت، بەڵکو واقیع ڕێکدەخات بۆ ئەوەی تاک تێیدا بتوێتەوە. مەترسیدارترین شت ئەوەیە کە قوربانی بچێتە ناو ئەم سیستەمەوە و دروشمەکانی دووبارە بکاتەوە و بەرگری لێبکات. تەنانەت لە کاتێکدا قوربانیشی بێت لەم خاڵەدا، کۆیلایەتی هزری دەبێتە سووتەمەنی بۆ تۆتالیتاریزم، هۆشیارییەکی دزراو کە دژی خۆی کار دەکات، مێشکێک کە بووە بە ئامرازێک لە دەستی ئامێرێک کە تاکەکان دەخوات.

مارکس باسی کۆیلایەتی هزری وەک حاڵەتێکی ڕێکەوت نەکرد بەڵکو وەک پێکهاتەیەکی قووڵ کە بەردەوامی سیستەمەکانی چەوساندنەوە دەپارێزێت. لە “ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانی” ئاشکرای کرد کە خەڵک بیرۆکەکانیان لە بۆشاییدا بەرهەم ناهێنن بەڵکو لە هەلومەرجی ماددی بەرهەم دێنن کە خۆیان بەسەریاندا دەسەپێنن و لە پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان کە هۆشیارییان و سنوورەکانی خەیاڵیان پێناسە دەکات.

لێرەدا، عەقڵ خۆی دەبێتە درێژکراوەی ئامێری کۆمەڵایەتی، جیهان نەک وەک خۆی دەبینێت، بەڵکو بەو شێوەیەی کە ئەو پێکهاتەیە ڕێگەی دەدات. کەواتە، کەسی چەوساوە قەناعەت بەوە دەکات کە پێگەی لە ژیاندا سروشتییە و سنوورەکانی بەشێکن لە ڕێکخستنی گەردوونی. ئەمە ساتی نامۆبوونی تەواوە، کە ئایدیۆلۆژیا دەگۆڕێت بۆ قەفەزێکی ناوخۆیی. لە “سەرمایە”دا، ئەم نامۆبوونە بە دڕندانەترین شێوە دەردەکەوێت: پەرستنی کاڵا. ئەو شتانەی کە بە ئارەقی مرۆڤ دروست دەکرێن وەک قەوارەیەکی جادوویی و سەربەخۆ نیشان دەدرێن کە ژیانێکی تایبەت بە خۆیان هەیە. کاتێک مرۆڤ کاڵایەک دەکڕێت، پەیوەندی چەوساندنەوە و کاری بەفیڕۆدراو لە پشتیەوە نابینێت. ئەوان تەنها جوانییەکی سەرنجڕاکێش دەبینن. ئەم پێچەوانەبوونەوەیە وا لە هۆشیاری دەکات خەیاڵ وەک ڕاستی ببینێت. لێرەوەیە زنجیرەکە زیاتر ئەستوور دەبێت.

 لێرەدا، ئەوەی لە نیتچە و فۆکۆ و ئۆروێڵ بینیمان تەواو بوو، کۆیلە یاخی نابێت چونکە نازانێت کۆیلەیە و مێشکی کۆت و زنجیرەکانی ناشکێنێت، چونکە هەر خۆی دروستی کردوون و بۆخۆشی لە دەستیکردوون. کەواتە مارکس هەموو ئەو شتانەی پێش خۆی لە یەک تەوەرەدا دەبەستێتەوە: لە ئەخلاقی کۆیلایەتی لای نیتچە، بۆ پانۆپتیکۆن لای فۆکۆ، تا ئۆروێڵ. ئەمانە هەموویان لایەنی هەمان ڕاستین، کۆیلایەتی هزری پێویستی بە زنجیری دەرەکی نییە چونکە زنجیری ناوەکی دەچێنێت کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گوێڕایەڵی بەرهەم دەهێنێتەوە. بەم شێوەیە، مرۆڤ لە خانەیەکی ماددی بەند ناکرێت، بەڵکو لە نەخشەیەکی مێشکیدا کە بە وریاییەوە بۆی داڕێژراوە بۆ ئەوەی بڕوا بکات کە تاکە ڕێگا ئەو ڕێگایەیە کە بەرەو نامۆبوونی زیاتری دەبات.

بەم شێوەیە دەگەینە لوتکە: کۆیلایەتی هزری تەنها کاریگەری لاوەکی مێژوو نییە. ئەوە یاسای شاراوەیەتی. ئەو دەزووەی ستەمکاران ئیمپراتۆریەتەکانیان پێچنیوە، کڵێسا دەسەڵاتەکەی، سەرمایەداری بازاڕەکەی و جەماوەر خەیاڵەکانی. لە مارکسەوە تا فۆکۆ، لە نیتچەوە بۆ ئۆروێڵ، لە سپینۆزاوە تا گرامشی، ڕوونە کە مەترسیدارترین زیندان بۆ مرۆڤایەتی زیندان نییە، بەڵکو ئەو باوەڕەیانە کە وایان لێدەکات لەگەڵ ئەو شیشانە ئاشت ببنەوە. جەستە دەتوانێت یاخی بێت، بەڵام مێشک ئەگەر کۆیلە بێت، دەبێتە چەکێک لە دژی خۆی. هونەر، فەلسەفە، ئایین، سیاسەت.. هەمووی ئەو بوارانەن کە دەتوانن ببنە گۆڕەپانی کۆیلایەتی، یان بۆشایی ئازادی و مرۆڤ لە نێوانیاندا بوونەوەرێکی تراژیدییە کە لەسەر لێواری بیرێکی سەر دانەپۆشراو دەڕوات، یان وەک پاسەوانی خەیاڵێک دەمێنێتەوە کە لە مێشکیاندا دانراوە، یان بوێری ئەوە پەیدادەکات کە ڕووبەڕووی کۆتەکانی ناوەوەی بێتەوە. لەو چرکەساتەی هۆشیاریدا، ئەوان تێدەگەن کە ئازادی نابەخشرێت بەڵکو دەستی بەسەردا دەگیرێت، سەرەتا لە دەستی مێشکەوە پێش ئەوەی  قامچی لەدەست وەربگیرێت. ئەمە دوایین هاواری مارکس و هەموو ئەوانەی بڕوایان بەو رێبازە هەیە «ئەو زیندانە بشکێنن کە لە مێشکتاندایە چونکە هەموو کۆت و زنجیرەکانی جیهان لەوێوە دەست پێدەکەن.»

سەرچاوە:

https://www.youtube.com/watch?v=ysBNUYmmoTE




‏چەپگەرایی  ژێل دۆڵۆز لە نێوان مایکرۆکۆمۆنیزم و فەلسەفەی جیهانی سێیەمدا.. ‏و. لە عەڕەبیەوە: یاسین لەتیف

نووسینی: ‏د . زهیر الخویلدي..

‏پێشەکی

‏”چەپ” لە ڕوانگەی جێل دۆلۆزەوە بە پلەی یەکەم ئاماژە نیە بۆ پارتێکی سیاسی یان ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو، بەڵکو مەبەستێکە بۆ هەڵوێستێک کە  لەسەر بنەمای  دروستکردن و دووپاتکردنەوەی جیاوازی و بەرەنگاربوونەوەی نۆرم و پێکهاتەکانی دەسەڵات دامەزراوە  . هاوکات  پەیوەستە بە کارلێکی کارێگەری چالاکانە لەگەڵ جیهاندا لە ڕێگەی پرۆسەی خوێندنەوە و لێکدانەوەی “ڕادیکاڵانە”. کە ئاڵنگاری گێڕانەوەی باڵادەست و خوڵقاندنی توانا نوێکان دەکات ، نەک گونجان لە گەڵ گوتراوەکانو سیستەمی دیاریکراوی پێشوەخت، ڕەتکردنەوەی پۆلە پێشوەختەدیاریکراوەکان:

‏چەمکی “چەپ” لای دؤلۆز  گوزارشت نییە لەخۆگونجاندن  لەگەڵ سپێکتریمی (الطیف) سیاسی تەقلیدی  ، بەڵکو ڕەخنە گردنە لە مەیلی پۆڵێنکردن و پێناسەکردنی شتەکان . بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەم پۆڵێنکردنە زۆرجار خزمەت بە بەهێزکردنی پێکهاتەکانی دەسەڵاتی ئێستا دەکات.

‏له ئامێزگرتنی جیاوازی و گۆڕانکاری . 

‏”چەپ” لای دۆلۆز لە ئامێز گردتنی جیاوازی و گۆڕانکارییە-  هەروەها پرۆسەیەکی بەردەوامی گۆاستنەوەو و گۆڕانکارییە کە بەرەنگاری چەقبەستن و یەکسانیی دەبێتەوە.

‏خوێندنەوەو شیکردنەوەی  دڕندەیی، 

‏ئەمەش بریتییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ دەق و بیرۆکەکان بە شێوەیەکی “دڕندانە” و  هەڵوەشاندنەوەیان و دوبارە کۆکردنەوەیان و دروستکردنی مانا و پەیوەندی نوێ کە ڕەنگە نووسەرە ڕەسەنەکان مەبەستیان نەبووبێت.

‏بە سیاسیکردن وەک نۆرم . 

‏دۆلۆز پێشنیاری ئەوە دەکات کە پراکتیکی سیاسیکردنی چەپ- کە بەردەوام  گومان و  ئاڵنگاریی نۆرمە دامەزراوەکان دەکات، دەتوانێت ببێتە پێوەرێک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ناکۆکییە فەلسەفییەکان و دروستکردنی ئەگەری نوێ.

‏لە دەرەوەی مۆدێرنێتە . 

‏میتۆدی دۆڵۆز  تێگەیشتنی مۆدێرنێتی چەپ تێدەپەڕێنێت ، کە زۆرجار پشت بە بیرۆکەی جێگیر و پێشکەوتنی هێڵی دەبەستێت. دیدێکی زۆر نەرمتر و دینامیکیتر بۆ واقیع بونیاد دەنێت . هاوکات گۆڕانکاری و جیاوازی بەردەوام لە جەوهەریدا ئامادەن.  بەو مانایەی ئاراستەی چەپگەرایی لای دۆلۆز بە واتای بەشداری چالاکانە لە دروستکردنی جیهانێکی کراوەتر و دینامیکیتر و هەمەچەشنتر. جیهانێک کە بەردەوام لە پەرەسەندندایە و بەرەنگاری هێزەکانی یەکسانی و کۆنترۆڵ دەبێتەوە.

‏دەقی دیالۆک ..  “چەپ” واتای چییە؟

‏وەک لە وتارەکەی پێشوودا ئاماژەم پێدا، “ئەبیسێدەر” هەرگیز وەرنەگێڕدراوەتە سەر زمانی ئینگلیزی (لانی کەم، بەپێی ئاگاداری من).لێرەدا بەشداری بچووک و نامۆی من لە کارێکی وەها گەورەدا. ئەمە کۆتایی ئەو “بابەتە”یە (جیلی  چەپگەرایی) کە تیایدا ژێل دۆلۆز لە دوو بەشدا پێناسەی “چەپبوون” دەکات کە مانای چییە. 

‏بەشی دووەم ڕوونکردنەوەیەکە بە زاراوەیەکی زۆر سادە بۆ چەمکی “بوون” کە لەگەڵ فێلیکس گواتاری لە پەرتوکی “هەزار ڕوو تەخت”  بەرهەمان هانیوە . 

‏کلێر بارنیەر: مانای “چەپ” بوون بۆ تۆ چی دەگەیەنێت؟

‏ژێل دۆلۆز:  باشە ئێستا پێت دەڵێم کە ناتوانرێت حکومەتێکی چەپ هەبێت. ئەمە بەو مانایە نییە کە جیاوازی لە نێوان حکومەتەکاندا نییە. باشترین شت کە دەتوانین هیوای بۆ بخوازین حکومەتێکە کە پاڵپشتی بەشێک لە داواکارییەکانی چەپەکان بکات، لەکاتێکدا حکومەتێکی چەپ بوونی نییە. چۆن پێناسەی “چەپ” بکەین؟ من ئەمە بە دوو شێوە دەڵێم یەکەم: کێشەی تێگەیشتنە. کێشەی تێگەیشتن واتای ئەوەیە “چەپ نییە” ئەمەش لە ناونیشانی پۆستەوە دیارە ، چەپ نەبوون واتە لە خۆم و شەقامەکەم و لە شارەکەم و لە وڵاتەکەمەوە دەست پێبکەم و دواتر لە وڵاتانی ترەوە. ئێمە لە خۆمانەوە دەست پێدەکەین و لەبەر ئەوەی ئێمە ئیمتیازمان هەیە و لە وڵاتێکی دەوڵەمەنددا دەژین، پرسیار دەکەین کە چۆن دەتوانین بە تێپەڕبوونی کات ئەم دۆخە بپارێزین. ئێمە هەست بە هەندێک مەترسی دەکەین،  ئەم دۆخە ناتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بێت، ئێمە دەڵێین “بەڵام چینییەکان زۆر دوورن، چۆن دەتوانین ئەوروپا بە تێپەڕبوونی کات بپارێزین؟” چەپ بوون بە پێچەوانەوەیە. ئەوە  درک کردنە وەک دەوترێت ژاپۆنییەکان  درکی پێ دەکەن . ئەوان وەک ئێمە هەست ناکەن، بەڵکو پێش هەموو شتێک هەست بە دەوروبەرەکەیان دەکەن دەڵێن: جیهان، کیشوەر، ئەوروپا، فەرەنسا و هتد …. ، شەقامی بیزەرتێ من. ئەمە دیاردەی  درک کردنە ، بەم شێوەیە  یەکەم جار  هەست بە ئاسۆ دەکەین. 

‏کلێر بارنیەر:  لە ڕاستیدا ژاپۆنییەکان چەپ نین! ؟ 

‏ژێل دۆلۆز: ئەمە هۆکارەکە نییە. لەم  درککردنەدا ئەوان چەپن بە واتایەکی تر چەپن.  یەکەمجار ئاسۆ دەبینیت دەزانیت زۆر ناخایەنێت مەحاڵە ملیۆنان کەس کە بە برسێتی دەمرن، هێشتا بتوانن خۆڕاگر بن بۆ ماوەی سەد ساڵ . بەڵام لە کۆتاییدا بەرگەی ئەو ستەمکاریە ڕەهایە ناگرین ئەمە کێشەیەکی ئەخلاقی نییە، بەڵکو کێشەی تێگەیشتنە. ئەگەر  بە هەموان دەست پێ بکەین ئەوا ئێمە چەپین. ئەمەش بەو مانایەیە کە دەتوانین ئەم پرسانەش چارەسەر بکرێن ، ئەمە بە هیچ شێوەیەک بەو مانایە نییە کە بڵێین دەبێت ڕێژەی لەدایک بوون کەم بکەینەوە و ….هتد. چونکە وتنی وا تەنها ئامرازێکی ترە بۆ پاراستنی ئیمتیازاتی ئەوروپا مەبەست ئەوە نییە.  لە ڕاستیدا بڕیارەکە پەیوەندی بە دۆزینەوەی ڕێکخستنە جیهانییەکانەوە هەیە کە ئەم کێشانە چارەسەر بکات. چەپ بوون واتە بزانین کە پرسەکانی جیهانی سێیەم لە ئێمە نزیکترن لە دراوسێکانمان بەڕاستی کێشەی تێگەیشتنە نەک کێشەی ڕۆحێکی جوان ئەوە جەوهەری چەپ بوونە بۆ من.

‏دووەم: چەپ بوون  بۆ من پرسی گۆڕانکارییە هەرگیز گۆڕاکاری بۆ کەمینەبوون نەوەستێت. لە ڕاستیدا چەپ هەرگیز زۆرینە نییە و بە هۆکارێکی زۆر سادەش.چونکە زۆرینە وا گریمانە دەکات تەنانەت کاتێک ئێمە دەنگ دەدەین کە زۆرترین ژمارەی خەڵک تەنها دەنگ بە شتێک نادەن… زۆرینەگریمانەی ستاندارێک دەکات .لە جیهانی ڕۆژئاوادا ئەو نۆرمەی کە هەموو زۆرینەیەک گریمانە دەکات بریتییە لە نێر، گەورەساڵ،‏هێترۆسێکسوال ئەمانە لە شاردا دەژێین . ئێزرا پاوەند و جویس شتگەلێکی لەو چەشنەیان گوت  ، بڕیارەکە ئایدیاڵە ئەمە ئەوەیە ستاندارد . بۆیە سروشتییە کە زۆرینە لە کاتی دیاریکراودا ئەم ستانداردە  بە دەست بێنێت . هەر وێنەی پیاوێک، گەورەساڵ،  هێتۆسێکسواڵ، لە شاردا دەژین  تا ئەو ڕادەیەی کە دەتوانم بڵێم زۆرینە کەس نییە ، ئەمە کەس نییە، ستانداردێکی بەتاڵە بە سادەیی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک هەن، زۆرترین ژمارەی خەڵک خۆیان درک بەوە دەکەن کە لەم ستانداردە بەتاڵەدان، بەڵام ستانداردەکە لە خودی خۆیدا بەتاڵە. کاتێک ژنان ئەژمار دەکرێن  و دەچنە نێو زۆرایەتیەوە یان كەمایەتیکی دووەمەوە بە پێوەری کۆمەڵەکەیان  سەبارەت بەم ستانداردە  ، بەڵام چیتر ؟ 

‏هەموو  بوونەکان هەن کە بە  بوونی کەمینە دادەنرێت. ‏ئەوەی مەبەستمە ژنەکان ژنگەلێکی سروشتی نیین  بەڵکو بوونیان هەیە ، ئەگەر ژنان بونیان هەبێت کەواتە پیاوانیش بوونیان هەیە ، پێشتر باسی بوونمان دەکرد وەک ئاژەڵ منداڵان بوونێکیان هەیە ئەوان بە سروشت منداڵ نین. هەموو ئەم بوونانە بوون بە کەمینە. 

‏کلێر بارنیە: کەواتە تەنها بەشەر بوونی ئینسانیان نییە، ئەمە سەختە!  

‏  ژێل دۆلۆز: ناتوانن، ئەوە نۆرمێکی زۆرینەیە. مرۆڤی پێگەیشتوو بوونێک نییە دەکرێت مرۆڤ  توانای  بوونی هەبێت ، بەم شێوەیە دەبێت بەشداری پرۆسەکانی بوون بە کەمینە بکەن ، چەپ کۆی پرۆسەکانی بوون بە کەمینەیە . بۆیە دەتوانم بە شێوەیەکی ڕستەیی بڵێم: زۆرینە کەس نییە کەمینەش هەموو کەسێکە ئەمە واتای چەپ بوونە. بزانین کە کەمینە هەموو کەسێکە و دیاردەی بوونیش لێرەدا ڕوودەدات.

‏  ” ئەبسیدەر ” لە ٢١ی حوزەیرانی ٢٠١١ بڵاوکراوەتەوە‏ چاوپێکەوتنێکە لەگەڵ ژێل دۆلۆز، کەماوەی حەوت کاتژمێر و نیو دەخایەنێت. لە ساڵی ١٩٨٨ لەلایەن کلێر بارنی خوێندکاری پێشووی و هاوڕێ نزیکەکەیەوە تەواو بووە و لە بەرهەمهێنان و دەرهێنانی پیێر ئەندرێ بوتانگ . پێموایە نایابترین پێشەکییە کە مرۆڤ خەونی پێوە ببینێت بۆ  تێگەیشتن لە فەلسەفەی ژێل دۆلۆز، چونکە  لەم ڤیدۆیەدا زمانەکەی زۆر سادەیە لەوەی لە کتێبەکانیدا بەکارهاتووە (لانی کەم لە زۆربەیاندا).  ئەم بەڵگەنامەیە بە ناوی Abécédaire ـە، کە تیایدا کلێر بارنێت و ژێل دۆلۆز کۆمەڵێک بابەت و کێشە ئاڵوگۆڕ دەکەن کە وەک یەک تەوەر  پێشنیار کراون بۆ هەر پیتێک لە پیتە  ئەبجەدیەکان . 

‏شرۆڤە

‏دۆڵۆز و مایکرۆ کۆمۆنیزم ..

‏ ئامانجی بابەتەکەم : دۆلۆز کەمێک سوورە ڕەنگە سەیر بێت فەلسەفەی دۆلۆز بە ڕەنگی کۆمۆنیزمەوە گرێ بدەین. بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا باسی من لەسەر ئەو ڕاستییەیە کە دۆلۆز یەکێک بووە لەو فەیلەسوفە ئەوروپیانەی کە  فەلسەفەی بیرۆکەی کۆمۆنیزمی داڕشتووە بە لەبەرچاوگرتنی بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکان لە جیهانی سێهەمدا، پڕۆژەکەی دۆلۆز ناونرا “مایکرۆکۆمۆنیزم”  کە هەوڵیدا لە ڕێگەی ئەزموونی سیاسی شۆڕشگێڕانی غەیرە ئەوروپییەوە فەلسەفەی سیاسی لە چوارچێوەیەکدا دابڕێژێتەوە. ‏ئەم لێکۆڵینەوەیە بەو مانایە نییە کە من باس لە پەیوەندی ڕاستەوخۆی دۆلۆز لەگەڵ جیهانی سێیەم بکەم یان باس لە پێشهاتە مێژووییەکانی بکەم. جیهانی سێیەم بۆ دۆلۆز و گواتاری تەنیا زاراوەیەکی جوگرافی نییە، بەڵکو زاراوەیەکە کە ئاماژەیە بۆ ناوچەی سێیەم “کە زمان دەتوانێت لێی دەرباز بێت، ئاژەڵ دەچێتە ناو شتەکانەوە و گرداکۆ بوون تێدا  ڕۆڵ دەبینێت.

 جیهانی سێیەم لای دۆلۆز بابەتێکی جیۆپۆلەتیکی نییە بەڵکو “گەردوونێکی ئاژاوەگێڕە ” گەمەیەکە لە نێوان “مانا و بێ مانا دا” . کۆی  دونیای سەرمایەداری لە ڕێی ئیمپریالیزم و کۆڵۆنیالیزمەوە دروست بووە ، بەم مانایە جیهانی سێیەم ملکەچ نییەبەڵکو کار بۆ هەڵوەشاندنەوە و تێکدانی زمان و یاسای ڕۆژئاوایی دەکات. ناوچەکانی جیهانی سێیەم  دامەزراوە بۆ “بەکارهێنانی سنووردار یان چڕ” بۆ زمانی ئۆپزسیۆن  . “سیفاتی  چەوساوەیەی ئەم زمانە وەک سیفاتی ستەمکاریە” ئەم چەمکە لە ئەدەبیاتی سنووردار واتە “بەکارهێنانی سنووردار”ی زمان. بەو مانایە نییە “ئەدەب” بە تایبەتی کەمینە بێت ، وەک دانیال سمیس ئاماژەی پێدەکات  کەواتە “سنووردار” ئاماژەیە بۆ “مەرجی شۆڕشگێڕانەی هەموو ئەدەب”.  من دەڵێم ئەم چەمکە سنووردارە پێوەندی  بە جیهانی سێیەمەوە هەیە دەبێ وەک کلیلێک بۆ تێگەیشتن لە ڕێبازی دۆلۆز بۆ کۆمۆنیزم سەیر بکرێت.‏کۆمۆنیزم وەک دروستکردنی هەلومەرجی شۆڕشگێڕانە هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە مایکرۆکۆمۆنیزم چەندین پراکتیکی کۆمۆنیستی بەدوای خۆیدا دەهێنێت بۆ دروستکردنی هەلومەرجی شۆڕش. کەواتە دەکرێت وا تەماشای چەمکی دۆڵۆزو گواتاری بۆ جیهانی سێیەم بکەین  کە پەیوەستە بە مایکرۆ کۆمۆنیزمەوە ، بە خوێندنەوەی من شانبەشان کار دەکات لە گەڵ چەمکی ئەدەبیاتی بچوکدا کە بەکارهێنانی زمانێکی تەواو جیاواز دەگرێتەوە لە بەرامبەر نیشاندەری باڵادەستی دەوڵەتی سەرمایەداریدا . ئەم چەمکانە لەگەڵ بیرۆکەی سەرەتایی دۆلۆزدا یەکدەگرنەوە کە ‘پراکتیکی بەرز’ی تواناکانە کە لە ڕێگەیەوە ڕەخنە لە کۆکردنەوەی نوێنەرایەتی کانت دەگرێت.
دۆڵۆز وای ڕچاو کردووە کانت بەڕادەی پێویست ڕەخنەگر نەبووەو بە ڕادەی پێویستیش ئەزموونگەر نەبووە ، زۆر دوگماتیزم بووە. بەڵام  لە گەڵ ئەوەشدا دۆلۆز هەندێک  ڕەگەزی بەنرخ لە دیدگا ڕەسەنەکانی کانتدا بۆ کات و بیرۆکەکان وەک کێشە و توانا ناتەباکان دەدۆزێتەوە. ئامانجی دۆلۆز ڕەتکردنەوەی فەلسەفەی خودی کانت  نییە، بەڵکو شۆڕشکردنە لە فەلسەفەی ڕەخنەی کانتدا . بەم مانایە چەمکی جیهانی سێیەم لە فەلسەفەی دواتری دۆلۆزدا بە هاوکاری گواتاری بە پڕۆژەی فەلسەفی ڕەخنەیی بەردەوامی ئەو دادەنرێت . کە ڕەخنەیەکی بنەڕەتی پێشکەش دەکات لە سەردەمی سەرمایەداری جیهانیدا.

 ‏ئەمڕۆ چەپی ڕادیکاڵ لە پاشە کشەو بچووکبوونەوەدایە، لە کاتێکدا پۆپۆلیزمی فاشیستی سەرهەڵدەدات و خێراتر دەبێت. ‏‏لە ژێر ڕۆشنایی ئەم دیدە ڕەشبینانەیە بۆ دۆخی سیاسی ئێستا ڕادیکالیزمی دۆلۆز و گواتاری لە فەلسەفەدا لە  مانگی ئایاری ١٩٦٨ تا ئێستاش کارێگەرەکانی پەیوەستە بە ئێمەوە. جگە لەوەش هەوڵەکانیان بۆ بەستنەوەی فەلسەفەی سیاسی بە چەمکی جیهانی سێیەمەوە ئەوەندە بەهێزە  پێداویستی داهاتووی سیاسەتی چەپگەرایی  دادەڕێژێت . بۆ هەندێک زاراوەی “جیهانی سێیەم” بەسەرچووە، ئێستاش زاراوەی “باشووری جیهانی” جێگەی گرتووەتەوە. جگە لەوەش بزووتنەوەی سیاسی جیهانی سێیەم بزووتنەوەی بێلایەنەکان شکستێکی  گەورەیان بە نسیب بووە ، کۆتاییان بووە بە کێبڕکێیەکی وەسوەسەو  دڵەڕاوکێی نێوان دەوڵەتە نەتەوەییەکان بۆ “بردنەوە” لە لوتکەی سەرمایەداری جیهانیدا.   دەبێت چاوخشاندنەوەیەک بە فەلسەفەی دۆلۆز سەبارەت بە جیهانی سێیەم بە بێزاری سیاسی بەرەوڕوو بێتەوە. بە پێچەوانەی ڕەوتەکەوە، من دەڵێم  چەمکی جیهانی سێیەمیان ئامانجی ئەوەیە ئاڵنگاری ئەو نیشاندەرە بکات کە بە “کۆمۆنیزمی گەورە” دراوە، واتە پارتی کۆمۆنستی فەرەنسی و مارکسیزمە “فەرمییەکان”ی دیکە زۆرێک باسیان لەوە کردووە کە پڕۆژەی فەلسەفی دۆلۆز و گواتاری ڕاستەوخۆ لە ڕووداوەکانی مانگی ئایاری ١٩٦٨ سەریهەڵداوە، لەڕاستیدا دەتوانرێت بڵێین فەلسەفەی سیاسی ئەوان ڕۆحی بزووتنەوەی ڕادیکاڵی پاراستووە. بەڵام ئەم پێناسەیە بۆ ڕادیکالیزمەکەیان ناڕوون و دووفاقییە. پێدەچێت پڕۆژە فەلسەفیەکەیان  پەک بخات. لە کاتێکدا پێشبینی دووبارە سەیرکردنەوەی سیاسەتەکانیان دەکرێت لە ڕوانگەیەکی نانۆرماتیڤەوە، پێویستە ڕەچاوی جۆری ئەو دیدگایە بکرێت کە هەوڵیانداوە لە فەلسەفەی سیاسی خۆیاندا بیپارێزن . زاراوەی “فەلسەفەی سیاسی” بە گشتی بە مانای تیۆری حکومڕانی  دەگەیەنێت  . بەڵام زاراوەی دۆلۆز و گواتاری لە بنەڕەتدا جیاوازە لەم بەکارهێنانە باوەدا. 

هەروەها سمیس ئاماژە بەوە دەکات کە “دۆلۆز لە ڕێگەی بەکارهێنانی ناوازەی ئەم چەمکە بە ڕوونی خۆی لە ڕێبازەکانی دیکە بۆ تیۆری کۆمەڵایەتی دوور دەخاتەوە.” بۆ نموونە پشت دەبەستێت  بە تیۆری دەوڵەت (ئەفلاتون)،  یان گرێبەستی کۆمەڵایەتی (هۆبز)، یان ڕۆحی یاساکانی (مۆنتێسکیۆ)، یان لەسەر کێشەکانی “ئاشتی هەمیشەیی” (کانت) یان شەرعیەت (دورکهایم، هابەرماس) و هتد . وەک چۆن لە چەمکی “ئەدەبیاتی لاوەکی”دا، دۆلۆز لێرەدا “پراکتیکی زاڵ”ی فەلسەفەی سیاسی بۆ دروستکردنی سیاسەتی نوێ دەناسێنێت،  بەو مانایەی ئەزموونێکی فرەیی سیاسی لە بەرامبەر تیۆری سیاسی نۆرماتیڤدا. لەم ڕوانگەیەوە ئێدواردۆ ڤیڤێرۆس دی کاسترۆ،  زانای ئەنترۆپۆلۆژی بەڕازیلی بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ نەوەی ئێمە  ئاماژە بەوە دەکات:  ناوی  ژێل دوڵۆز یەکسەر ئەو گۆڕانکارییە فیکرییە دەهێنێتە بەرچاو کە ئەو قۆناغەی دەوروبەری ساڵی ١٩٦٨ی دیاری کرد . کاتێک هەندێک لە ڕەگەزە بنەڕەتییەکانی تێگەیشتنی کولتووری هاوچەرخمان دامەزراند ،  مانا و دەرئەنجام و واقیعی ئەم گۆڕانکارییە مشتومڕێکی توڕەیی لێکەوتەوە کە تا ئێستاش بەردەوامە. وەک ڤیڤێرۆس دی کاسترۆ دان بەوەدا دەنێت میراتی فەلسەفەی سیاسی دۆلۆز هێشتا جێگەی مشتومڕە. ڤیڤێرۆس دی کاسترۆ لێرەدا ئاماژە بەوە دەکات کە ناوی دۆلۆز  ئەو “گۆڕانکارییە فیکرییە”ی بیری  نەوەی خۆی دەخاتەوە کە لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٦٨دا سەریهەڵدا .
خەمی من لەگەڵ ساتەوەختی دۆلۆز و(گواتاری)ی دیدگای سیاسیدایە و ئارگیومێنتەکانم وا گریمانە دەکەن کە ئەو گۆڕانکارییەی دۆڵۆز و گواتاری هەوڵیان دەدا لە قۆناغی شۆڕشدا بیهێننە ئاراوە “کودەتا” بووە بۆ دەستێوەردانەکانیان لە فەلسەفەی ئەوروپی لە ڕوانگەی جیهانی سێیەمەوە – بەشداریکردنی تیۆری لەگەڵ نیشاندەری باڵادەستی کۆمۆنیزم . مایکرۆ کۆمۆنیزم بە واتای کۆمۆنیزمی فرەیی بە بێ حزبی ناوەندی ، گومانی تێدا نییە کە دۆلۆز و گواتاری ئیلهامیان بۆ بیرۆکەی کۆمۆنیزمی لامەرکەزی لە بزووتنەوە شۆڕشگێڕەکانی جیهانی سێهەمەوە  وەرگرتووە  . 

‏ فەلسەفەی جیهانی سێهەم

‏لە ڕاستیدا فەلسەفەی سیاسی ئەوان بەبێ بوونی جیهانی سێیەم  مانایەکی نەدەبوو کە نوێنەرایەتی  ناکرێت .  چەمکی دۆلۆز و گواتاری بۆ چەمکەکان تاکە ڕێگایە بۆ تێگەیشتن لە فەلسەفەی سیاسییان. بەم مانایە جیهانی سێیەم نوێنەرایەتی ئامادەبوونێکی ڕاستەقینە لە سیاسەتەکەیاندا ناکات، بەڵکو نوێنەرایەتی ئامادەبوونێکی مەجازییە . بۆیە فەلسەفەی جیهانی سێهەمیان لە چەمکی کەمینەیەک وەک “گەلێکی غەیاب”دایە، ئەو کەسانەی کە بە زمانی حوکمڕان یان ئایدۆلۆژیا نوێنەرایەتی ناکرێن . جگە لەوەش چەمکی جیهانی سێیەم ئاماژەیە بۆ پراکتیکی زاڵانەی زمان، واتە ڕەخنە گردن لە جەوهەری نوێنەرایەتی . ڕەنگە لێرەدا بوەستین و پرسیار لەبارەی ئەو زەمینە ئایدیۆلۆژیەوە بکەین کە دۆلۆز و گواتاری چەمکی جیهانی سێیەمیان لە گوتاری فەلسەفی خۆیاندا جێگیر کردووە  . ئیمانوێل والێرشتاین ئیدیعا دەکات کە “ناڕەزایەتی سەرەکی لە ساڵی ١٩٦٨ دژی زاڵبوونی ئەمریکا بووە بەسەر  سیستەمی جیهانیدا” . بۆیە سەیر نییە کە دۆلۆز و گواتاری گریمانەی هەژووونی ئەمریکی بکەن لە ئارکۆمێنتە سیاسی – فەلسەفییەکانیاندا، لە بابەتگەلێکی جۆراو جۆردا ڕاستەوخۆ پرۆژە سیاسییەکەیان بە دژە ئیمپریالیستی یان پۆست کۆلۆنیالیزم وەسف دەکەن . 

 ئەم ئاراستە سیاسییە لەو ڕۆژانەدا نە بەڕێکەوت بوو ، نە ناوازەش بوو  ، بەڵکو دەتوانرێت بڵێین مانگی ئایاری ساڵی ١٩٦٨ لوتکەی دۆزینەوەی چەپی ئەوروپی بوو بۆ گەلانی جیهانی سێیەم. لە سایەی ئەم دۆخەدا فەلسەفەی سیاسی دۆلۆز و گواتاری ئامانجی فەلسەفەکردنی واقیعی گەلانی جیهانی سێهەم بوو . بەڵگەیەک کە پەیوەندی نێوان دۆلۆز و وشەی سێیەم ئاشکرا دەکات ئەوەیە کە دۆلۆز (لەگەڵ گواتاری) چەمکی “گەلانی ونبوو”یان بونیادنا  بۆ ڕوونکردنەوەی پانتایی جیهانی سیاسەت . کەواتە ئەم کەسانە کێن؟ بیرۆکەی ئەو سەبارەت بە خەڵکی نەبینراوی ڕۆژئاوا، مێتافۆر نییە، بەڵکو ئەگەرێکە بۆ سیاسەتی دژە نوێنەرایەتی- داهێنانی پرۆلیتاریای جیهانی.‏‏لە ئێستادا ناتوانرێت چینێکی شۆڕشگێڕی یەکگرتوو لەناو ئەو دابەشکارییە کۆمەڵایەتییەی کە هەیە دەستنیشان بکرێت. ڕەنگە ڕووداوەکانی داهاتوو ببنە هۆی سەرهەڵدانی ئەو جۆرە کەسانە  .  من دەڵێم چەمکی کەسانی ونبوو بە تەواوی لەگەڵ ڕووداوی مێژوویی بزووتنەوەی بێ لایەنەکان لە جیهانی سێیەمدا دەنگ دەداتەوە . بەم پێیە پڕۆژەی سیاسی دۆلۆز و گواتاری لە چوارچێوەی سێ گرووپی مێژوویی چەپی فەرەنسیدا جێی نابێتەوە:
چەپی کۆماری، چەپی سۆسیالیستی و چەپی کۆمۆنیستی ، میشێل وینۆک گروپی چوارەمی  چەپ بە “چەپی  پەڕگیر ” ناودەبات ، ‏لویس ئۆگست بلانکی و ژان پۆڵ سارتەر نموونەی ئەم گروپە چوارەمەن، کە ڕەخنەیان لە دامەزراندنی ئەم جۆرە چەپەدا هەبوو و دیموکراسی نوێنەرایەتیان ڕەتکردۆتەوە . بۆ ئەوان سیستەمی هەڵبژاردن ئامرازێکی حوکمڕانی بوو بۆ گەمارۆدانی شۆڕشی گەل. بە پێچەوانەی مۆدێلی چەپی توندڕەوی وینۆک، کریستۆف کاڵتەر ئاماژە بەوە دەکات کە چەپی نوێی ڕادیکاڵ لە دوای ساڵی ١٩٥٦  بەرەو شۆڕشی چوارەم دەڕۆیشتن.ئەو دەڵێت: کۆتایی هاتنی ئیمپراتۆریەتەکانی کۆلۆنیالیزم کاریگەری لەسەر دوو بوارە بنەڕەتییەکانی خۆتێگەیشتنی چەپ هەبوو کە پۆتانسێلی گەورەی خەباتیان هەبوو: ‘شۆڕش’ و ‘ ئەنتەرناسیۆنالیزم’. گفتوگۆکان سەبارەت بە پابەندبوون بە شۆڕش و ئامرازە گونجاوەکانی گەیشتن بەو شۆڕشە بووە هۆی ناکۆکی بەردەوام لەناو چەپدا. هەروەها تیۆرو پراکتیکی ئینتەرناسیۆنالیزم بووە هۆی ناکۆکی .  چونکە داواکاری سروشتی بۆ نیشاندانی “هاودەنگی” لەگەڵ کۆلۆنیالیزمەکان زۆرجار لەگەڵ سیاسەتی چەپی فەرەنسی  بەریەککەوتنی هەبوو کە ناسیۆنالیست و لایەنگری کۆلۆنیالیزم، یان لایەنگری مۆسکۆ بوون.‏مشتومڕەکان لە دەوری خەبات و سیاسەتی چەپەکان لە چەمکی جیهانی سێیەمدا کۆدەبوونەوە.

چەمکی جیهانی سێیەم پرسیاری لەبارەی ڕۆڵی چەپی فەرەنسی لە جیهاندا وروژاند ، جگە لە پرسیارەکان سەبارەت بە “کارەکتەری شۆڕشی کۆمەڵایەتی-سیاسی و ئەکتەرەکانی و شوێن و پاڵنەرەکانی” . فرەچەشنی و لێکنزیک بوونەوەی چەپ لە دەوری هەمان چەمکی جیهانی سێیەم دەسوڕایەوە و جەختی لەوە دەکردەوە کە هاودەنگی لەگەڵ گەلانی کۆلۆنیالیزمدا بۆ شۆڕشێکی ڕیشەیی شتێکی بنەڕەتییە. گومانی تێدا نییە کە فەلسەفە سیاسییەکانی دۆلۆز و گواتاری لەگەڵ داواکارییەکانی چەپی توندڕەوی نوێدا هاوتەریب بوون.‏لەم ڕوانگەیەوە دەبێت لە پڕۆژە سیاسییەکەیان تێبگەین کە تیشک دەخاتە سەر ئارەزوو نەک دەسەڵات، وەک هەوڵێک بۆ ڕەخنەگرتن لە گوتاری کۆنی چەپ و نوێکردنەوەی گریمانەی شۆڕش . دۆلۆز و گواتاری لەسەر بنەما سیاسییەکانیان  بانگەشەکردنی مەجازی جیهانی سێیەمیان بونیادنا لە ڕێگەی  دیالۆکو باسەکانیانەوە سەبارەت بە “کەسانی ونبوو”. بیرۆکەی دۆلۆز و گواتاری بۆ سیاسەتی مەجازی، واتە سیاسەتی خەڵکی ونبوو، 

‏لەگەڵ جوانیناسی دژە نوێنەرایەتیی ئەواندا دەنگ دەداتەوە  . تێگەیشتنی دۆلۆز لە سینەما چەند بەڵگەیەک بۆ ئارگیومێنتەکەم دەخاتە ڕوو. ئەو ئەم ئارگیومێنتە پشتگیرییەی خوارەوە سەبارەت بە “خەڵکی ونبوو” لە سینەما ٢دا دەخاتە ڕوو . لە سینەمای ئەمریکی و سۆڤیەتدا خەڵک بەڕاستی بوونیان هەیە،  ڕاستەقینەن پێش ئەوەی واقیعی بن، ئایدیاڵن بەبێ ئەوەی ئەبستراکت بن . لێرەوە ئەو بیرۆکەیە هاتە ئاراوە کە سینەما وەک هونەرێکی جەماوەری دەتوانێت باڵاترین هونەری شۆڕشگێڕانە یان دیموکراسی بێت و جەماوەر بکاتە بابەتێکی ڕاستەقینە .  بەڵام زۆر فاکتەر ئەم باوەڕەیان لاواز کرد ، سەرهەڵدانی هیتلەر کە ئامانجی ئەوە بوو  لە ڕێی سینەماوە جەماوەر ملکەچکات ، نەک جەماوەر بکاتە بابەت و هەست بە بوونی خۆیان بکەن ، ستالینیزم کە کۆدەنگی گەلی گۆڕی بۆ یەکگرتوویی حزبی پاوانخوازانە ،  هەڵوەشاندنەوەی گەلی ئەمریکا، کە چیتر باوەڕیان بە خۆیان نەدەکرد کە ئەو گەلە تواوەیەی ڕابردوون ، یان تۆوی گەلێکی داهاتوون . (  ڕۆژئاوای نوێ یەکەم بوون کە ئەم هەڵوەشاندنەوەیان پیشاندا ) . بەکورتی ئەگەر سینەمایەکی سیاسی مۆدێرن هەبوایە، لەسەر ئەم بنەمایە دەبوو:  جەماوەر بوونی نەماوە، یان هێشتا نەبووە…  گەل ون بووە . زەحمەت نییە لێرەدا ببینین کە دۆلۆز بە ڕوونی باس لە سێ جەمسەری ئایدۆلۆژیای سیاسی دەکات – ستالینیزم، نازیزم و ئەمریکیزم – کە سینەما بە “هونەری جەماوەر” دەزانن،  ئامرازی شۆڕش و دیموکراسی کە خودی جەماوەری “ڕاستەقینە” بەرهەم دەهێنێت . ئەم واقیعەی جەماوەر لە ڕیالیزمی سیاسی ڕۆژئاوادا بە شێتی دادەنرێت، وەک لیبرالیزم یان ئابووری سیاسی . دۆلۆز لەگەڵ گواتاری ئاماژە بەوە دەکەن کە “سینەما توانای گرتنی جووڵەی شێتی هەیە لەبەر ئەوەی شیکاری کۆنەپەرەستانە نییە، بەڵکو بەدواداچوون بۆ بوارێکی جیهانی پێکەوەژیان دەکات”. بەم مانایە سینەما دەتوانێت چەکێکی سیاسی کاریگەر بێت بۆ بنیاتنانی ئامێری جەنگ  ، هاوکات خۆی ڕاپسکێنێت و هەڵبێت لە دەوڵەتی ناسیۆنالیزم وەک ئامرازێکی دیلکردن  . چەمکی دۆلوز بۆ جیهانی سێیەم پەیوەستە بەم “جیهانگەریەوە”کە لە دەرەوەی بازنەی دەوڵەتە نەتەوەیەکان دەستی بە دەرکەوتنی خۆی کردووە . ئەم پێکهاتەیە خاڵی لێکنزیکبوونەوەی واقیعی سینەما و مرۆڤە غیابەکانە .

 ئەوەی جێگای سەرنجە دۆلۆز ئاماژە بە “هەڵوەشاندنەوەی گەلی ئەمریکا” دەکات کە لە سەردەمی جەنگی ساردا مێژووی کۆچی فرەنەتەوەیی خۆیان لەبیر کردووە . ئەمریکا سەردەمانێک خاکی بەڵێندراوی گەلانێک بوون کە سەر بە هەرێمەکان نەبوون . ئێستا وەک لە فیلمە تازە ڕۆژئاواییەکاندا دیارە ئەمریکییەکان  دڵەڕاوکەیانە بۆ پاراستنی ناسنامەکەیان  . هەروەک دۆلۆز ڕاستەوخۆ ئاماژەی پێدەکات: گومانی تێدا نییە ئەم ڕاستییە ڕۆژئاوایش دەگرێتەوە، بەڵام زۆر کەم لە نووسەران ئاشکرایان کردووە، چونکە بە میکانیزمەکانی دەسەڵات و سیستەمی زۆرینە شاردراونەتەوە . لە لایەکی دیکەوە لە جیهانی سێیەمدا تەواو دیار بوو کە گەلانی ستەملێکراو و ئیستغلالکراو لە دۆخی کەمینە هەمیشەییەکان و  قەیرانی ناسنامەی بەکۆمەڵدا ماونەتەوە .‏‏جیهانی سێیەم و کەمینەکان  فرسەتیان بۆ نووسەرە بە تواناکان دابین کردووە  بۆ پێگەی تایبەتی خۆیان و  لە پەیوەندییان لەگەڵ نەتەوەکەیان  تاکو بڵێن: گەل ئەوەیە کە نەماوە ، ئەوەی دۆلۆز بەم ئارگیومێنتە ئاماژەی پێدەکات، پاڵنەرە شاراوەکەیەتی بۆ زیندووکردنەوەی سینەمای سیاسی. بنەمای سینەمای سیاسی ئەوەیە کە “ گەل بوونی نەماوە، یان هێشتا بوونی نییە”. چۆن بتوانرێت ڕێگا خۆش بکرێت بۆ هاتنی گەلێک کە بوونی نەماوە (یان هەرگیز بوونی نەبووە)؟ لە چەمکی دۆلۆزدا سینەمای سیاسی نوێنەرایەتی هەڵوێستە شۆڕشگێڕییەکان ناکات، بەڵکو نوێنەرایەتی دروستکردنی زۆنی سێیەم دەکات کە لە وەسف و گێڕانەوەی چیرۆک تێدەپەڕێت . چیرۆکێک کە کراوە دەبێت بەڕووی گۆڕانکارییە بێشومارەکاندا، دەربڕینی خۆی لە “هارمۆنی” خود و بابەتدا دەدۆزێتەوە . ئەم پەیوەندییە یەکسانە لەگەڵ دیاریکردنی ئەوەی کە کامێرا بە شێوەیەکی بابەتیانە چی دەبینێت و کارەکتەرەکە بە شێوەیەکی  خودی چی دەبینێت. چیرۆکەکە پێویستی بە بینەرێکی خوێندەوار نییە لە کاتێکدا نووسین بە زمانی باڵادەست مەحاڵە . کۆتا زمان، نەک زمانی ئەویتر لە بنەمایەک کەمتر نییە ،  دەبێت  هونەر  تێدا بەشدار بێت  (بەتایبەت هونەری سینەما) بۆ داهێنانی گەلێک . دۆلۆز پێداگری دەکات کە “ئەو ساتەی  ئاغا یان کۆلۆنیالیست، ڕایدەگەیەنێت، ‘هەرگیز لێرە گەلێک نەبووە گەلی ونبوو دەبێتە بوونێک و سەر لە نوێ خۆی دادەهێنێتەوە، لە شارۆچکە و کەمپەکان یان لە گەڕەکە هەژارەکاندا، لە هەلومەرجی نوێی خەباتدا کە بەپێویستی دەزانێت هونەری سیاسی بەشداری تێدا بکات”. وەک نموونەی سینەمای سیاسی نووسەرانی وەک ژان ڕۆش، پیێر پێرۆڵ و عوسمان سمبین دەهێنێتەوە ،  بە بڕوای دۆلۆز ئەم دەرهێنەرانە دۆخێکی نوێیان خوڵقاند ، کردەی قسەکردنیان گۆڕی بۆ کردەیەکی ڕۆڵی چیرۆک گێڕانەوە .  ئەم شێوازە ناڕاستەوخۆیەی گۆڕینی کردەی قسەکردن (واتە چیرۆکگێڕان) ڕەهەندی سیاسی پێکهاتنی  گەلە.

 لە ڕێگەی ئەم پرۆسەیەوە دەرهێنەر و کارەکتەرەکانیان دەبنە “کۆمەڵێک کە وردە وردە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر، لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر، لە شەفاعەتحوازێکەوە بۆ  شەفاعەتخوازێکی تر سەردەکەون.” . دۆلۆز بە ئاماژەدان بە لێدوانەکانی سێرج دانی سەبارەت بە فیلمی سیدۆی سێمبێنی، جەخت لەوە دەکاتەوە کە سینەمای ئەفریقا “سینەمایەکە کە قسە دەکات، سینەمایەکی کردەی قسەکردنە”.

 گوتاری سینەمایی بریتییە لە کردەی  گێڕانەوەی چیرۆک  هاو کات بنەمای قسەی زیندوو  دەبێتە هۆی “بەهای قسەکردنی بەکۆمەڵ”. ئەم کردارە هاوبەشە قسەکردنە دژایەتی ئەفسانەی زۆرینە دەکات و ئێستای ژیاو لە ژێر ڕووی ئەفسانەدا گۆشەگیر دەکات، “کە ڕەنگە بەرگە نەگیراو و باوەڕپێنەکراو و مەحاڵ بێت ، ئێستا لە کۆمەڵگەی ‘ئەم’دا تێیدا بژیت.”پێدەچێت دۆلۆز لە باسکردنی سینەمای سیاسیدا دەسەڵاتی شاراوەی سیاسەت نەک لە ڕۆژئاوا، بەڵکو لە جیهانی سێیەمدا بدۆزێتەوە.  ئەو کات کۆلۆنیالیزم و شەڕی سارد دوو جەمسەری چەپی فەرەنسی بوون. بیرۆکەی دۆلۆز لە چوارچێوەی مێژووییدا ناوازە نەبوو . لەو ڕۆژانەدا زۆرێک لە گروپە چەپەکان لە فەرەنسا خەباتیان دەکرد بۆ ئەوەی چەمکی کەمینەکان وەک بەدیلێک بۆ زۆرینەی چەپی فەرەنسی بخەنە ڕوو. ئەم گروپە جیاوازانە بەشدار بوون لە ڕەتکردنەوەی دیموکراسی نوێنەرایەتی و ئامێری سیاسی حزبە گەورەکانیان  . بەم شێوەیە خۆیان بە ئینتەرناسیۆنالیستی “ڕاستەقینە” و دژە فاشیزم دەزانی. چەمکی جیهانی سێیەم خۆی لە خۆیدا لە سەکۆیەکی سیاسی زیاتر نەبوو بۆ ئینتەرناسیۆنالیزمێکی نوێ و دژە فاشیزم لە بەرامبەر گەشەسەندن و کۆدەنگی ناسیۆنالیزمی باڵادەست لە هەردوو فەرەنسا و بلۆکی سۆڤیەتدا .  ئەم چەمکە ململانێکانی  هاندا لەناو چەپی فەرەنسیدا ، لە هەمان کاتدا هاوپەیمانییەکی لەگەڵ گروپەکانی “چەپی توندڕەو” فراوانتر کرد . تەرکیزکردنی دۆلۆز لە سەر جیهانی سێیەم وەک بنەمای سینەمای سیاسی لەم چوارچێوەیەدا هاتە ئاراوە . . لە بەرواری ئازاری ٢٠٢٥ ئەمە بەشێکە لە کتێبی “کۆمۆنیزم دوای دۆلۆز”ی ئەلێکس تایک-گوانگ لی، کە بەم دواییە لەلایەن بلومسبێریەوە بڵاوکراوەتەوە.

‏د . زهیر الخویلدي  – حوارالمتمن  ۱ –  ۷  – ۲۰۲٥

‏الادب والفن




ئایا جەماوەر بیر دەکاتەوە؟.. وەرگێڕان و ئامادەکردنی لە عەرەبییەوە: گۆران عەبدوڵڵا

جەماوەر لەڕێی عەقڵەوە ناژێت، بەڵکو لە ڕێی ئەفسانەکانەوە دەژی و بە بەکارهێنانی بەڵگە هەڵناسووڕێت، بەڵکو بە هەست و سۆز دەجوڵێتەوە. بەم وشانە، گۆستاڤ لەبۆن – Gustave Le Bon- مەشخەڵێکی لە ناو تاریکیدا هەڵکرد بۆ ئاشکراکردنی بوونەوەرێکی ترسناک کە ناوی جەماوەرە.
ئەوانە مرۆڤی سەربەخۆ نین، بەڵکو کۆمەڵێکی تووڕەن کە عەقڵیان لەژێر هەژمونی غەریزە سادەکاندایە و لەڕێی هەست و سۆزەوە حەماس دەیانگرێت. ئەوان گوێ بە بەڵگە نادەن، بەڵکو زۆر زوو بڕوا بە درۆکان دێنن. هەر ئەفسانەیەک دەکەوێتە سەر زمانیان، دەبێتە حەقیقەتێکی خوێناوی کە عەقڵ زەحمەتە سحری ئەو ئەفسانەیە لایان خاڵیبکاتەوە. ئەمە زامێکی کراوەی مرۆڤایەتییە. عەقڵ لە تاکەکەسدا سەرچاوە دەگرێت، بەڵام لە کۆمەڵدا دەمرێت. بۆیە ئەوە فەیلەسووف نییە، بەڵکو ساحیرە کە رابەرایەتی جەماوەرەکە دەکات. دەنگی عەقڵ نا، بەڵکو دەنگی دەهۆڵەکان دەبیستن.

بەم شێوەیە لۆبۆن تێگەیشت کە مێژوو بە بەڵگە نەنووسراوە، بەڵکو بە سروودەکان و ئاڵاکان نووسراوە. جەماوەرەکان بەرەو روناکی نا، بەڵکو بەرەو سووتاندن بەرێدەکرێن، کەچی وا دەزانن ئەو هەراو هۆریاو شاتە شاتە ئەستێرەی رزگاریکەریانە.
کاتێک لە قوڵایی ئەوەی گۆستاڤ لەبۆن ئاشکرای کردووە تێدەگەین، کە چۆن جەماوەرەکان گوێ بە عەقڵ نادەن، جگە لەوەی وەک کەسێکی برسی چۆن گوێ بە وانەیەک دەدات کە سەبارەت بە خواردنە، بە دیدێکی لێڵ و دڵێک کە بۆ شتێکی تر هاوار دەکات. ئەوانە پێویستیان بە سەرخۆشییە، نەک بە بەڵگە، بە نیشانەیەکی درەوشاوە، نەک بە حەقیقەتێکی کاڵ. بەم شێوەیە ئەفسانەکان دروست دەبن، وەک ئەفیونێکی کۆمەڵایەتی بە ژەمەکانی جۆش و خرۆشەوە دەدرێتە ئەوان و ئەوانیش وەک کەسێکی تینوو کە ئاوی پیس دەخواتەوە، بەبێ گوێدانە پیسییەکەی کە لە خوێنەکانیاندا دەگەڕێت، دەیخۆنەوە.

لۆژیک لە دەستی جەماوەردا وەک کاغەزێک وایە لە بەرامبەر ئاگرێک دەسووتێت و دەبێتە خۆڵەمێش. بۆیە جەماوەرەکان هەرگیز بە وتارێکی عەقڵانی نەبراونەتە مەیدانەکان، بەڵکو بە وتارێکی سەرگەردان کە سروشتی سادەکان دەهەژێنێت. حەقیقەت لە لای ئەوان بە پێوەری بەڵگە ناپێورێت، بەڵکو بە تواناییەتی ئەو کەسەی کە دەتوانێت ئەوان لە هەست و سۆزدا نقووم بکات.
جەماوەرەکان بەدوای بەڵگەوە نین، بەڵکو بەدوای ئەفسانەیەکەوەن کە مانایەکی کوێرانەیان پێدەبەخشێت. هەرچی ئەوان دەیانەوێت، چیرۆکێکە کە خوێنیان دەهەژێنێت، دروشمێک کە وەک بتێکی نوێ بەرز دەکرێتەوە، درۆیەک کە دووبارە دەبێتەوە تا دەبێتە دینێک. عەقڵ لە لای ئەوان غەریبێکی دەرکراوەو بەردباران دەکرێت ئەگەر واز لە رووتکردنەوەیان نەهێنێت.
بۆیە گۆستاڤ لەبۆن وتی: جەماوەرەکان هەر بۆخۆیان بتەکانیان دروست دەکەن و دەیپەرستن، بەڵام پەرستنێک تا مردن.
ئەوەی تراژیدیای مرۆڤە لە کۆمەڵدا. حەقیقەتە کەهیچ مانایەکی نییە ئەگەر بە خوێنی هەست و سۆز نەخوڵقێنرابێت. فەیلەسووف بەڵگەکانی لە زەوییەکی وشک و بێبەر دەچێنێت، بەڵام دەستەمۆکار ئەفسانەکەی بەرەو ئاسمان هەڵدەدات، کە دەبێتە ئاگرێک و لە سینەیاندا دەگەڕێت. بەم شێوەیە مرۆڤەکان بەرەو سەربڕین بەرێدەکرێن، لەوکاتەی پێیانوایە بەرەو بەهەشت دەڕۆن.
ئەوە ئارگیومەنتەکانین کە ئاراستەکان دەستنیشان دەکەن، بەڵکو زەبری لێدانی دەهۆڵەکانە، ئاڵاکانە کە بە خوێنی ئەوان دەشەکێتەوە. جەماوەرەکان وەک منداڵی تووڕەوان کە حەقیقەتیان ناوێت، بەڵکو چیرۆکێک کە سەرسامیان بکات، تەنانەت ئەگەر ژەهراویشبێت. ئەوان بەدوای جادووگەر دەکەون نەوەک فەیلەسووف، چونکە جادوگەر سەرخۆشییان پێدەبەخشێت، بەڵام فەیلەسووف ئاوێنەیەکیان پێدەدات کە حەقیقەتی خۆیانی تێیدا دەبینن.

بۆیە لەبۆن جەختی لەسەر ئەوەکردەوە کە جەماوەرەکان بە لۆژیک رێکناخرێن، بەڵکو بە خەیاڵە رەنگاوەرەنگەکان سەركردایەتی دەکرێن، چونکە عەقڵ لە لای ئەوان هیچ نییە لە بەرامبەر وێنەیەک کە دەگریێت یان دروشمێک کە هاوار دەکات.
ئەگەر ویستت ئەوان کۆنترۆڵ بکەیت، حەقیقەتیان پێشکەش مەکە، بەڵکو ئەفسانەیەک پێشکەش بکە کە خوێنیان دەجمێنێ، وا بکە باوەڕ بکەن کە رزگاری لە پشت ئاڵاکەیە و مردن رێگەیەکە بۆ نەمریی کۆمەڵایەتی. ئەوسا دەبینی چۆن لەدەورت دەئاڵێن و قوربانی دەدەن. ئەمە قەساوەتی حەقیقەتە، کە عەقڵ چەکی تاکەکانە، بەڵام هەست و سۆز سوپای جەماوەرەکانە و هیچ سوپایەک بە عەقڵ شکستی پێناهێنێت.

جەماوەرەکان، نایانەوێت کەسێک بۆیان بیر بکاتەوە، بەڵکو کەسێکیان دەوێت خەون ببینێت بۆیان. بۆیە کاتێک سۆقرات لە مەیدانی ئەسینا وەستا و بەڵگەکانی وەک جوتیارێک چۆن تۆدەچێنێت ئاوای چاند کەچی جەماوەرەکان تەنها رقیان دورییەوە. بەڵگە لە لای ئەوان تاڵ بوو وەک دەرمانێک کە منداڵەکان رەتیان کردووە بیخۆن، بۆیە ئەفسانەیان هەڵبژارد بەرامبەر عەقڵ، هەست و سۆزیان هەڵبژارد بەرامبەر گفتوگۆ. هەر بۆیە پاڵیان پێوەنا بەرەو مەرگ وەک چۆن قوربانییەک بەرەو سەربڕین دەبرێت. کاتێک سۆقرات ژەهرەکەی خواردەوە ئەوان چەپڵەیان لێدا. بەم شێوەیە عەقڵ هەمیشە قابیلی کوشتنە لەلایەن جەماوەرە خەیاڵپەرستەکانەوە. دیمەنی مەرگی سۆقرات رووداوێکی جیا نەبوو لەو یاسایەی کە هەمیشە دووبارەدەبێتەوە، هەر کاتێک دەنگی عەقڵ دەردەکەوێت و بە پێچەوانەی عەقڵی باوی جەماوەر هەنگاو دەنێت هەر زوو بەردباران دەکرێت تا مردن.

جەماوەرەکان ناتوانن ئاوێنەیەک هەڵبگرن کە نەفامیان پێ نیشان بدات، بۆیە بە پێکەنینێکی شێتانەو هاوارێکی کوێرانەوە ئەو ئاوێنەیە دەشکێنن. ئەمە ئەو دڵڕەقییەیە کاتێک لەبۆن دەیدرکێنێت:
بەڵگە دەبرێتە پای سێدارە بەڵام ئەفسانە لەسەر تەختی شاهانە دادەنرێت. ئەنجامەکە ئەوەیە کە مێژوو بە پێنووسی فەیلەسووفەکان نانووسرێتەوە، بەڵکو بە خوێنی ئەوانەی بە ناوی حەقیقەتەوە لە خاچ دەدرێن دەنووسرێتەوە. لە هەر مەلحەمەیەکی گەورەدا، رووی جەماوەرەکان وەک بوونەوەرێکی تووڕە دەردەکەوێت کە قارەمانەکانی لە خوێن دروست دەکات، نەک لە بیرکردنەوە. کاتێک ئەسینا سۆقراتی لەخاچدا، لە هەمان کاتدا ئەفسانەکانی سەبارەت بە شکۆ و خوداکان سەرسامی کردبوو. فەیلەسووفەکەیان نەکوشت چونکە کەسێکی لاوازە، بەڵکو بەهۆکاری ئەوەی بە حەقیقەتەوە رووبەڕووی نەفامیان بووەوە. حەقیقەت هەر لە سەرەتاوە دوژمنی جەماوەرەکان بووە، ئەوان ناتوانن روناکی هەڵبگرن، بەڵکو بەدوای ئاگر دەکەون، تەنانەت ئەگەر بڵێسەی ئاگرەکە ئەوان بکاتە خۆڵەمێش. بەم شێوەیە سەرنوشتی مرۆڤایەتی هەمیشە بە سروودەکان رێگەیان پێدراوە، نە بە بەڵگەکان، بە دەهۆڵەکان، نەوەک بە عەقڵ.
هەموو داستانەکان شایەتن کە چۆن خەڵکەکە شکۆیان داوە بە قارەمانکانی، لە کاتێکدا هیچ بەڵگەیەکیشیان بەدەستەوەنەبووە. جەماوەرەکان پێویستیان بە وێنەیەکی حەماسییە، بە خوێنێک کە دەرژێت، بە نیشانەیەک کە وەک بتێک بەرز دەکرێتەوە بۆ پەرستن وەک ئەوەی مێژوو هەمووی لەلایەن عەقڵی بیرمەندانەوە نەبێت، بەڵکو لەلایەن زامەکانی جەماوەرەکانەوە کە بە ئەفسانەکان دەسووتێن، بەڕێوە دەبرێت.

لە سەدەی بیستەمدا، جەماوەرەکان سەلماندیان کە ئەوەی لەبۆن وتی تەنها تیۆرییەک نەبوو، بەڵکو نەفرەتێکی مێژوویی بوو. ملیۆنان کەس نەکەوتنە دوای عەقڵ، بەڵکو دوای ئەفسانەیەک کەوتن کە جلوبەرگی رزگارییان لەبەرکرابوو. لە چین، کتێبی سووری ماو تسێ تونگ بەڵگەیەکی عەقڵانی نەبوو، بەڵام کرابووە ئینجیلێکی کۆمەڵایەتی نوێ بۆجەماوەرەکان. وەک ئیماندارێک چۆن دوعاکانیان دووبارەو دەبارەدەکەنەوە ئەوسەندەیان دووبارەکردەوە تا لە شۆڕشێکدا غەرق بوون کە منداڵەکانی خۆیانی خوارد.
لە کامبۆدیا، پۆڵ پۆت جەماوەرەکانی بەرەو دۆزەخێکی سەر زەمینی برد بە ناوی ئەفسانەی گەڕانەوە بۆ پاکیزەیی کە تێیدا رۆشنبیران و خوێندکارانی کوشت، چونکە جەماوەرەکان بەڵگەیەکیان بۆ داهاتوویان نەدەویست، بەڵکو هاوارێکیان ویست کە لە بیرکردنەوە ئازادیان بکات. ستەمکارەکان دەسەڵاتیان لەسەر بنەمای تاکڕەوی دروستکرد و جەماوەرەکانیان کردە کائینێک کە وێنەی سەرکردەکەی وەک خودایەکی نوێ بپەرستێت. بەم شێوەیە جەماوەرەکان کڕنۆش بۆ وەهمێک دەبات و لە پێناو ئەفسانەیەکدا بە کوشتدەدرێت، لە کاتێکدا عەقڵ لە ژێر پێیدا دەپلیشێتەوە.

جەماوەرەکانی رۆژهەڵات کەمتر لە هاوتاکانیان لە رۆژئاوا دڕندەتر نەبوون. ئەوان ئاڵا دینی و سیاسییەکانیان وەک بتەکان پەرستووە و هۆشمەندییان وەلاناوە. کاتێک بانگەوازدەکرێن بۆ ناسینەوەی خۆیان و ژیان بە تۆمەتی کفر تەکفیر دەکرێی، بەڵام کاتێک دروشمێک کە سروشتی سادەییان دەهەژێنێت، بەرزی دەکەنەوە بۆ پلەی خودایی.
بەم شێوەیە تراژیدیای سۆقرات بە جلوبەرگێکی نوێ و لەزەمەنێکی تردا دووبارە دەبێتەوە، ئەمجارە دادوەرەکان جیاواز لە دادوەرەکانی ئەسینا مێزەریان لەسەرناوە یان بەجل و بەرگی سەربازییەوە. جەماوەرەکانی رۆژهەڵات بە وتارە حەماسێکان و فەتوا رێکدەخرێن، نەوەک بە بەڵگە. بە هاواری اللە اکبر یان بژی سەرۆک بێسڵکردنەوە بەرەو مەرگ پێشبڕکێدەکەن، چونکە ئەفسانە یەقینێکیان پێدەبەخشێت کە لە بیرکردنەوە ئاسانترە. ئەوان عەقڵ بە دەستی خۆیان دەکوژن و چەپڵە بۆ مەرگی خۆیان لێدەدەن.
ئەمە ئەوەیە کە وشەکانی گۆستاڤ لەبۆن دەکاتە نەفرەتێکی هەتاهەتایی: بەڵگەکان کۆمەڵگە درووستناکەن، بەڵام هەست و سۆز نەتەوەیەکی تەواو لە کوێرەکان دروست دەکات.
دوای ئەوەی بینیمان چۆن تراژیدیای جەماوەرەکان لە رۆژهەڵات و رۆژئاوا دووبارە دەبێتەوە، دەتوانین وشەکانی گۆستاڤ لەبۆن لە رێگەی ئەوەی تیۆریەکانی زانستی کۆمەڵایەتی نیشانیاندا، تێبگەین. جەماوەرەکان کاتێک دروست دەبن، عەقڵی تاکەکەسی خۆیان لەدەست دەدەن و دەبنە بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی کە ئیتر بیرناکەنەوە و هەر مل دەنێن بەرەوپێش. ئەمیڵ دورکهایم – Émile Durkheim- ئەمەی ناو نا “ویژدانی بەکۆمەڵ”، بەڵام ویژدانێکە زیاتر لە تەنێکی نابینا دەچێت کە تاکەکەس لەژێر چەرخەکانی دەکاتە خۆڵەمێش. لێرەدا عەقڵ هەڵدەوەشێتەوە و ئەوەی دەمێنێتەوە رۆحێکی کۆمەڵایەتی سووتێنەرە کە بەڵگە ناناسێت، بەڵکو تەنها هەست و سۆز دەناسێت. ئەمە ئەوەیە کە جەماوەرەکان لە چاوی زانایانی کۆمەڵایەتیدا وەک کۆمەڵێک کە بە وزەیەکی سەرەتایی بارگاوی کراوە دەبینرێت. ئەوان شتەکان هەڵناسەنگێنن بەڵکو پەلاماری دەدەن، حەقیقەت دروست ناکەن، بەڵکو ئەفسانەکان دروست دەکەن کە کۆنترۆڵیان دەکات. فەیلەسووفەکان دەکوژرێن، پێغەمبەرەکان بەدرۆ دەخرێنەوە، کەچی ستەمکارێک دەکرێتە خودا، چونکە جەماوەرەکان هەمیشە ئەفسانە هەڵدەبژێرن و بەڵگە دەخەنە ژێر پێیانەوە.
ئەو ویژدانە کۆمەڵایەتییەی کە دورکهایم وەسفی کرد، هەرگیز رۆحێکی پاک نەبوو، بەڵکو جانەوەرێکی تووڕەیەو لە خوێنی قوربانییەکانی خۆی دەخواتەوە.
لە شۆڕشی فەرەنسیدا، مەقسەڵە ئەنجامی عەقڵ و خەونی فەلسەفە نەبوو کە خەونی بە ئازادیەوە دەبینی، بەڵکو ئەنجامی جەماوەرەکان بوو کە بوونە کۆمەڵێکی تووڕە کە بۆ ئازادی هاوار دەکەن و لە هەمان کاتدا مەیدانەکان لە خوێندا غەرق دەکەن. دروشمەکە لە کتێبەکاندا عەقڵانی بوو، بەڵام لە شەقامەکاندا بووە رێوڕەسمێکی خوێناوی، کە ئەفسانە بەهێزتر بوو لە بەڵگە وە هەست و سۆز دڕندەتر بوو لە هەر عەقڵێک. بەم شێوەیە دیمەنەکان بە درێژایی مێژوو دووبارە دەبنەوە: جەماوەرەکان شتەکان بە پێوەری عەقڵ ناپێون، بەڵکو بە پێوەری سروشتی سادە و خوێن.

پاشاکان نەبراونەتە پای مردن چونکە گەل گفتوگۆی بەڵگەکانیان دەکات، بەڵکو لەبەر ئەوەی جەماوەرەکان پێویستیان بە ئەفسانەیەکی نوێ بووە، قوربانییەکی کۆمەڵایەتی کە خۆیانی پێ پاک بکەنەوە. وەک گۆستاڤ لەبۆن دەڵێ: (حەقیقەت دەسەڵاتی نییە، بەڵکو تەنها ئەفسانە دەسەڵاتی هەیە) بۆیە سەربڕینەکان دەبنە رێوڕەسم و خوێن دەبێتە تەنها وانەیەک کە جەماوەرەکان تێیدەگەن.

زانستی دەروونناسی ئاشکرای دەکات کە جەماوەرەکان بەشێکنین لە هۆشمەندێکان، بەڵکو بەشێکن لە فەناکردنی. کاتێک تاکەکەس لە ناویاندا دەتوێتەوە، ئیرادەی خۆی لەدەستدەدات، وەک ئەسیرێک وایە کە چەکەکەی دەداتە دەست نەیارەکانی.
فرۆید لە زانستی دەروونناسی جەماوەرەکاندا دەڵێ: (کاتێک تاکەکەس دەچێتە ناو کۆمەڵ، لە ئاستی هۆشمەندی خۆی دادەبەزێنێت بۆ پلەیەکی سەرەتایی، کە زیاتر ئامادەیە بۆ گوێڕایەڵی و زیاتر خۆدەداتە دەست خەیاڵ.) بەم شێوەیە جەماوەرەکان دەبنە بوونەوەرێکی یەکگرتوو کە هیچ هۆشمەندییەکی نییە جگە لە سروشتی سادە و هیچ ئاسۆیەکی نییە جگە لە بەیەکداهاتن. ئەوەی هاوکێشە دەروونییەکان بە خوێنێکی ساردەوە دەیخەنە روو، لە راستیدا تراژیدیایەکی خوێناویە: جەماوەرەکان هۆشمەندێکی چەند لایەنە نییە، بەڵکو عەقڵێکی یەک لایەنەیە، عەقڵێک کە لە بیرکردنەوەیەکی ئازاد بێبەش کراوە، بۆ ئەوەی ببێتە هاوار بۆ خوداکان.
لەم چوارچێوەیەدا، بەڵگە شوێنێک نادۆزێتەوە بۆ خۆی، چونکە پێویستی بە عەقڵە جیاوازەکانە، بەڵام جەماوەرەکان هەموو عەقڵە تاکەکەسییەکان لە مەنجەڵێکدا دەکوڵێنێت. ئەمە ئەوەیە کە گۆستاڤ لەبۆن جەختی لەسەر کردەوە کە حەقیقەت لای جەماوەرەکان هیچ دەسەڵاتێکی نییە، بەڵکو تەنها ئەفسانە دەسەڵاتی هەیە، چونکە ئەوە غەریزە سروشتیە سادەکەیەتی.
ئەگەر بە چاوی زانستی دەروونناسی سەیر کەین، دەبینین کاتێک تاکەکەس لە ناو کۆمەڵدا ون دەبێت و ئاگادارە لە ونبوونەکەی خۆی، لە ناو جەماوەرەکەدا دەتوێتەوە، عەقڵی خۆی لەدەست دەدات، دەڵێی کەسایەتییەکەی خۆی کوشتووە تاکو داگیرکەرێکی تری سەیر و نامۆتر، سەرەتاییتر و توندوتیژتر لە ناخیدا لەدایک ببێت. بۆ ئەوەی بوونەوەرێکی تر لە ناویدا لەدایک ببێت، بوونەوەرێک کە سەیرترە، سەرەتاییترە و توندوتیژترە. مێگەل وەک نەخۆشێک دەبینێت، قسە دەکات و دەجوڵێت، بەڵام بەبێ هۆشی تاکەکەسی، بەبێ ویژدان، بەبێ بەرپرسیارێتی. لێرەدا مەیدانەکان دەبنە نەخۆشخانەیەکی کراوە بۆ شێتی، بەڵام بەبێ دکتۆر و بەبێ چارەسەر.

ژان جاک ڕۆسۆ لە کتێبی (گرێبەستی کۆمەڵایەتی)دا نووسیویەتی: “مرۆڤ بە ئازادی لەدایک دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا لە هەموو شوێنێک بە زنجیر بەستراوەتەوە”. ئەو زنجیرانە تەنیا هی ستەمکاران نییە، بەڵکو هی جەماوەر خۆیەتی. کاتێک تاک تەسلیمی ئەوان دەبێت، خۆبەخشانە ئازادی خۆی لەدەست دەدات و دەبێتە کۆیلەی دەنگی قەرەباڵغی.. ئازادی لە لای روسۆ لەژێرپێی هەڵچون و سۆزدا دەنێژرێت، چونکە جەماوەرەکە تاکەکەس دەکاتە سێبەرێکی بەبێ روخسار.

سۆرن کیرکگارد- Søren Kierkegaard- لە کتێبەکەیدا “نەخۆشی تا مردن” بە پێداگرییەوە نووسیتی: “قەرەباڵغی فشەیە.” لێرەدا ئاشکرا دەبێت کە جەماوەرەکان تەنها مەترسییەکی سیاسی نین، بەڵکو کەمئەندامییەکی بوونییە. درۆ کاتێک لە هەزاران دەمەوە بەرز دەبێتەوە و دووبارە دەبێتەوە، کۆمەڵ کاتێک ئەفسانەکان دووبارەدەکاتەوە، بەم شێوەیە درۆ زیاتر لە خودی حەقیقەت دەبێتە واقیعی و عەقڵ دەبێتە دەنگێکی تەنیا لە ناو هاواری کۆمەڵێک کە تەنها خەیاڵ دەناسێت. ئەمە لۆژیکی لۆبۆنە: قەرەباڵغێکە خۆی بە هۆشمەندی راست ناکاتەوە، بەڵکو بە هەر هاوارێکی نوێ گیرۆدەی نەخۆشی زیاتر دەبێت.

ئەفڵاتون لە کتێبەکەیدا “کۆمار” یەکێک بوو لە یەکەم کەسەکان کە لە مەترسی جەماوەرەکان تێگەیشت، کاتێک وتی: “دیموکراسی بە ستەمی جەماوەرەکان کۆتایی دێت.” بە لای ئەوەوە، کاتێک دەسەڵات بدرێتە خەڵکی گشتی، کەشتییەکە نە بە دەستی عەقڵانییەکان، بەڵکو بە دەستی کەشتیوانە سەرخۆشەکان بەڕێوە دەبرێت کە بەرزتر لە دەنگی کاپتنەکە هاوار دەکەن. جەماوەرەکان لە چاوی ئەفڵاتوندا شەپۆلێکی شێواوە کە بە ئازادی خۆی داپۆشیوە و لە زگی ئەوەوە ستەمکار لەدایک دەبێت، چونکە ئاژاوەگێڕ تەنها ئەو کەسە دەناسێت کە وەڵام بە ئارەزووەکانی دەداتەوە.

ئەلێکسی دوتۆکڤیل – Alexis de Tocqueville- لە کتێبەکەیدا “دیموکراسی لە ئەمریکا” ئاماژەی بە ستەمێکی نوێ کرد کە نە بە دار، بەڵکو لە رێی فشاری زۆرینەوە بەکار دەهێنرێت. نووسیتی: جەماوەرەکان بە دەنگی بێدەنگکردن و رایەکی یەکگرتوو دەسەپێنن کە لە هەر ستەمێکی تاکەکەسی دڕندانەترە. بەم شێوەیە تێدەگەین کە ئەوەی گۆستاڤ لەبۆن نووسیتی دوای چەند سەدەیەک سەلمێنراوە: جەماوەرەکان عەقڵێک نین حەقیقەت دروست بکەن، بەڵکو زریانێکن حەقیقەت هەڵدەلووشن. عەقڵ لە لای ئەوان دەنگێکی تەنیایە کە زریانی هەست و سۆز غەرقی دەکات تا دەمرێت.

تاسیتوس – Tacitus- نووسیتی: “جەماوەرەکان بە خێرایی دەسەڵات دەدەن و بە خێراتر وەریدەگرنەوە، بەبێ هۆکار خۆشتیان دەوێیت و رقیان لێتدەبێتەوە.” ئەو دەیزانی کە جەماوەرەکان نە بە دادپەروەری و نە بە عەقڵ بەڕێوە دەبرێن، بەڵکو بە هەوەسە گۆڕاوەکان کە وەک بایەکی ژەهراویە. ئەمشەو سەرکردەیەک بەرز دەکەنەوە بۆ پلەی خوداکان و سبەی دەیدەنە بەر شەلاق. ئەم گۆڕانە نیشانەی ئازادی نییە، بەڵکو نیشانەی شێتییە. ئەوە بەڵگەیە کە کۆمەڵەکە پەندی لە ئەزمونەکانی تری وەرنەگرتووەو وەک زریانێکی کوێر هەر شتێک لەبەردەمیدا بێت هەڵیدەلوشێت.

حوکمیش لە رۆژهەڵاتدا جیاواز نەبوو. کینکو یوشیدا – Yoshida Kenkō- لە کتێبەکەیدا “تێڕامانەکان لە تەنیاییدا”، نووسیتی: “کەسێک کە لە بەهای ناجێگیری کات تێبگات، دەبێتە سەرۆکی کاتەکە.” ئەگەر لەم حیکمەتەوە خوێندنەوە بۆ جەماوەرەکان بکەین، دەبینین کە ئەوان دوژمنی لە ناوچوونن، بەدوای بتەکاندا دەگەڕێن کە پێیان وایە هەتاهەتاییە، بەڵام کاتێک ئەفسانەیەک دەپەرستن، دەبێتە نەفرەت، کاتێک سوجدەی بۆدەبەن، لێی بێزار دەبن و دەیشکێنن. ئەوان حیکمەتی کاتی رەت دەکەنەوە، بۆیە خۆیان بە خەیاڵەوە دەبەستن، پاشان بە دەستەکانی خۆیان دەیشکێنن وەک منداڵێک کە یارییەکەی دەشکێنێت. بەم شێوەیە پێشبینی گۆستاڤ لەبۆن دەردەکەوێت: جەماوەرەکان لەسەر بەڵگە بڕیار نادەن، بەڵکو لەسەر هەست و سۆز. مێژوو بە دەستی جەماوەرەکان دەنووسرێت کە زیاتر خەیاڵەکانیان دەپەرستن وەک ئەوەی بەدوای حەقیقەتەکانیاندا بگەڕێن. تەواوی مێژوو شانۆیەکە بۆ شێتی جەماوەرەکان، پەڕەکانی نەک بە حبر، بەڵکو بە خوێن نووسراون، نەخشەکانی نەک بە عەقڵ، بەڵکو بە هاوارەکان کێشراون.

سەیری سەدەکان بکە کە بە جەنگەکانی خاچپەرستی سووتان. ملیۆنان کەس نەک بە بەبونی بەڵگە، بەڵکو بە هەڵگرتنی خەیاڵێکی پیرۆز دەرچوون. نە بە عەقڵەکانیان، بەڵکو بە هەست و سۆزێکی کوێرانە جوڵاون و لەدوای خۆیان شارە وێرانەکان و لاشە کوژراوەکانیان جێهێشتووە، لە کاتێکدا وایان دەزانی کە دەرگای بەهەشتیان بۆ دەکرێتەوە.
ئەوەی لە ئەزمونی دوێنێدا ژیا، پارێزراو نییە لە شێتی سبەینێ، بەڵکو دیسانەوە دەگەڕێتەوە بۆ هەمان بازنە. بۆیە توکفیل لە “دیموکراسی لە ئەمریکا”دا نووسیتی: “ستەمی زۆرینە مەترسیدارترە لە ستەمی پاشاکان.” پاشا لەش دەکوژێت، بەڵام جەماوەرەکان روح دەکوژن، چونکە تاکەکەس ناچار دەکەن کە لە ناویاندا بتوێتەوە و عەقڵ دەکەنە تاوانێک کە بە دەرکردن و مردنی سمبۆلی سزا دەدرێت. چونکە جەماوەرەکان بێ یادەوەرین، نا هۆشیارن، هەر وانەیەک کە بە خوێن نووسرابێت، بە هاواری دواتری سڕدەبێتەوە. ئەفسانەیەک کە ئەمشەو دەکوژرێت، سبەینێ بە جلوبەرگێکی نوێ دەگەڕێتەوە. مادام تاکەکەس لە کۆمەڵدا دەتوێتەوە، نەخۆشییەکە دووبارە دەبێتەوە و دەنگی لە زریانی هەست و سۆزەکاندا ون دەبێت. عەقڵ پێویستی بە بێدەنگی هەیە تا مرۆڤ گوێی لێ بگرێت، بەڵام جەماوەرەکان زریانێکن تەنها رێ بە هاوار دەدەن. بەم شێوەیە دەردەکەوێت کە مێژوو هێڵێکی راست نییە بەرەو پێشکەوتن، بەڵکو کەوانەیەکی شکاوەو هەمیشە بەرەو وێرانی دەچەمێتەوە. بەڵگەکان لە ژێر هەژمونی جەماوەردا دەڕووخێن و ئەفسانە لە هەموو گۆڕەپانێکدا وەک شاژنی تاجدار دەمێنێتەوە. ئەمە دڕندەیی ئەو شتەیە کە گوستاڤ لۆ بۆن بینیویەتی: جەماوەر بە عەقڵ داهاتوو نانووسێت، بەڵکو بە هەمان ئەو چەقۆیەی کە ئێستای خۆی دەبڕێت و ڕابردوو دادەتاشێتەوە.

وەرگێڕان و ئامادەکردنی لە عەرەبییەوە: گۆران عەبدوڵڵا

—————–

سەرچاوە: چەناڵی یوتوبی تراجیدیا




نۆستالژیا لە شیعرەکانی ( ڕەفیق سابیر) دا.. ئامادەکردنی: ئەڤین خدر قادر – هێرۆ نوری وهاب

پێشەکی

نۆستالژیا یان گەڕانەوە بۆ ڕابردوو هەستێکە کە لای زۆربەی تاکەکانی کۆمەڵگا هەیە، ئەم هەستە مرۆڤ بۆ شتێک یان سەردەمێک دەبات کە ئیتر نەماوە، یاخود بیرکردنەوە و ئاوات خواستنە بۆ داهاتوویەکی ڕووناک، بەڵام کاریگەری و دەرکەوتنەکەی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆرێت، نۆستالژیا زیاتر کاریگەری لەسەر نووسەران بە جێی دەهێڵێ، هەستکردن بە نۆستالژیا لە لای شاعیران بە هۆی چەند هۆکارێکەوەیە وەک دابڕان و دوورکەوتنەوە لە خاک و کەسوکار و مەعشوق.

زاراوە و چەمکی نۆستالژیا

لە ڕووی زاراوەوە زاراوەی نۆستالژیا (( لە بنەڕەتدا لە دوو وشەی یۆنانی پێکهاتووە، (nostos) بە واتای گەڕانەوە، ( algos) بە مانای ئازار یان حەسرەت هاتووە.)). [عەبدوڵا: ٢٠١٦:١٥]. کەواتە نۆستالژیا وشەیەکی لێکدراوە لە دوو وشەی یۆنانییەوە هاتووە، بەسەریەکەوە بە مانای گەڕانەوە و حەزکردن بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵەوە و خەم و غوربەتی گەڕانەوە، هاتووە. ئەگەر سەیری فەرهەنگی زمانە جیاجیاکان بکەین دەبینین، واتای ئەم زاراوەیە ئەگەر لای هەمووانیش، وەکو یەك نەبێت، بەڵام واتاکە لای هەموان لە یەك نزیکە. بۆ نموونە لە فەرهەنگی (معاصر) هاتووە، کە ((نۆستالژی: فەرەنسیە، دڵتەنگی، بەهۆی دووری لە وڵات، ژانی دووری لە وڵات بەکارهاتووە)). [عەبدوڵا: ١٦:٢٠١٦]. لە زمانی عەرەبی و فەرهەنگە عەرەبییەکاندا “نۆستالژیا” بە واتاکانی “گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، یان گەڕانەوە بۆ نیشتمان هاتووە، بۆ نموونە لە فەرهەنگی فەرەنسی–_ عەرەبی (المنهل الوسیط) لە بارەی زاراوەی نۆستالژیا هاتووە کە نۆستالژیا (( حەزی گەڕانەوە بۆ نیشتمان و حەسرەتی گەڕانەوەیە بۆ ڕابردوو)). [عەبدوڵا: ١٦:٢٠١٦]. لە فەرهەنگە کوردییەکاندا ئەم زاراوەیە نەهاتووە، بەڵکو بە دەستەواژەی تر هاتووە، کە هەمان واتا و دەلالەتی زاراوەی ( نۆستالژیا) دەدەن بە دەستەوە، وەکو غەمی وڵات، سۆزی غەریبی، گەڕانەوە بۆ سەردەمی باوک و باپیران، تاراوگە، سەردەمی منداڵی، نامۆیی و نامۆبوون، حەسرەتی دووری…هتد. بۆ نموونە (( ئەگەر سەیری فەرهەنگی ( هەنبانە بۆرینە) ی “هەژار موکریانی” بکەین، لە چەند شوێنی جیاجیادا، چەند وشەیەکی بەکارهێناوە کەوا زۆر نزیکن لە بابەتی نۆستالژیا، ئەوەی لە فەرهەنگی هەنبانە بۆرینە هاتووە، بریتییە لە وشەکانی (نامۆیی، بیانی، غەریبی، غەوارە، یان نامۆیی، بێگانەیی)). [میرە و عومەر، ٥٥:٢٠٢٠]، هەروەها لەناو کوردەواریشدا، لە کۆندا لەلایەن باوک و باپیرانمانەوە کە بە زۆری وشەکانی غەریبی و غەریبایەتی و دوورە وڵاتی و غوربەت بەکارهاتوون.
لە ڕووی چەمکیشەوە ئەگەر سەیری نۆستالژیا بکەین، دەبینین چەندین پێناسەی بۆ کراوە. لە خوارەوە چەند پێناسەیەك دەخەینە ڕوو، بۆ ئەوەی چەمکی نۆستالژیامان زیاتر لا ڕوونبێتەوە. لە فەرهەنگی (لاڕۆسی) سەدەی بیستەم لە ساڵی (١٩٣٢)، چاپکراوە و لە چاپی شەشەمدا بۆ پێناسەی نۆستالژیا دەڵێت: (( نۆستالژیا وەڵامێکە بۆ کەسێك، کە ناتوانێت خۆی بگونجێنێت لەو شوێنە نوێییەی تێیدا نیشتەجێ بووە، یان لە باروودۆخێکی نوێدایە، چ لە ڕووی ماددی و چ لە ڕووی عەقڵیدا، دەکرێت نۆستالژیا تووشی ئەو گوند نشینانە ببێت، کە هەرگیز گوندەکانی خۆیان، یان شارۆچکەی خۆیان جێ نەهێشتووە)). [عەبدوڵا:٢٨:٢٠١٦], لەم پێناسەیە دەردەکەوێت، کەوا نۆستالژیا پەیوەندیەکی بەهێز و دانەبڕاوی بە شوێن و زێدی لەدایکبوونەوە هەیە، بۆیە دوورکەوتنەوە لێی، دەبێتە هۆی خەم و حەسرەت و دڵتەنگی و بیرکردنی، بەمەش کەسەکە توشی نۆستالژیا و هەروەها غوربەتی شوێن دەبێتەوە. کە ئەوان شار یان شارۆچکەی خۆیان جێ نەهێشتووە.
لە پێناسەیەکی تر دا هاتووە، کە (( نۆستالژیا هەستێکی ناوەکییە، کە دەبێتە مایەی خەم و ئازار، مرۆڤ بە دەستیەوە دەناڵێت، لە ئەنجامی ئەو شتانەی لە دەستیداون)) [محمد:١٢:٢٠٢٤[
مرۆڤ کاتێک خۆشەویستانی یان ئازیزانی لەدەست دەدا، ئەوا کە ڕۆیشتون، بۆیە تەنها یادەوەریەکەی دەمێنێتەوە، مرۆڤیش بە یادکردنەوەی تووشی خەم و حەسرەتی دووری و ئازار دەبێت. هەروەها لە پێناسەیەکی دیکەی نۆستالژیا هاتووە: (( نۆستالژیا جۆرێکە لە هەستی دووری تێکەڵ بە حەسرەت بۆ ڕابردوو، کاتی بەسەرچوو، کە بووەتە هۆی ئەوەی مرۆڤ لە شتە خۆشەویستەکانی دووربکەوێتەوە، بە تێپەڕبوونی کات بەهای ئەو شتانەی لە ڕابردوو هەیبووە و قەدری نەزانییوە، ئێستاش بە لەدەستدانیان خەم و حەسرەتیان بۆ دەخوات)). [عەبدوڵا:٣٠:٢٠١٦]. لەم پێناسەیەدا بۆمان دەردەکەوێت کە، نۆستالژیا هەستێکی ئاڵۆزە کە تێکەڵێکە لە حەسرەت و خۆشەویستی بۆ ئەو شتانەی لە ڕابردوو هەبوون بەڵام ئێستا نەماون. کاتێک کەسێک نۆستالژیا هەست پێدەکات، جۆرێک لە خەمێکی تاڵی هەیە، خەم بۆ لەدەستدانی ئەو شتانەی کە جارێکی تر ناگەڕێنەوە، بەڵام هەر ئەو هەستە بە شێوەیەکی سەیر دەبێتە هۆی خۆشحاڵی و هەستکردن بە پەیوەندی قوڵ بە ڕابردوومان، زۆرجار مرۆڤ کاتێک لە ژیانی خۆیدایە، بەهای هەندێک شت نازانێت، بەڵام دواتر کە لە دەستی دەدات، تازە تێدەگات چەند گرنگ و بە نرخ بوون. ئەمەیە نۆستالژیا هەستکردن بە خەم و حەسرەت بۆ ئەو شتانەی کە جارێک هەبوون بەڵام ئێستا تەنیا لە یادەوەریدا ماون. بە سەرنجدان لە کۆی ئەو پێناسانە دەبینین، کە نزیکایەتی و هەروەها لێکچوونێکی زۆر لە نێوان پێناسەکان هەیە، کە هەموویان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە نۆستالژیا گەڕانەوەیە بۆ ڕابردوو هەروەها هەستی دووری، یان ئەو خەم و ئازارەی کە مرۆڤ بە دەستیەوە دەناڵێنێت.

کورتەیەکی مێژوویی دەربارەی نۆستالژیا

لە ڕووی مێژوویەوە نۆستالژیا مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە پەیوەستە بەو کاتەی کە مرۆڤ بۆ یەکمجار هاتە سەر زەوی و ژیانی مرۆڤ لەسەر زەوی دەستی پێکرد، ((دیاردەی نۆستالژیا بۆ ئەو کاتە دەگەرێتەوە کە حەزرەتی ئادەم و حەوا لە بەهەشت دەرکران، ئەمەش تووشی خەم ئازارێکی زۆری کردن بۆیە مرۆڤەکان هەمیشە هەستی نامۆ بوون لە دەروونیاندا هەیە هەمیشە ئارەزووی گەڕانەوەی شوێنی مەبەست کە شوێنی ڕەسەنە دەکەنەوە، حەزرەتی ئادەم لەگەڵ لەگەڵ دەرکردنی لە بەهەشت ئەو هەستەی بۆ دروست دەبێت کە نامۆ بوونە بە زەوی)) [بینابی: ١٣٩٨ : ٢١١]، چیرۆکی (( دایکە حەوا و باوکە ئادەم و قەدەغەکردنیان لە نەخواردنی ئەو بەری دارەی کە بە هۆیەوە لە بەهەشت دەرکران رەنگە سەرەتای لە دایکبوونی نۆستالژیا بێت، چونکە دوای فریودانیان لە لایەن شەیتانەوە، ئیدی حەز و حەسرەتی ئادەم بۆ حەوا بۆ ئەوە بووە کە لە بەری ئەو دارە بخۆن بەڵام ئازاد نەبوون لەو هەڵبژاردنە بۆیە حەزی خواردنی ئەو بەرە لە دڵ و دەرونیدا چەکەرە دەکات تا ئەو کاتەی لە بەهەشت دەردەکرێن ئیدی بە گەیشتنیان بە زەوی خەم دایاندەگرێت بە هۆی ئەنجامدانی ئەو هەڵەیەوە)) [محمد:٢٠٢٤: 1٧], بە سەرنجدان لەوەی کە باسکرا ئەوا دەردەکەوێت کە نۆستالژیا دیاردەیەکی دەروونیەوە و لە ژیانی مرۆڤی سەرەتایشدا بوونی هەبووە. نۆستالژیا وەکو بارێکی دەروونی وەک پێشتر خستمانەڕوو مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە بەڵام دەرکەوتنی زاراوەی نۆستالژیا لە بوارەکانی پزیشکی و دەروونی مێژوویەکی ئەوەندە کۆنی نیە (( ڕەگ و ڕیشەی نۆستالژیا وەک دیاردەیەکی پزیشکی و دەروونی دەگەرێتەوە بۆ سەدەی حەڤدەم، لەم کاتەدا نۆستالۆژیا ببووە جێگای مشت و مرێکی زۆری پزیشکان چونکە لەو کاتەدا نۆستالۆژیا وەکو نەخۆشیەکی جەستەیی هەژمار دەکرا )). [اسماعیل : ٢٠١4:١٦] ئەگەر بۆ مێژووی مرۆڤایەتیش بگەرێنەوە (( لە دوای ئەو ڕووداوانە ئیدی ئادەمیزاد زۆر بوون ئەوانیش هەموویان ئەو بارەیان بەسەر هات کە لە وڵات دووربکەونەوە یان تووشی خەمی لە دەست چوونی رابردوو بن، ئێستایان پێ خۆشتر بێت لە رابردوو )). [عەبدوڵا : ٢٠١٦ : ٤٨]، دەتوانین بڵێن نۆستالژیا هەر لەگەڵ لە دایکبوونی مرۆڤ و لە هەموو سەردەمەکاندا بوونی هەیە. لە پاش بوارەکانی دەروونی و پزیشکی نۆستالۆژیا وەک پێویستیەک هاتە نێو بواری ئەدەب و لێکۆڵینەوە ئەدەبیەکان.

تایبەتمەندیەکانی نۆستالژیا

هەریەك لە ڕەخنەگران و توێژەران، چەندین خاسیەت و تایبەتمەندیان بۆ نۆستالژیا دیاری کردووە, کە بریتین لە:
1.-یەکێك لە تایبەتمەندیەکانی نۆستالژیا (( گەڕانەوەیە بۆ ڕابردوو، ئەمەش لە ڕێگای گەڕانەوە بۆ حیکایەتە میللی و فۆلکلۆریەکان و یادەوەرییەکانی تاکەکەسی لە دیارەوە بۆ نادیار لە خەیاڵەوە بۆ واقیع، لە ڕابردووەوە بۆ ئێستا)). [ بینابی٢١٣:١٣٩٨], نۆستالژیا بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەندی بە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا پردێکە لە نێوان ڕابردوو و ئێستادا. کاتێک مرۆڤ لە ڕێگەی حیکایەتە میللی و فۆلکلۆرییەکان و یادەوەرییە تاکەکەسییەکانەوە بەرەو ڕابردوو دەگەڕێتەوە، لە ڕاستیدا هەوڵدەدات نادیارەکان بکاتە دیا، خەیاڵەکان بگوازێتەوە بۆ واقیع، و ڕابردووی لەدەستچوو بهێنێتەوە ناو ئێستای ژیان.

  1. تایبەتمەندیەکی تر, (( گەڕانەوە بۆ سەردەمی منداڵی و یادکردنەوەی ڕۆژە خۆشەکانی بە داخ و حەسرەتەوە)).[ عەبدولڵا:٦١:٢٠١٦], گەڕانەوە بۆ بیرەوەریەکانی منداڵی هەمیشە هەستێکی تایبەتی لە خۆ دەگرێت. ئەو ڕۆژە خۆشانەی کە ئێستا بە داخ و حەسرەتەوە یادیان دەکەینەوە.
  2. سۆز و لاواندنەوە بۆ لەدەستدانی یار و دوورکەوتنەوە، یەکێکە لە خاسیەت و نیشانەکانی نۆستالژی، (( شیعری لاواندنەوە لە کاتی مردنی مرۆڤێک یان لە کاتی ڕووداوێکی جەرگبڕ و ناخۆشی یان مەرگەساتێکدا دەهۆنرێتەوە)). [اسماعیل: ٣٩:٢٠١٤], لە دەستدانی کەسانی ئازیز و خۆشەویست بێت، یان ڕووداوێکی نەخوازراو بێت، بەمەش دەبێتە هۆکارێکی دەروونی و کاردانەوە بەدوای خۆی دەهێنێ.

جۆرەکانی نۆستالژیا
نۆستالژیا وەک چەمک و زاراوەکانی تری بواری ئەدەب دابەش دەبێتە سەر چەند جۆرێک، کە لێکۆڵەران بە شێوەیەکی گشتی دوو جۆریان دەستنیشانکردووە، کە هەر یەک لەو جۆرانەش بۆ چەند جۆرێکی دیکە ورد دەبنەوە.
یەکەم / نۆستالۆژیای تاکە کەسی ( تاک، فەردی ) : ئەم جۆرە هەر لە ناوەکەی دیارە کە تاکە کەسیە، شاعیر تەنها باس لە خۆی دەکات، واتا نۆستالۆژیای تاکە کەسی (( پەیوەستە بە خودی شاعیر و یادەوەریەکانی خۆی لە ڕابردوودا، شاعیر هەموو هەست و هۆشی چڕ دەکاتەوە بۆ جەخت کردن لەسەر ڕووداوەکانی ژیانی تایبەتی خۆی )). [ اسماعیل: ٢٠١٤: ٥٤]، ئەو یادگاریانەی کە لە رابردوو روویان داوە و پەیوەستە بە خودی شاعیرەکە، جا ئەو یادگاریانە خۆش بن یان ناخۆش کە شاعیر باسی دەکات، (( شاعیر بە جۆرێک گوزارشتی لێ دەکات کە هەندێجار لە ناو دەقەکەدا بە خێرایی یان سەرپێی دەگەرێتەوە بۆ رووداوەکانی ژیانی رابردووی خۆی چەند دیمەنێکی ئەو یادگاریانە بە وشە دەنەخشێنێت لە دێریک یان چەن دێرێکدا، پاشان دەچێتەوە سەر بابەتەکەی خۆی هەندێ جاریش تەواوی ڕووداو و وێنەکانی نێو دەقەکەی، تایبەت دەکات بە رابردووی خۆی)).[محمد: ٢٠٢٤: ٢١]، لێرە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە شاعیر ئەگەر وێناکردنی شیعرەکەی لە رابردوو و یادەوەریەکانی خۆی بوو ئەوا نۆستالژیای تاک بەرهەم دەهێنێت.
نۆستالژیای گشتی ( جمعی، کۆ ) : لەم جۆرەدا گەڕانەوەیە بۆ کۆمەڵێک شتی گشتی، واتا تایبەت نیە بە بابەتێک لەم جۆرەی نۆستالژیادا، (( دەروون و هەستەکانی مرۆڤ لە بڕی ئەوەی ڕوو لە ڕووداو بەسەرهاتەکانی تاک بکات، لە بازنەی ڕووداو یادگاریی و بابەتە نەتەوەیی وکۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگا دەسوورێتەوە )) [محمد: ٢٠٢٤: ٢٩]، ئەم جۆرە تایبەت نیە یادەوەری شاعیر یان بابەتێک بەڵکو کۆمەڵێک بابەت و ڕووداو دەگرێتەوە، (( نۆستالژیای گشتی کە خاسڵەت و مۆرێکی گشتی هەڵگرتووە، واتا شاعیر تەواوی مرۆڤەکان لە هەموو شوێن و کات و سەردەمە جیاوازەکاندا لە شعیرەکەدا بەژداری پێدەکات)) [اسماعیل :٢٠١٤: ١٢٧], لێرەدا شاعیر باس لەو رووداو بە سەرهاتانە دەکات کە گشتین، (( ئەم جۆرە نۆستالۆژیایەی شاعیران گەرانەوەیە بۆ مێژووی نەتەوەیی و ئەفسانە کۆنەکان و کلتوری و کەلەپوری کۆنی نەتەوەیی، شوێنەوار و کەسایەتیە ئاینیی و سیاسی و مێژوەیەکان و شاعیرانی نەتەوەیی و ڕووداو و بەسەرهاتە سیاسیەکانی نەتەوەیی لە خۆ دەگرێت )) [عەبدوڵا: ٢٠١٦: ٣٤٤]، بۆ نموونە کاتێک شاعیر ئاگاداری ئەو ڕووداوانەیە دێت لە شيعرەکەی بە شێوەی هونەری و ئەدەبی باس لە (نۆستالژیا) دەکات.

جۆرەکانی نۆستالژیا لە شیعرەکانی “ڕەفیق سابیر:

لەم بەشەدا هەوڵ دەدەین نۆستالژیا و جۆرەکانی بە پێی دەرکەوتنیان لە شیعرەکانی ڕەفیق سابیر بخەینە ڕوو.

نۆستالژیای تاک:
نۆستالژیای گەڕانەوە بۆ سەردەمی منداڵی: هەستی نۆستالژیای گەڕانەوە بۆ سەردەمی منداڵی، هەستێکی زۆر جوان و گرنگە لە ژیانی هەموو مرۆڤێکدا. ئەم جۆرەی نۆستالژیا پەیوەندی بە ژیانی تایبەتی و ئەزموونی سەردەمی منداڵی شاعیرەوە هەیە، وەکو گەڕانەوە بۆ یادەوەرییەکانی سەردەمی منداڵی، (( لەم قۆناغەدا وێنە جۆربەجۆرەکانی ژیان لە مێشک و دەرووندا دەچەسپێت و هەرگیز ناسڕێتەوە، بۆیە مرۆڤ هەرچەندە گەورە بێت هێشتا وابەستەی ئەم قۆناغەیە، لە ڕووی مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتی و فێربوون و خوێندنەوە)). [محمد: ٢٠٢٤: ٧١]، لێرەدا بنەمای مێشک و زمان لەلای شاعیران بە تایبەتی و خەڵك بە گشتی، لە قۆناغی منداڵی و هەرزەکاریدا دروست دەبێت.

لە شیعرەکانی ” ڕەفیق سابیریشدا” هەستی نۆستالژی و گەڕانەوە بۆ سەردەمی منداڵی ڕەنگیداوەتەوە، بۆ نموونە لە شیعری ( گەڕانەوە) دا دەڵێ:
ئەو بۆ پرسین گەڕایەوە
لە کەناری خۆکوشتنڕا گەڕایەوە
پرسی: بە بیرت دێت ژیانمان لە ئامێز دەگرت
لە کۆڵانە باریکەکانی تەمەندا
چاوشارکێمان لەگەڵ ئایندەدا دەکرد [دیوانی ڕەفیق سابیر: ٣٠٠:٢٠١٣]
لەم شیعرەدا نۆستالژیای گەڕانەوە بۆ سەردەمی منداڵی بەدی دەکرێت، کە شاعیر باس لە خۆی و کەسێک دەکات، لە سەردەمی منداڵیدا کە دەڵێی ژیانمان لە باوەش کردووە، ئەم شیعرە باس لە کەسێک دەکات کە لە کەناری خۆکوشتندایە و گەڕاوەتەوە یادگاریە خۆشەکانی ڕابردووی.
نۆستالژیای گەڕانەوە بۆ سروشت: لە سەرەتای دروستبوونی مرۆڤایەتییەوە، مرۆڤ لە سروشتی ڕوانییوە، ((نۆستالژیا و گەڕانەوە بۆ سروشت و ژیانی کۆنی گوند و چیا و دەشت و کانی و ڕوبار و شوانکاری و..تاد. باسێکی باش و کاریگەرە، خۆ بەتاڵکردنەوە لەو خەم و ژانی دڵ و دەروون و ناخی مرۆڤدا)). [ عەبدوڵا: ٣٣٤:٢٠١٦]، گەڕانەوە بۆ سروشتیش، لایەنێکی بەرچاوی شیعری شاعیرانی ڕۆمانسیزمە، لە هەمان کاتیشدا ڕۆمانسیزمەکان، سروشتیان کردبووە سەرچاوەی ئیلهامیان. لە شیعرەکانی ” ڕەفیق سابیر”دا هەستی نۆستالژی و گەڕانەوە بۆ سروشت ڕەنگیداوەتەوە، بۆ نموونە لەم شیعرە دەڵێ:
بە بیرت دێت پاسیارییەکان بە جریوەی پڕ خرۆشیان؟
بەیانیان دێنایە نێو ژوورەکەمان
لە سروشتدا بۆ سیمای منداڵی دەگەڕاین
ڕازەکانی بوون و
داهاتوومان دەخوێندنەوە [دیوانی ڕەفیق سابیر: ١٣٠:٢٠١٤]
شاعیر گوزارشت لە نۆستالژیا دەکات بۆ ساتەکانی منداڵی پەیوەست بە سروشت، بەو پێیەی شاعیر یادەوەریەکانی پڕ لە بێتاوانی و پەیوەندییەکی زگماکی لەگەڵ جیهانی سروشتیدا بەبیر دەهێنێتەوە. هەروەها ڕەنگدانەوەی حەسرەتێکە بۆ ژیانێکی سادە لە سروشتدا، دوور لە جەنجاڵی ژیانی مۆدێرن و گەڕان بە دوای نهێنیەکانی بوندا، شاعیر باس لە گەڕان بەدوای لایەنی منداڵانەی ناو سروشت و ئەو نهێنیانەی داهاتوو دەکات کە ڕەنگە لەو ساتە زگماکیانەدا بن.
نۆستالژیای خەم و حەسرەتی دووری یار: دابڕان و دوورکەوتنەوە، کە بابەتی زۆربەی زۆری شاعیرانە. (( خۆشەویستی و دڵداریش بەشێکی گرنگ و فراوانی شیعری شاعیرانن بە گشتی، عەشق و خۆشەویستیش پێویستی بە سەرکێشی و قوربانیدانە، گەیشتن بە عەشق خۆڕاگری دەوێ، یۆنانییە کۆنەکان سەبارەت بە خۆشەویستی، خاوەن تێڕوانینی تایبەتی خۆیانن، پێیان وایە خۆشەویستی ئافرەت دوو جۆرە یەکەمیان خۆشەویستی لەشە (جەستەیە) کە لە وشەی (eros) خوای خۆشەویستی وەرگیراوە، بۆ وەسفکردن بەکاردێت، دووەمیان خۆشەویستی عوزری (agape)، ئەم جۆرە خۆشەویستییە، زۆرجاریش بە خۆشەویستی ئەفڵاتوونی بەناوبانگە، چونکە ئەفلاتون هەوڵی داوە، خۆشەویستی لەش ( ئیرۆسی) بخاتە ژێر کاریگەری فەلسەفە میسالییەکەیەوە و ڕەگێکی ڕۆحی پێ بدات)). [ محمد: ١١٩:٢٠٢٤], لە نۆستالژیای خەم و حەسرەتی دووری، کە تیایدا باس لە پەیمان شکێنی و هەروەها باس لە بێ وەفایی و هیوای بوونی ڕۆژانێک لەگەڵ یار و قسەی خۆش دەکرێت.
” ڕەفیق سابیر” یەکێکە لەو شاعیرانەی، کەوا شیعرەکانی باس لە عەشق و دووری و بێ وەفایی و لەدەستدانی یار و غوربەت و غەریبی و دووری وڵات و هەروەها دووری یار دەکات. ئەم جۆرە نۆستالژیایە لەم شیعرەی ڕەفیق سابیردا ڕەنگی داوەتەوە، دەڵێت:
ئەگەر ئێستا
شاجوانەکەی شەوی یەڵدا لێرە بوایە
من دەمتوانی بەرگە بگرم
بەرگەی تەنیایی و نامۆبوون
تەنانەت بەرگەی مردنیش بگرم
هەتا ماوم
دڵ پڕ هیوا گۆرانیی ئاشقانە بچڕم. [ دیوانی ڕەفیق سابیر:٦٠:٢٠١4]
ئەم شیعرە هەست و سۆزی قوڵی نۆستالژیا و خەمۆکی لەخۆ دەگرێت، شاعیر کەسێکی خۆشەویستی لەدەست داوە یان لێی دوورە، باس لە شاجوانەکەی شەوی یەڵدا دەکات کە ئاماژەیە بۆ شەوی یەڵدا، کە درێژترین شەوی ساڵە، لێرەدا شاعیر دەڵێت بوونی ئەو کەسە خۆشەویستە دەیتوانی بەرگەی هەموو سەختییەکان بگرێت، تەنانەت مردنیش. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە چەندە ئەو کەسە گرنگ بووە، ئێستاش نەبوونی چەندە کاریگەری لەسەر خراپی ژیانی شاعیر داناوە.
نۆستالژیای خەم و غوربەتی نیشتمان: گرنگترین شت، کە ژیان قورس و ناخۆش دەکات، ئەویش غوربەت و تەنیاییە. بە پێی بیروبۆچوونی دەروونناسان، (( خەمی غوربەت حاڵ و خەم و ژانێکە، کە بە هۆی جیابوونەوەیەکی دوور لە چاوەڕوانی، یان چاوەڕوانکراو لە ماڵ و ژیان و وڵات دروست دەبێت. بە واتایەکی دیکە، هەستی غوربەت حاڵەتێکی هەڵپڕمان و بزوێنەری و ناسراوی هەیە، پیشاندەری غەمگینییە، حەزکردن بە گەڕانەوە بۆ ماڵ و ماندووبوون بە بیرکردنەوە و خەون و خەیاڵی ماڵەوە و زێد و گوند و شار و وڵاتەکەی، دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوە لە خۆشەویستان و شوێنە ئاشناکان)). [عەبدوڵا:٢٥٩:٢٠١٦], ژیان لە دەرەوەی وڵات و هەروەها پەیوەست بوون بە شار و وڵات و گوند و گەڕەک و هەموو کوچە و کۆڵانەکانی وڵات، هەروەها خەیاڵی شاعیر لە تاراوگە و خاکی غەریبدا.
ئەم جۆرە نۆسۆلۆژیایە لەم شیعرەی ڕەیفیق سابیردا ڕەنگی داوتەوە, کاتێک دەڵیت:
لە کەرنەڤاڵی سووتاندا
رێژنە هەڵمدەکاتەوە
مەنفام لەبیر دەباتەوە
بەرەو بەردەقارەمان و
سلێمانی و
مهاباد و
گۆمی وان و
کەلاوەکانی قەڵادزێم دەباتەوە [ دیوانی ڕەفیق سابیر: ٩٧:٢٠١٣]
شاعیر باس لە کەرنەڤاڵی سووتان دەکات، کە دەکرێت ئەمەش هێمایەک بێت بۆ رووداوە ناخۆش و تاڵەکانی ڕابردوو، کە دەڵێت مەنفام لەبیر دەباتەوە بەمەش شاعیر غوربەت و دووری لە نیشتمانی خۆی لەبیر بچێتەوە، وە شاعیر ناوی چەند شوێنێک دەهێنێت، چونکە باسی حەسرەت و بیرەوەری بۆ شوێنە جیاوازەکانی کوردستان دەکات. لێرەدا شاعیر باسی خەم و حەسرەتی دووری لە نیشتمان و گرنگترین شوێنەکانی کوردستان دەکات.
نۆستالژیای داهاتوو / ئایندەسازیی: بیرکردنەوە لە داهاتوو دەتوانێت ئیلهامبەخش بێت بۆ تاکەکان کە بیر لە داهاتوو و ژیانی خۆیان بکەنەوە ئامانج و پلانی بۆ دابنێن بۆ چارەنووسی خۆیان، کە ئەمەش لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆرێت، لەوانەیە لای هەندێک کەس هەستێکی نائارام و ئازار بەخش بێت بیرکردنەوە لە داهاتوویان و ترسیان هەبێت لەو ڕووداو و پيشهاتانەی کە دێتە پێشیان لە ژیان، (( هەمیشە مرۆڤەکان حەڵەتەکانی ترس و دڵەڕاوکێ سەبارەت بە داهاتووی خۆی و کارەکانی بووە بە بەشێک لە ژیانی)). [اسماعیل: ١٠٠:٢٠١٤], ئەم جۆرە نۆستالۆژیایە لە لە شیعرەکانی ( رەفیق سابیر )دا دەردەکەوێت لە شیعری ( بەرەو کوێمان دەبات زەمان) دا دەڵێت:
پەیڤەکان خۆیان دەنووسنەوە
ئێمەش خۆمان
بەرەو کوێمان دەبات زەمان ؟
ئێمە دەتوانین بپرسین
کەچی هیچ ناڵێن
وەکو بێمانا بێت پەیڤین
بەڕێگاوە شوێن هەڵدەبڕین
تا راستی ببینین چڕبوونەوەی بۆشایی
ئەبەدییەت ببینین کە وێنەیەکی خۆمانە
بەرەو کوێمان دەبات زەمان ؟
نە بۆ مردن کاتمان هەیە
نە بۆ ژیان. [ دیوانی ڕەفیق سابیر: ١٠٣:٢٠١٣]
لەم شیعرەی ( رەفیق سابیر )دا هەستێکی نۆستالۆژیای نادڵنیایی داهاتووی تیا بەدیدەکرێت، کە ئەم شیعرە ڕەنگە حەسرەتێکی خەمناک بێت لای شاعیر کە دەڵێت ( بەرەو کوێمان دەبات زەمان ) لە هەمان کاتدا شاعیر پرسیاری ئەوە دەکات کە کات بە چ ئاراستەیەکدا دەیانبات بە دوای وەڵامی پرسیارەکانی داهاتوودا دەگەرێت، بەڵام بێ وەڵامدانەوەکەی ئەوەمان بۆ دەردەخات کە داهاتوو بە نادیاری و پێشبینی نەکراو دەمێنێتەوە.

نۆستالژیای گشتی:
نۆستالژیای گەڕانەوە بۆ ڕووداوە سیاسی و مێژوویەکان: چەندین ڕووداوی سیاسی و مێژوویی لە مێژووی نەتەوەکەماندا تۆمارکراوە، ڕووداوەکانیش ڕووداوی زوڵم و زۆرداری خوێناوی دژ بە گەلەکەمانن، بۆیە شاعیران لەناو دەقەکانیاندا، ڕووداوە سیاسی و مێژوویەکان بەکاردەهێنن، چونکە ( شاعیران مێژوو تەوزیف دەکەن بە لەدایکبوونێك، لە بیرەوەریەکانی مێژوویان لە گێڕانەوەی ڕووداوەکان، یان بەبیرهێنانەوەی کاتە ڕابردووەکان و لە وێنەی شیعری خۆیاندا بڵاوی دەکەنەوە، بە زۆری ئەم بیرهێنانەوەی ڕابردوو پێکچوونە و نزیک بوونەوەی وێنەی شیعرییە لە میانەی ئێستا و ڕابردوودا)). [عیسا:291:2009]، ئەم جۆرەی نۆستالژیای گشتی، ڕووداو گەلێکی وەکو شەڕ و جەنگ و ڕووداوە سیاسی و مێژوویەکان دەگرێتەوە. ئەم جۆرە نۆستالژیایە لەم شیعرەی “ڕەفیق سابیر”دا ڕەنگی داوتەوە, دەڵیت:
کێ دەزانێت
چۆن دەست بەسەری بێکەسی و
ئاوارەیی
ژانی نەوەیەکدا دێنیت
لەنیو گۆڕستانی گیاندا
چراکان دادەگیرسێنیتا
ئێمە نەبێت کێ دەزانێت
ئۆ چۆن مێژووی دەهەژێنیت [ دیوانی ڕەفیق سابیر: ٦٨:٢٠١٤]
ئەم شیعرە گوزارشت لە نۆستالژیا دەکات بۆ ڕابردووی سیاسی و مێژوویی، بەو پێیەی شاعیر یادەوەرییەکانی ئەو ڕووداو و ململانێ و گۆڕانکارییە گەورەکان بەبیر دەهێنێتەوە, کە وڵاتەکەی یان گەلەکەی ئەزموونی کردووە و هەست بە ئازار و لەدەستدان و تەنیایی دەکات بەهۆی دەرئەنجام و کاریگەرییەکانیان لەسەر نەوەکان.
نۆستالژیای گەڕانەوە بۆ ئەفسانە کۆنەکان: ئەفسانە ئەنجام و هەوڵدانی مرۆڤن، هەڵگری ئەندێشە و ئاواتی مرۆڤن، ئەفسانە (( ئەو دونیا تایبەتەیە، کە مرۆڤ بوونی خۆی و دەورووبەرەکەی پێ لێکدەداتەوە، بۆیە دەبێتە کەرەستەیەکی باش بۆ لێکۆڵینەوەی بوارە جۆربەجۆرەکانی ژیانی کۆمەڵگا)). [ کریم: ١٣٩٩:١٤٢]، دەتوانین بڵێین ئەفسانە، بە شێوەی حیکایەت و چیڕۆک و سەرگوزەشتە دەگێڕدرێتەوە. هەروەها د. “مەولود ئیبراهیم حەسەن” دەڵێت: (( ئەفسانە بەرزترین و گرینگترین و کۆنترین ئاستی بیرکردنەوەی مرۆڤە و مرۆڤ بەردەوامە لەم جۆرە بیرکردنەوەیە بە شێوازی جیاجیا)). [ عەبدوڵا: ٣٤٥:٢٠١٦]، بە سەرنجدان لەوەی کە باسمان لە ئەفسانە کرد، بەکارهێنانی ئەفسانە و ڕەمزە ئەفسانەیەکانیش لە شیعری نوێدا گرنگی زۆری پێدراوە. ئەم جۆرە نۆستالژیایە لەم شیعرەی “ڕەفیق سابیر” دا ڕەنگی داوتەوە, دەڵیت:
نە ئەفسانەبوو، نە سیحر
کەنار پەرەستگای شەونم و وەنەوشە بوو
دەریایش پرسیاری ئەزەل و ئەبەدییەت
تۆ سیحراوی بوویت وەک دەریا
منیش پەشۆکاو بە وێنەی خۆرئاوابوون. [ دیوانی ڕەفیق سابیر: ٤٣:٢٠١٤]
شاعیر باس لە پەیوەندیەکی ڕۆمانسی دەکات، کە دەڵێت نە ئەفسانەبوو، نە سیحر شاعیر دەیەوێت بڵێت ئەم پەیوەندییە شتێکی خەیاڵی یان جادوویی نەبوو، بەڵکو ڕاستەقینە بوو. ئەم شیعرە پەیوەندی بە ئەفسانەوە شاعیر باس لە پەرستگای شەونم و وەنەوشە دەکات.
نۆستالۆژیای گەڕانەوە بۆ کەساییەتیە جیاوازەکان: کەسایەتی ڕەگەزێکی گرنگی دەقە ئەدەبیەکانە هاوشێوەی ڕەگەزەکانی تری وەک کات و شوێن ڕووداو، (( لە لێکۆڵینەوە ئەدەبیەکاندا کەسایەتی بۆ چەندین شێوە و جۆر پۆلێن کراون و هەریەکایان بە پێی ئەو ئەرکەی پێی دەسپێردرێت پلە و بەهای بۆ دیاریکراوە )). (اسماعیل: ٢٠١٤: ١٦٠), لەم جۆرە نۆسۆلۆژیایە شاعیر لە نێو شیعرەکەیدا باس لە کاسایەتی دیار و بەناو بانگ، کە لە ئەنجامی کردەوەیەک یان هەر کارێک بێت کە ئەم ناوبانگەی پەیدا کردووە، ئەم جۆرە نۆستالۆژیایە لە شیعرەکانی رەفیق سابیردا رەنگیداوەتەوە، بۆ نموونە لە شیعری ( شەوانی ئاخاوتن )دا دەڵێت:
چۆن بتوانین شوێنێک پەیدا بکەین
کە پابەندی زەمان و مردنمان نەکات
لەکوێ کەسێک بدۆزینەوە
کە قوڵای پشکنێت
وەک ( لازارۆس ) بە چاوی خۆی هەموو شتێکی بینیبێت
لەم شیعرەدا کەسایەتی (( لازارۆس بەکارهاتووە کە کەسایەتیکی زۆر بە واتایە، لازارۆس ئەو کەسە بوو کە مەسیح چووە سەر گۆرەکەی و بە دەنگێکی بڵند هاواری کرد، لازارۆس وەرە دەرێ، لازارۆس کە چوار رۆژ بوو مرد بوو دەست و پێی بە کفن بە و روخساری بە دەسەسرێک پێچرابوون، لە ناو گۆرەکەی هاتەدەرێ مەسیح بە خەڵکەکەی وت بیکەنەوە با بڕوات)). (دیوانی رەفیق سابیر: ٢٠١٤ :١١٧(

ئەنجامەكان:
لە کۆتایی توێژینەوەکە گەیشتینە ئەو ئەنجامانەی خوارەوە:

1/ رەفیق سابیر، هەردوو جۆرەکەی نۆستالۆژیا ( نۆستالۆژیای تاک، نۆستالۆژیای گشتی ) لە شیعرەکانیدا بەکارهێناوە، نۆستالۆژیای تاک لە جۆرەکانی ( نۆستالۆژیای گەڕانەوە بۆ سەردەمی منداڵی، نۆستالۆژیای خەم و حەسرەتی دووری یار، نۆستالۆژیای گەڕانەوە بۆ سرووشت، نۆستالۆژیای خەم و غوربەتی نیشتیمان، نۆستالۆژیای شاری نموونەیی، نۆستالۆژیای حەسرەت و خەمی پیری، نۆستالۆژیای داهاتوو )ی بەکارهێناوە، نۆستالۆژیای گشتی لە جۆرەکانی ( نۆستالۆژیای گەڕانەوە بۆ ڕووداوە سیاسی و مێژوویەکان، نۆستالۆژیای ئەفسانە کۆنەکان، نۆستالۆژیای گەڕانەوە بۆ کەسایەتیە جیاوازەکان )ی بەکارهێناوە.
2/ سۆزی نۆستالۆژیا لەلای ( رەفیق سابیر ) تەنها بۆ ڕابردوو نەبووە، بەڵکو بۆ ئایندەش دەڕوانێت، هەرووەک لە شيعرەکانی رەنگیداوەتەوە .
3/ نۆستالۆژیا یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکیەکانی داهێنانی دەقی ئەدەبی لای ( رەفیق سابیر) .

ئامادەکردنی: ئەڤین خدر قادر – هێرۆ نوری وهاب

——————————————–

سەرچاوەکان:
عیسا، هاوژین سلیوە، (٢٠٠٩)، بنیاتی وێنەی هونەری لە شیعری شێرکۆ بێکەس دا، چاپی یەکەم، سلێمانی.
عەبدوڵا، سۆران مامەند، (٢٠١٦)، نۆستالژیا لە شیعری هاوچەرخی کوردیدا، چاپی یەکەم، ناوەندی ئاوێر بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە, هەولێر.
اسماعیل، ڤیان عباس، (٢٠١٤)، نۆستالژیا لە شیعری کلاسیکی کوردیدا بە نموونەی (نالی- سالم- کوردی)، نامەی ماستەر، زانکۆی سەلاحەدین، کۆلێژی پەروەردە، بەشی کوردی.
محمد، عزالدین صابر، (٢٠٢٤)، نۆستالژیا لە شیعرەکانی (پیرەمێرد و دیلان و هێمن) دا، نامەی دکتۆرا، زانکۆی سلێمانی، کۆلێژی زمان، بەشی کوردی.
سەرباز و بینابی، حەسەن سەیوان محمد تاهیر، (١٣٩٨)، شێوەکانی نۆستالژیا لە شیعرەکانی پیرەمێرد و بەدر شاکر سەیابدا، ژمارە (٧).
.میرە، عومەر: احمد محمد و مهدی فاتح: (٢٠٢٠)، نۆستالژیا لە دیوانە شیعری ملوانکەی هەزار دەنکەی شارباژێڕی، جەمال شارباژێڕی، گ.ز. هەڵەبجە.
محمد، عزالدین یابر، (٢٠٢١)، نۆستالژیا لە شیعرەکانی (شێخ نووری شێخ صالح) دا, گۆڤاری زانکۆ بۆ زانستە مرۆڤایەتییەکان, ژمارە (5).
کەریم، فەرهاد، قادر(١٣٩٩)، کەلەپوور لە شیعری کوردیدا، خوێندنەوەی بەرهەمەکانی کاکەی فەلاح بە نموونە، پژوهشنامەی ادبیات کردی، ساڵ 6، شمارە۱.




تیرۆری ڕۆژنامەنوسێک قەیرانێکی سیاسی گشتی دروست دەکات!.. جەمال کۆشش 

سەرەک وەزیزانی سلۆڤاکیا و بەشێک لە کابینەکەی دەستدەکێشنەوە لە حکومەت! ئەی لە کوردستان چی؟

ژنە ژورنالیستی ماڵتایی

Daphne Carune Galizia   ( jan Kuciak und Matina Kusnirova )ژورنالیستی سلۆڤاکای ودەزگیرانەکەی

ئێوارەیەکی درەنگی سارد، سەعات هەشت و بیست دەقەی ڕۆژی (٢١)ی مانگی دوو (شوبات)ی ساڵی (٢٠١٨)، لە گوندێکی ڕۆژئاوای (براستیڤیلا)ی پایتەختی سلۆڤاکیا، لە ماڵەکەی خۆیاندا، (یان کوچیاک)ی ڕۆژنامەنوس و دەزگیرانەکەی بە دەمانچەیەکی (٩) ملیمەتر سارد دەکەنەوە. لەپێشدا کچە دەزگیرانەکەی لەچێشتخانەکەدا یەک گولـلە لە سەری دەدەن، دواتر لە ژێرزەمینی ماڵەکەیدا دوو گولـلە دەنێن بەسەر دڵی (یان کوچیاک)ەوە.

ئەم کردەوە تیرۆریستیـیە، گەورەترین  و پڕخرۆشترین خۆپیشاندانی جەماوەری بەرپاکرد، شەپۆلی گوشارەکانـی ئەم بزووتنەوەیە لەپێشدا چەندین بەرپرس؛ لە سیاسیـیە باڵاکان، لە وەزیران و بەڕێوەبەری پۆلیس و دادوەرانی باڵای ڕاماڵی، تا بە دەستکێشانەوەی سەرۆک وەزیرانی ئەوکات . لە ئەنجامیشدا (ماریان کۆچنەر) ئەو سەرمایەدارەی کە لەپشتی ئەو تاوانەوە بوو، لەگەڵ ئەو دوو کەسەی تیرۆرەکەیان ئەنجامدا، ڕاکێشرانە زیندان. (یان کوچیاک) بنکۆڵییە ڕۆژنامەوانیەکانی لەسەر گەندەڵیەکانی ساختەچێتیەکانی ئەڵقەی یەکەمی سەرمایەدارە دەسەڵاتدارەکان بوو.

(داڤینە کارونا گالیزا)، ژنە ژورنالیستی وڵاتی ماڵتا و دایکی (٣) مناڵ، بەیانیـیەکی زووی ڕۆژی (١٦)ی ئۆکتۆبەری (٢٠١٧)، بەئۆتۆمبیلەکەی کە ماوەیەک لە ماڵ دووردەکەوێتەوە، بۆمبێکی چێنراوی لە ڕێگای تەلەفۆنەوە پێدا دەتەقێنەوە و هەلا بەهەلای  دەکات، هەر لەوێدا گیان لەدەست دەدات، ئەو ژنە (٥٣) ساڵیـیە، یەکێک لە ڕەخنەگرە سەرسەختەکانی دژی گەندەڵی و پارەسپیکردنەوە و بەهەدەردانی سامانی گشتی بوو. لە شیکارییە ڕۆژنامەوانیەکانیدا، دەربارەی(( پەڕەکانی پەنەما))، گەندەڵیەکی گەورەی دەسەڵاتدارانی ماڵتای ئاشکرا کرد، بەرتیلەکانی ژنی سەرۆک وەزیرانی خستەڕوو، کڕینی مافی هاوڵاتیبوونی ماڵتای ئاشکراکرد.

ماڵتا ئەو دورگە خنجیلانەیەی کە دانیشتوانەکەی نیو ملیۆنە و تازە وەک ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا وەرگیرابوو، ئەم تیرۆرە بارودۆخی سیاسی ئەو وڵاتەی قڵپ ی کردەوە و قەیرانێکی سیاسی گەورەی دروست کرد، لە نۆڤەمبەری (٢٠١٩)، وەزیری گەشتوگوزار، کارگێڕی سەرۆکوەزیزان و سەرۆک وەزیران و وەزیری ئابووری دەستیان لەکار کێشاوە، پاش ئەوەی کە دەرکەوت یەکێک لە گەورە بەپرسانی سەرەوەی دەسەڵات، لە پشتی ئەم تیرۆرەوەیە. مکوڕی لەسەر سزادانی تاوانباران لەلایەنە نێوخویی و نێونەتەوەییەکان لە سەندیکا کرێکارییەکان و یەکیتی ئەوروپا و نوسەرانەوە گەیشت بەزیندانیکردنی دووبرا بە چل ساڵ و دوو کەسی تر ١٥ ساڵ.

بەڵێ : پێویستە ئێمەش لە هەرێمی کوردستان ماندوو نەبین، تا  قەیرانێکی سیاسی لە ئاستی هەرێمدا دەخوڵقێنین!

 بەڵێ :پێویستە تاوانبارانی  تێروریستانی ڕۆژنامەنوسان، تێروریستەکانی ئازادیخوازان و کۆمۆنیستەکان، بدۆزرێنەوە، دادگایی بکرێن و  سزا بدرێن!

“ڕێکخراوی ئازادی دەربڕین”  سەرەتای مانگی نۆ (سێپتێمبەری ٢٠٢٥)، ئاگاداریـیەکی لەمەڕ مەترسیدار بوونی ئاستی ئازادی ڕادەربڕین بڵاوکردەوە؛ (شیروان شێروانی) چوارساڵ و نیو زیندانی بەسەردا سەپێنرایەوە، (هێمن مامەند)ی ڕۆژنامەنوس لەهەوڵێکی تیرۆرکردنیدا، بەئاستەم لە مەرگ ڕزگاری بوو، هێرشێکی تۆقێنەرانە بۆ سەر (دیاری محمەد)ی بەڕێوەبەری (سەنتەری میترۆ) هەیە. ناوەندی (ئۆفیسی درەو) دەربارەی  مژاری ئازادی ڕۆژنامەنوسی کۆڕێک ڕێکدەخات..

لەم زەنگی ئاگادارکردنەوانە جددی تر، نوسینێکی هاوڕێ (بەکر عوسمان) بوو (برای سەردەشت عوسمانی جوانەمەرگ)، کە لە یادی ١٧ ساڵەی تیرۆری ڕۆژنامەنووس (سۆرانی مامە حەمە) کە لە کۆتایی مانگی حەوتی ئەمساڵدا بڵاویکردەوە.  لە تیرۆری ڕۆژنامەنوسان و ئازادیخوازان و کۆمۆنیستەکانـی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا یەک کەسی تاوانباری سەرەکی

 دەستگیرنەکراوە، تا ئێستا یەک کەس دادگایی  نەکراوە. نەک هەر ئەوە بەڵکو هەندێک سیناریۆی قێزەونـيش بۆ داپۆشینی تاوانەکە و شاردنەوەی تاوانباران داڕێژراون

وەک لە ڕاپۆرتی (ڕۆژنامەنوسانی بێسنور)یشدا ئاماژەی پێکراوە، لە سەدا هەشتا و پێنج (٨٥٪)ی ئەو تاوانانە ی بکەرەکان و پلاندانەرانی نادۆزرێنەوە، ئەوانەن کە لە هەرەمی دەسەڵات و لەبازنەی سەرەوەی حوکمڕانیدان.

ئازادی ڕۆژنامەگەری لە کوردستان پاشەکشەی پێکراوە و ڕۆژنامەنوسان ئازادیـیان لێزەوتکراوە. گەندەڵی و ڕاوڕووت، بەکارهێنانی پێگەی سیاسی بۆ بزنس و سپیکردنەوەی پارە، ناڕوونی لە داهات و لە کەرتەکانی بەرهەمهێناندا، هەژاری و لێکەوتەکانی لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی … ئەمانە و گەلێک باڵەخانەی تر هەیە هێشتا ڕووناکی بنکۆڵکاری ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان پەی پێنەبردوون و ناوچەی قەدەغەیە.

(یان کوچیاک)، لەلایەن سەرمایەدارە تاوانبارەکەوە کە نیمچە ئیمارەتێکی لە میدیا و دەسەڵات و دادەور و سیاسی پێکهێنابوو، پێشترهەڕەشەی پاکتاوکردنی لێکراوە، بەتەلەفۆن جوێن بەدایک و خوشکی دراوە، وە داوای دەستبەردان لەو بەدواداچوونە ڕۆژنامەوانیانەیان لێکردووە تا گەندەڵییەکانیان نەخاتەڕوو..

ئەم چیرۆکە لەگەڵ چیرۆکی ژنە ژورنالیستە ماڵتاییەکەش (داڤینە کارونا گالیزا) هەروابووە و ماوەیەک بەر  لە تیرۆرکردنەکەی زیندانی کراوە. دووبارەبونەوەی بەجۆرێک هەمان فیلمە بۆ هەموو ئەو ژورنالیستانەی بنکۆڵکارییان کردووە لەسەر بازاڕە نهێنییەکانی کۆکردنەوەی سەرمایەوفێڵ وتەڵەکەبازییەکان وقۆرخکارییەکان وچاوچنۆکیەکان. ئەم تیرۆرانە بە بەرنامە و بەتاکتیک و بەشێوازێکی  پلان-بۆداڕێژراو ئەنجامدەدرێن و سڕینەوەی شوێنەواریشیان هەروا.

بەرگریکردن لە ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیـیە سیاسیەکان، خاوەنداریکردنە لە گیانبەختکردوانت. هەروەک (یان کۆجیاک) و (داڤینا)، ژورنالیستەکانی ئێمەش؛ بۆ بەرگریکردن لە مافی گشتی، نوسین و ڕاپۆرتەکانیان لەسەر گەندەڵی و دزی دەسەڵاتداران  ئامادەکردبوو، بۆیە تیرۆرکران.

لیستی تیرۆرەکانی لای ئێمەش یەکجار دورودرێژە و ئەم خوێنە هەر لەبەری دەڕوات. ئەو توانا و بەهرە ئینسانیانەی کە لە هەرەتی لاویدا ڕوناکیان دەبەخشیەوە، ژیان و سیاسەت و فەرهەنگیان، پڕ ماریفەت و هۆشیاری دەکرد. لە (نەزیر عومەر) و (ڕەئوف ئاکرەیی) و (سەلاح هەورامی) و (فەرهاد فەرەج) و (سەردەشت عوسمان) و (کاوە گەرمیانی) و (وەدات حسێن) و دەیانی تر هەمویان لەمانگە جیاوازەکانی ساڵەکانی دەسەڵاتدارەتی حکومەتی هەرێمدا، خوێنساردانە گولـلەباران  کران و فڕێندران و تەرمەکانیان لە قەراخ جادەکان  فڕێدران. ئەم دۆسیانە، پێویستە و زۆر پێویستە بەکردەوە و بەزیندوویی و لە دڵە نەسرەوەتەی عەتدالەتخوازیدا هەمیشە کڵپە بکات.

ئەم  دۆسیەیە، دۆسیـیەیەکی یەکجار گرنگ و هەستیارە و پەیوەندیـیەکی بنەڕەتی هەیە بەو گۆڕانکارییانەی کە لە کۆمەڵگای  کوردستاندا ڕوودەدەن. نابێت ببێتە سەرمایەی سیاسی، و هەلپەرستانە بەکاربهێنرێت بۆ بەشداری لە سیستەمی حوکمڕانی و بەدەستهێنانی کورسی پەرلەمانی و خۆکردن بە شەریکە دز.

گوشارەکان بۆیە لە وڵاتان سەرکەوتوبوون بەتایبەت لە حاڵەتی (یان کوچیاک)دا، بزوتنەوەی ئازادیخوازی ماندوو نەبوون و سەرسەختانە و بەبێ هیچ بێنەوبەردەیەک داوای ڕاستی ڕوداوەکەیان دەکرد. بزوتنەوەی ئازادیخوازی هەموو دانوستان و ناوبژیوانێکی لەسەر ئەم دۆسیەیە ڕەد دەکردەوە. لەلایەکی ترەوە میدیاکار و دەزگا میدیا گەورە جیهانیەکانی وەک گاردیان و نێۆرک تایمزوئەڵمانی زمانەکان ببونە تیمی بەرگریکار و ڕووهەڵماڵراوی دەسەڵاتداران.

لێرەوە بەڕای من پێویستە کەسوکار و هاوڕێـیانی گیانبەختکردوانی کردەوە تیرۆریستیـیەکان، ژورنالیستەکان و ئازادیخوازان و کۆمۆنیستەکان و زوڵملێکراوانی دەستی تیرۆر، سەرسەختانە و بە پلان و ئاگاهانە بۆ دۆزینەوە و لێپرسینەوە و دادگایی و سزای تاوانباران،کۆڵنەدەن وسوربن لەسەری.




ڕاپەڕین و شۆڕش و گۆڕینی کۆمەڵگە.. ئەکرەم سەعید

سەرنجێک لەسەر ڕاپەڕینەکانی سەردەمی ئێمە

بۆ لاوان و چینی کرێکاران گرنگە بزانن ناوەڕۆکی ڕاپەڕین و شۆڕش چییە و جیاوازیان چییە؟. شۆڕش گۆڕانی ڕیشەییە لە پایەکانی سیاسی و ئابووری کۆمەڵگە؛ یانی گۆڕینی دەسەڵاتی چینی بۆرژوازییە بۆ دەسەڵاتی چینی کرێکاران – گۆڕینی شێوازی بەرهەم هێنان و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییە بۆ سۆسیالیستی، ئەما ڕاپەڕین لە باشترین حاڵەتیدا گۆڕینی سیستەمی سیاسییە(گۆڕینی حکومەت و ستافی دەسەڵات و هەندێ دەستکەوتی مافی مەدەنی و ئابوورییە)، بەم پێیە ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان دژی گەندەڵی و سەرکوت ناتوانێ پایەکانی ئابووری سەرمایەداری کۆمەڵگە بگۆڕێ. ڕاپەڕین بە تەنها دژی گەندەڵی و سەرکوت هێشتا دیموکراسی و لیبڕالیسمە، بۆیە لە سنووری گۆڕینی ستافێک بۆ ستافێکی دی دەوڵەتی بۆرژوازی زیاتر ناڕوات، و ناتوانێ دەست بۆ گۆڕینی پایەی ئابووری کۆمەڵگەی سەرمایەداری بەرێ، بە دەربڕینێکی دی ڕاپەڕین دەسەڵات لە ئیستبدادییەوە دەگۆڕێ بۆ دیموکراسی، ستافی دەوڵەتێکی گەندەڵی بێ پەردە دەگۆڕێ بۆ دەوڵەتی خاوەن یاسا و دەزگای خاوەن بودجەی شەفاف،، هتد.
دەشێ ڕاپەڕین و شۆڕش لە کرداری تندوتیژی خێرادا هاوشێوە بن، چونکە ئەگەری هەیە زیاتر تەقینەوەێکی مەزنی کتوپڕی بەهێز بن، پێداکێشانی دوو هێز یان زیاتری دژ بەیەک بن: هێزی دەسەڵاتی کۆن کە بەرگری لە بۆ مانەوە خۆی دەکات، وە هێزی جەماوەری ناڕازی کە دەیەوێت دەسەڵات و سیستەم بڕوخێنێ. بەم مانایە ڕاپەڕین و شۆڕش ململانێی سیاسی دوو ئیرادەیە کە جەنگیانە لەسەر دەسەڵات.
تا ئێرە ئێمە پێناسەی ڕاپەڕین و شۆڕش دەکەین وەک هێز و ئامانجێکی دیار و بینراو، وەک گۆڕینی بواری سیاسی و تەنها لە ڕەهەندی سیاسییەوە چاویان لێ دەکەین. ئەما شۆڕش جگە لەم دیمەنە بینراوە، جگە لە بوار و ڕەهەندی سیاسی، دیمەنی شاراوەو هێزێکی مێژووی نادیار لە پشتەوە ماتۆڕی ئیرادە و گۆڕانیەتی؛ یانی شۆڕش بە دیوە شاراوەکەیدا بواری کۆمەڵایەتی و بەرژەوەندی چینایەتی و ئامانج و ڕەهەندی ئابووری گەورەتر و گۆڕانی ڕیشەیی شێوازی ئابووری کۆمەڵگەی هەیە.
بۆ سۆسیالیستەکان شۆڕش یانی ئالۆگۆڕی سیاسی و ئابوورییە، ئامانج لە شۆڕش گۆڕینی دەسەڵاتی چینی بۆرژوازییە بۆ دەسەڵاتی چینی کرێکاران، گۆڕینی شێوازی بەرهەمهێنان و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییە، کۆتایی هێنانە بە دابەشبوونی چینایەتی کۆمەڵگە، کۆتایی هێنانە بە جیاوازی نێوان شار و لادێ، کۆتایی هێنانە بە جیاوازی نێوان کاری جەستەیی و کاری فکری، ئەما بۆ لیبڕالیسمەکان شۆڕش تەنها مانای گۆڕانی بواری سیاسی و بە دەستهێنانی ئازادی تاکەکەس و بە دیموکراسی کردنی دەوڵەتە.

شۆڕش بە ڕای ئەلێکسیس دی تۆکڤیل و مارکس
شۆڕش دیاردەێکی ئاڵۆزە، کێشەی سەرەکی لە توێژینەوەی ئەم دیاردەیە، ناسینی پەیوەندی نێوان ڕۆڵی هێزی هۆشیار و ئیرادەی ئینسانەکانە لەتەک ڕۆڵی هێزی ڕەوتی مێژووییە کە بابەتییە لە پشتی ئینسانەکانەوە کاری خۆی دەکات، و لە دوا ئەنجامدا وەک بڵێی شۆڕش کارێکە ئینسانەکان کردوویانە یان شتەهاێکیان گۆڕیوە کە جێبەجێکردنی زەرورەتی ڕەوتی مێژوو بووە. ئەم کێشەیە(پەیوەندی نێوان ئیرادەی ئینسانەکان و ستروکتور/ ڕەوتی مێژوو)، کێشەی سەرەکی چەندجار دووبارە بووەی نێو دەقەکانی”ئەلێکسیس دی تۆکڤیل و مارکس”ە.
گرنگتر لەم کێشەیە لە ڕاڤەی شۆڕش، دیاریکردنی مەیدانەکانی گۆڕانە لە شۆڕشدا. هەر دوو دی تۆکڤیل و مارکس بڕوایان بەوە بووە کە شۆڕش گۆڕانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە. شۆڕش تەنها دەوڵەتی کۆن ناڕوخێنێ و بەس، بەڵکە پایەی ئابووری و پەیوەندی چینایەتی کۆمەڵگەش دەگۆڕێ. بۆ نموونە: شۆڕشی فەرەنسی تەنها دەسەڵاتی پاشایەتی و کەنیسەی کۆتایی پێ نەهێناوە، بەڵکە ئابووری دەرەبەگایەتی گۆڕی بۆ ئابووری سەرمایەداری. کەواتە شۆڕش لە دوو بوار و مەیداندا کاری گۆڕین دەکات: گۆڕینی سیاسی دەوڵەت و گۆڕینی پایەی ئابووری کۆمەڵگە، ئەمەی دوایی بە ڕای مارکس یانی گۆڕینی پەیوەندی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و کۆتایی هێنان بە دابەشبوونی چینایەتی کۆمەڵگە، یانی گۆڕینی پێکهاتی ئابووری و سیاسی سەرمایەداری بەرەو پێکهاتی ئابووری سیاسی سۆسیالیسم.

جیاوازی نێوان ڕیفۆرم و شۆڕش
(هەر هەوڵێک بدرێ بۆ گۆڕینی پێکهاتی سەرخانی یاسایی و سیاسی دەوڵەت، گەرچی هەلومەرجی ئابووریش لەتەکیدا بگۆڕێ، هێشتا بە کارێکی ئیسڵاحی پێناسە دەکرێ، مادام لە چینی خاوەن فەرمانڕەوای سیاسی و ئابووری کۆمەڵگەوە سەرچاوەی وەرگرتووە. بە پێچەوانەوەی ئەوە، ئەو کردەوانە بۆ گۆڕانکاری بە شۆڕش پێناسە دەکرێ، کاتێ لە چینێکەوە کە لە ڕووی ئابووری و سیاسیەوە چەوساوەتەوە، و ئەمڕۆکە دەسەڵاتی سیاسی دەگرێتە دەست، و لە بەرژەوەندیایەتی بە خێرایی ئاڵۆگۆڕی سیاسی و ئابووری بکات ،،.)- شۆڕشی کۆمەڵایەتی/ کارڵ کاوتسکی.
کەواتە: بە پێی ڕای کاوتسکی”شۆڕشی سیاسی نابێ بە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی هەتا چینی ژێردەستە پێی هەڵنەستێ بۆ بەرژەوەندی چینایەتی خۆی”. لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا چینی کرێکاران چینی چەوساوەن، بێگومان کاتێ ئەو چینە شۆڕش دەکات تەنها بە گۆڕانی دەسەڵات ڕاناوەستێ، بەڵکە پەیوەندی بەرهەمێنان و بوونی چینایەتی سەرمایەداری دەگۆڕێت(یانی پێکهاتی ئابووری سەرمایەداری دەگۆڕێت بۆ سۆسیالیسم)، ئەوکات دەتوانین بڵێن شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی ڕویداوەو سەرکوتوو بووە. کاتێ لە ئەنجامی شەڕو پێکدادانی زبری باڵەکانی چینی بۆرژوازی، تەنها ئاڵوگۆڕ لە سەرخانی سیاسی(ئازادی زیاتر بوو، یان مافی مەدەنی باشتر بوو، مافی ژنان ڕێزی لێ گیرا، گەندەڵکاران سزادران،، هتد)، ئیدی ئەوە ڕاپەڕینی(دیموکراسی)سیاسی بۆرژوازییە.
بە کورتی: ڕاپەڕین گۆڕینی سەرخانی کۆمەڵگەیە، گۆڕینی سەرپۆشە نەک بنەما، ئەما شۆڕش گۆڕینی سەرخان و ژێرخانی کۆمەڵگەیە؛ بەم مانایە ڕاپەڕین گۆڕانێکی سنووردار و ناتەواوە، واتە گۆڕانی بەشێکی یان مەیدانێکی پێکهاتی کۆمەڵگەیە بەتایبەتی دامەزراوە سەر بە پێکهاتەکانی(سیاسی، یاسایی، ئایینی). لەسەر ئەو بنەمایە ڕاپەڕین”بچوکترە”لە شۆڕش لە ڕووی پانتایی و جۆری گۆڕان لە کۆمەڵگەدا. شۆڕش گۆڕینی بارودۆخی بوونی ئینسانەکانە لە ڕووی(ئابووری و سیاسی و فکری)یەوە. شۆڕش کردەوەیەکی سیاسی تندوتیژە بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی چینێکی کۆمەڵایەتی، بۆ گۆڕینی قۆناغێکی مێژوویی کۆمەڵگە.
لێرەوە کەمێ تێفکرین و لە خۆمان بپرسین: ئایا بەناو شۆڕشەکانی سەردەمی ئێمە؛ لە بەناو شۆڕشی مەجەری ساڵی ۱۹٥۹، لە شۆڕشی بەناو پۆرتوقاڵی لە ئۆکراینا، و شۆڕشی بەهاری عەرەبی،، هتد، بە چ بیروباوەڕێک و بەرژەوەندێک بەو دیاردەو ڕووداوانە دەگوترێ شۆڕش؟ ئایا سۆسیالیستەکان بڕوایان وایە ئەوانە شۆڕش بوون؟!.

خەونەکانی جەماوەری ناڕازی
بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە وڵاتانی باشووری ئاسیا، بووە هۆکاری گۆڕینی هەندێ حکومەت، بۆ نموونە: لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٢، سەرۆکی سریلانکا “گۆتابایا ڕاجاپاکسا”دەستی لەکارکێشایەوە، پاشان لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوودا”شێخ حەسینە”سەرۆکوەزیرانی بەنگلادیش لە دەسەڵات دوورخرایەوە، و لەم هەفتەیەدا لە نیپاڵ سەرۆکوەزیران”پی شارما ئۆلی”دەستی لەکارکێشایەوە. داواکاری ڕەوای ئەو جەماوەرە ناڕازییە(ئازادی و نان)ە، لێرەوە ئەمەریکا بۆ لاوازکردنی پێگەی وڵاتی چین، هەوڵدەدات ناڕازایەتییەکانی جەماوەری باشووری ئاسیا بە(خەونی ئەمەریکا)وە ببەستێتەوە.
نەک تەنها لەو چەند وڵاتەی باشووری ئاسیا، بەڵکو لە(چین، ڤێتنام، ئێران،، هتد، لەو وڵاتانەی بە حیساب دەوڵەتەکەیان دژی مۆدێلی فکر و سیاسی غەربە)، کەچی مۆدێلی ژیانی ئەمەریکی ئاواتی زۆربەی خەڵکە؛ یانی مەیلی پڕۆئەمەریکی/پڕۆغەربی لە نێو جەماوەردا بەهێزە.
لەڕاستیدا(خەونی ئەمریکی)بەڵێنی بەختەوەری و دەوڵەمەندبوون لە ڕێگەی کارکردنەوە، هەرگیز ئەو خەونە جگە لە بڕێک لە تاکەکەس، دەنا بۆ هەمووان بەدەست نەهاتووە. کاتێک”جەیمس ترونسلۆ ئادەمز”لە ساڵی ١٩٣١دا ئەم زاراوەیەی داهێنا، بەم جۆرە وەسفی کرد:”بۆ هەموو هاوڵاتییەک بەبێ گوێدانە بارودۆخی لە دایکبوونی یان پێگەی کۆمەڵایەتی”، بەڵام بۆ چینی کرێکاران و هەژارانی خەڵکی ئەمەریکا ئەو خەونە ئەفسانەێک بوو، و ئەمڕۆکە ژمارەێکی زۆری لاوان و کرێکارانی ئەمەریکا بەهۆی بێکاری و قەرزەوە ژیانیان دۆزەخە، و خەون بە مۆدێلێک لە دەوڵەت و کۆمەڵگە دەبینن کە(ئازادی و خۆشگوزەرانی و ئاسایشیان)بۆ دابین بکات، خەون بە دەوڵەتی خۆشگوزەرانی دەبینن، و ئاواتیان دەوڵەتێکە(خزمەتگوزاری خەستەخانە بۆ هەمووان، بیمەی بێکاری، خزمەتی پیران و بێ ماڵ و حاڵەکان)پێشکەش بکات. بۆیە خەونەکانی زۆربەی جەماوەر لە ئاسیا پێچەوانەی خەونەکانی زۆربەی جەماوەرە لە غەرب.
بۆ خەڵکی هۆشیار کاتێ دەبینێ دۆزەخی مۆدێلی ژیان و سیستەمی ئەمەریکا بۆتە ئاوات و خەونی جەماوەری ئاسیا، دەگەنە ئەو قەناعەتەی کە ئەو جەماوەرە ناهۆشیارە، چونکە دۆزەخی لێ بۆەتە بەهەشت، ئەوەش ئاکامی ئەوەیە کە ئەو خەڵکە لە هەلومەرجێکی خراپدا دەژین، و خەون بە مۆدێلێکەوە دەبینن کە دیوی دووەمی هەمان شێوازی بەرهەم هێنانی سەرمایەدارییە.

کازاخستان؛ ڕاپەرینی جەماوەر دژی گرانی و هەژاری –
ڕۆڵی فاکتەری دەرەکی لەسەر ململانێی چینایەتی و بزووتنەوە جەماوەریەکان لە سەردەمی ئێمەدا:
لە ٢ی بانەمەڕ ساڵی ٢٠٢٢ دوابەدوای بەرزبوونەوەی کتوپڕی نرخی غاز، کە حکومەتی کازاخستان بە وتەی خۆی بەهۆی زیادبوونی خواست و جێگیرکردنی نرخەوە بووە، خۆپیشاندان لە کازاخستان سەریهەڵدا. کازاخستان نموونەێکی نوێ و زیندووە کە چۆن ململانێی بلۆکەکانی سەرمایەداری پاڵ بە ململانێی چینایەتی نێوخۆی وڵاتێکەوە دەنێ بۆ دواوەو دایدەپۆشێ – ١.
ئەمڕۆکە کەم چەپ و سۆسیالیست هەیە لە دونیادا بەوەی دەگوزەرێ لە کازاخستاندا ناو بنێ شۆڕش، لەتەک ئەوەی کە جەماوەر دژی گرانی و هەژاری توانی حکومەت برۆخێنێ و پەلاماری دەسەڵاتی دەوڵەت بدات. هۆکاری ناو نەنانی شۆڕش بۆ ڕاپەڕینی جەماوەری کازاخستان کۆبوونەی چەندەها ئەزموونی لەوەوپێشە لە ڕوداوەکانی هاوشێوە لە(ئۆکراینا، تونس، میسر، سوریا، سودان و،، هتد.).
سۆسیالیستەکان ناچارن بۆ تێگەیشتنی زانستی لە دیاردەکانی جیهانی ئەمڕۆ، دراسەی ئەو بزووتنەوە جەماوەریانە دژی گرانی و هەژاری بکەن، کە چۆن فاکتەری دەرەکی و دەستێوەردانی بلۆکەکانی سەرمایەداری، دەبێتە هۆکاری گۆڕینی ئاقار و ئامانجی بزووتنەوە جەماوەرییەکان و بە ناکام گەیشتنیان.
بە تەنها باسکردن لە ململانێی چینایەتی نێوخۆی وڵاتێک، وە بە تەنها بەژماردنی ململانێی چینایەتی نێوخۆی وڵاتێک وەک فاکتەری سەرەکی لە گۆڕانی دەسەڵات، وەک تیۆری مارکسیسمی کلاسیکی مەزەندەی دەکات، دەکەوینە هەڵەی تیۆری و تێگەیشتنێکی نادروست لە بزووتنەوە جەماوەریەکانی سەردەمی ئێمە. گرنگی ڕۆڵی فاکتەری دەرەکی، گرنگی فاکتەری ململانێی دەوڵەتە سەرمایەدارەکان لەسەر بزووتنەوە جەماوەریەکانی سەردەمی ئێمە چارەنووسازە، و گەر لە ململانێی چینایەتی نێوخۆیی کاریگەرتر نەبێ ئەوا لەو کەمتر نییە. بە تایبەتی لە نەبوونی حیزبێکی سۆسیالیستی بە توانا لە نێو بزووتنەوە جەماوەریەکاندا، هێندەی دی جەماوەر گەرچی داواکاری ڕەوای هەیە دژی دەسەڵاتی سەرمایەداری، بەڵام بەلاڕێدا دەبرێ و دەکەوێتە پاشکۆی ململانێی باڵەکان و لایەنەکانی ناوخۆو دەرەکی سەرمایەدارانەوە.
هه‌موو ڕاپەڕینێک پێمان دەڵێ جه‌ماوه‌ر خه‌ون به‌ چییه‌وه‌ ده‌بینێ و جه‌ماوه‌ر چی ده‌وێت، چه‌ندایه‌تی و چۆنایه‌تی هاتنه‌دی خه‌و‌نه‌کانی جه‌ماوه‌ر به‌نده‌ به‌ ئاستی هۆشیاری چینایه‌تی جه‌ماوه‌ری شۆڕشگێره‌وه‌. بۆیە کاتێ جەماوەری ناڕازی بێ هۆشیاری سۆسیالیستی ڕاپەڕین دەکات، ئەنجامەکەی لە گۆڕینی دەسەڵات لە نێوان مۆدێلەکانی دەوڵەتی بۆرژوازی زیاتر، دەنا هیچی دی بەرهەمی نابێ، لێرەوە دەتوانین ئەو جۆرە ڕاپەڕینانە بە(قسەکردن و ڕۆشتن لە کاتی خەو)ی ئینسانێک بشوبهێنین کە لە ڕاستیدا هیچ بەهای نییە چی دەڵێ یان بۆ کوێ دەچێت. بۆیە بەشێکی ڕاپەڕینەکانی جەماوەر لە سەردەمی ئێمەدا(بەهاری عەرەبی بە نموونە)، بەهۆی زاڵ بوونی کۆنەپەرستەکان بەسەر ڕاپەڕینەکاندا ئاکامی کۆنەپەرستی و بەدژی داواکاری و خواستی(نان و دادپەروەری و ئازادی)خەڵکی بووە(نموونە: تونس و میسر ). بە ماناێکی دی کرێکاران و خەڵکی ناڕازی چەندەها ڕاپەڕینیان دژی سیستەمی سەرمایەداری کردووە، بەڵام ئەنجامەکەی لەو دیمەنە دەچێ کە خەڵکی بەردیان هاویشتبێتە کۆشکی دەسەڵاتداران، کەچی بەردەکان گەڕابێتنەوەو بەر سەری خۆیان کەوتووە.
جیهانی ئێمه‌ سیریالیه؛ چونکه‌ له‌یه‌ک کاتدا به ‌چه‌نده‌ها شێوه ‌و دیمەنی جیاواز خۆی ده‌رده‌خات، واقعیه‌تی خۆی له‌ چه‌نده‌ها فۆڕمدا به ‌مرونه‌تێکی گه‌وره‌وه‌ به‌رهه‌م و دوو‌باره‌ به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه‌، و به‌هۆی ژماره‌ێکی زۆری مۆدێلی جیاواز جه‌وهه‌ری گه‌لێ ته‌موومژاوییه‌، بۆیه‌ به‌بێ تیۆریکی زانستی و پراکتیکی شۆڕشگێڕانه‌ کە ئامانجی دامەزراندنی کۆمەڵگەێکی(ئازاد و دادپەروەر و خۆشگوزەران)بێ، مه‌حاڵه‌ هیچ ڕاپەڕین و شۆڕشێک ڕێگای ده‌ربازبوون بێت له‌م دۆزه‌خه‌.

………………………………………………..

١- ڕوسیا هێزی سەربازی نارد بۆ هاوکاری دەوڵەتی کازاخستان بۆ سەرکوتی جەماوەر بە ناوی دژە تیرۆر و فەوزا، ئەمەش جۆرێکە لە فاکتەری دەرەکی کە ململانێی بەرژەوەندیەکانی دەوڵەتە سەرمایەداریەکان فەرزی کردووە.




تێڕوانینی سەرمایەداری بۆ ژیریی دەستکرد: قازانج، هێز و کۆنترۆڵ.. ڕزگار ئاکرێی

پێشەکی
ژیریی دەستکرد یەکێکە لە دیارترین داهێنانەکانی شۆڕشی دیجیتاڵی مۆدێرن. دەرفەتی گەورەی بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنان، پێشخستنی زانست و خزمەتگوزاری گشتی و بەشداریکردن لە چارەسەرکردنی زۆرێک لەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕووی مرۆڤایەتی دەبێتەوە دابین کردووە. گۆڕانکاری بنەڕەتی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا هێناوە و دەیکات بە بەردی بناغەی گەشەسەندنی کۆمەڵگا مۆدێرنەکان.

ژیریی دەستکرد لقێکی پێشکەوتووی زانستی تەکنەلۆژیای زانیارییە کە ئامانجی پەرەپێدانی سیستەمێکە کە توانای لاساییکردنەوەی زیرەکی مرۆڤ لە ڕێگەی هەژمارکردنی بەرز و پرۆگرامی زیرەکەوە هەیە. پشت بە ئەلگۆریتمی پێشکەوتوو و فێربوونی ئامێر و تەکنیکەکانی فێربوونی قووڵ دەبەستێت بۆ شیکردنەوەی داتا، ناسینەوەی شێوازەکان، و بڕیاردانی سەربەخۆ یان نیمچە سەربەخۆ لەسەر بنەمای داتا و پارامیتەرەکانی تێکردن.

ژیریی دەستکرد هەروەها بڕێکی زۆر داتای بەرهەمهاتوو لەلایەن بەکارهێنەرانەوە پرۆسەی دەکات و دووبارە بەکاردەهێنێتەوە، ئەمەش توانایەکی زیاتری بۆ خۆگونجاندن و گەشەپێدانی خۆی پێدەبەخشێت. ئەم تەکنەلۆژیایە لە ئێستادا لە بوارێکی فراوانی وەک پزیشکی و چاودێری تەندروستی بەکاردەهێنرێت، کە یارمەتیدەرە لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان و شیکردنەوەی داتا پزیشکییەکان، پەروەردە لە ڕێگەی پەرەپێدانی سیستەمەکانی فێربوونی کارلێک، هەروەها پیشەسازی، ئابووری، میدیا، گواستنەوە، لۆجستیک و تەنانەت کەرتی ئاسایش و سەربازی، لەوانە چاودێری، کۆنتڕۆڵی ئایدۆلۆژی و سیاسی و پەرەپێدانی چەک.
کاتێک باسی جۆرەکانی ژیریی دەستکرد دەکەین، دەتوانین جیاوازی بکەین لە نێوان ئاستی جیاوازی گەشەسەندن بە گوێرەی سروشتی بەراوردکردن.
باوترین جۆری ئەمڕۆ، بە بەراورد لەگەڵ زیرەکی مرۆڤ، ژیریی دەستکردی تەسکە، کە بۆ ئەرکی دیاریکراو بەکاردێت وەک وەرگێڕانی راستەقینەی کات، ناسینەوەی وێنە، کارپێکردنی یاریدەدەری دەنگی، ڕاستکردنەوەی ڕێزمان، دروستکردنی دەق و شتی تریش. ئەم جۆرە پشت بە داتای دیاریکراو دەبەستێت و لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا کار دەکات بەبێ ئەوەی توانای تێپەڕاندنی هەبێت

لەلایەکی ترەوە، ژیریی دەستکردی گشتی چەمکێکی پێشکەوتووترە بە ئامانجی دروستکردنی سیستەمێک کە توانای بیرکردنەوە و چارەسەرکردنی کێشەکان لە چەندین بواردا هەبێت بە هەمان شێوەی کاری مێشکی مرۆڤ. لەگەڵ ئەوەشدا، AI زیرەکی سەرووی ئاستێکی تیۆری داهاتووە کە پێشبینی دەکرێت تواناکانی مرۆڤ لە شیکردنەوە، داهێنان و بڕیاردان تێپەڕێنێت. بەڵام لە ئێستادا لە بواری خەیاڵی زانستی و توێژینەوەی تیۆریدا دەمێنێتەوە یان هێشتا ئاشکرا نەکراوە، وەک زۆربەی پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆژیا کە بەزۆری پەرەیان پێدەدرێت و بە نهێنی بۆ مەبەستی سەربازی و ئەمنی بەکاردەهێنرێن پێش ئەوەی بخرێنە بەردەستی خەڵک.
مێژوو دەریدەخات کە ئینتەرنێت و زۆر تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی تر بۆ ڕای گشتی ئاشکرا نەکراون تاوەکو چەند ساڵێک دوای بەکارهێنانیان لە ژینگەی سەربازی و هەواڵگری و پیشەسازیدا داخراون.

ئەم تەکنەلۆژیایە لە بۆشاییدا کار ناکات، بەڵکو کاریگەری لەسەر ئاراستەی کۆمپانیا و حکومەتەکان هەیە کە پەرەی پێدەدەن، پرسیاری بنەڕەتی دەربارەی سروشتی ڕاستەقینەی و کێ سوودی لێوەردەگرێت.
بەم پێیە، ئەم تەکنەلۆژیایە بە شێوەیەکی بێلایەن گەشە ناکات، بەڵکو ڕەنگدانەوەی پێکهاتەی چینایەتی ئەو سیستەمەیە کە بەرهەمی هێناوە. ژیریی دەستکرد، وەک ئەمڕۆ پەرەی سەندووە، قەوارەیەکی سەربەخۆ و بێلایەن نییە، بەڵکو ڕاستەوخۆ دەکەوێتە ژێر هەژموونی هێزە سەرمایەدارییەکانەوە، کە بە شێوەیەک ئاراستەی دەکەن کە خزمەت بە بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆژیەکانیان بکات.
وەک کارل مارکس و فریدریش ئەنگلس لە مانیفێستی کۆمۆنیستیدا ئاماژەیان پێکردووە:

بۆرژوازی هیچ شتێکی هاوبەشی لە نێوان مرۆڤ و مرۆڤدا نەهێشتووەتەوە جگە لە بەرژەوەندی شەخسی ڕووت، ‘پارەدانی نەقدی’ دڵڕەقانە … شکۆمەندی کەسی گۆڕیوە بۆ بەهای ئاڵوگۆڕ و هەموو شتێکی گۆڕیوە، بە زانینیشەوە، بۆ ئامرازێکی تەنها بۆ قازانج.”

ئەمە بەتەواوی بەسەر ژیریی دەستکرددا دەچەسپێت. سەرەڕای ڕۆڵ و گرنگی زۆر، ئێستا کاڵا کراوە بۆ ئەوەی ببێتە ئامرازێک بۆ زیادکردنی قازانج و بەهێزکردنی کۆنتڕۆڵی چینایەتی. پەرەسەندنی ئێستای ژیریی دەستکرد ناتوانێ تەنها وەک پێشکەوتنی تەکنیکی تێبگەین، بەڵکو بەشێکە لە سیستەمی زاڵبوونی چینایەتی کە لە ڕێگەی ئەوەوە کۆمپانیا گەورەکان و دەوڵەتە سەرمایەدارەکان هەوڵ دەدەن قازانج زیاد بکەن، سامان چڕبکەنەوە و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان بەرهەم بهێنن.

ئەلگۆریتمەکان کە ئەم سیستەمانە بەهێز دەکەن ئایدیۆلۆژیایانە ئاراستە دەکرێن بۆ خزمەتکردنی دیزاینەرەکەیان. ئەوان بەکاردەهێنرێن بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان، بەهێزکردنی هەژموونی مۆنۆپۆلی کۆمپانیاکان و چەسپاندنی بەهاکانی سەرمایەداری. بەم شێوەیە، ئەم تەکنەلۆژیایانە دەبنە ئامرازێکی نوێ بۆ چەوساندنەوەی کار و بەردەوامی نایەکسانی کۆمەڵایەتی و ئابووری، نەک ئامرازێک بۆ ئازادکردنی مرۆڤایەتی لە هەلومەرجی چەوساندنەوە.

ژیریی دەستکرد بۆتە چەکێکی سەرەکی لە دەستی سەرمایە. بەکاردێت بۆ کەمکردنەوەی پێویستی بە کاری مرۆڤ و خراپترکردنی بێکاری یان پاڵپێوەنانی کرێکارانی دەستی و ڕۆشنبیری بۆ کەرتەکانی تر و قوڵکردنەوەی جیاوازی ئابووری و کۆمەڵایەتی.

قۆرخکردنی ئەم تەکنەلۆژیایە دەسەڵاتێکی بێ وێنە بە کۆمپانیا گەورەکان دەدات بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕەکان، گۆڕینی ڕای گشتی و هۆشیاری، و سەپاندنی چاودێری دیجیتاڵی گشتگیر بەسەر تاک و کۆمەڵگادا. ئەمە سیستەمێک دەچەسپێنێت کە تیایدا جەماوەر بە زۆری وەک داتا و کرێکاری هەرزان بەکاردەهێنرێن یان بە ئۆتۆماتیکی پەراوێز دەخرێن.

ئەگەر سیستەمی سەرمایەداری بەردەوام بێت لە زاڵبوون بەسەر ژیریی دەستکرددا، دەرەنجامەکەی کۆمەڵگایەکی قووڵ جەمسەرگیر و نایەکسان دەبێت، کە تێیدا نوخبەی تەکنەلۆژیای سەرمایەداری دەسەڵاتێکی نزیک ڕەهایان هەیە، لە کاتێکدا کرێکارانی دەستی و ڕۆشنبیری زیاتر بەرەو پەراوێزخستن و پەراوێزخستن پاڵ دەنرێن.

لە بەشەکانی داهاتوودا، بە وردی باسی ئەوە دەکەین کە چۆن ژیریی دەستکرد لە ئێستادا لە ژێر سیستەمی سەرمایەداریدا بەکار دەهێنرێت. هەروەها باسی ئەو ئەلتەرناتیڤەی چەپی دیجیتاڵی دەکەین کە هەوڵ دەدات مۆدێلی پێشکەوتووخواز لەسەر بنەمای خاوەندارێتی کۆمەڵایەتی ئەم ئامرازانە پەرە پێبدات و تەکنەلۆژیا وەک هێزێکی ئازادیخواز بەکار بهێنێت کە خزمەت بە چینی کرێکار و مرۆڤایەتی دەکات بە گشتی.

ئەمەش پێویستی بە هەوڵی هەماهەنگی و بنیاتنانی چەپی دیجیتاڵی نێودەوڵەتی هەیە، لەگەڵ پەرەپێدانی تواناکانی چەپ لە بوارە تەکنیکییە جۆراوجۆرەکاندا، لەگەڵ تیشک خستنە سەر ڕۆڵی گەنجان وەک هێزێکی سەرەکی لەم گۆڕانکارییەدا.

هەروەها باسی ئەوە دەکەین کە چۆن ڕەخنەگرانە و بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەپڵیکەیشنەکانی ژیریی دەستکرد بکەین و بتوانین بەکاریان بێنین، لە چوارچێوەیەکدا کە خزمەت بە خەباتی چەپ و پێشکەوتنخواز لە دژی سەرمایەداری بکات و پشتگیری ڕێکخراوە چەپەکان، پێشکەوتنخوازان و کرێکاران بکات.

تێڕوانینی سەرمایەداری بۆ ژیریی دەستکرد

  1. ئامرازێک بۆ زیادکردنی قازانج و سوودوەرگرتن لە داتا و زانیاری لە ژێر سەرمایەداریدا

زیادکردنی قازانج لەسەر حسابی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و مافەکانی مرۆڤ

لە سیستەمی ئێستای سەرمایەداریدا، بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا، بە ژیریی دەستکردیشەوە، ئاراستەی زیادکردنی قازانج دەکرێت. ئەم تەکنەلۆژیایانە وەک ئامرازێکی سەرەکی بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان و کەمکردنەوەی تێچوون بەکاردەهێنرێن. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمە زۆرجار لەسەر حسابی کرێکارانی دەستی و ڕۆشنبیری دێت کە ئەلگۆریتمی و سیستەمی ئۆتۆماتیکی جێگەی دەگرنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی دەرکردنی بەکۆمەڵ و بەرزبوونەوەی بێکاری، یان پاڵ پێوەنانیان بۆ کەرتەکانی تر لە بارودۆخێکی ناسەقامگیردا.

خەمڵاندنەکانی ئەم دواییانە ئاماژە بەوە دەکەن کە ژیریی دەستکرد لەوانەیە ببێتە هۆی لەدەستدانی کارێکی بەربڵاو لە ساڵانی داهاتوودا، بەتایبەتی لەو کەرتانەی کە پشت بە ئەرکی ئاسایی و ئۆتۆماتیکی دەبەستن. بۆ نموونە، لە ساڵی 2023، IBM کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا لە جیهاندا، ڕایگەیاند کە دامەزراندن بۆ نزیکەی ٪30ی کارگێڕی (وەک سەرچاوە مرۆییەکان) ڕادەگرێت، وەک ئامادەکاری بۆ جێگرتنەوەیان بە ئەپڵیکەیشنەکانی ژیریی دەستکرد لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا. ئەمە مانای ئەوەیە کە هەزاران کار بۆ هەمیشە لەناودەچن، چونکە کۆمپانیاکە بڕوای وایە ئەرکەکانی ڕۆتینی پێشتر لەلایەن مرۆڤەوە ئەنجامدراون ئێستا دەتوانرێت بە شێوەیەکی کاریگەرتر و قازانجبەخشتر لەلایەن ئامێرەکانەوە بەڕێوە ببرێت.

لە سەرەتای ساڵی 2024، Dropbox، کۆمپانیایەکی پسپۆڕی خزمەتگوزاری هەوری هەور، نزیکەی 16٪ کارمەندەکانی دەرکرد، ئەم هەنگاوەی وەک بەشێک لە پلانی “دووبارە ڕێکخستنەوە” ڕاگەیاند کە جەخت دەکاتە سەر ژیریی دەستکرد وەک بوارێکی سەرەکی وەبەرهێنان. بەڕێوبەرایەتی ڕوونی کردەوە کە زۆربەی ئەو کارانەی پێشتر مرۆڤ ئەنجامیان دەدا ئێستا ئۆتۆماتیکی دەکرێن و هێشتنەوەی ئەو کارمەندانە پێویست ناکات.

ئەم دوو نموونەیە بە ڕوونی کاریگەری ژیریی دەستکرد لەسەر بازاڕی کار و زیادبوونی مەترسییەکانی بێکاری لە نێو کرێکارانی دەستی و ڕۆشنبیردا دەردەخەن، بەتایبەتی لە نەبوونی یان لاوازی سیاسەتی پارێزگاریکردن کە مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانیان دەپارێزێت. ڕادەی ئەم لاوازییە بە گوێرەی دینامیکی دەسەڵاتی چینایەتی لە هەر وڵاتێکدا، ئاستی گەشەسەندنی مافەکانی کرێکاران و ڕۆڵ و هێزی سەندیکاکان و چەپەکان دەگۆڕێت.

لە هەمان کاتدا، دەستکەوتەکانی بەرهەمهێنان لە ئۆتۆماتیک بەرەو زیادکردنی قازانجی کۆمپانیا گەورەکان دەڕوات، نەک باشترکردنی مووچە یان کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کارکردن. ئەوانەی کارەکانیان دەپارێزن زۆرجار خۆیان لە ژینگەیەکی ناجێگیردا دەبیننەوە کە زۆربەی کۆمپانیاکان سیاسەتی توند دەسەپێنن بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنان و تەکنەلۆژیا بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی فشاری زیاتر بخەنە سەر هێزی کار. ئەم جەختکردنە لەسەر قازانج نایەکسانی چینایەتی و ئابووری خراپتر دەکات و زۆرینەی کۆمەڵگا دەبێتە هۆی هەڵگرتنی باری گۆڕانی تەکنەلۆژیا، لە کاتێکدا نوخبەی سەرمایەداری قازانج و قازانجەکان قۆرخ دەکەن.

سوودوەرگرتن لە داتا لە ژێر سەرمایەداری دیجیتاڵی

سەرەڕای چەوساندنەوەی کرێکارانی دەستی و ڕۆشنبیری لە شوێنی کارە تەقلیدییەکاندا، سەرمایەداری دیجیتاڵی لە ڕێگەی تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکردەوە مەودای چەوساندنەوەی فراوانتر کردووە بۆ ئەوەی داتای کەسیی، هەڵسوکەوتی بەکارهێنەر و پەسەندییەکان بگرێتەوە.
ئەم داتایە بۆتە کاڵایەک کە نوخبەی سەرمایەداری قازانجی تێدا کۆدەکاتەوە، بەبێ هیچ قەرەبوویەکی راستەوخۆ بۆ بەکارهێنەرانی بەرهەمهێنان. ئەم داتایانە بۆ داڕشتنی سیاسەتی سیاسی و ئابووری، ڕێنمایی بەکارهێنان و دڵنیابوون لە بەرهەمهێنانەوەی هەژموونی سەرمایەداری بەکاردەهێنرێن.

بۆ نموونە، ئابڕووچوونی کامبریج ئەنالیتیکا لە ساڵی 2018 ئاشکرای کرد کە چۆن داتای دەیان ملیۆن بەکارهێنەری فەیسبووک بەبێ ئاگاداری ئەوان بەکارهێنراون و دەفرۆشرێن بۆ کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بە ئامانجیان بە ڕیکلامی سیاسی لەسەر بنەمای پرۆفایلکردنی ڕەفتار.

کۆمپانیاکانی وەک گووگڵ و ئەمازۆن ساڵانە دەیان ملیار دۆلار لە ڕیکلامەکانی ئامانجدار بەرهەم دەهێنن کە پشت بە شیکردنەوەی داتا دەبەستێت کە بەکارهێنەران ئازادانە بەرهەم دەهێنن. تەنها لە ساڵی 2021، داهاتی فەیسبووک لە ڕیکلامی دیجیتاڵی گەیشتە 117 ملیار دۆلار، بەبێ هیچ بەشدارییەکی گرنگی بەکارهێنەران لەو قازانجانە.

ئەم مۆدێلە لە چەوساندنەوە نوێنەرایەتی شێوازێکی ناڕاستەوخۆی کاری بێ کرێ دەکات، کە تێیدا تاکەکان بەبێ ئاگایی بەهای ئابووری گەورە بەرهەم دەهێنن کە لەلایەن کۆمپانیا قۆرخکارەکانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت. ئەم کۆمپانیایانە نەک تەنها داتا دەقۆزنەوە، بەڵکو ژێرخانی دیجیتاڵیش بو خۆیان داگیر دەکەن و جۆرێکی نوێ لە دەرەبەگایەتی دیجیتاڵی دروست دەکەن. هەروەک چۆن دەرەبەگەکان لە سەدەکانی ناوەڕاستدا زەوییان قۆرخ کرد، زەبەلاحەکانی تەکنەلۆژیا ئەمڕۆ سیستەمی دیجیتاڵیان قۆرخ کرد، مەرجەکانیان بەسەر بەکارهێنەراندا سەپاند و هیچ کۆنتڕۆڵێکی ڕاستەقینەیان بەسەر ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی دیجیتاڵدا قەدەغە نه کرد.

لە ئابووری پیشەسازیدا، چەوساندنەوە لە ڕێگەی کرێیەکەوە ڕوویدا کە نەیتوانی بەهای ڕاستەقینەی کار ڕەنگ بداتەوە. لە ئابووری دیجیتاڵدا، هەڵسوکەوت و داتای مرۆڤ بوونەتە سەرچاوەی نوێی بەها. هەر کلیکێک و گەڕان و کارلێک دەبێتە ماددەی خاو کە سەرمایەداری دیجیتاڵی کۆی دەکاتەوە، بەبێ هیچ دانپێدانانێکی یاسایی یان گرێبەستی.
چەوساندنەوەی دیجیتاڵی چیتر تەنها بە کاری دەستی و ڕۆشنبیری کەم مووچە سنووردار نییە، بەڵکو ئێستا بەکارهێنەران خۆیان دەگرێتەوە، کە بوونەتە کرێکاری دیجیتاڵی نادیار.

سەرمایەداری دیجیتاڵی ئەم چەوساندنەوەیە لە پشت ڕەوانبێژی “دەستگەیشتنی ئازاد” دەشارێتەوە و ئەو خەیاڵە دروست دەکات کە بەکارهێنەران خزمەتگوزاری بەسوود بەبێ هیچ تێچوونێک وەردەگرن، لە کاتێکدا لە ڕاستیدا، داتاکانیان دەردەهێنرێن و بۆ قازانجێکی گەورە پارە وەردەگرن.
ئەپڵیکەیشنەکانی وەک TikTok و Instagram هانی بەکارهێنەران دەدەن کاتی زیاتر بەسەر ببەن لە کارلێککردن لەگەڵ ناوەڕۆک و کۆکردنەوە و فرۆشتنیان بە ڕیکلامکەران بەبێ ئەوەی هیچ بەشێک لە قازانج پێشکەش بە بەکارهێنەران بکەن. هەمان شت بۆ پرۆگرامەکانی پاراستنی بەخۆڕایی وەک AVG جێبەجێ دەکرێت کە زانیاری هەستیار کۆدەکەنەوە لە ژێر ناوی “باشترکردنی خزمەتگوزاری و پاراستن لە ڤایرۆس” و دواتر بە کۆمپانیاکانی بازاڕکردن و ڕیکلامکردن دەفرۆشن.

شیکردنەوەی داتا تەنها لە ڕیکلامدا بەکار ناهێنرێت، بەڵکو بۆ ڕاهێنانی سیستەمەکانی AI بەکاردەهێنرێت، پەرەپێدانی ئەپڵیکەیشنی نوێ کە هەژموونی کۆمپانیاکان بەسەر زانیاریدا زیاتر بەهێز دەکات، و کاریگەری لەسەر ئابووری و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و شتی تریش، بەبێ ئەوەی بەکارهێنەران هیچ کۆنتڕۆڵێکیان بەسەر داتاکانیان هەبێت یان بانگەشەی بەها و قازانجەکانیان بکەن.

لەوەش نیگەرانتر ئەوەیە کە ئەم مۆدێلە سنووری نێوان کاتی کار و کاتی بەتاڵ دەسڕێتەوە. هەر ساتێک کە لەسەر هێڵ بەسەردەبرێت دەبێتە کردارێکی بەردەوامی بەرهەمهێنانی داتا، تەنانەت لەکاتی خۆشی، کارلێکردنی کۆمەڵایەتی و تێکەڵبوونی کەلتووری. ئینتەرنێت خۆی بۆتە کارگەیەکی دیجیتاڵی 24/7 کە لەژێر لۆژیکی سەرمایەداری و دەرەبەگایەتی دیجیتاڵیدا کار دەکات، کە کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا چیتر تەنها خزمەتگوزاری پێشکەش ناکەن، بەڵکو یاساکانی بەڕێوەبردنی بۆشایی دیجیتاڵی دادەنێن و بەکارهێنەران ناچار دەکەن لە چوارچێوەی سیستەمی مۆنۆپۆلی خۆیاندا کار بکەن، بەبێ هیچ کۆنتڕۆڵێک بەسەر ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی دیجیتاڵی و هۆشیاریدا لەو چەوساندنەوەیەی ڕووبەڕووی دەبنەوە.

بەهای زیادەی دیجیتاڵی و بەهای زیادەی تەقلیدی

بەهای زیادە کرۆکی چەوساندنەوەی سەرمایەدارییە، جیاوازی نێوان بەهای بەرهەمهاتووی کرێکار و ئەو کرێیەی وەریدەگرێت. بەڵام ئەم چەمکە جێگیر نییە. بەپێی شێوازی بەرهەمهێنان دەگۆڕێت. ئەمڕۆ، دەتوانین دوو جۆری سەرەکی جیابکەینەوە: بەهای زیادەی تەقلیدی و بەهای زیادەی دیجیتاڵ، کە لە پەیوەندیی بەرهەمهێنان و چەوساندنەوەدا جیاوازن.

یەکەم: بەهای زیادەی تەقلیدی

لە مۆدێلی پیشەسازی تەقلیدیدا، بەهای زیادە لە کاری کرێکارانی دەستی و ڕۆشنبیری لە شوێنەکانی بەرهەمهێنان وەک کارگە، کێڵگە، فەرمانگە و زنجیرەی خزمەتگوزاری دەردەهێنرێت. ئەم کرێکارانە بە گرێبەستی راستەوخۆ کار دەکەن و مووچەیان زۆر کەمترە لەو نرخەی کە بەرهەمی دەهێنن. سەرمایە خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانە و هێزی کار بەکاردەهێنێت بۆ بەدەستهێنانی قازانج لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵکردنی کاتی کارکردن.

بۆ نموونە، لە کارگەکانی ئامێرە زیرەکەکان کە لەلایەن کۆمپانیا گەورەکانی جیهان وەک ئەپڵ و سامسۆنگ بەڕێوەدەبرێن، سەدان هەزار کرێکار لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بۆ ماوەیەکی درێژ کار دەکەن بە مووچەی کەم کە بە زەحمەت تێچووی سەرەتایی ژیان دابین دەکات. لە ساڵی 2023، قازانجی ئەپڵ 100 ملیار دۆلاری تێپەڕاند، کە زۆربەیان لە فرۆشتنی ئەو بەرهەمانەی لە هەلومەرجی سەختی کار و ژینگەی کاری چەوساندنەوە بەرهەم دەهێنرێن.

دووەم: بەهای زیادەی دیجیتاڵی

لە مۆدێلی دیجیتاڵدا، بەهای زیادە بە شێوەیەکی شاراوە و ئاڵۆزتر دەردەهێنرێت. ئەم مۆدێلە تەنها پشت بە کاری مووچە نابەستێت، بەڵکو پشت بە چالاکی ڕۆژانەی بەکارهێنەران لەناو بۆشایی دیجیتاڵدا دەبەستێت.
هەر کلیکێک، گەڕان، لایک، هاوبەشیکردن، فرمانی دەنگی، یان بەکارهێنانی کاربەرنامە داتایەک بەرهەم دەهێنێت کە بەکاردێت بۆ بەدەستهێنانی قازانجی گەورە لە ڕێگەی ڕیکلام، ڕاهێنانی ئەلگۆریتم، پەرەپێدانی بەرهەم و شیکردنەوەی ڕەفتار. ئەم داتایانە هەروەها لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری و تەنانەت سەربازی و ئەمنی بەکاردەهێنرێن.

لێرەدا هیچ گرێبەستێکی کار و مووچە و تەنانەت داننان بە ڕۆڵی بەرهەمهێنەری بەکارهێنەر نییە. سەرمایەداری دیجیتاڵی کاتی کار ناکڕێت، بەڵکو بەها لە ژیانی ڕۆژانە خۆی دەردەهێنێت و ئەم چەوساندنەوەیە دەشارێتەوە لە پشت ڕووکەشی “خزمەتگوزاری خۆڕایی”. تەنانەت کاتێک هەندێک خزمەتگوزاری بە خۆڕایی یان بە نرخی ڕەمزی پێشکەش دەکرێن، زۆرجار ئەرکەکانیان سنووردارە و بەشێوەیەکی سەرەکی وەک ئامرازێک بۆ کۆکردنەوەی داتای بەکارهێنەری زیاتر خزمەت دەکەن بۆ زیادکردنی قازانج و بەهێزکردنی کۆنتڕۆڵ.

نمونەی ڕاستەقینەی ئەم شێوازە لە دەرهێنانی بەهای زیادەی دیجیتاڵی بریتین لە پلاتفۆرمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، کە بەکارهێنەران ناوەڕۆکی بەخۆڕایی بەرهەم دەهێنن کە سەرنجی ڕاکێشا، دواتر بە ڕیکلامکەران دەفرۆشرێت و قازانجێکی گەورە بۆ پلاتفۆرمەکان بەدەست دەهێنێت. ئەمە بۆ خزمەتگوزارییەکانی وەک نەخشەی گووگڵ دەچەسپێت، کە پشت بە داتای شوێن دەبەستێت کە لەلایەن بەکارهێنەرانەوە دروستکراوە بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکە و فرۆشتنی بە کڕیارە بازرگانییەکان، دیسان بەبێ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی کە داتاکانیان دابین کردووە.
یاریدەدەرە دەنگییەکانی وەک ئەمازۆن ئەلێکسا و ئەپڵ سیری فەرمانە دەنگییەکان تۆمار دەکەن و شیدەکەنەوە بۆ باشترکردنی سیستەمەکانی AI یان فرۆشتنی داتاکان بە ڕیکلامکەران و بازاڕکەران، بەبێ ئەوەی بەکارهێنەران کەمترین هۆشیارییان هەبێت کە ڕاستەوخۆ بەشداری لە بەرهەمهێنانی بەهای زیادەی دیجیتاڵی دەکەن.
سێیەم: بەراوردکردنی شیکاریی نێوان هەردوو مۆدێلەکە

چوارەم: دەرئەنجام
سەرمایەداری دیجیتاڵی بەهای زیادەی تەقلیدی لەناونابات. بەڵکو شێوازێکی نوێی شاراوەتر زیاد دەکات، کە تێیدا زیادە لە کارلێکردنە دیجیتاڵییەکانی ڕۆژانەی بەکارهێنەران دەردەهێنرێت، نەک لە کاری جەستەیی یان ڕۆشنبیری ناسراو. کاتی ژیان و شوێنی پشوودان دەگۆڕدرێن بۆ کاری نەبینراو، کە بەها بەبێ مووچە، گرێبەست یان کۆنتڕۆڵی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی دیجیتاڵی لێ دەردەهێنرێت.
کەواتە، بەرهەمهێنانی بەهای زیادەی دیجیتاڵی هەمووان دەگرێتەوە، نەک تەنها پۆلێکی دیاریکراو لە کرێکارانی دەستی و ڕۆشنبیر، بەڵکو تەنانەت “بەکارهێنەرانی ئاسایی” کە بەبێ ئاگایی بەشداری دەکەن لە پێدانی سیستەمێکی بەرهەمهێنەری گەورە کە قازانج بۆ کۆمپانیا مۆنۆپۆلەکان کۆدەکاتەوە.
بەم شێوەیە، ژیانی ڕۆژانە و هەڵسوکەوتی مرۆڤ خۆیان نەک تەنها کاری کرێ، دەبنە سەرچاوەی سەرەکی کەڵەکەبوونی سەرمایە لە پێشکەوتووترین شێوەی چەوساندنەوە.

ئابووری زانیاری
لە ژێر سیستەمی سەرمایەداریدا، بەرهەمهێنانی پیشەسازی، کشتوکاڵی و بازرگانی چیتر تاکە سەرچاوەی بەهای ئابووری نین، بەڵکو زانین بووە بە سووتەمەنی نوێی سەرمایەداری.
ئابووری مەعریفه، کە دەبوایە ئامرازێک بێت بۆ ئازادکردنی مرۆڤایەتی و باشترکردنی ژیان، دووبارە داڕێژرایەوە بۆ میکانیزمێکی مۆنۆپۆلی نوێ کە بۆ قوڵکردنەوەی نایەکسانی چینایەتی و دیجیتاڵی و بەهێزکردنی کۆنتڕۆڵی کۆمپانیا گەورەکان و دەوڵەتەکان بەسەر ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی دیجیتاڵیدا بەکاردەهێنرێت.
نوخبەی سەرمایەداری زۆربەی ئامرازەکانی زانیاری قۆرخ دەکەن، لە داهێنان، توێژینەوەی پێشکەوتوو، ئەلگۆریتم، پرۆگرام و سیستەمی کارپێکردن تا پلاتفۆرمە دیجیتاڵییە گەورەکان، پشت بەستن بە بەرهەمە دیجیتاڵییەکانیان دەسەپێنن لەجیاتی ئەوەی ئەم تەکنەلۆژیایانە بگۆڕن بۆ سەرچاوەی خاوەندارێتی بەکۆمەڵ کە خزمەت بە هەمووان بکات.
تەنانەت دامەزراوە ئەکادیمی و زانستییەکانیش کە دەبوو ببنە بۆشایی بەرهەمهێنانی زانیاری ئازاد، کەوتوونەتە ژێر باری لۆژیکی بازاڕ، کە تێیدا توێژینەوەی زانستی بە دامەزراوە گەورەکان دەفرۆشرێت و خەڵک ناتوانن دەستیان پێبگات مەگەر پارە بدەن، ئەمەش زانست و زانیاری بهێز دەکات لە جیاتی ئەوەی وەک مافێکی هاوبەشی مرۆڤ مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.
سەرمایەداری تەنها هەوڵی قۆرخکردنی زانیاری نادات، بەڵکو کار دەکات بۆ بەرهەمهێنانی نەزانی بە شێوەیەکی سیستماتیک لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵکردنی مەنهەجی پەروەردەیی و ناوەرۆکی دیجیتاڵی، ئاراستەکردنی جەماوەر بەرەو تەختکردنی ڕۆشنبیری دەکات.
ئینتەرنێت کە دەکرا ئامرازێکی شۆڕشگێڕانە بێت بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری ڕەخنەگرانە بووەتە فەزایەک کە بە تەواوی موڵکی دەوڵەتە گەورەکان و کۆمپانیا قۆرخکارەکان کە بەپێی بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسی و ئایدیۆلۆژیەکانیان کۆنترۆڵی لێشاوی زانیاری و زانیاری بە هەموو شێوەکانیەوە دەکەن.

  1. ژیریی دەستکرد وەک ئامرازێک بۆ زاڵبوون و کۆنتڕۆڵکردنی کرێکاران

    سیستەمی سەرمایەداری تەنها ژیریی دەستکرد بەکارناهێنێت بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنان و قازانج، بەڵکو وەک ئامرازێک بەکاری دەهێنێت بۆ چەسپاندنی کۆنتڕۆڵی چینایەتی و خستنە ژێر باری میکانیزمی توندتری چاودێری و ڕێکخستن. بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە شوێنی کاردا تەنها ئامانجی باشترکردنی کارایی نییە، بەڵکو بۆ چڕکردنەوەی چەوساندنەوە و کەڵەکەکردنی قازانج لەسەر حسابی ئازادی و مافەکانی کرێکاران.
    لەگەڵ پەرەسەندنی ئەلگۆریتمی زیرەک، کۆمپانیاکان ئێستا دەتوانن بەدواداچوونی هەموو جوڵەیەکی کرێکاران بکەن، لە ڕێگەی سیستەمەکانی بەدواداچوونی بەرهەمداری، شیکردنەوەی داتا، یان پێوانەی خێرایی و کارایی کارکردن. ئەم ئامرازانە زۆرجار بۆ فشار خستنە سەر کرێکاران، کەمکردنەوەی کاتی پشوو، و سەپاندنی ڕیتمی کاری ماندووکەر بەکاردەهێنرێن و دەیانکەن بە چەقۆ لە ئامێرێکی سەرمایەداری ماندوونەناس.
    ئەم شێوازە نوێیەی چاودێری لەوانەیە ژینگەیەکی کاری سەختتر دروست بکات، کە تێیدا کرێکاران دەبنە گۆڕاوێک لە هاوکێشەی ژیریی دەستکرددا، لەگەڵ کۆنتڕۆڵێکی کەم بەسەر هەلومەرجی کارکردنیاندا.
    سەرەڕای ئەوەش، ئەلگۆریتمەکان لە پرۆسەی دامەزراندن و دەرکردندا بەکاردەهێنرێن. داتای گەورە شیدەکرێتەوە بۆ دیاریکردنی ئەوەی کێ شایەنی دامەزراندن یان هێشتنەوەیە و کێ دەتوانرێت جێگەی بگرێتەوە. ئەمە دەبێتە هۆی ناجێگیری کارکردن، کە زۆرێک لە کرێکاران پەراوێز دەخرێن و بە ئاسانی پشتگوێ دەخرێن لەسەر بنەمای ستانداردی چەندایەتی توند، بەبێ گوێدانە لایەنە مرۆیی و کۆمەڵایەتیەکان.
    بۆ نموونە، پرۆگرامی AI لەلایەن کۆمپانیا گەورەکانی دامەزراندنی وەک لینکدئین بەکاردەهێنرێت بۆ شیکردنەوەی سیڤی و پشکنینی ئۆتۆماتیکی کاندیدەکان، کە دەبێتە هۆی جیاکاری ناڕاستەوخۆ دژی ئەوانەی کە لە باکگراوندێکی کەمدەرامەتن. ئەلگۆریتمەکان ئەو کاندیدانە پەسەند دەکەن کە لەگەڵ شێوازەکانی بازاڕی کاری سەرمایەداریدا ڕێک دەکەون، لە کاتێکدا ئەوانەی شارەزایی یان شارەزاییان لە دەرەوەی نۆرمە سەرەکیەکان هەیە پشتگوێ دەخەن.
    ئەم گۆڕانکارییە نەک تەنها رێژەی بێکاری و نائاسایشی کار بەرز دەکاتەوە بە پاڵپێوەنانی کرێکاران بۆ کەرتەکانی تر، بەڵکو مۆدێلی “کرێکاری جێگرەوە” بەهێز دەکات، کە کرێکاران بە ئاسانی فڕێ دەدرێن کاتێک بە کاریگەری کەمتر لە دیجیتاڵ یان ئۆتۆماتیک، بەم شێوەیە بازاڕی کار لاوازتر و چەوساندنەوەیەکی قووڵتر دەکات.
    بۆ نموونە، لە کۆگاکانی ئەمازۆن، سیستەمەکانی AI بەکاردەهێنرێن بۆ چاودێریکردنی جوڵەی کرێکاران، بەدواداچوونی رێژەی بەرهەمهێنان و دیاریکردنی ئەوەی کێ ئامانجەکان بەدەست دەهێنێت و کێ دواکەوتووە. زۆربەیان لەسەر بنەمای پێوەری نامرۆڤانە دەردەکرێن کە تەندروستی و بارودۆخی کۆمەڵایەتییان پشتگوێ دەخات.
    ئەمە هەروەها بەسەر کۆمپانیاکانی پلاتفۆرمی وەک Uber، Deliveroo و Uber Eats جێبەجێ دەکرێت، کە تەواوی ژیانی کاری شۆفێران لەلایەن ئەلگۆریتمی AI بەڕێوە دەبرێت کە داواکاری دیاری دەکات، کاتژمێرەکان خشتە دەکات، بینین لەسەر کاربەرنامەکە دیاری دەکات، و تەنانەت بڕیار دەدات کێ دەچێتە سەر کار، ئەکاونتی کێ بەستراوە، یان داهاتی کێ دەبڕدرێت لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی کڕیار، ژمارەی گەشت، یان دواکەوتن. بەبێ چاودێری مرۆڤ یان ڕەچاوکردنی بارودۆخی کەسیی.
    لەم مۆدێلەدا، ئەلگۆریتمەکان و ژیریی دەستکرد دەبنە بەڕێوەبەر و دادوەر و جێبەجێکاری ڕاستەقینە، لە کاتێکدا کرێکاران بەبێ پارێزگاری یاسایی یان مافی سەندیکایی لە بازاڕی کاری دیجیتاڵی زۆر ناسک و چەوسێنەردا دەمێننەوە. ئەمەش بووە هۆی مانگرتن و ناڕەزایی لە چەندین وڵات کە داوای ناساندنی کرێکارانی پلاتفۆرمەکە وەک “کارمەند” دەکەن نەک “بەڵێندەری سەربەخۆ” و دەستەبەرکردنی مافە سەرەتاییەکانی وەک کەمترین مووچە، بیمەی تەندروستی و مافی رێکخستن.

  2. شێوەپێدانی هۆشیاری بۆ برەودان بە کەلتووری سەرمایەداری نیولیبرال

    سەرەڕای بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد بۆ زیادکردنی قازانج و بەهێزکردنی کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی، ئەم تەکنەلۆژیایە بەشێوەیەکی سیستماتیک بەکاردەهێنرێت بۆ شێوە پێدان و ڕێنمایی وردە وردە هۆشیاری تاکەکەسی، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی کەلتوور و بەهاکانی سەرمایەداری، بەتایبەتی شکۆمەندی شارستانیەتی ڕۆژئاوا، و بەتایبەتی بەهاکانی سەرمایەداری ئەمریکی.
    بە شیکردنەوەی داتا و هەڵسوکەوتی بەکارهێنەر، ئەلگۆریتمەکان بەکاردەهێنرێن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ناوەرۆکە کە بە بەکارهێنەران نیشان دەدرێت لە پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانی وەک تۆڕەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، بزوێنەرەکانی گەڕان و ئەوانی تر. ئەم سیستەمانە بۆ پێدانی ناوەڕۆکی تاکەکان داڕێژراون کە پشتگیری جیهانبینی، سیاسەت و ئایدیۆلۆژیای سەرمایەداری دەکەن.
    بۆ نموونە، لە زۆربەی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکاندا، ڕیکلام و ناوەڕۆکی ڕیکلامکردن هانی بەکارهێنەران دەدات بەرهەمی زیاتر بکڕن، تەنانەت ئەگەر پێویستییان پێی نەبێت. بەهاکانی سەرمایەداری بەرز دەکرێنەوە، وەک پیرۆزی هەمیشەیی خاوەندارێتی تایبەتی، جیاوازی چینایەتی، سەرکەوتنی تاکەکەس، دەوڵەمەندی، بەکاربەری، و شێوازی ژیانی خۆشگوزەرانی وەک پێوەر بۆ ژیانێکی “سەرکەوتوو”. نمونەیەکی تر ئەلگۆریتمی گەڕانی گووگڵە، کە ئەنجامەکان لەسەر بنەمای لۆژیکی بازاڕ و ڕیکلامی پارەدراو پۆلێن دەکات نەک لەسەر بنەمای پەیوەندیی کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری یان زانستی.
    لەکاتی گەڕان بەدوای دەستەواژەی وەک سەرکەوتن، گەشەپێدانی خود، یان تەنانەت بەختەوەری، باشترین ئەنجامەکان پەیوەستە بە کۆمپانیاکانی یارمەتی خودی، کۆرسی پارە پێدراو، و ئامۆژگاری بەکاربەر کە جەخت لەسەر تاکگەرایی و قازانج دەکات، لە کاتێکدا شیکردنەوەی زانستی جدی و بیرۆکەی چەپی پێشکەوتووخواز لە زۆر حاڵەتدا لە ڕێگەی سانسۆری راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆوە کەم دەخرێنە روو.
    ئەمە وردە وردە و وردی هۆشیاری کۆمەڵ بەرەو قبووڵکردنی ئەم بەهایانە وەک سروشتی و حەتمی ئاراستە دەکات. پرۆسەکە بۆ ماوەیەکی درێژ و بە شێوازێکی نەرم و نادیار بەڕێوە دەچێت کە زۆربەی بەکارهێنەران، بە بیرمەندانی چەپ و پێشکەوتووخوازیشەوە، گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە ئەم ئامرازانە بەتەواوی بێلایەنن. ئەم سیاسەتە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ نەوەکانی داهاتوو دروست دەکات کە ژیریی دەستکرد بۆتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی ڕۆژانە. ئەم شێواز و سیاسەتە پوختەکراوانە یارمەتیدەرن بۆ زیاتر چەسپاندنی هەژموونی سەرمایەداری و زیادکردنی دڵسۆزی و ملکەچی جەماوەر بۆ سیستەمی ئێستا.

  3. کاریگەری زۆر پشت بەستن بە ژیریی دەستکرد

تێکشکانی تواناکانی مرۆڤ و قوڵبوونەوەی نامۆیی و دوورکەوتنەوەی دیجیتاڵی

سەرەڕای ئەو ڕۆڵەی کە ژیریی دەستکرد دەیگێڕێت لە دووبارە داڕشتنەوەی هۆشیاری جەماوەری، ڕەهەندێکی تر هەیە کە بە زۆری نەخوێندراوە و نایاسایی لە ژێر یاسای نێودەوڵەتیدا دەمێنێتەوە بەتایبەتی لە نێو پێشبڕکێی شێتانەی نێوان زلهێزەکان و کۆمپانیا سەرمایەدارە قۆرخکارەکان بۆ زاڵبوون بەسەر بازاڕەکانی AI. ئەم ڕەهەندە پەیوەندی بە کاریگەری نەرێنی زۆر پشت بەستن بە AI لەسەر توانای ڕۆشنبیری و داهێنەری مرۆڤ هەیە. پەرەسەندنی تەکنەلۆژیا ئێستا بەزۆری بەرەو زاڵبوون و قازانج بەدەستهێنان و پێشبڕکێی سەروەری تەکنیکی ئاراستە کراوە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی کاریگەرییە قووڵەکانی ئەم گۆڕانکارییانە لەسەر مرۆڤایەتی.
ژیریی دەستکرد وەک ئامرازێک بۆ ئاسانکردنی ژیان و بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنان بەرز دەکرێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، واقیع نیشانی دەدات کە پشتبەستن بە ئەم تەکنەلۆژیایانە لەوانەیە ببێتە هۆی لاوازبوونی هۆشیاری و لاوازبوونی توانا بنچینەییەکانی مرۆڤ. بە تێپەڕبوونی کات، مرۆڤ، بەتایبەتی نەوەی گەنج، لەوانەیە توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و ئەنجامدانی ژمێریاری، نووسین و تەنانەت پەیوەندی سەرەتایی کەمتر بێت، بەهۆی زۆر پشت بەستن بە سیستەمە زیرەکەکان کە ئەم ئەرکانە لە جیاتی ئەوان جێبەجێ دەکەن.
لەم چوارچێوەیەدا، نامۆبوونی مرۆڤ لە فۆرمێکی دیجیتاڵی نوێدا بەرهەم دەهێنرێتەوە، کە تیایدا تاکەکان لە توانای ڕۆشنبیری و داهێنەرانەی خۆیان جیا دەبنەوە، لەناو سیستەمێکی تەکنەلۆژیادا گیریان خواردووە کە لە بریکاری ئۆتۆنۆمی بێبەشیان دەکات، وەک چۆن کرێکارانی پیشەسازی لە ژێر سەرمایەداری تەقلیدی لە بەرهەمەکانیان دوور دەکەونەوە.
مرۆڤ لەوانەیە وردە وردە ملکەچی ئەلگۆریتمەکان بێت کە ڕێنمایی کارلێکەکانی ڕۆژانەیان دەکەن، ئەوەی دەیخوێننەوە و سەیری دەکەن دەسەپێنن و تەنانەت شێوەی بیرکردنەوەیان دەکێشن. ئەمە لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی نەوەکان توانای تێکەڵبوون لەگەڵ واقیعدا بە سەربەخۆیی نەبن، لەگەڵ ژیریی دەستکرد ببێتە پەیوەندی سەرەکی نێوان تاک و جیهان، پشتبەستنیان بە سیستەم و کۆمپانیا و دەوڵەتەکان بەهێز دەکات.
ئەم نامۆبوونە دیجیتاڵییە لە ئاستی بەرهەمهێناندا ناوەستێت. درێژ دەبێتەوە بۆ ڕەهەندێکی زۆر قووڵتر، نامۆبوون لە خود، لە هۆشیاری، و لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان. ناسنامەی کەسی و کەلتووری دەبێتە ڕەنگدانەوەی ئەلگۆریتمەکان کە بۆ خزمەتکردنی بازاڕ دیزاین کراون.
مەترسیەکە لێرەدا تەنها بە لەدەستدانی توانای تاک سنووردار نییە، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ دووبارە شێوەکردنەوەی هۆشیاری کۆمەڵ بە شێوەیەک کە لەگەڵ داواکارییەکانی بازاڕی سەرمایەداریدا بگونجێت. ئەمە توانای خەڵک بۆ ڕێکخستن، بەرگری و داواکردنی گۆڕانکاری بنەڕەتی لاواز دەکات بە پاڵپێوەنانی وردە وردە بۆ بڵقی دیجیتاڵی دابڕاو کە تێیدا کارلێکردنی مرۆڤ کورت دەکرێتەوە بۆ پلاتفۆرمێک کە کۆنترۆڵی لێشاوی زانیاری دەکات و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە خزمەتی زاڵبووندا دەگۆڕێت.
ئالوودەبوونی دیجیتاڵ

لەم چوارچێوەیەدا، ئالوودەبوونی دیجیتاڵ وەک یەکێک لە مەترسیدارترین دەرئەنجامەکانی فراوانبوونی ژیریی دەستکرد دەردەکەوێت. توێژینەوەیەکی زانستی کە لەلایەن توێژەرانی زانکۆی کالیفۆرنیا لە ساڵی 2020 ئەنجامدراوە دەریخستووە کە زۆر بەکارهێنانی پلاتفۆرمی دیجیتاڵی و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەهۆی ئەلگۆریتمی AI دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە مێشکدا هاوشێوەی ئەو گۆڕانکاریانەی کە بەهۆی ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان دروست دەبن، بەتایبەتی لەو ناوچانەی بەرپرسن لە بڕیاردان و کۆنتڕۆڵکردنی ڕەفتار. ئەم ئەلگۆریتمانە بە ئەنقەست دیزاین کراون بۆ ڕاکێشانی سەرنجی بەکارهێنەران و هێشتنەوەیان بە پەیوەندیەوە بۆ ماوەیەکی درێژ.
تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، کاربەرنامەکانی خۆشگوزەرانی، و سیستەمە دیجیتاڵییەکانی تر تەنها پلاتفۆرمی خزمەتگوزاری نین، بەڵکو ئامرازێکن کە بە ئاگایی بەکاردەهێنرێن بۆ بەهێزکردنی پشت بەستن بە ڕەفتار و مەعریفی. کۆمەڵە داتای گەورە بەکاردەهێنرێت بۆ تێگەیشتن و دەستکاریکردنی هاندانی بەکارهێنەران بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی کۆمپانیاکان و دەوڵەتە گەورەکان بکات.
ئەم ئالوودەبوونە بە دیجیتاڵ تەنها کات بەفیڕۆ نادات یان کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنان دروست دەکات، بەڵکو شێوازێکی نوێی دوورکەوتنەوە لە ڕێگەی ئالوودەبوونەوە دروست دەکات، چونکە تاکەکان وردە وردە توانای ژیان لە دەرەوەی چوارچێوەی دیجیتاڵی لەدەست دەدەن. دەشێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی تەرکیز، کەمبوونەوەی توانای چارەسەرکردنی کێشەکان، لاوازبوونی یادەوەری، و خراپبوونی پەیوەندی ڕاستەوخۆی مرۆڤ.
سەرمایەداری ئەم ئالوودەبوونە بە چەندین شێوە دەقۆزێتەوە و وەبەرهێنان لە تەکنەلۆژیاکان دەکات کە هانی هەڵسوکەوتی ئالوودەبوون دەدات بۆ دڵنیابوون لەوەی بەکارهێنەران لە کارلێکێکی بەردەوامدا لەگەڵ پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکاندا دەمێننەوە. ئەمە دەگۆڕێت بۆ بازنەیەکی خراپ کە قازانج بە هێشتنەوەی تاکەکان لە دۆخێکی بەردەوامی بەکاربردنی ناچالاک و زیادکردنی داهاتی کۆمپانیاکان لەسەر حسابی تەندروستی دەروونی و دەروونی، بەتایبەتی لە نێو نەوەی گەنجدا. بە تێپەڕبوونی کات، ئەمە لەوانەیە توانایان بۆ بیرکردنەوەی سەربەخۆ و کاری بەکۆمەڵ کەم بکاتەوە.

جۆرێک لە کۆیلایەتی دیجیتاڵی خۆبەخشانە

زاڵبوونی چینایەتی قوڵتر دەبێتەوە کاتێک ژیریی دەستکرد لە ئامرازێکی تەکنەلۆژیاوە دەگۆڕێت بۆ میکانیزمێک بۆ بەرهەمهێنانەوەی شێوازەکانی کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری. ئەگەر ئەم مۆدێلە بەردەوام بێت، لەوانەیە ببێتە هۆی کارەساتی مرۆیی، چونکە مرۆڤ وردە وردە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدایەکی ئاڵۆز لەدەست دەدات و دەبێتە دیلی تەکنەلۆژیای ژێر کۆنتڕۆڵی نوخبەی سەرمایەداری و زلهێزەکان.
ئەوەی ئەم کۆنتڕۆڵکردنە مەترسیدارتر دەکات سروشتی خۆبەخشانە. تاکەکان، هاندەری دەستکاریکردنی ئەلگوریتمی و ئارەزووی ئاسوودەیی دەبن، بەبێ زۆرەملێ ڕاستەوخۆ دەخرێنە ناو ئەم کۆیلایەتییە دیجیتاڵییەوە. وەهمی کۆنتڕۆڵ و هەڵبژاردنیان پێدەدرێت، لە کاتێکدا بڕیارەکانیان بە وردی ئاراستەی ڕێگایەکی پێشوەخت کراوە کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی سەرمایەداری دەکات.
ئەم پێشکەشکردنە لە ڕێکەوتنی هۆشیارانەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو لە زیادبوونی پشت بەستن بە تەکنەلۆژیاکان سەرچاوە دەگرێت کە دەبنە جێگرەوەیەکی دەستکرد بۆ پەیوەندییە مرۆڤایەتییەکان و پرۆسەی مەعریفی سەربەخۆ. ئەمە دەبێتە هۆی دۆخێکی نامۆبوونی دیجیتاڵی کە تیایدا خەڵک بە ئامرازەکانی زاڵبوون دەناسنەوە، نەک بەرگری لێکردن.
ئەگەر ئەم دینامیکە بەبێ کۆنتڕۆڵ بەردەوام بێت، بەبێ بەرگری کۆمەلایەتی کە ڕەگی لە هۆشیاری چەپی پێشکەوتوودا هەیە، ئەوا ژیریی دەستکردی ئێستا لەوانەیە وردە وردە لە ئامرازێکی سەرمایەدارییەوە بگۆڕێت بۆ جێگرەوەی ناسینی مرۆڤ، بەڕێوەبردنی ژیانی ڕۆژانە و سەپاندنی شێوازێکی نوێی کۆیلایەتی دیجیتاڵی خۆبەخشانە.
لەم سیناریۆیەدا، تاکەکان دەکەونە ناو سیستەمی تەکنەلۆژیاوە کە ڕۆڵ و ڕەفتاریان پێناسە دەکات، توانایان بۆ بڕیاردانی سەربەخۆ سنووردار دەکات، و پاڵیان پێوە دەنێت بۆ قبووڵکردنی ئەم زاڵبوونە وەک واقیعێکی حەتمی.

یاخیبوونی ئامێر و کۆنترۆڵی AI بەسەر مرۆڤایەتیدا

سیناریۆی داهاتوو لەمێژە وێنای جیهانێک دەکەن کە ئامێرەکان بەڕێوەی دەبەن، کە مرۆڤ کۆنتڕۆڵی ئەو تەکنەلۆژیایە لەدەست دەدات کە دروستی کردووە و دەبێتە چەقۆ لە سیستەمێکدا کە خزمەتی هێزە باڵادەستەکان دەکات. ئەم دیدگایە پێشتر بواری فەلسەفە یان فیلمی خەیاڵی زانستی بوو، بەڵام بەهۆی پێشکەوتنی خێرای ژیریی دەستکرد و نەبوونی چوارچێوەی یاسایی نێودەوڵەتی کاریگەر بۆ ڕێکخستن و کۆنتڕۆڵکردنی، زیاتر واقیعی بووە.
یەکێک لە مەترسیدارترین و ئاڵۆزترین کێشەکانی پەرەسەندنی AI ئەگەری گەشەسەندنی زیرەکیی مرۆڤە و ببێتە قەوارەیەکی سەربەخۆ لە دەرەوەی کۆنترۆڵی مرۆڤ و تەنانەت زاڵ بەسەر مرۆڤایەتیدا. کاتێک AI سنووری پرۆگرامی بنەڕەتی خۆی تێپەڕاند، لەوانەیە ببێتە سیستەمێک کە سەربەخۆ بڕیاری چارەنووسساز دەدات لە بوارەکانی وەک ئابووری، سیاسەت و ژیانی ڕۆژانە، بەبێ چاودێری مرۆڤ.
لە ژێر سایەی سەرمایەداریدا، AI پەرەی پێدراوە بۆ خزمەتکردن بە کەڵەکەبوونی سەرمایە و بەهێزکردنی هەژموونی چینایەتی، لە ژێر کێبڕکێی دڕندانەی بازاڕدا، لەدەستدانی کۆنتڕۆڵ نەک تەنها ئەگەری هەیە بەڵکو ئەگەری زۆر و مەترسیدارە بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی خێرایی گەشەسەندنەکەی کە زۆر زیاترە لە هەر هەوڵێک بۆ ڕێکخستن یان کۆنتڕۆڵکردنی لە چوارچێوەی یاسایی یان کۆمەڵایەتیدا. وەک ئامرازێک دیزاین کراوە کە توانای زۆریان هەیە، بەڵام بەبێ هیچ قەفەزێک بۆ سنووردارکردنی خراپ بەکارهێنان یان گەشەی ڕاکردوو، کە دەتوانێت بیکاتە هێزێکی سەربەخۆ کە دژی بەرژەوەندییە کۆمەڵایەتییەکان کار دەکات لەجیاتی خزمەتکردنیان.
ئەم سیناریۆیە بۆ سینەما نامۆ نییە. زۆرێک لە فیلمەکان باسی ئەو بیرۆکەیەیان کردووە، بۆ نمونە تێرمیناتۆر، کە تیایدا ئامێرەکان جەنگ لە دژی مرۆڤ ڕادەگەیەنن دوای بەدەستهێنانی هۆشیاری خودی. ماتریکس، کە جیهانێک نیشان دەدات کە مرۆڤایەتی کۆیلە کراوە لەلایەن AI و وەک سەرچاوەی وزە بەکار دەهێنرێت. و من، ڕۆبۆت، کە بەدوای یاخیبوونی ڕۆبۆتەکان لە دژی مرۆڤ دەگەڕێت دوای بەدەستهێنانی عەقڵییەتی سەربەخۆ. “یاخیبوون” ژیریی دەستکرد لەوانەیە خەیاڵ نەمێنێتەوە بەڵکو لەوانەیە لە سیاسەتەکانی سەپاندنی سیستەمە دیجیتاڵییەکاندا دەربکەوێت بەبێ گوێدانە پێداویستییەکانی مرۆڤ. ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین زاڵبوونی کلاسیکی ڕۆبۆت بەسەر مرۆڤدا نییە، بەڵام دەتوانرێت ببێتە مۆدێلێکی نوێی کۆنتڕۆڵی دیجیتاڵی، لەسەر بنەمای ئۆتۆماتیکی تەواو و بەڕێوەبردنی ئەلگوریتمی ژیانی ڕۆژانە، کۆمەڵگاکان بگۆڕێت بۆ قەوارەیەک کە لەلایەن سیستەم و ئامێرە زیرەکەکانەوە بەڕێوەدەبرێن.

  1. ژیریی دەستکرد و جیهانی سێیەم
    کاریگەرییەکانی ژیریی دەستکرد تەنها بە وڵاتانی پێشکەوتوو سنووردار نییە، بەڵکو بۆ باشووری جیهانیش درێژ دەبێتەوە کە لەوێ وەک بنچینەیەکی سەرچاوە خاوەکان و بازاڕی بەکاربەری گەورە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت کە بۆ خزمەتکردنی سەرمایەداری جیهانی بەکاردەهێنرێت. لەجیاتی بەشداریکردن لە گەشەسەندنی سەربەخۆی ئەم وڵاتانە، ئەم تەکنەلۆژیایانە بە شێوەیەک ئاراستە دەکرێن کە پشتبەستن بە ئابووری، سیاسی، ڕۆشنبیری و تەکنەلۆژیا بەهێز دەکەن، چەوساندنەوەی ئەم کۆمەڵگایانە قووڵتر دەکاتەوە لە بەرژەوەندی دەوڵەت و کۆمپانیا باڵادەستەکان کە پەرەپێدانی AI بەڕێوە دەبەن.
    کۆمپانیا قۆرخکارەکان هەوڵ دەدەن داتا و سەرچاوە مرۆییەکان لە باشووری جیهان بەکار بهێنن بەبێ ئەوەی نرخی دادپەروەرانە پێشکەش بکەن. لە کاتێکدا ژیریی دەستکرد بە ئاشکرا وەک ئامرازێک بۆ گەشەپێدان بڵاودەکرێتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا بۆ دەرهێنانی داتا و گۆڕینی دانیشتوان بۆ سەرچاوەی ئازادی زانیاری بەکاردەهێنرێت.
    بڕێکی زۆر داتا لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی دیجیتاڵی و سیستەمەکانی بەدواداچوون و پلاتفۆرمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە هەڵدەمژرێت، هەر کارلێکێک دەبێتە ماددەی خاو بۆ سوود وەرگرتن لە نەتەوە بەهێزەکان و کۆمپانیا قۆرخکارەکان.
    دەستپێشخەری خێرخوازی و مرۆڤدۆستی لەلایەن هەندێک دەوڵەت و کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆژیا بەکاردەهێنرێن بۆ قوڵکردنەوەی کۆنتڕۆڵی سەرمایەداری بەسەر باشووری جیهاندا. ئەم کۆمپانیایانە زۆر کار دەکەن بۆ ئەوەی ئینتەرنێت بگەیەننە هەموو گۆشەیەکی جیهان، بەتایبەتی بۆ وڵاتانی گەشەسەندوو، تەنانەت پێش دابینکردنی کارەبا، ئاوی پاک یان خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان.
    نمونەیەکیش پڕۆژەی Internet.org بوو کە مێتا (پێشتر فەیسبووک) بە هاوبەشی لەگەڵ شەش کۆمپانیای تری تەکنەلۆژیا لەژێر دروشمی “بەستنەوەی نەبەستراوەکان” دەستی پێکرد. لە هەندێک وڵاتدا ئینتەرنێتی سنووردار و رێکخراوی پێشکەش کرد، کە سنووردار بوو بۆ پلاتفۆرم و خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیای سپۆنسەر و هاوبەشەکانی، نەک دابینکردنی ئینتەرنێتێکی ئازاد و کراوە. لەجیاتی بەهێزکردنی بەکارهێنەران، ئەوان بوون بە بەکاربەرێکی دیلی لە ژینگەیەکی دیجیتاڵی داخراو کە کارلێکەکانیان بەردەوام چاودێری دەکرێت و بۆ قازانج بەکاردەهێنرێت.
    ئەمە ئەوە دەردەخات کە ئامانجی ڕاستەقینەی ئەم جۆرە پرۆژانە باشترکردنی ئاستی ژیان یان پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری نییە، بەڵکو پەرەپێدانی بەرژەوەندییە بازرگانییەکان، فراوانکردنی کۆنتڕۆڵی ئایدۆلۆژیا، و گۆڕینی هەموو تاکێک بۆ بەکاربەرێکی هەمیشەیی و سەرچاوەی داتا.
    ئەم سیاسەتانە جیاوازی دیجیتاڵی پڕ ناکەنەوە. بەڵکو کۆلۆنیالیزم بەرهەم دەهێننەوە، ئێستا بە شێوەی دیجیتاڵی. ئەم وڵاتانە بە تەواوی پشت بە دەوڵەت و کۆمپانیا بیانییەکان دەبەستن بۆ تەکنەلۆژیا و خزمەتگوزاری دیجیتاڵی، لەجیاتی دروستکردنی توانای ناوخۆیی بۆ دابینکردنی پێداویستییە ڕاستەقینەکانیان.
    ئەمە پشت بەستن بە پرۆگرامی خاوەندارێتی و ژێرخانی هەوری بیانی بەهێز دەکات، بەتایبەتی ئەوانەی سەر بە هێزەکانی ڕۆژئاوان و مێژوویەکی دوورودرێژیان هەیە لە چەوساندنەوەی داگیرکاری.
    لە پێشبڕکێی جیهانی بۆ زاڵبوونی تەکنەلۆژیا، ڕژێمە دیکتاتۆرەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شوێنەکانی تری باشووری جیهان لە پەراوێز نەماون، بەتایبەتی پاشایەتییە دەوڵەمەندەکانی کەنداو ئەم ویلایەتانە ملیارەها دۆلاریان لە دەستپێشخەرییەکانی AI خۆیان وەبەرهێناوە و پشتگیری راستەوخۆ لە زلهێزەکان و کۆمپانیا قۆرخکارەکان وەردەگرن کە ماوەیەکی زۆرە بە هاوپەیمانی ستراتیجی دادەنێن بۆ بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییە ئابووری و جیۆپۆلەتیکییەکان.
    هەرچەندە ئەم وەبەرهێنانانە وەک بەشێک لە “گۆڕانی دیجیتاڵی” و “مۆدێرنکردنی تەکنەلۆژیا” لە کۆمەڵگاکانیان بانگەشەی بۆ دەکەن، بەڵام ئەم وەبەرهێنانانە خزمەت بە بەهێزکردنی حوکمی دیکتاتۆری و فراوانکردنی تواناکانی چاودێری و توندکردنی کۆنتڕۆڵی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئایدۆلۆژی بەسەر دانیشتوانیاندا دەکەن.
    ئەم ڕژێمانە AI بەکاردەهێنن بۆ پەرەپێدانی سیستەمی چاودێری بەکۆمەڵ، شیکردنەوەی داتای گەورە و سەرکوتکردنی هەر ناڕەزاییەک. تەکنەلۆژیای ناسینەوەی دەموچاو، شیکردنەوەی دەنگ و پێشبینی هەڵسوکەوت بەکاردەهێنرێن بۆ ناسینەوەو بێلایەنکردنی ئۆپۆزسیۆن پێش ئەوەی بتوانێت کار بکات. لە ڕێگەی ئەم سیستەمانەوە حکومەتە دیکتاتۆرەکان دەتوانن چاودێری هاوڵاتیان بکەن و سیخوڕی لەسەر بکەن لە ڕێگەی هەردوو کەناڵە دیجیتاڵییەکان و شوێنە گشتییەکانەوە.
    سەرەڕای قسەی ڕووکەشانە سەبارەت بە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ، دەوڵەتانی ڕۆژئاوا و کۆمپانیا گەورەکان بەردەوامن لە پشتیوانیکردن لەو جۆرە ڕژێمانە چونکە خزمەت بە هەژموونی ئابووری و سیاسی خۆیان دەکەن. کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیای قۆرخکارانە ڕۆڵی ڕاستەوخۆ لەم سەرکوتکردنەدا دەگێڕن، یان بە فرۆشتنی تەکنەلۆژیاکە (هاوشێوەی چەک و ئامێرەکانی ئەشکەنجەدان)، یان بە دابینکردنی راوێژکاری، پاڵپشتی تەکنیکی و ژێرخانی سیستەمەکانی AI کە ئەم ڕژێمانە پشتی پێ دەبەستن. ئەم سیستەمانە بە ئازادی گەشەیان پێداوە و لە دەوڵەتە دیکتاتۆرەکانی هاوپەیمانی سەرمایەداری جیهانی بڵاو دەکرێنەوە و دەبنە ئامرازێکی ڕاستەوخۆ بۆ بەرهەمهێنان و بەهێزکردنی دەسەڵاتی دیکتاتۆر.
  2. لایەنگری جێندەر و نەبوونی یەکسانی تەواو لە ژیریی دەستکرد

    سەرەڕای تێگەیشتنی گشتی AI وەک بێلایەنی جێندەر، سەیرکردنێکی وردتر ئەوە دەردەخات کە لایەنگری جێندەر لە ئەلگۆریتمەکان و سیستەمە زیرەکەکاندا بە ڕوونی نیشانی دەدەن کە چۆن زۆربەی کاربەرنامەکانی AI جیاوازی و نایەکسانی ڕەگەزی بەرهەم دەهێنن.
    زمانی پیاو ناوەند و سروشتی نایەکسانی ئەم تەکنەلۆژیایانە ڕەنگدانەوەی لایەنگری کەلتووری و کۆمەڵایەتی کۆمپانیاکانی سەرمایەداری و حکومەتە پیاوسالارەکانە کە پەرەیان پێداوە، لە ئاستێکی جیاوازدا بەپێی زمان و پلەی مافەکانی ژنان و یەکسانی جێندەر لە هەر وڵاتێکدا.
    ژیریی دەستکرد لە بنەڕەتدا نێرینە نییە، بەڵام لە داتای کۆمەڵگایەکی سەرمایەداری پیاوسالاری تغذیه دەکات. ئەلگۆریتمەکان لەسەر کۆمەڵە داتایەک ڕادەهێنرێن کە زۆرجار ڕەنگدانەوەی بیرکردنەوەی کڵێشەیی و نایەکسانی ڕەگەزی بەهێز دەکات، وەک بەکارهێنانی زمانی پیاوسالار و تێگەیشتنی تەقلیدی بۆ ڕۆڵی جێندەر لە کار و کۆمەڵگادا.
    بۆ نموونە، توێژینەوەیەکی ساڵی 2019 لەلایەن زانکۆی کارنیگی مێلۆن دەریخستووە کە ڕیکلامەکانی کار لە فەیسبووک و گووگڵ زیاتر کاری تەکنیکی و ئەندازیاری مووچەی بەرزتر بۆ پیاوان نیشان دەدەن وەک لە ژنان.
    بەهەمان شێوە، لە ساڵی 2018، ڕۆیتەرز ئاشکرای کرد کە سیستەمی دامەزراندنی ئەمازۆن بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کاندیدی پیاو لە ئافرەت پەسەند دەکات لە هەڵسەنگاندنی داواکاری کار بۆ ڕۆڵە تەکنەلۆژیاکان. ئەلگۆریتمەکە لەسەر داتای مێژوویی دامەزراندن ڕاهێنرا کە ڕەنگدانەوەی لایەنگری پێکهاتەیی لەناو کۆمپانیاکەدا بوو، کە پیاوان لە مێژوودا زۆرینەی پۆستە تەکنیکییەکانیان هەبووە. لە ئەنجامدا، سیستەمەکە ژمارەی سیڤیەکانی دابەزاند کە وشەی “ژن” یان ئاماژەی بە چالاکی فێمینیستی کرد.
    لەگەڵ ئەوەشدا، سیستەمەکانی دەنگ وەک یاریدەدەری زیرەک بە دەنگی ئافرەت و ڕۆڵی خزمەتگوزاری پرۆگرام دەکرێن، کە کڵێشەی ژنان وەک “ملکەچ” یان “یارمەتیدەر” بەهێز دەکات نەک هاوبەشی یەکسان. بۆ نموونە، یاریدەدەرە مەجازییەکانی وەک Siri ی ئەپڵ، ئەلێکسای ئەمازۆن و یاریدەدەری گووگڵ بە شێوەی بنەڕەتی وەڵامی ڕەخنەکان دەدەنەوە و بە تۆنێکی بەڕێز و ملکەچ وەڵامی ڕەخنە دەدەنەوە.
    لە ئێستادا، هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ملیارەها دۆلار وەبەرهێنان دەکەن لە پەرەپێدانی پرۆژەکانی AI بە گوێرەی بەهای ئایینی پیاوسالاری کۆنەپارێز. بۆ نموونە، هەندێک یاریدەدەری دەنگی عەرەبی پەرەیان پێدراوە بە بەکارهێنانی دەنگی پیاو لە جیاتی دەنگی ئافرەت بۆ دوورکەوتنەوە لە کڵێشەی ژنان وەک ملکەچ.
    زۆرێک لە سیستەمە دیجیتاڵییەکان لەم وڵاتانەدا ئامادەبوونی ژنان لە ناوەرۆکی دیجیتاڵی سنووردار دەکەن یان ڕەنگدانەوەی بۆچوونە تەقلیدییەکان دەکەن کە ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگادا کەم دەکاتەوە. بۆ نموونە، هەندێک لە حکومەتە دیکتاتۆرەکان سیستەمی AI بەکاردەهێنن بۆ چاودێریکردنی هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتی و سەپاندنی پێوانەی ئەخلاقی ئیلهام وەرگرتن لە بەها ئایینییە پیاوسالارەکان، وەک سنووردارکردنی وێنەی ژنانی بێ سەرپۆش یان سنووردارکردنی دەرکەوتنیان لە ئەنجامەکانی گەڕان و ڕیکلامەکان. یەکێک لە توندترین نمونەی ئەم چەوساندنەوەیە پەرەسەندنی سیستەمی AI بۆ چاودێریکردنی جلوبەرگی ژنان، شیکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆکان بۆ دیاریکردنی ئەوەی ئایا لەگەڵ یاساکانی جلوبەرگی ئایینی سەپێنراو دەگونجێت یان نا. بۆ نموونە لە ئێران، سیستەمی دیجیتاڵی پەیڕەو کراوە بۆ چاودێری پابەندبوونی ژنان بە یاساکانی حیجاب.
    نوێنەرایەتی نەبوونی ژنان لە دیزاین و پەرەپێدانی AI و نەبوونی بەشداری کاریگەری فێمینیستی و پێشکەوتووخواز لە بوارەکەدا و سروشتی پیاوسالاری تیمەکانی گەشەپێدان کێشەکە خراپتر دەکەن. بەگوێرەی راپۆرتێکی پەیمانگای AI Now، ژنان تەنها ٪15 ی توێژەرانی AI لە فەیسبووک و تەنها ٪10 لە گووگڵ پێکدەهێنن، واتە زۆربەی تەکنەلۆژیاکانی AI لەلایەن تیمەکانی پیاوانەوە پەرەیان پێدراوە.
    تەکنەلۆژیا لەم چوارچێوەیەدا نەک تەنها ڕەنگدانەوەی لایەنگری جێندەر دەکات، بەڵکو بەرهەمیان دەهێنێت و گەورەیان دەکات، ڕێگرە لە بەرەوپێشچوون بەرەو یەکسانی و قوڵکردنەوەی جیاوازی ڕەگەزی لە جیاتی داخستنی ئەوان. ئەم سیستەمانە کڵێشە بەهێز دەکەن و جیاکاری دژی ژنان دەهێڵنەوە. ئەمە تەنها کێشەیەکی تەکنیکی نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی قەیرانێکی کۆمەڵایەتی قوڵترە کە شێوازەکانی نایەکسانی و جیاکاری لە بواری دیجیتاڵدا دووپات دەکاتەوە.

  3. ژیریی دەستکرد وەک ئامرازێک بۆ کۆنتڕۆڵی سیاسی و سەرکوتکردن و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ

چاودێری و کۆنتڕۆڵی دیجیتاڵی

کۆمپانیا دیجیتاڵییەکان بە هاوکاری زلهێزەکان چاودێری جموجۆڵی تاکەکان دەکەن لە ڕێگەی ئامێرە زیرەکەکان و کەناڵە جۆراوجۆرەکانی پەیوەندی. لەڕاستیدا هەموو چالاکییە دیجیتاڵییەکان، لەوانە کۆبوونەوە تایبەتەکان، بەدواداچوون و شیکردنەوەی بەردەوامیان هەیە. لە ڕاستیدا، هیچ بۆشاییەکی دیجیتاڵی بەتەواوی پارێزراو نییە. داتاکان بە شێوەیەکی سیستماتیک کۆدەکرێنەوە و بەکاردەهێنرێن بۆ هەڵسەنگاندن و پۆلێنکردنی تاک و گرووپەکان لەسەر بنەمای هەڵسوکەوت، مەیلی ڕۆشنبیری و ئاراستەی سیاسییان.
هەروەها چاودێری دیجیتاڵی بۆتە ئامرازێکی سەرەکی بۆ بەدواداچوونی ئایدۆلۆژی و سیاسی بەکارهێنەران، کە کۆمپانیا و حکومەتەکان دەتوانن لە ڕێگەی هەڵمەتی چەواشەکاری رێکخراو یان سزای دیجیتاڵی کە کاریگەرییان لەسەر ڕای گشتی سنووردار و کەم دەکاتەوە، شوێنیان بکەون و بکەنە ئامانج.
ئەم ستراتیژانە بەشێوەیەکی سیستماتیک و شاراوە لە دژی سەندیکاکانی کرێکاران و ڕێکخراوە چەپەکان و دامەزراوە سەربەخۆکانی مافەکانی مرۆڤ و میدیا جێبەجێ دەکرێن.
ئەم گروپانە ڕووبەڕووی کۆتوبەندی زیاتر دەبنەوە کە بڵاوبوونەوەی بیرۆکەکانیان لە بواری دیجیتاڵی گشتی سنووردار دەکات لە ڕێگەی شێوازێکی ورد و قورس بۆ دۆزینەوە.
ئەلگۆریتمەکان بە وردی بەکاردەهێنرێن بۆ سنووردارکردنی گەیشتن بە ناوەڕۆکی سیاسی چەپ و پێشکەوتووخواز، نەک بە سڕینەوەی بەتەواوی بەڵکو بە کەمکردنەوەی دەرکەوتنی. ئەمە سەرکوتی دیجیتاڵی ئاڵۆزتر و مەترسیدارتر و نادیارتر دەکات.
ئەلگۆریتمەکان بە وردی بەکاردەهێنرێن بۆ سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە پۆستە سیاسییە چەپ و پێشکەوتنخوازەکان بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆ بیانسڕنەوە، ئەمەش سەرکوتکردنی دیجیتاڵی ئاڵۆزتر و مەترسیدارتر و نەبینراوتر دەکات. پێدەچێت بەشداریکردنی کەم لەگەڵ ناوەڕۆکی پێشکەوتوودا وەڵامێکی سروشتی بینەر بێت، لە کاتێکدا لە ڕاستیدا دەرئەنجامی ئەلگۆریتمەکانی پێشوەختە ڕێکخراوە کە بۆ کەمکردنەوەی دەستڕاگەیشتنەکەی داڕێژراون. ئه مه ش له نێو چالاکواناندا تێڕوانینێکی درۆ دروست ده کات که بیرۆکه کانیان ناپه ڵه نگ و سه ڕنجڕاکێش نین و وایان لێده کات بگه نه ئه و ئه نجامه ی که پێویستیان به پێداچوونەوە هه يه!!.

شکستی دیجیتاڵی

شکستی دیجیتاڵی ئامرازێکی نوێ و ئاڵۆزە بۆ زاڵبوونی چینایەتی. ئەلگۆریتمەکان و AI بە شێوەیەکی میتۆدی، هەست پێنەکراو و وردە وردە بە تێپەڕبوونی کات بەکاردەهێنرێن بۆ بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکێک کە هەستی بێ یارمەتی و خۆبەدەستەوەدان بەهێز دەکات، بەتایبەتی لە نێو بەکارهێنەرانی چەپ و پێشکەوتوو.
ئەم میکانیزمە شکستە هەستپێکراوەکانی ئەزموونی سۆسیالیستی و ڕێکخراوە چەپەکان گەورەتر دەکات، سەرمایەداری وەک سیستەمێکی هەمیشەیی و نەبەزێنراو وێنا دەکات و ئەو بیرۆکەیەی کە گۆڕان مەحاڵە بەهێز دەکات. هەروەها تاکگەرایی و چارەسەرەکانی بازاڕ وەک بەکارهێنان و گەشەپێدانی خودی بەرز دەکاتەوە، تاکەکان لە هەر شێوەیەک لە چالاکی سیاسی کۆمەڵی ڕێکخراو جیا دەکاتەوە.
سەرەڕای ئەوەش، گفتوگۆکانی ناو ڕێکخراوە چەپەکان بەرەو ململانێی ناوخۆیی پەراوێز دەچن، کە هەوڵەکان پارچە پارچە دەکات و توانای بەرگریکردنیان لاواز دەکات. کۆمپانیا گەورەکان پشت بە شیکردنەوەی ڕەفتاری دەبەستن بۆ ئامانجکردنی تاک و گروپەکان بە ناوەڕۆکێک کە نائومێدی گەشە پێدەدات و قەناعەتیان پێ دەهێنێت کە گۆڕانی سۆسیالیستی مەحاڵە یان بێهودە.
ئەم سیاسەتانە ڕێکەوت نین، بەڵکو میتۆدی زانستی بە ئەنقەست و بۆ سەرکوتکردن یان لاوازکردنی ڕۆحی گۆڕان و دڵنیابوون لەوەی کە سیستەمی سەرمایەداری بێ بەرەنگاری و ساغی دەمێنێتەوە

دەستگیرکردن و کوشتنی دیجیتاڵی

دەستگیرکردنی دیجیتاڵی قۆناغێکی مەترسیدارترە لە چاودێری و کۆنتڕۆڵکردن. ئەمە لە سنووردارکردنی بینراوی ناوەڕۆک تێدەپەڕێت و هەڵپەساردنی هەڕەمەکی هەژماری تاک و گرووپ دەگرێتەوە، بەشێوەیەکی کاتی یان هەمیشەیی، کە دەتوانرێت بە جۆرێک لە کوشتنی دیجیتاڵی دابنرێت. ئەمە بەبێ شەفافیەت، ستانداردی ڕوون یان یاسای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ئەنجام دەدرێت کە مافەکانی بەکارهێنەران بپارێزێت. پاساوەکانی وەک “پێشێلکردنی ستانداردەکانی کۆمەڵگە” یان “هاندانی توندوتیژی” زۆرجار بۆ بێدەنگکردنی دەنگەکان بەکاردەهێنرێن، تەنانەت کاتێک ناوەڕۆکەکە تاوانی سەرمایەداری لەلایەن دەوڵەت و کۆمپانیاکانەوە یان پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ تۆمار دەکرێت.
نمونەی بەرچاو سەرکوتکردنی دیجیتاڵییە کە ناوەڕۆکی فەلەستینیەکان دەکاتە ئامانج کە تاوانەکانی ئیسرائیل دژ بە خەڵکی مەدەنی تۆمار دەکات. لە کاتی هێرشەکەی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، پلاتفۆرمەکانی وەک فەیسبووک و ئینستاگرام و تویتەر و چەند پلاتفۆرمێکی تر بە بیانووی “پێشێلکردنی ڕێنماییەکانی کۆمەڵگە” یان “هاندانی تیرۆر” سەدان هەژمار و پۆستیان سڕیەوە یان قەدەغە کرد. هەروەها دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەربەخۆ کراونەتە ئامانج بە سنوردارکردنی هەژمارەکانیان یان سڕینەوەی هەژمارەکانیان بە تەواوی لە هەوڵێکی ئاشکرادا بۆ بێدەنگکردنی ئەو دەنگانەی پێشێلکارییەکانی دژی هاووڵاتیانی فەلەستینی ئاشکرا دەکەن.

خۆسانسۆری خۆبەخشانە

سەرکوتکردنی دیجیتاڵی و سەرکوتکردنی ناوەرۆک لەگەڵ دیاردەی “خۆسانسۆری خۆبەخشانە” کە تیایدا تاکەکان و تەنانەت گروپەکانیش دەست دەکەن بە سانسۆرکردنی خۆیان، گوتاری سیاسییان ڕێک دەخەن یان کەمتر دەکەنەوە، دەچنە سەر بابەتی تیۆری گشتی، و خۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرمایەداری یان ڕژێمە دیکتاتۆرەکان بەدوور دەگرن.
ئەمە لە ترسی ئەوەی پۆستەکانیان سنووردار بکرێن یان ڕووبەڕووی دەستگیرکردنی دیجیتاڵی یان کوشتن ببنەوە لە ڕێگەی هەڵپەساردنی ئەکاونتی AI لەسەر پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان.
ئەم ترسە ئازادی ڕادەربڕین لاواز دەکات و دەبێتە فاکتەرێکی بەهێز بۆ دووبارە ڕێکخستنەوە و چاودێریکردنی گفتووگۆی گشتی تەنانەت پێش ئەوەی هەر سنووردارکردنێکی ڕاستەقینە بسەپێنرێت. زاڵبوونی ئایدۆلۆژیای سەرمایەداری بەهێز دەکات، بۆشایی بەرگری دیجیتاڵی کەم دەکاتەوە، و ئینتەرنێت دەگۆڕێت بۆ بۆشاییەکی خۆڕێکخستن کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتداراندا ڕێک بخرێت.
بۆ نموونە، لە کاتی خۆپیشاندانەکانی جەماوەری لە وڵاتانی جۆراوجۆر دژ بە سیاسەتی سەرمایەداری و ڕژێمە دیکتاتۆرەکان، و بە شێوەیەکی گشتی بە پلەی جیاواز، زۆرێک لە بەکارهێنەران تێبینی ئەوەیان کرد کە پۆستەکانیان دەستەواژەی “مانگرتنی گشتی”، “نافەرمانی مەدەنی”، “شۆڕش” یان بەڵگەنامەی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ زۆر کەمتر لە جاران بەدەست دەهێنن. لە هەمان کاتدا، بابەتە شیکارییە گشتییەکان دەربارەی ئابووری و سیاسەت کاریگەری بەهەمان شێوە نەبوون.
لە ئەنجامدا، زۆرێک لە چالاکوانان خۆیان بەدوور گرت لەو دەستەواژەیانەی کە لەلایەن پلاتفۆرمەکانەوە بە “ئاژاوەگێڕ” پۆلێن دەکرێن، ئەمەش بووە هۆی نەرمبوونەوەی گوتاری گشتی و کەمکردنەوەی لێواری شۆڕشگێڕی و لاوازکردنی ڕۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک ئامرازێک بۆ بزووتنەوەی سیاسی و ڕێکخستنی جەماوەری.

  1. داڕمانی دیموکراسی لە ڕێگەی ژیریی دەستکردەوە
    پاش بەدەستهێنانی کۆنتڕۆڵی عەقڵ و هۆشیاری مرۆڤ لە ڕێگەی دیجیتاڵیزەکردندا، ژیریی دەستکرد لە ئامرازێکی سەرمایەداری بۆ زیادکردنی قازانج پەرەی سەندووە بۆ ئامرازێکی سەرەکی بۆ لاوازکردن و تەنانەت لاوازکردنی ئەوەی لە دیموکراسی بۆرژوازی ماوە، لەبری پشتگیری کردن یان بەرەوپێشبردنی.
    ئەمە ڕاستە سەرەڕای ئەوەی کە سیستەمە دیموکراسییەکان لە زۆربەی وڵاتاندا سنووردارن، کە دیموکراسی بە پارەی سیاسی – المال السياسي – ، یاسای هەڵبژاردنی لایەنگری خزمەت بە بەرژەوەندییە تایبەتەکان و چەند هۆکارێکی تر دەکات.
    لەجیاتی هاندانی بەشداری گشتی لە ژیانی سیاسیدا، دیجیتاڵیزەکردن و AI بەکاردەهێنرێن بۆ دووبارە شێوەدان و دەستکاریکردنی ڕای گشتی لە بەرژەوەندی چینی فەرمانڕەوا، کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکان، تەسککردنەوەی بۆشایی گفتوگۆی ئازاد، و ئاراستەکردنی گوتاری سیاسی و میدیایی بۆ خزمەتکردنی دەسەڵاتدارانی سەرمایەداری.
    کۆنتڕۆڵی چینایەتی بەسەر AI مانای ئەوەیە کە ئەم تەکنەلۆژیایە، کە لە سەرەتادا بۆ پشتگیری شەفافییەت و دیموکراسی دادەنرێت، لە ڕاستیدا بۆ بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی چیرۆکێک بەکاردەهێنرێت کە سیستەمی سەرمایەداری ئێستا دەپارێزێت.
    شیکردنەوەی داتای گەورە و ئەلگۆریتمی زیرەک بەکاردەهێنرێن بۆ ئاراستەکردنی زانیاری سیاسی بە شێوەیەک کە سوود بە دامەزراوە سەرمایەدارەکان، پارتە ڕاستڕەوەکان و نیۆفاشیستەکان و ڕژێمە دیکتاتۆرەکان بگەیەنێت. ئەمە توانای خەڵک بۆ بڕیاردانی سیاسی لەسەر بنەمای هۆشیاری ڕەخنەیی ڕاستەقینە لاواز دەکات.
    لە ژێر سايه سەرمایەداریدا، AI بۆ بەهێزکردنی خەڵک یان بەهێزکردنی بڕیاردانی هۆشیار و شەفاف بەکار ناهێنرێت. بەڵکو وەک ئامرازێک بۆ شێواندنی ڕاستی، بەرهەمهێنانەوەی پڕوپاگەندە و بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست کە بناغەی دیموکراسی دادەخورێنێت، لەسەر بنەمای شەفافیەت، دەستگەیشتن بە زانیاری، و فرەیی فکری و سیاسی. ناوەڕۆکی ئامانجدار لەسەر بنەمای شیکردنەوەی ڕەفتاری پێشکەش دەکرێت و ڕای گشتی دەستکرد بەرهەم دەهێنێت کە هەژموونی چینایەتی بەهێز دەکات و جەمسەرگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی قووڵتر دەکات.
    ئەمە تەنها دەنگدەران چەواشە ناکات، بەڵکو گفتوگۆی سیاسی خۆی دەگۆڕێت، ناوەڕۆکی لێ دادەماڵێت و پڕی دەکات لە پڕوپاگەندەی پشتگیری سەرمایەداری و بیرۆکە ڕاستڕەوەکانی.
    کاریگەری AI لە دەستکاریکردنی زانیاری تێدەپەڕێت، دەبێتە میکانیزمێکی سەرەکی لە بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵاتی سیاسی لە ژێر سایەی سەرمایەداریدا. لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی هەڵمەتی ئەلگۆریتم، دیزاین کردنی گوتاری سیاسی بۆ گونجاندن لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی سەرمایە، و کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنی دەنگدەران لە ڕێگەی ئامانجی بچووک، دەنگی ئۆپۆزسیۆن بێلایەن دەبن و بەدیلی دیموکراتی چەپ و پێشکەوتووخواز لاواز دەبن.
    نمونەی ئەم دواییانە، دەستێوەردانی ملیاردێری ڕاستڕەوی ئێلۆن مەسک لە هەڵبژاردنەکانی 2025 ی ئەڵمانیایە لە ڕێگەی پلاتفۆرمی “X” (پێشتر تویتەر)، کە تیایدا ڕاستەوخۆ پشتگیری پارتی راستڕەوی توندڕەوی “ئەلتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا” کرد. ئەمەش بە بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی دروستکراوی AI ئەنجامدرا کە ڕای گشتی دەگۆڕێت و جەمسەرگیری سیاسی لە بەرژەوەندی هێزەکانی ڕاستڕەو و نیۆنازییەکان بەرهەم دەهێنێتەوە.
    لەم دۆخەدا، هەڵبژاردن چیتر ڕەنگدانەوەی خواستی خەڵک نییە، تەنانەت ڕێژەی. لە جیاتی ئەوە، دەبنە گۆڕەپانی ململانێ لە نێوان هێزە گەورەکان، هێزە قۆرخکارەکان و نوخبەی دارایی، کە ئینتەرنێت و AI وەک ئامرازێک بۆ زاڵبوونی سیاسی و ئایدۆلۆژی بەکاردەهێنن. ئەمە میکانیزمی دیموکراسی و پلۆرالیزمی سیاسی گەندەڵ دەکات، یان دەنگە پێشکەوتووخوازەکان لاواز دەکات یان خەڵک بەرەو بەدیلی هەڵە پاڵ دەنێت کە لە کۆتاییدا هەمان سیستەمی سەرمایەداری بەرهەم دەهێنێتەوە، لەگەڵ گۆڕانکاری ڕووکەش.
  2. کاریگەری ژینگەیی ژیریی دەستکرد لە ژێر سايه سەرمایەداری

    گۆڕانی کەش و هەوا و وێرانکردنی ژینگە لە دیارترین دەرئەنجامەکانی سەرمایەدارین. ئەمڕۆ، ژیریی دەستکرد بووە بە ئامرازێکی تر بۆ وشککردنی سەرچاوەکانی هەسارەکە و خێراکردنی تێکچوونی ژینگە. هەرچەندە ئەم تەکنەلۆژیایە وەک هێمای پێشکەوتن دەفرۆشرێت، بەڵام بە شێوەیەک بەڕێوە دەبرێت کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی سەرمایەداری بکات، بەبێ پابەندبوونی ڕاستەقینە بە پاراستنی ژینگە یان دادپەروەری کەشوهەوا.
    بۆ نموونە، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سەنتەری داتای گووگڵ لە ئایۆوا ساڵانە نزیکەی 3.3 ملیار لیتر ئاو بەکاردەهێنێت بۆ ساردکردنەوەی سێرڤەرەکانی.
    سیستەمەکانی AI پشت بە سەنتەری داتای گەورە دەبەستن کە لە نێو گەورەترین بەکارهێنەرانی وزە لە جیهاندا دادەنرێن. ئەم سەنتەرانە بە دەوری کاتژمێر کار دەکەن بۆ چارەسەرکردنی داتای زۆر گەورە و ئەلگۆریتمی مەشق پێکردن، بڕێکی زۆر کارەبا بەکاردەهێنن کە هێشتا زۆربەیان لە سووتەمەنی ژێر زەوی سەرچاوە دەگرن.
    بەگوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، سەنتەرەکانی داتای جیهانی لە ساڵی 2022 دا نزیکەی 240-340 تێراوات کاتژمێر کارەبایان بەکارهێناوە، کە دەکاتە 1-1.3٪ ی کۆی خواستی کارەبای جیهانی، یان بەکارهێنانی وزەی ساڵانەی وڵاتێکی وەک ئەرجەنتین. هەرچەندە هەندێک لە گەورەکانی تەکنەلۆژیا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە وەبەرهێنان لە وزەی نوێدا دەکەن، بەڵام فراوانبوونی سیستەمەکانی AI دەبێتە هۆی دەردانی کاربۆن بە ئاستێکی زۆر زیاتر.
    بەرهەمهێنانی هاردوێری AI هەروەها بەستراوەتەوە بە بەکارهێنانی سەرمایەداری لە سەرچاوە سروشتییەکان. چیپس و پرۆسێسەرە پێشکەوتووەکان پێویستیان بە دەرهێنانی بڕێکی زۆر لە کانزای دەگمەن هەیە کە زۆربەیان لە باشووری جیهانەوە دێن لە هەلومەرجێکی سەخت و نامرۆڤانەدا.
    بۆ نموونە لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ دەیان هەزار کرێکار بە منداڵیشەوە کۆبالت بۆ پاتری لیتیۆم بەبێ ئامێری سەلامەتی دەردەهێنن و کەوتوونەتە بەر کانزای قورسی ژەهراوی کە دەبێتە هۆی نەخۆشی سەخت و درێژخایەن. بەهەمان شێوە، دەرهێنانی لیتیۆم لە چیلی ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە ناوچە وشکەکان بە رێژەی ٪65 دابەزاندووە و بووە هۆی وشکبوونی زەوییە کشتوکاڵییەکان و دوورخستنەوەی کۆمەڵگە لە بژێوی نەریتی خۆیان.
    ئەم کردارانە نەک تەنها سیستەمی ژینگەیی ناوخۆیی وێران دەکەن، بەڵکو خەڵکە ڕەسەنەکانیش ئاوارە دەکەن، ئاو و خۆراک پیس دەکەن، و کۆمەڵگە هەژارەکان تووشی ماددەی کیمیایی ژەهراوی و نەخۆشی دەکەن.
    وەک بەشێک لە سووڕی بەرهەمهێنان و بەکاربردنی سەرمایەداری، ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بەردەوام بەرز دەکرێنەوە و بڕێکی زۆر پاشماوە ئەلیکترۆنییەکان بەرهەم دەهێنن. زۆربەی ئەم پاشەڕۆیانە بە سەلامەتی بەکارناهێنرێن بەڵکو هەناردە دەکرێن بۆ وڵاتانی گەشەسەندوو و لەوێ کەڵەکە دەبن و کارەساتی ژینگەیی دروست دەکەن. بۆ نموونە، غانا بووە بە یەکێک لە گەورەترین شوێنەکانی زبڵدانی پاشماوە ئەلیکترۆنییەکان لە جیهاندا، کە بڕێکی زۆر لە ئەلیکترۆنی فڕێدراو دەسووتێنرێت بۆ دەرهێنانی کانزای بەنرخ، گازی ژەهراوی دەردەدات کە هەوا، ئاو و خاک پیس دەکات و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی شێرپەنجە و کێشەی تەندروستی لە نێو کرێکاران و دانیشتووانی ناوچەکەدا.
    فراوانکردنی ژێرخانی AI پێویستی بە دروستکردنی سەنتەری داتا و تاوەری پەیوەندی، خێراکردنی لەناوبردنی دارستانەکان، لەناوبردنی سیستەمی ژینگەپارێزی و لەدەستدانی جۆراوجۆری هەیە. هەزاران دۆنم دارستان لە چەند وڵاتێکی باشووری جیهان پاککراونەتەوە بۆ دروستکردنی دامەزراوەکانی تەکنەلۆژیا.
    لە کاتێکدا AI وەک ئامرازێک بۆ بنیاتنانی ژینگەی کەشوهەوای پیشەسازی بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنان لە کشتوکاڵ و پیشەسازیدا بەرز دەکرێتەوە، گۆڕینی زۆرەملێ سیستەمی سروشتی بە بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایە لەوانەیە مەترسی ژینگەیی کارەساتبار دروست بکات. دەستکاریکردنی دەستکردی کەش و هەوا و زەویناسی، بەبێ ڕێزگرتن لە هاوسەنگی سروشتی لەوانەیە ببێتە هۆی کارەساتی پێشبینی نەکراو، لەوانە بوومەلەرزە و داڕمانی زەوی.
    سەرمایەداری مۆدێرن، کە بە درو بانگەشەی گرنگی دان بە ژینگە دەکات، هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ شێوەکانی پێشووی چەوساندنەوە. زۆربەی فراوانبوونی تەکنەلۆژیا، بەتایبەتی لە AI، لەسەر حسابی سروشت دێت و سیستەمی ژینگەیی بە شێوازی جۆراوجۆر وێران دەکات بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتە بەهێزەکان و کۆمپانیا قۆرخکارەکان.

  3. بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە جەنگدا و پەرەپێدانی چەکی کوشندە

    تەکنەلۆژیای AI مۆدێرن ئەوە دەردەخات کە چۆن ئەم بوارە بەرەو بەهێزکردنی سەروەری سەربازی دەڕوات نەک پەرەپێدانی ئاشتی و گەشەسەندن. ئەمڕۆ، AI بەشێکی سەرەکی پێشبڕکێی چەک و تەکنەلۆژیای زیرەک بەکاردێت کە توانای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەبێ دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی مرۆڤ هەیە.
    ئەم گۆڕانە مەترسی ڕوودانی ململانێی وێرانکەر و نامرۆڤانە زیاد دەکات و پێویستی بە بڕیاری مرۆڤ لە بەکارهێنانی هێزی کوشندە کەم دەکاتەوە و شەڕەکان خێراتر و ئاڵۆزتر و کەمتر پێشبینی دەکرێت.
    هەرچەندە بڕیاردانی مرۆڤ لە سیناریۆی شەڕدا کەمتر دەبێت، ئەگەری زیادبوونی ململانێ و پێشێلکردنی یاسای مرۆڤایەتی نێودەوڵەتی و قوربانیانی زیاتری خەڵکی مەدەنی زیاد دەکات. کوشتن و وێرانکردن دەبنە بڕیاری ئەلگوریتمی کە بەبێ پێداچوونەوەیەکی مرۆڤانە، ئەخلاقی یان سیاسی، بەبێ لێپرسینەوە جێبەجێ دەکرێن.
    ئەمەریکا، چین، رووسیا و ئەوانی تر فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بەرهەمهێناوە کە توانای بڕیاردانی شەڕی سەربەخۆیان هەیە. ئەم سیستەمانە دەتوانرێت پرۆگرام بکرێن بۆ لێدانی ئامانجەکان لەسەر بنەمای شیکردنەوەی داتا، نیگەرانی جدی دروست دەکات سەبارەت بە هەڵەی کارەساتبار بەهۆی لایەنگری ئەلگۆریتمی یان هەڵەی پرۆگرامکردن. زۆرێک لە کۆمپانیاکانی چەک ئێستا وەبەرهێنان لە سیستەمە سەربازییەکانی AI دەکەن کە بە “چەکی داهاتوو” دەفرۆشرێن.
    ئەم تەکنەلۆژیایانە تەنها بە مەیدانی جەنگی ئاسایی سنووردار نابن، بەڵکو بۆ شەڕی ئەلیکترۆنی درێژ دەبنەوە، کە تێیدا AI بەکاردێت بۆ هێرشکردنە سەر ژێرخانی نیشتمانی گرنگ وەک سیستەمە داراییەکان، تۆڕی وزە و سەرچاوەکانی ئاو و خزمەتگوزارییە بنچینەییەکان. ئەمە وێرانکاری گەورەتر دەکات، قەیرانی جیهانی قوڵتر دەکاتەوە و ئازاری هاووڵاتیانی مەدەنی خراپتر دەکات. هەندێک وڵات و ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان پێشتر AI بەکاردەهێنن لە هێرشی ئەلیکترۆنیدا، وەک لە بێکارەبایی بەربڵاودا دەبینرێت کە بەهۆی هێرشەکانی AI بۆ سەر تۆڕەکانی کارەبا و ئاو دروست بووە.
    یەکێک لە ترسناکترین نمونەی جەنگی AI هێرشی ئیسرائیلە بۆ سەر غەززە. سوپای ئیسرائیل سیستەمی زیرەکی پێشکەوتووی بەکارهێناوە بۆ دیاریکردنی ئامانجەکان و هێرشی ئاسمانی بۆ سەر فەلەستینیەکان. ڕاپۆرتە لێکۆڵینەوەییەکان ئاشکرای دەکەن کە سیستەمێک بەکارهاتووە بەناوی “لاڤێندەر”، ئامرازێکی پێشکەوتووی AI کە داتای هەواڵگری بە خێرایی شیدەکاتەوە و ئەولەویەتی بۆمبارانکردنی ئامانجەکان لە ڕێگەی ئەلگۆریتمەوە دەدات، بەبێ ڕەچاوکردنی ڕەچاوکردنی مرۆیی.
    لە ماوەی ئەم هێرشە دڕندانەدا، بۆمبارانکردنی باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون و ژێرخانی مەدەنی دەیان هەزار فەلەستینی کوژران کە زۆربەیان ژن و منداڵن، بە بیانووی لێدانی “ئامانجی سەربازی”. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەم هێرشانە بەشێکن لە سیاسەتی سیستماتیکی لەناوبردنی بەکۆمەڵ و پاکتاوی نەژادی لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو.

ڕزگار ئاکرێی
Rezgar Akrawi
ڕزگار ئاکرێی چەپێکی سەربەخۆیە، بایەخ بە چەپ و شۆڕشی تەکنەلۆژیا دەدات، و وەک شارەزا لە پەرەپێدانی سیستەم و حوکمڕانی ئەلیکترۆنی کار دەکات.
———————————–

  • بەشێک لە کتێبە بڵاوکراوەکەم ” ژیریی دەستکردی سەرمایەداری، بەرەنگاری چەپ و بەدیلی گونجاو ، تەکنەلۆژیا لە خزمەتی سەرمایە یان ئامرازێک بۆ ئازادی؟”، کە پێشتر بۆ چەند زمانێک وەرگێڕدراوە.

    بەستەری بەخۆڕایی بۆ پەرتووکەکە:
    كوردي:
    https://rezgar.com/books/i.asp?bid=5
    https://leanpub.com/ai-socialism
    زمانەکانی تر:
    https://leanpub.com/u/rezgarakrawi
    https://www.amazon.com/stores/Rezgar-Akrawi/author/B0DY1BMMXW

سەرچاوەکان

• مانیفێستی کۆمۆنیستی : کارل مارکس و فریدریش ئەنگلس
• چاکسازی کۆمەڵایەتی یان شۆڕش: ڕۆزا لوکسەمبورگ
• کرێی کار و سەرمایە: کارل مارکس
• بنەماکانی کۆمۆنیزم: فریدریش ئەنگلس
• ڕەزامەندی پیشەسازی: نوام چۆمسکی
• جۆرج لوکاچ – چاکسازی و هۆشیاری چینایەتی
• بنەما سەرەکییەکانی ڕۆشنبیری و ڕێکخراوەیی چەپی ئەلیکترۆنی / بەرەو چەپێکی زانستی دێموکراسی هاوچەرخ : ڕەزکار ئاکرێی
https://www.ahewar.org/debat/s.asp?aid=730446
• سەرمایەداری دیجیتاڵی لە ڕوانگەیەکی مارکسیستییەوە : ئیبراهیم یونس
https://al-akhbar.com/Capital/364495?utm_source=tw&utm_medium=social&utm_campaign=papr
• ژیریی دەستکرد: ئایا هەڕەشەیە بۆ مرۆڤایەتی یان سەرمایەداری؟
https://marxy.com/?p=8218
• عەلی عەبدولوەحید محەمەد: خاوەن پشکەکانی سەرمایەداری
https://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=845862
• یونس ئەلغەفاری: تۆڕەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی و بەهای
زیادکراو https://revsoc.me/technology/46891/
• ئوسامە عەبدولکەریم – کارل مارکس و ژیریی دەستکرد
https://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=818312
• “مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد لەسەر ئاسایش و داهاتووی کار” – RAND Corporation
https://www.rand.org/content/dam/rand/pubs/perspectives/PE200/PE237/RAND_PE237z1.arabic.pdf
• “ژیریی دەستکرد و کاربەرنامە هاوچەرخەکان” – Journal of Information and Communication Technology
https://aijtid.journals.ekb.eg/article_294487.html
• “ژیریی دەستکرد و داهاتووی مرۆڤایەتی” – گۆڤاری ئەلرەفید
https://arrafid.ae/Article-Preview?I=4spRz9xZ9J8%3D&m=5U3QQE93T%2F0%3D
• “مرۆڤ ناوەند AI: هێزی دانانی خەڵک لە پێشەوە” – McKinsey
https://www.mckinsey.com/featured-insights/highlights-in-arabic/human-centered-ai-the-power-of-putting-people-first-arabic/ar
• “ڕۆڵی تەکنەلۆژیای AI لە بەرزکردنەوەی تواناکانی بیرکردنەوەی داهێنەرانە لە قوتابیان” – Journal of Financial and Commercial Research
https://afbj.journals.ekb.eg/article_343618_0d53c017d2ecd406844e999d3baeb20a.pdf
• “ژیریی دەستکرد: خزمەتکردنی مرۆڤایەتی یان تێپەڕاندن؟” – Stratigics Center for Studies
https://strategiecs.com/ar/analyses/artificial-intelligence-serving-humans-or-surpassing-them
• سەردەمی ڕۆبۆتەکان: ئایا کار نامێنێت؟
https://www.aljazeera.net/midan/reality/economy/2017/6/28/%D8%B9%D8%B5%D8%B1-%D8%A7%D9%84%D8%B1%D9%88%D8%A8%D9%88%D8%AA%D8%A7%D8%AA-%D9%87%D9%84-%D8%B3%D8%AA%D8%AE%D8%AA%D9%81%D9%8A-%D9%81%D8%B1%D8%B5-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D9%85%D9%84
• داهاتووی کار: چۆن AI و ئۆتۆماتیک ڕۆڵی کار دەگۆڕن تا ساڵی 2025؟https://london-data-consulting.com/ar/The Future of Work-How-Change-Intelligence-Intelligence
• لەگەڵ بەروار و پێشبینیەکان: چۆن ئامێرەکان Jobshttps://www.alaraby.co.uk/ وەردەگرن بە بەروار و پێشبینیەکان بۆیە ئامێرەکانی ڕفاندن و کردارەکانی مرۆڤ
• ئایا ژیریی دەستکرد بووە بە ئامێری کوشتن؟https://www.aljazeera.net/tech/2024/7/21/ئایا دەبێتە ئامێرێکی ژیریی دەستکرد بۆ کوشتن
• شەڕی غەززە: ئیسرائیل چۆن AI بەکارهێنا بۆ دیاریکردنی ئامانجەکان؟
https://asharq.com/politics/111686/
• تەکنەلۆژیای کوێر: ئیسرائیل چۆن AI لە شەڕەکانی غەززە و لوبنان بەکارهێنا؟
• گاردیان : مایکرۆسۆفت پشتیوانی خۆی بۆ سوپای ئیسرائیل زیاد کرد لە کاتی هێرشەکەی سەر غەززە
https://futureuae.com/ar/Mainpage/Item/9708
• هاوبەشەکان لە جینۆساید: چۆن کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیای ڕۆژئاوا پشتگیری سوپای ئیسرائیلیان کرد لە غەززە؟
https://www.aljazeera.net/news/2025/1/23




نەیزکەکەی ١٨٨٨ی سلێمانی لەئەرشیفی عوسمانییەکاندا.. نووسینی: یوسف عزەدین

( بەسەرهاتی ئەو ئاگربارانەی لە جێشانەوە تا گوڵعەمبەر بەئاسماندا کشا)

هەرچەند شیعر، لەسەردەمی نالی-یەوە تا سەرەتاکانی سەدەی بیست-یش، تاڕادەیەکی بەرچاو، بەشێک لەڕووداو و بەسەرهات و ناوی کەسایەتییە مێژووییەکانی لەدووتوێی خۆیدا جێ کردۆتەوە. هەر بۆیە، لەکاتی نەبوونی سەرچاوەی دیکەدا؛ بەناچاری توێژەران؛ وەک چاووگ بۆی گەڕاونەتەوە.
بەڵام؛ ئەی بۆ دەبێت، ڕووداوێکی فەلەکی زۆر گرنگ و ناوازە، لەناوچەیەکی پڕ جموجۆڵی وەک سلێمانی- دا ڕووبدات، کەچی نەچێتە نێو شیعر و موناجاتی ئیلاهی و نامەو نووسراوێکی کوردییەوە، یان چۆن دەبێت، لەپەراوێزی دەستنووسێکدا؛ مەلا و کەسانێکی ئایینی، یان خوێنەوارانی ئەو سەردەمەو ئەوانەی دواتریش، تۆماریان نەکردبێت!؟
یان دەشێت هەبووبێت و دواتر فەوتا بێت؟ یان لەشوێنێکدا ئاماژەی پێدرابێت و ڕاگوزەرانە خوێنرابێتەوەو نەزانرابێت مەبەست لەچییە!
ئەی تۆ بڵێیت، کاتێک ئینگلیزەکان کتێبخانەی مزگەوتی گەورەی سلێمانی-یان سووتاند؛ ئاماژە بەڵگەیەکی تایبەت بەو ڕووداوە فەلەکییە، لەنێو دەستنووسەکاندا نەبووبێت!؟ هەموو ئەمانەو زۆری دیکەش پرسیارن و گەڕان بۆ وەڵامەکانی؛ کاری هەموو ئەوانەیە، بەمەراقەوە بەدووی بەڵگەمێژوویی و دەستنووسە ئەرشیفییەکاندا دەگەڕێن!
دۆزینەوەی ئەم ڕووداوە فەلەکەییە لەڕێی هەوڵەکانی سێ کەسی ئەکادیمییەوە؛ یەکەمیان زانای (هۆڵەندی-ئەمریکی) پرۆفیسۆر؛ پیتەر جینیسکینز ، دووانەکەی تریش، پرۆفیسۆر؛ ئۆزان ئۆنساڵان و ئاڵتای بایاتڵی، دۆزرایەوە. لەڕاستیدا ئەوان، بەشێوەیەکی گشتی، بۆ ئەرشیفی دیاردە سروشتییە فەلەکییەکانی سەردەمی عوسمانییەکان دەگەڕان، بەڵام بەڕێکەوت و بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، ئاسمان و خاکی بەشێکی نێو شاری سلێمانی و دەورووبەری بووە مەیدانی هەڵسووڕان و جموجۆڵێکی فەلەکی ناوازە.
سەرچاوەی سەرەکی بابەتەکەشمان، وتارە سەرەکیەکەی ئەوانەو لەکۆتایی وتارەکەشدا لینکەکەیمان داناوە. بەپێی ئەو سەرچاوەیە؛ سێ دەستنووس لەبەردەستدایە، بەپێی زنجیرەی دەسەڵاتەکان لەبنەوەڕا بۆ سەرەوە، بەرزکراوەتەوە. ناوەڕۆکی هەواڵەکەو زانیارییەکان هەر یەکن و لەخودی وتارە سەرەکییەکەی هەر سێ کەسایەتییە ئەکادیمییەکەدا، وەرگێڕان؛ لەشێوەزار و شێوەنووسینی عوسمانییەوە، بۆ سەر شێوەزار و شێوەنووسینی تورکی لاتینی، هەروەها ئینگلیزی کراوەو هەرچەند زۆر دڵسۆزانە، وەرگێڕ یان وەرگێڕەکانی ئەو چەند دەستنووسە فەرمییە گرنگە، مەبەستیان بووە، تەواوی زانیاری و ناوەکان؛ بەڕاست و دروستی بخەنەڕوو، بەڵام هەوڵەکەشیان بێ کەموکوڕی نەبووە؟! ئەمەش ئاساییە، تا ئەو شوێنەی ناتوانیت، ناوی شوێنێک وەک خۆی بنووسیتەوەو لێت دەبێتە ناوێکی تری نەبوو و نەزانراو؟!. ئاشکرایە لەگەیاندنی ناوی شوێنەکان، لەدیاردەیەکی فەلەکی گرنگی لەو چەشنەدا، بەهەڵە ناوبردنی شوێنێک، یان نەدۆزینەوەی شوێنێک، بەناچاری بەرەو شوێنێکی ترمان دەبات، جیاواز لەوەی خودی دەستنووسەکان مەبەستیان بووە؛ وەک مێژوو بۆ ئێمەی بگوێزنەوە.
هەر بۆیە، نەدۆزینەوەی ناوی یەکێک لەڕاگوزەر-شوێن-ە گرنگەکانی ڕووداوە فەلەکییەکەی سلێمانی و دیارینەکردنی شوێنجێگەکەی؛ ئاست و بەهای لێکۆڵینەوە زانستییەکەیان لاسەنگ دەکات!
لەهەمووشی ناخۆشتر لەبەرواری ٢٢ ئێپرڵی ٢٠٢٠ ەوە ئەم بابەتە بڵاوکراوەتەوەو لەنێو ئەو هەموو کەسایەتییە خودان بڕوانامانەی لای خۆمان، کەپسپۆڕییەکەیان نزیکە لەیەکێک لەبابەتە تێکەڵەکانی لێکۆڵینەکەوە، بەتایبەتیش ئەوانەی خەڵکی سلێمانی- ن؛ ئاخۆ بۆ کەس و کەسانێکیان تێدا پەیدا نەبوو؛ بەجدی بچنە نێو قووڵایی ئەو بابەتە گرنگەوە، یان هەر هیچ نەبێت داوا لەکەسانێکی بەڵەدی تورکی زان و شارەزا لەخوێندنەوەی شێوەنووسینی عوسمانی بکەن، تا جارێکی تر بەوەرگێڕانی ئەو دەستنووسانەدا بچنەوەو هەر کەموکوڕییەکی تێدا بێت، خاسی بکەنەوە.
لەڕێی خوێندنەوەی دەستنووسەکانەوە، ئاشکرا دەبێت کەناوی خورماڵ-ی ئێستا، لەو سەردەمانەدا ( خورڵمار) بووە؛ گوندێکیش بووە، سەر بەناحیەی گوڵعەمبەر.
هەروەها ئەو گوندە نەدۆزراوەی کەلەڕێی بەهەڵە وەرگێڕانەوە بۆتە (دلاوەر- دلاڤەر)، ناوە؛ ڕاست و دروستەکەی ( وێڵەدەر)ە، خۆشبەختانەش یەکێکە لەو گوندانەی کەلەبەر هەر هۆکارێک بووبێت؛ شاڵاوی ئەنفال و ڕاگواستن نەیگرتەوە.
لێرەدا یەکێک لەدەستنووسەکانم وەرگێڕاوەتە سەر(شێوەزاری سۆرانی)، کەدەبێتە نمونەیەکی تێرو تەسەلی سەرجەم بابەتەکە، وەک لەسەرەتاشدا ئاماژەمان پێدا؛ هەمان زانیاری لەدوو دەستنووسەکەی تریشدا دووبارە دەبێتەوە.

ئەمەش دەقی وەرگێڕدراوی دەستنووسە، بەرزکراوەکەی والی موسڵ-ە:
{ ویلایەتی موسڵ
نامەی نووسراو
ژمارە ٨١
بۆ/ وەزارەتی ناوخۆی پایەدار
جەنابی پایەدار
دەوڵەتدار، حەزرەتی خودان مەزنایەتی

١٠-ی ئۆگستۆس، ڕۆژی ٥ شەممە، دەوروبەری کاژێر هەشت و نیو، لەڕۆژئاوای ناحیەی سەرچنار، لەکۆتایی کلکەی گوندی جێشانە، گڕێک هاوکات تێکەڵ لەماتەڕیاڵی خۆڵ و بەرد، بەر لوتکەی گردێکی شێوە ئەهرام کەوت، لەگەڵ سووتانی، بەهەوادا بەرزبۆوەو بەرەو ئاڕاستەی ڕۆژهەڵاتی سلێمانی، بۆ لای گوندی (وێڵەدەر) کشاو لەبەر ئەوەی بەر تەپۆڵکەیەک کەوت، لەژێر تەپۆڵکەکەشدا دوو کەس هەبوون، زیاتر کاری کردە سەر یەکێکیان و تەلەف بوو؟! “١”
ئەویتریشیان تا ئێستا لەجێگەدا کەوتووە.
هەروەها لەگوندی ( خورڵمار- خورماڵ)ی سەر بەقەزای گوڵعەمبەر، بەچەشنی باران بارین، بەدەوروبەر و چوار دەوریدا، ١٠ خولەک، ڕێژەیەک لە بەرد باری.
شوکور هیچ زیانێک بەر دانیشتووانەکەی نەکەوتووە، بەڵام ئەو بەردانە تەسادوفی هەر بێستان و مەزرایەکی کردبێت، خەسارەتی تەواوی لێ داوە.
جێگەی سپاسە وەک نمونەیەک پارچە بەردێک لەلایەن پارێزگار( موتەسەڕیف)ی سلێمانی-یەوە نێردراوە، وا نمونەکەمان بۆ بەردەم مەنزووری عالی، وەزارەتی پەناگەتان”٢” پێشکەش و تەسلیم بە پۆستە کردووەو لەهەر حاڵ و کارێکدا ئەمر و فەرمانی حەزرەتیان، دەگاتە شوێنی پەیوەستدار”٣”
٧ی موحەڕەم
١ی ئەیلولی ١٣٠٦
والی موسڵ
فایق مستەفا }.

لێرەدا دەبێت بڵێم، جارێکیان؛ گوێبیستی گێڕانەوەیەک بووم، دەما و دەم گەیشتبووە، کەسی گێڕەڕەوە، کەخۆی خەڵکی گوندی وێڵەدەرە، بەپێی گێڕانەوەی ئەم کەسایەتییە ڕێزدارە؛
باس لەجۆرە ڕووداوێکی سروشتی ساڵانی دوای سەدەی نۆزدە دەکات، کە بۆیان گێڕاوەتەوە، گوایە جۆرێک لەهەورەبروسکەو باو و بۆران، بۆتە هۆکاری دەرکەوتنی کوپەڵە زێڕێک؛ لەدرز و کەلێنی گردێکی نزیک گوندی (وێڵەدەر)دا. یان بەجۆرێکی تریش دەوترێت؛ گوایە پاش وەیشوومەو باو بۆران، لافاو ئەو کوپەڵەزێڕەی پێشخۆی داوە، تا دەست کەسێکی ئاسایی گوندەکە کەوتووەو بۆتە خاوەنی، بەڵام پاش ماوەیەک هەواڵ دەگاتە شوێن مەبەست و کاربەدەستێکی کوردی دەست ڕۆیشتووی پلەداری سەربازی ئەو دەمە؛ دەستبەسەر کوپەڵە زێڕەکەدا دەگرێت! ئیدی پاش ئەمە گێڕانەوەکە، ماجەرایەکی دوور و درێژ، بەدووی خۆیدا کێش دەکات و لێرەدا گێڕانەوەی بەپێویست نازانین و پێناچێت هیچ زیاد و کەمێک بخاتە سەر ئەوەی ئێمە بەدوویدا وێڵین!
ئەگەر بگەڕێینەوە سەر بابەتی گێرانەوەکە و کەمێک ڕابمێنین، دەبینین باس لەدیاردەیەکی سروشتی جیاواز دەکات. هەر لەنزیک و دەوروبەری (وێڵەدەر)دا، پێش سەدەی بیست و لەکۆتایی سەدەی نۆزدەدا ڕوویداوە؟ بەپێی زنجیرەی کەسایەتییە یەک لەدوای یەکەکانی گێڕانەوەکەو مەزەندەکردنی تەمەنی هەر یەکێکیشیان، دەزانرێت کەساڵەکەشی هەمان، یان نزیک ساڵی ڕووداوە فەلەکیەکەیە!؟
باشە ئەگەر بۆ ماوەی ١٠ خولەک وەک لەدەستنووسەکەدا ئاماژەی پێدراوە، لە(خورماڵ- خورڵمار) بەچەشنی باران بارین، بەرد باریبێت، ڕێی تێدەچێت؛ لەدەوروبەری گوندی وێڵەدەر-یش پاش ئاگر بارانی تەپۆڵکەکەو مردنی کەسێک و زامداربوونی ئەویتریان، دوای ئەو ئاڵوگۆڕە لەئەتمۆسفێر و کەش و هەوای ناوچەکە، بارانێکی بەخوڕی بێ ئامان، بووبێتە لافاو، سێڵاو و هۆکاری دەرکەوتنی ئەو کوپەڵە زێڕە!؟
هەرچییەک و هەرچۆنێک بێت، کاری ئێمە، گەڕانی بەردەوامە؛ هیواخوازم لەمیانی ئەم وتارەمەوە توانیبێتم، دەلاقەیەک بخەمە سەر بابەتێکی هەستیاری هێجگار گرنگ، کەبێگومان دەرکە بۆ هەوڵدان و لێکۆڵینەوەو گەڕانی دیکەی توێژەران دەخاتە سەر پشت.

سەرچاوەی سەرەکی بابەتەکەمان
https://onlinelibrary.wiley.com/doi/full/10.1111/maps.13469

“١” ڕاستەوخۆ لەدەستنووسەکەدا نەوتراوە، کەسەکە، مەبەستمان کەسی یەکەمە، کەزیاتر زیانی پێدەگات؛ مردووە؟! لەڕاستیدا وتوویەتی: ( وەک ئەوەی تەلەف بووبێت؟!)، مەبەستی ئەوەیە : ( وەک ئەوەی تەلەف بووبێت؛ تەلەف بووە) کەواتە مەبەستی لەوەیە کەیەکسەر لاشەی کەسی یەکەم، بەسووتانەکە داڕزاوە، هەڵوەشاوە.. وەک کورد دەڵێت؛ هەلا هەلا بووە! هەرچەند تەلەف بوون، زیاتر بۆ مرداربوونەوەو لەناوچوونی ئاژەڵان بەکار دێت، بەڵام لەو سەردەمانەدا بەو شێوەیەش بەکارهێنراوە. مایەی ئاماژەپێدانە و بەڕای خاکەڕاییانەی خۆم، دەشێت لەبەر کتوپڕی و سامناکی و گەورەیی ڕووداوە فەلەکیەکە؛ هەروەها هەوڵدانی خێرای کاربەدەستی سەرەکی ئەو دەمی سلێمانی، بۆ گەیاندنی هەواڵەکە، پەلەکردنێک کرابێت، ناشێت بەشێنەیی، هەموو شتێک و کۆی ڕووداوەکەو کاریگەرییەکانی وەک خۆی گەیەندرابێت!؟

“٢” لەتورکییە عوسمانییەکەیدا نووسراوە:( مەنزووری عالی، نەزاڕەتی پەناهلەری)، مەبەست لەوەیە کە نووسراوە نێردراوەکە، دەگاتە ئاست خوێندنەوەی باڵاو وردبوونەوەی ئەو وەزارەتەی کەوەک پەناگەیەک پەنای بۆ براوە( دەستنووسەکەی بۆ نێردراوە). لەزمانی ئەدبیات و نووسینی تورکی-عوسمانیدا، هەمیشە ڕووبەڕووی وشەگەل و دەستەواژەی ڕێزگرتن، قەبەکردن و گەورەکردنی بەرانبەر دەبیتەوە؛ ئەمەش بەشێک بووە لەکلتوور و ئەتەکیەتی ئۆروستۆکراتیانەی عوسمانییەکان.

“٣” مەبەست لەوەیە هەر ئەمر و فەرمانێک سەرووتر بیفەرمووێت؛ جێ بەجێ دەکرێت.




لەژیناوە بۆ ئازادی گشتی(فیمینزمێکی نوێی ڕادیکاڵ).. ئیمان یادەوەر

هەر ساڵ کە سێپتەمبەر دێتەوە، یادی ئەو دەنگە ئازادە دەکەینەوە کە هەرگیز (کپ)ناکرێت.

مانگی (نۆ) وەرزی شۆڕش و بەرخۆدان

هەروەک ڕوونە لە مێژووە تائێستایش [جەستەی ژن] هەمیشە یەکەم قوربانی دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکان بووە. لە فاشیزم تا فەندامەنتالیزمی ئاینی، لە کۆلۆنیالیزم تا … وەک یەکەم مەیدانی ڕامکردن و سەرکوتکردن بەکار هێندراوە،

بۆ نموونە لە [[ فلیپین و ڤاتیکان ]] تا ئێستایش بەیاسایی هیچ جیابوونەوەیەکی فەرمی نییە بۆ هاوسەرگیریی، واتە ئەو دوو وڵاتە تەڵاق و جیابوونەوەیان قەدەغەکردووە. نەبوونی ئەم مافەیش ژنان ناچاری ژیانکردنێک دەکات کەخۆیان نایانەوێت
لە [[ئەفغانستان]] دیاردەیەکی تر هەیە، ئەویش فرۆشتنی منداڵی کچە. لەوێ زۆرجار بەهۆی ئەو ئەقڵیەتەی تاڵیبان و وێرانکردنی سیاسەت و ئابوری و کوشتنی هێزی ژنان کە نیوەی کۆمەڵگەن و بۆ سوودی ئابوری بەکارناهێنرێن، زۆر خێزان هەر زوو منداڵە کچەکانی خۆیان دەفرۆشن لەپێناو دەستکەوتنی پارە و بژێوی خۆیان. ئەمە هەم فرۆشتن و بەکۆیلەکردنی ژنە لەلایەک، هاوکات دەستدرێژی سێکسییە بۆ سەر منداڵی کچ کە پیاو بۆ چێژی خۆی دەیبات و ماڵەوە ئەسڵەن نازانن چی لەگەڵ کچە منداڵەکەیان دەکرێت لەلایەن پیاوەکان. وە خودی یاسای دینی وڵاتەکەیش کێشەی نییە و هیچ بەلایەوە جێگەی بایەخ نییە و بەشوودانی منداڵیش هەر ئاساییە.

وە خودی بەژداریکردنی ژنان لە سیاسەتدا بە هەموو جۆرێک قەدەغەیە لای تاڵیبان، چونکە پێیان وایە ژنان تەنیا بۆ ماڵەوە و خزمەتی مێرد و منداڵە، بەمەیش مافێکی تری ژنان دەکوژن کە بەشداریکردنە لە سیاسەت و پێگەکانی دەوڵەت.
(( زەریفە غەفاری )) یەکەم ژنە لە ئەفغانستاندا کە پێگەی سیاسی وەرگرتووە. لەپۆستی ( سەرۆکایەتی شارەوانی )ئەوکاتەی تاڵیبان لە دەسەڵاتیش نەبوو، چەندان جار هەڕەشەیان لەو کچە کردووە و هەوڵی تیرۆکردنیشیان داوە. دواتریش کە دێنە دەسەڵات، ناچار دەبێت بە نهێنی وڵاتەکەی خۆی جێبهێڵێ لە ترسی تیرۆرکردن.

بۆ بینینی ڕوداوەکانیترو ژیانی تراژیدی (زەریفە غەفاری) لەناو ئەغڤانستاندا دەتوانن سەیری دیکۆمێنتاریی{in her hads} بکەن.

لێرەدا ( کوشتنی ژینا) تەنیا لەناوبردنی [ئاگایی-ەکی] ئاسایی نییە، شۆڕشی ژینا جیاوازە لە هەر ڕووداوێکیتری تراژیدیی ئەم بزووتنەوەیە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر کۆمەڵگای [ ئێران] بەتایبەت و [جیهان] بەگشتی هەبووە. ژینا و ئەو شۆڕشەی کە بە ناوی ئەوەوە دەستی پێکرد، توانیویەتی گۆڕانکارییەکی گەورە دروست بکات لە بیرکردنەوە و هەڵوێستی خەڵک.
بۆیە تەنها یادکردنەوەیەکی ساڵانە نییە، بەڵکو بەردەوامی خەباتێکەو [ ژینا ] سیمبولەکەیەتی.
[[ ژن، ژیان، ئازادی]] تەنیا دروشمێک نییە وەکوو هوتاف بگوترێتەوە بەڵکوو …
فەلسەفەیەکی شۆڕشگێڕانەی ڕێبەر ئا٭پۆ، کە تێیدا
[ژن] وەک کەسایەتییەکی تەواو و سەربەخۆ، نەک وەک سایەی پیاو یان ئۆبژەکتی چێژوەرگرتن
[ژیان] وەک ئازادی و مافی کەسی، نەک وەک پاراستن و بەرگری.
[ئازادی] وەک مافی بنەڕەتی هەموو مرۆڤێک، نەک پشتیوانی و بەخشینەوە بۆ (ژنی سەرکەوتوو و ژیرو ئازا )
مانای درێژەدان و بەردەوامی ئەم شۆڕشەیش ئەوەمان پێ دەڵێت: ژنان چیتر ڕازی نیین بەوەی کە وەک ئۆبژەکت لە چاودا ببینرێن، هەروەها جیهانی نوێ بەبێ ئازادی[ ژن ] ناکرێ و هیچ کۆمەڵگایەکیش بێ ئازادی ژن گەشەناسەنێت و پیاوانیش لەنێو زیندانی و دیلی ژناندا لە کۆت و بەندی و زنجیر بەدەر نیین.
[فیمینیزم] تەنها بابەتی ژنان نییە، بەڵکو بابەتێکی مرۆڤایەتییە، بۆیە ژینا مرد، بەڵام شۆڕشی ئەو نامرێ. لە هەر کاتێکدا کە ژنێک لە دژی زۆرداری دەوەستێ، لە هەرشوێنێک ژنەکان بۆ مافەکانیان و ئازادی بیرکردنەوەو ئەرکی خۆیان دەنگ بەرزدەکەنەوە ڕۆحی ژینایان لەگەڵدایە کە نیشانەی ئەوەیە ژن لە سەرەتاوە تا کۆتایی مێژوو، خاوەنی هێز و دەرفەت و ویست و ئیرادەیەکی زۆرە کە هیچ سیستەمێک و هیچ سەردەمێک ناتوانێ ڕای بگرێت. بەڵام ..
وەکوو فیمینزمێکی نوێ، نەک لیبڕاڵێک کە تەنیا لەسەر بنەمای چوونە پاڵ کۆمەڵ و بەرژەوندییەکانی پشتیوانی ژنان دەکات(نا) بەڵکوو فیمینستێکی (نوێ)ی ڕادیکاڵ، کە بەتەواوی دۆخی ژنانی بۆگرینگە (لەکوێ) و (چۆن) دەژین، لە چ نەتەوەیەک و چی جوگرافیاییەک و لەژێر سایەی چی سیستەم و سیاسییەک دەچەوسێنەوە و ئازار دەدرێن و دەکوژرێن، کاتێک ئەڵێین باوەڕمان بە ” ژن، ژیان، ئازادی” هەیە، دەبێت بپرسین ژیان و ئازادی مەبەستمان کام ژنانە و کام ژیان و چ ئازادییەک ؟؟
ئایە ئەو ژنە فەڵەستینییەی بەدەست جوویەکەوە ڕادەکێشرێت ژن نییە؟ ئەوەی حەماسییەک دەستدرێژی دەکاتەسەر جوویەک ژن نییە؟ یان ڕەشپێست و بورژوایەک بەهۆی ڕەنگیانەوە دەچەوسێنرێنەوە ژن نیین ؟ ئەی ئەو کچە ئیزییدیانەی ژێردەستی دائش؟ کاتێک دەڵێین ژن ژیان ئازادی، هەڵگرتنی باوەڕ بەمە زۆر گەورەترە لەوەی تەنیا لەسەر بنەمای [ڕەگەز]بێت و وەک ئایدیالیستێکی فریودراو بە ڕستەیەکی سوواو خۆمان فریوبدەین و بڵێین ، ناا ئەمە هۆکاری سروشتەو سروشتیش بۆخۆی لەسەر بنەمای نادادپەروەری و جیاوازی دروست بووە، بەڵکوو پێویستە (کێشەی ژن)وەکوو پرسێکی جیهانی و مۆرڤایەتی ببینرێت هەمیشە لەوپەڕی دونیادا ژن بۆمن هەر ژنە و وەکوو مرۆڤێکی سەربەخۆو ئازاد دەیبینم. دواجار هەرئەوەی کارل پۆپەر وتی:
[[ مارکسیزمی زانستی مرد، بەڵام دوو شت تیایدا دەبێت بە زیندوویی بمێنێتەوە:
یەکێکیان هەستکردن بە بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی، ئەوی تریان عیشقە بۆ ئازادی]]

ئیمان یادەوەر




ڕۆچوونە نێو دەقێکی شاعیر (کەژاڵ نوری).. ڕەنگین مەلا سەمەد

پێشئەوەی بچینە سەر لێکدانەوەی وشەو دەستەواژەو ڕستە جوان و دانسقە ئەدەبییەکانی ژنە شاعیر (کەژاڵ نوری)، دەبێت هەندێک لەبارەی شێوازو مەیل و خووی بەرامبەر بە دەربڕینی هەستەکان و چۆنیەتی مامەڵەکردنییەوە بدوێن.
شاعیر لەگەڵ ئەوەی خاوەن هەستێکی تەواو تەڕو تژییە لە بزواندن، بوێریشە، بەجۆرێک بوێرییەکەی پانتایی باڵای ڕەگەزی بەرامبەر دائەپۆشێ و نوقمی ئەوینێکی ڕاستەقینەی دەکات، یاخییە لە هەموو ئەو داب و نەریتە چەقبەستووانەی کە لە چوارچێوەیەکدا دەخوولێنەوەو هەزاران ژنی بە پێخاوسیی، لەڕێی دەربڕینی هەستە بزوێنەرو جوڵێنەرەکانیەوە کردووەتە قوربانیی.
شیعرنووسینی کەژاڵ نوری ئیلهامێکی سروشتیی تەنراوە لە هەست و سۆز، نەک ئەزموونێکی پێکهێنەرو پێکەوەنراو، شیعرەکانی ئەو لە خەیاڵدانێکی پڕ لە ڕامان و، هزرێکی زیتەڵەی ژیرو، دەروونێکی تەواو ڕەهاوە دێتە بوون، کە خوێندنەوەیان سەرنج و مەیل و ناخیشت بەرەو لای هەموو جوانییەکانی نووسین و ئەدەب پەلکێشدەکات.

کەژاڵ نوری خاوەن شێوازێکی تایبەتە لە دەربڕین و نووسیندا، سڵناکاتەوە، بوێرە، هەستەکانی بۆ دەربڕینی ئەوین و گوزارشت لێی، پەنهان ناکات.
ئازاو ئازادە لە دەربڕینی واقع و مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداوەکانی چواردەوردا.
بەرامبەر نادادی و ناڕاستیش، دەنگێکی زبرو قەڵەمێکی تیژو کەسایەتییەکی شەڵاڵە لە داکۆکیی.
ئەو! هەموو دەم و کات و سات و هەموو بەرکەوتنێک هەوێنی لەدایکبوونی (وشە تازەو نەوتراو نەبینراوەکان)ە
فەرهەنگێکی تایبەتە لە وشە
ئەو بە نووسینەکانی، لەنێو دونیایەکی دوور لە فانتازیا وێنەکان واقعییانە نمایش دەکات.
نووسین لای کەژاڵ نوری، هاوشێوەی چاخواردنەوەو قاوە خواردنەوەیەو، بووەتە بەشێکی گرنگ و تەواوی ژیانی داگیرکردووە.
ئەو بەجۆرێک لەگەڵ نووسین ئاشنایە، کە ئامادەیە لەبەردەم دەقەکانیدا کڕنووشی وابەستەبوون بنوێنێت.
هەردەم دەنووسێت و بێزار نابێت
ئەو تەنانەت شیعری ئیرۆتیک دێنێتە بوون و، شەڕی بوێری و هاتنە مەیدان بۆ بردنەوە لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەردا دەکات.
تازەترین شیعریشی کە هەموو ژنە شاعیرێک بوێری ئەوە ناکات دەستی بۆ ببات و قەڵەم بۆ نووسینەوەی هەڵگرێت، شیعرێکی تەواو ئیرۆتیکە بەناوی ( نیمیت و هەیت )ە
کاتێک پیت و دێڕەکانی ئەم شیعرە دەخوێنیتەوە، لەش موچوڕکەو چاوەکان فرمێسکیان پیادێت و، لێوەکان ئاڵ و، پەنجەکان لەرزین و، دڵەکان ترپەو، ناخەکان خورپەی ئەوین و، جەستەکانیش تەزو چێژیان پیادێت.
لەسەرەتاوە شاعیر ‌بەو جۆرە باسی ئەوینەکەی دەکات کە بەجۆرێک هزرو هۆشی داگیرکردووە بێئاگا لەوەی خودی خۆی بناسێتەوەو بزانێت کە کێیە، دوورە لێی، بەڵام بەجۆرێک تێکەڵی بووە، کە ئاگادارە لە ترپەی دڵ و هەناسەدانی، لە مەیداندا نییە! بەڵام هەموو خوو و مامەڵەو ڕەوتارێکی ئەوە، بە چاوەکانی بوونی نایبینێت وەکو عاشقێک، بەڵام هەموو بەری بەیانێک هاوشێوەی کزە بایەکی فێنک و ئارام خۆی لە تاڵە قژەکانی دەئاڵێنێ و، بە نەرمە ئەوینێکەوە خۆی بە یاریکردن لەگەڵ یارەکەیەوە سەرگەرمەکا.
ئەو بە ئەوینەکەی دەڵێت هەرگیز وابەستەت ناکەم بە خۆمەوە، بەڵام لەبیریشت ناکەم و قەت کۆن نابیت لە یادگەم بەم جۆرە،

مێشکم پڕبووە لە تۆ و،
خاڵی لە ناسینەوەی خۆم
دووریت و لە مندا هەناسە ئەدەیت.
نیمیت و هەموو شتێکم بووە بە تۆ
ناتبینم و بەیانیان وەک کزەبایەکی فێنک
لەگەڵ سەرتاڵەکانی قژمدا،
خەریکی یاریکردنیت
ناتگرم و شەوانە وەکو چەند دڵۆپێک،
رۆنی دژەپیریی
دەتڕژێنمە سەر پێستی لەشم،
تا یادت بپارێزم، لە کۆن بوون

ئەو خەیاڵی پێکەوەبوونی خۆی و ئەوینەکەی هاوشێوەی خەونێک باسدەکات کە چۆن دوو ئەوین هەڵوەدای یەکدی دەکەن و دەیانەوێت تاسووقی یەکدی بە باوەش و ماچ و ڕامووسان و یەکتر گەوزاندنەوە بشکێنن، ئەو خەونەش‌ بۆ ئەمی ژن ڕاچڵەکین و دۆڕانەو، بۆ ئەوی یاریش بردنەوەو چێژی یاریکردنی عەشق و ئەوین و دەستبازییە بەوەی، بەم کردەوە بزوێنەرانە سەرنجی ئەو بۆ ئەبەد ڕادەکێشێت و شوێن پەنجەو دەستبازییەکانی بەسەر گەردن و مەمک و جەستەیەوە دەبنە یادو یادەوەرییەکی خۆش و پڕاوپڕ لە چێژو مەسبووتبوون و شێتیی، هەروەک بەم جۆرە کە دەڵێت،

ئەمشەو لە خەونمدا،
لە باوەشتدا بووم و پێشبڕکێی،
زۆرترین ماچکەرمان دەکرد
من دۆڕاندم و لە پڕ راچڵەکام
بینیم هەردوو لێوت وەک توێژاڵ
بەسەر زمانمەوە جێمابوون
نوستمەوە،
لە باخێکدا خەریکی هەنار ڕنین بوویت
کە سەیری سەبەکەتەکەتم کرد،
هەموو ستیانەکانمی تیابوو
ڕاچڵەکام و بینیم زمانت وەک گوڵەهەنار
لەجێی گۆپکەی مەمکم رووا بوو
لێک دوورکەوتووینەتەوە و کەچی،
بمەوێ بۆ هەرجێیەک بڕۆم،
پێڵاوەکانم شەق دەبن لەپێمدا و
کە سەیر ئەکەم،
ژمارەی قەبارەی پێیەکانی تۆم کڕیووە.
نەک هی خۆم

پاشان دەکەوێتە گازندەو دەڵێت لە یەک شوێنێن بەڵام بەجۆرێک خۆت ونکردووە تەنانەت بە تێلیسکۆبەکەی جەیمیش وێبیش ناتوانم بەدواتدا بگەڕێم و لەو ونبوونەدا بتدۆزمەوە، ڕاستە دیارنییت، بەڵام جێگات دڵە، هاوشێوەی خوێن بە دەمارەکانما هەڵواسراوی وەک ئەو نەخۆشەی کە هەڵگری تالاسیمایەو پێویستی پێیەتی، لەڕۆحتدام بەڵام تۆ هەست بە گەورەیی بێ منیی ناکەیت، لەچاوەکانمدایت بەڵام نیگاو ڕووخسارت نابینم، لەگەڵ هاتنی بەیانیانیش وەکو سپرای لە پرچم دەتئاڵێنم.
لێرەوە گلەییەکانی ژنە شاعیر کەژاڵ نوری لەوپەڕی نائومێدبوون لە بوونی یارەکەی و هەستنەکردن بەو جوانییەی دێتە بوون و هەڵدەکشێت، بەوەی یارەکەی هاوشێوەی دڵۆپە ئارەقێک کە ئەڕژێ بەسەر شان و ملیا بە ناچاریی بێ ویستی خۆی بە پارچە کلێنسێک دەیسڕێت و فڕێی دەدات، بە لۆچیی سەر ملی بەساڵاچوویەک دەیچوێنێ و پێیوایە دەنگێکی هەبووی بێکەڵکەو پێوەی نووساوە، هەوەک بەم جۆرەی باسی دەکات و دەڵێت،

لەسەر زەوییەکین کەچی ئەوەندە نادیاریت
بە تەلیسکۆبەکەی جەیمس وێبیش بۆت بگەڕێم
لەسەر هیچ هەسارەیەک ناتدۆزمەوە
لە دڵمدایت و نەک ناسوڕێیتەوە بە گیانما
ئەڵێی بە بوتڵێ خوێنەوە بەخشیوومی،
بە تووشبوویەکی نەخۆشیی سالاسیما
لە رۆحتدام و کەچی هەست،
بە زەخمی “بێ خۆت” ی من ناکەیت
لە چاومدایت و نیگایەکت نابینم، سەیرم کات
بەیانیان وەکو سپرای قژ،
ئەتدەم لە پرچم و کەچی،
ناگەیت بە ئێوارە و تک تک،
وەکو دڵۆپەی ئارەقە،
دەڕژێی بەسەر شان و ملما و، بە ناچاریی،
بە پارچە کلێنسێک ئەتسڕم و فڕێت ئەدەم.
وەکو لۆچێکی پیریی بە ملمەوە نووساویت و
کە قسە ئەکەم،
ڤۆلیومی دەنگی تۆ دەگاتە گوێی خەڵکی،
نەک هی من

لەکۆتاییشدا شاعیر کەژاڵ نوری باسی هۆگربوون و پەیوەستبوونی یەکەم دەمی خۆی و ئەوینەکەی دەکات و پێیوایە لە وەسفی ئەوینەکەیاندا خۆی هاوشێوەی کەسێکی ڕووت لەنێو کۆڵان و یارەکەشی پڕ بەرگ لە وەسف و ئەوینە، باسی بینینی ناخیشی دەکات کاتێک دەچێتە بەر ئاوێنە، بە بەرکەوتن و بینینی برین و ئاهی ناخی ئەم، ڕەنگی ڕووخساری ئەوی ئەویندار قاوەیی هەڵدەگەڕێ و چێژی ماچی پڕ لەزەتی ئەودەمی سەردەمی ئەویندارییان تاڵ دەبێ، بە سوراو و جوانکاری ئەویش، هەستی یار دەجوڵێ و دەیبزوێنێ، لەناو یاردا تواوەتەوە کەچی هەست بەبوونی ناکات، دواتر دەکەوێتە لۆمەو گلەیی و پێیئەڵێ بەجۆرێک نزیکم لێت کە دەستم لێ نادەیت، لەپێناو ئەو عەشقە دەکەوێتە قسەکردن لەگەڵ خۆو ئەویش جۆرێک باسی لێوە دەکات خۆی بە دونیا و ئەویش بە قیامەت دەچوێنێ و پێیوایە هێندەی دونیاو قیامەت دوورن لە یەکەوەو ناشزانێت هاتن و جێهێشتنی یارەکەی کامیان یەکەمجار بووە هەروەک بەم جۆرە دەڵێت،

بە شێوەیەک بە باڵای تۆیا ئاڵاوم
کە ئەچمە دەرەوە تەنیا تۆ ئەگۆڕم و لە کۆڵان،
ئەبینم خۆم، بە رووتی هاتووم
کە ئەچمە بەر ئاوێنەکەم و،
هەڵمی ئاهێکمی بەرەکەوێ
روخسارت رەنگی قاوەکەی من ئەگرێت و،
ماچی ناودەمت تاڵ ئەبێ
سوراو ئەکەم،
کوڵمەکانت ئەبنە ئەتڵەسی پەمەیی
برۆم چاک ئەکەم،،
ریش و سمێڵی تۆش ئەبنە ساکسۆکی
لە تۆدام و هەستم پێناکەیت،
لە مندایت و لەمسم ناکەیت
ئەوەندە نزیک لێمەوە دووریت،
ئەڵێی دونیا و قیامەتین
ئەوەندە عاشقانە رقم لێتە !
ئەڵێی یوسف و زوڵەیخاین
هی من نیت و شەڕی بوونت،
بە هەموو ژنێک دەفرۆشم
هی تۆم و دەستم دەخەیتە،
دەست هەموو پیاوێکەوەو،
خۆت نا.
بەجێم دێڵی،
تا بزانیت وەکو شوێن پێ دووات ئەکەوم؟
جێت ناهێڵم
تا بزانم وەکو رێبەر پێشمەکەوی؟
نیت و کەچی وەک فەلسەفەی بوونگەرایی
نازانم کەی بیرکردنت،
کۆتایی دێ؟
هەیت و کەچی وەکو مریشک و هێلکەکە
،ئێستاش نەمزانی رۆشتنت لە پێشدا بوو
یان هاتنت؟
ئەی بە قوربان!!

کەژاڵ نوری
سێبتەمبەری 2024-هۆڵەندا
ــــــــــــــــــــ
ڕەنگین مەلا سەمەد
نووسەرو ڕۆژنامەنووس




سایکۆلۆژیای مێگەل.. وەرگێڕان و ئامەدەکردنی لە عەرەبییەوە: گۆران عەبدوڵڵا

زۆرترین شتێک کە مێگەل ڕقی لێیەتی ئەو مرۆڤەیە کە بە شێوەیەکی جیاوازتر لەوان بیر دەکاتەوە. لە ڕاستیدا ئەوان ڕقیان لە ڕایەکەی نییە، ئەوەندەی ڕقیان لەو جوورئەتەیە کە ئەم تاکە هەیەتی، لەوەی بیردەکاتەوە جیاوازبێت لەوانی تر.
بەم وشانە شۆپنهاور ڕاستەوخۆ دەمانخاتە بەردەم یەکێک لە قووڵترین کێشە مرۆییەکان، ئەویش ئەوەیە کە “ئازادی بیرکردنەوە” ڕووبەڕووی ڕەتکردنەوە نابێتەوە لەبەر ئەوەی هەڵەیە یان نەگونجاوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی خیانەتێکی رانەگەیەندراوە دژ بەو سیستەمە شاردراوەی کە پەیوەندییە مرۆیییەکان ڕێک دەخات، واتە دەسەڵاتی کۆمەڵگە. مێگەل دژایەتی ڕاستی ناکات لە ناخیدا، چونکە ڕاستی تووڕەی ناکات تا ئەو کاتەی کەسێک جوورئەتی نەکردبێت خاوەندارێتی لێبکات. بەڵکو تووڕە دەبێت کاتێک تاکێک بوێریدەکات جیاوازێکان دەربخات یان ئەو هاوئاوازییە ساختەکارییە بشکێنێت کە یەکیاندەخات.
بۆ ئەوەی بڵێیت “من بە چاوی خۆم دەبینم، نەک بە چاوەکانتان.” ئەم نیوەدێڕە ڕێگایەکی فراوان لەبەردەمماندا دەکاتەوە لە فەلسەفە و دەروونناسی و مێژوو و کۆمەڵناسیدا.
با یەکەم جار لە واتا فەلسەفییەکەی بڕوانین؛
ئەوەی شۆپنهاور – Arthur Schopenhauer دەیڵێت دەنگدانەوەیەکی قووڵە بۆ ئەوەی سوقرات دوو هەزار ساڵ پێشتر نووسیویەتی، کاتێک ڕەتیکردەوە بێدەنگی هەڵبژێرێت سەبارەت بەو پرسیارانەی کە لە کۆمەڵگە دەیوروژێنێت، ژەهرەکەی خواردەوە بۆ ئەوەی دڵسۆز بمێنێتەوە بۆ بیرکردنەوەی جیاواز.
سوقرات نەکوژرا لەبەر ئەوەی هەڵەی کردبوو، بەڵکو لەبەر ئەوەی جوورئەتی بیرکردنەوەی “دژە باوی” هەبوو، لەبەر ئەوەی بەبوونی خۆی شەق و شڕی “دڵنیایی درۆینەی” شارەکەی ئاشکراکرد. ئاوا تێدەگەین ئەوەی مێگەل ڕقی لێیەتی بیرۆکەکە نییە، بەڵکو بوونی “راستییە” لای تاکێك. لەم چوارچێوەیەشدا نیتچەمان بیردەکەوێتەوە، ئەوەی مرۆڤی ئازادی بە “ڕۆحی ئازاد” ناودەبرد.
ئەو تاکەی سەر بە مێگەل نییە ئەوەیە کە بە تەنها لە چۆڵەوانیدا دەڕوات. لە کتێبەکەیدا “ئەودیوی خێر و شەڕ”، نیچە دەیسەلمێنێت کە چۆن گەورەترین تاوان لەبەرچاوی مێگەل، کوشتن و خیانەت نییە، بەڵکو جوورئەتی بیرکردنەوەیە لە دەرەوەی ئاکاری باو، چونکە ئەمە مەترسی دەخاتە سەر بنەما هاوبەشەکانی پێکەوە ژیانیان!
مێگەل پێویستی بە “ڕاستی-حەقیەت” نییە، بەڵکو پێویستی بە “یەکگرەنگی”، پێویستی بەو ئارامیەیە کە لە گوتنی “هەموومان بیر لە هەمانشت دەکەینەوە” سەرچاودەگرێت.
لێرەوە دەتوانین رەگی باسەکە بەرینەوە لای کۆمەڵناسی. “ئێمیل دۆرکایم” Émile Durkheim کاتێک سەبارەت بە هۆشیاری کۆمەڵایەتی دەستی دایەنووسین، بینیویەتی کە “کۆمەڵگە بنەمایەک لە بەها و باوەڕەکان بۆ خۆی دروست دەکات و هەرکەسێک لەو بنەمایە دەربچێت دەبێتە نامۆ، نەک بە واتایەکی نەخۆشانە بەڵکو بە واتای-هەبوون “
کۆمەڵگە بۆ پاراستنی یەکگرتوویی و یەکڕەنگی خۆی، شوێن بۆ “کەسی نامۆ” بە هزری ئەو کۆمەڵگایە ناکاتەوە . لێرەوە تێدەگەین بۆچی بیرمەندی جیاواز وەک مەترسی دەبینرێت تەنانەت ئەگەر ڕاستگۆش بێت.
“نامۆیی” ئەو وێنە یەکگرتووییە دەشکێنێت کە مێگەل پیرۆزی دەکات. بەڵام چی سەبارەت بە دەروونناسی فرۆید؟ کاتێک باسی میکانیزمی فڕێدان یان بەرەنگاربوونەوەی دەکرد، ئاماژەی بەوە کرد، ئەوەی کە ڕقمان لە کەسی دیکەیە، تەنها ڕەنگدانەوەی ئەوەیە کە ترسی رووبەڕوبونەوەمان هەیە لەگەڵ ئەو کەسە!
لێرە بە وردی گرنگی قسەکەی شۆپنهاور دەردەکەوێت، ئەویش ئەوەیە کە مێگەل ڕقی لە بیرۆکەکە نییە، بەڵکو رقی لەوەیە کە کەسێک بیریبهێنێتەوە دەکرێت لەدەرەوەی حەسارەکەی ئەوان بیرکردنەوەی “جیاواز” هەبێت. ئەوان توانای بینینی کەموکوڕیەکانی خۆیان نیە لە ئاوێنەدا، بۆیە لە بری رووبەڕوبونەوەی کەموکوڕیەکانیان دەچن “ئاوێنەکە” دەشکێنن!
نموونەی زیندوش لەوبارەوە گالیلۆ دادگای نەکرا بە هۆکاری ئەوەی هاوکێشە ماتماتیکێکەی کێشەی هەیە، بەڵکو لەبەر ئەوەی بوێری ئەوەی کرد بڵێ زەوی چەقی گەردوون نییە.
جوردانۆ برونۆ Giordano Bruno سوتێنرا چوونکە بێدەنگی هەڵنەبژارد لەوەی کە گەردوون بێکۆتاییە، ئەم وتنەی ئەو پایەکانی مەسیحیەتی خستە ژێر پرسیارەوە. رقیان لە مارتن لوثەر- Martin Luther- نەبووەوە بە هۆکاری ریفۆرمەکانی بەڵکو بە هۆکاری ئەو بوێرییەی بوو کە بۆچوونەکانی خۆی بە دەرگای کڵێسا هەڵواسی. بوونی “بوێری” یەکە تاوانە نەوەک حەقیقەتبێژی!
ئەگەر روومان وەربگێڕین بەرەو ئەدەب دەبینین:-
دۆستۆیەفسکی- Fyodor Dostoevsky- لە ڕۆمانی “برایانی کارامازۆڤ”دا وادەکات “ئیڤانە” ڕووبەڕووی کڵێسا بووەستێتەوە، نەک لە ڕێگەی درۆپێکردنەوە بەڵکو لە ڕێگەی “پرسیارکردن” لە ئازادی.
کڵێسا لە ڕۆمانەکەدا لە لەدەستدانی ڕاستی ناترسێت بەڵکو لەوە دەترسێت کە خەڵک ئازادانە عەقڵیان بەکاربهێنن.
ئەوەی شۆپنهاوەر دەیڵێت ڕستەیەکی ساکار نییە، بەڵکو کلیلێکە بۆ تێگەیشتن لە بوونی مرۆڤایەتی. مێگەل ڕقی لە جیاوازیە نەک لەبەر ئەوەی هەڵەیە، بەڵکو لەبەر ئەوەیە ئەو بێهیزی و گوێڕایەڵییەی کە تێیدایە ئاشکرا دەبێت.
بیرکردنەوەی جیاواز ڕاگەیاندنێکە کە بوون بە بەشێک لەکۆمەڵگە “چارەنووسی نەگۆڕ” نییە و تاک دەتوانێت بە تەنها لەسەر پێی خۆی بوەستێت و جیهان بە چاوی سەربەخۆوە ببینێت.
ئەگەر لە لایەکی ترەوە لە قسەکانی شۆپنهاوەر بڕوانین، دەردەکەوێت کە ناوەڕۆکەکەی هەر ئەوەیە کە “کارڵ مارکس” دواتر پێی گوت “نامۆبوون”. کاتێک تاک لە ناو کۆمەڵگەدا خۆی بە نامۆ دەبینێت، دەردەکەوێت کە ئەوەی جیای دەکاتەوە لە مێگەل نە ڕاستی و نە خەیاڵە، بەڵکو مەودایە لە نێوان خودی ئازاد وسەرخانی کۆمەڵایەتی.
مارکس باسی نامۆبوونی کرێکاری کرد کاتێک کاڵایەک بەرهەم دێنێت هەست بە بوونی ناکات لەخۆیدا. بەڵام دەتوانین ئەم چەمکە بە شێوەیەکی فراوانتر بخوێنینەوە؛
هەرکەسێک “دژە باو” بیربکاتەوە، ژیانێکی نامۆییانە دەژێت، چونکە ئەوەی ئەم دەیبینێت ئەوانی تر نایبینن، بۆیە هەست بە غەریبییەکی قوڵدەکات تەنانەت ئەگەر لە دڵی شارەکەیشیدابێت.
مێگەل ڕقی لە جیاوازیە چونکە هۆکار بۆ ئەو نامۆبوونە ئاشکرا دەکات، بیریان دەخاتەوە کە “کۆمەڵایەتی” بوونیان ئازادی نییە بەڵکو “گرێبەستێکی” ئایدۆلۆژیە. ئەمەش دەمانباتەوە لای فوکۆ- Michel Foucault- ئەو تێبینی ئەوەی کردووە کە “دەسەڵات” هەمیشە لە دەستی فەرمانڕەوا یان دەوڵەتدا نییە، بەڵکو لە پێکهاتەی کۆمەڵگەکەی خۆیدا دابەش کراوە. دەسەڵاتی کۆمەڵگە، دەسەڵاتی مێگەل لەوانەیە لەزۆر حاڵەتدا “ستەمکارتر” بێت لە دەسەڵاتی زۆردار. زۆردار یان ڕووبەڕوودەکرێت یان دەکوژرێت، بەڵام مێگەل نابینرێت و بەردەستنییە لە فۆرمێکی دیاریکراودا، وەکو خێوێک لە سێتی ئایدیۆلۆژیا، ئاکار، بیرکردنەوە بە شلی و بە توندی لە هەموو شوێنێکە؛ لە قوتابخانە، شەقام، قاوەخانە و شوێنی کار.
کاتێک جیاواز بیر دەکەیتەوە، دەبینیت کە تەنها ڕووبەڕووی یەک ڕوو نابیتەوە، بەڵکو سەد ڕوو. لە ڕووتدا پێدەکەنن و لە ناخەوە شتێکی ترن. ئەم دەسەڵاتە نەبینراوە وا دەکات کە بیرکردنەوەی جیاواز کارێکی مەترسیدار بێت، چونکە یاخیبوون نییە لە دژی تاک یان دامەزراوە، بەڵکو لە دژی تۆڕێکی ئاڵۆزی چاو و عەقڵ کە چاودێرن بەسەرتەوەو هەناسەکانت دەژمێرن.
لێرەوە دەتوانین تێبگەین لەوەی جۆن ستیوارت میل- John Stuart Mill- کە لە کتێبی “سەبارەت بە ئازادی- On Liberty”دا نووسیویەتی:
“گەورەترین هەڕەشە بۆ ئازادی زۆرداری دەوڵەت نییە بەڵکو زۆرداری ڕای گشتییە”
میل جیاوازی دەکات لە نێوان “ئازادی قسەکردن” و “ئازادی بیرکردنەوە” یەکەمیان لەوانەیە پێت بدرێت، بەڵام دووەمیان تەنها ئەویان مرۆڤ بنیات دەنێتەوە!
بەڵام مێگەل بەرگەی ئازادی بیرکردنەوە ناگرێت چونکە دەزانێت بیرۆکەی ئازاد توشبوونێکی بەهێزتری هەیە لە هەموو ڤایرۆسەکان. گومان لە دڵدا دەچێنێت، ئەمەش ڕوون دەکاتەوە کە بیرمەندی جیاواز جارێک سزا دەدرێت نەک بە کوشتن بەڵکو بە دابڕان و بێدەنگی، چونکە مێگەل دەترسێت توشبوونی جوورئەت بڵاو ببێتەوە.
ڕاستی ئەوەیە کە ئەم شەڕە لە نێوان تاک و کۆمەڵگە نوێ نییە. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەفسانە کۆنەکان، پڕۆمیسیوس دەبینین کە ئاگری دزی بۆ مرۆڤەکان، کەچی سزادرا نەک لەبەر ئەوەی هەڵەی کردبوو، بەڵکو لەبەر ئەوەی جوورئەتی کرد پیرۆزییەکانی خوداوەند بشکێنێت.
ئاگر لێرە هێمای بیرکردنەوەی ئازادە، جوورئەتی دزینیشی ئەوەیە کە مێگەل ڕقی لێیەتی. هەموو پاڵەوانێکی تراژیدی لە مێژوودا هەمان چارەنووس رووبەڕوی دەبێتەوە؛
“ئۆدیپ” کە ویستی ڕاستی بزانێت چاوەکانی لەدەستدا، مەسیح کە لە دەرەوەی یاسای کۆمەڵگە رێنوێنیدەدا لە خاچدرا، گالیلێۆ کە جوورئەتی کرد ئەستێرەکان بە جۆرێک ببینێت جیا لەوەی پێی گوتراوە، کڵێسا رایکێشایە بەردەم دادگاکانی لێکۆڵینەوە.
کاتێک ئەم زنجیرە نموونانە دەخوێنینەوە، تێدەگەین کە هەموو مێژوو تەنها مەیدانی شەڕە لە نێوان “مێگەل” و “کەسی جیاواز”مێگەل جێگیری دەوێت، ئارامی دەوێت، دەیەوێت لە دڵنیاییەکی یەکڕەنگدا بخەوێت. کەسی جیاواز لە پڕۆسەی گەڕان بە دوای ڕاستیدا “جورئەتی بیرکردنەوەی جیاواز” دروست دەکات، تەنانەت ئەگەر ئەم گەڕان و جورئەتە سەختیش بێت، بۆیە ئەم تاکە و ئەم کۆمەڵگەیە بەر یەك دەکەون.
لەبەر ئەمە کیرکگارد- Søren Kierkegaard- نووسیوویەتی “کۆمەڵ درۆیە”، چونکە بینیویەتی مێگەل هەرچەندە بانگەشەی ڕاستی بکات، هەوڵی بۆ نادات جگە لەو ڕادەیەی کە “دڵنیایی” پێدەدات، لە کاتێکدا هەوڵدەری ڕاستی لە پێناوی جێکەوتەکردنی راستیدا ئاسایش و ئارامی خۆیدەخاتە مەترسییەوە.
کاتێک لە تێڕوانینی دەروونناسێکەوە لێکدانەوەی بۆ دەکەین، دەبینین ڕقی مێگەل لە جیاوازی تەنها ڕەنگدانەوەی میکانیزمەکانی گوێڕایەڵی و ڕازیبوونە کە مرۆڤەکان لە قووڵایی خۆیاندا ڕێک دەخات.
با تاقیکردنەوە ناودارەکەی سۆلۆمۆن ئاش – Solomon Asch – لە پەنجاکانی سەدەی بیستەم بەبیر بهێنینەوە، لەم تاقیکردنەوەیەدا؛ نیشانیدا چۆن خەڵك خۆیان لەگەڵ بۆچوونی زۆرینەدا دەگونجێن، تەنانەت کاتێک بە ڕۆشنی دەزانێت هەڵەیە. لەوێ داوا لە بەشداربووان کراوە کە درێژی هێڵەکان بگونجێنن، بەڵام زۆرینەی “گرووپەکە” (لە ڕاستیدا بەشێک بوون لە پلانەکە) بە مەبەست وەڵامی هەڵەیان دایەوە، ئەمەش وایکرد کە ڕێژەیەکی بەرچاو لە بەشداربووانی ڕاستەقینە لەگەڵیدا بگونجێن و وەڵامی هەڵە بدەنەوە سەرەڕای ئەوەی دەیانزانی کە هەڵەیە!
لێرەدا لەقووڵایی شۆپنهاور تێدەگەین: ڕاستی دوژمن نییە، بەڵکو تەنها جوورئەتەکەیە. لە تاقیکردنەوەی میلگرامدا- Milgram -، لەلایەن ستانلی میلگرامەوە- Stanley Milgram- لە ساڵانی شەستەکاندا ئەنجامدرا، لێکۆڵینەوەی لە ئامادەیی تاکەکان کرد بۆ گوێڕایەڵی کەسایەتییە دەسەڵاتدارەکان، تەنانەت کاتێک ڕێنمایی دەکران بۆ ئەنجامدانی کارێک کە لەگەڵ ویژدانی کەسی خۆیاندا ناکۆکە.
تاقیکردنەوەکە “مامۆستا” (بەشداربوو) و “فێرخواز” (بەشداربووی ئاگادار لە پلانەکە)ی تێدابوو کە گوایە بەهۆی وەڵامی هەڵەوە تەزووی کارەبای لێدەدرێت.
سەرەڕای ناڕەزایەتی فێرخوازەکە و کاردانەوەی ناڕەحەتی زیاتر، ڕێژەیەکی سەرسوڕهێنەری بەرزی بەشداربووان بەردەوام بوون لە بەڕێوەبردنی لێدانی تەزووی کارەبا، تەنانەت لە ئاستێکی مەترسیداریشدا. نەک لەبەر ئەوەی خراپ بوون، بەڵکو لەبەر ئەوەی جوورئەتیان نەبوو بۆ خۆیان بیر بکەنەوە!
گوێڕایەڵی لای مێگەل لە ویژدان بەهێزترە تا کاتێک ویژدان لەسەر مێگەل دابەش کراوە. ئاوا ڕوون دەبێتەوە کە مێگەل ڕقی لە بیرۆکەی نوێ نییە لەبەر ئەوەی بەهەڵەی دەزانێت، بەڵکو ترسی لەوە هەیە کە بیرۆکە نوێیەکە مەترسی بخاتە سەر پێکهاتە دەروونییەکەی کە یەکگرتووییان دەپارێزێت: ڕازیبوون، گوێڕایەڵی، کۆك بوون لەسەر بێدەنگی.
کەواتە؛ کاتێک تاکێک دێتە دەرەوەو و دەڵێت:-
“ ئیتر من بە چاوی خۆم دەبینم”، ڕووبەڕووی ناڕەزایەتییەکی عەقڵانی نابێتەوە، بەڵکو زیاترلە بەرگری دەچێت. کۆمەڵگە هێرشی بۆ دەکات، هەروەکوو ئەوەی لاشە کاتێک بەرگری لەخۆیدەکات کە ڤایرۆسێکی نامۆ لێیدەدات.
کۆمەڵناسی ئەمە وەسف دەکات وەک “میکانیزمی داماڵین” تاکەکە دەیان ناو و ناتۆرەیان لێدەنرێت: شێت، لادەر، خائین، تاکو خەڵک بە ئارامییەوە بگەڕێنەوە بۆ دڵنیاییەکانیان. داماڵینی “ئەوی تری جیاواز” ئەو ڕێگایەیە کە مێگەل خۆی پێ دەپارێزێت.
ئەم میکانیزمانە لە سنووری تاقیکردنەوە یان تیۆرێکان ناوەستن، بەڵکو دەتوانرێت لە دیمەنە ڕۆژانەکانی مێژوودا ببینرێن. بڕوانە چۆن مامەڵەیان لەگەڵ ڤان گۆخ – Vincent van Gogh -کرد، وێنەکێشی خەڵوەتگری گەورە. ئەوەی ئەوانی تر نەیاندەبینی ئەو لە ڕەنگ و سێبەرەکاندا دەیبینی، بۆیە وەک شێتێک وێنەی کێشا و وەک نەفرەتلێکراوێک ژیا، لە ئێستاشدا تابلۆکانی بە ملیۆنان دۆلار دەفرۆشرێن. مێگەل ڕقی لە تابلۆکانی نەبوو لەبەر ئەوەی خراپ بوون، بەڵکو ڕقی لەو دوو چاوە جیاوازەی بوو کە جیهانیان بەو جۆرە دەبینی کە ئەوانی تر جورئەتی ئەوبینینەی ئەویان نەبوو.
هەمان دیاردە لە کۆمەڵگە سیاسییەکاندا دەبینین. کاتێک “نێلسۆن ماندێلا” دژی سیستەمی رەگەز پەرستی هاتە مەیدان، بە بیرمەند یان چاکسازکار نەژمێردرا، بەڵکو بە “تیرۆریست” ناسێندرا بۆ سێ دەیە! ئەمە بەهۆکاری ئەوە نەبوو کە بیرۆکەکەی هەڵە بوو، بەڵکو لەبەر ئەوەی جوورئەتی کرد لە دەرەوەی “دڵنیایی مێگەلی سپی پێستی باڵاو سەردەست” بیرۆکەکەی بڵێت، ئەمە تاوانەکە بوو نەك خودی بیرۆکەکانی. دوای ئەوەی پێکهاتەکە گۆڕا، هەمان کەسی جیاواز بووە پاڵەوانی نیشتیمانی.
مێژوو سەلماندوویەتی کە مێگەل ڕقی لە کەسی جیاواز نییە بۆ خۆی، بەڵکو لەبەر ئەوەی مەترسی دەخاتە سەر پێکهاتەی گوێڕایەڵی. ئەگەر پێکهاتەکە بگۆڕدرێت، کەسی جیاواز دەبێتە هێماو سیمبول و ئاماژە.
ئەم میکانیزمە دەروونی و کۆمەڵایەتیانە تاک لەبەردەم دوو هەڵبژاردەدا دادەنێن کە سێیەمیان نییە: یان توانەوە لەناو مێگەل و بێخەمبوون، یان بە تەنها بمێنێتەوە و ڕاستی بدۆزێتەوە
. بۆیە ئەلبێرت کامۆ- Albert Camus- گوتویەتی (ئازادی واتای نییە ئەگەر مەترسی تەنیایی لەخۆ نەگرێت، چونکە مێگەل ئازادیت ناداتێ، بەڵکو ناسنامەیەکی ئامادەت دەداتێ لە بەرامبەر ئەوەی واز لە جوورئەتی بیرکردنەوە بهێنیت.)
کاتێک ئەوەی شۆپنهاور گوتوویەتی لە ڕووناکی بیرۆکەکانی ئانتۆنیۆ گرامشییەوە- Antonio Gramsci – تەماشای دەکەین، دەبینین ئەو جیاوازییەی کە مێگەل ڕقی لێیەتی تەنها تاکێکی دابڕاو نییە، بەڵکو ئەوەیە کە دەتوانین پێی بڵێین “ڕۆشنبیری ئۆرگانیک”. گرامشی جیاوازی کردووە لە نێوان ڕۆشنبیری تەقلیدی کە لە باڵەخانەیەکی بەرزدا دەژێت و ڕۆشنبیری ئۆرگانیک کە تێکەڵە بە کێشە و خەباتی کۆمەڵگەکەی و جوورئەتی بزواندنی دۆخەکەی هەیە.
ئەم ڕۆشنبیرە ئۆرگانیکە لە دیدی مێگەلەوە خائینە، چونکە کێشە بنەڕەتیەکانی کۆمەڵگە ئاشکرادەکات، ئەو کێشانەی بەلای مێگەلەوە سرووشتییە کە لەڕاستیدا بیناسازییەکی مێژووییی شەق و شڕە کە دەتوانرێت بڕووخێنرێت. مێگەل لە بیرۆکە بچووکەکان ناترسێت، بەڵکو لەو بیرۆکانە دەترسێت کە لە جەستەی ڕاستیدا جووڵە دەکەن.
بۆیە کارڵ مارکس ڕووبەڕووی ڕقێکی بێسنوور بووەوە، نەک تەنها لەبەر ئەوەی دەربارەی سەرمایە نووسیویەتی، بەڵکو لەبەر ئەوەی تیۆری بە کردەوەی شۆڕشگێڕانەوە بەستووەتەوە و فەلسەفەی کردووە بە چەکوش. کاریگەرییەکەی هەتا ئەمڕۆ بەردەوامەو بەردەوام دەبێت.
مێگەل، بورژوازی بێت یان بیوروکراسی، توانای قبوڵکردنی مارکسیان نییە کە بیر و ژیانی پێکەوە بەستۆتەوە، چونکە بنەماکانی یاسایی گوێڕایەڵی کۆمەڵایەتی دەلەرزێنێت.
دەتوانین ئەو نووسینەی هانا ئارێنت- Hannah Arendt- بهێنینەوە کە دەربارەی “پوچی خراپە” – the Banality of Evil -نووسیویەتی. ئەو بینیویەتی کە خراپترین تاوانەکان بە پاڵنەری ڕقی تاکەکەسی ئەنجام نادرێن، بەڵکو بە پاڵنەری گوێڕایەڵی کۆمەڵگە ئەنجام دەدرێت.
ئایخمان- Adolf Eichmann- کە ڕێکخستنی گواستنەوەی جولەکەکانی بۆ کامپە نازییەکان کردووە، ئەو دڕندە شەیتانەکە نەبوو، بەڵکو کارمەندێکی بیروکرات بوو کە گوێڕایەڵی لەیاساکان دەکرد.
مێگەل هەمیشە دڵخۆشە بەو دۆخە، چوونکە دەتوانێت خراپەکاری ئەنجامبدات بێبیرکردنەوە. بەڵام کاتێک بیرمەندێک پەیدادەبێت و دەڵێت:
“ خۆت بیر بکەرەوە”، ئەمە وەک مەترسی لەسەر پێکهاتەیی خۆیان دەبینن، بۆیە ئەم کەسە وەک مەترسییەکی خراپتر لە هەر دوژمنێکی دەرەکی سەیردەکرێت.
لێرەوە تێدەگەین بۆچی لە ئەسینا ڕقیان لە سوقرات بوو، لە کاتێکدا نە سوپای هەبوو نە سامان، بەڵام گەنجەکانی بۆ پرسیارکردن هاندەدا. مێگەل لەو کەسانە خۆشنابێت کە خەڵک فێری چۆنیەتی بیرکردنەوە دەکەن. چوونکە ئەوە باشدەزانن نەخۆشی فێربوون لە هەموو چەکەکانی تر کووشەندەترە.
هەمان شت دەربارەی گالیلێۆ ڕاستە، کاتێک تەلیسکۆپەکەی سوڕاند بەرەو ئاسمان لە جیاتی دەقەکانی کڵێسا. تەلیسکۆپەکە مەترسیدار نەبوو، بەڵکو جوورئەتەکە بۆ بەکارهێنانی دژی دڵنیایی کۆمەڵگە تاوان بوو.
لێرە تراژیدیایەکی ئازارهێنەر دەردەکەوێت، کەسی جیاواز زۆرجار ژیانی دادەنا لە پێناوی جوورئەتەکەی، لە کاتێکدا مێگەل دوای مردنی ئینجا دێن بۆ تۆمارکردنی خاوەندارێتی مێگەل بەسەر ئەم کەسەوە، بەمرۆڤێکی بەرز دەینرخێنن.
سوقرات دوای خواردنەوەی ژەهرەکە بووە “باوکی فەلسەفە”،
جیۆردانۆ برونۆ- Giordano Bruno- دوای سووتاندنەکەی بووە هێمای ئازادی. مارتین لوثەر کینگ- Martin Luther- دوای کوشتنی بووە ئایکۆنێک. مێگەل ناتوانێت جیاوازی کەسانی زیندوو قبوڵبکات، بەڵام پاش مردنیانیان کە ترسیان دەڕەوێتەوە بەرز دەیاننرخێنن، خۆی دەکات بە میراتگری شەرعی تاکەکان، تا بتوانێ هەیبەت بداتەوە کۆنتڕۆڵی خۆی.
بەم واتایە دەتوانین بڵێین مێژوو تەنها مەیدانێکە کە کەسە جیاوازەکانی دەکوژێت پاشان پیرۆزیان دەکات. وەک ئەوەی مێگەل هەمیشە پێویستی بە کوشتنی جیاوازی هەیە بۆ دڵنیایی خۆی، دواتر بەرز نرخاندنی لە پێناو خۆجوانکردنی خۆیدا.
ئەم تراژیدیایە قسەکەی شۆپنهاور ئازاربەخشتردەکات، نەک تەنها ئەوەی مێگەل ڕقی لە بوێری فکری هەیە، بەڵکو لە ڕێگەی نکۆڵیکردن و دوواتر قبوڵکردنی بەڵام پاش بەسەرچوونی کات.
ڕەنگە هەندێک وابیر بکەنەوە کە پاشهاتنی مۆدێرنیزم و هەڵگرتنی تاکگەرایی لە خۆیدا، مرۆڤی لە کۆتی مێگەل ئازاد کردووە. بەڵام لەڕاستیدا بابەتەکە لەوە ئاڵۆزترە. ڕاستە مۆدێرنیزم درووشمی خودی ئازادی بەرزکردەوە، بەڵام ئەم خودە لە بۆشاییدا نەژیا، بەڵکو ڕووبەڕووی خوداوەندێکی نوێی کردەوە ئەوەش “جەماوەرە”.
گوستاڤ لۆبۆن- Gustave Le Bon- لە کتێبی “سایکۆلۆژیای جەماوەر” ئاماژەی پێکردووە، ( تاک لەناو کۆمەڵگەدا وەک تاک بیرناکاتەوە، بەڵکو توانا ڕەخنەییەکانی لەدەست دەدات و دەبێتە گەردیلەیەک لە ناو شەپۆلێکی کوێر.)
لەم چوارچێوەیەدا کەسی جیاواز لە بەرانبەر مەترسیدا دەمێنێتەوە، نەک بە شمشێری دادگاکانی لێکۆڵینەوەو پشکنینی کڵێسا وەک لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، بەڵکو بە سزای کۆمەڵگە کە شێوەی دابڕان، تەریککردنەوە، یان کوشتنی مەعنەویی دەکرێتەسەر.
مۆدێرنیزم مێگەلێکی نوێی دروست کرد، مێگەلێکی زیاتر بڵاوبووەوە. لە ڕابردوودا جیاوازکار ڕووبەڕووی قەشەیەك یان پاشایەک دەبووەوە، بەڵام ئەمڕۆ ڕووبەڕووی ملیۆنان چاو دەبێتەوە کە لە پشت شاشەکانەوە چاودێریی دەکەن، ملیۆنان دەنگ پێکڕا هاوار دەکەن.
ڕاگەیاندن، پاشان ئامرازەکانی سۆشیال میدیا، مێگەلێکی جیهانیی دروست کردووە. مێگەل چیتر ناوخۆیی نەماوەتەوە، بەڵکو جیهانیە. دەکرێت وشەیەکی رەگەزپەرستی سنووری هەموو کیشوەرەکان ببڕێت.
ڕەنگە مەترسیدارترین شتێک ئەم مۆدێرنیزمە هێنابێتی ئەوەبێت کە نیچە بە “ئەخلاقی کۆیلە” ناوی بردووە، ئەو ئەخلاقەی زۆرینە وایلێدەکات ڕقیان لە هەر تاکێک بێت کە بوێری تێپەڕینی هەبێت.
لە کۆمەڵگە ” یەکڕەنگە جاموەریەکاندا-یان تۆلیتارە کۆمەڵایەتیاکاندا” سەرکەوتن کۆدێکە بۆ لێکچوون و جیاوازیش دەبێتە تۆمەت. تەنانەت ئازادیش، ئەوەی هەمیشە فەیلەسوفەکان باسیان لێوەکردووە، لە ناو مێگەلدا، دەبێتە ئازادییەکی مەرجدار کە هێڵە سوورەکان تێنەپەڕێت کە بە کۆدەنگی دانراوە.
لەم چوارچێوەیەدا ئێریک فرۆم- Erich Fromm- دەربارەی “ترس لە ئازادی” نووسیویەتی، ئەو ترسەی وا لە تاکەکان دەکات هەڵبێن لە بارگرانی بڕیاری سەربەخۆی بۆ ئەوەی لە کۆمەڵگەیەکدا بتوێنەوە.
مێگەلی سەردەمی، ڕقی لە جیاوازی نییە لەبەر ئەوەی لەگەڵ ڕاستیدا ناگونجێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەو بەرپرسیارێتییەی لێیهەڵهاتوون بە بیریان دێنێتەوە. بەرپرسیارێتی لەوەی کە ئازاد بیت، بۆیە جیاوازبوون لەسەردەمی پۆپۆلیزمدا بەشێوەیەکی تووند سزادەدرێت نەک هەموو جارێک بە کوشتن بەڵکوو لە رێی گاڵتەپێکردن و بێزارکردنەوە بۆ بێدەنگکردنی.
ئەمە هەموو ڕۆژێک لە دادگا مۆدێرنەکانی لێکۆڵینەوەو پشکنیندا دەیبینین کاتێک میدیا کەسێک دەکاتە دوژمنی گشتی، یان سۆشیال میدیا دەیکاتە ئامانجی گاڵتە و ڕق.
لۆژیکەکە هەمان ئەوەیە کە شۆپنهاور باسی کردووە:
“ڕای جیاواز ئەوە نییە کە مێگەل ڕقی لێیەتی، بەڵکو بوێرییە بۆ بیرکردنەوە لە دەرەوەی ئاوازی کۆمەڵایەتی”
بەم واتایە مۆدێرنیزم خۆدەربازکردن نییە لەهەژموونی مێگەل، بەڵکو دووبارە شێوەپێدانیەتی لە شێوەیەکی زیاتر شاردراوەدا. مێگەل نەمردووە، بەڵکو ماسکی ئازادی پۆشیوە.
لێرە مەترسی جیاوازێکە زیاتر دەبێت، چونکە لە کۆمەڵگەیەکدا کە درووشمی ئازادی بەرز دەکاتەوە، جیاوازی دەبێتە ڕسوایییەکی گەورە، چوونکە ئازادی نەژیاوەتەوە بەڵکوو قەتیس کراوەتەوە لە دروشمدا.
هۆرکهایمەر و ئادۆرنۆ- Max Horkheimer- Theodor W. Adorno- لە “دیالێکتیکی ڕووناکبیری” نیشانیانداوە کە ئەو عەقڵەی کە مۆدێرنیزم مزگێنیی بۆیدا نەبووەتە عەقڵێکی ڕەخنەیی و ئازاد، بەڵکو بووەتە عەقڵی ئامرازێک – عەقڵێک کە پرسیاری “واتا” ناکات، پرسیاری ڕێگە، گەڕان بەدوای ڕاستیدا ناکات، بەڵکو بەدوای “کاریگەری” و “کۆنترۆڵدا” دەگەڕێت.
لە سای ئەم عەقڵە ئامرازییەدا، جیاوازیەکە دەبێتە مەترسیەکی دووبەرابەر، چونکە نەک تەنها ئەنجامەکانی مێگەل ڕەت دەکاتەوە، بەڵکو بنەماکانی یاریەکەشی ڕەت دەکاتەوە.
مێگەلی هاوچەرخ پرسیاری “ئایا ئەوەی دەیکەین دادپەروەرانەیە؟” ناکات، بەڵکو پرسیار دەکات “ئایا کاریگەرە؟” کەسی جیاوازیش کە جوورئەتی پرسیارکردنی دادپەروەری دەکات، وەک ئەوە وایە هەموو دەزگا زەبلاحە ئەژدیهایەکە ڕابگرێت.
بیرکردنەوەی جیاواز لە کۆمەڵگە مۆدێرنەکاندا بە ترسناک سەیردەکرێت، چونکە دژایەتی “خێرایی” دەکات، دژایەتی “قازانجپەرستی و سوودپەرستی دەکات، دژایەتی سیستەم دەکات” لە جیهانێکدا کە بەها بە بەرهەمهێنان پێوانە دەکرێت، هەر دەنگێک کە پرسیاری ئامانجی کۆتایی بکات دەبێتە مایەی هەڕەشەیەك کە دەبێ بوەستێنرێت، لە نێوببرێت.
بەمشێوەیە کەسی جیاواز دووجار لە کۆدەنگی دەردەچێت: جارێک لەبەر ئەوەی لە بیروڕا بەشداری کۆمەڵگە ناکات، جارێکی تریش لەبەر ئەوەی لە پێوەرە چەسپیوە فەرمیەکاندا بەشداری ناکات.
بۆ نموونە هێربەرت مارکۆزە- Herbert Marcuse- باسی “مرۆڤی تاک ڕەهەند”یی دەکات، ئەو مرۆڤەی هەموو ئاسۆکەی کورتکردۆوەتەوە لە لۆژیکی خەرجکردن-مەسرەفگەرایی و چێژ لەتەکنەلۆژیا وەکو بەکاربەری بێ مەرج وگوێرایەڵ. کەسی جیاواز لەم جیهانەدا ئەوەیە کە پێداگری لەسەر بینینی دوو ئاراستەکەی تر دەکات و دەیەوێت بیانبینێت: ئاراستەی جوانکاری و ئاراستەی ڕزگارکەری. بەڵام کاتێک ئەمە دەکات دەستبەجێ تۆمەتبار دەکرێت بە نا-واقعی، خەیاڵپەرەست یان نیهیلیست.
ئەمە هەمان میکانیزمی مێگەلە کە شۆپنهاور باسی کردووە: ڕای جیاواز ئەوە نییە کە تاوانباردەکرێت، بەڵکو جوورئەتەکەیە بۆ خاوەنداریکردنی دونیا بینییەکی تر بۆ جیهان.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ نموونەکانی مێژوو، دەبینین بابەتەکە لە سەدەی بیستەمدا دووبارە دەبێتەوە. هەرکەسێک هەوڵیدا بەرەنگاری لۆژیکی تەکنەلۆژیا، تەکنۆلۆژیای لێکۆڵینەوە بێتەوە، بە ئاستەنگ هەژمار دەکرا. هایدگەر خۆی سەرەڕای ئاڵۆزیەکانی ڕێچکەی سیاسی، بینیویەتی کە تەکنەلۆژیا تەنها ئامراز نییە بەڵکو شێوازێکی “هەبوونە” کە مرۆڤ کورتدەکاتەوە بۆ سەرچاوە.
کەسی جیاواز کە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە مرۆڤ زیاترە لە تەنها “سەرچاوەی مرۆیی” یان سەرمایەی مرۆیی، وەک دەنگێکی نالەبار مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. ئەو ئەو زمانە لەناو دەبات کە مێگەل خوی پێوەگرتووە: زمانی کارایی و ژمارە و سوود.
لە کۆمەڵناسیدا ئەم دیاردەیە بە ڕوونی دەبینین لە ڕەخنەی ؛
ماکس وێبەر – Max Weber- لە “قەفەسی ئاسن- iron cage -“. کۆمەڵگەی مۆدێرن بە عەقڵانیەتێکی بیوروکراتی مەحکومکراوە کەتێیدا هەموو شتێک شایانی پێوانەکردنە.
جیاوازیەکە لێرەوە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات هەندێ شت هەیە پێوانە ناکرێت: جوانی، خۆشەویستی، قوربانیدان، شێتی، بەهرەمەند. بەڵام مێگەل کە فێری پێواندنی هەموو شتێک بە ژمارە بووە، لەمەدا تەحەدایەک دژ بە وجودی خۆی دەبینێت.
ڕەنگە بەرچاوترین نموونەی ئێستامان چارەنووسی ئەوانە بێت کە دژی سیستەمی نیۆلیبراڵی ئەمڕۆ ڕادەوەستن. هەر دەنگێک ڕەخنە لە لۆژیکی بازاڕی ئازاد بگرێت، دەستبەجێ بە بەدواکەوتوو یان یوتۆپیایی ناودەبردرێت، نەک بە گشتی لەبەر ئەوەی هەڵەیە، بەڵکو لەبەر ئەوەی بوێری دەرچوون لەو ئاوازە ئامرازییە دەکات کە جیهان وەک زنجیرەیەک لە بازاڕەکان دەبینێت.
لێرەدا جارێکی تر پێشبینیەکانی شۆپنهاور ڕوونتر دەبێتەوە.
رقیان لە کەسی جیاواز دەبێتەوە نەک لەبەر ئەوەی هەڵە دەکات، بەڵکو لەبەر ئەوەی بنیاتی بیرکردنەوەی خۆی ئاشکرا دەکات. ئەمە پارادۆکسی سەردەمی نوێیە کە ئەو ئازادییەی بەڵێنیان پێداین گۆڕا بۆ عەقڵ سالاریەکی تەکنیکی کە بە توندی خۆی پاسەوان دەکات و هەرکەسێک بوێری بکات و لە دەرەوەی ئەو بیر بکاتەوە، دەستبەجێ دەردەکرێت.
بەم شێوەیە مێگەل دەمێنێتەوە هەرچەندە پەلاماری نوێگەری و عەقڵانیەت بدات، بەڵام دڵسۆز دەمێنێتەوە بۆ ناوەڕۆکە کۆنەکەی: ڕقبوون لە هەر تاکێک بوێری بیرکردنەوەی جیاوازی هەبێت لە دەرەوەی ئەوان.
ئەگەر فەلسەفە و زانست چارەنووسی کارەساتبارانەیان بۆ کەسانی جیاواز هێناوە، هونەر شانۆیەکی زیاتر دراماتیک بووە بۆ ئەم شەڕە، چونکە هونەر بە سرووشت لەسەر جیاوازی دەژیت، لەسەر ئەوەی بە چاوێکی تر دەبینێت، لە جیهانەوە ئەوە وەردەگرێت لێرەدا مێگەل ئەو چاوانە لە ناوخۆیدا قبوڵناکات. لێرەوەیە مێژووی هونەر زنجیرەیەک بووە لە پرۆسەکانی ڕەتکردنەوە و تەنیایی و سووکایەتی کە مێگەل لە دژی داهێنەران دەیانگێڕێت.
لە ئەدەبی عەرەبیدا چارەنووسی “مەعەڕی” دەبینین کە بە “زیندیق ” “تاوانبار کرا” ناودەبرا چونکە بوێری ئەوەی کرد شیعر بنووسێت کە دووڕووی باوەڕەکان ئاشکرا بکات، جا مێگەل ڕەتیکردەوە بەڵام ئەمڕۆ هێمای ئازادی بیرکردنەوەیە لە میراتی عەرەبی.
هەمان شتیان لەگەڵ تەها حوسەین کرد کاتێک “فی الشعر الجاهلی”ی بڵاوکردەوە، تۆمەتەکانی کوفر و خیانەت بارانی لێ بارین چونکە بوێری ئەوەی کرد بیربکاتەوە لەو دەقانەی بەلای مێگەلەوە پیرۆزە.
میکانیزمی مێگەل ئەوەیە، یەکەم جار هێرش دەکاتە سەر کەسی جیاواز چونکە ڕیتمی کۆمەڵایەتی دەشکێنێت، دواتر نەمری دەکات ئەوکاتانەی ترسی دەڕەوێتەوەو هەست بە دڵنیایی دەکات.
مێگەل شەڕت لەگەڵ ناکات چونکە هەڵە دەکەیت، بەڵکو بە هۆکاری ئەوەی سەرکێشی دەکەیت لە خولگەکەی ئەوان دەردەچیت. ڕقیان لێتدەبێتەوە چونکە بیریان دەخەیتەوە لەوەی کە هەڵهاتوون لێی: بەرپرسیارێتی ئەوەی بە چاوی خۆیان ببینن و بارگرانی بیرکردنەوە بە تەنهایی هەڵگرن.
ئەم ڕێگایە بانگەشەنییە بۆ هەموان. ئەمە ڕێگای مەنفایە، ڕێگایەک کە تەنها ئەوانە دەیپێون کە ڕازین بە ڕووتی بژین، بێ دڵنیایی، بێ پاراستن، بێ کۆری چەپڵەڕێزان.
بیرکردنەوەی ئازاد شەرەف نییە، بەڵکو نەفرەتە. ئەوەی هەڵیبژێرێت دەبێت تەنیایی وەک چارەنووس قبووڵ بکات و نرخەکەی بەخوێنی بدات یان دابڕان و بێدەنگی بکات بە چارەنووسی خۆی.
لە کۆتاییدا لەوانەیە ڕاستی تەنها برینێکی کراوە بێت، بەڵام برینی تۆیە، نەک برینی مێگەل.

و.ئامادەکردنی لە عەرەبییەوە: گۆران عەبدوڵڵا

سەرچاوە:
https://www.youtube.com/watch?v=IQA2iiIB4uA




سەرکوتکردنی دیجیتاڵی نەرم: چۆن ژیریی دەستکرد بەکاردەهێنرێت بۆ پتەوکردنی هەژموونی سەرمایەداری.. ڕزگار ئاکرێی

چاودێری و کۆنتڕۆڵی دیجیتاڵی

کۆمپانیا دیجیتاڵییەکان بە هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتە گەورەکان، چاودێری جموجۆڵی تاکەکان دەکەن لە ڕێگەی ئامێرە زیرەکەکان و ئامرازە جۆراوجۆرەکانی پەیوەندی. هەموو چالاکییە دیجیتاڵییەکان، لەوانە کۆبوونەوە داخراوەکانی پارێزراو، لەژێر چاودێری و شیکردنەوەی بەردەوامدان. لە پراکتیکدا، هیچ بۆشاییەکی دیجیتاڵی بەتەواوی پارێزراو نییە. داتاکان بە شێوەیەکی سیستماتیک کۆدەکرێنەوە و پاشان بەکاردەهێنرێن بۆ هەڵسەنگاندن و پۆلێنکردنی تاک و گرووپەکان بەپێی شێوازەکانی هەڵسوکەوت و ئاراستەی ڕۆشنبیری و سیاسییان.
سەرەڕای ئەوەش، چاودێری دیجیتاڵی بۆتە ئامرازێکی سەرەکی بۆ چاودێریکردنی مەیلی فکری و سیاسی بەکارهێنەران، کە کۆمپانیا و حکومەتەکان دەتوانن لە ڕێگەی هەڵمەتی چەواشەکاری رێکخراوەوە بەدواداچوونیان بۆ بکەن و بیانکەنە ئامانجیان یان سزای دیجیتاڵی بسەپێنن بەسەریاندا کە کاریگەرییان لەسەر ڕای گشتی سنووردار و کەم دەکاتەوە. ئەم ستراتیژانە بەشێوەیەکی سیستماتیک و شاراوە لە دژی ڕێکخراوە کرێکارییەکان، گروپە چەپەکان و دامەزراوە سەربەخۆکانی مافەکانی مرۆڤ و میدیا جێبەجێ دەکرێن. کۆمپانیا سەرمایەدارەکان و دەوڵەتە گەورەکان ئەلگۆریتمەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و سیستەمەکانی AI بە وردی و سیستماتیک بەکاردەهێنن بۆ سنووردارکردنی گەیشتن بە پۆستە سیاسییە چەپ و پێشکەوتووەکان، هەندێک جار بەبێ پەنابردن بۆ سڕینەوە.
ئەم کردارانە سەرکوتکردنی دیجیتاڵی ئاڵۆزتر و مەترسیدارتر و نادیارتر دەکات، چونکە کەمی تێکەڵبوون لەگەڵ ناوەڕۆکی پێشکەوتوودا کاردانەوەی سروشتی بینەرانە دەردەکەوێت، لە کاتێکدا لە ڕاستیدا ئەنجامی ئەلگۆریتمێکی پێشوەخت داڕێژراو بە ئامانجی کەمکردنەوەی بینراوی دەبێت. زۆرێک لە توێژینەوەکان دیاردەی پەیوەندیداریان دۆکیۆمێنت کردووە، وەک “بڵقی فلتەر” کە لەلایەن ئەلگۆریتمەکانەوە دروست کراوە بۆ جیاکردنەوەی بەکارهێنەران لە ناوەڕۆکی سیاسی کە تەحەدای بیروبۆچوونەکانیان دەکات. دزەکردن و بەڵگەنامە ناوخۆییەکانی کۆمپانیاکانی وەک فەیسبووک ستراتیجی بە ئەنقەست بۆ کەمکردنەوەی دەرکەوتنی هەندێک بزووتنەوەی سیاسی و مافەکانی مرۆڤ ئاشکرا دەکەن لە ڕێگەی سنووردارکردنی گەیشتنیان یان ناچالاککردنی ئاگادارکردنەوەکان. ئەم سیاسەتانە تێڕوانینێکی هەڵە لەنێو چالاکواناندا دروست دەکەن کە بیروبۆچوونەکانیان ناکاریگەرن یان پەسەند نین، ئەمەش پاڵ بە هەندێکیانەوە دەنێت بەرەو خۆسانسۆرکردن یان ڕێکخستنی گوتارەکانیان. سەیری سەرچاوەکان بکە (1,2,3,4,5).

بێدەسەڵاتکردنی دیجیتاڵی

بێدەسەڵاتکردنی دیجیتاڵی ئامرازێکی نوێ و پێشکەوتووی زاڵبوونی چینایەتییە، کە تیایدا ئەلگۆریتمەکان و AI بەشێوەیەکی سیستماتیک و نادیار بەکاردەهێنرێن، بۆ ماوەیەکی درێژ و لەسەرخۆ، بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو ناوەڕۆکانەی کە هەستی بێدەسەڵاتی و وازهێنان بەهێز دەکات، بەتایبەتی لە نێو بەکارهێنەرانی خاوەن ئاراستەی چەپ و پێشکەوتوو. ئەم میکانیزمە شکستی و لاوازی ئەزموونی سۆسیالیستی و ڕێکخراوە چەپەکان گەورەتر دەکات، لە هەمان کاتدا سەرمایەداری وەک سیستەمێکی ئەبەدی و نەبەزێنراو وێنا دەکات، بەم شێوەیە ئەو بیرۆکەیە بەهێز دەکات کە گۆڕان مەحاڵە. تاکگەرایی لەگەڵ چارەسەری تاکەکەسی وەک بەکارهێنان و گەشەپێدانی خود، تاکەکان لە چالاکی سیاسی کۆمەڵ و ڕێکخراو جیا دەکاتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، مشتومڕی ناو ڕێکخراوە چەپەکان بەرەو ململانێی پەراوێز دەچن و گەورە دەکرێن و هەوڵەکان سەرقاڵ دەکەن و توانای بەرگری لاواز دەکەن. کۆمپانیا گەورەکان هەڵسوکەوتی دیجیتاڵی شیدەکەنەوە بۆ ئەوەی بەکارهێنەران و گروپەکان بکەنە ئامانج کە ناوەڕۆکی نائومێدی دروست دەکات و وایان لێدەکات هەستبکەن گۆڕانکاری سۆسیالیستی مەحاڵە یان زۆر قورسە. ئەم سیاسەت و میتۆدانە ڕێکەوت نین بەڵکو ئامرازی زانستی بە ئەنقەست و بۆ لەباربردن یان لاوازکردنی ڕۆحی گۆڕان و مسۆگەرکردنی مانەوەی سیستەمی سەرمایەداری بەبێ تەحەدای ڕاستەقینە و کاریگەر دیزاین کراون.

دەستگیرکردنی دیجیتاڵی و کوشتنی دیجیتاڵی

دەستگیرکردنی دیجیتاڵی قۆناغێکی مەترسیدارترە لە چاودێری و کۆنتڕۆڵکردن، چونکە لە سنووردارکردنی ناوەڕۆک تێدەپەڕێت بۆ سەپاندنی سنووردارکردنی هەڕەمەکی بەسەر هەژماری تاک و گروپ، هەڵپەساردنی کاتی بۆ ماوەیەکی جیاواز، یان سڕینەوەی هەمیشەیی بەبێ شەفافییەت و ستانداردی ڕوون یان یاسای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەرگری لە مافەکانی بەکارهێنەران. بیانووی وەک “پێشێلکردنی ستانداردەکانی کۆمەڵگە” یان “هاندانی توندوتیژی” بۆ بێدەنگکردنی ئەو دەنگانە بەکاردەهێنرێن، هەرچەندە ناوەڕۆکی چالاکوانان زۆرجار تاوانەکانی دەوڵەت و کۆمپانیاکانی سەرمایەداری یان پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دۆکیۆمێنت دەکات. نمونەیەکیش سەرکوتکردنی دیجیتاڵی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانە لە دژی ئەو ناوەڕۆکە فەلەستینیانەی کە تاوانەکانی ئیسرائیل دژ بە خەڵکی مەدەنی تۆمار دەکەن. لە هێرشەکەی ئەم دواییەدا بۆ سەر غەززە، کۆمپانیاکانی وەک فەیسبووک و ئینستاگرام و تویتەر سەدان هەژمار و پۆستیان سڕیەوە و قەدەغەیان کرد کە تاوانەکانی داگیرکاریان تۆمار دەکرد بە تۆمەتی “پێشێلکردنی ستانداردەکانی کۆمەڵگە” یان “هاندانی تیرۆر”. هیومان ڕایتس ۆوچ لە ساڵی 2023 دا زیاتر لە 1050 حاڵەتی لابردن یان سنوردارکردنی ناوەڕۆکی لایەنگری فەلەستین لە فەیسبووک و ئینستاگرام لە نێوان تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمی 2023 تۆمار کردووە. من خۆم بۆ ماوەی مانگێکی تەواو قەدەغە کرام پاش بڵاوکردنەوەی پۆستێکی چەپی فەلەستینی و پەیجی فەیسبووک http://www.facebook.com/SecularFB کە زیاتر لە 200,000 هەواداری هەبوو بەهۆی بڵاوکردنەوەی وتاری ئاشکراکردنی تاوانەکانی داگیرکاری ئیسرائیل داخرا. هەروەها دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەربەخۆی وەک تۆڕی هەواڵی قودس کراونەتە ئامانج بەهۆی سنووردارکردنی پەیوەندییان یان سڕینەوەی هەژمارەکانیان، ئەمەش هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ بێدەنگکردنی ئەو دەنگانەی کە پێشێلکارییەکانی دژی خەڵکی فەلەستینی ئاشکرا دەکەن. میدیا و راپۆرتەکانی مافی مرۆڤ هەروەها تیشک دەخەنە سەر دیاردەی “قەدەغەکردنی سێبەر” کە بەهۆیەوە پۆستەکانی لایەنگری فەلەستین بەبێ سڕینەوە سەرکوت دەکرێن، بەتایبەتی ئەوانەی هاشتاگی وەک #FreePalestine یان #IStandWithPalestine تێدایە. سەیری سەرچاوەکان بکە (6,7,8)..

خۆسانسۆری خۆبەخشانە

سەرکوتکردنی دیجیتاڵی و سنووردارکردنی گەیشتن بە پۆستەکان لەگەڵ دیاردەی “خۆسانسۆری خۆبەخشانە” کە تێیدا تاکەکان و تەنانەت گروپەکانیش دەستدەکەن بە سەپاندنی سنوور بەسەر خۆیاندا، گوتاری سیاسی خۆیان دەگۆڕن یان تەنانەت ناوەرۆکەکەی دەگۆڕن بۆ بابەتە تیۆرییە گشتییەکان و دوورکەوتنەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرمایەداری و ڕژێمە دیکتاتۆرەکان، لە ترسی کەمبوونەوەی دەستگیرکردن، قەدەغەکردنی لەکاتی دەستگیرکردنی دیجیتاڵدا. یان کوشتنی دیجیتاڵی لە ڕێگەی داخستنی هەژمارەکان لەلایەن ئەلگۆریتمی AI لەسەر پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان. ئەم ترسە ئازادی ڕادەربڕین لاواز دەکات و دەبێتە فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە لە دووبارە داڕشتنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی گوتاری گشتی تەنانەت پێش ئەوەی سنووردارکردنی ڕاستەقینە بسەپێنرێت. ئەمە هەژموونی ئایدیۆلۆژیای سەرمایەداری بەهێز دەکات، بۆشایی بەرگری دیجیتاڵی بچووک دەکاتەوە و ئینتەرنێت دەگۆڕێت بۆ بۆشاییەکی خۆڕێکخستن کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتە باڵادەستەکاندا هاوتەریب بێت. بۆ نموونە، لە ماوەی ناڕەزایی جەماوەری لە وڵاتانی جۆراوجۆر دژ بە سیاسەتی سەرمایەداری و دیکتاتۆری و بەشێوەیەکی گشتی، لە ئاستێکی جیاوازدا، زۆرێک لە بەکارهێنەران تێبینی ئەوەیان کرد کە پۆستەکانیان وشەکانی وەک مانگرتنی گشتی، نافەرمانی مەدەنی، شۆڕش یان تێکستی ئاشکراکردنی تاوان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ نەگەیشتوونەتە بەرچاوی ئاسایی. ئەمە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی “هێلەک زەردەکان” لە فەڕەنسا ئاشکرا بوو، کە ڕاپۆرتەکانی میدیا بەڵگەی سڕینەوە یان سنووردارکردنی ئەو پۆستانەیان دەکرد کە داوای مانگرتنی جەماوەری یان ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکومەت دەکەن. لە ئەمەریکا، چالاکوانانی بزووتنەوەی ژیانی ڕەشپێستەکان رایانگەیاند کە ژمارەی ئەو پۆستانە کەمبووەتەوە کە داوای نافەرمانی مەدەنی یان خۆپیشاندانێکی ئاشتیانە دەکەن دژی توندوتیژی پۆلیس، بەتایبەتی لە فەیسبووک و ئینستاگرام. ناڕەزایی هاوشێوە لە چالاکوانانی هیندستان لە کاتی خۆپیشاندانەکانی جوتیارانی ساڵی 2021 دەرکەوت، کە پلاتفۆرمەکان بە بیانووی “پێشێلکردنی یاسا ناوخۆییەکان” پۆستەکانیان لابرد یان هاشتاگی پەیوەندیدار بە خۆپیشاندانەکانی وەک #FarmersProtest بلۆک کرد. ئەمەش وایکرد زۆرێک لە چالاکوانان خۆیان بەدوور بگرن لە بەکارهێنانی دەستەواژەی ئاژاوەگێڕ و گوتاری گشتی بەرەو ناوەڕۆکی کەمتر ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕانە بگۆڕن.
سەیری سەرچاوەکان بکە (9,10,11,12,13).

داڕمانی دیموکراسی لە ڕێگەی ژیریی دەستکردەوە

پاش بەدەستهێنانی کۆنتڕۆڵی عەقڵ و هۆشیاری مرۆڤ لە ڕێگەی دیجیتاڵیزەکردندا، مەسەلەکە چیتر تەنها زیادکردنی قازانجی سەرمایەداری نییە، بەڵکو بۆتە ئامرازێکی سەرەکی بۆ لاوازکردن و تەنانەت لاوازکردنی دیموکراسی بۆرژوازی ڕێژەیی نەک پشتگیری یان فراوانکردنی تەنانەت لەگەڵ متمانەی سنوورداردا لە زۆربەی وڵاتاندا، بە لەبەرچاوگرتنی ملکەچی بۆ پارەی سیاسی، یاسای هەڵبژاردنی نادادپەروەرانە کە خزمەت بە بەرژەوەندییە تایبەتەکان دەکات و هۆکارەکانی تر. لەجیاتی پەرەپێدانی بەشداری هۆشیارانەی جەماوەر لە ژیانی سیاسیدا، دیجیتاڵیزەکردن و AI بەکاردەهێنرێن بۆ دووبارە شێوەدان و دەستکاریکردنی ڕای گشتی بەپێی بەرژەوەندییەکانی چینی فەرمانڕەوا، کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکان، کەمکردنەوەی بۆشایی گفتوگۆی ئازاد و ئاراستەکردنی گوتاری سیاسی و میدیایی بۆ خزمەتکردنی دەسەڵاتدارانی سەرمایەداری.
کۆنتڕۆڵی چینایەتی AI مانای ئەوەیە کە ئەم تەکنەلۆژیایە کە گوایە ئامرازێکە بۆ بەهێزکردنی شەفافییەت و دیموکراسی، بەشێوەیەکی کاریگەر بەکاردێت بۆ بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی ئەو چیرۆکانەی کە سیستەمی سەرمایەداری ئێستا دەپارێزن. شیکردنەوەی داتای گەورە و ئەلگۆریتمی زیرەک بەکاردەهێنرێن بۆ ئاراستەکردنی زانیاری سیاسی بە شێوەیەک کە خزمەت بە دامەزراوەکانی سەرمایەداری، بزووتنەوەی ڕاستڕەو و نیۆفاشیست و دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکان بکات، بەمەش توانای جەماوەر لاواز دەکات بۆ بڕیاردانی سیاسی لەسەر بنەمای هۆشیاری ڕەخنەیی ڕاستەقینە. لە سیستەمی سەرمایەداریدا، AI بۆ بەهێزکردنی جەماوەر یان بەهێزکردنی بڕیاردانی هۆشیار و شەفاف بەکار ناهێنرێت، بەڵکو وەک ئامرازێک بۆ شێواندنی واقیع، بەرهەمهێنانەوەی پڕوپاگەندە و چالاککردنی زانیاری هەڵەی میدیایی کە جەوهەری دیموکراسی ڕاستەقینە لاواز دەکات لەسەر بنەمای شەفافیەت، دەستگەیشتن بە زانیاری و پلۆرالیزمی فکری و سیاسی. ئەمە بە ئامانج گرتنی گروپە دیاریکراوەکان بە ناوەڕۆکی گونجاو لەسەر بنەمای هەڵسوکەوتی دیجیتاڵی ئەنجام دەدرێت، دروستکردنی ڕای گشتی دەستکرد کە هەژموونی چینایەتی بەهێز دەکات و جەمسەرگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی قووڵتر دەکات. نەک تەنها دەنگدەران هەڵدەخەڵەتێنێت بەڵکو ژینگەی گفتوگۆی سیاسی دەگۆڕێت، ناوەڕۆکی لێ دادەماڵێت و پڕی دەکات لە پڕوپاگەندەی خزمەتی سەرمایەداری و بیروڕای ڕاستڕەو.
کاریگەری AI لە دەستکاریکردنی زانیاری تێدەپەڕێت. دەبێتە ئامرازێکی سەرەکی لە بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵاتی سیاسی سەرمایەداری. بە بەکارهێنانی ئەلگۆریتمەکان لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا، گونجاندنی پەیامی سیاسی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی سەرمایە و کاریگەری لەسەر دەنگدەران لە ڕێگەی ئامانجی ورد، پلاتفۆرمەکان کار دەکەن بۆ بێلایەنکردنی دەنگی ئۆپۆزسیۆن و لاوازکردنی بەدیلی چەپ و پێشکەوتنخوازی دیموکراتی. نمونەی ڕوونی دەستێوەردانی ملیاردێری ڕاستڕەو ئیلۆن مەسک لە هەڵبژاردنەکانی 2025 ی ئەڵمانیا لە ڕێگەی پلاتفۆرمی “X” (پێشتر تویتەر) بوو، کە تیایدا ڕاستەوخۆ پشتگیری پارتی راستڕەوی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا کرد لە رێگەی بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی AI و دروستکردنی ڕای گشتی و بەهێزکردنی جەمسەرگیری سیاسی لە بەرژەوەندی هێزە ڕاستڕەو و نیۆنازییەکان.
لەم ژینگەیەدا، هەڵبژاردن چیتر ڕەنگدانەوەی ئیرادەی خەڵک ناکات، تەنانەت بە شێوەیەکی ڕێژەیی بەڵکو گۆڕاوە بۆ گۆڕەپانی ململانێ لە نێوان دەوڵەتە گەورەکان، دەسەڵاتە قۆرخکارەکان و ئۆلیگارشی دارایی، کە ئینتەرنێت و AI وەک ئامرازی زاڵبوونی سیاسی و ئایدۆلۆژی بەکاردەهێنن. ئەمە پلۆرالیزمی سیاسی دەشێوێنێت و میکانیزمی دیموکراسی ڕێژەیی گەندەڵ دەکات، چونکە دەسەڵاتدارەکان یان دەنگە پێشکەوتووخوازەکان لاواز دەکەن یان جەماوەر بەرەو بەدیلی هەڵە پاڵ پێوەدەنێن کە خودی سیستەمی سەرمایەداری بەرهەم دەهێنێتەوە، لەگەڵ زۆرترین گۆڕانکاری ڕووکەشانە.

جێگرەوەکانی چەپ و بەرەی پێشکەوتنخواز و مافەکانی مرۆڤ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمە:
AI وەک ئامرازێک بۆ ئازادی مافەکانی مرۆڤ
پێویستە AI وەک ئامرازێک بێت بۆ ئازادی و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ، نەک بۆ سنووردارکردن یان پێشێلکردنیان. بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە، دەستپێشخەرییە چەپ و پێشکەوتووخوازەکان کە شەفافییەت، چاودێری و بەکارهێنانی AI کە دادپەروەری و یەکسانی بەرز دەکاتەوە زۆر گرنگن، نەک وەک ئامرازێک لە دەستی ڕژێمە دیکتاتۆرەکان، دەوڵەتە گەورەکان و کۆمپانیاکان بۆ چاودێریکردنی تاکەکان و سەرکوتکردنی ئازادییەکان. پێویستە چوارچێوەی یاسایی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی توند دابمەزرێنرێت بۆ بە تاوان ناساندنی بەکارهێنانی AI لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، چ لە ڕێگەی چاودێریکردن، بە ئامانجگرتنی نەیاران و چالاکوانان، یان سەپاندنی سانسۆری دیجیتاڵی کە دەبێتە هۆی دەستگیرۆکردنی دیجیتاڵی و کوشتن و سنووردارکردنی ئازادی ڕادەربڕین. ئەپڵیکەیشنەکانی AI لە بواری ئاسایش دەبێت لەژێر پێداچوونەوەیەکی دادوەری سەربەخۆدابن، لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەشداری لە هەڵسەنگاندنی مەترسییەکانیان بۆ سەر ئازادییەکان. دەبێت تۆڕەکانی هاوپشتی جیهانی چاودێری خراپ بەکارهێنانی AI بکەن، بایکۆتی ئەو کۆمپانیایانە بکەن کە تەکنەلۆژیای چاودێری بە ڕژێمە دیکتاتۆرەکان دەفرۆشن و بیانخەنە لیستی ڕەشەوە.
بۆ دڵنیابوون لەمە، سیستەمەکانی AI وەک سەرچاوەیەک دەبێت لە ژێر دەسەڵاتی سەربەخۆ پاڵپشتی بکرێن و پەرەیان پێبدرێت لەوانە کۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، لەژێر چاودێری دیموکراتیدا کە ڕێگە لە خراپ بەکارهێنانی حکومەت و کۆمپانیا قۆرخکارەکان و ڕژێمە دیکتاتۆرەکان دەگرێت. ئەم جۆرە سیستەمانە دەتوانرێت بۆ بەهێزکردنی مافەکانی مرۆڤ بەکار بهێنرێن لە ڕێگەی ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکان، چاودێریکردنی ئەدای حکومەت و شیکردنەوەی داتاکان بۆ ئاشکراکردنی کردارە سەرکوتکەرەکان. بەهێزکردنی ڕۆڵی رێکخراوەکانی چەپ، پێشکەوتنخواز و مافەکانی مرۆڤ لە چاودێریکردنی بەکارهێنانی AI زۆر گرنگە. دەتوانرێت هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دروست بکرێت بۆ فشار خستنە سەر بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایە بۆ پتەوکردنی زاڵبوون و سەرکوتکردنی دیجیتاڵی AI . هەروەها دەتوانێت وەک ئامرازێکی کاریگەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سانسۆری دیجیتاڵی لە ڕێگەی رەمزاندنی داتا، پەیوەندی پارێزراو بۆ پاراستنی چالاکوانان و بەرهەڵستکاران و چاودێریکردنی چالاکیەکانی حکومەتە دیکتاتۆرەکان خزمەت بکات. لە هەمان کاتدا، دەبێت هۆشیاری گشتی سەبارەت بە مەترسییەکانی چاودێری و کۆنترۆڵی دیجیتاڵی و ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوە بەرزبکرێتەوە، لە ڕێگەی دەرکردنی یاسای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دژی پێشێلکردنی تایبەتمەندی و دابینکردنی ئامرازی تەکنیکی کە یارمەتی تاکەکان دەدات داتاکانیان بپارێزن و ئازادی ڕادەربڕین لە بۆشایی دیجیتاڵدا دەستەبەر بکەن.
AI بۆ پشتیوانیکردن لە دیموکراسی و بەشداری جەماوەری

زۆر گرنگە AI لە ئامرازێک بگۆڕین کە یارمەتی داخورانی دیموکراسی ڕێژەیی دەدات بۆ ئامرازێک کە بەهێزی دەکات و پەرەی پێدەدات. تەکنەلۆژیا دەبێت جەماوەر بەهێز بکات، بەشداری سیاسی لەسەر بنەمای یەکسانی بەهێز بکات، و شەفافییەت و دادپەروەری لە پرۆسەی دیموکراسیدا دەستەبەر بکات. AI دەتوانرێت بۆ پەرەپێدانی پلاتفۆرمی پارێزراو و شەفاف بۆ دیالۆگ و دەنگدانی ئەلیکترۆنی بەکار بهێنرێت، کە هاووڵاتیان بتوانن بیروڕای خۆیان دەرببڕن و ڕاستەوخۆ و کاریگەرانە بەشداری بکەن لە بڕیاردان لە هەموو ئاستەکاندا.
هەروەها دەتوانرێت ئامرازەکانی AI پەرە پێبدرێت بۆ شیکردنەوە و ئاشکراکردنی هەواڵی ساختە و زانیاری نادروست، پاراستنی خەڵک لە هەڵمەتەکان بە مەبەستی لاوازکردنی توانایان بۆ بڕیاردان لەسەر بنەمای ڕاستی. ئەم ئامرازانە دەتوانرێت بەشێوەیەکی فراوان و ئازادانە بەکار بهێنرێن وەک بەشێک لە پرۆژەیەکی فراوانتر بۆ پەرەپێدانی شەفافیەتی میدیا و دژە هەژموونی مۆنۆپۆلی میدیا. ئەمە هەروەها پێویستی بە شەڕکردن هەیە بۆ یاسای نێودەوڵەتی و ناوخۆیی ڕوون کە ڕێگری لە بەکارهێنانی AI دەکات لە دەستکاریکردنی ڕای گشتی، دڵنیابوون لەوەی ئەو زانیاریانەی پێشکەش بە خەڵک دەکرێن دروست، بابەتی و ڕەنگدانەوەی واقیعن بەبێ لایەنگری چینایەتی یان ئایدۆلۆژی.

ڕزگار ئاکرێی
Rezgar Akrawi

ڕزگار ئاکرێی چەپێکی سەربەخۆیە، بایەخ بە چەپ و شۆڕشی تەکنەلۆژیا دەدات، و وەک شارەزا لە پەرەپێدانی سیستەم و حوکمڕانی ئەلیکترۆنی کار دەکات.


بەشێک لە کتێبە بڵاوکراوەکەم ” ژیریی دەستکردی سەرمایەداری، بەرەنگاری چەپ و بەدیلی گونجاو ، تەکنەلۆژیا لە خزمەتی سەرمایە یان ئامرازێک بۆ ئازادی؟”، کە پێشتر بۆ چەند زمانێک وەرگێڕدراوە.
بەستەری بەخۆڕایی بۆ پەرتووکەکە:
كوردي:
https://leanpub.com/ai-socialism
زمانەکانی تر:
https://leanpub.com/u/rezgarakrawi
https://www.amazon.com/stores/Rezgar-Akrawi/author/B0DY1BMMXW


سەرچاوەکان:

  1. بڵقی پاڵێوگە – ویکیپیدیا
    https://en.wikipedia.org/wiki/Filter_bubble
  2. جۆناسان ناگلەر و همکاران – چۆن پلاتفۆرمەکانی تەکنەلۆژیا سووتەمەنی جەمسەرگیری سیاسی ئەمریکا دەکەن و حکومەت دەتوانێت چی بکات لەو بارەیەوە – بروکینگز
    https://www.brookings.edu/articles/how-tech-platforms-fuel-u-s-political-polarization-and-hat-government-can-do-about-it
  3. PNAS – گەورەکردنی ئەلگوریتمی سیاسەت لە تویتەر
    https://www.pnas.org/doi/10.1073/pnas.2025334119
  4. Arxiv – لایەنگری گەورەکردنی سیاسی ئەلگۆریتمی تویتەر بۆ تۆ
    https://arxiv.org/abs/2411.01852
  5. 2021 دزەکردنی فەیسبووک – ویکیپیدیا
    https://en.wikipedia.org/wiki/2021_Facebook_leak
  6. بەڵێنە شکاوەکانی مێتا: سانسۆری سیستماتیک لەسەر ناوەڕۆکی فەلەستین لە ئینستاگرام و فەیسبووک – هیومان ڕایتس ۆوچ (21)
    https://www.hrw.org/report/2023/12/21/metas-broken-promises/systemic-censorship-palestine-content-instagram-and
  7. ئایا گەورەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سانسۆر لەسەر دەنگەکانی لایەنگری فەلەستین دەکەن لە کاتی شەڕی ئیسرائیلدا؟
    https://www.aljazeera.com/features/2023/10/24/shadowbanning-are-social-media-giants-censoring-pro-palestine-voices
  8. گروپی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت مێتا دەنگە لایەنگرانی فەلەستین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەخنکێنێت
    https://www.aljazeera.com/news/2023/12/21/meta-stifling-pro-palestine-voices-on-social-media-hrw
  9. بۆچی تویتەر ئەو هەژمارانەی قەدەغە کرد کە پەیوەندییان بە خۆپیشاندانەکانی جوتیارانەوە هەبوو لە هیندستان
    https://time.com/5935003/india-farmers-protests-twitter
  10. گروپەکانی مافی مەدەنی داوا لە فەیسبووک دەکەن سیستەمی چاودێری ڕەگەزپەرستی چاکبکاتەوە (facebook-moderation-
    acial-bias-black-lives-matter)
    https://www.theguardian.com/technology/2017/jan/18/facebook-moderation-racial-bias-black-lives-matter
  11. . هیندستان: تویتەر لەسەر داوای حکومەت هەژماری ناڕەزایی جوتیاران دادەخات – بی بی سی
    https://www.bbc.com/news/world-asia-india-55898708
  12. چۆن ئێکسی ئێلۆن مەسک بوو بە پەڕەی یەکەمی ڕاستڕەوەکانی جیهان – گاردیان
    https://www.theguardian.com/technology/2025/jan/04/elon-musk-x-trump-far-right
  13. گروپی فەیسبووکی “هێلەک زەردەکان” کە 350,000 ئەندامی هەیە لە ڕۆژی هەڵبژاردنەکانی ئەوروپا بەستراون
    https://www.wsws.org/en/articles/2019/05/28/vest-m28.html



تیۆری ئاژاوەی داهێنەرانە.. ئەکرەم سەعید

تیۆری ئاژاوەی داهێنەرانە – الفوضى الخلاقة creative chaos theory

“دوژمنەکەت بناسە”حیکمەتێکی دێرینە؛ لەم وتارەدا هەوڵ دەدەین بیروباوەڕی چینی بۆرژوازی سەردەم بناسین.
هیچ سه‌رده‌مێک مرۆڤه‌کان بێ ئوستووڕەی سیسته‌مه‌که‌ نه‌ژیاوون. به‌تایبه‌تی له‌سه‌رده‌می سه‌رمایه‌داری دڕنده‌دا گه‌لێ ئوستووڕەی جۆراوجۆر داهێنراوه‌ بۆ گه‌مژه‌کردنی خه‌ڵکی و بۆ ڕه‌واپێدان به‌ شه‌رعیه‌تی مانه‌وه‌و کاره‌کانی سیسته‌مه‌که‌. یه‌کێک له‌و ئوستووڕانەی ساڵانێکه‌ ڕه‌واجی هه‌یه‌: ئاژاوەی داهێنەرانە – الفوضى الخلاقة – Creative chaos یه‌. مانای سیاسی ئوستووڕەکە‌ ئه‌مه‌یه‌:”حاڵه‌تێکی کۆنترۆڵکراو دیسانه‌وه‌ بنیاتده‌نرێته‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی به‌ده‌ستی ئه‌نقست به ‌فه‌وزاێک، ڕمێنرا و تێکوپێک درا”- واتە{سەرەتا داڕمان و دوایی بنیاتنانەوە}بە گوێرەی پلان و بەرژەوەندی ئەمەریکا.”مایکل لیدن”بەداڕێژه‌ری ئه‌م تیۆره‌ حیساب ده‌کرێ. مایکل یه‌کێکه‌ له ‌ئه‌ندامه‌ پایه‌ به‌رزه‌کانی”په‌یمانگای ئینتربرایز”که ‌قه‌ڵای کۆنسه‌رڤاتیڤه‌ نوێکانی ئه‌مه‌ریکایه‌. مایکل تیۆریه‌که‌ی خۆی له‌ پرۆژه‌که‌ی ‌له‌ژێر ناونیشانی”گۆڕانی سه‌رتاپای ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست”داڕشتووه‌. دیاره‌ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ی مایکل که‌ کۆنسه‌رڤاتیڤه‌ نوێکان له‌سه‌رده‌می”جۆرج بۆشی دووه‌م”دا ته‌به‌نیان کرد، له‌سه‌ر بناغه‌ی تێڕوانینی ‌هه‌ریه‌ک له‌”فۆکۆیاما بۆ کۆتای مێژوو و سامۆئیل هینتیغتون بۆ جه‌نگی شارستانیه‌کان”دامه‌زراوه‌، که ‌دوو ئوستووڕەی تری کۆنسه‌رڤاتیڤه‌کانن که ‌واقیعی مێژووی سه‌رده‌می ئێمه‌ ئه‌م ئه‌فسانانه‌ به‌ درۆ ده‌خاته‌وه‌.
گرنگ نیه‌ سه‌رچاوه‌ی”تیۆری فه‌وزا”له ‌کوێوه‌ هاتووه‌و کێ یه‌که‌م جار باسی کردووه‌. ده‌کرێ دوای پشکنین هه‌ندێ ده‌ربڕین ده‌رباره‌ی فه‌وزا لای”میکاڤیلی”بدۆزینه‌وه‌، یان لەنێو دیالکتیکی هیگڵ”گۆڕانی چەندایەتی بۆ چۆنایەتی و یاسای نه‌فی”دا، یان لای فرێدریک ئه‌نگلس لەکتێبی”دیالکتیکی سروشت”دا، یان لای جوزيف شومپيتری ئابووریناسی برجوازی کاتێ باسی لەگه‌شه‌ی تەکنەلۆژیا کرد، کەناوه‌ڕۆکی ده‌ربڕینه‌که‌ی ئه‌وه‌ی ده‌سه‌لماند کەگه‌شه‌ی کاوه‌خۆیی لەنێو کاڵاکاندا ورده‌ورده‌ فۆرمی نوێ له‌نێو فۆرمی کۆندا په‌یدا ده‌بێت کەفۆرمی پێشووی خۆی تێکوپێک ده‌شکێنێ، بۆ نموونه‌:(گه‌شه‌ی ته‌له‌فیزیون وه‌ک فۆرم و سیسته‌مێکی نوێ لەگه‌شه‌ی فۆرمی ڕادیۆوه)‌.
گرنگ ئه‌م تیۆریه‌ی کەسه‌رچاوه‌که‌ی زانسته‌ سروشتیه‌کان و ئابووری و سیاسیه‌،‌ کۆنسه‌رڤاتیڤه‌‌‌ نوێکان لەچه‌ند ده‌ربڕینی جیاوازو شێواوی سیاسیدا بەکاری ده‌هێنن بۆ تیۆرێزه‌کردنی پرۆژه ‌کۆنه‌په‌رسته‌ فاشیزمه‌که‌یان بەئامانجی هه‌یمه‌نه‌ی ئیمپراتۆریه‌تی ئه‌مه‌ریکا بەسه‌ر جیهانه‌وه‌. ئه‌م تیۆریه‌ ئه‌مرۆکه‌ بەنێوی”زانستی فیزیا و سیاسه‌ت”ناسراوه.

سیاسه‌ت و تیۆری شێواوی – chaos theory in politics
پارادایمی بیرکردنه‌وه‌ی ئیمپراتۆرییه‌ته‌کان له‌خولی لاوازیبوون و ئاوابوونی خۆریاندا، بریتیه‌ له‌ نانه‌وه‌ی پشێوی له‌ ده‌وروپشتی خۆیاندا. ئه‌مه‌ حاڵی ئه‌مڕۆی بیرکردنه‌وه‌و ڕه‌فتاری وڵاته‌ یه‌گکرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکایه‌. ساڵانێکه‌ کۆنسه‌رڤاتی نوێ که ‌لە ‌ئه‌مه‌ریکاوه‌ ته‌شه‌نه‌ی کردووه‌، به‌پشت به‌ستن بەبیردۆزه‌کانی فیزیایی چه‌ندایه‌تی “کوانتی”پلاتفۆرمێکی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی داڕشتووه‌، کە بۆته‌ به‌رنامه‌ی کاری زۆرێک له ‌سیاسه‌تمه‌دارانی ڕۆژئاوا. ئه‌توانین بڵین زۆرێک لەڕوداوه‌کانی ئه‌م خوله‌ی جیهانی ئێمه‌”هه‌ر له‌ جه‌نگی ئه‌فگانستان و عێراقه‌وه‌ تا سوریا و دیارده‌ی داعش” ئه‌نجامی په‌یره‌وکردنی ئه‌و پلاتفۆرمه‌ فه‌لسه‌فییه‌ سیاسیه‌یه‌ که ‌ده‌سه‌ڵاتدارانی سه‌رمایه‌داری له‌ به‌رامبه‌ر قه‌یرانه‌کاندا په‌یره‌وی لێده‌که‌ن.

سه‌رخه‌تی ئه‌و پلاتفۆرمه‌ فه‌لسه‌فی سیاسیه‌یه‌ به‌کورتی بریتیه‌ له‌:
۱/ شتێک نیه‌ ناوی حه‌قیقه‌ت بێت. حه‌قیقه‌تێک نییه‌ تا مرۆڤ هه‌وڵ بدات بیناسێ. له‌وانه‌یه‌ له‌ دواجاردا چه‌ند حه‌قیقه‌تێکی جیاواز و دژ به‌یه‌ک هه‌بێت، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ که‌ یه‌قین نییه‌.
۲/ مادام حه‌قیقه‌ت نییه‌ که‌واته‌ بێ هوده‌یه‌ به”میتودی ئیستقرائی”؛ واته‌ لێکۆلینه‌وه‌ له‌ دیارده‌کانه‌وه‌ بۆ زانینی جه‌وهه‌ری شته‌کان هه‌وڵ بده‌ین خوێندنه‌وه‌مان و پێشبینیمان بۆ پاشه‌ڕۆژ هه‌بێ، چونکه‌ بۆ پاشه‌رۆژ ده‌کرێ چه‌نده‌ها ئه‌گه‌ری بێ شوماری دژبه‌یه‌ک هه‌بێ.
۳/ دونیا/ گه‌ردوون و بوون بریتیه‌ له‌ فه‌وزا/ ئاژاوە/کاوس chaos، هه‌موو دیارده‌ێک و شتێک له‌م گه‌ردوونه‌دا له ‌نێو فه‌و‌زادایه‌. هه‌موو دیارده‌ێک به‌ ڕووکه‌شی ده‌ره‌وه‌ی رێکوپێکه‌ به‌ڵام لەڕاستیدا لەناخیدا له‌فه‌و‌زادا ده‌ژی. مێژووی کۆن و ئێستا و ئاینده‌ی جیهان بریتیه‌ له ‌فه‌وزا. که‌واته‌ گێلیه‌تیه‌ و هه‌ڵه‌یه ئێمه‌ بەرێکوپک کردنیه‌وه‌ خۆمان ‌خه‌ریک که‌ین. به‌درێژای مێژوو‌ مرۆڤه‌کان له ‌جه‌نگدا بوون دژی یه‌کتری و کوشتاری یه‌کتیریان کردووه‌. مێژووی مرۆڤایه‌تی پڕیه‌تی له ‌داستانی کۆکوژی، که‌واته‌ ئێمه‌ بۆ ئه‌بێ بچین به‌ دژی ئه‌م لۆژێکه‌ی مێژوو کار بکه‌ین و جه‌نگه‌کان بووه‌ستێنین. مرۆڤ تا ئه‌و ساته‌ی له‌سکی دایکیایه‌تی له‌حاڵه‌تێکی ئاسایی و جێگیردایه‌، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی لەدایک بوو تووشی فه‌وزا ده‌بێت؛ ڤایرۆس و میکرۆبه‌کان هێرشی بۆ ده‌هێنن، نه‌خۆش ده‌که‌وێت، گه‌ر نه‌مرێ ئه‌وا که‌ گه‌وره‌ بوو ده‌شێ له‌ کاره‌ساتێکی سه‌یاره‌ یان له ‌شه‌ڕێکدا یان به‌ نه‌خۆشیک ده‌مرێ. مرۆڤ چاره‌نووسی هه‌ر مردنه‌ که‌واته‌ ئێمه‌ بۆ ده‌بێت خۆمان سه‌غڵه‌ت که‌ین بەهۆی مردنی یان کوژرانی مرۆڤه‌کانه‌وه‌. دیارده‌ی داعش شتێکی چاوه‌ڕوانکراوەو ئاساییه‌ بۆ ئه‌و ناوچانه‌، ئیدی بۆ ده‌بێ ئێمه‌ بەهێزی خۆمان له‌به‌ینی به‌رین. ئێمه‌ هه‌ر سنووری وڵاته‌که‌ی خۆمان ده‌پارێزین گه‌ر کارێکیش بکه‌ین به‌ کاوه‌خۆی و بێ زیان به ‌ئابووری و سه‌ربازی خۆمان ده‌یکه‌ین.
٤/ شتێک نیه‌ ناوی ڕێزی سه‌روه‌ری و شکۆ و سنووری ده‌و‌ڵه‌ته‌کان بێت. هه‌ر وڵاتێک ویستی به‌ره‌نگاریمان کات، کافیه‌ بۆ ڕماندنی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی و نانه‌وه‌ی فه‌وزا تێیدا، بەئاسانی بەلێدانێک له‌ڕووکه‌شی ده‌ره‌وه‌ی که ‌خۆگرتوو و ڕێکوپێک دێته‌ پێشچاو، برینداری بکه‌ین تا له ‌فه‌وزاو جه‌نگی ناوخۆی هه‌موو دژی هه‌موو‌ ده‌گلێت، ئه‌و ده‌مه‌ زۆر به‌خێرایی خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته‌ دابه‌ش ده‌بن بۆ گرووپی دژ به‌یه‌ک، و له‌ جه‌نگێکی چه‌ند ساڵه‌وه‌ ده‌گلێن و له‌ خوێنی یه‌کترا ده‌گه‌وزێن، دواتر ئێمه‌ زۆر سانا هه‌ژموون و ده‌سه‌ڵاتی خۆمان ده‌سه‌پێنین به‌ سه‌ریاندا. کوێمان بووێ به‌ ئاسانی ده‌توانین له ‌پاشاگه‌ردانی و فه‌و‌زادا غه‌رقی که‌ین.
٥/ به‌پێی داله‌ی گاوس یان چه‌ماوه‌ی گاوس”Gauss curve” زیاد له‌سه‌دا هه‌شتای مرۆڤه‌کان، هۆشێک و هۆشیارێکی دیاریکراویان هه‌یه‌، بەزمانێکی تر یانی گه‌وج و گه‌مژه‌ن. ئه‌م بڕه‌ زۆره‌ی به‌شه‌ر ده‌توانین به ‌بیروباوه‌ڕی ئایینی و ئه‌فسانه‌کان و خورافات هه‌ژموونی خۆمانی به ‌سه‌ریاندا فه‌رزکه‌ین. بۆیه‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی بیری ئایینی هه‌ر له‌(پیرۆزی مانگای هیندۆسیه‌کانه‌وه،‌ تا ده‌گاته‌ خورافاتی دنیای پڕ له‌ دادپه‌روه‌ری و ئاشتی سه‌رده‌می خه‌لافه‌ته‌کانی ئیسلامیه‌کان، یان ئه‌فسانه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی مه‌سیح و جه‌نگی هرمجدون، جیاوازی تائیفی نێوان شیعه‌ و سونه‌ یان کاتولیک و پروتستانت،، هتد)به‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌فیونانه‌ جه‌نگ و فه‌وزای سه‌د ساڵ مسۆگه‌ر ده‌که‌ین له ‌دونیادا. چونکه‌ ئاشتی و هاڕمۆنی و پێکه‌وه‌ گونجان، حاڵه‌تێکی کاتی و تێپه‌ڕه‌، به‌ڵام جه‌نگ و ئاشووب و ململانێ و په‌رته‌وازه‌ بوون، حاڵه‌تێکی هه‌میشه‌یی و به‌رده‌وامی‌ مرۆڤه‌کانه‌.
٦/ فره‌ قه‌یرانی شێوازی هه‌ره‌ سه‌رکه‌تووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دوژمنان بخه‌یته‌ بازنه‌یه‌کی داخراوه‌وەو نه‌توانێ لێی ده‌رباز بێت، به‌ ده‌ردێکی ده‌به‌ین که‌ له‌ ژان و کێشه‌یه‌که‌وه‌ بۆ ژان و کێشه‌یه‌کی دی ته‌پاوتل بخوا، و سه‌ری نه‌په‌رژێته‌ ئه‌وه‌ی هێز کۆکاته‌وه‌و به‌ره‌نگاری ئێمه‌ کات.
ئه‌م پرنسیپانه‌ی‌ کۆنسه‌رڤاتیه‌ نوێکان بخەرە ‌به‌رچاوی خۆت و ته‌ماشای حاڵی عێراق و سوریا بکه‌، جه‌نگی پیرۆزو تیرۆر به ‌ناوی ئایینه‌کان و موقه‌ده‌ساته‌وه‌، له ‌کێشه‌کانی باکووری ئه‌فه‌ریکا بڕوانه‌ و بیرێک له ‌قه‌یرانی په‌ناهه‌نده‌یی بکه‌ره‌وه‌ له ‌ئه‌وروپا، سه‌رنجتداوه‌ ڕۆژ نا ڕۆژێک جۆره‌ نه‌خۆشیه‌کی ترسناک پروپاگانده‌ی بۆ ده‌کرێ؟! یان ترس له ‌هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی جیهانی سێیه‌م. نانه‌وه‌ی فه‌وزا له‌ دونیادا بۆ ئه‌وه‌ی دواتر ده‌سه‌ڵاتی خۆت فه‌رزکه‌یت به‌ سه‌ریا، سیاسه‌تی نوێی باڵی موحافیزکاری بۆرژوازی جیهانییه‌. له‌ سه‌رده‌می تێکه‌ولێکه‌ و ترازانی په‌یوه‌ندیه‌کان و شته‌کان، سه‌رده‌می سڕینه‌وه‌ی سنووره‌کان، سه‌رده‌می مردنی موقه‌ده‌س و سه‌رهه‌ڵدانی موقه‌ده‌سی نوێ، سه‌رده‌می فره‌ قه‌یران و مردنی مۆڕاڵ و ئینسان، مردنی شکۆ و ڕوخان، ئێمه‌ چۆن و به‌ چ بیروباوه‌ڕێکه‌وه‌ ده‌توانین ڕووبه‌ڕووی دونیای مته‌وه‌حشی سه‌رمایه‌داری ببینه‌وه‌؟!. ئه‌م تیۆریه‌ کۆنسه‌رڤاتیڤه‌ ساڵانێکه‌ سیاسیه‌کانی بۆرژوازی کاری پێده‌که‌ن و فه‌وزاو داڕمانی ده‌وڵه‌ت و کۆمه‌ڵگه‌ی”ئێراق، لیبیا، سوریا، یه‌مه‌ن،، هتد”به‌رئه‌نجامی پراکتێزه‌کرنی ئه‌م تیۆریه‌ وه‌حشیه‌ی سه‌رمایه‌دارانی سه‌رده‌می ئێمه‌.

قەیران و جەنگ و شێواوی
(لە شاری سلێمانی هێزەکانی سەر بە پاڤێڵ هێرشیان کردە سه‌ر لاله‌زاره‌/ هێزەکانی سەر بە جۆلانی پەلاماری دێرەزۆر دەدەن/ هێزەکانی زیلینسکی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر وێستگەی ئەتۆمی کورسکی ڕووسیا و ئاگری لێکەوتەوە/ گەمارۆدانی ڤەنزوێلا لەلایەن هێزی دەریایی ئەمریکا کۆکردنەوەی سەربازی بەرفراوانی لێکەوتەوە – قەیرانی کاریبی/ جوڵاندنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و باسی مووشەکی نوێی ئێران باسێکە بۆ ئامادەکردنی ناوچەکە بۆ خولێکی نوێی جەنگ لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا)- ئەوانە کورتەی چەند هەواڵێکی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردووە.
جیهانی سه‌رمایه‌داری ئه‌مڕۆ بەهۆی قه‌یرانی ئابووری و کێشمەکێشی دەوڵەتەکان و ئەحزابەکان لەسەر دەسەڵات و سامان، وەک گۆمێکی لیخنی بۆگەنی لێهاتووە کە پڕە لە تیمساح و پەلاماری یەکتر دەدەن.
له‌ سیاسه‌ت و فکردا ‌چه‌نده‌ها پرۆژەو ڕه‌وت گوزارش لەم قەیران و پشێویە ده‌کات. ئه‌مڕۆکه بوونی موئامه‌را‌ت و تیۆری فه‌وزای خه‌لاقه‌ و ئیداره‌ی ته‌وه‌حش، و ده‌رکه‌وتنی ڕه‌وت و بزووتنه‌وه‌ کۆنه‌په‌رسته‌کان و فاشیزمه‌کان، داڕمانی ده‌و‌ڵه‌تان و کۆمه‌ڵگه‌کان و بوونی ده‌وڵه‌تی فاشل، کارەساتی کۆچ و په‌نابه‌ری، پارچه‌پارچه‌کرنی وڵاتان و دابه‌شکرنیان له‌سه‌ر بناغه‌ی شوناسی تائفی و قه‌ومی،، هتد، هه‌موویان له‌م خوله‌ مێژووییه‌دا بەرئەنجامی قه‌یران و فه‌وزای نێو به‌رهه‌م هێنانی سه‌رمایه‌دارین.
ئه‌وه‌ حه‌قیقه‌تێکی به‌رچاوه‌ که ‌سیسته‌می سه‌رمایه‌داری له‌ قه‌یران و پشێویدایه‌، که‌س نکوڵی له‌وه‌ ناکات که‌ سیسته‌مه‌که ‌ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ به‌ چه‌ند سینارێوی ترسناکدا بڕوات، چونکه سیسته‌مه‌که‌ له‌نیو قه‌یرانی وجودی و کینونه‌ی خۆیدا ده‌ژی؛ ساڵ به ‌ساڵ قه‌یران و جه‌نگ و بڵاوبوونه‌وه‌ی پشێوی زیاد دەکات، جه‌نگێک ته‌واو نه‌بووه‌ سیناریۆی جه‌نگێکی تر داده‌ڕێژرێ، به‌ سوریایی بوون و به‌ لیبیایی بوونی وڵاتانی دی، جه‌نگ له‌ ئوکرانیا یان له‌ ده‌ریای چین، پشێوی و تیرۆر له‌ ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا،، هتد، له ‌زیادبوونه‌ و پانتایی تازه‌ داگیر ده‌کات، گه‌ر ساڵه‌کانی نه‌وه‌ده‌کان ئه‌فگانستان و عێراق و سۆمال بوو، ئه‌مڕۆکه‌ کێشه‌ی زیاد له‌ نیوه‌ی جیهانه‌. بۆیه‌ تاکه‌ ئه‌گه‌ر بۆ ئاینده‌ی نزیک یان ئه‌گه‌ری سه‌ره‌کی بوونی نییه‌، به‌ڵکه‌ چه‌نده‌ها ئه‌گه‌ر و گریمانه‌ هه‌ڵده‌گرێ، و ده‌شێ هه‌ر گریمانه‌ێک و ئه‌گه‌رێک به ‌ئه‌ندازه‌ێک دروست بێ.
بۆیه‌ هیچ هێزێکی جیهانی و ناوچەیی ناتوانی سه‌قامگیری بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ سیسته‌مه‌که‌، هیچ ڕێکه‌وتنێک و کۆبوونه‌وه‌ێکی سەرکردەی وڵاتە زل هێزه‌کان(شی و بایدن لە کۆبوونەوەی واشنتۆن – ترەمپ و پۆتین لە کۆبوونەوەی ئالاسکا)له ‌قه‌ره‌ی چاره‌سه‌ری ده‌ردی دنیای سه‌رمایه‌داری نایه‌ت، که‌س نه‌توانا، نه‌ڕێگا چاره‌، نه‌ نه‌خشه‌ڕێگای ده‌ربازبوون له ‌قه‌یران و فه‌وزای پێ نییه‌، چونکه‌ هێزو ڕه‌وتی تێکدان ‌له‌ کێشه‌ی کینونه‌ت و ناکۆکیەکانی ناوخۆی سه‌رماییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه، ‌ئه‌و قه‌یرانه‌ بنیه‌وی و فه‌وزایه‌ی سه‌رمایه‌، بوونه‌ته‌ پاڵنه‌رێک و ماتۆڕێک، بوونه‌ته‌‌ هێزێکی دینامیکی بۆ جه‌نگ و تیرۆر که‌ قاتووقڕی و کوشتار ساڵ بە ساڵ زیاد ده‌کات، تازه‌ وه‌ک بڵێیت ئه‌م مه‌یل و ڕه‌وته‌ تێکده‌ره‌ لە نێو ڕەحمی سیستەمی سەرمایەداری هاتوونه‌ته‌ده‌ر، دوێنێ تارمایێک بوون بەڵام ئەمڕۆکە بوونەتە بەرجەستە و واقیع.
ئێمه‌ ڕۆژانه‌ ‌له‌گه‌ڵ کێشەی”جه‌نگ و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌کان و ده‌وڵه‌تەکا‌ن و لێکترازان و برسیه‌تی و کۆچ”دا ده‌ژین، ئەوکێشانە بوونه‌ته‌ هەواڵی ڕۆژانه ‌و به‌چاوی خۆمان ده‌یان بینین.
ئه‌گه‌رچی ئه‌م واقیعه‌ تاڵه‌ پیلان و نه‌خشه‌ی ستراتیژی و به‌رئه‌نجامی به ‌گژاچوون و ململانێی هێزه‌کان و ده‌وڵه‌تەکان زیاتر قوڕه‌که‌ خه‌ستر ده‌کاته‌وه‌، به‌ڵام هیچ کام له‌و هێز و لایه‌نانه‌، نه‌ویست و نه‌توانای چاره‌سه‌ری ئه‌م حاڵ و ئاقاری وێران بوونه‌ی بۆ ناکرێت، وهه‌ندێ ده‌وڵه‌ت و هێزیش بەپێی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان کار له‌سه‌ر فه‌وزای دونیا ده‌که‌ن.

تازه‌ کار له‌ کار ترازاوه‌، چاو هه‌ته‌ر ناکا،
ئێمه‌ رێمان ون کردووه‌.
شه‌یتانه‌کان بوونه‌ته‌ ڕێبه‌رمان
تا بۆ هه‌میشه‌ چه‌واشه‌مان بکه‌ن.
ئه‌وان زۆرن
ئاخۆ به‌ره‌و کوێمان ده‌به‌ن؟
ئاخۆ به‌ سرودی ماته‌مبار چی ده‌بێژن؟
ئه‌وه‌ جنۆکه‌یه‌ک به‌ خاک ده‌سپێرن؟
یان ئاهه‌نگی زه‌ماوه‌ندی عیفریته‌یه‌ک ده‌گێڕن؟- پۆشــــــــــــــــــــــکین -.

عێراق لە داڕمانی دەوڵەتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگە
ئەو باسە لە نێو مەلەفی{ستراتیژی ئاژاوەی داهێنەرانەی ئەمەریکی بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست}دا تاوتوێ دەکرێ، چونکە عێراق یەکەم وڵات بوو کە ئەمەریکا لە ساڵی ۱۹۹۱وە پلانی ئاژاوەی داهێنەرانەی تێدا پەیڕەو کرد، بە لێدانی سوپا و دەوڵەتی عێراق لە(گەردەلولی بیابان بەناوی ئازادکردنی کووەیت)، و بەهۆی گەمارۆی ئابووری و ناوچەی دژە فڕین لەلایەن ھێزەکانی ھاوپەیمان بە مەرامی پاراستنی باکوور و باشووری عێراق دروستکرا؛ و کوردەکان بوونە خاوەنی مافی ئۆتۆنۆمی بەڕێوبەری خۆسەری ژێر دەسەڵاتەکانیان؛ و شیعەکانی سەر بە ئێران هێزیان بەرفراوانتر بوو، لەو کاتەوە بونیادی دەوڵەتی عێراق بە فعلی داڕما و نابوتکرا. بەتایبەتی دوای لێدانی ساڵی ۲۰۰۳ ئیدی لە عێراقدا دەزگاکانی دەوڵەت لەوانە بۆ نموونە{سوپا، دادگا، دەزگاکانی باج کۆکردنەوە،، ھتد}وەک بوونێکی مادی ڕاستەقینە نەما، بەڵکە عێراق تەنها ناوێک بوو یان وەک سیمبۆل لەسەر نەخشە و هۆڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان وێنەێکی بێناوەڕۆک بوو.
لە عێراقدا هاوکات و بە موازی پرۆسەی داڕمانی دەوڵەت پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگە دەستی پێکردووە، کە ئەمەی دوایی لەوەی یەکەم ترسناکترە؛ چونکە لە(پلانی ستراتیژی ئاژاوەی داهێنەرانەی ئەمەریکی)دا پرۆسەی داڕمانی دەوڵەتەکان لە(عێراق، لیبیا، سوریا، سودان،، هتد)دەبێتە مایەی دەوڵەتی فاشل و گرگن کە میلیشیاکان دەسەڵاتییان هەیە نەک دەزگاکانی دەوڵەت، ئەما پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگە دەبێتە لیکترازانی پێکهاتی چینایەتی کۆمەڵگە و گۆڕینی بۆ پێکهاتی تائیفی و ئیسنی، لێرەوە دۆخ و ژینگەێکی کۆنەپەرستی زاڵدەبێ کە هاوکاری و پیشتوانی مرۆڤەکان بۆ یەکتر نامێنێ، و کۆمەڵگە دەبێتە جەنگەڵستانێکی پڕ لە گروپی دڕندە کە(دۆزەخی جەنگی هەمووان دژی هەمووان – جەنگی ناوخۆیی)تێیدا بەرقەرار دەبێ؛ یانی بە واقیعی و فیعلی لەتەک بوونی دیاردەی تەکنەلۆژی لە چەک و ئامرازەکانی پەیوەندیگرتن، بەڵام عێراق گەڕاوەتەوە بۆ سەردەمی پێش مۆدێرنێتە – بۆ سەردەمی تاریکی چەرخی ناوەڕاست.
ئەمرۆکە دەوڵەت و کۆمەڵگەی عێراق نزیکەی ۳٥ ساڵە لەنێو دۆزەخی(ئاژاوەی داهێنەرانە)دا دەژی، و لە ڕاستیدا سیما و بونیادی دەوڵەت و کۆمەڵگەی نۆڕماڵی لەدەستداوە، چونکە عێراق هەر بەو پلانە خرایە ژیر بەرداشی کێبڕکێکی دەوڵەتەکان(ئەمەریکا و ئێران -هەروەها تورکیا، سعودیە، ڕوسیا و چین)، لێرەوە کێشمەکێشی هێزەکانی(شیعەکان، حیزبی بەعس، سونەکان، ناسیۆنالیستە عەرەبەکان و کوردەکان و تورکەکان،، هتد)هەم لە بەرژەوەندی بەرتەسکی گورپەکانی ناوخۆ وهەم پەیوەند بە بەرژەوەندی دەوڵەتە زل هێزەکانی جیهانی و ناوچەیی، دیمەنی عێراقێکی خاوەن دەوڵەتی فاشل و گەندەڵ و کۆمەڵگەێکی هەڵوەشاوە نمایش دەکەن.
ئەم دیمەنی هەڵوەشاندنەوەی(پەیمانی کۆمەڵایەتی ڕۆسۆ و لاوازی ڕۆڵی پێکهاتی چینایەتی و ململانێی چینایەتی لە کۆمەڵگەدا)ئەنجامی ڕاستەوخۆی پرۆسەی(ئاژاوەی داهێنەرانە – الفوضى الخلاقة)ئەمەریکا پێی وایە بۆ داڕمانی دەوڵەت و هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگەکان؛ بەتایبەتی لەم سەردەمەشدا بەهۆی بە بنبەست گەیشتنی ئەزموونەکانی مارکسیسم و ئەحزابەکانی، خودی بزووتنەوەی کرێکاری و سۆسیالیستی لە هەژاری فکری و لاوازی کاری شۆڕشگێریدا دەژین.
دەشێ ئەو قسانەی سەرەوە بۆ زۆرێک لە خەڵک نوێ نەبێ، و خەڵکی زیاتر بە دوای ڕێگاچارە و ئەڵتەرناتیڤەوەیە. بەڕای من لە خولی قەیرانی ئابووری و دڕندەیی سەرمایەداری ئەمڕۆکەدا، کە کۆنەپەرستی و جەنگ و پشێوی ناوچەیی و جیهانی دیاردەێکی زاڵە، ئەو بیروباوەڕ و ئەحزابانەی ئێستاکە هەن بە هەرچ بەرنامە و ئیدعاێکەوە کە هەیانە، توانای دەربازکردنی مرۆڤایەتیان نە لە عێراق و نە لە هیچ ناوچەێکی دیدا نییە، چونکە ئەوانە خۆیان هەڵگری ڤایرۆس و سینتۆمی خولی دڕندەیی سەرمایەدارین، و ئەنجامی کارەکانیان بە هەرچ نیازپاکی و دڵسۆزییەکەوە کە هەیان بێ، لە خولانەوە لە بازنەی داخراوی سیستەمی سەرمایەداری دڕندە زیاتر دەنا هیچی دی ئەنجامی نابێ.
کۆمەڵگەی عێراق وەک شوتیێک بە چەقۆ قاش قاش کرابێ، بەوجۆرە ئەویش بۆ فرەنەتەوە و ئیتنیك و ئایینزای جیاواز دابەشکراوە، لێرەوە ئەرکی یەکەم گەڕانەوەی شوناس و هۆشیاری ئینسانییە بۆ خەڵکی و گەڕانەوەی دەسەڵاتە بۆ دەستی ئەو خەڵکە، ئەوەش بەبێ تووڕدانی(ئەمەریکا و ئیران)بۆ دەرەوەی عێراق، و دادگایی و سزادانی تاوانباران و گەندەڵکاران مەیسەر نابێ. ئیدی باسی سودانی چی دەکات بۆ داماڵینی چەکی حشد و کوردەکان چی دەڵێن دەربارەی مووچە و نەوت و پەیوەندی هەرێم و ناوەند، یان هەڵبژاردن ئەنجامی چییە، و ئەمەریکا و ئێران لەم ڕۆژانەدا چۆن هەوڵی قایمکردنی نفوزی خۆیانن، و پارتی چۆن سەرکوت دەکات، و پاڤێل چۆن دەیەوێ سلێمانی پاککاتەوە لە نەیارانی دەسەڵاتی یەکیەتی،، هتد، ئەوە هەمووی تەفاسیلە.

ئەفسانەی باڵندەی سیمرخ
من دوای ئەوەی بڕوام بە هیچ کام لەو بیروباوەڕ و ئەحزابانەی ئەمڕۆکە هەن نەما، دەمتوانی بێدەنگی هەڵبژێرم، وەک بڕێک لە سۆسیالیستەکان کە وازیان هێناو بێدەنگ بوون و بەئەسپایی خۆیان لە نووسین دوورخستەوە، بەڵام من پێم باشە لانیکەم ڕای خۆم بنووسم بەهیوای ئەوەی سوودی هەبێ.
دوای ئەوەی خەڵکی(ناحیەی وەرتێ)لەدژی بێکارەبایی هاتنە سەرشەقام و هێزەکانی ئاسایش بەشێوەیەکی دڕندانە و هەڕەمەکیانە کەوتنە لێدان و دواتر تەقەکردن لە خۆپیشاندەران، بەڕێزێک نووسیبووی:(درەنگ یان زوو ئەبێ دەسەڵاتی بنیاتنراو لەسەر بەشداری و دەخاڵەتی ڕاستەوخۆی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لەڕێگەی شورا و ڕێکخراوەکانی خۆیەوە جێگەی ئەمان بگرێتەوە.). منیش ساڵانێک ئەو ئومێدە جوانەی سەرەوەی ئەو بەڕێزەم هەبووە، بەڵام ئێستا ڕام وایە کە ئەوە ئومێدێکی زۆر خەیاڵییە؛ ئاخر چۆن لە هەرێمێکی گچکەی وەک کوردستان کە چواردەووری بە دوژمن گیراوە(شورا و ڕێکخراوەکانی جەماوەری کرێکار دەسەڵات دەگرنە دەست)؟ ئایا چارەنووسی دەسەڵاتی ئەو شورایە لە کۆمۆنەی پاریس باشتر دەبێ؟. من ڕام وایە لەم سەردەمەی سەرمایەداری دڕندەدا(ئەگەر شۆڕش بە ڕێکەوت لە ئەنجامی تەقینەوەی تووڕەیی جەماوەر بێ، و شۆڕشێکی بێ پشتیوانی هێزی مەزنی شۆڕشگێڕان لەجیهاندا بێ)ئاکامەکەی کارەسات و تراجیدیایە.
مرۆڤایەتی چۆن لە کۆیلایەتی ڕزگاری دەبێت؟ ویستی مرۆڤایەتی بۆ گەیشتن بە ئازادی و یەکسانی کۆتایی نییە، لەتەک ئەوەی هەرجارەی لە هەوڵ و ڕاپەریندا بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە شکستی خواردبێ، جارێکی دی بە وزەو تەقەلاێکی نوێ هەوڵی داوەتەوە تابگات بە ئامانجەکانی، بۆیە مرۆڤایەتی هاوشێوەی باڵندەی سیمرخە. هەڵبەتە لە کۆمەڵگەی(کۆیلایەتی، دەرەبەگایەتی، سەرمایەداریدا)مرۆڤە چەوساوەکان چەندجار خەباتیان کردووە تا بە ئازادی و یەکسانی بگەن، بەڵام شکستیان هێناوە، و هەموو بیروباوەڕەکان بە مارکسیشمەوە لە کۆتاییدا بوونەتە ئایدۆلۆژییاێک*، و لەبری ئەوەی کۆمەک بە مرۆڤایەتی بکەن بۆ گەیشتن بە خەونەکانی، بە پێچەوانەوە بوونەتە وەهێک و مرۆڤایەتییان لە بازنەێکی داخراوی سیستەمی چەوسانەوەدا هێشتووەتەوە.
بۆ دەربازبوون لەو بازنە داخراوەو تێکشکاندنی سیستەمی چەوسانەوە، مرۆڤایەتی ڕێگاچارەی نییە جگە لەبوون بە هاوشێوەی باڵندەی سیمرخ؛ واتە لەنێو بڵێسەی ئاگری سووتاندنی هێلانە کۆنەکەی، دەداتە شەقەی باڵ و بڵنددەبێتەوە؛ یانی تەواوی بیروباوەڕەکان و ئەحزابەکانی ئێستا بداتە بەر ڕەخنە و بیری نوێ و ڕێگای نوێ دابهێنێ بۆ ڕماندنی سیستەمی سەرمایەداری دڕندە. تەنها بە لەدایکبوونی بیروباوەڕ و هێزێکی نوێ کە سەرجەم ئەم جەنگەڵستانە بسوتێنێ و تێیپەڕێنێ، ئومێد بە ڕزگاربوون و قوتاربوون لە دۆزەخی سەرمایەداری هەیە. ئێمە ئەمڕۆکە لە ساتەکانی ژانی لە دایکبوونی ئەو بیروباوەڕ و هێزە دادپەروەر و یەکسانی خوازەداین لە جیهاندا، و هیوادارین ئەو لە دایکبوونە زۆر نەخاێنێ.


  • أسطورة طائر فينيق /ئوستووڕەی باڵندەی سیمرخ / The legend of the Phoenix: چیرۆکێکی ئەفسانەییە دەربارەی باڵندەیەکی نەمر کە لەڕێگەی مردن و لەدایکبوونەوە خۆی نوێ دەکاتەوە. سیمرخ بە زۆری وەک باڵندەیەکی جوان و بەهێز وێنا دەکرێت، کە هێمای نەمری و نوێبوونەوە و هیوایە. لەم ئەفسانەیەدا کاتێک باڵندەی فینیکس لە مردن نزیک دەبێتەوە، هێلانەیەک لە گیا و لق و پۆپی بۆنخۆش بۆ خۆی دروست دەکات و ئاگری تێبەردەدات، و لەو خۆڵەمێشەوە باڵندەیەکی نوێ هەڵدەستێت بۆ ئەوەی جێگەی بگرێتەوە.
    ** یەکەم کەس کە گووتی بیروباوەڕی مارکس کراوە بە ئایدۆلۆژیا”کاڕڵ کۆرش”بوو:(ئەم داڕمانەی مەزهەبی/دکتۆرینی بیروباوەڕی مارکسی و بوونی بە تەنها پاساوێکی ئایدۆلۆژی بۆ دەوڵەتێکی سەرمایەدار کە لەسەر بناغەی سەرکوتی بزووتنەوەی چینی کرێکارانی شۆڕشگێر دامەزراوە، ئەمە قۆناغی یەکەمی پێکهاتنی ئایدۆلۆژیای مارکسی بوو لە ڕوسیا.)./کاڕڵ کۆرش/ ئایدۆلۆژیای مارکسی لە روسیا/ لە ساڵی ۱۹۳۸ نووسراوە/ سەرچاوە ئەرشیفی مارکسیسم بە زمانی ئینگلیزی.



پشت و پەناکانی دەسەڵاتی بنەماڵەیی لە کوردوستان و سوپایەکی زەبەلاح لە تاوانباران!.. حەسەن ڕازانی

بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی لە سەپاندنی دەسەڵاتیان بە سەر خەڵکی کوردوستاندا سوود لە پشتیوانی ناوخۆیی و دەرەکیی وەردەگرن! هەر ئەمەشە نهێنی و هۆی بەردەوامییان لە دەسەڵاتدا.
ئەوجووت بنەمالەیە مێژوویەکی دوورو درێژیان هەیە لە ناکۆکی لە گەڵ یەکتردا، بەڵام هەمیشە کۆک بوون و بە یەکەوە بوون و هاوبەش بوون لەو بارودۆخەی کە خەڵکی کوردوستانیان تێکەواندووە!
بۆچی خەڵکی کوردوستان، کە مەبەستمان بەشی باشوورەکەیەتی، گەیشت بەو بارودۆخەی کە ئێستا تێیدایە؟ پرسیارێکی بە ڕواڵەت سادەیە بەڵام، لە پەیوەند بە بارودۆخی سیاسیی و ژیانی خەڵکی کوردوستان، پرسیارێکی سەرەکیی و گرنگە.
بۆ چەندین دەیە دەچێت خەڵکی کوردوستان بە تێکڕایی و بە تایبەتیش چینی مامناوەندو خوارەوە، قوڕبەسەریی نەما بە سەریدا نەهێنرێت. هەر ئەو چینە هەژارو زەحمەتکێشەش بووە کە هەمیشە لە نێو ئەو گۆڕانکاریە سیاسیانەدا زەرەرمەندی یەکەم بووە. بۆ نموونە پرۆسەی ئەنفالەکان بە ئەنفالی بارزاانیەکانیشەوە، پرۆسەی جینۆسایدکردنی یەزیدیەکان بە دەستی ذاعش، کیمیاباران، ڕاگواستن، بە عەڕەبکردن و چەندین کارەساتی تری گەورەو مێژوویی کە بەسەر نەتەوەی کوردا هێنراون.
بۆ چەندین دەیە دەچێت چینێکی باڵادەستی کوردوستان بە ناوی کوردایەتیەوە جڵەوی فەرمانڕەوایی خەڵکی کوردوستانی گرتۆتە دەست و جار جارەش ئاڵای کوردوستان بە پێی بەرژەوەندیەکانی خۆی دەشەکێنێتەوە، لە لایەکی ترەوە ئەو چینە باڵادەستە خۆی کردۆتە دەمڕاستی خەڵکی کوردوستان و خۆی کردووە بە ڕابەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردوستان و شیعاری:” یان کوردوستان یان نەمان”ی بەرز کردۆتەوە!. خەڵکی کوردوستان دەزانن کە لە ژێر ئەو ئاڵاو شیعارەدا سوودێکی ئەوتۆ بە کوردوستان، وەک خاک و نەتەوە و خەڵک نەگەیەنراوە، ژیانی خەڵکی داماوو زەحمەتکێشی بەرەو خۆشی نەبردووە. ئەو چینە باڵادەستە لە ژێر دەمامکی کوردایەتیدا، لە شاخ و لە شار، بێجگە لە نیوەی دووەمی شیعاری:” یان کوردوستان یان نەمان” شتێکی تری بەرهەم نەهێناوە بۆ خەڵکی هەژارو بەشمەینەتی کوردوستان.
لە سەرەتای شەشتەکانەوە ئاڵای بزووتنەوەی کوردایەتی و بەرزکردنەوەی شیعاری:” یان کوردوستان یان نەمان” لە لایەن بزووتنەوەیەکی چەکدارییەوە بوو کە ناوی لێنرا شۆڕشی ئەیلول و سەرکردایەتی ئەو شۆڕشەش ڕاستەوخۆ ماڵێ بارزانی لە ژێر ناوی پارتی دێموکڕاتی کوردوستان دا ڕابەرایەتی دەکرد. لەوێ ڕۆژێوە هەتاکو ئێستاش ئەو بنەمالەیە ڕاستەوخۆ جڵەوی بزووتنەوەی کوردایەتی بەرنەداوە و نەشیداوەتە کەسی تر. چەندین هەوڵ دراون کە ئاڵاو شیعاری ئەو کوردایەتیە لە دەستی ماڵێ بارزانی دەربێنن بەڵام هەموو هەوڵەکان بیسوود بوون.. مەیل و تەوژمێکی دژایەتی کردنی ماڵێ بارزانی هاتۆتە ناو مەیدانی کوردایەتیەوە کە چاوەکان زیاترو ڕاستەوخۆ لە سەر ماڵێ تاڵەبانین کە ڕابەرایەتی ئەو مەیل و تەوژمەیان کردووە، ئەو دژایەتی کردنەی ماڵێ بارزانیش یبێجگە لە ماڵوێرانیی بۆ کوردو بە کوشتدانی کوڕی کورد هێج ئەنجامێکی بۆ کورد نەبووە. بۆ نموونە شەڕە ناوخۆییەکان و شەڕەکانی شاخ و شارلە نێوان براکاندا کە بە شەڕی براکوژی ناو دەهێنران!
لە شەشتەکانەوە دژایەتی ماڵێ بارزانی لە گۆڕێدابووە، ویستوویانە جڵەوی کوردایەتی و ئاڵاکەیان لە ددەست دەربێنن. لە سەرەتای شەستەکانەوە کە ئەوکات ماڵباتی تاڵەبانی و ماڵێ بارزانی بە بڕواڵەت بە یەکەوە بوون لە ناو بەناو شۆڕشی ئەیلولدا و لە ژێر ناوی پارتی دێموکڕاتی کوردوستان دا. ئیتر لەوێوەو لە نێو ئەو شۆڕشەدا هەوڵی دژایەتی کردنی ماڵێ بارزانی دەستی پێکرا. خەڵکی کوردوستان زۆر باش و بە وردی ئاگاداری ئەو کێشمەکێش و دژایەتی کردنەیە. ئەو دژایەتی کردنە جار هەبووە بە ئاشکراو جاریش هەبووە بە نهێنی، بە ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ لە شارو لە شاخ ، تەنانەت لە نێو حکومەتی عێڕاق و بەعسیەکانیشدا ئەو دوو بنەماڵەیە خەڵکی تایبەت بەخۆیان هەبووە! واتە جاش هەبوون تەنها ڕاوە پێسمەرگەی پارتیان دەکردو هەش بوون تەنها ڕاوە پێشمەرگەی یەکیەتییان دەکرد. لە نێو حکومەتی کوردوستان و لە نێو پەڕلەمانەکەشیاندا کە هەر خۆیان لە بەرژەوەندی خۆیاندا درووسسیان کردبوو ئەو دژایەتی کردنەی یەکتری هەر بەردەوام بوو. دژایەتی کردنەکە بەردەوام بووە تاکو ئێستاش بوونی هەیە. ئەو دوو بنەماڵەیە تەنها لە بەتاڵان بردنی سەروەت و سامانی خەڵکی کوردوستاندا هاوکارو کۆکن ودۆستی یەکترن ئەگینا بە پێچەوانە هەمیشە چەقۆو تیریان لە یەک سویون،
ئێستا ماڵێ بارزانی لە ژێر ناوی پارتی دێموکڕاتی کوردوستان و ماڵێ تاڵەبانیش لە ژێرناوی یەکیەتی نیشتیمانی کوردوستاندا، کە سەردەمێک تەنانەت لایەنی چەپ و کۆمۆنیستیشی بەدوا کەوتبوو، فەرمانڕەوای کوردوستانن. ئەو دوو بنەماڵەیە لە ژێر ناوی دەوڵەت و بەڕێوەبردنی وەڵاتدا دەسەڵاتداری بێڕکابەرن و بێ ویستی ئەوان کەسێک نیە بتوانێت ببزوێت. دەسەڵاتی سەربازییان هەیە. پۆلیسیان هەیە، ئاساییشیان هەیە، دژە تیرۆرو کۆماندۆیان هەیە. دادگاو دادوەرو یاسایان هەیەو هەرکەسێک پێ خوار دابنێ سزا دەدرێ. ئەو دوو بنەماڵەیە نە بە یەکەوە هەڵ دەکەن و نە بە بێ یەکیش دەتوانن ئیدامە بە مانەوەیان بدەن. سەروەت و سامانی سەرزەوی و ژێر زەوی کوردوستانیان لە ژێر دەستدایەو بە پێی ویستی خۆیان مامەڵەی پێوە دەکەن. زۆر چاو قایمانە مووچەو قووتی خەڵک دەست بەسەردا دەگرن، دەچنە بەغداو دەکشێنەوە، پەیوەندی دەرەکیی و ناوخۆیی بە ویستی خۆیان و ئارەزووی خۆیان، بە ئاشکراو بە نهێنی دەبەستن و کەسیش نابێ دژایەتییان بکات یان ناڕازی بێت بە کارەکانیان.
ئەو دوو بنە ماڵەیە هەردووکیان گەییشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە زۆرینەی خەڵکی کوردوستان باوەڕی پێیان نەماوە، بۆیە بە هەردووکیان پێکەوە بەشدارن لە سەرکوت و بێدەنگکردنی هەردەنگێکی ناڕازی. بۆ دژایەتی کردنی یەکتری پارت و گرووپی سیاسی و لایەنی سیاسی ناڕازی لە ژێر ناوی قەبەو سەرنج ڕاکێشدا درووست دەکەن بۆ ئەوەی خەڵک وەک پوورەی هەنگ لێیان کۆببێتەوەو زۆریشی پێدەچێت تا خەڵک بۆی دەردەکەوێت کە بە دوا بەچکەی یەکێک لەو دوو بنەماڵەیە کەوتوون،. هەر لایەنێک و حیزبێکی سیاسی دەستی یەکێک لەو دوو بنەماڵەیەی تێدا نەبێ ناتوانێت دەوام بکاو تەمەنی کورت دەبێ . چونکە بە مەترسی دادەنرێت لە سەر دەسەڵاتی مێژوویی و لە مێژینەی خۆیان.
جا با بێینە سەر وەڵامی پرسیارە گرنگەکە کە بۆچی ئەو دوو بنە ماڵەیە دەتوانن ئاهوا دەسەڵاتی خۆیان بپارێزن و تەمەنی فەرمانڕەوایی ئەوان بەو شێوەیە درێژە؟. بۆچی سەرباری ئەو هەموو ماڵوێرانیی و نەگبەتیەی کە ئەو دوو بنە ماڵەیە بەسەر کوردیان دا هێناوە کەچی هێشتا جەماوەرو ئۆتۆریتەی سیاسییان هەیەو هێشتا توانای سەرکوتیان هەیە،. بۆچی خەڵکی کوردوستانیان بەو دەردەی ئێستا بردووەو کەچی هەر لە دەسەڵاتیشدان؟
من پێم وایە ئەو دوو بنەماڵەیە نە دەیان توانی و نە دەشتوانن فەرمانڕەوا بن بەسەر خەڵکی کوردوستاندا ئەگەر بێت و پشت و پەنایان نەبێ. پشت و پەناکانی ئەو دوو بنە ماڵەیە. بە بڕوای من. تاوانبارن و دەبێ وەک تاوانبار مامەڵەیان لە گەڵدا بکرێت و دەبێ دادگاییش بکرێن.
پشت و پەناکانی ئەو دوو بنە ماڵەیە کێن؟
ئەو دوو بنە ماڵەیە هەر یەکەی لە ژێر ناوی پارتیکی سیاسی بە ناوێکی قەبەو سەرنج ڕاکێشەوە چەندین دەیەیە فەرمانڕەوایی دەکەن بە سەر خەڵکی کوردوستانەوە. هەردووکیان وەک یەک، بە شتێک کەمتر یان زۆرتر، .پشت و پەنای دەرەکیی و ناوخۆییان هەیە. دەرەکیەکە بریتیە لە دەوڵەتانی دەرو دراوسێ و تاڕادەیەک پەلیش دەهاوێت بۆ دەوڵەتانی دوورتریش لە نێو جیهانی عەڕەبی و ئیسلامی و ئەوروپی و ڕۆژئاواییشدا. دیارە ئەو پشت و پەنا دەرەکیەش بێ چاکەدانەوە نابێت و لەبەرامبەردا دەبێ چاکەی هەر لایەک بدەنەوە کە دەستێکی هاوکاریان بۆ درێژ دەکات، کە مەعلومیشە هاوکارییەکە لە پێناو بەرژەوەندییەکی سیاسی تایبەتدایەو بە خۆرایی نیە!
دەمێنێتەوە پشت و پەنا ناوخۆییەکە کە ئەویش بریتیە لە ناوخۆی خەڵکی کوردوستان. بۆ ئەو پشت و پەنااو هاوکاریە ناوخۆییەی نێوخۆی کوردیش هەردووک بنەماڵەکە سوود لە بارودۆخی سیاسی کوردەکانی هەرسێک پارچەکەی تری کوردوستان دەبینن!
جا بە پلەی یەکەم پشت و پەنای ئەو دوو بنەماڵەیە لە کوردوستانی باشووردایە کە بریتیە لە بەشێک لە ڕوناکبیرە ئەکادیمیستەکان و مامۆستایانی زانکۆ. مامۆستایانی زانکۆ لە بەشە جیاجیاکانی وەک ڕامیاریی، لێکۆڵینەوە، کۆمەڵناسیی، پەیوەندیەکانی دەرەوەو دیبلۆماسیەت، ڕاگەیاندن، بەشی سایکۆلۆجیی، کۆمەڵناسیی و ئابووریی و کارگێریی و سەربازیی و چەندین بەشی گرنگی تر. جێگەی باسە کە هەموو پارتێکی سیاسی لەو بەشانەدا دەستەوەستان دەبێ و ناتوانێ ڕۆڵی هەبی ئەگەر بێت و مامۆستای زانکۆو شارەزای ئەوبوارانەی لە گەڵدا نەبێت. پارتی دێموکراتی کوردوسدتان واتە بنەماڵەی بارزانی و یەکیەتی نیشتیمانی کوردوستان واتە بنەماڵەی تاڵەبانی هەر یەکەی سوپایەک لە ئەکادیمیست و مامۆستای زانکۆیان بەدواوەیە. ئەو ئەکادیمیست و ماۆستای زانکۆیانە کە بە زانست و نووسسین و توانای ئەکادیمی خۆیان خەڵکی کوردوستان دەستەمۆدەکەن بۆ ئەودوو بنەماڵەیە دەبێ بە تاوانبار بناسرێن.
ئنجا وەرە لای نووسەری نووسین فرۆش و قەڵەم فرۆش کە نووسینەکەی وەک پیشەیەکی پڕداهات بەکاردێنێت و پارەی پێ پەیدا دەکات، بەو نووسینەیان خەڵکی پێ لاڕێ دەکەن و وا لە خەڵک دەکەن ملکەچ و گوەێڕایەڵ بن و ڕازی بن بەوەی کە هەیەو بە خەڵک دەڵێن خوا خەراپرترمان بەسەر نەهێنێت. شاعیرو گۆرانی بێژی دەنگ خۆش وشانۆ نووس و نمایشکارو ئەکتەرو کچ و کوڕە ئەستێرەو مۆدێلەکان و نوکتەچی و قسە زانی نێو دیوەخانانیش لەوێ ڕاوەستن. بەشێک لەوانەش بە تەواوی هونەرەکەی خۆیان و تواناکەی خۆیان لە خزمەتی سیستەمی ئەو دوو بنەماڵەیەدا تەرخان دەکەن. پێدا وەرە بە هونەرمەندو نیگارکێش و خۆشنووس و پەیکەرتاش و بێژەرێکی کچی جوان و دەنگ خۆش یان کورێکی خاوەن هێزو توانا، ئەو پێڕەش هەیەو هەر یەکەی لە ئاستی خۆیدا هاوکارە لە ڕاگرتنی ئەو بارودۆخەدا. لە لای خۆیەوە دەستی بە سیستەمەکە گرتوەو لەبەرامبەریشدا دەسەڵاتی جووت بنەماڵە جار جارە مشتێک پووڵ و پارە بەسەریاندا هەڵدەڕێژێت. ئینجا ڕوویەک وەرگێرە بەلای چالاکوانێکی بە ڕواڵەت لە بواری ژناندا، یان لە بواری ژینگەو مافی مڕۆڤ و منداڵان و چەندین بواری تردا. ئەو چالاکوانەش لە ئاستی خۆی دەستی هەیە لە وەی کە بۆ بەرژەوەنی دەسەلات کڵاو دەکاتە سەری خەڵکی و دەمامکی چالاکوان بەکاردێنێت. لێرەدا من مەبەستم چالاکوانان بە گشتی نیە بەڵک و بەشێکیان بۆ بەرژەوەندی دەسەڵات چالاکی دەنوێنن و بە ئیعازی دەسەڵات دەجووڵێن. جا ئەو جۆرە لە چالاکوانانەش هەر یەکەیان لە ئاستی خۆیاندا شانیان داوەتە بەر نیرگەو کاریتەکانی بنمیچی ئەو سیستەمە گەندەڵەی ئەو دوو بنەماڵەیە. سەرێک بادەوە بڕۆ بۆ لای کوێخایەکی دیوەخان و پشتێن هەشت نۆ گرێی لادێیەکی دوورە دەست و جوتیارێکی نێو مەزرا کە ئەویش لەبەرامبەر چاک و چۆنی و سڵاوێکی پیاوە دوورەکانی دەوری ئەو دوو بنەماڵەیە کاری خۆیان بە چالاکانە ڕادەپەڕێنن لە بەرژەوەندی دەوڵەتداریەکەی ئەو دوو بەنمالەیەدا.
لە هەمووی ترسناکترو کاریگەرتر لەوانەی کە لە پێشوودا گوتران هەندێک لەو پارت و لایەنە سیاسیانەن کە بە ناوی ئۆپۆزسیۆنەوە لە گۆڕێدان و گوایە دەیانەوێت سیستەمی حوکمڕانی بگۆرن و ناڕازین بەو دەسەڵاتەی هەردووک بنەماڵە. بەڵام لە ڕاستیدا ئەوانە بەشێکی سەرەکین لە سیستەمی ئەو دوو بنەماڵەیەو نانی سیاست دخۆن لەسەر حسابی خەڵکی کوردوستان و هەر یەکەی لەو حیزبە بە ناو ئۆپۆزسیۆنانە بۆتە تەڵەیەک کە بە کۆمەڵ خەڵکی وەزاڵاهاتوو یان تووڕە لەو دوو بنەماڵەیەی تێدەکەوێت. هەندێک لەو لایەنە ئۆپۆزسیۆنانەش هەر یەکەی بە ناوێکی قەبەو سەرنجڕاکێشەوە بۆ نموونە ناوی ئایینی و نەتەوەیی و چەپ و لیبڕاڵ و تەنانەت ناوی هەرێ چەپ و کۆمۆنیستیش لەخۆیان دەنێن بەس بۆئەوەی ببنە تەڵەو تەپکەیەکی باش بۆ خەڵکی سادەو تووڕە لەو دەسەڵاتەو تا دەوری خۆیان قەرەباڵغ بکەن. نموونەی لەو جۆرە ئۆپۆزسیۆنانە هەن و خەڵک دەیان ناسێت. خەڵکی کوردوستان ئێستا دەزانێ ئەو جۆرە لە ئۆپۆزسیۆن کار لە بەرژەوەندی دەسەڵاتدا دەکەن. ئەوانە خەڵک تەفرە دەدەن و دەوری خۆیان قەرەباڵغ دەکەن و لە کۆتاییشدا لە گەڵ دەسەڵات پێک دێن و بە دوا بەرژەوەندیە بنەماڵەیی و کەسیەکانی خۆیانیان دەکەون و خەڵکیش وەک سەپانی پووشێ دەمێنێتەوە لە مەیدانێدا. ئەو جۆرە لەو ئۆپۆزسیۆنانە خەڵک بێ هومێد دەکەن. وا لە خەڵک دەکەن کە ئیتر باوەریان بە حیزبایەتی نەمێنێ و باوەڕ نەمێنێ بە گۆڕانکاریی و پێیان وابێ کە دەسەڵاتی ئەو دووبنەماڵەیە لە ئاسمانەوەیەو بۆ هەتاهەتایێ دەوام دەکا. دەسەڵاتی ئەو دوو بنەماڵەیەش ئەو جۆرە ئۆپۆزسیۆنانەیان خۆش دەوێ و تەنانەت هاوکارییشیان دەکەن هەر بۆیەش تاکو ئێستا هیچ بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆن نەیتوانیوە ببێتە جێگرەوەی دەسەڵات و نەیتوانیوە کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر دەسەڵاتی بنەماڵە دابنێ و هەر بۆیەش هەر دووک بنەماڵەکە لێیان پاڵداوەتەوەو مێشێکیش میوانیان نیە، چونکە دەزانن چ شتێک لە گۆڕێدا نیە زەرەری بۆ پەزەکان هەبێ!
لە لایەکی ترەوە ئەو دوو بنەمالەیە لە مێژووی دوورو درێژیاندا لە دژایەتی کردنی یەکتردا هەر یەکەیان بە دەیان هەزار لە کوڕی کوردیان بە کوشتداوەو هەر لایەک خۆی بەڕاست و کوردپەروەر زانیوەو لایەکەی تری بە جاشی نێونەتەوەیی و بابلباب جاسوس و نۆکەر لەقەڵەمداوە. ئەو هەمو وکوژراوانە هەمووی بە شەهیدی کوردو کوردوستان نووسراون و کەس و کاری شەهیدەکانیش گەلێک زۆرن و هەر هەمووشیان بە تۆزێک هاوکاری و بە بیانووی ئەوەی کە تۆ مێردت، برات، باوکت، کوڕت لەو شۆڕشەدا شەهید بووەو تازە شەرمە تۆ بچیت بۆ نێو لایەکی تر یان بەدوا ڕێبازی شەهیدەکەت نەکەویت، هەموویان بە دوا خۆیاندا ڕەکێشکردوون.
لە لایەکی ترەوە سوپای بێشوماری بن دیوار و چل بەچلەو خزمەتکاری دیوەخان و سوپایەک لە ناوی وەهمی . کە هەموو ئەوانەشیان بەدوا خۆیاندا ڕەکێش کردووەو هەر یەکەیان لە ڕووێیەکەوە پەیوەستن بە سیستەمەکەو ناتوانن هاوکار نەبن. لێرەدا هەردووک بنەماڵە سوپای بێشوماریان هەیە لە خەڵکێکی بێکار کە سیستەمەکە خۆی ئەو بێکارییەی خوڵقاندووە تاکو بێکارەکان چاریان نەبێ بێجگە لەوەی بچنە ناو سیستەمەکەوخزمەت بەو دوو بنەماڵەیە بکەن لە ژێر ناوی کوردایەتیدا..
با بێنە سەر کۆڵەکەو پشت و پەنایەکی تری ئەو دوو بنەماڵەیە کە ئەویش بەشێک یان هەندێک لە میبەری مزگەوتەکانە. هەندێک لە مینبەری مزگەوتەکان ڕێک بە ئاشکرا کارو کردەوەیان دەستەمۆکرن و ڕازی کردنی خەڵکە کە ملکەچ و گوێڕایەڵی دەسەڵاتی خۆیی بن و بە بیانووی ئەوەی کە هی خۆمانەو لە خۆمانەو برای موسڵمانی خۆمانە دەبێ فەرمانەکانیان جێبەجێ بکەین و پێیان ڕازی بین چونکە ئەوانە گۆشتیشت بخۆن ئێسقانت ناشکێنن…..
لە کۆتایی دا دەمەوێت جەخت لەسەر ئەو خاڵە بکەموە کە ئەو کۆڵەکەو پشت و پەنایانەی کە ناویان هات لە سەرەوە، دیارە بە خۆشمەوە،هەموومان بەشێکین و هۆیەکین کە ڕاستەوخۆ ئەو سیستەمە ڕادەگرین و ناهێڵین بکەوێت. جا زووربەمان لە بۆ پووڵ و پارەیەو لە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی کەسیمانەو بەشێکیشمان لەبەر ترسەو بەشێکیشمان تەمبەڵ و تەوەزەلین و هیجمان دەباراندا نیەو هەندێکیشمان هەر قسەین و هیج کردارمان نیە. وەک ئەو کاکەیەی کە لە سلیمانی بە ئاشکرا دەیگوت کردار شەرتە، بەڵام بینیمان کە چۆن کرداریکی هەبوو، بینیمان چۆن هاوڕیکانی بەجی هێشت. بۆیە بە بڕوای من هەموو ئەوانەی کە ناوم هێنان دیارە بە خۆشمەوەتاوانبارین و دەبێ دادگایی بکریین هەر کاتێک کە خەڵکی کوردووستان دەسەڵاتی تایبەت بە خۆی بەدەستەوە گرت.

حەسەن ڕازانی
٢٤ی گەلاوێژی ٢٠٢٥




ژن شوناسێکی لەدەستدراو.. نیهاد جامی

شۆڕش دەتوانێت ماناکانی شۆڕشگێریەتی بگۆڕێتە سەر ئاستی کولتوریی، وەک ئەوەی لە شەقامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا ڕوویدا، شەهیدکردنی کچە کورد ژینا ئەمینی، سەرەتای بەگژداچوونەوەی دنیا نێرایەتی و کولتورێکی سەپێنراوە، ئەو بیرۆکەیە لای نووسەر دیلفین مینوی دەبێتە بیرۆکەی سەرەکی رۆمانی بەد جنس, یاخود بە فەرەنسیەکەی «بادژێنس».
وشەکە وەک نوسەر ئاماژەی بۆ دەکات لەزمانی فارسیدا بە دوو بڕگە دەنوسرێت و لەفەرەنسیدا وەک یەک ووشە بەکاری هێناوە، کە بە مانای خودێکی خراپ دەیناسین، کردەیەکی زیانبەخش ئەنجام دەدات و لەهەمان کاتدا کردەیەکی چێژ بەخشیشە، بەواتای چەندە خراپە بەهەمان شێوە دەتوانێت چێژیش بۆ خۆی بەرهەم بێنێت.
گێرەرەوە دەکەوێتە گێڕانەوەی شۆڕشی ژن لەژیانی ناو شەقامەکانی ئێران، وێنە پانۆراماییەکانی دەشێت بۆ ئێمە وێنەی تەبا بن، بەڵام بۆ خوێنەری فەڕەنسی کە رۆمانەکە بەو زمانە نووسراوە.. جێگای بایەخ و گرنگی خۆی بێت، چونکە وێنە پانۆراماییەکان وێنەیەکی ڕاستەقینەی ناو ڕووداوەکانە، لە هاندانی دایک بۆ کچ و بوونی کچەکان لە شەقام، ئەوە چیە کچەکان لەماڵ دێنێتە دەرەوە؟
سەرکەشی و یاخی بوونی یەکێک لەو کچانە بەناوی زەهرا ئیعتیمادی، ئەو کچە شانزە ساڵانەی ناو شەقامەکانی تاران دەبێتە تەوەری سەرەکی بۆ گێڕانەوەی ئەم شۆڕشە، ڕووبەروی کێشەکانی مێینەمان دەکاتەوە، بەتایبەت لەبابەتی لەباربردنی منداڵ و کێشەکانی کچ لەماڵی ئێرانیدا کە چۆن برا بەسەر ئەو دەسەپێنرێت.
ئەو ئێستایەی شەقام وابەستەی یادەوەری ژنەکانە، هاوارێکە لەدژی دنیای سیاسەت و پیاو، کاتێک بەناو یادەوەریدا دەچێتەوە، ڕووبەرووی ئەو هەموو ستەمەی پیاو دەبێتەوە لەماڵدا، باوک لەوێنەی بالا و نایەکسانی نێوان ئەوی کچ و مەهدی برای، تا ئەو هۆگربونەی وەک کچە مناڵکارێک بۆ عەلی ئامۆزای هەیەتی، کەچی ئەویش لەرێی سێکسکردنەوە دنیای لێ تاریک دەکات و زەبروزەنگێک کە ئەوی مناڵ هەر تێی ناگات چیە.
ئەو وەک کچێک دواتر هەر دەبێت ڕووداوەکە بۆ دایکی بگێڕێتەوەو دایکیش وەک کۆتایی چیرۆکێک دەرگای بەسەر دادەخات، چونکە دەزانێت پیاوەکان سزا نادرێن، ئەوان لەکۆمەلگایەکی پیاودا، دەبینن لە روداوێکی هاوشێوەدا کاتێک کچێک داکۆکی لەخۆی کردووە، ئەو پیاوەی کوشتووە کە پەلاماری داوە، سەرەنجام ژنەکە دەکوژرێتەوە، بۆیە کۆی چیرۆکەکان دەبێت بە بێدەنگی ببەخشرێن، ئەوە مەهدیەکانن لەمناڵیەوە، چونکە نێرن بە نازەوە گەورە دەکرێن، ئەوە عەلیەکانن لەکۆتاییدا پەلامار دەدەن و دەکوژن و سێکس دەکەن و بە بێگوناهی لێی دەردەچن، ئەو وێنەیە لەناو ماڵی ئێرانیدا وێنەیەکی روونی کۆی خۆرهەڵات و کۆمەلگای پیاو سالاری کۆنترۆلکراوە بە هاوپەیمانیەتێکی ئەخلاقی.
کاتێک دایکەکەش بریار دەدات بۆ پشوو کچەکەی ببات بۆ تاران، لێرەدا وێنەیەکی ڕوون دەبینین، ئەویش ئەوەیە ئەوەی بە فریای مێینەکان دەکەوێت، تەنیا خودی مێینەکان خۆیانن، دایک و کچ سەر بەیەک ڕەگەزن و هەر خۆشیان لە ئازارەکانی یەکتری تێدەگەن، لێرەدا گەر ئەو وێنەیە بشوبهێنینەوە، بە سەرەتای ڕۆمانەکە لەمانای شۆڕشی ژن لە شەقامی رۆژهەلاتی کوردستان و ئێران تێدەگەین کە بۆچی شۆڕشی ژن بوو، چونکە سیستمە کۆمەلایەتی و ئاینیەکان هاوپەیمان و هاودەستی پیاوەکانە، بۆیە ژنەکان دەیانەوێت شۆرشێکی فەرهەنگی بەسەر بیرکردنەوەدا بێنن، نەوەک بەسەر گوتاری سیاسی و ئاینی و کۆمەلایەتی، هێندەی دەیانەوێت ئەو بیرکردنەوەیە بگۆڕن، کە ژیانی ئەوانی وێران کردووەو لەناو ماڵەکانیشیان هەڕەشەی زوبروزەنگ و سەرکوتکردنەوەیان هەیە.
تێگەیشتن لەخودی خۆت، بەتەنیا وابەستە نیە بە ژیانێک کە تیایدا دەژیت، بەڵکو وابەستەی کتێبە کە وا دەکات مرۆڤ توانای خۆناسینی هەبێت، ڕەنگە هەموومان ئەو رستەیە بە نامۆ نەزانین، بەڵام کاتێک کتێب خرابێتە دەرەوەی ژیانەوە، دەبێت قبوڵی هەموو ستەمکاریەک بکەین کە لەدژماندایە، بە ئاگا نەهاتنەوەمان لەوەی تیایدا دەژین، هۆکارەکەی بوونمانە لەدەرەوەی کتێبەوە، تەنیا کتێبە توانای ڕزگارکردنمانی هەیە لەبەردەم ستەمکاردا، پێشنیاری کتێب فرۆشەکە بۆ کەسێتی کچە منالکارەکەی ناو ڕۆمانەکە، کە بە بەد جنس دەیناسین، وێنەیەکی ڕوونی ئەو تێگەیشتنەیە کاتێک کتێب فرۆشیە تارانیەکە، کە پیاوێکی پیرە پێی دەلێت ئەو دوو کتێبە بخوێنەوە و رۆژێک لە رۆژان تێی دەگەیت، دیارە دوو کتێبەکەش «رەگەزی دووەمی» سیمۆن دو بۆڤوار و کتێبی «دۆخی مرۆڤی هاوچەری» ی هانا ئارنێتە، ئەو کۆمەککردنە وەک ناخود ئاگاییەکی کتێبفرۆشێک بۆ کچەکە، بۆ خۆی جۆرێکە لەبنیاتنناوەی کەسێتی کە پیاوەکان تێیاندا شکاندویانە، بەشێکی تری وێنەی بنیاتنانەوە، بریتیە لەو قسەیەی دایکی کاتێک لە ئوتێل پێکەوە شیعری «سیمین بەهبەهانی» دەخوێننەوە، دایک ئەو دێرەی بۆ دەخوێنێتەوە، کاتێک باس لەوە دەکات، نیشتمانەکەی بنیاتت دەنێتەوە، گەر پێویست بکات بە قوڕی خۆی و بە ئێسقانەکانی، دیارە ئەو وێنەیە بۆ ئەو شوێنە، کۆمەکی تەواوی دایکە بۆ کچەکەی، سەرباری ئەوەی پێی وتوە چیرۆکی پەلاماردانەکەی لەیاد بکات، بەڵام کتێب و شیعر لەو شوێنەدا بۆ خۆی بنیاتنانی کەسی و کۆمەکی ژنەکانە بۆ یەکتری.
بۆ ئەوەی شۆڕشی ژنی ئێرانی هەڵگری تەواوی خەونەکانی بێت، نابێت دەستبەرداری ئازادی بێ سنوور بێت، لەدەرەوەی تێگەیشتنی ئاینی و کۆمەلایەتی دەڕوانێتە ئازادی، بۆیە ئێمە ڕووبەرووی ئەو دیدە هەنوکەییەی مرۆڤی ئەم رۆژگارە دەبینەوە، کاتێک دەبینین پاڵەوانی سەرەکی ڕۆمانەکەمان لەڕێی سۆسیال میدیاوە هاورێیەتی لەگەڵ کچێکی کۆری پەیدا کردووە، دایکی کچەکە دێتە ناو چاتە ڤیدیۆیەکەیان و باس لەمەیلی ژنانەی بۆ ژن دەکات، لێرەدا ئازادی دەکەوێتە نێو پەیوەندی ژن و شۆڕشدا، ئەو دیدە داکۆکیکارە لە نەریتی ڕابردوو کە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئازادی سنوری هەیە، لەڕاستیدا ئەو سنورە ئەوە جۆری مرۆڤەکانە بڕیار لەسنورەکەی دەدەن کە چی دەکەن و باوەڕیان بە چۆنیەتی کارکردنە لەگەڵ ئازادی، مرۆڤ خۆی ئازادە لەوەی دەیەوێت سنور دابنێت بۆ کۆ ڕەفتارەکانی یاخود لەدەرەوەی سنورەوە بێت، نەوەک ئازادی بۆ خۆی سنوری بێت.
ڕووداوەکانی شۆڕش و بوونی ژنەکان لەشەقامدا وا دەکات سەرەتایەک بدۆزنەوە بۆ ئازادبوونی زمان و ڕزگاربوون لەو چەپاندنە زمانیەی نەیتوانیوە گوزارشت لە چێژی پەیوەندی سێکسی بکات، دواتر لەشەقامدا دەتوانن چیرۆکەکانی خۆیان بۆ یەکتری بگێڕنەوە، مانایەک نیە لەو ئازادیە جوانتر بێت، کە ژنەکان لەشەقامدا گوزارشتی لێ دەکەن، کوژرانی عەلی بە دوو فیشەگ دەرخەری رۆژگارێکی تری ژیانە بۆ ئازادی، ئەو کە داکۆکی لەدەسەڵاتێک دەکات، هەر بەدەستی هەمان دەسەڵات دەکوژرێتەوە، عەلی ئەو کوڕەی سێکسی لەگەڵ دەکات، کوژرانی بەواتای ئێمە لەسەرەتای رۆژگارێکی ترین بۆ ئازادی، هەر بۆیە کاتێک سۆڕش لەشەقام دەست پێدەکات، دایک هانی کچەکەی دەدات و ڕێگری لێ ناکات بۆ بەشداری کردن، چونکە ئەوە داکۆکیکردنە لەشوناسی زەوتکراوی، لەسڕینەوەی ماناکانی بوونی ڕەگەزێتی، لەساتی خوێندنەوەدا، ڕامانێک لەسەر رووداوەکان دەموەستێنێت و بیری تێکستێکی کوردیم دێتەوە، تێکستێکی شیعری کەژاڵ ئەحمەد نووسیویەتی بەناوی «جادەم لە پیاو خۆشتر ئەوێت» چونکە لەو کاتەدا ڕێک ژنەکان لەشەقامدا جادەیان لەهەموو ئەو پیاوانە خۆشتر دەوێت کە سێکسیان لەگەڵدا کردوون کە خۆشەویستیان بوون، بۆیە وەک کچە پاڵەوانی رۆمانەکە دەلێت هەموو دەنگەکانی باوک و عەلی و ئەوانیتر نابیستم، جادە لەو کاتەدا دەبێتە رووبەری ئازادی بۆ ژن.
پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ ئەو کوڕەی ناوی داریوشە، کە تەواو جیاوازە لەهەموو کەسێکی تر، کوڕێک لە شەقامدا دەیناسێت و هەفتانە بەیەکەوە دەچنە ژوان و یەکتریش ماچ دەکەن، تەنانەت کچە بە دایکی خۆشی دەناسێنێت.
لەپڕ ڕۆژێک کوڕەکە بڕیار دەدات بەجێی بێلێت، ئەوەش دەخاتە ڕوو، نە بەهۆی ناسینی هیچ کچێکی ترەوەیە وە نە بەهۆی ئەو قسەیە کە کچە پێی وتوە باوکم توڕە دەبێت گەر بە پەیوەندیەکەمان بزانێت، بەڵکو قسەیەک کە هەمیشە لەدوای رۆیشتنی کوڕەکە لە مێشکی دەنگ دەداتەوە، کۆ دەنگیەکی ڕەگەزی نێرانەیە کە پێی وتووە «ببورە، من پیاوم، تۆ لەوە تێئەگەیت؟»
خالێک کە بە گرنگی لەم رۆمانەدا دەردەکەوێت ئەویش ئەوەیە، هەمیشە ژنەکان لەشکستدا پشت بە یەکتری دەبەستن، کۆ دەنگی و پاڵپشتی بۆ یەک درووست دەکەن، بۆیە گەر کاتێک ئامۆزاکەی لەڕووی سێکسیەوە لێی نزیک بۆوەو بۆ دایکی باسی کرد، لەم شکستە دڵداریەشدا پشت بە کچە کۆریەکەی هاوڕێی دەبەستێت و ئەو دڵنەوایی دەداتەوە، بەهۆی ئەوەی کارەکتەرە سەرەکیەکەی ڕۆمانەکەمان خەریکی کاری تاتۆیە، وێنەی ئەو کارە بە نهێنی دەکات و دایکیشی کۆمەکی دەکات و بڵاوکراوەی تایبەتی بۆ پەیدا دەکات، هاوڕێ کۆریەکەشی بەوە دەزانێت، بۆیە پێشنیاری ئەوەی بۆ دەکات، کە بێتە کۆریا و بەشداری لەو فێستڤاڵەی تاتۆ بکات، بۆ ئەوەش کچە کۆریەکە باس لەوە دەکات باوکی دیبلۆماتە و دەتوانێت کۆمەکی بکات بۆ سەفەرەکە, پاڵەوانەکەمان بۆ سەفەرەکەش بیر لەوە دەکاتەوە بەر لە ژینا ئەمینی بیری لەوە کردۆتەوە سەفەر بکات و ئێران بەجێ بێلێت.
ئێوارەیەکیان هاورێ کۆریەکەی تەلەفۆنی بۆ دەکات، باس لەڕووداوی کچێک دەکات، ئەویش کە سەیری ئەنتەرنێت دەکات و هەواڵەکان دەخوێنێتەوە، دەزانێت ڕووداوی ژینا ئەمینیە و سێ رۆژ دواتر لەیلای هاورێشی هەر بۆ هەمان مەبەست تەلەفۆنی بۆ دەکات، لێرەدا ئەوەی کۆ دەنگی دروست دەکات ترسی ژنەکانە لە دنیایەکی تۆقێنەر.
بۆیە هەموو یەکتر ئاگادار دەکەنەوە، هەر ئەو مەترسیەش دەبێتەوە هۆی لەدایکبونی شۆڕشی ژنەکان، دەشێت ئەم ڕۆمانە بۆ خوێنەری فارس و کورد کاریگەریەکی گەورە بەجێ نەهێلێت، چونکە بە ڕووداوەکان نامۆ نیە و بە تەواویان ئاشنایە، بەڵام بۆ خوێنەری فەڕەنسی گرنگی تایبەتی خۆی، نەک هەر ئەو ڕۆمانە تەنانەت ئەم ڕۆمانووسە لە ڕۆمانەکانی تریشیدا ویستویەتی وێنەیەکی ڕوونی ئێران بۆ خوێنەری فەرەنسی بخاتە ڕوو، وێنەیەک چەندە واقعیە هێندەش گێڕانەوەیەکی ئەدەبیە، بەتایبەت لەگێڕانەوەی بۆ هەستی کچان لەساتی شۆڕشی سەر شەقام، ئامادەبونی ئەوانەی لە ماڵەوەن و ئەوانەی سەر شەقام چۆن لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیامیان بۆ دەنێرن کە خۆزگەیان خواستووە لەگەڵیان بن، دایکی پێی دەلێت خۆزگە تەمەنم لە بیست ساڵیدا بوایە، ئەو وێنەیە دەریدەخات کە شۆڕشی کچان هی نەوەیەکی نوێ بوو، نەوەیەک سەر بەم سیستمە سیاسیە نین، بۆیە گەر هەمیشە باس لەپەیوەندی مرۆڤەکان بە تۆڕە کۆمەڵایەتیەوە بکرێت، وەک کەسێتی سەرەکی ڕۆمانەکە پەیوەندی و ئاگاداربونەوەی بە دنیا لەم ڕێگایەوە دیار دەکات، ئەوا هەر ئەم نەوەییە کە ناتوانێت سیستمە سیاسەکەشی قبوڵ بکات.
ئەگەرچی ئەو قبوڵ نەکردنە بەرکەوتن بێت لەگەڵ قسەی باوک کاتێک باس لەوە دەکات دوور نیە وەک ئامۆزاکەی ئەویش بکوژرێت، بەڵام ئەو خۆی وەک کوژراوێکی ناو ژوورەکەی ماڵ دەبینێت، ئەو هەستە بە تەنیا هی مرۆڤێک نیە، هێندەی هی نەوەیەکە کە وادەزانێت کوژراوە، بۆیە دەبێت لەسەر شەقام بێت.
ئەو کاتانەی کچە کۆریەکەی هاوڕێی نامەی بۆ دەنووسێت کە ڤیزەکەی ئامادەیە، ئەوە ئەو ساتەیە ئەو لەسەر دیوارەکان درووشم دەنووسێت بۆ ئازادی و مردن لەپێناو ئازادی بۆ ئێرانێکی نوێ، بۆیە بەخۆی دەڵێت بۆچی بڕۆم، کە جگە لەمانەوە لەئێستادا هیچ شتێکی ترم ناوێت، مانەوە لەشەقام و سوتاندنی سەرپۆش و هاوار کردن بۆ ژیان و ئازادی و ژن دەبنە شوناسی نەوەیەک، کە گەر مردنیش بێت پێی وایە پێویستە تامی مردنیش بکات.

نیهاد جامی– فەڕەنسا




بیۆنگ- چوول هان گەماڕۆدانی دیجیتاڵی.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

تەکنۆلۆژیا گومان پەرەپێدەدات، چوونكە لە دەرەوەی دراماتیکایە.

فەیلەسوفی ئەڵمانی بە ڕەچەڵەک کۆری (بیۆنگ- چوول هان) دوای نووسینە ڕەخنەییەکانی لەبارەی سەردەمی گەماڕۆدانی دیجیتاڵی ناوبانگی خۆی بەسەر گۆڕەپانی فیکر و فەلسەفەدا سەپاند، بەردەوام هەوڵی گەڕاندنەوەی پێگەی فەلسەفی لەبەرانبەر جیهانی تەكنۆلۆژی هاوچەرخ دەدات، لەو بارەشەوە ئاوڕدانەوەیەكی تووندی لەنێو خوێنەرانی ناوچە جیاجیاکانی جیهاندا هێناوەتە ئاراوە و هەوڵدەدات بەشێوەیەکی جیاواز پەیوەندی بە تەكنۆلۆژیا و كلتووری ئەمڕۆ بکات، بۆ ئەوەی گەماڕۆی دیجیتاڵی و نمایشی پەیوەندییەکانی سەرمایەداری تەكنۆلۆژی وەك زڕەوێنە بخاتە بەر ڕەخنە و لەوێوە سۆزی دراماتیكی زیندوو بكاتەوە.
(بیۆنگ- چوول هان) بەردەوام وەک درێژکراوەی قوتابخانەی ڕەخنەگرانەی فڕانکفۆرت، هەوڵدەدات پێداگری لەسەر ئاشکراکردنی گرنگی پێگەی فەلسەفی بەرانبەر بە تەكنۆلۆژیا، نەک بە مەبەستی دابینکردنی چارە، بەڵكە وەك هەوڵێک بۆ وەسفکردنی سرووشتی جیهان بەشێوەیەکی ورد و شیکاری بخاتەڕوو… ئێستا خاوەنی (16) کتێبە: (كۆمەڵگای شەفافیەت، جەوهەری دەسەڵات، تۆپۆلۆژیای تووندوتیژی، ڕزگاركردنی جوانی، كۆمەڵگای هەڵپڕووكاو، لەناو پۆلدا، ئیرۆس… ) لە كۆی هەموواندا هەوڵی ڕەخنە و خوێندنەوە و هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی جیهانی ئەمڕۆی تەكنۆلۆژیا و گەماڕۆی دیجیتاڵی و نمایشكردن لەپێناو نمایشكردن… دەدات، بە بیركردنەوەیەكی ڕەخنەگرانەوە بەر ئەرێیەكانیان دەکەوێت.
لە دیدی (بیۆنگ چوول هان)ەوە ئامێرە دیجیتاڵییەکان و سەرمایەداری، هاوپەیمانییەکی میتاسرووشتییان پێکهێناوە و هەموو ئازادییەکی کردارییان لەپێناو تەكنۆلۆژیای بێ وەڵام لەناوبردووە… پێداگری لەوە دەكات و دەڵێت سەرمایەداری وەک سیستەمێکی هەمەلایەنە خەریکە بڕواهێنان بە پرسیار لەق دەكات و بۆ (سەرمایەداری چاودێری) دەگۆڕێت… چوونكە ئەو پێیوایە بەردەوام پلاتفۆرمە تەکنۆلۆژییەکان چاودێریمان دەکەن و چاودێریمان دەکەن و کارەکانمان دەخەنە ژێر گومانەكانی دەسەڵاتی خۆیانەوە بۆ ئەوەی زۆرترین قازانج بەدەست بهێنین، لەبەر ئەو هۆکارە هەر کلیکێک لەسەر کۆمپیوتەرەكەمان تۆمار دەکەین، ئەوان بە سوودی خۆیان شیکاری دەکەنەوە. ئێمە لەلایەن بەرنامە ئەلگۆریتمییەکانەوە وەک بووکەڵە دەجوولێینەوە و خەیاڵ دەکەین کە ئازادین، وەک ئەوەی ئەمڕۆ (تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان) شایەتحاڵن… بەڵام ئەو ئازادییەی ئەوان فەراهەمیان كردووە، هەرگیز ئازادی نییە، وەهمی ئازادییە و جۆرێكە لە گرتنەخۆ…

گفتوگۆی ئازاد/ شەڕانگێزی خۆبەخشانە
ئەمڕۆ مرۆڤ كۆنترۆڵكردنی خۆی بە ئارەزووی خۆی هەڵبژاردووە، چوونكە هەر کلیکێک کە مرۆڤ دەیکات، هەڵدەگیرێت! هەر هەنگاوێک کە مرۆڤ دەینێت، دەتوانرێت شوێنپێی بگیرێت… ئێمە لە هەموو شوێنێکدا شوێنپێی دیجیتاڵی بەجێدەهێڵین، و ژیانی دیجیتاڵیمان خاڵ بە خاڵ لەناو تۆڕی دیجیتاڵیدا ڕەنگدانەوەی هەیە، خاڵ بە خاڵ كۆنتڕۆڵكراوین، بەو مانایەش گفتوگۆی ئازاد لە جیهانی دیجیتاڵیدا بووەتە دیوەکەی تری ستەمکردن، بووەتە شەڕانگێزی خۆبەخشانە… چوونكە بەبێ ئاگاداری خۆمان شەڕانگیزی پرۆسیسە دەكەن، بەبێ ئاگایی خۆمان ستەم لە ئازادییەکەمان دەكەین، بە ئارەزووی خۆمان ستەم و شەڕانگیزی بەسەر خۆماندا دەسەپێنین… ئێمە ئازاد نیین! كەواتە بڕواهێنان بە ئازادی دیجیتاڵی، دەستپێکردنی کۆیلایەتییە! کۆیلایەتییەک کە هەموومان نوقمی فەنکشنێکی دیجیتاڵی دەكات… (بیۆنگ- چوول هان) پێیوایە ئەو كۆیلایەتییە جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ فیودالیزمی سەدەکانی ناوەڕاستدا نییە، بەو مانایەش ئاغاکانی فیۆدالیزمی دیجیتاڵی وەک فەیسبووک و ئەوانی دیکە، پارچە زەوییەکی بێ بەرانبەر دەدەنە بەکارهێنەران بۆ ئەوەی کەڵکیان لێوەرگرن، ئێمەش وەک گەمژە دەیانکێڵین، بۆ ئەوەی ئەو ئاغایانە بێن و بۆ خۆیان دروێنەی بكەن. ئەوە بۆیەكردنی پەیوەندییەكانی ئێمەیە بە بۆیەی ئازادی، ئێمە لە دنیای دیجیتاڵی لەڕێگای وەهمی ئازادییەوە پەیوەندی دەکەین و فیوداڵەکانیش قازانجەکانیان لەم پەیوەندییەوە دەچنن، کە دەزگا نهێنییەکان چاودێری دەکەن، ئەوە سیستەمێکی زۆر کاریگەرە و كەچی بە ئەرێنی دەیبینین و هیچ ناڕەزایەتییەكی بەرانبەر دەرنابڕین، چونکە ئێمە لە ژێر سیستەمێکدا دەژین، کە خودی ئازادی دەقۆزێتەوە. ئەو تایبەتمەندییە کەسییانەی کە هەر تاکێک لە تاکەکەی دیکە جیا دەکەنەوە و کەمکردنەوەی تایبەتمەندی جیهانی مرۆڤایەتی و توانای درووستکردن و تێپەڕاندنی و تێکدانەکە گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە هەستی مرۆڤ بە هەموو جۆرەکانییەوە: خۆشی، شادی، حەز، خەم، دڵتەنگی… بگۆڕێت بۆ سیگناڵی دیجیتاڵی.
لەسەردەمی دیجیتاڵیدا ئەوە ئایكۆنەكانن، حەز و خۆشی و چێژی ناخی مرۆڤ دەردەبڕن! واتە مرۆڤ كارلەسەركراوە، نەوەك بكەر… هەر لەوێوە ئایكۆنەكان قووڵاییەکانی ناخی مرۆڤیان بەتاڵ كردۆتەوە و وادەكەن تەواوی كار و داهێنان و توانا مرۆییەکانی لەدەست بدات. بەمشێوەیە هاووڵاتی ئەلیکترۆنی وەک بیۆنگ- چوول هان لە کتێبی لە ناو پۆلدا، ئاسۆی دیجیتاڵی (٢٠٢١)دا باسی کردووە، وەك كەس بووەتە کەسێک کە ناسنامەی کەسیی خۆی لەدەستداوە، مرۆڤ لە ئەنجامی زیادەڕۆیی لە بەشداریکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەك تاكێكی سەربەخۆ نەماوەتەوە، بەڵكوو بووەتە (هۆڵی نمایشكردن) کە بابەتی زۆرانی تێیدا نمایش دەكرێت.
بیۆنگ- چوول هان بە تووندی ڕەخنەی لە باسکردنی دانیشتووانی دیجیتاڵی لە تۆڕەکاندا دەگرێت، دانیشتووانی دیجیتاڵی ئەوەی پێکهاتنی (ئێمە)ی دامەزراندووە، ئەگەرچی پەیوەندییەكانی خێرا و كۆك كردووە، بەڵام ئەو پەیوەندییانە زیندوو نین و لە هاوژیانی بەدەرن، ڕۆحییان نییە… هیچ ڕۆحێک و ویژدان و ڕێکخراوێکیان نییە، گۆشەگیرن، پەرش و بڵاون، لەنێو خۆیاندا دەکشێن و دەچنەوەیەك…

مرۆڤی شاشە
ژیانی دیجیتاڵیدا دەبێتە هۆی گۆڕانکاری ڕیشەیی لە ژیانی ڕاستەقینەدا، نەمانی ڕێوڕەسمەکان لە ئێستادا نیشانەی نەمانی پەیوەندی گرووپە كۆمەڵایەتییەکانە، هەمیشە تەكنۆلۆژیا بێ وەڵامی دەسەپێنێ و دەکەوێتە دەرەوەی دراماتیکاوە، نەبوونی پەیوەندی کە لە ئەنجامی بوومەلەرزەی دیجیتاڵی درووست بووە، هەرچەندە وایکردووە پەیوەندییمان بە یەکترەوە زیاتر و ڕاستەوخۆتر بێت، بەڵام لە یەکترەوە نزیک نین. سۆشیال میدیای مۆدێرن ڕەهەندی کۆمەڵایەتی لە پرۆسەکانی پەیوەندی نێوان تاکەکاندا نەهێشتووە. ڕاستە کۆمەڵگا كۆمەڵگایەکی پەیوەندیدارە بەشێوەیەکی خێرا و نایاب، بەڵام یەکگرتوویییەکی دەستەجەمعی تێکەڵاو لەنێوان ئەندامەکانیدا پێکناهێنێت. ئەمڕۆ گرووپی كۆمەڵایەتی هیچ چالاكییەكی زیندوویان نییە، وەک چۆن هەمووان لە ساتەوەختە تاکە کەسییداین، لە هەمان كاتدا پەیوەندییان بەیەكەوە هەیە، هەمووان پەرت و بڵاوین، ئەگەرچی كلیك و پەیوەندی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەمووانی هەڵمژیووە.
لەسەردەمی دیجیتاڵیدا داتاكان بەیەكەوە كۆ دەكەینەوە و وەك مەعریفە دەیانبینین و درێژییان دەكەینەوە، بەڵام لە جیهانی دیجیتاڵیدا هیچ پرۆسەیەکی بیرکردنەوە و تێڕامان بە مانای درووستی وشەکە، کە لەسەر بنەمای هەڵوەشاندنەوە و بونیادنانەوەی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی دامەزرابێ، بوونی نییە. هیچ بیرکردنەوەیەکی ئاگایانە لەسەر بنەمای داتاكان بوونی نییە، چوونكە هەمیشە داتاکان لەناکاو دەبن بە ئامرازێکی دیاریكراو بۆ مرۆڤی دیجیتاڵی، بەڵام نابن بە تێڕامان و بیركردنەوەی بەرهەمهێنانەوە، نابن بە ئاگایی بۆ ژیانكردن… بەڵكوو دەبن بە ئامرازێ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ جیهان و ژماردنی ژمارەکان و حیساباتی چەندایەتی و پرۆسەیەکی بەردەوام و بێ وەستان… لەسەردەمی دیجیتاڵیدا هاوڕێیەتی لە ئەکاونتەکانی سۆشیال میدیادا دەبێتە ژمارە، بەڵام هەرگیز هاوڕێیەتی ڕاستەقینە، هەرگیز پەیوەندی هاوڕێیەتی بە كلیك و ژمارە ناپێورێت!

گومانی دیجیتاڵی/ ئەنتی گێڕانەوە
سەردەمی دیجیتاڵی سەردەمی کۆکردنەوەی ژمارە و ژماردن و ژماردنی بەردەوام… ئەمڕۆ لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بەهاکانی سەربەخۆیی و دڵسۆزی کەوتوونەتە ژێر حیساباتی چەندایەتییەوە، بە ژماردنی نیشانەکانی سەرسامی (لایك) دەژمێردرێت… ژیانی دیجیتاڵی وێنەی ڕۆحی و نەبینراو و هاوژیانی و لایەنەکانی نەرێنی و ڕەخنەی قبووڵ نییە، ئەو ئەرێنییەی کە تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی درووستی دەكات، لە ئەگەری هەر ئەزموونێک کەمدەکاتەوە، یان لەناویدەبات و توانای درووستکردن و کارکردنمان لەگەڵ نەرێنی دەشێوێنێ.
(بیۆنگ- چوول هان) پێیوایە مرۆڤایەتی دەچێتە سەردەمی (گەماڕۆدانی دیجیتاڵی) بۆیە بەشێوەیەكی ڕەخنەگرانە (پاراستنی خۆمان لەخۆمان) بەرز دەكاتەوە! بەو مانایەش دەیەوێ بڵێ مرۆڤ بكەرە و كارلەسەركراو نییە… بۆیە دەبێ خۆمان لەڕێگای تێڕامان بیركردنەوە و بەرهەمهێنانەوە خۆمان ڕزگار بكەین…
لەڕابردوودا سەرمایەداری لە (دەرەوە) ئیستغلالی مرۆڤی دەكرد… ئەمڕۆ هاوکێشەی دابڕانی کرێکاران و خاوەنکاران پێچەوانە بووەتەوە، ئەمڕۆ سەرمایەداری لەسەر بەكاربردنی (ناوەوەی مرۆڤ) كار دەكات! ئەمڕۆ لەسەردەمی دیجیتاڵیدا خۆدەربڕین بۆتە ئارەزووكردنی خۆبەکارهێنان.. لە ژێر وەهمی خۆدەربڕین داواکارییەکان بۆ پاراستن لە زیادبووندایە، لەگەڵ بەرفراوانی کۆمەڵگاوە تاكەكان بەهۆی نەخۆشییە سەردەمییەكانی وەك پووكانەوەی دەمار و نیگەرانییەكانی سەردەم، دووچاری زێدەنەخۆشی، زێدەپووكانەوە، زێدە زێدە… بوونە.
هەڵبەتە بەشێكی زۆری زێدەنەخۆشی، زێدەپووكانەوە… لە ئەنجامی باری زۆری زانیارییەکانەوە درووست دەبن، كۆی ئەو نەخۆشییانە وردە وردە دەبنە هۆی تێکچوونی توانا ڕەخنەیی و شیکارییەکانی مرۆڤ، کەمی سەرنجدان، ناڕەحەتی گشتی و كەمبوونەوە و بێتوانایی لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی. ئەمڕۆ (كۆمەڵگای شلۆك) کە بەنێو تۆڕەکاندا دەڕژێت، تێڕامانی نەرێنی و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی تاكەكان لاواز دەکات، ڕەخنە و تێڕامان و شیکاری فەرامۆش دەكات.
(بیۆنگ- چوول هان) قووڵایی بوومەلەرزەی جیهانی دیجیتاڵی ڕووندەكاتەوە و بەشێوەیەك لەشێوەكان ڕایدەگەیەنێت کە مرۆڤایەتی بەڕاستی پێویستی بە شۆڕشی تێڕامانی نەرێنی و بیركردنەوەی ڕەخنەیی و هەڵوەستە و هاوارێك هەیە، دژ بە پەیوەندییە بێ وەڵام و بێدەنگەکانی دیجیتاڵی. هەڵوەستەیەك دژ بە شایەتحاڵی تەقینەوەی زانیارییەكان، نەک زانست… چوونكە جیاوازییەکی گەورە لەنێوان ئەو دووانەدا هەیە. سەردەمی زانیاری تەنها پەیوەستە بە ئێستاوە، بەبێ ئەوەی ڕێگا بدات بە کەڵەکەبوونی زانست، زانیاری لە كلیكی كاتییەوەیە و زانست لە ئەزموونی هاوژیانییەوە، کە لە نێوان ڕابردوو و داهاتوودا درێژ دەبێتەوە.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا




شەپۆلی رۆماننووسی، ژانرێك لەدەرەوەی خوێندنەوە.. سمكۆ محەمەد

ئەوە داتایەكی سەرەتاییە كە لەدوای ئەوەی شیعر و شانۆ و چیرۆك بەتەواوی لەرۆژئاوا و لەدوای سەدەی 16 جێگەی خۆیان گرت، ئەم ژانرانە هەم هۆشیاری بوون و هەم گوتار و هەم بیانوویەك بوو بۆ ئەوەی سایەیەكی سەربەخۆی تر هەبێت، بەڵام كە شار گەشەی كرد و عەقڵ بوو بەسەرداری كایەكان، ئیدی رۆمان هات بوو بە ئەلتەرناتیڤی نووسینەوەی مێژوو، چونكە مێژوونووسەكان بەهەر بیانوویەك بێت، بەشە دیار و زاڵەكەی دەسەڵاتیان دەنووسیەوە، بۆ نموونە لەدەیان هەزار كارێكتەر و پاڵەوان لەرووداوە مێژووییەكاندا، تەنها ناوی ئەلكسەندەر مەكدۆنی و جەنگیزخان و سەلاحەدینی ئەیوبی و رەزا شا و هیتلەر و مۆسۆلۆنی و خومەینی و جەمال عبدلناسر و شیخ و پیاوە ناسراوەكانی مێژوو هاتووە، كەچی ناوی ئەو كارێكتەرانە نەهاتووە كە دەوریان كەمتر نەبووە لەرووداوەكان، لێرەوە رۆمان وەكو ژانرێكی سەربەخۆ بەرەبەرە چەكەرەی كرد و جێگەی بەژانرەكانی دیكە لەق كرد، ستایلێكی دیكەی شاراوەی مێژووی تۆمار كرد، چونكە شیعر و چیرۆك بەتەواوی راڤەی فەزای كۆمەڵایەتی و زەمەنە جیاوازەكانی پێنەدەكرا، هەروەها نەخشەی فراوانیان نەبوو بۆ رووداو و حەبكە و تەكنیكی نوێی ئەدەبی و تەنانەت زانست و فكریش، بۆیە رۆمان راستەوخۆ سەربەخۆیی وەرگرت و خۆی جودا كردەوە.
لەلایەكی دیكەوە لە كورتترین پێناسەدا، رۆمان بریتیە لەگێڕانەوەیەكی چیرۆك ئامێزی دوروودرێژ، لەمیانەی چیرۆكبێژییەوە وێنەی ژیانی كەسایەتی و كارێكتەرە ونبووەكان وەكو مێژوویەكی وونبوو دەنووسێتەوە، بەوانەشەوە كە پێیان ناكرێ ناویان بهێندرێت، یاخود شوناسیان وەكو كاریچكتەر واقیعییە و نابێت بەكارێكتەری خەیاڵی، چونكە هەموو ئەو كارێكتەرانی بەشداری مێژووی بزربوو دەبن، لەرووداوی جیاوازدا هەم بەشداردەبن و هەم لەرووی سایكۆلۆژیاوە وێنەیان دەگۆڕێت، لێرەوەیە كە رۆمان وەكو ژانرێكی سەربەخۆ فەزایەكی شمولی دەخوڵقێنێ، ئەوانیش بریتین لە چەند شوێن و زەمەنێكی جودا كە هەریەكەیان جێگەو رێگەیەكی دیاریكراو وەردەگرن، هەریەكەشیان بۆ دۆخی كارێكتەرێك دەبن، ئەمە بەهەردوو دیوەكەی كە ئەگەر دەقەكە واقیعی بێت، یاخود رۆمانێكی خەیاڵی یان زانستی بێت، هەمان ئەركی هەیە بەجیاوازی نەخشە و تەكنیكی نووسەرەكەشەوە كە هەندێكجار بەبیانوی شكاندنی دەقەوە، خوێنەر تووشی شڵەژانی سایكۆلۆژی دەكات.
لەرۆماندا كۆمەڵێك رەگەزی گرینگ كۆدەكرێنەوە، لەوانەش روداو و كەسایەتی و شوێن و زەمەن و گێڕەڕەوە و دیالۆگ و گۆشەنیگا هەیە، رۆمان پێكهاتووە لەكۆمەڵێك ژانری هونەری و ئەدەب جیاواز، واتە كۆكەرەوەی هەم شیعر و چیرۆك و تابلۆ و فۆتۆگراف و پیشە جیاوازەكان و هتد. چونكە رۆمان لەدایك بووی شارە، شاریش بریتییە لەكۆكەرەوەی هەموو كارێكتەر و پێكهاتە و نەتەوە و زمان و ئاین و مەزهەبە جیاوازەكان، بەوپێیەی كە ژانرەكە لەدایك بووی سەدەی نۆزدەهەمە، بەتایبەتی لەدوای شكستی ناپلیۆن و نووسینی ئاشتی نامەكەی ئەمانوئێل كانت كە ئاشتی سەرتاسەری خوڵقاند، ئەوكات رۆمان لەدایك بوو كە راسیۆنالیزم وەكو مەرجی خۆ ئەزموونكردن بوو بمیتۆدی بیركردنەوە، ئەمە بۆ ئەوەبوو كە رۆمان لەئاشتیدا زیاتر مێژوو بنووسێتەوە، چونكە بەردەوامی جەنگ، واتە بەردەوامی رووداو، بۆیە رۆمان لەدوای سەدەی نۆزدەوە شۆڕش بوو لەرووی هونەری و زانستی و سیاسەت، بەرامبەر بەو مێژووەی كە لەپێناو كارێكتەری سەرەكی جەنگ و رووداوەكان، كارێكتەرە چالاكەكان بزر دەكات، لێرەوەیە كە ئێمە دەبینین لەرۆماندا كارێكتەرەكان لە فەزایەكی ئازادتردا دیالۆگیان پێكەوە هەیە، شوێن هەمیشە كراوەترە لە شوێنی چیرۆك، شێوەی دیالۆگەكان كراوەترە و موفرەدەی دەوڵەمەند تێیدا بەشداری دەكات، وەكو پیشەسازی و فكر و تەكنۆلۆژیا و فرە پاڵەوانی و فرە رووداوی و هتد،
رۆمان بەپێی ئۆكسفۆرد بێت، دەقێكی فرە رەهەندی مەعریفییە و بریتییە لە گێڕانەوەی خەیاڵێكی پەخشان ئامێز، بۆیە شیعریەتی نووسین بۆ رۆمان مەرجی سەركەوتنی دەقەكەیە، هەروەها سەردی خەیاڵی، دەشێ وەكو هەقیقەتێكی مێژوویی بێت و بە ئێستاوە گرێبدرێت، تەنانەت ئەو پاڵەوانانەش كە ئەفسانەیین، وەكو سیزیف و هەرقل و رۆبنهود و پاڵەوانە ئەفسانەییەكانی نێو دەقی ئایینی و تادەگاتە شەیتان كە لەتێكستە ئاسمانیەكاندا سیمبولی شەڕە، ئەمە بۆ ئاژەڵ و باڵدارە ئەفسانەییەكانیش هەروایە، بۆ نموونە رۆماننوس دەتوانێ لاماسۆ واتە قیسارە یان بوڕاق یان سیمرخ یان ئەسپەكەی تەروادە و هتد بەكاربهێنرێت.
كاتێك رۆماننوس دەنووسێت، كەواتە هەدەفێكی تایبەتی هەیە و گەرەكیەتی جیهانێكی نوێ دابهێنێت، گەرەكیەتی فەزایەكی كۆمەڵایەتی یان سیاسی یان سیستمێك درووست بكات كە هەندێكجار نووسینەوەی ریالێتییە و هەندێكجاریش خەیاڵە و دوورە لە واقیعەوە. وەكو ئارنۆلد كیتل كە رەخنەگرێكی ئەدەبی ئینگلیزییە دەڵێ» هەندێكجار رۆماننوس گەرەكیەتی لەرێگەی نووسینەوە پەردە لەسەر هەموو شتێك هەڵماڵێت و بیخاتە خانەی گاڵتەجاڕییەوە، هەدەفەكەش بەخشینی ئومێدە بەژیانێكی خۆش و خەیاڵی كە هەم خەیاڵەكە و هەم پاڵەوانەكە درووستكراون». سێرڤانتس لە دەقی دۆنكیشۆتدا ئەم ستایلەی تاقی كردەوە.
رۆماننووس لەسەریەتی پلانی هەبێت بۆ داڕشتنی نەخشەی دەقەكە، لەوێشەوە زەینێكی نوێ بدات بەخوێنەر كە پێشتر لەدەقی دیكەدا ئاشنا نەبووە بەو روداوانە و مێژووش فلتەری كردووە، یان ئاشنا نەبووە بەخوێندنەوەی ئەو دەقە، یان ئەو حیكایەتانەی كە تائەوكات نەیبیستوون.
پرسیاری سەرەكی ئەوەیە ئایا ئێمە بۆچی باسی رۆمان دەكەین؟. بۆچی دەمانەوێ خۆمان ئەزموون بكەین لەرێگەی رۆمانەوە و خۆمان بنووسینەوە؟، یان خۆمان لە كارێكتەری رۆمانێكدا ببینینەوە؟. بۆچی دەمانەوێ مومارەسەی قورسترین كاری ئەدەبی بكەین؟. چونكە دەزانین ژانرێكە هەموو ژانرەكانی دیكەی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە بەشیعر و چیرۆك و فۆتۆگراف و شێوەكاری و بیناسازی و ئابوری و سیاسەت و سایكۆلۆژیا و سۆسیۆلۆژیا و هتد، هەروەها دەمانەوێ بەشداربین لەدرووستكردنی ئەو دونیایەی كە یۆتۆپیایە، ئەو فەزایە بخوڵقێنین كە بۆ گەنجان هەم بەهەشتێكی وەهمیە و هەمیش دۆزەخ؟، هەروەك ئەوەی كامۆ یان سالینجەر یان ماركیز یان فۆرستەر و ئۆرهان پامۆك و هتد، لەدەقەكانیاندا باسی هەدەفی كارەكانی خۆیان دەكەن.
بۆ نموونە كە باسی رۆمانی (گەڕان بەدوای زەمەنی بەسەرچووی) مارسیل پرۆست دەكەین كە درێژترین رۆمانە و لە 7 بەرگ پێكهاتووە، باس لە كارێكتەرێكی جوو دەكات بەناوی (سوان) كە لەچینی ئەرستۆكراتییە و خێزانەكەیان روخاوە، كارێكتەرەكە كەوتۆتە نێوان جەنگ و خزمەتی سەربازی و سەری لێشێواوە، كەواتە باسی مێژووی تاك دەكەین، باسی فەزایەك دەكەین كە مێژوو دووبارەی دەكاتەوە، كە باسی دۆنكیشۆتی سێرڤانتس دەكەین، یان باسی تاوان و سزای دایستۆفیسكی دەكەین، یان باسی سەد ساڵ تەنیایی ماركیز دەكەین، چونكە زەینێكمان پێدەدەن كە بریتین لەخوێندنەوەی سایكۆلۆژی بۆ كۆمەڵگە و دۆنكیشۆت بۆ گاڵتەجاڕی موقاوەمەت لەبەرامبەر سیستمی سیاسی دەسەڵات، ماركیز باسی پاڵەوانێكی ئەفسانەیی دەكات كە لەشكستدا ئومێدی بە شۆڕش ماوە و هتد، بەڵام پرسیارەكە لێرەدا زەقتر دەبێتەوە، ئایا ئەو دەقانەی بەنموونە هێناومانەتەوە، شەپۆلی رۆمانووسی بێ ئامانج بوون؟، ئایا ئەم دەقانە خوێنەریان دوچاری ئیلتیزام كرد یان دووریان خستنەوە؟. ئایا ئەم دەقانە پرسیاریان درووست نەكرد؟ دواتر وڵامی ئەو پرسیارانە دەدەینەوە .

رۆمان و مێژوو
بۆیە مێژوو بریتی نییە لەوەی نووسراوە و دەسەڵاتی سیاسی و حوكمڕانی ئیمزای كردووە، چونكە غەدر لەكارێكتەرە ونبووەكان كراوە، كەواتە خەیاڵی نووسەر فراوانترە لەمێژوونووس، كەواتە فراوانتر دەڕوات بۆ ئەوەی پنتە مێژووییەكانی نەتەوە بنووسێتەوە، نووسینیش بەمانای پیشەسازی دێت بەتایبەتی بۆ ژانری رۆمان، لەكاتێكدا نووسەر لەبەردەم ئەگەرێكی سەختدایە كە ئەویش پلەی سفرە بۆ نووسین، رۆلان بارت جگە لەم بابەتە كە بۆ هەموو ئەدیبێك بەبێ جیاوازی رەگەز و نەتەوە دەگرێتەوە، باسی پلەی سفری نووسین دەكات، لێرە (پلەی سفر) كە تاكو ئێستا هیچ وڵامێكی رەهای وەرنەگرتووە، تەنها وێناكردنی سنووری نێوان مانای حەرفی و مانای مەجازی نەبێ، یان ئەو نووسینانەی كە تێڕامانن بەسەر دەقێكی تر، هیچ مانایەكی دیكەی نییە خوێنەر ئاشنای بێت، ئەوانەش كە پێیانوایە «پلەی سفری نووسین پەیوەندیی بەكۆنتێكستەوە هەیە، رۆمانیش تژییە لە كۆنتێكستی سەرنجڕاكێش، بەتایبەتی ئەو كۆنتێكستانەی كە خوێنەر بیری ناچێتەوە و هەندێكجار لەزمانی رۆژانەدا بەكاردێت، رەنگە ئەم ستایلە لەنووسین بەتایبەتی لەدەقی رۆمان، بەمانای بیناكردنێكی پیشەسازی بێت بۆ نووسین، كەوابوو لەگەڵ دەستاودەستكردنی مانا و كۆنتێكستی هونەركاری، دیاری ناكرێت و بەكارێك قورس تەماشا دەكرێت، هەموو ماناكەش لە (چاوە رۆشنكەرەوەكان) دا دەردەكەون، لەكاتێكدا لەروی زانستییەوە، ئەندازیار و كارەبایی و تەلارسازی و زانستكارەكانی دیكە، وشەی رۆشنكەرەوە بەو جەستەیە دەڵێن كە لەگەڵ خۆیدا رۆشنایی بەرهەم دێنێت، خۆ ئەگەر رەهەندی ئەم زاراوە، یان وشەیە لۆغەتێكە و كاری پێدەكرێت، ئەوە دەكەوینە بەردەم مانایەكی تری دژی مانای پێشوو، ئەویش نەشازیە، واتە ناوێزەیی سایكۆلۆژیی دەلالیە و هیچی تر، بارت لێرەدا بۆ سەلماندنی باسەكەی و بەكارهێنانی وشەكە، شیعرێكی پۆڵ ڤالیری بەنموونە دەهێنێتەوە.

(ئەو بانە لازوردیە هێمنیەی كە كۆترەكان لەسەری دەڕۆن
لەنێوان دار سنەوبەر و گۆڕەكاندا دەلەرزێ
دەریا، دەریا، هەمیشە دەریا)
پۆل ڤالیری لێرەدا لەبەیتی یەكەمدا تۆنێكی بەفری لەهەناوی خۆیدا هەڵگرتووە كە لەمامەڵەی حەرفیدا بەكاریدەهێنێت، بەهۆی نەبوونی نەشازی سیفەتی رۆیشتنی بەسەر كۆترەكانەوەیە».
جگە لەو بەكارهێنانەی رابردوو، ئێستاش رۆمانووس هەیە خەیاڵی ئیمبرتۆ ئیكۆی بەكارهێناوەتەوە، جان دۆست رۆماننووسێكی كوردی سوریایە، لەرۆمانی میرنامەدا هەمان ئەو دیمەنەی نووسیوەتەوە كە ئیمبێرتۆ ئیكۆ لە رۆمانی گوڵی سووردا نووسیویەتی، لەچاپتەرێكدا كتێبی میر ژەهراوی دەكرێت. ئەم حاڵەتە بەكاریگەری هەژمار ناكرێت، چونكە خوێنەری دونیای دوای پۆست مۆدێرن، ئەم ستایلەی دەرباز كردووە و هۆشیارترە لە دونیای مۆدێرنی رابردوو، بۆیە ئەم دیاردەیە بەوەرگرتنی ئەدەبی هەژمار دەكات كە ئەمە پێی دەگوترێت ئیتلیزامی خوێنەر، لەكاتێكدا ئەم حیكایەتە لەهەزار و یەكشەوەشدا هەیە كە بۆرخیس بەدانپێنان باس لەكاریگەرییەكەی دەكات.
هەر حیكایەتێكی بزركراو یان پشتگوێ خراو كە سەرنجراكێشن، هەر یەكێك لەو كارێكتەرانەی كە دەوریان هەبوو لەدرووستكردنی مێژوو، ناویان هەبووە و خاوەنی چیرۆكی تایبەت بوونە، هەر یەكێك لەو نەتەوە و مەزهەب و ئاین و تایەفە و هتد، لەرێگەی گێڕەرەوە یان حیكایەت خوانەوە دەنووسرێنەوە، هەر قۆناغێك كە خاوەنی یەك دەنگ یان فرە دەنگی بووە، دەكرێت ببن بەهەوێنی سەرهەڵدانی رۆمان، بەمەرجێك رۆماننوسەكە زەمەن و دونیابینیەكە دوور نەخاتەوە لە خهیاڵی خۆی و وەكو خۆی بۆمان بنووسێتەوە، چونكە خوێنەرەكانی دەق و رەخنەگرە ئەدەبیەكان، بەلەبەرچاوگرتنی ئەو دیكۆمێنتانەی كە وهڵامی ئەو پرسیارە دەدەنەوە، جەخت لەسەر چەند رەگەزێك دەكەنەوە و لەسەرووی هەمووشیانەوە زمانە، پاشان پشت بەستن بەتەكنیك و ستایل و شیعریەت و یادەوەری و روداوە جۆراوجۆرەكان، ئەمانە هەمووی فەزای دەقەكە پێكدەهێنن و ئامانجێكمان پێشكەش دەكەن، چونكە نابێت ئەوەمان بیربچێت كە ئەدەب هەدەفی خۆی هەیە، ئەمەش جۆرێك بوو لەناڕەزایی نووسەر بەرامبەر بەسیستم و حوكمڕانی دەوڵەت.
لەهەموشتێك گرینگتر ئەوەیە كە دەقنووس واتە رۆماننووس بۆ ئەوەی بونیادی دەقەكەی پتەو بخاتە بەردیدی خوێنەر، شارەزایی لەمێژوو و ئابوری و بازاڕ و ئیدیۆمی نەتەوە و پێكهاتەكانی دیكە و هتد هەبێت، بۆچی دەڵێم مێژوو، چونكە یەكەمین وەزیفەی ئەدەبی رۆمان، پڕكردنەوەی ئەو كەلێنە بوو كە مێژوو نەیدەتوانی بینوسێتەوە، نووسینەوەی مێژووش وەكو خۆی هێڵی سوور بوو، هەروەها دەوری كاریگەری ئەو خەڵكەی زیندوو كردەوە كە لەمێژوودا وجودیان هەبوو، بەڵام مێژوونووس پشتگوێی دەخستن، كە دەڵێم رۆماننوس شارەزایی هەبێت لە ئابوری و بازاڕ، مەبەستم ئەوەیە كە هەموو سەردەمێك دراو سەرچاوەی ئابوری خۆی هەبووە، بۆ نموونە لۆكە و خوری و خواردەمی و خەڵوز و هتد. بازاڕی موفرەدەی تایبەتی خۆی هەبوو كە بەكاردەهات، بۆ نموونە پارە موفرەدەیەكی ئابوری نوێیە، پێشتر پێیان دەگوت ئەسكەنناس، ناكرێ رۆماننوس دوچاری هەڵە بێت لە بەكارهێنانی موفرەدەی بازاڕ، یان لەبری ئیزرەم كیلۆ بەكار بهێنێ، یان لەبری رببە فەردە و تەن بەكاربهێنێ، ئەمە جگە لە موفرەدەی ناوبازاڕ كە دوكاندار و كڕیار و پیاوانی دەوڵەت بەكاریان دەهێنا.
شارەزابوون لە كەش و هەوا و ژینگە، ئەمە لایەنی زانستیە كە نابێ رۆماننووس ئەوانە لەبیر بكات كە راوچی كەی دەتوانێ راوی ماسی یان كەو یان باسی گوڵێك یان بەری درەختێك یان رووەكێك بكات كە وەرزی نەبووە، یان باسی زاوزێی ئاژەڵ، یان پەلەوەر و پشیلە و سەگ و هتد بكات كە وەرزەكەی جودا بێت.

كێشەی رۆمانی سەردەم
حیكایەتخوان وەكو نموونە

حیكایەتخوان زۆرترین پەیوەندی بەخوێنەرەوە هەیە، چونكە هەموو شتێك لەرێگەی ئەم كارێكتەرەوە دەگوترێت، بۆیە گرینگی ئەم كارێكتەر یان پاڵەوانە كە هەندێكجار كۆنتڕۆڵی هەموو كایەكانی دەقەكەی كردووە، بەشێكی سەرەكییە لەداڕشتنی نەخشەی رۆمانەكە، چونكە گێڕانەوە لە گۆشەنیگای كەسی یەكەمەوە ئەوكات بەكاردێت كە حیكایەتخوان، بەزمانی كەسی یەكەم راناوی من بەكار دینێ، هەندێكجاریش دەشێ راناوی ئێمەش بەكاربهێنێ، چونكە حیكایەتخوانە و ئەو دەتوانێ بەرەو كۆتایی حیكاتەكە ئاراستەمان بكات، ئەوە ڕوانگەی بینینی زەمەنەكەیە، بۆیە رۆماننووس ئەو پاڵەوانە بەسەنتەر وەردەگرێت و هەندێكجار هەموو روداواكان رادەستی ئەو دەكات، ئەم جۆرە حیكایەتخوانە یان پاڵەوانە پێی دەگوترێت هەموو شتزان، واتە هەموو رووداوەكان و ئاراستە زەینییەكان لەدەسەڵاتی ئەو پاڵەوانەیە، ئەویش خودی رۆماننوسەكەیە.
زیندانیكردنی پاڵەوان یان كارێكتەر، كێشەیەكی دیكەی نووسینە، چونكە بڕوایەك هەیە كە پێیوایە رۆماننوس نابێ ئەوەندە دیكتاتۆر بێت هەموو پاڵەوانەكان بەئارەزووی خۆی ئاراستەیان بكات، تەنها ئەوە نەبێت وەزیفەی كارێكتەرەكە ماوە، یان فەرزە دەبێ وابێت، بۆیە بەشێكی زۆر لە رۆماننوسە ناودار و لۆكاڵیەكانیش ئەو رەخنەیەیان لەسەرە كە بەبێ ئاگا دیكتاتۆری نووسینن و كارێكتەر یان پاڵەوانی دەقەكە دەكوژن یان دەیكەن بە پاڵەوانی وەهمی، كە ئەمە خوێنەر بیزار دەكات و دەیكات بە مایەی مەلەل، بۆ نموونە رۆمانی حەمەدۆكی یەشار كەمال، ئەم فەزایەی بەسەردا زاڵە.
سەبارەت بە خوێندنەوەی سایكۆلۆژی بۆ دەقی كوردی، من پێموایە كە رەنگە بڵێین خوێندنەوەی سایكۆلۆژی بۆ دەقی كوردی هەروەك خوێندنەوەكانی ئەو رۆمانانەی لەسەدەی رابردوودا كران لاوازە، چونكە لایەنی كەمی شارەزایی تێدا نییە لەباری سایكۆلۆژی دانەری دەق، هەروەك ئەوەی دانەرێك هیچی لەسەر نەنووسراوە و مردووە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە كە ئێمە لەگەڵ دانەر مامەڵەمان كردووە، بەقەد ئەوەی لەگەڵ ئەو دەقە مامەڵەمان كردووە كە لەسەر وەختی خۆیدا نووسراوە، زۆربەی ئەو دەقانەی كە بەناوی رۆمانەوە چاپ كراون، كێشەگەلێكی زۆریان لەگەڵ خۆیان هەڵگرتووە، لەوانەش تێكەڵكردنی تەكنیكی زمان، هەروەها بەكارهێنانی كارێكتەری وێنەیی و كارێكتەری واقیعی، یان وەهمی فرە كارێكتەری لە دەقێكدا و نمایشكردنیان لە فەزایەكدا، جارێكی تر بزركردنیان و بەدیارخستنی كارێكتەرێك كە دەقنووس خۆی مەبەستی بووە، ئەمە داهێنان نییە، بەڵكو ئاستێكی نزمی گونجاندنی تاك پاڵەوانی و فرە پاڵەوانی یە، ئەمە بەپارادۆكسی نووسین هەژمار دەكرێ، لەحاڵێكدا تائێستا نەخوێنەر و نەرەخنەگری كوردی پرسیاری ئەوەیان لە چیرۆكنووس و رۆماننوسی كورد نەكردووە، بۆچی ناتوانن كەڵك لەفولكلۆر و ئەفسانە كوردییەكان وەربگرن، بۆچی ناتوانن نموونەیەكی نوێی ئەدەبی پۆست مۆدێرنە پێشكەش بەخوێنەر بكەن، لەكاتێكدا رۆماننوسی عەرب و رۆژئاوایی نییە كەڵكی لەهەزار و یەكشەوە و كەلیلە و دیمنە و بەسەرهاتی ئاڵمانی وەكو نەتەوەیەكی رەسەن نەبینیبێت وەكو سەرچاوەی ئەدەب.
هۆكارێكی دیكەی نەبوونی خوێندنەوەی جددی بۆ دەقی كوردی، ئەوەیە كە لەنێوان ئیرۆسی ئازاد بوون و لۆگۆسی كۆنتڕۆڵدا پنتێك هەیە، ئەویش ئازادی بیركردنەوەیە، چونكە تێگەیشتنێكی پێشوەختە هەیە لەم نێوانەدا بۆ ئیرۆس و لۆگۆس، چ جای ئەوەی كە كۆنتڕۆڵ لەسایەی كۆمەڵگەی كوردیدا كە دەسەڵاتێكی نادیارە، لەزۆربەی دەقەكان هەست بەوە دەكرێ دەقنووسەكە لەنێوان خوێندنەوە بیركردنەوەدا، ئەو پنتەی وەرنەگرتووە كە بیركردنەوەیە، بۆ ئەمە دەتوانم تاڕادەیەكی باش بڵێم هەناسەیەكی نەهیشتۆتەوە بۆ ئازادی نووسین و دەقی نوێ، تاكو رەخنە ئامادەیی ئەوەی هەبێت دەق شیتەڵ بكاتەوە و ئەو مانایە بەرهەمبێنێ كە هەم دانەر مەبەستێتی، هەم بەئاسانی دەگاتە خوێنەر و لاسایی كردنەوە نییە، ئەمە دەڵێم مەبەستم ئەوەیە كە رەنگە قەیرانی خوێنەریش هۆكارەكەی هەر ئەمە بێت، بەڵام ناتوانین بە تێكستی (لە خەوما) ی جەمیل سائیب، یان چیرۆكی (مەسەلەی ویژدان) ی ئەحمەد موختار بەگی جاف، ناوی دەقی خۆماڵی لێنەنێین، یان رۆمانی (رێگا) ی محەمەد مەلوود مەم چونكە دەقەكان بریتیین لەو خەونانەی كورد هەیەتی بۆ ژیانێكی شایستە، بەوپێیەی كە وازانراوە دەقی خۆماڵی بریتییە لەو تایبەمەندییانەی كە موڵكی نەتەوەیەكە، یان دابڕانێكە لەنێوان تێكستی پێش خۆی و واقیعی خۆی كە دواجار دەبێتە ستایل و لەرێگەی لاساییكردنەوەوە دەناسرێتەوە.
ئەو خوێندنەوە دەروونیانەش بۆ دەقی كوردی كراوە، جگە لەوەرگرتنی دەقێكی رەخنەیی بیانی و تەنها وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی كوردی و هیچی تر، یان عەرەبی بۆ سەر دەقێكی كوردی هیچی تر نییە، لەڕاستیدا ئەمە درمە ئەدەبییەكەیە، هەروەك ئەوەی كە ئێستا لەدونیای ئەدەبی كوردیدا رەخنە یان خوێندنەوەی دەق، لەحاڵەتێكی نائامادەییدا دەژی و نووسەر زۆرن و رەخنەگر نییە، بۆیە ناتوانێ لەكایەكانی دیكەشدا ئازاد بێت، بەپێچەوانەشەوە نووسەر هەرزی رەخنەیەك ناكات كە لەدەرەوەی لۆژیكی بیركردنەوە و ئاڕاستەی دەقێك بێت كە لەچوارچێوەی رەخنەدا بكەوێتە بەر میكرسكۆبی خوێندنەوەی تیۆرییەوە، باشترین حاڵەت بۆ سەلماندنی ئەم بۆچوونە، ئەوەیە كە خوێنەرێك هەڵكۆڵین بۆ دەقێك بكات و بەدوای مانادا بگەڕێ سا ئەو دەقە شیعر بێت یان چیرۆك، تاكو پشێوی و ئاڵۆزی دەروونی درووست دەكات و مانای دیكەی پێ دەبەخشرێت.

رۆمان و ناسیونالیزم

داگیركاری كە لەسەدەی پێش زایین لەئیمپراتۆرییەتێكەوە بۆ سەر وڵاتانی بچووك و خاوەن كولتوور و فەرهەنگ، تەنها داگیركاری جوگرافیا و ئیكۆنۆمی نەبووە، بەڵكو دزین و بەتاڵان بردنی فكر و ئەدەب و دیكۆمێنتاری و فەرهەنگەكانیشیان بووە، بۆ نموونە كە ئیمبراتۆریەتی رۆما، یۆنان داگیردەكات، یان ئیسلام كە تاكو ئەندەلوس دەچێت، یان جەنگیزخان یان توركە عوسمانلیەكان كە تەواوی رۆژهەڵات داگیر دەكەن، جگە لەداگیركردنی جوگرافیا و كۆمەڵگە و فەرهەنگەكەیان، داوا لەنووسەرانیش دەكەن وەكو جەنگاوەر و مافناس و سیاسییەكانیان كەڵك لەئەدەب و فەلسەفەكەیان وەربگرن، بۆیە ئەدەب بەتایبەتی ژانری رۆمان بوو بەیەكێك لە هۆكارەكانی بەرگری كردن لەنەتەوە و زمان، بەومانایەی بەرگری لەنەتەوە، چونكە رۆمان هەموو جومگە و لایەنە شاراوەكانی مێژوو و كولتوور و كەلەپوور و ئیدیۆمی نەتەوەیی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە، ئەمەش یەكێكە لە گوتاری ناسیونالیزم، واڵتەر سكوت لەبارەی سكۆتلەندا نووسیویەتی، هەوڵیداوە نەریتە باوەكان لەرۆمانی هاوچەرخدا روونبكاتەوە، بەو كارەشی زەمەنێكی مێژوویی كردە هەوێنی كارەكانی و تەوزیفی كردن، ئەمە جگە لەكەڵك وەرگرتن لەداستان و روداوە فەرامۆشكراوەكان و ململانێی نێوان چینەكان و خیڵەكان و نەتەوەكان و هتد. لەحاڵێكدا هیچ یەكێك لەو روداوانە خاڵی نەبوونە لە رۆمانسیەت، بۆیە بەدڵنیاییەوە دیمەنی رۆماننووسی كچ و كوڕێك یان خۆشەویستی جۆراوجۆری تەوزیف كردووە لە زیندوكردنەوەی مێژووەكە.
شەپۆلی رۆماننووسی
هەموو ئەو نموونانەی كە لەسەرەوە وەرمگرتوون و موناقەشەم كردوون، ئارگومێنت بوون بۆ سەلماندنی ئەم بەشەی دیكە كە پەیوەندی بەو شەپەۆلە رۆماننوسیەوە هەیە كە ئێستا بۆتە باو، ئەو دەقانەی كە هەڵگری شوناسی رۆمانن و بوون بەستایل و تەكنیكی نووسین، بەپێی هەڵسەنگاندنی نوێ و تیۆری ئەدەبی، خەمێكی دیكەی هەڵگرتووە كە جودایە لەو خەمەی دایستۆفیسكی و سێرڤانتس و تۆڵستۆی و تادەگاتە ماركیز، بۆچی؟، چونكە بەپێی تێگەیشتنی (ماڵكام برادبری) كە رەخنەگری رۆمانە، پێی وایە جیهانی ئەمڕۆ بەهەموو موفرەدەكانییەوە ستایلی ژیانی گۆڕی، ئەوەی تاكو دوێنێ بەوڵاخ و عارەبانە و ماشینی خاو پێویستییەكانی ژیانی پێ بەڕێدەخرا، ئەمڕۆ هەموو كەس خاوەنی ماشینە و ماشینی زۆر تیژتێپەڕ هەیە شەمەنەفەر و فڕۆكە هەیە و زەمینەی گەشت فراوانترە لەسەدەكانی رابردوو، كەرەستەكانی وەكو تەلیفۆن و تەلەفزیۆن و ریكۆرد هەموو بە ئامێرێك دەكرێت كە خوێندەوار و نەخوێندەوار هەیانە و دەتوانن رۆژنامەنووس بن و دەرهێنەری كورتە فیلمی ژیانی خۆیان بن و یادەوەرییەكانی خۆیان بەئاسانی تۆمار بكەن، ئەمە بۆ نووسەری نوێ و بەناونیشانی رۆماننووس ئاسانترە، چونكە خۆی خاوەن تایپ و خاوەن بڕیار و خاوەن پوڵ و چاپخانەیە، هەر خۆشی خاوەنی دابەشكردنی كاڵاكەیەتی.
ژینگە هۆكارێكی دیكەی درووستكردنی كارێكتەرە، بەدەستهێنانی زانیاری ئاسانترە لەجاران، ئەمانە هەموو حاڵەتی سایكۆلۆژی ئینسانی ئەم سەردەمەن كە لەگەڵ ئینسانی رابردوو جودا كردۆتەوە. بۆیە رۆماننوس ناتوانێ راسكۆلینكۆف و ئیمیل ستیكلیز ی هێرمان هیسە و زۆربا یەكی تر بخوڵقێنێ. كەواتە ئاسان نییە رۆماننوسی بتوانێ خوێنەری ئێستا رازی بكات.
ئەوەی كە خەڵكێكی زۆر بەلای رۆماندا رادەكێشێت، ئەوەیە كە رۆمان ئەو ژانرەیە كە سەبكێكی دیاریكراوی نییە، لەراستیدا، رۆمان پێویستی بەدژوارترین سەبكە، شێوازێك كە بەتەواوەتی خۆی دەكاتە پەیڕەوی بابەت، هەر لەبەر ئەمەشە دەتوانین بیر لەنووسەرێك بكەینەوە كە هەریەك لە رۆمانەكانی بەسەبكێكی جیاواز دەنووسێت». لەسەرەتای هەزارەی سێهەمەوە شێوە نووسینێك پەیدابوو لەنێو ئەدەبیات و بەتایبەتیش بەناو رەخنەی ئەدەبی، گوایە زمانی بونیادگەراكانە و نووسینەكانیان بەتەواوی رەنگیدابۆوە لەسەر نووسەری نوێ و ببوو بە جۆرە نەخۆشییەكی نووسین كە گوایە پڕ لەمەعریفەی نوێ یە، بەڵام ستایلەكە تەمەنی كورت بوو، چونكە هەم پراكتیك نەدەكرا بەسەر دەقی كوردییەوە، هەم نەیانتوانی هیچی نوێ لەبارەی دەق و ئەدەبی كلاسیكی كوردی بدركێنن و مۆركی فكری كوردی وەربگرێت، وەكو بونیاد و زمانی گەشەسەندووی كوردی، لەحاڵێكدا بیرمەندێكی وەكو (میخاییل باختین) خۆی ئەم جۆرە زمانە رەتدەكاتەوە بۆ قسەكردن لەسەر ئەدەب» باختین بانگەشەی ئەوە دەكات كە (فێردیناند دی سۆسێر) جۆرەكانی قسەی فەرامۆش كردووە.
لەهەموو ئەمانە گرینگتر ئەوەیە كە قسەیەك هەیە دەڵێ « رۆمان لە چاپخانە لەدایك بووە و سوودەكەشی هەر بۆ چاپخانەیە». سۆسیۆلۆژیە ئابورییەكان پێیانوایە پەیوەندی بازاڕ بە دانەرەوە، پەیوەندی بەو جۆرە خوێنەرەوە هەیە كە كەمتر بیر دەكەنەوە لەگەڵ خوێنەری فكر، یان سیاسەت یان یاسا و زانست، هەر ئەم تێگەیشتنەشە كە بازاڕی بۆ نووسەر و خوێنەر درووست كردووە و هەرچی زیاتر نووسەرەكان بەلای ژانری رۆمانەوە بچن، بەو پێیەی نەرۆماننووس كۆنتاكتی بە خوێنەرەوە هەیە و نە خوێنەریش دەتوانێ نووسەر ببینێ و لەسەر دیمەنێك یان هەڵەیەكی مێژوویی یان هەر كێشەیەك نووسەر دادگایی بكات، مەگەر خوێنەری دەق یان رەخنەگر بێت و دەقەكە دادگایی بكات، یان ئاشكرای بكات وەرگیراوە لەدەقێكی تر یان هەر شتێكی تربێت، بۆ ئەمەش خوێنەری رۆمان ناتوانێ رەخنەی ئەدەبی بخوێنێتەوە و ئیدی نەبێتە كڕیاری كاڵایەكی بێ كەڵك لەبازاڕی وەهمی، ئەمە هۆكارێكی دیكەیە كە رۆماننووسی بێ ناونیشان و بێ زانیاری و بێ مەعریفەی درووستكردوە.
ئەو شەپۆلە بەناو نووسەرەی كە ئێستا رێگەیان پێدراوە رۆماننوس بنووسن و بونە بەواقیعێكی ناجور بەسەر ئەدەب و بەسەر خوێنەرەوە، بەشی زۆریان لەكارگەی سیاسەتەوە هاتوون و كەرەگیانە مێژووی نەنووسراو بشوێنن، گەرەكیانە خوێنەر دوور بخەنەوە لەمەعریفە و لەخەیاڵ و لەدوونیا بینی، ئەمە جگەلەوەی كە كەڵكیان لەو كەلێنە وەرگرتووە كە هیچ سانسۆرێكی فكری و مەعریفی نییە لەمەیدانەكە، هەروەها ناكەونە نێو بازنەی رۆشنبیرییەوە تاكو خوێندنەوەیان بۆ بكرێت و سنوورێك بۆ ئەو فەوزا خوڵقاوە دابنێن، بۆیە هەر گروپ و دەسەتەیەكی شارەكان، بازنەیەكی بچووكیان درووستكردووە و زەمینەیان بۆخۆیان سازكردووە تاكو بەبێ سانسۆر بنووسن و بڵاوبكەنەوە و خوێنەری كەم مەعریفەش قەناعەت بكات كە ئەمانە دەقی نوێن.
ئەم شەپۆلە رۆماننوسەی كە لەسەر ئەركی خۆیان كتێب چاپ دەكەن و هیچ دەستگایەكی چاپەمەنی دانیان پێدانانێن و بەفەرمی وەكوو نووسەر نەناسراون، هەموو هەوڵێك دەدەن وەكو نووسەر و ئەدیب دەركەون، لەكاتێكدا شارەزاییان لە مەرجەكانی نووسین و ئەركی نووسین و هەدەفی نووسین نییە، ناتوانن چیرۆكێك بنووسن و دەقێك لەگەڵ دەقێكی دیكەدا جودا بكەنەوە، كەمترین زانیارییان هەیە لەسەر مێژوو، زۆربەیان بەخەیاڵی نۆستالیژیاوە دەنووسن كە نازانن نووسینەوەی نۆستالیژیا قورسترین ئەركی ئەم ژانرەیە، چونكە ناكرێ نووسەر وەكو خۆی ناوی كارێكتەرە و رووداوەكان و خودی بابەتەكە و شوێن و كاتەكەی بهێنێ، لەسەریەتی بیكات بەخەیاڵ و لەزەینی خوێنەر تۆماری بكات، لەكاتێكدا نووسینی رۆمان بەر لەهەر شتێك خەیاڵە، بەڵام ئەم شەپۆلەی ئێستا گرێی بەنووسەر بوون و بەخاوەن كتێب بوونیان هەیە، بەبێ خود سانسۆری خەیاڵ و فكری نووسەری دیكەش وەردەگرن و دەستكارییەكی چینینەوەی دەكەن و دەیكەن بەموڵكی خۆیان، بۆیە بوون بە بەشێك لەم شەپۆلە درووستكراوەی ئەدەب. سەرەنجام ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە ئەم شەپۆلە لەرۆمانووس، دابەش دەبن بەسەر چەند گروپێك، گروپی یەكەم ئەوانەن هاندراون بەو ئاستە نزمە، هەم ئەدەب بێ ئەرزش بكەن، هەمیش شەرعیەت بەئازادی نووسین بدەن. گروپی دووهەم ئەوانەن كە لەرێگەی لۆكاڵییەوە دۆخەكەیان لێبۆتە واقیع و خۆیان لێبووە بەنووسەر و ئەدیب، گروپی سێهەم ئەوانەن كە دژی خوێنەری بەرپرسیارن، ئەو خوێنەرەی كە بەمانای خوێنەر بەوردی تەماشای دەكات.

سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە
1 : امبیرتو ایكو. التاۆیل بین سیمیائیات و التفكیكیە. ترجمە و تقدیم. سعید بنكراه. دار المركز الپقافی العربی. بیروت. 2004. ص147
2: عەلی عوسمان یاقوب. رۆمان ژانری تەكنیكە جوانەكان و رەگەزە فرە رەهەندەكان. دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم. 2019. ل294
3: فولفغانغ ایزو. افاق نقد استجابە القاری‌و. ترجمە. احمد بوحسن. الپقافە الاجنبیە. العدد الاول. 1994
4: ئۆرهان پامۆك. رۆماننوسی سادە و رۆمانووسی بیركەرەوە. وەرگێڕانی. بەكر شوانی. ناوەندی رۆشنبیری و هونەری ئەندێشە. 2016. ل35
5: بول ویست. الروایە الحدیپە. ترجمە. عبدالواحد محمد. منشورات وزارت الپقافە والاعلام. سنە 1981.
6: جیریمی هولون. مدخل لدراسە الروایە. ترجمە. غازی درویش عگیە. دار الشۆن الپقافیە العامە. 1996.
7: ئەلبێر كامۆ. یاداشتەكان. وەرگێڕانی بۆ كوردی. پێشڕەو حسێن. دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم. ساڵی.2014. ل126.




لە تارانتینۆوە تا نۆلان گەشتێک بە جیهانی پۆستمۆدێرندا.. باکۆ رێبوار

لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمەوە، سینەما وەک هونەر و پیشەسازی، گۆڕانکاریی بنەڕەتی بەخۆیەوە بینی لەئەنجامی دروستبوونی ئەوەی ئەمڕۆ بە “سینەمای پۆستمۆدێرن” ناسراوە، ئەم جوڵانەوە هونەرییە لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستی پێکرد و لە حەفتا و هەشتاکانی ئەو سەدەیەدا گەشەی کرد، نەک تەنها شێوەی دروستکردنی فیلمی گۆڕی، بەڵکو بنەمای فەلسەفی ئەو بیرۆکانەی ئەم هونەرەی لەسەر دامەزراوە دووبارە پێناسە کردەوە، ئەگەر سینەمای کلاسیک بە دوای یەکگرتوویی، ڕاستگۆیی، و گێڕانەوەی لینیاری دەگەڕا، سینەمای پۆستمۆدێرن بە ئاشکرا ئەم بنەمایانەی ڕەت کردەوە و لەبری ئەوە بایەخیدا بە پارچەپارچەبوون، خۆناسینی، و شکاندنی سنوورە ئیستاتیکیەکان،

پۆستمۆدێرنیزم وەک بزووتنەوەیەکی فەلسەفی و کلتووری، گرنگی تایبەت بە چەمکی نوێنەرایەتی، ڕاستی، و دەسەڵات دەدات، لە سینەمادا، ئەم هەنگاوە واتای ئەوەی بوو کە فیلمسازەکان دەستیانکرد بە پرسیارکردن لە بنەمایانەی سینەمای کلاسیک لەسەری دامەزرابوو، لەبری ئەوەی بەدوای دروستکردنی “پەنجەرەیەک بۆ دنیا”دا بگەڕێن، وەک چۆن نەریتی سینەمای کلاسیک بوو، فیلمسازە پۆستمۆدێرنەکان دەستیان کرد بە دروستکردنی کارەکان، بە ئاشکرا خۆیان وەک دروستکراو، ساختە، و “تەنها فیلم”یان ناساند،

یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی سینەمای پۆستمۆدێرن بەکارهێنانی “pastiche”ـە، واتە تێکەڵکردن و لادانی شێوازە جیاوازەکان ئەمە لە “parody”ـی کلاسیک جیاوازە، چونکە pastiche بە خۆشەویستی و ڕێزەوە تەماشای کلتووری ڕابردوو دەکات، نەک بە مەبەستی گاڵتەپێکردن، نموونەیەکی گرنگی ئەم تایبەتمەندییە لە کارەکانی کوێنتین تارانتینۆدا دەبینین، بەتایبەتی لە فیلمی “Pulp Fiction” (1994)دا، تارانتینۆ بە شێوەیەکی تەواو خۆشەویستانە ئاماژە بە فیلمە crime و noir و B-movieکانی شەست و حەفتاکان دەکات، بەڵام لەهەمان کاتدا شێوازێکی تەواو نوێ و تایبەت بە خۆی دروست دەکات،

ئینتەرتێکستواڵیتی(Intertextuality) یەکێکی ترە لە چەمکە سەرەکییەکانی سینەمای پۆستمۆدێرنە، ئەمە واتای ئەوەیە هەموو تێکستێک، فیلمێک، پەیوەندی بە تێکستی ترەوە هەیە و مانای تەواو تەنها لە ڕێگەی ئەم پەیوەندییانەوە دەست دەکەوێت، فیلمە پۆستمۆدێرنەکان بە ئاشکرا ئاماژە بە فیلمی تر، کتێب، وێنە، موزیک، و هەموو شێوەیەکی تری هونەر دەکەن، ئەم تایبەتمەندییە بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو لە کارەکانی کۆین برازەرزدا دەردەکەوێت، بەتایبەتی لە فیلمەکانی وەک “Barton Fink” (1991) و “The Big Lebowski” (1998)دا، پڕن لە ئاماژە و ڕەوانەکردن بۆ فیلم، ئەدەبیات، و کلتووری پۆپی ئەمریکی،

ناڕاتیڤی مێتا (Meta-narrative) چەمکێکی ترە کە لە سینەمای پۆستمۆدێرندا زۆر گرنگە، ئەم جۆرە فیلمانە نەک تەنها چیرۆک دەگێڕنەوە، بەڵکو سەبارەت بە خودی پرۆسەی چیرۆکگێرانەوەش دەدوێن، ئەوان بە ئاشکرا خۆیان وەک فیلم دەناسێنن و لەگەڵ بینەردا سەبارەت بە سروشتی سینەما و نوێنەرایەتی دەدوێن، نموونەیەکی نایاب ئەمە فیلمی “Being John Malkovich” (1999)ـی چارلی کافمانە، نەک تەنها چیرۆکێکی سەیر و سەمەرە دەگێڕێتەوە، بەڵکو بە شێوەیەکی قووڵ سەبارەت بە سروشتی ناسنامە، هونەر، ناوبانگ دەدوێت، فیلمەکە بە ئاگایی تەواو لەگەڵ ئەوە یاری دەکات ئەکتەرێکی ڕاستەقینە، جۆن مالکۆڤیچ، ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت، و ئەمەش یەکێکە لە باشترین نموونەکانی شکاندنی سنوور لە نێوان ڕاستی و خەیاڵ،

گۆڕینی سروشتی کات و شکاندنی linear narrative یەکێکی ترە لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی سینەمای پۆستمۆدێرنە، لەبری ئەوەی چیرۆک بەو شێوازە ئاسایییە بگێڕدرێتەوە کە سەرەتا، ناوەڕاست، و کۆتایی هەبێت، فیلمە پۆستمۆدێرنەکان زۆرجار بەشێوەی نالینیاری، بە پاشگەڕانەوە لە کات، دووبارەبوونەوە، یان تەنانەت بە شێوەی بازنەیی چیرۆک پێشکەش دەکەن، نموونەیەکی بەرچاو، فیلمی “Memento” (2000)ـی کرستۆفەر نۆلانە، ئەم فیلمە چیرۆکەکەی بە شێوەیەکی پێچەوانە دەگێڕێتەوە، واتە لە کۆتاییەوە بۆ سەرەتا، و ئەمەش نەک تەنها وردەکاری تەکنیکی نییە، بەڵکو بەشێکی سەرەکییە لە چۆنیەتی تێگەیشتنی بینەر لە بارودۆخی کارەکتەرە سەرەکییەکە، کە کێشەی کورتخایەنی مێشکی هەیە،

کوێنتین تارانتینۆ یەکێکە لە ناسراوترین و کاریگەرترین دیرەکتەرانی سینەمای پۆستمۆدێرن. کارەکانی، بەتایبەتی “Pulp Fiction”، نموونەی تەواوی زۆربەی تایبەتمەندییەکانی ئەم بزوتنەوەیەن “Pulp Fiction” لە سێ چیرۆکی جیاواز پێکهاتووە کە بە شێوەیەکی نالینیاری پێکەوە گرێدراون، هەر چیرۆکێک لەم سێیە ئاماژە بە ژانرێکی جیاوازی سینەمایی دەکات – ژانەری crime، mob، gangster movie – بەڵام تارانتینۆ ئەم ژانەرانەی بە شێوەیەک تێکەڵ کردووە، ئەنجامێک دروست بووە، هەم ئاشنا و هەم بێگانەیە،

دیالۆگەکانی فیلمەکە، کە پڕن لە باسی پۆپ کولتوور، فیلمی B، و ژینگەی ئەمریکی، بە ئاگایی تەواو لەگەڵ ئەوە یاری دەکەن کە بینەر چاوەڕوانی دەکات، یەکێک لە بەناوبانگترین سکینەکانی فیلمەکە، گفتوگۆکەی Vincent Vega و Jules Winnfield سەبارەت بە جیاوازی ناوی بۆرگەر لە ئەوروپا و ئەمریکا، نموونەیەکی تەواوە لە چۆنیەتی ئەوەی سینەمای پۆستمۆدێرن گرنگی بە شتە بچووک و “بێ گرنگ”ەکان دەدات و لێیان وەک ڕێگەیەک بۆ خستنەڕووی دیمەنێکی فراوانتری کلتووری کەڵک وەردەگرێت،

دەیڤید لینچ دیرەکتەرێکی ترە، کاری لە سنووری نێوان خەون و ڕاستی، هۆش و شێتی، پیشاندان و شاردنەوە دەکات، فیلمی “Mulholland Drive” (2001)ـی یەکێکە لە باشترین نموونەکانی سینەمای پۆستمۆدێرن، ئەم فیلمە بە ئاشکرا لەگەڵ چاوەڕوانی بینەر سەبارەت بە چۆنیەتی چیرۆکگێڕانەوە یاری دەکات، فیلمەکە وەک فیلمێکی ئاسایی noir دەست پێ دەکات، بەڵام دەبێتە شتێک کە زیاتر لە خەونێکی ئاڵۆز دەچێت تا چیرۆکێکی ئاسایی، لینچ بە ئاگایی ئەو سنورانە دەبڕێت کە لە نێوان “ڕاستی” چیرۆکەکە و ڕاستی دەرەکی فیلمەکە هەیە، ئەنجام ئەوەیە بینەر لە بارودۆخێکدا خۆی دەبینێتەوە، ناتوانێت دڵنیا بێت چی ڕاستە و چی خەیاڵە، و ئەمەش بە شێوەیەکی تەواو لەگەڵ چەمکە پۆستمۆدێرنەکانی سەبارەت بە نەبوونی ڕاستیەکی ئۆبژیکتیڤ دەگونجێت،

ماتریکس”ی (1999)ـی برایان واچۆفسکی فیلمێکی ترە کە بە شێوەیەکی تەواو سەبارەت بە سروشتی ڕاستی و سیمولاکرۆم دەدوێت، ئەم فیلمە بە ئاشکرا کاریگەر بووە لە تیۆرییەکانی ژان بۆدریار سەبارەت بە “سیمولاکرا و سیمولەیشن”، لە فیلمەکەدا، جیهانێک مرۆڤەکان پێیان وایە ڕاستە، ڕاستە نییە بەڵکو سیمولەیشنێکی کۆمپیوتەرییە، ئەم چەمکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەو بیرۆکانەی بۆدریار سەبارەت بە ئەوە دەگونجێت کە لە سەردەمی ئێمەدا ئیتر ناتوانین جیاوازی بکەین لە نێوان ڕاستی و نوێنەرایەتی، کارەکتەری Neoلە فیلمەکەدا دەبێت بە نوێنەری ئەو مرۆڤەی کە دەبێت بزانێت ڕاستی ژیانەکەی چییە، هەرچەندە ئەم ڕاستییە ترسناک و ئازاربەخش بێت،

کرستۆفەر نۆلان دیرەکتەرێکی ترە بە تایبەتی گرنگی بە کات و یادەوەری دەدات، جگە لە “Memento”، فیلمەکانی وەک “Inception” (2010) و “Interstellar” (2014) بە شێوەی جیاواز لەگەڵ چەمکەکانی کات، ڕاستی، و تێگەیشتنی مرۆڤ کار دەکەن، “Inception” بەتایبەتی دەتوانرێت وەک مێتافۆرێک بۆ خودی پرۆسەی فیلمسازی و تەماشاکردنی فیلم لێی بروانین، خەونە چەندین ئاستییەکانی فیلمەکە ڕەنگە ئاماژە بە چەندین ئاستی تێگەیشتن و بەشداریکردن بدەن کە تێدا بینەر لە کاتی تەماشاکردنی فیلمەکەدا بەسەری دەبات،

کۆین برازەرز، جۆیل و ئیتان، کارەکانیان پڕە لە ئاماژە بۆ سینەما و ئەدەبیاتی ئەمریکی، “The Big Lebowski” چیرۆکی نهێنی کتێبی “The Big Sleep”ـی ڕایمۆند چاندلەرە، بەڵام بەم جۆرەی کە هەموو شتە “گەورە” و “گرنگ”ەکانی فیلمی noir کراوەتە شتی و بچووک، دیارە برازەرزەکان بە ئاگایی تەواو ئەو چاوەڕوانیانە دەشکێنن کە بینەر لە فیلمێکی genre دەیکات،

چارلی کافمان نوسەرێکە کە کارەکانی لە سنووری نێوان ڕاستی و خەیاڵ، هونەر و ژیان، ئایدەنتیتی کەسی و کۆمەڵایەتی کار دەکەن، “Being John Malkovich” وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، و هەروەها “Adaptation” (2002) و “Synecdoche, New York” (2008) هەموویان نموونەی ئەو جۆرە سینەمایەن بە ئاشکرا سەبارەت بە خودی پرۆسەی دروستکردنی هونەر دەدوێن، لە “Adaptation”دا، کافمان خۆی کردووە بە کاراکتەری سەرەکی فیلمەکە، نوسەرێک کە هەوڵ دەدات ڕۆمانێک بگۆڕێت بۆ فیلم و ئەم پرۆسەیە دەبێتە خودی چیرۆکی فیلمەکە،

یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی سینەمای پۆستمۆدێرن پارچەپارچەکردنی کاتە، فیلمە پۆستمۆدێرنەکان لەگەڵ کاتدا بەشێوازی جیاواز یاری دەکەن، هەندێکجار ئەمە بە شێوەی نالینیاری چیرۆک وەک لە “Pulp Fiction” و “Memento”دا ئەنجام دەدرێت و بە شێوەی دووبارەبوونەوەی ڕووداوەکان وەک لە “Groundhog Day” (1993)دا یان بە شێوەی تێکەڵکردنی کات و شوێنی جیاواز وەک لە زۆرێک لە کارەکانی دەیڤید لینچدا، ئەم تایبەتمەندییە نەک تەنها ئامرازی تەکنیکی نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەیە لە چۆنیەتی تێگەیشتنی پۆستمۆدێرن لە کات، وەک شتێک نەک لینیاری و پێشبینیکراوە، بەڵکو ئاڵۆزو کەوتووەتە ناو یەکتری، و بەندە بەچۆنیەتی بیرکردنەوە و یادەوەری،

ڕاوێژکردن لە ژانرەکان یەکێکی تری تایبەتمەندییە گرنگەکانی سینەمای پۆستمۆدێرنە، فیلمە کلاسیکەکان بەزۆری پابەند بوون بە یەک ژانری تایبەت – وێسترن، crime، comedy drama – بەڵام فیلمە پۆستمۆدێرنەکان سود لە چەندین ژانەر وەردەگرن، “Kill Bill” (2003-2004)ـی تارانتینۆ نموونەیەکی بەرچاوی ئەمەیە، ئەم فیلمە پێکهاتەی کۆنگ فوو، سپاگێتی وێسترن، یاپۆنی yakuza، ئەنیمەیشن و تەنانەت موزیکاڵی تێکەڵ دەکات و شتێک دروست دەکات، تەواو نوێیە بەڵام ئاشنایە

شکاندنی “دیواری چوارەم” – واتە ئەو سنوورە خەیاڵییەی کە لە نێوان دونیای فیلم و دونیای ڕاستی بینەردا هەیە – یەکێکی تری تایبەتمەندییە گرنگەکانی سینەمای پۆستمۆدێرنە، زۆرێک لە فیلمە پۆستمۆدێرنەکان بەشێوازی جۆراوجۆر وا دەکەن، بینەر بیر لەوە بکاتەوە، تەماشای فیلم دەکات، جارێک بە شێوەی ئاماژەکردن بە خودی پرۆسەی فیلمسازی دەبێت، وەک لە “Adaptation”دا، جارێک بە شێوەی بەکارهێنانی تەکنیکە “مێتا”کان دەبێت کە کاراکتەرەکان بە ئاشکرا سەبارەت بە ئەوە دەدوێن لە فیلمدان،

کاریگەری سینەمای پۆستمۆدێرن لەسەر بینەر فراوان و قووڵە، یەکەم ئەوەیە کە ئەم جۆرە فیلمانە داوای ئەوە لە بینەر دەکەن بەشداری چالانەی لە پرۆسەی تێگەیشتن و لێکدانەوەدا بکات، بینەری فیلمی پۆستمۆدێرن ناتوانێت بە پاسیڤی دانیشێت و فیلم تەماشا بکات، بەڵکو دەبێت بەئەکتیڤی هەوڵ بدات بۆ تێگەیشتن لە ئاماژەکان، گرێدان لە نێوان بەشە جیاوازەکان، و تێگەیشتن لە مانای قووڵی کارەکە، ئەمە بینەر دەکاتە کۆکارکەری هونەرمەند لە دروستکردنی مانادا،

دووەم، سینەمای پۆستمۆدێرن هۆکارێکی گرنگ بووە لە پەروەردەکردنی نەوەیەک لە بینەران، زیاتر هۆشیارن سەبارەت بە میکانیزمەکانی میدیا و چۆنیەتی کارکردنی، ئەم بینەرانە باشتر دەتوانن جیاوازی بکەن لە نێوان ڕاستی و نوێنەرایەتی، و باشتر تێدەگەن، هەموو فیلمێک دروستکراوە و مەبەستێکی تایبەتی هەیە،

وە هەروەها کاریگەری گەورەی لەسەر چۆنیەتی دروستکردن، داشکاندن و فرۆشتنی فیلم هەبووە، ئەم جۆرە فیلمانە ئاسانتر بوون بۆ بە بازاڕکردنی نێودەوڵەتی، چونکە پڕ بوون لە ئاماژە بۆ کلتووری پۆپی جیهانی، هەروەها ئەوان بنەمایان دانا بۆ کورتەفیلم”ەکان – فیلمەکان لە ئەنجامی یەکەم ئەکادیمیان زۆر نەبوو بەڵام لەمرۆدا بینەرانی تایبەتیان دۆزیوەتەوە،

بەڵام سینەمای پۆستمۆدێرن ڕەخنەی زۆریشی لێکراوە، یەکێک لە گرنگترین ئەم ڕەخنانە ئەوەیە ئەم جۆرە فیلمانە زیاتر پشت بە زانینی پێشووتری بینەر دەبەستن، بۆ ئەوەی بینەرێک بە تەواوی لە “Pulp Fiction” یان “Kill Bill” چێژ وەرگرێت، پێویستە ئاشنا بێت لەگەڵ فیلمی crime و ئەکشنی ساڵانی شەست و حەفتاکان،

ڕەخنەیەکی تری سەرەکی ئەوەیە سەرقاڵی شێواز و وردەکاری تەکنیکییە و کەمتر گرنگی بە ناوەڕۆک و پەیامی مرۆیی دەدات، هەندێک ڕەخنەگر پێیان وایە کە ئەم فیلمانە”بەسەرخۆیانەوەن” و هەوڵ دەدەن بیسەلمێنن دەزانن، لەجیاتی ئەوەی سەرقاڵی گێڕانەوەی چیرۆکێکی باش بن،

ڕەخنەی سێیەم ئەوەیە بەهۆی پشتبەستنی زۆری بە ئاماژە و کولتووری ڕابردووەوە، بەواتایەکی تر دەگەڕێتەوە بۆ “کلتووری ڕیسایکڵ” – واتە کلتوورێک، تەنها شتی ڕابردوو دووبارە دەکاتەوە و هیچ شتێکی نوێ دروست ناکات، ئەم ڕەخنەگرانە پێیان وایە کە لە جیاتی ئەوەی داهێنەر بن، فیلمسازە پۆستمۆدێرنەکان تەنها کارەکانی کەسانی تر دەستکاری دەکەن،

لایەنگرانی سینەمای پۆستمۆدێرن وەڵامی ئەم ڕەخنانەیان هەیە، ئەوان دەڵێن یەکەم، ئەم جۆرە فیلمانە ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی ئەو جیهانەن ئێمە تێیدا دەژین – جیهانێک پڕە لە ئاماژە، کولتووری پۆپ و میدیا بۆیە گرنگە لە سینەما ئەم ڕاستییە ڕەنگ بداتەوە، دووەم، بەکارهێنانی ئاماژە و pastiche بەهیچ شێوەیەک واتای نەبوونی داهێنان نییە، بەڵکو جۆرێکی نوێی داهێنانە کە پێویستی بە توانا و زانینی زۆرە،

لەڕاستیدا، کاریگەری سینەمای پۆستمۆدێرن لەسەر سینەمای ئەمڕۆ هێشتا بەردەوامە زۆرێک لە فیلمسازەکانی ئەمڕۆ، لە مارڤەڵ یونیڤێرسەوە تا فیلمسازەکانی ئیندی وەک ئاری ئاستەر و رابەرت ئیگرز، هەموویان بە شێوەیەک کاریگەر بوون لە ڕێگە و تەکنیکەکانیسینەمای پۆستمۆدێرن کە پەرەی پێداون،

یەکێک لە گرنگترین بەرهەمەکانی سینەمای پۆستمۆدێرن ئەوە بووە کە ئازادی زیاتری بە فیلمسازەکان داوە بۆ ئەزموونکردن لەگەڵ شێواز و ناوەڕۆک، ئەمڕۆ فیلمسازەکان ئازادن ژانرەکان تێکەڵ بکەن، لەگەڵ کاتدا یاری بکەن، ئاماژە بە کارەکانی تر بکەن، و سنوورەکانی نێوان فیلم و ڕاستی بشکێنن، بەبێ ئەوەی ترسیان لەوە هەبێت بەسەر “یاساکانی سینەما”دا بازبدەن،

هەروەها ڕۆڵێکی گرنگی لە پەرەپێدانی سینەمای جیهانی هەبووە، فیلمسازەکان لە وڵاتانی ژاپۆن، کۆریا، ئەرژەنتین و فەڕەنسا کەڵکیان لە تەکنیک و ڕێگاکانی سینەمای پۆستمۆدێرن وەرگرتووە بۆ دووبارە پێناسەکردنەوەی سینەمای خۆیان، ئەم پرۆسەیە بووەتە هۆی دروستبوونی کارەکانی وەک فیلمەکانی پارک چان-وۆک، ئالەخاندرۆ خۆدۆرۆفسکی، و ژان-لوک گۆدار کە هەموویان بە شێوەیەک بە سینەمای پۆستمۆدێرن کاریگەر بوون،

لە کۆتاییدا، سینەمای پۆستمۆدێرن نەک تەنها گۆڕانکارییەکی تەکنیکی و شێوازی بوو، بەڵکو گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە چۆنیەتی تێگەیشتنمان لە سروشتی فیلم، نوێنەرایەتی، و پەیوەندی نێوان هونەر و ڕاستی، ئەم بزووتنەوەیە پرسیاری قووڵی لەسەر سروشتی ڕاستی، ئیدەنتیتی، و مانا بەجێهێشتووە بەشێوەیەک تا ئەمڕۆش گرنگن، بەواتایەکی تر بەتوندی بیر لەوە بکەینەوە چی واتای “ڕاست” دەدات، چۆن مانا دروست دەبێت، هونەر چ ڕۆڵێک لەژیانی خۆمان و جیهان دەگێڕێت،

بەپێی ژان-فرانسۆا لیۆتار، یەکێک لە سەرەکیترین تیۆریستەکانی پۆستمۆدێرنیزم، دەڵێت ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین تێیدا “میتا-ناڕاتیڤە گەورەکان” – ئەو چیرۆک گەورانەی لە ڕابردوو مانا و ئاراستەیان بە ژیانی مرۆڤ دەدا – مانایان نەماوە، سینەمای پۆستمۆدێرن ڕەنگدانەوەیەکی تەواوی ئەم دۆخەیە، لەبری ئەوەی بە دوای گێڕانەوەی چیرۆکی گەورە و یەکگرتووەوە بگەڕێت، ئەم جۆرە فیلمانە بە چیرۆکی بچووک، پارچەپارچە، و زۆرجار ناتەواو پێشکەش دەکەن، ئەوان ڕەتی دەکەنەوە وەک دەسەڵاتێکی ئاگادار قسە بکەن، لەبری ئەوە وەک پرسیارکەر و گومانکەر ڕەفتار دەکەن،

ئەم تایبەتمەندییە بە ئاشکرا لە کارەکانی هەموو ئەو دیرەکتەرانەدا دەردەکەوێت کە ئاماژەمان پێ کردن، تارانتینۆ ڕەتی دەکاتەوە یاسای ئەخلاقی و سیاسی ڕوون پێشکەش بکات، لەجیاتی ئەوە جیهانێک دروست دەکات تێیدا باش و خراپ، پاڵەوان و پاڵەوانشکێن، تێکەڵ و ناڕوون، لینچ چیرۆکەکانی بەناتەواوی دەهێڵێتەوە و ڕێگا بە بینەر دەدات خۆی ئەو مانایە بدۆزێتەوە کە دەیەوێت. نۆلان پرسیاری قووڵ لەسەر سروشتی یادەوەری، کات، و ئیدەنتیتی دەکات بەبێ ئەوەی وەڵامی ڕوون و کاتەگۆریەک پێشکەش بکات،

بە کورتی، سینەمای پۆستمۆدێرن وەک ئاوێنەیەک کاری کردووە، تێیدا سەردەمەکەمان خۆی دەبینێتەوە – سەردەمێک کە تێیدا هەموو شتەکان گومانلێکراوە، هەموو ڕاستییەک ڕەلاتیڤە، و هەموو بیرۆکەیەک کراوەتەوە بۆ لێکۆڵینەوە و پرسیارکردن، ئەم سینەمایە نەک تەنها ڕەنگدانەوەی ئەم دۆخەیە، بەڵکو بەشداریشی لە دروستکردنی کردووە، لە ئەنجامدا، سینەمای پۆستمۆدێرن یەکێک لە گرنگترین و کاریگەرترین بزووتنەوەکانی هونەری سەدەی ڕابردوو بووە و کاریگەری نەک تەنها لەسەر سینەما، بەڵکو لەسەر تەواوی کلتووری سەردەم هەبووە.

باکۆ رێبوار




بەکورتی 24: برینی رەوشتیی.. کۆتا جۆری برین نییە، کە مرۆڤایەتیی بۆیهێناویین.. ئازاد حەمە

برینی رەوشتییMoral Injury چەمکێکی نوێیە و لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستدا کەوتووەتەبەربەکاربردن و وەک نەخۆشییەکی دەروونییش نەناسێندراوە. سەرەتا چەمکەکە لە بواری دەروونناسی سەربازیدا سەریهەڵداوە و دواتر بەرەو بواری چارەسەری ڕەفتاری مەعریفی (CBT) رۆشتووە. کەواتە، یەکێک لە ڕێگاچارەسەرەکان سەبارەت بە برینداربوونی رەوشتیی چارەسەری ڕەفتاری مەعریفی (CBT)یە، کە فەلسەفەی کلینیکی(عیادەی فەلسەفیی) دەکارێت لەوبارەوە کاری لەسەربکات.
دەکرێت بگوترێت، کە برینداریی رەوشتیی هێمایە بۆ ئەو دۆخ و رووداوانەی کاریگەریی دەروونی و کۆمەڵایەتی و ڕۆحییان لەسەر ئەو کەسە داناوە، کە رەوشتی بریندارکردووە.دەکرێت ڕووداوەکان هەڕەشەئامێز ببوبێتن،یان بابەتگەلێکبووبێتن، لە شێوەی خیانەتکردن، پێشێلکردنی بیروباوەڕ و بەها رەوشتییە قووڵەکان. لەبەرئەوەی کەسەکە بەهۆی ئەم برینداربوونە رەوشتییەوە دووچاری خەمۆکیی دەبێت، رەنگە برینە رەوشتییەکە ئاماژەکانی پەشێویی دەروونی پاش خورپەPTSDش لەخۆبگرێت. بۆنموونە سوتاندنی کتێبێکی پیرۆزی ئاینیی لەبەردەم کەسێکی دیندار،یان سوکایەتیکردن بە بەهای سیاسیی و هێمایەکی ئایدیۆلۆژی کەسێک.
برینی رەوشتیی چییە؟جۆرێک نییە لە فشاریی، پەشێویی دەروونیی؟ برینی رەوشتیی جیاوازیی چییە لە پەریشانی رەوشتییMoral Distress؟ ساڕێژبوونی برینی رەوشتیی شیاوە؟ چ ڕووداوێک ئەگەری زیانبەخشی رەوشتیی هەیە؟ دەگەی رەوشتیی برینداریی رەوشتیی دروستناکات؟ مرۆڤ تاکە بوونەوەرە کە برینی ڕەوشتیی تیادروستدەبێت؟ شێت دووچاری برینی ڕەوشتیی دەبێتەوە؟ جیاوازیی لەنێوان برینە ڕەوشتییەکاندا هەیە؟
برینداریی رەوشتیی چییە؟ ئەم جۆرە بریندارییە لە پرسە رەوشتییەکانەوە سەرچاوەدەگرێت و ئەنجامی توندوتیژی و زەبرێکی ڕاستەوخۆ نییە. گومانیناوێت، رووداوە زیانبەخشە رەوشتییەکان هەمیشە هۆکاری سەرەکیی برینداربوونە رەوشتییەکانی تاکن. واتە، ئەوانەی دووچاری زیانبەخشی رەوشتیی دەبنەوە یان بەها رەوشتییەکانیان پێشێلدەکرێت، دەبینیین کە ئەوانە راستەوخۆ رووبەرووی برینداربوونی رەوشتیی دەبنەوە. لێ ئاژەڵ لەم رێسایانە بەدەرە، چونکە کرداری ئاژەڵەکان نە ڕەوشتییە نەش ناڕەوشتیی. بەمجۆرەبێت بوونی ڕەوشت گرنگە بۆ برینداربوونی رەوشتیی.
هەر تایبەت بەو لایەنەی سەرەوە دەکرێت بپرسین، کە ئایا شێت دووچاری برینی ڕەوشتیی دەبێتەوە؟ سەبارەت بەم لایەنە، زۆربەی پسپۆران لەبواری شێتناسی و رەوشتناسی پێیانوایە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەم لایەنە پێویستمان بەسەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی واتای شێت و واتای ڕەوشتە. هاوکات ئەوەش، کە ئاستی شێتبوونەکەی شێت لەکوێیە، واتە ئاگایی بەتەواتی لای شێت باریکردووە. ئەگەر ئاگایی لای شێت بەتەواوەتی بوونی نەبێت کەواتە ڕەوشت بۆ شێت ئەو بەهایەی نییە، یان ڕەوشت پەیوەندیی بە ئاکار و رەفتارییەوە نییە.
سەرباری ئەوە، کاتێک پەرێشانی رەوشتیی ئەزموون دەکرێت، کە مرۆڤ ڕووبەڕووی دووڕیانێکی رەوشتیی دەبێتەوە. پسپۆران و پزیشکانی دەروونیی پێیانوایە کە ئەگەر پەریشانی رەوشتیی چارەسەر نەکرێت، دەتوانێت گەشە بکات بۆ برینداربوونی رەوشتی درێژخایەن. بۆیە لێرەدا پێویستە بپرسیین: رەوشت چییە؟ رەوشت ئاماژەیە بۆ ئەو کۆمەڵە ڕێسا و فەرمانە کۆمەڵایەتیانەی بناغەی کارکردنی کۆمەڵگایەک و هەڵسوکەوتی تاکەکانی دادەنێن.
برینی رەوشتی دیوی تریشی هەیە، بۆنموونە: هەوڵ بۆ گۆڕینی هەستی کەسێک سەبارەت بە دۆسییەک کە تیایا تاوانبارکراوە، لەکاتێکدا خۆی تاوانبار نییە. کەوابێت، ئەگەر پێتنەکرێت هاوکاری بییت و لەو دۆخی تاوانبارکارییە رزگاریکەیت دواجار دوچاری برینداربوونی رەوشتیی دەبیت. وێڕای ئەوە، لەم بارەوە دیاردەی تری برینی رەوشتییمان هەیە، لەوانە:کاتێک لە شەرێکدا تۆ هۆکاری مردنی بە ناحەقی کەسانێکی تریت، یان هۆکاری ئەوەی، کە کەسانێک هاوکاری پزیشکییان بەدەستنەگات.
سەرباری ئەوە، ئەزموونەکانی شەڕ بەشێکە لەو بریندارییە رەوشتییەی لای سەرەوە باسکرا. بۆنموونە، ئەو دۆزەی جەنگی ڤێتنام لەرووی رەوشتییەوە دروستیکرد وایکرد زۆرێک لە سەربازە ئەمریکییەکان ڕووبەڕووی بارودۆخی رەوشتیی ببنەوە؛ لە شەری کەرواتیاشدا زۆرێک بە برینداریی رەوشتییەوە لە ململانێکانی ناو شەڕەکە هاتنەدەرەوە؛ داگیرکردنی کوەیت لەلایەن سەربازە عێراقییەکانەوە ئەمەش یەک دونیا برینداربوونی رەوشتی بۆ سەربازە عێراقییەکان هێنا.
بۆ گەلێک لە توێژەران و پزیشکەکان زۆرێک لە قوربانییەکانی برینداریی رەوشتیی ئەوانەن، کە ڕووبەڕووی مردن یان هەڕەشەی مردن، یان توندوتیژی سێکسی بوونەتەوە. دەرئەنجامەکانی شەڕ لەسەر دانیشتوانی بێتاوانیش یەکێکە لە هۆکارەکانی دروستبوونیی برینداریی رەوشتیی.
وێرای ئەوە، برینداربوونی رەوشتیی دەتوانێت کاریگەری لەسەر ژیانی کەسیش دانێت، جا لەناو خێزان بێت یان شوێنی کار. لەبەرئەوەی ئەوانەی دووچاری برینداربوونی رەوشتی دەبنەوە لە شوێنی کارەکانیاندا پاسیڤ، بگرە بێزار و خەمۆکیش دەبن.
دیوێکی تری برینی رەوشتیی ئەم لایەنەش دەگرێتەوە: بێهیوایی و یان بێدەسەڵاتی لە بەرامبەر رووداوەکان رێگایەکن بۆ برینداریی رەوشتیی. ئەم حاڵەتەش زۆرجار رووبەرووی زۆرێک لەو کارمەندانە لە جیهاندا دەبێتەوە کە لە بواری کاری خێرخوازیدا کاردەکەن: کارمەندانی ئۆفیسی پەناهدەکان، ئاگرکوژێنەرەوەکان، کارمەندانی بواری بومەلەرزە و رووداوی سروشتیی، رۆژنامەوان و پزیشکانی ئەودیو سنوورەکان.
دوا گوتنمان سەبارەت بە برینداریی ڕەوشتیی ئەوەیە، کە کۆمەڵگەی تازەی کوردی پڕە لە جۆرەکانی شکستیی رەوشتیی و رەوشتییانە برینداربوون. رۆژانە سەرپێچیییە رەوشتییەکان برینداریی رەوشتیی دروستدەکەن. برینە رەوشتییەکانی کۆمەڵگەی کوردی لەگەڵ کات زیاددەکەن(لە ئەنفالەوە تادەگاتە بێکەرامەتکردن بەناوی موچەوە) و لەناو برینداربوونی رەوشتیی کوردییشدا مرۆڤ بەدەست ئەو ئازارە دەروونیی و ڕەفتاریی و کۆمەڵایەتیی و هەندێکجاریش ڕۆحییانەی رووبەروویدەبێتەوە دووچاری گیرخواردنێکی سەیری دەروونیی دەبێتەوە. ئەو رووداوانەی ئەم مرۆڤە کوردە بەرکەوتنیان لەگەڵدا دەکات ڕوشاندیی رەوشتیی بۆدێنێت و ڕێگایەکیشدەبن بۆ بێهیوایی و دواتر لە مرۆڤبوونکەوتنیش. ئەمە وادەکات بڵێێن: ڕووداوە زیانبەخشەکانی رەوشتی کۆمەڵگەی ئێمە شکستی رەوشتیشیان لەگەڵ خۆیان پەلەکێشی ناو ژیانی دروونی و رۆحی ئێمە کردووە.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




لۆڕێنس کۆلبێرگ و تیۆری گەشەپێدانی مۆڕاڵ.. جوتیار

پێشەکی
توانای حوکمدانی ئەخلاقی و تێگەیشتن لە بنەما ئەخلاقییەکان تایبەتمەندییەکی سێنترالی ئیسدلالکردنی مرۆڤە. بۆ باشتر تێگەیشتن لە پرۆسەی گەشەسەندنی ئەم ئیستدلالە ئەخلاقییە، دەروونناسەکان تیۆری جۆراوجۆریان پەرەپێداوە. یەکێک لە گرنگترین و کاریگەرترین ڕێبازەکان لە (لۆڕێنس کۆلبێرگ)ەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەو تیۆرە، باس لەوە دەکات کە چۆن حوکمدانی ئەخلاقی لە قۆناغە یەک لە دوا یەکەکاندا بە درێژایی ژیان گەشە دەکات، مۆدێلی کۆلبێرگ نەک هەر تێڕوانینێکی قووڵ لە پێگەیشتنی مەعریفی مرۆڤ پێشکەش دەکات بەڵکو کاریگەریی پراکتیکی لەسەر پەروەردە و نۆرمە کۆمەڵایەتیەکانیش هەیە.ئەو ئەوە نیشان دەدات کە مۆڕاڵ دۆخێکی ئیستاتیک نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی دینامیکییە کە ئەزموونە کۆمەڵایەتییەکان و گەشەسەندنی مەعریفی لێیەوە فۆڕم دەگرێت.
پرسیاری چۆنیەتی حوکمدانی مۆڕاڵی مرۆڤەکان و پەرەپێدانی بیروباوەڕی مۆڕاڵی خۆیان، بۆ چەندین سەدە، فەیلەسوف و دەروونناس و پەروەردەکارانی سەرقاڵ کردووە. لۆڕێنس کۆلبێرگ بەشدارییەکی بەرچاوی لە دەروونناسی مۆدێرن کرد بە تیۆری گەشەسەندنی مؤڕاڵی بە دابەشکردنی پرۆسەی گەشەکردن بەسەر قۆناغە ڕوون و پێکهاتەدارەکاندا. کارەکانی لەسەر تیۆرییە مەعریفیەکانی( ژان پیاژێت) بنیات دەنرێت، بەڵام بە پشکنینی وردی پێکهاتنی حوکمدانی ئەخلاقی لە ماوەی ڕەوتی ژیانیدا فراوانیان دەکات. تێگەیشتن لەم تیۆرییە نەک تەنها بۆ زانست بەڵکو بۆ داڕشتنی مێتۆدە پەروەردەییەکان و شێواز و نۆرمە کۆمەڵایەتیەکانیش پەیوەندیدارە.

پاشخان و کەسێتی
لۆڕێنس کۆلبێرگ (١٩٢٧-١٩٨٧) دەروونناسێکی ئەمریکی بوو کە لە زانکۆی هارڤارد توێژینەوەکانی ئەنجامدا و دواتر لە زانکۆی شیکاگۆ وەکوو وانەبێژ لە ئەرکدا بوو. بەرژەوەندی و خولیای سەرەکی ئەو پەیوەندی نێوان گەشەسەندنی مەعریفی و حوکمدانی مۆڕاڵی بوو. کۆلبێرگ لەسەر بنەمای کارەکانی (ژان پیاژێت)، بەتایبەتی تیۆری گەشەکردنی مەعریفی لە منداڵاندا، تیۆری تایبەتی خۆی پەرەپێدا کە پرۆسەی ئیستدلالکردنی مۆڕاڵ (ئەخلاق) بەسەر قۆناغەکاندا دابەش دەکات.
میتۆدۆلۆژیای کۆڵبێرگ بریتی بوو لە ئەنجامدانی چاوپێکەوتن و گفتوگۆ لەگەڵ هەرزەکار و گەورەکان کە تێیدا داوایان لێکرابوو دیلێماکانی (دووڕیانەکانی ) دووفاقیەتی بیرکردنەوەی ئەخلاقی چارەسەر بکەن، کە ناسراوترینیان ئەو نمونەیە کە پێی دەوترێت (دووڕیانی هاینز)* کە پەیوەندی بەو پرسیارەوە هەیە کە ئایا (مرۆڤێک دەکرێت دەرمانێک لە دەرمانخانەیەک بدزێت کە ژیانی کەسێک لە مەرگ ڕزگار دەکات)؟ . بە شیکردنەوەی هۆکارو ئەو دەرئەنجامانەی کە لە ڕێگای گفتوگۆو چاوپێکەوتنەکاندا بە دەستی هێنان ، کۆلبێرگ توانی دەرەنجامەکان سەبارەت بە قۆناغەکانی گەشەکردنی هەریەکەیان دەستبهێنێت.

گریمانە بنەڕەتییەکانی تیۆری مۆڕاڵ
مۆدێلی کۆلبێرگ لەسەر چەند گریمانەیەکی سێنتڕاڵ دامەزراوە کە بریتین لەوانە:
بنەمای پێکهاتەی قۆناغەکان: ئیستدلالکردنی ئەخلاقی لە قۆناغە جیاوازەکاندا گەشە دەکات، هەر قۆناغێک لە ڕووی چۆنایەتییەوە جیاوازە لە قۆناغی پێشووتری.
ڕەوایەتی گشتگیر: قۆناغەکان لە بنەڕەتدا هەموو مرۆڤەکان دەگرێتەوە بەبێ گوێدانە کولتوور یان پاشخانی کۆمەڵایەتی.
گەشەسەندنی پێشکەوتنخوازانە: مرۆڤەکان بە ڕیزبەندییەکی جێگیردا بە قۆناغەکاندا دەڕۆن؛ پاشەکشە تێیایدا دەگمەنە.
گۆڕانکارییە پاڵنەرەکان: پاڵنەرەکانی پشت کردەوەی ئەخلاقی لەگەڵ زیادبوونی پێگەیشتن دەگۆڕێت، لە بەرژەوەندی خۆتەوە بۆ بنەما گشتگیرەکان.

ئاست و قۆناغەکانی گەشەکردنی مۆڕاڵ لە دیدگای کؤڵبێرگەوە
ئاستی بەر لە نەریتەکان (قۆناغەکانی 1 و 2) -Pre-conventional Level .1
ئەم ئاستە تایبەتە بۆ منداڵان تا تەمەنی نزیکەی ٩ ساڵ، بەڵام دەتوانێت لە گەورەکانیشدا لە هەندێک بارودۆخدا ڕووبدات.
قۆناغی یەکەم: گوێڕایەڵی و سزادان
ڕەفتار لە ترسی سزادان خۆی دەنوێنێت، منداڵ دان بە ‌هەڵسوکەوتەکانیدا دەگرێت و وا بەرخورد دەکات بۆ ئەوەی سزا نەدرێت. حوکمدانی ئەخلاقی لەسەر بنەمای دەرئەنجامە دەستبەجێیەکان دامەزراوە.( من دزی ناکەم، چونکە دەزانم ئاکامەکەی سزادانە)
قۆناغی دووەم: بەرژەوەندی خود
لێرەدا بەدواداچوون یان بیرکردنەوە بۆ سوودی کەسی لە پێش هەموو شتێکەوەیە، بڕیارەکان بۆ بەدەستهێنانی قازانجی کەسی “چی تێدایە بۆ من؟”). هێشتا تێگەیشتنێک لە ڕێسا کۆمەڵایەتی و دادپەروەرییەکاندا نییە.
ئاستی ئاسایی (قۆناغەکانی 3 و 4) -Conventional Level .2
ئەم ئاستە زۆرجار لە هەرزەکاراندا ڕوودەدات بەڵام دەتوانێت لە گەورەکانیشدا بەردەوام بێت.

قۆناغی سێیەم: ناساندنی کۆمەڵایەتی

ڕەفتاری ئەخلاقی بەهۆی ئارەزووی حەزکردن یان ڕێزگرتن لەلایەن کەسانی دیکەوە پاڵنەرە (“قۆناغی کوڕی باش/کچی باش”). گرنگی بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و خواستی قبوڵکردن دەدرێت.

قۆناغی چوارەم: یاسا و ڕێسا
مرۆڤەکان ئاشنان بە گرنگیی نەزمە کۆمەڵایەتیەکان. ڕەفتاری ئەخلاقی پێکدێت لە پابەندبوون بە یاساکان و جێبەجێکردنی ئەرکەکان. لێرەدا سیستەمی یاسایی وەک بناغەی دادپەروەری سەیر دەکرێت
ئاستی دوای نەریتەکان (قۆناغەکانی 5 و 6) -Post-conventional Level .3
ئەم ئاستە بە شێوە گشتیەکەی هەموو کەسێک ناتوانێت پیی بگات؛ پێویستی بە ئاستێکی بەرزی پێگەیشتنی مەعریفی هەیە.

قۆناغی پێنجەم: گرێبەستە کۆمەڵایەتییەکان
لێرەوە دەستپێدەکات کە تێگەیشتن لەوەی یاساکان بنیاتێکی کۆمەڵایەتین کە دەتوانرێت بگۆڕدرێن. ئەخلاق لەسەر بنەماکانی وەک دادپەروەری و یەکسانی دامەزراوە؛ مافەکانی تاک لە پێش یاسا توندو دژوارەکانەوەن .

قۆناغی شەشەم: بنەما ئەخلاقییە گشتگیرەکان
ڕەفتاری ئەخلاقی بە بنەما ئەبستراکتەکانی وەک کەرامەتی مرۆڤ، دادپەروەری و یەکسانی ڕێنمایی دەکرێت. ئەم بنەمایانە دەتوانن یاساکان تێپەڕێنن؛ بڕیارەکان لەسەر بنەمای بیروباوەڕی ناوەوە و بەها گشتگیرەکانن.
مۆدێلی کۆلبێرگو کاریگەریە دوورمەوداکانی لەسەر پەروەردەو کۆمەڵگا:
جەخت لەسەر گرنگی پێگەیشتنی مەعریفی دەکاتەوە بۆ فێربوونی مۆڕاڵ و ئەوە پیشان دەدات کە دەتوانرێت پەروەردەی ئەخلاقی لە ڕێگەی گفتوگۆکردن سەبارەت بە دیلێماکان (دووڕیانەکان)ەوە بەرەوپێش بچێت و کاریگەری لەسەر چەمکە پێداگۆژییەکانی وەک “فێربوونی بونیادی” لە وانەکانی مۆڕاڵدا هەبێت.
مۆدێلی گەشەسەندنی ئەخلاقی کۆلبێرگ کاریگەرییەکی دوور مەودای لەسەر پراکتیکی پەروەردەیی و تێگەیشتنی کۆمەڵگا لە مۆڕاڵ هەیە. جەخت لەسەر ڕۆڵی ناوەندی پێگەیشتنی مەعریفی لە حوکمدانی مۆڕاڵیدا دەکاتەوە و پێشنیاری ئەوە دەکات کە فێربوونی ئەخلاقی دەتوانرێت لە ڕێگەی گفتوگۆی بەمەبەست سەبارەت بە دیلێماکان (دووڕیانەکان)وە بەرەوپێش بچێت. ئەم تێڕوانینە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر پەرەپێدانی وانەکانی پەیوەست بە مۆڕاڵ هەبووە، بەتایبەتی لەناو ڕێبازی فێربوونی بونیادگەراییدا، کە هانی خوێندکاران دەدات لە ڕێگەی بەشداریکردنی چالاکانە لەگەڵ پرسیارە ئەخلاقییەکان پەرە بە حوکمدانەکانیان بدەن.
ئەمەش بە کردەوە بەو مانایەیە کە چەمکە پەروەردەییەکان دەبێ ئامانجیان بەرەوپێشبردنی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و ڕەنگدانەوەی ئەخلاقی بێت. باسکردنی دیلێماکان ( دووڕیانەکان ) ڕێگە بە فێرخوازان دەدات فێری دیدگای جیاواز بن و بەهاکانی خۆیان بخەنە ژێر پرسیارەوە، جگە لەوەش ڕێبازی کۆلبێرگ گرنگی پەروەردەی ئەخلاقی لە دامەزراوەکانی وەک خوێندنگاو و زانکۆ و پەروەردەی گەورەساڵاندا خستۆتە ڕوو.

لایەنی ڕەخنەیی و مشتومڕەکان
سەرەڕای بەشدارییە بەرچاوەکانی، بەڵام تیۆری کۆلبێرگ بێ ڕەخنە نەبووە، ناڕەزایەتییە سەرەکییەکان پەیوەندییان بە لایەنگری کولتووری، تایبەتمەندی ڕەگەزی و پشتگوێخستنی هۆکارە سۆزدارییەکانەوە هەیە.

لایەنگری کولتووری
ڕەخنەگران دەڵێن مۆدێلی کۆلبێرگ بە پلەی یەکەم ڕەنگدانەوەی بەها ڕۆژئاواییەکان و(ئیندیڤدوالیزم) تاکگەراییە. لەسەرگریمانەیەکی گشتگیر دامەزراوە کە هەموو مرۆڤەکان لە قۆناغەکانی گەشەکردنی مۆڕاڵیدا بە شێوەیەکی هاوشێوە پێشدەکەون. بەڵام ئەو کولتوورانەی کە بەهای بەکۆمەڵگەرایییان هەیە، بۆ نموونە لە ئاسیا یان ئەفریقا، ڕەنگە ڕێڕەوی گەشەسەندنی جیاواز پیشان بدەن، کە تێیدا هاوئاهەنگی کۆمەڵایەتی و ئاراستەکردنی کۆمەڵایەتی بەهێزتر لە بنەما تاکەکەسییەکانی دادپەروەری جەختیان لەسەر دەکرێتەوە. لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە لەم جۆرە کولتوورانەدا زۆرجار حوکمەکانی مۆڕاڵ زیاتر لەسەر بنەمای پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و کەمتر لەسەر بنەمای ئەبستراکت دامەزراون.

تایبەتمەندی ڕەگەز
کارۆل گیلیان دەروونناس و پەروەردەکاری ئەمریکی بە توندی ڕەخنەی لە مۆدێلی کۆلبێرگ گرت کە لایەنگری دیدگای پیاوسالاریە. ئەو ئاماژەی بەوەدا کە ژنان مەیلیان هەیە ئاراستەیەکی زیندووی پەروەردەکردن پیشان بدەن، لە کاتێکدا گرنگیدانی کۆلبێرگ لەسەر دادپەروەریە کەچی بنەماکانی دادپەروەری لەگەڵ چەمکە ئەخلاقییەکانی مێینەدا نایەکانگیرە. گیلیان جەختی لەسەر گرنگی پەروەردەکردن و پەیوەندییە کەسییەکان کردەوە وەک توخمە سێنتڕاڵیەکانی گەشەسەندنی ئەخلاقی، لایەنگەلێک کە لە تیۆری قۆناغی کۆلبێرگدا بە شێوەیەکی ناتەواو باسیان لێدەکرێت.

جەختکردنەوە لەسەر لایەنە مەعریفیەکان
دیدگایەکی دیکەی ڕەخنەیی پەیوەندی بە گرنگیدانی بەهێزی پرۆسەی مەعریفی لە گەشەسەندنی ئەخلاقیدا هەیە. زۆرێک لە زانایان پێیان وایە کە هۆکارە سۆزدارییەکانی وەک هاوسۆزی، بەزەیی و پەیوەندی کۆمەڵایەتی بە هەمان شێوە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە ڕەفتاری ئەخلاقیدا. ئەم پێکهاتە سۆزداریانە لە مۆدێلی کۆلبێرگدا بەزەحمەت لەبەرچاو دەگیرێن؛ بەڵکو وا گریمان دەکرێت کە حوکمدانی ئەخلاقی بە پلەی یەکەم بەهۆی ڕەچاوکردنی عەقڵانییەوە لە قاڵب دەدرێت.

پاشەکشە و قۆناغە هاوکاتەکان
هەرچەندە مۆدێلەکە پێشکەوتووانە دەردەکەوێت، بەڵام بەڵگە ئەزموونییەکان نیشان دەدەن کە مرۆڤەکان دەتوانن لە هەندێک بارودۆخدا پاشەکشە بکەن یان لە یەک کاتدا قۆناغی جیاواز پیشان بدەن. بۆ نموونە، کەسێک دەتوانێت لە ئاستێکی بەرزدا حوکم بدات بەڵام لە ئاستێکی نزمتردا لە بارودۆخە تایبەتەکاندا مامەڵە بکات، ڕەنگە لە ترسی دەرئەنجامەکان یان بەهۆی کاریگەرییەکانی بارودۆخەکەوە بێت.

گەشە و پێشهاتە درێژمەوداکان
توێژینەوە مۆدێرنەکان تەواوکەری ڕێبازی کۆلبێرگن بە تێکەڵکردنی پرۆسەی سۆزداری وەک هاوسۆزی، هەروەها جیاوازییە کولتوورییەکان و کاریگەری بارودۆخە ژینگەیی وسروشتیەکان، بۆ نموونە مۆدێلەکانی ئەم دواییە جەخت لەسەر گرنگی هەستە کۆمەڵایەتییەکان دەکەنەوە بۆ گەشەپێدان و بەکارهێنان و هەڵسوکەوتی مۆڕاڵی. هەروەها ململانێ فەرهەنگیەکان بە ڕوونی ئەوە نیشان دەدەن کە ئیستدلالکردنی ئەخلاقی بە توندی لە ژێر کاریگەری کۆنتێکستی کولتووریدایە.
هەروەها بەشێکی ئەو ڕێبازانە پەرەیان پێدراوە بۆ دەستنیشانکردنی کاریگەری و هۆکارە بارودۆخییەکان، ڕەفتاری ئەخلاقی تەنیا دەرئەنجامی پرۆسەیەکی گەشەسەندنی هەنگاو بەهەنگاو نییە، بەڵکو پەیوەستە بە بارودۆخە تایبەتەکانی وەک فشارو هۆکاری دەرهاوێشتە جیاوازیەکانی کۆمەڵگاو نۆرمە کۆمەڵایەتیەکان.

پڕاکتیزەکردنی تیۆری مۆراڵ لە ناو چەمکە جیاوازەکاندا:
پەروەردەی ئەخلاقی: پێشخستنی ڕەنگدانەوەی ڕەخنەگرانە لەسەر دیلێماکان( دووڕیانەکان)ی ئەخلاقی لە پۆل و خوێندنگاکاندا.
ئاگایی و تێگەیشتن: تێگەیشتن لەوەی بۆچی خەڵک بە شێوەیەکی جیاواز حوکم دەدەن، بۆ نموونە لە ڕێوشوێنی دادگادا.
کاری کۆمەڵایەتی: پشتگیریکردن لە پەرەپێدانی لێهاتووییی و توانا مۆڕاڵیەکان لە چوارچێوەی فرە کولتوریدا.
ئەو چەمکانە بەهای تیۆرەکەی کۆڵبێرگ بۆ پرسە پراکتیکییەکانی کۆمەڵگا و سیستەمی پەروەردەیی نیشان دەدەن.
تیۆری گەشەسەندنی ئەخلاقی کۆلبێرگ بە چەمکسازیکردنی پێشکەوتنی ئەخلاقی وەک پرۆسەیەکی مەعریفی هانگاو بە هانگاو، بڕگەیەکی بەرچاو لە تێگەیشتن لە ئەخلاقی مرۆڤدا دیاری دەکات. ئەوە پیشان دەدات کە حوکمدانی ئەخلاقی تەنیا کاردانەوەیەکی ناهۆشمەندانەی مرۆیی یان سۆزداری نییە، بەڵکو دەرئەنجامی بەڵگەدارکردنێکی عەقڵانی و گەشەسەندووە سەبارەت بە بنەما و دادپەروەری. بەم مانایە، تیۆرەکە ڕەنگدانەوەی وەشانێکی مۆدێرنە لە بەرزبوونەوەی نەریت لە “دۆخی سروشت”ەوە بۆ “کایەی باڵاتر”ی هۆشیاری ئەخلاقی، بیرۆکەیەک کە ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە نەریتی فەلسەفیدا هەیە.
بەڵام هەر جەختکردنەوە لەسەر عەقڵانیەت گرژییەکی فەلسەفی سێنتڕاڵ ئاشکرا دەکات، ئایا مۆڕاڵ تەنیا لە ڕێگەی پێگەیشتنی مەعریفیەوە بەدەست دێت؟ یان لایەنە سۆزداری و پەیوەندیە کەسییەکان بە شیوەیەکی یەکسان و دادگەری بنەڕەتین بۆ کردەی مۆڕاڵی مرۆڤ؟ لێرەدایە کە ڕەخنە لە مۆدێلەکەی کۆلبێرگ دێتە پێشەوە، ئەو مەیلی ئەوەی هەیە مرۆڤەکان لە توانای حوکمدانی عەقڵانیدا بچووک بکاتەوە، گرنگی هاوسۆزی و خەمخۆری و هۆشیاری سۆزداری پشتگوێ دەخات. ئەو ڕەخنەیە جیاوازی نێوان ئەخلاقی کانتی – لەسەر بنەمای ئیمپەراتیڤی کاتگۆری (پێویستی قۆناغ) و ئەخلاقی فەزیلەتێکی زیاتر ئەرستۆییانەی بیردەخاتەوە کە کۆی مرۆڤەکان لەبەرچاو دەگرێت.
لە ڕوانگەیەکی فەلسەفیەوە ئەمە پرسیارێک لەبارەی سروشتی ژیانی شایستەوە دەوروژێنێت، ئایا تەنها لە ڕێگەی پابەندبوون بە بنەما گشتگیرەکانەوە دەتوانرێت بەدەستبهێنرێت یان باشتر بڵێین لە ڕێگەی پەرەپێدانی هەڵوێستێکی هاوسۆزی بەرامبەر بە ئەوانی دیکە؟ دەتوانرێت ڕێبازی کۆلبێرگ وەک هەوڵێک بۆ یاوەریکردنی مرۆڤەکان لە ڕێگای خۆیان بۆ ئۆتۆنۆمی مۆڕاڵی سەیر بکرێت، ئۆتۆنۆمییەک (سەربەخۆیی)کە لەسەر بنەمای ڕەچاوکردنی عەقڵانییە. بەڵام ئەم ڕوانگەیە شکست دەهێنێت لەوەی کە ئەخلاقی ڕاستەقینە لە پرۆسەیەکی دیالۆگیشەوە سەرهەڵدەدات کە تێیدا پەیوەندی سۆزداری و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بە هەمان شێوە ڕۆڵێکی سێنتڕاڵ دەگێڕن.
لە کۆمەڵگای فرەیی ئەمڕۆدا ئەم باسە تەحەدامان دەکات، چۆن دەتوانین پەروەردەیەکی مۆڕاڵی دابڕێژین کە هەم پێگەیشتنی مەعریفی بەرەوپێش ببات و هەم هەستیاری سۆزداری بەهێزتر بکات؟ پەرەسەندنی زیاتری تیۆرییە مۆدێرنەکان ئەوە نیشان دەدات کە تێگەیشتنێکی گشتگیر لە مۆڕاڵ تەنیا کاتێک دەکرێت کە هەردوو ڕەهەندەکە، قەناعەتی عەقڵانی و پەیوەندی سۆزداری تێکەڵ بکەین. ئەمەش ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە ئەخلاق دۆخێکی ئیستاتیک نییە یان تەنیا دەرئەنجامی گەشەسەندنی مەعریفی نییە؛ بەڵکو پرۆسەیەکی زیندووە لە فێربوون و گەشەکردنی بەردەوام لە گفتوگۆ لەگەڵ خود و ئەوانی تردا.
لە کۆتاییدا، لە کاتێکدا مۆدێلەکەی کۆلبێرگ زانیارییەکی بەنرخ بۆ پراکتیکی پەروەردەیی دابین دەکات و تێگەیشتنمان لە گەشەسەندنی ئەخلاقی دەوڵەمەندتر کردووە، بەڵام لە ژێر ڕۆشنایی ڕەنگدانەوەی فەلسەفیدا پێویستە زیاتر پەرەی پێبدرێت بۆ ئەوەی دادپەروەری لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی ئەخلاقی مرۆڤدا بنیاد بنێین. لە کۆتاییدا ئەخلاق تەنیا بابەتی پێشکەوتن یان لێکدانەوە عەقڵانیەکان نییە؛ دەربڕینی مرۆڤایەتی ئێمەیە بە هەموو هەمەچەشنییەکەیەوە، کە بەهۆی عەقڵ و هەست و پەیوەندییەکانەوە لە فۆڕم دراوە.

نووسینی: جوتیار
————————————–

*(دووڕیانی هاینز) باس لە پیاوێک دەکات بە ناوی هاینز کە هەوڵ دەدات دەرمانێک لە پێناو رزگارکردنی ژیانی هاوسەرە نەخۆشەکەی بدزێت کە لەسەرە مەرگە، چونکە دەرمانەکە زۆر گرانەو توانای دارایی نییە بۆی دابین بکات. دووڕیانەکە مرۆڤ دەخاتە بەردەم بیرکردنەوەو دەپرسێت، ئایا لە ڕووی ئەخلاقییەوە دزینی دەرمانەکە کارێکی دروستە یان هەڵەیە؟ ئەو دووڕیانە خزمەت بە شیکردنەوەی حوکمدان و قۆناغەکانی پێگەیشتنی ئەخلاقی لە مرۆڤەکاندا دەکات.

من سودم لە سەرچاوەکان بە زمانی ئاڵمانی وەرگرتوە لە رێگای لێکسیۆنەکانی خوێندنەوە، بەڵام ئەوانەی خوارەوە سەرچاوە ئۆرجیناڵەکانن بە زمانی ئینگلیزی.
– Kohlberg, L. (1981). Essays on Moral Development. Harper & Row.
– Turiel, E. (2002). The Development of Social Knowledge: Morality. Cambridge University Press.
– Gilligan, C. (1982). In a Different Voice : Psychological Theory and Women’s Development. Harvard University Press.
– Rest J.R., & Narvaez D. (1998). Moral Development in the Professions. Psychology Press.
– Crain W.C. (2011). Theories of Development: Concepts and Applications. Pearson Education.
– Walker L.J., & Frimer J.A., et al., (2012). “Moral development and education.” In Handbook of Moral Behavior and Development, Volume I.




ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەرەوکوێ؟.. جەمال کۆشش

یەک: شەڕ و سەرمایەداری

(سەرمایەداری شەڕی لەنێو خۆیدا هەڵگرتووە، چەشنی هەور و بارانن) جیـیەن یاور

لە سەرەتای سەدەی بیست و دەورانی شەڕی جیهانی یەکەمدا، لە لێکدانەوە تێۆرییەکاندا، شەڕ بە قۆناغی ئیمپریالیزم و کلۆنیالیزمەوە پەیوەند دەکرا. شەڕ ئامڕازێکی توندوتیژی سیاسەتی ئیمپریالی سەرمایەی مالی و فراوانکردنەوەی بازاڕ و تاڵانکردنی کەرەستە خاوەکان و بەدەستخستنی هێزی کاری هەرزان و دابەشکردنی جیهان لەنێو دەوڵەتە ئیمپریالییەکاندا شرۆڤەدەکرا، تێۆری شۆڕشگێڕانەی ئەنتەرناسیۆنالی دووەم لە کۆنفرەنسی شتوتگارتەوە (١٩٠٧) بە بڕیارنامەیەکی گشتی کە هێڵە سەرەکیـیەکانی لە لایەن (ئۆگوست بیبل-August Bebel)ەوە ئامادەکرابوو، دواتر لەلایەن (لینین) و (ڕۆزا لۆکسۆمبۆرگ)ەوە دەستکاری و تەواوکراو و لە کۆنگرەی کۆبنهاگن (١٩١٠) و کۆنگرەی بازل (١٩١٢)یشدا قەبوڵکرایەوە، هەڵویست و سیاسەتی مارکسیستی ئەو دەمە بوون. (عەسکەرتاریەت و شەڕی جیهانی) کرێکاران و سەربازان نابێت بەناوی پاڕاستنی وڵات و ئەرکی نیشتمانی یەکتربکوژن، پێویستە لولەی چەکەکانیان بەڕووی بۆرژوازی نێوخۆدا وەرگێڕن و بە شۆڕشی سۆشیالیستی دەسەڵاتی خۆیان و بەڕێوەبەرایەتی ئاشتی لە سیستەمی جیهاندا پایەدار بکەن.
شەڕ سروشتێکی بونیادی و نێوخۆیی سیستەمی ئێستایە، خۆی بەرهەم و لۆجیكی کوێرانە و تەماحکارانەی سەرەکی یەکلاکردنەوەی ناکۆیـیەکانی ناو سیستەمەکە و پۆلبەندیـیەکانی و دابینکردنی مەرج و پێداویستیەکانیـیەتی بۆداگیرکردن و قۆرخکردن و پچڕینەوە. ئەگەر بۆ وتە بەناوبانگەکەی (کارل ڤۆن کلاوسفیتز-Carl von Clausewitz) تێۆرسیۆنی ملیتاریزم بگەڕێێنەوە (شەڕ درێژەدانە بە سیاسەت بەشێوازی تر). شەڕ دەبێت چی لەناوبەڕێت و کام سیاسەت لە شوێنی جێگیر بکات، یانی ئەوە چ سیاسەتێکە بە شەڕ بوار بۆ دبلۆماسی و دانوستان و ئاڵوگۆڕی ڕژێمەکان دەکاتەوە.
(سەدان دەوڵەت بەشێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەماوەی ئەم (٥) ساڵەی کۆتاییدا بەشداری شەڕیان کردووە یان پشتی لایەنێکیان گرتووە کە لەگەڵ لایەنێکی تردا لە تێهەڵچوونی چەکداریدا بوون. لە ساڵی (٢٠١٤)ەوە توانایی عەسکەرتاریەتی جیهانی بەڕێژەی سەدا دە (٪١٠) زیادی کردووە. تەنها لەساڵی (٢٠٢٢)دا (٣٨٠) هەزار کەس کوژراون، ئەمە ڕێکۆردێکی غەمگینە لە (٣٠) ساڵی ڕابردوودا، (1). ئەم وتارە لە مانگی نۆی ساڵی پاردا نوسراوە، شەڕ و کوشتارەکانی ئەم ساڵی (٢٠٢٥)ی تیا نیـیە کە هەم دەوڵەتانێکی زۆرتر و ژمارەی کوژراوەکانیش لەپڕ بەرزدەبێتەوە.

شەڕ بۆ لەناوبردنی چەکی کۆکوژ و دژە تیرۆر
شەڕی دووەمی کەنداو، ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە ساڵی (١٩٩١) لە دژی عێراق، کەپاش داڕوخانی بلۆکی (سۆشیالیست ڕیال!) یەکێتی سۆڤیەت بەرپاکرا. بۆشی باوک، نێوی نا (نەزمی نوێی جیهان). کارەساتی (١١)ی ئەیلولی (٢٠٠١)ی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی شەڕیان لەژێر ناوی (شەڕ لە دژی تیرۆریزم) و لەنێوبردنی (چەکی کۆکوژی و کیمیایی) بەرپاکرد. سەرەتا ئەفغانستان و پاشان عێراق و دواتر لیبیا و سوریا، ناوچەکەیان ڕاپێچایە نێو کوشتار و شەڕ و هەژاری و برسیەتی و دەربەدەریـیەکی بێ وێنەوە.
لە (٧)ی ئۆکتۆبەری (٢٠٢٣)ەوە، ئیسرائیل و ئەمەریکا ئەو کارەساتە تیرۆریستیـیە دڵتەزێنەی (حەماس)یان قۆستەوە بۆ پیادەکردنی شەڕێک کە ئامانجەکەی یەکجار گەورەترە لە بەرپەرچدانەوە و دابینکردنی ئاسایشی دانیشتوانەکەی.

ملیتاریزم و نیولیبڕالیزم
لە ماوەی (٣٥) ساڵی ڕابردوودا، سەرمایەداری نیولیبرالیستی، بۆ ماکسیماڵکردنی کردنی قازانج، چەوسانەوەی توندتر و دڕتر کردۆتەوە. بەکاڵاکردنی کەرتە کۆمەڵایەتیـیەکان بۆ بازاڕی ئازاد و فرۆشتنی بە کەرتی تایبەت و کێبڕکێی توند لەنێوان کۆمپانیا گەورەکان وتێکەڵبونیان بە چەقی دەسەڵاتدارەتی و داڕشتنی سیاسەتی بەرگری و ئابوری و میدیایی. پیادەکردنی ئەم سیاسەت و ڕێکارە ئابووری و فەرهەنگیـیانە، لەپرۆسەی چڕکردنەوەی ساماندا، جیاوازیـیەکی گەورەی لەنێوان گەڕەکەکانی شارە گەورەکان، هەقدەست و مووچە، شار و لادێ پێکهێناوە. کرێکاران و چینە زەحمەتکێشەکان بە مانگرتن و خۆپیشاندانی گەورە و خەبات و ڕاپەڕینەکان بەرگرییان کردووە. لەنێو پۆلبەندیـیەکان و دەوڵەتەکانیشدا لەسەر کەرەستە سەرەتایـیەکان، باج، گومرگ، بەندەرەکان و هێڵەکانی بازرگانی و سەرچاوەکانی وزە بەتایبەت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و لەهەمانکاتدا، پرۆسەی خۆ پڕچەککردن
و دروستکردنی میلیشا و پێشکەوتنی هێڤیانەی سەربازی ئەم ناوچەیەی لەنێو شەڕێکی بەردەوام و بێکۆتاییدا بەگیرهێناوە. گەورەیی و کوشندەیی بۆمبەکان و فێڵ و تەڵەهەواڵگرییەکانیان تاکە بژاردەیەکە بۆ ملکەچپێکردن، ئەوەش تاکە زمانی چارەسەرە. زۆر جار ئەم هێزانە ڕوو بەناوخۆ لەبەرامبەر دوژمنە چیناتیـیەکانیان بۆ لەخوێن هەڵکێشانی ناڕەزایەتیـیەکان بەکارهێنراون و هەندێ جاریش بۆ شەڕ لەگەڵ دەوڵەتەکانی دروسێـیاندا، لەژێر ناوی دژە تیرۆر و دابینکردنی ئاسایش و مافی بەرگریکردن لەخۆ ئەنجامدراون. بزنسی عەسکەرتاریـیەت و گروپە میلیشایـیەکانی وەک (ڤاگنەر-Wagner)ی ڕوسی و (بلاک وەتەر-Blackwater)ی ئەمەریکی و بەکرێگیراوەکانی تورکیا و کۆلۆمبیەکانی ئۆکرانیا ڕوویەکی دزێوتری ئەم سەرمایە (دڕندە گۆشت خۆرەیە).

دوو: سعودیە و فەلەستین، ئیسرائیل و تورکیا، ئەمەریکا و ئێران، پارادیمی ئاپۆ
(ڕۆبێرت فۆرد-Robert Ford) لە (٢٠١١) تا (٢٠١٤) باڵوێزی ئەمەریکا بوو لە سوریا. لە دانیشتنی یەکەمی لەگەڵ (ئەحمەد شەرع)، لە ساڵی (٢٠٢٣)دا لە ئیدلیب، پێی وتبوو “هەرگیز بۆیەک ملێۆن ساڵیش ژیابام، ئەوەم تەسور نەدەکرد لە تەنیشت تۆوە دابنیشم”، شەرع وەڵامی داوەتەوە (ئێ، خۆ بۆ منیش هەروا بوو”.(2)
یەکێک لە ڕاپۆرت نوسانی هەفتەنامەی (دێر شپیگل-Der spiegel)ی ئەڵمانی، (ماکسیم میتل ئەستید کە زیاتر لە (٢٠) ساڵە بە بەردەوامی لەسەر کێشە و ئاڵوگۆڕەکانی ڕۆژهەڵات بۆیان دەنوسێت) لە (نیو یۆرک تایمز-New York Times)ەوە چەمکێک وەردەگرێت کە هی (تۆماس فریدمان-Thomas Friedman)ە،فریادمان دەنوسێت: “شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئیسرائیل لەدژی ئیران کاریگەرییەکانی بۆ ناوچەکە وەک شەڕی جیهانی دووەم بوو بۆ ئەوروپا. هەموو دامەزراوە چەسپاوەکانی بەتەواوی لەرزاند و ڕێگای بۆ شتێکی نوێ کردەوە”.(3)
بۆ باشتر حاڵیبوون لەم ئالوگۆڕە مێژوویـیە، ناتوانین لە هۆکارە جیهانیـیەکانی پرۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری گلۆباڵ دایببڕین. کۆتایی جێمیرکا- و زیادکردنی باجی گومرگی تا سەدا چل (٪٤٠) بۆ هەندێ کەلوپەل (شایانی وتنە هەمان تەنگوچەڵەمە لە شەڕی جیهانی یەکەمدا لەبواری بازرگانی و گومرگ دا سەریانهەڵدابوو)، (یاساکانی بێ بێ بێ-BBB- لە ئەمەریکا)(5) کە باج لەسەر هەژارەکان زیاد دەکات و لەسەر دەوڵەمەندەکان سوکتر دەکات لە سەدا شێست و چوار (٪٦٤) خەڵک ڕەتی دەکەنەوە، ترامپ فێڵبازانە خستیـیە ڕۆژی سەربەخۆیی ئەمەریکاوە. بەهۆی تێپەڕاندنی ئەم یاسایانەوە، ئەمەریکییەکان دەکەونە ژێر قەرزێکی (٣٤٠٠) ملیاردیـیەوەکە ڕۆژانە پێویستە (٣) ملیارد تەنها بۆ سووی (ڕێنت) بدەنەوە. لە کاتێکدا زێڕ تەنها لە (٣) مانگی ئەمساڵدا، سەدا سی (٪٣٠) نرخەکەی چۆتە سەر، بەهای دۆلار لە (٦) مانگی ئەمساڵدا سەدا یانزە (٪١١)ی لە نرخەکەی لەدەستداوە، بێوێنەیە لە (٥٠) ساڵی ڕابردوودا. تا ئێستا دۆلار لە سەدا نەوەت (٪٩٠)ی مامەڵەی جیهانیدا بە پارەکانی ترەوە هەڵدەسورێنێت. دۆلار خۆی چەکێکی سیاسی گرنگ بوو بۆ کۆنترڵی سیستەمی مالی جیهانی و پێگەی ئابوری ئەمەریکا(6).
خۆگرتنی گروپی (بریکس-BRICS) کە مانای ئاڕاستەی دامەزراندنی جیهانێکی فرە جەمسەر و تێکشکاندنی هەژموندارەتی تاک لایەنەی ئەمەریکایە، شەڕ لەسەر سەرچاوەکانی وزە و هەژموندارەتی برەوێکی گەورەتری وەرگرتووە. شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیاش کە لەحەوشەی پشتەوەی ئەوروپادایە، ڕەنگە بگاتە ژوری نوستنەکانیش، کۆتایی شەڕەکە ئەگەری زۆرە بە تراژیدایەکی گەورە خامۆش ببێتەوە. ئامادەکردنی (ئەحمەد شەرع) لەلایەن ئەمەریکا و کردنەوەی نوێنەرایەتی تاڵیبان لە مۆسکۆ لەنێو هەمان کۆنتێکستدایە.
ئیسرائیل ئەم ماوانە زۆر سەرکەوتنی بەدستهێناوە لەبەرامبەر “تەوەرەی بەرگریدا” و هەزارکیلۆمەتری چوارگۆشەی لە خاکی سوریا داگیرکردووە، بەڵام لەگەڵ نەفرەتێکی کۆمەڵایەتی فراواندا بەرەوڕووە، سەرەڕای ئەوەش، گرێیەک کەهەرگیز بە شەڕ ناتوانرێ لەنێو بچێت، ئەوە ماوەتەوە، دەبێت چارەسەر بکرێت، ئەمەش کابوسی ناتانیاهۆیە، مافی خەڵکی فەلەستین بۆ پێکهێنانی دەوڵەت!
سعودیە، دەوڵەتێکی گرنگ و گەورەی ناوچەکەیە و توانای گەورەی هەیە و متمانەپێکراوی ئەمەریکایە و پرۆسەی پەکخستنی (ڕێککەوتنامەی ئەبراهام) بەهۆی کارەساتی (٧) ئۆکتۆبەری (٢٠٢٣)ەوە وەستێنرا. سعودیە پلانێکی ستراتیژی نێوخۆیی هەیە کە نایپەرژێتە سەر شەڕی گەورە، لە هەمانکاتدا پرۆژەیەکی گونجاوی بەپشتیوانی فەرەنسا بۆ کێشەی فەلەستین هەیە.
ئەردۆگان هیچ کارێکی پێنەسپێراوە لەم ئالوگۆڕەدا، تەنانەت وەک نێوەندگیریش لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕەدکرایەوە، مەئموریەتێک: نامەیەکی پزیشکانی گەیاندبوو بە سەرۆک ترامپ! جنێوە ڕێتۆریکەکانی بە ناتانیاهۆ، چواندنی بەهیتلەر، بۆ مەسرەفی نێوخۆیی و
سۆزی ئیماندارانەیە بۆ لایەنگرە کۆنسێرڤەتیڤە ئیسلامیـیەکان. جوگرافیای کێشەکان نەک فەلەستین، سوریایە. پرۆتۆکۆڵی فەرەمی بە شایەدی لایەنی سێهەم لەنێوان ئیسرائیل و تورکیا هەیە پەیوەندییەکانیان لە هیچ کاتێکدا بەشەڕ نەگەیەنن.
لەنێو دیزاینی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا، ڕەوتێکی سیاسی بەهێزی کۆمەڵایەتی کە نیشانیداوە ڕێگری سیاسەتی ئیپمپریالیستەکان نیـیە، هێزەکانی ئاپۆیزم کە بە دسپلینن و گوێڕایەڵی سەرکردەکانیانن، وە لەنێو ڕیزەکانیدا ناوەند و باڵە جیاوازەکانیان بەرژەوەندی ماددی و سیاسی گەورە تێکەڵ بەپرۆسەکانی بەرهەمهێنانەوەی جێۆپۆلەتیک و پۆلبەندیـیە نوێـیەکان دەبن و پەرچەمی سەرمایەداریـیەکی سەوزیان هەڵکردووە و کێشەی کورد بە “کۆمەڵگەی دیموکراسی” و “ئازادیـیە کلتوریـیەکان”دا دەتوانێت مانایەک پەیدا بکات لە تورکیا دا.
“چەکوشی نیوە شەو” یەکەم ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەمەریکا بوو لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا، چارەنوسی شەڕی (١٢) ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێرانی بەلوتکە گەیاند و یەکسەرە ئاگربەستی دەستبەجێی ڕاگەیاند. ئەمەریکا ئەگەری زۆر هەیە هێشتا بەشوێن گۆڕینی ڕژێمەوە بێت لە ئێراندا، ئەگەر خۆی نەکاتە نێچیری ئەمەریکا و لە هاوکێشەی چین دەرنەچێت. لە داهاتووی سیاسی ناوچەکەدا، کۆماری ئیسلامی ئێران شانسی زیندوومانەوەی زۆر کەمە.
ئەگەر سیاسەت بۆشایی قەبوڵناکات، شەڕ ئەو پلان و ئەجێندانە دەسەپێنێ کە براوەی شەڕ دایدەڕێژێت. جیاکردنەوەی گۆڕێنی ڕژێم بە شۆرشی کۆمەڵایەتی گرنگترین و هەستیارترین ئەرکی کۆمۆنیستەکانە. دوو بەرنامە و پلاتفۆرمی جیاواز و دژ بەیەکن. گۆڕینی ڕژێم لەژێر سایە و لەنێو شەڕی ئیپمریالیستەکاندا، دزینی هەموو خەونێکی ئازادیخوازییە بۆ مەرامێکی کۆنەپەرست لەلایەن تاوانبارترین ڕژێمەکانەوە. تیرۆریستەکانی ساڵانی دوو هەزارەکان کە لە زیندانەکانی ئەمەریکا بوون لە ئەبوغریب و زیندانەکانی تر ئێستا دەسەڵاتداری عێراق و سوریان.
بزوتنەوەی ئاشتیخوازی و دژە شەڕ لە مڕۆدا، هێزێکی کۆمەڵایەتی فراوان و نێونەتەوەییە، سەدان حزب و لایەنی سیاسی، سەندیکا کرێکاری ڕادیکاڵەکان و نەوەیەکی نوێ کە پێدەنێنە نێو سیاسەتەوە لەبەرامبەر بۆرژوازی وڵاتەکانیاندا بەتایبەت لە ئەوروپا و ئەمەریکا لەبەرامبەر ملیتاریزم و شەڕخوازی، لەدژی بێکاری و گرانی و حەقدەست ڕاوەستاون، بەڵام بۆ دەرکەوتنیان وەک ئالتەرناتیڤێکی نێونەتەوەیی کاریگەر لەبەرامبەر بۆرژوازیدا کە ماکینەی سیستەمەکەی پەکبخات، بەدڵنییایەوە ماویەتی.

سەرەتای تەموزی ٢٠٢٥
-*-
ژێرنوسەکان
1-Solidaritat info, es gibt keinen kapitalismus ohne Krieg . Chira Stenger
2- nzz.5.juli.2025 S3
3- Der spiegel Nr 27.28.6.2025 S 20
4-
چیمریکا (چین و ئەمەریکا) وشەیەکی لێکدراوە بۆ سیاسەتی بازرگانی نێوانیان بەکاردەهات. بۆ
زانیاری زیاتر بگەڕێوە بۆ وتاری ( ڤایرۆسی چێمێرکا٢٢، پەتایەکی نوێ لەسیتەمی سەرمایەداری جیهانی)، نوسینی جەمال کۆشش
5- کوتکراوەی (بگ، بیتوفڵ، بلد) کە کرۆکی یاساکان باج لەسەر دەوڵەمەندەکان کەمدەکات و ئەرکی دەوڵەت لە خزمەتگوزاریەکان و بیمە کۆمەڵایەتیـیەکان سوک دەکات.
6- NZZ am Sonntag 6.juli.2025
27.28.6.202




یاسای گەمژەکان.. نووسین: کریس هێجز.. وەرگێڕانی: گۆران عەبدوڵڵا

لە ڕۆژانی کۆتایی هەموو ئیمپراتۆرییەتێک، گەمژەکان دەسەڵاتدار دەبن. ئەوان ڕەنگدانەوەی گەمژایەتی کۆمەڵایەتین کە خۆی لە ڕاستی جودا کردووەتەوە.
ڕۆژانی کۆتایی ئیمپراتۆرییەتە مردووەکان لەلایەن گەمژەکانەوە بەڕێوە دەبرێن. سولالەتی ڕۆمانی، مایا، فەڕەنسی، هابسبورگ، عوسمانی، ڕۆمانۆڤ، ئێرانی و سۆڤییەت لەژێر گەمژایەتی فەرمانڕەوا فاسیدەکانیان کە خۆیان لە ڕاستی دوور خستبووەوە وڵاتەکانیان تاڵان دەکرد و پاشەکشەیان کردبوو بۆ ژووری دەنگدانەوە کە ڕاستی و درۆ لەیەکدی جیاناکرێنەوە، سەرئەنجام ڕووخان.
دۆناڵد ترامپ و بوکەڵە ماستاوچێکانی لە حکومەتەکەیدا فۆرمێکی نوێی پاشایەتی نێرۆنی ئیمپراتۆری ڕۆمانین، کە خەرجی زۆری دەوڵەتی بۆ بەدەستهێنانی هێزی سیحراوی تەرخان دەکرد، ئیمپراتۆری چینی کین شی هوانگ، کە بە بەردەوامی سەفەری بۆ دوورگەی ئەفساناوی نەمرەکان فەندینگ دەکرد بۆ هێنانەوەی دەرمانێک کە ژیانی هەتاهەتایی پێببەخشێت. قەیسەری لاواز دانیشتبوو یاری کارتی تاڕۆتی دەکردو و بەشداری لە ڕۆح ‌بانگکردندا دەکرد لەکاتێکدا ڕووسیا لە جەنگێکی وێرانکەر تێوەگلابو وە زیاتر لە دوو ملیۆن کەس گیانی لەدەست دا و شۆڕش لە شەقامەکاندا دەخرۆشا.
سەبارەت بە “هیتلەر و ئەڵمانەکان”، فەیلەسووفی سیاسی ئێریک ڤۆگەلین- Eric Voegelin- ئەو بیرۆکەیە ڕەتدەکاتەوە کە هیتلەر، لە وتووێژ و دەرفەتوەرگرتنی سیاسیدا بەهرەمەند بوو بەڵام ئاستی رۆشنبیری لاواز و زمان پیس بوو، بەوە گەلی ئەڵمانی فریودا.
وەک ئەوەی ڤۆڵگن دەنووسێت ئەڵمانییەکان، پشتگیری هیتلەر و کەسایەتییە پەراوێز خراوەکانی دەوروبەری کرد چونکە ئەو نەخۆشییەکانی کۆمەڵگەیەکی نەخۆشی لە خۆیدا بەرجەستە کردبووەوە، کۆمەڵگەیەک تووشی ڕووخانی ئابووری و بێهیوایی ببوو. ڤۆگەلین گەمژایەتی وەک لەدەستدانی ڕاستی پێناسە دەکات. لەدەستدانی ڕاستی مانای ئەوەیە کە کەسێکی گەمژە ناتوانێت بە شێوەیەکی دروست کردەوەکەی لەو جیهانەی کە تێیدا دەژیت ئاراستە بکات. ئاژاوەگێڕەکە هەمیشە گەمژەیە، ناجۆرە یان گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتی نییە. ئاژاوەگێڕەکە ڕۆحی سەردەمی کۆمەڵگەکە دەردەبڕێت، دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی لە جیهانێکی ئەقڵانی کە ڕاستییەکانی پشتڕاستکراوە. ئەم گەمژانەی بەڵێن دەدەن شکۆمەندی و هێزی لەدەستچوو بگەڕێننەوە، بنیاتنەرنین تەنها وێرانکەرن و پرۆسەی ڕووخان خێراتر دەکەن. کەمتوانا لە رووی فکری، خاوەنی هیچ ئاراستەیەکی ئەخلاقینین، بێکەڵک و تووڕە لە بەرامبەر نوخبە جێگیرەکان کە وایان دەبینن ئەمانە بێکردەوەو دژن، جیهان دەگۆڕن بۆ گۆڕەپانێک بۆ فێڵباز و چەتە و قۆڵبڕەکان. جەنگ لە دژی زانکۆکان دەکەن، لێکۆڵینەوەی زانستی دەردەکەن، تیۆرە هەڵەکان دەربارەی ڤاکسینەکان وەک بیانوویەک بۆ فراوانکردنی چاودێری بە کۆمەڵ و هاوبەشکردنی داتا بەکار دەهێنن، مافە یاساییەکانی دانیشتووان زەوت دەکەن، سوپای چەقۆکێشەکان بەهێز دەکەن، ئەوەی بووەتە دامەزراوەی کۆچ و گومرکی ئەمریکا، ICE، بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و دڵنیایی لە بێ‌دەنگیە. ڕاستی، جا قەیرانی کەشووهەوا بێت یان هەژاری چینی کرێکار، کاریگەری لەسەر خەیاڵەکانیان نابێت. هەرچەندە خراپتر بێت، ئەوەندە گەمژەتر دەبن. هانا ئارێندت- Hannah Arendt- پێیوایە کۆمەڵگەیەک کە باوەش بەم بیرکرنەوە شەرمهێنەرەدا دەکات، هۆکارەکەکەی هەر خودی کۆمەڵگەکە خۆیەتی.
بۆ رزگاربوونی خۆیان و منداڵەکانیان لەو دۆخە چەقبەستووە ناهەموارە کە تێیدا گیریاخواردووە، ئەم خەڵکە فریودەدرێن بە شەڕی دەوروبەریەوە بەکاردەهێنرێن لە تەقەلایەکی بێهیوایانە بۆ پێشکەوتن.
خەڵک دەکرێنە ئامێرێک بۆ بەکارهێنان، دەبنە ڕەنگدانەوەی دڕندایەتی چینی فەرمانڕەوا. کۆمەڵگەیەک پڕدەبێت لە ئاژاوەو بێئاسۆیی، ڤۆگەلین- Voegelin- ئەوانە ئاوا دەناسێنێت بێڕەوشت، فێڵباز، دەستوەشێن، فڕوفێڵاوی و توندوتیژ.
لە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی کراوەدا، ئەم تایبەتمەندییانە بێزراون و تاوانبار دەکرێن. ئەوانەی ئەم تایبەتمەندییانە لەخۆیان پیشاندەدەن وەک گەمژە مەحکووم دەکرێن. ڤۆگەلین پێیوایە “پیاوێک یان ژنێک بەم شێوەیە ڕەفتار بکات لە کۆمەڵگەدا بایکۆت دەکرێت.” بەڵام نۆرمە کۆمەڵایەتی، کلتووری و ئەخلاقییەکان لە کۆمەڵگەیەکی نەخۆشدا پێچەوانە دەکرێنەوە. ئەو تایبەتمەندییانەی کۆمەڵگەیەکی کراوە پێویستی پێیانە، خەمخۆری بۆ چاکەی گشتی، ڕاستگۆیی، متمانە و خۆ فیداکاری گاڵتەیان پێدەکرێت. واسەیر دەکرێن ئەم ئاکارانە زیانبەخشن بۆ مانەوە لە کۆمەڵگیەکی نەخۆش. کاتێک کۆمەڵگەیەک، وەک ئەفلاتون دەگێڕێتەوە، چاکەی گشتی بەجێدەهێڵێت، هەمیشە ئارەزووی بێ‌ئەخلاقی، توندوتیژی، چاوچنۆکی و بەکارهێنانی سێکسی ئازاد دەکات و بیرکردنەوەی سیحراوی پەروەردە دەکات، کە ناونیشانی پەرتووکەکەمە، ئیمپراتۆریەتی خەیاڵ: کۆتایی خوێندنەوە و سەرکەوتنی نمایش.
تەنها شتێک ئەم ڕژێمە مردووانە باش دەیکەن نمایشە. وەک نمایشە سەربازێکەی ترامپ لە ١٤ی حوزەیراندا لە ڕۆژی لەدایکبوونیدا کە تێچووەکەی ٤٠ ملیۆن دۆلارە. خەڵکی نەگبەتیش بەم کارەوە سەرگەرم دەکەن. ئەمریکا وەک دیزنی درووستکردن، خاکی بیرکردنەوەی هەتاهەتایی دڵخۆش و هەڵوێستی ئەرێنی، خاکێک کە هەموو شتێکی تێدا دەکرێت، بەکار دەهێنرێت بۆ شاردنەوەی دڕندایەتی قەیرانی ئابووری و نایەکسانی کۆمەڵایەتی. دانیشتوان لەلایەن کلتووری کۆمەڵایەتییەوە مەشق دەکرێن، بە کاڵاکردنی سێکس، سەرگەرمی بێ‌مانا و بێ‌عەقڵ و وێنەکردنی گرافیکی توندوتیژی زاڵە، خۆیان تاوانبار بکەن بۆ شکست. سۆرن کیرکەگارد-Soren Kierkegaard -، لەکتێبی “لەسەردەمی ئێستا”دا، ئاگادارمان دەکاتەوە کە دەوڵەتی سەردەم هەوڵدەدات ویژدان ڕیشەکێش بکات و تاکەکان بەشێوەیەک بگۆڕێت بۆ خەڵکێکی نەرم و دەسبەسەرداگیراو.
ئەم خەڵکانە ڕاستەقینەنین. وەک کیرکەگارد دەنووسێت، “ئەبستراکتێکی ئەفوسوناوی، شتێکی گشتگیر کە هیچ نییە، دیمەنێکی خەیاڵین.” بە کورتی، ئێمە بەشێک دەبین لە مێگەل، تاکەکانی ناڕاستەقینە کە هەرگیز نین و هەرگیز ناتوانن یەکبگرنەوە لە دۆخێکی ڕاستەقینە یان ڕێکخراوێکدا، لەگەڵ ئەوەشدا وەک تەواوێک پێکەوە گیراون. ئەوانەی گومان لە خەڵک دەکەن، ئەوانەی گەندەڵی چینی فەرمانڕەوا مەحکووم دەکەن وەک خەونبین، نامۆ یان خایین دەردەکرێن. بەڵام تەنها ئەوان، بەپێی پێناسەی یۆنانی polis، دەتوانن وەک هاوڵاتی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت. تۆماس پەین-Thomas Paine- دەنووسێت حکومەتێکی دیکتاتۆر کەڕوویەکە لە کۆمەڵگایەکی گەندەڵدا درووستدەبێت.
ئەمە ئەوەیە کە لە کۆمەڵگەکانی ڕابردوودا ڕوویاندا. ئەمە ئەوەیە کە بۆ ئێمە ڕوویدا. هەڵەیە گەر ڕزگاری خۆمان ببەستینەوە بە لاوەنانی ترامپ بمانگەڕێنێتەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تەندروست. کلۆری و گەندەڵی هەموو دامەزراوە دیموکراتیەکانمانی وێران کردووە، کە بە شێوە کار دەکەن، نەک بە ناوەڕۆک. ڕەزامەندی فەرمانبەرەکان گاڵتەجاڕێکی دڕندانەیە. کۆنگرێس کۆمەڵێکن لە ملیاردێرەکان و کۆمپانیاکانەوە دەستکەوت وەردەگرن. دادگاکان پاشکۆی کۆمپانیا و دەوڵەمەندەکانن. میدیا دەنگدانەوەی نوخبەکانە، هەندێکیان حەزیان لە ترامپ نییە، بەڵام هیچیان پشتگیری چارەسەری کۆمەڵایەتی و سیاسی ناکەن کە دەتوانن ڕزگارمان بکەن لە دیکتاتۆری. کارەکان هەمووی پەیوەندە بە جوانکردنی دیکتاتۆرەوە، نەک دیکتاتۆری خۆی. مێژوونووس ڕامزی مەکمولن- Ramsay MacMullen-، لە “گەندەڵی و تێکشکانی ڕۆما”دا، دەنووسێت ئەوەی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی وێران کرد لادانی هێزی حکومەت، رێگریکردن بوو لە دەرخستنی هەڵەکانی. دەسەڵاتداریی بوو بە بەدەوڵەمەندکردنی بەرژەوەندی تایبەت. ئەم لادانە حکومەت بێهێز دەکات، لایەنیکەم وەک دامەزراوەیەک کە بتوانێت پێداویستیەکانی هاوڵاتیان دابین بکات و مافەکانیان بپارێزێت.
حکومەتمان، بەم مانایە، بێ‌هێزە. ئامێرێکە لە دەستی کۆمپانیاکان، بانکەکان، پیشەسازی جەنگ، و ئۆلیگارشەکان. خۆی دەخوات بۆ ئەوەی سامان بەرەو سەرەوە بنێرێت.
ئیدوارد گیبۆن- Edward Gibbon- دەنووسێت “تێکشکانی ڕۆما دەرئەنجامی سروشتی و فراوانبوونی لە ڕادەبەدەر بوو، گەشەکردنەکانی بنەماکانی روخانی لەگەڵ خۆیدا هێنا. لەگەڵ نەمانی هۆکارەکانی بەرەوپێشچونی چ وەک واقیع یان سودفە قورسی بارەگەورەکەی خودی خۆی بوبە هۆی وێرانبونی. لە جیاتی ئەوەی پرسیار لە چیرۆکی روخانەکەی بکەین باشترە سەرمان لەوە سوڕبمێنێت چۆن ئەم هەموو کاتە ماوەتەوە. “
ئیمپراتۆری ڕۆمانی کۆمۆدۆس، وەک ترامپ، سەرخۆش بوو بە لەخۆبایی خۆی. فەرمانیدا بە درووستکردنی پەیکەر بۆ خۆی وەک هێرکولێس و زۆریش گوێی بە فەرمانڕەوایەتی نەدەدا. خۆی وەک ئەستێرەی مەیدان دەزانی، شەڕی گلادیاتۆری ڕێکدەخست کە تێیدا تاجی سەرکەوتنی لەسەر دادەنرا و شێرەکانی بە تیر و کەوان دەکوشت. ئیمپراتۆریەتەکەی ڕۆمای ناونا کۆلۆنیا کۆمۆدیانا، کۆلۆنیاکراوی کۆمۆدۆس، ئامرازێک بۆ تێرکردنی نارسیسیزمی بێکۆتایی لە ئارەزووی سامان. پۆستە حکومییەکانی دەفرۆشت بەو شێوەیەی ترامپ لێخۆشبوون و چاکە دەفرۆشێت بەوانەی وەبەرهێنان لە کریپتۆکەرەنسیەکانی دەکەن یان بۆ کۆمیتەی ئاھەنگی ئامادەکردن یان بۆ کتێبخانەی سەرۆکایەتی بەخشین دەکەن. لە کۆتاییدا، ڕاوێژکارەکانی ئیمپراتۆر لە پلانێکدا بەدەستی پاڵەوانێکی زۆرانبازی ئیمپراتۆر لە حەمامەکەیدا خنکێنرا، بەڵام کوشتنەکەی هیچی نەکرد لە رێگریکردن لە روخان. کۆمۆدۆس جێگەکەی پڕکرایەوە لەلایەن ریفۆرمخواز پێرتیناکسەوە کە سێ مانگ دواتر ئەویش کوژرا.
پاسەوانە پریتۆریەکان پشکی ئیمپراتۆریان لە مزایدەدا فرۆشت. ئیمپراتۆری دواتر، دیدیۆس جولیانۆس، ٦٦ ڕۆژی خایاند. پێنج ئیمپراتۆر لە ساڵی ١٩٣ زاییندا هاتنە سەردەسەڵات، واتە ساڵێک دوای کوشتنی کۆمۆدۆس.
بەهەمان دۆخە شڵەژاوەکەی ئیمپراتۆرییەتی رۆما کۆماری ئێمەش مردووە. مافە یاسایییەکانمان، ڕێکاری دادپەروەری، هاوجنسگەرا، تایبەتمەندی، ئازادی لە بەکارهێنان، هەڵبژاردنی دادپەروەرانە و ناڕەزایەتی لە ڕێگەی بڕیاری دادگا و یاسادانانەوە لێمان ستێنراون. ئەم مافانە تەنها وەک ناو هەن. جیاوازی زۆری نێوان بایەخە گوتراوەکانی دیموکراسییە ساختەکەمان و ڕاستی واتا، وایە کە قسەکردنی سیاسیمان، ئەو وشانەی بەکاریاندەهێنین بۆ ناساندنی خۆمان و سیستەمی سیاسیمان، گەمژەن.
والتەر بنیامین لە ساڵی ١٩٤٠دا، لە کاتی هەڵکشانی فاشیزمی ئەوروپا و نزیکبوونەوەی جەنگی جیهانی نووسیتی:، “تابلۆیەکی قوڕ بە ناوی ئەنجەلۆس نۆڤۆس فریشتەیەک پیشاندەدات کە وا دیارە خەریکە لە شتێک دوور بکەوێتەوە کە بە تووندی سەیری دەکات. چاوەکانی بە تیژی تەماشا دەکەن، دەمی کراوەتەوە، باڵەکانی بڵاوکراونەتەوە. ئاوا کەسێک وێنەی فریشتەی مێژوو دەکێشێت. ڕووی لە رابردو کردووە. لەو شوێنەی ئێمە زنجیرەیەک لە ڕووداوەکان دەبینین، ئەو تەنها یەک کارەسات دەبینێت کە بەردەوام پاشماوە لەسەر پاشماوە کۆدەکاتەوە و لەبەردەم پێیەکانی فڕێیدەدات.”
فریشتەکە دەیەوێت بمێنێتەوە، مردووەکان بەئاگابهێنێتەوە و ئەوەی شکاوە چاکیان بکاتەوە. بەڵام ڕەشەبایەک لە بەهەشتەوە هەڵدەکات. بە توندوتیژییەکی ئاوا لە باڵەکانی دەدات کە فریشتەکە ئیتر ناتوانێت خۆیرابگرێت. ڕەشەباکە بەزۆر ڕایدەماڵێت بەرەو ئایندەیەک کە پشتی لێکردووە لەکاتێکدا کە کۆمەڵە پاشماوەکان لە بەردەمیدا بەرەو ئاسمان بەرز دەبنەوە. ئەم ڕەشەبایە ئەوەیە کە ئێمە پێی دەڵێین پێشکەوتن.”

تێکچوونمان، نەزانینمان و پاشکشەی کۆمەڵایەتیمان لە ڕاستی دوور و درێژخایەن بوو. بە فیڕۆچونی بەردەوامی مافەکانمان، بە تایبەتی مافەکانمان وەک دەنگدەران، گۆڕانی ئامێرەکانی دەوڵەت بۆ ئامرازی بەکارهێنان، خراپبوونی ژیانی کرێکاران و چینی ناوەڕاست، ئەو درۆیانەی میدیاکانمانی داگیرکردووە، خراپکردنی پەروەردەی گشتی، جەنگە بێئامانج و بێسوودەکان، قەرزی گشتیی سەرسوڕهێنەر، ڕووخانی ژێرخانە فیزیکیەکانمان ئاوێنەی ڕۆژانی کۆتایی هەموو ئیمپراتۆرییەتییەکانن. ترامپ بەکردنەوەی ئاگرەکانی سەرگەرمان دەکات لەکاتێکدا ئێمە دەکەوین.

سەرچاوە:




داستانی خواكورك یان ئەنفالی هەشت؟.. عەلی مەحمود محەمەد

ناوچەی خواكورك سەر بە قەزای سیدەكانە، نزیكەی 30 گوندە، روپێوی خاكەكەی دەوروبەری 150 كم دووجایە، بە هۆی ئەوەی زۆربەی دێهاتەكانی‌ ناوچەكانی خواكوڕك و لۆلان و حەیات بە زۆرەملێ ڕاگوێزرابوونە قەزای دیانا و‌‌ ئۆردوگاكانی كەسنەزان و دێگەڵە و قوشتەپە و ……. هتد، ‌بۆیە لە كاتی پرۆسەی ئەنفال خەڵكێكی زۆر كەم لەم ناوچەیە دەژیان، بە هەر هەمووی خۆی نادا لە چەند سەت ماڵێك، ئەوانەی لەوێ بوون زۆربەیان پێشمەرگەو بنەماڵەكانیان و راكردووەكانی سەربازی و مەڕدارەكان بوون، لە گەڵ هاووڵاتییەكی كەمی خەڵكی رەسەنی ناوچەكە، سەرباری ئەوەی پاسداریش بنەو بارەگەیان لەوێ دانابوو، هاتوچۆیان درووست كردبوو لەوێوە بۆ ئێران لە رێگای خنێرەوە، پارتی و حیزبوڵاكان”ئەدهەم بارزانی، شێخ محەمەد خالید” دەیان هێنان و دەیان بردن، جگە لە هات و چۆی ئۆتۆمۆبێلی پاسداران، تەنانەت باسی نیشتنەوەی كۆپتەری پاسداریش وەك سەرگەڵو دەكرێت لە گەلی رەش.
ئەم ناوچەیە بە بەراورد بەناوچەكانی پرۆسەی 7 ئەنفالی پێشوو، كە ئەنفالی یەك و دوو بچووكترین پانتاییان هەبوو، پانتایی جوگرافیای شەڕی خواكورك نزیك یەك بە نۆی جوگرافیای ئەنفالی یەكە، بەڵام ناوچەیەكی ستراتیژی گرنگە بە تایبەت لە رووی سەربازی و سیاسییەوە، هەر سێ وڵاتی عێراق، ئێران، توركیا لەو خاڵە یەك دەگرنەوە.
شەڕی خواكورك لە بارودۆخێكدا كرا، حكوومەتی عێراقی لە چوار ئەنفالی پێشوو” 1،2،3،4″ سەركەوتوو بوو، لە ئەنفالی 5،6،7 بەرەو رووی بەرگری بوەوە، كۆنترۆڵكردنی نزیك 102 رۆژی ویست.
داستانی خواكورك (19ی تەممووز تاكو 5 ی ئەیلوولی 1988)، واتا 49 رۆژی خایان، دوو رۆژ دوای رەزامەندی رێكەوتنی ئێران و عێراق بۆ راگرتنی جەنگ دەستی پێكرد، یەكێكە لەو شەڕە دژوارانەی كە تیایدا ڕژێمی بەعس چەندین فرقەی هەردوو فەیلەقی (1 و 5)ی سەربازو هێزە تایبەتەكانی 66 و 68 و بە هەزاران جاش و جۆرەها چەكی قوڕس لە تانك و فڕۆكەوە هێرشی بۆ ناوچەی خنێرەو دۆڵی رەش و خواكورك و سێگۆشەی سنووری عیراق، ئێران و توركیا ئەنجامدا، كۆی هێزەكەی رژێمی عێراقی بە 30 هەزار كەس مەزەندە دەكرا، لە بەرامبەردا چەكی قورسی هێزی پێشمەرگەش بریتی بووە لە تەنیا 3 ئۆپ (120 ملم) و ژمارەیەك دۆشكە، كە هەندێكیان بە باشی كاری نەكردووە.
پەلامارەكەی سوپای عێراقی بە مەبەستی لەناوبردنی تەواوی هێزی پێشمەرگەی لایەنەكانی بەرەی كوردستانی و دەرەوەی بەرەی كوردستانی” بەرەی كوردستانی كە دوو مانگ و 12 رۆژ پێش ئەو مێژووە لەو جێگایە راگەیەنرابوو” هێزەكانی دەرەوەی بەرەی كوردستانی بریتی بوون لە ” ئالای شۆڕش و حیزبوڵاكان”، هەروەها كۆنترۆڵكردنی سنوور و رێگا گرتن لە خەڵكی ناوچەی خاتمە ئەلئەنفال”ئەنفالی بادینان” 26 رۆژ دواتر بەڕێوە چوو، لەوێوە خۆیان رزگار بكەن و بچنە ناو ئێرانەوە، كۆی جەنگەكە بە داستانی خواكورك لە ناو كوردستان بەناو بانگە.
شەڕی خواكورك هێرشی سوپاو جاشی حكوومەتی عێراقی بووە دەسپیچك لە خنێرەو گەلی رەش ەوە بۆ هەموو ناوچەی خواكورك، بە پێی ئەو گێڕانەوەیەی پێشمەرگە بەشداربووەكانی باسی دەكەن لە نێوان 19-7-1988 تاكو 5-9-1988 بەردەوام بووە، واتا 49 رۆژی خایاندووە، هەندێكیش كاتەكەی بە 51 رۆژ دەدەنە قەڵەم، لە سەرەتادا لە بەری گوندی خنێرە كە دەكەوێتە بەری رۆژهەڵاتەوە دەستی پێكردووە.
لەم داستانە هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان وەك هێزی مرۆیی بە پلەی یەكەم پێشمەرگەیان هەبووەو بەشدار بوونە” حیزبوڵا بە نزیك 300 پێشمەرگە”بەڵام رۆڵی دیاریان نەبووە تەنانە وەك ئاش یش” و حیزبی شیوعی عێراق”60 بۆ 80 پێشمەرگە” و ئاڵای شۆڕش بە” 30 پێشمەرگە” و پارتی گەل بە نزیك 30 پێشمەرگە، كۆی گشتییان نزیك 1000 پێشمەرگە بوونە، جگە لە هێزی بەرگری و خۆبەخشان لە دیوی رۆژهەلاتەوە هاتوونە، بەشداری شەڕ و هاوكاری جۆراوجۆری زۆریان هێناوە بۆ بەرەكانی جەنگ، ئەوانیش سەدان بە سەرەوە بوونە، هەرچەندە بەڕێز مەسعود بارزانی لە یاداشتەكانیا لە دوو جێگا باسی بەشداربوونی شەڕی خواكورك دەكات و دەڵێت” شەڕەكە دیسانەوە كەوتەوە سەر شانی پێشمەرگەكانی پارتی و، حزبی شیوعیش لە گەڵ هێزەكانمان مانەوە، لێ هەموو حیزبەكانی تر ناوچەكەیان جێهێشت و هیچ بەرگرییەكیان نەكرد. ل231……ئەم هێزانە بەشدارییان لە بەرگرییەكاندا كردووە: هێزەكانی بارەگای سەركردایەتیی شۆڕش و هێزەكانی لقی چوارو سێ و دووی پارتیمان و هێزی بارزان و هێزی ئاوارەو بەرگریی مللی و مەفرەزەیەكی پێشمەرگەكانی حزبی شیوعیی عێراق كە هاوپەیمانمان بوو …. 242″، بۆ بەشداربووانی حشع یش بە مەفرەزەیەكیان دەداتە قەڵەم، بەڵام ئەوانیش لە نووسراوە یاداشتییەكانیان باسی رۆڵی كاریگەرو قەوارەی زۆر زیاتری خۆیان دەكەن، هەروەها ئاماژە بە بەشداری ئاش و گەل لە شەڕەكە دەكەن، ئەم گفتوگۆو رۆڵی لایەنەكان بۆ خۆیان جێدێڵم پەیوەند نییە بە بابەتەكەمانەوە.
ناوچەكە ناوچەی باڵا دەستی پارتی و حیزبوڵاكان بووە، بارەگای سەرەكی حشع و پارتی گەل و ئاڵای شۆڕشی لێبووە، پارتی و حیزبوڵا بارەگاكانیان لە دیوی ئێران بووە، لە گەڵ كۆمەڵێك كەسایەتی سیاسی ئێرانی لە حیزبی تودەی ئێران و چریكەكانی فیدایی خەلقی ئێران باڵی ئەكسەریەت و حیزبی دیموكراتی كوردستان باڵی خەتی كۆنگرەی چوار میوانی حشع بوونە، یەكێك لە پیشمەرگەكانی چریك لەو داستانە كە پێشمەرگەی حشع بووە گیانی بەخت دەكات بە ناوی مام عەلی خەڵكی شاری سەقز مامۆستای فیزیا بووە.
لە پەلامارەكەی سوپای عێراقی بۆ ناوچەی خواكورك، ئەم هێزانەی سوپای عێراق و جاش بەشدار بوونە، بە پێی گێڕانەوەی پدك:

  1. فرقەی ٣٣ سەربە فەیلەقی ٥.
  2. فرقەی ٤٥ سەربە فەیلەقی ١.
  3. فرقەی ١٨.
  4. فرقەی ٣٥
  5. لیوای ٦٦ی هێزی تایبەت
  6. لیوای ٦٨ی هێزی تایبەت (قوات خاصە).
  7. لیوای ٧٠٢ی پیادە (مشات).
  8. فەوجی یەكی مغاویر لە فرقەی ٣٣.
  9. لیوای ٤٠٢ی پیادە.
  10. لیوای ١٢٠ی مغاویر.
  11. لیوای ٢ی هێزەكانی ناوخۆ.
  12. فەوجی ٣ی لیوای دووی مغاویر و فەوجی یەكی سەربەخۆی مغاویری سەربە فیرقەی٣.
  13. هێزی چەكدارانی بەكرێگیراو (جاش) (افواج خفیفە).
  14. پێنج كەتیبەی تۆپی مەیدانی و ژمارەیەك تۆپی هاوەن.
  15. سێ كەتیبەی تانك.
  16. ژمارەیەكی زۆر فڕۆكەی جەنگی و هەلیكۆپتەر.
    لە گەڵ 30 فەوجی جاشی سووك.

كێ و چەند كەس ئەنفالكرا؟

كاتژمێر10:30ەی بەیانی ڕۆژی چوارشەممە رێكەوتی 27-7-1988 سوپای بەعس هێرشێكی مەزنی غافڵگیرانەی لەژێر ناوی (توكلت علی اللە) بۆ ناوچەكە دەستپێكرد، لە سەرسۆلەوە بەرەو سیارە پێشڕەوی كرد كە دەكەوێتە بەرزاییەكانی شێخانۆك” پێشتر بۆ ناوچەی خنێرە لە رۆژهەڵاتی ناوچەكە هێرشی كردبوو”، چەند ئۆتۆمبێلێكی خەڵك كەوتنە بۆسەیانەوە، لە ئەنجامدا هاوڵاتییەك بەناوی مستەفا ساڵەح و عومەر مستەفا سەڵەح تەمەن 12 ساڵ كوڕی ناوبراو دەستگیركران و ئیتر سەرنگون كران.
ئەم باوك كوڕە بوونە یەكەم و دوا ئەنفالكراوی پرۆسەی ئەنفالی 8، هەرچەندە بە پێی ئەو بەڵگەنامەیەی كە لە بەردەستە پرۆسەكە لە رێكەوتی 3ی ئاب و بۆ 9ی ئەلول وەك پرۆسەی ئەنفال ئەنجامدراوە، ئەو كارە مێژووەكەی ناچێتە چوارچێوەی پرۆسەی ئەنفالی 8 ەوە.
ئەو خەڵكەی دیكە كە لە ناوچەكە جێگیر ببوون، لە بنەماڵەی پێشمەرگەو راكردووەكانی جەنگ و هاوڵاتییەكانی ناوچەكەو مەڕدارەكان، بە سەلامەتی دەرباز بوون و چوونە ناو ئێرانەوە، هاوكات بە پێی وتەی هاوڕێ پشكۆ شەش پەنجە پێشمەرگەی ئاش و بەشداربووی شەڕەكە ژمارەیەك هاووڵاتی ناوچەی ئەنفالی بادینانیش بەو ناوچەیەیا پەڕینەوە بۆ ناو ئێران و لە تەڵەی ئەنفال رزگاریان بووە.

بەكار هێنانی چەكی كیمیاوی

لە شەڕی خواكورك بۆ بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی بۆچوونی جیاواز هەیە لە بەكار هێنان و نەهێناندا، ئەوانەی پێیان وایە بەكارهێنراوە دەڵێن 60 پێشمەرگە لەو پەلامارە كیمیاوییە بریندار بووە.
دكتۆر غەفار پێشمەرگەی حشع كە سەرپەرشتی تیمی پزیشكی تەواوی بەرەی جەنگەكەی هەموو پارتەكانی كردووە دەڵێت” ئێمە لە بەرزایی بووین و ئەوان لە خوارمانەوە بوون، دەترسان دوكەڵەكە بۆ خۆیان بگەڕێتەوە بۆیە چەكی كیمیاوییان بەكار نەهێناوە، لە بەرەكانی دیكەش ئەگەر بەكار هێنرابێت دەبوایە ئێمە چارەسەرمان بكردبانایا، یان بە نامە و ئیمزای من بناردرانایا بۆ ئێران”، بەڵام هاوڕێ پشكۆ شەش پەنجە دەڵێت”لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەكە لە قۆڵی گەلی ڕەش چەكی كیمیاوی بەكار هات، ئێمە لەو قۆڵە نەبووین، بەڵام بە دڵنیاییەوە لەوێ بەكارهات، بریندار هەبوو بە چەكی كیمیاوی، نازانم ژمارەیان چەند بوو. بەڵام لە بەرگریەكەی دوا هێلی سنوور واتا قەبری زاهیر چەكی كیمیاوی بەكارنەهات، هەرچەندە ئێمە لە هەموو ئەو تۆپ و رۆكێتە دوكەڵاویەكان دەترساین، بەڵام بەكار نەهات”. پشكۆ هۆكاری بەكار نەهێنانی چەكی كیمیاوی دەگیەڕێنێتەوە بۆ”ڕەنگە هۆكاری بەكارنەهێنانی ئەوەبێت كە 1- سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە لە بەرزاییەكانی زنجیرە شاخەكان بوو و دوژمنیش لە دۆڵەكان بوو كە زیان زیاتر بەخۆیان دەگەیشت. 2- هێلی سنووری ئێران – توركیا بوو، شەڕی عراق ئێرانیش وەستابوو”.
بەڵام بارزانی بەم شێوەیە باسی لێدانی كیمیاوی دەكات” لە كاتژمێر سێ بەرەبەیانی 3ی ئابی 1988 و لە رێی فڕۆكەیەكی پیلاتۆس پی سی 7 ەوەو بە چەكی كیمیاوی شاری شنۆو چەندین بنكە و بارەگای پێشمەرگەی لە گادەر، شنۆ و خواكورك بۆردومان كرد كە بە هۆیەوە 60 پێشمەرگە بریندار بوون ل231″، ئەوەی روونە ناوچەی شنۆ لە 2-8-1988 كیمیاباران كراوەو قوربانیانیان لە پرۆسەی دادگایی فرانس ڤان ئانرات لە هۆڵەندا بەشدارییان كردووە.
كاتژمێر 2:45 بەیانی رۆژی سێشەممە 2-8-1988، فڕۆكەكانی عێراقی بە گازی خەردەل و مێشك بۆمبابارانی شاری شنۆی سەر سنووری باشووری كوردستان دەكەن”هاسنووری ناوچەی ئەنفای 8″، 8 گەڕەكی باشوورو رۆژئاوای شارەكە دەگرێتەوە، دوای بۆمبارانەكە بۆ پشكنینی سكالای حكوومەتی كۆماری ئیسلامی ئێران شاندێكی نەتەوە یەكگرتووەكان سەردانی شاری شنۆ دەكەن، ژمارەی بەركەوتووان بە 2620 كەس دەدەنە قەڵەم، وە بە بڕیاری ژمارە 612 ئەنجومەنی ئاسایش عێراق تاوانبار دەكات، ئەمە لە كاتێك روودەدات 16 رۆژ پێشتر ئێران و عێراق رێكەوتنامەی ئاگر بەستیان واژۆ كردبوو.
ئەگەر كیمیابارانكردنی شاری شنۆی سنووری بەرەی شەڕی خواكوركی گرتبێتەوە، ئەوا پرۆسەی ئەنفالی 8 یش بە لێدانی كیمیاوی دەستی پێكردووە، هەر ئەم قەیرانەش بە هۆی تەداخولی نەتەوە یەگرتووەكانەوە،ا دەكات ل رۆژانی داهاتوو بە تایبەت لە بەرەی قەبری زاهیر كە شەڕێكی بەرەیی بووە چەكی كیمیاوی بەكار نەهێنرێتەوە چونكە هاوسنووری دوو وڵات بووە بە تایبەت ئێران.

پاسدار لە خواكورك
ناوچەی خواكورك لە ناوەڕاستی هەشتاكان بەدواوە ببوە جێگای رمبازێنی سوپای پاسداران و قەرارگای رەمەزان، بە تایبەتیش حیزبوڵاكان، ئەوان هێندە تێكەڵ بوون لە گەڵ سوپای پاسداران وەك بەشێك لە حیزبوڵا جوڵەیان دەكرد، ئەو كات حیزبوڵا موچەشیان 165 دیناری عێراقی بوو، دوو جاری جاشێكی فەوجە خەفیفە و 17 جاری پێشمەرگەی شیوعی و سێ جارو نیوی پێشمەرگەی یەكێتی وچەندین جاری پارتیشیان وەردەگرت، باسی ئاش و لایەنەكان دیكە مەكەن، چەكداری تێرو پۆش و پوختەو ئیسراحەت بوون.
پاسداران جگە لەوەی بۆ جەنگە هاوبەشەكان و كاری هەواڵگری پێویستیان بەم بارەگایانە هەبوو لەم ناوچەیە، هاوكات ئەو ناوچەیە شوێنی پەڕینەوەی پێشمەرگەكانی دیموكرات و كۆمەڵە بوون بۆ ئەودیوی سنوور، چەندین هێزی كاریگەری دیموكرات وەك هێزەكانی كێلەشین و ئاگرین و ……. رێگایان لەوێوە بوو، وە پێشمەرگەی گوردانی 22ی ورمێی كۆمەڵە، بۆیە كۆنترۆڵكردنی ئەم ناوچەیە بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران بە كەڵك بوو، تا سەرچاوەی چالاكییەكانی پێشمەرگەكانی رۆژهەڵات لە سەرچاوەوە بگرن لەو رۆژگارە چالاك بوون، بۆیە پاسدار بنكەو بارەگای زۆری تێدا دانابوو، رێگایان كردبوەوە، هات و چۆی ئەم دیوو ئەو دیوو راستەوخۆ بە ئۆتۆمۆبیل هەبوو، بە تایبەتیش دۆڵی رەش بارەگای سەرەكی پاسدارانی لێبووە تا ئاستی نیشتنەوەی كۆپتەری ئێرانی، كە هێرش دەستی پێكردووە، چەك و تەقەمەنیان هەموو تەقاندۆتەوە هەڵاتوونە.
بە پێی سەرچاوەكانی پارتی، رۆژی سێشەممە رێكەوتی 26-7-1988 سەید باقر تەبا تەبایی فەرماندەی قەرارگای نەسری ڕەمەزانی سوپای پاسداران، لەگەڵ دەستەیەك پاسدار و چەند چەكدارێكی حزبوڵڵای كوردی عێراقی بە مەبەستی گواستنەوەی بارەگایان لە گەلی رەشەوە بۆ ناو خاكی ئێران، كە بە پێی رێكەوتنی ئێران -عێراق دەبوایا بكشێنەوە، سەردانی گەلی ڕەشیان كردبوو، ئاگاداری ئەوە نەبوون سوپای عێراقی رێگاكەی كۆنترۆڵ كردووە، كەوتوونەتە كەمینی هێزەكانی عێراق و هەموویان دیلكراون و هەر لەوێ گولە باران كراون، هەرچەندیشە 9 رۆژ بوو بڕیاری تەقە وەستان لە نێوان ئێران و عێراق درابوو.

بۆچی ئەم شەڕە ئەنفالی 8 ە
تا ئێستا شەڕی خواكورك لە ئەدەبیاتی سیاسی و لە نووسینەوەی مێژوو بە بەشێك لە ئۆپەراسیۆنی ئەنفال هەژمار نەكراوە، ئەمە پرسیاری چەند ساڵەی من بوو، چ لە ناو نوسینەكانمدا دەرم بڕیووە، یاخود لەگەڵ نووسەرانی وەك خاتوو عەدالەت عومەر و كاك شاخەوان شۆڕش گفتوگۆمان كردووە، ئەم پرسیارەم لە زووەكەوە بۆ درووست بووە بۆ ئەم شەڕە لەم كات و جوگرافیایە پەیوەندی نەبێت بە پرۆسەی ئەنفالەوە؟، زۆر جار ئەو بەڵگەنامانەم بەر چاو دەكەوت یان گوێم لە كەسانی وەك تاوانبار نزار خەزرەجی دەبوو، كە پرۆسەی ئەنفالی هەشت و خاتمەت ئەنفالی لە یەكتر جیا دەكردەوە، ئەوەی نزار خەزرەجی چونكە ئەنفالی چواری بە سێ لەو لێدوانانەی دیاریدەكرد بە پێی شوێنی جوگرافیا كە هاوسنووری دوكانە، بۆیە ناو هێنانی ئەنفالی 8 و نۆ لە لایەن ئەوەوە بۆ من جدی نابوو.
سێ جار دەستەواژەی ئەنفال لە بەیاننامەی سەربازی عێراقی هاتووە، دووی یەكەم بۆ پرۆسەكانی ئەنفالی یەكەم و دووەمە” 3109،3087 ” سێیەمیش ژمارە” 3226 “بە پێی ئەوەی ژمارەی لە گەلدا نییە وەك دووەم، وە دووری ژمارەكەی پێی دەچێت بۆ كۆتا ئەنفال بەكار هاتبێت، بۆیە ئەنفالەكانی 3،4،5،6،7،8 بە بەیانی سەربازی كۆتاییان نەهاتووە، تەنها ژمارەكانیان لە ڕێگەی نووسراو نامە سەربازییەكانەوە دیاری كراون.
تا ئێستا پەرتووكی جینۆساید لە عێراقدا وەك مانفیستۆی نووسینەوەی مێژووی ئەنفال سەیر كراوە، ئەو پەرتووكە وەك نووسراوێكی پیرۆز مامەڵەی لە گەڵ كراوە، لە راستیدا چەندە بۆ پرسەكە گرنگ بوو، چەندە رۆڵی هەبوو لە ناساندنی دۆزە لە ئاستی جیهانیدا، هێندەش تژییە لە هەڵەو كەموكوڕی، تا ئێستا بە كفرمان زانیووە هەڵەكانی دیاریبكەین و پێچەوانەی بڵێین، بەڵام كاتی شكاندنی ئەو پیرۆزیەیە، تەنانەت لە دیاریكردنی ژمارەی پرۆسەكانی ئەنفالیش، یەكێك لەو هەڵانە دیاریكردنی ژمارەی قۆناغەكانی ئەنفالە بە هەشت قۆناغ، بە پشكنینی چڕو پڕی ئەم چەند رۆژە، بۆم دەركەوت بەڵێ پرۆسەی ئەنفال نۆ قۆناغە، دوای ئەوەی بۆم روون بوەوە كە شەڕی خواكورك پرۆسەی ئەنفالی 8 ە، وەك لە ئاماژەی هەردوو بەڕێزان مامۆستایان” جەمال مەجید فەرەج و كۆسرەت ئەكرەم عەوڵا ” لە نامەی ماستەرنامەكانیان بەناوی” جینۆسایدی باشووری كوردستان و پرۆسەی ئەنفالی یەك، كۆیە لە شاڵاوی ئەنفالی چواردا- توێژینەوەیەكی مێژوویی-زارەكی یە، نامەیەكە، كۆسرەت ئەكرەم عەوڵا نووسیوویەتی-زانكۆی كۆیە بەشی مێژوو “هاتووە، كە ئەنفالی هەشت جیایە لە ئەنفالی كۆتایی، پاش پشكنینی ئەو بەڵگەنامەیەی ئەوان بڵاویان كردۆتەوە كە پێشتریش بەرچاوم كەوتبوو، بەڵام بەهۆی ئەوانەوە سەرنجم زیاتر چووە سەری، وە ئەو بەڵگەنامانەی خۆم هەمبوو، وە زاكیرەی ئەو رۆژانەی خۆم لەناو واقیعی ئەنفال بووم، وە گفتوگۆ لە گەڵ ژمارەیەك لە بەشدارانی داستانی خواكورك، كە بەشێك لەو شەڕە 49 رۆژییە بە پێی نووسراوەكەی سوپای عێراقی تا 9ی سەپتەمبەر بەردەوام بووە واتا بۆتە 53 رۆژ، 38 رۆژی دەچێتە ناو پرۆسەی ئەنفالی 8ەوە، بە پێی ئەو بەڵگەنامەیەی ئەو دوو بەڕێزە بڵاویان كردۆتەوە، ئەگەر لە داهاتوودا نووسراوی دیكە تایبەت بە پرۆسەی ئەنفالی هەشت نەبێت، ئاماژە و وردەكاری زیاتری جیای تێدا نەبێت، بە پێی نووسراوە بەڵگەنامەییە سەربازییەكە ئەم ئۆپەراسیۆنە لە رێكەوتی 2ی ئۆگستەوە بۆ 9ی سەپتەمبەر بەردەوام بووە، دیارە ئەم پرۆسەیەش وەك قۆناغی ئەنفالی 5 و 6 و 7، بەهۆی بەرگری هێزی پێشمەرگەوە بە تایبەت لە سەنگەری خاڵی قەبری زاهیر دووا پنتی سنووری عێراق لە گەڵ ئێران و توركیا پرۆسەكەی دوا كەوتووە، كە تەنها لەم خاڵە زیاتر لە مانگێك بەرگری كراوە.

ئەنفالی 8 لە زمانی بەڵگەنامەكانی بەعسەوە
ناوی كۆی پرۆسەكە بە ئەنفال، وە ژمارەبەندی ئۆپەراسیۆنەكان لە لایەن رژێمی بەعسەوە داندراوە، وەك لە نامەو نووسراو بەیاننامە سەربازییەكانیدا هاتووە، ئێمە تەنها تایبەتمەندی یاسایی ئەو پرۆسەیە كە جینۆسایدە ناومانە بە كۆی تاوانەكەوە، بۆ ناولێنان و جیاكردنەوەی پرۆسەكان و مێژوویان و جوگرافیاكانیان كەڵك لە بەڵگەنامە جۆراوجۆرەكانی بكەری تاوان وەردەگرین، وە بكەریش ناو دادەنێت.
بە پێی نووسراوێكی سەربازی كە راپۆرتی سەربازی پوختەی وردەكاری پلانی جێبەجێكردنی پرۆسەی ئەنفالی هەشتە بە دوو قۆناغ جێبەجێكراوە، لە رێكەوتی 2ی ئاب بۆ 27ی ئاب، 3ی سەپتەمبەر بۆ 9ی سەپتەمبەر لە ناوچەی خەزنە، دەكەوێتە تەنیشت گوندی شێخانۆك، لە دامێنی زنجیرە چیای خواكورك وەك ناوە فەرمییەكە، هەردوو فرقەی 33 و 45، لە گەڵ لیوای 6ی هێزە تایبەتەكان و حەوت فەوجی جاش (“فەوجی ژمارە 1، فەوجی قەدری محەمەد ئەحمەد زێباری”، “فەوجی ژمارە 6، فەوجی حوسێن حەمەد خدر سورچی”، “فەوجی ژمارە 11، فەوجی بەهرامی شێمەی هاروون”، “فەوجی ژمارە 23، فەوجی عاسیف ئەحمەد ئاغای زێباری”، “فەوجی ژمارە 77، فەوجی عومەر خدر حەمەد ئاغای سورچی و نەجمی كوڕی”، “فەوجی ژمارە 108، فەوجی محەمەد جەوهەر گۆران”، “فەوجی ژمارە 219، فەوجی زەید عومەر خدر سورچی”) تیایدا بەشدار بوونە، هێزەكە بە دوو ئاراستە جوڵەیان كردووە، ستوونی یەكەم لە 2ی ئۆگست كاتژمێر 8:30ی شەو لە روباری رەزگە پەڕیونەتەوە بۆ گوندی خۆماری كە لە لێواری روبارەكەیە، ستوونی دووەم بە ئاراستەی چیای ئاشمێ جوڵاوە.
بە پێی نووسراوەكە هەردوو ستوونەكە ئەم گوندانەیان سوتاندووە، كە لە راستێدا ماڵی زۆر كەمی تێدا بووە” خورمال، زێبارە، ئاشمێ، كلانوادە، كانی رەش”.
چۆن لە ئەنفالی 1 سوپای عێراقی دوو رۆژ دواتر سەركەوتنی خۆیان راگەیاند، تەنانەت لە ئەنفالی دووش، لە ئەنفالی 8 یش 4 رۆژ دوواتر سەركەوتنی خۆیان راگەیاندووە.

بەراوردكردن
وەك بەرواری جولە سەربازییەكە، وەك جوگرافیای ناوچەكە بە شاخ و گوند و رووبارەوە، وەك هێزە بەشداربووەكانی سوپای عێراقی كە پێشتر لە لایەن راگەیاندنی پێشمەرگەوە بڵاو كراوەتەوەو دامان ناوە، وەك مێژووی ناوچەكەو شەڕی خواكورك، بەراوردەكان دەریدەخەن كە پرۆسەی ئەنفالی هەشت بەشێكە لە شەڕی 53 رۆژەی خواكورك، وە ئەم قۆناغەی ئەنفال كە لە بەشی رۆژهەڵاتی شێروان مازنەوەیە جیایە لە پرۆسەی خاتمەت ئەنفال كە دەكەوێتە رۆژئاوای شێروان مازنەوە بە ئاراستە شاری زاخۆ، تەنها هێندەیە پرۆسەی ئەنفالی هەشت وەك مێژوو تێكەڵ بە پرۆسەی ئەنفالی 7 و 9 بووە، سەرەتا ئەنفالی 7 و كۆتایی ئەنفالی 8، چ وەك جوگرافیا هاووسنوور.
ئەنفالی كۆتایی بە فەرمی وەك لە بەڵگەنامە فەرمییەكاندا هاتووە لە رێكەوتی 28-8-1988 دەستی پێكردووە، سنوورەكەشی دەكەوێتە رۆژئاوای ناوچەی برادۆست و شێروان مازنەوە، سنووری توركیا لە باكورەوە، ئەتروش و عەقرە لە باشورەوە، چیای بێخێر لە رۆژئاواوە (005315)، هەروەها بە پێی بەڵگەنامەی ( تحلیل عملیە الخاتمە الانفال لفترە من 28-8-1988 لغایە 3-9-1988 ) دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقی، لە شێروان مازنەوە بۆ چیای موسكەو شیرین هێرش كراوە( 005324)، بەڵام لە دینارتەوە كە باشووری رۆژئاوای پرۆسەی ئەنفالی بادینانە بۆ بلەو بیرەو چیای باڵندەو بازی هێرش كراوە ( 005325)، ئەو هێزانەی لەو دوو قۆڵەوە بەشداری پرۆسەی ئەنفالی بادینانیان كردووە بریتین لە (قیادە قوات 45 لە شێروان مازن، قیادە قوات جحافل 5 لە دینارتێ – 0054314) ” هیچیان لە ئاو نەپەڕینەوەتەوە بەرەو گەلی رەش و حەیات و خواكورك، هەرچەندە بۆ فەوجی جاشەكان جگە لە فەوجی 219، 6 فەوجەكەی دیكە لە هەردوو قۆناغەكە بەشدارییان كردووە، دەشێت دابەش بووبێتن، یان لە كاتی جیا بەشدار بووبێتن.
هەروەها لە نووسراوێكی دیكەدا لە وەزارەتی بەرگری عێراق-سەرۆكایەتی ئەركانی سوپاوە دەرچووە بە ژمارە 1076 لە رێكەوتی 16-8-1988 ئاراستەی فەرماندەكانی فەیلەقی یەك، دوو، پێنج كراوە، جوگرافیای ئەركەكانی فەیلەقەكان لە ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنفالی تێدا دیاریكراوە، لە خاڵی ب دا، كە ئاراستەی فەیلەقی 5 كراوە، ئەركەكانی فەیلەقی 5 بۆ خاتمە ئەنفال لە زێوە شكان- زاخۆوە بە ئاراستەی گەلی رەش دیاری دەكات، گەلی رەش چەقی ئەنفالی 8 بووە، گەلی رەش بە خاڵێكی سەربازی بۆ سوپای عێراق دیاریكراوە، كە چەقی دەستپێكی پرۆسەی ئەنفالی 8 ە بەرەو خەزنە، لەم نووسراوە گەلی رەش ناخاتە ناو بازنەی چالاكی ئەنفالی كۆتاییەوە، لە بەڵگەنامەكان دوواتردا ئەم گەلییە ستراتیجییە ناوی دووبارە نابێتەوە لە پرۆسەی خاتم الانفالدا.
هەروەها دوو نووسراو تایبەت بە رێز لێنانی كۆمەڵێك فەرماندەی سەربازی لە سەرۆكایەتی كۆمارەوە لە بەردەستە، تیایدا بە ڕوونی هەردوو پرۆسەی ئەنفالی هەشت و خاتم الانفال لە یەك جیا دەكاتەوە، لە نووسراوی یەكەمدا كە یەك لاپەڕەیە، بە ژمارە 5812-18-ا رێكەوتی 10-11-1988 لە سەرۆكایەتی كۆمارەوە بۆ دیوانی سەرۆكایەتی كۆمار، بابەت رێلێنان، بە واژۆی فەریق روكن عەلائەدین كازم حەماد ئەمینداری نهێنی سەركردایەتی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق. رێز لێنان لە لیوا روكن یونس محەمەد زەرب دەگرن وەك قائیدی فەیلەقی 5 بۆ سەركردایەتیكردنی ئەنفالی 8 و خاتم الانفال” واتە ئەنفالی 8 یش وەك خاتم الانفال زەرب سەركردایەتی كردووە، وە تێكەڵاوی نێوان هێزەكان هەبووە”، وە عەبدالسەلام حەمەندی ئەمین وەك رۆڵی نموونەیی لە ئەنفالی 8 و خاتمە ئەلئەنفال، بەڵام رێز لێنانی عەمید الركن سەباح ئیسماعیل فەرحان وەك فەرماندەی ق ق 45 بەشداربووی ئەنفالی 8 بە تەنها لێی نراوە، لێرەدا زۆر بە روونی هەردوو پرۆسەكە لێك جیاكراونەتەوە.
لە نووسراوی دووەمدا، كە 3 لاپەڕەیە، ناوی 26 پلەداری تێدا هاتووە، بە واژۆی هەمان كەس لە رێكەوتی 8-11-1988، جگە لە دووەكەی سەرەوە لە خاڵی (ه )دا ناوی لیوا روكن رەمزی مەحمود عەبدوڵا فەرماندەی فق مش 33 هاتووە، كە فرقەیەكی بەشدار بووی ئەنفالی 8 ە، وەك ناوی هاتووە، بۆیە دوو نیشانەی ئازایەتی لە پای بەشداریكردنی لە پرۆسەی ئەنفالی 8 پێ دەبەخشرێت، وە بڕی 1000 دینارییشی پێ دەدرێت لە هەمبەر بەشدارییەكانی لە ئەنفالەكانی دیكە (جارێكی دیكە جیای دەكاتەوە)، لە هەمان نامەدا ناوەكانی پێشووتر وەك بەشدارانی ئەنفالی 8، جیا لە ئەنفالی كۆتایی ئاماژەی پێدراوە.

ساغكردنەوە
دوای گفتوگۆیەكی زۆر لە گەڵ هاوڕێیانم بەڕێزان هاوڕێ ئەبو هادی، هاوڕێ هوشیار حوسێن برایم ناسراو بە هاوڕێ پشكۆ شەش پەنجە، كاك شەماڵ حەوێزی، هاوڕێ دكتۆر سەردار رەواندزی ناسراو بە دكتۆر غەفار، كاك رێكار ئەحمەد، وە لێكۆڵینەوەی ورد لەو كەمە بەڵگەنامەیەی لە بەردەستمدا بوو، هەروەها ئەو نووسین و لێكۆڵینەوانەی كراون لە سەر شەڕی خواكورك، هەر وەها ئەو بۆچوونانەی دەربڕاون لەسەر جیاكردنەوەی هەردوو پرۆسەی ئەنفالی هەشت و كۆتا ئەنفال لە یەكتر لە لایەن كاك جەماڵ و كاك كۆسرەتەوە وەك ئاماژەم پێیان دا، منیش بە تەواوی گەیشتمە ئەو بڕوایەی ئۆپەراسیۆنی ئەنفال كۆی گشتی 9 پرۆسە بووە، وە شەڕی خواكورك لەو كات و مێژوو و جوگرافیایە بە پێی بەڵگەنامەكان جیا نەبووە لە كۆی پرۆسەی ئەنفال و بەشێكە لێی، لە زمانی بەڵگەنامەكانەوە ئەوەندەی لە بەردەست منە، بەشێكە لە پرۆسەی ئەنفالی 8، چۆن شەڕی تازە شار بەشێكە لە پرۆسەی ئەنفالی 3، شەڕی سەری جوانەگاو بەنی هەریر بەشێكن لە ئەنفالی 5،6،7….هتد، بەهەمان شێوەش داستانی خواكورك بەشێكە لە پرۆسەی ئەنفالی 8، واتا شەڕی خواكورك رووداوێكە لە رووداوەكانی ئەنفالی 8، كە ئەهمیەتێكی مێژوویی هەیە لە چركە ساتی ئەنفال و لە ژینگەی داڕوخان و پاشەكشەو بێ هیوایی ئەنجامدراوە.، ئەو شەڕە دابڕاو نەبووە لە ئەنفال
ئەم شەڕە لەو كات و جوگرافیایە جیا نەبووە لە پرۆسەی ئەنفال، وە پێویستە ئەم كەلێنە پڕ بكرێتەوە، چونكە مێژوو، جوگرافیاو هێزە بەشدارەكان حكوومەتی عێراقی لە پرۆسەكە هەموو یەكن، تەنها كاتێك ناڕاستە كە بەڵگەنامەكان ساختە بن، پێویستە ئەم هەڵەیە لە نووسینەوەی مێژووی ئەنفال راست بكرێتەوە، وە هەموو ئەو بەڵگەنامانەی دیكە هەن بەرامبەر ئەنفالی هەشت ئازاد بكرێن.

گۆڕانكاری لە نووسینەوەی مێژووی ئەنفال

ناازنم بە چ پێوەرێك 6-9 بە رۆژی كۆتایی ئەنفال دراوەتە قەڵەم، لە كاتێك خاتمەت الانفال لە رێكەوتی 3-9-1988 بە پێی راپۆرتی فەرماندەكەی كۆتایی هاتووە، ئەگەر هۆكار لێبوردنە گشتییەكەی ژمارە 736ی ئەو رۆژە بێت، ئەوا رۆژانی دواتریش گرتن و شوێنبزركردن و ئیعدام و زیندە بەچاڵكردن بەردەوام بووە لە سنووری خاتمەتوالانفال، چ بۆ ئەوانەی پێشتر دەستگیر كرابوون، یان ئەو كریستان و ئێزیدییانەی لێبوردنەكە نەیانی گرتەوە، یاخود بێسەرو شوێنكردنی ئەو پیاوە گەنجانەی دواتر لە ناوچەی پرۆسەی ئەنفالی بادینان خۆیان دا بە دەستەوە گوایە لێبوردنەكە دەیان گرێتەوە، لە دەرەوەی یاساو رێسای لێبوردن شوێنبزركران.
هەروەها بە پێی ئەم ساغكردنەوەیەی لێرەدا سەلماندمان بۆ پرۆسەی ئەنفالی 8، ئەوا 9-9-1988 دوا رۆژی پرۆسەی ئەنفالە نەك 6-9-1988، پرۆسەكە تاكو 6 رۆژ دوای پرۆسەی كۆتا ئەنفال بەهۆی بەرگری سەنگەری قەبری زاهیر بەردەوام بووە، بەمەش ماوەی پرۆسەی ئەنفال لە 197 رۆژەوە دەبێتە 200 رۆژ، وە شەڕی خواكورك و جوگرافیاكەی دەچێتە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنفالەوە.
بۆ ئەوانەشی پێیان وایە پرسەی ئەنفالی 8 و نۆ یەك پرۆسەن، ئەوا دیسان ماوەی ئەنفای كۆتایی پێویستی بەراستكردنەوە دەبێت، رێكەوتی دەستپێك و كۆتایی ئەنفالی 8 دەبێتە رێكەوت و كۆتایی خاتم الانفال.

دوا وتە
كۆتایی بەرەی داستانی خواكورك كە شەڕی (قەبری زاهیر)یشی پێ دەوترێت، دوا پنتی سنووری سێگۆشەیەو ماوەیەكی زۆریشی خایاند”14ی ئاب بۆ 5ی ئەیلول، لەسەر سنوور پێشمەرگە مەترسی چەكی كیمیاوییان نەبوو، بە هاوبەشی پارتی، “حیزبوڵا، بۆم ساغ نەبۆتەوە”، شیوعی، ئاڵای شۆڕش، پارتی گەل بەرەو رووی هێرش بوونەوە لە ماوەی زیاتر لە مانگێك.
شیاوی گوتنە بەدرێژایی شەڕی خواكورك تاقە پێشمەرگەك تەسلیمی دوژمن نەبووە، یەك‌ پێشمەرگەش بەدیل نەگیراوە، كۆی گشتی 29 پێشمەرگە گیانیان بەخت كردووە، 28 پێشمەرگەی پارتی و یەكی شیوعی، بۆ بریندارەكانیش لە نێوان 104 بریندار و 160 بریندار باس دەكرێت، دیل و خۆ بەدەستەوەدان نەبووە، هەروەها سەدان خۆبەخش و بەرگری میلی هاتوونەتە بەرەكان و هاوڕێیانی عەرەب و كلدۆ ئاشووری و كوردی رۆژهەلات بەژدار بوون.
ئەركی من لەم نووسنە گێڕانەوەی وێنای بەرەكانی جەنگ نەبوو، ئەوە كاری بەشداربووانە، بەڵكە كاری من ساغ كردنەوەی ژمارەی پرۆسەكانی ئەنفالە.
بەهۆی بارودۆخی سیاسی ئەو رۆژگارە، وە ئاو هەوای ساردی ناوچەكە و هەڵكردنی رەشەبای تووند، كە وردە وردە بەرەو ساردتر دەچوو، ڕۆژی دووشەم رێكەوتی 5-9-1988 هێزی پێشمەرگە لە سەرەتا پارتی پاشەكشێ دەكات لە سەنگەرەكانی قەبری زاهیر دوای نیوەڕۆی هەمان رۆژ 5-9-1988 هەموو پێشمەرگە پاشەكشە دەكات لە سەنگەرەكان، دووای چوار رۆژ لە رۆژی هەینی رێكەوتی 9-9-1988رژێم سەركەتنی خۆی لە پرۆسەی ئەنفال 8 راگەیاندووە، 29 گیانبەختكردوەكەی ئەو داستان و بەرەو رووبونەووانەی ئەو رۆژانە دەبنە گیانبەختكردووانی پرۆسەی ئەنفال.
قەبری زاهیر و گۆرشی شوانێكە بووەتە قوربانی سنووری دروستكراوی دابەشكردنی كوردستان، بە هەڵە سنوور دەبڕێت، لەو خاڵە لە لایەن جەندرمەوە تەقەی لێدەكرێت دەكوژرێت، بەم شێوەیە گۆڕەكەی دەچێتە مێژووی ئەنفالەوە.

سەرچاوەكان:
كۆیە لە شاڵاوی ئەنفالی چواردا-توێژینەوەیەكی مێژوویی-زارەكی یە ، نامەیەكە، كۆسرەت ئەكرەم عەوڵا – زانكۆی كۆیە بەشی مێژوو.
جینۆسایدی باشوری كوردستان،پرۆسەی ئەنفالی یەك بە نموونە 21-1 بۆ 19-3-1988، جەماڵ مەجید فەرەج.
جینۆساید لە عێراق-پەلاماری ئەنفال بۆ سەر كورد، هیومان رایتس ۆچ/میدل ئیست ۆچ، چاپی سێیەم، لە ئینگلیزییەوە محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق.
بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد-بەرگی چوارەم، مەسعود بارزانی
ئینسكلۆپیدیای تۆمەتبارانی شاڵاوی ئەنفال لە باشووری كردستان- نووسینی دەرسیم دیبەگەیی-باشووری كوردستان 2014
الكشافات التحلیلیە لبیانات القیادە العامە للقوات المسلحە العراقیە 1980-1988 بغداد 1989 اشراف الدكتور جاسم محەمد جرجیس، مركز التوپیق الاعلامی لدل الخلیج العربی
تحلیل عملیە الخاتمە الانفال لفترە من 28-8-1988 لغایە 3-9-1988
https://www.regaykurdistan.com/index.php/dydar/y-p-shm-rg-shyw-yy-kan-l-dastany-khwakw-k-hawyny-1988
https://ckb.wikipedia.org/wiki/%D8%B4%DB%95%DA%95%DB%8C_%D8%AE%D9%88%D8%A7%DA%A9%D9%88%D8%B1%DA%A9
https://www.facebook.com/watch/?v=323817043227858
https://hawlerweb.net/kurdistan/2022/07/25914/
https://m.youtube.com/watch?v=JvoiUYm71Ss
https://www.facebook.com/100000277760176/posts/5857251747627359/?rdid=85QZeEF8Vx1mYFLT#
https://ckb.wikipedia.org/wiki/%D8%B3%DB%8C%D8%AF%DB%95%DA%A9%D8%A7%D9%86
https://partipedia.org/ku/articles/%DA%AF%D8%B4%D8%AA-%D8%A8%D8%A7%D8%A8%DB%95%D8%AA%DB%95%DA%A9%D8%A7%D9%86/%D8%AF%D8%A7%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86%D9%89-%D8%AE%D9%88%D8%A7%DA%A9%D9%88%DA%95%DA%A9-%D9%A1%D9%A9%D9%A8%D9%A8?sfnsn=wa
https://www.kurdpress.com/news/2773496/%D9%81%D8%A7%D8%AC%D8%B9%D9%87-%D8%B4%DB%8C%D9%85%DB%8C%D8%A7%DB%8C%DB%8C-%D8%B4%D8%AF%D9%86-%D8%A7%D8%B4%D9%86%D9%88%DB%8C%D9%87-%D8%AC%D8%A7%DB%8C%DB%8C-%D8%AF%D8%B1-%D8%AA%D9%82%D9%88%DB%8C%D9%85-%D8%B1%D8%B3%D9%85%DB%8C-%D8%A7%DB%8C%D8%B1%D8%A7%D9%86-%D9%86%D8%AF%D8%A7%D8%B1%D8%AF
https://farsnews.ir/azarbaijan_gharbi/1498851840000273932/%D8%A8%D9%85%D8%A8%D8%A7%D8%B1%D8%A7%D9%86-%D8%B4%DB%8C%D9%85%DB%8C%D8%A7%DB%8C%DB%8C-%D8%A7%D8%B4%D9%86%D9%88%DB%8C%D9%87-%D8%B1%D8%A7-%D8%A7%D8%B2-%DB%8C%D8%A7%D8%AF-%D9%86%D8%A8%D8%B1%DB%8C%D9%85




جڤاتیک لە دۆخی کەوتندا.. ئەحمەد ڕەسوڵ

دۆخی کەوتن، بە مانایەکی فەلسەفیی و ئۆنتۆلۆژیی، ئەوەیە کە کۆمەلگایەک لە پاشەکشەیەکی گەورەدایە نەوەکو تەنها لە پڕۆژە ستراتیژیی و خەونەکانی لە گەشە و هەڵکشان، بەڵکو تەنانەت ناتوانێت لە هەلومەرجی خراپی خۆیدا خۆی ڕابگرێت وبوەستێت لە داگەڕانی زیاتر. داگەڕانێک کە نازانێت و ناتوانێت پێشبینی و وێنای ئەوە بکات بەرەو چ خەرەندێکی قووڵ و بەرەو چ تاریکایی و داخراوییەکی ترسناکی دەبات، داگەڕانێکی خێرا و بەردەوام.

سەرەولێژبوونەوەیەکی ترسناک
جڤاتێک لە سەرەولێژبوونەوەیەکی بەردەوامدایە و بەردەوام پارچە پارچە دەبێت بە ئەندازەیەک هیچ هێزێک ناتوانێت جارێکی دیکە ڕۆحی هاوبەشیی و هاوپشتیی تێدا زیندوو بکاتەوە، هیچ پڕۆژەیەکی سیاسیی و فیکریی ناتوانێت هەستی پێکەوەبوون و پێکەوەگرێدراویی بە تاکە تاکەی ئەندامان و بە ڕۆحی جڤات ببەخشێتەوە. بە کورتیی هیچ پەڕجوویەک ناتوانێت ئەم پارچەپارچە بوون و ووردوخاشبوونە کۆبکاتەوە و پێکەوەی ببەستێتەوە.

دەسەڵاتدارێتییەکی بە تەواوی ستەمکار
دەسەڵاتدارێتییەکی بێشوناس لە ناونان “تسمیە” دا بەرمەبنای پۆڵێن و میتۆدە سیاسییەکان. دەسەڵاتدارێتییەک بە تەواوی “completely” ستەمکار، گەندەڵ و داگیرکەر بۆ کۆی سامان و بونیادی ئابووریی، داگیرکەر بۆ کۆی دەزگا و جومگەکانی حوکمڕانێتیی و دەسەڵاتدارێتیی، دەسەڵاتدارێتییەک بە خواست و میزاجی نەخۆشخانەی ئەندامانی دوو بنەماڵەی پێکهاتوو لە کۆمەڵێک ئەندامی خۆبەشتزانی بچووک بچووکی دەسەڵاتخواز و پڕ لە گرێی سایکۆلۆژیی و پڕ لە غروری بۆش.
دەسەڵاتدارێتییەک بونیادنراو لەسەر تیۆریای لێدان لە ئینسانی کورد، لێدان لە جڤاتی کوردیی، لێدان لە هەر ڕەنگ و ڕوخسارێکی شارستانیی و مەدەنیی.
دەسەڵاتدارێتییەک و دەسەڵاتدارانێک چێژ لە لاوازیی و کەوتویی کۆمەڵگا و تاکەکانی دەبینن و لێرەوە هەست بە دەسەڵاتی خۆیان دەکەن. ئەم دەسەڵاتدارانە سایکۆلۆژیا نەخۆشانە، چەند کۆمەڵگای کوردیی لە دۆخی وێرانەیی و ئینسانی کورد لە دۆخی کەوتووییدا ببینن هێندە ئەو هەەستەیان هەیە بەرامبەر بە خۆیان کە گوایا ئەوان فریادڕەسن. چەند خەڵک لاواز بێت ئەوان پتر هەست بە دەسەڵات و هێزی خۆیان دەکەن.

پاتاڵیی مێدیا و قەرەقۆزەکانی نووسین
ئەو مێدیاکارانەی لە هەر شکۆ و ئیرادەیەکی ئینسانی کەوتوون بە تەواوی بوونەتە پاتاڵی مێدیایی لەگەڵ ئەو نووسەرانەی! تەنها میکیاژی ئەو بوونەوەرە دزێوەی ناوی دەسەڵاتدارە دەکەن و کەناڵەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان پڕ کردووە لە نووسین! کە بۆ هەموو تاڵانکاریی و ستەمکارییەکیان دەیان پاساوی نالۆژیکیی و نزمترین ئاستی گوزارش و فیکر بڵاودەکەنەوە، جگە لەوەی کە لە پڕۆسێسی فووتێکردنی ئیگۆی دوو خێڵە سیاسییەکە، ئەندامان و منداڵەکانیان بکەری سەرەکیی و هاوکات تاوانباری ڕاستەقینەن، چیدیکە نین و چیدیکە ناکەن.
ئیگۆی فووتێکراوی دەسەڵاتدارانی پووچ و منداڵە نزم و پووچەکانیان، یەکەم فیگەر کە بە بچووک و نزم دەیبینێت، خودی مێدیاکارانی کەناڵە نەوتاوییە پارەدارە خەیاڵییەکان و نووسەرە هەزیلەکانیانن.

پۆپۆلیزمی ئۆپۆزیسیۆنی! سیاسیی کۆمەڵگای ئێمە – پاسیفیزم و ئۆپۆرتۆنیستێکی ترسنۆک

ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی لە کۆمەڵگای ئێمەدا، ڕێک و ڕەوان بە تەواوی دیوەکەی تری دەسەڵاتدارێتییە. لە هەر ئاکار و شێوازێکی مامەڵەیاندا لە تەک کۆمەڵگای ئێمەدا، هەمان دیوەکەی تری دەسەڵاتدارێتیی بەرجەستە دەکەن. غرورێکی پووچ لە ناخی هەر یەکێکیاندا و ئیگۆیەکی هەڵئاوساو، کە ڕێگەی گرتووە لە ئەندامانی سەرەوەی ئەو هێزانە و کەسانی سەرەوەی ئەو لایەنانە کە ڕاستەوخۆ بێنە نێو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک، لە خولەکی یەکەم و سەرەتاوە تا خولەکی کۆتایی لە خۆپیشاندانەکاندا ئامادە بن و چالاک بن و بەشێکی زیندوو، ڕاستەوخۆ و ڕاستەقینەی ناڕەزایەتییە فراوانەکانی کۆمەڵگای ئێمە بن. تەنها ئەوەندە نا، بەڵکو ئەگەر دیوی پێچەوانەی دەسەڵات نەبووبان، دەبایە، خۆیان ڕێکخەری خۆپیشاندان بوونایە، خۆیان دروستکەری توڕەیی و ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتیی بووبان. دەبایە لە وێرانکردنی کۆمەڵگای ئێمەدا و نابوودبوونی ژیانی تاکە تاکەی ئینسانەکاندا، پاسیفیزمێکی ڕووت و هەڵوێستی ترسنۆکانەیان هەڵنەبژاردایە.

ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی کۆمەڵگای ئێمە، نمایشکار، ساختە و شوێنکەوتووی ڕووداو
ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینە
ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینە، ئەو هێزەیە کە پڕۆژەیەکی ڕاستەقینە و ڕادیکاڵی هەیە بۆ گۆڕانکاریی و ئەکتێکی ڕاستەقینەی بەرەنگاربوونەوە و کۆمەڵایەتیی فراوانی هەیە بۆ جێگا پێ لێژکردنی دەسەڵاتدارێتیی و لەرزاندنی دەسەڵاتداران. ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی ڕاستەقینە، بوێریی و جورئەتیی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بە کۆمەڵگا گروپە کۆمەڵایەتییەکان دەبەخشێت و بیرکردنەوەی قووڵی ڕەخنەیی و ڕیشەدار لە کۆی ئایدیۆلۆژیای دەسەڵاتداران و وە ژێر پرسیارخستنی حیکایەت و دۆکترینەکانی دەسەڵاتدارێتییدا، پێشەنگایەتی کۆمەڵگا دەکات. ووزەی پۆتێنشڵی کۆمەڵگا دێنێتە سەرەوە و دەبێتە داگیرسێنەر و بزوێنەری ڕۆحی شۆڕشگێڕیی و تیشکخستنە سەر تەواوی مافە هەمە لایەنەکانی تاک بە تاکی ئیسانەکان و کۆمەڵگا بە گشتی.
ئۆپۆزیسیۆنی ساختە، جگە لەوەی هیچ یەک لەوانەی سەرەوەی تێدا نییە و ناتوانێت هەیبێت، هەروەها بەردەوام لە پەڕاوێزی ڕووداوەکاندا، خۆی پیشانی خەڵک دەدات، واتا ئۆپۆزیسیۆنی ساختە خۆی پیشانی دەسەڵات نادات، بەڵکو خۆی پیشانی خەڵک دەدات بە ئامانجی ڕاکێشانی هەست و لایەنگیریی ئەوان. ئۆپۆزیسیۆنی ساختە ناتوانێت دیدگای ڕوونی هەبێت و خاوەندارێتیی لێبکات و پلانی کرداریی هەبێت بۆ جێبەجێکردنی. هەروەها هێندەی خەرێکی نمایشە بۆ چەواشەکردن و خەڵەتاندنی کۆمەڵگا و جەماوەر، هێندە خەریکی کاری ڕاستەقینە و کرداریی نییە بۆ پاشەکشەپێکردنی دەسەڵات.
ئۆپۆزیسیۆنی ساختە، ئۆپۆرتیونیستە، واتا دەخوازێت هەلێک بێتە پێشەوە کە کۆمەڵگا یان ئەوانیدی هێناویانەتە کایەوە، و ئەو خۆی بکاتە خاوەنی و کەلکئاوەژوو لە توانا و هێزی خەڵک وەربگرێت.
هەر ئێستا، کۆمەڵگای ئێمە لە دۆخی سەرەولێژبوونەوەیەکی ترسناکدایە، ئەگەر ئێستا و لەم دۆخە قورسەدا ئۆپۆزیسیۆن، بەرپرسیار و خاوەندار لە کۆمەڵگا، نەیاتە مەیدان، کەی دێت؟!
ئەگەر لە پەڕاوێزی ڕووداوەکان و خۆپیشاندانەکانی خەڵکدا قسەیەکی ترسنۆکانەی کردووە و بەلاغ و بەیاننامەی بێ هیچ ناوەڕۆکێک دەرکردووە، ئۆپۆزیسیۆنی کۆمەڵگای ئێمە جگە لە ئۆپۆرتیونیستێکی ترسنۆک چدیکەیە؟!
ئەگەر نابوودبوونی ئابووریی خەڵک و وەستانی تەواوی کایەکان بۆ ئۆپۆزیسیۆن بابەت و گرنگ نەبێت، بەڕاست چی شتێک بۆ ئەو بابەت و گرنگە؟!
ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی لە کۆمەڵگای ئێمەدا بە ئیمتیاز، پاسیڤ، ئۆپۆرتیونیستێکی ترسنۆک، لاواز و بێ ئیرادەیە. واتا ئۆپۆزیسیۆن لە کۆمەڵگای ئێمەدا دیوەکەی تری دەسەڵاتدارێتییە، بە هەمان بونیاد و گوتار و سایکۆلۆژیاوە.

جڤاتێک لاوازکراو و نووزەلێبڕاو
کۆمەڵگای ئازاد و زیندوو

ڕووبەرە گشتییەکان لە هەر جڤاتێکی ئازاد و زیندوودا، ڕووبەری پڕ ووزە و پڕ ئەگەری جیاوازن بۆ چالاکیی کۆمەڵایەتیی هەمەجۆر. لە دۆخی نارەزایەتیی سیاسیی کۆمەڵایەتییدا، ڕووبەرە گشتییەکان، دەبنە ئەو ڕووبەرانەی ووزەی ناوەکیی کۆمەڵگایان تێدا چڕ دەبنەوە و وەکو ئەکتی ڕاستەقینەی بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتدارێتیی و دەسەڵاتداران چالاک دەبن. کۆمەڵگای ئازاد و زیندوو، لە هەر پنتێکی کۆمەڵایەتیی خۆیدا بەشێک لە ئیرادە و هێزی تێدایە و هەردەم دەسەڵاتدارێتیی و دەسەڵاتداران لێی ترساون و هەرگیزیش نەتوانراوە ڕام و کۆنترۆڵبکرێت. کۆمەڵگای ئازاد و زیندوو، لە دۆخی داگەڕاندا توانای خۆگرتنەوە و خۆ هەڵساندنەوەی هەیە. لە دۆخی داگیرکارییەکانی دەسەڵاتدارێتیی و دەسەڵاتداراندا، توانا و ووزەی بەرگری لە خۆ کردن و پارێزگاری لە خۆ کردنی تێدایە.
لە کۆمەڵگای ئازاد و زیندوودا، هاوپشتیی و هاوبەشیی کۆمەڵایەتیی لە پرسە گشتیی جڤاتییەکاندا لە فەزای گشتییدا، لە ئەوج و ئەوپەڕی خۆیدایە. لە وەها کۆمەڵگایەکدا، تاکە کەسەکان چەندە ئازاد و سەربەخۆن و ژیانی تایبەتیی و کەسیی خۆیان دەژین، هێندەش هەستی پێکەوەگرێدراویی و هاوچارەنووسیی لە تەک ئەوانیدیکەدا و هێندە هەست وبیری هاوجڤاتیی تێیاندا بەهێزە.

کۆمەڵگای نائازاد و دەستبەسەرداگیراو
کۆمەڵگای بەحزبییکراو

لە دوای ڕاپەرینەوە، کۆمەڵگای ئێمە لە ژێر خواستێکی فاشیستیانەی دوو حزبخێڵە دەسەڵاتدارەکەی کۆمەڵگای ئێمەدا بۆ داگیرکردن. ئەم دوو هێزە، هەمان خواستی داگیرکردنی کۆمەڵگایان هەبووە کە لەلای هەر هێزێکی دیکتاتۆریی تۆتالیتار هەیە. داگیرکردنی تەواوی دەزگا کارگێڕیی و قەزاییەکان تا بە داگیرکردنی هێزی چەکدار و دەزگا سیاسیی و ڕێکخراوەییەکان دەگات. لە دەستبەسەرداگرتنی ئابووریی و تەواوی سامان و داهات تا دەگات بە دەستبەسەرداگرتنی تەواوی کایەکان. بە حزبییکردنی ڕووبەری گشتیی لێکەوتووەتەوە. واتا بە حزبییکردنی کۆمەڵگا و تەواوی دەزگاکانی.
لەو سۆنگەیەوەش کە حزب لەسەر دەستی دوو بنەماڵە دەسەڵاتدارەکەوە، بەتاڵکراوەتەوە لە هەر ووزەیەکی ڕەخنەیی و توانا و هێزێکی خۆ دروستکەر. حزب خراوەتە ژێر خواست، میزاج، بڕیار و بەرژەوەندییەکانی بنەماڵەی دەسەڵاتدارەوە. واتا حزب و ئەندامانی حزب لە ئەندامێکی سادەوە تا دەگات بە ئەندامانی سەرکردایەتیی، مەکتەبی سیاسیی و سەرکردە سەربازییەکان، کراونەتە بوونەوەری لاواز و بێئیرادە و کراونەتە بوونەوەری بێ فیکر و بێ کاراکتەر. لێرەوە و لەم پڕۆسێسەدا، دەرئەنجام حزب بووەتە بۆدییەکی بۆش و بەتاڵ، بەتاڵ لە فیکر و ستراتیژ، بەتاڵ لە هێز و ئیرادە، بەتاڵ لە توانای خۆ بونیادنان و خۆ بەرهەمهێنان، خاڵی لە شوناس و کاراکتەر.
ئەوەی کە ئێستا کۆمەڵگای ئێمە تێیدا دەژی، بەرهەمی ئەو پڕۆسێسی بە حزبییکردنەیە. کۆمەڵگایەک، تەواوی کایە خزمەتگوزارییە گشتییەکانی لەسەر لێواری وەستانی تەواوەتین و بێدەنگە. تەواوی کەرتەکانی خزمەتگوزاری گشتی دەکرێنە کەرتی تایبەتی بەڵام بێدەنگ و بێباکە. کۆمەڵگایەک بینەری پارچەپارچەبووبی خۆیەتی و ناتوانێت جووڵەیەک بکات و قسەیەک بکات. تەواوی خاک و ئاوی داگیردەکرێت و تاڵان دەکرێت بۆ هەتایە و وێران دەکرێت لەلایەن دووحزبخێڵی چاوچنۆکەوە، بەڵام بێهەڵوێستە. تەنانەت جووڵەی بازرگانیی وەستاوە و مووچە بە دوو مانگ نادرێت و هێشتا ناتوانێت خۆپیشاندانێکی کاریگەر و ناڕەزایەتییەکی گەورە و فراوان بەڕێبخا.
ئیدی لە دوا دەرئەنجامدا، کۆمەڵگای بە حزبییکراو، دەبێتە کۆمەڵگایەکی خاڵیکراوە لە ووزەی ڕەخنەیی و لە توانای خۆ بەرهەمهێنان و خۆ دروستکردن. خاڵی لە هێزی پێکەوە گرێدراوی ئەندامانی. خاڵی لە هێزی هاوبەشی و هاوپشتیی لە نێوان ئەندامانی. خاڵی لە هێزی هاوچارەنووسیی و هاوجڤاتیی تاکەکانی. خاڵی لە هێزی بەرگریکردن و پارێزگاریکردن لە خۆی. کۆمەڵگای بەحزبییکراو دواجار دەبێتە کۆمەڵگایەکی زەلیل کراو، لاواز و بێئیرادە. دەکرێتە جڤاتێکی نووزەلێبڕاو. کۆمەڵگایەک، هیچ پڕۆژەیەکی نییە و بینەری مردنی هێواشی خۆیەتی.
………………….
ئەم وتارە نووسراوە لە پەڕاوێز و لە پەیوەند بە ئەو خۆپیشاندانەی کە بڕیار بوو ئەنجامبدرێت لە ڕۆژەی ٥ شەممە ڕێکەوتی ٢٦-٦-٢٠٢٥ لە کاتژمێر ١٠ ی سەر لە بەیانی لە بەردەمی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕۆژاوا-سلێمانی لە شاری سلێمانی کە لەلایەن دەستە و ئەنجومەنەکانی ناڕەزایەتیی مامۆستایان و فەرمانبەران و خەڵکەوە بانگەشەی بۆ کرا، دواتر لە کاتی هێما بۆ کراودا هیزە ئەمنییەکان بە سەرکوتێکی زۆر زاڵکردنی کەشوهەوایەکی سەربازیی و دەستگیرکردنی چەندین کەس و لە ڕۆژی پێشتریش دەستگیرکردنی کۆمەڵێک لە ڕێبەرانی خۆپیشاندەران و دوو ئەندام پەرلەمانی کوردستان و دوو ئەندام پەرلەمانی عێراقی پێشتر.




بەکورتی 11: دوژمن… دوژمنی راستەقینە هەردەم نادیارە.. ئازاد حەمە

دوژمنە راستەقینەکان،کە سەرسەختەکانن،کەمن،هەشبن نادیارن(نەبینراون)Invisible. دوژمنEnemyسروشتی خۆی هەیە و هەموو دوژمنێکیش بە دوژمن دانانریت. دوژمن دەبێت خەسڵەتەکانی دوژمنایەتی تیابەدیبکرێت و هەڵقوڵاوی ناو دوژمنایەتی بێت.هەروەها دروستکردنی دوژمن کارێکی ژەهراوییە،دژوارە و کاتی دەوێت،بەتایبەت دوژمنە سەرسەختەکان.ئەم جۆرەش لە دوژمن لەکۆڵکردنەوەیان ئاسان نییە و مامەڵەکردنی وزەی تایبەتی دەوێت.هەرچی لەبیرکردنی دوژمنیشە،ئەمەش هەر پێویستە،ئەگەرنا چۆن بەردەوابین(هەبیین، بژیین).
کە باشبووین بێدوژمن دەبیین؟ نەخێر. باشە بێدوژمن و بێبەرامبەرەکان باشنیین. بۆئەوەی باشبیین پێویستمان بە دوژمنە. دوژمن ململانێییە، خاڵی وەرچەرخان و بیرکردنەوەیە. پێکدادانەکان حاڵیماندەکەن لە ماهیەتی دوژمنایەتی. ریشەی دوژمنایەتی پێش لەدایکبوونی باشەیە. ئەوە دوژمنە وامانلێدەکات رێز لەخۆمانبگرین. بۆ؟چونکە دوژمن فێری بیرکردنەوەمان دەکات. کە دوژمنمان هەبوو هێدی هێدی قۆناغی گێلی تێدەپەڕێنیین. ئەوە(ئەوە) هانماندەدات لە پێکدادان و ململانێ تێبگەین. ئەگەرنا ئاشتیش بێ مانا دەبیت. کاتێک لە پێکدادانەکانەوە ئەزموونفێردەبین، لەوە حاڵیدەبین باشە لەکوێوەدێت. هەر دوژمنناسیشە هاوکاریماندەکات لە هاورێیەتیش تێبگەین.
لەسەر بناغەی قسەکانی لای سەرەوە دەپرسیین:دوژمن کێیە و دوژمنایەتی چییە؟دوژمن پێویستییە؟لە دوژمن و دوژمنایەتییەوە هیچ فێردەبیین؟دوژمنی راستەقینە هەیە؟چۆن دوژمن بۆ نادوژمن(دۆست)بگۆڕیین؟کە دوژمن هەبوو ئاییندە مەترسی لەسەر نییە؟بێدوژمن دەتوانیین بژیین؟دوژمنپەرستی ناساغیی نییە؟ کێ مافی ئەوەی هەیە دادوەریی بەسەر خراپیی ئێمەوە بکات: دوژمنەکانمان یان هاوڕێکانمان؟کەمەحکومبووین بەوەی دەبێت دوژمنداربیین، باشترە چ جۆرە دوژمنێکمان هەبێت؟ئەی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دوژمن ئەزموونی دەوێت؟
دوژمن کێیە و دوژمنایەتی چییە؟ دوژمن شەڕ دروستدەکات، شەڕیش بەرهەمی عەقڵە. عەقڵیش (شەڕ)پلان بۆ ئاشتی دادەنێت. نەبینینی دوژمن بەزیانی بوونمان(بوونی هاوڕێی)دەگەڕێتەوە.دوژمن لەناو بوونماندایە(لەناو هاوڕێیەتیەکانماندایە)، لەو شوێنەدایە، کە ئێمە هەین. کێشەکە ئەوکاتە دەستپێدەکات، کە دوژمن نادیاربوو، کە هەستمانکرد بێ دوژمنیین. وێڕای ئەوە، گۆڕینی دوژمن بۆ نادوژمن، ئیشە دژوارەکەیە. بەس ئەوانەی دوژمنپەرستن، کە هەردەم دوژمنیان پێویستە، لە بەرژەوەندییانە دوژمن وەک دوژمن بهێڵنەوە.کەوابێت، ئەگەر دروستکردنی دوژمن پێویستیی بێت، بەخێوکردنیشی ئەرکە. تەنها بەو ڕێگایە دوژمن دەتوانێت بمێنێتەوە.
هێشتنەوەی دوژمن وەک دوژمن تا شوێنێک سودی هەیە.بەڵام مشەخۆربوونیش لەسەر دوژمنایەتی مەترسیدارە و هەڕەشەشە لەسەر ئاییندە. چونکە هەبوونی دوژمن هەبوونی ترسێکە مانا بە بوون (ژیان) دەدات. واتە، دوژمن و ژیان یەکتر تەواودەکەن. ئەمە بەو مانایە نایەت،کە تەنها لەپێناو دوژمندا ژیانبژێیین.
لێرەدا وایدەبینیین، کە نیچە قوتابخانەی سەرەکییە بۆ دوژمنناسی. لەوەوەفێردەبین،کە”ئەوەی لەپێناو شەڕکردن لەگەڵ دوژمنەکەی دەژی، بەرژەوەندی تەواوی لەوەدایە دوژمنەکەی لە ژیانا بمێنێتەوە”.لێرە دوژمن هۆکاری مانەوەیە،پاڵنەری ئەوەیە تۆ بۆ(ئەو)بژیت،(ئەو) وەک دوژمن بهێڵیتەوە. ئەمە ئەوەشمانپێدەڵێت، کە دوژمن جاریوایە پێویستییە تا خۆت کۆبکەیتەوە و خۆت ببینییت.
لە دوژمن مەترسیدارتر چییە؟ ئەوەیە، کە تۆ پێتوابێت دوژمنت نییە.دوژمن ئەوکاتە دروستدەبێت، کە لە خەیاڵی ئەوەدا بیت هەموو شتێک باشە، تۆ بێدوژمنیت. چەند ترسناکە واهەستبکەیت بێدوژمنیت!!
ئەهریمەنەکانی دەرووبەرمان وامانلێدەکەن لەتەکیانا بجەنگیین. ئەمەوادەکات وەک دوژمن بیانبیین، دواتر بکەوینە شەر لەتەکیانا، لەگەڵ کاتیشدا دەبیینین بووینەتە بەشێک لەوان.کەواتە ترسناکە لە دوژمنە سەرسەختەکانمانەوە فێری هاوڕێیەتی بیین. ئەوان،کە بێباکن بەرامبەر بە هاوڕێیەتی،هاوسێیەتی، تاکە شت، کە لێیانەوە فێردەبیین، دوژمنایەتییە. لێ سەرسەختترین دوژمنایەتییش. هاوکات دەربازبوون لە چنگ دوژمنایەتی سەرەتایەکی باشە بۆ خراپنەبوون. هیچ نەبێت بەو خۆدەربازکردنە نابینە خراپە مەزنەکە. ئەمڕۆ بێ ئاکارییەکە لەوەدایە هەموو هەوڵدەدەن ببنە خراپەگەورەکە، دوژمنە نادیارەکە.
بەبێ دوژمن و دوژمنایەتی و ململانێ و دواجار شەڕ، سیاسیی politicalبوونی نییە(شمیتSchmitt)، ئەی ئەمەیان چۆن؟ بەبۆچوونی شمیت”دوژمنی سیاسی پێویستی بەوە نییە لە ڕووی ڕەوشتییەوە بەدبێت،لە ڕووی جوانیناسییەوە ناشرین بێت،لەڕووی ئابوورییەوە زیانبەخش بێت”.هەروەها بەپێچەوانەشەوە ڕاستە.واتە دۆستی سیاسی پێویست ناكات باش بێت لەڕووی ڕەوشتییەوە،جوانبێت لەڕووی جوانیناسییەوە و سودبەخشبێت لەڕووی ئابوورییەوە. …. لەوە سەمەرەتر، دوژمن هەمیشە گشتییە(نەك تایبەت)و دوژمنی تایبەت مانایەی نییە”.واتە دوژمن کاتێک هەیە،کە دوژمنی سیاسیی بوونی هەیە(شمیت).
دیدی ترسناکی شمیت لەوێوە دەستپێدەکات،کە پەیوەندییەكی رەوشتیی لەنێوان دوژمنایەتی و خودی رەوشتدا بوونی نییە. چونکە دوژمنایەتی، هاوڕێیەتیش، واتایەكی سیاسییە لە دەرەوەی رەوشت.
دوژمن وامانلێدەکات خۆمان نەبینە دوژمنی خۆمان. خۆمان،کە هەمیشە لێهاتووین لە دوژمنایەتیکردنی خۆمان بەوە دوژمنە نادیارە راستەقینەکەمان لەبیردەچێتەوە. بۆئەوەی لەوە بکەوین دوژمنی خودی خۆمان بیین پێویستمان بە دوژمنە. بینینی دوژمنیش وەک دوژمن کارزانی سیاسیی و کرداریی دەوێت.
کارل شمیت هەر زوو پێیڕاگەیاندین، کە دوژمن خۆت نیت،ئەویترێکە. لەو شوێنەی دوژمنێک هەیە، پێویستمان بەوەیە بەدوای ئەویترێکدا بگەڕیین. دوژمن بەرامبەرێکە و هەر وەک بەرامبەریش دەمێنێتەوە. دوژمنی لەم جۆرە بوون دەخاتەمەترسییەوە. هەڕەشەی ئەم بەرامبەرە هێندەی بووناوییە رەوشتیی نییە. شمیت گوتەنی، کە نەتزانی کێ دوژمنە نازانیت تۆ کێیت.
کۆتا گوتنمان لەسەر دوژمن ئەوەیە، کە هەریەکێک لە ئێمە دوژمنێکی نادیار Invisibleی هەیە،دوژمنێک کە نووستوە و هەلومەرجێک بێداریدەکاتەوە. گەڕان بەدوای دوژمن، یان دۆزینەوەی دوژمن کارئاسانیمان بۆدەکات لە سروشتی هاورێیەتیش تێبگەین. بێئاگاییمان لەسەر دوژمنە نادیارەکانمان وایلێکردووین پێمانوابێت، بێ دوژمنیین، کە هێشتا دوژمنمان نییە.
گەوجیەکە ئەوکات دەستپێدەکات،کە ئێمەی مرۆڤ خۆمان بە ئاسودەبزانیین، کەگوایە بێدوژمنیین. بێدوژمنی بەدبەختییە نەک شادومانیی. ئەوە دوژمنە فێریخۆکۆکردنەوە و ئامادەباشیماندەکات.روونتر بدوێیین، دوژمن فێری بیرکردنەوەمان دەکات لە بوونی خۆمان. ئەو دەمە دەبینە دوژمنناس کە توانیمان لەوە حاڵیبین هەبوونی دوژمن سەرەتایەکە بۆ خۆناسی و داکۆکی لە بوونی خۆت.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




جەنگ و فریودان.. ئەکرەم سەعید

(فریودان و خێرایی و شۆک بنەماکانی هێرشکردنە)- سون تزو

کاریگەری کتێبی{هونەری جەنگ}ی فەیلەسوفی سەربازی کۆنی چین(سون تزو) لەسەر هزری سەربازی وڵاتانی جیهان زۆر مەزنە. سون تزو ئامۆژگارییەکانی خۆی لەیەک دەربڕیندا پوختکردۆتەوە:{جەنجاڵی لە ڕۆژهەڵات، گورزوەشاندن لە ڕۆژئاوا}، ئەمەش ڕێک ئەو شێوازەیە کە دوژمنەکانی روسیا لەم لێدانەی دوایی روسیا بەکاریان هێناوەو پۆتی(پۆتین)یان شکاندووە، چونکە ئەوان گورزیان لە چەکی ستراتیژی روسیا وەشاندووە، بەڵام روسیا تەنها دەتوانێ بۆردومانی ئەو شوێنانە بکات کە هێندە ستراتیژی نین، و بایەخیان هێندەی فرۆکەکانی روسیا نییە. ئایا روسیا بژرادەێکی دی هەیە بۆ لێدان و تۆڵەکردنەوە بێ ئەوەی ببێتە مایەی جەنگێکی کراوە لەتەک ناتۆ؟ وە ئایا روسیا جارێکی دی هانی ئێران و کۆریای باکوور دەدات بجوڵێن و هێندەی دی ئاگری جەنگ خۆش بکەن؟!.
چەند ڕۆژ لەمەوپێش چاودێرانی سیاسی و سەربازی باسیان لە هاوینێکی گەرم دەکرد، لە دوێنێوە سەرەتاکەی لە”ئەڵەمانیا و بەریتانیا”دەرکەوتووە، چونکە نوخبەی جەنگی ئەو دوو وڵاتە پلەی گەرمایان بەرز بۆتەوەو تەپڵی جەنگ دەکووتن؛ ئەڵەمانیا سوپاێکی بەهێز پێکدەهێنێ و بەریتانیا باس لە فڕۆکە و غەواسەی ئەتۆمی دەکات.

  • ئەمەریکا و فریودانی ستراتیژی
    ئەمڕۆکە “ترەمپ، پۆتین، نیتنیاهۆ، خامنەئی،، هتد”، گووتەکەی پاشای ئیمپراتۆریەتی ئاشور دەڵێنەوە:
    {لە پێشم شارەکانە و لە پشتمەوە وێرانە}.

ئەمەریکا توانی بە بەڵێنی هێورکردەنەوەو دانوسان دوژمنەکانی فریو بدات، و بە دوایدا گورزی سەربازی کوشندە لە سێ دوژمنی خۆی بدات:
۱/ لێدان لە حیزبوڵڵای لوبنانی وکوشتنی سەرکردەکانی، لە کاتێکدا دوو ڕۆژ پێش ئەوە بەڵێنی ڕێکەوتن هەبوو.
۲/ لێدان لە فرۆکە ستراتیژە ئەتۆمیەکانی روسیا لە کاتێکدا بەڵێن بوو لە ئەستەمبوڵ دانوسان بۆ ئاشتی بکرێ – ئۆپراسیۆنی تۆڕی جاڵجاڵۆكە.
۳/ لێدان لە سەرکردەی سەربازی و زانایانی ئەتۆمی ئێران لە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی لە کاتێکدا بەڵێن بوو کە ڕۆژی یەک شەممە دانوسان بکرێ-ھێرشی ئیسرائیل بە ناوی(شێری راپەریو).
ئەمە یانی بەڵێنی هێورکردنەوەو ئومێد بەئاشتی لە ئەنجامی دانوسان وەک حەبی خەو بەکارهێنراوە تا دوژمن دڵنیا بێت و هەستی ئەمنی سڕ بکرێ، بەڵام لە پڕ گورزی سەربازی کوشندەی لێدەدرێ – {ترەمپ نیوەڕۆی پێنج شەممە گووتی:”من ئاشتیم دەوێ لەتەک ئێران، بەڵام ئیسرائیل گەرەکیەتی لە ئێران بدات، ئەما ئەو لێدانە بەم نزیکانە نییە”- ترەمپ ئەمەی لەکاتێکدا گووت کە دەیزانی پاش چەند کاتژمێرێکی دی لە ئێران دەدرێ}.
فریودانی ستراتیژی ئەمەریکا لەوەدا بەرامبەر دوژمنەکانی سەرکەوتووە کە توانیویەتی قەناعەت بە دوژمنەکانی بکات کە ئەوە وەکیلەکانی/ تانجیەکانی ئەمەریکایە(ئۆکراینا و ئیسرائیل)جەنگتان لەتەک دەکەن نەک ئەمەریکا خۆی، لێرەوە بەرپەچدانەوەی(حیزبوڵڵای لوبنانی، روسیا و ئێران)لە سنووری لێدان لە وەکیلەکانی ئەمەریکا قەتیس کراوە، بەمە ئەمەریکا خۆی پاراستووە لە زیان بەرکەوتن، و دوژمنەکانی لە بازنەێکی داخراودا دەخولێنێتەوە کە بە”فێڵ و شۆک”چوارپەلیان دەبڕێ.

  • ئێران و شەیتانی گەورە
    مەلا دەسەڵاتدارەکانی ئێران وەک هەموو ئەحزابی سیاسی بۆرژوازی تری سەردەمی ئێمە پراگماتیزمن/ ۱. بۆیە گەرچی ئەمەریکا بە شەیتانی گەورە ناو دەبەن، کەچی دانوسانی لەتەکدا دەکەن. دیارە نەک تەنها ئیسلامی سیاسی ئێران کاری وا دەکات، بەڵکە بۆ نموونە(ئەبو مەحەمەد جۆلانی)و بزووتنەوەی سەلەفی جیهادی، هاوکاری”ئەمەریکا/کافرەکان”دەکەن، و بڕێکیش لە چەپ(بەتایبەتی لە کوردستانی سوریا)هاوپەیمانی ئیمپریالیسمی ئەمەریکان، و زۆر کەم لە کۆمۆنیستەکانی ناوچەکە ڕەخنە لە کوردەکانی سوریا دەگرن، چونکە پراگماتیسم بۆتە میتودی زۆرێک لە کۆمۆنیستەکانیش.
    دانوسانی مەلاکانی ئێران لەتەک ئەمەریکا ئەگەر بگاتە ڕێکەوتن، ئەوە باڵی ئیسڵاحی ئیسلامی سیاسی ئێران بەسەرکەوتنی دەزانێ بۆ میتودە پراگماتیسمەکەی، وە ئەگەر ڕێنەکەوتن و بووە جەنگ، ئەوا باڵی موحافزینی مەلا توندڕەوەکان دروشمی(مەرگ بۆ ئەمەریکا)زیاتر بەرز دەکەنەوە.
    لە دوێنێوە هەلومەرج لە ناوچەکەدا گرژ بووە، ئەگەری هەیە گەر ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتن بە بنبەست بگات، ئەوا ئاگری جەنگ ناوچەکە دەسوتێنێ. ئایا ئەمەریکا ڕێ دەدات بە جەنگ لە ناوچەکەدا کە سەرچاوەی بڕێکی زۆری وزەی نەوت و گازە بۆ جیهان و ڕێگای بازرگانی دەریایی کاڵاکانە؟!.
    ئایا جەنگ دەبێ؟ لەڕاستیدا درگا لەبەردەم هەموو ئەگەرەکان کراوەیە، بەڵام ئابووری جیهانی سەرمایەداری بەرگەی کارەساتێکی گەورەی لەوچەشنە ناگرێ، مەگەر دەسەڵاتدارانی چینی بۆرژوازی تەواو ئەقڵی لەدەستدابێ.
    لە سەردەمی کۆندا ئیمپراتۆریەتی ڕۆمای مەزن نەیدەهێشت جەنگ نزیک وڵاتی میسر ببێتەوە، چونکە ڕوباری نیل و کێڵگە گەنمەکانی میسری کۆن سەبەتەی خۆراکی ڕۆما بوو. ئایا ئەمڕۆکە ئەمەریکای مەزن ئامادەیە کێڵگەی نەوت و گازی کەنداوی عەرەب بسووتێ؟ دەشێ بەم نزیکانە وەڵامی ئەو پرسیارە وەرگرینەوە.
  • ڕوخاندنی ڕژێمی ئێران یان لاوازکردنی

“ جەنگ مەملەکەتی تەمومژییە ”- کارل ڤۆن کلاوزێڤیتز
یەکێک لە تیۆرییە بەناوبانگەکانی بیرمەندی ستراتیژی سەربازی“کارل ڤۆن کلاوزێڤیتز”دەربارەی جەنگ، ئەو تیۆرەیە کە پێی دەوترێت “تەمومژی جەنگ ”؛ واتە شەڕەکان سوپرایزیان تێدایە، بۆیە کردەوەکان هەتا ڕوونەدەن ناتوانیت بیانزانیت. ئەمە مرونەتی گۆڕینی پلانەکانی جەنگە لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە، کە زۆر گرنگە بۆ چارەسەرکردنی گۆڕانکارییە فریاگوزاریەکان و کەمکردنەوەی هەڵەکان. بەم مانایە تەمومژی شەڕ ڕەنگدانەوەی ناتەبایی لەنێوان(ڕواڵەت و حەقیقەت) یان جیاوازی هەواڵ و ئەوەی بەڕاستی لە پلانی جەنگدا هەیە دەگەێنێ، کە دەبێتە هۆی چەواشەکاری و فریودان.
لەم تێگەیشتنەوە دروست نییە دەربارەی ئەم جەنگەی ئێستا وەک زانیاری باس لە ڕوخاندنی ڕژێمی ئێران یان لاوازکردنی* بکەین، بەڵکە وەک ئەگەرێکی شیکارەکەمان بیخەینە ڕوو. بۆیە من سەرم سوڕماوە لەو کەسانەی لە سۆشیال میدیا دەنووسن: ئەم جەنگە فراوان نابێ و نابێتە جەنگی ناوچەیی، ڕژێمی ئێران یان ئیسرائیل دەڕوخێ؟. ئەمە چۆن دەزانن؟ گەر زانیاری نەبێ، وە چۆن زانیاری دڵنیامان هەیە خۆ کەس لە ئێمە بەشداری کۆبوونەوە نهێنیەکان کۆشکی سپی نییە! بەڵکە وەک شیکار دەتوانین بڵێن: ئەم جەنگە دەشێ فراوان نەبێ یان فراوان بێ، و ئامانجی ئیسرائیل و ئەمریکا لەم جەنگەدا ڕوخاندنی ڕژێمی ئێرانە لەژێر ناوی نەهێشتنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، بەڵام دەشێ ئەم ئامانجە بە پرۆسەێکدا تێپەڕێ کە بە لاوازکردنی ڕژێمەکە دەست پێ دەکات، هاوشێوەی(نەک کۆپییەی) پلانی ڕوخاندنی ڕژێمەکەی سەدام حوسین لە عێراقدا.
دوای ئەوەی ساڵی ۱۹۹۱ لە هێزەکانی سەدام درا، هانی خەڵکی عێراقیاندا(ڕاپەڕن/هەڵپەڕن)، دواتر هەرێمی کوردستانیان لە دەسەڵاتی سەدام جیاکردەوە، و بۆ چەند ساڵ ڕژێمەکەی سەدام بەلاوازی هەر مایەوە تا ساڵی ۲۰۰۳ بە تەواوەتی کۆتاییان بەو گەمەیە هێناو دۆزەخی ئێراقێکی دیموکراتی ئەمەریکیان دامەزراند.
ئەمڕۆکە لێدانەکان لە(ناوچەکان، دەزگاکان، ھێزەکانی پۆلیس و ئاسایش)ی ئێران، مەبەستی لاوازکردنی ڕژێمەکەی پێوە دیارە، وە ئامادەکردنی(سازمانی موجاهیدین، ئەحزابەکانی کوردەکان: پژاک، دیموکرات و کۆمەڵەی عەبدوڵڵا موهتەدی، سوپای دادگەریی بلوچستان، عەرەبەکانی ئەحواز و هێزەکانی پەهلەوی،، هتد) ئاماژەیە بۆ سیناریۆی ڕاپەڕینی خەڵک دژی ڕژێم بۆ ڕماندنی یان لاوازکردنی.
بێگومان ڕژێمی ئیسلامی سیاسی لە ئێران سەرکوتگەر و کۆنەپەرستی سەرمایەدارییە، کە دەستی بە خوێنی هەزارەها مرۆڤی ئێران و ناوچەکە سوورە، هاوشێوەی ڕژێمە بەناو دیموکرات و مەدەنییەکەی یەهودی سیاسی لە ئیسرائیل کە ئەویش دەستی بە خوێنی هەزارەها منداڵی غەززەو خەڵکی مەدەنی ناوچەکە سوورە. . ئاشکرا بووە کە شۆڕشە ڕەنگاوڕەنگەکان(لە نموونەی بەهاری عەرەبی) کە دەستکردی دەزگاکانی هەواڵگری ئەمریکایە، لێرەدا وەک ئەنجامی سیاسی جەنگی ئەم دوو دەوڵەتە دڕندانە دەردەکەوێت، کە بێگومان ئەم بەناو ڕاپەڕینەی جەماوەر بەهیچ شێوەێک ئازادی و دادپەروەری ئامانجی نییە، بەڵکە ئامانج گۆڕینی ڕژێمەکانی ناوچەکەیە بۆ بەرژەوەندی ئەمەریکا بەپێی لیستەکەی ساڵی ۲۰۰۰:(ئەفگانستان، ئێراق، لیبیا، سوریا، ئێران، میسر، تورکیا، وە جائیزە گەورەکە سعودییە).)
ئەما ئەمڕۆکە ئەمەریکا تاکە قوتبی جیهان نییە، و پێویستی بوونی هاوسەنگی لە هاوکێشەی هێزی دوو لایەنەکە:(روسیا چین/ ئەمەریکا و ناتۆ)لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕێگا نادات گۆڕانی دەسەڵاتەکانی(ئێران، میسر، تورکیا، ئیسرائیل، سعودییە)بەئاسانی ڕووبدات. دەشێ بە پێچەوانەوە ئەم جەنگە ببێتە مایەی چەقینی قاچی ئەمەریکا لە ئێران، وە ئەمە پلانی چین و روسیا بووبێ بۆیە پاکستان دەجوڵێنن بۆ کۆمەکی مەلاکانی ئێران؛ وە ئەگەری ئەوەش هەیە کە ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی یانی لانیکەم چەکی چەپەڵ، ئەمەش سوپرایزێکی جەنگەکەیە.

  • هەڵوێست بەرامبەر جەنگی ئێران و ئیسرائیل
    لە هەڵوێست بەرامبەر جەنگی ئێران و ئیسرائیلدا مرۆڤ دەبێ هۆشیار بێ نەکەوێتە سەنگەری هیچ لاێکیانەوە، چونکە ئەمە جەنگێکی دادپەروەرانە نیە، و پاساوی دەوڵەتەکانی بەشدار لەم جەنگەدا هیچ ڕەوا و شەرعیەتی نیە. لەڕاستیدا ئەمە جەنگی دەوڵەتە سەرمایەدارە دڕندەکانە، جەنگە بە ئامانجی دەسەڵات و هەژموونی(یا ئێران یان ئیسرائیل)بەسەر ناوچەکەدا، هەر لایەی لە بەرژەوەندی خۆی و بلۆکێکی دەوڵەتە سەرمایەدارەکانی جیهان*. بۆیە ئەم جەنگە، هاوشێوەی جەنگ لە ئۆکراینا، زیان بە ژیان و بەرژەوەندی کرێکاران دەگەێنێ، بەم پێیە ئەوە دروستە کە سەرکۆنەی هەردوو ئێران و ئیسرائیل بکەین، نەک تەنها لاێکیان.
  • شەوەزەنگ و شۆڕشی سۆسیالیستی
    لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شەوەزەنگە و جەنگی دڕندەکان کاولکاری لەتەک خۆی دەهێنێ، و زریانی ئەتۆمی لە ناوچەکە نزیک دەبێتەوە. لەو هەلومەرجەدا شانسی هێزێکی ئینسانی و شۆڕشگێر تابتوانێ ئاڵوگۆڕ بە قازانجی ئینسانە بەشمەینەتەکانی ئەو ناوچەیە بکات زۆر کەمە، هەر وەک چۆن سۆسیالیستەکان نەیانتوانی هیچ بەرامبەر جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی بکەن.
    بەکورتی من ڕام وایە ئەگەری شۆڕشی سۆسیالیستی کرێکاران لەم خولەدا و لەم ساتەوەختەی جیهاندا شانسی کەمە، چونکە بۆ نموونە هەر لە ناوچەکەی ئێمەدا:(ئیسلامی سیاسی، سازمانی موجاهیدینی خەڵکی ئێران، پەکەکە، پارتەکەی هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی، ئەحزابی بەناو دیموکراتی و چەپ و کۆمۆنیست، و دەیەها ئەحزابی لەو چەشنە)هێندە زۆرن، و پاسەوانی سیستەمی سەرمایەداری دەکەن و دەیپارێزن، و چینی کرێکاران پارچەپارچە و ناهۆشیارو خامۆشە، بۆیە سەری سەرمایە سەلامەتە، ئیدی باس لە شۆڕشی سۆسیالیستی باسێکی بێ بەڵگەیە، و ئاواتی دڵ و ڕوانگەی زیهنی بڕێک کەسانی مارکسییە نەک حەقیقەتێکی واقیعی و کۆنکرێت.

۱/ پراگماتیزم ڕێبازێکی فەلسەفییە کە جەخت لەسەر بەکارهێنانی کردەیی بیرۆکەکان و دەرئەنجامەکانیان دەکاتەوە، نەک گەڕان بەدوای حەقیقەتی ڕەهادا، نەک گرنگی دان بە پرنسیپ و مۆڕالی سیاسی. ئەم قوتابخانەیە پێی وایە بیروباوەڕ دەبێت کۆمەک بکات تا کردەوە بەشتی بە سوود بگات، نەک خەریکی مشتومڕی ئاڵۆزی باسی ئەبستراکت بێت. لەڕاستیدا پراگماتیزم بە مانای ئیتیمۆلۆژی وەک پراکتیک پێناسە دەکرێت، و ئەمە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ فەلسەفەی کۆنی یۆنانی.
پراگماتیزم فەلسەفەیەکە، لە سەدەی نۆزدەهەمدا لە ئەمریکا لەدایک بووە، کە لە بنەڕەتدا دەڵێت:“هەرچی بەسوود بێت، دروستە”. لە کۆتاییدا پراگماتیزم میتۆدۆلۆژیایەکە کە ڕەگ و ڕیشەی لە ئایدیالیزمی سوبژێکتیڤدا هەیە.
ئایدیالیزمی سوبژێکتیڤ دەڵێت تەنها عەقڵ و هەستە دەروونییەکانمان بوونیان هەیە، یانی شتەکان تەنها تا ئەو ڕادەیە بوونیان هەیە کە هەستیان پێدەکرێت. ئەم ئایدیالیزمە سوبژێکتیڤە خاڵی دەستپێکی پراگماتیزمە. بۆ پراگماتیست هیچ واقیعێکی ماددی هاوبەش و بابەتیی لەگەڵ یاسا گشتگیرەکاندا نییە، هیچ شتێک لە ڕووی بابەتییەوە ڕاست نییە، بەڵکو تەنیا لە ڕێگەی کردەی سوبژێکتیڤی دەبێتە ڕاست، هەر ئیدیعایەک بۆ حەقیقەتی بابەتیی جێگەی خۆی دەداتە هەر شتێک کە بەسوود بێت.
مارکسیست-لینینیستەکان خۆیان بە کەسانی پراکتیکی پێناسە دەکەن، ئەمەش لە تێزی یازدەهەمی بەناوبانگی مارکس لەسەر فویرباخ:“فەیلەسوفەکان بە شێوازی جۆراوجۆر تەنها جیهانیان لێکداوەتەوە، بەڵام مەسەلەکە ئەوەیە کە بیگۆڕین”سەرچاوەی گرتووە، لەم تێگەیشتنەوە بەشێک لە مارکسییەکان خۆیان بە“پراگماتیست”دەزانن، بێ ئەوەی درک بەوە بکەن کە(پراکتیکی شۆڕشگێڕی سۆسیالیستی و پراگماتیسم جیاواز و دژ بەیەکن). لەکۆتاییدا پراگماتیزم بەرەو هەلپەرستی هەنگاو دەنێ، چونکە ئەم بۆچوونە پێی وایە کە گرنگ نییە پابەند بین بە بنەماکانمانەوە، بە مەرجێک ئەنجامەکانمان دەست بکەوێت.




سەرهەڵدانی مانۆسفیر و ڕاستی توندڕەو.. شیرین عەبدوڵڵا

لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا دیاردەی بڵاوبوونەوەی ڕیتۆریکی میسۆجینی (دژە ژنی) دەبینرێ، ئەو مەیلانەی کە بە ئاشکرا بانگەوازی ئاساییکردنەوەی سووکایەتیکردن بە ژنان دەکەن، بەتایبەتی لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیادا، لەنێو دیاردەیەکی فراوانتری سەرهەڵدانی ڕاستی توندڕەودا.

مانۆسفێر چییە؟
ئەم بانگەوازانە پەیوەستن بە گرووپاتێک کە پێی دەوترێت مانۆسفێر (فەزای ئەلیکترۆنی یان دۆمەینی نێر)، کە گروپی ناڕێکخراون، هەندێکجار بە کۆمەڵگەی “حەبی سوور” ناودەبرێن. ڤیدیۆ بلۆگ و پۆدکاست و وێنە و پلاتفۆرمی یاری ئەلیکترۆنی و کاریگەرە (influencers ) بەناوبانگەکانیان لەسەر پلاتفۆرمەکانی وەک (X) و (YouTube) و (TikTok) و (Reddit) هەیە. هۆشداری بڵاو دەکەنەوە لەو مەترسییانەی نۆرمەکانی پیاوسالاری بەرەوڕووی دەبێتەوە و بۆچوونە دژەژن و دژە فێمینیستەکان بەرەوپێش دەبەن و ئەمان بە هۆکاری هەموو جۆرە کێشەیەک لە کۆمەڵگادا دەبینن.

بیرۆکەکانی مانۆسفێر چوار ڕەوتی بنەڕەتی لەخۆدەگرن:
1- “حەبی سوور” (لە فیلمی زانستی خەیاڵی ماتریکس وەرگیراوە- بە خواردنی حەبی سوور بەئاگا دەبیتەوە لە ڕاستی ئەو شتانەی لە جیهاندا ڕوودەدەن) و چالاکوانانی “مافی پیاوان”: داوا لە پیاوان دەکەن کە بەئاگا بێنەوە لەو ڕاستییەی کە سیستەمی سیاسی لایەنگری بەدژی پیاوان دەکات و ئەمان بەدەست جیاکارییەوە لە بوارەکانی جیابوونەوە، سەرپەرشتیکردنی منداڵ، و یاساکانی توندوتیژی خێزانی دەناڵێنن. بۆ نموونە داوای هەڵوەشاندنەوەی یاساکانی “تەڵاقی بێ تاوان” دەکەن کە لە ژمارەیەک وڵاتی ڕۆژئاوادا جێگیرکراون، کە ڕێگە بە هەریەک لە هاوسەرەکان دەدات داوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی هاوسەرگیری بکەن بەبێ ئەوەی هەڵە لە بەرامبەرەکەدا بدۆزنەوە.
2- “هونەرمەندانی ئیغراکردن” و کەلتووری “نێری ئەلفا”: ئەم گروپانە پێدادەگرنەوە لەسەر خۆ فێرکردنی ستراتیژەکانی ڕاکێشان و ملکەچکردنی ژنان لە ڕێگەی ئازاردانی دەروونی و سۆزداری (negging- پشتگوێخستن) و بەرەوپێشبردنی وێنەی نێری ئەلفا، واتە نێری باڵادەست لە پەیوەندییەکانیدا، و لە ڕووی جەستەییەوە بەهێز، و بە تەواوی متمانەی بەخۆی هەیە بەبێ ڕەچاوکردنی کەسانی دیکە.
3- – پارێزگارە نەریتیەکان و بیرمەندە کۆنەپەرستەکان: ئەم گروپانە بانگەوازی گەڕانەوە بۆ بەها تەقلیدییەکانی خێزان دەکەن، و جیاوازییە بایۆلۆژییەکانی نێوان ڕەگەزەکان وەک بنەمایەک بۆ دابەشکردنی ڕۆڵەکان لەناو کۆمەڵگادا سەیر دەکەن، ئەمە جگە لە بۆچوونە کۆنەپەرستەکانی سەقامگیری خێزان وەک پایەیەکی بنەڕەتی بۆ پاراستنی نەزمی کۆمەڵایەتی. بەشێک لەم بزووتنەوانە لەسەر بنەمای لێکدانەوەی ئایینی و ئەخلاقی دامەزراون کە ئەم مۆدێلەی پەیوەندی نێوان ژن و پیاو بەهێزتر دەکەن.
4- “ئنسێل -Incels” (عازەبیی نائیرادەیی): ئەم گروپە ڕەنگە دیارترین و مەترسیدارترین ڕەوتی مانۆسفێر بێت. ئەوانەی ئەم ڕەوتە پەیڕەو دەکەن، کەسانێکن، بەزۆری پیاو، کە بەهۆی نەبوونی ئەزموونی سێکسی یان سۆزداری هەست بە بێزاری دەکەن و ژنان و کۆمەڵگا بەگشتی بەرپرسیار دەکەن لە شکستەکەیان. لە ساڵانی ڕابردوودا چەند هێرشی توندوتیژی و تاوان ڕوویداوە کە ژنان و “پیاوە سەرکەوتووەکان لە پەیوەندیەکانیاندا” بوونەتە ئامانج. کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی (٢٠١٤)ی ویلایەتی کالیفۆرنیا کە بووە هۆی کوژرانی شەش کەس و برینداربوونی (١٤) کەسی دیکە، یەکەمین کوشتاری بەکۆمەڵی لەم جۆرە بوو کە لە ساڵانی دواتردا زنجیرەیەکی بەدوای خۆیدا هێنا. مانیفێستە (١٤٠) لاپەڕەییەکەی لەلایەن تاوانبارەکە، (ئیلییۆت ڕۆجەرز) خۆیەوە بڵاوکراوەتەوە، بووەتە بەڵگەنامەیەک کە تا ئێستاش زۆرێک لە گروپەکانی (ئنسێل) وەک بنەمایەک بۆ عەقیدەکانی خۆیان پشتی پێدەبەستن. لە هێرشی ساڵی (٢٠١٨) لە تۆرۆنتۆ (١١) کەس کوژرا و لە ساڵی (٢٠٢١) لە بەریتانیا پێنج کەس گیانیان لەدەستدا.
پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا بڵاوبوونەوەی خێرای ئەم ناوەڕۆکانە ئاسان دەکات، چونکە ئەلگۆریتمەکانی فەزای ئەلیکترۆنی پاڵ بە بینەرانەوە دەنێت بەشداری ناوەڕۆکەکە بکەن و ئەو جیاکاریـیە سیستماتیکە بە دژی ژنان لە شێوەی ناوەڕۆکی هێرشبەرانە بە خێراییەکی زۆر زیاتر لەجاران دووبارە بکەنەوە. جێگای سەرسوڕمانە کە دەستەواژەی “عازەبی بێ ئیرادە” بۆ یەکەمجار لە ساڵانی نەوەدەکاندا لەلایەن ژنێکەوە داهێنرا، بەناوی (ئالانا)، کە ئامانجی وەسفکردنی ئەزموونی تەنهایی و بێ هاوسەرگیری کەسیی خۆی بوو، ویستی فەزایەکی گشتگیر و ڕاستگۆیانە بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا درووستبێت. لەگەڵ تێپەڕبوونی کات دژەژنی خۆی خزاندە ناو کۆمەڵەکە و کرا بەشوێنێکی یەکجار دوور لە سەلامەتی. ئێستا، (ئالانا) دەڵێت دژەژنەکان “دەستەواژەکەیان لێ ڕفاندنم”.

سەرنجڕاکێشیی گوتاری مانۆسفیر:
شایەنی باسە، پەرەپێدەرانی مانۆسفێر لە بنکەیەکی کۆمەڵایەتی فراوان بەهرەمەندن کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت، بە ملیۆنان شوێنکەوتوویان لەنێو گەنجان و هەرزەکاران هەیە، لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان، لەنێویاندا وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک عێراق و هەرێمی کوردستان. ئەم ناوبانگیـیەیان لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە زۆر یارمەتیدەربووە بۆ دروستکردن و کەڵەکەکردنی سامانی گەورە. یەکێک لە کاریگەرە دیارەکان لەم بوارەدا کەسێکە بە ناوی (ئەندرۆ تەیت).

  • ئەندرۆ تەیت، پێشبڕکێکاری پێشووی بەرنامەی “برا گەورە” و خۆی بە شارەزای شێوازی ژیان ناودەبات و پاڵەوانی پێشووی جیهانی (کیک بۆکسینگ)، ئێستا یەکێکە لە گەورەترین کاریگەرەکانی مانۆسفێری سۆشیال میدیا. لە ناوەڕاستی ساڵی (٢٠٢٢) ئەم ئەستێرە بەناوبانگە بەریتانی-ئەمریکیـیە زۆرترین بەدواگەڕانی گووگڵی هەبوو لە جیهاندا. لە مانگی تشرینی یەکەمدا بوو بە موسڵمان، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی جەنجاڵیەکی ئۆنلاین. لە (تیک تۆک) هاشتاگی (ئەندرۆ تەیت) زیاتر لە (١٠) ملیار بینینی بەدەستهێناوە. خاوەنی چوار و نیو (٤.٥) ملیۆن فۆڵۆوەری (تویتەرە) و ماڵپەڕێکی هەیە لەسەر بنەمای بەشداریکردنە، “زانکۆی هاستلەرز”، کە گوایە زیاتر لە سەد هەزار (١٠٠،٠٠٠) خوێندکاری هەیە، ئامۆژگاری خێرا دەوڵەمەندبوون و ڕێنمایی خۆیارمەتیدان پێشکەش دەکات کە لە “٤١ بنەماکەی بۆ پیاوان”دا هاتووە؛ بۆ نموونە، “هەموو پیاوێک ئەرکێکی پیرۆزی هەیە ئەویش کە جەستەی خۆی بە بەهێزترین شێوەی شکڵ پێبدات”.
  • (تەیت) بە ئاشکرا دەڵێت کە ئەو دژە ژنە، ژن “موڵکی پیاوانە” لە کاتی هاوسەرگیریدا، پێویستە لە ماڵەوە بمێنێتەوە و ژنان لە پیاوان کەمترن. ئەو و براکەی بە یاسا داواکراون بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و دەستدرێژیکردنە سەریان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا قازانجێکی زۆری لە ڤیدیۆ دژە ژنە بەناوبانگەکانی بەدەستهێناوە.
  • زۆربەی شوێنکەوتوانی (تەیت) سەرنجڕاکێشییەکەی لە وێنەی بزنسمانێکی سەرکەوتودا دەبیننەوە، کە بە وتەی خۆی پیاوسالاری و کاری جیددی و پشت بەخۆبەستن بەرەوپێش دەبات. هانیان دەدات لە “نۆرماتیڤیەت – النمطیە” ڕزگاریان بێت و کۆنترۆڵی ژیانی خۆیان بکەن. ئەوان (تەیت) وەک ئەلگۆیەک و بەرجەستەکردنی خەون و ئاوات و خواستە بێهیواکانیان دەیبینن. وەک (تەیت) خۆی دەڵێت: “کۆشکێکی گەورەم هەیە، لیستی ئۆتۆمبێلی لوکسم هەیە، دەتوانم لە هەر شوێنێک بمەوێت بژیم، ژنێکی بێشوماریشم هەیە… من نمونەیەکی ناوازەم”.
    (تەیت) و هاوشێوەکانی مۆدێلێکی سەرکەوتنی بێ ناوەڕۆک بۆ نەوەیەک لە گەنجانی پەراوێزخراو دەخەنە ڕوو، کە توڕەن لە نەبوونی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و جیاوازییە چینایەتییە بەرفراوانەکان و بێکاری و نائەمنی، نەوەیەک کە هەست دەکەن کۆمەڵگا دەستبەرداریان بووە. خۆی وەک دژە دامەزراوە (anti- establishment) دەخاتە ڕوو، لایەنگرێکی گەورەی سەرۆکی ئەمریکا (دۆناڵد ترەمپ) و هێمای بانگەشە (دیعایە)ی بزووتنەوەی ماگا (MAGA ) یە، چونکە (ترەمپ) بەڵێنی گەڕاندنەوەی پیاوسالاری دەدات- نەک “جۆرە نەرمترەکەی”، بەڵکو “هەژموونی بێ بەربەستی پیاو”.

    پەیوەندی نێوان مانۆسفێر و ڕاستی توندڕەو:
    ئەوەی کە پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان ڕاستڕەوی توندڕەو و مانۆسفێردا هەبێت بەڕێکەوت نییە، بەو پێیەی هەردووکیان هاوبەشن لە ئایدۆلۆژیای پلەبەندی و باڵادەستی ڕەگەزێک بەسەر ڕەگەزێکی دیکەدا، گەڕانەوە بۆ شێوازە کۆنەپەرست و پارێزگارەکانی بنەماڵەی پیاوسالاری، دژایەتیکردنی ماف و ئازادییە سیاسی و مەدەنی و کولتوورییەکان، ڕەگەزپەرستی بەرامبەر بە کۆچبەران و شکۆمەندکردنی سەروەت و سامانی تاکەکەسی و باڵادەستی ماددی و جەستەیی و کۆمەڵایەتی تاکەکان بەسەر خۆشگوزەرانی گشتیی کۆمەڵگا.
    ئەم شەپۆلە نێرسالاریـیە هاوتەریبە لەگەڵ سەرهەڵدانی ڕەوتی سیاسی ڕاستڕەوی کۆنەپەرست و نیوفاشیستی لە سەرانسەری جیهاندا، کە لە دەیەی یەکەمی ئەم سەدەیەدا لە گۆشەکانی تۆڕی تاریکدا (dark web ) دەستیکرد بە شکڵگرتن و لە ساڵی (٢٠١٤)دا بە بەزۆری گەشەی سەند، هاوکات لەگەڵ ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا کە لە ئەنجامدا دۆناڵد ترەمپ بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٦ دا هەڵبژێردرا، و دواتر بە دووبارە هەڵبژاردنەوەی ترامپ لە نۆڤەمبەری (٢٠٢٤)دا تینێکی تازەی پیا هاتەوە. ئەو پیاوەی کە بە تێڕوانینی نزمی بۆ ژنان ناسراوە، و مێژوویەکی شەرمەزارکەری لە بەهرەبەرداری (ئیستغلالکردن) و سووکایەتیپێکردنیان هەیە، هەروەها بە ڕەگەزپەرستییەکەی بەرامبەر بە کۆچبەران و بە سیاسەتە بۆرژوازییەکانی کە دوژمنایەتی چینی کرێکار و هەموو دەستکەوتەکانیان دەکات. ئەو (٣٤) تاوانی یاسایی بەدواوەیە، بەڵام ئەمە هەمووی نەبووە ڕێگری ئەوەی دووجار هەڵبژێردرێت، نەک جارێک، بەوەی کە چارەسەری ساختە بۆ ویست و خواستەکانیان دەخاتە ڕوو.
    (ترەمپ) خۆی بە پیاوانێک دەورە داوە کە پەرە بە قەوانێکی سواوی (سترێئۆتایپێکی) نێرینەی باڵادەست دەدەن، و بێڕێزی بەو ژنانەی کە منداڵیان نییە دەکەن و جۆرێکی بەها خێزانییەکان بەرەوپێش دەبەن کە سەربەخۆیی ژنان کەم دەکاتەوە.
    هەر کە لە کەگەڵ ڕاگەیاندنی دووبارە هەڵبژاردنەوەی ترەمپ لە مانگی نۆڤەمبەردا، لافاوێکی بانگەوازی دژە ژنی سۆشیال میدیای گرتەوە، دڕندانەترینیان هەڵمەتێک لەلایەن (نیک فۆینتێس)، کاریگەر و پۆدکاستەری ناسیۆنالیستی سپی پێستەوە، لە (٥)ی ئەو مانگەدا بوو؛ ئەو دروشمی فێمینیستی “جەستەمان، هەڵبژاردەی خۆمان”ە کە لەلایەن بزووتنەوەی فێمینیستەکانەوە لە ساڵانی حەفتاکان پەسەندکرابوو شێواند و لەبری ئەوە نووسیبووی “جەستەی تۆ، هەڵبژاردەی من. بۆ هەمیشە”. پۆستەکەی لە ماوەی یەک هەفتەدا زیاتر لە (٩٠) ملیۆن بینەری هەبوو و زیاتر لە (٣٥) هەزار جار ڕیتویت کراوە، بەپێی دەزگای میدیایی (سی ئێن ئێن).
    هەر لە یەکەم سەعاتەکانی سەرۆکایەتییەکەیەوە، ترامپ دەستبەکاربوو بۆ جێبەجێکردنی پاکێجی سیاسەتە ئابوورییە کۆنەپەرستانە و دژە کرێکار و دژە هەژارەکانی، کە لەسەر بنەمای گۆشەگیریی ئابووری و هێرشکردنە سەر دەستکەوتە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، کە دەرئەنجامەکانی نەک تەنها ئەمریکا، بەڵکو زۆرێک لە وڵاتانی جیهان دەگرێتەوە. بەو پێیەی ئەمریکا وەک کاریگەرترین وڵاتە لە سیستەمی سیاسی جیهاندا، هەرچییەک لە ئەمریکاوە سەرچاوەی گرتبێت، لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا شەپۆل دەداتەوە، ئەڵبەتە بە پلەی جیاواز.
    هەرچەندە زۆرینەی کاریگەرەکانی (مانۆسفێر) و ڕاستڕەوەکان لە وڵاتانی ڕۆژئاوان، بەڵام گەڕانێکی خێرا لە ئینتەرنێتدا، گروپی هاوشێوە، هەرچەندە بچووکتر و کەمتر کاریگەر، لە هەندێک وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقادا، گەشەسەندوو دەردەخات.
    سەرهەڵدانی گرووپە ڕاستڕەو و توندڕەو و مانۆسفێرەکان بە شێوەی جۆراوجۆر ڕەنگدانەوەی لە کۆمەڵگاکانی ئێمەدا هەبووە. بۆ نموونە لە عێراقدا ئەم بزووتنەوەیە نەفەسێکی نوێی بە گوتاری پیاوسالاری و دژە ژنی بەخشیوە، و هانی ئەو کۆنەپەرستییە باوکسالارە بەسەرچووانەی داوە کە پێگەی ژنان نزم ڕادەگرن، و بنەماڵەی تەقلیدی شکۆمەند دەکەن و ئیمتیازاتی کۆمەڵایەتی و ئابووری لە ژنان زەوت دەکەن. ئەم ڕەوەندە لەم دواییانەدا بە هەموارکردنەوەی کۆنەپەرستی یاسای باری کەسی ژمارە (١٨٨)ی ساڵی (١٩٥٩) گەیشت.

    بۆچی ئەم شەڕە لە دژی ژنان، ئێستا؟
    سەرهەڵدانی مانۆسفێر دەتوانرێت لە لایەنێکدا، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە گەشەسەندنی بزووتنەوەی فێمینیست و دەستکەوتەکانی لە دەیەکانی ڕابردوودا و نیگەرانی پیاوسالارەکان لە لەدەستدانی ئیمتیازاتەکانیان لێکبدرێتەوە. ڕوونە کە هەموو بزووتنەوەیەکی پێشکەوتنخواز و ڕزگاریخواز کاردانەوەی کۆنەپەرستانە توندوتیژانەی بەدوادا دێت لەلایەن ئەو کەسانەوە کە هەست دەکەن فەزاکەیان داگیردەکرێت. ئەمە یەکەمجار نییە کە ئێمە شاهیدی سەرهەڵدانی کۆنەپەرستی دەبین وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە دەستکەوتە پێشکەوتنخوازەکان. بۆ نموونە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، لەگەڵ سەرهەڵدانی نیولیبرالیزمدا، شاهیدی بووژانەوەی بەها نەریتییەکانی خێزان و مۆدێلی بنەماڵەی پیاوسالاری بووین لەسەر دەستی نوێنەرانی ئەم جۆرە سەرمایەدارییە، وەک مارگرێت تاچەر، ڕۆناڵد ڕیگان و ئەوانی دیکە، لە پاشخانی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان، بزووتنەوەکانی مافە مەدەنییەکان، مافی ژنان و مانگرتنە گەورە کرێکاریەکانی ئەو سەردەمەدا.
    بەڵام ئەمە هەموو مەسەلەکە نییە. ئەم شەڕە دژی ژنان جیا نییە لە وێنە گەورەکەی گۆڕانکاری و ململانێ سیاسی و ئابوورییەکان کە لە جیهاندا ڕوودەدەن. بەشێکە لە زنجیرەیەک هێرشی بۆرژوازی بۆ سەر توێژە جیاوازەکانی سیستەمە ئابووریەکەی کە لەلایەن ترەمپ و سیستەمی سەرمایەداری بە گشتی نوێنەرایەتی دەکرێن. شانبەشانی هێرش بۆ سەر پەنابەران، بیانییەکان، هەموو ستەملێکراوەکان، و ئەوانەی پێویستیان بە ئاسایشی کۆمەڵایەتی، تەندروستی گشتی، پەروەردەی گشتی و هەر خزمەتێکی دیکەی گشتی هەیە، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی ئەمریکا، ڕوودەدات.
    مەعلوومە کە سەرمایەداری، هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە، تووشی قەیرانی دەورەیی بووە. لە هەر قەیرانێکدا دەبێت ڕێگای نوێ بۆ بەدەستهێنانی قازانج بدۆزێتەوە و هەوڵی هێنانەدی سەقامگیری بۆ بازاڕ بدات بۆ دڵنیاکردنەوەی وەبەرهێنەران، تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت. وەک دەبینین لە ئێستادا ڕژیم بە هۆی شەڕەکانی و ناسەقامگیری کەشوهەوا و گرانی تێچووی ژیان و نایەکسانییەکی بەرفراوان تووشی چەندین قەیرانی فرەلایەنە بووە. هێرشەکانی بۆ سەر ئەو گرووپانەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، بەشێک لەو دڵنیاییە بە ڕژیم دەبەخشێت. داخستنی سنوورەکان بەڕووی پەنابەران، زیندووکردنەوەی مەفهوومەکانی خێزانی تەقلیدی و پاڵپێوەنانی ژنان بۆ ناو ماڵ و دوورخستنەوەیان لە بازاڕی کار، لە لایەک پەرشوبڵاوی چینی کرێکار مسۆگەر دەکات و لەوانەیە هەستێکی ساختە (تەنانەت ئەگەر کاتیش بێت) بۆ بەردەستبوونی هەلی کار و کەمبوونەوەی بێکاری لە لایەکی دیکەوە درووست بکات.

    دەرئەنجام:
    بۆ بۆرژوازی ناتوانێت بە ئاسانی ئەم جۆرە سیاسەتانە جێبەجێ بکات، مەگەر بە بەرگێکی ئایدیۆلۆژی بیانپێچێتەوە کە واقیعی ناکۆکیەکانی بشارێتەوە. دەبێت ئەوە بە بڵاوکردنەوەی ئەو بیرۆکانە بکات کە هەڵاواردن و ڕق و دووبەرەکی لە نێوان جەماوەردا پەرە پێ دەدەن، هەتاکوو ئاسانکاری بۆ ژێردەستەکردنیان بکات.
    ئەم ماشێنە فیکرییە بۆ بورژوازی زۆر گرنگە، بۆ بردنە پێشەوەی سیاسەتەکانی و دەستەبەرکردنی دەنگی کرێکاران بە هەر شێوەیەک بێت. ملیۆنان دۆلار بۆ ئەمە خەرج دەکات و هەموو میدیاکان بەکاردەهێنێت، دامەزراوەی بیرکردنەوە (Think Tank) و توێژەر و شیکار و تەنانەت هونەرمەند و نووسەر و شاعیر و ئەکتەر و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی فیلمی هەیە… کە هەموویان شەو و ڕۆژ وەک ئامرازێکی پڕوپاگەندە کاردەکەن بۆ پێشخستنی سیاسەتەکانی چینی دەسەڵاتدار بە شێوەیەکی ورد و شاراوە، بە مەبەستی چاندنی دووبەرەکی لە نێوان کرێکاران و قەناعەت پێکردنیان کە سیاسەتەکانیان لە بەرژەوەندی کرێکاراندایە.
    لە نێوان گاڵتەپێکردن (تەنانەت ئەگەر بە ناوی سوعبەتێکی ناسکیش بێت) و ئیهانە و کۆمێنتی نەخوازراو و هەراسانکردن و توندوتیژیدا، کە تەنانەت ڕەنگە بگات بە کوشتنیش، خەتێکی جیاکەرەوە نییە. زۆر گرنگە کە گرنگی بە بڵاوبوونەوەی ئەم دیاردانە بدرێت و ڕێگری بکرێت لەوەی گەنجان (و ژمارەیەک لە ژنانیش) بکەونە ژێر کاریگەری ئەم بیرۆکە دوژمنکاریانە دژی ژنان، کۆچبەران، یان گروپە هەژارەکان.. ئەم بیرۆکانە هەندێک جار لە شێوەی گاڵتە یان نوکتە، یان لە شێوەی بیرۆکەی کۆنەپەرست بە تامێکی زانستی، بەڵام بە ناوەڕۆکێکی ژەهراوی و شەرمەزارکەر، دەربڕینیان لێدەکرێت، ئامانج لێیان، ئامادەکردنی خەڵکە بۆ قبوڵکردنی ئەو بیرۆکە کۆنەپەرستانەی کە سیاسەتەکانی سیستەمی سەرمایەداری لەسەری بنیات نراوە و ناڕەزاییەکانی ئەوان بڕەوێننەوە.
    جووڵانەوەی مانۆسفێر و دژەژنی کە ئێستا بڵاوە، بەشێکە لەم ماشێنە فیکرییەی کە دووجار ڕێگەی بۆ هەڵبژاردنی ترەمپ خۆشکرد و بەشێکە لە سەرهەڵدانی فراوانتری ڕاستڕەوە توندڕەوەکان لەسەر ئاستی جیهان.

    ١٢-٥-٢٠٢٥
    شیرین عەبدوڵڵا




خەون و ئاواتی کۆمۆنارەکان، ئیلهامی دونیایەکی سۆشیالیستیـیە.. جەمال کۆشش

هەفتەی خوێناوی پاریس

(٢١) تا (٢٨) ئایاری ساڵی (١٨٧١) لەشکرێکی سەروو سەد (١٠٠) هەزار کەسیەوە، پڕ چەک و جبەخانە و ئەسپ سواری کۆماری فەرەنسا بە فەرمانی سەرۆکوەزیران ( تیرئەدۆڵف) لە مامەڵەیەکی ملکەچکەرانە و لەگەڵ (ئۆتۆ ڤۆن بسمارک)ی ئەڵمانیا کە چل (٤٠) هەزار سەربازی دیلی ئازادکراوبوون بەمەرجی دەستنەپاراستن و کوشتنی عەمدی بە ئەنقەستی لە کۆمۆنارەکان و خەڵکی پاریس و لێدوان نەدان بۆ هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندن، پاریسیان وێران و کاول کرد، کوشتاری بەکۆمەڵ، دیلکوشتن، ژنکوشتن و ئەتکردن و تاوانی سێکسی و بۆمبارانـیان ئەنجامدا. لە بەرامبەر نزیکەی چل (٤٠) هەزار گاردی نیشتمانی و کومۆنارەکاندا، هەر (٩٠٠) سەنگەرەکەیان داگیرکرد و حکومەتی هەڵبژێردروای شورایی کۆمۆنەیان ڕوخاند. بۆ ماوەی پێنج (٥) ساڵ حوکمی عەسکەرییان سەپاندو زیاتر لە پەنجا (٥٠) هەزار کەسیان بەرەو دادگای سەربازی و مەدەنی ڕاپێچکرد و لە شانۆگەرییەکی هەڵبەستراودا، بڕیاری لەسێدارەدان و زیندانی و دیپۆرتکردنەوەیان جێبەجێدەکرد. (پیر فیینەر) ژورنالیستی سۆسیالیست بە کوشتنی چل (٤٠) هەزار کەس مەزەندەی کردووە.

(ئوگین ڤالین) ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی ئەنتەرناسیۆنالی یەکەم، لە ڕۆژی (٢٨) مانگ دەگیرێت، پاش ئەشکەنجەدان دەیکوژن، کۆمۆن، گەورەترین شەڕی نێۆخۆیی لە مێژووی فەرەنسادایە.(هاڕەی چەکەکان و گولـلەبارانکردنەکان لە یەک بە یەکی شەقامەکان هەبوون، زۆرێک لە ژنان وەکو من بێتاوان بوون، دەستڕێژییان لیدەکردن و دەیانکوشتن بە تەنها ئەوە بەس بوو، شێوەیان لەوان بچوایە، ژنە نوسەر (لویسە کۆلت) بە چاوی خۆی بینویەتی و لە ڕۆژی بیست و هەشتی مانگی پێنج (٢٨/٥) نوسیویەتی، ڤێ دێ ئار ٥). ئەو ژنە زیندانیانەی دەگوازرانەوە بۆ ڤێرسای بەشەقامەکاندا تف باراندەکران و شتیان تێدەگرتن و ژنە دەوڵەمەندەکان بە چەترەکانیان لێیان دەدان. (ڤۆتز مەی چاوپێکەوتن لەگەڵ ژنە سۆشیالیستی ئەمەریکایی کارۆلین یۆت، ئیخنەر٢٠٢١).

کەمێ زانیاری بەزمانی کوردی

لەبارەی شۆڕشی سۆشیالیستی کۆمۆنە و یەکەم حکومەتی کرێکاری کۆمۆنارەکان لەپاریس لە (١٨) ئادار تا (٢٨) ئایار ساڵی (١٨٧١) بەزمانی کوردی، زانیاری یەکجار کەمە. پڕکردنەوەی کتێبخانەی سۆشیالیستی دەربارەی ئەم پرسە گرنگە، پەیوەندییەکی قووڵی بە بەدەرکردن و خاوێنکردنەوەی هەژموونی ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیستی و لیبڕالیزمەوە هەیە.

ئەم جەنگە چینایەتیـیە فراوانەی پرۆلیتاریا و کۆمۆنیستەکان و ئەنارکیستەکان و بلانکیستەکان و ڕۆڵ و کاریگەری ئەنتەرنسیۆنالی یەکەم و هاوپشتی و سۆلێدارەتی بزوتنەوەی کریكاری و کۆمۆنستی ئەوروپا لەو حکومەتەیان، بۆ کۆمۆنیستەکانی عێراق بابەتێکی لاوەکی و ڕاگوزەر نیـیە.

شۆڕشی کۆمۆنە، گرێدانی تەواوی ئازادییەکان و ڕزگاری کۆمەڵایەتی و بەختەوەری و برایەتی گەلان، شەتەک دەدات بە شۆڕشێکی واقعی لەدژی کاری بەکرێ و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری. جیاکردنەوەی بەتەواوی دین لە دەوڵەت و پەروەردە و گۆڕینی سیستەمی خوێندن و خۆڕایی کردن و ئیجباری کردنی خوێندن، قەدەغەی شەوکاری و کاری مناڵان و مافی هاوڵاتی یەکسان بۆ سەرجەم دانیشتوانی پاریس کە لەو دەمەدا زیاتر لە سەد (١٠٠) هەزار کرێکاری ئەڵمانی و پۆلۆنی و هەنگاری و ئیتالی تیا دەژیان.

ناسینی بە شکۆی مناڵانی دەرەوەی پەیوەندی نەریتی خێزان و مافی یەکسانی کرێی ژنان و پیاوان کە کێشەیەکی گەورەی خێزانە کرێکارییەکان بوو …هتد لەنێو جەرگەی شەڕی پروسیا (ئەڵمانیای ئێستا) و فەرەنسا، هەژاری کوشندە و کاری تاقەتپڕوکێنی و دوازدە (١٢) سەعاتی شەش ڕۆژە، نەخوێندەواری و نەخۆشیـیە بەربڵاوەکاندا، زۆر تایبەتە. ئەمانە شکاندنی ژورەکانی باستیلی سەرمایەبوون نەک، ڕیفۆرم.

لە زەمانی مانیفێستەوە

لە ئەوروپا بەگشتی و فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا و بەلجیکا و سویسرا، بزوتنەوەیەکی بەهێزی هەمە ڕەهەندی ڕادیکاڵی کرێکاری و سۆشیالیستی و دیموکراسی شۆڕشگێڕانە پەیدا ببوو دەیەی شەستەکانی ساڵی کۆمۆنە، دەیەی شکڵگرتنی یەکێتی و سەندیکا و خەباتی نێونەتەوەیی سوشیالیستی بوو. دەیەی پێکهێنانی دەیان و سەدان کۆڕی خۆڕۆشنبیرکردن و ڕێکخراوبوونی کرێکاران بوو. لە (١٨٦٦) ئازادی چاپ و کۆبونەوە پەسەندکرا لەلایەن پۆناپارتەوە، دەیان ڕۆژنامە و سەدان میتنگ سازدەدارن.

ئەنتەرناسیۆنالی یەکەم (١٨٦٤)، نەقابەکرێیەکارییەکانی بەریتانیا (١٨٦٦)، حزبی کاری ئەڵمانیا (١٨٦٦)، پەرەگرتنی حزبەکانی سوسیال دیموکرات شوڕشگێر لە ئەڵمانیا، لەگەڵ پەرەسەندنێکی زۆر خێرایی پیشەسازی و سەرمایەگوزاری کشتوکاڵی و کۆبونەوەی دانیشتوان لەشارەگەورەکان. سەرمایە لەپڕ کەڵەکەیەکی بێوێنە و هەڵتۆقینی گەورە سەرمایەدارەکان و لەلایەکی ترەوە گەڕەکە هەژارەکان بە بڵاوتر و برسی تر و خێزانەکرێکارییەکان بۆ بژێوییان دەبوو هەموو کار بکەن. کۆمۆنیزمی شۆڕشگێر ئیدی بەرەو هەنگاوی کۆمەڵایەتی چینایەتی گەورە دەردەکەوت، … لقەکانی ئەنتەرناسیۆنال لەئەڵمانیا و فەرەنسا و بەلجیکا و بەریتانیا و ئەمەریکا و ڕوسیا لە گەرمەی تێهەڵچونەکاندا بوون.

هاوپشتی نێونەتەوەیی کرێکاری

ناردنی نوێنەری ئەنتەرناسیۆنال بۆ کۆمۆنە (ئەلیزابیت دیمتری و هاوڕێێەکی) کە دەیەمین ڕۆژ دەگەن، ئەلیزابیت کە خۆی بەڕەچەڵەک ڕوسیـی بوو وە بۆ خوێندن هاتبوو بۆ جنێف، لەوێ لەگەڵ کۆمۆنیستەکانی جنێف ئاشنایەتی پەیدا دەکات و ئەوانیش بۆ لەندەن بۆ لای مارکس دەینێرن، وە لەسەر داوای مارکس دەڕوات. هەر چەند تەمەنی ٢٠ ساڵە بەڵام یەکسەر دەست بە هەڵسوڕانی جددی دەکات و گەورەترین و کاریگەرترین ڕێکخراوە بەناوی (یەكێتی ژنان) دروست دەکات. کرێکارانی ئەڵمانیا لەشارەکانی بەرلین، لیپتزیگ، دیدرسدن، خیمنتز، هامبورگ، هانۆڤەر، برێمن، ئیلبرفێلد، نۆرمبیرگ، دەستیان بەچالاکی سیاسی و کۆبونەوەیان پشتیوانی بۆ کۆمۆنارەکان کرد. لە نامەیەکی پیرۆزباییدا سێ (٣) هەزار کرێکاری هانۆڤەر هاوچارەنوسی خۆیان بۆ کۆمۆنارەکان ناردبوو. (فرێرنارد ئۆگۆست بیبل) هەڵسوڕاوی کرێکاری و ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا و دامەزرێنەری حزبی سۆشیال دیموکرات، لێبڕاوترین کۆمۆنستی نێونەتەوەیی بوو کە لە دژی سیاسەتی عەسکەرتاریەتی وڵاتەکەی خەباتی دەکرد داوای وەستانی جەنگی دەکرد کە ئەو دەم لەشکری ئەڵمانیا، تەوقی پاریسیان دابوو. کرێکارانی بەریتانیا و نەمسا و بەلجیکاش بەهەمان جۆر. بڵاوکراوە و ڕۆژنامەکانیان هەموو ڕۆژێک بەوردی ڕوداوەکانی شۆڕشیان دەگواستەوە.

شۆڕش و ڕیفۆرم و ژنان و کۆمونە

هەرچەند لەم نوسینەدا،هیچ دەرفەت نیە، ئەزمونی کۆمۆنە شرۆڤە بکەم. چەند دێرێک زۆر بەپێویست دەزانم کە بینوسم لەپەیوەند بە حکومەتی دیکتاتۆری پرۆلیتاریای پاریس. کۆمۆنە لە دوازدە (١٢) شوێنی تر دامەزرا لە (لیۆن) و (مارسیلا) تەمەنیان دوازدە (١٢) ڕۆژ بوو. ببینن بۆرژوازی بە چ کوشتارێک حکومەتی هەڵبژێردراوی کۆمۆنارەکانی خاپوور کرد. سەد و نەوەد (١٩٠) هەزار کەس دەنگیان بە کۆمۆنەدا، چل و پێنج (٤٥) هەزار کەس دەنگیان نەدا. خێزانە بۆرژواکان زووتر شاریان چۆڵکردبوو.

ئەو دەمە کۆماری فەرەنسا لە کێبڕکێیەکی ئیمپریالی گەورەدا بوو لەگەڵ بەریتانیا و ئەڵمانیا، لە شەڕدا بوو لەگەڵ پروسیا، بەڵام کرێکاران و سۆشیالیستەکان، خەباتی بنچینەیی خۆیان جێنەهێشت و فریوی کێشمەکێشەکانی نێو باڵەکانی بۆرژوازیان نەخوارد.

مارکس لەو بارەوە زۆر بەباوەڕەوە دەڵێت، کۆمۆنە حکومەتی فراکسیۆنێکی بۆرژوازی نەبوو بدرێتە فراکسیۆنێکی تر. کۆمۆنە خۆی حکومەتێک بوو بۆ تێکشکاندنی ئەم ئامڕازە سەرکوتکەرە شەرمهێنەرە.

هەرچەند دووژنە هەڵسوڕاوی کۆمۆنە خۆیان پێشتر هەڵسوڕاو بوون لەگەڵ چەند ژنە بۆرژوازییەکی تر بۆ بەدەستهێنانی مافی دەنگدان، بەڵام هیچ گرنگیـیەکی لە کۆمۆنە نەبوو بۆیان، ئەوان بەشوێن گۆڕینی سیستەمەوە بوون تەنانەت لە حکومەتی کۆمۆنەشدا، ئەوان هەرچەند بەتالێۆنی خۆشیان هەبوو، وە دواین کەس بوون کە شکستیان خوارد، ژنان لەو دەمەدا بەتەواوی دەیانەویست قوچکەیی (هیراکیەتی) چینایەتی و جێندەری هەڵتەکێنن.

جەمال کۆشش

ئایاری ٢٠٢٥




کرێکارانی کورد لە شۆڕشی ١٩٥٨-١٩٥٩ی عێراق.. نووسینی ڕۆبن سامۆێڵز.. وەرگێڕانی: گۆران عەبدوڵڵا

تێبینی: ئەم وتارە بەشێکە لە کتێبێک بە ناوی ( کوردستان و خەباتی رزگاری نەتەوەیی) کەمشتومڕێکە لە نێوان کۆمەڵێک رێکخراوەی سۆشیالیستی لە ئەوروپاو ئەمریکا سەبارەت بە دۆزی کورد و شۆڕشەکانی. لە دەرفەتێکی نزیکدا بە شێوەی کتێب لە دەنگەکان بڵاو دەبێتەوە.

-نووسینی ڕۆبن سامۆێڵز، دووبارە چاپکراوەتەوە لە وۆرکەرز ڤانگارد ژمارە ٣٧٠، ١١ی کانوونی دووەمی ١٩٨٥

١ی تشرینی دووەمی ١٩٨٤
بۆ سەرنووسەر:

سڵاوی سپارتاکۆستی بۆ کۆنفرانسێکی کوردی لە ئەوروپای ناوەڕاست (“بۆ کۆماری سۆسیالیستی کوردستانی یەکگرتوو”، وۆرکەرز ڤانگارد ژمارە ٣٦٢، ١٤ی ئەیلولی ١٩٨٤) دەڵێت: “هەرچەندە کرێکاری کورد زۆرن، بەڵام زۆربەیان لە دەرەوەی ئەو ناوچە جوگرافیانە کار دەکەن کە زۆرینەی نەتەوەیی کوردیان تێدایە”؛ “پرۆلیتاریای کورد بە شێوەیەکی سەرەکی لە دیاسپۆرادا هەیە.” لەوانەیە ئەمە لەمڕۆدا ڕاست بێت بەهۆی سیاسەتی “بەعەرەبکردن”ی کوردستان کە لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراقەوە بەڕێوە دەچێت. بەپێی کتێبی “گەلێک بێ وڵات: کورد و کوردستان” (١٩٨٠)، کە جێرارد چالیاند ( Gerard Chaliand ) ئامادەی کردووە، زیاتر لە ٢٠٠,٠٠٠ کورد لە ناوچە ستراتیژییە نەوتییەکانی کوردستانی عێراق دوورخراونەتەوە. بەڵام ئەو دۆخە لە ڕووی مێژووییەوە هەمیشە وا نەبووە. کرێکارانی کوردی کۆمۆنیست لەم کێڵگە نەوتیانەدا ڕۆڵێکی گرنگیان گێڕاوە، ئەگەرچی ناکۆکیش بوو، لە سەردەمی شۆڕشگێڕانەی دوای ڕووخانی پاشایەتی لە ١٩٥٨ .

عێراق، وەک زۆربەی دەوڵەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دروستکراوێکی دەستکردی دابەشکردنی ئیمپریالیستی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانییە دوای جەنگی جیهانی یەکەم. لە سەردەمی عوسمانیدا، کوردستانی عێراق ویلایەتی (بەشی کارگێڕی) موسڵ بوو. بەریتانیای سەرکەوتوو موسڵی لەگەڵ ویلایەتەکانی بەغداد و بەسرە لە دەوڵەتێکی هاوبەشدا یەکخست، هەم بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم ناوچە دەوڵەمەندە بە نەوت و هەم بۆ ئەوەی ئابوورییەکی گونجاو بدات بە عێراقی ژێردەستی خۆی. تا دواییش پارێزگای کەرکوک کەلە ناو دڵی کوردستانی عێراقە ٩٠٪ی بەرهەمی نەوتی عێراقی دابین دەکرد. تەنانەت لەگەڵ گەشەپێدانی کێڵگەکانی بەسرە لە باشوور، لە کۆتایی حەفتاکاندا کەرکوک بەردەوام زیاتر لە ٧٠٪ی بەرهەمی نەوتی وڵاتی دابین دەکرد.
لە دەوروبەری کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک، چینێکی کرێکاریی شۆڕشگێڕی کۆمۆنیست پەرەی سەند کە زۆربەیان کورد بوون. وەک ئوریێل دان لە کتێبی عێراق لەژێر دەسەڵاتی قاسم (١٩٦٩) ( Uriel Dann wrote in Iraq Under Qassem (1969 )نووسیویەتی: “هەزاران کرێکار لە دامەزراوە نەوتییەکان، کە زۆربەیان کورد بوون، لقێکی خۆجێیی کۆمۆنیستیان پێگەیاند کە مێژوویەکی خەباتکارانەی بێ وێنەی لە عێراقدا هەبوو.” بەڵام، ئەم چینە کرێکارییە کوردە ڕاستەوخۆ لە خەڵکی جوتیار و کۆچەری شاخەکان وەرگیرابوون کە (هێشتاش) لەژێر دەسەڵاتی فیودالی و خێڵەکی و نەریتدا بوون. هەرچەندە شۆڕشگێڕ بوون، هۆشیاریی چینایەتی ئەم پرۆلیتاریایە سەرەتایی بوو. وەک لە خۆپیشاندانە خوێناوێکەی کەرکوک لە تەمموزی ١٩٥٩ پیشانی دا، ئەندامێتی لە حزبی شیوعی عێراقدا، کە لە باشترین حاڵەتدا دیدیان زۆر ناڕۆشن بوو سەبارەت بە مافی چارەنووسی کورد، نەیتوانی کوردەکان لەخواستی نەتەوەیی خۆیان دوور بخاتەوە.

حشع نەک تەنها پرۆلیتارترین حزبی ستالینی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، بەڵکو هەمیشە ژمارەیەکی زۆر ئەندامی لە کەمینە نەتەوەیی و ئیتنیکییەکان هەبوو کە ڕۆڵێکی گرنگ و زۆر جار پۆستی سەرکردایەتییان لە حزبدا هەبووە. لە ماوەی پێش شۆڕشی ١٩٥٨، کۆمۆنیستە کوردەکان پێشەنگی زیندووکردنەوەی حزبێک بوون کە لە سەرکوتکاریی توندی چلەکاندا پەرتەوازە و ژێرزەمینی کرابوو. حەنا بەتاتۆ، لە توێژینەوە وردەکەیدا، (چینە کۆنەکان و بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکانی عێراق) (١٩٧٨)، ئاماژە بەوە دەکات کە لە ماوەی ١٩٤٩-٥٥ هەموو سکرتێرە گشتییەکانی حشع کورد بوون، وە نزیکەی سێیەکی کۆمیتەی ناوەندی و حزبەکە لە کوردستانەوە بەڕێوە دەبرا نەک لە بەغداوە.

ئەم قۆناغە بە هەڵکشانێکی بەرچاوی خەباتی چینایەتی و نەتەوەیی نیشانە کرا، کە بەهۆی پەیمانی بەناوبانگی بەغدا کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتگیری دەکرا و دژە-سۆڤیەت بوو لە نێوان بەریتانیا، ئێران، عێراق و تورکیادا. لەکاتێکدا هەموو بەشەکانی چەوساوەی ناوچەکە ڕقیان لێی بوو، بەڵام کورد زۆرتر ڕقی لێی بوو چونکە دوژمنە سەرەکییەکانی کوردی یەکخستبوو. لەلایەکی ترەوە، مامەڵەی دڵفراوانی یەکێتی سۆڤیەت لەگەڵ کەمینە کوردییە بچووکەکەی خۆی و پشتگیری کردنی کۆماری کوردی مەهاباد لە ئێران دوای جەنگی جیهانی دووەم، شکۆیەکی گەورەی پێ بەخشی لە کوردستان، بە جۆرێک کە لە پەنجاکاندا تەنانەت پارتە نەتەوەییەکانی کوردیش بانگەشەی “مارکسی-لینینی” بوونیان دەکرد.

بەم شێوەیە، هەموو نەتەوەی کورد و بەتایبەتی چینی کرێکاری شارنشینی بە گەرموگوڕییەوە پێشوازییان لە شۆڕشی ١٩٥٨ کرد، کە هێندەی دژی پەیمانی بەغدا بوو هێندەش دژی پاشایەتی گەندەڵ، داڕماو و سەرکوتکەری پشتگیریکراو لەلایەن بەریتانیاوە بوو. ڕژێمی ناسەقامگیری بۆناپارتی جەنەراڵ قاسم، ڕابەری شۆڕشی ١٩٥٨، لە سەرەتادا هەوڵی دا دەسەڵاتی خۆی پتەو بکات بە پشتبەستن بە حزبی کۆمۆنیستی عێراق، کە هەرچەندە بچووک بوو بەڵام ڕابەری بێ ڕکابەری چینی کرێکاری عێراق بوو، هەم عەرەب و هەم کورد. لەجیاتی بەدواداچوونی ئەم دەرفەتە دەوڵەمەندە بۆ شۆڕشی پرۆلیتاریا، حزبی کۆمۆنیستی عێراق خۆی ملکەچی قاسم کرد لە ڕێگەی “بەرەی نیشتمانی یەکگرتوو” لەگەڵ سێ پارتی بۆرژوازی (کە دواتر نەتەوەپەرستە کوردەکانیش پەیوەست بوون پێیەوە). خیانەتی شۆڕشی عێراق ڕاستەوخۆ لە کرملینەوە فەرمانی پێدرا، بە ناوی پتەوکردنی “ڕۆحی کامپ داڤید” لەگەڵ ئایزنهاوەر (کە وەڵامی بۆ شۆڕشی ١٩٥٨ دابەزاندنی ١٠,٠٠٠ مارینز بوو لە کەناری لوبنان). مێژوونووسی مارکسیست ئیساک دۆیچەر ( Isaac Deutscher ) لەو کاتەدا تێبینی کرد:

“خرۆشۆڤ ڕەتی کردەوە پشتگیری لە ڕاپەڕینێکی کۆمۆنیستی لە بەغداد بکات، لەترسی ئەوەی ئەمە دەستێوەردانی نوێی ڕۆژئاوا لە دەریای ناوەڕاستی ڕۆژهەڵات بوروژێنێت، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتە ئاگر و سیاسەتی پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی تێک بدات.” – دووبارە چاپکراوە لە دۆیچەر، ڕوسیا، چین و ڕۆژئاوا- (١٩٧٠)

ڕۆڵی هاودژانەی پرۆلیتاریای کوردی کۆمۆنیست لەم قۆناغەدا لە ڕووداوەکانی موسڵی مارسی ١٩٥٩ و کۆمەڵکوژی کەرکوک لە تەمموزی هەمان ساڵدا دەرکەوت. لە سەرەتای ١٩٥٩، ڕەتکردنەوەی یەکێتی “پان-عەرەبی” لەگەڵ ناسر لەلایەن قاسم و بەرنامەی چاکسازی زەوی و زاری سادەی، هاوپەیمانێتییەکی نائاسایی لە نێوان چینە کۆنەپەرستەکان و ناسرییەکان دروست کرد، کە پیلانی کودەتایەکی ڕاستڕەویان دادەڕشت. کودەتاکە دەبوو بە یاخیبوونێکی سەربازی لە موسڵ دەست پێ بکات. بە پێشبینی کردنی ئەم یاخیبوونە، حزبی کۆمۆنیستی عێراق بانگەوازی کۆبوونەوەیەکی جەماوەری کرد: لە سەرتاسەری عێراقەوە ٢٥٠,٠٠٠ گەنج، زۆربەیان چەکداربوون، ڕوویان لە موسڵ کرد. حزبی کۆمۆنیست توانی سەربازانی کورد و عەرەب دژی ئەفسەرەکانیان یەک بخات؛ کرێکارە هەژارەکانی گەڕەکە عەرەبە موسڵمانەکان و خێڵە کوردەکان و جوتیارانی ئەرمەنی کە لە گوندەکانەوە هاتن، پەیوەست بوون بە کۆبونەوەکەوە. توانرا کودەتاکە سەرکوتبکرێت و خۆشەویستی و دەرفەتی شۆڕشگێڕی حزبی کۆمۆنیست گەیشتە لوتکە.

ئەمەش کۆمەڵکوژییەکەی کەرکوکی تەمموزی ١٩٥٩ی زیاتر تراژیدی کرد. لە دوای شۆڕشی ١٩٥٨، حزبی کۆمۆنیستی عێراق کۆنترۆڵی زۆربەی حکومەتە خۆجێییەکان، میلیشیاکان و تەنانەت بنکە سەربازییەکانی لە دەستی خۆیدا کۆکردەوە. لقی حزبی کۆمۆنیستی عێراق لە کەرکوک کە زۆربەی کورد بوون، ئەم کۆنترۆڵەیان بەکارهێنا بۆ پەرەپێدانی ناکۆکییەک لەسەر ساڵیادی یەکەمی شۆڕش و کردیانە خوێنڕشتنێکی نێوان کۆمەڵگەکان، بەتایبەتی دژی تورکمانەکان کە بەشێکی زۆری چینی بازرگان و ناوەندی شارەکەیان پێکدەهێنا. یەک مانگ دواتر لە کۆبوونەوەیەکی کۆمیتەی ناوەندی کە بۆ چارەسەرکردنی دەرئەنجامەکانی کۆمەڵکوژی کەرکوک بانگهێشت کرابوو، حزبی کۆمۆنیست ناچار بوو سەبارەت بە ئەندامانی خۆی “ڕاکێشانی تەرمەکان، ئەشکەنجەدانی دەستگیرکراوان، تاڵانکردن و پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکانی هاوڵاتیان” ئیدانە بکات.

کۆمەڵکوژی کەرکوک خاڵێکی وەرچەرخانی تراژیدی بوو بۆ حزبی کۆمۆنیست و چینی کرێکاری عێراق. داڕمانێکی گەورەی پشتگیری بۆ حزبی کۆمۆنیست دروست کرد و قاسم بەکاری هێنا وەک بیانوویەک بۆ سەرکوتکردنی کۆمۆنیستەکان. دەرفەتی شۆڕشگێڕی بەفیڕۆ درا، و لەگەڵیدا دەرفەتی دروستکردنی پرۆلیتاریایەکی کوردی خاوەن هۆشیاری چینایەتی. سەرکردایەتی زەحمەتکێشانی چەوساوەی کورد گەڕایەوە بۆ شێخ و خان و مەلاکان، وەک شۆڕشی دواتری نەتەوەیی کورد دەری خست. چونکە ئەو شۆڕشە، بە سەرکردایەتی مەلا مستەفا بارزانی، هێندەی لە بەرگری لە پەیوەندییە فیودالییەکان لە گوندەکاندا بوو هێندەش دژی شۆڤێنیزمی عەرەبی بەغدا بوو. لە ١٩٥٨-٥٩، پرۆلیتاریای ئەم نەتەوە دابەشکراوە، کە لەلایەن چوار دەوڵەتی سەرمایەداری چەوسێنەرەوە کەرتکرابوو، دەرفەتێکی بێوێنەی لەدەستدا کە ببێتە پێشەنگی ڕزگاری کۆمەڵایەتی، نەک تەنها بۆ بەشەکانی تری کوردستان، بەڵکو بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هاوڕێتان
ڕۆبن سامۆێڵز




پیپی مۆخیكا، پێوەر بۆ ئەخلاقی سەرۆك.. عەلی مەحمود محەمەد

كاتێك پزیشكەكەی لە سەرەتای ئەمساڵدا هاتە لای بۆ ئەوەی ئاگاداری بكاتەوە كە پشكنینی تاقیگەیی دەریخستووە كە جەستەی وەڵامی دواین چارەسەری ئەو شێرپەنجەیە ناداتەوە كە ساڵانێكە بەدەستیەوە دەناڵێنێت، موخیكا سەرۆكی پێشووی ئۆرۆگوای وتی: كاتی ئەوە هاتووە كە من بڕۆم، منیش بە ئامادەییەوە چەكەكەم دادەنێم”. بەم شێوەیە ئەم چەند مانگەی بە هێمنی بردە سەر, تەنانەت سەرەتای ئەم مانگە نەیتوانی بەشداری هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی وڵاتەكەی بكات و دەنگ بە پارتەكەی بدات., مەرگ ئەوەندە دڕندە بوو رێگای نەدا هەفتەی داهاتوو ئاهەنگی 90 ساڵەی لە دایك بوونی بگێڕێت, بەلام بەشداری سەركەوتنی كاندیدەكەی لە ساڵی 2024 بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری یاماندۆ ئۆرسی لە بەرەی بەرفراوانی چەپگەرا كرد, ناوی سەركەوتنەكەی نا دیاری بەجێهێشتن.
تا مرد لە گەڵ سەگەكەی مانوێلا و تراكتۆرە مۆدێل 1987 ەكەی ئۆتۆمۆبیلە فۆلكس فارگۆنەكەی بوو كێڵگە كشتوكاڵییەكەی لە لادێ بەجێ نەهێشت, لە گەڵیان سەری نایەوە, وەلێ كولتورێك لە رەوشت بەرزی و ئازایەتی بۆ مرۆڤایەتی جێهێشت..

بیبی كێیە؟
خوسی ئەلبەرتۆ مۆخیكا كوردانۆ ناسراو بە بیبی لە باوكێكی بە رەچەڵەك باسكی-ئیسپانی بە ناوی دیمیتریۆ و دایكێكی ئیتاڵی بەناوی ولوسی كوردانۆ لە 20ی ئایاری ساڵی 1935 لە شاری مۆنتفیدیۆی پایتەختی ئۆرۆگوای لە دایك بووە, لە تەمەنی 6 ساڵی باوكی مردووە, بۆ هاوكاریكردنی خێزانەكەی ملی كاركردن دەگرێتە بەر لە كێڵگەی كشتوكاڵی, لە تەمەنی 13 ساڵییەوە خولیای پاسكیل سواری بووەو پەیوەست بووە بە چەندین یانەی وەرزشییەوە, لە تەمەنی لاویدا پەیوەست دەبێت بە پارتی یەكێتی گەلەوە, دواتریش تێكەڵاو بە بزووتنەوە چەپگەراكان دەبێت, تەمەنی 15 ساڵ نەبوو, بەشداری خۆپیشاندانی كردووە بۆ كرێ دادپەروەرانە بۆ كرێكاران, زانكۆ تەواو ناكات خولیای سیاسەت دەبێت, سەرەتا بیری نەتەوەیی دەبێت, لە گەشتی سیاسی بۆ كوبا جیڤارا دەبینێت, لە ساڵی 1964 ەوە چووە ریزی بزاڤی تۆبامارۆسەوە, دوای 8 ساڵ لە پێشینەی كاری سیاسی لە ریزی بزاڤی چەپ, لە نۆڤەمبەری هەمان ساڵدا بزووتنەوەكە بە شێوەی فەرمی خۆی راگەیاند, كە لەساڵی 1960 دامەزرابوو لە لایەن راول ساندیكەوە, لە 2 ساڵی پێشوتر لە لایەن دامەزرێنەرانییەوە كاری سەربازی ئەنجامدرابوو, وەلێ وەك رێكخراو بە فەرمی خۆی رانەگەیاندبوو, مۆخیكا جەنگاوەرێكی گەنجی بزوتنەوەی رزگاری نیشتمانی تۆبامارۆس بوو, بە توندی داكۆكی لێدەكرد و تا مەرگ باوەڕی پێ بوو .
بیبی لە ژیانی گەریلاییدا 4 جار زیندانی كراوەو 9 گولەی پێوەیە, لە چەندین چالاكی سەربازییدا لە ناوجەرگەی پایتەخت بەشداری كردووە, كە سروشتی بزووتنەوەكەو وڵاتەكە وابوو خەباتی ناو شار هەڵبژێرن, بەهۆی ئەوەی وڵات شاخی تێدا نەبوو, گەریلا ماركسیستەكانی تۆبامارۆس تێكۆشانە چەكدارییەكەیان زۆرجار لە بەرژەوەندی هاووڵاتیان ئەنجام دەدا بۆ گەڕاندنەوەی مافەكانیان, ئەمە جیای دەكردنەوە لە بزاڤە چەكدارییەكان دی, بۆیە گۆڤاری تایمی ئەمەریكی نووسی ئەمانە لەسەر شێوازی رۆبن هود خەبات دەكەن .
بیبی لە ساڵی 1969 بەشداریكردووە لە گرتنی شاری باندۆی نزیك پایتەخت, كە بۆ ماوەیەكی كەم تۆبامارۆسەكان دەستیان بەسەردا گرت.
لە دوا نیوەرۆیەكی ساڵی 1970 بیبی لە گازینۆیەك لەگەڵ هاوڕێیانی دانیشتبوون لە بیر لافیای پایتەخت دوای ئاشكرا بوونی لە لایەن پۆلیسەوە, لە شەڕێكی دەستەویەخەدا دوو پۆلیس بریندار دە كات و خۆشی 6 گولە بەر سنگی دەكەوێت, لە نەخۆشخانەی سەربازی هاوڕێیەكی چارەسەری دەكات 12 بوتڵ خوێنی دەداتێ, دواتر دەینێرن بۆ زیندانی بۆنتا كاریتاس , مۆخیكا لەو زیندانە هەڵدێت, مۆخیكا لە نێو زیاتر لە 106 توپامارۆسیە و 5 زیندانییەی دی بوو كە لە مانگی ئەیلولی ساڵی 1971 لە زیندانی پۆنتا كارێتاس هەڵهاتن بە هەڵكەندنی تونێلێك لە ناو زیندانەكەوە كە دەچووە ژووری میوانی خانوویەكی نزیك, كە بە یەكێك لە نەبەردییە گەورەكان مێژووی نوێ دێتە ژماردن و كراوە بە فلیمی بەناو بانگی ز دۆگ, موخیكا دوای كەمتر لە مانگێك دوای هەڵهاتنی جارێكی دیكە دەستگیركرایەوە, بەڵام لە نیسانی ساڵی 1972دا جارێكی دیكە لە پۆنتا كارێتاس هەڵهات. لەو بۆنەیەدا ئەو و نزیكەی دوانزە هەڵهاتووی دیكە لە تونێلەكەوە هەڵهاتن كە لە لایەن توپامارۆسەكانەوە لە دەرەوەی زیندانەكەوە هەڵكەندرابوو.
جارێكی تر بۆ دواجار لە ساڵی 1972 دەستگیركرایەوە، نەیتوانی بەرەنگاری دەستگیركردن بێتەوە. لە چەند مانگی دواتردا وڵاتەكە تووشی كودەتای سەربازی ساڵی ١٩٧٣ بوو، لەم نێوەندەدا موخیكا و هەشت توپامارۆی دیكە بە شێوەیەكی تایبەت هەڵبژێردران بۆ ئەوەی لە ژێر دەستی سەربازیدا بمێننەوە وەك بارمتە و لە دۆخێكی خراپدا بمێننەوە. بە گشتی ١٣ ساڵ لە دیلدا ژیانی بەسەر بردووە.
ئابی 1972 , لە كاتێك خەوتبوو لەو دەشتە, بە رەشاش و بۆمبێكی دەستییەوە دەستگیركرایەوە, 13ساڵ لە زیندانی تاكە كەسییدا بوو, خۆی و هاوڕێكانی هیچ كەسێكیان نابینی, 7 ساڵ پەرتوكیشیان پێی نەدا بیخوێنێتەوە, زیندانەكان میزی خۆیان دەخواردەوە, گەورەترین كێشەیان میز كردن بوو, تا دایكی میزدانێكی بۆ هێنا, وەلێ پۆلیسەكان نەیاندا پێی, تا رۆژێك لە بەردەم شاندێكی بیانی ناڕەزایەتی دەربڕی و بووە خاوەند جێیەك تا میزی تێدا بكات, كە لە زیندان ئازاد كرا لە ساڵی 1985 میزدانەكە بەشانییەوە بوو , بەخۆی میزدانەكەیەوە لە دەرگای زیندان هاتە دەرەوە بەرەو ئازادی و خەباتی سیاسی پاش ئەوەی وڵات گۆڕا بۆ دیموكراسیەت.
بەهۆی ئەوەی چەندین جار لە زیندان هەڵات و گرترایەوە, بۆ زیندانی ژوری تاكە كەسی لە ناو بیرە قوڵەكان گواسترایەوەو 2 ساڵ لەو جهەنەمە بە تەنها مایەوە, پانتایی زیندانەكەی تەنها مەترێكی چوارگۆشە بوو, لەناو بیرەكە بۆقی بەخێودەكرد و جرجی تێر دەكردو زۆر لە كاتەكان لە زیندان تەنها مێرولەی دەبینی و هاوڕێی بوون.
بیبی یەكێك بو لە 9 بارمتەیەی تۆبامارۆس كە رژێم هەڕەشەی كرد بە لە سێدارەدانیان ئەگەر رێكخراوەكەی چەك هەڵبگرێتەوە.
13 ساڵی دوایی بێ دادگایی زیندانی كرا, وەك دیل لای سوپا هێڵرانەوە , كە هاورێكانی دەست بدەنەوە چەك ئیعدام دەكرێن.
بیبی بەردەوام لە زندانەوە لە پەیوەندیدا بوو لە گەڵ راول ساندیكی دامەزرێنەری تۆبامارۆس, لە ئازاری ساڵی 1985 لەو كاتەی لێبوردنی گشتی درا بۆ زیندانیان درا و دیموكراتیەت گەڕایەوە بۆ وڵات , حكومەتی دیكتاتۆری كە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا پشتیوانی بوو روخا, لە گەڵ رائۆڵ سندیك ئەنتۆناشیۆ و 11 لە سەركردەكانی دی تۆبامارۆس بە یەكەوە ئازاد كران, ئیتر لێرەوە قۆناغێكی دیكەی خەباتی ناو شار دەستی پێكرد.
كە خۆی و خۆشەویستە گەریلاكەی لە زیندان دەردەچن, بەهۆی خراپی گوزەرانەوە, خۆی كاردەكات لە كێڵگەی كشتوكاڵی و هاوسەرەكەی لۆسیا تۆبۆلانسكی(25-9-1944-) ” ئەندازیاری تەلارسازی, لە ساڵی 1969 پەیوەست بووە بە تۆبامارۆسەوە, لە كاتی چالاكی سەربازی ناسی, كە دواتر دەبێتە جێگیری سەرۆك كۆمار” لە بارێكدا كار دە كەن تا ساڵی 1986.
” لوسیا لە ساڵی 1967 ەوە پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ مۆخیكا دەبەستێت و پێكەوە ژیاون، جگە لە 13 ساڵ دابڕانی سەردەمی زیندانی مۆخیكا، لە ساڵی 2005 هاوسەرگیرییان كردووە، لە هەڵبژاردنی 31 ی ئۆكتۆبەری 2004 دا، سەرۆكایەتی لیستی چەپی بەرەی بەرفراوانی كردووەو و بە تەنها زیاتر لە پارتی كورالادۆی دەسەڵاتداری ئەوكات دەنگی هێناوەتەوە “
بیبی هەرچەندە چەندین جار لە دزینی بانكەكان بەشداریكرد بۆ هاوكاری خەڵك, رۆبن هودێكی راستەقینە بوو, بەلام كە لە زیندان دەرچوو تەنها خاوەند میزدانێك بوو بە شانییەوە, سامانەكەی هەر هێندە بوو.

بیبی و بزوتنەوەی تۆبامارۆس
تۆبامارۆس یەكێك لە گروپە چەكدارە ئەفساناوییەكانی ئەمەریكای لاتین , كە لە سەرتاسەری جیهان لایەنگر و بزاڤ و دەروێشی خۆی هەبوو, ئەم رێكخراوە بەناوی تۆباك ئەمارۆی دووەم (هیندییە سورەكانە) ناو نرا كە سەركردەیەكی ئەلینكای ئەمەریكای لاتین بوو لە ساڵی 1572 بە دەستی ئیسپانیەكان كوژرا.
بەرەی رزگاری نیشتمانی FLN ناسراو بە (Tupamaros ) لە ساڵی 1960 لە ئۆرۆگوای لە لایەن گروپێك كەسانی ماركسیەوە بە سەرۆكایەتی راول ساندیكی ماركسیستی پارێزەرەوە دامەزرا (“راول ساندیك ئەنتۆناكسیۆ لە بەرواری 16-3-1925 لە دایك بووە, لە بەرواری 27-4-1989 كۆچی دوایی كردووە, بە پسپۆری پارێزەر, وەلێ نەیان هێشت ببێتە خاوەند پیشەكە, لە پەنجاكان پەیوەست بوو بە پارتی سۆسیالستی ئۆرۆگوایەوەو وەك پارێزەرانی كرێكارانی كشتوكاڵی دەستی بەكار كرد,لە كۆتایی پەنجاكان بزووتنەوەیەكی دروست كرد بەناوی لە گەڵ ساندیكا دەبینە خاوەند زەوی, لە ساڵی 1958 نوێنەرایەتی سۆسیالستەكانی ئۆرۆگوای كرد لە كۆنگرەی سۆسیالستی جیهانی لە كوبا, بووە پارێزەری یاسایی كرێكارانی پیشەسازی شەكر, باوەڕی بە نا ناوەندی لە بەڕێوەبردن هەبوو لە ژێر كاریگەری فكری برۆدۆندا, هەرچەندە لە خەباتی چینایەتی پەیڕەوی لە بۆچونەكانی ماركس دەكرد, لەساڵی 1962 گروپی كاری راستەوخۆی دروستكرد, دوایی گۆڕا بۆ كۆمەڵەی تەنسیق, پاشان بوو بە تۆبامارۆس, لە ساڵی 1962 لە گەڵ كرێكارانی قامیشی شەكر پەلاماری یەكێتی ئۆرۆگوایان دا لە شاری مۆنتینیگرۆی پایتەخت و سوتاندیان , ئەمە یەكەم چالاكی رێكخراوەكە بوو, لە ساڵی 1963ش پەلاماری یانەی سویسرایان دایەوە لە پایتەخت و چەند چەكێكیان بە دەستكەوت گرت كە بووە هەوێنی بزوتنەوە چەكدارییەكەی تۆبامارۆس, مێژووی چالاكیەكەش بە بەرواری دامەزراندنی تۆبامارۆس داریكرا, لە ساڵی 1963 بەهۆی هەوڵی گرتنی راول سادیكەوە لە لایەن حكومەتەوەو خۆشاردنەوەو یاخی بوونی سەرۆكەكەیەوە, رێكخراوەكە چووە قۆناغی خەباتی ژێر زەمینییەوە, بەشێك لە هاوەڵانی ساندیك خۆیان تەرخان كرد بۆ پاراستنی راول سادیك و بەشەكەی تریان بۆ راهێنانی سەربازی چوون بۆ كوبا, لە ئابی 1970 دەستگیر كرا, لە سەپتەمبەری 1971 لە گەڵ 105 تۆبامارۆس كە بیبیشی لە گەڵدا بوو, لبە یاوەری 6 زیندانی دیكە هەڵاتن.لە یەكی سەپتەمبەری 1972 لە روبەروبونەوە لە گەڵ پۆلیس لە شاری مۆنتیفیدیۆی پایتەخت, پاش برینداربوونی بە سەختی لە دەموچاوی دەستگیر دەكرێت, دوای 13 ساڵ زیندانی لە ئازاری 1985 لەگەڵ سەركردەكانی دیكەی تۆبامارۆس بە لێبوردنی گشتی ئازاد بوو “) .
بەهۆی ئەوەی ئەو كات 80%دانیشتوانی ئۆرۆگوای شارنشینی بوون و نزیك بە نیوەیان لە شاری مۆنتینیگرۆدا دەژیان و لایەنگرانیان لە پایتەختدا بوون, هاوكات وڵات شاخی تێدا نەبوو وەك ئەو وڵاتانەی ئەوكات چەپەكان تیایاندا دەستیان دابووە خەباتی چەكداری دژ بە زەبروزەنگی سوپاس و حكومەتە راستگەراكانی پاشكۆی ئەمەریكا, بۆیە تۆبامارۆسییەكان خەباتی خۆیان لە شارەكانەوە دەستپێكرد بەتایبەت پایتەخت كرایە چەقی خەباتی چەكدارییان.
ئەم رێكخراوە لە یەكگرتنی چەندین گروپی ماركسیستی سەر بە دەستە و بۆچونی جیاجیا پێك هات ژمارەیان لەسەروبەندی گەشەكردندا بە 6000 بۆ 10000 گەریلا دیاریدەكرا, كە پێك دەهاتن لە سۆسیالستەكان و ماوی و ئانارشیستەكان ……, هێزەكانی دەوڵەتیش لە 12000 سەرباز و 22000 پۆلیس پێك دەهات.
ئامانجیان لە خەباتی چەكداری ناو شار ئەوەبوو زەمینەی شۆرشی سۆسیالستی خۆش بكەن, كە ئیلهامیان لە شۆڕشی كوباوە وەردەگرت,چالاكی تۆبامارۆسییەكان لە كۆتایی شەستەكان و سەرەتای حەفتاكان زیادی كرد كە بریتی بوو لە رفاندنی كەسانی كاریگەر لە ریزی حكومەت لە پێناو ئاڵوگۆڕپێكردنیان بە بەندكراوەكانی رێكخراوەكە و دەستبەسەردا گرتنی بانك و خۆراك و دابەشكردنی بەسەر هەژاراندا,رفاندنی كەسانی گەندەڵ لەناو حكومەت, سوتاندنی لقی كۆمپانیای جەنەراڵ مۆتۆڕ, رفاندنی فەرمانبەرانی پلە باڵای بانكەكان, چالاكیەكانی رێكخراوەكە لە ساڵی 1972 سنوری ئۆرۆگوای تێپەڕاند و پەڕیوەوە بۆ وڵاتانی دەوروبەر و مەترسی لەسەر وڵاتانی راستگەرای نۆكەرو پاشكۆی ئەمەریكای لەناوچەكە دروستكرد, لە مەكسیك بزووتنەوەی 23ی سەپتەمبەری كۆمۆنیستی و چەپی شۆرشگێر لە شیلی و سوپای سور لە یابان و گروپی سوپای سور ناسراو بە راف لە ئەلمانیا و ئەلویەی سور لە ئیتاڵیاو گەریلا چەپگەراكانی توركیا و فەنزوێلا …..ئیلهامیان لە تۆبامارۆسەكان وەردەگرت و هەمان رێچكەی تێكۆشانیان گرتە بەر, بەهۆی ئەو چالاكییە سەركەوتوانەی تۆبامارۆسییەكان ئەنجامیان دەدا كە لە بەرژەوەندی خەڵكدا بوو .
بزووتنەوەكە چالاكییەكانی بە پەلامار بۆ سەر بانكەكان و كۆمپانیاو ئەو شوێنانە دەست پێكرد كە خواردنی زۆر لێبوو پاشان بەسەر هەژاندا دابەشیان دەكرد , بۆیە لەسەرەتاوە وێنای رۆبن هودی بەخۆوە بینی كە ئێستا بۆتە ئارمی بزووتنەوە ناڕەزایەتیەكانی هەژاران كە بە بزووتنەوەی 99% ناسراوە لە سەرتاسەری جیهان.
لە ساڵی 1969 ئەمەریكا دان میتریۆنی لە ئێف بی ئایەوە نارد بۆ ئۆرۆگوای تا بە ناوی رێكخراوی ئەی ئای دی مرۆڤ دۆستەوە كار بكات, بۆ راهێنانی پۆلیسی ئۆرۆگوای بۆ سەركوتكردنی بزووتنەوەی تۆبامارۆس, كە پێشتر ناوبراو لە سەرەتای شەستەكان لە پێكهێنانی تیمەكانی مەرگ لە بەرازیل دژ بە چەپگەراكان هەمان رۆڵی هەبوو, لێ لە ئۆرۆگوای كاری ناوبراو راهێنانی پۆلیس بوو بۆ ئەشكەنجە دان بە كارەبا, تۆبامارۆسییەكان توانیان ناوبراو برفێنن و لە بەرامبەریدا داوای بەردانی زیندانییەكان بكەن, بەڵام كە وەڵامیان نەدرایەوە كوشتیان, بەهەمان شێوە باڵوێزی بەریتانیاشیان رفاند.
بەهۆی قەیرانی دارایی و گەندەڵی حكومەت لە ساڵانی 1970 بۆ 1971 حكومەتی ئۆرۆگوای پشتیوانی گەلی لە پشت نەما و كەوتە ناو قەیرانەوە, لە مانگی نۆڤەمبەری 1971 بڕیاردرا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.
بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكان چەپەكان بە تۆبامارۆسییەكانەوە بەرەی بەرفراوان (ئەمپیلۆ)یان دامەزراند, سەرجەم پارت و رێكخراوە چەپگەراكانی ئۆرۆگوای لە ریزەكانی خۆی كۆكردەوە لە سۆسیالست و شیوعییەكانەوە تا لاهوتی ئازادیبەخش , توانیان 18,6%ی دەنگەكان بهیننەوە, ئەمە یەكەم بەشداری تۆبامارۆسییەكان بوو لە هەڵبژاردنەكان, لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان پارتی سور توانی 40,3%ی دەنگەكان بهێنێتەوەو حكومەت پێك بهێنن و بەدوایدا بڕیاری شەڕی تۆبامارۆسی دا و تێسرەواندنی كاریگەریان لە بزووتنەوەكە دا و سەرۆك و 12 سەركردەی دیكەیان لە ناویاندا بیبی كەوتنە زیندانەوە تا لە ساڵی 1985 ئازادكران, هاوكات لە بەرواری 27-5-1972 زیندانی گەل كە دیلەكانی تۆبامارۆسییەكانی تێدا بوو لە پایتەخت ئاشكرا بوو كە باڵوێزی بەریتانیا جیفری جاكسۆن لەناو دیلەكاندا بوو, پەلاماری زیندانەكە درا, بەدوای شكستهێنانی سەربازی بەسەر تۆبامارۆسدا كودەتای سەربازی ئەنجامدراو پارتە سیاسییەكان قەدەغەكران و پەرلەمان هەڵوەشایەوە .
لە ساڵی 1989 كە ساڵی مردنی راول ساندیكی دامەزرێنەرە, تۆبامارۆسییەكان بزووتنەوەی بەشداری خەڵكیان دامەزراند كە لە گەریلاكانی پێشوو و چەند گروپێكی دیكە پێك دەهات, بۆ هەڵبژاردنی ساڵی 2004 بەرەی بەرفرانیان راگەیاند كە لە 18 پارت و رێكخراوی سیاسی پێك دێت لە گەریلاكانی تۆبامارۆسەوە بۆ شوعیەكانی سەر بە سۆڤیەت و سۆسیالستەكان و سۆسیال دیموكراتەكان و دیموكراتە كریستانەكان و لاهوتی رزگاریبەخش ……… .
لە كۆتایدا یادگارییەكی رۆبون هودیانەی تۆبامارۆسییەكانتان بۆ دەگێڕمەوە, شەوێك تۆبامارۆسییەكان دەدەن بەسەر یانەیەكی دەوڵەمەندەكاندا یەكێك لە دروشمە هەرە بەناو بانگەكانیان لەسەر دیواری یانەكە دەنووسنەوە ((یان هەموو سەما دەكەن, یان كەس سەما ناكات)), لەوساوە ئەم درووشمە بە سەرتاسەری جیهاندا بڵاو بوەوە, بە پێچەوانەی سەرمایەدارەكانی كوردەوە كە دەڵێن خەبات دەكەین لە داهاتوودا ئێوەش وەك ئێمەتان لێبێت, نەك لە ئێستادا هەموو وەك یەك بین و پێكەوە سەما بكەین, وەك لە خشتە بردنێكی خەڵك, ئەمان وتیان یان ئێستا هەموو سەما دەكەین یان كەس سەما ناكات.
لە كۆتا رستەدا دەڵێم تۆبامارۆسییەكان خاوەند ویژدانێكی زیندوو بوون وەك كۆمۆنارەكان, بەڵام سیاسەت دەبێت ریالیستیانە بچێتە پێشەوە بۆ ئەوەی بەردەوام و سەركەوتوو بێت, بۆیە لە قۆتاغی یەكەم شكستیان هێنا, لە قۆناغی دووەم سەركەوتن.

تۆبامارۆس و خەباتی سیاسی

تۆبامارۆس لە ساڵی 1994 دوو ئەندامی پارتەكەی بۆ یەكەمجارچوونە پەرلەمانەوە یەكیان بیبی بوو, ئەو سەردەمە بەوە ناسرا بە ماتۆڕ هاتوچۆی پەرلەمانی دەكرد, دوای 11 ساڵ كە سەركەتن لە هەڵبژاردنەان, بیبی لە نێوان ساڵانی 2005 بۆ 2008 وەزیری كشتوكاڵ و سامانی ئاژەڵی ئۆرۆگوای بوو لە یەكەم حكومەتی چەپگەرای لە مێژووی ئۆرۆگوایدا, پاشان لە پۆستەكەی دەستی كێشایەوە بۆ جێگیرەكەی وتی من شارەزایم لێ نییەو هەموو كارەكان ئەو دەیان كات با بۆ خۆی وەزیر بێت, لە مارسی 2010ەشەوە بووە سەرۆكی ئیكوادۆر, ئەو رۆژگارە كاتە بەتاڵەكانیان لەگەڵ هاوسەرەكەی كە لە روی حیزبییەوە بەرپرسی بیبیە خەریكی چاندن و پەروەردە كردنی گوڵن بون بۆ باشتر كردنی باری ئابوورییان, بیبی باوەڕی بە بیری ئاینی نەبوو, بۆینباخی نابەستی و بەرگی فەرمی سەرۆكایەتی لە بەرناكرد , بە شێوازە سادەییەكەی سەردانی وڵاتانی دەوروبەر و سەرۆكەكانیانی دەكرد, بەمەش بووە یەكێك لە سەركردە ئاوازەكان .
بیبی هیچ ژمارەیەكی بانكی نەبوو بۆیە قەرزاریش نەبوو, پارەشیی نەبوو, ئەمە گەورەترین بەختەوەری بوو بۆ ئەو, بە نرخترین شت كە هەیبوو سەگەكەی بوو بەناوی مانوێلا و ئەو ئۆتۆمۆبیلە بۆقیە فۆلكس واگن بیتڵەكەی بوو كە نرخەكەی لە بازاڕی وڵاتەكەی بایی 1945 دۆلار بوو, لە وڵاتانی بیانی بە تایبەت یەكێتی ئەوروپا چەند سەد دۆلارێكی كەم زیاتر ناكات, لە موچە مانگانەكەشی كە 12500 دۆلارە تەنها 775 دۆلاری بۆ خۆی هەڵدە گرت ئەوی دیكە وەك سەردەمی گەریلاییەكەی بەسەر رێكخراوە خێرخوازییەكان و هەژاراندا دابەشی دەكرد رۆڵی رۆبن هودییەكەی لە دەستبەسەردا گرتنی بانكەكانەوە گۆڕیوە بۆ دابەشكردنی داهاتی خود, لە دابەشكردنی گیرانی سەرمایەدارانەوە بۆ دابەشكردنی گیرفانی خود.ئەو دەیووت ئەوەندەم بەسە زیاترە لە داهاتی زۆر لە هاووڵاتیانی وڵاتەكەم چونكە زۆربەی گەلەكەم بە برسیەتی دەژێن, بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی شەرافەتمەندانە بژێم بەسمە.
لە سەردەمی دەسەڵاتداریەتی بیبیدا گەندەڵی بە ئەندازەیەكی زۆر بە پێی ئامارەكانی رێكخراوی شەفافیەتی نێو دەوڵەتی لە ئۆرۆگوای دابەزی , ئێستا ئۆرۆگوای یەكەم وڵاتە لە بواری كەمی گەندەڵی لە ناو وڵاتانی ئەمەریكا لاتین و ناوەنددا, لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەودا هەژاری لە 38% ەوە دابەزی بۆ 11% , لانی كەمی كرێ بە رێژەی 100% زیاد كرد.
لەو كێڵگەیەی كە ستۆدیۆ 45 مەترییەی كە كەوتۆتە ناو كێڵگە كشتوكاڵییەكەی هاوسەرەكەیەوە, 14 پیاوی پیری دیكە دەژێن, لە دەوروبەری خانویان دروست كردووە, وەك پیرخانەی لێهاتووە, بیبی لە ناو گەڕەكەكان لە گەڵ مناڵان یاری دەكرد, سەماو قسەی خۆش لەگەڵ هاووڵاتیانی سەر رێگاكەی دەكرد, هیچ پارێزەر و شوفێرێكی نەبوو, تەنانەت رێگای ماڵەكەی خۆڵ بوو تا ئێستاش قیرتاو نەكراوە, لە روی بیروباوەڕەوە ئەو خۆی بە چەپێكی نیمچە ئانارشیست دەزانی, وێڕای ئەوەی قسەكەرێكی لێهاتوو زیرەك و وردە لە سیاسەت و خوێنەرێكی جدی بوو, هاوكات ئەفسانەیەكی ئەرێنی سیاسییە جیگواراو گاندی و ماندێلا لە كەسایەتی ئەودا هەموو پێكەوە رەنگیان دایەوە, وەك جیگوارا جەنگاوەر بوو, پاڵەوانی شەڕی شەقامەكان بوو, عاشقی پەرتووكە سورەكان بوو, وەك گاندی سادە بوو, تەنانەت لە چینی براهماش نەبوو, بۆیە نەهرۆو گاندی تێپەڕاند, وەك ماندێلا لێبوردەیە كە بووە سەرەك كۆمار لێپرسینەوەی لەوانە نەكرد 13 ساڵ بە ئەشكەنجەوە لە زیندان هێشتیانەوە, تەنانەت داوای لێیان نەكرد دان بەتاوانەكانیان بنێن و داوای لێبوردن بكەن وەك پرۆسەی داننان بە راستییەكانی باشوری ئەفریقا.
بیبی دژ جگەرە كێشان بوو, لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەودا كەوتە كێشەوە لەگەڵ كۆمپانیای فیلیپ مۆریس, هاوكات لەسەردەمی حوكمڕانی ئەودا , بڕیاری مافی لە باربردن, زەواجی هاوڕەگەزەكان , چاندنی مەرەگۆنا بە ئاشكرا درا, لە گەڵ ئەمانەشدا مرۆڤ دۆستێكی نێونەتەوەییە , بە شێوازی جیا پێشوازی كرد لە قوربانیانی شەڕی ناوخۆیی سوریا, لە كۆشكی كۆماری پێشوازیكرد لە 100 منداڵی هەتیوی سوری, هەرچەندە گەریلا بوو, بەشداری شەڕی شەقامەكانی دەكرد, لێ دژ بە جەنگ بوو, نەك تەنها لە ناو وڵاتەكەی لە دەرەوەش سادەو ساكاربوو, لەسەردەمی حوكمڕانیدا فرۆكەی و ئۆتۆمۆبیلی تایبەتی و قافڵەی پاسەوانی ئاشكراو نهێنی وەك سەرۆكەكانی دیكەی نەبوو, تەنها ئۆتۆمۆبیلە بۆقییەكەی ئامرازی گواستنەوەی بوو, لە ئۆكتۆبەری 2015 كە چووە ئەستەمبوڵ لە میوانخانەیەكی 3 ئەستێرەیی خۆی و هاوسەرەكەی دابەزین, هەرچەندە كار بۆ هاووڵاتیانی ئۆرۆگوای دەكات وەلێ هاوكات سۆسیالستێكی نێونەتەوەییشە, یەكێكە لە ئەستێرەكانی كۆڕبەندی ساوپاولۆ , كە پارت و بزووتنەوە چەپەكانی ئەمەریكای لاتین لە ژێر چەترەكەیدا خۆیان رێكخستووە, هەرچەندە قسە لە روەوەو زۆر لێدوانی توندی دژ بە سەركردە چەپەكانی ئەمەریكای لاتین داوە بە بزنی شێت و كوێرەو شتی وا ناوزەدیانی كردووە, لێ لە كاتی كێشەكاندا هاوڕێیەكی بەوەفایان بووە, لە زیندان سەردانی لۆلای كرد و پشتیوانی بۆ دەربڕی, پشتیوانی حكومومەتی فەنزویلای كرد بەرامبەر شەڕی ئۆلیگارشییەكانی ناوخۆو ئەمەریكا, تا گەیشتە هاوسۆزی دەربڕین بۆ گەلی كورد لە باكوری كوردستان, لە هەركوێیەك پێویست بكات ئەو ئامادەیە.

هەمیشە لە پێشەوە
مۆخیكا لە ساڵی 1994 وەك ئەندامی پارلەمان هەڵبژێردرا, لە ساڵی 1999 وەك ئەندامی ئەنجومەنی پیران , لە ساڵی 2004 زۆرترین دەنگی لە لیستی بەرەی بەرفراوان هینایەوە ,لە ساڵی2005 بووە وەزیری سامانی ئاژەڵ, لە ساڵی 2008 لە وەزیری دەستیكێشایەوەو گەڕایەوە ئەنجومەنی پیران .
مۆخیكا لە هەڵبژاردنی 25ی ئۆكتۆبەری سەرۆكایەتی ئۆرۆگوای كە 89,9%ی دەنگدەران بەشداریان تێیدا كرد لە كۆی 2563397 دەنگدەر 2303336 كەس پشكداریان كرد لە خولی یەكەمی هەڵبژاردنەكاندا 1093869 كەس كە دەیكردە 49,6%ی دەنگدەران دەنگیان پێی داو نزیكترین پاڵێوراو نیوەی دەنگەكانی ئەوی هێنایەوە لە ناو 5 پالێوراوەكەی سەرۆكایەتی, لە خولی دووەمدا كە لە 29ی نۆڤەمبەری 2009 ئەنجامدرا توانی بەهێنانی 1183503 دەنگ كە دەیكردە 54,8% دەنگدەران بیباتەوە, هەرچەندە زۆربەی كاندیدەكان لە دژی هاوپەیمانیەتی موقەدەسیان پێك هێنا.

چەپ و حوكمڕانی لە ئۆرۆگوای
ئۆرۆگوای لە نێوان ساڵانی 2001 بۆ 2002 بەهۆی دابەزینی ریالی بەرازیلی ونەخۆشی تای مانگاو قەیرانی دارایی ئەرجەنتینەوە تووشی داڕمانی ئابووری هات, داهاتی نەتەوەیی بە رێژی 11%دابەزی ,بێكاری بە رێژەی 20% بەرز بوەوە بە تایبەت لە ناوچە لادێیەكان , 40%ی هاووڵاتیان باری ژیانیان بۆ ژێر هێڵی هەژراری دابەزی, لە ساڵب 1930 دا ئۆرۆگوای یەكێك بوو لە 10 وڵاتە دەوڵەمەندەكەی جیهان, هاوكات یاسای گرنگی هەبوو وەك 8 سەعات كار لە رۆژێك, پشوی دایكایەتی ,بۆیە ناونرابوو سویسرای ئەمەریكا, داهاتی تاك لە دابەزینی بەردەوامدا بوو, بە ناچاری وڵات 3,2 ملیار دۆلاری لە سندوقی دراوی نێو دەوڵەتی قەرز كرد, ئەم قەیرانە ئابورییە رێگای بۆ چەپگەراكان خۆش كرد تا تاباری فاسكۆیزی پزیشك و سۆسیالست خوازی ماركسیست لە 3ی ئۆكتۆبەری 2004 سەرۆكایەتی بەرەی بەرین بكات بۆ گەیشتن بە دەسەڵات, ناوبراو لایەنگرێكی سەرسەختی هەژاران و پێشتر پارێزگاری شاری مۆنتینیگرۆی پایتەخت بوو, كە گەیشتە دەسەڵات دەرگای كۆشكی كۆماری بۆ هەژاران خستە سەر پشت, ئەوەی شایانی باسە لە ساڵی 1994 هەردوو پارتی ركابەری سەرمایەداری دەسەڵاتداری پێشوو یەكیان گرت دژ بە بەرەی بەرفراوان بۆ ئەوەی نەگات بەدەسەڵات كاتێك تاباری فاسكۆیز مایەوە بۆ خولی دووەمی هەڵبژاردن.
خۆسێكا مۆخیكا ناسراو بە بیبی پشتیوانی فاسكۆیز بوو, تەنانەت ئەم گەریلایە لە كاتی سوێندخواردنەكەی لە تەنیشتییەوە بوو, چەپەكان پاش بە دەسەڵات گەیشتنیان لە نۆفەمبەری 2006 هەموو قەرزەكانی سندوقی دراوی جیهانیان دایەوە و رێككەوتننامەكەی لە گەڵیا هەڵوەشاندەوەو بێكارییان كەمكردەوە , هاوكات لەسەردەمی فاسكوێزدا سەرۆكی پێشووی وڵات ماریا بوردابیری و جەنەرال غریغۆریۆ ئەلزاریز زیندانیكران بەهۆی پێشیلكاری مافی مرۆڤەوە دژ بە تۆبامرۆسیەكان و چالاكانی سیاسی, ئەمەش پاش بڵاوبونەوەی پەرتووكی لۆس ئەنیۆس ئۆسكۆرۆس 1967-1987 لە نووسینی مێژوونووسی ئەمەریكی سكوت مایرز رویدا.
كاتێك خۆسیە مۆخیكا خۆی پاڵاوت بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری راستگەراكانی ئۆرۆگوای ترسیان لێ نیشت ئەم گەریلا ماركسیستە بگات بە دەسەڵات, تەنانەت ركابەرە سەرەكیەكەی لویس لاكای لە هەڵمەتەكەیدا بە رابردووی تۆبامارۆسیەكەی ویستی نەیارەكانی بترسێنێت و لە خۆی كۆیانبكاتەوە , لێ هاووڵاتیانی ئۆرۆگوای سەیری مۆخیكایان وەك گەریلای تۆبامارۆس و وەك سیاسیەكی میانەڕەو دەكرد لەم نێوەدا دابەش ببوون بەسەر دووبەرەدا, توندڕەو و میانەڕەو , بە تایبەت لایەنگرانی ئەو لە كرێكاران و جوتیاران پێك دەهاتن و چاوەڕوانی گرتنە بەری سیاسەتێكی ئابووریانەی رادیكاڵیان لێدەكرد , مۆخیكا وتی من وەك تۆبامارۆس هەڵنەبژێردراوم, وەلێ نكۆڵی لە رابردووم ناكەم, كە راستگەراكان دەسەڵاتیان بەجێ هێشت پاش ئەو قەیرانەی وڵاتی تێكەوت, بەرهەمی نەتەوەیی داڕمابوو بۆ 12,067 ملیار دۆلار لە ساڵێك,كە بیبی كورسی سەرۆك كۆماری جێ هێشت بەرهەمی نەتەوەیی وڵات گەیشتە 40,285 ملیار دۆلار , بیبی تەنها ژیانی خۆی چاك نەكرد, باری ژیای هەمووانی گۆڕی, بۆیە جێی خۆیەتی بە باوكی راستەقینەی گەل ناوببردرێت, ئەو ناوە تەنها پڕ بە پێسستێتی سیاسییەكی ئەفسوناوی ئاوایە.
ئێستا دوای مەرگی بیبی, كە ئۆرۆگوای بەجێهێشت, پۆستی سەرۆك كۆماری و پارێزگاری پایتەختیان بە دەستەوەیە.

ئەزموون لە بیبییەوە
14 ی “ئابی 2018” سەرۆكی پێشووی ئۆرۆگوای مۆخیكا ناسراو بە بیبی، وەك هەمیشە، جارێكی دیكە خۆی ئۆتۆمبێلە شینە بۆقییەكەی بونەوە سەردێری هەواڵەكانی جیهان، وەك سیاسییەك جیا لەوانی دی نیشان درایەوە، پاش ئەوەی دەستی لە ئەندامێتی ئەنجومەنی پیران كێشایەوە بێ وەرگرتنی خانەنشینی، كە لە ساڵی 2014 ەوە ئەندامی ئەنجومەنەكە بوو، هەرچەندە خۆ كاندیدكردنی بۆ پۆستی ئەنجومەنی پیران خۆی لە خۆیدا نیشانەی سادەیی ئەم سیاسەتمەدارەیە كە بە باوكی هەژاران لە وڵاتەكەیدا ناسراوە، پێشتر سەرۆكی وڵات بوو, ناوبراو رایگەیاند لە ئێستا بەدواوە خۆی تەرخان دەكات بۆ كاری سیاسی بزووتنەوەی بەشداری گەل (MPP)،
بیبی باوەڕی وایە , ئەوەی عاشقی پارەیە جێگای نییە لە سیاسەت, منیش ئەوەی بۆ زیاد دەكەم بەتایبەت لە بزاڤی چەپدا جێگای عاشقانی پارە نابێتەوە, لە نێوان گیرفانی خود و گیرفانی گەلدا دەبێت وەك بیبی گیرفانی گەل هەڵبژێردرێت, چەپەیاتی تەنها ریزكردنی وشەی دادپەروەری و یەكسانی نییە, تەنها بوون بە ئەندام لە پارتێكی شیوعی یان ماركسی یاخود سۆسیالستی نییە, بەڵكە سەرەتا كوشتنی ئارەزوە كەسییەكانە و تاواندنەوەیەتی لەناو داخوازەكانی خەڵك, خود بۆ خەڵك, نەك خەڵك بۆ خود, چەپایەتی پێش ئەوەی فكر بێت پەیمانێكی ئەخلاقییە, دیارە بە بێ تێۆری شۆڕشگێڕانە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە دروست نابێت, بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەش ئەگەر ئاكارو رەوشت و هەڵسوكەوتی شۆڕشگیِڕانە بەرهەم نەهێنێت ئاكامی داڕمانە.
بیبی رۆیی وەك جەستە, وەلێ وە ئاكار سەلماندی سەرۆك دەتوانێت دیوارو پەرژینی كۆشك و ماڵەكەی لە گەڵ خەڵك بڕوخێنێت, زیندانەكان بكات بە باخچەی گوڵ و رێحانە, نەك باخچەكان بكات بە بەنزینخانە.




ئەكشن لە دراماو فیلمی كوردی دا.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

وشەی ئەكشن (action): ئەو وشەیەیە كە دەرهێنەرەكان لەكاتی تۆماركردنی وێنە وەك ئاماژەیەك بۆ دەست پێكردنی تۆمار كردن لەگۆڕەپانی وێنەگرتن و و لەتەك لوكێشنی دیمەنەكان بەدەنگێكی بەرز بەسەر هونەركارەكان و ئەكتەرەكان بەكاری دێنن وشەی ئەكشنە.
ئەكشن ـ لە ڕەسەندا وشەیەكی ئینگلیزیە بەواتای جوولە كردن، ئاگا لێبوون، دەست پێكردن بەكارێك دێت، كە لە ڕێ‌ ی دەنگ و ئاماژە پێكردن، گوزارشتی لێ‌ دەكرێت،
لەفیزیكیشدا بەمانای گۆڕین لەشوێن و دەست پێكردنی كارە، بەرەو ئاراستەو ئامانجێكی دیاری كراو .
ئەكشن لەدراماو سینەماشدا بەمانای ئەو دیمەنانە دێن، كە بەدیمەنی توندو تیژی و ڕاوەدوونان، كوشتن و بڕین ، تەقەو تەقاندنەوە، بزووتنەوەی پاڵەوان بازی ناسراون.
ئەم پێناسە بۆ ئەو فیلم و ئەو زنجیرە تەلەزیۆنیانە دەگوترا كە لەسەدەی بیستەم بەرهەم هاتوون.
بەڵام دواتر ئەو شوناسە بۆ ئەكشن گۆڕا و ئەو فیلم و زنجیرانەی گرتە خۆی كە لە هۆلیۆدی نوێ‌ بەرهەم هاتوون، كۆمەڵێ‌ ئەكتەری گەورەی بواری ئەكشن پێی ناسراون .
لەئاسیادا جۆرە ئەكشنێكی تایبەتی باوە كە پشت بەهونەری كوشتار بەشیرو خەنجەرو ڕم و كەرەستە سەرەتاییەكانی دیكەی شەڕ بەكار هاتوون، بەتایبەت بۆ فیلمە مێژوویی و ئاینییەكان .
دواتر ئەو كەرەستانەی شەڕ لەگەڵ پێشكەوتنی زەمەن گۆڕان، بەتایبەت دوای جەنگی جیهانی یەكەم و دووەم .

كوردو ئەكشن:
كۆمەڵگای كوردی لە رێ‌ ی مێژوویەكی خوێناوی، هەموو ژیانی لەئەكشندا بەسەر بردووەەو زۆرێك لەمێژووی نەتەوەكەی بەشەڕو شۆڕو تراژیدیای گەورەو بەسەرهاتی جەرگ بڕ بەسەر بردووە، لەو تراژیدیانەی لە كەم لە فیلم و دراما ئەكشنە جیهانیەكاندا وێنەیان هەبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئارەزووی بینینی دراماو فیلمی ئەكشن دەكات، بەتایبەت ئەو دراماو فیلمانەی سەربوردەی خەبات و بە فۆرمێكی سەرنج ڕاكێش قارەمانیەتی كورد دەگێڕنەوە،.
بەڵام ئەگەر ئەكشن وەك زانست و دوورو نزیكی لە كورد سەیر بكرێت ، ئەوە بێ‌ شك ئەكشن هونەرێكی زەبەلاحەو پێویستی بەتەكنیك و تەكنەلۆژیایەكی زۆرو پسپۆری كارامە هەیە بۆ بەرجەستە كردنی .
ئێمەی كورد لەسەرەتای دەست پێكین و ئەوەش هەمانە بە توانای خۆمان نیەو بەشی هەرە زۆری بە پشت بەستن بەتواناو دەسەڵاتی دەرەوەی هەرێم بوونە.
ئەو دەرهێنەرانەش كە لەو بوارەدا كار دەكەن هاو شێوەی جوان بامەڕنی ، جەلیل زەنگەنە، حەسەن عەلی خان، میهران شیری ، بەپەنجەی دەست دەژمێردرێن و ناتوانن ئەو بۆشاییە گەورەیە پڕكەونەوە، كە لەو بوارەدا هەستی پێ‌ دەكرێت .
ئەكشن لە دراماو سینەمای كوردی دا:
ئەكشن لە دراماو سینەمای كوردی دا بەدەگمەنە و تەمەنیشی بەقەد تەمەنی دراماو دروست كردنی فیلمی كوردی كورترە.
بۆیە زۆربەمان هاوكوف لەگەڵ بەرهەمە ئەكشنییە كوردییەكان ژیاوین و ئەوە دەزانین كە بۆ كورد ئەكشن جۆرە درامایەكی نوێ‌ یە، لەكاتێكا بۆ هونەری گەلان خەریكە دەبێتە كەلەپوور.

بنەماكانی ئەكشن لەدراما كوردییەكاندا :
ئەكشن وەك شوناس دەبێ‌ بڵێین جۆرێكە لەدرامای تەلەفزیۆنی ،كە پشت بەو دیمەنە توندو تیژو سەرنج ڕاكێشانە دەبەستێت كە ڕوو بەڕوو بوونەوەی تاك تاكە یا بەكۆمەلً ، ڕاوە دوو نان و جەنگ و بۆردومان و خوێن ڕشتن و ململانێی شەڕو خیری، تیّدا ئەنجام دەدرێت ،بە فۆرمێك پاڵەوانیەتی، یا هێزێكی خەیاڵی بزوێنەری هەبێت .
لەزنجیرەی تەلەفزیۆنی كوردی دا پتر كار لەسەر ئەكشنی، مێژوویی ، سەربازی و جەنگ، ئایینی و ئایدۆلۆژی ، نەتەوەیی ، پۆلیسی دەكرێت .
ئەو دیمەنانەن كە پشت بە جوڵانەوەی سەرنج ڕاكێش دەبەستێت،
وەك ڕوو بەڕوو بوونەوەی جەستەیی، ڕاوەدوونان، تەقاندنەوە، ململانێی خێرو شەڕ، كە هەر هەموو ئەمانە، بە شێوازێكی خێرا بەبەر چاودا ڕەت دەبن.
تێیدا ئەو كاراكتەرانە دەبنە كرۆكی ڕووداوەكان، وەك پاڵەوانێك یا ئەفسانەیەك نیشان دەدرێن، لەو دیمەنانەدا بەگرێ‌ چنی سادە دروست دەكرێن كە بینەر بەپەرۆشەوە بە دوای چارەسەر كردنیاندا دەگەڕێت.

لەڕووی تەكنیكەوە:
وێڕای ئەو سەرەتا ساوایەی لە بواری سەرهەڵدانی زنجیرە درامای ئەكشنی كوردیدا سەر هەڵدەدەن، لە ڕووی بەكارهێنانی كامێرای نوێ‌ و مۆنتاژی پێشكەوتوو، بەڵام لەگەڵ هەموو ئاوانەشدا كیشەو ئاریشای هونەری زۆر هەن لە كاری درامیدا.
بەتایبەت كێشەی كادیرو دەرهێنەری پسپۆر، لەوانەی لە بواری دیزایینی دیمەنی ئەكشن دا خاوەن ئەزموونن، بە تایبەت لەهونەری كوشتارو كارلێكە دەنگییەكان، تەقاندنەوە و شتی تر.
لە ڕووی هونەرییەوە :
لاوازی دەبیندرێت لەنووسینی سیناریۆ، كێشەی كەمی گرێ‌ چنینیان تێدایە، هەست بەدووبارە كردنەوەی بیرۆكەی دیمەن هەیە، كەمی كاری درامایی لەڕووداوەكاندا.

نواندن :
وێڕای بوونی توانای باشی نواندن بەگشتی ،بەڵام بەشی زۆری ئەكتەرەكانی ئێمە شارەزاییان نیە لە بواری نواندن بۆ ئەكشن، هەروا نواندن بۆ ئەكشن پێویستی بەتوانای جەستەیی بەهێز هەیە، هەر بۆیەش (حەسەن عەلی خان ) بۆ بەشی دووەمی زنجیرە درامای ئەكشن بایەخی زۆری بە هندرێن عەبدولڕەحمان دا.
ئەكتەرانی ئێمە لە ئەكشندا كەم ئەزموونن، بۆیە پێویستیان بە كاتێكی زۆری ڕاهێنان هەیە، بە تایبەت لەڕووی جەستەیی و لەڕِووی بەكارهێنانی چەك ، یان ئەسپ سواری.
گرنگە دەرهێنەر هەوڵی ئەوە بدات ئەكتەری خۆماڵی بۆ درامای ئەكشن بەكار بێنێ‌ بۆ ڕهاتن لە فۆرمی ئەكشن، ئەمە دەبێتە بونیاتێك بۆ ئایندەی درامای كوردی.
بەڵام هەندێ‌ ئەكتەر بەر لەوە بەرژەوەندیە تایبەتیەكانی خۆیان دەخەنە پێش بەرژەوەندییە گشتیەكەو هەوڵ دەدەن ئەكتەری ناسراوی تر بەكار بێنن بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی ناوداریەتی بۆ دراماكان و قۆ رخ كردنی ناو.
بۆیە تۆ وەك بینەر كاتێ‌ دەبینی دەرهێنەر زۆرتر بایەخی بە هێنانە پێشەوەی ئەكتەری فارسی دەدات، بیرت بۆ ئەوە دەچێ‌ كە بەچاوێكی نزمتر تەماشای ئەكتەرانی خۆمان بكەیت،
بەڵام ئەم حاڵەتە لای هەموو دەرهێنەرەكان وەك یەك نیە، هەر بۆ نموونە دەرهێنەرێكی وەك جەلیل زەنگەنەو جوان بامەڕنی هیچ ئەكتەرێكی غەیرە كوردییان بەشداری پێ‌ نەكردووە، بەڵام ئەم حاڵەتە لای (حەسەن عەلی) شتێكی ترە، دراماكانی پڕن لە ئەكتەری ئینگلیزو تورك و فارس و عەرەب.
ئەمەش لەئەنجامدا بۆ بەرژەوەندی درامای كوردی هەڵناكەوێتەوە.
بەڵام دەرهێنەرێكی وەك حەسەن عەلیش پاساوی خۆی هەیە بۆ بەكارهێنانی ئەكتەری غەیرە كورد ـ و لەوانەیە پێت بڵێ‌ خۆ هەر ئێمەی كورد نین ئەكتەری بیانی بۆ بەرهەمەكانی خۆمان موتوربە دەكەین، ئەوەتا مستەفا عەقادیش ئەنتۆنی كوینی ئەمریكی هێناوە، ئەمریكی و فەڕەنسیەكانیش عومەرشەریفیان بۆ رۆڵی لۆرانسی عەرەبی هێناوە.
لە نواندندا ڕەگەز هێڵی سووری نیە بۆ بەشداری كردن ، بەڵكو تواناو لێوەشاوەیی و ناوداریەتی رۆڵ دەبینێ‌ لە دیاری كردنی ئەكتەرەكان، بەپێی بەرژەوەندی گشتی بەرهەمەكە، بەڵام چونكە ئێمەی كورد توانایەكی سنوور دارو نا سەقامگیری دارایی و هونەری سنووردارمان هەیە،لەزۆر حاڵەتدا دەكەوینە بازنەیەكی تایبەتی.

قەیرانی تیمی پسپۆر:
لەكاتی خۆ ئامادە كردن بۆ كۆ كردنەوەی ئەنجامەكان ، ڕووبەڕِووی كۆمەڵێ‌ گرفت دەبینەوە ، لەوانە:
گرفتی پەیدا كردنی دیزایینی شەڕەكان، لە ڕووی سەربازی، بەكارهێنانی چەك .
دەكرێ‌ ئامرازە پێشكەوتووەكان ئامادە بكرێن ، بەڵام وەك پێویست ناخرێنە بواری جێ‌ بەجێ‌ كردنەوە، بەهۆی:
كاتی زۆر بۆ ڕاهێنانی ئەكتەرەكان
دابین كردنی دەرهێنەری پسپۆر لە بواری ئەكشن دا.
دابین كردنی ئەو سینارستانەی شارەزای نووسینی فۆرمی درامای ئەكشنن,
لەسەرووی هەموویانەوە پشتگیری دارایی و بەرهەهێنانێكی نەخشە بۆ كێشراو
دەرهێنەری ئەكشن :
بەگشتی ئەو درامایانەی كە ئەكشنیان تیایە، پێویستیان بە جۆرێك لە شارەزایی و پسپۆری هەیەو هەموو دەرهێنەرێك ناتوانێت كار لە ئەكشن بكات ، بەڵام :
1.دەتوانێت لەو دیمەنانەی پێویستن ،پەنا بۆ كەسانی پسپۆر بەرێت ، بە تایبەت لەدیمەنی شەڕو شۆڕو بەرەنگار بوونەوەی شەڕی دەستەو یەخەو، شەڕی سەربازی و تەقینەوەو بەكارهێنانی بارووت و ئەسپ سواری و پاڵەوان بازی, بەكارهێنانی چەك و جۆرەكانی دیكەی ئەكشن.
2,دەبێت ئەو دەرهێنەرەی كار لەفیلم و درامای ئەكشن دەكات، شارەزاییەكی زۆری هەبێت لە بواری تەكنیكی و هونەری وێنە گرتن و مۆنتاژ و ِِووناكی و هەموو ڕەگەزەكانی دیكەی دراماو بە هاوسەنگی تەوەرەكان بەڕێوە ببات.
3.توانای پێشڕەوی كردنی تیمە هونەریەكانی هەبێت بەیەكەوە.
یەكەم فیلمی ئەكشنی كوردی:
. فیلمی (گردی پییرۆز ) ی دەرهێنەر (جوان بامەرنی) بەیەكەم فیلمی پرۆفیشتالی ئەكشن دادەندرێت لەمێژووی سینەمای كوردی دا ، بەو پێیەی یەكەم ئەزموونی سینەمایی پێكهێنا كە سروشتی كردار و گێڕانەوەی نەتەوەیی تێكەڵ یەكتركرد، تابلۆیەكی هونەری پێشكەش كرد كە خەباتی پێشمەرگە لە دژی هێزی داگیركەر بەرجەستە بكات.لە نواندنی جیهاد دڵپاك، حەمە عەلی خان، عەبدولی حەمە جوان .
فیلمەكە ئەگەرچی بەكوالیتێكی نزم وتوانایەكی كەم بەرهەم هاتووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كۆمەڵێ‌ ئاماژەی گرنگی لەكۆمەڵگای كوردی ئاما ژە پێدا لەوانە:

  1. خەباتی ئافرەتی كورد
    بەرجەستەی خەباتی ئافرەتی كورد دەكات، لەبەرەكانی شەڕدا شانبەشانی برا پێشمەرگەكانیان .
    2- ئاڵای كوردستانی یەكگرتوو:
    فیلمەكە ناوازەیە بەوەی دروشمی كوردستانی گەورە بەرز دەكاتەوە، بەبێ ئەوەی لایەنگری هیچ ئایدۆلۆژیایەكی حزبی و ڕێكخراوێكی سیاسی دیاری كراوی حزبی بكات.
    ئەو بەرهەمە نوێنەرایەتی بانگەوازێكی تەواوی ناسیۆنالیستی دەكرد،كە هاوتەریب بێت لەگەڵ خەونەكانی ئازادی و سەربەخۆیی، بەپێچەوانەی هەندێك زنجیرەی هاوچەرخی كوردی .
    3- گەشەسەندنی تەكنەلۆژی و دابەزینی ناوەڕۆك:
    هەرچەندە بەرهەمە مۆدێرنەكان تەكنیكی پێشكەوتووی وێنەگرتن و دەرهێنانیان تێدایە، بەڵام زۆرجار بەدەست كەمی ناوەڕۆكێكی توندەوە دەناڵێنن، بیرۆكەی ڕووكەش دووبارە بەكاردێننەوە، یان لە پەیامە نیشتمانپەروەرییەكانیان بەتاڵ دەبنەوە.
    4- ڕۆحی نمایش لەڕابردوودا:
    ئەكتەرەكانی ڕابردوو بە جۆش و خرۆشێكی گەورە تایبەتمەند بوون كە لە باوەڕێكی قووڵ بەدۆزی نەتەوەییەوە سەرچاوەی گرتبوو، ئەم باوەڕە لە ئەدای ڕاستگۆیانە و كاریگەرەكانیاندا ڕەنگدانەوەی هەبوو.
    5- مۆڕاڵ و تێچوون:
    بەرهەمەكانی پێشوو بەسەرچاوەیەكی سنووردار بەرهەم دەهێنران، بەڵام هێزیان لەمۆڕاڵێكی بەرزدا بوو، بەو پێیەی هەموو كارمەندەكان باوەڕیان بەگرنگی پەیامەكە هەبوو.
    ئەمڕۆ سەرەڕای خەرجكردنی بودجەیەكی زۆر، لاوازی تەكنیكی زاڵە بەهۆی خراپی دامەزراندنی كارمەند و نەبوونی ئامانجێكی بنەڕەتی.
    فیلمی (خولە پیزە)
    لە نووسین و سیناریۆو دەرهێنانی ( جەلیل زەنگەنە) ساڵی 999 1 بەرهەم هاتووە. فیلمێكی دیكەی ئەكشن بوو.
    لەنواندنی:مستەفا ئەحمەد، ژیان ئیبراعیم خەیات، عەلی نوری،سمكۆ عەزیز..
    یەكەم درامای ئەكشن :
    درامای ( گەردەلوول) سیناریۆو دەرهێنانی (جەلیل زەنگەنە) بە یەكەم ئەزموونی درامای ئەكشنی كوردی دا دەندرێت، و لەساڵانی 2005 ـ 2013 سێ‌ وەرزە.
    وەرزی یەكەم و دووەمی 50 ئەلقە بوو، وەرزی سێیەمی 60 ئەلقە.
    زنجیرە درامای كەركووك 4
    نووسین و سیناریۆی سعود ئەحمەد
    لەدەرهێنانی دەرهێنەر ناسر حەسەن
    بەرهەمی ساڵی 2010 ی وەزارەتی رۆشەنبیریی و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە
    ئەكشنە
    لە چواربەش پێكهاتووە، هەر بەشەو30 ئەلقەیە.
    نواندنی : جیهاد دڵپاك، ئازاد جەلال، دایكی ئاریان، سەوسەن عەلی، قاسم عەبدولستار، سعود ئەحمەد،
    زنجیرە درامای رأبوون ـ
    نووسینی : هاوڕێ‌ قادر ڕەشید
    دەرهێنانی نەجم هۆگر
    درامایەكی كۆمەڵایەتی ، سیاسی ، ئەكشنە
    باس لەمیحنەتیەكانی پێش ڕاپەڕین دەكات
    نواندنی : عەلی كەریم، دایكی ئاریان، دلێر مستەفا،حیكمەت هندی، كەژاڵ عەبدوڵڵا،مەریوان ئیبراهیم ،شاناز محەمەد.
    درامای گورگەكان ـ سیناریۆ و دەرهێنانی میهران شیری
    زنجیرەیەكی چوار وەرزی 30 ئەلقەیی پۆلیسی ، تاوان ، ئەكشنە
    بەرهەمی ساڵی 2021 ی كۆمپانیای سام پرۆدكشن
    میهران شیری، یونس حەمە كاكە، ژینۆ سەرتیپ ، محەمەد شێروانی، بەكر مەعروف، بەكر مستەفا، سەنگەر خورشید…
    زنجیرە درامای ( ئادیابین ) سیناریۆو دەرهێنانی ( حەسەن عەلی خان )
    دوو وەرزە هەر وەرزێكی 30 ئەلقەیە.
    بەرهەمی ساڵی 2025 ی كوردستان تیڤی یە.
    نواندنی : هندرێن عەبدولڕەحمان ، شوكروڵڵا شێخانی، ئالان هادی، خەرمان هیرانی ، تەلار هیرانی
    هەوڵێكی نوێ‌ یە بۆ پەرە پێدانی درامای ئەكشنی كوردی.
    بەگشتی ناوەرۆك و پەیامی ئەو بابەتانەی درامای ئەكشنی لێ‌ دروست دەكرێت لە درامای كوردی دا، بابەتی قارەمانیەتی پێشمەرگەو مقاوەمەتی پێشمەرگەیە دژی دوژمنانی كوردو هەندێ‌ بەرهەمی دیكەی پۆلیسیە بە شێوەیەكی تەقلیدی لاواز.
    لەڕووی هونەرییەوە ئەكشنی كوردی ریتمێكی خێراو مۆنتاژێكی واقعی ئاوێزان بەگرافیكە.

    كێشەكانی بەردەم ئەكشن:
    درامای ئەكشن وەك درامایەكی ئاسایی نیە وتێچووی بەرهەمهێنانی زۆرە، بۆیە درامای ئەكشن هەمیشە ڕوو بە ڕووی كێشەی دارایی دەبێتەوە ، كە ڕەنگە دەسەڵاتی بەرهەمهێنانی كاتی بێت و نەتوانێت بەردەوام بێت ، بۆیە كۆمپانیا بازرگانیەكان خۆیان بە دوور دەگرن لە بەرهەمهێنانی دا ، مەگەر تەنها حزبەكان نەبن كە بۆ تۆماركردنی مێژووە سەروەریەكانی خۆیان لێ‌ دەدەن، ئەوەتا درامایەكی وەك گەردەللول كە سپۆنسەرە حزبیەكەی پشتگیری دارایی لێ‌ بڕی ، لە بەشی سێیەمدا وەستا، كەچی زنجیرە درامای ئادیابین بۆ یەكەم جار لە مێژووی درامای كوردی دا لەوەرزی دووەمیدا ملیۆنێك دۆلاری تێپەِڕاند.
    ئادیابیت سەلماندی كە ئەگەرپشتگیری دارایی هەبێت هیچ شتێ‌ مەحاڵ نیەو بەپشت بەستن بەتوانستی دەرەكی دەتواندرێ‌ بە پێی ویستی خۆمان دراما بەرهەم بێنین، بەڵام ڕووی دووەمی لایەنە نەرێنیەكان لەوەدا كۆ دەبنەوە، ئەگەر تەنها پشت بە كادیری دەرەكی ببەستین و تواناكانی خۆمان فەرامۆش بكەین، ئەوە لەچەند جەمسەرەوە زەرەر دەكەین:
    1.پشتگیری حزبی لەهەموو كاتێكدا زامن نیە، ڕەنگە هەر كاتێك ئایدۆلۆژی و سیاسی دراماكان بگۆڕدرێت، بەرهەمەكانیش بە نیوە چڵی بەجێ‌ دەمێنن وەك زنجیرە درامای گەردەلوولی جەلیل زەنگەنە، بۆیە دەبێت بیر لە دەروازەی دیكەی ئەلتەرناتیف بكەینەوەو گوتاری دراماكان بگۆڕین لەگوتارێكی تەسكی حزبیەوە، بۆ گوتارَكی نیشتمانی و نەتەوەیی.
    دەسەڵات بدەینە سیناریۆ نووس و دەرهێنەرەكان كە لەژێر ڕكێفی بەرهەهێنەرە حزبیەكان دەربێن و بە تێڕوانین و ئەزموونی ئازادو سەر بەخۆی خۆیان كار بكەن,
    كەرتی تایبەتی بڕوا پێ‌ بێنن كەبەرهەمهێنانی بەرهەمی نایاب زەرەرو زیانێكی دارایی نابێت ، ئەگەرنا هەموو هیلاكی و ماندوو بوونەكانمان بە هەدەر دەچن.
    2.پێویستە لە بری كادیری ئامادەكراوی هونەری بیانی ، هەوڵی دروست كردنی كادیری ئەلتەرناتیقی كورد بدەین، بۆ ئە وەی بۆ سبەینێ‌ هەریەكێ‌ لەوان ببێتە خشتێك بۆ بونیاتی ئایندەی درامای كوردی، بە تایبەت لە ڕووی وێنەگرتن، موزیك ، ڕووناكی ، گرافیك…
    3.رأهاتن لەسەر فۆرمی هێنانی دەستەی ئامادكراوی هونەری لە بیانیەكان ، كێشە پیشەییە كەڵەكەبووەكە زێتر دەكات و دەرفەتی راهاتن لەدەست دەدات و ماوەی بە دەست هێنانی سەربەخۆیی دراما دوورتر دەكاتەوە.




سەربازگەی دووبز بۆ ئەنفالكراوانی ژن و منداڵ.. عەلی مەحمود محەمەد

بەشێك لە ژن و منداڵەكان و كوڕانی خوار تەمەن 15 ساڵ و منداڵانی بچووكی جیاكراوەی تەنها لە كەسوكاریان, دوای جیاكردنەوەیان لە زیندانی سەربازگەی تۆبزاوەوە, گواستراونەتەوە بۆ فێرگەی شەڕكردن لە دووبز”مەقەر كەتیبەی هەندەسەی عەسكەری”, زیندانیان لە تۆبزاوەوە بە ئۆتۆمۆبیلی ئیڤای سەربازی و گەڵابەو …. گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەی دووبز, گروپێكی دیكە لە تۆبزاوەوە بە ئۆتۆمۆبیلی داخراو بردراون بۆ سەربازگەی دووبز, یەكەم گروپ شەو گەیشتونەتە زیندانەكە لە كاتێكدا كارەبای ناوچەكەیان بڕیوە, بۆ ئەوەی خەڵك ئاگادار نەبێت لە هاتنیان.
ئەو سەربازگەیە پێشتر كە هێزی كۆماندۆی عێراق – مەغاویر “مەقەر كەتیبەی هەندەسەی عەسكەری” مەشقیان تێدا كردووە, كەوتۆتە قەراخ شارۆچكەكە لە نزیك فلكەی ڕێگای نێوان كەركووك – مووسڵ, سەربازگەیەكی كۆنتر و پەرپوتتر بوو لەوەی تۆبزاوە.
دووبز گوندێكە لە ساڵی 1953 دروستكراوە, لە رێكەوتی 14-8-1960 بووە بە ناوەندی ناحیە, لە رێكەوتی 4-9-1972 ەوە كراوە بە ناوەندی قەزا.
دووبز قەزایەكە سەر بە پارێزگای كەركوك, پێشتر ناوی دووبز بووە. لە 31 كم باكووری رۆژئاوای ناوەندی شاری كەركوكە, 25 كم لە باكووری حەویجەوەیە, لە باكوورەوە قەزای دەشتی هەولێر و لە رۆژئاواوە قەزای مەخمورە.
وشەی دووبز وشەیەكی لێكدراوە لە دوو كە ژمارەیە و (بز) واتای لك، لە سەر زێی بچووك هەڵكەوتووە لە ئاستی شاری دووبزدا زێی بچووك دەبێتە دوو لق, بۆیە ئەو ناوەیان لێ ناوە, ئێستا بە فەرمی بە دبس ناو دەبرێت.
سەربازگەكە بە تێلبەندی بەرزی دڕكاوی دەورە درابوو, ئەم سەربازگەیە بەكار هاتووە بۆ ماوەی نزیك لە حەوت مانگ لە 17ی چواری 1988ەوە تا كۆتایی مانگی دە, ژن و منداڵی ئەنفالی تێدا كۆكراوەتەوە.
سەربازگەی دووبز دوا وێستگەی مانەوەی ژن و منداڵە ئەنفالكراوەكان نەبووە, بەڵكە لێرەوە ئامادە كراون بۆ ناردنیان بۆ زیندانی سەربازگەی نگرە سەلمان و زیندانی تكریت, لە تكریتیشەوە بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان, ئەوانەشی رزگاریان بوو, بەهۆی لێبوردنە گشتییەكەوە فریای ناردن نەكەوتن.
هەرچەندە ژیان لە ناو زیندانی سەربازگەی دووبز لە چاو زیندانی سەربازگەی نگرە سەلمان بەهەشت بووە لە چاو ئەو جهەنەمەوە, ئەویش بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافیای قەڵای نگرە سەلمانەوە زیاتر, بەڵام لە سەربازگەی دووبز مرۆڤەكان ئامادە كراون بۆ مەرگ, بۆ لە كۆڵكردنەوە, پێی دەچێت زیندانی یەدەكی تۆبزاوە بووبێت, كەواتە سەربازگەی دووبز مەترسیدارتر بووە لە سەربازگەی نگرە سەلمان, بە پێچەوانەی میدل ئیست ۆچ وتەنی, لە كاتێكدا ئەو بۆچوونەی دەربڕیووە ئاگاداری چارەنووسی زۆرینەی ئەو زیندانیانە نەبووە كە چارەنووسیان نادیار بووە, كە لەوێوە بردراون بۆ جێگایەكی نادیار, پێم وایە میدل ئیست ۆچ لە بەشی دەردو مەینەتی ئەنفالكراوان لە دووبز غەدرێكی گەورەی لە كەیسی زیندانیان لەم زیندانە نەگریسە كردووە.

كەی ئەنفالكراوان هێنران بۆ سەربازگەكە
بە پێی وتەی ئەبو ئەیمەن كە بەرپرسی جەیشی شەعبییەكان ناو سەربازگەكەو هاوولاتی عەرەبی شاری دووبز بووە, ئێستا لە ژیان نەماوە, لە رێكەوتی 8-4-1988 یەكەم كۆمەڵی ئەنفالكراوان هێنراون بۆ سەربازگەی دووبز. بە وتەی ئەو دوای رۆژێك لە ئامادەكردن و پاككردنەوەی ئەو كۆنە سەربازگەیە, كە لەو كاتە چۆڵ بووە. لێ بە وتەی ژنێكی هاووڵاتی گوندێكی 300 ماڵەی گەرمیان, لە دایك بووی ساڵی 1955, بۆ دادگای باڵای تاوانەكان قسەی كردووە, دەڵێت” لە گەڵ هاووڵاتیانی گوندی محە بارام سوار ترێكتەر بووین بڕۆین بۆ چەچەماڵ, چوینە گوندی قرخ, لە قەرەتامور دەستگیر كراین, بارق پیاوە گەنجەكانی جیاكردەوە, بە لێدان بردیانی, ژن و منداڵ چوار رۆژ لەوێ ماینەوە, پێنجەم رۆژ بە گەڵابە بردیانین بۆ قائمقامیەتی قەزای چەچەماڵ, ئەو رۆژە خۆپیشاندان كرابوو لە چەمچەماڵ, هەر ئەو عەسرە بردمانیان بۆ تۆبزاوە, لەوێ هۆڵەكان بەتاڵ بوون,
ئێمە یەكەم گروپ بووین لە سەربازگەی تۆبزاوە, هەر ئەمان شەشەم رۆژ یەكەم گروپ بوونە نێردراون بۆ سەربازگەی دووبز”, كەواتە جیاوازی لە نێوان وتەی ئەبو ئەیمەن و ئەم ژنە 8بۆ 9 رۆژە.
هەرچی میدل ئیست ۆچە لە پەرتوكەكەی لەسەر ئەنفال, بەرواری هێنانی یەكەم گروپی زیندانیكراوانی ئەنفالی دیاری نەكردووە بۆ سەربازگەی د,وبز, بەڵام دەڵێت”ئەم ئافرەتانە و منداڵەكانیان لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا بە ژمارەیەكی زۆر لە تۆپزاواوە گوێزرابوونەوە بۆ دووبز”.

ژمارەی ئەنفالكراوانی سەربازگەی دووبز

بە پێی وتەی ئەبو ئەیمەن یەكێك لە بەرپرسانی ئەم سەربازگەیە لە نەتەوەی عەرەب, لە هێزی جەیشی شەعبی و بەعسی, تەنها لە رۆژانی 8 و 9 و 10 ی ئەبرێلی 1988دا , 10322 كەس لە ژن و منداڵ هێنراون بۆ زیندانی سەربازگەی تۆبزاوە, لە ناویاندا منداڵی پەرا گەندەش هەبوونە دایك و باوكیان بردراون بۆ جێگای دی, پێم وایە ئەم مێژووەو ژمارەكە هەڵەیە, چونكە لەو رۆژانە هێشتا ژمارە زۆرەكەی ئەنفالكراوانی ئەنفالەكانی 3 و 4 نەك نەناردرابوون بۆ دووبزو تۆبزاوە, بەڵكە هێشتا ئەنفالیش نەكرابوون.
هەروەها جەعفەر موسەوی سەرۆكی دەستەی داواكاری گشتی ژمارەی ئەو ئەنفالكراوانەی بردراونەتە سەربازگەی دووبز بە نزیك لە 26000 كەس وەك سەربازگەی تۆپزاوا دیاری دەكات, دیارە نابێت هەردوو سەربازگە هەمان ژمارە بووبێتن, چونكە زیندانیانی سەربازگەی تۆبزاوە, بۆ سێ ئاراستە رەوان كراون”نگرە سەلمان, دووبز, راستەوخۆ بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان لە پیاوانی گەنج و تەنانەت ژن و منداڵیش” .
بەڵام بە وتەی هیومان رایتس ۆچ ئەم سەربازگەیە “نزیك 7000 گیراوی لە خۆ گرتووە لە ژن و منداڵ”.
ژنێكی زیندانی لە سەربازگەی دووبز, لە وتەیدا بۆ داددگای باڵای تاوانەكان ژمارەی زیندانیانی سەربازگەكەی دووبز بە 9000 كەس دەداتە قەڵەم.
بە وتەی نێرگز عەزیز بابا عەلی, كە مامانی زیندانەكە بووەو هەموو هۆڵەكانی بەسەركردۆتەوە بۆ كاری مامانی پێی وایە 25000 زیندانی لە سەربازگەی دووبز بوونە.

ژمارەی مردووان

بۆ ژمارەی مردووانی ناو سەربازگەی دووبزی ئەنفالكراوان, ژمارەی جۆراو جۆر دەدرێت, میدل ئیست ۆچ لە پەرتووكەكەیان لەسەر زاری شایەدحاڵێكەوە دەڵێت”مردنی منداڵان زۆر بووە لێرە, تا مردنی 50 منداڵی مردوو دەستنیشان كراوە”,” محەمەد كوڕێكی نۆ ساڵ بوو، مەزەندەی پەنجا حاڵەتی مردنی دەكرد لەو زیندانە گەورەیەدا كەوا خێزانەكەیانی تێدابوو، لە ماوەی پێنج مانگی دەسبەسەرییاندا. زۆربەی ئەوانە منداڵی بچووك بوون بەڵام هەندێ پیرەژنیش مردبوون”.
بەڵام ئەبو ئەیمەن بەرپرسی ئەو جەیش شەعبیانەی لەو سەربازگەیە بوون و ئەركی پاراستنی سەربازگەكەیان لە ئەستۆ بووە, چونكە زۆر جار ئەوان سەرپەرشتی بردنی تەرمەكانیان كردووە, ژمارەی مردووان بە ” 68 بۆ 74 ” كەس دەداتە قەڵەم.
بە پێی وتەی مام ئەحمەد موختاری شارۆچكەی دووبز بێت, ژمارەی منداڵە مردووەكان بە 274 منداڵ مەزەندە دەكات, وەلێ حاجی ئیبراهیمی مەیت شۆر دەڵێت: 150 تەرم بە بانەوەم شوشتووە.
بەلام ئەو گۆڕانەی دۆزراونەتەوەو لە لایەن وەزارەتی شەهیدانەوە دەرهێنراون, 106 روفاتیان دەرهێناوە “104 منداڵ و 2 ژن” بوونە, دەشێت روفاتی دیكەش هەبن گۆڕ ون بن, تەنانەت كوڕە بچوكەكەی نێرگز لەوێ مردووە, وەلێ تەرمەكەی بردۆتەوە بۆ چەمچەماڵ, مردنی ئەوی لە پیاوانی حكومەت شاردۆتەوە.
تەرمی منداڵەكان لە دووبز بەم شێوەیە نێژراون” لاشەی منداڵە ساواكانی تر لە مزگەوتە كۆنەكەی شارەوە دەبران بۆ ناشتن، بە گوێرەی قسەی كەریمی قوتابیی تەمەن بیست ساڵ…….خەڵكی شارۆچكەكە دەهاتنە مزگەوت بۆ شۆردنی لاشەكان و لە دواییشدا گەنجەكانیان، كە كەریمیشیان تێدابووە لە كۆنە گۆڕستانێكی لاتەریكی منداڵاندا كە ماوەی میلێك لە مزگەوتەكەوە دووربووە گۆڕیان بۆ هەڵكەندوون و ناشتنیان. كەریم خۆی یارمەتیی ناشتنی لاشەی چوار منداڵی ساوای داوە و لە ماوەی نێوانیشیاندا هاوەڵەكانی یارمەتیی ناشتنی پەنجا منداڵیان داوە، كە هەر هەموویان لە ساڵەوەخت كەمتر بوون، خەڵكی دووبز پارچە زەوییەكیان لە گۆڕستانەكەدا دیاریكردبوو بۆ گۆڕی ئەو منداڵانە و هەر گۆڕێكی بچووكیش بە جیا نیشانە دەكرا”.
لێرە ئەنفالكراوان كێشەی لە گۆڕ نانی روفاتەكان و شوشتنیان بە پێی شەریعەتی ئیسلام و كفن كردن و تەڵقین خوێندنیان وەك زیندانی نگرە سەلمان نەبووە, بەڵكە ئەو مافەیان پێ دراوە, لە رێگای مەراسیم لە دەرەوەی زیندانەكە, وەلێ بێ پرسە.

چیرۆكەكانی مەرگ

ژنێك قسە بۆ دادگای باڵای تاوانەكان دەكات و باسی كچێك دەكات كە تەمەنی نۆ ساڵ بووە, لە دووبز دایك و خوشكێكی مردووەو خۆی بە تەنها ماوەتەوە لەو زیندانە, هەمان ئەو ژنە دەڵێت لە دووبز 5 ژن مردوونە, وەلێ تا ئێستا رووفاتی دووان لەوانە دۆزراونەتەوە. ژنێكی دیكە خەڵكی گوندی شێخ محەمەدی سەرو لە ناحیەی قادر كەرەم بۆ هەمان دادگا قسە دەكات و دەڵێت” منداڵەكەیان بە نەخۆشی ڵی سەندووەو بردویانە, هێشتا نەمردبوو , كەچی نەیان گەڕاندەوە بۆی, نەیزانیوە منداڵەكەی چی بەسەر هاتووە ناوو گۆڕی ونە و چارەنووسی نا دیارە”.
دایكێكی دیكە لەسكاڵانامەكەی نووسراوە ” دوو منداڵی مردووە و منداڵێكیشی لە زیندانی دووبز بووە” . یەكی دیكە دەڵێت ” لە دوبس ژنان لە كاتی منداڵ بوون مردوونە” , ئامینە مەحمود حەمەخان لە دایك بووی ساڵی 1966 خەڵكی سەرقەلای سەنگاو منداڵی لە دووبز مردووە, ژنێكی دیكە بەناوی فەوزیە محەمەد ئەشرەف خەڵكی گوندی مورادلی سەنگاو, ساڵی لە دایك بوونی 1950, دوو منداڵی مردووە لە دووبز, نەیان هێشتووە بزانێت لە كوێ ناشتویانە.
“كاتێ كە بەهار بەسەرچوو و ڕێی بۆ گەرمای هاوین خۆشكرد، ڕێژەی ( مردن ) زیادی كرد. ئامینەی خەڵكی ئاكۆیان، لە دووبز منداڵێكی كچی بوو، بەڵام پاش دوو مانگ منداڵەكە نەخۆشكەوت و مرد. تەنها لە خەڵكی بلە چوار یان پێنج منداڵ مردن. نەبات، دایكێكی تەمەن بیست و هەشت ساڵی خەڵكی قادر كەرەم بوو، دوو منداڵی ساوای لەدەستدا و ماوەی نێوانیان مانگێك بوو. یەكەمجار شارۆی كچە سێ ساڵانی مرد و مانگێك دوای ئەوەش نۆرە هاتە سەر كوڕە دوو ساڵانەكەی، دیار. نەبات دەیگوت: “ئەوان لەترسا مردن، چونكە هێند تۆقیبوون نەخۆش كەوتن و سكچوون و ڕشانەوەیان تووشبوو”. “شێرزاد كە كوڕێكی چواردە ساڵ بوو تاقە یەك شەو حەوت منداڵی ساوای ژماردبوو كە لە دووبز مردبوون”.

خواردنی زیندانەكان

لە زیندانی دووبز ژیان باشتر بووە لە زیندانی قەڵای نگرە سەلمان, كێشەی ئاو هەر نەبووە, بۆ خواردن سەرەتا بۆ ماوەی سێ مانگ رۆژی تەنها یەك سەمون دراوە بە زیندانیان, كاتەكەی كە هاوتا بووە لە گەڵ مانگی رەمەزان, زۆربەی ژنانیش لەوێ بەرۆژو بوونە, نێرگز دەڵێت ” سەمونەكەمان بۆ فتاری ئێوارە هەڵدەگرت” , پێچەوانەی سەربازگەی نگرە سەلمان كە لەو مانگە خواردنی باشیان داوە بە ئەنفالكراوان, لە دووبزیش وەك زیندانی تۆبزاوەو زیندانی تكریت لە مانگی رەمەزان خواردنی باشیان نەداوە بە خەڵك, لە زیندانی دووبز دواتر جگە لە سەمون خواردنكەیان برنج و شۆربای نیسكی تێدا بووە, گوایە قزعەی سەربازیان لە سەربازگەی تۆبزاوەوە بۆ هاتووە, خواردنەكە لە جاران چاكتر بووە, بەڵام هەر شیر نەبووە بۆ منداڵ.
بە پێی بەدواداچوونی میدل ئیست ۆچ “لە مانگی حوزێراندا ئەو كاتەی كە ئامینە – ژنە گەنجەكەی خەڵكی ئاكۆیان – گەیشتە ئەوێ بەشە خۆراك لە دووبزدا هەفتانە دوو هێلكە و ماست و چای تێكەوتبوو، لەدواییشدا وایلێهات كەمێ شووتیشیان دەدا “.
لە زیندانی دووبزیش وەك زیندانی نگرە سەلمان شت فرۆشتن هەبووە, هەروەها بە وتەی هەندێك لە زیندانیان گەندەڵی لەناو زیندانەكە هەبووە, ئەو كوردانەی ببونە بەرپرسی هۆڵەكان هەندێك لە كەلوپەلەكانیان بۆ خۆیان فرۆشتۆتەوە.”گاردەكانیش سابوون و شەكر و چایان بەو ژنانە دەفرۆشت كە هێشتا پارەیان پێمابوو، هەروەها دەسەڵاتدارانی بەندیخانەكەش هەر حەوت بەندی و بەتانییەكیان دەدایە.”.
ئەو چەكدارانەی لەوێ بوونە, ئەوانیش دەستیان كردووە بە شت فرۆشتن, نابێت ئەوە لە یاد بكەین هەندێك لە حەرەسەكان ناو سەربازگەكە هاوكاری خەڵكەكەیان كرددوە, لەوانە باسی بەرپرسێكی جەیشی شەعبی دەكرێت بەناوی ئەبو ئەیمەن و چەكدارێكی دیكە بەناوی هادیە كوێر.
“هەژار غازی عەزیز بابە، كە یەكێك لەو چوار منداڵەی كە رۆژی 29/4/1988 لە سەربازگەی دووبز لە سنووری كەركوك لەدایك بووە. هەژار لەوساوە تا ئێستاش گرفتی ئاخاوتنی هەیە و بە پێی راپۆرتی پزیشكیش ناتەواوییەكەی پشتڕاست كراوەتەوە، واتا بەتەواوی ناتوانێت قسە بكات، چونكە لە راپۆرتەكەدا هاتووە بە هۆی نالەباربوونی شوێنی لە دایكبوونی، ئەو كێشەی تووش هاتووە……….ئەو منداڵەی بە بەرد ناوكی دەبڕن و هیچ پەڕۆیەك شك نابەن كە تێوەی بپێچن، ئەو منداڵەی كە بەهۆی خراپی دۆخی زیندانەوە زمانی بە باشی ناگەڕێ و زمانی ناتەواوە. ئەو منداڵەی كە بە خێزانێكی حەوت كەسی تەنها دوو سەمونیان دەدەنێ”.
هەژار دەڵێت”دایكم دەیوت لە زیندان شەش منداڵم بە ریشەوە ببوو(ئەرك و خەم و بەرپرسیارێـی شەش منداڵی لە ئەستۆ بووە).(دایكی هەژار پێی وتووە كە رۆژانە بە هەموویان دوو سەموونیان پێدراوە، بۆیە ئەو دایكە تەنها كەمێكی خواردووە لبەر ئەوەی كەمێك شیری هەبێت بۆ هەژار و باقییەكەشی داوە بە منداڵەكانی تری”, ئەم چیرۆكە زیندووانە جیان لە چیرۆكەكانی میدل ئیست ۆچ.

ژمارەی هۆڵەكان

بە پێی وتەی ئەبو ئەیمەن بەرپرسی جەیش شەعبییەكانی سەربازگەكە, سەربازگەكە لە 34 هۆڵ پێك هاتبوو, وەلێ زیندانییەكان ژمارەی جۆراو جۆر دەدەن, هەروەها بە پێی وتەی ئەوان هەر جەناحێك ناوی تایبەتی خۆی هەبووە.
بە وتەی چەند كەسێك كە زۆرینەن, سەربازگەكە لە 24 هۆڵ و 3 بۆ 4 جەناح پێك هاتووە بە ناوی جەناحی حەویجە, جەناحی 1ی حوزەیران, جەناحی كەركوك هەروەها جەناحی ئەربیل , یەكی دیكە دەڵێت 12 هۆڵ بووە, یەكێ دەیكاتە 14 هۆڵ, دانەیەكی دیكە دەڵێت هەر 3 هۆڵ پێكەوە بوونە, یەكیكی دی دەڵێت جەناحی 9 هۆڵ بووە واتا 36 هۆڵ, چەند كەسێكی دیكەش دەڵێن, سەربازگەكە 36 هۆڵ بووە.
هەرچی ژمارەی زیندانیانی ناو هۆڵەكانە, یەكێ دەڵێت لە هۆڵەكەمان 250 زیندانی تێدا بووە, یەكێكی دی باسی 470 زیندانی دەكات لە هۆڵەكەیان.
ئەنفالكراوێك دیكە دەڵێت هۆڵەكان 300 بۆ 400 كەسی تێدابوووە, سارد بووە بەتانی نەبووە بیدەینە خۆمانا.
نێرگز پێی وایە هۆڵەكانی دووبز, قەبارەیان وەك هۆڵەكانی سەربازگەی تۆبزاوە گەورە بوونە, بەڵام سەربازگەی دووبز كۆنتر بووە لەوەی تۆبزاوە, وە چۆڵیش بووە پێش ئەوان, چونكە هەموو بنمیچەكەی خۆڵ و تۆز بووە, ژمارەی هۆڵەكانیشی 30 هۆڵ بووە, سەری هۆڵەكانی بە جەمەلۆن داپۆشراوە.
ئەبو ئەیمەن پێی وایە, سەربازگەكە 5 جەناح بووە, بە گشتی سەربازگەكە بەسەر كۆمەڵێك كەرتی جەیشی شەعبی دابەش كراون” دوبس, كەركوك , حوزەیران , اربیل”.

هەلاتنی خاوەر قادرو هاوڕێكانی

پێی دەچێت لە سەربازگەی تۆبزاوە بواری هەڵاتن هەبووبێت, هەرچەندە بە پێی بەدواداچوونەكان لە نگرە سەلمانیش بواری هات و چۆ هەبووە, بەڵام هەڵكەوتەی جوگرافیای سەربازگەكەو ژینگەكەی, بواری هەڵاتن نەبووە لە قەڵای نگرە سەلمان, هەرچەندە لەم سەربازگەیە منداڵە هەرزەكارە كوڕەكان ویستووویانە هەڵبێن, بەڵام پیاوانی رژێم بە لێدان دووریانیان خستۆتەوە, ئەمە دەقی چاوپێكەوتنی دلێر كەریمە لە گەڵ خاوەردا, كە لەم سەربازگەیە هەڵاتووە” نوێژی عیشا بوو, دنیا تاریك بوو بوو, وتم ئێستا دەڕۆم, دوو ژنی تر وتیان ئێمەش دێین, یەكێكیان خەڵكی تەوێڵەو بیارە بوو, ئەویتریشیان خەڵكی مەملەحە بوو, بەو تاریكەو بە نهێنی لە زیندانەكە هەڵدێن, دەچنە سەر قەبرستانێك و دەیانەوێت شوێنێك بدۆزنەوە بۆی بڕۆن, نا شارەزایی بڕستی بڕیبوون. ئۆتۆمۆبێلێك بەو جادەیەیا تێدەپەڕێت و سەریان دەخات و دەیانگەیەنێتە كەركوك. لەوێشەوە دەگەڕێنەوە چەمچەماڵ, دیارە كابرای شۆفێر دەزانێت ئەمانە قوربانی ئەنفالن و دڵی پێیان دەسووتێت و هاوكاریان دەكات بۆ دەربازبوون.
رەحمە نەجمەدین كە لە هەمان زیندان لە گەڵ خاوەر قادر بووە وتی زانیمان خاوەر رایكردووە چونكە بەردەوام دەیگووت رادەكەم, كە دەنگۆی راكردنی بڵاو بوەوەو هاتنە لامان پرسیاریان كرد بزانن كەی و چۆن هەڵاتووە, براژنم رەسمیە كە زمانی دەزانی و وەكو بەرپرسی بەشەكەمان بوو وەڵامی دانەوە كە ئاگامان لێ نییەو بە وردی بۆی بگەڕێن هەر لەم ناوەیە.
ئەوانەی لە زیندانەكە دەبن دواتر دەبڕێنە تكریت و لەوێش ناوی خاوەرو هاوڕێكانی دەخوێننەوەو خۆیانیش هەڵهاتبوون.دیارە لیستی ناوی قوربانییەكان هاوپێچ كرابوون, بەرپرسانی زیندانەكە نەیان وێرابوو ناویان بسڕنەوە, ئەوان لە تكریت باردەكرێن بۆ زیندەبەچاڵكردن و لێبوردنەكە دەیان گرێتەوەو رزگاریان دەبێت. لە كتێبی لە كەریم باسامەوە بۆ تكریت ئەو مەرگە ساتانەم تۆمار كردووە. بەڵام میمكە خاوەر وا دەزانێت ئەوانیش مردوون, تا دوایی ئازاد بوونیان, كە دێنەوەو باسی دەكەن بە چ حاڵەتێك دەربازیان بووە….. زۆربەی ئەو ژنانەی لە دبز بوون بەهۆی مناڵەكانیانەوە نەیان دەتوانی هەڵبێن, تەنیا ئەو سێ ژنە منداڵیان لە گەڵ نەبوونەو هەڵهاتوونە.”.
وەك چۆن لە كاتی گرتندا جاشەكان هۆكار بوون بۆ گرتنیان, دوای رزگار بوونیشی جارێكی دیكە بە دواوەین بۆ بە گرت دانەوەی”كە هاتوونەتەوە جاشێكی ناسیاریان دەچێت هەواڵ دەداتە بەعس, بەڕێوەبەری ئەمن دێت و بە دایك و باوكی میمكە خاوەر دەڵێت فڵان كەس هەواڵی لێتان داوە, بێم خۆی ناگرم لە بری خاوەر ئەو برایەی دەگرم كە ماوە, من چی لە گرتنی ژنێك بكەم, بۆیە و لەوە بە دوا بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان دەگوازنەوە بۆ شوێنێكی نزیك بەغداو تا دوای راپەڕین لەوێ ژیان دەگوزەرێنن”.

ژمارەی ئەنفالكراوانی سەربازگەی دووبز
تا ئێستا هیچ ئامارێك بۆ هیچ كام لەو سەربازگایانەی ئەنفالكراوانی بۆ بردراوە نەكراوە بە سەربازگەی دووبزیشەوە, ئەوەی هەیە گریمانەیە, لیستێكی ئەنفالكراوانی هیچ كام لە سەربازگەكان نییە كەوتبێتە دەست, یاخود حكومەتی هەرێم ئامارێكی وردی بۆیان كردبێت, میدل ئیست ۆچ لە پەرتوكەكەیدا دەڵێت” كەمپەكە – كە دوو بینا بوو لە ناو یەكدا حەوت هەزار گیراوی كوردی تێدایە.”
ئەبو ئەیمەن ژمارەی زیندانیكراوانی دووبز تەنها لە سێ رۆژی 8 و 9 و 10ی نیسان بە 10322 كەس دەداتە قەڵەم , وەلێ یەكێك لە زیندانیان كە لەو زیندانە بووە, ژمارەی زیندانیان بە 9000 كەس دەداتە قەڵەم. نێرگز مامانەكەی زیندانی دووبز ژمارەی زیندانیان بە 25000 كەس دیاری دەكات.

چەندیان و بۆ كوێ رەوانە كران؟

زیندانی سەربازگەی دوبز كاتی بوو, رۆڵی یەدەكی سەربازگەی تۆبزاوەی دەبینی بۆ دیسانەوە رەوانە كردنەوە بۆ دوا مەنزڵگا, دوای كۆمەڵكوژی پیاوە گەنج و هەرزەكارەكان و بەشێك لە ژن و منداڵەكان سەربازگەی تۆبزاوەو سەربازگەی تكریت, ئەوجا نۆرە هاتەوە سەر زیندانیانی ناو سەربازگەی دووبز بۆ یەكلا كردنەوەی چارەنووسیان, كە لە دوو مانگی یەكەمدا دوو گروپیان لێیان نارد بۆ قەڵای نگرە سەلمان, بەڵام كاروانەكانی دوای ئەوە هەموو بۆ سەربازگەی تكریت بوون, تكریت سەربازگەی ئامادەكاری بوو بۆ ناردنیان بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان.
زیندانییەكان بە پێی قاوش و ژمارە بردراون نەك ناو, خێزانی وا هەبووە هەندێكیان بردراون بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان هەندێكی دییان ماونەتەوە لە دووبز, دواتر بە لێبوردنی گشتی ئازادكراون, یەكێك لە زیندانە رزگار بووەكانی دووبز دەڵێت” 9000 ئەنفال لە سەربازگەی دووبز بوو, زیاتر لە 5000 یان بردران و نەگەڕانەوە, من 6 خوشكمی تێدا بوو, لە ئەوانەی نەگەڕانەوە “.
ژنێك دەگێڕێتەوە كە لە پێش لێبوردنەكە بردمانیان بۆ تكریت دواتر ئێمەیان هێنایەوە, دوو منداڵ لە رێگا مردن تەرمەكانیان بەجێ هێڵرا. یەكێ دیكە دەڵێت 50 ژن و منداڵ بردران لە هۆڵەكەی ئێمە بە لێبوردن گشتی گەڕاونەتەوە.
خاوەر قادر دەڵێت: هەینی بۆ هەینی 350 كەسیان بە ئۆتۆمۆبیلی تایبەت دەبرد, بۆ نموونە دایكەكە بكەوتایەتە بەر حسابەكە دەبرا و منداڵەكەیان نەدەبرد.یان بە پێچەوانەوە, منداڵەكە بكەوتایەتە بەر حسابەكە دەیان برد و دایكەكەیان بۆ وەجبەكەی تر جێ دەهێڵا.
لەو هەموو ئەنفالكراوە تەنیا دوو هۆڵی گەورە خەڵك مایەوە. لە ماوەی ئەو شەش مانگەدا هەموو خەڵكەكەیان برد .
لە دووبزەوە دەڵێن 4 بۆ 5 وەجبە ژن و منداڵ بردراون بۆ تكریت بۆ رەمیكردن, ژنێك دەڵێت دوای 20 رۆژ لە دووبز بە 16 پاس كچە عازەبەكانیان بردووە, ژنی گەنجی منداڵ داریشیان لە گەڵ بووە, ماڵ هەیە بەس كچەكەی بە تەنها جیاكراوەتەوە و بردراوە.
ئەم ژن و مندالانە بە لێدان بردراون بۆ تكریت, بە سەیارەی داخراوی سەوز, دیارە چیرۆكی بردنەكان بە شاراوەیی ماونەتەوە, بەڵام لەو كاروانەی كە بەر لێبوردنەكە كەوتن , زۆر منداڵ لەناو ئۆتۆمۆبیلی مەرگەكان مردوونە.
میدل ئیست ۆچ كە زانیاری تەواوی چنگ نەكەوتووە لەسەر ژمارەو جێگای بردنی ئەنفالكراوان, دەڵێت” بەڵام هەزاران كەسیتر لە بەندییەكان كە ڕەنگە نیوەی ژمارەی گیراوەكانی دووبز بووبێتن، ڕاپێچی لایەكی تری نادیار كران و لە تاریكیی ئەنفالدا ونبوون”. ئەو لایە نادیارە سەربازگەی تكریت بووە, ئەوەی بۆی رەوانە كرا نەگەڕایەوە, جگە لە دوا كاروان, كە لە دوای ئەوەی لەوێ باركران بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان بە رێكەوت شانس یاریان بوو, بەهۆی لێبوردنەكەوە گەڕێنرانەوە.
یەكێك لە ئەنفالكراوە ئازادكراوەكانی سەربازگەی دووبز دەڵێت” سەربازگەكە 24 هۆڵ بوو, 15 هۆڵیان باركراون و بردران بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان. لە دووبز ئەو ژن و منداڵانەی بردراون بۆ گۆڕە بەكۆمەڵەكان, شتومەكەكانیان لە گەڵ خۆیان نەبردووە.
چۆن هێنانی ئەنفالكراوان بۆ سەربازگەی دووبز لە ژێر سەرپەرشتی ئەمن بووە, بە هەمان شێوە مانەوەشیان لەوێ و بردن و گواستنەوەشیان بە هەمان شێوە لە ژێر سەرپەرشتی ئەمنی كەركوكدا بووە, چونكە دووبزا قەزایەتی پارێزگای كەركووك بووە لە رووی كارگێڕییەوە.

منداڵ بوون
زیندانی سەربازگەی دووبز, لەبەر ئەوەی جێگای ژنانی گەنج و منداڵ بووە, بۆیە منداڵ بوون یەكێك لە كێشە بەرچاوەكانی ئەم زیندانە بووە, هەر لە ژانی دایكانەوە بۆ مامانی و ناوك بڕین و خوێن بەربوون تا دەگاتە برسێتی و نەخۆشی و نەبوونی شیرو داو دەرمان كێشەی زیندانیانی ناو ئەم زیندانە بووە.
بە بەرد و چەقۆ ناوك منداڵیان بڕیوە, بە قوماشی هەنگوچك پێچاویانەتەوە و ناوكیان گرێداوە, یەكی دیكە ناوكی منداڵی بە شوشە بڕیووە, ئەوی دی بە بەرد, ژن هەبووە لە ئاودەست منداڵی بووە, نێرگز دەڵێت ” لەم زیندانە مامانیم بۆ نزیك 200 منداڵ كردووە كە لێرە لە دایك بوونە, هەبووە یەكسەر مردووە, هەبووە پاش چەند رۆژێك, تیاشیان هەبووە ئێستا زەلامە”.
نێرگز دەڵێت ” سەرەتا بە بەردی نوك تیژ ناوكی منداڵی بڕیوە, دواتر حەرەسەكان موسیان بۆیان هێناوە, ژن منداڵی بووە, پەڕۆ نەبوو خوێنەكەی پێ بسڕێتەوە, پەڕۆ نەبوو منداڵەكەی پێ پاك بكەیتەوەو لێی لول دات, خواردن نەبوو بیدەیتە دایكەكە لەو كاتە”.
جل و بەرگی منداڵەكان دیكەیان كردۆتە بەر منداڵە لە دایك بووەكان, جل و پەڕۆیان بۆیان كۆ كردونەتەوە, یان بە گونیەی پەتاتە دایانیان پۆشیوە, شیرو دایبی نەبووە, منداڵە لە دایك بووەكانی ناو زیندانەكانی ئەنفال, لە دووبز و نگرە سەلمان و تۆبزاوە بێناز بوون لە هەموو رویەكەوە.
وێڕای ئەمە وەك ژنێكی زیندانی دەگێڕێتەوە, ژنانیان بردووە دەرزیان لێیان داوە, بۆ ئەوەی سوڕی مانگانە نەكەن, خوار سكمان دەیدا لە ئێش.
منداڵێكی كەم ئەندام ئاوا چیرۆكی لە دایك بوونی خۆی دەگیڕێتەوە لە زیندانی دوبز” ئەو كاتەی كە دایكم و خوشك و براكانم دەگوزانەوە بۆ زیندانی سەربازگەی دوبز، دایكم بە منەوە دووگیان بووە، زۆرجار دایكم دەیوت: رۆڵە ناوكی تۆمان بە بەرد بڕیوە، چونكە چەقۆ و هیچ كەرەستەیەكی دیكە نەبوو و تەنانەت داوایان لە هێزەكانی ناو زیندان كردووە كە چەقۆیەك یان تەنانەت موسێكی بەكارهاتووش بێت بیاندەنێ بۆ ئەوەی ناوكی منداڵەكەی پێ ببڕن، بەڵام نەیانداونەتێ، بۆیە دایكم بە ناچاری لە حەوشەی زیندانەكە بە دوو بەرد ناوكی بڕیوم، تەنانەت خوشكم شەش بۆ حەوت قاعە دەگەڕێت بۆ ئەوەی پارچە پەڕۆیەك پەیدا بكات لە منییەوە بهاڵێنن، دەستیان ناكەوێت، تا دواجار لە یەكێك لە قاعەكان كۆڵوانەیەك لەلای پیرەژنێكی خەڵكی گوندی» تەختە مینا» پەیدا دەكەن و دەیكەنە پۆشاك بۆ من.”.

نەخۆشی

لە زیندانی سەربازگەی دووبز چارەسەری پزیشكی نەبووە, تەنانەت بۆ نەخۆشییە قورسەكانی وەك گورچیلەو شێرپەنجەش, سیلدارەكان جیا نەكراونەتەوە, لە ناو خەڵكەكەدا بوونە, هیچ خزمەتگوزارییەكی پزیشكی لەو زیندانانە نەبووە, چارەسەریش بۆ نەخۆشییە مەترسیدارەكان نەبووە, وێڕای بارودخی سەختی ژیان لە ناو زیندانەكە.
لە دووبز سارد بووە سەرەتا, تیفۆید و سك چوون و رشانەوە بلاو بۆتەوە, رۆژانە خەڵك بە تایبەت منداڵ پێی مردوونە, دواتر گرانەتاو سورێژەش هاتۆتە سەری لەگەڵ حوما ماڵتا. هەموو زیندانەكان لەسەر زەوی رەق خەوتوونە, بە منداڵە ساواكانیشەوە, بەرپرسانی زیندانەكە تەنانەت هەندێك جار بەتانییەكانیان لە خەڵك سەندوەو لە پێش چاویان سوتاندویانە, بەم هەموو هۆكارەوە نەخۆشی زۆر بووە.
بە پێی وتەی شایەد حاڵێك “لە دووبز منداڵیان بێ دایكی بردووە بۆ نەخۆشخانە بە مردویی هێناویانەتەوە, نەشیان هێشتووە دایكی بەشداری پرسەكەی بكات”.
لە سەربازگەی دووبز ئاودەست نەبووە, لە ناو هۆڵەكە دەستیان بە ئاو گەیاندووە. هەر لەوێ میكرۆبیان بە خەڵكدا رشتووە, گیانیان پڕ بووە لە مێشولە كە پێشتر ئەو جۆرەیان نەبینیووە.
لە زیندانی دووبز كچێك بە ناوی بیان عەودل جەوهەر خەڵكی گوندی كوەلەَ شێت بووە, شەوان كارەبایان لەسەر خەڵك كوژاندۆتەوە. هەر لە زیندانی دووبز وەك تۆبزاوەو نگرە سەلمان, منداڵەكانیان بۆ ماوەیەك وەك سزا جیاكردۆتەوە دواتر هێناویانەتەوە.

منداڵە پانزە ساڵانەكان

لە چاوپێكەوتنێكدا رائیدی ئەمن صەباح ئەلحەمدانی باسی ئەوە دەكات گوایە لە كاتی ئامار كردندا زۆر منداڵی پانزە ساڵ زیاتری بە منداڵی كەمتر لەو تەمەنە دیاریكردووە, كردویانیەتە ناو ژن و منداڵەكانەوە, لە لایەكەوە ئەمە دەربڕی ئەوەیە لە سەرەتاوە بڕیارەكە زانراوە كە هاوڵاتیانی نێرینەی تەمەن 15 ساڵ بە سەرەوە چارەنوووسیان بۆ مەرگە, بەڵام لە واقیعدا ئەوەی روویداوە پێچەوانەكەی راستە, زۆر منداڵی كەمتر لە 15 ساڵیان فڕێ داوەتە ناو گەورەكانەوە, ئەوانەی لە دووبز بوونە رەتی دەكەنەو منداڵی گەورەتر لە 15 ساڵ لە كەمپەكە هەبوو بێت, وە زیندە بە چاَڵكردنی زۆر منداڵی كەمتر لە 15 ساڵ لێرەدا بە نموونە دێنینەوە كە لە تۆبزاوەوە نێردراون بۆ مەرگ لە تیمی ناوو نوسین رزگاریان نەبووە.
سكاڵاكەرێك بۆ دادگای باڵای تاونەكان دەڵێت” لە 12 ساڵی بەسەرەوە منداڵەكانیان برد نەگەڕانەوە, دەستیان لە پشتەوە بەسترایەوە و پێشتر پیاوەكانیان بردبوو, گوێمان لە تەقە بوو”. یەكێكی دیكە دەڵێت”كوڕەكەی 12 ساڵ بووە دیار نییە, نەبردراویشە بۆ دووبز “.
خاوەر قادر كوڕە 15 ساڵانییەكەی كە ئاماری 1987 یشی كردووە, بۆ میوانی چووە بۆ ماڵی خاڵی, لە گەڵ پیاوەكان راماڵراوە بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان”كوڕە 15 ساڵانەكەی لە شارەوە چووە بۆ ماڵی خاڵۆكانی بەر ئەنفال كەوتووە, لە تۆبزاوە لێك دادەبڕێن, تەنها 2 كاتژمێر لە تۆبزاوە پێكەوە دەبن”.
زۆر شایەدحاڵ هەیە كە كوڕی پانزە ساڵ و روو لە خواریان بردراون لە گەل َپیاوەكان و نەگەڕاونەتەوە تا ئێستا گۆڕ ونن.
فەرەج رزگاربووی گۆڕە بە كۆمەڵەكان دەگێڕێتەوە “دوو منداڵیان لەگەڵ بووە”خەڵكی قیڕە بوون” مویان لێ نەهاتووە, زۆر منداڵ بوونە رەمی كراون “.
ئەوانەشی نیمچە بوونە و بردراون بۆ زیندانی دووبز بەردەوام لەبەر هەڕەشەدا بوونە, یەكێ لەوان ئاوا چیرۆكی خۆی بۆ میدل ئیست ۆچ دەگێڕێتەوە”ئەو منداڵانەی كەمێك كزربوون و دەیانتوانی هەڵبسووڕێن پاسەوانەكان بە زۆر قاوش و ئاودەستەكانیان پێپاكدەكردنەوە. كوڕێكی چواردە ساڵ كە پێنج مانگی لە سەربازگەكەی دووبزدا بەسەربردبوو دەگێڕێتەوە و دەڵێ: “ئەمن و ئیستیخبارات و بەعسییەكان چاودێرمان بوون، هەمیشە دەهاتن و بێ هۆ بەندییەكانیان فەلاقە دەكرد و چەند جارێك دەستیان بەستوومەتەوە و لێیانداوم، جارێكیشیان سێ ئەمن بە دار زۆریان لێدام و پشت و قاچمیان داڕزاند. لەو قاوشەشدا كە تیایدا دەخەوتم دووجار لە بەیانییەوە تا ئێوارە بەستمیانەوە بێئەوەی بیەڵن هیچ بخۆم. من نەمدەتوانی و بۆم نەبوو بپرسم بۆچی و هیچ كەسیش نەیدەتوانی بەرپەرچی یاسای بەعس بداتەوە”.
بە گشتی چەند منداڵێكی كەم لە دەوروبەری 15 ساڵ لە زیندانی سەربازگەی دووبز بوونە و بۆ یەكتر ناسراو بوونە, ژمارەیان كەم بووە, هیچ منداڵێكی زیاتر لە 15 ساڵ لە زیندانی سەربازگەی دووبز نەبووە.

سەردانی بەرپرسان
بە پێی وتەی زیندانییەكان, عەلی حەسەن مەجید ئەندازیاری پرۆسەی ئەنفال, 3 جار سەردانی زیندانی سەربازگەی دوبزی كردووە, هەر جارەی گروپێكی ئەنفالكراوانی لە گەڵ خۆی بردووە, نەزانراوە ئەو زیندانیانە چییان لێ هاتووە, ئەوەی زانراوە بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان بووە.
هەروەها عزەت دوری جێگیری ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕشیش چووە بۆ زیندانی سەربازگەی دووبز, بە زیندانییەكانی وتووە ئێوە كەسوكاری پێشمەرگەن بەرتان نادەین.

چ هێزێك سەربازگەكەی پاراستووە
ئەو هێزەی سەربازگەی تۆبزاوەی بەڕێوە بردووەو پارستوێتی هێزێكی هەمە رەنگ بووە, ئەبو ئەیمەن كە لە رێكەوتی 4-4-1988 ەوە لە فەرمانگەكەیەوە پێی رادەگەیەنن ئامادە بێت بۆ دەوامكردن وەك جەیشی شەعبی لە سەربازگەی بارەگای كەتیبەی هەندەسەی عەسكەری لە دووبز, دەڵێت ئێمە وەك جەیشی شەعبی 70 چەكدار بووین دیاریكراین بۆ دەوامكردن لە سەربازگەی دووبز, لە دبس,داقوق, حەویجە, ناوەندی پارێزگای كەركوك ەوە هاتبووین, كە بانگ كراین كەسیشمان نامانزانی بۆ چی بانگ كراوین؟. هەر ئەو دەڵێت دوای دوو رۆژ چەند مەفرەزەیەكی سەربازی هاتن بۆ ئامادەكردنی سەربازگەكە, ئاوو كارەبایان چاككردەوە.
بە پێی وتەی رائیدی ئەمن سەباح حەمدانی بێت ئەو بەرپرس زیندانی دووبز و مونەسقی نێوان هەردوو سەربازگەی دووبزو تۆبزاوە بووە, پێی دەچێت دووبز هەر وەك بەشێك لە سەربازگەی تۆبزاوە مابێتەوە لە ژێر سەرپەرشتی ئەمنی كەركوكدا بووبێت چونكە ئەو خۆی لە میلاكی ئەمنی كەركووك بووە, زیندانیانیان لەوێ راگرتووە بۆ قۆناغی دواتر, بەشێكیان بۆ نگرە سەلمان نێردراون, زۆریشیان بۆ تكریت و گۆڕە بە كۆمەڵەكان, ئەوەشی ماون ریكەوت هێشتویانییەتەوە دوواتر ئازاد كراون.
زۆرینەی زیندانیان باسی ئەوە دەكەن كە حەرەسەكان عەرەب و زۆربەیان خەڵكی حەویجە بوونە. زیندانیان باسی ناوی وەك كەنعان و ئەبو نەعمان ابو عارف و ئەبو عروبە هەردوكیان وەك بەرپرس لە دووبز باس دەكەن, پێی دەچێت بە فەرمی داوایان لێكرابێت ناویان نهێنی بێت, تەنها بەو ئەبو وانە بانگ یەكتر بكەن, بۆیە تا ئێستا ئاشكرای ناكەن.
زیندانییەكی دیكە باس ئەوە دەكات كە حەرەسەكان سەرباز بوونەو بێری سوور لە سەریان بووە. لە پاڵ ئەبو ئەیمەن باسی هادیە كوێریش دەكرێت كە حەرەس بووە لە دووبز, هاوكاری زیندانیانی كردووە بۆ نامە هێنان و پەیوەندیكردن. “میدل ئیستیش باسی چەكداری جل زەیتونی دەكات كە حەرەسیاتی زیندانییەكانیان كردووە” چەكداری جل زەیتوونییان لەتەكدایە. پاشان دووكاندارەكانی دووبز سەرنجیان دەدا وا كۆمەڵ كۆمەڵی شەش حەوت كەسیی ئافرەتی بەندكراو بە یاوەریی پاسەوان دێنە لایان و هەر زوو زانییان كە ئەمانە لە سەربازگەكەی دووبزەوە دێن.”.
میدل ئیست مۆفەق نەبووە لە باسكردنی كەمپی دووبز, نەیتانیووە وەك خۆی نیشانی بدات, كە سەربازگەیەك بووە ئامادەكاری تێدا كراوە بۆ زیندە بە چاڵكردن, زۆر زانیاری نا دروست كە لە دڕندەیی زیندانەكە كەم دەكاتەوە , بەمەش لێرە زیان بە دۆسیەكە دەگەیەنێت, تەنانەت بەڕێوەبەری زیندانەكەش دەكاتە كوردێك كە راست نییە ” بەڵام لەگەڵ ئەم هەموو (باشەیەیدا) ئەگەر بەراورد بكرێ، دووبزیش دیسان ترس و سامێكی كەم نەبوو. بۆ گاڵتەجاڕیی دەوران، گیراوەكان ڕوانییان بەڕێوەبەری ئەم سەربازگەیە هاوڵاتییەكی كوردە و پیاوێكی خەڵكی دەڤەری هەولێرە بە ناوی حاجی ئەحمەد فەتاح و حەجی مەككەی كردبوو.”.
هەرچەندە بەرگ سەوزو زەیتونییەكان ئەگەری زۆرە ئەمن بووبێتن, وەك خێروڵا حەمادی لە دان پێنانەكەیدا دەگێڕێتەوە, لە كاتی پێویستدا بەرگی سەربازی بێ روتبەمان دەپۆشی.

گێچەڵی سێكسی
ژمارەیەكی زۆر لەو ژنانەی لە زیندانی سەربازگەی دوبز بوونە, بۆ دادگای باڵای تاوانەكان ئەوەیان گێڕاوەتەوە, كە گێچەڵی سێكسی لەو زیندانە لە هەموو زیندانەكانی دیكەی ئەنفالكراوان زیاتر بووە, ئەو شایەد حاڵانە دەڵێن كچانی جوانیان دەركردۆتە دەرەوە و دواتر هێناویانەتەوە, شەوان كچانیان بردۆتە ناو باخەكان دەوروبەری زیندانەكە و تەعەدایان لێیان كردووە, ئەفسەرەكان شەوان كچانی كوردیان بردووە, 12ی شەو بە دواوە كچانیان بردووە, ئەمانەو زۆر چیرۆكی دیكە دەگێڕنەوە, هەموو دەربڕی ئەوەیە لەم سەربازگەیە بە بەرفراوانی گێچەڵی سێكسی بەرامبەر بە زیندانیان ئەنجامدراوە.

ئەشكەنجەدان
هەرچەندە زیندانەكان ئێرە هەموو ژن و منداڵ بوونە, بەڵام لە زیندانی دووبز یش وەك تۆبزاوەو نگرە سەلمان و نزاركێ لێدان هەبووە, تەنانەت وەك دەگێڕنەوە بە لێدان بە كێبڵ دوو منداڵ مردوونە. سەربازگەكە دەرگاكەی زۆر كات داخراوە, هەروەها شەوان كارەبایان لەسەریان كوژاندۆتەوە, ئەمانەش ئەشكەنجەی دەروونی بووە.

ئازادكردن
ئەبو ئەیمەن دەڵێت “زیندانییەكان پێنج مانگ و یانزە رۆژ لە سەربازگەی دووبز مانەوە” , ژنێكیش خەڵكی توكنە دەڵێت شەش رۆژ دوای لێبوردنە گشتییەكەی 6-9 لە سەربازگەی دوبز ئازاد كراون, ئتر نازانم ئەوانیش دوای بڵاو كردنەوەی لێبوردنەكە لە وەقائعی عێراقی لە رێكەوتی 20-9 ئازاد كراون یان زووتر, بە وتەی ئەم بێت 12ی مانگ ئازاد كراوە.
هەژار غازی عەزیز بابە كە هەر لەو زیندانە لە دایك بووە دەڵێت “رۆژی 20/10/1988 رژێمی بەعس لێبوردنی گشتی دەركرد و ئێمە گەڕاینەوە بۆ چەمچاڵ – شۆڕش، لە قادركەرەمییەكان نیشتەجێ بووین”..
كە لە زیندان ئازاد كراون, زیندانیانی سەربازگەی دووبزیش وەك نگرە سەلمان بردراون بۆ عەربەت, دواتر دابەش كراونەتە دوو بەش, چەمچەماڵ و كەلار” رزگاری, شۆڕش”. نێرگز دەڵێت تاكو رێكەوتی 25-10-1988 لە سەربازگەی دووبز ماوەتەوە, ئەوان وەك سەربازگەكان دی بە چەند گروپێك ئازادكراون , ئەمان بەشی كۆتایی زیندانییەكان نەبوونە, وەلێ پێی دەچێت تاكو كۆتایی ئۆكتۆبەر و سەرەتای نۆڤەمبەر هەموو ئازاد كرابێتن.

سەربازگەكەش فرۆشرا

هادی غەزایی كە لە شێخەكانی ساڵەییەو كوردە و خزمی خوالێخۆشبوو ئەحمەد موختارە كە زۆر بۆ ئەنفالكراوان باش بووە، دە ساڵ قایمقامی شاری دووبز بوو, وەك دەگێڕنەوە قاعەكانی سەربازگەی دووبزی ….. دا بە كەسێك بە ناوی ئەحمەد بایز, بە …….., ئەویش شیش و قاپی و جەمەلۆنی بانی و پەنجەرەكانی دەردێنێ و دەیان فرۆشێت, خەڵكیش دوایی ئەوە شوێن كەلاوەكەی دەكەنە خانوو, ئێستا هیچ شوێنەواری ئەو سەربازگە گرنگە نەماوە, بۆتە ماڵ و گەڕەكێكی لە سەر ئاوەدان كراوەتەوە, ئێمەش دەمانەوێت سەربازگەی قەڵای نگرە سەلمان لە دووری نزیك 1000 كیلۆمەتر بكرێتە مۆنمێنت, كەچی ئەوەی ماڵی خۆمان كاول كرا بە دەستی خۆمان, ئێستا بە ملیۆنان و ملیاران دۆلار هەمان سەربازگەمان بۆ درووست نابێتەوە؟.

عەلی مەحمود محەمەد

—————————-

سەرچاوەكان:
سی دی دۆسیەی ئامادەكراوی ئەنفال لە لایەن دادگای باڵای تاوانەكانەوە.
محكمە الانفال اعداد ریكار مزوری بمساعدە محامی ایاد كاكەیی
بەرنامەی بەڵگەنامەیی خۆم لەوێ بووم , تەلەفزیۆنی ئازادی,كەناڵی گەرمیان
جینۆساید لە عێراقدا ..پەلاماری ئەنفال بۆ سەر كورد – هیومان ڕایتس وۆچ/ میدڵ ئیست وۆچ چاپی سێیەم 2013 چاپخانەی كەماڵ – وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق
-لە تۆپخانەوە بۆ عەر عەر , كوردستان كەركوك 2004 , چاپخانەی ئۆفێستی
-لە تاوانی ئەنفالدا: ژنێك ویستی بمرێ,كەچی ژیا!- دلێر كەریم رێگای كوردستان ژمارەی تایبەت 11-4-2023
-چیرۆكی ئەو منداڵەی لە زینداندا لەدایكبوو2024-06-10-جەواد حەیدەری

  • نێرگز لە دۆزەخی ئەنفالدا عارف قوربانی 2020 چاپخانەی حەمدی



ترامپلاند .. نووسینی: کریس هێدجز .. وەرگێڕانی: گۆران عەبدوڵڵا

کودەتای کۆمپانیاکان و ڕووخانی دیموکراسی ئەمریکی زۆر پێش ترامپ دەستیپێکرد. ئەو تەنها ئەوەی ماوە کۆتایی پێدەهێنێت.
کریس هێدجز

3ی ئایار

فاشیستە کریستیانەکان و ئۆلیگارشەکان کە بە خۆشیەوە قەڵەمی تیژ و فەرمانەکانی جێبەجێکردن بە دۆناڵد ترامپ دەدەن، ئەوە ناکەن بۆ شەڕ لە دژی دەوڵەتی قووڵ و چەپی توندڕەو یان پاراستنی ئێمە لە “دژە-سامیەکان”. ئەوان شەڕی ڕاستیە سەلمێنراوەکان، یاسای سەروەری، شەفافیەت و لێپرسینەوە دەکەن کە تەنها لە ڕێگەی پێگەیەکی ئازاد، مافی ناڕەزایەتی، کەلتوورێکی پڕژاوژاو و جوداکردنەوەی دەسەڵاتەکان، لەوانە دادگایەکی سەربەخۆ دەکرێت.

هەموو ئەمانە بناغەی کۆمەڵگەیەکی ئازادە وەکئەوەی لە کتێبەکەمدا “مردنی چینە لیبڕاڵەکان” باسم کردووە. ئەم پێگانە زۆر پێش ترامپ لاواز کرابوون، لەوانە پەخشی گشتی، ئەکادیمیاکان، پارتی دیموکرات، کەلتوورێکی بەکۆمپانیاکراو و بێ‌تام، دادگایەک کە خزمەت بە چینە سەرمایەدارەکان دەکات، کۆنگرێسێک کە لە لایەن لۆبیستەکانەوە کڕدراوە، هەموو ئەمانە وێران کراون. ئەوانە هەر هەمووی بە ئاسانی کراونەتە ئامانج. کەم کەس هەوڵدەدات بەرگرییان لێبکات. ئەوان ئێمەیان فرۆشت. لێگەڕێن با بمرن.

“لەدەستدانی توێژی لیبڕاڵەکان، بۆشاییەکی دەسەڵات دروست دەکات کە لە لایەن بازرگانەکان، قازانجکەرانی شەڕ، چەتەکان و بکوژەکانەوە پڕدەکرێنەوە کە زۆرجار لە لایەن دیماگۆجیستییە کاریزماییەکانەوە سەرکردایەتی دەکرێن”، من لە ساڵی 2010دا لە کتێبەکەمدا نووسیومە. “ئەمە دەرگایەک بەڕوی جوڵانەوە تۆتالیتاریەکاندا دەکاتەوە کە بە گاڵتەکردن و تەحقیرکردنی توێژی لیبڕاڵەکان و ئەو بەهایانەی ئەوان خاوەندارێتییان لێدەکرد سەردەکەون. بەڵێنەکانی ئەم جوڵانەوە تۆتالیتاریانە خەیاڵی و ناواقعیین، بەڵام ڕەخنەکانیان لە لیبڕاڵەکان لەسەر بنچینەیەکی ڕاستەقینەیە.”

فاشیزم لە مایەپووچی لیبڕاڵیزمەوە سەرچاوە دەگرێت کە دەستبەرداری ڕۆڵی سوننەتی خۆی بووە لە دیموکراسی سەرمایەداریدا. ئەوە چیتر کەمترین زیادەڕەوییەکانی چینە دەسەڵاتدارەکان و ئیمپراتۆریەتەکە بە چاکسازیەکانی هەنگاو بە هەنگاو کەم ناکاتەوە. ئەو تەنها کارمەندە بێ‌مافەکانی بەخیانەتی ئەخلاقیانە سەرزەنشت دەکات.

پێگەکانی میدیا زیاتر پەیوەندیەکانیان لەگەڵ دەسەڵاتدارەکان پەرەپێدەدەن وەک ئەوەی مژۆڵی راستییەکان بخۆن. ئەوان درۆ و پرۆپاگاندەیان بڵاوکردەوە بۆ ئەوەی شەڕی عێراق بکەین. ئەوان واڵ ستریتیان گەورە کرد و دڵنیامان کردن کە سەرمایەی ژیانمان بدەین بە سیستەمێکی دارایی کە لە لایەن بازرگانەکان و دزەکانەوە بەڕێوەدەبرێت. سەرمایەی ژیانمان وێران بوو. ئەوان درۆی ڕوسیاگەیتیان پێداین. ئەوان کۆیلەئاسا خزمەت بە لۆبی ئیسرائیل دەکەن، رووماڵی قەتڵوعامی غەززە و خۆپیشاندانەکانی زانکۆکان دەشێوێنن لە پێناوی ناشیرینکردنی فەلەستینیەکان و موسڵمانەکان و خۆپیشاندانی خوێندکاران. ئەوان بە گوێرەی خواستی کۆمپانیاکانی سەرمایەداران دەجوڵێنەوە. ئەوان کێشە بنەڕەتێکانی زۆرینەی کۆمەڵگە لە نەهامەتی و هەژاری نادیدە دەگرن لە کاتێدا ئەمە بەها بنەڕەتێکانی رۆژنامەگەرییە.

زانکۆکان کراون بە کۆمپانیا. بەڕێوەبەرە باڵاکان، کە زۆرجار بە پلەی ماستەر دەرچووی بەڕێوەبردنی بازرگانی (MBA)ن و کەم یان هیچ ئەزموونێکیان لە خوێندنی باڵادا نییە، لەگەڵ راهێنەرە وەرزشیەکان کە توانای بەدەستهێنانی پارەی زانکۆیان هەیە، موچەی زۆر بەرز وەردەگرن کە بە سەدان هەزار دۆلارە، راهێنەرەکان و سەرۆکی زانکۆکان بە ملیۆنان دۆلار قازانج دەکەن.

تۆزێک زیاتر لە 10%ی پۆستەکانی مامۆستایەتی ئێستا ڕێڕەوی پیشەییانەی خۆیان دەگرن. نزیکەی 45% پۆستەکان کاتین یان یارمەتیدەرەکانن. یەک لەسەر پێنجی پۆستەکان بە شێوەی کاتی، کاتی تەواوی کاریان لە پیشەکانی خۆیان دەستدەکەوێت. زانکۆکان، بە کەمکردنەوەی پۆستەکان بە رێڕەوی پشەیی و موچەی گونجاو، بوونەتە بەشێک لە ئابووری گیگ مامۆستایانی یارمەتیدەر و کارمەندە خوێندکارەکان زۆرجار ناچارن داوای بیمەی تەندرووستی بکەن، کاری دووەم وەربگرن لە زانکۆکانی تر، یان کاری ئووبەر یان تاکسی بکەن، یان لە کاشیرەکان، یان خواردن بگەیەنن بۆ گرەبهەب یان دۆرداش، یان چاودێریکردنی سەگ، یان ماڵەکان بپارێزن، یان لە میوانخانەکان کار بکەن، یان لە ژوورەکان کار بکەن، یان چوار یان شەش کەس لە ژوورێکدا بژین، یان لەسەر جێگەی هاوڕێیەک بخەوێت.

مامۆستایەکی کەم موچە کە سەقامگیری کاری نییە، کێشەکان ناهێنێتەوە کە دژ بە روایتە سەرەکیەکان بن، چ لەبارەی نایەکسانی کۆمەڵایەتی، کۆمپانیا رووتێنەرەکان ، تاوانەکانی ئیمپراتۆریەت، قەتڵ وعامەکانی ئیسرائیل، یان هێشتنەوەمان لەدۆخی شەڕی هەمیشەیی. ئەگەر ئەمە بکەن، دەردەکرێن. بەڕێوەبەرە باڵاکانی زانکۆ، لە بەرامبەردا، پاداش وەردەگرن بۆ “کەمکردنەوەی خەرجیەکان”، بە بەرزکردنەوەی خەرجی خوێندن و کرێ، کەمکردنەوەی کارمەندەکان و کرێی کەم. ئەم ناسەقامگیرییە دڵنیایی دەداتە سەرمایەدارەکان کە ئایدیۆلۆژیای نیولیبڕاڵ کە وڵاتەکە وێران دەکات، لەگەڵ قەتڵوعامی غەززە، لە لایەن ئەکادیمیستەکانەوە کە ترسی لەدەستدانی پۆستەکانیان هەیە، پرسیار ناکرێت. دەوڵەمەندەکان و دەسەڵاتدارەکان ستایش دەکرێن. کرێکارە هەژارەکان، ئەوانەی لە زانکۆکان کار دەکەن، لەبیر دەکرێن.

وەکئەوەی ئیرڤینگ هاو لە وتارەکەی 1954دا ” This Age of Conformity” ئاماژەی پێدا، “دونیابینی رۆشنبیران بۆ بەهاگەلێکە کە ناتوانرێت لە شارستانیەتی بازرگانیدا بەدیبهێنرێت — بەرەبەرە جوانی خۆی لەدەستداوە. ئەمە وازلێهێنان نییە لەبەرنامەیەکی دیاریکراو، ئەمە شکستی ئێمەیە.” هاو دەنووسێت: “باوەڕەکەوایە کە سەرمایەداری بزوێنەری پێشکەوتنی مرۆییە، ئەمە لە هەموو سۆشیاڵ میدیاکان بڵاودەکرێتەوە، پرۆپاگەندەی فەرمی بۆدەکرێت، دەزگاکانی ریکلام و نووسینی ئەکادیمیەکان ئەو کەسانەی کە تا چەند ساڵ پێش ئێستا دژبوون.”

“لە راستیدا بێدەسەڵاتەکان ئەو رۆشنبیرانەن- واقیعەیە نوێیەکان- کە خۆیان بە کورسیەکانی دەسەڵاتەوە دەبەستن، لەوێ ئازادی رادەربڕینی خۆیان دەبەخشن بەبێ ئەوەی هیچ پێگەیەکی سیاسی بەدەستبهێنن”، ئارڤینگ هاو ئاماژەی پێدا. “چونکە بۆ مێژووی رۆشنبیرانی ئەمریکی لە چەند دەیەی ڕابردوودا وەک پەیوەندی نێوان ‘سەروەت’ و ‘هۆش’ گرنگە کە هەرکاتێک ئەوان لە دامەزراوە فەرمێکاندا نوقمبوون، نەک تەنها یاخیبوونی سوننەتی خۆیان لەدەست دەدەن، بەڵکو بە ئەندازەیەک یان زیاتر، وەک رۆشنبیرێک کارکردنەکانیان کۆتایی پێدێت.”

هەردوو پارتە دەسەڵاتدارەکە بانگەشەیان بۆ فێڵەکەی نیۆلیبڕاڵیزم کرد بۆ بە ناپیشەسازیکردنی وڵاتەکە، سەپاندنی دەستگرتنەوەی توند، لەناوبردنی ئازادیەکانی ڕێکخستن و وێرانکردنی یاساکانی پاراستنی رێکخستنی گشتی کۆمەڵایەتی. ئەوان کۆمپانیاکانیان دەستئاواڵەکرد لە کۆکردنەوەی سەروەت و دەسەڵات، کە بووە هۆی سەرمایەداری مۆنۆپۆلی و هەندێک لە بەرزترین ئاستەکانی نایەکسانی داهات و سەروەت لە مێژووی ئەمریکادا. بانکەکان، بەشەکانی پەیوەندی، نەوت، چەک، پیشەسازی کشتوکاڵ و خۆراک سوودەکانیان دڵنیادەکەنەوە بە دیاریکردنی نرخەکان، گەمژەیی یان تەنانەت لەناوبردنی پاراستنە داراییەکان، تەندروستی و ژینگەیی یان سووکایەتیکردن بە کارمەندەکانیان. ئەم هێرشە بۆ سەر یاساکانی نیو دیڵ – New Deal -، کە بە زوویی لە ژێر دەسەڵاتدارێتی ترامپدا بە تەواوی لەناودەچن، چینە کارکەرەکانی بێ‌ماف کرد کە لە نائومێدیدا دەنگیان دا بە دیماگۆجێک بۆ ڕزگارکردنیان. کە یارمەتی بۆ لایەنە هونەرێکان کەمبووەوە، هونەرمەندان وەک پەخشی گشتی کە بۆ دابینکردنی دەنگە ناڕازێکان ئەوانەی پەیوەندیان بە کۆمپانیاکانەوە نییە دروستکرابوو، ناچار بوون بەدوای سەرچاوەکانی تری یارمەتییدا بگەڕێن لەوانە سەرمایەدارە خاوەن کۆمپانیاکان. ئەنجامەکە وێرانبوونی یەکپارچەیی هونەری و ڕۆژنامەگەری بوو.

فریدریش نیتچە لە “لەنێوان چاک و خراپە“دا ئەوە دەنووسێت کە کەم کەس ئازایەتی ئەوەیان هەیە سەیری ئەوە بکەن کە ئەو پێی دەڵێت چاڵی گڕکانی واقیعی مرۆیی. زۆربەی خەڵک بە وریاییەوە ئەم چاڵە پشتگوێ دەخەن. بەپێی فکری نیتچە هونەرمەندان و فەیلەسوفەکان، کە ئارەزوویەکی نەبڕاوەیان بۆ زانینی ڕاستێکان هەیە. ئەوان دەچنە ناو چاڵی گڕکانی واقیعەکەوە. ئەوان هەتا ئەو شوێنە نزیک دەبنەوە کە ئاگر و گەرما ناچاریان دەکات بگەڕێنەوە. نیتچە دەنووسێت: ئەم هۆشمەندی و ئەخلاقییەتە، باجی خۆی هەیە. ئەو کەسانەی بە ئاگری حەقیقەت دەسوتێن، “منداڵانی سووتاون” هەتیوێکی نەمرن.

کەلتور لە دیموکراسییەکی کارا و چالاکدا رادیکاڵ و گۆڕانکارە. گوزارشت لەوەدەکات کە لەناخماندایە. مانا دەدات بە واقعیەتمان. وادەکات وەک ئەوەی دەبینین بیر بکەینەوە. ڕێگەمان پێدەدات هاوسۆزی ئەو کەسانە بین کە جیاوازن یان ستەمیان لێدەکرێت. ئەوەی لەدەوروبەرمان روودەدات بۆمان ئاشکرا دەکات. رێز لە تایبەتمەندێکان دەگرێت.

جەیمس باڵدوین -James Baldwin- دەنووسێت: “ڕۆڵی وردی هونەرمەند، ئەمجا، ئەوەیە کە ئەو تاریکییە روناک بکاتەوە، رێگاکان لە دارستانی فراواندا بکاتەوە بۆ ئەوەی ئێمە لە هەموو کردەوەکانماندا، ئامانجەکە لەدەست نەدەین، کە دواجار ئامانجەکە ئەوەیە جیهان بکەینە شوێنێکی مرۆییانەتر.”

شەڕی دژ بە لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی هۆشمەندانە، هونەر و کەلتوور بۆ ئەوەیە کە نەهێڵدرێت سەیری ناوەوەی ناخی خۆمان بکەین، بۆ ئەوەی جیهان نەکەینە شوێنێکی مرۆییانەتر. “خەڵکانی سووتاو” بێدەنگ دەکرێن یان کەنارگیریان دەکەن. نزیکەی 16,000 کتێب لە قوتابخانەکان و کتێبخانەکاندا قەدەغە کراون پێش ئەوەی ترامپ دەسەڵات وەربگرێت، قەدەغەکردنەکان خێراتر دەبن چونکە کتێبی زیاتر لە قوتابخانەکان و کتێبخانەکان پاکدەکرێنەوە. لە دەوڵەتە ئۆتۆریتاریەکاندا هەراو زەنای مێژووی کەلتورێکی ئایدیاڵی دەکەن کە هەرگیز نەبووە و ئێستاشی لەوەهمێک زیاتر هیچیتر نییە.

کەلتووری جەماوەری سەرچاوەیەکە بۆ تینوویەتی مرۆڤەکان بۆ خەیاڵ، سەرسوڕمان، بەختەوەری و هیوا. پاڵمان پێوەدەنێت بۆ نیشتیمانپەرستیەکی کوێرانە و ئەفسانەی پێشکەوتنی هەمیشەیی. هانمان دەدات وێنەی کەسایەتێکان سەلەبریتیەکان یان خۆمان دروست بکەین بۆ پەرستن، بە تایبەتی لەسەر سۆشیاڵ میدیاکان. ئەنجامەکە وێرانبوونی کەلتووری بووە کە کۆتاییەکەی دەبێتە باخچەی پاڵەوانەکانی ترەمپ و ئەو پێشبڕکێیە گەورەیەی کریسمس کە لەم زستانەدا لە سەنتەری کەنەدی لە واشنتۆن پلانی بۆ دانراوە.

سیاسەتمەدارەکان لە هەردوو پارتە دەسەڵاتدارەکە لە لایەن سەرمایەدارەکان و کۆمپانیاکانەوە ژێر بە ژێر پارەیان بۆ دابینکراوە. لەم سیستەمەی ئێمەدا کە بەرتیل بەیاسایی کراوە، ئەم سیاسەتمەدارانە ئەرکەکانی خاوەنەکانیان لە کۆنگرێسدا جێبەجێ دەکەن. فەیلەسوفی سیاسی شێڵدۆن وۆلن- Sheldon Wolin- ئەم جۆرە حکومەتە بە “تۆتالیتاریزمی پێچەوانە” ناو دەبات. تۆتالیتاریزمی پێچەوانە دامەزراوەکان، نیشانەکان، وێنەکان و زمانەکانی دیموکراسی سەرمایەداری کۆن دەپارێزێت، بەڵام لە ناوەوە کۆمپانیاکان هەموو جوومگەکانی دەسەڵاتیان گرتووە بۆ بەدەستهێنانی سوودی زیاتر و کۆنترۆڵی سیاسی. سیستەمی یاسایی نێودەوڵەتی بەکاردەهێنێت بۆ تاڵانکردنی سەرچاوەکان لە جیهانی سێیەم، هەروەها سەرنگوونکردنی حکومەتەکان کە دژ بە هەژموونی سەرمایەداریانەی کۆمپانیاکانن. ئەمانە سوودی خۆیان دەخەنە سەرووی دادپەروەریەوە. یاساکانی کار لاواز دەکەن و مافەکانی کارمەندان پێشێل دەکەن.

هەڵتەکاندنی ئەم دامەزراوە وێران و گەندەڵکارانە لە لایەن حکومەتی ترامپ ەوە کۆتایی تاقیکردنەوەی ئەمریکی و گۆڕان لە تۆتالیتاریزمی پێچەوانە بۆ دیکتاتۆریەت پیشان دەدات. ئەمە ئاماژەیە بەرەو بەکۆمپانیبونی دونیا کە بە شێوەیەکی زۆر دڕندانەتر، لە سەرمایەداری تۆتالیتاری چین دەچێت کە چاودێری دەوڵەتی گشتگیر، سانسۆری توند، چینە دەسەڵاتدارەکانی بێهەڵبژاردن و بێ‌لێپرسینەوە دەبن، سەرکوتکردنی جوڵانەوەکان لەوانە یەکێتیە کرێکارێکان. ئێمە دەچینە ناو جیهانێکی خەیاڵی جادوویی کە نیشانەی هەموو دەسەڵاتداریەکانە، کە تێیدا زمانەکەی کە بەکاریدەهێنین بۆ وەسفکردنی خۆمان و کۆمەڵگەکەمان هیچ پەیوەندیەکی بە واقیعەوە نییە.

گرنگە بۆ دەسەڵات کە هەموو دامەزراوە سەربەخۆکان، چەندە لاواز یان وێران بن، بێهێزبکرێن. ترامپ، بەپێی راپۆرتەکانی ئاکسیۆس، “هێرش” دەکاتە سەر “پێشکەوتنە ساختەکان” کە کەمبوونەوەی ڕێژەی پەسەندکردنی نیشاندەدەن و داوا دەکات کە پێگەکانی هەواڵ کە ئەمانە بڵاودەکەنەوە “لێکۆڵینەوە لەسەر تەزویر لە هەڵبژاردنەکان بکەن.” ئەمە هەستی هەموو دیکتاتۆرەکانە. ڕاستیە نەگونجاوەکان قەدەغە بکە. کاتێک ئەم دامەزراوانە بێدەنگ یان دەستبەسەر دەکرێن، دەبێتە هۆکاری ئەوەی ئەو درزانەی ناو بینا کۆنەکە کە ڕێگەی بە ناڕەزایەتییەکی بێدەنگ دەدا نەمێنێت. ترس دەبێتە چەسپی پەیوەندی کۆمەڵایەتی. ڕەخنەگرتن دەبێتە تاوان. ئاسایشی ناوخۆیی، جێبەجێکردنی یاساکانی کۆچبەری و خەرجیەکانی سەربازی بە شێوەیەکی زۆر داهاتیان بۆ دابین دەکرێت. لە کاتێکدا پرۆگرامە کۆمەڵایەتیەکان پارەیان بۆ خەرجناکرێت.

خاڵی بنەڕەتی ئەم پرۆژەیە گەورەکردنی سەرۆک و پەرستنیەتی. کۆیلایەتیەکی بێ‌سنوور بەرامبەر سەرکردەی گەورە کرا لە ئاهەنگگێڕانی ترامپ بۆ 100 رۆژەکانی یەکەمی لەگەڵ کاندیدەکانی کابینەکەیدا کە هەر هەموویان کاسکێتی شین و سووریان لەسەر نابوو یان لەسەر مێزەکانیان دایان نابوو، لێینووسرابوو ” Gulf of America”. داواکاری گشتی پام بۆندی- Pam Bondi-، بە شێوەی کۆیلەیەکی نمونەیی لە کۆبوونەوەکەدا، وتی: “بەڕێز سەرۆک، 100 رۆژەکانی یەکەمتان زۆر زیاتر لە هەر سەرۆکایەتیەکی تر لەم وڵاتەدا بووە، هەرگیز. [من] هەرگیز شتێکی لەمجۆرەم نەدیوە، سوپاس.”

ترامپ رەزامەندی نمایشی ٢٥٠ ساڵەی سەربازی بەدەستهێنا لە ساڵرۆژی لە دایکبوونیدا. دوو ستوونی ئاڵای 100 پێی بەرزی چەقاند لە باغچەکەی کۆشکی سپی، بەوئومێدەی ئەگەر پرۆژەکانی لە کۆنگرێس پەسەند بکرێن، وێنەی لەسەر کێوی رەشمۆر هەڵبکەندرێت لەگەڵ جۆرج واشنتۆن، تۆماس جێفەرسن، ئەبراهام لینکۆڵن، و ثیۆدۆر رۆزڤێڵت. ئەو ساڵرۆژەکەی وەک رۆژێکی فەرمی فیدراڵی دەبینێت، وێنەی لەسەر پارەی 250 دۆلاری نوێ و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دەلەسی واشنتۆن بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دۆناڵد جەی ترامپ ناودەبرێت. ئەو باخچەی نیشتمانی قارەمانەکانی ئەمریکی دروست دەکات و بە دڵنیاییەوە، ئەو پەسەندکردنی 22ەمین چاکسازیەکە دەبینێت کە رێگە بە خزمەتکردنی سێیەم وادەی سەرۆکایەتی بدات. سەرۆک بۆ ژیان!

“منداڵان فێردەکرێن کە ئەمریکایان خۆشبوێت”، ستیڤن میلەر-Stephen Miller- وەک جادوگەرێک وتی. “منداڵان فێردەکرێن کە نیشتیمانپەرست بن. منداڵان فێردەکرێن کە چۆن بەها کۆمەڵایەتیەکان فێربن لەو قوتابخانانەی کە بەپارەی باجدەرە فیدراڵیەکان دەچێتەڕێوە. بۆیە کاتێک وەزارەتی پەروەردە دەکەینەوە و پارە بۆ ویلایەتەکان دابین دەکەین، دڵنیادەبینین کە ئەم پارانە بۆ پەرەپێدانی ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیستی بەکارنەهێنرێن.”

ئەوەی کە لە کۆمەڵگەی ئازادماندا ماوە، مارە ژەهراوێکەی ترامپ کۆتایی پێدەهێنێت، ئەو کارانەی کە ملیاردێر و کەمپانیا گەورەکان برەویانپێدا. ئەمە کۆتایی پرۆسەکەیە، نەک دەستپێک. ترامپ هاوکاری زۆری هەبوو.
وشەیەک هەیە بۆ ئەوانەی کە ئەمەیان بەسەرماندا هێنا.
خەیانەتکارەکان.

سەرچاوە:
https://chrishedges.substack.com/p/trumpland?utm_campaign=email-half-post&r=58mb9i&utm_source=substack&utm_medium=emai
l

نووسینی: کریس هێدجز .. وەرگێڕانی: گۆران عەبدوڵڵا




ڕۆژئاڤا و هەرێم.. ئەحمەد ڕەسوڵ

هەر سیستمێکی ئیداری سیاسیی کە هاونیشتمانیبوون و مرۆڤبوونی کرد بە پرەنسیپی سەرەکی کارکردن و بنەمای پێکهێنەری خۆی، دەبێتە ڕووبەرێکی دەزگایی کۆمەڵایەتیی بۆ بەرجەستەبوونی هێز و ویستی ئینسان و تەعبیرکردنی لە خۆی. سیستمێکی لەو جۆرە بە ڕاددەیەکی زۆر دەبێتە فەزای خۆبونیاتنانی مرۆڤ و بەرجەستەبوونی توانا و ووزە ناوەکییەکانی. سیستمێک کە تا ئاستێکی بەرز لەسەر یەکسانیی، سەروەری یاسا و ڕۆحی دەزگایی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بونیادنرابێت، یەکگرتوویی ناوەکی جڤات دەپارێزێت و بەهێزتری دەکات.
هەڵوێستی گشتی کۆمەڵگای ئێمە لە ئاست ڕووداوە نێوخۆیی و ناوچەییەکان، بە تایبەت ڕووداو و گۆڕانکارییەکان لە پەیوەند بە هەرێمی کوردستان لەلایەک و ڕۆژاڤا “کوردستانی سوریا” لەلایەکی تر، هەڵوێستێکی مایەی تێڕامان بووە. هەندێجار مێدیاکار و نووسەرانی دوو حزبخێڵە دەسەڵاتدارەکەی هەرێم وەکو پرسیارکردنێکی گرفتئامێز ئەوەیان دەربڕیوە کە بۆچی خەڵکی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی فەزای گشتی کۆمەڵگا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەڵوێستێکی لایەنگیرانە و پشتگیریکارانەی هەبووە بۆ ڕۆژئاڤا و دەسەڵاتدارێتیی خۆڕێڤەبەریی لە هەر ڕووداو و گۆڕانکارییەکدا، بەڵام لە ئاست ڕووداو و گۆڕانکارییەکان لە نێوخۆی هەرێم هەڵوێستی ڕەخنەگرانە و دژبەرانەی نواندووە لە ئاست دەسەڵاتدارێتییەکەی هەرێم!

ڕۆژئاڤا
ئیدارە و سیاسەت لە ڕۆژئاڤا بەڕێژەیەکی بەرز لەسەر بەرجەستەبوونی ئیرادەیەکی کۆلێکتیڤ بیناکراوە. ئیرادەی کۆیی ڕاستەقینە بەنێو بەرجەستەبوونی ئیرادەی تاکە تاکەی ئیسانەکاندا تێپەڕدەبێت. واتا ئەوە کۆبوونەوەی هێز و ئیرادەی تاکە کەسەکانن و فۆڕمیولەبوونی هێزێک و ئیرادەیەکی دەستەجەمعییە کە لە توانایدایە هەم بەربەستە گەورەکان تێکبشکێنێت “لە نموونەی تۆمارکردنی داستانی کۆبانی” هەم ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببێتەوە.
دەسەڵاتدارێتی خۆبەڕێوەبەری لە ڕۆژئاڤا، لە تەمەنی خۆیدا جگە لەوەی پرەنسیپی هاونیشتمانیی لە نێوان گروپە جیاوازە ئایینی، نەتەوەیی، ئیتنیکی، زمانیی و مەزهەبییەکانی ئەو کۆمەڵگایەدا سەرباری گوتاری سیاسیی ڕاستەقینە و گوتاری مێدیایی خۆی بە کردەییش جێبەجێکرد.
خۆڕێڤەبەریی ڕۆژئاڤا، ڕووبەرێکی دەزگایی کۆمەڵایەتییە کە تێیدا تەواوی گروپە نەتەوەیی، ئیتنیکی و ئاینییە جیاوازەکان توانیویانە گوزارشت لە بوونی خۆیان بکەن، واتا بە کردەیی پرەنسیپی هاونیشتمانی بەرجەستە کراوە. دەسپاکیی و پەرێزپاکیی دەسەڵاتداران و بەرپرسان لە ئاستێکی بەرزدایە، داهات لە پێناو خزمەتگوزارییە گشتییەکاندایە و کەمترین دابەشبوونی چینایەتی هەستی پێدەکرێت لە نێو توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا. دەسەڵاتداران بە نزیکەیی لە هەمان شێوە و دۆخی ژیانی هاوڵاتیانی ئاساییدا دەژین. ستراتیژێکی نیشتمانی ڕاستەقینە لە بەهێزکردنی کۆمەڵگا و سەربەخۆکردنی کۆمەڵگادا کاری بۆ دەکرێت. گەلێک تایبەتمەندیی دیکەی بەهێزکردنی ڕووبەرە گشتییەکان و پایەدارکردنی چاکەی گشتی، کە هەموو ئەمانە وایان کردووە، ووزەی ناوەکیی و یەکگرتوویی جڤات بە ئاڕاستەی دەسەڵاتدارێتیی خۆبەڕێوەبەریی بەردەوام لە گەشەکردن و بەهێزبووندا بێت و ئەمەش یەکێک لە پایەکانی هێز و مانەوەیەتی سەرباری لێشاوی ئەو لەمپەر و کێشانەی بۆی دروستدەکرێت لە ووڵاتانی دەوروبەرییەوە تا دەگات بە جەنگ و داگیرکارییەکانی تورکیاش. ئەو تایبەتمەتمەندییانەیە وایکردووە جیهانی خۆراوا هاودەست و هاوکار و پاڵپشتی بن.

هەرێم
پێکهاتەی سیاسیی و دەسەڵاتدارێتی لە هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ملکەچی و گوێڕایەڵیی تاکەکەسی حزبی بۆ سەرووی خۆی تا دەگات بە لوتکەی هەڕەمی دەسەڵات داڕێژراوە، بۆیە ئینسان لە نێو کایەی سیاسیی لەسەر مۆدێلی ڕۆبۆت بەرهەمهێنراوە، کە نەک هەر ئازاد و خاوەن ئیرادە نیە، بەڵکو لە ئینسانییەتی سەلب کراوە بە مانا ئاڕێنتییەکەی “هانا ئاڕێنت پێیوایە کاتێک ئازادیی مرۆڤ زەوت دەکرێت و ئینسان لە ئیرادە دەخرێت، چیدی ئیختیار و توانای هەڵبژاردن مانایەکی نامێنێت و لێرەوەیە مرۆڤ لە ئینسانییەت دەکەوێت و دەبێتە ئامرازێکی گیانلەبەری پڕۆگرامکراو”. لێرەوە ئەم مرۆڤە جگە لە جێبەجێکردنی فەرمانی سەرووتری خۆی هیچ ئاکت و چالاکییەکی ئیرادەگەرانە، ئاوەزدارانە و ئارەزوومەندانەی خۆی لێچاوەڕوان ناکرێت. پارتی و یەکێتی وەکو دوو هێزی دەسەڵاتداری کوردستان، جگە لەوەی دەزگاکانیان ماشێنی لەنێوبردنی ئینسانییەتی مرۆڤ بوون بۆ ئەندامان و لایەنگرانی خۆیان بە تایبەت و خەڵکیش بە گشتی، هەروەها خۆیان هێزی بێئیرادە و چەماوە بوون لە ئاست دەوڵەتە داگیرکارەکانی دراوسێ. بۆیە هێزێکی ڕاستەقینەی ئیرادەگەر بۆ هەر ئەکتێکی سیاسی یان هەر پڕۆسەیەکی جڤاتیی مەزن نەبوون و بەردەوامیش دژ وەستاونەتەوە بۆ ئەو هێز و بەرگرییە ناوەکییەی کۆمەڵگاش کە ئەگەرچی لاوازیش بووبێت بەڵام ڕاستەقینە و ئازادانە بووە. لێرەوە هەر جوڵەیەکی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان هێندەی گوزارشت بووە لە خواست و ئیرادەی دەوڵەتانی داگیرکاری دەوروبەر یان هێزە جیهانیەکان هێندە دەربڕی ویست و گوزارشتکردن نەبووە لە هێز و خواستی ڕاستەقینەی کۆمەڵگای ئێمە.
تێگەیشتنی ئەم دەسەڵاتدارێتیە بۆ هێز، هاتنەسەرەوەی ووزەی پۆتێنشڵی کۆمەڵگا و هێزی ناوەکیانەی جڤات نیە، هێز نیە لە هاوپشتی و هاریکاری کۆمەڵایەتی و هەستی پێکەوە گرێدراویی نێو کۆمەڵگاوە سەرچاوەبگرێت، بەڵکو تێگەیشتنێکی هێندە پریمیتیڤ و ناشارستانییە کە جگە لە هێزی ڕووتی نەوت و پارە لەگەڵ خۆ گرێدانەوە بەبەرژەوەندی ئابورییانەی دەوڵەتانی داگیرکاری دەوروبەر، پشتدەبەستێت بە کەڵەکەبوون و تۆپەڵبوونی هێزی چەکدار وەک ئاپۆڕای گەورە کە وەک نیشانەی هێز خۆی دەربخات.
لێرەوە ئەم دەسەڵاتدارێتییە جگە لە پارچەپارچەکردنی کۆمەڵگا و کردنی کۆمەڵگا و ئینسانەکان بە ملیۆن دوورگەی لەیەکدی دابڕاو، هێزی ناوەکیانەی جڤات و ووزەی پۆتێنشڵی کۆمەڵگاشی لەنێوبردووە.
دەسەڵاتدارێتییەکەی هەرێمی کوردستان، جگە لە تاڵانکردنی داهاتی ژێر زەوی و سەرزەوی هەرێمی کوردستان، هێزی چەکداری نەوەکو حزبیی خێڵەکیی بەڵکو تاکەکەسیی دامەزراندووە، دابەشکاریی و تەفرەقەی نەوەکو تەنها لە نێوان بوونە نەتەوەیی و ئاینییە جیاوازەکاندا لەسەر ئاستی عێراق دروستکردووە، بەڵکو تەنانەت لە هەرێم جیاوازیی و دابەشکاریی لە نێوان شار و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان دروستکردووە و بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی مێدیاکار و نووسەرەکانییەوە کاری لەسەر دەکات. دابەشکاریی چینایەتیی و پلەبەندیی کۆمەڵایەتیی گەیاندووەتە ئاستێک لە مێژووی ئەم کۆمەڵگایە و تەواوی کۆمەڵگاکانی ئەم ناوچەیەدا وێنەی نەبووە. کێرڤی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە هەرێمی کوردستان لەسەر دەستی دەسەڵاتدارێتیی دوو حزبخێڵە دەسەڵاتدارەکە بەردەوام لە داگەڕان و نزمبوونەوەیەکی خێرادایە. کەرتەکانی خزمەتگوزاری گشتی نەوەکو بەهێزکراون بەڵکو فەرامۆشکراون بە ئامانجی هەرچی فراوانتربوونی ئەم خزمەتگوزراییە گشتییانە لە کەرتی تایبەتدا. فووتێکردنی گوتارێکی ڕووکەش و بێناوەڕۆکی ناسیونالیستی نامۆ بە هەر پرەنسیپێکی سادە و سەرەتایی ناسیونالیزم تەنها بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتیی و خوسەپاندن وەکو نوێنەری بزووتنەوەی ڕزگاری! نەتەوەیی! کۆمەڵگای ئێمە کە هەردەم جگە لە کێشە و قەیرانی قووڵ لەگەڵ دەسەڵاتدارێتییەکانی دەوروبەر هیچ ئەنجامێکی دیکەی نەبووە.
دەسەڵادارێتییەک بە ستراتیژ کاریکردووە لەسەر لاوازکردن و بێئیرادەکردنی ئینسانی کورد و لێرەوەش نەوەکو هێزی ناوەکیی و یەکگرتوویی جڤاتی تا نزمترین ئاستی خۆی بردووە، بەڵکو ئەم ووزەیە ئەگەر شتێکی لێمابێتەوە و خۆی بەرجەستە کردبێت لە دۆخە جیاوازەکاندا ئەوا دژ بە خودی ئەو سەرچاوەیەی تۆپەڵبوونی دەسەڵات و کەڵەکەبوونەی دەسەڵات لە نێو خێڵ و بنەماڵە سیاسییەکاندا بووە. دەسەڵاتدارێتییەک کە بە تەواوی لە پەیوەندیی ئاغا و ڕەعییەتدایە لەگەڵ کۆمەڵگا، دوو بنەماڵە و خێڵی دەسەڵاتدار وەکو سوڵتان وئاغا و تەواوی میللەتیش وەکو ڕەعیەت.
دەسەڵاتدارێتییەک کە لە درێژایی تەمەنی خۆیدا، ژیان و کەینونەی ئینسانی کوردی لە داگەڕان و داخزانێکی بەردەوامدا ڕاگرتووە و بووە بە سەرچاوەی هەڕەشەی ڕاستەقینە لەسەر وجودی هەمەلایەنەی ئەو، وەکو دەرئەنجامێکی سروشتیی و ئاسایی خەڵک لە هەر هەلێک، ڕووداوێک و گۆڕانکارییەکدا ڕۆحی نارەزیەتی خۆی لەسەر هەموو ئاستەکانی ئەکتی بەرەنگاریی ڕووبەڕووی وەها دەسەڵاتدارێتییەک دەکاتەوە تا دەگات بە ئەوەی کە بخوازێت بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخە، و کۆتاییهێنان بە ستەمی قورسی هەمەلایەنەی وەها دەسەڵاتدارێتییەک، ڕوو بکاتەوە بەغدا.

دەرئەنجام
جیاوازی نێوان خۆبەڕێوەبەریی لە ڕۆژئاڤا و دەسەڵاتدارێتیی لە هەرێم، ئاسمان ڕێسمانە. ئەوانەی سەرەوەی مشتێک بوون لە خەروارێک. دەرئەنجام، هەڵبەت کە جیاوازی نێوان هەڵویستگیرییەکانی خەڵکی کوردستان لە ئاست ئەو دوو دەسەڵاتدارێتییەش، ئاسمان و ڕێسمان دەبێت.




كەمپی سوپای میلی تۆبزاوەی ئەنفالكراوان.. عەلی مەحمود محەمەد

كەمپی سوپای راهێنانی میلی تۆپزاوە, بە ناوی گوندی تۆبزاوەی449 ماڵەی 11 كم لە باشووری خۆرئاوای ناوەندی شاری كەركوكەوە ناونراوە, گوندەكە لە ناوچەیەكی ستراتیژی گرنگدایە لەسەر رێگای حەویجە – تكریت, لە زۆر ناوچەی كوردستان بە هەمان ناوەوە چەندین گوندی دیكە هەیە, گوندی تۆبزاوە لە رێكەوتی 20-5-1987 دوای 20 رۆژ ئاگاداركردنەوە, دوا ماڵی گواسترانەوە, كە هەموویان كورد و كەمایەتییەكی شەش ماڵەی توركمان بوون. دوای گواستنەوەی هاووڵاتییە كورد و توركمانەكانی ناوچەكە, بە تایبەت دوای چۆڵكردنی سەربازگەكە بۆ كۆكردنەوەی ئەنفالكراوان تیایدا, ناوچەكە بووە بە ناوچەپەكی سەربازی, تۆبزاوە بۆ یایچی, بۆ گوندەكانی دوبەك تەپە و كەیوان ….ئاوەدانیان تێدا نەما, جگە لە سەربازو چەكدار نەبێت.
سەربازگەی راهێنانی سوپای میلی تۆبزاوە لە سەر رووبەری 122 دۆنم زەوی لە ساڵی 1979 دەست بە درووستكردنی كراوە, لە ساڵی 1980 تەواو كراوەو كراوەتە سەربازگەی راهێنانی سوپای میلی, لەو زەوییە 20 دۆنمی بۆ 22 هۆڵی گەورەی 25 بە 8 مەتری و ژوری دیكە تەرخان كرا, 102 دۆنمەكەی دیكەی كراوەتە گۆڕەپانی راهێنانی سەربازی بۆ سوپای میلی, راهێنانی سەربازی فەرمانبەران و قوتابیان و خەڵكانی دیكە لە ریزەكانی جەیشی شەعبی كە لە دوای دەستپێكردنی جەنگی ئێران- عێرق توێژێكی بەرینی خەڵك بە زۆر لە لایەن حكومەتەوە پەیوەست بوون پێوەی.

وەك ناوەندی كۆكەرەوەی ئەنفالكراوان
سەربازگەی تۆبزاوە, وەك ناوەندی سەرەكی كۆكردنەوەی ئەنفالكراوان لە 7 پرۆسەی ئەنفال ” یەك بۆ حەوت” و زیندانیانی هەڵەبجە بەكار هاتووە, رۆڵی ئاوشفیتزی جینۆسایدی جولەكەی لە عێراق بینیوە بۆ پرۆسەی جینۆسایدی ئەنفال, لێرەوە ئەنفالكراوان بەسەر سەربازگەكانی دیكە دابەشكراون” ئەنفالكراوان لە رۆژێكەوە بۆ مانگێك و زیاتریش لێرە ماونەتەوە”.
تۆپزاوە جگە لە ناوەندی كۆكەرەوە, هەروەها جێگای لێكۆڵینەوەو جیاكردنەوەو دابەشكردن بووە, بۆ دابەشكردن و ناردنی قوربانیان بۆ سەربازگەكان و گۆڕە بە كۆمەڵەكان, ناوەندی سەرەكی دابەشكردنیش بووە لە بەشی زۆری حەوت پرۆسەی ئەنفال, لێرەوە قوربانیان نێردراون بۆ سەربازگەكانی”دوبس و نگرە سەلمان” و گۆڕە بە كۆمەڵەكان.
دواتر زیندانی دوبزیش بۆتە ناوەندی دابەشكردن بۆ نگرە سەلمان و تكریت, لەوێوە لە تكریتەوە ئەنفالكراوان نێردراون بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان, هەر چەندە پێم وایە زیندانی سەربازگەی دووبز هەر لقێكی زیندانی سەربازگەی دووبز بووە.

یەكەم گروپی ئەنفالكراوان كێ بوون هێنرانە تۆبزاوە؟
ژنێكی لە دایك بووی ساڵی 1955 ناوچەی گەرمیان, بۆ دادگای باڵای تاوانەكان دگێڕێتەوە, دەڵێت “لە گەڵ خەڵكی گوندی محە بارام سوار ترێكتەر بووین بۆ چەچەماڵ, چوینە گوندی قرخ, لە گوندی قەرەتامور دەستگیركراین, بارق پیاوە گەنجەكانی جیاكردەوە بە لێدان بردیانی, ژن و منداڵەكان چوار رۆژ لەوێ ماینەوە, پێنجەم رۆژ بە ئۆتۆمۆبیلی گەڵابە بردیانین بۆ بارەگای قائمقامیەتی چەچەماڵ, ئەو رۆژەی خۆپیشاندان كرا لە چەمچەماڵ” دەوترا 11 ی چوار خۆپیشاندان كراوە, هەندێك بەڵگەنامەم لایە بە پێی ئەوان بێت گوایە 12ی مانگ خۆپیشاندان كراوە”, هەر ئەو عەسرە بردمانیان بۆ سەربازگەی تۆبزاوە. ئێمە كە گەیشتینە تۆبزاوەو هۆڵەكان هەموو بەتاڵ بوون, ئێمە یەكەم گروپ بووین بردراین بۆ ئەوێ و كراینە ناو هۆڵە گەورە ساردو سڕەكانەوە, رۆژی دواتر پیاوە گەنجەكانی سلێمانی ئەوانەی كە لە گەڵ ئێمە بوون هێنایانیان بۆ سەربازگەكە, سێیەم شەو منداڵەكانیان لێمان جیاكردۆتەوە, دواتر گەڕاندیانیانەوە بۆ كەسوكارەكانیان, شەشەم رۆژ پیرو گەنجەكانیان لە یەكتر جیاكردۆتەوە بۆ سێ بەش, هەر ئەم ژنەو ئەوانەی لە گەڵیا بوونە هەمان رۆژ یەكەم گروپ بوونە نێردراون بۆ زیندانی سەربازگەی دووبز.

ئەنفالكراوان لە كوێوە هێنران ؟

زیندانی سەربازگەی تۆبزاوە, ناوەندی سەرەكی كۆكردنەوەی ئەنفالكراوان بووە, هەموو ئەنفالكراوانی پرۆسەی ئەنفالەكانی” یەك, دوو, چوار, پێنج, شەش, حەوت”یان بە گشتی بۆی هێناوە, زۆرینەی ئەنفالكراوانی پرۆسەی ئەنفالی سێ ش, جگە لە ئەنفالكراوانی ناوچەی داوێ بردراون بۆ زیندانی مەركەز شەبابەكەی دووز.
جگە لە ئەنفالكراوانی ئەنفالی هەشت و كامپی سوپای میلی تكریت “ئەنفالكراوانی داوێی گەرمیان”, و كۆمەڵێك لە ئەنفالكراوان راستەوخۆ بردراوان بۆ گولەبارانكردن, وە ئەنفالكراوانی ناو زیندانێك لە نێوان دوبس و كەركوك, كە زیاتر لە 180 زیندانی تێدا بووە” بە وتەی ئەوان پێش ئەوانیش زیندانی ئەنفالی دیكە لەو زیندانە هەبوونە, دوای لێبوردنی گشتییەكە زیندە بەچاڵ كران, ئەوانی دیكە هەموو هێنراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوە, لێرە پۆلێن و دابەش كراون, هەندێكیشیان یەكسەر لێرە كوژراون یان مردوونە, وەك لە ئەنجامی پشكنینی گۆڕە بە كۆمەڵە هەڵدراوەكەی سەربازگەی تۆبزاواوەو ئەو وەفاتنامانەی كە بەردەستن دەردەكەوێت.
زیندانەكانی ئێرە, لە تەوارییەكەی سلێمانی” ئەنفالی یەك, دوو, ئەنفالكراوانی هەڵەبجە”, كۆیە, تەق تەق, شوان, چەمچەماڵ” قادر كەرەم و باوە شاسواری سەنگاو, ناو سیمەكەی لەیلان و ئالیاوەو قۆڕەتوو و فرقەی چوارقوڕنەو هەولێرو “سپیلك” ەوە هێنراون بۆی.

چۆن و كەی هێنران؟
قوربانیانی ئەنفالی یەك بەم شێوەیە باسی ناردنی خۆیان دەكەن بۆ سەربازگەی تۆبزاوە” خەڵكی سێدەر لە رێكەوتی 5-3-1988 ئەنفالكران, بە دە ئۆتۆمۆبێل بردرانە ناحیەی بنگرد, لەوێوە بۆ چوارقوڕنە (بارەگای فرقەی 4), چوار رۆژ لەوێ مانەوە, دوای جیاكردنەوەی ژن و منداڵەكان لێیان, نێردراون بۆ هەولێر, 5 رۆژ لە هەولێر ماونەتەوە, شەوێكیش لە كەركوك, دوایی لە تەواری شاری سلێمانی نزیك دوو مانگ ماونەتەوە, لە گەڵ ئەنفالكراوانی پرۆسەی ئەنفالی دووی ناوچەی قەرەداغ, بە 22 ئۆتۆمۆبێل بردراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوە”.
“خەڵكی گوندی سێكانیانی ناوچەی پرۆسەی ئەنفالی یەك, چونەتە ئێران, لە گەڕانەوەیان لە سونێ دەستگیركراون, “36 كەسیان روفاتیان لە حەزەر دۆزراونەتەوە” یەكسەر بە 3 ئیڤای سەربازی بردراون بۆ شاری هەولێر, دوو رۆژ لە سەربازگەیەكی هەولێر بوونە, دواتر 28 رۆژ لە سەربازگەیەكی دیكە, بە پاس بردراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوە, سێ رۆژ لە تۆبزاوە ماونەتەوە”.
یەكێكی دیكە لە زیندانیانی ئەنفالی یەك ئاوا چیرۆكی ناردنی خۆیان بۆ تۆبزاوا دەگێڕێتەوە” 20 كەس لە ئەشكەوتێك گیراون, چوار رۆژ لە گوندەكە زیندنیكراین, دوو شەو لە سەربازگەی سوسێ ماینەوە, چل رۆژ لە تەوارییەكەی شاری سلێمانی, دوایی نێردراین بۆ زیندانی سەربازگەی تۆبزاوە.
یەكێك دیكەی قوربانیانی ئەنفالی یەك دەڵێت” 32 كەس دەستگیركراین, حەفتەیەك لە گوندەكەیان زیندانی بوونە, لە سەربازگەی سوسێ شەوێك, لە تەوارییەكەی شاری سلێمانیش پێنج شەو, لێكۆڵینەوەیان لە گەڵ كراوە, دواتر لە پۆلیسی قەزای دوكان بە كەفالەت ئازاد كراون, دوای كەمتر لە مانگێك بانگ كراونەتەوەو جارێكی دیكە دەستگیر كراونەتەوە, دیسان نێردراونەتەوە بۆ سەربازگەی سوسێ, یەك كاتژمێر لەوێ ماونەتەوە, هەژدە رۆژیش لە تەواریەكەی شاری سلێمانی, دواتر نێردراون بۆ زیندانی سەربازگەی تۆبزاوە”.
هەرچی قوربانیانی ئەنفالی دووە, ئەوان نموونەی چیرۆكیان بەم شێوەیە دەگێڕنەوە بۆ دادگای باڵای تاوانەكان” پێش سەری مانگی چوار, جاش بە هاوولاتیانی سێوسێنانیان وتووە خۆتان رزگار بكەن, سوپا هێرش دەكەن و دەتان گرن”, لە كاتی ئۆپەراسیۆنی ئەنفال, منداڵ و ژنانیان ناردووە بۆ سلێمانی, بە مێگەلی مەڕەوە ویستویانە خۆیان دەربكەن, گەیشتۆتە تانجەڕۆ, لەوێ دەستگیركراون, بردراون بۆ تەوارییەكەی شاری سلێمانی….. لەوكاتە تەوارییەكە نزیك 500 كەسی لێبووە, ئەو رێكەوتە نزیك سەری مانگ بووە 31 ی سێ بۆ یەكی چوار بووە, خەڵكی دیكەش دەستگیركرابوون, دوای هەژدە رۆژ مانەوەمان لە تەوارییەكە ئەوجا بردراین بۆ سەربازگەی تۆبزاوە”.
لە گەرمیان سەرەتا, پێش دەستپێكی پرۆسەی ئەنفالی سێ, ئەنفالكروان نێردراون بۆ تەوارییەكەی سلێمانی واتا ئەمن, ئەم ئەنفالكراوە ئەوا چیرۆكی خۆیان بۆ دادگای باڵای تاوانەكان دەگێڕێتەوە” لە رێكەوتی 5-4-1988 لە قەزای كەلار دەستگیركراون, تا رێكەوتی 10-4 لەوێ هێڵراونەتەوە, واتا دوو رۆژ پێش پرۆسەكە دەستگیر كراون, نێردراون بۆ تەواری شاری سلێمانی, هەموویان نزیك 180 كەس بوونە, لە رێكەوتی 23-4 بە پاس لە تەوارییەكەوە نێردراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوە”.
هەرچی ئەوانەی چواردەی چوار و دواتر دەستگیركران لە پرۆسەی ئەنفالی سێ, نێردراون بۆ سەربازگەی قۆڕەتوو, دواتر تاكو جەلەولا بردراون بە ئۆتۆمۆبێل بۆ ئەوەی بیان بەن روو لە باشوور, كۆپتەر لە ئاسمانەوە چاودێرییانی كردووە, لە پڕ فەرمانیان بۆ هاتووەو گەڕاندویانیانەتەوە بۆ سەربازگەی قەلای قۆڕەتوو, ئەوجا نێردراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوا, واتا حكومەت ویستی خۆی گۆڕیوە لەو ماوەیە.
لێ ئەوانەی لە سنووری سەنگاو و قادر كەرەم دەستگیركراون, یەك لەوان دەگێڕێتەوە” بۆ سوكایەتیكردن بە گەلەكەمان, لە لیواكەی چەمچەماڵ شەرواڵی ژن كرابووە چەنچی تراكتۆرا, ئەوان تەنها 45 دەقە لە لیواكەی چەمچەماڵ راگرتراون, جارێكی دیكە سوپا ناونووسیانی كردۆتەوە, لە چەمچەماڵ پێیانیان وتووە هەموو گولە باران دەكرێن, بە هەمان ئۆتۆمۆبێل دوای كەمتر لە كاتژمێرێك گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەی تۆبزاوا”.
لە چەمچەماڵ مەقەڕ لیوا و قایمقامیەت شوێنی كۆكردنەوەی خەڵك بوونە, لەوێوە هەندێ بردراون بۆ تەواری شاری سلێمانی, دواتر بۆ سەربازگەی تۆبزاوە, زۆریش راستەوخۆ بردراون بۆ زیندانی سەربازگەی تۆبزاوە, یان لە چەمچەماڵەوە براون بۆ هەیئەی ئەمنی كەركووك, لەوێوە بۆ سەربازگەی تۆبزاوە.
بەڵام هەرچی قوربانیانی ئەنفالی چوارە ئاوا قوربانیان چیرۆكی ناردنی خۆیان دەگێڕنەوە” شەوێك لە سەربازگەی سوسێ, شەوێكیش لە تەوارییەكەی سلێمانی, لەوێوە نێردراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوە.
یەكێكی دیكە دەڵێت” لە ناحیەی تەق تەق رۆژێك ماونەتەوە, دواتر بە ئیڤای سەربازی بردراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوە, هەندێكی دی شەوێك لە دەواجنێكی ناحیەی تەق تەق ماونەتەوە, رۆژی دواتر بردراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوە”.
لە قۆناغی ئەنفالی چوار, ئەنفالكراوان لە تەوارییەكەی سلێمانی, چەمچەماڵ, تەق تەق و كۆیەو شوانەوە بۆ سەربازگەی تۆبزاوە بردراون.
هەرچی قۆناغەكانی پرۆسەی ئەنفالەكانی 5 و 6 و 7 ە, كە ماوەیەكی زۆری خایاند و كەمترین زیانی مرۆیی هەبوو, بەشێك لە ئەوانەی دەستگیركران لە رێكەوتی 30-8 كە دەستگیركراون, ژنانیان بردووە بۆ ناحیەی خەلیفان, پیاوەكان بە ئیڤا یەكسەر بۆ سەربازگەی تۆبزاوە, منداڵەكانیان بردووە بۆ سەربازگەی سپیلك, بە هەمان ئۆتۆمۆبێل دوای دوو رۆژ بۆ ئەمنی هەولێر, دوای 3 رۆژ ئەوانیش بردراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوە, بەمەش ئەوان لە رێكەوتی 4-9-1988 گەیشتونەتە سەربازگەی تۆبزاوە, دەڵێ 6 مانگ لە سەربازگەی تۆبزاوە ماینەوە, ماوە ماوە گروپێك زیندانیان دەبرد بۆ كوشتن, بە وتەی ئەمان بێت تا ئازاری 1989 لە سەربازگەی تۆبزاوە ماونەتەوە.
بەلام هەڵەبجەییەكان, ئەوەی لە سنوری سەقزو بانەوە گەڕاونەتەوە, دوای تەوارییەكەی سلێمانی, بردراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوە, هەروەها ئەوانەی لە ناو شار سلێمانی دەستگیركران, برانە ئەمنی بەرامبەر فیرقە, نزیك مانگێك لەوێ ماونەتەوە, ژن و پیاویان جیا كردۆتەوە, دواتر گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەی تۆبزاوە, لەوێ ژن و پیاویان لە یەكتر جیا كردۆتەوە, سەدو پەنجا كەس لە تۆبزاوە بووە, كاتی لێبوردنی گشتییەكە, لە 8-9 هێنراونەتەوە بۆ شاری سلێمانی لای حەسیب ساڵەح, لەوێوە بۆ عەربەت, ئەوجا ئازادكراون.

ئەنفالكراوان چۆن وەرگیراون
سابیر دوری بەرپرسی ئیستخباراتی عێراقی دەڵێت”ئیستخباراتی عەسكەری كەرتەكانی باكورو رۆژهەڵات دیلەكانی ئەنفالیان وەرگرتووە. سابیر دووری لە درێژەی وتەكانیدا بۆ دادگای باڵای تاوانەكان دەڵێت”مەوزومەی ئیستخباراتی شیمالی ئەركی وەرگرتنی خێزانە ئەنفالكراوەكانی لە ئەستۆ بوو, كە فەرحان ساڵەح موتڵەگ جبوری بەرپرسی بوو, ئەمان وەریان گرتوون و تەسلیم تەنزیم شیمالیان كردووە, سكرتاریەتی لیژنەی تەنزیمی شیمال كە بەرپرسەكەی تاهیر تۆفیق عانی بووە وەریانی گرتووە.
خەڵك لە رێگەی سەربازو ئۆتۆمۆبیلی سەربازی, دەبردران بۆ مەوزومەی ئیستخباراتی عەسكەری لە شاری كەركوك, دوای ئەوە رەوانی مەكتەبی تەنزیماتی شیمال دەكران, هەروەها فەرمان لە عەلی حەسەن مەجید و نزار خەزرەجی وەرگیراوە بۆ راپەڕاندنی ئۆپەراسیۆنی ئەنفال و چارەنووسی ئەنفالكراوان.
هەروەها پیاوە ئەنفالكراوەكان لە ئیستخباراتەوە نێردراون بۆ ئەمن, ئەوان وەریانیان گرتووە.
ئەوەی شایانی باسە, لە سەردەمی پرۆسەكانی ئەنفالدا مەوزومەی ئیستخباراتی شیمالی و شەرقی لە ئیستخباراتی گشتی دابڕان, خرانە سەر مەكتەب تەنزیم شیمال, لە ساڵی 1987 بۆ 1989 ئەوەی دەستگیر بكرابایا لە دائرەی قانوونیەوە نا نێردرا بۆ مەحكەمەی تایبەت, بەڵكە رەوانەی مەكتەب تەنزیم شیمال دەكرا, ئەوان بڕیاریان لەسەر چارەنووسی گیراوەكان دەدا.
بەڵام ئەفسەرێكی پێشكەوتووی شوعبەی سێ دەڵێت”خەڵكەكە دابەش كراونەتە دوو بەشەوە, یەكەم چەكدارەكان” ئەوانەشی تۆمەتبار كراون یان چەكیان كڕیوە كڕیوەتەوە كە مستەشارو مەفرەزە خاسەكان تەسلیمیانیان كردۆتەوە وەك پێشمەرگە ” ئیستخباراتی فەیلەق راستەوخۆ دوای بەناو لێكۆڵینەوە لە گەڵیان كە نەبووە, ئیعدامیانیان كردووە, بێ ناردنیان بۆ دادگا ……”. بەشی دووەم خەڵكە سڤیلەكە,ئەوان نێردراون بۆ ئەمنی پارێزگاكان, بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی پارێزگاكە مامەڵەی لە گەڵیان كردووە, زۆریان نێردراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوە, عەلی حەسەن مەجید زۆر متمانەی بە ئەمن بووە, بۆیە ناردویانیەتی بۆ دائیرەی ئەمن”.

ژمارەی زیندانییەكان
بە وتەی رائیدی ئەمن سەباح حەمدانی لە ئەمنی پارێزگای كەركوك, كە بە وتەی خۆی بەشداری لە پۆلێنكردنی ئەنفالكراوان و وەرگرتنی ئیفادەیان و ئاماركردنیان كردووەو مونەسقی نێوان زیندانی سەربازگەی تۆبزاوەو زیندانی سەربازگەی دووبزی ئەنفالكراوان بووە, بە وتەی ئەو ژمارەی ئەنفالكراوان نزیك 17000 كەسە. وەلێ جەعفەر موسەوی سەرۆكی دەستەی داواكاری گشتی دەڵێت, ژمارەی ئەو ئەنفالكراوانەی بردراونەتە سەربازگەی تۆپزاوا بە 26000 كەس دیاری دەكات.
بەڵگەنامە نییە لەسەر كۆی ژمارەی هاتن ودەرچوونی قوربانیان لە سەربازگەی تۆبزاوە, لەو بوارە تەنها یەك بەڵگەنامە تا ئێستا بەردەستە, بە پێی بەڵگەنامەیەكی بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی سلێمانی ژمارە 25163ی رێكەوتی29-10-1988 بۆ بەرێوەبەری ئەمنی ناو نەبراوی ناوچەی ئۆتۆنۆمی ناردووە, دوای 53 رۆژ لە تەواو بوونی ئۆپەراسیۆنی ئەنفال, لە بەشێكیدا دەڵێت” 9030 كەس لە ئەنفالەكان كە لە لایەن ئەوانەوە دەستگیر كراون, پێك دێن لە 2532 كەسی سەڵت و 1869 خیزان, نێردراون بۆ بارەگای جەیشی شەعبی, مەبەستی سەربازگەی تۆبزاوەیە, ئەم ئامارە تەنها ئەوانە دەگرێتەوە لە تەوارییەكەی شاری سلێمانی و لقەكانی دیكە ئەمن لە پارێزگای سلێمانی نێردراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوە” بەڕێوەبەری ئاسایشی هەرێمی باكور لە كەركووك = داوای ڕاپۆرتی پێشەوەچوونی كاروباری دەكرد لە ئەمنی پارێزگای سلێمانی، وەڵامەكەش كە “نهێنی و شەخسی و تەنها ئەو كەسەی بۆی نێردراوە بیكاتەوە” بەم شێوەیە دەست پێدەكات: “بە ناوی خوای بەخشندە و میهرەبان: جەنابی بەڕێز بەڕێوەبەری ئەمنی ناوچەی ئۆتۆنۆمی، ئاماژە بە گفتوگۆ تەلەفۆنییەكەمان، ئەو ئامارەی داوای دەكەن ئەمانەی خوارەوەیە …” “نۆ تێكدەری تاوانبار لەگەڵ هەژدە كەس لە خێزانەكانیان ئیعدامكران، بە پێی فەرمانی مەكتەبی هەڤاڵ علی حسن المجید، نۆزدە كەسی تر ئیعدامكراون لە بەر ئەوەی لە ناوچە قەدەغەكراوەكاندا بینراون و بڕیاری ژمارە 4008ی 20ی حوزێرانی 1987 یان پێشێل كردووە، چل و حەوت تێكدەری تر حوكمی سێدارە دراون لە لایەن دادگای شۆڕشەوە. لە كۆتاییشدا دێتە سەر ئەوەی كەوا ” 2532 كەس و 1869 خێزان كە سەرجەم ژمارەیان 9030 كەسە، لەوانەی كە لە ماوەی ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی قارەماندا گیراون، نێردران بۆ كەمپی سوپای میللی لە پارێزگای تەئمیم (كەركووك), یان بە واتایەكی تر بۆ تۆپزاوا. ” نووسراوی ژمارە 25163 لە 29ی ئۆكتۆبەری 1988دا، لە ئەمنی سلێمانییەوە بۆ ئەمنی ناوچەی ئۆتۆنۆمی .
هەروەها ئەم بەڵگەنامانەی خوارەوە, كە لە دادگا پشت راستكراوەتەوە, كۆی ناوەكان 1031 ناوەو كە لە چوارچێوەی ژمارەكەی ئەمنی سلێمانی نییە, لە سەركردایەتی هێزەكانی پارێزگاری نەوت” بارق فەرماندەی بووە” اركان استخبارات -ژمارە 304 لە رێكەوتی 12-4-1988 بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی كەركوك, بابەت ناردنی تێكدەران لە پاشكۆیدا 312 ناو هەیە, هەروەها ژمارە 284 یش لە رێكەوتی 10-4-1988 لەویشدا 30 ناو هەیە. وە ژمارە 295 لە رێكەوتی 12-4-1988 , 151 ناو هەیە, عوائل سلموا انفسهم نەك مخەرب نرسل الیكم العوائل المرفقە والژین سلموا انفسهم الی القگاعات العسكریە فی 11-4-1988 نرجوا اتخاژ ما یلزم, هەرەها نووسراوی ژمارە 323 لە رێكەوتی 14-4-1988, 399 ناو پێك هاتووە, وە نووسراوێك بێ ژمارە لە رێكەوتی 11-4-1988 لە 139 ناو پێك هاتووە, لە خوارەوە ناوەڕۆكەكەی دادەنێین.
“الكتاب صادر من قیادە حمایە النفگ الاركان العامە للاستخبارات الی مدیریە السلیمانیە مدیریە امن جمجمال الموچوع ارسال اشخاص – موچوع ارسال الاشخاص نرسل الیكم الاشخاص مدرجە اسمائهم فی القائمە المرفقە والژی سلموا انفسهم الی قگعاتنا یوم 11-4-1988 بدون الهاربین و المتخلفین من الخدمە نرجوا اتخاژ ما یلزم بصددهم حسب توجیە مكتب الشمال و اعلامنا الاستلام المرفقات 4 قائمە تتچمن 139 اسم”.
یەكێك لەم قوربانیانەی كە لەم نووسراوانە ناوی هاتووە, لە گۆڕی بە كۆمەڵ گەڕاوەتەوە, دەڵێت هەندێكمان لە لای بارقەوە راستەوخۆ بردراین بۆ سەربازگەی خالید لە شاری كەركوك, لەوێوە بۆ سەربازگەی تۆبزاوە كە نزیكی یەكترن.
هەروەها ڕاپۆرتی دەستنووسی ڕۆژانە ژمارە 8280 لە 6ی مایسی 1988دا لە فەرماندەی فەیلەقی یەكەوە بۆ بارەگای ئۆپەراسیۆنەكانی سوپا نێردراوە تیایدا هاتووە” ڕاپۆرتێكی مەیدانیی ڕۆژانە كە لە لایەن فەیلەقی یەكەوە دەردەچوو، بۆ ڕۆژی 6ی مایس”چوارم رۆژی ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی چوار” تێبینی ئەوەی داوە كە ئەوانەی ئەو ڕۆژە لە نزیك تەقتەق خۆیان بە دەستەوە داوە 60 پیاو، 129 ئافرەت و 396 منداڵ بوون، بێجگە لە 37 تێكدەر” كۆی گشتییان 622 كەسەو ئەم ژمارەیەش لە چوارچێوەی ژمارەكەی ئەمنی سلێمانی نییە.
ئەمەی باسمان كرد تەنها بەشێكن لەو ئەنفالكراوانەی لە بەڵگەنامەكاندا هاتووە ئەوانەی نێردراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوە, ئەمە جگە لەوانەی لە ناو سیمەكەی لەیلان, قۆڕەتوو, كۆیە, تەق تەق و شوان و گوندی جەلەمۆردو بناری خاڵ خالان و ئەنفالی پێنج و شەش و حەوت و شاری هەڵەبجە” زۆربەیان”و دەوروبەرو گەڕاوەكانی ئێران……. هیچیان بەشێك نین لەو ژمارەیەی ئەمنی سلێمانی داویەتی, هەروەها تا ئێستا ئەم ئامارانەی باسیان دەكەین, ئەنفالی 8 و ئەنفالكراوانی سەربازگەی تكریت ناگرێتەوە, كە ئەوانیش بەشێكن لە كۆی ئەنفالكراوانی كوردستان.

تۆماركردن
ئەوانەی بە سواری ئیڤای سەربازی و كۆستەرو … دەهێنران, بە تایبەت لە كاتی قۆناغەكانی ئەنفالی 3 و 4, چونكە قوربانیانی ئەنفالی یەك و دووش, لە نێوان ئەو دوو قۆناغە گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەی تۆبزاوە. هەر ئۆتۆمۆبێلەكان دەگەیشتن, بە خێرایی و راكێشان ئەنفالكراوان دادەگرتران, دەست دەكرا بە رێكخستنیان بە گروپ گروپ, دواتر پیاوانی ئەمن دەستیان دەكرد بە ناو نووسینیان, پێش ئەوەی بیان بەن بۆ هۆڵەكان كاری خۆیان تەواو دەكرد, لە كاتی زۆر قەرەباڵغی بڵندگۆو گۆڕەپانی راهێنانەكەش بەكار دەهێنران.
كە ئەنفالكراوان ناو نووس كراون, زانیارییەكانیان لێ وەرگیراوەو پۆلێن كراون, بە پێی رێنماییەكان, ئەو جا بە پاڵ بە خێرایی خراونەتە ناو یەكێك لە هۆڵە گەورەكانی سەربازگەكەوە.
ئەو پرسیارانەی كە لە زیندانییەكان دەكرا, ناوی سیانی, ناوی سیانی دایك, ساڵی لە دایك بوون, ناو و ژمارەی خوشك و براو منداڵەكان, ساڵی هاوسەرگیری,, پیشەو شوێنی نیشتەجێ بوون.
بۆ پیاوان پرسیاری پێشمەرگایەتی و لایەنی سیاسی و بەشداریكردن لە شەڕیشیان لێیان پرسیووە, ئەوانەی چەكیان لە گەڵیان تەسلیم كردۆتەوە, هەموو بە پێشمەرگە درابوونە قەڵەم. هەندێك جار پرسیاری دراوسێ و خزمی شاریشیان لێ كردوون.
محەمود مستەفا رەسول دەڵێت”ناوی سیانی, كار, خەڵكی كام دێهاتی, چەند منداڵت هەیە و لە كوێن؟, ئەم پرسیارانە دەكران لە تۆبزاوە. پرۆسەی پۆلێنكاری لە تۆبزاوە زۆر هەرەمەكی بووە, بە خێرایی و بێ بنەما بووە, چارەنووسی ئەو خەڵكە لە لایەن ئەو ئەفسەرانەوە دیاریكراوە كە لێكۆڵینەوەیان لە گەڵیان كردوون “, ئەوان چارەنووسی خەڵكەكەیان زانیووە, هەر لەوێ بە هەندێكیان وتووە بۆ مەرگ دەڕۆن.

جیاكردنەوەو پۆلێنكردن
بە پێی زانیارییەكان ئەوانەی پۆلێنی ئەنفالكراوان یان كردووە لە سەربازگەی تۆبزاوە, سەر بە ئەمنی پارێزگای كەركووك بوونە. سەرەتا چەند رۆژێك لە سەربازگەی تۆبزاوە ئەنفالكراوان لە یەكتر جیا نەكراونەتەوە, ژن و پیاو و منداڵ و گەنج لەو هۆڵە گەورانەی تۆبزاوە پێكەوە بوونە, دواتر دەستكراوە بە جیاكردنەوەی زیندانیان و پۆلێن كردنیان, دابەش چوار بەش كراون, ژنانی پیر, پیاوانی پیر, پیاوانی 15-50 ساڵی, ژن و منداڵ, ژنانی بێ منداڵی گەنج و كچانی گەنجیش لە هەندێك حالەت جیاكراونەتەوە بەڵام زۆرجار لەگەڵ ژن و منداڵەكاندا بوونە.
لە پرۆسەی پۆلێن كردندا نێرینەی 15 بۆ 50 ساڵی, مامەڵەی تایبەتییان لە گەڵدا كراوە, هەر لە كاتی جیاكردنەوەدا بڕیاری مەرگیان ئامادە بووە بێ دوو دڵی, بە پێی زانیارییەكان بۆ منداڵان كەم ریك كەوتووە منداڵێك لە پانزە ساڵ و بە سەرەوە بووبێت لەو پۆلێنە رزگاری بوو بێت, بەڵام كەمترەكان زۆر جار تێكەڵ گەورەكان كراون, هەرچەندە زۆرینەی ئەوانەشی رزگاریان بووە لە ژن و منداڵەكان دواتر هەمان چارەنووسیان هەبووە لە گۆڕە بە كۆمەڵەكان خۆیان بینیوەتەوە.
هەندێك لە ئەنفالكراوان لە دانپێنانەكانیان بۆ دادگای باڵای تاوانەكان دەڵێن “لە 12 ساڵی بە سەرەوە منداڵەكانیان برد نەگەڕانەوە, دەستیان لە پشتەوە بەسترایەوە, پێشتر پیاوەكانیان بردبوو, گوێمان لە تەقە بوو هەر لەناو تۆبزاوە”.
یەكی دیكە دەڵێت”13 ساڵ بووە كردویانەتە ناو گەورەكان, دایكی بە گریان وەری گرتۆتەوەو هێناویەتەوە, واتا ئەوانەی ئاماریان كردووە, لە خاوەند بڕیارەكان دڵرەقتر بوونە” زۆربەی گۆڕە بە كۆمەڵە دۆزراوەكان ژن و منداڵن, كەواتە ئەوانیش رزگاریان نەبووە لە جیاكردنەوەكان.
پۆلێنكردن بە پێی ناسنامەی باری كەسی نەبووە, بەڵكە هەڕەمەكی بە پێی مەزندە بووە, دەشیا گەورەتر بێت بەڵام بچووك و منداڵ خۆی نواندبێت نەبردرابێت, یان بچووكتر بووبێت گەورە خۆی نیشان دابێت بردرابێت لەگەڵ پیاوەكان.
محەمەد حەمە فەرەج لە دایك بووی ساڵی 1949 خەڵكی سێوسێنانی ناوچەی قەرەداغ دەڵێ, تەسكەرەم پێ نەبوو,”ئەوكات 39 ساڵ بووە ” سەرو ریشم سپی ببوو, ئەفسەرەكە وتی بچۆرە ناو پیرەكان, منیش زۆر هەوڵمدا نەمخەنە ناو پیرەكان, یەكێ لە ئەفسەرەكان پێ وتم بەخوا گەنجەكان یەكی ناگەڕێنەوە, لەو كاتەدا ئەوانەی ئاماریان كردووە, بڕیاری لەناو دانیانیان زانیووە, هەر لە سەرەتاوە پێیانیان وتووە ئێوە موخەربین دەتان كوژین, تەنانەت لە چەمچەماڵ پێیانیان وتووە هەموو گولەباران دەكرێن.
لە سەرەتاوە ویستوویانە منداڵەكانیش بە تەنها داببڕن و جیایان بكەنەوە, شەوێك بۆ ماوەی نزیك شەش كاتژمێر منداڵە ساواكانیان لە دایكەكان جیا دەكەنەوە, ئەو شەوە وەك دەڵێن لە بەر گریان و قیژەو فیزاح حەوت تەبەقەی ئاسمان رادەچەڵەكێت, دوایی دەیان گەڕێننەوە, نازانرێت نیازی چییان هەبووە.
تەنانەت ئەوانەشی لە ئامارەكەی 17-10-1987 بەشدارییان كردووە, لەكاتی دەستگیركردنیان بە رێكەوت لە مردن رزگاریان نەبوو, خاوەر قادر سەبارەت بە سەربازگەی تۆبزاوە دەگێڕێتەوە دەڵێت” منداڵی دوو سێ ساڵیان لە دایكی سەندووە داویان بە زەویداو كوشتویانە. پاشان كەوتوونەتە گیان زەلامەكان. كوڕەكە پانزە ساڵانەكەی خۆی بینیوە لە گەڵ پیاوەكان سەنگاودا گرتبوویان و بۆ ئەوێ هینابویان. كەش و هەوا باو بۆران دەبێت. دوای ماوەیەك گوێبیستی تەقەكردنەكان دەبێت”, خاوەر ئەوە دواجاری دەبێت كوڕەكەی ببینێت, ئیتر ببڕای ببڕ نایبینێتەوە.

ئەشكەنجەدان

لە سەربازگەی تۆبزاوە, لێدان هەر لە گەیشتنە ناو سەربازگەكەوە تا دەرچوون لێی هەبووە, تەنانەت لە كاتی هێناندا ژنانیان بە لێدان لە ئیڤاكان داگرتووە, پیاوانیش هەمیشە لێدانیان لەسەر بووە, لە دابەزاندنیان لە ناو ئیڤاكانەوە بۆ سواركردنیان بە روتی و دەست و چاو بەستراوی دوو دوو بۆ ناو ئۆتۆمۆبیلە داخراوە سەوزەكان, هەموو بە لێدان و پاڵ نان بووە, پیاوە گەنجەكان ئەو چەند رۆژەی لە وێ بوونە, بێ لێدان ئاو و سەمونیان نەداوە پێیان, وە نەیانیان بردووە بۆ سەر ئاو, ئەوە ئەگەر یەكێك بەرگێكی رەنگ و شێوە گوماناوی بۆ ئەوان لە بەر بوایە و ریشی هەبوایە زیاتر دەكەوتە بەر ئەشكەنجە.
بە وتەی زیندانییەكان, لە تۆبزاوە لێدان هەبووە, فەلاقە كردن و بەستنەوە بە پانكە و داخكردن و شەق وەشاندن, لە هۆڵێكی تایبەت زیندانییە پیاوەكان لێیان دەدرا, پیاوە گەنجەكان روت كراونەتەوە, تەنانەت بە روتی و دەست و چاو بەستراوی, لەبەر سەرمای بەیانی زوو دوو دوو پێكەوە بردراون بۆ كوشتن, لەو كاتە بێ پێلاو تەنها شۆرت لە پێیان بووە خراونەتە ناو ئۆتۆمۆبیلە داخراوەكانەوە.
بەو سەرمایە جل و بەرگی پیاوانیان داكەندووە, بە دەرپێیەك كورتەوە, ئاویان كردووەتە ژێریان لە ناو هۆڵ ساردە بێ پەنجەرەكان, لە خەڵك دراوە بە كێبڵ, بە تایبەت گەنجان ئەو كاتانەی بردویانیانە بۆ سەر ئاو, هەروەها سەری گەنجەكانیان سفر كردووە. ناسنامە, پارە, سەعات, شانە, ئاوێنە, تەزبێح, مووكێش,….چی لە گیرفانیان بووە لێیانیان سەندووە. زیندانییە پیرو ژنەكان بە چاوی خۆیان ئەشكەنجەدانی گەنجە پیاوەكانیان بینیوە, تەنانەت لە پیرەكانیشیان داوە.

بارودۆخی ژیان
لە سەربازگەی تۆبزاوە, بارودۆخی ژیان زۆر سەخت بووە, دوای ئاماركردن, زیندانییەكان بە پاڵ و لێدان كراونەتە ناو هۆڵە گەورە ساردو سڕە تاریكە شێدارەكانەوە, گڵۆپ لەناو هۆڵەكان نەبووە, دەڵێن روناكیمان نەبینی تەنها لەو كاتەی دەچووینە سەر ئاو, خواردنی خراپ تەنها سەمونە رەقێك بووە رۆژانە, زەوییەكەی پیس و شێدار, بێ بان و بن و پانكەش بە خێرایی بەردەوام پێ كراوە, بایە ساردەكە لە زەوییە تەڕەكەی دەدا زیاتر ساردی كردووە, لە گەرما پانكە نەبووە لە سەرما پێیان كردووە, پێ كردنی پانكە لەو سەرمایە بەشێك بووە لە سزا دان.
جار جارە چای و سەمونیان داوە پێیان, هەندێك جاریش شۆربایەك پیس زۆر جار نیسك بووە, پاشماوەی قزعەی سەربازی, یان شلەیەكی چەور, لە برسان پارچە سەمونیان لە دەرەوە كۆكردۆتەوە, شیر نەبووە بۆ منداڵ بۆیە بەردەوام لە برسان گریاون, دەست بە ئاو گەیاندن لە ناو هۆڵەكان بووە لە سەرەتا, لە ژورەوە دەستیان بە ئاو گەیاندووە, میزوو پیساییان كردۆتە ناو قوتی و سەر چەمنەتۆكە, یان لە دەرگاوە كردویانەتە دەرەوە, یاخود بە كۆمەڵ یان گروپ گروپ رۆژانە دووجار بردراون بۆ ئاودەستەكان, لە ژێر چاودێری و هەندێك جار بە لێدان , كە سەربازگەكە 3 كۆمەڵە ئاودەستی تێدا بووە, هەر كۆمەڵەی 17 ئاودەست بووە, بەڵام زیندانیان لە تۆبزاوە, كێشەی تێنویەتیان وەك سەربازگەی نگرە سەلمان نەبووە.
یەكێك لەو گەنجە كەمانەی كە لە تۆپزاوا ڕزگاریان بوو, ئاوا باسی خواردنەكەیان دەكات:”چاكتر وایە هەر باسی نەكەین، تۆ ئەگەر برسیت نەبوایە قەت نەتدەخوارد، جۆرە شۆربایەك بوو تەنها لەگەڵ ئێسقانی ڕووتداو ڕۆنێكی زۆری بە سەرەوە بوو و هەموو كەس نەخۆش كەوتن”. زۆربەی گیراوەكانی تۆپزاوا ئەمەشیان دەست نەدەكەوت بەڵكو ڕۆژانە هەركەسە و دوو سەموونی بچووكی كۆنی وشكهەڵاتوویان دەدانێ لەگەڵ تۆزێك ئاودا. هەندێكیش خواردنی هەر بەرنەدەكەوت., زۆرینەیان تەنها باسی سەموونە رەقەكە دەكەن رۆژانە پێیان دراوە
لە سەربازگەی تۆبزاوە لە گەیشتنیانەوە تا ناردنیان, بەتایبەت ئەوانەی بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان لە ئۆتۆمۆبیلی داخراودا نێردراون مردن زۆر هەبووە, هەروەها منداڵ بوونیش لە ئاودەست و ناو هۆڵەكان لە كاتی گواستنەوەدا هەبووە.
ئەنفالكراوان ئەو چەند رۆژەی لە سەربازگەی تۆبزاوە بوونە, كێشەی نوێژكردن و راپەڕاندنی سرووتە ئاینییەكانیان هەبووە, بە تایبەت لە مانگی رەمەزاندا كە هیچ خواردنێكیان نەداوە پێیان.
هەروەها بەهۆی قەرەباڵغییەوە ئەو هۆڵە گەورانە كە پانتاییان نزیك 400 مەتر بووە , زۆریان لە پیاوان كردووە شەو تا بەیانی دەستەو ئەژنۆ لە سەر چیچكان دانیشن و هەر كەسێ بیویستایە هەڵبسێتە سەر پێ داركاری كراوە لە لایەن حەرەسەكانەوە, بەهۆی نە خەوی و دانیشتن لەسەر چوچكان زۆریان لە بەر پیری و بە هۆی بێهێزییەوە لە هۆشی خۆیان چوونە.

رەوانە كردن
سەربازگەی تۆبزاوە شوێنی كۆكردنەوەو ئامادەكردنی ئەنفالكراوان بووە بۆ زیندان و جێگاكانی دیكە, زیندانیانی تۆبزاوە زۆرینەیان لە رۆژێك بۆ سێ و چوار رۆژ لەوێ ماونەتەوە, هەندێكی كەمیش زیاتر, سەرەتا ژن و پیاوە پیرەكانی سەروی پەنجا ساڵیان بۆ نگرە سەلمان ناردووە, دوای سێ رۆژ لە ئاوەدانكردنەوەی تۆبزاوە, یەكەم وەجبەی زیندان نێردراوە بۆ زیندانی نگرە سەلمان.
بە هەمان شێوە ژن و منداڵیش نێردراون بۆ سەربازگەی دوبس, كوڕە پیاوە گەنجەكانیش بە ئۆتۆمۆبیلی داخراو نێردراون بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان.
بە پێی شوێنەواری قوربانیانی ناو گۆڕە بە كۆمەڵەكانی تەل شێخییە و وتەی تەیمور رزگاربووی گۆڕە بە كۆمەڵەكان, بەشێك لە قوربانیان راستەوخۆ لە تۆبزاوەوە بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان نێردراون, بە پێی بەرگەكانی بەریان لە وەرزی سەرمای ئەو ساڵە واتا ناوەڕاستی مانگی چوار بۆ ناوەڕاستی مانگی پێنج نێردراون بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان, هەروەها بە پێی وتەی شایەدحاڵەكانی نگرە سەلمانی ئەنفالی چوار, ژن و منداڵیان لە رێگا بینیوە لە كاتی بردنی ئەوان بۆ زیندانی سەربازگەی نگرە سەلمان, نەزانراوە بۆ كۆێ دەبردرێن.
لە ناو ئەنفالكراوان زیندانیانیش هەبووە لە تۆبزاوە ماوەتەوە تا لێبوردنەكە . هەرچی ئەنفالكراوانی كیمیابارای شاری هەڵەبجەیە ئەوان لە یەكتر جیا نەكراونەتەوە, هەموویان پێكەوە نێردراون بۆ زیندانی سەربازگەی نگرە سەلمان.
عوزێر یەكێك لە دەربازبووانی گۆڕە بە كۆمەڵەكانە بەم شێوەیە كاتی رەوانە كردنی خۆیان دەگێڕێتەوە” تەماشای كردبوو هەر پیاوە و بە زنجیرە ژمارەیەكی دراوەتێ و ژمارەكەی ئەم 375 بوو، ئەوان هەر كە ناوەكانیان بانگ دەكرا دەس بەجێ لە قاوشەكە دەبرانە دەرەوە و هەشت هەشت كۆمەڵیان دەكردن. بە جووتە بە یەكەوە كەلەپچە كرابوون و پێڵاوەكانیشیان بردن، گەلێ جار پیاوەكان چاویشیان بەستراوەتەوە و بە پێی قسەی هەندێ كەسیش جلوبەرگیان لەبەردا نەهێشتوون و تەنها دەرپێیان لە پێدا ماوە. دواجار خستوونیانە ئەو ئۆتۆمبیلە شوومە بێ پەنجەرانەوە كە بە ڕەنگی سپی یان سەوز بۆیە كرابوون، وایش باسدەكرێن كە پاس، ئەمبوڵانس یان بارهەڵگری داخراو بوون.
ئەم ئۆتۆمۆبیلانە ئەوەندە پڕ كراون, هاوكات بە هۆی داخراوی تەنگە نەفەس بوونە, ئەو چەند كاتژمێرەیان وەك ناو گۆڕە بە كۆمەڵەكان بووە بۆ ژن و منداڵەكان, زۆر لە منداڵەكان پێش گەیشتنیان بۆ ناو گۆڕە بە كۆمەڵەكان لە رێگا مردوونە.

گۆڕی بە كۆمەڵ
تا ئێستا سەربازگەی تۆبزاوا یەك گۆڕی بە كۆمەڵ دۆزراوەتەوە, كە لە نێوان 80 بۆ 81 روفاتی تێدا بووە ” بە وتەی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان 81 روفاتە, وەلێبە پێی ژمارەی گۆڕەكان 80 گۆڕە”, بەشێك لە روفاتەكان شوێنەواری گولە بە جەستەیانەوەیە, پێی دەچێت كۆمەڵكوژی پیاوە گەنجەكان لێرەوە دەستی پێكردبێت. ێشتا پشكنینی ورد بۆ دۆزینەوەی شوێنەواری هەموو گۆڕە بە كۆمەڵەكان لە سەربازگە 122 دۆنمییەكەی تۆبزاوە نەكراوە.

نەخۆشی
هۆڵەكانی سەربازگەی تۆبزاوە جگە لەوەی چەمنتۆیەكی رەق و تەق بووە, هاوكات پیسیش بوون, ناو هۆڵەكان وەك زبڵدانێكی بۆگەن وا بووە, تەنانەت زیندانییەكان پیساییەكانیشیان زۆربەی كاتەكان لە هۆڵەكان كردووە, چونكە دەرگایان لێ داخراوە لێیانیان نەكردۆتەوە, بە هۆی سك چوونیشەوە زیاتر هەراسان بوونە, زەوییەكە تەڕ بووە, زیندانییەكان لە سەر زەویە رەقە ساردە تەڕە خەوتوونە بە برسێتی و سەرما, نەبوونی بان و بن, هاوكات پانكەكان وەك سزا بەو سەرمایە هەڵكراون و پەنجەرەكانیش شوشەیان پێوە نەبووە, زۆربەی زیندانییەكان جل و بەرگی پێویستیان لەبەر نەبووە, كۆكە و سك چوون و تیفۆئید و گرانەتا لەناو زیندانییەكان بڵاو بۆتەوە, لە مانگی دوانزەی ساڵی رابردووەوە”1987″ەوە, گرانەتاو تیفۆئید لە ناوچەكانی ئەنفالی سێ و چوار بە بەربڵاوی بڵاو ببوەوە, بەهۆی نەبوونی چارەسەرەوە بەردەوامی هەبوو, وێڕای ئەم هەموو نەخۆشییە پزیشك و چارەسەریش نەبووە, تەنها لە هەندێك حالەتدا كە ئەوانیش زۆریان مردوونە.

دەستدرێژی سێكسی
هەرچەندە زیندانیان ماوەیەك كەم لە سەربازگەی تۆبزاوە ماونەتەوە, بەڵام لەو ماوە كەمەشدا كچان و ژنان بێ بەری نەبوونە لە پەلاماری سێكسی, هەندێك دەڵێن كچە جوانەكانیان جیا كردۆتەوەو بردوویانەو ئیتر نەبینراونەتەوە, زۆر شایەدحاڵ هەبوونە شایەدییان داوە لەسەر ئەوەی پەلاماردانی سێكسی هەبووە لە زیندانی سەربازگەی تۆبزاوە.

بۆ نەدۆزرانەوە
لە دوای روخانی سەدام, دەكرا هەیكەلی بەڕێوەبەری ئەم كەمپانەی راگرتن و ناردنی ئەنفالكراوان ئاشكرا بكرابانایا, لە كاتێكدا سەربازگەی تۆبزاوە و دووبز لە ژێر دەسەڵاتی ئەمنی شاری كەركووكدا بوونە, لە پێشوازیەوە بۆ ناردن و بەڕێوەبردن.
دەڵێن سەربازگەی تۆبزاوە بە چڕی ئابلوقە دراوەو چاودێری توندو تۆڵ كراوە, كەس لەو پرۆسەیە هەڵنەهاتووە, بەلام هیچكام لەوانە نەدۆزرانەوە.
حەرەسەكان بەرگی مەدەنی لە بەریان بووەو پێی دەچوو ئەمن بوبێتن, چونكە سەربازگەكە ئەمنی پارێزگای كەركووك بەڕێوەی بردووە, هەندێك جەیشی شەعبی لە توركمانەكانی ناوچەكە لەوێ بوونە, بەڵام زوو لایانیان داوە. تا ئێستا بەرپرسانی ئەم كامپانە, هەیكەلی بەڕێوە بردنی نەدۆزراونەتەوە.
ئەمە پرسیارێكی شەرمەزاری كەر بوو, كاتێك لە پرۆسەی دادگایی ئەنفالدا, هەردوو تاوانبار حوسێن رەشید و سەدام حوسێن باسی ئەوەیان كرد, ئەم حەجاجە هەر ناوی دووبارە دەبیتەوە, مەعقولە بەم هەموو پارە و كات و دەسەڵاتەوە نەزانرا كێیەو تا ئێستا نەدۆزرایەوە؟, مەعقولە بەڕێوەبەری سەربازگەی تۆبزاوەو نگرە سەلمان نەدۆزرانەوە؟. ئایا مەعقولە حكومەتی عێراق و كوردستان.

سەرچاوەكان:

  • ئاوشفیتز تۆبزاوە دالیا عومەر 2015 كەركوك چاپخانەی كارۆ
  • هەڵەبجەییەكانیش ئەنفالكران گوڵاڵەی گەرمیان چاپخانەی كارۆ 2024
  • سی دی دۆسیەی ئامادەكراوی ئەنفال لە لایەن دادگای باڵای تاوانەكانەوە.
  • محكمە الانفال اعداد ریكار مزوری بمساعدە محامی ایاد كاكەیی
  • بەرنامەی بەڵگەنامەیی خۆم لەوێ بووم , تەلەفزیۆنی ئازادی,كەناڵی گەرمیان
  • جینۆساید لە عێراقدا ..پەلاماری ئەنفال بۆ سەر كورد – هیومان ڕایتس وۆچ/ میدڵ ئیست وۆچ چاپی سێیەم 2013 چاپخانەی كەماڵ – وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق
  • لە تاوانی ئەنفالدا: ژنێك ویستی بمرێ,كەچی ژیا! – دلێر كەریم رێگای كوردستان ژمارەی تایبەت 11-4-2023



ئەمەریکییەکان لە مردن ناترسن، بەڵام لەدەستکورتی دەترسن!!.. غازی حەسەن

لە ناوەڕاستی مانی نیسانی ٢٠٢٥دا (نیوزویک)ی ئەمەریکی ڕاپۆرتێکی شیکاری و لێکدانەوەی لەبارەی چۆنیەتی بیرکردنەوە و ترسەکانی هاووڵاتی ئەمەریکی لەلایەن پەیامنێری هەواڵ و زانیاریی لەنێوەخۆی ئەمەریکا (ئەلیس هایام Aliss Higham)ەوە بەناوی ” توێژینەوەکان دەری دەخەن ئەمەریکییەکان زیاتر لە مردن ترسیان هەیە لە شکاندنی دارایی هەیە” بڵاوکردەوە.
ئەوانەی شارەزا و ئاگاداری ژیانی ئاسایی هاووڵاتیانی نێو ئەمەریکان ئەوە دەزانن، کە ئەم وڵاتە سەرمایەدارییە مەزنە، نەک هەر بواری بەرهەمهێنان، بەڵکوو سیستەم و بیرکردنەوە و کەلتوور و ڕەفتارەکانیشی پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە فەلسەفە و فکری سەرمایەدارییەوە هەیە. هەموو کەسێک لەم وڵاتە مەزنەدا دەبێت کار بکات و خاوەنی کارێک بێت، ئەگەر نا چارەنووسێکی نادیار لە شەقامەکان چاوەڕوانی دەکات. بە واتایەکی دیکە نەبوونی و دەستکورتی و لەدەستدانی کار هەڕەشەیەکی مەترسیدارە و لەمردن ناخۆشترە.

ئەم ڕۆژنامەنووسە لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژە بەم زانیارییە گرنگانە دەکات و دەبێژێت: “توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە، نزیکەی دوو لە هەر سێ کەسی ئەمەریکی واتە پتر لە ٪٦٤ ترس و نیگەرانیان لە نەمان و تەواوبوونی پارەکانیان هەیە و بۆیە ئەمانە پتر لەم دۆخە دەترسن نەک مردن” . ئەو ئاماژە بە توێژینەوەی ساڵانەی خانەنشینی ئەلیانز بۆ ساڵی ٢٠٢٥ دەکات، کە ڕاپرسییەکی لە گەڵ هەزار کرێکاری ئەمەریکی ئەنجام داوە، کە تەمەنیان لە ٢٥ ساڵ بەسەرەوەیە. لەم ڕاپرسیەدا دەرکەوتووە نەوەی هەزارییەکان و منداڵە گەشەسەندووەکان ترسیان سەبارەت بە کەمبوونەوەی پاشەکەوت و نەمانی پارە و توانای دارایی هەیە، بە واتایەکی دیکە هەر کاتێک واز لە کارکردن بێنن، ئیدی ترس لێیان دەنیشێت. هەروەها “خانەنشینەکان بەزۆری نیگەرانن لە نەبوونی و دەستکورتی لە ٪٧٠ دەڵێن ترسی زیاتریان لە ناسەقامگیری دارایی لە درەنگانی تەمەندا هەیە، پتر لە مردن. لەنێوان نەوەی هەزارەییەکاندا، لەسەدا ٦٦یان ڕایانگەیاندووە، پتر ترسیان لە نەمان و تەوابوونی پارە و دەستکورتی هەیە. ٪٦١ یان ڕاشکاوانە دەبێژن لەکۆتایی ژیانیاندا ترسیان لە وێرانبوون و داڕمان و فەشەلی دارایی هەیە”.

(مارک تۆرنەر) کە خانەنشینە و دامەزرێنەری ماڵپەڕی GoldIRAGuide.com بە (نیوزویک)ی ڕاگەیاندووە: “لەماوەی دەیان ساڵی کارکردنی، بە چاوی خۆی شایەتحاڵی ترسی کرێکاران بووە، ئەوانەی لەڕووی داراییەوە خۆیان بۆ دواترین ساڵەکانی ژیانیان ئامادە دەکەن. ئەمەریکییەکان زیاتر لە مردن ترسیان لە شکان و نەمانی توانای دارایی و مایەپووچی هەیە”.
ئەم ڕۆژنامەنووسە ئەمەریکییە لە توێژینەوەکەیدا گوتی: “خەڵک بە گریانەوە پەیوەندی بە ئۆفیسەکەمانەوە کردووە و دەڵێن: گرنگ نییە سبەی بمرم، تەنیا نامەوێت بە دەستکورتی و گیرفانی بەتاڵ و نەبوونییەوە بمرم”.
بۆیە ڕاپۆرتە شیکارییەکە ئاماژە بە هۆکاری (هەڵاوسان و نەبوونی یەکسانی و باجی زۆر وەکو کێشەیەکی گرنگ) دەکات ، ئەوی دیکەش ئەو گومانە زۆرەیە، کە لە ئاسایشی کۆمەڵایەتی هەیانە و پێیان وایە ناتوانێت پشتگیرییەکی گونجاو لە خانەنشیان بکات. واتە سیستەمی هاوکاری دارایی و پاڵپشتی ژیانێکی شایستە و دڵنیا نییە.

بەپێی زانیارییەکان لە مانگی نیسانی ٢٠٢٥دا نزیکە ١٧٠.٧ ملیۆن کەس تۆمارکراون کە کرێکارن و کار دەکەن. ڕێژەی دەستخستنی کار لە مانگی ئازاری ٢٠٢٥ گەیشتۆتە ١٦٣.٥ ملیۆن کەس، ئەمەش ئەوە نیشان دەدات ڕێژەکە هەندێک زیادی کردووە، کاتێک بەراورد دەکرێت بە مانگی شوباتی هەمان ساڵ کە ١٦٣.٣ میلۆن کەس بووە.
هێزی کار بریتییە لە ژمارەی ڕاستەقینەی ئەو کەسانەی کە بۆ کار ئامادەن، هێزی کار لە ئەمەریکا لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٥دا گەیشۆتە ئاستێکی پێوانەیی و ١٧٠.٧ ملیۆن کەسی مەدەنی دانراوە و لە مانگی شوباتی ٢٠٢٠، لە سەرەتای پەتای کۆڤید-١٩ لە ئەمەریکا، ١٦٤.٦ ملیۆن هاووڵاتی مەدەنی وەکو هێزی کار لە پێش پەتاکە تۆمار کراون. هێزی کاری ئەمەریکا لە ساڵی ١٩٦٠ەوە ساڵانە بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، جگە لە ماوەی دوای پاشەکشە مەزنە ئابوورییەکە، کە لە ساڵی ٢٠٠٩ تا ٢٠١١ لە خوار ئاستی پێویست بووە.

ئافرەتان

لە مێژووی هاوچەرخی ئەمەریکا، سێ قۆناغی بەرچاو لە زیادبوونی بەشداری ئافرەتان وەکو هێزی کار هەیە. لەکۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا تا ساڵانی ١٩٢٠ بەڕێژەیەکی زۆر کەم ئافرەت لەکار دامەزران. زۆرجار ئافرەتی کارگەر و ئافرەتە گەنجە تاقانەکان بوون و بەشێوەیەکی گشتی لەکاتی هاوسەرگیریدا دەستیان لەکار هەڵگرتووە و چی دیکە لەنێو هێزی کار نەماون و وەکو هێزی کار حیسابیان بۆ نەکراوە، مەگەر خێزانەکەیان پێویستی بە دوو داهات بووبێت. ئەم ئافرەتە کرێکارانە بە پلەی یەکەم لە پیشەسازی بەرهەمهێنانی قوماش، یان وەک کرێکاری ناوماڵ کاریان دەکرد.

لە نێوان ساڵانی ١٩٣٠ بۆ ١٩٥٠، بەشداریکردنی ئافرەتی کرێکار وەکوو هێزی کار بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر کرێکارانی دائیرە و ئیدارە و بەڕێوەبردن و ئۆفیسەکان و بزووتنەوەی ئامادەسازیی و بە کارەباییکردن زیادی کرد، لەبیری نەکەین ئەم گەشەکردنە کات بەسەربردنی ئافرەتانی بۆ کارەکانی ماڵەوە کەمکردەوە. لەساڵانی ١٩٥٠ تا ١٩٧٠ زۆربەی ئەو ئافرەتانەی خاوەن داهاتی لاوەکی بوون بەشێوەیەکی سەرەکی وەک سکرتێر، مامۆستا، پەرستار و کتێبخانەوان کاریان دست پێکرد.
لەساڵی ١٩٦٠ەوە جیهان و ئەمەریکا شایەتی زیادبوونی بەرچاوی هێزی دەستی کاری مێینە لە بازاڕی کار بوون، بەتایبەتی لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی وەک ئەوروپا و ئەمەریکا بەپێی خزمەتگوزاری توێژینەوەی کۆنگرێس، جیاوازی بۆ هێزی دەستیکار لەنێوان ئافرەتان و پیاوان لەساڵی ١٩٧٩ەوە کەمتر بووە و بەڵام هێشتا پیاوان لەبەراورد بە ئافرەتان ڕێژەکەیان بەرزتر ماوەتەوە. دەبێت ئەوەش بزانین تەنیا ئەو پیاوانەی بڕوانامەی بەکالۆریۆس، یان بەرزتریان هەبووە، تێکڕای داهاتی ڕاستەقینەی کاریان لە ئافرەتان زیاتر بووە.
(کلۆدیا گۆڵدین) و ئەوانی دیکەش، بە تایبەتی ئاماژە بەوە دەکەن، کە لەناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا قۆناغێکی تازە لەشۆڕشی ئافرەتان لەبواری هێزی کاردا دەستی پێکردووە، ئەمەش بەهۆی هۆکاری جیاوازەوە هاتۆتە ئاراوە. لە ئەمەریکا ڕێژەی هێزی کاری ئافرەتان نزیکەی ٪٥٩ و لە ساڵی ١٩٤٨ بۆ ٪٦٦ بەرز بۆتەوە و لەساڵی ٢٠٠٥یشدا بەشداریکردن لەنێوان ئافرەتان لە ٪٣٢ بۆ ٪٥٩ بەرزبووەوە و کەچی بەشداریکردنی پیاوان لەنێوان ٪٨٧ بۆ ٪٧٣ دابەزیوە.
تیۆرێکی باو لە ئابووریی مۆدێرن بانگەشەی ئەوە دەکات کە سەرهەڵدان و بزاڤێکی نوێ بۆ ئافرەتان دەرکەوتووە لەپێناو بەشداریکردن لە هێزی کاری ئەمەریکا لە کۆتاییەکانی شەستەکاندا بەهۆی ئەو گەشەکردنە کەلتوورییەی ڕووی داوە.
هۆکارێکی گرنگ بۆ بەشداری ئافرەتی کرێکار

هەتا ئێستاش گفتوگۆیەکی ورد لەبارەی مافەکانی ئافرەت وەکو کرێکار و بەشداری لە پرۆسەی بەرهەمهێنان و گەشەکردنی ئەمەریکا دەکرێت. توێژینەوەکان پێیان وایە “هێنانەکایەی تەکنەلۆژیای نوێ ڕێگری لە دووگیانی و حەبی لەباردن و لەدایکبوون و ڕێکخستنی یاساکانی تەمەن لای ئافرەت کردووە و بەپێی ڕۆژنامەی زانکۆی شیکاگۆ (پرێس جۆرناڵ) هەنووکە گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە یەکەمین ژیانی هاوسەرگیری و پیشەی پەروەردەیی لای ئافرەتان ڕوویداوە و زۆربەی ئەو ئافرەتانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کراوە و وەڵامیان داوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکەن ئەم گۆڕانکارییە بەهۆی حەبەکەوە بووە، بەڵام لە ساڵی ١٩٨٠ەوە ئافرەتانی خێزاندار بەبێ گوێدانە دۆخی دامەزراندنی هاوسەرەکەیان ئامادەبوون کار بکەن، تەنیا ٪٤٠ی ئافرەتانی دانیشتوویی ئەمەریکا لەڕاستیدا حەبی کۆنتڕۆڵ و لەباربردنی لەدایکبوونیان بەکارهێناوە”. ئەم ژیانی ئافرەتی کرێکارە لەم وڵاتە بەهێز و ئابوورییە مەزنەی کە کاریگەریی هەر تەنیا لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک نییە، بەڵکو کەلتوور و ڕەفتار و نەریت و پەیوەندییەکانی خەڵکیش دەگۆڕێت.
هەمان سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکات “هۆکارێکی دیکە، کە ڕەنگە هۆکار بووبێت لە گەشەکردن و گۆڕانکاری لەم ڕەوتە، ئەویش یاسای یەکسانی مووچەیە لەساڵی ١٩٦٣ بڕیاری لێدرا و ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی جیاوازی مووچە بوو لەسەر بنەمای ڕەگەز”.
دوای ئەوە دەبینرێت بەپێی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان” ئەم جۆرە یاسایانە جیاوازیی و هەڵاواردنی سێکسی کەمکردەوە و پتر هانی ئافرەتانی دا بۆ چوونە ناو بازاڕی کار بە وەرگرتنی پاداشتێکی دادپەروەرانە لەپێناو یارمەتیدانی پەروەردەی منداڵانەکانیان”.
زانیارییەکان ئەوەمان نیشان دەدەن “بەپێی وتەی (کلێر کەین میلەر) لە نیویۆرکەوە وڵاتانی دەوڵەمەندی دیکە، وەک دانیمارک، ئەڵمانیا و نەرویج، ساڵانە بە تێکڕا ١٤ هەزار دۆلار بۆ چاودێری منداڵان خەرج دەکەن لە کاتێکدا حکوومەتی ئەمەریکا تەنیا ٥٠٠ دۆلار پشتگیری دەکات”.

پیاوان

بەپێی نووسینگەی ئاماری کار لە ئەمەریکا، پیاوان لە ساڵی ١٩٥٠ ەوە ڕێژەکەی وەکو هێزی کار کەمی کردووە لە ٪٨٦.٤ ساڵی ١٩٧٠ و ٪ ٧٩.٧ و لە ساڵی ١٩٩٠یش دابەزیوە بۆ ٪ ٧.٤ و ساڵی ٢٠٠٥یش بۆتە ٪٧٣.٣ . سەرەڕای ئەوەش، دابەزینی بەشداری پیاوان لە خوێندن، تەمەنی هاوسەرگیری، بەرزبوونەوەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و ئالودەبوون بە یارییە ڤیدیۆییەکان دەتوانن ببنە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی ڕێژەی پیاوان وەکو هێزی کار.
بەپێی بانکی فیدراڵی لەساڵی ١٩٩٦ تا ٢٠١٥، ئەو پیاوانەی کە تەمەنیان پێگەیوە و چۆتە سەرەوە توانای کاریان هەیە و خاوەنی بڕوانامەی ئامادەیی یان بڕوانامەی هاوشێوەی ئەمەن، ڕێژەی بەشداری نەکردنیان زۆر پترە لەوانەی کە بڕوانامەی پێشکەوتوویان هەیە. لە سەردەمی پاشەکشەی گەورەدا، بە گشتی ڕێژەی بەشداری نەکردن بۆ هەمووان زیادی کرد بەبێ گوێدانە ئاستی خوێندنیان، بەڵام گەورەترین زیادبوون بۆ ئەو کەسانە بوو، کە تەنیا بڕوانامەی ئامادەیییان هەبوو.
هۆکارێکی دیکەی کەوتنە بازنەی دەرەوەی هێزی کار لە ئەمەریکا کێشەی پیربوونە و لە تەمەنی مامناوەندی، لای نێرینەکان لەتەمەنی ٣٤ ساڵییەوە بەرزبۆتەوە بۆ ٣٧.٢. ڕاپرسییەکەی ئێستای دانیشتوان لەبارەی ساڵی ٢٠٢٠، ئەوە نیشان دەدات زۆربەی ئەو پیاوانەی لە دەرەوەی هێزی کار بوون، هیچ شتێکیان لەبارەی تەندروستی خۆیان ڕایانگەیاندووە کە بەهۆی نەخۆشی، کەمئەندامی، یان بەهۆی چوونە خوێندنی باڵا ناتوانن کار بکەن. سەبارەت بە پرۆگرامی کەمئەندامی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، ٪٣٥ی ئەوانەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، واتە هاوکاری حکوومەتیان هەیە و کەمئەندامن، ئاماژەیان بەوە کردووە هۆکاری پەککەوتەییان بەهۆی تێکچوونی تەندروستی دەروونییەوە بووە. ٪٣٠ دیکەشیان لەبارەی دۆخی نەخۆشییەکەیان و کەمئەندامییەکەیان ئاماژەیان بەوە کردووە کێشەکەیان پەیوەندی بە تێکچوونی ماسولکەیی و ئێسکەوە هەیە، کە زۆربەیان بەهۆی قەڵەویەوەیە.

داهات

مووچە لە ئەمەریکا لە مانگی ئازاردا بۆ ٣٠.٩٦ دۆلار بۆ هەر کاتژمێرێک لە مانگی شوباتی ٢٠٢٥ بۆ ٣٠.٩١ دۆلار بۆ هەر کاتژمێرێک بەرزبووەتەوە، کرێ لە ئەمەریکا لە ساڵی ١٩٦٤ تا ٢٠٢٥ بە تێکڕا ١٢.٧١ دۆلار بۆ هەر کاتژمێرێک بووە، لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٥دا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی لە مێژوودا کە ٣٠.٨٤ دۆلار بووە بۆ هەر کاتژمێرێک و لە مانگی شوباتی ١٩٦٤دا نزمترین ئاستی تۆمارکردووە کە ٢.٥٠ دۆلار بووە بۆ هەر کاتژمێرێک.
لەکاتێکدا دەبێت ئاماژە بەوە بکەم بە ملیۆنان کەس بەتایبەتی لەبواری بیناسازیی بە ١٠-١٢ دۆلار لە کاتژمێرێک کار دەکەن، بێ ئەوەی هیچ مافێکیان لە خانەنشینی و بیمەی تەندروستی و سەلامەتی کار هەبێت. بە واتایەکی دیکە ئەم ژمارەیە گشتییە و دەزگا فەرمییە باڵاکان دەگرێتەوە، نەک تەواوی هێزی کار و کارگەر و شوێنەکانی کار و بەرهەمهێنان.

بێ شوێن و ماڵ و هەژاری

بەپێی زانیارییە فەرمییەکانی حکوومەتی ئەمەریکا لە هەر دە هەزار کەس ٢٣ کەس بێ جێگا و ماڵ و شوێنی ژیانە و لە شەقامدا دەژیت، بەپێی زانیارییەکانی ساڵی ٢٠٢٤، ٧٧١ هەزار و ٤٨٠ کەس وەکو بێ لانە و ماڵ و جێگای ژیان تۆمارکراون.
بەپێی ڕاگەیاندراو و زانیاریی فەرمی حکوومەت لەساڵی ٢٠٢٣دا ڕێژەی هەژاری بەشێوەی فەرمی لە ئەمەریکا ١١.١% بووە و ٣٦.٨ ملیۆن کەس لەژێر ئاستی هەژاریدا دەژین. لەنێو ئەم ژمارەیەدا منداڵان و ئافرەتان ڕێژەیەکی زۆر پێکدەهێنن.

دیماهی

ئەمەریکا وڵاتی کارکردن و بەدەستهێنانی توانای داراییە و لەهەموو جیهان ڕووی تێ دەکەن و بە خاوەنی ئابووریەکی بەهێز و باڵادەست و کاریگەر ناسراوە. ساڵانە ملیۆنان کەس بە هۆکاری جیاواز دەمرن، مردن کەلتووری ترس و سزا و لیپێچینەوە دوای کۆتایی ژیان نییە. کەلتووری قسەکردن لەسەر مردن هیچ ترسێکی تێدا نییە و ئەمەریکییەکان وەکو دەڵێن ئەوان لە مردن ناترسن، بەڵکو لەوە دەترسن دەستکورت بن و مایەپووچی دەرچن و توانای داراییان لەدەست بدەن و بێکار و داهات بن.
ئێمە دەزانین مانای ئەم ترسە چییە و نیشانە و هێماکانی نەترسانیشیان لە مردن چییە. کرێکاران لە ئەمەریکا بەم شێوازە گوزارشت لە هەقیقەتی ژیانی خۆیان دەکەن. کرێکار بەزمان گوزارشت لە دونیایەکی یەکجار ئاڵۆز دەکەن، کە تەنیا کرێکارانی وڵاتێکی سەرمایەداری وەکو ئەمەریکا دەتوانێت گوزارشتی لێ بکات.
داهات و هەقی کار و گوزەران و پێویستییە داراییەکانی یەکێکە لە پێویستییە هەرە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی مرۆڤی کارگەر. مرۆڤەکان لەپێناو بەدەستهێنانی سەرچاوە و توانای دارایی بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئاسودەی ڕۆژانەیان کار دەکەن، ئەمەش کار و ژیان و پەیوەندییەکی یەکجار قورس و ئاڵۆزی دروستکردووە، کە مردنیان لەچاو ئەم ژیان و خەبات و کارکردنە پێ فشەیە.
داهات و مایەپووچی ئابووری و بێکاری کاریگەری لەسەر ڕەفتار و شێوەژیان و بیرکردنەوەی کەسەکان هەیە، وەکو چۆن سیستەمی ئابووری باڵادەست و بەهێزی سەرمایەداری لە ئەمەریکا کاریگەری لەسەر ڕەفتار و کەلتوور و ژیانی خەڵک لەسەرتاسەری دونیا دروستکردووە.

سەرچاوەکان:
https://www.newsweek.com/americans-fear-going-broke-more-death-study-2063593
https://www.bls.gov/news.release/empsit.t01.htm
https://www.google.com/search?q=Number+of+workers+in+America&rlz
https://en.wikipedia.org/wiki/Labor_force_in_the_United_States

https://usafacts.org/articles/how-many-homeless-people-are-in-the-us-what-does-the-data-miss/
https://www.google.com/search?q=poverty+rate+in+america&rlz=1




بۆچی ستەمکاران حەزیان لە نووسینی شیعرە.. نووسینی: بێنجامین ڕام.. وەرگێڕانی: گۆران عەبدوڵڵا

نێرۆ، ستالین و بن لادن هەموویان هۆگری شیعر بوون، بەڵام چی وای کردووە شیعر لای ئەم سەرکردانە خۆشەویست بێت؟
بێنجامین ڕام پەیوەندی نێوان دڵڕەقی و سۆزداری دەخاتە ڕوو.

شیعر هونەرێکی ناسکە، هاوواتای ناسکێکەشی هەستیارییە. پێدەچێت دژ بە یەکیشبێت وە لەهەمان کاتدا دەشێت ستایشی دڵڕەقیشبێت. دەکرێت ئەو فۆرمە هونەرییە بێت کە دیکتاتۆرەکان خۆشیان دەوێت. بەڵام لە سەردەمی کۆنەوە تا ئێستا، دیکتاتۆرەکان هانیان دراوە شیعر بنووسن بۆ دۆزینەوەی دڵنەوایی، نزیکی، یان شکۆ. کارەکانیان زانیاریمان پێدەدەن دەربارەی سروشتی دەسەڵات، سەرنجڕاکێشی بەردەوامی شیعر و مەترسییەکانی لێکدانەوەی هونەری.

نموونەی سەرەکی شاعیری ستەمکاری ئیمپراتۆری ڕۆمانی نێرۆیە Nero (٣٧-٦٨ی زایینی)، خۆبەزلزانی خۆبەبەزەییپێداهاتووی نمایشکار کە حوکمە داڕماوەکەی هاوشێوەی هونەرە لاوازەکەی بوو. مێژوونووسەکانی نێرۆ، تاسیتۆس و سوێتۆنیۆس، پێشنیاری ئەوە دەکەن کە ڕۆما بە شیعرەکانی ئازاردرا هەروەک چۆن بە سیاسەتەکانی. گاڵتەپێکردن شێوازێکی دڵخۆشکەری تۆڵەی ڕەخنەییە، بەڵام ئەم گێڕانەوانە پرسیارێکی نیگەرانکەر دەوروژێنن: ئایا تاوانی ستەمکارەکە کەمتر دەکرێنەوە ئەگەر هونەرەکەی بە بەهادار دابنرێت؛ یان بە پێچەوانەوە، ئایا دەتوانین دادپەروەرانە حوکم لەسەر چۆنیەتی شیعری ستەمکارێک بدەین؟

وەک زانا ئۆلریش گۆتەر ( Ulrich Gotter ) لە کتێبە تازەکەیدا “ستەمکاران شیعر دەنووسن”دا ئاماژەی پێدەکات، بە بەراورد لەگەڵ شاعیرەکان -ئیمپراتۆر سیزار و ئۆگەستۆس ,Caesar and Augustus فەرمانڕەوایەتی نێرۆ “بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش کەمترین خوێنی تێداڕژا”. بەڵام سەرەڕای نەبوونی خواستی سەربازی، کردەوە تۆڵەسێنەکانی نێرۆ زۆر دیار بوون، تێڕوانینی ئێمە بۆی وەک دەسەڵاتدارێکی بێزراوە، کە جلی شانۆی تراجیدی لەبەردایە، گۆرانی بۆ داگیرکردنی ترۆی دەچڕێت کاتێک شارە ئیمپڕاتۆرییەکەی کرایە خۆڵەمێش؛ سوێتۆنیۆس دەڵێت نێرۆ “زۆر دڵخۆش بوو بە جوانی بڵێسەکان”.

نێرۆ خۆی لە نمایشکردندا دەبینییەوە… بەشداریدەکرد لە پێشبڕکێی شیعر، گۆرانی و ژەنینی قیسارە، هەروەها گالیسکەلێخوڕین

نێرۆ لە ڕۆما فێستیڤاڵێکی ئاڵۆزی بە ئیلهام لە هیلینی دامەزراند، نێرۆنیا لە گەشتێکیدا بۆ یۆنان بەشداری لە پێشبڕکێی شیعر، گۆرانی و ژەنینی قیسارەکرد، هەروەها گالیسکەلێخوڕین. (لە ئۆڵەمپیاددا، لە گالیسکەی دە ئەسپی فڕێدرایە دەرەوە، بەڵام هێشتا بە براوە لەقەڵەمدرا لەلایەن دادوەرە ماستاوچی و ترسنۆکەکانەوە). نێرۆ پێداگری کرد کە پەیکەری براوەکانی پێشوو لە بنکەکانیان لاببردرێن و بە ١٨٠٨ خەڵاتەوە گەڕایەوە ڕۆما.

ئەم وێنەیەی شاعیر وەک کەسێکی خۆپەرست، کە جیهان لە خەیاڵی وەهماوی خۆیەوە دادەڕێژێت، ئیلهامبەخش بوو بۆ هونەرمەندانی وەک مارکیز دی ساد Marquis de Sade و نووسەری براوەی خەڵاتی نۆبڵ هێنریک سیێنکیێڤیچ Henryk Sienkiewicz ، کە ڕۆمانەکەی ساڵی ١٨٩٦ “کوۆ ڤادیس ( Quo Vadis) ” بوو بە فیلمێکی ناسراو بە نمایشی ئەکتەر پیتەر ئۆستینۆڤ. تەنانەت نێرۆ هەوڵی دا دوا نمایشی خۆی کۆریۆگرافی بکات – خۆکوشتنە سەرنەکەوتووەکەی خۆی و ڕستەی ماڵئاوایی خۆی لەشێوەی نمایش، نمایش کرد:
(“چ هونەرمەندێک لەگەڵ مندا دەمرێت”.)

هێزی جادوویی وشەی گوتراو

بێگومان، دیکتاتۆرەکان نائومێدییە هونەرییەکانیان دەڕژێننە ناو سیاسەتەوە

نزیکەی دوو هەزار ساڵ دواتر، گروپێک لەشاعیرانی ئیتاڵی پێشبینی فاشیزمیان کرد بە یادکردنەوەیەکی نێرۆیی بۆ نمایشی وێرانکاری. ‘با هونەر گەشە بکات، ئەگەر چی جیهانیش لەناو بچێت’ یەکێک بوو لە دروشمەکانی داهاتووگەرا ئیتاڵییەکان، کە لەلایەن شاعیر فیلیپۆ تۆماسۆ مارینێتییەوە (Filippo Tommaso Marinetti ) دامەزرا، کە ‘شەڕی وەک تەنیا چارەسەری جیهان’ بە پیرۆز دەزانی. مارینێتی هەوڵیدەدا زمان گەشەپێبدات و دایبڕێژێتەوە بە ‘شیعری واقعی’، کە لەلایەن نیرۆی سەرکوتگەرەوە سەرەتا دەستی بۆ برا. داهاتووگەراییەکان کاریگەر بوون بە شاعیری جەنگاوەر گابریێل دانونزیۆ، کەسایەتییەکی ڕێزلێگیراو کە لە ساڵی ١٩١٩ ‘دیکتاتۆریەتێکی لیریکی’ کورتخایەنی دامەزراند، کە ئیلهامبەخش بوو بۆ دەستگرتنی مۆسۆلینی بەسەر دەسەڵاتدا سێ ساڵ دواتر.

مۆسۆلۆنی سەرەڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بۆ ‘یەکێتی سۆفیگەری’ کە دانونزیۆ D’Annunzio پێشنیاری کردبوو کەچی شیعرەکانی مەیلی بۆ دەستبەرداربوونی سۆزداری هەبوو هەروەها تاڕادەیەک خۆدەرخستنیش لە بابەتەکانیدا دەردەکەوت. نووسەری ژیاننامەکەی ڕیچارد بۆسوۆرس باس لەوە دەکات کە مۆسۆلینی بەرهەمی شاعیرە ناودارەکانی “بە شێوەیەکی خۆنواندنانە لەسەر مێزەکەی بەکراوەی بەجێ دەهێشت کاتێک کەسایەتییە بیانییەکان سەردانیان دەکرد”. شیعرەکانی دواتری گوزارشتی لە گۆشەگیری دەکرد، دوور لە ئایدیالیزمی گەنجێتی سۆسیالیستی، کە شیعری بەرهەم دەهێنا کە شین و ڕۆڕۆی بۆ ڕووخانی جاکۆبینیزم- Jacobinism دەکرد (“تەورەکە لە دەمارەکانی خەڵکی ئاساییدا سوور هەڵگەڕابوو”) و تاسەی پێشبینی شۆڕشگێڕی دەکرد (“لە چاوە مەرگەساتەکانیدا بیرۆکەکە دەدرەوشایەوە، / بینینی سەدەکانی داهاتوو”.)

بێگومان، دیکتاتۆرەکان نائومێدییە هونەرییەکانیان دەڕژێننە ناو سیاسەتەوە.
هیتلەر ئەوەی راگەیاندبوو کە بڕوای بە (هێزی وشەی گوتراوی سحراوی هەیە) لەبەرانبەر دەربڕینە نەرم و نیانێکانی جووانناسێکاندا، جارێک خۆی وەک بۆهیمیەکی ڤیەننایی وێنا کردبوو. گۆبێڵز Goebbels لە هونەری پڕوپاگەندە بەتوانا بوو، ڕۆمانێکی بە خەسڵەتی دەربڕینگەرایی نووسی، لەکاتێکدا پۆڵ پۆت Pol Pot، کە لە پاریس خوێندبووی، ستایشکەری شیعری سیمبۆلیستی ڤێرلەین Verlaine بوو.

مارکسیزمی ڕووسی شەپۆلێکی بزووتنەوەی جوانیناسی ڕادیکاڵی دەستپێکرد، بەڵام شاعیری ستەمکاری یەکێتی سۆڤیەت بە شێوازێکی سەرسوڕهێنەر پارێزگارانە دەینووسی. ستالینی گەنج شیعری بە زمانی جۆرجی دەنووسی زمانێک کە لەو قوتابخانە ئۆرتۆدۆکسییەی تێیدا ڕاهێنرا قەدەغە کرابوو وە کارەکەی موتیڤی ڕۆمانسی دووبارە دەکردەوە، لە ژێر کاریگەری شاعیرانی یاخی و چاخی زێڕینی لەدەستچووەوە. بەپێی ڕەخنەگر یێڤگینی دۆبرێنکۆ- Evgeny Dobrenko، شیعرەکانی ستالین بە لاسایکردنەوەی هونەرمەندانە، نەبوونی گاڵتەجاڕی-خود و “جۆشی زیادەڕۆیانە” دەناسرێنەوە.

شیعری ستالین پڕە لە کلێشە سروشتییەکان: “لە دارستانێکدا، لە ژێر ئاسمانێکی شیندا، چریکەی بولبولێک “،.. ئەگەرچی خودی خۆی لە ڕووی سیاسییەوە ناشیرینە، بەڵام شیعرەکانی ناسکن:

بە دڵنیاییەوە بزانە ئەوکاتەی
پیاوێکی چەوساوە فڕێدەدرێتە سەر زەوی،
دیسان هەوڵدەدات بگاتەوە لوتکەی پاکی،
ئەو کاتەی ناخی پڕ دەبێتەوە لە هیوا.

لە “بەسەر ئەم زەوییەدا” (١٨٩٥)، هونەرمەندێک مۆسیقای ئاشکراکەر دەبەخشێتە جەماوەر:

دەنگەکە دڵی زۆر کەسی هێنایەوە جۆش
کە کرابوون بە بەرد؛
زەینی زۆر کەسی ڕووناک کردەوە
کە فڕێدرابوونە ناو تاریکترین تاریکی.

بەڵام پێغەمبەر لەلایەن ئەوانەوە ناناسرێتەوە کە هەوڵی ڕزگارکردنیان دەدات: “خەڵکەکە لەبەردەم دوورخراوەکەدا / قاپێکی پڕ لە ژەهریان دانا”.
ستالین لە شیعرێکی دواتردا وەک گۆرانیبێژێک دەردەکەوێتەوە، “بە چارەنووسی تاڵی جوتیار فرمێسک دەڕێژێت”، کاتێک ئەوبە دووربینییەوە “پەیکەرێکی بۆ خۆی… لە دڵی هەموو جۆرجییەکدا دروست کرد”. شیعری ستالین لە گۆڤارە ئەدەبییە بەناوبانگەکاندا بڵاوکرایەوە و وەک نموونەیەکی ئەدەبی کلاسیکی جۆرجی کۆکرایەوە.

بەڕاستی، تەنانەت ڕەخنەگرترین ژیاننامەنووسەکانی ستالینیش ستایشی شیعرەکانی دەکەن: سایمۆن سێباگ-مۆنتەفیۆر – Simon Sebag-Montefiore نووسی کە “جوانییەکانی لە ڕیتم و زماندایە” (کە زەحمەتە لە وەرگێڕاندا دەربکەوێت)، لەکاتێکدا ڕۆبەرت سێرڤیس دەڵێت کارەکە “پاکییەکی زمانەوانی هەیە کە هەموو کەس دانی پێدا دەنێت”. جوانی ڕازاوەیی و هەڵوێستی قارەمانانەی دواتر لە پاڵپشتی ستالین بۆ ڕیالیزمی سۆشیالیستی دەردەکەوێتەوە، لە دژی ئەزمونگەرییە نوێیەکان.

قەڵەم و شمشێر

میراتگری ڕۆحی ستالین، یوری ئاندرۆپۆڤ Yuri Andropov ، بیرۆکراسی و ڕۆمانسی تێکەڵ کرد. وەک سەرۆکی کەی جی بی، ئازاری کەسانی ناڕازی دەدا و ڕاپەڕینی هەنگاریای سەرکوت کرد، لەکاتێکدا شیعری خۆشەویستی بۆ ژنەکەی دەنووسی. (دووڕووی خەسڵەتێکی گرنگی داهێنەر-دیکتاتۆرەکانە). شاعیری ئۆزبەکی حەمید ئیسماعیلۆڤ Hamid Ismailov حیکایەتێکی دەربارەی ئاندرۆپۆڤ ئاشکراکرد: یەکێک لە وتارنووسەکانی کارتی پیرۆزبایی بۆ نارد، کە تێیدا گاڵتەی بەوە کرد کە دەسەڵات خەڵک گەندەڵ دەکات، ئاندرۆپۆڤ بە شیعرێک وەڵامی دایەوە:

جارێک خراپەکارێک قسەیەکی لەدەم هاتەدەر
کە دەسەڵات خەڵک گەندەڵ دەکات.
ئێستا هەموو پسپۆڕەکان دووبارەی دەکەنەوە
بۆ ساڵانێکی زۆر
بێ تێبینیکردن (داخەکەم!)
کە زۆربەی جار خەڵک دەسەڵات گەندەڵ دەکەن.

کیم ئیل-سۆنگی سەرکردەی کۆریای باکوور، کە ستالینیستێکی دانپێدانراو بوو، دەستی هەبوو لەنووسینی شانۆنامەی شۆڕشگێڕی و کاری تیۆری، بەتایبەتی ‘تیۆری ناوکە’، کە کیم وەک باوکی داهێنانی هونەری دەناسێنێت. لە ساڵی ١٩٩٢، کیم شیعرێکی بۆ کوڕەکەی، جۆنگ-ئیل نووسی:

دەکرێت پەنجا ساڵەی تەمەنی ئەستێرە درەوشاوەکە بێت؟
لەلایەن هەموانەوە ستایش دەکرێت بۆ هێزی پێنووس و شمشێری
لەگەڵ مێشکی پڕ لە دڵسۆزی و بنیاتنەرانەی،
ستایش و هوتافی یەکدەنگ ئاسمان و زەوی دەهەژێنێت.

کیم، باوکی نەتەوە، وەک ‘خۆری نەتەوە’ ستایش دەکرا، بە هەمان شێوەی ماو زێدۆنگ (‘خۆرە سوورەکە لە دڵەکانماندا’). ماو ئەو کەسە بوو کە نموونەی پێنووس و شمشێری فەرمانڕەوایی بەرجەستە کرد، لەسەر بنەمای یەکێتی توانای کەلتووری لەگەڵ لێهاتوویی سەربازی. ماو هەوڵیدا نەریتی ئیمپراتۆری بۆ خۆی بگوازێتەوە و لە هەمان کاتدا لێی تێپەڕێت. لە شیعرێکدا ساڵی ١٩٣٦ ئاماژەی بەوە کرد کە کەم ئیمپراتۆر میراتی ئەدەبییان بەجێهێشتووە، لە ئێستادا پیاوە ڕاستەقینە گەورەکان تەنها سەیری ئەم سەردەمە دەکەن.
شیعری ماو لە فۆرمدا ڕێکخراوە و لە بابەتدا کلاسیکییە، نمایشکردنی ئەو نەریتەیە کە دەیوت ڕقی لێیەتی. سەرەڕای فەرمانی خۆی بۆ لەناوبردنی چوار بنەمای کۆن (کەلتوور، داب و نەریت، خووەکان، بیرۆکەکان)، ماو بە شێوازی کۆن دەینووسی، تەنانەت کاتێک وەک نوخبەخواز و کۆن سەرزەنشت دەکرا. تەنانەت جارێکیان ماو بە سەرنووسەری گۆڤارێکی وت ( من ترسام بڵاوبوونەوەی ئەم هەڵانە لاوان گومڕا بکات)، بەڵام سەرەڕای ئەوەش خۆی لە ئارەزووەکانی بێبەش نەکرد، لەگەڵ ئەوەی قەدەغەی کردبوو لە خەڵکی تر.

ماو لە زماندا خۆی نوقم کرد، لە وێنەسازیدا لێهاتوویی خۆی سەلماند..
(“گردەکان شین وەک دەریا،
خۆر لە خۆراوادا سوور وەک خوێن”)
بابەتە کلاسیکییەکان (“جیهانی مرۆڤ بێبارە، دەریاکان دەبن بە دەشتاییەکی ئەرخەوانی”)، جار جار پەندئامێز (“قوربانیدانی تاڵ بڕیاری ئازایانە بەهێز دەکات”) و پڕوپاگەندەیی (“کچانی چین ئاوەزیان بەرزەفڕە، / ئەوان ڕیزی خەباتیان خۆشدەوێت، نەک ئاوریشم و کەتان”).

کاری ماو بەڵگەیە کە ناسکی هونەری زەمانەتی کاری سیاسی نەرم نییە. لە ساڵی ١٩٦٦، پاسەوانە سوورەکان کتێبە سوورە بچووکەکەیان تەواو کرد لەگەڵ کۆی ٢٥ شیعر کە دەدرایە پاڵ ماو. ئەو کارە بووە هۆی خولیایەک بۆ شیعری شێوازی کۆن بەتایبەت لەناو ئەوانەی کە تەرخانکرابوون بۆ لەناوبردنی “پاشماوە فیوداڵییەکان”. دوا دێڕ کە ماو نووسی، ساڵێک پێش دەستپێکردنی شۆڕشی کەلتووری، پێشبینییەک بوو بۆ ئاژاوەی داهاتوو: “سەیرکە، جیهان سەرەوخوار دەکرێت”.

سانسۆرچی و داهێنەر

شیعر وەک بەڵگەی تاوانکاری لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی خراوەتەڕوو، کە تێیدا ڕادۆڤان کارادزیچ Radovan Karadžić ، ‘قەسابی بۆسنیا’، بە تاوانی جینۆساید تاوانبار کرا. دۆکیومێنتارییەکی بی بی سی لە ساڵی ١٩٩٢ دیدارێکی نێوان کارادزیچ و شاعیری نەتەوەپەرستی ڕووسی ئێدوارد لیمۆنۆڤی تۆمار کرد، کە تێیدا کارادزیچ شیعرێک دەخوێنێتەوە کە پێشبینی توندوتیژی دەکات و لیمۆنۆڤ زنجیرەیەک گوللە بەرەو دۆڵەکەی خوارەوە دەتەقێنێت. کارادزیچ ئیدیعای ئەوە دەکات کە چەند ساڵ پێشتر پێشبینی شەڕەکەی کردووە، و شیعرەکەی ساڵی ١٩٧١ی “سارایێڤۆ” ئەم دێڕانەی تێدایە:

شارەکە وەک پارچە بخوورێک دەسووتێت
لە دووکەڵەکەدا هۆشیاریمان دەگرمێنێت…
دەزانم هەموو ئەمانە ئامادەکاری هاوارن:
کانزا رەشەکەی ناو گەراج چی هەیە بۆمان؟

سەلماندنی نیەتی تاوانکار داواکارییەکە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی. کارادزیچ کەسایەتییەکی سەرەکی بوو ئەوەی سلاڤۆ ژیژەک Slavoj Žižek ناوی دەنێت ‘کۆمپلێکسی شیعری-سەربازی’، کە ڕێز لە میراتی ئەدەبی نەتەوەپەرستی دەگرت، بەتایبەتی شیعرە داستانییەکەی پێتار پێترۆڤیچ-نیێگۆش ‘تاجە چیاییەکە’ (١٨٤٧)، کە تێیدا ڕشتنی خوێنی موسوڵمانان وەک کردەوەی لە ئاوهەڵکێشان (baptism) بۆ نەتەوەی سرب پێشکەش کراوە.

وتاری جینۆساید میتافۆرێکی شاراوەی بێهۆشکەرە: نەتەوەیەک لە ڕێگەی ‘پاککردنەوەی نەژادی’یەوە ‘پاک دەکرێتەوە’. بەڵام خوێنەران دەبێت ئاگاداری مەترسییەکانی مامەڵەکردنی کەسایەتی هونەری وەک هی نووسەریش بن. سەیری کارەکانی ئایەتوڵڵا خومەینی بکە، کە شیعرە فارسییەکانی ڕۆحی سۆفیگەرەکانی وەک ڕۆمی و حافزی تێدایە:

من داواکاری پیاڵەیەک شەرابم
بە دەستی خۆشەویستێک.
لەلای کێ دەتوانم ئەم نهێنییەی خۆم بدرکێنم؟
ئەم خەمەم بۆ کوێ ببەم؟

ئەم شیعرانە زەحمەتە لەگەڵ کەسایەتی گشتی خومەینی یەک بگرنەوە:

من بەندکراوم، ئەی خۆشەویست، بە خاڵی سەر لێوت!
چاوە نەخۆشەکانتم بینی و بە خۆشەویستی نەخۆش کەوتم…
دەرگای مەیخانە بکەرەوە و با شەو و ڕۆژ بچینە ئەوێ،
چونکە من لە مزگەوت و مەدرەسە بێزار و ماندووم.

لایەنگرانی ئایەتوڵڵا حەریسن ئەم شیعرانە تەنها بە شێوەیەکی ڕەمزی بخوێننەوە (‘مزگەوت و وتاربێژ نمایشی بەتاڵی دینداری دەرەکین’) – هەرچەندە هەندێک دێڕ زەحمەتە بێلایەن بکرێن:
“من جلی زاهید و دووڕووییم دادڕیوە”.
شیعرەکان، ئایەتوڵڵا وەک سۆفییەک دەردەخەن، کاتێک کەسێک بتوانێت فەتوا دەربکات و هەم هونەر بنوێنێت، ئەمە دەیکاتە هەم سانسۆرچی و هەم داهێنەر.

پەلاماری سەر ماڵەکەی ئوسامە بن لادن لە ساڵی ٢٠١١ بووە هۆی لێدوانی میدیایی دەربارەی کتێبەکانی، کە جەختی لەسەر نەبوونی ڕۆمان کردەوە و باسی خۆشەویستی ئەوی بۆ شیعر نەکرد. لە ساڵی ٢٠١٠، بن لادن نامەیەکی بۆ جێگرێکی نووسی بە وردەکاری پیلانێکی گەورەوە، پێش ئەوەی داواکارییەک زیاد بکات: “ئەگەر هەر برایەک لەگەڵتاندا هەیە کە دەربارەی کێشی شیعری بزانێت، تکایە ئاگادارم بکەنەوە، هەر کتێبێکیشتان سەبارەت بە زانستی کێشی کلاسیکی هەیە، تکایە بۆم بنێرن”.
بن لادن یەکێک بوو لە شاعیرە جیهادییە هەرە ناسراوەکان و پێگەکەی بەشێکی لە سەروەری لە ڕەوانبێژی کلاسیکییەوە سەرچاوەی دەگرت. ئەمیری بن لادن لە عێراق، ئەبو موسعەب ئەلزەرقاوی، هاوکات بە ‘قەساب’ و ‘ئەوەی زۆر دەگری’ ناسرابوو – کە پەیوەندی نێوان دڵڕەقی و سۆزداری، ئارەزووی دووانەی هێز و بەزەیی ڕوون دەکاتەوە. سەرکردەی ئێستای ئەلقاعیدە، ئەیمەن ئەلزەواهیری، ئەویش شیعر دەنووسێت و خەلیفەی خۆڕاگەیەنراوی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی، ئەبوبەکر ئەلبەغدادی، تێزی دکتۆراکەی لەسەر شیعری ئایینی نووسی.

یەکێک لەو ستەمکارانەی کە تا کۆتایی تەمەنی شیعری نووسی سەدام حوسێن بوو. شیعرە زیندانییەکەی ساڵی ٢٠١٣ی بە زمانێکی ناشیرینی شەعبی نووسراوە:
“تۆ شنەی ئارامبەخشی
گیانم بە تۆ دەگەشێتەوە
پارتی بەعسمان وەک لقێک سەوز هەڵدەگەڕێت”.
سەدام، کە حەزی لە وێنەگرتن بوو بە کڵاشینکۆفەوە، خۆی وەک کەسێکی بەرگریکار پیشان دەدا: “لێرەدا سنگمان بۆ گورگەکان دەکەینەوە”.
بە سەرنجڕاکێشی، ئەو پیاوەی کە تفەنگەکەی داهێنا، میخائیل کڵاشینکۆف Mikhail Kalashnikov، خۆی دەیویست ببێت بە شاعیر. وەک دەبلیو ئێچ ئۆدن WH Auden لە وتەیەکی سەر گۆڕی هیتلەردا نووسی، “ئەو شیعرەی ئەو دایهێنا تێگەیشتنی ئاسان بوو”.

٢٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧
بێنجامین ڕام
سەرچاوە:
https://www.bbc.com/culture/article/20171025-why-tyrants-love-to-write-poetry




(ماڵئاوا زمان) ڤیتگنشتاین/ بیركردنەوە.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

ڤیتگنشتاین/ بیركردنەوە
عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

ئایا ڤیتگنشتاین هێشتا زمانە، یان زمان لەنێوان ڤیتگنشتاین و بیركردنەوەدا، وێنەیە؟! لەو نووسینەدا هەردوو كاراكتەری (ڤیتگنشتاین) و (بیركردنەوە) ڕۆڵی سەرەكی لە فیلمی درێژی (ماڵئاوا زمان)دا دەگێڕن. بەشێكی گەورەی سیناریۆی ماڵئاوایكردن لە زمان لە بیركردنەوەی ڤیتگنشتایندا بە کامێرای (پییر بۆردیۆ) كێشراوە. بەڵام نەك قسەكردن لە فیلمی (ماڵئاوا زمان) قسەكردن بێ لە فێستیڤاڵی (کان)ی (٢٠١٤) و خاوەنی ئەسڵی فیلمەكە (ژان لوک گۆدار).. بەڵكوو هەوڵدەدەم لەژێر ئەو ناونیشانەدا كەمێك لە ڕێبازەكانی بیركردنەوە ڤیتگنشتاین بە سیناریۆی بۆردیۆ بدوێم، یان نوێنەرایەتیکردنی ئەو وێنەیەی کە ڤیتگنشتاین لە جیهاندا بۆ ڕێبازەكانی بیركردنەوەی زمانی كێشاوە.. ئەوەش بەو مانایە نییە، كە پرۆسەی دەروونی نوێنەرایەتی واقیعی زمان بکات، بەڵكە بەو مانایەیە، كە ڕێبازەكانی تەكنۆلۆژیا، كلیك لە تووانەوەی زمان بۆ وێنە دەكات و جیهان لە وێنە هەنووكەییەكانیدا دەخەمڵێنێ. بەڵام ئایا ماڵئاواییكردن لە زمان دەتوانێ بوونی زمان تێپەڕێنێ؟ ئایا دیوەکەی دیكەی بوونی زمان وێنەیە؟!.
كاراكتەری ڤیتگنشتاین لە فیلمی (زمان)دا، سەرەتا لە یەک زمانی لۆژیکی بۆ پێوانی هەموو شتێک دەستپێدەكات و دواتر دەگاتە ئەوەی کە نەخێر، ئێمە یەک زمانمان نییە، بەڵکو کۆمەڵێ زمانمان هەیە، لە بەکارهێنان و سیاق و یاری جیادا، مانای جیا دەدەن. وەك زمانی یاسا و زمانی شیعر و زمانی ئەفسانە و زمانی زانست و زمانی ڕۆژانە.. پاشان فیلمەكە لە پرسی تووانەوەی زمان و وێنە و كلیك درێژ دەبێتەوە.

تیۆری پەتی و ڕێبازەكانی بیركردنەوە
(ڤیتگنشتاینی فرە زمان) زۆربەی بەرهەمەکانی بۆ هەڵوەشانەوەی بنەما فەلسەفییەکان تەرخان کردووە و بڕوای بەوە نییە، كە بتوانین لە ڕێگای پرۆسەی دەروونی چەمكەكان ڕوونبكەینەوە، پێیوایە بە ئاماژەكردن بە گرنگی ئەو پانتاییە کۆمەڵایەتیانەی، کە کردەی زمانەوانی تێدا ئەنجام دەدرێت، شتەكان دەگۆڕێن. بەو مانایەش دەبێ زمانەوانی لە ڕێگای بەستێنە کۆمەڵایەتییەکانەوە لێکبدرێتەوە، نەک کردارە دەروونییەکان، مانا بۆ دەربڕینەکان دیاری بکەن. زمان لە ڕێگای (كردەی بەکارهێنانی زمان) پەیوەندی بە کۆمەڵگاوە دەكات و ڕێکوپێکی خۆی بە تێپەڕبوونی کات دەپارێزێت. لەسەر بنەمای رەخنەگرتن لە تیۆری پەتی و عەقڵی سکۆلاستیکی، بە تایبەتی بۆ ڕوونکردنەوەی زمانی ئاسایی.. ڤیتگنشتاینی دووەم ئەو هەڵوێستەی ڕەتکردەوە کە زمان بە دابڕاو لە كردەی بەکارهێنان بژمێردرێت و چالاکییەکانی لێبسێنرێتەوە. چونكە زمان حاڵەتێکی دەروونی نییە، کە واقیع وێنا بکاتەوە، بۆیە ملكەچی هیچ یاسایەك نابێت، تەنها شێوازی بەکارهێنان نەبێت، شێوازی بەکارهێنانی زمان تەنها پێوەرێکە، كە وەک پێوەر بەکاری دەهێنێ. بە واتایەکی دیكە ڤیتگنشتاین لە باوەڕی کۆنکرێتی و بەكارهێنانی تایبەتی زمان دوور دەكەوێتەوە.
لێرەوە گرنگی کارەکانی ڤیتگنشتاین بۆ پڕۆژە كۆمەڵناسییەكانی بۆردیۆ لە چەمکی ڕەنگدانەوە و كردەی پەیڕەویکردندا دەبینرێت. بۆردیۆ وریایی ڤیتگنشتاینی دووەم لەبارەی ڕەخنەگرتن لە بیری پەتی و ڕێبازەكانی بیركردنەوەدا جارێكی دیكە لە بواری كۆمەڵناسیدا دادەڕێژێتەوە. كەواتە وەك چۆن لە زماندا ڕاست و هەڵە ئەوەیە، کە خەڵک دەیڵێن؛ خەڵک بەو زمانەی کە بەکاری دەهێنن هاوڕان. بە هەمان شێوەش کۆدەنگی لە زماندا نییە، بەڵکو ئەو کۆدەنگییە لە شێوەی ژیاندایە، بۆیە هیچ بنەمایەکی زاڵ نییە، کە پراکتیکی زمانەوانی کۆنتڕۆڵ بکات، وەك چۆن هیچ بنەمایەکی ڕەها نییە، بۆ ئەوەی چی دەکەین، یان چی دەڵێین.. لەسەر ئەو بنەمایە بۆردیۆ هەموو بنەما ڕەهاكانی بۆ پراکتیزە کۆمەڵایەتییەكان ڕەتكردەوە. بەو مانایەش تیۆری کۆمەڵایەتی پێویست ناکات، بناغەی یەکەم بۆ پراکتیکە کۆمەڵایەتییەکان هەڵکەنێت، جا ئەم بنەمایە خواستی بەدەستهێنانی گەورەترین سوودی مومکین بێت، یان ڕەزامەندی تاكەكان.. كەواتە بۆردیۆ هیچ پاساوێک بۆ ڕوونکردنەوەی تیۆری کردارە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕێگای بیروباوەڕ و ئارەزووی تاکەکانەوە نابینێت..
بە دیوەكەی دیكە کاتێک فەلسەفەی کلاسیک بە شێوەیەکی پەتی بیر لە زمان دەکاتەوە، ئیتر دەكەوێتە دەرەوەی پانتایی بەكارهێنانە پراکتیکییەكانەوە.. ئەوەش هەمان ئەو هەڵەیەیە، کە تیۆری هەڵبژاردنی عەقڵانی ئەنجامی دەدات، کە پاڵنەری زۆرترین قازانج لەسەر بنەمای زانینی پێشوەختە ڕوون دەكاتەوە! كەواتە هەرگیز ناشێ عەقڵ بەپێی ڕوانگەی دیاریكراوەوە سنوودار بكرێت. وەك چۆن ناشێ پراکتیزە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕێگای میکانیزمە دەروونییەکان ڕوونبكرێتەوە.

هاپیتۆس
لەنێوان پراكتیك و تیۆردا

هاپیتۆس لە بنەڕەتدا کۆمەڵێک خوو و هەڵوێست و بەها و مەیلە، كە تاكی نێو كۆمەڵگا لە پەروەردەی کۆمەڵایەتی و ئەزموونی ژیاندا بەدەستی دەهێنێت. ئەو چەمكە بۆردیۆییە، ڕەفتارێك نییە، کە لە ژینگەی دەرەکییەوە بەدەست هاتبێت، بەڵکوو جۆرێکە لە (بەرنامەسازی ناوخۆیی) و پاڵنەرێکە بۆ تاک بۆ ئەوەی بە شێوەیەک مامەڵە بکات، کە لەگەڵ پانتایی کۆمەڵایەتییەکانیدا بگونجێت، وەك چۆن لەگەڵ نوێبوونەوە و ئاڵۆزی ئەزموونی تاکدا دەگۆڕێت و نوێ دەبێتەوە.
هاپیتۆس تەنها لە جەستە پێکنەهاتووە، بەڵکو لە گریمانە بنەڕەتییەکانیش پێکهاتووە، واتە لە هەموو شتە دەروونییە نامەبەست و نائاگاکان پێكهاتووە.. چەمكی هۆشیاری کە یەکێکە لە پێکهاتەکانی هابیتوس، هۆشیاری نائیرادییە و تایبەتمەندییەكەی ئەوەیە، کە ڕێگا بە سەرهەڵدانی جۆرێک لە ئازادی نائاگایی یان کەم هۆشیار، ناهۆشیار دەدات، کە سەرچاوەکەی نادیارە.. بۆردیۆ دەڵێت بڕیاری ئیمانهێنان تەنها کاتێک سەرکەوتوو دەبێت، کە بڕیاری لەبیرکردنی لەگەڵدا بێت!! بەو قسەیە هەوڵدەدات هەستی هاوبەشی مەبەستداری عەقڵانییەكان تێپەڕێنێت. بەو مانایە پراكتیك بە هیچ مەبەستێک یان عەقڵێکەوە تایبەت نییە، وەك چۆن لە بەرانبەر پراكتیكدا زمان ملكەچی هیچ ڕێسا و یاسایەك نابێت. بەڵكە بریتییە لە تێگەیشتن لە لۆژیکی هەموو کردارە (مەعقولەکان) بەبێ ئەوەی بەرهەمی پلانێکی عەقڵانی داڕێژراو بێت.. کردارگەلێکە، کە بە جۆرێک لە جۆرەكان لە ئامانجێكی بابەتییدا دەردەكەوێت، بەبێ ئەوەی بەشێوەیەكی ئاگاییانە پێوەندی بە ئامانجێکی درووستکراوی ئاشکراوە بكات، بەبێ ئەوەی بە مەبەستی یەکگرتوویی، یان لە بڕیارێکی هۆشیارانەدا هەڵقوڵابێت. بە كورتی چەمکی هاپیتۆس هیچ نییە، جگە لە (كردەیەكی تیۆری) کە ئامانجی زاڵبوونە بەسەر دژایەتی ساختە و بێنرخكردنی پراكتیك و تیۆری ئۆنتۆلۆژی..
بەڵام زمان چۆن هاوسەنگی هێز دەپارێزێت؟ هۆكاری ئەو پرسیارە ئەوەیە، كە زمان زیاتر لە ئامرازێکی پەیوەندیکردنە.. (نۆرمان فێرکلیف) لە كتێبی (زمان و دەسەڵات)دا جەخت لەوە دەکاتەوە، کە زمان بێلایەن نییە، چونكە هەموو سیستم و دامەزراوەكان بۆ ڕاییكردنی كارەكانیان پشت بە گوتاری زمانەوانی دەبەستن، بۆ نموونە شێوازی گێڕانەوەی یاساکان، یان هەواڵەکان.. بەڵام هەموو ئەوانە تەنها لە سیستمی زماندا كورت نابنەوە، بەڵکوو بۆ بەرهەمهێنانی جیاوازی خزمەت بە بەرژەوەندیی (هەندێک لایەنی جیاواز) دەكەن!!. كەواتە زمان دەسەڵاتی جیاوازی لەناو کۆمەڵگادا دەچەسپێنێ.
لەنێوان سیستم و جیاوازی، یاسا و پراكتیك، مەعقول و نامەعقول… ڕەخنەی بۆردیۆ لە زمانەوانیی چۆمسکی و سوسێر و … هەموو ئەوانەی کە لە پێکهاتەی (زمانەوانی نموونەیی) دەکۆڵنەوە، ئەوەیە، كە لە بارودۆخە کۆمەڵایەتییەكان دابڕاون! بۆ نموونە: سوسێر حەزی لە زمانە، قسەکردن فەرامۆش دەكات.. چۆمسکی گرنگی بە لێهاتوویی، یان توانا دەدات نەک دەستکەوت.. بە كورتی ئەوە پراکتیکی زمانەوانییە، پراکتیکی کۆمەڵایەتی بەرهەم دەهێنێت، نەك ئەو یاسا زاڵانەی کە توێژەر لە مێشکی خۆیدا دەیانخەمڵێنێ.. چونكە هیچ یاساک بە شێوەیەکی پێشوەختە و مەجازی بوونی نییە، بەڵکو لە پراکتیکدا بوونی خۆی دەدۆزێتەوە! بە پێچەوانەی گوتاری عەقیدەی یاسایی، کە بە مەبەست پەنا دەباتە بەر زاراوەی ناڕوون و ناڕوونی حوکمڕانی و ڕێزمان، بۆ ئەوەی ئەنجامێکی دیاریكراو بەرهەم بهێنێت.
ڤیتگنشتاین لە گوتارێکی ڕوون داڕێژراوەوە بەرەو پراکتیک دەڕوات. بەڵام بۆردیۆ جەخت لەسەر پێویستی دەستپێکردن لە پراکتیکەکانەوە بەرەو یاسا دەکاتەوە، واتە پێویستی لێکدانەوەی یاساکان لە ڕێگای پراکتیکەکانەوە، کە لە هەموو کارلێکێکی کۆمەڵایەتیدا هەست بە درووستکردن و نوێکردنەوەی ئەو یاسایانە دەکەن.

سەرمایەی زمانەوانی
سەرمایەی دیجیتاڵی

سەرمایەی زمانەوانی زاراوەیەکی کۆمەڵایەتی زمانەوانییە، کە لەلایەن بۆردیۆوە داڕێژراوە. بۆردیۆ بە کەڵەکەبوونی کارامەیی زمانەوانی و وەک جۆرێک لە سەرمایەی کلتووری وەسفی دەکات. سەرمایەی کلتووریش بریتییە لە کەڵەکەبوونی زانست و لێهاتوویی و دەستکەوتە كلتوورییەکان… بەڵام سەرمایەی دیجیتاڵی، تێڕوانینی بۆردیۆیە بۆ بۆشایی دیجیتاڵی و ئەو پانتاییە دەگرێتەوە، كە توانای ڕوونكردنەوەی جیاوازییەكان و بەرفرەوانكردنی بەكارهێنانەكانی هەیە، تا بشێ بواری دیكەی كۆمەڵایەتی بگرێتەوە. لەنێوان سەرمایەی زمانەوانی و دیجیتاڵیدا، فەزایەكی كراوە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان بەڕێوە دەبات، بەڵام لەبری گوتاری زمانی خوێندراوە و بیستراو، پشت بە گوتاری وێنەی دیجیتاڵی دەبەستێت. كلتووری وێنەیی، خولیا و چەمكێكی نوێیە و سرووشتی پەیوەندییەكانی ڕاستەوخۆتر و خێراتر و پڕ زانیاریتر و ئەرێنیتر و پڕ چێژتر كردووە.. وەرگر دەتوانێ بە خێراییەكی لە سنووربەدەر لە هەموو شوێن و كاتێ پێیبگات و بیگەیێنێت.
زاراوەی كلتووری وێنە، پەیوەندی بە ڕەهەندە فرەجۆرەكانی وێنە و دەلالەت و مانا و كاریگەرییەكانیدایە، وەك چۆن پەیوەندی بە چۆنێتی تەماشاكردنی وەك ڕەمز و ئامرازی گواستنەوەی زانیارییەكان و چێژەوە هەیە، هەموو ئەو گۆڕانكارییانەش كلتووری وێنە و وێنەی دیجیتاڵی و شۆڕشی وێنە رابەرایەتییان دەكات، فیلمی درێژی (ماڵئاوا زمان) دەگەیەنێت… بەو مانایەش كلتووری وێنە وەك سیمای ئەو سەردەمە شوێنی زمانی گرتۆتەوە.. كلتووری وێنە ناسینەوە قبوڵ دەکات، بەڵام ئینکاری قبوڵ ناکات! هەموو کۆمەڵگایەک کلتوورێکی بینراوی هەیە و هەموو کلتوورێكی بینراویش لە شۆڕشە تەکنیکییەکان دابڕاو نییە..
ئەو سەردەمەی کە ئێستا تێیدا دەژین بە خێرایی بەرەو پێکهاتنی شارستانیەتی وێنەیی دەڕوات، ئەمەش وامان لێدەکات لەبری (كەسی زمانی) باسی (کەسی وێنەیی)، لە بری بابەتی (مێژووی ناوەڕۆک) باسی شاشەی (بینراوی چركەساتی)، لەبری (ئەزموون) باسی (بەكارهێنان)، لەبری (زمان) باسی (كلیك).. بکەین، واتە لەبری گێڕانەوەكان باسی زانیارییەكان و شۆڕشی خودی و گۆڕانكارییەكانی ئیگۆ بكەین.. هێزی وێنە وەك گوتارێکی کراوە بەڕووی هەموو زمانەکاندا، وادەکات بچێتە نێو خەیاڵی جیهانەوە و پەیامەکەی خۆی بە شێوەیەكی فرەڕەهەندی ئاگایی و نائاگاییەوە بگەیەنێت، بەو مانایەش ئەرکی وێنە لە بینینەوە بۆ تێگەیشتن تێدەپەڕێت و ئیتر لە ڕەهەندی تایبەتی ئایکۆنی و پلاستیکییەکەیدا ناوەستێت، بەڵکوو لەوە زیاتر بۆ ڕەهەندی ناڕاستەوخۆ هەنگاو دەنێت.. جگە لە پەیامی بینراویش، پەیامێکی ڕێکخراوی هەیە، کە لە دەرەوەی سنووری فەرمی وێنەکان دزە دەکات و هەڵگری کۆمەڵێک واتا و سرووشی جیاوازە.
وێنەی ئەمڕۆ، بەرهەمی كلتوور و بیرکردنەوە و ئابووری و تەکنۆلۆژیایە.. بەو مانایەش هەر تەنها لە چێژوەرگرتن بە هەموو ماناكانییەوە كورت ناكرێتەوە، بەڵكە زمانێکی خێرای پڕ زانیاری و بینراوی مۆدێرنە، کە وشە و کردار تێیدا بە یەکدەنگ (یەك كلیك) نوێنەرایەتی حەقیقەت دەکەن. بۆ ئەوەی وێنەش ڕۆڵی پێویستی خۆی جێبەجێ بکات، هەر تەنها رەنگدانەوە نا، بەڵكوو دەبێ بینراوێكی درەوشاوە بێت، بۆ سەركەوتنی بەكارهێنان و گۆڕانکاری و هاندانی جددی و بوونیادنانی درووستی مرۆڤ و گەردوون.

هەولێر 5/4/2025




سەبارەت بە کتێبی: ژیریی دەستکری سەرمایەداری، بەرەنگارییەکانی چەپ و بەدیلی گونجاو.. ڕزگار ئاکرێی

سەبارەت بەکتێبی: ژیریی دەستکردی سەرمایەداری، بەرەنگاری چەپ و بەدیلی گونجاو، تەکنەلۆژیا لە خزمەتی سەرمایە یان ئامرازێک بۆ ئازادی؟
ڕزگار ئاکرێی
چەپی سەربەخۆ، ئارەزوومەند بە چەپ و شۆڕشی تەکنەلۆژیا، شارەزا لە پەرەپێدانی سیستەم و حوکمڕانی ئەلیکترۆنی.
rezgar1@yahoo.com
www.rezgar.com

کتێبەکەم ” ژیریی دەستکردی سەرمایەداری، بەرەنگاری چەپ و بەدیلی گونجاو، تەکنەلۆژیا لە خزمەتی سەرمایە یان ئامرازێک بۆ ئازادی؟” بە عەرەبی، ئینگلیزی و کوردی بڵاوکراوەتەوە، هەروەها بەچەندین زمانی جیهانی تر وەرگێڕدراوە.
ئەم کارە بەتایبەتی باسی کێشەی ژیریی دەستکرد و تەکنەلۆژیا بە گشتی دەکات، لە چوارچێوەی خەباتی چینایەتی لە سەردەمی دیجیتاڵدا. کتێبەکە کاریگەرییەکانی ژیریی دەستکرد لەسەر بوارە جۆراوجۆرەکان، لە ئابوورییەوە بۆ سیاسەت، لە کەلتوورەوە بۆ بیرکردنەوە، لە ژێر سیستەمی سەرمایەداری هاوچەرخدا تاوتوێ دەکات.
ئامانجی ئەم کتێبە پێشکەشکردنی شیکردنەوەیەکی چەپی ڕەخنەگرانەیە بۆ ژیریی دەستکرد وخستنەڕووی بەدیلی پێشکەوتووخوازیە بۆ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا ، دوور لە هەژموونی سەرمایەداری کە بەکاری دەهێنێت بۆ زیادکردنی قازانج و بەهێزکردنی کۆنتڕۆڵ، لەسەر حسابی کرێکاران جا چ دەستی و چ فیکری بێت.

ناوەڕۆکی کتێبەکە ئەم خاڵانەی خوارەوە لەخۆدەگرێت:
1- دابەشبوونی دیجیتاڵی نێوان چەپ و سەرمایەداری

بۆشایی دیجیتاڵی لەنێوان چەپ و سەرمایەداریدا تەحەدایەکی گەورە لە سەردەمی دیجیتاڵدا دروست دەکات، کەتێدا کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆژیا و وڵاتانی سەرمایەدارەوە باڵادەست دەبن لەبواری دیجیتاڵدا. لەکاتێکدا ئەم هێزانە توانای ماددی و تەکنیکییان هەیە بۆ ڕێنمایی کردن و شێوە پێدانی لایەنە جۆراوجۆرەکانی تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد، بەڵام چەپەکان، لە زۆربەی کاتەکاندا، لەدۆخێکی لاوازیدا دەمێننەوە، بەدەست دابەشبوونێکی دیجیتاڵی ڕوونەوە دەناڵێنن. لەم چوارچێوەیەدا، بارودۆخی ئێستای چەپ هاوشێوەی “ڕووبەڕووبونەوەی مێرولەیە بەفیل “، کەناتوانێت لەم بوارە زەبەلاح و خێراتردا لەگەڵ زلهێزە سەرمایەدارەکاندا بگونجێت.. ئەم بۆشاییە دیجیتاڵیە بەتەنیا کورتنابێتەوە لەسەر نەبوونی ئامرازەکانی تەکنینکی، بەڵکو دەڕبڕینی لاوازییەکی نەخوازراوی تێڕوانینی سیاسی و ڕێکخراوەییە بۆ بەکارهێنانی ئەم ئامرازانە لە خزمەتی خەباتی چەپدا.

2- نەخوێندەواری دیجیتاڵی
نەخوێندەواری دیجیتاڵی تەنها نەتوانینی بەکارهێنانی ئامرازەکانی دیجیتاڵی ناگەیەنێت، بەڵکو نەتوانینی تێگەیشتن لەچۆنیەتی کارکردنی ئەم ئامرازانە و کاریگەرییان لەسەر ژیانی ڕۆژانە، تاک و جەماوەر دەگەیەنێت. بەشێوەیەکی گشتی، ڕێکخراوە چەپەکان زۆرجار ئامرازی تەکنیکی کەمیان هەیە یان بەکارهێنانیان تا ئێستا سنووردار و سەرەتاییە و توانایان بۆ کاریگەری لەسەر هۆشیاری گشتی سنووردارە.
خوێندەواری دیجیتاڵی لەناو ڕێکخراوە چەپەکاندا تەنها فێرکردنی ئەندامان نییە چۆن ئامێر و ئەپڵیکەیشنی دیجیتاڵی بەکاربهێنن، بەڵکو ڕاهێنانیان دەکات بۆ تێگەیشتن لە پێکهاتەی سیستەمە دیجیتاڵییەکان لەڕێگەی هۆشیارییەکی ڕەخنەگرانە لەو ئایدۆلۆژیایانەی کۆنتڕۆڵیان دەکەن. ئەم پرۆگرامانە دەبێت جەخت لەسەر پڕچەککردنی ئەندامان نەک تەنها بەئامرازی تەکنیکی، بەڵکو توانای تێگەیشتن لەبوارە سیاسی، ئابووری و تەکنەلۆژییەکان بکەن کەتەکنەلۆژیا پێکدەهێنن، یارمەتیدەر بن بۆ خزمەتکردنی ئامانجەکانی یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی. نەخوێندەواری دیجیتاڵی چەپ دەخاتە دۆخێکی لاوازەوە لەبەرامبەر ئەو تەحەدایانەی سەرمایەداری دیجیتاڵی دروستی دەکات و بەربەستێک پێکدەهێنێت لەبەردەم مانەوەی کاریگەری لەسەردەمی دیجیتاڵدا. بۆیە پێویستە تواناکانی ئەندامان و سەرکردەکان و ڕێکخەرانی ڕێکخراوە چەپ و جەماوەریەکان لەئاستە جیاوازەکاندا لەسەر ئامرازەکانی سەردەمی دیجیتاڵی مۆدێرن ڕابهێنرێن و پەرەیان پێبدرێت بۆ ئەوەی بتوانن ڕووبەڕووی هەژموونی دیجیتاڵی ببنەوە.

3- پەرەپێدانی توانا و لێهاتوویی تەکنیکی چەپەکان وەک پێویستییەکی خەباتی ستراتیژی
پەرەپێدانی توانای چەپ لەبواری تەکنیکیدا بۆتە پێویستییەکی ستراتیجی هاوتەریب لەگەڵ پەرەپێدانی توانای سیاسی و ڕۆشنبیری و ڕێکخراوەیی و میدیایی و جەماوەریدا. هەروەک چۆن هێزەکانی چەپ ناتوانن پشت بەمیدیای سەرمایەداری ببەستن و لەهەمان کاتدا هەوڵدەدەن میدیای سەربەخۆی خۆیان دابمەزرێنن، هەروەک چۆن بیروڕا و سیاسەت و ئامرازەکانی ڕێکخراوەیی خۆیان سەربەخۆ لەئامرازەکانی هەژموونی بۆرژوازی پەرەپێدەدەن، هەروەها دەبێت درک بەوە بکەن کەشەڕی دژی سەرمایەداریی دیجیتاڵی بەئامرازەکانی نەیارەکەی ناکرێت. سەربەخۆی تەکنەلۆژیا بۆتە مەرجێکی بنچینەیی کەتەواوکەری سەربەخۆی فیکری و سیاسی و ڕێکخراوەیی دێت.
ناکرێت قسە لەسەر ئازادی ڕاستەقینە یان بنیاتنانی پڕۆژەیەکی سۆسیالیستی ڕادیکاڵ بکرێت، لەکاتێکدا ڕێکخراوە چەپەکان دەکەونە ژێر سانسۆری وورد و کۆنتڕۆڵەوە کە لەڕێگەی ئامرازەکانی ژیریی دەستکردی وڵاتە گەورەکان و کۆمپانیا سەرمایەدارییەکانەوە بۆ خزمەتی بەرژەوەندییەکانیان پەرەیان پێدراوە. چۆن بزووتنەوەیەکی بەرنامە دادەڕێژن ، خۆی ڕێکخراو دەکات، بنیاتی بەرنامە و ئامرازاەکانی دەکات، لەکاتێکدا بەشێوەیەکی ئەلگۆریتمي لەژێر چاودێری نزیک ئەو ڕێکخراوانەدان کەجەخت دەکەنەوە یان لانی کەم بۆ لەناوبردن و سنووردارکردنی گوتارەکەی و کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوە و کاریگەرییەکەی داڕێژراون؟
نەبوونی ئامرازی چەپی دیجیتاڵی سەربەخۆ مانای ئەوەیە کەچەپ لەحاڵەتی بەرگریدا دەمێنێتەوە و پێکهاتەی ڕێکخراوەیی ناشاراوە و ئاشکرای دەبێت، دەکەوێتیشە ژێر چاودێرکردن و سەرکوتکردنەوەوە و هەڵدەوەشێنێتەوە. ئایا ئەوانەی بۆ گۆڕانی سۆسیالیستی دیموکراتی دەجەنگن دەتوانن ئەوە قبوڵ بکەن کە لێدوان و جوڵە و شیکردنەوەکانیان بۆ هۆشیاری جەماوەریان لە ژێر ڕەحمەتی ئەلگۆریتمەکاندا بێت کەخزمەت بەلۆژیکی بازاڕ دەکەن و هەژموونی چینایەتی سەرمایەداری لەفۆرماتی دیجیتاڵی پێشکەوتوودا بەرهەمدەهێننەوە؟

4- ڕۆڵی گەنجان لەگواستنەوە و گەشەپێدانی دیجیتاڵی
گەنجان توخمێکی سەرەکین لەپێشخستنی گۆڕانکاری و گەشەپێدانی دیجیتاڵی لەناو ڕێکخراوە چەپەکاندا، چونکە بە هێزێکی جوڵاو دادەنرێن کە دەتوانن ئامرازەکانی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە سەردەمی دیجیتاڵدا نوێبکاتەوە. لەبەر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی لەجیهانی دیجیتاڵدا ڕوودەدەن، ڕۆڵی گەنجان لەکەمکردنەوەی نەخوێندەواری دیجیتاڵی لەناو پارتە چەپەکاندا گرنگ بووە. گەنجان بڕبڕەی پشتی هەر گۆڕانکاری و گەشەپێدانی دیجیتاڵی پێکدەهێنن کەبتوانێت لەنێو ڕێکخراوە چەپەکاندا ڕووبدات. زۆرێک لە گەنجانی ئەمڕۆ توانایەکی زۆریان هەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئامراز و تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی خێراتر و کاریگەرتر لەنەوەکانی پێشوو گەشەی سەندووە.
بەهێزکردنی گەنجان لەنێو ڕێکخراوە چەپەکاندا پێشمەرجێکە بۆ گونجاندن لەگەڵ سەردەمی دیجیتاڵی و سوودوەرگرتن لە ئامرازە تەکنیکییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی دیجیتاڵی سەرمایەداری، چونکە توانای پەرەپێدانی ئامرازی نوێی خەباتیان هەیە کەتوانای ڕێکخستن، بەگەڕخستن و کاریگەرییان لەسەر ڕای گشتی باشتر دەکات. هەروەها دەتوانن داهێنان بخەنە ناو میتۆدەکانی خەباتی چەپەوە. گەنجان دەتوانن چالاکانە بەشداریبکەن لەسەرکردایەتیکردنی ئەم گۆڕانکارییە دیجیتاڵییە لەناو پارتە چەپەکاندا، ئەوەش بەهۆی توانای بەرزیان لەبەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بۆ زاڵبوون بەسەر بەربەستەکانی سەرمایەداری دیجیتاڵدا. پێویستە کار بۆ لابردنی هەموو بەربەستە ڕێکخراوەیی و سیاسییەکان بکرێت کەڕێگرە لەچوونە ناو ڕێکخراوە چەپەکان و مانەوە لە ڕێکخراوە چەپەکاندا، دەبێت نەرمییەکی گەورە نیشان بدرێت لەگەڵیاندا، بەگوێرەی گەشەی مەعریفی و هۆشیاریی دێموکراسییان.

5- دیجیتاڵی چەپی نێودەوڵەتی
گرنگی بنیاتنانی نێودەوڵەتی چەپی دیجیتاڵی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی ژیریی دەستکرد و تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی گشتی کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆژیا و وڵاتانی سەرمایەداریەوە. ئەم نێودەوڵەتییە دیجیتاڵیانە پێویستییەکی ستراتیژین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی سەرمایەداری لەبۆشایی دیجیتاڵدا، چونکە ئەم هێزە گەورەیانە کۆنتڕۆڵی خۆیان بەسەر ئامرازەکانی تەکنەلۆژیا دەسەپێنن و چەوساندنەوە و خەباتی چینایەتی قووڵتر دەکەنەوە. ئینتەرناسیۆنالیزمی دیجیتاڵی لێرەدا بە واتای هاوپەیمانی چەپ و پێشکەوتووخوازی جیهانی، تێپەڕاندنی سنوورە جوگرافیەکان و دابەشکارییە ڕۆشنبیرییەکان. هەروەک چۆن چەپ و ئینتەرناسیۆنالی کرێکاری لەمێژوودا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەرمایەداری پێویست بوون، ئێستا پێویستە هاوپەیمانی چەپی دیجیتاڵی دروست بکرێت کەجەخت لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی سەرمایەداری لە دەروازەی تەکنەلۆژیاوە بکات، کاریش بۆ یەکخستنی هەوڵەکانی چەپ لەڕێگەی ئامراز و پلاتفۆرمەکانی سەردەمی دیجیتاڵەوە بکات.
بەپەرەپێدانی هاوکاری نێوان ڕێکخراوە چەپەکان لەسەرانسەری جیهاندا، ئەم نێونەتەوەییانە بەشداری دەکەن لەپەرەپێدانی تەکنەلۆژیای جێگرەوەی بەشداربووان و سەرچاوە کراوەکان کە دڵنیایی دەدەن کە تەکنەلۆژیا لە خزمەتی کۆمەڵگادایە و بەرەو بەدیهێنانی دادپەروەری و یەکسانی کۆمەڵایەتی بڕوات. ئەم هاوپەیمانییە دیجیتاڵییە دەبێت جیاوازی ئایدیۆلۆژی نێوان ڕەوتە چەپە جیاوازەکان تێپەڕێنێت، بەتایبەتی لەم بوارەدا و جەخت لەسەر ئامانجی هاوبەش بکات: دەرهێنانی تەکنەلۆژیا لەچنگی سەرمایە و گۆڕینی بۆ ئامرازێک بۆ ئازادی بەکۆمەڵ.

6- ژیریی دەستکرد لە سێبەری سەرمایەداریدا
سەرەڕای توانا گەورەکانی ژیریی دەستکرد بۆ باشترکردنی ژیانی مرۆڤ، ئەمڕۆ بەشێوەیەک بەکاردەهێنرێت کەخزمەت بە کۆمپانیا گەورەکان و وڵاتانی سەرمایەداری دەکات و ئامرازێکی کاریگەرە لە سەرکوتکردن و کۆنتڕۆڵکردنی دیجیتاڵیدا بەکاردێت بۆ گۆڕینی ناڕاستەوخۆی هۆشیاری جەماوەری، لەڕێگەی ئەلگۆریتمێک کە تاکەکان لەسەر ئینتەرنێت کۆنتڕۆڵ دەکەن.
ئەم ئەلگۆریتمانە کاریگەری لەسەر هەڵبژاردن و ئاراستەی ڕۆشنبیری تاکەکان هەیە، وایان لێدەکات ئامرازێکی هەژموونی ڕۆشنبیری کە بیرۆکەی سەرمایەداری و ڕاستڕەو بەرز دەکاتەوە، و یارمەتیدەرە لەهەڵوەشاندنەوە و سنووردارکردنی بیری چەپ و پێشکەوتووخواز. سەرەڕای ئەوەش، AI بەکاردێت بۆ هاندانی جیاکاری بەهەموو شێوەکانی، هەم لە بازاڕی کار و هەم لە ژیانی ڕۆژانەدا، لەگەڵ بەهاکانی سەرمایەداریدا. هەروەها کاریگەری ژینگەیی خراپی هەیە، بۆ بەکارهێنانی تاوانکارانە بەکاردەهێنرێت، وەک پەرەپێدانی چەک و هەڵگیرسانی جەنگ.

7 – بەدیلی چەپ بۆ ژیریی دەستکرد
ئەو بەدیلانەی لەم کتێبەدا پێشکەش کراوە تێڕوانینێکی چەپی پێشکەوتووخوازە بۆ ژیریی دەستکرد، کەهەوڵ دەدات کۆنتڕۆڵی ئەم تەکنەلۆژیایە لە لایەن جەماوەرەوە بسەنێتەوە و ئاراستەی بکات بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی کرێکاران، چ دەستی و چ فیکری بێت.. AI دەبێت نەک تەنها بۆ باشترکردنی ژیان بەکار بهێنرێت، بەڵکو بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەژموونی سەرمایەداری لەڕێگەی سەرچاوە کراوە و شەفافی چەپەکانەوە.
لەم ڕوانگەیەدا، تەکنەلۆژیا دەبێتە موڵکی کۆمەلایەتی، لەژێر سەرپەرشتی دیموکراسییەکی جەماوەری، دەستەبەرکردنی بەکارهێنانی بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵگا. AI دەتوانرێت بەکار بهێنرێت بۆ باشترکردنی کاری بەکۆمەڵ، بەرەوپێشبردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی، و چارەسەرکردنی کێشەکانی وەک هەژاری، پەروەردە، تەندروستی، و یەکسانی جێندەر، دوور لە لۆژیکی قازانج و چەوساندنەوە. AI دەبێت بەکار بهێنرێت بۆ بەدەستهێنانی دابەشکردنی دادپەروەرانەی سەرچاوەکان، دەستەبەرکردنی دەرفەتی کاری یەکسان بێ گوێدانە باکگراوندێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری، و تەنانەت بەشداریکردن لە کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کارکردن بەبێ کەمکردنەوەی کرێ. هەروەها دەتوانرێت ئامرازێکی کاریگەر بێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی جیاکاری، چ جێندەر بێت یان نەژادی، لە ڕێگەی پەرەپێدانی سیستەمی هەڵسەنگاندن لەسەر بنەمای لێهاتوویی نەک لایەنگیری، و پشتیوانی لە پاراستنی ژینگە، پەرەپێدانی دیموکراسی و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ.

8- بەکارهێنانی وریا و بیرمەندانەی AI بەردەست
بەکارهێنانی AI ئێستا لەلایەن هێزە چەپەکانەوە دەبێت بەوریاییەوە و یان بەئاگاهی بێت. هەرچەندە ئەم تەکنەلۆژیایە بەرهەمێکی سەرمایەداری بێلایەنە نيه، بەڵام توانایەکی گەورەی هەیە کە دەتوانرێت بۆ دادپەروەری کۆمەڵایەتی بەکار بهێنرێت، ئەگەر بە ئاگایی، ڕەخنەگرانە و بە شێوەیەکی ئامانجدار بەکار بهێنرێت. ئەمە پێویستی بە بیرکردنەوەیەکی زانستی کراوەیە، کە تەکنەلۆژیا وەک ئامرازێک دەبینێت کە دەتوانرێت سوودی لێوەربگیرێت بۆ پەرەپێدانی ململانێی سیاسی، گشتی، میدیایی و تەکنیکی. ئەمە دەبێت لەگەڵ دڵنیابوون لە شەفافییەت، پاراستنی تایبەتمەندی داتا، و سەپاندنی چاودێرییەکی توند مرۆڤ لەسەر بەکارهێنانی AI. هەر بەکارهێنانێکی چەپ لەم ئامرازانە دەبێت لە چوارچێوەی بەرەوپێشبردنی ئامانجە سۆسیالیستییەکان و پێشکەوتووخوازانە بێت، نەک جێگرەوەی کاری مەیدانی، بەڵکو پاڵپشتی و تەواوکەر بێت بۆ بنیاتنانی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی ڕادیکاڵ.

9- زمانی کتێب، بڵاوکردنەوەی ئەلیکترۆنی و مافی چاپ
زمانێکی سادە و ڕوون لە کتێبەکەدا بەکارهاتووە بۆ دڵنیابوون لەوەی ناوەڕۆکەکە بگاتە فراوانترین بەش لە خوێنەران، بە ئامانجی ئاسانکردنی بیرۆکە تەکنیکییەکان بۆ ئەوەی هەمووان بتوانن لێیان تێبگەن، چ پسپۆڕی بێت یان ناپسپۆڕ. کتێبەکە لەڕێگەی دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی جیهانی “ئەمازۆن” بڵاو دەکرێتەوە و هەروەها لە ئینتەرنێتدا بە خۆڕایی بەردەستە و بە ئەلیکترۆنی بڵاو دەکرێتەوە بۆ ئاسانکاری بۆ زۆرترین خوێنەر و بەبێ هیچ سنوورداریەک بۆ بەکارهێنانی. کتێبەکە بۆ هەمووان کراوەیە، دەقەکانی ڕێگەیان پێدراوە ئازادانە بەکار بهێنرێن، لەوانە بڵاوکردنەوە یان دووبارە بەکارهێنانەوەیان، لەگەڵ ئاماژەکردن بە سەرچاوەکە هەرکاتێک گونجاو بێت، بەڵام زۆرەملێ نییە.

10- دەرئەنجام
شۆڕشی دیجیتاڵی ئێستا، سەرەڕای توانا زۆرەکەی، لە بەرژەوەندی قازانج و هەژموونی سەرمایەداریدا ئەندازیاری کراوە. بەڵام شەڕەکە هێشتا بەتەواوی چارەسەر نەکراوە و سەرمایەداری جیهانێکی تەواو داخراوی دروست نەکردووە. هێشتا بوار بۆ بەدیلی چەپ ماوە، بە مەرجێک کارەکە بە ئاگایی و پلانی درێژخایەن بۆ جەنگێکی زۆر سەخت و ئاڵۆز ئەنجام بدرێت. بەرگری لە سەرمایەداری، بەتایبەتی لە قۆناغی دیجیتاڵیدا، تەنها ململانێ نییە بۆ دەسەڵاتی ئابووری و سیاسی، بەڵکو بۆ خودی هۆشیاری مرۆڤ: لەسەر ئەوەی کێ کۆنترۆڵی لێشاوی زانیاری و زانیاری دەکات، و کێ هۆشیاری کۆمەلایەتی بەرهەم دەهێنێتەوە.
لە کۆتاییدا بانگهێشتتان دەکەم بۆ بەشداریکردن لە بەرەوپێشبردنی ئەلتەرناتیڤی چەپ بۆ تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد لەڕێگەی دیالۆگ لەسەر مەسەلەکانی بەردەست، چونکە بیرۆکە و پێشنیارەکانی ئەم کتێبە تەنیا خاڵن بۆ دیالۆگی بەکۆمەڵ لە نێو ڕیزەکانی چەپدا.
پەرەپێدانی ئەڵتەرناتیڤێکی پراکتیکی و کاریگەر پێویستی بە گفتوگۆی فراوان هەیە لە نێوان ڕێکخراوەکان و بزووتنەوەکان و کەسایەتییە چەپ و پێشکەوتووخوازەکان لە وڵاتانی جیاوازدا کەببێتە هۆی داڕشتنی پلانێکی ڕوون و کارا. کاتێک ئەم بیرۆکانە دەخەمە ڕوو، ئامانجم دابینکردنی چارەسەری ئامادە نییە، بەڵکو کردنەوەی گفتوگۆیەکی زیندووە سەبارەت بە پێشنۆریەکان، گفتوگۆیەک کەدەبێت بگۆڕێت بۆ بانگەوازێکی کراوە بۆ بەشداریکردن لەگەشەپێدانی دیدێکی چەپی دیجیتاڵی جێگرەوە، بۆ ژیریی دەستکرد بە تایبەتی، و بۆ تەکنەلۆژیا بە گشتی، لە ڕێگەی هەوڵێکی چەپی کۆمەڵ و هاوبەش، رێکخراو و سنوورتێپەڕ.

  • کتێبەکە دەتوانرێت لە ڕێگەی ئەمانەوە بەدەست بهێنرێت:
    لینکی بەخۆڕایی بۆ کتێبەکە لە ماڵپەڕەکەم.
    عەرەب
    https://rezgar.com/books/i.asp?bid=3
    ئینگلیزی
    https://rezgar.com/books/i.asp?bid=4
    کوردی
    https://rezgar.com/books/i.asp?bid=5
  • لینکی کتێبەکە بە زۆر زمان (ئینگلیزی، ئەڵمانە، فەرەنسە، ئیسپانی، پورتوگالی، دەنمارکی، سویدی، نورویجی، هیندی)، لە ڕێگەی دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەمازۆنی جیهانیەوە، بە کەمترین نرخ بڵاوکراوەتەوە:
  • https://www.amazon.com/stores/Rezgar-Akrawi/author/B0DY1BMMXW



ژن لەشەوانی شانۆی فەڕەنسیدا.. نیهاد جامی

رەنگە سەرەتا ئەم ناونیشانە کەمێک بەلای مەیلی سۆزداریدا بچێت، بەڵام لەڕاستیدا ناوەرۆکی نووسینەکە تەواو جیاوازە، هێندەی قسەکردنە لەپەیوەندیی نێوان ژن و شەو لەشانۆدا، چارەسەری ئەو پەیوەندییە لەڕێگەی شانۆنامەکانی ئەمڕۆی شانۆی فەرەنسی، گەڕانەوەیە بۆ یەکێک لەتازەترین کتێبە شانۆییەکان.
فێستڤالی ژن لەپاریس خولی دوانزەهەمینی ئەمساڵ بانگهێشتی نۆ نوسەری کرد کە هەریەکەی کورتە شانۆنامەیەک بنووسێت لەبارەی شەو، تەواوی شانۆنامەکانی لەکتێبێکدا چاپکرد بەناوی «شەو، نۆ شانۆنامەی کورت» (١) کە وێنەیەکی راستەقینەو زیندووی ئێستای شانۆ و کێشەی ژن نیشان دەدات، دەکرێت قسە لەناوەرۆکی شانۆنامەکان بکرێت بۆ سوود وەرگرتن لەئێستای گوتاری شانۆ، کە بەداخەوە هەمیشە قسەکردنی ئێمە لەشانۆی خۆرئاوا قسەکردن بووە لەرابردووی ئەو شانۆیە و نەک ئێستای گوتارە شانۆییەکەی، بۆیە مەعریفەی ئێمە بۆ شانۆی خۆرئاوا وابەستەی پەنجا سالی رابردویەتی، مەگەر چەند کورتە نوسینێک هەبووبن باسیان لەو ئێستایە کردبێت، پێشەکی کتێبەکەش ئەویش وەک سیناریۆیەکی شانۆیی نووسراوە لەژێرناونیشانی «شەوی ئێمە» ی ئاکسێل ژا نیکێی (٢)
پەیوەندی نێوان نوسەرە لەگەل کۆمەلێک کارەکتەردا، گێڕانەوەیەکی درامیە لەدەرەوەی دیالۆگدا، سەفەرێکی هەمیشەیی مێژوویی ژنە لەرێگەی سەمایەکی ڕەگەزی کە گوزارشت لەخەون و شادی و ساتە جیاوازەکانی ژیانی بکات ، خۆی بەدوور دەگرێت لەهەر پرۆسەیەکی ناونان بۆ فۆڕمێکی شانۆیی، سیناریۆیەکی شانۆیی دەگێڕێتەوە لەپەیوەندیی نێوان ژن و شەودا .
ئەو پێشەکیە ئەگەرچی وەک سیناریۆیەکی شانۆیی خۆی دەنوێنێت، بەلام وەک نووسینێک بۆ دەستپێکی ئەو نۆ کورتە شانۆنامەیە نووسراوە، هەرچەندە بە بروای ئێمە، لەئاستی بەشێک لەشانۆنامەکانیتردایە، گرنگیەکەی کەمتر نیە لەهەندێک لەو شانۆنامانەی ناو کتێبەکە.
شانۆنامەی “شەوەکان لەگەڵ باوکم” ی ماریا لا ڕێیا (٣) گەڕانەوەیەکی نۆستالۆژی ژنێکە لەرێی مۆنۆلۆژێکەوە، دەگەرێتەوە بۆ مناڵی، بۆ شەوانێک کە ئەو ناتوانێت بخەوێت، باوک ترسی لە مردنی هەیە، وەک پزیشکەکە دەلێت ئاخۆ کە ئێمە باش نەخەوین دەمرین؟ ئەو ترسە لەمناڵ، هەمان نیگەرانی ئەوی مناڵە لەباوک لەخواردنەوەو جگەرە کێشان، تا دەگات بەڕۆچوونە ناو ساڵەکانی مناڵی و هەرزەیی،گومانکردن لەوەی ئەوی مناڵ تەمەنی پێنج ساڵ بوو یان سەد ساڵ، دەستەواژەیەکە بۆ هەستکردن بەپیریی لەمناڵیدا، وێناکردنێکە بۆ ترس وەک داکۆکیکردن لەخۆشەویستی وترس لەتەنیابون و لەدەستچوون، مۆنۆلۆژێکە لەڕێی ئەکتەرێکەوە.
شانۆنامەی “دەروازە” ی کولۆمب شنێک (٤) ژنێک لەتەمەنی پەنجا ساڵیدا وەک گێڕەرەوە دەردەکەوێت، لەپاڵیدا منالێکی یانزە یاخود دوانزە ساڵان، کە لەو ناوەدا یاری بە بووکەشووشە نەخۆشەکەی دەکات، ڕووداوەکان لەژووری ماڵێکدا ڕوو دەدەن، گێڕەرەوە چیرۆکی شەوێک دەگێڕێتەوە، گێڕانەوە لەدەرەوەی زەمەنی گێڕەرەوە نیە، بەڵکو گێڕەرەوە بەشێکە لەناو گێڕانەوە، چونکە چیرۆکێک دەگێڕێتەوە کە خۆی تیایدا بەشدارە، چیرۆکی کەسێکی نادیار لەشەودا، ئەوەش گێرەرەوە وەک بەشداربوویەکی ناو ڕووداوە، کاتێک گێڕەرەوە بێلایەن نیە لەگێڕانەوەی چیرۆک، بەلکو خۆی بەشێکە لەناو ڕووداو، ئەو کاتە پەیوەندی ئەو لەتەک گێڕانەوە ئامادەبوونی بەشێکی خۆیەتی.
شانۆنامەی “بڕیار” ی كلێر شێزال (٥) ژن و پیاوێک چیرۆکێک دەگێڕنەوە، ئەوان نوێنەرایەتی کۆی ڕووداوەکان دەکەن، دیمەنەکان وەک گڕێچنی تەقلیدی شانۆنامە پەیوەندیان نیە بەیەکەوە، بەڵام لەڕووی کێشەکانی مرۆڤی هاوچەرخ لەبێزاری و تەنیایی و بێ ئامانجی ژیان و بێهودەیی، ئەو ئێستایەی تیایدایە، ئەو هێلە گشتیانەن کە ڕووداوەکان بەیەکترەوە دەبەستێتەوە، کات وەک جێگۆڕکێ ڕووداوەکان بەڕێوە دەبات، سەرەتا ڕووداوەکان لە مالێکدا ڕوو دەدەن، پیاوێک لەدەرگای مالی ژنێک دەدات، لەدیالۆگی نێوانیان تێدەگەین، پیاوەکە ئەمشەو لای ژنەکە دەمێنێتەوە خۆشحاڵی هەردووکیان بەدیدارەکە بەتایبەت کاتێک پیاوەکە دەزانێت مێردی ژنەکە ئەمشەو ناگەرێتەوە، کەواتە دەتوانێت لەلای بمێنێتەوە.
دیمەنی دواتر دوو کاتژمێر دواتر ڕوو دەدات، ژن و پیاوێک ئەوینداری یەکترین، پیاوەکە لە چێشتخانەیەک چاوەروانی ژنەکە دەکات، ژنە لەهاتنی داوای لێبوردن دەکات کە دوا کەوتووە.
خولەکێک دواتر چیرۆکی سێیەم دەست پێدەکات، لە مەیخانەیەکدا پیاوێک دانیشتووە وژنەی خزمەتکاری مەیخانەکە دێت و دواتر لەگەلیدا دادەنیشێت، چونکە هەردووکیان تەنیان و کاتیان هەیە بەیەکەوە بەڕێی بکەن، لەقسەکردنەکاندا دەردەکەوێت کچەکە رۆژنامەنووسە و دلخۆشیشە بەکاری رۆژنامەوانی، لەدیالۆگەکاندا رەنگە جوانترین دەستەواژە ئەوە بێت کاتێک پیاوەکە دەلێت “ئێمە بەردەوام کاتمان نیە بۆ قسەکردن لە مردن” ڕەنگە ئەو دیالۆگە ڕێک مانای ترسی چیرۆکەکانی ناو شانۆنامەکە بخاتە ڕوو، بەوەی ئێستای تێکست کە ئێستای قسەکردنی نووسینە، کاتێکی گونجاو بێت بۆ گەران، تاوەکو قسە لەمردن بکرێت، قسەکردنێک ناڕاستەوخۆ دەیانەوێت لەناو چیرۆکەکان مرۆڤەکان لەیادی بکەن کەچی سەرەنجام بە ناچاری دەگەرێنەوە ناوی، بۆیە پیاوەکە داوا لەژنەکە دەکات کە لەگەڵی بڕوات، بەڵام ئاخۆ شتێک هەیە ببێتە بەربەست لەبەردەم ئەم کارە؟ ژنە بە ڕادەیەک تەنیا و بێباکە، دوا دیالۆگی خۆی بەوە کورت دەکاتەوە بەوەی کەس چاوەرێی ئەو ناکات.
پێنج کاتژمێر دواتر لەنەخۆشخانەدا، ژن و پیاوێک گفتوگۆ دەکەن، تەنیایی بەجۆرێکیتر رووبەرێکی خولقاندووە، کە مرۆڤ ناچاری قسەکردن دەکات، لەبارەی ئەوەی تیایدان، قسەکردن لۆژیکێکی لەپشتەوە نیە، هێندەی هەولێکە بۆ ناسینی ئەویترو قسەکردنی مرۆڤ، لەبارەی فیلم و ژەنینی پیانۆ لەنەخۆشخانە، پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ سەرگەردانی مرۆڤی هاوچەرخ وابەستەی ئازادی مرۆڤە لە کۆت و بەندەکانی، کە بەرەو پانتاییەکی نادیار هەنگاو دەنێت؟ ئەوە قسەکردنە لەنادیار، تێگەیشتنە لەودیوی ناخی یەکتری، تا ئیتر پرسیار لەماهیەتی خود بگۆڕێتە سەر پرسیارکردن لەنادیاری ئەویتردا.
“ئەم ئێوارەیە شتێکی تر هەیە” دەستەواژەیەک مرۆڤەکان لەنەخۆشخانە بەدەوریدا دەسورێنەوە، بەڵام کۆی چیرۆکە پچڕاوەکان، تەنیایی مرۆڤەکان نیشان دەدات، ئامادەیە لەکرانەوەی دیالۆگ لەگەڵ ئەویتردا ڕێبکات و بەردەوام بێت لەژیاندا.
دیالۆگ لەم شانۆنامەیەدا سەرباری ئەوەی نوسەری شانۆنامەکە رۆژنامەنووسە و شانۆنووس نیە، بەڵام شانۆنامەکە لەئاستێکی بەرزی زمان و پەیوەندی رۆژانەی مرۆڤی هاوچەرخدایە، نووسەر وەک بەشێکی نوسەرانی ئەو کتێبە هەوڵی نەداوە لەرێگەی تاکە ئەکتەرێک یاخود مەنەلۆژی درێژەوە ڕووداوەکان بگێڕێتەوە و بگەرێتەوە ناو کردەی نەستی کارەکتەر، بەلکو ویستویەتی لەرێی دیالۆگی کەسێتیەکانەوە شانۆنامەکەی بنووسێت، ئەوەش وایکردووە ڕووداوەکان ڕوونتر خۆیان بخەنە ڕوو، سەرباری ئاست باڵایی بیرۆکە و بابەت لەشانۆنامەکەدا.
شانۆنامەی “سەمای دوکەڵ” ی عالیە عەتایی(٦)، ڕووداوەکانی لەسنوری نێوان ئەفگانستان و ئێران ڕوو دەدەن، پیاوێک بەخۆی و هاوسەرەکەی و خوشکەکەی خۆیان دەخالەتی مالێک دەکەن، ئەوان لە دەسەلاتی تالیبان ڕایانکردووە، گوڵشا ئەو کچە ڕاکردوەی خانەوادەکەیەتی گۆرانیبێژە، نوروئەللا خودان ماڵ دەکەوێتە ئەوینیەوە، تاکە شەوێک بەسە بۆ ئەوەی تراژیدیاکی گەورە چاوەروانی خانمی گۆرانیبێژ بکات، کە لەنێوان پیاوانی تالیبان و پیاوانی خودان ماڵ، تەنیا یەک دید هەیە بۆ ڕوانین لە ژنەکان، سەرەنجام بە خۆسوتاندنی گۆرانیبێژەکە شانۆنامەکە دەگاتە کۆتایی مەرگەساتی ڕووداوەکان.
ئەو بیرۆکەیەی شانۆنامەکەی عالیە عەتایی، وێنەیەکی ڕوونی کۆمەلگای خۆرهەڵاتی بۆ ژن دەخاتە ڕوو، لەنێوان لاقەکردنی لەلایان پیاو و خۆکوشتنی ژن، دوانەیەک پێکدێنن بۆ مەرگەساتێکی ژنانە لەم کۆمەلگایانەدا، نووسەر توانیویەتی چیرۆکێک بگێڕێتەوە کە زادەی ژیانی ڕاستەقینەی ژن بێت، بەلام گێڕانەوە لەئاستی ڕەگەزی چیرۆکدا دەردەکەوێت، گێڕانەوە وابەستەی زمانی شانۆنامە نیە، هێندەی گێڕەرەوە بریتیە لە گێڕانەوەی نوسەر بۆ چیرۆکێک تا لەکۆتاییدا ژیانی خۆی و ژنانی ئەفگانستان بەو کۆتاییە وێنا دەکات، بۆیە ئێمە پێویستمان بەوە نیە پرسیار لەوە بکەین گێڕەرەوە کێیە؟ چونکە دەنگی نووسەر لەکۆتایی تێکستەکەدا گوڵشا و خۆی وەک نوسەر وەک یەک وێنا دەکات، بەوەی ئەوان لەوێ ئەوە چارەنوسیانە، کردەی دراماتۆرگی لەناو شانۆنامەکەدا وونە و دەبێت دراماتۆرگێک سەر لەنوێ بەپێی ئاستی گێڕانەوە بیگۆڕێتە سەر رەگەزی شانۆنامە، لەو کاتەدا ئاسانترین فۆڕم گواستنەوەی گێڕانەوەیە بۆ ناو شانۆی تاکئەکتەری، دەکرێت بەهەمان شێوە کەسێتی ناو ڕووداوەکان دابەش بکرێنە ناو دیمەنە شانۆییەکان.
شانۆنامەی “ئەدێل” ی کلۆی مونس، (٧) بابەتێکە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە دوو فۆڕمی ژیانی ژنی فەرەنسیەوە، بۆ ئەوەش نووسەر دوو ژنە هاورێ هەلدەبژێرێت، ئەوان رۆژگارێکی زۆرە هاوڕێن، بەهۆی کارو سەرقاڵی ژیانەوە ماوەیەکی زۆر ناتوانن یەکتر ببینن، تا سەرەنجام زاڵ دەبن بەسەر کاتەکان و یەکتری دەبینن، دیدارەکانیان وەک پێشوو درێژە پێدەدەن، ئەدێل کارمەندی پێشوازی ناو فرۆکەیە، دەیالۆگەکانی بەهۆی پیشەکەیەوە تێکەڵەیەکە لە فەرەنسی و ئینگلیزیی، ماریان لەگەلەری هونەری کار دەکات، ماریان خۆشەویستێکی هەیە و ژیانی ئاسایی رێدەکەن، کە سەردانی ماڵی یەکتری دەکەن، ئەو لەگەڵ خۆسەویسترەکەی پێکەوە سەرجێی دەکەن و دەخەون، وەک بەشێکی سرووشتی ناو ژیان، بەڵام ئەدێل تەواو جیاوازە بەهۆی گەشتەکانیەوە، پیاو گەلێکی بێشوومار دەناسێت لە ژاپۆنی و ئینگلیزی و ئوسترالی و فەڕەنسی، وەک خۆی دەلێت ناتوانێت لەگەل کەسێکدا جێگیر بێت، چیرۆکی ناسینی ئەو کوڕە منالکارە دەگێڕێتەوە کە لەئاهەنگی لەدایکبونی ئامۆزاکەی ناسیویەتی، ئەو ناسینە ناو دەبات بەوەی دەیویست پەتێک بێنێت و خۆی پێ بخنکێنێت، سەرکێشی سێکسی ئەو هەموو سنورێک تێدەپەڕێنێت، کاتێک بەهۆی کارەکەیەوە کە لەئوتێل دەمێنێتەوە، تەلەفۆن بۆ دۆستەکانی دەکات، لەو رێگەیەوە سێکسیان لەگەڵ دەکات، راڤی کارەکتەرێکیتری ناو شانۆنامەکەیە، ئەو کوڕە وەک دۆستی ئەدێل دەناسین، پەیوەندی پێوە دەکات کە لە ئوتێل دابەزیووەو ئەدێل دەڕواتە لای، وەک هەر دۆستێکیتری سێکس دەکەن، دواتر نایەوێت شەو دوای کارەکەی لەگەڵ راڤی بێت، ئەوەش ڕوویەکی ناسینی کارەکتەرە، بەوەی دەیەوێت داکۆکی لەئازادی خۆی بکات و لەگەڵ کەس نەمێنێتەوە، بەتایبەت کاتێک باسی ساتی خەوتن دەکات کە نایەوێت کەس بێزاری بکات بە پرخەو جولە.
تەواوی چیرۆکی خۆی لەگەڵ راڤی بۆ ماریان دەگێڕێتەوە، ماریان وەک هەمیشە سەرسوارمانی خۆی بۆ هاوڕێکەی نیشان دەدات، لەبونی چیرۆکی سێکسی لەگەڵ پیاوەکان، تا ئەو ڕادەی ئەدێل دلخۆشی خۆی دەباتە سەر شۆخی بەوەی ئەو حەیوانە و وەک پشیلە وایە، دیمەنی حەوتەمی شانۆنامەکە کە کۆتا دیمەنە نووسەر هەوڵ دەدات لەم دیمەنەدا سیماکانی کارەکتەرە ئالۆزەکەمان بە تەواوی ڕوون بێتەوە، ئەدێل نەک لەبەر ئەوەی بڕوای بە فرە سێکسیە کارەکتەرێکی ئالۆزە، بەڵکو ئەو پەیوەندیە مرۆییەی لەنێوان دوو کەسدایە بۆ ئەو وەک زیندان دەیبینێت، ئەگەر لەشوێنێکدا بۆ شۆخی وەک حەیوان خۆی ببینێت، بەلام کاتێک ڕاڤی نامەیەکی دەنگی سەر تەلەفۆنی بۆ جێدێلێت، بەر لەوەی داوای بینینی بکات، باس لەوە دەکات کە باڵندەیەک هەیە ٢٠٠ ڕۆژ بە ئاسمانەوەیە بەبێ ئەوەی بنیشێتەوە، هەلبەت بەو پێیەی ئەو باڵندە ناسێکی هندیە، زانیاری تەواوی لەو بارەیەوە هەیەو توێژینەوە دەکات، بۆیە ئەدێل بەو باڵندە ئازادە ناو دەبات، بە باڵندە ناوبردنی ئەدێل، ئەو کارەکتەرە وەک بوونێکی ئازادی فەرەنسی دەبینێت، کە خودێکە بەرهەمی ئازادی خۆیەتی، نایەوێت وەک زیندان پەیوەندی بیخنکێنێت، ئەگەر ئەو دیدگایە نەک بۆ مرۆڤی خۆرهەلاتی، تەنانەت گەر بەشێکی خۆرئاوایش قبوڵی نەبێت و بڕوای پێنەهێنێت، سەرەنجام ئەو خودێکە ئازادی لەدەرەوەی وابەستەبوونی مرۆڤەکان بە یەکتریەوە دەبینێت، بەوەی ئەو پەیوەندیە ئازاد وکراوانە دەتوانن ئەو نەخنکێنن و پەتی سێدارەی بۆ ئامادە نەکەن، وەک خۆی لە دیمەنی یەکەمدا ئاماژەی بۆ دەکات.
بۆیە شەو کە مانای ئازادیە بۆ کارەکتەرەکەمان لەهەمان کاتدا پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆی هەیە بە عەشقەوە، بەوەی عەشق و ئازادی وابەستەی یەکترین، ئەو دەمەی لەگەڵ دەنگەکە قسە دەکات، پیاوە هندیەکە هاوڕایە لەگەڵ ئەوەی هەرچەندە ئەو بە کچی رۆژ ناو دەبرێت نەک کچی شەو، بەلام ئەدێل ئەوەش زیاد دەکات؛ گەر رۆژێک کەوتە خۆشەویستی کەسێکەوە بەدلنیاییەوە لەشەویشدا دەردەکەوێت، ئەوە لە کاتێکدا ئەو دەمەی لەگەڵ دەنگی تارماییەکە قسە دەکات کاتژمێر نۆی شەوە، مانگ بە ئاسمانەوەیە و لەماڵەکە دەچێتە دەرەوە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ ئەوە مانای کەوتنە ناو عەشقی پیاوە هندیەکە نیە کە لەشەودا بەرەو ئوتێلەکە بۆی دەڕوات؟ ئەی تارماییەکە کێیە؟ چونکە هاوشێوەی ئەو بیر دەکاتەوە، ئاخۆ تارماییەکە خودی ئازادیە؟ لێرەدا هەوڵ دەدەین بۆ دەرگا داخستن لەسەر ئەم شانۆنامەیە لەسەر ئەم دوو پرسیارە کەمێک بووەستین.
ئێمە لێرەدا بەڕۆیشتنی ئەدێل تێدەگەین ئەو دەرچوونە، ماڵ وەک گۆڕانێک بەسەر خۆی دەیبینین، ئەو کە لەشەودا دەرناچێت بۆ لای کەس، تەنیا کاتێک لەشەودا دەمێنێتەوە، ئەو دەمەی کەوتە خۆشەویستیەوە، کەواتە دەرچوونی لەماڵ وەک دەرچوونی (نورا) بوو لە “ماڵی بووکە شووشە”ی ئەپسن کە ویستی دنیای ناو ماڵ بگۆڕێت، ئەو وێکچوونە بەمەبەستی تێگەیشتنە لەوەی کەوتۆتە خۆشەویستی ڕاڤی، چونکە ئەو پیاوە هندیە تاکە مرۆڤێک بوو لەمانای ئازادبوونی ئەو تێگەیشت، ئەوینی فڕینی بۆ باڵندەکان، وایکردبوو ئەویش وەک باڵندە ببینێت، ئیدی چۆن نەکەوێتە خۆشەویستی ئەو پیاوەی وەک باڵندەی ئازاد سەیری دەکات، لەپێش ئەو بریارەش ئەو گفتوگۆ لەگەڵ تارمایی دەکات، کاتێک تارمایی ئەو گۆڕانکاریەی ئەدێل باسی دەکات لەکەوتنە خۆشەویستیەوە، لەشەودا جەستەی بە پیاوێک دەسپێرێت، تارمایی پێی دەلێت “بەڵێ ئەزانم ئەدێل، من ئەزانم، بەڵام ئەوە سەختە بۆ بەڕێزتان، وەک چۆن بۆ منیش، پێشتریش ڕوویداوە، من ئەمزانی ڕۆژێک دێت دەگەڕێتەوە، تۆ ناتوانیت بۆ هەمیشە لەگەڵ تارمایەکدا بمێنیتەوە کە دژ بە ژیان بێت، من بە جارێک خەمبار و دلخۆشم، خەمبارم چونکە ژوانەکانمان لەدەست دەدەم، بەختەوەریشم بەهۆی ئەوەی هەموو شەو و رۆژێک بەختەوەریت دەدرەوشێتەوە” (٨)
ئەم دیالۆگە وێنایەکی ڕوونی دەنگی تارمایی دەخاتە ڕوو، بەوەی خودی ئازادیە، کە خۆی وەک خۆی بە سەختی دەبینێت، بەڵام دلنیاش بووە ڕۆژێک ئەم لەگەڵ ئەم مرۆڤە دەگەڕێتەوە، بۆیە مرۆڤ کە گەیشت بەئازادی پێویست ناکات هەمیشە لەگەڵ تارماییەکەی بدوێت، چونکە بۆ خود دەبێت بە خودێکی ئازاد، ئەوسا ئازادی نەدۆزیبۆوە دەیویست لە عەشقدا بیدۆزێتەوە، بۆیە تارمایی ئازادی چەندە خەمبارە بۆ لەدەست دانی ئەدێل، هێندەش دڵخۆشە بەوەی کارەکتەرەکەمان ئیتر پێویستی بە تارمایی نیە و خودێکی ئازادە، بەڵام ئاخۆ ئازادی لە عەشقدا ساتەوەختێکی ئەبەدیە و خودی ئازاد ناگەڕێتەوە بۆ لای تارمایی ئازادی؟ ئەوە چەندە پرسیارە، گومانێکی قوڵە، کاتێک دیالۆگی کۆتایی نمایشەکە ئەدێل دەلێت من دەرۆم، کەوایە دواتر دەتبینمەوە، تارمایی دەڵێت بەڵێ دواتر، دواتر بینینەوە، لەدەستدانی ئازادی و عەشقە بەیەکەوە، کەواتە پێویستە ئەو پرسیارە ئاراستەی خۆمان بکەین، کە ئازادی وەدەستیش بێت لەدەستی بدەین، ئیتر بۆچی سەرزەنشتی ئەدێل بکەین لەو ژیانەی کە هەڵیبژاردووە؟
شانۆنامەی “پۆدکاست”. لەنووسینی ئەدۆلین دیۆدۆنێ (٩) بەهاوکاری ڤیکتوار توایۆن (١٠) هەڵدانەوەی دۆسیەی کوشتنە، دیمەن دوو ژن لەسەر شانۆ دەردەکەون بۆ بەرنامەیەکی ڕادیۆیی، بەدرێژایی شانۆنامەکە ئەوان لەبەرنامەکەدان, چیرۆکی کوشتن دەگێڕنەوە, کە ئەو ژنە ڤێرژینی نامەیەک بۆ ژنەکەیتر دەنێرێت بەناوی ڤیکتوار ئاگاداری دەکاتەوە لەماوەی پێنج سالدا دوانزە کەسی کوشتوە، دوای رێکەوتن لەگەل رۆژنامەنوسەکە دوای ئەو بەرنامەیە دەیەوێت خۆی ڕادەستی پۆلیس بکات، کچەکەی و نەوەکەی بەدەستی زاواکەی کوژراون، بۆیە رۆژنامەنوسەکە لەمیانی پرسیارێکدا دەیەوێت لەوە تێبگات ئەم رووداوە پەیوەندیان بە یەکتریەوە هەیە؟ساتی گێڕانەوەی چیرۆک، ئەو وەک بکوژێک بۆ تاوانەکانی قسە ناکات، هێندەی وەک سەپاندنی دادوەری، وەک لەگێڕانەوەی کوژرانی کچەکەی و نەوەکەی ئاماژەی بۆ دەکات، بەوەی دوورکەوتنەوەی زاواکەی بەبێ توندوتیژی دەیتوانی کۆی روداوەکە بە ئاقارێکیتر بەرێت. بۆیە پاساوێکی مرۆییانە دەدۆزێتەوە بۆ تاوان، کە دەزانێت پۆلیس شتێک ناکات بۆ وەستاندنی توندوتیژی, باوکێک لەبەردەم مناڵەکەیدا، کوشتن وەک ڕزگارکردنی مندالێک و دایکێک دەخاتە ڕوو، لێرەدا لەبەشێکی کوشتنەکان ئێمە دایک و منال وەک قوربانی دەبینین، کە بکوژ لەڕێی کوشتنی پیاو ئەوانیتر لە توندوتیژی ڕزگار دەکات، بۆیە لەگەڕانەوەی چیرۆکی کوشتنی یەکەم پیاو ، گەر بەراوردی بکەین بە چیرۆکی کوشتنی کچەکەی, دەتوانین ئەو وێنەیە بخەینە ڕوو، کە نەبوونی دادوەری لەپشت کۆی رووداوەکانە و هەموویان لەیەکتر دەچن.
شانۆنامەی “ئازیزە بچکۆلانەکانم” ی ژوفرین دونادیو (١١) مۆنۆلۆژێکی شانۆییە وەک شانۆیەکی مۆنۆدرامی بەو پێیەی ژنێک کە دۆخی دەروونی تەواو نیە و دیالۆگ لەتەک چەندین پیاو دەکات، سەرەتا گوێی لەدەنگی دەرگا دەبێت، لێرەوە بوونی پیاوەکان لە دنیای دەرەوەی ماڵ, پەیوەندی بە دنیای ئەو درووست دەکەن، وەک چۆن ئاوێنە دەبێتەوە بەشێکیتر بۆ بینینی خۆی و دنیای دەرەوەی ماڵ، بەدلنیایی ئەو شانۆنامەیە شانۆیەکی مۆنۆدرامیە نەک شانۆی تاکئەکتەر، بەهۆی دۆخی دەروونی کارەکتەر، ئەکتەر دەتوانێت نواندن بکات لەگێڕانەوەدا، چونکە پێویستە ئەو دوو شێوازە لەیەکتر جیا بکەینەوە، شانۆی تاکئەکتەر جیاوازە لەشانۆی مۆنۆدرامی بەو پێیەی لەوەی یەکەمیان لاسایی کردنەوەی گێڕانەوە نیە، بەلام لەشانۆی مۆنۆدرامی کارەکتەر کە پیشەی ئەکتەریە یاخود دۆخی دەروونی تەواو نیە، دەتوانێت لاسایی ڕۆلەکانی تر بکاتەوە.
گێڕانەوە دەگەڕێتەوە ناو یادەوەری، بۆ پەیوەندی جەستەی گێڕەرەوە بە پیاوێکەوە لەگەرمی جەستە و سێکسکردندا، خەون بینین بە منالێکی مەزن کەتەمەنی هاوشێوەی تەمەنی فریشتەیەک دەبینێت، ئەو گەڕانەوەیە تا ئاستێکی زۆر شوناسی کارەکتەرەکەمان بۆ ئاشکرا دەکات، بەوەی ئەوەی کەوتۆتە پشت ئەو دۆخە دەرونیەی تێیکەوتووە, وابەستەی شکستی خەونی ئیرۆتیکیانەیەتی لەگەڵ پیاوێک، کە یادەوەری و داهاتووی لەسەر بەند بووە، بۆیە ئێستا وەستانە لەنێوان ئەو دوو زەمەنە، کە دەیەوێت دوو زەمەن بەیەک بگەیەنێت، زەمەنێک کە یادەوەریە و پیاوێک لەژیانی ئەودا هەیە، زەمەنی ئایندە زەمەنێکی نادیار کە ئاخۆ یادەوەری دەگەرێتەوە، ئەو عەقڵی وە دەست دێنێتەوە؟ بۆ ئەوەی ئەو ئێستایە بتوانێت کۆی زەمەنەکان بەیەکترەوە ببەستێتەوە؟
ئەو پرسیارە بەتەنیا توانای ئەوەی هەیە کۆی ڕووداوەکانمان بۆ بگێڕێتەوە، شوێنێک هەیە بۆ کۆتایی چیرۆک، کە کۆتایی شانۆنامەکەیە، بەڵام دەرچوونی لەشوێن گەڕانەوەیە بۆ ناو هەمان دنیای خەونی بوونە دایکایەتی، بۆ ناو هۆلی لەدایکبونی نەخۆشخانەی لەدایکبوون، سەرەنجام گێڕانەوە لەشەودا قسەکردنەوەیە لە خەمی ڕەگەزی، خەمێک سەرەنجام بوونی ئەو پێکدێنێت، لەدەرەوەی ئەو بوونە خۆی لەپەراوێزدا دەبینێت، ئەوەش تەواو جیاوازە لەو دیدە فەڕەنسیەی فێمێنستێکی وەک سیمۆن دو بۆڤوار دایکایەتی وەک جۆرێک لە کۆیلایەتی دەبینی، ئەگەرچی فێمێنیستەکانی دواتری فەرەنسی بەدژی ئەو دیدگایە کاریان کردووە، بەڵام لەکۆتاییدا زمان بازنەیەک بەناو ڕووداو درووست دەکات، کە وابەستەی ئارەزوی دایکایەتیە، کە خالی نیە لەخۆشەویستی بۆ پیاوێک کە دایکایەتی بەرەنجامی ئەو پەیوەندیە سێکسییەتی، بەلام هەمیشە ئەو دەور دراوە بە تارمایی پیاوەکان و کێشەکانیان.
شانۆنامەی “ئایندە” ی ئێڤا یۆنسکۆ (١٢) ڕووداوەکان لە ئوتێلێکدا ڕوو دەدەن کە ناونیشانی شانۆنامەکەش هەڵگری ناوی ئوتێلەکەیە، ئێمە سەرەتا دوو ژن دەبینین، وەک ئەوانیتر لەشەودا ئازار دەچێژن، وەک ئەوەی شەو بۆ ژنی فەرەنسی ئارامگەی خستنە ڕووی ئازار بێت، هەڵبەت دنیابینی جیاواز، بەڵام تەوەرێک ڕاماندەگرێت ئەویش تەنیایی ئەو مرۆڤەیە، ئێمە ڕووبەرووی ئەو پرسیارە دەبینەوە: خەون بە ئازادی تاکەوە ببینین؟ یان سەرەنجام ئەو ئازادیە لە کۆتاییدا دەمانخاتە ناو چوارچێوەی تەنیایی مرۆڤ لەژیاندا؟
ئەوە پرسیارێک نیە بەتەنیا لەو تێکستەدا ڕووبەرووی ببینەوە، بەڵکو لەکۆی شانۆنامەکاندا دەیبینین و هەستی پێدەکەین، لەدەرەوەی ئەزموونکردنی ئەم ژیانەوە سەختە بتوانین وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە، بەتایبەت لەخەسڵەتی جیاوازی کولتوری هەر وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو پرسیارە بۆ خۆی دەرەنجامی جیاوازی لێدەکەوێتەوە، کە وابەستەی ئامادەبوونی منە لەناو کولتوردا.
لەسەرەتادا دوو ژن لەژووری نوستنی ئەم ئوتێلە دەبینین، ماری تەمەن ٣٠ ساڵ لەگەڵ پالۆمای ٢٥ سالان، پالۆما خۆشەویستی خۆی بۆ هاورێکەی نیشان دەدات لەهەمان کاتدا بێزاربوونیشی لەم ئوتێلە نیشان دەدات، بەهۆی ئەوەی وەک خۆی دەلێت ئەوان تەنیا قسە دەکەن، بۆیە دەیەوێت لەو شوێنە بڕوات، ماری داوای لێدەکات ماچی بکات، ئەوە وەک ئاماژەیەک بۆ هەستکردن بەتەنیایی و لەگەلیدا دەگەڕێتەوە ناو یادەوەری خۆی و ڕابردووی بە کارەکتەری فیلمێکی هۆلیۆد دەشوبهێنێت، گوێ لەڕادیۆ ڕادەگرن، دنیای دەرەوە خراپتر لەدەروونی ئەوان شێواوە، ڕووداوە رۆژانەییەکان دەریدەخات هیچ شوێنێک ئارام نیە، نە دەروونی مرۆڤ و نەدنیای دەرەوەی مرۆڤەکان، بەلام پرسەکە ئەوەیە ئاخۆ ناونیشانی شانۆنامەکە ئاگادارکردنەوەیەکە بە بەردەوام پێمانبلێت ئایندە ناوی ئوتێلەکە نیە، بەلکو زەمەنی هەنوکەیی مرۆڤی هاوچەرخە؟
بۆ ئەوەی بە وەلامی ئەو پرسیارە بگەین، پێویستە لەکۆی ڕووداوەکان بە ئاگا بین، پالۆما باس لەوە دەکات گەر پۆلیس دەستگیری بکات بەتاوانی نەبڕینی پلیتی میترۆ، بەڵام ماری ئەوە وەک گاڵتەیەک دەبینێت، چونکە لەبنەرەتدا ئەو پۆلیس بە گاڵتەجار دەبینێت، ئەگەر قسەکردن وەک کاریکاتۆرێک بۆ ئەو رووداوانە ببینن کە بەرەو روویان دێت، بەڵام خۆ لەوە کۆتایی نایەت، بەتایبەت کاتێک لەدەرگا دەدرێت و ژنێک دێت بەناوی بریگیت، کە بەوان خۆی بە هاورێی ژوستین دەناسێنێت، بەوەی ژوستین وتویەتی بێتە ئێرە، چونکە دواتر ئەویش دێتە ئەوێ، ئەو ژنە بەدوای مێردەکەیدا دەگەرێت، ئەوان وەک شێت دەبینین، بەلام وەک ماری بە بریگێت دەلێت من تێت ئەگەم، بۆیە ئەوان تەنیا خۆیان لەئازاری خۆیان تێدەگەن، مەگەر هەر ئەو بیرۆکەیەش نەبێت، ئەو کتێبە کۆی شانۆنامەکانی تەواوی نووسەرەکانی ژن بن و ئەوان گوزارشت لەئازاری خۆیان بکەن لەشەودا.
ئەو دیمەنە بەجۆرێک لە نائومێدی کۆتایی دێت کاتێک جولەکان تەواو گوزارشت لەسیمای کارەکتەرەکان دەکات بەوەی بریگیت زنجیرە زێڕینەکەی هاوسەرەکەی دەفەوتێنێت، تا بە دەوری زنجیرەکەی خۆیدا هەڵیبواسێت، دواتر کاتژمێرەکەی دادەکەنێت و جزدانەکەی دەگرێت، ماری خەریکی خواردنەوە دەبێت، گڕ گرتنی کوپێکی کاغەز و گوێبیست بوونی دەنگی ئۆتۆمۆبیلێک هەموو ئەمانە وەک مۆتیڤێکی دۆزەخی ناو دەبرێت.
دیمەنی دووەم و کۆتایی، لەکەنار دەریادایە، بەواتای پەیوەندی نیە بە شوێنی یەکەمەوە، ئەوەش بۆ خۆی وەڵامی بەشێک لەپرسیارەکانی ئێمە دەداتەوە، بەتایبەت لەبوونی مرۆڤ وەک تاکێک لەدەرەوەی ژیانی هاوبەش، ئەوان ئەو سێ ژنە لەئاوەکە دەردەچن و لەکەنار دەریاکەدا پاڵدەکەون، لێرەدا پاکبونەوەیە لەپەیوەندیکردن بە ژیانی هاوبەش، بە خەمێک کە پیاوەکان ئەوان گیرۆدە دەکەن و دەیانەوێت لەم ڕێگەیەوە سەر لەنوێ پاکژ ببنەوە، بگەڕێنەوە بۆ ناو تاکایەتی خۆیان، زەمەن دیسان شەوە، بەواتای زەمەن ناگۆڕێت، ئەوەی دەگۆڕێت بیرکردنەوەیە.
وەک بانگەشە بۆ مانیفێستی ژیان بۆ ئەوانیتر قسە دەکەن، جۆرێکە لەگالتەکردن بەو ڕووداوانەی ڕوو دەدەن، بەڵام سەرەنجام ئەو رووداوە دەبێتەوە پەیوەندی کردن بە ژیانی ئەوان، ئەو ئۆتۆمۆبیلەی ڕووداوی هاتوچۆ ئەنجام دەدات، پیاوێکی گەنجە لەوێ دەردەکەوێت، ناوی (یانە)، ماری و پالۆما (یان) بۆ هاوڕێکەیان جێدێلن بەوەی ئەوە بۆ ئەوە، ئەویش هەول دەدات لەڕێی عەترەوە سارێژی برینەکەی بکات، دوو کچەکەیتریش دواتر دێن و جێی ناهێلن، تاوەکو سارێژی برینەکەی بکەن، لەگەڵیدا بەرەو ئۆتۆمۆبیلەکەی یان دەڕۆن، کە رووداوەکەی ئەنجامداوە، وەک ئەوەی پێمان بلێت کێشەو ئازارو ئازادی مرۆڤ، پەیوەستە بە خودی مرۆڤەوە نەوەک تەنیا بە ئاستی ڕەگەزی، ئەو کۆتاییەش تا ئاستێکی زۆر ئەم شانۆنامەیە لەوانیتر جیا دەکاتەوە و ناچێتە سەر هەمان هێلی فێمێنیستی.
ئێمە ئێستا دەتوانین لەسەر پرسیارەکانمان لەو تێکستە بووەستین و لەبارەیەوە بدوێین، بەوەی مرۆڤ دوای پەیوەندی سەر لەنوێ دەگەڕێتەوە ناو ئازادی خۆیەوە، بەڵام بە روانینێکیترەوە، بەوەی ناکرێت ڕەگەز ببێتەوە جۆرێکیتر لەجیاوازبوون، بۆیە ناچێتەوە ناو تەنیایی مرۆڤ لەژیاندا، لەکۆتایی تێکستەکەدا دەتوانین گرنگی ناونیشانمان بۆ دەربکەوێت، کە سەرەتا تەنیا وەک گومان و بێبەهایی ناونان سەیرمان دەکرد، بەتەنیا ناوی ئوتێلێک نیە، هەرچەندە ئەو گریمانەیە بۆ ناونان وەک گەمەیەک دەبینین، بەڵام لەکۆتاییدا دیدێکیتری ئایندەخوازیە بۆ ئایندەی تاک، بۆ زەمەنێک کە ئەو مرۆڤانە دەبێت بەسەر وێرانەکانی یەکتریدا بڕۆن، کۆمەکی هاوبەش بەیەکتری بکەن بۆ پارێزگاری کردن لەئازادیە تاکخوازەکانی هەر یەکێکیاندا.
دواهەمین شانۆنامەی ناو ئەو کتێبە کە دەمانەوێت لەسەری بووەستین، شانۆنامەی «هێزی کەمتر» ی ئوریلی ساد (١٣) ڕووداوەکان گوزارشت لەپەیوەندی هاوسەری ژن ومێردێک دەکەن، کاتێک پیاوەکە لەشەودا دەگەرێتەوە ماڵەوە کە لەشارێکی تر کار دەکات، هەست بە توڕەیی و ماندوو بون دەکات، ژنە چەند هەوڵ دەدات هێمنی بکاتەوە، بەڵام بیانوی پیاوەکە سەرەتا ئەوەیە کە ئەو لەگەشت نەبووە و لەکارکردن بووە، تا دەگاتە ئەوەی بە ژنەکەی دەلێت چیتر بەرگەی تۆ ناگرم و ئیتر خۆشم ناوێیت. شەڕەکە بەبەردەوامی درێژە دەکێشێت، هەریەکەی بەدوای شوێنێک دەگەرێت بۆ سەنگەر، پیاو هێرش دەکات و ژنەش لەداکۆکیکردنە لەدژی هێرشەکاندا، بەڵام پیاوەکە دەیەوێت دەمامکی نهێنی پەیوەندیەکی درۆینە هەلبماڵێت، کە زۆرجار مرۆڤ لەژیانی هاوسەری بێدەنگی لەو دەمامکە دەکات، کاتێک ژنە دەیەوێت ئەوە بخاتە ڕوو کە تەلەفۆن دەکات ئاخۆ ئەو لەگەڵ هاورێکەی لەسەر کار بووە یان لەشوێنێکی تر بووە، ئەوەش راستەوخۆ هەڵدانەوەی نهێنی شاراوەی پەیوەندیەکە هەر یەکە لەویتر گومانەکانی دەتەقێنێتەوە، بۆیە پیاوەکە وەک ئەوەی ئەویش بزانێت ژنەکەی خیانەتی لێ کردووە، بۆیە ڕاستەوخۆ پێی دەلێت «تۆش هەروەها چاوەکانت بکەرەوە، ئێمە بەختەوەر نین، ئێمە تەواو جیاوازین، لەخۆتدا بگەڕێ کە جوو بیت، وەک تۆ پارێزەر ، دکتۆر دەتبات بۆ لیبیس» (١٤) لێرەدا دەردەکەوێت پیاوەکە هەموو نهێنی ژنەکەی دەزانێت، بۆیە ژنە بە دژە تارمایی ناوی دەبات، بەدێژایی ئەم شەڕە ناونیشانی شانۆنامەکە بەشدارە لەڕێگەی گەمەی زمانەوانی ژن و مێرد کە دەستەواژەی هێز و هێزی کەمتر دەخەنە ڕوو، ژنە لەو ساتە کە پیاوەکەی وا قسەی لەگەڵ دەکات ئیتر ئەویش راستەوخۆ نەفرەتی لێ دەکات، لەکاتێکدا پیاوەکەش بەدرێژایی ئەو هەموو ساڵە، ئەو لەگەڵ خۆشەویستی یاری کردووە (١٥) بەوەی ئیتر هەست بە هیچ خەونبینێکی هاوبەش ناکات لەگەڵ ژنەکەی.
بۆیە کاتێک پیاوەکە دەیەوێت ماڵەکە بەجێبێلێت، ژنە هیچ سنورێکی ناپاکی کردنی ژیانی هاوسەری ناهێلێتەوە، بەشێوەی مێردەکەی تۆمەتەکان دەهۆنێتەوە، بەوەی ئاخۆ ئەو هۆکاری ئەوەیە پیاوەکەی بڕوات، یاخود کەسێکیترە کە لەناو کۆمپیوتەرو ئیمێلەکانیدایە، کەسێک لەشوێنی ئەو لەدڵیدایە، ئاخو وەک ژنە دەلێت ئەو قەحپەیە کێیە؟ چاوەرێی ئەوە ناکات پیاوەکە وەڵامی پرسیار و قسەکەی بداتەوە، چونکە ئەوەندە بەسە وتنی هەموو ئەو شتانە بەڕووی مێردەکەی دەرخەری ئەوەن گەر ئەو دەزانێت ژنەکەی لەگەڵ دکتۆرێک پەیوەندی هەیە، ئەوا ژنەش دەزانێت ئیمێلەکانی مێردەکانی لەناو کۆمپیوتەرو تەلەفۆنەکە پڕیەتی لەنامەی ژنێکیتر.
تا ئاستی ئەوەی پەردە لەڕووی ئەو درۆ ئاکاریە هەڵدەداتەوە، کە چۆن پێشتر لە سۆسیال میدیا بانگەشەی بۆ خۆشەویستی ئەو کردووە کەچی ئێستا دەروات و لەگەڵ کەسێکی تردایە.
کەچی کاتێک دڵنیا دەبێت کە مێردەکەی دەڕوات، ئیدی ڕیتمی قسەکردنی دەگۆڕێت، بەوەی پەیوەندی هاوسەریان جوانی و خۆشەویستی گرتۆتە خۆی و یەکتریان خۆش دەوێت و بۆ یەکتری گرنگن، بە پێچەوانەی ئەو کچەی ئێستا مێردەکەی دەیەوێت بچێت لەگەڵی بژیێت، تەنیا ئەوەیە کچێکی گەنج ومناڵکارە، ئەوە هەوڵێکە بۆ مانەوەی مێرد لەماڵ و دەرنەچوونی، بەڵام هەمیشە دەبێت ئەوەمان بیر بێت کۆی گفتوگۆو شەڕەکان بەدەوری «هێزی کەمتر »خوڵ دەخواتەوە، چ لە تۆنی دیالۆگ و کاردانەوەکانی کارەکتەر یاخود دەربڕینی ڕاستەوخۆی ئەو دەستەواژەیە.
پیاوەکە تێدەگات لەوەی ژنەکە ئەو درێژە دانەی بۆ ئەوەیە لەم شەوەدا مناڵەکانی بە ئاگا بێنێتەوە لەوەی باوکیان ماڵەکە بەجێدێلێت، بەڵام سووربوونی مێرد بۆ ڕۆیشتن بە ڕادەیەکە، هیچ گومان لای ژنەکەی ناهێلێتەوە کە مێردەکەی عاشق بووەو دەڕوات، بەڵام پیاوەکە ئاماژە بۆ ئەو ترسە دەکات کە لەهاوسەرەکەی هەیەتی و سووربونی خۆی لەو ڕۆیشتنە نیشان دەدات، چونکە ئیتر ناتوانێت لەگەڵی بژیێت، بەهۆی ئەوەی بەختەوەر نیە لەو پەیوەندیەی ناو ماڵ، هەست بە خنکان دەکات. بەدرێژایی ئەو دۆخە تەلەفۆنەکە بەردەوام لێ دەدات، ئەوەش ئاماژەیەکی ڕوونی دنیای دەرەوەی ماڵە، بەوەی کەسێک چاوەڕوانە و ئەوەی لەماڵەکە ماوەتەوە دواکەوتووە، ژنەکە پەلاماری تەلەفۆنەکە دەدات و پیاوەکە هەوڵ دەدات لەدەستی دەریبێنێت، چونکە خۆی دلنیایە ئەوەی لەم کاتەدا تەلەفۆن دەکات کێیە، لەو ساتە دەستەکان لەجەنگێکی بێدەنگدان بۆ تەلەفۆنەکە، سەرەنجام پیاوەکە مشتێک لەزەوی دەدات، بەڵام هیچ لەوە خەمناکتر نیە، کاتێک توڕەیی پیاو بەسەر زەویەکە دەتەقێتەوە، ژنەکە دەلێت بمکوژە، بەواتای جێهێشتنی بۆ خۆی مردنە، ئیتر با بیکوژێت ئەو ساتە ماڵەکەی بۆ بەجێبێلێت، بەوەی وەک دەلێت ناتوانێت بەبێ ئەو بژیێت، لەکاتێکدا ئەو قسانە هیچ کاریگەریەک لای مێردەکەی درووست ناکەن، بەقەد ئەوەی داوای لێ دەکات بێدەنگ بێت و نایەوێت گوێی لەو قسانەی بێت و ئیتر قسەی لەگەڵ بکات، لەگەل ئەوەشدا ڕووداوەکان کۆتاییان نایەت، چونکە هەردووکیان لەسەر قەنەفەکە دادەنیشن، بۆیە ململانێکە بەردەوامی دەبێت، بە ئاستێک بەدرێژایی شانۆنامەکە پیاوەکە دەیەوێت بڕوات و ژنەکەش دەیەوێت بمێنێتەوە، لەکاتێکدا هەر یەک لەوان نهێنی پەیوەندیە شاراوەکانی یەکتریان ئاشکرا کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا ژنەکە هەر دەیەوێت بمێنێتەوەو ماڵەکە بەجێ نەیەلێت بەسەر خۆی و مناڵەکانی(١٦)، تەنانەت بەشێوەیەک قسە دەکات کە دەیەوێت بچێت بخەوێت، بەیانی دەبەت بچێت بۆ سەر کارەکەی و پێویستە بیریان نەچێت ئەوان خێزانیان هەیە، بەلام مێردەکەی لە کەشێکی هێمن کەچی لەسەر هەمان بۆچوونی خۆی قسە دەکات، بەوەی ئەو ناتوانێت بمێنێتەوە، دەبێت بڕوات، نایەوێت باوکێکی خراپ بێت، دواتر ئەوەشی بۆ زیاد دەکات بەوەی ئیتر هەر نایەوێت باوک بێت.
ململانێی ئەو دوو کارەکتەرە لەبەرزی و نزمیدا وەک تەونی جانجالۆکەیەک وایە کە چۆن بۆ درووست کردنی تەونەکە هەر یەکەیان بە ئاستێکی دژ بەیەکتر تێدەپەڕن، دراماکەش وەک ئەو تەونە خۆی بەرەو پێش دەبات، بۆیە ژنەکە باسی ئەو هەموو پشتگیریە دەکات کە پێشکەشی ئەوی کردووە بۆ کارکردن.
ژن لە لوتکەی ململانێکەدا هەڵگری خەسڵەتی کارەکتەرێکی ڕۆمانسیە لەدەربڕینەکانیدا دەیەوێت ماچی بکات و سێکس بکەن، بەلام پیاوەکە ڕایدەگرێت و تکای لێدەکات بوەستێک لە دەربڕینی ئەو هەستانەی، کەچی ژن جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو ژنیەتی دایکی کچەکانیەتی، بەوەی ناتوانێت خۆی لەو وێنە خانەوادەییە بهێنێتە دەرەوە، لەو ساتەی کە ژنە جەخت لەو پەیوەندیە خێزانیە دەکاتەوە، سەر لەنوێ زەنگی تەلەفۆنەکە لێ دەداتەوە، ئەوەش وەک بیرهاتنەوەی دنیای دەرەوەی خێزانە، کە هێشتا پەیوەندیەکە کۆتایی نەهاتووەو کەسێک هەیە دەیەوێت بزانێت کەی پەیوەندیە کۆتایی دێت، ژیان لەگەڵ ئەو دەست پێدەکات.
پرسیارەکە لەئێستادا ئەوەیە: هەر بەڕاست ئەوە ژنی ناو کۆمپیوتەرەکەیە کە ئیمێل بۆ هاوسەرەکەی دەنێرێت؟ ئەو دڵنیاییە چیە ژنە لەو تەلەفۆنە هەیەتی؟ ئەی بۆچی پیاوەکە سەرەتا ترسی لە زەنگەکە هەبوو، بەڵام ئەمجارە نکوڵی لێدەکات، بەوەی کەس نیە؟
لێرەدا لەناو شانۆنامەکەدا ئێمە وەڵامی پرسیارەکان راستەوخۆ وەرناگرینەوە، بۆیە دەتوانین لەشوێنی هەر یەکێکیان وەک خوێنەری بێ لایەنی تێکست قسە بکەین، خوێنەر لەو ساتەدا کەسی سێ یەمی ناو ململانێیەکەیە، لەململانێ ئەو دوو کارەکتەرە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، گومانەکانی ژنە لەشوێنی خۆیەتی، نکوڵی کردنی پیاوەکەش خاڵی نیە لەترسی سەرەتای زەنگەکە، تەنانەت ئەو سووربونەی پیاو بۆ ڕۆیشتن بۆ خۆی وەڵام بە هەموو پرسیارەکان دەداتەوە، بەبێ ئەوەی وەڵامی تەلەفۆنەکە بدرێتەوە، لەکاتێکدا هەموو هەوڵی ژنەکە بۆ مانەوەی هاوسەرەکەیەتی لەماڵەکەدا، داوای هیچ شتێکی لێ ناکات، تەنیا خوازیارە مێردەکەی بمێنێتەوەو جێی نەهێلێت، دەیەوێت تا کۆتایی ژنی ئەو بێت، بەڵام پیاوەکە هەر لەو ساتەی هاتەوە ماڵ بریاری کۆتایی خۆی دابوو، تەنانەت کاتێک ژنەکەی باس لەوەش دەکات سبەینێ دایک و باوکی دێن بۆ سەردانیان، دەبێت ئەو نەگریێت و شتەکان بشارێتەوە، بەڵام چونکە مێردەکەی دڵنیایە لەکۆتایی هەموو شتەکان داوای لێ دەکات هیچ نەشارێتەوەو تەنانەت کۆی ڕووداوەکان بە گۆرانی بۆیان بگێڕێتەوە، گێڕانەوە لەڕێی گۆڕانی، بەواتای دانیشتن و سەردانەکە نەشێوێت، وەک ئەوەی ئەمشەوە چیرۆکێک بێت و بووبێت بە ڕابردوو.

نیهاد جامی- فەڕەنسا

پەراوێزەکان:
(١) La Nuit neuf pièces courtes, L’avant-scène théâtre-janvier 2024
(٢) ئاکسێل ژا نیکێی لەدایکبوی ١٩٧٢ ژنە نوسەرێکی فەرەنسی بە نەژاد کامیرۆنیە، سەرەتا وەک فۆتۆگرافەر ماوەی پانزە ساڵ کاری کردووە، دواتر ڕوو دەکاتە نووسین و گۆشەی رۆژنامەوانی، دوای ئەوەش وێب سایتێکی تایبەت بە پەیوەندی سۆزداری ژنانی ڕەش پێست داناوە، هەورەها چەندین پۆدکاستی کردووە، لەبارەی توندوتیژی دژی ژنانی ڕەشپێست و توندوتیژی سێکسی دژی منالانی ڕەش پێست لەماڵەکاندا، هەروەها بەیەکەم کتێبی لەژێر ناوی “رۆژمێری ژنانەی رەشپێشت” خۆی وەک نوسەرێک ناوبانگی دەرکرد.
(٣) ماریا لا ڕێیا، لەدایکبوی ١٩٧٩ ی شاری بلباوی ئیسپانیایە، لە فەرەنسا ژیاوەو کارەکانی لەپاریس ئەنجام دەدات، نوسەرو سینارێست و دەرهێنەرە، سالی ٢٠٢٢ بە یەکەم رۆمانی خەلاتێکی ئەدەبی وەردەگرێت، وەک رۆمانووسێک دەبێتە جێگای سەرنجی رەخنەگران، لە ٢٠٠٤ تا ٢٠١٥ پێنج کورتە فیلمی درووست کردووە، ئەو شانۆنامەیە تازەترین بەرهەمی ئەدەبیەتی.
(٤) کۆلۆمب شنێک، لەدایکبووی ١٩٦٦ ی شاری پاریسە، رۆمانووس و رۆژنامەنووس و دەرهێنەری دۆکۆمێنتاریە، خاوەنی چوار خەڵاتە.
(٥) کلێر شێزال، لەدایکبوی 1956 فەرەنسایە، رۆژنامەنووسێکی ناسراوی فەڕەنسیە، لەبواری تەلەفزیۆن و رۆژنامە و رادیۆ ناسراوە، لەزۆربەی ئەو فیلمە سینەماییانەی وەک ئەکتەر بەشداری کردووە رۆڵی بێژەری تەلەڤزیۆنی پێدراوە، خاوەنی دوو رۆمان و یادداشتێکی چاپکراوە، هەروەها کتێبی دەنگیشی هەیە، لەئێستاشدا هەموو ئێوارەیەکی سێ شەممان لەکاتژمێر حەوتی ئێوارە بەکاتی پاریس لەسەر شانۆی پاریس تێکستی “جێم بهێلە” ی مارسێل سوڤێژو دەخوێنێتەوە، پێشتریش ئەزمونێکیتری لەو بارەیە هەبوو، کاتێک لەنێوان شوبات و نیسانی ٢٠٠٨ تێکستی ” رۆژنامەی هێلین” دەخوێندەوە.
(٦) عالیە عەتایی رۆمانوسێکی ئێرانی- ئەفگانیە (1980) سیناریۆی فیلم و کورتە چیرۆکیش دەنووسێت، چەندین خەڵاتی ئەدەبی وەرگرتووە، لەئێراندا بەزمانی فارسی پێنج کتێبی چاپکردووە، ئەم شانۆنامەیەی یەکەم کاریەتی بە زمانی فەرەنسی، کە پێشوازیەکی باشی لێکراو کارەکەی خراوەتە سەر شانۆش
(٧) کلۆی مونس، گۆرانی بێژ و ئەکتەرە، لەدایکبوی شاری لیلی فەڕەنسایە لە ١٩٧٢، خاوەنی دە ئەلبومی گۆرانیە، لە ١٩٩٩ بەرەو دنیای سینەما رۆیشتووە و دواتر ڕووی کردۆتە شانۆش، لەگەل دەرهێنەر ئالان کلینگلێر دەستی بەکاری شانۆیی کردووە، سەرەتا لە ٢٠١٦ وەک لەنمایشێکی شانۆیی میوزیکال بەشداری کردووە بەناوی “هیچ شتێکم نیە دژی شەوی سەری ساڵ” لە ٢٠١٩ لەگەل هەمان دەرهێنەر سەر لەنوێ لەشانۆدا بەشداری دەکات بە نمایشی “من نەرگسی نیم” کە لەچوارچێوەی فێستڤال ئەڤینیۆنی شانۆیی پێشکەش دەکرێت، لە سالی ٢٠٢٣ هەمان نمایش بۆ ماوەی پێنج هەفتە لەسەر شانۆ بەردەوام بوو.
(٨) La Nuit neuf pièces courtes, L’avant-scène théâtre-janvier 2024, page 92.
(٩) ئەدۆلین دیۆدۆنێ، لەدایکبوی 1982 بەلژیکا، نوسەر و ئەکتەرە، براوەی خەلاتی فیدراسیۆنی والۆنیایە لە بەلژیکا بە کورتە چیرۆکێک، یەکەم کتێبی جاپکراوی نامیلکەیەک بوو بەناونیشانی “تەنیا لەتاریکیدا” ، لەسالی ٢٠١٧ یەکەم شانۆنامەی خۆی بلاو کردەوە، سالی دواتر رۆمانێکی نووسی و خەلاتی پێ وەرگرت، دووەم رۆمانیشی لە ٢٠٢١ بلاو کردۆتەوە.
(١٠) ڤیکتوار توایۆن، لەدایکبوی 1989 ی پاریسە، نوسەر و رۆژنامەنووسە, دوو کتێبی چاپکراوی هەیە، لەدووتوێی بەرنامەکانی ڕادیۆ و کارە رۆژنامەوانیەکانی بەوە ناسراوە رەخنە لەبیرکردنەوەی پیاوبوون دەگرێت، بەر لەوەی ئیمتیازات بێت، بریتیە لە بنیاتنان، لەدیدی فێمێنیستیەوە ڕەخنە ئاراستەی توندوتیژی پیاو دەگرێت.
(١١) ژوفرین دونادیو، لەدایکبوی ١٩٩٠ فەرەنسا، نووسەرە، سالی ٢٠١٩ یەکەم رۆمانی خۆی نووسی بەناوی “چیرۆکی فەرەنسا” کە دەزگای گالیمار چاپی کرد باس لە ونبونی مندالێک دەکات، لە رۆمانی دووەمیدا بەناوی “سەگ و گورگ” ساڵی ٢٠٢٢ لەلایان دەزگای گالیمار چاپکراوە، منداڵە ونبوەکەی ڕۆمانی یەکەم، لەم رۆمانەی دووەمدا دەدۆزرێتەوە، خاوەنی خەلاتی فلۆرایە لە ٢٠٢٢.
(١٢) ئێڤا یۆنسکۆ، لەدایکبوی ١٩٦٥ ی پاریسە، بە ڕەچەڵەک ڕۆمانیە، ئەو بۆ خۆی لەشانۆدا زیاتر وەک ئەکتەر دەرکەوتووە، بەلام لەسینەمادا سەرباری کاری نواندن وەک سینارێست و دەرهێنەری سینەمایی ناسراوە، دایکی هونەرمەندێکی بواری فۆتۆگراف بووە، بەو هۆیەوە لەمندالیدا ڕاکێشراوەتە ناو کارە فۆتۆییەکانی دایکی و چەند فۆتۆگرافەرێکەوە، ئەو منالی و هەرزەکاری ئاسایی تێنەپەڕیووە لەلایەک لەهەندێک وێنەی فۆتۆگرافی جەستەی ڕووتی نیشان دەدرێت، تا لەسەرەتای هەرزەکاریدا وێنەی ڕووتی وەک نمایشکار لەسەر بەرگی گۆڤارو رۆژنامە بلاو دەبێتەوە، سەرباری دوبارەکردنەوەی ئەو دیمەنانە لە چەندین فیلمدا، ئەوەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە هاورێکانی تا ڕادەیەکی زۆری خۆیانی لێ بەدوور بگرن، سەرباری ئەوەی ئاڵودەی ماددەی بێهۆشبەر دەبێت و بەو هۆیەوە لە دایکی دوور دەخرێتەوە، سەرەتای راستەقینەی کاری هونەری ئەو بۆ سالی ١٩٨٧ دەگەرێتەوە، ئەو کاتەی پەیوەندی دەکات بە تیپێکی شانۆیی، لە ٢٠١١ وەکو دەرهێنەر یەکەم فیلمی سینەمایی خۆی درووست دەکات، لە ٢٠١٧ رۆمانی پاکیزەیی دەنووسێت کە پشتی بەستووە بە تەواوی ژیاننامەی خۆی، لە ٢٠١٩ دووەم فیلمیش درووست دەکات.
(١٣) ئوریلی سادە، لەدایکبونی ١٩٧٨ ی پاریس، ئەکتەر و دەرهێنەرە، لەپاڵ ئەوەشدا گۆرانی بێژەو تێکستی زۆربەی گۆرانیەکانیشی خۆی دەینووسێت، لە سالی ١٩٩٥ دەستی کرد بە کارکردن لەسینەمادا، تاوەکو ساڵی ٢٠٠٨ بەردەوام بووەو لەو ماوەیەدا لە هەشت فیلمی سینەمایی بەشداری کردووە، لە شەش بەرهەمی تەلەفزیۆنیش بەشداری کردووە، لە ٢٠٢٤ لەشانۆگەریەک وەک ئەکتەر کاری کردووە.
(١٤) La Nuit neuf pièces courtes, L’avant-scène théâtre-janvier 2024, page 99
(١٥) دەستەواژەی یاریکردن لەئەدەبی شانۆنامەی فەرەنسیدا، وەک درۆکردن لە پەیوەندی خۆشەویستی دێت، ئەگەر بەهەڵەدا نەچین دەتوانین ئەوە بگەڕێنینەوە بۆ ناونیشانی شانۆنامەکەی شانۆنوسی فەرەنسی ئەلفرێد دو موسیێ لەژێر ناوی «ئێمە یاری لەگەڵ خۆشەویستی ناکەین” کە سالی ١٨٣٤ نووسیویەتی.
(١٦) لێرەدا کارەکتەری ژنەکە رێک تەواو پێچەوانەی کارەکتەری نورای «ماڵی بووکە شووشە» ی ئەپسنە، نورا یاخی دەبێت و مندال و مێرد لەماڵ بەجێ دێلێت، بەڵام کارەکتەری شانۆنامەکەی ئوریلی تەواو بەپێچەوانەوە نایەوێت مێرد بڕوات و لەگەڵ مناڵەکان بەتەنیا لەماڵ بمێننەوە




مێژووی سلێمانی لەدیدی میران ئەبراهام-ەوە..ئەردەڵان عەبدوڵڵا

خوێندنەوەیەک بۆ رۆمانی خانەقای میرزا

رۆمانی(خانەقای میرزا) لە نووسینی میران ئەبراهام، یەکێکە لەو رۆمانە جوانانەی لە ماوەی پێشوودا خوێندمەوە و مایەی سەرنج و تێڕامانم بوو. هەربۆیە لەپاش خوێندنەوەی حەزمکرد چەند سەرنج و تێبینییەکی خۆم بنووسم، ئامانجی سەرەکیشم ناساندنی ئەم رۆمانە جوانەیە بە خوێنەری کورد.

پانۆرامایەک بەناو مێژووی شاری سلێمانییدا

دەتوانم بڵێم ئەم رۆمانە وەکو پانۆرامایەکی مێژوویی خێرایە بەناو مێژووی شاری سلێمانیدا، لە سەرەتای ساڵانی چلەکانەوە دەستپێدەکات هەتاوەکو کۆتایی ساڵانی هەشتاکانی سەدەی پێشوو. لێرەشدا نووسەر ماڵی(میرزا کەریم) دەکاتە مەیدانی رۆمانەکەی، پاڵەوانی سەرەکیی رۆمانەکەش شاعیر و تێکۆشەری ناسراوی کۆمۆنیست(جەلالی میرزا کەریم)ە.

سەرەتای رۆمانەکە لە ماڵی میرزا کەریم دەستپێدەکات، ئەم ماڵە کە نازناوی (خانەقای میرزا)ی لێنراوە، دەبێتە بنکەی سەرەکیی بۆ زۆرێک لە ئەندامان و لایەنگرانی حزبی شیوعی و ئەدیبان و نووسەرانی شاری سلێمانی. هەر لێرەشەوە تیشک دەخرێتە سەر بەشێکی زۆری کار و چالاکییە سیاسیی و ئەدەبیی و فەرهەنگییەکانی ئەم شارە. هەروەها لە رێگەی گێڕانەوەی بیرەوەرییەکانی جەلالی میرزا کەریم-ەوە، کۆشکی رۆمانەکەی دروستدەکات.

جەلالی میرزا کەریم شاعیر و ئەدیب و رۆژنامەنووس و تێکۆشەرێکی دێرینی شاری سلێمانی بووە، لەرێگەی ئەویشەوە باسی ئەدیب و شاعیر و نووسەر و سیاسیی و بەرپرسانی ئەمنی و ئیداری شاری سلێمانی دەکات. باسی نوخبەی نووسەرانی کورد دەکات، وەکو(پیرەمێرد، قانیع، فایەق بێکەس و پاشانیش شێرکۆی کوڕی، کامەران موکری، حسێن عارف، د. عیزەدین مستەفا رەسوڵ، عەلادین سەجادی و زۆری تریش). پەلیش دەهاوێت بۆ هەولێر و رۆژهەڵاتی کوردستان و باسی شاعیران و نووسەرانیان دەکات، لەوانە:(عەبدوڵلا پەشێو، سەعدوڵڵا پەرۆش، جەمیل رەنجبەر و عەبدولرەحمانی زەبیحی)

رووداوە سیاسییەکان

نووسەر لە رێگەی بەشدارییکردنی ئەندامانی ماڵی میرزا کەریم -ەوە لە چالاکییە سیاسییەکاندا بەتایبەتی لەناو رێکخستەکانی حزبی شیوعیدا، باسی تەواوی رووداوە سیاسییەکان دەکات هەر لەسەردەمی پاشایەتی، رژێمی قاسم و پاشان رژێمی بەعسەوە. هەروەها پانتاییەکی باشی بۆ جەنگ و ململانێکانی نێوان شیوعییەکان و پارتییەکان تەرخان کردووە.

رووداوە ئەدەبییەکان

بە حوکمی ئەوەی جەلالی میرزا کەریم شاعیر و ئەدیب و رۆژنامەنووس بووە، ئێمە ئاگاداری چالاکییە ئەدەبییەکان و بازنەی ئەدیبان دەبین. لەهەمان کاتیشدا تیشک دەخاتە سەر پەیوەندیی نێوان ئەدیب و نووسەرەکان لەو سەردەمانەی کە نووسەر باسیان دەکات، بەتایبەتی لە ساڵانی پەنجا و شەست و حەفتاکاندا. هەروەها ئاگاداری رەوشی رۆژنامەگەریی دەبین لەبەغدا بەتایبەتی رۆژنامەی هاوکاری. هەورەها چالاکییە ئەدەبییەکان، لەوانە: روانگە و دامەرزاندنی کۆڕی زانیاریی کورد، یەکێتیی نووسەران و چالاکییە ئەدەبییەکان. نووسەر توانیویەتی لەرێگەی بازنەی پەیوەندییەکانی جەلالی میرزا کەریمەوە، هەڵوێستی نووسەران و شاعیرانی ئەوکاتە دەربخات، بەتایبەتی لەبارەی حزبەکانەوە، هەروەها جەنگ و ململانێ توندەکان کە لەناو نووسەران و ئەدیباندا دروست بووە.

بەرکەوتەی شارستانی
جگە لە رووداوە سیاسیی و ئەدەبییەکان، نووسەر توانیویەتی تیشك بخاتەسەر مەسەلەی چۆنێتی مامەڵەکردنی خەڵکی لەگەڵ شارستانیی مۆدێرندا بەتایبەتی تەکنۆلۆژیای نوێ، بۆ نموونە لەشوێنێکدا باسی ئەوە دەکات چۆن لە شاری کفری، دەروێشەکان و خەڵکانی ئایینی، دژی بەکارهێنانی گرامافۆن خۆپیشاندانیان کردووە و بە کارێکی شەیتانیان وەسفکردووە.

جووەکانی شاری سلێمانی

خاڵێکی گرنگی تر کە ئەم رۆمانە باسی دەکات، ژیانی جووەکانی ناو شاری سلێمانی و دەروبەریەتی، بەتایبەتی لەپاش بڕیاری دەرکردنی جووەکان لە عیراق. لێرەدا نووسەر تیشکی خستۆتە سەر یەکێک لە قۆناغە ناخۆش و تراژیدییەکانی ئەم شارە، کە پەیوەندیی بە یەکێک لە پێکهاتە گرنگەکانی شارەوە هەبووە، ئەویش جووەکانە. لەم رۆمانەدا لە رێگەی چەند رووداوێکەوە ئەوەمان بۆ دەگێڕێتەوە، هەندێک چاوچنۆک و تاڵانچی چۆن هەوڵیانداوە، دەست بەسەر سامان و ماڵی جووەکاندا بگرن و سوودیان لەو رووداوە وەرگرتووە، تاوەکو دەستبکەن بە تاڵانیی و بردنی ماڵی جووەکان.

شێخ لەتیفی حەفید

هەمیشە بنەماڵەی شێخ مەحمود بەشێوەیەکی پۆزەتیف لەناو ئەدەبیاتی کوردیدا باسکراون، بەڵام ئەم بنەماڵەش وەکو هەموو دەسەڵاتدارێکی تر، لایەنی باش و خراپیان هەبووە. لەم رۆمانەدا باسی رووداوێک دەکات پەیوەندیی بە شێخ لەتیفی کوڕی شێخ مەحمود-ەوە هەیە، کە چۆن جووتیارەکانی دەڤەری عەربەتی چەوساندۆتەوە و ئاوی لێگرتوونەتەوە، ئەوانیش هاتوون بۆ سلێمانی خۆپیشاندانیان کردووە، ئەویش نەک گوێی بۆ داواکارییەکان نەگرتووە، بگرە لە رێگەی پیاوەکانییەوە کەوتۆتە گیانی ئەو جووتیارە هەژارانە و لێیانداون و گاڵتەیان پێکردوون.

پەلاماردان و کوشتن و ئازاردانی شیوعییەکان لە ساڵانی پەنجا و شەست و حەفتاکاندا

سلێمانی وەکو شارێکی زیندوو، هەمیشە جێگەی ململانێی سیاسیی بووە. حزبە کوردی و عیراقییەکانیش هەوڵیانداوە ئەندام و لایەنگریان لەم شارەدا هەبێت. بەداخەوە لەو ململانێیەدا زۆرجار توندوتیژیی بەکارهاتووە، بەتایبەتی لە ساڵانی پەنجا و شەست و حەفتاکاندا، لەلایەن پارتییەوە پەلاماری ئەندام و لایەنگرانی حزبی شیوعی دراوە. لەم رۆمانەشدا لە رێگەی گێڕانەوەی چەندین رووداوی دڵتەزێنەوە، باسی ئەو پەلاماردانانە دەکات بەرامبەر بە شیوعییەکان کراوە.

رۆڵی تورکیا لە کودەتای 1963 ی بەعسییەکان و مەنعەتەجەولی زەعیم سدیق دا

کودەتای شوباتی 1963 یەکێکە لە رۆژە خوێناوییەکانی مێژووی عیراق و باشووری کوردستان. نووسەر هەوڵیداوە تیشکێک بخاتە سەر ئەو رۆژە خوێناوییە، کە چۆن حەرەس قەومییەکان، خوێن و کوشتن و گرتنیان بە دیاریی بۆ خەڵکی شاری سلێمانی هێناوە. لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە، باسی رۆڵی تورکیا دەکات لەم کارەساتەدا. جەلالی میرزا کەریم پاش چەندین ساڵ کتێبێکی بەردەست دەکەوێت، بە تورکی نووسراوە، بیرەوەریی چەند جەندرمەیەکی تورکییە باسی ئەو رۆژانە دەکەن و خۆیان بەشداربوون لە کۆمەڵکوژیی خەڵکی سلێمانیدا، ئەمەش لەرووی مێژووییەوە خاڵێکی گرنگە و پێشتر باس نەکراوە.

چەند سەرنجێک

لەگەڵ بوونی چەند خاڵێکی جواندا، بەڵام ئەم رۆمانەش بەدەر نییە لە کەموکورتی و رەخنە. کاتێک خوێنەر رۆمانەکە دەخوێنێتەوە، هەست دەکات زیاتر ئەمە بیرەوەرییە نەک رۆمان، هێندە وردەکاریی تێدایە دەڵێیت بیرەوەریی جەلال میرزا کەریم-ە، چونکە ناوی کەسەکان و شوێنەکان و تەنانەت رووداوە مێژووییەکانیش، هەموویان راستەقینەن. بۆیە من کە ئەم رۆمانەم خوێندەوە وام هەستکرد ئەمە بیرەوەریی جەلالی میرزا کەریم بێت و نووسەر دووبارە دایڕشتبێتەوە، چونکە زۆرکەم رەگەزی رۆمانی تێدایە، بۆ نموونە (رەگەزی کتوپڕ، گرێی ئەدەبی، و دیالۆگ و مۆنۆلۆگ) هیچ لەمانەی تێدا نییە، ئەگەر هەشبێت زۆر کەمە.

خاڵێک کە مایەی سەرنجم بوو بەشی کۆتایی رۆمانەکەیە، ئەو کاتەی جەلالی میرزا کەریم لە ئەمریکا(شیرکۆ بێکەس) دەبینێت، ئەم بەشە زیاتر دەڵێیت دادگایەکە نووسەر بۆ لێپرسینەوە لە شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو، دایناوە. لێرەدا رەخنەی توند لە شیرکۆ دەگرێت، هەروەها عەبدوڵڵا پەشێو-یش تاوانبار دەکات بەوەی شیعرێکی جەلالی میرزا کەریمی بردووە.

من نازانم هۆکاری چییە، نووسەر ئەم بەشەی وا داڕشتووە؟ ئایا ئەمە لە بیرەوەرییەکانی جەلالی میرزا کەریم دا هاتووە، یان هەر خۆی بەوجۆرە دایناوە؟ ئەمەش لەکاتێکدا شیرکۆ بێکەس چەند ساڵێکە کۆچی دوایی کردووە و ناتوانێت بەرگریی لەخۆی بکات. ئەم شەڕفرۆشتنە بە مردوو کارێکی جوان نییە و دوورە لە ئاکاری ئەدەبییەوە، بەڵام سەبارەت بە عەبدوڵڵا پەشێو ئاساییە، چونکە ئەو خۆی ماوە و دەتوانێت بەرگریی لەخۆی بکات و تۆمەتی دزینی شیعری جەلالی میرزا کەریم رەتبکاتەوە.

لە کۆتاییدا دەتوانم بڵێم ئەم رۆمانە یەکێکە لەو کارە ئەدەبیانەی لە ڕێگەیەوە دەتوانین بەشێک لە مێژووی شاری سلێمانی-مان دەستبکەوێت، هەروەها ئاگاداری خەبات و تێکۆشانی شاعیر و نووسەر و خەباتگێڕی ناسراو(جەلالی میرزا کەریم) بین. هیوای سەرکەوتنی زیاتر بۆ رۆماننوس(میران ئەبراهام) دەخوازم.

ئەردەڵان عەبدوڵڵا




کێشەی هۆشیاری چینایەتی و نامۆبوون/ پارادۆکس لە فەلسەفەی سیاسی مارکسدا-٢-.. ئەکرەم سەعید

بەشی دووەم..

خەڵکی هەرێمی کوردستان ناڕازی و تووڕەبوون لە نالەباری ژیانییان، بۆیە لە نێوان ساڵانی(۲۰۱۲ تا ۲۰۱٦)چەندجارێک بارەگای حیزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆسیزیۆنیان سووتاند، بەڵام لەساڵی ۲۰۱۷ زۆربەی هەر ئەو خەڵکە کەوتنە دوای دروشمی(ڕیفراندوم بۆ سەربەخۆی کوردستان)ی ئەحزابەکان. پرسیار: بۆچی ناڕەزایەتی و تووڕەیی خەڵکی کوردستان، بە درێژایی ئەو چەند ساڵە نەبووە هۆشیارێکی چینایەتی ڕۆشن و پتەو دژی دەسەڵات؟ هۆشیارێک کە ئیدی بیانپارێزێ و بە دروشم و بەڵێنەکانی ئەحزابی دەسەڵاتداران و ئۆپۆسیزیۆن فریوو نەخۆن؟.
لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا، ئەوە زیاد لە سەد ساڵە دوو حیزب(کۆماری و دیموکراتی)، هەر جارەی یەکێکیان بە بەڵێنەکانی کاتی هەڵبژاردن، کرێکاران و هەژارانی ئەمەریکا فریوو دەدەن. پرسیار: بۆچی لەماوەی ئەو هەموو ساڵانەدا، جگە لە دیاردەی خۆپشاندان بۆ داواکاری ئابووری و هەندێ مافی گروپەکان زیاتر، کەچی هۆشیاری چینایەتی کرێکاری و سۆسیالیستی لە ئەمەریکادا هێندە گەشەی نەکردووە؟.
مارکس لەلاێک دەیسەلمێنێ کە چینی کرێکاران بە شێوەێکی بابەتی لە سیستەمی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا نامۆ دەبن-(نامۆبوون وەک خۆی دەڵێ یەکسانە بە ئاژەڵ بوون و لە دەستدانی زاتی ئینسانی)، وە لەلاێکی دی مارکس باس لە هۆشیاربوونەوەی چینی کرێکاران دەکات لە ئەنجامی(ململانێی چینایەتی و خەباتی ئابووری و کۆمەکی سۆسیالیستەکان).
ئایا ئەم دوو دیوە دژبەیەکەی شرۆڤەکانی مارکس چۆن لە واقیعدا دەرکەوتووە، و تائێستا کام لایەنی دراسەکانی مارکس وەک کۆنکرێت دروستە و هاتۆتە دی؟!

“کارۆل جۆنسۆن” لە وتاری(کێشەی چاکسازی و تیۆری فیتیشیزمی مارکس)دا دەنووسێ:
(ئامانجی ئەم لێکۆڵینەوەیە ئەوەیە کە ناکۆکی نێوان دوو توخم کە بەڕواڵەت دژ بەیەکن لە بیری مارکسدا دەربخات؛ واتە یەکەم: ئەو باوەڕەی کە هۆشیاری شۆڕشگێڕانەی پرۆلیتاری لە ژێر سەرمایەداریدا بە شێوەیەکی تاڕادەیەک ڕاست و دروست(خۆرسکی) گەشە دەکات، و دووەم: ئارگومێنتەکەی لە نووسینە ئابوورییەکانی دواتردا، کە سروشتی فیتیشیزەکراوی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە سەرمایەدارییەکان فۆرمەکانی عیرفانی ئایدیۆلۆژی لێدەکەوێتەوە کە بە شێوەیەکی بەرچاو تایبەتمەندییە بنەڕەتییەکانی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری دەشارنەوە …. بەشی یەکەمی ئەم بابەتە تەرخان دەکرێت بۆ سەلماندنی ئەوەی کە تێزی پێشوو لە ڕاستیدا ڕای مارکس بووە لەو بەرهەمانەی کە پێش نووسینە ئابوورییە پێگەیشتووەکانی نووسیویەتی، و بەشی دووەمیش هەڵوێستی مارکس لە دوای ئەو ماوەیە دەکۆڵێتەوە. دەوترێت کە مارکس لەبری ئەوەی پێداچوونەوە بە بۆچوونەکانی پێشوویدا بکات، ئارگیومێنتەکانی نوێکانی خۆی خستۆتە ناو دیدگاکانی پێشووی خۆیەوە سەبارەت بەو ئاسانییە ڕێژەییەی کە هۆشیاری شۆڕشگێڕی پرۆلیتاریا بە سانا گەشە دەکات و بەمجۆرە یەکدەنگییەکی جەوهەری لە نێوان بۆچوونەکانی دواتر و پێشووی مارکسدا هەیە. لە ئەنجامدا مارکس بە توندی ئەو پشتگیرییە بەربڵاوەی بۆ ڕیفۆرمخوازی کەم کردەوە کە لەکۆتایی ژیانی بە ئاشکرا دەهاتە بەرچاو؛ بۆیە نەیتوانی بە شێوەیەکی گونجاو مامەڵە لەگەڵ ئەو کێشەیەدا بکات کە تا ئێستاش وەک جددیترین کێشەی بەردەم شۆڕشگێڕان لە ووڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداریدا ماوەتەوە.
ئەم کێشانە لە نووسینەکانی مارکسدا بە شێوەیەکی جددی فەرامۆش کراون. هەندێک لە شرۆڤەکاران، ڕاستە، سەرنجیان بۆ شکستی مارکس ڕاکێشاوە لە پەرەپێدانی ڕەخنەیەکی گونجاو لە ڕیفۆرمخوازی بەڵام هۆکارە ڕاستەقینەکانی ئەم کێشەیە هەرگیز بە شێوەیەکی دروست لێکۆلینەوەی لێنەکراوە. ئەوان نەیانتوانیوە درک بەوە بکەن کە، لە کاتێکدا تیۆری مارکس سەبارەت بە عیرفانی کە لە سروشتی فیتیشیزەکراوی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە سەرمایەدارییەکانەوە سەرهەڵدەدات، پێویستە بۆ تێگەیشتن لە ڕەخنەکانی لە ئابووری سیاسی، بەڵام مارکس کاریگەرییەکی زۆر سنوورداری فیتیشیزمی لەسەر هۆشیاری پرۆلیتاری لە فۆرمەکانی چاکسازیخوازانە یان شۆڕشگێڕانەدا دەبینی.
کێشەکانی عیرفان و پەرەسەندنی هۆشیاری شۆڕشگێڕانە، ئەو کێشانەبوون کە لە قۆناغێکی تاڕادەیەک سەرەتایی کارەکانیدا، مارکسیان نیگەران کردبوو. هەر لە ساڵی ١٨٤٢دا دەیگوت:”ئایین و فۆرمەکانی تری هۆشیاری عیرفانی لە واقیعێکی شێواوە سەریان هەڵداوە و تەنیا بە گۆڕینی ئەو واقیعە دەتوانرێت هەڵبوەشێنرێتەوە.”. ئەم ئارگیومێنتانە لە ئێستاوە کێشەی ئەوە دروست دەکەن کە چۆن مرۆڤایەتی دەتوانێت هۆشیار بێت لە پێویستی گۆڕینی واقیع بە لەبەرچاوگرتنی ئەو فۆرمە عیرفانییانەی هۆشیاری کە نامۆبوونی لێدەکەوێتەوە.
وەڵامی مارکس بۆ یەکەمجار لە پێشەکی کتێبی(بەشداری لە ڕەخنەی فەلسەفەی یاسای هیگڵدا)دا دەردەکەوێت. کلیلەکە لە پرۆلیتاریای ئەڵمانیدا بوو، کە ئەو دەڵێت لە ڕاستیدا نامۆیە نەک لە بیرکردنەوەدا، بەڵکە بەهۆی دواکەوتوویی مێژوویی ڕێژەیی ئەڵمانیا، بۆرژوازی ئەڵمانیا چانسی ئەنجامدانی شۆڕشێکی سیاسی لەدەستدابوو کە تێیدا بتوانێت وەک نوێنەری گشتی کۆمەڵگا بە گشتی دەربکەوێت. بەڵکو پرۆلیتاریا لە ئێستاوە دەستی بە خەباتکردن لە دژی دەکرد. مارکس پێی وایە پرۆلیتاریا تاکە چینە کە توانای هێنانەدی ئازادییەکی گشتی لەو شێوەیەی هەیە، چونکە ستەملێکراوترین چینە لە کۆمەڵگەی ئەڵمانیدا؛ سروشتی گەردوونی ئازارەکانی چینی کرێکاران، دژایەتێکی بەرامبەر بنەماکانی دەوڵەتی ئەڵمانیای تێدا دروستدەکات.).

١- سەردەمی پڕوپووچیی یان سەردەمی نامۆبوون
“ئالان دۆنۆ” لە کتێبی(سەردەمی پڕوپووچی)دا ڕای وایە کە سیستەمی سەرمایەداری لە بەرژەوەندییایەتی کە فکر و دەروونی خەڵکی پڕوپووچ بکات، و بیرکردنەوەی لۆژیکی زۆربەی خەڵک پەکبخات و گەوجیان بکات، تا بەو هەلومەرجە سەختەی ئێستاکە هەیە، نەک تەنها ڕەزامەند بن، بەڵکو بە گونجا و ئەقڵانی بزانن.
بێگومان سیاسەتی چینی بۆرژوازی لە بەرژەوەندییایەتی کە مرۆڤەکان گەوج بن، بەڵام جگە لەم سیاسەتە نەخشە بۆ دڕێژراوەی بۆرژوازییەکان کە لە ڕێگای(گوتارەکان، میدیاکان، ئیدۆلۆژیاکان)مرۆڤەکان فریوودەدرێن، وە ئەمە ڕۆڵی سەرخانی کۆمەڵگەی سەرمایەدارییە(واتە ڕۆڵی لایەنی زاتی/ سۆبژەکتیڤ)لە گەوجکردنی کرێکاراندا، هەر وەها سیستەمی سەرمایەداری لە ژێرخانیدا، واتە لە پرۆسەی کار و پەیوەندی کار و سەرمایەدا بۆ خۆی بە شێوەێکی بابەتی، بێ سیاسەتی چینی بۆرژوازی و دەستوەردانی زاتی(واتە ڕۆڵی لایەنی بابەتی/ ئۆبژەکتیڤ)، چینی کرێکاران لە سیستەمی کاری کرێگرتەی سەرمایەداریدا نامۆ و گەمژە دەکرێن.
لە نامۆبووندا مرۆڤ زیاتر و زیاتر لە ئامێرێک دەچێت، و تا دێت لە سروشتی مرۆڤایەتی دوور دەکەوێتەوەو ناتوانێت کارامەیی و کەرەکتاری ئینسانی خۆی پەرە پێبدات. مارکس زیاد لە ۱۷۰ ساڵ لەمەوپێش نووسیبووی:
(کار بۆ دەوڵەمەندەکان شتە نایابەکان بەرهەم دەهێنێت، بەڵام بۆ کرێکاران بێبەشی بەرهەم دەهێنێت … کار بۆ دەوڵەمەندەکان جوانی بەرهەم دەهێنێت، بەڵام بۆ کرێکاران شێواوی. کار بۆ دەوڵەمەندەکان زیرەکی بەرهەم دەهێنێت، بەڵام بۆ کرێکاران گەمژەیی.).-(کرێکار تەنیا لە ئەرکە ئاژەڵییەکانیدا: کاتی خواردن و خواردنەوەو زاوزێکردن،، هتد، هەست بە خودی خۆی دەکات وەک ئینسان، ئەما لە ئەرکە مرۆییەکانیدا(کە کارکردنە)تەنیا ئەو هەستێکی هەیە بۆ لایەنی ئاژەڵی: ئەوەی ئاژەڵییە دەبێتە مرۆڤی، وە ئەوەی مرۆڤییە دەبێتە ئاژەڵی.)-What is animal becomes human and what is human becomes animal.)
لە دونیاێکی سەرمایەداری پڕ لە جەنگ و قەیراندا بوو، کە ۷۰ ملیۆن مرۆڤ کە مافی دەنگدانیان هەیە، ساڵی ۲۰۲٤ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا ترامپیان هەڵبژارد، وە شتێ کەمتر لە ۷۰ ملیۆنەکەی دی دەنگیان بە بایدن دابوو کە دیوەکەی ئەو دیوی دراوەکەیە. لە ڕاستیدا پێناسەێک بۆ ئەو نزیکەی ۱٤۰ ملیۆنە مرۆڤە لە(فریوودراو، ناهۆشیار و نامۆ) زیاتر، پێناسەێکی دی نییە. ئیدی ئاشکرایە دونیای ئەمڕۆکەی ئێمە پڕە لە مرۆڤی گرگنی نامۆی شوێن کەوتووی ئایدۆلۆژیاکان، کە وەک پارچە قوماشێک وایە، دراوە بەسەر چاویدا و ڕاستییەکان نابینێ.

لەمپەرەکانی بەردەم هۆشیاربوونەوەی چینی کرێکاران
سادەترین تێبینی بۆ هەرکەس ئەمڕۆکە ئەوەیە کە بڵێ:(چینی کرێکاران هۆشیار نین)-(چینی کرێکاران فریوخواردووی سیاسەتەکانی بۆرژوازین)، وە هەردوو تێبینیەکەشی دروستە. ئەمە لە ساتەوەختێکدایە کە دونیای سەرمایەداری ئەمرۆکە لە قەیرانێکی سەختی ئابووریدایە، جیهان خەریکە گلۆردەبێتەوە بۆ نێو ئاتوونی جەنگێکی ترسناک، و بۆرژوازی و دەسەڵاتدارانی پێشێلی مافەکان دەکەن و سەرکوت دەکەن.
ئەو پرسیارەی لێرەدا دەبێ هەر سۆسیالیستێک لەخۆی بکات ئەوەیە: بۆچی چینی کرێکاران هۆشیار نییە و شۆڕشی سۆسیالیستی ناکات؟!.
وجودی کۆمەڵایەتی چینی کرێکاران مەفروزە هۆشیارێکی شۆڕشگێڕی بەچینی کرێکاران ببەخشێ بەپێی ئەوەی:(بوونی کۆمەڵایەتی هۆشیاری کۆمەڵایەتی دیاری دەکات )، بەڵێ ئەوە دروستەو چینی کرێکاران ئیمکانیەتی گەیشتنیان بەو هۆشە سۆسیالیستییە هەیە، بەڵام کۆمەڵگەی سەرمایەداری چەندەها لەمپەر لەبەردەم ئەم ئیمکانییەتە دادەنێ. دەتوانین لەمپەرەکانی بەردەم هۆشیاربوونەوەی چینی کرێکاران دابەشکەین بۆ دوو کەتەگۆری:

١ / لەمپەرە ئۆبژەکتیڤەکان – ۲ / لەمپەرە سۆبژەکتیڤەکان
لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا(بە فیتشیسم بوون و بەنامۆیی بوون) لەمپەر لەبەردەم هۆشیاربوونەوەی چینی کرێکاران دادەنێن- لەمپەرە ئۆبژەکتیڤەکان، و چینی بۆرژوازی لەڕێگای گەلێ کەناڵەوە بیروباوەڕی خۆی زاڵ دەکات بەسەر کۆمەڵگەدا-(بیروباوەڕی زاڵ لە کۆمەڵگەدا بیروباوەڕی چینی دەسەڵاتدارە)- لەمپەرە سۆبژەکتیڤەکان. بۆیە چینی کرێکاران بەبێ کۆمەکی سۆسیالیستەکان ناتوانن تەنها خۆبەخۆی لە بەرئەنجامی ئەزموونەکانی خەباتی ئابووری خۆیان هۆشێکی چینایەتی شۆڕشگێریان چنگکەوێ، وەکاتێ بە درێژایی زیاد لە سەدساڵە سۆسیالیستەکان لاوازن، چەپی کۆن و چەپی نوێ چینی کرێکاریان بە هۆش و سیاسەتی بۆرژوازی ڕەونگاوڕەنگ گۆش کردووە.
“جۆرج لۆکاش”هەوڵیدا ڕۆڵی گرنگی حیزب لە هۆشیارکردنەوەی چینی کرێکاران و شۆڕشی سۆسیالیستیدا ڕوون بکاتەوەو دیفاع لەو تێزە بکات کە لە کتێبەکەی(مێژوو و هۆشیاری چینایەتی)هاتووە، لۆکاش نووسیبووی:(هەر جارێک هێرشێکی هەلپەرستانە دەکرێتە سەر دیالێکتیکی شۆڕشگێڕانە، لە ژێر ئاڵای”دژی سوبژێکتیڤیزم”دا بەرەوپێش دەچێت-(بێرنشتاین دژی مارکس، کاوتسکی دژی لینین.)،،، لەم ڕوونکردنەوەی خوارەوەدا دەیسەلمێنم کە لە ڕاستیدا ئەوەی لە مەترسیدایە هەمیشە پرسی ڕۆڵی حیزبە لە شۆڕشدا ،،،. کەواتە پێش هەموو شتێک زاراوەی سوبژێکتیڤ چی تێدەگەین؟. ،،، ئەرکی سوبژێکتیڤ لە پرۆسەی گەشەکردنی مێژوودا چییە؟.).- ۳.
بەڕای من کەموکورتی ڕونکردنەوەکەی لۆکاش لەوەدایە کە ئەو بەتەنها باس لە ڕۆڵی(سوبژێکتیڤ)ی- حیزبی کۆمۆنیستی و هۆشیاری چینی کرێکاران دەکات لە هەلومەرجەکەدا، و حیساب بۆ ڕۆڵی سوژەکەی دی کە ئەحزاب وئیدۆلۆژیەکان و سیاسەتەکانی بۆرژوازییەکانە ناکات، کە لەمپەر دادەنێن لەبەردەم هۆشیاربوونەوەی چینی کرێکاران و شۆڕش و گەشەی مێژوو. هەروەها ئەو پرسیارە لە خۆی ناکات کە ئایا ئەو حیزبانەی بە خۆیان دەڵێن کۆمۆنیست یان سۆسیالیست بەڕاستی هۆشیارێکی سۆسیالیستیان پێیە تا بیگەێنن بە چینی کرێکاران؟ وە ئایا پرۆژەی ئەو حیزبانە بەڕاستی دامەزراندنی دەسەڵاتی چینی کرێکاران و کۆمەڵگەی سۆسیالیسمە؟!.
——————————————————
سەرچاوەکان:
۱/ The Problem of Reformism and Marx’s Theory of Fetishism / CAROL JOHNSON
۲/ – کارل مارکس/ دەستنووسە ئابووری و فەلسەفیەکانی ساڵی ١٨٤٤ – کاری نامۆیی/ ئەرشیفی کارل مارکس لە ئینتەرنێت بە زمانی ئینگلیسی. – Economic and Philosophical Manuscripts of 1844. Karl Marx – Estranged Labour.
۳/ کێشەکانی هۆشیاری چینایەتی – ۱. سوبژێکتیڤیزم/ بەرگرییەک لە مێژوو و هۆشیاری چینایەتی – تایلزم و دیالێکتیک / جۆرج لۆکاش / وەرگێڕانی ئیستەر لێسلی لەگەڵ پێشەکییەک لەلایەن جۆن ڕیس و پۆستفەیس و سلاڤۆ ژیژەک/ لاپەڕە٥۰. Tailism and the Dialectic/Georg Lukacs – Translated by Esther Leslie
٤/ Marx and Alienation – Essays on Hegelian Themes – Sayers Sean -2011
٥/ ALIENATION, FREEDOM & COMMUNISM – RAJEEV KUMAR SEHGAL -(2016)- الاغتراب والحرية والشيوعية – راجيف كومار سيغال




زمان سوبێكت نییە.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا


(مرۆڤ چەند زمان بزانێت، ئەوەندە كەسەیە؟)

ئەو نووسینە هەوڵی هەڵوەشانەوەی گوتەزای (مرۆڤ چەند زمان بزانێت، ئەوەندە كەسەیە) دەدات، لە رێگای پێكراوی “زمان سوبێكت نییە” لەلایەك و “زانستی تەكنۆلۆژی” لەلایەكی دیكەوە. زمان سوبێكت نییە.. ئەگەرچی مرۆڤ، كەس، سوبێكت لەسەر یەك هێل قسەی زۆریان لەبارەوە كراوە و قسەی زۆریش هەڵدەگرن. بەڵام زانستی تەكنۆلۆژیا وەك خێرایی زانیاری و لۆژیكی ژیری، ئارەزووەكانی خودی مرۆڤ جێدەهێلێت! واتە ئەوەی من لەو نووسینەدا تۆخی دەكەمەوە، لەلایەك ئەو فەزا ئاسۆییەیە، كە مرۆڤ و كەس و سوبێكت لە ئارەزووی جەستەدا دەیبینێ و بەیەك هەناسە دەیانخوێنێتەوە. لەلایەكی دیكە شۆڕبوونەوەیە بەرەو بابەتی ژیری و خێرایی وەك زانستی تەكنۆلۆژیا و جێهێشتنی ئارەزووەكانی سوبێكت..
لێرەدا بەرانبەر گوتەزای سوبێكت چەند زمان بزانێت، ئەوەندە كەسەیە.. ئاڵای سپی داهێنانی (زمان سوبێكت نییە) بەرز دەكەینەوە، بەڵام نەك بە مانای دژبوونەوە، بەڵكوو بەو مانایەی كە سوبێكت سەرگەورەی زمان نییە.. بەو مانایەی كە زمان بەندەواری قبول ناكات.. بە كورتی دەمەوێ بڵێم زمان، دانووسانی جیاوازیی و نائاگاییە. بە دیوەكەی دیكەش ئاماژە بە خێرایی بیركردنەوە و زیرەكی دەستكرد دەدەم، چونكە داهێنانی زانستی تەكنۆلۆژیا ئارەزووەكانی سوبێكت دەخاتە سەرسامییەوە.
لە ماڵی سوبێكتدا قبولكردنی جیاوازی دەبێتە ئامانجی زمان، نەك رەتكردنەوە، بەڵام جیاوازییەك، كە لە پێناو گۆڕانكاری و سەیرورە و داهێنانی بەردەوامدابێت، نەك لە پێناو پەڕگیری و چەسپاندن. لەبەرانبەردا نائاگایی بۆ جیاوازی هیچ نییە، جگە لە بەدیهێنانی ئامانجی ئازادی نەبێت. كەواتە ئازادی وەك دانووسانی نائاگایی و جیاوازی بۆ داهێنان زەروورییە، وەك چۆن گۆڕانكاری و سەیرورە و داهێنانی بەردەوام بوونی سوبێكت بەرهەمدەهێننەوە. بەڵام لە ماڵی زیرەكی دەستكرددا خێرایی و ژیری سەرگەورەی جیاوازین.

دیالێكتیكی نائاگایی و ئەویدیكەی غەریبە
لە عەقڵانیەتی دیكارتییدا سوبێكت بكەرە. بەڵام لەو توێژینەوەیەدا دەمەوێ سوبێكت لە دانووسانی ئازادانەی نائاگایی و زەرورەتی ئەویدیكەی غەریبەدا تۆخ بكەمەوە. لێرەدا لە پرۆسیسەكردنی سوبێكتدا نائاگایی و ئەویدیكەی غەریبە، خودی خۆیان دەخەنە دەرەوەی سوبێكت، بۆ ئەوەی وەك خودێكی نامۆ دژ بە پەڕگیری و چەسپان ئازادی خۆیان پراكتیزە بكەن. بەخۆنامۆبوونی نائاگایی و ئەویدیكەی غەریبە نزیكایەتییەك لەگەڵ بیركردنەوەی هیگڵیدا دادەمەزرێنن.. وەك وێناكردنی مانگا سوورەكە لە شەوێكی رەشدا.. یان خونچە بۆ ئەوەی خۆی بناسێ، پێویستی بەوە هەیە ببێت بە گوڵ.. واتە هەوڵدەدەم لە رێگای چەمكی (نەفی نەفی هیگڵییەوە) چەمكی (سوبێكتی داماڵراو لە بكەرێتی) شیبكەمەوە، كە پاشان لە رێگای دیالێكتیكەوە (نائاگایی و زەرورەتی خێرایی و ئەویدیكە غەریبە) بە ئامانجی ئازادی خۆیان دەگەن..
بە كورتی دەمەوێ بڵێم: سوبێكت ناتوانێ لە رێگای داگیركردنەوە، چەمكی بكەرێتی قۆرخ بكات! نەك لەبەر ئەوەی پێكهاتەی سوبێكت نائاگایی و ئەویدیكەیە، بەڵكوو لەبەر ئەوەی سوبێكت بەرجەستەكردنی دۆخێكە، كە نائاگایی و ئەویدیكەی غەریبە تێیدا بیر لە ئازادی دەكەنەوە! لێرەوە لەبەرانبەر پێكهاتەكانی (سوبێكتی داماڵراو لە بكەرێتی) كە نائاگایی و ئەویدیكەی غەریبە دەناسێنێت، قەناعەتهێنان بە تێزی (زمان لە نائاگایی رسكاوە)ی ژاك لاكان هەر قەناعەتهێنان نییە بە (مانگا سوورەكەی هیگڵ لە شەوێكی رەشدا.. یان خونچە بۆ ئەوەی خۆی بناسێ پێویستی بەوە هەیە ببێت بە گوڵ).. بەڵكوو قەناعەتهێنانە بە ئازادییەكانی زمان و ئازادییەكانی ئەویدیكەی غەریبە و خێراییەكانی سەردەم.. بۆ ئەوەی (زمان) ئازادییەكانی خۆی و خێرایی بناسێنێ، دەبێ لە نائاگاییەوە بەرەو ئاگایی و سەیرورە و گۆڕانی بەردەوام و داهێنان و نەوەستان بێتەوە. بۆ ئەوەی ئەویدیكەی غەریبە ئازادییەكانی بگەشێتێتەوە، پێویستە لە ویناکردنی فەنتازی و سەرگەورەیی ئیگۆیانەی خۆی بێتە دەرەوە و خۆی نەك وەك پەڕگیر، بەڵكوو وەك دالێكی (جیاواز) بناسێنێتەوە.
بنەمای خاڵی یەكەمی ئەو لێكدانەوەیە ئەوەیە، كە هەرگیز (زمان وەك نائاگایی) لە دۆخی داهێنان ناوەستێ و بەردەوام هەنگاوی خێرا بەرەو گۆڕان و سەیرورە دەنێت.. بنەمای خاڵی دووەم ئەوەیە، كاتێك ئەویدیكەی غەریبە (لای ژاك لاكان) لەگەڵ زمان هاوسەنگ دەبێت.. هەڵبەتە مەبەست لە ئەویدیكەیەكە، كە سەرگەورەیی فریودەرانەی، یان پەڕگیری و بنبەستبوونی تێپەڕاندووە و پردێکی خێرایە بۆ قسەكردن لەگەڵ (ئەویدیكەی جیاواز).. بەو مانایەی كە قسەكردن سەرچاوەکەی ئیگۆ نییە، تەنانەت خودیش نییە، بەڵکو ئەویدیكەی جیاوازە. بەو مانایەش چەمكی ئەویدیكەی غەریبە (جیاواز) وەك بنەمای سەرەكی پێكهاتەی سوبێكت هەڵگری گریمانەی نەبوونییە و نزیكایەتی لەگەڵ نائاگایی زمان تۆختر دەكاتەوە..
بۆ پڕكردنەوەی بۆشاییەكانی ئەو دوو خاڵە لە گریمانەی نەبوونی، پشت بە قسەیەكی (فرۆید) و ئەزموونی نەبوونییەوە دەبەستم، لە بارەی پەیوەندی دایك و باوك و منداڵ، كە دەڵێت: منداڵ ئەو كاتە دایک بەبێ هێز دەبینێت، کاتێک دەبینێت چووکی نییە! دایك لەو بینینەدا وەك ئەزموونی نەبوونی دەلالەت لە نائاگایی زمان دەكات و لەلایەكی دیكە هەنگاونانی خێرای منداڵە بەرەو گرێی ئۆدیب (واتە مەیلی گەڕانەوەی كچ بۆ باوك و كوڕ بۆ دایك) بۆیە هەمیشە منداڵ لەو ئیمکانەی كە لای (دایك/ باوك) بەدەستی ناهێنێت، دەسڵەمێتەوە! لەبەرانبەر ئەوەدا نائاگایی زمان لە ئاكینجەبوونی كاتی سوبێكت لە ماڵەكەی خۆیدا (لەو ئیمکانەی كە لە ماڵ بەدەستی ناهێنێت) سڵ دەكاتەوە.. كەواتە ئەگەرچی نائاگایی زمان و ئەویدیكەی جیاواز پێكهاتەی ماڵی كاتی سوبێكتن. بەڵام ئێمە ناتوانین سوبێكت (لە ماڵی خۆیدا) بۆ ئەویدیكە غەریبە و نائاگایی زمان هەڵوەشێنینەوە؟! چونكە ئەو پێكهاتانە وەك روونمان كردەوە بەردەوام بوونی خۆیان لە ئازادیدا پراكتیزە دەكەن و بەندایەتی رەتدەكەنەوە.
بە گشتی زمان سوبێكت نییە، یان ناتوانرێت سوبێكت بێت! چونكە زمان وەك غەریبە، یان وەك نائاگایی، كردەیە.. بەڵام سوبێكت بكەرە.. سوبێكت فڕێدراوەتە نێو نائاگایی رووتی زمان و جیاوازییەوە. بەڵام نائاگایی زمان لە كار و بكەر تێدەپەڕێنێ و كردەیە.. نەك لەبەر ئەوەی زیندوویەتی خۆی بەردەوام لە بەرهەمهێنانەوەی كەلێن و بۆشاییدا دەبینێتەوە، یان لەبەر ئەوەی بەردەوام وەك كردە لە ئەزموونی نەبوونی راست دەبێتەوە.. بەڵكوو لەبەر ئەوەی بە مانا لاكانییەكەی سوبێكت ریاڵە و زمان رەمزە.
دەشێ ریاڵ بكەوێتە نێو كار و بكەرەوە، بەو مانایەی كە ژیانی تایبەتی هەیە. بەڵام رەمز دەكەوێتە نێو خەون و خەیاڵی نەزانراوەوە و خاوەنی هیچ گریمانە و پێشنیارێكی دیاریكراو نییە. بۆیە سوبێكت دەتوانێت نزیكایەتیكردنی ئەویدیكەی غەریبە (لە ماڵی خۆیدا) بێت، یان نزیك زمان بێت، لە ناوەوەی خۆیدا. بەڵام لە بنەڕەتدا غەریبە و نائاگایی وەك زمان بۆ سوبێكت خەون و خەیاڵی نەزانراون. چونكە بەندەواری سوبێكت نیین. لای فرۆیدیش خەون بونیادێكی رەمزی هەیە. غەریبە و نائاگایی وەك خەون و خەیاڵ هەردووكیان زمانێك لەخۆ دەگرن، كە یاسا و رێسای گۆڕان و سەیرورە لە رێگای ئازادییەوە پرۆسیسە دەكەن و لەوێشەوە وەك كارفرمای رەمزی دێنەوە..
زمان غەریبەیە و سوبێكت نییە! زمان دایكە لە نائاگایی منداڵدا.. بۆیە منداڵ (لە گرێی ئۆدیبدا) بەردەوام خەون بەو ئیمکانەوە دەبینێ، كە لە واقیعدا دەستی نایگاتێ. كەواتە زمان بوونێك نییە، لە ماڵی خۆیدا، چونكە ماڵی بوون قەڵەمڕەوی سوبێكتە و سوبێكت هیچ بەشێکی لێدەرناهێنرێت. سوبێكت ریاڵە و هەمیشە ڕیاڵ لەناو شوێنی خۆیدایە. شوێنی ڕیاڵ ماڵی سوبێكتە، بەڵام زمان بوونێكی رووتی بێ ماڵ و كۆچەری (لە خەیاڵ و خەونی سوبێكت)دا فەراهەم دەكات.
زمان وەك بوونی بێ ماڵ و كۆچەری بەردەوام نیگەرانی ئیمکانەكانی لە دەستدانی ئەو خەون و خەیاڵەیە، بۆیە هەمیشە ژیانی مەرگی خۆی هەڵگرتووە. زمان و نائاگایی بوون (بە بوون)ی ئەویدیكەی غەریبە لە خەون و خەیاڵی سوبێكتدایە، نەك لە ماڵی سوبێكتدا. لەبەرانبەر ئەوەدا سوبێكت وەك ریاڵ ناتوانرێت بەشێك بێ لە زمان و ئەویدیكەی جیاواز. ئەوە زمان و ئەویدیكەی جیاوازە هەمیشە وەك رەمز دەیانەوێ شوێنی ریاڵ بگرنەوە و هەرگیز ناتوانن! چونكە چەمكی ئازادی لە چەمكی چەسپان باڵاتر دەبینن. لەو حاڵەتەشدا زمان و ئەویدیكەی جیاواز بۆ سوبێكت تەنیا خەون و خەیاڵن و هیچی تر.
كاتێك جیاوازی و زمان (غەریبە- نائاگایی) لە جێگیربوونی كاتییانەی بوونی خۆیاندا وەك (دراوسێیەكی كاتی) هەنگاو بەرەو (بوون بە) دەهاوێژن و بەردەوام لە بوونی جێگیر دەچنە دەرەوە بۆ بەخێرهێنانی ناسنامەی مەرگی ئازادانەی خۆیان لە خەون و خەیاڵدا، یان كاتێك لەسەر دواخستنی مەرگی ئازادانەی خۆیان بەردەوام دەكەونە نێو خەون و خەیاڵەوە.. ئەوە دەسەلمێنن كە سوبێكت بوونی خۆی لە پێناو خێرایی خۆیدا نییە، بەڵكوو دەمێك گێڕانەوەی تەنیاییە و دەمێك گێڕانەوەی پێکەوەبوون و ئاشنابوونە بە زمان و جیاوازی.
لێرەدا سوبێكت جارێك دەبێتە خانەخوێی داهێنانی زمان و جارێك دەبێتە بارمتەی جیاوازی. یاریكەری سەرەكی لەنێوان گێڕانەوەی تەنیایی و گێڕانەوەی پێکەوەبوون (كات و ئازادیی)ە.. بەڵام سوبێكت نازانێت کات چی دەکات و ئازادی بەرەو کوێی دەبات. لەبەرانبەریشدا بەردەوام زمان و جیاوازی لە دەریای(کات و ئازادیی)دا ون دەبن و سەرئاو دەكەونەوە..

زمان و جیاوازی
كاتی بەخێرهێنانی داهێنان

زمان و جیاوازی، كاتی بەخێرهێنانی خەون و خەیاڵی سوبێكتن. كاتێك زمان و جیاوازی لە داهێنانی بەردەوام و جیاوازی خەون و خەیاڵ دەكەون، ئیتر داهێنان دەبێتە تەنیایی زمان و سەرئاو دەكەوێت. جیاوازیش خەون و خەیاڵی داهێنان لە گێڕانەوەی پێكەوەبوون ون دەكات.. كەواتە زمان و جیاوازی لە خەون و خەیاڵی سوبێكتدا بە جیھانمان دەناسێنیت و لە هەمان كاتدا جیھانمان لە خەون و خەیاڵدا بۆ نمایش دەكاتەوە.. لەوێوە سەرئاوكەوتنی سوبێكت لە داهێنان و ونبوونی سوبێكت لە خەون و خەیاڵدا دەناسینەوە.
سوبێكت كەوتۆتە نێو نائاگایی رووتی زمان و جیاوازییەوە، هەر نائاگایی زمان و جیاوازیشە خەیاڵی داهێنان لە سوبێكتدا دەوڕوژێنێ.. كەواتە بنەمای سەرەكی خەیاڵی ئەدەبی نائاگایی زمان و جیاوازییە و هەمیشە جیاوازی و نائاگایی زمان پرۆسەی داهێنان لە پەیوەندییەكی زیندوودا بونیاد دەنێتەوە. بە دیوەكەی دیكە سوبێكت (وەك سیستەمی فەنتازی فریودەر، یان وەك سوبێكتی بچووك) دەتوانێت خۆی لە سەرئاوكەوتن و ونبوون لابدات.. دەمەوێ بڵێم ئەوەی لەو شیكردنەوەیەدا بەشدارە بە مانا لاكانییەكەی ئەو بەشەیە لە سوبێكت كە سوبێكتی بچووك نییە، بەڵكوو سوبێكتی گەورەیە!
پرسیارە بنەڕەتییەكەی ئەو لێكۆڵینەوەیە ئەوەیە: ئایا (جیاوازی) و (زمان) ماڵی بوون بونیاد دەنێن، یان داهێنان؟! ئەگەرچی (زمان و جیاوازی و داهێنان) یەك ئەویدیكە پڕ دەكاتەوە.. بەڵام هەمیشە زمان و جیاوازی لە گۆڕانی بەردەوام و سەیرورەدان و داهێنان جێگیربوون و چەسپانی كاتی دەنەخشێنێت.. گۆڕانی بەردەوام و سەیرورە ماڵییان نییە و كۆچەریین. بەڵام جێگیربوون و چەسپانی كاتی لە دۆخی بێ ماڵییدا بەدی نایەن.. بەو مانایەش زمان و جیاوازی گێڕانەوەی تەنیایی و گێڕانەوەی پێكەوەبوون بەیەكەوە دەگونجێنن. بەڵام داهێنان گێڕانەوەی پێكەوەبوون دەچەسپێنێ. كەواتە سوبێكت لەلایەك وەك خانەخوێی داهێنان و لەلایەكی دیكە وەك خانەخوێ و بارمتەی زمان و جیاوازی خۆی یەكلانەكردۆتەوە. دواجار زمان و جیاوازی لەلایەك كاتی بەخێرهێنانی پێكەوەبوون و مەرگی جێگیربوونە، لەلایەكی دیكە كاتی بەخێرهێنانی سەیرورە و تەنیاییە، یان روونتر لە یەك كاتدا بەخێرهێنانی داهێنان و بەخێرهێنانی سەیرورەیە..
سوبێكتی داهێنەر بە زمان بیردەکاتەوە، داهێنانی جیاواز بەرهەم دەهێنێ و پارێزگاری و پاسەوانی لە ماڵی پێكەوەبوون دەكات. بەڵام زمان و جیاوازی لە حاڵەتی گۆڕانی بەردەوام و سەیرورە و نائاگایی و غەریبی و كۆچدان. لەلایەك داهێنانی جیاواز جێگیربوونی كاتی و دڵنیایی دەبەخشێت. لەلایەكی دیكە زمان و جیاوازی بەرەو گومان و نەزانراو هەنگاو دەنێن.. بەو مانایەش ماڵی بوون لەنێوان زمان و جیاوازی، داهێنان و سەیرورە، كۆچ و جێگیربوون.. دەكەوێتە لەرزەوە.. بەڵام لەبیرمان نەچێت هەمیشە (ماڵ) جێگیربوون دەنەخشێنێت، ئەگەرچی كاتیش بێت. هەمیشە (كۆچكردن)ی بەردەوام لە هەنگاونان بەرەو نەزانراو زیندووە.
بێگومان تەنیایی داهێنان لە جیاوازی پێكەوەبووندا ئامادەیی هەیە. بەڵام كۆچكردن وەك گومانكردن لە نیشتەجێبوونێكی كاتییدایە، بێ ڕابردوو و بێ داهاتووە! لەو ئاكنجیبوونە كاتی و كۆچەدا وێنەی ماڵێك نمایان دەكرێت، كە بەردەوام سنوورەکانی کات و شوێنی لە گۆڕاندایە. بەو مانایەش زمان وەك داهێنان لە هەموو كات و شوێنێکدا بوونی تەنیایی خۆی لە پێكەوەیی جیاوازی بووندا دەنوێنێ. بەڵام هەر کاتێك پەیوەندیی نێوان (ڕیاڵ) و (رەمز) نەما، هەر کاتێك (جیاوازی) لەگەڵ (زمان) پەیوەندییان تێكچوو، ئەوە بۆشایی داهێنان درووست دەبێت، ئەو بۆشاییە هەر تەنها هەستکردن بە ئەزموونی نەبوونی و تەنیایی و نامۆبوون و غەریبی نییە، ئەو بۆشاییە هەر تەنها بەرهەمهێنانەوەی نەبوونی نییە، بەڵكووهەستكردنە بە مەرگ، مەرگیش تەنیا بە بوون بە جیاوازی و زمان پڕ دەبێتەوە.

زمان و جیاوازی
ئازادی و گۆڕان

زمان و جیاوازی لە ئەویدیكە و نائاگاییەوە سوبێكت دادەهێنێتەوە، بەڵام ئازادی و گۆڕان لە تەنیایی و نامۆییەوە بەرهەمی دەهێنێتەوە. پەیوەندی زمان و جیاوازی لە داهێناندایە. پەیوەندی تەنیایی و نامۆیی لە سەیرورەدا زیندووە. كەواتە بەردەوام داهێنان دەبێتە پردی پەڕینەوەی گۆڕان و سەیرورە. هەمیشە ئارەزووی داهێنان پردێكە بێ ئەوەى هیچ توانایەكى نێگەتیڤیتى لەخۆدا هەڵگرتبێت، بە دیوەكەی دیكە بێ ئەوەی بتوانێت خۆى لە بۆشاییەكان بدزێتەوە؟!
دەمەوێ بڵێم لەنێوان ئارەزووی داهێنان و سەیرورەدا بۆشاییەك (پردێك) هەیە، بۆشاییەك، پردێك كە هەم زمانە و هەم گۆڕان.. بە مانایەكی دیكە پانتایی بەرفرەوانی داهێنانەكانی ئەو (پردە/ بۆشاییە) لەپشتى پانتایی بەرتەسكی سەیرورەوەیە. خودی ئەو هێلكارییە جۆرێكیشە لە ئیستیفزاز و ئارامیى هەڵگرتن لە سوبێكت لەو پانتاییە بەرفرەوانەی داهێنان و بەرتەسكەی سەیرورەدا. ئەو هێلكارییە سوبێكت دەخاتە نیگەرانییەوە، ئەو هێلكارییە سوبێكت بۆ گۆڕانێك هاندەدات، كە هەر تەنها پاراستنی سیستمی زمانی لەخۆ نەگرتووە، یان هەر تەنها رووتكردنەوەی خەیاڵی زمان نییە، بەڵكوو ویستی شیكردنەوەی پرد و بۆشایشە. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوەشدا بۆشایی و پردی داهێنان و سەیرورە هیچ وزەیەكی بۆ خراپبوون و زیانگەیاندن بە سوبێكت نییە، راستە هەمیشە ویستی شیكردنەوەی سوبێكت و بۆشاییەكانی سوبێكت دەوڕوژێنێ. لەبەرانبەریشدا سوبێكت تواناى شیكردنەوەی پرد و بۆشاییەكانی سیستمی زمان وەك نێچێرێك بۆ ژیری و زیرەكی دەستكرد دەردەخات و هەر هێندەشى لەدەست دێت، ڕووت و قووتی زمان و خەیاڵی بێبەرگری سەیرورە نیشانی ژیری و زیرەكی دەستكرد بدات! بەڵام وەك دەردەكەوێت ژیری و زیرەكی دەستكرد بەردەوام پێشوازی لە بەرهەمهێنانەوەی خەیاڵی بۆشاییەكان و ڕووتیی و سەیرورە سامناكەكەی خەیاڵ دەكات! بەو مانایەی كە زمان و جیاوازی لە داهێنانی ئەدەبییدا لە هەموو پرد و بۆشاییەكان، لە هەموو رووتییەكان سەرنجڕاكێشتر خۆیان دەنوێنن، بەڵام ئازادی و گۆڕان و سەیرورە لە زیرەكی و ژیری مەحاڵتر پیادە دەكرێن.
بنەمای سەرەكی داهێنانی خەیاڵی ئەدەبی نائاگایی زمان و جیاوازییە، بە دیوەكەی دیكەش ئەوە خەیاڵی زمانی ئەدەبیی و داهێنانە رووتی و گۆڕان و سەیرورەی بەردەوام لە جەنگی بۆشایی و پردی خەیاڵدا كۆ دەكاتەوە. ئەوە خێرایی و جەنگی بۆشاییە پتر لە مەحاڵ بڵاو دەبێتەوە! پردی خەیاڵ و جەنگی بۆشایی خانەخوێی داهێنان و بارمتەی جیاوازیین، یان گێڕانەوەی تەنیایی و گێڕانەوەی پێکەوەبوونن.. هەمیشە لە كۆی گۆڕانكاری و پرۆسەكانی داهێناندا ئاشتەوایی دەخەنەوە، پێچەوانەوەی ڕاگەیاندنى جەنگ دژ بە پەڕگیری و چەسپان و رەتكردنەوەی ئەویدیكەی جیاواز، كە بە ناوى پاراستنی داهێنانی دادپەروەرانە، هەندێجار لە بوارەكانی زیرەكی دەستكرددا دەیانبینین..
بەڵام خانەخوێی و بارمتەیی، تەنیایی و پێکەوەیی.. بەر لەوەی بە پردی خەیاڵ و جەنگی بۆشاییەوە بەرەو گۆڕان و سەیرورە هەنگاو بنێن.. بەرلەوەى ڕوخسارى داهێنان و گۆڕان لە پرد و بۆشاییدا بچەسپێن.. بەرلەوەى جیاوازی و خەیاڵی زمان وەڵامى پرسیارەكانی پردی چەسپاوی داهێنان بداتەوە و بۆشایی بكەوێتە بۆشاییەوە.. بۆشایی بكەوێتە لێسەندنەوەی گەیاندن و دواتر بۆشایی بكەوێتە لێسەندنەوەی بۆشاییەوە.. پردی خەیاڵ بەخستنە نێو جەنگێكی دیكەی بۆشاییەوە بەرەو گۆڕانكاری و داهێنانێكی دیكەی جیاواز دەبێتەوە!
كەواتە تەنها لە گۆڕاندا داهێنانی جیاوازی مومكینە، تەنها لە سەیرورەدا رووتبوونەوەی زمان مومكینە.. بەڵام هەر چۆنێ بێت سەیرورە روخسارى چەسپاوی داهێنان ناخاتە جەنگی بۆشاییەوە.. بەرلەوەى سەیرورە جەنگی بۆشایی ببینێت، لە پردی خەیاڵدا رووتبوونەوەی زمان (دهێنان) لە ئامێز دەگرێت و لەگەڵ یەكتریدا دانووسان دەكەن و روخسارى یەكتری بەرهەم دەهێننەوە.

پردی خەیاڵ و جەنگی بۆشایی
لە رووتبوونەوەی زماندا

لە بڕگەكانى پێشوودا ڕوونمان كردەوە، كە بۆچى سوبێكت لە جەوهەردا زمان نییە، ئەگەرچی باس لە جۆرێك لە مرۆڤ بكرێت، كە پتر مەبەست لێى ئەو كەسەیە، كە نیشانەی ناسراوى ژیری و زیرەكی هەڵگرتووە! یان واپێدەچێت بۆ سوبێكتی داهێنەر پرسیارەكان جۆرێكى تر بن، ئایا ئارەزووەكانی جەستە دژ بە زیرەكی و ژیری دەستكرد، پردی خەیاڵ و جەنگی بۆشاییەكان و نائاگایی رووتی زمان بە نیشتمانى خۆیان دەزانن؟!
لە سەرەتادا با بەراوردێكى دوو مۆدێلى جیاوازى (ئارەزووی جەستە لە خەیاڵی ئەدەبیدا) و (خێرایی زانیاری لە زانستی تەكنۆلۆژیدا) بكەین: یەكەمیان، وەك داهێنانی ئەدەبی و شانازییەك بۆ خەیاڵی نائاگایی رووتی زمان، بە هۆكارى ئەوەی كە لە بواری ئەدەبیدا مەلەی سوبێكتی داهێنەر لە دەریای نائاگایی رووتی زمان تا قووڵتر بێت، نرخی ونبوونی سوبێكت لە داهێنانی ئەدەبیدا بەرزتر دەبێت. دووەمیان، تا زانیاری بە خێراییەكی كەڵەكەكراوتر لە زانستی تەكنۆلۆژیا دەركەوێت، زیرەكی دەستكرد، سوبێكتی دەستكرد باڵاتر دەبێت. بە مانایەكی دیكە ئەو هێزەى زیرەكی دەستكرد بانگی بۆ دەدا، هەمان وزە متبووەكانی ئارەزووی جەستە نییە، ئەگەرچی داهێنانە، بەڵام داهێنانی زیرەكی دەستكرد نەپۆشراوە، داهێنانی زیرەكی دەستكرد لەسەر خێرایی و لۆژیك رادەبێتەوە.
بە گشتی داهێنان نە سیستمێكی چەسپاوی هەیە و نە هەڵبژاردنێكی پێشنیازكراو. لە مێژووی سوبێكتدا داهێنان لە هەوڵێکی خودی وسبەلێکراو و داپۆشراوەوە بەرەو ئۆبێكتی دیار و دانەپۆشراوە دەچێت.. وەک چۆن خەیاڵی جوانی ناتوانێ لە مرۆڤدۆستی و جیاوازی دەرنەكەوێت. ئارەزووی جەستەش (لەگەڵ هەموو جیاوازییەكان) ناتوانێ لە زانستی تەکنۆلۆژیا دەرنەكەوێت.. خەیاڵ بەرهەمهێنەری خەیاڵ و زانیارییە.. داهێنان داپۆشین و دانەپۆشینە و دەبێتە خەسڵەتی کۆبوونەوە و بڵاوبوونەوە. لە داهێنانی ئارەزووی خودی جەستەدا كۆبوونەوە لە رووتبوونەوەدایە. لە داهێنانی زیرەكی دەستكرد و رۆبۆتەكاندا بڵاوبوونەوە لە رووتنەبوونەوەدایە. یەکەمیان وەک فرۆید دەیگوت بنەمای ژیارییە، دووەمیان بانگی بڵندگەراییە.
کەواتە ئەوە سوبێکت و ئۆبێکتە، رووتبوونەوە و رووتنەبوونەوە، ئارەزووی جەستە و زانستی تەکنۆلۆژیا.. ئاراستەی جوولە جیاوازەکانی ژیان دەنرخێنن. بەڵام ئەو دوو دیدە جیاوازەی لە خەیاڵ و خێراییدا دەبینرێت، چییە؟ بێگومان ئەوەى وا لە سوبێكتی داهێنەر دەكات، لە رێگای خەیاڵی ئەدەبییەوە خۆی لە ژانوژوارەكانی واقیع بدزێتەوە، چێژی ئەدەبییە، یان جەنگی بە سوبێكتبوونە لە بۆشاییەكانی خەیاڵی زماندا، بەو مانایەی كە سوبێكت فڕێدراوەتە نێو خەیاڵی رووتی زمانەوە. بەڵام دۆخى زیرەكی دەستكرد جیاوازە، پێگەى خێرایی دەستكرد و نەپۆشینی زانیارییەكان بەو واتایە خۆی دەنوێنێ، كە هەمیشە هاوكار و هاوپەیمانى خەیاڵی داهێنان (بەگشتی)یە، بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ یارمەتیى گەورە و درێژخایەن بە داهێنان دەبەخشێت.. كەواتە وەك ئاماژەمان بۆ كرد، زیرەكی دەستكرد لەو هێزە ناچێ، بێ سڵ كردنەوە پردی خەیاڵ و ململانێی بۆشاییەكان بە گۆڕان و داهێنان و سەیرورەوە ڕابماڵێت! دەمەوێ بڵێم زیرەكی دەستكرد هێزێكى تێكدەر نییە، بەڵكوو بەشێكی گەورەی سوودگەرایی و ئاڵوگۆڕی و چێژی لە خۆدا هەڵگرتووە. بەڵام هەمیشە سوبێكت لەبەرانبەر رۆبۆتدا نیگەرانە و لە مەرگی خۆی هەڵدێت!

بۆشاییەكانی سوبێكت
زیرەكی دەستكرد

هەرگیز بۆشاییەكانی سوبێكت لەبەرانبەر زانستی تەكنۆلۆژیادا بەو مانایە نییە، كە خەیاڵی زمان و سەیرورەی داهێنان لە پاشەكشەدان، بەڵكوو بەو مانایەیە كە چیتر سوبێكت لە زانینی چەند زانیاری و زمانێكەوە كەسایەتی خۆی ناپێوێ! چیدی سوبێكت وەك هێزێكى سەرووی مەعریفەی زانراو بە تەنیا كردەی رەمزی نانوێنێ و چێژ و خۆشی نابینێ، بەڵكوو بەردەوام لە دۆخی سەیرورەی جیاواز و خەیاڵی داهێنان و خێرایی و لۆژیك و سەرسامی بەرهەمهێنراودایە..
سوبێكت وەك داهێنان بەرهەمهێنەری زانیاری و چێژە. زانستی تەكنۆلۆژیا كۆگای زانیاری لۆژیكی و چێژە. لە سوبێكتدا داهێنان بەردەوام پەیوەندی لەگەڵ بیركردنەوە و چێژ بەرهەم دەهێنێتەوە.. لە زیرەكی دەستكرددا زانیاری لۆژیكی كۆگاكراو سوودگەرایی و چێژ بەرهەم دەهێنێتەوە. چێژی داهێنانی خودی سوبێكت هەست و خۆشی دەوڕوژێنێ.. چێژی زانستی تەكنۆلۆژیا لە خێرایی و سەرسوڕھێناندایە. یەكەمیان رووی ئاواكاری لە وێرانكاری پترە. دووەمیان رووی ئاواكاری و وێرانكاری لەیەكەوە نزیكە. یەكەمیان خەسڵەتی كۆبوونەوە و جێگیربوونی چێژ پەیڕەو دەكات. دووەمیان خەسڵەتی بڵاوبوونەوە و دابەشبوونی چێژ دەنوێنێ، بەمجۆرە ئەگەر یەكەمیان پیاوسالارانە بكەوێتەوە، ئەوە دووەمیان ژنسالارانەیە..
كەواتە چێژی كۆبۆوەی خەیاڵی داهێنان و چێژی بڵاوبۆوەی خێرایی زانیاری، بە پلەى یەكەم لە مۆراڵى ئەدەبی و مۆدێلى زانستیدایە. یان بە مانای شیكاری دەروونی لە (ڤالووس/ خەسان)دایە. لێرەدا پرسیار ئەوەیە، چەندێتیى چێژ و چۆنێتی بیركردنەوە دەكەوێتە كوێی پیاوسالاریی و ژنسالارییەوە ؟
وەك گوتمان سوبێکت لە دۆخی (پیاوسالاریی)دا وەك خانەخوێی ژن و خانەخوێ و بارمتەی جوانی و جیاوازی خۆی یەكلانەكردۆتەوە، ئەو یەكلانەكردنەوەیە وەك گۆڕانكاری بەردەوام لە دۆخی (ژنسالاریی)دا بەرەو خێرایی دابەشبوونی چێژ و بڵاوبوونەوەی بیركردنەوە دەچێت. واتە بەردەوام پیاوسالاریی و سەیرورە بەرەو ژنسالاریی و خێرایی و لۆژیكی زیرەکی هەنگاو دەنێت. كەواتە کۆی ئەو یەكلانەكردنەوەیەی لە پیاوسالارییدا كۆبۆتەوە، هەر تەنها گومان لە سوبێكت ناچێنێت، بەڵكوو وەک تیغێكى دووسەرە گومان و تووندوتیژی لێدەبێتەوە.. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوەشدا ژنسالارییش لە توانای بەرهەمهێنانی گومان و تووندوتیژی بەدەر نییە.
بە كورتی ئەوە خەیاڵ و جیاوازییە لە رووە ئاسۆییەكەیدا بنەمای چێژ و ئاستی داهێنان لە سوبێكتدا دیاری دەكات. وەك چۆن لە رووە ستوونییەكەیدا گۆڕان و سەیرورەی بەردەوامی تێدا دەوڕوژێنێ. لە هەردوو رووی ستوونی و ئاسۆییدا سوبێكت و رۆبۆت سەر بە خێرایی و لۆژیك و چێژن. ئاستی خیرایی رۆبۆت بەرفرەوانترە لە ئاستی خێرایی سوبێكت، بەڵام لە دۆخى ململانێ و هێرشبردن و پارێزگاریكردندا هەمیشە سوبێكت پشت بە نائاگایی رووتی زمان و جیاوازی دەبەستێت. كەچی رۆبۆت بە خێرایی زانیاری بیركردنەوەی لۆژیكی ناسراوە. كەواتە هەمیشە لەبەرانبەر چێژی خێراو بڵاوی رۆبۆتەكاندا، چێژی خەیاڵی داهێنانی ئەدەبی و هونەری كۆمان دەكاتەوە.
گۆڕان و سەیرورەی خەیاڵی داهێنان و زانستی تەكنۆلۆژیا لە دوو ئاستدا ئامادەی- نائامادەن. خەیاڵی داهێنان وەك چێژی داهێنان (پارێزگاری) دەكات. زیرەكی دەستكرد وەك خێرایی زانیاری و لۆژیكی بیركردنەوە (هێرش) دەكات. ئەوەی (خەیاڵی داهێنان) لە (زانستی تەكنۆلۆژیا) جیادەكاتەوە كاتیی خێرایی و مۆڕاڵی جیاوازییە! ئەوەی (خەیاڵی داهێنان) لە (زانستی تەكنۆلۆژیا) جیادەكاتەوە چەمكی جێگیربوون و دابەشبوونە.. بەڵام خەیاڵی داهێنان و درێژكراوەكەی (زیرەكی دەستكرد) نە كاتی بە دەست كەسەوە هێشتۆتەوە و نە مۆڕاڵ، نە جێگیربوون و نە دابەشبوون.. زیندەگی لە زەمەنی خەیاڵی داهێنانی خێرا و درێژكراوەكەی لە جەنگدایە و جەنگیش چێژ و خۆشی ناس ناكات. جەنگ نە (كات) دەناسێ و نە (ئەخلاق)ى هەیە. بە دیوەكەی دیكەش لە كۆی هێرشە ئامادە و نائامادەكاندا گۆڕەپانی جەنگ سوبێكتە، رۆبۆت نییە! بە گشتی سوبێكت هەم هێرشەكەرە و هەم بەرگریكار.. سوبێكت قوربانییە، كە ناچارە بەرگریى لە ئامادەیی و لە هەمان كاتدا هێرشی نائامادەیی بكات.

هەڵوەشانەوەى سوبێكت
لەنێوان هێرشبردن و پارێزگاریكردندا

لە جەنگی زانیاری و چێژدا، نە سوبێكت دیارە نە لۆژیك… وەك چۆن لە جەنگی داهێنان و چێژدا، نە رووتی زمان خۆی دەنوێنێ و نە ئاستی بەرجەستەی جیاوازی… یەكەمیان لەبەر خێرایی، كاتی ئاوڕدانەوەی نییە.. دووەمیان لەبەر چێژی خوێنەری هەموو شتزان بیر ناكاتەوە.. هێرشی زانستی تەكنۆلۆژی لەسەر گریمانەی تووندوتیژی و گومان وەستاوە. هێرش و بەرگری خەیاڵی خوێنەر لەسەر كردەی گومان و تووندوتیژی چێژ دەردەكەوێت. كەواتە دەكرێ خواستی داهێنان و ئارەزووی خێرایی لە یەككاتدا لە بەرگریكردن و هێرشكردن، لە كۆبوونەوە و بڵاوبوونەوەدا ببینین. بەو مانایەش ئەوەی بەڕێوەمان دەبات ئارەزووی خود نییە، خێرایی تەكنۆلۆژیا نییە، گومان و تووندوتیژییە!
بە مانایەكی دیكە ئۆبێكتی ئارەزووی داهێنان لە رێگای سەیرورەی بەردەوامەوە بۆ زانستی تەكنۆلۆژیای خێرایی زیرەكی و لۆژیك دەگۆڕێت. بۆیە ئەمڕۆ كۆی ئەو گۆڕانكارییانە بازاڕیان لە هەموو كاتێك گەرمترە و خەڵكى سڤیلیان خستۆتە گومان و لەرزەوە! بە گشتی ئارەزووی داهێنان و زانستی تەكنۆلۆژیا نەك هەر كاتی بۆ رامان ئاوڕدانەوە نەهێشتۆتەوە، بەڵكوو تووندوتیژی و دڵەڕاوكێشی لاى بەشێكى زۆرى خەڵكى سڤیلی كۆی گۆى زەوى بڵاوكردۆتەوە.!
داهێنان هەر تەنها وەك ئۆبێكتی ئارەزوو ناچێتە نێو خێراییەوە، زانستی تەكنۆلۆژی هەر تەنها وەك خێرایی بڵاوبوونەوە داهێنان ناكات، بەڵكوو بە پاساوى گۆڕانكاری و سەیرورەی بەردەوام لە ژیاندا هەنگاو دەنێن، بەڵام ئەو هەموو هەوڵ و كۆششەی زیرەكی، ئەو هەموو داهێنانە یەك لە دوا یەكانە.. هیچ قەناعەتێك لای ئەو كەسانە دروست دەكەن، كە ئەخلاقییانە بیر دەكەنەوە؟
بێگومان لە پشت هەرهۆكارێكەوە هۆكارێكى دیكە هەیە، بۆیە وەك چۆن وزەی خەیاڵ پاساوى بۆ داهێنانی بەردەوام هەیە، بەمجۆرەش زانستی تەكنۆلۆژیا پاساوى بۆ خستنە لەرزەی واقیعی باو هەیە.. بەڵام دواجار ئەو هەموو خیراییەی زیرەكی دەستكرد و خەیاڵی داهێنان، ئارامی لە ژیان هەڵگرتووە! چونكە مرۆڤ هیچ دەرفەتێكی بۆ رامان لە جوانی لەبەر دەستدا نەماوەتەوە. ژیان كەوتۆتە نێو گومان و تووندوتیژییەوە. بە كورتى خەیاڵی داهێنان چەشنی زانستی تەكنۆلۆژی هەر تەنها بە داهێنانە یەك لەدوا یەكەكان و خێرایی زانیارییەكانی خۆی سەرسامە..
كەواتە ئەوەی بەرگری دەكات، سوبێكت نییە ئارەزووی ئۆبێكتە، بەڵام ئۆبێكت تەنیا چەمكێكە لەنێو گوتارەكانی سوبێكتدا، تەنیا لە چوارچێوەى سوبێكتدا دەتوانێ كۆبێتەوە. ئارەزووی ئۆبێكت لە سەروەری سوبێكتدایە. چەمكی (سەروەری) جۆرێك لە سەرگەورەیی بۆ سوبێكتی رسكاوی نێو خەیاڵی زمان و نائاگایی دەگەڕێنێتەوە، بەڵام زانستی تەكنۆلۆژیا و پەلهاوێژتنى بۆ پانتاییەكانی ژیان، ئارەزووی ئۆبێكتی لە كۆكردنەوە و سەپاندندا تێپەڕاندووە و لە خێرایی بڵاوبوونەوە و دابەشبوونی چێژدا گەمەی پێدەكات.. دەمەوێ بڵێم لە نائامادەیی چێژی كۆكراوەی ڤالووسیدا تۆڕە چێژ هەژمووندارە.
زانستی تەكنۆلۆژیا هەر تەنها خێرایی لە كۆكردنەوە و دابەشكردنی زانیارییەكان پرۆسیسە ناكات، وەك چۆن خەیاڵی داهێنان هەر تەنها كۆكردنەوەی پەیوەندیى چێژی خوێنەری جیاواز و چێژی زمان نییە. بە كورتی داهێنان گوێڕایەڵیكردن بۆ نەناسراوێكی رووت نییە، كە ئارەزووی جەستە و رۆبۆتەكانن.. كەواتە ئەو گۆڕانكارییە خێرا و سەیرورانەی لە گردبوونەوە و جێگیربوونەوە بەرەو بڵاوبوونەوە و دابەشبوونمان دەبات، گۆڕانكاری رووتی تەكنیكە.. میكانیزمی گومان و تووندوتیژیش رووتی تەكنیك و ئۆبێكتی خەیاڵ بەڕێوەی دەبات..
خەیاڵ كێیە، خێراییە یان ئەویدیكەی خوێنەر، تەكنیكە یان ئۆبێكت، پێكهاتەی زیرەكی دەستكردە یان بەشداریكەری داهێنان؟ بێگومان خەیاڵ نادیارە، خەیاڵ ئەوەیە، كە تەكنیك بەجێی دەهێنێ، تەكنیك بەرجەستەی دەكات، بۆیە هەرگیز (كێیەتى)یەكەی خەیاڵ بێ تەكنیك پێناسە ناكرێت، یان لەوەدا نییە پێناسە بكرێت.. کێیەتی خەیاڵ لەنێوان خێرایی دەستكرد و چێژی ئەویدیكەدا تەكنیكە، هەرگیز تەكنیكیش بۆ ئاماژەكان یان مانا دیاریکراوەكان ناگەڕێتەوە. کێیەتی خەیاڵ، ئۆبێكتی ئارەزوو و تەكنیكی خیرایی بەرهەمدەهێنێتەوە. دەتوانین بڵێین وێنەكانی خەیاڵ دەمامكی نائاگایی زمان و جیاوازییە. بەڵام ئەوەی وێنەی ئارەزووی جەستە و زانستی تەكنۆلۆژی لێکجیا دەکاتەوە، کردەی بەرهەمهێنانەوە و كاری سەرسامكەرانەیە! كۆبوونەوە و بڵاوبوونەوەیە..
هەمیشە وزەی كۆكراوەی خەیاڵ، بوونی خۆی لە بەرهەمهێنانی ئاستە جیاوازەکانی داهێناندا هەڵگرتووە. بەڵام رووتی خێرایی بوونی خۆی لە وزە دەرپەڕیووەكاندا هەڵدەگرێتەوە، كەواتە بەكارهێنانی ماتەوزەكانی داهێنان لە رێگای زیرەكی دەستكرد لە پێناو بڵاوبوونەوەیە.. بەشێكی گەورەی بڵاوبوونەوە لەپێناو دابەشبوونی بازاڕی زانیارییەكانە، لە دەركەوتنی سوود و چێژگەرایی و دووبارە دەركەوتنە. بەڵام دەركەوتنی داهێنانی خەیاڵ لە بەردەوامی ئاستە جیاوازەكانی بەرهەمهێنانەوەدایە.
وەك دەزانین زیرەکی دەستکرد هاوکاری داهێنان دەكات. داهێنانیش بە شێوەی جۆراوجۆر وزە متكراوەكانی دەخاتە خزمەتی زیرەكی دەستكردەوە. بەو مانایەش كردەی داهێنان ماتە وزە پۆشراوەكانی پێشكەش زیرەكی دەستكرد وەك رووتبوونەوەی دەركەوتن دەكات. لەبەرانبەریشدا زیرەكی دەستكرد وزە دەرپەڕێنراوەكانی خێرایی وەك نەپۆشین نیشان دەدات. لێرەدا داهێنان هیچی لە دەستنەداوە، بەڵکو لەژێر نەپۆشین پۆشینی بەدەستهێناوە! بە مانایەكی دیكە ئەوەی داهێنان بەدەستیهێناوە ئاستە جیاوازەکانی داهێنانی خەیاڵی پۆشینە. ئەوەی زیرەكی دەستكرد دەجوولێنێ، نەپۆشراوی خێراییە..
وزە دەرپەڕێنراوەكانی زیرەكی دەستكرد خەیاڵی نیین و لە زانینی پەتی دەردەكەون، بەڵام ئاستە جیاوازەکانی داهێنان جگە لە خەیاڵی داهێنان لە ئۆبێكتدا کورت دەکرێنەوە. بەو مانایەش وێنەی زیرەكی دەستكرد بەر لە دەركەوتن لە مەحاڵی نەپۆشیندایە. تاکە ئیمکانی رووتی داهێنان لە ئاستە جیاوازەکانی بەرهەمهێنانەوەی داهێناندایە..

ماتەوزە و وزەی دەرپەڕیوو
ئارەزوو/ تەكنۆلۆژیا
چەمكی (پەیوەندى)ی لەگەڵ ئەویدیكەی جیاواز و خەیاڵی داهێنان لە چەمكی ئارەزووی جەستەدا كۆدەبێتەوە. چەمكی (روو-بە-روو) بوونەوەی زانیاری و خێرایی لە چەمكی رووتی زانستی تەكنۆلۆژیادا بڵاو دەبێتەوە! بەو مانایەش ئامادەیی (ئارەزوو/ رووتی) دەرفەتى بەیەكەوەبوون و بڵاوبوونەوە، دەرفەتى دەرپەڕاندنی وزە متبووەكان و وزە دەرپەڕیووەكان ئاسانتر نیشان دەدات. واتە لەلایەك خوێندنەوەی ئارەزوومەندانە بۆ گەیشتن ئاسانتر دەكەوێتەوە، لەلایەكی دیكە مەرج نییە لە هەموو پەیوەندى و رووبەڕووبوونەوەیەكدا، لە هەموو (ئارەزوو) و (رووتی)یەكدا دەرفەتی كۆبوونەوە هاوتای دەرفەتی بڵاوبوونەوە بێت! چونكە لە فرە زانیاری و فرە رووتیدا پانتایی بڵاوبوونەوە و دابەشبوونی چێژ لە پانتایی چێژی كۆبۆوەی ئارەزوومەندانە فرەوانترە.. چونكە بەجێهێنانی چێژی وزە دەرپەڕیووەكانی (زانیاری-نەپۆشین) لەگەڵ پرۆسەی بەجێهێنانی چێژی وزە متبووە كۆبۆوەكان جیاوازە..
چێژی زانستی تەكنۆلۆژیا كە بڵاو و دابەشكراوە، لە گۆڕانكاریی بێكۆتایی هەنگاو بەرەو بانگێك لە بەرزایی نەبینراوەوە دەنێت، بە خێرایی زانیاری و خەیاڵە پڕ چێژەكانیانەوە دەبن بە دراوسێى چێژی وزە متبووە كۆبۆوەكان، یان بوونە ئەخلاقییەكەى ئارەزووی جەستە، لەو لێكنزیكبوونەوەیەدا خێرایی زانیاری دەیەوێ خەیاڵەكانی ئارەزووی جەستەی (دراوسێ) بخاتە ژێر پرسیار و تاقیكردنەوەی زانستییەوە و دواتر ئارەزوو چەشنی ئۆبێكت جێبهێڵێت!.. جێهێشتنی ئارەزووەكانی جەستەی دراوسێ وەك ئۆبێكت لە زۆربەی رووەكاندا دەلالەت لە پێشكەوتنی خێرای زانیاری و رووتی زانستی و بڵاوبوونەوە و دابەشبوونی سوودگەرایی و چێژ دەكات.
بەمجۆرە (پەیوەندى)ی ئارەزوومەندانە دەلالەت لە بەرپرسیارێتى ڤالووسی و بەرهەمهێنانەوە دەكات. بەڵام (روو-بە-روو) زانیاری و خێرایی ئاشكراكردنى ڕووتییە، لە هەر رووتییەك رووتتر.. هەڵبەتە پەیوەندی ئارەزوومەندانە هەوڵدەدات چەمكی رووبەڕووبوونەوەی زانیاری و خێرایی بخاتە بەردەم تەحەدایەكى ئەخلاقىیەوە، بەوەی یان دەبێت میواندارى لە چێژی ئارەزووی جەستە بكات، یان مۆدیلی تەكنۆلۆژی وەك مۆدیلێكی بێ مۆراڵى بسەلمێنێت. بێگومان بنەمای ئەو تەحەدایە لە ململانێی رەسەنێتی و ناڕەسەنێتی جوانتر دەردەكەوێت.. بە دڵنیاییەوە ئەگەر چەمكی خەیاڵ لەو خوێندنەوەیەدا وەلا بنێین، ئەوە تەحەدای مۆڕالی تاكە هەوڵێكە بەرانبەر نەزمى داگیركارانەی چێژی تەكنۆلۆژیا بوەستێتەوە.
ئەگەر ئارەزووی جەستە و ئاوێزانبوون وەك سیمایەكی ژاكاوی پەیوەندی نێرسالارانە تەماشا بكەین، ئەوە هێشتا مۆدیلی تەكنۆلۆژیا شتانێكی مێسالارانەی جیاوازی لەپێشەوەیە، كە بتوانێ دووبارە بیبەخشێتەوە و بەشى بكات! واتە مۆدیلی تەكنۆلۆژیا (وەك پەیوەندی و رووبەڕووبوونەوە) هێشتا بەرپرسیارە لە پێشوازییكردنی نێرسالارانەی ئەخلاقیی.. بەڵام پرسیار ئەوەیە، ئایا بانگی بڵندگەرایی مێسالارانە، بانگی پێدانى ئەدرەسی رووتبوونەوەیە، بە ئارەزووی نێرسالارانە.. تاكو لە سێنتەرگەرایی بێتە دەرەوە و بە دابەشبوون رازی بێت؟
لەبەر ئەوەی ئەویدیكەی جیاواز چیدی لە ماڵی نێرسالارییدا نییە و لە ژێر ئاسمانێكى بێ پەچەتر و بڵاودایە. لەبەر ئەوەی چیدی ئارەزووی جەستە ئارەزووی خستنەناوەوەی كۆبۆوە بەرانبەر بڵاوبوونەوە و دابەشكردن نییە، لەبەر ئەوەی ئەوە تەكنۆلۆژیایە دەبێتە زانیاری و خێرایی، نەك ئارەزووی جەستە.. ئیتر ئەو ململانێیە دەبێتە تووندوتیژیى بەرانبەر ئەو ئارەزووەی ماوەتەوە.. بەرانبەر ئەو سوبێكتەی بە هۆی تێپەڕاندنى كاتى تێپەڕێنراو دەكێشێتەوە و دەكەوێتە نێو ڕابردووەوە و لە ئێستا وندەبێت. ئەگەرچی ئەو سوبێكتەی ماوەتەوە هەمیشە پەیڕەوى دراوسێتیەكی باش دەكات، بەدەم بانگییانەوە دەچێت، با ئەدرەسەكە هەڵەش بێت..
ئازارى ئەدرەسی هەڵە لە كوێیە؟ لەوێوەیە كاتێك ئەو سوبێكتەی ماوەتەوە، ئەو ئارەزووەی لەبەرانبەر فرە زانیاری و خێراییدا ماوەتەوە، ئەو رەسەنە، وندەبێت.. وندەبێت بەرانبەر گوتاری ناڕەسەنی دەرەوە كە لە قسەكردن بە واتا سادەكەى زیاترە، لەوێشەوە هەر كە لە خۆی دەڕوانێت شەرم لەخۆی دەكات و ئارەزووەكانی دەكشێنێتەوە لە كشانەوەشدا پێش هەموو پرسێك داواى (ببوورە) دەكات.

پرسی (ببوورە)
لە تاقیكردنەوەی زانستیدا
تەكنۆلۆژیا لە ماوەی كاركردنیدا زانیارییەكی خێرا و زۆری ئاشكرا كردووە.. لەبەرانبەردا ئارەزووی سوبێكتی رەسەن پرسی میوانداریى (دراوسێی)ی بێمەرج بەرز دەكاتەوە.. واتە بە جۆرێك لە جۆرەكان ئارەزووی سوبێكت لەبەرانبەر چەمكی بڵابوونەوەی تەكنۆلۆژیدا دەستی لە چەمكی كۆبوونەوە شلكردووە.. بەڵام لای زیرەكی دەستكرد ئەو دەست شلكردنە بەنێو تاقیكردنەوەی زانستیدا نەڕۆیشتووە.. هەر شتێ بەنێو تاقیكردنەوەی زانستیدا رەتنەبێت، زیرەكی دەستكرد نایخوێنێتەوە.. كەواتە ئەگەر بمانەوێت بە درووستى لە پرسی (ببوورە) تێبگەین، ئەوە دەبێ بە تاقیكردنەوەی تەكنۆلۆژیایی بڵاوبوونەوەدا تێپەڕین..
پرسەكە ئەوەیە ئارەزووی سوبێكتی رەسەن لە دەستى كێ داوای لێبووردن دەكات؟ ئایا تەكنۆلۆژیا داگیرى كردین.. پرسی ببوورە ڕزگارمان دەكات؟! هەڵبەتە (ببوورە) وەك نەریتێكى مرۆڤدۆستانە لە دێرزەمانەوە هەبووە و هێشتایش هەر ماوە، بەڵام هەرگیز تەكنۆلۆژیا (زیرەكی دەستكرد) فریای دووبارەكردنەوەی ئەو پرسانە ناكەوێت، تەكنۆلۆژیا داكۆكی لە خێرایی و زانیاری دەكات وئاوڕناداتەوە..
كەواتە ئەو هاودەنگییەی لەنێوان زانیاریی و خێرایی درووست بووە، لەنێوان بڵاوبوونەوە و دابەشبوون درووست بووە، بەشێك لە هۆكارەكانى هەم قەتیسكردنی مرۆڤدۆستییە لە پیاوسالاری (سەركێشییەكانی ڤالووس)، هەمیش پێشكەوتنە خێراكانی مێسالاری و رووتییە، هەم گۆڕینى دراوسێ بوو لە بەدەمداچوونیی بێ مەرجەوە بۆ چێژ و قازانج و قۆستنەوەى وەك بارمتە..
بەمجۆرە زانیاری و خێرایی چیدی دەرفەتی ئاوڕدانەوەی لە دراوسێ نییە، تەنها وەك بارمتەی پڕ چێژ و سوود نەبێ، نایخوێنێتەوە.. ئیتر تەكنۆلۆژیا روخسارى دراوسێی لە دەرەوە و بۆ دەرەوە دەوێت، دراوسێ وەك ئۆبێكت بەكار دەهێنێت.. كاتێك تەكنۆلۆژیا لە دەرەوە لە سیماى بارمتە، لە سیمای دراوسێ دەڕوانێت، بۆ یارمەتیدانی ئەدرەسی هەڵەی خۆی پێدەدات.. نەك لەبەر ئەوەی خانەخوێ كۆنترە لە بارمتە، نەك لەبەر ئەوەی تەكنۆلۆژیا بەردەوام گۆڕانكاری و سەیرورەیە و خانەخوێ لەبری بارمتە جێى جیاوازی گرتۆتەوە.. نەك لەبەر ئەوەی تەكنۆلۆژیا ئەویدیكەیەكی كۆچەرییە و ئاوڕ ناداتەوە، ئەگەرچی خێرایی و زانیارییەكانی چەوساندنەوەى جیاوازیشی لێبكەوێتەوە.. یە كورتی تەكنۆلۆژیا فریا ناكەوێت لەبرى زانستی تاقیكردنەوە لەگەڵ پرسی (ببوورە) ئەخلاقى بێتەوە! جگە لەوەش ئەخلاقیبوونى تاقیكردنەوە لە خێرایی كەم ناكاتەوە.. خێرایی زانیارییەكان بەرپرسیارێتیان نییە.. زیرەكی دەستكرد لە رووى ئەنتۆلۆژییەوە نا-ئەخلاقییە. تەكنۆلۆژیا لەو تووندوتیژییەدا، كە تووندوتیژیى تۆتاڵێتییە و تووندوتیژییەكەی لە خێرایی دەرچووە.. بەردەوام گەمەى بارمتەكان و هەڵگەڕانەوە و جێگۆڕكێ دەكات. لەبەرانبەریشدا سوبێكت كە بارمتەى زمانی نائاگایی و جیاوازیی و داهێنانە لە (ببوورە)دا هاوبەشى تەكنۆلۆژیا بكات، كە دیسان هەر تەكنۆلۆژایە.

هەولێر 12/1/2025
عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا




ئادیابین، ئەزموونێك لەبەردەم مێژوودا.. حەیدەر عەبدولرٍەحمان

زنجیرە درامای (ئادیابین) لەدەرهێنانی حەسەن عەلی خان، لەو دراما مێژووییە كاریگەرانەیە كە دەبێت لەسەری بوەستین و تاو تۆیەكی لۆژیكی و زانستی لەسەر بكەین
چونكە وێڕای هەموو لایەنە ئەرێنییەكانی، گرنگە لەسەڕ لایەنە نەرێنیەكانیشی پاز نەدەین .
بێ شك زنجیرەیەك بیەوێت خەباتی سەدەیەكی نەتەوەیەك بەرجەستە بكات، بەهەموو ڕووداوو كارەساتەكانیەوە، ڕوو بەڕووی گەلێك ئاستەنگی مێژوویی، فیكری، هونەری دەیێتەوە.
من دوای چاوەڕوانیم بۆ دوماهی هاتنی دوا ئەلقەی زنجیرە دراماكە، شرۆڤەیەك بۆ هەندێ لایەنی هونەریی زنجیرەكە دەكەم.

سیناریۆ
مەترسیدارترین شتێك لەكاری درامیدا، دەست بردنە بۆ مێژوو، بەڵام ئەمەش ئەوە ناگەیەنێ كە دەست لەكاری مێژوویی هەڵگرین.
لەكاتێك كە ئێمەی كورد، لەهەموو گەلانی دنیا زێتر، پێویستیمان بەوە هەیە، مێژووی پڕ لە سەروەری خۆمان بەدراماو فیلم تۆمار بكەین.
هیچ كاتێكیش لەمڕۆ گونجاوتر نیە، بۆ ئەنجامدانی ئەو پرۆسە هونەرییە نەتەوەییە.
بەڵام ئەمەش ئەوە ناگەیەنێ كە هەلێكی بچووكمان بۆ ڕەخسا، دەست نەپارێزین و تەڕو وشك پێكەوە بسووتێنین، لەبری ئەوەی ئەو مێژووە شكۆمەندەی خۆمان بەپیرۆزی ڕابگرین، بیشێوێنین.

سیناریۆ
یەكێ لەو خاڵە بنەڕەتیانەی دەبنە بنەما بۆ هەر بەرهەمێكی درامی سیناریۆیە، كە چارەنووسی درامای بەدەستەو لەوێوە دەست بەیەكەم هەنگاو دەكەین، بۆ دوا هەگاو..
لە هەندێ وڵات، بۆ نووسینی دراما تەنیا سیناریۆ نووسێك بەس نیە، بۆ نووسینی زنجیرەیەكی درامی، بەڵكو چەند سیناریۆ نووسێك بەشداری لەبەرهەمەكدا دەكەن و ڕووداوەكان لەنێوان خۆیاندا دابەش دەكەن.
لای ئێمە بەپێچەوانەی ئەو كارە، دەرهێنەر خۆی هەم دەبێتە دەرهێنەر، هەم سیناریۆ نووس.
ڕەنگە ئەو حاڵەتە بۆ بەرهەمێكی كۆمەڵایەتی، كۆمێدی، ڕۆمانسی بگونجێت، كە دەرهێنەر خۆی سیناریۆ بنووسێ، بەڵام ئەو حاڵەتە بۆ زنجیرە مێژووییەكان دەبێتە كارێكی سەخت، چونكە مەرج نیە دەرهێنەر نووسەریش بێت، ئەگەر دەرهێنەر نووسەریش بێت مەرج نیە شارەزا بێت لەبواری مێژوودا.
هەموو ئەو ڕەخنانەی ئادیابین لەسیزنی یەكەمدا ڕوو بەڕوووی بۆوە، بەشی زۆریان لەلایەنی مێژوویی بوو.
لەزۆر شاكاری دیكەی تەلەفزیۆنی دیومە، دەرهێنەرەكان بۆ خۆ دوورخستنەوە لەهەڵە مێژووییەكان، لێژنەی تایبەتیان داناوە بۆ مێژوو، زمان..
ئەو لیژنانە باری دەرهێنەر سووك دەكەن، ئیدی ئەوەندەی دەرهێنەر سەرقاڵی سیناریۆو دایلۆگ دەبن، سەرقاڵی داڕشتنی تێڕوانین و پلانی جوانكاری خۆی دەبێت، بۆ بەرجەستە بوونی بەرهەمەكەی.
ئیدی پێم وایە ئەركی دەرهێنەرێك نیە سیناریۆ بۆ نزیكەی سەدەیەكی نەتەوەك ئامادە بكات، بە پشت بەستن بەخۆی!

بازدان لەمێژوو
وەك لۆژیك مەعلوومە كە چەند ئەوەندەی ڕووبەری مێژوو گەورەترو فرەواتر بێت، دەسەڵاتی دەرهێنەر بۆ دەستەبەر كردنی ئامانجەكان، سەختترو دژوارتر دەبێت.
ئەو زەمەنە دووروو درێژەی دەرهێنەر دیاری كردووە، بۆ بەرهەمهێنانی زنجیرە دراماكەی، پڕترین زەمەنێكە لە ِووداوو كارەسات، لەئاستی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و لەئاستی كوردستان بەتایبەتێ.
بۆیە هیچ دەرهێنەرێك توانای ئەوەی نیە ئیدیعای ئەوە بكا، دەسەڵاتی بەرجەستە كردنی هەموو ئەو ڕوودانەی هەیە لەزنجیرەیەكی شەست ئەلقەییدا.
مەگەر بەبازدان نەبێت لەسەر ڕووداوەكان و بەكارهێنانی كۆمەڵێ فڕو فێڵی هونەری، وەك دانان و لابردنی وێنەی سەرۆكەكان و گێڕانەوەی ڕوداوەكان لەشەقام و چایخانەكان.
هەندێ ڕووداو هەن لەو مێژووەی دەرهێنەر بەسەرپێیی و بەچاو قوچانێ لەدراماكەدا تێدەپەڕن، وەك پەڕینەوە لەئاراس، دوانزە ساڵەی مانەوەی بارزانی لە ڕوسیا، زۆری تریش
ئەم بازدانە خێرانە غەدرن لەمێژوو دەكرێن
خۆ ئەگەر دەرهێنەر مەودا مێژووییەكەی دیاری نەكردایە، ئەوكات نەدەكەوتە ژێر پرسیاری مێژوویی.

ئاراستە سیاسی و حزبیەكان
لەبەشی یەكەمی زنجیرەی(ئادیابین) دەرهێنەر فۆكسی خستبووە سەر لایەنی مێژوویی شاری هەولێر وڕەهەندی فرە نەتەوەیی و پێكەوە ژیان لەو شارەدا، بۆ خاتری بەرهەمهێنەرەكەشی جەختی لەمێژووی پەیوەندی دێرینەی كوردو ئاشوورییەكان كردەوە، بەتایبەت لەسەردەمی شێخ عەبدولسەلام بارزانی، چیرۆكی داڵدەدانی لەلایەن قەشە (مارشەمعون)
بەڵام لەبەشی دووەمدا دەرهێنەر ئەو ئاراستەیەی گۆڕی، پتر سیمایەكی تڵخی سیاسی و حزبی فەرشی خۆیان بەسەر دراماكەدا ڕاخست.
بەتایبەت دوای ئەوەی هەموو دەرگا قفڵ دراوەكانی بەرهەهێنانی دراماكەی بۆ كرایەوەو زامنی بەشی سێیەم و چوارەمیشی كرد.
لێرەدا ئامانجە بنەڕەتیەكانیش بەپێی ڕەوش و چارەنووسی دراماكە گۆڕانكارییان بەسەردا هات وهاوسەنگی بەرهەمەكە تێكچوو، لەپرۆسەیەكی نیشتمانی و نەتەوەیی گەورەوە بچووك كرانەوە بۆ پرسێكی سیاسی و حزبی .
بەمەش كار كردن لەسەر كاری درامی و فانتازیایی كەم كرایەوە، لە بری ئەوانە خیتاباتی سیاسی و دروشم و هیتافاتی ڕووكەش باڵی خۆیان بەسەر بەرهەمەكەدا كێشا.
بەڵام هەمیشە سەردەم پێوەری خۆی هەیە، بۆ لەئامێز گرتن و ڕەتكردنەوەی هەر بەرهەمێك، چونكە دیارە كە ئەزموون و فكرو تێڕوانینی بینەر گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە, سەردەمی دروشم و هیتافات و لەدرامادا بەسەر چووە.
دەبێت دەرهێنەر توانای ئەوەی هەبێت بەدراماو كامێرا قسە لەگەڵ بینەردا بكات نەك خیتاب، چونكە كەس ئامادە نیە لەدرامادا گوێ‌ لەخیتاب بگرێ‌.
بینەری ئەمڕۆ لەوانەی ناكەونە ژێر كاریگەری سۆزو بەدیمەنی تراژیدی گەمە بەعەقلو سۆزیان ناكرێ‌، ئەگەر هەر هەموو دیمەنەكان پڕ كەیت لەشین و واوەیلاو گریان و فیغان.

ئەمە لەدرامای نوێ‌ دا جێگەی نابێتەوە.
بینەر دەیەوێ‌ بۆ وروژاندن، دەرهێنەر دەسەڵاتی هونەری خۆی بەكار بێنێ‌، بیسەلمێنێ‌ چۆن بەكامێراو موزیك و سیناریۆی كاریگەر بینەر لەخۆی ڕازی دەكات، هەر لادانێك لەو چوارچیوەیە بەدەست درێژی دەزانێ‌ بۆ سەر عەقلو مەزاج و دەروونی.
ئەو درامایانەی لەژێر دەسەڵاتێكی لاوازی هونەری دا فشارێكی لەخۆیان گەورەتریان دەخرێتە سەرو ناچار بەتێپەڕاندن دەكرێن، لەبری ئەوەی ڕووداوەكان لەخۆیان جوانتر بكەن، ڕووداوەكان لەخۆیان ناشیرینتر دەكەن .

دیمەنەكانی شەڕو هاوسەنگی دراما
دەرهێنەر كۆمەڵێ‌ دیمەنی شەڕو موقاوەمەی پێشمەرگەی نیشان داوە، بەسوود وەرگرتن لە ستافێكی شارەزاو پسپۆر لەبواری سەربازی و تەقینەوەو تەكنیكی دروست كردنی دیمەنی شەڕەكان،
لەمەدا ڕوویەكی كارامەی جوانی نیشان داوە، بەڵام شەڕەكانیش تەنیا تەق و تۆق و تەقینەوەو كوشتن و بڕین نیە، ئەوانیش پێویستیان بە سیناریۆ هەیەو لەناو ئەو شەڕانەدا دەبێت چیرۆكی جوان جوانی مرۆیی و ئازایەتی و مەردایەتی دەر بكەون.
دروست كردنی دیمەنی شەڕ لەدراما مێژوویی و سیاسیەكاندا جێگەی خۆیان دەكەنەوە، ئەگەر بە نەخشەو دیزاینێكی هونەریی و ستراتیژیەتێكی تۆكمە دابڕێژرێت و زۆر لەسەر یەك دووبارە نەبنەوە، كە چاو لەبینینیان بێزار بێت و كوالیتی هونەریی و ئامانجە بنەڕەتیەكانی ئەو شەڕانە لەدەست بدەن.
من بەدرێژایی بەشی دووەم و لەئەلقەی 21 دیمەنی گەڕانەوەی پێشمەگە بریندارەكانم بینی، لە تیمارخانەیەك كە ئافرەتە ئاوارەكان كاری تیماركردنی پێشمەرگە بریندارەكانیان دەكرد، بینیم چۆن ڕەیحان دەستی برینداری (بارزان) ی ئەڤینداری خۆی دەكرد، كەچی دایكە دڵ ڕەقەكەی كاتێ‌ ئەو دیمەنەی نێوان (ڕەیحان) و (بارزان) ی كوڕی دەبینێ‌، لەڕق ڕادەچێ‌ و برین پێچەكەی هەڵدەپچڕێنێ‌.
یان دیمەنی (بارزان) كاتێ‌ لەناو ئاگربارانی شەڕدا، دەسرۆكی ڕەیحانی ئەڤینداری دەردێنێ‌ و سێبووری خۆی پێ‌ دەداتەوەو تێنوویەتی دڵی پێ‌ دادەمركێنێ‌.
ئەو دیمەنە تایبەتیانەی ناو شەڕەكان كە بینەر لەكەش و هەوای شەڕەكان دەردێنێ‌ و چیرۆكێكی بچووكت پیشان دەدەن كە لەو كاتەدا لەشەڕەكان گەورەتر دەردەكەون، لەو زنجیرەیەدا زۆر بە دەگمەنن، یان بوونیان نیە.

ئەفسەرەكان دەبنە پاڵەوان
بەڵام لەشەڕێكی تردا، كاتێ‌ پێشمەرگەی ناوشارو رێك خستنەكانی تەڵە بۆ كاروانی ئۆتۆمبیل و پیادەی سەربازانی ڕژێم دادەنێنەوە، كۆمەڵێ‌ لەئافرەتان بەشداری تەڵە نانەوەكە دەكەن، ئەفسەرەكە لەدەستیان ڕادەكا، پێشمەرگەو ژنەكان بەدوایدا ڕادەكەن (ئێستاش نەمزانی ئەو كۆمەڵە ژنە بۆ خۆیان و دەمانچەیەك لەگەڵ پێشمەرگەكان بەئۆتۆمبیل بەدوای ئەفسەرەكە كەوتبون.
كاتێ‌ ڕوو بەڕوو بوونەوەكە ڕوو دەدات، دەرهێنەر ئەفسەرەكە دەكاتە پاڵەوانێك و هەر هەموویان بریندارو قات و قڕ دەكات، تا لەكۆتاییدا كوێرە گوللەیەك بەر ئەفسەرەكە دەكەوێت و زۆر قارەمانانە لەناو ئەو هەموو پیشمەگە بەزیوە دەكوژرێت.
لەشەڕێكی تریشدا كاتێ‌ رائید (عیماد) بەئۆتۆمبیلەكەی بەسەر كەمینێكی پێشمەرگە بەخۆی و تەنیا دەمانچەیەك تێدەپەڕێ‌، بەچوار پێشمەگە تەقەی لێ‌ دەكەن، دوای شەڕێكی سەخت، هەرچی دەسەڵاتیان هەبوو بەكاریان هێنا، ئینجا توانیان ئەفسەرەكە بكوژن.
لەو دوو شەڕە دەرهێنەر پێشمەرگە زۆر بەلاوازی نیشان دەداو ئەفسەرەكانیش ئەگەرچی لەئەنجامی شەڕەكان كوژران، بەڵام وەك پاڵەوان دەركەوتن .
ئەمەش ئەو شەڕەیە كە ئامانجە ڕاستەقینەكەی لە دەست دەدات.
ململانێ‌ ی درامی و دروست بوونی گرێ‌ چنی لەئادیابین دا
بەدرێژایی بەشی دووەم هەستم بەبوونی هیچ گرێ چنیەكی درامی نەكرد بموەستێنێ‌ و خەیاڵم لەگەڵ خۆیدا بەرێت بۆ چاوەڕوانی لەئاكامەكەی، تا لەئەلقەی 21 بۆ یەكەم جار ڕوو بەڕووی ئەو گرێ‌ چنیە درامیە بوومەوە.
گرێ‌ چنی لەدرامادا چوار كاریگەری سەرەكی هەیە، كە پەیوەستە بەگەشە سەندنی ڕۆحی دراماكە لە ڕووی:
1.ریتمی دراما بەرز دەكاتەوە و گەشە بەململانێ‌ ی نێو دراماكە دەدا.
2.توخمی چێژ لەدرامادا دروست دەكات و بینەر ناچار بەوروژاندن دەكات.
3.زێتر ئاشنا بەكاراكتەرەكانت دەكات، بەتایبەت لەلایەنە سایكۆلۆژییەكەوە.
4.تێكەڵاو بوون و خۆ بەستنەوەی بینەرو هۆگر بوونی بەڕووداوەكانی نێو دراما پتر دەكات.
لەئەلقەكانی بیست بەرەو سەر، هەستم كرد ریتمی دراماكە و ئاراستەكانی گۆڕانكاری بەسەردا هات، وای كرد هەست بەتام و چێژێكی تر بكەم.
بینیم كێشە كۆمەڵایەتیەكان ئاوێزانی كێشە سیاسیەكان دەكرێن، یان هەردوكیان بەیەكەوە بەڕێوە دەچن.
تەنانەت دیالۆگ و زمانی كاراكتەرەكانیش هەمان گۆڕانكارییان بەسەردا دێت و بینەر گوێ‌ بیستی كۆمەڵێ ‌ بابەتی واقیعی دەبێتەوە، كە ڕاستگۆیانە لەدەمی كاراكتەرەكانەوە گوێ‌ بیستیان دەبێت.
ئەم كورتە چیرۆكانەی ئەشق لەناو جەرگی ڕووداوە سیاسیەكاندا، جوانییەك بەبابەتی گشتی دراماكە دەبەخشی، وێڕای دەرچوونی بینەر لەئەتمۆسفیری شەڕو هەواڵەكانی شەڕ لەكەش و هەوای چیاكان و ئەشكەنجەو ئازاری ئاوارەیی، هەناسەیەكی ئارامی بەبینەر دەبەخشی.
لەهەمان كاتدا ریتمی دراماكە بەرز دەكاتەوە و بینەر ڕوو بەڕووی ئەو گرێ چنیە دەكاتەوە كە لەدراماكەدا چاوەڕوانی دەكرد.
گرنگترین ئەو گرێ چنیانە:

  1. گرێ‌ چنی پێداگری دایكی بارزان و سووڕ بوونی بارزان لەسەر بەیەك بوونیان لەگەڵ ڕەیحان
    2.گرێ‌ چنی ململانێ‌ ی بارزان و ئومێد كە گەیشتۆتە تۆپ، لەسەر ڕەیحان و چاوەڕوانی تەقینەوەی ئەو ململانێیە.
    لەگەڵ ئەو گۆڕانكاریانەی لەو ئەلقەوە دروست بوون، هەستت بەگۆڕینی فۆرمی دراماكەش دەكرد، بەشێوەیەك ئاواتی ئەوە بخوازی، بڕی ڕووبەری ئەو فۆرمە تێكەڵاوەی نێوان سیاسەت و كۆمەڵایەتی زێتر بووایە، لەفۆرمی تەنیا سیاسەت و كۆبوونەوە سواوەكانی سیاسەت و خیتابی سیاسی، كە زۆرێك لەپانتایی دراماكەی داگیر كردبوو.
    لەپەراوێزی ئەو ڕووداوانەی دوایی، كۆمەڵێ ‌ گرێ‌ ی دیكەی لاوەكی دروست بوو، لەوانە زێدە كردنی دیمەنەكانی خۆشەویستی و سۆزداری نێو كاراكتەرەكاندا لەوانە
    ئەڤینداری ساڵح و ئەفسانە ـ كە سەرەتاكانی لەمنداڵیەوە دەستی پێكردبوو، بەڵام دواتر خۆشەویستی تاك لایەنانەی سەلواش بوو بەپارچەیەكی دیكەی ململانێی نێوان ئەفسانەو سەلوا، بەڵام بەریتمێكی لەسەرخۆ.
    تراژیدیاكانی ئادیابین
    ڕاستە كە ژیانی كورد بەگشتی زنجیرەیەك مەرگەساتی جەرگ بڕە، ئازارەكانیان لە بن نایە، بەڵام ئەركی دراما ئەوە نیە برینەكان قوڵتر بكاتەوە، بینەر نغرۆی خەم و خەفەت و چۆك شكان بكاتەوە، بەڵكو لە سەختترین حاڵەتەكانی بێ‌ ئومێدی، پانتاییەك بۆ هیواو گەڕانەوەی ورە بەجێ‌ بێڵێ‌.
    بۆیە ڕەفتار كردن لەگەڵ تراژیدیا پێویستی بەهوشیارییەكی زۆر هەیە، ناكرێن بینەر لەئەنجامدا دووچاری ڕمان و ڕوخانی دەروونی بێتەوە، بەڵكو نیشاندانی دیمەنە تراژیدیەكان بكات بەفاكتەرێك بۆ تێگەیشتنی بینەر لەخەبات و قوربانی دانی گەلێك لەپێناو ئازادی دا.
    بۆیە گرنگە دەرهێنەر لەتراژیدیادا هاوسەنگیەك دروست بكات لەنێوان ئازارەكانی گەلێك و ئیرادەو هێز، نەك ئەوەندە بەڕووتی نمایش بكرێت چ چێژو عیبرەتێكی تێدا بێت لەگەڵ خۆیدا ڕایماڵێ‌ .
    لەئەلقەی كۆتایی دا كۆمەڵێ‌ ڕووداوی تراژیدی بەیەكەوە كۆ دەبنەوە، لەوانە:
    (لەیلا) كە لەزیندانەكانی ڕژێم لەژێر تەعزیب ئەقڵی لەدەست دەدا.
    سەرنانەوەی عەزیز لە ئاوارەیی و ناشتنی.
    هاواری (ئادەم) بۆ دایكە لەسێدارە دراوەكەی.
    ماڵئاوایی (شێخ فەتاح) لەكۆڕەوەكەدا.
    شەهید بوونی دوو كوڕی ئایشێ‌ بەیەكەوە.
    دەرهێنەر لەگەڵ نمایشی هەموو ئەو دیمەنە تراژیدِیانە كاتێ‌ ریتمی دراماكەی بەرز كردەوە كە (بارزان) ئازارە دەروونیەكانی لەشكستی گەورەی نسكۆ دەخاتە ڕوو، تفەنگەكەی بەشاخێك دەشكێنێ‌ و هاواردەكا:
    دەتانەوێ‌ كەڕامەتمان ببەن ؟
    هەموو تشتەكان ئا، بەس كەڕامەتمان نا.
    ( بە دەنگی بەرز بەسەر (ئادەم)ی هاوڕێ‌ ی هاوار دەكا :پێم برێ‌ ئەوە درۆیە ڕاستی نیە،
    بەخەبەرم بینەوە برێ‌ خەونە.
    ئەم دیمەنە لەتراژیدیای كەسەكانۆ دەرچوو، بوو بەكارەساتی هەمووان، ڕمانی شۆڕشێك بوو هەموو كورد ئومێدی پێ‌ بەستبوو، جگە لەچەمكە نەتەوەییەكەی، فریاد رەسی هەموو ئەو تراژیدیا تاڵانە بوو كە لە دوا دیمەنەكانی دراماكە بەسەر یەكدا كەڵەكە ببوون.

حەیدەر عەبدولرٍەحمان




فيكر و كێشه‌ فیكرییه‌كان له‌ فه‌زای ده‌قی ئه‌ده‌بیدا.. بڵند باجه‌لان

چەمکی ده‌ق و دۆزینه‌وه‌ی پێناسه‌یه‌کی گشتی بۆ ده‌ق به‌ر له‌ نووسینی ده‌ق، پێویستی نییه‌ و ده‌کرێ به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌ خۆمانمان پرسیبێ ده‌ق چییه‌، قسه‌ له‌بارەی ده‌قەوە بکه‌ین و چه‌ندین ده‌ق له‌ ئاست و بواری جیاجیادا بنووسین. کرده‌ی نووسین خۆی گوزارشتکردنه‌ له‌ مانا و پێناسه‌ی ده‌ق. (پۆل ڕیکۆر) پێی وایە‌ ده‌ق گوتارێکه‌ له‌ ڕێگا‌ی نووسینه‌وه‌ نه‌بێت, ناچه‌سپێت. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ قسە لەبارەی چیرۆکێکەوە دەکەم که‌ (مناره‌ی ئاوه‌دانی)یه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی پێناسه‌ی چیرۆکم کردبێت. ئیشی چیرۆک کردنه‌وه‌ی نیشتمانێک نییه‌ به‌ ڕووی دنیادا. ڕۆشنبیران له‌ (یابان) هاوڕان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ی (میچی) فاکته‌ری کرانه‌وه‌ی یابان بوون به‌ ڕووی شارستانیه‌ت و ڕۆشنبیریی ڕۆژئاوادا نه‌ک هونه‌ر و چیرۆک و نووسین به‌گشتی. (مناره‌ی ئاوه‌دانی) به‌ وێستگه‌ و ئایدیا و میتۆدێکی دیاریکراوەوە نابەستمەوە، هاوکات دژی ئه‌و ترادسیۆنه‌ دۆگمایانه‌م که‌ ئه‌ده‌ب پۆلێن ده‌که‌ن.
میتۆده‌کان له‌ ڕێگای ئه‌و مه‌عریفه‌یه‌ی هه‌ڵیان گرتووه‌، له‌سه‌ر گرفت و که‌لێنی میتۆدی به‌ر له‌ خۆیان ئیش ده‌که‌ن. میتۆدخوازی خانه‌به‌ندکرنی ئه‌ده‌به‌، ئه‌مه‌ش زوڵمکردنه‌ له‌ دەق. به‌رهه‌مه‌کانی (ساموێل بێکت) ده‌درانه‌ پاڵ مۆدێرنیزم و پۆست مۆدێرنیزم، به‌ڵام مۆدێرنیزم و پۆسته‌که‌ی له‌ گۆڕانن، که‌چی هێشتا ده‌قه‌کانی ئەو نووسەرە خوێنه‌ری خۆیانیان هه‌یه‌ و جێگیرن. (دیستۆڤسکی) ده‌قه‌کانی به‌ نه‌یاری ڕه‌وتێكی ئه‌ده‌بی داده‌نران و (لینین) له‌ بیسته‌کاندا گوتبووی ڕقی له‌ خاوه‌نی ڕۆمانی (برایانی کارامازۆف)ه‌. (لینین) کۆتایی هات و (ستالین)یش به‌دوایدا، به‌ڵام ده‌قه‌کانی (ديستۆڤسکی) ئێستاش ده‌خوێندرێنه‌وه‌ و لای هه‌ندێک به‌ سیمبوڵ و سوپه‌ر ناوده‌برێن.
به‌شێک له‌ کلاسیکیاتی چیرۆکنووس و ڕه‌خنه‌گر ئه‌و کاته‌ خۆی مانیفێست ده‌کا که‌ ئیش له‌سه‌ر سۆز ده‌کرێ. نزیکبوونه‌وه‌ له‌ سۆز به‌ مانای دوور که‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌ شوناس (مه‌به‌ست له‌ سۆزێکی نائه‌قڵانییه‌، چونکه‌ زۆربه‌ی سۆزه‌کان له‌ بۆشاییدا دروست نابن و بە فيکرەوە ده‌به‌سترێنه‌وه‌). شته‌ چه‌سپاوه‌کانیش سوود له‌ سۆز وه‌رده‌گرن. مه‌رج نییه‌ قووڵبوونه‌وه‌ له‌ هه‌موو بابه‌ته‌ هزرییه‌کان و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ لقه‌ ئاڵۆزه‌کانی فه‌لسه‌فه‌ و گه‌ڕان به‌دوای یاساکان به‌بێ ڕه‌چاوکردنی پره‌نسیپی یاسایی بۆ قسه‌کردن له‌بارەی چیرۆکەوە به‌تایبه‌تی ئه‌و چیرۆکانه‌ی (کاروان کاکه‌سوور) ده‌یاننووسێ، پێویست بن (لێرانه‌دا باسی یاسا ده‌که‌م و باسی فيکر ناکه‌م، چونکه‌ یاساکان به‌رهه‌می سۆز و فيکرن و سۆزیش وه‌کو به‌شێکی دانه‌بڕاو له‌ فيکر باسی کراوه‌).
چیرۆکنووس به‌بێ بوونی خوێنه‌ری جدییش ده‌توانێ زۆرجار داهێنان بکا. دژی ئه‌و بۆچوونه‌ی (عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدولا)م که‌ پێی وایە‌ داهێنان ئه‌و کاته‌ ده‌رده‌که‌وێ که‌ ئاماده‌گیی هۆشیارانه‌ی خوێنه‌ر و بیرکردنه‌وه‌ و چێژی خوێندنه‌وه‌ بوونیان هه‌بێت و داهێنان بێ به‌شداریی خوێنه‌ر له‌نگه‌. (عه‌بدولموته‌لیب) ئاستی داهێنانی به‌ستۆته‌وه‌ به‌ ڕێژه‌ی خوێنه‌ره‌وه‌. ئه‌و بۆچوونه‌ كوشتنى داهێنانه‌ وه‌کو چه‌مکێک و سه‌ندنه‌وه‌ی ئازادییشه‌ لێی وه‌کو کرده‌یه‌ک. داهێنان پێویستی به‌ ئامۆژگاری و سنوور نییه‌. ئه‌مه‌ به‌تاڵ کردنه‌وه‌ی وزه‌ی داهێنانی پێ ده‌ڵێن.
چیرۆک وه‌کو ژانرێکی ئه‌ده‌بی، زۆرجار لقی زانستی و فيکری و که‌ڵکه‌ڵه‌ی هزری مۆدێرنی لێ ده‌بێته‌وه‌. بۆ لێدوان له‌بارەی چیرۆکگه‌لێکی له‌و شێوه‌یه‌وە، ئه‌وه‌نده‌ی پێویستیمان به‌ دۆزینه‌وه‌ی توخمه‌ چیرۆکییه‌کان و لێکۆڵینه‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌ و ڕاڤه‌کردنی ده‌قه‌ ئه‌ده‌بییه‌ جۆراوجۆره‌کان هه‌یه‌، دوو ئه‌وه‌نده‌ پێویستیمان به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ ڕووتێکردنی زه‌ینی و سه‌رچاوه‌ فه‌لسه‌فی و ئايينى و ئایدۆلۆژی و کۆمه‌ڵناسی و زانستییه‌کان به‌گشتی. به‌ خوێندنه‌وه‌ی هه‌ندێک چیرۆک، ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ گه‌ردون و نهێنییه‌ گه‌ردونییه‌کان، ئه‌مه‌ بۆ ئه‌و چیرۆکانه‌ی گرنگی به‌ ڕووداوه‌ بینراوه‌کان دەدەن و که‌متر ئیش له‌سه‌ر ئه‌فسانه‌ و خه‌یاڵ ده‌که‌ن، ئه‌و چیرۆکانه‌ سه‌ردێری نزیک له‌ زه‌ینیان هه‌یه‌. ئه‌و چیرۆکانه‌شی له‌ ده‌ره‌وه‌ی گه‌ردونه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن و وه‌کو چیرۆکی ناواقیعی پێناس ده‌کرێن و جێگیرمان ده‌که‌ن له‌ناو ئه‌و فه‌زایه‌ی چیرۆکه‌که‌ی تێدا ده‌خوێنرێته‌وه‌.
جێگیرکردنه‌که‌ زاده‌ی گه‌ڕان و ئاشکراکردنێکی به‌رده‌وام بووه‌ له‌ سه‌رەتادا، فێره‌ جۆرێک له‌ هۆگریمان ده‌که‌ن به‌ بابه‌ته‌ سه‌یر و نامۆکان و ته‌سک كردنه‌وه‌ی بازنه‌کانی واقیع، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ به‌ره‌و کامڵبوونی ئه‌ده‌بیاتمان ببه‌ن, چیرۆکنووسه‌که‌ش هه‌وڵ ده‌دا وه‌کو بۆهیمی یان پێشه‌نگ ده‌ربکه‌وێ. (رۆبه‌رت مۆزیل)ی چیرۆکنووس له‌ چاوپێکه‌وتنێکدا ده‌ڵێ: ددان به‌وه‌دا ده‌نێم که‌ ئه‌وه‌ی دیرۆکی نییه‌، من له‌ به‌رده‌می ڕووداوه‌ واقیعییه‌کاندا نیم، ده‌توانین له‌بری ئه‌وان ڕووداوی تر بگێڕینه‌وه‌.
(مارکیز)ی ڕۆماننووس له‌ ڕۆمانێكیدا په‌نای بۆ سه‌رچاوه‌ی شێوه‌کاری بردووه‌. مارکیز له‌ ته‌مه‌نی 9 ساڵیدا گه‌شتێک به‌نێو ڕووباری (مه‌جدۆنیا)دا ده‌کات و له‌ ڕۆمانی (خۆشه‌ویستی له‌ سەردەمی کۆلێرا)دا دووباره‌ بۆ ئه‌و گه‌شته‌ و دیمەنەکانی ئه‌و ڕووباره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. (مارکیز) پێی وابوو شێوه‌کاره‌کان وێنه‌ی ڕووباری (مه‌جدۆنیا)یان جوان کێشاوه‌. (کاروان)یش له‌م چیرۆکه‌دا دیمه‌نه‌ جوانه‌کانی ئه‌وروپا به‌لاوه‌ ده‌نێت و بۆ وێنه‌یه‌ک ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ڕۆژهه‌ڵات که‌ وێنه‌ مناره‌ی چۆلییه‌. سه‌ره‌تای چیرۆکه‌که‌ ئاوایه‌:
له‌ کاتێکدا ده‌ستت له‌ناو قوڕه‌که‌دایه‌ و ده‌ته‌وێت ئه‌سپێک بۆ (ئالان)ی خوشکه‌زات دروست بکه‌یت، خۆشت نازانی بۆ بیر له‌وه‌ ده‌که‌یته‌وه‌، که‌ تۆ ئه‌وه‌تا وا ته‌مه‌نت له‌ چل تێده‌په‌ڕێت و هێشتا مناره‌ی چۆلیت له‌ نزیکه‌وه‌ نه‌بینیوه.
چیرۆکی (مناره‌ی ئاوه‌دانی)ی (کاروان کاکه‌سوور) ڕاڤەیەکی دیکه‌ی جیاوازی داهێناوه‌ به‌ پشت به‌ستن به‌ زمانی ئۆرگیناڵ. له‌ ڕێگای چیرۆکه‌که‌وه‌ جیاوازی له‌ نێوان چیرۆکی مه‌عریفی و ئیبداعی و چیرۆکی په‌رپوتدا دەبینین. ده‌قه‌که‌ ورد نووسراوه‌ و ڕه‌چاوی وردبینیی مەعریفی کراوه‌ و پێمان ده‌ڵێ که‌ڵه‌که‌بوونی شته‌ دووباره‌کان ئاماژه‌ن بۆ فيکرێکی ته‌سک و نووته‌ک و سه‌رچاوه‌یه‌کی شێواو و ته‌سلیمبوو به‌ هیچ. (سه‌لامه‌ موسا) که‌ نووسه‌رێکی مسرییه‌ و به‌رهه‌می دیاری هه‌ن، وای داناوه‌ که‌ نابێ نووسه‌ر له‌ ده‌ربڕینه‌کانیدا وردبینی مەعریفی له‌ بواره‌کانی فه‌لسه‌فه‌، ئه‌ده‌ب، ئه‌خلاق ڕه‌چاو نه‌کا.
چیرۆکه‌که پێشکەش‌ به‌و کەسە کراوە کە وای لە چیرۆکنووس کردووە بە ناچاری واز لە یاریی تۆپی پێ بهێنێت. وازهێنان له‌ تۆپی پێ به‌بێ مردنی ئه‌و حه‌زه‌ له‌ ناخدا، وازهێنانه‌ له‌ کرده‌یه‌ک به‌ قسه‌ی جێناوی سه‌ربه‌خۆی که‌سی سێیه‌می تاک، قسه‌یه‌ک هێنده‌ کاریگه‌ریی ده‌بێت، تۆپ ده‌بێته‌ بۆمبێکی دانراوه‌، به‌ڵام فوتباڵ وه‌کو هونه‌رێکی نزیک له‌ چیرۆک و ئه‌ده‌ب و فيکر و جوانی، له‌ ناخیدا ڕه‌گی خۆی قایمتر ده‌کا:
پێشکه‌شه‌ به‌و هاوڕێ یاریکه‌ره‌م، که‌ له‌ به‌هاری 1982 له‌ ستادیۆمی هه‌ولێر له‌ به‌رچاوی ده‌یان که‌س گاڵته‌ی پێ کردم و پێی وتم: (بڕۆ واز له‌ تۆپ بێنه‌، چونکه‌ تۆ نه‌ له‌ تۆپ تێده‌گه‌ی و نه‌ده‌زانی شووتی لێ بده‌ی)… هه‌ر به‌ ڕاستی له‌و کاته‌وه‌ من نه‌متوانی یه‌ک شه‌قی تر له‌ تۆپ هه‌ڵبده‌م و وازم له‌ تیمه‌که‌مان هێنا، به‌ڵام ئه‌وە وای لێ نه‌کردم له‌ خه‌یاڵی خۆمدا ده‌ست له‌ یاریی فوتباڵ هه‌ڵگرم.
ئه‌و چیرۆکه‌ قسه‌کردنه‌ بۆ ئه‌ویتر‌، به‌ڵام هه‌ست به‌ خودئاگایی و بێزاریی نووسه‌ره‌که‌ی ده‌که‌ی له‌ قه‌یرانه‌کان، ئه‌مه‌ش هاوته‌ریبه‌ له‌گه‌ڵ گۆڕانکارییه‌کانی ئه‌ده‌بیات که‌ ده‌ره‌نجامی قه‌یرانه‌کانن. دوای شکستی شۆڕش، ئه‌ده‌بیاتی کلاسیک له‌ ده‌قه‌کانی (شارل بۆدلێر) و (گۆستاڤ فلۆبیر) چڕ بۆوه‌ که‌ پڕ بوون له‌ کێشه‌ و قه‌یران. (سارته‌ر) باوه‌ڕی به‌ کاریگه‌ریی بیۆگرافی هه‌بوو له‌سه‌ر ده‌ق و پێی وابوو ئه‌و نووسه‌ره‌ی خودئاگایانه‌ ده‌نووسێ به‌ره‌و جۆرێک له‌ عه‌فه‌ویه‌ت ده‌چێت. من له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌ی سارته‌ر ناکۆکم، به‌تایبه‌تی که‌ ئێستا خه‌ریکم قسە لەبارەی چیرۆکی مناره‌ی ئاوه‌دانییەوە ده‌که‌م و هیچ عه‌فه‌ویه‌تێک نابینم.
(کاروان) باسی قه‌یرانی مه‌مله‌که‌تێک ده‌کا له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و مه‌مله‌که‌ته‌. کاتێ ئه‌و چیرۆکه‌ ده‌خوێنینه‌وه‌ و دواتریش ده‌بیستین نووسه‌ره‌که‌ی له‌ (دانیمارک) ده‌ژیێ, تووشی شڵه‌ژان ده‌بین، ئه‌مه‌ش جیاکه‌ره‌وه‌ی چیرۆکی (کاروان)ه‌ له‌ چیرۆکی (شێرزاد حه‌سه‌ن، عه‌تا نه‌هایی، عه‌تا موحه‌مه‌د، یوسف عیزه‌دین و… هتد)
ئه‌گه‌ر به‌راوردێک له ‌نێوان (کاروان کاکه‌سوور) و (شێرزاد حه‌سه‌ن)دا بکەین، دەبینین (شێرزاد) کێشه‌ی به‌رده‌وامی هه‌یه‌ و نه‌یتوانیوه‌ به‌ هه‌مان هه‌ناسه‌ی (حه‌سار و سه‌گه‌کانی باوکم) درێژه‌ به‌ ئەزموونی نووسینی خۆی بدا، کاتێکیش ده‌گه‌ینه‌ سه‌ر (خه‌ونی جاڵجاڵۆکان و ژنێکی منگن), تووشی نائومێدی ده‌بین. به‌رده‌وامی نه‌بووه‌ته‌ کێشه‌ له‌ به‌رده‌م ئەزموونی نووسینی (کاروان)دا. (به‌ختیار عه‌لی) له‌ شوێنێکدا له‌مه‌ڕ به‌رهه‌مێکی (کاروان)دا پێی وایە‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی (کاروان) باشترین کۆمه‌ڵه‌ چیرۆکیش نه‌بێت که‌ له‌و چه‌ند ساڵه‌ی دوایی خوێندوویەتیه‌وه‌، ئه‌وا بێگومان یه‌کێکه‌ له‌ باشترینه‌کان.
ئێستا که‌ من هاتووم قسە لەبارەی مناره‌ی ئاوه‌دانییەوە ده‌که‌م، ماوه‌یه‌کی زۆر به‌سه‌ر وته‌که‌ی (به‌ختیار)دا تێپەڕیوە، به‌ڵام هه‌مان بۆچوون دووباره‌ ده‌کرێته‌وه‌‌.
ناڵێم ئه‌و بۆچوونه‌ی من ته‌واو عه‌قڵانییه‌، به‌ڵام دڵنیام له‌وه‌ی پێچەوانەکەی‌ نییه‌. عه‌قڵانیه‌ت له‌ پێناسه‌ کۆنه‌که‌یدا بریتییه‌ له‌ پشتبه‌ستنێکی قایم به‌ عه‌قڵ و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ واقیع و ئەزموون به‌ مه‌به‌ستی شی کردنه‌وه‌ و گه‌یشتنه‌ ئه‌نجام. مه‌به‌ستی من له‌ عه‌قڵانیه‌ت ئه‌و بۆچوونه‌ ته‌قلیدییه‌ نییه‌، من باوه‌ڕم به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ واقیع هه‌یه‌. عه‌قڵانیه‌ت (rationalism) له‌لای (فاروق ڕه‌فیق)، ئه‌و قوتابخانه‌ فه‌لسه‌فیه‌یه‌ که‌ له‌ سه‌ره‌تاکانی سه‌رهه‌ڵدانی فه‌لسه‌فه‌ی مۆدێرنیته‌ و پێگه‌یشتنی شانبه‌شانی ئەزموونگه‌رایی( empiricism) هاته‌ کایه‌وه‌. (فاروق) پێی وایە‌ عه‌قڵانیه‌ت ناوێکه‌ بۆ کۆمه‌ڵێک تیۆری جیاواز که‌ خاڵی هاوبه‌شی نێوانیان باوه‌ڕه‌ به‌ عه‌قڵی مرۆڤ که‌ ده‌توانێ وه‌ڵامی پرسیاره‌ بنه‌ڕه‌تییه‌کانی ناو کایه‌ی فه‌لسه‌فی بداته‌وه‌، به‌ڵام من عه‌قڵانیه‌تم بۆ (مناره‌ی ئاوه‌دانی) به‌ مانای گه‌ڕانه‌وه‌یه‌کی هێواش بۆ عه‌قڵ به کار هێناوه‌ و ئه‌و ڕۆڵه‌ گه‌وره‌یه‌م نه‌به‌خشیوه‌ته‌ عه‌قڵی مرۆڤ.
مرۆڤ که‌ تاوه‌کو ئێستا نه‌یتوانیوه‌ له‌ چلۆنایه‌تیی ناخ و نهێنییه‌کانی خۆی بگات، مه‌حاڵه‌ بتوانێ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ گه‌ورانه‌ بداته‌وه‌ که‌ فه‌لسه‌فه‌ ده‌یانکات، مه‌به‌ستم له‌ گه‌وره‌یی پرسیاره‌کان له‌ ڕووی قه‌باره‌وه‌یه‌ نه‌ک له‌ ڕووی به‌هاوه‌. عه‌قڵ لای من چیتر ئه‌و ئه‌رکه‌ قورسه‌ی له‌سه‌ر نییه‌ که‌ (فاروق) و به‌شێکی زۆری فه‌لسه‌فه‌کاره‌کانی ڕۆژئاوا بۆیان دیاری کردووه‌، به‌تایبه‌تی له‌ مه‌سه‌له‌ی په‌یوه‌ست به‌و به‌شه‌ی ئه‌ده‌به‌وه‌. هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌وان ئه‌و ئه‌رکه‌ به‌ ئه‌رکێکی قورس دانانێن، به‌ڵکو به‌ فاکته‌ری جووڵانە‌وه‌ی عه‌قڵی داده‌نێن, به‌ پێچه‌وانه‌وە من به‌ ماندووکردنێکی بێمانای عه‌قڵی داده‌نێم و هیچی تر. دیسانه‌وه‌ وته‌ به‌ناوبانگه‌که‌ی (کارل مارکس) ده‌هێنمه‌وه‌: بیرکردنه‌وه‌ لێ ناگه‌ڕێ بژیم.
بۆ قسەکردن لەبارەی ئه‌و ده‌قه‌ی (کاروان)ەوە عه‌قڵم نه‌کردۆته‌ سه‌نته‌ر. ئه‌رکی عه‌قڵ له‌ چیرۆکدا ئاشکراکردنی شته‌ په‌نهان و نادیاره‌کان نییه‌ به‌ پشتبه‌ست به‌ که‌ره‌سته‌ی به‌رجه‌سته‌. گه‌ر وامان کرد ناچار ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ئه‌و غه‌ریزانه‌ی قاچێکیان له‌ نادیاره‌ و قاچێکی تریان له‌ دنیادایه‌، به‌ مه‌به‌ستی فه‌راهه‌مکردنی ژیان و گه‌یشتن به‌ حه‌قیقه‌تی پێویستبوونی بوونی چیرۆک و غه‌ریزه‌ی مانه‌وه‌.
ئه‌و بۆچوونه‌ی (شۆپنهاوه‌ر) که‌ پێی وایە‌ ده‌بێ له‌ بەرامبەر بوونی جیهان شیوه‌ن بگێڕین نه‌ک پێبکه‌نین، ڕه‌ت ده‌که‌مه‌وه‌. شیوه‌ن گێڕان بۆ بوونی جیهان به‌ شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان که‌م کردنه‌وه‌ی به‌های ئه‌ده‌ب و چیرۆکه‌، به‌تایبه‌تیش که‌ ئه‌و ئه‌رگۆمێنتانه‌ی شۆپنهاوه‌ر پشتی پێ به‌ستوون، له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌رگۆمێنتانه‌ تێک ناگرنه‌وه‌ که‌ من بۆچوونه‌کانی خۆمم پێ سه‌لماندوون له‌ باسه‌کانی پێشترمدا. پێشم وایه‌ بۆچوونه‌کانی شۆپنهاوه‌ر ئه‌نجامی نه‌بوونی هه‌ندێ گوتاری سه‌ره‌کییه‌.
بیركردنه‌وه‌ وه‌کو یه‌کێک له‌ جدیترین کایه‌کانی مه‌عریفه‌ ناکوژێنمه‌وه‌ و به‌هاى که‌م ناکه‌مه‌وه‌، به‌ڵام ده‌بێت پرسیاره‌ ئه‌ده‌بییه‌كان له‌ ده‌ره‌نجامی تێگه‌یشتنی ته‌واو له‌ دنياى ئه‌ده‌ب سه‌رچاوه‌ بگرن.
مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ ئه‌و چیرۆکه‌ تووشی وه‌سوه‌سه‌ی بڕیاردانمان ده‌کا. بۆچوونه‌کانمان له‌ دێرێکیه‌وه‌ بۆ دێرێکی تری ده‌گۆڕێن، کاریگه‌ريی چیرۆکه‌که‌ش له‌سه‌ر خوێنه‌رێک بۆ خوێنه‌رێکی تر جیاوازه‌. له‌لای (رۆلان بارت) تێکستی نووسراو زیاتر له‌ واتایه‌ک هه‌ڵده‌گرێ و فره‌دیو و فره‌ناوه‌رۆکه‌. واتاکه‌ی له‌ خوێنه‌رێکه‌وه‌ تا خوێنه‌رێکی تر جیاوازی هه‌یه‌. (دێریدا) پشت به‌ست به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ و شۆڕبوونه‌وه‌ بۆ نێو هه‌یکه‌لیه‌تی زمان و گوتاری سه‌نته‌ریزمی لۆگۆسی خود سه‌نته‌ریدا، به‌ گومان بوو له‌وه‌ی ده‌ق یه‌ک واتا هه‌ڵبگرێ، بەڵکو ڕه‌چاوی خوێندنه‌وه‌ی جیاوازی بۆ ده‌ق ده‌کرد. ئه‌مه‌ش بناغه‌ی فه‌لسه‌فه‌که‌ی (دێریدا) و ئه‌و گۆڕانانه‌ بوو که‌ له‌ هزری فه‌لسه‌فیدا ڕوویاندا. به‌مه‌ش زه‌برێکی کوشنده‌ی له‌ بونیادی گوتاری هزری و ئه‌پستمی ڕۆژئاوا دا.
من هه‌ستم به‌ ساده‌بوونه‌وه‌ و ژیان کرد له‌ دنیای نێو چیرۆکه‌که‌، به‌ پێچه‌وانه‌ی چیرۆکه‌کانی (کافکا) و (جیمز) که‌ دنیا له‌ چیرۆکه‌کانیان وه‌کو شتێکی ئاڵۆز و بێمانا ده‌رده‌که‌وێ. جیاوازیی کافکا له‌گه‌ڵ جێمز له‌وه‌ دابوو، کافکا به‌ دوای مانایه‌ک بۆ دنیا ده‌گه‌ڕا، به‌ڵام جێمز باوه‌ڕی به‌ هیچ نه‌بوو. جیاوازیی دنیای (کاروان) له‌گه‌ڵ هه‌ردووک نووسه‌ر له‌ بوونی مانایه‌که‌ بۆ دنیا، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و مانایه‌ سه‌رچاوه‌که‌ی بێمانایيش بێت. کوژرانی (ست ساماڵ) به‌ ده‌ستی (ساماڵ)ی کوڕی و کوژرانی (ڤیان) له‌سه‌ر قسه‌ی باوکی, مانا و ده‌لاله‌ته‌ شاراوه‌کانی دنیایان له‌ پشته‌، له‌ناو کوشتنیشدا هێشتا دنیا هه‌ناسه‌ ده‌دا. نامه‌وێ (کاروان) له‌گه‌ڵ (کافکا) و (جێمز)دا به‌راورد بکه‌م، به‌ڵکو ده‌مه‌وێ ده‌قه‌کانیان به‌یه‌کدا بده‌م، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ڕێگا‌ی ئه‌و به‌یه‌کدادانه‌وه‌ مانا مانیفێست بکه‌م. ئه‌و به‌راوردکردنانه‌ ئه‌گه‌ر ده‌ره‌نجامیان نه‌بێت، ئه‌وه‌نده‌ی زیانیان بۆ ده‌ق هه‌یه‌ سوودیان پێ نه‌گه‌یاندووه‌.
چیرۆکه‌که‌ به‌‌ دروستکردنی ئه‌سپێکی قوڕینه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌کا. ئه‌سپی قوڕین ده‌کرێ وه‌کو دیاريکه‌ری ژینگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و ناکۆمه‌ڵایه‌تی و کاتی چیرۆکه‌که‌ چاوی لێ بکرێ. ڕاسته‌وخۆ بۆ دیاریکردنی کاتی ڕووداوه‌که‌ ئیش نه‌کراوه‌ و بایه‌خ دراوه‌ به‌ لێکته‌نراوی. بۆ ئاشکراکردنی ناوی کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کیش که‌ (زێره‌ڤان)ه‌، هونه‌رێکی دیکه‌ به‌ کار هاتووه‌ و چیرۆکنووس ڕاسته‌وخۆ نه‌یگوتوه‌ کاره‌کته‌ره‌که‌مان (زێره‌ڤان)ی ناوه‌:
ئه‌گه‌رچی تۆ تاکه‌ ڕیزێرڤ نه‌بوویت، به‌ڵام ئه‌و ناوه‌ ته‌نها به‌سه‌ر تۆدا بڕا و هه‌ر ئاوا بانگ ده‌کرایت… سه‌ره‌تا وات ده‌زانی وشه‌که‌ هه‌ندێک له‌ ناوی خۆته‌وه‌ نزیکه‌، یان با بڵێین له‌نێوان (ریزێرف) و (زێره‌ڤان)دا زۆربه‌ی پیته‌کان هاوبه‌شن…..

گرنگترین ئه‌و چه‌مکانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌ ده‌قه‌که‌وە:
ئه‌و کاته‌ی چه‌مکه‌کان جگه‌ له‌ مانا بنه‌ڕه‌تیه‌کانیان مانایه‌کی دیکه‌ی دوور له‌ مانا ڕاسته‌قینه‌که‌ی خۆیانیان پێ ده‌درێ، جۆره‌ گه‌مه‌یه‌کی زمانه‌وانی دێته‌ پێشه‌وه‌ و چێژێکی ئه‌ده‌بی ده‌به‌خشێ. وشه‌ی (mach) که‌ به‌ مانای یاریی نێوان دوو تیم دێت، نزیک کراوه‌ته‌وه‌ له‌ وشه‌ی (ماچ)ی کوردییه‌وه‌‌. وشه‌ی (coach) که‌ به‌مانای ڕاهێنه‌ر دێت، په‌یوەندییه‌کی ئه‌ده‌بی بۆ دروستکراوه‌ له‌گه‌ڵ وشه‌ی (کۆچ)ی کوردی. کۆمه‌ڵه‌ چه‌مکێکیش زه‌ق کراونه‌ته‌وه‌:

  • ترس و چێژ:
    لە دەقەکەدا په‌یوەندییه‌ک له ‌نێوان ترس و چێژدا هەیە. لە ترسان له‌و چیرۆکانه‌ی باسی مناره‌ی چۆلی ده‌که‌ن تا ترسان له‌ (ست ساماڵ) که‌ مامۆستایه‌ له‌ یه‌کێ له‌ قوتابخانه‌کانی کچان و به‌هۆی له‌ سێداره‌درانی مێرده‌که‌یه‌وه‌ به‌ به‌رده‌وامی جلی ڕه‌ش ده‌پۆشێ، هاوکات چێژ وه‌رگرتن له‌ لایه‌نێکی چیرۆکه‌کان و جوانیی (ست ساماڵ). نه‌ترسان نیشاندانی ئادگاری مرۆڤی ڕاسته‌قینه‌ نییه‌.
    لای من شتێک نییه‌ به‌ ناوی مرۆڤی ڕاسته‌قینه‌ و مرۆڤی وه‌همی. (میشێل فۆکۆ) به‌هۆی ئه‌و ڕه‌خنه‌ به‌هێزانه‌ی ئاڕاسته‌ی کران، خه‌ڵکی له‌ فه‌لسه‌فه‌ ڕادیکالییه‌کان دوور خسته‌وه‌، پێی وابوو شێته‌کان مرۆڤی ڕاسته‌قینه‌ن، چونکه‌ شێت دەرک به‌و مه‌عریفه‌یه‌ ده‌کا که‌ گه‌یشتن پێی ئه‌سته‌مه‌ و شێتیی له‌ دیارده‌یه‌کی پزیشکییه‌وه‌ کرد به‌ دیارده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی.
    بۆچوونی من زیاتر له‌ وته‌که‌ی (پاسکال)ه‌وه‌ نزیکه‌ که‌ پێی وابوو شێته‌کان تا ئه‌ندازه‌یه‌ک شێتن، نکوڵیکردن له‌و شێتییه‌ بۆ خۆی جۆرێکی تره‌ له‌ شێتی. (فۆکۆ) ده‌ڵێ: شێتيی هونه‌رمه‌ند و ئه‌دیب له‌ودیو خه‌یاڵدانیه‌وه‌ خۆی مه‌ڵاس داوه‌. (زێره‌ڤان) شێت نییه‌ و چیرۆکه‌که‌ش شێتانه‌ شێتیی نه‌گێڕاوه‌ته‌وه‌. بوونی هه‌ر ڕه‌فتارێکی شێتانه‌ش له‌ چیرۆکه‌که‌دا په‌یوەندیی به‌و ترس و چێژه‌وە هەیە کە پێشتر باسمان کرد، نه‌ک به‌ ڕاده‌ی ژیری و پیاوبوونه‌وه‌.
  • بوون:
    فيکری (هایدگه‌ر) به‌ ڕه‌ت کردنه‌وه‌ی ئایدیاکانی (دیکارت) ده‌ست پێ ده‌کا. کاریگه‌ریی له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ و میتافیزیکی ڕۆژئاواییدا هەبوو. به‌ به‌رده‌وامی ده‌یپرسی: بوون چییه‌؟ ئه‌و پرسیاره‌ی له‌ سه‌رده‌می (سۆكرات)ه‌وه‌ تا سه‌رده‌می (دیکارت) به‌ لاوە نرابوو. (هایدگه‌ر) ئاماده‌گیی تێدا نه‌بوو ده‌ست له‌و پرسیاره‌ هەڵگرێت و ده‌یگوت ئه‌و که‌سه‌ فه‌یله‌سوف نییه‌ پرسیاری زۆر و زه‌به‌ند ده‌ورووژێنێ و به‌بێ وه‌ڵام ده‌یانهێڵێته‌وه‌، ئه‌و که‌سه‌ فه‌یله‌سوفه‌ که‌ هه‌موو ژیانی بۆ تاكه‌ پرسیارێک ته‌رخان ده‌کا.
    ئه‌نتۆلۆجیا له‌ فه‌لسه‌فه‌ی هاوچه‌رخدا به‌های بۆ گه‌ڕایەوه‌. باسی بوون باسێکی قووڵه‌ و گێڕانه‌وه‌ی مه‌حاڵه‌، به‌بێ بوونی پێناسه‌یه‌کی گشتیی بوون (وجود) و عه‌ده‌ممان کردبێت به‌ دژی یه‌کترمان داناون. مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ ئه‌و چه‌مکه‌ له‌ چیرۆکه‌که‌دا مامه‌ڵه‌یه‌کی تایبه‌تییه‌. (ئه‌رستۆ) پێی وایە‌ بوون گشتگیرترین و هه‌مه‌کیترینه‌ و ده‌کرێ به‌ فه‌لسه‌فه‌ی یه‌که‌م ناوی ببه‌ین وه‌کو جیاکارییه‌ک له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی دووه‌م که‌ زانستی سرووشته‌. له‌ چیرۆکه‌که‌دا باسی بوون و په‌یوەندیی مردووه‌کان به‌م دنیایه‌ی ئێمه‌وه‌ و هێنانه‌وه‌ی مردووه‌کان له‌ مناره‌ی چۆڵی هاتووه‌.
  • کۆمه‌ڵایه‌تیبوون:
    ئه‌گه‌ر چیرۆکنووس بکه‌وێته‌ نێو نه‌ستی کۆوه‌، مانای وا نییه‌ که‌وتبێته‌ ژێر کاریگه‌ریی فیکری مێگه‌ڵ و کۆنه‌پارێزانەوە. نزیکبوون له‌ که‌سێک یان که‌شێک مانای تێگه‌یشتن نییه‌ لێی. (فوئاد ڕفقه‌)ی شاعیری لوبنانی که‌ وه‌رگری خه‌ڵاتی گۆته‌یه‌ ده‌ڵێ من زۆر له‌ گۆته‌وه‌ نزیک بوومه،‌ به‌ڵام لێی تێنه‌گه‌یشتم، چونکه‌ ده‌توانم له‌ فه‌یله‌سوف، شاعیر، زانا، پیاوی یاسایی تێبگه‌م، به‌ڵام تێگه‌یشتن له‌ که‌سێک که‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ خۆ گرتووه،‌ ئه‌سته‌مه‌. مناره‌ی ئاوه‌دانی په‌یوەندیی به‌و که‌شوهه‌وا کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وە هەیە کە نووسه‌ر تێیدا ژیاوه‌، پێچه‌وانه‌ له‌گه‌ڵ بڕێک له‌ فه‌یله‌سوفه‌کان که‌ پێیان وایه‌ په‌وەندیکردنی به‌ها ڕۆحییه‌کان به‌ ئه‌ده‌بیشه‌وه‌ به‌ ڕووداوه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، مانای تێگه‌یشتی لاوه‌کیی ئه‌و به‌هایه‌ ده‌گه‌یه‌نێ.
  • ئه‌وین:
    ستوونێکی ئامادده‌یه‌ له‌ ده‌قه‌که‌دا، ئه‌وه‌ ئه‌وین‌ بۆ مناره‌ی چۆلییه‌ وا له‌ (زێره‌ڤان) ده‌کا، ده‌ست له‌ دروستکردن هه‌ڵبگرێ و به‌ره‌و دروستکراوێک که‌ مناره‌که‌یه‌ بچێت. ئه‌وین په‌نهانه‌ له‌ تێکسته‌که‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێ بوونی نه‌بێت. دیاریکردنی جۆری ئه‌و ئه‌وینه‌ تۆزێک زه‌حمه‌ته‌. (ستاندال) عيشق پۆلێن ده‌کا بۆ جۆره‌کانی: عیشقی په‌رۆشی, عیشقی جوانیناسانه‌ aesthetic love)), عیشقی فیزیکی (عاشقبوون به‌ جه‌سته‌).
    ئه‌وینی (زێره‌ڤان) له‌ جۆری یه‌که‌مه‌وه‌ نزیکه‌. دوای چل ساڵ ئه‌وينى بینینی مناره‌ی چۆڵی له‌ نزیکه‌وه‌ له‌لای سه‌رهه‌ڵده‌دا، ئه‌مه‌ش کۆکه‌ له‌گه‌ڵ (سپیونزا) که‌ پێی وابوو ئه‌وین ده‌بێت ئاسووده‌ییه‌کی پشت به‌ستوو به‌ مه‌عریفه‌ و هۆکاره‌کانی بێت. جوانی وه‌کو هۆکارێکی مه‌عریفه‌، به‌ شێوه‌یه‌کی سه‌ربه‌ست بوونی نییه‌، بەڵکو بینینی به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ شته‌ وه‌همی و به‌رجه‌سته‌کان به‌ ده‌قیشه‌وه‌ که‌ له ‌نێوان وه‌هم و به‌رجه‌سته‌کاندایه‌. مه‌رج نییه‌ له‌ناو هه‌موو جوانییه‌کدا ویست له‌ناو بچێت.
  • خۆکوشتن:
    ئایا خۆکوشتن له‌نێو چیرۆکدا تاوانه‌ یان هه‌ڵه‌یه‌؟ تازه‌گه‌ریی ڕۆژئاوایی له‌سه‌ر فه‌ردانیه‌ت وه‌ستاوه‌ و ئه‌و فه‌ردانیه‌ته‌ ژنیشی گرتۆته‌وه‌, فه‌ردانیه‌ت كه‌ زۆرجار وێستگه‌ی گه‌یشتنه‌ به‌ خۆكوشتن. ڕه‌خنه‌ی (شۆپنهاوه‌ر) له‌ یه‌هودگه‌رایی و زانا یه‌هودییه‌کان له‌وه‌دایه‌، خۆکوشتنیان حه‌رام کردووه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌ کتێبه‌کانیاندا حه‌رام یان حه‌ڵاڵ کرابێ.
    به‌ڕای (شۆپنهاوه‌ر) خۆکوشتن ڕێگره‌ له‌ به‌رده‌م زاڵبوونی مرۆڤ به‌سه‌ر ویستدا، به‌ڵام هه‌مان بۆچوونی (ئه‌رستۆ) و (ژان ژاک ڕۆسۆ) و (زه‌ینۆن)ی هه‌یه‌ که‌ هه‌ر کاتێ مرۆڤ له‌ هه‌موو لایه‌که‌وه‌ پاڵی پێوه‌ بنرێت بۆ خۆکوشتن و ئیتر ژیان بۆ ئه‌و قه‌فه‌سێکی داخراو بێت، ده‌کرێ خۆی بکوژێ. (شۆپنهاوه‌ر) خۆکوشتنی به‌ تاوان دانه‌ناوه‌ و به ‌هه‌ڵه‌ی داناوه‌.
    (ئه‌میل دۆرکهایم) بۆچوونێکی تا ڕادده‌یه‌ک نزیکی هه‌یه‌ له‌ (شۆپنهاوه‌ر). ئه‌و له‌ کتێبی (خۆکوژی)دا خۆکوشتن به‌ کێشه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانەوە دەبەستێتەوە. (فرۆید) ده‌یگوت خۆکوشتن سه‌ره‌تای له ‌دایک بوونه‌. به‌ بۆچوونی من بۆی هه‌یه‌ ئه‌و تێزه‌ی (شۆپنهاوه‌ر) بۆ ده‌قه‌ ڕۆژئاواییه‌کان قسه‌ هه‌ڵبگرێ، به‌ڵام بۆ چیرۆکه‌ ڕۆژهه‌ڵایه‌تییه‌کان به‌تایبه‌تی ئه‌و چیرۆکانه‌ی (کاروان کاکه‌سوور و سادقی هیدایه‌ت و مه‌حمود ده‌وڵه‌ت ئابادی و عه‌زیز نه‌سین و….. هتد) ده‌یاننووسن بایه‌خی نابێت، مه‌گه‌ر نووسه‌ر بیه‌وێ له‌ ڕێگای خۆکوشتنه‌وه‌ به‌های خۆکوژه‌که‌ دیاری بکا، بیه‌وێ له‌ ڕێگا‌ی کوژرانی ژیانه‌وه‌ جوانیی ژیان پێشان بدات (ماناکه‌ی).

    ژن:
    ژن له‌ چیرۆکه‌که‌دا یه‌کسانه‌ به‌ (ڕۆح و جه‌سته‌). له‌ ده‌قه‌که‌دا ته‌نیایی وه‌رسکه‌ره‌، به‌ڵام ته‌نیایی ژن کوشنده‌یه‌. ته‌نیایی کوشنده‌ به‌ مانای مانه‌وه‌ی ته‌نها له‌گه‌ڵ خود نایه‌ت، به‌ مانای سڕبوون و متبوونی ئه‌به‌دی دێت. ژنی سڕبوو ته‌نیایه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی حه‌ز له‌و ته‌نیاییه‌ بکا یان بیری لێ کردبێته‌وه‌. (ست ساماڵ و ڤیان) دیارترین نموونه‌ن. بیرکردنه‌وه‌ له‌ ژن به‌رهه‌می مه‌عریفه‌یه‌، واته‌ ئه‌وه‌ مه‌عریفه‌یه‌ ئه‌و ڕۆڵه‌ ده‌گێڕێ که‌ ژن وه‌کو کێشه‌ سه‌یر بکرێ.
    ژن وه‌کو کێشه‌ له‌ به‌رده‌م ئاراسته‌کردنه‌ ناڕه‌واکانی پیاودا هاتووه‌. ده‌قه‌که‌ پێمان ده‌ڵێ: به‌هۆی بوونی ناکۆکییه‌ فيکری و جیاوازییه‌ میتۆدییه‌کانی نێوان ژن و پیاو، کاره‌کته‌ری ژن له‌لای به‌شێکی گه‌وره‌ی پیاوانی دنیا، خه‌سڵه‌تی عیشقه‌ مۆدێل و خودی پێ دراوه‌ و زۆرجاریش له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ په‌راوێز خراوه‌.
    تاقی کردنه‌وه‌ و ته‌فسیرکردنی ڕه‌وتی ئایدیاکانی ژن، له‌ ڕێگای دنیابینی و مه‌رام و نیازی لۆژیکناسه‌ پیاوه‌کانه‌وه‌، زوڵمێکه‌ بەرامبەر ژن ئه‌نجام ده‌درێ. پیاو قه‌ت له‌ ژن و چلۆنایه‌تیی ناخ و کێشه‌ و مه‌عریفه‌ی ژن تێ ناگا، ئه‌گه‌ر له‌و بازنه‌ کۆنه‌ی هه‌یه‌تی ده‌رنه‌چێت و بڕیاره‌کانی باکگراوندێکی ژنانه‌ له‌خۆ نه‌گرن. له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی پیاوسالاری، فلته‌رێک نییه‌ به‌شێک له‌ حه‌قیقه‌تی ژنبوونی له‌خۆ گرتبێت، بۆیه‌ بۆچوونه‌ دروسته‌کان ده‌بنه‌ دۆگما. له‌و وڵاتانه‌ی نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌کان تێکه‌ڵبوونه‌ و وڵات به‌ره‌و پلورالیزمێکی کۆمه‌ڵایه‌تی چووه‌، مه‌ودای نێوان ژن و پیاوی هاونه‌ژادی و هاونیشتیمانی له‌ کشاندایه‌. هۆی تر که‌ ڕۆڵیان هه‌بووه‌ له‌ دروستبوونی ئه‌و مه‌ودایه‌، لاوازبوونی ئینتیمایه‌ بۆ ڕابردوو و تڕادسیۆن و هۆشیاريی مێژوویی.
    به‌گشتی له‌ دیدی تاکه‌کانه‌وه‌، جیاوازییه‌کی زۆر هه‌یه‌ له ‌نێوان ئه‌و ژنانه‌ی بوونه‌ به‌ دایک له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنانه‌ی هێشتا نه‌بوونه‌ته‌ دایک. ئه‌و جیاوازییه‌ له‌ چیرۆکه‌که‌دا هاوار ده‌کا. زۆرن ئه‌و شاعیر و نووسه‌رانه‌ی ئافره‌تیان به‌ شه‌یتان داناوه‌ و باسی دایکی خۆیانیان وه‌کو فریشته‌یه‌ک کردووه‌ که‌ هیچ وزه‌یه‌کی ئه‌هریمه‌نی تێدا نییه‌. ئه‌مه‌ له‌ وتاری (دایکانێکم هه‌ن، میهره‌بانترن له‌ گه‌ڵای دره‌خت…)ی (ڕێبوار سیوه‌یلی) له‌ په‌رتووکی (نه‌ته‌وه‌ و حیکایه‌تدا) به‌ ڕوونی ده‌رده‌که‌وێ.

    -حه‌قیقه‌ت:
    چیرۆکه‌که‌ فه‌زا و زه‌مینه‌ی ئازاد و فره‌ڕه‌نگ له‌ ناخی بونیاد و ستراکچه‌ره‌کان ڕه‌نگرێژ ده‌کا و ڕووگه‌ جياوازه‌كان که‌شف ده‌کا له‌ خه‌یاڵگه‌ و ژێرخانی ئه‌ده‌بیدا. گه‌ره‌کیه‌تی دیدگا و ڕوانینێکی ترمان پێ ببه‌خشێ بۆ چیرۆک. ده‌قه‌که‌ بۆته‌ ئه‌و فه‌زا ڕوونه‌ی تێیدا حه‌قیقه‌ت بۆ نێو بیری وه‌هم شۆڕ ده‌بێته‌وه‌، تاوه‌کو حه‌قیقه‌تی گه‌وره‌ له‌ گۆشەیه‌کدا به‌رجه‌سته‌ ببێت. زۆربه‌ی که‌ناڵه‌کانی گه‌ره‌کیانه‌ خۆیان به‌ جیاوازگه‌ری و ئيستێتیكا و زه‌خره‌فه‌ و سحر بارگاوی و لێورێژ بکه‌ن.
    دواجار هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌بنه‌ پاشکۆی شتێکی گرنگ که‌ داهێنانه‌. ده‌قه‌که‌ سێ قاچی هه‌یه‌، قاچی یه‌که‌می له‌ ڕێگای ئاشکراکردنی بچمی ڕاسته‌قیه‌نه‌ی حه‌قیقه‌ته‌وه‌ به‌رده‌وامی به‌ خۆی ده‌دا، واقیع به‌ ژیرییه‌وه‌ ڕاڤه‌ ده‌کاته‌وه‌، ئه‌و قاچه‌ ده‌که‌وێته‌ نێو فه‌زایه‌کی یۆتۆپی و وه‌همییه‌وه‌. قاچی دووه‌می له‌ عه‌قڵدا ڕه‌گی خۆی داکوتاوه‌ و په‌رده‌ له‌سه‌ر واتا ئابڕووبه‌ره‌کان و کۆد و مه‌رجه‌ کۆنکرێتییه‌کان و مۆرالییه‌ت و ئاکاری خه‌سێنه‌ر و سکێچه‌ ته‌ماوییه‌کان و ئه‌و بیمارستانه‌ی تێیدا نامرین، لاده‌دا. نه‌مردن جیایه‌ له‌ ژیان، نه‌مردن جۆرێکه‌ له‌ ژیانکردنی خاڵی له‌ جوانی. قاچی سێیه‌می نادیاره‌ و نازانرێ ده‌که‌وێته‌ کوێ, به‌ڵام ئاماژه‌کان پێمان ده‌ڵێن بوونی هه‌یه‌.
    زۆربه‌ی ڕۆشنبیرانی کورد هه‌رکه‌ گوێیان لە ناوی (سادقی هیدایه‌ت) ده‌بێت، وێنه‌ی که‌سێکی ڕه‌شبین له‌ ژیانیان دێته‌ به‌رچاو که‌ خۆی و کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کیی نێو یه‌کێک له‌ چیرۆکه‌کانی به‌ غاز ده‌خنکێنێ، بەڵام له‌و چیرۆکه‌ی (کاروان)دا حه‌قیقه‌ت هێشتا گه‌شه‌ و تا ئه‌و شوێنه‌ بڕ ده‌کا که‌ درۆکان ده‌ست پێده‌که‌ن، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێ له‌ مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ چه‌مکی حه‌قیقه‌تدا، (کاروان) سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه‌.

    ئه‌فسانه‌ (fable):
    جیاوازی له ‌نێوان ئه‌فسانه‌ و حه‌قیقه‌تدا ئه‌وه‌یه‌، ئه‌میان حه‌قیقه‌ت ده‌بینێ و ئه‌ویان ئه‌فسانه‌. ئه‌فسانه‌ جیاوازه‌ له‌ درۆ, چلۆنایه‌تیی حه‌قیقه‌ت ڕێژه‌ی ئه‌و جیاوازییه‌ دیاری ده‌کات. یۆتۆپیا نزیکتره‌ له‌ ئه‌فسانه‌ وه‌ک له‌ درۆ، به‌ڵام یه‌کسان نییه‌ پێی. ئه‌فسانه‌کان هۆکار بوون بۆ مانه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ته‌کان له‌ناویشیان حه‌قیقه‌تی جه‌نگه‌ڵستان (خورانی بێهێز له‌لایه‌ن به‌هێزه‌کانه‌وه‌). ڕاسته‌قینه‌کان ئه‌فسانه‌کانیان داهێناوه‌ نه‌ک به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، مرۆڤ (human) وه‌کو ڕاسته‌قینه‌یه‌ک له‌ ئه‌فسانه‌وه‌ نه‌خوڵقاوه‌.
    (که‌مبڵ) پێناسه‌ی ئه‌فسانه‌ی گۆڕی له‌ گه‌ڕان به‌دوای مانا بۆ ئەزموونکردنی مانا. (که‌مبڵ) داوا ده‌کا ئه‌فسانه‌ی گه‌لانی دنیا بخوێنینه‌وه‌ نه‌ک ئه‌فسانه‌ی ئایینه‌کانی خۆمان، گوایه‌ فێرمان ده‌که‌ن چۆن بۆ ناخ بگه‌ڕێینه‌وه‌. چیرۆکی (مه‌سیح) له‌ ئینجیلدا داوای قه‌بوڵکردنی مه‌رگمان لێ ده‌کا، مه‌رگی مه‌سیحی کوڕی خودا. (جۆزیف که‌مبڵ) له‌ چاوپێکه‌وتنێکیدا له‌گه‌ڵ (بیڵ مویز)، مه‌رگی (مه‌سیح) به‌ سه‌ره‌تای گه‌یشتن به‌ ئازادی ناوده‌با، به‌ڵام ئه‌و مه‌رگه‌ سه‌رەتای سه‌فه‌ری ئازادییه‌ به‌ که‌شتیی ژیان بۆ وڵاتی ونبوون.
    دابه‌شکردنی ئایین (religion) به‌سه‌ر جومگه‌کانی (بیروڕا و ڕیچوەڵ و ئه‌فسانه‌) یه‌کانگیر نییه‌ له‌گه‌ڵ بۆچوونی من. ئه‌فسانه‌کان بچووکترین پنتیان له‌ناو هه‌ر ئایینێکدا هه‌بێت خۆی زاڵ ده‌کا به‌سه‌ر بیرورا و ڕیچوەڵ و کۆی هه‌یکه‌لیه‌تی ئایین، دواجار ئایین ده‌بێته‌ هاوواتای ئه‌فسانه‌. ئه‌گه‌ر له‌ دیدێکی ئه‌ده‌بی سادده‌وه‌ ئه‌فسانه‌ پۆلێن بکه‌ین، ئاوای لێ دێت:
    1: ئه‌فسانه‌ی نێو ده‌قه‌کان (چیرۆک، شیعر، ڕۆمان و هتد)، بۆ نموونه‌ له‌ (دۆن کیشۆت)ی (سێرڤانس)دا ئه‌فسانه‌یه‌ک هاتووه‌:
    خودا له‌سه‌ره‌خۆ وازی له‌ عه‌رشه‌که‌ی هێنا و بووه‌ فه‌رمانڕه‌وای گه‌ردوون، خێر و شه‌ڕی جیا کرده‌وه‌، شته‌کانی مانادار کرد. (دۆن کیشۆت) له‌ ماڵه‌که‌ی هاته‌ ده‌ره‌وه‌ و جیهانێکی بینی که‌ نه‌یده‌توانی بیناسێته‌وه‌. جیهان له‌ ونيی ده‌سه‌ڵاتی باڵادا، سه‌رله‌نوێ ده‌ستی پێکرده‌وه‌. تاقه‌ حه‌قیقه‌تی ڕه‌ها ته‌قییه‌وه‌ بۆ چه‌ندین حه‌قیقه‌تی ڕێژه‌یی و خه‌ڵکی له ‌نێوان خۆیاندا ده‌ستیان به‌ دابه‌شکردنی کرد.
    لێره‌وه‌ جیهانی نوێ و له‌گه‌ڵیشیدا ڕۆمان په‌یدا بوو که‌ وێنه‌ی ئه‌و جیهانه‌یه‌. ڕه‌خنه‌گران وه‌کو ئه‌فسانه‌ی ده‌ره‌وی ده‌ق که‌ جۆری دووه‌می ئه‌فسانه‌یه‌ و دواتر قسه‌ی لێوە ده‌که‌ین، مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌فسانه‌یه‌ کردووه‌. هه‌ندێکیان به‌ ڕه‌خنه‌یه‌کی عه‌قڵانی له‌ ئایدیالیزمە‌ شێواوه‌که‌ی (دۆن کیشۆت)ی داده‌نێن، که‌چی هه‌ندێکی تر به‌ ستایشکردنی ئه‌و ئایدیالیزمه‌ ناوی ده‌به‌ن. هه‌ردوو بۆچوونه‌که‌ هه‌ڵه‌ن، چونکه‌ وه‌کو شتێکی ئاکاری مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌فسانه‌که‌دا کردووه‌ نه‌ک له‌ چوارچێوه‌ی ده‌قدا.
    بۆچوونه‌کانی (ئه‌دمۆند هۆسرل) گرنگیی خۆیان هه‌یه‌ که‌ فه‌یله‌سوفێکی ئه‌ڵمانی سه‌دده‌ی بیسته‌مه‌ و دامه‌زرێنه‌ری فینۆمینۆلۆجیایه‌ و دوای ئه‌وه‌ی (هایدگه‌ر) ده‌بێته‌ سه‌رۆکی زانکۆی فرایبۆرگ له‌ژێر ترسی نازییه‌کان ناوی (هۆسرل) له‌ لیستی مامۆستایانی زانکۆکه‌ لا ده‌دا.
    2: ئه‌فسانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق، ئه‌میشیان دوو لقی لێ ده‌بێته‌وه‌: (ئه‌و ئه‌فسانانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌قن، به‌ڵام له‌ ڕێگا‌یه‌که‌وه‌ ده‌چنه‌وه‌ سه‌ری) و (ئه‌و ئه‌فسانانه‌ی سه‌ر به‌ سه‌ده‌یه‌کی تر و گه‌لێکی تر و دنیایه‌کی ترن)
    له‌ناو ده‌قی (مناره‌ی ئاوه‌دانی)دا ئه‌فسانه‌ ڕووه‌ و حه‌قیقه‌ت مل ده‌نێ و هێنده‌ی نه‌ماوه‌ بگاته‌ لای، له‌ ده‌ره‌وه‌شی ئه‌فسانه‌ کۆنه‌ کوردییه‌کان به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی مۆرکی شه‌ڕ و ئاواره‌بوونیان پێوه‌یه‌ خۆیان لێی نزیک ده‌که‌نه‌وه‌ و گه‌ره‌کیانه‌ ده‌ستی ته‌وقه‌ی بۆ درێژ بکه‌ن.

    حاڵه‌ته‌کان:
    له‌ فه‌زای چیرۆکه‌که‌دا حاڵه‌ته‌ هه‌ستییه‌کان، حاڵه‌ته‌ نه‌ستییه‌کان، سه‌لماندنی ترسناک و جدییه‌تی ڕێساکان و شتی تریش له‌سه‌ر خوانی ئه‌ده‌بدا کۆ بوونه‌ته‌وه‌.
    دژه‌کان به‌یه‌که‌وه‌ لکاون و وه‌کو ته‌واوکه‌ر و ئاسایی ده‌بینرێن. نووسه‌ر خودی خۆی پیرۆز و ئه‌وی تری کافر نه‌کردووه‌، له‌ هه‌ندێ شوێنی ده‌قه‌که‌ خود و بەرانبەره‌که‌یت بۆ جیا ناکرێته‌وه‌. نووسه‌ر له‌ دنیای چیرۆکه‌که‌دا که‌ جیایه‌ له‌ دنیای ڕاسته‌قیه‌نه‌، خودێکه‌ باوه‌ڕی به‌ به‌یه‌که‌وه‌ ژیان و ڕای بەرامبەر هه‌یه‌.
    (تۆماس هۆبز)ی فه‌یله‌سوفی ئینگلیزی که‌ ململانێ گرێ ده‌دا به‌ چاکسازیی خود و باوه‌ڕی وایه‌ ژیان بریتییه‌ له‌ ململانێ بۆ به‌ده‌ستهێنانی زۆرترین ده‌سه‌ڵات و ئه‌وه‌ مردنه‌ کۆتایی به‌و ململانێیه‌ ده‌هێنێ. قسەکردن لەبارەی به‌یه‌که‌وه‌ ژیانەوە بۆ خۆی فه‌لسه‌فه‌یه‌کی فره‌ ڕه‌هه‌نده‌. (دۆن کیشۆت) توانای دروستکردنی په‌یوەندیی نه‌بوو له‌گه‌ڵ خه‌ڵکیدا، بۆیه‌ ته‌نها له‌ خه‌یاڵی خۆیدا پاڵه‌وان بوو. (دۆن کیشۆت دالامچا) هه‌ڵناکا له‌گه‌ڵ بۆچوونی جیاواز و ئه‌و دنیا قازانجخواز و بێڕه‌حمه‌ مۆدێرنه‌دا. (فۆکۆ) پێی وایە‌ (دۆن کیشۆت) دابڕانێکی ئه‌پسمۆلۆژیی تازه‌یه‌.
    نموونه‌: ئێوه‌ له‌ودیو ده‌رگای ژووره‌که‌م دانیشتون و خه‌ریکی قاوه‌ خواردنه‌وه‌ن. یه‌کێک له‌ ئێوه‌ بانگم ده‌کا: خه‌ریکی چی؟ له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێم: چایه‌ ده‌خۆمه‌وه‌. به‌بێ ئه‌وه‌ی منتان لێ دیار بێت و په‌رداخه‌ چایه‌که‌متان بینیبێت، هه‌ر یه‌که‌تان وێنه‌یه‌کی لا دروست ده‌بێت. یه‌کێکتان چایه‌که‌ له‌ نێو ئیستیکانێک ده‌بینێت، دووه‌متان له‌نێو ژێرپیاڵه‌، سێیه‌متان له‌ نێو قۆریی چا، ئیتر به‌و جۆرانه‌. په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ له ‌نێوان چایه‌ی به‌رده‌می من و ئه‌وه‌ی نێو خه‌یاڵدانی ئێوه‌. له‌ بازنه‌ی ئه‌و ڕێساگه‌لانه‌ و ده‌قه‌که‌ی (کاروان)دا به‌ ڕه‌وای ده‌بینم ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر هه‌ندێک حاڵه‌ت ڕێکبکه‌وین که‌ پێشتر هه‌موومان نه‌مانبینیبێ ته‌نها یه‌ک دووانێکمان بینیبێتیان.

    زمان (language):
    له‌ کتێبی (ویستی هێز- The will to power)دا که‌ ڕاڤه‌ له‌پاڵ میتافۆڕه‌، (نیتشه‌) نووسیویه‌تی: تاقه‌ شوێنی بیرکردنه‌وه‌ فۆڕمی زمانه‌، ئه‌گه‌ر ڕازی نه‌بین، چیتر بیرناکه‌ینه‌وه‌.
    زمان ئه‌و کاته‌ ئه‌و ڕۆڵه‌ ده‌بینێ که‌ په‌یوەندییه‌کی سازگار ته‌رخان بکرێت له‌ نێوان تێکست و ڕاڤه‌کاردا. (گادامێر) چه‌مکی پێکه‌وه‌بوونی بۆ مانیفێستکردنی هه‌مبه‌رێتیی نێوان ڕاڤه‌کار و ده‌ق به‌کار هێنا. (ریکۆر) ئه‌و زاراوه‌یه‌ی به‌ شێوه‌یه‌کی به‌رفراوانتر ده‌ربڕی. زمانی چیرۆکه‌که‌ سه‌رکه‌وتوو بووه‌ و بووه‌ته‌ شوێنی بیرکردنه‌وه‌ به‌هۆی ئه‌و په‌یوه‌ستبوونه‌ زۆره‌ به‌ ڕووداوه‌کانه‌وه‌. له‌ کتێبی (حه‌قیقه‌ت و میتۆد)ی (گادامێر)دا هاتووه‌ که‌ باسه‌که‌ی (شلایر ماخێر) له‌مه‌ر هێرمێنۆتیک و هونه‌ری ڕاڤه‌ ناسینی تێگه‌یشتنی باش (good) و خراپ (bad)، ڕاڤه‌کردنی ده‌ق به‌ره‌و‌ باشتر تێگه‌یشتنمان ده‌بات. (کاروان) خولیایه‌کی زۆری هه‌یه‌ و زمانی ده‌قه‌که‌ی نه‌کردووه‌ به‌ سیمبولێکی خه‌یاڵاوى.
    (فرۆید) له‌ (راڤه‌ی خولیاکان)دا جیاوازی کردووه‌ له‌نێوان زمانی خولیا و زمانی سیمبولێکی خه‌یاڵپه‌روه‌ری، پێی وایە‌ ئه‌وه‌ی دووه‌میان زمانێکی ناکارایه‌.
    (لامارتین) له‌وه‌ ناره‌حه‌ت بوو که‌ زمان له‌ توانایدا نییه‌ گوزارشت له‌ هه‌ڵچونه‌کانی بکا. ده‌قی ئه‌ده‌بی له‌ یه‌که‌ زمانییه‌کان پێکهاتووه‌. ڕاسته‌ شیکردنه‌وه‌ی هونه‌ری به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بییه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای تیۆر و میتۆده‌کانی زمانناسی ڕێگایه‌کی ئاسانه‌، وه‌لێ جوان نییه‌. فۆرمالیسته‌کان و پێکهاته‌گه‌رایه‌کان شیکاری ده‌قه‌ ئه‌ده‌بییه‌کانیان متمانه‌ی تێدا نه‌بوو، مامه‌ڵه‌یه‌کی ڕه‌مزییان له‌گه‌ڵ هونه‌ره‌کانی دیکه‌ ده‌کرد، ئه‌وه‌ی له‌ بواره‌کانی (سینه‌ما و وێنه‌ و مۆسیقا و بیناسازی و کایه‌ جیاوازه‌کانی تر) بۆمان ماوه‌ته‌وه‌ شتێکی ڕه‌مزییه‌. من نه‌گه‌ڕاومه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌و بیردۆز و میتۆدانه‌ له‌کاتی قسەکردن لەبارەی ئه‌و ده‌قه‌وە کە په‌نجه‌مان له‌سه‌ر شل کردووه‌.
    پۆلێنکردنی ئه‌ده‌بیات له‌ ئامانجه‌کانی نووسه‌ره‌. نها ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ئه‌ده‌بیاتی کوردی پۆلێن بکه‌ین به‌م جۆره‌ی لێ دێ:
    1/ ئه‌و ئه‌ده‌بانه‌ی مرۆڤێک له‌ خۆیاندا هه‌ڵده‌گرن، له‌ کۆتاییشدا ده‌یخنکێنن, مرۆڤه‌که‌ ته‌کنیکه‌.
    2/ ئه‌و ئه‌ده‌بانه‌ی سیحربازێک له‌ خۆیان هه‌ڵده‌گرن، سه‌ره‌نجام ده‌یسووتێنن, سیحربازه‌که‌ زمانه‌.
    3/ ئه‌و ئه‌ده‌بانه‌ی پڵنگێک له‌خۆ ده‌گرن، دواجار که‌وڵی ده‌که‌ن, پڵنگێک ناوی ڕۆشنبیرییه‌.
    که‌م ده‌قی ئه‌ده‌بی هه‌یه‌ (زمان و ته‌کنیک و ڕۆشنبیریی ئه‌ده‌بی) به‌یه‌که‌وه‌ گرێ بدا. زاراوه‌ی ئه‌ده‌ب به‌ کردار پێناسه‌ نه‌کراوه‌. ئه‌دیبه‌کانمان به‌ ئه‌ده‌بێک ده‌ڵێن داهێنان که‌ هێشتا باڵق نه‌بوه‌ (خۆی نه‌ناسیوه‌). (کاروان) له‌م ده‌قه‌دا کاری بۆ ئه‌و گرێدانه‌ کردووه‌.

  • کورتبڕی:
    درێژدادری ئه‌نفله‌وه‌نزای ئه‌ده‌به‌. وشه‌ ڕیزکردن به‌ مه‌به‌ستی دروستکردنی ڕسته‌، ڕسته‌ ڕیزکردن به‌ مه‌به‌ستی دروستکردنی بابه‌ت، لایه‌نی خراپی نووسین پێشان ده‌ده‌ن. (خوان ڕۆڵفۆ)ی نووسه‌ری به‌ناوبانگی مه‌کسیکی، به‌ ڕۆمانی (پیدرۆ پارامۆ) که‌ له‌ 150 لاپه‌ره‌ زیاتر نه‌بوو، بوو به‌ یه‌کێک له‌ گه‌وره‌ترین ڕۆماننووسه‌کانی دنیا و دوای ئه‌و ڕۆمانه‌ش بۆ ئه‌به‌د ده‌ستی له‌ نووسین هه‌ڵگرت.
    ڕۆمانه‌که‌ له‌ جه‌وهه‌ردا (300) لاپه‌ڕه‌ بووه‌ و له‌(150) لاپه‌ڕه‌دا چڕ کراوه‌ته‌وه‌. (ئۆکتاڤیۆ پاژ) که‌ نزیکترین هاوڕێی (ڕۆڵفۆ)یه‌ وه‌ها باسی ده‌کا: بۆ (ڕۆڵفۆ) بێده‌نگی کوشنده‌ بوو، هاوڕێکانی داوای ڕۆمانی تازه‌یان لێ ده‌کرد، به‌ڵام ئه‌و وا هه‌ستی ده‌کرد هه‌موو شتێکی له‌ (پیدرۆ پارامۆ)دا گوتووه‌.
    (مالارمێ) نه‌یگوتووه‌ ئه‌ده‌ب ماندووکردنی پیته‌کانه، بەڵکو‌ ئه‌و ده‌یگوت “ئه‌ده‌ب په‌ره‌پێدانی پیته‌کانه‌”. ئه‌و کاته‌شی (بلانشۆ) ده‌ڵی: گرنگ نییه‌ چی ده‌نووسی؟ دووباره‌کردنه‌وه‌ گرنگه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی یه‌که‌مین جار بێت نووسیبێتت، پره‌نسیپێکی دیاریکراو هه‌یه‌ ته‌واو جیاوازه‌ له‌و پره‌نسیپە‌ی درێژدادڕه‌کان ئیشیان له‌سه‌ر کردووه‌. درێژدادڕی جیایه‌ له‌ زۆرنووسین. باسی زۆرنووسینی (نیتشه‌) ده‌کرێ. نووسین بۆ ئه‌و گوزارشت نه‌بووه‌ له‌ فه‌لسه‌فه‌یه‌کی ئه‌بستراکت، ئیشی له‌سه‌ر دامه‌زراندن نه‌کردووه‌، به‌ڵکو کاری ئه‌و سه‌ره‌ولێژکردنه‌وه‌ی ماناکان بوو، بۆیه‌ وه‌کو داهێنه‌ری میتۆلۆجی چاوی لێ ده‌کرا، تا ئه‌و کاته‌ی (هایدگه‌ر) هات و وه‌کو دوا فه‌یله‌سوفی ڕۆژئاوا خستییه‌ نێو خێزانی میتافیزیکی.

    نموونه‌ له‌سه‌ر کورتبڕیی نێو چیرۆکه‌که‌:
  • دایکت وه‌ک بڵێی مار پێوه‌ی دابێت…
    -هیچ له‌وه‌ تێنه‌ده‌گه‌یشتی ئه‌وانه‌ چۆن و که‌ی و له‌کوێ به‌ یه‌کتر گه‌یشتوون…
    ئه‌گه‌رچی سوور ده‌زانی (ڤیان) ناتوانێت قسه‌ت له‌گه‌ڵ بکات، چونکه‌ ماوه‌که‌ی ته‌واو بووه‌…
    بێگومان تۆ له‌ ده‌رفه‌تێکدا هه‌موو ئه‌مانه‌ی لێ ده‌پرسی…
    یاخیبوون:
    یاخیبوون لای (کامۆ) بۆ یاخیبوونی میتافیزیکی و یاخیبوونی مێژوویی دابه‌ش ده‌بێ. یه‌که‌میان سێ لقی لێ ده‌بێته‌وه‌:
    (ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ڕه‌ها – مارکیز دیساد)
    (ڕه‌تکردنه‌وه‌ی نه‌جاتبوون – ئیڤان کارامازۆف)
  • (شیکاری ڕه‌ها –نیتشه‌).
    (کامۆ) دوای وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی نۆبڵ له‌ ساڵی 1957دا له‌لایه‌ن ئه‌کادیمیای سویدی، نامه‌یه‌ک به‌ ساده‌ییه‌وه‌ بۆ خێزانی (نیکۆس کازانتزاکیس) ده‌نووسێت و تێیدا ده‌ڵێ: (کازانتزاکیس) شایسته‌تر بوو له‌ من بۆ ئه‌و خه‌ڵاته‌. سادده‌یی (کامۆ) ئاوێته‌ی سادده‌یی (کازانتزاکیس) ده‌بێت و درێژ ده‌بێته‌وه‌ تا ده‌گاته‌ (نیتشه‌)، له‌وێدا (کازانتزاکیس) به‌ ئاشکرا و به‌ سادده‌ییه‌وه‌ پێیه‌وه‌ دیاره‌ چۆن سوودی له‌ (نیتشه‌) وه‌رگرتووه‌. ئه‌و سوود وه‌رگرتنه‌ ئاساییه‌، (ئه‌فلاتون) که‌ زۆرجار به‌ باوکی فه‌لسه‌فه‌ داده‌نرێ, له‌ سه‌ره‌تادا له‌ژێر کاریگه‌ریی (هیراکلیتس / 544- 483 پ ز) و (فیساگۆرس / 580 – 500 پ. ز) و (سۆكراتدا) بوو. له‌ناو هه‌ندێ له‌ دێره‌کانی چیرۆکه‌که‌دا هه‌ستم به‌ سادده‌یی نووسه‌ره‌که‌ی کرد، وێنه‌ی نووسه‌ر له‌ناو فه‌زای بیرکردنه‌وه‌ی کاره‌کته‌ره‌کانی وێنه‌یه‌کی ته‌ماوییه‌، ئه‌وه‌ فه‌زای گشتیی چیرۆکه‌که‌یه‌ وێنه‌ی نووسه‌رمان پێشان ده‌دا كه‌ وێنه‌یه‌كی یاخییه‌ به‌ڵام خۆشی جیا ناكاته‌وه‌ له‌ كۆمه‌ڵگا. له‌ چیرۆکه‌که‌دا هاتووه‌:
    – بۆنی عه‌تره‌کانی ته‌فره‌یان ده‌دای.
    – وات ده‌زانی که‌نارییه‌ک له‌ناو قوڕگیدایه‌.
    – ئه‌گه‌رچی ئه‌وان وایان ده‌زانی تۆ له‌ داخی ئه‌و نازناوه‌ وازت هێنا…
    – که‌واته‌ ئه‌و چه‌ند جاره‌ی یه‌کتریتان ده‌بینی، ئه‌و مردبوو له‌ گۆڕستان گه‌ڕابۆوه‌.
    – هیچ له‌وه‌ تێنه‌ده‌گه‌یشتی ئه‌وانه‌ چۆن و که‌ی و له‌ کوێ به‌ یه‌کتر گه‌یشتوون؟…
  • داهێنان و پاسۆلۆژی:
    لای ده‌روونناسی نه‌مساوی (سیگمۆن فرۆید) دامه‌زرێنه‌ری قوتابخانه‌ی دەروونشیکاری، داهێنان په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ حەده‌سه‌وه‌ و حاڵه‌تێکی پاسۆلۆژییه‌. (فرۆید) له‌ ڕێگا‌ی بیردۆزی دەروونشیکارییەوە، شیکردنه‌وه‌ی بۆ هونه‌ری (داڤینشی) و (دیستۆڤسکی) و (شێکسپیر) ده‌کرد، پێی وابوو هونه‌ر هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ فاکته‌رێک بۆ پڕ کردنه‌وه‌ی که‌لێنه‌ سێکسییه‌کانی مرۆڤ و حاڵه‌تێکی سێکسیی پاسۆلۆژییه‌. دابونه‌ریتی کۆنی کۆمه‌ڵایه‌تی که‌ مامه‌ڵه‌یه‌کی لاواز له‌گه‌ڵ سێکساندندا ده‌کا، هۆکاره‌ له‌پشت هونه‌رەوە. به‌ بۆچوونی من ئه‌و بۆچوونه‌ی (فرۆید) به‌رهه‌می نه‌خوێندنه‌وه‌ی داهاتووی ئه‌وروپا و پێگه‌ی سێکس (sex) له‌ داهاتووی ڕۆژئاوایه‌، ئه‌و کاته‌ی سێکس زۆربه‌ی سنووره‌کان ده‌به‌زێنێ.
    بۆی هه‌یه‌ جوانترین هونه‌ر هونه‌ری ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ بێت که‌ بۆشایی سێکسیی نییه‌ ئه‌مه‌ بۆ جڤاتی ڕۆژهه‌ڵاتی و ڕۆژئاوایی دروسته‌. داهێنانی چیرۆکه‌که‌مان، به‌رهه‌می فيکرێکی نزیک له‌ مناره‌ و دار و به‌رد و چه‌ک و سێکسێکی ته‌ماوی و خوێنه‌، نه‌ک نزیک له‌ مه‌مک و باسک و پشت و بنهه‌نگڵ و داوێنی ژنی ئه‌وروپی.
    (فیلیپ ڕۆس) له‌ چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ (میلان کۆندێرا) ویستی بۆچوونی ئه‌و بزانێ بۆ سێکس وه‌کو ڕۆماننووسێک. (کۆندێرا) وه‌ها وه‌ڵامی دایه‌وه‌: باسی سێکس چیتر قه‌ده‌غه‌ نییه‌. ڕاوه‌ستان به‌ وێناکردنی گشتی یان ددانپێدانانی سێکسه‌وه‌، سه‌ر‌نجڕاکێش نییه‌، به‌ڵکو وه‌رسکه‌ره‌.
    له‌م ده‌قه‌دا کار بۆ جیاکاری و تێکشاندنی فۆڕمه‌ دووباره‌کان و به‌خشینی مانایه‌کی تازه‌ به‌ دێره‌کان کراوە. (بلۆم) مكوڕ بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی شاعیر به‌ر له‌ هه‌ر شت له‌ خۆی ده‌پرسێ: چۆن ئه‌ده‌بێکی جیاواز بنووسم؟ شیعرێک به‌ خه‌یاڵی که‌سدا نه‌هاتبێت. چۆن چۆنی جیاکاری دروست بکه‌م؟ له‌ باسی (فۆڕمشکاندن)دا ئه‌م باسه‌ زیاتر که‌وته‌ سه‌ر پای خۆی و پۆلێن کرا له‌ تیۆرییه‌ک له‌مه‌ڕ (میتۆدی خوێندنه‌وه‌ یان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌ق). (بلۆم) نووسی: ئه‌ده‌ب فێرمان ده‌کا له‌پێناوی داهێنان و واتای تازه‌دا، فۆڕم تێکبشکێنین.
    (دێریدا)به‌ پێچه‌وانه‌ی (ئه‌فلاتون)ەوە پێی وابوو هه‌موو وشه‌ و نیشانه‌یه‌ک په‌یوه‌سته‌ به‌ جیاکارییه‌کی واتادار. له‌ چیرۆکه‌که‌دا جیاوازیی فيکریی کاره‌کته‌ره‌کان ڕێگر نه‌بووه‌ له‌ به‌رده‌م کۆکبوون له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌گه‌لێک که‌ ته‌نها له‌ ساتی خوێندنه‌وه‌ی چیرۆکه‌که‌ هه‌ستیان پێ ده‌که‌ین نه‌ک له‌کاتی قسەکردن لەبارەیەوە. جیاوازییه‌کان ڕێگر نین له‌ به‌رده‌م گه‌یشتن به‌ هاوبه‌شه‌کان، جیاوازیی بزوێنه‌ری هاوبه‌شی و هاوبه‌شی فه‌زای به‌ زیندوو هێشتنه‌وه‌ی جیاوازییه‌. قه‌شه‌ (ئۆگه‌ستین 354-430ز) که‌ بیرۆکه‌کانی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ململانێی نێوان بیری مه‌سیحی و یۆنانی کۆن بوون، له‌ باسی کۆمه‌ڵگادا که‌متر باسی جیاوازییه‌کان ده‌کا تا هاوبه‌شه‌کان، لای ئه‌و کۆمه‌ڵگا‌ بریتییه‌ له‌ کۆمه‌ڵێک خه‌ڵک که‌ بیروباوه‌ڕی هاوبه‌ش کۆیان ده‌کاته‌وه‌.

    فه‌لسه‌فه‌:
    ڕه‌نگه‌ يه‌كێك له‌ كاره‌كانی چیرۆک ورووژاندنی پرسیاری قووڵ بێت. به‌ نموونه‌: “بناغه‌ی دروستبوونی گه‌ردون چییه‌؟”
    ئه‌م پرسیاره‌ گرفتێکی بنه‌ڕه‌تی بووه‌ له‌ به‌رده‌می فه‌لسه‌فه‌ و فه‌لسه‌فه‌کار و فه‌زای فه‌لسه‌فی له‌ ڕۆژئاوا و ڕاڤه‌ی بۆ کراوه‌. کێشه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تیی هه‌ر سێ قۆناغه‌که‌ی فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانی بوو که‌ هۆکاری ڕاسته‌قینه‌ی بوونیان بۆ هۆکاری ماددی ده‌گه‌ڕانده‌وه‌. مه‌به‌ستم له‌:
    قۆناغی فه‌لسه‌فه‌ی به‌ر له‌ (سۆکرات).
    قۆناغی (سۆکرات) تاوه‌کو (ئه‌رستۆ).
    قۆناغی دوای (ئه‌فلاتون) (ئه‌و قۆناغه‌ تاوه‌کو سه‌ره‌تای چه‌رخه‌کانی ناوه‌ڕاست درێژه‌ی کێشا). هه‌ر بۆ نموونه‌:
    _ تاڵیس (560-548پ. ز) بناغه‌ی دروستبوونی بوونی بۆ ئاو ده‌گه‌ڕانده‌وه‌.
    _ ئه‌نکسمندریس (610 – 545پ. ز) بۆ هه‌وای گه‌ڕاندۆته‌وه‌.
    _ هیراکلیس بۆ ئاگر و پارمه‌ندیس بۆ هه‌بوونی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌.
    _ ئه‌نبادوکلیس ده‌یگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ پێنج توخمی (ئاگر، هه‌وا، ئاو، خۆڵ و کاریگه‌ری). ئه‌و توخمانه‌ش وه‌کو خودای ئه‌فسانه‌یی باسیان لێوه‌ کراوه‌.
    فيکر له‌م چیرۆکه‌دا بۆ چه‌ند به‌شی جیاواز دابه‌ش ده‌بێته‌وه‌. دابه‌شبوون به‌ مانای په‌رته‌وازه‌بوون و شه‌قبوون نایه‌ت، به‌ڵکو‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی فيکره‌ بۆ به‌شه‌کانی. ئه‌و دابه‌شبوونه‌ی خه‌یاڵی خوێنه‌ر په‌یوەندییه‌کی ڕاسته‌وانه‌ و دانه‌بڕاوی‌ له‌گه‌ڵ کۆبونه‌وه‌ی فيکری نووسه‌ر و یه‌کگرتنه‌وه‌ی پارچه‌کانی خه‌یاڵی هەیە، بۆ ئه‌وه‌ی بکێشن به‌ یه‌کتردا و وه‌کو بروسکه‌ بگرمێنن و ده‌قێکی ئه‌ده‌بی به‌رهه‌م بهێنن. به‌رهه‌مه‌که‌ وه‌کو شتێکی ده‌سته‌مۆ له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌کان خۆی ئاشکرا ده‌کا، خوێنه‌ر پێویستی به‌وه‌ نییه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خه‌یاڵدانی (کاروان) و شرۆڤه‌ی فيکری و مه‌عریفی بۆ بکا. خوێندنه‌وه‌ی چیرۆکه‌که‌ ڕێگاکه‌مان بۆ کورت ده‌کاته‌وه‌، وشه‌کان ده‌بنه‌ ماسی و کۆی ده‌قه‌که‌ش ده‌بێته‌ ده‌ریا نه‌ک کۆمه‌ڵه‌ ماسی، چونکه‌ وشه‌کان له‌ خه‌یاڵدا نوقم بوونه‌ و مامه‌ڵه‌ی ئێمه‌ به‌ ته‌نها له‌گه‌ڵ وشه‌کاندا نییه‌، به‌ڵکو له‌گه‌ڵ ئه‌و خه‌یاڵه‌شه‌ که‌ له‌ پشتی وشه‌کاندا خۆی مه‌ڵاس داوه‌ و وشه‌کان له‌ ناویدا مه‌له‌ ده‌که‌ن.
    له‌ یادمان نه‌چێت خه‌یاڵی پشت وشه‌کان یه‌کسان نییه‌ به‌ خه‌یاڵی نێو خه‌یاڵدانی چیرۆکنووس. وشه‌کان گرينگ نین، ماناکان گرينگن. زۆربه‌ی ئه‌و وشانه‌ی له‌ چیرۆکه‌که‌دا هاتوون له‌ ژیانی ڕۆژانه‌ماندا به‌ کاریان ده‌هێنین، بەڵام ئه‌وه‌ ماناکانن جیاوازییه‌کان دروست ده‌که‌ن.
    ده‌ق به‌رده‌وام فيکر به‌رهه‌م دێنێ و کاڵی ده‌کاته‌وه‌. ده‌کرێ ده‌قی ئه‌ده‌بی ببێته‌ مه‌ڵبه‌ندی به‌رهه‌مهێنانی بیرۆکه‌ی فه‌لسه‌فی و پڕۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ئایدیا و جیهانبینییه‌کان. (فۆکۆ) له‌ کتێبێکی ئه‌ده‌بی سه‌ده‌ی شازده‌هەمەوە چه‌ندین تێزی فه‌لسه‌فی هه‌ڵهێنا، که‌ (دۆنکیشۆت)ی (سێرڤانس) بوو. ده‌قی ئه‌ده‌بی به‌ ته‌نها گوزارشت نییه‌ له‌ ئه‌دیببوونی نووسه‌ر, زۆرجار هه‌وڵێکه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی فيکری فه‌لسه‌فی، هه‌ندێجار بارودۆخه‌که‌ ده‌گۆڕێ. فيکری فه‌لسه‌فی و ژیانی فه‌یله‌سوفه‌کان ئاراسته‌مان ده‌که‌ن بۆ نووسینی ده‌قی ئه‌ده‌بی.
    به‌ردبارانکردنی (ژان ژاک ڕۆسۆ)، دادگایيکردنی (سۆكرات)، شێتبوونی (نیتشه‌)، ده‌کرێ ببنه‌ بیرۆکه‌ی نووسینی چه‌ندین ڕۆمان و چیرۆک و شیعر و بابه‌تی ئه‌ده‌بیی تر. خۆکوشتنی (گۆگۆل) و ژیانی (ئه‌کاکی ئه‌کاکیفیجی) نێو (پاڵتۆ)، زیندانیکردنی (مه‌رسۆ)ی نێو (نامۆ)ی (ئه‌لبێر کامۆ)، (راسکۆڵنیکۆف)ی (دیستۆڤسکی)، ئه‌مانه‌ فيكر به‌دوای خۆیاندا ده‌هێنن.
    گرنگترین ئه‌و پرسیاره‌ فيكرييانه‌ی چیرۆکه‌که‌ دروستیان ده‌کا:
    – مردووه‌کان له‌ کوێی زیندووه‌کاندان؟
    – خۆکوشتن سه‌ره‌تای ئه‌به‌دیه‌ته‌ یان ئه‌به‌دیه‌ت سه‌ره‌تای خۆکوشتنه‌؟
    – دایکانمان چی ئێمه‌ بوونه‌ له‌ سه‌ره‌تادا؟ (به‌ر له‌ بوونی ئێمه‌).
    – منداڵی یانی چی؟

بڵند باجه‌لان

سه‌رچاوه‌كان:

  • بیری پۆستمۆدێرنیزم ، ئازاد حەمە، هەولێر، 2002
  • لێبووردەیی و فەلسەفە, رێبوار سیوەیلی، هیوا حاجی، نەوزاد جەمال، هەولێر ، 2009
  • فەلسەفە بۆ ئەو كەسەی دەیەوێت, د : نبیل عبدولحەمید عبدالجبار، هەولێر، 2010
  • سۆران ئازاد، کاردانه‌وه‌ی هزر (فکر) له‌ ڕۆمانی کوردیدا، ده‌نگه‌کان، 2012
  • مناره‌ی ئاوه‌دانی، کاروان کاکه‌سوور، گۆڤاری ئایینده‌، ژماره‌ نه‌وه‌د و یه‌ک.
  • مدرنیته‌ و مدرنیسم, مجموعه‌ مقالاتی در سیاست، فرهنگ و نظریه های اجتماعی, ترجمه‌ و تدوین: حسین علی ، تهران 1378
  • أزدواجیه‌ العقل, دراسه‌ تحلیلیه‌ نفسیه‌, کتابات حسن حنفی, جورج طرابيشی.



جەنگەکان درێژەپێدەری سیاسەتی چەوسانەوەی ئابووری چینایەتین!!!.. نەجمەدین فارس

ئەوەی کەلە ڕابردوودا گوزەراوەو ،لەئێستادا دەگوزەرێت، جەنگەکان هەمووکات هۆکاری دەمەزەردکردنەوەی دەسەڵات وبەرژەوەندی تایبەتی کۆمەڵێکی کەمی باڵادەست بوون،لە فۆڕمە جیاوازەکانی دەوڵەت و دەسەڵاتی خێڵەکی و ئاینی وئەرستۆکراتی ودێموکراسی وئۆلیگارشی ودیکتاتۆریەت و ئیمپراتۆرەکان بووە.
سەرەتای دابەش بوونی کۆمەڵگای سەرەتایی بێچین و توێژ بۆ دووچین و دووبەرژەوەندی جیاواز لەمێژوودا،سەرەتای دەستپێکردنی جەنگە جیاوازو جۆراوجۆرەکان بووە، بەشێواز وتەکنیکی جیاواز ،لەپێناوی هەژموونگەرایی وبەرژەوەندپەرستی باڵادەستانی خێڵ وفۆڕمە جیاوازەکانی دەسەڵاتدارێتی و دەوڵەت. دروستکردن وبەرپاکردنی جەنگەکان لە مێژوودا بۆ شاردنەوەو پەردەپۆشکردن ودوورخستنەوەی لەدەستدانی دەسەڵات و بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی دەسەڵاتداران بووە،کە لە ئەنجامی جیاوازی چینایەتی و هەڵاوێردنی چینەکانی خوارەوە سروشتێکی ململانێی لەنیوانیاندادروستکردووە، وبەبەردەوامی لەململانێدابوون.

بەپێی سەردەمەکان جۆری چەک و تێچووی جەنگەکانی گۆڕانکاریان بەسەرداهاتووە. دواکەووتویی و پێشکەوتووی چەکەکان گۆڕانکاری بەسەر ڕێژەی کوشتاروو کاولکاریدا هێناووە.لەئەنجامدا جەنگەکان هۆکاری ماڵ وێرانی وخوێن ڕشتن وقات وقڕی بووەو دەبێت، بەهەرشێوەیەک بێت ئەوجەنگانە جەنگێکی نا‌‌دادوەرانەو ناڕەوایە بۆ ژیانی مرۆڤایەتی،لەبەرئەوەی درێژەپێدەری هەمان هەلومەرجی ژیانە بەشێوەیەکی خراپتر. جەنگەکان لەڕێگەی بڕیادانی دەسەڵاتدارانی خێڵ ودەوڵەتەوە بەرپا بوون و هیچ لایەنێکی خوارەوەی کۆمەڵگاکان ڕەزامەندیان لەسەری نەبووەو دەرنەبڕیووە. بەرژەوەند پەرستانی دەسەڵات ،بەبەرژەوەندی خۆیان جەنگەکانیان هەڵگیرساندووە. ئەگەر دەسەڵاتدارانی دەوڵەت بۆ قازانجی خۆیان و هێشتنەوەی دەسەڵاتیان و کۆیلەکردنی دانیشتوانی کریگرتەی کارو سەرمایە نەبێت، ئەیانتوانی بە تێچووی جەنگەکانیان دڕیان بەهەژاری بدایە و قاتووقڕی وبرسێتی وکێشەناوخۆیەکانیان بنج بڕوو کۆتاییان پێ بهانیایە. دەرئەنجام جەنگ بۆ دەسەڵاتداران لە جیهاندا هۆکارە بۆ کۆیلەکردن و چەوساندنەوەی زیاتری بەشەکانی خوارەوەی کۆمەڵگایەو ‌‌بەدەستهێنانی زیاتری دەسەڵات و بەرژەوەندیە بۆ دەسەڵاتداران.

جەنگەکان بەشێکی گەورەی بازرگانی وقازانجە بۆ کۆمپانیاکانی بەرهەم هێنانی چەک لەجیهاندا. بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕیDW ی ئەڵمانی لەساڵی ٢٠٢١ز یدا،بڕی چەکی سەربازی فرۆشراو لەبازاڕی جیهانیدا ٥٩٢ پێنج سەدو نەوەت ودوو ملیار دۆلار بووە ،لەو بڕەش بەشی شێر بە کۆمپانیا ئەمریکیەکان بڕاوە کە زیاتر لە نیوەی ئەو بڕەی سەرەوەیە کە بایی ٢٩٩ دووسەد ونەوەت نۆ ملیار دۆلار بووەو بە ووڵاتانی فرۆشتووە. ڕێژەی فرۆشتنەکانی چەک لەلایەن ووڵاتانی بەرهەمهێنەوە بەم شیوەیە،٣،٢% دەوڵەتانی ئەوروپا،٢%ئیسرائیل، ١،٦% ئەڵمانیا،٦،٨% بەریتانیا، ١،٢% کۆریای باشوور، ٣% روسیا، ١،٥% یابان، ٤،٩% فەڕەنسا،٢،٨% ئیتالیا،١٨% چین،٤% دەوڵەتانی تر،٥١% ئەمریکا.(١) ئەم دەسکەوتە بێشوومارەی بەدەستهێنانی دۆلار چەکی جەنگی پێویستیان بە جەنگ وبەکارهێنانیانە ، تا لەبازاڕەکانی جیهاندا ساغیان بکەنەوە. بازرگانی چەک پڕ قازانجترین بازرگانیە لەجیهاندا. لەبەرئەوە ڕوودانی جەنگەکان هۆکار دەبن بۆ بازاڕ گەرمی چەک. ڕوودانی جەنگە کان سروشتی سیستەمی بازاڕی سەرمایەداین.
سیستەمی سەرمایەداری و بۆرژوازی لیبراڵی لەوکاتەوەی کە سەری لە ناو پەیوەندی ئابووری کۆمەڵایەتی سیاسی دەرەبەگایەتیدا دەرهێناوە، لەپێناو سەقامگیرکردن و هێشتنەوەی دەسەڵات و فۆڕم وشێوازی بەرهەمهێنان وبەڕێوەبردن و چاودێری کردنی کەڵەکەی سەرمایەو قازانج، لەمێژووی خۆیدا زۆرترین جەنگ و کوشتارگەی بەرپاکردووە لەچاوو جەنگەکانی کە لەهەردوو سەردەمی فرماسێۆنی ئابووری و کۆمەڵایەتی کۆیلایەتی و دەرەبەگایەتیدا ڕویانداوە. جەنگە دوورودرێژە داگیرکاریەکانی ئەوروپا وجەنگە ناوخۆییەکان و ،دروستکردنی هاوپەیمانیە جیاوازەکان و هەردوو جەنگی جیهانی یەکەم ودووەم و جەنگەکانی ناو قاڕەجیاوازەکان ،هۆکاربوون بۆ کوژرانی سەدەهاملیۆن مرۆڤ،هەروەکو ئەو جەنگانەی کە یۆنانیەکان و ڕۆمانیەکان ،پارسەکان ،ئیسلام وخاچپەرستەکان بەرپایان کردووەو خەڵکیان بەناهەق کۆمەڵ کوژ کردووە، لەپێناوی دەسەڵاتی پاوانخوازانەی دەسەڵاتداران و بەرژەوەندیدا ئەنجامیانداوە. هیچ جەنگێکی ناڕەوای دەوڵەتان و دەسەڵاتداران لەمێژوودا نەبووەتە هۆی باشترکردنی ژیانی ئابووری وکۆمەڵایەتی وسیاسی ،بێجگە لەوەی کە هۆکاربووە بۆ کوشتارو بێ ماف کردن و زیاتر هەژارکردن وبرسی کردنی زۆرترینی دانیشتوانەکەی و بەتایبەتتر کۆیلەی فرۆشیارانی هێزی کار پشکی شێری ئەوبرسێتی و قاتووقڕیەی بەرکەوتووەو بەردەکەوێت.
ئەوجەنگانەی ئێستا لەناوچەکەو جیهاندا ڕوودەدەن، جەنگی تورکیا دژی کوردی دانیشتوی سوریا و تورکیا و جەنگی ڕوسیا دژی ئۆکرانیا و جەنگی نێوان دەوڵەتی ئیسرائیل و فەلەستینیەکان وبەتایبەت تر دژی غەزەییەکان ،جەنگێکی نەگریسی خوێناویەو بەرۆکی بە دانیشتوانەکانیان گرتووە، ناڕەوایەو مرۆڤێکی زۆری تیادا دەبێت بەقوربانی وسوتەمەنی،وە هیچ ئەندامێکی خێزانی دەسەڵاتداران و خۆیان تیاناچێت ، بەڵکو دەبێتە زیاتری بەدەستهێنانی قازانج بۆ بازرگانانی جەنگ ،وفرۆشتنی زیاتری چەک لەلایەن ووڵاتانی بەرهەمهێنیەوە. هەروەکو لەپێشتردا باسمان کرد ،بە تێچووی ئەوجەنگانە ئەیان توانی چارەسەری هەژاری و برسیتی ونەداری وئاوارەیی لە ناوخۆی ووڵاتەکانیاندا بکردایە کە بەربینگی دانیشتوانەکەی گرتووە. بەشداری کردنی ووڵاتانی جیهان و ناوچەکە بەشێوەی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ و درێژەدان بەجەنگی ڕۆپۆشکراو بە بیروبڕوای جیاوازی ئاینی و مەزهەبی و نەتەوەیی، بۆ درێژەدانە بەهەمان سیاسەتی خۆسەپێنانەی سەرمایەداری و لیبرالیزمە ودرێژکردنەوەی سیستەمی ئابووریانە.بە پۆزشی هەڵگرانی و ڕوپۆشکراوی سیاسەتی جیاوازی ئاینی و مەزهەبی ونەتەوەیی جیاواز برەو بەجەنگەکانیان دەدەن ،لەگەڵ ئەوەی مەزهەب و ئاینەکانیان لەمێژوو لە ساتەوەختی نوسرانیاندا و هەتائێستاش هۆکاری چەندین جۆری کۆیلەیەتی وجیاوازی جنسی و ڕەگەزی بەشێکی دیاری هەڵاوێردنی مرۆڤەکان بووەوبەرجەستەکردووەو برەوی پێداوەو هەڵینەوەشاندووەتەوە ،لەڕێگەی دووبارەکردنەوەیەوە برەوی پێداوە لەئێستادا، لەڕێگەی گەوجاندنیانەوە مرۆڤگەلێکی بەدوای خۆیاندا هەڵخراندووەو وەکو کۆیلە خزمەتیبەرژەوەندی و سیاسەتەکانی خۆیانیان پێدەکەن ،چ جای ئەوەی ئاسودەیان بکات.

لەجیاتی ئەوەی هەردوولایەنی بڕیاردەری جەنگی ئیسرائیل و فەلەستینیەکانی غەزە ،چارەسەری هەژاری و ڕەشوڕوتی دانیشتوانەکانیان بکەن بەتێچووی جەنگەکانیان ،جەنگیان بە قازانجی ماددی و هێشتنەوەیان لە دەسەڵاتدا بەکار دەهێنن و هێناوە. ئاماری ترسناکی هەژاری بەرۆکی بە دانیشتوانی جیهان گرتووە هیچ هەوڵێکیش بۆ چارەسەری نیە ، بێجگە لە درۆوو دەلەسەی دەسەڵاتداران و ڕێکخراوە جیهانەکان نەبێت ،کە خۆیان و سیستەمە ئابووری کۆمەڵایەتی سیاسیەکەیان سەرچاوەی هەژاری وجەنگە خوێناویەکانن. هۆکار چیە جەنگ بەرپادەکەن و هەوڵنادەن هەژاری لەووڵاتەکانیاندا چارەسەربکەن؟؟ لە دەوڵەتی ئیسرائیلدا ڕێژەیەکی ترسناکی هەژاری و ڕەشوڕووتی بەرۆکی بە زیاتر لە ٦٥٠٠٠٠شەس سەدووپەنجا هەزار خێزانی گرتووە(٢) هەروەها دانیشتوانی غەزە ڕێژەی هەژاریەکی ڕەهای هەیە کە بە لە ٧٠% لەسەدا هەڤتای دانیشتوانەکەی مەزەندە دەکرێت.(٣) لەگەڵ ئەوەشدا کۆیلە و بەکرێگیراوەکانی هەردوو دەسەڵات هەتکی کچ و کوڕانی یەکتر دەکەن، دەسەڵاتدارانیش زیاتر ئاگری جەنگەکەیانی پێخۆش دەکەن.
ئەمەش بۆ لایەنەکانی هاوکاری کەری ووڵاتان بۆ هێزەکانی جەنگی ئیسرائیلیەکان و فەلەستینیەکان ،کە خۆی لەهەردوو دەووڵەتی ئەمریکاو چەند دەوڵەتێکی ئەوروپا و ئێراندا دەبینێتەوە. ئەمانیش ئەیان توانی چارەسەری هەژاری و کۆیلایەتی دانیشتوانەکەی خۆیان بکردایە . کە ڕێژەی هەژاری و کۆیلایەتی بەپێی ڕاپۆرتی بڕیاردەرێکی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، تیایدا هاتووە کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کە هەژاری و کۆیلایەتی بەرۆکی بە ٤١ چل ویەک ملیۆن مرۆڤ گرتووەو لەژێر هێڵی هەژاریەوە دەژین و وە لەهەر سێ کەس لەوانەش یەک دانەیان منداڵە.(٤) ئەمەش لەپێناوی باڵادەستی و هەژموونکردنە بەسەر جیهاندا. هەروەها دانیشتوانی ئێرانیش بێ بەش نین لەو هەژاری و کۆیلە کردنە جیاوازجیاوازانە، لەم ووڵاتەدا ڕێژەی هەژاری ١/٣ یەک لەسەر سێی دانیشتوانەکەی پێکدەهێنێت کە دەکاتە نزیکەی ٢٦،٦٠٠٠٠٠ بیست وشەش ملیۆن و شەش سەد هەزار کەس.(٥) لەپێناوی مانەوەی دەسەڵاتی تۆتالیتاریانەی جیاخوازی ئاینی و مەزهەبی و ڕەگەزی فاشییانەی بێ هەوساری تیرۆریستیانە.

لەلایەکی تر دەوڵەتی تورکیاش وەکو سەگی هار بەچواردەوری خۆیدا ئەنەڕێنێت و پەلاماردەدات ،بە ناوخۆی خۆیەوە ناوەستێت ووڵاتانی دەووروبەری دەکاتە مەیدانی جەنگ وتیرۆرکردنی کەسانی سیاسی و نەیارانی . حاڵی ناوخۆی خۆی زۆر خراپ و پێشێلکاری زۆری دەوڵەتی هەیە دژ بە ئازادیەکان و زۆرێک لە ڕۆژنامەوان و نووسەر و چالاکوانی سیاسی و مەدەنی سیخناخ و ڕاپێچی زیندانەکانی کردووە. ئەوە ئەگەر باسی هەژاری و کۆیلەکردنی بەشێک لە دانیشتوانەکانی بکەین ئەوا بەپێی پەیمانگای سەرژمێری حکومەتی تورکیا ١٤،٤% لەسەدا چواردە کۆما چواری دانیشتوانەکەی لەژێر هێڵی هەژاری و کۆیلایەتیدان.(٦) بەو حاڵەشەوە داڵدەی تیرۆرو ڕەشەکوژی دەدات و پێشێلی هەموو مافێکی سەرەتایی مرۆڤ دەکات. لەجیاتی ئەوانە و تێچووی جەنگەکانی ناوخۆیی خۆی و دەرەوەکانی چارەسەری ژیانی هەژارەکانییان بکەن باشترنیە ، ئەگەر جەنگەکانیان سەرچاوەی قازانجی ماددی سەرمایەو دەسەڵاتداریان نەبێت؟؟
دەرئەنجامی ئەوانەی سەرەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت ،ئەو هێزگەلانەی دەوڵەت و حیزبەکانی کەلەدەسەڵاتدان، جەنگ بووەتە سەرچاوەی قازانج و درێژەدان بەدەسەڵاتدارێتیان ،چ ئەو وڵاتانەی چەک دەفرۆشن و چ ئەوانەشی کە جەنگ دەکەن،لەسەر لاشەو خوێن و ئێسقانی هەژاران و نەدارانیان،بازرگانی و قازانج دەکەن و دەسەڵاتیان بەرقەرار دەکەنەوەو هەژموونی خۆیان زیاتر دەکەن و درێژە بە تەمەنی سیاسی وئابووری خویان دەدەن . کەواتە جەنگەکان درێژە پێدەری سیاسەت لیبراڵ و ئابووری چەوسانەوەی چینایەتین.

نەجمەدین فارس

سەرچاوەکان:
1- حرب-أوكرانيا-ليست-كل- الأبناء-سارة-لشركات-صناعة-الأسلحة www.dw.com/ar/a-63988700
2- تقرير-نسبة-الإسرائيليين- الذين-يعيشون www.ar.timesofisrael.com
3- عام- الحصار-وتفاقم- الفقر-في-غزة www.alaraby.com.uk/economy/2022
4- خبير الأمم المتحدة: فقراء أمريكا أصبحوا أكثر عوزا في عهد ترامب www.reuters.com
5www.iranintl.com/ar/202305316297.
6-معهد-الإحصاء-معدل-الفقر-في-تركيا-لم-يتغ www.zamanarabic.com/2023/05/08/




ئارەزووی گێڕانەوە، ئاشكراكردنی ئارەزوو.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

بە گشتی هەموو سەردەمێك ئارەزوو (یان پاڵنەر)ی گێڕانەوەی خۆی هەیە، بۆیە نابێ لێکچوونی نێوان گێڕانەوەكان بە تێنەگەیشتنی ئارەزوو سەرسام نەبێت و وامانلێبكات تەنها بڕوامان بە لێهاتوویی و شارەزایی و ئەزموون هەبێت! ئەگەرچی لێهاتوویی و شارەزایی و ئەزموون بەربەستەکان دەکاتە ئامراز و نەگونجاوەكان دەکاتە هاوپەیمان.. كەواتە ئەوەی پێویستە دەستنیشانیان بكەین، ئەو جیاوازییانەیە، كە لەنێوان خودی گێڕانەوە و ئارەزووی كاراكتەرەكاندایە، لەنێوان نێوەندگیری ئارەزوو (یان بابەتی ئارەزوو) و ركابەردایە.. لێرەوەیە، كە خودی ئارەزوو مەودای نێوان گێڕانەوە و پاڵەوان و بابەتەكە دەبڕێت. دەمەوێ بڵێم لەلایەك پێویستە جیهانی سەربەخۆی گێڕانەوە و كاراكتەرەكان لە یەكتر جیا بكەینەوە، لەلایەكی دیكە دەبێ باس لە ئەگەرەكانی نێوەندگیری دەرەکی و ناوەكی بكەین، نەبادا نێوەندگیری ناوەندی یەکێکیان و ویستی کەسی ناوەندی ئەویدیکە داگیر بکات. هەر لەسەر ئەو بنەمایەش باس لە نێوەندگیری بەیەكداچوو دەكەین.

سێگۆشەی ئارەزوو
مرۆڤ وەک گەورەترین نهێنی دەمێنێتەوە، گێڕانەوەش وەك یەكەم گەڕانی ڕۆحی مرۆڤ، هەمیشە زانستەکانی دیكەی بە دوای خۆیدا رادەكێشێت. بەڵام لەگەڵ هەموو پێشكەوتە جیاوازەكانیش ئەگەر خەیاڵ نەبێت، مرۆڤ ناتوانێت بە تەنیا ئارەزووی شتێک بکات، بەو مانایە ئارەزووی مرۆڤ جگە لە بابەتی بەدواداگەڕان پێویستی بە لایەنی سێیەم هەیە، کە ڕێنمایی ئەو شتە بكات، کە ئارەزووی دەکات، دەشێ لایەنی سێیەم لە دەرەوەی ڕووداوی گێڕانەوەدا، خەیاڵ بێت. و لە ناوەوەی گێڕانەوەشدا ركابەر.
بەو شێوەیە لە گێڕانەوەدا پەیوەندی لەنێوان پاڵەوان و نێوەندگیردا سەرهەڵدەدات، بە مانایەكی دیكە لەگەڵ ڕەخنەگری فەرەنسی رێنێ جیرارد و (سێگۆشەی ئارەزوو- مثلث الرغبة)دا تیشک دەخەینە سەر گێڕانەوە و خواستی لاساییكردنەوە. (رێنێ جیرارد) پێمان دەڵێت، کە ئارەزووەکانمان لە ئێمەدا بوونیان نییە، تەنها لاساییكردنەوە و دەنگدانەوەی ئارەزوو و خواستەکانی ئەوانیدیكەن، هەرگیز ئارەزووەکانمان پاڵنەری تاکەکەسی نین، بەڵکو پاڵنەری بە کۆمەڵ و کۆمەڵایەتین.
كەواتە بۆ روونکردنەوەی گەورەترین و ئاڵۆزترین بابەتەکانی پەیوەست بە هۆشیاری مرۆڤ و (ئارەزوو)ەوە قسە لە پرسی ئازادی هەڵبژاردن (خەیاڵی هەڵبژاردن) دەكەین. لەو قسەكردنەشدا مەبەست ئەوەیە، کە بڵێین پەیوەندی نێوان کەسی ئارەزووخواز و بابەتی خوازراو پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ نییە، بەڵکو بە نێوەندگیر(یان ركابەر)دا تێدەپەڕێت! لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت، کە ئارەزوو فۆرمی نوێنەرایەتیکردنی ئارەزوو وەردەگرێت، کە هەر (سێ) لایەنەکەی ئارەزوو، واتە (کەسی ئارەزووخواز و نێوەندگیر و مەبەستی خوازراو) دەگرێتەوە. رێنێ جیرارد لە بنیاتنانی ئەم تیۆرییەدا پشت بە تیۆری لاساییکردنی (ئەفلاتون) دەبەستێت، کە (ئەرستۆ) فراوانتری کردووە و ڕەهەندێکی ڕەفتاری بۆ زیاد کردووە، كە بە گێڕانەوەی خەیاڵی ناسراوە. بەو مانایەش بە بۆچوونی جیرارد، ئەو بیرۆکەیەی کە هەموو ساتێک ڕۆڵی ئارەزوو-پاڵنەر لە گێڕانەوەدا دەگێڕێ و هەموو بیرۆکەکانی دیکە بۆی دەگەڕێنەوە، سێگۆشەی ئارەزووە.
ئەنترۆپۆلۆژیست و ڕەخنەگری ئەدەبی (رێنی جیرارد) لە ساڵی ١٩٢٣ لە شاری (ئەڤینۆن)ی فەرەنسا لە باوکێکی کۆماریخواز و عەلمانی و دایکێکی دینداری کاسۆلیکی لەدایکبووە. لە نێوان ساڵانی ١٩٤٣ بۆ ١٩٤٧ لە قوتابخانەیەکی ئامادەیی لە (پاریس) پسپۆڕی مێژووی سەدەی ناوەڕاست بووە، دواتر لە ساڵی ١٩٤٧ بۆ خوێندن گەشت بۆ (ئەمریکا) دەکات و لە ساڵی ١٩٥٠ بڕوانامەی دکتۆرای لە زانکۆی (ئیندیانا) بەدەستهێناوە، هەر زوو لەوێ ئەدەبیاتی خوێندووە. پاشان لە ساڵی ١٩٥٧ ڕووی لە زانکۆی (جۆنز هۆپکینز) کرد، لە ساڵی ١٩٦٦ بەشداری سیمپۆزیۆمێکی (ندوة) نێودەوڵەتی لەسەر (زمانی رەخنە و زانستە مرۆییەکان) دەكات، کە تێیدا بەشداربووان بریتی بوون لە رۆلان بارت، ژاک دێریدا و ژاک لاکان.. لە ساڵی ١٩٦٨ جیرارد لە زانکۆی (بوفالۆ) رووی لە وانەگوتنەوە کرد، تا ساڵی ١٩٧٢، دواتر بۆ زانکۆی (جۆنز هۆپکینز) گەڕایەوە. لە ساڵی ١٩٨٠ جێیهێشت و ڕووی لە زانکۆی (ستانفۆرد) کرد و تا دوای خانەنشینبوونی لە ساڵی ١٩٩٥ لەوێدا مایەوە و لە ساڵی ٢٠٠٥ پەیوەندی بە ئەکادیمیای فەرەنسییەوە کردووە و بووە ئەندامێکی دیاری ئەو ئەکادیمیایە.. (رێنی جیرارد) لە كتێبی (الكذبة الرومانسية والحقيقة الروائية، ترجمة الدكتور رضوان ظاظا، ومراجعة الدكتور سعود المولى، بیروت 2008، ص522- )دا دەڵێت: مرۆڤ بۆ ئەوەی ئارەزووی شتێک بکات، پێویستی بە لایەنی سێیەم هەیە، کە (ركابەری) لەسەر ئەو شتە بكات، کە ئارەزووی دەکات، وەك چۆن قسە لە سێگۆشەی ئارەزوو دەكات، ئارەزووی لاساییكردنەوەش بیر دەخاتەوە و ئاماژە بۆ قووڵاییە کلتورییەكەی دەكات.
سێگۆشەی ئارەزوو بۆ خوێندنەوەی ڕۆمان بەو ئەنجامە دەگات، کە پاڵەوانی ناو ڕۆمان کاتێک ئارەزووی هەر شتێک دەکات، پێویستی بە نێوەندگیرێکە كە لەسەر (بابەتی خوازراو- ئۆبێكت) ركابەری کەسی ئارەزووكەر (سوبێكت) بكات و رووناکی بکاتەوە. ئەوەی گوزارشت لەو پەیوەندییە سێ قۆڵییەش دەکات (بۆشایی خوازە)یە، دەتوانم بڵێم بۆشایی خوازە، بۆشایی خەیاڵی نێوان ئارەزووخواز و ركابەرە، کە بە شێوەیەکی سروشتی سێگۆشەکە بەیەكترەوە دەبەستێتەوە. كتێبی ناوبراودا ئارەزوو وەک گێڕانەوە ناو دەبات.
لە ڕوانگەی جیراردەوە لە رۆمانی (دۆن کیشۆت)دا ئەوە دۆن کیشۆت و ئەمانیسی راستگۆیە دەستبەرداری ئیمتیازە سەرەتاییەكانی فەردانیەت بوون، واتە چیتر دۆن كیشۆت ئارەزووی خۆی هەڵنابژێرێت، بەڵکو ئامادیس بەناوی خۆیەوە هەڵیاندەبژێرێت. لەوێشەوە بەپەلە بەرەو ئەو بابەتانە دەڕوات کە (مۆدێلی سوارچاکی)یە، (واتە رێنی جیرارد مۆدێلی سوارچاكی وەك نێوەندگیری) ئاماژە پێدەکات و بە نێوەندگیری ئارەزوو ناوی دەبات. بە بۆچوونی جیرارد، ژیانی سوارچاکی لە لاساییكردنەوەی خەونەکانەوە هاتۆتە بەرهەم..
بەڵام کێشەی مرۆڤی مۆدێرن بێهودەییە، وەك چۆن ئەو مرۆڤە خۆبەزلزانە رۆمانسییە ناتوانێت ئارەزوو لە قووڵایی خۆیەوە دەربهێنێت، بەڵکو لە کەسانی دیکەی قەرز دەکات. پاڵەوانەکانی فلۆبێر جگە لەوەی خۆیان مۆدێلێکن و دەتوانرێت وەك جووڵە، تۆنی دەنگ و جل و بەرگ لاسایی بکرێنەوە، بەپێی ئەویدیکەش كار دەكەن.. لە رۆمانەكانی فلۆبیردا ئیما بۆڤاری لە رێگای پاڵەوانانی ڕۆمانە ڕۆمانسییەکانەوە، كە خەیاڵیان سیخناخ كردووە، هەست بە ئارەزووی خۆی دەکات. واتە كاراكتەرەكانی فلۆبیر دووچاری هەمان نەزانی و هەمان لاوازی و نەبوونی و هەمان کاردانەوە و ملکەچی پێشنیاری هەمان ژینگەی دەرەکیین، هەموو ئەوانەش بەهۆی نەبوونی پێشنیارێك لەلایەن خۆیان و ناوەوەی خۆیانەوە..
دەشێ بە بۆچوونی رێنێ جیرارد هەموو بەرهەمە خەیاڵییەکان لە دوو بنەمادا كۆبكەینەوە، چونكە بەرهەمە خەیاڵییەكان خەسڵەتە لاوەكییەكانیان زۆر تێدا بڵاوە. بۆیە بۆ بنەمای یەكەم، دەتوانین باس لە نێوەندگیری دەرەکی بکەین، كە مەودایەكی تەواویان لەنێواندا هەیە، بۆ ئەوەی ئەگەرەکانی گێڕانەوە لە رۆمانەكاندا بەیەكدانەچن، یان نەبادا نێوەندگیری یەکێکیان ئەویدیكەیان داگیر بکات. بنەمای دووەم، دەشێ باس لە نێوەندگیری ناوەكی بکەین، کاتێک كاراكتەری رۆمانەكان بەیەكدادەچن، یان دوو بازنە لە گێڕانەوەدا بە قووڵی بەنێو یەکتردا تێدەپەڕن! لە بنەمای یەكەمدا لە رووی ماددییەوە تا ئەندازەیەك دەتوانین مەودای نێوان بابەت و کەسی ئارەزووخواز بپێوین، بەڵام لە بنەمای دووەمدا لە رووی مەعنەوییەوە مەودای نێوانیان ناپێورێت. دۆن کیشۆت و ساشۆ قوربانی ماددیین و ناتوانرێت نێوانیان لە مەودای کۆمەڵایەتی و فیکریی تەجاوز بكرێت. بەڵام لە رووی مەعنەوییەوە هاوخەیاڵن. بۆیە لە رووی مەعنەوییەوە لاساییكەرەوەی خەیاڵن و ئەوانەی حەز لە گەمەی خەیاڵی دەكەن، دووچاری دووبەرەكی ناوەكی دەبنەوە، چونکە بونیادی خەیاڵی بە خێرایی دەبێ بە بڕوا و ھاوشێوەکردنە ماددییەکە دەرووخێنرێت و سروشتی ئەبستراکت وەردەگرێ و لەوێشەوە پارچەپارچەبوون و نیگەرانی پیادە دەكات. بەڵام هەردووكیان لەسەر شاردنەوەی بوونی بابەتی نێوەندگیری کۆکن.
كەواتە نێوەندگیری خەیاڵی هەمیشە دەڵێ هەموو ئەم بابەتانەی تۆ هیچ نین جگە لە وەرگێڕانێکی جوانکارییانەی خەیاڵ نەبێت. بەو مانایەش نێوەندگیری ناوەكی راستەوخۆ پەیوەندی بە هەموو ئەو ئارەزووانەوە دەكات، كە هەمووان بەرگری لێدەکەن. لێرەوە دەتوانین بڵێین كێشەی پەیامی رۆمانی كلاسیكی لە دەستنیشانكردنی چەمكی ئارەزوو دەگەڕێتەوە بۆ بەرجەستەكردنی خودبوون. (بۆ زێتر بەدواداچوون بڕوانە ل37، ه.س.پ).

ئارەزوو و ركابەریكردن
لە مۆدێرنەدا چەمكی رکابەری بەهۆی هاویەكبوونی دوو ئارەزووكەر بۆ یەک بابەت سەرهەڵنادات، بەڵکو بابەت ئارەزووی خود دەکات. دۆزینەوەی مۆد ئاسانترین دیارخەری ئەو بێهودەییەیە، کە ئەمڕۆ لەگەڵ خۆی دەمانبات. ئێمە دەبینین بۆ نموونە ژنان ژیانیان بە کڕینی جل و بەرگ و ئیکسسوارات بەسەر دەبەن، نەك بۆ ئەوەی سوودی لێوەرگرن، بەڵكوو بۆ ئەوەی لاسایی بکەنەوە، لەبەر ئەوەی بابەت ئارەزوویان دەكات. هەروەک چۆن ئەو گەنجانەی کە لاسایی ئەستێرەکانی وەرزش، یان سینەماكاران دەکەنەوە و هەریەک لەمانە زیادەڕەوی لە سۆز و جیاوازی کەسی و چێژی خۆیان دەکەن، کە هەیانە، یان بە شێوەیەكی سروشتی پێیان بەخشراوە.. مرۆڤایەتی بۆ ئەوەی هەوڵبدات کەسایەتییەکی تر جگە لە کەسایەتی خۆی وەربگرێت، هەوڵدەدات لە رێگای لاساییكردنەوە خۆی بگۆڕێت بۆ کۆپییەکی رووکەش. هەڵبەتە ئەوە رێگایەكە، کە مرۆڤی مۆدێرن لە ناوەڕۆکەکەی بەتاڵ دەكاتەوە و وای لێدەكات تووشی بۆشایی و بیابانبوونی ڕۆحی و بە بابەتبوون بێت.
مرۆڤی تەكنۆلۆژی (مۆدێرنە) ئیگۆیەکی هەیە، کە لە خۆیدا توانای ئارەزووكردنی خۆی لە پێناو بەبابەتبوون لەدەستداوە… ئەگەرچی لە رووی تەكنۆلۆژییەوە هەمیشە بەرەو پێش دەچێت، بەڵام هەتا لە كۆكردنەوەی زانیارییەكان و چالاكییەكانیشدا هاوتای لاساییکردنەوەی سۆز و سۆزی تاکە جیاوازەکان نییە. ئێمە جلوبەرگێکی ئارەزوومەندانە و سۆز و شکۆمەندیی خۆمان دەپۆشین.. چالاکیی خەیاڵی ئێمە لە هەموو تەمەنەکاندا پەیوەستە بە سێگۆشەی ئارەزووەوە… بەو مانایەی كە مرۆڤ لە سیحری سێگۆشەی ئارەزوو دەرناچێت، كە دەرچوو، تووشی بەبیابانبوون دەبێتەوە.
مرۆڤ سیحری ئارەزووی لێنابێتەوە، تەنها لە لێواری مردندا نەبێت. لە وەسفەکەی رێنێ جیرارددا ڕوونە کە لاساییکردنەوەی کوێرانەی پیاوانی ئایینی یان بانگخوازێک لە وەسوەسەی سەرسامبوون بە یاریزانێکی تۆپی پێ، كەمتر نییە.. بۆیە ئەوانەی توانای بیرکردنەوەی سەربەخۆیان نییە، ئەوانەی هەستە راستەقینەکانیان لە تێکەڵەیەکدا لەدەست دەدەن، بە شێوەیەکی شەخسی ئارەزووی ئەویدیكەی دراوسێ دەكەن، لە بێهوودەییدا دەژین. بە كورتی رێنێ جیرارد ئاماژە بە کورتە قسەیەکی بیرمەند (ماکس شێلەر) دەکات، كە دەڵێت: مرۆڤ یان خودایەکی هەیە یان بتێکی هەیە. لەوێوە باسی ئەوە دەکات، چۆن مرۆڤ بزانێت کە خۆبەزلزانە؟ بۆچی (بۆ نموونە) زۆربەی چیرۆکە خۆشەویستییەکان دوای هاوسەرگیری شکست دەهێنن؟ بێگومان چونکە ئەو خۆشەویستییە پەلەی تێدا كراوە. خۆشەویستی پاڵنەرێکی راستەقینەی هەستەکان نەبووە، بەڵکو لەبەر لایەنی سێیەمە كە ئیرەیی وڕوژاندووە، خۆبەزلزانینەکەی ناوەوەی وڕوژاندووە بۆ ئەوەی کێبڕکێ بکات… بەڵام دوای ئەوەی مەترسی رکابەرەکەی تێپەڕاندووە، دوای ئەوەی كە ئەویدیكەی ركابەردەبڕێت، ئیتر دەكەوێتە بۆشاییەوە، ئیتر ئیرادەی ئازادی خۆی بەجێدەهێڵێت و دەبێتە عاشقێكی شكستخواردوو.
بە دیوەكەی دیكەش لەبیرمان نەچێ بەدەرنانی ركابەر و غیابی پەیوەندی لەگەڵ ئەویدیکەدا کەسایەتی دووچاری شێوانی دەروونی دەكات. كەواتە وەك چۆن خۆبەزلزان نابێتە هۆی رەزامەندی.. نەرگزییەتیش نابێتە هۆی ڕەزامەندی، بەڵکو لە دوو لاوە دەبێتە هۆی بریندارکردن. بەو مانایەش سڕینەوەی هێڵی نێوان خود و ئەویتر، لە ناوەوە و دەرەوەدا مرۆڤایەتی بریندار دەكات.
لە نێوان نەرگزییەت و خۆبەزلزان و سڕینەوەی ئەویدیكەدا ئەزموونی سەركەوتوو بریتییە لە پارێزگاریكردن لە مەودای پەیوەندییەكان ئەوەی (ئارسەر شوبنهاوەر) وەك (دووفاقی ژووژك- معضلة القنفذ) قسەی لێكردووە.. (هونەركاری ئەدەبیش لەوەدایە كە ئاست و مەودای رەگەزە ئەدەبییەكانی بپارێزێت) واتە بەبێ ئەوەی لە پەیوەندیدا بڕێک – کە رەنگە زۆر بێت – زیان بەیەكتر بگەیەنین و بێتە هۆی لاوازبوونی پەیوەندییە مرۆییەکان، پێویستە لە پەیوەندیگرتندا مەودایەك هەبێت، یان بە مانایەكی دیكە پێویستە سنووری ئازادی یەكتری بپارێزین.
كەواتە درووستی پەیوەندی نێوان خود و ئەویتر، نێوان رەگەزێك و رەگەزێكی دیكە، هەر ئەوە نییە، كە خود بەدوای ئازادی خۆیدا دەگەڕێت، بەڵكوو ئەوەیە، كە بە دوای ئازادی ئەویتری خۆیدا دەگەڕێت، لە ئەویتردا. لەو زنجیرە گەڕانەدا، لە ئەرزشدانان بۆ ئازادی ئیگۆ درێژ دەبێتەوە بۆ ئەوەی ئەویدیکەش بە ئازادی خۆی بگات. بەو مانایە خۆخۆشەویستن بە نەرێنی تەماشا دەكرێت، تا ئەو ئەندازەیەی کە خود ئەویدیکە لە بەرژەوەندی خۆیدا بێبەها نەکات! رێز لە سنووری ئازادییەكانی ئەویدیکە بگرێت.. كەواتە بەریەککەوتنی درووستی پەیوەندییەكان بەو مانایە دێ، کە هەمیشە دووری نێوان خۆت و ئەویدیكە لە رێگای داننان بە سنوورەكانی ئازادی بپارێزیت. لە بەرانبەردا خۆبەزالزان و نەرگسییەت بریتییە لە کاڵکردنەوەی سنوورەکانی ئازادی. پەیوەندی درووست و ئەرزشدانان بۆ ئازادی و ئازادی ئەویدیكە شادیبەخش و دڵخۆشکەرە.. واتە کاتێک دوو شوناس پێکەوە کۆدەبنەوە، یەکتری تەواودەکەن، چێژ و شادی بە یەک دەبەخشن. ئەگەرچی وەك (زیگمونت باومان) دەڵێت دەست بخەیتە سەر هەر بژاردەیەک، شتێک بەدەستدەهێنیت و شتێک لە دەستدەدەیت. هیچ رێگایەکی تر نییە. بەداخەوە ناتوانیت هەردووکیانت هەبێت. بۆیە خەڵک خۆی بۆ یەکلا نابێتەوە، ڕاڕا و دوودڵە. ئەگەرچی هەمیشە چانسی ژیانێکی تر هەیە.

ئەفسانەی ئارەزوو و ئەفسانەی گێڕانەوە
لە ڕۆمانی (غەریب)ی (ئەلبیر کامۆد)ا پاڵەوانە زیندانیکراوەکەی دەڵێ: سەرەتای بەندیم سەخت بوو، بەڵام هەوڵمدا و بەسەرییدا تێپەڕیم.. من لە زینداندا بە ئارەزووی ئازار دەچووم، ئەوەش شتێکی ئاسایی بوو. هێشتا گەنج بووم، تەنیا بیرم لە (مێری) نەدەکردەوە، بەڵکو بیرم لە هەموو ژنێک دەکردەوە… بیرم لە هەموو ژنێک دەکردەوە… لە هەموو ئەوانەی کە لە ژیانمدا ناسیبووم… لە رێگای ئەفسانەی ئەو گێڕانەوەیەدا لە ئەفسانەی ئارەزوو و ئارەزووی ئەفسانە دەگەین. تێدەگەین، كە ئارەزوو و ئەشکەنجە لێكدوور نیین، بۆیە بیرکردنەوە لە مێینە و ئارەزووکردنیان لەناو زینداندا، واتە بەدیهێنانی ئارەزووەكانم، كە خەونی ئارەزووی ئەویدیكە رەنگ دەكات. بەڵام ئایا زیندانیکردن کاریگەری نەرێنی لەسەر بینینی خەونەكانی من نییە، بۆ تێرکردنی خەونی ئەو ئارەزووانەی كە پێشتریش لە دەرەوەی ژووری رەشدا هەر خەون بوون، ئایا لە زینداندا خەونی ئارەزوو ئەفسانە نییە؟
(ئەلبیر كامۆ) لە رۆمانی (غەریب)دا هەوڵدەدات دەست بۆ خەونی ئەو پرسیارە سەرەكی و لاوەكییانە بەرێت و بڵێ کەسایەتی زیندانیكراو گوزارشت لە دیاردەیەکی نەرێنی دەکات، بەدیوەكەی دیكەش ئەوە دەخاتە روو، كە ئارەزووە بەدینەهاتووەكان بەبێ ئازادی مەیسەر نابێت، بەڵام خۆ ئارەزوو چ لە ناوەوە بێ یان لە دەرەوە هەڵگری هیچ فۆڕمێك نییە.. ئایا ئەوانەی ئازاد نیین فۆڕمییان هەیە؟ بێگومان خەونی بە فۆڕمبوونیش بۆ خۆی پرسیارە، بۆخۆی ئەفسانەیەكە و مێژووی سەرکوتکردن لەناو کەسایەتی (كاراكتەری) رۆمانی غەریبدا دەینووسێتەوە!
كەواتە ئەفسانەی ئارەزووكردن.. ئەفسانەی هەموو ئەو خەونانەیە، ئەفسانەی هەموو ئەو فۆڕم و بێ فۆڕمانەیە، كە لە ئەفسانەی گێڕانەوەی (غەریب)دا رەنگیداتەوە. بۆ نموونە (ئەمڕۆ دایكم مرد) هەر بێ فۆڕمی نییە، خەیاڵی نامێژووییشە! (غەریب) بە خەیاڵی نامێژووییەوە دەناسرێتەوە. هەر لە سەرەتاوە دەبینین لە رۆمانی (سوور و ڕەش)ی (ستاندال)دا مەودای نێوان پاڵەوان و نێوەندگیرەکەی کەمتر نییە، لە هاوتاکەی لە ڕۆمانی مادام بۆڤاریدا.. بەڵام (ئەمڕۆ دایكم مرد) وەك دەستپێكی رۆمانی غەریب ئەم مەودایە تێدەپەڕێنێ و ئیرادەی ئازادی دەچەسپێنێ، ئەوەش ئەوەیە، کە لە بنەڕەتدا جیهانی سەربەخۆ لەو جیهانانە جیا دەکاتەوە، کە لە سەرەوە باسمان کرد. لە هەردوو باردا ئەفسانەکانی گێڕانەوە، ئەو خەونە زۆر کۆن و نوێیانەن کە بەڵگە بۆ سەلماندیان لەبەر دەستدا نییە، تەنها بەڵگەیەك كە هەبێت، ئەوەیە، كە لەسەر ئەفسانەی ئارەزووە چەپێنراوەكانی مرۆڤ درێژ دەبنەوە. چونكە ئەفسانەكانی ئارەزوو، ئارەزوو ئەو خەونانەن، كە ئەگەرچی چەپێنراون، بەڵام ڕەگەز و پێكهاتەکانیان شاراوە نیین، لەبەر هەندێ هەرچۆنیان لێكبدەینەوە لە سنووری مرۆڤ و دەروونی مرۆڤ دەرناچن. لە بنەڕەتدا ئارەزووی گێڕانەوە بۆ ڕاڤەكردنی جیھان، یان وەك بەرپەرچدانەوەی مرۆڤی سەرەتایی لە بەرانبەر ھێزە سروشتییە ناسراو و نەناسراوەکاندا داڕێژراون، بۆیە بەردەوام زاراوەی ئەفسانەی ئارەزوو تێكەڵ زاراوەی ئەفسانەی گێڕانەوە و ئاوێتەی ئەمڕۆ و دوێنێ دەبێت.
بە شێوەیەكی گشتی لەو نووسینەدا دەمەوێ لە رێگای (رۆلان بارت-أسطوريات، ترجمة د. قاسم مقداد، وصدرت عام 2012 عن دار التكوين،)ەوە خەسڵەتی مێژووییبوون لە ئەفسانەی گێڕانەوە و ئارەزووی گێڕانەوە بكەمەوە! ئەگەرچی مێژووی گێڕانەوە لە ئوستوورە نزیكە..
بە مانایەكی دیكە دەمەوێ بۆ ئەفسانەی ئارەزووی گێڕانەوە هانا بۆ لێكدانەوە جیاوازەكانی بارت‌ بەرم. چونكە رۆلان بارت وەك ئەنترۆپۆلییستەكان لە ئەفسانە ناكۆڵێتەوە، بەڵكوو وەك رەخنەگرێكی مۆدێرنی ئەدەبی قسە لە جۆرێكی دیكەی ئوستوورە دەكات، ئەویش ئوستوورەی سەردەمە! ئوستوورەی سەردەم لە رێگای ئارەزووی گوتارەوە، رابردوو و ئێستا و داهاتوو بەیەكەوە دەبەستێتەوە. لە (ئوستوورەی ئەمڕۆ)دا بارت پێناسەیەک، یان وردتر کۆمەڵێک پێناسە، بۆ ئەفسانە دەخاتە روو و دەڵێ ئوستوورە سیستەمێکی پەیوەندییە، نامە و فۆڕمێکە لە مانادا، هەموو فۆرمێکیش ملکەچی بەکارهێنانی بە کۆمەڵ و ملکەچی خواستەکانی گوتارێکە کە دەگۆڕێت بۆ ئەفسانە، وەك شێوەی قسەکردن، نووسین، وێنە، پڕوپاگەندە، وەرزش، چالاکییە کولتووری یان کۆمەڵایەتییەکان… كەواتە ئەفسانە لای بارت نە چەمکە، نە بیرۆکەیە و نە شتێکە.. بەو مانایەش رۆلان بارت ئەو کەسەیە کە ئەفسانە زیندوو دەکاتەوە و ئەو کەسەیە کە ئەفسانە دەکوژێت.
ئەفسانە قسەکردنە. بەڵام هیچ قسەكردنێك نییە، لە مێشکماندا یەکسەر پێکدادان لەگەڵ سێگۆشەی ئارەزوو درووست نەكات، هیچ ئوستوورەیەك نییە، دژایەتییەك لە پرۆسە و ڕێکخستنەوەی گرامەر دروست نەکات. ئەفسانە لە پێناسەی (بارت)دا ئەو رێگایەیە (بۆ نموونە کە نامە خۆی پێدەگەیەنێت) کەواتە بەرهەمی (قسەکردن – الكلام)ە، نەوەک زمان (اللغة).. هەمیشە ئەوەی دەگوترێت شتێک دەشارێتەوە، بەڵام چۆنیەتی گوتنی ئەوەی دەگوترێت گرنگە، نەك شێوانەكەی.. لە ڕاستیدا ئەفسانە نە درۆیە، نە دانپێدانان، بەڵکو ئارەزووی گێڕانەوەیە.

هەولێر 9/2/2025




پارادۆکس لە فەلسەفەی سیاسی مارکسدا – بەشی یەکەم.. ئەکرەم سەعید

فەلسەفە سیاسی مارکس و دێترمینیزم*

(دەقەکانی مارکس وەک شەمشەمەکوێرە وان: مرۆڤ دەتوانێت هەم باڵندە و هەم مشکیان تێدا ببینێت).-(پارێتۆ- لەلایەن ئۆلمان/ ساڵی ۱۹۷۱- وەرگێڕدراوە).

لەبەرئەوەی بیروکاری سیاسی بەململانێی چینایەتی کۆمەڵگەوە پەیوەندی هەیە، لێرەوە فەلسەفە سیاسییەکان بەپێی بەرژەوەندی ئەو چینەی نوێنەرایەتی دەکەن، لە پرنسیپەکان و ڕێبازەکانیاندا جیاوازن. بۆ نموونە کێشە سەرەکییەکانی فەلسەفەی سیاسی بۆرژوازی(کۆنسەرڤاتیڤسم و لیبڕالیسم) بریتین لەڕێکخستنی خەڵکی، بەجۆرێک کە ئەندامانی کۆمەڵگە ملکەچی دەسەڵاتی سیاسی چینی بۆرژوازی بکەن، بەڵام فەلسەفەی سیاسی سۆسیالیستی هەوڵی هۆشیارکردنەوەو ڕێکخستنی چینی کرێکاران دەدات تا شۆڕش بکەن بەسەر دەوڵەتی بۆرژوازەکانداو دەسەڵاتی کرێکاران دابمەزرێنن.
بە بۆچوونی مارکس فەلسەفەی سیاسی سۆسیالیستی پێش خۆی، دابڕاوبوون لە لێکۆڵینەوەی زانستی کۆنکرێتی، و لەپراکتیکدا پەیوەندییان بەخەباتی چینی کرێکارانەوە نەبووە، بۆیە مارکس لە ڕەخنەی تیۆری کۆمەڵایەتی و ئابووری سیاسیدا، ئەوانی تێپەڕاند، بەڵام خوێنەرە وردبینەکان لە دەقەکانی فەلسەفەی سیاسی مارکسدا، کۆمەڵێک ڕوونکردنەوەو چەمکی دژ بەیەک/ پارادۆکسی تێدا دەدۆزنەوە.
مشتومڕ سەبارەت بە فەلسەفەی سیاسی مارکس، بووەتە هۆی ناکۆکی نێوان سۆسیالیستەکان کە ئایا کام ڕوایەت/ خوێندنەوە بۆ دەقەکانی، مەبەستی مارکس بە دروستی دەخاتە بەردەست.
پێدەچێت زوڵم بێت فەلسەفە سیاسییەکەی مارکس، کە لە هەموو ڕەوتێکی تری فەلسەفەی سیاسی هاوچەرخ شۆڕشگێڕترە، بەوە ڕەخنەی لێ بگیرێ کە پارادۆکسە. لەڕاستیدا مارکس فەلسەفە سیاسییەکەی لە یەک کتێبدا کۆنەکردوەتەوەو پێشکەشی بکات، بەڵکە بەدرێژایی چالاکی نووسین و سیاسیەتکردنی، پرنسیپەکانی فەلسەفە سیاسییەکەی داڕشتووە. مارکس هەرگیز بە شێوەیەکی سیستماتیک پەرەی بە فەلسەفە سیاسییەکەی خۆی نەداوە، لێرەوە خوێندنەوەی بەرهەمە سیاسیەکانی مارکس، کە بە ڕواڵەت هارمۆنییە و مەحاڵە لێک جیابکرێنەوە، بووەتە هۆی ئەوەی ئەنجامگیری زۆر جۆراوجۆری جیاوازو دژ بەیەکی لێ بکرێ، واتە دەقەکانی مارکس فرە گوتارەو لە هەندێ جێگادا پەرەدۆکساڵە.

فەلسەفەی سیاسی مارکس و دێترمینیزم*
ئەگەرچی مارکس و ئەنگلس هۆشداریدەدەن کە(مانیفێست بووەتە بەڵگەنامەیەکی مێژوویی کە ئێمە چیتر مافی گۆڕینیمان نییە.) – مارکس و ئەنگڵس – پێشەکی بۆ چاپی ئەڵمانی ٢٤ی حوزەیرانی ١٨٧٢، لەندەن. بەڵام بڕێک لە مارکسیستەکان تا ئەمڕۆکەش، دەگەڕێنەوە بۆ بەکارهێنانی هەندێ دربڕین و ڕستەی نێو مانیفێست، کە ماناێکی دێترمینیزمی دەبەخشێ.
یەکێک لەو پەرەگرافانەی نێو”مانیفێست”کە بۆتە هۆی ئەوەی مارکس بە(دێترمینیزم) تاوانبار بکرێ ئەم دەربڕینەیە:(بەمجۆرە پێش هەر شتێک، ئەوەی بورژوازی بەرهەمیدەهێنێت گۆڕهەڵکەنانی خۆیەتی؛ ڕووخانی بورژوازی و سەرکەوتنی پڕۆلیتاریا، وەکوو یەک مسۆگەرە.)- مانیفێست – لاپەڕە ۲٤ – هاوڕێ موسلح وەرگێڕانەکەی لە زمانی ئینگلیسیەوە کردووەو بەراوردیشی کردووە بە زمانی سویدی.
وشەی: inevitable – oundviklig – unvermeidlich – بە ئەڵەمانی و ئیگلیسی مانای:”ڕێگری لێناکرێت – حتمي / لا مفر منه” دەگەێنێ.
پارادۆکسەکە لێرەدا ئەوەیە کە خودی”مانیفێست” بۆ ڕێکخراوێکی نێونەتەوەی کۆمۆنیستەکان نووسراوە؛ واتە هەوڵی کۆمۆنیستەکان بۆ هۆشیارکردن و ڕێکخستنی چینی کرێکاران یەکبخات بۆ گۆڕانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری، یانی تا سوژە(کە چینی کرێکارانە)بتوانێ شۆڕشی سۆسیالیستی بکات، بەم مانایە مارکس بڕوای بەوە هەبووە کە ڕۆڵی سوژە گرنگە لە گۆڕانی مێژوودا. لێرەدا یەکەم شت مرۆڤ بە مێشکیدا دێت ئەوەیە: ئەی کەواتە چۆن(ڕووخانی بورژوازی و سەرکەوتنی پڕۆلیتاریا، وەکوو یەک مسۆگەرە) یانی حەتمییە!، ئەگەر داڕمانی سەرمایەداری و دەسەڵاتی چینی بۆرژوازی و سەرکەوتنی چینی کرێکاران یاساێکی سروشتی و جەبری مێژووەو حەتمییە، ئیدی ئێمە خۆمان بۆ ماندوو بکەین؟!.
فەلسەفەی سیاسی سۆسیالیستی دەبێ ئەو سیناریۆیەی مارکس نووسیبووی دەربارەی شۆڕشی سۆسیالیستی چینی کرێکاران جارێکی دی بەشێوەێکی واقیعی بنووسێتەوەو ڕزگاری بێت لە ڕوانگەی دێترمینیزمی‪.‬
من بڕوام بەوە هەیە کە ئەوکاتەی چینی کرێکاران، لە هەلومەرجێکی شۆڕشگێڕیدا، بەکۆمەکی سۆسیالیستەکان(هۆشیاربوونەوەو یەکگرتووبوون)، ئەوکات شانسی شۆڕشی سۆسیالیستییان هەیە، لێرەوە ئەگەری هەیە کە شۆڕشی سۆسیالیستی دەسەڵاتی چینی بۆرژوازی تێک بشکێنێ و کۆمەڵگەی سۆسیالیستی دابمەزرێنێ، بۆیە دروسترە باس لە(شانس و ئەگەر)بکەین نەک مسۆگر/ حەتمی. من هاوڕای بەشێک لە سۆسیالیستەکانم کە دەربڕیینەکەی ‪”‬ڕۆزا‪”‬ بە دروست دەزانن‪:‬(یان سۆسیالیسم یان بەربەریسم ***)، چونکە ئەم دربڕینە دوو ئەگەر نیشان دەدات لەبەردەمی مرۆڤایەتیدا، و ئێستاکە ئێمە لە نێو خولی سەرمایەداری دڕندەدا ژیان بەسەر دەبەین.

بۆچی دەربڕینی دێترمینیزمی نێو مانیفێست دروست نییە؟!.
چونکە بە دیوێکیدا هەوڵ و گەمەکانی چینی بۆرژوازی بۆ پارێزگاری لە سیستەمی سەرمایەداری و دەسەڵاتەکەی؛ واتە ڕۆڵی لایەنی زاتی(سوژەکەی دی کە دژە شۆڕشی سۆسیالیستییە – چینی بۆرژوازی) ناخاتە حیسابی خۆیەوە. لەڕاستیدا چینی بۆرژوازی بەهۆی گوتاری ئایدۆلۆژی ناسیۆنالیستی وئایینی و ڕەگەزپەرستییەوە، توانیویەتی چینی کرێکاران پارچەپارچەک بکات و فریویان بدات، وە سۆسیالیستەکانیشی لاوازکردووە، وە بەهۆی سەندیکای زەردەوە، چینی کرێکاران تەنها خەبات بۆ داوای مافی ئابووری سەندیکای دەکەن، و ئەوە زیاد لە سەد ساڵە ئەم خەبات هێندە نەچووەتە پێش تاببێتە هۆشیاری سیاسی سەربەخۆی سۆسیالیستی.
وە بە دیوەکەی تریدا، دێترمینیزمی مارکسی ئەگەری ئەوەی لەبەرچاو نییە کە ڕۆڵی فاکتۆری بابەتی(گەشەی سەرمایەداری: تەکنەلۆژیا نوێ، و قەیرانی ئابووری و قەبەبوونی سەرمایەی وەهمی لەم سەردەمەدا)، دەشێ درگاێک بکاتەوە بۆ قووتاربوونی سیستەمی سەرمایەداری بە لەمپەردانان لەبەردەم پەیدابوونی هەلومەرجی شۆڕشگێڕی، یان حیساب بۆ ئەوە ناکات کە ئەو فاکتۆرە بابەتییانەی سەرەوە کۆمەڵگەی سەرمایەداری، بەهەردوو چینەکەوە، بەرەو داڕمان و فەوتان ببات.
هیوادارم ئەم کورتە وتارە کۆمەکی بەو خەڵکانە بکات کە بیردەکەنەوەو بەدوای ڕاستیدا دەگەڕین.


  • پارادۆکس بریتییە لە ناتەبایی لە نێوان ئەوەی تیۆرێک باسی دەکات و ئەوەی عەقڵ چاوەڕێی لێدەکات یان لە بەکارهێنانی بنەما و ڕێسای گشتی پەسەندکراو و بەڕواڵەت دروست، کە دەبێتە هۆی دژایەتی چاوەڕواننەکراو یان لێدوانی بە ڕواڵەت نالۆژیک و ناعەقڵانی. یان پارادۆکس بە دەڕبڕینێک دەوترێ کە بە پێوانەی لۆژیکی لەگەڵ خۆیا ناتەبا بێت، یا ڕێگایەک بگرێتە بەر پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان.
    ** دێترمینیزم(به انگلیسی: Determinism)‪:‬ لە فەلسەفە و زانستدا، ئەو تێزەیە کە هەموو ڕووداوەکانی کۆمەڵگە و مێژوو، بە بڕیارو کردارەکانی مرۆڤیشەوە، لەڕووی هۆکارەوە بەلایەوە حەتمییە.
    *** کاوتسکی ١٨٩٢ دەنووسێ: یان دەبێت بچینە پێشەوە بۆ ناو سۆسیالیزم یان بکەوینەوە ناو بەربەرییەت(es heißt entweder vorwärts zum Sozialismus oder rückwärts in die Barbarei).
    لۆکسمبۆرگ ١٩١٥ دەنووسێ: یان گواستنەوە بۆ سۆسیالیزم یان پاشەکشە بۆ بەربەرییەت(entweder Übergang zum Sozialismus oder Rückfall in die Barbarei).
    “مایکل لۆوی” لە وتارێکی ئەم دواییەدا پێشنیاری ئەوە دەکات کە ڕەنگە لۆکسمبۆرگ ئاماژەی بەم بڕگەیە کردبێت لە کتێبی”دژە دورینگ”دا:(هەم ئەو هێزە بەرهەمهێنەرانەی کە شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری مۆدێرن دروستی کردووە و هەم سیستەمی دابەشکردنی کاڵا کە لەلایەن ئەوەوە دامەزراووە، کەوتوونەتە دژایەتی لەگەڵ خودی ئەو شێوازە بەرهەمهێنانە، و لە ڕاستیدا تا ڕادەیەک کە ئەگەر هەموو کۆمەڵگای مۆدێرن لەناو نەچێت، دەبێت شۆڕشێک لە شێوازی بەرهەمهێنان و دابەشکردندا ڕووبدات).
  • سەرچاوەکان:
    1/Marxism And the Paradox of Contemporary Political Thought Stanley Rothman – مارکسیزم و پارادۆکسی بیری سیاسی هاوچەرخ / ستانلی ڕۆتمان
    2/ Philosophy and Progress – KARL MARX’S CONTRIBUTION TO SOCIAL AND POLITICAL PHILOSOPHY
    3/ SIMON CLARKE Althusserian Marxism
    4/ Cyril Smith 1998 / Marx’s Critique of Political Philosophy
    5/ Karl Marx’s Political Epistemology – Subjectivity, abstraction and the state in the writings o f the early 1840s – James Martin Mclvor
    6/ The development of Marx’s social and political theory
    7/ David McLellan’s:Marx Before Marxism



ناسنامەی سەگەکانی کۆمارەکەی (ئیبراهیم یوسفی)..(١-٢).. غازی حەسەن

(١-٢)

پێشەکی
خوێندنەوە و شیکردنەوە دوو پرۆسەی گرنگن بۆ تێگەیشتن و لێکدانەوە و تەواوکردنی دەقەکە، منی خوێنەر بەپێی تێگەیشتنم لە خودی دەقەکە، ژینگە و هێز و مانایەکی تازە بە دەقەکە دەبەخشم. مەرج نییە وەکو نووسەرەکە بیربکەمەوە و لە پێکهاتە فکری و تەکنیکی و وشەسازی و ڕستەسازی و مانا و هێما و نیشانە زمانەوانییەکان بگەم. من لە دیوێکەوە سەیریان دەکەم، ئەمە ڕەنگە هەمان دیو و خواستی نووسەری دەقەکە نەبێت.
ڕەمز و کۆد و نیشانە و هێما و مانا زمانەوانییەکان، ئاراستەیەکی زهنی و وێناکردنێکی هەمەرەنگ بە دەق دەبەخشن، کە هەندێکجار لە مانا و مەبەستە سروشتییە قووڵتر و فراوانتر و هەمەدەنگتر دەردەکەوێت.
دەق دەسەڵات و هێزێکی خەیاڵی و ئەفسوناوی هەیە، من بەدوای دۆزینەوە و دەستنیشانکردن و دۆزینەوەی ڕەگەز و پاشخان و مێژووی شتەکانم. ئەو شتانەی لەنێو دەقدا دەبنە ناسنامە و پێناسە بۆ خودی هەمان ئەو شتانەی (ناسنامە و پێناسەکانیان) لێ زەوت دەکرێت.

کۆماری سەگ

ڕۆمانێکی ڕۆمانووس (ئیبراهم ئەلیوسف)ە کوردێکی عەرەبینووسە و ڕۆمانەکەی لە دەزگای (خطوط وظلال للنشر والتوزیع) لە عومانی ئوردن لە ساڵی ٢٠٢٠، لە ٣٦٧ لاپەڕە بە بەرگێکی ڕەنگاو ڕەنگی شایستە و هێلکارییەکی مانابەخش و هاوسەنگ لەگەڵ دەقەکە ڕازاوەتەوە، کە پەیوەندی بە نێوەڕۆکی ڕۆمانەکەوە هەیە. ناونیشان و بەرگ هیچیان لە نێوەڕۆکی دەقەکە کەمتر نییە، بەپێچەوانەوە وەکو ناسنامە و پێناسە و کلیلی چوونە نێو دەق وایە، دەق چاوی خوێنەر پڕ دەکات، لە وزە بۆ خوێندنەوە. هزری خوێنەر تەژی دەکەن لە وێنە و مانا و پەیام و ڕەهەند و هزراندن و بزاڤ و نیشانە و هێمای شتەکان، کە هەندێکیان بێ کۆتاین.

تەکنیکی دەقەکە

وەکو لەسەر بەرگی دواوەی ڕۆمانە نووسراوە تەکنیکی نووسینی ئەم ڕۆمانە بریتییە لە “سوود وەرگرتن لەشێوازی بیرەوەریی و ژیاننامە، بەڵام لە چوارچێوەی گەمەیەکی هونەری و هاوکێشەیەکی نەخشێنراو و بەزمانێکی دوور لە بریندارکردن و ئاڵۆزیی، تا زۆرترین کەس بیخوێننەوە، بۆ زمانی دیکە وەرگێڕدێت، چونکە ڕۆمانەکە ژمارەیەک دۆزی گرگ لەخۆ دەگرێت، کە پێشتر بەم دیدگایە باسیان نەکراوە. دیدگای جیاوازی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، ئەمەش لە چوارچێوەی بەکارهێنانی نیشانەکانی جیهانی سەگەکان سەرچاوە دەگرێت، کەپێشتر بەم شێوەیە بەکارنەهێنراون”.
لەم ڕۆمانە قسەکەر و هەقایەتخوانی نێو ڕۆمانەکە خودی ڕۆماننووسە، لە چەند شوێنێک ئاماژە بەوە دەکات کە ناوی (ئالان نەقشبەندییە)، ئەو ئاماژە بەوە دەکات پیشەکەی نووسەرە، نێوبانگی لە نووسین هەیە، هەندێک لەڕێگەی فەیس بووکەوە ئاگاداری کار و چالاکییەکانی ئەون، کوردە و خەڵکی (کوردستانی سوریایە). لەگوندەکانی کوردستان مامۆستا بووە، ئێستا پەناهەندەیە لە ئەلمانیا. بەزمانی عەرەبی دەنووسێت و زمانی دایکی کوردییە، هەندێک فەرەنسی و ئینگلیزیش دەزانێت، بەڵام ئەلمانییەکەی باش نییە و پێویستی بە وەرگێڕە. خێزاندارە و کوڕەکانی ناویان (دڵشاد و دڵدار)ە. سەر بە فکری چەپخوازییە و شیوعی بووە. لە زارۆکییەوە لە حەپەی سەگ ترساوە و هەنووکەش بەهۆی ئەم ترسەوە ناتوانێت بەئاسایی پێشوازیی لە سەگ بکات و هەتا ئێستاش ئەمە وایکردووە، دۆستی سەگ نەبێت و ئەم دۆخە دەروونییە لە ئەلمانیا تووشی کێشەی دەکات، کە سەگ تێیدا خودان مافە وپارێزراوە و دوای منداڵ سەگ بە پلەی دێت و ئافرەتیش بە پلەی سێیەم.
تەکنیکی گێڕانەوە بەهێزە و خوێنەر ڕادەکێشێت ئەمش وایکردووە خوێنەر نەتوانێت دەست لە خوێندنەوە هەڵگرێت، یان خوێندنەوەی ڕۆمانەکە بە چێژە و خوێنەر بێزار ناکات.
ڕۆمانووس خۆی قسە دەکات، خۆی شتەکان دەگێڕێتەوە، خۆی پێناسەی شتەکان دەکات و بڕیاریان لێ دەدات، واتە کارەکتەریکی فرە توانا و وزەیەکی بەهێز و خودانی بیرەوەرییەکی فراوانە.
لەتەک شێوازی بیرەوەریی و گێڕانەوەی شتە هەقییقەکان و ناوە ڕاستەقینەکان و شوێنە باوە ناسراوەکان، لەبیری نەکردووە هونەری نووسینی ڕۆمانی هاوچەرخ چییە. لە بەکارهێنانی (کەلتوور، نەریت، ئەفسانە، خووڕەوشتی مرۆڤەکان، پێکهاتەی کۆمەڵگە، جیاوازی نێوان دوو ژینگەی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاوایی ئەوەی لەبیر ناچێت، کە مرۆڤ تەوەرەی سەرکی باسەکانە. شێوازی گێڕانەوە لەنێو گێرانەوە، خەیاڵ لەنیو خەیاڵ و وێناکردنی هونەریانە و دەروونیانە پیادە دەکات. کەسایەتی و کارەکتەری زۆر لەنێو ڕۆمانەکەدا ئاماژەیان پێ دەکرێت، بەڵام لەبیری نەکەین، خودی ڕۆماننووس کەسی سەرەکی و بڕیاردەری کۆتاییە. واتە (قسەرکەر و حوکمدەر و دارێژەی نەخەشەی ڕۆمانەکە بەشێوەیەکی سەرەکیی خودی خۆیەتی).
لە دوا بەشی ڕۆمانەکە کە ناوی لێناوە (تحت سقف واحد/ لەژێر یەک بنمیچ) گەمە هونەرییەکە ڕاشکاوانە بەدیار دەکەوێت و لەنێوان بە ئاگا هاتن و خەیاڵدا شتەکانمان بیر دەهێنێتەوە و لە لاپەڕە ٣٦٢ ئەو شتەمان بۆ دەگێڕێتەوە، کە پەیوەندی بە خەیاڵ و واقیع، بەئاگاهاتنەوە هەیە. هەزارەها شت، دەیان ڕووداو، گەلێک کێشە، بیرکردنەوەی جیاواز، ڕاکردن، تەسلیمبوون، کۆچ، پەیوەندی، تووڕەبوون، گێڕانەوەی ڕووداوە مێژووییەکان، ئینجا تەنیا لە دوا لاپەڕەی ڕۆمانەکە و لە دواین پەرەگرافدا دەڵێت: “ئەوەی لەپێشتر بەسەرم هاتووە، وەهم بوو، مەزەندە کردن بوو، بیرکردنەوەیەکی ساختە بوو، کە لێی نزیک بوومەوە”. ئینجا دەڵێت: “هاوارام دەکرد، کەچی دەنگم لێوەکانمی تێ نەدەپەڕاند، کەس نەبوو گوێم لێبگرێت، ئەگەر (گازی/ ناوی یەکەمین سەگە و لە منداڵییەوە ناتوانێت لە بیر بکات) نەبووایە”. تا لە شێوازێکی دیکەی بەرچاو کە بەئاگا هاتنەوەیە و بەشێکە لە هونەری نووسینی ڕۆمان دەبێژێت : “ئەی نەفرەت لەو مۆتەکە مەلعونە بێت!!”.
لە دوای ئەم هەموو گێڕانەوەیە، دەڵێت (ئەمە مۆتەکە بوو).. خەیاڵ و ترس و نیگەرانی و دۆخی دەروونی بوو.
دەکرێت هەر بەشێکی ڕۆمانەکە لەڕووی تەکنیکییەوە چیرۆکێکی سەربەخۆش بن، دەستپێک و نێوەڕۆک و بابەت و کۆتایی هەیە، کۆتاییەکی کراوە، کۆتاییەک کە چاوەڕوانی سەرەتایەکی دیکەی نوێ دەکات. کۆتاییەک بەستراوەتەوە بە سەرەتایەکی دیکە. لەنێو هەر بەشێکی ئەم چیرۆک و بابەتانەی کە پەیوەندی بە پەنابەریی کوردێکی سوری، یان سورییەکەوە هەیە، دەیان هورتکە بابەتی دیکەی چیرۆکئامێز لەخۆ بگرێت.
لەبیری نەکردووە (سەگێکی ڕۆژئاوایی چەندە دڵسۆز و بەوەفایە بۆ خاوەنەکەی) و (سەگێکی ڕۆژهەڵاتی/ سوری کە لەڕێگەی گێڕانەوەی بیرەوەریی سەردەمی منداڵی و هەرزەکاریی و مامۆستایەتیشی ئاماژە بە بەدبەختی و بێ مافی و ترس و خراپی سەگ) دەکات.

کۆد چییە؟

زمان لەبەکارهێناندا دەردەکەوێت چەندین کۆدی جیاوازی فکری و زهنی و وێناکردن و مەزەندە و تەنیا وێناکردنەوەی وێنە بینراوەکانیش لەخۆ دەگرێت.
(جوناسان کولەر) خاوەنی پێناسەیەکی زۆر باشی کۆدە و دەڵێت: “کۆد بریتییە لە کۆمەڵێک بابەت، یان پۆل کە لەبوارێکی دیاریکراوی ئەزموونەوە وەرگیراون، کە بە شێوەیەک لە شێوەکان پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە، وەکو ئامرازێکی لۆژیکی و بەسوودن لە دەربڕینی پەیوەندییەکانی دیکەدا”. (جونثان کولر، الشعریة البنیویة، ترجمة السید امام، دار شرقیات، القاهیرة، ٢٠٠٠، ٦٦). لەهەمان کاتدا نووسەر لەپێناو گەیاندنی پەیامێک پەنا وەبەر کۆدەکان دەبات، ئەمەش وا دەکات خوێنەر بیر لە کردنەوەی ئەم کۆدانە بکات. بابەتێک بەکاردەهێنێت، بەڵام مەبەستی دیکەی نەگوتراوی لەپشت ئەم بابەتە ئاشکراو ڕاستەوخۆیانە هەیە.
تیۆری کۆد، یان بە کۆدکردنی شتەکان دەگرێتەوە و کۆد بەرانبەر ڕەمز لە تیۆری دەرککردن (الادراک) بەکارهێنراوە، ئەمەی دواییان پێی وایە بیرکردنەوە لەسەر شێوەی تەنیا زمانی نێوەخۆیی ڕودەدات. یانژی هاندانێکە بۆ پوختەی تەمسیلییە زهنییەکان. فرە ڕەهەندە وەکو شتە گریمان کراوەکان و تەمسیلی ماندار و وەسفە ژمێریارییەکان. ( Jared, D, Poh, R.P.y, and Paivio, A., LI and L2 picture naming in Mandarin- English bilingals: A test of bilingual dual coding theory. Bilingualism: language and congnition 16, 2013, 383- 396. )
بەو پێیەی زمان بریتییە لە کۆدی هەمەجۆری زمان لە ناوەوە و زمان لەدەرەوە. کۆدەکانی نێو دەق هەندێکیان زهنی و فکرین و نەبینراون، هەندێکیشیان بینراون و ئەو شتانەن کە لە دەرەوەی سیستەمی زماندا هەن.
لەکاتێکدا تیۆری کۆد دوو سەرەیە کردەی دەرککردن لە یەکەی تەمسیلی نێوەخۆیی پێکدێت و بە دوو ڕێگا چارەسەر دەکرێت یەکەمیان: سیستەمی گوتنە بە زمان تایبەتە بە تەمسیلی زمان و چارەسەری هەموو کێشەکان لەنێویاندا قسەکردن و گفتوگۆ بەکاردێت. دووەمیشیان سیستەمێکی نازمانییە و (وێناکردنە)، تایبەتە بۆ تێگەیشتنی ڕووداوەکان و پێکهاتە نا زمانییەکان، ئەمەش تەمسیلی زهنی وێناکردن شێوەیەکە لە دەرکی سەرەکی تەمسیلکرن لەدەرەوەی زمان..
پێویستە ئاماژە بەوە بکەم، کە سیستەمی کۆدی لە نێو زماندا فرە ڕەهەند و ئەرک و وێناکردنە، وەکو چۆن لە دەرەوەی زمانیش وەکو شتێکی هەقیقی هەیە و دەهێنرێتە نێو زمانی دەق و ڕەنگە مانا و مەبەستی دیکەی جیاواز لە پێکهاتە سروشتییە باوەکەی خۆشی پێبدرێت. بۆ نموونە (سەگ) هەبووێکی سروشتییە و لەدەرەوەی وێناکردن و لەنێو زماندا هەیە، شتێکی سروشتییە، بەڵام کە دەهێنرێتە نێو زمان ڕەنگە ئەم (سەگ)ە مانا و کۆد و شتی جیاوازتر لە خودی خۆی پێ بدرێت. (سەگ) بەمانای شتێکی خراپ، پیس، دڕ، ئیهانە، سووکایەتی لەنێو هەندێک کەلتوور بەکار بێت، ئەمە لە شێوەی داڕشتن و بەکارهێنان لەنێو سیستەمی زماندا دروست دەبێت.
واتە دەکرێت نووسەر کۆدەکان دەستکاری بکات، مانای زهنی و فکری و کەلتووری پێ بدات، لە مانا ڕاستەقینەکەی بیگۆڕێت بۆ مانای وێناکراو، مەزندە و گریمانەی شتی جیاوازتر لەخۆی پێ بدرێت.
بۆیە وەکو (رومان جاکۆبسن) ئاماژەی پێکردووە شەش بنەمای سەرەکی هەیە بۆ لێکدانەوەی گوتاری زمان و بەکارهێنان و ئەرکی لەنێو دەقدا، کە پێم وایە ئەمانە دەبنە سەرەتایەکی گرنگ بۆ ناسینەوە و لێکدانەوەی کۆدەکانیش لەوانە:
١-نێرەر پەیامی هەڵچووانە.
٢- پەیام، پەیامی شیعری
٣- وەرگر، پەیامی کارتێکردن
٤- کەناڵی پەیام.
٥- سەرچاوە، پەیامی سەرچاوەکە
٦- زمانی پەیامە وەسفییەکە
https://www.facebook.com/lissaniyat/posts/%D9%88%D8%B8%D8%A7/

کردەی پەیوەندیکردن یەکێکە لە ئامانج و مەبەستە سەرەکییەکانی دەق و ئامانج لەمە ئەوەیە نووسەر چۆن دەتوانێت پەیوەندییەکی سەرکەوتوو لە نمایش و کارتێکردن و هاندنای خوێنەر دروست بکات و لەهەمان کاتیشدا بەکارهێنانی کۆدی جیاواز لەپێناو بەخشینی دەرفەت و زەمینە بەکار بێنێت بۆ ئەوەی خوێنەر بیر بکاتەوە و شتەکان لێک بداتەوە. وێنەکانی نێو دەق، یان شتە وێناکراوەکان وا دەکات کردەی پەیوەندیی تەمسیلییەکی نێوخۆیی بێت. هەروەها ڕەفتار و ڕەوشتێکی ڕەمزی لە خۆ دەگرێت، پشت بەنێوەڕۆکی تەمسیلی کردنەکە دەبەستێت. ئەمەش وا دەکات بیر لە هەڵسوڕاندنی شیکردنەوەی ڕەفتاری ڕەمزی بکات. ( D.H. Mellor, Ways of Communicating, Cambrige Universty Press, 1990, 4).

دەقی (کۆماری سەگ) لەتەک ئاماژەکردن و بەکارهێنانی بابەت، ئەو شتە هەستپێکراوە بینراوە هەقیقییەشە کە هەموومان دەتوانین بیانبینین، بەڵام نووسەر لەئاستێکی دیکەی زمان ئەم شتانە بەکاردەهێنێت، کە پەیوەندی بە ناوەوەی خودی زمانەکە و ئاستەکانی هەیە، ئەویش بریتییە لە (مانا و مەبەست و وێناکردن و شتە زهنی و فکرییەکان و پەیام و شتە ناڕاستەوخۆکان)، هەندێک ناوی دەنێن تەکنیکی نووسین، من پێی دەڵێم هێزی پێویستی بەرهەمهێنانی گوتاری دەق.

(٢-٢)

کۆدەکانی ڕۆمانی (کۆماری سەگ)

ئەم ڕۆمانە ژمارەیەکی زۆر کۆدی تێدایە، کۆدەکان هەندێکیان بەئاسانی دەبینرێن و هەست پێ دەکرێن، هەندێکیشیان پێویستی بە لێوردبوونەوەی قووڵە. من لێرەدا تەنیا هەندێکیان ئاماژە پێ دەکەم:

بەهەشتی پەناهەندە و دۆزەخی ڕۆژهەڵات

پەیامی گوتاری ئەم ڕۆمانە کارکرکردنە لەبارەی دۆخی دەروونی و کەلتووری و نەریت و ناسین و ناسنامەی کەسێک/ یان گروپێک و کەلتوورێک و وڵاتێک و پتریش لەوانەی پەناهەندەن، لە دۆزەخی ڕۆژهەڵات/ سوریا دەرباز دەبن بەرەو بەهەشتی ئەوروپا و ڕۆژئاوا دەچن. لەوێ لەتەک هەموو شتە جوانەکان، ڕووبەڕووی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ گیانەوەر و بەتایبەتی سەگ دەبنەوە. ئەمەش پێشوازیکردن و لەهەمان گاڤیشدا ڕەتکردنەوەی تێدایە.
بۆ ئەوەی پێکهاتە و زمان و تەکنیکی ڕۆمانەکە لەئاستێکی سەرنجڕاکێش بێت، بەشێوازێک بەراوردی دۆخی سەگ لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا دەکات، کە مرۆڤ بەرەو فەلسەفەیەکی جیاوازتر لە هەقیقەتی (سەگ، یان ناسنامەی سەگبوون) دەبات. لە یەکێک لەئاماژە هونەرییەکان، کە دواتر دەبێتە ئاماژەیەکی فکری قووڵ بەزمانێکی یەکجار سادە، کە هەموومان لەئاستی ڕۆشنبیریی جیاواز دەتوانین تێی بگەین، کە دەڵێت:
“سەگ پەناهەندە نییە لای من، من لای سەگ پەناهەندەم”. لای گەلێک ئەمە قسەیەکی ئاساییە، بەڵام لەکردەوەدا تێروانینێکی فکری و دەروونی و کاردانەوەی بەهێزی تێدایە. هێز لە ئاڵؤزیی و جڕکردنەوەی زمان نییە، هونەر ئەوەی فکرێکی قووڵ بە زمانێکی ببێژیت.
یان لەبارەی ترس، ئەو ترسەی لە ڕۆژهەڵاتدا هەموو کەسێکی کردۆتە (بنیادەمێکی سەرکوتکراوی دەروونشکاوی قرتێنراو لە ڕەسانەیەتی) دەڵێت:
“ترس خراپترین گێژاوەی دەروونییە”، “لە منداڵییەوە لەترسی ئەم مۆتەکەیە لەخەو هاوارم دەکرد”، ” ئەگەر بۆ مانگێک ئەم گیانەوەرانەمان بۆ فێربوونی ترس بناردبایە ڕۆژهەڵات” لە “وڵاتەکەمان هەموو شتێک وەکو بنیادەم دەترسێت، کێ هەیە نەترسێت، هەتا پۆلیس دەترسێت، وەزیر دەترسێت، تەنیا خودی سەرۆکیش دەترسێت”.
لەبارەی دۆخی دەروونی و هەقیقەتی پەناهەندەی سوریی لە ئەلمانیا دەبێژێت:
“ئێمە نامۆین، بێ نیشتمانین، هیچ ناونیشانێکی دیکە نییە، بۆ ئەوەی بچینە سەری، ئەگەر ئەلمانەکان دەرمان بکەن”.
ئەم ناکۆکیی و ململانێیە دەروونییە بەردەوام دەبێت، هێزی گوزارشت و دەربڕینە زمانەوانییەکە بەستراوەتەوە بە چیرۆکی سەگ، ئەو سەگانەی لە ڕۆژئاوا هەموو مافێکیان هەیە و ئەو مرۆڤانەی لە ڕۆژهەڵات لە سەگ خراپتر سەرکوت دەکرێن. سەرباری ناکۆکی لەنێوان کەلتووری ڕۆژهەڵاتی لەبارەی بە سەگکردنی هەموو شتێک و کەلتووری ڕۆژئاوایی و گەورەکردنی هەموو شتک، تەنیا گیانەوەرەکانیان لە مرۆڤ ڕێزلێگیراوترن و مافیان هەیە. لە سەرەتا تاکو کۆتایی وەکو پەناهەندەیەک لەو ناکۆکی و ململانێیە دەروونییە دەژیت و تووشی چەندین فشار و لێکدانەوە و پۆلیس و دادگا و گریمانە و کێشەی بەردەوام دەبێت.

یاسای نوێ و شوێنی نوێ

هەقایتخوان کە خودی نووسەر (ئیبراهیم یوسفە) ناوی هەقیقی و کارەکتەر و شوێن و ڕووداوی ڕاستەقینەشی بەکارهێناوە، چونکە ئەو پشت بە تەکنیکی گێڕانەوەی بیرەوەریی دەبەستێت. ئەو لە شوێنێکی نوێی جیاواز، دەکەوێتە بەردەم گێژاوی یاسای نوێش. یاسای پۆلیس و دەوڵەت، یاسای شەقام، یاسای پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، یاسای شێوەژیانی نوێ، یاسای مامەڵەکردن لەگەڵ سەگ و گیانەوەرە بەخەتەوەر خودان ناسنامەی تایبەتی. ئەمەی دواییان گەڕانە بەدوای پێناسەکردنەوەی چەمکی (مرۆڤبوون و گیانەوەرناسی).
دەبێژێت:
“دەمگوت پۆلیس لەهەر شوێنێک بن، تۆقێنەرن”. و “دروستکەرانی توندوتیژی خودی بەرپرسەکانن”. پێش ئەوەی بێژێت تەواو ڕۆمانەکە کۆتایی هات مردنی ئەو سەگە بەوەفایەی خاوەنەکەی (بیانکا) کە هەولی خۆکوشتن دەدات، دوای پشکنینی پۆلیس و دادوەریی و پزیشک دەردەکەوێت “سەگەکە بەداخ و ئازارەوە مردووە، ئەمەش ئەو کاتە ڕوویداوە کە پێش ئەوەی بگاتە ماڵی هەقاتیخوان”. تا دەگاتە ئەوەی بەراوردی سەگی پۆلیس دەکات، کە چۆن لە سوریا دەزگای هەوالگری بۆ ئازاردان و سزادان و کوشتنی بەرهەڵستکارانی ڕژێم بەکاریان هێناون. لەهەمان کاتدا نووسەر دەمانباتە نێو بابەتێکی یەکجار گرنگ و هەستیار ئەویش ئەوەیە:
“وەرگێڕە سودانییەکە گوێی لێیان دەبێت، ڕەنگی دەموچاوی محامییە کوردەکە گۆڕا، ئەوە لەدەموچاوی دەرکەوت، کە هەست بە ناخۆشی و دڵگیری بکات، کە دەبیستێت کوردێک تاوانی کردووە”.
ئینجا نووسەر، کە خۆی قسەکان دەگێێتەوە و دەڵێت:
” من کوڕی ڕۆشنبیریەکی کۆنم، پەروەردەیەکی ڕەسەنم هەبووە، مرۆڤ لای من پیرۆزە، ئازاری مێروولەیەکم نەداوە، وەکو چۆن باوکم فێری کردووم”.
بێ ئەوەی لە ڕۆمانەکە ناسنامەی کوردبوون بکاتە هێمایەکی سەرەکی دەقەکە، بەڵام ناتوانێت ئەوە بشارێتەوە کە ئەو کوردە، کوردیش لە تاوانکردن دوورن، خاوەنی ڕۆشنبیرییەکی کۆنی ئاشتەوایی و ڕێزگرتنی مرۆڤە و دوورە لە توندوتیژی و کوشتن و ئازاردانی ئەوانی دیکە، ئەوانە ئەگەر مێروولەش بن، ئازاریان نادات.
نووسەر کەسێک نییە بەشێوەیەکی سۆزدارانەی خراپ، تووندڕەو، دەمارگیرانەی شۆڤینایانە بیر بکاتەوە، نەخێر ئەو تەنیا مرۆڤە و هەموو هەستەکانی لەنێو دەقەکە لە خودی مرۆڤ و چەمک و ئەرک و نیەتی مرۆڤانە سەرچاوەی گرتووە.
لە دەقەکەدا دەردەکەوێت یاسای نوێی ئەلمانیا، مرۆڤانەیە، بەڵام بۆ پەناهەندەیەک نوێیە، وەکو چۆن شوێنەکە و دەوروبەر و مرۆڤ و سەگ و دیوار و شەقام و پۆلیس و هاتوچۆ و شێوەی ژیان و وەرزش و خوێندنەوە و زمان و بیرکردنەوە و نەریتیش جیاوازن. ئەمانە و دەیان دیارد و هورتکە بابەی دیکە خودنای کۆدی تایبەتی خۆیانن. کۆدەکان نهێنی شتە نەگوتراوەکانمان پێ ئاشنا دەکەن.
ئەم هەستە مرۆییانەی (ئیبراهیم یوسف) وەکو پەناهەندە و قەیران و کێشە دەروونی و ئەخلاقی و مێژووییەکانی نێوان دوو کەلتووری جیاواز لە ڕۆمانەکەدا لە ڕێگەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئافرەتێکی ئەلمانی قژزەرد (بیانکا شنیدر) دەسست پێ دەکات، ئەم ئافرەتە یارمەتی فێربوونی زمانی ئەلمانی دەدات، ئافرەتەکە خۆشی ناسنامەیەکی تایبەت و ئاڵۆزیی دەروونی و ڕاکردن لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی هەیە.

سەگ ڕەمزی شارستانییەکان

(ئیبراهیم یوسف) لە خۆڕا و تەنیا لەپێناو دروستکردنی ژینگەیەکی ئەدەبی سەگی بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەک و وەکو کەرەستە و ئامرزێک بەکار نەهێناوە تاکو بیروڕا و بیرۆکە و وێناکردنی دەقێکی ئەدەبی بەرهەم بهێنێت، سەگ لای هەقایەتخوانی ڕۆمانەکە (کۆماری سەگ) پەیوەندییەکی قووڵتر و مانایەکی فرەتر و گوتارێکی جیاوازتری لە خودی سروشتی سەگ وەکو دیاردە و بوونەوەرێکی سروشتی هەیە. زمانێکی سادە، بەڵام قووڵ لە مانا و مەبەست، زمانێک هانی خوێنەران دەدات، خۆیان بزر نەکەن و ڕووداوەکان بە ئاسانی وەرگرن و لێکدانەوەکانیان وەکو فکر و ئینتما و ناکۆکی بۆ شارستانییەتە دیارەکان بەکار بهێنن. لەزۆر شوێنی پێویستە خوێنەر کۆدەکان بکاتەوە.
سەگ لەم دەقە ئەدەبیەدا ، هێما و نیشانەیەکی زهنی و فکرییە بۆ بوونی ئەم گیانەوەرە لە کۆنەوە تاکو ئێستا لەنێو شارستانیەتی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاوایی.
لەم دەقەدا سەگ لە چوارچێوە سروشتییە باوەکە دەردەچێت، دەبێت ڕەمز بۆ ڕەفتار و نەریت و کەلتوور و ناسنامە مرۆڤەکان. ئەو لەڕێگەی گێڕانەوە و گەڕانەوە بۆ سەردەمی منداڵی ، ئاماژە بە سەگ لە ئەشکەوت وەکو هێمایەکی ئایینی دەکات، سەگ لە کۆمەڵگە وەکو کەرەستەیەکی باو بەدەست چینە کۆمەڵایەتییەکان گوزارشتی لێکراوە، سەگ وەکو کەرەستەیەکی بەکارهێنراوی جەنگ، زیندان، ئینجا سەگ وەکو بوونێکی پلە دوو لەدوای (منداڵ) لە ئەلمانیا و ئەوروپا دێت.
مێژووی سەگ، بە وردی دەگێڕێتەوە، زانیارییەکان پشت بە سەرچاوە مەعریفییە ئەدەبی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و دەروونی و گیانەوەردۆستی و هەتا هەواڵەکانی ڕاگەیاندن دەبەستێت، لە گێڕانەوەدا پێمان دەڵێت ئەم ڕەمز و نیشانە ئەدەبییەی لە دوای پشکنین و خوێندنەوەی دەیان سەرچاوە بەرهەمهێناوە، سەرباری سوود وەرگرتن لە دۆستەکەی کە ئافرەتێکی ئەلمانییە. ئەم ئافرەتە لەلایەک سەرچاوەیە و لەلایەکی دیکەش ناسنامەیە بۆ بەدیهێنانی کردەی پەیوەندیکردن و ئینجا گەڕان بەدوای دۆزینەوەی ناسنامەی سەگ.
لە تەک پێناسە و بایەخی سەگ و سازدانی ڕۆژی جیهانی سەگ، نایشارێتەوە کە ناکۆکی و تێڕوانینی (ئایینی و کۆمەڵایەتی) لەنێو خێزانەکەی وەکو پێکهاتەیەکی ڕۆژهەڵاتی لەبارەی مامەڵەکردن لەگەڵ سەگ لە ئەوروپا هەیە و دەڵێت: “خانەوادەکەم خاوەنی ڕۆشنبیریی ئایینین، بەڵام هیچ کام لەم هەوڵانە نەگەیشتنە تاموچێژ لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەخێوکردنی سەگ”. لە کاتێکدا ئەو ناسنامەی خۆی بەم شێوەیە وەسف دەکات: ” مەسەلەکە پەیوەندی بە ئایینەوە نییە، من کەسێکی عیلمانیم، پەیوەندیم بە جیهانی ئایینەوە نییە، بەڵام کەسێکی مولحیدیش نیم”.
چیرۆک و گێڕانەوە و بەکارهێنانی سەگ وەکو ڕەمز بۆ دۆزینەوەی ڕێگاکانی پەیوەندیکردن و لێکدانەوە و دابەشکردنەوەی سەر لەنوێی فکر و کەلتوورەکان، ئەو لە قسەکردن لەسەر سەگ ئەوەمان نیشان دەدات، کە بەشێک لە چۆنیەتی مامەڵەکردن پەیوەندی بە ڕۆشنبیریی ئایینی خێزانەکانەوە هەیە. ئەو پێناسەی خۆشی وەکو کەسێکی عیلمانی، کە مولحید نییە نمایش دەکات.
“سەگ لە جیهانی ڕەگەزپەرستیدا داکۆکی لە خاوەنەکانی دژی کەسانی بێگانە دەکات و تەنیا دژی سەگە بێگانەکانیش دەوەستێتەوە”. تەنیا دەگاتە ئەوەی بڵێت “لۆکانیکۆس ساڵی ٢٠١٠ وەکو سەگێک بۆتە ڕەمزی خۆپیشاندانەکانی یۆنان”. لە ئاماژە بە ئازایەتی ئەم سەگە، دەیبەستێتەوە بە هێما و نیشانەیەکی دیکەی زیندووی وڵاتەکەی و کۆدێکی جیاوازتر لە کۆدە ئاساییەکەی لەبارەی سەگ پێ دەدات و دەڵێت: “کە شۆڕش لە وڵاتەکەم دەستی پێکرد، ئاواتەخواز بووم خۆپیشاندەران هەر یەکەیان سەگێکی ڕاهێنراو لەگەڵ خۆی ببات، تاکو بیانپارێزێت”. ئەم جیاوازییە هێما و نیشانەیە بۆ ئینتمای سەگ، سەگ وەکو بوونەوەرێکی باڵای هەستیار و دڵسۆز و خزمەتگوزار و خوادنی هێزی قوربانیدان. ئینجا کۆدی ناسنامەشە بۆ سەگێک لە دەبێتە ڕەمزی خۆپیشاندانەکانی یۆنان و لەهەمان گایشدا کۆدی سەگێکی دیکە، کە تەنیا (خۆزیە و ئاواتە) ئەویش پەیوەندی بە شۆڕشی سوریا هەیە.
ڕەمزە بەکاهێنراوەکانی بەراورد لەنێوان مرۆڤ و مرۆڤ، کەلتوور و کەلتوور، ژینگە و جوگرافیای جیاواز بەکارهێناوە. لەهەندێک شوێن سەگ سیفەتە گیانەوەرییەکەی دەگۆڕێت، بۆ شتێکی دیکەی نزیک لە مرۆڤ ئەمە کۆدێکی ماناداری زهنییە، نوێنەرایەتی فکر و مەبەست و گوتارێکی جیاواز لە سروشتە باوەکەی خۆشی دەکات.

لەبیری نەکەین، ئەو کە قوربانی سیاسەتە لە وڵاتێکی سەرکوتکاری پۆلیسی، ئاماژە بەوە دەکات کە “بەرەو ماڵ بوومەوە فکرم لەوە دەکردەوە کە ئەوروپاییەکان چەند بایەخ بە سەگەکانیان دەدەن، کەچی لە وڵاتەکەمان جەژنەکان تایبەتکراون بە ڕۆژی کودەتای ڕژێم و وەرگرتنی دەسەڵات، جەژنەکانی دیکەش لەبیرکراون هەتا جەژنە ئایینەکانیش بایەخیان نەماوە.. ئەی خودایە لێرە (ئەوروپا) سەگیش جەژنی خۆیان هەیە”.
لێرەدا کۆد و ڕەمز و نیشانەکان شتی جیاوازتر لە جیهانی سەگمان پێ دەبەخشن.

پۆلیس و لێکۆڵینەوە

لایەنێکی دیکە ئەوەیە دوای ئەوەی (بیانکا شنیدر) تووشی ڕووداوی خۆکوشتن دێت و سەگەکەشی دوای ئەم ڕووداوە تووشی دۆخی دەروونی دەبێت و لەداخی خاوەنەکەی گیان لەدەست دەدات، بەم هۆکارەوە (ئالان نەقشبەندی/ هەقایتخوانی ڕۆمانەکە/ نووسەر/ خودی ئیبراهیم یوسف) لەلایەن پۆلیسەوە دەگیرێت و تووسی لێکۆڵینەوە دێت، لم بوارە دەیان ڕووداو، کە پەیوەندی بە پۆلیس و سزا و لیکۆڵینەوە و پشکنین و ترس و سزا و نیگەرانی لەنێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بەکاردێنێت. وەکو شتەکانی دیکەش هەریەکێک لەم دیاردە و دۆخە دروونییانەی هەیە، دەکرێت کۆدێک و پتر لە کۆدێکیان هەبێت. ئەمە پەیوەستە بە هێزی گوزارشت و بەرهەمهێنانی گوتاری دەق.
گرنگترین خاڵ ئەوەیە (سەگەکە) بەهۆی پەیوەندی بەهێز و سۆز و ئینتما لەگەڵ خاوەنەکەی تووشی کێشە دەروونی و ناڕەحەتی دێت و لەداخ و پەژارەییەوە دەتۆپێت (دەمرێت). ئەمە نیشانە و هێمایەکەی زهنی قووڵە سەبارەت بە پەیوەندی (ڕۆمانووس، بیانکای ئەلمانی، سەگ، پۆلیس و لێکۆڵینەوە، دادپەروەریی و باڵادەستی یاسا، ڕەفتاری پۆلیس و سەگی پۆلیس و مرۆڤانە هەڵسوکەوتی پۆلیس و پشکنین. تاد….).
لە پۆلیسخانە دەردەچن و پێیان دەبێژن “تۆ هیچ تاوانێکت نەکردووە، سەگەکە خۆی مردووە و بیانکاش چاوی هەڵێناوە”. لە درێژەی ئەم ڕووداوانە پەنا وەبەر هێما و کۆدێکی دیکە دەبات و دەبێژێت:
” لە ڕێگا باسی دەسەڵاتی سەگ و ترس لەسەگمان کرد، هێندە باسی ئەفسەری پۆلیسمان نەکرد کە کەسێکی میهرەبان بوو… سەگی ئێرە عاقڵە”. ئەم گوزارشتە کۆتایی لەبارەی سەگەکە بۆچوونی کوڕەکەیەتی، (عەقڵ) هێمایە بۆ دونیایەکی جیاواز لە جیهانی سەرکوتکردن و بەکارهێنانی سەگ بۆ ئازاردانی مرۆڤەکان لە (زیندانی بارەگای هەوالگری سوریا). مەبەستم ئەوەیە ئەم کۆد و نیشانە زمانەوانیانە ئەوەمان بۆ دەردەخەن، کە ڕۆماننووس ڕاستە مێژووی سەگ، ڕەفتار و کێشە و پێگەی سەگ دەگێڕێتەوە، بەڵام لەبیری نەکردووە کە سەگ لەم دوو کەلتوورە جیاوازەدا بۆ دوو ئەرکی جیاواز بەکارهێنراوە. کۆدی سەگ دەکرێت کۆدی خودی مرۆڤیش بێت، یان هەڵگەڕاوەی ڕەفتاری مرۆڤ و سەگ بێت.
پۆلیس بۆ دۆزینەوە تاوان بەکاری دەهێنێت و پۆلیس لە سوریا بۆ ئازاردانی بەرهەلستکارە سیاسییەکانیان بەکاری دەهێنێت و لە یۆنان سەگ دەبێتە ڕەمزی قوربانی و هاوکاری مرۆڤ.

تاوانی سێکسی سەگ

پەیوەندی خۆشەویستی و سێکس دوو بابەتی گرنگ و دوو کۆدی کارای نێو دەقی ڕۆمان و چیرۆک و شیعرن. مەرج نییە نووسەر ئەم کۆدە وەکو بەشێک لە ڕەفتار و خواستی خۆی بەکار بهێنێت، بەڵکو دوو بابەتن، سەرتاپای مرۆڤایەتی بەدرێژایی مێژوو دووچاری کاردانەوە و بەکارهێنان و کارەسات و ئاسودەیی دەروونی و کێشەی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و خودیشی کردووە. سێکس بەشێکە لە پێکهاتە جەسەتەیی و دەروونی و خواست و چێژی مرۆڤ، ئەم دیاردەیە لە ڕۆژهەڵاتدا جۆرێکە و لە ڕۆژئاوا جۆرێکی دیکەیە.
(ئیبراهیم یوسف) لە ڕۆمانی (کۆماری سەگ)دا ئەم پەیوەندییە لەنێوان مرۆڤەکان و ئینجا لەنێوان گیانەوەرانیشی نمایش کردووە. کۆدێک دروست دەکات، کە سێکسی سەگ بێ رەزامەندی خاوەنەکانیان کارێکی بڤەیە. کۆدی ئەم باسە ئەوەیە، ئافرەت بەئارەزووی خۆی سێکس دەکات، کەچی سەگ ڕێگە پێدراو نییە، سەگێکی دیکە بە ئارەزووی خۆی سێکسی لەگەڵ بکات.
پەیوەندی قسەکەری سەرەکی و بگێڕەوەی یەکەم و پاڵەوانی فرەزان و فرە ئەرک و تێڕوانین و فکرە، باسی ئەو شەوە دەکات کە لەڕۆژی جیهانی سەگ لەگەڵ ئافرەتە ئەلمانییە شۆخەکە پەیوەندیی و وێناکردنێکی سێکسی دروست دەبێت.
دواتر کێشەی بەزۆر سێکس کردنی سەگێک لەگەڵ سەگێکی دیکە ئاماژە پێ دەکات، کە چۆن ئەمە دەبێتە کێشەیەکی یاسایی و خاوەنی سەگی گایراو، سکالای یاسایی لەسەر سەگی گانکەر تۆمار دەکات. خوێنەری وریا لە کۆدی وێنە کۆمیدییەکە دەردەچێت و ژیرانە سەیری زەمینەسازی پەیوەندی جدی نێوان دوو سەگ دەکات.
لە گێڕانەوەی ڕووداوەکاندا ئەوە ئاماژە پێ دەکات، کە دراوسێیەک سکالای یاسایی لەدژی دراوسێیەکەیان تۆمار دەکات، لەبەر ئەوەی سەگەکەیان لەلایەن سەگی ئەوانی دیکەوە سێکسی لەگەڵ کراوە، بێ ئەوەی پرسیان پێ بکەن. مەسەلەکەش پەیوەندی بەوە هەیە حەز لە ڕەگەزی سەگە گانکەرەکە ناکەن. لەکاتێدا وەکو ڕۆماننووس ئاماژەی پێکردووە و دەڵێت “ئافرەکانیان ئازادن لەوەی بە چ جۆرێک و لەکێ سکیان پڕ دەبێت”. بەڵا گیانەوەرەکانیان ڕێگە پێدراو نین. ئەمە کۆدێکە پەیوەندی بە عەقڵ و کەلتوور و شێوەژیانی کۆمەڵگەوە هەیە.

کۆدی سەگ وەکو قوربانی

لەنێو ڕۆمانەکەدا کە سەربردە و مێژووی سەگ و پەیوەندییەکانی ئەم گیانەوەرە بە هاووڵاتیان و پەناهەندە و کەلتووری جیاوازەوە دەگێڕدرێتەوە، سەگ چەندە پلەیەکی بەرزی لە کەلتووری ڕۆژئاوا پێدراوە و بەکردەوە سەگ وەکو گیانەوەرێکی خۆشبەختی خودانی پلەیەکی ڕێزلگیراوە، لەهەمان کاتدا هێما و نیشانەیەکی زەقیشە بۆ قوربانی وەکو کەرەستە و شتێکی بەکارهێنراوی نمایشکراو، بەتایبەتی لەسەردەمی جەنگ و بینیمان ڕوسەکان بە سەدان سەگیان بۆ تەقاندەوەی تانک و هێزەکانی دوژمنانیان بەکار هێناوە و مینڕێژیان دەکەن بۆ تەقاندنەوە. ئەمە کۆدێکی دیکە کە مرۆڤ چەندە دڕندانە سەگ بۆ کوشتنی مرۆڤ بەکاردەهێنن و پیشێلی مافی گیانەوەرانیش دەکەن.
ئەمە کۆد و هێما و نیشانەیەکە بۆ کەرەستە و شتێک کە (دڕندەیی و تاوانکاری مرۆڤ) نیشان دەدات و سەگ وەکو ئامێرێکی قوربانی و جێگەی بەزەیی ئاماژەی پێکراوە، لەکاتێکدا ڕۆمانەکە دەیان نموونەی دیکەی تێدایە کە ئاماژە و هێمایە بۆ (شکۆ و دەسەڵات و پێگە و هێزی) سەگ. تەنیا ناونیشانی ڕۆمانەکەش، کە ناونراوە (کۆماری سەگ) ئاماژە و هێما و کۆدێکی ڕاستەوخۆیە بۆ نیشاندانی پێگە و دەسەڵات و هێزی سەگ لە کەلتوور و کۆمەڵگە جیاوازەکان.
ڕۆماننووس دەڵێت : “سەگ بە خراپی و بەدیی لەدایک نابن، بەڵکو ئێمە وا لە سەگەکان دەکەین خراپ بن، یان باش… “. لەم ئاماژەیەدا ئەوەمان پێ دەبێژێت، کە مرۆڤ ژینگەی سەگەکە دەگۆڕێت و دروستکەری دۆخەکانە، نەک خودی سەگەکان. سەگ بە پاکی و بێ تاوان دەترەکێن. کۆدەکە ئەوەیە هەرچەندە ئەو لە منداڵییەوە لە حەپەی سەگ تۆقیوە، بەڵام سەگ گیانەوەرێکە بەسروشت بە باشی دێتە ژیان و مرۆڤ کۆدەکانی دەگۆڕێت.
(ڕۆماننووس/ ئالان نەقشبەندی/ ئیبراهیم یوسف) نزیکەی چوارسەد لاپەڕی لەبارەی سەگ و جۆرەکانی و سایکۆلۆژیا و مێژوو و کێشە و پەیوەندییەکانی سەگ و مرۆڤ لە دوو شارستانیەتی جیاوازدا نووسیوە، کەچی (بیانکا)ی ئەلمانی کە لەڕێگەی سەگەکەییەوە دەبێتە هاوڕێی پێی دەڵێت: “ڕۆشنبیریەکی هەژار و کەمت لەبارەی سەگ هەیە”.

کۆدی زمان

زمان یەکێکە لە کۆدە گرنگ و دیارەکانی نێو دەق، ڕۆماننووس بە دووجۆر لە مەبەست و کاریگەریی و توانای زمان لە بیناکردنی تەکنیکی ڕۆمانەکە و ئینجا وەکو ئامرازێک بۆ بەدیهێنانی (کردەی پەیوەندیکردن) پەنای وەبەر زمان و کۆدەکانی بردووە.
لەنێو ڕۆماناکەدا لە چەندین شوێن ئاماژە بە زمان وەکو ئامرازی پەیوەندیکردن و گەیاندن و تێگەیشتن و خۆ لەقالبدان و گۆشەگیریی و لەدەستدانی توانای تێگەیاندن و تێگەیشتن ئاماژە پێکردووە.
دەڵێت ” لەڕێگەی بەکارهێنانی قاموسی ئەلەکترۆنی بەزمانێکی ناڕێک نامەیەکم نووسی”.
” تۆ نەخوێندەواری لەبەر زمانەکەت، فەرهەنگی زمانەکەت بایی ئەوە ناکات لە هەواڵی ئەلمانی بگەیت و یان لە هەواڵی سادەی تەلەڤزیۆنیش بگەیت… لەناخەوە هەستم بە ئازارێکی توند کرد..”.
سەرباری ئەوەش لە چەند شوێنێکدا بەمەبەست بۆ ئەوەی دوو شت بسەلمێنێت، هەندێک دەستەواژەی پەندی کوردی بە کوردی دەنووسێت، یان هەندێک ناوی کوردی بەکاردەهێنێت، دیارە ئەمەش نیشانەیە بۆ گوزارشت لە هەندێک کۆدی دیکە لەڕێگەی زمانەوە، وەکو:
یەکەم: بۆ ئەوەی کۆدی هەبوونی زمانی کوردی و ناوی کوردی و بوونی (نەتەوە و ناسنامەی نەتەوە) لەئاکامی بەکار‌هێنانی زمان، نەک بەکارهێنانی سیاسەت و مێژوو بسەلمێنێت. وەکو ناوی (گازی و شیا و دڵشاد و دڵدار و ئالان.. تاد).
دووەم: پێمان دەڵێت کۆدی دووەم پەیوەندی بە جیهانی کوردییەوە هەیە سەبارەت بە سەگ و پەیوەندیی لەگەڵ ئەم گیانەوەرە و کاردانەوەی لەسەر نەریت و ڕەفتار و بیرکردنەوەی تاکی کوردی و کۆمەڵگەی کوردستانی.

کۆدی زمان یەکێکە لەو کۆدە دووبارە بەکارهێنراوەکەی نێو ڕۆمانەکە، ئامانج و مەبەستی جیاواز دەگەیەنێت، گوتاری زمان، گوتارێکی فرە ڕەهەند و شێوازە. گوتارێکە پەیوەندی بە هزر و زهن و وێناکردنی شتەکان لەنێو زمانەوە هەیە.
کۆدی زمان بریتییە لە:
کۆدی پەیوەندیکردن بە دەوروبەر.
کۆدی تێگەیشتن و لێکدانەوە
کۆدی ئاخاوتن و گفتوگۆ لەگەڵ ئەوانی دیکە.
کۆدی زمانی سەگ
کۆدی ساخکردنەوە
کۆدی ناسنامەی نەتەوە (کوردی) و (ئەلمانی) و (عەرەبی) بە نموونە.
بۆ نموونە ئاماژە بەوە دەکات، کە بوونی دیالەکتیک مانای دەوڵەمەندی خودی زمانەکەیە، کورد چەندین دیالەکتیکی وەکو کرمانجی و سۆرانی و زازایی و کەرمەشانی و گۆران.. هەیە
کۆدی زانینی چەند زمانێک
کۆدی خوێندن و کۆرسی زمان
کۆدی سایکۆلۆژیای زمانی سەگ

کۆدی زمانی سەگ

ڕۆماننووس دەبێژێت ” چوارسەد هۆزی سەگ هەیە سەگ زمانی خۆی هەیە، هەروەها کۆدی خۆشیان هەیە، لە توێژینەوەیەک دەرکەوتووە سەگ نۆزدە کردەی ئاماژەی هەیە، لەنێویاندا داواکردنی خواردن، خواردنەوە، یان داوای یاریکردن و کردنەوەی دەرگا..”.
بۆ ئەم ئاماژەیە، گرنگە لەپێناو گەڕان بەدوای دۆزینەوە و شیکردنەوەی کۆدێک، کە پێمان دەڵێت ئەی مرۆڤ لەوە بگە، سەگ وەکو گیانەوەرێک زمانی تایبەتی ئاماژەی هەیە، لەپێناو بەدیهێنانی کردەی پەیوەندیکردن بە دەوروبەرەکەی خۆی ئەم ئاماژانە بەکاردەهێنێت. کردەکانیشی هەمەجۆرە و بریتین لە داواکردن و ئاگادارکردنەوە و خواست و پێویستیی و تووڕەیی و ڕەتکردنەوە… تاد.
ئەم کۆدە وا لە مرۆڤ دەکات وردتر لە کۆدی پەیوەندییەکانی لەگەڵ گیانەوەران بڕوانێت، فکریان لێ بکاتەوە و شیکاریان بکات. ئەم کۆدە لەکردەوەدا پێویستی بە کردەی (تێگەیشتن، شیکردنەوە و حووکم و بڕیار) هەیە.
لە ئاماژە و بەکارهێنانی زماندا گوتارێکی گرنگمان پێ ئاشنا دەکات، کە دەڵێت:
سروشتی مرۆڤ هەمووی یەکە، زمانەکان لێکمان جیا ناکاتەوە، زمانی ڕۆح، هەست و نەست، هوشیاری، دەرککردن، ئەمانە زمانی نێونەتەوەیین زمانی سەرتاپای جیهانن”.
بێگومان زمان هێما و نیشایەکەی فکری گرنگە، هەر تەنیا ئامرازی پەیوەندیکردن نییە نییە، بەڵکو ئامانجە لەپێناو پێکهێنانی ژینگەیەکی یەکسان و هاوبەشی مرۆیی لەگەڵ ئەوانی دیکە. زمان پەیوەستە بە ژینگەی و دەوروبەری فکریی و تێڕوانینی مرۆڤەکان. نەک هەر تەنیا لای مرۆڤەکان، بەڵکو سەگیش لەم کۆمارەی (ئیبراهیم یوسف)دا خودانی دەیان کۆدی تایبەتی خۆیەتی و بەکردەوە خواست خۆیان و سایکۆلۆژیای خۆیان بەم ڕەفتار و جووڵە و ئاماژانە دەردەبڕن.

کۆدی کوردبوون

یەکێک لە کۆدەکانی نێو ڕۆماناکە پێناسەکردن و دیارکردنی ناسنامەی نەتەوەییە بێ ئەوەی دەمارگیر بێت، یان نەتەوەپەرستانە بئاخڤێت. بەپێچەوانە ئەوی کارەکتەری سەرەکی و پاڵەوانی ڕۆمانە و هەقایەتخوانی سەرەکی ئاماژە بەوە دەکات کۆمۆنیست بووە، عیلمانییە بێ ئەوەی مولحید بێت. زمانی دایکی کوردییە و ئینجا لە قتابخانە فێری عەرەبی بووە و بەم زمانەش دەنووسێت، سەرباری فەرەنسی و ئینگلیزی و دەیەوێت فێری ئەلمانیش بێت. ڕاشکاوانە ئاماژە بە سوری بوون دەکات، بەڵام ئەو لە زۆر شوێندا ڕاشكاوانە کۆدی کورد بوون وەکو زمان، کیانێکی جیاواز لە زمان و ڕەگەز و نەتەوەکانی دیکە دەبینێت، بێ ئەوەی پلەبەندی لەم دیتنە بکات.
تەنیا شتێک وەکو پرسیار و گریمانە و لێکدانەوە ئاماژە پێ دەکات ئەویش (تێکەڵبوون و توانەوەی یەکلایەنە/ اندماج) وەکو پرسێک و کۆدێکی دیکە دەبینێت بۆیە پێی وایە “تێکەڵبوونی یەکلایەنە، قوتدانی ئەوی دیکەیە”. ئەمە لە ڕۆژهەڵات ڕوو دەدات، کەچی لە ئەلمانیا کە نزیکەی ١٨٠ زمانی جیاوازی تێدایە، ئەم تێکەڵبوون و توانەوەیە ڕوو نادات.
ئەم کۆدە لەکردەوەدا گوتارێکی فکری و سیاسی و کەلتووری و کۆمەڵایەتیشە، کردەیەکە لە ڕۆژهەڵاتدا توانەوە و قووتدانی ئەوانی دیکە، وەکو بەرنامە ستراتیژی سیاسی باڵا دەستە، بە مانای سڕینەوەی ناسنامە و پێناسە و توانەوەی ئەوانی دیکە دێت.

کۆدی تێکچوونی هاوسەنگی

لە ئەلمانیا کۆدێکی دیکەی گرنگ هەیە، کە سەگێک، یان گیانەوەرێک دەمرێت، دەیبەنە گۆڕستانی تایبەتی گیانەوەران و بەڕێز و بایەخەوە ڕێوڕەسمی ناشتنی گیانەوەرە مردووەکە لە گۆڕاستان ئەنجام دەدرێت، کەچی لە ڕۆژهەڵاتدا ئاماژە بە دۆخی سوریا دەکات، لەڕێگەی گێڕانەوەی بەسەرهاتەکان لەلایەن قسەکەری سەرەکی نێو ڕۆماناکە دەبێژێت: “چیرۆکی منداڵەکان، چیرۆکی ئەو منداڵانەی لەبرسان دەمرن، یان لەژێر خانووە ڕووخاوەکانیان دەیاندۆزنەوە…”. ئەمە کۆدی تێکچوونی هاوسەنگی و شکاندنی شکۆی مرۆڤ و ڕێزگرتنی گیانەوەرانە لەهەمان کاتدا.
کۆدی نەبوونی هاوسەنگی لەنێوان بایەخدان و ڕێزگرتن لەنێوان مرۆڤ و سەگ، لەنێوان کەلتووری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، لە نێوان مرۆڤ لە وڵاتی ڕۆژهەڵات، سەگ لە وڵاتەکانی ڕۆژئاوا. تێکچوونی ئەم هاوسەنگییە، لە کۆتایدا دەبێتە هۆکار بۆ بەدبەختی و کۆچکردن و ئاوارەیی و ڕووکردنە پەناهەندە و لەهەمان گاڤیشدا نیشانە و هێمایە بۆ دروستبوونی کۆدی تێکچوون و نەبوونی یەکسانی و هاوسەنگی لەنێوان دوو جیهانی جیاوازدا.

کۆدی ناوەکان

ناو بەگشتی لەنێو دەقدا ئاماژە و هێمایە بۆ چەندین کۆدی دیکەی نادیار، کە نووسەر لەپێناو گەیاندنی مەبەست و پەیامی جیاواز بەکاریان دەهێنێت و هەندێکیان بەشێوەی ناڕاستەوخۆ کار دەکەن. هەر ناوێک لەتەک ئەرکە سروشتییە باوەکەی خۆی، چەند ئەرکێکی دیکەی ناڕاستەوخۆ و شاراوە و جیاواز لەپێکهاتە سروشتییەکەی دەگێڕێت.
ناوی شوێن، ناوی کارەکتەرەکان، ناوی شتەکان، ناوی پێکهاتە و کەرەستەکانی نێو دەق. ئەمانە نیشانەی زمانەوانی و هێمای فکری و ئاماژەی دەروونی و کۆمەڵایەتین بۆ دۆزینەوە و پێناسەکردن و بەدیهێنانی کۆدی زمان بۆ راپەڕاندنی گوتاری نێو دەقەکە.
(ئیبراهیم یوسف) لە بەکارهێنانی ناوەکان (کەس، شوێن، فکر، شت و کەرەستەکان) مەبەستی قووڵتر لە مەبەستە ڕۆتینییە باوەکەی هەیە. کە دەڵێت (ڕوس، ڕوسیا) سەگیان بۆ تەقاندنەوە بەکار دەهێنا، ئەمە جۆرێک لە داپچڕینی بەرگی مرۆبوون و هەستی مرۆیی. کاتێک ئاماژە بە شت، یان فکر و نەریت دەکات، دەڵێت دوای دەست لەسەگ دان، پێویستە لەنێو ئەلمانیا (دەست بە خۆڵ بشۆن) ئەمە هەم ئاماژەیە بە ناوی نەریتی کۆمەڵگەی موسلمانی کوردی و هەمیش جۆرە گومانێکە لە پیسی و ڤایرۆسی سەگ و خۆدوورگرتنە لە ڕاگرتن و بەخێوکردنی سەگ لە ڕوانگەی ئایینی و کۆمەڵایەتییەوە. ئەم کۆدە نیشانەیە بۆ کەلتووری ڕۆژهەڵاتی.
ناوی کارەکتەرەکان، و ناوی شوێنەکان ئاماژەن بۆ پەیوەندی قسەکەری سەرەکی و پاڵەوانی سەرەکی ڕۆمانەکە لەگەڵ کەسەکان و مێژوو، شوێن و نەریتەکان. ئەمانە هەر یەکە خودانی کۆدێک، یان پتر لە کۆدێکن و لەم ڕێگەیەوە نووسەر دەرگای (بیرکردنەوە و لێکدانەوە و ناسینەوە و پێناسەکردنەوەی شتەکان) دەداتە دەست خوێنەر، خوێنەری وریاش دەبێت بەدوای ئەو شتانەدا بگەڕێت، کە نادیارن.

کۆدی نەریت و ڕەوشت و ڕەفتار

لەنێو دوقی ڕۆمانی (کۆماری سەگ) ڕۆماننووس بە مەبەست و لەپێناو دروستکردنی وێنەیەکی زهنی پشت ئەستوور بە کەلتوور و بەراوردی نەریت و ڕەوشتی دوو شارستانیەت، یان دوو شوێن و کەلتوور و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی جیاواز، ئاماژە بە هێما و نیشانەکانی (نەریت و ڕەفتار و کەلتوور) دەکات.
لەڕێگەی ئەم ئاماژانە بێ ئەوەی وەسفی درێژداذڕ و ڕێگە بزرکەر بۆ خوێنەر دروست بکات، بە ئاماژەی خێرا، بە کورتە نموونەی پووخت بەشێوازی گێرانەوەی چڕکراوە، بەراوردی دوو نەریتی جیاواز دەکات، لەبارەی ڕاگرتنی سەگ، پەیوەندی مرۆڤەکان لەگەڵ گیانەوەر و بەتایبەتیش سەگ، کاردانەوەی دەروونی کەسەکان و میهرەبانی و دڕندەیی مرۆڤ لە بەرانبەر سەگ ئاماژە پێ دەکات. مەبەستیش لەمانە هەمووی ئەوەیە، کە پەناهەندەی سوریی، چۆن لەنێو کۆمەڵگەیەکی نوێی ئەوروپایی خۆیان دەگونجێن،یا کۆدەکانی کەلتوور چۆن ڕێگریان لێ دەکات، سەگ بەخێو بکەن، سەرباری کۆدی ململانێی خۆ گونجاندن و شێواز هاوچەرخانە و تەکنیکی پەیوەندیی و ئامانجی کەسەکان لەپێناو مانەوە لە بەهەشتی پەناهەندەیی.
کۆدەکان دەداتە دەست خوێنەر و بەزمانێکی سادە بە خوێنەر دەڵێت، پەناهەندە لە چ دۆخێکی دەروونی و کەلتووری ئاڵۆزدا لە شوێنە نوێیەکەدا دەژین و تووشی چ دۆخێک دێن، کە پەیوەندی بە خودی مرۆڤەوە هەیە،ئەو پێچەوانەی ململانێی مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤ لە شوێنە نوێیەکە، ململانێکە دەبەستێتەوە بە مرۆڤ و گیانەوەر.
هیچ کەسێک لەسەر شەڕ و کێشە لەگەڵ مرۆڤەکان تووشی زیندان و پۆلیس و لێپرسینەوە نەبووە، بەڵکو لەبەر خراپ پێشوازیکردن لە گەڵ سەگ تووشی کێشەی یاسایی دێن، یان سەگ لەبەر خاوەنە میهرەبانەکەی تووسی دۆخێکی دەروونی خراپ دێت و لە ئاکامدا دەتۆپێت.
ئەمانە کۆدێ فرە ڕەهەند و فرە ئەرکی نێو دەقی (کۆماری سەگ)ن. هەر کۆدێک ژمارەیەک کۆدی بچووکتر، یان فرە ڕەهەندتر لەنیو خۆیاندا هەڵدەگرن، هەندێک دیارن و هەندێکیشیان نادیار و ناڕاستەوخۆن و پەیامی شاراوە دروست دەکەن، خوێنەریش دەتوانێت لەتەک ئەم کۆدانە کۆدی دیکە بە دەقەکە ببەخشێت، چونکە بیرکردنەوە لەنێو دەقەکە کراوەیە، لێکدانەوە فرە ڕەهەندە، وێناکردنی بابەتەکان و ڕووداوەکان شایانی گریمانەی هەمەجۆرن.

٥٦ کۆدی ناونیشان

بێگومان ناونیشان ڕەنگە کۆدێک و پتر لە کۆدێک لە خۆی بگرێت، ئەم ڕۆمانە لەتەک ناونیشانی سەرەکی (کۆماری سەگ)، ٥٦ کۆدی دیکە وەکو سەرە بابەت لە خۆگرتووە، کە دەکرێت هەر یەکێک لەوانە چیرۆکێکی سەربەخۆ بن، لەنێو ڕۆمانەکە و یەکتر تەواو دەکەن.
مەبەستم ئەوەیە بێژم ئەم ناونیشانانەش مەبەست و مانا و گوتاری خۆیان هەیە، گوزارشت لە زۆر دۆخ دەکەن، کە هەر هەموویان خزمەتی ناونیشانە سەرەکەییەکەی ڕۆمانەکە دەکەن. پەیوەندییەکی توند و سەرکەوتووش لەنێوان ناونیشانە لاوەکییەکان و کۆماری سەگ و ڕووداوەکان و بابەتە ئاماژەپێکراوەکان و خودی کۆدەکانیش لەنێو ڕۆمانەکە هەیە.

کۆدی خۆ لەبیر نەکردن

خاڵێکی گرن ئەوەی کە رۆمانووس هەقایتخوانی سەرەکی و پاڵەوانی ڕۆمانەکەی خۆیەتی، خۆی لەبیر ناکات و کۆنترۆڵ لەدەست نادات و کەس ڕەت ناکاتەوە، بیروڕاکانی میناڕەوانەن، ئامادەی گفتوگۆیە، تەنیا لەهەندێک بواردا منداڵەکانیشی ڕەخنەی لێ دەگرن و ئەویش نەرمونیانانە پێشوازی لە ڕەخنەکانیان دەکات. لە سەردەمی دیکاتۆریەت لە سوریا، لە کۆچكردن، لەمانەوەی لە ئەلمانیا و تێکەڵبوون لەگەڵ کۆمەڵگەی نوێ، دۆستایەتی لەگەڵ ئافرەتی ناسک و نازداری ئەلمانی کۆنترۆل لەدەست نادات، مرۆڤێکی هێمن و ئارامە، دەزانێت چی دەڵێت و چۆن دەئاخڤێت و مەبەستی لە قسەکردن و گێڕانەوەی ڕووداوەکان چییە، هەرچەندە درێژ درێژ شتەکانی گێڕاوەتە، بەڵام هەر شتێک شوێنی سروشتی خۆی لەنێو دەقەکە پێ بەخشراوە و ئەو معاناتی زمانی ئەلمانی لە تێگەیشتن و گەیاندنی مەبەست و لێکدانەوە و شیکردنەوە و گێڕانەوەی بابەتەکان هەیە، بەڵام دیسان ئەمانە نەبوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی ڕۆمانووس دوور لە نەریتی باو، بەتوڕەیی و کاردانەوەی خراپ و هەڵچوونەوە بیر بکاتەوە و کۆدەکانی نێو دەقەکە دروست بکات.

دوا کۆدی ڕۆمانەکە

کۆتایی دەق لە سەرەتا و دەستپێک و زمانە خۆشە بەیەک بەستراوەکەی گرنگترە، دەکرێت لە کۆتایدا هەموو دەقەکە بە تەنیا وێناکردنێکی بچووک پڕ بکرێت لە مانا و مەبەست، پەرەگرافێکی کورت چەند وشەیەکی فرە مانا و مەبەستدار لەکۆتایی دەقەکەدا دەتوانێت تەواوی شتەکان هەڵبگێڕێتەوە. لە ٣٦٢ لاپەڕەدا کە پرە لە کۆد، پڕە لە وێناکردن و لێکدانەوە و تێفکرین و جووڵە و ململانێ و بیرکردنەوە و ڕاکردن و پێشوازیی و ڕەتکردنەوە و دەیان شتی پڕ لەشت، ئەو باسی ململانێ مرۆڤ لەگەڵ سەگ و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ سەگ لە کەلتوورە جیاوازەکان دەکات و (بیانکا)ی ژنە ئەلمانیش تووسی دۆخی خۆکوشتن دێت و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی سەگەکەی (رۆکی) بەهۆی ئەم ڕووداوە دۆخی دەروونی تێکبچێت و لە کۆتایدا، پێش تەواو بوونی ڕۆمانەکە بتۆپێت.
کەچی نووسەر لە دواین پەرەگرافدا دەبێژێت ” دەبووژێمەوە، ئەوەی بەسەرم هات وەهم بوو، بیانکا ژیانی بۆ گەڕایەوە و ڕۆکی بەدوایدا دەڕوات، ئەوەتە ئاواتەکەم هاتە دی. مەزەندەکانم هەڵە بوون.
دوای ئەوەی (بیانکا) دەکەوێتە نەخۆشخانە پۆلیس هەواڵی ئەوەی پێ دەدەن، کە چاوی کردۆتەوە و گوتیەتی ئەو خۆی هەولی داوە خۆی بکوژێت، بەمە (ئالان نەقشبەندی) پەناهەندە ئاهێکی دێتەوەبەر و لە تۆمەت وگومان و تاوانباریی دەردەچێت و ڕاست دەبێتەوە. لەکردەوەدا دەسەلمێت ئەو هیچ پەیوەندییەکی بەم ڕووداوە نییە. لە کۆتایی ڕۆمانەکە هەموو شتەکان، ڕووداوەکان، هەستەکانی و کۆدەکان لەم چەند پەرەگرافە کورت دەکاتەوە و دەڵێت:
“لێی نزیک بوومەوە، بێدەنگ بوو و قسەی نەکرد، بانگی سەر جێگاکەی خۆمم کرد و یازدە سەگەکە تووڕەبوون و لە شوێنی خۆیان متبوون و نەجووڵان. سەگەکان وەک لە ڕۆژی جیهانی سەگەکاندا قسەیان نەدەکرد و هیچ بەرپەرچێکیان نەدەدایەوە. سیمایەکی سارد، بەڵام پڕچێژ و تام بوو، لە جاران جوانتر بوو. وەک مێینەیەکی ئەفسانەیی ورووژێنەر دەرکەوت، بەردەوام بوو لە داکەندنی جلەکانی پارچە لە دوای پارچە دای دەکەند: کراسەکەی ژێرەوە، شۆرتەکە، ستیان، ئەو ڕووت بۆوە و بەرەو ڕووی چووم، لە شوێنی خۆمدا، چەقیم و پێم نەکرا چێ دیکە بجوولێم، پێی ناگەم، کەواتە بۆ کێ خۆت ڕوت دەکەیتەوە؟
…. دەمەوێت هەڵبستم، بەرەو دەرگا بچم، ژوورەکەم هیچ دەرگایەکی نییە، ئای چی ڕوودەدات؟ چیم بەسەر هاتووە؟”.
تا دەڵێت:
“نەفرەت لەم مۆتەکە نەعلەتییە!”. ئەمە دوا کۆدی ڕۆمانەکەیە و ئیدی ئەمە دیماهیی دەقەکەیە.
(بیرەوەریی و ژیاننامەی من و سەگ ئازار بەخشە، سەرچاوەی مەعاناتی منە لە منداڵییەوە…. ئەوەی ئەم شەوە ڕوویدا، وەکو نامەیەک بوو بۆ من، بۆیە دەبێت بڕیارێک بدەم، بڕیای کۆتایی!!”. بەم وشە و پەیڤانە دەقەکە کۆتایی دێت. ڕۆمانووس دەگاتە ئەو بڕیارەی کۆدی هەموو دەقەکە دەبەستێتەوە بە (پێویستی بڕیاردان). خوێنەر دەبێت بیر لە کۆدی بڕیار بکاتەوە.
کۆدی (بڕیار) و (هۆکاری ترس و معانات لە منداڵییەوە) و (ژمارەیەک بابەتی پەیوەست بەم دۆخەی لە منداڵییەوە هەیەتی، لە ئەلمانیا و لە سەردەمی پەناهەندەیی دەردەکەوێتەوە و دەبێتە سەرچاوەی ڕۆمانێکی دوور و درێژ، ڕۆمانێک کە هەم بیرەوەرییە و پەیوەستە بە ڕووداوە هەقیقی و واقیعەکانەوە و دەیان ڕووداوی هەقیقی و ناوی هەقیقی و شتی ڕاستەقینە دەگێڕێتەوە، لەهەمان کاتیشدا خەیاڵە و مەزەندە و لێکدانە و تێڕوانینی دەروونی و فکری لەخۆگرتووە.
ئەمە کۆدی کۆتایی ڕۆمانەکەیە، لەڕووی هونەرییەوە بەشێوەیەک کۆتایی پێهێناوە، کە خەیاڵ و هەقیقەت تێکەڵە. بە جۆرێک لەجۆرەکان ئامانجی دروستکردنی کۆدی دیکەیە، کە پەیوەندی بە (خۆشەویستی، سێکس، ئیرادە و بیرکردنەوە لەبارەی کەسایەتی) پەناهەندەیەک لەگەڵ (بیانکا)ی شۆخ و شەنگی ئەلمانی هەیە. سەرەتا (بیناکا) ئەو ڕادەکێشێت بۆ نزیکبوونەوە و خۆی بۆ ڕووت دەکاتەوە، کەچی لەکۆتایدا ڕۆماننووس وا شتەکانی وێنا کردووە، کە دەیەوێت (ئافرەتەکە ڕابکێشتە شوێنی نووستنی خۆی)، بەڵام دیسان دوای خۆڕووتکردنەوەی ئافرەتەکە، ئەو لەجێی خۆی دەچەقێت و ئیرادە ناکات دەستی بۆ ببات.
ئەمە کۆدی سەرەتا و کۆتایی ڕۆمانەکەیە.. هەمووشی لەڕێگەی فێربوونی زمانەوە دەست پێ دەکات لە (پەناهەندەیی)… ! ئیدی ئەمە کۆدەکانی دیکە بەخۆی دەبەستێتەوە و درفەتی شیکردنەوە و لێکدانەوەیان بۆ دروست دەکات و هەمووشیان گوتاری ڕۆمانەکە پێکدەهێنن کە بریتییە لە ژیانی پەناهەندەیی و پەیوەندی نوێی پەناهەندە لەگەڵ ژینگە و شوێنی نوێ، بە هەموو ڕەهەند و پێکهاتە و جۆرێکەوە.. !

دیماهی و پوختە
ڕۆمانێکە مرۆڤ شوێنی خۆی داوەتە (سەگ)ی گیانەوەر، ئەو گیانەوەری لە کەلتوور و شارستانییە جیاکانی جیهان هەمیشە نزیک مرۆڤ بووە. لە کەلتووری بیابان مرۆڤ ناوی زارۆکانی ناوە سەگ، سەگ لەنزیک مرۆڤ ژیاوە، لە ڕوانگەی ئایینی ئیسلام وەکو بەشێک لە خۆپارێزی سەگیان وەکو گیانەوەرێکی پیس وەسفکردووە، لەکاتێکدا لە ئەشکەوت ڕۆڵێکی پاڵەوانانە دەگێڕێت.
لە کەلتووری ڕۆژئاوایی سەگ بەپلەی دووەم لە دوای منداڵ دێت، ئینجا ئافرەت شون پێیان دەکەوێت.
تەکنیکی بیرەوەریی و ژیاننامەی لەخۆگرتووە، شتەکان و بەشەکانی ڕۆمانەکە لەنێوان هەقیقەت و خەیاڵدا ڕۆنراوە، پشت بە گێڕانەوە دەبەستێت، سوودی لە کەلتوورە جیاکان وەرگرتووە، زمانێکی سادە هەموو کەسێک دەتوانێت بیخوێنێتەوە و تێی بگات، لەهەمان کاتدا پڕە لە (مانا و مەبەست و پەیام) و ئاوسە بە فکر و کەلتوور و وێناکردن و شتی زهنی ورد.
ڕۆمانێکی کوردییە بە زمانی عەرەبی نووسراوە، خودانی ناسنامەی (کوردبوونە)، لەهەمان کاتدا هیچ خۆتواندنەوە، یان توندانەوەی ئەوانی دیکە لەنێو زمان و بوونی کوردیدا بەدی ناکرێت. تەوەرەی سەرەکی قسەکردن لەسەر سەگ و ڕیشە و نەژاد و جۆر و پەیوەندی ئەم گیانەوەرەیە بە خودی مرۆڤەوە لەڕووی کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی، دەروونی و سەربازی و هەواڵگری و یاسایی.
خاڵێک سەرنجی راکێشام، وەکو زۆر لەو فیلمانەی لەبارەی سەگەوە ئامادەکراون، کە ئەوانیش پشتیان بە دەقی نووسراوی چیرۆک، ڕۆمان بەستووە، فیلمەکە سەرەتای هەیە، کێشە و گرفت و ناکۆکی و زانیاریی لە نێوەڕاستی بابەتەکە هەیە، لە کۆتایدا ئەوانەی سەگ ڕەت دەکەنەوە، دەرگای دڵ و عەقڵ و ویژدانیان بۆ خودی سەگەکە دەکەنەوە و پێشوازی لە دۆستایەتی و بایەخ و گرنگی و شایستەیی سەگ دەکەنەوە، ئەم ڕۆمانەش هەمان شتە، دوای ناکۆکی و ڕەتکردنەوە و خۆپارێزییەکی دوور و درێژ و دەیان کێشە لە دیماهیدا ڕۆماننووسەکە ئەوەمان پێ دەڵێت، کە مرۆڤ شایەنی بەخۆداچوونەوە و گۆڕان و چاکسازیی و گۆڕینی ڕەفتار و هەڵسوکەت و بیرکردنەوەیە.
ئەویش لەکۆتایدا پێشوازی لە سەگ دەکات، وەکو چۆن لە فیلەمکان ئیرادە و دەسەڵاتی سەگ سەردەکەوێت لەم ڕۆمانەشدا ئەمە ڕوودەدات.
ناونیشانی ڕۆمانەکە ئەگەر هەندێک بیریان بۆ ئەوە بچێت، کە بەکارهێنانی سەگ وەکو نیشانە و پێناسەی کۆمارەکە جۆرێک لە سوکایەتی و ناولێنانێکی خراپە، لە کردەوەدا دەقەکە شتێکی دیکەمان پێ دەڵێت و خودی ناونیشانەکەش سوکایەتی نییە، بەڵکو گێڕانەوەی بەسەرهاتی سەگە، کە سەگ (دەسەڵات و پێگە و توانا و ڕێزگرتنێکی یەکجار زۆر و بەهێزی) هەیە. بۆیە ڕۆماننووس ڕاشكاوانە ئەمە بە (دەسەڵاتی سەگ) ناو دەبات. واتە ناونیشانەکە شکاندن و سوکایەتی نییە، بەپێچەوانەوە بەرزکردنەوەی پێگە و بوونی سەگە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ مرۆڤ، بەتایبەتی لە ڕۆژئاوا. تەنیا وای لێهاتووە لیستێكی دوور و درێژی ئەو سوریانەش تۆمار بکات، کە لە ئەوروپا سەگ بەخێوە دەکەن و ڕادەگرن.
لە کردەوەدا بەشێوازێک و زمانێک ڕۆمانەکە نووسراوە، کە دەستت پێکرد، حەز ناکەی وازی لێبهێنیت، ئەمەش توانا و بەهرە و دەسەڵاتی ڕۆماننووسەکە نیشان دەدات، ڕووداوەکان یەکتر ڕادەكێشن و خوێنەر هان دەدەن، بە سەلیقەی پترەوە دەقەکە بخوێنێتەوە.
دووجۆر خوێندنەوە بۆ ڕۆمانەکە دەکرێت:
یەکەم: خوێنەری ئاسایی، ڕەنگە حەز لە زانیارییەکان بکات و بۆ خوێندنەوە ئەم لایەنە ڕەچاو بکات.
دووەم: خوێندنەوەی قووڵ و فکرییە. دەقەکە چەندە لە زمان سادەیە، سەد بەقەد ئەوەش فکر و تێڕوانینی مرۆیانە و کەلتووری و مەدەنی و زهنی و ژین بگۆڕی (توند و میانڕەوانە) لەخۆگرتووە.
ئەم کتێبەم لە سەفەرێک بە دیاری لە خودی ڕۆمانووسەکە دەستکەوت، کە تەواوم خوێندەوە، تێگەیشتم باشترین دیاری ساڵی ٢٠٢٤ کە بەدەستم کەوتبێت ئەم کتێبە بەهرەدارەیە. هیوای بەردەوامیی لە نووسین و داهێنان و تەنکینک و بەرهەمی نوێتریان بۆ دەخوازم.
گوتاری دەقەکە شیکردنەوە و گەیاندنی پەیامێکی مرۆییە کە پەیوەندی بە پەناهەندەوە هەیە، کە لەوڵاتەکەی خۆیدا هەموو شتێکی بە ترس و ڕاونان و کوشتن و قڕکردن و توندوتیژی ئابلوقەدراوە، لە ئەلمانیا ژیانێکی نوێی ئازاد و کراوە بەهەموو مانایەکەوە دەست پێ دەکات، بەڵام ئەو ترسەی لەمنداڵییەوە لەچۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ سەگ لە دەروونیدا ماوە، لە پەناهەندەیش کێشەی بۆ دروست دەکات.. بۆیە پێویستی بە (بڕیارە، بڕیار).

غازی حەسەن




ئۆجەلان و فەلسەفەی سیاسی لیبڕالیسم.. ئەکرەم سەعید

“جێهێشتنی هەڵە بەبێ ڕەتکردنەوە، هاندانی بێ ئەخلاقی فیکرییە.”- مارکس.
پێشەکی دەبێ ئەوە بڵێم: کە هەموو حیزبێک مافیەتی و ئازادە چ(ئامانجێک و فەلسەفەێکی سیاسی و شێوەی خەبات هەڵدەبژێرێ)، هەروەها سۆسیالیستەکانیش مافیان هەیە ڕەخنەی ئسوڵی لەو حیزبانە بگرن.

لە بانگەوازەكەی ئۆجەلاندا دوو پرس هەیە:(یەکەم پرسی كۆمەڵگەی دیموكراتیك و دووەم پرسی ئاشتی). ئۆجەلان دەڵێ:(كۆمەڵگەی دیموكراتیك، پێویستییەكی حاشاهەڵنەگرە. … دەوڵەتنەتەوە جیاجیاكان، فیدراسیۆن، خۆبەڕێوەبەریی ئیداری و چارەسەرە كەلتوورییەكان كە دەرئەنجامی پێویستی نەتەوەپەرستیی توندن، ناتوانن ببنە وەڵامگۆی سۆسیۆلۆژیای كۆمەڵگەیەكی مێژوویی.)، و دووەم:(چەكەكانتان دابنێن و پەكەكە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە)- / ۱. ئەم بانگەوازەی ئۆجەلان فەلسەفەی سیاسی لیبڕالیسمی کردۆتە ڕێگای تێکۆشانی پەکەکە، واتە وازی لە(دەوڵەتنەتەوە جیاجیاكان، فیدراسیۆن و خۆبەڕێوەبەریی ئیداری) هێناوە کە لە ساڵانی ۲۰۰٤ بۆ ۲۰۰٥ بانگەوازی بۆ دەکرد، و لە بەشی کوردستانی سوریا”خۆبەڕێوەبەریی ئیداری”وەک نموونەێک دامەزرا.

  • تاکە ئازادەکان لە کۆمەڵگەی دیموكراتیكدا:
    “تاکەکەس وەک هاووڵاتی دەوڵەتێکی دیموکرات”چەمکێکی سەرەکی یاسایی و سیاسی لیبرالیسمە، وە پێدەچێت شاووشەی فەلسەفەی سیاسی لیبرالیسم پێک بهێنێ. بۆیە سۆسیالیستەکان نابێت خۆیان لە ئەرکی ڕەخنەگرتن بەدوور بگرن، لە کاتێ حیزبێک یان سەرکردەێک”هاوڵاتیبوون”دەکاتە ئامانجی خۆی، و ئەوە خاڵی سەرەکی بانگەوازەکەی بێت، چونکە لە ئسوڵی فەلسەفەی سیاسی مارکسدا ڕەخنەیەکی ڕیشەیی لە چەمکی “تاکەکەس – هاوڵاتی/هاوڵاتیبوون” هەیە.
    لە دیدگای فەلسەفەی سیاسی مارکسدا مافەکانی تاکی مرۆڤ-مافەکانی هاوڵاتی، ئەوانەی بە ئەندامانی کۆمەڵگەی مەدەنی پێناسە دەکرێن، مافەکانی مرۆڤی خۆپەرستە، مرۆڤی گۆشەگیر و نامۆیە، کە جیاکراوەتەوە لە ئەوانی تر و لە کۆمەڵگە.
    بەم شێوەیە مارکس ڕای وایە کە چوار‘‘مافی سروشتی مرۆڤ”وەک ئەوەی لە جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ و هاووڵاتیدا هاتووە:”ئازادی، یەکسانی، ئاسایش و مافی خاوەنداریەتی تایبەتی موڵک و ماڵ”، ئەو مافانە دەگەڕێنەوە بۆ سامان، وە ئەو مافانەی”هاوڵاتی و مرۆڤ”وەک مەتافۆرێک کار دەکەن، و لە ناوەڕۆکدا مافەکانی چینی بۆرژوازییە.- /۲.
    مارکس لە نووسینەکانیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە مرۆڤ لە کۆمەڵگەی دیموکراتی سەرمایەداریدا لە پرۆسەی بەرهەمهێنان و ئاڵۆگۆڕدا لەتەک مرۆڤەکانی دی؛ واتە لە پەیوەندی کۆمەڵایەتیدا: دەبێتە بوونەوەرێکی نامۆ، چونکە مامەڵەێکی ئۆبژێکتکردن بەسەریدا فەرزدەکرێت و سەرکوتکردنێکی بابەتی بەسەریدا دەسەپێنرێت، ئیدی مرۆڤ وەک تاکەکەس/هاوڵاتی نامۆیە، و زاتی خۆی نادۆزێتەوەو ناتوانێ ئازادی و یەکسانی ڕاستەقینەی ئینسانی خۆی لە کۆمەڵگەدا چنگ کەوێ.
    ئەم ڕەخنە سۆسیالیستییە فاقیدە لە وتارەکان دەربارەی بانگەوازەكەی ئۆجەلان، چونکە زۆربەی وتاری چەپەکان گرنگییان بە”پرسی ئاشتی”داوە .

ئاشتی لە ناوچەێکی ناسەقامگیر و پڕ لە میلیشیادا
(ئەگەر مرۆڤ بیەوێت هەر شتێک بەدەست بهێنێت، هەرچییەک بێت، سەرەتا دەبێت پێوەرێک دابمەزرێنێت کە ڕێگاکەی ئاسان بکات، چونکە بەبێ ئەو پێوەرە هیچ دەستکەوتێک بەدەست ناهێنێت) – فەیلەسوف مۆزی – حەکیمێکی وڵاتی چین *.
لە کاتێدا(یاسای جەنگەڵ .. یاسای ماف بۆ بەهێزە)لە جیهانی ئەمڕۆدا زاڵە، داخۆ چەکدانانی پەکەکە تاچەند کۆمەک بە ئاشتی و سەقامگیری لە تورکیا و ناوچەکەدا دەکات؟، لە کاتێدا تورکیا و هاوپەیمانانی لە ناتۆ، بە جەنگ و بە زۆری چەک دەسەڵاتی بەشار ئەسەدی دیکتاتۆرییان گۆڕی، و دەسەڵاتی ئیسلامییە تیرۆریستەکانیان بەسەر خەڵکی سوریادا سەپاند، تاچەند دەسەڵاتدارانی ئەو تورکیایە، جگە لە مانۆرێکی سیاسی بۆ خۆقایمکردن لە دونیای نادڵنیایی ئەمڕۆدا، لە ناوچەی پڕ لە ململانێی چەکداری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بڕوایان بە ئاشتی هەیە؟.
کەواتە دیارە تورکیا پراگماتیسمانە گەمەێک دەکات و هەروەهاش پەکەکە پراگماتیسمانە دەچێتە نێو ئەو گەمەیەوە. ئەمڕۆکە دونیای سیاسەت پڕ بووە لە پراگماتیسمەکان. بۆ هەمووان ئاشکرایە کە تورکیا قازانجی لە چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و دەسەڵاتی کوردەکانی سوریا هەیە، دەنا تورکیا خۆی خاوەنی هێزی میلیشیایە لە سوریا و لیبیادا. ئیدی دیارە”سوودی هەنوکەیی – پراگماتیسم”لە پرۆسەی بەناو ئاشتیدا، پێوەری تورکیا و پەکەکە و ناسۆنالیستەکانی کوردستانە.
بێگومان بۆ خەڵکانی سۆسیالیست(پەکەکە و دەسەڵاتی کوردەکانی سوریا)، خەباتی چەکداری بکەن یان ئاشتیخواز بن، ئەوە ڕۆڵێکی جەوهەری نییە لە هەڵسانگاندن و هەڵوێست بەرامبەریان، چونکە تێکۆشانی ئەوان پەیوەندی بە سۆسیالیسمەوە نییە.
بەڵام ئەو بانگەشەیەی کورد ناسیۆنالیستەکان ئەمڕۆکە دەیکەن بۆ ئاشتی و دژی شێوازی خەباتی چەکداری، دەبێتە بڕواێک، کە ئەگەر سبەی هێزێکی ڕاستەقینەی سۆسیالیست بڕیاری خەباتی چەکداری بدات، ئەوە زۆربە دژی دەوەستن.
لە ڕاستیدا بەدریژایی میژوو حەقدارێکی بی هێز، چەنده پرسەکەشی ڕەوا بووبێ، نەی توانیوە لە ململانێدا لە بەهێزێکی ناحەقداری بەرێتەوە.
ئایا شێوازی خەباتی ئاشتیخوازانە و مەدەنییانە لە نێو جیهانی سەرمایەداری پڕ لە قەیران و پشێوی ئەمڕۆدا، تاچەند کۆمەک بەهۆشیاربوونەوەو یەکگرتنی چینی کرێکاران دەکات؟!.
بەڕای من چ لە تورکیا و چ لە جێگای دی لە دونیادا کۆمەکی زۆر ناکات. چونکە بۆ نموونە لە چەند سەد ساڵێک لەمەوپێش(جەنگ لە نێوان ئینگلیسەکان و ئیرلەندییەکاندا هەبوو)، دواتر ساڵی ۱۹۲۲ ڕێککەوتنی ئینگلیز و ئێرلەندییەکان کۆتایی بەم شەڕە هێنا، و دەوڵەتی ئازادی ئێرلەندا کە پلەی دۆمینیۆنی هەبووە، لە ساڵی ١٩٢٢ دامەزرا. بەڵام جەنگ و پشێوی لە بەشەکانی دی هەر بەردەوام بوو، تا لە ڕۆژی ۱۰ی نیسانی ۱۹۹۸دا واتە ۲۷ ساڵ لەمەوپێش، ڕێککەوتنی ئاشتی واژۆ کراو، کۆتایی بە سێ دەیەی توندوتیژی لە ئیرلەندای باکوور هێنا.
(پێشبینی دەکرا کە شەڕی ئێرلەندا بۆ سەربەخۆیی کاریگەری شۆڕشگێڕانەی لەسەر کرێکارە ئینگلیزەکان هەبێت، و ئەوان بۆ تێکۆشان بجوڵێنێ. لەکاتێکدا لە چل و پەنجاکانی ۱۸٤۰- ۱۸٥۰ سەدەی ڕابردوودا، مارکس پێیوابوو کە ئێرلەندا لە ڕێگەی سەرکەوتنی چینی کرێکاری ئینگلیزەوە ئازادی خۆی بەدەست دەهێنێت، لە شەستەکاندا ۱۸٦۰ بە ئەگەرێکی زیاتری دەزانی کە سەرکەوتنی ئێرلەندا، کرێکارانی ئینگلتەرا بخاتە سەر ڕێگای تێکۆشان بۆ سۆسیالیسم. کاتێک ئێرلەندا لەدەستچوو، مارکس لە ٥ی ئازاری ١٨٧٠ بۆ پۆڵ و لۆرا لافارگ نووسی:”جەنگی چینایەتی لە ئینگلتەرا کە تا ئێستا لە خەوێکی درێژخایاندایە، فۆڕمی توند وەردەگرێت”). – (بڕوانە کتێبی”مارکس ئەنگێڵز – ئێرلەندا و پرسی ئێرلەندی”- پێشەکی لاپەڕە ۳۸/ کتێبەکە بە زمانی ئینگلیسییە/ MARX ENGELS – Ireland and the Irish Question/ Progress Publishers – Moscow.).
ئایا ئەو مێژووە لە جەنگ و دواتر چەند ساڵ ئاشتی، هیچ ڕۆڵی هەبوو لە هۆشیاربوونەوەو یەکگرتنی چینی کرێکاران و هاندانیان بۆ خەبات وەک مارکس پێشبینی دەکرد؟ لە ڕاستیدا نەخێر، و چاوەڕوانیەکەی مارکس لە جێگای خۆیدا نەبووە. ناهۆشیاری و پەرتەوازەیی ڕیزەکانی چینی کرێکاران لە جیهاندا، گەلێ هۆکاری بابەتی و زاتی هەیە، لێرەدا بواری چوونە ناو باسێکی گرنگی وا نییە.
ناسیۆنالیستی و سوودی گچکەی پراکتیکی(پراگماتیسم) پێوەرەکانی ئەحزابی بۆرژوازییە لە باسی ئاشتی نێوان پەکەکە و تورکیادا، بەڵام بۆ سۆسیالیستەکان خودی پرۆسەکە مامەلە و سەودای ئەحزابی بۆرژوازییەکانە و بایەخی نییە، و تاکە پێوەری سۆسیالیستەکان لەم هەڵوێستەیاندا بەرژەوەندی چینی کرێکارانە، کە نابێ ڕێبدرێ بە گەمە و گووتاری ئەحزابەکان فریووبخۆن.

کێشەی سەرەکی جیهانی ئەمڕۆ بۆ چینی کرێکاران و هەژاران نانە؛ برسیەتی و قەیرانی ئابوورییە،گرانی وهەڵئاوسانی دراو، بێکاری، بێ مووچەیی بەشی زۆری کرێکاران و خەڵکی هەژاری ماندوو کردووە. بۆیە لەبری ئەوەی ئومێد بە ئاشتی دەوڵەتە بۆرژوازەکان بهێنین، کە هەمووی گەمەی سیاسی و فریودانە، با زیاتر خەبات دژی سەرمایەداران و دەسەڵاتەکەیان بکەین، کە لە ئاشتی و جەنگیاندا هەر مایەی نەهامەتین بۆ چینی کرێکاران.

  • مۆزی، ناوی کەسی(مۆ دی)-فەیلەسوفێکی چینی بووە، یەکێکە لە گرنگترین کەسایەتییەکانی سەردەمی(٤٧٥ – ٢٢١ پێش زایین) چین.
    سەرچاوەکان:
    ۱/(دەقی بانگەوازەكەی ئۆجەلان – “بانگەوازی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك”)- شارپرێس/ ۲۷/۰۲/۲۰۲٥.
    ۲/ ستاتیس کوڤێلاکیس – ڕەخنەی مارکسی لە هاووڵاتیبوون: بۆ دووبارە خوێندنەوەی کتێبی(لەسەر پرسی جولەکەکان) . – Stathis Kouvélakis – The Marxian Critique of Citizenship: For a Rereading of On the Jewish Question
    ۳/ سەرنووسەر: کۆتایی هاتنی ئەو سیستەمەی کە لە دوای ساڵی ١٩٤٥ سەریهەڵدا.
    دۆناڵد ترەمپ ململانێیەکی هاوشێوەی مافیایی بۆ دەستەڵاتی جیهانی دەستپێکردووە -بەڵام یاسا نوێیەکان لەگەڵ ئەمریکادا ناگونجێت. – سەرچاوە: زە ئیکۆنۆمیست- بە زمانی ئینگلیسی. / Leaders | The end of the post-1945 order
    Donald Trump has begun a mafia-like struggle for global power
    But the new rules do not suit America / The economist – Feb 27th 2025.
    هەروەها بڕوانە وتاری: ماتس لارسۆن: دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکێکی مافیا مامەڵە دەکات – سەرچاوە: ڕۆژنامەی ئێکسپرێسن – بە زمانی سویدی-
    MATS LARSSON – Donald Trump agerar som en maffiaboss Publicerad 26 feb 2025 kl 13.18.



شکست لەنێوان ئۆجالان و لینین دا.. ئاراس سەعید

پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری زیندانیکراوی (پ.ک.ک) خوێندنەوەی زۆری بۆکرا. هەندێک ڕاڤە و خوێندنەوەی سادەی ژۆرنالیستی و هەندێک خوێندنەوەی ئایدۆلۆژی و هەندێک خوێندنەوەی دیکە کە ڕەهەندی قووڵی بابەتی و ئەکادیمی لەخۆ گرتبوو.
هەر زوو ئایدۆلۆژیستە ئاپۆچییەکان پەیامەکەیان بە (پەیامی سەدە) ناودێرکرد. وە پێیان وابوو ئۆجالان گەورەترین ئەقڵی سەدەیە و کلیلی چارەسەری ئەو بارودۆخ و قەیرانەی کە سەدەیەکە کورد لە باکوور لەگەڵی ڕووبەڕووە تەنیا لای ئۆجالانە. تەنانەت پەیامەکەی ئیمراڵی وەک تێسکتێکی فەلسەفی ئاڵۆز ڕاڤەی بۆ دەکرا، بەومانایەی لەسەربنەمای هێڵێکی فەلسەفیی و مێژوویی و سیاسیی نوسراوە کە هەموو کەس لێی تێناگات. هەربۆیە نابێت بەچاوێکی ڕەخنەگرانەوە لە بارەی پەیامەکەوە بدوێن، چونکە ئەو پێغەمبەری سەردەمەکەی خۆیەتی و دوا حەقیقەتی ڕەها هەر لای ئەوە.
بەدیدی من ئەم بۆچوونە ئایدۆلۆژییە، ناچێز و هیچە کە هەموو کێشەکە چڕدەکاتەوە بۆ نێو یەک پنت و یەک خاڵ، ئەم زمانە ئایدۆلۆژییە زمانێکە لە ئاستی خۆ دووپاتکردنەوە دەدوێت و کڵێشەی ڕەخنەیی لە واقیع، بووەتە بەشێک لەپەچە و لەمپەڕ لەسەر بینینی ئەودیو واقیع و ئەودیوی کێشەکە. بە پێچەوانەی ئەو بۆچوونە سەتحییەوە، ئەو (پەیامە)زیاتر لە هەموو کاتێک مایەی لێڕامان و مشتوومڕ و ڕەخنەیە. بەومانایەی پەیامەکە پەیوەستە بە دۆز و خەباتی سەدساڵەی نەتەوەیەک بۆ مافی چارەی خۆنووسین. دوان لەسەر دۆزی نەتەوە بەشێکە لەکاری بیرکردنەوە، هەر بۆیە خوێندنەوەی ئایدۆلۆژییستانە کۆمەکمان ناکات بەوەی بیر لەقەیرانەکان بکەینەوە. بەپێچەوانەی ئەوەی دەگوترا پەیامەکەی ئۆجالان پەیامێکی زۆر سادەبوو. سادەبوون بەومانایە نا کە کەرەستەکانی بیرکردنەوەی سادەبێت و چارەسەرێکی نا ئەقڵانی بۆ کێشەی کورد بخاتەڕوو، وەناشکرێت سادەش لە بابەتەکە بڕوانین. بەڵکوو زمانی کۆمیونیکەشینەکەی سادەبوو، بەجۆرێک پەیامەکە بەهەموو کەسێک بگات. ئۆجالان لەپەیامەکەیدا، بەوردی دیراسەی مێژووی سەدەی ڕابردوو شکستی سۆسیالیزم و سەرهەڵدانی پ.ک.ک دەکات، کە هاوکاتە لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگی سارد و جەنگی جیهانی، لەو قۆناغەدا نکۆڵیکردن لە واقیعی کورد و قەدەغەکردنی ئازادییەکان و بەتایبەت ئازادیی بیرکردنەوە ڕوویدا. وە واقیعی سیستەمی سۆسیالیستی و واقیعی سەردەمەکە کاریگەری لەسەر درووستبونوی پ.ک.ک هەبووە لە ڕووی تیۆری و بەرنامە و ستراتیژی و تاکتیکەوە. وە لەدوای داڕمانی سۆسیالیزمی واقیعییەوە پ.ک.ک مانای خۆی لەدەست داوە و لە ئێستادا گەیشتووەتە کۆتایی تەمەنی و پێویستی بە کۆتاییهێنانە. ئۆجالان لێرەدا جاڕی (شکست) دەدات، وە زیاتر لەشکستیش. مەبەست لە شکست شکستێکی هزری و شۆڕشگێڕانە نییە، بەڵکوو جاڕی خۆ-کۆتاییپێهێنان و خۆ ڕادەستکردنە.
ساڵی 1922، کاتێک بەلشەفییەکان ناچار بوون پاشەکشە بکەن بۆ ناو سیاسەتی ئابووری نوێ و ڕێگەدان بە پانتایی زۆر فراوانتر لە ئابووری بازاڕ و موڵکایەتی تایبەت، لینین دەقێکی کورتی بەناونیشانی( سەرکەوتن بەسەر شاخێکی بەرز) نووسی. ئەو لە نموونەی شاخەوانێک کەڵک وەردەگرێت کە ناچارە لەلووتکەی شاخەکەوە پاشەکشە بکاتەوە بۆ خاڵی سفر. بۆ سەر زەوی و دواتر لەهەوڵی دووەمدا جارێکی دیکە بەسەر شاخێکی دیکە سەردەکەوێت دەگاتە لووتکەی شاخێکی نوێ. ئەمە نموونەی ئەوەیە کە مرۆڤ چۆن پاشەکشە دەکات بەبێ ئەوەی بە شێوەیەکی هەلپەرستانە خیانەت لە دڵسۆزی خۆی بکات بەرامبەر بە هۆکارەکە. شۆڕشگێڕەکان کە ڕێگە بە نائومێدی نادەن و هێز و نەرمی خۆیان دەپارێزن بۆ ئەوەی لە سەرەتاوە دەستپێبکەنەوە دووبارە و سێبارە… ئەمە لینینە دەڵێت: (جارێکی تر هەوڵبدەرەوە. دووبارە شکست بهێنەوە. باشتر شکست بهێنە بەڵام تەسلیم مەبە.) کاتێک ئۆجالان لە پەیامەکەیدا دەڵێت:( دوو سەدەی ڕابردووی مۆدێرنیتی سەرمایەداری ئامانجی شکاندنی ئەم هاوپەیمانێتی کورد و توورک بووە. ئەو هێزانەی کە کاریگەرییان لەسەر بووە، لەگەڵ بناغە چینییەکانیان، ئەمەیان وەک بنەمایەک وەرگرتووە. ئەم پرۆسەیە بەهۆی لێکدانەوە یەکسانەکانی کۆمارەوە خێراتر بووە. ئەرکی سەرەکی ڕێکخستنەوەی ئەو پەیوەندییە مێژووییە کە ئەمڕۆ تێکچووە، بە گیانی برایەتی و یەکڕیزی، بەبێ ئەوەی بیروباوەڕەکانمان پشتگوێ بخەین.) ئەمە ڕوانگەیەکی لینینییە لەمڕۆدا زیاتر لە جاران پێویستە، کاتێک تاکە ڕێگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگاریانەی کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە (ناسیۆنالیزمی توندڕەو، ئیکۆلۆژی، جیۆپۆلەتیک، ناتۆ، شەڕ، AI قەیرانی ئابووری جیهان، قەیرانی دیمۆکراسی، کێشەی کۆچبەران..هتد)، هەرچییەک لە بزوتنەوە شۆڕگێڕەکان دەمێنێتەوە کەمتر و کەمتر توانای کۆکردنەوەی خەڵکە لە دەوری ئەلتەرناتیڤێکی بژاردەیی بۆ نەزمی جیهانیی. لینین لەچیرۆکی شاخەوانەکدا بۆ ئەو ئەلتەرناتیڤە دەگەڕا. بەڵام ئۆجالان پێچەوانەی لیینین ڕێگەی هەڵگەڕان بەشاخێکی دیکەدا ناکاتە ئەلتەرناتیڤ، بەڵکوو شکست لای ئەو کۆتایی پێهێنانە و لەسەر زەوی دەمێنێتەوە و تەسلیمی نەزمە جیهانییەکە دەبێت.
ڕەنگە ئۆجەلان پێی وابێت، ڕێگای دەرچوون لەم بنبەستەی بێکۆتایی بیرکردنەوە لە لاوازی چەپەوەیە و بۆیە شکستی سۆسیالیزم دەکاتە بیانوو وەکوو ئەوەی گلەیی لەوەبکات کە خەیاڵکردنی کۆتایی جیهان لە کۆتایی سەرمایەداری ئاسانترە. خودی سەرمایەداری نەک هەر بە سەرکەوتوویی خەیاڵی پۆست کاپیتالیزمی نەکرد بەڵکوو لە واقیعی خۆیدا خۆی دەگۆڕێت بۆ نەزمێکی نوێی پۆست سەرمایەداری. هەربۆیە دەڵێت:( پێویستی کۆمەڵگایەکی دیموکراسی حاشا هەڵنەگرە. ڕێزگرتن لە شوناسەکان، ئازادی بیرکردنەوە، ڕێکخستنی دیموکراسی و گەشەسەندنی
کۆمەڵایەتی-ئابووری و سیاسی هەموو پێکهاتەکان تەنیا بە بوونی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و فەزای سیاسی مومکین دەبێت.)
ئەمە تەسلیم بوونە بەو حەتمیەتە یۆتۆپییەی کە (فڕانسیس فۆکۆیامایا) دەیگووت:( دیمۆکراسیی سیاسی و سیستەمی ئابووری لیبراڵیزم کۆتا سیستەمی دونیای ئەمڕۆ و کۆتایی مێژووە و بڵندترین ئاستی ڕێکخستنی جڤاکی و کۆمەڵایەتییە، کە ناکرێت بەدیلێکی دیکەی بۆ بدۆزینەوە.) لەساڵی 1989 کاتێک ڕژێمە کۆمۆنیستییەکانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات هەرەسیان هێنابوو، لەوکاتەدا (فۆکۆیاما) بەنووسینی وتارێک جاڕی (کۆتایی مێژوو) دەدات. کۆتایی مێژوو وەک دوا قۆناغی ڕسکاوی مێژوو، دیمۆکراسی لیبڕاڵ دەبێتە (میتا_ئایدۆلۆژی) دواهەمین مۆدێلی ڕێکخستنی سیاسی لەبەردەم ئایندەی مرۆڤایەتی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و خۆشگوزەرانی و ئازادی. فۆکۆیاما گووتی: پێویستە مێژوو وەک پرۆسەیەی پەرەسەندن تەشابکەین. کۆتایی مێژوو، بەو مانایەیە کە لیبڕاڵ دیموکراسی فۆڕمی کۆتایی حکوومەتە بۆ هەموو گەلان. بەپێی فۆکۆیاما، لە دوای شۆڕشی فەرەنسییەوە، دیموکراسی لیبراڵ چەندین جار سەلماندوویەتی کە لە بنەڕەتدا سیستەمێکی باشترە (لە ڕووی ئەخلاقی و سیاسی و ئابووری…هتد) لە هەریەکێک لە ئەلتەرناتیڤەکان و بۆیە ناتوانرێت هیچ پێشکەوتنێک لەوانەوە بۆ سیستەمەکە ببێتە ئەلتەرناتیڤ.
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، ئایا ئەوەی ئۆجەلان دەڵێت: پێویستی کۆمەڵگایەکی دیموکراسی چارەسەرە یان شکستە؟
بەچاوپێداخشاندنەوە بە مێژوو ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە لە دوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە سەرمایەداری لە شێوەی ئیمپریالیستانەدا باڵیکێلشاوە بەسەر هەموو سووچێکی جیهاندا، لە شەڕە خوێناوییەکانی ڕۆژئاوا تا شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا و شەڕەکانی ئیسرائیل لەناوچەکەدا بەردەوامە.
بناژۆخوازی چەپ و ناسیۆنالیست و ئایینی وەک دژە هێزێک بۆ بڵاوبوونەوەی دیموکراسی لیبڕاڵ لە دایکبوو، لە نموونەی تایبەتی ئیسلامی توندڕەو جیهادی و تاقمی میلیشایی.
هێرشەکانی 11ی سیپتەمبەر، لەلایەن هەندێک لە بیرمەندانەوە وەک هێمای بێهەڵوێستی و گەشبینی ناڕەوای جیهانی ڕۆژئاوا ئاماژەی بۆ دەکرا، بەو پێیەی کە کۆتایی هاتنی ئیمپریالیزم نوێنەرایەتی کۆتایی ململانێی گەورەی جیهانیش دەکات. ئاڵنگارییەکی دیکەی جیهان گەشەسەندنی دەسەڵاتی ئابووریی و سیاسی دوو وڵاتی ڕووسیا و چینە. چین حکوومەتی تاک پارتی دەوڵەتی هەیە، لە کاتێکدا ڕووسیا، هەرچەندە بە فەرمی دیموکراسییە، بەڵام زۆرجار وەک خۆسەپێن و ئانۆکراسی ناودێردەکرێت. لە مانگی ئازاری 2022وە جیهانێک کە چین پشتگیری لە داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیا دەکات و ڕووسیاش پشتیوانی لە داگیرکردنی چینی بۆ تایوان دەکات. هەروەها داگیرکارییەکانی ئیسرائیل بە هاوکاری ئەمەریکا بەردەوامە. لە جیهانێکدا کە ململانێی ئەم زلهێزانە تێدا بەردەوامە. تەنراوە بەقەیران، قەیرانی کۆچبەران، قەیرانی وزە، قەیرانی جەنگ، قەیرانی جیهان پۆش، قەیرانی کەرامەت. دیمۆکراسی وردە وردە لە ڕۆژئاوا و لەهەموو سوچێکی جیهان پاشەکشە دەکات.
مرۆڤ بە هەر شێوەیەک لەم سیستەمە تێبگات، تێدا مرۆڤ داماڵێندراوە لە کەرامەت و زۆرێک لەدانیشتوانی جیهانی سێیەم، بەهۆی نەهامەتیەکانیانەوە لە دۆخی ئاورتەدا دەژین. بۆ نموونە، لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024، دوای ئەوەی کوڕێکی تەمەن 3 ساڵانی فەلەستینی لە شاری خان یونس لە باشووری غەزە بەهۆی بەربوونەوەی هاوکارییەکانی ڕۆژئاواوە لە فڕۆکە ئاسمانییەکانەوە کوژرا، باپیرەی گوتی: “ئێمە هاوکاریمان ناوێت. ئێمە کەرامەتمان دەوێت.”
بیرۆکەی ئۆجالان کە (دیمۆکراسی چارەسەرە) جاڕدانی شکستە، چونکە دیموکراسی پەیوەستە بە سەرمایەدارییەوە؛ ئەو کێشانەی کە بەهۆی سەرکەوتنی سەرمایەداری و سیاسەتە نیولیبراڵەکانەوە دروست بوون ، وەک نایەکسانی زیاتری سامان و دڵەڕاوکێکی جەنگ مەترسییەکانی قەیرانی ئابووری، تێکچوونی ژینگە، لە زۆرێک لە وڵاتاندا دەرکەوتن کە نائارامی بەرامبەر بە حکوومەتە دیمۆکراسییەکان لێ کەوتووەتەوە.
لێرەدا بەنوکتەیەکی ژیژەک کۆتایی بەوتارە دەهێنم. دەڵێن جارێک (پوتین و شی و ترەمپ) چاویان بە خودا دەکەوێت و هەریەکەیان ڕێگەیان پێدەدرێت پرسیارێکی لێ بکەن. پوتین دەست پێدەکات: پێم بڵێ لە دەیەکانی داهاتوودا چی بەسەر ڕووسیادا دێت؟ خودا وەڵامی دەداتەوە: “ڕووسیا وردە وردە دەبێتە کۆلۆنی چین”. پوتین دەگەڕێتەوە و دەست دەکات بە گریان. شی هەمان پرسیار دەکات و دەڵێت: “وە لە دەیەکانی داهاتوودا چی بەسەر چیندا دێت؟” خودا وەڵامی دەداتەوە: “موعجیزە ئابوورییەکەی چین کۆتایی دێت؛ دەبێت بگەڕێتەوە بۆ دیکتاتۆرییەکی هێڵی توند بۆ ئەوەی بژیت دەبێت داوای یارمەتی لە تایوان بکەیت”. شی دەگەڕێتەوە و دەست دەکات بە گریان. لە کۆتاییدا ترەمپ دەپرسێت: ” چارەنووسی ئەمریکا چی دەبێت دوای ئەوەی جارێکی دیکە دەستبەکاربوومەوە؟” خودا دەگەڕێتەوە و دەست دەکات بە گریان.
ئەمە ئەم نەزمە جیهانییەیە کە ئۆجالان تەسلیمی دەبێت و خودا وەک ئەویتری گەورە بێلایەنانە تەماشایی دەکات و دەست دەکات بەگریان.




ئیمپراتۆریەت خۆی وێران دەکات.. نووسینی: کریس هێجز.. وەرگێڕانی: گۆران عەبدوڵڵا

ئێمە نەخۆشییەکانی هەموو ئیمپراتۆریەتە لەناوچووەکان هاوبەش دەکەین لەگەڵ تێکەڵەیەک لە گاڵتەجاڕی، گەندەڵی بەرفراوان، شکستی سەربازی، داڕمانی ئابووری و سەرکوتکردنی دڕندانەی دەوڵەت.

کریس هێجز

ملیاردێرەکان، فاشیستە مەسیحییەکان، فێڵبازەکان، دەرون نەخۆشەکان، گێلەکان، خۆپەرستەکان و لادەرەکان کە دەستیان بەسەر کۆنگرێس، کۆشکی سپی و دادگاکاندا گرتووە، کار لەسەر داڕمانی بنەماکانی دەوڵەت دەکەن. ئەم برینە خۆکردانە، تایبەتمەندی هەموو ئیمپراتۆریەتە دواکەوتووەکانە، بەشەکانی دەسەڵات شەل و وێران دەکەن. پاشان، وەک خانووی لە کارتۆن درووستکراو ئیمپراتۆریەت دادەڕمێت.

لە لووتبەرزی خۆیاندا، ناتوانن لەکەمبوونەوەی هێزی ئیمپراتۆریەت تێبگەن، بەرپرسە باڵاکان لە ئیدارەی ترەمپ پەنایان بردۆتە بەر دنیایەکی خەیاڵی کە چیتر ڕاستییە سەخت و ناخۆشەکانی بونیان نامێنێت. ئەوان هەرای بێبنەما دەکەن و لە هەمان کاتدا دەستوور دەدزن و دیپلۆماسی فرەلایەنی و سیاسەت دەگۆڕن بە هەڕەشە و سوێندی وەفاداری. ئاژانس و بەشەکان، کە بە یاساکانی کۆنگرێس دروستکراون و پارەیان پێدراوە، خەریکە دەبن بە دووکەڵ.

ئەوان ڕاپۆرت و داتای حکومەت لەسەر گۆڕانی کەش و هەوا لادەبەن و لە ڕێککەوتننامەی پاریس بۆ کەش و هەوا دەکشێنەوە. ئەوان لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەکشێنەوە. ئەوان سزای بەرپرسانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دەدەن – کە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و یۆئاڤ گالانتی وەزیری بەرگری پێشوو دەرکرد بە تۆمەتی تاوانی جەنگ لە غەزە. ئەوان پێشنیازیان کرد کەنەدا ببێتە ویلایەتی ٥١. ئەوان گروپێکی کاریان پێکهێناوە بۆ “لەناوبردنی ئەوانەی دژایەتی مەسیحیەت دەکەن”. ئەوان داوای لکاندنی گرینلاند و داگیرکردنی کەناڵی پەنەما دەکەن. ئەوان پێشنیازی چۆڵکردنی غەزەو دەستبەسەرداگرتنی لەلایەن ئەمریکاوەو گۆڕینی بە شوێنێکی گەشتیاری دەکەن. ئەگەر ئەوە ڕووبدات ئەوا ڕژێمە عەرەبییەکان کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتگیری دەکرێن دەڕووخێنێت.

فەرمانڕەوایانی هەموو ئیمپراتۆریەتەکانی ئەم دوواییانە، لەوانە ئیمپراتۆرەکانی ڕۆما کالیگولا و نیرۆ یان چارلزی یەکەم، دوا پاشای هابسبۆرگ، ئەمانە هیچ جیاوازنیین لە کڵاو لەسەرە بێبەهرەکان کە وشە بێماناکانیان یەک لەدوای یەک ریزدەکەن. ئەوان، وەک دۆناڵد ترەمپ، ڕەنگدانەوەی ئەو ڕزینە ئەخلاقی، فیکری و جەستەییەن کە کۆمەڵگەیەکی نەخۆش تووشی دەبێت.

من دوو ساڵم بەسەر برد لە توێژینەوە و نووسین لەسەر ئایدیۆلۆژییە چەوتەکانی ئەوانەی کە ئێستا دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست. لە کتێبەکەمدا “فاشیستە ئەمریکییەکان: ڕاستڕەوی مەسیحی و جەنگ لە دژی ئەمریکا.” شایانی خوێندنەوەیەکی جدییانەیە.
ئەم فاشیستە مەسیحییانە، کە ناوەڕۆکی ئایدیۆلۆژیای ئیدارەی ترەمپ پێناسە دەکەن، بێسڵەمینەوە ڕقیان لە دیموکراسییە فرەیی و عەلمانییەکانە. ئەوان، وەک بە وردی لە چەندین کتێب و بەڵگەنامەی “مەسیحی”دا وەک پڕۆژەی ٢٠٢٥ی دامەزراوەی هێریتەج باسیان کردووە، هەوڵ دەدەن دەسەڵاتی دادوەری و یاسادانان، لەگەڵ میدیا و ئەکادیمیا، بکەن بە پاشکۆی دەوڵەتێکی “مەسیحیکراو” کە ڕابەرێکی خوایی دەستنیشانکراو سەرکردایەتی دەکات. ئەوان بە ئاشکرا ستایشی لایەنگرانی نازی دەکەن وەک Rousas John Rushdoony ، کە پشتگیری جینۆساید دەکات و بەڵگە دەهێنێتەوە کە پەروەردە و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی دەبێت بدرێت بە کڵێساکان و یاسای ئینجیلی دەبێت جێگای یاسای عەلمانی بگرێتەوە، هەروەها تیۆریستەکانی پارتی نازی وەک Carl Schmitt. ئەوان ڕەگەزپەرست، دژە ژن و دژە هاورەگەزەکانن. ئەوان تیۆری پیلانگێڕی سەیر دەگرنەبەر لە تیۆری جێگرتنەوەی سپی پێستەکانەوە تا دێوێکی تاریک کە ناویان ناوە “وۆک- “the woke.””. تەنها دەتوانیین ئەوەندە بڵێین کە ئەوان پشت بەستوونین بە واقعیەتی کۆمەڵگە.

فاشیستە مەسیحییەکان لە تاقمێکی تیۆکراتی بەناوی دۆمینیۆنیزمەوە (Dominionism ) دێنەدەرێ. ئەم تاقمە وا بانگەشەکەی دەکات کە مەسیحییە ئەمریکییەکان ڕاسپێردراون بۆ ئەوەی ئەمریکا بکەن بە دەوڵەتێکی مەسیحی و نوێنەری خودا. نەیارانی سیاسی و فیکری ئەم ئینجیلگەراییە توندڕەوە وەک نوێنەری شەیتان سەرکۆنە دەکرێن.
“لەژێر دەسەڵاتی مەسیحیدا، ئەمریکا چیتر نەتەوەیەکی گوناهبار و کەوتوو نابێت بەڵکو نەتەوەیەک دەبێت کە ١٠ فەرمانەکە بنەمای سیستەمی یاساییمان پێک دەهێنێت، خولقاندن و ‘بەهاکانی مەسیحی’ بنەمای سیستەمی پەروەردەییمان پێک دەهێنن، میدیا و حکومەت موژدەی خۆش بۆ هەموان ڕادەگەیەنن،” وەک لە کتێبەکەمدا ئاماژەم پێکردوە. “یەکێتییەکانی کرێکاران، یاساکانی مافی مەدەنی و قوتابخانە گشتییەکان هەڵدەوەشێنرێنەوە. ژنان لە هێزی کار دەردەکرێن بۆ ئەوەی لە ماڵەوە بمێننەوە، هەموو ئەوانەش کە بە ڕادەی پێویست مەسیحی نین، هاوڵاتی بوونیان لێ زەوت دەکرێت. جگە لە ئەرکی بانگەوازکردن، حکومەتی فیدراڵی کەم دەکرێتەوە بۆ پاراستنی مافەکانی موڵکایەتی و ئاسایشی ‘نیشتمانی’.”

فاشیستە مەسیحییەکان و کۆمەککارە ملیاردێرەکانیان، وەک ئاماژەم پێکرد، “بە وشە و دەستەواژە قسە دەکەن کە بۆ زۆربەی ئەمریکییەکان ئاشنا و دڵنیاکەرەوەن، بەڵام چیتر وشەکان بۆ ئەو مانایە بەکار ناهێنن کە لە ڕابردوودا هەیانبووە.” ئەوان ماناکوژی ئەنجام دەدەن، پێناسە کۆنەکان دەکوژن و بە پێناسەی نوێ جێگەیان دەگرنەوە. وشەکان – لەوانە ڕاستی، دانایی، مردن، ئازادی، ژیان و خۆشەویستی – هەڵدەوەشێنرێنەوە و مانای دژ بە یەکیان پێ دەدرێت. ژیان و مردن، بۆ نموونە، مانای ژیان لە مەسیحدا یان مردن بۆ مەسیح دەگەیەنن، نیشانەی باوەڕ یان بێباوەڕی. دانایی ئاماژە بە ئاستی پابەندبوون و گوێڕایەڵی بۆ دۆکترینەکە دەکات. ئازادی پەیوەندی بە ئازادییەوە نییە، بەڵکو ئەو ئازادییەیە کە لە شوێنکەوتنی عیسای مەسیح و ڕزگاربوون لە فەرمانەکانی عەلمانییەتەوە دێت. خۆشەویستی دەشێوێنرێت بۆ گوێڕایەڵییەکی بێ پرسیار بۆ ئەوانەی، وەک ترەمپ، کە بانگەشەی ئەوە دەکەن بۆ خودا قسە و کار دەکەن.

کە باهۆزی مەرگ خێراتر دەبێت، دوژمنی وەهمی، ناوخۆیی و دەرەکی، تاوانبار دەکرێن بە لەناوچوونەکە، چەوساوەکان بۆ لەناوبردن دیاری کراون. کاتێک وێرانکارییەکە تەواو دەبێت، کە دڵنیایی لە هەژاری هاوڵاتیان دەکات، تێکچوونی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و دروستکردنی تووڕەییەکی نائامادە، تەنها ئامرازی توندوتیژی دەوڵەت دەمێنێتەوە. خەڵکێکی زۆر ئازار دەچێژن، بەتایبەتی کاتێک قەیرانی کەش و هەوا بە توندی و توندی زیاتر تۆڵەی کوشندەی خۆی دەسەپێنێت.

داڕمانی سیستەمی دەستووریمان لە هاوسەنگی و کۆنترۆڵ بەشێوەیەک لە شێوەکان زۆر پێش هاتنی ترەمپ ڕوویدا. گەڕانەوەی ترەمپ بۆ دەسەڵات دووایین هەناسەی پاکس ئەمریکانا (Pax Americana ) نیشان دەدات. ئەو ڕۆژە دوور نییە کاتێک، وەک سێنای ڕۆمانی لە ساڵی ٢٧ی پێش زایین، کۆنگرێس دوا دەنگدانی گرنگی خۆی دەدات و دەسەڵات ڕادەستی دیکتاتۆرێک دەکات. پارتی دیموکرات، کە ستراتیژیەکەی وا دیارە هیچ نەکات و هیوادار بێت ترەمپ بۆخۆی بڕوخێت، پێشتر لای خۆیانەوە بەو چارەنووسە حەتمییە رازیبونە.

پرسیارەکە ئەوە نییە کە ئایا ئێمە دادەڕمێین، بەڵکو چەند ملیۆن بێتاوان لەگەڵ خۆمان دەبەین. لەبەر توندوتیژی پیشەسازی کە ئیمپراتۆریەتەکەمان بەکاری دەهێنێت، دەکرێت زۆر بێت، بەتایبەتی ئەگەر ئەوانەی لە دەسەڵاتدان بڕیار بدەن دەست بۆ چەکی ناوەکی ببەن.
هەڵوەشاندنەوەی ئاژانسی ئەمریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (USAID) – کە ئیلۆن ماسک دەڵێت لەلایەن “هێلانەی مارێکی مارکسیستی چەپڕەوی توندڕەوەوە بەڕێوە دەبرێت کە ڕقیان لە ئەمریکایە” – نموونەیەکە لەوەی چۆن ئەم ئاگرتێبەردەرانە هیچ تێناگەن لەوەی چۆن ئیمپراتۆریەتەکان کار دەکەن.

یارمەتی دەرەکی چاکەخوازی نییە. چەکدار کراوە بۆ پاراستنی باڵادەستی بەسەر نەتەوە یەکگرتووەکان و لابردنی ئەو حکومەتانەی کە ئیمپراتۆریەت بە دوژمنیان دەزانێت. ئەو وڵاتانەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە فرەلایەنەکانی تر کە بەو شێوەیە دەنگ دەدەن کە ئیمپراتۆریەت داوا دەکات، کە سەروەری خۆیان ڕادەستی کۆمپانیا جیهانییەکان و سوپای ئەمریکا دەکەن، یارمەتی وەردەگرن. ئەوانەی وا ناکەن، یارمەتی وەرناگرن.

کاتێک ئەمریکا پێشنیاری ئەوەی کرد فڕۆکەخانە پۆرت-ئۆ-پرینسی (Port-au-Prince ) پایتەختی هایتی دروست بکات، ڕۆژنامەنووسی لێکۆڵەر مات کێنارد راپۆرتێکی لەوبارەوە نووسی کەداوا لە هایتی کراوە دژی وەرگرتنی کوبا بوەستێت لە ڕێکخراوی وڵاتانی ئەمریکی، کە رێک ئەو کارەی کرد.

یارمەتی دەرەکی پڕۆژەی ژێرخان دروست دەکات تا کۆمپانیاکان بتوانن کارگەی کاری قورسی جیهانی بەڕێوە ببەن و سەرچاوەکان دەربهێنن. پارە بۆ “پەرەپێدانی دیموکراسی” و “چاکسازی دادوەری” تەرخان دەکات کە خواستەکانی سەرکردە سیاسییەکان و حکومەتەکان پووچەڵ دەکاتەوە کە دەیانەوێت سەربەخۆ بمێننەوە لە چنگی ئیمپراتۆریەت.

بۆنموونە (USAID )، پارەی “پڕۆژەی چاکسازی پارتی سیاسی”ی دا بە بۆلیڤیا کە نەخشەکە وا داڕێژرابوو “وەک هاوسەنگییەک لەبەرانبەر” بزووتنەوەی “ڕادیکاڵ”ی بەرەو سۆشیالیزم (مۆڤیمیێنتۆ ئەل سۆسیالیزمۆ) هەوڵیان دەدا ڕێگری لە هەڵبژاردنی سۆشیالیستەکانی وەک ئیڤۆ مۆراڵێس ( Evo Morales) بکەن. کاتێک مۆراڵیس توانی هەڵبژاردنەکە بەرێتەوە، کەوتنە دابەشکردنی پارە بەسەر ئەو ڕێکخراوانەدا لەبواری بەرنامەی تایبەتدا لەوانە بەرنامەکانی ڕاهێنان تا گەنجانی بۆلیڤی فێری شێوازەکانی بازرگانی ئەمریکی بکرێن، بۆ ئەوەی سۆسیالیستەکان نەتوانن دەسەڵاتی خۆین بە تەواوەتی بسەپێنن.

کێنارد (Kennard ) لە کتێبەکەیدا، “ڕاکێت: ڕۆژنامەنووسێکی یاخی دژی ئیمپراتۆریەتی ئەمریکی“، بەڵگە دەهێنێتەوە کە چۆن دامەزراوە ئەمریکییەکان وەک سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی، بانکی جیهانی، سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، بانکی گەشەپێدانی نێوان-ئەمریکی، USAID و ئاژانسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، لەگەڵ پێنتاگۆن و ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی کار دەکەن بۆ ژێردەستەکردن و چەوساندنەوەی باشووری جیهانی.

دەوڵەتە کڕدراوەکان کە یارمەتی وەردەگرن دەبێت کار بۆ نەهێشتنی سەندیکاکان بکەن، ڕێوشوێنی سەختگیری بسەپێنن، کرێ نزم بهێڵنەوە و حکومەتی بووکەڵە بپارێزن. بەرنامە یارمەتییە پڕ پارەکان، کە بۆ ڕووخاندنی مۆراڵێس نەخشەی بۆ دانرابوو، لە کۆتاییدا وایان لە سەرۆکی بۆلیڤیا کرد USAID لە وڵات دەربکات.

درۆیەک کە بە خەڵک دەفرۆشرێت ئەوەیە کە ئەم یارمەتییە هەم بۆ هەژارەکانی دەرەوە و هەم بۆ ئێمە لە ناوەوە سوودبەخشە. بەڵام ئەو نایەکسانییەی ئەم بەرنامانە لە دەرەوە ئاسانکاری بۆ دەکەن، نایەکسانی ناوخۆیی دووبارە دەکەنەوە. ئەو سامانەی لە باشووری جیهانی دەردەهێنرێت بە دادپەروەرانە دابەش ناکرێت. دەچێتە دەستی چینی ملیاردێر، زۆر جار لە حیسابی بانکی دەرەوە دەشاردرێتەوە بۆ خۆدزینەوە لە باج.

لە هەمان کاتدا، باجەکانی ئێمە بە شێوەیەکی نایەکسان پارە بۆ سوپا تەرخان دەکات، کە مستی ئاسنینە لە پاراستنی سیستەمی چەوساندنەوە. ئەو ٣٠ ملیۆن ئەمریکییەی کە قوربانی دەرکردنی بەکۆمەڵ و پیشەسازی لابردن بوون کارەکانیان بۆ کرێکارانی کارگە قورسەکانی دەرەوە لەدەست دا. وەک کێنارد ئاماژە دەکات، هەم لە ناوەوە و هەم لە دەرەوە، “گواستنەوەیەکی فراوانی سامانە لە هەژارەوە بۆ دەوڵەمەند لە ئاستی جیهانی و ناوخۆیی.”
“هەمان ئەو کەسانەی دەربارەی ئەوەی لە دەرەوە دەیکەین ئەفسانەکان دادەڕێژن، سیستەمێکی ئایدیۆلۆژی هاوشێوەیان دروستکردووە رەوایی بە دزی لە ناوەوە دەدات؛ دزی لە هەژارترینەوە، لەلایەن دەوڵەمەندترینەوە،” ئەو دەنووسێت. “هەژار و کرێکارانی هارلێم (Harlem ) زیاتر هاوبەشیان لەگەڵ هەژار و کرێکارانی هایتی هەیە وەک لەوەی لەگەڵ دەسەڵاتدارەکانی خۆیان هەیانبێت، بەڵام ئەمە دەبێت بشاردرێتەوە بۆ ئەوەی فێڵەکە کار بکات.”
یارمەتی دەرەکی کارگە قورسەکان یان “ناوچە ئابوورییە تایبەتەکان” لە وڵاتانی وەک هایتی دەپارێزێت، کە کرێکاران بە چەند سەنتێک لە کاتژمێرێکدا و زۆر جار لە بارودۆخی ناهەمواردا کار بۆ کۆمپانیا جیهانییەکان دەکەن.
“یەکێک لە لایەنەکانی ناوچە ئابوورییە تایبەتەکان و یەکێک لە هاندەرەکان بۆ کۆمپانیاکان لە ئەمریکا، ئەوەیە کە ناوچە ئابوورییە تایبەتەکان تەنانەت ڕێکخستنی کەمتریان هەیە لە دەوڵەتی نیشتمانی لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کار و باج و گومرگ،” کێنارد لە چاوپێکەوتنێکدا پێی وتم:
“تۆ ئەم کارگە قورسانە لە ناوچە ئابوورییە تایبەتەکان دەکەیتەوە. پارەیەکی کەم بە کرێکارەکان دەدەیت. هەموو سەرچاوەکان دەردەهێنیت بەبێ ئەوەی گومرگ یان باج بدەیت. دەوڵەت لە مەکسیک یان هایتی یان هەر شوێنێک بێت، کە بەرهەمهێنانەکەیان بۆ دەرەوە دەگوازنەوە، هیچ سوودێکی بۆ خەزێنەی وڵاتەکە نییە، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە هەرگیز سەندوقەکانی دەوڵەت سامانەکەی زیاد ناکات. ئەوە تەنها کۆمپانیاکانن کە سوود لەو کارە وەردەگرن.”

کێنارد لە کتێبەکەیدا دەنووسێت “هەمان ئەم دامەزراوە و میکانیزمی کۆنترۆڵی ئەمریکیە، بەکارهێنران بۆ تێکدانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی جێرمی کۆربن کە ڕەخنەگرێکی توندی ئیمپراتۆریەتی ئەمریکایە، لەهەڵمەتی هەڵبژاردنەکەیدا بۆ سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا.”

ئەمریکا نزیکەی ٧٢ ملیار دۆلاری لە یارمەتی دەرەکی لە ساڵی دارایی ٢٠٢٣دا خەرج کرد. پارەی دا بە دەستپێشخەرییەکانی ئاوی پاک، چارەسەری ئێچ ئای ڤی/ئایدز، ئاسایشی وزە و کاری دژە گەندەڵی. لە ٢٠٢٤دا لە ٤٢%ی هەموو یارمەتییە مرۆییەکانی دابین کرد کە نەتەوە یەکگرتووەکان چاودێری دەکرد.
یارمەتی مرۆیی، کە زۆر جار وەک “هێزی نەرم” وەسف دەکرێت، نەخشەی بۆ کێشراوە بۆ شاردنەوەی دزینی سەرچاوەکان لە باشووری جیهان لەلایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە، فراوانبوونی جێ پێی سوپای ئەمریکا، کۆنترۆڵی توندی حکومەتە بیانییەکان، ئەو وێرانکارییەی لە لێدانی بیرە نەوتەکان دروست دەبێت، خراپ بەکارهێنانی سیستماتیکی کرێکاران لە کارگە قورسە جیهانییەکان و ژەهراویکردنی منداڵانی کرێکار لە شوێنی وەک کۆنگۆ، کە بەکاردەهێنرێن بۆ دەرهێنانی لیسیۆم.

گومانم هەیە ئیڵن ماسک و سوپایەک لە منداڵە لاوەکانی لە بەشی کارایی حکومەت (DOGE) – کە بەشێکی فەرمی نییە لە ناو حکومەتی فیدراڵی – هیچ بیرۆکەیەکیان هەبێت دەربارەی چۆنیەتی کارکردنی ئەو ڕێکخراوانەی وێرانی دەکەن، بۆچی هەن، یان لەناوچوونی مانای چی دەبێت بۆ هێزی ئەمریکی؟

دەستبەسەرداگرتنی تۆمارەکانی کارمەندانی حکومەت و کەرەستەی نهێنی، هەوڵدان بۆ کۆتایی هێنان بە گرێبەستی حکومی بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار – زۆربەیان پەیوەندیان بە فرەیی، یەکسانی و لەخۆگرتن (DEI) هەیە، پێشنیارەکانی کڕینەوە بۆ “وشککردنی زەلکاوەکە” لەوانە پێشنیاری کڕینەوە بۆ هەموو هێزی کاری ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی – کە ئێستا بە شێوەیەکی کاتی لەلایەن دادوەرێکەوە ڕاگیراوە – دەرکردنی ١٧ یان ١٨ پشکنەری گشتی و داواکاری گشتی فیدراڵی، ڕاگرتنی پارەدانی حکومی و بەخشینەکان، دەبینن چۆن ئەو دێوە زلە دەخۆن کە دەیپەرستن.

پلانیان وایە دامەزراوەی پاراستنی ژینگە، وەزارەتی پەروەردە و خزمەتگوزاری پۆستەی ئەمریکا هەڵبوەشێننەوە، کە بەشێکن لە ئامێری ناوخۆیی ئیمپراتۆریەت. هەرچەند دەوڵەت ناکارا دەبێت، زیاتر دەرفەتی بازرگانی بۆ کۆمپانیا دڕندەکان و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی تایبەت دروست دەکات. ئەم ملیاردێرانە سامانێک بەدەست دەهێنن لە “دروێنەکردنی” پاشماوەی ئیمپراتۆریەت. بەڵام لە کۆتاییدا ئەو دێوە دەکوژن کە سامان و هێزی ئەمریکی دروست کرد.

کاتێک دۆلار چیتر دراوی یەدەگی جیهان نابێت، شتێک کە هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەت دڵنیای دەکات، ئەمریکا ناتوانێت پارە بۆ کورتهێنانە گەورەکانی بدات بە فرۆشتنی بۆندی خەزێنە. ئابووری ئەمریکا دەکەوێتە داڕمانێکی وێرانکەر. ئەمە دەبێتە هۆی تێکچوونی کۆمەڵگەی مەدەنی، بەرزبوونەوەی نرخەکان، بەتایبەتی بۆ بەرهەمە هاوردەکراوەکان، کرێی وەستاو و ڕێژەی بەرزی بێکاری. پارەدان بۆ لانیکەم ٧٥٠ بنکەی سەربازی لە دەرەوە و سوپا زەبەلاحەکەمان ناکرێت بەردەوام بێت. ئیمپراتۆریەت یەکسەر کورت دەبێتەوە. دەبێتە سێبەری خۆی. نەتەوەپەرستی زۆر، کە بە تووڕەییەکی نائامادە و نائومێدی بەرفراوان دەورووژێنرێت، دەگۆڕێت بۆ فاشیزمێکی ئەمریکی پڕ لە ڕق.

“لەناوچوونی ویلایەتە یەکگرتووەکان وەک هێزی باڵادەستی جیهانی دەکرێت زۆر خێراتر بێت لەوەی هەرکەس وێنای دەکات،” مێژوونووس ئەلفرێد دەبلیو مەکۆی (Alfred W. McCoy ) لە کتێبەکەیدا “لە سێبەری سەدەی ئەمریکی: هەڵکشان و داکشانی هێزی جیهانی ئەمریکا” دەنووسێت:
“سەرەڕای ئەو هەیبەتەی کە ئیمپراتۆریەتەکان زۆر جار نیشانی دەدەن، زۆربەیان بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر لاواز و ناسکن، تەنانەت هێزی ناوەکی دەوڵەت-نەتەوەیەکی مامناوەندیشیان نییە. لە ڕاستیدا، چاوخشاندنێک بە مێژوویان دەبێت بیرمان بخاتەوە کە گەورەترینیان لەژێر کاریگەری هۆکاری جیاواز بەرەو داڕمان دەچن، لەگەڵ فشارە داراییەکان کە زۆر جار فاکتەرێکی سەرەکین. بۆ زیاتر لە دوو سەدە، ئاسایش و خۆشگوزەرانی نیشتمان ئامانجی سەرەکی بووە بۆ زۆربەی دەوڵەتە جێگیرەکان، پەلاماردانی دەرەکی یان ئیمپریالی دەکات بە بژاردەیەک دەکرێت دەستی لێ هەڵبگیرێت، زۆر جار تەنها ٥ لەسەدی بودجەی ناوخۆی بۆ تەرخان دەکرێت. بەبێ دارایی کە بە شێوەیەکی ئۆرگانی لە ناو نەتەوەیەکی سەروەردا دروست دەبێت، ئیمپراتۆریەتەکان بە دڕندەیی ناسراون لە ڕاوی بەردەوامیان بۆ تاڵان یان قازانج – سەیری بازرگانی کۆیلەی ئەتڵەسی، حەزی بەلجیکا بۆلاستیکی سروشتی لە کۆنگۆ، بازرگانی ئەفیونی هیندی بەریتانی، دەستدرێژی ڕایخی سێیەم بۆ سەر ئەوروپا، یان چەوساندنەوەی سۆڤیەت بۆ ئەوروپای ڕۆژهەڵات بکە.
مەکۆی ئاماژە بەوە دەکات کاتێک داهاتەکان کەم دەبنەوە یان دادەڕمێن، “ئیمپراتۆریەتەکان پوچ دەبنەوە.”
” ئەو دەنووسێت: زەمینەی هێزی ئیمپراتۆرەکان هێندە ناسکە، کاتێک شتەکان بە ڕاستی دەست دەکەن بە هەڵە ڕۆیشتن، ئیمپراتۆریەتەکان بە خێراییەکی نائاسایی هەڵدەوەشێنەوە: تەنها ساڵێک بۆ پورتوگال، دوو ساڵ بۆ یەکێتی سۆڤیەت، هەشت ساڵ بۆ فەرەنسا، یازدە ساڵ بۆ عوسمانییەکان، حەڤدە بۆ بەریتانیای گەورە و بە گشت ئەگەرێک، تەنها بیست و حەوت ساڵ بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان، لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە دەستپێدەکات [کاتێک ئەمریکا هێرشی کردە سەر عێراق]،”.

ئەو کۆمەڵە ئامرازانەی کە بۆ باڵادەستی جیهانی بەکاردەهێنرێن – چاودێری بەرفراوان، لەناوبردنی ئازادییە مەدەنییەکان لەوانە پرۆسەی یاسایی، ئەشکەنجەدان، پۆلیسی سەربازیکراو، سیستەمی زیندانی گەورە، درۆنی سەربازیکراو و مانگە دەستکردەکان – دژی دانیشتوانێکی ناڕازی و تووڕە بەکاردەهێنرێن.

خواردنی کەلاکی ئیمپراتۆریەت بۆ تێرکردنی چاوچنۆکی و خۆبەزلزانینی زۆری ئەم داڵانە پێشبینی سەردەمێکی تاریکی نوێ دەکات.


سەرچاوە:
https://chrishedges.substack.com/p/the-empire-self-destructs




دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەژێر دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ و ئیلۆن مەسکدا.. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

هەڤپەیڤینێک لەتەک مێژووناس کوین سڵۆبۆدیاندا
مارک فۆن لیوپکە ئەنجامیداوە

نوێکراوەتەوە لە 22.01.2025 ، سەعات 12:36

دۆنالد ترەمپ سەرلەنوێ حوکمی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکات، ئیلۆن مەسک پشتیوانێتی. ئایا پلانەکانی ئەو مەڵتیملیاردێرە چین کە دەیەوێت بەدییان بهێنێت؟ مێژووناس کوین سڵۆبۆدیان (Queen Slobodian) هۆشداری دەدات: دەشێت ئەوە ترسناک بێت.
دۆنالد ترەمپ پێش پێدانی پۆستەکەی چەندین هەڕەشە و ئاگادارکردنەوەی ڕاگەیاند، ئێستاش ئەوی کۆماری سەرلەنوێ سەروەرە لە کۆشکی سپی. جگەلەوە ترەمپ بەتەنیا نییە. ئیلۆن مەسکی زۆر دەوڵەمەند بە هەمان شێوە رۆڵێک لە سیاسەتی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا دەگێڕێت. ئایا ترەمپ چیی دەوێت، بەتایبەتی: ئایا ئیلۆن مەسک چیی دەوێت؟ ئەوجا چەند دەشێت گەڕانەوەی ترەمپ و جیهانبینییەکەی مەسک دراماییانە دەوڵەتە یەکگرتووەکان و بەمەش باقییەکەی دیکەی جیهان بگۆڕن؟
ئەم پرسیارانە کوین سڵۆبۆدیان لە گفتوگۆکەدا وەڵامیان دەداتەوە، مێژووناس و نووسەری کتێبەکانی “گلۆبالیستەکان. کۆتایی ئیمپراتۆرەکان و لەدایکبوونی نیۆلیبەرالیزم” و “سەرمایەگەری بەبێ دێمۆکراتی”.
ت-ئۆنلاین: پرۆفیسۆر سڵۆبۆدیان، دۆنالد ترەمپ گەڕاوەتەوە بۆ کۆشکی سپی و ئەوها دەنوێنێت هەست بە برسێتی بۆ خاک بکات. ئایا ترستان لە کەنەدای وڵاتتان هەیە؟
کوین سڵۆبۆدیان: هەڕەشەکانی ترەمپ بەزۆریی پوچەڵن، من هەر ئەوها دوایەمین دەربڕینەکانی بەتایبەتی پەیوەند بە کەنەداوە دەرک دەکەم. ئەو تەنیا بە فشاری ئابووری ئەوەی لە کەنەدا دەستدەکەوێت کە خۆی دەیەوێت. هەموو ئەوانەی دی هیچی دیکە نین جگە لە قاووقیژ و چەواشەکاری. ئەوە زۆر پارادۆکسە: لە لایەک کەسانی دەوری ترەمپ داوای کاریگەریی پەرەپێدراوی حکومەت و کورتکردنەوەی خەرجییەکانی دەوڵەتە یەکگرتووەکان دەکەن، وەلێ ئەو لە لایەکی دیکەوە خەون بە کشانی ناوچەییەوە دەبینێت تا دەوڵەتی ئەمەریکی فراوانتر و گەورەتر بکات.
ت-ئۆنلاین: ئایا ئەوە تەواو بەبێ ڕەچاوکردنی ئەو هەژاندنە شیاوانەی سیاسەتی دەرەوە کە پێدەچێت ئابووری و بەهای پشکەکان داخ بکەن؟ وەلێ ئەمە ئەوسا ڕادیکالەکانی بازاڕ کە بەڕێزتان لە کتێبەکەتاندا بە ناونیشانی “سەرمایەگەری بەبێ دێمۆکراتی” شرۆڤەی دەکەن، کەم شادمان دەکات.
سڵۆبۆدیان: بەڵێ. ئەو ڕاستییەکەی هەروەها ژمارەیەکی کافی کەسانی توندوتیژی لە ئیدارەکەیدا هەیە (با ناویان بنێین مەخلوقەکانی بازاڕ) کە دەیوەستێنن گەر بەو جۆرە نیازانە لە سنوور دەربچێت.
ت-ئۆنلاین: سەرۆکی پێشینی دەوڵەتە یەکگرتووەکان بیل کلینتن ساڵی 1992 ئەوەی بەم شێوەیە پوخت کردەوە: “It’s the economy, stupid!”. کەواتە ئایا دۆنالد ترەمپ هەنووکە دەتوانێت گرمەگرم و هەڕەشە بکات تا ئەو کاتە کە سەلامەتیی ئابووریانەی ئەمەریکییەکان لە مەترسیدا نەبێت؟
سڵۆبۆدیان: بەڵێ. زۆر ئەمەریکی مەیلیان بۆ ئەوە هەیە کە بە جزدانەکەیان بیربکەنەوە. ترەمپ ساڵی 2020 لەبەر یەک هۆ هەڵبژاردنەکەی لەدژی جۆ بایدن دۆڕاند: کۆڤید-19. گەر ئەو پاندێمییە نەبووایە، ترەمپ ئەو دەمە سەرلەنوێ هەڵدەبژێررایەوە. ئاخر ئەو لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا پەرەی دا بە دەرهێنانی نەوت و گاز، ئەوەش قورسایی لەسەر جزدانەکانی زۆر ئەمەریکی لابرد، ئەوە کاتێک بەهای پشکەکان بەرزبۆوە. گەرچی نایەکسانییەکی گەورە لە وڵاتدا هەبوو، سەرباری ئەوە هەستی گەشە و خۆشحاڵیی پەرەسەندوو باڵادەست بوو. ئەو دەمە ترەمپ سواری شەپۆلێکی گەشەی ئابووری بووبوو و تا ئەمڕۆش بەو گەشەیەوە پابەند دەکرێت.
ت-ئۆنلاین: جۆ بایدن و کامالا هێڕیس دەبوو بە پێچەوانەوە سەرئەنجامەکانی کۆڤید-19 و هەڵئاوسانی دراماییانەی هەڵکشاو لەئەستۆبگرن.
سڵۆبۆدیان: دروست ئەوهایە. گەر کامالا هێڕێس لە دوایەمین هەفتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنەکەیدا پەیامی پۆپولیستیی لە مەسەلەکانی ئابووریدا بە دەنگدەران بگەیاندایە … نازانم … ڕەنگە بەڕاستی بیبردایەتەوە.
ت-ئۆنلاین: ئایا دەبێت لە چەند ساڵی داهاتوودا حساب بۆ چی بکەین؟
سڵۆبۆدیان: ترەمپ پێش هەر شتێک ئینتەرتەینەرە، ئەوەش لەسەر زەمینەی شکۆفە چەند ساڵی و سەرکەوتووەکەی لە Reality-TV -دا. سیاسەتی نابەردەوامی ترەمپ لە لایەن ئەو کەسانەوە دیاری دەکرێت کە توانیویانە بۆ مەبەستی ئیدێ سیاسییەکانی خۆیان دەزگیری گوێی ئەو ببن.
ت-ئۆنلاین: کەواتە کێ ڕێگەی بۆ گەیشتن بە ترەمپ هەبێت، ئیدی ئایا بەشدار دەبێت لە دیاریکردنی قەدەری ئەمەریکای زلهێزدا؟
سڵۆبۆدیان: زۆر جار لەبارەی ترەمپ وا دانراوە کە جیهانبینییەکەی بەتەواوی لە لایەن ئەو کەسەوە دیاری دەکرێت کە ئەو پێش پێنج خولەک لەتەکیدا گفتوگۆی کردووە. من لەو باوەڕەدام ئەم وادانانە زۆر لە ڕاستی نزیک دەکەوێتەوە. ئەو بۆ نموونە لەتوانایدایە لە یەک خولەکدا ئاگرینانە لەبارەی دێپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵ بدوێت و لە خولەکی دوای ئەوەدا بیروڕای خۆی دەرببڕێت لەبارەی زەروورەی ڤیزەی H-1B بۆ پسپۆرانی لێوەشاوەی باڵا لە هیندستانەوە. حولحولێتیی بیرۆکەییانەی ئەوها سەرشێتانە بۆ ئێمە بێهودە دەنوێنێت، وەلێ ترەمپ هیچ کێشەیەکی لەتەک ئەوەدا نییە.
ت-ئۆنلاین: ئایا خودی ترەمپ چیی دەوێت؟
سڵۆبۆدیان: هیچ ترەمپیزمێکی نێوەرۆکیانەی هاوبار لەگۆڕی نییە، نە لە ڕووی سیاسی و نە لە ڕووی ئابوورییەوە. با وا ببێژم، ترەمپ پۆپولیستێکی نموونەییە، پەردەیەکی بەتاڵە و مرۆڤان دەتوانن پێشبینییەکانی خۆیان بپەخشێننە سەری. ئێوە پێشبینیی ئەو بکەن وەک لۆکۆمۆتیڤێک (مەکینەیەکی شەمەندەفەر) کە خەڵک ئیدێ سیاسییەکانی خۆیانی پێوە دەبەستن. ئەمەش ڕەوشەکە ئەوها پڕمەترسی دەکات. بۆیە کێ بییەوێت بزانێت داخۆ ترەمپ بەمزووانە چی دەکات، گەرەکە لەسەر ئاستی ئیدارە لە ژێرەوەی ئەو بڕوانێت. ئاخر لەوێ کەسانی ئەوتۆ هەن کە نێوەرۆکی سیاسەتی ترەمپ دیاری دەکەن.
ت-ئۆنلاین: ئیلۆن مەسک لەم ساتەدا خاوەنی گوێی دۆناڵد ترەمپە. ئەم دەوڵەمەندترین پیاوەی جیهان گەرەکە لە ئایندەدا بیرۆکراتی لە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کەم بکاتەوە و بە ڕاهێنان حکومەت کاریگەر بکات. ئایا مەسک چیی دەوێت؟
سڵۆبۆدیان: سەرەتا ئەو پرسیارە سەرهەڵدەدات، داخۆ دامەزراوە نوێکەی مەسک کە گەرەکە پەرە بە کاریگەریی حکومەت بدات، بەگشتی خاوەنی ئۆتۆرێتی (دەستڕۆیشتوویی) بێت. ئاخر ئەو دامەزراوەیە بەشێک نابێت لە ئیدارەی فەرمی. مەسک دووچاری بەرهەڵستیی زۆری فەرمانگە فەرمییەکان دەبێت کە زۆر چاک دەزانن، ئەوە هێندە ئاسان نییە خەرجییەکان بێدوودڵی لەو شێوەیەدا بسڕرێنەوە کە مەسک پێشبینیی دەکات.
ت-ئۆنلاین: جگەلەوە مەسک خۆی چالاکوانێکی سەربەخۆ نییە، بەڵکو بەڕێی کۆمپانیاکانییەوە، بۆ نموونە SpaceX، پارەی زۆری لە دەوڵەت دەستدەکەوێت.
سڵۆبۆدیان: ئەو پێشبینییەکی ڕوونی لەوبارەیەوە هەیە کە لە پارەبۆئامادەکردندا گرنگی بە چی بدات و بە چی نەدات. ئەوە بۆ مەسک نەسازی نییە کە وەزارەتی پەروەردەی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا نەهێڵێت و هاوکات گرێبەستی دیکەی چەند ملیاردی بۆ سپەیس ئیکس لەتەک حکومەتی ئەمەریکیدا مۆربکات، بۆ نموونە بۆ هەڵفڕینی ساتێلایتە سەربازییەکان. بۆ مەسک جۆرێکی هیرارشیی پێداویستییەکان هەیە کە کاراییە ناوکییەکەی دەوڵەت وێنەدەداتەوە، لێرەشدا ئەم پێداویستییانە تەواو بەڕێکەوت چوونیەکن بەو کایانە کە مەسک تێیاندا قازانجکەرانە چالاکە.
ت-ئۆنلاین: کەواتە کاتێک مەسک دەیەوێت زۆر خەرجیی دەزگای دەوڵەتی ئەمەریکی بتاشێت، ئایا پلانی ئەوە دادەنێت کە هێشتا هەر کۆمەکی دەستبڵاو و پێسپاردە لە لایەنی حکومەتەوە وەربگرێت؟
سڵۆبۆدیان: مەسک لە کۆتاییدا دەیەوێت مەریخ ئاوەدان بکاتەوە. ئایا بۆ ئەو مەبەستە چیی پێویستە؟ پارە، پارەی یەکجار زۆر. مەسک لەنێو جۆرێکی جیهانی نێوانیدا دەژی؛ مەسەلەکە لێرەدا تێکەڵێکی دەروونییە لەسەر زەمینەی گەمە ڤیدیۆییە سۆسیال-دارڤینیستییەکان کە ئەو خۆی دەیانکات، هەروەها لەسەر بنەڕەتی کێبڕکێ لە بۆڕسە. مەسک جیهانبینییەکی پەڕگری (ئێکسترێمی) هەیە، ئەو جەختە کە ژیاری لە بەربوونەوەی ستوونیدایە و ئێمەش دەبێت لە پێناوی خۆهێشتنەوەماندا وەک ڕەگەز جێنشینگە لەوبەر زەمینەوە بنیاتبنێین. وەلێ ئایا چۆن گەرەکە ئەو جێنشینگانە بەڕێوەببرێن؟ بەجەختی نەک دێمۆکراتیانە. مەسک بەپەرۆشەوە ئەمە دەردەبڕێت، ئێمەش گەرەکە بە هەمان شێوە زۆر زۆر بەجددی ئەو بگرین.
ت-ئۆنلاین: مەسک بە مەریخەوە خەریکە، بەڵێ، وەلێ ئایا تا ئەو کاتە چە پلانێکی بۆ دەوڵەتە یەکگرتووەکان و زەمین هەیە؟ ئەو یارمەتیدەر بوو بۆ ئەوەی ترەمپ بەرزبکرێتەوە بۆ نێو کۆشکی سپی، ئێستاش دوای ئەوە هێرش دەکاتە سەر کییر ستارمەری سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و لە ئەڵمانیاش دەیەوێت پارتی AfD (ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا) لەسەر دەسەڵات ببینێت.
سڵۆبۆدیان: فەزیلە لیبەرالەکانی وەک لێبوردەیی و هاوهەستی بۆ مەسک نیشانەی لاوازین. هیچ کەس ناتوانێت ئەو بهێنێتەوە هۆش خۆی، بۆ مەسک تەماع چاکە …
ت-ئۆنلاین: … “تەماع چاکە”، ئەمە وەرگیراوە لە فیلمی “Wall Street” کە ساڵی 1987 دەرکرا.
سڵۆبۆدیان: دروستە. تەماع چاکە، وەلێ هاوهەستی لە ڕوانگەی مەسکەوە شتێکە بۆ کەسانی بێهێز و ترسنۆک. ئەوها تاکلایەنە دەتوانین جیهاندیدییەکەی ئەو پوختبکەینەوە. یارمەتیدانی زارۆکان کە لە فێرگە پێداویستیی تایبەتییان هەیە یان ڕۆشناییدان بە نێوندی گشتی سەبارەت بە سوودەکانی کوتان؟ ئەم جۆرە ئەرکانە کە دەکەونە ئەستۆی دەوڵەت، مەسک بە دزێویان دادەنێت، کاری ئەوها گەرەکە بۆ تاکەکەس یان بەکاربەر جێبهێڵرێت. هاوکات مەسک بەشادییەوە لەتەک دەوڵەتدا بیزنیس دەکات، پێسپاردە و کۆمەک وەردەگرێت.
ت-ئۆنلاین: ئایا چۆن هەڵوێستی مەسک بەرانبەر دەوڵەت و جڤاک دەپۆلێنرێت؟ ئایا ئەو نیۆلیبەرالە، لیبەرتێرە یان ئاناڕشۆکەپیتالیستە، هاوشێوەی سەرۆکی ئەرجەنتین خاڤییر میلەی؟ یان تێکەڵێکە لە هەموویان؟
سڵۆبۆدیان: پێدەچێت ئێمە لێرەدا پەیوەندیمان بە شتێکی دیکەوە هەبێت. سەرەتا ئەم پرسیارە گەورەیە سەرهەڵدەدات: ئایا مەسەلەکە لێرە ئەوەیە کە دەوڵەت کلاسیکییانە بە شێوەی مۆڵگەیەکی سەربازی-ئیندوستریانە بۆ خۆ بقۆزرێتەوە و بەو ڕێیەشەوە چەند کۆمپانیایەکی دەوڵەمەند دەوڵەمەندتر ببن دوای ئەوەی دەوڵەت دەبێت بە موشتەرییان؟ پنتە گرنگەکە لێرەدا ئەمەیە: گەر مەسک پلانەکانی خۆی بەجددی بگرێت، ئەوا مەسەلەکە زۆر پڕمەترسی دەبێت. ئاخر لەم ڕەوشەدا بەهیخۆکردنی دەوڵەت تەنیا تەختەبازێک دەبێت بۆ هەڵوەشاندنەوە و حەلکردنی خودی دەوڵەت.
ت-ئۆنلاین: ئایا هەوڵەکەی مەسک بۆ بەکاربردنی ئەم سیناریۆیە لە کەتواردا ذەشێت چۆن بنوێنێت؟
سڵۆبۆدیان: کێ پلانێکی بەو جۆرە دابنێت، دەشێت بتوانێت پۆستێکی باڵا لە ڕێنوماییکردنی حکومەتدا وەربگرێت. مەسک بەمە گەیشتووە، ئاخر ئەو گەرەکە ڕێنومایی حکومەت بکات. هەنگاوێکی دیکەی لۆگیکیانە خولقاندنی دۆخگەلی ئەوتۆ دەبێت کە تێیاندا مرۆڤان ئیدی هەست دەکەن ناچارن لە پێناوی خۆیاندا بچنە شەڕەوە. بناغەکان بۆ ئەمە لەگۆڕێن، ئەویش بۆ نموونە کاتێک هەڵوێستە سیاسی و جڤاکییەکان هەمیشە پتر درزیان تێدەکەوێت، بۆ نموونە شارەکان هەمیشە پتر لە گوند نامۆ دەبن. پێدەچێت ئەمانە یەکەمین هەنگاوەکان بن.
ت-ئۆنلاین: لە کۆتاییدا چە ئەنجامێک خۆی دەبینێتەوە؟
سڵۆبۆدیان: پێدەچێت مەسک بۆی بلوێت بە دەستتێوەردانە بێنیزامەکانی لە کۆتاییدا کێشەیەکی گەورەمان بۆ بخاتەوە. من لە جۆرێکی تواندنەوەی دەسەڵاتی فەرمی و تایبەتی (پریڤات) دەدوێم، کە هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی نێوەندیی لێدەکەوێتەوە.
ت-ئۆنلاین: ئایا پێشنیارەکەی مەسک بۆ هەڵبژاردنی AfD یەکێکە لەو دەستتێوەردانە بێنیزامانە؟
سڵۆبۆدیان: مەسک بەدەگمەن شتێک لەبارەی AfD و ئامانجەکانی دەزانێت؛ ئەو چالاکوانانی بێزارکەری خۆشدەوێت، سەربەخۆ لە پرۆگرامە سیاسییەکەیان. مەسک هەروەها زۆر کەم لەبارەی ڕاستڕەوی بەریتانی تۆمی ڕۆبینسن دەزانێت، کەچی ئەوە ڕێی لێناگرێت لایەنی پارتەکەی ڕۆبینسن بگرێت و بەمەش دژی نایجل فاڕاج بووەستێتەوە. مەسک زۆر شت وەک پاشماوەی سەدەی بیستەم دەبینێت، لێرەشدا ئۆتۆمبێلە سووتەمەنی بەکاربەرەکانی شێڤرۆلێت و واشینگتن پۆست لە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، یان SPD و CDU لە ئەڵمانیا، سەر بەو پاشماوانەن. مەسک هەموویان لەسەر سەرەنوێلکی مێژوو دەبینێت.
ت-ئۆنلاین: ئایا مەسک خۆیشی کە ساڵی 1971 لە ئەفریکای باشوور هاتۆتە جیهانەوە، مەخلوقێکی سەدەی بیستەم نییە؟
سڵۆبۆدیان: مەسک ئەوەیە زۆرتر لەوەی ئێمە پێشبینیی دەکەین. ئەو سەرجەم تەمەنی زارۆکیی خۆی و ساڵانی گەنجانەی پێگەییوی لەوێ بەسەربرد. ئەو لە سەردەمی دەمەوکۆتایی ئاپارتایددا سۆسیالیزە کرا و دوای ئەوەش لە دوورەوە لە ئەفریکای باشووری پۆست-ئاپارتایدی دەڕوانی. هەردووکیان زۆر بەهێز شەقڵیان بە مەسک دا. ئەو لە لایەک گۆڕانی بە هەستێک داوە کە لە جڤاکێکی نێو دۆخگۆڕیدا بەناچاری ناکۆکیگەلی تایبەتی سەرهەڵدەدەن، لە لایەکی دی گەیشت بەو جەختییە، مرۆڤان لەو ساتە تەنگژاوییانەدا کە ناچارن چەک هەڵبگرن و لەدژی هاوڵاتیانیان بەرگری لە خۆیان بکەن، زۆر کەم دەتوانن پشت بە فەرمانگە دەوڵەتییەکان ببەستن.
ت-ئۆنلاین: ئایا چی بەدووی ئەوەدا دێت؟
سڵۆبۆدیان: فرە کەسانی ئەفریکای باشوور برەویان داوە بە هەڵوێستی بەنکەر (پەناگەی ژێرزەوی)، ئەم هەڵوێستە لە سەردەمی پێش و پاش ئاپارتایددا لەسەر بنەڕەتی بێمتمانەیی بەرانەر زۆرینەی پێستڕەشانی دانیشتوان بنیاتنرابوو. لەنێو ئەم گرووپەی جڤاکدا شێوازێکی ترساو و بەهێز میلیتاریزەکراوی ژیان و هزرین سەروەرە. Gated Community ، کۆنشینگەی داخراو، بۆ توێژی ناوەڕاست و سەرەوەی پێستسپی و ماوەیەکە بۆ توێژی سەرەوەی پێستڕەشانی ئەفریکای باشوور تەواو ئاساییە.
ت-ئۆنلاین: کەواتە ئایا مرۆڤ وای بۆ دەچێت کە گەمارۆ درابێت؟
سڵۆبۆدیان: لە کتێبەکەمدا بە ناونیشانی “سەرمایەگەری بەبێ دێمۆکراتی” باس لە پێشبینیی سوڤەرێنێتییەکی تەواو وردوخاشکراو دەکەم کە تێیدا کاربەئەنجامگەیەنەرانی تایبەت (پریڤات) و هێزگەلی تایبەتی ئاسایش لە لایەن تاکە کەسانی دەوڵەمەندەوە دادەنرێن بۆ ئەوەی لەدژی دانیشتوانی دەوریان بەرگری لە خۆیان بکەن. درەنگتر هەڤاڵانم لە ئەفریکای باشوور بەگەرمی دڵنیاییان پێدام کە ئەمە بە هیچ شێوەیەک پێشبینییەکی دژە-یوتۆپیانەی (دیستۆپیانەی) ئایندە نییە، بەڵکو ڕیالێتییە.
ت-ئۆنلاین: تۆقێنەرە …
سڵۆبۆدیان: دروست ئەوهایە. لە دۆخێکی بەو جۆرەوە دوو شیمانە دەکەونەوە. یەکێکیان نواندنی کردارە لە پێناوی ئەوەدا کە شتەکان گۆڕانیان بەسەردا بێت و ئایندەیەکی دیکە بسازێنرێت کە ئیدی مرۆڤان ناچار نەبن لە دراوسێکانیان بترسن. ئەویدیکەیان بەندە بەو گریمانەیەوە کە ئایندەی دیستۆپی بەناچاری دێت و مرۆڤیش دەبێت بەگوێرەی ئەوە خۆی بۆ ئامادە بکات.
ت-ئۆنلاین: ئایا شیمانەی دووەم بە مەسک دەگونجێت؟
سڵۆبۆدیان: بەتەواوی. من جەخت نیم لەوە کە ئەو بەگشتی توانای بۆ شێوازی دیکەی هزرین هەبێت. ئەزموونەکانی مەسک کە لە ئەفریکای باشوور کردوونی، لە ئاڵوگۆڕدان لەتەک نێوەرۆکی ئەو گەمانەی کۆمپیوتەردا کە ئەو دەیانکات. گەمەکان جیهانانی وردوخاشبوو و کەتواران دادەڕێژن کە تێیاندا دەبێت مرۆڤ بۆ خاتری خۆهێشتنەوەی دەستبەجێ لەدژی هەڕەشەگەل پەرچەکردار بنوێنێت. لەبەرئەوە مەسک جددیەتی پێویستی نییە بۆ ئەوەی مامەڵە لەتەک ئەو واتا و بەرپرسیارێتییەدا بکات کە پێگەکەی لەتەک خۆیدا دەیهێنێت. بڕوانن لەو شتانە کە بۆ سەر X پۆستیان دەکات. تەنیا ئایندە دەری دەخات کە شتەکان چۆن گۆڕانیان بەسەردا دێت.
ت-ئۆنلاین: تازە دەمی دەستبەکاربوونی ترەمپ دەستی پێکردووە. ئایا دەکرێت وردتر ڕوونی بکەنەوە کە داخۆ چوار ساڵی ئایندە چی بهێنن؟
سڵۆبۆدیان: پلانە دانراوەکان بێچەندوچوون بریتین لە: کرداری زەبرمەند لە سیاسەتی کۆچبەریدا کە پێدەچێت لە لایەک هەندێک بەشی دانیشتوان بەرهەڵستیی بکەن و لە لایەکی دیکەوە بەر ئاستەنگی یاسایی بکەوێت. بەبێ ئەو دوازدە ملیۆن کۆچبەرە نایاساییە کە ترەمپ دەیەوێت دێپۆرتیان بکاتەوە، بەدەگمەن کایەی ئابووری کارایی گونجاوی خۆی دەنوێنێت. ترەمپ بەوەی دەزانی گەر کەمێک بیری لەوە بکردایەتەوە. من لەپاڵ ئەم شانۆ ناتیڤیستییەدا (شەڕکەرەدا بۆ دانیشتوانی ڕەسەنی خۆ لەدژی کۆچبەرێتی – و) چاوەڕوانی سیاسەتێکی دڕندەی بازرگانی دەکەم کە پشت بە سزادان و گومرگ دەبەستێت وەک چەکی دیپلۆماتییەکی هێرشبەر (ئەگرەسیڤ). ترەمپ لە ڕووی جیۆپۆلیتیکییەوە لە ئایندەدا بە پاداشت و سزا کاردەکات.
ت-ئۆنلاین: کەواتە ئایا ئەوە بریتی دەبێت لە سەردەمێکی لەبار بۆ نیۆلیبەرالان و لیبەرتێران و نیهیلیستان؟
سڵۆبۆدیان: هیچ گومانم لەوە نییە. لە سەردەمی جەنگی سارددا ژمارەیەکی زۆر هزرڤان و هۆشچالاکی (ئینتەلێکتوێلی) نیۆلیبەرال هەبوون بە کارایی سیاسییەوە، ئەوان بەتایبەتی گرنگییان بەوە دەدا داخۆ چۆن بتوانن بەسەر ئالەنگارییە چەپڕەوەکاندا زاڵ ببن و بییانوەستێنن. وەلێ ماوەیەکە پێناسەی نیۆلیبەرالیزم تا ئەو ڕادەیە گۆڕانی بەسەردا هاتووە کە نوێنەرەکانی دوژمندیدییە سەرەکییە گەلەکییەی خۆیان وەرگۆڕیوە.
ت-ئۆنلاین: پێدەچێت پارێزەرانی کەش دوژمنە نوێ هەڵبژێرراوەکان بن؟
سڵۆبۆدیان: تەواو ئەهایە. ئەوانە چیدی کۆمونیستەکان نین، بەڵکو کەسانی ئەوتۆن کە بۆ نموونە بایەخ بە پاراستنی ژینگە و فێمینیزم و یەکسانی دەدەن. من لە کتێبە نوێکەمدا بە ناونیشانی “Hayek’s Bastards” کە مانگی ئەپریل بڵاودەکرێتەوە، لەو بارەیەوە دەنووسم. هەندێک کەس شادمانن بەوە کە ترەمپ-ێک هەیە وەک جەنگاوەر لەدژی مارکسیزمێکی کولتووری و پەرەسەندنی ئەو ژینگەپارێزی و کەشپارێزییە کە ڕەنگە گەشەی ئابووری بخنکێنێت.
ت-ئۆنلاین: وەلێ مەسک، سەرباری هەموو ڕەخنەیەکی ڕەوا لەو، بە پێشخستنی کارۆئۆتۆمبێل زۆری بۆ کەشپارێزی ئەنجام داوە.
سڵۆبۆدیان: بەڕاستی لەمەدا ئیرۆنییەک هەیە. پێشکەوتنخوازان بەگشتی هۆیان هەیە بۆ ئەوەی هیوادار بن مەسک لە کوالیسیۆنەکەی ترەمپدا بمێنێتەوە. یەکەم، ئەو هێزێکە بۆ وەرچەرخان لە دابینکردنی وزەدا (لە وزەی بەردەنی و ئەتۆمییەوە بۆ وزەی ژینگەپارێزی بەرهەمهێنراو بەتایبەتی لە با و ئاوەوە – و)، کەسێکە کە بەرانبەر کارەباویکردن و کەمکردنەوەی کاربۆن زۆر کراوەترە لە هەر کەسێکی دیکەی نێو تیمەکەی ترەمپ. دووەم، ئەو لە سیاسەتی چیندا بەزۆریی کۆترە وەک لەوەی هەڵۆ بێت، چونکە دەیەوێت لە بازاڕی چیندا بمێنێتەوە. دەشێت مەسک بتوانێت خۆی وەک نێوانێك تیژیی چەند لێوارێکی پرۆگرامەکەی ترەمپ خڕبکات. ئەوەش بەڕاست بزوێنەر دەبێت کە داخۆ ناکۆکییەکانی نێو کوالیسیۆنەکەی ترەمپ زیاتر پەرەبسێنن. ئاخر ستیڤ بێنن ی هاڕدلاینەر (توندئاژۆ) لە ئێستاوە لە مەسەلەکانی کۆچبەریدا لەتەک مەسک تێکچووە.


کوین سڵۆبۆدیان ساڵی 1978 هاتۆتە جیهانەوە، مامۆستای مێژووی نێودەوڵەتییە لە زانستگەی بۆستن. ئەو کە مێژووناسێکی کەنەدییە، پسپۆری مێژووی نیۆلیبەرالیزمە. ئەو لەبارەی ئەم مژارە کتێبە زۆر ڕەچاوکراوەکانی بڵاوکردەوە: “گلۆبالیستەکان. کۆتایی ئیمپراتۆرییەکان و لەدایکبوونی نیۆلیبەرالیزم” و “سەرمایەگەری بەبێ دێمۆکراتی”. 15 ئەپریلی 2025 کتێبە نوێکەی بڵاودەبێتەوە، بە ناونیشانی:
„Hayek’s Bastards. Rece, Gold, IQ, and the Capitalism of the Far Right”.

سەرچاوە:
https://www.t-online.de › Politik › Ausland › USA


فەرهەنگۆک
AfD: (Alternative für Deutschland / ئەلتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا) پارتێکی نوێی ڕاستڕەوە بە ڕەهەندی نیۆنازیانەوە، تەنانەت لە ئاستی باڵایدا کەسانی نیۆنازی هەن.
ئاپارتاید: سیستەمی سیاسیی ئەفریکای باشوور لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا کە ڕەگەزەکانی (پێستسپی و پێستڕشی) جودا لەیەک دادەنا. بە هەڵبژاردنەکەی 1994 کۆتایی بەو سیستەمە هات و سیستەمی حوکمداریی زۆرینە چەسپێنرا. سەردەمی دوای ئەوە ناودەنرێت پۆست-ئاپارتاید.
CDU: Christlich Demokratische Union Deutschlands / یەکێتی کریستیانی دێمۆکراتیانەی ئەڵمانیا، پارتێکی کۆنزەرڤاتیڤە و لە ڕووی سیاسییەوە وەک تەرەفی ناوەڕاست-ڕاست دەپۆلێنرێت.
ئەنارشۆکەپیتالیزم: ئیدیۆلۆگییەکی ڕادیکالە کە داوا دەکات سەرجەم ڕێکخراوی جڤاکی لە لایەن گرێبەست و پەیوەندییە خۆخوازەکانی بازاڕی ئازادەوە دیاری بکرێت.
ئینتەرتەینەر: لە بنەڕەتدا کەسێکی هونەرمەندی بدووە کە جمهورەکەی ئاسوودە و کەیفخۆش دەکات، بۆ نموونە کابارێتیستەکان.
لیبەرتێر: خۆشویستەری ئازادی، ئازادیخواز، داوا دەکات کە جڤاک بەگوێرەی بازاڕی ئازاد بسازێنرێت، چونکە تەنیا بەو شێوەیە خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان فەراهەم دەکرێت. هەموو دەستتێوەردانێکی دەوڵەت لە کایەی ئابووری ڕەتدەکاتەوە، سیستەمی گلۆبالی هەنووکەی جیهان بە سۆسیالیستی دادەنێت.
سۆسیال-دارڤینیزم: جیهانبینییەکە کە تیۆریی ئێڤۆلوسیۆنی (گەشەسەندنی) چارلس داروین بەسەر جڤاکدا بەکاردەبات، وایدادەنێت توێژی سۆسیال و گروپی ئێتنی هەن کە بیۆلۆگییانە کەمتر لە گرووپی دیکە گەشەیانکردووە.
سۆسیالیزەکردن: بەکەسکردن (پێرسۆنالیزاسیۆن)، پرۆسەیەکە کە لە ڕەوتیدا مرۆڤی بیۆلۆگیانە جۆردراو لەنێو خێزانی ناوکی و لە فێرگە کاری تێدەکرێت خۆی بە نۆرم و بەها و هەڵوێستى نێوکەسییانەی جڤاکەکەی بگونجێنێت، هەروەها خۆی پێوەیان خەریکبکات تا کەسێتییەکەی گەشەبسێنێت و ببێت بە هاوڵاتییەکى بەتوانا.
SPD: Sozialdemokratische Partei Deutschlands / پارتی سۆسیالدێمۆکراتیی ئەڵمانیا، لە ڕووی سیاسییەوە وەک تەرەفی ناوەڕاست-چەپ دەپۆلێنرێت.




ئایا كابینەكەی ترامپ، كابینەی بلۆتۆكراتەكانە؟.. عەلی مەحمود محەمەد

هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەمەریكا 15 ملیارو 951 ملیۆن دۆلاری تێچوو بوو, پڕ تێچووترین هەڵبژاردن بوو لە مێژووی مرۆڤایەتی بە هەڵبژاردنەكانی پێشووی ئەمەریكاشەوە, لە دامەزراندنەوە بۆ هەنووكە, هەڵبژاردنێك رۆڵی پارە رۆڵی سەرەكی بوو لە یەكلاكردنەوەی كورسی.

ئۆلیگاریشییەكان و هەڵبژاردن

بەخشش رۆڵی سەرەكی دەگێڕێت لە یەكلا كردنەوەی ململانێكان بۆ بەدەست هێنانی كورسی, ئیلۆن ماسك 259 ملیۆن دۆلاری بەخشی بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی ترەمپ, ئەمازۆنیش 40 ملیۆن دۆلاری بەخشی بە بەرنامەیەك خانمی یەكەمی ئەمەریكا بەرهەمی دێنێت, ئەوانی دیكەش بۆ مەراسیمی سوێند خواردنەكەی زۆریان بەخشی.
تەنانەت زۆر لە كۆمپانیاكان هەڵوێست و باوەڕی خۆیان لەسەر بازرگانی, گۆڕانی ژینگە, یەكسانی لە ژینگەی كار , و … گۆڕی, لە نەیاری ترامپەوە 180 پلە گۆڕان بۆ لایەنگری.
لەكاتی مەراسیمی سوێند خواردنەكەی ترامپ لە هۆڵی رۆتۆندا لە كاپیتۆڵ ژمارەیەك زۆر لە گەورە ملیاردێرەكان كۆبوونەوە, وا دەورەیان دابوو, دەتووت لەبەرەی جەنگدان, وەك جەنەرالی جەنگ دەركەوتن, ترامپیش وەك ناپلیۆن نمایشكرا, لۆید بلانكفاین بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پێشووی گۆڵدمان ساكس گەڕانەوەی ترەمپی بۆ سەر شانۆی جیهانی، دوای یەكەم خولی سەرۆكایەتی ، بەراورد كرد بە گەڕانەوەی ناپلیۆن ئیمپراتۆری فەرەنسا دوای ساڵێك لە دەربەدەری لە دوورگەیەكی ئیتاڵیا لە ساڵی 1915.
لە وێنەیەكدا كە چوار كەسایەتی لە كاتی سوێند خواردنی ترامپ پێكەوە دەركەوتن, وێنەكە بووە جێگای باس لە تۆڕە كۆمەلایەتییەكان, ئەوانیش بریتی بوون لە ” ئیلۆن ماسك, جیف بیزۆس و مارك زوكربیرغ و ساندر بیهشای:” , ئەوان پێكەوە خاوەندی 884 ملیار دۆلار و چوار كۆمپانیای تەكنەلۆژیای بە بەها بوون, سەرمایەكەیان دەكاتە دووجار داهاتی نەتەوەیی وڵاتێكی وەك بەنگەلادیش, كە ژمارەی دانیشتووانی 176 ملیۆن كەسە, ئەو وێنانە هێمایەك بوون بۆ ئەوەی بزانین حكوومەتەكەی ترامپ نوێنەرایەتی كێ دەكات, ئەمانە ئەمساڵ هیچیان بەشداری دافۆس 55یان نەكرد, مەست بوون بە مەراسیمی سوێند خواردنی ترامپەوە.
تایبەتمەندییەكی دیار لە سەرۆكایەتی دووەمی ترەمپ كە بە ڕوونی لە مەراسیمی سوێندخواردنەكەدا نمایشكرا، زۆرینەی نەیارەكانی پێشووی لە دەوری كۆببونەوە, پشتگیرییە چەواشەكارییەكانی ترەمپ بوو لەلایەن ملیاردێرە تەكنەلۆژییەكان و دەوڵەمەندە گەورەكانەوە, ڕۆڵی ناوەندی كە ئیلۆن ماسك دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان و ملیاردێرەكانی دیكە لە بواری بەڕێوەبردندا دەیگێڕێ، وا دەكات سیستەمەكە وەك پلۆتۆكراسییەك دەربكەوێت, نیگەرانییەكی ڕەوا هەیە كە یارمەتییەكانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و ڕێوشوێنەكانی چاودێری كۆمەڵایەتی و چاودێری تەندروستی و …. ببنە قوربانی ئەو هەوڵانەی كە بۆ كەمكردنەوەی قەبارەی حكومەتی فیدراڵی و خەرجییە كۆمەڵایەتییەكان دەدرێت, ماسك بۆ ئەنجامدانی ئەوكارە رێپێدراوە. ئەم ئیدارەیە دەستی كۆمپانیاكان ئازاد دەكات بۆ پاراستنی بەرژەوەندی كۆمپانیا گەورەكان, یەكێك لە هەنگاوەكان لەم بوارەدا كەمكردنەوەی باجی كۆمپانیاكانە لە 21% ەوە بۆ 15% .

دەسەلات بەرەو چ ئاراستەیەك
پەرەسەندنی خێرای سستەمی دەسەڵاتداری بەرەو سیستەمی ئۆلیگارشی جیهانی، كە گروپێك ملیاردێر بەشێكی زۆری ئابووری جیهانیان كۆنترۆڵ كردووە, ساڵانە دەسەڵاتی ئۆلیگارشی جیهانی زیاتر قێزەونتر دەبێت, ئەمە ئەو واقیعە سیاسی و ئابوورییە سەختەیە كە دەبێت ڕووبەڕووی ببینەوە, ماسك دەستێوەردان لە ژیانی سیاسی وڵاتان دەكات, ترامپیش هەڕەشە لە دانمارك و كەنەداو پەنەما .
لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هەرگیز ئەوەندە مارە كەمەی مرۆڤ, پارەی ئەوەندە زۆریان نەبووە, لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هیچ كاتێك جیاوازییەكی وا لە داهات و ساماندا نەبووە لە نێوان تاك وڵاتاندا, لە مێژوودا هەرگیز چڕبوونەوەی خاوەندارێتی هێندە گەورەو زەق نەبووە, لە مێژوودا هیچ كاتێك چینێكی ملیاردێر هێندە بەهرەمەند نەبووە لەو دەسەڵاتە سیاسییەی كە ئێستا هەیانە, هیچكات شاهیدی ئاستێكی وا لە تەماح و چاوچنۆكی و نابەرپرسیارێتی لە نێو چینی دەسەڵاتداردا نەبووین وەك ئێستا , ئەوەی ئێستا هەیە لە جیاوازی سامان, ئەوەی ئێستا روودەدات هیچكات نموونەی لە رابردوودا نەبووە لە وێرانكاری ژینگە, دەوڵەمەند بوون, قۆرخكاری, جەنگ و كوشت و بڕ……. .
زیاد بوونی كاریگەری سیاسی سەرمایەداران و كۆمپانیاكان بەهۆی زیاد بوونی سەرمایەكانیانەوە, ئەم دەسەڵات و كاریگەریەش بەكار دەهێننەوە بۆ دەوڵەمەند بوونی زیاتر و زیاد بوونی جیاوازی, جیهان بەرەو جەمسەرگەری زیاتری چینایەتی دەبات.
دەوڵەتان دەسەڵاتیان ڕادەستی قۆرخكارەكان كردووە، ڕێگە بە كۆمپانیاكان دەدەن كاریگەرییان لەسەر ئەو كرێیە هەبێت كە بە خەڵكی دەدەن، هەروەها نرخی ئەو خۆراك و دەرمانانەی كە تاكەكان دەتوانن دەستیان پێ بگات, وە ئەو بودجەیەی بۆ كەرتەكانی تەندروستی و پەروەردەو پشتیوانییە كۆمەڵایەتییەكن دەكرێت.
نایەكسانی دیموكراسی توشی قەیران دەكات و لە كاری دەخات, هەر ئەم نایەكسانیەیە هۆكاری دەنگ نەدان و بایكۆتكردن لە جیهاندا, متمانە نەماوە بە سستەمێك سەرچاوەی ئەم وەحشیەتەیە, سستەمی پەرلەمانی لە كار كەوتووە, ئەوانەی دایان هێنا, هەر خۆشیان مراندیان بە یاسای كوشتنی بە بەزەیی.

كەمكردنەوەی باج
لایەنێكی دڵخۆشكەری دەسەڵاتی ترەمپ كەمكردنەوەی باجە لەسەر سەرمایەداران, بڕیار وایە تا 10 ساڵی دیكە نزیكە 8 ملیار دۆلاریان بۆ بگەڕێنێتەوە لە رێگای كەمكردنەوەی باجەوە.
رۆژ بە رۆژ سەرمایەداری جیهانی رێژەی باج كەم دەكاتەوە, لە ئێستا جەمسەرێكی سیاسی بەهێزو بەرفراوانی نەیاری سستەمی سەرمایەداری لە ئارادا نییە, بۆیە سەرمایەداری جیهانی پێویستی بە حكومەتی خۆشگوزەران سۆسیال نەماوە, ئەوانەی هەن لە لیبراڵ و راستگەرا نەتەوەیی و ئیسلامی سیاسی و … هەموو لەیەك كانی ئاو دەخۆنەوە لایەنگری سستەمی سەرمایەدارین, كەمكردنەوەی باج و بەتایبەتیكردنی كەرتە گشتییەكان تایبەتمەندی هاوبەشی هەموویانە, رێژەی باج لە ساڵی 1970 بە رێژەی 62% بوو, لە ساڵی 1980 دابەزی بۆ 48%, لە ساڵی 2022 دابەزیووە بۆ 23,1%, ئێستا ترامپ دایبەزاندووە بۆ 15%. لە وڵاتانی تازە گەشەكردوو 28% و لە وڵاتێكی وەك بەرازیل تەنها 10% یە.
دەوڵەمەندەكانیش نەك تەنها رێژەی باجیان بۆ كەمكراوەتەوە, بگرە 7600 ملیار دلاریان لە 2500 شوێنی جیهان لە باج شاردۆتەوە وەك ئاشكرا بوو لە پەناما گێت, بەشێوەی گشتی ئێستا دەوڵەمەندەكان و كۆمپانیاكان باجی كەمتر دەدەن وەك لەوكات, بگرە بە كۆمەڵ وڵاتان بڕیار لەسەر كەمكردنەوەی باج دەدەن.
بایدن هەڕەشەی باجی زیاتری دەكرد لە ئەو سەرمایەدارانەی سەرمایەكانیان لە سەروی 100 ملیۆن دۆلارەوە بوو, بەڵام ترەمپ 8%ی بۆ كەمكردنەوە, جگە لە ئیمتیازاتی دیكە.

ئۆلیگارشیەكان بۆ هەڵوێستیان گۆڕی

بایدن لە كۆتا وتاری ماڵئاوایی مەترسی باڵادەستی ئۆلیگارشییەكانی كرد, كە دیموكراسیەتی ئەمەریكا بخەنە ژێر پرسیارەوە, لەو كاتەی هەموویان لە پاڵ ترامپا خۆیان و هاوسەرەكانیان ریزیان بەستبوو.
لە مانگی ئازاردا بایدن پێشنیاری باجی سەروەت و سامانی كرد بەسەر دەوڵەمەندەكان بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجەی وڵات، بەپێی پلانەكەی كە بەڵێنی دا ئەگەر دووبارە هەڵبژێردرێتەوە جێبەجێی بكات، لە بەڵێنەكەی هاتبوو ئەو ئەمریكییانەی سامانیان لە سەرووی ١٠٠ ملیۆن دۆلارەوەیە، بە ڕێژەی لەسەدا 2 باجیان لە سەرە.
هەروەها دوای ئەوەی بایدن هەڵوێستێكی توندتری لەبارەی كۆممپانیا زەبلاحەكانی سلیكۆن ڤالی گرتەبەر، ئەوان بەرەو ترامپ خزان, هەموو ئیدعاكان پێشوویان درۆزنانە دەرچوو.
بایدن لە سەرەتای دەست بەكاربوونی ڕێبازێكی توندی بەرامبەر بە كۆمپانیاكانی تەكنەلۆژیا نا، هەوڵیدا بەكارهێنەران لە بەرزبوونەوەی نرخەكان بپارێزێت.
لە میانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢٠دا، بایدن جەختی لە پاڵپشتی خۆی بۆ یاسای توندی دژ بە ئیحتیكار دەربڕی, كۆنترۆڵی ئەو كۆمپانیا زەبەلاحانە و دابەشكردنیان ئەگەر پێویست بكات لە ڕێگەی ڕێكاری یاساییەوە.
ئیدارەكەی هەمیشە ئیرادەیان نیشان داوە بۆ چاودێریكردن و دادگاییكردنی كۆمپانیا گەورەكانی وەك ئەمازۆن ، مایكرۆسۆفت، و گووگڵ , و “مێتا”.
هەروەها دەیەویست كۆنترۆڵی مەترسییەكانی زیرەكی دەستكرد بكات.
هەروەها بایدن فشاری دەكردە سەر تۆرشە كۆمەڵایەتییەكان چاودێری هەواڵی ناڕاست و درۆ بكەن, كە بایدن نەما مێتا رزگاری بوو, بەناوی ئازادییەوە ئێستا ئازادە لە بڵاوكردنەوەی هەواڵ و زانیاری ناڕاست.
ئەوە ڕوون بووەتەوە كە كۆمپانیا زەبەلاحەكانی تەكنەلۆژیا و سۆشیال میدیا خوازیار بوون رزگاریان بێت لە بایدن و پەیوەست بن بە هەوادارانی ترامپەوە بۆ ئەوەی لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا بەرژەوەندییەكانی كۆمپانیاكانیان بەرەوپێش ببەن.
لە دیارترین ئامادەبووانی سوێند خواردنی ترامپ مارك زوكەربێرگ بوو كە پەیوەندییەكەی لەگەڵ ترامپ لە خولی پێشووی سەرۆكایەتی لە خراپترین ئاستیدا بوو، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەكاونتەكانی ترەمپی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك و ئینستاگرام داخست دوای پەلامارەكەی كاپیتوڵ لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١, ئێستا ئەو چاوی لەسەر داخستنی تیك تۆكە, كە گەورەترین ركابەری میتایە, هەروەها بە بڕی 25 ملیۆن دۆلار رێك كەوت لەگەڵ ترەمپ بەرامبەر بە سكاڵاكەی.
پەیوەندییەكانی ترەمپ لەگەڵ سلیكۆن ڤالی بە درێژایی یەكەم سەرۆكایەتییەكەی گرژ بووە و بە درێژایی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی ساڵی ٢٠٢٤ درێغی نەكردووە لە ڕەخنەگرتن لە كۆمپانیاكان, بەڵام ئێستا بەرژەوەندییە هاوبەشەكانیان وای كردووە موو بە بەینیانەوە نەچێت.
جێگەی سەرسوڕمانە كاتێك ترەمپ لە خولی یەكەمی سەرۆكایەتی لە كۆشكی سپی بوو, هەموو كەسە دیارەكانی سلیكۆن ڤالی بانگهێشت كرد بۆ ئەنجومەنی تەكنەلۆژیای ئەمریكی، لە ناو ئامادە بوواندا ئیلۆن ماسك نەبوو, بانگی نەكردبوو بۆ ئەو دیدارە.
تەنانەت تاكو مانگی ئازاری 2024، ماسك ڕەتیدەكردەوە پشتگیری لە ترەمپ بكات, هەڵوێستەكەی وەك ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بوو لە ژێر فشاری خاوەندەكەیجێف بیزۆس خاوەندی ئەمازۆنە, لە مانگی تەمموزدا- دوای هەوڵی تیرۆركردنی ترامپ لە شاری باتلەر لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا- ماسك هەڵوێستی خۆی گۆڕی و لە تویتێكدا پشتگیری تەواوی خۆی بۆ ترەمپ دەربڕی و هیوای زوو چاكبوونەوەی بۆ خواست.
ئەم گەورە سەرمایەدارانەی تەكنەلۆژیای سلیكۆن ڤالی لەناو خەڵكدا شەرمەزار دەركەوتن بەهۆی ئم گۆڕانكارییە خێرا هەڵپەرستانەوەیان, بەهۆی ئەوەی ئەمانە پێشتر بە مەیلی سیاسی پێشكەوتنخوازانە ناسراون, ڕاپرسییەكی گرێگ فێرنشتاین دەریخست كە سەركردەكانی سلیكۆن ڤاڵی زۆر لیبڕاڵ بوون لە پرسە كۆمەڵایەتییەكان, ئەوان دژی سزای لەسێدارەدان بوون، پشتگیرییان لە مافی هەڵبژاردنی ژنان و یاساكانی كۆنترۆڵكردنی چەك و مافی هاوڕەگەز بازان دەكرد و تاڕادەیەكی زۆر پشتگیرییان لە سیاسەتەكانی دووبارە دابەشكردنەوەی سامان دەكرد، لەوانەش باجی زیاتر لەسەر دەوڵەمەندەكان و چاودێری تەندروستی گشتگیر بۆ هەژاران، هەروەها بانگەشەیان بۆ یاساكانی كۆچبەری سنووردار دەكرد, بۆیە زۆر لە چەپی ناو پارتی دیموكراتی نزیك بوون, بەڵام لە دوو بواردا ناكۆك بوون لەگەڵ باڵی چەپی ناو دیموكرات بە تایبەت زۆر دژی سەندیكاكانی كرێكاران و كۆنترۆڵی توندی حكومەت بوون, ئێستا هەموو باوەڕو ئامانجەكان خۆیان گۆڕییەوە بە بەرژەوەندی, لە كاتێكدا ئەگەر 99%ی هەموو سەروەتەكەشیان لە دەست بدەن, تا مردن لە پاشا پاشاتر دەژێن.

پێكهاتەی كابینەكەی ترامپ

بە پێی ئامارێكی گۆڤاری فۆربس, هەموو سامانی ئیدارەی بایدن سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا 118 ملیۆن دۆلار زیاتر نەبووە, هەرچەندە بایدنیش نمایندەی ئۆلیگارشییەكانی ناو دیموكرات بوو لە ترسی هاتنی بیرنی ساندەرز و باڵی زۆر چەپی ناو دیموكراتەكان.
بەڵام پێكهاتەی ئەم ئیدارەیەی ترامپ دەرخەری ئەو ڕاستییەیە كە بەرهەمی هەڵبژاردنێكە كە ملیاردێرەكان زیاتر لە جاران لە مێژووی ئەمریكادا بەخششیان داوەو بەتایبەت بە كۆمارییەكان, وە ئێستا بە زەقی رۆڵیان لە كابینەكەدا دەردەكەوێت.
ئەمەش پێكهاتەی ئیدارەی ترامپ, وە بڕی سەرمایكەیانە:

  • دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، بڕی 5.4 ملیار دۆلار.
  • ئیلۆن ماسك، هاوسەرۆكی وەزارەتی كارایی حكومەت (DOG)، 423 ملیار دۆلار.
  • ڤیڤێك ڕاماسوامی، هاوسەرۆكی وەزارەتی كارایی حكومەت (DOG)، یەك ملیار دۆلار.
  • سكۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریكا، دانی بەوەدانا كە ملیاردێرە.
  • هاوارد لوتنیك، وەزیری بازرگانی، دوو ملیار دۆلار.
  • لیندا مەكماهۆن، وەزیری پەروەردە، 2.6 ملیار دۆلار.
  • دۆگ بورگوم، وەزیری ناوخۆ، یەك ملیار و 100 ملیۆن دۆلار.
  • مەسعەد بولۆس، ڕاوێژكاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خۆی بە ملیاردێر ناساندووە.
  • ستیڤن فاینبێرگ، جێگری وەزیری بەرگری، پێنج ملیار دۆلار.
  • وارن ستیڤنز، باڵیۆزی ئەمریكا لە لەندەن، بڕی ٣.٣ ملیار دۆلار.
  • چارڵز كوشنەر، باڵیۆزی واشنتۆن لە پاریس، 2.9 ملیار دۆلار.
  • جارێد ئیزكمان، كارگێڕی ناسا، بڕی یەك ملیار و ٩٠٠ ملیۆن دۆلار.
  • كێلی لۆفلێر، كارگێڕی بازرگانی بچووك، یەك ملیار و 100 ملیۆن دۆلار.
  • دەیڤید ساكس، بەڕێوەبەری AI و Cryptocurrency، ملیاردێر.
  • كریس ڕایت، وەزیری وزە، بڕی ١٧١ ملیۆن دۆلار
  • ستیڤن ویتكۆف، نێردەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلار.
  • محەمەد ئۆز، بەڕێوەبەری چاودێری پزیشكی، بەلایەنی كەمەوە ١٠٠ ملیۆن دۆلار.
  • فرانك بیسینان، كۆمیساری ئاسایشی كۆمەڵایەتی، زیاتر لە 900 ملیۆن دۆلار.
    هەروەها ئەوە ماسك بوو كە پێشنیاری كرد ترەمپ ج د ڤانس وەك هاوڕێی كاندیدكردنی هەڵبژێرێت بۆ پۆستی جێگیری سەرۆك كۆمار, هەرچەندە تارمایی ماسك وەك سەرۆكی سێبەر شەوقی جی دی ڤانسی نەهێشتووە.
    هەروەها ئیلۆن ماسك بە بەخشینی 259 ملیۆن دۆلار بە هەڵمەتی هەڵبژاردنی ترامپ, وێڕای كەڵك وەرگرتن لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس, یەك بە سەدی تا ئێستا بەدەست هێناوە, جگە لە دەسەڵاتی سیاسی.
    لەوەی باسمان كرد دەردەكەوێت حكومەتەكەی ترامپ حكومەتێكی بلۆتۆكراتییە و بەرژەوەندی ئۆلیگارشییەكانی ئەمەریكا دەپارێزێت, ئەوەی لینین لە پێناسی دەوڵەتدا زیاتر لە 108 ساڵ لەمەوپێش كردی بۆ ئەوڕۆ تەواو راستە” دەوڵەت ئامرازێكە بە دەست چینێكەوە بۆ سەركوتی چینەكانی دیكە”.



جۆلانی, پیاوە مەترسیدارەكە.. عەلی مەحمود محەمەد

هەرچەندە لەوەتەی هاتۆتە كۆشكی كۆماری بەردەوام بزەیەكی نەرم لەسەر دەمو چاوێتی, بۆینباخی حەریر لە ملیەتی, ئارام و بێدەنگ خۆی دەنوێنێت و سەر دەلەقێنێت, كەمیش قسە دەكات, بەڵام رابردووی پڕە لە زەبروزەنگ و خوێن و ململانێ و سەركوتی نەیاران و دۆستەكانی و سەپاندنی هژمۆنیا لە كۆمارەكەی رابردووی ئەدلەبستان, پیاوێكی ئاڵۆزی ستەمكارە.
ئەحمەد شەرع دوای ئەوەی لە 8ی مانگی رابردووو بە پشتیوانی راستەوخۆی توركیا و قەتەر و زەمینە سازی ئیسرائیل و پشتیوانی ئەمەریكا گەیشتە دەسەلات, لە لایەكەوە بە روكەش دڵنەوایی بە پێكهاتەكانی سوریا و گروپەكانی دیكە دەدات, لە لایەكی دیكەوە لە سەركوتی بێ پەردەو سەپاندنی دەسەڵاتێكی رەش بەردەوامە, دەستی هێزەكەی لە سەركوت و كوشت و بڕو تاڵان و بڕۆ ئاوەڵا كردووە, لە لایەكەوە پەیمانی سوپای یەكگرتوو و دەسەلاتی یەكگرتوو دەدات, لە لایەكی دیكەوە پێچەوانەكەی جێبەجێدەكات دەسەلاتی یەك حیزبی و سوپای یەك رەنگی و پۆلیسی یەك باوەڕی دەسەپێنێت, بە پێچەوانەی وەعدو بەڵێنەاكن رۆژانە بڕیاری نوێ دەردەكات بۆ چەسپاندنی ئەوەی دەیەوێت, لە بری سێ مانگ بۆ هەڵبژاردن كردی بە چوار ساڵ و 3 ساڵ بۆ نووسینەوەی دەستوور, وەڵامی فەرەنسییەكانیشی بەسەر لەقاندنێكیش نەدایەوە كە هاوكاری سوریا بكەن بۆ نووسینەوەی دەستوور, چونكە نایەوێت ئەوان دەستووری بۆ بنووسنەوە, چونكە لە حكومەتەكەی ئەدلەبستان شەریعەتی ئیسلامی تاكە سەرچاوەی دەستوور بوو.
لە رابردوو ئەزموون هەیە, كۆبونەوەی رێكەوتی 11-9-2017 بۆ دامەزراندنی حكومەتی ئینقازی سوری, وەڵامی سوریای دیموكرات و حكومەتی كاتی سوریا نەدایەوە لە نووسینەوەی دەستورێكی هاوچەرخ, بۆیە ئەوانیش رەتیان كردەوە بەشداری حكومەتی ئینقازی نیشتمانی لە ئەدلەب بكەن, هەنووكە هەر نایكات, جیاوازییان لە گەڵ داعش ئەوەیە لە بری خەلافە بەرفراوانە جیهانییەكەی داعش, ئەوان حكومەتێكی ئیسلامی بە بەرنامەی داعشیان لە چوارچێوەی جوگرافیای سوریا دەوێت.
باسی فرەیی و دیموكراتیەت دەكات, بەڵام وەزیرەكانی هەموو لە گروپی كۆنی قاعیدەن لەناو هەیئەی تەحریری شام, هەموو لە منداڵدانی قاعیدەوە هاتونەتە دەر, جیناتەكانیان ئاوێتەی تایبەتمەندییان بووە.

مەكتەبی ژنان

ناوەندێكی بە ناوی مەكتەبی ژنان بە سەرپەرشتی عائیشە دبس كردۆتەوە, گوایە مافی ژنان دەستەبەر كراوە, لێ ناوبراو باوەڕی بە چەسپاندنی شەریعەتی ئیسلامییە و دژی حكومەتی مەدەنی و رێكخراوەكانی ژنانە, لە توێتێكدا نووسیویەتی: گەلی سووریا پێویستیان بە جیاوازی نییە و ئێمەش ڕێگا بە باوەڕ و فكری جیاواز لە وڵات نادەین.
لە رابردوو لە حكومەتی ئینقازیشدا مەكتەبی ژنانیان هەبووە, واتە نوێ نییە, هیچ كاتێك لە حكومەتەكەی جۆلانی لە ئەدلەب بۆ رۆژێكیش بێت ژنان پۆستی سیادی یان وەزارەتیان وەرنەگرتووە, یەكەم و دوا پۆست و دوا كەس هەر ئەوەندەیە بۆ ژنان لە داهاتووی سوریای محەمەد جۆلانی.

گواستنەوەی حكومەت لە ئەدلبستانەوە بۆ دیمەشق

دوای 8ی دیسەمبەر شەرع حكومەتەكەی خۆی لە ئیدلبەوە گواستەوە بۆ كۆشكی كۆماری, هەموو پێكهاتەو لایەنە چەكدارەكانی دیكە لە بەشداری حكومەت تەنانەت لە بەخشینی پۆستی سەربازی بێبەری دەكات, لە كۆی بەخشینی 17 پۆستی سەربازی 13یان درایە كۆنە قاعیدەكان, لەو 13یەش حەوتیان بیانین,4 كەسەكەی دیكەش زۆر نزیكن لێیانەوە, لە كاتێدا پۆستی سەربازی بە بیانییەكان دەبەخشێت, 6400 ئەفسەری سوری كە پەیوەندییان بە ئۆپۆزسیۆنەوە كردبوو لە رابردوو, زۆریان چەكیان هەڵگرتبوو دژی ئەسەد لایان لێ ناكاتەوە بە پۆستەكانی خۆشیانەوە, نەك بكرێنە ئەفسەری علوج.
هەروەها هەواڵگری بە گروپەكەی خۆی كۆنترۆڵ كرد, لە دوا هەنگاویشدا پەروەردەی گۆڕی بە مۆركێكی ئاینی, هەمان وانەیە كە لە ئیدلب پەیڕەو دەكرا, هەر لە مێژووەوە یاسای حەمورابی كە باوكی شەریعەتی جوو و ئیسلامە لە مەنهەجی خوێندن لادا, تیۆری پەرەسەندنی نەهێشت, زنوبیای لە مێژوو سڕییەوە, ئیمام عەلی نەما, یاسا بووە شەرع………هتد.

هەیئەو جۆلانی لە لیستی تیرۆردا

لە كاتێكدا مامەڵە لە گەڵ هەیئەی تەحریری شام و محەمەد جۆلانی دەكرێت, رۆژانە فلیمی پێشوازی و تەوقەو بزەو خەندەی شەرع دووبارە دەبێتەوە, كەچی هێشتا هیچ ولاتێك بە توركیاشەوە خۆی و پارتەكەی لە لیستی تیرۆر دەرنەكردووە.
هەیئەی تەحریری شام لە لیستی تیرۆری “ئەمەریكا, بەریتانیا, توركیا, كەنەدا, روسیا. ئەرجەنتین, نیوزلەندا, ئوسترالیا, یابان, ئەندەنوسیا, یەكێتی ئەوروپا و نەتەوە یەكگرتووەكان” دایە.
هەروەها ساڵی 2013 ئەمەریكا ئەحمەد شەرعی وەك تیرۆریست دایە قەڵەم, پاداشتی 10 ملیۆن دۆلاری دانا بۆ هەر كەسێك زانیاری لەسەر بدات بۆ دەستگیركردنی.
سەرۆكی ئەمەریكا بایدن بڕیاری دا هەیئەی تەحریری شام و محەمەد جۆلانی لە لیستی تیرۆردا بمێنن, بڕیارە قورسەكەی بۆ ترامپ جێ هێشت.

حكومەتەكەی شەرع لە ئەدلەب و سەركوت

هەیئەی تەحریری شام لە رابردووی زۆر نزیك گلاوەتە تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی, پێشێلی زەقی مافی مرۆڤ, كوشتنی دەرەوەی دادگا, پیادەكردنی ئیعدام, گرتن و ئەشكەنجەدانی نەیاران, چالاكوان, رۆژنامەنووسان, 22 جۆر ئەشكەنجەی لە زیندانەكانی لە كۆمارەكەی ئەدلبستانی پەیرەو كردووە.
بۆ ژنان, رێگای گەشتی لە ژنان گرتووە بۆ دەرەوەی ماڵ بە بێ مەحرەم, تاوانی دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر ژنانی زیندانییان پیادە كردووە, رێگا نەدان بەداواكردنی جیابوونەوە, رێگەنەدان بە خۆجوانكردن, رێگەنەدان بە خوێندنی ژنان, تەنانەت ئەو ژنانەنی منداڵیش بوونە كە شویان كردووە بچنە قوتابخانەو بخوێنن, هەروەها گرتنی بە كۆمەڵی ئەو ژنانەی خێزانی نەیارانی سیاسی حكومەتەكەیان بوونە.
لە ئەدلەبستان بە زۆر دورزییان كردووە بە ئیسلامی سونی, دەستیان بەسەر موڵكی كریستان و دورزییەكاندا گرتووە.
تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە لە چەكداركردنی مندالان, منداڵیان وەك خۆ كوژی بۆمبڕێژكراو , قەڵغانی مرۆیی و مرۆڤ كوشتن…. بەكار هێناوە.
كۆماری ئەدلەبستانەكەی شەرع, لە ماوەی 4 ساڵی یەكەمی دامەزراندنیدا, 505 كەسیان كوشتووە, 71یان منداڵ بوونە, 77یان ژن بوونە,22یان لە ژێر ئەشكەنجە مردوونە, تا كاتی روخانی حكومەتەكەی ئەسەد زیندانەكانی 2327 كەسی تێدایە بووە, كات و قەوارە بەراورد بكەین دەیان جاری رژَێمەكەی ئەسەد فاشی بووە.
سەركوتی ناڕەزایەتی خەڵك
بەهۆی پاوانكردنی بازرگانی خۆراك و سەپاندنی باجی زۆر بەسەریا, زنجیرەیەك ناڕەزایەتی لە ئۆكتۆبەرو نۆڤەمبەری 2019 ئەنجامدرا, بەهۆیەوە 5 كەس كوژران.
بەهۆی ناڕەزایەتی دژ بە سەپاندنی باج بەسەر رۆنی زەیتون, هاوولاتیانی شاری كفر قاسم نوێنەری حكومەتی هەیئەی تەحریر شامیان لە شار دەركرد , ئەوانیش ئابلوقەی شارەكەیان داو گولە بارانییانكرد.
بەهەمان شێوە سەركوتی قوتابیانی زانكۆی حەلەبیشیان كرد.
لە ساڵی 2020 پۆلیسی ئاینی دانا, وەك ئێران و تاڵیبان و سعودیە, بەلام زوو هەڵی وەشاندەوە, چونكە كۆمەڵگای سوری كۆمەڵگایەكی كراوەن قەبوڵیان نەكرد.

شەڕی ناوخۆیی
ئەوان نەك لە گەڵ هێزەكانی دەرەوەی ئیسلامی سیاسی, بگرە لەناو خۆی ئیسلامی سیاسی بەردەوام لە جەنگی ناوخۆیی لەگەڵ گروپەكانی دەرەوەی خۆیان و ناو خۆشیان بوونە.
لە گەڵ چەندین گروپی ئیسلامی دیكە بەردەوام لە جەنگدا بووە تا لە ئیدارەی ئەدلەب دەریانی كرد ( ئەحرار الشام, جیش وەتەنی سوری, داعش, لیواالاقسا”.
تەنانەت جێگرەكەی خۆی ابو ماریا ئەلقەحتانی و 300 لە یاوەرانی گرت, لە ململانێی ناو خۆیی بۆ دەسەڵات زیندانیانی كرد, دواتر بەهۆی ناڕەزایەتی خۆپیشاندان و فشاری توركیاوە ئازادیانی كرد, كە لە مانگی ئازاری 2024 دا خۆپیشاندانی گەورە كرا دژی حكومەتەكەی جۆلانی بە دروشمی بروخێ جۆلانی دژ بە زیندانی كردنی خەڵك و سەپاندنی باجی زۆر بەسەر خۆراكی هاوردە لە توركیاوە بە ناچاری ئازادیانی كرد.

پشتیوانانی هەیئەی تەحریری شام
هاوكاریكەرانی هەیئەی تەحریری شام بریتین لەم وڵات و رێكخراو چەكدارانەی خوارەوە” توركیا, ئۆكرانیا, قەتەر, ئەنساری ئیسلام, جنود قەوقاز, ئیخوان موسلمینی سوریا, كەتیبەی عەبالڕەحمان, كەتیبەی تەوحید و جیهاد, كەتیبەی جەبەل ئیسلام, حیزبی ئیسلامی توركستان, جوند ئەلمەهدی, مەلحەمە تەكتیكییە, كەتیبەی غورەبای تركستان, جەیش مەجد, ئەكناف بەیت و الموقەدەس , جەیشی وەتەنی سوری”.
ئەوەی جێگای سەرنجە توركیا یەكێكە لەو وڵاتانەی تا ئێستا گروپی ناوبراو لە لیستی تیرۆریدایە, بەلام هاوكاریكەری سەرەكیشیەتی, سپۆنسەری بە دەسەلات گەیشتنێتی.
لە ناوچەی حكومەتی ئینقازی سوری هەیئەی تەحریری شام, لە ساڵی 2020 وە لیرەی توركی بەكار هاتووە, وە دەرگای سنووری بۆ ئاوەلا كردووە بۆ بازرگانیكردن و هات و چۆ, تەنانەت كارەباری ئەو ناوچانەو دابین كردنی ئامێرەكانی بەرهەم هێنانی كارەبای ئەو دەڤەرە توركیا و قەتەر دابینی كردووە.

كۆتایی
لە كۆتاییدا لە ولاتی نەزار قەبانی و حنا مینادا, ئێستا سەرۆكەكەی تەوقە لە گەڵ وەزیرە ژنە گەنجە جوانەكەی ئەڵمانیا ناكات, بەڵام ئەو وەك شێخ مەحمود ناكات, لە گەڵ پیاوەكانیان چەندە كافر بن جگە لە تەوقە سەریش دادەنوێنێت.
كورد لە رۆژئاوا دوو ئەزموونی لەگەڵ شەرع هەیە, یەكیان لە یۆنی 2012 ەوە بازرگانی سوتەمەنی لە نێوانیان هەبووە وەك بەرژەوەندی, دووەمیان لە 11ی سەپتەمبەری 2017 ئامادە نەبوو دەستوورێك پەسەند بكەن جێگای رەزامەندی هەموو لایەك بێت ئەمەیان وەك باوەڕ.
ئێستاش پێویستە دەسەلاتداری رۆژئاوا بەزووترین بەرەیەكی دیموكراتی پێشكەوتنخوازی پێك بهێنێت, هەموو پێكهاتەكان لە ژێر ئاڵاكەی كۆبكاتەوە, جۆلانی بۆی بگونجێت هەڵبژاردن و دەستووری پەسەندكراوی هەمو لایەك پەسەند ناكات, هەمان جەنگەكانی 2017 دژ بە لایەنەكان دووبارە دەكاتەوە, ئەمجا وەك دەوڵەت و دژ بە ئەو لایەنانەی كوشتنیان رێگە پێدراوی پیرۆزە لایان, ئەو تا مردن كورسی جێ ناهێڵێت, ئەوەی رویدا لە سوریا تەنها روخانی دكتاتۆرێك نەبوو, بگرە كارەساتی هاتنی وەحشییەكیش بوو.
هەرچەندە توركیا لە كۆشكی كۆماری ئامادەیە, بەلام سوپای ئیسرائیلیش جەبەل شێخی گرتووەو 40 كیلۆمەتر لە دیمەشقەوە دوورە, سوریا لە گۆڕەپانی ململانێی ئێران و ئیسرائیلەوە دەبێتە گۆڕەپانی ململانێی ئیسرائیل و توركیا, لەو ململانێیەش رۆژئاوا پشت لە ئیسرائیل ناكات.

عەلی مەحمود محەمەد




ئیرەیی و گومانڕەشیی داهێنەران.. سەباح ئیسماعیل

پاش ئەوەی دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە، موزیكژەنی ناوداری نەمسایی مۆزارتی مەزن دەرمانخوارد كراوە و ئەوی ژارخواردی كردووە موزیكژەنی ئیتاڵی سالێریی هاوەڵی بووە، ئەوە بۆ پووشكینی باوكی ئەدەبی ڕووسی (1799-1837ز) بووە هەوێنی نووسینی شانۆنامەیەك بە ناوی “مۆزارت و سالێری”.
دواتر، لەسەر بنەمای ئەو شانۆنامەیە میلۆش فۆرمان فیلمی ناوداری “ئەمادیۆس”ی بەرهەم هێنا. لە بەشی یەكەمی شانۆنامەكەی پووشكیندا سالێری بە ناڕەزایییەكی توندەوە دژ بە دادپەروەریی خودایی قسان دەكات، “چما بۆچی ئەمێك تا ڕادەی مردن ئاشقی موزیك بێت و لە منداڵییەوە ژیانی لە پێناو موزیكدا تەرخان كردبێت، كەچی ئەم بەهرەیە بۆ كەسێكی سادەی شێت دەڕوات”.
ئەودەمی مۆزارت گەیشتە ڤیەننا، جوزێفی دووەمی ئیمپراتۆر سالێریی وەكو موزیكژەنی كۆشك هەڵبژارد. سالێری وای لێهات زۆری ڕێز لێ دەگیرا، بە تایبەت لای ئەندامانی چینی ناوەند.
مۆزارتی بەهرەدار چەشنی فریشتە دابەزییە سەر زەوی، دەتگوت ئاوازەكانی لە بەهەشتەوە هێناون. هێندەی نەبرد سالێری لە ترسی توانای گەورە و لە ئاوەزبەدەری مۆزارت تاڵاوی دەردەئیرەیی و بەدگومانی ناخی دەكرۆژی و هەلاهەلای دەكات. دەكەوێتە دژایەتی كردنی مۆزارت، تاڕادەی ژارخواردكردنی.
ژینگەیەک نییە خاڵی بێت لە ئیرەیی و گومڕەشی. خەڵک زوو هەستی بە مەترسیی ئیرەیی کردووە، بۆیە بۆ خۆپاراستن لە هێزی ئیرەییبەران لە پێش دەرگەکانی ماڵەوە کووژەکەی شین و چاوەزار و ناڵیان کوتیوە. زۆرن ئەوانەی وا هەستدەکەن گەر ددان بە داهێنەریی کەسێکی دیدا بنێن، ئەوا خۆیان دەسڕنەوە، یاخود لە بەهای خۆیان کەمدەکەنەوە. هەڵبەت مێژووی نووسەر و ڕووناكبیران گەلێك شێوازی ململانێی نێوان گەورەكانی بۆ تۆمار كردووین گومانڕەشی (غیرە) جووڵاندوونی. بە شێوەیەك هیچ بارانێك نەیتوانیوە شوێنپێكانی لە ناو دڵ و ئاوەزی مرۆڤەكاندا بسڕێتەوە. “هەر هێندەی ئەم گومڕەشییە ئەدەبییە ڕەوایە بگۆڕێت بۆ دۆخێک لە ڕقی کەسێنی، ئەوا دەبێتە سەرچاوەی نەخۆشیی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئاڵۆز، داهێنان و ژیانی کۆمەڵایەتییش دەشێوێنێت”.

ئیرەیی لای نووسەرانی بیانی
فڕانسیس بەیکۆن (١٥٦١-١٦٢٦)ی فەیلەسووف و بیرمەند و سیاسەتمەداری گەورەی بریتانی کەسایەتییەکی بە ناوبانگ و دەوڵەمەند بوو، پۆستی گەورەی چنییەوە، دادوەری گشتیی شاژن، نوێنەری گشتی، لە دواییشدا لەسەر کورسیی سەرۆکی دادوەران دانیشت. گەلێک جار دوودڵ بوو لەوەی کامیان کاریگەرە، سیاسەت بە هەموو سوودەکانیەوە، یاخود فەلسەفە بە گشت سەرئێشەکانیەوە: “وامدەزانی من بۆ ئەوە لەدایکبووم تاکو خزمەتی مرۆڤایەتی بکەم.. بۆیە لە خۆم دەپرسی: چۆن بتوانم سوود بە مرۆڤایەتی بگەیەنم، بینیم بە سروشتی خۆم ئامادەبوونی تایبەتم هەیە بۆ ڕامان لە ڕاستی”.. بەڵام لە سۆنگەی ئەو ڕەوشەی دوای مردنی باوکی ساڵی ١٥٧٩ پێیدا تێپەڕی، بڕیار دەدات کار لە سیاسەت بکات، بۆیە بە ناچاری کۆلێژەکەی جێدەهێڵێت بۆ قبووڵکردنی پۆستی دیپلۆماتکار لە باڵیۆزخانەی ئینگلیز لە پاریس. هەڵبەت سیاسەت جگە لە نەیار و سەرئێشە هیچی پێ نەبەخشی، یەکێک لەو سەرئێشانە بووە هۆی لەسێدارەدانی نزیکترین هاوڕێی “ئەلئیرڵ ئیسکس”، کە تۆمەتی ناپاکیی گەورەیان دایەپاڵ، شاژن ئەلیزابێس بەیکۆنی بۆ پۆستی دادیاری گشتی هەڵبژارد، ئەویش بەڵگەکانی ناپاکیی هاوڕێکەی پێشکەش کرد، ئەمە وای لە بەیکۆن کرد هەست بە ئازاری ویژدان و شەرمەزاری بکات، دەنووسێت: “حەز و ئومێدم لەو هەتاوە دەچوو لە میانەیەوە پیسی و گڵاوی تێدەپەڕن، کەچی ئینجاش وەکو پێشوو هەر بە بێگەردی دەمێنێتەوە”.
لێ کارەکان بە دڵی ئەو نەڕۆیشتن، نەیاران و ئیرەییبەران چاوەڕێی دەرفەتێکیان بوو بیکەوێنن “لە ئاهەنگێکدا بە بۆنەی گەیشتنە تەمەنی شەست ساڵییەوە گێڕای لەودەمی پێکی “شەرەفی هاووڵاتیی پاشا و گەشبەختترینیانی هەڵدەدا” دەستەیەک سەرباز گەیشتنە کۆشکەکەی فەرمانی دەستگیرکردنی ئەویان پێبوو بە تۆمەتی بەرتیل وەرگرتن.. ئەوەبوو خرایە زیندانی تاوەری لەندەنەوە و هەموو ئەو نامەی سکاڵایانەی بۆ شا جەیمسی نارد بۆ لێخۆشبوونی بێسوود بوون، ئەوەبوو دادوەران بڕیارێکیان دەرکرد بە سزای پارە بە بڕی چل هەزار جونەی، بۆ ئەوەی ماوەی زیندانییەکەی تەواو ببێت، ئەویش بڕیار دەدات گۆشەگیر بێت و لە گوندێکی دیکەدا ساڵانی ژیانی دەباتەسەر بە خۆتەرخانکردن بۆ خۆشەویستەکەی (فەلسەفە)، ئەوی سیاسەت و گەمەکانی لێیان دزی..
ڤۆڵتێر دەڵێت، بەیکۆن دەیتوانی لەسەر کێلی گۆڕەکەی بنووسێت “با بیروبۆچوونەکانم لە بنیاتنانی جیهانێکی نوێی پڕ لە ڕووناکیدا ببنە بەردی بناغە”.
هاشم ساڵ لە وتارێکیدا بە ناوی “وردە ململانێی نێوان کەڵە نووسەرانی ئەدەب و هزر” باسی ڕقی شۆپنهاوەر دەڕۆست یەکێک لە مەزنترین فەیلەسووفانی مێژوو دەکات، هیگڵی ئەرستۆی سەدەی نوێ، هەردووکیان بلیمەتن، بەڵام شۆپنهاوەر پێچەوانەی هیگڵ درەنگ دەرکەوت:
“بڕوانن شۆپنهاوەر چی بە هیگڵ دەڵێت، شتێک سەر سپی دەکات، جوێنی بێ وێنەی ناشرین، هۆکارەکەی ئەوەیە هیگڵ زۆر ناودار بوو، سەدان خوێندکاری بۆ وانەکانی ڕادەکێشا، لەکاتێکدا شۆپنهاوەر گومناو بوو، تەنیا چوار پێنج خوێندکاری هەبوو، بێگومان هەردووکیان لە یەک زانکۆ و لە یەک سەعاتدا وانەیان دەگوتەوە! بەرلین. ئیدی شێتگیر دەبێت و لە ئاست هیگڵدا ئیرەیی دەمارەکانی دەکوڵێنێت، تابڵێی دژمانی ناشرینی پێدەدات، وەک: “ئەم کەسە هیچوپووچەی ناوی هیگڵە! ئەم دەجاڵە بێ ڕۆحە، قێزەونە، بێزراوە، نەزانە، ئایا شایانی ئەم هەموو بایەخەیە؟ فەلسەفەکەی بریتییە لە هەڵخەڵەتاندنێکی گەورە، یاخود درۆیەکی زل، بریتییە لە دەمپانکردنەوەیەکی گۆکردنی بەتاڵ، بریتییە لە قسەی قۆڕ، یاخود سەفسەتە، ئەو فەلسەفەیەی گەمژەترینە لە مێژوودا. جگە لە شێتخانە و نەخۆشخانە دەروونییەکان، قسەی بەتاڵی وەک قسەی ئەم پیاوە جادووگەرە نابیننەوە… هتد”.
تۆرگنێڤ (١٨١٨ـ١٨٨٣ز) کاتێک ڕق لە دۆستۆیڤسکی (١٨٢١ـ١٨٨١ز) هەڵدەگرێت، دەیەوێت بە هەموو شێوەیەک ناشرین و وێرانی بکات بە شێوەیەک باسی گرفتە دەروونییەکانی دەکات، هەڵبەت کەسانێک هەبوون بەردەوام گەرمیان دەکرد. دیارە قسە بە ناوبانگەکەی فرۆیدی بیرچووبووەوە، یاخود بایی ئەوەندە نەژیا بیبیسێت: ڕەنگە لە دۆستۆیڤسکیدا هەموو گرێ و گرفتەکانی زەوی ببینینەوە. بەڵام لە بەرامبەر دۆستۆیڤسکیی نووسەری بلیمەتدا، ناتوانیت هیچ بکەیت، تەنیا ئەوە نەبێت: بێیتە سەر چۆک و سەردانەوێنیت.
لەسۆنگەی هەمیشە لاسەنگبوونی تەرازووەکە و “لە سایەی کێشمەکێش لەسەر ناوەندی ڕووناکی و هەڵپەکردن بۆ دەستکەوت، ئەم ململانێ ئاشکرا و شاراوەیە هەڵدەچێت، هەندێک ڕۆشنبیری ئیرەییبەری لە پشتەوەیە، لەوانەی گەلێک بانگەشەی برایەتی و ئایدیاڵییان دەکرد و هێندەی نەبرد پەردە لەسەر ڕوویان هەڵدرایەوە و خۆشەویستان گۆڕان بۆ نەیار و دوژمنان”.
هەندێک جار کارەکە ئەرێنی دەبێت و بە نووسین وەڵامی یەکدی دەدەنەوە و وەکو دەڵێن شەڕی ئەدەبیی دەکەن، بەڵام گەر تەشەنە بە لایەنە نەرێنییەکەی بدرێت ئەوا کارەساتێک دەخوڵقێنن، بۆ ناشرینکردن و تۆمەتبارکردنی یەکتر تۆمەتی دزیی ئەدەبی دەدەنە پاڵ یەکدی و قەبارە و بەهای کارە ئەدەبییەکانیان کەم دەکەنەوە و تۆمەتی ناشرین بۆ یەکدی هەڵدەبەستن. ئەمە ئەودەم دروستدەبێت، ئەویدی ڕووناکیی زیاتری دەخرێتە سەر و بەرهەمەکانی وەردەگێڕرێن و لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا پتر ئامادەیی دەبێت و خەڵات دەکرێت و ڕێزی لێ دەنرێت…
فرۆید ئەمە ناودەنێت “گرێی ئۆدیب”، ئەمین زاویی ڕۆماننووسی جەزائیری واوەتر دەڕوات و ناوی دەنێت “گرێی قابیل”، دەڵێت: “ئەوانە نەخۆشی دەسەڵاتی وەهمین، یاخود وەهمی دەسەڵاتن، ئەمەش وایان لێدەکات بیر لە (کوشتنی برا)ی ڕەمزی ئەدەبی بکەنەوە بۆ ئەوەی تەنیا خۆیان وەهمی دەسەڵاتیان بەدەستەوە بێت، ئەوانە لە خوێنمژانی ئەدەب دەچن”.
هۆراس دالبول جوانی بۆچووە دەڵێت: ئیرەییبردن جۆرێکە لە ددانپێدانان بە سەرکەوتنی ئەوانی دی. ئەرستۆش دەڵێت: کەسی ئیرەییبەر خۆی دەخواتەوە وەک چۆن ژەنگ ئاسن دەخوات.
چارڵز دیکنز (١٨١٢ـ١٨٧٠)ی ڕۆماننووس بە مەزنترین ڕۆماننووسی ئینگلیز لە سەردەمی ڤیکتۆریدا دادەنرێت. تاکو ئەمڕۆش ڕۆمانەکانی خوێنەری زۆریان هەیە، ناودارترین کارەکانی، ڕۆمانی “ئۆلیڤەر تویست”، “چیرۆکی دوو شار”، “دەیڤد کۆپەرفێڵد”، “کاتە سەختەکان” و “ئاواتە گەورەکان”ن. ڕۆمانەکانی ڕەنگدانەوەی دۆخی خراپی منداڵیی خۆی بوون. لە زۆربەی کارەکانیدا بانگەشەی پێویستبوونی چاکسازیی کۆمەڵایەتی و پشتگیریی ئەو دەزگە خێرخوازی و تەندروستییانەی دەکرد چاویان لە هەژارانە. بۆیە قەڵەمە ڕەوانەکەی بۆ ڕزگارکردنی کۆمەڵگە لەو خراپەکاری و ڕەوشە نادادپەروەرانەیەی دەوریان داوە تەرخانکرد.
لە هەمان ڕۆژگاردا ولیەم تاکری (١٨١١ـ١٨٦٣)ی ڕۆماننووس و ڕۆژنامەنووسی ناودار دەژیا. شارلۆت برۆنتی ڕۆمانی “جەین ئایەر”ی پێشکەش بەو کردووە، چونکە ئەو بە یەکەمین نوێگەری کۆمەڵایەتی دادەنێت.
ماوەیەکی زۆر نەیاری چارڵز دیکنز بوو. لە نێوانیاندا بڵێسەی ئیرەیی بەرچاو گڕێ گرت. دیکنز خۆی بە ناودارتر و کاریگەرتر دادەنا، کەچی تاکری بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە لە کارەکانی دەڕوانی و ئەوانی خۆی بە قووڵتر دادەنا. ئیرەیی لە نێوانیاندا گەیشتە ڕادەیەک لە ڕێگەی ڕۆژنامەکانەوە ڕووبەڕووی یەکدی دەبوونەوە و هەر یەکێکیان ڕەخنەی توندی لە کارەکانی ئەوی دی دەگرت.
هەڵبەت ئەوی لە نێوان ئۆسکار وایەڵد (١٨٥٤ـ١٩٠٠)ی نووسەری ڕۆمانی ناوداری “وێنەی دۆریان گرەی” و لویس کارۆڵ (١٨٣٢ـ١٨٩٨)ی خودان ڕۆمانی “ئەلیس لە وڵاتی سەیر و سەمەراندا” و زانا لە بواری ماتماتیک و جەبر ڕووی دا لەوانی پێشوو کەمتر نەبوو. وایەڵدی ناسراو بە گاڵتەجاڕی و زیرەکییەکەی گاڵتەی بە شێوازی کارۆڵ دەکرد و تەنها بە نووسەری منداڵانی دادەنا. بێگومان کارۆڵ بە ئاشکرا وەڵامی ڕەخنەکانی وایەڵدی نەدەدایەوەن بەڵام دەڕۆست ئۆسکار وایەڵد و ناوبانگی بەرفرەوانی هەستی بە شڵەژان دەکرد.
ماری شیلی (١٧٩٧ـ١٨٥١)ی هاوسەری پێرسی بیش شیلیی شاعیر، ئەو ئافرەتە داهێنەرەی ساڵی ١٨١٨ کەسایەتیی فرانکشتاینی داهێنا. خانەوادەی شیلی لۆرد بایرۆنیان لە سەر ڕۆخی دەریاچەی لیمان لە سویسرا ناسی، ئیدی لە نێوانیاندا دۆستایەتی و لێکتێگەیشتن و گەنگەشەی ئەدەبی و فەلسەفی دروست بوون.
لۆرد بایرۆن (١٧٨٨ـ١٨٢٤)ی پێشەنگی شیعری ڕۆمانسی، شیعرەکانی هەندێک جار توند و بڕێک جاریش وەک پەڕەی گوڵ ناسک. وێڕای ئەو دۆستایەتییە بەرچاوە، بەڵام ئیرەیی لێنەدەگەڕا پێوەندییەکەیان شڵەژانی تێدا نەبێت و ئارام ببێتەوە. ماری شیلی هەستی بە هەندێک گومانڕەشی و ئیرەیی دەکرد لە ئاست ناودارییەکەی بایرۆن و جەماوەری بوونەکەی، بە تایبەت ئەمیش دەکۆشا ناوی لە کایەی ئەدەبدا دەربکەوێت.

ڤێرجینیا ووڵف (١٨٨٢ـ١٩٤١)ی نووسەری ڕۆمانی “خاتوو داڵاوای” و “ئۆرلاندۆ” و “شەپۆلەکان”، تا مرد ئیرەیی بە نووسەرێکی مەزنی وەک جەیمس جۆیس دەبرد و بە نووسەرێكی خراپی دادەنا. مایەی سەیربوو ڤێرجینیا ووڵف ڕایەکی جیاوازی لەسەر جەیمس جۆیس هەبوو، ڕۆمانی (یۆلیسیس)ی وا وەسف کرد کە “کتێبی نەخوێندەوارە، نزمە، پیاوێکی خەمبار نووسیویەتی، خۆپەرست، چیڕەدرێژ، وشک و مایەی دڵتێکچوونە”.

نووسەری پیرۆیی ماریۆ بارگاس یۆسا كاتێك گوتی، بەدگومانی ئاوەز دەشێوێنێت و ڕێگەی بیركردنەوەی ژیرانە نادات، باش دەیزانی ئیرەیی نووسەران كاریگەرتر و بە ئازارترە لە ئیرەیی كەسانی سادە. ئیرەیی توانای ئەوەی هەیە هەموو شتەكان تێكوپێك بدات، گڕیان تێ بەردات و بوونیان بسڕێتەوە. دوورنییە بگاتە ڕادەی خۆكوشتن. وەكو ئەوەی لە نێوان دوو ڕۆماننووسی هەرە مەزنی ژاپۆن، یۆكیۆ میشیما و كاواباتادا ڕووی دا. ئەو دوو نووسەرە بۆ پتر لە نیوسەدە نامەیان گۆڕییەوە، نامەكان پڕ بوون لە ڕێز و خۆشەویستی، تاكو كاواباتا خەڵاتی نۆبڵی وەرگرت، ئیدی كێچ كەوتە كەوڵی میشیماوە، بەرگەی ئەو سەركەوتنە گەورەیەی هاوڕێكەی نەگرت. دەمودەست پێوەندییەكەیان ڕووی لە خراپی كرد. میشیما بەهۆی ئیرەیییەوە نەیتوانی پیرۆزبایی لە مامۆستاكەی بكات. ئەوەبوو خۆی كوشت. هەر دوای دوو ساڵ لە خۆكوشتنی میشیما، كاواباتاش خۆی كوشت. چون كاردانەوەی هاوەڵەكەی بێت.
نموونەیەكی بەرچاوی تەواو پێچەوانەی ئەم هەڵوێستە، كاتێك ئەلبێر كامۆ (١٩١٣ـ١٩٦٠) ساڵی 1960 خەڵاتی نۆبڵی پێ دەبەخشرێت، کامۆ دەچێت بۆ یۆنان بۆ لای هاوسەری ڕۆماننووسی گەورە نیكۆس كازانتزاكی (1883ـ1957)، پێیدەڵێت: ئەم خەڵاتە شایانی كازانتزاكی بوو نەك من.

ئیرەیی لای نووسەر و هونەرمەندانی عەرەب
من یوسفم بابە

(شیعری: مەحموود دەروێش/ و: ئازاد بەرزنجی)
من یوسفم بابە
براکانم منیان خۆش ناوێ بابە
نایانەوێ لەگەڵیان بم بابە
دەسدرێژیم ئەکەنە سەر و
بەردباران و جنێوبارانم ئەکەن و
ئەیانەوێ بمرم تا مەدح و سەنام کەن
دەرگای ماڵەکەی تۆیان لەسەر داخستم
لە مەزراکە دەریان کردم
ڕەزەکەیان ژاراوی کردم.. بابە
یارییەکانیان وردوخاش کردم.. بابە
کە نەسیمێ هەڵیکرد و یاریی بە قژم کرد
ئیرەییان پێ بردم و لە منیش و لە تۆش تووڕە بوون
بابە من چیم کردووە لەوان؟
پەپوولەکان خۆیان لەسەر شانم نیشتنەوە
گوڵەگەنمەکان خۆیان بۆم چەمانەوە
باڵندەکان خۆیان لەسەر لەپی دەستم هەڵنیشتن
ئیتر من چیم کردووە بابە؟
بۆچی من؟
تۆ ناوت نام یوسف
براکانم فڕێیاندامە بنی بیرەکەوە و
گورگیشیان بەو کارە تاوانبار کرد
گورگ لە براکانم بەڕەحمترە.. بابە
ئاخۆ من غەدرم لە کەس کرد کاتێ وتم:
“یانزە هەسارەم بینی
لەگەڵ خۆر و مانگدا
بینیمن سوجدەیان بۆ ئەبردم؟”
ئەم شیعرەی مەحموود دەروێش بەسەرهاتێکمان دەهێنێتەوە یاد، کۆن هێندەی کۆنیی بوونی مرۆڤ لەسەر زەوی؛ بەسەرهاتی یوسفی کوڕی یەعقووب پێغەمبەر، کە چۆن لەبەرئەوەی خوا جوانی و شۆخیی پێ بەخشیبوو و خۆشەویست بوو، ئیرەیی براکانی دەگاتە ڕادەیەک، پیلان دژی بگێڕن و بیر لەوە بکەنەوە چۆن لە ناوی ببەن.
ئینگلیز دەڵێت: هیچ بەدگومانییەك لە بەدگومانیی ئافرەت توندتر نییە، مەگەر بەدگومانیی نووسەران لە یەكدی. مێژوو ناوی زۆری لەم بارەیەوە بۆ تۆمار كردووین، وەك ئیرەیی و ناكۆكیی نێوان مەعەڕی و شەریف ڕەزی، موتەنەبی و ئەبو فیراس ئەلحەمدانی، جەریر و فەرەزدەق، لە مێژووی نوێشدا نێوان ئەحمەد شەوقی و حافز ئیبراهیم، زەهاوی و ڕەسافی، جەواهیری و بەیاتی.
یاقووتی حەمەوی (١١٧٨ـ١٢٢٩ز) لە کتێبی (معجم البلدان)دا چیرۆکی تۆڵەسەندنەوەی ئەلزەمەخشەری (١٠٧٥ـ١١٤٣ز) لە ئەلمەیدانی (….ـ ١١٢٤ز)ی نەیساپووری دەگێڕێتەوە، دوای ئەوەی کتێبەکەی (مجمع الامثال) بینی، ئیرەیی بە باشیی کتێبەکەدا هات. کاتێک ئەلزەمەخشەری کتێبەکە دەبینێت، خامە دەگرێتە دەستەوە و بە مەبەستی بێبەهاکردن و شێواندن پیتەکانی ناوی ئەلمەیدانی زیاد دەکات، پیتی (ن) دەخاتە سەر ناوی ئەلمەیدانی و دەیکاتە (ئەلنەمیدانی)، بە فارسی واتا “ئەوی هیچ نازانێت”. ئەمیش بە ناچاری دەستدەداتە خامە و هەمان پیت دەخاتە سەر ناوەکەی ئەلزەمەخشەری و دەیکاتە (ئەلزەنەخشەری) هەر بە فارسی واتا: “ژنەکەیی کڕیوە”.
سەیفولدەولە ئەلحەمدانی (٩١٦ـ٩٦٧ز) دوای سەرنەکەوتنی هەوڵەکانی لە دەستبەسەرداگرتنی دەوڵەتی عەباسی لە بەغدا لە سەرەتاکانی ساڵی ٩٤٠ی زایندا ئەمارەتێکی لە حەڵەب دامەزراند. گەلێک شاعیر و مێژوونووس و نووسەری لە دەوروبەری خۆی کۆکردنەوە، لە گرینگترین ئەو شاعیرانە ئەلموتەنەبی (٩١٥ـ٩٦٥ز) و ئەبو فیراس ئەلحەمدانی (٩٣٢ـ٩٦٨ز) و ئیبن نەباتە و فەیلەسووفی گەورە ئەلفارابی (٨٧٠ـ٩٥٠) بوون. ئەلموتەنەبی نۆ ساڵ لە ژێر سایەی سەیفەولدەولەدا مایەوە، بوونی ئەلموتەنەبی وایکرد ناوی دەیان شاعیر و نووسەر بشارێتەوە و ناویان نەبێت.
سەیفولدەولە بەخششی زۆری بە شاعیران دەدا، چونکە شاعیرانی دەربار ئەرکیان پیاهەڵدان بوو لە شیعرەکانیاندا، لە ڕێگەی ئەمانەوە دەسەڵاتی سەیفولدەولە لە سەرتاپای جیهانی ئیسلامیدا تەشەنەی کرد. هەڵبەت تەنیا شاعیران لە کۆشک نەبوون، بەڵکو زانایانی لێکۆڵینەوەی ئاینی، مێژوو، فەلسەفە و فەلەکناسیش هەبوون. ئەمە وایکرد ئەلموتەنەبی لە کۆشکدا لە هەمووان پتر جێگەی ئیرەیی بێت، لەبەر فرەزانایی و ئەو پێگە تایبەتەی لای سەیفولدەولە هەیبوو. لەوەدەکات ئەلموتەنەبی ئەم دێڕەی بۆ سەیفولدەولە نووسیبێت، دەڵێت:
ازل حسد الحاسدين عني بكبتهم
فانت الذي صيرتهم لي حسدا
زۆربەی زۆری نەیارانی ئەلموتەنەبی لە عەجەمەکان بوون، لە پێشی پێشیانەوە ئیبن خالەوەی هەمەدانی (…ـ٩٨٠) بوو، ئەوی لەسەر چامەیەک گفتوگۆی لەگەڵ ئەلموتەنەبیدا کرد، ئەلموتەنەبی پێیگوت: بەڵات لێ دا، تۆ عەجەمیت، چیت لە عەرەبی داوە!
ئیبن خالەوەی لە فەقیانەکەیدا کلیلێکی ئاسنی دەرهێنا و کێشای بە دەموچاوی ئەلموتەنەبیدا و دەموچاوی بریندار کرد. هەروەها یەکێک لە نەیارەکانی تری ئەلموتەنەبی ئەبو فیراس ئەلحەمدانیی ئامۆزای سەیفولدەولە بوو، بەدڵی نەبوو ئەو هەموو بەخششەی تەنیا بە ئەلموتەنەبیی شاعیر دەدا.
لە کۆتاییدا ئیرەییبەران توانییان پێگەی شاعیر لەق بکەن و لای سەیفولدەولە زمانی لێ بدەن و بۆی تێبگووشن، ئەوەبوو پێوەندیی نێوانیان تێکچوو و بۆ میسر سەری هەڵگرت. دواتر ئەلموتەنەبی لە میسر دەرچوو و ڕووی لە مەغریب کرد، فاتمییەکان دەسەڵاتداری ئەوێ بوون، لەوێش زۆر نەمایەوە، دوای ئەوەی شاعیر ئیبن هانیئ (٩٣٨ـ٩٧٣ز) پیلانێکی بۆ دانا، ئەوەبوو وڵاتی فارس دوامین وڵات بوو پێی نایە سەر، پێش کوژرانی بەدەست فاتیک ئەلئەسەدی بەر لەوەی بگاتە بەغدا. ئەمەش لەسۆنگەی ئەوەی چامەیەکی داشۆرینی لەسەر کوڕخوشکی فاتیک نووسیبوو.
لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەدا ئەلموتەنەبی ویستی ڕابکات، کوڕەکەی پێیگوت: “ئەوە هەڵدێیت! تۆیەک وتووتە: (والخيل والليل والبيداء تعرفني … والسيف والرمح والقرطاس والقلم). ئیدی ئەلموتەنەبی بڕیاری دا ڕانەکات، بە کوڕەکەی گوت: (تۆ بەمە منت کوشت). ئەوەبوو وێڕای ئەلموتەنەبی کوڕەکەی و غولامەکەشی کوژران.
بێگومان لە سەردەمی نوێشدا نموونە زۆرن، بۆ نموونە ئەو ئیرەیی و ناكۆكییەی نێوان هەردوو شاعیری ناوداری عێراق جەمیل سدقی زەهاوی (١٨٦٣ـ١٩٣٦) و مەعرووف ڕەسافی (١٨٧٥ـ١٩٤٥) گەیشتبووە ڕادەیەك هەر یەكەیان داوای ئەمارەتی شیعریی بۆ خۆی دەكرد و داوایان لە شاعیران دەكرد لە ڕۆژنامەكاندا پەیمانیان بدەنێ، متمانەیان پێ ببەخشن و بە میری شاعیرانی خۆیانیان بزانن، كار بەوە گەیشت تەنانەت شا فەیسەڵ داوەتی كردن، تاكو ئاشتیان بكاتەوە، كەچی لەوێ خراپتر تێكیان دا.
مەی زیادە (١٨٨٦ـ١٩٤١)ی ژنەنووسەری لبنانی، كە بە هۆی زیرەكییەكەیەوە نۆ زمانی دەزانی، بووبووە بزوێنەری ئیرەیی لای گەلێك نووسەری ناوداری سەردەمەكەی، وەك: خەلیل مەتران، تەها حوسێن، حافز ئیبراهیم، عەباس مەحمود ئەلعەقاد، ئەحمەد شەوقی، مازنی، ڕەیحانی و هی تریش.
ئەلتاهیر وەتار (١٩٣٦ـ٢٠١٠)ی سەركردەی بێ ڕكابەری ڕۆمانی جەزائیریی نووسراو بە زمانی عەرەبی، ئیرەیی و بەدگومانیی بەرابەر ڕەشید بوچەدرە (١٩٤١)ی ڕۆماننووس كەم نەبوو. ڕەشید بوچەدرەش هەمبەر كەمال داودی ڕۆماننووس هەمان هەست ختووكەی دەدا.
“لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، ئەلتاهیر وەتار تووڕە بوو و هاوسەنگیی سایکۆلۆجیی خۆی لەدەست دا، ئەو گەورەترین نووسەری جەزائیرییە لەو قۆناغەدا بە زمانی عەرەبی دەینووسی، کاتێک بیستی ڕەشید بوچەدرەی ڕۆماننووس یەکەمین ڕۆمانی خۆی بە زمانی عەرەبی بڵاوکردەوە، ڕۆمانی (هەڵوەشانەوە) ١٩٨٢، لەکاتێکدا لە جیهاندا بەوە ناسراوە بە فڕەنسی دەنووسێت، ئەمەی بەسەردا هات، لەترسی ئەوەی نەکو ناوی ئەلتاهیر وەتار لە بەردەم ئامادەبوونی ناوێکی ئەدەبیی درەوشاوە و گەشاوەی وەک ڕەشید بوچەدرەدا بکەوێتە سێبەرەوە.
ئەلتاهیر وەتار لە بۆڵەبۆڵ نەدەوەستا لە هاتنەناوەوەی بوچەدرە لە نووسین بە عەرەبی، لە بەردەم ڕۆژنامەنووسان و مامۆستایانی زانکۆ و ڕۆشنبیراندا ئەمەی نەدەشاردەوە، دەستەواژە بە ناوبانگەکەی دووپات دەکردەوە: با لە شوێنی خۆیدا بمێنێتەوە (مەبەستی بوچەدرە بوو) لە ڕۆمان بە زمانی فڕەنسی، با لە ڕۆماننووسین بە عەرەبی لەکۆڵمان ببێتەوە و وازمان لێبهێنێت، لە ئەنجامی ئەمەدا جەنگ لە نێوان ئەو دوو ڕۆماننووسەدا هەڵگیرسا و پێوەندیی نێوانیان بڕا، تاکو مردنی ئەلتاهیر وەتار ساڵی ٢٠١٠”.
ئەمە ئەو گرێی قابیلەیە زاوی باسی دەکات. هەڵبەت لەم نێوەدا سوودوەرگری یەکەم ڕێژیمە سیاسییەکە بوو. چونکە سوود لەو جەنگانە دەبینێت و هانیان دەدات بۆ پەرەپێدانی ئەو گرێیە، گرێی یەکدی کوشتنی براکان، ئاگرەکە خۆشتر دەکات. چونکە بەمە هۆزی خوێنەران بەشبەش دەکات و هەوڵدەدات بەو هەڵسوکەوتە پەراوێزخراوانەوە مژووڵیان بکات و بۆ ماوەیەکیش بێت داخوازییە ڕەواکانیان هەمبەر سەرکوت و کەمتەرخەمیی ڕێژیمەکە بیر بچێتەوە.
سەلامە مووسا (١٨٨٧ـ١٩٥٨)ی گەورە نووسەری میسری “بە درێژایی ژیانی ئاواتی ئەوەی دەخواست سەد ساڵ بژی، چەشنی کۆتایی جاحز بمرێت و دەوروبەری هەموو کتێب بێت، هیچ نووسەرێکی عەرەب وەک ئەو هێزی کاریگەری و هەمەڕەنگیی لە نووسیندا تێدا کۆنەبووەتەوە، کتێبەکانی بوونە ڕوواڵەتێک لە ڕوواڵەتەکانی کتێبخانەی عەرەبی، بیروباوەڕی بە تەواوی تەشەنەی کرد، نووسەرانی ئەو سەردەمە وای بۆچوون ئەگەر بە خۆیاندا نەگەن، ئەم پیاوە باڵا مامناوەندییە بەڕە لە ژێر پێیان دەردەهێنێت، ئەمەش وای لە زۆرێکیان کرد بەشێک لە کاتی خۆیان بۆ بەرپەرچدانەوەی “گومڕایییەکانی – هرطقات” سەلامە مووسا تەرخان بکەن”.
ئەدۆنیس دەڵێت: خەلیل حاوی چونکە ئیرەیی پێ دەبردم، هەمیشە لە نێو هاوڕێکانیدا خراپ باسی دەکردم. کە لێیدەپرسن، ئەدی ڕای تۆ لەبارەی ئەوەوە چییە؟ دەڵێت: “ڕێز لە ئەزموونی دەگرم، بەڵام چێژ لە شیعری وەرناگرم”. لەبارەی ئەوەیشەوە کە مەحموود دەرویش (١٩٤١ـ٢٠٠٨) گوتوویەتی: “شەرم لە فرمێسکی دایکم دەکەم، تامەزرۆییم بۆ نانی دەستی دایکم هەیە” ئەدۆنیس دەڵێت: “پێکەنینم بەو گریانە شیعرییە دێت”.
بەدر شاکر ئەلسەییاب (١٩٢٦ـ١٩٦٤)، کە بە ئەدەبی ئینگلیزی ئاشنا بوو، توانی سەرەتایەکی نوێ بۆ گۆڕینی شیعری عەرەبی پێشنیاز بکات، کە دواتر بە کۆششی چەندان شاعیری تریش، شیعری عەرەبی گۆڕانکاریی ڕیشەیی بە خۆیەوە بینی. کەچی هەندێک نووسەر، ڕەنگە لە دژی ئەلسەییاب، دەیانگوت نازک ئەلمەلائیکە پێشەنگی شیعری نوێی عەرەبییە، چونکە ئەو یەکەم جار تەفعیلەی کێشی عەرەبیی دەستکاری و بەش بەش کردووە، وەک ئەوەی مۆدێرنیزمی شیعری و گۆڕینی شیعر، تەنیا مەسەلەیەکی تەکنیکی و پێوەندیی بە ژمارەی تەفعیلەی دێڕەکانەوە هەبێت!
یوسف ئیدریس (١٩٢٧ـ١٩٩١ز)ی چیرۆکنووس و شانۆنامەنووس و ڕۆماننووسی میسری زۆر نەجیب مەحفوز (١٩١١ـ٢٠٠٦)ی ڕۆماننووسی خۆشدەویست، سەرهات و نامە و ڕابواردنی شەوانە و سەردانی یەکدی لە نێوانیاندا هەبوو، ئیدریس هەمیشە مەحفوزی لە پێشەوەی ڕۆماننوسانی عەرەب دادەنا، کەچی هەر هێندەی بیستی نەجیب مەحفوز خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی پێ بەخشرا، هەڵگەڕایەوە و لە دۆستەوە گۆڕا بۆ دوژمن، وتارگەلێکی توندی لەسەر مەحفوز نووسی، تێیاندا داشۆرینی دەکات، تا ئەو ڕادەیەی بە ئاساییکردنەوە لەگەڵ ئیسرائیلدا تۆمەتباری دەکات.
ئەم ئیرەییبردنە مەرج نییە هەر ئیرەییبردن بە مادە و دارایی بێت، دەشێت بە پێگە و پایەی مەعنەوی، بە توانا و لێهاتوویی، بە جوانی و شۆخی، بە توانای داهێنان لای كەسێك بێت كەسی ئیرەییبەر شكی نابات. ئیرەیی تژییە لە خەم و داخ بۆ باشی و جیاوازی و بەختەوەری و سەركەوتنی مرۆڤێكی دی، لە هەمان كاتیشدا خۆشحاڵییە بە بەدبەختی و نەهامەتیی كەسیتر. بێگومان ئەمەش چێژێكی سادیستانەیە هیچ بەدەست ناهێنێت.
محەمەد عەبدولوەهاب (١٨٩٨ـ١٩٩١)ی سترانبێژی ناسراو بە “مۆسیقاژەنی نەوەکان” ئیرەییبەران هەراسانی دەکەن و لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەوکاتی میسردا زۆر بە خراپی و بێویژدانانە لەبارەیەوە دەنووسن، ڕۆژێکیان گۆڤار و ڕۆژنامەکان کۆدەکاتەوە و دەچێت بۆ لای شاعیری ناودار ئەحمەد شەوقی (١٨٦٨ـ١٩٣٢)ی میری شاعیران. سکاڵا و دەردەدڵی خۆی لا دەکات، چۆن ئیرەییبەران ژیانیان لێ تاڵ کردووە و چەند بە خراپ لەسەریان نووسیوە، شەوقی پێیدەڵێت، هەموو ئەو نووسراوانە لەسەر زەوییەکە دابنی و بچۆرە سەریان، ئەویش بە سەرسووڕمانەوە بە گوێی دەکات. شەوقی پێیدەڵێت: بزانە چەندپێیان بەرز بوویتەوە.
بە هەمان شێوە، ئەوجا محەمەد عەبدولوەهابی سترانبێژ ڕقی لە ڕیاز سونباتیی مۆسیقاژەن و ئاوازدانەر بوو، قەسەبچییش لە بەلیغ حەمدی.
هەڵبەت بە دەگمەن ئیرەیی و بەدگومانی و ناكۆكیی لە نێوان زانایەك و نووسەرێك، نووسەرێك و موزیكژەنێك، خۆشنووس و نیگاركێشێك، دارتاش و ئاسنگەرێك، بازرگانێكی ئاوریشم و بازرگانێكی كاغەزدا دەبینیت، چونكە بواری كاركردنیان جیاوازە و بەرژەوەندییان دژ بە یەكتر ناوەستێتەوە. گۆتە جوانی بۆ چووە دەڵێت: داهێنان هەتاكو لێتەوە دوور نەبێت، ناتوانیت ددانی پێدا بنێیت. هەموو ئەو داهێنەرانەی ئیرەیییان بە یەكدی بردووە، یاخود گومانڕەشییان بەرامبەر یەكتر لا دروست بووە نزیك بوون لە یەكدییەوە. بێگومان ئەمەش ئەوپەڕی هەژاریی ڕۆحی و هزریی كەسی ئیرەییبەرە، لە ئەنجامدا دەبێتە مایەی بەدبەختییەكی زۆر بۆی و هەرچییەك دەكات ئەو هەستە دژوارە ناهێڵێت بەختەوەر بێت. ئەمە جگە لەوەی زۆر كات ئیرەییبەران كەسانی بێبەهرە و تەمبەڵ و بوودەڵەن، بەو ئیرەیییە كوشندەیەیان، كە چەشنی مۆرانە ڕۆحیان دەكرۆژێت و ڕۆحی ملشکاندن و ئیرەیی و ئارەزووی لاوازکردنی ئەویتر، یان تێکشکاندنی بەسەریاندا زاڵ دەبێت، دەیانەوێت دژایەتیی هەموو ئەوانە بكەن لە خۆیان بەهرەمەندتر و بەتواناتر و داهێنەرترن.
بێرتراند ڕەسڵی بیرمەندی ئینگلیز جوانی بۆچووە سەبارەت ئیرەیی وتوویەتی: “ئیرەیی یەکێک لە بەهێزترین هۆکارەکانی کەساسییە”. مرۆڤ هەمیشە ئیرەیی بە شتێك دەبات نییەتی. هەڵبەت لە كۆی ئەم ناكۆكییانەدا ئەوەی بمێنێتەوە و نەمری بەدەستبهێنێت بەرهەمی باڵا و ڕەسەن و پڕ لە داهێنانە.
هەڵبەت نکوڵی لەوە ناکرێت چۆن لە نێو نووسەر و داهێنەرانی بیانی و عەرەب و سەرلەبەری میللەتانی دنیادا گومانڕەشی و ئیرەیی هەر هەبووە و دەبێت، کوردیش وەک هەر میللەتێکی تر بێبەش نییە لەو خوو و سیفەتە. “گەر چاوێک بە مێژووی کۆن و نوێی کۆمەڵگای کوردیشدا بخشێنن، ئەوا دەبینن ژمارەی ئەو کەسانە کەم نین ئیرەییان بە کەسانی لێهاتوو و داهێنەر و کارامە بردووە و ئەو ئیرەییەیان ئاگری ڕق و کینەی لە ناخیاندا هەڵایساندووە و هەندێجار بە ئاشکرا و هەندێک جاری تریش بە نهێنی، ئەو جامی ڕقەی خۆیان بەسەر ئەو کەسە بەهرەمەندانەدا ڕشتووە. بێگومان دواجار گرەوی داهێنان و ژیان هەر بۆ بەهرەمەندەکان بووە، نەک ئیرەییبەرە سایکۆپاتییەکان. ئەوەتانێ ئەوانەی ماونەتەوە نالی و گۆران و شێرکۆ و هتد.. نەک ئەوانەی تۆپەڵێک ڕق و بوغز و ئیرەیی و هەست بە کەموکوڕی بوون بەرامبەریان”.
لێرەدا لەبەر ئەوەی سەرچاوەی جێبڕوام لەبەردەستدا نییە تەنیا ئەم دوو نموونەیە دەهێنمەوە.
مەلای جەباری (١٨٠٦ـ١٨٧٦) دەگێڕێتەوە: ڕووم كردە شاری كەركووك و لە مزگەوتی “نائیب” بە فەقێیەتی گیرسامەوە‌، مزگەوتی ناوبراو جیا لەوەی قوتابخانەیەكی ئاینی بووە، هاوكات حوجرەی لێژنەی فەتواشی لێ‌ بوو، جا لەبەر ئەوەی چەند جارێك هەڵەی مەلاكانی لێژنەی فەتوام ڕاست دەكردەوە و لە ئەدەبیات و زانستی فارسیدا زۆر كۆڵەواربوون، پێیان قبوڵ نەدەكرا، بۆیە كەوتنە دژایەتیم و ئیتر زۆر ئیرەیییان پێم دەبرد و زۆر ئازاری دەروونیان دەدام، بەردەوام لە بەردەم فەقێكاندا ڕووشكێنیان دەكردم، تا كار گەیشتە ئەوەی ڕۆژێكیان مەلاكان مانیان گرت و لە نێوان خۆیاندا بە زمانی توركمانی، تاكو من تێنەگەم گوتیان: “یان بوو كوێلی بوردە قاڵماس، یام بز بوردە قاڵمرغ” واتا: یان ئەم هەتیوە دەشتەكییە لێرە نامێنێت، یان ئێمە لێرە نامێنین.
دواتر مەلایەكیان هاتە لام چپاندی بە گوێمدا: ڕۆڵە تۆ هیچ دەرسێكت لای ئێمە نەماوە و ئەوەی پێمان بووە قسوورمان نەكردووە، بۆیە پێمان باشە بچیت بۆ شارەكانی دیكە بۆ وەدەستهێنانی زانیاریی نوێ‌، ئەوەبوو چووم بۆ سلێمانی و ماوەیەك لەوێ مامەوە.
ڕەفیق سابیری شاعیر لە یادەوەرییەکانیدا دەنووسێت: “نووسەرێک لە چاوپێکەوتنێکدا ستایشی منی کردووە و بە (شاعیری گەورە) ناوی بردووم، کەچی دواتر، کە ساردییەک کەوتە نێوانمان، لە چەندان وتاردا، دەیان لاپەڕەی بە ناوی ڕەخنەی ئەدەبییەوە ڕەش کردەوە بۆ ئەوەی شیعرەکانم وەکو نموونەی خراپی شیعری کوردی وێنا بکات و منیش بە شاعیرێکی بێتوانا دابنێت، تەنانەت باسی ژیانی تایبەتم بکات!”. بە هەمان شێوە چیرۆكنووس ئەحلام مەنسووری پەپوولەی بەر زریان “تێكەڵی كەشوهەوای پڕ لە ئیرەیی نووسەران بوو”.
ناکرێت باس لەو ئیرەیی و گومانڕەشییە بێبەزەیییانەیە نەکرێت بە ئاشکرا دژی نووسەرێکی داهێنەری وەک بەختیار عەلی دەکرێت، کە مێژووی هاوچەرخی ئەدەبی کوردی نووسەرێکی شاکارنووسی وای بە خۆوە نەبینیوە، ئەو ئێستا لە ڕێگەی وەرگێڕانی بەرهەمەکانیەوە بۆ چەندین زمان، بە هەق بووەتە باڵیۆزی ئەدەبی کوردی لە جیهاندا.
بەختیار عەلی ڕەنگە لە گشت نووسەرانی کورد پتر تیری کوشندەی ئیرەیی و گومانڕەشی و تۆمەتی بەرکەوتبێت، هەندێک دڵڕەقییەکەیان دەگاتە ئەوەی شاکارەکانی بەختیار بە دزی لە قەڵەم بدەن و بە بەرهەمی کوردیی دانەنێن. بەختیار لە وەڵامی ئەمانەدا دەڵێت: “لە ئەدەبی کوردییشدا دەڵێن “مەحوی” لە “نالی” دزیوە، دەڵێن “نالی” چامەکەی لە “مەولانا خالید” دزیوە، دەڵێن گۆران لە ئۆسکار وایڵدی دزیوە و هەتا دوایی. بە بڕوای من تا نووسەری فاشیل هەبێت، کە بیەوێت لەسەر حیسابی ناو و گەورەیی ئەوانی دی سەرنج بۆ خۆی ڕابکێشێت… ئەم کاسبییەش دەبێت، ئەمە دیاردەیەکە پێوەندیی بە ئەخلاقی خەڵکی بێبەهرەوە هەیە، پێوەندیی بەو دیوە ناشرینەوە هەیە، کە لە سروشتی مرۆڤدایە و وای لێدەکات نەتوانێت لە جوانی تێبگات و دانی پیا بنێت. ئەوەی گرینگە ئەوەیە ئەم جۆرە ئەقڵە نە توانیویەتی کتێبێکی جوان بکاتە دەرەوەی مێژوو و نە دەشتوانێت” .

ڕەنگدانەوەی گومانڕەشی و ئیرەیی لە دوو ڕۆمانی عەرەبیدا

یەکەم: ڕۆمانی “قەلەندەر و قەڵا”
سوهرەوەردی (ئەبولفتوح یەحیای کوڕی حەبەشی کوڕی ئەمیرەک) نازناوی شەهابەدین بووە، لە نێوان ساڵانی ١١٥٠- ١١٥٥ی زاینی لە گوندی سوهرەوەرد (سوورەبەرد)ی نزیک زنجان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کاتی خۆی بەدەستی مەغۆلەکان وێران بووە، هاتووەتە دنیاوە. ساڵانی سەرەتای تەمەنی لە سوهرەوەرد بەسەر بردووە و هەر زوو فێری خوێندنەوە و نووسین بووە و قورئانی ئەزبەر کردووە. دواتر بۆ تەواوکردنی خوێندن دەچێت بۆ مەراغەی ئازربایجان لەسەر دەستی مەجدەدین جیلیی مامۆستای شارەزا لە زانستی کەلامدا دەخوێنێت.
ئەوجا هەر بە مەبەستی خوێندن دەچێتە ئەسفەهان و ماردین و دواتریش حەڵەب. ئەم چوونەی بۆ حەڵەب و ماوەی مانەوەی لەوێ، هاوکات دەبێت لەگەڵ جەنگی خاچپارێزاندا و ئەودەم سەڵاحەدینی ئەیوبی فەرمانڕەوا دەبێت، زاهیرشای کوڕیشی میری حەڵەب دەبێت.
لە حەڵەب پاش ماوەیەک بۆی دەردەکەوێت سوودێکی وا لە خوێندنەکەی نابینێت، دەکەوێتە گفتوگۆ و وتووێژی سەخت لەگەڵ مامۆستا و زانا و فەقیهەکانی ئەوێدا. ئەو بیروبۆچوونانەی بە لای فەقیهانی حەڵەبەوە دەرچوون بوون لە سوننەتی ئیسلام، بۆیە سەرسەختانە کەوتنە دژایەتیکردنی و تۆمەتهەڵبەستن بۆی. بە تایبەت کە زاهیر شا ڕێزێکی تایبەتی لێ دەنا، ئەمەش بەس بوو بۆ ئەوەی ئەوەندەی تر ئەو فەقیهانە جامی ڕق و ئیرەیی خۆیان بەسەر سوهرەوەردیدا بڕێژن، کاتێک زانییان زاهیر شا لە ئاست سوهرەوەردیدا زۆر گوێ بە سکاڵا و گلەیییەکانی ئەوان نادات، خۆیان گەیاندە لای سەڵاحەدینی باوکی و ئەویان دژ بە سوهرەوەردی هان دا، وایان تێگەیاند کابرایەکی باتنی و فاتمییە، ئەودەمیش فاتمییەکان مەترسییەکی گەورەیان بۆ سەر دەوڵەتی ئەیوبی دروست کردبوو. بۆیە سەڵاحەدین گوشار بۆ زاهیر شای کوڕی دەهێنێت و پێیدەڵێت، بە هەر شێوەیەک بووە، خۆی لە سوهرەوەردی ڕزگار بکات و لە ناوی ببات. زاهیر شا دەیزانی ئەمە هەمووی لە ئیرەیی و لاوازیی فەقیهەکانەوە سەرچاوەی گرتووە، دوای هەوڵێکی زۆر ویستی باوکی قایل بکات ئەوە وانییە و سوهرەوەردی فەیلەسووف و زانایەکی گەورە و پایەبڵندە، ئەوانی دی لە ئیرەیی و ڕقەوە ئەو تۆمەتەیان بۆ هەڵبەستووە. بەڵام سەڵاحەدین لە وەڵامدا دەڵێت، تەنانەت گەر واش بێت، بۆ ئەوەی ناوەندی دینی و فەقیهەکانی حەڵەب و شام لە دەوڵەتی ئەیوبی هەڵنەگەڕێنەوە، چار نییە و دەبێت قوربانی بە سوهرەوەردی بدرێت.
فەقیهەکانی حەڵەب چەندین سکاڵایان بۆ سەڵاحەدین ناردبوو و وایان تێگەیاندبوو گەر فریای زاهیر شای کوڕی نەکەوێت، وەکو سەدان لاوی تر، بە سوهرەوەردی فریو دەخوات و ئەودەم ئابڕووی بنەماڵەکەیان دەچێت و موسڵمانانیش بە ئاگری فیتنە دەسووتێن. سەڵاحەدین نامەیەک بۆ کوڕەکەی دەنووسێت:
“کوڕەکەم! من فەقیهێک نیم، تا بە بەرچاومەوە کەسێک دادگایی بکەن و منیش هەڵی بسەنگێنم و داوەریی خۆمی لەسەر بکەم، ئەوەی لەسەر تۆیە، ئەوەیە کە دەسبەجێ حوکمی فەقیهەکان لەسەر ئەو جێبەجێ بکەیت. ئەگەر ئەمە نەکەیت، من ناچار دەبم لەسەر حوکمی حەڵەب لاتببەم. ئەو کارە دوامەخە، چونکە ئەم فەقیهانە ڕادەست نابن و بەزەییان نییە و بە ئاسانی دەتوانن ناوی ئێمە بزڕێنن و خەڵکمان لێ هان بدەن. من نامەوێت ئەوە بزانم، کە ئاخۆ زانایانی دیمەشق و حەڵەب ڕاستدەکەن یان نا. ئەوەی بە لای منەوە گرینگە، ئەوەیە کە ئەمانە دڵیان لێمان نەڕەنجێت. ئەوان خۆیان لە فەتواکەیان بەرپرسیارن و پەیوەندیی بە منەوە نییە. سەبارەت بەوەش کە سوهرەوەردی بێگوناهانە خوێنی دەڕژێنرێت، خەتاباری سەرەکی لەمەدا، سوهرەوەردی خۆیەتی. ئەوێک خەڵکی ئەم دەڤەرە نییە، گەر سەرچڵیی نەکردایە و نەهاتایەتە ئەم مەملەکەتەی ئێمەوە و دژایەتیی زاناکانی نەکردایە، هەڵبەتە چارەنووسی بەمە نەدەگەیشت. دواجار، مەرجیش نییە هەموو زاناکانی حەڵەب بە هەڵەدا چووبن. بێگومان دیارە ئەو پیاوەش کۆمەڵێک شتی گوتووە، کە دژ بە ئاینی ئیسلامە.”.
بەم ئاوایە ئەم زانا مەزنەی لە مێژووی فەلسەفە و عیرفاندا، بە دامەزرێنەری ڕێبازی ئیشراق لەقەڵەم دەدرێت و بە یەکێک لە پیاوە یاخی و سەرچڵەکانی سەردەمی خۆی دەژمێررێت، لە تەمەنێکی کورتدا توانی نزیکەی ٥٠ کتێب بنووسێت، بەشێکیان بە فارسی و بەشێکیان بە عەرەبین، تەکفیری دەکەن، ئیدی زاهیر شا ناچار دەکرێت فەرمانە ناڕەواکەی باوکی جێبەجێ بکات، سوهرەوەردی سەرپشکی هەڵبژاردنی جۆری مردنەکەی خۆی دەکات. سوهرەوەردی داوا دەکات فڕێی بدەنە زیندانێکەوە نان و ئاوی نەدەنێ، تاکو گیان دەسپێرێت.
دوای هەفتەیەک سوهرەوەردیی زانای بێتاوان، سوهرەوەردیی ئاشقی ڕاستی و زانست، بڕستی لەبەر دەبڕێ و لە زینداندا لەبرساندا دەمرێت. فەقیهەکان گومانیان هەبوو مردبێت، داوایان کرد بیبینن، تا ڕاستییەکەیان بۆ دەربکەوێت. دوای ئەوەی بۆیان دەرکەوت مردووە، بردیان و داوایان کرد لە سێدارە بدرێت. ئیدی “لەسەر داوای ئەو زانا و ئیماندارانەی شەوی ڕابردوو لە پێنج مزگەوتی شاردا کۆبووبوونەوە و پێشنیاری ئەوەیان کردبوو، کە ڕۆژی هەینی، بەر لە نوێژ، لەداری بدەن. جەستە بێگیانەکەی سوهرەوەردییان لە قەڵا بردە دەرێ و ئەو ئەرکەیان بە قەزا گێڕایەوە و لە سێدارەیان دا.”.
ئەمە چارەنووسی زانایەک بوو لەو تەمەنە کورتەیدا هەموو هەوڵ و تەقەلایەکی لە پێناو ڕووناکیدا بوو بۆ ژیان و بۆ مرۆڤەکانی دەوروبەری، بەڵام لەبەر ئیرەیی و ئاستی تێنەگەیشتنی نەیارانی ئەو چارەنووسەیان پێ ڕەوا بینی پێشتر بە مەنسووری حەلاجی هاوەڵە ڕۆحییەکەی ئەویان ڕەوا بینیبوو.

دووەم: ڕۆمانی “زریاب”
هەموو ئەو ئیرەیی و بەدگومانی و ناكۆكییە كوشندانەی باسمان كردن، وەك ئەوەی ڕووداوەكانی مێژوو کوتومت دووبارە ببنەوە، تەواو لە ڕۆمانی (زریاب)ی مەقبوول ئەلعەلەویدا خەست بوونەتەوە و بەدی دەكرێن. ئیسحاق موسڵیی موزیكژەنی پیر لە بەراییدا زریابی خۆشدەوێت و سۆزی خۆشەویستیی پێ دەبەخشێت “ئیسحاق موسڵیی ئاغامم دەبینی دەهات و دەچوو. لە ماڵە گەورەکەی خۆیدا پاشا بوو. گوێم لە ورشەی جلەکانی و ترقەی کەوشەکانی بوو لەسەر زەوییەکە، دەمبینی دەستەکانی لە دواوە تێکئاڵقابوون، کاتێک بە تەکمدا تێدەپەڕی گرێکەیان دەکرایەوە و بەوپەڕی خۆشەویستییەوە دەستی بە سەرمدا دەهێنا، جەستەی وندەبوو، تارمایی و بۆن و ئامادەیی لە شوێنەکە و لە ئاوەزمدا ماوەیەک دەمان…”.
خەلیفە هاڕوونە ڕەشید داوا لە ئیسحاق موسڵی دەکات ئەو کوڕە بهێنێت ڕۆژێکیان هەر خۆی لای خەلیفە زۆری بە توانا و زیرەکییەکەیدا هەڵگوتبوو “ئەو ڕۆژەم بیرناچێتەوە ئێوارانێکی زوو ئیسحاق ئاغام له دەرگەی دا و بە دڵی خۆشەوە پێیگوتم:

  • ئەو ساتە هات چاوەڕێمان دەکرد. سبەی لەگەڵمدا دێیت بۆ جڤاتی خەلیفە هاڕوونە ڕەشید. باسی تۆ و بەهرەی تۆم بۆ کردووە، خۆت ئامادەبکە”.
    کەچی دواتر هەر هێندەی هەستدەکات لەسۆنگەی بەهرەی گەورەی قوتابییەکەیەوە پایە و بەرژەوەندیی دەکەونە مەترسییەوە، دژی زریابی تازەلاوی بەهرەمەند، زریابی كۆیلە و قوتابیی خۆی دەوەستێتەوە. لەوە دەترسێت زریاب بە هۆی ئەو بەهرە گەورەیەی تێیدا هەڵدەقوڵی وەك موزیكژەنێك شوێن و پایەی ئەم لە كۆشكدا لەق بكات و ببێتە پاشکۆی قوتابییەکەی.
    هەر هێندەی ئاگردانی ئیرەیی دەكەوێتە گەڕ، ئیدی شاردنەوەی زەحمەت دەبێت و وردە وردە دەبێتە مایەی داڕمانی ئاكاریی لای كەسی ئیرەییبەر و هەناوی دەکرۆژێت، ئەمە ئەگەر جاری وا هەیە نەبێتە هۆی ئەنجامدانی تاوانیش. “لە دوێنێوە من گەورەی تۆ نیم. ڕاست و ڕوون دەبم لەگەڵتدا. ئەی نازانیت ئیرەیی دەردێكە لە كۆنترین دەردەكان و لە هەموویان پتر كار لە ناخ دەكات و قووڵترین زام لەسەر دڵ جێدەهێڵێت؟”.
    “ئەم ڕق و كینە و نەیاری و شەڕەی دژ بە زریابی تازەكار دەبنە هۆی ئەوەی لە داهێنان و نوێبوونەوە بوەستن… بۆیە ئیسحاق موسڵی لای خەلیفە هاڕوونە ڕەشید قسەی خراپ لەسەر زریابی زێدە بەهرەداری بێتاوان و بێگوناه دەكات، لە ئەنجامدا هەر بە خۆی دەیڕەنجێنێت و وڵاتبەدەری دەكات”.
    لێ زریابی فرەزان لە هونەری ئەتەكێت و خواردن، زریابی بلیمەت و ئەفسانەی موزیكی عەرەبی، زریابی بۆ موزیك خوڵقاو، زریابی دەنگخۆش و زوڵاڵ، وەكو هونەرمەندێكی ڕەسەن، بە پێچەوانەی مامۆستاکەی، هەموو خەمی ئەو عوودەكەی و ئاوازەكانی بوو، كۆڵی نەدا و هەر هێندەی سەقامگیر بوو، ژێی پێنجەمی بۆ عوودەكەی دانا و زمانێكی نوێی بە ئامێری عوود بەخشی، مۆسیقای ئەو لە لایەکەوە بواری دەدایتێ لە ژیان هەڵبێیت، لە لایەکی دیشەوە وای لێدەکردیت بە شێوەیەکی قووڵتر لە ژیان بگەیت. ئەو بە دامەزرێنەری یەكەمین قوتابخانەی موزیك دادەنرێت، ئەودەمی لە بەغدای (یەكەمین جار دوورخراوگە و دواتر نیشتمانی) دوورخرایەوە، لە قورتوبەی ئیسپانیا دایمەزراند. جگە لەوەی ژیاری ئیسلام و ڕۆژهەڵاتی گواستەوە ئەندەلوس و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا و جیهان. بەهرەی زریاب تەنیا لە مۆسیقا و گۆرانیدا چڕ نەدەبووەوە، بگرە چیرۆک و ئەفسانە و حەکایەتی پاشا و خەلیفەکانی دەگێڕایەوە، ئەمەش وای لە خەڵکەکە کرد لە دەوری کۆبببنەوە شەیدای بن و خۆشیانبوێت. هەروەها مۆدەی جلی هێنایە ئەندەلووسەوە، بۆ هەر وەرزێک جۆرە پۆشاکێک بەکاربێت و بۆ هەر بۆنەیەکیش جلێک.
    زریاب (ئەبولحەسەن عەلی بن نافعی موسڵی)ی بە ڕەچەڵەك كوردی بە بنەچە بۆتانیی هاتوو بۆ موسڵ و پاشان بۆ بەغدای پایتەختی خەلیفەی عەباسی، مێژووی ئیسلام گەلێک ستەمی لێ كردووە، زریابیش وەکو زۆرێک لەو نووسەر و هونەرمەند و بیرمەندانەی خزمەتی مرۆڤایەتییان کرددووە و بە زمانی عەرەبی، یان تورکی و فارسی نووسیویانە، ئیدی نکوڵی لە کوردبوونیان کراوە. زریاب لە ڕێی مێژووی ڕۆژئاواوە پتر ئاوڕی لێ درایەوە وەك لە ڕۆژهەڵات، لەوێ ناسرا و زیاتر سوودیان لە ئەزموونە دەوڵەمەندەكەی وەرگرت.
    مخابن، داهێنەران لە هەر ژینگە و شوێنێکدا بووبن، لە هەر ڕۆژگارێكدا ژیابن، ئاسوودەیییان بە خۆوە نەبینیوە و ئیرەیی هاوپیشەكانیان هەمبەر داهێنانەكانیان ئازاری داون و لێنەگەڕاون ئاسوودەبن. تاكو ئەو ڕادەیەی هەندێك جار ئیرەیی سەری داهێنەری خواردووە و توانا و كاراكتەری سەركەوتووی تیرۆر كراوە و زریاب ئاسا بەم ڕۆژگارەوە بەدەم ئازاری پێكانی تیری ئیرەیییەوە تلاوەتەوە. بێگومان ئەوی نامێنێت و دەمرێت کەسی ئیرەییبەرە، بەڵام ئیرەیی وەکو نەخۆشی و پەتا هەر دەمێنێت.

سەباح ئیسماعیل ـ کەرکووک




خوێندنەوەیەک بۆ رۆمانی (لە شەودا هەموو خوێنێک ڕەشە).. نووسینی: جەسی یەزافسکا ستیڤەنس.. وەرگێڕانی: نەوزاد مدحەت

بۆ زیاتر ناساندنی رۆمانەکەو نووسەرەکەی بە پێویستمان زانی کورتەیەک ئیزافە بکەینە سەر وەرگێڕانەکە… وەرگێڕ

نووسەری فەرەنسی بەڕەچەڵەک سەنیگالی دەیڤید دیۆپ بە پاڵەوانێکەوە کە لەمێژە لە ئەدەبیاتی جەنگی جیهانی یەکەمدا دوورخراوەتەوە، پێداچوونەوە بە نموونەیەکی بنچینەیی مۆدێرنەتەدا دەکات، سەربازە ئەفریقییەکە لە هێڵی پێشەوە.
ڕۆمانی داڤید دیۆپ کە خەڵاتی نێودەوڵەتی بووکەری بردۆتەوە “لە شەودا هەموو خوێنێک ڕەشە لە بنەڕەتدا بە فەڕەنسی نووسراوەو ناوی (برای ڕۆحیی) بووە و وەرگێڕە ئینگلیزییەکە ناوەکەی گۆڕیوە بۆ لەشەودا هەموو خوێنێک ڕەشە.
تێڕامانێکی دڵتەزێنە لەسەر جەنگ، کۆلۆنیالیزم و داڕمانی عەقڵ. لە ڕێگەی چاوی ئەلفا ندیای، سەربازێکی سێنێگالی کە لە جەنگی جیهانی یەکەمدا بۆ فەڕەنسا دەجەنگێت، دیۆپ چیرۆکێک دەنووسێت کە هەم شیعرییە و هەم ترسناکە، هەم تایبەتە و هەم گشتگیرە.
چیرۆکەکە بە شکستی ئەلفا دەست پێدەکات لە کۆتایهێنان بە ئازاری لە “برا ڕۆحییەکەی ” مادێمبا دیۆپ لە مەیدانی جەنگدا کە بە سەختی بریندار بووە و داوا لە (ئەلفا)ی هاوڕێی دەکات کە بیکوژێت بۆ ئەوەی لەوە زیاتر ئازار نە چێژێت، بەڵام ئەلفا دەستی تێناچێت. ساتێک لە دوودڵی یان ڕەنگە بەزەیی دەبێتە هۆی تێکچوونی دەروونی ئەلفا. ناتوانێت لە خۆی خۆش بێت، دەست دەکات بە تۆڵەسەندنەوەیەکی پڕ لە دڵڕەقی. ڕاوی سەربازە ئەڵمانییەکان دەکات، پاش گرتن و کوشتنیان بە شێوەیەکی دڵڕەقانە، دەستەکانیان وەک دیاری بۆ سەنگەرەکەی دەهێنێتەوە.
دیۆپ، دەستەواژەی دووبارە بەکاردەهێنێت کە هەم سروشتی تراومای بازنەیی و هەم ڕیتمی چیرۆکگێڕانەوەی زارەکیی ئەفریقی دەنوێنێتەوە. نووسەر بە شێوەیەکی سەرکەوتوو هێڵەکانی نێوان عەقڵ و شێتی، شارستانییەت و دڕندەیی تێکەڵ دەکات. پرسیار دەکات لە جەنگدا لە سەنگەرە قوڕاوییەکاندا کە پیاوان دەنێردرێن بۆ کوشتنی یەکتر. لێرەدا پرسیارەکە دێتە پێشەوە(دڕندە ڕاستەقینەکان، کێن؟).

شیکردنەوەی داینامیکی کۆلۆنیالی لە ڕۆمانەکەدا بەهێزە. لەڕێگەی ڕوانگەی بە تەواو شێواوی ئەلفاوە، دەبینین چۆن سەربازە ئەفریقییەکان هەم بۆ هەوڵی جەنگی فەڕەنسا پێویست بوون و هەم وەک سەربازی “شوکوڵاتە”ی بێ بایەخ سەیر دەکران ( دیارە شکۆڵاتە وەکوو تانە لە ڕەنگیان بەکار دەهات). ئەو شێوازەی ئەلفا سەرنجی هاوڕێ فەڕەنسییەکانی گۆڕی لە سەیرکردنی وەک “هاوسەنگەرێکی باش”ەوە بۆ “دڕندەیەکی” ترسناک دەگۆڕێت، پووچی پەسەندکردنیان و بەردەوامی پێشداوەرییە کۆلۆنیالییەکان ئاشکرا دەکات.
لە ناوەڕۆکدا، ئەم ڕۆمانە بچووکە (کەمتر لە ٢٠٠ لاپەڕە) یە سەیرکردنێکی بێ سڵەمینەوەیە بۆ چۆنییەتی گەندەڵکردنی دەروونی مرۆڤ لەلایەن جەنگەوە. دیۆپ پیشانی دەدات کە لە سەنگەرەکانی جەنگی جیهانی یەکەمدا، کە بە ڕاستی هەموو خوێنێک لە تاریکیدا ڕەش دەردەکەوێت، جیاوازی نێوان شارستانی و دڕندە، عاقڵ و شێت، وەک مەیدانی جەنگەکە خۆی قوڕاوی دەبێت.
کردەوەکانی ئەلفا ترسناکن، بەڵام ئێمە ئەو تراوما و داپچڕانە کولتوورییە دەزانین کە بەرەو ئەوەی دەبەن. ڕۆمانەکە ناچارمان دەکات ڕووبەڕووی پرسیاری ناڕەحەت ببینەوە دەربارەی توندوتیژی، دادپەروەری و ئەو توێژە تەنکەی شارستانییەت کە جەنگ بە ئاسانی دایدەماڵێت. ڕۆمانەکەی دیۆپ وەک بەشدارییەکی بەهێز لە هەردوو ئەدەبی جەنگ و ئەدەبی پاش کۆلۆنیالی ئەفریقی دەوەستێت، ڕوانگەیەکی تایبەت پێشکەش دەکات بۆ ململانێیەک کە زۆر جار تەنها لە ڕوانگەی ئەوروپییەوە دەبینرێت. بیرهێنانەوەیەکی دڵتەزێنە کە قوربانییەکانی جەنگ زۆر لە جەستەیی دوورتر دەڕۆن و دەگەنە قووڵایی ڕۆحی مرۆڤ.

—————————————–

لەسەنگەرەکاندا لەگەڵ کۆڵۆنیالیستەکان
ڕۆمانی (لە شەودا هەموو خوێنێک ڕەشە)؛ سەمایەکی دڵتەزێن لەگەڵ جەنگ و شێتی

نووسینی: جەسی یەزافسکا ستیڤەنس
وەرگێڕانی: نەوزاد مدحەت ( گۆران عەبدوڵڵا)

لە جەنگی جیهانی یەکەمدا دە ملیۆن سەرباز لە شەڕدا گیانیان لەدەستدا، زۆربەیان لە سەنگەرەکاندا بوون. کوشتاری فراوان نەک هەر ئەوەی بۆ هەمیشە شێوازی حوکمڕانی ئەوروپای گۆڕی کە هەمیشە چەکیان لەبەرچاو بێت، بەڵکو چۆنیەتی دروستکردنی هونەری مرۆڤەکانیشی بۆ هەمیشەیی گۆڕی. دڕندەیی میکانیزمەکراو و شێوازەکانی دەربڕینی پێشووی وەک ڕیالیزمی بەسەرچوو پیشاندەدا. حسابکردنی دواتر لەگەڵ شەڕی پیشەسازی و ناسیۆنالیزمی چاو برسی، بزووتنەوەکانی وەک دادایزم، داهاتووگەرایی و کانوونی مۆدێرنیزمی ئەدەبی هێنایە ئاراوە، کە کاریگەرییان لەسەر نووسەرانی ئینگلیزی زمان هەبوو لە ڤێرجینیا وۆڵفەوە تا ت. س. ئەلیۆت.
بەڵام ئەو کانوونی مۆدێرنیستییەی کە لە سەنگەرەکاندا سەریهەڵدا، تا ڕادەیەکی زۆر نزیکەی ٢.٣ ملیۆن ئەفریقی لەخۆدەگرێت کە پشتگیریان لە سوپای فەرەنسا و بەریتانیا دەکرد و هەروەها سەدان هەزار سەرباز و کرێکاری غەیرە سپی پێست لە جیهانی کۆلۆنیالیزمدا دوور دەخاتەوە کە زۆربەیان هیندی و نزیکەی ٤٠٠ هەزاریشیان ڕەشپێستی ئەمریکی بوون. ژەنەڕاڵ چارڵز مانگین لە (هێزی ڕەش)دا، سەرکردایەتی هەوڵەکانی کرد بۆ وەرگرتنی پیاو لە “خەزنە”ی ستراتیژی کۆلۆنییەکان، کە بە تایبەتی هەڵمەتی بۆ سەربازانی سەنیگال ئەنجامدا بۆ ئەوەی بنێردرێن بۆ بەرەی شەڕ. ئێستا دوای زیاتر لە سەدەیەک، نووسەری سەنیگالی فەرەنسی دەیڤید دیۆپ، مامەڵەیەکی زۆر مۆدێرنانەی بەرز دەکاتە ئەزموونی ئەو ئەفریقاییانەی کە خزمەتیان بە ڕۆژئاواییەکان کردووە و لەناوسەنگەرەکاندا مردوون. لە ڕۆمانی لەشەودا هەموو خوێنێک ڕەشە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٨ لە فەرەنسا بڵاوکرایەوە، ئانا مۆشۆڤاکیس بۆ یەکەم جار ئەم رۆمانەی وەرگێڕایە سەر زمانی ئینگلیزی.
وەک لە زۆرێک لە باشترین ڕۆمانەکانی شەڕی چالاکدا، وەک ڕۆمانی (گرتنەوەی ٢٢)ی جۆزێف هێلەر یان ڕۆمانی سەربازی باش سڤیک ی نووسەری چیک یارۆسلاڤ هاسێک، دیۆپ بە گاڵتەجاڕییەکی تاڵەوە کارەساتەکان زەق دەکاتەوە. ئەم گاڵتەجاڕییە کە لەڕوانگەی سەربازێکی ئەفریقییەوە لە دەوروبەری ساڵی ١٩١٤دا ئەزموون کراوە، نەک تەنها بێماناییەکانی شەڕ، بەڵکو ڕەگەزپەرستیش دەخاتە ژێر پرسیارەوە. بەڵام رۆمانی(لەشەودا هەموو خوێنێک رەشە)لە کۆتاییدا زیاتر چیرۆکی جادووبازییە نەک چەتەگەرییەکی شێتانە. لە یەک کاتدا کتێبێکی قووڵی تووندوتیژی و نەرم و نیانییە. دیۆپ بە تێکەڵکردنی مۆنۆلۆگی مۆدێرنیستی لەگەڵ ئەفسانە، لەسنوورە دەرەکییە تێکدەرەکانی ئەو شتانە دەکۆڵێتەوە، کە ئێمە چی لەگەڵ ئەوانی دیکەدا دەکەین و شەڕ دەتوانێت چیمان پێبکات.

ئیستغلالکردنی گەلانی کۆلۆنیالیزم بۆ ئەرکی چالاک، خاڵێکی تری ناکۆکی بوو لە نێوان زلهێزە ئەوروپییەکان لە جەنگی جیهانی یەکەمدا. بەهۆکاری دەستڕانەگەیشتن بە کۆلۆنیالیزمی فەرەنسا و بەریتانیا، ئەڵمانیا ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر بە جێگیرکردنی سەربازە ئەفریقییەکانی فەرەنسا لە ئەوروپا، کە خاڵی بنەڕەتی لای ئەڵمانەکان زیاتر جەختکردنەوە بوو لەسەر ڕەگەز نەوەک دژەکاری ئیمپریالییانە. ئاماژەی بەوەدەدا کە نابێت خاکی بەشەرەجیاوازەکان یەک بخرێن، کەچی خودی ئەڵمانیا هەم سەربازە ئەفریقییەکان و هەم ئەفسەرە ئەڵمانییەکانی وەک هێزی بەرگریکردن لە خاکە داگیرکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ئەفریقای پێ دەسپێردرا. گلەییەکانی ئەڵمانیا سەبارەت بە بوونی سەربازە ئەفریقییەکان لە ئەوروپا زیاتر بۆ سەرنج ڕاکێشانی خەڵکی سپیپێستی بوو بەتایبەتی لە ئەمریکا. ئەم پڕوپاگەندەیە دوای ئاگربەست لە ساڵی ١٩١٨دا جێگەی خۆی گرتەوە، کاتێک فەرەنسییەکان بەنیازی ئەوە بوون پلەبەندییە ڕەگەزییەکان پێچەوانە بکەنەوە، بەوەی ئەفریقییەکان بنێرن بۆ داگیرکردنی ئارییەکان و لەو رێیەوە زیاتر بتوانن ئەڵمانیا زەلیل بکەن. جێگیرکردنی سەربازە ئەفریقییەکان بووە خاڵی موزایەدە لە پەیمانی ڤێرسایدا، ئەڵمانیا داوای دەکرد کە هیچ سەربازێکی ڕەنگاوڕەنگ بۆ داگیرکردنی ڕاینلاند نەنێردرێت.
بەهەرحاڵ کاتێک فەرەنسا بە هەر شێوەیەک بێت سەربازانی سەنیگالی نارد، ئەڵمانیا هەڵمەتێکی گەورەی بەڕێخست لە ژێر ناوی “ترسناکیی ڕەش لەسەر ڕاین”، بە نامیلکە و کاری کاریکاتێڕی ڕەگەزپەرستانە، کە بۆ ئەو کارەی سوودی لە ترسە ناوخۆییەکان وەردەگرت لە ئەودیوی زەریای ئەتڵەسیدا. هەزاران پیاوی ڕەشپێست لە باشووری ئەمریکای کەوتنە بەر پەلاماری ئەشکەنجەدان و کوشتن و هەڵواسین لەدەرەوەی یاسادا، لەنێویاندا هەندێک لەو ٤٠٠ هەزار سەربازە ئەمریکییە ئەفریقاییەی کە لە کاتی جەنگی جیهانی یەکەمدا خزمەتیان کردووە. جێی سەرسوڕمان نییە کە هەڵمەتەکەی ئەڵمانیا هاوسۆزی لە ئەمریکا و بەریتانیا بەدەستهێناو پاڵپشتی لێکرا لە لایەن رێکخراوەکانی ژنان و هەفتەنامە چاپکراوەکانی سیاسەتمەدارە جۆراوجۆرەکانەوە.
لە مێژووە سەرەکییەکانی جەنگی جیهانی یەکەمدا و لەو سەردەمی چەکداریکردنەدا ڕەگەزپەرستی جێگیرکراوە، بەڵام ئەوە ئەدەبیاتی ئەو سەردەمەیە کە باس لە پچڕانی دەروونی سەیرکردنی داڕمانی شارستانییەت دەکات. لێرەدا دیۆپ بۆشایییەکی چارەنووسساز پڕدەکاتەوە: سەربازێکی سەنیگالی لە سەنگەرەکاندا و هاوسۆزی لەگەڵ دووژمندا، هەرچەندە پێچاوپێچ بێت، مانای چییە؟
بۆ ئەم سەربازە کێ دووژمنە؟ ئەڵمانەکان، فەرەنسییەکان، یان کۆلۆنیالیزم بە گشتی؟
پاڵەوانەکەی دیۆپ، ئەلفا ندیای، گەنجێکی بەسەربازکراوی گوندەکانی سەنیگال، سەر بە نەریتی سەربازییە فێڵبازێکانی نێوان جەنگەکانە، کە ڕەچەڵەکە ئەدەبێکەی دەگەڕێتەوە سەر ڕۆمانی لویس فێردیناند سێلین ( گەشتێک بۆ کۆتایی شەو) و تەنزێکی چیکی (سەربازی باش سڤیک) کە هەڵگری کارە توندوتیژییەکانی جەنگی جیهانییە. من چیرۆکەکان بە هیستریا و گێڕانەوەی جێی متمانە و نامۆبوون دەبینم لە جیهانێک کە هەموو هەستێکی عەقڵی لەدەستداوە. دیۆپ نامەی ماگنۆم ئۆپوسی سێلین و نامەی سەربازە فەرەنسییەکانی وەک سەرچاوەیەکی کاریگەر هێناوەتەوە. ئەوانە نەخشەی گونجاون بۆ لێکۆڵینەوە لەم ڕۆمانە ناسۆزدارییەی سروشتی مرۆڤ لە ژێر ئەوپەڕی فشاردا.
رۆمانی (لە شەودا هەموو خوێنێک ڕەشە) ئەم شێوازە ناسراوە درێژ دەکاتەوە و پێداچوونەوەی بۆ دەکات بۆ شتێکی ناوازە. کتێبێکی قەبارە بچووکتر و ئاسانترە لە کتێبی سێلین یان هاسێک، زیاتر جنۆکەیی و وەسواسییە. گێڕانەوەکە لەرێی دەنگەوەیە و خاڵییە لە هەموو سۆزێک لەبەرانبەر بێ هەستەکاندا، بەڵام ئیرۆنی دیۆپ ساردییەکەی سەر تراژیدی کۆمیدییەکە زیاتر دەکات. وە لە کاتێکدا وەڵامەکانی پێشووتر بۆ جەنگی جیهانیی، یەکەم جەخت لەسەر بێمانایی ژیان دەکەنەوە لە بەرامبەر ترسناکییەکانی سەردەمی جەنگدا، ڕۆمانەکە پێداگری لەسەر لۆژیکێکی پێچاوپێچی خواپەرستی دەکات. پلانەکە لەسەر وەسوەسەیەک دامەزراوە بۆ ئەو بیرۆکەیەی کە کردار و بێ کردەوەکانی مرۆڤ دەرئەنجامەکانی بۆ ئەوانی دیکە هەیە. ئەلفا نیایە بە هەستی قووڵی ئامانجەکەی خۆی لە جۆزێف سڤێک یان فێردیناند باردامو جیا دەکاتەوە. شێتێکە و ئامانجەکەی ئاشکراو ڕوونە، چیرۆکێکی تاریکی هاوڕێیەتی و زەبر و تۆڵەسەندنەوەیە.
وەکوو سێلین لەپێش خۆیدا، شێتی و دڵڕەقی شەڕی لە ڕێگەی پەندە خەمناکەکانی سەربازێکی پلەنزمی گێڕەرەوەوە دەخاتەڕوو کە لە شارستانییەت جیابووەتەوە.
دیۆپ لە پاریس لەدایک بووە و لە سەنیگال گەورە بووە، هەڵگری هیچ کام لەناوو ناوبانگەکانی سیلینی دژە جوولەکە و فاشیست نییە، کە شکستە شەخسی و سیاسییە جددییەکانی پێشوازیکردنی لە کارەکانی لەکەدار کردووە. بەڵام تاریکییەک لە ڕۆمانە نوێیەکەی دیۆپدا هەیە کە ڕەنگە لای هەندێک لە خوێنەران بە ئاسانی بۆیان هەرس نەکرێت. پێدەچێت پێزانینی خوێنەران بۆ ڕۆمانەکە بەند بێت بەوەوە کە ئایا مرۆڤ لەگەڵ بیرۆکەکەی شکسپیردا هاوڕایە یان نا کە دەڵێت:(لە جیهانێکی شێتدا، شێت باشترین تێگەشتنی هەیە بۆ نەخۆشییەکانمان، ئەگەر چارەسەرکردنی نەبێت). دوای خوولی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا، بیرۆکەیەکە کە پێویستە ئەمریکییەکان بە تایبەتی ئامادەبن بۆ دانپێدانان.
ڕۆمانەکە لە بەرەکانی شەڕەوە دەست پێدەکات، لە تەنیشت باشترین و نزیکترین هاوڕێی برینداری حیکایەتخوان ئەلفا،(مادێمبا دیۆپ)، کە مردنە بەئازارکەی بە زاراوەی ڕاستی وەسف دەکرێت. مادێمبا لە ئەلفا دەپاڕێتەوە کە بە بڕینی قوڕگی لەو نەهامەتییە پڕ ئازارە رزگاری بکات، بەڵام ئەلفا نایکات. ڕۆمانە بچووک و چڕەکە وەک هەوڵێک بۆ کەفارەتی ئەم شکستەی هاوڕێیەتی بەردەوام دەبێت، بە کردار هەوڵدەدات کە چۆن ئەو جۆرە زەبر و زەنگە ڕێگەی خۆی لە مێشکدا بکاتەوە. ئەلفا دەڵێت: (ئەوەی کە ئەمڕۆ هەم، ئەوکاتە بوومایە، کە سەری بەرەو من سووڕاند و دەستی چەپی لەلای راستمدا بوو، داوای لێکردم بیکوژم، دەمکوشت.)

جارێکیتریش، لەگەڵ ئەم کرانەوەیەدا، هەندێک لە خوێنەران لە ڕۆمانەکە دووردەکەونەوە بەوەی رۆمانێکی توندوتیژو خەماوییە. بەڵام لێرە جوانییەکی گەورە هەیە. ڕستەکانی دیۆپ تایبەتمەندییەکی بەرزو نزمی هەیە، دەستەواژەکان هەڵدەگرن کە لەگەڵ دووبارەبوونەوەدا بە شێوەیەکی نەرم لەبەر دەکرێن. زۆرجار یەک چاودێریکردن بەناو بابەتێکدا درێژدەبێتەوە، لەگەڵ ڕۆشتنیدا دەگۆڕێت. ئەلفا دەڵێت (ڕاستی خودا، من باوەڕم وایە کە خودا هەمیشە لە دوای ئێمەوەیە)، دواتر دەشڵێت (ئەوە شەڕە؛ ئەوە کاتێکە کە خودا دووادەکەوێت لە مۆسیقای مرۆڤەکان، کاتێک ناتوانێت لە یەک کاتدا داوە تێکئاڵاوەکانی چارەنووس لێک جیابکاتەوە.)

وەپێشخستنی خاڵی گێڕانەوە بۆ سەرەتای چیرۆکەکە ڕێگە بە دێوانە دەدات کە باسێک لە شێتی خۆی پێشکەش بکات. دوای مردنی مادێمبا، هەر جارێک ئەلفا دەچێتە ناو خاکی دووژمن، دەستێکی بڕدراوی ئەڵمانییەک دەهێنێتەوە. هاوڕێکانی سەرەتا دڵخۆش دەبن و سەرسام دەبن بە ئازایەتییەکەی. ئەوان ئەوە نازانن ئەمەلەڕاستیدا دووبارەکردنەوەی مردنی مادێمبایە. ئەلفا بە دزییەوە دەچێتە سەر قوربانییە ئەڵمانییەکانی، ناو زگیان دەردەهێنێت، تامی مردنێکی سەختیان پێ دەچێژێت، دواتر بەشێوەیەکی میهرەبانە و بە جووانی بە چەقۆ قوڕگیان لێدەکاتەوە. ”لە شەودا هەموو خوێنێک ڕەشە”. ئەوە ڕەحمەتی شێتێکە، دەرفەتێکە بۆ ئەوەی ئەو ڕزگاربوونە لە ئازار بە دووژمن ببەخشێت کە لەگەڵ هاوڕێکەی نەیکرد.

دووبارەبوونەوەی کردارەکانی ئەلفا لە چوونە ناو خاکی دوژمن دەنگدانەوەی زۆری لێدەکەوێتەوە لەناو هاوسەنگەرەکانی. کاتێک کە دەستی چوارەم و پێنجەم و شەشەم و حەوتەمی خۆی دەهێنێتەوە دەبێتە مایەی نیگەرانی لای هاوسەنگەرەکانی. ( سەربازە سپی پێستەکان لەناو خۆیاندا دەستیان کرد بە قسەو مقۆمقۆ؛ دەمتوانی لە چاوەکانیاندا بیخوێنمەوە .دەیان وت ئەم شوکولاتەیە بەڕاستی سەیرە! ئەوانی تر، سەربازانی شوکولاتەی ڕۆژئاوای ئەفریقا وەک من، ئەوانیش دەستیان کرد بە وتن و منیش لە چاوی ئەواندا خوێندبوومەوە.) ئەم ئەلفا ندیایە لە گوندی گاندیۆلی نزیک سانت لویس لە سەنیگال، کەسێکی رەفتار سەیرە.” هەمان کردەوە کە چەندین جار بەس دووبارە دەکرێتەوە، ئیتر ئەوە بەسە بۆ ئەوەی کەسێک بناسێنێ وەک پاڵەوان و جانەوەر.
خستنەپاڵ یەکتری لە سەربازانی سپی و ڕەش، زۆرجار لە هەمان ڕستەدا، خزمەت بە ئامانجێکی هاوشێوە دەکات، هەروەها جەخت لەسەر هەژموونی هێڵی ڕەنگ لە سەنگەرەکاندا دەکاتەوە. ئەلفا دڵنیا بوو سەبارەت بە ڕەگەزپەرستی کاپتنەکەی لە تۆنی دەنگی(مانگیندا)، کاتێک بە شوکولاتەکانی دەوت (یاری دڕندە بکەن) و لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار ڕستەسازییەکان ئاماژە بە گشتگیرییەکی تاریک دەکات، واتە؛ لە شەودا هەموو خوێنێک ڕەشە.

دیۆپ بە درێژایی رۆمانەکە ئەوەی دۆکیومێنت دەکرد کە چۆن فەرەنسییەکان ترسی ڕەگەزییان قۆستووەتەوە، چ لە بەرەکانی شەڕ و چ لە دەرەوەی شەڕ. پێش ئەوەی ڕیخۆڵەکانی قوربانییەکی (کراوت) دەربهێنێت، ئەلفا لە چاوە شینەکانیدا ناوی خۆی تۆمار دەکات (ترسێکی ترسناک لە … ئەوەی کە لەبارەی منەوە پێی وتراوە، و ئەوەی باوەڕی پێکراوە بەبێ ئەوەی هەرگیز منی بینیبێت.) داوا لە وەرگیراوانی ڕۆژئاوای ئەفریقا کە زۆربەیان نە فەرەنسی دەخوێننەوە و نە قسەی پێدەکەن، داوایان لێدەکرێت چەشنە ڕەگەزپەرستییەک وەک ستراتیژی سەربازی بگرنەبەر. دوور لەوەی شەڕێک کە تەنیا لە نێوان زلهێزەکانی ئەوروپادا بەڕێوە دەچوو. جەنگی جیهانی یەکەم وەک هێزێکی ئیمپریالیستی لۆژیکێکی هاوبەشیان لە ناوەڕۆکدا هەبوو.
جێگای سەرنجە، دیۆپ توانیویەتی فۆبیای جوگرافیای بابەتەکەی تێپەڕێنێت. تەواوی گێڕانەوەکە لە نێوان هێڵەکانی پێشەوەی شەڕ و بەرەی دوواوەی شەڕ (چاکبوونەوە)ی شەڕەکەدا کۆتایی پێهاتووە و لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەندەی لە سەنیگال کات بەسەر دەبات، ئەوەندەش لە بەرەکانی شەڕدا بەسەر دەبات.

دوای ئەوەی ئەلفا دەستی حەوتەم دەهێنێتەوە، هاوسەنگەرەکانی گومانی شێتی لێدەکەن، دواتر دەنێردرێت بۆ ئەوەی لە نەخۆشخانەیەکی مەیدانی چارەسەر وەربگرێت. لەوێدا ئەلفا لەلایەن ئەو کەسەی کە بە شێوەیەکی زانستی ناوی (دکتۆر فرانسوا یان پەرستار خاتوو فرانسوا.) یە و لەناو جێگەی نەخۆشخانەیەکدا گۆشەگیر دەکرێت، یادەوەرییەکانی بەرەو گوندی زێدی خۆی و هاوڕێیەتی سەرەتایی لەگەڵ مادێمبادا سەرگەردانن. لە چوارچێوەی چارەسەری دەروونیدا، سێ وێنە دەکێشێت، یەکێکیان وێنەی دایکی، ئەوی تر وێنەی مادێمبا و سێیەمیان یەکێک لە حەوت دەستەکە. ئاشکرایە کە دایکی ئەلفا لەلایەن مەغریبییەکانەوە ڕفێنراوە و فرۆشراوە وەک کۆیلەی سێکس، دوای ئەوە خێزانی مادێمبا لە بەخشندەیی خۆیان ئەلفایان هێنایە لای خۆیان.

کوڕەکان پێکەوە بە ڕێوڕەسمی نەریتی خۆیان تەمەنی هەرزەکارییان تێپەڕان. تەماحی مادێمبا و نەمانی دایکی ئەلفا کە پاڵنەرێک بوو بۆ ئەوەی بچنە شەڕەوە. (لە کاتێکدا هەندێک لە سەربازە ئەفریقییەکان خۆبەخشانە بەشدارییان لە سوپای فەرەنسادا کرد، بەهۆی بەڵێنی کرێ و ئەگەری کۆچکردنەوە بۆ فەرەنسا، زۆرینەش بەزۆر ڕاپێچ دەکران).
لە ڕێگەی ئەم یادەوەرییانەوە ڕۆمانەکە ترس و بیمەکانی شەڕ لەگەڵ دیمەنەکانی کوڕێتی لە لادێکانی سەنیگالدا دەخاتەڕوو. پەشیمانی ئەلفا بەرامبەر بە مادێمبا وەک هێڵێکی بەردەوام و بەهێز دەمێنێتەوە. ئەوان هەردوو عاشقی هەمان کچ بوون، کە لە دوایین شەودا پێش ئەوەی بەرەو فەرەنسا بڕۆن، کچەکە ئەلفای قۆزی هەڵبژارد وەک خۆشەویستەکەی لەبەرانبەر مادێمبای لاواز. شکستی ئەلفا لە نەبڕینی قوڕگی مادێمبا ئەم خیانەتە ڕەسەنەی بیردەخاتەوە: ( مردن بەبێ ئەوەی هەموو چێژەکانی جەستە بزانیت دادپەروەرانە نییە. مادێمبای هەژار و لاواز).
بەبێ زیادەڕۆیی، هەندێک لەجوانی سەرنجڕاکێش لە کۆتایی ڕێگەکە ئاماژە بە یەکگرتنی مێشکی دوو هاوڕێکە دەدەن لە یەک جەستەدا. لە ڕوانگەی کەسێکی وەک د. فرانسوا، تێکەڵبوونی ڕواڵەتی ئەلفا و مادێمبا (“دەنگێکی کەم لە سەرمدا”) ڕەنگە وەک شیزۆفرینیا بخوێنرێتەوە. بەڵام ڕۆمانەکە پێشتر ئاماژەی بە نەریتی جادووبازەکان کردووە کە لێکدانەوەیەکی هاوشێوە پێشکەش دەکەن. یان ئەلفا لە کاتێکدا کە هۆشیارییەکەی دەست دەکات بە تێکەڵبوون لەگەڵ مادێمبادا، ملکەچی دەروونی دەبێت- یان پراکتیزەکردنی ترسناکانەی دێمەکان کە بریتین لە “ڕۆح خواردن” لە یەک کاتدا بووەتە نەفرەت و کردەوەیەکی قووڵی هاوڕێیەتی. تێکەڵبوونی دوو ڕۆح لە یەک فۆرمێکی فیزیکیدا، وەک چۆن ئەلفا جەستەی خۆی بە قەرز دەداتە هاوڕێکەی.
بەڵام شێوازی هاوبەشکردنی جەستەی ئەلفا دەبێتە هۆی توندوتیژی زیاتر. دیمەنێکی سێکسی لوتکە لەگەڵ خاتوو فرانسوا کە بە شێوەیەکی ناڕوون ڕەزامەندی هەیە، دوو جار دەگێڕدرێتەوە، جارێک لە ڕوانگەی مادێمبا، جارێک لە ڕوانگەی ئەلفا.

ژنکوژی بەشێکی سەرەکییە لە ئەدەبی جەنگدا. بەڵام لەم رۆمانەدا دەنگدانەوەی شەڕ و لاقەکردن هەنگاوێک واوە تر دەڕوات. بەزاندنی سنوورەکان لە ناوەوە و دەرەوە، بیرۆکەیەکی قووڵە لە ڕۆمانەکەدا، بیرۆکەیەک کە واتایەکی سێکسی هەیە. دیۆپ پێشنیاری ئەوە دەکات کە شەڕ دوا دزەکردنە بۆ جەستە بە ئامێر و دەروون بە ترسناکییەکان کە شایەتحاڵین.
ئەلفا لە مردنی مادێمبادا دەڵێت( ناوەوەی هاتبووە دەرەوە مێشکی هێندە کرابووەوە کە بتوانم و بزانم چی لەوێ حەشارداوە. وە ئەوەی لەوێ خۆی حەشارداوە، ڕەنگە خودی مادێمبا بێت.)
دوا بەریەککەوتن لەگەڵ خاتوو فرانسوا زۆر لێکدانەوەو خوێندنەوە هەڵدەگرێت. لاقەکردنە، کرداری شەڕە، تۆڵەسەندنەوەیەکی نیشتمانییە لە فەرەنسییەکان و شانۆگەرییەکی خۆئاگادارانەیە لەسەر ئەو دڵەڕاوکێیە ڕەگەزییەی کە سووتەمەنی ئەو هەڵمەتە پڕوپاگەندەییەی ئەڵمانیا(ترسی ڕەش لەسەر ڕووباری ڕاین) بوو. هەروەها چاکەیەکی ناڕاستەوخۆ بۆ هاوڕێیەک : دەرفەتێکە بۆ مادێمبا کە لە شوێنێکدا لەناو مێشکی ئەلفادا لە خەوندایە، دواجار کوڕێنییکەی لەدەست بدات. تەماحی دیۆپ لێرەدا جێگەی ستایشە، بەڵام سەرنج و لێکدانەوەکان جۆراوجۆرن لە کاتێکدا ڕۆمانەکە بەپەلە بەرەو کۆتایی خۆی دەڕوات.
لەگەڵ ئەوەشدا رۆمانی (لە شەودا هەموو خوێنێک ڕەشە) بە شێوەیەکی گشتی دووبارەکردنەوەیەکی سەرسوڕهێنەرە بۆ زۆرێک لەکۆنترین چیرۆکەکان سەبارەت بە تاڵانکارییەکانی جەنگ. جەختکردنەوە لەسەر هاوڕێیەتی و تاڵانکردن و کەفارەتکردن بە گەڕانەوە بۆ ئۆدیسێ. دیۆپ لە رێی تەکنیکی گفتوگۆ ئەدەبییەکان و دەنگە تایبەتەکانی ناخی خۆی، ئەم تەوەرانە دەخاتە ناو دەروونناسییەکی جادووبازی ترەوە، دیدگایەک هەیە پێیوایە کە زۆرجار لە بەڵگەنامەنووسین دەرچووە کە یارمەتیدەر بووە لە ئیلهامبەخشین بۆ بیرۆکەی رۆمانەکە، دووبارە خەیاڵ دەکاتەوە؛ نمونەی نامەی سەربازەکان بۆ ماڵەوە.
رۆمانی (لە شەودا هەموو خوێنێک ڕەشە) زۆر شەخسییە، تایبەتە، نیشانەی دڵسۆزی و هەروەها جۆرێکە لە بەڵگەنامەی مێژوویی. دیۆپ توانیویەتی پاشەکشێ بەو سەرنجە سەنیگالییە بکات سەبارەت بەو دیدەی پێشنیاری ئەوە دەکات کە سەنگەرەکان تەنیا هی ئەوروپییەکان بن.

(لە شەودا هەموو خوێنێک ڕەشە)بۆ کەسانی دڵ لاواز نییە. بەڵام بۆ ماوەیەکی درێژ، گێڕانەوەکە لەگەڵ جوانییە ساردەکانی ڕووباری (ستیکس)دا هەڵدەقوڵێن و کۆتاییە جادووگەرەکەی وا دەکات بە تەواوی جیاواز بێت. لەبارەی کایەی ئەدەبی ئینگلیزییەوە، ڕەخنەگران تۆمەتباریان کردووە بە کاڵکردنەوەی چوارچێوەی ئەخلاقی ڕۆمانەکە،وە زۆر بە ڕوونی ئاماژەیە بۆ ئەوەی هاوسۆزی خوێنەر لە کوێدا بێت. رۆمانەکە بە ڕوونی و بە شێوەیەکی تازەگەری، دژەباوە. دیۆپ پێشنیاری ئەوە دەکات لە ئەخلاقی جەنگدا هیچ شتێک تەواو ڕەش و سپی نییە. ئەوەی هەیە تەنهاو تەنها شێتییە.

ئەم بابەتە لە رۆژنامەی رەوت ژمارە ٣٣ لە بەشە ئەدەبێکەی (بانێژە) بڵاو بۆتەوە..
https://www.albadeel-alsheoi.org/ar/?p=7674

سەرچاوە:




زمان و شاعیر.. خەزعەل ئەلماجدی.. و: عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

شیعرییەت شایتحاڵی تەواوی سەردەمەكان

وزەی زمانی شیعری پەرت نییە، پارێزراوە. بە پێچەوانەی وزەی زمان لە بوارەكانی دیكەدا كە بەرەو سوودگەرایی و دەستاودەستكردن و تێگەیشتن دەبێتەوە… وزەی شیعری لە چوارچێوەی فۆڕمی شیعرییدا پارێزراوە، نە دەگۆڕێ و نە لەكار دەكەوێ. ئایا بەپێی ئەو تێگەیشتنە، دەتوانین شیعر لە رووی زمانەوانییەوە پێناسە بكەین و بڵێین شیعر زمانە، كاتێ وزەی خۆی دەپارێزرێ. لە رووی زمانییەوە پێناسەی پەخشان بكەین و بڵێین پەخشان زمانە، كاتێ پەرت دەبێ، یان وزەكانی بەكار دەهێنین، یان لە پێناو شتێكی دیاریكراو سوودی لێوەردەگرین. لەو دەرئەنجامەشەوە بڵێین زمان لە شیعردا هێزێكی نەگۆڕە، لە كاتێكدا زمان لە پەخشاندا هێزێكی گۆڕاوە، بۆ جۆرێكی تر، بۆ نموونە پەخشانی دەرەكی (بابەتخوازی و زانستی) زمان بۆ كار، هەواڵ، هاندان، وەسفكردن دەگۆڕێ، پەخشانی فێركاری بۆ زانست و زانیاری دەگۆڕێ. بەڵام هێزی زمانی شیعر ناگۆڕێت، بەڵكو لە ناوەوەی خۆیدا بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوە. پەخشان لە مێژوودا جێگیر دەبێت، شیعریش بەرەنگاری مێژوو دەبێتەوە، چونكە ناگۆڕێت و دوای مێژوو ناكەوێت، بەڵكو شتێ لە ناوەوەی گوتار و رووداوە قەدەغەكراوەكانی دەوروبەری لە خۆدا هەڵگرتووە. بۆ نموونە قەسیدەكانی (موتەنەبی) لە بەرانبەر سەدەی چوارەمی كۆچی وەستاون، لە كاتێكدا دەسەڵات و میدیا و هەواڵ و یاسا و دابونەریتەكانی سەدەی چوارەمی كۆچی كەوتوونەتە نێو مێژووەوە. لە سەدەی نۆزدەمی پڕ لە رووداو و هەواڵ، قەسیدەكانی رامبۆ وەستاون، وەك رۆناكییەكی درەوشاوە و تازە، بە هێز و چالاكییەوە لە مرۆڤ دەڕوانن. ئایا ئەوە بەو مانایەیە كە پەیام ((پەیامی شیعری)) دەبێ بابەتەكەی لە خودی خۆیدا بێ (بابەتەكەی لەو شتانە وەرنەگرێت، كە دەوری داوە و ئاماژە بە شتەكانی دەوروبەری خۆی نەكات).. ئەوە پەیامێكی شیعرییە، وەك ئەوەی لە دەقی شیعرییدا هەیە؟
هەڵبەتە نا.. چونكە كاتێ باس لە ئەركەكانی زمان دەكەین و دەبینین یەكێك لە ئەركەكانی زمان، شیعرییەتە ((لەبەر ئەوەیە كە ناوەڕۆكی پەیامەكەی یان زمانەكەی خودی زمانەكەیەتی، نەك ئەوەی ئاماژەی بۆ دەكات)) ئەو قسەیە ((واتە پەیامی شیعر)) تەواو لەگەڵ قسەكانمان لە بارەی ((هونەری شیعری)) جیاواز دەكەوێتەوە، چونكە شیعر نواندنێكی هونەرییە، ((بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نواندنی هونەری)) تەنیا ئامانجەكەی نییە. با بە وردی بڵێین ئەوە شیعرییەتە وەك ئامانجێك تەنها لە رێگای هونەرەوە دەتوانرێ بە دەست بهێنرێت، بەڵام ((ئەركی شیعر))یش دەشێ لە مەبەست ((پەیامی شیعری)) یان ئامانجی شیعریدا هەڵگرینەوە، كە رەنگە شیعر تێیدا سەركەوتوو بێت، یان لە بەدیهێنانیاندا سەركەوتوو نەبێت. ((روونكردنەوەی)) ئەو قسانەش بە گشتی ((خودێتی و زمانەوانی و تەمومژی)) شیعری كەم دەكاتەوە و بە شیاوی چارەی دەكات، چونكە سروشتی ئەو پەیامەی كە چارەی دەكات، ئەوەیە كە خودی زمانی ئاڵۆز چەمێكە دەبێ بوڕوژێندرێت، چونكە هەمیشە سەرلێشێواوییەكی گەورە لەنێوان ئەركی شیعری و ئەركەكانی دیكە (كۆمەڵایەتی و سیاسی و پەروەردەیی و سۆزداری و سوودگەرایی.. هتد) درووست دەكات، كە دەكەونە چوارچێوەی ئەركە بابەتییە لەكاركەوتووەكانی زمان. لێرەدا بە هیچ شێوەیەك مەبەستم داخستنی ئامانجی زمانی شیعری ((پەیامی شیعری)) نییە، كە هەمیشە كراوەیە، بەڵكو دەبێ بزانین كە شیعر((هونەری شیعری)) ئەگەر ملكەچی ئەو ئەركانە بێت، ئەوە ئامانجی خۆی ((وەك شیعر- زمانی شیعری)) لە دەست دەدات و دەبێتە پاشكۆ بۆ ئەركی دیكە. لێرەدا ناتوانین ئەو كارە یەكلا بكەینەوە و بڵێین ئەوەی شیعر دەنووسێ دەبێ بەو رێچكەیەدا بڕوات. بەڵكو شاعیر دەبێ لە خۆیەوە ((بە شێوەی تایبەتی خۆی)) پارێزگاری لە شكۆی شیعر و روونی و وزەی شیعری بكات، شاعیر دەبێ هۆشیارییەكەی تا ئەوسنورە بێ، كە نەكەوێتە ژێر چەكوشی ئامانجەكانی دیكەی زمان، پاشان شوێنكەوتە و ملكەچیان. شاعیر دەبێ بۆ ئامانجی شیعر هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێت، پێویستی بە هۆشیارییەكی گەورەی شیعری یەكگرتووهەیە، دەبێ لەگەڵ كاتدا هەنگاو بنێ، خۆی لە هەموو ئەو رێگایانە بدزێتەوە، كە بەرەو گەڕانەوە و بێبایەخی و موجامەلەی دەبەن.

شوشتنەوەی وشەكان
وشە لە شیعری كۆندا ناسنامەی دیار نییە، بە ئاراستەی ئەو مانایەدا دەڕوات، كە بە شێوەیەكی هەڕەمەكی رۆژێ لە رۆژان بۆی پێشنیار كراوە، لە پێناوی دروستكراوە.. بۆیە وشە تەنها وەك ئامرازێ بۆ بەكارهێنان و گەیاندن دەمێنێتەوە، نە زۆر نە كەم.. وشە لە شیعری كۆندا هیچ كەسایەتییەكی نییە.. چونكە لە شیعری كۆندا ((مانا)) دۆخەكە بەڕێوە دەبات. بەڵام ئەگەر وای دابنێین كە زمان لە پێكهاتن و هەڕەمەكییەت و یاسا ناوەكییەكانیدا هاوتای ژیان بێت، لەبەر ئەوەی زمان لە خودی ژیان و پێشكەوتنەكانی ژیانەوە گەشەی كردووە، كەواتە ئەی بۆچی دەستەواژەكان (وشەكان) بە بوونەوەری زیندووی ئەو ژیانە نازانین، كە كەسایەتی و سەربەخۆیی خۆیان هەیە، وەكو رووەكەكان و ئاژەڵەكان و زیندەوەرە وردەكان، كە ژیانی شاراوە و تایبەتی خۆیان هەیە، زۆربەی جاران هەر نایانبینین، تەنها ئەوانە نەبێ كە دیارن و پەیوەندییان بەیەكترییەوە پەیوەندی مانەوە و ململانێ و ئەزموون و هاوژیانییە. دەشێ لە ژیانی رۆژانەدا زمان ئامرازی گەیاندن و تێگەیشتن بێ، وشەكان ((بوونەوەرە زیندووەكان)) قوربانی بە كەسایەتی و ژیانی خۆیان بدەن، بۆ ئەوەی مرۆڤ لە مرۆڤ بگات، بۆ ئەوەی ئەو لەیەكگەیشتنە بەردەوام بێ. بەڵام ئایا هیچ دەستەواژەیەك بەو قوربانیدانە خۆبەخشانەیە رازییە؟ نەخێر، بەڵكو ئەوە بەكاربردنە رازییان دەكات. بەڵام ئەدەب ئەو بەكاربردنە رەتدەكاتەوە و دادپەروەری لەگەڵ ئەو بوونەوەرانە و پەیوەندییەكانیان دادەمەزرێنێ و شكۆیان بۆ دەگەڕێنێتەوە، لەو رووەوە شیعر ژانرێكە زیاد لە ژانرەكانی دیكەی ئەدەب پارێزگاری لە پەرتبوونی وشەكان (دەستەواژەكان) و پەیوەندییەكانیان دەكات، لە هەموو ئەو بەكارهێنانانە رۆژانەییە، یان رۆتینییەی كە كەسایەتی وشەكانیان پیس كردووە و تێكشكاندووە، پاكیان دەكاتەوە و شكۆ و هێزییان بۆ دەگەڕێنێتەوە.. دەیانخاتە نێو بەكارهێنانی نوێ و ژیانی ((ژیانی زمانەوانی نوێ))یان بۆ دەڕەخسێنێ و دەیانخاتە نێو پەیوەندییەكی نائاسایی و چاوەڕواننەكراوەوە.. جێگایان بۆ دەدۆزێتەوە و وایان لێدەكات تێیدا نیشتەجێ بن، بەمجۆرە دەقی شیعری سەرسامی درووست دەكات، چونكە: واتای نوێ ((ژیانی نوێ)) بە وشە دەبەخشێت. وشە دەخاتە پەیوەندی نوێوە. بەمجۆرە زمان نوێ دەبێتەوە و ئەو نوێبوونەوەیەش دەبێتە نوێبوونەوەی ژیانی مرۆڤ و بوژانەوە و گرژی و نەشونماكردنی مرۆڤ.
پەیوەندییە زمانەوانییە كۆنەكان لە شیعر و پەخشاندا پەیوەندی دیاریكراون یان وەك رەوانبێژی پۆلینكراون، ناشێ لێیان دەرچین و نكۆڵی لە رەوانبێژییان بكەین، بەڵكو دەبێ چوارچێوەیەكیان بۆ بدۆزینەوە و لە شێوازێكی چەقبەستوودا دایانبنێین، بەوەش دەستەواژەكان و پەیوەندییەكانیان لە شیعری كۆندا بە هۆی تووندی سیستمی زمانەوانی و عەقڵی و كۆتوبەندكردنیان لە چواچێوەی رۆحی مرۆییدا تووشی پووكانەوە دەبن، بەمجۆرە رزگاركردنی شیعر و عەقڵ لەو هێزە نەرێیە پێویستی بە دیدگایەكی ریشەیی هەیە! ئەو دیدگایەش دەبێ شتێ لەخۆ بگرێ كە ژیانی ئاسایی و لەكاركەوتوو نەتوانێ بیبڕێت، شتێكی سەرووی سروشتی، شتێكی ناوازە و لەپڕ كە بشێ وەك پێویست دەستەواژە و پەیوەندییەكانیان لە داڕشتنەوەی نوێدا بنوینێ. رێبازی بونیادگەری لێكۆڵینەوە لە بارەی پەیوەندی نێوان دەستەواژەكان وەك حەقیقەتی زمانەوانی و جەوهەری زمان (فۆنۆلۆژی، مۆرفۆلۆژی، شێوازگەریی) بە كاری لەپێشینەی خۆی دادەنێ و لەوەشدا گەیشتۆتە دەرئەنجامی زۆر گرینگ، بەڵام لەبەرانبەر ئەوەشدا بوونی (وشە) و دەستەواژەكانی پشتگوێ خستووە و تەنها وەك پارچەكانی شەترەنجی داناون، كە دەشێ داربن یان ئاسن یان قوڕ و هەویر، كە هیچ جیاوازییەكی گرنگیان لە وازیكردنی شەترەنجدا نییە و دواتریش هەر بەو پێودانگە گەمەی زمانەوانی ملكەچی سیستمی ناوەوەی زمان دەكات. ئەگەرچی بونیادگەری لە هەندێ لە تیۆرە جۆراوجۆرەكانیدا گرنگنترینیان تیۆری زایندەیی ((تەولیدی)) ((چۆمسكی)) كە بە راستی لە رووی یاساكانی زمانی زایندەیی و گۆڕانكاری ((تەولیدی و تەحویلی))دا، وێناییەكی رازیكەر بە دەستەوە دەدات. دوور لەو لێكۆڵینەوە زمانەوانییە گشتیانە، ئیتر دەستەواژەكان هەروا مانەوە، تا لقێكی تایبەت بە ناوی زانستی ئاماژە (علم الدلالە) هاتە ناوەوە، بەڵام ((ئەو لقە)) لەگەڵ زانستی زمان تێكەڵ نەبوو، تاكو بەیەكەوە وێناكردنێكی رازیكەر لەبارەی زمان بەگشتی و شیعرییەت بە تایبەتی بخەنە روو. شاعیر بۆخۆی دەبێ لە هەموو ئەو زانستانە قووڵبێتەوە، نابێ هەر تەنها پێیانەوە پابەندبێ، بەڵكو لەسەری پێویستە تێیانبگات و هەرسییان بكات، پاشان لە یاسا سەختەكان بگوزەرێ. ((وەك كۆتوبەندی نووسین تەماشایان نەكات)) بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە، كە بەدوایاندا نەچێ و لێیان تێنەگات، بەڵكو بە پێچەوانەوەوە شاعیر دەبێ ئاگای لە زانستەكانی زمان بێ و بەدوای لێكۆڵینەوەی زمان و تێگەیشتنی زمانەوە بێ و هۆشیاری لێیانەوە بە دەستبهێنێ.. زۆرێك لە شاعیران حەز لە بوارەی زمان ناكەن، بەڵام بنەمای نووسینی شیعر پەیوەندی بە تێگەیشتنی تایبەتی زمانەوە هەیە، شاعیر دەبێ پارێزگاری لە زمان بكات و بچێتە نێو تایبەتمەندییەكانی زمانەوە، بە تایبەتی هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی پەیوەندی بە شیعرەوە هەیە، بەو مانایەش ((لەخۆوەیی)) و دەرچوون لە رێچكەی ((ناوكۆیی)) باو، ئەو كاتە بە جوانی دەردەكەوێت، كە شاعیر لە قۆناغی نەخوێندەوارییەوە بەرەو قۆناعی مەعریفە هەنگاو دەنێت.. چونكە هۆشیاری دەرگای فرەوانی گفتوگۆ دەكاتەوە. ئەگەرچی شاعیری خاوەن بەهرەی گەورە و كەم رۆشنبیر، پێویستی بە بڕێكی زۆر لە ((خۆبەخۆیی)) و ((هەڕەمەكییەت)) هەیە.. بەڵام شاعیری پڕ بەهرە و پڕ لە رۆشنبیری پێویستی بە دوو ئەوەندە توانای ((خۆبەخۆی)) و (هەڕەمەكییەت) هەیە، چونكە ((نووسین)) هەمیشە ناچاری دەكات، كە ئەو رۆشنبیرییە گەورەیەی خۆی بە شێوەی ((خۆبەخۆی)) بیخاتە روو. لێرەوە دەشێ گرفتەكانی پێشوو شیبكەینەوە و بڵێین: شاعیری باش و خوێندەوار، زۆر لە شاعیرێكی نەخوێندەوار، پێویستی بە ((خۆبەخۆیی)) و ((هەڕەمەكییەت))ە، بۆ ئەوەی بە باشی پارێزگاری لەتازەبوونەوەی بەهرەكەی خۆی بكات. ئەوەش ئەوەمان بۆ دەردەخات، كە بۆچی شاعیرە نەخوێندەوارە باشەكان، لە فرە رۆشنبیری دەترسن؟! چونكە دەزانن هەتا رۆشنبیریت زۆرتر بێت، پێویستیت بە ((خۆبەخۆی)) قووڵتر و بە پیتتر دەبێت. خودی ئەو شیكردنەوەیە رۆناكی دەخاتە سەر ئەو راستییەی كە ئەو شاعیرە باشانەی دوای رۆشنبیرییەكی زۆر بەهرەی شیعرییان كز دەبێ، لەو شاعیرانەن كە هەر لە بنەماوە ((خۆبەخۆبوون)) و ((هەڕەمەكی)) بوونیان دیاریكراو بووە، بۆیە توانای ئەو رۆشنبیرییە و مەعریفە زۆرەیان نەگرتووە و بەهرەكەیان تێكشكاوە. ئەوان قەوارەی بەهرەی خۆیان نەدەزانی، بۆیە تێكشكان، بەڵام نەك لەبەرئەوەی مەعریفە و رۆشنبیرییان بە دەستهێنا، چونكە هەرگیز مەعریفە و رۆشنبیری جێی بەهرەی شیعری ناگرێتەوە! بەهرەی شیعری گەورەترین گەنجینەیە، كە مرۆڤ لە ژیاندا دەیدۆزێتەوە، بە راستی بە داخەوە كە بە شێوەیەك لە شێوەكان لە دەستی دەدات. با بۆ رەوتی نووسینەكە بگەڕێینەوە و ببینین كە شاعیری حەقیقی ئەو كەسەیە، كە بە شێوەیەكی دیكە لە زمان ((وشە و پەیوەندییەكانی)) رادەمێنێ و سازشیان لەسەر ناكات، هەمیشە وشەی سەرسوڕهێنەر، نامۆ دەڵێ كە پێشتر گوێمان لێینەبووە.

شیعر و قسەكردن
ئەگەر لە بارەی زمان وەك سیستمێكی كۆمەڵایەتی و قسەكردن بەو مانایەی كارێكی تاكە كەسییە (فردییە) لەنێو سیستمی كۆمەڵایەتیدا، بۆ لێكجیاكردنەوە بە ناوبانگەكەی (دی سوسێر) بگەڕێینەوە، ئەوە بۆمان دەردەكەوێت، كە زمان لە كتێب و فەرهەنگ و گرامەری زمانەوانی نیشتەجێیە، بەڵام قسەكردن لە شەقام و كارگە و نێو ماڵاندا بە وزە و چالاكییەوە دەجولێتەوە. شیعر كارێكی تایبەتی و تاكە كەسییە بۆیە دەكەوێتە نێو قسەكردنەوە ((لێرەدا قسەكردن بە مانای زاراوەكان نایەت))، كەچی گیروگرفتەكانی شیعر ئەوەیە، كە لەنێو قسەكردندا بەشێكی تایبەت و خودییە. شیعری كۆن ((لە رێگای بیستنەوە)) بوو. بەڵام شیعری نوێ، پاش ئەوەی چاپكردن دەركەوت، كە كتێب و نووسین لەنێو خەڵك بڵاوبۆوە، ئیتر خوێندنەوەی شیعر، جێگای بیستنی شیعری گرتەوە، واتە كە نووسین دەركەوت، شیعری نوێ سەری هەڵدا و جیاكردنەوەی ئەركی بیستنی شیعری لێكەوتەوە، ((واتە شیعر لە سیستمی بیستنەوە بۆ سیستمێكی خوێندنەوە هەنگاوی نا)). لێرەوە ئیتر كەوتینە پارادۆكسێكی نوێوە. شیعری كۆن بە قسەكردنی زارەكییەوە بەندە، یان دەبیسترێت و لەگەڵ تامی قسەكردنی زارەكی سەردەمەكەی بڵاودەبێتەوە، ئەو تامەش نامینێ كاتێ ئەو شێوە قسەكردنە بەسەر دەچێت. بەڵام شیعری نوێ بە قسەكردنی نووسراوەوە بەندە، بایەخەكەی ئەو كاتە كەم دەبێتەوە، كە سەلیقەی باوی سەردەمەكەی بەسەر چێژەكەیدا زاڵ بێت. بەمجۆرە زمان ((زمانی قسەكردن)) لە بۆتە نووسینی شیعری نوێدا دەوڕوژێ ((زمان دەنووسرێتەوە)) و شیعر پشت بە گۆڕانكارییەكانی نووسین دەبەستێ، گرنگترین گۆڕانكارییەكانیش كە پێی هەڵدەستێ سەرەولێژكردنی ئەركی تەواوی شیعر و گۆڕینی ستراتیژییەتی ئامانجی شیعرییە، بە جۆرێك كە شیعری (شەعبی) ئەوەی كە بۆ دەستاودەستكردن پەیوەندی خۆی بە قسەكردنی ((خەڵك))ەوە راگرتبوو، (لە جەوهەردا) هێندە بە نووسینەوە پەیوەست نەبوو، شیعری شەعبی بێ ئەوەی نیازێكی هەبێ دوو جۆر بوو: یەكێكیان خۆی دادەهێنا و خۆی لە رێگای نووسینەوە ((نووسینی بیستنەوە)) دەبینییەوە و لە رێگای نووسینەوە كاریگەری درووست دەكرد. ئەویدیكە دەكەوتە سەر رووكاری زمان یان ((بیستنی بیستنەوە)) قسەكردنەوە، وەك ئەوەی شێوەیەك بێ لە شێوەكانی پەیوەندیكردن بە كۆمەڵگاوە. ئەركی (بیستن) لە شیعری كۆن، یان شیعری شەعبی ((زمان دەبیسترێتەوە)) لەلایەن كۆمەڵ (وڕوژان)ی دەنایەوە و جیاواز لە ئەركی (بینین)ی تاكە كەسی ((زمان دەنووسرێتەوە)) لە شیعری نوێدا! بەمجۆرە بەرانبەر رەگەزێكی نوێ دەبینەوە، كە پێویستی بەیەكێك لەو دوو شێوازە هەیە: یەكێكیان شیعرە و ئەویدیكە شیعر نییە! لێرەوە مەترسییەكی نوێ دەست بەسەر شێوەكانی چێژ و گۆڕانكارییەكاندا دەگرێت، كە رەنگە بكەوێتە دەرەوەی تێگەیشتنی ئەدەبی و بە تەواوی سەیرورەی مرۆڤایەتییەوە بلكێ.. واتە لە ئەدەبەوە تا بە بوونی خودی مرۆیی دەگات. ئەدەبی كۆن هیچ شێوازێكی رادیكاڵ و پڕجۆشی ئەدەبی بەدەست نەهێناوە، بەڵكو هەمیشە بە پەلە شێوازەكانی خۆی گۆڕیووە، ئەوەش ئەگەرچی لە راستیدا لە ئەنجامی هۆشیارییەوە بوو، بەڵام بەدبەختی ئاگایی نووسەرانی لەوەدابوو، كە نەیاندەتوانی لە بەرانبەر ئەو سەردەمانە بە شێوەیەكی قووڵی نیگەرانئامێز بوەستنەوە.. جگە لەوە كارەكانیان بەرهەمی ئەو گۆڕانكارییە فیكرییەكانی نەبوو، كە خودی خۆیان پێیهەڵدەستان، تا بتوانن ئەدەبێكی (خودی) نوێ بونیاد بنێن، بەڵكو زمانێكی ئاسۆیی هاوبەشیان هەبوو، كە دەكەوتە نێوان خەڵك و شێوازی نووسینی ستوونی نوێنەرایەتی دەكرد، چ لە ناوەوەی نووسەر، ناخی نووسەر -چ وەك هاوبەشیكردنی خەڵك- لێرە ((لە نووسینی شیعری شەعبی)) زمان وەك مێژووی مەعریفە، ئاوارەی رابردوو بوو، بەڵام شێوازی نووسینی شیعری نوێ لەنێو مێژووی گشتیدا، بازدانێكی تاكە كەسی داهێنان و خەلقكردن بوو، هەوڵێك بوو یان كۆمەڵە هەوڵیكی تاكخوازانە بوو بۆ بوژانەوە و گۆڕینی بونیادی زمانی باو. لەسەر ئەو بنەمایە مێژووی ئەدەبی كۆن، مێژووییەكی خاو و بێزاركەر بوو، كە تێیدا گۆڕانكارییەكان هەڵبەز و دابەزییان بوو، لە شێوە و ناوەڕۆكی ژانرە ئەدەبییەكاندا ناڕێك دەردەكەوتن، بەڵام مێژووی ئەدەبی نوێ، خەریكە خێراتر دەبێت، نەك هەر وەك مێژووی نەشونماكردن، بەڵكو وەك مێژووی داهێنان و خەلقكردن، بەپێی زاوزێكردنی پشتاوپشتگەری بەڕیوەناچێ، بۆیە داهێنان لە ئەدەبی نوێ تاكخوازانەیە، باوك و كوڕ ناناسێ.. تاك درووستكەرێكە، بەڵام لۆژیكی پشتاوپشتگەرێتی كە ئەدەبی كۆن بانگەشەی بۆ دەكات، تەگەرەیەكە لە تەگەرەكانی بەردەم وزە و هەڵسانەوە و جوانی ئەدەبی نوێ.

چالاكردنی زمان لە رێگای شیعرەوە
دوای ماندووبوونێكی زۆری رەخنەگری فەرەنسی (پێریس) بۆ دۆزینەوەی پێناسەكردتێكی وردی شیعر لەژێر رۆناكی بەردەوامی دەرچوون لە ناوكۆییەكان، دوای دروستبوونی ململانێیەكی تووندی نێوان شیعر وەك مەترسییەكی بەردەوام و پەخشان وەك مەترسییەك بە دژی شیعر، دوای هەموو ئەوانە (پێریس) گەیشتە ئەوەی بڵێ ((زمان ناتوانێ گوزارشت لە شیعر بكات، بەڵكو شیعر فێڵ –لە زمان دەكا- یاخیبوونە، خەباتە بە دژی زمان) كەواتە چۆن ئەو دوو رستەی خوارەوە بەیەكەوە دەگونجێنین (شیعر گوزارشت لە زمان دەكات) (شیعر لە زمان یاخی دەبێت))؟. رەنگە چەمكی (لادانی زمانی) ئەوەی (كۆهین) پێشنیاری كردووە، جۆرە چارەیەك بێ، بەڵام ئەو چارەكردنە زمانێكی پێوانەیی (كە بوونی نییە) دەسەپێنێ، ((زمانێكی پێوانەیی دیار)) كە بۆ ئەوەی شیعر بونیاد بنێین، بتوانین لێی دەرچیین ((لێی لادەین))، بەڵام لەبەر ئەوەی قسەكردنی رۆژانە لادانی زمانی لێدەكەوێتەوە و دەرچوونە لە زمانی پێوانەیی، بۆیە دەشێ بڵێین لادانی زمانی دەكەوێتە نێو لادانی رۆژانەی بەكارهێنانی قسەكردنەوە، بەمجۆرەش وێنەكە تا ئەندازەیەك دەشێوێ، یان بەیەكگەیشنێكی بە پیت دەخاتە نێوان شیعر وەك (یاریكردنێكی بەرزی زمانەوانی) و قسەكردنی رۆژانەوە.. چارەكردنی (كۆهین) وەك پشتبەستنێكی رەها (لە پێوانە و لادان) بۆ ناوكۆییە رەوانبێژەكان دەگەڕێتەوە، جا بۆ ئەوەی بگەینە پێناسەكردنی شیعر، وەك پێشنیارێكی نوێ خۆی دەنوێنێ. چونكە ئەو كێشە كۆن و نائومێدكەرانەی كە لە دەوری پەیوەندی فۆرم و ناوەڕۆكدا دەسوڕێنەوە، تەنیا وێستگەیەكی بچووك پێكدەهێنن، كە دەشێ بۆ ئەوەی لێی دوور بكەوینەوە، لێی بوەستین، واتە لێكۆڵینەوە تەقلیدییەكانی شیعر (سەرەڕای هەوڵەكانیان) هەر لەنێوان (هەژاری و كەمخوێنی) دێن و دەڕۆن، دەڵێن فۆرم لە ناوەڕۆك جیا نابێتەوە، پاشان دەڵێن شیعر ئەوەیە كە فۆرم و ناوەڕۆك لەگەڵ یەكتر هاوسەنگ بێت ((هاوڕێك بەیەكەوە ڕێبكەن)) ئەوەش چارەیەكی ئاسان و سازشكارانەیە، پێویستی بە هەوڵ و ماندووبوون و راستی نییە. چونكە رەگەزەكانی فۆرم ناسراون و دەتوانین دەستنیشانیان بكەین و ئەركەكانیان بژمێرین و دیاریان بكەین، وەك چۆن دەتوانین رەگەزەكانی ناوەڕۆك دیاری بكەین و لێكۆڵینەوەیان لەبارەوە بكەین. كەچی لە پەخشان و بە دیاریكراوی پەخشانی ئەدەبی، هاوسەنگییەك لەنێوان فۆرم و ناوەڕۆكدا هەیە. بەڵام بەنسبەت پەخشانی زانستی ناوەڕۆك بەسەر فۆرمدا زاڵە، چونكە فۆرم لە پەخشانی زانستییدا ئامرازێكە بە وردی ئەركی گەیاندنی ناوەڕۆكە. كەواتە تەنها شیعر لە بایەخی فۆرم بەسەر ناوەڕۆكدا ناوازەیە، واتە لە بایەخی فۆرمەوە دەتوانین ئاستی پێشكەوتنی شیعرەكە و دابەزینی هونەری دیاری بكەین. فۆرم ئاراستەكانی ناوەڕۆكی قەسیدە دیاری دەكات، ئاراستەكانیش فەزای قەسیدەكە دەجولێنن و ئەو ئامانجانە دیاری دەكەن، كە قەسیدەكە هەوڵی بۆ دەدات، هەمووشیان تەگەرەن و جوولەی فۆرم بۆ خۆیان كێش دەكەن. فۆرم رووتكردنەوەی فۆرم دیاری دەكات، فۆرم بەندە بە بەشتكردنی ناوەڕۆكی دیاریكراوی فۆرمەوە، حەقیقەتی ئەو شتەش ئەوەیە، كە فۆرم نوێنەرایەتی رێڕەوێك دەكات، كە لە میانیدا دەتوانین ناوەڕۆكی (هەرچی بێت) بە كردە نوێنەرایەتی بكەین. زمان لە كۆمەڵێ رەگەز پێكهاتووە بە ناوكۆییەكی دیاریكراوەوە بەندە، كە زمان دەكاتە فۆرم، نەك جەوهەر، بۆیە شیعر بەرهەمە، یان بەرهەمێكی ئەو ناكۆییەیە، واتە بەرهەمێكە لە (فۆرم)دا نەك لە جەوهەر، بۆیە شیعر فۆرمە لە فۆرمدا، یان میتافۆرم. بەڵام شیعر فۆرمی زمانەوانی نییە، بۆیە مافی ئەوەمان هەیە بپرسین جەوهەری شیعر بۆ كوێ چووە، جەوهەری شیعر كامەیە و چۆن بەدەست دێت؟ جەوهەر لە رەگەزەكانی زماندا بوونی هەیە، نەك لە دەرەوەی زمان، نەك لە كۆمەڵە شتێكی دەرەوەی زمان ((كۆمەڵە شتێك كە دەرك دەكرێن.. هتد)) ئەو شتانەی كە دەرك دەكرێن لەگەڵ جەوهەری ناسراوی فیزیادا یەكدەگرێتەوە، كەواتە جەوهەری شیعری، نەك جەوهەری فیزیایی لە كوێیەدایە؟ من پێموایە (جەوهەری شیعری) بە شێوەی فۆرم لە وەدیهێنانی هەبووەكاندایە، لەبەرئەوەی (وەدیهێنانی هەبووەكان) ئەگەرێكی لاوازە و بە گشتی دەكەوێتە نێو مەحاڵەكانەوە، بۆیە جەوهەری شیعری لە ناوەوەماندا وەك وەهمێكی جوان، نامۆ، سەرسوڕهێنەر خۆی دەشارێتەوە. بەمجۆرە دەتوانین دوای ئەو بەدواداچوونە بڵێین جەوهەری شیعری نە لە واقیعدایە، نە لە قەسیدەدا، بەڵكو لە ناخی شاعیریدایە، جەوهەری شیعری پەندۆڵێكە ((چاڵمە- لە هاتووچۆکردنی پەندۆڵی سەعاتەوە هاتووە)) لەنێوان شاعیر و ئەوەی دەینووسێ هاتوچۆ دەكات، بەڵام كەی ئارام دەبێتەوە، ئەوە تەنها مردن دەزانێ، مەبەستم مردنی شاعیرە. نووسین بە كورتكردنەوەی زمان هەڵدەسێت، بە داپاچینی زیادە و درێژداڕییە ئاڵۆزەكانی، پاشان ئەدەب ((لە نووسیندا)) خێرا بە كەمكردنەوەی ئاڵۆزی خانەكانی نووسین هەڵدەستێ، بۆ ئەوەش شیعر بە تایبەتی دوایین رۆڵ دەگێڕێ، بەمجۆرە بابەتەكە وەك هەڕەمێكی بنكە فرەوان بە ئاراستەیەكی ورد و ناسك بەرەو لوتكە دەبێتەوە، بێگومان بنكە فرەوانەكەی ئەو هەڕەمەش زمانە. بەڵام لوتكەكەی شیعرە. لەوێدا فۆرمی شیعری وەك بارستەیەك لە رەمز و ئاماژە، رۆناكی دەبەخشێت و هەوڵدەدات دووبارە بێتەوە و بێتە (میتافۆرمێكی باڵا)ی زمان، بەو رێگایەش زمان پاكبكاتەوە، لەوێشەوە وەك ئاماژەكاریی مۆزیكا بیچنێ، ئەوەش دووبارە هەوڵێكە بۆ پاككردنەوەی عەقڵی مرۆیی و هەڵوەشانەوەی بەردەوامی بنبەستووەكانی رەوانبێژی و ناڕەوانبێژی، كە زمان پشتی پێدەبەستێت. هەموو هەوڵە دووبارەكانی شاعیرە گەورەكان بۆ گەیشتن بە ئاستە باشەكانی نووسین بە دڵنیاییەوە هەوڵی تاكەكەسین، كە كاتێ شیعر دووچاری چەقبەستن دێ، یان لە ئاستێكدا قەتیس دەبێت، ئەوە لە ئەگەری كەوتن ((رووخان))ی شیاو رزگاری دەكەن. بۆیە بازدان لە نووسیندا لە ئاستێكەوە بۆ ئاستێكی دیكەی بەرزتر، هەر تەنها بە واتای باڵایی عەقڵ و رۆح نایەت، بەڵكو چاككردن و كورتكردنەوەی زمانە. بەمجۆرە شیعر زمان دەكاتە دەقێكی كراوە، میكانیزمە شیعرییەكانی دەگۆڕێ تا كونیلەكانی زمان بكاتەوە، بۆ ئەوەی زمان بە جوانی هەناسە بدات و درێژە بە ژیان بدات. داتاشینی زمان (لە رێگای شیعرەوە) واتای كەمكردنەوەی دەستەواژە بەكارهێنراوەكانی شیعر نییە، بەڵكو بە واتای شۆردنی بەردەوامی دەستەواژە جێگیر و بەكاربردووە ماندووەكان دێت، یان بە مانای گواستنەوەی دەستەواژە دووبارەبووەكانە بۆ كۆمەڵێ شێوازی نوێی بەكارهێنان، واتە وڕوژانی دەستەواژە نوێیەكان، بۆ ئەوەی دەستەواژە نوێیەكانیش ئاوێتەی زمانی باو بن و زمان بكەنەوە، ئەگەر زمانیش بكرێتەوە ئەوە عەقڵیش دەكرێتەوە و تەواوی ژیانیش دەكرێتەوە، بەمجۆرە شیعر بواری ژیانی بەرفرەوان دەكات، وەك چۆن بواری عەقڵ و زمانی بەرفرەوان دەكات، ئەوەش وەك ئەركی یەكەم و نایابی شیعر تەماشا دەكرێ. كەواتە ئەگەر ئێمە وەك رەخنەگر، واقیع یان خودی شاعیر وەك شوێنی بەدیهێنانی جەوهەری شیعری بە دوور بگرین، ئەوە بەو مانایەیە، كە بڵێین شیعر فۆرمی بەدیهێنان و دەركەوتنی ئەو جەوهەرەیە. بەو شێوەیە زمان هەر قسەكردن نییە، لە بواری واقیعی و دەروونی، یان سۆزداری ناوەوە و دەرەوەی شاعیر، بەڵكو رۆڵێكی نائاسایی لە شیعردا دەنوێنێ. زمان لە شیعردا هەر تەنها دالی مەدلولەكان نییە، كە لەنێو فەرهەنگاندا دەیدۆزینەوە، یان لە سۆز و هەستی شاعیردا دەیدۆزینەوە.. بەڵكو ((زمان لە شیعردا)) بە تەواوی بوونێكی سەربەخۆی دیكەیە. (یاكۆبسن) دەڵێت: (بەڵام شاعیریەت چۆن دەردەكەوێت؟ لەوەدا دەردەكەوێت، كە وشە وەك وشە هەستی پێبكرێت، نەك وەك جێگرەوەیەك بۆ ئەو شتەی كە بەناوی كراوەتەوە، یان وەك دەركەوتنی هەست و سۆزی وشەكان و پێكهاتە و دەلالەت و شێوەی ناوەوە و دەرەوەیان، شاعیرییەت تەنها شانشنێكی جیا لە واقیع نییە، ئەگەرچی كێشی تایبەتی خۆی و بەهای تایبەتی خۆی هەیە). زمان لە بنەمادا دنیایەكی سەربەخۆیە لە واقیع، بەڵام زمان پەیوەندییە سوودگەرا مەزنەكەی خۆی لەگەڵ واقیع دەپارێزێ. كەچی شیعر زمانێكی سەربەخۆیە لەنێو زماندا و بەیەك هەنگاو لە زمان دوور دەكەوێتەوە و بە دوو هەنگاو لە واقیع، بۆیە شیعر پەیوەندی لەگەڵ زمان و واقیع پەیوەندییەكی دژئامێز و جوانە و لەسەر ملكەچنەبوون وەستاوە. شیعر بریتییە لە زیادەڕۆیی زمان و واقیع لە بەریەككەوتنی نوێی تەقەڵەكانی چنین و پێشنیاركردنی سیستمێكی دیكە بۆ زمان و واقیع.. ((شیعر بە ئاسایی خرایە نێو چواچێوەی پێدراوەكانی زمان، چونكە هیچ مەودایەكی لەنێوان (واقیع و زماندا) دانەناوە. شیعر خرایە نێو پێدراوەكانی زمان، چونكە دەیەوێ واقیع كۆپی بكاتەوە، كاتێ واقیع كۆپی دەكاتەوە، شیعر دەبێتە بەشێكی مردووی واقیع.)) كەواتە هەمیشە شیعر وەك شوێنی مەترسیداری ئاگایی و بڵێسە، لە زمان و واقیعدا و بە شێوەیەكی نوێ وزەی خۆی لە تێگەیشتن بەدەست دەهێنێتەوە، دوور لەو ناونانانەی كە ئێمە لە رابردوو وەك شیعرپێماندابوو، بەڵام ئەمڕۆ كات رێگا نادات هەمان ئەرك بە شیعر ببەخشین. لێرەدا ئەوەی پێشنیارمان كردووە ئەوەیە، كە شیعر لەو هەوڵانە دانابڕێ كە نوێنەرایەتی واقیعی جوانناسی یان زمانی دەكات، بەڵكو شیعر لەلایەك جەخت لە سەربەخۆیی خۆی و ئەركی شیعری دەكاتەوە و لەلایەكی دیكە هەوڵدەدات خزمەتێكی گەورە بە زمان و واقیع بگەیەنێت، پیسبوونی زمان و واقیع بە شیعر، ئەگەرێكی نایابی شیعرە، تاكو چالاكی نوێ بۆ بزاڤێكی جیاواز.. بۆ هەژاندنی خانەكانی خۆی بخاتەوە و هیچ سەرهەڵدانێكی نوی بۆ ئەوان نەهێڵێتەوە، ئەگەرچی شیعر لە ئەنجامدا هەوڵ بۆ زیندووكردنەوەی زمان و واقیع دەدات، بەڵام بەردەوام خۆی لێیان دابڕێت.

سەرچاوە:
رۆژنامەی (زەمان)
ژمارە 1933 رێكەوتی 5/10/2004
تێبینی: ((جووت كەوانەكان)) بۆ روونكردنەوەی زێتر، وەرگێڕ دایناون.




ئایا کورد لە سووریای نوێدا دەمێننەوە؟.. نووسینی مات برومفیڵد.. و: گۆران عەبدوڵڵا

ڕووخانی بەشار ئەسەد لەگەڵ خۆشحاڵییەکی بەرفراوان لە سووریا بەرەوڕوو بووەوە. بەڵام دۆخەکە بۆ دانیشتوانی کورد پڕە لە ناڕۆشنی، لەگەڵ فراوانبوونی بەرچاوی میلیشیاکانی سەربە تورکیا لە وڵاتەکەدا.

کارەساتبارترین قەیرانی مرۆیی و سەربازیی سەدەی بیست و یەکەم گەشتە خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی. لەم کۆتایی هەفتەیەدا، سووریەکان دوای ئەوەی بەشار ئەسەد سەرەنجام لە گۆڕانکارییەکی چاوەڕواننەکراودا کە لەلایەن لقی قاعیدە هەیئەت تەحریر ئەلشام (HTS)ەوە ڕابەرایەتی دەکرا، ڕووخێنرا، خۆشحاڵ بوون. کورد لە ناوچەکانی خۆیان بەشداری خۆشییەکانیان کرد و پەیکەرەکانی دیکتاتۆرە ڕقلێبووەکەیان تێکشکاند.

بەڵام وەک هەموو سووریەکان، کورد لە ماوەی سیازدە ساڵی ڕابردووی توندوتیژی بەکۆمەڵ ئاوارەبوون، لەشەڕی نوێنەرایەتی و پاکتاوی نەژادیدا ئەوەندە ئازاریان چەشتووە کە دەزانن ڕێگای ئاشتی درێژ و دژوارە.

کاتێک تورکیا لە ساڵی ٢٠١٨دا لە ئۆپەراسیۆنێکی سنووربەزێندا دووسەد هەزار هاوڵاتی کوردی سووریای ئاوارە کرد، زۆربەی خەڵکی ناوچەکە تا ئەوپەڕی توانا لە نزیک ماڵە بۆردومانکراوەکانیان مانەوە کە ئێستا لەلایەن کۆمەڵێک میلیشیای عەرەبی سوننە و تورکمانەوە داگیرکراون. دەیان هەزار کەس بە هیوای گەڕانەوە لە کەمپە پەرتەوازەکانی ناوچەی شەهبا (تەل ڕیفعەت)ی دراوسێ مانەوە و بەرگەی تۆپبارانی تورکیایان گرت. بەڵام کاتێک HTS هێرشی دە ڕۆژەی دەستپێکرد کە بە ڕووخانی ئەسەد کۆتایی هات. تورکیا و میلیشیاکانی کەڵکیان لەمە وەرگرت و تەنانەت ئەم کەمپە ڕەشەباگرتووانەی پەنابەرانیشیان داگیرکرد و دانیشتوانەکەیان دووبارە ئاوارە کردەوە. حسێن مەمۆ، نوێنەری فەرمی کوردی سووریا لە لەندەن بە جاکۆبین دەڵێت: “فراکسیۆنە پەیوەندیدارەکانی تورکیا هەوڵ دەدەن هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچە کوردییەکان ڕەوا بکەن و هێرشەکانیان وەک هێرش بۆ سەر هێزەکانی ڕژێم پیشان دەدەن.”

موحەممەد شێخۆ، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی هەرێمییە لەناوچەکانی خۆسەری دیموکراتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا (DAANES)، هەزاران کورد، عەرەب و کەمینە ناوچەییەکانی لە کەمپەکانەوە بۆ ناوچە دوورەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی بردە شوێنە ئارامەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی، بەڵام زۆری تریش بەجێمان. ئەو بە تەلەفۆن لە سووریاوە بە جاکۆبین دەڵێت: “سەدان کەس لە خەڵکی ئێمە گیریان خوارد و نەیانتوانی بڕۆن. هەندێکیان کوژران، هەندێکیان ئەشکەنجە دران، هەندێکیان دەستگیر کران و چارەنووسیان ناڕوونە.” ڤیدیۆکان پیشانی دەدەن کە شەڕکەرە بەکرێگیراوەکانی تورکیا سووکایەتی بە دیلە کوردەکان لە ژن و پیاو، دەکەن.

پڕۆژەی DAANES پەناگەیەکی ئارامی بۆ ملیۆنان سووری دابین کردووە و بانگەشەی ئەوە دەکات کە نموونەیەک پێشکەش دەکات بۆ چارەسەری داهاتووی سووریا لەسەر بنەمای بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە، سەربەخۆیی ژنان و نوێنەرایەتی کەمینەکان. ڕێبازی پراگماتیکی HTS تەنانەت دەکرێت دەرگا بۆ هەماهەنگی داهاتوو لە نێوان بزووتنەوەی کوردی و لایەنەکانی تری ئۆپۆزسیۆن بکاتەوە، لەگەڵ باڵی سەربازی DAANES کە بەشێک لە خاکی سوریای لە ژێر دەسەڵاتی ئەسەد دەرهێنا، بەڵام لەگەڵ هەوڵی تورکیا بۆ کەڵکوەرگرتن لە قەیرانەکە بۆ داگیرکردنی زیاتری خاکی سووریا و ئاوارەکردنی ملیۆنان کورد لە سنوورەکەی وایکردووە پڕۆژەی کوردی و سووریا بەگشتی بەرەو داهاتوویەکی نادیار بڕوات.

دوژمنی دوژمنەکان
ئەگەر پەندی “دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە” ڕاست بووایە، کوردەکانی سووریا خۆشەویستترین گەل دەبوون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەڵام نەیانهێشت خۆشحاڵی بە چوونی ئەسەد بۆ مۆسکۆ درێژەی هەبێت، شەپۆلی نوێی توندوتیژی دژی کورد و هاوپەیمانە عەرەبەکانیان دەستی پێکردەوە.
شرۆڤەکار سینان جیددی، مامۆستای یاریدەدەر لە زانکۆی جۆرجتاون، بە جاکۆبین دەڵێت: “شکستی چاوەڕوانکراوی ئەسەد لەوانەیە ببێتە هۆی دۆخێک کە تێیدا سووریا یان لەلایەن ڕێکخراوێکی سەلەفی-جیهادییەوە بەڕێوە ببرێت… یان دەبێتە شوێنێکی بێ حوکم لەگەڵ بۆشاییەکی گەورەی دەسەڵات.”

هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی کورد یان هەر کەسێکی تر خەم بۆ ئەسەد بخوات، کە بەرپرسیارە لە زۆربەی کوشتنی هاوڵاتیان لە سووریا و بەردەوام هەوڵی لاوازکردنی DAANES-ی داوە، کە ئێستا زیاتر لە سێیەکی خاکی سووریا بەڕێوە دەبات. “DAANES پەیوەندییەکی پراگماتیکی بەڵام لاوازی لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد هەبوو کە بە هەماهەنگیەکی سنووردار دژی هەڕەشە هاوبەشەکان پێناسە دەکرا،”.
شرۆڤەکار یوسف جان، لە سەنتەری ویڵسۆن، بە جاکۆبینی وت. “بەهەرحاڵ ڕژێمی ئەسەد دژی خواستەکانی [DAANES] بوو بۆ خۆسەری زیاتر.”

کەواتە لە تیۆردا، شکستی ئەسەد دەبێت هەواڵێکی باش بێت بۆ DAANES . بەڵام HTS کە ملیۆنان سووری لە شاری ئیدلیبی باکووری ڕۆژئاوا بەڕێوە بردووە، حوکمێکی ئیسلامی توندڕەوی خۆی دەسەپێنێت. چاودێری مافەکانی مرۆڤ بەڵگەی دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانی بەردەوامی هەزاران لە ڕۆژنامەنووس، کەسایەتی ئۆپۆزسیۆن و چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی تۆمار کردووە کە هەوڵیان داوە پێشێلکارییەکانی HTS بەڵگەمەند بکەن یان ناڕەزایی دژی دەسەڵاتیان دەرببڕن. هەرچەندە ڕێکخراوەکە لەم ساڵانەی دواییدا ڕێبازەکەی نەرمتر کردۆتەوە وەک بەشێک لە هەوڵێک بۆ ڕەوایەتیدان بەخۆی، بەڵام ڕاپۆرتەکان نیشانیانداوە HTS هەڵمەتی ئەخلاقی ئەنجام داوە، کچانی گەنجی دەستگیر کردووە بە هۆی پابەند نەبوون بە پۆشاکی ئیسلامی؛ کوڕانی گەنجی دەستگیر کردووە بە هۆی ڕیش تاشین یان گوێگرتن لە مۆسیقا. سزای لەسێدارەدانی ئەنجامداوە بۆ جادووگەران و بێباوەڕان.

HTS بە دابینکردنی خزمەتگوزاری بەشێوەیەکی کاریگەر ناسراوە، لەوەی کە پێی دەوترێت “ئیسلامیزمی تەکنۆکرات،” و شەڕکەرەکانی بە ڕاستی دیسیپلین کراون لە هەوڵەکانیان بۆ دەوڵەتێکی ئیسلامی نوێ لە سووریا. ئەم ڕێبازە یارمەتی HTS-ی دا سەرکەوتنی سەرەتایی بەدەست بهێنێت بە داگیرکردنی دووەم گەورەترین شاری سووریا، حەڵەب، جگە لە نزیکەی سەد هەزار کورد کە ئێستا لە دوو گەڕەکی ناوشار گەمارۆ دراون و ئێستا لەلایەن شەڕکەرانی HTS-ەوە دەوریان دراوە. خەڵکی ناوچەکە ڕاپۆرتیان داوە سەبارەت بەکەمی خۆراک و بڕینی کارەبا.

“ئێمە نازانین دۆخەکە چۆن دەبێت، چونکە ئەم هێزانە هەموویان ئیسلام بە توندوتیژی دەسەپێنن،”. حەمودە چالاکوانێکی میدیاییە لە شێخ مەقسوودی گەمارۆدراو لەلایەن HTS وە دەڵێت: ئێرە هەر لە سەرەتای ململانێکانی سووریاوە هەمیشە خۆسەری خۆی لەلایەن کوردەوە پاراستووە، سەرەڕای گەمارۆدان لەلایەن ئەسەد و هێرشی گوماناوی چەکی کیمیایی لەلایەن گرووپە ئیسلامییە ئۆپۆزسیۆنەکان و تۆپبارانی هەڕەمەکی کە دەگاتە ئاستی تاوانی جەنگ.
هەروەها دەڵێت: “لە حەڵەب، کورد، مەسیحی، ئێزیدی و زۆر گرووپی ئیتنیکی و ئایینی هەن، ئەم گرووپانە ڕووبەڕووی مەترسی گەورە دەبنەوە. HTS ئەم کەمینانە قبووڵ ناکات و ژنان ناچار دەکات سەریان داپۆشن.” ڕاپۆرت کراوە کە شەڕکەرانی HTS لانیکەم دوو کەسیان لە ئێزیدێکان کوشتووە، کە لەسەر دەستی داعش ڕووبەڕووی جینۆساید بوونەوە، کاتێک هەوڵیان داوە لە حەڵەب هەڵبێن. مەسیحییەکی ئەرمەنی، کە بە نەناسراوی قسەی کرد لە ترسی تۆڵەسەندنەوە، باسی دیمەنی سزادان دەکات و دەڵێت: “هەر کە [HTS] هاتنە ناو حەڵەب، درەختێکی کریسمسیان بڕییەوە [وەک هێمای کۆمەڵگەی مەسیحی]. دڵنیامان دەکەنەوە کە زیانمان پێناگەیەنن، بەڵام ئێمە سەرگەردانیین و نازانین چی بکەین.”

ئەجێندای دژە کورد

ژنان، کەمینەکان و هەموو ئەوانەی بەدوای داهاتوویەکی سیکۆلار و دیموکراتیدا دەگەڕێن، ڕووبەڕووی داهاتوویەکی زۆر نیگەرانکەر دەبنەوە لەژێر حوکمڕانی HTS. بەڵام هێزە ئیسلامییەکان سەرەڕای ئەم دۆخەیان شکستێکی سەرنجڕاکێشیان بەسەر ئەسەددا بەدەست هێناوە، لەکاتێکدا بەگشتی خۆیان دوور گرتووە لە تاڵانکردنی هاوڵاتیان و ململانێی پێویستیان نەکردووە لەگەڵ کورد. لە بەرامبەردا زۆربەی میلیشیا بەکرێگیراوەکانی تورکیا کە بەناو بەشداری هێرشەکەیان کرد هەرگیز گوللەیەکیان بە تووڕەییەوە بەرەو هێزەکانی ئەسەد نەتەقاندووە. لە جیاتی ئەوە، جارێکی تر تەرکیزیان خستۆتە سەر توندوتیژی و تۆڵەسەندنەوە دژی هاوڵاتیانی کورد و پڕکردنی گیرفانی خۆیان، کە تەنانەت بووەتە هۆی دەستگیرکردنی چەندین فەرماندەیان لەلایەن HTS-ەوە.

ئەو میلیشیایانەی تورکیا لەژێر ئاڵای سوپای نیشتمانی سووریا (SNA) یەکی خستوون، لەمێژە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و لێبوردنی نێودەوڵەتییەوە تۆمەتبار کراون بە تاوانی جەنگ، لەوانە لاقەکردنی ژنان، کوشتنی بەکۆمەڵی هاوڵاتیانی کورد، ئەشکەنجەدان، لە کارەبادان، لەسێدارەدان و پیشاندانی هاوڵاتیان لە قەفەزدا لە شەقامەکان وەک قەڵغانی مرۆیی. لە کەمپەینە سەربازییە پێشووەکانی تورکیادا، ئەم میلیشیایانە سەدان کەسیان کوشت و سەدان هەزار هاوڵاتیان ئاوارە کرد.
ئەوانەی مانەوە ڕووبەڕووی حوکمی میلیشیا بەکرێگیراوەکانی تورکیا بوونەتەوە کە هاوڵاتیان دەڕفێنن، ئەشکەنجە دەدەن و لەسێدارەیان دەدەن، لەگەڵ سیاسەتێکی بەردەوامی گۆڕانکاری دیمۆگرافی زۆرەملێ لەو ناوچانەی پێشتر کە کورد، ئێزیدی و کەمینە مەسیحییەکانی تێیدا نیشتەجێ بوون. لە کاتی نووسینی ئەم بابەتەدا، ئەم میلیشیایانە تەرکیزیان خستۆتە سەر بەدوواکەوتنی هاوڵاتیانی کورد کە بەهۆی پێشهاتە خێراکانەوە گیریان خواردووە، لەگەڵ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی نوێ دژی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی DAANES-ی کورد. هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا منداڵانی کوردی کوشتووە و بینا مەدەنییەکانی ڕۆژئاڤای کردۆتە ئامانج بەهیچ شێوەیەک سوپا داڕووخاوەکەی ئەسەدیان نەکردۆتە ئامانج.

لەم نێوەندەدا ڕادەی دروستی هاوکاری HTS لەگەڵ تورکیا جێگەی هەندێک گفتوگۆیە. بە فەرمی تورکیا HTS وەک “گرووپێکی تیرۆریستی” لەقەڵەم دەدات و نکۆڵی لە هەر زانیارییەکی پێشوەخت سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەم دواییانەی دەکات بە پێچەوانەی میلیشیاکانی تر، HTS ئەوەندە بەهێزە کە بتوانێت بە تەنیا لە ناو سووریا کار بکات. بێگومان، ئەنقەرە سەرسام بووە بە خێرایی ڕووخانی ئەسەد. هەرچەندە، سەرکردایەتی تورکیا و HTS لەمێژە لە ڕێگەی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشەوە هەماهەنگیان کردووە؛ میلیشیاکانی SNA کە بەشداری ئۆپەراسیۆنی ئەمدواییەیان کردووە لەلایەن تورکیاوە پارە، ڕاهێنان و ئاراستەیان پێدەکرێت؛ و ئاڵاکانی تورکیا لە قەڵای حەڵەب هەڵکرابوون دوای داگیرکردنی، لەکاتێکدا سیاسەتمەدارە نەتەوەپەرستە توندڕەوەکانی تورک باسی پێگەی پێشووی وەک گەوهەرێک لە تاجی عوسمانیدا دەکەن. شرۆڤەکار جان دەڵێت: یەک شت دڵنیام تورکیا هەر دەستکەوتێکی ڕاستەقینەی هەبێت بەکاری دەهێنێت دژی کورد، هەم لە ناوخۆ و هەم لە دەرەوە.

ئامانجی سەرەکی تورکیا لە سووریا زۆر سادەیە: لەناوبردنی حوکمڕانی فرەنەتەوەیی بە ڕابەرایەتی کورد لە سنوورەکەی، و پاڵنانی دانیشتوانی کورد بۆ بیابانی سووریا لە ڕێگەی دامەزراندنی “ناوچەی ئارام”ی بیست میل قووڵ. هەروەها نیشتەجێکردنی پەنابەرانی سووری لە شوێنە پێشووەکانی کورد، وەک ڕێگایەک بۆ ڕازیکردنی هەستی دژە پەنابەری ناوخۆیی و چەسپاندنی گۆڕانکاری نەژادی لە سنوورەکەی.

تورکیا لە چەند خاڵێکی سنوورەکەدا ئەم ئامانجەی بەدەست هێناوە. سەرەڕای هەوڵی بەردەوامی بۆ لەناوبردنی DAANES بەڵام مەرامەکانی نەدەهاتنە دی بەهۆی سەرسەختی حکومەتی ئەسەد لە دانوستانەکان سەبارەت بە ناوچەی سنووری و بەهۆی بوونی هێزەکانی ڕووسیا و ئەمریکا لە خاکی DAANES. لەکاتێکدا ڕێگەی بە تورکیا داوە هێرشی ئاسمانی ئەنجام بدات، بۆ لەناوبردنی ئاوی ناوچەکە…”
کارەبا و ژێرخانی مرۆیی، هەردوو ئەم هێزانە لە کۆتاییدا پێیان باشتر بوو پێگەیەک لە باکوور لەگەڵ هێزە کوردە متمانەپێکراوەکان بپارێزن لەوەی شایەتی توندوتیژی زیاتری ئاژاوەگێڕی و گۆڕانکاری هێز بن بە قازانجی ئەنقەرە.

ململانێی فرەجەمسەر

تورکیا بەدوای چرای سەوزی ئۆپەراسیۆنێکی کۆتاییدا دەگەڕا لە مۆسکۆ یان واشنتن بە چاوەڕواننەکراوییەکی سەرسوڕهێنەرانە HTS بۆی هێنایەدی. کاتێک HTS بەرەو دیمەشق هەڵکشا، ڕووسیای لاواز و سەرقاڵ دەستی لە هاوپەیمانە پێشووەکەی ئەسەد هەڵگرت. ئێران، کە لەمێژە لەگەڵ ئەسەد هاوبەشبووە لە دڕندایەتی کردن بە سووریەکان و بەکارهێنانی وڵاتەکە وەک مەیدانێک بۆ حیزبوڵڵا و میلیشیاکانی خۆی، نەیتوانی یان نەیویست دەستێوەردان بکات دوای ساڵێک لە گورزە کوشندەکانی ئیسرائیل بۆ سەری.

بەڕاستی، ئیسرائیل لە ئاژاوەکە سوودی وەرگرتووە بۆ فراوانکردنی داگیرکاری درێژخایەنی خۆی و قووڵتر چوونە ناو خاکی سووریاوە لە باشوور. هەروەها کەرەستەی پێشووی سوپای سووریای بە هێرشی ئاسمانی لەناوبردووە پێش ئەوەی بکەوێتە دەستی HTS، کە ڕێکخراوە سەلەفییەکە وەک هەڕەشەیەکی چارەنووسساز دەبینێت. لەم نێوەندەدا، وەڵامی ئەمریکا بۆ هەردوو دەستکەوتەکانی HTS و هەڕەشەکانی تورکیا دژی کورد سەرەتا لاواز بوو. باڵی سەربازی DAANES لە ئێستادا هەوڵی داوە ئەو خاکانەی پێشتر کۆنتڕۆڵکراون لەلایەن ئەسەد و میلیشیا ئێرانییەکان داگیریان بکاتەوە، لەژێر پاساوی هاوپەیمانێتی دژە-داعش لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان کار دەکات لەکاتێکدا سەرەتاکانی پێگە لە ئەوبەری فورات دادەمەزرێنێت لە بەرامبەر هێرشی چاوەڕوانکراوی زیاتری تورکیا.

سەرکردایەتی ئەمریکا وتی درێژە بە ئەرکی دژە-داعش لە ڕۆژهەڵاتی وڵات دەدات. هێشتا، ناڕوونە تا چەند ئەمە دەتوانێت DAANES لە توندوتیژی تورکیا بپارێزێت، یان چۆن ویلایەتە یەکگرتووەکان لەگەڵ HTS یان هاوپەیمانێتی بەرفراوانتری هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لە سەرتاسەری باشووری سووریا مامەڵە دەکات – تەنانەت پێش ئەوەی کارتی چاوەڕواننەکراوی هاتنی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی لەبەرچاو بگرین.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕاستییە ئاڵۆزانە، هەڵەیە توندوتیژی تورکیا وەک ئەندامێکی سەرەکی ناتۆ دژی کوردە هاوپەیمانە ناوزەدکراوەکانی ئەمریکا، یان هەڵکشانی HTS دژی ئەسەد، وەک ململانێیەکی سادەی نوێنەرایەتی ڕۆژئاوا-ڕۆژهەڵات ببینرێت. بەڵام یەک شت ڕوونە: ئێستا تورکیایە کە لە پێشەوەیە، هەوڵ دەدات دۆخێکی نوێ لە سەرتاسەری باکووری سووریا دابمەزرێنێت کە هەردوو هاوپەیمانانی ئەسەد و ئێران و کەمبونەوەی هێزە ڕۆژئاوایەکان لە ناوچەکە دەربخات. تورکیا (دووەم گەورەترین سوپای ناتۆ) وەک یاریکەری سەرەکی لەسەر ئەرزی واقع خۆی دەنوێنێت.
دوای دەرکردنی بەردەوام و چاوەڕوانکراوی هاوڵاتیانی کورد لە هەرێمە دابڕاوەکانیان لە باکووری ڕۆژئاوا – پاکتاوی نەژادی کە بەبێ وشەیەکی ناڕەزایی لە هاوپەیمانە ناوزەدکراوەکانی کورد ڕوودەدات – چاوی تورکیا ڕووی لە ڕۆژهەڵاتە. نزیکەی سەد هەزار کەسی ئاوارەی ناوخۆیی (IDPs) پێشتر گەیشتوونەتە سنوورەکانی ژێر دەسەڵاتی DAANES، لە دۆخێکی مرۆیی خراپدا، لەگەڵ چەندین کەسی بەتەمەن و ساوا کە بەهۆی سەرماوە گیانیان لەدەستداوە، لەکاتێکدا هەزاران کەس بەهۆی نەبوونی شوێنی حەوانەوە لە دەرەوە دەخەون. “جێگا نییە بۆ خەڵکەکە لێرە،” شێخۆ یەکێک لە بەرپرسە کوردەکان کە بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ دەکات، دەڵێت: لەکاتێکدا سەیری هاتنی پەنابەران دەکات بۆ ناوەندێکی وەرگرتنی کاتی لە یاریگای وەرزشی شارەکە. “هەندێک لە بەتەمەنەکان بەهۆی سەرماوە گیانیان لەدەستدەدەن. هەموو نەخۆشخانەکانی DAANES تەرخانکراون بۆ خەڵکەکە و چارەسەری بەخۆڕایی پێشکەش دەکەن، بەڵام هێشتا پێویستییەکی بەپەلەی پزیشکیمان هەیە.”

لە راستییدا ئەم ناوچانە، بەتایبەتی شاری فرەنەتەوەیی، زۆرینە عەرەبی مەنبیج، لە سنووری ئاگربارانی تورکیادایە. لەگەڵ دەرچوونی ئێران و ڕووسیا لە یارییەکە و هەنگاوی هەڵەی ڕۆژئاوایەکان، تورکیا یاریکەری باڵادەست دەبێت لە سووریایەکی نوێی ئیسلامیدا. سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، کە لەمێژە سوودی لە پێگەی ناوەندگیری وەرگرتووە وەک دوژمنی دوژمن لە نێوان مۆسکۆ و واشنتن، لە کۆتاییدا وا دیارە هەموو کارتەکانی بەدەستەوەیە.

داهاتووی سووریا

“هیوا و ترس دەتوانن پێکەوە بن کاتێک بیر لە داهاتووی سووریا دەکەینەوە،” شرۆڤەکار جان دەڵێت. “زۆر باشە کە دەبینین خەڵکی چەوساوە ئازادی بەدەست دەهێنن، بەڵام هۆکاری زۆر هەن بۆ وریابوون، چ مەترسی توندڕەوە ئیسلامییەکان بێت یان گرووپە توندڕەوەکانی تر، یان هێزە بیانییەکان بە ئەجێندای خۆیانەوە.” لە تیۆریدا، بزووتنەوەی کورد دەبێت ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت لە هەر چارەسەرێکی پۆزتیڤی داهاتووی سووریادا. DAANES لەمێژە ئامادەیی پراگماتیکی خۆی نیشان داوە بۆ کارکردن لەگەڵ کارگێڕییەکی چاکسازیکراوی دیمەشق، ئەگەر پابەندبوونی ڕاستەقینە بە لامەرکەزی و مافەکانی ژنان و کەمینەکان پیشان بدات. حسێن مەمۆ، بەرپرسی کوردی سووریا لە لەندەن، بە جاکۆبین دەڵێت دەیەوێت ببینێت “هەموو سووریەکان لە پرۆسەی بڕیارداندا بەشدارن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی دیموکراتی، فرەیی و سیکۆلار کە بێلایەن بمێنێتەوە سەبارەت بە ئایین، تایەفە، نەتەوە و بیروڕای سیاسی.”

بەشێوەیەکی چاوەڕوانەکراو، نیشانەی بەراییی هێورکردنەوە لە نێوان HTS و DAANES هەیە، هەردوولاشیان پێیان باشترە دوور بکەونەوە لە ململانێ بۆ جەختکردنە سەر شەڕی پاشماوەکانی ئەسەد و رێگریکردن لە تورکیا بە شێوەی جیاواز. HTS دڵنیاکردنەوەی داوە بە کوردەکانی حەلەب و ڕێککەوتنی کشانەوەی بۆ هاوڵاتیانی کورد ئاسان کردووە. نوێنەرانی DAANES ئێستا لەگەڵ HTS گفتوگۆ دەکەن سەبارەت بە داهاتووی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەڵەب، کەپەناگەیەکی درێژخایەنە بۆ دانیشتوانەکەی کە پێشتر بەهۆی IDP-کانی هەڵاتوو لە توندوتیژی دواییەوە زیادی کردووە، نیشانەیەکی ئەگەریە بۆ پەیوەندییەکانی داهاتوویان.

باڵی سەربازی DAANES دەستکەوتی وەدەستهێنا لەو خاکانەی کەپێشتر کۆنتڕۆڵکرابون لەلایەن حکومەتەوە، ئەگەری دوور وانیشان دەدات سووریای دوای-ئەسەد دابەش کرابێت لە نێوان HTS-ی ئیسلامی-زۆرداردا و DAANES-ی فرەیی، دیموکراتی – چاوەڕوانییەک کە تەنها هەفتەیەک لەمەوبەر تەواو نەگونجاو دەهاتە بەرچاو. بەڵام نوێنەران بە قووڵی وریایانەوە دەڕوانێتە دۆخەکە سەبارەت بە وەرچەرخانەکان و گریمانەکانی سەرکردایەتی HTS بەرەو پلۆرالیزم، لەکاتێکدا هێزە ئیسلامییەکە لەوانەیە بڕیار بدات لەگەڵ تورکیا بوەستێت بۆ بەدەستهێنانی ڕەوایەتی نێودەوڵەتی. هەرچۆنێک بێت قەیرانە سەرسوڕهێنەرەکە دەردەکەوێت، توندوتیژی پشتگیریکراوی تورکیا دژی کورد، ژنان و کەمینەکان بەردەوام دەبێت لە مەترسی خستنە سەر هیواکانی خەڵکە ئاساییەکانی سوریا بۆ داهاتوویەکی بەڕاستی دیموکراتی.

سەرچاوە:

https://jacobin.com/2024/12/kurds-syria-assad-hts-dannes

فەرهەنگۆک:
HTS:
هەیئەت تەحریر شام
DAANES:
ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا
SNA:
سوپای نیشتمانی سوریا
IDP:
ئاوارەکانی ناوخۆ




دینێک بۆ فرۆشتن!.. ڕێبوار ڕەشید

گۆڕانکاریی کۆنەپەرستانەی سی ساڵی ڕابردوو لە باشووری کوردستان و گەڕانەوەی بۆ دواوە هۆی سیاسییان لە پشتەوەیە. یەکێک لە گرنگترین لەو هۆیانە پرسی دینە. لە هەناوی ئاینی ئیسلامەوە جۆرگەلێک لە ئیسلام و ئیسلامی سیاسیی لەم دەڤەرە دروست کراون کە لە هەر شتێک بچن لە دینێک ناچن.
مێژووی ئایین زۆر تازەترە لە مێژووی مرۆڤ. ئایین بەرهەمی دەیان هەزار ساڵ پاش پێشکەوتنی مرۆڤە بۆ بوونەوەرێک کە بتوانێت بدوێت و بیر بکاتەوە و هەستی خۆی دەرببڕێت. لە سەرەتادا ترس لە بورکان و ئاگرکەوتنەوە و تاریکیی و چڕیی دارستانەکان و قووڵیی و فراوانیی دەریاکان و پانتایی ئاسمان و ئەو شتانەی دیکە مرۆڤی ترساندووە و خستوویەتیە گومان و ڕازەوە. مرۆڤ زۆر پێش ئەوەی بتوانێت بدوێت و بپرسێت و بیر بکاتەوە، هەستی بە ترس کردوە کاتێک بینیوویەتی لە چاو دیاردە و کارەساتەکانی سرووشت و ئاژەڵانی کێویی و گۆڕانی وەرزەکاندا خۆی بوونەوەرێکی بەستەزمان و بچووکە.
بە پێی زانست ئێمە دەزانین مرۆڤی ئەمڕۆ گەشەی هۆمۆ سەیپیانزە و لە کیشوەری ئەفریقاوە سەرچاوە دەگرێت و کە پاشان بە جیهانی ئەمڕۆدا بڵاوبوونەتەوە. لەگەڵ بڵاوبوونەوە و نیشتەجیبووندا کولتور و نەریت و زمان و هتد پەیدابوون و گۆڕانکارییان بە سەردا هاتووە.
بە چاوخشاندنی زۆر سەرپێیی کە هیچ ماندووبوونێکی ناوێت بۆمان دەردەکەوێت کە دینەکان یەکێک لەو لایەنانەی مرۆڤن کە پاش چەندین هەزار ساڵ لە هەبوونی مرۆڤ پەیدابوون و زیاتر پێوەندییان بە جوگرافیا و سرووشتی شوێن و کاتەوە هەیە، وەک لە مرۆڤ.
کاتێک مرۆڤێک لە بەشە هیندوسەکەی هیندوستان لە دایک بێت ئەوا هەر لە دایکەوە دینەکەی هیندوسە و خودا مەزنەکەی براهمایە و لەوێشە و هەندێک خودای دیکەی وەکو شیڤا و هاوسەرەکەی پەرەڤاتی و کوڕەکانی گانیشا و کارتیکەیا و چەندینی تر هەن. یاخود بودیست یان جانیست یان هەر شتێکی تر بێت. خۆئەگەر لە چین لە دایک بێت ئەگەر بودیست نەبێت کۆنفۆشیانیستە و ئەگەر نا ئەوا تائویستە و بێگومان وەکو هەموو مرۆڤێکی تر دەتوانن باوەڕیان بە هیچ لەم دینانە نەبێت و ئەتێئیست یا ئەگنۆتیست بن یان هەر هیچ بە لایانەوە گرنگ نەبێت. ئەگەر هەمان مرۆڤ لە دونیای مەسیحدا لە دایک بێت جۆرەکانی مەسیحیی دەبێت و لە جیهانی جوولەکەدا بە یەهودی لە دایک دەبێت. ئەو مرۆڤەی لە سەردەم و لە جوگرافیای فینیقیدا ژیابێت ئایینەکەی باڵت بووە کە خودای خۆر و زریان بووە و لە سەردەمی میترادا میترایی و لە سەردەمی زەردەشتییدا زەردەشتیی بووە و بەو شێوەیە.
مرۆڤ پێش داگیرکاریەکانی کریستیانیزم (مەسیحیەت) لە ناو جوگرافیای سکاندیناڤیا باوەڕی بە خوداوەندی ئاسا بووە. خوداوەندەکانی تر وەکو تور و ئۆدێن و فرەی و فرەیا و هتد هەبوون. باوەڕداران لە ژێر فشار و هەڕەشە و گوڕەشەی زۆردا ناچار کراون ببن بە عیسایی. زۆر لە ئایینەکانی ئەمەریکای لاتین و ئەفریقا و ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەنجامی داگیرکردنەکانەوە بچووک بوونەتەوە یان بوون بە بۆنەیەکی کولتوریی یاخود هەر نەماون. ئاینێک هەمیشە بووە بە ئاینی ئەو ناوچە جوگرافیایە کە تێیدا بڵاو بووەتەوە.
لە زۆرێک لە حاڵەتەکاندا ئاینێک بووە بە ئایینی فەرمیی دەوڵەت. ئەمە لە مێژوودا نموونەی زۆرە. کریستیانیزم لە ماوەی سێ (300) سەد ساڵدا دینێکی تەواو جیاواز بوو لەگەڵ ئەو کاتەدا کە بوو بە ئایینی ڕۆما و بوو بە ئایینی دەسەڵات. پاشان بۆ نموونە لەو وڵاتانەدا کە بە هۆی جیاواز پێیان دەگوترێت “شارستانیی” وەکو ئوروپا و ئەمەریکا و هەندێک وڵاتی تر ئایین لە دەوڵەت و سیاسەت جیا کراوەتەوە. بەو شێوەیە بەرپرسیاریەتیی مرۆڤ بەرامبەر هاومرۆڤ و خاک و یاسا و ڕێساکان و کار و ئەرک و ماف و لەبەرچاوگرتنی یاسانەنووسراوەکان لە سفارێکدایە کە پێوەندیی بە مرۆڤ و خوداکەیەوە نییە. هیندوسێک و موسڵمانێک و کریستیانێک و جوویەک و ئەتائیستێک و ئەگنۆتیستێک و یەکێکی تر کە بتێک بپەرستێت، جا ژن بێت یان پیاو یان نێرەموکێک یاخود ڕەشپێست یان سپیپێست یان سەر بە هەر ئەتنیکێک بێت لە بەردەم یاسا و ڕێسا و دادگا و خوێندنگا و نەخۆشخانە و تاد جیاوازیەکیان نییە.
خەڵکی هەموو ناوچەیەکی ئەم گۆی زەمینە بانگەشەی باشترین و میهرەبانترین و گەورەترین و بەدەسەڵاتدارترین بۆ خودا و ئاینیی خۆیان دەکەن. تەنانەت ئایینە بچووکەکانیش خۆیان بە باشترینەکان دادەنێن. هەموو ئەم خوداوەندانەی جیهان کە بە هەزارانن بە شێوەی جیاواز داوای گوێڕایەڵیی دەکەن و بە تۆڵەسەندنەوەی توند هەڕەشە لە سەرپێچییکاران دەکەن.
مرۆڤی ئەمڕۆ لە جیهاندا کە بەرەو ٨ ملیارد دەچێت نە کەمتر لە چوار (4) هەزار خودای بە ناوی جیاوازەوە هەیە. هەر یەکێک لە ئەمانە خودای خۆیان بە گەورەترین و بەهێزترین و دەسەڵاتدارترین و میهرەبانترین دادەنێت و هاوکات کاتێک پێویست بکات بە توندترین و تۆڵەستێندترین خودا. هیچ کەس و لایەنێک خودای خۆی بە کەمتر و بێهێزتر و لاوازتر لە هیچ خودایەکی دیکە دانانێت و تا ئەمڕۆش شەڕی بچووک و گەورە لە سەر ئەم بێنەوبەرەیە لێرەولەوێ ڕوو دەدەن. هەموو ئەمانە بە کۆمەڵێک هەڵبەستراوە و پێداگرتن باسی گەورەیی خودا و پەیامنێر و نووسراوەی خۆیان دەکەن. ئەگەر تا ڕادەیەک یاسای نێوخۆیی یان نێودەوڵەتیی نەبێت ئەوا زۆرینەی ئەم دینانە پاوانی یەکتر دەبەزێنن و هەڵ دەکەوتنە سەر یەکتر و کۆمەڵکوژیی گەورە ئەنجام دەدەن. میهرەبانیی دین و گەورەیی و بەخشندەیی خوداکانیان هەرگیز ئەوەندە بەس ناکات کە یەکتر بە هەرچی خراپەکارییە تاوانبار نەکەن. ئەمە لە مێژوودا سەلمێندراوە.
ئیسلامیش وەکو ئایینێک لە جیهانی خۆیدا خودا و کتێب و پێغەمەری خۆی بە گەورەترین و باشترین و چاکترین دادەنێت. ئەمە کە خەسڵەتی هەموو ئایینێکە تا ئێرە ئاساییە.
لە ناو هەموو ئەم دینانەی سەر زەمیندا کە هەن و کە ژمارەیان بە هەزارانە، ئایینی ئیسلام لە ئاڵۆزترین و ناڕۆشنترین دینەکانە و بە پێی ئەو لێکدانەوانەی رۆژانە لە دەمی ئەوانەوە کە نوێنەرایەتی ”ئەڵڵا“ دەکەن و لێیان دەبیستین،لە ڕۆزگاری ئەمڕۆدا ئیسلام هیچ پێناسە و سنوور و میچێکی نییە. ڕاستە ئاماژە بەپێنج کۆڵەکەی ئیسلام دەکرێت و ئەویش کە خۆی حەدیسێکە (گێڕانەوەیەکە!)، بەڵام هەر سەدان و بگرە هەزاران تەفسیریی جیاواز بۆ قورئان و حەدیسەکان و کردە ڕۆژانەییەکان دەکرێت، و هاوکات هاواریش دەکرێت کە ”ئێمە هەموو موسڵمانین“.
لە ڕاستییدا لە زۆربەی دۆخەکاندا تەنها ”ئەڵڵا” خاڵی هاوبەشە، دەنا تەنانەت خودی پێغەمبەر و حەدیسەکان کە دەگوترێت هی ئەو یان کەسایەتیی دیکەی موسڵمانن نابن بە خاڵی هاوبەش.
ئیسلام ئایینێکە هێندەی ژمارەی لایەنگرانی خۆی جۆری هەیە. هەر موسڵمانە و دەتوانێت بە ئارەزووی دڵی خۆی پێناسەی موسڵمانبوونەکەی و ئیسلام بکات.
هیچ یەکێک لەم دینانەی سەر زەوی ئەگەرچی هەندێکیان راستەوخۆ خۆیان بە ئاسمانیی دادەنێن و یەکتاپەرستن و هی دیکەش وەکو هیندویزم یەکتاپەرست بەڵام ئاسمانیی نییە، وەکو ئیسلام خۆی بە کۆتا دین و بە هەرە ڕاستترین دانانێت و نەهی و نەفی لەوانی تر ناکات. لە ناو ئەم چەند هەزار دینەی سەر زەمیندا تەنها ئیسلامە کە بە داری زۆرێ خۆی بە سەر تاکەکەسدا دەسەپێنێت و خۆی بە دوا دین دا دەنێت لەو مانایەدا کە ئیتر هەرچی هەیە پووچەڵ دەبنەوە.
ئایینی یەهودی کە بناخەی کریستیانیزمیشە و لێکچوونێکی زۆری لەگەڵ ئیسلام هەیە هەروەکو ئیسلام یەکتاپەرستە، بەڵام دروست بە پێچەوانەی ئیسلامەوە ئایینێکی فراوانخواز و پەرەستێنخواز و پاوانخواز نییە. ئەم جیاوازییە زۆر گەورە و بنەڕەتییە. مرۆڤێک ئەگەر بیەوێت و سەدان جاریش و داوا بکات بە یەهودی قبوڵ ناکرێت. هیندویزمیش بە هەمان شێوەیە. کریستیانیزمی ئەمڕۆش هەر وایە و لە زۆربەی ئایینیەکانی دیکەدا دەبێت خۆت بە دڵخوازی خۆت داوا بکەیت و کەسیش چاوەدێریت بۆ پێڕەوکردن و پیادەکردن ناکات.
ئیسلام سەر دیوار و بندیوار و چواردەور لە مرۆڤ دەگرێت و جارێک بە شایەتومانی سەر غەرغەرەی مەرگیش ڕازیە و جارێک بە سەربەرزییەوە شایەتومانی ژێر چەقۆ و کێردیش وەردەگرێت. جارێک بە قسەی مەلاکان هەر کەسێک نوێژ نەکات هەرگیز بەهەشت نابینێت و جارێک تەنیا خودا خۆی لە ڕۆژی قیامەتدا بڕیار دەدات و تەانەت باسی دوا مرۆڤیش دەکرێت کە لە دۆزەخەوە بۆ بەهەشت دەنێردرێت. تاوانبارانی دز و تاڵانچی و بکوژ و ببڕ حەواڵەی خودا دەکرێن، بەڵام خودا دەتوانێت هەر هەموویان یان ئەوانەی دەیەوێت ببەخشێت بێ گوێدان بەو کەسانەی لە سەر زەوی زیانیان پێ گەیشتووە یان “ناچن بۆ ناو بەهەشت تا وشتر بە کونەدەرزیدا تێپەڕ نەبێت/ ولا یدخلون الجنە حتی یلج الجمل فی سم الخیاط”. هاوکاتیش نوێژێکی لەیلەتوقەدر یان حەجێک و عەمرەیەک دەتوانێت هەموو گوناهەکان بسڕێتەوە و بەو شێوەیە.
چوون بۆ بەهەشت چەندیش ئاسان یان زەحمەت بێت ئەوا بە پێچەوانەی ئایینەکانی ترەوە ئیسلام بە قامچی دوات دەکەوێت تا بتکات بە موسڵمان و لە بەر خاتری خۆشت دەیکات. لەبەرئەوە نا کە خودا پێویستی بە بوونی تۆ وەک موسڵمانێک هەیە، بەڵکو لەبەرئەوەی خودا لێت ڕازی بێت و بچیت بۆ بەهەشت و خۆشت لێ بگوزەرێت.
لە ئەگەری بەموسڵمان نەبووندا بە کافر و مولحید و هتد جوێنبارانت دەکەن و بێ لە ئەوەی لە سەر زەوی بە شێوەی جیاواز هەڕەشەت لێ دەکەن ئەوا بە سووتاندنی هەتاهەتایی و شەق و تێهەڵدان و سووکایەتییپێکردنی ئەو دنیا (قیامەت/ زیندووبوونەوە) بۆت تەواو دەکەن. هەندێکیان هیندە دەڕۆن دەڵێن کە خودی ئەڵلا شەقشەقێنت پێ دەکات. دوا بڕیار و لێبووردەیی و بەخشینەکانی خودا بە ئاسانیی لە بیر دەکرێن.
نوێنەرانی ئەم ئایینە دەیان حەدیس بۆ نموونە بۆ ئەوە هەیە کە هەر کەس لە سەر دین و باوەڕی خۆی بێت با ببێت و بە دەیان حەدیسیش لە سەر ئەوە هەیە کە نوێژنەکەر کافرە و کە تەنانەت ئەوانی هاوڕێیەتیی نوێژنەکەر دەکەن کافرن و کە تەنانەت هاوسەرەکانیشیان پێیان حەرامن و کە تەنیا چارەسەریان کە بە کافری نەمرن ئەویە کە لێیان جیاببنەوە و بەو شێوەیە.
ئەم نموونە خۆدژگۆیانە/ کۆنترادیکتانە (تناقض) هەموویان دەتوانن ڕاست ین و هەمووشیان دەتوانن هەڵە بن. بە پێی دەسەڵات و کات و شوێن و بەرژەوەندیی لایەنەکان و کەسانی دووچار و مەبەستی سەرەکیی سەرئەنجامەکان دەگۆڕدرێن. لە ئەم نوێنەرایەتیەدا ئامانج ڕێبازەکان پیرۆز دەکات و ئامانجیش هەمیشە بردنەوەیە لە ئەو کەسەی دژبەرە. کێشە لە سەر هێلکەی کەڵەشێرێک کە چۆن دابەش بکرێت لە حاڵەتێکدا ئەگەر سێ کەس خۆیان بکەن بە خاوەنی، سەدان مەلا بە حەدیسی جیاواز و ئایەتی جیاواز و لێکدانەوەی جیاوازەوە ئەو هێلکەیە بە یەکێک لەو سێ کەسە ڕەوا دەبینن و ئەو ڕاستییەی کە کەڵەشێر هێلکە ناکات هەرگیز نابێت بە باس.
لە دیدێکی ترەوە کاتێک لە جوگرافیای دونیای ئیسلام دەڕووانین دەبینین دەسەڵاتدارانی لەم سەر بۆ ئەو سەری ئەم دونیای ئیسلامە لە سەر گەل و نیشتیمانی خۆیان تۆتالیتار و دیکتاتۆر و تاڵانچین. لە کۆماری ئیسلامیی مۆریتانیاوە کە یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتەکانی جیهانە و هەروەها یەکێکیش لە وڵاتە هەژارە خراپەکانە کە تەنانەت کۆیلەشی تیادا دەکڕدرێت و دەفرۆشرێت بە ناو هەموو باکووری ئەفریقا (تونسی لێ دەربچێت) بەرەو قووڵاییەکانی دونیای ئیسلامدا تا دەگاتە بەنگلادیش خەسڵەتە تایبەتییەکانیان کە بووە بە ناسنامەیان، بریتیین لە فەسادی ئەخلاقیی و کوشتن و بڕین و ستەمی میللی و چینایەتیی و جێندەریی و تاد، رێزنەگرتن لە پێکهاتە ئایینیەکانی دیکە و لە مرۆڤگەلی لێقەوماو و پەناهێندە و بیانیی، عەشیرەتگەریی و تایەفەگەریی و چەوساندنەوەی ژنان وەکو ئاڵوگۆڕ بە ژنان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆمەڵایەتیی و تاوانکاریی، منداڵ بە شوودان و بە زۆر بە شوودان و خەتەنەکردنی بنەڕەتیی و تاد. هەموو ئەمانە لە دایک و باوکەوە و بە ناسنامەی باری کەسیەتیی موسڵمانن. موسڵمانبوونەکە بۆ دەوڵەت هێندە گرینگە کە تەنانەت لە سەر ناسنامەکانیشیان دەنووسرێت. ناموسڵمانبوونەکەیش بە هەمان شێوە گرینگە چونکە مرۆڤی هاووڵاتیی بۆی نییە بێ وەڵام بێت و حەتمەن دەبێت دینێک هەڵبژێرێت کە ئەگەرچی ڕەنگە ببێت بە مایەی هەڵاواردن و شاربەدەرکردن یان تەنانەت کوشتنیش.
هەر بۆ نموونە لە سەرهەڵدانی داعیشدا ئەوە بەس بوو کە مرۆڤێکی موسڵمانی سەر بە دینی شیعە بێت بۆ ئەوەی هەر لە جێی خۆیدا سەر ببڕدرێت. کەسانێک هەن تا ئێستایش شیعە و سوننە وەکو دوو مەزهەبی هەمان دین دەبینن، بەڵام هەموو ئەو دژایەتیانەی لە نێوان سوننە و شیعەدا هەن بەڵگەن بۆ ئەوەی دوو مەزهەبی هەمان دین نیین، بەڵکو دوو دینی سەربەخۆن. کێشەکە لەوەدایە کە هیچیان بەرۆکی ئەوی تریان بەرنادات و واز ناهێنێت تا خودا ئەو بڕیارە بدات. نەخێر، شەڕەکە لە پێشدا زۆر پێش ئەوەی بگاتە بەر قاپی خودا، دەبێت ببردرێتەوە.
کاتێک دەبێت بە باسی ئیسلام ئەوا بێگومان دەگوترێت کە خودی ئایینەکە پاکە و بێگەردە و ئەوە موسڵمانە کە ناتوانێت موسڵمانێکی ڕاست بێت و کەسیش نازانێت موسڵمانبوونی ڕاست کامەیە و چۆنە. کاتێک دێتە سەر موسڵمان ئەوا هەر موسڵمانێک ئەوی تر بەوە تۆمەتبار دەکات کە ئەو موسڵمانی ڕاستەقینە نییە. ئەمە تاوانبارکردنێکی زنجیرەیی سیستەماتیکی دونیای ئیسلامە. نەک هەر تاکەکەسی گشتیی موسڵمان بەڵکو بە سەدان و هەزاران مەلا یەکتر بە موسڵمانی ناڕاستەقینە تاوانبار دەکەن. هەروەها چەندین ڕێبازی فەرمییش هەیە کە بە هەمان شێوە یەکتر دەناسێنن.
لە هەموو دونیای شارستانیدا کە ئەگاتە نزیکەی ملیاردونیوێک مرۆڤ هێندەی شارۆچکەیەکی جیهانی موسڵمان، بۆ نموونە شارۆچکەیەکی کوردستان، نە بە درۆ سوێند بە خودای خۆیان دەخۆن، نە خۆیان ناچار بە درۆکردنی رۆژانە دەکەن، نە ڕێگای جوێندان و دەمپیسیی دەگرنە بەر، نە بوختان و قسە بۆ یەکتر و بۆ بێتاوانان هەڵ دەبەستن، نە ناپاکیی بەرامبەر هاووڵاتیی و نیشتیمانی خۆیان دەکەن، نە دزیی لە موڵکی گشتیی دەکەن و نە بێڕێزیی بەرامبەر بە یەک و بە ژینگە و بە سرووشت دەکەن و نە بە بەتایبەتییش پەلاماری خوشک و دایک و ژنی یەکتر دەدەن. ئەمە بە گشتیی خەسڵەتی دونیای ئیسلامە.
ئیسلام لە درێژخایانی خۆیدا بووە بە دامەزراوەیەکی بازرگانیی گەورە و ئاڵۆز، واتە ئینتەرپرایزێک. لەو دامەزراوەیەدا هەیکەلێکی ڕێکخستنی بەرچاو هەیە کە لە “خادم الحرمین الشریفین” ـەوە دەست پێ دەکات، واتە کلیلدار یان خزمەتکاری ماڵی خودا لە مەککە و ماڵی پێغەمبەر لە مەدینە کە بە نەریت مەلیکی ئالسعودن، هەتا دەگاتە مجێورێکی مزگەوتێکی بچکۆلەی هەر شوێنێکی ئەم دونیای ئیسلامە. لەم دامەزراوەیەدا کە پاشا و بنەماڵەی ئالسعود نوێنەرایەتیی دەکەن بە هەزاران شێخ و سەید و موفتی و بە سەدان هەزار مەلا و فەقێ و مجێوەر و تاد هەن. هەموو ئەمانە بە شێوەی جیاواز لە پرۆسە و دەسەڵاتی سیاسییدان. لە هەندێکیاندا دەستبەسەرداگیراو و زیندانیین و لە هەندێکیشیاندا هەمەکارەن. لە هەردوو حاڵەتەکەدا دەوڵەت بە هەزارویەک بیانوو و پاساو هەم خۆی دەپارێزێت و هەم موسڵمانبوونی ڕاستەقینەی خۆی دەخاتە بەردەست، هەروەکو چۆن دژبەرە موسڵمانەکان بە هەزارویەک بیانوو و پاساو ناموسڵمانبوونی دەسەڵات و موسڵمانبوونی ڕاستەقینەی خۆیان دەفرۆشنەوە. حەشاماتێکی سەدان ملوێنی ڕەشوڕووت و بەدبەختی بە ناسنامەموسڵمان، کاریگەریی بنەڕەتییان لە سەر نفوزی سیاسیی ئیسلام هەیە چونکە سوود لە ناو و ژمارەیان وەردەگیرێت. لە هەر یەکێک لە ئەمانەدا، جا گوندێکی بچووک لە وڵاتێک بگرێتەوە یان دەوڵەتێکی تایبەتیی بگرێتەوە یان یەکێک لە سوننە یان شیعە یان یەکێک لە ڕێبازەکان بگرێتەوە، دەتوانێت بە تەواویی ئیسلامێکی جیاواز بێت. بەو شێوەیە ئایینێک دروست کراوە کە سنوور و میچی بە ئارەزووی ئیمانداری خاوەن دەسەلات دەگۆڕدرێت. ئەو دەسەڵاتە دەتوانێت لە چوارچێوەی گوندێکدا بێت.

ئیسلام لە باشووری کوردستان
ئیسلام لە باشووری کوردستان کە بە دڵنیاییەوە لەگەڵ زۆر شوێنی جیهانیی ئیسلام جیاوازە بە گشتیی سێ جۆرە. جۆری یەکەم ئەو ئیسلامە نەریتییە سونەتییەیە (نەک سوننە) کە تاکەکەسێک لە نەریتی باوی باوکایەتییەوە ناسنامەیەکی ئیسلامیی هەیە و باوەڕی بە خودایەکە کە لە کۆمەڵگای کوردستاندا عادەتەن هەر بە “خودا” ناسراوە نەک بەتایبەتیی بە “ئەڵلا” و کە تاکەکەس بە پێی تێگەیشتن و توانا و کاریگەریی دەوروبەری بە شێوەیەک کە پێی ڕاست و دروستە موسڵمانبوونی خۆی پیادە دەکات. ئەم جۆرە موسڵمانبوونە لە کۆمەڵگای باشووردا هەتا سەرەتای دەیەکانی نەوەدی سەدەی پێشوو بەربڵاوترین لە شێوەی موسڵمانبوون بوون و پیاوانی ئایینی کە هەرە زۆرینەیان نیشتیمانپەروەرن بوون و زۆریان تێکۆشەریش بوون لە مێژووی کورددا لەم شێوەیە بوون. گرنگترین و گەورەترین خەسڵەتی ئەم شێوەیە لە ئیسلام بە شێوەکانی تەریقەتی شێخایەتیی و موسڵمانی ئاسایی ئەوەیە کە ئیسلام تا ڕادەیەکی باڵا ئاشتیخوازە و هەر کەس لەگەڵ خودای خۆیدا تەرەفە، واتە پێوەندیی خود و خودا. لەم شێوەیەدا تاکەکەسی موسڵمان دەستوەرناداتە کاروباری خەڵکی تر و تەنانەت لە ناو خێزانەکانیشدا باوک وەکو سەرۆکی خێزان ئۆتۆنۆمیەکی شایانباس بە ئەندامانی خێزان دەدات. لەم مۆدێلەدا جلوبەرگ و شێوەی خۆڕازاندنەوە و ڕووخسار و خوێندن و هاتنوچووی گشتیی و هتد تا ڕادەیەکی شایانباس لە بازنەی ئازادیی تاکەکەسدا بووە.
هەموومان لە ڕێگای ئەو تۆمارانەوە کە سەبارەت بە جلوبەرگ و خوێندنگاکان و نەخۆشخانەکان و گۆرانی و هونەرەکانی ترن چ لە عێراق و چ لە کوردستان، و تەنانەت ئێران و تورکیا و ئەفغانستان و تاد، دەتوانین بگەڕیینەوە بۆ ساڵانی پەنجا و شەست و حەفتا و هەشتاکان و ببینین کە ئەم جۆرە لە موسڵمانی ڕۆحانیی پاک زۆربایەتیی بووە و هاوکات هیچ جۆرە لە خەسڵەتێکی ئیسلامی سیاسیی بە ئەو سەردەمانەوە نییە.
ئایا هیچ کەسێک دەتوانێت ئەوەندە بێ ئابڕوو بێت کە مۆری کافربوون و بێڕەووشتیی و بیئەدەبیی لە هەموو موسڵمانانی سەدەی ڕابردوو و یان ئەوانە بدات؟
لەم جۆرە موسڵمانەدا کە لایەنە ڕۆحانیەکەی دیارە تاکەکەس بەگشتیی یەک ڕووە و یەک کەسایەتیی هەیە.
جۆری دووەم موسڵمانی بازرگانە. موسڵمانی بازرگان ئەو موسڵمانەیە کە لە ڕوواڵەتدا لە موسڵمانێکی نەریتیی دەچێت، بەڵام لە ڕاستییدا کاسبی بە دینەکەوە دەکات. ئەم کاسبییە هەر لە مزگەوت دروستکردنەوە تا ئاشکراکردنی زەکات و سەرفترە و گۆشتی خێر و کڕینی بەرماڵێک و دوو مەسینە بۆ مزگەوت بە شێوەیەک دەکات کە ببینرێت و لە ئەو ڕێگایەوە مۆری پیاوچاکبوون دەکڕێت و دەیخاتە خزمەتی ئەو کاسبیەوە کە هەیەتی. لایەنە ڕۆحانییەکە لە ئەم جۆرەیاندا تەواو کاڵە و ڕوواڵەتگەرییەکە بە ئاسانیی دەناسرێتەوە. ئەم جۆرە موسڵمانانە نەک هەر دووڕوون، بەڵکو چەندڕوون و لە هەر شوێنە و کەسایەتیەکی جیاوازیان هەیە. لەگەڵ هەر یەک لە ژن و منداڵان و دەرودراوسێ و هاوگەڕەک کەسایەتیەکی جیاوازیان هەیە، لە بازاڕ و مامەڵەکردن و ناو خەڵکی گشتییدا کەسایەتییەکی تر و بەو شێوەیە. جیهانی ئیسلام پڕە لەم جۆرە و بێگومان لە کوردستان بەئەژمارن.
جۆری سێیەم ئیسلامی سیاسییە. ئیسلامیی سیاسیی لە باشوور بە تایبەتیی هەر سی (30) ساڵێک تەمەنیەتی و بە گشتیی چل (40) ساڵێک و دروستکراوی سعودیە و پاکستان و پاشان بەتایبەتیی تورکیا و ئێرانە کە دیارە ئەوە چەند ساڵێکە بەتایبەتیی لەلایەن قەتەر و ئیستیخباراتی تورکییەوە برەوی پێ دەدرێت و دەخرێتە بازاڕاوە. ئەم جۆرە لە ئیسلام بە توندیی کەوتووەتە ناو بازاڕی سەودا و مامەڵەی بازرگانیی ئایینەوە و تورکیا و ئێران وەکو بەشێک لە شەڕی تایبەت دژ بە خەباتی ئازادیخوازیی خەڵکی کوردستان بەکاری دەهێنن. لە ئەم شێوەیەدا هەموو شتێک بە دامەزراوە کراوە و کەسی موسڵمان ڕێک خراوە و بە دیسپلینێکی پۆلیسیی و لێپرسینەوە و چاودێریکردن و چاولەسەربوون بەستراوەتەوە. کەسانی ناو ئەم جۆرە لە ناو سۆشیالمیدیادا چالاکن و خراپترین لە دەمپیس و جوێنفرۆشەکانن و بە سەدان پەیجی درۆزنە و ساختە بەڕێوە دەبەن و بە دەستە هێرش دەکەنە سەر ئامانجەکانیان و بوختان و درۆ هەڵ دەبەستن. ئیسلامی سیاسیی لە کوردستاندا بەتایبەتیی دژ بە خەباتی ئازادیخوازی خەڵکی کوردستان کار دەکات، بەڵام بە شێوەیەک مامەڵە دەکات کە کوردی عەیار بیستوچوار بێت.
ئەم “ئیسلامە فوڵ مواسەفاتە کوردیە” هەر شەڕوالێک و چۆغە و جامانەیەک زیاتر لە سەریان ناکەوێت و بێگومان زووزووش باس لە کولتوری کوردیی بە شێوەی خۆیان دەکەن کە گوایا هی کوردی ڕەسەنە. ئەم جۆرە لە موسڵمان بە ئاشکرا پێوەندیی بە ئێران و تورکیاوە هەیە و لە خزمەتی بەرژەوەندیە ئاساییشیی و نەتەوەییەکانی ئەواندا کار دەکات. ئەرکی ئیسلامی سیاسیی لە کوردستان مەژغوڵکردنی تاکەکسی کوردە بە ناوی ئەو جۆرە لە ئیسلام کە تورکیا و ئێران لە کوردیان دەوێت. ئەوان دەیانەوێت کورد لە هەموو بەهایەکی نەتەوەیی دابماڵن، بەڵام بە شەڕواڵ و چۆغەیەکەوە بیهێڵنەوە تا بە ڕووخسار لە “کورد” بچن و بتوانن ناویان بە “کوردی موسڵمان” بێنن.
ئەم جلە کوردییە درۆزنەیە کە تا سەر ئێسک ساختەچیەتیی بازرگانییکردنە بە دینەوە بێگومان تەنیا بۆ پیاوانە دەنا ئەگەرچی جلوبەرگی نەریتی کوردیی ژنان ئاودامان و درێژ و داپۆشەرە ئەوا ژنان دەبێت ڕوو بکەنە جبە و عەبا و سەرپۆشی تەواو و مەقنەعە و محاجەبە و قیناع. کاتێکیش جلی کوردی بپۆشن، هەر عەبا و جبە و محاجەبە و تاد بە سەردا دەدەن.
هۆی سەرەکیی بڵاوبوونەوەی ئەم ئیسلامی سیاسییە دەگەڕێتەوە بۆ برسیکردنی خەڵکی باشوور کە خەڵکانێکی سەر بە تورکیا و ئێران ئارد و نان و شتومەکی خۆراکییان لە پاش ڕاپەڕینەوە بە خەڵک دەبەخشییەوە و وردەودە ئەم کارە مۆری ڕەووشتیی ئیسلامیی لێ درا و لە بیر کرا کێ و بە چ مەبەستێک لە پشتیەوەیەتی.
ڕێکخستنەکان لەگەڵ کاتدا پێشخران و دامەزراوە و کاسبی جیاواز دروست کران و هەلی کار و پارەی بندییواری خوداپەرستیی بۆ خەڵک بڕدراوەتەوە کە بێگومان بەشێکە لە شەڕی تایبەت و خەڵکی ڕەشوڕووت و بەدبەختی ئەم دەڤەرە لێی تێ ناگەن. ئەم جۆرە لە “ڕەووشتی ئیسلامیی” شۆڕ بووەوە بۆ ناو گەنجانی بێ کار و خوێندکارانی هەژار لە نزیکەی سەرانسەری باشووردا. ئیسلامیستە ڕووخسار شاردراوەکان، کە لە پشت “دەمامکی ڕەووشتی ئیسلامیی”خۆیان حەشار دەدا و ئێستایش هەر وان، پارەی داخیلی و خواردن و شتیان وەرنەدەگرت لە قوتابییەکان، قوتابییەکانیش لەبەر ئەمە و تا خەرجی خوێندنیان کەمتر بێت لە داخلییەکانی ئەوان دەمانەوە. پێدانی شوێنی داخلی و خواردنی بەلاش بوو بە هۆکاری یەکەمی ئەم ملشکاندنەی گەنجانی کورد. ڕوون و ئاشکرا بوو ئەو گەنجانە و گەورەساڵانی دایکوباوک و چواردەوریان لە پێناو ئەو ژەمە نان و خۆراک و وردەئیمتیازانەدا بوون بە چاودەبەری ئەم ڕێکخراوانە و هەر چیەکیان پێ بگوترایە دەبا ڕاستەوخۆ بیکەن و نەوێرن بڵێن نا چونکە بە دەرکردن کۆتایی پێ دەهات. پاساوەکەش کە هەمووی بۆ “خوداگیان” ـە و لە پێناوی ئیسلامدایە هەموو هەستێکی ویژدانناڕەحەتیی لای نێچیر ڕادەماڵی. کاتێک، بۆ نموونە، لەیلەتولقەدر خێری هەزار مانگی هەبێت، ئەوا خودا ئەوەندە گەورەیە کە ڕۆژی خۆی لە نیشتیمانفرۆشان و خیانەتکارانیش خۆش دەبێت، جا با گوناهەکانیان دەریایەک خوێن و ئازاریش لە سەر هاومرۆڤەکان کەوتبێت.
هەمان ئەو کارە بوو کە بەعسیەکان کاتی خۆی زیاتر لە نیوملوێن کوردیان لە ژێر ناوی “المرتزقە” دا ڕێکخستبوو. “المرتزقە” بە مانای جاش نایەت وەکو هەندێک کەس لێی تێ دەگەن، بەڵکو بە مانای “ڕزقدراو/ بژێوی دراو/ ئەو کەسەی بژیوی دابینکراوە” دێت. سەددام حوسەین بە ئەوانەی دەگوت “بژیویدراوی خۆم”، دروست بە پێچەوانەی ئەو گوتەی ئیسلامەوە کە خودا رزقی خەڵک دەدات. دووبارەکردنەوەی ئەم تاکتیکە لە لایەن تورکیا و ئێرانەوە، ئەم جارەیان بە ناوی خودا و ئیسلامەوە زۆر ئاسان بوو. ئیتر کەس پێویستی نەدەکرد خۆی بە قەرزداری سەرۆککۆمارێک یان حیزبێک بزانێت، بەڵکو ئەم ئارد و نان و خۆراک و پارە و کارە لە خوداوە دێت. کێشەکە لە ئەوەدایە کە وردەوردە ناوی خودا دەسڕدرایەوە و جۆری ئیسلامییە تورکیی و ئێرانییەکە جێیگای دەگرتەوە.
ئێستا کە کراوە بە سیستەمێکی چەسپاو کەس نایەوێت بیری لێ بکاتەوە کە ئایا لەو پرۆسەیەدا خودا چی لێ هات. گرینگ ئەوەیە ورگەکان تێر ببن و خەرجیی ڕۆژانە و مانگانە لە هەر فۆرمێکدا بێت، فەراهەم بکرێت. لە کۆتاییدا خۆ هەموو شت هەر چارەنووسی خودایە و هەر شتێک خۆی رەزامەندیی لە سەر نەبێت، نابێت.
ئەم ڕێکخستنە کە پسپۆڕیی شەڕی تایبەتیی لە پشتەوەیە، ڕۆژانە هەموو بەرنامەیان بۆ دانرابوو (ئێستایش هەر بەردەوامە) کە دەبوو لە دانیشتن و کۆبوونەوەکانی ئەم ڕێکخراوانەدا بن و کتێبی تایبەت بە ڕێبازەکەی خۆیان لەژێر ناوی پەروەردە و ڕۆشنبیرکردن و لە خودانزیکبوونەوە بە بەلاش بە قوتابییەکان دەدا. هەموو ئەمانە لە فۆرمی بایعی ئیسلام سیاسییدا.
ئەگەر ئێران بە پێی کولتوری فارسیی فێرە کە پەلە ناکات و بە لاواندنەوە نێچیری خۆی سەر دەبڕێت و لە سەر کوشتەشی شین دەکات، ئەوا تورکەکان کە دوژمنی سەرسەختی گەلانی ڕەسەنی ئەم ناوچەیەن و بەتایبەتییش زۆر لە کورد تووڕەن کە وێنەی ئەرمەن و ئاسوور و یۆنانی میان نەداوە، بە ئاشکرا ڕێبازی ئیسلامیی تورکییان فەرز دەکرد. بۆ نموونە لە ژێر ناوی نورسی و پەیامەکانی (نور) هەموو کۆمەڵە کتێبەکەیان بە بەلاش بڵاو دەکردەوە و بە شێوەیەکیش دەیانکرد کە دۆست و خۆشەویستی کوردن و کاریان ئەوەیە خزمەت بە کورد بکەن. ئەم ڕێکخراوەیە ئەوەندە تورکی لای گەنجی کورد خۆشەویست کردووە، کە تورک کراوە بە وێنای خودا لە سەر زەوی. لە کودەتای ١٥/٦/٢٠١٦ دا کاتێک کە ئەردۆغان گوڵەنی پێ تاوانبار کرد، ئەوا ئیسلامیستەتورکچیەکانی کورد دڵیان نەدەهات نە دژی ئەردۆغان و نە دژی گوڵەن بن و کەوتبوونە داوی خۆشەویستیی یەکسەرەوە لەگەڵ تورک و لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو نازونیعمەتە دەترسان کە بە پارەی ئەو دووانە لە سەری دەلەوەڕان. شایانی باسە، کاتێک کە ئەردۆغان کەوتە شەڕی سیاسیی و دیپلۆماسیی و ئابووریی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا کە مەکتەبەئیسلامیەکانی گوڵەن ـیان هەبوو و فەرمانی دەدا داینبخەن، سەبارەت بە هەرێمی کوردستان نەک هەر هیچی نەگوت بەڵکو ڕێگای لە پێشخستن و بەردەوامیی پێوەندییەکانیش نەگرت.
دۆخە سیاسییە ئابوورییە کۆمەڵایەتییەکە هێندە لە بارە کە لەم ساڵانەی دوواییدا ئیسلامی سیاسیی وردەوردە قاچی لێ درێژ کردووە و بە ئارەزووی خۆی خەریکی مۆرلێدانە لەوی کێ موسڵمانی ڕاستەقینەیە و کێ کافرە و مولحیدە و خوانەناسە و تاد. بەو شێوەیە پسووڵەی موسڵمانبوون دەفرۆشنەوە و بە خیتابی هێرشبەرانەی دەمپیسانەی تاوانبارکارانە تەون دەچنن. ئەمە بە ناوی “ئەخلاق”ـەوە دەکەن و مەبەستیشیان لە ئەخلاق تەنها ناوگەڵە و ئەویش بێگومان ناوگەڵی ژنە. لەو هێرشەدا بەتایبەتیی موسڵمانی ئاسایی بە ئامانج دەگرن و دەیانەوێت لە رێگای تیرۆری ئایدیۆلۆژیی و تیرۆری شەخسیەوە ملکەچییان بە سەردا بسەپێنن.
هێرشی بەربڵاو و تایبەتییان بە پلەی یەکەم لە سەر ژنانە و هەرچی بە دەمیاندا دێت دژ بە ژنانێک کە نایانەوێت لە ژێر عەبا و حیجابدا بن، دەیڵێن و بە بیانووی ئەوەی کە گوایا بۆ خودای دەکەن ئەوا هەموو شتێک بە ڕەوا دەبینن. زۆرینەی ئەو مەلایانەی سووکایەتییکردن بە ژنان دەکەن دەکەونە دۆخێکی شێتییەوە. بۆ نموون هەر هەموویان بەوە دەست پێ دەکەن کە ژنێک تەلەفۆنی بۆ کردوون، یان دەڵێن نایانەوێت ناوی بهێنن. تەنانەت هێرشی سێکسییش دەکەن بۆ سەر ئەو ژنانەی کە حەوشە دەشۆن لەگەڵ ئەوەدا کە یەکێک لە کارە رۆژانەییەکانی زۆرێک لە ژنانی کورد خاوێنکردنەوە و شتنی حەوشەیە. بیانووی ئەمانە هەڵکردنی کراسەکەیانە کە عادەتەن ئاودامانە. باسکردنی ژن وەکو خواردنی میوەیەکی ئاوەکیی لێ هاتووە کە مەلای ئاخێوەر لیک و ئاو و هەندێک جار بە ڕوونیی شەهوەتیش بە دەمیدا دێتە خوار و دەکەوێتە قەوچەقوچ و مڵچەمڵچ و هەڵلوشین، بەتایبەتیی لە باسی بەهەشت و بە سێکسیکردنی خەسڵەتی بەهەشت.
لە دژایەتیکردنی ژناندا ژنان دەکرێن بە پارچەیەک گۆشتی سێکسیی. ئەو پارچە گۆشتە هەست و نەستی نییە، تووشی نەخۆشین نابێت و هیچ شوێنێکی نائێشێت، بیر لە منداڵ و برا و باوک و دایک و کەسوکار و دەراوسێ و نیشتیمانی ناکاتەوە، کێشەی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابووریی نییە و خەمی هیچ ناخوات و سەری بە هیچەوە نائێشێنێت و تەنیا و تەنیا هەر بیر لە سێکس دەکاتەوە. هەر ئەوەندە چاوت لێ خافڵ کرد پیاوێک دەخەڵەتێنێت و دەیدا بە سەر خۆیدا. ئەمە ئەو وێنایەی ژنە کە لە زۆرینەی کەلـلەسەرەکانی ناو وەزارەتی ئەوقافەوە هەتا کۆلکە مجێورەکاندا تێگەیشتنێکی نەگۆڕە. ژن مرۆڤ نییە، بەڵکو پەراسوویەکی هەڵخەڵەێندراوە و مەرامی لە خشتەبردنی پیاوە.
هاوتەریب هێرش بۆ سەر ئەدەبیات و گۆرانی و موزیک دەکەن و لە ئەم هێرشەدا بەتایبەتیی خەباتی ئازادیخوازیی بە ئامانج دەگرن. بۆ نموونە، هێرشێکی گەورەیان کردووەتە سەر سروودی “ئەی ڕەقیب” کە شیعری پایەبڵند و نەمر “دڵدار” ـە گوایا دڵدار کفری کردووە. بە ئەم شێوەیە لوتبەرزییەکی بینراویان تۆمار کردووە و ڕەقەمێکیان بە خۆیان وەکو پارێزەری دینی ئیسلام داوە.
تێکدانی شیعری “ئەی ڕەقیب” و هەوڵدان بۆ گێلکردن و گەوجکردن و گاڵتەکردن بە ئەقڵی موسڵمانی ئاسایی کورد گەورەکانی ئەم ئیسلامە سیاسییەیە. ئەوی ئەلفبێیەک لە شیعری کوردی تێ بگات (ناکرێت ئەمانە کە خۆیان بە زانا لە قەڵەم دەدەن، نەزانن!) دڵدار دەڵێت: ئەی ڕەقیب هەر ماوە قەومی کورد زمان، نایشکێنی دانەری تۆپی زەمان.
دڵدار دەڵێت: دانەری تۆپی زەمان، کە خودایە، نایشکێنێ، نەک ناتوانێت بیشکێنێت و نەک بۆی ناشکێندرێ، بەڵکو “نایشکێنێ”، واتە دەست بە باڵ و بە پشتییەوە دەگرێت.
بە چەواشەبردنی خەڵکی موسڵمانی ناهۆشیاری کورد تەنها و تەنها بازرگانییەکی سیاسیی و دژایەتتیکردنی خەباتە ئازادیخوازییەکەیەتی. لە ڕێگای ئەو دەستدرێژیی کردنەوەوە بۆ سەر دڵدار لە ڕاستییدا هێرش بۆ سەر شاعیرانی سەدەکانی ڕابردوو دەکرێت کە نزیکەی هەموویان شێخ و سەید و مەلا و فەقێ و قورئانخوێن بوون، بەڵام بازرگانی دینیی نەبوون. هەموو نیشطیمانپەروەر بوون و خزمەتیان بە زمانی کوردیی کردووە و بە رێزەوە لە ژنیان ڕووانیووە و داوایان لە لاوانی کوڕ و کچی کورد کردووە پشت لە عەشێرەتگەرایی و ناوچەچیەتیی و نەخوێندەواریی بکەن و ڕوو لە یەکیەتیی و پێشکەوتن و ئازادیخوازیی بکەن.
لە درێژخایانی ئەم دواکەوتووییەدا دکتۆر مەلاش پەیدا بوون کە هەندێکیان وەک پسپۆڕی دەروونیی و هەندێکی تر وەک پسپۆڕی هەموو زانستەکان و هەندێکی تر پسپۆڕی خواردنەوەی میزی وشتر و گرتن و ڕاونانی جندۆکە و دوعای سەیروسەمەنە و جۆرەکانی نوشتە تاد. حیزبەکانیش بۆ ئەوەی لەم خورافات و هاشوهوشە دوانەکەون بە ناوی ڕاوێژکاری ئایینییەوە، مەلایان دامەزراندووە کە بە گشتیی بێ دەنگن، بەڵام هەندێک جار لە دژایەتیی جۆرێک لە دەربڕینی ئیسلامی سیاسییدا نووزەنووزێکی ئیسلامیی دەکەن.
لە نێوان ئەو دەسەڵاتە نەنووسراوەی خۆیان و ئەو دەسەڵاتە لاستیکییەی کە دەسەڵاتداران بۆیان فەراهەم کردوون، دەستوەردەداتە ناو هەموو شتێکی تاکەکەس و هەموو شتێکی کۆمەڵگا. لە پرسی ژن و بەهەشت و دۆزەخەوە تا دەگاتە چۆنیەتی قن شۆرین و گەڵوگون پاککردنەوە. هاوکات کۆمەڵێک شێوەی ڕووخسار و هەڵسوکەوت و مامەڵەیان هەیە کە دەیانەوێت بە سەر هەموو کۆمەڵگایدا بسەپێنن گوایا ئەوە شێوە ڕووخسار و هەڵسوکەوت و مامەڵەی پەیامنێری ئیسلامە، وەکو شێوەی سمیڵ و ڕیش و جلوبەرگ و خواردنی خۆراک بە دەست و تاد. بۆ نموونە هەوڵ دەدەن لە یەک ژن زیاتر بهێنن و هەندێکیان بۆیان دەلوێت بیگەیەن بە چوار. هاوکات جلوبەرگیان هەمیشە تازە کە بێگومان لەگەڵ پارەی مووچەی رەسمییاندا نایەتەوە و ئوتومبێلی گرانبەها تا دەگاتە گولـلەنەبڕ و هتد کە دیارە سوننەتی پەیامنێری موسڵمانان نەبووە.
ئەمانە پلەی زانای ئایینیی یان زانای ئیسلامیی ـیان بە خۆیان بەخشیوە هەروەکو ئەوەی ئیسلام زانستێک بێت. لەبەرئەوە بە وشەی مەلا ڕازی نیین و لانی کەم نازناوی مامۆستا لە خۆیان دەنێن هەر وەکوئەوەی موسڵمانبوون جۆرێک لە پیشە بێت.
بوون بە مەلا لەم دوو گرووپەی موسڵماندا باشترین کاسبی سەردەمە. مەلایەکی سەر بە گرووپی بازرگان یان ئیسلامی سیاسیی بێ ئەوەی یەک دینار بخاتە سەرمایەگوزاریی یان مەترسییەوە و تەنیا بە دووبارەکردنەوەی کۆمەڵێک حەدیس و ئایەت سامانێک پێکەوە دەنێت کە لە ئاستی باڵای چینی مامناوەندیی دایە. هەر لە ئەوەوە کە دەتوانن لە ژنێک زیاتر بهێنن و تەنانەت بیگەیەنن بە چوار و ڕەنگە زیاتریش، هەتا ئوتومبێلی چەند دەفتەریی و مووچەی مانگانە و ئیمتیازی لابەلا و لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا پەیداکردنی ڕێز و پلەوپایەیەکی کۆمەڵایەتیی کە خێزانێک ئەگەر دەرزەنێک شەهیدیشی هەبێت پێی ڕەوا نابینرێت. پارەپەرستیی و شەهوەتپەرستییەکە هێندە ئاشکرایە کە هیچ کەسێک ناتوانێت نکۆڵی لێ بکات و بە هەزاران نموونە هەن.
ئەم جۆرە مەلایانە وەکو نوێنەری خودا لە سەر زەوی دێن و دەچن. وێنای خودا بە شێوەی جیاواز نیشان دەدەن و لە باسەکانیاندا دەیهێننە سەر زەوی و هەندێکیان هێندەش دەڕۆن کە باسی ئەوەش دەکەن کە خودا لە رۆژی قیامەت چۆن خۆی شەقشەقێن بە سەرپێچیکاران دەکات و تاد.
ئەگەر تا سی (30) ساڵێک لەمەوبەر مزگەوت ماڵێکی خودا بوو کە چەند ئیماندارێک تێیدا کۆدەبوونەوە و نوێژێکیان پێکەوە دەکرد و دەمەتەقێیەکی کۆمەڵایەتییان تێدا دەکرد، ئێستا بووە بە دامەزراوەیەکی ڕێکخراو بۆ بەهێزکردنی نوێنەرەکانی خودا لە سەر زەوی. لەوێدا پاداشت و سزاکان سەدان و بگرە هەزاران لقوپۆپیان لێ دەبێتەوە و شێوەی دەرخەیاڵیی دەگرنە خۆیان، هەر لە باسی شێوەکانی ئازاردان و چوون و نەچوون بۆ دۆزەخ تا جوانی حۆری و دیلمانەکان و بۆ توانای بەردەوامی لە خەیاڵنەهاتووی سێکس کردن. لە مزگەوتەکانەوە هەڕەشە لە ئیمانداران دەکرێت کە ئەوی نوێژ نەکات تەنانەت ژنەکەیشی پێی حەڵاڵ نییە و لە خوتبەدا ئەم قسەیە بە گوێی ژنانیشدا دەدرێتەوە کە بە پیاوە نوێژنەکەرەکانیان حەڵاڵ نیین.
ئەم هەزاران مزگەوتە لە لایەن وەزارەتێکەوە بەڕێوە دەبردرێت کە پێی دەوگترێت وەزارەتی ئەوقاف. وەقف لە زمانی عەرەبیدا سەبارەت بە ئایین بە مانای “بەخشین، بەخشین یان دان یان پێدان ـی ماڵیی” بە مەبەستی ئایینی یان چاکەکاریی گشتیی دێت و ئەلئەوقاف کۆی وشەکەیە کە ڕەنگە وشەیەکی گونجاو بە کوردی “بەخشینگا” بێت.
کولتوری وەقف بە فەرمیی لە عێراق دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراق ساڵی (1921) کە بە پێی کولتور و نەریتی باوی جێکەوتەی ئەوسا هەر لەلایەن خەڵک خۆیانەوە کۆبووەتەوە و بەش و دابەش کراوە. ساڵی (1929) بە پێی ماددەی (122) دەنووسرێت کە ئەوقافی ئیسلامیی دەکرێت بە فەرمانگایەکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی (نەک وەزارەتێکی)حکومی و بە پێی یاسای دانراو و دیاریکراو بەرپرسی کاروبار و خەرجی خۆی دەبێت و لە ژێر دەسەڵاتی سەرۆکوەزیراندا دەبێت. ساڵی (1976) ئەم فەرمانگایە دەگۆڕدرێت بە وەزارەتێک و تا ساڵی (1993) هەندێک گۆڕانکاریی دەکرێت بەڵام گرینگترین خاڵ ئەوەیە کە هەر سەر بە دیوانی ئەوقاف دەبێت و لە ژێر چاودێری سەرۆککۆماردا دەبێت و بۆ کۆی موسڵمانان دەبێت نەک بۆ شیعە و سوننە.
پاش ڕووخانی ڕژیمی بەعس ساڵی (2003) نزیکەی هەموو شتێک لە عێراقدا گۆڕدرا و سەرئەنجامەکەی ئەم عێراقەی ئەمڕۆیە بە هەرێمی کوردستانەوە. پاش ڕژیمی بەعس وەزارەتی ئەوقاف هەڵوەشێندرایەوە و دوو دیوانی نوێ دروست کرا، دیوانێکی شیعە و دیوانێکی سوننە و یەکێکیش بۆ نائیسلامیەکان و هەرێمی کوردستانیش خۆی وەزارەتێکی ئەوقافی هەیە. واتە عێراقیەکان بوون بە خاوەنی چوار دیوانی ئەوقافی جیاواز و بە پێی دەستووری ساڵی (2005) چەسپێندراوە. دەگوترێت کە وەقفی سوننی سامانی لە هەموو ئەوانی تر زیاترە کە دەگاتە لانی کەم (12) ملیارد دۆلار. سەرچاوەی ئەو سامانە بێگومان دیار نییە و بەسەرهاتی سەیروسەمەنە سەبارەت بە موڵکی زەویوزار و شێوەکانی دیکەی سامان دەگێڕدرێتەوە. هەروەها ناشزانین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە یان نا، بەڵام وا پێدەچێت هەرێمی کوردستان سامانی خۆی هەبێت.
بۆ نموونە هەر یەک موڵکداری ئەوقافی ئەبوحەنیفە دەگاتە بیستوسێ (23) هەزار دۆنم لە زەوی کشتوکاڵیی و کە سێیەکی زەویوزاری پاریزگای بەسرە لە راستییدا ئەوقافی ئیسلامین و کاروبارەکان بانکی یان مەسرەفی ئیسلامی و زانکۆی ئەهلی و بنکەگەلی کاتبەسەربردن و بازرگانیی و پزیشکیی و تەندروستیی و تاد دەگرنەوە.
ئەم وەزارەتانەی ئەوقاف هەر وەکو هەموو وەزارەتەکانی تر هیچ شەفافیەتێکی ماڵیییان نییە، چ سەبارەت بە سەرچاوەی ڕاستەقینەی داهاتەکان و چ سەبارەت بە خەرجکردنەکان. وەزارەتی ئەوقاف لە کوردستان لەگەڵ ئەوەشدا کە بانگەشەی کەمکردنەوەی فەرمانبەر و خەرجیەکان دەکات وەزارەتێکی گەورەوگرانە کە لە وەزیری ئەوقافەوە بۆ جێگر و بۆ بەڕێوەبەرایەتیەکان و مەلا و فەقێ و مجێور و شێوەکانی دیکەی فەرمانبەریی، بریتییە لە مەکینەیەکی زەبەلاحی بیروکراسیی مەسرفەگەر و وەکو هەموو وەزارەتێکی تر لە سەر موڵکی گشتیی دەژی. لە سی ساڵی ڕابردوودا بە خەزێنەی موڵکی گشتیی ئیماندارانێکی موسڵمان بەخێودەکرێن کە تەنیا بەرهەمێکیان ئەوەیە موسڵمانیەتیی بکەن.
هەمووان دەزانن کە ئێمە لە باشوور لە دەیان و سەدان بواری جیاوازدا دواکەوتووین و ئەمەش ڕێگاکانی بەرەو بەڕێوەبردنی شەفاف و مۆدێرن و شارستانیی بە پێوەری دیموکراتیی، واتە بەڕێوەبردنێکی یەکسان و دادپەروەر، داخستووە. یەکێک لەوانە نەبوونی ئامارە لە نزیکەی هەموو بەش و یەکە و کەرتێکدا. بۆ نموونە سەرچاوە و داهات و خەرجیەکانی وەزارەتی ئەوقاف و ژمارەی فەرمانبەران و مووچەبگیری ئەو وەزارەتە هەر بە درشتی هەیە و بە وردیی نادیارە. هەروەها پرینسیپەکانی ئەو جۆرە دامەزراندنانە و مووچەبگیرییەکان و تاد. ڕوون و ئاشکراشە کە هەموو ئەم دامەزراندنانە، سەرەڕای لاف و گەزافی ڕەووشتی ئایینیی و ناوی خودا و تاد، لە ڕێگای وابەستەیی و وەفاداریی حیزبایەتیی و واسیتە و بەخشیش و پیاوەتیکردن و سەرفی نەزەری خزمایەتیی و شێوە ناشیرینەکانی تری پێوەندییەوەیە.
وەزارەتی ئەوقاف ساڵانە بە دەیان ملوێن دۆلار لە سەر خەڵکی کوردستان دەکەوێت و ماکینەیەکی زەبەلاحی مەسرەفکارە کە هیچ بەرهەمێکی بەرجەستەی نییە. هەرچەندە لە ناو جۆری ڕێباز و مەلاکاندا ئەمەش هەر خۆی پرسێکی ناکۆکیە، بەڵام ئیشی سەرەکیی وەزارەتی ئەوقاف ئەوەیە کە هیدایەتی خەڵکی باشوور بکات بچن بۆ بەهەشت.
لە ئەم سترەکچەرە ئاڵۆزەدا کە هیچ کارێکی تایبەتیی و بەرهەمێکی تایبەتیی ئۆبجێکتیڤی نییە، بۆ نموونە وەکو ڕۆڵی بەرمیلێکە لە دەرەوەی ژوورێکی نەشتەرگەرییدا، جیاوازیی لە نێوان دامەزراوەی دین و دامەزراوەی دیانەتکردن کە دوو شتی جیاوازن، بە ئەنقەست و بە مەبەستی بازرگانیی تێکەڵ کراوە. ئەم تیکەڵکردنەش لە ژێر دەنگ و زەنای دەهۆڵکوتان و زووڕناژەنینی گەورەیی خودا و پێغەمبەر و قورئان و حەدیسەکان و تاد کە تاکەکەسی موسڵمانی ئاسایی دڵپاک گێژووێژ دەکات و نازانێت ڕاست و چەپی خۆی کامەیە. دامەزراوەی دین هەر دین خۆیەتی و ئەو کۆڵەکە و دیسپلینانەیە کە لە ڕێگای قورئانەوە خراوەتە بەردەست و هەر تاکەکەسێک دەتوانێت لە فەزای کەسیەتیی خۆیدا لێکی بداتەوە و پێڕەوی بکات. دامەزراوەی دیانەتکردن دروست ئەم دامودەستگایانەن کە ئێستا لە وڵاتانی ئیسلامییدا دروست کراون و بە نەبوونیان هیچ ڕوو نادات و کەس نابێت بە کافر و مولحید و خودا نەفرەت لە کەس ناکات.
ئەم بازرگانییە هەروەها لە ئەو ڕێگایەوە دەکرێت و بە هێز دەکرێت کە گوایا زۆرینەی کورد موسڵمانن لەگەڵ ئەوەشدا کە هیچ بەڵگەیەک لە بەردەستدا نییە. ئەوی هەیە دوو پێداگرتنە، هەمووان بە تەسکەرە/ ناسنامە موسڵمانن و لە دایکوباوکێکی موسڵمانن.
کاروباری دین بۆ خودایە و ئەو لە شوێنی خۆیەوە بڕیار لە سەر کاروباری “بەدینبوون” دەدات کە بۆ تاکەکەسە و تاکەکەس لێی بەرپرسیارە. خودا لە هەموو کەس باشتر دەزانێت کە هەر تاکەکەسێکی ئەم جیهانە جیاوازە و هیچ کەس نییە لە یەکێکی تر بچێت، بە تایبەتیی لە بوارە باوەڕییەکاندا.
لەم دوو جۆرەی موسڵمانبووندا بە شێوەی مەڕوبزن مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵگادا دەکرێت و دینی ئیسلام دەکەن بە چاوپۆشێکی گەورە و چاوی خەڵکی پێ نابینا دەکەن. بەهای مرۆڤیی وەکو درۆنەکردن، سەرڕاستیی، بوختان هەڵنەبەستن، ئێرەیینەبردن، بیری باش، وتەی باش، کرداری باش، ڕێزگرتن لە بەرامبەر، بە هەندوەرگرتنی هەستی بەرامبەر و تاد کراون بە بەهای ئیسلامیی. لەگەڵ ئەوەدا کە ئەم بەها مرۆڤیانە بە هەزار ساڵ زیاتر پێش ئیسلام هەبوون و هەموو ئەو کۆمەڵگایانەی کە ناوی ئیسلامیشیان نەبیستووە و خاوەنی جۆرەکانی خودای خۆیانن بەو بەهایانە ژیان دەکەن.
لەو کۆمەڵگایانەدا کە سێکۆلارن و ئایین و دەوڵەت لە یەک جودان ئەوا لە ڕاستییدا ئەو بەهایانە ئەلفبێی ژیانن و بەشێکی گرینگ لە سیستەمی خوێندن و پەروەردەن. ئەو بەهایانە لەگەڵ زۆر بەهای تردا کە ڕەنگە لە جیهانی ئیسلامدا هەر نەشبێت یان هەر بە سەر زارەکی هەبێت هەم بە شێکن لە ڕەووشتی گشتیی و هەم ئەرکیشن. بۆ نموونە ڕاوەستانی ئوتومبێل بۆ تاکەکسی پیادە هەم بەشێکە لە ڕەووشتی گشتیی و هەم ئەرکیشە. لە دونیای ئیسلامدا دەبێت بە کامێرای شاردراوەوە مانگێک ڕاوەستیت تا شۆفێرێک ببینیت دڵخوازانە بۆ مرۆڤێکی پیادەڕۆ بووەستێت.
پرسی زەکات و سەرفترە و چارەسەری هەژاریی و بێدەرەتانیی زۆر دەمێکە لە دو نیای شارستانییدا لە ڕێگای سیستەمی دەوڵەتەوە بۆ فەراهەمکردنی بیمەی گشتیی بژێویی و کۆمەڵایەتیی بۆ هەمووان چارەسەر کراوە. تاکەکەس، ژن بێت یان پیاو، هەمیشە لە بازنەیەکی بیمەدایە کە بتوانێت بژێویی ژیانی مستوەگر بکات، جا بیمەی بێکاریی، نەخۆشیی یان سۆشیالبگیریی بێت.
هەموو ئەمانە تەنانەت بۆ کەسانی پەنابەر و لە زۆر حاڵەتدا مرۆڤی تر کە مافی مۆڵەتی مانەوە و کاریشیان نەبێت فەراهەم دەکرێن بێ ئەوەی هەڵاواردنێک لەبەر ڕەنگی پێست، جێندەر و ئەتنیک و تاد لە ئارادا بێت. ئەم مافانە کە لە سەر بنەمای پاراستن و ڕێزگرتن لە کەرامەت و شانازیی و سەربەرزیی مرۆڤ دەستەبەرن لە دونیای ئیسلامدا، بە هەموو جۆرەکانییەوە، خەونیش نییە.
مرۆڤ لە دونیای شارستانییدا رێز لە نیشتیمان و هاووڵاتیان و ژینگە و یاسا و ڕێساکانی وڵاتی خۆی دەگرێت و بە دەگمەنی هەڵنەکەوتوو کەسێکیان تیادا هەڵدەکەوێت ببێت بە تابوری پێنجهەمی وڵاتانی دیکە بە تایبەتیی ئەگەر نەیار و دوژمنیان بێت. ئەمە دەکرێت بێ ئەوەی کەس منەت بە سەر کەسێکی دیکەدا بکات و بیکات بە شاباشی خواپەرستیی و دینێک. خۆشەویستیی نیشتیمان و ڕێزگرتن لە جیاوازیەکانی هاووڵاتیان و پێڕەوکردنی یاسانەنووسراوەکان و کارکردن بۆ سەقامگیرتر کردن و زیاتر ئارامیی ئەسڵەن باسی ئەلفبێی ژیانە.
لەگەڵ ئەوەشدا کە سیستەمی دیموکراسیی و سێکۆلاریزم (عەلمانیەت) کە ڕیشەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی پازدەهەم و بەتایبەتیش بەرهەمی خەبات و تێکۆشان دژی ئیستیبداد و چەوساندنەوە و دەسەڵاتی دین بوون، ئێستا تورکیا و ئێران لە کوردستان پەرە بە هەمان ڕێبازی ئایینی دژ بە خەباتی ئازادیخوازی خەڵکی کوردستان دەدەن و دەیانەوێت پرسی دیموکراسیی و سێکۆلاریزم بکەن بە باسی دژە دین و بە بێڕەووشتیی ئوروپایی دەیچوێنن. بێگومان ئەم کاری شێواندن و تێکدانە بە پلان و بە شێوەیەکی سیتەماتیک دەکەن.
پێش هەر شتێک هەڵدەکوتنە سەر هەموو تاکەکەسێکی ژن و پیاو کە باس لە یەکسانیی و ئازادیخوازیی و مۆدێرنیتە و یاساسەروەریی و سێکۆلاریزم و جیایی دین و دەوڵەت و دیمۆکراسیی و تاد دەکات و بە ناشیرینترین شێوە لە هەوڵدان بۆ ناوزڕاندن و بۆ بوختان و درۆودەلەسە، بە ئاشکرا و بە نهێنیی، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، بەرەنگاری دەبنەوە. لە هەر ڕووانگەیەکەوە لێی بڕووانرێت ئەمە تەنیا داخوازیی و داوای داگیرکارانە و هیچ پێوەندییەکی بە دین و باوەڕێکی ڕۆحانییەوە نییە. هاوکات کە خۆیان دەکەن بە نوێنەری خودا و بە نموونەی ڕەووشت و بە قوربانیی و لە هەمانکاتیشدا بە دادوەر و بە بڕیاردەر و خاوەن دەسەڵات و تەنانەت هەڕەشە لە دەسەڵات دەکەن و دەیخەنە حاڵەتی دیفاعەوە کە گوایا دەسەڵات عەلمانیە بۆیە ڕێگا بەم جۆرە بەدکاریانە دەدات. ئەوانەی لە سیاسەت تێ دەگەن دەزانن کە ئەم ڕەشە کوردە مووچەبگیرە کە لە سەر موڵکی گشتیی دەڵەوەڕێت لە تورکیا و ئێرانەوە، کە موفسیدترین و بێڕەووشترین و داڕزاوترین دەوڵەت و کۆمەڵگای ئەمڕۆن، کۆک دەکرێت و هان دەدرێت.

سەرئەنجام
شەڕە دین و کێشەی کام خودا گەورەتر و کام کتێب پیرۆزتر و کام دین باشترە تا سەدان ساڵی تر هەر بەردەوام دەبێت. ئەگەر باوەڕدارانی دینێک ڕێز لە دینی خۆیان بگرن ئەوا یەکەمین کار بیکەن ئەوەیە کە بە هیچ شێوەیەک بازرگانیی بەو دینەوە نەکەن و نەیکەن بە سەرچاوەی بژێویی و خۆبەخێوکردن و خۆلەوەڕاندن و نەبن بە پۆلیسی دین و خۆیان نەکەن بە نوێنەری خودا و نەبن بە تابووری پێنجەمی داگیرکاران.
یەکەم هەنگاو بۆ ڕێگاگرتن لە ئەم بازرگانییە ترسناکە جیاکردنەوەی دین و دەوڵەتە. دین ببێت بە نەریتێکی ڕۆحانیی بۆ پێوەندیی تاکەکەس لەگەڵ ئەو خودایەدا کە لە تێگەیشتنی خۆیدا وێنای دەکات و دەوڵەتیش بە پشت بە ستن بە زانست و زانین و بەڵگە و یاسا و ڕێسا لە خزمەتی کۆی هاووڵاتیاندا بێت، بێ هیچ جۆرە جیاکاریی و هەڵاواردنێکی ڕەگەزیی، ئەتنیکیی، جەندەریی، ئایینیی، جەستەیی، ڕەنگی پێست و تاد.
موسڵمانێکی کورد دەتوانێت لە جیاتی پێنج (5) جار دەیان نوێژ بکات و هەر دووانزدە (12) مانگەکە بەڕۆژوو بێت و هەموو ساڵێک بچێت بۆ حەج و دوو هەفتە جارێک بچێت بۆ عەمرە و زەکات و سەرفترە بە چەپ و ڕاستدا بدات بە بێ ئەوەی کەس ڕێی لێ بگرێت. ئەو موسڵمانە دەتوانێت بە هەموو شێوەیەک خۆشەویستیی نێوان خۆی و خودا بەهێز بکات و موسڵمانبوونی خۆی بەیان بکات، بەڵام موسڵمانبوون نە بە منەت بێت، نە بۆ خۆدەرخستن و بۆ داپۆشینی عەیبوعار بێت، نە بۆ وەدەستهێنانی ئیمتیازی ڕەسیدی کۆمەڵایەتیی و ڕەووشتیی و نە بۆ پێگەی ئیمتیازدار بێت.
ئەو جۆرە موسڵمانە بە دڵنیاییەوە دەبێت بە ڕووخسارێکی جیاواز ئەگەرچی لە ناو خەڵکی ئاساییدا بەئەژمارە بەڵام لە ئێستادا بێ دەنگ و بێ ڕووخسار و بێ نوێنەرن. کاتی ئەوە هاتووە ئەو جۆرە لە موسڵمانی ڕۆحانیی کە دین لە پارە و مووچە و ئیمتیازە جۆراوجۆرەکان پاک دەکەنەوە دژ بە موسڵمانی بازرگان و ئیسلامی سیاسیی بووەستنەوە. ئەوانەی موسڵمانی ڕاستەقینەن دەبێت لە ئەم شەڕەدا سەرکاروان بن چونکە دینەکەیان خراوەتە مەزاتەوە و ڕۆژانە دەفرۆشرێت.

ڕێبوار ڕەشید
2024/12/01




ئەنتیگۆنا و ئەفسانەی ئۆدیب.. نیهاد جامی

هەندێک سات کتێبە بەراییەکان توانای ئەوەیان هەیە بۆ چارەسەری کێشە هەنووکەییەکانی شانۆ بمانگەڕێننەوە سەر کتێبە بەراییەکانی تێگەیشتن لەشانۆدا، ئەوە وا دەکات کتێبێکی میتۆدی تێگەیشتن لەساتەوەختێک و زەمەنێکی دەست نیشانکراو بخوێنینەوە، دەست نیشانکردنی زەمەنێک لەشانۆی کلاسیک کە وابەستەی بنەماڵەیەکی ناو ئەفسانەی گریکە، ئەویش وابەستەی هەردوو شانۆنامەی ئەنتیگۆنا و ئۆدیب پاشایە.
هەڵبەت سەرەتای ئاشنابوونی ئێمە بە ئەفسانەی ئۆدیب لەڕێی شانۆنامەیەکی ئامادەکراوی عەرەبی بوو، کە ئەو کات کاکەی فەلاح کردبووی بە کوردی، بۆیە خودی شانۆنامەکە نەبوو، بەڵکو شانۆنامەیەکی شانۆنوسی عەرەبی تۆفیق حەکیم بوو، وەک کاری ئەکادیمی ناوەندەکانی خوێندنی شانۆیی لەکوردستان پشتی پێ بەسترابوو، لەکاتێکدا تێکستە ئۆرگیناڵەکە نەبوو، بۆیە هەر خوێندنەوەیەک بەم شانۆنامەیە ببەخشرابا پەیوەندی بەشانۆنامە ئامادەکراوەکە هەبوو، هەڵبەت ئەوانەی لەبواری وەرگێڕانی شانۆنامەدا کار دەکەن دەتوانن دەقە ئۆرگینالەکان بکەن بە کوردیی، کە بەداخەوە ڕەنگە بە زەحمەت وەرگێڕێکمان هەبێت لەدەقی گریکیەوە بیکات بە کوردیی، بۆیە ناچاردەبین لەزمانی ترەوە وەربگیرێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە خودی دەقە سەرەکیەکە بێت و ئامادەکراو نەبێت.
ئەوەی لێرەدا ئێمە لەسەری دەوەستین کتێبێکە لەژێر ناوی «ئەنتیگۆنا و ئەفسانەی ئۆدیب» کتێبەکە ساڵی ٢٠١٢ چاپکراوەو، قسەکردنە لەم دوو شانۆنامەیە کە لەلایان سێ نووسەرەوە شانۆنامەکان نووسراونەتەوە ئەوانیش سۆفۆکلیس و ژان ئەنوی و ژان کۆکتۆیە.
سەرەتا لەبارە ژان ئەنوی قسە دەکەین ئەنالیزەی کتێبەکە بۆ شانۆنامەی ئەنتیگۆنا دەخەینە ڕوو، کتێبەکە سەرەتا باس لەپەیوەندیی بنەماڵەیی نێوان ئۆدیب و ئەنتیگۆنا دەکرێت، پەیوەندیان بە یەکتری وەک خێزان و ئەوسا دێتە سەر پەیوەندی جوگرافی شوێن لەگەڵ کارەکتەردا، کاتێک سەرەتایەک بۆ ناسین نیشان دەدات، ئەوسا لەسەر شانۆگەری «ئەنتیگۆنا» ی دەوەستێت، بەپێی دۆکیۆمێنتە مێژوویەکان ئەم شانۆنامەیە چەندین نووسەر لەمێژوودا ڕووداوەکانیان نووسیوەتەوە، بەڵام بەو پێیەی دیارترینیان لەمێژوودا شانۆنامەکەی سۆفۆکلیس و لەسەردەمی نوێشدا ژان ئەنوی نووسیویەتی، بۆیە لەم کتێبەشدا بەشی یەکەمی تەرخان کراوە بۆ ئەنتیگۆنا لەڕوانگەی ئەم دوو نووسەرەوە، سەرەتا بیۆگرافیایەک بۆ ئەنوی خراوەتە ڕوو لەبارەی ناسین و نووسینی شانۆنامە و هەروەها ئەو شانۆنامەیەی کە لێرەدا جێی بایەخی ئەم کتێبەیە، رووداوەکانی شانۆنامەکە لەپاڵ گرنگی ڕۆلی ئەنتیگۆنا لەخودی تراژیدیاکە لەڕوانگەی نوسەرەوە شیدەکرێتەوە، چونکە کتێبەکە بۆ خۆی ئیشکردنێکی شیکاری دەقی شانۆییە، بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی لەشانۆنامەکەدا کار دەکەن، کۆمەلێک پرسیار خراوەتە ڕوو، کە بۆ تێگەیشتن لەشانۆنامەکە پێویستە وەلام بدرێنەوە، کە پۆلین کراوەتە سەر چەند تەوەرێکەوە لەوانە «نمایشی شانۆیی، قۆناغی گوزارشتکردن، فۆڕمی نوێ بۆ تراژیدیاکە، تەختەی شانۆ، خوێندنەوە لە زماندا، بەڵگەنامەکان»
دیارە بۆ بەرچاو ڕوونی پێویست دەکات ئەوە ڕوون بکەینەوە، ئەو شێوازی کتێبە تەنیا بۆ ئەو کتێبە نەگیراوەتە بەر، بەڵکو بۆ زۆربەی کتێبەکانی خوێندن و فێربوون لە فەڕەنسا پیادە دەکرێت، بۆ ئەوەی یارمەتی ئەو کەسانە بدات کە دەیانەوێت لەو بوارەدا کار بکەن، بۆیە کتێبخانەیەکی فراوان لەو فۆڕمی کتێبە دەبینین بەتایبەت لەبوارەکان شانۆ و ئەدەب و زماندا.
بۆ ئەوەی ئەو دۆکیۆمێنتە بناسین کە لەپشت پرۆسەی نووسینەوەیە بۆ ئەم شانۆنامەیە، ئەوە کتێبەکە باس لەو ڕووداوە دەکات، لەمانگی ئابی ١٩٤١ جەنگاوەری بەرهەڵستکاری لاو پول کۆلێت تەقە لە پۆل لاڤالی سەرۆکی حکومەتی ڤیشی دەکات و برینداری دەکات، لاوەکە سەر بە هیچ تاقم و گروپێکی سیاسیەوە نیە، سرووشتە پاڵەوانی و تراژیدیەکەی وا لە ژان ئەنوی دەکات، لە ١٩٤٢ سەر لەنوێ ئەم ڕووداوە لەڕێی شانۆنامەی ئەنتیگۆنا بنووسێتەوە، سالی ١٩٤٤ بۆ یەکەمجار شانۆنامەکە دەخرێتە سەر شانۆ و سەرکەوتنێکی بێ وێنە وەدەست دێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا ڕووبەرووی رەخنەیەکی زۆر دەبێتەوە، هەندێک بەوە نووسەر تاوانبار دەکەن بەوەی لەڕێی کەسایەتی کریۆن ویستویەتی پۆزش بۆ ڕژێمی ڤیشی بێنێتەوە، بەپێچەوانەی ئەو ڕەخنەیە هەندێک بڕوایان وایە ئەم شانۆنامەیە ڕۆحی شۆڕشگێریەتی و کاری سەرپێچیکردنە بەرامبەر دەسەڵاتی ستەمکار.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەم شانۆنامەیە قبوڵکردن و یاخی بوونە، لەڕێی ووشەی «بەڵێ» و «نەخێر» دەکاتە سەرچاوەی ئەو ململانێیە، بە بڕوای ئێمە تەنانەت کاتێک ووشەی «نەخێر» وەک یاخی بوون ئەلبێر کامۆ بەکاری دێنێت، لەبنەرەتدا لەو ڕوانینەی ئەم شانۆنامەیەوە سەرچاوەی گرتووە.
هەرچی شانۆنامەکەی سۆفۆکلیسە بۆ ئەم کتێبە دەبێتە دەروازەیەکی گرنگ بۆ قسەوباسکردن لەتراژیدیای گریکی، هەوڵێکە بۆ ناسینی سەردەمی شانۆنامەکە و بونیادە پێکهاتوەکانی شانۆنامەکە، لەڕێی شیکردنەوەی دەقەکەوە هەندێک بنەمای کۆمەڵناسیانەمان بۆدەخاتە ڕوو لە پەیوەندی کۆمەڵگا و مەدەنیەت، لە پەیوەندی هاوڵاتی و مافە مەدەنیەکانی تاک، لێرەوە لەوە تێدەگەین بۆچی فەیلەسوفێکی ناسراوی وەک هیگل لەقسەکردنی پەیوەندی نێوان فەلسەفە و شانۆ بەتەنیا بۆ شانۆنامەی «ئەنتیگۆنا» دەگەڕێتەوە، دواتر کتێبەکە وەک ئەو میتۆدی کارکردنەی ئاماژەمان بۆی کرد هەوڵ دەدات کۆمەڵێک پرسیار بخاتە ڕوو بەمەبەستی تێگەیشتن لەنهێنیەکانی ناو دەقە شانۆییەکەوە، بەتایبەت لەداڕشتنەوەی دیالۆگ و پەیوەندی دوو خوشکەکە وەک ململانێی ژنەکان و ئامادەبوونی ڕەگەزی لەگەڵ دەسەڵات لەلایەک، لەلایەکیتر پەیوەندی هەڕەمی بنەماڵەیی بۆ دەسەڵات، ئەوەش بەرەو ڕووی گرنگترین پرسی تاوانمان دەبات لەناو گرێچنی شانۆنامەکە، بەوەی پرسیار ڕووبەروی گەڕانمان دەکاتەوە بۆ ناسینی هەریەکە لە کوژراو و بکوژ.
پرسیارێکیتر ئەوەیە ئاخۆ کریۆن بەدوای گەڕان بۆ چارەسەری کێشەکانەوەیە، یاخود هەمیشە دیالۆگ و گەڕانەکانی بەرەو ئاشکراکردنی تاوانمان دەبات؟ کە سەرەتا بە ئاشکرابونی تاوانی باوک «ئۆدیب» دەست پێدەکات و دواتر بە ئاگادارکردنەوەی دەسەڵات و یاخی بونی دەنگەکانی ناو بنەماڵە و ڕەخنەگرتن لەدەسەڵات و بەگژداچوونەوەی لەلایان ئەنتیگۆناوە؟
لەڕێی وەڵامدانەوەی پرسیارەکان ڕووبەرووی وێنەیەکی زانراوی دەقەکە دەبین، ئەویش پرسیارەکان وا دەکەن کە چۆن بتوانین شیکردنەوە بۆ دەقە شانۆییەکە بکەین، بە بڕوای ئێمە ئەو جۆرە کارکردنە لەناوەندەکانی خوێندنی شانۆ نەک بەتەنیا دیدێکی نوێ بە خوێندکارانی شانۆ دەبەخشێت، بەڵکو دەتوانێت سەرەتایەکی زانستی جیاواز بۆ زانستی شانۆ بخاتە ڕوو.
شانۆنامەی «ئۆدیب» ی سوفۆکلیس، لە ئەفسانەیەکی گریکیەوە، دەبێرت بە شانۆنامەیەکی دەروونشیکاری ناسینی مرۆڤ لای سۆفۆکلیس، بەڵام هەر تێگەیشتنێک بۆ شانۆنامەکە زادەی گەڕانەوەیە بۆ بنەما سەرەتاییەکانی تێگەیشتن لەبونیادی شانۆنامەکەوە، بۆیە بۆ ئەوەی بتوانین لەدیدی فرۆیدەوە ئەم شانۆنامەیە بناسین، بەر لەو ناسینە پێویستمان بەوەیە شیکاری تەواوی شانۆنامەکە بکەین لەئاستی نووسین و زەمەنی خۆیدا، کارگەلێک نەک ئێمە نەمانکردووە، بەڵکو بە بیانوی کۆن بوون و سادەبوون هەموو سەرەتاکانمان جێهێشت و هاتینە بەرزاییەکەوە کە هەمیشە مەترسی کەوتنمان لێکراوە.
پەیوەندی مرۆڤ و خودا، بوونی مرۆڤ وەک هاولاتی دوو پرسی لەیەکتر دوور و بەسەرچوو نین، هێندەی پەیوەندیەکی راستەوخۆی ناسین و تێگەیشتنە، کە ئەم کتێبە بە ڕوونی نیشانمانی دەدات.
ئەم شانۆنامەیە لەلای ژان کۆکتۆ وەک تێکستێکی نوێ هەندێک جومگەو پرسی گرنگی مرۆڤی هاوچەرخ لەڕوانگەی تراژیدیاو کلاسیکەوە دەست نیشان دەکات، کە وەک دوا لاپەڕەکانی ئەو کتێبر قسەو باسی لەبارەوە دەکرێت، قسەکردنێک شیکردنەوەی نهێنیە نەزانراوەکانە.
ئیشکردنی کۆکتۆ لەگەڵ ئەم ئەفسانەیە ئیشکردنەوەیە لەتەک شانۆنامەکەی سۆفۆکلیس، هەڵبەت ئەم نووسەرە جگە لە نووسینی شانۆنامە، لەژیاندا خێرا دەستی بە نووسین کردو بەشیعر دەست پێدەکات، لەو رۆژگارەی شوفێری ئەمبولانس ئەبێت ئەوە ڕێگری ئەوەی لێ ناکات، لەسەر نووسین بەردەوان بێت، بۆیە فیلمنامەش دەنووسێت و تەنانەت خەریکی نیگارکێشانیش دەبێت، بەدڵنیایی قسەکردن لە کۆکتۆ پێویستی بە بەزاندنی سنوری ئەو کتێبە هەیە، بەتایبەت کە کەمتر لە رۆشنبیریی ئێمەدا ئاوڕی لێ دراوەتەوە، بە ئومێدی رۆژێک بتواندرێت یان بتوانین ئەو کارە لە ئەستۆ بگرین.
سەرەتا شانۆنامەکە هاونزیکیەکی زۆری هەیە لەگەڵ شانۆنامەی «هاملێت» ی شکسپیر، بەوەی تارمایی لایۆسی باوک خۆی دەردەخات بۆ دوو سەرباز تا جۆکاستای شاژن ئاگادار بکەنەوە لە مەترسیەک کە ڕووبەرویان دەبێتەوە، ئەگەرچی ئەو سەرەتایە بەرەو لای تارمایی هاملێت دەمانبات، بەڵام دیدێکی ئاگایانەی ناو ترایژیدیاکەیە، وا دەکات لەمانا ئەفسانەییەکان و تێگەیشتنە شانۆیەکەی سۆفۆکلیس خۆی بە دوور بگرێت، وەک دیدێکی ناتەبا بۆ ئەفسانەکە خۆی بخاتە ڕوو، لێرەدا ئێمە ڕووبەرووی گرفتێکی تر دەبینەوە، چونکە یەک لەسەربازەکان هاوڕێ سەربازەکەیتری ئاگادار دەکاتەوە کە لەو بارەیەوە هیچ نەدرکێنێت و بێدەنگ بێت.
بۆیە تارمایی پاشای کوژراو ناچارە پەنا بەرێتە بەر کەسانی تر، بۆیە بۆ ئانوبی ڕووندەکاتەوە کەوا ئەو بێزار بووە لەکوشتنی مرۆڤگەلێکی نەزان و بێ وەڵام، دواتر هەوڵ دەدات قسە لەگەڵ ژنێک بکات کە لەگەڵ دوو منداڵەکەی بەڕێگاوەیە، ئەو نهێنیەی بەدوو سەربازەکەی ووت ئەو ژنەشی لێ ئاگادار دەکاتەوە، بەدوای رۆیشتنی ژن و منداڵەکان گەشتیارێکیتر خۆی دەناسێنێت، ئەویان ئۆدیبە، بۆیە باوک دەیەوێت بزانێت ئاخۆ ئۆدیب بەدوای ئەو دەگەرێت؟ ئەوەی سەیرە کوڕیش وەک باوک عەوداڵی ئەو گەڕانەیە، بەڵام پێویست ئەوەش بزانین زانین شتێک نابەخشێت، جگە لەوەستاندنی تاوان، بۆ ئۆدیبێکی تەمەن نۆزدە ساڵ، کاتێک خۆی بە باوک دەناسێنێت و ناو و تەمەنی خۆی ئاشکرا دەکات.
هەلبەت ئەو شانۆنامەیە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، لەچۆنیەتی کارکردنەوە لەتەک تێکستی کلاسیکی، بەهۆی ئەوەی ئەم وتارەی ئێمە تایبەت بووە بەم کتێبەوە، بەڵام وەرگێڕانی شانۆنامەکەی کۆکتۆ و نووسین لەبارەی تێکستەکەوە، کارێکی گرنگ و پێویستیە و دەبێت لەدەرفەتی تردا بگەڕێینەوە سەری، بۆیە کۆی قسەکردنەکانمان بەپرسیارێک کۆتایی دێنین بەوەی بۆچی ژان کۆکتۆ گەڕاوەتەوە بۆ تارماییەکەی شکسپیر؟
ئەو پرسیارە سەرباری ئەوەی بەرەو دیدگای ترمان دەبات، بەڵام جێی خۆیەتی لەسەری بووەستین، و ئاماژە بە دوو ڕەهەندی بکەین، ڕەهەندی یەکەم وابەستەی میکانیزمی ڕووداوە، تێدەگەین گەڕانەوە بۆ ناو شانۆنامەی هاملێت بۆ چارەسەرکردنێکی جیاوازی سۆفۆکلیسیە، ڕەهەندی دووەمیشی ڕەهەندی مانایە، لەبارەی دەقئاوێزانەوە، لە شانۆی ئێمەدا دەقئاوێزان گواستنەوەی دەیالۆگ و کۆکردنەوەو ئامادەکردنە لەژێر ئەم ناوە، بەڵام ژان کۆکتۆ نمونەیەکی تەواو جیاوازە بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵە شانۆییەکەمان، بەوەی پێویستە دەقئاوێزان ئیشکردنەوە بێت لەگەڵ خاسیەتەکانی کارەکتەر یاخود بیرۆکەی ڕووداو، نەوەک کۆکردنەوەو گواستنەوەی دیالۆگی شانۆنامەیەک بێت، ئەوەی ئێمە دەیکەین ئامادەکردن و کۆکردنەوەیە نەک دەقئاوێزان.




گەشەكردنی كەركووك لە قەبارەو ژمارەی دانیشتوان.. عەلی مەحمود محەمەد

تایبەتمەندییەكانی شاری كەركووك

كەركووك وەك هەر شارێكی لە شارەكانی ئەم گەردوونە , ئەو هۆكارانەی بە شێوەی گشتی , بوونەتە هۆی گەشە و گەورە بوونەوەی شار و ڕێژەی شارنشینی لە جیهان , هەمان كاریگەرییان لەسەر گەشەكردنی شاری كەركووك و بەرزبوونەوەی ڕێژەی شارنشینی لەم دەڤەرە داناوە , لە نێوان گەورە بوون و پوكانەوە *, كۆچی جوتیارانی هەرێمی كەركووك , لە لادیكانییەوە بۆ ناوەندی شار , بەدەر نییە لە یاسای جیهانی لە گۆڕانی پێكهاتەی كۆمەڵ , لە گواستنەوەی كۆمەڵگە لە قۆناغی دەرەبەگایەتییەوە بۆ قۆناغی سەرمایەداری , كە سیمای سەرەكی ئەم گۆڕانكارییە , خۆی لە كۆچی بە كۆمەڵی جوتیاران لە لادێوە بۆ شار , لە ژیانی لادێنشینییەوە بۆ شارنشینی دەبینێتەوە .
وەلێ نابێت ئەوە لە یاد بكەین شارەكان , بە ئاست و پلەی جیا لە یەكتر گەشەیان كردووە , هەموو بە یەك هێڵی هاوتەریب گەشە ناكەن لە مێژوودا , پێشكەوتنی ئابوری , لە باربوونی جوگرافیا و ژینگە , هێمنی هەلومەرجی سیاسیی ناوچەكە , ڕۆڵی خۆیان دەبیننن لەم بوارەدا .
گەشەكردنی شارەكان لە هەرێم , وڵات , كیشوەرەكان ئاست و شێوازی جودا جودا دەگرنە بەر , شاری وا هەیە لەماوەیەكی دیاریكراودا لە نەش و نما دەكەوێت و دەپوكێتەوە , تەنانەت لەسەر نەخشە دەسڕێتەوە , شاری دیكە هەیە بە پێچەوانەوە بە ڕادەی پێشبینی نەكراو لە ماوەیەكی كورت خایەندا گەشە دەكات .
گرنگترین ئەو پێشمەرجانەی پێویستە لەو پارچە زەوییەدا هەبێت , كە شارەكەی لەسەر دروست دەكرێت , بۆ بەردەوام بوون و گەشەكردنی شار , دەتوانیین لەم وتەیەی ئیبن خەلدونەوە بە گوێرەی كات و سەردەمی خۆی لەم خاڵانەدا چڕ بكەینەوە : (( ئیبن خەلدون لە سەدەی 14 ز باسی لەوە كردووە , بوونی لەوەڕگە , زەوی كشت و كاڵ , سوتەمەنی , كەرەستەی خانوسازی بۆ شوێنی شار گرنگە , تاكو هاونیشتمانیان بتوانن پێداویستییەكانیان دابین بكەن 1 .
ئەگەر ئەمانە گرنگترین پێداویستی دروستبوون و گەشەكردنی شار بێت , لە 7 سەدە لەمەوپێش , دیارە ئەم پێوەرانە لە ئێستادا گۆڕانیان بەسەردا هاتووە , ژیانی نوێ پێشمەرجی نوێی بەرهەم هێناوە . شارێكی وەك دوبەی دڵۆپێك ئاوی شیرینی تێدا نییە , كەچی بۆتە گرنگترین و پێشكەوتوترین شاری عەرەبی و هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست . سەنگافورە و هۆنگ كۆنگیش ناتوانن بە هەردوكیانەوە مێگەلە مەڕێك مام ناوەندی تێر بكەن , یان خۆراكی بولبولی هاووڵاتییەكانیان بەرهەم بهێنن , كەچی هەموو جیهان ئاواتە خوازن تێیاندا بژێن .
بە پێی ئەم پێوەرانەی ئیبن خەلدون دیاریكردوون ئەو پارچە زەوییەی شاری لەسەر دروست دەكرێت دەبێت دارای هەندێك تایبەتمەندی بێت , لەو تایبەتمەندییانەوە دەتوانیین ئەوە هەڵێنجین , ناوچەی كەركووك هەموو پێداویستییەكی بە شاربوون و گەشەكردن و نەشونماكردنی هەبووە , چ لە ڕابردوودا , یاخود لە ئێستادا , كە پێداویستیەكانی گەشەكردنی شار گۆڕاوە .
هەرێمی كەركووك , ئاوهەوایەكی گونجا و سازگار و لەباری هەیە نە گەرم نە سارد , بۆ ژیان , كشت و كاڵ , بەخێوكردنی مەڕوماڵات.
پلەی گەرماكەی لە نێوان 8,6 بۆ 42,8 پلەی سەدی یە (ئەتڵەسی كەركووك – ل30) , ڕێژەی باران بارینی لە نێوان زیاتر لە 500ملم بۆ كەمتر لە 200 ملمە , لێ لە ناوەندی شار 300-400ملمە2 .
زۆری لەوەڕگای بەرینی نایاب بۆ مێگەلەكانییان لە پێدەشتەكانی كەركووك , هانی كۆچبارەكانی دەوروبەری داوە بۆ نیشتەجێ بوون لێی , لەوەرگەی مەڕو ماڵاتی ڕەوەندەكانی باشور بووە لە وەرزە قات و قڕییەكاندا , لەو دەشتاییە ئۆردویان هەڵدەدا , زەوی تەخت و بەراو بۆ كێلان و كشت و كاڵكردن , دەشتییەكی كاكی بە كاكی دەورەی شاری داوە , دەشتایی دڵگیر تا دڵ حەزبكات جۆگەو جۆباری پڕ ئاوی پێدا دەڕوات , لە پاڵ كارێز و ڕوبارەكان , دەشتایی بان ساڵەیی تاكو دیدەی چاو تەختانی و پڕ لە گژ و گیایە , تا دڵ بیەوێت بە پیت و بەرەكەتە .
گەنم و جۆ یەكێكە لە گرنگترین بەروبومە كشت و كاڵییەكانی هەرێمی كەركووك , ئەم دوو بەروبوومە بە خواردنە ستراتیژییەكانی مرۆڤ دادەنرێت لە تەواوی مێژوودا , دەتوانرێت بۆ مێژووی دوور هەڵبگرترێت و پاشەكەوتبكرێت , هاوكات بەرگەی ڕێگەی دوور و سەخت بگرێت بۆ بازرگانی و گواستنەوە , خواردنی سەرەكی و بەردەوامی مرۆڤیشە . هەندێك لە مێژوونوسان لەو باوەڕەدان , جوتیارانی گەنم و جۆ , بەهۆی بونی كاتی زۆری بەتاڵەوە لە زستان و بەهار ( گەنم و جۆ كاتی زۆری ناوێت بۆ وەبەرهێنان) , زیاتر بیر دەكەنەوەو داهێنان دەكەن , بۆیە زووتر تێكەڵ بە شارستانی بوونە لە مێژوودا . بە پێچەوانەی ئەو ناوچانەی جوتیارەكانی لە جیاتی گەنم و جۆ بە كاری چاندنی مەرەزەوە خەریك بوونە , ساڵ 12 مانگ , خەریكی بەرهەم هێنانن , كاتیان نامێنێت بۆ بیركردنەوە .
گەنم بۆ یەكەم جار لە مێژوودا لەم ناوچەیە بەرهەم هێنراوە و بە جیهاندا بڵاوبۆتەوە . پاشماوەكانی گوندی چەرمووی 30 ماڵەی نزیك كەركووك , چەمی ڕێزانی دەڤەری قەڵاسێوكە , باشترین بەڵگەن بۆ ئەو ڕاستییەی ناوچەی كەركووك دایانگەی شۆڕشی كشتوكاڵە .
(( كەركووك بارانی زۆر و ئاوهەوای فێنكە , ناوچەیەكی بە بەرەكەتە بۆ بەروبوومی دێمی , چاخی كشت و كاڵی سەرەتایی لە نزیك 10 هەزار ساڵ لەمەوبەرەوە لە كوردستان , چەمچەماڵ – چەرمو – چەم ڕێزان سەری هەڵداوە . یەكەم ئاوەدانی لە شێوەی گوندی كشت و كاڵی لە كوردستانەوە سەری هەڵدا 3 .
لە مێژوودا كشتوكاڵ و بازرگانی لە پێشەوەی بزاوتە ئابورییەكانی كەركووك بوونە . كەركووك وەك شار و ناوچە , گرنگی سێ لایەنەی هەبووە لە ڕابردوودا (( ناوچەیەكی كشت وكاڵی , سەرەڕێی بازرگانی , ستراتیژی شوێنی سەربازی)).
كشت و كاڵی ناوچەی كەركوك , بەشێوەی گشتی دێمییە , بەشێك لە زەوییەكەی گاسنی پێدا نەهاتبوو , هاوكات بەراویش لە دەمزێ و چەم و جۆگەلەو كانی و كارێزەكانی كراوە . دەوروبەری كەركووك بە باخی میوەو ڕەزوو كارێزە پڕ ئاوەكانی ناسراوە لای گەڕیدە و ڕۆژهەڵاتناس و گەشتیارەكان .
بوونی لەوەڕگەی بەرینی نایاب , ئاووهەوای گونجاوو لەبار ( نە سارد و نەگەرم) یارمەتیدەری پەروەردە كردنی بەربڵاوی مەڕوماڵات و ڕەشە وڵاخ و تەنانەت گامێش بووە لەم ناوچەیە .
لایەنێكی دیكەی گرنگی ئەم دەڤەرە , بوونی سامانی ژێر زەمینی زۆر و زەبەنی ئاوی سازگارە .
بونی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە لە نزیك شار , هۆكاری سەرەكییە بۆ بوونی هەر شارێك و گەشەكردنی .
كەركووك ناوچەیەكی دەوڵەمەند لە ڕووی هەبوونی ئاوەوە , پاشەكەوتێكی گەورەی سامانی ژێر زەمینی ئاوی هەیە , لەم ناوچەیە زۆر بە ئاسانی بیر دەگات بە ئاو , سەرباری بوونی ئاوی سەرزەمینی زۆر تیایدا وەك زێی بچوك , خاسە , عەرەفە , ناوچەی قۆرییە , سیروان , … كانی و كارێز و ناعورەكانی .
ئاوی خاسە سەرباری خواردنەوە , بۆ كشت و كاڵ و ئاودێری و كارپێكردنی ئاسیاوەكانی شار بەكار دەهێنرا . شوێنەكەی لە بەرزاییە , بۆیە مەترسی لافاو لە سەر شار نییە .
هەرچی لە ڕووی كەرەسەی خانوەوەیە , دەتوانیین كەركووك بە دەوڵەمەندترین شاری ناوچەكە دابنێین لەم بوارەدا , دارای خاكێكی پتەو , قوڕی جیڕو خۆڕاگر , بەردو مەڕمەڕی بەهێزە , جۆری كەرەسەی خانوو , تەمەنی خانوو و شێوەی دروستكردنی دیاری دەكات .
كەركووك دارای ئاوهەوای مام ناوەندیییە , بە پێی پێوەری ئیبن خەلدون بێت , خەڵكەكەی ویستییان لە خانووی بەردینە (( ئیبن خەلدون باوەڕی وایە خەڵكی ناوچەی ئاووهەوای مام ناوەندی خانوەكانییان بە بەرد دروست دەكەن و بەشێوەیەكی هونەرییانە دەیڕازێننەوە 4 .
كەرەسەی سەرەتایی خانوو دروستكردن لە كەركووك بریتییە : (ئاوی خاسە , گەچ , قایە , گڵی سوور , قەمیشەڵان , دیرەگ …. ).
بوونی كورەی بەرهەم هێنانی گەچ لە كەناری شاری كەركووك بە دوری نزیك بە 1-2 كم لە قەڵاوە , قایە و بەردی مەڕمەڕی سپی زۆر و زەبەن كە بەناوبانگە لە هەمان شوێن. هەروەها ڕوباری خاسە لە نزیكترین پنتی ئاوەدانیی كەركووكەوەیە , قەڵا چەند مەترێك لێوەی دوورە , سەرباری ئەوەی وەك ئاماژەمان پێیدا , نزیكی لە سەرچاوەی ئاوەوە , زوو گەیشتن بە ئاو بۆ لێدانی بیر و ناعور و كارێز .
گڵە سوورەی ناوچەی كەركووك , بەناوبانگە لە خۆراِگری و جیڕی بۆ سواق دان و پڕكردنەوەی بان خانوو , یاخود دروستكردنی خشت . تەنووری كەركووك لە هەموو عێراق و ناوچەكانیی دەوروبەرەوە دێن بۆ كڕینی , بەهۆی باشیی گڵەكەی و خۆڕاگری و جیڕی قوڕەكەی .
نزیك بوونی شار لە ناوچەی ڕەزو باخ و دارستانەكانەوە , وەك قۆرییە , چەمی زەنگەنە , سەرخاسە , قەڵاسێوكە , شێخ بزێنی خواروو سەروو , قەرەحەسەن , تازە , خورماتوو …. , هەروەها بێشەڵانی چڕ و پڕی كەنار چەم و ڕوبارەكان , دەتوانێت پێداویستیەكانی خانوو دروستكردن دابین بكات , لە داری دیرەگ و تەختەی دەرگا و پەنجەرە و قەمیش ڕێژكردنی خانوو , لە قامیش كۆلێت و كەپر دروست دەكرێت , سەری خانووی پێ دادەپۆشرێت , كەركووك ناوچەیەكی دەوڵەمەندە بە پیشەڵانی قامیش .
هاوكات دابینكردنی پێداویستی ماڵان و حەمامەكانی شار لە سوتەمەنی , هەروەها دەرگای ماڵان لە دار گوێزی پتەو دروست دەكران , بزماری سەرپانی گەورە بەسەرییەوە , تەنانەت بە 10 كەسی بەهێزیش ناكرایەوە .
زۆربەی شارە گەورەكان یان لەدەشتایین , یاخود كەوتونەتە قەراغ ڕوبار و دەریاوە . كەركووك كەوتۆتە ناوەندی ناوچەی گەرمیانەوە , جگە لەباربوونی كەشەكەی و بە پیتی خاكەكەی , هاوكات كەوتۆتە دەشتاییەكی پان و بەرینی ئاودارەوە , گەلی و دۆڵ و ملەی تەنگەبەر لە كەركووك نییە , بۆیە قەڵای بۆ دروستكراوە بۆ پاراستنی لە هێرشی داگیركەران , شار كەوتۆتە ناو قەڵایەكی لە گرتن نەهاتوو , لە دامێنی دەشتێكی بەرینی پڕ لە هەڵەت و تەپۆلكە , گردەكانی ستراتیژین بۆ كاروباری سەربازی , , ڕەزو باخی سەوزەی كەركووك لە وەبەرهێنانی تور و سڵق و سەوازایی بەناوبانگە لە ناوچەكە و هەموو عێراق .
پێكهاتەی جوگرافی شار , كاریگەری لەسەر قەبارەكەی دادەنێت , دەشتایی بوونی سنووری شار , هۆكاری گەورەبوونەوەیەتی بە گوێرەی ژمارەی دانیشتوانی . كەركووك كەوتۆتە جەرگەی تەختاییەكەوە , بە هەر چوارلادا توانای گەورە بونەوە و فراوان بوونی هەیە , بە پێچەوانەی سلێمانی و ڕەواندز و ئاكرێ و ئامێدیی و …… .
هەروەها لەباربوونی ئاووهەوا , هاوكاری زۆربوونی ژمارەی دانیشتووانە , تا ئاووهەوا لەبار بێت , تەندروستی هاووڵاتیان باش دەبێت و نەخۆشی كەم دەبێتەوە , هاوكات پەیداكردنی خۆراك سانا دەبێت , بۆ نموونە ئاوهەوا هۆكاری سەرەكی بوونی نەخۆشییە لە ناوچەی ئیستیوائی , كە ئەمەش بە یەكێك لە خاڵە نەگەتیفەكانی كیشوەری ئەفریكا دادەنرێت , یەكێك لە هۆكارەكانی زۆربوونی مردن و دواكەوتویی ئابوریی .
لایەنێكی دیكە بۆ درێژەدان بە ژیان و گەشەدان بە چالاكی ئابوری , بوونی سوتەمەنی و وزەیە لە نزیك شار . لە چاخەكانی ناوەڕاست , وزە بریتی بوو لە دار و پاشماوەی ئاژەڵ و ئاوو هێزی دەست و ئاژەڵ (دار و پاشماوەی ئاژەل زیانیان هەیە بۆ ژینگە) 5 .
مێژوونووسە یۆنانییەكان لەپرۆسەی (ئەلیكسەندەری گەورەدا) ئاماژە بۆ سێ شتی گرنگی ستراتیژی سەردەمە كۆنەكان دەكەن لە كەركووك ئەویش ( قەڵا, ئاگر,ڕووباری نەوت)ە 6. كەواتە كەركووك دەوڵەمەندە بە هەموو سەرچاوەكانی وزە .
وەك ئاماژەمان پێیدا , كەركووك ناوچەیەكی لەبارە بۆ پەروەردەكردنی ئاژەڵ , خەڵكی كەركووك , بە بەرفراوانی كەڵكیان لە پاشماوەی ئاژەڵ وەردەگرت بۆ سووتەمەنی ماڵان و گەرمكردنی حەمامەكان , ئەمەش زۆرجار سەرچاوەی نەخۆشییە كوشندەكان بووە لە مێژوودا . هەرچەندە دەرهێنانی نەوت لە كەركووك كۆنە , وەك گرنگترین بەشی وزە ((لە ساڵی 1639 وە نەوت بەشێوەی سەرەتایی لە كەركوك دەرهێنراوە 7 . ((یەكەم بیری نەوت لە جیهان لە ساڵی 1859 ز لێدراوە 8.
قیر لای كریستانەكان پیرۆزی خۆی هەیە , لە سواقدانی پەرستگاكان بەكاری دەهێنن . لە مێژووی كۆنیشدا بەكار هاتووە (( لە نێو گۆڕێك لە ئەشكەوتی ( شانەدەر) چەقۆیەك دۆزراوەتەوە , كە لە بەردی مەڕمەڕ دروست كراوەو مستەكەی ئێسكەو بە قیر داپۆشراوە 9. ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی گرنگی بازرگانی شارەكەی زیاد كردووە.
بەم شێوەیە دەبینیین هەموو ئەو تایبەتمەندییە سروشتییانەی پێویستن بۆ دروستكردنی شار لە ناوچەیەك و گەشەكردنی , بە گوێرەی پێداویستی سەدەی 14 و پێشتریش , لە كەركووكدا بوونی هەبووە , هەر بۆیە كەركووك توانیوییەتی بەردەوامی بەخۆی بدات وەك شار و گەشەشبكات .
بوونی نەوت بەتەنها لەم سەردەمە لە كەركووكدا بەسە بۆ بوونی ئەم شارە بە ناوەندێكی گرنگی سیاسی و كاڕگێڕی . هەر نەوتە كوێتی كردووە بە شار لەو بیابانە لماوییە , دوبەیەكی دواكەوتویی كردووە بەگرنگترین شاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (( دۆزینەوەی نەوت بووە هۆی كۆبونەوەی دانیشتوان بە دەوری كۆمپانیاكان , بێجی نمونەیەكە 10 .
لە پاڵ هەموو ئەمانەی تا ئێستا ئاماژەمان پێیاندا , كەركووك مەزارگە و ئارامگەی كەسایەتی ئاینی جیاجیای تێدایە , مەڵبەندی چەندین تەریقەتی سۆفییانە بووە لە كۆنەوە , بوونی مەرقەدەكانی دانیال پێغەمبەر , ئیمام قاسم , زین العابدین لە كەركووكدا , خاڵی بەهێزن , هەروەها هۆكارن بۆ بەردەوامی دان بە كۆبونەوەی دانیشتووان لە دەورو بەریان , بە تایبەت هەردوو مەرقەدی ئیمام قاسم و زین العابدین , ساڵانە ژمارەیەكی زۆر شیعە دەچن بۆ سەردانی , ئەمەش گەشە دەدات بە گەشت و گوزاری ئاینی ناوچەكە , لە گەڵیدا بازاڕی شارەكە دەبوژێنێتەوە , بوونی خانێك بەناوی هیندی خانلەر(خانی هیندییەكان) لە كەركووكدا , كە بۆ زیارەتی شوێنە پیرۆزەكان لە هیندوستانەوە بۆی هاتوونە , باشترین بەڵگەیە بۆ بۆچونەكەمان .

بوونی قەڵا لە كەركووك
لە ڕابردوو قەڵا قەڵغانی شارە بووە بۆ بەرەو ڕوبوونەوەی هێرشبەرانی دەرەوە , بەبێ بوونی قەڵا و بورج شار ناتوانێت بەرەو ڕووی سوپای زۆر و زەبەنی هێرش بەران ببێتەوە , شار بەرامبەر بە هەڕەشەی دەرەوە , دەبێت پارێزراو بێت بە شورای قایمكراوو و قەڵای قایم .
بۆ بەرەو ڕوبونەوەی مەترسی دەرەوە , دروستكردنی قەڵا پێویستی سەرەكی بوو بۆ درێژەدان بە ژیان ,(( قەڵا لە توانای سەربازی شار زیادەكات وتوانای بەرگری دەباتە سەر 11.
مرۆڤ لە چاخە كۆنەكاندا , لە سەردەمی نەبوونی پەیماننامەی نێودەوڵەتی و یاسا و ئاشتی دا , هەموو كات لە قۆناغی جەنگدا بووە بەرامبەر بە دەرەوە . دەسكەوتی جەنگ ئابوری وڵاتی دیاریكردووە , بەرهەمی نەتەوەیی وڵات بەشی زۆری لە ڕێگەی غەزەواتەكانەوە دابینكراوە , بۆ خۆ پاراستن لە كارەساتەكانی شەڕی هێرش بەران , قەڵا باشترین ئامراز بووە بە دەست گەلانەوە بۆ داكۆكی لە مانەوە . زۆربەی شارە كۆنەكان لەسەرەتادا بریتی بوونە لە قەڵایەك یاخود كەوتوونەتەوە ناو شورایەك , لەوێوە گەشەیان كردووەو پەلیان هاویشتووە و گەورە بونەتەوە , تاكو لە كۆتاییدا قەڵا بووە بە ناوەندی شار .
كەركووك بەهۆی شێوەی دروستكردنەكەی و چڕبوونەوەی لەناو قەڵا , قەبارەی بۆشاییەكەی نزیك بوو لە 11% , نەبوونی ڕێگاو بانی بەرین وەڵام بە پێشكەوتنی هۆیەكانی گواستنەوەو داخوازی سەردەم بداتەوە .
گرنگی پێ نەدانی قەڵا لەلایەن دەوڵەتەوە , خراپی خزمەتگوزارییەكانی , لەم دەیان ساڵەی دوایندا , دانیشتووانە دەوڵەمەندەكەی قەڵا بەرەو گەڕەكە هێمن و نوێكانی كەنار شار كۆچییان كرد , لە جێگەیان هەژاران نیشتەجێ بوونە .
لەم ساڵانەی دوایندا بەشی زۆری دانیشتووانی قەڵا , یان لەتوركمانە هەژارەكانی پێك دەهاتن , یاخود لەو جوتیارە كوردانەی لە لادێوە كۆچیان دەكرد بۆ شار , بەهۆی هەرزانی كرێ خانوو لە قەڵا دەگیرسانەوە .
لە سەدەكانی ڕابردوو , دەسەڵاتی ناوچە لە لایەن قەڵاوە بەڕیوە دەبردرا . لەو سەردەمانە وەزیفەی شار زیاتر وەزیفەیەكی سەربازی بووە , نەك وەزیفەی بەرهەم هێنان و ئابووری و كارگێڕی . بۆیە دەبینیین شارەكان بریتی بوونە لە سەربازگەیەكی گەورە : ((قەڵا لەسەرەتاوە دەزگایەكی سەربازی بووە , كاری كردووە بۆ دابین كردنی ئاسایشی ناو قەڵاو و دەوروبەرەكەی . سەرباری ئەوەی ناوەندی كارگێڕیی ناوچەكەش بووە . لەگەڵ ئەوەشدا قەڵا تایبەتمەندی شاری نەبووە , دانیشتوانەكەی بەشێوەی سروشتی لە سەربازان پێك دەهاتن , ئەو سەربازانەی كاریان بە قەڵاوە پەیوەست بووە)) 12.
قەڵای كەركوك دانیشتوانەكەی لە سەربازان و دەست و پێوەندەكانییان و هاووڵاتیان پێك دەهات كە بە بازرگانی و پیشەگەری و فەرمانبەری و كشت و كاڵی ژیان دەگوزەرێنن .
وەك باسمان كرد شارە قەڵا, ڕۆڵی بنكەی سەربازی گێڕاوە , لە زۆر كاتدا شوێنی كۆبونەوەی سەربازان و خێزانەكانیان بووە , لەو شوێنەوە پەیوەندی بە دەوڵەتی ناوەندییەوە دەكرا , قەڵای كەركووك نموونەیەكە بۆ ئەمە , ناوەندی دەسەڵاتی مەركەزی بوو لە ناوچەكەدا .
كەركووك لە كۆتایی سەدەی نۆزدەهەم هەزاران سەربازی تێدا مۆڵدرابوو بە وتەی بارۆن ئیدوارد نۆڵد (( لەبەر چەند هۆیەك توركیا بە چاوێكی تر دەیڕوانییە ئەم شارە , لێرەدا نزیك 4500 چەكداری دەوڵەتی تێدا مۆڵ درابوو 13 .
دروست بوون و گەشەی شار , یان هۆكاری سەربازی لە پشتەوە بووە هەروەك كەركووك و هەولێر بە بوونی قەڵاكەی , یاخود هۆكاری ئاینی بووە وەك نەجەف و كەربەلا , یان هۆكاری سیاسی بۆ داسەپاندنی دەسەڵات بەسەر ناوچەدا وەك بەغدا, یاخود هۆكاری ئابوری بووە وەك موصڵ و بێجی .
شاری نەجەف لە سەدەی 9 كۆچی وەك ئیبن بەتوتە دەیگێڕێتەوە ((باشترین شاری عێراقی بووە , لە ڕوی بینا سازی و ڕێك و پێكییەوە , بازاڕی باش و پاكژی هەبووە , لە ڕێگای دەرگای ئاوەدانییەوە چوینە ژورەوە , بازاڕی بەقاڵەكان و چێشتچی و نانەواكان پێشوازییان لێكردین , دوایی بازاڕی سەوزەو میوە , پاشان بازاڕی بەرگ دروو ….. 14 . كۆبونەوە لە دەوری ناوەندێكی كارگێڕی بۆ داسەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر خێڵەكان , سەربازگیری , باج سەندن ئەركەكانی شارن لە ڕابردوودا .
هەروەها ڕێكخستن پێویستە بۆ كۆبونەوەی دانیشتوان لە دەوری بازاڕ , بۆ ڕێكخستنی كارەكان و پاراستنی نەزم و یاسا بازارگانییەكان و ڕێ گرتن لە فێڵ و تەڵەكەبازی و دزی و تاڵان , ئەمانەش بەبێ دەسەڵات ناكرێت .
بازاڕ پێویستی بە چاودێری و باج و لێپرسینەوەو پاراستن هەیە , باج نەدان بە دەسەڵاتی مەركەزی گەورەترین بەرەنگاربونەوەو تەحەدای سیاسی بوو لە ڕابردوو . بۆ دابینكردنی هەموو ئەمانە شار پێویستی بە دەسەڵات هەیە , بەرزترین ئۆرگانی دەوڵەت لەو سەردەمە قازی قوزات و والی ولات و قائیدی قوات بووە , كە ئەمانەش لە شار دادەنیشتن , پادشاش لە پایتەخت , هەروەها زیندان وەك شوێنی لێپرسینەوە لە پێشێلییەكان بەهەمان شێوە لە شاردا هەبووە .
بوونی سەربازگە پێویستە لە هەر ناوچەیەك , لە لایەكەوە بۆ پاراستنی ناوچەكە لە داگیركاری دەرەوە , كە بەردەوام لە بەردەم هەڕەشەی هێرشدا بووە , لە لایەكی دیكەوە بۆ پاراستنی ڕێگاو بانەكان , و سەركووتی یاخی بونەوەكان . هەروەها هاوكات ناوەندی كۆكردنەوەی باجی ڕاهداری(پاراستنی ڕێگاو بان لە دزی) لە خەڵك لەو كاروانانەی لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا , باكوور و باشورەوە بە شاردا تێدەپەڕین بۆ ناوچەو وڵاتەكانی دیكە .
گەشەی شار پێویستی بە دابینكردنی ئاسایش و جێگیری سیاسی , ئابوری , كۆمەڵایەتی هەیە, شەڕ هەموو كات مەترسییە بۆ سەر گەشەی شار و مانەوەی .
كەواتە لە ئەنجامدا دەتوانیین بڵێین : باشترین ئامراز بۆ پاراستنی شار , لە سەردەمی پێش پەیدا بوونی چەك و تفاقی سەربازی نوێ , بوونی قەڵایە .
هاوكات ئەو شارانەی قەڵایان نەبووە , شوراو دەرگای شارییان هەبووە , نموونە ئەسكەندەرییە لە میسر 4 دەرگای هەبووە , شەوان دەرگاكانی داخراون 15 . بەغدا بەهەمان شێوە دەرگای هەبووە , بەڵام موصڵ قەڵاو شورای پێكەوە هەبووە .
كەركووك بازاڕی ناوچەكە
شار ناوەندی بازرگانی و چالاكی ئابورییە , هەموو شمەكێكی بۆ دێت و لێوە دەرەچێت , نیشانەی شارنشینی و بەرز بونەوەی ئاوەدانییە لە ناوچە .
ژیانی لادێ سادەو ساكارە , شار شوێنی كولتوری بەكاربردنە , خەڵك بە دوای خۆشیدا دەگەڕێن , بۆیە بازاڕی بەردەوام لە گەشەكردندایە . لادێ ژیان تێیدا سادەو ئاسودە و هێمنە , بەڵام ژیانی شار جەنجاڵ و ئاڵۆزە .
كەركوك نێوەندێكی بازرگانی گەورەیە لە ناوچەكە , دەورو بەری ئاوەدانەو پڕە لە شارۆچكەو قەڵای ئاوەدانی, بازاڕی ساغكردنەوەی بەروبوومە كشتوكاڵییەكانی ناوچەكە و دەوروبەرەكەشی بووە.. . ناوەندی ناردەی خوری و مەڕوماڵات وبەروبوومی كشت و كاڵی هەرێمەكە بووە بۆ دەرەوەی ناوچەكە و وڵاتیش …. .
لە بەرزاییەكانی زاگرۆسەوە , جوتیاران بەروبوومەكانیان لە بازاڕەكەی ساغكردۆتەوە . زۆربەی ئەو بەروبومانەی دەنێردرانە دەرەوە , لەو بەروبوومانە پێك دەهاتن , توانای بەرگە گرتنی ڕێگەی دوور و, مانەوە بۆ كاتی درێژخایەن , بەرگەگرتنی سەختی ڕێگای پڕ هەوراز و نشێوییان هەبووە , وەك دانەوێڵە و خوری و پێستەو .. .
(هەروەها هەمان هەڵكەوتو وای كردوە دامەزراوە بازرگانییەكان شارەكانی كوردستان لە یەكتری بچن 16 .
لە دائیرەی مەعارفی بەریتانیدا كەركووك وەك یەكێك لە بازاڕە سەرەكییەكان كوردستان سەیركراوە 17.
لەدائیرەی معارفدا بەم شێوەیە وەسفی كەركوك كراوە : (( بنكەیەكی گرنگ و سەرەكی بازرگانییە لە كوردستان )) هەروەها دەنوسێت (( كەركوك بە بازاڕی بەرهەم هێنانی كشت و كاڵی ناوچەكە دەژمێردرێت . جێگەیەكە بۆ هەناردنی خوری و دانەوێڵەو ماڵات و نۆك و كەتیرەی بەرهەم هێنراو لە بەرزاییەكانی زاگرۆسدا 18 .
لە بەرواری 25-6- 1820 كلۆدیۆس جیمس ڕیچ , لە گەشتەكەی كوردستانیدا , كاتێك دەبێتە میوانی میری بابان لە سلێمانی , لە یاداشتەكانیدا ئەمەی خوارەوەی نوسیووە : (( شەوی ڕابردوو من و عومەر ئاغا سەبارەت بە بەرووبوومی كوردستان زۆر دواین . شاری كەركوك ئەو بازاڕەیە كە هەموو بەرووبومی ئەم بەشەی كوردستانی بۆ دەبردرێت 19 .
كەركووك جگە لەوەی بازاڕی ساغكردنەوەی بەروبوومی جوتیاران بووە , هاوكات بازاڕەكەی ناوەندی پەیدا كردنی پێداویستییەكانی هاووڵاتیانی هەرێمی كەركووك و شارەكانی دەوروبەریش بووە , ئەمە وا دەكات بڵێین : كەركووك شارێكی بازرگانی هەرێمی گرنگ بووە لە ناوچەكە (( لە هەندێك تێبینی ڕیچدا ئەوە دەرەكەوێت گەلێك شتومەكی دەگمەن و بە بەها لە كەركوكەوە بۆ سلێمانی دەنێردرا 20 .
كەركووك پەیوەندییەكی ئابوری بەهێزی بە شاری سلێمانییەوە هەبووە , بازاڕی دووەمی خەڵكی ناوچەكە بوو , ئەمەش وایكرد خەڵكی هەردوو شار پەیوەندیی بەهێز پێكەوە ببەستن , تا ئاستی هەڵگرتنی پاش ناوی كەركووك لە لایەن بازرگانانی سلێمانییەوە (( ئەم جۆرە پەیوەندییە بەهێزە ئابوورییانە وایكرد كە هەندێك لە خانەوادە بازرگانییە ناسراوەكانی سلێمانی نازناوی (( كەركوكی – كەركوكلی)) بۆخۆیان دابنێن 21 .
هەرێمی شار , ئەو پانتاییە جوگرافیایەیە , نزیكترین بازاڕ لێوەی شاری سەرەكی هەرێمەكەیە, هەموو خەڵكی ئەو سنوورە , پەیوەندیی سەرەكییان بەو شارەوەیە و پێداویستییەكانیان لێی دابین دەكەن . كەركووك یەكێكە لە شارە هەرێمییە گرنگەكان , پانتایی جوگرافیای هەرێمی كەركووك بەرفراوان و تەختاییە , هاوكات دەوڵەمەند و بە بەرهەمە , بۆیە پەیوەندی كردن بە شارەوە سانایە , بەهۆی دەوڵەمەندی و فراوانی دەوروبەرەكەیەوە , پێویستی بازاڕی دەوڵەمەند و گەورە هەیە .
هەندێك هەرێمی شار كە دوورن لە ناوەندەوە , دانیشتوانەكەی دابەش دەبن بەسەر دوو بەش , لە نێوان دوو شار , وەك دەشتی تەقتەق و ناوچەی تەكییەی چەمچەماڵ و گوێر و سێبیران …. .
بەهۆی لە باری پێكهاتەی زەوی و كەش و هەوای هەرێمی كەركووكەوە , دەوروبەرەكەی هەموو ئاوەدان بووە بە درێژایی مێژوو , هاوكات هیچ بەربەستێكی سروشتی سەخت نەبووە لە نێوان كەركووك و هەرێمەكەی , لە یەكتریان داببڕێت و پەیوەندی سەخت بكات لە نێوانیان , بۆیە دەبینیین بەشێكی زۆری هەرێمەكە بە شارو شارۆچكەكانییەوە , تەنانەت هەرێمی شارەكان دەوروبەریش , بازاڕیی هەمیشەیی و بەردەوامیان كەركووك بووە , تەنانەت بەهۆی سەرە ڕێ بوونییەوە بۆتە بازاڕی هەرێمی شارەكانی دەوروبەریش .
بازرگانی گرنگترین فەرمانی نێوان شار و هەرێمەكەیەتی , سەرباری ئەركە كارگێڕییەكان كە لادێ بەشار دەبەستێتەوە .
جووتیار لە شاردا ئەو بەرهەمانە دەفرۆشێت كە لە بەكاربەری خۆی زیاترە , هاوكات پێداویستییەكانی ڕۆژانەی دەكڕێت , بۆیە بوونی شار و بازاڕ بۆ درێژەدان بە بزاوتی ئابوری و پێشڤەچوونی شار پێویستە , چەندە ژیان پێش بكەوێت , هێزی بەكاربەری هاووڵاتیان سەردەكەوێت , پێداویستی هاووڵاتیان دەچێتە سەر , لادێ و شار زیاتر پێویستیان بە یەكتر دەبێت . شار و لادێ لە ڕێگەی كاڵا , سەرمایە , خزمەتگوزاری , بازرگانییەوە لە یەكتر نزیك دەبنەوە .
بازاڕ هۆی سەرەكی گەورە بوونەوەی شارە , چەندە بازاڕ گەشە بكات , چالاك بێت , دەوڵەمەند بێت , ئەوەندە لق و پۆپەكانی لە كاڕگێڕی و خزمەتگوزاری لە گەڵیدا گەشە دەكەن , هاوكات پێویستی بەهێزی كاری زیاتر دەبێت بۆ پێڕا گەیشتن بەكاروبارەكانی , لە گەڵیدا ژمارەی دانیشتووان پێ بە پێی گەشەی بازاڕ دەچێتە سەر .
سەرباری ئەوەی لە دەوڵەمەندیدا نەخۆشی كەم دەبێتەوە , ئاستی تەمەن دەچێتە سەر , كۆمەڵگەی تێر كەمتر دەكەوێتە بەر هەڕەشەی نەخۆشی كوشندە .
بەهەمان شێوە , چەندە ژمارەی دانیشتووان زیاد بكات , دەبێتە هۆی گەورەبونەوەی بازاڕە كۆنەكان , هاوكات پەیدا بوونی بازاڕی تازە . واتە بازاڕ و ژمارەی دانیشتووان پەیوەندییەكی ڕاستەوانەیان لەگەڵ یەكدیدا هەیە .
لە گەڵ گەشەی بازاڕ و زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان , ژمارەی خانوو و ڕێگاو بان و مزگەوت و حەمام و خان و قوتابخانەو … زیاد دەكات , بەمانەش ڕوپێوی شار گەورە دەبێتەوە , لە گەڵیدا كارگێڕییەكەی فراوان دەبێت .
بەهۆی گەشەكرنی بازاڕ و زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و ئاڵۆزبوونی كارگێرییەوە , شاری كەركووك لە سنوری خۆی كە قەڵایە دەرچووە دەرەوە , لە سەرەتادا بە هەر چوارلای شاردا بە شێوەی بازنەیی گەورە بوەوە , كەركووك و هەولێر نموونەیەكن بۆ ئەم گەورە بوونەوەیە . هیچكە 17 دوكانەكەی گەڕەكی مەیدان و بازاڕی شمشێر دروستكردنەكەی نایەتوانی پێویستی شار و دەوروبەر دابین بكات , هاوكات ژمارەی خانووەكانی نایەتوانی ئەو حەشاماتە بحەوێننەوە , بۆیە شار پێویستی بە دەرچوون بوو لە ناو قەڵا .
شار یان بەشێوەی بازنەیی بەدەوری خۆیدا گەشە دەكات , بەسەر ڕێگا سەرەكییەكانی شار , یاخود بە دەوری ناوەندە بازرگانییەكاندا پەل و پۆ دەهاوێت . بۆ كەركووك لە دوو قۆناغی جودا جودادا , هەردوو شێوە گەشەكردنەكەی بەخۆوە بینییوە .
لە سەرەتادا كەركووك بە دەوری بازاڕدا , بە چواردەوری قەڵادا گەشەیكرد , لە قۆناغی دواتردا بە دەوری خۆی و ڕێگا سەرەكیەكاندا گەورە بوەوە و پەل وپۆی هاویشت , دوای ئەوەی دەورو بەری بازاڕەكان توانای پڕ كردنەوەی ئەو حەشاماتەیان نەما لە ئەنجامی بەرزی زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان و كۆچی جوتیاران لە لادێوە ڕوو لە شار دەستی پێكرد , لە قۆناغی ئاوابوونی دەرەبەگایەتی و سەرهەڵدانی سەرمایەداری .
شار جگە لەوەی بازاڕی ئاڵ و گۆڕی هەرێمە , هاوكات بازاڕی فرۆشتنی هێزی كاریشە لە ناوچەكە , بێكارانی هەرێمی شار بۆ پەیداكردنی بژێوی خۆیان ڕووی تێدەكەن , بۆیە پنتی گیرسانەوە كۆچی بێكارانی هەرێمە .
كارە گرنگەكانی ڕابردوو لە شار بریتی بوون لە : بیناسازی , پێستەسازی , دەبەخانە ( سركە- عەرەق – ترشیات ) دروستكردن , هەروەها بەرهەمی ئاژەڵداری و هەویركاری .
لە سەرەتادا ناوچەی نیشتەجێ بوون , ناوچەی بازرگانی و پیشەسازی لە شاردا هەموو تێكەڵ بوون , بەڵام لە قۆناغەكانی دوواتردا بە گەورەبوونەوەو مۆدێرن بوونی شار , ئەو كەرتانە لەیەكتر جیاكرانەوە , گەڕەك و ناوچە پیشەسازییەكان دەركرانە دەرەوەی شار .
چینە كۆمەڵایەتییەكان لە شاردا , بە دەوری یەكتردا جەمسەر دەبەستن , گەڕەكەكان لەسەر بنچینەی چینایەتی , هەندێك جار لەسەر بنچینەی پیشەیی دابەش دەبن , جەماوەری شار دابەش دەبن بەسەر گەڕەكی میللی( هەژارنشین و مام ناوەندی) , هەروا هاووڵاتیانی ناو كۆلێت و چینكۆكان , لە لایەكی دیكەوە گەڕەكی ڕاقی قەراغ شارەكان . ئەم گەڕەكانە( بە تایبەت گەڕەكە دەوڵەمەند نشینەكان) سنوری نەتەوەیی لە شارێكی فرەنەتەوەیی وەك كەركووك دەبەزێنن , شێوەی سەرو نەتەوەیی بەخۆوە دەگرێت .
بازاڕی شار
كەركووك شارێكی سەرە ڕێی بازرگانی بووە لە مێژوودا , ئەمەش وای كردووە گرنگی ئابوری تایبەتی خۆی هەبێت .
پەیوەندی نێوان بەغدا – كەركوك لە چاخە سەرەتاییەكانی ئیسلامدا لاواز بوو . لەو سەردەمە ڕێگای بەغدا – كفری – داقوق – ئەربیل زۆر بە كەمی بەكار دەهێنرا 22, لە بەرامبەردا ڕێگای موصڵ سامەڕا بەغدا زیاتر بەكار هاتووە , دیارە گرنگی ڕۆڵی ئابووری شاری موصڵ هۆكاری ئەمە بووە .
ڕێگای ئەربیل – ئاڵتون كۆپری- دێی شاقرد , قەڵای كەرخینی(كەركەك) –داقوق- قەڵای خورماتوو- بەغدا , تەیمور لەنگ دووجار پێیدا تێ پەڕیووە , یەكەم جار لە ساڵی 1394 . هەروەها شاە محەمەد بن قەرە یوسف لە ساڵی 1411 ز هەمان ڕێگای بڕیووە 23 .
پردێ لە سەدەی 16ەدا هەبوو , كاتێك گەشتیاری ئەوروپی لئون رالوف بینیوییەتی , ناوی ناوچەكەی بە پردێ نوسیووە 24
بەڵام بە شێوەی گشتی ئەم ڕێگایە , سەرباری بوونی ڕێگەی موصڵ – سامەڕا – بەغدا یەكێك بووە لە ڕێگا گرنگە پڕ بایەخەكانی بازرگانی لە ناوچەكە . لە نێوان هەردوو دەوڵەتی ئێران و عوسمانی , شەنگار- موسڵ – هەولێر – پردێ- كەركوك –داقوق – كفری- خانەقین – مەندەلی- كرماشان , یاخود بۆ بەغدا . دواتریش بە هاتنی ئینگلیزەكان و پێشڤەچوونی هۆكارەكانی گواستنەوە و پەیوەندی ئەم گرنگییەی لە دەست نەدا , بەڵكە بەهۆی سنوری بوونی ناوچەكەوە , گرنگی زیاتری پەیدا كرد .
((بەریتانییەكان هەوڵیاندا كەركوك و هەولێر بكەنە بنكەیەك بۆ پتەوكردنی پەیوەندی یە ئابورییەكان , بە ڕۆژئاوای ئێران – كوردستان – ئازەرباینجانەوەی ببەستن . بە مەبەستی ئەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ناوچەكانی قەفقاس و ئەو دیوو قەفقاس , كە دەكەوێتە سنوری سۆڤیەتەوە لەكار بخەن 25 .
بەهۆی سستی هۆیەكانی گواستنەوە , بوونی كەركووك وەك شاری سەرە ڕێی بازرگانی , بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەكی زۆر (خان)ی لێ دروست بكرێت وەك وێستگەیەك بۆ پشودان , , ئەم میوانخانەو كاروان سەرایانە , یاخود ئەم خانانە دوو ئەركیان ئەنجام دەدا , لە لایەكەوە فرۆشگاو و بازاڕی ساغكردنەوەی بەربوومی جوتیاران بوون , لە لایەكی دیكەوە وەزیفەی میوانخانەیان دەگێڕا , هاوكات شوێنی حەواندنەوەی ئاژەڵەكانیشیان بوون و باری گالیسكەو ئەسپەكانی تێدا دادەگرترا .
هەروەها سەرە ڕێبوونی كەركووك , وای دەكرد , شار بەردەوام قەرەباڵغ بێت لە نێو ئاپورەی فرۆشیار و كڕیاردا ,, بە بازرگانان و ئەو ڕێبوارانەی لە ناوچەو شار و وڵاتانی دیكەوە بە كەركووكدا گوزەریان دەكرد , بۆ شار و وڵاتانی دیكە .
خانەكان لە دوكان و ژوری خەو و حەسانەوە پێك دەهاتن , دەكەوتنە ناوەندی بازاڕەوە , زۆربەیان دوو نهۆم بوون , نهۆمی سەرەوە بۆ حەسانەوەی میوانەكان , لە ژمارەیەكی زۆر ژوور پێك دەهات , خوارەوەش وەك كۆگەی كەل و پەل و شوێنی ئەسپ و كەر و .. بەكار دەهێنران .
بە دیوی دەرەوەش لەسەر ڕێگاكان دەرگای فرۆشگاكان دەكرانەوە . تا ئێستاكەش لەبازاڕی گەورە و جووت قاوەی كەركووك , ژمارەیەك لەو خانانەی تێدا ماون بە هەمان نەخشەی كۆن .
سەرباری بوونی ژمارەیەك خان , كەركوك بە ژمارەی زۆری گەرماوەكانی دەناسرایەوە . لەبەر ئەوەی هەموو ماڵێك توانای نەبوو گەرماوی تایبەتی بۆ خۆیان دروست بكەن , ئاوو سوتەمەنی پەیداكردن بۆ گەرماو لە كەركووك سانا نەبوو , بە تایبەت لە قەڵا , هەروەها پانتایی شار ڕێگەی بەوە نادا , هەموو ماڵێك گەرماوی تایبەت بە خۆیان هەبێت , چونكە سنووری شار لە قەڵادا قەتیس مابوو , سەرباری ئەوەی لە ڕوی ئابورییەوە قازانجی زۆری هەبوو ,نەخۆش و دەوڵەمەند و سەربازو گەشتیار و بازرگان و ڕێبواران بۆی دەچوون , بۆیە ژمارەیەكی زۆر حەمام لە كەركووك دروستكران . گەرماو بە یەكێك لە لەزەتەكانی ژیان دادەنرا .
(( شاری دیمەشق 160 گەرماوی تێدابوو , لەبەر ئەوەی ماڵەكان گەرماوییان نەبوو , وتەیەك باو بوو (( نعیم الدنیا الحمام)) 26 .
مزگەوت و بازاڕ و حەمام و خانەكانی شار هەموو لە نزیكیەكترەوە بوون , كەركووك بە ژمارەی زۆری حەمام و خانەكانییەوە دەناسرایەوە .
لە شار كار دابەش دەبێت , بازاڕ سەرباری بوونی ژمارەیەك زۆر فرۆشگای وردەواڵە فرۆش , سەوزە فرۆش , قوماش فرۆش ( تەنانەت فرۆشتنی ئاورێشم و قوماشی زێڕچن ) , گەنم فرۆش , قەساب , كەباب خانە , چێشتخانە دوكانی بۆن و بەرامە و بخوڕ , , ژمارەیەك پیشەسازی سەرەتایشی تێدا بوو نموونە كاسە , گۆزە , مەشكە , شەربە , كوپە , تەنوور دروستكردن . بازاڕی توتنچی , قمچی ,قازان سپیكەرەوە, كەبابچی , قوماش فرۆش , كورتان دوور, بەرگ دوور, لێفەدوور , چەخماخچی , زێڕەنگەر, پاك كەرەوەرەی چەك , شەغرە چی , ئاسنگەر , پیشەسازی چەقۆ و خەنجەر , گاسن , پەنجەرە , قاپ و قاچاغ و سەتڵ دروستكەر, نەجاڕی سندووقی دوڵدوڵی و قاپی و پەنجەرەو ڕەفت …… دروست كەری تێدا بوو .
لە نەجەف و بەغدا و موصڵ بازاڕەكان لە یەكتری جیابوون , سەوزە فرۆش – قەساب- ئاسنگەر – نەجاڕ ….. هتد 27 . بۆ كەركوكیش ئەمە ڕاستە .
. بەشێوەی گشتی شار لەم پێكهاتانەی لە خوارەوە ئاماژەی پێ دەدەم پێك دەهات : قەڵا – شورا – سەرای – زیندان – بازاڕ – خانوو – كۆڵان – مەرقەدی پیاوچاكان – قەبرستان- مزگەوت – تەكیە – خانەقا – خان – چایخانە – قوتابخانە – مەخزەن – فرۆشگا .
قەبرسان و مزگەوت گرنگی خۆیان هەبوو , گەورەیی شار بە بوونی ژمارەی ئەو مزگەوتانەی نوێژی هەینی تێدا دەكرا دیاری دەكرا , شارێكی وەك بەغدا لە سەدەی 8 كۆچی 11 مزگەوتی تێدا بوو نوێژی هەینی تێدا دەكرا 28 .
كەركووك پاش قەتیس مانەوەی بۆ ماوەی زیاتر لە 45 سەدە, لە ناو قەڵا , لە دەوروبەری 3 سەدەی ڕابردوودا , سنورە كۆنەكەی خۆی دەبەزێنێت و گەورە دەبێتەوە , بە دوو ئاراستەدا گەشە دەكات , لە ڕوی ڕوپێوی شار وە ژمارەی دانیشتووان , لە خوارەوە دێینە سەر هەردوو بوار و ئاراستەكە .

گەشەكردنی كەركووك لە ڕوی پانتایی و قەبارەوە

وەك ئاماژەمان پێی دا , لە سەرەتادا زۆربەی شارەكان قەڵا شاربوون , تەواوی پێكهاتەكانی شار , لە بازاڕ و كارگێڕی و گەڕەكی نیشتەجێ بوون , دەكەوتنە ناو سنوری قەڵاوە , یاخود شورای شارەوە .
لە دەرەوەی قەڵا و شورا , ژیان لەبەر هێرشی بەردەوامی دوژمنان ئەستەم بوو , مرۆڤەكان هەموو كات لە ترسی هێرشی لە ناكاو لەسەنگەردا بوون , بۆیە لە قەڵادا ژیانیان بەسەر دەبرد . لەوێدا بەرامبەر كوشتن و تاڵان و بە كۆیلەكردن پارێزراو بوون , شاری بێ قەڵاو شورا ژیانی تێیدا گران بوو .
هاوكات قەڵا ناوەندی كارگێڕی و هێزی دەوڵەتی ناوەندیش بوو لە هەرێمەكە , قائیدی قوات و قازی قوزات و والی ولاتی لێ دادەنیشت , كە گەورەترین دەسەڵاتداری هەرێمایەتی بوون .
جوانترین پێناس بە زمانی كوردی تاكو ئێستا بۆ كەركووكی كۆن كرابێت ,بە باوەڕی من ئەم چەند ڕستەیەی خوارەوەیە : ((لە بنەڕەتدا وەك قەڵاتێكی خڕ لەسەر گردێكی چوارگۆشەیی بینا كراوەو , 120 پێ لەو دەشتانە بەرزترە كە دەوریان داوە , دەڕوانێتە دۆڵی ڕووبارۆكۆكەیەكی كەم ئاو )) 29 .
قەڵا

ڕەپێوی قەڵا 22 هكتارە , كە دەكاتە 2,2كم2 , بە بەرزایی 18 مەتر 30 . قەڵا لەم گەڕەكانە پێك هاتووە (قەڵا-مەیدان – زندان – حمام مسلم- حمام مسیح).
گەڕەكی مەیدان دەكەوێتە باكوری قەڵاوە , گەڕەكی قەڵا دەكەوێتە ناوەڕاستی قەڵاوە , گەڕەكی حەمام دەكەوێتە باشوری قەڵاوە .
دەرگاكانی قەڵا ئەمانەن (( داش قاپی , تۆپ قاپی , یەدی قزلار , حەلوچییە)) , 2 دەرگایان بەكار دەهات بۆ دەربازبوونی گالیسكە , 2شییان بۆ هاتوچۆی پیادە .
تاكو كۆتایی هەشتاكان , قەڵا لە 560 خانوو پێك دەهات , كە كۆی گشتی 4000 كەسی تێدا دەژییا .
بەكارهێنانی زەوی بۆ خانوو 42% پانتایی قەڵای گرتبوەوە .
4% خانووەكانی باش بوو .
45% خانووەكانی مام ناوەندی بوون .
8% خانووەكانی كەلەپورین .
31% خانووەكانی خراپن .
12% خانووەكانی ڕوخاون بە كەڵك دانیشتن نایەن
8% ناوچەی سەوزایی .
8% دوكان و ناوچەی پیشەگەری .
12% كۆڵان .
10% شەقام 31 .
گەورەبوونەوەی شار لە دەرەوەی قەڵا

هەندێك پێیان وایە لە سەدەی 13 دا , كەركووك لە دەرەوەی قەڵاش ئاوەدان بووە , واتە كەركووك تەنها شارە قەڵا نەبووە : (( وڵاتناسی لە مێژینە(یاقوت الحموی) كۆچكردو لە 1229ز ئاشكرای كردووە كە قەڵای كەرخینی لە دەرەوەش ئاوەدانە 32 .
یاقوت حەمەوی كە لە ساڵی 1228 كۆچی دوایی كردووە , سەبارەت بە كەركووك دەنوسێت : ( كرخینی بكسر الخا‌و المعجمە پم با‌و ساكنە ونون و یا‌و فعالە وهی قلعە فی وگا‌و من الارچ حسنە حصینە بین داقوقا و اربیل رایتها وهی علی تل عال و لها ربچ صغیر – 33 بەڵام هەندێكی دیكە پێیان وایە , لە كۆتایی سەدەی چواردەهەمیشدا كەركووك تەنها لە قەڵا پێك هاتووە (( لەسەرەتای كانونی یەكەمی 1393ز , تەیمور لەنگ گەیشتە داقوق , لەوێوە بە ئاراستەی قەڵای كەركووك هەنگاوی نا , كە گەیشتە كەركووك خەڵكی قەڵا پێشوازییان لێ كردو دڵسۆزییان بۆی دەربڕی .
قەڵاكانی كەركووك(كەرخینی) و داقوق و خورماتوو , وە ئەو گوند و شوێنانەی سەر بە ئەوان بوون , ئەمیرە كوردەكانی ناوچەكەو دەسەڵاتدارە توركمانەكان و فەرماندە سەربازییەكان حوكمڕانی بوون . وڵاتی كەرخینی و داقوق بە دەست خێڵێكی كوردەوە بوو ژمارەی پیاوەكانی لە 700كەس زیاتر بوو 34 .
وەك دەبینیین كەركووك وەك خورماتوو و داقوق , بەقەڵا ناوزەد كراوە نەك شار , ئەمەش دەربڕی ئەوەیە, كەركووك لەو كات و ساتەدا , تەنها لە قەڵا پێك هاتووە , وەك سەرجەم شارە قەڵاكانی دیكەی ناوچەكە و بگرە جیهانیش , ئەگەر پەراوێزی بچوكیشی هەبوبێت وەك ئەوەی حەمەوی ئاماژەی پێ دەدات , بەهۆی بچوكییەوە شایانی ئاماژە پێدان نەبووە , یاخود هاوین نشینی بووە بەهۆی ئەوەی كەركووك هاوینان زۆر گەرمە , بە ناچاری خەڵكەكەی بە تایبەت دەوڵەمەندەكان پەنا دەبەنە بەر گوند و ئاوەدانی و كەپرو ناوچە كشت و كاڵییەكان دەوروبەر كەركووك .
نابێت ئەوە لە یاد بكەین , لەو كاتەدا داقوق لە ڕووی ئابوری و كارگێڕییەوە , گرنگی زیاتری هەبووە لە كەركووك , بگرە كەركووك بەشێك بووە لە شاری داقوقا , بۆیە لە سەرچاوە مێژوییەكان , ئاماژەكان لەو سەردەمەدا , زیاتر بۆ سەر داقوق بووە نەك كەركووك ((كەركووك وەكو شارێك ئەو دەمە نێوی لە نێو ناواندا نەبووە , بەڵكە ئەو ناوچەیەی كە شاری كەركووكی ئێستای لێ هەڵكەوتووە لەگەڵ ناوچەكانی دەوروبەری بە چەند ناوی دیكە ناسراوە : بەناوبانگترین شاری ئەو وەختەی دەڤەری كەركووك , شاری داقوقا(داقوق) بووە * كە لە سەرچاوەكاندا تا ڕادەیەك زانیاری مێژوویی لەسەر تۆمار كراوە 35 .
((تا كۆتایی سەدەی 14 لە ڕوی كارگێڕیی و ئابورییەوە بەشێك بوو لە داقوق 36 .
لەم خشتەیەی خوارەوە , كە ئاماری داهاتی كوردستانی بەشی عوسمانییە , لە ساڵی 1349 ز ئەنجامدراوە , تیایدا ئاماژە بە داقوق كراوە نەك كەركووك , هەروەها خشتەكە دەوڵەمەندی ناوچەی كەركووك دەردەخات , كە لە دوای سنجار زۆرترین داهاتی هەبووە بۆ دەوڵەتی ناوەندی :
زەنگاباد 11500 دینار
خانەقی ن 12200
اربیل 22000
ئاكرێ 27000
داقوق 78000
سنجار 147500
ئامەد 30000 37 .
كەركووك ناوێكی تازەیە بۆ شارەكە , تاكو سەدەی پانزەهەمی زاینی , كەركووك بە قەڵای كەرخینی ناوبراوە ((بۆ یەكەم جار ناوی كەركووك بەم شێوەیەی ئێستای لەساڵی 1424-1425 ز بەكار هاتووە , لە پەرتوكی زەفەرنامەی شەرەفەدینی عەلی یەزدی 38 .
یەكەم بەكارهێنانی ناوی كەركووك لە لایەن عەلی یەزدییەوە بوو لە سەدەی 15 ی ز 39 .
وەك ئاماژەمان پێیدا , زۆر پێیان وایە , كەركووك تەنها لە قەڵایەك پێك هاتووە , تەنانەت لە سەدەی شانزەهەمیشدا (( بە گوێرەی (منمنە) یەكی مێژوویی, كە هێرشەكانی سوڵتان سلێمان قانوونی بۆسەر عێراق لە ساڵی 1525دا دەردەخات , تەنها ئاوی خاسەو قەڵا دەردەكەوێت , ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت , لەو كاتەدا شاری كەركووك تەنها لە قەڵا پێك هاتووە 40 .
هەمان نووسەر , ئاماژە بە قەبارەی شار دەكات , لە ناوەڕاستی سەدەی 16 ((بە گوێرەی بەڵگەنامەكان , كە مێژوییان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1548 , شار پێك دەهات لە 145 خانوو كە خێزانەكان تێیدا دەژیان , وە 23 خانوو سەڵتی تێدا دەژیا , سەرباری بوونی بۆیەچی و ئاش و مزگەوت لە شاردا 41 .
یەكێك لەو مزگەوتانەی ئاماژەی پێداوە , مزگەوتی ئولۆیە (( مزگەوتی ئولو لە سەر پاشماوەی كەنیسە دروستكراوە , مێژوی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 16 42 .
مزگەوتێكی گرنگی پیرۆزی دیكەی شار , مزگەوتی دانیال پێغەمبەرە ((مزگەوتی دانیال پێغەمبەر لە ڕابردوودا كەنیسە بووە , نووسینەكان سەری دەیگەڕێنێتەوە بۆ سەدەی چواردە 43 .
((سوڵتان مەحمود غازان , كە حوكمی ئێران و عێراقی كردووە لە ساڵی 1295 – 1304 دا , پاش ئیسلام بوونی زۆر توندڕەو بووە , كەنیسەی كریستانەكانی كردووە بە مزگەوت , ئەگەری ئەوە هەیە ئەو كەنیسەی دانیالی كردبێت بە مزگەوت 44 .
قەڵا سەرباری دانیشتوانەكەی , شوێنی نیشتەجێبوونی سەربازانیش بووە , بە هۆی ئەوەوەی شار سەنگەری پارێزگاری ناوچەكە بووە لە هێرشی تاڵانچی و داگیر كەران , بۆیە هەموو كات وەزیفەی سەربازی هەبووە . گەڕەكی ئەغالق چونكە شوێنی نیشتەجێی سەركردە سەربازییەكانی ئینكشارییەكان بووە بۆیە بە گەڕەكی ئاغالق ناوبراوە ((گەڕەكی ئاغالیق لە قەڵا شوێنی نیشتەجێی سەربازان بووە 45 .
بە هەمان شێوە گەڕەكی حەمام , بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە , چونكە حەمامێكی گەورەی تێدا بووە , گەڕەكی مەیدانیش بازاڕی لێ بووە , بازاڕی شمشێر دروستكەرەكان , هەروەها پاشماوەی 17 دوكانی لێ دۆزراوەتەوە . حەمام مەسیحیش چونكە كریستانەكانی تێدا ژیاوە … .
((كۆنترین باڵەخانە لە قەڵا , یەدی قزلەرە , كە لە5 نهۆم پێك هاتووە , نهۆمی یەكەمی زیندان بووە , بۆیە بەو گەڕەكەیان ووتووە ( زیندان) 46 .
بوونی زیندان و سوپا لە قەڵای كەركووكدا , بە مانای بوونی فەرمانداری سەربازی و قازی دێت لە قەڵادا , لەو سەرو بەندەدا ئەم دوو پلە كارگێڕییە, بەرزترین پلەی دەسەڵاتداریەتی هەرێمایەتی بوون لە پاڵ والی وڵات , ئەو كەسایەتییانە بەو پلە كارگێڕییە بەرزەوە تەنها لە شاردا دادەنیشتن , پاش ئەوەی كەركووك پلەی كارگێڕییەكەی بەرز بوەوە والیشی تێدا جێگیر بووە .
گەڕەكی ئیمام قاسم لە ناوەڕاستی سەدەی 16دا ئاوەدان بووە , دووری قەڵا لە ئیمام قاسمەوە لە دەوروبەر 1 كم ە , بۆیە دەتوانیین ئەم ئاوەدانییە بە بەشێك لە شار دابنێین ((بە گوێرەی ئەو سەرچاوانەی بە دەستمانەوەیە كە مێژووی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1548 گەڕەكی ئیمام قاسم لە 21 ماڵ پێك هاتووە , بەڵام مێژووی مزگەوتی ئیمام قاسم نەزانراوە , لێ ئەوەی ڕوونە ئەم مەرقەدە لە ساڵەكانی 1614 – 1691 – 1894 چاك كراوەتەوە 47 .
مێژووی مەزارگاكا زۆر كۆنترە لە سەردەمی چاك كردنەوەی چەند جارەی , هەروەسا مەزارگای كەسایەتییەكی وەك ئیمام قاسمی پیرۆز لای شیعەكان , بە بێ ئاوەدانی نابێت لە دەوروبەرەكەی , مەزارگای كەسایەتیەكی گەورە لای مەزهەبێكی گۆڕ پەرستی وەك شیعە , پێویستە بە موەزین و خزمەتگوزاری هەیە , بەردەوام شیعەكان بۆ سەردانی هاتوونە , بوونی خانێك بە ناوی هیندلر خانی لە كەركووكدا , كە بە ناو زیارەتكەرانی هیندییەوە ناو نراوە , باشترین گەواهییە بۆ ئەم بۆچوونە .
وەك ئاماژەمان پیێدا , نووسراوەكان ئاماژە بە بوونی ئاوەدانی لە دەرەوەی قەڵا , هەروەها نەبوونی دەدەن , بابزانیین گەشتیارە بێگانەكان لەم بارەوە چی دەبێژن : ((ئۆتێر كە یەكەم گەشتیاری فەرەنسی بووە , لە ساڵی 1735 سەردانی كەركووكی كردووە , لە ساڵی 1739 دووبارە سەردانی كردۆتەوە , باسی ئەوە دەكات كەركووك شارێكی قەبارە مام ناوەندییە . هەرەها ئاماژە بە ئەوەش دەكات كەركووك لە دووبەش پێك دێت , بەشی یەكەم قەڵاكەیە و بەشی دووەمی ناوچەی دەوروپشتی قەڵایە كە بازاڕی شار پێك دەهێنێت 48 .
بە پێچەوانەی(یاقوت الحموی) و ئەو سەرچاوانەی ئاماژەمان پێیان دا , كە باس لەوە دەكەن , كەركووك لە دەرەوەی قەڵا ئاوەدان بووە , هەندێك سەرچاوەی دیكە پێیان وایە (( لە سەرەتای سەدەی 18 شاری كەركوك لەناو قەڵا قەتیس ماوە , لەدوای ئەو مێژوەوە دانیشتوان لە دەشتاییەكەی خوار قەلاوە خانویان دروست كردووە . لە ساڵی 1766 گەڕۆك كارستن نیبۆر سەردانی كەركووكی كردوەو دەڵێت: ((كەركوك دەكەوێتە دەشتاییەكی جوانی بەبەرەكەتەوە , بەڵام ئاوەدانی كەمە . تەنها كەمێك لە شارەكە لەسەر تەپۆلكەكە ماوە , تەپۆلكەكە (قەڵا) قەرەباڵغە بە دانیشتوان , شوریەكی بە قوڕ بۆ دروست كراوەو حامییەی یەنیجەری تێدایە (حامیە : بەشێك لە سووپا كە پارێزگاری لەو شارە دەكەن كە تێیدان ) ئەمە پێی دەڵێن قەڵا … . خانوەكانی ئەم قەڵایە بێ جیاوازی لەو پەڕی خراپیدان , لەناو قەڵا 3 مزگەوتی بە منارەی تێدایە . كەركوك بارەگای پاشاكانە بە پلەی (گوغتین) بەڵام پاشاكان لەناو شارەكە ناژێن , بەڵكە لە دیوەكەی دیكەی ڕوبارەكە دەژێن و ناوچەی دەسەڵاتی بچوكە 49 .
وەلێ بە پێی هەردوو سەرچاوە , كەركووك دەكەوێتە دەشتاییەكی قەشەنگی دەوڵەمەندەوە , بەڵام كەم ئاوەدانە . قەڵایەكی پڕ لە دانیشتوان , بەڵام خزمەتگوزەرانی تەندروستی لاوازە . هاوكات ئاشی زۆری تێدایە , لەوێوە ئارد لێ دەكرێت و ڕەوانەی باشوور دەكرێت .
لەبەر ئەوەی ئاوەدانییەكانی قەڵا و دەرەوەی , دابڕانێك لە نێوانییان هەبووە , هەروەها ئەو ئاوەدانیانە كۆبونەوەی چڕی دانیشتوان نەبوونە , بەڵكە چەند پوازێكی لێرەو لەوێی بچوكی دانیشتووان بوونە , بۆیە ئەو پوازە نیشتەجێیانە لای هەندێك بە بەشێك لە كەركووك دیاری نەكراوە .
كارستن نیبۆر هەر خۆی وەلامی خۆی دەداتەوە , ئاماژە بۆ ئاوەدانی لە دیوەكەی ئەوبەری شار(ئەوبەر خاسە) دەكات , ئەمە سەرباری ئەوەی مەزارگای ئیمام قاسم بوونی حەتمیی بووە لەو كات و شوێنە , ناتوانرێت هاشای لێبكرێت .
نابێت ئەوە لە یاد بكەین , لە دوای هەڵوەشاندنەوەی خەلافەتی عەباسی , هێرشی مەغۆل و تەتەر و سەفەوییەكان بۆ سەر عێراق و ناوچەكە بە كەركووكیشەوە , زۆربەی شارەكان كەوتنە بەر شاڵاوی وێرانكردن و تاڵان و بڕۆ , ئەمەش وایكرد لە ماوەی چەندین سەدەدا , باری ئابوری – كۆمەڵایەتی – شارستانی لە ناوچەكە لە دابەزیندا بێت , شارەكان هیچ پێشڤەچونێكی وایان بەخۆوە نەبێنیبێت شایانی ئاماژە پێدان بێت .
ئەوەی لای مێژوونوسان باوە, سەردەمی خەلافەتی عوسمانی , تەنانەت دوا سەدەكانی دەسەڵاتی عەباسی , سەردەمی پوكانەوەو مت بوون بووە لە مێژووی دەسەڵاتی ئیسلامی , سەردەمی گیانەلای دەسەڵاتی ئیسلامی توركی بوو , سەدەكانی خاوبونەوەو دواكەوتن و گەندەڵی و تێكشكان و هەرەسهێنان بوو , دەوڵەت بەشێوەی سستماتیك بەرەو هەڵوەشاندنەوەو هەرەس دەچوو , بۆیە چاوەڕوانی گەشەكردنی شاری لێناكرا .
جەنگ , پەلاماردان , كاولكردن , تاڵان و بڕۆ , كۆیلەكردن , نەخۆشی , لافاو , بومەلەرزە … لە مێژوودا زۆر شارو شارۆچكەی لە مرۆڤ پاك كردۆتەوە , زۆر شاری گەورەی بچوك كردۆتەوە , زۆری دیكەی لە بنەچەوە كوێر كردۆتەوە و لەسەر نەخشە سڕیوییەتییەوە , ئەمە بۆ كەركووك دروستە .
لە خوارەوە چەند نموونەیەك دەخەمە ڕوو :
((لە ساڵی 1248ز بارانێكی زۆر باری , لادێیەكان كەوتنە ژێر ئاواوەوە , قەڵای كەرخینی ڕوخا 50 . ساڵی 1733 سەدان گولە نرا بە قەڵاوە , بەڵام داگیر نەكرا .
(( ساڵی 1743 هێزەكانی نادر شا 80 ڕۆژ كەركووكیان ئابلوقە دا , 20000 گولە تۆپی گەورەو 20000 گولە مەنجەنیقییان بە قەڵاوە نا , خەڵكێكی زۆری لێ كوژرا 51 . نادر شاە لە ساڵی 1743 كەركووكی داگیر كرد , لە ساڵی 1746 عوسمانییەكان گرتیانەوە .
ساڵی 1769 بومەلەرزە لە شاری دا , ساڵی 1821 ئێران هێرشی بۆ كەركووك كرد , قەڵایان گرت , بەڵام لە مانگی شەعبان دەركران , لە ساڵی 1822 ئاژاوەو پشێوی شاری داگرت 52 .
لەبەشەكانی داهاتوودا بە چڕی باسی بەشێك لەو نەخۆشی و ئافاتانە دەكەین , پەلاماری دانیشتووانی شاری كەركووكییان داوە , بەشێكی زۆر دانیشتووانی شارییان كوشتووە , خەڵكی كەركووكیان بە ناچاركردنی شار چۆڵ كردن كردووە .
وەلی بە باوەڕی من ئەگەر كەركووك لە دەرەوەی قەڵا بەشێوەی ڕێك و پێك و فراوان بە پاڵ قەڵایا ئاوەدان بوایە , ئەگەری ئەوە هەبوو شورای شاریان بۆی دروست بكردایە , وەك زۆر لەو شارانەی لەبڕی قەڵایان شورایان هەبووە , یاخود ئەو شارانە هەردووك قەڵاو شورایان پێكەوە هەبووە , نموونە بۆ شێوەی دووەم شاری موصڵە قەڵاو شورای پێكەوە هەبووە , ئەوەی وای كردووە بیر لە دروستكردنی شورا نەكرێتەوە بۆ ئاوەدانی دەرەوەی شار , ئەوەبووە ئاوەدانییەكان پوازی بچووكی لێرەو لەوێی دابڕاو بووە لەشار و لە یەكتر .
بوونی ئاوەدانی بچووك لێرەو لەوێ لە شێوەی پوازی بچووك بچووك لە نزیك شارەكان ئاساییە .
ئەو گوند و ئاوەدانییانەی لەو سەردەمە لە دەوروبەری كەركووك هەبوونە , بەشێك نەبوونە لە شار , بەڵام بە گەورەبوونەوەی شار , دواجار بوونە بە بەشێك لێی نموونە قۆرییە و تسن و بڵاوەیە . یاخود ئاوەدانی دەرەوەی قەڵا لەوانەیە هەر پەراوێزی ئاوەدانی ناو قەڵا بوبێت , خەڵكەكەی هەندێك لە وەرزەكانی ساڵ , بۆ ڕاپەڕاندنی كارەكانیان ( ئاژەڵداری , كشت و كاڵ , ئاش , درەو , كۆكردنەوەی سوتەمەنی ) لە دەرەوەی قەڵا , جێگیر بووبن بۆ ماوەیەكی دیاریكراو , یاخود ماڵ و هەواری هاوینەی دەوڵەمەندان بوبێت . دەوڵەمەندان بەهۆی بڵاوبونەوەی نەخۆشی , تەنگی جێگاو , كەمی ئاو , خراپی خزمەتگوزاریی پەڕیونەتەوە ئەوپەری چەمی خاسە و تێیدا نیشتەجێ بوونە ,پاشان دەبینیین هەموو دەزگا كارگێڕییە گرنگەكان وەك قشڵەو مەجیدییە هەر لەو بەر دروست دەكرێت , دواتریش هەر بەو شێوەیە دەچێتە پێشەوە , تەواوی دەزگا كارگێڕییەكان گرنگەكانی شار دەكەوێتە ئەوبەری شارەوە .
لە سەدەی 18 بە دواوە , دەبینیین كەم كەم , دەورو بەری كەركووك , لە ڕوی ئاوادانییەوە گەشەی سروشتی لەسەرخۆ دەكات , لە دەستپێكدا بە پاڵ قەڵایا ئاوەدانی پەیدا دەبێت , قەبارەی ئاوەدانییەكان لەوە دەردەچێت مێژوونوس و گەڕیدەو گەشتیاران ئاماژەی پێ نەدەن (( لە كارگێڕی عوسمانیدا بازاڕەكان بەگوێرەی پسپۆری و جۆرەكان ڕاستەوخۆ دەوری قەڵاتە نیشتەجێ كراوەكەیان دابوو , بەڵام دایەرەو سەراكانی حكومەت لەناو قشڵەكەی كە لە لای ڕۆژئاوای ڕووبارۆكەكەوەیە دروست كرابوون بڵاوبوونەوەو 53 .
سەرباری گەڕەكی ئیمام قاسم ** و قۆرییە * و شوان * و تسن لە پێش ئەو مێژوەوە لە دوری قەڵا هەبوونە .
لێرەوە دەبینیین , بەرتەكییە بوو بە بەشێك لە ناوكی ئاوەدان كردنەوە سەرەتاییەكانی شار , لە كەركووك بە گشتی وە ڕۆژهەڵاتی قەڵا بە تایبەتی , بە دوای ئەو مێژووەدا لەسەرەتاوە شار بە دەوری قەڵادا بەرین بوەوەو پەلو پۆی هاویشت .
سەرباری ئەو ئاوەدانیانەی ئاماژەمان پێیان دا , ((تەكیەی شێخ عەبدوالڕەحمان (تاڵەبانییەكان)لە ساڵی 1706 لە دەرەوەی قەڵا دروستكرا 54 .
دانیشتووانی شار بە ئەندازەیەك زۆر بوون , بازاڕ و كارگێڕی شار بە شێوەیەك بەرفراوان بوون , شار نایتوانی هیچكە لە پانتایی قەتیس ماوی قەڵادا وەك ڕابردوو بمێننەوە , ڕوپێوی قەڵا نایەتوانی پێداویستی گەشەی بازرگانی , پیشەسازی , خزمەتگوزاری , زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان , بەرینبوونەوەی كارگێڕی دابین بكات , بۆیە شار پَویستی بە پێست گۆڕین و دەرچوونە دەرەوە بوو لە قەڵا . قەڵا نە جێگەی دروستكردنی بازاڕی نوێی هەبوو , نە دەتوانرا قەسرو قسوری نوێ و ماڵ و خان و قوتابخانە و مزگەوتی تازەی تێدا دروست بكرێت , بۆیە دەرچوونە دەرەوە لە قەڵا شۆڕشێك بوو بەسەر شار قەڵایی كەركووكدا بەرپاكرا .
(( لە قەڵا 756 خانوو هەبوو لە ماڵ و مزگەوت و تەكیە , لە 3 گەڕەك پێك دەهات , بەشی باكور ناوی مەیدانە , گەڕەكی ئاغالق لە ناوەڕاست و حەمام مسلم یان زیندان لە باشوور 55 .
هیچی دی كەركووك لە توانایدا نەما لە قەبارەو شێوازی كۆندا بمێنێتەوە , وەڵام بە زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان و پێشكەوتنە ئابوری وكۆمەڵایەتی وفەرهەنگییەكان بداتەوە ((دانیشتوانی قەڵات بۆ دەرەوەیان گواستەوەو لە ڕواڵەتەكانی شارستانی ئەوروپی نزیكبوونەوە كە دەستیكرد بە باڵكێشای بەسەر لای ڕۆژئاوای ڕووبارۆكۆكەكە دوای ئەوەی كۆچبەرەكان تێیدا نیشتەجێبوون و زۆربەیان لە مەسیحییەكان بوون 56 .
هەرچەندە گەشەی شار لە سەدەی 18 و 19 لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست , زۆر بە سستی و لەسەرخۆیی دەچووە پێشەوە , لە چاو ڕۆژئاوا , كە بە دوای شۆڕشی پیشەسازی , گەشەی گەورەی كرد , كەركووكیش وەك شارەكانی دیكەی ناوچەكە گەشەی گەورەی بەخۆوە نەبینی (( كەركوك شارە جوانەكە زۆر نەگۆڕا لە دوو سەدەی دوایندا 57 .
نابێت ئەوە لە یاد بكەین كە كەركوك بە درێژایی ماوەی ململانێی نێوان عوسمانی و سەفەوی , بە دابڕاوی و فەرامۆشكراوی مایەوە , گرنگی پێ نادرا , چونكە خاڵی تەماس و بەروڕوبونەوە و بەرەی پێشەوەی جەنگ بوو لە نێوان ئەو دوو دەوڵەتە , لەگەڵ لەشكر كێشان و داگیر كردندا بە شێوەی ئاسایی شار دەبوو بە وێرانە .
لە كۆتایی سەدەی 18 ەوە , كەركووك بەرفراوانترین قۆناغی بەرین بونەوەی بەخۆوە بینی لە مێژووی خۆیدا , لە دوای دروستكردنییەوە تاكو ئەو كات . بازاری فراوان و مۆدێرن ( قەیسەری) , مزگەوتی نوێی ڕەنگاوڕەنگی لێ دروست دەكرێت , گەڕەكەكانی هاووڵاتیانیش دەرە چنە دەرەوەی قەڵا بۆ پێدەشتەكانی دامێنی قەڵا (( حەلواچییەكان و مزگەوتی غەوس دروستكردنیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1780 58 .
لە ساڵی 1759 قوتابخانەی غەوسییە لە گەڕەكی حەلواچییەكان دروستكرا 59 . لە ساڵی 1790 ز قوتابخنەی مەیدان دروستدەكرێت 60 .
لە دوای حەلواچییەكان , بە دووری چەند مەترێك لە قەڵاوە , بازاڕێكی مۆدێرن بە گوێرەی ئەو كات , كە بازاڕی داخراوی قەیسەرییە درووست دەكرێت , هەرچەندە قەیسەری كەركووك لە چاو بەشێك لە شارەكانی تر زۆر درەنگ دروستكرا , نموونە لە شاری موصڵ چەند سەدە لەوەپێش قەیسەری هەبووە , دروستكردنی قەیسەری بەدوایدا قشڵە , گەورەترین ئینجازی خانە سازییە لە سەدەی 19 لە كەركووك دا , سیمایەكی نوێیان بە شارەكە بەخشی , شەقییان لە قەڵابوونی شار وەشاند .
سەرباری ئەوەی بازاڕی قەیسەری بەو ژمارە زۆرەی دوكانەوە , تەكانێكی گەورەی بە بازاڕی شارەكە دا , هەر بۆیە دەبینیین بە دوای دروستكردنی قەیسەرییدا , ناوچەكانی نزیكی پڕ دەبێت لەماڵ , زۆر گەڕەكی نوێ دروست دەكرێت ((قەیسەری لە ساڵی 1800 دروستكرا , 7 دەرگای بۆ دروستكرا , لە 300 دوكان پێك هات 61 .
ساڵی1804 گەشتیاری هیندی میرزا ابو تاڵب خان سەردانی كەركووكی كردووە , دەڵێت كەركووك شارێكی مەزن و مەحكەمە , خانووەكانی بە بەردو قایە دروستكراوە , زۆربەی بەرەو ڕوخان دەچن 62 .
گەڕۆكی ئینگلیزی بكنغام , دوای 4 دەیە , لە سەردانەكەی كارستن نیبور , لە ساڵی 1816 , سەردانی كەركووكی كردووە , بەم شێوەیە باسی شارمان بۆ دەگێڕێتەوە : ((كەركوك لە 3 بەش پێك دێت , هەربەشێكیان ڕوپێوێكی فراوانی هەیە , بەشی سەرەكی لەسەر تەپۆلكەیەكە كە بە تەپۆلكەكەی ئەربیل دەچێت , لەناو ئەم قەڵایە ژمارەیەكی زۆر خانوو هەیە , منارەی هەر 3 مزگەوتەكە لە خانوەكانی دیكە بەرزترن , ژمارەی دانیشتوانی لە نێوان 5-6 هەزارە . بەشی دووەمی شار , كە گرنگە بۆ پارێزگاری لە شار , ئەم بەشە ڕوپێوی فراوانتر و ژمارەی دانیشتوانیشی زۆرترە لە بەشەكانی دیكە . دەكەوێتە دەشتایی پاڵ قەڵاوە , لە وێدا خانە سەرەكییەكانی شارو چایخانەو بازاڕەكان هەیە , دانیشتوانی ئەم بەشە نزیكە لە 10000 كەسە . بەشی سێیەمی شار نیو میل لە دوو بەشەكەی دیكەوە دوورە , ئەم بەشە بچوكترین بەشە , خانووەكانیشی پەرتە , ژمارەی دانیشتوانی لە 1000 كەس تێپەڕ ناكات , بەمەش كۆی ژمارەی دانیشتوانی كەركووك لە 15000 تێپەڕ ناكات 63 . هەرسێ بەشەكەی كەركوك گەورەیە , بە پلەیەك وامان لێدەكات وا بیر بكەینەوە , بڵێین لەوانەیە یەكێك بوبێت لە ناوچە ئاوەدانەكان لەمێژوی زوودا . كەركوك هێشتا گەورەترین شاری دەشتاییەكانی ڕۆژهەڵاتی دجلەیە 64 .
لە دوای دروستكردنی بازاڕی حەلواچییەكان لە دەرەوەی قەڵا , لەتەنیشت بازاڕی گەورەی شار , بە دەوری بازاڕ و قەڵایا گەڕەكی نیشتەجێبوونیش دروست دەكرێت ((بریادی و ئاوچی و مزگەوتی نەعمان مێژووی دروستكردنیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1818 65 .
ساڵی 1812 پەرتوكخانە لە گەڕەكی موسەڵا دروستكرا , 150 پەرتووكی تێدابوو 66 .
گەڕەكە ئاوەدانەكانی خوار قەڵا , لە سەرەتادا بریتی بوون لە : (( ئیمام قاسم , ئەخی حوسێن , پریادی , چقور , ئاوچی و موسەڵا و چای , هەموییان لە دەورو بەری یەك ماوەی مێژووییدا دروستكراون 67 . لە ساڵی 1815 قوتابخانەیەك لە لایەن جولەكەكانەوە دروستكرا , بە ناوی ( موسوی مكتبی ) (( ناوەكە توركییە , ئەمەش باشترین بەڵگەیە بۆ ئەوەی مەرج نییە , ئەو شوێنانەی ناوی توركیان هەڵگرتووە , مۆركی توركی بونیان پێوە بێت )) , ئەم قوتابخانەیە 60 قوتابی كوڕ تێیدا دەیخوێند 68 .
گەڕیدەی بەریتانی كلودیس جیمس لە ساڵی 1820 ز سەردانی لەیلانی كردووە لە 10كم ی شاری كەركووك , هاوكات سەری لە قەڵاش داوە , باس لەوە دەكات , چەند گەڕەكێك لە دەرەوەی قەڵا هەیە 69 .
گەڕیدەی بەریتانی كلودیس جیمس لە ساڵی 1820 ز سەردانی لەیلانی كردووە لە 10كم ی شاری كەركووك , هاوكات سەری لە قەڵاش داوە , باس لەوە دەكات , چەند گەڕەكێك لە دەرەوەی قەڵاكەی هەیە 70 .
بە دوای زۆربوونی ژمارەی دانیشتوانی شار , گواستنەوەی بازاڕی سەرەكی شار بۆ دەرەوەی قەڵا , ناوچەی خوار قەڵا دەبێتە ناوەندی ئابوری شار , بۆیە بەرفراوان دەبێت و گەشە دەكات , بازاڕی جۆراوجۆری لێ پەیدا دەبێت , بە گوێرەی كار و پیشەكانییان بازاڕەكان دابەش دەبن (( ناوچەی خوار قەڵا لە ساڵی 1822 ەوە گەشەی كرد , بازاڕ , چایخانە , خان , ماڵ , ئاسنگەر و خمچی و دارتاش و … لێ دروستكرا 71 .
هاوكات بەهۆی زۆربوونی ئاوەدانی دەرەوە , قەڵا پێویستی بە دەرگای نوێ هەبوو , بۆ پتەوكردنی پەیوەندی ناو قەڵا لەگەڵ دەرەوەی , كە بە هەر چوارلادا شار پەل و پۆی هاویشت , كار و كاسبی و چالاكییە ئابورییەكانی شاریش هەموو كەوتنە دەرەوەی قەڵا . قەڵا 4 دەرگای هەیە , دەرگای ڕۆژئاوا ( تۆپ قاپی) لە 1822 كرایەوە (( تۆپ قاپی لە ساڵی 1822 كرایەوە , بۆ ئەوەی هاووڵاتیان لە نزیكترین ماوەدا بگەنە سەر پردەكە 72 .
بەڵام بە گوێرەی سەرچاوەیەكی دی , لە ساڵی 1824 ز لە ڕۆژئاواوە دەرگای باش قاپی لە بەرامبەر قەڵا لە گەڵ ڕیزێك دوكان دروستكرا , هاوكات دەرگایەكی دیكە و لەگەڵ كۆمەڵێك دوكان لە بەشی ڕۆژهەڵات كرانەوە 73 . لە سەر هەر دەروازە و دەرگایەكی قەڵا كۆشكێك دروستكراوە كە دیدەوانی گورز بە دەست دەیپاراستن ,ئەم دەرگا تازانە پەیوەست بوو بە گەورەبوونەوەی شارەوە .
لە سەرەتادا وەك ئاماژەمان پێی دا گەورە بوونەوەی شار , تەنها بە دەوری قەلدا بوو . بەشێكی دەوری قەڵا ( خۆرئاوا) بەدیوی خاسەیا , بەهۆی چەمی خاسەوە , توانای گەورە بونەوەی نییە , كە لە هەندێك خاڵدا بەینی قەڵاو خاسە زۆر تەنگ دەبێتەوە بۆ چەند مەترێك , بۆیە گەورە بوونەوەی كەركووك شێوەی بازەیی بەخۆوە نەگرت .
ئەوبەر خاسە , بە تایبەت قۆریە گەشەی زۆر ناكات لە چاو بەشەكانی دی شار , بەهۆی دوری لە ناوەندی شار و نەبوونی پردی مەحكەم لە نێوان هەردوو بەشەكەی شار , پردەكە بریتی بوو لە (( پردی دارین , بە پانایی 5 مەتر , لە نێوان هەردوو پردەكەی ئێستا , بۆ گواستنەوەی گالیسكە كە ئەسپ ڕای دەكێشا بەكار دەهێنرا 74 .
خاسە شاری كردبوو بە دوی بەشی دابڕاو لە یەكتر , بە تایبەت لە زستان و بەهار كە ئاو هەڵدەستێت پەیوەندی گران دەبێت لە زۆربەی كاتەكاندا (( لە ساڵی 1822 قۆریە بچوكترین بەشی كەركوك بوو , دانیشتوانی لە 1000 كەس تێ ناپەڕی 75 .
لە ساڵی 1825 ئاشێكی گەورە, ساڵی 1826 مزگەوتی نائیب ئۆغڵی لە گەڕەكی ئاخر حوسێن , ساڵی 1836 قەرە سەرای لە گەڕەكی شاترلو كە كرا بە بارەگای دەوڵەت , ساڵی 1845 بەیوك تەكیە لە گەڕەكی بڵاخ دروستكرا ن 76 .
بە دوایدا ئاوەدان كردنەوە پەڕیوەوە بۆ ئەوبەر خاسە , دروستكردنی قشڵەو مەجیدییە لەوبەر تەكانی دا بە گەورەبوونەوەی شار لەو بەشە . دروستكردنی قشڵەو مەجیدییە (( قشلە لە قشلاق ەوە هاتووە , قش بە مانی زستان , لاق یش بە مانای شوێن دێت )) لە پاڵ قەیسەری هەنگاوی گەورە بوو بۆ بە مۆدێرن كردنی شێوەی شار و گەشەدان بە تەرزی بیناسازی لە مێژووی نوێی كەركووكدا , تەنانەت چەسپاندنی كەركووك وەك گرنگترین شاری ناوچەكە .
(( قشڵەی كەركووك لە ساڵی 1863 محەمەد نامیق پاشا دروستی كرد 77 .
((قشڵە لە ساڵی 1836 لەسەر پانتایی 15000 مەتر چوارگۆشە دروستكرا , قەسری مەجیدییە لە ساڵی 1840 دروستكرا , كە لە 70 ژور پێك دەهات , ماوەیەكی زۆر متەسڕفییە و دارایی و تاپۆو دادگای تێدا بوو , كە گرنگترین دەزگاكانی ئەو سەردەمە بوون 78 . بەم شێوەیە دەبینیین كەركووك لە پاڵ گەورە بونەوەی بازاڕ و گەڕەكەكانی , كارگێڕییەكەشی گەورە بوەوە و شێوەی مۆدێرنی بەخۆوەبینی , ئەمەش وەڵامدانەوە بوو بە پێشكەوتنەكانی ڕۆژگار .
((لە ساڵی 1870 لە پاڵ قەڵا بازاڕی گەورە دروستكرا 79 .
درووستكردنی بازاڕی گەورە , بەو پانتایی و ڕوبەرە بەرفراوانەوە , وەڵامدانەوە بوو بە پێداویستی سەردەم , لە گەورە بونەوەی شار و زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان و نیشتەجێ بوونی ڕەوەندەكان لە لادێكان . مەدحەت پاشا لە ساڵی 1869 هەوڵی دا , عەشیرەتەكان نیشتەجێ بكات , عەرەبەكانی ناوچەی حەویجەی كەركووك بەشێكن لەوانە .
بۆ دروستكردنی پەیوەندی بەهێز نێوان هەردوو بەری شار , كە كارگێڕی و سەربازگا كەوتبوونە بەشە نوێكەی شارەوە, بازاڕ و ئاوەدانیش بەرەكەی دیكە , دروستكردنی پردێكی بەهێز لەسەر خاسە پێویست بوو , هەر بۆیە (( لە ساڵی 1875 پردی بەردینی خاسە دروستكرا , ئەمەش بووە هۆی گەشەی بەشی دیوی قۆریە , پردەكە لە 2 – 4 – 1954 ڕوخێنرا , لە شوێنی پردەكەی ئێستا دروستكرایەوە 80 .
دەرچوونە دەرەوەی شار بۆ دەرەوەی قەڵا , بەرین بونەوەی لەهەردوو بەری خاسە , پێویستیبوونی هۆیەكانی گواستنەوەی هێنایە پێشەوە بۆ پەیوەندی و گواستنەوە , بۆیە پردی بەردینی خاسە زۆر گرنگ بوو , بۆ بەیەك بەستنەوەی هەردوو دیوی شار .
((لە ساڵی 1882 خان و چایخانە و بۆیە خانە لەسەر خاسە دروستكران 81 .
بەدروستكردنی پردی خاسە , دیوی قۆرییەو مەجیدییە گەشەی كرد , بۆیە پلەی دووەمی گەشەی شار بەرینبوونەوی قۆرییە بوو لەوبەر پردەكە . ((ساڵی 1890 قۆریە لە 3 : شاترلو , ساریكەهیە , بەگلەر پێك دەهات 82 .
((بەشە دەشتایەكەی شاری كەركوكیش (قۆریە ), سەرەتای سەدەی هەژدەیەم دەست بە ئاوەدان كردنەوەی كراوە , ناوی قۆریەش لە گوندێكی بەو ناوە وەرگیراوە 83 .
هاوكات لە پاڵ چایخانەی مەجیدییەوە ((تەكیەی سەید ئەحمەدی خانەقا , لە ساڵی 1860 لە دروستكردنی بونەوە 84 .
دروستكردنی تەكییەی سەید ئەحمەد خانەقا , كە كەسایەتییەكی كوردی بەهێزی خاوەند نفوزی هەموو ناوچەی كەركووك بوو , هەنگاوێكی گەورە بوو بۆ گەشەدان بە شار و پەیدا كردنی هژمۆنیای زیاتری كورد لە كەركووكدا , هاوكات پەیوەندی مورید و هەوادارەكانیشی بە كەركووكەوە بەهێز دەكرد .
گەداو هاووڵاتیان , جوتیار و ئاغاكان بە خۆیان و دیارییەكانیانەوە دەهاتنە خزمەت شێخ , شێخ لە لایەن ماڵباتەكەیەوە پشتیوانی لێ دەكرێت , بۆیە ئەگەر كەسایەتی بەهێزو نیشتمان پەروەر بێت , بەهۆی پەیوەندی نەرێت پارێزی باوەوە لەو سەردەمە كارایی لەسەر پارسەنگی نفوزی نەتەوەكانیش دادەنا لەشار .
كەركووك لە ساڵی 1880 پێك دەهات لە (( 4630 ماڵ , 1183 دوكان , 284 عەرەسە , 12 نانەواخانە , 12 حەمام , 64 باخچە , 68 ڕەز , … 85 .
هەرچی نووسەری ئەلبانی شەمسەدین سامییە لە لە ئەنسكلۆپیدیای عوسمانی كە لەساڵی (1896) لە چاپخانەی(میهران) لە ئیستانبۆڵ چاپ كراوە لە سەر كەركووك بەم شێوەیە نوسیوییەتی((قەڵایەك, 36 مزگەوت , 7 قوتابخانە, 15 تەكیە و زاویە, 12 خان , 1282 دوكان , 8 حەما م , پردێك , روشدییەك , 3 كەلیسای هەیە.
شارەكە بە نێو قەڵا و ئەو گەڕەكانەی لەدەوروبەر و لای راستی قەڵا درووست كراون پێك دێت . سێ لەسەر چواری دانیشتوان كوردن و بەشەكانی دیكەش لە نستوری, تورك و عارەب و هتد, پێك دێن. 760 ئیسرائیلی(خۆی نەنووسراوە یەهودی, نووسراوە ئیسرائیلی) 460 كلدانی. سەرەڕای ئەوەی كە چەند كاروانسەرایەكی بۆ بازرگانی هەیە, كشتوكاڵی بەراو هەیە و لەدەوروبەرییەوە باخی میوە هەن.لەدەوروبەری شار ئاوی كانزایی و نەوت زۆرە.
لەشار ئامێری رستن و چنینی قوماش هەیە.
لە شاردا نزیكەی 20 ئامێری رستن و چنینی قوماش هەیە.لەشار دەباغی دەكرێت و تەنانەت ئاوریشم بەرهەم دێت. ئاوی شكوفەی پرتەقاڵ دەگیرێت. لەهاوین ئاو و هەوای گەرمە. ئاو و هەوای شار فێنك و پاكە. لە شارەكەدا چەند مەقبەرەیەكی لێیە و هەندێ پیر و چاكیش قەبرەكانیان خەڵك دەچێتە سەری)) *.
بەم شێوەیە دەبینیین كەركووك لەم ماوەیەدا گەورە بونەوەیەكی فراوان بەخۆوە دەبینێت , لە دوای دروستكردنییەوە تا ئەوكات بێ هاوتا بووە .
گرنگترین قوتابخانە سەرەتاییەكانی كەركووك ئەمانەی خوارەوەن , لەگەڵ ساڵی دروستكردنی :
-قوتابخانەی غەوسییە ( حەلواچییەكان ) ساڵی 1709 .
-قوتابخانەی الایوبییە , ساڵی 1710 گەڕەكی شاترلو.
-قوتابخانەی پیشەسازی 1868 لە كۆتایی شەقامی ئەتلەس .

  • قوتابخانەی ڕشدیە ساڵی 1868 ( یەكەم قوتابخانەی نڤامی لە كەركوك دامەزرا لە گەڕەكی ئەخی حوسێن .
    -قوتابخانەی ئیبراهیم پاشا لە شاترلو ساڵی 1891 .
    قوتابخانەی نائب ئۆغلی ئەخی حوسێن 86 .

15 ساڵی یەكەمی سەدەی بیست , لە كەركووك ژیان وەك خۆی مایەوە , پاشان بەهۆی گەشەی بازرگانی و هاتنی بێگانەوە بۆ ناو عێراق , لە دوای داگیركردنییەوەلەساڵی 1918 گەشەی كرد . وەلێ لە ڕووی قەبارەو ژمارەی دانیشتووانەوە , جگە لە سەردەمی گرانی گەورە , شار هەر لە مەزن بوون و گەورە بونەوەدا بوو .
((ڕوپێوی شاری كەركوك و هەولێر لە نێوان ساڵانی 1890- 1914 بوو بە دووجاری خۆی 87 .
(( ساڵی 1920 ڕوپێوی كەركووك بوو بە 4,8كم2 88 .
بە دوای داگیركردنی عێراق لە لایەن ئینگلیزەوە . ((پۆلیسخانە لە ڕۆژهەڵاتی خاسەوە لە ئەشەك مەیدان دروستكرا , مەلهایەك ( دعارە) لە تەنیشتییەوە كرایەوە بۆ پۆلیسەكان 89 .
لە سەردەمی جەنگی جیهانی یەكەم , دەست كرا بە دروستكردنی هێڵی ئاسنینی بەغدا – كەركوك . بە دوایدا ویستگەی شەمەنەفەری كەركووك دروستكرا . بوونی شەمەندەفەر و هاتنی ئۆتۆمۆبێل گەشەی بە شار دا , بوونی شەمەندەفەر و ئۆتۆمۆبێل هۆكاری گەشەی شارن , هاوكات گەشە بە پەیوەندی و بازرگانیش دەدات . ئیتر سەردەمی كۆڵانە تەسكی ئەوپەڕ داخراوی بن تاقدارەكانی بڵاخ و چقور و موسەڵا نەما , كۆڵانەكان دەبێت فراوان دروست بكرێن , چونكە ئۆتۆمبێل و عارەبانچی پێدا تێ دەپەڕن . دروستكردنی شەقامی بەرین , قەبارەی شاری گەورە كردەوە , سەرباری ئەوەی زۆر پیشەو كارگێڕی نوێی وەك پۆلیسی هاتوچۆو دوكانی فیتەری و فرۆشیاری یەدەكی ئۆتۆمۆبێل و پەنچەرچی …. لەگەڵ خۆیدا هێنا .
دەزگای پۆلیس , گومرگ , باج , یانەی وەرزشی , نەخۆشخانەی سەربازی هەموو ئەمانە پێویستی ئینگلیزەكان بوو لە عێراقدا , بۆیە سوپای ئینگلیز كەوتنە دروستكردنی ئەم دەزگایانە لە شارەكانی عێراق .
شاری كەركووك لە ڕوی كاڕگێڕییەوە لە ماوەی 4 دەیە , دوو گۆڕانكاری بەسەردا هات , ساڵی 1879 متەسەرفییەی كەركووك بوو بە بەشێك لە ولایەتی موسڵ , دوایی بوو بە ولایەتێكی سەربەخۆو لە ساڵی 1919 هەولێری لێ جیا كرایەوە 90 .
هاتنی ئینگلیزەكان سەرباری ئەوەی وەك ئاماژەمان پێی دا , بۆ پێداویستی خۆیان كەوتنە دوستكردنی دەزگا ئیداری و خزمەتگوزارییەكان , لە لایەكی دییەوە تەرزی نوێ لە خانەسازی و نەخشەی شەقامی نوێشیان لەگەڵ خۆیاندا هێنا .
لە سەردەمی داگیركەری بەریتانیاشدا ساڵی 1919 ئینگلیزەكان سەرایكی دوو نهۆمی یان لە ڕۆژئاوای شارەوە بە بەرد وقسڵ دروست كرد و بانیشیان بە ئاسن و برغو قایم كرد تا ساڵی 1972 یش هەر سەرای حكومەت بوو 91 .
پەیدابوونی خانوی چەند نهۆمی , بەكارهێنانی چیمەنتۆ و شیش و شێلمان , تەشەنەكردنی تەرزی خانووی ڕۆژئاوایی گرنگترین سیماكانی تەلارسازییە لە دوای هاتنی ئینگلیزەكان بۆ عێراق .
هەروەها دوای هاتنی ئینگلیزەكان , گرنی دان بە دیوی دەرەوە بە تایبەت باخچەی بەر دەرگا زیادی كرد , بە پێچەوانەوە لە تەرزی خانوی ڕۆژهەڵاتی گرنگی بە ناوەوە دەدرا .
بەڵام ئەك گۆڕانكارییانە تاكو دەیەكانی دوایی لەسەرخۆو بە هێمنانە دەچووە پێشەوە ((چەمەنتۆ لە چوارچێوەیەكی تەسك بەكارهێنراوە , بەهۆی بەرزی نرخەكەی و بەكارنەهێنانی لەوە پێش 92 .
كاتێك دەوڵەت كەوتە دروستكردنی خانوو بۆكارمەندانی كەرتی نەوت لەسەر تەرزی ڕۆژئاوایی , ئیتر ئەم مۆدەیە لە شاردا بڵاو بوەوە و جێكەوت ((لە سەرەتای پەنجاكان سەدان خانوو بەناوی گەڕەكی عەرەفە دروستكرا(كركوك جدیدە), زۆربەی دانیشتوانییان ئاشوری و ئەرمەن و توركمان بوون 93 .
هەروەسا بۆ وەڵامدانەوە بە پێویستی سوپای ئینگلیز لە شارەكە (( هێزەكانی ئینگلیز ئوتێلی Resthouse ییان دروست كرد . بە دوایدا لە ساڵی 1925 , ئوتێلی ئەحمەد پاڵاس لە شوێن ئوتێلی كەركوكی ئێستا دروستكرا 94 .
واتە كەركووك لە قۆناغی خانەوەگواستییەوە بۆ قۆناغی ئوتێل پاڵاس , ئەمەش هەنگاوێكی مێژوییە بۆ مۆدێرنە بوونی شار .
تێكەڵ بوونی عێراق بە جیهانەوە , ڕادیۆو تەلەگراف و تەلەفۆن و تەلەفزیۆن و سینەمای لەگەڵ خۆیدا هێنا , ئەمانەش هەموو كەركووكییان گرتەوە (( ساڵی 1940 سینەما غازی دروستكرا , لە نزیك پردی بەردین 95 .
لە ناوەڕاستی سەدەی 16ەوە وەك ئاماژەمان پێیدا , ژمارەی خانووەكانی كەركووك , تەنها لە 168 خانوو پێك دەهات , لە ناوەڕاستی سەدەی بیست و لە ماوەی 4 سەدەدا , ژمارەی خانووەكانی زیاتر لە 47,1 جار زیاد دەكات بۆ زیاتر لە 8000 خانوو .
((ژمارەی خانوەكانی خۆی لە 8000 خانویەك دەدا , ژمارەی دانیشتوانەكەشی لە 60000 كەسێك زیاترە كە زۆربەیان بەتوركی و كوردی دەدوێن 96 .
((گرنگترین شەقامی شارەكە دەژمێرن كە 18 شەقامن 97 .
گواستنەوەی قەوارەی بەرهەم هێنانی ئابوری وڵات لە كشت و كاڵەوە بۆ بەرهەم هێنانی نەوت , تەكانی گەورەی بە شار دا , بەمەش سەنگی ئابوری لە لادێوە گواسترایەوە بۆ شار ( كەركووك – موصڵ- بەسرە- بەغدا ).
((ساڵی 1952 ەوە بۆ 1955 ژمارەی 341 خانوو لە عەرەفە دروستكرا 98 .
((ساڵی 1952 ژمارەی 12 خانوو )) وە(( 1953 ژمارەی 98 خانوو )) . ((ساڵی 1954 ژمارەی 202 خانوو تەواو كرا )) (( 1955 ژمارەكە گەیشتە 341 خانوو)) 99 .
تەنها لە نێوان ساڵی 1949 بۆ 1952 , لە شاری كەركووك بە فەرمی داوای مۆڵەت بۆ دروستكردنی 705 خانوو كراوە , هەرچەندە لەو سەردەمە ڕێگری یاسایی لە بەردەم خانوو درۆستكردن هەبووە , بۆ ئەوەی جوتیاران لادێ بەجێ نەهێڵن بگوازنەوە بۆ شار .

ساڵ 1949 1950 1951 1952
كەركوك (ژ مۆڵەت) 148 162 158 237
كۆی عێراق 3347 2950 2956 4343 100 .
لە بەشەكانی داهاتوودا بە چڕی و تێرو تەسەلی لە گەشەكردنی شاری كەركووك لە نێوان ساڵانی 1947 بۆ 1957 لە هەموو بوارەكان دەكۆڵینەوە .
بەم شێوەیە كەركووك لە گەورە بونەوەی بەردەوامدا بوو لە ساڵی 1973 ڕوپێوی گەیشتە 24,7 كم2 , دوانزە ئەندازە قەبارەی قەڵا 101 .
*مەختوتەی ژمارە 2636 لە پەرتوكخانەی ئەوقافی بەغدا هەیە , لە ساڵی 1117 هیجری كەركووك بە بەلدە هاتووە , لە مەختوتەیەی دیكە كە لە 1135 هجری بە ژمارە 20629 بڵاوكراوەتەوە بە لادێ ناوی هاتووە , دیارە لەو ماوەیەدا ڕوداوو برسێتی كەركووكی گرتۆتەوە ( هویە كركوك – محمد علی قەرەداغی –ئاراس –ص8-9 ).

  • بە پێی سەرچاوەی ( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ایلاف 14-7 – 2005 ) كارستن نیبۆر فەرەنسییە , وەلێ بە پێی سەرچاوەی 102 .
    **(( گەڕەكی ئیمام قاسم كۆنترین گەڕەكی كەركوكە 103 .
    ***(( بەگوێرەی كۆنترین سەرچاوە لە بەردەستماندایە , كە مێژووی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1548 , لە گەرەكی قۆریە 70 ماڵ هەبووە , بە ئەندازەی لادێیەكی بچوك بووە 104 .
    ****((گەڕەكی شوان , شوێنەواری ماوە بەرامبەر ئەحمەد ئاغایە 105 .
    *****((تسن لە سالی 1548 لە 93 ماڵ پێك دەهات 106 .
    ****** بەڵام نوسەرێكی دیكەی توركمان پێی وایە لە 360 دوكان پێك دێت (( قەیسەری كەركوك 360 دوكانی تێدایە , 12 شوقە لەسەریەوەیە 107 . ناوبراو پێی وایە 360 دەربڕی ڕۆژەكانی ساڵ و 12 ەكە دەربڕی مانگەكانی ساڵە.
    * قشڵە ((قشلاق وشەیەكی توركییە)) .

گەشەكردنی ژمارەی دانیشتوانی شاری كەركووك

وەك پێشتر ئاماژەمان پێی دا , كەركووك شارێك بووە زۆر كەم گەڕیدەو گەشتیار و ڕۆژهەڵاتناس سەردانییان كردووە و ڕێیان تێی كەوتووە , بۆیە كەمترین زانیاری لەبەردەستدایە سەبارەت بە قەبارەی شارەكە و ژمارەی دانیشتووانی .
بۆ داریكردنی قەبارەی شارێك , دەشێت خەمڵاندنەكان زیاتر ئامانج بپێكێت , چونكە لە ئاستی دیاریكردنی گەڕەك و ڕێژەی ئاوەدانی شاردایە . بەڵام ئەم خەمڵاندنانە بۆ دیاریكردنی ژمارەی دانیشتوان ئەنجامی نادروست دەدات بە دەستەوە , چونكە بەبێ ئەنجامدانی ئامار ناتوانرێت لە ڕێگەی خەمڵاندنەوە , ژمارەی دانیشتووانی شارێك دیاری بكرێت , ئەمە لە كاتێكدا ئەو ئامارانە لە مەزەندەی ئەو كەسانە زیاتر نەبوونە . سەرباری ئەمە زۆر لەو زانیارییانەی كە هەن , لەگەڵ یەكدیدا ناكۆك دەكەونەوە . بۆیە ئەو ئامارانەی لەبەردەستدان هەموو مەزەندە و قەبڵاندنی گەڕیدە و گەشتیارانە , ئەوانیش ماوەی كەم لە شارەكە ماونەتەوە , نەیانتوانییوە زانیاری تەواو لەسەر ژمارەی دانیشتووان كۆبكەنەوە .
تاكو دوای داگیركردنی عێراق لە لایەن ئینگلیزەوە , دەوڵەت هیچ جۆرە ئامارێكی نەكردووە بۆ دیاریكردنی ژمارەی دانیشتووان , بۆیە لە ڕوی زانیارییەوە لەم بوارە كەركووك هەژارە , ئەوەی هەیە و لەبەردەستدایە جێگای متمانە پێكردن نی یە .
ئاماری مۆدێرنی جیگەی متمانە , تاكو ساڵی 1947ز ئەنجام نەدراوە لە شاری كەركووك , ئەوەی هەیە گریمانەو مەزنەدەیە , نەتەوەییە بەرچاو تەنگەكان ( كورد و توركمان) ئەو وتەو ژمارانەی لە قازانجی خۆیانە بەكاری دەهێنن , ئەوانەشی بە پێچەوانەی دروشمە سیاسییەكان ئەمڕۆیانە , چاوی خۆیانی لە ئاست دەنوقێنن , ئەمڕۆ جەنگ لە سەر خاوەندارییەتی شاری كەركووك لە جەنگی ژمارەكانی ڕابردوەوە سەرچاوەی گرتووە .
گەڕۆكی ئینگلیزی بكنغام لە ساڵی 1816 , سەردانی كەركووكی كردووە , بەم شێوەیە ئاماژە بە ژمارەی دانیشتووانی شار دەدات : ((كەركوك لە 3 بەش پێك دێت , هەربەشێكیان ڕوپێوێكی فراوانی هەیە , بەشی سەرەكی لەسەر تەپۆلكەیەكە كە بە تەپۆلكەكەی ئەربیل دەچێت , لەناو ئەم قەڵایە ژمارەیەكی زۆر خانوو هەیە , منارەی هەر 3 مزگەوتەكە لە خانوەكانی دیكە بەرزترن , ژمارەی دانیشتوانی لە نێوان 5-6 هەزارە . بەشی دووەمی شار , كە گرنگە بۆ پارێزگاری لە شار , ئەم بەشە ڕوپێوی فراوانتر و ژمارەی دانیشتوانیشی زۆرترە لە بەشەكانی دیكە . دەكەوێتە دەشتایی پاڵ قەڵاوە , لە وێدا خانە سەرەكییەكانی شارو چایخانەو بازاڕەكان هەیە , دانیشتوانی ئەم بەشە نزیكە لە 10000 كەسە . بەشی سێیەمی شار نیو میل لە دوو بەشەكەی دیكەوە دوورە , ئەم بەشە بچوكترین بەشە , خانووەكانیشی پەرتە , ژمارەی دانیشتوانی لە 1000 كەس تێپەڕ ناكات , بەمەش كۆی ژمارەی دانیشتوانی كەركووك لە 15000 تێپەڕ ناكات 108 .
وەلێ كلیمانی فەرەنسی 4 دەیە دوای بیكنغام , لە ساڵی 1856ز سەردانی كەركووكی كردووە, ڕونتر پەنجە لەسەر ژمارەی دانیشتووانی شار دادەنێت ., ئەو ژمارەی دانیشتووانی شاری كەركووك دیاری دەكات بە 25000 كەس , جگە لە سەربازانی عوسمانی لە شارەكە , ئەوەش دیاری دەكات كوردەكان 75% دانیشتووانی شار پێك دەهێنن 109 .
دوای كلیمان بە 17 ساڵ , ئەندازیاری ڕوسی یوسیب تشیرنیك , كە لە ساڵانی 1872-1873 سەردانی كەركووكی كردووە , ژمارەی خەڵكی شارەكەی بە 12000-15000 دیاری كردووە . باس لەوە دەكات هەموو دانیشتوانی شارەكە كوردن , جگە لە 40 خێزانی كریستان نەبێت 110 .
لە كۆتایی سەدەی نۆزدە بەگوێرەی زانیاری بارۆن ئیدوارد نۆڵد (( كەركووك شار و ناوچەیەكی گرنگە بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی لە توركیا بەرچاوم كەوتن , دانیشتووانی كەركووك 17 هەزار كەسە 111 .
دوای دوو دەیە لەو گەشتەی یوسیب تشیرنیك , شەمسەدین سامی ژمارەی دانیشتوانی شاری كەركوكی لە قاموس ئەعلامی توركی بە 30000 دیاری كردووە , لێ دوای 10 ساڵ لەو مێژووە , میجەرسۆن ئەو ژمارەیە كەم دەكاتەوە بۆ نیووە .
((میجەرسۆن لە ساڵی 1907دا , 16 ڕۆژ لە یەكێك خانەكانی كەركوك ماوەتەوە , ژمارەی دانیشتوانی كەركوكی بە لانی كەم 15000 دیاری كردووە 112 .

11 ساڵ دوای گەشتەكەی مێجەرسۆن , ئەدۆنیس ژمارەی شاری كەركووكمان دەداتێ ((ئەدۆنیس : كاتێك بەریتانییەكان داگیرییان كرد ژمارەی دانیشتووانی شارەكە دەگەیشتە 25 هەزار كەس 113 .
ساڵی 1920 ژمارەی دانیشتووانی بەشی ڕاستی شاری كەركووك گەیشتە 32191 كەس , كۆی دانیشتووانی شار گەیشتە 59210 كەس 114 .
لێرەوە ئەم جیاوازییە ئاشكرایانەمان بۆ دەردەكەوێت لە دیاریكردنی ژمارەی دانیشتووانی شار , دەبینیین هەر كەسە كە سەردانی شاری كەركوكی كردووە , ژمارەیەكی داوە بە دەستەوە , ئەمەش بەهۆی ئەوەوە بووە , زانیاری درووست نەبووە لەسەر ئاماری شار .
لە لایەن دەسەڵاتدارییەتییەوە ئاماری دروست نەكراوە , تاكو ئەو بێگانانە كەڵكی لێ وەربگرن لە یاداشتنامەو نوسینەكانیان .
نەبوونی سەرژمێری دەوڵەتی و بانكی زانیاری لە شار , هۆكاری ئەم سەرلێشێوانەیە , كە بێگانەكان گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتی خۆیان , لە دەفتەری بیرەوەری و نوسراوەكانیان , بە مەزەندەی خۆیان ژمارەی دانیشتوانی شاری كەركووكیان دیاریكردووە , بۆیە ژمارەكان ناكۆك لەگەڵ یەكتر, ناتوانرێت پشتیان پێ ببەسترێت و وەك بەڵگەنامەی بە متمانە كەڵكی لێ وەربگرترێت , بكرێنە سەرچاوە بۆ توێژینەوە و یەكلایكردنەوەی كێشە مێژوییەكان و ساغكردنەوەی ناسنامەی شارەكە .
هەرچەندە هۆكار زۆر لە ئارادا بووە , بۆ ئەوەی ژمارەی دانیشتووان بەردەوام لە بەرزبونەوەو دابەزیندا بێت , لە گشتدا گەشە نەكات و لە شوێن خۆی ڕابوەستێت , لەوانە : گرانی , نەخۆشی , لافاو , شەر ِ, قات و قڕی …. .
سەرما و گەرما ڕۆڵی گرنگیان هەبووە لە زۆربوونی ڕێژەی مردن , سەرباری نەخۆشی . با چاوێك بخشێنیین , بە بەشێك بچووك , لە گرنگترین ئەو ڕوداوە سروشتیانەی , لە ماوەیەكی كوورتی مێژوییدا , لە ناوچەی كەركووك ڕویانداوە , كە بوونە بە هۆكاری مردنی بە كۆمەڵ و ماڵ وێرانی بۆ هاووڵاتییانی شارەكە . ئاكامیان بە كەمبونەوەی ژمارەی دانیشتوانی شار و چۆڵ بوون و وێران بوونی تەواو بووە , ئەمە سەرباری جەنگ و هێرشەكان , بە تایبەت هێرشی سەفەوییەكان بۆ سەر كەركووك , گرتن و مەنجەنیق بارانكردنی وەك پێشتر ئاماژەمان پێی دا ((نادر شاە لە ساڵی 1743 كەركووكی داگیر كرد , لە ساڵی 1746 عوسمانییەكان گرتیانەوە )) . یاخود ((لە ساڵی 1624 خان ئەحمەد خانی ئەردەڵان بە لەشكرێكەوە چووە سەر شارەزور و كەركوك و قەڵای كەركوكی زەوت كرد 115 .
شارەكانی عێراق و ناوچەكە لە ڕوی شێوازی دروستكردنەوە زۆر كەم و كوڕییان هەبووە , ئەم كەم و كوڕیانەش بۆتە هۆی تەشەنەكردنی نەخۆشی تیایاندا , لەوانە : (( قەرەباڵغی , پیسی , كەمی ئاوو بە تایبەت لە ناو قەڵاكان , خراپی ڕێگاو بان , بوونی گیانەوەری پیس لە شار , بەخێوكردنی ئاژەڵ لەناو ماڵان , كەمی ڕێژەی بۆشایی ناوشار و باخچەو سەوزایی , داخراوی كۆڵانە تەسكەكان , بەهۆی ئەوەوەی كۆلانە داخراوەكان فێنك بوون , هاوكات ڕەشا با نایگرتەوە , هەروەها بوونی ژێر زەمین بۆ پاراستن لە گەرما و سەرماو ڕەشەباو تكە , لەبەر بچوكی خانوو تەسكی حەوشە …. )) .
شارەكان بە گشتی و قەڵاكانییان بە تایبەت , كۆڵانەكانییان زۆر تەسك بوو , ئەمەش بە هۆی كەمی ڕوبەری شارەوە , هەروەها پاراستنیی خەڵكەكەی لە گەرمایی هەتاوی هاوین . (( كۆڵانی تەسك , خۆرەتاو نایگرێتەوە , شتی تێدا بۆگەن دەبوو , ماڵەكان پەنجەرەیان نەبوو لە نهۆمەكانی خوارەوە , تا هەوای تازە بچێتە ژورەوە , بە تایبەت ئەو ماڵانەی دەكەوتنە سەر كۆڵانەكان , كەمی ڕوپێوی شارەكان و زۆری ماڵ , وای دەكرد شوێنی باخچە لە شاردا نەبێتەوە , كۆڵانەكان پڕ بوون لەگیاندار , لە ئەسپەوە بۆ كەر و حوشتر و مانگاو مەڕو ماڵات و… گەوەڕەكانیان لە تەنیشت شوێنی ژیانی خەڵكەكەوە بوو , یان لەو خانانەی نزیك بوون لە گەڕەكەكانەوە . ئەوەی ببوە دیاردەی ئاسایی ئەو پاشماوە و پیساییانە بوو لە گەڕەكەكان هەڵدەگیران , دواتر دەكران بە سوتەمەنی بۆ حەمامەكان , دەبوونە دایانگای مێش و مەگەز و سەرچاوەی نەخۆشی 116 .
شارەكانی عێراق لە سەدەی 15 ەوە , لەهەموو خزمەتگوزارییەكی تەندرووستی بێ بەش بوون , كەوتنە بەر شاڵاوی زۆر جۆرە نەخۆشی كوشندە , لە چەشنی تاعون و كولێرا و مەلاریا و تیفۆید , لە ساڵەكانی 1689 و 1719 و 1773 و 1774 و 1776 و 1780 و 1790 و 1801 و 1827 و 1830 و 1873 و 1874 و 1875 و 1876 و 1877 و 1899 و 1901 و 1902 و … هتد .
((لەو ماوانەدا زۆر جۆر نەخۆشی عێراقیان گرتەوە . هەر یەكێك لەم نەخۆشیانە , زیانی ئابوری و مرۆیی گەورەیان لێ كەوتۆتەوە , ئەمەش بەهۆی ئەوەوەی , دەسەڵاتدارییەتی عوسمانی گرنگی نادا بە كەرتی تەندروستی 117 .
مشك و جرج , یەكێك لە هۆكارەكانی تاعوونن لە مێژوودا . كە بەرفراوانی لەو شارە قەڵا ماڵە بچوك و تاریكانەدا بڵاو ببونەوە .
گرنگترین ئەو ڕوداوانەی لە كەركووكدا هاتنە ئاراوە , ئەوەی تۆمار كراوە بریتین لە :
((لە ساڵی 1248ز بارانێكی زۆر باری , لادێیەكان كەوتنە ژێر ئاواوەوە , قەڵای كەرخینی هەرەسی هێنا 118) .
ساڵی 1744 كولە دای بەسەر ناوچەی كەركووكدا (من احداپ كركوك 1700-1959- نجات كوبرلی اوغلو ).
((ساڵی 1757 … ( بەهۆی كارەساتی سەرماو بەفرەوە , ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتیانی كورد گیانیان لە دەست دا , تەنانەت كەس نەبوو تەرمەكانیان بشارێتەوە 119 )
(( هەمان ساڵ ناوچەكە كەوتە بەر هێرشی بەرفراوانی كولە . سەرباری برسێتی بەهۆی پەلاماری كولەوە. لە دواییدا نەخۆشیشی هاتە سەر . مردن ئەوەندە زۆر بووە , كە فریای ناشتنی تەرمەكانیان نەكەوتن 120 ) .
ساڵی 1770 پلەی گەرما هاتە خوارەوە , بووە هۆی فەوتانی بەروبوومی كشت و كاڵ و هاتنی گرانی (من احداپ كركوك 1700-1959- نجات كوبرلی اوغلو ).
ساڵی 1771 جارێكی دیكە كەركووك كەوتە بەر شاڵاوی كولە , لە ئاكامدا بەروبوومی كشت و كاڵ فەوتا و گرانی لێكەوتەوە .
ساڵی 1772 تاعون كەركووكی گرتەوە كە لە ئەستەنبوڵەوە هاتبوو , ئەمەش بووە هۆی ئەوەی خەڵك شارەكە بەجێ بهێڵن .
ساڵی 1773 باران زۆر باری بووە هۆی زۆری بەرهەم و هەرزانی (من احداپ كركوك 1700-1959- نجات كوبرلی اوغلو ).
ساڵی 1785 وشكە ساڵ بوو , بووە هۆی گرانی و كەمبوونی خۆراك و برسێتی لەناو هەژاران (من احداپ كركوك 1700-1959- نجات كوبرلی اوغلو ).
ساڵی 1792 جارێكی دیكە وشكە ساڵ بوو , بووە هۆی گرانی و برسێتی .
ساڵی 1802 تاڵانی ناوچەی شنۆو لاجان هێنرایەوە بۆ شار , كە لە هۆزی بڵباسیان گرتبووە , دابەشكرا بەسەر دانیشتووانی شاری كەركووك ( 60000 سەر مەڕ- 2000 مانگا – 2000 گا) 121 .
(( ساڵی 1815 گرژی كەركوكی گرتەوە , چەند مانگ درێژەی كێشا 122 .
((فارسەكان لە نێوان ساڵانی 1821-1823 شارەكانی كەركوك –سلێمانی- موسڵیان داگیركرد , بەڵام بەهۆی بڵاوبونەوەی نەخۆشییەوە پاشەكشەیان كرد 123 .
ساڵی 1821 كولێراو زەردویی كەركووكی گرتەوە كە لە هیندستانەوە هاتبوو , نزیك 1000 كەسی لە شار كوشت , 20 ڕۆژی خایاند 124 .
ساڵی 1824 جارێكی دیكە باران كەم باری , گرانی ناوچەكەی گرتەوە , زۆركەس لە برسان مردن , ساڵی 1827 جارێكی دیكە كولێرا ژمارەیەك هاووڵاتی شارەكەی كوشت , ساڵی 1828 كولە پەلاماری شاری دا , ساڵی 1829 قات و فڕی جارێكی دیكە كەركووكی گرتەوە .
ساڵی 1830 تاعون لە تەبرێزەوە گەیشتە سلێمانی , لەوێوە بۆ كەركووك , ڕۆژانە هەزارانی دەكوشت , دەسەڵاتی عوسمانی هانای بۆ ئینگلیز برد , خەڵك لە ترسان شاریان بەجێ دەهێشت , هەواریان لە دەرەوەی شار هەڵدا 125 .
یەكێك لەو نەخۆشییە كوشندانەی لە مێژوودا كەركووكی گرتۆتەوە , تاعونەكەی ساڵی 1830 ە , تەواوی سەرچاوەكان , ئاماژە بۆ تاعونێكی سەخت دەكەن لە ساڵی 1830 , لە شاری كەركووك , زۆر سەرچاوە پەنجەیان درێژكردووە بۆ ئەم ڕشانەوە گەورەیە , هەموویان ئاماژە بە زیانە زۆر و زەبەندە گیانییەكانی دەكەن .
(( ڕشانەوەی گەورە لە ساڵی 1830(30-50%)خەڵكی كەركوكی كوشتووە . سوپای عوسمانی تەرمی مردووەكانی بە كۆمەڵ بە عەرەبانە گواستۆتەوە بۆ شوێنی ئیسكانی كۆنی ئێستا لەو شوێنە ژێر گلی كردووە 126 . بەڵام بە داخەوە ئاماری ژمارەی دانیشتووانی كەركووكمان لە پێش و پاش تاعونەكە لەبەر دەستدا نییە , تاكو قەبارەی زیانە گیانییەكانمان بۆ ئاشكرا بێت .
((لە سەپتەمبەری 1830 , نەخۆشی تاعون لە كەركوك بڵاو بوەوە 127 ) .
((ساڵی 1830 تاعون لە كەركوك بڵاو بوەوە ) .
((تاعون بەشێكی زۆری شاری وێران كرد , خەڵكی لە شار دەركرد 128 .
((تاعون و برسێتی هات , بەجارێ خەڵكی داڕزان و دوژمنی بۆ هێشتینەوە , بە جۆرێك كاتێ دزی دەكرا هەر كۆمەڵە تۆمەتەكەی دەخستە پاڵ ئەوەی تر 129 )
((دوای ئەمە نەخۆشی تاعون وڵاتی داگرتوە بە جۆرێك نیوەی دانیشتوانی شارەكەو دێهاتەكانی دەوروبەری لەناو برد 130 .
ساڵی 1832 و 1845 كولێراو تاعون جارێكی دیكە كەركووكی گرتەوە , هەر جارەی ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتی شاری كوشتووە , ئەوە نییە ئەمە یەكەم و دوا نەخۆشی بووبێت , خەڵكی شاری كەركووكی بە كۆمەڵ لەناو بردبێت , لەم بوارەدا نموونەی دیكەمان زۆرە :
(( ڕشانەوەی بچوك هاوكات لەگەڵ ساڵی گرانییەكە زیانی گەورەی نەگەیاندوە 131 ) .
((لە گرانی گەورە , برسێتی و گرانی بێ ئەندازە , سەدان كەسی لە كەركوكدا لە برسێتی كوشت 132 .
مردن بە برسێتی و نەخۆشی گرانی گەورە , كاریگەری جەنگ و تاڵان و بڕۆی عوسمانییەكان بوو لە سەر خەڵك , عوسمانی دەوڵەتێكی سەربازی بوو , بۆیە بەردەوام لە جەنگدا بووە ((لە سەرەمی عوسمانییەكان خەڵك كەوتنە بەر شاڵاوی تاڵان و بڕۆ ) .
سەرباری تاڵان و بڕۆی خەڵك , باجێكی زۆریشی بە دوادا هات ((لە هەر كەرێكی بێ بار 1 فلس باج وەردەگرترا , بەڵام كەری باردار 4 فلوس باجەكەی بوو ) .
لەبەر ئەوەی سوارە پیادە باجی لەسەر نەبوو خۆی لێ دەبوارد (( خەڵك خۆیان بارەكەیان هەڵئەگرت تا 4 فلسی باجەكە نەدەن )
((لە لادێكان هەر سەرە مەڕو بزنێك 4 عانە باجی لەسەر دانرا ) .
سوپای داگیركەری ئینگلیز , هەڵوێستی عوسمانییەكانییان گرتە بەر بەرامبەر بە چەوساندنەوەی خەڵكی هەژار , درێژەیان بە سیاسەتی عوسمانییەكان دا ((ئینگلیزەكان ئاغاكانیان كردە وەكیلی خۆیان بۆ وەرگرتنی باج 133 ) .
جەنگ كاریگەری زۆری لەسەر خەڵك دانا , جگە لە مەرگی بە كۆمەڵ لە بەرەكانی شەڕ , هاوكات تاڵان و بڕۆ و گرانی و بێكاری و برسێتی و نەخۆشی لەگەڵ خۆیدا بۆ جەماوەر هێنا .
ئەم خشتەیەی لە خوارەوە دەیبینن , سەرژمێری گوندێكی كوردستانە , لە پێش جەنگ و دوای جەنگ , ئەوە دەر ئەخات , جەنگ چ كارێكی ناهەمواری كردۆتە سەر دێ یەكی بچووكی لاڕێی وەك ((تەبلا)).
پێش جەنگ لە پاش جەنگ
ژمارەی ماڵەكان 20 20
هێش و گاسنی جووت 15 10
25 ( 134) . مەڕ و بزن 35

بەم شێوەیە وەك بینیمان جەنگ , برسێتی , نەخۆشی , سستەمی زاڵمانەی كارگێڕی هۆكاری ئەوەن كە ژمارەی دانیشتووان بەرز نەبێتەوە .
ئەم ئامارانەی تاكو ئێستا پێشكەشمان كردن , وەك پێشتر ئاماژەمان پێیان دا , هەموو خەمڵاندنی خەڵكانی بێگانەیە بۆ سەرژمێری دانیشتووانی ناو شار , نەك لیوای كەركووك بە شار و لادێكان دەوروبەرەوە .
لە دوای داگیركردنی عێراق لە لایەن ئینگلیزەوە , بۆ یەكەمجار ئاماری ناو شار و دەوروبەرەكەی دێتە پێشەوە . (( ساڵی 1919 بە گوێرەی خەمڵاندنی بەریتانیا , ژمارەی دانیشتوانی كەركوك 92000 بوو , بەڵام بە گوێرەی ئاماری لیژنەی عوسبەی ئومەم ژمارەی دانیشتوانی 111650 كەس بوو , 3,6% دانیشتوانی سەرجەم عێراقی دیاری دەكرد 135 .
((ساڵی 1921-1924 , بە گوێرەی خەمڵاندنی حكومەتی عێراقی , ژمارەی دانیشتووانی لیوای كەركوك , گەیشتۆتە 111650 كەس 136 .
(( ڕاپۆرتی كۆمەڵەی نەتەوەكان (عوصبە الامم) كە لە لایەن لیژنەی تایبەتییەوە لە ناوچەكە لە كوردستانە لە ساڵانی (1922-1924)ئەنجام دراوە : ژمارەی دانیشتوانی لیوای كەركووك , گەیشتە 111,650 كەس و بە پێی نەتەوەكانیان بەم پێیە دابەش بوونە : كورد 42,5% و عەرەب 31,9% و توركمان 23,4% و ئەوانی تر 2,2%, كۆی ژمارەیان 100% 137 ) .
سەرژمێری 1925 لیوای كەركووك 138850 كەس بووە , بە گوێرەی ئاماری حكومەتی عێراق ژمارەی دانیشتووانی لیوا 136795 كەس بووە 138 .
لە ساڵی 1930دا , بۆ یەكەمجار لە مێژوودا , دەزگایەكی حكومی , ئاماری ناو شاری كەركووك دەكات , هەرچەندە پێی ناچێت ئامارەكە فەرمی و زۆر ورد بوبێت , بەڵام دەشێت تاكو ئەوكات نزیكترین ژمارەی نزیك لە ڕاستییەوە بوبێت ((ساڵی 1930 ئامارێك كە شارەوانی كەركوك پێی هەڵسا , بەگوێرەی ئەو ئامارە ژمارەی دانیشتووانی شاری كەركوك 35000 بوو 139 ) .
هیچ كام لەم سەرژمێریییانەی ئاماژەمان پێیان دا تا ئێستا بە شێوەی ڕێك و پێك و مۆدێرنانە ئەنجام نەدراون , بۆیە بازنەی كەم هێنان بەرفراوانە . دەتوانیین لە ساڵی 1947 ەوە , پشت بە سەرژمێرییەكان ببەستین , كە شێوەی فەرمی و سەرتاسەریی ئەنجامدراوە (( هەرچەندە سەرژمێری ساڵی 1947 یەكەم سەرژمێری ڕەسمییە كە دەكرێت پشتی پێ ببەسترێت , بەڵام ئەو سەرژمێرییەش دوا بە دوای شاڵاوی سوپا بۆسەر كوردستان لە سییەكان و چلەكاندا كراو ئەو دەمەش خەڵكی هوشیارییەكی ئەوتۆیان نەبوو لە ترسی باج و خزمەتی سەربازی خۆیان دەشاردەوەو خۆیان ناونووس نەدەكرد 140 ) .
((لە ساڵی 1947 لەسەر بنچینەی مۆدێرن ئامار كرایەوە , ژمارەی دانیشتوانی لیوا گەیشتە 286005 كەس كە دەیكردە 5,9% ی هەموو عێراق 141 ) .
بەڵام ناو شاری كەركووك ((ژمارەی دانیشتوانەكەشی لە 60000 كەسێك زیاترە كە زۆربەیان بەتوركی و كوردی دەدوێن 142 ) .
((ساڵی 1947 ژمارەی دانیشتووانی كەركووك 67756 كەس بوو , كە 18000 لە وانە شوێنی لە دایكبونیان شارەكانی دیكەیە 143 ) .
10 ساڵ دوای ئەو سەرژمێرییە , سەرژمێرێكی فەرمی دیكە لە ساڵی 1957 ئەنجام درا , تاكو ئێستا بە متمانە پێكراوترین سەرژمێری دیاری كراوە لە عێراق , بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشەی ناسنامەی كەركووك پشتی پێ دەبەسترێت ((سەرژمێری ساڵی 1957 گونجاوترین سەرژمێرییە كە پشتی پێ ببەسترێت , چونكە لە بارودۆخێكی گونجاوتردا كراوە 144 ) .
بە گوێرەی ئەو سەرژمێرییە , ژمارەی دانیشتووانی ناوەندی شاری كەركووك , گەیشتە 120402 كەس .
بەم شێوەیە دەبینیین لە ماوەی نێوان ساڵانی 1930 بۆ 1947 – 1957 ژمارەی دانیشتووانی شاری كەركووك , تەكانی بێوێنەی بە خۆوە بینیووە , لە ماوەی ئەم 27 ساڵەدا , نزیك بە 350% گەشە دەكات .
لە بەشەكانی داهاتوودا , لە گۆڕانكارییە كۆمەڵایەتی و ئابورییەكان دەكۆڵینەوە كە لەو ماوە مێژووییەدا (1947-1957) لە كەركووكدا ڕویان داوە , لێ ئێستا بەكورتی دەتوانیین گرنگترین ئەو هۆكارانە لەم سەرە خاڵانە كورت بكەینەوە :-

  • كۆچی جوتیارانی بێكار ڕوو لە شار .
  • زۆربوونی ژمارەی لە دایك بوون و كەمبونەوەی ڕێژەی مردن .
  • بوونی كۆمپانیای نەوت لە كەركووك پێویستی بەهێزی كار .
    ((سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن , ژمارەی كۆچبەران بۆ شاری كەركووك , لە شارەكانی دیكەوە , لە نێوان 1947 – 1957, زیاتر لە 39000 كەس بووە 146 ) .
    وەك ئاماژەمان پێیدا , بەرزبوونەوەی ڕێژەی لە دایك بوون و دابەزینی ڕێژەی مردن , هۆكاری ئەم گەشەكردنەی ژمارەی دانیشتووانە , دیارە باری تەندرووستی , خۆراك , خوێندن لەو ماوەیەدا چووە سەر .
    ڕێژەی لە دایك بوون لە پارێزگای كەركووك (1957-1987) بە هەزاران
    ساڵ لە دایك بوون بە هەزار
    57-58 7,3
    60-67 19,5
    77-87 28,7 (147)
    هەرچی ڕێژەی مردنە , بە پێچەوانەی لە دایك بون لە دابەزیندا بووە :
    ڕێژەی مردن لە پارێزگای كەركووك لە ماوەی 21 ساڵدا :
    ساڵ 57- 59 60- 61 72 -73 77-78
    كەركووك 4,8 1,7 2,7 4,8
    عێراق 3,9 3,8 2,9 4,5 (148) .
    د. شاكر خەسباك لە پەرتووكی (العراق الشمالی ) بەم شێوەیە ژمارەی مردوان لە شاری كەركووك دیاری دەكات : ژمارەی مردووان ساڵی 1957(407) كەس , ساڵی 1958(796) كەس , ساڵی 1960(1072) كەس , ساڵی 1961(844) كەس , ساڵی 1962(700)كەس , ساڵی 1965(672) , ساڵی 1966(815) 149 .
    پاش 8 ساڵ لە ئاماری ساڵی 1957 , دوای گۆڕانكارییەكانی ساڵانی 1958 و 1961 و 1963 لە كوردستان و عێراق , ئامارێكی نوێ لە عێراق ئەنجام دەدرێت , ژمارەی دانیشتووانی شاری كەركووك بەم شێوەیە بەرزبوەوە :
    ((كۆی گشتی ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای كەركوك لە ساڵی 1965 گەیشتە 473626 كەس 150 .

ڕێژەی شارنشینی لە ساڵی 1965 , لە پارێزگای كەركووك و عێراق بەم شێوەیەی خوارەوە بووە:
(( لە پارێزگای كەركوك ڕێژەی شارنشینی 48,5% بووە , ژمارەی دانیشتوانی ناو شاری كەركووك 167,413 كەس بووە , كە دەیكردە 36,2% دانیشتوانی سەرجەم پارێزگا . لە پارێزگای بەغدا ڕێژەی شارنشینی 51,2% , بەصرە 46,5% و سلێمانی 21% بووە لەهەمان ساڵدا 151 . , دیارە شارنشینی دژ بە لادێنشنییە , بە پێچەوانەی یەك سەردەكەون و دادەبەزن .
لێرەوە بۆمان دەرەكەوێت , ڕێژەی شارنشینی لە پارێزگای كەركووك , لە پێش پارێزگای بەصرەوەیە , هەروەها زیاتر لە دوو بەرابەری پارێزگای سلێمانی بووە لە ساڵی 1965 , كە ئەمەش لەو كات بلە پلە بەرزەكان دادەنرا لە عێراقدا .
ڕێژەی شارنشینی لە شاری كەركووك , لە ماوەی 30 ساڵ (1947-1977) بەم شێوەیەی خوارەوە لە گەشەكردندا بووە:
ساڵ ژمارەی دانیشتووان ڕێژەی شارنشینی
1947 286005 33%
1957 388462 39%
1965 473616 48%
1975 —– 51%
1977 494767 70% ( 152 ) .
هەرچی ژمارەی لادێیە , لە پارێزگای كەركووك و سەرجەم عێراق , بەم شێوەیەی خوارەوە , لە گۆڕاندا بووە لە ماوەی نێوان ساڵانی 1957 بۆ 1987 :
ساڵ كەركووك عێراق
1957 1372 14050
16996 566 1971
16975 772 1975
1987 519 9954 (153 ) .
لە كۆتایی ئەم بەشەدا , خشتەیەك لە ئامارەكانی ڕابردووی بەشێك لە ئامارەكانی ئەم بابەتی پێشكەش دەكەم , لەسەر زۆربوونی ژمارەی دانیشتوانی شاری كەركووك لە ماوەی سەدەو نیوێكدا :
ساڵ ئەوەی پێی هەڵساوە ژمارەی دانیشتوان
1816 بكنغام 15000
1856 كلیمان 25000
1872-1873یوسیب تشسرنیك 12000-15000
1896 شەمسەدین سامی 30000
1907 میجەرسۆن 15000
1918 ئەدۆنیس 25000
1919 بەریتانیا 92000(لیوا)
1921-1924 عێراق 111650(لیوا)
1922-1924 عصبە الامم 111650
1930 شارەوانی كەركووك 35000
1947 حكومەت 67756
1957 — 120402
1965 — 167413

سەرچاوەكان :
1- (جغرافیە المدن- صبری فارس الهیتی –2002 – عمان- در الصفا‌و –ص11-12).
2-(ئەتڵەسی كەركووك –ل32).
3-( سایتی – تجمع الفلاحین والمزارعین العراق ).
4-( ل141- عصبیەت و تیۆری دەوڵەت لە بیری ئیبن خەلدوندا – ئەلبیرت عیسا –2005- چاپخانەی ڕوون .
5-( سراب النفگ- شیرین یونس- 24-8-2005 جزیرە نیت).
6-((باسەڕە –ژمارە 123 – 13-10-2005 – كەركووك لە تەرازووی ستراتیژی پێش سەدەی بیست – ئاكۆ خالید ئەحمەد ))
7-(منگقە كركوك –د.نوری گالبانی –1995 لندن – ص 38)).
8-( حیپ یوجد نفگ فپمە صینییون – حیاە 14-9-2005).
9-(( كەركووك لە ڕوانگەی مێژوەوە – د. نوری تاڵەبانی _ باسەڕە 122 – 6-10-2005)لەم سەرچاوەیە وەرگیراوە (( گە باقر – مقدمە فی تاریخ الحڤارات القدیمە –ص188)
10-(نشاە مدن العراق و تگورها – تالیف – د.عبدالرزاق عباس حسین 1973 – معهدالبحوپ والدراسات العربیە -ص71).
11-(نشاە مدن العراق و تگورها – تالیف – د.عبدالرزاق عباس حسین 1973 – معهد البحوپ والدراسات العربیە -ص71).
12-(المدینە الكوردیە –من القرن 10-13 م-فرهاد حاجی عبوش –جامعە دهوك-ل47-48).
13-((باسەڕە –ژمارە 123 – 13-10-2005 – كەركووك لە تەرازووی ستراتیژی پێش سەدەی بیست – ئاكۆ خالید ئەحمەد )).

14-(رحلە ابن بگوگە –703_779 هجری – مكتبە توفیقیە القاهرە -161).
15-(رحلە ابن بگوگە –703_779 هجری – مكتبە توفیقیە القاهرە-ص17 )
16-(كەماڵ مەزهەر – كوردستانی نوێ-ژمارە 3273).
17-.(كركوك و توابعها حكم تاریخ والچمیر –د.كمال مڤهر احمد-جز‌و اول-ص54-55).
18-(كوردستانی نوێ-ژمارە 3273- 19- 1 – 2004- كەماڵ مەزهەر ).
19- (كەماڵ مەزهەر – كوردستانی نوێ-ژمارە 3273).
20-(كەماڵ مەزهەر – كوردستانی نوێ-ژمارە 3273) .
21- (كەماڵ مەزهەر – كوردستانی نوێ-ژمارە 3273).
22-(كەماڵ مەزهەر – كوردستانی نوێ-ژمارە 3273).
23-. (كوردستانی نوێ-ژمارە 3273- 19- 1 – 2004- كەماڵ مەزهەر )
(كردستان فی قرن الپامن الهجری –د.زرار صدیق توفیق –موئسسە موكریان-2001-ص312- سەیری مجم بلدان : بەشی دوو ل38 ,- 459,310 , بەشی 4 ل 450).
24- (كركوك و توابعها حكم تاریخ والچمیر –د.كمال مڤهر احمد-جز‌و اول- (56).
25-(كوردستانی نوێ-ژمارە 3273- 19- 1 – 2004- كەماڵ مەزهەر ).
26- حمامات السوق الدمشقیە تكافح للبقا‌و من خلال السیاح والباحپین شرق الاوسگ – 7-11-‏2005)).
27-(رحلە ابن بتوتە . ص161- ص 204.) .
28- (رحلە ابن بتوتە . ص 204.) .
29-(سەنتەری برایەتی –ژمارە 20 – هاوینی 2001- كەركوك لە چەرخە كۆنەكاندا- پرۆفیسۆر -د.جەماڵ ڕەشید –ل51).
30-((التاخی 4158 تاریخ 12-1-2004 كركوك قلب كوردستان – ا.د.فۆاد حمە خورشید –فصل الپالپ )).
31- ( كركوك مدینە قرابین والگاعە والتجارە – د.جلیل عگیە).
32-(سەنتەری برایەتی- ناوچەی كەركووك لە سەردەمی عەباسییەكاندا –750-1258ز – قادر محمد ئەشكەنەیی-ل108 ).
33- د.مصگفی جواد – كركوك فی تاریخ – مجلە اهل النفگ العدد 40 لسنە 1954 ) .
34- كردستان فی قرن الپامن الهجری – د.زرار صدیق توفیق –موئسسە موكریان-2001-ص219- سەرچاوەی سەرەكی الشامی – ڤفرنامە – ص144- 145-الیزدی: ڤفرنامە , 469-1 . روچە الصفا, 222- 6,التاریخ الغیاپی , ص189)(ابن فچل اللە العمری : مسالك الابصار, 125-3 , صبح الاحشی ,375 -4).
35-( سەنتەری برایەتی –ژمارە 20 – هاوینی 2001-ناوچەی كەركووك لە سەردەمی عەباسییەكاندا 656ز-1258ز-قادر محەمەد ئەشكەنەیی –ل102).
36-(كركوك : تاریخ عریق وواقع مریر – جبار قادر – الحوار المتمدن العدد 1331 – 28-9-2005).
37- (كردستان فی قرن الپامن الهجری –د.زرار صدیق توفیق –موئسسە موكریان-2001-331,332,333 –حمداللە المستوفی:نزهە القلوب ,ص42-43, 77-79 , 97-98 , 117-129 ).
38- .(كركوك : تاریخ عریق و واقع مریر – جبار قادر – الحوار المتمدن العدد 1331 – 28-9-2005).
39-( حدود كردستان الجنوبیە تاریخیا الجنوبیە تاریخیا و جغرافیا – عبدوالرقیب یوسف – گبعە الاولی 2005 – ص257).
40-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ایلاف 14-7 – 2005 ).
41-. ( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ایلاف 14-7 – 2005 ).
42-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ایلاف 14-7 – 2005 ).
43-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ایلاف 14-7 – 2005 ).
44-. (كركوك ژمارە 9 بەرواری هاوینی 2001 -المعالم الاپریە والتراپیە فی مدینە كركوك – عبدالرقیب یوسف – ص118).
45-.( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ایلاف 14-7 – 2005 ).
46-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ایلاف 14-7 – 2005 ).
47-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ایلاف 14-7 – 2005 ).
48-(كركوك : تاریخ عریق وواقع مریر – جبار قادر – الحوار المتمدن العدد 1331 – 28-9-2005).
49-( المدینە والحیاە المدنیە – جز‌و 2 – ص 272-273). 50-( كركوك عبر التاریخ – عزیز قادر صابنجی). 51-( كركوك ژمارە 9 بەرواری هاوینی 2001 -المعالم الاپریە والتراپیە فی مدینە كركوك – عبدالرقیب یوسف – ص 111). 52-( من حوادپ كركوك 1700م-1959م-مجات كوپر اوغلو ). 53- (( سەنتەری برایەتی –ژمارە 20 – هاوینی 2001- كەركوك لە چەرخە كۆنەكاندا- پرۆفیسۆر -د.جەماڵ ڕەشید –ل51). 54-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ایلاف 14-7 – 2005 ). 55-( كركوك ژمارە 9 بەرواری هاوینی 2001 -المعالم الاپریە والتراپیە فی مدینە كركوك – عبدالرقیب یوسف – ص110). 56- سەنتەری برایەتی –ژمارە 20 – هاوینی 2001- كەركوك لە چەرخە كۆنەكاندا- پرۆفیسۆر -د.جەماڵ ڕەشید –ل51)). 57-(اربعە قرون فی تاریخ العراق الحدیپ – الستر ستیفن – ترجە جعفرالخیاگ – گبعە السادسە – 1985 – ص282). 58-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ئیلاف 14-7 – 2005 ). 59-(( من حوادپ كركوك 1700 م – 1959 م- نجات كوپر اوغلو)). 60-(( من حوادپ كركوك 1700 م – 1959 م- نجات كوپر اوغلو)). 61-.( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ایلاف 14-7 – 2005 ) .
62-(( من حوادپ كركوك 1700م01959م_ نجات كوپر اوغلو ).
63- (المدینە والحیاە المدنیە – جز‌و 2 – ص 273-274).
64-(المدینە والحیاە المدنیە – جز‌و 2 – ص 274).
65-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ایلاف 14-7 – 2005 ).
66-((من احداپ كركوك 1700-1959- نجات كوبرلی اوغلو ).
67-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ایلاف 14-7 – 2005 ).
68-(( من حوادپ كركوك بین 1700-1959ز-مجات كوپر اوغلو ).
69-.( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ایلاف 14-7 – 2005 ).
70-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ایلاف 14-7 – 2005 ).
71-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ایلاف 14-7 – 2005 ).
72-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ایلاف 14-7 – 2005 ).
73-( من حوادپ كركوك 1700م-1959م-نجات كوپر اوغلو ).
74- ((التاخی 4158 تاریخ 12-1-2004 كركوك قلب كوردستان – ا.د.فۆاد حمە خورشید –فصل الپالپ )).
75-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ایلاف 14-7 – 2005 ).
76-(( من خوادپ كركوك 1700-1959 –نجات كوپر اوغلو ).
77-( كركوك عبر التاریخ – عزیز قادر صابنجی)
**.
78- ( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ایلاف 14-7 – 2005 ).
79-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ایلاف 14-7 – 2005 ).
80-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ایلاف 14-7 – 2005 ).
81-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ئیلاف 14-7 – 2005 ).
82-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ئیلاف 14-7 – 2005 ).
83-((كەركوك –ژمارە 10-كەركوك لە مەوسوعەیەكی عێراقی ساڵی 1947دا-د.نوری تاڵەبانی ل17)).
84-( كركوك ژمارە 9 بەرواری هاوینی 2001 -المعالم الاپریە والتراپیە فی مدینە كركوك – عبدالرقیب یوسف – ص132).
85- التاخی 4158 تاریخ 12-1-2004 كركوك قلب كوردستان – ا.د.فۆاد حمە خورشید –فصل الپالپ )).
86-( موسوعە تركمان العراق – المدارس التركمانیە فی كركوك للفترە من 1656 – 1909 – نجاە كوپر اوغلو – ئەنتەرنێت ).
87-(( المجموعە الاحصائیە السنویە العامە لسنە 1952 – مگبعە الزهرا‌و – ص 97).
88-(( التاخی 4158 تاریخ 12-1-2004 كركوك قلب كوردستان – ا.د.فۆاد حمە خورشید –فصل الپالپ )).
89-( كركوك فی عهد الاستعمار البریگانی والعهد التالی – بقلم الملا جمیل روزبیانی – ترجمە انور مندلاوی – ئەنتەرنێت ).
90- (( التاخی 4158 تاریخ 12-1-2004 كركوك قلب كوردستان – ا.د.فۆاد حمە خورشید –فصل الپالپ )).
91- ((كەركووك ژمارە 22 –23- زستانی 2004 -مێژووی هونەری بیناكاری و نەخش و نیگاری ناوچەی كەركوك لە نێوان ساڵانی 1914-1975-((مستەفا نەریمان-بیرەوەرییەكانی ژیانم –بەغدا 1994 ل13-14)) سمكۆ بەهرۆز محەمەد- ل142)).
92-((كەركووك ژمارە 22 –23- زستانی 2004 -مێژووی هونەری بیناكاری و نەخش و نیگاری ناوچەی كەركوك لە نێوان ساڵانی 1914-1975- سمكۆ بەهرۆز محەمەد-126-127)).
93-(( منگقە كركوك –د.نوری گالبانی –1995 لندن -ص 39-40)).
94-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ایلاف 14-7 – 2005 ).
95-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ئیلاف 14-7 – 2005 ).
96-((كەركوك –ژمارە 10-كەركوك لە مەوسوعەیەكی عێراقی ساڵی 1947دا-د.نوری تاڵەبانی ل17-18)).
97- (كەركوك –ژمارە 10-كەركوك لە مەوسوعەیەكی عێراقی ساڵی 1947دا-د.نوری تاڵەبانی ل18.
98- ماژا فی كركوك – تالیف فهمی عرب و فاچل محمد – گبعە كركوك – ص 53).
99- (ماژا فی كركوك – تالیف فهمی عرب و فاچل محمد – گبعە كركوك – ص54).
100-(المجموعە الاحصائیە السنویە العامە لسنە 1952 – مگبعە الزهرا‌و – وزارە الاقتصاد – 101((التاخی 4158 تاریخ 12-1-2004 كركوك قلب كوردستان – ا.د.فۆاد حمە خورشید –فصل الپالپ )).954 – ص 135).
102-(( كركوك عدد 16- كركوك فی القرنیین 18-19 كما وصفها الرحالە والمستشرقون – اكو برهان محمد– ص225-232)ناوبراو ئەڵمانییە.
103-(كركوك ژمارە 9 بەرواری هاوینی 2001 -المعالم الاپریە والتراپیە فی مدینە كركوك – عبدالرقیب یوسف – ص 130).
104-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ئیلاف 14-7 – 2005 ).
105-( گۆڤاری كەركوك ژ 8 – بەهاری 2001 – بیرەوەرییەكانم – فاتیح حەمە ڕەش ل 117 )
106-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ایلاف 14-7 – 2005 ).
107-( الوجود التركمانی فی كركوك – نصرت مردان – سویسرا )
108-(المدینە والحیاە المدنیە – جز‌و 2 – ص 273-274).
109- (كركوك : تاریخ عریق وواقع مریر – جبار قادر – الحوار المتمدن العدد 1331 – 28-9-2005).
110- (التركیب الاپنی لسكان كركوك خلال قرن 1850-1958 -د.جبار قادر ).
111- ((باسەڕە –ژمارە 123 – 13-10-2005 – كەركووك لە تەرازووی ستراتیژی پێش سەدەی بیست – ئاكۆ خالید ئەحمەد )).
112- (التركیب الاپنی لسكان كركوك خلال قرن 1850-1958 -د.جبار قادر ).
113- (سەنتەری برایەتی –ژمارە 20 – هاوینی 2001- كەركوك لە چەرخە كۆنەكاندا- پرۆفیسۆر -د.جەماڵ ڕەشید ( ل64).
114-((التاخی 4158 تاریخ 12-1-2004 كركوك قلب كوردستان – ا.د.فۆاد حمە خورشید –فصل الپالپ )).
115-(كورد و كەركوك – لەتیف فاتیح فەرەج – ئەنتەرنێت ).
116- (المدینە والحیاە المدنیە – جز‌و 2 – ص 278).
117- (المدینە والحیاە المدنیە – جز‌و 2 – ص 286) .
118-( كركوك عبر التاریخ – عزیز قادر صابنجی).
119-. (كەركوك –ژمارە 7پاكتاوكردنی كورد و تەعریبكردنی كوردستان لە مێژووی كۆن دا – ل 46-47).
120-(كەركوك –ژمارە 7پاكتاوكردنی كورد و تەعریبكردنی كوردستان لە مێژووی كۆن دا ل47.).
121- (من احداپ كركوك 1700-1959- نجات كوبرلی اوغلو ).
122- (اربعە قرون فی تاریخ العراق الحدیپ – الستر ستیفن – ترجە جعفر الخیاگ –122 گبعە السادسە – 1985 – ص 282).
123- (لوتسكی-تاریخ الاقگار العربیە الحدیپ-دارالتقدم موسكو-ص27).
124-(من احداپ كركوك 1700-1959- نجات كوبرلی اوغلو ).
125- ((من احداپ كركوك 1700-1959- نجات كوبرلی اوغلو ).
126- (باسەڕە ,ژمارە 9-3-2005 –ئاكۆ خالید ئەحمەد).
127-(كركوك- لمحات تاریخیە – لیلی نامق- منشورات خبات- ص40).
128- (اربعە قرون فی تاریخ العراق الحدیپ – الستر ستیفن – ترجە جعفرالخیاگ – گبعە السادسە – 1985 – ص 318).
128-(اربعە قرون فی تاریخ العراق الحدیپ – الستر ستیفن – ترجە جعفرالخیاگ – گبعە السادسە – 1985 -ص325).
129-. (گەشتەكەی فرێزەر ساڵی 1834 -ئومێد ئاشنا وەریگێڕاوە –1998 چاپخانەی تیشك -ل60 ).
130- . (( گەشتەكەی فرێزەر ساڵی 1834 -ئومێد ئاشنا وەریگێڕاوە –1998 چاپخانەی تیشك ل39 )).
131- (باسەڕە ,ژمارە 9-3-2005 –ئاكۆ خالید ئەحمەد).
132-( كركوك قی عهد الاستعمار البریگانی والعهد التالی – بقلم الملا جمیل روزبیانی – ترجمە انور مندلاوی – ئەنتەرنێت ).
133- ( كركوك قی عهد الاستعمار البریگانی والعهد التالی – بقلم الملا جمیل روزبیانی – ترجمە انور مندلاوی – ئەنتەرنێت ).
134- ( ل23-یاداشتەكانی میجەرنۆئیل لە كوردستان –وەرگێڕانی حسێن ئەحمەد جاف و حسێن عوسمان-بغداد 1984).
135- (كركوك –دراسات فی التكوین القومی للسكان-د.خلیل اسماعیل محمد- ص29 ).
136- (كركوك –دراسات فی التكوین القومی للسكان-د.خلیل اسماعیل محمد-ص8).
137- (سەنتەری برایەتی –ژمارە 20 – هاوینی 2001-كێشەی بەعەرەبكردنی كەركوك لە كۆنەوە تا ئەمڕۆ-د.ڕەفیق شوانی-ل226).
138- ((كەركووك ژمارە 22 –23- زستانی 2004 – بایەخی چیۆپۆلەتیكی پارێزگای كەركوك – پشتیوان حسێن كەریم و كارزان ئیبراهیم ساڵەح – ل6)).
139- (التركیب الاپنی لسكان كركوك خلال قرن 1850-1958 -د.جبار قادر ).
140- ( جوگرافیای هەرێمی كوردستانی عێراق –سەنتەری برایەتی- جوگرافییای دانیشتوان –د.خەلیل ئیسماعیل-ل178 ).
141 – ( كركوك –دراسات فی التكوین القومی للسكان – د. خلیل اسماعیل محمد -ص29).
142- ((كەركوك –ژمارە 10-كەركوك لە مەوسوعەیەكی عێراقی ساڵی 1947دا-د.نوری تاڵەبانی ل17-18)) .
143- (كركوك : تاریخ عریق وواقع مریر – جبار قادر – الحوار المتمدن العدد 1331 – 28-9-2005).
144- (جوگرافیای هەرێمی كوردستانی عێراق –سەنتەری برایەتی- جوگرافییای دانیشتوان –د.خەلیل ئیسماعیل-ل179 ).
145- (جوگرافیای هەرێمی كوردستانی عێراق –سەنتەری برایەتی- جوگرافییای دانیشتوان –د.خەلیل ئیسماعیل-ل179 ).
146- (كركوك : تاریخ عریق وواقع مریر – جبار قادر – الحوار المتمدن العدد 1331 – 28-9-2005).
147- كەركووك ژمارە 22 –23- زستانی 2004 – بایەخی چیۆپۆلەتیكی پارێزگای كەركوك – پشتیوان حسێن كەریم و كارزان ئیبراهیم ساڵەح – ل17)).
148- (( كەركووك ژمارە 22 –23- زستانی 2004 – بایەخی چیۆپۆلەتیكی پارێزگای كەركوك – پشتیوان حسێن كەریم و كارزان ئیبراهیم ساڵەح – ل21)).
149- ( كەركووك ژمارە 22 –23- زستانی 2004 – بایەخی چیۆپۆلەتیكی پارێزگای كەركوك – پشتیوان حسێن كەریم و كارزان ئیبراهیم ساڵەح – ل23)).
150- (كركوك المدینە الچاحكە بالناروالنور –عونی داودی –الاتحاد 480 –5-7-2002).
151- (نشاە مدن العراق و تگورها – تالیف – د.عبدالرزاق عباس حسین 1973 – معهدالبحوپ والدراسات العربیە – ص77) .
152-( ئەتڵەسی كەركووك – هەولێر 2005 – لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی بەعەرەبكردنی كوردستان –ل45).
153-( ئەتڵەسی كەركووك –هەولێر 2005 – لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی بەعەرەبكردنی كوردستان ت64 ).




خه‌باتی چه‌کداریی، ڕێبازێکی باونه‌ماو و شکستی بەردەوام.. شێرکۆ کرمانج

لە بەشی پێشووی ئەم زنجیرە وتارە باسمان لە دوو دەرکەوتەی نەرێنیی خەباتی چەکداریی کرد و گوتمان خەباتی چەکداریی حەتمییەتی پشتبەستنی بزووتنەوە کوردستانییەکان دێنێتەگۆڕێ لەگەڵ لەدەستدانی جڵەوی بزووتنەوەکان و ئاراستە فکریی و ئایدیۆلۆجییەکانیان. لەم بەشدا، سەرەتا باس لە خەباتی چەکداریی دەکەین وەک شێوازێکی خەبات کە باوی نەماوە. دواتر باس لەوە دەکەین کە چۆن خەباتی چەکداریی بۆتە مایەی شکستی بەردەوام بۆ بزووتنەوە کوردییەکان.

ڕێبازێکی باونه‌ماو
کورد وەک گرووپێکی ئیتنی-نەتەوەیی زیاد لە سەد ساڵ دەبێت پەنای بردۆتە بەر خەباتی چەکداریی، بۆ نموونە بزووتنەوەکانی: شێخ عوبەیدوڵای نەهری (١٨٨٠)؛ سمکۆی شکاک (١٩١٨-١٩٣٠، پچڕپچڕ)؛ شێخ مەحموودی حەفید (١٩١٩-١٩٤١، پچڕپچڕ)؛ شێخ سەعیدی پیران (١٩٢٥)؛ بارزان (١٩٤٣-١٩٤٥)؛ شۆڕشی ئەیلول (١٩٦١-١٩٧٥)؛ شۆڕشی نوێ/گوڵان (١٩٧٦-١٩٨٨)؛ شۆڕشی ڕۆژهەڵات (١٩٧٩-١٩٨٦)؛ تەباخی پە(کە)کە (١٩٨٤-تا ئێستا). بەکورتی، کەم تا زۆر لە سەد ساڵی ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر هەموویان سەرکەوتنی یەکلاکەرەوەیان بەدەست نەهێناوە. لەڕاستیدا، ئەو دوو ئەزموونەی کە ئێستا لە باشوور و لە ڕۆژاڤا بەرجەستەن هیچیان بەرهەمی خەباتی چەکداریی نین.
دیارە ئەوە بەو مانایە نییە کە خەباتی چەکداریی ئەزموونی سەرکەوتووی لە جیهاندا نەبووە. شەڕی ڕزگاریی نەتەوەیی/نیشتیمانیی: جەزائیر (١٩٥٤-١٩٦٢)؛ چین (١٩٢٧-١٩٤٩)؛ کوبا (١٩٥٣-١٩٥٩)؛ ڤێتنام (١٩٤٥-١٩٧٥) و زیمبابۆی (١٩٦٤-١٩٧٩) نموونەی سەرکەوتووی ئەم شێوازەن لە خەبات. بەپێچەوانەوەش، ئەزموونی ناکوردی سەرنەکەوتووش هەن، بۆ نموونە خەباتی ڕزگارییخوازی: گەلی تامیل لە سریلانکا (١٩٨٣-٢٠٠٩)؛ گەلی سەحارا لە مەغریب (١٩٧٥-تا ئێستا) و گەلی فەلەستین لە ئیسرائیل (١٩٤٨- تا ئێستا).
خه‌باتی چه‌کداریی، ئەوەی وەک “شه‌ڕی پارتیزانی”یش ناسراوە، شێوه‌ خه‌باتێکی نوێ بوو له‌ ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی بیست هێز و لایه‌نه‌ “شۆڕشگێڕ”ە چەپ و کۆمۆنستییه‌کان دایان هێنا و له‌لایه‌ن بزووتنه‌وه‌ ڕزگاریخوازه‌ نەتەوەیی-نیشتیمانییه‌کانیش لاسایی لێ کرایه‌وه‌. بەڵام وه‌ک شێوازێکی خه‌بات شه‌ڕی پارتیزانی بە کۆتایی سەدەی بیستەم له‌ که‌م شوێنی دنیا باوی ماوه‌. هه‌ندێک ڕێکخراوی چه‌پ له‌ ئه‌مریکای لاتین، وەک بزووتنەوەی فارک (FARC) لە کۆڵۆمبیا تا چەند ساڵێک لەمەوبەر درێژەیان بە شەڕی چەکداری دا، بەڵام ئەوانیش لە ٢٠١٦ دا ڕێککەوتنێکی ئاشتیان لەگەڵ حکومەت واژۆ کرد و دوای نزیکەی ٥٠ ساڵ لە شەڕی چەکداریی چەکیان دانا. شۆڕشگێرەکانی تامیل تایگەرس لە سریلانکا تا ٢٠٠٩ شەڕی پارتیزانیان پەیڕەو دەکرد، بەڵام بەداخەوە لەوێ بەبێ واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی حکومەتی سریلانکا بەسەریاندا زاڵ بوو. حەماس لە فەلەستین سەرەڕای ئەوەی کە کەرتی غەززە لەڕووی ئیدارییەوە بەڕێوە دەبات کەچی درێژە بە خەباتی چەکداریی دەدات. دوا گەڕی خەباتی چەکدارییان لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٣ دا بوو بەڵام ماڵوێرانییەکی وای بۆ فەلەستینییەکان لێ کەوتۆتەوە کە تەنیا لەو کاتەوە تا ئێستا زیاتر لە ٤٥ هەزار فەلەستینی کوژراون کە بەشی هەرە زۆریان مەدەنین.‌ په{‌که}‌که‌ و پژ*اک، هه‌ردووکیان ئێستاکانه‌ بە پچڕپچڕیش بێت درێژه‌ به‌م شێوه‌ خه‌باته‌ ده‌ده‌ن. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لەگەڵ ئەوەشدا کە هێزە چەکدارەکانی کۆمەڵە و حیزبی دیموکرات و پاک و لایەنەکانی دیکەش لەژێر فشارێکی زۆردان و سەنگەرەکانیان دوای فشار لەلایەن دەوڵەتی ئێران و حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان پێ چۆل کرا بەڵام بیرۆکەی خەباتی چەکداریی بەتەواوی وەلانەنراوە.
له‌وانه‌یه‌ هەندێک کەس بپرسن، مه‌گه‌ر ڤێتنام، چین، کوبا، نیکاراگوا، هتد، هەموویان له‌ ڕێگه‌ی خه‌باتی چه‌کداری ڕزگاریان نه‌بوو؟ له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێین، به‌ڵێ. ئەگەر وەڵامەکە بەڵێیە، ئەدی بۆ ناکرێت لە کوردستان درێژە بەم شێوازە لە خەبات بدرێت و بۆ باوی نەماوە؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارانە دەڵێیین، نابێت ئه‌وه‌ له‌بیربکرێت که‌ دنیای ئه‌و سه‌رده‌م دنیای دوو-جه‌مسه‌ریی بوو. زۆرجار به‌رژه‌وه‌ندی جه‌مسه‌رێک‌ وای ده‌خواست که‌ پشتیوانی تەواو له‌ خه‌باتی ڕزگاریخوازیی گه‌لێک یان وڵاتێکی داگیرکراو، ڕسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ، تا سه‌رکه‌وتن، بکات، ئەویش بە دابینکردنی چەک و تەقەمەنی لەگەڵ پشتیوانی دیبلۆماسی و میدیایی. هاوکات هاوکێشەی هێز، هێزی ڕزگاریخواز لەلایەک و هێزی داگیرکەر لەلاکەی دیکە، لەئاکامی پشتیوانی دەرەکی و سروشتی هاوکێشەکانی هێز لەو سەردەمدا زۆر لێک نزیک بوون. بۆیە، سەرکەوتنی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان مەحاڵ نەبوو.
له‌ ڕێگای خه‌باتی چه‌کداریی چه‌ند وڵاتی دیکه‌ش وه‌ک جه‌زایر و لیبیا، وەک نموونە، له‌ ژێر ده‌ستی کۆڵۆنیالیستی فه‌ره‌نسی و ئیتالیی ڕزگاریان بوو. ئه‌مه‌ش ڕاسته‌، به‌ڵام ده‌بێ بزانین که‌ وڵاته‌ کۆڵۆنیالیسته‌ سوننەتییەکان وه‌ک بەریتانیا و فه‌ره‌نسا و ئیتالیا‌ مانه‌وه‌یان له‌ وڵاته‌ کۆڵۆنیالکراوه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای قازانج و زه‌ره‌ر هه‌ڵده‌سه‌نگاند. هه‌رکاتێک ته‌رازووه‌که‌ به‌لای زه‌ره‌رێکی کۆنتڕۆڵنه‌کراوبا ئه‌وه‌ وڵاته‌که‌یان به‌جێده‌هێشت. زۆرجار له‌ ڕێی خه‌باتی چه‌کداریی ئاکامێکی له‌م شێوه‌یه‌ ده‌هاته‌پێش و وڵاته‌ کۆڵۆنیالیسته‌که‌ ناچار به‌ ده‌رچوون ده‌کرا، وەک ئەوەی کە فەرەنسا لە جەزائیر و ئیتاڵیا لە لیبیا و بەریتانیا لە کینیا کردی.
ئه‌وه‌ی لێره‌ زۆر گرنگه‌ ئاماژه‌ی پێ بکه‌ین له‌ په‌یوه‌ند به‌ بارودۆخی داگیرکردنی وڵاتانی کۆڵۆنیالکراو و داگیرکردنی کوردستان ئه‌وه‌یه‌ که‌ داگیرکارییەکان له‌ بنه‌ڕه‌تدا جیاوازن. کوردستان له‌لایه‌ن وڵاتانێکه‌وه‌ داگیرکراوه‌ که‌ خاکی کوردستان به‌ به‌شێکی سه‌رەکی وڵاته‌که‌ی خۆیان داده‌نێن، که‌چی فه‌ره‌نسا و بەریتانیا و وڵاتانی دیکه‌ی کۆڵۆنیالیست به‌ده‌گمه‌ن وڵاته‌ داگیرکراوه‌کانیان به‌ به‌شێکی نه‌پساوه‌ی وڵاته‌کانیان داده‌نا. خۆ ئەگەر ئەوەشیان لە قۆناغێکدا کردبێت، ئەوە نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوای دامەزراندنی، ئەو تێگەیشتن و وەسفەی بۆ داگیرکارییە ئەوروپییەکان هەڵوەشاندەوە. هۆکارێکی دیکە بۆ ئەو جیاوازییە، ئەوەیە کە وڵاته‌ کۆڵۆنیالیسته‌کان بەگشتی هاوسنوور نەبوون لەگەڵ وڵاته‌ داگیرکراوه‌که‌. ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر کوردستان-دا هاتووه‌ له‌ ئه‌ده‌بیاتی سیاسیدا به‌ کۆڵۆنیالیزمی ناوخۆیی (internal colonialism) ناوده‌برێت. ئێره‌ شوێنی ده‌رخستنی هه‌موو جیاوازییه‌کانی نێوان کۆڵۆنیالیزم و کۆڵۆنیالیزمی ناوخۆی نییه‌، بێجگە له‌وه‌ی که‌ گوتمان وڵاته‌ داگیرکه‌ره‌که‌ خاکی وڵاته‌ داگیرکراوه‌که‌ به‌ به‌شێک له‌ خاکی خۆی ده‌زانێت بەڵام لەوەش ترسناکتر و جیاوازتر ئەوەیە کە خاکه‌ داگیرکراوه‌که، کوردستان لەم حالەتەدا،‌ به‌ڕه‌سمی له‌لایه‌ن ده‌زگا نێودەوڵەتییه‌کانی وه‌ک نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان به‌به‌شێک له‌ خاکی وڵاته‌ داگیرکه‌ره‌که‌ ناسراوه نەک وڵات و خاکێکی داگیرکراو‌.
خاڵێکی دیکه‌ی جیاوازی دۆخی کوردی ئه‌وه‌یه‌ که‌ داگیرکه‌رانی کوردستان زۆر که‌م گرنگی بە زه‌ره‌ری مانه‌وه‌یان له‌ کوردستان دەدەن، چونکه‌ لێخۆشبوون له‌ کوردستان به‌ شکان له‌ سەروەریی نیشتیمانی خۆیان دەزانن. بۆیە زۆر جار بە لەناوچوونی خۆیان دێنەپێش، لای ئەوان گرنگ ئەوەیە کوردستان ڕزگاری نەبێت و بە مافەکانی نەگات. بێجگه‌ له‌مانه‌، ڕای گشتیی و میدیای ئازاد له‌م وڵاتانه‌ نه‌گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ئاسته‌ی که‌ فشاری ڕاسته‌قینه‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات دروست بکه‌ن، وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌مریکییه‌کان و میدیاکه‌یان کردیان له‌ کاتی جه‌نگی ڤێتنام. هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا تورکیا ‌زیاتر لە ٤ ترلیۆن دۆلاری له‌ شه‌ڕی کوردستان سه‌رف کردووە. ڕای گشتی و میدیای تورکیا نه‌ک هه‌ر دژی شه‌ڕ نین‌ به‌ڵکوو ته‌واوی بزووتنه‌وه‌که‌ی کوردستان به‌ تیرۆریست له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. حکومه‌تی عێراق له‌ پێناو له‌ناوبردنی بزووتنه‌وه‌ چه‌کدارییه‌که‌ی باشووری کوردستان لە 197٥ به‌شێکی خاکی عێراقی به‌خشیه‌ ئێران. جمهوریی ئیسلامی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ نزیک بە دە ساڵێکە لەژێر گەمارۆی ئابوورییە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی، بەتایبەتی ئەمریکا، هاوکات ڕێژه‌ی ئاوسانی (التضخم) ئابووری له‌ ١٠٠٪ تێپه‌ڕیکردوه‌ که‌چی له‌ هیچ شتێک ناسڵه‌مێته‌وه‌ له‌ ڕاوه‌دونان و کوشتنی کادیر و پێشمه‌رگه‌کان له‌م دیو یان ئه‌و دیوی سنووری ڕۆژهەڵات.
هەر چۆنێک بێت، له‌ دیدی ئه‌وروپا و “دنیای ئازاد” خه‌باتی چه‌کداریی نه‌ک هه‌ر باوی نه‌ماوه‌ به‌ڵکوو زۆر به‌دناو کراوە‌. له‌یلا زانا و سەلاحەدین دەمیرتاش و عه‌بدوڵا ئۆجەلان هه‌رسێکیان سەرکردەی کوردن و له‌ کوردستانی بنده‌ستی تورکیا خه‌بات ده‌که‌ن بۆ مافه‌کانی کوردستانییان. کەچی له‌یلا زانا و دەمیرتاش له‌به‌رئه‌وه‌ی توندوتیژیی به‌کارناهێنن له‌ خه‌باته‌که‌یاندا کاتێک‌ دەگیرێن، ئەوا هه‌موو ئه‌وروپا له‌سه‌ر کردارێکی لەو جۆرە لە دژی دەوڵەتی تورک به‌جواب دێن و شەرمەزاری دەکەن. لەڕاستیدا، دەمیرتاش لە ئەوروپا و ئەمریکا وەک ئۆبامای کورد ناسرابوو. که‌چی ئۆجەلان له‌به‌رئه‌وه‌ی وەک سەرکردەی گرووپێکی چه‌کداریی ناسراوە کە پەیڕەو لە شەڕی پارتیزانی دەکات، ئەوا نەک هەر لەکاتی گرتنی کەس بەرگریی لێ نەکرد بەڵکوو وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا بەشێک بوون لە پلانی دەستگیرکردنی. پێش گیرانیشی، کاتێک چوو بۆ ئه‌وروپا نه‌ک دوژمنانی کورد به‌ڵکوو دۆسته‌کانیشی به‌ هانایەوە نه‌هاتن.
بۆیه‌، کورد ئه‌گه‌ر بیه‌وێت به‌ زمانی زه‌مانه‌ بدوێت و دژایه‌تی ڕه‌وتی جیهانی نه‌کات ده‌بێت به‌‌ شێوازه‌کانی خه‌باتی خۆیدا بچێته‌وه‌ و بزانێت که‌ شێوه‌ خه‌باتێکی باونه‌ماو ناتوانێت گوێگر و پشتیوانی له‌ خه‌باته‌که‌ی له‌ دنیای بڕیاربه‌ده‌ست بۆ په‌یدابکات.

شکستی به‌رده‌وام
زۆربه‌ی حیزب و ڕێکخراوه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان خه‌باتی چه‌کداریان به‌ به‌رزترین و شکۆدارترین قۆناغی خه‌باتی ڕزگاریی نیشتیمانیی به‌ جه‌ماوه‌ری کوردستان ناساندووه (لە بەشەکانی دیکە دەگەڕێینەوە سەر ئەم پرسە)‌. له‌ هه‌مانکاتدا به‌ درێژایی مێژوو بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ (لێره‌ مه‌به‌ستمان پێشمه‌رگه‌ی شاخه‌) تاکه‌ هێزی به‌رگریکه‌ره‌ نه‌ک هه‌ر له‌ کوردستان به‌ڵکوو لە شه‌ره‌ف و ناموسی کورد‌.
من له‌و باوه‌ڕه‌دام که‌ کوردستانییان ده‌بێت به‌ چاوێکی ڕه‌خنه‌گرانه ‌و واقعیانه‌ی دوور له‌ هه‌ست و سۆزی کوێرانه‌ی کوردانه‌ به‌ مێژووی کوردستان-دا بچنه‌وه‌ و بزانن ئایا به‌ڕاستی هێزی پێشمه‌رگه‌ توانیویه‌تی ئه‌م ئه‌رکه‌ گه‌وره‌یه‌ له‌ شاخ ببینێت؟ به‌ واتایه‌کی دیکه‌ ئایا له‌ توانایدا بووه‌ ئه‌م ئه‌رکه‌ قورسه‌ بخاته‌ سه‌ر شان؟ به‌ خستنه‌ڕووی چه‌ند نموونه‌یه‌ک هه‌وڵده‌دین وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ بده‌ینه‌وه‌.
مێژووی کورد پڕه‌ له‌ نموونه‌ی به‌ ئاکام نه‌گه‌یشتنی خه‌باتی چه‌کداریی. بزووتنەوە چەکدارییەکەی 1974-1975 له‌ باشووری کوردستان نموونه‌یه‌کی زه‌قه‌. به‌ شایه‌دی هه‌موو لایه‌ک گه‌وره‌ترین بزووتنەوەی چەکداریی بووە لە کوردستان،‌ به‌تایبه‌تی له‌ بواری ژمارەی چەکدار و به‌جه‌ماوه‌ریی بوونیدا. بزووتنەوەکە زیاتر له‌ ١٠٠ هەزار چه‌کداری هه‌بوو. ئەوە لەکاتێکدا بوو کە ژمارەی کورد لە باشووری کوردستان لەوکاتدا لە دەوروبەری دوو ملیۆن بوو، ئەمەش بەو مانایەیە کە بەشی هەرە زۆری هاونیشتیمانیانی باشووری کوردستان، تەمەن لە ١٨ بۆ ٣٠ ساڵان، چەکداری بزووتنەوەکە بوون. سەرەڕای ئەوە، هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ست پێ کردنی شەڕ لە ئازاری ١٩٧٤ تا ئازاری ١٩٧٥ ڕۆژانه‌ له‌ پاشه‌کشه‌دا بوو. ئەوە بەو مانایە نییە کە هێزی پێشمەرگە لەو ماوەیەدا هیچ سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە بەڵکوو مەبەستمان ئەوەیە کە لەسەرەتای شەڕ، بۆ نموونە، لە بەرەی هەولێر چیای سەفین لەبەردەستی هێزی پێشمەرگە بوو، بەڵام دوای نزیک بە ساڵێک لە شەڕ، گەلی عەلی بەگ-یش گیراو و شەڕ لە نزیک ڕەواندوز دەکرا. له‌ ڕاستیدا ئه‌و هێزه‌ گه‌وره‌یه‌ی پێشمه‌رگه‌ به‌بێ شه‌ڕ زۆربه‌ی شاره‌ گه‌وره‌کانی کوردستانی چۆڵ کرد. ئه‌گه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌‌ قه‌بوڵ بکه‌ین که‌ بزووتنەوەکە‌ به‌ پلانێکی نێوده‌وڵه‌تی له‌ناوبرا، خۆ ناکرێ بەرگریی له‌ شکسته‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کانی لە مەیدانی شەڕدا بکرێت. ڕاسته‌ سه‌رکه‌وتنی گه‌وره‌ش به‌ده‌ستهاتووه‌ له‌ پێکدادانه‌کاندا، وه‌ک شه‌ڕی هندرێن و ده‌یان داستانی قاره‌مانانه‌ی هه‌موو شۆڕشه‌کانی کوردستان. به‌ڵام پێوەرە سەربازییەکان ئەنجام دەپێون. بە واتایەکی دیکە، بردنه‌وه‌ی‌ پێکدادان (معرکه‌) گرنگ نییه‌، به‌ڵکوو بردنه‌وه‌ی شه‌ڕ (حرب) گرنگه‌.‌ ئه‌نجام له‌سه‌ر شه‌ڕ ڕاده‌وه‌ستێت نه‌ک پێکدادان.
دوابه‌دوای شۆڕشی گه‌لانی ئێران له‌ 1979 به‌شێکی زۆری خاکی کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات، بە شارە گەورەکانی وەک سنە، سەقز، بۆکان، مەهاباد، مەریوان، هتد، له‌ ژێر ده‌ستی هێزی پێشمه‌رگه‌ی ئه‌و به‌شه‌ی کوردستان بوو، حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە. که‌چی پێشمه‌رگه‌کانی حیزب و کۆمه‌ڵه‌ نه‌یانتوانی شەش مانگ زیاتر به‌رگری له‌ شارە گەورە‌ ئازاده‌کان بکه‌ن. تا ناوه‌ڕاستی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی پێشوو لێره‌و له‌وێ نه‌بێت پێشمه‌رگه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵات بوونێکی ئه‌وتۆی نه‌ما. لەژێر فشار بنە و بارەگاکانیان هێنایە باشووری کوردستان. لێرە ئاماژەمان بەو کورتە-شۆڕشە چەکدارییانەی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەکرد کە لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو سەریان هەڵدا و تەنیا چەند مانگێکیان خایاند چونکە کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر ڕەوشی پرسەکان نەبوو، بەڵام هەر چۆنێک بێت ئەوانیش بەشێکن لە شکستی خەباتی چەکداریی.
له‌ ساڵی 1984 په‌که‌که بانگی ده‌ست پێ کردنی خه‌باتی چه‌کداریی ڕاگه‌یاند، پێش بزووتنەوەکەی ١٥ تەباخی پە+کە+کە، لەنێوان ١٩٢٠ تا ١٩٣٨، لانیکەم ١٩ بزووتنەوەی چەکداریی دیکە لە باکووری کوردستان شکستیان خواردبوو. ئه‌وان بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌کرد که‌ ده‌رسیان له‌ هه‌ڵه‌کانی شۆڕشه‌کانی پێش خۆیان لە باکوور و بەشەکانی دیکەی کوردستان وه‌رگرتووه، که‌چی لە کۆتایی نه‌وه‌ته‌کان هێزێکی ئەوتۆیان له‌ باکووری کوردستان نه‌ما کە شەڕی دەستەویەخە لەگەڵ داگیرکەری تورک بکات و لە قووڵای تورکیا گورز لە سوپای داگیرکەر بوەشێنێت، بەتایبەتی دوای دەستگیرکردنی ئۆجەلان، کە بەتەواوی سه‌رکردایه‌تی و بنکردایه‌تیان گواسته‌وه‌ ناوچه‌کانی خواکورک و قه‌ندیل له‌ باشووری کوردستان.
ڕاستە له‌وکاته‌وه‌ به‌به‌رده‌وام خۆڕاگریی بێوێنەیان نواندووە لە دژی هێزەکانی تورکیا کە ساڵانە ئۆپەراسیۆن لە دژی گەریلاکان ئەنجام دەدات بەڵام نابێت ئەوە لەبیر بکەین کە دەوڵەتی تورکیا ئەوە بۆ ماوەی بیست ساڵ دەچێت هێزە چەکدارەکانی پە=کە=کەی لە هێزێکی هێرشکەر کردووە بە هێزێکی بەرگرییکەر، ئەمەش بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ستراتیج و تاکتیکی شەڕی پارتیزانی یەکناگرێتەوە. پارتیزانەکان دەبێت خۆیان بڕیار بدەن کە کەی شەڕ دەکەن، لە کوێ شەڕ دەکەن؛ ئەوە پارتیزانەکانن کە ئامانج دیاری دەکەن نەک دوژمن. بەڵام ئەوەی ئێستا لە خەباتی چەکداریی لە باکوور هەستی پێ دەکرێت و دەبینرێت هیچ خسڵەتی شەڕی پارتیزانی پێوەدیار نییە. دیارە هۆکارەکە زانراوە، ئەویش ئەوەیە کە هاوكێشەی هێز زۆر لارە بە لای داگیرکەری تورکیا، بەتایبەتی دوای گەشەپێدان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن).
درۆن بەتەواوی هاوكێشەکانی هێزی گۆڕی و یاسا و ڕێسای گەمەکانی ئاوەژوو کرد، بۆیە وەک چۆن لە بەشی ڕابردوو و لەم بەشەدا هەندێک هۆکارمان خستەڕوو کە چۆن خەباتی چەکداریی نەهامەتهێن بووە بۆ خەڵکی کوردستان، بەهەمانشێوە، گەشەپێدان بە درۆن و باڵادەستی داگیرکەرانی کوردستان لەم بوارەدا، وەک ئاکامە نەرێنییەکانی دیکەی خەباتی چەکداریی، دەبێت ببنە مایەی بەخۆداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی ڕێبازەکانی خەبات. درۆن خەباتی چەکداریی لە شەڕی پارتیزانی گۆڕی بۆ شەڕ لە تونێلەکان، ئەمە بۆ فەلەستینییەکانیش هەر ڕاستە. شەڕ لە تونێلەکان زۆر زەحمەتە ببێتە مایەی وەگەڕخستن و ڕابەرایەتیکردنی جەماوەر، وەک چۆن چێ جیڤارا و فیدێل کاسترۆ لە کوبا؛ ماوتسی تۆنگ لە چین و هۆشی منە لە ڤێتنام، کردیان.
نموونه‌یه‌کی دیکه‌ی ‌زه‌قی بێتوانایی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ بەرگریکردن له‌ کوردستان خۆڕانه‌گریان بوو له‌به‌رابه‌ر دژه-‌هێرشه‌کانی دەوڵەتی داگیرکەری عێراق دوای ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی به‌هاری 1991. بێجگه‌ له‌ به‌رگرییه‌کی کورت له‌ توزخورماتوو و ده‌وروبه‌ری کفری له‌ هیچ شوێنێکی دیکه‌ی کوردستان هێزی پێشمه‌رگه‌ بەرخۆدانێکی وای له‌ خۆ نیشان نه‌دا.
هیوادارم ئه‌م ڕوونکردنه‌وانه‌ و خستنەڕووی ئەم ڕاستییانە وەک تانە و بێڕێزییکردن بە پێشمەرگە و گەریلا لێک نەدرێتەوە. من وەک پێشووتر ئاماژەم پێ کرد، گومانم لە دڵسۆزی و قارەمانی پێشمه‌رگه‌ و گەریلاکان نییە. بەهەمان شێوە ئەو قسە و گفتوگۆیانە یەک زەڕە بێڕێزیی نییە بە خوێنی شه‌هیده‌کان و ڕۆحی فیداکارانه‌ی پارتیزانه‌کانی کوردستان، چونکه‌ من ڕێزی بێپایانم هه‌م بۆ پێشمه‌رگه‌ شه‌هیده‌کان، هه‌م بۆ زیندوه‌کان، هه‌یه‌. پێشم وایه‌ گەریلا و پێشمه‌رگه‌کان جوامێرترین و خۆنەویسترین ڕۆڵه‌کانی کوردستانن و ڕێزلێنان له‌ خوێن و ڕابردوویان ئه‌رکی هه‌موو کوردستانییه‌که‌. به‌ڵام، من پێم وایه‌ ڕه‌خنه‌ له‌ خۆگرتن و هه‌ڵسه‌نگاندنی واقعیانه‌ی ڕابردوو، یه‌که‌م هه‌نگاوه‌ بۆ تێپەڕاندنی ئه‌و نەهامەتییانەی به‌سه‌ر هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک دێن.
ڕاستییه‌کی تاڵ هه‌یه‌ ده‌بێت درکی پێ بکه‌ین ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ داگیرکه‌رانی کوردستان توانای سه‌ربازیی و لۆجستیکی و ته‌کنۆلۆجیای شه‌ڕیان زۆر له‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ و گەریلا زیاتره‌. پێشمه‌رگه‌ به‌ کلاشینکۆف چی پێ ده‌کرێت له‌گه‌ڵ هەلیکۆپته‌ر و فڕۆکەی جەنگی و ده‌بابه‌، ئێستا درۆنیشی هاتە سەر. وره‌و له‌خۆبردویی چین له‌به‌رابه‌ر چه‌کی کیمیاوی و درۆن. ده‌بێت دیسان ئه‌وه‌ بڵێم من لێره‌دا مه‌به‌ستم هێزی پێشمه‌رگه‌ وه‌ک هێزێکی سه‌ربازی ڕاهێنراوی پڕچه‌ککراو نییه‌، وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان یان لە ئیدارەی خۆسەری لە ڕۆژاڤا ده‌کرێت بکرێت به‌و هێزه‌ ئه‌گه‌ر یه‌کبخرێت و ڕێگه‌ی پێبدرێت، به‌ڵکو مه‌به‌ستم هێزی پێشمه‌رگه‌ وه‌ک هێزێکی پارتیزانی گه‌ڕیده‌یه‌ له‌ شاخه‌کان. دیاره‌ نابێت ئه‌وه‌ش له‌بیر بکه‌ین که‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمیش ڕێگه‌ی پێنادرێت خۆی پڕچه‌ک بکات، ئه‌وه‌ ساڵانێکە‌ حکومه‌تی مه‌رکه‌زی عێراقی له‌ هه‌وڵی سنووردارکردن و تواندنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌یه‌ له‌ناو سوپای عێراق-دا.
هەم هێز‌ی پێشمەرگە، هەم گەریلاکانی کوردستان، که‌ بۆ به‌رگریکردن له‌ کوردستان لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە دروست کراون، له‌ کاته‌ هه‌ره‌ پێویسته‌کان وه‌ک ئه‌نفالکردنی کورد له‌ باشوور لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو؛ ڕەشەکوژیی خەڵکی کوردستان لە ڕۆژهەڵات لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو؛ لە ڕووخاندن و چۆڵکردنی زیاتر له‌ چوار هەزار گوند له‌ باکوور لە نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو، نه‌یانتوانی کورد له‌و نه‌هامه‌تیانه‌ بپارێزن. ئه‌وه‌ مانای ئه‌وە نییه‌ که‌ پێشمه‌رگه‌ بێ وره‌بوون، ترسنۆک و خۆڕاگرنەبوون، به‌ڵکوو ئەمە ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت که‌ ئه‌و ئه‌رکه‌ زۆر قورستره‌ له‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ و گەریلا بتوانن پێی هه‌ڵبستن. به‌کورتی هه‌موو ئه‌و کاره‌سات و نەهامەتییانە ئه‌وه‌ ده‌گه‌یەنێت که‌ خه‌باتی چه‌کداریی شه‌ڕێکی دۆڕاوه‌ و شێوازێکی نه‌زۆکه‌ بۆ خه‌باتی ڕزگاریی نیشتیمانیی.
لە بەشی داهاتوودا بە ئیزافەی قسەکردن لەسەر چەند نەهامەتییەکی دیکە وەک ئاکام و دەرکەوتەی خەباتی چەکداریی، شرۆڤەی ئەوە دەکەم کە بۆچی داگیرکەرانی کوردستان حەز دەکەن کە کورد دەست بۆ چەک درێژ بکات و پەیڕەو لە خەباتی چەکداریی بکات.




کۆتایی ساڵانی هەنگوینی ئەمریکا و ئێران، لە ٢٠٠٣ ەوە تاکو ٢٠٢٣.. ئیدریس مستەفا

رایەڵەی باس…
ئێران دەورەی مێژوویی خۆی لە دەستدا وەک هیزێکی ناوچەیی گەورە و کاریگەر. ململانێی جەمسەرە گرنگ و زلهێزەکانی دنیا بە هەموو ئاستە ئابوری و سیاسی و سەربازی و تەکنۆلۆجیی تەنانەت فەرهەنگیەکانیشیەوە چۆتە قۆناغێکی ترەوە و چیتر دەورە کلاسیکیەکەی ئێران قبوڵ ناکات و ئێران چ بە خواست یا نەخواستی خۆی ئاڵوگۆڕ بەسەر وجودی ناوچەیی و نیوخۆیشیدا دێت. گەر ئێران لەم دەورە تازەیەی دنیا تێنەگات ئەوا بە پێچەوانەی رەوڕەوەی مێژووەوە دەڕوات کە یان دەبێ ببێ بەو وڵاتەی تەنها لە خەمی وڵاتەکەی خۆیدا بێت و واز لەسیاسەتی ستراتیجیەتی دەستیوەردانی وڵاتانی تر بهێنێت یاخود سەرکێشیە ناوچەییەکانی کە زیاتر لە چوار دەیەیە سیاسەتی ستراتیجی دەرەکی خۆی پێ رایی دەکات دەبێتە مڵوزمێک و توشی گێژەنەیەکی جیوسیاسی گەورەی دەکات کە نەک هەر ئێران بەڵکو سەرجەم هاوکشیە سیاسیەکانی ناوچەکە لەگەڵ خۆیدا بخاتە لەرزە و گۆڕین. ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران سێ کاراکتەرە سەرکیەکەی ئەو لەرزە و گۆڕینەن.


لەو دەمەوەی جمهوری ئیسلامی ئێران وە ک دەوڵەتێکی پان ئێرانیزم یاخود پان فارسیزم لەسەر ئایدیۆلۆجیایەکی ئاینی دروست بوو سەرەکیترین ستراتیجی جیوسیاسی دەوڵەتی خۆی بایەخدان بوو بە سیاسەتی دەستێوەردان لە وڵاتانی دراوسێی و ناوچەیی بۆ ئەمەش نەک ئاین بەڵکو مەزهەبی شیعی و دژە ئیسرائیلێتی کردە شمشیرێکی دوو دەم بۆ پشێوی لە ناوچەکەدا. لەو دەمەوە ئێران بووە بە یەکیک لە هۆکارە سەرەکیەکانی نائارامی و پشێویەکی وەها لە ناوچەکەدا کە پێشتر لە وێنەی نەبووە. خەرمانەی شیعی یان هیلالی شیعی ئەو تایبەتمەندیە بێ وێنەیەیە لە دەستێوەردان یاخود پاوانخوازی ئێراندا. لە ناو ئەو سیاسەتە ستراتیجیەی دەرەوەیدا وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێکرد، کۆماری ئیسلامی ستراتیجێکی تری هەیە ئەویش بەکارهێننای ئەو خەرمانەی شیعیەیە بۆ خزمەتی پان ئێرانیزم پان فارسیزم. گراند دیڵ یاخود گرێبەستی گەورەی ساڵی ٢٠٠٣ و تۆفانی ئەقسای ٢٠٢٣ و رورداوەکانی لەگەڵ خۆیدا هێنای ئەو دوو بابەتەن لێرەدا دەمانەوێ کەمێک بە دوورودرێژی باسی بکەین.

لە ساڵی ١٩٧٩ ەوە ئێران و ئەمریکا پەیوەندیەکی ستراتیجی هەبووە لە نێوانیاندا سەرباری نەبوونی هیچ پەیوەندیەکی رەسمی نێودەوڵەتی. دیارە ژێر بە ژێر هەمیشە پەیوەندیان هەبووە بەڵام هەر راستەوخۆ نەبووە بەو مانایەی دوو کەسێتی دیاری حکومی یا دەوڵەتی دانیشتن و گفتوگۆیان هەبێ. محەمەد نەهاوەندیان کەسایەتی دیاری سیاسی ئێران و راوێژکاری حەسەن روحانی سەرۆکی پێشووتری ئێران چەندن جارێک سەردانی ئەمریکای کردووە و راستەوخۆ لەگەڵ کاربەدەستانی ئەمریکی دوور لە میدیاکان دیداری کردووە. ئەمریکا دانی پێداناوە کە نەهاوەندیان لە ئەمریکا بووە بەس لەگەڵ نوێنەرانی حکومی دانەنیشتووە بەڵام ئێران لە بنی رەتی کردۆتەوە. وەک ناراستەوخۆش، هەر وڵاتێکی ناوچە دەتوانێ و ئەو نێوەندیە بگێڕێ بەتایبەت سەڵتەنەتی عەمان کە بەناوبانگە لە میانڕەوی سیاسی دەولەتی خۆیدا و هەموان سەردانی دەکەن بەتایبەتی ئیسرائیلیەکان و ئێرانیەکان.
ئەوەی ستراتیجیە دوو قۆناغی گرنگە لە پەیوندیەکانی ئەمریکا و ئێران کە شایەنی ئاماژە پێدانن تاکو تایتڵی بابەتەکەمان ناوەڕۆکی باسەکەمان بسەلمێنێ ئەوانیش قۆناغی ساڵانی ٢٠٠٣ و ٢٠٢٣ یە.

قۆناغی یەکەم: گرێبەستی گەورە (گراند دیڵ)
تاکو ساڵی پارەکە و ئەم وروداوانەی دوایی ئێران هیچ کات بە دژی سیاسەتە ستراتیجیەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا کاری نەکردووە و پشتیوانی کردنی باڵەکانی وەک حزبوئەڵڵا و حەماس هەرگیز بە مانای وەستانەوەی راستەوخۆ نەبووە بەڵکو ئەو بەشێکە لە پرۆکسی وار یاخود کێشمەکێشە لابەلاکانی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان. دیارە دەمانی شەڕی عێراق-ئێران ئەمریکا چەندان جار بێ پەردە چەکی بە ئێران فرۆشتووە و بەڵگەکان هەن لەو بارەیەوە. تەنانەت ساڵی ٢٠٠١ کاتێک ئەمریکا ویستی پەلاماری تاڵیبان بدات، ئێران هەموو ئاسمان خۆی بۆ کردەوە و فڕۆکە جەنگیەکانی ئەمریکا بە ئارەزووی خۆیان ئاسمانی ئێرانیان دەبڕی هەرچۆنێک بیانویستایە.
دوای روخانی سەدام حوسێن لە ساڵی ٢٠٠٣دا محەمەد جەواد لاریجانی کەسایەتی سیاسی گرنگی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئیستاکەش راوێژکاری باڵای خامنەئی بۆ کاروباری دەرەوەیە، ئەودەم بابەتێکی بە ناوی حکموەتی ئێرانەوە پێشکەش بە ئەمریکاییەکانی ئیدارەی جۆرج جەبلیو بوش کرد بە ناوی گراند دیڵ. لەو گرێبەستە گەورەیەدا هەندی خاڵی باس کراوە گەر حزبوڵڵا و حەماس و جیهاد خۆیان بە خاوەن قەزیە بزانیایە هەرگیز ئەوەیان قبوڵ نەدەکرد و دەبوو هەر ئەو دەم واز لە ئێران بهێنن . لەو گرێبەستەدا ئێران بە ئەمریکا دەڵێ ئێمە ئەوە سەدام حوسێنمان رووخاند و ئێمە دەمانەوێ هاوبەشیەک یاخود هاوپەیمانێتیەک هەبێ لە نێوانماندا لەسەر ئاستی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوین/رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە بەرمابەردا ئێمە ١) ئامادەین دەسبەرداری چەکی ناوەکی ببین. ٢) چەک بە حزبوڵڵا دادەنێین و دەیکەین بە حزبێکی سیاسی. ٣) پشتی حەماس و جیهاد دەبین بەردەدەین و و وایان لێدەکەین کە هێرش نەکەنە سەر ئیسرائیل لەمەودوا.
دیارە ئیدارەی ئەمریکی جۆرج بوش ئەم گرێبەستەی رەتکردەوە چونکە لە سیاسەتی ستراتیجی دەرەوەی ئەمریکادا شتیک نیە بە ناوی هاوبەشی پاوانخوازی جگە لەگەڵ جەمسەرە زلهیزەکاندا نەبێت. نفوزی پاوانخوازی سیاسی ئێران لە مێژ بوو گەیشتبووە وڵاتانی ئەمریکا لاتین لەوانە ئەرجەنتین و چیلی و پیرۆ و بەرازیل ئەمە هەروەها چەند وڵاتێکی ئەفریقیاش، ئەم گراند دیڵە مەودای پاوانخوازی ئێرانی فراوانتر و هەستیارتر دەکرد لە ناوچەیەکی وەک خۆرهەڵاتی ناویندا بۆیە ئەمریکا بێ یەک و دوو بەگەنی نەکرد.

قۆناغی دووەم: تۆفانی ئەقسای ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣
تۆفانی ئەقسای ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ی حەماس بۆ گیان خەڵکی مەدەنی ئیسرائیل سەرەتای قۆناغێکی ترە لە نەمانی ساڵانی هەنگوینی پەیوەندیەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کە لەوەناچێ گەڕانەوەی هەبێ وەک پێشووتر. ئەو رووداوانەی لە ساڵی پارەوە تاکو ئیستا روویانداوە شوێنگەی ئێرانی لە هەر سێ ئاستی نێوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی بەرەو لاوازی بردووە بە رادەیەک جەمسەرە جیهانیەکانی وەک روسیا و چینیش ناتوانن لەو کەندەڵانە دەری بهێنن سەرباری هەر پەیوەندیەکی باش و رێکەوتنێکی سەربازی و ئەندامێتی لە بریکسدا.
ستراتیجیەتی ئێران وەک دەوڵەتێک بریتە لە دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی دراوسێیدا و گرتنەبەری پاوانخوازی لەو رێگەیەوە و گەر ئێران لەم ستراتیجیەدا فەشەل بهێنێ، کە وادیارە، ئەوا بوونی لە ناوخۆ و ناوچەکە و جیهانێشدا دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە. ئەوەی ئێرانی وەک هیزێکی گەورە و کاریگەر لە ناوچەکەدا پیشان دەدا:
یەک: ئەو باڵا شییعیانە بوون کە بە هیلالی شیعی یاخود بە محوەری مقاوەمە ناوزەدی دەکردن کە بەشێکی زۆری هزر و میدیای عەرەبیش وەک تۆتی دەیانگوتەوە. حزبوڵلا بە پلەیەکیش خوارتر حەماس روحی ئەو ستراتیجیە بوو لە ناوچەکە و لە بەرامبەر ئیسرائیلیشدا. ئیستا ئەو دوو هێزە بە قاعیدە و قەواعیدەوە وا بەرەو فەنابوون دەچن نەک هەر لەسەر ئاستی سەربازی بەڵکو ئاستی سیاسیش. یەمەنی حوسیەکان پێش ئەوەی ئێران بیکات بە باڵێکی بەفڕی وەک حزبوڵڵا، بێ باڵ کرا و لە هەموو لایەکی نێودەوڵەتیەوە ئیدانە دەکرێ و رسوا دەکرێ ئەمە جگە لە هێرشی بەردەوامی ئەمریکا و بەریتانیا و ئیسرائیل بۆ سەر بنکە و خاڵە سەربازی و سەرچاوە و ستراتیجیە ئابوریەکانی. گەر ئێران بەرەو لاوازی ستارتیجی دەرەکی بڕوات بە تەواوی ئەوا کێشەی حوسیەکان لە یەمەن لە رووی سیاسیەوە قۆرخ دەکرێ لە لایەن وڵاتانی کەنداوە بە دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵیاندا و خۆشیان ئەم مەیلەیان تێدا هەیە بە لەبەر چاو گرتنی ئەو چەندان هاتن و چوونەی دانوستانیان لەگەڵ بەشەکەی تری یەمەن لە سعودیە و قەتەر.
دوو: یەکیک لە گورزە ستراتیجیە گەورەکانی تر لە ئێران لە دەسچوونی سوریایەتی وەک گۆڕەپانێکی جەندان ساڵەی تراتێنی یان ترانزێتی سیاسی و سەربازی بۆ دەستێوەردان لە لوبنان و فەلەستین و تەنانەت ولاتانی وەک ئوردن و کەنداویش. رووداوەکانی ئەم چەندان مانگەی دوایی نیشانیدا کە چیتر ئێران بە دەردی سوریا ناخوات. هێرشە یەکانگیریەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵڵا و حەماس و سوریا بێ ئەوەی یەک دەوڵەتی غەربی و بگرە جیهانیش سەرەکۆنەیەکی جدی بکەن هوروژمێکی گۆڕان یاخود لەرزەیەکی جیۆسیاسی بۆ ناوچەکەی پێوەیە و تەواوی هاوکێشە سیاسی و پەیوەندیە ناوچەییەکانی لە تەتەڵەبێژەنە داوە. لەو تەتەڵەبێژەنەیەدا ئێران زەرەرمەندی یەکەمە بەو پێیەی:
١) دیمەشق بۆتە گۆرستانێک بۆ کوشتنی جەنەراڵە سەربازیەکانی ئێران بێ ئەوەی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا هیچ ئیدانەیەک یاخود هەنگاوێکی عەمەلی لە دەست بێت بۆ پاراستنی کەسێتی و هیزی ئێرانی لە سوریادا بەتایبەت ئیسرائیل بە ئاشکرا پێی گوتووە گەر دەسبەرداری ئێران نەبیت ئەوا چارەنوست لە نەسروڵڵا و هەنیە و سنوار باشتر نابێت. ٢) بەشار ئەسەد بە ئاشکرا دەرگای بۆ وڵاتانی ئەوروپی کردۆتەوە یاخود بڵێم ئەوان باوەشیان بە سوریادا کرد و گوتیان گەر بێتوو واز لە ئێران بهێنیت ئەوا ئێمە وەک یەکێتی ئەوروپا دەرگای پەیوەندیەکانت لەگەڵدا دەکەینەوە و بۆ نیەتپاکیش ئەوەتا جەند وڵاتێکمان سەفارەت و کونسوڵەتیان کردۆتەوە لە دیمەشقی پایتەخت وەک ئیتالیا و نەمسا؛ ئەمە جگە لە بەستنی کۆنفراسێک لە ئەوروپا لە مانگی رابردوودا لە نێوان یەکێتی ئەوروپا و سوریا کە هەشت وڵاتی یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا و یەکێتی ئەوروپا ئەو کۆنفراسەیان بەڕیوە برد و بەڵێنیاندا کە ئەم جۆر ەدانیشتن و گفتوگۆیانە بەردەوام دەبن. ٣) ولاتانی کەنداو ئامادەیی لە ئەستۆگرتنی ماڵی بۆ دووبارە بونیاتنانەوەی سوریا هەر لە دروستکردنەوەی شارەکانەوە تاکو ژیانەوەی ژێرخانی ئابوری. هەر خودی بانگهێشتی بەشار ئەسەد بۆ کۆمکاری عەرەبی و سەردانی ئەمیری دوبەی بۆ دیمەشق و کردنەوەی سەفارەت و کۆنسوڵیەکانی لە دیمەشق وەک ئیمارات و سعودیە و جەزائیر و میسر و ..هتد.
سێ: لە نەخشەی سیاسی نوێی سوریادا کە بە دانیشتنێک لە نێوان تورکیا و سوریا بە نێوەندگیری روسیا و تەنانەت ئاگاداری ئەمریکاش بەرێوە چوو لە یەک دوو هەفتەی رابردوودا دەسکۆتاکردنی ئێران بە ئاشکرا دەبینرێ. تورکیا و روسیا فشاری گەورەیان لەسەر ئەمریکا داناوە کە پشت بکاتە رۆژاڤا و لە بەرامبەریشدا تورکیا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی بکشێتەوە؛ هەروەها روسیا ناهێڵێ ئێران نفوزی سیاسی و سەربازی هەبی لە ئایندەی سوریادا.
چوار: سەرباری ئەوەی دوێنێ و پێرێکە وەزیری دەرەوی روسیا سێرگی لاڤرۆڤ رایگەیاند کە ریکەوتنی سەربازی مۆر دەکەن لەگەڵ ئێراندا بەڵام ئەمە هەرگیز ناتوانێ لە ئاستی ئەو گرژیەی ئیستا ئێران و ئیسرائیل کەم بکاتەوە گەر توندتری نەکات. ئەولەویەت بۆ روسیا لە ئیستادا ئۆکراینە کە مەسەلەیەک و کێشەیەکی سەربازی ستارتیجی گەورەیە بۆ روسیا و ئێران هەرگیز ئەو شوێنگە جوگرافی و سۆزە مێژوویی و ئاینی و تەنانەت نەژادیەشی نیە وەک ئۆکراین هەیەتی؛ بۆیە روسیا گەر بە تەواویش بچیتە بەرەی ئێرانەوە لە حاڵەتی جەنگ لەگەڵ ئسرائیل-ئەمریکادا ئەوا جگە لە ناردنی چەک و تەقەمەنی ئەویش بە شێوەیەکی دیاریکراو ناتوانێ هیچ هەنگاوێکی گەورەتر بنێت. بۆ نموونە ئەوەی روسیا کڵاوەی ئەتۆمی دەداتە بێلاروس هەرگیز ناتوانێ و نایشیکات ئەوە بداتە ئێران بە جەندان حوکمی سیاسی نیودەوڵەتی و جیوسیاسی و سەربازی ستراتیجی کە لێرەدا شایانی باس کردن نیە.
پێنچ: چین کە ئەویش پەیوەندیەکی بەهیزی بازرگانی هەیە لەگەڵ ئێراندا ناتوانی هیچ بەشداریەکی سەربازی بنێت گەر دوو سبەی ئیسرائیل-ئەمریکا کۆماری ئیسلامیش بڕوخێنن. ئەوە دروستە ئێران بە نرخێکی هەرزان نەوت دەفرۆشی بە چین بەڵام هەرگیز ناگاتە ئاستی ئەو پەیوەندیە بازرگانی و ئابوریەی چین لەگەڵ ئەمریکادا هەیەتی. دیسانەوە چینیش وەک روسیا ئەولەویاتی ستراتیجی سەربازی خۆی هەیە کە تایوانە و مەسەلەی تایوان نەک هەر راستەوخۆ لە بەرامبەر ئەمریکادا رایگرتووە بەڵکو ئەگەری پێکدادانی دەستەوئیخەی هەیە لەگەڵ ئەمریکادا. بۆیە ئێران جەمسەرێکی تری گەورەی وەک چینیش لە دەست دەدات گەر بێتوو بکەویتە جەنگی راستەوخۆی ئیسرائیل-ئەمریکاوە.

هەواڵ و رووداوەکان…
لەگەڵ نوسینی ئەم بابەتەدا هەوڵێک و رووداوێکی گرنگ روویدا کە ئەمە پوختەکەیەتی:
لەگەڵ گرژبوونەوەی بەرامبەرکێیەکانی ئێران و ئیسرائیل بە هێرشی موشەکی و ئاسمانیەکانی بۆ سەر یەکتر لە سێ چوار مانگی رابردوودا بەتایبەت هێرش و پەلاماری موشەکی و فڕۆکەی جەنگی (ئێف ٣٥)ی بۆ ناو قوڵایی خاکی ئێران لە لایەن ئیسرائیلەوە لە مانگی رابردوودا، ئێران چ لە زاری رابەری روحی جهموریەتەکەوە عەلی خامنەئی و چ لە زاری جەنەراڵە سەربازیەکانی سوپای پاسدارانەوە پەیمان و سۆزی یەک لە دوای یەک دەدەن بە گوێی ناوجەکە و جیهاندا کە خۆیان ئامادە دەکەن بۆ هێرشێکی جەرگبڕ و وێرانکەر بۆ سەر ئیسرائیل.
هەر پیرێکە عەلی خامنەئی لە وتاری هەینیدا لە تاران بەیانی هێرشێکی لەو جۆرە کرد بۆ سەر ئیسرائیل، ئەمریکا بۆ بەیانیەکەی پێشکەوتووترین فڕۆکەی سەربازی وێرانکەری (بی٥٢)ی نارد بۆ ئیسرائیل کە هێز و تواناکەی لە جەنگدا شتیک لەملای چەکی ئەتۆمیەوەیە. لەگەڵ ناردنی ئەم چەکە وێرانکەرەدا ئەمریکا بە رەسمی ئاگاداری ئێرانی کردەوە و گوتی گەر بێتوو هێرشی تر بکەنە سەر ئیسرائیل ئەوا ئیمە چیتر ناتوانین دەستی ئیسرائیل بگرین لەوەی وەڵامتان بداتەوە. واتە دەستی ئیسرائیل والا دەکەین لەوەی چۆن و چەند وەڵامتان دەداتەوە. ئەم ئاگادرارکردنەوەیەی ئەمریکا لە پای ئەوە دێت کە لە هێرشی یەکەمی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە مانگی رابردوودا توانی قەناعەت بە ئیسرائیل بهێنێ کە لە بنکە ئەتۆمی و چاڵاوگە نەوتیەکان نەدات و سەرکردە ئێرانیەکانیش نەکاتە ئامانج.

٤ی ١١ی ٢٠٢٤




فەلسەفەی عەرەبی-ئیسلامی 6.2 ئیبن ڕوشد (ئاڤێروێس).. گێرت هێندریش.. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

ئەو کاریگەرییە کە فەیلەسوفى عەرەبى ئیبن ڕوشدى کۆردۆبەیى لەسەر چەرخی نێڤینی ئەوروپی نواندی، زۆرتر بوو لەو بایەخە کە لە سەدەى هەڤدەیەم و هەژدەیەمى ئەوروپیدا بە ڕۆمانەکەى ئیبن توفەیل درا. دانتە لە “کۆمیدیاى خودایى”دا بەم شێوەیە ناوی ئیبن ڕوشدى بردووە: “ئاڤێروێس کە شەرحى مەزنى نووسیوە” (Inf IV، 144). ئەوە دیاردەیەکى تایبەتیى مێژووى هزرە کە فەلسەفەى ئیبن ڕوشد گەورەترین کاریگەریى لە هزرى ئەوروپى-کریستیانیدا نواند نەک لە هزرى عەرەبى-ئیسلامیدا. لێرە وەرگرتن (ڕێسەپسیۆن) و دانوستاندنى فراوانى ئەو سەرەتا بەهۆى سەرئەنجامەکانى مۆدێرنەوە، وەلێ بەتایبەتى لە سیى ساڵى ڕابوردوودا، دەستیپێکرد، ئەمەش سووڕهێنەرە: ئاخر ئایا فەیلەسوفێکى چەرخى نێڤین چیى پێیە بە جیهانێکى مۆدێرنەى ڕابگەیەنێت کە پارادیگماى هۆشەکی و کێشەى جڤاکیانەی تەواو جیاوازى هەیە؟ ئەمڕۆ ئیبن ڕوشد لە جیهانى عەرەبیدا زۆر زیاتر لە هەر فەیلەسوفێکى دیکەى عەرەبى-ئیسلامى بە هزرڤانی ترادیسیۆنێکى ڕۆشنایی دادەنرێت کە تایبەتە بە خودى کولتوورى ئیسلامی و ئوتۆنۆم و سەربەخۆیە لە ئەوروپا. هەروا لە لایەک ئەو کاریگەرییە کەمە کە ئیبن ڕوشد لەنێو ئەم کولتوورەدا لە دەوروبەری ژیانی خۆیدا نواندی، لە لایەکى دی واتاى ئەو بۆ دیسکورزى سەردەم، ڕووندەکرێتەوە: کاتێک هزرى ئەو لە سەردەمى خۆیدا بەر نێوەندێکى کەمێک ئامادەى جڤاکی و هۆشەکى کەوت، ئەوا سەرنجڕاکێشیی فەلسەفەکەى لەم سەردەمەدا بۆ ئەو شرۆڤە ڕەخنەییە دەگەڕێنرێتەوە کە لەبارەی پەیوەندیى نێوان ئاوەز و ئیمان ئەنجامى دا، کەواتە لەبارەی مژارێک کە واتایەکى سەنترالیى بۆ دیسکورزى ئەمڕۆى ئیسلام هەیە.
ئەبولوەلید موحەمەد ئیبن ئەحمەد ئیبن ڕوشد کە لە فەلسەفەى ئەوروپیدا بە ئاڤێروێس ناسراوە، ساڵى 1126 لە کۆردۆبا هاتە جیهانەوە، وەک کوڕى خانەوادەیەک کە تێیدا پشتاوپشت دادوەرانی خاوەن کاریگەریى سیاسی هەڵکەوتبوون. ئیبن ڕوشد ڕێگەى خوێندنێکى گشتگیرى گرتە بەر کە تەنیا فەلسەفە و ماتماتیک و زانستى سروشتیى لە خۆ نەگرتبوو، بەڵکو هەروەها پزیشکى و دادوەری، لەم پەیوەندییەشدا هاوکات لە تیۆلۆگیى ئیسلامیدا پێگەیەنرا. ساڵى 1169 ئەبو یەئقوب یوسف کە حوکمدارى ئەلمووەحیدون بوو لە مەڕاکیش (ماڕۆکۆ)، بۆ شارحێک دەگەڕا کە فەلسەفەى ئەڕیستۆتێلیسى بۆ ڕوونبکاتەوە، ئیبن توفەیلیش کە ئەو دەمە پزیشکى کۆشک بوو، پێشنیارى ئیبن ڕوشدى لاوى کرد ئەو ئەرکە بەجێبگەیەنێت. ئێمە دەتوانین وای دابنێین کە ئیبن توفەیل لەو کاتە بەدوواوە مامۆستا و پشتیوانى ئیبن ڕوشد بووە. ئەو لە ساڵى 1171 بەدواوە دادوەرى باڵاى کۆردۆبا بوو و پاشان ساڵى 1182 وەک پزیشکى کۆشک جێى ئیبن توفەیلى گرتەوە. ئەو چەند ساڵێکى درێژخایەن، تا ئەو کاتە کە حوکمدار پشتی تێکرد، لە فەرمانگەى جیاوازدا کارى بۆ ئەلمووەحیدون کرد. کتێبەکانى لە نێوەندی گشتیدا سووتێنران، خۆیشى ناچار بوو کۆچ بکات بۆ تاراوگە. پێدەچێت فشاری زانایانى کۆنزەرڤاتیڤى ئایین لەسەر میر بەرپرسیار بووبێت لەو ڕووداوە. وەلێ ئیبن ڕوشد لە کۆتاییدا بە چەند تێزێکى سەرنجڕاکێش لەسەر پەیوەندیى نێوان ئیمان و ئاوەز دەرکەوتەوە. دەبێت کاریگەریى بەهێزى ئەو لەسەر میرى ئەلمووەحیدون و هەروەها ناوبانگی لە نێوەندی گشتیدا هۆی ئەوە بووبن کە ئاوارەکردنەکەی تەنیا ماوەیەکى کورتى خایاند. ئیبن ڕوشد دواى گەڕانەوەى سەرلەنوێ تا مردنى کاری فەرمیى لە کۆشکى حوکمداردا ئەنجامدایەوە.

مێتافیزیک

ئەوە ئاشکرایە کە “تەرقیە”ى ئیبن ڕوشد وەک فەیلەسوف بە شەرحێک (کۆمێنتارێک) ی ئەڕیستۆتێلیس دەستی پێکرد. ئاخر ئەو تەواو ئەڕیستۆتێلى بوو، چەرخى نێڤینى ئەوروپیش ئەوى سووک و ئاسان ناو نا “ئەلشارح”ى ئەڕیستۆتێلیس. هەندێک جار ئەم پابەندبوونەى هێندە زۆرە کە ئیدی لەدژى مەئریفە نوێکانى توێژەرانى ئەرەبى-ئیسلامى بەرگرى دەکات لە بیرۆکەکانى ئەڕیستۆتێلیس لەمەڕ فەلسەفەى سروشت و فزیک، جا گەرچى ئەو توێژەرانە بەئاشکرا باشتر لە مامۆستاکەى ئەنتیکە وەڵامى پرسیارەکانیان دابۆوە. ئیبن ڕوشد بەهۆى ئەم خۆبەڕاستزانییەوە تانوتى ئەوەى لێدرا کە تەنیا لاساییکەرەوەیەکى گریکەکەیە. وەلێ ڕاستییەکەی فەلسەفەى ئەو زۆر لە فەلسەفەى ئەڕیستۆتێلیس تێدەپەڕێت: ئەو، لەپاڵ شەرحەکانی ئەڕیستۆتێلیسدا، هەروەها هزرى فەیلەسوفانى دیکەى ئەنتیکەى ڕاڤە کرد، وەک بۆ نموونە “کۆمار” (Politeia)ى پلاتۆن (ئەم کارەی تەنیا بە وەرگێڕانێکى حیبرى بەدەستگەیشتووە)، ئەوجا “ئیساگۆگە” (Isagoge)ى پۆرفیریۆس یان “ئالماگێست” (Almagest)ى پتۆلێمیۆس. ئیبن ڕوشد هاوکات هەڵوێستێکى دووفاقی بەرانبەر ئیبن سینا وەردەگرێت: لە کارە سەرەکییەکەیدا بە ناونیشانى “تەهافوت ئەلتەهافوت” بەرگرى لە ئیبن سینا دەکات لەدژى هێرشەکانى غەزالى، وەلێ هاوکات زۆر ڕەخنەییانە خۆى بە هزرى ئەوەوە خەریک دەکات و بەرپەرچی هەندێک لە تێزە کرۆکییەکانى دەداتەوە. ئەمە بەتایبەتى زانینومای ئیدێکانى پلاتۆن دەگرێتەوە کە لە چەرخى نێڤیندا ناو دەنرا ڕیالیزمى یونیڤێرساڵەکان. شتەکان کە بەرجەستانە شیاوى دەرککردنن و بۆ ئەزموون کراوەن، لە ڕیالیزمى یونیڤێرساڵەکاندا بە ڕیالێتى دانانرێن، بەڵکو لە پشتیانەوە گەوهەرى سەربەخۆ لە شێوەى “ئیدێ” یان “یونیڤێرساڵ”دا (گشتێتیدا – و) خۆیان دەبیننەوە. ئیبن ڕوشد بە پێچەوانەوە وای دەبینێت کە یونیڤێرساڵەکان کاریگەریى زەینى چالاکن لەسەر دەروونەکانى مرۆڤ و هەبوونى خۆییان لە دەرەوەى دەروون پێنادات. زەین خۆى تێگە یونیڤێرساڵەکان (گشتییەکان) چێدەکات، ئەویش کاتێک فۆرمەکان لە تاکە شتەکانى ئەزموون دادەبڕێت. فۆرمەکان کە توخمى جیهانى هۆشەکین، لەنێو شتە کەرەسەییەکاندان. بەم پێیە ئیبن ڕوشد هەڵوێستێکى ناوگەرایى (nominalistisch) ی میانەیی وەردەگرێت، واتا: یونیڤێرساڵەکان لە ڕاستیدا تێگەى دروستکراوى زەینن، وەلێ لەبەر ئەوەى فۆرمەکان گشتێتین یان “دیارداوی ئیدێیی”ن لەنێو تاکە شتەکاندا، ئەوا زەین نەک تەنیا پێویستی بە نەزەری تاکە شتە بەرجەستەکانە بۆ ئەوەى بە “ئیدێ”ى فۆرمەکان بگات، بەڵکو هەروەها خودى جیهانى هۆشەکییانەى فۆرمە پەتییەکان پێویستیى بە شتە بەرجەستەکانە بۆ ئەوەی خودى خۆى بهێنێتەدی. مرۆڤ دەتوانێت لەمە هزرێکى ماتەریالیستى تێبگات، وەک چۆن ئێرنست بلۆخ لێی تێدەگەیشت. وەلێ ئەوەی ڕاستی بێت ئەمەیە مژاری ئیبن ڕوشد: مەئریفەى هۆشەکى هەمیشە تێگەیشتنە لە گشتێتیى ڕیال، کەواتە دەشێت بوونى شتەکان لەنێو خودى شتەکانى ئەزموونکردنی بەرجەستەدا ئاشکرا بکرێت بەبێ ئەوەى پێویست بێت لەتەک پلاتۆندا گریمانەی دووبەشاندنی شتەکان بەسەر دیاردە و کرۆکدا بکرێت. ئەم بیرۆکانە سەرلەنوێ لە فەلسەفەى ئەوروپیى چەرخى نێڤیندا لە ناوگەرایى میانەییدا سەرهەڵدەدەنەوە و لێرەشدا هەڵوێستى ئەڕیستۆتێلیزم بەهێز دەکەن.
ئەو کارانە کە تێیاندا هزرى خۆیى ئیبن ڕوشد بە ڕوونترین شێوە خویا دەبێت و ئەمڕۆ زۆرترین گرنگیان پێدەدرێت، بەزۆریى خەریکبوونە ڕەخنەییەکانى بوون بە هێرشى تیۆلۆگەکانەوە بۆ سەر فەلسەفە، بۆ نموونە بە “تەهافوت ئەلفەلاسیفە”کەى غەزالییەوە. ئیبن ڕوشد لەبارەی ئەم نووسینە شەرحێکى مەزن دەنووسێت و تێیدا ئەرگومێنتەکانى غەزالى وەک خۆیان دەخاتە ڕوو، پاشان بە شێوەیەکى سیستەماتیکى بەرپەرچیان دەداتەوە. “تەهافوت ئەلتەهافوت (Destructio destructionis / Die Inkohärenz der Inkohärenz) بە کارە سەرەکییەکەى ئیبن ڕوشد دادەنرێت. ئەو لەم نووسینەدا هەروەها ڕەخنەییانە بە تێگەى هۆئەنجامیى (کاوساڵێتیى) غەزالییەوە خەریک دەبێت، لێرەشدا ڕوودەکاتە نموونەکەى غەزالى لەمەڕ پارچەیەک لۆکە کە دەکەوێتە نێو ئاگرەوە. غەزالى سەبارەت بەم نموونەیەى خۆی دەبێژێت: مرۆڤ دەتوانێت تەنیا گریمانەى پەیوەندییەکى دوای-یەکییانە (post hoc)ی نێوان ئاگر و سووتان بکات، وەلێ هەرگیز ناتوانێت گریمانەى پەیوەندییەکی بەهۆوەیی (propter hoc)ی نێوانیان بکات. ئاگر بۆ غەزالى تەنیا هۆیەکى “خوازەیی”ى سووتانە. ئێستاش ئیبن ڕوشد بەپوختى پرسیار دەکاتەوە: ئایا مرۆڤێک کە بەڕێکەوت دەکەوێتە نێو ئاگرێکەوە، تەنیا بە شێوەیەکى خوازەیی دەسووتێت؟ بۆ ئەو ڕوون و ئاشکرایە کە سەرجەم شتەکان هەروەها خاوەنى ئەدگارانن. هۆی ئەوە کە شتەکان چی بن، هەر ئەوەش بن، دەگەڕێتەوە بۆ ئەدگارەکان. ئەمە لە ڕەوشی ئاگردا بۆ نموونە سووتانى ئەو شتەیە کە بەر ئاگرەکە دەکەوێت، بەگوێرەی ئەمەش دەبێت ئاگرەکە بە هۆ دابنرێت، چونکە گەر ئەوها نەبێت، ئەوسا ناتوانین هیچ گۆتەیەک نە لەبارەى شتەکان و نە لەبارەى دەستووری جیهان دەرببڕین، کە ئیدی هەروەها ئەو شیمانەیە نامێنێت بۆ ئەوەى لە خودا یەکەم هۆ تێبگەین و بەمەش هەبوونى بسەلمێنین.
ئیبن ڕوشد لەپاڵ “تەهافوت ئەلتەهافوت”دا چەند توێژینەوەیەکى بچووکى لەبارەی پەیوەندیى نێوان ئاوەز و ئیمان نووسى کە بریتین لە: “فەسڵ ئەلمەقال” (لێتوێژینەوەی بڕێنەرەوە) و “ئەلکەشف عەن مەناهیچ ئەلئەدیللە” (لێتوێژینەوەی بەڵگەکان لە ڕووی پێشبینییەکانی ئیمانەوە). ئەم نووسینانە ساڵى 1875 وەرگێڕران بۆ ئەڵمانى و لەژێر ناونیشانى “فەلسەفە و تیۆلۆگیى ئاڤێروێس”دا دانران.

ئیمان و ئاوەز

چۆن لە “تەهافوت ئەلتەهافوت”دا، هەر ئەوها تەواو لە “فەسڵ ئەلمەقال”دا، ئیبن ڕوشد هەوڵ دەدات ئەو تۆمەتى دەرچوونە لە ئیمان لەکاربخات کە غەزالى دابوویە پاڵ فەیلەسوفەکان بەگشتى و فارابى و ئیبن سینا بەتایبەتى، لێرەشدا لەسەر ئەو پرنسیپە دەڕوات کە هەروەها فەیلەسوفانى پێش خۆى پەیڕەوییان کردبوو، واتا: ڕاستییەکانى ئایین و فەلسەفە دژبێژیى یەکدى ناکەن. ئیبن ڕوشد دەبێژێت:
“لەبەر ئەوەى ئەم یاسا ئایینییانە (ئەم شەریعەتە) ڕاستین و داواى نەزەری گەیەنەر بە ڕاستى دەکەن، ئەوا ئێمەى موسڵمان بەتەواوى دەزانین، نەزەری بورهانى (دێمۆنستراتیڤ) گەیەنەر نییە بە شتێک کە پێچەوانەى یاساى سروشییە (شەرعە). ئاخر ڕاستى دژبێژیى ڕاستى ناکات، بەڵکو پێی دەگونجێت و گەواهیی بۆ دەدات.(…)
وەلێ گەر سەرچاوەى ئایین خۆى لێى بدوێت، ئەوا گوزارشتی دەرەکی دەگونجێت یان ناگونجێت بەو شتە کە بورهان گەیەنەرە پێی. گەر پێی بگونجێت، ئەوسا پێویست ناکات زیاتر بگۆترێت، وەلێ گەر پێی نەگونجێت، ئەوسا تەئویلکردنى پێویست دەبێت. (…)
واتاى تەئویل ئەوەیە کە لە مەغزای ڕاستینە مەغزاى پەیڤ دەربهێنرێت و بکرێت بە مەغزایەکى خوازەیی، بەبێ ئەوەى بەو ڕێیەوە زیان بە زمانی باوی عەرەبەکان بگەیەنرێت” (1).
کەواتە تەنیا بەرواڵەت دژبێژییەک هەیە لە نێوان ڕاستییەکى فەلسەفەیى سەلمێنراو و مەغزاى وشەیى تێکستێکى ئایینیدا، ئەم دژبێژییەش هەڵدەوەشێتەوە گەر مرۆڤ خوازەییانە (مێتافۆریانە) لە تێکستى ئایینی تێبگات. وەلێ ئەمە هەروەها واتایەکى ئەوتۆ دەگەیەنێت کە فەیلەسوفەکان خۆیان لەسەر هەمان ئاستى هزرمەندانەى (ئینتەلێکتوێلیى) “یاسادانەرانى ئایینى” و فەلسەفەش خۆى لەسەر هەمان ئاستى ئایینى سروشی دەبینێتەوە، هەر وەک چۆن ئیبن ڕوشد لە شەرحى “کۆمار”ى پلاتۆندا پێشانى دەدات: مەبەستى پەیامی بۆ هاتوو (پرۆفێتیی) “لەخۆدا هەمان جۆر و مەبەستى فەلسەفەیە” (ئیبن ڕوشد، 1996 و 93). بێگومان چەند ئاشکرایە کە “ناشێت ڕاستى دژبێژیى ڕاستى بکات”، ئەوەندەش توانستى مرۆڤان بۆ ناسینى ڕاستى بەگشتی نائاشکرایە، ئەویش چونکە “هەموو مرۆڤان بەهۆى سروشتیانەوە توانایان بۆ بورهان (دێمۆنستراسیۆن) نییە، تەنانەت بۆ گۆتە (الأقاويل) دیالێکتیکییەکانیش، جا نەخوازە بۆ گۆتە بورهانییەکان”، ئەوجا لەبەر ئەوەى بە پێچەوانەوە “مەبەستى شەرع تەنیا فێرکردنى هەمووانە، ئەوا پێویستە شەرع هەموو جۆرەکانى ڕێگەگەلی ڕاستاندن و هەموو جۆرەکانى ڕێگەگەلی تێڕوانین (التَصَوُّر) لە خۆ بگرێت” (2)، لێرەشدا زۆرترین بەشیان لە فۆرمى سیمبۆلى و ڕەوانبێژیدا (الخطابية) ئاڕاستەى جەماوەرى ئیمانداران دەکرێت و تەنیا بەشێکى کەمیان لەسەر سوورەتى 59، ئایەتى 2ى قورئان دەڕوات: “ئێوە کە تێڕوانینتان هەیە، هەروەها بهزرێن!” (3). کەواتە ڕاستییەکانى فەلسەفەى تیۆریانە (سپێکولاتیڤ) تەنیا تایبەتن بە هەندێک زانا. ئەم جەختکردنە لە بەربژێریی فەلسەفە ڕاڤەکارانى ئەوروپیی سەردەمی بەو تێڕوانینە گەیاند کە گۆیا داواکارییەکەى ئیبن ڕوشد بۆ ئازادیى هۆش تەنیا هەڵوێستێکى دەستەبژێرانەیە و لێرەشدا زانین و تێڕوانینى فەلسەفەیى دەستوێژ نین بۆ ڕزگارکردنى مرۆڤ. ئەم نرخاندنە پێشانی دەدات، لێرەدا چەند کەم توانستی هەستکردن بە دۆخى هزرمەندێکی نێو کولتوورێکى چەرخى نێڤین هەیە کە تێیدا ئایینداریى ئەقیدەگەرا و دەسەڵاتداریى دێسپۆتی سەروەر بوون.
خودى ئیبن ڕوشد بە پەیڤی تەواو ڕۆشن ڕەوشە سیاسییەکانى سەردەمەکەى دەردەبڕێت. ئەو لە شەرحی “پۆلیتێیا” (کۆمار – و) ى پلاتۆندا پەیوەندییەک لە نێوان دەسەڵاتى سیاسى و پاساوبۆهێنەرەوانی ئایینیدا چێدەکات: لە دەوڵەتى “تیرانى”دا “دەسەڵاتداران پەیوەست بە جەماوەرەوە تەنیا مەبەستی خۆییان هەیە، بۆیە هاوشێوەیی نێوان دەوڵەتى پیاوانی ئایین (priesterlich) و تیرانی زۆر جار ئەنجامێکى ئەوتۆ دەهێنێت کە بەشەکانی پیاوانى ئایین لەنێو ئەو دەوڵەتەدا دەبن بە بەشە تیرانییەکان و ئابڕووی ئەو کەسە دەبەن کە مەبەستى ئایینیی هەیە، وەک چۆن ئەمە لای ئەو پیاوانەى ئایین دەبینرێت کە خۆیان لەنێو دەوڵەتەکانى ئەم سەردەمەماندا دەبیننەوە”. پاشان ئیبن ڕوشد ئەم ڕەخنەیە کە بەئاشکرا لە عولەماى ئایینى ئیسلامی دەگرێت، بەبەرجەستەیى دیاری دەکات: “نموونەیەک بۆ ئەمە بریتییە لەو دەسەڵاتدارییە کە لە کۆردۆباى وڵاتماندا هەیە” (ئیبن ڕوشد، 1996، 119 بەدوواوە). ئیبن ڕوشد لە شەرحەکەى پلاتۆندا ئەم تێزە بەرەنگارى پەیوەندییە هەبووەکان دەکاتەوە: دەبێت یاسا ئایینییەکان هەمیشە بەگوێرەى گونجانیان بەو یاسایانە بنرخێنرێن کە مرۆڤان دایانناون. مۆرکەکانی ئەو پێگونجانە بریتین لەو ڕێسایانە کە پێناسەى ئەوە دەکەن، داخۆ چە ڕێکخراوێک (ى سیاسى) بە کرۆکى مرۆڤ بگونجێت، ئەمە بێگومان لەو شێوەیەدا کە چۆن فەلسەفە وەک زانستى ئاوەز ڕێساکان دادەنێت. کەواتە سەروەریی فەلسەفە هەڵوێستێکى دەستەبژێرانە نییە، بەڵکو سوورە لەسەر پێشتریدان بە بناغەڕشتنى ئاوەزیانەى یاساکان و ڕێکخراوە سیاسییەکان، تەواو بە پێچەوانەى ئەو داواکارییەوە کە دەبێژێت پێویستە یاساکانى مرۆڤ هەمیشە پابەند بن بە یاسا ئایینییەکانەوە.

ئەوە سەروەریی هزرە بەسەر ئیماندا کە ئیبن ڕوشد پشتگیریی لێدەکات، ئەو هەروەها بە “ئەرکی فەلسەفە”ی دادەنێت “کە ئایین لە بەردەم زەینی کەسانی پێشکەوتوودا بپشکنێت و بەمەش دەرفەت بدرێت بۆ ئەوەی بەڵگە لەبریی ئیلهام بدوێت”، هەروەک چۆن ئێرنست بلۆخ دروست ڕاڤەی کردووە (Bloch 1972, 484). کەواتە “لە ئاییندا هیچ پاشماوەیەکی سروشییانەی سەر-ئاوەزی” نامێنێتەوە “کە زەین لە بەردەمیدا ئاگنۆستییانە شکست بهێنێت” (هەمان سەرچاوە). هەر بەتەواوەتی ئیبن ڕوشد ئەم کاریگەرییەی لەسەر فەلسەفەی چەرخی نێڤینی دەمەو کۆتایی ئەوروپا نواند و ئەمڕۆش سەرلەنوێ لە فەلسەفەی عەرەبی-ئیسلامیی سەردەمدا ڕەچاو دەکرێت. جگە لەوە ئیبن ڕوشد لەبریی ئەو ڕەشبینییە کە غەزالی بەرانبەر ئاوەز هەیبوو، گەشبینییەکی تەواو ئاشکرای مەئریفە دادەنێت.

زەینى نەمر
ئەم گەشبینییەى مەئریفە هەروەها لە تیۆریی زەینى ئیبن ڕوشددا کارا دەبێت. تیۆریى زەین هۆیەکى سەرەکى بوو بۆ ئەو پۆلێمیکە کە لە فەلسەفەى ئیسلامى و کریستیانیدا ئاڕاستەى ئەو کرا. ئەڕیستۆتێلیس مرۆڤى وەک زیندەوەرێک پێناسە کردبوو کە بەهۆی زەینی خۆیەوە لە سەرجەم زیندەوەرانى دیکە جیادەبێتەوە و هەروەها بەتوانایە بۆ ئەوەی لە فۆرمە گشتى و نافانییەکان تێبگات. وەلێ لەم تێڕوانینەوە کێشەیەک دەکەوێتەوە: پێویستە ڕوون بکرێتەوە کە چۆن زەینى مرۆڤێک لە لایەک لە فۆرمە گشتى و نافانی و سەرکەسییەکان تێدەگات، وەلێ لە لایەکى دى تەنیا زەینی کۆنکرێتی تاکە مرۆڤێکە. ئەڕیستۆتێلیس لەم کێشەیەدا جیاوازیى لە نێوان دوو زەیندا کرد: زەینى ناچالاک (پاسیڤ) کە فانی و بمرە، بەمەش بریتییە لە هێزى پێشبینیى هەر تاکەکەسێک، هەروەها زەینى چالاک (ئەکتیڤ) کە لە وێنەکانى هێزى پێشبینییەوە فۆرمە هۆشەکییە ئەزەلییەکان دەرئەنجامێنێت (abstrahiert). زەینى چالاک دابڕاوە لە لەشى بەرجەستە و نافانییە، وەلێ بۆ ئەوەى بتوانێت پێشبینییەکانى زەینى ناچالاک بکات بە کردەکى (ئەکتوالیزە بکات)، پێویستیى بە نێوەندیاریى زەینێکى شیمانەییە (intellectus possibilis). ئەم زەینە شیمانەییە تەنیا توانستى مەئریفەى مرۆڤە و لە ڕووى نێوەرۆکەوە هیچ دەبێت گەر هاتوو زەینى چالاک کاریگەری نەنوێنێت. وەلێ بەمە ئەو کێشەیە چارەسەر نەکرا کە داخۆ چۆن جیهانى پێشبینیى بمر و سنووردارى تاکە مرۆڤان پەیوەندی بە جیهانى هۆشەکییانەى زەینى چالاکەوە بکات، بەڵکو کێشەکە تەنیا گوێزرایەوە بۆ جێیەکی دی. وەلێ بە تێگەیشتنی ئیبن ڕوشد زەینى شیمانەیش نافانییە. ئەو ناوی دەنێت “زەینى ماتەریەل”، ئەوجا ئەرگومێنت دەهێنێتەوە: ئەم زەینە ماتەریەلە بەشدارە لە چێکردنی فۆرمە هۆشەکییەکاندا، ئەویش کاتێک فۆرمە هۆشەکییەکان بە زەینى ناچالاک دەگەیەنێت، وەلێ ئەو خۆى هاوکات زەینى کۆنکرێتى مرۆڤێکى پێویستە، کەواتە پێویستی بە زەینى ناچالاکە پێکەوە لەتەک پێشبینیى و وێنە خۆییەکانیدا لەبارەی جیهان. لەمەوە ستاتۆ تایبەتییەکەى زەینى ماتەریەل ڕوون دەبێتەوە. زەینى چالاک لە دەرەوەى مرۆڤە و فۆرمە هۆشەکییەکان لە خۆ دەگرێت. زەینى ناچالاک بەشێکە لە گرێدراویی لەش و دەروون و هاوشێوەى هەردووکیان فانییە. وەلێ گەر مرۆڤێک بمرێت، ئەوسا هیچ گومانى تێدا نییە کە یەکێتیى لەش و دەروون و لەتەک ئەویشدا زەینى ناچالاک لەناودەچێت، وەلێ زەینى ماتەریەل لەناوناچێت. ئەم زۆرێتی نییە و سەر بە تاکە مرۆڤان بێت، بەڵکو وەک یەکانە سەر بە ڕەگەزى مرۆڤە. کەواتە گەر زەینى مرۆڤ بەڕێى زەینى ماتەریەلەوە بە مەئریفەى فۆرمە هۆشەکییەکان بگات، واتا بە مەئریفەى ڕاستییە ئەزەلییەکان بگات، ئیدی بەم ڕێیەوە کارەکتەرێکى گەردوونى وەردەگرێت.
وەلێ بڕوابوون بە نەمریى تاکە دەروون سەر بە دۆگمە بنەڕەتییەکانى ئیسلام و کریستیانەتییە. کاتێک ئیبن ڕوشد تاکە دەروونە کەسییەکان بە بمر و تەنیا زەینى ماتەریەل کە شێوەیەکى “دەروونى ڕەگەزى”یە، بە نەمر دادەنێت، ئیدی فەلسەفەکەى دەکەوێتە ناکۆکییەوە لەتەک دۆگمە ئایینییەکاندا، هەر بەگوێرەی ئەمەش پەرچەکرداری ئەقیدەگەریی ئایینى لە هەردوو ئایینەکەدا دوژمنانە بوو. بۆ نموونە مەترانی پاریس ساڵى 1270 نەفرەتی لە سیازدە تێزى فەلسەفەیى کرد، لێرەشدا زانینومای ئیبن-ڕوشدییانەى دەروون یەکێک بوو لەو تێزانە. تۆماسى ئەکوینى کێشەنامەیەکی بە ناونیشانى “لەبارەى یەکانەى زەین لەدژى ئاڤێرۆیستەکان” (De unitate intellectus contra Averroistas) نووسی، کە ڕاستییەکەی کەمتر ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە ئیبن ڕوشدەوە هەیە، بەڵکو ڕوودەکاتە فەیلەسوف سیگەر فۆن برابانت کە بەئاشکرا لایەنگریی خۆی بۆ زانینوماى زەینى ئیبن ڕوشد ڕاگەیاندبوو. دەنگدانەوەى زانینومای ئاڤێرۆیستى هەروەها لە “دى مۆناڕشییا” (De Monarchia، 1313)ى دانتەدا دەبینرێت: تێڕوانینى ئیبن ڕوشد بۆ زەینى ڕەگەزییانەی نەمر ئەوەیە کە ئەم زەینە بەردەوام بە گەشەسەندنی زانین و توانستى پەرچاندن پێشڤەدەچێت؛ دانتە ئالیگیرى لەم تێڕوانینەی ئەوەوە زەروورەى ڕێکخراوێکى سیاسیى دەرئەنجاماند کە دەرفەت بۆ پرۆسەیەکى هاوشێوەى گەشەسەندن دەڕەخسێنێت و خۆیشى تەنانەت سوود لە پرۆسەکە دەبینێت. وەلێ ئێستا بەم ڕێیەوە ڕێکخراوى ئاکاریانەی جڤاکی مرۆڤ چیدی ئەنجامی دەستورێکى ڕاگەیەنراوى خودا نییە، بەڵکو بەرهەمى ئاوەزى مرۆڤە و تەنیا بەڕێى ئەم ئاوەزەوە ڕەوایەتیى پێدەدرێت. تێزەکەى ئیبن ڕوشد لە هەڤرایەڵێکی هاوشێوەدا هەروەها لە ڕەوتی ڕۆشناییەکانی ئەوروپاشدا دێتەوە نێوان. هێردەر لە نووسینەکەیدا بە ناونیشانى “چەند ئیدێیەک لەبارەی فەلسەفەى مێژووى مرۆڤایەتى” (91/1784) هێرش دەکاتە سەر ئەو تێزە: “فەلسەفەى مێژووى ئێمە ناچێتە سەر ئەم ڕێگەیەى فەلسەفەى ئاڤێرۆیستى کە وایدادەنێت سەرجەم ڕەگەزى مرۆڤ تەنیا یەک، بەڵێ یەک دەروونى زۆر نزمى هەیە و خۆی تەنیا تا ئەندازەیەک بە تاکە مرۆڤ ڕادەگەیەنێت” (Herder 1989, 338). ئەم چزووە کە بە ڕووکەش ڕووەو نووسینەکەى لێسینگ بە ناونیشانى “پەروەردەى ڕەگەزى مرۆڤ” ئاڕاستەدراوە، بەبێ هیچ گومانێک ڕاستەوخۆ ئاڕاستەى کانت کراوە. ئاخر کانت لە “ئیدێى مێژوویەکى گشتى لە ڕوانگەى هاوڵاتێتیى جیهانییەوە” (1784) نووسیبووى: “لای مرۆڤ (وەک تاکە مەخلوقێکى ئاوەزمەند لەسەر زەمین) ئەو توانستە سروشتیانە کە ئامانجیان بەکارهێنانى ئاوەزى ئەوە، تەنیا لەنێو ڕەگەزدا نەک لەنێو تاکەکەسدا بەتەواوی گەشەدەسێنن” (Kant 1968, VIII 18). ئەوە گریمانەیەکی سەرنجڕاکێش دەبێت کە داخۆ کانت لێرەدا بەڕاستى “ئاڤێرۆیستییانە” ئەرگومێنت بهێنێتەوە یان داخۆ بە پێچەوانەوە بتوانین دەربئەنجامێنین، کە مەبەستى ئیبن ڕوشدیش لێهزرینێکى هاوشێوە بووە. بێگومان دوائەنجامی مژاری کانت بریتی نییە لە فیگورێکى کلاسیکی ئەڕیستۆتێلیانەی زانینومای دەروون، بەمەش پرسیار نییە لەبارەی نەمریى دەروونى کەسەکی، بەڵکو مژاری ئەو کارەکتەرى مێژووە وەک پێشڤەچوونى ماف: کاتێک مرۆڤان وەک بوونەوەرى ئاوەزمەند خۆیان دەست دەدەنە چاکسازیى پەیوەندییەکانیان، ئیدی ئەوان وەک بوونەوەرى ڕەگەزى بەشداری لەوەدا دەکەن کە لەنێو پرۆسەى مێژووییدا مەرجەکان بۆ شیمانەى گەشەی ئاوەز و ئاکار لەنێو تاکە مرۆڤدا چاکبکرێن و لە کۆتاییشدا بەتەواوى گەشەبسێنن.

ئیبن ڕوشد پێناسەی ئاوەز دەکات وەک یەکانەی زەین لەنێو ڕەگەزی مرۆڤدا، ئەمەش کەمتر واتایەکی تیۆرییانە، بەڵکو پتر واتایەکی پراکتیکی-مۆرالیانەی هەیە. ئاخر چیدی ئێستا ئایینی بۆماوەیی بناغەی یاساکانی ئاکار نییە، بەڵکو ئاوەزی گشتیی ڕەگەزی بریتییە لەو بناغەیە. ئەمە پەیوەستە بە تێڕوانینی ئیبن ڕوشدەوە سەبارەت بە باڵادەستیی فەلسەفە وەک زانستی ئاوەز بەسەر دۆگمەکانی ئیماندا.

بێگومان نابێت ئەو ئۆتۆنۆمییە کە ئیبن ڕوشد لێرەدا بۆ مرۆڤى ئاوەزمەند ڕایدەگەیەنێت، بەسەهوو لێمان بگۆڕرێت بە بیرۆکەی ئوتۆنۆمی لای کانت: ئیبن ڕوشد دەستبەرداری بڕوا بناغەییەکەى پارادیگماى ئۆنتۆلۆگى نابێت کە ڕاستی وەک مەئریفەى بوونەوەرى ڕاستینە دادەنێت، وەلێ ئۆتۆنۆمیى سەبژێکت لاى کانت وایدادەنێت کە مرۆڤ ناتوانێت ڕاستییەکى بەو چەشنە بناسێت، هەر لەمەشدایە بناغەى ئۆتۆنۆمییەکەی مرۆڤ و تەنانەت ئۆتۆنۆمیى ئاکاریش. بەمەش ئاوەز بۆ کانت ئۆتۆرێتییەکی بێسنووری دادوەرییە و هەر خۆیشی دەتوانێت سنوورەکانى خۆى دیارى بکات. ئاوەز بۆ ئیبن ڕوشد میدیەمى بەشداریکردنە لە دەستوورێکى بووندا کە خۆی لە دەرەوەى ئاوەزى سنووردارى مرۆڤدا دەبینێتەوە. کەواتە تانوتى ئاڤێرۆیزم کە هێردەر دەیگرێتە کانت، بەهەڵەتێگەیشتنە، وەلێ تانوتەکە هەروەها پێشانى دەدات کە تا چە ڕادەیەک ئەم فەیلەسوفەى چەرخى نێڤین دێتە نێو هزرى مۆدێرنەوە و بەشداری دەکات لە ڕشتنی بناغەکاندا بۆ وەرچەرخانە پارادیگماییەکە ڕووەو فەلسەفەى نوێسەردەم. ئەمە بێگومان تەنیا لە فەلسەفەى ئەوروپیدا ڕووى دا. فەلسەفەى ئیبن ڕوشد لە جیهانى عەرەبى-ئیسلامیدا دەرک کرا، وەلێ ئەوە بە ڕادەیەکى زۆر کەمتر وەک لە ئەوروپا و بەزۆریش لە شێوەى ڕەتکردنەوەدا.

سەرچاوە
Geert Hendrich, Arabisch-Islamische Philosophie, Frankfurt / M 2005

پەراوێز

1) بۆ وەرگێڕانی سیتاتەکەی ئیبن ڕوشد هەروەها گەڕاوینەتەوە بۆ سەرچاوە عەرەبییەکە. بڕوانە:
ابو الوليد بن روشد: فصل المقال فيما بين الحكمة والشريعة من الأنصال. دراسة وتحقيق: د. محمد عمارة. المؤسسة العربية للدراسات والنشر. بيروت 1981. ص 31-32
2) هەمان سەرچاوە، لا 55-56.
3) “فَاعْتَبِرُوا يَا أُولِي الْأَبْصَارِ”. لە وەرگێڕانی هەژار موکریانی: “سا ئێوە دەرس وەرگرن، ئەی گرۆی خاوەن ئاوەزان”.

فەرهەنگۆک
ئاگنۆستیک: جۆرە تێڕوانینێکی فەلسەفەییە کە دەبێژێت هەرگیز مرۆڤ ناتوانێت مەئریفەی دوایەمین بوونەوەرێکی هەبێت. ئاگنۆستیک دەشێت وەک سینۆنیومی ئاتێئیزم (ئیلحاد) دابنرێت.
پۆلێمیک: هێرشی زانستی، فەلسەفەیی یان سیاسی.
تیرانی: دەسەڵاتداریی ستەمکار.
دێسپۆتی: دەسەڵاتداریی تاکەکەسێکی ستەمکار.
دێمۆکراتی: دەسەڵاتداریی جەماوەری.
ناوگەرایی: (نۆمینالیزم) ڕێبازێکی دژبەری ڕیالیزمە (بڕوانە خوارەوە) و وایدادەنێت کە یونیڤێرساڵەکان (گشتێتییەکان، تێگە گشتییەکان) هیچ ڕیالێتییەکیان لە دەرەوەی هۆشی مرۆڤدا نییە، بەڵکو لەنێویدان و تەنیا بە دەرئەنجاماندن یان داماڵین لە پێشبینییە وێنەییەکان چێدەکرێن – وەک “ناو”ی شتەکان.
ڕیالیزمی یونیڤێرساڵەکان: لێرە واتای ڕیالیزم جیاوازە لە واتای مۆدێرنی تێگەکە. لەم ڕێبازە هزرییەدا کە لە پلاتۆنەوە دەردەچێت، بوونی ڕاستینە دەدرێت بە تێگەکان، گشتێتییەکان (یونیڤێرساڵەکان) و پابەند بەوانەوە شتە تاکەکان دەئافرێنرێن. یونیڤێرساڵ / گشتێتی نیشانەیە بۆ هاوبەشییەک کە دەشێت بوونەوەرانی جیاواز هەیانبن، بۆ نموونە زیندەوەر، سوور-ێتی، خولگەێتی و هتد. ئەم گشتێتییانە چواندنیان بۆ سەرجەم یونیڤێرسوم / گەردوون و بەمەش بۆ مرۆڤان هەیە.
زەین: توانستى تێگەیشتن.
فۆرم: ئایدۆس، ئیدێ، گشتێتی.
کردەکێتی و شیمانەیی: بە گریکی “ئێنێرجێیا”، بە لاتینی “ئەکتوالیتاس”، تێگەی گشتگیری ئەوەیە کە بەڕاستی لەگۆڕێیە، هەروەها تێگەکە ڕوودەکاتە کرۆکی لەگۆڕێبووەکە، وەلێ شیمانەیی (پۆسیبیلیتێ) ئاماژە بۆ توانستێک دەدات کە جارێ نەبووە بە کردەکی.
کۆنزەرڤاتیڤ: پارێزەری بەها کۆنە کاراکانی نێو سەردەمێک کە وەک هەقیقەتی نەشیاوی گۆڕان دایان دەنێت.
ئەڕیستۆکراتی: دەسەڵاتداریی دەوڵەمەندە بەگزادەییەکان.




ئەزموون وەك ئاخاوتنێك لەناو ژیان.. سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

ناسین

قه‌ت بیرم له‌وه‌ نه‌كردووه‌ته‌وه‌ له‌ شیعردا به‌دوای چیدا ده‌گه‌ڕێم، به‌ڵام ده‌زانم خه‌یاڵم په‌روه‌رده‌ ده‌كا؛ شێوه‌ به‌رجه‌سته‌ بكه‌م و نه‌رم ڕووداوه‌كانی جیهانی هاوچه‌رخ ببینم. به‌ سه‌ره‌تاناسی و ئاسۆ و دوورییه‌كی پڕ ئه‌مه‌ك و ناسین، كه‌ ناواخن و كاكڵه‌ی ژیان تێیدا ده‌ڕسكێ و ئاراسته‌ وه‌رده‌گرێ. له‌ چاوانی زمان و شیعر و شێوازخوازیم ڕوانیوه‌، پڕن له‌ خه‌می هونه‌ری و پرسیاری بوونیی، ئیلهامیش بیره‌وه‌رییه‌كه‌ و هیچی تر نییه‌. له‌ناكاودا دێته‌وه‌ بیرت و دۆخی نووسینت لا دروست ده‌كا.
زمانم به‌هۆی زمانه‌وه‌ ناسی، شیعر به‌هۆی شیعره‌وه‌، ژیانیش به‌هۆی ئاڵۆزییه‌كانی. مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی ده‌وروبه‌ری خۆیه‌تی. هه‌ست به‌ چی بكات هۆشیارییه‌كی پێ ده‌به‌خشێ و ده‌ری ده‌بڕێ، پاشان گفتوگۆ له‌گه‌ڵ خوداوه‌ند ده‌كا. ڕۆشنبیری من گیراوه‌یه‌كی كوردی و په‌تییه‌. ئه‌م ڕۆشنبیرییه‌ وای لێكردووم په‌ی به‌ زمانی كوردی ببه‌م. خۆم به‌ فێنكبووه‌وه‌ و گه‌رمبووه‌وه‌ی سێبه‌ر و هه‌تاوی كلتووری كوردی بزانم. خۆم به‌ به‌ش و نیمچه‌ته‌واوكه‌ری وێستگه‌ و ڕێچكه‌ی پێشینانم زانیوه‌. نیشانه‌ و ئه‌دگار و ماك و كه‌سایه‌تیم ناسیون‌، ئازادی ڕه‌هام تێیدا بینیون، به‌ ساناییش به‌سه‌ریان تێنه‌په‌ڕیوم.
ساتی شیعریی خۆی به‌دوامدا دێ، سه‌ره‌تا سه‌ره‌قه‌ڵه‌می خولیا و خرۆشان تۆمارده‌كه‌م، پاشان به‌ كۆمه‌كی خه‌یاڵ چاوه‌ڕوانی كاتی گونجاو و كه‌شوهه‌وای هونه‌ری نووسین ده‌بم، ورده‌كاریی گه‌ردوونیی تێدا به‌كاربهێنم، خۆشم له‌ به‌دبه‌كارهێنان لابده‌م.
به‌ شیعری بێده‌نگ ڕووبه‌ڕووی كاره‌سات و جه‌نگ بوومه‌ته‌وه‌، به‌ڵام وێنه‌م نه‌كێشاون. په‌یبردن و كاردانه‌وه‌یانم كردووه‌ته‌ فۆرمی ناڕه‌زایی و قووڵبوونه‌وه‌ی ئاخاوتن. شیعری بێده‌نگ بۆشایی نێوان ڕوانین و وێنه و چییه‌تی‌ و مۆسیقایه‌، هاوسه‌نگی ئه‌ندازه‌یی شیعری بێگه‌رده‌. له‌ ئه‌ندازه‌یی شیعری بێگه‌رددا؛ حیكمه‌تی بیناسازی زمانه‌وانی و داهێنان ده‌ناسم. له‌ ناسینێكیاندا واتا دام ده‌ڕێژێ. له‌ ناسینێكیشیان ئازادی ئێستێتیكا و وێڵبوون به‌دوای ئه‌و ده‌قانه‌ی ڕابه‌ران به‌دوایدا وێڵبوون و نه‌یان دۆزییه‌وه‌.

نوێبەخشی
لەناو كۆمەڵگای كوردیدا هیچ سەرچاوە و وزەیەكی ئەدەبی بە ئاستی شیعر نەبووەتە بنەمای پەیوەندی و مایەی بەرهەمهێنانی بیركردنەوەی چالاك، واتە: ئەندێشەی چاك، كرداری چاك، گوتاری چاك. هەروەها بەو پایە كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەش پەسند نەكراوە و نەدرەوشاوەتەوە.
گیانی زمانی دەربڕینی كوردیش، تا ئێستا هەر بە تەنیا لەناو پرۆژە شیعرییەكاندا زیندووە، كوردیش ویستی شیعر نووسین و هەستیاریی شیعری زۆر بەهێزە، تواناكانی خۆی تێدا تاقی دەكاتەوە، هەڵكەوتە كۆمەڵایەتییەكەشی وەریدەگرێت و ڕەوایی بە بەردەوامبوون و پەرەسەندنی دەدات، داهێنان بە وەرگرتنی قووڵایییەكانی ژیان بەرهەم دێ، لەم بەرهەمهێنانەشیدا ژیان دەخاتە ناو پرۆژەی دۆزینەوەوە.
ئەگەر دەربڕینێكیش لە فۆرمی ئاستدار و تیشكۆی خۆماڵییەوە دانەچۆڕابێتە ناو بوون و زەمینەی تەواوی دەربڕینەوە، بەهیچ شێوە و كەشوهەوایەك ناتوانێت نوێبەخش بێت و بێتە ناو پرۆژەی دۆزینەوەوە.
بۆ شاعیری نوێبەخش وەرگرتنی قووڵایییەكانی ژیان زیندووبوونەوەی زمانە، زمانی دۆزینەوەش زمانێكی یەك ئاراستەیی نییە، بەپرسیاری زۆرەوە لە ئاستە هەمەچەشنەكانی خۆی دەكۆڵێتەوە، قووڵایییەكان هێزی وشە و ئەزموونی تێدا نوستووە، لە دەربڕیندا ئەم هێزە تاقی دەكرێتەوە و دێتە ناو پرۆژەی دۆزینەوەوە، لەو چركە زیندووەی مرۆڤ خۆی لێ ئاشكرا دەبێت و دەزانێت كێیە، لەم چركەدا: زمان دەبێتە هەست و سۆز و مۆسیقا و خەون.
بەشێوەیەكی سەرەتایی نوێبەخشی لە ژیان و بیر و بیركردنەوەی كۆمەڵگا دەركەوتووە و هەنگاوی بۆ نراوە، بنەماكانی گۆڕان بەرەو پێداویستییە هاوچەرخەكان و هۆشیاری دەبێتە پێوەری دۆزینەوەی ئەدەبی، هەروەها نوێبەخشی هۆ و ئامانجە بۆ پەیوەندیكردن بە چالاكییەكانی ژیانەوە، بەشێك، بەشێكی لابەلاش نییە لە ژیان. ڕاستەوخۆ ناوكی ژیانە، مرۆڤ لە باروبواری بەختەوەریدا وەك خوداوەندێكی ڕاستەقینە دەژێنێت، ئەفسانە و ئەفسوونێكی واشی تێدایە گیان و جەستە لە بڵندی بحەوێنێتەوە.
بابەت ورووژاندن و شێوازی شاعیر هەستكردنە بە چركە زیندووەكانی ژیان و شۆڕبوونەوە بۆ ناو ناواخنی سروشت و لەدایكبوونی وەرزەكان و گونجان و تەبایی نێوانیان. واش بەرانبەر ڕابهێنێ هەست بەم شۆڕبوونەوە و گونجان و تەبایییەی نێوانیان بكات.
هەستی نووسینیش بە ساتەوەختی زۆر ناسك، یان زۆر دژوار تێدەپەڕێ. تێڕوانینەكان ئاڵوگۆڕیان تێدەكەوێ و دەڕسكێن.
شیعری ڕاستەقینەی خاوەن جیهانبینی، كە خودی مرۆڤ دابڕێژێتەوە، لە ژیری و پەند و سۆز و تاسە و ترپەی گەرمیی دڵ و خەونی ڕۆمانسییانە بەدەر نییە، ئەگەر شیعریش ڕووت كرایەوە لە ژیری و پەند و سۆز و تاسە و ترپەی گەرمیی دڵ و خەونی ڕۆمانسییانە بە هیچ جۆرێك ڕاستەقینە و خاوەن جیهانبینی نییە، كە خودی مرۆڤ دابڕێژێتەوە.
شاعیری نوێبەخش هیچ كاتێك چاوەڕوانی هاندان و ستایش ناكات، هەر كاتێكیش چاوەڕوانی هاندان و ستایشی كرد، ئەوە بڕوای بەوە نییە ئەوەی كە نووسیویەتی خۆبوونی و داهێنان بێت. دەربڕینی نایاب بەهۆی كرداری گەیاندن و هۆشیاریی زمانەوە لە ئاستی ئاسایی دەپەڕێتەوە بۆ ئاستی ئێستێتیكا و خۆبوونی، دەبێتە خاوەن پرسیار لە نێوان وریاییی زمان و وریاییی ئاخاوتن.
زمانی ئێستێتیكا، شێواز و ئەدگاری خۆی لە دەربڕینكردن و دەربڕینەوە وەردەگرێت. لە ئەزەلەوەش گیان، گیانی جەستەیەكە شێوەیەكی دیاریكراوی چركە زیندووەكانی بۆ ژیان و نەشونما دۆزیوەتەوە، شێوازیش ناوەند و گیانی نووسەرە، هیچ گیانێكیش بۆ جەستەیەكی دیكە وەرناگیرێت.
شێواز و شیعریبوون و زمان، ئەزموون بۆ دیاردەكانی ژیان و وێناكردنی كۆمەڵگا پێشنیازیان دەكات، دیاردەكانی ژیان و وێناكردنی كۆمەڵگاش پەیوەندی بە هەموویانەوە هەیە، بەشدارین لە چالاككردن و بەڕێوەبردنی، پەیامی هونەریی مرۆڤگەلێكە، كە هەوڵی سڕینەوە و لەبەینبردنی ئەو شتانە نادات، كە ژیان دەخەنە باروبوارێك بەرگری لە بە ژیانبوون و ئازار و ئازادیی خۆی دەكات.
ژیان و بوون و دنیاش لەناو شیعری نایاب و ئێستێتیكی و خۆبوونیدا نوێن، لەناو ڕۆشنبیریی كوردیدا نوێبەخشی هێشتان بە ڕوونی شوێنی شیاوی بۆ نەكراوەتەوە، ئاخاوتن لەبارەیەوە دەبێتە هەرا و زەنا، پێویستە ئەو بڕیارانەی لەم بارەیەوە بوونەتە مایەی سەرنجی كەمەیەكی كەم، بە ئاستێكی دیكەوە بخرێنە ناو ئاخاوتنەوە.
ئایا ئاخاوتنەكانمان لە خودی نوێبەخشیی دەقەوە دەرچوونە، یان لە دەرەوەی دەقەوە وەرگیراون و لە جەستەی تەنك و ناسكی دەقدا پراوەی پێدەكەین، كە جەستەی تەنك و ناسكی دەق هیچ پراوەیەك وەرناگرێت جگە لە پراوەی گیان نەبێت.
نووسینێك گەیشتبێت بە ئاستی دەق، پەیوەندیی ئاستداری چارەنووسسازی بە ئێستێتیكا و خۆبوونییەوە هەیە، كە هەمیشە وەك سەرچاوەیەكی ڕوون، هێزێكە بۆ بەرهەمهێنانی سەرچاوەی دیكە، بەرەنجامی خودێكی هەژاو و هۆشمەند و وریایە. بەشێكیش لە خودی هەژاو و هۆشمەند و وریا گەیشتوون بەو هەقیقەتە، كە شیعر بگەڕێتەوە ناو سۆز و هەست و ڕوونی و ئاشكرایی لە دەربڕیندا، ئەمەش وەك دیاردەیەك پێویستە بخرێتە ناو ئاخاوتنەوە. زۆر جاران گۆڕانكارییە ڕەچاونەكراوەكان كاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر چۆنیەتیی بیركردنەوەی كۆمەڵگا و بیر و دەربڕینی تاكی نووسەرەوە هەیە. دەبێتە بابەتی نووسینەكانیان، بەڵام نابێتە مانای ڕوون و دیار، بگرە لە چێژدا دەبێتە سرووشی مانا و چالاكیی وێنە، سرووشی مانا و چالاكیی وێنەش شاعیر لەوە نزیك دەخەنەوە بچێتە ناو جیهانبینیی تەسەوفەوە و لەو جیهانبینییەوە پەی بەنهێنییەكان ببا و بە هەقیقەت بگات، واتە: شاعیر پەیبەر و شیعریش پەیپێبراو.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین.

جیایی
پانتایی جیاكارم لە بەرهەمەكانمدا خوڵقاندووە، لە پانتایییەكدا دەستنیشان ناكرێم. ئەرێ لە پانتایییە شیعرییەكاندا، دەچمەوە سەر چ پانتایییەكی خۆ تایبەتیكردن. تایبەتكار بۆی هەیە تەواوی هەبووەكانی، كە توانای كاریگەرییان تێدا دەركەوتووە، ڕاكێشێتە ناو بیركردنەوەی چالاكی، كە بەردەوام هێما و هێماپێكراو بەرهەم دەهێنێت. لە یەك كاتیش لەناو هەموو پانتایییەكاندا كار بكات و دەستیان بۆ ببات.
بەرانبەر بە ئاگایی خۆم جەنگاوەرێكی مەشقكردوو و ئەهلی زیندووێتی دڵ و یەكێـتیی ئەشقم، پانتایی ئێستێتیكا و ڕێبازی وردبوونەوەم لە ژیانمدا هەڵبژاردووە، دەمەوێت بە ڕاناوی نادیار زمانی تێدا هەستیار بكەم، هەستیاریی تەواوی زمانی كوردی لە شیعری كلاسیكیماندا تواوەتەوە و دەركەوتووەتەوە. كاتێك شیعری كلاسیكی دەخوێنمەوە هەست دەكەم تەواوی زمانی كوردی ڕووبەڕووم وەستاوەتەوە. دەمباتە ناو جیهانێك، كە قسەی لەبارەی دۆزینەوە و چركە زیندووەكانی بوون كردووە، نەك گێڕانەوە. خەون و ناوەندی وشە: هەوڵدانن بۆ خۆناسین. لە ماڵی گەورەی شیعردا هەموومان پێكەوە داوای شیعریبوون و زمانێكی نەرم دەكەین، ئەو داوایە وزەی گەشەكردنی كرۆكیجوانی و بەرزكردنەوەی ئاستی هەقیقەتی گیانی و درامای ژیانە. نەرمیی زمان لە نەرمیی ئەو كەرەستەوە دێت، كە دەربڕینی لێدەكات، زمان شانەیەكی زیندووی زۆر قووڵە لە جەستە و پێكهاتەی مرۆڤ لە گۆڕانی دید و پەیوەندییەكاندا.
جیاییی تاقیكردنەوەی من ئەوەیە: جیهانی پارچە پارچە دەخوڵقێنم و پەیوەندیی هێما و هێماپێكراویش دەپچڕێنم و دەستنیشانیان ناكەم. سەرچاوەكانی نووسین و ئاستەكانی دەنگ و تێبینیكردن و سەرنجدانم، لە جوانیی بێگەرد و بێ هاوتای ژیان وەردەگرم، دەگمەن و تاقانە دەبن بە هێما و هێماپێكراو.
شیعر چەند بچێـتە ناو ژیان و دنیای خودایی و هەقیقەتی ڕۆژگارەوە، هێندەی دیكە گیانی تا هەتایە پەروەردە دەكا و دەیپارێزێت و ئەفسانە و ئەفسوون لەخودی خۆیەوە برەو پێدەدا.
شتێك لە نووسین، كە وەك ئەزموونێك پێشكێشم كردبێـت، بەكاربردنی زمانی خەونە بۆ زمانی نووسین و ڕاچەناندن و چالاككردنی ناخی پڕ توانایی و یادەوەری. دواجار تواندنەوەی چالاكییەكانی بیر لە هەستیاریی نووسیندا.
چامەی درێژی فرە دەنگ و ئاستدار، پرۆژەیەكی كامڵە و لەسەر ئاستی بوون و كرانەوەی بەردەوام ڕادەوەستێت، سروشتی دایكی هەستەكانمە، ئاسۆیەكی ئەفسانە و ئەفسوون ئاسایییە، ناتوانم لێی دەربازبم، بە كامڵترین فۆرمی شیعریی دەزانم و پەیڕەوی دەكەم، لە ڕایەڵ و تانوپۆی ڕستەكانیدا توانای جووڵاندنی فرە دەنگی و فرە پەیوەندی دەڕسكێت. مانا و زمان دەگەڕێتەوە ئەو ئاستدارییەی هێزی نووسین ئاشكرای دەكات و دەیهێنێتە گۆڕێ، واتە: قووڵبوونەوە بە ناخی بينرا و شەپۆلی كات و شوێن سیمای بوون.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین.

فرە دەنگی
ڕوانینی گەردوونی بار و بوار بۆ گەشەسەندنی شیعر دەڕەخسێنێت، ببڕای ببڕ پەیوەندیی بە شۆڕشی گەیاندن و فۆرمەكانییەوە نییە. خەیاڵ و ئەو ئاسۆیەی جیهانی بەهۆیەوە وێنا دەكەیت، لە دەرەوەی كەناڵەكانی ڕاگەیاندن كاری شیعریبوون بەڕێوە دەبەن، لە كەڵك وەرگرتن: دەست واڵا و دیموكراسین، سەرسامیی خۆشیان بە نەشونمای نوێبەخشیی گیانی ژیان ناشارنەوە.
دەتوانین لەوە دڵنیابین، كە شیعر هەموو سەنگایی ساتە وردەكانی بە تەنیا خستە سەر هەڵقوڵانی خەیاڵ، وەك بەرزایی و ناوەندی كاریگەر چووە ناوی و كرۆكی ژیانی بە هۆیەوە وێنا كرد. بێگومان لە باروبوارێك نزیك دەبینەوە، شیعری تاك دەنگی دەبێتە خۆنیشاندانێك و دەربڕین لەو باروبوارە بێهێزەدا.
دەكرێ لە بچووكبوونەوەی دنیا لە بینینی شاشەدا، یان هەر فۆرمەكی گەیاندنەوە، شیعری فرە دەنگ لە چنین و ڕایەڵ و تانوپۆی توند و تۆڵی ببێـتە جێگرەوەی خەیاڵ، وەك بەرزایی و ناوەندی كاریگەر.
لە شیعری فرە دەنگیدا خەیاڵ ڕەگەزی سوودبینینە، بەرزایی و ناوەندی كاریگەر نییە. نیشاندانی باوەڕ و گیانی كراوە و دەوڵەمەندیی ئەم شێوازە، بەئەندازەیەك لە چیرۆك و شانۆنامە و ڕۆمان و داستان و ئەدەبی پەخشاندا بە ئاشكرایی دەگاتە لووتكەی بینین و تێگەیشتنی ڕوون.
لە شیعری درامیدا گفتوگۆ لەگەڵ هەست و ئەقڵی خوێنەر و شاكەس و كەسایەتییە جۆراوجۆرەكان دادەمەزرێنێت، هاوتایییەك دەدۆزێتەوە لەباری نووسیندا پەیڕەوی دەكات. لە پێكهاتە و بنەمای منی شیعریدا پێكدێت و دەبینرێت، خۆی لە منی تاكە كەسی شاعیر دەكشێتەوە، ڕۆڵ و ئاستی شاكەس و كەسایەتییە جۆرا و جۆرەكان و چێژێك دەگەیەنن، چێژی ئاراستەكراوی شاكەس و كەسایەتییە جۆراوجۆرەكان و واتاناسی.
زۆرێك لە شیعری ئیمڕۆمان، لەسەر سیستمی تاكدەنگی منی شاعیر وەك ڕەگەزێكی كارپێكەر بەڕێوە دەچێت، ئەم شێوازەش وەك هونەر هەرچی پێبوو بەخشی، چاوەڕوان ناكرێت هونەرێكی كاریگەری پێ مابێت بۆ بەخشین و سەرسامی، چونكە هیچ شتێك ڕوونادات قسەكەر یەك قسەكەرە و پانتایی نووسینەكەی داگیركردووە، هەروەها بوونی شیعریش وەك شێواز و شێوە دەخاتە مەترسییەوە. لە كارایی و زیندوویی و هێز دووری دەخاتەوە، كە كارایی و زیندوویی و هێز باروبوارێكن هەمیشە زیندوومان دەكەنەوە و سەرچاوەی سەرسوڕهێنەرن.
یەكەمین كردەی هەستیاركردنی زمان، ڕستەكان بە مەبەستی گەیشتن بە چاوگە دەنگییەكان درێژ دەكاتەوە، چاوگە دەنگییەكانیش هەمیشە ئاگایی زمان تێیدا دەبێتە باروبواری ڕاستەقینەی نووسین و وزەی ترپە و ئاواز، لەم باروبوارەیەوە هەستیاریی زمان ڕوو دەدات. چەند ترپە و ئاوازێكی لێ دەبێتەوە بەناو خۆیدا دووبارە پەخش دەبێتەوە، جۆراوجۆریی ترپە و ئاواز: خەسڵەت و مۆرك و ماكی ناسینی ئەم چەشنەن، پشت بە وێنەهێنانەوەی یەك لە دوای یەكیش نابەستێت، زیاتر گێڕانەوە دەكاتە خۆبووژانەوە و دەركەوتن و ئاراستە وەرگرتن.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین.

دەستكاریكردن
دەقەكانم، ئەوانەی چاپم كردوون و ئەوانەی چاپیشم نەكردوون، هەمیشە لەسەر مێزی كاركردن دەستیان بۆ دەبەم، هەر چەند ڕستەیەكیان دەستكاری دەكەم و چەند لاپەڕەیەكیان دەخەمە سەر و چەند لاپەڕەیەكیشیان لێ لادەدەم. تا ئێستاش نەگەیشتووم بەدوا داڕشتنیان. ئەو هونەر و دڵەڕاوكێیەی دەستكاریكردنەش لە كاركردنی بێ وچانی كاتژمێر، گواسترایەوە ناو باروبواری دەروونیی شاعیریەتیی من.
كاتژمێر تەكان دەدا بەرەو ناو دەقی كات. دەقی كاتیش هەمیشە ئەو چركەیەی جوانە تێیدا چاوەڕوانیت، كە هێز دەخاتە ئەو چركەیەی بۆی دەڕوات، ڕۆیشتنی منیش هەمیشە بەرەو دەقی شیعرییە. هەموو شتەكانی كاریگەرییان بە نەشونمای ژیانەوە هەیە. لە زەینمدا ئامادەیان دەكەم و دەیانكەم بە بەشێك لە چالاكییەكانی بیركردنەوەم. دەستكاریی بەردەوامیش كارێكی دروستە بۆ نووسەری پڕ توانا و ئەزموونی پەڕینەوە، بۆ ناو پرسیارەكانی، كە بوون بەیەك جۆر دەستنیشان ناكەن، بەرگری و دەربڕین لە داهێنان دەكەن، چونكە هەر جارێك، كە دەستكاری دەكات، بەو نیازە بە تەواوی ژیان لەناو دەقەكەیدا ببینێت، یان ژیان بە تەواوی بهێنێـتە ناو دەقەكەیەوە و بیگەیەنێت بە ئاستی خەونی نووسین. ئەویش یەك لە مەحاڵەكانی نووسینە، نووسین هەوڵدەدات بۆ مەحاڵ، مانەوەش لەناو ئەو مەحاڵە سووربوونی نووسەرە بۆ بینینی ژیان بە تەواوی لەناو دەقی بێگەرددا.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین.
شاعیر
شاعیر، سەر گەرمییەكانی خۆی لە سنووری بیركردنەوە و جیهانبینییەوە دەست پێدەكات و گیان و هەستەكانی چالاكە بەگشت جوانییە هاوبەشەكان. ئاراستەی ئاڵۆزكردنی جوانییە هاوبەشەكان نییە. سادەكردنەوەیەتی، بەرپرسە بەرانبەر بەرزبوونەوە و ڕسكاندنی ڕوانینی پڕ شیعریبوون و جووڵەی ئاخاوتن لە زماندا، پەیوەستیشە بەوەی پەیوەندییەكانی نێوان جوانی و فۆرمەكانی كۆمەڵگا وەك پرۆژەیەكی پەرەپێدان و پەرەپێدراو وەربگرێت.
كاری گوتار دامەزراندنیش لە پەیوەندییەكانەوە بكاتە وێنەیەكی ڕاستەقینەی ئەزموونكراوی هەقیقەت و بەهای مرۆڤ. لە هەمان كاتدا لە تواناكانی دەربڕیندا بەرزیان بكاتەوە ناو ڕایەڵ و تانوپۆی ڕستە و ترپە و ئاوازی ویژدانیان، لێیەوە وەك نیشان و نیشانە پیشانیان بدات، هەروەها دەسەڵاتی هەستیاریشی بەسەر ئاشكراكردنی چارەنووسی جوانی لە شێوازی نادیاردا، پشتگیر و پاڵپشت لە بەرزبوونەوە و بەهێزكردنی و داكۆكی لە مانەوەی بكات.
تەوەرەكانی هەست و سۆز و خەون بخاتە گەڕ بۆ هێشتنەوەی بەردەوامیی چێژی گیانی. جوانی وەك ڕەگەزێكی چالاك و بنیادنەر، لە پێكهاتەی دەقدا بكاتە ناوەندی بەیەكگەیشتنی پەیوەندییەكان و باوەڕهێنان بە هەقیقەت و تواناكانی ژیان. بۆ واتای ڕاستەقینەی لەناو دەوروبەرێكی بێ هێز لە هۆشیاریی فیكریدا، ئاكار دابڕێژێت. بەدواداچوونی مێژووی گیان و ئەوانی دیكە و چاونەترسیش بەرەو ڕووی ئەم ئاكار داڕشتنە بكاتە ماڵی هەر هەموومان و گەوهەر و ناوكی هونەری مانا دەرنەكەوتووەكان لە چركە زیندووە دەگمەنەكان هەڵداتەوە.
كردەی نووسین وەك سەرەتایەكی هەمیشەیی و خاڵە یەكتربڕەكانی كات و شوێن بپارێزێت. بە فراوانییەكی ئاستدار و كاریگەریش بانگەوازی لایەنداریی تەواوی ڕابگەیەنێت، دواجار بە ئاستی بەهای مرۆڤ بیناسێنێت، بپرسێت ئەرێ ئاستدارییەكانی شیعر و مرۆڤ چین، لە واقیعدا جێبەجێیان بكات و جێی پەسندی بن. تا چەند توانیویەتی جوانی و هونەر بگەیەنێتە ئاستی ژیان و دركاندن و بەهای مرۆڤ.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین.
فەرهەنگ
وشە لەناو فەرهەنگدا بە یەك مانایی سنووردار و پابەندە، باروبواری هەڵكۆڵینی نەماوە و چەسپاو و جێگیر و نەگۆڕە، لەسەر ئاستێكی چەسپاو و جێگیر و نەگۆڕیش پەیوەندی بۆ دەستنیشان كراوە، واتە: لەناو ژیان و بزووتنەوەی بەرەو پێشچوون كار و چالاكی لێ وەرگیراوەتەوە و خانەنشین و لاكەنارە و ئاستداری لێ وەرگیراوەتەوە.
شاعیر لە وشەكانی ناو ژیاندا دەچێتە كەشی زاڵ و ڕۆشنی خۆیەوە، وشە لە ساتێكی وردەكارانەدا لە ژیان ئەزموون دەكات. شیعریش، هێز لە خودی زمان وەردەگرێت، بەزمانی ناو ژیانیش شيعريبوونى دەڕژێتێ و پەیوەندییەكانی بە جیهان دەبەستێتەوە، كار و چالاكیی وشە گەرمەكانی ناو ژیان، وشە بێ هێزەكانی ناو فەرهەنگیان لە خەیاڵگەی نووسەری خودوریا دەربەدەر كردووە. هەست بە نائومێدییەكی ترسناك دەكەم لەو وشانەی لەناو فەرهەنگاندا وەنەوز دەدەن. دوای گواستنەوەیان بۆ ناو ڕستەی شیعریی كتوپڕ خەوی دووبارەكردنەوەی لێ دەكەوێت. لەباری دووبارەكردنەوەشیاندا، بچووكتر دەبنەوە. دەستەواژە لەناو فەرهەنگدا خۆشباوەڕ و بێ ئومێدە، بەیەك مانایی دڵی داكەوتووە و فۆرمەكانی كۆتایی پێهێناوە.
شاعیریش لەناو فەرهەنگدا سڕ دەبێت و وێناكانی كورت دەهێنێت، نەك سەرسام. لە وشەكانی بەردەست و زەینی خۆیەوە دەست پێدەكات و ئاسۆی هاندان و فەزای زاڵ دەبێت. ڕۆشنبیرانی ئەكادیمی و فەرهەنگنووس و زمانەوان لە وشەكانی ناو فەرهەنگدا كار و چالاكییەكانیان بەرهەم دێنن. لە فەرهەنگدا ئاستی جیاكاری زمان نییە. هەموو داهێنانێكی زمان لە ئەدەبدا لە دەرەوەی فەرهەنگ ڕوودەدات، دەقی نایابیش لە كرۆكدا لە پەیوەندیی زمانەوە هێز و سەركەوتن وەردەگرێت، ئاسۆیەك هاندەریەتی، ئاسۆی ئاستداری و پێكهاتە و پێكهاتن.
لەناو مێژووی ئەدەبدا، ئەدەبێك نییە لە وشەكانی ناو فەرهەنگەوە سەركەوتنی بە دەست هێنابێت، بۆیە فەرهەنگ لای من بووە تەلیسمێكی بكوژ، زوو خۆم لە قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی دەرهێنا. ژیان فەرهەنگی شیعرە، هەر شاعیرێكیش هانا بۆ وشەكانی ناو فەرهەنگ ببات، نامۆیی و دەستەپاچەیی خۆی بە شیعر ئاشكرا دەكات. مامەڵەی لەگەڵ وشەی ئامادەكراوە، بایەخی ساتە هۆشیارییەكانی ناوەوەی خۆی لە دەست داوە، واتە: ڕۆڵی بەكارهێنانەوەی لەبیرچووەتەوە و هەست بە كاریگەریبوونی ناكات. ئەگەر نووسینێكی ئەدەبیش ساتە هۆشیارییەكانی ناوەوەی نووسەر، خرۆشانی تواناكان و چالاكیی نەبووبێت. دەقێكی بەتاڵە لە ئەفسانە و ئەفسوون و هۆشیاریی نووسین.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین.

ناونیشان
زۆر نییە لەناو ڕەخنە و لێكۆڵینەوەی ئەدەبی كوردیدا ناونیشان وەك بابەتێكی سەربەخۆ و گرنگ، بەهای پێبەخشراوە و مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت. لە هەموو باروبوارەكانیشدا ناونیشان و ناوەرۆك دەچنەوە سەر یەك ماك و بنەما، ئەویش ناوەندە، واتە: دەقەكە، ئەگەر ناونیشان داهێنان بێت، دەبێتە هەستگەرمی و سرووشێك، داهێنانێكی تر بەدوای خۆیدا دەهێنێت. هەڵبژاردنی لەسەر بنەما و بیرۆكەی: ئەفسانە و ئەفسوون هەڵبژاردنێكی هۆشمەندانە و داهێنەرانەیە، لە وێنە و سرووش و دەربڕیندا بەدەردەكەوێت و وزەی ئەو هەستە دەدۆزێتەوە، كە لە ناوەرۆكدا بەدواداچوون و هەنگاو هەڵێنانە بۆ كۆكردنەوەی تاڵە تیشكەكان و وزەی ڕاستەقینە و هەوێنی شیعرەكە. لە ناوەرۆكدا دەقی نوێبەخش یەكەیەكی یەكگرتووی تێدا نییە، چونكە ژیان پارچە پارچە بووە و جۆرێك هەڵوەشێنراوەتەوە. هەندێك جار پارچەكان لێك دوورن و هەندێك جاریش لێك نزیك. گرنگ ئەوەیە لە هەردوو باروبواری لێك نزیكی و لێك دووریی پارچەكان هەرەم و دەربڕینی ژیانن و بنەمایەكی پەیوەندییان هەیە. هەست بە پچڕانی پەیوەندیی نێوان ناونیشان و ناوەرۆك ناكەین. ئەم دوو باروبوارەی لێك نزیكی و لێك دووری دابەش دەبن بەسەر دوو خاڵدا:
خاڵی یەكەم: ئەو دەقەی، كە دەقێكی نوێبەخشە یەكەیەكی یەكگرتووی تێدا نییە، ناونیشانەكە دەبێتە تاڵە تیشكێك لە ناوەرۆكەكەدا.
خاڵی دووەم: ئەو دەقەی، كە دەقێكی ئاسایییە یەكەیەكی یەكگرتووی تێدایە، ناونیشانەكە دەبێتە ڕامانی سەرەكی و بە تەواوی جەستەی دەقەكەدا شۆڕ دەبێتەوە و دەبێت بە ڕایەڵ و تانوپۆ، لە ناونیشانەوەش درێژە بە شیعرەكە دەدات ناونیشانەكانی من وەك تاڵە تیشكێكن بۆ مانا و ناوەرۆكی دەقەكان. نەك وەك ڕامانی سەرەكی بەتەواوی جەستەی دەقەكەدا شۆڕ بووبێتەوە، هەروەها تاڵە تیشكەكان لەخۆیدا كۆ دەكاتەوە.
ناونیشان ناتوانێت ڕایەڵ و تانوپۆی ناو دەق ڕێكبخات، لەبەر ئەوەی ئەو خۆی هەوڵدەدات بە زمانێكی نەرم لەگەڵ ڕەگەز و توخمەكان پەیوەندی دروست بكات و هاوگونجان پەیدا بكات، لە ناوەڕاستی هەشتاكاندا: (ئەحمەدی مەلا) زێدی خۆی: (زەردك) بۆ ناونیشانی كۆشیعرێكی بەكارهێنا. ئەمە دەستپێشخەری و دیاردەیەك بوو لە ناونیشانی كۆشیعری كوردی، زۆریش بەجوانی گەیشتووە بە ناوەندی خۆبوونی داهێنان.
بەشێك لەناونیشانی كۆشیعری كوردی بەلامەوە وردبوونەوە و مەودایەكی هونەری و دۆخگۆڕن و سەرسامبوومە پێیان، نەشمتوانیوە سەرسامیی خۆم بەرانبەریان بشارمەوە، ئاستێكی باڵایان بەدەقەكان داوە و هۆكارێك بوونە لە هۆكارەكانی داهێنان و گەلێك پنتیش لە ناوەرۆكدا ڕووندەكەنەوە، ئەو ناونیشانەی سەرسامیان كردووم ئەمانەن:
یەكەم: سەمای بەفری ئێواران – ی جەلال بەرزنجی.
دووەم: ڕوونبوونه‌وه‌- ی ڕەفیق سابیر.
سێیەم: تەمە سپییەكانی ڕۆح – ی كەریم دەشتی.
چوارەم: هێلانەی نغرۆ – ی مارف عومەر گوڵ.
پێنجەم: تاڤگەی مەند – ی نەژاد عەزیز سورمێ.
شەشەم: كاتێ قامیش بەئاگا هات بووبووە بلوێر – ی سامان دزەیی.
ناونیشان بەلای منەوە بەسەر سێ دۆخ و ئاستدا دابەشدەبێت و تێدەپەڕێت: ئەوەی لێرەدا وەك بار و بوار و دۆخگۆڕین، بەجۆش و ئەمەكەوە دەمەوێ ئاماژەی پێبدەم. ناونیشانی: (خەون وا خۆی گێڕایەوە)یە. سرووشی ئەم ناونیشانەم بەجۆش و سرووشێكی دووربەدووری ناونیشانی: (زەردەشت وا دوا)ی نیتشەوە لا دروست بووە و لە داڕشتنیدا هاوگونجانێكم بەكارهێناوە، هەروەها ناونیشانی: (كاتێ قامیش بەئاگاهات بووبووە بلوێر)، لە سروشت و سرووشی دێڕە شیعرێكی: (مەولانا جەلالەدینی ڕۆمی، لە سروودی نەی) وەرگیراوە. ئەوەی من گەرموگوڕییەكی زۆر شاراوەیە، ئەگەر خۆم ئەم گەرمی پێبەخشینەی ئەزموونی خۆم نەهێنمە بەرباس، كەس هەستی پێناكات و خاڵێكی هاودەقی لێ نادۆزرێتەوە، چونكە زۆر بە ئاگایییەوە لە ناوەندی ناونیشانەكەی نیتشەوە بەهرەم وەرگرتووە و چوومەتە دەرەوە، یان ناونیشانەكە لە سەرسامیی خۆی وەستاندوومی و بەڕێی خستوومەوە بۆ دروستكردنی سەرسامی خۆبوونی خۆم. هەرچی سامان دزەیییە لە ناوەندی دێڕەكەی ڕۆمی نەچووەتە دەرەوە و ماوەتەوە، هەروەها ئەوەندەی من ئاگاداربم، واشبزانم ئاگایییەكی ڕوون و وردم لە شیعری نوێی كوردیدا هەیە. وشەی (ئاو)، وەك ناونیشان یەكەم جار: (سامی شۆڕش) لە ژمارە (1)ی بڵاوكراوەی (نۆبەرە)، ساڵی 1970 بەكاریهێنا، شیعرێكی تێدا بڵاوكردەوە بە ناونیشانی: (بووكی ئاو). ئەم ناونیشانە بۆ سەرەتای حەفتاكان ناونیشانێكی دۆخگۆڕ و كاریگەر بوو، پاش چوار ساڵی: (عەباس عەبدوڵڵا یووسف) بەجۆرێك لە جۆرەكان وەریگرت، یان گواستییەوە، كردی بە ناونیشانی نامیلكەیەكی بەناونیشانی: (ئاو). جا نازانم ئەم شێوازی وەرگرتنە دەچێتە چ خانەیەك، وەرگرتن، یان گواستنەوە، یان… تاد، بەڵام هەندێك ناونیشان هەیە. دەقاودەق وەرگیراوە، یان گواستراوەتەوە، یان… تاد، (بەفری گەرم – الثلج الحار) لە بنەڕەتدا ناونیشانی ڕۆمانێكی: (یوری بونداریف)ە، (غائب طعمة فرمان) وەریگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی. (نەوزاد ڕەفعەت) لە ساڵی 1992، دەقاودەق وەریگرتووە، یان گواستوویەتییەوە، یان… تاد، كردی بە ناونیشانی كۆشیعرێكی خۆی، هەروەها ناونیشانی بەزەبر زەمینەیەكی كاریگەر و ترپە و ئاوازی مانەوە لە مێشكدا دەهێڵێتەوە و واقیعی خۆی تێدەپەڕێنی، دەبێتە واقیعی خواستراوی نووسینێكی تر، یان دۆخگۆڕینێك. نموونە: ناونیشانی كۆشیعری: (گوڵە بەدەكان)ی بۆدلێر، ناونیشانێكی ئێجگار ناسراوە و كاریگەری و زەمینەی كاریگەر و ترپە و ئاوازی مانەوەی لە مێشكی: (نەوزاد ڕەفعەت)دا جێهێشتووە و بە بێ هیچ ئاماژەیەك لە شیعرێكیدا، جا بێ ئاگایی بێ، یان بەئاگایی بەكاری هێناوە: (شەڕی گوڵە بەدەكانی باخی ئیرەم. گۆڤاری ڕامان، ژمارە 50. ل: 128) ناتوانین لەم بارەوە لە وردەكاری بەراورد بكۆڵینەوە، لەبەر ئەوەی دۆخگۆڕین نییە.
گواستنەوەیە.
من هەروا بە سادەیی ناونیشان وەرناگرم و بە قووڵی و وردبینییەوە، فەزای زاڵی دەخوێنمەوە و جێگای بایەخمە، ناونیشانی دۆخگۆڕ واتای جیابوون و جیاوازییە. لەو دۆخەوە خوێنەری نموونەیی تێدەگات نووسەر قووڵبینە، یان ڕووكەش.
ویستم لە ناونیشاندا كارێكی تایبەتمەند پێشكێش بكەم، لە جێگای پیت و دەنگدا وێنەبكێشم، واتە: ئەگەر ناونیشانی شیعرێكم: (باڵندەی مەلەوان) بێت. لە شوێنی ناونیشان وێنەیەكی ماسیگرە، یان قورینگ… تاد، بكێشم. لەیەك كاتدا هەم شێوەی وێنە و هەم نیشانەی نووسین بدات. ئەو ویست و هەوڵەم تەنیا وەك بیركردنەوەیەك مایەوە و جێبەجێم نەكرد، پێكهاتەی شێوە كاركردنەكەشم بنیاد نابوو. جێبەجێ نەكردنەكەشم تەنیا لەبەر ناكارایی و ئاستی شارەزانەبوونی نەخشەسازەكانی ڕۆژنامە و گۆڤارەكان بوو.
ساڵی 1993، هەوڵێكم لە شێوازی ناونیشان پێشكێش كرد. شیعرێكم بە ناونیشانی: (سەباح)، لە ژمارە (460ی پاشكۆی ئەدەب و هونەری كوردستانی نوێ)دا بڵاوكردەوە. مامەڵەم لەگەڵ چوار توخمەكەی بوون، وەك پێكهاتەی گەردوون و جەستەی خۆم كردبوو. (با، خۆڵ، ئاگر، ئاو). لە هەر بەشێكی سەربەخۆدا ناوی توخمە مامەڵە لەگەڵ كراوەكەم وەك ناونیشانی لاوەكی لەژێر بەشەكە دانابوو، نەخشەسازی ڕۆژنامەكە هونەرمەند: (هەڵگورد جوندیانی)، ئەم شێوازی ناونیشانەی بە ڕیزپەڕ و نامۆ زانی، بەنابەدڵی كاری تێدا كرد، ئەنجام هەوڵەكەی منی بە تەواوی نەگەیاند. لە دوای بڵاوبوونەوەیدا، بۆم ئاشكرا بوو ئەم شێوازە سووریالییە فەرەنسییەكان لە سەرەتای دروستبوونیان پێشكێشیان كردووە. ئەم هەوڵەشم وەك سەرەتایەك مایەوە و لێی دووركەوتمەوە، بەڵام ناونیشان بەوێنە وەك پرۆژەیەكی دواخراو لام ماوەتەوە و لە كۆشیعرێكم تا بۆم بكرێت و بتوانم پێشكێشی دەكەم، دەشزانم لە شێوە كاركردنەكەمدا بەرەو كوێ دەڕۆم و چ هێڵ و هێمایەك دەكەم بە ناوەند.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین.

مانیفێست
وەك پرۆژەیەك مانیفێستی شیعریی خۆم ڕاگەیاند، بۆ ئەوەی ئەم ڕاگەیاندنە ببێتە پاڵپشت و تیشكۆ بۆ ئەزموونی شیعریم. مانیفێست و خۆڕوونكردنەوە، پەنجەمۆر و ڕوانینی تایبەتیی نووسەرن، بە كەرەستەیەكی خەمڵیو و ئەزموونێكی ڕاستەقینەوە بەرانبەر نووسین و ئاسۆی چاوەڕوانی نووسین. بۆ نووسین و گەڵاڵەكردنی، بە قووڵی سەرجەم دەقەكانی خۆم بە توانای گۆڕان لە ژیان و هونەر، هێنایەوە ناو زەینم. لە مەودای خاڵی لاوازی، تا خاڵە سەرسوڕهێنەكانی ئەزموونم وەرگرت، بەوپەڕی هۆشمەندی جیاكاریی هەستكردن لە مەوداكانی مامەوە و تێفكریم، تا بووە پرۆژەی باش بیركردنەوە و گفتوگۆیەكی ڕۆشن. بنەماكانیم لە شەوق و كاكڵە و ناخی ئەو مەودایانە دۆزییەوە، كە لە واقیعی نووسیندا هێناومەتە گۆڕێ. ئەو واقیعەی چۆنیشی بیر لێ دەكەمەوە و دەیجووڵێنم.
پێش نووسین بیر لە مانا ناكەمەوە، دوای نووسین مانا دەدۆزرێتەوە، هەروەها بیر و ڕاكانی ڕامگەیاندوون، هەموویان لە دەقەكاندا شوێنی ژیربێژی و ئەو ئاماژە و نیشانانەی تێیدا بەرهەم هاتوون، ئاشكران. چارەسەری هەندێك لە هەستە ڕۆمانسییە سەرەتایییەكانیشم كردوون، هێڵم بە ژێر دێڕە لاواز و سەرسوڕهێنەكانی كێشاون. خەونم كردووە بە فۆرمی دەستپێكردن و دووبارە گەڕانەوە بۆ واقیعێكی دامەزراوی خەونی.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین.

قۆناغ
شیعر وەك درێژبووەوەی قۆناغی پێشتری وەرناگیرێت، لە هەندێك ڕەگەزدا یەك دەگرنەوە، لە زۆر ڕەگەزیش تەواو ئاستیان دەكەوێـتە نێوان، دژی قۆناغ و ڕێباز و قوتابخانە و دابەشكردنم، دەقی داهێنراو بەسەر تەواوی ژیاندا دابەش دەبێت.
ژیان و خوێندنەوەی ڕووداو و دیاردەكان بەیەك ئاراستە نایەن، بە جیاكاری بیری یاخی و كەرەستەكانی شیعری لە كەشی شێوە گۆڕیندان، ئاستیش بەرەو گۆڕان و تێكەڵاوبوون وەردەگرن. هیچ قۆناغێكیش ناتوانێت قۆناغی پێشەخۆی تەواو لەناو خۆیدا ون بكات، داهێنانەكانی لە گۆشەیەكی تەنگەبەر گەمارۆ بدات. جیاكارییەكان سروشتین. جیاكارییەكانی ئەو قۆناغ و ئەزموونانەی لە داهاتووشدا دەبنە هۆ و مایەی گفتوگۆی گۆڕانكاری هەمدیس هەر سروشتی دەبن.
شیعر لە زماندا ڕەونەقی شیعریبوون بەدەست دەهێنێت، زمانیش بە ئاراستەی هاتنی، ئاستی گۆڕان و تێكەڵاوبوون وەردەگرێت.
ئایا زمانی قۆناغەكانی ژیان درێژەپێدەر و دووبارەكردنەوەی یەكن. بە جیاكاریی ئەو دەستكەوتە هونەرییانەی لە ئاكامی پەرەسەندنی بیر و پێویستییە كۆمەڵایەتی و شارستانییەكان ئەزموون كراون و دامەزراون، یان بابەت و مەبەستەكان شێوازیان دەگۆڕێن و نیشانەكانی هەست پێدەكرێن. زمانی شیعر، شیعریبوون لە زمانی قۆناغێكی دیاریكراو وەرناگرێت، واتە: زمانی شاعیرێك، لە زمانی شاعیرێكی ترەوە دەست پێناكات، هەموو سەردەم و مەوداكان ڕادەكێشێتە ناو بازنەی بەڕێوەچوونی خۆی، هێز دەڕژێنێتە ناو تەكانەكانی بۆ بەكاربردن و ئاماژە ژیربێژییەكان.
هیچ قۆناغێك نابینرێت، داهێنان تاجی لەسەر هێمایەكی دلێری نەنابێت و ئەستێرەیەكی بەرهەم نەهێنابێت. نموونە: قۆناغی كلاسیكی تاجی داهێنانی خستە سەری: (نالی). قۆناغی یەكەمی نوێبەخشی، تاجی داهێنانی خستە سەری: (گۆران). لە قۆناغی دووەمی نوێبەخشیدا، ئاستێكی تر دێتە گۆڕێ و ناتوانرێت داهێنەرێك وەك تاك و ئەستێرە دەستنیشان بكرێت و هەموو هونەرەكانی تێدا كۆبووبێتەوە.
نموونە: هەندێك فۆرم و شێواز و گوتاری شیعریی لای: (لەتیف هەڵمەت) هەیە. لای: (ئەنوەر قادر محەمەد) نییە. هەندێك فۆرم و شێواز و گوتاری شیعرییش لای: (شێركۆ بێكەس) هەیە. لای ئەوانی تر نییە، یان هەندێك فۆرم و شێواز و گوتاری شیعریی لای : (فەرهاد شاكەلی) هەیە. لای هیچێكیان نییە، كەواتە: لەم قۆناغەدا فۆرم و شێواز و گوتاری شیعری پەرەی سەندووە و ئاستی كۆی وەرگرتووە، تاك وەك ئەستێرە و هێمایەك وەرناگیرێت. فرە هێمایی هاتووەتە ناو داهێنانی شیعری كوردییەوە، بەڵام لە قۆناغی كلاسیكی و قۆناغی یەكەمی نوێبەخشیدا، هەموو هونەرەكان لە هەریەك لە: (نالی و گۆران)دا كۆببوونەوە. بۆیە توانرا وەك تاك و ئەستێرە دەستنیشان بكرێن. لەگەڵ ئەمەش قوتابخانە و قۆناغ و ڕێباز و تەوژم… تاد، لەناو دەچن. تەنیا شیعر، شیعری بێگەرد. بە پلەی یەكەم دەمێنێتەوە. درێژەپێدان و مێژوویی نین. هەندێ باری قووڵی سەرسامی تەسەوف لە شیعری ئەمڕۆ دەبینرێن و دەربڕین لە ژیان دەكەن.
سیماكانی لە قۆناغی كلاسیكی ڕەونەقیان بينراە، وەك پێویستییەك لەمڕۆدا ئەزموون دەكرێنەوە، ئەو پێویستییە ونبوونی نوێبەخشی نییە لەناو كلاسیكدا، ئەو شتانەی لە ڕۆژ و ڕۆژگاری خۆیاندا بەرەو بە ئەدەببوون دەچن، شتەكانی لەناو كۆمەڵگادا ئەدەبن و ئەوانی تواناشیان تێدایە ببنە ئەدەب، دەقئاوێزان بە جیاكاریی، بنیادی دامەزراندنە. هێڵی ڕوونی ڕوانینەكان بخاتە باری قووڵبوونەوە و سیما هاوبەشەكان بناسێنێت. زمانی جیاكار، ترپە و ئاوازی جیاكاری لێ دەبێتەوە. شێوەكانی دەربڕینیش لە ترپە و ئاواز وەردەگرێت. وەك فۆرم و پێكهاتەی ڕستە بەندیش جیاكارییەكان بەرەو چەندین ئاراستەی جیاكار ڕاماندەكێشن و بە كارامەیی بە گەڕمان دەخەنەوە بۆ دوانەخستنی ژیان، كە ژیان خۆی كردەیەكی دواخراوە. خاوەن فۆرم و توانایەكی سەرسوڕهێنیشە.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین.

پێویستی
من چێژ لە سەردەمی خۆم، واتە: چركە زیندووەكانی ئێستا وەردەگرم و بە ئاسۆ و دوورییەكی گەرم و ئاسوودەی دەزانم، ڕۆژ و ڕۆژگارەكانی تێدا بەناویەكدا دەچن و بەیەك دەگەن، خۆم فریو نادەم بە ڕابردوو و داهاتووەوە، ئەمە منی دوورخستەوە لەوەی شیعری خۆسووركردنەوە و هەڵوێستی دروستكراو بنووسم. ئەدەبێكی بە كاكڵ و زیندوو، لە گومانی ناڕوونی ڕابردوو و داهاتووەوە بەرهەم نایەت. لەم لێوردبوونەوەوە هەستم بۆ ژیان و هەڵبژاردنی شتەكانی دەوروبەر، پێكهێنان و شیكردنەوە هەڵوێستی وەرگرت. شەپۆلی هۆشیاری لە ناخمدا خۆی هەڵاوێشت و بەڵگەی ئەوەی پیشان دا، لە ناختدا پەیامبەرێك خوڵقاوە پێویستی بە دەربڕین و نووسینی كتێبێكە بۆ هەمووان، كتێبی بۆ هەمووانی من شیعرە، شیعری بێگەردیش پەیامی نییە، بەڵام مانا و سرووشی هەیە، واتە: هەست بكەیت شتێك هەیە و بیرت پێدەكاتەوە.
لەو خرۆشانەی خەون و واقیع و ژیان داوایان لە گیانم كرد، پێویستە كۆمان بكەیتەوە، خاڵی بەیەكگەیشتنمان شیعرە. فەزای زیندووی پەیامبەریەتی لە بوونم ڕسكا. گۆڕانێكی ڕیشەیی لە ڕوانینە سەرەتایییەكانم بەرپا بوو، بەڵام لە ڕووبەڕووبوونەوەیەكی گیانیی یەكەمین ئامادەبوونی نووسین لە سەلیقە و چێژمدا چەخماخەی دا. خۆی وەك كاتێكی بەرجەستە لە بینین و نووسین پیشان دا. ژیان و مەرگم لەناودا كردە سەرمەشقی پایەداربوون.
سروشتی دەربڕینیش دەگۆڕێن، هەندێ جار واقیع و ژیان جێدەهێڵم و دەچمە ناو خەون. هەندێ جاری دیكەش خەون جێدەهێڵم و دەچمە ناو چركە زیندووەكانی واقیع و ژیان. ئەم جێگۆڕكێكردنە بیركردنەوە و گفتوگۆ و بینین و دەروونم ئازاد دەكەن و دەچمە ناو كەشی نووسین، واتە: دۆزینەوەی واقیعی نووسین. نووسینیش لە هەموو شوێنێكدا هەیە، لە هەندێك شوێندا بەڕوونی و سادەیی، لە هەندێ شوێنی تردا بە نیمچە ڕوونی، لە هەندێ شوێنی تریشدا بە شاراوەیی. تا لە بۆشایییەكانیش پێویستە شاعیربم، لە مردنیشدا وەڵامی پێداویستییە شیعرییەكان بدەمەوە. سوپاس بۆ خودا چارەنووسی لەدایكبوونم لە وڵاتێكدا بووە، شیعری تێدا شتێكی جەوهەری و خۆشەویستە.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین.

ڕەخنە
نووسین لەبارەی دەقەكانم ڕێكخراون، ئایا بوونەتە هۆیەك لە دید و دیدگایانەوە بە خۆمدا بچمەوە، ڕەخنە ئامرازێكە بۆ باش تێگەیشتن لە ئەدەب، جۆرە سەرلێشێوانێك بۆ خوێنەر بەدی ناهێنێت. سەربەخۆیی دەق و خوێنەر گرنگە، كردەیەكی شارستانی و زانستییە، ڕۆشنبیر سەداسەد خۆشحاڵە پێی، بەڵام لەو ڕەخنانەی وەك مەبەست ڕایدەكێشمە ناو ئەو نووسینەوە یەكێكیانم بۆ دەستنیشان نەكرا پسپۆڕانە لەناو دەقێكم بە پرۆگرامێكی ئەكادیمی، یان خەیاڵێكی داهێنەرانە كاری كردبێت و بەشێك لە كردەی ڕەخنەیی لەناو خۆیدا هەڵگرتبێت. كەم ئەزموونی و كەم و كورتیی دەقی منی خستبێتە بەردەم كۆمەڵێك نیشانەوە، یان خوێنەری خستبێتە خوێندنەوەیەكی تایبەتییەوە، كە پشت بە میتۆدەكانی ڕەخنەگر ببەستێت.
ئەو دیاردانە وامان لێدەكەن بپرسین، ئەرێ ئەم نووسینانە بۆ ڕێكدەخرێن. هەقیقەت لە كوێیە. ئایا هیچ لەو نووسەرانەی، كە ڕۆشنبیریی خۆیان ئامادەیی لە نووسینە ڕێكخراوەكەدا نەبینیوە، توانیویانە پەیوەندییەكانی نێوان دەقەكانم بخوێننەوە و خۆیان تێیدا ئامادە بكەن بۆ كارێكی زانستییانە، كە توانای مانەوەی هەبێت، خاڵێك، یان چەند خاڵێكی قەناعەت پێكەر بخاتە ناو گفتوگۆوە، كە مەترسی بێت بۆ ئەو بیروڕا هونەرییانەی من پێشكێشم كردوون، ئاراستە و بڕوای ئەدەبیی منیان پێكهێناوە.
ڕەخنەگرانی ئەكادیمی و خەیاڵ داهێنەریش، توانیویانە پانتایییەكی هەمیشە ئامادەی ئەزموونم پیشان بدەن. هەستیارییەكی قووڵی تێدابێت لەناویدا ئاسوودە بیر بكەمەوە و پەیوەست بم بە خەونی نووسین. هەمیشە بڕوایەكی پتەویشم بە جیهانی منداڵییەوە هەیە. ئەو هەستە پاكەی لە گیانی منداڵییەتی پەروەردە كراوە. هەمان هەستی پاكیش لە سروشتدا دەجووڵێت. منداڵی و سروشت ناوەندێكن لە هەموو لایەكەوە بۆیان دەچم.
لە پەیوەندییە برادەرییەكانم بە هەموو هەستەكانمەوە ڕێز لەبەرانبەر دەگرم، كەچی زوو لەوە حاڵی دەبم بەرانبەر پێویستە وەك گوێزێكی پووچ لە لێژاییدا فڕێ بدرێت. چۆلەكە پشت و پێش و تەنیشتی خۆی دەبینێت. خاوەنی بینین و مەودایەكی بێشوماریشە. بە پێچەوانەی چۆلەكە یەك ئاراستەی بینینم بۆ ژیان هەیە. ئاراستەی بینینی هەقیقەت و بەرزایی ڕۆشنبیری و داهێنان، پەیڕەویشی دەكەم. چ زیانێكیش بەو هۆیەوە پێم بگات پێی زەرەرمەند نابم.
دیاردەی بێزراو لە ئەزموونی شاعیریەتیی من بينراە، هەبووە بە نووسینێك بردوومیەتە كەشكەڵان، دوای ماوەیەكی ئێجگار كورتیش هەر خودی هەمان كەسی خاوەن ئاراستەی كەشكەڵان، بوونی ئەدەبیمی ڕەت كردووەتەوە، كە ئەو ماوە ئێجگار كورتە ناتوانرێت وەك گۆڕان و ئەزموون لە دید و دیدگا تەماشا بكرێت.
ئەگەر نووسەر خۆی لە ئەنجامی ئەزموون و كاركردنی لەناو ئاماژە ئەدەبییەكاندا گەیشتبێت بەو دوو ئاراستەیەی كاركردنە و هاتبێتە سەر ڕۆشنایی باوەڕێك، وەك ئاكامی وەرچەرخانێك بیر لە ئاستەكان دەكەمەوە و پێی خۆشحاڵ دەبم. ئەگەر مایەی سوودوەرگرتن بێت، سوودیشی لێ وەردەگرم، بەڵام ئەگەر لەژێر چاوڕوونی و ڕازیكردنی دژەكانم ئەو هەڵگەڕانەوەیەی كردبێتە داو و هێڵێك و كردەی نووسینی بەدوادا ببات، لەوانەیە بتوانێت لە ماوەیەكی ئێجگار كورتدا بە چەند ئاراستەیەكی دیكەشدا كێش و نیشانە و ئاراستەكردن وەربگرێت. كاری ڕەخنەگر لەسەر ئەم پایە دەوەستێت سەنگی ئەدەب لە ڕۆشنبیریی كوردیدا دەربخات. هەندێك نووسین لە ئاستی هەرە بەرز ڕایانگرتووم. بێگومان ئەمەیان زێدەڕۆیی تێدایە. هەشە بە شێوەیەك دایپڵۆسیوم لە نزمترین ئاستی ئەدەبی دیاریكراوی كردووم. ئەمەشیان بێگومان ونكردنی ڕۆشنبیریی تێدایە.
خۆشم لەو دوو بەرەی دژ بەیەكە باش حاڵیم، داهێنان لەو پاداشتە نییە، كە لە ڕەخنەگر، یان هێزی باڵادەستی سیاسی وەردەگیرێت. خورپەی دڵ فەرمانڕەوایی بەردەوامیی داهێنانە. دیارییەكە خودا و زمان ئەو خورپەی دڵەمان دەدەنێ و ئاشكرای دەكەن.
هیچ ڕستەیەك لەبارەی نووسینێك نامدرەوشێنێتەوە، ئەگەر هەست و دەروونی نووسەرەكەی تێیدا ئازاد نەبێت، تا سەر ئێسكان گیر بخوات لە خوڵقاندنی دوو دیوی و كلكایەتی، لەگەڵ هەموو نووسینێكدام، تەنیا لەگەڵ ئەو نووسینەدا نیم ڕك و بوغز و تاكتیكی سیاسەت تێیدا دەستەڵاتدار بێت. ئەو نووسینانە هۆشیاریی ڕەخنەیان تێدا بەكار نایەت. زیاتر چاودێریی نووسین و هەڵكوتانە سەر و پەلاماردانن. ئەم جۆرە ڕەتكردنەوانەش تەنیا شكست بۆ خاوەنەكەی تۆمار دەكەن. شكستییەكەش دەبێتە بابەتی لادانی ڕەخنە لە میتۆدە ڕەخنەیییەكان و ئەم و ئەو ڕازیكردن لەسەر ڕەنجی ئەو دەقانەی خاوەنی هەقیقیترین بنەمای شیعریبوونن.
هەندێك لە نووسینی بێزراو، یەك لەوانە لە ژمارە(126)ی هەفتەنامەی: (پاشكۆی عێراق – 28/2/1990)، بەناونیشانی: (عاجباتی هەشتەم لە جیهانی ئەدەبی كوردی)، بە شێوەیەكی گاڵتەجاڕانە ئاماژەیان بەو وێنە شیعرییە: (شەمەندەفەر گوڵەبەڕۆژەی مێژوو دەكرتێنێت) داوە.
لە ئایندەشدا گاڵتەكردن بە ئەزموونی سەركێشان بەردەوام دەبێت. پێش منیش گاڵتە بە ئەزموونی سەركێشانی دی كراون، دواتریش بوونەتە هێمایەكی ڕوون و زۆر درەوشاوە. نموونە: گۆران، كە توانیویەتی سیمای داهێنانی تاقانەی خۆی دەربخات، چووەتە ناو هەندێك كۆڕ و كۆمەڵ، نیمچە ڕۆشنبیری كەم ئەزموون و ناڕۆشن بە: (هەلوور بەلوور تەكامە – زەرد و سوور و شەمامە) تانەیان لێداوە. لەبەر ئەوەی شیعری لە دەرەوەی ژیان دەرهێنا و كردی بە ژیان، ئاسۆ و دووری و پانتایییەكیشی بۆ خوێنەری نموونەیی جێهێشت. ئەم دەربڕینەیان وەك بەهانەیەك دەهێنایەوە، كە لەسەر ئەم كێشە خۆماڵییە سیماكانی شیعری كوردی دەرخستووە و بە كارامەیی و وردی هەوڵی تێگەیشتنی كێشە خۆماڵییەكانی داوە، من لێرەدا سەرنجەكانم دەرخستووە و لێم نەكۆڵیوەتەوە، واتە: ئەم دەربڕینەم تەنیا بۆ ڕوونكردنەوەیە. بەهەرحاڵ ئەرێ ئەو ڕێزدارانە كێ بوون و لە مێژوودا چییان پێكرا. لەمڕۆدا ئێمەمانان چەندیان دەناسین، وەك ڕەگ و سەرچاوەی چێژبەخش پەیوەندییە نادیارەكانی خەیاڵكردن و بیركردنەوەمان لێك ئاشكرا بكەن. لە لێكجیابوونەوە و پێكەوەبوونیانیش هاوگونجانێك نیشان بدەن، یان لە پانۆرامای داهێنان لە كوێندەر دەستنیشانیان بكەین. ئەوانەی هەقیقەتی داهێنانی مەزنیان زانیوە ئەوە دەزانن، كە (گۆران) توانی دیوانی نوێبەخشی شیعری كوردی بنووسێت، لەگەڵ تێپەڕینی ڕۆژگار پێگە و ناوبانگ و شاعیرییەتی زیاتر بدرەوشێتەوە لەوەی، كە خۆی لە ژیاندا مابوو، هەیبوو، كەواتە: بەرهەمهێنانی شیعری بێگەرد ئەفسانە و ئەفسوونی هەموو سەردەمەكان و بەگەڕخەری هێزی ژیانە. لێكدانەوەی شیعر، یەك لەو گوناهانەیە، كە لێخۆشبوونی بۆ نییە، لە لەدەستدانی ئەزموونی ئێستێتیكای بەشێك لە نووسینی كوردی، لە لێكدانەوەی ئەم وێنە شیعرییەم، بەدڵ داوای بووردن لە گیانی بەهێزی ئەم گوناهە دەكەم، ڕەنگە خوێنەر هەندێك جار تێگەیشتنی بۆ دەق بگاتە ئاستی تێگەیشتنی نووسەرەكە و قووڵتریش بچێت.
دەقی من كەم تا زۆرێك هۆشیارییەكی جیاكاری هێناوەتە گۆڕێ و لەناو كلتووری كوردییەوە هاتووەتە بەرهەم، ڕەنگە هۆیەكەشی ئەوەبێت ویستبێتم لەناو ئەم كلتوورەدا هەوڵ بۆ خۆبوونی خۆم بدەم. ئەم وێنەیەش بەرهەمی بیری گەرمی منە، خەیاڵی شاعیرییەتیم لە هێنانە پێشەوەی منداڵی تاقی كردووەتەوە.
یەك لە جەژنەكانی حەفتاكان، جەژنانەكانم پەنجا فلس بوو، لەگەڵ یەك لە كوڕەكانی مامم چووین پەنجا فلسەكەمان خستە سەر هێڵی ئاسنینی شەمەندەفەر بەو نیازەی، كە بەسەریدا بڕوات پەنجا فلسەكە گەورە دەبێت و فۆرمی سەد فلسی وەردەگرێت. بە ئەنجامی ئەو كردارە دەتوانین چێژ زیاتر لە جەژن وەربگرین. كەچی بە شێوەیەكی وا هەردوو دیوی پەنجا فلسەكەی سڕییەوە شوێنەوار و نیشانەی پارەی پێوە دیار نەما. جا شەمەندەفەر لە چێژی جەژنێك بێبەشی كردووم و چێژی ساتێك لە منداڵیی كوشتووم و نەفەسبڕ دنیای ئەفسووناوی دەستكاری كردم.
لەم وێنەیەدا سڕینەوەكەم وەك كاردانەوەیەك كار پێكردووە و جووڵاندوومە. بەلای زۆرێك شەمەندەفەر هۆی گەیاندن و گەشت و خۆشحاڵی و بڵاچەی ئاواتە، بەڵام لە دید و دیدگای ئەو كاتی من وەك دڕندەیەكی ترسناك تەماشا دەكرا، هەروەها وەك وێنەیەكی ڕووبەڕووبوونەوە و گرژبوون بەكار براوە. شەمەندەفەر هاوتا كراوە بە كەسایەتیی دیكتاتۆر و جووڵێنراوە، كە نەشونماكردنی ژیان و زمان و نیشانە دەسڕێتەوە و دەوروبەرێكی نالەبار و بەربەستە بۆ گەشەكردن و پێشكەوتن.
هێزی خود لەم وێنەیەدا دەسەڵاتدارە، دەقئاوێزانییەكی نیشانە ناسیشم لە نێوان هێزی نووسین و هۆشمەندیی كۆمەڵگادا دۆزیوەتەوە. دۆزینەوەی ئەم دەقئاوێزانییە لە كێشی ڕەخنەنووسێك نییە، كە خاوەنی پرۆژەی دۆزینەوە نەبێت.
كات و شوێن و هێما و هێزی خودی چالاك لە دەربڕینەكانمدا وێنەیان زۆرە، بەڵام تا بڵێی پڕ سرووشی هەمەچەشنی مرۆڤ و شێوە و شێوازی تەقینەوەی خێرا.
لەبارخراپیی كێشە و گرفتی ڕەخنەی ئەدەبی كوردیدا، هەندێك لە نەوەی پێش خۆم و نەوەی دوای خۆمی گوێڕایەڵیان، بەهەوڵی شانەیەكی لێك نزیك، نووسینم لەبارە ڕێكدەخەن. بە ئاشكراش كار بۆ ئەم هاوكارییەیان دەكەن. شانە دووبارەكردنەوەی ڕەفتاری خێڵایەتییە، بەهەمان جۆر و دەستووری سەلەفییانە بەڕێوە دەچێت. هەر خەوندیدەیەك ئەفسانە و ئەفسوون و ناوەندێكی زاڵ و كاریگەرە لە نووسیندا، ئەو ئەقڵییەتە كۆنخوازانەی بڕوایان بە بیركردنەوەی ئەوی دی نییە. ترسی هەڵوەشانەوە وەك عەلیشیشی گیڤبووەوە دەیانباتەوە ناو قەبارەی سروشتیی خۆیان، كەواتە: دژایەتیكردنەكە بە سروشتی و تۆماركردنی ناكۆكیی ئەوی دی وەردەگرم. نووسەر بینینی ژیان و سەیری دنیاكردنی، بووە كۆنترۆڵكردنی ئەوی دی، لەگەڵ دەروون و بیركردنەوەی خۆی گەییوەتە كۆتایییەكی بێزراو. نووسەرێكیش لەگەڵ خودی خۆی گەیشتە كۆتایی، گوڕنەتەڵە و چەنەباز و منگەمنگكار و دەعبای پەلوپۆ شكاو و مردۆخە، پێویستە بچێت داوا بكات لە خانەی پیر و پەككەوتووەكان ناونووس بكرێت. بگرەوبەردەم لەگەڵ ئەوی دی نییە، بینینی ژیان و سەیری دنیاكردنم لەگەڵ دەروون و بیركردنەوەی خۆمدا، هەمیشە لە ئەزموون و نیشانە ناسیدایە. شانە دەستكردی دەسەڵات و هێزی باڵا دەستی سیاسییە. كار پێكردنیشی بە نیازی ڕێ پێ بزركردن و دووچاری گرفتكردنی ئەوی دی، خۆی ترسێكی كەمەرشكێنە لە ئەزموونی پڕ شایەن بە ئاماژە، باوەڕ پتەویشم بەهێزی خەونبینیم بۆ نوێبەخشی، وا دەبینم یەك یەك دەگلێن و ڕووبەڕووی داهێنان شەرمەزار و چاو بەرەوژێر دەبن. خاوەن پرۆژەش دەبێت بە خاوەنی ئەو سەروەرییە بێدەنگەی كە دەقە، هەروەها جیاكاریی نەوە جیاكارەكانیش بە دیاردەیەكی تەندروست دەزانم و ڕێزی لێدەنێم، بەڵام بێز لەو بارە ناسروشتییە دەكەمەوە لەسەر بنیادی ڕوانین دروستی ناكەن و ئیرەیی و حوكمی پێشینەی بێ سوود بەڕێوەی دەبات. بە هیچ جۆرێكیش بیرم لەوە نەكردووەتەوە هێڵی هاوبەشی خۆم لە شیعری كوردیدا جیا بكەمەوە، بەڵام هەردەم ئەو بیركردنەوەیە دەمخواتەوە، كە هەنگاوێكی چوست و بنچینەیی دیكەبم لە ئەزموونی قەناعەت پێهاتووی خۆم. لە هەموو ناوەندێكی بە گێچەڵیش دوور دەكەومەوە، سەرگەرمی بەدیهێنانی خەونی نووسین دەبم، جۆشێكی خۆڕسك و لەخۆوە و باشم بۆ خوێندنەوە و نووسین لا پەیدا بووە. لەگەڵ ئەمەش: سەرجەم ئەزموونی هیچ شاعیرێكی كوردم بەدڵ نەبووە، بەڵام شیعری تاك تاك و هەڵبژاردەم بەدڵ بووە و ماچم كردووە. ئەم بارەی خۆم بۆ ئەزموونی ئەوانی دی، بەهەمان چەشنیش لای ئەوانی دی بۆ ئەزموونی خۆم بە ڕەوا دەزانم.
لە سەرجەم دەقەكانیشدا ئاراستەیەكی خەونیم، یان نیمچە خەونیم دەربڕیوە، خەون سرووش و سروشتی پێغەمبەرانە، خودا دەیدات بە كەسی پەیامدار. من وەك كەسایەتی، خەونێكم لە شیعرەوە بەرهەمهاتووم، خەونیش ڕادەگەیەنم. نادیارییەك لە خەوندا هەموو گەمارۆكانی شكاندووە، نووسین ڕاوی ئەو نادیارییەیە. خەون درەوشانەوەی واقیعە، زمان لە دەقی خەونیدا ئامرازی گەیاندن نییە، ئامرازی سرووش و چالاكیی وێنە و ناسینی ڕەنگەكانە. ئاسانە بگەیت بە ئەوی دی، بەڵام ئاسان نییە بگەیت بە خودی وریای خۆت، كە گەیشتی بە خودی وریای خۆت، دەرەوە و ئەوی دی بەلاتەوە دەبنە شتێكی لاوەكی، یان زۆر لاوەكی. گەیشتووم بەو قەناعەتە ڕەهایە، تەمەن و كات هەر هێندە باروبوار و ماوەم دەدەن بزانم من چیم لە ژیان دەوێت، بە گرنگیشی نازانم، بزانم دەرەوە و ئەوی دی چییان لە من دەوێت.
ئیلتیزامم بە بڕوا هونەرییەكانی خۆمەوە هەیە، كلتووری نیمچە تایبەت بە خۆشم هەڵبژاردووە و كاری پێدەكەم. هەستیش دەكەم كۆمەڵگای ئێمە چووەتە ناو نەریت و ڕابردووەوە، پێویستە دەربهێنرێت، مانەوەی توانا و ئەزموونی هەڵدەبزڕكێنێت و زیان بە گەشەسەندنی دەگەیەنێ و خەمڵینی دوا دەخات.
لەو هەموو گێچەڵانەی پێم كراون، تەنیا وەك نموونە و ڕوونكردنەوە: تیشكێك لە یەكێكیان وەردەگرم و مەودایەك دادەمەزرێنم: لە 6/3/1985 لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری خوێنەری هەولێر، یەكێتی نووسەرانی كورد – لقی هەولێر، كۆڕێكی شیعر خوێندنەوەی بۆ كۆمەڵێك شاعیر ڕێكخست، ڕێكخەر و كۆڕگێڕ: (محەمەد خدر مەولوود) بوو، من بەشی پێنجەمی (زێوان)م خوێندەوە. كۆپلەیەك لەم بەشەی خوێندمەوە ئەمەیە:
(من كەوتنی خۆم خۆش دەوێ
باوەشمی تێوەردێنم) زێوان: ل41
كۆڕگێڕ بەم كۆپلەیە كاریگەر بوو. تاسەی بەردەوامیشی بۆی هەبوو، هەر چەند جارێك یەكتریمان دەبینی باسی ئەم كۆپلەیەی دەكرد. ویستی كۆچیرۆكێك چاپ بكات. داوای لێكردم ئەم كۆپلەیە وەك كلیل بەكار بهێنێت و ناونیشانی كۆچیرۆكەكەی بكاتە (كەوتن)، لە كاتێكدا ئامادەبوو هەموو دەربڕینی ڕۆحی خۆی لەژێر كۆپلەیەكی زێواندا ناودێر بكات. دواتر ساردییەك كەوتە نێوانمان و زێوانیش وەك كتێب چاپكرا. لە ژمارە (15)ی ڕۆژنامەی: (ئاسۆ – 14/11/1989)، نووسینێكی لەبارەی زێواندا نووسی بەناونیشانی: (دەقی مردوو: زێوان = جل و بەرگ = .)، كارێكی بە زێوان كرد، مەگەر ڕەشەبا بە داری بەری كردبێت و هەر ئەڵڵا ئەڵڵا و دەستنیشانكردنی چییەتییەكی دیاریكراوی بوێ.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین.

خوێندنەوە
شێوازی خوێندنەوە بەشێك لە بەهای چێژی لەناو خۆیدا هەڵگرتووە، سەرەنجام ئەم گواستنەوەی چێژەش دەبێتە بەشێك لە ڕۆشنبیریی گوێگر.
شیعر وەك دەق، شیعر وەك شێوازی خوێندنەوە. دوو یەكەن لە یەك سەرچاوەوە پەرەیان نەگرتووە.
وەك دەق دەسەڵاتی جوانی و بیركردنەوە لە چێژدا دروست دەكات.
وەك شێوازی خوێندنەوەش، دەنگ و جووڵە و ئاوازی پیت و هێماكانی دەست و ڕوخسار، ڕۆڵی جوانی و بیركردنەوە دەگێڕن و دروستی دەكەن.
ئەزموونی شیعر خوێندنەوەی ناو هۆڵ و بەر میكرۆفۆنم هەیە، بەڵام شێوازی خوێندنەوە و دەنگ و جووڵە و ئاوازی پیت و هێماكانی دەست و ڕوخسارم پەیوەندیی خۆی لەگەڵ گوێگر نادۆزێتەوە، نەتوانینی گواستنەوەی مانا و جوانی لە نائاگاییم دەجووڵێت و مەوداكانی بیركردنەوەی خۆم لەگەڵ مەوداكانی چێژی گوێگر سەرچاوەكانیان تا ڕادە و ئاستی ڕژانە ناویەك لێك نزیك نابێتەوە.
لە 15/9/1985: (دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوكردنەوەی كوردی) نووسینگەی هەولێر، كە: (مەحموود زامدار) بەرپرسی بوو، كۆڕێكی شیعر خوێندنەوەی بۆ شاعیران: (فه‌ره‌یدوون عه‌بدول به‌رزنجی و قوبادی جه‌لیزاده‌ و ئیسماعیل به‌رزنجی و محه‌مه‌د حوسێن هه‌ڵه‌بجه‌یی و من) لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری جەماوەری هەولێر ڕێكخست، من شیعری:
(دابارین)م تێدا خوێندەوە. (حوسێن عارف) سەرنووسەری گۆڤاری (كاروان) بوو، دوای تەواوبوونی كۆڕەكە ئەم گەورەیییەی نواند و بە بزەیەكی باوكانەوە شیعرەكەی لێ وەرگرتم و لە ژمارە (43) گۆڤاری كارواندا بڵاوی كردەوە. ئامۆژگاریشی كردم، شێوازی شیعر خوێندنەوەم باش نییە. ئەم ئارەزووە لەناخی خۆم بمرێنم، كە لەبەر میكرۆفۆن دەربكەوم و بناسرێم. پێی گوتم: میكرۆفۆن بۆ گۆرانیبێژ سەكۆی تاقیكردنەوە و خۆپێشكێشكردنە، تۆ شاعیری و بەرەو شیعری جیهانبینی و تێڕامان دەڕۆی. لەم چوار شاعیرەی تر، كە شیعریان خوێندەوە جیابووی. لەم باروبوارەدا زمان و شێوازت بە هونەری جۆراوجۆر و قووڵبوونەوە دەوڵەمەند بكە، به‌رده‌وامبوونیش بۆی سه‌لماندم ئه‌و چوار شاعیره‌ وه‌ك سه‌ره‌تا و له‌ یه‌ك شوێنپێ مانه‌وه‌. دوای ئەم گەورەیی نواندنەی هەمیشە وەك داهێنەرێك و مرۆڤێكی گەورە تەماشام كردووە و ڕێز و شكۆیە لە نێوانمان بەردەوامی هەیە.
شیعر شوێنی ڕاستەقینەی گرتووە. چڕبوونەوەی چێژی كۆمەڵگای كوردیش لە شیعردا بووەتە ناوەند. هیچ هونەرێكی دی هێندەی ئەم بەشە پەروەردەی چێژی كۆمەڵگای نەكردووە. هەندێك خورپەی بزربووی ناخ هەن، ڕەگەزەكانی دیكەی ئەدەبی نایدۆزنەوە. تەنیا شیعر لەباری درەوشانەوەیدا دەتوانێت بیاندۆزێتەوە. نووسین و هونەر ئاراستەیان بەرەو ژیان و چێژە، بەڵام كردەی داهێنانی پەتی، ستایشی ژیان نییە لە پێناوی چێژدا، تێڕوانینی نوێ لەبارەی ژیان و چێژ دەخوڵقێنێ و دەیكاتە قەناعەتی مرۆڤ، مرۆڤی نوێبەخش و بەخشندەش ڕازەكان دەدۆزێتەوە.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین.

تێپەڕاندن
بە هیچ شێوەیەك بڕوام بە تێپەڕاندن نییە، بگرە بڕوام بەگۆڕان و جیهانبینیی جیاكار هەیە. تا ئێستاش نەمتوانیوە بڕوا بەوە بهێنم: (نالی)، (باباتاهیر)ی تێپەڕ كردووە، هەروەها: (گۆران) جەستەی شیعری كلاسیكی بەتەواوی جێهێڵاوە. ئێمەمانانیش خاڵی جیابوونەوەی ڕەهامان لەگەڵ نەوەی پێش خۆماندا نابێت. دەقئاوێزانییەكی بەهێز لە نێوان هەموو نەوەكاندا ئاشكرایە و لەوانەی دوای ئێمەمانانیش بەردەوامی دەمێنێت. وا دەبینم هەر ڕۆژ و ڕۆژگارێك جیهانبینیی خۆی بەسەر كەسی خاوەن جیهانبینیی ڕۆشنكار و هێمای هەمەچەشن دەسەپێنێ. وەك چۆن هەموو وەرزێك بە فراوانی سەیری ئاو و هەوای تایبەت بەخۆی دەكات و دەیسەپێنێتیش، ئەم ئاو و هەوایەش كەم و زۆرێك كاریگەری بە بارستی خۆی بەسەر نەشونمای درەختەكان جێدەهێڵێت. ئەوەی تێبینیم كردووە نەوەی پێش ئێمە ستوونی ژیانیان هێنایە ناو شیعر و ئەزموونیان كرد. ئێمە ستوونی و ئاسۆیی و بازنەیی ژیان و خەیاڵ و خەونمان هێنایە ناو شیعر و فراوانتر ئەزموونمان كرد و درەوشاوە و دەوڵەمەندتر ناساندمان.
نەوەی دوای ئێمەش كۆمەڵێك جیهانبینیی زیاد دەكەنە سەر قۆناغی شیعری ئێمە. ئەمە یاسای ژیانە و دەبێت قبووڵمان بێت. قبووڵكردنی ئەم هەقیقەتە ناوەندێكی چەسپاوە لە بڕوابەخۆبوون و هەقیقەت بینین و دیاردەكانی پەیوەندیدار بە چییەتی بوونەوە.
پرۆژەی تێپەڕاندنم نییە، زیاتر خەوندیدەی پێكهێنانی هێڵ و هێماكانی خۆمم، شیعریبوون سیمای ڕوونی گشت نەوەكانە و شانەیەكی زیندووی زۆر قووڵە لە جەستە و پێكهاتەی مرۆڤدا.
دەقئاوێزانی دەتگەیەنێت بە فۆرمی ڕۆشنبیری و بیركردنەوەی چالاك و دەتدرەوشێنێتەوە. ئەگەر ڕۆشنبیرییەك دەقئاوێزانی لەگەڵ گیانی بەهێزی ڕۆشنبیریی دنیا نەهێنێتە ئاستی هەست پێكردن، نەیتوانیوە لە پەیوەندی و گفتوگۆ و بیركردنەوەی ئەوانی دیكەدا، ببێتە كەسایەتییەك: بتوانێت زانستی ژیان كۆ بكاتەوە. ڕۆشنبیرییەكیش نەتوانێت ببێتە كەسایەتییەك. زانستی ژیان كۆ بكاتەوە، لەناو ڕۆشنبیریی دنیادا خەیاڵی باش بەڕێوە نەچووە.
لە بەرزبوونەوەی هێڵی هونەری دەتوانێت لەناو ڕۆشنبیریی دنیا نیشتەجێ بێت و لە گەڕان بۆ بنەڕەتیش چالاك و بەرهەمدار بێت، خەسڵەت و ئاسۆی خۆبوونی بدۆزێتەوە. چركەساتی ئاسۆی خۆبوونیش، چركەساتێكی گەرم و ئاسوودە و چڕە لە ژیاندا.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین.

بەهرە
لە دامێنی هەر دەقێكم، مێژوویەك تۆماركراوە، بڵێی بڕوام بەوە هەبێت نووسین هەڵچوون و كاتی تایبەتییە، یان بەهرە و سرووش ماوەیەكی دوور و درێژ بەردەوام بەشدار و هاوكارم بن لە نووسینی بەشە پێكهێنەرەكانی دەق. لەو تەمەنەی نووسینمدا، كە نزیكە چارەگە سەدەیەكە بەكامی دڵ لەناو سنوورەكانی لە هاتوچۆدام، ژیان هاندەر و هۆكاربووە بۆ وزەی خرۆشان. ڕاوی چەند دەقێكم كردوون، ئەوانەی نووسیویشمن هێشتان لە نووسینیان تەواو نەبوویمە و نەگەیشتووم بەدوا داڕشتنیان. بڕواشم وایە بەهرە و سرووش كار لە ئامادەبوونی نووسەر دەكەن بۆ كەشی خرۆشان، بەڵام وەك هاندەر و هۆكار و خورپەیەكی شاراوە نەك شتێكی بنەڕەتی و تەواوكاری بنیادی بەردەوامیی نووسین، لە نووسیندا زیاتر تێڕامان و خەون و ئێستێتیكای ویژدانی، بە پلەی یەكەم كاریگەری و بەشداریی بەردەوامیم دەدەنێ. ناخی وریام ئامادەی بنیادی بەردەوامیی نووسین دەكەن.
سەرەتاكانی نووسین لە هۆشیاری و یاداشت و خەونمدا ئامادە دەبێت. چاوەڕوانی كەشی نووسین دەكات. لەوانەیە ئەم كەشە چێژبەخشە شكۆ و بەهرە و سرووشی نووسین بێت و بنەماكانی بەڕێوە ببات، كە ژیان و سروشت و دڵبەر وەك تۆیەكی گەردوونی ببینێ و مامەڵەی ئێستێتیكی لەگەڵدا بكات. تا ڕادەیەكی زۆر باش نووسین پێویستی بە ژیری هەیە، تا دەستت بەسەر ئامرازە هونەرییەكانیدا بشكێت، ئەفسانە و ئەفسوونی نووسین بەهۆی بەهرەیەكی پەروەردەكراودا بەجێ بهێنێت.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین.

خوێنەر
لەناوەوەی خۆم، بە بۆچوون و تێگەیشتنی زاهیدێك ژیانم هەڵبژاردووە و بە چاوی دەمار و خوێن و پشت سەیری تەواوی شیعری كوردی دەكەم، شیعری: زمان و ئێستێتیكی و مرۆڤدۆستانەشم خۆشدەوێت، شیعر وەك توانا و ئەزموون هەڵگری وزەی ژیانە. لەناو شیعریشدا ژیان دووچاری نەسرەوتن و هەندێك جەنگی پێویستی كردووم. بوێرییەكانی ڕووبەڕووبوونەوە بەرانبەر ئەو مەترسییانەی لە لەناوچووندا دەبن بە هەست، كتێبی دەگمەنن. هەوڵ دەدەم تێیان بگەم، دواجاریش بیاننووسم، ئەو ژیانەم لا جوان و پەسندە، هەست و خەون لەناو دەقی شیعریدا دەیكەنە ئاماژە و ئاخاوتن. لە ئاخاوتندا لە خاڵی هاوبەش نزیك دەبینەوە، یان دەگەین بە وەڵامێك بۆ ئاخاوتن. خەون و یادەوەری لە سێبەریدا بە یەكتری دەگەن و دەبن بە واقیعێك لە واقیعەكانی بوون. لە نێوان پەسندكردن و ڕەتكردنەوەی خوێنەرانی هۆشیار و خوێنەرانی ئاساییدا، نووسین لەكوێ خۆی دەدۆزێتەوە. جیاكاریی نێوان خوێنەری زۆر و خوێنەر ئاشكرایە. قۆناغی شیعری كلاسیكی كوردی پڕ خوێنەرە، بەڵام خوێنەری نییە.
ئەو مشتومڕە لە نهێنیی ئەو دەقانەدا بە دەست دەكەوێت، وەك سەرچاوەی چێژبەخش پێویستمان بەخوێندنەوەیانە. پەیوەندییەكی دڵخۆشكەریان لەگەڵ مووچڕك و تەزوو و خورپەی شاراوەی ناخ پێكهێناوە.
من یەك بەباری خۆم، كە پەستی دامدەگرێت و لە هەموو دنیا بێ ئومێد دەبم پەنا بۆ دیوانی: مەحوی، یان دیوانی: حاجی قادری كۆیی، یان دیوانی: گۆران، یان دیوانی: دیلان، یان كۆشیعری: ئەحمەد تاقانە… تاد، دەبەم. لە شیعری كوردیدا ئەمانە نموونەی دەگمەنن. ئامادەم دەكەنەوە بۆ گرنگیدان بە هەموو بوارەكانی ژیان، یان دەگەمە فۆرمی گەیشتن بە هەموو شتەكان و ناخی خۆم. هەر هەموو ئاستێكیش ڕێز لە ژیان دەنێـت و هەوڵی بەرەو پێشەوە بردن و گەشەسەندن و بیركردنەوەی باشتر دەدات، هەریەكیش بە تێگەیشتنی خۆی چێژی لێ وەردەگرێت. نووسەریش لەسەر بنەما و فراوانبوونی مەوداكانی زمان و هێشتنەوەی بە زیندووێتی ئەو متمانەیەی دەبێتە خەونێكی بەدیهاتوو، لە خەونەوەش دەست پێدەكاتەوە. من خەونم هەیە، لە خەونەكانمدا دەست پێدەكەمەوە و دەچمە ناو مەوداكانی بیركردنەوە و نووسین.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین.

وشە
وشەی: خەون و منداڵی و مردن، بێئاگاییم دەجووڵێنن و لام دووبارە دەبنەوە، دەبێت لە پەرەسەندنی خۆیاندا قسەم لەبارەیانەوە هەبێت و چوارچێوەیەكیان بۆ بگرم، فەزا و ڕەگەزی ئەم وشانە دیدگای منیان دیل نەكردووە، زیاتر بەلای خۆیاندا بەكێشیان كردووم. لەناو مندا ڕەگیان وریایە و بەگەشەكردنم ناساندوون، كەشوهەوان بۆ ئەزموونی خەونیم، لە شیعردا ئیلتیزامم بە فەزای بوونەوە هەیە، نەك فەزا و ڕەگەزی هاندەر و هۆكار. بوون لە دەقدا دەبێتە شەپۆلی مانا و جوانی و شیعریبوون. شیعری من مەبەستی مێژوویی تێدا نییە. داڕشتنێكی بوونی و گەردوونی و خەونییە. كار لەناو خەون دەكەم بۆ دروستكردنی جیهانبینی، خەون و منداڵی و مردن پرسیاری ئەزەلین، نەكراوە وەڵامێكی ڕەها بۆ پرسیارەكانی ئەزەلییەت بدرێنەوە، هەر وەڵامێكی دەبێتەوە كۆمەڵێك پرسیاری دیكە بۆ ئازادكردنی واقیع. دووبارە نیاز و كەڵكەڵەی گەڕان و دۆزینەوە گەرم دەكەنەوە، دەمانخاتە بەردەم ئازادیی دەربڕین و هۆكاری گۆڕاو، خەون و خەیاڵ و توانا و ئەزموونمان دەجووڵێنێت، دەكرێت ئەم پرسیارە دوابخرێت بۆ دوای كۆتایی زەوی، یان دوای دۆزینەوەی بزەی مۆنالیزا و بەختیاری تا هەتایی، بڕوا بە بەختیاری تا هەتایە، كاریگەرترین و بەپیتترین ناوەرۆكی مێژووی گیانی پێكهێناوە.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین.

لایەنگر
بەلامەوە گرنگە هەموو ئاستێك ببێتە لایەنگری دەقەكانم، یان نا. بەهای دەربڕینی ئازاد شوێنی نووسینی لە جیهان دۆزیوەتەوە، بە تەواوی مانای ئازادی، ئازادیم لە جۆری بیركردنەوە و هونەرە جوانەكان و چێژی نووسین بۆ خۆم دابین كردووە، ئازادی لەناو هەستیاریی نووسین دەتوێنمەوە، كەسی دووەمیش بەهەمان ئازادی بەڕێوە دەچێت. منی وەك نووسین بەلاوە گرنگە، یان نا. ئەو قەناعەتەشی لا وێنا دەكەم بە هەموو توانای گیانی و هێزی ئەقڵیمەوە ئاماژەكان بە دەربڕین و ناوەندی بەرهەمهێنان بگەیەنم، بارێكی گیانیش لەناوەندی نووسین چێژی هاندانم دەگەیەنێتە پلەی توانەوە و تێكەڵاوبوون بە زۆرێك لە شتەكان. هەوڵیش دەدەم ژیانی چێژدار و بەجوانی پەیوەست بخزێنمە گیانی گەردوون و ئادەمیزادەوە. گەردوون و ئادەمیزادیش بگەڕێنمەوە باری یەكەمین فڕین. ئێستێتیكای هاوبەش و ڕۆشنایییەكانی ناو دەق دەكەمە هونەری لێكدانەوە و تێگەیشتن بۆ پەخشكردنەوەی ڕۆشنایییەكانی خەیاڵ و ئەندێشەی وەرگر. وابەستەی كلتووری پڕ چالاكیی كوردیم، ئەو كلتوورەی پەیوەندیی بەهەر هەموو كۆمەڵگاوە هەیە. بەرهەمی هۆشمەندییەتی، كەواتە: ئێمە ناوەرۆكی گشتیی كلتوورین. تێكۆشانێكی سەخت دەكەم، ناوەرۆكێكی دەوڵەمەند و بە پیت و فەڕ بم.
كلتوور بەو بارە زیندووەی خوڵقاندوویەتی، بەناوبانگترین جۆری دەربڕینی ڕۆشنبیرییە. تا پاشەڕۆژێكی دووریش هەر بەو شێوە چالاكەی دەمێنێتەوە. مامەڵەی من لەگەڵ نووسیندا مامەڵەی ئیماندارە لەگەڵ خودا و سەرچاوە. خودا و سەرچاوەش دەبنە پرسیار و گفتوگۆ، پرسیار لە چییەتی بوون و نەبوون و شوێنەزا و گەردوون. دواجاریش دەمەوێت بزانم ئەو دۆزینەوانە چین، كە پێیان گەیشتووم، پرسیار و گفتوگۆمان چۆن بوونەتە یەكانگیربوونەوەی ئاسۆكانی ناوەند و نووسینیان لێوە درێژ بووەتەوە.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین.

شێواز
جوانی لە سادەیی و قووڵبینییەوە دەخوڵقێت. لێڵیش شتە سادەكان لەناو دەبا و دڵی جوانی تێدا هێور ناكرێتەوە، شتە جوانەكان بە سادەیی دەوترێن. لە بەشێك لە بەرهەمی هەشتاكانم لە بنیادی قووڵی تەمومژدا كارم كردووە، تەمومژ لە ئەنجامی جوانیی زمان دروست دەبێت، لێڵیش لە ئەنجامی بنیادی ڕووكەش و هەڵەی زمانەوە.
نموونە: بێزمانێك، واتە: لاڵێك دەچێتە لای مرۆڤێك، داوایەك دەخاتە ڕوو. بێزمانەكە لای خۆی مانا و لێكدانەوەیەكی بۆ داواكەی هەیە و دەزانێت چی دەوێت، بەڵام لەبەر ئەوەی ڕوونیی زمانی نییە. ناتوانێت داواكەی لە بەرانبەر بگەیەنێت.
شاعیر هەن ڕوونیی زمان و جیهانبینییان نییە. لە دەروون و هەستی یەكئاستیی خۆیان مانایەكیان بۆ نووسینەكەیان داناوە، بەڵام ناتوانن ئەم مانایەیان بە شێوازێكی ڕوون لە بەرانبەر بگەیەنن، لێڵی ئەم نەگەیشتنەیە. ژیان خۆی پڕە لە شێوازی گۆڕان و جموجووڵ و هاندان و هۆكار، تەنانەت ڕەنگی سروشتیش گۆڕان لە خودی خۆی پەروەردە دەكات. درەخت لە پارچە زەوییەكی بچووكدا كەشوهەوای نەشونما وەردەگرێت، هەموو ساڵێكیش گەڵاكانی خۆی لەناو دەدا و هێمای ڕوون و شێوازی گەڵا نوێیەكانی دەكاتە كردەیەكی ڕاست. یەك شێوازیش لە ئەزموونی خەوندیدە و وێڵی دۆزینەوەی ژیانی بە پیتدا، دەسەڵاتدار نابێت. مانەوە و كاركردنیش لەناو شێوازێك ڕایەڵ و تانوپۆی داهێنان هەڵدەوەشێنێتەوە، هەموو سەربەخۆیی و دەسەڵاتێكی كەلكێشیش زەوت دەكات، گیانی بەردەوامبوونیش دادەڕزێنێت. ئەو شێوازەی لەناوەڕاستی هەشتاكانەوە ئەزموونم كرد، هەوڵم دا لەو ئەزموونەدا كار لەناو مانای زمان بكەم و مانای بابەت بمرێنم.
ئەزموونێك بوو، ویستە هونەری و كەلكێشییە زمانەوانییەكانم تێیدا پێشكێش كرد. دوای ئەم پێشكێشكردنەش خواستی گۆڕان لەناوەوە هەژاندمی، هەستم كرد كارێكی دیكە هەیە بۆ كردن، دنیایەكی دیكەش هەیە بۆ بینین و شێوازی ژیان. كاتێك ڕێگا بەخۆم دەدەم ئەزموونێك واز لێ بێنم و سەرگەرمی ئەزموونێكی دیكە بم، دیارە وەك ئەزموون گەیشتوومەتە دوا ئاستی و لام تەواو بووە، ئەگەر لەناویشیدا بمێنمەوە دووچاری خۆدووبارەكردنەوە و پێكوتە دێم، خۆدووبارەكردنەوە و پێكوتەش كەشی نووسینم لەبەرچاو دادەخەن، لەو باروبوارەدا هێزی خود و ڕستە كاریگەرەكانی مرۆڤی نوێبەخشیش بۆ جوانی و ژیان، بێ كاریگەر دەبن.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین.

ڕاگەیاندن
ڕاگەیاندن كەناڵ و ناوەندێكی خزمەتگوزارە بۆ كردەی ڕۆشنبیری. لەناو ڕۆژنامەوانیی كوردیدا گەیشتووم بە ئەزموونی بەپیتی زۆرێك لە نووسەرانی كورد و سوودمەند بوویمە بە بیر و بۆچوون و فۆرمەكانیان. لەلایەكی دیكەشەوە هێندەی لە بەشێك لە ڕۆژنامەوانی بە ناهەق لەبارەی منەوە نووسراوە، هێندە بەهەق لەبارەی ئەهریمەنەوە نەنووسراوە. سەرەڕای ئەمانەش بەبێ هیچ هۆیەك بە مەبەست و هەڵەی ده‌ستئەنقەست ناوم لە لێكۆڵینەوە و چاوپێكەوتنە ئەدەبییەكان دەسڕنەوە. بەشێك لە ڕۆژنامەوانیی كوردی هەوڵی تێدا دراوە هەقیقەتی شیعری من بشێوێنێت. لە ڕۆژگاری ژیاندا ئەوانەی لە چێژی باوخوازەوە تەماشای ڕستە كاریگەرییەكانی ژیان دەكەن تاوانكارن، نوێبەخشەكانیش قوربانیی ئەو هێزە باڵادەستانەن، كە تاوانكاران دەجووڵێنن و ئامادەیان دەكەن بۆ بەجێهێنانی مەرام و تاكتیكە سیاسی و شكستە ئەدەبییەكانیان، دیمەنە سادە و كاریگەرەكانی ژیان وەردەگرم بە تێكەڵاوكردنی فۆرمەكانی گەیاندن چەند ئاستێكی زمانەوانیی شيعريبوونى تێدا دەكەمە ستوونی تایبەتكردن و درەوشانەوە. وەك دەقی بە ئەدەببوو دەیخەمە بەردەم كۆمەڵێك نیشان و پرسیار، شتە سادەكانیش بەردەوام لە سرووتی تایبەتی و دانایی لەناو خوڵقاندنی نووسین زانیاریی ویژدانی و گەرمایی هەستەكانن. بوونمان لەناو خۆیاندا لەپێناو ژیان و جیهانبینییەكی باشتر بەرجەستە دەكەن، تا لە ژیان كاریگەری و كردەوەی خۆیان نیشان بدەن.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین.
تێڕامان
بێدەنگی لە قووڵایی نەزانراودا پەیوەندیی دیكە لەگەڵ ژیان و بوون و گەردوون دەدۆزێتەوە، پەیوەندییە ساردبووەكانیشی لەگەڵ واقیع زیندوو دەكاتەوە. هەندێك شت لە واقیع وەردەگرێت، لە بیركردنەوەی ڕێكی دەخاتەوە و ئامادەی گوتنی دەكات. پێكهاتەی سرووتی كەسایەتیم لە نیشتەجێبوون لەسەر زەمین بۆ خۆ گونجاندن لەناو سەرچاوەكانی ژیان وا هەڵكەوتووە. ئاخاوتن لەناو دەق دروست دەكەم. لە قسەكردندا خودی ئامادەكراو دێتە پێشەوە، لە ئاخاوتنی ناو دەقیش ئەفسانە و ئەفسوونی خودی وریا و هۆشمەند. ئەگەر زۆر بدوێم، تێڕامانی ناوەوەم دەكوژێت و بنیادی ئامادەبوونی بەردەوامیی نووسینم دەشڵەژێ، ئەفسانە و ئەفسوونی خودیشم بەتاڵ دەبێت. زۆر دوان تەنیا بۆ كەسی سیاسی گونجاوە، باروبوار بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەویدی دروست بكات، نووسەریش باروبوار بۆ تێڕامانی تاكییەتی و هەستەكانی خۆی دەستەبەر دەكات. خۆم بە تێگەیشتن لە كرۆكی ڕۆژگار و بێباكی گرتووە، پرۆژەكانم بەهۆی زمان و ئەفسانە و ئەفسوونەوە پەرە پێدەدەم، نازانم ئەوەی نووسیومە باشە، یان نا. بەڵام بەو ڕاستییە گەیشتووم پێویستە لە هەوڵی تێڕامان و بێدەنگی بەردەوامبم، كە دەقی بێگەرد بێدەنگییەكی بەردەوامە.
بێدەنگی لای من مانا قووڵەكانی خەون و گەردوون ئاگادار دەكاتەوە و پرسیاری ژیان و بوونی هەیە و دەیكات بە توانا و ئەزموون.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین.

گفتوگۆ
هەمیشە خۆم لە گفتوگۆ و دیمانە ڕۆژنامەوانییەكان بەدوور گرتووە، ئەو دەسكەوتانەی لە بار و بواری شیعرەوە بە دەستم هێناون، دەكرێ بكرێـنە جێگرەوەی هەموو گوتن و نووسینێكی دیكە. هیچ نیازێكی گوتنیشم نییە لە دیمانە ڕۆژنامەوانییەكان بیكەم بە ناوەندی دەربڕین و دركاندن. هەموو ساتە هۆشیاری و نهێنی و هەستكردنەكانی ڕایەڵ و تانوپۆی نووسینیان چنیوم، لە هەناوم خۆیان ڕاپسكاندووەتە دەرەوە و لە دەقەكانم دركاندوومن. خۆ تەرخانكردنیشم بۆ بەرهەمهێنانی دەق بەلاوە گرنگ و ناوەندە. دەق بنەمای پەیوەندییەكان جوان و فراوان دەكات، فۆرمەكانی دەروونیش دەگۆڕێت. سەرەتا شتە گشتییەكان دەدۆزمەوە. دواتر گیانی بزێوی شتەكان دەنووسمەوە و هەستی تێدا دەخوڵقێنم.
نووسین و قسەكردن لەبارەی شیعر بە كردەی دۆزینەوە تێناگەم، زیاتر گواستنەوە و گەیاندنە. هەوڵ دەدەم خۆمی لێ بپارێزم، لەگەڵ ئەوەش لە هەموو بابەتێك پتر، تامەزرۆی خوێندنەوەی دیمانە ڕۆژنامەوانییەكانی شاعیرانی بە ئەزموون و ژیننامەی كەسایەتییانم.
تێڕوانین و زۆر وردبوونەوەش لە شیعردا دەمانباتەوە بۆ سەردەمی لەدایكبوونی یەكەمین مرۆڤ. نووسین ناتوانێت لەبارەی یەكەمین مرۆڤ ڕستەیەك، تەنیا ڕستەیەك بەهێز بكات، تەنیا لەرزەی گیان دەتوانێت لەناویدا وردبێتەوە و بگات بەباری تێڕامانی یەكەمین مرۆڤ.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین.




بۆچی سۆسیالیزم؟.. نووسینی: ئەلبێرت ئەنیشتاین.. وەرگێڕانی: گۆران عەبدوڵڵا

ئایا کەسێک شارەزا نییە لە پرسە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، بۆی هەیە بۆچوونەکانی لەسەر بابەتی سۆسیالیزم دەرببڕێت؟ من بە کۆمەڵێک هۆکار باوەڕم وایە بەڵێ.
با سەرەتا پرسیارەکە لە ڕوانگەی زانستییەوە لەبەرچاو بگرین. لەوانەیە وا دەرکەوێت کە جیاوازییەکی میتۆدۆلۆژیی جەوهەری لە نێوان فەلەکناسی و ئابووریدا نییە: زانایان لە هەردوو بوارەکەدا هەوڵدەدەن یاساکانی قبوڵکردنی گشتی بۆ کۆمەڵە دیاردەیەکی سنووردار بدۆزنەوە بۆ ئەوەی پەیوەندیی نێوان ئەم دیاردانە تا دەتوانن بە ڕوونی تێبگەن. بەڵام لە ڕاستیدا ئەم جۆرە جیاوازییە میتۆدۆلۆژییانە بەڕاستی بوونیان هەیە. دۆزینەوەی یاسا گشتییەکان لە بواری ئابووریدا بەهۆی ئەو بارودۆخەی کە دیاردە ئابوورییە چاودێریکراوەکان زۆرجار کاریگەرییان لەسەرە بەهۆی چەندین هۆکارەوە کە زۆر قورسە بە جیا هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت. جگە لەوەش، ئەو ئەزموونەی کە لە سەرەتای قۆناغی بەناو شارستانی مێژووی مرۆڤایەتییەوە کەڵەکە بووە، وەک دەزانرێت- تا ڕادەیەکی زۆر کاریگەری هۆکارگەلێک بووە و سنووردار بووە کە بە هیچ شێوەیەک لە سروشتدا تەنیا ئابووری نین. بۆ نموونە زۆربەی دەوڵەتە گەورەکانی مێژوو بوونی خۆیان قەرزاری داگیرکاریین. گەلانی داگیرکەر، لە ڕووی یاسایی و ئابوورییەوە، وەک چینی باڵای وڵاتی داگیرکراو خۆیان جێگیر کردووە. بۆ خۆیان دەستیان بەسەر قۆرخکاریی خاوەندارێتی زەویدا گرت و لە ڕیزەکانی خۆیانەوە قەشەیەکیان دانا. قەشەکان کە لە ژێر کۆنترۆڵ و هەژمونی داسەڵاتدابوون، دابەشکردنی چینایەتی کۆمەڵگەیان کردە دامەزراوەیەکی هەمیشەیی و سیستەمێکی بەهایان دروست کرد کە لەو کاتەوە خەڵک تا ڕادەیەکی زۆر و بە شێوەیەکی نائاگا، لە ڕەفتاری کۆمەڵایەتی خۆیاندا ڕێنمایی دەکەن.
بەڵام نەریتی مێژوویی، ئەگەر بڵێین، هی دوێنێیە؛ لە هیچ شوێنێکدا بەڕاستی بەسەر ئەو شتەدا زاڵ نەبووین کە تۆرشتاین ڤێبلن (Thorstein Veblen) ناوی لێنابوو “قۆناغی تاڵانچی” گەشەسەندنی مرۆڤ. ڕاستییە ئابوورییە زانراوەکان سەر بەو قۆناغەن و تەنانەت ئەو یاسایانەی کە دەتوانین لێیانەوە وەریبگرین، بۆ قۆناغەکانی دیکە ناگونجێن. بەو پێیەی مەبەستی ڕاستەقینەی سۆسیالیزم بە وردی تێپەڕاندن و پێشکەوتنە لە دەرەوەی قۆناغی تاڵانکاری گەشەسەندنی مرۆڤ، زانستی ئابووری لە دۆخی ئێستایدا دەتوانێت ڕۆشناییەکی کەم بخاتە سەر کۆمەڵگەی سۆسیالیستی داهاتوو.
دووەم: سۆسیالیزم بەرەو کۆتایییەکی کۆمەڵایەتی-ئەخلاقی ئاراستە دەکرێت. بەڵام زانست ناتوانێت ئامانجەکان دروست بکات و تەنانەت کەمتریش لە مرۆڤدا بیانچێنێت؛ زانست زۆرترینی دەتوانێت ئەو ئامرازانە دابین بکات کە بەهۆیانەوە بۆ گەیشتن بە هەندێک ئامانج، بەڵام خودی کۆتاییەکان لەلایەن کەسایەتیی خاوەن ئایدیالی رەوشتی بەرزەوە بیریان لێدەکرێتەوە بۆ ئەوەی ئەم ئامانجانە بە مردویی لە دایک نەبن، بەڵکو ژیانی و بەهێز بن- ئەوە لەلایەن ئەو مرۆڤە زۆرانەوە قبوڵدەکرێت و دەبرێنە پێشەوە کە نیوە نائاگایانە پەرەسەندنی خاوی کۆمەڵگە دیاری دەکەن.
هەر لەبەر ئەم هۆکارانە پێویستە لەسەرمان ئاگادار بین کە زانست و میتۆدی زانستی قەبارەیەکی لە خۆ گەورەتری نەدەینێ لە کاتێکدا پرسی کێشەکانی مرۆڤە؛ و نابێت وا دابنێین کە پسپۆڕان تاکە کەسن مافی ئەوەیان هەیە رای خۆیان لەسەر ئەو پرسیارانە دەرببڕن کە کاریگەرییان لەسەر ڕێکخستنی کۆمەڵگە هەیە.
دەنگە بێشومارەکان ماوەیەکە جەخت لەوە دەکەنەوە کە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بە قەیرانێکدا تێدەپەڕێت، کە سەقامگیرییەکەی زۆر بە خراپی لەت بووە. تایبەتمەندی دۆخەکە وەهایە کە تاکەکان هەست بە بێباکی یان تەنانەت دوژمنایەتیکردنی ئەو گروپە بچووک یان گەورانەی کە خۆیان بەشێکن لێی دەکەن. بۆ ئەوەی ڕۆشنتر بەڵگەکانم بخەمەڕوو، با لێرەدا ئەزموونێکی کەسی خۆم تۆمار بکەم. لەم دواییانەدا لەگەڵ پیاوێکی زیرەک و خاوەن ئاوەزێکی باشدا باسم لە هەڕەشەی شەڕێکی دیکە کرد، کە بە بۆچوونی من مەترسییەکی جددی لەسەر بوونی مرۆڤایەتی هەیە، وە ئەو تێبینییەمدا کە تەنیا ڕێکخراوێکی سەروو نەتەوەیی لە توانایدایە رێ لەو مەترسییەبگرێت. پاشان میوانەکەم زۆر بە ئارامی و روحێکی ساردەوە پێی وتم: – “بۆچی ئەوەندە بە قووڵی دژایەتی نەمانی ڕەگەزی مرۆڤ دەکەیت؟”
دڵنیام کەمتر لەسەدەیەک لەمەوبەر هیچ کەسێک بەم شێوە زمانە لێدوانێکی لەم جۆرەی نەدەدا. قسەی مرۆڤێکە کە بێهودە هەوڵی داوە بۆ گەیشتن بە هاوسەنگییەک لەناو خۆیدا و کەم تا زۆر هیوای سەرکەوتنی لەدەستداوە. ئەمە نیشانەی نامۆبون و دابڕانێکی پڕ لە ئازارە کە لەم ڕۆژانەدا خەڵک بەدەستیەوە دەناڵێنن.
هۆکارەکەی چییە؟ ئایا ڕێگایەک هەیە بۆ دەربازبوون؟
وروژاندنی ئەم جۆرە پرسیارانە ئاسانە، بەڵام وەڵامێکی متمانەدار بەم پرسیارە بۆ خۆی قورسە. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ بە باشترین شێوە هەوڵ بدەم، هەرچەندە زۆر ئاگاداری ئەو ڕاستییەم کە هەست و هەوڵەکانمان زۆرجار دژ بەیەک و ناڕوونە و ناتوانرێت بە فۆرموڵەی ئاسان و سادە دەرببڕدرێن.
مرۆڤ، لە یەک کاتدا، بوونێکی تاکەکەسی و بوونێکی کۆمەڵایەتییە. وەک بوونەوەرێکی تاکەکەسی هەوڵ دەدات بوونی خۆی و ئەو کەسانە بپارێزێت کە لێی نزیکترینن و ئارەزووی شەخسی خۆی تێر بکات و توانا زگماکییەکانی پەرەپێبدات. وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی هەوڵدەدات ناساندن و سۆز و خۆشەویستی هاومرۆڤەکانی بەدەستبهێنێت و بەشداری لە چێژەکانیاندا بکات و لە خەمەکانیاندا دڵنەوایییان بدات و بارودۆخی ژیانیان باشتر بکات. تەنیا بوونی ئەم هەوڵە جۆراوجۆرانە، کە زۆرجار ناکۆکن بەیەکتر، کاراکتەری تایبەتی مرۆڤ دیاریدەکات لەوەی چەندە دەتوانێت هاوسەنگییەکی ناوەوەی خود بەدەستبهێنێت و بتوانێت بەشداری بکات لە خۆشگوزەرانی کۆمەڵگادا. تەواو ئەگەری ئەوە هەیە کە هێزی ڕێژەیی ئەم دووپاڵنەرە، بە شێوەیەکی سەرەکی بە میرات جێگیر بوبێت. بەڵام ئەو کەسایەتییەی کە دواجار دەردەکەوێت، تا ڕادەیەکی زۆر بەهۆی ئەو ژینگەیەی کە مرۆڤ لە کاتی گەشەکردنیدا بەڕێکەوت خۆی تێدا دەبینێتەوە، بە پێکهاتەی ئەو کۆمەڵگایەی کە تێیدا گەورە دەبێت، بە نەریتی ئەو کۆمەڵگایە و هەڵسەنگاندنی بۆ جۆرە تایبەتەکان لە ڕەفتار پێکدێت. چەمکی ئەبستراکت “کۆمەڵگە” بۆ تاکی مرۆڤ بە مانای کۆی پەیوەندییە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی لەگەڵ هاوچەرخەکانی و بۆ هەموو مرۆڤەکانی نەوەکانی پێشووترە. تاک توانای بیرکردنەوە و هەستکردن و هەوڵدان و کارکردنی هەیە بە تەنیا؛ بەڵام ئەوەندە پشت بە کۆمەڵگا دەبەستێت – لە بوونی جەستەیی و فیکری و سۆزداریدا – کە مەحاڵە لە دەرەوەی چوارچێوەی کۆمەڵگەدا بیری لێبکرێتەوە، یان لێی تێبگەین. ئەوە “کۆمەڵگە”یە کە خۆراک و جل و بەرگ و ماڵ و کەرەستەی کار و زمان و فۆرمەکانی بیرکردنەوە و زۆربەی ناوەڕۆکی بیرکردنەوە بۆ مرۆڤ دابین دەکات؛ ژیانی لە ڕێگەی کار و دەستکەوتەکانی ئەو ملیۆنەها ملیۆنەی ڕابردوو و ئێستاوە دەکرێت کە هەموویان لە پشت وشەی بچووکی “کۆمەڵگە”ەوە شاراوەبن.
بۆیە ڕوونە کە وابەستەیی تاک بە کۆمەڵگە ڕاستییەکی سروشتییە و ناتوانرێت هەڵبوەشێنرێتەوە- هەروەک چۆن لە دۆخی مێروولە و هەنگەکاندا. بەڵام لە کاتێکدا کە هەموو پرۆسەی ژیانی مێروولە و هەنگ تا بچووکترین وردەکاری بە غەریزە نەگۆڕە بۆماوەییەکان جێگیر کراوە، نەخشەی کۆمەڵایەتی و پەیوەندییەکانی مرۆڤ زۆر گۆڕاون و ئامادەن بۆ گۆڕانکاری. یادەوەری، توانای دروستکردنی پێکەوەگرێدانی نوێ، پەیوەندی زارەکی، گەشەسەندنی لە نێوان مرۆڤدا کردووە کە پێویستییە بایۆلۆژییەکان ئەوەناکات. ئەم جۆرە پێشهاتانە لە نەریت و دامەزراوە و ڕێکخراوەکاندا خۆیان دەردەخەن؛ لە ئەدەبدا؛ لە دەستکەوتە زانستی و ئەندازیارییەکاندا؛ لە بەرهەمە هونەرییەکاندا. ئەمەش ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە چۆن ڕوودەدات کە بە مانایەکی دیاریکراو مرۆڤ دەتوانێت لە ڕێگەی ڕەفتاری خۆیەوە کاریگەری لەسەر ژیانی خۆی هەبێت و لەم پرۆسەیەدا بیرکردنەوە و خواستی هۆشیارانە دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت.
مرۆڤ لە کاتی لەدایکبووندا، لە ڕێگەی بۆماوەییەوە، دەستوورێکی بایۆلۆژی بەدەست دەهێنێت کە دەبێت بە جێگیر و نەگۆڕاوی بزانین، لەوانەش ئەو ئیرادە سروشتیانەی کە تایبەتمەندی جۆری مرۆڤن. جگە لەوەش لە ماوەی ژیانیدا دەستوورێکی کولتووری بەدەست دەهێنێت کە لە ڕێگەی پەیوەندیکردن و لە ڕێگەی چەندین جۆری دیکەی کاریگەرییەوە لە کۆمەڵگە وەریدەگرێت. هەر ئەم دەستوورە کەلتوورییەیە لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا گۆڕانکاری بەسەردا دێت و تا ڕادەیەکی زۆر گەورە پەیوەندی نێوان تاک و کۆمەڵگە دیاری دەکات. ئەنترۆپۆلۆژیای مۆدرن لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەی بەراوردکارییەوە لە کەلتوورە بەناو سەرەتاییەکان فێری کردووین کە ڕەنگە ڕەفتاری کۆمەڵایەتی مرۆڤەکان جیاوازییەکی زۆریان هەبێت، ئەمەش بەندە بە شێوازە کولتوورییە باوەکان و جۆرەکانی ڕێکخستن کە لە کۆمەڵگەدا زاڵن. هەر لەسەر ئەمەیە ئەوانەی هەوڵدەدەن بۆ باشترکردنی چارەنووسی مرۆڤ، ڕەنگە هیواکانیان زەمینەسازی بکات: مرۆڤەکان مەحکوم نین، بەهۆی دەستوورە بایۆلۆژییەکەیەوە، بۆ لەناوبردنی یەکتر یان لەژێر ڕەحمەتی چارەنووسێکی دڕندە و خۆبەخشدا بن .

ئەگەر لە خۆمان بپرسین کە چۆن دەبێت پێکهاتەی کۆمەڵگە و هەڵوێستی کەلتووری مرۆڤ بگۆڕدرێت بۆ ئەوەی ژیانی مرۆڤ تا ئەو جێگایەی دەتوانرێت جێگەی ڕەزامەندی بێت، پێویستە بەردەوام ئاگاداری ئەو ڕاستییە بین کە هەندێک مەرج هەیە ناتوانین دەستکارییان بکەین. وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، سروشتی بایۆلۆژی مرۆڤ، بۆ هەموو مەبەستێکی کردەیی، جێگەی گۆڕانکاری نییە. جگە لەوەش، پێشکەوتنە تەکنەلۆژی و دیمۆگرافییەکانی چەند سەدەی ڕابردوو هەلومەرجێکی دروستکردووە کە لێرەن بۆ مانەوە. لە دانیشتوانی تاڕادەیەک چڕدا ئەو کاڵایانەیان هەیە کە بۆ بەردەوامی بوونیان پێویستن، دابەشکردنی کارێکی زۆر و ئامێرێکی بەرهەمهێنانی زۆر ناوەندی زۆر پێویستە. ئەو زەمانە بۆ هەمیشە تێپەڕی کاتێک ئاوڕدەدەینەوە پێمان وایە سەردەمێکی نمونەیی بووە- کە تاکەکان یان گروپە تاڕادەیەک بچووکەکان دەیانتوانی بە تەواوی خۆبژێوبن. زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین مرۆڤایەتی لە ئێستادا کۆمەڵگەیەکی هەسارەیی بەرهەمهێنان و بەکاربردن پێکدەهێنێت.
ئێستا گەیشتوومەتە ئەو ئاستەی کە ڕەنگە بە کورتی ئاماژە بەوە بکەم کە چی بۆ من جەوهەری قەیرانی سەردەمی ئێمە پێکدەهێنێت. پەیوەندی بە پەیوەندی تاک بە کۆمەڵگاوە هەیە. تاک لە هەموو کاتێک زیاتر هۆشیار بووە لە پشتبەستن بە کۆمەڵگە. بەڵام ئەم وابەستەییە وەک سەرمایەیەکی ئەرێنی، وەک پەیوەندییەکی ئۆرگانی، وەک هێزێکی پارێزەر ئەزموون ناکات، بەڵکو وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر مافە سروشتییەکانی، یان تەنانەت بۆ بوونی ئابوورییەکەی. جگە لەوەش پێگەی لە کۆمەڵگەدا بە جۆرێکە کە پاڵنەرە ئیگۆییەکانی ماکیاژەکەی بەردەوام زەقتر دەبنەوە، لە کاتێکدا پاڵنەرە کۆمەڵایەتییەکانی کە بە سروشت لاوازترن، وردە وردە تێکدەچن. هەموو مرۆڤەکان، هەر پێگەیەکیان لە کۆمەڵگەدا هەبێت، بەدەست ئەم پرۆسەی تێکچوونە دەناڵێنن. بەبێ ئەوەی بزانن دیلی ئیگۆیزمی خۆیانن، هەست بە نائەمنی و تەنیایی و بێبەشبوون لە چێژوەرگرتنێکی سادەی ژیان دەکەن. مرۆڤ دەتوانێت مانا لە ژیاندا بدۆزێتەوە، هەرچەندە کورت یان درێژبێت، تەنها لە ڕێگەی تەرخانکردنی خۆی بۆ کۆمەڵگە.
ئانارشی ئابوری کۆمەڵگەی سەرمایەداری وەک ئەوەی ئەمڕۆ هەیە، بە بڕوای من سەرچاوەی ڕاستەقینەی خراپەکارییە. لەبەر چاوماندا کۆمەڵگەیەکی گەورەی بەرهەمهێنەران دەبینین کە ئەندامەکانیان بێ وەستان هەوڵدەدەن یەکتر بێبەش بکەن لە بەرهەمی کاری دەستەجەمعی خۆیان- نەک بە زۆر، بەڵکو بە گشتی بە پابەندبوونێکی دڵسۆزانە بە یاسا دامەزراوە باوەکانەوە. لەم ڕووەوە گرنگە بزانین کە ئامرازەکانی بەرهەمهێنان- واتە تەواوی توانای بەرهەمهێنان کە پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی کاڵای بەکاربەر و هەروەها کاڵای سەرمایەی زیادە- ڕەنگە لە ڕووی یاساییەوە بێت و لە زۆربەی کاتەکاندا… موڵکی تایبەتی تاکەکانە.

لە پێناو سادەییدا، لەم باسەی کە لە دوای ئەوە دێت، بە هەموو ئەوانە ناودەبەم کە “کرێکاران” کە هاوبەش نین لە خاوەندارێتی ئامرازەکانی بەرهەمهێناندا- هەرچەندە ئەمە بە تەواوی لەگەڵ بەکارهێنانی نەریتی ئەو زاراوەیە ناگونجێت. خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان لە دۆخێکدایە کە هێزی کاری کرێکار بکڕێت. کرێکار بە بەکارهێنانی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان کاڵای نوێ بەرهەم دەهێنێت کە دەبنە موڵکی سەرمایەدار. خاڵی جەوهەری سەبارەت بەم پرۆسەیە، پەیوەندی نێوان ئەوەی کرێکار بەرهەمی دەهێنێت و ئەوەی مووچەی پێدەدرێت، هەردووکیان لە ڕووی بەهای ڕاستەقینەوە پێوانە دەکرێن. تا ئەو جێگایەی گرێبەستی کار “بەخۆڕاییە”، ئەوەی کرێکار وەریدەگرێت، نەک بە بەهای ڕاستەقینەی ئەو کاڵایانەی کە بەرهەمی دەهێنێت، بەڵکو بە کەمترین پێداویستییەکانی و بە مەرجی سەرمایەدارەکان بۆ هێزی کار لە پێوەندی لەگەڵ ژمارەی کرێکاران کە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن هەلی کارە. گرنگە تێبگەین کە تەنانەت لە ڕووی تیۆریشەوە پارەی کرێکار بە بەهای بەرهەمەکەی دیاری ناکرێت.

سەرمایەی ئەهلی مەیلی چڕبوونەوەی هەیە لە چەند دەستێکی کەمدا، بەشێکیش بەهۆی کێبڕکێی نێوان سەرمایەدارەکانەوە، بەشێکیش بەهۆی گەشەسەندنی تەکنەلۆژی و زیادبوونی دابەشکردنی، کار هاندەری پێکهێنانی یەکە گەورەکانی بەرهەمهێنانە لەسەر حیسابی بچووکتر. ئەنجامی ئەم پێشهاتانە ئۆلیگارشییەکی سەرمایەی تایبەتە کە دەسەڵاتە زەبەلاحەکەی تەنانەت لەلایەن کۆمەڵگەیەکی سیاسی ڕێکخراوەوە بە شێوەیەکی کاریگەر ناتوانرێت پشکنینیان بۆ بکرێت. ئەمە ڕاستە لەبەرئەوەی ئەندامانی دەستەی یاسادانانەکان لەلایەن لایەنە سیاسییەکانەوە هەڵدەبژێردرێن، کە تاڕادەیەکی زۆر لە لایەن سەرمایەدارە تایبەتەکانەوە پارەیان بۆ دابین دەکرێت یان بە شێوەیەکی تر کاریگەرییان لەسەرە کە بۆ هەموو مەبەستێکی کردەیی، دەنگدەران لە دەسەڵاتی یاسادانان جیا دەکەنەوە. دەرئەنجامەکەی ئەوەیە کە نوێنەرانی خەڵک لە ڕاستیدا بە ڕادەی پێویست بەرژەوەندیی چینە کەمدەرامەتەکانی دانیشتووان ناپارێزن. جگە لەوەش، لە هەلومەرجی هەبوودا، سەرمایەدارە تایبەتەکان بە ناچاری، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، سەرچاوە سەرەکییەکانی زانیاری (پرێس، ڕادیۆ، پەروەردە) کۆنتڕۆڵ دەکەن. بەم پێیە لەڕادەبەدەر قورسە و لەڕاستیدا لە زۆربەی حاڵەتەکاندا تەواو مەحاڵە کە تاکی هاووڵاتی بگاتە ئەنجامە بابەتییەکان و بە شێوەیەکی زیرەک سوود لە مافە سیاسییەکانی خۆی وەربگرێت.
بەم پێیە ئەو دۆخەی لە ئابوورییەکدا کە لەسەر بنەمای خاوەندارێتی تایبەتی سەرمایە دامەزراوە، بە دوو بنەمای سەرەکی تایبەتمەندە:
یەکەم، ئامرازەکانی بەرهەمهێنان (سەرمایە) خاوەندارێتی تایبەتن و خاوەنەکانیان بەو شێوەیەی بەقازانجی خۆیان دەگەڕێتەوە هەڵیدەسوڕێنن؛
دووەم: گرێبەستی کار ئازادانەیە. بەدڵنیاییەوە ئەمە بە مانای ئەوە نایەت کە بووترێت کۆمەڵگەیەکی خاوێنی سەرمایەداری هەیە. هەروەها پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە کرێکاران لە ڕێگەی خەباتێکی سیاسیی درێژخایەن و تاڵەوە سەرکەوتوو بوون لە دەستەبەرکردنی فۆرمێکی تا ڕادەیەک باشترکراوی “گرێبەستی کاری ئازاد” بۆ هەندێک چین و توێژی کرێکاران. بەڵام بە کۆی گشتی، ئابووریی ئێستا جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ سەرمایەداری “پاک”دا نییە.
بەرهەمهێنان بۆ قازانج ئەنجام دەدرێت نەک بۆ بەکارهێنان. هیچ بڕگەیەک نییە کە هەموو ئەوانەی توانای کارکردنیان هەیە و ئارەزووی کارکردنیان هەیە هەمیشە لە دۆخێکدابن کە بتوانن کار بدۆزنەوە؛ تاڕادەیەک و بەردەوام “سوپایەکی بێکاران” بوونی هەیە. کرێکاران بەردەوام لە ترسی لەدەستدانی کارەکەیدایە. بەو پێیەی کرێکارانی بێکار و کەم مووچە بازاڕێکی قازانجهێنەر دابین ناکەن، بەرهەمهێنانی کاڵای بەکاربەر سنووردار و دەرئەنجامێکی پرۆسەیەکی سەختە. پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا زۆرجار دەبێتە هۆی بێکاری زیاتر نەک سووککردنی باری کارکردن بۆ هەمووان. پاڵنەری قازانج، بە هاوبەشی لەگەڵ کێبڕکێی نێوان سەرمایەدارەکان، بەرپرسە لە ناسەقامگیری لە کەڵەکەبوون و بەکارهێنانی سەرمایە کە هۆکارە بۆ نامۆبونێکی قووڵ. کێبڕکێی بێسنوور دەبێتە هۆکاری بێکاری زیاتر و پەکخستنی هۆشیاری کۆمەڵایەتی تاکەکان وەک ئەوەی پێشتر باسمکرد.

ئەم پەکخستنی هۆشیارییەی تاکەکان بە خراپترین خراپەی سەرمایەداری دەزانم. هەموو سیستەمی پەروەردەیی ئێمە بەدەست ئەم خراپەییەوە دەناڵێنێت. کێبڕکێیەکی بێتام لە زهنییەتی خوێندکاردا دەچێنرێت، کە ڕاهێنراوە چاوچنۆکانە هەوڵی بە دەستهێنانی سەرکەوتنبدا وەک ئامادەکارییەک بۆ پیشەکەی داهاتووی.
من قەناعەتم وایە تەنها یەک ڕێگە هەیە بۆ نەهێشتنی ئەم خراپەکارییە قورسانە، ئەویش لە ڕێگەی دامەزراندنی ئابوورییەکی سۆسیالیستییەوە، کە سیستەمێکی پەروەردەیی لەگەڵدا بێت و ئاراستەی ئامانجە کۆمەڵایەتییەکان بکات. لە ئابوورییەکی لەو جۆرەدا ئامرازەکانی بەرهەمهێنان کۆمەڵگە خاوەندارێتی لێدەکات و بە شێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو بەکاردەهێنرێت. ئابووری پلان بۆ داڕێژراو، بەرهەمهێنان بەپێی پێویستی کۆمەڵگە ڕێکدەخات، ئەو کارانەی کە دەبێ ئەنجام بدرێت بەسەر هەموو ئەوانەی توانای کارکردنیان هەیە دابەش دەکات و گەرەنتی بژێوی ژیانی هەموو ژن و پیاو و منداڵێک دەکات. پەروەردەی تاک، سەرباری بەرەوپێشبردنی توانا زگماکیەکانی خۆی، هەوڵی بەرپرسیارێتی زیاتریش لەبەرانبەر کۆمەڵگەکەیدا دەدات.

سەرەڕای ئەوەش، پێویستە لەبیرمان بێت کە ئابوورییەکی پلان بۆ داڕێژراو هێشتا سۆسیالیزم نییە. ئابوورییەکی پلان بۆ داڕێژراو وەک خۆی ڕەنگە لەگەڵ کۆیلەکردنی تەواوەتی تاکدا بێت. گەیشتن بە سۆسیالیزم پێویستی بە چارەسەرکردنی هەندێک کێشەی کۆمەڵایەتی-سیاسی لەڕادەبەدەر سەختە: چۆن دەکرێت، بە لەبەرچاوگرتنی ناوەندگەرایی دوور مەودای دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری، ڕێگری لە بیرۆکراسی بکرێت کە ببێت بە هەموو هێز و زیادەڕەوی؟ چۆن دەتوانرێت مافی تاک بپارێزرێت و بەو هۆیەوە بەرپەرچدانەوەیەکی دیموکراسی بۆ دەسەڵاتی بیرۆکراسی مسۆگەر بکرێت؟
ڕوونکردنەوە سەبارەت بە ئامانج و کێشەکانی سۆسیالیزم لە سەردەمی گواستنەوەی ئێمەدا زۆرترین گرنگی هەیە. بەو پێیەی لە هەلومەرجی ئێستادا باسکردنی ئازاد و بێ بەربەست لەم کێشانە کەوتۆتە ژێر تابۆیەکی بەهێزەوە، من بناغەی ئەم (گۆڤارە – Monthly Review )بە خزمەتێکی گشتیی گرنگ دەزانم.

———————-

  • ئەلبێرت ئەنیشتاین(١٤ی مارس١٨٧٩ لە دایکبووە، ١٨ی نیسانی١٩٥٥ کۆچی دوواییکردووە) فیزیازانێکی بەناوبانگی جیهانییە. ئەم بابەتە لە سەرەتادا لە ژمارەی یەکەمی Monthly Review لە ئایاری ١٩٤٩ بڵاوبۆتەوە.

سەرچاوە:
https://fau.digital.flvc.org/islandora/object/fau%3A5387/datastream/OBJ/view/Why_socialism_.pdf




ئیسلامیستەکان، ڕاست و ڕاسیستەکان و پەنابەران.. جەمال کۆشش

وەک ئەوە لەئاسمان کەوتبێتە خوارەوە، دیارییەک بۆ دەوڵەتانی ئەوروپا
ئیسلامیستەکان، ڕاست و ڕاسیستەکان و پەنابەران
جەمال کۆشش

ڕۆژی هەینی (٣١-٥-٢٠٢٤)، لەناو بازاڕی (مارکێت پلاتس-Marktplatz)ی شاری (مانهایم-Mannheim) لە ئەڵمانیا، ئەفغانییەکی (٢٦) ساڵان، بەچەقۆ هێرش دەکاتە سەر مێزکتێبی (پاکس ئەوروپا)، (٧) کەس بەسەختی بریندار دەکات، یەكێک لەوانە جێگری ڕێکخراوەکەیەکە بە ڕەخنەگری ئیسلامی ناسراون و ڕاستڕەوی کۆنەپارێزن، هەر لەنێو بریندارەکاندا پۆلیسێک لە ئەنجامی سەختی برینەکەی گیان لەدەست دەدات. بۆ وەستاندنی ئەو تیرۆریستە ئیسلامیـیە (سلێمان ئا) لە درێژەدان بە تاوانەکانی، پۆلیسێک تەقەی لێدەکات و پەکی دەخات لە درێژەدان بەتاوانەکانی.تاوانبار لەساڵی ٢٠١٣ ەوە لەئەڵمانیا وپآش ئەوەی داوای پەنابەرییەکەی ڕەفز دەکریتەوە، هاوسەگیری لەگەڵ کچێکی ئەڵمانی بەڕەچەلەک تورک دەکات وخاوەنی دوو مناڵە.
بەشوێن ئەم تراژیدیایەدا، لێکۆلینەوەی جیاجیا لەسەر سیاسەتی پەنابەری، کێشەکانی ڕێکەوتنامەی دەبلن (Dublin Regulation)، ئیسلامیزم و تیرۆریزم هەمەلایەنە بڵاوبوەوە.
لە سەرەتای مانگی هەشتی ئەمساڵ (٢٠٢٤)، دوای بڵاوبونەوەی هەواڵی کوژرانی (٣) کچی مناڵ و برینداربونی (٧) کەسی تر بە چەقۆ لە قوتابخانەیەکی کۆرسی سەما، هەواڵەکەش بەئانقەست وەک ئاگری ناو پوشوپەڵاش لە سۆشیال میدیا وەها تەشەنەی سەند کە گوایە تاوانبارەکە پەنابەرە و ئیسلامیـیە، لایەنە ڕاست و ڕاسیستەکان لە (٣٠) شار و شارۆچکەی بەریتانیا و ئیرلاندای باکور، دەستیان کرد بە خۆپیشاندان و تاڵانوبڕۆ و هێرشیان کردە سەر هۆتیل و مزگەوت و دووکان و بازاڕی خەڵکی بە ئەسڵ بیانی و شوێنی مانەوەی پەنابەران.
سەڕەڕای بریندار بوون و زیانێکی ماددی زۆر، نزیکەی (٧٠٠) کەس دەستبەسەرکران و هەندێکیان بەپلەی جۆراوجۆر سزای زیندانی دران و سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا( کەیر ستارمەر) داوای کرد بەتوندی سزای ڕاسیستەکان بدرێت و لەلایەن کۆمەڵە و ڕێکخراوە ئینساندۆست و مارکسیست و ئەنارشییست و سۆشیالیستەکانیشەوە خۆپیشاندانی چەند هەزار کەسی لە زۆربەی شارەکانی ئەو وڵاتە بەڕێوە چوو. خاوەنی کەناڵی ئیکس (تویتەری پێشوو)، نوسی بەریتانیا بەرەو نزیکبونەوەی شەڕی ناوخۆ دەچێت.
لە کاتێکدا شارۆچکەی (سۆلینگن-Solingen)ی ئەڵمانیا لە (٤-٨-٢٠٢٤) خۆی بۆ ئاهەنگی یادی (٦٥٠) ساڵەی دامەزراندنی ئامادە دەکات، پەنابەرێکی سوری ڕەفزکراوە هەر سەد مەترێک دوور لە شوێنی فیستفاڵەکە لە (هایم)ێک دەژیەت، بەچەقۆیەکی (١٥) سانتیمەتر لە نزیک سەکۆی ئاهەنگەکە، “شەلم کوێرم ناپارێزم”انە سەر و دڵ و ملی یانزە کەس دادەپاچێت؛ دووپیاوی تەمەن (٥٦) و (٦٧) و ژنێکی تەمەن (٦٥) ساڵە دەکوژێت و (٨) کەسی تریش بریندار دەکات کە برینی چواریان سەخت بوو.
ژنە گورانیبێژی پۆپ (تایەلەر سویفت-Taylor Swift) لە زنجیرە ئاهەنگەکانی ئەوروپایدا، ناچار بوو بیست و چوار سەعات پێش دەستپێکردنی ئاهەنگەکانی نەمسای هەڵوەشینێتەوە، کە (٩٠) هەزار کەس لە کچان و کوڕانی تەمەن (١٨ تا ٢٥)، تکتیان کڕیبوو بۆ هەر (٣) ئاهەنگەکەی، ئەوەش پاش ئەوەی کە دوو کەسی ئیسلامیست بەر لە ئەنجامدانی کردەوەکەیان لەلایەن پۆلیسەوە گیران و پلانەکەیان پوچەڵ کرایەوە.
لە (٢-٣-٢٠٢٤) لە (زوریخ)ی سویسڕا لاوێکی پانزە (١٥) ساڵی تونسی و سویسری پاش ئەوەی ڕایدەگەیەنێت کە سەربازێکی بەوەفای دەوڵەتی ئیسلامی بێت و تا پێی بکرێت مەسیحیەکان و جووەکان سەربڕێت و بکوژێت، پیاوێکی ئەرسەدۆکسی جوولەکەی پەنجا ساڵی زۆر بەسەختی بریندار دەکات. هەر لە کۆتایی مانگی (٨)ی ئەمساڵ لەشارۆچکەی بەناوبانگی (داڤۆس)یش کوڕێکی (١٩) ساڵەی جوولەکەی ئەسەردۆکسی، لەلایەن دوو پەنابەری عەرەبی ڕەفزکراوەوە تفی لێدەکرێت و بێڕزی پێدەکرێت و ڕووتی دەکەنەوە و هاوار دەکەن ( بژی فەلەستین)، پاشان ئەو دوو کەسە لەلایەن پۆلیسەوە دەگیرێن.
(ساڵانە لەئەڵمانیا ١٠ هەزار هێرش بەچەقۆ هەیە و لەسەدا (٩٠) یان لەلایەن گەنجانی موسڵمانەوە ئەنجام دەدرێن لە ئەڵمانیا)
ساڵانە (٩٧٥٠) ئاهەنگی گشتی خەڵکی هەیە کە (١٩٠) ملیۆن کەس سەردانی دەکەن).
لە ماوەی دە مانگی ئەمساڵدا (٢٠٢٤)، چوار قات هێرشی تیرۆریستی لە ئەوروپا لەلایەن ئیسلامیـیەکانەوە زیادی کردووە. لە (٧)ی ئۆکتۆبەری ساڵی پارەوە (٢٠٢٣) کە (حەماس) هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد و سوپای ئیسرائیل غەززەی خەڵتانی خوێنی مناڵان و ژنان کرد و تاوانی گەورە ئەنجامدەدات و ملنادات بۆ وەستانی شەڕ، توندوتیژی دژی جولەکەیی فراوان بووە و قوڵاییەکی گەورەتری وەرگرتووە.
ئەم ژینگەیە زەوییەکی بەپیتی دروستکردووە بۆ ئەوەی وێنەی پەنابەران، لە کەسانی چەوساوە و بێدەرەتان و مافخوراو کە شایەنی ژیانێکی ئینسانین، ببێتە کەرەستەی نائارامی و ترس و ترۆریست و تاوانباری گەورە و پێویستە ڕێگا نەدرێت بێنە خاکی ئەوروپاوە. میدیاکان بەتایبەت میدیای گەورەی ڕاستی لیبڕاڵ و ناسیۆنالیستی مەسیحگەرا، پشت بەستوو بەزمانێکی باڵای ڕیتۆریکیانە و ژورنالیستی مۆدێرن و پرۆفیسۆری تایبەت و دبلۆماسیەتی وێنە و نیگاکان، هەژمونێکی گەورەیان لە دیزان و بیناسازی بیروڕای گشتی و داڕشتنەوەیدا هەیە.

هەنگاوەکانی ڕابردوو و مەرامی دەوڵەتە ئەوروپییەکان
ئەو هەنگاوانەی کە پێشتر نراون لە لایەن دەوڵەتانی ئەوروپاوە بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی هاتنی پەنابەران؛ ڕێکەوتن لەگەڵ تورکیا (٢٠١٦)، بەرفراوانکردن و پێشخستنی دامەزراوەی (فرۆنتێکس-Frontex) بۆ کۆنترۆڵی سنورەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە (٢٠١٠)ەوە بە بەردەوامی، ڕێکەوتن لەگەڵ تونس و لیبیا (٢٠٢٤)، دامەزراندنی ناوەندی (ئیۆرۆدۆک-eurodoc)، و ڕێککەوتنامەی دەبلن (Dublin Regulation) و سیاسەتی هاوبەشی پەنابەری یەکێتی ئەوروپا (٢٠٢٤)، کاریگەرییان هەبووە لەسەر کەمکردنەوەی ڕێژەی پەنابەران، بەڵام هێشتا بەو ئەندازەیە نییە کە بەرنامەی دەوڵەتە ئەوروپییەکان دەیەوێت، هەندێ سیاسەتمەدار و لایەنی سیاسی لە ئەڵمانیا خوازیارن کە (زۆر کەمبکرێتەوە) یان وەک دانمارک و سوید (کۆتایی پێبهێنن).

سیاسەتی پەنابەری لە ئاستی نێوخۆیی هەر یەک لە ووڵاتە ئەوروپیەکاندا
دانمارک و سوید، داواکاری پەنابەرییان کۆنترۆڵکرد بە وەرگرتنی کەمترین ڕێژە، وە لە نێوخۆشدا کۆمەڵێک یاسایان جێبەجێکرد کە بەشێوەیەکی کتوپڕ کاریگەری گەورەی دانا وسویدیش هەمان یاساوڕێسای گرتەبەر، یەکسەر دیپۆرتکردنەوە، شانسی کەمکردنەوەی یەکگرتنەوەی خێزان، کۆنترۆڵی سنورەکان بەهەموو جۆرێک کە تەنانەت بۆ تکت بڕین داوای شوناس و مۆڵەتی مانەوەت بکەن….
سویسرا و نەمسا و هۆڵەندا ، هەست دەکەن، درەنگکەوتوون، خۆیان ئامادە دەکەن و دەیانەوێت هەر لەمساڵدا هەموو ئەو بڕیار و یاسا و ئەو ڕێوشوێنانەی کە دانمارک و سوید گرتبوویانەبەر ئەوانیش جێبەجێی بکەن. ئەڵمانیا کە لە (٢٠١٥)ەوە باوەشی بۆ یەک ملیۆن پەنابەری سوری بەگەرمی ئاوەڵاکرد (کلتوری خۆشهاتن پەنابەران)، ئێستا ڕاستەوخۆ و یەکسەر بەهەموو ئاڕاستەکانی سنوری ئەڵمانیا (نەمسا، سویسرا، چیک، فەرەنسا، پۆڵۆنیا و دانمارک) ڕۆژانە کۆنترۆڵ دەکات و ڕێگا دەگرێت لە ڕێڕەوی نایاسایی چونە ژورەوە، لە ئێستادا “تاوانباران” بۆ سوریا و ئەفگانستان دەنێرێتەوە، وە لێکۆڵینەوە دەکات لەسەرانسەری سوریا تا بزانێت چەند دەسەڵاتە لۆکاڵیەکان لە بەرپرسانی پارێزگا و شارەکانی سوریا هاوئاهەنگی دەکەن بۆ وەرگرتنەوەی پەنابەران، ئەمە و دەشیەوێت چەند وڵاتی تریش بخاتە ناو سنوری ئەو وڵاتانەی کە “ئارام”ن بۆ دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران.
بەمجۆرە سیاسەتی پەنابەری لە ئەوروپا بەخێرایی بەرەو ڕێگایەکی داخراو دەچیت و پیدەچێت بەتەواوی ئەوروپا دۆسیەی (سیاسەتی پەنابەری) بەتاڵ بکاتەوە، سوید ئەو نێوبانگە وترادسێۆن وئایکۆنە ئینسانیەی کەهەیبوو، بەتەواوی ڕەیڵی خۆی لە بنەڕەتەوە گۆڕی ودەولەت یەکدەستە لە سیاسەتی پەنابەری دا.

وردترناسینی کێشەکان… پرسیار بۆ ڕوونەدانی تاوانەکان
(ئەلیس شفاتزەر-Alice Schwarzer)، ژنە چالاکوانی ناسراوی ئەڵمانی، لە وتارێکیدا کە هاودەمی کۆچی بەکۆمەڵی پەنابەران بوو لە ساڵی (٢٠١٥)دا دەنوسێت: (سەدا هەشتاویەکی موسڵمانەکانی ئەڵمانیا، ئەڵمانیایان خۆش دەویت، وە ئەڵمانیەکانیش خۆیان سەدا هەشتاو پینچ ئەوانیان خۆش دەوێت)، (سەدا نەوەد و هەشتی ئەو پەنابەرانەی کە ڕوویان لە ئەوروپا کردووە تاوانیان دەرحەق کراوە لە لایەن ئیسلامیـیەکانەوە، لەهەر کام لە وڵاتەکانی ئێران، عێراق، سوریا، لیبیا، ئەفگانستان، جا چ بەدەستی دەوڵەتە ئیسلامیـیەکان بووبێت، یان بەدەستی باندە بەکرێگیراوەکانیانەوە، یان بەهۆی شەڕی نێوخۆیانەوە، ئەگەر تیرۆری ئیسلامیـیە توندەڕەوەکان نەبوایە، ئێستا لە ئەوروپا دیاردەیەکمان بەناوی کێشەی پەنابەرانەوە نەدەبوو).
دواتر باس لە پشتیوانی ئەمەریکا دەکات بۆ گروپە تیرۆریستە ئیسلامیـیەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵانی (١٩٨٠)ەوە بۆ (١٩٩٠)، دەنوسێت (هەر کەسێک بیەوێت یارمەتی پەنابەران بدات، پێویستە دژایەتی ئیسلامیـیەکان بکات چ لە وڵاتی خۆیان، چ لە ئەوروپا).
لە یەکێک لە چاوپیکەوتنەکانی پرۆفیسۆری زانکۆی هامبلودی بەرلین، (ڕوود کۆمپاس-) لەگەڵ (سۆنتاگ تساتونگ-)، دەڵێت (خەڵکی تورکیا بەتەواوی دەزانن کە کەسێکی ئیسلامیستی وەک ئەردۆگان، دەتوانێت چی بکات، وە ئەو سوریانەی بۆ محازەرەکانم دێن، بەشێکی زۆریان لەدەست خوێنرێژی ئیسلامیـیەکان هەڵاتوون).
لێرەدا بوار نیە بۆ لێکدانەوەی زیاتری هەلومەرجێکی قەیراناوی و بێمافییەکی ڕەهای خەڵک و سیاسەتێک کە ئەمەریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەیڕەوی دەکات وەک هۆکارە ڕاستەوخۆکانی کۆچ، بەڵام زۆر بە پێویستی دەزانم لەبارەی دوو لایەنی گرنگی تر بنوسم.
یەک:- هەمان پرۆفیسۆر لەوەڵامی پرسیارێکیدا دەڵێت: “من بۆ کتێبەکەم (یانسیبی پەنابەری) هەموو ئەو کردەوە تیرۆریستیـیە کوشندانەم شیکاری کرد کە لە (٢٠١٥)ەوە لە ئەوروپا ڕوویانداوە، تاوانباران (ئیسلامی تیرۆریست) هەر هەموویان لەماوەی ئەم دە دونزە (١٠-١٢) ساڵەی دواییدا وەک پەنابەر هاتوون بۆ ئەوروپا). لەنێو ئەم ڕستانەدا شتێک شاردراوەتەوە، بەوەی ڕاستە ئەوان بەرگی پەنابەرییان کردۆتە بەرییان و ویستویانە لە پشت ئەو کێشە ئینسانیـیەوە خۆیان بشارنەوە، بەڵام هەرگیز نابێت ئەو مانایەی لێوەوە دەرکێشرێت کە ئیدی هەموو پەنابەرانێک، تیرۆریستێکی لەناودایە.
لەماوەی ئەم دەساڵەدا لانی کەم (٤) ملیۆن کەس هاتونەتە ئەوروپا، ئیسلامیەکان ناگەن بە هەزار یەکیشی. داڕشتنی ڕستەکە بەو شێوازە لە ڕووکاردا دروستە، بەڵام ئەرگیومنێت بۆ بۆچوونێکی ڕاسیستی دەهێنێتەوە، پەنابەر دەکاتە ئۆبجێکتێکی شێرپەنجەیی بۆ کۆمەڵگای ئەوروپی، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئیسلامیـیەکانی ئەردۆگان و سعودیە و قەتەر، ڕەوتە ئیسلامیـیە جۆراوجۆرەکانی تر بە سەلەفیەکانیشەوە، لەلایەن دەوڵەتە ئەوروپیەکانەوە وەک نوێنەری ئایینەکان دەناسرێن و پشتیوانی دەکرێن .
دوو: سیاسەتی پەنابەری و کۆچ و کار و هاوڵاتی بوون، لە تەواوی وڵاتانی ئەوروپادا، لەم دە ساڵەی دواییدا سەدان کەسی توشی نەخۆشی دەرونی، خۆکوژی، خۆشاردنەوەی بێ مۆڵەتی مانەوە، سەدان خێزانی سەرگەردان کردووە. لەم دە ساڵەدا بەبەردەوامی یاساکان توندتر کراونەتەوە، چەندین پەنابەر لەلایەن پۆلیسەوە گیانیان لەدەستداوە،دیپۆرتکردنەوە زیاتر بووە لە هەندێ حاڵەتدا پاش دیپۆرتکردنەوە، پەنابەرەکە زیندانی کراوە یان تیرۆرکراوە لەلایەن دەوڵەت و باندە تیرۆریستەکانەوە. سەدان پەنابەر بەهۆکاری جۆراجۆر بێناسنامەو بێ وەرەقە وسەرگەردانن لەئەوروپا. هەزاران پەنابەر لە خراپترین کارەکان، سەخترین هەلومەرج ، کەمترین کرێ. ئەمانە ئەو زەمینانەن کە دوو کۆمەڵگا لە نێو ئەوروپادا دروست بکەن. سەدا نەوەدی ئەو کەسانەی بونەتە نێچیری ئیسلامیەکان وهێرشەکانیان بڵاوکردۆتەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، کەسانێکن کەداوای مافی پەنابەرییان ڕەفزکراوەتەوە. هەموو ئەو کەسانەی هاوڵاتی ئەوروپی بوون بە پێشینەی کۆچەوە، مناڵیەکی سەختیان هەبووەو لەپەراوێزدا ژیاون.
تێوەپێچانی پەنابەران بەگشتی لە کردەوەی تیرۆریستی، واقعی نییە، بەڵام بۆ مەرامێکی تر بەکاردەهێنریت، ئەویش تا ڕادەی سفر کەمکردنەوەی مانەوەی پەنابەران و مافی پەنابەرییە.
ئەوەش یادداشت بکەم،بەکارهێنانی کارتی پەنابەران، لەلایەکی دییەوە تەنها لەژێر گوشاری بەهێزبوونی ڕاستەکاندا نیە، شتێکی گرنگتر لەوە، کێشەی پەنابەرو کۆچبەران، دەتوانێت زیادکردنی هەموو جۆرەکانی باج، هەڵئاوسان، کەمکردنەوەی بودجەی کلتوور، دایەنگەکان، پرۆژە زانستیەکان، کەمکردنەوەی بیمەی کۆمەڵایەتی وخانەنشتنی، فرۆشتنی کەرتی تەندروستی، زیادکردنی کرێێ قیتارو پۆست، زیادکردنی کرێی خانوو، قەیرانی نێشتەجێبوون، …ئەمانەش بکاتە گەردنی پەنابەران وسەرمایەداری ئەوروپایی دوژمنێکی وەهمی دروست بکات.

ناوەڕاستی سێپتەمبەری ٢٠٢٤




فەلسەفەی ئیسلامی.. ئولریش ڕودۆلف.. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

10 گەڕانەوە بۆ ئەڕیستۆتێلیس:
ئیبن ڕوشد

وەک گۆتمان ئەم باوەڕە لە کۆشکى ئەلمووەحیدون لە مەڕاکیش ڕاگەیەنرا (1) و هەر لەوێ پیاوێکی گەنجیش بیستی کە گرنگیى بە سەرجەم پرسیارەکانى زانست دەدا: ئەبولوەلید ئیبن ڕوشد کە لە ئەوروپا زۆرتر بە ئاڤێروێس ناسراوە (1198 مردووە). ڕێگەى ژیانى هەندێک هاوشێوەیی لەتەک ڕەوتی پێگەیشتنی ئیبن توفەیلدا هەبوو: ئەمیش لە ئیسپانیاوە (وەلێ ئەم لە کۆردۆباوە) هاتبوو بۆ باکورى ئەفریکا، ئەمیش پزیشکی فێرکراو (و هەروەها یاساوان) بوو و لە دیراسەى فەلسەفەدا قووڵبۆوە، جگە لەوە دەستی کرد بە نووسینى شەرح (کۆمێنتار) لەبارەی فەلسەفەى ئەڕیستۆتێلیس – پێدەچێت ئیبن توفەیل ئامادە نەبووبێت ئەم ئەرکە لەئەستۆ بگرێت، بۆیە پێشنیارى بۆ سوڵتان کردبێت ئەرکەکە بدات بە هاوپیشە گەنجترەکەى. سەربارى ئەوە بەدەگمەن دەتوانین ئەم دوو هزرڤانە بە یەکدی بەراورد بکەین، چونکە ئیبن ڕوشد پێشبینیی تەواو جیاوازی سەبارەت بە چییەتیی فەلسەفە و مێژووى فەلسەفە هەبوو، بۆیە بۆ ڕێگەیەکى دیکە دەگەڕا تاکو زانستى فەلسەفەیى لەو پەشێوییانە دەربهێنێت کە بە دانوستاندنەکانى سەدەى یازدەیەم و دوازدەیەم دوچاریان بوو بوو.
جیاوازییەکان سەرەتا بەو پرسیارە دەستپێدەکەن کە داخۆ ڕێ بە مرۆڤ درابێت بفەلسەفێنێت. ئاشکرایە ئەم پرسیارە بە هیچ شێوەیەک ئیبن توفەیلى بە خۆیەوە خەریک نەکردبوو، وەلێ ئیبن ڕوشد هێندە بەجیددى وەریگرت کە ئیدی کارێکى خۆى بە ناونیشانى “لێتوێژینەوەى بڕێنەرەوە” (“فەسڵ ئەلمەقال” – و) بۆ تەرخان کرد. ئێمە گەرەکە وشەییانە لەم ناونیشانە تێبگەین، چونکە ئیبن ڕوشد لەم تێکستەدا بەوە ڕازی نابێت کە بە ئەرگومێنتى فەلسەفەیى بەرگرى لە ئیدێکانى بکات، بە پێچەوانەوە دەیەوێت بگات بە بڕیارێکى یاسایی لەبارەی ئەوە “کە داخۆ دیراسەى فەلسەفە و لۆگیک لە یاسا (ى ئایینییە)وە ڕێپێدراو بێت، یاساغ یان پێشنیار کرابێت، یاخود زەروورى بێت”.
ئیبن ڕوشد بۆ ئەو مەبەستە دەگەڕێتەوە بۆ قورئان کە گرنگترین سەرچاوەى بڕیاری دادوەریانەی ئیسلامییە و تێیدا گۆتەى بەم چەشنە دەبینێتەوە: “ئێوە کە تێڕوانینتان هەیە، هەروەها بهزرێن” (سورەتى 59، ئایەتى 2) (2)، یان: “ئایا ئەوان ڕانەمان لە دەسەڵاتى (خودا) بەسەر ئاسمان و زەویدا و لەوەش کە خودا سەراپا ئافراندوویەتى؟” (سورەتى 7، ئایەتى 185)(3). ئەم گۆتانە بە تێڕوانینی ئیبن ڕوشد دەیسەلمێنن کە پێویستە مرۆڤان لەبارەى ڕێکخراوى جیهان و بنەڕەتى خودى خۆیان بهزرێن، بەڵێ زۆرتر لەوەش، ئەم لێهزرینە گەرەکە بە چاکترین شێوازی شیاو ئەنجام بدرێت، چونکە قورئان هەروەها دەبێژێت: “بە دانایی و ئامۆژگاریی چاک بانگی مرۆڤان بکە بۆ سەر ڕێگەی پەروەردگارت و بە چاکترین شێوەی شیاو موجادەلەیان لەگەڵدا بکە …” (سورەتى 16، ئایەتى 125)(4). وەلێ باشترین شێوەی هزرین ئەوەیە کە ئەنجامەکانى دەسەلمێنرێن. ئەوە فەلسەفەیە کە زۆرتر لە زانستەکانى دی پشت بە زانینومای سەلماندنی ئەڕیستۆتێلیس دەبەستێت. کەواتە ئیبن ڕوشد دەتوانێت وەک یەکەم سەرئەنجامى لێهزرینەکانى جەخت بکات کە قورئان (و بەمەش شەریئەت) نەک تەنیا پێشنیار دەکات، بەڵکو هەروەها وەک فرمان (واجب) دەیسەپێنێت کە مرۆڤان خۆیان بە فەلسەفەوە خەریک بکەن.
بێگومان ئەم فرمانە هەموو مرۆڤان وەک یەک ناگرێتەوە. ئاخر ئیبن ڕوشد هاوشێوەى هزرڤانانى پێش خۆى جیاوازى دەکات لە نێوان گروپى جوداى مرۆڤاندا. هەندێک کەس لە بورهانەکانى (دێمۆنستراسیۆنەکانی) فەلسەفە تێدەگەن، هەندێکى دیکە تەنیا لە ئەرگومێنتە دیالێکتیکى یان ڕەوانبێژییەکان تێدەگەن و لەبەر ئەم هۆیە لە داواکارییەکە بۆ فەلسەفاندن بەدەرکراون. سەربارى ئەوە دەربڕینەکەى ئیبن ڕوشد وەک هاندانێک دەمێنێتەوە، چونکە ئێستا هەروەها واتایەکى ئەوتۆ دەگەیەنێت کە فەلسەفە بێچەندوچوون پێویستە بۆ هەموو ئەو کەسانە کە خاوەنی زەینێکى بەهێزن. وەلێ گەر ئیبن ڕوشد بەڕاستى بییەوێت ئەم ڕێنومایە لە قورئانەوە دەربئەنجامێنێت، ئەوا دەبێت ڕوونی بکاتەوە کە بۆچى نووسەرانى دیکە (بۆ نموونە غەزالى) تۆمەتى زەندەقە دەدەنە پاڵ فەیلەسوفان و لێرەشدا بە هەمان شێوە پشت بە قورئان دەبەستن.
لەسەر ئەمەش “لێتوێژینەوەی بڕێنەرەوە” وەڵامێکمان پێدەدات، ئەوە ئێستا نەک لە لێهزرینێکی یاساییەوە، بەڵکو لە تێڕوانینێکەوە لەبارەی پرنسیپەکانى ڕاڤەى (تەفسیری) قورئان. ئیبن ڕوشد جەخت لەوە دەکات کە نابێت مرۆڤ هەمیشە تەنیا بە یەک شێواز لە نووسراوى پیرۆز تێبگات، بە پێچەوانەوە سێ جۆرى جیاوازى گۆتە لە خۆ دەگرێت و هەر یەکەیان پێویستی بە دەرچەیەکى ڕاڤەکارییانەیە: 1) کۆمەڵێک ئایەت هەیە کە لەنێو خۆیەوە ڕوون و ئاشکرایە و مرۆڤ دەتوانێت چە بە دەستوێژەکانى بورهان و چە بە دەستوێژەکانى دیالێکتیک و ڕەوانبێژى بەڕوونى لێی تێبگات. نموونەیەک بۆ ئەم کۆمەڵە ئایەتە بریتییە لەم ڕستەیە: “هیچ خودایەک جگە لە ئەڵلا نییە”. ئەم ڕستەیە بۆ هەموو یەکێک ڕۆشنە و نابێت بە ڕاڤەکردنی خوازەیی بەزۆر واتاکەى لێبکرێتەوە. 2) کۆمەڵێکى دیکەى ئایەت هەیە کە بەگوێرەى گوزارشتی دەرەکى وەک کۆمەڵى یەکەم ڕوون و ئاشکرایە، وەلێ پێویستە مرۆڤانى سادەش وشەییانە لێی تێبگەن؛ ئەمە بۆ نموونە لەم ڕستەیەدا دەبینین: “خوداى میهرەبان لەسەر تەختى خۆی دامەزرا” (سورەتى 20، ئایەتى 5)(5). ئەم ڕستەیە وا پێشانى زۆرینەى ئیماندارانی دەدات هەروەک خودا وەک پاشایەک لەسەر تەخت دانیشتبێت، ئەمەش لەتەک تێگەیشتنى ئەواندا بۆ دەسەڵات یەکدەگرێتەوە. وەلێ کێ خاوەنى تێگەیشتنی باڵاتر بێت، دەزانێت کە خودا ناجەستەییە، کەواتە ناشێت بە شوێنێکەوە ببەسترێتەوە، بۆیە کەسانی خاوەن زەینێکى بەهێز دەزانن کە دەبێت ئایەتێکى بەو چەشنەى قورئان خوازەییانە ڕاڤە بکرێت. 3) لە کۆتاییدا کۆمەڵێکى دیکەى ئایەتگەلى قورئان هەیە و پەیوەند پێیانەوە دیار نییە کە داخۆ مرۆڤ وشەییانە یان لە مەغزایەکى خوازەییدا لێیان تێبگات. ناسراوترین نموونە بۆ ئەوە گۆتەکانن لەبارەى زیندووبوونەوە (قیامەت). ئێمە ناتوانین پشتبەستوو بە سەلماندن ئەم گۆتانە بپشکنین، چونکە ئێمە بەئاسانی نازانین کە بە چە شێوەیەک زیندووبوونەوەکە (جەستەیی؟ هۆشەکی؟ تاکەکەسی؟) ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕوودەدات. ئیبن ڕوشد لە ڕەوشى ئەم جۆرە ئایەتانەدا جەخت دەکات کە زانایان دەتوانن بۆچوونى جیاوازیان هەبێت، چونکە هیچ کامیان ناتوانێت زانینوماکەى خۆى بە ئەرگومێنتى بورهانى مسۆگەر بکات. بۆیە نابێت هیچ کەس بەهۆى بۆچوونەکانییەوە بە زەندیق دابنرێت – یان ئەوەتا ئەو کەسە نکۆڵى لە خودى بنەماکەى ئیمان دەکات (لەم ڕەوشەدا هەقیقەتى زیندووبوونەوە) و بەمەش دژبێژیى یەکێک لە بنەماکانى ئیسلام دەکات.
کەواتە ئیبن ڕوشد بۆ ڕاڤەى قورئانیش بەقەد پێویست فەزاى کارکردن دادەنێت – هەر ئەوەندە کە ئەو خۆى پێویستى پێیەتى. بەڵێ، ڕاڤەی قورئان تەنانەت مسۆگەری بە سەرئەنجامى لێهزرینە یاساییەکانى ئەو دەدات، چونکە دەیڕاستێنێت کە گۆتەکانى نووسراوى پیرۆز (ئەوە گەر دروست ڕاڤە بکرێن) لەتەک تێزە فەلسەفەییەکاندا یەکدەگرنەوە. وەلێ گەر ئەمە ئەوها بێت، ئیدی هیچ هۆیەک بۆ ناوزڕاندنی فەیلەسوفەکان لەگۆڕێ نابێت. کێ سەرباری ئەوە کاری ئەوها بکات، بێچەندوچوون بەسەهوودا چووە. ئەمە بێگومان غەزالیش دەگرێتەوە کە لە نووسینەکەیدا بە ناونیشانى “دژبێژیکردنی فەیلەسوفەکان” / Inkohärenz der Philosophen (“تەهافوت ئەلفەلاسیفە” – و) گۆتبووى، فەیلەسوفەکان لە بیست پنتدا بەهەڵەدا چوون (بڕوانە سەرەوە، لا 59 (ی کتێبەکە – و)).
دەرخستنی ئەوە دووەم ئەرکى گرنگە کە ئیبن ڕوشد لەئەستۆی دەگرێت. ڕاستییەکەی دەبوو ئەم ئەرکە بەجێبگەیەنرێت، چونکە لەسەر تانوتە ڕاگەیەنراوەکانی نێو “دژبێژیکردنی فەیلەسوفەکان” نە ئیبن باجە (کە پێدەچێت تێکستەکەى نەناسیبێت) و نە ئیبن توفەیل (کە پێدەچێت لە پێناوی ڕاگرتنى هارمۆنیدا گرنگیى بە تێکستەکە نەدابێت)، پەرچەکرداری پێگونجاویان نواندبوو. ئیبن ڕوشد ئەوها نەبوو، چونکە دەیزانى ناشێت هێرشێکى بەو چەشنە لەدژى فەلسەفە بەبێ شەرحکردن وەلاوەبنرێت، بۆیە خۆی بەو تۆمەتانەوە خەریک دەکات و وەڵامێک دەنووسێت: “دژبێژیکردنی دژبێژیکردن” / Inkohärenz der Inkohärenz (“تەهافوت ئەلتەهافوت” – و). ئەو لەم نووسینەدا ئاماژە بۆ سەرجەم تانوتەکانى غەزالی دەدات و هەوڵ دەدات بەرپەرچیان بداتەوە.
ئەرگومێنتەکانى ئیبن ڕوشد کە لەم نووسینەدا دێنە دەربڕین، سەرنجڕاکێشن، چونکە لەسەر چەند ئاستێکى جیاواز دەبزوێن. ئەو لە لایەک هێرشەکانى غەزالى ڕەتدەکاتەوە، لە لایەکى دى ڕەخنە لە فەیلەسوفانى پێش خۆى دەگرێت (پێش هەموویان لە ئیبن سینا): تێزە بیرلێنەکراوەکانی ئەوان بوون بە هۆیەک کە فەلسەفە ناتەبایی نێوەکی (تناقض) لە خۆ بگرێت و ئیدی بشێت هێرشى بکرێتە سەر. باوەجو ئیبن ڕوشد لێرەدا دەیەوێت شکۆمەندی بۆ دابی فەلسەفە بگەڕێنێتەوە، بۆیە زۆر مەبەستێتى فەلسەفە لە هەموو ئەو تانوتانە بپارێزێت کە غەزالی لەدژی دەری بڕیبوون. ترۆپکی تانوتەکانى غەزالى ئەو تێڕوانینەیە کە فەیلەسوفەکان بێبڕواییان (کوفریان) بڵاوکردۆتەوە، چونکە ئەوان ئەم تێڕوانینانەیان فێرکردووە: 1) ئەزەلییەتى جیهان (“تەهافوت ئەلفەلاسیفە”، بەشی 1)، 2) خودا تەنیا بەگشتی شتە تاکەکان دەناسێت (بەشى 13)، 3) مرۆڤ نەک بە لەش، بەڵکو تەنیا بە دەروون زیندوو دەبێتەوە (بەشى 20).
ئیبن ڕوشد زۆر بەتوندی ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە، ئەویش بە دانانی ئەم ئەرگومێنتانە: 1) قورئان لە هیچ جێیەکدا نابێژێت کە جیهان لە هیچەوە (من العدم – و) ئافرێنراوە و لە کاتدا هاتۆتە ئاراوە. گەر لە قورئاندا بەگشتی گۆتە لەبارەی بنەڕەتی جیهان هەبێت، گۆتەکان بەزۆریى ئاماژەن بۆ ئەوە کە پێویستە ئێمە بۆ هاتنەئاراى جیهان کەرەسەیەکی (ماتەرییەکی) ئەزەلی وەک دەرچە دابنێین؛ بۆ نموونە لە سورەتى 11، ئایەتى 7دا هاتووە: “هەر ئەوە کە ئاسمانان و زەمینى لە شەش ڕۆژدا دروست کرد کاتێک تەختى فەرمانڕەواییەکەى بەسەر ئاوەوە بوو …”(6). وەلێ ئەم جۆرە ئایەتانە ڕوون نین و دەرفەتی ڕاڤەکردن چە بە فەیلەسوفان و چە بە تیۆلۆگان دەدەن، کەواتە ناشێت هیچ لایەنێک تۆمەتى بێبڕوایى (کوفر) بداتە پاڵ لایەنەکەی دی بەهۆى بیروڕاکانییەوە. 2) ئەمە بە هەمان شێوە پرسیارەکە لەبارەی زانینی خودا دەگرێتەوە، وەلێ هەروەها لێرەش بەهەڵەتێگەیشتن لە فەیلەسوفەکان هەیە، چونکە ئەوان بە هیچ شێوەیەک نکۆڵى لەوە ناکەن کە خودا شتە تاکەکان (Partikularia) دەناسێت، بەڵکو تەنیا دەبێژن کە پێویستە جۆرى زانینى خودا جیابکرێتەوە لە هەر شێوەیەکى زانینى مرۆڤ. ئاخر مرۆڤان هەنگاو بە هەنگاو زانینى خۆیان بەدیدەهێنن؛ لێزانییەکانیان بە ڕوانین لە شتە تاکەکان دەهێنرێنەدی، وەلێ ئەمە لاى خودا تەواو پێچەوانەیە: زانینى خودا هەر لە ئەزەلەوە سەرجەم شتەکان (بە زانینى مرۆڤیشەوە) لە خۆ دەگرێت و پێشمەرج بووە یان پێشمەرجە بۆ ئەوە کە شتە تاکەکان بەدووى یەکدا دروست بوون یان دروست ببن. 3) لە کۆتاییدا لە پرسیارى زیندووبوونەوەشدا ناڕەوایی بەرانبەر فەیلەسوفەکان کراوە، چونکە ئەو زانینە کە ئەوان لەم ڕووەوە لە خەڵکی دەگەیەنن، بە هیچ شێوەیەک دژبێژیی قورئان ناکات، هۆى ئەمەش پێشتر لە “لێتوێژینەوەی بڕێنەرەوە”دا باس کرا: مرۆ ناتوانێت ئەو جێیانەى قورئان کە لە زیندووبوونەوە دەدوێن، بە واتاى وشە یان لە مەغزاى خوازەییدا بچەسپێنێت، کەواتە ناشێت تۆمەتى بێبڕوایی (کوفر) بدرێتە پاڵ هیچ کەسێک کە پەیوەست بەم پرسیارەوە ڕاڤەیەکى دیکە ئەنجام دەدات.
بەمەش پێدەچێت هەموو پنتە گرنگەکان ڕوونکرابێتنەوە. ئیبن ڕوشد ڕەوایەتیى بە فەلسەفە دا، ئەوە چە لە داواکارییە بنەماییەکەیەوە (“لێتوێژینەوەی بڕێنەرەوە”) و چە لە تاکە تێزەکانییەوە (“دژبێژیکردنی دژبێژیکردن”). لەمەبەدوا ئیبن ڕوشد ڕێپێدراوە بچێتە سەر لێهزرینە فەلسەفەییەکانى خۆى. وەلێ ئەوە لەو نووسینانەدا ڕوونادات کە تا ئێستا لێمان ڕوانین، بەڵکو لە ژانرێکى دیکەى تێکستدا، واتا: نووسینە پوختە فێرکارییەکان، پارافرازە ڕوونکەرەوە و شەرحەکان (کۆمێنتارەکان) کە لەبارەى کۆبەرهەمەکەى ئەڕیستۆتێلیس (هەروەها لەبارەى ڕێس پوبلیکا ى پلاتۆن و کارانى جیاوازى دیکەى ئەنتیکە) نووسینى.
ئیدی لە کۆتاییدا بەم نووسینانە هزرى سیستەماتیکانەى خودى ئیبن ڕوشد ئاوەڵا دەبێت. وەلێ مەبەستى ئەو لەم نووسینانەدا ئەوە نییە کە ڕوانگەی نوێ و چاوەڕواننەکراو پێشانی فەلسەفە بدات، بەڵکو دەیەوێت ڕێگەی ڕووەو ڕاستى بدۆزێتەوە. ڕاستی بە تێڕوانینى ئەو ناسراوە، چونکە پێشتر ئەڕیستۆتێلیس پەیڕەویی کردووە. ئاخر ئەوە ئەڕیستۆتێلیس بوو کە فێرى کردین لە سروشتى دەورى خۆمان تێبگەین و لە سروشتەوە دەرئەنجامگیریى بێهەڵە سەبارەت بە سەرجەمێتیی بوون ئەنجام بدەین. وەلێ ئەم توانستە درەنگتر لەدەستچوو، چونکە هزرڤانانى وەک ئیبن سینا فەلسەفەیان بە تیۆلۆگییەوە (و ئەڕیستۆتێلیزمیان بە نوێپلاتۆنیزمەوە) گرێ دا؛ ئەوان ئاستى بورهانییان تێکەڵ کرد بە ئاستەکانى دیالێکتیک و ڕەوانبێژى. هەر بەم شێوەیە فەلسەفە کۆهەڕێنسە (تەماسوکە) بنەڕەتییەکەى خۆى لەدەست دا و لێرەشەوە دەرفەت بۆ ڕەخنەگرانى وەک غەزالی ڕەخسا هێرش بکەنە سەرى.
ئیبن ڕوشد بۆ ئەوەى هەڵوێست لەدژى ئەو هێرشانە وەربگرێت، سەرلەنوێ دەگەڕێتەوە بۆ ستاگیرییەکە (بۆ ئەڕیستۆتێلیس – و). ئەمە لە زۆر ڕەوشدا سەرئەنجامێکى ئەوتۆ دەهێنێت کە ئیبن روشد ئەو تێزە “نوێ”یانە کە فەیلەسوفانى پێش خۆى بەتایبەتى گۆڕانیان پێدابوون (بۆ نموونە جیاکردنەوەى کرۆک (ئێسێنس) و لێرەبوون (ئێکسیستێنس) لای ئیبن سینا، یان مۆدێلە گەردوونناسییەکەى فارابى بە خوداوە وەک هۆ لە ترۆپکدا) ڕەتدەکاتەوە و بە زانینوما “کلاسیکی”یە ئەڕیستۆتێلییەکان (واتا گەوهەرەکان وەک بەردى بناغەى بوون، خودا وەک هۆى بزووتن) جێیان دەگرێتەوە. سەرەڕاى ئەوە ئیبن ڕوشد هێشتا هەر ناتوانێت وا ئاسان فەلسەفەى ئەڕیستۆتێلیس بنیاتبنێتەوە، ئەو خۆیشى ئەمە دەزانێت، چونکە لە دەربڕینەکانییەوە خویا دەبێت، کە ئەو زانیاریى تەواوى هەبوو سەبارەت بەو ڕاڤە جیاوازانە کە لەبارەی بەرهەمەکەى ستاگیرییەکە لە بەردەستدا بوون (ڕاڤەکانی ئەلێکساندەرى ئەفرۆدیسیاسی، تێمیستیۆس، سیمپلیکیۆس، یۆهانس فیلیپۆنۆس و هتد). کەواتە ئیبن ڕوشدیش لە لایەنى خۆیەوە ڕاڤەى ئەڕیستۆتێلیس ئەنجام دەدات. ئەو ئێستا دانوستانى ئەو کێشانە دەکات کە لە کۆبەرهەمەکەى ئەڕیستۆتێلیسەوە دەکەونەوە، هەروەها بەراوردى ئەو ڕاڤانە دەکات کە پەیوەند بەو کێشانەوە گۆڕان پێدرابوون. بەم شێوەیە ئیبن ڕوشد بە خەریکبوونى بەویژدانانە لەتەک مۆدێلە ترادیسیۆنیەکانى چارەسەرکردندا دەگات بە ڕیزێک وەڵام کە لە بەرنامەڕێژییاندا تەواو نوێ و ڕەسەنن.
بۆ ئەوە تیۆریى زەین ناسراوترین نموونەیە و لە لێهزرینەکانى ئیبن ڕوشددا رۆڵێکى گرنگ دەگێڕێت. وەلێ ئەو لێرەدا لە پێگەی زەینى چالاک ناهزرێت (ئەمە لاى ئیبن باجە و ئیبن توفەیل پێشینەیى بوو)، بەڵکو دەیەوێت باشتر دیاریی بکات کە داخۆ مەسەلەکە پەیوەند بە زەینى شیمانەییەوە / پۆتێنسیەلەوە (یان ماتەریەلەوە) چۆن بێت. زۆرینەى کۆنترین نووسەران بۆچوونێکى هاوشێوەیان لەبارەى زەینى شیمانەیی هەبوو. ئاخر چە کندى، چە فارابى و ئیبن سینا (هەروەها پاشەوارانیان) وایان دادەنا کە هەموو مرۆڤێک خاوەنی زەینێکى خۆیى شیمانەییە، تەنانەت کاراییەکى گرنگیان پێدابوو: زەینی شیمانەیی گەرەکە دەرفەتى بەختیاربوون بۆ تاکەکەس بڕەخسێنێت (بێگومان فارابى سنوورى بۆ دانابوو). ئاخر دەگۆترا، گەر مرۆڤ بۆى بلوێت مەئریفە بەدیبهێنێت، ئەوسا زەینى شیمانەیی خۆى ڕیالیزە (تەحقیق) دەکات و بەشی لە جیهانى هۆشەکیى ئەزەلیدا بەردەکەوێت.
ئیبن ڕوشد دژى ئەو تێڕوانینە دەوەستێتەوە. بە دیدى ئەو چەند هۆیەک هەن کە ئاماژە بۆ هەبوونی یەک زەینى گشتگیری (یونیڤێرساڵی) شیمانەیی دەدەن. ئێمە دەبێت لە لایەک ئاستگەلى تاکەکان (لێرە بەواتای ئاستەکانى تاکە مرۆڤ) و گشتێتى (لێرە بەواتای مەئریفەى هۆشەکى) لەیەک جیابکەینەوە. کاراییەکانی سەر بە تاکەکەس بەندن بە لێرەبوونى لەشەکى-دەرکییەوە و سەرجەمی ئەو کردانە کە پەیوەندییان بە شئورە دەرکییەکانمانەوە هەیە (وەک دەرککردن، یادوەرى، پێشبینى و هتد)، سەر بەوانن، بۆیە کاراییەکان لە لایەن دەروونێکى تاکەکەسییەوە کە لەتەک لەشدا لەناودەچێت، پێکەوە دەگونجێنرێن. وەلێ بە تێڕوانینی ئیبن ڕوشد مەئریفەى هۆشەکى سەر بە کایەى تاکەکەس نییە، بەڵکو خۆی لە سەرووى هەموو ئەو سەرئەنجامانەوە دەبینێتەوە کە لە تاکە دەرککردنەکانەوە بەدیدەهێنرێن، ئەویش چونکە مەئریفەی هۆشەکی بە داماڵین (ئەبستراکسیۆن) لە سەرئەنجامەکان، تێگەیەک دەسازێنێت. وەلێ تێگە گشتییە و زانین لەمەڕ تێگە لاى سەرجەم مرۆڤان هەمان زانینە (بۆ نموونە یاسا ماتماتیکییەکان). لێرەوە ئیبن ڕوشد دەرئەنجامێنێت: دەبێت شوێنگەی (ئینستانسی) تایبەت بە ناسین لاى سەرجەم مرۆڤان هەمان شوێنگە بێت. هەروەها ئەرگومێنتێکى دی لە خودى زەینى شیمانەییەوە دەکەوێتەوە: زەینى شیمانەیی، پێش ئەوەى بهزرێت، توانستى پەتییە. ئیبن ڕوشد پێناسەى دەکات وەک: “بەشیمانەیى بریتییە لە سەرجەمی ئەو فۆرمە (هۆشەکی)یانە کە سەر بە فۆرمە گشتگیرە (یونیڤێرساڵە) ماتەریەلەکانن”. ئەو هەروەها جەخت دەکات: “پێش ئەوەى (زەینى شیمانەیی – و) لێیان (لە فۆرمە گشتگیرە ماتەریەلەکان – و) تێبگات، خۆى بوونەوەرێکی کردەکى نییە”. بێگومان زەینی شیمانەیی وەک توانست ناجەستەییە، هەروەها وەک توانست هەمیشە هەبووە. ئەمە هەروەها ئاماژەیە بۆ گریمانەکردنی یەک تاکە زەینى شیمانەیی کە ئەزەلییە و بە چالاکییە (فەلسەفەییە)کەی گەرەنتى بە نەمریى ڕەگەزى مرۆڤ دەدات – بێگومان نەک بە نەمریى تاکە مرۆڤ.

کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە
————————-

پەراوێز
1) مەبەستى نووسەر پێشنیارەکەى ئیبن توفەیلە بۆ ئەوە کە پەرچەکردار بەرانبەر فەلسەفەى ئیبن سینا بنوێنرێت: ئیبن توفەیل نەیدەویست وەک غەزالى رەخنە لە فەلسەفەى ئیبن سینا بگرێت، ئەو هەروەها نەیدەویست وەک ئیبن باجە بگەڕێتەوە بۆ فەلسەفەى فارابى، بە پێچەوانەوە ئیبن توفەیل لەو بڕوایەدا بوو کە دەشێت کۆتێزێک لە مەبەستەکانى ئیبن سینا و غەزالی چێبکریت بڕوانە: هەمان نووسەر: فەلسەفەی ئیسلامی. سەقامگیربوونی فەلسەفە لە ئیسپانیا. هەمان سایت.
2) “فَاعْتَبِرُوا يَا أُولِي الْأَبْصَارِ”. لە وەرگێڕانی هەژار موکریانی: “سا ئێوە دەرس وەرگرن، ئەی گرۆی خاوەن ئاوەزان”.
3) “أو لم ينظروا فى ملكوت السموات والارض وما خلق الله من شىء …” (بە كوردى لە وەرگێڕانی هەژار موکریانی: “ئاخۆ ئەوان لە دامو دەزگای پڕ شکۆی عاسمانەکان و زەمین و هەرچی خوا دروستی کردوون، ڕا نەماون؟”. لای بورهان محەمەد یاسین، تەفسيرى ئاسان: “ئايا بۆ سەرنجيان نەداوە لەو هەموو دەسەڵاتە گەورەيەى خودا لە ئاسمانەكان و زەويدا و ئەو هەموو شتانەى كە خودا بەدیی هێناون؟”.
4) “ادْعُ إِلَى سَبِيلِ رَبِّكَ بِالْحِكْمَةِ وَالْمَوْعِظَةِ الْحَسَنَةِ وَجَادِلْهُمْ بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ …”. لە وەرگێڕانی هەژار موکریانی: “بە کارزانی و ئامۆژگاریی پەسند، مەردوم بەرەو ڕێگەی پەروەرندەت گازی بکە و بە چاکترین شێوە لەگەڵیان بدوێ.”
5) “الرَّحْمَنُ عَلَى الْعَرْشِ اسْتَوَى”. لە وەرگێڕانی هەژار موکریانی: “ئەو خودایەی لەسەر تەختی خۆی دامەزرا”.
6) دەربڕینە ئەرەبییەکە: “وهو الذى خلق السموت والارض فى ستة أيام و كان عرشه على الماء …”. لە وەرگێڕانی هەژار موکریانی: “هەر ئەویشە کە ئاسمانان و زەمینی لە شەش ڕۆژدا دروست کرد و تەختی فەرمانڕەوایی ئەو لەسەر ئاو بوو …”.

سەرچاوە:
Ulrich Rudolph, Islamische Philosophie, München 2004

فەرهەنگۆک
ماتەری: (بە واتای وشە) کەرەسە.
پارافراز: دانەوەی تێکستێک بە وشەی خۆیی.
ڕێس پوبلیکا: کۆمار، ناونیشانە لاتینییەکەی دیالۆگی “پۆلیتێیا”ی پلاتۆنە کە بە ئەڵمانی وەرگێڕراوە بۆ “دەوڵەت”.
زەینى شیمانەیى / توانستەکی (پۆتێنسیەل) و زەینى کردەکی (ئەکتوێل): یەکەمیان توانستى سروشتیی مرۆڤە بۆ هزرین، فێربوون و هتد، کە تایبەتە بە سەرجەم مرۆڤان؛ دووەمیان ئەو زەینەیە کە لە شتە کەرەسەییەکانەوە (ماتەریەلەکانەوە) فۆرمەکانی کرۆکی گشتاندووە، واتا بە داماڵین لێیان تێگەیەکی گشتیی سازاندووە، هەروەها شارەزای هەر پرنسیپێکی زانستەکانە.




فەلسەفەی عەرەبی-ئیسلامی مێژوو و سەردەم.. گێرت ‌هێندریش.. لە ئەڵمانییەوە: کاوە جەلال

.6 فەلسەفە لە ئیسپانیای عەرەبی (ئەلئەندەلوس)

ئیسپانیا (ئەل-ئەندەلوس ی عەرەبەکان) لە ساڵی 711 بەدوواوە سەر بە جیهانی ئیسلامی بوو، ئەوە دوای گەیشتنی سوپاسالار تاڕیق ئیبن زیادی یەمەنی بە جیبرالتەر (جەبەل تاریق). سەرەتا هێرشی عەرەبەکان کەمێک زۆرتر بوو لە پەلاماری تاڵانی، پاشان لاوازیی دەوڵەتی گۆتەکانی ڕۆژئاوا بوو بە هاندەرێک بۆ داگیرکردنی کردەکی. سوپایەکی ڕێژەییانە بچووک لە کورتترین ماوەدا هەموو شارە گەورەکانی داگیر کرد و تا باشووری فەڕەنسا بەرەو پێش هێرشی برد. وەلێ پەلامارەکانی تاڵانی لە نیوەی سەدەی هەشتەمدا وەستێنران. پەلامارێکی عەرەبەکان بۆ تاڵانی کە لە لایەن کارل مارتێل-ەوە لای توورس و پواتیێر شکێنرا (732) و بە هەڵە ناونراوە شکانی “مێژوویی-جیهانی”، دوورترین سنووری عەرەبەکانی دیاری کرد و تا ئەو سنوورەش دەیهێنا بۆ مەبەستی تاڵانی پەلامار بدەن. وەلێ ئەم شکانەی عەرەبەکان بە هیچ شێوەیەک کۆتایی بە ئامادەگیی ئەوان لە باشوری فەڕەنسا نەهێنا، هەروەها کۆتایی نەهێنا بە هەڵچوون و گەشانەوەی ئیسپانیای عەرەبی. سەرەتا والییەکی خەلافەتی دووری ئەمەوی لە دیمەشق لەوێ حوکمی دەکرد، ئەوجا دوای ئەوەی ساڵی 750 خەلافەت کەوتە دەستی عەباسییەکان و ئەوانیش پایتەختیان گواستەوە بۆ بەغداد، ئیدی خەلافەت دوایەمین نفوزی خۆی بەسەر ئیسپانیادا لەدەست دا. تاکە میری ئەمەوییەکان کە لە کۆمەڵکوژیی خانەوادەکەی ڕزگاری بوو بوو، لە لایەن موسڵمانانی ئەوێوە کرا بە دەسەڵاتداری ئیسپانیا. بەمەش ئێستا چیدی ئیسپانیا سەر بە خەلافەتی عەرەبی-ئیسلامی نەبوو، بەڵکو بوو بە دەوڵەتێکی عەرەبیی سەربەخۆ.

ئەلئەندەلوس چە لە ڕووی ئابووری و چە لە ڕووی شارستانییەوە سەر بە جیهانی ئیسلامی بوو و ئاڵوگۆڕێکی زیندووی لەتەکیدا هەبوو. هەرگیز ئیسپانیای عەرەبی زەبرمەندانە بەئیسلامی نەکرا، بەڵکو موسڵمان و کریستیان و جوو لەژێر سەروەریی عەرەبیدا بەئاشتیانە پێکەوە دەژیان. بەو ڕێیەوە گرووپێکی نوێی دانیشتوان بە ناوی “مۆزائەرابەر”ە (Mozaaraber) کریستیانییەکان سەریهەڵدا کە بە زمانی عەرەبی دەئاخڤین و نەریتی عەرەبییانەیان وەرگرتبوو. هەروەها کۆمەڵە گەورەکەی جووەکان لە ئیسپانیا لێبوردەیی زۆری پێبڕابوو و هاوکات بەشداریی لە بەعەرەبیکردنی ژینجیهان و کولتووردا دەکرد. لەم کۆمەڵەیەوە فەیلەسوفانی بەواتا دەرکەوتن، وەک: سالۆمۆ ئیبن گابیرۆل (بە لاتینی ئاڤیسێبرۆن، 1020-1058)، هەروها مایمۆنیدێس (موسا ئیبن مەیمون، 1135-1204). هزری ئەمان تەنیا پابەندی ترادیسیۆنی جوویەتی نەبوو، بەڵکو هەروەها کاری چە لە وەرگرتنی ئیسلامییانەی ئەنتیکە و چە لە فەلسەفەی موسڵمانەکاندا کردەوە. هەندێکیان بەڕێی فەلسەفەی ئەوانەوە گەیەنرا بە چەرخی نێڤینی لاتینی.
ئیسپانیای ئیسلامی لە ماوەی حوکمڕانیی عەبدولڕەحمانی سێیەمدا (912-961) گەیشت بە ترۆپکی دەسەڵات و خۆشگوزەرانی. بەدووی ئەوەدا ئیدی سەردەمێک هات و تێیدا “ڕێکۆنکویستا” (Reconquista)، واتا ئەوە کە زۆر جار ناو دەنرێت “داگیرکردنەوەی ئیسپانیا لە ماورەکان”، پتر گوڕی سەند. وەلێ پاشخانی ڕێکۆنکویستا کەمتر جەنگی ئیمان بوو لە نێوان موسڵمانان و کریستیاناندا، بەڵکو پاشخانەکە بەزۆریی لێکترازاویی نێوخۆیی ئەندەلوس بوو کە دوای مەرگی دوایەمین میری ئەمەوییەکان لە ساڵی 1008 دا بەسەر پتر لە سی میرنشینی گچکەی سەربەخۆی ناوچەییدا لێکهەڵوەشایەوە. لە نێویاندا هەروەها میرنشینی کریستیانی هەبوون کە تا ئەو دەمە ئەمەوییەکانیان وەک سەروەر ناساندبوو. دەوڵەتۆچکەکان شەڕی ڕکاوییان لەسەر باڵادەستی لەدژی یەکدی پەربا کردبوو، لێرەشدا کوالیسیۆنی دەمدەمیانەی نێوان دەسەڵاتدارانی کریستیانی و ئیسلامی مۆرکی خۆیان لەو شەڕانە دابوو. مۆتیڤی ئایینی لە ڕەوتی بەردەوامبوونی “ڕێکۆنکویستا”دا واتای وەرگرت. جگە لەوە ناکۆکییەکانی نێو ئیسپانیا بوون بەهۆی هێرشی نوێ لە باکوری ئەفریکاوە و هێرشەکان پتر ئەو وڵاتەیان دابەشاند. سەرهەڵدانی چەند شانشینێکی کریستیانی گوڕی دا بە داڕوخانی ئیسپانیای عەرەبی. ساڵی 1085 تۆلێدۆ داگیرکرا، ساڵی 1236 کۆردۆبا و ساڵی 1248 سیڤییا. تەنیا گرانادا تا ساڵی 1492 عەرەبی مایەوە، پاشان ئەویش لە لایەن هەردوو شانشینی یەکگرتووی ئاراگۆن و کاستیلیاوە داگیرکرا. بەدووی لەناوچوونی ئیسپانیای عەرەبیدا قۆناغێکی درێژخایەنی نالێبورەدەیی ئایینی و دوژمنایەتیی هزر دەستی پێکرد. پتر لە سێ ملیۆن موسڵمان، جوو و هەروەها زۆر کریستی بەعەرەبیکراو ناچاربوون هەڵبێن. لە گرانادای داگیرکراودا ماوەیەکی کورت دوای دەسەڵاتسەندن لە لایەن شایانی کاتۆلیکییەوە بڕەدارە هەڵچنراوەکان گڕیانگرتەوە. ئەوە سەرەتا کتێبەکانی عەرەب و جووەکان بوون کە لەنێو بڵێسەدا گڕیان گرت و بەوەش میراتی یەکێک لە دەوڵەمەندترین کولتوورەکانی ئەوروپا لەناوچوو. وەلێ هەروەک هاینریش هاینە لە تراژیدیای گرانادادا بە ناونیشانی “ئەلمەنسور” نووسیی: “ئەوە تەنیا پێشەکی بوو، ئاخر لەکوێ مرۆڤ کتێب / بسووتێنێت، لە کۆتاییدا مرۆڤیش دەسووتێنێت”.

6.1 ئیبن باجە و ئیبن توفەیل
فەلسەفە هەروەها یەکێکە لە گەشانەوە کولتوورییەکانى ئەندەلوس، وەلێ سەرەتا لە سەدەى دوازدەیەمەوە بەڕێى تاکە کەسێتییانى بەواتاوە سەرهەڵدەدات، بۆ ئەمەش دەتوانین دوو هۆ دەستنیشان بکەین: فەلسەفە لە خۆرهەڵاتى جیهانى ئیسلامى بۆ یەکەم جار بە چالاکیى وەرگێڕەکانى تێکستگەلى ئەنتیکە دەست پێدەکات، وەلێ قۆناغێکى بەم چەشنە لە ئەندەلوس نییە. لێرە، دواى داڕوخانى جیهانى ئەنتیکە و کۆچى گەلان، کەمتر لە خۆرهەڵات تێکستی کلاسیکی مانەوە. ئەوجا لێرە گرووپى زانایانی کریستیانیی سریانیزمان کە لە خۆرهەڵات رۆڵی بەواتای نێوەندیاریان وەرگرت، لەگۆڕێ نەبوو. جگە لەوە فەلسەفە لە ئەندەلوسى ئەمەویدا بەدناو بوو، چونکە دوژمنە عەباسییەکەیان لە خۆرهەڵات گەشەی پێدەدا. درەنگتر لە ڕەوتى ئاڵوگۆڕى کولتوورییانەی نێوان ئەندەلوس و بەشەکانى دیکەى جیهانى ئیسلامیدا ئەدەبیاتى فەلسەفەییش لەپاڵ زانستەکانى دیکەدا پتر گەیشت بە ئەندەلوس.
ئەبو بەکر ئیبن یەحیا ئەلسائغ کە بە ئیبن باجە (ئاڤێمپاس ى چەرخى نێڤینى لاتینى) ناسراوە، یەکەم فەیلەسوفى مەزنى ئیسپانیاى عەرەبى بوو. ئەو لە کۆتایى سەدەى یازدەیەمدا لە ساراگۆسا هاتە جیهانەوە و هەر لەوێ زۆرترین کاتی ژیانى بەسەر برد، هەروەها لێرە بۆ ماوەیەک لە ژیانى سیاسیى شاردا رۆڵى بەواتاى گێڕا: چەند جارێک بوو بە وەزیر، وەلێ چەندجارە بە زیندانیکردن هەقى ئەم تەرقیە سیاسییەى خۆی دا. پێش ئەوەى سوپای کریستیانییەکان ساراگۆسا داگیر بکات، ئەو شارەکەى بەجێهێشت و کۆچی کرد بۆ باکورى ئەفریکا. ئیبن باجە ساڵى 1138 لە فێس مرد.
فەلسەفەى ئیبن باجە بەتایبەتى لە فارابییەوە دەردەچوو. ئاخر ئەو نووسینەکانى فارابیى دەناسى، وەلێ هیچ شارەزاییەکى لەبارەی ئیبن سینا نەبوو و بە ڕادەیەکی کەم شارەزای غەزالی بوو. بەگوێرەی ئەمەش فەلسەفەیەکى ئەڕیستۆتێلى-نوێپلاتۆنیی پشتبەستوو بە فارابى دەرچەی ئەو بوو و لە نێوەندیدا بابەتی فارابییانەى تیۆریەکى دەوڵەت خۆى دەبینییەوە. لێرەدا زانینوماى ڕژان (ئێماناسیۆن) و ئەو ئێپیستێمۆلۆگییە کە پێوەی گرێدرابوو، هێندە لە زانینوماکەى فارابى جیاواز نەبوو، وەلێ ئیبن باجە لە دوو پنتى گرنگدا پەرەی پێدا. بۆ فارابى گرێدانى زەینى مرۆڤ بە زەینى چالاکەوە ڕوداوێکی تایبەت بوو بە خودى هەر سەبژێکتێک و ڕوداوەکە دەیتوانى ئەو سەبژێکتە بهێنێتە ڕەوشی ڕۆشنبوونەوەی هۆشەکییەوە (Erleuchtung). بە پێچەوانەوە لای ئیبن باجە ئەو زۆرێتییە ژمارەییەى تاکە زەینەکان لە باڵاترین پلەدا دەبوو بە یەک تاکە زەین و سەرجەم تاکە بوونەوەرەکان سەر بەو دەبوون، ئەوە لایەنى کەم پاش مەرگ دوای ئەوەی دەروونە نەمرەکان لە لەشەکان جیابووبوونەوە. لێرە زەینى کردەکیی مرۆڤان وەک یەک زەینی ژمارەیی، وەک یەکانەی زەین، بەردەوامیی وەردەگرت. ئەم بیرۆکەیە درەنگتر کاریگەریى لەسەر تیۆریی یەکانەی زەین لای ئیبن ڕوشد نواند، هەروەها بۆیە ئەوەندە شۆڕشگێڕانە بوو، چونکە نەمریى دەروون کە ڕەوشێکى ئەندێشەیى ئەودنیایی (ترانسسێندێنت) بوو، بەو تیۆرییە وەرگۆڕرا بۆ ڕەوشێکی ڕیالى مێژوویى: بۆ نەمریى زەینى یەکانەیى مرۆڤایەتى، واتا پێشکەوتنى مەئریفە.
دووەم جیاوازیى ئێپیستێمۆلۆگییانە لە فارابى ئەوە بوو کە ئیبن باجە گیرەی خستە سەر رۆڵی دەروون لە بەدیهێنانی ڕەوشی بەختیاریدا. ئەو لەم پەیوەندییەدا ئاماژە بۆ غەزالى دەدات کە گۆتبووی: یەکگرتن لەتەک خودادا (بۆ نموونە لە سۆفیزمدا) بەڕێی بەکردەکیبوونی زەینەوە نایەتە دی، بەڵکو بەڕێى ئەزموونێکى عیرفانییەوە. وەلێ ئیبن باجە بە پێچەوانەوە وایدادەنێت کە یەکگرتنى هۆشى مرۆڤ لەتەک زەینى چالاکدا بە هەر حاڵ ڕودانێکى زەینییە (ئینتەلێکتوێلییە)، کەواتە فەلسەفە و زانست پێشمەرجى ئەو یەکگرتنەن. بەختیاریى نەزەری خودا بریتی نییە لە سەرئەنجامى ئەزموونى عیرفانی، بەڵکو بەزەرووری گرێدراوە بە مەئریفەی فەلسەفەیی-ڕاسیۆنالەوە. هەروەها ئیبن ڕوشد لەمەدا شوێن پێى ئیبن باجە هەڵدەگرێت.
تیۆریى دەوڵەتی ئیبن باجە بەزۆریى پشت بە فارابى دەبەستێت، سەرباری ئەوە لێرەش جیاوازیى سەرنجڕاکێش هەن. بۆ نموونە کاریگەریى فەیلەسوفەکان لاى ئیبن باجە جیاوازە وەک لاى فارابیی پێشەنگی. بە دیدی فارابى مرۆڤانی فەزیلەمەند (فازیل) لە دەوڵەتى ناڕەوادا نەفرەتى ئەوەیان لێکراوە یان فەزیلەمەندیی خۆیان بدۆڕێنن یاخود ئەو کۆمەڵە جێبهێڵن و بۆ دەوڵەتێکى باشتر بگەڕێن. گەر دەوڵەتێکى بەو چەشنە شیاوى دۆزینەوە نەبێت، ئەوسا مردن بۆ فەیلەسوف باشترە لەوەى فەزیلەی خۆی بدۆڕێنێت. هاوکات تایبەتمەندیی هەموو دەوڵەتێک بە دەوڵەتى نموونەییشەوە ئەوەیە کە هەمیشە دەشێت لەنێویدا توخمى تێکدەر هەبن (و فارابى لە “مەدینە”دا ناویان دەنێت “گیاکەڵە”). ئێستاش ئیبن باجە لە لایەنى خۆیەوە لێکچواندنێکی سەرنجڕاکێش لەنێوان توخمە زیانگەیەنەرەکان بە جڤاک (asozial) یان “گیاکەڵە” و فەیلەسوفەکاندا ئەنجام دەدات: ئەمانیش دەشێت لە دیدی زۆرینەى نافەزیلەمەندی نێو دەوڵەتى ناڕەواوە ببن بە “گیاکەڵە”، بەڵێ زۆرتر لەوەش: تەنانەت گەرەکە فەیلەسوفەکان ئەو رۆڵە وەربگرن و بە کاریگەربوونیان شێوەیەکى “چارەسەرکردنی کۆمەڵ” بەربخەن. بە پێچەوانەشەوە لە دەوڵەتى فازیلدا ئەو جۆرە فۆرمانەى هەستى مۆرالیانەی جڤاکی (Gemeinschaftssinn) پێویست نین، بەڵێ دادوەران و فەرمانبەرانیش، تەنانەت پزیشکان، زیادەن، چونکە دەوڵەتى نموونەیى هیچ تێکدانێک ناناسێت کە ئیدی ئەو جۆرە “پسپۆران”ە بۆ چارەسەرکردنی پێویست بن. ئیبن باجە لێرەدا لەبریى تێڕوانینە ڕەشبینەکەى فارابى تێڕوانینە ئیدیالیستییەکەى پلاتۆن لە “کۆمار”دا وەردەگرێت. وەلێ ئەوەی ڕاستی بێت هەر بەم ڕێیەوە دەوڵەتى “نموونەیى”ی فازیل دەبێت بە هیوایەک کە بەدەگمەن شیاوى بەدیهێنانە. بەم شێوەیە دوو گیرەخستنەسەری پێچەوانە لە تیۆریى دەوڵەتى ئیبن باجەدا دێنە نێوانەوە: تیۆرییەکە لە پرنسیپەوە بێهیواترە لەوەی فارابی و هاوکات دەربەستهاتووانە گەشبینترە، چونکە رۆڵى مرۆڤانی فەزیلەمەند، وەک چاکساز و چارەزانی (تێڕاپۆیتی) کۆمەڵ، لایەنى کەم گفت دەدات کە دەوڵەتی ناڕەوای ڕیال لەسەرخۆ چاکبکرێت. ئەگەرچی سەرهەڵدانی دەوڵەتی نموونەیی، تەواو هاوشێوەی سەرهەڵدانی ئەو جۆرەی دەوڵەت لە یوتۆپیاکانی پلاتۆن و فارابیدا، لە کۆتاییدا گرێدراوە بە توانستی تاکەکەسانەوە بۆ چێکردنی پەیوەندییەک لەتەک زەینی چالاک و بەمەش لەتەک فەزیلەمەندیدا، وەلێ لەبەر ئەوەی ئیبن باجە ئەرکی “چارەزانی” دەخاتە ئەستۆی ئەندامانی فەزیلەمەندی جڤاک، ئیدی بەو ڕێیەوە ئاستێکی هزرین دەردەخات: هزرین لەو مەرجە سۆسیالانە کە دەبێت بۆ شیمانەی هەڵوێستی مۆڕالی لەنێو کۆمەڵێکدا لەگۆڕێ بن. جگە لەوە کاتێک کەمینەى فەلسەفێنەران و “گیاکەڵە”ى کەلاخراو و نەخوازراوى جڤاک هاوتا دادەنرێن، ئیدی بەو ڕێیەوە گیرەیەکی ڕووخێنەرانە (سوبڤێرزیڤ) دێتە نێو تیۆریى دەوڵەتى ئیبن باجەوە. وەلێ گەر ئێستا لێرەوە بەردەوامی بە هزرین بدرێت، ئەوسا یەکسەر ئەم پرسیارە سەرهەڵدەدات: ئایا تا چەند پێوارە مۆڕالییەکان بەرهەمی بەخۆدان و بەواندانی ئەدگارانن / شوناسن (Selbst- und Fremdzuschreibung) کە زۆرینەیەکی جڤاک بەرانبەر کەمینەکان پەیڕەویی دەکات بەبێ ئەوەی بەڕاستی بتوانێت هۆی ڕاسیۆنال بۆ ئەوە بخاتە بەردەم؟ بێگومان نە لای ئیبن باجە و نە لە فەلسەفەی عەرەبی-ئیسلامی ی سەردەمانی درەنگتردا لەوە زیاتر کار لەو دوو کۆنسێپتەدا نەکراوە.
ئەبو بەکر ئیبن توفەیل (بە لاتینی: ئابوباکێر 1105-1185) دووەم فەیلەسوفى بەواتاى ئیسپانیاى عەرەبى بوو. ئەو لە نزیکى گرانادا هاتە جیهانەوە، لە سەردەمى دەسەڵاتداریى ئەلمووەحیدونەکاندا لە گەلێک پۆستى باڵاى بەڕێوەبەریدا وەک پزیشک و ئەستێرەناس و فەیلەسوف کارى کرد. وەک دەگێڕرێتەوە، ئەو فرە کارى فەلسەفەیى و زانستى سروشتیى نووسیوە، وەلێ لەم نووسینانە تەنیا یەک دانە ماوەتەوە. ئەم بەرهەمە بچووکە کە جۆرێکە کە لە ڕۆمانى فەلسەفەیى گەشەى تاکەکەس، زۆر کاریگەر بوو. نووسینەکە بوو بە نموونەی یەکێک لە ناسراوترین و زۆر خوێنراوەترین بەرهەمى ئەدەبى ئەوروپى: ڕۆبینسن کڕۆس (1719)ى دانیەڵ دیفۆو (Daniel Defoe).
ئیبن توفەیل چیرۆکەکەى بە پێشگۆتنێک دەستپێدەکات کە هەستێکى ئەوتۆ بێدار دەکاتەوە، هەروەک ئەو چیرۆکە وەڵام بێت بۆ پرسیارى دۆستێک کە تکاى لێکردووە نهێنییەکانى فەلسەفەى ئیبن سیناى بۆ ڕوون بکاتەوە. ئەو ڕێبەرییەکە بەکاردەهێنێت بۆ ڕەخنە لە سەرجەم فەلسەفەى پێشین کە چە فەیلەسوفانی کلاسیکیى گریک و چە فەلسەفەى عەرەبی-ئیسلامى لە خۆ دەگرێت. ئیبن توفەیل ئاماژە بۆ ئەوە دەدات کە لە داڕشتنەکانى فارابى و ئیبن باجەدا دژبێژیگەلی کرۆکی هەن، پاشان ڕەخنەی ئەوە لە غەزالى دەگرێت کە ئەو لە نووسینە جیاکانیدا لەبارەی فەلسەفە، هەڵوێستێکی دەربەستنەهاتووی هەبووە. تەنیا ئیبن سینا ڕێگەى ڕاستى پێشانى ئەو کەسانە داوە کە بەدووى ڕاستیدا دەگەڕێن: نەک تەنیا ڕێگەى ڕاسیۆنالى مەئریفە لە کۆتاییدا شیفا بۆ مرۆڤ دەهێنێت و دەبێت بە پاڵهێزی گەیشتن بە کامیلێتى، بەڵکو هەروەها ڕوانینی عیرفانیش، “نەزەرى حاڵلێهاتوو” لە دەستووری خودا. ئەو تەنانەت ناونیشانى ڕۆمانەکەى لە ئیبن سینا وەردەگرێت: حەى ئیبن یەقزان – زیندووى کوڕى بێدار. وەلێ ئیبن توفەیل ڕۆمانێکى فەلسەفەیى ئەوتۆ دەنووسێت کە زۆر لە نموونە بەردەستەکەى ئیبن سینا تێدەپەڕێت.

ڕۆمانە فەلسەفەییەکەی حەى ئیبن یەقزان
چیرۆکەکە لەسەر دورگەیەکى تڕۆپی دەستپێدەکات. لەسەر ئەم دورگەیە شیرەمژەیەک فڕێ دراوە و ئێستاش ئاسکێک بەخێوی دەکات. حەى بە هێزى هزرینى خۆى فێری خۆپۆشین، خۆچەکدارکردن و ڕاوکردن دەبێت. دوای ئەوەی دایکە پەروەردکارەکەى، ئاسکەکە، دەمرێت، حەى بەناکامى هەوڵ دەدات لە لاشەکەیدا هۆیەکى میکانیکى بۆ مردنى بدۆزێتەوە، لێرەشدا بۆی ئاشکرا دەبێت کە شتێکى نابەرجەستە (ئیمماتەریەل)، واتا هۆش، هۆى ژیانە. لە ئێستا بەدوواوە پرۆسەى پێگەیشتنى حەى چیدى تەنیا ڕوو ناکاتە خۆهێشتنەوە، بەڵکو هەروەها ئاڕاستەیەکى فەلسەفەیی وەردەگرێت. ئەو لە سروشت دەتوێژێتەوە و دەگات بە پرنسیپەکانى مێتافیزیکى کلاسیکى: جیاوازیکردن لە نێوان یەکانە و زۆرێتیدا، لە نێوان ئەدگاری بەڕێکەوت (ئەکسیدێنس) و گەوهەردا، دەگات بە زەروورەى ئەنجامە سروشتییە کاراکان، ئەوجا لۆگیکییانە دەگات بە یەکەم هۆ و لە کۆتاییدا بە شیمانەى گەیشتن بە تێروانین لەبارەی زەروورەى ئافرێنەرێکی سەرجەم بوونەوەران. دواى ئەوەى حەى بە ڕێگەی ڕاسیۆنال خودا دەناسێت، ئیدی دەیەوێت خۆی لە خودا نزیکبخاتەوە: بە ڕامان (کۆنتێمپلاسیۆن) و زوهد و ڕاهێنانى ڕەوانی (سپیریتوێل). بەم شێوەیە حەى دەگات بە ڕەوشی بەختیارى، ئەوجا لە وێنایەکدا دەگات بە مەئریفەی سەرهەڵدانی دەستووری گەردوون بەڕێی ڕژانەوە (ئێماناسیۆن)، هەروەها بە مەئریفەی باڵاترین پلەى ئاگایى مرۆڤ کە چیدى ڕاسیۆنال نییە:
“ئەو بەردەوام تێدەکۆشا تا ئاگایى خودى خۆى نەهێڵێت و خۆی بەتەواوی بۆ نەزەری پەتی لە کرۆکى ڕاستی تەرخان بکات؛ ئەوەشی لە کۆتاییدا پێبەدیهات: هەموو شتەکان، سەرجەم فۆرمە هۆشەکییەکان و توانستە جەستەییەکان لە زاکیرە و لێهزرینی ئەودا نەمان […]؛ تەنیا یەک شت مایەوە: ئەلهەق (der Wahre)، بوونەوەرى ئەزەلى […]” (Tufayl 1987, 130f.).
ئیبن توفەیل بەشێکى دووەم دەداتە پاڵ ئەم چیرۆکەى هەتیوێکى خۆپێگەیەنەر کە ڕەنگە گرنگتر بێت لە چیرۆکەکە. لەسەر دورگەیەکى دراوسێ گەلێک دەژى کە فەیلەسوفێکى پیر ئەو تیڕوانینە فەلسەفەییانەى لە فۆرمى سیمبۆلی یان وێنەییدا پێڕاگەیاندووە کە حەى بە هێزى زەینى خۆى ئاشکراى کردبوون، هێندە نەبێت کە ئەو گەلە وێنە و سیمبۆلەکانى ئایینەکەی وشەییانە وەردەگرێت. تەنیا ئەبسالى هزرڤان دەیەوێت بگات بە پاشخانی واتاى زمانە وێنەییەکە، وەلێ ئەوەی لەنێو ئەو کۆمەڵەدا پێبەدیناهێنرێت، بۆیە دورگەکەی جێدەهێڵێت و لەسەر ئەو دورگەیە دەگیرسێتەوە کە حەى لێى دەژى. ئەبسال حەى فێرى زمان دەکات و لەوەوە بۆى ئاشکرا دەبێت کە حەى بەبێ سیمبۆلیک-ى ئایینێک بەو قووڵترین ڕاستییانە گەیشتووە کە ئەو خۆى بەدوویاندا گەڕابوو. هەردووکیان دەگەڕێنەوە بۆ سەر دورگەکەى ئەبسال، ئەوجا لەوێ حەى هەوڵ دەدات واتاى سیمبۆل و وێنەکانى ئایین بۆ مرۆڤەکان ڕوون بکاتەوە تاکو دەرفەتی یەکگرتنى حاڵلێهاتوویان لەتەک خودادا بۆ بڕەخسێنێت:
“ئەو پێشبینییە کە تێکڕای مرۆڤەکان خاوەنى کارەکتەرێکى بێهاوتا و هۆشێکى تیژ و دەروونێکى خۆڕاگرن، خستییە لێهزرین. ئەو نەیدەزانى هۆشیان چەند تەمەڵ و لاوازە، بڕیارەکانیان چەند چەوتن، حولحولێتیی ئەوانى نەدەناسى” (لا 160).
کەواتە هێندە ناخایەنێت کە دەبێت حەی ببینێت، ئەو مرۆڤانە لێى تێناگەن و وا هەست دەکەن داناییەکەى مەترسییە لەسەریان:
“هەموو هۆشدارییەک لاى ئەوان بێکاریگەری دەمێنێتەوە، هاندانى چاک کردار ناخاتەوە، دێبات لاى ئەوان تەنیا کەللەڕەقی لێدەکەوێتەوە، هیچ ڕێگەیەکیش ڕووەو دانایى لە بەردەمیاندا ئاوەڵا نییە و بەشداریى لە شکۆفەپێدانی (دانایی – و) دا ناکەن”(Ebd., 163f.).
حەى بەنائومێدی لەتەک ئەبسالدا دەگەڕێتەوە بۆ سەر ئەو دورگەیە کە خۆى بەتەنیا لێى دەژیا، بێگومان وەنەبێت هۆشدارییان بە مرۆڤەکان نەدابێت کە بۆ ئەوان چاکترە پابەند بن بە واتای وشەى سیمبۆلەکانى ئایین و هەروەها بە ترادیسیۆنەوە، نەک بە هزرینى خۆیی ڕۆ بچن بۆ نێو هێڕێزى (زەندەقە). ئاخر:
“ئەو و ئەبسالى دۆستى دەرکیان بەوە کردبوو، بۆ ئەم جۆرەی مرۆڤ کە هاوشێوەی مەڕە و بێدەسەڵاتە، تەنیا ئەم ڕێگەیە بەرەو خەڵاس هەیە. گەر ئەوان لەسەر ئەو ڕێگەیە لا ببرێن بۆ ئەوەی بفڕێنرێن بەرەو بەرزاییەکانى ڕوانینی هۆشەکی (سپێکولاسیۆن)، ئەوسا ڕەوشەکەیان دوچاری سەرلێشێوانى قووڵتریان دەکات” (Ebd., 166).
پێدەچێت ئەم دەرئەنجامە زۆر ڕەشبینە خۆى لەنێو دابی هزرینی فارابى و ئیبن باجەدا ببینێتەوە. سەرەتا، تیگەیشتنی قووڵی ڕاسیۆنال و عیرفانیانەی حەی لە جیهان پەرچیوەتە نێو فۆرمە سیمبۆلییەکانى ئایینەوە. لە پشتی ئەمەوە ئەو تێزە ناسراوە خۆى دەبینێتەوە کە دەبێژێت فەلسەفە و ئایین لە کۆتاییدا هەمان ڕاستى لە خۆ دەگرن. وەلێ کاتێک مەئریفەی فەلسەفەیی تایبەتە بە کەسانى کەمی بەهرەمەند بۆ دانایى، ئەوا دەبێت بە پێچەوانەوە زۆرینەى مرۆڤان بەتەواوى و بڕوابوو بە واتای وشەکان شوێن ئایینى سروشى بکەون، چونکە زەین و کارەکتەریان لە ئاستێکدا نین کە ئیدی بتوانن لە فەلسەفە تێبگەن و ژیانى “دانا”یەک بەڕێوەبەرن. لێرەوە ستاتۆی فەیلەسوف لەنێو جڤاکدا دەکەوێتەوە. ئەو دەبێت بە پشتکردنە جیهان هەقى داناییەکەى بدات. کەواتە فەیلەسوف تەنیا ئەو کاراییەى بۆ گۆڕانى جڤاکێک هەیە کە بەتەنیا بە هزراندنى قووڵترین ڕاستییەکان، واتا بەڕێى لێرەبوونى تەنیاکەوتووى خۆیەوە، جڤاک بە ڕادەیەکی زۆر کەم چاکتر بکات. فەیلەسوف هیچ شیمانەیەکى نییە بۆ ئەوەی مەئریفەکانى بە هاومرۆڤانى ڕابگەیەنێت و بەم ڕێیەوە چاکسازیى جڤاک ئەنجام بدات، چونکە مرۆڤەکان ناتوانن لەو تێبگەن، نەخێر لەبریی ئەوە پێویستە کەسانی پاتریارشیایی بە ڕێنوما توند و حیکایەتە سیمبۆلییەکانى ئایین ڕێبەرییان بکەن. وەلێ لێرەدا ئەوە پتر جێی سووڕمانە کە بەتایبەتی لە بزاوتی ڕۆشناییەکانى ئەوروپادا ئاگامەندییەکى گەورە بەم کتێبەى ئیبن توفەیل بڕا. ئیدوارد پۆکۆک ساڵى 1671 تێکستە عەرەبییەکەى بۆ لاتینى وەرگێڕا، پاشان سایمن ئۆکڵى ساڵی 1708 تێکستەکەى لە عەرەبییەوە بۆ ئینگلیزی وەرگێڕا. هەردوو بڵاوکراوە ئەڵمانییەکەی پریتیوس (1726) و ئایشهۆرن (1783) دەگەڕێنەوە بۆ ئەم وەرگێڕانە ئینگلیزییە. ئەو ناونیشانە کە پۆکۆک و پریتیوس بە وەرگێڕانەکانی خۆیانیان دا، ئاماژەیەکمان بۆ نووسینەکەی دیفۆو پێدەدات: “Robinson: Philosophus autodidactus”، یان: “ئەو دانایەى جیهان کە فێرکەری خۆی بوو”. چە کتێبەکەی دیفۆو و چە ڕۆشناییەکانی سەرەتا بەگشتی لەو بڕوایەدا بوون کە مرۆڤ بە ئاوەزی خۆی نەک تەنیا توانای بۆ هەر کردارێکى خۆهێشتنەوە هەیە، بەڵکو هەروەها بۆ ئەو مەبەستە هیچ فێرکارییەکی لە لایەن دەسەڵاتێکی باڵاترەوە، بۆ نموونە دەسەڵاتێکی دەر-جیهانییەوە، پێویست نییە. مرۆڤ دەتوانێت بەتەواوی “لەنێو خودى خۆیەوە” نهێنییەکانى جیهانى فیزیکى ئاشکرا بکات و هەروەها لەو ڕەوتەدا ناوکە هومانیستییەکەى ئایین، بۆ نموونە یاساى نەریت، لە ئاوەزی خۆیەوە دەربئەنجامێنێت. ئەم تێڕوانینە بۆ نموونە لە نووسینەکەى لێسینگدا بە ناونیشانى “پەروەردەکردنى ڕەگەزى مرۆڤ” (1780) وەک ئیدیال خویا دەبێت. باوەجو لێسینگ، هاوشێوەى مۆزس مێندلسزۆن، ڕۆمانەکەى ئیبن توفەیلى دەناسى و بەرز دەنرخاند. سەرباری ئەوە ئەنجامی ڕەشبینانەى ڕۆمانەکە ڕاڤەکارانى ڕۆشناییەکان ناسڵەمێنێتەوە کە گۆیا جەماوەرى مرۆڤان تەنیا بە یاریدەی فۆرمە سیمبۆلییەکانى ئایین بە تێڕوانینی خۆی دەگات، وەلێ فەیلەسوف بەڕێى ئاوەزی تێگەییەوە.
بۆ ڕۆشناییدەران ئەوە گرنگە کە ئیبن توفەیل دەرفەت بۆ حەی دەڕەخسێنێت ڕێگەی خۆی بگرێتە بەر تاکو پەی بە نهێنییەکانی ئایین بەرێت. ئەمە ڕاڤەدەکرێت وەک شایەتمانهێنان بە سەروەریی ئاوەزی فەلسەفەیی بەسەر تێکستە پیرۆز و تەڵقیندادانە ئایینییەکاندا. هەر ئەوها لێرەدا دوو لایەن ئاشکرا دەبن: توانای سەبژێکتی فەلسەفەیی بۆ هەر ئەنجامدانێک لەنێو خودی خۆیەوە، هەروەها سەروەریی فەلسەفە بەسەر ئایین و ئەقیدەگەریدا. بەم ڕێیەوە دەتوانین شوێنێکی دیاریکراو بۆ ڕۆمانە فەلسەفەییەکەی ئیبن توفەیل بکەینەوە: وەک دۆکومێنتی نێو ترادیسیۆنێکی ڕۆشنایی دایبنێین کە بەردەوام و بەنێو سەرجەم کولتوورەکاندا بانگەشە بۆ ئۆتۆنۆمیی سەبژێکتی ئاوەزمەند دەکات.
بێگومان نابێت ئەوەش بشارینەوە کە ڕاڤەکارانى هاوچەرخ، بەتایبەتى لە زانستە ئیسلامییەکانەوە، گومان لە ڕاڤەکردنێکی بەو چەشنەى ئیبن توفەیل دەکەن. ئەمان وایدادەنێن کە حەى ئیبن یەقزان بەتایبەتى بەڵگەیە بۆ پاشەکشەی بێئومێدبووی ڕەشبینانەی فەلسەفە لە کولتوورى ئیسلامیدا کە بەردەوام پتر ئەقیدەگەریی ئایینى بەسەریدا سەروەریی وەرگرتووە.

سەرچاوە:
Geert Hendrich, Arabisch-Islamische Philosophie, Frankfurt / M 2005

فەرهەنگۆک
بەخۆدانی ئەدگار / شوناس (Selbstzuschreibung) و بەواندانی ئەدگار / شوناس (Fremdzuschreibung) دوو تێگەی سۆسیۆلۆگین. بە یەکەمیان ئەدگار یان شوناسێکی جەخت و پێناسەکراو بە خۆ دەدرێت، بە دووەمیان گرووپێکی مرۆڤان بەڕێی ڕەچەڵەک و شێوەی خۆییانەوە دیاریدەکرێت و زۆر جار کەلاخستن (Marginalisation) لە خۆ دەگرێت، بۆ نموونە کەلاخستنی کۆچکردووان بۆ نێو جڤاکێکی ئەوروپی کە ئەدگاری جیاوازیان لە دانیشتوانی ڕەسەنی جڤاکەکە پێدراوە.
ئەدگاری بەڕێکەوت (ئەکسیدێنس، بە عەرەبی “سیفات”) و گەوهەر (زوبستانس): ئەدگاری بەڕێکەوت ناکرۆکییە، بگۆڕە، بەڕێی خودی خۆیەوە لەگۆڕێ نییە، بەڵکو بەندە بە گەوهەرەوە کە بنەڕەتی یان “زامن”ی ئەوە. ئەڕیستۆتێلیس بە واژەی جیاواز گەوهەر ڕوون دەکاتەوە: سرەوتوو، زامنی ئەدگارەکان، فۆرمی نێو ماتەری (کەرەسە)، یان تاکە شت. کاتێک ئەدگار بەندە بە گەوهەرەوە، ئەوها گەوهەر تەنیا بەڕێی خۆیەوە هەیە. بۆ نموونە تێگەی “مرۆڤ” گەوهەرە، وەلێ تێگەی “نەخۆش”، یان “مووڕەش”، بەڕێکەوتە و ئەدگاری لکاوە بە مرۆڤەوە.
ئێپیستێمۆلۆگی: تیۆریی مەئریفە.
کلاسیکی: لە تێگەکەدا وشەی “کلاس” هەیە، واتا پۆل، چین، ی سەرەوە؛ واتای مەغزایی واژەکە ئەوەیە کە شتێک کۆن نابێت، لە سەردەمانی درەنگتریشدا هەنووکەیەتیی خۆی دەهێڵێتەوە، بۆ نموونە شانۆنامەکانی سۆفۆکلێس. کەواتە ناشێت کەسێکی “تەقلیدی” ناوبنرێت کلاسیکی.
ڕژان (ئێماناسیۆن): سەرجەم بوونەوەر لە “یەک”ی (ئەلئەحەدی) سەرچاوەییەوە دەڕژێت بەبێ ئەوەی “یەک” خۆی بگۆڕرێت. ئەمە پێچەوانەی کرداری ئافراندنی جیهانە لە لایەن خودایەکی ڕەهاوە کە ئایینە ئاسمانییەکان وەک بنەما دایدەنێن. وەلێ ڕژانەکە پلەییە، لای پلۆتین بەم چەشنە: “یەک” یان خودا ڕەهایە، نە هۆشە و نە دەروون، نە لە ڕاوم (فەزا) و نە لە کاتدایە. یەک سەرەتا لە خۆیەوە هۆش (نووس) بەردەدات کە دووانەیە، چونکە گەر ناسین (مەئریفە) هەبێت، ئەوا ناسراویش هەیە. ئەوجا هۆش درێژە بە ڕژان دەدات، سەرەتا ئیدێکان دروست دەکات و وەک پێشوێنەى دروستکردنی جیهان و تاکەکان وەریان دەگرێت: ئەو سەرەتا دەروونی جیهان دادەنێت و تێیدا هزر سەرهەڵدەدات. تاکە دەروونەکان لەنێو دەروونى جیهاندا بەتەواوکراوی هەن و بۆیە هاوسۆزانە پێکەوە پەیوەندن. دەروون نێوەندێکە لە نێوان کایەى هۆشەکى (یەک، هۆش، دەروون) و کایەى سروشتیدا (دەرکیدا). لەبەر ئەوەی دەروون سەرجەمێکە، ئەوا لە یەک-ەوە نزیکە، لەبەر ئەوەی لە لایەکى دیکەوە ڕوو دەکاتە کەرتەکان، ئەوا لە زۆرێتى نزیکە. سروشت نزمترین پلەى دەروونە، ئێستا دەروون خۆى بە لەشێک داپۆشیوە. لەبەر ئەوەی سروشت دەروێنەى کایەى هۆشەکییە (ئینتێلیگیبلە)، ئەوا کامیلە. ئێستا هەروەها ڕاوم (فەزا) و کات دێنە ئاراوە. دەروون لە خۆدا ئازادە، بۆیە لەنێو خۆیەوە هۆى نوێ دادەنێت. دوایەم پلەى ڕژان ماتەرییە (کەرەسەیە) کە پۆزەتیڤ نییە، بەڵکو پرنسیپى خراپەیە و دژەتەوەرى یەک-ی سەرچاوەییە. وەلێ پلۆتین داوا دەکات کە گەرەکە سەرجەم ئەوەى دروست بووە سەرلەنوێ بگەڕێتەوە بۆ لاى دەرچەی خۆی کە یەک-ە، گەڕانەوەکەش بەڕێى تاکەدەروونەوە ڕوو دەدات. دەروون بە چوونی بۆ نێو لەش گوناهبار بووە، ئێستا گەرەکە خۆى لە لەش ئازاد بکات، لەتەک هۆشدا یەک بگرێت و خۆى بە هۆش ڕۆشن بکاتەوە، لەتەک ئیدێکانى هۆشدا و لە کۆتاییدا تەنانەت لەتەک خودى یەک-ى سەرچاوەییدا ببێت بە یەک.

بڕوانە:
Johannes Hirschberger: Geschichte der Philosophie. Band 1. S. 293ff. Herder. Freiburg am Breisgau.
سپێکولاسیۆن: لاتینییەکان بەرانبەر تیۆرییا (لێڕوانین)ی گریکی دایان نا، واتا ڕوانینی هۆشەکی لە کرۆک کە نائەمپیرییە.
تڕۆپی: ناوچەی گەرم کە دەکەوێتە ژوروو و ژێرووی نزیکی هێڵی ئیستیواوە.




شار بیرناکاتەوە: هیچکات هێندەی ئێستا شار پێویستی بە بیرکردنەوە نەبووە..6.. ئازاد حەمە

بەشی شەشەمی ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟

شار، کە بیرکردنەوەی تیانەما گاڵتە بە نیشتیمان دەکات
شار بیرکردنەوەی تیانەماوە بۆیە گاڵتە بە نیشتیمان دەکات. لە شاری بێ بیرکردنەوەدا، شاری تۆراو لە تێڕامان و تەنراو بە پەرتی و بەدبەختی دڵۆپێک خۆشەویستی بۆ نیشتیمان تیابەدیناکرێت. نووکی خامە لە شاری وادا سەری لێتێکچووە. بنمیچی ئەم جۆرە شارانە بێ هیوایی ڕایگرتوە؛ ئەمەی دەیڵێین ڕەشبینی نییە، دەرئەنجامی تەنهایی شارە.
شار، کە بە مێژووی خۆی نامۆ بوو، کە هەڵەی مێژوویی زۆری دەرهەق بەخۆی کرد، بێگومان دواتر زۆرینەی شار زوو زوو کولەمەرگانە ژیاندەکەن. لە شاردا مێژوو وەک بەدبەختی لێیدەڕوانرێت، بۆیە لە هیچ سوچێکی شارەوە بیری مێژوویی جێگای تێڕامان نییە.
شار لەبەرئەوەی، دەمێکە شرۆڤەی مێژوویی خۆی ناکات، گەیشتووەتە چڵەپۆپەی باوەڕبەخۆنەبوون و بێگانەپەرستی، ڕاهاتووە لەسەر قەیران، لەگەڵ قەیران هاوسۆزە. ئەم شارە قەیراناوییە، قەیرانی ڕۆشنبیرانیشی، لەبەر ئەو ڕقەی هەیەتی لە مێژووی خۆی، هەرگیز نانووسێتەوە. بۆیە ئەوی رۆژانە لە شاردا دەنوسرێت خودێکی ڕۆشنگەری دروستنەکردوە. وەکیتر، شار دەمێکە لەگەڵ ڕۆشنگەریی پەیوەندی قرتاندووە.

٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠
شاری بێ بیرکردنەوە بیمارە
شار بیمارە. بیماریی شار دەرمانی تری پێویستە. کاتێک شار بیمار دەبێت و دەرمانسازی یان بیمارناسی، هیچیپێناکرێت پێویستمان بە بیرکردنەوەیە لە خودی دەرمان، کە بۆ هیچیپێناکرێت؟
شار؛ شاری ئێستای ئێمە، نایەڵێت لە فەلسەفە، کە بیرکردنەوەیە، وەک دەرمان لێیڕوانین. فەلسەفە دەمێکە دەرمانە؛ چەندین سەدەیە. لێ فەلسەفە، ئەم دەرمانە، لە دەرمانخانەکانی شاردا دەستناکەوێت. شاری ئێمە لەو جۆرە دەرمانخانانەی نییە، کە وەک دەرمان لە فەلسەفە بڕوانێت.
دەرمانخانەکانی شار بەدەست سەرمایەدارە سیاسییەکانەوەن، ئەمانە ناخوازن فەلسەفە دەرمانبێت و فەیلەسوف دەرمانخانە بباتەڕێوە. هەر کە سەرمایەدارە سیاسییەکان لە فەلسەفەیان ڕوانی وەک دەرمان سەرمایەکانیان دەخەنە بەرمەترسییەوە. دەرمانخانە، کە بەدەست پارەدارەوەبێت، نەک پسپۆر لە نەخۆشیناسی و دەرمانساز شار ناتەندروستدەبێت. سەرمایەداری سیاسیی، کە ڕوو لە وەبەرهینان لە بواری دەرمانسازی دەکات پێش هەموو شتێک خەو بە بیماری و پەکەوتەیی ئێمەوە دەبینێت.
٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠
فەلسەفە دیاردەیەکی شارییە
فەلسەفە، کە شای بیرکردنەوەیە، دیاردەیەکی شارییە. ئەوەتا کۆمارەکەی ئەفلاتون پێماندەڵێت فەلسەفە واتە شار؛ شاری بێ فەلسەفە شارێکە گشت دژەکان(بێ دادی، گەندەڵی، نەزانین، …) تێیدا بەسەر فەلسەفەدا زاڵدەبن.
شار ئەو شوێنەیە، کە فەلسەفە لەخۆدەگرێت. شار و فەلسەفە دەستلەملانن. شار پێویستی بە فەلسەفەیە و فەلسەفەش شار دەکاتە گۆڕەپانێک بۆ هێنانەکایەوەی ململانێی بەرهەمداری هزریی و گفتوگۆی نادوبارە و پێویست.
فەلسەفە دیاردەیەکی شاریی مرۆییە. لەو شوێنەی شار هەیە، پێویستە فەلسەفەش هەبێت. فەلسەفە کە دێتە شارەوە گومان، تێڕامان و ڕەخنە دەستپێدەکات. وەکیتر، فەلسەفەیەک لە شاردا گەشەیکرد و هەقی بەسەر دەسەڵاتی سیاسیی و ئاینییەوە نەبوو فەلسەفە نییە. فەلسەفە کاتێک وەک فەلسەفە تەماشادەکرێت، کە بە چەنوچونە ڕۆژانەیەکانەوە سەرقاڵمانبکات و لە کێشەکانمان بدوێت.
کاتێک فەلسەفە دەبێتە دیاردەیەکی شاریی دەبێت لەوە بەئاگابین، کە شار پڕە لە دیاردە داماو و نەگبەتەکان. ئەمە داوامان لێدەکات پرسیاری سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابووریی دروستکەین.

٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠
شاری بێ فەلسەفە شاری بێ بیریارە
شاری بێ فەلسەفە شاری بێ بیریارە. شار چ شارێکە حەز لە چارەی فەلسەفە نەکات، کتێبی فەلسەفیی تیاییدا هەرزانترین کتێب بێت، شانۆکان، تابلۆکان، فیلمەکان، وانەکانی هۆڵەکانی زانکۆ، گفتوگۆی نێوان هاوڕێیان دوور دووربێت لە فەلسەفە؟؟ ئەوەی لەم بارەوە وەک وەڵام دەشێت بوترێت، ئەوەیە، کە دۆخی نالەباری فەلسەفە لە شارەکانی ئێمەدا بەرهەمی ئێستا نییە، ئەم دۆخە دیرۆکی هەیە.
شار کە بێ ئاگا بوو لە سەرچاوەی بیری یۆنانی و رۆمانی واتە ئەم شارە بیرمەندی نییە. شار کاتێک دەکارێت بڵیت بیرمەندم هەیە، کە ئەوانەی پێیان دەوترێت بیرمەند لەلایەک ئاشنابن بە سەرچاوەی بیری یۆنانی و ڕۆمانی و لەلایەکی تر خوێنەرێکی باشی مێژووی هزر و ئایینەکان بن. شاریش کە بیرمەندی نەبوو کاولگایە، باشترین شوێنە بۆ گەشەی نادادی و بێ وەفایی.
شاری بێ بیریار، شاری بێ بیرکردنەوەیە، شاری وا دین و دەوڵەتی لێکجیانەکردووەتەوە و ترسیشی لە جیاوازیی هەیە. لە شاری لەم شێوەیە ڕێنێسانس ناخوڵقێت، گەشە پەرت و پەرشوبڵاوە و ڕەوتی هزری جیاوازیش بوونی نییە؛ شتەکان هەموو هاوشێوەن؛ هاوشێوەیی بکوژی جیاوازییەکانە.
٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠
ناکرێت فەلسەفە نەبێت و فەیلەسوف هەبێت
ناکرێت فەلسەفە نەبێت و فەیلەسوف هەبێت. شاری بێ فەلسەفە شاری بێ فەیلەسوفە. باشە پێوەرە شارستانییەکان سەبارەت بە نەبوونی فەیلەسوف لە شار دا چیمان پێدەڵێن؟ ئەوەمان پێدەڵێن، کە ئەوە چ شارێکە بانگەشەی بوونی فەیلەسوفهەبوون دەکات و فەلسەفەی نییە! شارە بێ فەیلەسوفەکان ڕاڤەکارییان تیا بەرهەمنایەت. ماقوڵ نییە فەیلەسوف نەبێت و باشترین شیکاریش هەبێت. ناکرێت هزری فەلسەفیی نەبێت و توێژینەوەی فەلسەفیی هەبێت. شار و فەیلەسوف پێکەوە هەن. مەگەر هەر زوو پیرەمێردەکەی یۆنان(ئەفلاتون) نەیووت: فەیلەسوف دەبێت شار بباتەڕێوە. کوا شار قسەی فەلسەفیی بەهەند وەردەگرێت. لە شاردا، کە وتنی فەلسەفیی لە قەیراندا بوو، ئەوا لەو شارە کۆی وتن لەژێرپرسیارە.
گەر لە شاردا فەلسەفە هەبێت جێگا فەراهەمدەبێت بۆ ناجۆر و جیاوازەکان، بۆ ئەوانەی لە ئێمە ناچن و ئێمەش، کە لە ئەوان ناچین. شار گەر شاری کۆکردنەوەی جیاوازەکان نەبێت شار نییە؛ مەرجەکانی شاربوونی تیانییە. هەر ئەو شارەی دان بە جیاوازییەکان ناهێنێت نە فەلسەفەی هەیە و نە فەیلەسوف.
٠٠٠٠٠٠٠٠
شاری فەلسەفەدار ئازادی ڕەسەنی تیایە، نەک کۆپی
شار و ئازادی وەک شار و فەلسەفە دەستلەملانە. کە فەلسەفە لە شاردا هەبوو ئازادی هەیە؛ ئازادی ڕاستەقینە، نەک ئازادی گەندەڵکراو. ئازادی و فەلسەفە پێکەوە مانا بە بوونی شار دەدەن. شار بە ئازادییەوە جوانە. فەلسەفە دەتوانێت لە ئامدەبوونی شاردا گفتوگۆی ئازادی بکات.
ئازادی زێدەرۆیتیاکراو ئازادی نییە و فەلسەفە لێیبەگومانە. بۆئەوەی شاریش بخرێتەژێرپرسیارەوە پێویستە فەلسەفە لە شاردا بوونی هەبێت. ئەمەش نایەتەدی تا ئازادی چەتری فەلسەفە نەبێت. ئەمەش لەبەرئەوەی ئازادی پارێزەری فەلسەفەیە و خودی فەلسەفەش لە گەرووی ئازاددا چرۆدەردەکات.

٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠
فەلسەفە کە شاری جێهێشت شار پڕدەبێت لە کێشە
فەلسەفە کە شاری جێهێشت شار پڕدەبێت لە کێشە. هەنووکە شار لێوانلێوە لە کێشە. شاریش کە وابوو پێویستی بە فەلسەفەیە. وەکیتر، شار و ئێمەی کورد هیچکات هێندەی ئێستا پێویستمان بە فەلسەفە نەبووە. شار پڕە لە زٶڵە سیاسی، زۆڵە نووسەر، زۆڵە پەروەردەیی، تەکفیریی، مناڵەکانی نیولیبرالیزم، دڵخوازەکانی سۆسیال میدیا، زۆڵەژورنالیست، سیاسی چەنەباز و داوێنپیس و سەرمایەداری بێ ئاگا لە واتای سەرمایە و مافەکانی کرێکار.
شار موحتاجی فەلسەفەیە. کێشەکانی شار، شار ناچاردەکات کاری بە فەلسەفە بێت. شار، کە بێ کێشە بوو فەلسەفەی ناوێت. لەو شوێنەی فەلسەفە هەیە، کێشەیەک بوونی هەیە. فەلسەفە هەیە تا کێشە دەستنیشانبکات؛ بەدوای چارەسەر و وەڵام بۆ کێشەکان بگەڕێت.

٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠
بیرکردنەوەی شاری ئێستای ئێمە فەلسەفیی نییە
ئەو نەختە بیرکردنەوەیەی لە شاردا هەیە فەلسەفیی نییە. فەلسەفیی بوایە بیرکردنەوەی بەدوا دەهات، پرسیار دروستدەبوو و تێڕامان لێرە و لەوێ گڤەی دەهات. بەرپرسیارێتی بیرکردنەوەش دروستنابێت شار بێ فەلسەفە بێت.
مێژووی گەشەسەندنی بیری فەلسەفی لە شارەوە دەستپێدەکات. ئەو مێژووەش لە دەرەوەی بیرکردنەوە نییە. بیرکردنەوە و شار یەکتر بەرەو پێشەوەدەبەن. بیرکردنەوە شار دەگۆڕێت. شار بێ بیرکردنەوە جێگیرە، وەستاوە.
شار شوێنی چالاکییە مرۆییەکانە. ئەوە شارە، کە دواجار کردە داهێنانییەکان دەخاتەڕوو. داهێنان لە شاردا وێنەیەکیتر لەسەر شار دروستدەکات؛ بیرکردنەوە بەرەو ئاستێکیتر دەبات. خودی سەرهەڵدانی بیرکردنەوەی فەلسەفییش بەشیکە لەم پرۆسەیەیە لە شاردا.

٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠
شار و داهێنان
ئازاربەخش و پێکەنیناویشە شار پشت لە فەلسەفە بکات. سەیرە، شار پێیوابێت بێ فەلسەفە میدیا، شانۆ، موزیک، سیاسەت و داد تیایا سەروەردەبێت و بێ فەلسەفە زانکۆ، پەروەردە و نێوەندەکانی توێژینەوە کارەکانیان بەڕێوەدەچێت.
بیری فەلسەفیی ڕاستەقینە کۆی بیرە داهێنییەکانی شارە. شار مۆڵگەی داهێنانە، بنکەی چەنوچونە ڕەخنەییەکانە. لە شاردا سینەما، شێوەکاری، بالێت، شانۆ، ئۆپێرا گەشەدەکات. ئەم بوارە داهێنانییانە توانای بیرکردنەوە لە شاردا بەرەو ئاستێکیتر دەبات.

٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠
کاتێک شار بیرکردنەوەی فەلسەفیی بچوکدەکاتەوە
شاری سیاسیی و ئاینیی (لاهوتیی) بیرکردنەوەی فەلسەفیی بچوکدەکاتەوە. شاری ئێمە بەئاشکرا والە پرسیاری فەلسەفیی، بیرکردنەوە دەکات بچوکبکرێتەوە بۆ پرسیاری ناسنامەیی سیاسیی یان نەتەوەیی یان ئایینیەکان. ئەو بیرکردنەوەیەی بەو پرسیارانەوە سەرقاڵدەبێت لۆکاڵی و سادە دەبێت. بۆیشە شار بێ بیرمەندە. بیریار لەناو ئەو جۆرە ژینگەیە دروستنابێت، کە بە پرسیارە بچووکەکانەوە سەرقاڵە.
بەرژەوەندی شاری ئێستای ئێمە ئەوەیە، کە شار نزیکبێتەوە لە شەڕە قسەی سیاسیی و ئایینیی تەکفیریی و سەلەفیی. شاری ناساغ لەزەت لەوە وەردەگرێت، کە شار لە دۆزی خۆی بیرنەکاتەوە. شارێیک، کە دۆزی خۆی نەخستەژێرپرسیارەوە؛ کە لە شاربوونی خۆی تێڕامانینەکرد، ئەو شارە جێگای متمانە نییە. شار پێویستە دڵسۆزی خۆی بێت. شارێک بەرامبەر بە دیرۆکی خۆی بەوەفا نەبوو؛ کاری لەسەر دۆخی شاربوونی خۆی نەکرد، هی ئەوە نییە هیوای لەسەر هەڵچنرێت. شاری لەم شێوەیە بەربەستە لەبەردەم بیرکردنەوەی فەلسەفیی.
٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠
شاری دوای ڕاپەڕین
شاری دوای ڕاپەڕین بیردەکاتە؟ بەڵێ بیردەکاتەوە، لێ لە چی؟ ئەوەی شاری دوای ڕاپەڕین بیریلێکردوەتەوە بە چی گەیاندین؟ بە زۆربوونی حیزب، بە زۆڵەژۆرنالیست، بە سیتی دروسکردن، بە کۆمپانیای حیزبی، بە زۆربوونی کۆمیتە و بە سەرەڕۆیی سیاسیی گەیاندین.
شاری دوای ڕاپەڕین بێ هیوایکردنین لە دروستبوونی وتارێکی ڕوناکبیریی فەلسەفەدار. نوسینەزبڵ زیادیکرد، چاپخانە و کتێبفرۆشی زۆر و زۆر بوون، ئەڵبەتە بێ ئەوەی فەلسەفە خاڵی هاوبەشی نێوان زانکۆ و چاپخانەکان بێت. لە دوای ڕاپەڕینەوە هەڵەنەبین نزیک ملیۆنێک سیمپۆزیۆم، هۆرکشۆپ، مێزگرد، کۆنفرانس، پانێل و گفتوگۆ سازکراوە بێ ئەوەی فەلسەفە لەناویان بخولێتەوە، بێ ئەوەی فەلسەفە زمانی هۆنینەوە و داڕشتنی کار و سێمینارەکان پێکبهێنێت.
گشت گفتوگۆکانی ئەو سیمپۆزیۆم، هۆرکشۆپ، مێزگرد، کۆنفرانس، پانێلانە چییان بەرهەمهێنا؟ دۆزی پەروەردە، تەندروستی، بڵاوبوونەوەی ناساغی و بیماریی کوشندە، ژینگە، مناڵ، باری پیر و خانەنشینی خستە ژێپرسیارەوە؟ ئەوەی بەرباسخست بۆ سیاسیی هەم سیاسییە هەم سەرمایەگوزار و بگرە ڕوناکبیریشە؟ بۆ ژن دەکرێتە فیگەر و دەشکرێتە کاڵا؟ ئەوەی گرنگی پێنادرێت پیرە. لاوانیش دۆخیان لە پیرەکان باشترنییە؟
٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠
شاری ئێمە شوێنێک نییە بۆ ڕەتکردنەوەی گریمانەکان و وەڵامە ئامادەکراوەکان

شار گریمانە و وەڵامی ئامادەکراو بەرهەمدێنێت؛ ئەمەش لەبەر بێ هزرییە شار پرسیاری نوێ ناکات و پرسیاریش خولیای دۆزینەوەی وەڵام نییە. کاتێک شار شوێنێک نەبوو بۆ ڕەتکردنەوەی گریمانەکان و وەڵامە ئامادەکراوەکان ئەوکات بەڵگەمەندی و بیانووهێنانەوە بێ بەها دەبێت. لۆژیك، کە هونەر و زانستی بەكارهێنانی ئاوەزە ،بڕیارێکی ژیرانەشە لەسەر چی هەڵەیە و چیش ڕاستە، لە شارەکانی ئێمەدا نالۆژیک حاکمە و پێویستیش بۆ بەڵگەهێناوە یان دژەبەڵگە بوونی نییە.
قەدەغەکردن لە شاردا کاتێک دەستپێدەکات، کە فەلسەفە کۆچیکردبێت. لەبەرئەوەی فەلسەفە لەسەر بوون و بوونەوەر قسەدەکات، کار لەسەر شیکاریی و گومان دەکات. شار، کە نەیتوانی گومان بەخێوبکات خۆی لەسەر پاساوی بێ بناغە و بەڵگەی دور لە ڕاستی ڕادێنێت. ئەمەش پرسیاری بۆش و وەڵامی ژەنگاوی بەدوای خۆیدا دێنێت.
٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠
کە لە شاردا بیرکردنەوە نەما شیعر، شانۆ، هونەری خراپ باودەبێت

چەند دیاردەیەکی کوشندەیە، کاتێک لە شاردا بیرکردنەوە نامێنێت و شیعر، شانۆ، هونەری خراپ دێنەکایەوە. ئەمە ناکرێت وەک کێشەیەکی لاوەکی شار ببینرێت. ئەو بوارانە کردەیەکن لە بیرکردنەوە، گەر ئەوە وەزعیەتی شار بێت، کە پێشتر باسکرا، لەسەرەخۆ شیعر، شانۆ، هونەر لە ئاستێکی نادرەوشاوەدا دەبن.
تیشک خستنەسەر دۆخی بیرکردنەوە لە شار بێ ئاوڕدانەوە لە ئاستی شیعر، شانۆ، هونەر تێنەگەیشتن لە ئاسۆی شار دروستدەکات. مخابن، کاتگەلێک هەبووە ئەم شارەی ئێستامان ئەدەب تیایا لە ترۆپک دا بووە، نووقمی ناو ژینگەیەکی کولتوری بووە. کەچی ئێستا شار ڕقی لە بەرهەمەکانی خۆیەتی.
کۆشکی ئەدەبیی ئێستامان لە شار هی لەمەوبەرە. بەرلەوەی ئەم ئێستایە بێت بە سەلیقەوە ئەم کۆشکە دروستکراوە. خۆ پێشتریشمان پڕبووە لە ناخۆشگوزەرانی، نەهامەتیی و ژیانێکی سەرسەختانە، بەڵام ئەو دەمە هێشتا بیرکردنەوە مابوو؛شار ئەو کات پڕ بوو لە بیرکردنەوە.
سەرئەنجام، زیادەڕۆییە ساتەوەختی ئێستامان لا پێبەرهەمدار بێت. تاکە شتێک شار پێوەی سەرقاڵە دیاردەی سێکسیزم و پارەگەراییە. گەر شیعر، شانۆ، هونەری ئێستامان بەگژ ئەم دوو دیاردەیەدا نەچێتەوە مشەخۆردەبێت لەسەری بیرکردنەوەی پێشوومان.
٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠

شار و شارەوانی پەیوەندیان زۆر خراپە
شار حەوسەڵەی بیرکردنەوەی نەماوە و شارەوانیش بێ بیرکردنەوە هەنگاو دەنێت. هاوکات شار و شارەوانی لای ئێمە پەیوەندیان زۆر خراپە. شار بە قسەی شارەوانی ناکات و لە مێژووی شاربوونی خۆیشی تێناگات. شار بێ گوێدانە خۆی گەشەدەکات، شارەوانیش مامەڵەی بێگانە لەتەک شاردا دەکات. شار لە شارەوانی یاخییە، چونکە شارەوانی شار بۆ مەبەستی سیاسیی و بازرگانیی خۆی بەکاردەبات.
شار و شارەوانی دژی جوانیین؛ دژی ژینگە و ڕێکخستنن. کەش و هەوای سیاسیی شاریش لەوبارەوە هاوکارە. شار، کە لە جوانی خۆی حاڵینەبوو، کە بایەخپێدەرنەبوو بە سروشت و ئاو و هەوای خۆی، گومانیناوێت ناتوانێت خۆی خۆشبوێت. خۆشەویستی شارەوانی بۆ شار بە لافیتە و گوزارەی نەتەوەیی کاتیی پینەناکرێت؛ شارەوانی دەبێت لە تەلار تێبگات، لەوە حاڵیبێت تەلارسازی قاچێکی لەناو جوانناسییە.
دیاردەکانی شار دوژمنی بیرکردنەوەی جوان و باشن. کێ بوون ئەوانەی شاریان بەم دەردەبرد؟ ئەوانەی ناهێڵن شار بیربکاتەوە. شار،کە جوان نەبوو، کە دژە جوانیبوو ئەوکات بیرکردنەوەی پەروەردەیی و بیریی ژینگەپارێزیی بێبەهادەبن. شار بەمجۆرە بێت، نە لێبووردە دەبێت و نەش لە مانای دراوسێی و هاورێیەتی تێدەگات. شاری ئێستامان بووەتە، کراوەتە، موڵکی پۆلێک سیاسیی و بازرگانیی لادێی ناشاریی، کە ڕقیان لە شارە؛ لە واتای شاربوون و جوانکاریی شار تێناگەن. ئەم پۆلە لەوە حاڵی نیین، کە شار شوێنی سینەما، بالێت، شانۆ و ئۆپێرایە.
سەرئەنجام، شارەوانی، بۆ مەبەستی سیاسیی خۆی، گوشاردەخاتەسەر شار. ئەمەش پێگەی شار لاواز دەکات و پەراوێزکارییش لە شاردا دەگەیێنێتە ترۆپک؛ مخابن شاریش لەوبارەیەوە پرسیارناکات. شار تائێستا لەوە تێنەگیشتووە لەسەر بنەمای تۆڵەسەندنەوە گەشەناکات. شارەوانی سەرقاڵی شتی ژێر بەژێرە؛ ئەم دیاردەیە فرە زیادیکردوە، شاریش لە گۆڕانکارییە خێراکان، کە شاریان قۆزتووەتەوە، تێڕامانناکات.

سەرنج: بەشی شەشەمی ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟




ژیان و بیرى نیچە لە زارى خۆیەوە.. دڵشاد کاوانى

(من چارەنووسی خۆم دەزانم. ناوەکەم ڕۆژێک بە کۆمەڵێک یادەوەری شۆککەرەوە دەبەسترێتەوە – تێزێک کە پێشتر لەسەر زەوی نەبینراوە، ململانێیەکی قووڵی ویژدان سەریهەڵدا بۆ ئەوەی کە داوا لە خەڵک دەکرا باوەڕیان پێ بکرێت، لە گەوهەرەوە تا ڕۆحى پیرۆز. لە هەر شوێنێک فانتازیا ببینیت، من مرۆڤایەتی دەبینم، بەڕاستی سەرووى مرۆڤایەتی دەبینم!)
ئەمە قسەی فەیلەسووفی یاخیبووى ئەڵمانی فریدریش نیچەیە. ئەو باوەڕەی باسی لێوە دەکرد، ئەو باوەڕە بوو کە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا ئەوروپای گرتەوە. نیچە یەکەم فەیلەسووف بوو درکی بەوە کرد کە بە باوەڕبوون بە خودا، جیهانێکی تەواو نوێ لە جیهانی مرۆڤدا لەدایک دەبێت و ئەم جیهانە نوێیەش جیهانێکی ئازادی ڕەهایە: کە تێیدا مرۆڤ بە تەنیا تاکە پێوەرێکە بۆ هەموو گەردوون.
نیچە وەک کارل مارکس و ئەنیشتاین و سگمۆند فرۆید یەکێکە لەو بیرمەندانەی کە لە سەدەی بیستەمدا کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر بیرکردنەوەی مرۆڤەکان هەبووە. لەژێر کاریگەری نیچەدا حەقیقەتی ڕەها و بنەما ئەخلاقییە ڕەهاکان لەبەریەک هەڵوەشاندەوە و مرۆڤەکان بە ئاسانى نەیاندەتوانی ڕاست لە هەڵە، هەڵە لە ڕاست، هەڵبژێرن.
(خودا مردووە. خودا جارێکی تر زیندوونابێتەوە، چونکە ئێمە کوشتمان. ئێمە بکوژانی خودا چۆن دڵنەوایی خۆمان بدەینەوە؟ ئەو خودایە بێ سنوور میهرەبان و بەهێزە کە لە گەردووندا بوونی هەبووە، لە ژێر چەقۆی ئێمە خوێنی لێدەهات تا مردن. کێ خوێنی دەستمان دەسڕێتەوە؟)
ئەو ڕاستییە کە پێشتر هیچ ڕاستییەکی ڕەها نەدۆزراوەتەوە، ڕەنگە بۆ زانایانی سەدەی بیستەم ئەمە پڕۆژەیەکى عەقڵانی بێت، بەڵام نیچە پێشەنگى ئەم بیرۆکەیەبوو. (ئێستا ڕانەهاتووین و بیر نەکەینەوە کە کردەوەکانمان و چارەنووسمان بە ویستى خودا دیاری دەکرێت. ئێمە چارەنووسی خۆمان دروست دەکەین، هیچ شتێک پێشوەختە دیاری نەکراوە، بە پشتبەستن بە هەوڵ و بڕیارە ئازادەکانی خۆمان بوونی خۆمان دەردەبڕین بەبێ ئەوەی لە ژێر کاریگەری هێزە دەرەکییەکان بین – ئەمانەن کە پێمان وایە عەقڵانیترین شتن لە سەردەمی مۆدێرن).
هەرچەندە بیرۆکەکانی نیچە خەڵکی بۆ شکۆمەندی بانگ دەکرد، بەڵام ئەو ئازادییەی کە نیچە بۆ خەڵکی هێنابوو، جۆرێک لە بارگرانی بوو، چونکە نیچە زۆر باش دەیزانی کە لەگەڵ مردنی خودادا ئەو شتانەی کە بە تەواوەتی بە ڕاست و پیرۆز لە لای مرۆڤەکانەوە دادەنرا. بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە، نیچە دەبوو کارێک بکات کە پێشتر کەس نەیکردبوو و بۆیە نیچە باجێکی زۆری بۆ دا. نیچە دەیویست ئەخلاقی جیهانێکی بێ خودا بنیات بنێت، بۆیە ئەرکێکی بۆ خۆی دانا کە کەسی تر نەیتوانی جێبەجێی بکات. کەواتە وەهمە دەمارگیرەکانی نیچە بوون بە حەتمییەتى تەواو.
هەوڵە فەلسەفییە گەورە و مەبەستدارەکانی نیچە لە تەمەنی ٤٤ ساڵیدا بە شێتی کۆتایی هات. ئەم بەرپرسیارێتییە گەورەیە وەک بیرمەندێک لە کۆتاییدا نیچەی وەک مرۆڤێک لەناوبرد. ئایا لە گەشتەکەیدا بۆ جیهانی نهێنی، ئایا ئەو ڕاستییە کۆتاییەی دۆزیەوە کە مرۆڤ دەکاتە مرۆڤ؟
“لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ١٨٤٤ لە شاری ساکسۆنیا لەدایک بووم و پەرستنی پیرۆزم وەرگرتووە.” باوکم، فریدریش ویلهێلم، پیاوانی ئایینی ئەم شارۆچکەیە بوو، نموونەیەکی تەواو بوو بۆ پیاوێکی لادێیی. بە سروشتی خۆی بەهرەمەند و زیندوو و میهرەبان بوو و خۆی بە هەموو فەزیلەتە جوانەکانی ئایینی مەسیحی بەخشی. “ژیانەکەی پاک و سادە بوو، بەڵام پڕ بوو لە خۆشی.”
لە کاتی پەرستنی نیچەدا باوکی لە بەڕێوەبەرەکەی پرسی: “ڕات چییە لەسەر ئەم کوڕە؟” ئەویش لە نیچەى پرسی گەورە ببيت بۆ ئەوەی کەسێکی باش بیت، یان گەورە ببیت بۆ ئەوەی کەسێکی خراپ بیت. پاشان درێژە بە باسکردنی هەموو ئەو شتانە دەدات کە منداڵانی بچووک دەتوانن ڕووبەڕوویان ببنەوە، لەوانەش گوناه و وەسوەسە و لەم کارەدا هێڵی نێوان چاکە و خراپە لە دڵی نیچەی گەنجدا دەکێشێت. دوای چەندین ساڵ، نیچە کتێبی “لە دەرەوەی چاکە و خراپە”ی نووسی و بە درێژایی ژیانی فەلسەفی خۆی هەوڵیدا ئەم سنوورە ڕوون و ڕەهایەی نێوان چاکە و خراپە کاڵ بکاتەوە و چاکە و خراپە بەیەکەوە ببەستێتەوە و ئەو دووانە وابەستەی هەریەکەیان بکات.
ڕەنگە نیچە بەختەوەرترین بەشى تەمەنی لە هەموو ژیانی سەردەمى منداڵیی بووبێت، هەرچەندە خوشکەکەی دوو ساڵ دواى ئەو دا لەدایک بووە، دوای ساڵێکێتر برایەکی بچووکتر لەدایک بووە. بەڵام کارەساتێک لە ساڵی ١٨٤٧ ڕوویدا کاتێک باوکی نیچە تووشی نەخۆشی ئیفلیجی مێشکی چارەسەرنەکراو بوو. باوکی لە ساڵی ١٨٤٩ کۆچی دوایی کرد، برا بچووکەکەی دوای ساڵێک کۆچی دوایی کرد. نیچە هەمیشە وەک پاڵپشتێکی ڕۆحی چاوی لە باوکی دەکرد و ڕێزی لێ دەگرت. لەو کاتەدا نیچە ناچار بوو بۆ ماوەی ساڵێکی تەواو سەیری نەخۆشی باوکی بکات. نیچە نەیتوانی بەسەریدا زاڵ بێت کە بۆچی ئەو خودایەی باوکی متمانەی پێ دەکرد و باوەڕى پێ دەکرد و خزمەتى دەکرد، بەو ئازارەى بەرگە نەگیراو سزاى داوە. ئەمە ئەو فاکتەرە یەکلاکەرەوەیە بوو کە بووە هۆی ئەوەی نیچە سەرەتا گومانەکانی لەبارەی ئایینی مەسیحییەوە دروست بکات.
کاتێک نیچە تەمەنی تەنها پێنج ساڵ بوو کاتێک باوک و براکەی لەدەستدا، لەگەڵ دایکی و خوشکەکەیدا ڕوویان لە شارۆچکەی نۆڤەمگ کرد، لەوێ بۆ خوێندن دەچێتە بەشەناوخۆیی شولففۆر لە دووریی 5 میل.
ئاماژەی بەوەشکردووە: کاتێک کاتی ئەوە هات کە بچمە مانگی نۆڤەمبەر، کەسایەتیم دەستی بە دەرکەوتن کرد. من وەک منداڵەکانی تر بێخەم و دڵخۆش نەبووم چونکە لە منداڵیدا خەم و پەژارەی زۆرم بەسەر بردبوو. هاوڕێکانم گاڵتەیان بە دۆخی گرژ و ڕەش و ڕووتم دەکرد. هەر لە بچووکییەوە هەمیشە حەزم دەکرد تەنیا بم، کاتێکیش تەنیا دەبم، دوور لە سەرقاڵکردن و کاتێک لە دەرەوەی خۆمم، هەست بە گەورەیی دەکەم”.
نیچە وەک “خوێندکارێکی ماندوو، دیسپلین لە کار و ڕەفتارەکانیدا، و بە چوستى و تینوێتییەوە فەرمانە ئایینییەکانی خوێندووە”. لە ژیانی دواتردا نیچە خۆی بە “دژە مەسیحی” ڕاگەیاند، بەڵام ئیتر وا نەبوو. دوای تەواوکردنی ئەم قوتابخانەیە، شوێنپێی باوکی کەوت و چووە زانکۆی بۆن بۆ خوێندنی ئیلاهیات. بەڵام لە یەکشەممەی جەژنی ئیستەر لە ساڵی ١٨٦٥دا، ڕەتیکردەوە لەگەڵ خێزانەکەی بەشداری لە مەراسیمی پیرۆزی کڵێسای ناوخۆیی نۆڤمبۆرگدا بکات. لە کۆتایی ئەو ساڵەدا بە تەواوی وازی لە پیشەی ئایینی هێنا و دەستی کرد بە خوێندنی زمانەوانی و ئەدەب بە ئامانجی بوون بە زانای کلاسیکی. لە نامەیەکدا بۆ ئەلیزابێسی خوشکی، هۆکارەکانی لادانە کە دەنووسێت.

  • ئەلیزابێسی خوشکی ئازیزم، تاکە مەبەستم لە نووسینی ئەم نامەیەدا ئەوەیە کە بۆچوونی خۆمتان پێ بڵێم لە بەرامبەر باوترین بەڵگەکانی ئیمانداران. هەر باوەڕێکی ڕاستەقینە بە تەواوەتی بێ هەڵەیە، چونکە باوەڕ لە خۆیدا گوزارشت لەوە دەکات کە باوەڕدار هیوای دۆزینەوەی هەیە، بەڵام باوەڕ هیچ ڕاستییەکی بابەتییمان بۆ دابین ناکات.
    لێرەدایە کە ڕێگەی مرۆڤ دەست بە دابەشبوون دەکات: ئەگەر بەدوای ئارامی و بەختەوەری دڵتدا بگەڕێیت، ئەوا باوەڕ بکە؛ ئەگەر دەتەوێت بتێکی حەقیقەت بیت، ئەوا بەدوایدا بگەڕێ.
    دوای ٢٠ ساڵ لە دەستبەرداربوونی نیچە لە باوەڕەکەی، بەرهەمی “دژی مەسیحییەت”ی نووسی. زۆرجار بەرهەمەکانی بەم شێوەیە دەنووسی “لە سەر بەردی گۆڕی خودا نووسیومە”. بەهێزترین هێرشی نیچە بۆ سەر ئایینی سروشتی دابەشکەر لە تەنزێکی شێتێکدا هات، کە لە ساڵانی کۆتایی ژیانی نیچەدا نووسراوە، کە بە قسە سەرسووڕهێنەرەکەى “خودا مردووە” بەناوبانگە.
    لە ساڵی ١٨٦٩ واتە ١٠ ساڵ دوای بڵاوکردنەوەی کتێبی (دەرویین لە سەرچاوەی جۆرەکان)، نیچە بانگهێشت کرا بۆ پۆستی پرۆفیسۆری زمان و ئەدەب لە زانکۆی بازل. تا ئەم خاڵە بەڕاستی خۆی لە سنووردارکردنی ئایینی مەسیحی ڕزگار کردبوو، بەڵام نەیدەتوانی شتێکی دیکە جێگەی مەسیحیەت نەگرێتەوە. نیچە پێی وابوو کە ئازارەکانی مرۆڤ تا ڕادەیەک قووڵن و ئەگەر سزای پیرۆزی خودایی نەبێت، ناتوانرێت ئازارەکانی مرۆڤ ڕوون بکرێتەوە. نیچە بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەکانی بدۆزێتەوە، ڕووی لە فەلسەفە کرد، بۆیە لەگەڵ فێرکارییەکانی فەیلەسووفی بێدینی ئەڵمانی ئارسەر شۆپنهاوەردا ئاشنا بوو، هەر لەم فێرکردنەدا بوو کە نیچە وا دیار بوو تێگەیشتووە کە چۆن گەردوون بەبێ خودا دەتوانێت بوونی هەبێت و دڵنەوایی و هیواى بۆ بۆچوونەکەى دۆزیەوە.
    دوای ئەوەی نیچە بۆی دەرکەوت کە چیتر ناتوانێت باوەڕ بە خودای مەسیحییەت بکات، ئاسایی بوو فەلسەفەی شۆپنهاوەر سەرنجی ڕابکێشێت. لە ناوەڕۆکی فەلسەفەی شۆپنهاوەردا جۆرێک لە ڕەشبینی و خەمۆکی و ئینکاری و بیرۆکەی دونیای نەرێنی بۆی دەرکەوتووە کە زۆرینەی ڕەهای ژیانی مرۆڤەکان زۆر بەختەوەر نییە، ژیانیش زۆر دڵتەنگە. بە بڕوای نیچە، لە ڕێگەی هەندێک ڕێگەوە دەمانتوانی ئەم ڕاستییە لە خۆماندا بەدی بهێنین: “باشترە بە هیچ شێوەیەک لەدایک نەبین و ئەگەر نا، با زووتر بمرین”.
    بە تێڕوانینی شۆپنهاوێر، تاکە ڕێگە بۆ ڕزگارکردنی خۆمان لە نەهامەتیەکانی ژیانی مرۆڤ، تەنانەت بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت، لە ڕێگەی هونەرەوەیە، بە تایبەتى مۆسیقا. مرۆڤ لەکاتێکدا گوێ لە مۆسیقا دەگرێت و بە دڵ و گیان دەچێتە ناویەوە، دەتوانێت بۆ ماوەیەکی کاتی دەستبەرداری ئارەزووەکانی بێت و خۆی تێپەڕێنێت. لە هەمان کاتدا نیچە پێی وابوو هیچ شتێک ناتوانێت هاوتای مۆسیقای مۆسیقاژەنی بەناوبانگی ڕیچارد ڤاگنەر بێت لە دەربڕینی بیرۆکەکانی شۆپنهاوێر لە خۆیدا. بەم شێوەیە نیچە بوو بە هەوادارێکی سەرسەختی ڤاگنەر و جارجارە سەردانی ڤاگنەری دەکرد.
    لە هونەری نووسیندا نیچە ئەگەری زیندووکردنەوەی ئەدەبیاتی ئەوروپی لەسەر بنەمای کارەساتی کلاسیکی یۆنانی دەبینی. کتێبی “لەدایکبوونی کارەسات”ی نیچە، زۆر ئیلهامێکی زۆری لە ڤاگنەر وەرگرتووە، و پێیوابووە کە مۆسیقای ڤاگنەر نوێنەرایەتی جیهانێکی پێش مەسیحی دەکات کە لەلایەن دیۆنیسۆسەوە هێما دەکرێت کە یەکێکە لە خوداوەندەکانی شەرابی یۆنانی. کولتوری دیئۆنیست پڕ بوو لە زیندوویی، مۆسیقا گەشەی کرد و نیچە زۆرجار لەگەڵ سەمادا تێکەڵی دەکرد. هەروەها دیئایۆنیزم پەیوەست بوو بە سەرخۆشی و خۆبەزلزانین و زیادەڕەوی و ئاهەنگگێڕانەوە و بێڕێزی بە ئازار و خەم و کارەسات نەدەکرد.
    وەک چۆن نەخۆشی جەستەیی بە ئازار لە جەستەی خۆیدا لاوازی دەکرد، نیچە بەدوای چارەسەرێکی فەلسەفیدا دەگەڕا بۆ ئازاری بوون. نیچە هەر لە تەمەنێکی بچووکەوە نەخۆش بوو و تا تەمەنی ٣٠ ساڵی بە نەخۆشیەکەى بەردەوام و بەتەواوى ئێخەى دەگرێت.
    ئاماژەی بەوەشکردووە و دەڵێت “هەر ٢-٣ هەفتە جارێک، تا ٣٨ کاتژمێر لەسەر جێگاکەم پاڵدەکەوم – ئەوە ئەشکەنجەی ڕاستەقینەیە! ڕەنگە باشتر بم، بەڵام ئەم زستانە خراپترین زستان بووە. بەردەوام ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بیرم لەوە دەکردەوە کە شتێک بە ناوی خۆشی لە ژیاندا نەماوە. من تووشی شۆک بووم کە ژیان چەندە قورسە”.
    نیچە نووسیویەتی نەخۆشە، بەڵام نەیگوتووە نەخۆشیەکەى چییە. ئەو هێندە ورد نیشانەکانی نەخۆشییەکەى وەسف کرد کە خوێنەرى سادە و ساکارەکان نەیاندەزانى کە نیچە بەڕاستی باسی چی دەکات. لە ساڵی ١٨٧٨ لە کاتی کردنەوەی شانۆی ڤاگنەر لە بایرۆ، نیچە دوای ئەکتى یەک شانۆی بەجێهێشت، چونکە لەناکاو بە هۆى نەخۆشییەکەی کە کەس نەیدەزانى چییەتى نیچە کەوتە خوارەوە. کاتێ مۆسیقای ڤاگنەر دەستی کرد بە وەرگرتنی تۆنێکی ناسیۆنالیستی، پەیوەندی نیچە لەگەڵ ڤاگنەر ساردبوونەوە بەخۆوە دەبینێت. لە شانۆکەدا، نیچە دیسانەوە لە مۆسیقای ڤاگنەر بێزار بووەوە و ئەم جۆرە بێزارییە کاریگەری لەسەر دەروونی گرت و دواتر کاردەکاتە سەر جەستەی: هەستی بە سکچوون دەکرد، ڕشانەوە، ناتوانێت دابنیشێت و شانۆکە بەجێ دەهێڵێت. ڤاگنەرى هاوڕێشى نەیتوانی لەم شتە لێى خۆش بێت. ڕۆیشتنی نیچە لە شانۆگەدا کۆتایی بە پەیوەندی نێوان ئەو دووانە هێنا.
    تەندروستی نیچە خەریک بوو شکستى دەخوارد، چیتر نەیدەتوانی لە ڕێگەی بیرۆکە فەلسەفییەکانییەوە مامەڵە لەگەڵ ژیان و کێشەکانیدا بکات و چارەسەری شۆپنهاوێر و ڤاگنەر بۆ ڕزگاربوونێکی کاتی لە ئازار لە ڕێگەی مۆسیقاوە ئیدى کارى لە نیچە نەدەکرد.
  • لە نزمترین خاڵی ژیانمدا، هەر لەم خاڵەدا، خۆمم لە خەمۆکی دەرهێنا. غەریزەی بایۆلۆژی زگماکیم بۆ خۆپاراستن، لە فەلسەفەی نائومێدی و هەژاریی سنووردار کرد. وا دیار بوو ژیانی خۆم لە نەخۆشی درێژخایەن بەو هەژاری و نائومێدییە تێدەپەڕێنم.
    ژیانێکی نوێم دۆزیەوە، خودێکی نوێم دۆزیەوە. ئیرادەی خۆم لەسەر تەندروستی و ژیان دادەنێم؛ ڕووم کردە فەلسەفەیەکی لەو جۆرە – ئیرادەی دەسەڵات”.
    بە بڕوای نیچە گەورەترین زیانی ئایینی مەسیحی دەرکردنی جەستەی مرۆڤ بوو لە کولتوور. لە ڕوانگەی ئەوەوە وا دیار بوو تەواوی فەلسەفەی جادووگەری لە جەستەی مرۆڤ بە هەڵە تێگەیشتبوو، کە سروشتی فیزیکیمان و سروشتی ڕۆحیمان لە کۆتاییدا پەیوەستە بەوەوە کە چۆن بیرمان لێ دەکردەوە. ڕەنگە لەم خاڵەدا چەمکی (“ئیرادە بۆ دەسەڵات”) ڕوون بکرێتەوە. بۆچوونەکانی ڕاستەوخۆ تیۆری دەروونی فرۆیدیان لە قاڵب دا.
    فەلسەفەی نوێی نیچە بووە هۆی ئەوەی کە کارەکەی بۆ “مرۆڤایەتی، سەرووى مرۆڤایەتی – کتێبێک بۆ ڕۆحی ئازاد” ناسراوە. کتێبەکە لە لادێکانی شاخی سویسرا نووسراوە، بەرهەمێکی فەلسەفی و هەروەها دەروونناسی بووە. ئەوە یەکەم لێدوانی گەورەی نیچە بوو سەبارەت بە بیرۆکەی تاکایەتی، داوای لە مرۆڤەکان دەکرد سەربەخۆ بیر لە خۆیان بکەنەوە. ئەم کارەی لە ماوەی پیاسە کورتە پشوودانەکانیدا تەواو کردووە، بەم جۆرە بەردەوام بووە تا لە کۆتایی ژیانیدا بەدەست دەمارگیرییەوە کەوتووە.
    “بەم شێوەیە بە درێژایی ڕێگەی حیکمەت، بە هەنگاوێکی دڵگرەوە و ئیمانێکی دڵسۆزانە بەرەو پێشەوە ڕۆیشتم.”
    بە هەموو شێوەیەک سەرچاوەی ئەزموونەکانی خۆت بە، و واز لە کوفرە سروشتییەکانی خۆت بهێنە. لە خۆت خۆشبە. هێزێک لە سروشتەکەتدا هەیە کە دەتوانیت هەموو ئەو شتانەی کە بەسەرتدا تێپەڕیون، هەنگاوی هەڵە، هەڵە، وەهم، وروژاندن، خۆشەویستی، هیواکان بخەیتە ناو ئامانجەکانی ئێستای ژیانتەوە.
    نیچە خۆی لە ڕێسا و بیرۆکەی کۆنی نەریتی خەڵکی دەوروبەری ڕزگار کرد. بۆ ئەو “ڕۆحی ئازاد” بە واتای “هەبوونی ئیرادە، توانای ئەنجامدانی، بوێری بیرکردنەوە لە شتی نوێ، پرسیارکردن لە بۆچوونەکانی خۆی، دۆزینەوەی ڕێگەی خۆی بۆ ئازادی”. دوای تەواوکردنی “مرۆڤایەتی، سەرووى مرۆڤایەتی”، نیچە خۆی فڕێدایە ناو سروشتێکی فراوان. دەیزانی ئەو کتێبەی نووسیویەتی مشتومڕێکی زۆری لێ دەکەوێتەوە، هەروەها بەهۆی بیرۆکەکانییەوە چەندین ناسیاو و هاوڕێی لەدەست دەدات. لەڕاستیدا تەنانەت واگنا توانی کتێبەکە وەک دەرکەوتەی ناسەقامگیری دەروونی نیچە ببینێت. کەواتە، نیچە بەڕاستی تەنیا بوو. هەستی دەکرد وەک ئەوەی پاڵەوانێکی موعجیزەئامێز بێت و بەرەو لوتکە نەبینراوەکانی تاکە شاخەکان سەردەکەوێت، بۆ ناو خاکە نوێیەکان، هەنگاو دەنێت.
    دوای ساڵێک لە بڵاوبوونەوەی کتێبی مرۆڤایەتی، سەرووى مرۆڤایەتی، نیچە بەهۆی نەخۆشییەوە دەستی لە پۆستی پرۆفیسۆری زانکۆی بازل کێشایەوە و ڕووی لە دڵی بەرزاییەکانی ئەلبەکانی سویسرا کرد و هەموو ساڵێک هاوین و زستانێک لەوێ بۆ ماوەی ١٠ ساڵی داهاتوو بەسەر دەبرد. نزیک بوو بچێتە فەرەنسا، یان ئیتاڵیا، چونکە دەبوو خۆی لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا بگونجێنێت بۆ تەندروستی خۆی. لەم نێوەندەدا بە خانەنشینییە کەمەکەی دەژیا. ئەو حەزی لە فێنکایی هاوین بوو، حەزی لە هەوای پاک بوو، وای دەزانی بیرکردنەوەکانی ڕوون و تیژ دەبێت. لە نێو شاخەکاندا ئەو شتەی دۆزیەوە کە بەدوایدا دەگەڕا – ڕەقبوونێک کە کاریگەری هەستەکانی مرۆڤی لەسەر نەبوو. لە دیمەنی ئەو شاخانەدا ڕۆحی مرۆڤ شتێکی بێ بایەخ بوو.
  • ئەو فەلسەفەیەی کە تا ئێستا لێی تێگەیشتم، ئەوەیە کە بە تەنیا لە نێوان سەهۆڵبەندان و شاخەکانی بەرزدا بژیم؛ هەر شتێکی سەیر و جێی پرسیار، یان کەوتۆتە ژێر سنووردارکردنی ئەخلاقی لە بووندا، نادۆزرێتەوە.
    سەهۆڵەکە نزیکە و تەنیایی بێکۆتایە. لە ژێر ڕووناکیدا هەموو شتەکان ئەوەندە هێمن بوون، هەناسە ئەوەندە ئازاد بوو، مرۆڤ چەندە بیەوێت هەستی دەکرد لەناو خۆیدا نقووم دەبێت.
    لە ساڵی ١٨٨٢ لە کاتی سەفەرکردنی لە ئیتاڵیا، نیچە تاکە کچێکی لە ژیانیدا ناسی کە شایەنی خۆشەویستی بوو. کچەکە ناوی لو سالێمی بوو، خوێندکارێکی نایاب بوو کە تەمەنی تەنها ٢٠ ساڵ بوو. نیچە ئەم کچەی بە “ئازا وەک هەڵۆ، ئازا وەک شێر” وەسف کردووە. کچەکە لەلایەن دەروونناس پۆڵ ڕەی بە نیچە ناسێندرا و لەو ساڵەدا ئەو سێ کەسە پێکەوە وەک تیمێکى جیانەبووەوە گەشتێکی ئیتاڵیایان کرد و وەک ئەوەی ڕۆحی ئازاد بن، دەژیان. دواجار نیچە پێشنیاری هاوسەرگیری بۆ سالمی کرد، بەڵام سالمی نەیویست هاوسەرگیری لەگەڵ نیچە بکات، لە ڕاستیدا سالمی نەیدەویست هاوسەرگیری لەگەڵ کەس بکات.
    دوای ماوەیەک سالمی و پۆڵ ڕەی بە تەنیا ون بوون و دیارنەمان، بۆیە نیچە زانی وازی لێ هێنراوە. توڕەیی ئەو هەڵگیرسا و لە نامەیەکدا بۆ کەسانی دیکە، نیچە دەڵێت: ڕقم لە بەشەکانی خۆم بوو. دەبێت ئەو ژیانە بچووکەی کە ماوە، یەک قووت بە یەک قووت بخۆم و هەندێکجاریش لە قوڕگمدا گیر دەبێت. ئەم هاوینە ئەوەندە تووشی ئازار و ئەشکەنجە بووم کە شێت بم. هەرچەندە بە هەموو توانامەوە هەوڵدەدەم خۆم بگرم، بەڵام ئەگەر موعجیزەیەک ڕوونەدات و بتوانم چەقۆیەک بکەم بە زێڕ، ئەوا تەواو بووم.
    بەڵام موعجیزەیەک ڕوویدا و تۆزەکە بوو بە زێڕ و ئەم زێڕەش کتێبی “زۆرۆ ئەستەر بەم شێوەیە دەڵێت” بوو. کتێبەکە دەست پێ دەکات:
    کاتێک زۆرۆ ئەستەر تەمەنی سی ساڵ بوو، زێدی خۆی و دەریاچەی زێدی خۆی بەجێهێشت و هاتە شاخ. لێرەدا ١٠ ساڵ بە ئارامی و بێدەنگی بەسەر برد. بەڵام دواجار گۆڕانی دڵی بەسەردا هات. بەیانییەک کە ئاسۆ تازە دەستی بە درەوشاوەیی دەکرد، هەستا و لەگەڵ خۆر قسەی کرد:
    ئەی ئەستێرەی گەورە! خۆشبەختی تۆ چی دەبوو ئەگەر ئەوانەی بەسەرتدا دەدرەوشێنەوە نەبوایە!
    دە ساڵە هەموو ڕۆژێک دێیتە ئەشکەوتەکەم ئەگەر من و هەڵۆ و مارەکانم نەبوایە، لە گڵۆپ و چراکانت بێزار دەبوویت.
    بەڵام هەموو بەیانیەک چاوەڕێی ئەوە دەکەین کە تیشکی درەوشاوەی دڵت هەڵبمژی، گۆرانی دەڵێین و چێژ وەردەگرین.
    ڕەش! وەک هەنگێک کە هەنگوینێکی زۆر کۆدەکاتەوە، لە پاشماوەی خۆم بێزارم و دەستە تینووەکان دەستم بۆ درێژ دەکەن.
    زۆرۆ ئەستەر سۆ سایس کتێبێکی تاکە کەسە. ئەم خاڵە لە کارەکتەری زۆرۆ ئەستەریش لە کتێبەکەدا دەبینرێت. کاتێک زۆرۆ ئەستەر لە شاخە تاقانەکەیەوە دادەبەزێت بۆ کۆکردنەوەی میر، بۆی دەردەکەوێت کە خەڵکەکە گوێی لێ ناگرن. ناتوانێت بینەرێکی گونجاو بۆ خۆی بدۆزێتەوە و هێشتا کەسێکی تەنیایە. بە واتایەکی تر مەبەست لە فیلمی So Says ی زۆرۆ ئەستەر تایپکردنی پرۆسەی دۆزینەوەی بینەری گونجاوی زۆرۆ ئەستەرە، لەنێویاندا نیچە. هەروەها لە پرۆسەکەدا زۆرۆ ئەستەر بۆی دەردەکەوێت کە بەڕاستی ئەرکەکەی چییە.
  • زۆرۆ ئەستەر هاتە شارۆچکەیەکی بچووک لە لێواری دارستانەکە. خەڵکێکی زۆر لە بازاڕەکەدا کۆبوونەوە. چونکە کەسێک گوتبووی دەروازەوانەکان نمایشێک دەکەن. زۆرۆ ئەستەر بە ڕای گشتی گوت: “
    هاتووم بانگەوازتان بۆ بکەم سەبارەت بە بوون بە پیرۆز. مرۆڤ دەبێت لە خۆی تێپەڕێت. ئایا ئێوە هەوڵتان داوە لە مرۆڤایەتی تێپەڕن؟”
    نیچە دیدگایەکی ئایدیالیزەکراوی خۆی بۆ تێپەڕاندنی خۆ پێشنیار کرد، کە ناوی لێنا “مرۆڤی باڵا”. بۆ ئەوەی ئەم “سوپەرمرۆڤە” خۆی تێپەڕێنێت، پێویستی بە تێپەڕاندنی جیهانی میتافیزیکی لە دەرەوەی مرۆڤایەتی نەبوو، بەڵکو ئەو جۆرە تێپەڕاندنە خۆبەزاندنی مرۆڤایەتی بوو لە چوارچێوەی ئەگەرەکانی خۆیدا. بەڕاستی ئەمە چەمکێکی پارادۆکسیکە، بەڵام ئەوەش ئەوەیە کە نیچە بانگمان دەکات بۆ ئەوەی لەبەرچاو بگرین: ئێمە وەک مرۆڤ چۆن خۆمان تێدەپەڕێنین؟
    ئەم چەمکە لە “سوپەرمان” لە سەردەمی خەباتی نیچە بۆ زاڵبوون بەسەر خۆدا سەریهەڵدا. بە بڕوای نیچە مرۆڤایەتی ئەرکی ئەوەی لەسەر بوو کە دۆخی ئێستای خۆی تێپەڕێنێت. “سوپەرمان” بە واتای “سەرکەوتن” دێت و ئەوە پرۆسەی دۆزینەوەی ڕێگەی کەسانی بێ خودا بوو لە جیهانێکی ڕەها ئازاددا بەبێ خودا.
    لە دڵی خۆیدا گوتی: “من پیادەڕەو و شاخەوانم و حەزم لە دەشتەکان نییە”. پێدەچێت نەتوانم بۆ ماوەیەکی زۆر هێمن دابنیشێم.
    بارودۆخەکە هەرچییەک بێت، سەرگەردان و سەرکەوتن پێویستە. بەڵام، هەرچەندە مرۆڤ بە سەختی بگەڕێت، دوا شت کە مرۆڤ تووشی دەبێت خۆیەتی.
    چانسەکانم نەماون. ئەوەی بەسەرمدا دێت خەمی من نییە!
    دوای “خۆم” زۆر سەرگەردانی و تاقیکردنەوەی ئیمپریالیزم، گەڕامەوە ماڵەوە.
    هەروەها دەزانم کە ئێستا لەسەر دوا لوتکە وەستاوم، ئەو لووتکەی کە لە سەرەتای زەمانەوە بانگم کراوە. ئای دەبێ سەرکەوم بەسەر سەختترین ڕێگەی شاخ کە هی خۆمە! ئاه، تەنیاترین سەرگەردانی کە دەستم پێکردووە!
    بەڵام کەسانی وەک من ناتوانن لەم جۆرە ساتانە ڕزگاریان بێت. ئەم ساتە پێی دەڵێت:
    ئێستا لە ڕێگەی گەورەیی! لوتکە و دۆڵ، باش و خراپ، ئەمانە تێکەڵ بوون”.
    دوای تێپەڕاندنی چاکە و خراپە، ئەو شتە بێ بایەخانەی کە مرۆڤایەتی بۆ ماوەیەکی کاتی پێیان سەرقاڵ بووە، هەستەکانی ژیانی خۆی لە ئامانجە فەلسەفییەکانی خۆیدا تێکەڵ کرد. بەڵام لەبەر ئەوەی لە تەنیایی ڕەهادا دەژیا، وازی لە هەموو پەیوەندییە مرۆییەکان هێنا بۆ جیهانی خەیاڵی خۆی. فەلسەفە بوو بە تاکە دڵنەوایی بۆ ژیانی نائومێد و قەناعەتی قووڵ.
    “عەقیدەی من ئەوەیە کە مرۆڤ تەنیا لە ناو کەسانی هاوبیر و هاو ئیرادەدا دەتوانێت گەشە بکات.” من شەریکێکی وام نییە. ئەمە نەخۆشی منە”.
    تەنانەت نیچەش بەرگەی ئەو تەنیاییە لە ڕادەبەدەرە نەدەگرت، بۆیە لە هاوینی ساڵی ١٨٨٨دا لە بەرزاییەکانی ئەلب سویسرایەوە ڕووی لە شاری تۆرین لە ئیتاڵیا کرد. دوای ئەوەی مرۆڤایەتی لە ڕابردووی خۆی ڕزگار کرد، ئێستا نیچە ئەرکی دیاریکردنی داهاتووی مرۆڤایەتی پێ سپێردرا. دەستی کرد بە دامەزراندنی بەها ئەخلاقییەکان بۆ کۆمەڵگەیەک کە خودا تێیدا نەمابوو، ستانداردێکی ئەخلاقی نوێ کە بە تەواوی لە فێرکارییەکانی ئەخلاقی مەسیحی تێپەڕاند کە بریتین لە خۆبەدەستەوەدان و بەزەیی و گرنگیدان بە کەسانی دیکە. نیچە ئەمەی بە “بە نرخاندنەوە بۆ هەموو بەهاکان” ناوبرد.
  • چاکە چییە؟ هەر شتێک کە هەستی دەسەڵات و دەسەڵات بەهێز بکات، واتە ئیرادەی دەسەڵات، خودی دەسەڵات؛ خراپە چییە؟ هەر شتێک کە لە لاوازییەوە لەدایک بووبێت؛ چی لە هەموو گوناهێک زیانی زیاترە؟ هاوسۆزی بۆ هەموو شکست و هەموو لاوازییەک، واتە مەسیحیەت. ئایینی مەسیحی ئایینی بەزەییە و کاتێک بەزەییدار دەبین دەسەڵاتمان لەدەست دەدەین”.
    تەواوی ئەرکی نیچە داڕشتنی سیستەمێکی ئەخلاقی نوێ بوو. بەڵام تێگەیشت کە کاتەکەی تەواو دەبێت، دەیزانی کە ڕۆژێک دێت دەمرێت، هەروەک چۆن مرۆڤە ئاساییەکانی تر. تادێت توانای ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیەکەی زیاتر بوو. نیچە پیاوێک بوو کە لە تەمەنی گەنجیدا کۆچی دوایی کرد و زۆربەی ژیانی بە مردن بەسەر برد. بۆیە نوقم بوو لە نائومێدی و خەمۆکیدا. زۆرجار مەیلی ئەوەی هەبوو کە خۆی لەگەڵ مردنی ئەو کولتوورە مەسیحییەدا تێکەڵ بکات کە باسی دەکرد و ئەو دووانە لە تەمەنێکی زۆر سەیردا کۆبوونەتەوە. بەم شێوەیە لە دوایین کتێبی خۆیدا بە ناوی (سەیری پیاوەکە)دا، هەموو ژیانی داهێنەرانەی خۆی وەک سیستەمێک وەبیرهێنایەوە کە هەموو بەهاکانی هەڵسەنگاندەوە. بەڵام ڕەشبینی و خەمۆکی نیچە لە ڕاستیدا ڕێگر بوو لە پێکهێنانی سیستەمێکی لەو شێوەیە. لە کۆتاییدا نیچە سیستەمێکی نوێی بۆ لەناوبردنی کۆن دروست نەکرد.
    “هەڵسەنگاندنەوە بۆ هەموو بەهاکان- ئەمە فۆرمولەی پێداچوونەوەی کۆتایی منە بە مرۆڤایەتی.
    دەبێ یەکەم مرۆڤی ڕاوروس بم.” ئەوە چارەنووسی منە”.
    نیچە بە ئەرکی خۆی دەزانی کە بنەمایەکی ئەخلاقی بۆ سەردەمێکی بێ خودایی پیرۆز دابمەزرێنێت؛ بیرۆکە و لۆژیک و گریمانەکانی مێژووی خستە ژێر پرسیارەوە و ڕاستی دەکرد. بەڵام کاتێک کێشەکە لە شکاندنەوە بۆ چاککردنەوە ڕۆیشت، ئەم ئەرکە مەحاڵ بوو. بەڕاستی بیرکردنەوەکانی بەڕاستی تیژ بوو، بەڵام بیرکردنەوە تیژەکەی دەستی پێکرد بە ڕێگەیەکی مەترسیداردا. نیچە مرۆڤی وەک حاڵەتێکی ئینتقالی لە نێوان ئاژەڵ و سەرووى مرۆڤدا دەبینی. ئەو پرسیارەی کە کردبووی ئەوە بوو: ئاژەڵگەرایی هێندە ڕەگ و ڕیشەی لە سروشتەکەتدا داکوتاوە، ئەوا تا چەند دەتوانیت لە مرۆڤی باڵا نزیک بیت لەگەڵ ئەم سروشتەدا؟
    نیچە لە مانگی یەکی ساڵی ١٨٨٩دا لە شەقامەکانی شاری تۆریندا عەرەبانەسازێکی بینی کە قامچی لە ئەسپێک دەدا کە بەهۆی ئازار و هاوسۆزی بۆ ئەسپەکە کەوتە خوارەوە. نیچە تێک شکا. نیچە بە درێژایی ژیانی فەلسەفی خۆی بەرەنگاری بەزەیی و هاوسۆزی ددانەکان بووەوە وەک لاوازی؛ بەڵام لە چەند ئاماژەیەکی کۆتاییدا بۆ جیهان، بەزەیی و هاوسۆزی خۆی دەربڕی کە بارودۆخی ژیانی هاوبەشی ئاژەڵان و مرۆڤەکان چەندە بەدبەخت و ستەمکارانە. دوا کردەوەی نیچە پێش تێکچوونی دەمارەکانی تووشى شێت بوون هات، ئەوە ڕوون بووەوە کە ئەو پیرۆزێکی سەرووى مرۆڤ نییە، بەڵکو مرۆڤێکی سادە و پڕ لە لاوازی مرۆڤە.
    دوای ئەوەی نیچە بێهۆش بوو، دەستبەجێ نیچە گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە، پاشان گواسترایەوە بۆ ئەڵمانیا، دایکی زستانی لەوێ بەسەر برد. پزیشکەکان بە فەرمی نیچەیان بە “شێت” دەستنیشان کرد. لەو کاتەوە ئەلیزابێسی خوشکی ئاگاداری بوو. نیچە دوای ئەوەی بۆ ماوەی ١٢ ساڵی تر لە حاڵەتێکی شێتیدا ژیاوە، لە ساڵی ١٩٠٠ بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە کۆچی دوایی کرد.

    ————————
    سەرچاوەکان
    ئیینگیلزیى.
    Thus Spoke Zarathustra: A Book for Everyone and No One (Penguin Classics) Paperback – November 30, 1961
    The Birth of Tragedy Paperback – January 13, 2018 by Friedrich Nietzsche (Author) out of 5 stars 121 ratings
    Beyond Good and Evil Paperback Friedrich Nietzsche – November 6, 2018




نەفرەنەشکێنی لە “نەفرەتی نەوبەهاران”دا.. نووسینی: بەکر ئەحمەد

شەرەفی ئێمە بە تۆیە، ئەگەر هەنگاوێکت لەوی دیکەت درێژ تر بێت، لێت دەکەوێت. ئەگەر کەوتیش خۆت دەزانی چی چاوەڕوانت دەکات.”
ئامۆژگاری کوڕێکی پەنابەر بۆ خوشکەکەی

” دوای ئەوەی ئەرکەکانی قوتابخانەم جێبەجێکرد، لە ژوورەکەمدا سەمادەکەم. ڕۆژی پشوو لەگەڵ تۆدا مەلەدەکەم. هەندێک ڕۆژی دوای قوتابخانە، یاری باسکێت دەکەم. گەر گەورەیش بووم، ئەو کاتانەی کە ئاشق بووم، بۆخۆم کەسێک هەڵدەبژێرم. جاخۆ بابە ئەگەر بە قسەی باوکی فاتمە بێت، خێزانی ئێمە خاوەنی شەرەف نییە.”
ئاخاوتنی کچێکی کوردی نۆ سالە لەگەڵ باوکیدا، دوای کوشتنی فاتمە شاهیندال لە سوید.

Behind the sun یەکێک لە دراما جوانەکانی “والتەر سێلس” ی بەرازیلییە کە لە نواندنی “خوسێ دومۆنت” و “رۆدریگۆ سانتۆرۆیە”. لە ناوچەی تەپۆلکە بەرزەکانی بەرازیلدا، دوو خێزان لە شەڕێکی تۆلەسەندنەوەی بێمانادان لەسەر پارچەیەک زەوی. ڕووداوەکان لە سەرەتای سەدەی بیستدا دەگوزەرێن و فیلم بە دیمەنی هەڵواسرانی کراسێک بە تەنافی ماڵی “برێڤێ”وەیە دەستپێدەکات کە کونێکی تیایە و پەڵەی دەوری کونی فیشەک هێشتا سووردەنوێنێت و رەنگی خوین زەردهەڵنەگەڕاوە. کوڕی “برێڤێ” لەلایەن خاوەنموڵکی دەوڵەمەندی ناوچەکەوە کوژراوە و بە پێی ئەو ترادیسیۆنەی چەندین ساڵە پەیڕەوی لێدەکرێ، تا کراسی بەری کەسی کوژراو زەردهەڵنەگەڕێ، بکوژ ئازادە لە هەڵسوکەوتی رۆژانەیدا و هیچ ترسێکی لەسەر نییە. دوای زەردبوونی ڕەنگی خوێنی سەر کراسی کەسی کوژراو، بکوژ دەبێ لە ئامادەییەکی هەمیشەیدا بێت تا بنەماڵەی کەسلێکوژراو، تۆلەی خۆیانی لێدەکەنەوە.
دیمەنی خوێنی ڕژاوی ئەم تۆڵە لێسەندنەوە بێمانایەی کە لەسەر وەلائی کوڕ بۆ باوک و پاراستنی شەرەفی بنەماڵە دامەزراوە، لە ریزی وێنەی کورە کوژراوەکانی بنەماڵەدا دەردەکەویت کە بە دیواری ژووری میوانەوە هەڵواسراون. نەوە لە دوای نەوە، خێزانی “برێڤێ”ی هەژار لە دوای هەر کوژراوێکیان، دەبێ کەسێک لە بنەماڵەی خاوەنمولک بکوژنەوە. بۆ بنەماڵەی ئەوبەریش ئەم نمایشە هەر هەمان شتە.

” هیچ کەس نەیدەزانی لە ناو ئەو سووتووانەدا، وێنەی ژنێک هەیە، چەندین ساڵە دەسووتێت و دووبارە دەگەرێتەوە، ژنێک لەوەوبەر لەو شارەدا مێردێکی عاشقی هەبووە، لە ساتێکی ترس و غەمبارییدا ئەو وێنەیەی لێگرتووە. ئێستا ئەوە بۆتە نەفرەتێکی ڕەش ….نا کەس نەیدەزانی ئەو ژنە خانمی گێلاس بووە. نەفرەتەکەش نەفرەتی خۆی، نەفرەتی ژنێک پییاندەگووت خانمی نەوبەهاران.”
ئەم چەند دێڕەی سەرەوە، دوا پەرەگرافەکانی رۆمانی ” نەفرەتی نەوبەهاران”ی “بەختیار عەلی”یە کە تیایدا وێنەیەکی بێتاوانی ڕووتی ژنێک وەک نەفرەتیک لە بنەمالە بەردەبێت و یەک بە یەکی ئەندامانی خێزانی ژن و مێرد و نەوەکانیشییان لە بەردەم هەرەشەکانی مردندا ڕادەگرێت.
لای بەختیار، روتیتی وێنەی ژنێک کە سەنتەری تێروانینی کولتوری شەرەفپارێزی کوردی لەدەور هەڵچنراوە، ئەو سەنتەرە گرنگەیە کە بەدەوریدا چیرۆکە دێتە گێرانەوە و پاڵەوانەکانی ڕۆمان، هەر یەکە و لە جێگاو ڕێگای خۆیەوە، پزیشکەکانی ئەم نەفرەتی ڕوتێتییەیان بەردەکەویت.
لە دراماکەی “والتەر سێلس”یشدا، پاراستنی شەرەف ئەمجارەیان لە ڕێگەی ملکەچکردنێکی کوێرانەی نەوەکان بۆ ئەو کولتور و ترادیسیۆنەی چەندین سالە پەیرەوی لێدەکرێ لەلایەن باوکەکانەوە لە سەنتەردایە و سەرتاپای دراماکە لەسەردرێژەپێدانی ئەم خوێنڕێژییە کاردەکات.
شەرەف لە ” نەفرەتی نەوبەهاران”دا لەدەوری سێکسوالێتی ژن دەسورێتەوە، بەڵام لە دراماکەی “والتەر سێلس”دا، تۆڵەسەندنەوە لە سەنتەردایە. بەڵام لە هەر دوو دۆخەکەدا، پاراستنی بەهاو پیوەرە کۆمەلایەتییەکانی لەدەوری ئەم چەمکانە بنیاتنراون، هیشتنەوەی نۆرم، درێژەدان بە ترادیسیۆن و کۆشش بۆ هێشتنەوەی ئەوەی دەبێ بپارێزرێت لەلایەن باوکەکانەوە، ئەمانە ئەو جەبرانەن کە پالەوانەکان لە ناو داوە بینراو و نەبینراوەکانی ئەم کولتوری شەرەفپارێزییەدا دیلدەکات و هەر ڕاوەستانەوەیەک لەبەرانبەریدا، باجدانێکی گەورە لە تاکەکان دەخوازێت.
بۆ “تۆنیۆ”ی پاڵەوانی لە پشت خۆرەوە، کاتێک برا گەورەکەی دەکوژرێت، دەبێ ئەو چەکی ئەم شەرەفپاککردنەوەیەی بنەماڵە بکاتە شان و لە ڕاوی کوشتنی کەسێکی دیکەی بنەمالەی ئەوبەردا بێت. دەکرێ ئەم خوێنرێژییە بۆ ئەبەد بەردەوام بێت؟ ئەوە ئەم پرسیارەیە کە لە درێژەی بەرەوپیشجوونی رووداوەکانی ناو فیلمدا ، “تۆنیۆ” ناچاردەکات رێگای خۆی هەڵببژیرێت.
بۆ “تۆنیۆ”کانی ناو ڕۆمانی ” نەفرەتی نەوبەهاران” کە پێک هاتوون لە کامیل ئاغا و براکانی، گێلاس کە لە سەرتاپای ڕۆماندا وەک وێنەیەک دەردەکەوێت و تا کۆتایی ڕۆمانیش خوێنەر لە گەڵ وێنەکەیدا دەژی و لە کۆتای رۆماندا ، لە ناو نمایشێکی مەتەڵئاسادا کە خوێنەر دەخرێتە ناو کەش و هەواکەیەوە تا لە گومانەکانی خۆیدا بپرسێ ئەرێ ئەم گیلاسە یاخود نا، براکانی گێلاس و ئەو کەس و دەموچاوانەی دی کە لە خوێندنەوەی رۆماندا لە کونج و کەلەبەری چێرۆکەکانی ناو ڕۆمانەوە دێنە سەر رێ، هەموو ئەمانە بە جۆرێک لە بەکارهێنانی سیحر و نەفرەتی وێنەکەی گێلاس وکاریگەرییەکانیدا دەخرێنە بەردەم هەڵوێستوەرگرتنێک.
دەکرێ وێنە ڕووتەکەی خانمی نەوبەهاران ئەم ئینسانانە بخاتە بەردەم چ کاردانەوەیەکەوە؟ دەکرێ وەک “تۆنیۆ”ی فیلمەکەی سەرەوە لە پاڵ فشارەکانی باوک و ترادیسیۆندا بێ چەک نەخەوێت و بەشوین تؤلەسەندنەوەی کوشتنی براکەیەوە بێت، یان ببێتە ئاشقی کچە قەرەجێک ولە نێوان رێگای درێژەدان بە کوشتن ویاخود تێکشکاندنی ئەم کۆت و بەندەی ترادیسیۆندا، خالێک لەسەر ئەم خوێنرێژییە دابنێت و شەقێک لەوە بدات کە شەرەفی بنەمالە بە گەردنی نەوەکاندا هەلواسێت و ئەم نمایشی خوێنڕێژییە بەردەوام نەبێت؟
ئەوەی من لەم نووسینەدا بەشوینیەوەم، سەرنجدانی ئەو کاردانەوە جۆراوجۆرانەن کە پالەوانەکانی رۆمان لە بەرانبەر وێنەکەی خانمی گێلاسدا ناچارن دەستی بۆ بەرن.
کولتوری شەرەف و تاوانەکانی، خوێناویترین جومگەکانی ناو کولتوری کوردییە و گۆرستانەکانی ناوەوە و تەنانەت دەرەوەی ولاتیش، کوردی وەک ژنکوژێک ناساندووە. لە باری ریپۆرتاژ و دۆکۆمێنتکردنی ئەم کەیسەدا، داتایەکی گەورە لەبەردەستدایە و ئەم خوێنرێژییەش هێشتا هەر درێژەی هەیە.
بە ئەدەبکردنی تراژیدیایەکی وەک ئەمە لە لایەن “بەختیار عەلی”یەوە، کاریكی چاوەروانلێکراو بووە و شەن و کەوکردنی ئەم پرسیارە وەک ئەوەی هەیە و دەبێ چۆن بۆی بڕوانی، لە ئاستی چاوەروانییەکانی من و زۆر کەسی دیکەدایە.
با وێنەیەکی خێرا لە کار و کردەوەکانی پالەوانەکانی رۆمان بیری خوێنەر بهێنمەوە تا مەبەستی من لە نووسینی ئەم وتارە روونتر بێتەوە.
سەرەتای نەفرەتی نەوبەهاران لە وێنەگرتنی کامیل ئاغاوەیە بۆ خۆشەویستەکەی خۆی.
بەڵام کاتێک کەمال ئاغای برای لە دەمە قالەیەکی ئاسایی سەر جادەدا، کەسێک لە خێڵی ڕؤشارییەکان دەکوژێت، ئیتر وێنەکەی گێلاسی خێزانی لەوە دەکەوێت کە تەنها وێنەیەکی ئاسایی ناو سندوقی وێنە تایبەتییەکەی ئەو بێت. ئاخر ئەم وێنەیە لەلایەن یەکێک لە کارەکەرەکانی خانمەوە فڕێندراوە و لە سەودا و مامەلەیکەی عەشایەریانەدا وەک کارتیکی فشار لەبەرانبەر کامیل ئاگادا بەکاردەهێنرێت تا براکەی خۆی تەسلیم بکات وبکوژریتەوە. پاراستنی شەرەف و ترس لەئابڕوونەچوون ، کامیل ئاغا ناچاردەکات تا برا بچوکی خۆی بداتە دەست بکوژەکانی.
ئەم وێنە ڕووتە، دووبارە لە پاش سووتاندنی، دێتەوە ناو ڕووداوەکان و وەک کارتێکی دیکە لەلایەن “خانی زەرد”ەوە بەکاردەهێنرێت تا کامیل ئاغا بکرێ بە جاش. ئاخر پاراستنی شەرەفی خۆ: لە شەرەفی ئەم میللەتە بێڕەحمە باشترە.
ئەم وێنەیە زیندوو دەبێتەوە و ئەمجارەیان دەکرێتە فشارێک لەسەر بنەماڵەی کچ، واتا براکانی گێلاس. کاردانەوەی ئەمان لەبەرانبەر شەرەفنەچوونیاندا، شاردنەوەی خوشک و بلاوکردنەوەی هەوالی مردنی ئەوە. تەنانەت ناشتنی جەستەیەک کە گوایە خوشکیانە.
ئەم وێنەیە زیندوو دەبێتەوە و لەلایەن حاکمی سەربازی شارەوە بەکاردەهێنرێت بۆ مۆبیلیزەکردنی چەکدارە کوردەکان تا لەبەرانبەر دژەشؤڕشەکانی دەولەتدا باشتر بجەنگن ئەگینا ژنەکانیان لاقەدەکرێت.
پاڵەوانێکی دیکە کە کاردانەوەیەکی دیکە لەبەرامبەر وێنەی رووتی خوشکەکەیدا نیشاندەدات، زیائەدینی نەوبەهارانە. ئەو لەبەرانبەر وێنەی رووتی خوشکەکەیدا دەستدەداتە دروستکردنی شارێک کە ژنان هیچ شوێنێکیان دیارنەبێت:” تا ژن هەبێت و یەکێک جلەکانییان لەبەردابکەنێت، شەرەفمان لە مەترسیدایە”
لای “مولازم حەسۆ”، ئەم وێنەیە دەکرێتە کارتی فشار لە شەری ناوخۆدا تا برا دیلەکەی و دوو کوری “زوهێر مەسۆ” لە دەستی “شەمدینی کامیل ئاغا” دەربهێنێت و ژیانێکی دیکەیان پێببەخشێتەوە. ” لەم جەنگەدا هەموو سنوورێکمان پێشێلکردووە، تەنیا ئەم سنوورە ماوە، وێنەی ناوگەڵی یەک بلاوبکەینەوە”
لەبەرانبەر ئەم کارتی فشارەدا، “شەمدینی کامیل ئاغا”ش دەکەوێتە گرتنی وێنەی ڕووتی ژنانی جەنگاوەرانی بەرانبەر و وەک دژەهەرەشەیەک بۆ پاراستنی شەرەفی خۆو راوەستانەوە لەبەرانبەر داواکەی “مولازم حەسۆ”دا، بەکاری دەهێنێت.
دواجارخانمی رووتی ناو وینەکەی رۆمان، بە گۆشت و خوێنی خۆیەوە لە ماڵی حەوت خانمدا، لەگەل دەستە خوشکەکانی دیکەی ناو مالدا، وینەی ئەو پیاوانە دەدەنە دەستی پۆلیس کە بە رووتی ولە کاتی سیکسدا لە ماڵی حەوت خانمدا گیراون . لەگەڵ ئەم دیمەنەدا، ئیتر تەنها جەستەی رووتی ژن نییە کە بانگەوازی پاککردنەوەی شەرەفی لەدەستچوو بە دەنگی بەرزبە گویی هەمواندا دەڵێتەوە، بەلکو وێنەی رووتی پیاویش لە شوێنێکی واهیدا، هەموو کۆد و بەها سیمبۆڵییەکانی شەرەف چالاکدەکاتەوە.
ئەم کاردانەوانەی پالەوانەکان لە خۆیانی نیشاندەدەن، هەر هەموویان لەناو کۆد و سیستەمی بەهای کولتوری شەرەفدا دێن و دەچن و کارو کاردانەوانەکانیشیان ئەوەیە کە ئەم سیستەمە بەرهەمیهێناوە، رەفتارنواندنێک کە کولتوری شەرەف ڕەنگرێژی کردووە. بە کورتییەکەی: کاتێک شەرەفت کەوتە مەترسییەوە، دەبێ بەو شیوازە رەفتار بکەیت کە شەرەفپارێزی وپاککردنەوەی شەرەف لێتدەخوازێت.
بەڵام کەریم ئاغای برای کامیل ئاغا، ئاڵوگۆڕێک بەم سوورانەوە هەمیشەییەی زۆربەی پالەوانەکانی ناو ڕۆماندا دەهێنێت کە لەناو هەمان کۆد و سترۆکتۆرەکانی کولتوری شەرەفدا دەسورێنەوە و کاردانەوەیەکی دیکە پیشاندەدات. ئەو لە پاش ئاشبەتاڵی 1975دا وزانینی نهینی وێنەکەی براژنیدا، دەکەوێتە دۆخێکی تایبەتەوە:” ئێستا پیاویکی بێشەرەفم، نەخۆم، نەخێزانەکەم، نە عەشرەتەکەم، نە نیشتیمانەکەم، شتێکمان نەماوە شانازی پێوە بکەین… ئێستا تەواو پیاوێکی بێشەرەفم”. ئەو بەم هەستە جۆشدارانەوە کە تیایدا بیشەرەفی خۆ ئەو پردەکات لە هەستی نەبوون، دەداتە شاخ و گەرانەوە بۆ دیهاتە کۆنەکەی خۆیان و پشتدەکاتە کۆمەلگا.
کەریم ئاغا لە شاخدا، لەگەڵ دیوەزمەکانی ناو ناخی خۆیدا دەکەوێتە جەنگێکی دەروونی گەورەوە. ئەم جەنگە هەموو شەوێک لە شکڵی کەسێکی نەناسراودا کە لەسەردانی هەمیشەیی خۆیدایە بۆ لای کەریم ئاغا تا بیخاتە سەر کەلکەلەی کرینەوەی شەرەفی بنەماڵە: “هەمان یاری لەگەڵدا بکە!هەمان یاری. ژنەکەی یان کچەکەی بڕفێنە، هەمان وێنەیان بگرە” بەڵام سەرنجڕاکیش ئەوەیە کە کەریم ئاغا لەم جەنگەدا دەیباتەوە و دوا بڕیاری خۆی دەدات:” پیاوێکی بێشەرەفم لەناو خەڵکێکی بێشەرەفدا، سەر بە عەشرەتێکی بێشەرەف لەناو سەدان عەشرەتی بێشەرەفدا” . بۆیە بڕیاری ڕاوەستانەوەی لەبەرانبەر ئەم بێشەرەفییەی خۆی و کۆمەلگاکەیدا دەبێتە:” دەڕۆم بۆ ناو سروشت، لەوێ هەموو شتێک لەیاددەکەم”. کەریم ئاغا لەم هەڵوێستنواندنەوە و کاردانەوە جیاوازەی خۆیدا لەبەرانبەر کولتوری شەرەف و دەستنەبردن بۆ کوشتنەوەی ئەو کەسەی کە لە ئەتکردنی شەرەفی بنەماڵەکەیاندا بەشدار بووە، لە ڕیگەی نامەیەکی زۆر کورتەوە بۆ نەوەکانی گێلاسی نەوبەهاران، پەیامی رۆمان بە گوێ خوێنەردا دەدات: ” بە بێ ئازادی شەرەف بونی نییە” .
تاوانی شەرەف و ڕژێمی جەندەری کوردستان

لە هیچ زمانێکی جیهانیدا کە تیایدا چەمکی کوشتنی ژنان لەسەر شەرەف برەوی هەیە، بەقەد زمانی کوردی بنەما و تەنانەت هۆکاری ئەنجامدانی ئەم کارە ڕۆشن نییە. لە کۆمەڵگای کوردیدا پیاو، جا باوک بێت یان برا یان ئامۆزا یان هەر نەوەیەکی تری نێر کە لە ئامادەنەبوونی ئەو کەسانەی تردا دەکرێت ڕۆڵی پارێزەری شەرەف ببینێت، هەڵدەستێت بەم تاوانە تاکو شەرەفی خۆیی و بنەمالە بکڕێتەوە. ژنی کوژراو ئەو کەسە بوو کە ئەم شەرەفەی هەرزان فرۆشکرد، بۆیەش بۆ کڕینەوەی دەبێ نرخێکی گرانتر بدرێت کە بە هیچ شتێکی تر ناپێورێت، ژیانی خودی ئافرەت نەبێت. ئەوەی ئەم پرۆسەی کڕین و فرۆشتنەی لەسەر ئەنجامدەدرێت، سێکسوالیتێتی ژنە. بە پێی ئەو سیستەمە فیکرییەی کە دەسەڵاتی جەندەری لە خۆرهەلاتدا کاری لەسەر دەکات و تەواوی بەهاکانی ڕێزلێگرتنی ئینسانی لەسەر دادەمەزرێت، کە تیایدا بە پلەی یەکەم ئەو ئینسانە پیاوە، سێکسوالیتێتی ئافرەت خاڵی سەنتەر و بگرە تەواوی بنەماکانی ڕێز و حورمەتی پیاوی لەسەر ڕاگیراوە. بە پێی ئەم دەستگا فیکرییە، هەر پەیوەندییەکی جنسی ئافرەت لە دەرەوەی ئەو نۆرمەی کە خێزانە، مانای پیسکردن و لەکەدارکردنی شەرەفی پیاوە. ئەم کردەوە سێکسییە لە پلەی یەکەمدا گرنگ نییە کە لە باری فیزیکییەوە ڕووی دابێت. واتا هەر جووڵەیەکی ئافرەت، نیگایەکی ئەو کە بۆنی سێکسی لێ بێت، کافییە بۆ ئەوەی کە بە مانای لەکەدارکردنی شەرەفی پیاو لێکبدرێتەوە. تاوانی شەرەف کە لەم سیستەمە جەندرییەدا بەرهەمدەهێنرێتەوە ، هیچ شتێک نییە جگە لە کۆششی ئەم دەسەڵاتە بۆ کۆنترۆڵکردنی سێکسوالیتێتی ژن. ژن لەژێر کاریگەری ئەم دەسەڵاتە جەندەرییەدا ، ئەو کەسەیە کە خۆی خاوەنی جەستەی خۆی نییە و هەر بۆیەش سێکسوالیتێتی ئەو و بڕیاردان لەسەر کردنی ئەم کارە دەخرێتە دەستی پیاوانی خێزان و هۆز و خێڵەوە. بەڵام پیاوی ئەنجامدەری تاوانی شەرەف هیچ شتێک نییە جگە لە ئامرازێک. تاوانباری ڕاستەقینە ئەو فشارە گەورە کۆمەڵایەتییەیە کە ئەم سیستەمە لەدەرەوەی تاکەکان دروستی کردووە و تیایدا هەموو ئاراستەکان ڕووبەڕووی ئەو پیاوە کراوەتەوە کە ژنەکەی، خوشکی یان دایکی شەرەفی ئەوی دۆڕاندووە و پێی دەڵێن: بڕۆ شەرەفت بکڕەرەوە. ئەوەی کە تایبەتمەندی تاوانی شەرەفە و ئەم تاوانە لە کوشتنی پیاوێکی سویدی بۆ ژنەکەی جیادەکاتەوە، کاریگەری ئەم دەسەڵاتە جەندەرییەیە لەسەر ئەو تاکانەی تری کۆمەڵگا کە ڕەنگە نزیکایەتییەکی ئەوتۆییشیان لەگەڵ بنەماڵەی پیاوەکەدا نەبێت. فشارێک کاتێک هەست بە ڕەوینەوەی دەکرێت و پیاوی ئەنجامدەری تاوان دەتوانێت ئاهێک هەڵبکێشێت و سەربەرزانە بە کۆمەڵگادا بگەڕێت کە تاوان ئەنجامدراوە. پیاوی تاوانی نامووسی لە شڵەژانییەکی گەورەی دەروونیدا ژیان بەسەر دەبات کاتێک ژنێکی نزیکی خۆی شەرەفی پیاوانی بنەماڵە دەخاتە مەترسییەوە. ئەو ژن دەکوژێت بۆ ئەوەی شەرەف بکڕێتەوە و باڵانسی ڕۆحی خۆی وەربگرێتەوە. ئەو سەرشۆڕترین پیاوەکانی کۆمەڵگایە و دەکوژێت بۆ ئەوەی سەربەرزکاتەوە. کاتێک لە وشەی “سەربەرزکاتەوە” وورددەبینەوە ئەوسا بۆمان دەردەکەوێت ئەم پرۆسەی سەربەرزکردنەوەیە کاردانەوەیەکی تاکگەراییانەی پیاوکوژنییە. بەڵکو لەبەرانبەر کەسانێکی تردا سەری خۆی بەرزدەکاتەوە کە تاکو ئەنجامنەدانی تاوانەکە بە ئینسانێکی بێ شەرەف و سەرشۆڕییان لەقەڵەم دەدا. هەربۆیەش لە پرۆسەی سەربەرزکردنەوەی تاوانباردا، ئێمە خۆمان لەبەرانبەر یەکێک لە هەرە تایبەتمەندییەکانی تاوانی شەرەفدا دەبینینەوە کە لە تاوانی تری کوشتنی ژناندا وە بەتایبەت لەو شوێنانەی کە چەمکی شەرەف لە سێکسوالێتی ژن جیاکراوەتەوە، بوونی نییە. ئەم تایبەتمەندێتییەی تاوانی شەرەف ئەوەیە کە ئێمە ڕووبەڕووی کێشەیەک نین کە لە نێوان دوو تاکی کۆمەڵگایەکدا بێت و لەسەر کێشەیەکی تایبەتی بە کوشتن تەواو بێت. بەڵکو ئێمە لەبەرانبەر تاوانێکداین کە تیایدا ژن وەک تاک لەبەرانبەر سیستەمێکدا ڕاگیراوە. تاوانی شەرەف کردەوەیەکی تاوانکارانەی تاک نییە لە بەرانبەر تاکێکی تردا. بەڵکو تاوانی شەرەف کردەوەیەکی کوژەرانەیە کە تیایدا سیستەمێکی گەورە لەبەرانبەر تاکێکدا سەنگەردەگرێت و بڕیاری مەرگی بەسەردا دەبارێنێت. ئەوەیشی کە رەهەندی کولتوری بەم تاوانە دەبەخشێت، بە کۆمەڵایەتیکردنی چەمکی شەرەف و چڕکردنەوەی ئەم چەمکەیە لە سێکسوالیتێتی ئافرەتدا کە سەرتاپای کۆمەڵگا دەتەنێت و بە شێوەی تۆڕێکی گەورە ئینسانەکان لە ناوخۆیدا یەخسیر دەکات. لەو کۆمەڵگایانەدا کە تاوانی شەرەفی تێدایە، ئێمە شایەدی بەهایەکی تر و پێناسەیەکی تری شەرەف نین کە لە سێکسوالیتێتی ژنان جیاکرابێتەوە. پیسترین و ناشیرینترین جنێوەکانی ئەم کۆمەڵگایانە بە کۆمەڵگای کوردیشەوە، ئەو جنێوانەن کە دەبێ دایک و خوشکی کەسی جنێوپێدراو بگرێتەوە. بەمە ئینسان لە ناسکترین تاڵەکانی هەستی ئەو کەسە دەدات کە هەموو حورمەت و ڕێزی خۆی لەو شوێنەدا کۆدەکاتەوە کە کەسی جنێودەر لە ڕێگەی جنێوەکانییەوە بەنیازە پیسی بکات. لە کۆمەڵگای کوردیدا هەتا ساتە وەختەکانی ئێستاکەش شەرەف و سێکسوالێتی ژن بەجۆرێک بەناو یەکدا چوون کە مەحاڵە لەیەکتری جیابکرێنەوە.

سەرتاپای رۆمانی “نەفرەتی نەوبەهاران” نمایشکردنێکی ڕوون و ئاشکرای ئەم کاریگەرییەی سیکسوالیتێتی ئافرەتە کە لە جەستەی رووتی ئەودا، هەموو لایەنە دەرگیرەکان کە لە خزم، بنەماڵە، سیستەمی داد ، پۆلیس، هۆز، دەستگای جەنگی کۆمەلگا و پیاوانی ئاین پێکهاتوون، هەموویان لە بەرانبەریدا لە کارو کاردانەوەی خۆیاندان تا ئەم شەرەفە لەکەدارکراوە بکڕدرێتەوە، کەسانی دی پێوە بکوژرێت یان شەرەفی ئەوانی دیکەی پێلەکەدار بکەن.

لە کاتێکدا لە بەرانبەر نەفرەتی ئەم جەستە رووتەدا: ” بە بێ ئازادی شەرەف بونی نییە”، دەبێتە شا پەیامی رۆمان ولە ناو تەمومژەکانی ئەم دەربڕینە شیعارئامێزەدا، ئەوەی کە کرۆکی ئازادبوونی ئەم جەستە رووتەیە لە دەست جەبرەکانی سیستەمی شەرەف، ئەوەی کە ئەم نەفرەتە لەشوێنێکدا تێکبشکێنرێ، ئەوەی کە ئەم وێنە رووتە چەندبارە سووتێنراوە توانای گەرانەوەی نەبێ وقوربانی دیکە نەچنێتەوە، لە گرەوی بەدەستهێنانەوەی ئازادی ئەم جەستە رووتەدایە بۆ بوونەوە بە خاوەنی خۆی کە کولتوری شەرەف، دەمێکە خاوەندارێتی ئەوی لەو سەندۆتەوە و داویەتی بە کەسانی دیکە.
بەکورتییەکەی، بۆ ئەوەی ئازادی بەدەستهێنانەوەی خاوەندارێتی بۆ جەستەی خۆ و سێکسوالیتێتی خۆ، ئازادبوون لەدەستی بەهاو پێوەرە کۆمەلایەتییەکانی کولتوری شەرەف، نمایشێکی زەقتری ناو رووداوەکانی رۆمان بێت، بە تایبەت لەبەرانبەر خێڵی شەرەفپارێزان و رووداوە خوێناویەکانی ناو چیرۆکدا کە گەورەترین ڕووبەرەکانی ناو لاپەرەکانی رۆمان داگیردەکەن، دەبوا دەنگی ئەم ئازادییە، ئازادی خاوەندارێتی بۆ جەستەی خۆ، بەجیا لە وتنەوەی تاکە دیڕێک: ” بە بێ ئازادی شەرەف بونی نییە”، جێگایەکی لە رۆماندا پێببەخشرایە، کە جێی داخە بە تەواوەتی ونە. ئاخر ئەگەرئازادی چەند چەمکێکی بەرین و گشتیگیر بێت و چەندەها پێناسە لەژێریدا جێگای بێتەوە، ئەوا لە پەیوەند بە کولتوری شەرەفدا، مانایەکی دیکەی نییە جگە لە ئازادی بەدەستهێنانەوەی جەستە و سیکسوالیتێتی خۆ. ئەوە لەگەل بەدەستهێنانی ئەم ئازادیەدایە کە سەرتاپای سیستەمی شەرەف بە مانا کوردییەکەی، هاڕەدەکات. لێرەدایە کە نەفرەت چیدی ناتوانێ نەفرەتێکی ئەزەلی بێت و وێنەی ڕووت دەکرێ تەنها وێنەیەکی ئاسایی جەستەیەکی ڕووت بێت و بنەمالە و هۆز و نەتەوە ناتوانن چیدی زمانحاڵی خاوەندارێتی خۆیان بۆ وێنە و جەستەکەی بە ئەرکی خۆیان بزانن.
بەلام ئایا ئەمە داواکردن نییە لە بەختیار بۆچی ئەم دەنگەی کە یەکێک لە پالەوانەکان ببێتەوە بە خاوەنی جەستەی خۆیی و ئەم چەندبارە بونەوەیەی وێنەیەکی رووت ساڵەکان نەبەزینێت و لە شوێنێکدا ماناکانی خۆی لەدەست بدات، وەک داوای ئەلتەرناتیڤکردن لە بەختیارلێکنادرێتەوە؟
بە بڕوای من، ئێمە لە کۆمەلگای کوردستاندا، شایەتی خوێناویترین کەیسەکانی کوشتن و شەرەفشکاندین کە هیچیان لە چارەنووسی پالەوانەکانی ناو رۆمان کەمتر نین. تەوزیفکردنی ئەم تراژیدیا خویناوییەی کۆمەلگای کوردستان لە ئەدەبدا بەو شیوازەی کە لە کۆمەلگادا هەیە و نەبوونی نیگایەکی دیکە کە تەواو پێچەوانەی بەها و پێوەرە کولتورییەکانی بەرهەمهێنانی نەفرەتی نەوبەهارانە، ئەرکی نووسەرە و لە پەیوەند بە توانا و لیهاتوویەکانی بەختیاردا، چاوەروانییەکی هەتا بڵیی سادەیە.

بەختیارعەلی و کارل یوهان ئالمکڤیست

ساڵی 1839 ی سویده‌، “سارا”ی کچی کابرای شووشه‌چی له‌ که‌شتییه‌کی نێوان (ستۆکهۆڵم) و (لیدشۆپین)دا موسافیره‌. ئەم سەفەرە چەند رۆژێکی پیدەچێت و به‌ هۆی درێژی سه‌فه‌ره‌که‌وه‌، په‌یوه‌ندییه‌کی خۆشه‌ویستی له‌گه‌ڵ سه‌ربازێکی سه‌ر که‌شتیه‌که‌دا په‌یدا ده‌کات. کاتێک دەگەنە دوا ویستگەی خۆیان، “سارا” داوا لە “ئەلبیرت” دەکات کە ئەم پەیوەندییەیان بخەنە فازێکی ترەوە و بەیەکەوە بژین. ئەو دەتوانێت بگوێزێتەوە بۆ ماڵی “سارا” و درێژە بەم پەیوەندییە خۆشەویستییە بدەن. “ئەلبێرت” لەسەرەگێژەیەکی سەیردا تیا دەمێنێت و دەپرسێ: دەکرێ دووکەس بێ گرێبەستی هاوسەری و مارەکردن لە کلێسادا، بچنە پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە؟ ، “سارا” له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێ: به‌ڵێ ده‌بێ.
“به‌ڵێ ده‌بێ” ناونیشانی رۆمانه‌ به‌ناوبانگه‌که‌ی نووسه‌ری سویدی” کارل یوهان ئالمکڤیست”ه‌ لە سەرەتاکانی سەدەی هەژدەدا. بەلام کاردانەوەکانی کۆمەلگای کۆنسیرڤاتیڤی ئەوسای سوید، وەلامێکی تووند بەم رۆمانە بچووکە دەداتەوە و بانگەوازی: نەخێر نابێ، دەبێتە مانیفێستی دژە دەنگی “سارا”ی “ئالمکڤیست”.
ئەوەی “ئالمکڤیست” لە رۆمانی”بەڵی دەبێ”دا دەیکات، سەرنجدانە لە خۆشەویستی، لە سیکس لەدەرەوەی خێزان و هاوسەرگیری لەدەرەوی کلێسادا، بەلام بە گۆشەنیگایەکەوە کە تەواو پێچەوانەی ئەو نۆرم و بەها زالانە بوو کە لەسەردەمەکەی ئەودا لە ئارادا بوون. گۆشەنیگایەک کە سەد ساڵ لە دوای مەرگی خۆیەوە، دەبێتە نۆرم وبەها و کولتوری باوی کۆمەلگا.

بەختیار لە “نەفرەتی نەوبەهاران”دا، دەکرا و دەیتوانی کۆمەلگای کوردی، لە رێگەی یەکیک لە پالەوانە کچەکانی نێو ڕۆمانەوە، لە رێگەی ئازادی جەستەیەکەوە کە دەتوانێ رووت بێت وەک ئاماژەیەک بۆ پراکتیزەکردنی رووت و ئاشکرای ئازادی، وەک دەنگێک لە دەرەوەی بەها وسیمبوڵ و کۆدەکانی باوی شەرەفی کوردییەوە، بانگبکردایەتە ئایندەیەکەوە کە نەفرەتی نەوبەهاران، چیدی نەفرەتێکی ئەزەلی نەبێت.

دوا وتە

بۆ “تۆنێۆ”ی دراماکەی “والتەر سێلس”، وەختیک لە عاشقبوونیدا بە یەکێک لە کچە قەرەجەکانی ئەو خێڵە قەرەجەی بارگەیان لە شارێکی نزیکی کێلگەکانی ئەوانەوە هەڵداوە، بەجۆرێک سەرقاڵ دەبێت کە پاراستنی خۆی و براکەی بە تەواوەتی لە بیر دەچێتەوە. تا لە کۆتایی فیلمدا، بنەماڵەی خاوەنمۆلک زەفەر دێنن و برا بچووکەکەی دەکوژن. ئەو ملكەچ لەبەرانبەر باوکدا دووبارە ڕادەوەستێتەوەو دەبێ چەکی تۆلە بکاتەوە شانی. وەختێک دەگاتە سەر دووریانی بەرە و ماڵی خاوەنموڵک رۆیشتن تا تۆڵەی برابچووکی خۆی بکاتەوە یان ڕیگای بەشوین خێڵی قەرەجەکاندا بگرێ کە بارگەیان بەرەو شوێنێکی پێچاوەتەوە، ئەو رێگای دووهەمییان هەلدەبژێرێت.

وەختێ منیش لەگەڵ کچەکەمدا دەکەوینە گفت و گۆ، بە تایبەت کاتێک هەردوولامان هەمان کتێبمان خوێندبێتەوە تا لە تێگەیشتنی ئەوەوە تێروانینی خۆم بۆ کتێبەکە فراوانتر بکەم، لێیدەپرسم: دوای تەواکردنی” نەفرەتی نەوبەهاران”، چی دەبینێ؟ ئەو چاوەکانی دادەخات و دەڵێ: ” من ئێستا کچێکی بالابەرزی کراس گوڵگوڵی کاوبۆ لەبەر دەبینم کە گەیشتۆتە قەڵەباڵغترین شەقامی شار. ئەو سەرنجی هەموو ڕێبوارانی شەقام بەلای خۆیدا ڕادەکێشێ. لە شوێنێکدا کە ناوەراستی گؤرەپانەکەیە، رادەوەستێ و لە دەووروبەری خۆی دەڕوانێ. لە تەنیشت شۆستەی نزیکی ڕاوەستانی ئەوەوە، پیرەمێدێکی پاکەتفرۆش دانیشتووە. لە روخساریدا، دەڵێی هەموو مەینەتەکانی سەدەی لە چرچ و لۆچی دەموچاو و دەستەکانیدا، هەڵگرتووە. کوڕێک لەبەرانبەریدا چەماوەتەوە و داوای پاکەتێکی جگەرە دەکات. دەنگەدەنگی ناو شەقامەکە تا بێت بەرزو بەرزتر دەبێتەوە. چاوەکان دەچنە سەر کیژی ڕاوەستاوی ناو جەرگەی بازاڕەکە. ئەو دوگمەی دوومی کراسەکەی کردۆتەوە وکەمێک لە ستیانەکەی دەبینرێ. پاش کردنەوەی قۆپچەکانی سەردەستی، بە هێواشی، بێگوێدانە قەلەباڵغی شەقامەکە، کراسەکەی دادەکەنێت و لە نزیک پێلاوەکانییەوە دایدەنێ.
” بسمیللا، کچەکەم ناکرێ خوا عەقڵی لێسەندبیتەوە؟ ژنێکی عەبابەسەری نێو حەشاماتەکە وادەڵێ. “قەحبەی رووداریشمان بینی”، دەنگێکی دیکەیە و بەجۆرێک دەیڵێ تا زۆرترین کەس بیبیستێ. دەنگە دەنگی ناو گۆرەپانکە لە هەڵکشاندایە. ژنێک عەباکەی سەرسەری خۆی دادەکەنێت و بە پەلە خۆی دەگەێنێتە کچەکە و دەیەوێ جەستەی روتی کیژەکە دابپۆشێ. کچەکە عەباکە لەخۆی دەکاتەوە و هەنگاوێک لە شوێنەکەی خۆی دووردەکەوێتەوە. دەستدەبات و دووگمەی کاوبۆکەی دەکاتەوە و بە هێواشی پانتۆلەکەیشی دادەکەنێ و دەیخاتە سەر کراسەکەی. کۆمەڵیک ژن لێی نزیکدەبنەوە و دەیانەێ دەوری بگرن و لە چاوی حەشاماتەکەی دووربخەنەوە. کچەکە بە قەلەمبازێک خۆی لە بازنەی ژنەکان دەردێنێت و چەند مەترێک لەولای ئەوانەوە بە روتی ڕادەوەستێ. ئێستا ئەو تێکستەی کە بە رەنگی سوورلەسەر سنگی نووسراوە، بەتەواوەتی دەبینرێ. لە تاتوویەک دەچێ کە خۆشنووسێکی بە توانا نووسیبێتی.
” دەورگرتنی چی، ئەو قەحبەیە ڕەنگە ئێستا لایڤێکیان بۆ کردبێتەوە و کەسێ بۆی پەخشدەکات. ئەو نایەوێ نەبینرێ. کاری ئەم دەڵەقۆرە ڕێک ئەوەیە، ئێوە عەزیەتی خۆتان بۆ دەدەن؟” ، پیاوێکە و لەگەل ئەو ژنانەدا دەدوێ کە لە شڵەژانی خۆیاندا نازانن چی بکەن. بازنەی دەوری کچەکە پڕە لەو دەستەبەرزراگیراوانەی کە کامێرای تەلەفۆنەکانییان کردووەتەوە و فیلم و ڤیدیۆی ماجەراکە دەگرن. تەنانەت کوڕەی پاکەتکڕی بەردەمی پیرەمێردەکەیش لە سەرقاڵی وێنەگرتنی خۆیدا ئەوەی بیر نییە کە خەریکی کرێنی جگەرە بووە و پیرەمێردی لە پشت خۆیەوە لەیادکردووە. پۆلیسەکان دێن و بە پەلە کچەکە دەخەنە ناو سەیارەکەیانەوە. لەناو تاریکی سەیارەی پۆلیسەکەدا، تێکستی نووسراوی سەرسینەی کچەکە دەدرەوشێتەوە و دەڵێی بە بۆیەیەکی وا نووسراوە کە لە تاریکیدا زیاتر ببینرێت. لەناو غەڵبەغەڵبی ڕێبوارانی سەرشەقامدا کە هەریەکە و لەگەڵ کەسی تەنیشتیی خۆیەوە لە قسە و باسی ئەوەدان کە چی ڕوویدا و کچی کێ بووە…، کوڕەی پاکەتکڕ، ڕوودەکاتە پیرەی پاکەتفرپش و دەڵێ:” ببوورە مامە گیان! چەند دیمەنێکی سەرنجڕاکێش بوو، تکایە چەند دەکات؟ پیرەمێردەکە دەڵێ:” من لەبەر قەلەباڵغییەکەی دەوری کچەکە نەمتوانی ئەوە ببینم لەسەرسنگی ئەو نووسرابوو، دەکرێ پێمبڵیی چی بوو؟
کوڕەکە مۆبایلەکەی دەردەهێنێت و بە پەنجەکانی وێنەکە گەورەتر دەکات ودەڵێ: ” من خاوەنی جەستەی خۆمم. من بڕیاردەدەم چۆن ببینرێ و کێ بیبینێ. تۆ ئەگەر بە جەستەی ڕووتی من دەروونت گڕدەگڕێ و پڕدەبی لە نەفرەت، دەکرێ چاوەکانت دابخەیت. من بەرپرسیاری بینینی تۆ نیم. ئەوە تۆیت خاوەنی چاوەکانی خۆتیت، منیش خاوەنی جەستەی خۆمم، لە ژێر تێکستەکەیشدا نووسراوە، زۆزان گێلاس.” پیرمێردەکە زەردەخەنەیەک دەکەوێتە سەر ڕووخساری وچاوەکانی پڕدەبێت لە فرمێسک.” کوڕم بڕۆ و داوەتی منی”. هەرزەکارەکە دەستی مامە پیرە دەگوشێت و دەڕوا. پیرەمێردەکە لەبەرخۆیەوە ورتە ورتی دێ.” دەکرێ چاوەکانت دابخەی، دەکرێ چاوەکانت دابخەی”




بڕوانامە لە فەلسەفە و دەقە فەلسەفییە وەرگێڕاوەکان شارەزا لە فەلسەفە دروستدەکەن، نەک فەیلەسوف -5- .. ئازاد حەمە

بەشی پێنجەمی ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟

کێ بە فەیلەسوف دانانرێت؟

کێ بە فەیلەسوف دانانرێت؟ بە پرسیارێکیتر وەڵامدەدەینەوە، کە بەم جۆرەیە: کێ فەیلەسوفە؟ ئەم پرسیارە هەردەم پرسیارێک بووە و لە سەردەمە جیاوازەکانی بوونی فەلسەفەدا کراوە. فەیلەسوف سەرقاڵی ڕاڤەی جیهانە. جیهان لەوێ ئەو گەردوونەیە ئێمەی ڕاگرتووە. هەر خودی گەردوونناسیش، لە دەمی دەرکەوتنی خودی فەلسەفەوە، شانبەشانی بوونناسی بوارە سەرەکییەکانی فەلسەفەبوونە.
هەر پرسیاری کێ فەیلەسوف نییە؟ دەمانخاتە بەردەم بابەتی جیاکردنەوەی فەلسەفە لە ئایین. باشە ئەوانەی لە بواری ئایینناسی، یەزدانناسی(تێۆلۆجی/ لاهوتناسی) کاردەکەن هەمان ئەو شێوازە کارکردنەیان هەیە، کە فەیلەسوفەکان دەیکەن؟ بێگومان نەخێر. لێرەدا دەکرێت باسی فەیلەسوفی ئێرانی مەلا سەدرا بکرێت. هاوکات ئەو پرسیارەی لای سەرەوە ئەوانەش دەخاتەژێرپرسیارەوە، کە بەناوی سۆفیزمەوە خۆیان لە فەلسەفە نزیکدەکەنەوە. لێرەدا دەکرێت باس لە ئەزموونی بیرکردنەوەی تر بکرێت کە دەچێتە خانەی سۆفیزمی رۆژهەڵاتیەوە، عیرفانییەکان.
لە پەیوەندی بەوەی لای سەرەوە باسکرا، ئەوەشدەڵێین: ئێمە وەک مرۆڤ ناکرێت هەموو بە فەیلەسوف بژمێردرێن. ڕەنگە زۆربەمان تێگەیشتنی فەلسەفییمان هەبێت بەس ناشێت هەموو فەیلەسوف بین. هاوکات بۆ زۆرێکیش لە ئێمە ئەوە بووەتە بابەتی پرسیار، کە فەیلەسوف کێ نییە؟ ئەو کەسە بە فەیلەسوف دانانرێت، کە کۆڵێنەوە لە شت ناکات، کە فەلسەفەکردنیشی نەکردووە بە کاری بنەڕەتی خۆی.
فەیلەسوف وا حاڵییە لە فەلسەفە، کە وەستانی خۆی هەیە سەبارەت بە هەموو شتێک و هەروەها بوونیشی یەک جار نییە، بەڵکو بوونێکی بەردەوامی هەیە. بوونی بە بوونی مرۆڤەوە گرێدراوە. کەچی کەسی نافەیلەسوف فەلسەفەی لا کاتییە، لا ناکاریگەر و ناچالاکە. چونکە ئەو کەسەی فەیلەسوف نییە ناکارێت چارەسەرکردنی کێشەی ڕەفتاریی بە فەلسەفەوە گرێبدات. ئەمەش لەبەرئەوەی، لەوە حاڵی نییە کە فەلسەفە بەم ئەرکە هەڵدەستێت.
کەسێکی غەیرە فەیلەسوف ئەو کەسەشە، کە دۆستی بیرکردنەوە نییە. هاوکات لەو شوێنەی فەلسەفە کاردەکات عەقڵ ئیشی خۆیدەکات. ئەو کەسەی فەیلەسوف نییە لە دووریی عەقڵ حاڵی نییە، بۆیە مانای فەلسەفەش بە هەندوەرناگرێت. ئەمەش وادەکات کەسی نافەیلەسوف لە پەیوەندیدا نەبێت بە بیرکردنەوەوە. بەمجۆرە ئەو کەسەی دۆستی بیرکردنەوە نییە ئەو کەسەیە گەشە بە سەرچڵییە فەلسەفییەكان نادات و فەلسەفەش دەكات بە جێگایەک بۆ دروستكردنی زۆرانبازیی هزریی، لەوەش حاڵی نییە ئەم کەسە، کە فەلسەفە جێگایەکە بۆ دروستكردنی چركەی ڕووبەڕووبوونەوە بە مەبەستی یەكلاكردنەوەی ڕاستیی و گەیشتن بە وتنی نەوتراو و یاساغ. ئەڵبەتە هەر ڕووبەڕووبوونەوەیشە سەرچڵیی لە بیر و بۆچوونە فەلسەفییەكاندا دەسازێنێت و دواتر ئەو سەرچڵییانە هێز بە بەر ڕووبەڕووبوونەوە فەلسەفییەكان دەكەن.
پوختە، فەلسەفە کاریگەرە. کێ کاریگەری دەکات؟ ئەو کەسەی فەلسەفەدەکات؛ لەسەر شێوازی ئەم کەسە وەستاوە چۆن فەلسەفەدەکات. کە دەشوترێت فڵان فەیلەسوفە ئەوە بەرزترین پلەی ڕوناکبیرییە دراوەتەپاڵ کەسەکە. فەیلەسوف تاک و تەرایە. لێرەیە و لێرەش نییە. لەوێیە و لەوێش نییە.

دەقە فەلسەفییە وەرگێڕاوەکان ناتوانن فەیلەسوف بەرهەمبهێنن

دەقە فەلسەفییە وەرگێڕاوەکان ناتوانن فەیلەسوف دروستکەن، بەڵام توانای دروستکردنی گفتوگۆ، تێگەیشتنی فەلسەفییان هەیە. گومانی ناوێت، وەرگێرانی میراتە فەلسەفییەکان دەمانبەن بەرەو مێژووی فەلسەفە، ئەو مێژووەی بەتەواوەتی ئاشنانیین پێی، بەس ئەمە بەو مانایە نییە پرۆسەی خوێندنەوەی هزری فەلسەفیی ئەویتر فەیلەسوفدروستکەرە. بەمجۆرە، وەرگێڕانی کارە فەلسەفییە گەورەکان نامانکاتە فەیلەسوف، لێ دەمانگەینێتە سەرچاوەکانی فەلسەفە و مێژووەکەیشیمان بۆ واڵادەکات.
وەرگێڕانی دەقە فەلسەفییەکان، رۆژئاواییەکان بن یان رۆژهەڵاتییەکان(عەرەبی، فارسی، و….)، مانادارن بۆ دەوڵەمەندکردنی بیر و تێگەیشتنی فەلسەفییمان، بەڵام پێویستیشە بزانین کێن ئەوانەی وەرگێڕان بۆ میراتە فەلسەفییە گەورەکان دەکەن بۆ زمانی کوردی؟ لە چ زمانێکەوە ئەوە دەکەن؟ ئەوانەی ئەو وەرگێڕانانە دەکەن بۆ زمانی کوردی ئەو زمانانە بە باشی دەزانن؟ ئەو زمانەی لێوەی وەریدەگێڕن ئەو زمانەیە، کە دەقەکەی پێینووسراوە یان لە دووەم و سێهەم زمانەوە وەرگێڕانەکان دەکرێت؟ لەوانەش گرنگتر چەند وەرگێڕ بە فەلسەفە و بەو هزر و هزرەڤانەوە ئاشنایە، کە وەرگێڕانی بۆدەکات.
وەرگێڕی دەقە فەلسەفییە مەزنەکان(ئەفلاتون، دێکارت، سپینوزا، کانت، هێگڵ، هۆسرڵ، ڤێتگنشتێین، و….) داوای ئەوەش لە وەرگێڕ دەکات شارەزانی لێکسیکۆنی فەلسەفیی ئەو بیرمەندە بێت کاری وەرگێڕان بۆ کارەکانی دەکات. ئەمە لەکاتێکدا لە زۆرێک لە کولتورەکان، لە زمانەکان، هەر وەرگێڕێک پسپۆڕ و شارەزایە لە وەرگێڕانی یەک دوو بیرمەند، نەک وەرگێڕانی هەرچی دەستکەوت.

بڕوانامە لە فەلسەفە فەیلەسوفبوون دروستناکات

خوێندنی فەلسەفە نامانکاتە فەیلەسوف، بەڵکو دەمانکاتە توێژەری فەلسەفیی، پسپۆڕ و شارەزا لە فەلسەفە. بۆ زۆرێک ئەوە پرسیارە، کە بۆ بە خوێندنی پزیشکی دەبینە پزیشک یان بە خوێندنی یاسا دەبینە پارێزەر ئەی بۆ بە خوێندنی فەلسەفە نابینە فەیلەسوف؟ گشت ئەوانەش باسکرا پاش وەرگرتنی بەکالۆریۆسێک دەبنە پزیشک و پارێزەر و ئەندازیار ئەی بۆ کەسێک، کە فەلسەفەی خوێندوە نابێتە فەیلەسوف؟ هەریەک لەوانەی باسکرا دواتر پیشەیێکیان هەیە، کە پێیدەوترێت پارێزەری، پزیشکی، ئەندازیاری، ئەی ئەو کەسەی فەلسەفەی خوێندووە؟ پیشەیەک بۆ پسپۆڕ لە فەلسەفە داتاشراوە؟ تایتڵێکی ئەوتۆ هەیە، کە دەرچووی بەشی فەلسەفەی پێبناسرێت؟
ئێمە لە هەرێم دوو بەش (سەڵاحەدین، ڕاپەڕین)و نیو (سلێمانی) فەلسەفەمان هەیە، کە مخابن وا لە هەڵوەرانن، ئەمەش لەبەر خراپ، زۆر خراپ، مامەڵەکردن لەگەڵیاندا. مامەڵەکە هێندەی ناوەکییە(پەیوەندی بە هەیکەلی بەشەکانەوەیە) دەرەکیی نییە (لە دەرەوەی کارگێڕی بەشەکانەوە نییە). ئەم بەشانە لەبەر گرفتی مێتۆدیی و بگرە هزریش نەیانتوانی هزرێکی فەلسەفیی خۆیان بەرهەم بهێنن؛ وتنەوەی فەلسەفەشیان (تاک و تەرا نەبێت) خستە بەردەست کەسانی ناخۆشەویست و ناپسپۆر لە فەلسەفە، ناشارەزا لە مێژووی هزر و هاوکات ناقوڵ لە مێژووی هزری فەلسەفییش.
تەنانەت ئەوەش نەکرا، کە خوێندکارەکانی بەشی فەلسەفە لە داهاتووی خۆیان حاڵیکرێن، هیوایەکیان بدرێتێ، دەبن بە چی و چ کارێک لە بازاڕی کار چاوەڕێیان دەکات. تەنانەت هیچ بۆئەوەش نەکرا، کە ئەم خوێندکارانە پاش تەواوکردنی بەشی فەلسەفە هیچ ناونیشانێکی پیشەییان بۆدانەتاشراوە. ئەمەش رقی ئەوانەی هەڵگرت، کە ئەو بەشەیان خوێندووە و واشیکرد دواتر وردە وردە کەسانی تر ڕوو لەو بەشە نەکەن. ئەمەش بە زیانی بەشی فەلسەفە کەوتەوە و بەئاسانیش بەشی فەلسەفە و هەڵگرانی بڕوانامە لە فەلسەفە لەو زیانە دەربازیاننابێت.
وەکیتر ئەوەش پیویستە بوترێت، کە وشکبوونی هەندێک بەش لە زانستە مرۆییەکان یان سروشتییەکان لە ئێستادا لە زانکۆکانی جیهان، نەک هەر لە زانکۆکانی کوردستان، دیاردەیەکی ترسناکە و بەرهەمی خراپدابەشبوونی کار و زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و گەشەی خێرای تەکنەلۆژیان زانیاریی و هاتنی تەوژمی زیرەکی دەستکردە. بەڵام فەلسەفە لەو جۆرە بەشانەیە، کە گرنگیی خۆی هەیە بۆ گشت بەشە زانستییەکان، بۆیە پاراستنی ئەم بەشە ئەرکێکی مرۆیی و زانستیی خوێندنی باڵایە لە گشت وڵات و کۆمەڵگەیەکی هاوچەرخدا.
بۆ زۆرێک لە نێوەندی ئەکادێمیی و دەرەوەی ئەم نێوەندە تا ئێستاش ئەوە پرسیارە، دەرچووی فەلسەفە لە زانکۆ دەتوانیت کێ بێت؟ دەتوانێت لە گشت کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسیی و پەروەردەییەکان حاڵیبێت و چارەسەری بۆیان هەبێت؟ پاش زانکۆ ئەم دەرچووە کتێب بەدەستەوە دەگرێت؟ دەخوێنێتەوە؟ ئەمانە بەشێکن لەو پرسیارانەی زووزوو ڕووبەڕوماندەبنەوە، کاتێک گفتوگۆی بەشی فەلسەفە (بەشەکانیتری زانستە مرۆییەکان) و دەرچوانی ئەو بەشە دەکەین.
جگەلەوەی باسکرا، پێویستە سەرنجبخرێتەسەر ئەوەش، کە نووسەرە فەلسەفییەکانمان دوو جۆرن گەر نەڵیین سێشن. جۆرێکیان لە بەکالۆریۆسی فەلسەفەوە دەستیانپێکردووە تا پرۆفیسۆری. بەشێکی تری ئەوانەن لە بواری تردا پسپۆڕن، لێ دڵیان بۆ فەلسەفە لێدەدات و دەزانن کە ئەوەی ئەوان ڕاڤەی دەکەن لە بواری پسپۆڕی خۆیان بێ فەلسەفە هزراندنی تیاناکرێت؛ جا ئەوە دەکرێت ئەوانەبن، کە پسپۆرن لە زانستەمرۆییە (کۆمەڵایەتییە سیاسییە زمانەوانییە ئەدەبییە هونەرییە پەروەردەییە)کان تادەگاتە زانستە سروشتییەکان. هەشە لە هیچ پسپۆر نییە و زۆریش قسە لەسەر فەلسەفە دەکات. ئەمەیان هەروەک ئەوانیتر مافی خۆیانە سەرقاڵی فەلسەفەبن و خودی فەلسەفەش، دیارە کە بەشەێکی مرۆییە و بەرهەمی گشت مرۆڤایەتییە. هەشە بەنیوەچڵی فەلسەفەی خوێندووە و کەچی بەردەوام بانگەشەی فەیلەسوفبوونی خۆی دەکات. جاریواشە ئەوانەی بڕوانامەیان لە فەلسەفەدا نییە زۆرتر دەنووسن و قسەدەکەن لەچاو ئەوانەی بڕوانامەی باڵایان لە بواری فەلسەفەدا هەیە.
تاکوتەرایەکیش دەناسم لە سەرەتای دوو هەزارەکانەوە لە هەندەرانەوە گەڕاونەتەوە و بە نەختە خوێندنێک لە فەلسەفە (ماستەر)رۆژانە لێرە و لەوێ بە دکتۆر ناوزەددەکرێن، کە دکتۆریش نیین، کەچی لەوبارەوە، وا بۆ بیست ساڵ دەچێت، بێدەنگن و هەرگیز نەیانوتووە: من دکتۆرام نییە. ئەمانە هەر ئەوانەشن، کە فەلسەفەیان ناشرینکردووە، ئەو وێنەیەیان لەسەر فەلسەفە نەخشاندوە، کە فەلسەفە چەنەبازییە. هەر ئەمانەش فەلسەفە بۆ مەبەستی سیاسیی و کۆمەڵایەتی گڵاویی خۆیان لەم شار و ئەو شار بەکاردەبەن.
کێشەکەی ئێمە ،لە ئێستادا، سەبارەت بە فەلسەفە بەجۆرێکە تەنانەت دکتۆربوونییش لە فەلسەفە چارەسەریناکات و هاوکاریش نابێت لە دۆزینەوەی وەڵامێکی لۆژیکی بۆ ئەو پرسیارە سەرسەختەی نووسینەکەمانمان پێخستووەتە سەرپشت: ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ لەبەرئەوەی لە دیدگای ئەم نووسینەوە ئەوەی مەبەستە بەڕوونی و بێگرێ و گۆڵە ڕوناکیبخرێتەسەر چۆنیەتی بەرهەمهێنانی هزر و ڕەوتە فەلسەفییەکانە، نەک بوون و نەبوونی بڕوانامە و یان کەسەکان چ جۆرە خوێندکارێکی فەلسەفیین.
سەرئەنجام ئەوەش دەڵێین، کە بەدڵنیاییەوە کەسانێکمان هەیە فەلسەفە دەنووسن، بەشێک لەمانە پلەی زانستیی، نەک هەر زانکۆیی بگرە پلەی زانستیی فەلسەفیشیان هەیە، بەڵام ئەو نووسینە فەلسەفییانە جارێ پێمانناڵێن ئەمانە بیریارن.

گەر فەلسەفە لە دونیای هزریی ئێمەدا کارابوایە
گەر فەلسەفە لە دونیای هزریی ئێمەدا کارابوایە ئێستای هزریمان، لە ڕووی ڕوناکبیریی و ئەکادێمیی و ئەدەبییەوە ئاوا دەستکورت و داماو نەدەبوو. ئەو دۆزەی هزری ئێمە لە ئێستادا تیایەتی ئەوەمان پێدەڵێت، کە فەلسەفە لە ژیانی هزرییماندا کارا نییە. بەڵێ، گەر فەلسەفە لە دونیای هزریی ئێمەدا کارابوایە ئەوەی دەداینێ، کە تامەزرۆیین و هەوێنی ڕوناکبیریشمانی پێکدەهێنا. چونکە فەلسەفە ئەو توخمە، یان ئەو بەشە لە هزری تیایە، کە ڕوناکبیریی دروستدەکات؛ کە ئەوەش زانینە و لەوە بڵندتریش داناییە. چیەتیی فەلسەفە ئەو داناییەیە، کە هەمووان گەرەکمانە و شتمان تێدا ده‌بزوێنێت و وایشمان لێدەکات، کە کارلێک لەگەڵ دەورووبەرمان دروستبکەین و دووربینانە بڕوانینە ئەوەی وەریدەگرین، فێریدەبین و لەو سەریشەوە ڕاچڵەکان و سەمەرەیی لە دنیابینیی و تێگەیشتنماندا دەهێنێتەکایەوە.
گەر فەلسەفە لە دونیای هزریی ئێمەدا کارابوایە لە پێگەی فەلسەفە حاڵیدەبووین. لەوە حاڵیدەبووین، کە خودی پێگەی فەلسەفە واتە پێگەی بیرکردنەوە. نەکرا زوو، لە سەدەکانی رابردووماندا، لەوە حالیبین، کە فەلسەفە بەو ناواخنەی خۆی شتێكی لە خۆیدا شاردووەتەوە؛ شتێک، کە هەموو دەخوازین بزانین چییە. لێرەوە دەپرسین؛ ئەو شتە چییە، کە فەلسەفە لە ناخی خۆیدا شاردوویەتیەوە؟ فەلسەفە، کە شتێکە و شتەکەیش وتنە، دەربرینە لە ڕێگای دروستکردنی دێڕەوە. کۆڵەکەی ئەم شتەیش زمانە؛ چۆنێتیی بەکاربردنی زمانیش واتا بۆ چیەتییەکە دادەڕێژێت، هاوکات کۆڵینکاریی چیەتیی فەلسەفە دەمانگەیەنێتە شوێنێک، کە ماڵی ڕاستەقینەی فەلسەفەیە. لەوێ، لە ماڵی ڕاستەقینەی فەلسەفەدا، لەوە حاڵیدەبین، کە فەلسەفە چ کرۆک و ناواخنێکی هەیە. ئەم کرۆک و ناواخنە، کە هەڵگری ئاماژەن، دەروازەیشن بۆ تێگەیشتن لە ئەرک و کاریگەرییەکانی فەلسەفە. بەڵام کوا ئێمە بەو جۆرە لە فەلسەفە حاڵیبووینە؟ کوا بەو شێوەیە مامەڵەمان لەتەک فەلسەفەدا کردووە؟
گەر فەلسەفە لە دونیای هزریی ئێمەدا کارابوایە ئەوکات لەوە تێدەگەیشتین، کە گوزارشتکردنەکانی فەلسەفە پەیبردنن بەو شتەی، کە فەلسەفە لە ناخی خۆیدا پەنهانیداوە. پەنهاندراوەکان خەفەکراوەکانیشن؛ ئەوانەیشن، کە هێشتا نەبوون بە دەربڕین؛ گۆنەکراون و دێڕیان نەسازاندووە. ئەو دەمەی شاراوەکانی هەناوی فەلسەفە ڕێچکەی خۆیان بۆ گۆکردن دەدۆزنەوە، پانتاییەک دروستدەکەن، کە هەر ئەوەیش دەکەن بە قەلەمڕەوی خۆیان و لەوێ کۆڵەکە بۆ تێگەیشتنەکانمان دادەنێن.
لە دەرئەنجامی ئەوەی وترا دەڵێین، بۆ ئێمە زۆر پێویست و گرنگ بوو، کە فەلسەفە لە دونیای هزرییماندا کارابوایە. کارابوونەکە نەخشەی هزریمانی دەگۆڕی و ئێستای هزرییشمان ئێستایەکی تر دەبوو.

ئێمە و ڕەچەڵەکی فەلسەفە

ئێمە لەکوێێ ڕەچەڵەکی فەلسەفەداین؟ بۆیشە ئەم پرسیارە دەکەین، لەبەرئەوەی کاتێک لە ڕەچەڵەکی فەلسەفە دەکۆڵینەوە ئەم کۆڵینەوەیە دەمانباتەوە بۆ لای مێژووی فەلسەفە و ئەوەش دەمانباتەوە بۆ یۆنانی كۆن. لەڕێگای ئەو پرسیارەوە شوێنی هاتنی فەلسەفەمان بۆ شیدەبێتەوە.
بۆ هەموان پرسیاری ڕەچەڵەکی فەلسەفە لە كوێوە دێت؟ پرسیارێكە لە شێوەی گەڕان بەدوای بنەچە، شوێن و كاتی لەدایكبوونی فەلسەفە، چونكە بۆ زۆربەمان هەمیشە ئەوە پرسیار بووە، کە فەلسەفە بۆ دەركەوت؟ لە كوێ دەركەوت؟ واتە زێدی یەكەمی فەلسەفە كوێ بووە؟ چۆن فەلسەفە توانیی لەوێوە دەربكەوێت، یان بۆ لە شوێنێك دەركەوت، نەك لە چەند شوێنێك؟
زۆربەی بیریاران، یۆنان بە منداڵدانی فەلسەفە دەزانن و ئەو ژینگە ئاوەزییەش، كە لەوێ هەبووە، كاریگەریی لەسەر دەركەوتنی فەلسەفە دیووە. ئەڵبەتە جگە لە بارودۆخی سیاسیی و ئابووریی ئەو دەمەی یۆنان چەند فاكتەرێكی تر گرنگییان لە نەشونمای بیری فەلسەفیی لەوێدا هەبووە، لەوانە: دەركەوتنی دراو، دەركەوتنی نوسین و كۆتاییهاتنی گوتنی زارەكیی، بیری لۆگۆسLogos، كە جێی میتۆس Mythos ی گرتووەتەوە، دەركەوتنی ماتماتیك، دەركەوتنی شار/ پولیسPolis، واتە دەركەوتنی بازرگانیی و كردەی سیاسیی.
“‘شاری میلیتMilet، یان میلتۆس، یش شاری لەدایكبوونی فەلسەفەی ڕۆژئاواییە و یەكەم شاری فەیلەسوفی یۆنانیی، تاڵێس Thales ـە””، ئەی بۆ ئێمە کوێ منداڵدانی فەلسەفەیە؟ چ شار و ناوچەیەک؟ تاڵێسەکەی ئێمە کێیە؟ ئەم لایەنە بۆ ئێمە بە ئاسانی دیاریناکرێت و مێژووی، هیچ نەبێت، دە سەدەی پێش زایینمان لێداوادەکات.
هاوكات ئەو گۆڕانەی لە سەدەی شەشەمی پێش زایندا، لەڕووی سیاسیی و ئابوورییەوە دێتەسەر كۆمەڵگەی یۆنانیی، كاریگەریی زۆر لەسەر شوێنی تاك لە كۆمەڵگە و ئازادیی ئەم تاكە و دەركەوتنی چەمكی دێموكراسیی دادەنێت. ئەمەیش بەهۆی بەرینبوونی یۆنان، داگیركردنی هەندێك ناوچەی دەورووبەر لەلایەن یۆنانییەکانەوە، بازرگانیكردنی یۆنانییەکان لەڕێگای دەریاوە، چوونە دەرەوەی یۆنانییەكان بۆ دەرەوەی قەڕالستانی خۆیان و ئاشنابوونیان بە كولتووری نەتەوەكانی تر.
ئەمانەی لای سەرەوە باسکرا لەسەرێکی ترەوە وایانكرد، دراو/نەخت دەربكەوێت و جێگای ئاڵوگۆڕی شمەك بە شمەك بگرێتەوە. ئەم لایەنە كاریگەریی لەسەر ژینگەی سیاسیی شار بەجێهێشت و هۆكار بوو بۆ دروستبوونی دەسەڵاتی سیاسیی و دەركەوتنی چین و توێژی كۆمەڵایەتیی (خانەدان/نەجیبزادە، خاوەنپیشە، پاسەوان، بازرگان و ..هتد). لێرەوە فەلسەفە دەردەكەوێت و ئاوەز شوێنی ئەفسانە دەگرێتەوە. بەپێی ئەوە بێت، کە باسکرا، ئێمە، کە بەشێکین لە شارستانی فارسی و مێزۆپۆتامیا روون نییە لە مێژووی هزرییماندا کەی ئەفسانە شوێنی لێژبووە و ئاوەز جێگای گرتووەتەوە.
پێمانوایە، ئەو لایەنەی لایسەرەوە باسکرا، زێدە گرنگە لە باسی کۆڵینەوە لە مێژووی ئێمە و ڕەچەڵەکی فەلسەفە. بۆ شارستانی یۆنانی کۆن دەركەوتنی فەلسەفە هەڵاوگۆڕان بووە لە بیری ئەفسانەییەوە بۆ بیری ئاوەزیی. مێژووکردان پێێانوایە ئەم شێوە دەركەوتنەی فەلسەفە لە یۆنانی كۆن، دیاردەیەكی سەرنجڕاكێشی ڕۆژئاواییە؛ واتە لە دەرەوەی ڕۆژئاوا دەركەوتنەی فەلسەفە بەو شێوازە یۆنانییە نەبووە، کە ئەمە ئێمەش دەگرێتەوە. سەرباری ئەوە، دەركەوتنی فەلسەفە لە یۆنان مۆركێكی ئاینیی بەسەرەوە نەبووە، وەك ئەوەی لە دەرەوەی شارستانیی ڕۆژئاوا (چین، میسر، وڵاتی فارس و هیندستان) ئەو مۆركەی بەسەرەوە بووە. ئەم لایەنە ئێمەش دەگرێتەوە؛ ئێمە، کە سەربە دەڤەری شارستانی فارسی و مێزۆپۆتامیی بووینە. کەواتە پرسیاری فەلسەفەهەبوون پێویستە بۆ ئێمە گرنگی خۆی هەبێت. ئەم گرنگییەش لە پەیوەندیدایە بە دیرۆکی ڕەچەڵەکی فەلسەفەوە. ئەو دیرۆکە ئەوەمان فێردەکات، کە ئەوەمان لا پرسیاربێت ئایا فەلسەفە لەناو ئێمە پاشخانی هەیە؟ ئەم پاشخانە بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟ پێش ئیسلام؟ دوای ئیسلام؟ پێش یان پاش زایین؟

بنەمای هزری فەلسەفیی ئێمە چ جۆرە بنەمایەکی هەیە؟

بۆئەوەی دادوەرییەکی لۆژیکییانە لەسەر هەبوونی فەلسەفەیەکی کوردی بکەین پێویستمان بەوەیە دانبەوەدابنێین، کە بوونی فەلسەفە پەیوەستە بە بوونی سیستەمێکی هزرییەوە. ئەمەش داوای ئەو هزرەڤانانەمان لێدەکات، کە ئەم سیستەمە هزرییەیان دامەزراندووە. جا کوا لەناو ئێمە ئەو سیستەمە هزرییە و کواش هزرەڤانەکانی؟ لە جیهانی عەرەبی کەسانێکی وەک ئیبن سینا یان فارابی ئەمەیانکردووە، لە رۆژئاواش کەسانی وەک کانت، دێکارت. بۆیە فەلسەفەهەبوون واتە بوونی سیستەمێکی هزریی، ئەمەش واتە بوونی ئەو کەسانەی هزرێکی سێستەماتیکی یەکانگیر و هەماهەنگییان هەیە. کە ئەمەش هەبوو، یان بوونی فەلسەفە لەم چوارچێوەیەدا بێت، ئەو کات بزاڤ و شەپۆلی فەلسەفیش بوونی دەبێت.
سەرباری ئەوە، با ئەوەشمان لەبەرچاوبێت، کە لە سەردەمی ئێستادا، لەگەڵ هاتنی تەکنەلۆژیای زانیاری و لەم دوایەش زیرەکی دەستکرد، کارێوایکردووە دروستبوونی فەیلەسوف لەسەر شێوازی ئەفلاتون و هێگڵ و سپینوزا و دێکارت خۆی لە ئەستەمی ببینێتەوە. لە ئێستادا، ئەوەندەی خۆمان لەبەردەم بوونی بیرمەند و ڕۆناکبیریی گەورەدا دەبینینەوە هێندە خۆمان لەبەردەم فەیلەسوفی مەزندا (ئەریستۆ، رۆسۆ، ڤۆلتێر) نابینینەوە.

ماویەتی……………

ئازاد حەمە




شیعر و ژیان و سیاسەت لە دیدی رەفیق سابیرەوە.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

لەوانەبێت کە ناونیشانەکە بخوێننەوە یەکەمجار بەلاتانەوە سەیربێت، چ پەیوەندییەک لەنێوان ئەم سێ وشەدا هەبێت، پێدەچێت شیعر و ژیان، کەمێک لەیەکترییەوە نزیک بن، بەڵام سیاسەت هیچ شتێک بەوانی تری نابەستێتەوە، شیعرو ژیان گوازرشت لە جوانی دەکەن، بەڵام سیاسەت بەتایبەتی لەم وڵاتەدا هیچ جوانییەکی تێدانییە و وێنەیەکی ناشیرینی هەیە. بەڵام شاعیرێک توانیویەتی ئەم سێ شتە کۆبکاتەوە، ئەویش شاعیر و نووسەر رەفیق سابیرە. ئەو یەکێکە لە قەڵەمە جوانەکانی دونیای ئەدەبی ئێمە، شیعرە جوانەکەی کە بۆ هەڵەبجە نووسیویەتی ” بەتەنیا جێی مەهێڵن” یەکێکە لە جوانترین شیعر کە بۆ ئەم کارەساتە گەورەیە نووسراوە. جگە لە بواری شیعر، لەبواری فیکریشدا جێپەنجەی دیارە. کتێبی ” ئیمپراتۆریای لم” یەکێکە لەو کتێبە جوانانەی کە پێش چەند ساڵێک خوێندمەوە، کارێکی ناوازەیە. لەماوەی پێشوودا کتێبی ” لە ستایشی ژیاندا”م خوێندەوە، کە بریتییە لە بیرەوەرییەکانی نووسەر، بەڵام بەپێچەوانەی بیرەوەرییەکانی ترەوە چ لەرووی شێوازی نووسین و چ لەرووی ناوەڕۆکیشە زۆر جیاوازترە لەو بیرەوەریانەی کە پێشتر خوێندوومەتەوە.
نووسەر هەوڵیداوە لەرێگەی بەکارهێنانی زمانێکی شیعریی و هەندێکجاریش چیرۆکئامێز، حکایەتەکانی ژیانی بگێڕێتەوە، ڕاستە ژانری بیرەوەری لە رۆمانەوە نزیکە، نووسەریش هەوڵیداوە بە تێکەڵاوکردنی ئەدەب و بیرەوەریی،حکایەتی ژیانی بۆ خوێنەران بگێڕێتەوە. لەهەمووشی گرنگتر بیرەوەرییەکانی بۆ یەکلاکردنەوەی کۆنەقین و جەنگی شەخسی بەکارنەهێناوە، بگرە بەهیچ شێوەیەک لەم جۆرە شەڕانەی تێدا نییە، کەبەداخەوە ئێستا هەر کتێبی بیرەوەرییەک دەبینیت، پڕیەتی لە شەڕی شەخسیی و کۆنەقین، جا ئەوکەسە سیاسیی بێت یان ئەدیب.
لەم کتێبەدا رەفیق سابیر دیوێکی تری کودەتای 14 تەموزی عێراق، بزووتنەوەی چەکداری بەسەرۆکایەتی بنەماڵەی بارزانی، کارەساتی هەکاری، پشتئاشان دەکات. لەهەمانکاتیشدا باسی ئەزموونی شیعر نووسین ، رەوتی ڕوانگە و دونیای ئەدەبی کوردی دەکات.
نووسەر هەر لەسەرەتاوە پێماندەڵێت کە ئەو قۆناغی منداڵی لەناو جەنگ و ماڵوێرانیدا ژیاوە، پاشتریش قۆناغ بە قۆناغ، خۆی لەگەڵ جەنگ و کارەساتەکانی رادێنێت، بەڵام لەناو ئەم جەنگ و ماڵوێرانیی و ناشیرینییەدا، دونیایەکی جوان دەدۆزێتەوە کە ئەویش کتێب و شیعر و ئەڤینە، ئەمانیش هیوای پێدەبەخشن، هەرئەم هیوایەش دەبێتە وزەیەکی باش بۆ بەردەوامی ژیان و سەرکەوتن بەسەر گرفتەکاندا.

منداڵیی و بینینی ناشیرینییەکانی چەکداری کوردی
نووسەر سەرەتای کتێبەکەی بە گێڕانەوەی چیرۆکی ژنێکی کورد دەستپێدەکات، کە پێشمەرگەکانی پارتی ناو قەڵادزێ سەریان تاشیوە. نووسەر بەشێوازێکی حکایەتئامێز، چیرۆکی ژنان و کچانی قەڵادزێی گێڕاوەتەوە کە جەلادەکانیان، چەکدارەکانی پارتی بوون.
نووسەر دەڵێت: لەگەڵ هەڵگیرسانی بزووتنەوەی چەکداری کوردی لە ساڵی 1961 لەگەڵ خۆی، سەرتاشین و دواتر لوتبڕینی ژنانی لەگەڵ خۆی بۆ قەڵادزی هێنا. ژنکوشتن کە لە ساڵانی چلو پەنچاکاندا زۆر دەگمەن بوو، زیادی کرد و پێشمەرگە لەجیاتی مێرد بە بەهانەی پووچ و بەناوی ” شۆڕش” ەوە ، ژن و کچی خەڵکیان تیرۆر دەکرد، چەند کچ و ژنی بێتاوان و ئابڕوومەند، کرانە قوربانی لەوانە خێزانێک کە زۆر لە مێژبوو لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتبوون و لە قەڵادزێ جێگیربوون، کچەکەیان جوان بوو، شەوێک پێشمەرگ چوون سەری کچەکەیان تاشی، دواتر دەنگۆی ئەوە بڵاوبۆوە کە ویستویانە لەگەڵی ڕابوێرن و کچەش رازی نەبووە، بۆیە سەریان تاشیوە، دواتر خێزانەکە ناچار روویان لە بەغدا کرد.ل 12
جگە لەمانە چەندین حکایەتی ژن و کچی قەڵادزێ باس دەکات، کەلەلایەن چەکدارانی پارتییەوە پەلاماردراون، هەموو ئەمانەش بەناوی شۆڕشەوە کراون.

شۆڕشی14 تەموزی 1958
بەپێچەوانەی نووسەرانی تری شیوعییەوە، رەفیق سابیر تێڕوانینێکی جیاوازی هەیە بۆ شۆڕش یان کودەتای 14 ی تەموزی 1958. ئەو پێی وایە ئەم شۆڕشە زیاتر توندوتیژیی و نائارامی لەگەڵ خۆی بۆعیراق هێناوە.
نووسەر دەڵێت: شۆڕش یان کودێتای سەربازی 14 تەموزی 1958، ئەو توندوتیژی و کوشتارەی کودێتاکە لەگەڵ خۆی هێنای، سەرەتای نەخشەی سیاسی نوێی عیراقی بە خوێنکێشا، لەهەمانکاتدا کولتوری کوشتن و توندوتیژی کە لە کۆنەوە بە قووڵی ڕیشەی بەکۆمەڵی عیراقدا ڕۆچووە، ژیاندەوە.
کوشتنی مەلیک و کەسانی بنەماڵەکەی، تێكڕای ئەو تاوانە مەزن و کوشتارە کەموێنانەی دواتریش بە ناوی شۆڕشەوە لە عیراقدا کران، بەرهەمی مێژووی خوێناویی سەدان ساڵەی کۆمەڵی عیراقن، کە هەمیشە مەیدانی کوشتار، تیرۆر و لەناوبردن بووە. ل66

عیراق و توندوتیژی
لەرێگەی باسکردنی شۆڕشی14 ی تەموزی 1958 ، نووسەر بەناو مێژووی عیراقدا رۆچووەو هەوڵیداوە بەپشت بەستن بە مێژووی کۆنی عیراق، شڕۆڤەی ئەم توندتیژییەی کۆمەڵگەی عیراقی بکات.
نووسەر دەڵێت:
ناوچەکانی عیراقی عەرەبی کەوتونەتە نێوان دورگەی عەرەب و ئێران، ئەو ناوچانە لە کۆنەوە ئامانجی خێڵە بەدووەکانی دورگەی عەرەب بوون، کە بۆ تاڵانی، غەنیمەت و پەیداکردنی لەوەڕگا بۆ ماڵاتەکەیان، ڕوویان تێ دەکرد، لەسەردەمی پەلامار و غەزوی عەرەبی ئیسلامیدا، ئەو ناوچانە کرانە بنکەی سەرەکی لەشکری بەدووەکانی عەرەب، تابەرەو ئێران و دوورتر بڕۆن، خێڵە بەدووەکانی عەرەب کە بە توندتیژی و تاڵانچی ناسراوان، تاسەرەتای سەدەی بیستەم، بە پۆل ڕوویان لەناوچەکە کرد، کولتووری بەخوێنئاودراوی خۆیان تێدا چەسپاند،،،ل67

بزووتنەوەی چەکداری
نووسەر بەچاوێکی رەخنەگرانەوە سەیری مێژووی سیاسی کورد دەکات، بەتایبەتی مەسەلەی بزووتنەوەی چەکداری کە لە سەرەتای ساڵانی شەستی سەدەی پێشوو سەریهەڵدا. نووسەر وێنەیەکی تری ئەم بزووتنەوە چەکدارییەمان پیشان دەدات، وێنەیەک تەواو جیاوازە لەو وێنەیەی کە لە میدیاکانی بنەماڵەی بارزانییەوە باس دەکرێت.
نووسەر دەڵێت:
بەهۆی هەڵگیرساندنی شەڕ، هەزاران گەنجی کورد، بەناوی گوایا شۆڕشەوە کرانە قوربانی ، زیاتر لە نیوەی ئەو قوربانیانە لە شەڕی نیوخۆدا، بە کوشت دران، یان فەلەج و پەککەوتە کران. دوا شتێک کە لە کۆڵە پشتە شڕەکەی بزووتنەوەی چەکداریدا مابوو، ( هیوا) بوو، شەڕی نیوخۆ ئەویشی کوشت. ل15

دواتر دەڵێت:
لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی پێشوو تا ئازای 1970 ، کوردستانی عیراق گیرۆدەی شەڕ بوو، تیرۆر، بێهیوایی، وێنەی تارمایەکی ڕەش و ترسناک دەسووڕانەوە، چارەنووسی هەر کەس و هەمووان نادیار بوو. کاتێک وڵاتێک دەکرێتە زیندانێکی گەورەو وڵاتکوژان دەبنە پاسەوانی، ژیان و مردن جیاوازی ئەوتۆیان لە نێواناندا نامێنێت.ل 107

شۆرشی عەشائیر یان شۆڕشی کورد؟!
لەهەمووی گرنگتر نووسەر هۆکاری سەرەکیی و وێنەیەکی ڕاستەقینەی بزووتنەوەی چەکداری ساڵی شەستەکانمان پێ پیشان دەدات کە لە دیدی بنەماڵەی بەرزانیی و هەوادارانییانەوە بە شۆڕشی ئەیلول ناودەبرێت، ماوەی دەیان ساڵیشە وا دەیخەنە بیری خەڵکییەوە کە ئەمە شۆرشی نەتەوایی بووە، بەڵام ڕەفیق سابیر قسەیەکی تری هەیە و پێمان دەڵێت، ئەمە هیچ پەیوەندی بە مافی نەتەوایەتیی کوردەوە نەبووە، بەڵکو جەنگی کۆمەڵێک سەرۆک خێڵ بووە، چونکە حکومەتی عیراقی قانونی چاکسازی کشتوکاڵی دەرکرد.
نووسەر دەڵێت: لە کۆتایی ئەیلولی 1958 قانونی چارەسەری کشتوکاڵ لە عیراق ( قانوونی ژمارە 30) دەرچوو، دروشمی زەوی موڵکی ئەو کەسەیە کە دەیچێنێت، ئەو قانوونە بەو ئامانجە دەرکرا کە کێشەی لە مێژینەی نێوان ئاغا و جووتیار چارەسەر بکات، ئاستێکی ماقووڵی دادپەروەری، لە بواری کۆمەڵایەتی، ئابووری و موڵکایەتی زەوی بچەسپێنێت، بەڵام قانوونەکە لەگەڵ گرنگییەکەیدا، زۆر بەپەلە و بە فشاری حزبی شیوعی دەرچوو، چارەسەرکردنی کێشەی زەوی لە عیراقدا لەوە ئاڵۆزتر بوو کە هێندە بەپەلە و هەبوونی دەسەڵاتێکی بەهێز جارەسەر بکرێت،،،،ل77
سەرۆک خێڵەکانی کوردستانی عیراق دژی ئەو قانوونە نوێیە وەستان، کۆمەڵێک ئاغای پشدەر ( میراودەلی) پەنایان بۆ ئێران برد و ماوەیەک لەوێ مانەوە دوای ئەوە بە چەکەوە گەڕانەوە ناوچەی پشدەر،،، سەرەتای یاخیبوونی چەکداری لە دژی حکومەتی عیراق لە ناوچەی پشدەر و بێتوێن، بەڕابەری ئاغاکان دەستی پێ کرد، هەموو خاوەن زەوییە زۆرەکانی ناوچەی رانیە و پشدەر ئامادەبوون و بڕیاریاندا خۆپیشاندانی چەکداری بکەن دژی رژێمی عەبدولکەریم قاسم و هەرچی زووترە رێگای نێوان رانیە و سلێمانی و کۆیە ببەستن و ماوە نەدەن هێزەکانی چەکداری میری بەم رێگایەدا هاتوچۆ بکات، دوای ئەو یاخیبوونە چەکدارییە( عەشائیری دەوربەری سلێمانی و هەمەوەند و شوان و شێخ بزێنی و سمایل عوزێری و دۆڵی جافەتی ) ئەوانیش هەستان و رێگاکانی بازیان و دەرەبەندیخانیان گرت و چەکداریان دامەزراند، ئیتر دەنگی شۆڕشی عەشائیر لە هەموو عاستێک بەرزبپوە.ل 80
واتە سەرەتاکەی شۆڕشەکە بەم شێوەیە بووە، بەڵام بۆچی سەرانی پارتی دوای شۆڕشی عەشائیرییە کەوتووە؟
نووسەر لە وەڵامدا دەڵێت: پارتی بەفشاری لەشکری ئاغاکان و لە ترسی لەدەستدانی پێگەی خۆی، بەبێ پلانی سەربازی و خۆئامادەکردن بۆ خەباتی چەکداری، چووە پاڵ شۆڕشی عەشائیر کە بە هاندان و کۆمەکی ئێران کرا، بەمشێوەیەش دەرگای دۆزەخی بەرووی گەلی کورد لە عیراق کردەوە، کەتا ئەمڕۆ تیایدا دەسووتێت.ل80
دواتریش دەڵێت:
سەرانی پارتی لەبری ئەوەی بە شێوازی سیاسی و ئاشتیانە کار بۆ مافی دەستووری گەلی کوردستان بکەن، بە بێ پلان و خۆئامادەکردن چوونە پاڵ شۆڕشی عەشائیر، کەهیچ پەیوەندییەکی بە مافی نەتەوەیی گەلی کوردەوە نەبوو، لەهەمانکاتدا بەهانەیان بە دەوڵەتی نوێی عیراق دا، هێزی سەربازی بۆ کوردستان ڕەوانە بکات، ناسیۆنالیست و شۆڤێنی عەرەبیش، دەرفەتیان بۆ ڕەخسا، بە ئاشکرا دوژمنایەتی گەلی کورد بکەن،ل81

مەڕ لە گورگ تۆقیوە کەچی شوانەکەی دەیخوات
نووسەر خاڵێکی ترمان بۆ باس دەکات، ئەویش خۆخستنە باوەشی رژێمی شای ئێرانە، کە ئەمەش خاڵێکی نێگەتیفی بزووتنەوەی چەکداری کوردییە، رەفیق سابیر دەڵێت:
مرۆڤ قەت لە سەرەتایەکی هەڵەوە، بە ئەنجامی دروست ناگات. چواردە ساڵ ڕەنج و قوربانی و بە کوشتدانی دەیان هەزارکەس، هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆ و لەتکردنی گەلی کوردستانی عێراق و وێرانکردنی کوردستان، ئەنجامەکەی ئەوەبوو، دەوڵەتی ئێران نیوەی شەتی عەرەبی لە عێراق ستاند، لەبەرامبەر ئەوەدا رۆژی 19 ئاداری 1975 سەرکردایەتی بزاڤی چەکداری ،جاڕی ئاشبەتاڵی دا، ئێران ئاشبەتاڵی بە بزاڤە چەکدارییەکە کرد، کە ئامڕازێکی دەستی خۆی بوو. دەیان هەزار پێشمەرگە و هەزاران خێزان، کە ژیان و کەرامەت و چارەنووسیان خستبووە دەستی سەرانی بزووتنەوەکە، ناچارکران زەلیل،سەرکز و بێهیوا،خۆیان ڕادەستی حکومەتی عێراق بکەنەوە، ،،ل207
جێگەی ئاماژەیە ئێستاش هەمان دیمەن دووبارە دەبێتەوە، سەرانی ئێستای پارتی بەهەموو هێز و توانای خۆیانەوە، خۆیان و چارەنووسی حکومەتی هەرێمیان ڕادەستی رژێمی تورکیا کردووە، ئیتر بابزانین کەی ئاشبەتاڵێکی تر دەبینین.

تیرۆرکردنی کەسایەتی سیاسی و رۆشنبیری کوردستانی ئێران
جگە لەمانەش نووسەر باسی دیمەنێکی ناشیرینی تری بزووتنەوەی چەکدارییمان بۆ دەکات، ئەویش تیرۆرکردنی شۆڕشگێران و کەسایەتییەکانی کوردستانی ئێرانە. ئەمەش لەبەر خاتری ڕژێمی شای ئێران.
نووسەر چەند نموونەیەکی لەو بارەیەوە هێناوەتەوە:
سلێمانی موعینی رابەری بزاڤی چەکداریی گەلی کورد بوو، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ساڵی 1969 مەلا مستەفای بارزانی، بەدیلی تیرۆری کرد و تەرمەکەشی، لەگەڵ پۆلێکی پێشمەرگەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، ڕادەستی حکومەتی ئێران کرد و هەموو پێشمەرگەکان لە سێدارە دران.ل173
یەکێکی تر لەو نموونانەش باس دەکات و دەڵێت:
محەمەد دڵشاد کە بە میرزا دڵشادی رەسولی ناسراوەو لە سەردەمی کۆماری مهابادا وەکو کەسایەتییەکی سیاسیی و رووناکبیر دەرکەوتووە، شەوێک ئاغایەکی پشدەر ( ع.ع) کە دۆستی بوو، بەناوی کارێک بردیە دەرەوەی قەڵادزێ، لە گوندی هەڵشۆ، رادەستی پێشمەرگەی پارتی کرد و جوانەمەرگیان کرد. ئەو جۆرە تیرۆرە دیاردەیەکی نوێ بوو، سەرەتا سام و ترسیان لە کۆمەڵدا بڵاوکردەوە، بەڵام ئەوەندە دووبارە کرانەوە، بوونە بەشێک لە ژیانی خەڵکی، ئەمەش سەرەتای داڕمانی ئەخلاقی، ویژدانی، کۆمەڵایەتی، ئینسانی بوو لە باشووری کوردستان، کە بزاڤی چەکداری دایهێنا و تائەمڕۆش ، بە گوڕ و تینی زۆرترەوە بەردەوامە. ل61
بەداخەوە ئەمڕۆ کەسایەتی رۆشنبیر و سیاسی کوردستانی تورکیا و سوریا، لەلایەن پارتییەوە رادەستی رژێمی تورکیا دەکەنەوەو تیرۆریان دەکەن.

زیندان و دیل کوشتن
لایەنێکی دزێوی تر بزووتنەوەی چەکداری دیل کوشتنە، لەمبارەیەوە نووسەر کۆمەڵێک نموونەی باسکردووە:
لەساڵی 1973 12 کادری حشع کە خەڵکی هەشت پارێزگای عێراق بوون، دوای تەواوکردنی خوێندن لە یەکێتی سۆڤێت و وڵاتانی سۆشیالیستی بەڕێگای سوریا گەڕانەوە عێراق، عیسا سوار کە فەرماندەی پارتی بوو لە بادینان، هەموویانی گرت و بە بڕیاری مەلا مستەفا ، بەدیلی کوشتنی.،،
پارتی لە کوردستان کەوتە گرتن و پەلاماردانی حزبی شیوعی و تۆمەتی جاشایەتی دایە پاڵ ئەو حزبە، کەچی خۆی سێ ساڵ بوو بەشداری حکومەت بوو، لەگەڵ حزبی بەعس هاوپەیمان بوو. پارتی دەیان کادیر و ئەندامی حزبی شیوعی بۆ زیندانی بەدناوی خەڵان و ڕایات نارد و لەوێ ئەشکەنجە دران. هاوڕێ عەبدولرەحمان خدر بانەیی، لەوێ بە ئەشکەنجە شەهید کرا.ل194

حزبی شیوعی
جگە لەپارتی و بنەماڵەی بارزانی، نووسەر لەم کتێبەدا رەخنەی زۆر لە سیاسەت و فیکری حزبی شیوعی دەگرێت. بەحوکمی ئەوەی نووسەر هەر لەقۆناغی هەرزەکارییەوە تێکەڵی ژیانی سیاسی دەبێت ئەویش لەرێگەی حزبی شیوعییەوە، هەتا پاییزی تەمەنی لەم حزبەدا دەبێت، دواتر واز لەم حزبە دەهێنێت. بۆیە پانتاییەکی باشی بۆ ئەم حزبە داناوەو بە چاوێكی ڕەخنەگرانەوە سەیری فیکر و سیاسەت و مێژوو، خەبات، سەرکردایەتی ئەم حزبە دەکات.
ئەو باسی سێ خاڵی بەهێز و لاوازی حشع” کورتکراوەی حزبی شیوعی”

یەکەم: حزبێکی بە ئەزموونی عێراقی بوو، پێگەی بەهێزبوو لە کوردستان و شارەکانی عیراق و ڕێکخراوی نهێنی هەبوو.
دووەم : پەیوەندی فراوانی عەرەبی و ناوچەیی و جیهانی هەبوو، بەتایبەتی لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت و وڵاتانی سۆشیالیستی.
سێهەم: بەشێک نەبوو لە شەڕو کێشەی نێوان ئەو هێزە سیاسیانەی کوردستان.ل289

سێ خاڵی لاواز
هەروەها باسی سێ خالی لاوازیشی دەکات:
یەکەم: گرفتی سەرکردایەتی

لەناو حزبی شیوعی و ڕەنگە حزبەکانی کوردستانیشیەتی دا، هەندێک کەس لەبەر توانا، شارەزایی و لێهاتوویی نەکرابوون بە ئەندامی سەرکردایەتی و کاری گرنگیشیان پێ درابوو، بەڵکو لەبەر لاوازی و دەستەبەندی و گوێڕایەڵی کوێرانە، یان بەهۆی جاسووسیکردن بەسەر هاوڕێکانیانەوە، خرابوونە ئەو شوێنە. سەرکردایەتی حزبی شیوعی لە کوردستان، لەڕووی هزری و خوێندەوارییەوە لەچاو زۆرینەی سەرکردە عەرەبەکانی ناو حزبی شیوعی کۆلکەخوێنەوار بوون، پێنچ کەسیان تەنانەت قۆناغی سەرەتاییان تەواو نەکردبوو. توانای پێشبینی و لێکدانەوەیان زۆر کەمبوو. ئەوان ڕاهاتبوون لەسەرووی خۆیانەوە بڕیاریان بۆ بێت و وەکو سەرباز جێبەجێی بکەن، بۆیە لە هونەری بڕیاردان شارەزا نەبوون.ل291

دواتر دەڵێت: ئەو سەرکردانەی خۆیان ئەهلی ئەو کارە نەبوون، نەشیان دەهێشت لەترسی لەدەستدانی پێگە و ئیمتیازاتیان، سەرکردەی سیاسی _مەیدانی لاو دەربکەون، جگە لە بەهادین نووری، کەسیان لە خۆی رانەدی لەگەڵ پێشمەرگەدا بە گوندەکانی کوردستاندا بگەڕێت و تێکەڵاوی خەڵک بێت، یان لەگەڵ پێشمەرگەکاندا چالاکی سەربازی بکات، پێشمەرگەکان ئەوەیان بە کەماسی دەزانی، ئەوان دەیانبینی چەندان ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵە و یەکێتی و سۆشیالیست، شانبەشانی پێشمەرگەکانیان، لەگەرمیانەوە تا دەشتی هەولێر دەگەڕێن و بەشداری چالاکی سەربازی دەکەن، هەندێکیان لەگەڵ پێشمەرگە بریندار و شەهید دەبن، کەچی زۆرینەی سەرکردایەتی حزبی شیوعی لە دەرەوەی وڵاتن یان لەسەر سنووری ئێران خۆیان مەڵاس داوە، چاوەڕێ دەکەن کەی نۆرەیان بێت، بۆ چارەسەری پزیشکی یان کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی بچن بۆ سوریا و یەکێتی سۆڤیەت چوار مانگ زیاتر لە دەرەوەی وڵات بمێنێتەوە.ل292

دووەم : دژایەتی ئایدۆلۆژی
نووسەر پێی وایە سەرانی حشع لەرووی ئایدۆلۆژییەوە زۆر لاواز بوون، لەمەدا باسی ئەوەدەکات کە بە ناڕەوا دژایەتی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کورستانی کردووە، لەجیاتی ئەوەی لێی نزیک بێتەوە کەچی دژایەتی کردوون ئەمەش هەڵەیەکی ئایدۆلۆژی بووە.

سێهەم: گرفتی هاتوچۆ و پێداویستی پێشمەرگە
بەهۆی ئەوەی رژێمی ئێران ئامادەنەبووە هاوکاری حشع بکات، کێشەی هاتووچۆ و پێداویستی پێشمەرگەی بۆ حشع دروستکردووە، هەروەها رێگای سوریاش لەلایەن پارتییەوە کۆنتڕۆڵکراوە، هەربۆیە ئەوان ناچاربوون نزیک ببنەوە لەپارتی. ئەمەش لەرووی سیاسییەوە زەرەری زۆری لەم حزبە داوە.

پشتئاشان
لەبارەی کارەساتی پشتئاشان زۆر نووسراوەو زۆریش قسە کراوە، من بیرەوەری زۆربەی سەرکردەکانی ی.ن.ک و حشع م خوێندۆتەوەو هەریەکەیان بەجۆرێک باسیان کردووە، هەروەها هەر لایەنە و ژمارەی قووربانی دەنووسێت، بەڵام رەفیق سابیر بەشێوەیەکی ئەکادیمی و دوور لەهەست و سۆز و بەدیدێکی ڕەخنەگرانەوە سەیری ئەم شەڕەی کردووەو هۆکارەکانی باسکردووە.

نووسەر دەڵێت:
پارتی لە شەڕی نێوان ئێران و لەگەڵ حزبی دیموکرات و کۆمەڵە، هەروا لە شەڕی عێراق و ئێراندا، هاوسەنگەری لەشکری ئێران بوون و کۆمەکیان دەکرد، بۆیە لە مەیدانی سیاسی عێراق و کوردستانی ئێراندا لایەنێکی بێزراو بووە، بۆیە زۆر بەلایەوە گرنگ بوو لە حشع نزیک بێتەوەو بیخاتە ناو بەرەی جودەوە ل303
لەمەشدا نەزانی و کورتبینی سەرکردەکانی حشع رۆڵی خراپیان بینیووە:
نووسەر دەڵێت:
لە هاوینی1981 کۆنە جاشێک بەناوی (عەبدوڵا ماولی) پەیوەندی دەکات بەحزبی شیوعییەوە، پێشتر دوو پێشمەرگەی یەکێتی رادەستی حکومەت کردبوو لەسێدارە درابوون. ئەمەش گرژی لەنێوان یەکێتی‌و شیوعی دروست دەکات،
مانگێک دوای ئەو رووداوە ئەحمەد بانیخێڵانی، بەرپرسی مەکتەبی هەرێمی کوردستان بۆ کۆبوونەوەی بەرەی جود دەچێتە ئێران ‌و لەو کۆبوونەوەیەدا چەند بڕیارێکی سەربازیی ترسناک دەدرێت، کە راستەوخۆ حزبی شیوعی لەڕووی سەربازییەوە بەتەواوەتی دەخاتە سەنگەری پارتی ‌و سۆشیالیست ‌و بەرەی دژ بەیەکێتیییەوە”. یەکێک لەو بڕیارانەی لەو کۆبوونەوەیەی (جود) دەدرێت ئەوەیە کە ناوچەی باڵەکایەتی‌ و دەرگەڵە و گەڵاڵە بکرێتە ناوچەیەکی کۆنتڕۆڵکراوی (جود). پارتی 600 چەکدارو سۆشیالیست300 بنێرنە بنکەی پشتئاشان بۆ لای هاوڕێیانی حزبی شیوعی. ئیتر لەوکاتەوە “لەشوباتی 1982ەوە حزبی شیوعی بێلایەنی خۆی لەدەست داو چووە بەرەی پارتی‌و سۆشیالیستەوە”.
لەدەستپێکی شەڕەکەدا هێزێکی سۆشیالیست بارەگایان لەپشتئاشان بوو، بەدزی ‌و بێ ئەوەی حزبی شیوعی ئاگادار بکەن هەڵاتبوون… پارتی هێزی نەنارد. پێشمەرگەکانی حزبی شیوعی دوو رۆژ قارەمانانە بەرگرییان کرد. دواتر بەچیای قەندیلدا، بەناو بەفرو زریاندا هەڵگەڕان‌و بەرەو دیوی ئێران شۆڕ بوونەوە. لەو شەڕەدا 60 کادێرو پێشمەرگەی حزبی شیوعی شەهید بوون… سەرکردایەتی حزبی شیوعی، نامەسئولانە خۆی ‌و کادێر و پێشمەرگەکانی هاویشتە شەڕێکەوە، کە شەڕی ئەو نەبوو… سەرکردایەتی حزبی شیوعی، بەهاندان‌و پشتئەستوور بوون بەهێزی پارتی‌و سۆسیالیست چووە ناو شەڕ، کەچی ئەوان لەپشتئاشان بەتەنیا بەجێیانهێشت، دوای پشتئاشانیش لەناوچەکە هەڵاتن. تا کارەساتی پشتئاشان حزبی شیوعی لە کوردستان، دووەم هێزی سیاسی و چەکداریی بوو، دوای ئەوە لاواز و زەبوون کرا، پارتی و سۆشیالیست، لە کوردستان بوونە هێزی دووەم و سێیەم.ل318
دواتریش زیاتر دەڵێت:
دوای کارەساتی پشتئاشان، مەکتەبی هەرێمی حزبی شیوعی و مەڵبەندی پێشمەرگەکانی هەولێر، چوونە ناوچەی بارزان،، بەڵام چەکدارانی پارتی،لەگەڵ سوپای پاسداران،چوونە سەریان و بەزەبری چەک، ناچاریان کردن لەماوەی شەش ڕۆژدا ناوچەکە بەجێ بهێڵن. بەم جۆرە پارتی، بەکۆمەکی پاسداران، پاداشتی حزبی شیوعی دایەوە،،ل319
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا نووسەر دەڵێت:
هەڵە و بەرپرسیاریی سەرکردایەتی حزبی شیوعی لە شەڕی نێوخۆدا هەرچەندێک بوو بێت، ناتوانێت پاکانە بۆ تاوانی پشتئاشان بکرێت، ئەمە پەڵەیەکی ڕەشە بە نێوچاوانی یەکێتیی نیشتمانییەوە.ل323

عەزیز محەمەد
یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی عیراق و کوردستان عەزیزی محەمەد بوو، ئەو بۆ ماوەی 30 ساڵ سکرتێری حشع بووە، هەربۆیە بەشێک لە مێژوونوسان ئۆباڵی لاوازی حزبەکە دەخەنە ئەستۆی ئەو.
رەفیق سابیر لەمبارەیەوە دەڵێت “دوای ئەو شکستە، لەناو حزبی شیوعیدا کۆمەڵێک کێشەی کۆن و نوێی سیاسی، ڕێکخراویی و فیکری دەرکەوتن، کە حزبیان لاوازتر کرد، ساڵی1984 کۆنگرەی چوارەمی حزبی شیوعی لەشاخ بەسترا. پێش کۆنگرە بەهادین نوری ‌و مەلا عەلی بەپاڵ لەحزب وەدەرنران. لەو کۆنگرەیەدا بەناوی کاری نهێنییەوە، دەسەڵات درا بەعەزیز محەمەد، کە دە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حزبەکە دیاری بکات، بێ ئەوەی هیچ کەسێک ناوەکانیان بزانێت. عەزیز محەمەد بەدەنگی ئەو دە ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندی، توانی لەناو کۆمیتەی ناوەندی، هەڵبژاردنەوەی خۆی بەسکرتێری یەکەمی حزبەکە، مسۆگەر بکات. هەروا توانی ئەو کەسانەی خۆی مەبەستی بوو، لەمەکتەبی سیاسی دایانبننێت، هەر کەسێکیشی بەدڵ نەبوو کەنارنشینی بخات. بەو جۆرە عەزیز محەمەد و بەرپرسانی تر کە حزبیان تووشی شەڕی نێوخۆ کرد، لەجیاتی ئەوەی سزا بدرێن، لەسێبەری شاخ و لەسایەی تفەنگدا، کرانەوە بەسەرکردەی حزب‌ و ئەندامی مەکتەبی سیاسی‌ و کۆمیتەی ناوەندی. ئەوان لەو شکستەشدا، وەکو بەرزەکی بانان بۆی دەرچوون”.ل322.323
دواتریش هۆکاری وازهێنانی عەزیز محەمەد لە سکرتارییەتی حزب باس دەکات و دەڵێت:
دوای هەڵوەشانەوەی بلۆکی سۆسیالیستی و تێکشکانی حزبەکەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمان، هیوای بە حزبی شیوعی نەمابوو، بەلای زۆرەوە لەبەر ئەو هۆکارە وازی لە سکرتێری حزبەکەی هێنا، کە وەک قاوغێکی بێ ناوەڕۆکی لێ هاتبوو،ل448

کارەساتی هەکاری
خاڵێکی سەرنجڕاکێشی تر کەلەم کتێبەدا بۆم دەرکەوت، قسەکردنە لەبارەی کارەساتی هەکارییەوە. رەفیق سابیر بەشێوەیەکی تر باسی هۆکاری ئەم کارەساتە دەکات و دەڵێت:
ئێران لە کۆنەوە چاوی لە عێراق بڕیوە، بە قووڵایی خۆیی و بواری بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆی زانیوەو دەزانێت، لەرێگەی بزاڤی چەکداری کوردستانی عیراقەوە، توانیویەتی عیراق ئازار بدات و ملکەچی بکات، بۆیە تا بتوانێت ڕێگە نادات هیچ بزاڤێکی چەکداری لە کوردستانی عیراق ئەگەر خۆی کۆنتڕۆڵی نەکات، بەردەوام بێت، پەلاماردانی یەکێتی نیشتمانی لە هەکاری، لەلایەن چەکدارانی پارتییەوە، بەو ئامانجە بوو کە دەستی سوریا لە کوردستانی عیراق ببردڕێت.
بە بڕوای من ئەگەر یەکێتی بە کۆمەکی سوریا پەنای بۆ کاری چەکداری نەبردایە، دەوڵەتی ئێران ڕێگەی نەدەدا سەرانی پارتی، کە ئاشبەتاڵیان کردبوو لەبن دەستی و چاودێری دەزگای جاسووسیی ساواکدا بوون، چەک لەدژی عیراق هەڵبگرنەوە،،ل300

بزووتنەوەی چەکداری نوێ
نووسەر رەخنە تەنها لە بزووتنەوەی چەکداری کۆن ناگرێت، بەڵکو رەخنە لە بزووتنەوەی چەکداری نوێش دەگرێت کەدوای ئاشبەتاڵ دروست بوو. لەمبارەیەوە دەڵێت:
بزاڤی چەکداری کورد لە باشووری کوردستان، بۆ دووەم جار، بەبێ هیچ مەرج و رێکەوتنێکی سیاسی، چارەنووسی خۆی خستە دەستی ئێران، کە بە شێوەی ئامڕازێک دژی عێراق بەکاریهێننا.
دواتریش دەڵێت:
ئەمریکا و هاوپەیمانان لە شەڕی کەنداودا، لەشکری عێراقیان بەزاند و زۆنی دژە فڕینیان، بۆ پاراستنی گەلی کوردستان لە پەلاماری دەوڵەتی عێراق، دروست کرد. ئەگەر کۆمەکی ئەمریکا و هاوپەیمانانی نەبوونایە، ئۆپۆزسیۆنی عیراقی و کوردستانی، تا ئەمڕۆ بەشێوەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی، لە مەنفا دەبوون.

سەرەتای شیعر و کتێب و دڵداریی
نووسەر لە کتێبەکەیدا، تەنها باسی سیاسەت ناکات، بەڵکو واز لە سیاسەت دەهێنێت و دەچێت باسی لایەنێکی تری ژیانی دەکات کە ئەویش ئەدەبە، ئەمەش دیوێکی جوانی ژیانی نووسەر پێکدێنێت و کە یەکێکە لە قەڵەمە جوانەکانی ئەدەبیاتی کوردی.
ئەو باسی سەرەتای ئەزموونی نووسینی خۆی دەکات کە بە شیعری دڵداری دەستیپێکردووە. نووسەر دەڵێت: سەرەتای شیعر نووسینم بە نامەیەکی دڵداری دەستپێدەکات،بەڵام قەت نەموێرا ئەو نامەیە بدەم بەو کچەی بۆیم نووسیبوو. ل91
گروپی ڕوانگە
دواتر بە ووردی باسی ئەزموونی خۆی لەگەڵ گروپی روانگە دەکات، تێگەیشتن و هۆکاری دروستبوون، لەهەمانکاتیشدا بەدرێژی باسی ئەوانەش دەکات کە بۆچیی و لەسەرچی دژایەتی گروپی روانگەیان کردووە.
نووسەر دەڵێت: بەشێک لەو ڕەخنانە بەمەبەستی سیاسی سیاسی نووسران، بەشێکی تریان پشتیان بە تێگەیشتنێکی میکانیکیانەی ئایدۆلۆجی بەستبوو، هەندێکجار تێکەڵ بە کێشەی کەسی دەکران، بەگشتی زۆربەی ڕەخنەکان پێوەندییەکی ئەوتۆیان بە شیعر و ئەدەبەوە نەبوو، بەڵکو زیاتر نووسینی کۆمەڵایەتی، ئایدۆلۆجی و سیاسی بوون.ل165

شیعر و کتێب
هەروەها باس لە ئەزموونی خۆی لەگەڵ شیعر و کتێب و خوێندنەوە دەکات، چۆن ئەم سێ شتە جیهانبینی و ژیانی ئەو دەگۆڕێت. رەفیق سابیر بەشێوەیەکی ئەدەبی جوان، شیعرئامێزانە، وەسفی شیعر و کتێب و خوێندنەوەی کردووە.
نووسەر دەڵێت:
کتێب و شیعر و ئەدەبیات دونیاییەکی نوێی پڕ فەنتازیا، خەون، چاوەڕوانی و هیوایان پیشان دەدام، شیعر و ئەدەبیات، ئەو شتە بایەخدارانە بوون، کە هێز و خەیاڵیان دەجوڵاندم، جوانی ژیان، ئاسوودەیی و هیوام تێدا دەبینین،ل109
شیعرو ئەدەبیات ژیانیان لەلا جوانتر و دڵگیرتر کردم، توانای جوانناسی، هاوسۆزی و مرۆڤدۆستیان پەرەپێدام و هۆگری خۆشەویستیان کردم، خۆشەویستی ئینسان لەسایەی شەڕدا، نرخی فروجێکی نەمابوو، خۆشەویستی وڵات، کە وێنەی نێچیرێکی زامدار، رۆژانە خوێنی لەبەردەڕۆیی و تائێستاش ئەو نەزیفی خوێنە بەردەوامە. ل132
نووسین بایەخی وشە و دەسەڵاتی وشەی پیشان دام، گیانی مرۆڤدۆستی، پڕەنسیپی ئەخلاقی و هەستی بەرپرسیاریی بەتین کردم، سەرلەنوێ هیوای پێ بەخشیمەوە، بەو ئەنجامەی گەیاندم کە ژیان بێ هیوا، مردنێکی پڕ ئازار و لەسەرخۆیە، کوشتنی مرۆڤ، بەلای زۆرەوە کوشتنی نەتەوەیەکیش، بە کوشتنی هیواکان دەست پێ دەکات،ل 124ی
لەلایەکی ترەوە باسی ئەزموونی شیعر نووسینی خۆی دەکات، بۆ نموونە ئەو شیعرەی کە بۆ هەڵەبجە نووسیوە، سەرو ساڵێکی پێچووە تا تەواو بووە، بەداخەوە کەسێکی تر هەوڵ دەدات بیدزێت و بیکات بە ناوی خۆیەوە. شیعرێکی تری بەناوی ” پرسیارە بێ وەڵامەکان” کە بۆ مەرگی باوکی نووسیوە، پاش 30 ساڵ تەواویکردووەل45

شاری بەغدا
رەفیق سابیر لەو نووسەرە دەگمەنە کوردانەیە کە وەسفی شاری بەغدای کردووە، بە حوکمی ئەوەی بەغدا پایتەختی سیاسی عیراق بووە، وێنەیەکی باشی لای ئێمەی کورد نەبووە، بەڵام رەفیق سابیر وێنەیەکی تری ئەم شارەمان پیشان دەدات و لەزۆر شوێندا بە جوانی وەسفی دەکات:
شاری بەغدا ناوەندی ئەدەبی و کولتووری عیراق بوو، تەنانەت ناوەندی ئەدەبی و رووناکبیری کوردیش بوو،،،ل126
ئەو ساڵانەی لەبەغدا بووم باوەشم بۆ ژیان کردبۆوە، شاری بەغدا لە هەموو روویەکەوە لەگەشەکردن، نوێبوونەوەو گەورەبووندا بوو،،،، لەبەغدا هەموو دەرفەتێک ڕەخسابوو ، بۆئەوەی مرۆڤ ئەگەر بتوانێت، ڕێگای ژیانی خۆی بدۆزێتەوە،ل197
دواتر هۆیەکی ترمان پیدەڵێت کەبۆچی هێندە بەغدای خۆشدەوێت و دەڵێت: لەبەغدا فێری ئەوینداریی بووم، زیاتر لە کچێکم ناسی، کە شادی، وزەی کارکردن و ئیلهامی نووسینیان پێ بەخشیم،،ل198

خۆشەویستیی و ئەوینداری
خاڵێکی جوانی ئەم بیرەوەرییانە ئەوەیە نووسەر پەوپەڕی ڕاستگۆیانەوەو بێ سڵەمینەوە باسی پەیوەندییە خۆشەویستییەکانی خۆی کردووە، ئەمەش لەناو بیرەوەری زۆرێک لە نووسەران و سیاسەتمەدارەکاندا دیارنییە، لەکاتێکدا خۆشەویستی ژن و پیاو، سروشتیترین و جوانترین شتی ژیانە، بەڵام زۆرێک خۆیان لەم تەوەرە دەدزنەوە.
نووسەر دەڵێت: ئەوین خۆشی، هیوا و بڕوا بەخۆبوون بە مرۆڤ دەدات، بەڵام بێ ئازار نییە،چونکە ئەوین هەست و سۆزە، کەمتر پێوەندیی بە عەقڵ و لۆجیکەوە هەیە،ل363
رەفیق سابیر لەیەکەم چیرۆکی خۆشەویستی کە کاتێک هەرزەکار بووە لە قەڵادزێ ژیاوە، هەتاوەکو دوایین چیرۆکی خۆشەویستی کە ئێکای ژنیەتی باسکردووە. رەفیق سابیر پانتایی زۆری بۆ حکایەتی خۆشەویستی خۆیی و ژنە نووسەر ئەحلام مەنسوور داناوە، وەکو خۆی دەڵێت، شتێکی چاوەڕواننەکراو بووە. نووسەر باسی ئەوەش دەکات، کە کاریگەری باشی بەسەر ئەحلام مەنسوور هەبووەو لە یەکەم چیرۆکیشدا یارمەتی باشی ئەحلام مەنسووری داوە. دوای ئەوە نووسەر لە بەغدا و بەسرە و دواتریش لە مۆسکۆ و بولگاریا، ماشەڵلای لێبێت کۆمەڵێک خانمی نەتەوەکانی تر دەناسێت، لەوانە عەرەب و روس و ئەرمەنی و ئینگلیز و دواجاریش ئێکای خێزانی دەناسێت، کەئەویش خۆی لەخۆیدا چیرۆکێکی مەم و زین ئاسا بووە، چونکە حزبەکەی لەجیاتی هاوکاری بکات، رۆڵی درکی مەم و زینیان بینیووە.

چەند سەرنجێک
وەکو لەپێشدا وتم نایشارمەوە کە ئەم بیرەوەرییانە لەچاو بیرەوەری تر جیاواز بوو بەلامەوە، هەرئەمەش وایکرد کە ئەم چەند دێڕەی لەبارەوە بنووسم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم کارەش لەسەروو سەرنج و رەخنەوە نییە.
1/ نووسەر رەخنەی توند لەسیاسەت و فیکری حشع دەگرێت، تەواوی ئەو رەخنانەش کە لە حشعی دەگرێت راستن، بەڵام کێشەکە لەوەدایە، کاتێک لەگەڵ سەرانی حزب ناگەنە دەرەنجامێکی باش لێکترازان لە حزبەکە دروست دەکەن کەسەرەتا بە ‘ شیوعییە کوردستانییەکان” دەناسرێن، دوایی پارتی کار دروست دەکەن، بەڵام ئەوەی روون و ئاشکرایە، پاشماوەیەک پارتی کار نەک ناتوانێت حشع تێپەڕێنێت، بەڵکو دواڕۆژێکی خراپتریشی دەبێت، بۆیە بە بڕوای من ئەو لێکترازانە هیچ خزمەتێکی بە بزووتنەوەی چەپ و ئازادیخوازی نەکرد.
هەروەها لەم کتێبەدا زیاتر رەخنە لە سیاسەت و فیکری حشع گیراوە، هیچ باسی گیانفیدایی و قووربانییەکانی ئەندام و لایەنگرانی ئەم حزبەی نەکردووە، دەبوایە نووسەر هەروەک چۆن پانتایی باشی بۆ رەخنە و گلەیی لە سەرانی ئەم حزبە گرتووە، کەمێک باسی خەبات و تێکۆشانیشی ئەم حزبەشی بکردایە بەتایبەتی هەستی شۆڕشگێڕی ئەندام و لایەنگرانی.
2/نووسەر لەهەندێک شوێندا زۆر گشتگیرانە قسە دەکات، ئەو وەکو کەسێکی ئەکادیمی نەدەبوو بەوشێوەیە قسە بکات،دەبوو ئەکادیمی تر قسەی بکردایە بۆنموونە لەبارەی کەسایەتی تاکی کوردییەوە دەڵێت: دوو فاقییەکی سەیر لە کەسایەتیی مرۆڤی کورددا هەیە، کە لە باشووری کوردستاندا بینیومە، کەسێک گوایە کوردایەتی دەکات یان پێشمەرگەیە، کەچی دەبێتە جاش. ل 226
مەرج نییە ئەم تێڕوانینە بەسەر هەموو ئەوانەدا بسەپێت کە چەکی پێشمەرگایەتییان کردۆتە شان، چونکە خەڵکانێکی زۆریش بە ئامانجی پیرۆزە بوونەتە پێشمەرگە، بۆیە تێگەشتنێکی گشتگیرانەیە.
لە شوێنێکی تردا دەڵێت:
مێژووی کورد پێش هەر شتێک، مێژووی شەڕی نێوخۆی نێوان خێڵ و بنەماڵە و میرنشینەکانە، کە بە کۆمەک و هاندانی دەوڵەتی عوسمانی یان ئێرانی، وێنەی مورتەزەقە لەنێو خۆیاندا و لەگەڵ یەکتر شەڕیان کردووە،،93
ئەمەش گشتگیر و خراپە، چونکە مێژووی کورد خاڵی جوانیشی تێدایە تەنها مێژووی شەڕی خێڵەکان نییە.

لە شوێنێکی تردا نووسەر دەڵێت: وەکو دەوترێت لە جەنگی ئێران و عێراقدا، دوو ملیۆن کەس کوژران، هەردوو وڵات 400 ملیارد دۆلاریان خەرج کرد، عیراق سەد میلیارد دۆلار زیاتر بە دەوڵەتانی کەنداو و فەرەنسا و یەکێتی سۆڤیەت قەرزاربوو.ل 414
نووسەر ئەم هەموو ژمارانەی نووسیوە بەڵام هیچ سەرچاوەیەک دیاریی نەکردووە، من لەو باوەڕەدام کە ئەو ژمارانەش موبالەغەی پێوە کراوە، ناکرێت تۆ وەکو نووسەرێک پشت بە ” وەکو دەوترێت” ببەستیت، بەتایبەتی کاتێک باسی مێژووی جەنگێکی 8 ساڵەی ناسراوی جیهان دەکەیت.
3/ نووسەر تێگەیشتنی تایبەتی خۆی هەیە بۆ ڕەخنە هەیە، لە زۆر حاڵەتدا ڕەخنەی کوردی بە لاواز دادەنێت، بەڵام ئەوەی مایەی سەرنجە نووسەر لەتەواوی کتێبەکیدا نووسینی زۆر نووسەری کورد و ئەوروپی داناوە کە لەبارەی شیعرەکانییەوە نووسراوە، بەڵام هەموویان زیاتر ستایشی نووسەر دەکەن.
4/ لەرووی شیعریشەوە ئەوەی ڕوون و ئاشكرایە، بەداخەوە ماوەی چەندین ساڵە، ئێمە شیعرێکی نوێی هاوشێوەی ئەوانەی پێشووی شاعیرمان نەدیوە، لەهەمانکاتیشدا ئەو هەموو کارەسات و ماڵوێرانییە بەسەر کوردی چوار پارچەدا هاتووە، شاعیر نەیتوانیوە شیعرێکی هاوشێوەی ئەوەی هەڵەبجە بۆ ئەو کارەساتانە بنووسێت، بۆیە لەو باوەڕەدام رەفیق سابیر لەرووی شیعرییەوە ئەم چەند ساڵەی دوایی، لەچاو ساڵەکانی تری، کەم بەرهەم بووە.
5/ کاتێک باسی هۆکاری توندتیژی کۆمەڵگەی عێراقی دەکات، تەنها باسی هێرش و پەلاماری خێڵە بەدووە عەرەبەکان دەکات و بەهۆکاری سەرەکی ئەم توندتیژییەیان دادەنێت، بەڵام لەڕاستیدا ئەگەر سەیری مێژووی عێراق بکەین، تەنها خێڵی بەدەووی عەرەب پەلاماری نەداوە، عێراق لە مێژوویدا، بەر هێرشی وەحشیانەی مەغۆلەکان، تورکە عوسمانییەکان، سەفەوییەکان کەوتووە، ئەوانیش وەحشیگەریی و دڕندەیی زۆریان لە عێراقدا کردووەو کاریگەری زۆر خراپیشیان لەسەر کۆمەڵگەی عێراقی داناوە.

دوا قسە
بەدڵنییایەوە ئەم کتێبەی رەفیق سابیر یەکێکە لە کتێبە باشەکان کە لەبارەی مێژووی سیاسی و ئەدەبی کوردییەوە نووسرابێت، زۆر گرنگە نەوەی نوێ ئەم کتێبە بخوێننەوە، هەتاوەکو دیوێکی تری ڕووداوەکانی پێشوتریان دەستبکەوێت.




ئایا ئه‌حمه‌دى خانى فه‌یله‌سوف و بیریار بووه‌؟.. نووسینی/ عەتا قەرەداخی

( پێداچوونه‌وه‌ى بۆچوونه‌كانى دكتۆر عیزه‌دین)

له‌ نێوه‌ندى ڕۆشنبیرى ئێمه‌دا له‌به‌ر لاوازى عه‌قڵى ڕه‌خنه‌یى و نه‌بوونى ڕه‌خنه‌گرى خاوه‌ن ئامڕازى ڕه‌خنه‌یى و ڕۆشنبیرى ڕه‌خنه‌یى به‌رفراوان و له‌ هه‌مان كاتدا نه‌وێران بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر زۆر ڕاو بۆچوون له‌ ڕابردوودا چه‌ندین به‌رهه‌م و نووسینى ئێمه‌ كه‌ شایانى قسه‌ له‌سه‌ر كردن بوون به‌بێئه‌وه‌ى شتێكى ئه‌وتۆیان له‌سه‌ر گوترابێت تێپه‌ڕبوون، یان ئه‌گه‌ر قسه‌شیان له‌سه‌ر كرابێت له‌ دوو بۆچوونى ساده‌ زیاتر نه‌بووه‌، ئه‌ویش یان په‌سه‌ند كردن و پیاهه‌ڵدانێكى ته‌واو بووه‌ یان ڕه‌تكردنه‌وه‌یه‌كى بێ بنه‌ما. هه‌ردوو هه‌ڵوێسته‌كه‌ش له‌ ده‌ره‌وه‌ى بنه‌ماكانى ڕه‌خنه‌ بوون، به‌ڵكو یان له‌سه‌ر بنه‌ماى هاو ئایدیۆلۆژیایى نووسه‌ر و ڕه‌خنه‌گر بووه‌ كه‌ ئه‌مه‌یان په‌سه‌ندكردنى لێكه‌وتۆته‌وه‌، یان له‌سه‌ر بنه‌ماى جیاوازى ئایدیۆلۆژى نووسه‌ر و ڕه‌خنه‌گره‌كه‌ بووه‌ كه‌ ئه‌مه‌شیان ڕه‌تكردنه‌وه‌ى لێكه‌وتۆته‌وه‌.
هه‌ندێ پایه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسیش وایان كردووه‌ كه‌ هه‌ندێ نووسه‌ر له‌ سه‌رووى ڕه‌خنه‌وه‌ دابنرێن و كه‌س بۆى نه‌بێت لێیان بدوێت ئه‌مه‌ش جۆرێك له‌ (ته‌وته‌میه‌تى) له‌ ڕۆشنبیرى كوردیدا دروستكردووه‌، كه‌ بێگومان ئه‌وه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ ڕووه‌ لاوازه‌كانى ڕۆشنبیرى كوردى و هاوشێوه‌ى عه‌قڵى خێڵایه‌تیه‌ كه‌ چۆن له‌ پێكهاته‌ى خێڵدا سه‌رخێڵ یان ئاغاو به‌گ و شێخ پیرۆزن و كه‌س بۆى نیه‌ ڕه‌خنه‌یان لێبگرێت، به‌ هه‌مان شێوه‌ هه‌ندێ له‌ نووسه‌رانى كوردیش له‌ ڕابردوودا ئه‌و پله‌وپایه‌یان وه‌رگرتووه‌ و قسه‌كردن له‌باره‌ى به‌رهه‌مه‌كانیانه‌وه‌ به‌ قه‌ده‌غه‌ و حه‌رام دانراوه‌. دیاره‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌ش به‌ قازانجى ڕۆشنبیرى كوردى نیه‌ چونكه‌ له‌ لایه‌ك كوشتنى عه‌قڵى ڕه‌خنه‌ییه‌، له‌ لایه‌كى تر سه‌پاندنى چه‌ندین ڕاوبۆچوونه‌ كه‌ ده‌شێ بنه‌ماى زانستیان لاوازبێت و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وه‌كو تێكستى پیرۆز وه‌ربگیرێن.
لێره‌دا من ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ئاخاوتن كردن له‌سه‌ر دوو بۆچوون له‌ كتێبى (ئه‌حمه‌دى خانى.. شاعیر و بیریار و فه‌یله‌سوف و مته‌سه‌وف) له‌ نووسینى به‌ڕێز دكتۆر عیزه‌دین مسته‌فا كه‌ له‌ ساڵى 1979دا له‌ چاپخانه‌ى الحوادث له‌ به‌غدا چاپكراوه‌. دیاره‌ هیچ كام له‌ ئێمه‌ نكوڵى شوێنى دكتۆر عیزه‌دین ناكات له‌ ڕۆشنبیرى كوردیدا، به‌ڵام ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ نیه‌ كه‌ سه‌رجه‌م بۆچوونه‌كانى سه‌د ده‌رسه‌د دروستن و شایانى هیچ پێداچوونه‌وه‌یه‌ك نین، به‌ تایبه‌تى ئه‌و بۆچوونانه‌ى له‌م كتێبه‌و له‌ كتێبى “ڕیالیزم له‌ ئه‌ده‌بى كوردى”دا خستونیه‌تیه‌ ڕوو. ئامانجى من لێره‌دا دروستكردنى جۆرێك له‌ ئاخاوتنه‌ به‌ مه‌به‌ستى دروستكردنى ئه‌و پرسیاره‌ى ئایا ده‌شێ كورد له‌ نیوه‌ى دووه‌مى سه‌ده‌ى حه‌ڤده‌دا خاوه‌نى فیكر و فه‌لسه‌فه‌ بووبێت؟ ئایا نه‌ك له‌و مێژووه‌دا به‌ڵكو تاكو ئێستاش ئێمه‌ بیریارو فه‌یله‌سوفمان هه‌یه‌؟ ئه‌گه‌ر هه‌مانه‌ كوانێ فیكر و فه‌لسه‌فه‌كه‌مان؟ كوانێ به‌رهه‌مى فیكر و فه‌لسه‌فه‌ى ئه‌و بیریار و فه‌یله‌سوفانه‌؟ ئایا كاتێ نووسه‌رێكى ئێمه‌ كۆمه‌ڵێ شتى پێشتر گوتراو له‌ شیعر یان چیرۆك یان وتاره‌كانیدا دووباره‌ بكاته‌وه‌ ده‌بێت به‌ بیریار یان فه‌یله‌سوف؟
ئه‌و دوو بۆچوونه‌ى ده‌مه‌وێت لێره‌دا لێى بدوێم ئه‌وه‌یه‌: ئایا ئه‌حمه‌دى خانى بیریار بووه‌؟ ئایا ئه‌حمه‌دى خانى فه‌یله‌سوف بووه‌؟ له‌ په‌راوێزى گه‌ڕان له‌ دواى وه‌ڵامى ئه‌م دوو پرسیاره‌ هه‌وڵده‌ده‌م قسه‌ له‌سه‌ر شوێنى ئه‌حمه‌د خانى له‌ مه‌سه‌له‌ى نه‌ته‌وایه‌تیشدا بكه‌م، به‌ڵام له‌ وتارێكى تردا.
بیریار به‌ كه‌سێك ده‌وترێت كه‌ فیكرى به‌رهه‌م هێنابێت، یان به‌شدارییه‌كى ئاشكراى هه‌بێت له‌ به‌رهه‌م هێنانى فیكردا. گرنگ نیه‌ ئه‌و فیكره‌ چىیه‌ و تا چه‌ندێ له‌ خزمه‌تى مرۆڤایه‌تیدایه‌. هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئه‌فلاتۆن و ئه‌رستۆ وه‌كو دوو بیریار و دوو فه‌یله‌سوف شوێنى دیاریان هه‌یه‌ له‌ به‌رهه‌م هێنانى فیكر و فه‌لسه‌فه‌ى یۆنانىدا كه‌ ئه‌و فیكره‌یه‌ به‌ پایه‌یه‌كى به‌هێزى فیكرى ڕۆژئاوا داده‌نرێت نه‌ك ته‌نیا له‌ مێژووى كۆندا به‌ڵكو بۆ ئێستاش. هه‌ریه‌كه‌ له‌ بیریاران و فه‌یله‌سوفانى دنیا ڕوانینى تایبه‌تى خۆیان هه‌یه‌ بۆ گه‌ردوون و بوون و ژیان و په‌یوه‌ندى نێوان مرۆڤ و سروشت و پێداویستییه‌كانى ژیانى مرۆڤ له‌ غه‌ریزه‌ و حه‌ز و ئاره‌زوو، ویسته‌ مادى و مه‌عنه‌وییه‌كان.. هه‌روه‌ك ڕوانین بۆ كۆمه‌ڵایه‌تى بوونى مرۆڤ و پێكهاته‌ى خێزان و به‌رهه‌م هێنانى ده‌سه‌ڵات و سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و پێداویستى ئازادى و دیموكراتى و دیوالیزمه‌كان له‌ گه‌ردوونداو هێزه‌ جوڵێنه‌ره‌كانى ژیانى تاك و كۆمه‌ڵ و.. جێگاى دیاریان گرتووه‌ له‌ پانتایى فیكر و فه‌لسه‌فه‌دا. هه‌ر فه‌یله‌سوف و بیریارێكیش له‌ ڕوانگه‌ى تایبه‌ت به‌ خۆیه‌وه‌ سه‌رنجى ئه‌و لایه‌نانه‌ى داوه‌و به‌شدارى كردووه‌ له‌ به‌رهه‌م هێنانى فیكردا سه‌باره‌ت به‌ بوار یان دیارده‌یه‌كى تایبه‌تى و ڕسته‌ى فیكرى خۆیى ناساندووه‌ كه‌ به‌ ناوى ئه‌وه‌وه‌ جێگیر بووه‌.
گرفتى توێژه‌رى كورد تا ئاستێكى دیار ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێش ئه‌وه‌ى پێناسه‌ى هه‌بێت بۆ دیارده‌یه‌ك یان ته‌نانه‌ت زاراوه‌یه‌ك قسه‌ى له‌ باره‌وه‌ ده‌كات. ئه‌وه‌ش به‌ره‌و كارى سه‌رپێیى و هه‌ڵه‌ى ده‌بات. دكتۆر عیزه‌دین له‌ ئه‌حمه‌دى خانیدا تووشى هه‌مان حاڵه‌ت بووه‌. به‌بێ ئه‌وه‌ى پێناسه‌ى زاراوه‌كانى كردبێت خانى كردووه‌ به‌ بیریار و فه‌یله‌سوف. ئه‌مه‌ش ئه‌و پرسیاره‌مان لادروست ده‌كات ده‌بێ دكتۆر چ پێناسه‌یه‌كى بۆ بیریار یان فه‌یله‌سوف هه‌بێت؟ بێگومان ده‌شێ داڕشتنى جیاواز هه‌بێت له‌ ناساندنى ئه‌و دوو زاراوه‌یه‌دا. به‌ڵام ده‌بێ ئه‌و ڕاستىیه‌ بزانین كه‌ به‌بێ بوونى هه‌ندێ بنه‌ماى تایبه‌ت ناكرێت كه‌سێ به‌ بیریار یان فه‌یله‌سوف دابنرێت.
له‌ فه‌رهه‌نگى زاراوه‌كانى فه‌لسه‌فه‌و فه‌رهه‌نگى (Longman)دا وشه‌ى فه‌یله‌سوف به‌م جۆره‌ پێناسه‌كراوه‌: فه‌یله‌سوف ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ توێژینه‌وه‌ى بیروباوه‌ڕێك ده‌كات و په‌ره‌ى پێده‌دات كه‌ ئه‌و بیروڕایه‌ ده‌رباره‌ى سروشت و ماناى بوون و حه‌قیقه‌ته‌ بۆ نموونه‌ باش و خراپ و.. تاد. هه‌روه‌ها فه‌یله‌سوف كه‌سێكه‌ به‌ قوڵى بیر له‌ دنیا و ژیان و شته‌كانى تر ده‌كاته‌وه‌(1) له‌ هه‌مان شوێندا هاتووه‌: بیریار كه‌سێكه‌ كه‌ به‌ ناوبانگه‌ بۆ كارى گرنگى له‌سه‌ر بابه‌تى زانست یان فه‌لسه‌فه‌(2) فه‌لسه‌فه‌ش بریتىیه‌ له‌ توێژینه‌وه‌ى سروشت و ماناى بوون و حه‌قیقه‌ت و یه‌كێكه‌ له‌ سیسته‌مه‌كانى فیكر(3).
ئه‌فلاتۆنیش ده‌ڵێت: فه‌لسه‌فه‌ بریتىە له‌ زانینى حه‌قیقه‌ت به‌ شێوه‌یه‌كى ڕه‌ها(4). فه‌لسه‌فه‌ مه‌عریفه‌یه‌كى وردى تایبه‌ته‌ له‌ باره‌ى شتێكى دیاریكراوه‌وه‌(5). ده‌توانین چه‌ندین وته‌ى تر بهێنینه‌وه‌ كه‌ به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان پێناسه‌ى فیكر و فه‌لسه‌فه‌ ده‌كه‌ن. به‌ گوێره‌ى مرۆڤ بۆچوونى له‌و جۆره‌ هه‌یه‌ كه‌ مرۆڤ به‌ خۆڕسكى ئه‌فریده‌یه‌كى بیركه‌ره‌وه‌یه‌. به‌ڵام سنوورى ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ دیاریكراوه‌و ته‌نیا تاكه‌ كه‌سه‌ ده‌گمه‌نه‌كان له‌و سنووره‌ ئاساییه‌ى بیركردنه‌وه‌ ده‌رچوون و توانیویانه‌ به‌شدارییان هه‌بێت له‌ به‌رهه‌م هێنانى فیكر و فه‌لسه‌فه‌دا.
له‌ مێژووى ئه‌ده‌بى جیهانیدا له‌سه‌ر بنه‌ماى جیهانبینى فیكرى و فه‌لسه‌فى له‌ ده‌قه‌ ئه‌ده‌بیه‌كانیاندا هیچ كه‌س نه‌بووه‌ به‌ بیریار و فه‌یله‌سوف بۆ نموونه‌ هیچ كه‌س به‌ شكسپیر ناڵێت بیریار یان فه‌یله‌سوف له‌ كاتێكدا ده‌یان ڕوانینى فه‌لسه‌فى كردۆته‌ جیهانبینى ده‌قه‌كانى بۆ نموونه‌ له‌ ده‌قى هاملێت دا ڕسته‌ى ( ببیت یان نه‌بیت ئه‌وه‌یه‌ پرسیاره‌كه‌(6)). ئه‌م ڕسته‌یه‌ ڕوانینێكى قوڵى فه‌لسه‌فى له‌ پشتییه‌وه‌ وه‌ستاوه‌، به‌ڵام نه‌بۆته‌ ڕسته‌یه‌كى فه‌لسه‌فى بۆ شكسپیر، یان له‌ پاى ئه‌م ڕسته‌یه‌ شكسپیر به‌ فه‌یله‌سوف یان بیریار ناونابرێت، هه‌ر لێره‌وه‌ ده‌توانین ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ ده‌شێ هه‌ندێ ڕسته‌ى ئه‌وتۆ له‌ مه‌م و زینى ئه‌حمه‌د خانىدا بدۆزینه‌وه‌ كه‌ جۆرێك له‌ فیكر یان تێڕامانى فیكرى یان فه‌لسه‌فى هه‌ڵبگرن به‌ڵام ئه‌و جۆره‌ ڕستانه‌ هه‌رچۆن شكسپیر و دانتى و موته‌نه‌بى.. یان نه‌كردووه‌ به‌ بیریارو فه‌یله‌سوف. به‌ هه‌مان شێوه‌ ئه‌حمه‌دى خانیش ناكه‌ن به‌ بیریار و فه‌یله‌سوف.
بیریاران و فه‌یله‌سوفان ڕسته‌ى دیاریكراوى خۆیان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و ڕستانه‌ش له‌ شێوه‌یه‌كى سیستاماتیكانه‌دا و له‌ ئه‌نجامى گه‌ڕان به‌ دواى حه‌قیقه‌تى ڕه‌هاو ماناكانى بوون دا به‌رجه‌سته‌ كراون. كاتێ ده‌ربڕینى “من بیرده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌واته‌ هه‌م” ده‌بیسین. تێده‌گه‌ین چ مانایه‌كى قوڵ سه‌باره‌ت به‌ كه‌ینوونه‌ى منى بیركه‌ره‌وه‌ پێویسته‌ هه‌تا بیگه‌یه‌نێته‌ ئاستى بوون. فه‌لسه‌فه‌ى نیتشه‌ له‌سه‌ر چه‌مكى هێز و سوپه‌رمان بنیادنراوه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش چه‌مكێكى هێنده‌ مه‌ودا فراوان و قوڵه‌ ده‌یان گفتوگۆى جدى له‌ فیكرى هاوچه‌رخدا دروستكردووه‌ و هه‌ندێ پێیان وایه‌ ئه‌م چه‌مكه‌ فه‌لسه‌فیه‌ به‌رهه‌م هێنانى فاشیزمى ئه‌ڵمانى و سیسته‌مى پیاوى باڵا یان سه‌ركرده‌ى ته‌نیایه‌. گه‌وهه‌رى فیكرى ماركس بریتىیه‌ له‌ ڕۆڵى ئابوورى و ململانێى چینایه‌تى وه‌كو بزوێنه‌رى مێژوو. ئه‌بیقۆر وه‌كو یه‌كه‌م بیریارى وجودیه‌ت ڕسته‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت: باشتر وابوو هه‌ر نه‌بووینایه‌. ئیبن ڕوشدى بیریارى عه‌ره‌ب ده‌ڵێت: گه‌ردوون نه‌مره‌ و خواوه‌ند په‌یوه‌ندى به‌ ڕێكخستنى یاساكانى گه‌ردوونه‌وه‌ هه‌یه‌، ده‌توانین بۆ هه‌ر بیریار و فه‌یله‌سوفێكى ئه‌م دنیایه‌ به‌ ڕسته‌یه‌ك یان چه‌ند ڕسته‌یه‌ك فیكرى ئه‌و یان به‌شدارى ئه‌و له‌ به‌رهه‌مهێنانى فیكردا باس بكه‌ین. به‌ڵام ئایا ئه‌و ڕسته‌ فیكرییه‌ى كه‌ ئه‌حمه‌دى خانى به‌رهه‌مى هێناوه‌ چىیه‌و كامه‌یه‌؟
مه‌به‌ستمان له‌م پرسیاره‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى ئاستى دیارى خانى نیه‌ له‌ مێژووى ئه‌ده‌بى كوردىدا، به‌ڵكو ده‌مانه‌وێت بڵێین كارێكى دروست نیه‌ به‌بێ بنه‌ماى زانستى و به‌بێ به‌ڵگه‌ و لێكدانه‌وه‌ى وردو سه‌لمێنه‌ر شاعیران و نووسه‌ران و كه‌سانى دیارى نه‌ته‌وه‌كه‌مان باربكه‌ین له‌ كۆمه‌ڵه‌ شتێكى ئه‌وتۆ كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ خۆیان په‌یوه‌ندییان به‌و شتانه‌وه‌ نه‌بووه‌ و نیه‌. دكتۆر عیزه‌دین خانى ده‌كات به‌ فه‌یله‌سوف و بیریار. یه‌كێكى تر ده‌یكات به‌ ڕابه‌رى فیكرى نه‌ته‌وه‌یى كوردى، یه‌كێ دێت مه‌ولانا خالید ده‌كات به‌ ڕابه‌رى بزوتنه‌وه‌ى كوردایه‌تى، یه‌كێكى تر دێت مه‌وله‌وى ده‌كات به‌ داهێنه‌رى ڕۆمانسیه‌ت و ده‌یخاته‌ پێش قۆناغى ڕۆمانسیه‌تى ئه‌ده‌بى ئینگلیزییه‌وه‌.. ئه‌م به‌ زۆر داتاشین و دروستكردنانه‌ نه‌ك هیچ خزمه‌تێكى كه‌لتوورى كوردى ناكات به‌ڵكو له‌ بارێكى تردا زیانێكى گه‌وره‌شى لێده‌دات، چونكه‌ چه‌ندین نه‌وه‌ ئه‌و ڕاوبۆچوونه‌ بێ بنه‌مایانه‌ كوێرانه‌ وه‌رده‌گرن و ده‌یڵێنه‌وه‌ كه‌ له‌ ڕاستیدا بوونیان نیه‌.
ئه‌گه‌ر خانى فه‌یله‌سوف و بیریار بووایه‌، ده‌بوا ئێستا ده‌قه‌ فه‌لسه‌فى و فیكرییه‌كانى ئه‌ومان له‌به‌رده‌ستدا بووایه‌ و به‌ناوى فیكر و فه‌لسه‌فه‌ى خانىیه‌وه‌ یان كوردییه‌وه‌ ناو ببرایه‌، هه‌رچۆن ده‌گوترێت فه‌لسه‌فه‌ى هیگڵ یان فه‌لسه‌فه‌ى ئه‌ڵمانى، یان فیكرى فه‌ڕه‌نسى یان فیكر و فه‌لسه‌فه‌ى فۆكۆ، دوره‌یدا، هابرماس، گادامێر و.. تاد.
دكتۆر عیزه‌دین جه‌خت له‌سه‌ر فه‌یله‌سوفى و بیریارى ئه‌حمه‌دى خانى ده‌كات و به‌ ڕسته‌یه‌كیش له‌وه‌ نادوێت كه‌ فیكرى ئه‌حمه‌دى خانى یان فه‌لسه‌فه‌كه‌ى چىیه‌؟ له‌ توێژینه‌وه‌ى زانستیدا ناكرێت به‌بێ به‌ڵگه‌ى سه‌لمێنه‌ر ناو یان خاسێت بدرێته‌ پاڵ كه‌سێك یان دیارده‌یه‌ك. دكتۆر ده‌ڵێت: خانى فه‌لسه‌فه‌یه‌كى ته‌واو پێشكه‌ش ده‌كات كه‌ ده‌شێ به‌ ته‌سه‌ورى فه‌لسه‌فى لاى خانى ناوببرێت(7). با بپرسین ئه‌و فه‌لسه‌فه‌ ته‌واوه‌ چیه‌؟ ئه‌نجا ناكۆكیه‌ك هه‌یه‌ له‌ نێوان ته‌سه‌ورى فه‌لسه‌فى و فه‌لسه‌فه‌ى ته‌واودا. ته‌سه‌ورى فه‌لسه‌فى به‌ واتا هێشتا له‌ سنوورى ته‌سه‌وردا ماوه‌ته‌وه‌ و نه‌گه‌یشتۆته‌ حاڵه‌تى ئه‌بستراكت یان ته‌واو یان ڕه‌ها، كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر خانى فه‌لسه‌فه‌یه‌كى ته‌واو پێشكه‌ش بكات ئیتر ته‌سه‌ورى فه‌لسه‌فى هیچ مانایه‌كى نیه‌، ئه‌گه‌ر خانى ته‌سه‌ورى فه‌لسه‌فى هه‌بێت مه‌رج نیه‌ بتوانێت فه‌لسه‌فه‌یه‌كى ته‌واو پێشكه‌ش بكات و به‌ فه‌یله‌سوف ناوببرێت.
ئه‌گه‌ر دكتۆر له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و ململانێیه‌ى كه‌ له‌ گرێچنى مه‌م و زیندا هه‌یه‌ پێى وابێت ئه‌وه‌ ململانێى نێوان دژه‌كانه‌و بزوێنه‌ر و دروستكه‌رى جوڵه‌یه‌و ئه‌وه‌ش به‌ گه‌وهه‌رى فیكر و فه‌لسه‌فه‌ى خانى بزانێت، ئه‌وا ئه‌و بۆچوونه‌ زۆر كۆنتره‌ له‌وه‌ى كه‌ له‌ داهێنانى خانى بێت. ئه‌فلاتۆن پێى وایه‌ په‌یوه‌ندى و ناكۆكى نێوان دژه‌كان هۆكارى جوڵه‌ن له‌ گه‌ردوون دا، ئه‌رستۆ كاردانه‌وه‌ به‌ دژى كار داده‌نێت و په‌یوه‌ندى و ناكۆكى نێوانیشیان ئه‌و جوڵه‌یه‌ به‌رهه‌م دێنێت كه‌ بنه‌ماى بنیادنانى گرێچنى ئه‌رستۆیىیه‌ كه‌ هه‌مان ڕوانین لاى ئه‌رستۆ گواستراوه‌ته‌وه‌ نێو جوڵه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و ده‌ركه‌وتن و په‌ره‌سه‌ندنى شارستانێته‌كان و گه‌یشتنیان به‌ لوتكه‌ و له‌ ئه‌نجامى ناكۆكى نێوان ڕه‌گه‌زه‌ پێكهێنه‌ره‌كانى خودى ئه‌و شارستانێتانه‌دا، قۆناغى به‌ره‌و پیربوون و داڕمان ده‌ست پێده‌كات و له‌ ئاكامدا ئه‌و شارستانێته‌ى له‌ قۆناغێكدا له‌ به‌رزترین لوتكه‌ى په‌ره‌سه‌ندندایه‌، له‌ قۆناغێكى تردا دیار نامێنێت، ئه‌رستۆ ئه‌مه‌ له‌گه‌ل سووڕى ژیانى زینده‌وه‌ران دا هاوشێوه‌ ده‌كات و سه‌رجه‌م هۆیه‌كانى په‌ره‌سه‌ندن و گه‌یشتن به‌ لوتكه‌ و پاشان به‌ره‌و پیرى چوون و له‌ناوچوونیشى ده‌گێڕێته‌وه‌ بۆ ناكۆكى و په‌یوه‌ندى ناوكۆیى توخمه‌ پێكهێنه‌ره‌كانى ئه‌و پێكهاتانه‌ خۆیان.
شانۆگه‌رییه‌ تراژیدییه‌كانى شكسپیر له‌سه‌ر بنه‌ماى جۆرێك له‌ گرێچن بنیادنراون كه‌ دژایه‌تى و ناكۆكى نێوان كه‌سێته‌كان ده‌یانبات به‌ڕێوه‌و جوڵه‌یان پێده‌دات. به‌ چه‌ندین نموونه‌ى تر ده‌توانین باسى ململانێ و دژایه‌تى و په‌یوه‌ندى نێوان ڕه‌گه‌زه‌ پێكهێنه‌ره‌كانى هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك بكه‌ین له‌م گه‌ردوونه‌دا كه‌ ئه‌و دژایه‌تى و په‌یوه‌ندییه‌ دروستكه‌رى جوڵه‌ن و له‌ پێش ئه‌حمه‌دى خانیش دا باسكراون. هارمۆنیاى گه‌ردوون له‌ بنه‌ڕه‌تدا له‌سه‌ر ناكۆكى و په‌یوه‌ندى ڕه‌گه‌زه‌ پێكهێنه‌ره‌كانى دروستبووه‌. لە رەخنەی هاوچەرخدا پەیوەندی نێوان دژەکان کە بە دووانەی دژ یان دووانەی بەرامبەر دادەنرێت مانا بەرهەم دەهێنێت، واتە مانای ژیان لە بوونی مردندا پێکدێت و ئەگەر مردن نەبێت، ژیان مانایەکی نابێت.
دكتۆر ده‌ڵێت: خانى وه‌كو بیریارێك گرنگترین شتێ كه‌ ده‌یبینێ بوونى دژه‌كان و یه‌كێتى ئه‌م دژانه‌یه‌(8). ئێمه‌ له‌وه‌ دواین كه‌ ئه‌م بۆچوونه‌ له‌ داهێنانى خانى نیه‌، دكتۆر ڕاسته‌وخۆ ویستوویه‌تى ئه‌وه‌ى له‌ ماركسیزم و لینینیزمه‌وه‌ وه‌ریگرتووه‌ به‌سه‌ر ئه‌حمه‌دى خانیدا بیسه‌پێنێت و ئه‌مه‌ زیاتر دووباره‌كردنه‌وه‌ى ئه‌و قسه‌یه‌ى لینینه‌ كه‌ ده‌ڵێت: گه‌شه‌كردن بریتىیه‌ له‌ ململانێى دژه‌كان. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ دكتۆر پێوه‌رێكى ئاماده‌ى هێناوه‌ و ده‌یه‌وێت ده‌قێكى كوردى پێ بپێوێت كه‌ مه‌رج نیه‌ ئه‌و بنه‌مایانه‌ى له‌ پێوه‌ره‌ ئاماده‌كه‌دا هه‌ن له‌ناو ده‌قه‌كه‌دا بوونیان هه‌بێت، ئه‌م كاره‌ش به‌ پێچه‌وانه‌ى بنه‌ماكانى ڕه‌خنه‌ى ئه‌ده‌بیه‌وه‌یه‌، چونكه‌ كارى ڕه‌خنه‌گر ئیشكردنه‌ له‌ناو ده‌قدا، نه‌ك هێنانى پێوانه‌ ئاماده‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ده‌ق بۆ ئه‌وه‌ى ده‌قه‌كه‌ به‌ وان بپێورێت. بێگومان ئه‌م بۆچوونه‌ى دكتۆر عیزه‌دین و زۆرێك له‌ ئه‌كادیمیه‌كانى كورد كه‌ خه‌ریكى ئه‌ده‌بن ده‌بێ پێداچوونه‌وه‌ى بۆ بكرێت و ئه‌و ڕاستىیه‌ جێگیر بكرێت كه‌ خوێندنه‌وه‌ى ده‌ق له‌ناو خودى ده‌قه‌كه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات، نه‌ك ده‌قێكى نیوه‌ى دووه‌مى سه‌ده‌ى حه‌ڤده‌ به‌ پێوه‌رێكى ئایدیۆلۆژى نیوه‌ى یه‌كه‌مى سه‌ده‌ى بیست بخوێندرێته‌وه‌. ئه‌و پێوه‌ره‌ى دكتۆر بۆ خوێندنه‌وه‌ى مه‌م و زینى خانى به‌كارى هێناوه‌ له‌ پشتیه‌وه‌ ستراتیژى ڕازیكردنى هه‌ڵگرانى ئایدیۆلۆژیاى ماركسیزم- لینینیزم وه‌ستاوه‌، كه‌ به‌ داخه‌وه‌ ئه‌و ئایدیۆلۆژیایه‌ هه‌رچۆن له‌ ئه‌نجامى به‌ هه‌ڵه‌ وه‌رگرتنى و كارپێكردنى زیانى گه‌وره‌ى له‌ بزوتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وایه‌تى كوردى داوه‌، چه‌ندین ڕاى بێ بنه‌ماى به‌ زۆر به‌سه‌ر ئه‌ده‌ب و ڕۆشنبیریى كوردیدا سه‌پاندووه‌ و زۆربه‌ى كات ڕۆڵى پۆلیسى ڕۆشنبیریى بینووه‌ بۆ ڕێگاگرتن له‌ بیركردنه‌وه‌ى ئازاد لاى ئه‌دیب و ڕۆشنبیرى كورد و هه‌ركه‌س به‌پێى ئه‌و پێوه‌ره‌ نه‌ینووسیبێت و به‌و ئاڕاسته‌یه‌ بیرى نه‌كردبێته‌وه‌ به‌ كۆنه‌په‌رست و دژى پێشكه‌وتن دراوه‌ته‌ قه‌ڵه‌م. هەڵبەت مەبەست ئەوە نیە نووسەرانی چەپ داهێنانی گەورەیان نەکردووە، نەخێر مەبەستمان پێوانی باڵای داهێنانە بە پێوەری ئایدیۆلۆجیا. ئەم قسەیە بۆ ئەوانەشی خۆیان بە هەڵگری بیری کوردایەتی زانیووەو داهێنانیان بەو پێیە پێواوە هەمان بۆچوون راستە. ئاشکرایشە ئایدیۆلۆجیا دەستی بە باڵای بەرزی داهێنانی گۆرانی چەپ نەگەیشتووە، کەواتە داهێنەرو داهێنان لە سەروی ئایدیۆلۆجیاوەن.
دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ كێشه‌ ڕاسته‌قینه‌كانى مرۆڤى كورد چ وه‌كو تاك و چ وه‌كو كۆمه‌ڵ، چ كێشه‌ تایبه‌تیه‌كان بووبێت چ كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تى و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان.. به‌رپرسى یه‌كه‌میش له‌م شێواندنه‌ى نه‌خشه‌ى ئه‌ده‌ب و ڕۆشنبیرى كوردى ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ بانگه‌شه‌ى سه‌پاندنى هەر میتۆدو پێوانەیەکی ئامادەیان به‌سه‌ر ئه‌ده‌ب و ڕۆشنبیرى كوردیدا كردووه‌ و هەوڵیانداوە‌ لە رێگای بەوانی تر چواندنەوە ئەدەبی کوردی بخوێننەوە، زیانیان لە رووی راستی ئەدەبی کوردی داوە. به‌هه‌رحاڵ ئه‌گه‌ر ئێستاش خۆیان هه‌وڵى ڕاستكردنه‌وه‌ى ئه‌و كارانه‌یان بده‌ن ئه‌وه‌ كارێكى په‌سه‌ند ده‌كه‌ن.
له‌ ئه‌نجامى سه‌پاندنى هه‌ندێ له‌و چه‌مكانه‌ى له‌ ماركسیزمدا هاتوون به‌ تایبه‌تى دیالكتیك، دكتۆر عیزه‌دین پێى وایه‌ خانى فه‌یله‌سوفى دیالكتیكه‌، كه‌ دكتۆر ئه‌و چه‌مكانه‌ى وه‌كو پێوانه‌یه‌كى ئاماده‌ هێناوه‌و هه‌وڵیداوه‌ له‌لاى خانى ئه‌گه‌ر ئاماژه‌یه‌كى له‌و جۆره‌ هه‌بێت ئه‌وا بیكات به‌ داهێنه‌رى ئه‌و چه‌مكه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ كه‌ دیالكتیك وه‌كو زاراوه‌یه‌كى پێناسه‌كراو له‌ سه‌رده‌مى هیراقلیتس دا ئاخاوتنى له‌سه‌ر كراوه‌ و لە سەردەمی ئەفلاتون و ئەرستۆدا وه‌كو چه‌مكێكى فه‌لسه‌فى به‌كاربراوه‌ و له‌ سه‌رده‌مى هیگڵ دا چه‌مكه‌كانى دیالكتیكى سروشت و دیالكتیكى مێژوو ئاخاوتن كراون و ماركس و ئه‌نجلسیش به‌ شێوه‌یه‌كى به‌رفراوان له‌و چه‌مكانه‌ دوواون و ماتریالیزمى دیالكتیك له‌ سه‌رده‌مى ئه‌واندا وه‌كو چه‌مكێكى فه‌لسه‌فى جێگاى گرت.
دیالكتیك له‌لاى هیراقلیتس گوزارشت له‌ بوونى شته‌كان و له‌ هه‌مان كاتدا نه‌بوونیان ده‌كات، چونكه‌ هه‌موو شتێ به‌ به‌رده‌وامى ده‌جوڵێ و ده‌گۆڕێ، واته‌ له‌ حاڵه‌تى په‌ره‌سه‌ندن و له‌ناوچوونى هه‌میشه‌یدایه‌(9). ئه‌فلاتۆن ڕاى وایه‌ كه‌ دیالكتیك جوڵه‌ى فیكره‌ له‌ چه‌مكه‌ ساده‌كانه‌وه‌ بۆ چه‌مكه‌ ئاڵۆزه‌كان(10). له‌ سه‌ده‌كانى ناوه‌ڕاستدا دیالكتیك هه‌ندێ ماناى جۆراوجۆرى وه‌رگرت وه‌كو لۆژیك و هونه‌رى جیاكارى نێوان ڕاست و درۆ.. (11). فه‌لسه‌فه‌ى دیكارت و سپینۆزاو دیدرۆ پایه‌ى خۆیان له‌ ڕه‌گه‌زه‌كانى چه‌مكى دیالكتیك به‌هێزكردووه‌. كانت له‌ تیۆره‌كه‌ى خۆیداو لۆمانوسوف له‌باره‌ى دۆزینه‌وه‌ى یاساى پاراستنى وزه‌و جوڵه‌وه‌ پایه‌كانى دیالكتیكیان به‌هێزكرد. هیگڵ ته‌سه‌ورى گه‌ردوونى كرد به‌وه‌ى له‌ جوڵه‌یه‌كى به‌رده‌وامدایه‌و له‌ حاڵه‌تى گۆڕان و په‌ره‌سه‌ندندایه‌و(12) سه‌رچاوه‌ى ئه‌و گۆڕان و په‌ره‌سه‌ندنه‌ش ناكۆكى ناوخۆییه‌ به‌ڵام ماركس و ئه‌نجلس دیالكتیكیان كرد به‌ زانستى یاسا گشتىیه‌كانى په‌ره‌سه‌ندنى سروشت و كۆمه‌ڵگاو فیكر. ئه‌مان دیالكتیكیان له‌سه‌ر بنه‌ماى دۆزینه‌وه‌ى خانه‌ى زیندوو و یاساى پاراستن و گۆڕانى وزه‌ و تیۆرى په‌ره‌سه‌ندنى داریون بنیادنا.
جگه‌ له‌ هیگڵ و ماركس و ئه‌نجلس ئه‌وانه‌ى تر كه‌ باسى دیالكتیكیان كردووه‌ له‌ پێش ئه‌حمه‌دى خانیدا ژیاون. كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر ئه‌حمه‌دى خانى له‌ مه‌م و زیندا به‌رجه‌سته‌ى حاڵه‌تى له‌و جۆره‌ى كردبێت كه‌ لێكدانه‌وه‌ى دیالكتیكانه‌ى بۆ بكرێت ئه‌وا به‌وه‌ ئه‌حمه‌دى خانى نابێت به‌ فه‌یله‌سوفى دیالكتیك، بێگومان ئه‌وه‌ى ماركس و ئه‌نجلس سه‌باره‌ت به‌ دیالكتیك كردوویانه‌ گۆڕانكارى گه‌وهه‌رییه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌شێ ماركس و ئه‌نجلس وه‌كو دوو بیریارى ئه‌و بواره‌ دابنرێن چونكه‌ دیالكتیكیان له‌ شێوه‌یه‌كى تر و له‌ فۆرمێكى فه‌لسه‌فى تردا و به‌ بنه‌ماى جیاوازه‌وه‌ له‌چاو پێشتردا داڕشته‌وه‌، به‌ڵام به‌ گوێره‌ى خانى ئه‌گه‌ر له‌ناو شیعره‌كانیشیدا له‌ ئه‌نجامى شیكردنه‌وه‌ى ده‌قه‌كاندا ده‌لاله‌تێكى له‌و جۆره‌ بدۆزرێته‌وه‌، ئه‌وا گومانى تێدانیه‌ كه‌ خانى هیچ ڕوانین یان جیهانبینىیه‌كى له‌وجۆره‌ى نه‌بووه‌ كه‌ دیالكتیك چىیه‌و ماناى چىیه‌، به‌ڵكو هه‌ر قسه‌كردنێكى له‌وجۆره‌ سه‌باره‌ت به‌ خانى باركردنیه‌تى به‌ چه‌مكێك به‌بێ ئه‌وه‌ى ئه‌و ئاگاى له‌و چه‌مكه‌ بووبێت. هەڵبەت ئەوەش ئاشکرایە کە خانی پیاوێکی ئایینی شارەزا بووەو لە خوێندنی زانستە ئایینیەکانیشدا بێگومان مەنتیق- لۆجیک-ی خوێندووە، بۆیە ئاساییە کە لە رێگای خوێندنی مەنتیقەوە هەندێ لەو بۆجوونانە لە ئاستی نەستدا گواسترابنەوە بۆ ناو شاکاری مەم و زین.
دیاره‌ خانى مه‌مى ئالانى هێناوه‌و به‌ شیعر دایڕشتۆته‌وه‌، وه‌كو ئاشكرایه‌ مه‌مى ئالان به‌سه‌رهاتێكى فۆلكلۆرى یان ئه‌فسانه‌یه‌كه‌ كه‌ پێشتر له‌ناو كورددا و ڕه‌نگه‌ له‌ناو میلله‌تانى دراوسێى كوردیشدا ده‌ماوده‌م گێڕدرابێته‌وه‌و كه‌سێت و ململانێ و ناكۆكى و په‌یوه‌ندى و یه‌كێتى و جوڵه‌ى به‌رده‌وام له‌نێو به‌سه‌رهاته‌كه‌دا هه‌بووه‌و به‌وپێیه‌ش ئه‌حمه‌دى خانى گۆڕانكارى ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌ى له‌ گه‌وهه‌رى ئه‌فسانه‌كه‌دا نه‌كردووه‌، به‌ واتایه‌كى تر ده‌توانین بڵێین له‌ ده‌قه‌ فۆلكلۆرییه‌كه‌دا هه‌مان ئه‌و ململانێ و ناكۆكى و په‌یوه‌ندى و یه‌كێتىیه‌ى نێوان كه‌سێته‌كان هه‌بووه‌، ئه‌وه‌ى خانى گۆڕانكارى به‌سه‌ردا هێنابێت شتى بچوكه‌، نه‌ك هێڵى سه‌ره‌كى ئه‌فسانه‌كه‌. دیاره‌ ئه‌فسانه‌و فۆلكلۆریش به‌رهه‌مى ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تى قۆناغى دوورو درێژو هه‌ندێ جار نه‌زانراوى میلله‌تن، هه‌ر به‌وپێیه‌ش ده‌شێ به‌ جۆرێك شاهیدى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بن كه‌ تیایدا ده‌ركه‌وتوون. گرێچنى سه‌رجه‌م ئه‌فسانه‌و چیرۆك و به‌سه‌رهاته‌ فۆلكلۆرییه‌كان بریتین له‌ ململانێ و خۆشه‌ویستى و دڵسۆزى و ناپاكى، واته‌ دابه‌شبوون له‌ نێوان هێزى ئیرۆس و تاناتۆس دا. به‌ مانایه‌كى تر وێنه‌یه‌كى ئاشكراى ژیانن. ژیانیش به‌ سروشتى بنه‌مایه‌كى دیالكتیكیانه‌ى هه‌یه‌و دووانه‌ به‌رامبه‌ره‌كان پێكیان هێناوه‌.
ئه‌وه‌ى خانى كردوویه‌تى له‌ مه‌م زین دا زیاتر نیه‌ له‌و بنه‌ما دیالكتیكانه‌ى كه‌ له‌ خودى گه‌ردووندا ئاماده‌بوونیان هه‌یه‌. دكتۆر ده‌ڵێت: ڕوانینه‌كانى خانى بۆ گه‌ردوون وه‌ك فه‌یله‌سوف و بیریار ده‌ست پێده‌كات(13). وشه‌ى وه‌كو ده‌مانخاته‌ به‌رده‌م جۆرێك له‌ گومانه‌وه‌ له‌وه‌ى كه‌ دكتۆر له‌ لایه‌ك خانى ده‌كات به‌ فه‌یله‌سوف و بیریار، جارێكى تر لاى وایه‌ ڕوانینه‌كانى خانى وه‌كو ڕوانینى فه‌یله‌سوف و بیریار وایه‌ بۆ گه‌ردوون ئێمه‌ پێشتر له‌وه‌ دواین كه‌ فه‌یله‌سوف و بیریار كێن و به‌وپێیه‌ش خانى نابێته‌ هیچ كامیان، بۆیه‌ لێره‌وه‌ ئه‌و ناونیشانه‌ى دكتۆر بۆ خانى هه‌ڵبژاردووه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى كه‌سێتى خانىیه‌و خانى شاعیرێكى دیارى قۆناغێكى مێژووى گه‌لى كورده‌و ده‌شێ توێژینه‌وه‌ى جۆراوجۆر له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كانى بكرێت و جیهانبینى شیعرى و ئاستى هونه‌رى و شوێنى له‌ جوگرافیاى شیعرى كوردیدا ده‌ست نیشان بكرێت به‌ڵام ناشێت هه‌روا به‌ ئاسانى بكرێت به‌ فه‌یله‌سوف و بیریار.
دكتۆر عیزه‌دین باسى دووانه‌ى هۆو ئه‌نجام ده‌كات لاى خانى و پێى وایه‌ ئه‌م دووانه‌یه‌ یه‌كێكه‌ له‌و بنه‌مایانه‌ى كه‌ خانى ده‌كاته‌ بیریارو فه‌یله‌سوف ئه‌وه‌تا ده‌ڵێت: خانى بڕواى وایه‌ بۆ هه‌ر ئه‌نجامێ هۆیه‌ك هه‌یه‌(14). دووانه‌ى هۆو ئه‌نجام له‌ مێژووى فیكر و فه‌لسه‌فه‌دا شتێكى نوێ نیه‌. دیموقریت ده‌ڵێت: هه‌موو شتێك به‌ شێوه‌یه‌كى سیستاماتیكى ده‌رده‌كه‌وێ و له‌ ئه‌نجامى كارى هۆیه‌كى دیاریكراودا له‌ناوده‌چێت. ئه‌رستۆ دروستبوونى شارستانێت ده‌گێڕێته‌وه‌ بۆ چه‌ند هۆیه‌ك و. داڕمانیشى ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ كاریگه‌ریى و جوڵه‌ى چه‌ند هۆكارێكى ناوخۆییه‌وه‌. له‌ ئه‌ده‌بیشدا به‌ تایبه‌تى له‌ تراژیدیاداو دواتریش له‌ چیرۆكدا كه‌ گرێچن هه‌یه‌، جوڵه‌ى ڕووداوه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى په‌یوه‌ندى هۆو ئه‌نجام ڕێكده‌خرێن و هه‌میشه‌ هۆ ده‌كه‌وێته‌ پێش ئه‌نجامه‌وه‌. له‌ شانۆگه‌رى ئۆتێلۆدا هۆكارى غیره‌و دڵڕه‌قى ئیاگۆ ده‌بێته‌ هۆى دڵ پیسكردنى ئۆتێلۆ له‌ دێزده‌موناو له‌ ئه‌نجامدا ڕووداوه‌ تراژیدییه‌كان ده‌ست پێده‌كات. له‌ شانۆگه‌رى هاملێت دا ناپاكى دایك و مام ده‌بن به‌ هۆى كوشتنى باوكى هاملێت و هاملێتیش له‌ ئه‌نجامى ئه‌وه‌دا دووچارى ئه‌و باره‌ ده‌روونى و ئازاره‌ ڕۆحیه‌ ده‌بێت كه‌ بگاته‌ ئاستى تێڕامانى قوڵ و به‌رزكردنه‌وه‌ى پرسیارى “ببیت یان نه‌بیت ئه‌مه‌ پرسیاره‌كه‌یه‌” شكسپیر داهێنه‌رى ئه‌م ڕسته‌ گرنگه‌یه‌ كه‌چى هیچ ڕه‌خنه‌گر و توێژه‌رێكى ئینگلیز به‌ شكسپیر ناڵێت فه‌یله‌سوف یان بیریار. كه‌واته‌ ئه‌وه‌ ئاشكرا دووانه‌ى هۆو ئه‌نجام نابن به‌ بنه‌ما بۆ سه‌لماندنى بیریارى و فه‌یله‌سوفى خانى.
دكتۆر عیزه‌دین ده‌ڵێت: خانى واى ده‌بینێ ڕووكه‌ش په‌یوه‌سته‌ به‌ گه‌وهه‌ره‌وه‌، ئه‌گه‌ر گه‌وهه‌ر نه‌بێت ڕووكه‌ش پوچ ده‌بێته‌وه‌(15). ئه‌م بۆچوونه‌ش گه‌لێك كۆنه‌، ئه‌فلاتۆن پێى وابوو له‌ كۆماره‌ خه‌یاڵیه‌كه‌ى ئه‌ودا ده‌بێ هه‌موو شتێ گه‌وهه‌رى ڕاسته‌قینه‌ى خۆیى هه‌بێت و گونجاندن له‌ نێوان گه‌وهه‌ر و ڕووكه‌شدا هه‌بێت، ئه‌و هه‌موو دروستكردنێكى به‌لاسایى كردنه‌وه‌ ده‌دایه‌ قه‌ڵه‌م، له‌ لاسایى كردنه‌وه‌دا ده‌شێ ڕووكه‌ش وه‌كو خۆى بگوازرێته‌وه‌ به‌ڵام گه‌وهه‌ر هه‌رگیز وه‌كو بوونى ڕاسته‌قینه‌ى خۆى ناگوازرێته‌وه‌، له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ ئه‌فلاتۆن لاسایى كردنه‌وه‌ى پێ كارێكى نادروست و بێ به‌ها بوو. دیسان جگه‌ له‌ شیعرى ته‌علیمى، ئه‌فلاتۆن جۆره‌كانى ترى شیعرى پێ خراپ بوو چونكه‌ ده‌یگوت ئاودێرى سۆز و هه‌ڵچوون ده‌كه‌ن(16) سۆزو هه‌ڵچوونیش به‌شێك نین له‌ گه‌وهه‌رى مرۆڤ به‌لاى ئه‌فلاتۆنه‌وه‌، به‌ڵكو به‌شێكن له‌ ڕووكه‌ش، كه‌واته‌ ئه‌فلاتۆن نه‌ك هه‌ر دووانه‌ى گه‌وهه‌ر و ڕووكه‌ش یان ماهیه‌ت و ڕوخسارى ناسیووه‌ به‌ڵكو لایه‌نگرى گه‌وهه‌ر یان ماهیه‌تیشى كردووه‌.. ئیتر دۆزینه‌وه‌ى ده‌لاله‌تى گه‌وهه‌ر و ڕووكه‌ش لاى خانى گرنگىیه‌كى ئه‌وتۆى نیه‌ كه‌ خانى بكات به‌ فه‌یله‌سوف و بیریار، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى كه‌سانى تریش له‌ پێش خانیدا له‌و باسه‌ دوواون. ئایدیالیزم لێكدانه‌وه‌ى له‌و جۆره‌ى بۆ كه‌ون هه‌یه‌، نه‌زانراو كه‌ هێزى نادیارى خواوه‌نده‌ گه‌وهه‌ره‌.. هه‌موو جوڵه‌و ڕووداوێكى گه‌ردوون كه‌ به‌رهه‌مى ئه‌و گه‌وهه‌ره‌ن، ڕووكه‌شن.
یه‌كێك له‌ چه‌مكه‌كانى دیالكتیك بریتىیه‌ له‌ گه‌وهه‌ر و ڕووكه‌ش، كه‌ دواتر دووانه‌ى ناوه‌ڕۆك و شێوه‌ى لێكه‌وتۆته‌وه‌و پاشان له‌ میتۆدى ماركسیزمدا بۆ لێكدانه‌وه‌ى دیارده‌كان كارى پێكراوه‌و له‌ژێر ناوى چۆنێتى و چه‌ندێتىدا وه‌كو چه‌مكێكى فه‌لسه‌فى به‌كارهاتووه‌. ئه‌و میتۆده‌ ته‌قلیدییه‌ى ڕه‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى كه‌ تاكو ئێستا ده‌یه‌وێت هاوسه‌نگى نێوان شێوه‌ و ناوه‌ڕۆك بكات به‌ بنه‌ماى سه‌ركه‌وتنى ده‌قه‌ ئه‌ده‌بى و هونه‌رییه‌كان له‌و چه‌مكه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتووه‌.
دكتۆر عیزه‌دین له‌و كتێبه‌یدا هه‌وڵیداوه‌ سه‌رجه‌م زانیارى خۆى له‌ بواره‌ جۆراو جۆره‌كاندا له‌ ڕێگاى به‌ ئامڕازكردنى خانىیه‌وه‌ بخاته‌ ڕوو، هه‌رچۆن خانى مه‌م و زینى كردووه‌ به‌ ئامڕاز بۆ ده‌ربڕینى ده‌ردى دڵى خۆى، بێگومان بۆ ده‌قێكى شیعرى ئه‌وه‌ى خانى كارێكى په‌سه‌ندو گونجاوه‌.. به‌ڵام ئه‌وه‌ی دكتۆر عیزه‌دین كه‌ هه‌موو ڕوانینه‌كانى خۆى بسه‌پێنێت به‌سه‌ر ده‌قێكى وه‌كو مه‌م و زین دا له‌ هیچ میتۆدێكى ڕه‌خنه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ى ئه‌ده‌بیدا جێگاى نابێته‌وه‌، ته‌نانه‌ت میتۆدى ڕه‌خنه‌ى ماركسیزمیش.. بۆیه‌ جێگاى خۆیه‌تى ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ ئه‌م جۆره‌ كاركردنه‌ له‌سه‌ر ده‌قه‌كانى ئه‌ده‌بى كوردى ناتوانێت مافى ده‌قه‌كان و نووسه‌ره‌كانیشیان بدات، هه‌روه‌كو ده‌بێته‌ هۆى شێواندنى ڕووى ڕاسته‌قینه‌ى ئه‌ده‌ب و ڕۆشنبیرى ئێمه‌، چونكه‌ ئێمه‌ پێویستمان به‌وه‌یه‌ شته‌كان وه‌كو ئه‌وه‌ى هه‌ن باس بكه‌ین نه‌ك وه‌كو ئه‌وه‌ى ده‌مانه‌وێت یان پێویست ده‌كات.
كه‌س ناتوانێ نكوڵى ئه‌وه‌ بكات كه‌ ئه‌حمه‌دى خانى شاعیرێكى دیارى نیوه‌ى دووه‌مى سه‌ده‌ى حه‌ڤده‌ى ئێمه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ش شێواندنى نه‌خشه‌ى جوگرافیاى ئه‌ده‌ب و ڕۆشنبیرى كوردىیه‌ تۆ بێیت ئه‌م شاعیره‌ بكه‌یت به‌ فه‌یله‌سوف و بیریار و ڕابه‌رى فیكرى نه‌ته‌وه‌یى، كه‌ له‌ڕاستیدا ده‌بێ بزانین ئێمه‌ى كورد تاكو ئێستاش نه‌ك بیریار و فه‌یله‌سوف و ڕابه‌رى فیكریمان نیه‌، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت خوێنه‌رى باشى ئه‌و بوارانه‌شمان زۆر کەمە‌.

نووسینی/ عەتا قەرەداخی

—————————————————————–

سەرچاوەکان/
1-LONGMAN Dictionary of Contemporary English 1995- P. 1057
2-هه‌مان سه‌رچاوه‌ ل 1502.
3-هه‌مان سه‌رچاوه‌ ل 1507.
4-صدام الزیادى- المدخل الى الفلسفه‌- ص5.
5-نفس المصدر ص 6.
6-William Shakespear. The Complete works London- 1968. P. 995.
7-الدكتور عزالدین مصطفى رسول- احمدى خانى. شاعراً و مفكراً، فیلسوفاً و متصوفاً. بغداد- 1979، ص 251.
8-نفس المصدرـ ص 332.
9-الدكتور عبدالرزاق مسلم- مذاهب و مفاهیم فی الفلسفه‌ الاجتماع- ص 49.
10-هه‌مان سه‌رچاوه‌ ل 49.
11-هه‌مان سه‌رچاوه‌ ل 49.
12-هیغل – مختارات- الجز‌ء الاول – ترجمه‌ الیاس مرقص- دار الطلیعه‌- 1978، ص 7.
13-الدكتور عزالدین مصطفى رسول- احمدى خانى- ص 257.
14-هه‌مان سه‌رچاوه‌، ل 349.
15-هه‌مان سه‌رچاوه‌، ل 346.
16-David Datchis- Approach to Literary Criticism- P.17.




ستڕاتیژە سیاسییەکانی ناو بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی لە کوردستانی عێڕاق.. نادر عەبدولحەمەید

  1. ڕاست و چەپی ناسیونالیزم، دەستاودەستی دەسەڵات
    هاوڕای ئاڵوگۆڕە سیاسی و ئابووریـیەکان و پەرەسەندنی ناڕەزایەتیـیە کۆمەڵایەتیـیەکان لە هەرێمی کوردستانی عێڕاقدا، نەک هەر ئۆپۆزیسیۆنی قەومی لیبڕاڵ و ئیسلامی سیاسی وەک فشار بەسەر حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵاتدارەوە هاتوونەتە مەیدان، بەڵکو ناسیونالیزمێکی چەپی سەر بە ئایدیاکانی ئۆجەلان و ئەزموونی کوردستانی سوریا و تورکیای ئەو ڕەوتەش، گەشەیەکی کردووە لەبەرمبەر ناسیونالیزمی ڕاستڕەوانەی زاڵ لەناو کۆمەڵگەی کوردستانی عێڕاقدا، بە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆنیەوە.
    گەرچی لە ئێستادا ئەم ناسیونالیزمە چەپە وەک ئۆپۆزسیۆنێکی بەرجەستەی سیاسی و عەلەنی خۆی نەخستۆتەڕوو، بەڵام هێزێکی یەدەک و حەشاردراوی بزووتنەوەی ناسیونالیستیـیە بۆ جێگرتنەوەی دەسەڵاتی ناسیونالیستی ڕاستڕەو، لە کاتی هاتنەئارای قەیرانی دەسەڵات و لە توندپێچە مێژووییەکاندا، بەمانایەک دەستاو دەست پێکردنی دەسەڵات، لە نێوان ڕاست و چەپی یەک بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی، کە ئەویش بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کوردە لە هەرێمەکەدا، بەڵام بەشکڵ و شێوازێکی جیاوازتر لەوەی کە ئۆپۆزسیۆنی ڕاستڕەوی لیبڕاڵ قەومی (نەوەی نوێ) و لایەنی تر، وەیا ئیسلامی سیاسی کۆنەپەرست لە ئێستادا لە هەوڵدان بۆی.
  2. سنوری ئەم وتارە
    لەم وتارەدا ناچمە ناو باسی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەکەی، ناچمە ناو باسی ناسیونالیزمی چەپ و ڕاست لە هەرێم، بەڵکو دەمەوێت تیشکێک بخەمەسەر بارودۆخی ئێستای بزووتنەوەیەکی چەپی دەرەوەی ڕەوتی ناسیونالیزمی چەپ، واتا ئەوەی کە ناسراوە بە بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستانی عێڕاق. ئەمەش بە مەبەستی دەرخستن و بەرجەستەکردنەوەی ستڕاتیژە سیاسیـیەکانی ناو ئەم بزووتنەوەیە کە لە بەرامبەر گشت ئەم بارودۆخە سیاسی کۆمەڵایەتی و ئابووریەی هەرێمدا خراونەتەڕوو. وە لێرەشدا ناچمە ناو هەڵسەنگاندنی خەتە فکرییەکانەوە، بەڵکو باسەکەم پەیوەستە بە خەتی سیاسی و ستڕاتیژی سیاسیـیەوە. ئەوەش کە تا چەند خۆشباوەڕی (تەوەهومات) لەناو ئەم بزووتنەوەیەدا هەیە بەرامبەر بە ناسیونالیزمی چەپ، یان کاریگەری ناسیونالیزمی چەپ لەسەر ئەم بزووتنەوە چەپ و کۆمۆنیستییە چەندە و چۆنە؟ ئەمەش باسێکی ترە و لێرەدا ناچمە ناویەوە.
  3. ئایە (حزبی شیوعی کوردستان) بەشێکە لە بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستان؟
    بۆ ئەوەی ڕۆشن بێتەوە کە مەبەستمان لە بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستانی عێڕاق چییە، پێویستە بزانین ئایە ئەم حزبە بەشێکە لەو بزووتنەوەیە یان نا؟
    (حشک)، نە لە مێژووی ڕاستەقینەی خۆیدا و نە لە ڕێبازە سیاسییەکەیدا، سەر بە بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستانی عێراق نیـیە، لە ڕووی مێژوویـیەوە درێژکراوەی (ڕێکخراوی کوردستانی حزبی شیوعی عێراقی)یە، کە ئەو حزبە عێڕاقییە هەمیشە سازشکار و هاوکاری حزبە ناسیونالیستە کۆنەپەرست و سەرکوتگەرەکانی کورد بووە، بەتایبەتیش باڵی عەشایەر و هەرە کۆنەپەرست و دواکەوتووەکەی (پارتی)، چ لە ساڵانی شەستەکان و چ لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لە بزووتنەوەی چەکداری ناو شاخەکانی سەرسنوردا، کاتێکیش (لە ١٩٩٣دا) ئەم ڕێکخراوی کوردستانە دەبێتە (حزبی شیوعی کوردستان) بەردەوامی بەهەمان خەت و ڕێبازی سیاسی دەدات لە نەوەتەکان سەدەی بیستەوە هەتا ئێستا.
    سەیرکەن لە گەرمەی شەڕی ناوخۆدا و لە (٣١ی ئابی ١٩٩٦) کە (پارتی) بەهاوکاری سوپای (بەعس) هەولێر دەگرێتەوە، (حشک) خاوەنی وەزیر بووە لەو حکومەتەی کە (پارتی) پێکیهێناوە لە هەولێر! سەیرکەن لە کاتێکدا لە (١٧ی شوباتی ٢٠١١)دا خەڵک ڕاپەڕیووە و (١٠) خۆپێشاندەر کوژراون، وەزیری ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێم و قسەکەری حکومەتی هەرێم ئەندامێکی مەکتەب سیاسی ئەو حزبە بووە! گەرچی لە کۆنگرەی حەوتەم (٢٠٢١)ەوە بڕیاردرا کە ببێتە حزبێکی ئۆپۆزسیۆن، بەڵام ئۆپۆزسیۆنێک کە هەندێک لە ئەندامانی کۆمیتە ناوەندی و مەکتەب سیاسییەکەی ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێم و ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەتن! سەرەتای کۆنگرەکەشیان بە (سرودی ئەی ڕەقیب) کە سرودێکی قەومی ڕەگەزی (ئیسنیتکی) کوردە، نەک سرودێکی نیشتمانی کوردستانی، دەستپێکرد، سرودی ئینتەرناسیوناڵیان خستەناو تەنەکەی خۆڵەوە!
    (حشک) هەتا حزبێکی ڕیفۆڕمیستیش نەبووە و نیە، بەڵکو بەشێک بووە و ئێستاشی لەگەڵ بێت بەشێکە لە بزووتنەوەی کوردایەتی، هەتا لەناو کوردایەتیشدا باڵی چەپ نەبووە و نیە، ئەم حزبە بە چەمکی سیاسی لە ئەوروپای ڕۆژاوا، پێی دەڵێن حزبێکی ڕاستڕەوی مامناوەندی قەومی (یمین الوسط القومی)، لە کاتێکدا یەکێک لە تایبەتمەندیـیە گرنگەکانی بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی لە کوردستانی عێراقدا، هەستیاری و دوژمنایەتییە سیاسییەکەیەتی بەرامبەر بە حیزبە نەتەوەییەکان، کەچی مێژووی (حزبی شیوعی کوردستان) مێژووی پاشکۆیەتییە بۆ ناسیونالیزمی کورد و حزبە فەرمانڕەواکان، هەروەک حزبی دایکی خۆی (حزبی شیوعی عێڕاق) کە پاشکۆی ناسیونالیزمی عەرەب و ڕژێمە سەرکوتگەرەکانی وەک (بەعس) بوو. بۆیە ئەم حزبە نەک هەر کۆمۆنیست نیە، بەڵکو چەپێکی بورژوازی ناو کۆمەڵگەش نیە.
  4. چوارچێوەی گشتی بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی
    بزووتنەوەی چەپ لە کوردستانی عێڕاق، دەرئەنجامی جیابوونەوەی ڕۆشنبیرانی مارکسیستە لە حزب و ڕەوتە ناسیۆنالیستەکان لە ناوەڕاستی حەفتاکان بەدواوە تا نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو. لە سەرەتای نەوەتەکاندا خۆی لە (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێڕاق)دا کۆکردۆتەوە، پاشان بە جیابوونەوەی بەشێکی بەرچاوی کادرەکان و بە هەڵمەتی سەرکوتگەرانەی حزبە ناسیونالیستەکان و ترۆری کادر و ئەندامانی و بنبەست و شکستی سیاسی، نەک هەر حزبەکە، بەڵکو گشت بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی بردە دواوە و پەرتەوازە بوو، هەڵسوڕاوان و کادر و ئەندامانێکی زۆر دەستیان لەکار کێشایەوە و کۆچیان بەرەو دەرەوەی وڵات کرد.
    دەیەی یەکەمی سەدەی بیست و یەک (٢٠٠٠-٢٠١٠)، دەیەی پوکانەوە و پاشەکشەیەکی بەرچاوی ئەم بزووتنەوەیە بوو، بەڵام لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان و وەڕێکەوتنی بزووتنەوەی بەرگری لە ئازادییە سیاسییەکان دژ بە ترۆری ڕۆژنامەنوس (سەردەشت عوسمان) لە (٢٠١٠) و پاشان (١٧ی شوباتی ٢٠١١) کە هاوکاتی شۆڕشەکانی باکوری ئەفریقیا (تونس) و (میسر) بوو، ڕەوەندێکی ڕوو لە گەشە و چوونەپێشی بەخۆیەوە بینی، و نەوەیەکی تازەش بە ئەڵقە و کۆڕوکۆمەڵی مارکسیستیـیەوە هاتە مەیدان لە (٢٠١٣) بەدواوە.
    لە دە ساڵی ڕابردوودا (٢٠١٤-٢٠٢٤)، بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی لە کوردستانی عێڕاقدا گۆڕانکاریـیەکی بەخۆوە بینیوە، وێڕای ڕووهێنانی نەوەیەکی تازە بۆ مارکسیزم، ئەو حزب و ڕێکخراوانەش کە پێشتر لەئارادابوون (حزبی کۆمۆنسیتی کرێکاری) و (یەکێتی کۆمۆنیستەکان) ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هاتووە، دەستەجاتی تازەی وەک (ئاڵتەرناتیڤی سۆشیالیستی) و (ڕەوتی سۆسیالیستە شۆڕشگێرەکان-کوردستان) هاتوونە ئاراوە و ڕێکخراوی وەک (بەدیلی کۆمۆنیستی) هاتۆتە مەیدان.
    دیارە کە چەند ئەڵقە و دەستەجاتی تریش لە ناو سۆشیال میدیادا هەن، کە کاری پڕوپاگەندەی سۆشیالیستی ئەنجام دەدەن، یان بەکارێکی دیاریکراوی وەک وەرگێڕانی بەرهەمە فکری و سیاسییەکانی کەلەپوری مارکسیزمەوە مەشغوڵن. ئەمە جگە لە ژمارەیەکی زۆروزەوەند لە هەڵسوڕاوانی چەپ و کۆمۆنیست کە پێشووتر ئەندامی کارا و چالاکی حزب و ڕێکخراوەکان بوون و ئێستا لەبەرخۆیانەوە بە فەردی یان لەناو ڕێکخراوەیەکی جەماوەریدا، چالاکی ئەنجام دەدەن و مەیلی ڕێکخراو بوونی کۆمۆنیستانە (تەحزەووبی کۆمۆنیستی) و چالاکی ڕێکخراوەیی کۆمۆنیستیان زۆر لاوازە، لە ئەوروپا بۆ ئەو جۆرە کۆمۆنیستانە چەمکی “کۆمۆنیستی بێ خانەولانە-Homeless Communists” بەکار دەبرێت.
    تێبینی: (ئەڵقە) و (کۆڕوکۆمەڵ) وەک گردبوونەوەیەکی سەرەتایی، و (دەستە) وەک ئاستێکی بەرزتری گردبوونەوە بەکاردەهێنم. (حزب) (گرووپ)، (ڕێکخراو)، بۆ ئەو گردبوونەوانە بەکاردەبەم کە کارێکی سیاسی ڕێکخراو بەپێی ستڕاتیژێک ئەنجام دەدەن.
  5. بەراوردێک
    بە پێچەوانەی ساڵانی هەشتاکان و نەوەتەکانی سەدەی بیست، کە کێشمەکێش (جەدەل)ی فکری و سیاسی لە نێوان ئەڵقە و گروپ و ڕێکخروەکاندا تاوی سەندبوو، لەم دەورەیە لە ژیانی بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستانی عێڕاق زۆر کەمتر ئەو خەباتە فکری و سیاسییە ناوخۆییەی نێوان حزب و ڕێکخراوەکان و گرووپ و ئەڵقەکان لە ئارادایە و هەر لایە سوورە لەسەر ڕەتکردنەوەی ئەوانی تر و سەرگەرمی دنیای خۆیەتی. ئەڵبەتە ڕەخنە وەک دەستپێشەکەری کەسەکان لە سیاسەت و خەتی فکری ئەم یان ئەو حزب و ڕێکخراو لەئارادا بووە، ئەوەی مەبەستی منە ئەوەیە ئەو کارە وەک سیاسەتێکی دیاریکراو لە لایەن خودی حزب و گروپ و ڕێکخروەکانەوە بەرامبەر یەکتری نەگیراوەتەبەر.
    گەرچی ئەم کارە بۆی هەیە ببێتە گرژی و ئاڵۆزی پەیوەندیـیە ناوخۆییەکانی ئەو بزووتنەوەیە زیاتر لەوەی کە ئێستا لە ئارادایە، بەڵام مارکسیزم و کۆمۆنیزم نەک هەر لە ڕێگەی کێشمەکێشە فکری و سیاسییەکانەوە، دژی ڕەوتە زاڵ و سەرەکییەکانی فکری بورژوازی دێتە مەیدان و خۆی ئەزموون دەکات، بەڵکو دژی ئەو ڕەوت و مەیلە فکری و سیاسیانەش کە ڕەنگدانەوە و سێبەری ڕەوتە ئەسڵییەکانی بورژوازین لەناو بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستیدا، خۆی مشتوماڵ دەکاتەوە، پێشڕەوی دەکات و کاربوردەکەی واتا شیاوی بەکارهێنانی مارکسیزم لەسەر کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ئەزموون دەکرێت و وەک مێسۆد و جیهانبینییەکی گشتی لێکهەڵدەپێکرێت بە تایبەتمەندی جوگرافیایەکی دیاریکراوەوە.
  6. ئێستای بزووتنەوەکە
    – لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، بەشێک لە کەسان و لە ئەڵقە و کۆڕوکۆمەڵە مارکسیستەکانی نەوەی تازە کە ڕوویان هێنابوو بۆ مارکسیزم، ئێستا یا دەستبەرداری مارکسیزم بوون، یا خاوبوونەتەوە و نەیان توانیووە گەشە بکەن و بەرزببنەوە بۆ ئاستی خۆ ڕێکخراوکردن و هاتنەمەیدانی کاری سیاسی جدی، و وەک ئەڵقەی تاوتوێ کردنی باسە فکرییەکانی مارکسیزم درێژە بە خۆیان دەدەن.
    شکستی پڕۆژەی ڕۆشنبیرانی ناسیوناڵ لیبڕاڵ کە سوپایەک لە قەڵەم بەدەستان و میدیاکارانیان هەڵخراند بوو (بەسیج و تەحشید کردبوو) بۆ هەڵهەلە لێدانی هێنانەدی “دەوڵەتی یاسا” بە دەستاودەستپێکردنی دەسەڵات لە ڕێگەی پەرلەمانەوە و چووبوونە پشت (بزووتنەوەی گۆڕان)ی ئەو کاتە، بەڵێ شکستی ئەم پڕۆژەیە بەشێک لە ڕۆشبیران و نوسەرانی تازە لاوی ناو ئەو سوپایە و دەرەوەی ئەم سوپایەی توشی هەڵوێستە و تێڕامان کرد و ڕوویان هێنا بۆ مارکسیزم. ئێستا جێگەی داخە پاش تێپەڕبوونی لانی کەم دەهەێک (دە ساڵ) بەسەر هاتنەئارای ئەم نەوە تازەیەی مارکسیزمدا، نەیتوانی بگاتە ئەو ئاستە لە گەشە و پێشڕەوی کە چاوەڕوانی لێ دەکرا ببێتە “خوێنێکی تازە” بۆ ناو بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستانی عێڕاق.

    – دەستەی (ئاڵتەرناتیڤی سۆشیالیستی)ی ڕۆژنامەکەیان (ڕێچار) دوو ساڵ زیاترە وەستاوە، ماوەیەکیشە ماڵپەڕی سەرەکی ئەم دەستەیە و ماڵپەڕی ڕۆژنامەکەشیان لەکار کەوتووە. ئەمە جگە لەوەی کە ئەم دەستەیە پێشتریش هەر لە ساڵی شکڵگیرییەکەوە (ئەیلولی ٢٠١٦) تا ئێستا (کە نزیک بە هەشت ساڵە)، پەنای نەبردۆتە بەر خستنەڕووی ستڕاتیژێک بۆ کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی، و دەرکردنی بەیاننامە و هەڵوێست نواندن، وە زیاتر مەشغوڵی پڕوپاگەندەی سۆشیالیستی بووە دژی سەرمایەداری و بورژوازی بە شێوەیەکی گشتی. لە باشترین حاڵەتدا دەکرێ بڵیین ئەم پڕوپاگەندەیە ستڕاتیژیان بووە لە هەشت ساڵی ڕابردوودا، و نەیانتوانیوە لەو ئەلقە سەرەتاییە واوەتر بڕۆن و بێنەدەرەوە بۆ ناو جیهانی مارکسیزمی پڕاتیک و چالاکی سیاسی و ڕێکخراوەیی کۆمۆنیستی، لە شوێنی خۆیان گیریان کردووە و هیچ دۆکیومێنتێکی ڕەسمیشیان ڕانەگەیاندووە کە بۆچی ڕۆژنامەکەیان وەستاوە؟ بۆچی ماڵپەڕەکانیان وەستاوە؟ بۆچی هیچ شتێک بەناوی دەستەکەوە لە ئارادا نەماوە؟

    – دەستەی (ڕەوتی سۆسیالیستە شۆڕشگێرەکان-کوردستان)، سەربە سوننەتێکی فکری و سیاسی دیاریکراون، کە ئەویش هێڵی فکری تڕۆتسکی – تۆنی کلیف و (حزبی کرێکارانی سۆشیالیست-بریتانیا)یە، و چالاکن لە سۆشیال میدیا و پڕوپاگەندەی سۆشیالیستی و ڕەواجدان بە بەرهەمەکانی ئەو خەتە فکریە و بەگشتیش بە بەرهەمە مارکسیستی و سۆشیالیستیـیەکان. ئەم دەستەیە هەنگاوی هەڵێناوەتەوە بۆ دیاریکردنی هێڵی بەرنامەیی و سیاسی خۆی لە ئاستێکی زۆر گشتیدا، لە دۆکیومێنتێکدا بەناوی (هێڵی گشتی سیاسەتەکانی …)، بەڵام هێشتا ستڕاتیژی کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی؛ ئەوەی کە لە کوردستاندا دەیەوێت چی بکات و چۆن ئەنجامی بدات و بۆی هەڵسوڕاو بێت، بە دیاریکراوی نەیخستۆتەڕوو، هەر بۆیە ئەمیش هەڵوێست نواندنی سیاسی نییە، وەک دەرکردنی بەیاننامە بەناوی گرووپەکە خۆیەوە، لەسەر بارودۆخی سیاسی و ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و خۆپێشاندانەکان لە هەرێمی کوردستان، وەیا بۆنەکانی هەشتی مارس و یەکی ئایار. لە نێوان هاوڕێیانی ئەم دەستەیە و هاوڕێیانی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی)دا، پەیوەندییەکی هاوڕێیانە بۆ دیالۆگ و بیروڕا گۆڕینەوە، ناوەناوە لە ئارادایە، بەڵام پەیوەندیەکی فەڕمی و ئامانجدار بە مەبەستێکی دیاریکراو نییە، وەک ئەوەی کە پێشتر لە نێوان (یەکێتی کۆمۆنیستەکان) و (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی)دا هەبوو.

    – ڕێکخراوی (یەکێتی کۆمۆنیستەکان لە عێڕاق)، دوای چەند دانیشتن و گفتوگۆ لەگەڵ (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق) لە کۆتایی تشرینی دووەم (نۆڤێمبەر)ی (٢٠١٨) بەیاننامەیەکی هاوبەشیان دەرکرد، کە تیایدا هاتووە […. مەبەستی سەرەکی ئەم دانیشتن و گفتوگۆیانە واوەتر بوو لە کاری هاوبەش و هاوکاری نێوان دوو ڕێکخراوی سیاسی، و لە بنچینەدا ئامانج لێی پێکهێنانی هاوفکری و هاوڕایی سیاسی و بەرنامەیی و چونەناو پڕۆسەیەکی سیاسی عەمەلیـیە بۆ یەکگرتوویی و هەنگاونان بەرەو هێنانەدی حزبێکی کۆمەڵایەتی مارکسیستی شوڕشگێر]، بەڵام دواتر بەهۆی ئەوەوە کە هاوڕێیانی (یەکێتی کۆمۆنیستەکان) مەیلیان بەلای ئەزموونی سیاسی (پەیەدە -پارتی یەکێتی دیموکرات) لە کوردستانی سوریا و ئایدیا و ئایدیۆلۆژیای پشتی ئەم ئەزموونە پەیدا کرد، بە عەمەلی کشانەوە لەم پەیوەندیـیە و لەم پڕۆسەیەی کە بڕیاربوو بچنەناویەوە لەگەڵ (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی)دا.
    ئێستا (یەکێتی کۆمۆنیستەکان) نزیک بە دوو ساڵە، هیچ چالاکییەکی عەمەلی و عەلەنی ئەنجام نەداوە بەناوی ڕێکخراوەکەوە، هیچ بەیاننامەیەکی دەرنەکردووە لەسەر ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی ناو هەرێمی کوردستان و ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و خۆپێشاندانەکان و بۆنەکانی وەک هەشتی مارس و یەکی ئایار، کە ساڵانی پێشووتر ئەو کارەی دەکرد. وە هیچ ڕاگەیاندنێکیشان دەرنەکردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو “ڕێکخراوە” و کۆتایی هاتنی.

    – هەرچی (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێڕاق)ە لەلایەن (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان)ەوە نوێنەرایەتی دەکرێت، (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چەپی عێڕاق) و (ئاڕاستەی مارکسستی هاوچەرخ)، تا ئێستا نەک هەر لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی هەرێم و لەناو ناڕەزایەتییەکاندا، بەڵکو لەناو خودی بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستیشدا، چالاکییەکی سیاسی ئەوتۆیان نییە لە کوردستانی عێڕاق.

  7. سێ ستڕاتیژ لەناو بزووتنەوەکەدا
    سەرەتا ئەوە بڵێم کە ناوەڕۆک و جەوهەری هەر ڕەوتێک، هەر حزب و ڕێکخراوێک، ئەو پڕاتیکە سیاسییەتی کە لە جیهانی واقعیدا پیادەی دەکات، نەک ئەوەی سەر بە چ خەتێکی فکریـیە و بانگەوازی چ فکر و ئایدیۆلۆژیایەک دەکات.
    پڕاتیکی سیاسی هەر حزب و ڕێکخراوێکیش بەدەوری تەوەرەێک (چەقێک،ناوەندێک،میحوەرێک)دا دەسوڕێتەوە. واتە کێشەیەک، گرفتێک، یا مەسەلەیەک دادەنرێت بە گرێ و کێشەی سەرەکی و جەوهەری کە کۆمەڵگە گیریخواردووە بەدەستیەوە، جا لێرەوە چالاکی و کاری سیاسی ئەنجام دەدرێت بۆ چارەسەرکردن و یەکلاکردنەوەی ئەو کێشە و گرفتە و مەسەلە ئەسڵی و جەوهەرییە.
    ئەوەی پێی دەوترێت ستڕاتیژ بریتییە لە کۆیەکی ئۆڕگانیکی تەوەرە و پڕاتیکەکە وەک یەکەیەکی لێکهەڵپێکراو، واتا بریتییە لە یەکەیەکی پێکهاتووی ئۆڕگانیک لەو ناوەندە کە بەدەوریا پڕاتیک ئەنجام دەدرێت، ئەمە بە شێوەیەکی گشتی و بە تایبەتیش تاکتیک دەگیرێتەبەر لە قۆناغە جیاوازەکان و لە هاوسەنگی هێزی جیاواز و لە ئاستە جیاوازەکانی خەباتدا بۆ ئەنجامدانی ئەو پڕاتیکە، بەم پێیە تاکتیک بەشێکە لە ستڕاتیژ و پێکهێنەریەتی و لێی جیانابێتەوە.
    تا ئەو شوێنەی کە پەیوەست دەبێتەوە بە ستڕاتیژی کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی لەناو بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی ئەمڕۆی کوردستانی عێڕاقدا ڕووبەڕووی دوو هێڵ و ڕێبازی سیاسی جیاواز بە یەکترین. کە یەکێکیان ستڕاتیژی (حکک کوردستان)ە و ئەوی تر هی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی)یە.
    پێشتر ستڕاتیژێکی تر کە (یەکێتی کۆمۆنیستەکان) لەسەری دەڕۆیشتن لە ئارادا بوو، بەڵام ئێستا بەو پێیەی کە ئەم ڕێکخراوە هیچ جۆرە چالاکییەک لە خۆی نیشان نادات و هاوڕێیانی ئەو ڕێکخراوەش ڕوویان هێناوە بۆ ستڕاتیژ و بەرنامە و ئایدیایەکی تر کەسەر بە ئەزموونی کوردستانی سوریایە، بۆیە خودی ستڕاتیژەکە لە مەیداندا نەماوە، بەڵام ئێمە لە کۆتاییدا بۆ بەرجەستەکردنەوەی هەرچی زیاتری ستڕاتیژی کۆمۆنیستی و جیاوازی لە ستڕاتیژەکانی تر باسی لێوە دەکەین وەک ستڕاتیژی سێیەم.

    ستڕاتیژی سەربەخۆیی کوردستان، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان.
    ئەم ستراتیژە لە بەڵگەنامەکانی دامەزراندنی ئەم حزبەدا لە (٢٠٠٨) و لە بەرنامە و چەندین بەیاننامە و ڕاگەیاندنی پلینۆمەکانی کۆمیتەناوەندی و بڕیارنامە و پەسندکراوەکانی حزبیدا هاتووە، وە لە ڕووی کردەی سیاسیشەوە، ئەم حزبە نەک هەر چووە پشتی “ڕیفراندۆم” لە ئەیلولی (٢٠١٧)دا، بەڵکو بە بەشداری کۆڕ و سمیناریش لەلایەن کادرەکانی ڕابەری حزبەوە چالاکانە بۆی هەڵسوڕاو بوو. ئەمە و سەربەخۆیی کوردستان و ڕیفڕاندۆمەکە جێگەی پشتیوانی حزبە کۆمۆنیستییە کرێکارییەکانی تری وەک (حکک عێڕاق) و (حکک چەپی عێڕاق) و حزبە کۆمۆنیستە کرێکارییەکانی ئێرانیشە.
    (حکک کوردستان) بۆ ماوەی دە ساڵ (٢٠٠٨-٢٠١٨) پافشارییەکی یەکجار زۆر زەقی لەسەر سەربەخۆیی کوردستان کردۆتەوە، بەڵام شکستی ناسیونالیزمی کورد بەدوای “ڕیفڕاندۆم”ەکەدا ئەوانەشی توشی داماوی کرد کە لە لای چەپیەوە وەستابوون، بۆیە هێواش هێواش مەسەلەی پێداگرتن و باسکردنی سەربەخۆیی کوردستان لای حزب، ساڵ لەدوای ساڵ کاڵ و کاڵتر دەبێتەوە لە بەیاننامە و ڕاگەیاندنی پلینۆمەکان و بڕیارنامەکاندا تا دەگات بە دوایین کۆنگرە (کۆنگرەی شەش/ مارسی ٢٠٢٤)، کە لە جیاتی پێداگری لەسەر سەربەخۆی لە ڕاگەیاندنی کۆتایی کۆنگرەکەدا هاتووە [پێویستی بەرجەستەبوونی حزب وەک حزبێکی ئۆزسیۆنی سەرەکی … و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی گەندەڵ و … دامەزراندنی دەسەڵاتی شۆراکانی خەڵک. … پێداگری لەسەر بردنەسەری یەکدەستی زیاتری هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێڕاق و کوردستان]. وە لە بڕیارنامەی بارودۆخی سیاسی و سەرخەتی سیاسەتەکانی حزب پەسندکراوی کۆنگرەکەدا هاتووە [چارەسەری مەسەلەی کورد لە ڕێگای گەڕانەوە بۆ ڕای خەڵکی کوردستان بۆ بڕیاردان لەسەر مانەوە لە چوارچێوەی عێڕاقدا،… یا جیابوونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ] تا ئێستا هیچ دۆکیومێنتێک لە ئارادا نییە کە بڵێت ستڕاتیژی سەربەخۆیی وەلانراوە و ستڕاتیژێکی تر خراوەتە جێگەی. دواتر باس لەم بێدەنگیـیە دەکەین.
    کاتێک شەپۆلێک لە خۆپێشاندان سەریهەڵدا لە تشرینی یەکەم (ئۆکتۆبەر)ی (٢٠١٥)دا و جەماوەری توڕە و ناڕازی بارەگای زۆرێک لە حزبەکان نەک هەر ئەوانەی دەسەڵات، بەڵکو بارەگای (بزووتنەوەی گۆڕان) و حزبە ئیسلامییەکان و (حزبی شیوعی کوردستان) و (حزبی سۆشیالیستی کوردستان)یشان سوتاند، وە کەوتنەبەر هێرش و پەلاماری هێزە سەرکوتگەرەکانی دەسەڵات و چەند لاوێکیش تیا کوژران، ئا لەو بارودۆخەدا، سەیرکەن (حکک کوردستان) بەیاننامەیەکی دەرکرد لە (٣٠-١٠-٢٠١٥)دا بە ناونیشانی (دەسەڵاتی بورژوا-ناسیونالیستی کورد مایەپوچ بوو، ڕێگاچارە پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆیە). من هەر ئەو کاتە بە زنجیرە وتارێک بەناوی (دوو بەڵگەنامە. ئاناتۆمی کۆمۆنیزمی کرێکاری کوردستان) ڕەخنەم هەم لەم بەیاننامە و هەم بەیاننامەی (١٥-١٠-٢٠١٥)ی (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چەپی عێڕاق) گرتووە کە ئەویش هەمان ستڕاتیژی خستبۆ ڕوو.
    پێنج مانگ بەر لەو بەیاننامەیەش، لە (٣٠/٥/٢٠١٥) لە ڕاگەیاندنی پلینۆمی (١٨) هەژدەهەمی حزب باس لە (زەرورەتی خەباتی لێبڕاوانەی بۆ پاکردنەوەی داعش) دەکات کە (بەربەستێکە لەسەر ڕێگا گەیشتنی کۆمەڵگای کوردستان بەدەوڵەتێکی سەربەخۆی ئازاد و سکولار و بەدیهێنانی ئازادی‌ …). بەم پێیە تاکتیکی خەباتی لێبڕاوانە دژی داعش سەرچاوەکەی لە ستڕاتیژی (گەیشتنی کۆمەڵگای کوردستان بەدەوڵەتێکی سەربەخۆی ئازاد و سکولار) دایە.

  8. بیست و یەک ڕۆژ دوای پلینۆمەکەش لە (٢٠-٦-٢٠١٥)دا بەیاننامەیەک بە هەمان تام و چێزی پڕ لە ترش و خوێی ڕاگەیاندنی پلینۆمەکە دەرچووە بەناوی [سەبارەت بە: بارودۆخی سیاسی کوردستان ‌و ئاراستەی ڕووداوەکان!] و دەڵێت: [حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بڕوای وایە کە کۆتاییهێنان بە تاڵان ‌و بڕۆی قوتی خەڵک لەلایەن دەسەڵاتدارانی کوردستانەوە بەبیانوی شەڕی داعش‌‌ و نەناردنی بودجە لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە، بڕینی بیانوەکان ‌و دەرهێنانی کوردستان لەو گێژاو و بنبەستە سیاسی ‌و ئابورییەی تێی کەوتوە و هەروەها ڕزگارکردنی خەڵک لە هەڵواسران لەنێوان ململانێ ‌و کێشمەکێشی دەسەڵاتێکی بێ ئاسۆی بۆرژوازی کورد و حکومەتی ناوەندی، و ئەو هەموو گرفت ‌و کارەساتەی ڕوبەرووی خەڵکی کوردستان دەکرێتەوە، زەرورەتی دەستبەجێی جیابوونەوەی کوردستان‌ و پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کردۆتە ئەولەویەتی سیاسی کۆمەڵگای کوردستان. لەم پێناوەدا حیزب لێبڕاوانە کاردەکات‌ بۆ ئامادەکردنی تواناییەکان ‌و ڕێکخستنی ڕیزەکانی جەماوەری خەڵکی کوردستان بۆ کۆتایی هێنان بەم بارودۆخە و شکاندنی تەوقی گریدانەوەی ئاسایش ‌و ئارامی و ژیان ‌و ئایندەیان بەدیار ڕێگاچارەکانی ئەحزابی بۆرژوازی کورد و دەوڵەتانی ناوچەکە و وڵاتانی ئیمریالیستیەوە. حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان تێدەکۆشێت بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە کوردستان.]

ماویەتی … لە بەشی داهاتوودا دێینەسەر:
– لە گێژاوی سیاسی کوردستانەوە بۆ گێژاوی خەتی ستڕاتیژ لەناو حکک کوردستاندا.
– ناوەڕۆکی ستڕاتیژەکەی ئەم حزبە چ جۆرە سۆشیالیزم و کۆمۆنیزمێکە؟
تەمموزی ٢٠٢٤




فەلسەفەی ئیسلامی.. ئولریش ڕودۆلف.. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

  • 8 سەقامگیربوونى فەلسەفە لە ئیسپانیا:
    ئیبن باجە ڕەخنەکەی غەزالی شیمانەیەکی دیاری کرد بۆ نواندنی پەرچەکردار لەسەر ئەو پێشنیارە کە ئیبن سینا بۆ زانینومایەکی مێتافیزیکییانەی گشتگیر خستبوویە بەردەم. وەلێ ئەو ڕەخنەیە تاکە بەرپەرچێک نەمایەوە کە لەدژی ئەم ڕێبازەی ئیبن سینا ڕاگەیەنرا، بەڵکو تێڕوانینی دیکەی ڕەخنەیی کە لە ڕوانگەی فەلسەفەییەوە ئەرگومێنتیان دەهێنایەوە، بۆی بوون بە لەبری. ئەم تێڕوانینانەی دوایی بەتایبەتی لە ئیسپانیاوە هاتن. لەوێ لە سەدەی دوازدەیەمدا چەند نووسەرێکی فەلەسەفەیی پایەدار هاوکات کارا بوون. ئەمان هێڵی ترادیسیۆنێکی خۆییان پێکهێنا کە گەرچی پەیوەند بە هزرینیانەوە ڕەسەن بوو، سەرباری ئەوە لە ڕووی بەردەوامییەوە بەزۆریی کاتی بوو. ئاخر جگە لە سەدەی دوازدەیەم بەدەگمەن بەشدارییەکی گرنگ لە فەلسەفەدا دەناسین کە لە خامەی موسڵمانانی ئیبێریاوە کەوتبێتەوە.
    باوەجو ئەم گەشانەوەیە بە گۆڕانێک دەرفەتی بۆ ڕەخسێنرا کە پێشتر دەستی پێکردبوو. بەگوێرەی زانیارییەکانمان پێشتر خەلیفەکانی کۆردۆبا کە لە سەدەی دەیەمدا حوکمیان کردبوو، لە دەوڵەتەکەیاندا بایەخیان بە بڵاوکردنەوەی زانستەکان دابوو (ماتماتیک، ئەستێرەناسی و هتد). لەم پرۆسەیەی وەرگرتندا (ڕێسێپسیۆندا) هەروەها تێکستی فەلسەفەیی ناسران، بەتایبەتی بەرهەمی ئەو نووسەرانە کە لە سەدەی دەیەمدا ناوبانگێکی گەورەیان هەبوو، پێش هەموویان ئەڕیستۆتێلیس و فارابی. ئیدی هەر ئەوەندە پێویست بوو کە ئەو فەیلەسوفانە خوێنەریان لەسەر نیمچەدورگەی ئیبێریا بۆ پەیدا ببێت. هەڵبەتە ئەوە لە سەدەی دەیەمدا، تەنانەت لە سەدەی یازدەیەمدا ڕووی نەدا، جا گەرچی گەرەکە ڕەچاوی هەندێک ڕەوشی تایبەتی بکەین، بۆ نموونە ئیبن حازمی یاساوان (1064 مردووە) کە هۆشسام بوو بە لۆگیکی ئەڕیستۆتێلیس. بە پێچەوانەوە وەرگرتنی ئەم نووسینانە بەئامادەیی بۆ ئیبن باجە (1138 یان 1139 مردووە) هێڵرایەوە کە بە خەریکبوون پێیانەوە گۆڕانی بە فەلسەفە دا لە ئیسپانیای ئیسلامیدا.
    ئەم پاشخانە مێژووییە کەمێک جۆری لێهزرینەکانی ئیبن باجە ڕووندەکاتەوە. ئاخر گەرچی ئەو لە یەکەم چارەکی سەدەی دوازدەیەمدا بەرنامەی نووسینی بەرهەمەکانی دانا، وەلێ نووسینەکانی ئاستی ئەو دانوستاندنەیان نەپەرچاند کە ئەو دەمە هزرڤانان لە ناوچەی دیکەی جیهانی ئیسلامیدا پێی گەیشتبوون. بەئاشکرا دیارە کە هێشتا نووسینەکانی ئیبن سینا لە بەردەم ئەودا نەبوون. هەروەها پێشبینییەکانی غەزالی کە ڕاستییەکەی خێرا لەسەر نیمچەدورگەی ئیبێریا ناسران، بە ڕادەیەکی کەم چوونە نێو لێهزرینەکانییەوە. لەبریی ئەوە ئیبن باجە بەزۆریی پشتی بەو پرسیارانە بەست کە لە سەدەی دەیەمدا پێشینەیی بوون و فارابی و نووسەرانی دیکەی مەدرەسەی بەغداد بنیاتیان نابوون.
    ئێمە ئەم ڕەوشەمان بۆ خویا دەبێت گەر دیدێکی کورت ئاڕاستەی نووسینە باش پارێزراوەکانی ئیبن باجە بکەین. نووسینەکان یەکسەر ئەو هەڤرایەڵە دەپەرچێنن کە ناومان برد. کتێبەکەی بە ناونیشانی “دەروون” پارافرازی تیۆرییە ترادیسیۆنییەکەی دەروونە لای ئەڕیستۆتێلیس، ئەوە بێگومان لەو شێوەیەدا کە ئەم تیۆرییەی ئەڕیستۆتێلیس جارێ بە ڕاڤەکەی ئیبن سینا کاری تێنەکرابوو. ئەوجا نووسینەکەى بە ناونیشانى “تێبینى لەبارەی لۆگیک” پشت بە داڕشتنەکانى فارابی دەبەستێت. هەروەها نووسینی “ڕاڤەی فیزیک” تێهەڵچوونەوەی تێمایەکە کە ئیبن ئەلسەمح لە دەوری وەرچەرخانی ئەو هەزارەیەدا لە بەغداد نووسینێکی بۆ تەرخان کردبوو. ڕاستییەکەی ئیبن باجە لە دوو نووسیندا وەک هزرڤان بە پرۆفایلی خۆییەوە پێمان دەگات: “پەیوەندیى زەین بە مرۆڤەوە” و “شێوە ژیانى تاکیتەنیایەک / گۆشەگیرێک”. وەلێ ئەم نووسینانەش لەنێو چێوەی ئاڕاستەکارییە فەلسەفەییەکەی فارابیدا دەبزوێن، هێندە نەبێت کە لە سەرئەنجامەکانیاندا بەئاشکرا لەو چێوەیە دەردەچن.
    نووسینى “پەیوەندیی زەین بە مرۆڤەوە” پرسیار دەکات لەبارەی باڵاترین ئامانجى مەئریفە (واتا ئێپیستێمۆلۆگى) و کردارمان (واتا ئێتیک). ناونیشانى ئەم نووسینە هەر لە بەراییدا وەڵامەکەى پێشان دەدات: ئامانجی کۆششى ئێمە گەرەکە بریتی بێت لە پەیوەندی بە زەینى چالاکەوە. گەر ئەم پەیوەندییە بەدیبهێنرێت، ئیدی مرۆڤ بە بەختیارى دەگات. ئاخر ئیبن باجە جەخت لەوە دەکات، کە بەم ڕەوشە باڵاترین پلەى بوون بەدیهێنراوە، ئەوە بێگومان تا ئەو ڕادەیە کە بۆ ئێمە شیاوى پێگەیشتن بێت. ئەو ئامانجى دیکە، بۆ نموونە ئیدێى یەکانگیربوونی مرۆڤان بە خودا، بە وێڵبوون دادەنێت – ئێمە گەرەکە لەم تێڕوانینە ڕەخنەى ئاشکرا لە ڕێبازانى سۆفییەکان (و هەروەها غەزالى) تێبگەین.
    وەک چاوەڕوانکراو بوو، ڕێگەى ڕووەو کامیلبوون بەسەر مەئریفەی ئاوەزمەندانەدا ڕەت دەبێت. ئیبن باجە هاوشێوەى فارابى وەسفی ئەم مەئریفەیە دەکات: مەئریفەکە سازاندنی تێگەی گشتێنراو (ئەبستراکسیۆن) و تێگەیشتنە، لەم ڕەوتەشدا زەینى شیمانەیى (پۆتێنسیەلى) مرۆڤ خۆی ڕیالیزە دەکات و دەبێت بە زەینێکى کردەکى (ئەکتوێل). وەلێ ئیبن باجە لە دوو ڕووەوە لەو تێزانە تێدەپەڕێت کە فارابی سەبارەت بەم بابەتە دەریبڕیبوون. ئاخر ئەم دەخوازێت ئەو فۆرمە هۆشەکییانە جیابکاتەوە کە مرۆڤ دەیانناسێت و ئەوجا لە جیاوازییاندا ڕاڤەیان بکات (فۆرمەکانى زەینە گەردوونییە باڵاترەکان؛ فۆرمى زەینى چالاک؛ فۆرمەکانى ماتەری؛ فۆرمەکانى دەروون). لە لایەکى دیکەوە ئیبن باجە گۆتەیەک سەبارەت بە پرۆسەی مەئریفە دەردەبڕێت کە پاش خۆی کاریگەریی قووڵ دەنوێنێت: گەر بۆ مرۆڤان بلوێت پەیوەندییەک لەتەک زەینى چالاکدا بهێننە گۆڕێ، گەر دەروونی ڕاسیۆنالیان ببێت بە زەینى کردەکی و ئەوانیش بە بەختیارى بگەن، ئەوسا بە دیدی ئیبن باجە ئەوان بە ڕەوشێک گەیشتوون کە تێیدا چیدى جیاوازی لە نێوان دەروونە تاکەکەسییەکاندا نامێنێت، بە پێچەوانەوە پێکڕا هەمان کامیلێتییان دەبێت و لە پەیوەندییەکى چڕدا پێکەوە لەگۆڕێ دەبن. بەڵى تەنانەت دەتوانین لە ڕوویەکی تایبەتییەوە ببێژین: زەینە بەکردەکیکراوەکانى مرۆڤان وەک “یەک” زەین لە ئەودنیادا بەردەوامی بە هەبوونیان دەدەن.
    ئەم تێزە کاریگەریى خۆی لەسەر ئێپیستێمۆلۆگیی سەردەمی درەنگتر نواند. ئێمە پاشان دەبینین تێزەکە بەتایبەتى سەرنجى ئیبن ڕوشدى ڕاکێشا و لێوەى زانینومای یەکانەى زەینى شیمانەیى دەرئەنجاماند. وەلێ ئیبن باجە هەروەها کاریگەریى لەسەر ئەو لێهزرینە فەلسەفەییانە نواند کە لەبارەی سیاسەت ئەنجام دەدران، ئەمەش بەتایبەتى بەڕێى ئەو نووسینەوە کە ناونیشانى “شێوە ژیانى تاکیتەنیایەک”ى پێداوە.
    ئەم نووسینەش بە لێدوانی ئەوتۆ دەستپێدەکات کە تەواو هاوشێوە لاى فارابی دەیبینین. ئیبن باجە هاوشێوەى فارابى دەبێژێت: دەوڵەتێکى فەزیلەمەند و کامیل کە فەیلەسوفێک لە ترۆپکی حوکمدارییەکەیدایە، فۆرمی ئیدیالی پێکەوەژیانى مرۆڤانە. باوەجو ئەوها دەنوێنێت کە هزرڤانە ئیسپانییەکەى سەدەى دوازدەیەم چیدى متمانە بەو ئیدیالە نەکات کە فارابى لە سەدەى دەیەمدا (خۆگرێداو بە دابی پلاتۆنییەوە) پرۆپاگەندەى بۆ کردبوو. ئاخر دواى ئەوەى ئیبن باجە نەخشەى دەوڵەتى کامیل دەکێشێت، ئیدی بەفراوانى وەسفى شێوەکانى ئەو بەدجۆربوونە (دێگێنێڕاسیۆنە) دەکات کە دەشێت لە دەوڵەتێکدا دەربکەون. لێرەدا هەستێکی ئەوتۆ لای ئێمە چێنابێت هەروەک ئیبن باجە تێڕوانینەکانى هزرڤانانى پێش خۆى سەبارەت بەم تێمایە دووپات بکاتەوە، بە پێچەوانەوە ئەوها دەنوێنێت کە ڕەخنەکەى بەزۆریى ڕیالیستی و پابەندی سەردەم بێت، هۆی ئەمەش پێدەچێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو ئەزموونانە کە خودی ئیبن باجە لە پۆستە باڵا سیاسییەکاندا کردبوونی. باوەجو بەدووی ئەوەدا کێشەیەک دێتە ئاراوە و واتایەکی گەورەی بۆ لەخۆتێگەیشتنی فەیلەسوفەکە هەیە. ئاخر کاتێک ئەو دەیدرکێنێت کە ئیدێکانى هیچ کاریگەرییەک لەسەر جڤاک نانوێنن، ئەوا دەبێت لێرەدا دەرفەت بدات پرسیاری لێبکرێت کە داخۆ لێهزرینەکانی، هەروەها سەرجەم مۆدێلەکەی بۆ ژیان، چە ئاکامێکیان هەبێت. ئیبن باجە بە ئەلتەرناتیڤێک وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە: یان دەبێت فەیلەسوفەکان هەوڵ بدەن وەک “گیاکەڵە” لە دەوڵەتەکانیاندا کارا ببن و بەم شێوەیە گۆڕانکاریى ئەوتۆ ببزوێنن کە ڕەنگە لە ئایندەدا چاکسازیى جڤاک بشێنن، یاخود بەتەواوی لە ژیانى سیاسى بکشێنەوە و ببن بە کەسانى نامۆ لەم جیهانەدا، ئەوجا “لە هۆشدا گەشت بکەن بۆ ماڵانی دی کە بۆ ئەوان ئێستا نیشتمانن”.
    ئەمە بنبڕانە زرنگەیەکى ڕەشبینانەترى هەیە وەک لاى فارابى. ئاخر گەرچی فارابی بە هەمان شێوە فۆرمە جیاوازەکانى دەوڵەتانی گەندەڵی داڕشت، هێشتا هەر پابەند مایەوە بە هەڵوێستى خۆیەوە: جەختکردن لە ئیدیال و “پرنسیپەکانى تێڕوانینى دانیشتوانى دەوڵەتى فاخیر”. وەلێ ئێستا ئەم پرسە لاى ئیبن باجە جیاوازە. پێدەچێت دەوڵەتى کامیل بۆ ئەو تەنیا هیوایەک بێت دوور لە کەتوار. بۆیە ئەو چیدی هەوڵ نادات بەختیاریی مرۆڤ بەو ڕێیەوە مسۆگەر بکات کە لە کۆمەڵى ئیدیالی سیاسیدا بەشداریی پێبکات. ئیبن باجە چارەسەری ئەم کێشەیە لای تاکەکەس دەبینێت، ئەمەش بەو دوو نووسینەدا خویا دەبێت کە لە سەرەوە ناومان بردن. هەردووکیان تەواوکەری یەکدین و هەمان ئامۆژگاری بە هەموو ئەو کەسانە دەدەن کە گفتی زۆر لە فەلسەفە دەبینن: ئەوان گەرەکە “شێوە ژیانى تاکیتەنیایەک” هەڵببژێرن و ئەوجا هەوڵ بدەن ئامانجێک بەدیبهێنن: “گرێدانى زەین بە مرۆڤەوە”.
  • 9 هەوڵدان بۆ سینتێزێک:
    ئیبن توفەیل

ئەو نووسەرانە کە دوای ئیبن باجە هاتن، ئامۆژگارییەکەی ئەویان بەهەند وەرگرت. ئەمە لاى ئەو فەیلەسوفە دەبینین کە دوای ئەو لەسەر نیمچەدورگەى ئیبێریا پێمان دەگات: ئەبو بەکر ئیبن توفەیل (1185 مردووە). ڕاستییەکەی ئەو هیچ هۆیەکى نەبوو گازەندە لە پەیوەندییە سیاسییەکانى وڵاتەکەی بکات (واتا لە دەسەڵاتداریى ئەلمووەحیدون کە بەسەر مەغریب و بەشانى فراوانى ئیسپانیادا تەنیبووەوە). ئاخر ئیبن توفەیل بەدرێژایى ژیانى سوودى لەو پەیوەندییانە وەرگرت: سەرەتا وەک پزیشک و سکرتێر لە گرانادا، پاشان بە هەمان پۆست لە سەبتە و تەنجە، لە کۆتایشدا تەنانەت وەک پزیشکى تایبەتی سوڵتانى مەڕاکیش. سەرباری ئەوە ئیبن توفەیل ئامادە نەبوو لە گەڕانی مرۆڤدا بۆ بەختیاری رۆڵێکى گرنگ بە دەوڵەت بدات، بە پێچەوانەوە لە لێهزرینەکانیدا ڕەهەندێک بەهێزتر دەبێت: جیاکردنەوەى ڕێگەى ژیانى فەیلەسوفان لە ژیانى نێو جڤاک. ئاخر کاتێک ئیبن باجە تەنیا گۆتبووی، کە مرۆڤ گەرەکە لە سەردەمە گرفتارەکان یان لە دەوڵەتى گەندەڵدا خۆى لە سیاسەت بەدوور بگرێت، ئەوا ئێستا ئیبن توفەیل دەبێژێت کە کشانەوە لە ژیانى سیاسى و جڤاکی ئیدیالێکە کە لە پرنسیپەوە شایانى تەقەلابۆدانە.
ئەمە بەئاشکرا لەو تاکە نووسینەدا خویا دەبێت کە لە ئیبن توفەیلەوە پێمان گەیشتووە. مەبەست لە ڕۆمانە کورت و زۆر خوێنراوەکەیەتی بە ناونیشانى “زیندووى کوڕى بێدار” (حەى ئیبن یەقزان). ئیبن توفەیل بەڕوونى چیرۆکى مرۆڤێک بەناوى حەى ئیبن یەقزان دەگێڕێتەوە کە لە زارۆکییەوە بەتەنیا لەسەر دورگەیەکى تڕۆپی پێدەگات. لێرەدا گەلێک تێڕوانین (تەنانەت هینی پسیکۆلۆگی و پێداگۆگیش) دێنە دەربڕین کە مەرج نییە مرۆڤ لە کارێکی فەلسەفەییدا چاوەڕوانیى بکات. باوەجو ئیبن توفەیل بە تێکستەکەى ئامانجێکى هەیە کە بەڕوونى پێناسەی کردووە: ئەو دەیەوێت ئۆتۆنۆمیى زەینى مرۆڤ بسەلمێنێت. هەر لەم مەغزایەدا وەسفی ئەوە دەکات کە چۆن حەى ئیبن یەقزان هەنگاو بە هەنگاو – بەبێ ڕێبەریى مامۆستایەک یان پێغەمبەرێک – لە جیهانی دەوری تێدەگات و لە کۆتاییدا بە باڵاترینى ئەو مەئریفانە دەگات کە بۆ مرۆڤێک شیاوی پێگەیشتنن.
داڕشتنەکە تێکڕا ماوەیەکی پەنجا ساڵى لە خۆ دەگرێت. وەلێ ئیبن توفەیل داڕشتنی ڕۆمانەکە دادەبەشێنێت: ئەو لە گۆڕانى پاڵەوانەکەیدا هەر جارە حەوت ساڵ (یان چواردە ساڵ) پوخت دەکاتەوە و ئاوەڵابوونێکی تایبەتیى مەئریفە دەداتە پاڵ هەر بەشێک. ئاشکراکردنى زارۆکیانە بەتەواوی مۆرکی حەوت ساڵی سەرەتایە. لەم ماوەیەدا ئاسکێک کە وەک بەخێوکەر ئەوى گرتووەتە خۆ، فێرى دەکات چۆن گۆڕان بە شئورى تایبەتى (هۆگرى و سۆڵیدارێتى) و ستراتیژییەکانى خۆهێشتنەوە (گەڕان بەدووى خۆراک و بەرگریکردن لە خۆ) بدات. لە دووەم قۆناغدا (تا تەمەنى بیستویەک ساڵى) هەل بۆ حەى دەڕەخسێت بە مەئریفە خۆییەکانى بگات، وەلێ ئەم مەئریفانە بەزۆریى پراکتیکین (دروستکردنى ئەشکەوتێک، ئاشکراکردنى ئاگر). وەلێ هەر لەم قۆناغەدا یەکەمین تێڕوانینە تیۆرییەکانیش لای ئەو سەرهەڵدەدەن. بۆ نموونە دواى مردنى ئاسکەکە بۆى دەردەکەوێت کە زیندەوەران تەنیا لەشیان نییە، بەڵکو هەروەها هۆش-دارن (لە واتاى پنۆیمادا) کە لەکاتى مردندا بەجێیان دەهێڵێت. سێیەم بەشى ژیان تا تەمەنى بیستوهەشت ساڵى دەخایەنێت. ئەم بەشە لەژێر کاریگەریى لۆگیک و فیزیکدایە. ئێستا حەى فێر دەبێت، تاک لە جۆر، فۆرم لە کەرەسە (ماتەری) و ئەنجام لە هۆ جیابکاتەوە، بەمەش ڕێگەیەک بۆ دوو ئاشکراکردنی مەزن خۆش دەبێت: تێگەى فۆرم دەیگەیەنێت بە کۆنسێپتى دەروون، هەروەها ئاشکراکردنى هۆئەنجامی دەیگەیەنێت بە وادانانێک کە بەو پێیە سەرجەم سروشتى دەوردەرى ئەو بەندە بە باڵاترین هۆیەکەوە. حەى دەتوانێت لەسەر ئەم بناغەیە لە بەشەکەى دیکەى ژیانیدا (تا تەمەنى سیوپێنج ساڵى) خودا بناسێت، بۆ ئەمەش کۆسمۆلۆگى یارمەتیی دەدات: ڕوانین لە تەنەکانى ئاسمان فێری دەکات تێبگات، کە دەبێت سەرجەم ئەم ڕێکخراوە مەزنانە هۆیەکی قادیر و گشتزان و میهرەبانیان هەبێت. حەى دواى ئەم تێڕوانینە تەنیا یەک ئامانجى هەیە: دەیەوێت لەو باڵاترین بوونەوەرە کە ئاسمان و زەمینى ئافراندووە، نزیکتر بکەوێتەوە، بۆیە لە قۆناغەکەى دیکەى ژیانیدا (تا تەمەنى پەنجا ساڵى) هەوڵ دەدات بە ڕاهێنانى ڕەوانی (سپیریتوێل) خۆى لە پابەندییەکەى بە جیهانى دەرکییەوە بەربدات و ئەمەشى بۆ دەلوێت، چونکە لە کۆتاییدا دەتوانێت لەوە بڕوانێت “کە هیچ چاوێک نەیبینیوە، هیچ گوێیەک نەیبیستووە و هەرگیز هیچ دڵێکى مرۆڤ دەرکى پێنەکردووە” (ئیبن توفەیل ئەمەی وەک سیتاتی حەدیسێکى پێغەمبەر داناوە؛ بڕوانە: Korinther 2,9 1). حەی بەم ئەزموونە گەشکە دەیگرێت، لە ئێستا بەدوواوە دەیەوێت خۆى تەنیا بۆ نەزەرى خودا تەرخان بکات و چیدى لەم ڕەوشەى بەختیارى دوورنەکەوێتەوە.
لە بنەڕەتدا دەشیا لەم جێیەدا ڕۆمانەکە تەواو ببێت. وەلێ ئیبن توفەیل بەم ڕوانگە هیوابەخشە بەرمان نادات، بەڵکو پاشگۆتنێک بە داڕشتنەکەیەوە دەلکێنێت. ئێستا کۆمەڵێکى ئیماندار (واتا موسڵمان) لەسەر دورگەیەکى دراوسێى دورگەکەى حەى دەژى. لە نێوان ئەم کۆمەڵە و حەیدا، کە ئێستا تەمەنى پەنجا ساڵانە و بە ستاتۆی مەئریفەی کامیل گەیشتووە، پەیوەندى سەرهەڵدەدات. حەى شادمان دەبێت بەم بەیەکگەیشتنە چاوەڕواننەکراوە و یەکسەر لەتەکیاندا دەکەوێتە دانوستاندن لەبارەى ئەو پرسیارانە کە ماوەیەکى درێژخایەن پێیانەوە هۆشقاڵ بوو، ئێستاش لە ڕەوتى دانوستاندنەکاندا بۆى خویا دەبێت کە دانیشتوانى سەر دورگەى دراوسێ لە هەموو ئەو پنتانەدا (هەبوونى خودا، ئافرێنراویى جیهان، قەدەرى مرۆڤ) لەتەک ئەو مەئریفانەدا یەکدەگرنەوە کە ئەو خۆى بەتەنیا بەدییهێنابوون، بێگومان هێندە نەبێت کە یەکگرتنەوەیان وردە جیاوازییەکان ناشارێتەوە. ئاخر حەى بەبێ ڕووپۆش ئەو ڕاستییەی ناسی بوو کە ئەو خۆی لێی دەدوا، بە پێچەوانەشەوە ئەو کۆمەڵە ئیماندارە تەنیا بەڕێى ئەو ڕێنوما و سیمبۆلانەوە بە زانینى خۆى گەیشتبوو کە سەردەمێک لەوەوبەر پێغەمبەرێک بەوانى ڕاگەیاندبوو. بۆیە دوایەمین پەیامى ڕۆمانەکە ئەوەیە کە چەند ڕێگەیەکى جیاواز ڕووەو خەڵاس هەن، چونکە دەبێت مرۆڤان بەگوێرەی ئەوە جیاوازى بکرێن کە داخۆ ئەوان چە شیمانەیەکیان بۆ تێگەیشتن هەبێت. زۆرینەى مرۆڤان هیچ گرنگییەک بە سپێکولاسیۆن نادەن. ئەو جۆرە مرۆڤانە ڕەزامەندن بەو داڕشتنە وێنەییانە کە نەریتی ئایینى دەیخاتە بەردەمیان. بە پێچەوانەی ئەوانەوە ژمارەیەکی کەم مرۆڤان هەن کە دوای ئەوەی ڕاستیی پەتی دەناسن، ئیدی بە ئارامیی دەروون دەگەن.
بەم ئەنجامە بازنەکە دادەخرێت. لێرەدا لێهزرینى ئەوتۆ ڕادەگەیەنرێن کە ئێمە لە نووسەرانى دێرینەوە دەیانناسین. ئێمە دەتوانین ببێژین، کە ڕۆمانى “زیندووى کوڕى بێدار”، سەربارى ڕەسەنێتى لە فۆرمەکەیدا، لە زۆر ڕووەوە تێکستێکى ترادیسیۆنیانەى فەلسەفەییە، ئەمەش نەک تەنیا ئەو تێگانە دەگرێتەوە کە دەستوێژی ئەرگومێنتهێنانەوەی ئیبن توفەیلن (تاکەکەس، جۆر، فۆرم، ماتەری، دەروون، زەین، یەکەمین هۆ و هتد). تێگەکان بەبێ هیچ گومانێک لەو زەخیرە باوە وەرگیراون کە لە واژە ئەڕیستۆتێلى و نوێپلاتۆنییەکان پێکهێنرابوو. ئەمە هەروەها زۆرینەى ئەو تێزانە دەگرێتەوە کە ئیبن توفەیل پشتیوانییان لێدەکات: فەلسەفە وەک زانستى دێمۆنستراتیڤ (بورهانی)، ئایین وەک گوزارشتی سیمبۆلى و هتد. تێزەکانى ئیبن توفەیل تەواو سانا دەگەڕێنەوە بۆ ئەو بڕوایانە کە گەرەکە لەکاتى فارابى بەدوواوە بە میراتى فەلسەفەیى نێو جیهانى ئیسلامی دابنرێن.
سەربارى ئەوە ناتوانین تێکستەکە دابەزێنین بۆ سەر ئاستى پابەندبوون بە کارە کۆنەکانەوە، چونکە گەرچی ئەم تێکستە زۆر تێڕوانینى ناسراو دەداتەوە، هێشتا هەر هاوکات پەیامێک لە خۆ دەگرێت کە هیچ کام لە فەیلەسوفانى ڕابوردوو پەیڕەوییان نەکردبوو. ئەم پەیامە لە بنەڕەتدا پنتی نێوەندیی ڕۆمانەکە دەگرێتەوە، واتا ڕۆچوونی بەختەوەرانەى حەی بۆ نێو باڵاترین مەئریفە و ئیبن توفەیل بە چەشنێک دایدەڕێژێت کە لە دابی فەلسەفەییەوە (یان نەک تەنیا لێرەوە) ڕوونناکرێتەوە، بەڵکو ئێمە لێی تێدەگەین گەر لە سۆفیزمەوە (هەروەها تا ڕادەیەک لە تیۆلۆگییەوە) پێشبینییان بهێنینە نێوییەوە.
ئێمە دەتوانین ئەم ساغکردنەوەیە بەوردی دەستنیشان بکەین. ئاخر ئیبن توفەیل ڕێبەرییەکی کورتى بۆ ڕۆمانەکەى نووسى و تێیدا تێڕوانینەکانی خۆى خستە نێو هەڤرایەڵێکی هۆشەکى-مێژووییەوە. ئەو لەم ڕێبەرییەدا، لەپاڵ هەندێک کێشەى دیکەدا، هەروەها ئاماژە بۆ ئەم پرسە دەدات: گەر ئەو لە ڕۆمانەکەیدا وەسفی نەزەری خودا بکات، ئەوا وەسفکردنەکەی پشت بە ئیبن باجە نابەستێت، ئەو هاوکات ئەڕیستۆتێلیس وەک دەرچە دانانێت، یان فارابی کە پەیوەست بەم تێمەوە گوزارشتی دژبێژى دانابوو. نەخێر، ئیبن توفەیل دەبێژێت، کە دوو نووسەرى دیکە دەرچەى ئەون: ئیبن سینا و غەزالى. وەک ئەو دەبێژێت، هەردووکیان سەربارى ئەو ڕا جیاوازانە کە لەبارەیان بڵاوبوونەتەوە، لە کۆتاییدا هەمان ئامانجیان هەبووە و هەردووکیشیان بە دۆخى باڵاترین مەئریفە گەیشتوون.
بۆ پێشاندانی ئەو تێزە ئیبن توفەیل ڕۆمانەکەى نووسى. دەربڕینەکانی ئەو لەبارەی ئەزموونە پێغەمبەرییەکەى حەى بەئاشکرا بەڵگەن بۆ ئەم تێروانینە، چونکە دەربڕینەکانی گرێدانێک ئەنجام دەدەن لە نێوان: زانینوماکەی ئیبن سینا لەمەڕ دەروونى ڕاسیۆنال (واتا خودئاگایى وەک دەرچەى مەئریفە، ڕاسیۆنالێتیى ڕێگەى مەئریفە، کامیلاندنى دەروونى تاکەکەسى) و ئەو توخمە بەرنامەییانە کە دەگەڕێنەوە بۆ غەزالى (ڕاهێنانى ڕەوانی وەک ئامادەکارى بۆ باڵاترین مەئریفە، یەکگرتن لەتەک خودادا نەک لەتەک زەینى چالاکدا، “چێژتن” وەک فۆرمى تەواوکراوی مەئریفە). بێگومان ئەو پرسە وەلاوە دەنێین کە داخۆ ئەم دەستپێکە ماقوڵ بێت، سەرباری ئەوە دەستپێکەکە هەوڵێکى جددییە بۆ چوونە نێو دانوستانە فەلسەفەییە هاوچەرخەکانەوە. ئاخر ئەوەى ئیبن توفەیل لە کۆتاییدا خستییە بەردەم، پێشنیارێکى دیکە بوو بۆ نواندنی پەرچەکردار لەسەر فەلسەفەى ئیبن سینا: ئیبن توفەیل نەیویست وەک غەزالى ڕەخنە لە ئیبن سینا بگرێت، ئەو هەروەها نەیویست وەک ئیبن باجە بگەڕێتەوە بۆ فارابى، بەڵکو بەزۆریى یەقینی هەبوو کە زۆر دەشێت بە هەندێک نیازباشی سینتێزێک لە خواستەکانی ئیبن سینا و غەزالییەوە بهێنرێتە ئاراوە.

—————————–

Ulrich Rudolf: Islamische Philosophie. München 2004.
فەرهەنگۆک
هەڤرایەڵ: کۆنتێکست
ئیدیال: نموونەی باڵا
پارافراز: دانەوەی تێکستێک بە وشەی خۆیی.
پنۆیما: (گریکی) هەناسە، هۆش، هەوا. پرنسیپێکی سروشت یان ژیانە کە وەک هەوا وەردەگیرێت و ژیان دەشێنێت.
سپێکولاسیۆن: هزرینی تێپەڕیو لە کردەکێتی کە هەوڵ دەدات کرۆکی شتەکان دیاری بکات. ئەمە زۆر تایبەت شێوازی هزرینی مێتافیزیکییە.
ترۆپی: ناوچەی گەرم کە دەکەوێتە ژوروو و ژێرووی نزیکی هێڵی ئیستیواوە.
تێما: مەسەلە، بابەتی یان پرسی دانراو بۆ لێتوێژینەوەی هزری، زانستی، یان داڕشتنی هونەری.
زەینى شیمانەیى و کردەکى: زەینى شیمانەیى (بە لاتینی: پۆتێنسیەل، بە گریکی: دینامیس) توانستی سروشتیی مرۆڤە بۆ هزرین، وەلێ جارێ ئاوەڵا نەبووە. زەینی کردەکی (بە لاتینی: ئەکتوێل، بە گریکی: ئێنێرجێیا) ئەو زەینەیە کە نەک تەنیا لە تێگە ئاپریۆرییە بنەڕەتییەکان (بوون، شیمانە، گەوهەر، زەروورە و هتد) تێگەیشتووە، بەڵکو هەروەها لە تێگە لێکدراوەکان و بەڵگە و هتد. بڕوانە هەمان وەرگێڕ: ئولریش ڕودۆلف. پارادیگمایەکی نوێ. ئیبن سینا. کوردستانپۆست / کوردڕاوم / دەنگەکان.




نۆڤلێتی “حه‌بیبه‌”ی نیهاد جامی له‌نێوان تاك ده‌نگیی و سایكۆلۆجیای منی ئاڵۆز.. نووسینی: داناعه‌سكه‌ر

ته‌كنیكی هونه‌ری گێڕانه‌وه‌ی مۆنۆلۆگ له‌چیرۆك یا ڕۆمان یاخود نۆڤلێت، یه‌كێكه‌ له‌ ته‌كنیكه‌ باوه‌كانی هونه‌ری گێڕانه‌وه‌ی سه‌رده‌میانه‌، كه‌ له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌وه‌ لای چیرۆكنووسانی وه‌ك جمیس جوێس و ڤێرجینا ۆڵف و مارسێل برۆست، به‌كار هاتووه‌ و، به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو دوای گه‌شه‌سه‌ندنی ئه‌م جۆره‌ له‌ نووسین و ده‌رچوون له‌ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی باو، زۆرترین چیرۆكنووسانی جیهان په‌نایان بۆ ئه‌م جۆره‌ ته‌كنیكه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ی چیرۆك بردووه‌، له‌مێژووی ئه‌ده‌بی ئێمه‌شدا به‌هه‌مان شێوه‌ چیرۆكنووس و رۆماننوسه‌كان په‌نایان بۆ ئه‌م جۆره‌ ته‌كنیكه‌ بردووه‌ و تاڕاده‌یه‌كی به‌رچاو سه‌ركه‌وتووبوون، یه‌كێكه‌ له‌ ته‌كنیكه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانی بواری نووسینی ئه‌ده‌ب، كه‌ ئێستا له‌سه‌ر ئاستی جیهان كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت، كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ میتۆدی ده‌روونشیكارییه‌وه‌.
له‌ڕووی تیۆری ده‌روونشیكارییه‌وه‌، سه‌رچاوه‌ی ته‌كنیكی مۆنۆلۆگ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نۆستالیژیا، واته‌ سۆزی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ڕابووردوو، ئه‌مه‌ نه‌ك به‌و مانایه‌ی هه‌موو مۆنۆلۆگێك په‌یوه‌ندیی به‌ نۆستالیژیاوه‌ هه‌بێ‌، به‌ڵكو به‌ومانایه‌ی هه‌موو ئه‌و فۆرمه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ ڕاگرتنی زه‌مه‌نی ئێستاوه‌ هه‌یه‌ و، له‌ڕێی خودی گێڕه‌ره‌وه‌وه‌، په‌نا بۆ زه‌مه‌نێكی دی ببات، واته‌ گێڕه‌ره‌وه‌، له‌بری ئه‌وه‌ی قسه‌ له‌باره‌ی ئێستاوه‌ بكات، پشت له‌ ئێستا ده‌كات و، له‌ناو زه‌مه‌ن و زه‌مینێكی دیدا ده‌ژی. به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی مۆنۆلۆگ واته‌ تاك ده‌نگیی.ئه‌وه‌ی گێڕانه‌وه‌ی مۆنۆلۆگ به‌سه‌ركه‌وتوویی ده‌هێڵێته‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ گێڕه‌ره‌وه‌ بتوانێت خوێنه‌ر له‌به‌رده‌وامیی خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكی نێو نۆڤلێته‌كه‌ی دانه‌بڕێت.
جۆره‌كانی مۆنۆلۆگ، یه‌كه‌م: مۆنۆلۆگی كه‌سێتی، ئه‌م جۆره‌یان گوزارشت له‌ خودی كه‌سێتی و یاده‌وه‌ریی و ئه‌زموونه‌كانی ده‌كات. جۆری دووهه‌م: مۆنۆلۆگی درامیی: كاتێك كه‌سێتی قسه‌ له‌گه‌ڵ خۆی ده‌كات و هه‌موو بیرۆكه‌ و سۆزداریی ناخی ئاشكرا ده‌كات. جۆری سێهه‌م: مۆنۆلۆگی پێچه‌وانییه‌: ئه‌م جۆره‌یان كاتێك قسه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه‌كی دیدا ده‌كات، كه‌ نائاماده‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌زموون و یاده‌وه‌رییه‌كانی ده‌گێڕێته‌وه‌. جۆری چواره‌م: مۆنۆلۆگی گێڕانه‌وه‌، كاتێك كه‌سایه‌تی چیرۆكێك ده‌گێڕێته‌وه‌، زۆرجار ڕووداو یا ئه‌زموونێكی له‌ پێشینه‌ی خۆی ده‌گێڕێته‌وه‌.جۆری پێنجه‌م: مۆنۆلۆگی فه‌لسه‌فی، ئه‌م جۆره‌یان كاتێك كه‌سایه‌تی له‌ باره‌ی ژیان و گه‌ردوون و شتگه‌لێك نزیكه‌ له‌ بیروباوه‌ڕی خۆیه‌وه‌ قسه‌ ده‌كات. هه‌موو ئه‌م جۆره‌ له‌ گێڕانه‌وه‌، ده‌چنه‌ خانه‌ی مۆنۆلۆگی ناوه‌كییه‌وه‌.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی مۆنۆلۆگی ناوه‌كیی بریتییه‌ له‌و ده‌نگه‌ ده‌ره‌كییه‌ی ناخمان كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ مێشكمانه‌وه‌، كه‌ ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیی به‌ وێنه‌ی یاده‌وه‌ریی و ئه‌ركه‌ هه‌سته‌وه‌ره‌كانی خۆمانه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ ڕێگا به‌ بیستنی خۆمان ده‌دات بێ‌ ئه‌وه‌ی زمان بێتگۆ گۆ. له‌ ڕووی میتۆدی ده‌روونشیكارییه‌وه‌، ده‌كرێ‌ بپرسین، ئایا ده‌نگی ناوه‌كیمان له‌گه‌ڵ ده‌نگی ده‌ره‌كیمان تێكهه‌ڵكێش ده‌بێت؟ ئه‌م پرسیاره‌ ده‌كرێ‌ وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ وێنه‌ وه‌ستاوه‌كه‌ی مۆنۆلۆگ، كه‌ له‌نێوان عه‌قڵ و توانا هه‌سته‌وه‌ره‌كانی ناخمان یه‌ك بگرنه‌وه‌ و، زمان بخه‌نه‌لاوه‌، لێره‌دا هه‌م ئه‌ركی زمان و هه‌م ئه‌ركی زه‌مه‌ن ده‌خه‌ینه‌لاوه‌، بۆیه‌ له‌ مێشكمانه‌وه‌ هه‌ندێك ئاماژه‌ ده‌بن به‌ هاوكارمان بۆ جیاكردنه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌زموونه‌ هه‌سته‌وه‌ریانه‌ی به‌بێ‌ پشتبه‌ستن به‌ ئه‌زموونی زمانه‌وانی كه‌ ده‌نگی ناوه‌كی به‌سه‌ر ده‌نگی ده‌ركیدا زاڵ ده‌بێت.
هه‌ر له‌م سیاقه‌وه‌، نۆڤلێتی ” حه‌بیبه‌ ” ی نووسه‌ر نیهاد جامی، ده‌چێته‌ خانه‌ی جۆری سێهه‌می مۆنۆلۆگه‌وه‌، كه‌ مۆنۆلۆگی پێچه‌وانه‌یه‌، ئه‌م جۆره‌ی ته‌كنیكی گێڕانه‌وه‌ی مۆنۆلۆگ، له‌ڕووی تیۆری ده‌روونشیكارییه‌وه‌، به‌زمانی ئه‌وی نادیار قسه‌ ده‌كات و، ده‌یه‌وێ‌ بیهێنێته‌وه‌ ناو ژیان، به‌تایبه‌ت له‌به‌شی یه‌كه‌می ئه‌م نۆڤلێته‌،كه‌ سه‌ره‌تایه‌كه‌ بۆ گرێدانی ته‌واوی به‌شه‌كانی ئه‌م نۆڤلێته‌ به‌ شێوه‌ی بازنه‌ی لێكدانه‌بڕاو.
به‌پێی میتۆدی ” مه‌رگی نووسه‌ر ” لای فه‌یله‌سوف و ڕه‌خنه‌گری فه‌ره‌نسی، ڕۆڵان بارت، ئه‌م جۆره‌ گێڕانه‌وه‌ ده‌چێته‌ خانه‌ی مه‌رگی نووسه‌ر، به‌و پێیه‌ی گێڕه‌ره‌وه‌ به‌ڕاناوی ئه‌وی تری نادیاره‌وه‌ حیكایه‌ت ده‌گێڕێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی نیهاد كاری له‌سه‌ركردووه‌، دووجۆر له‌ مه‌رگی نووسه‌رمان بۆ ده‌خاته‌ ڕوو، یه‌كه‌م گێڕانه‌وه‌ی حیكایه‌تی دایكێك كه‌ نائاماده‌یه‌، دووهه‌م چیرۆكه‌كه‌ له‌لایه‌ن منی نادیاره‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌، كه‌وایه‌ دووانه‌ی من و ئه‌وی نادیار، جۆرێكی تری میتۆدی مه‌رگی نووسه‌ره‌، كه‌ به‌ته‌كنیكی مۆنۆلۆگ ده‌یگێڕیته‌وه‌، داجار له‌ كۆتایدا ده‌چێته‌ خانه‌ی خزمه‌تی گشتییه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌م دایكێكی نائاماده‌ ده‌هێنێته‌وه‌ ناو ژیان، هه‌م دونیایه‌كمان بۆ ئاشكرا ده‌كات، كه‌ سه‌رچاوه‌ی گه‌شه‌ی مه‌عریفه‌یه‌، ئه‌ویش كتێبه‌، له‌ڕێی پاشخانی مه‌عریفه‌ی كاره‌كته‌ری حه‌بیبه‌وه‌.
نۆڤلێتی حه‌بیبه‌ به‌ شۆپۆلی هۆش نووسراوه‌، شه‌پۆلی هۆش به‌واتا مۆنۆلۆگی ناوه‌كی، ئه‌م چه‌مكه‌ واته‌ شه‌پۆلی هۆش “تیار الوعی” گوزارشت له‌و جۆره‌ نووسینه‌ناوه‌كییه‌ ده‌كات، كه‌ هه‌وڵی رێكخستنه‌وه‌ی زنجیره‌یه‌ك بیرۆكه‌ له‌ ڕێی هۆشه‌وه‌ ده‌دات، ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ یا مۆنۆلۆگی ناوه‌كی دانه‌ڕێژراوه‌، یاخود په‌یوه‌ندیی به‌ هه‌ڵسوكه‌وتی كه‌سێتی نووسه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌، دواجار گرنگیی ئه‌م شه‌پۆله‌ كه‌ به‌ مۆنۆلۆگی ناوه‌كی ناسراوه‌، ڕێگه‌یه‌كی جیاواز ده‌گرێته‌ به‌ر، ئه‌ویش گه‌شه‌كردنی بیرو هه‌سته‌ لای نووسه‌ر، كه‌ شێوازی گێڕانه‌وه‌ی باو تێده‌په‌ڕێنی، ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ له‌ لایه‌ن فه‌یله‌سوفی ئه‌مریكی “جیمس ولیام” له‌ كتێبی ” بنه‌مانی زانستی سایكۆلۆجیادا به‌ وردیی باسی ده‌كات.
شێرزاد حه‌سه‌ن یه‌كێكه‌ له‌و نووسه‌رانه‌ی دونیای چیرۆك و ڕۆمانی كوردی، كه‌ زۆرترین كاری له‌ رۆمان و چیرۆكه‌كانی به‌ شه‌پۆلی هۆش كردووه‌، به‌تایبه‌ت، كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكی ته‌نایی و نۆڤلێتی حه‌سار و سه‌گه‌كانی باوكم، له‌ نۆڤلێتی حه‌سارو سه‌گه‌كانی باوكم، شه‌پۆلی هۆش لای شێرزاد حه‌سه‌ن، ده‌چێته‌ خانه‌ی دژ به‌ سستمی خێڵ و به‌تایبه‌ت باوكسالاریی، له‌م نۆڤلێته‌دا كه‌ ڕاسته‌وخۆ گرێی ئۆدیب لای شێرزاد به‌ ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو به‌ردیده‌ی خوێنه‌ر ده‌كه‌وێت، كه‌ تێیدا مرۆڤبوون ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌كی كوشنده‌وه‌، بۆیه‌ شێرزاد زۆر به‌ جوانی گوزارشتی له‌ ده‌رئه‌نجامه‌كانی سستمی پاتریاریكی ده‌كات و، سایكۆلۆجیای مرۆڤی كورد ده‌خاته‌ڕوو، ئه‌م گه‌مه‌ كردنه‌ی شێرزاد له‌ شه‌پۆلی هۆش، جۆرێكه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ی ماهییه‌تی قۆناغی عه‌شره‌ت و خێڵ له‌ سستمی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێمه‌دا.
به‌پێچه‌وانه‌وه‌ لای نیهاد جامی شه‌پۆلی هۆش گیرۆده‌ی خودێكی ئالۆزه‌، ئه‌م خوده‌ ئاڵۆزه‌ خه‌می گه‌وره‌ی ئه‌وه‌یه‌، كاره‌كته‌ری دایكی نائاماده‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ ناو ژیان، گه‌ڕانه‌وه‌ی كاره‌كته‌ری دایك بۆ ناو ژیان، له‌ڕێی مه‌عریفه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌، ئه‌و جیاوازییه‌ی لای شیرزاد و نیهاد ئه‌وه‌یه‌، یه‌كێكیان گیرۆده‌ی سستمی باوكسالارییه‌، ئه‌ویتریان خه‌می گه‌ڕانه‌وه‌ كه‌سایه‌تییه‌كی نائاماده‌یه‌ له‌ڕێی زانست و هوشیارییه‌وه‌ بۆ ناو ژیان، وێڕای ئه‌وه‌ی هه‌ردوو نۆڤلێته‌كه‌ له‌ دوو جیهانی جیاوازه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یان گرتووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ دوو جۆر سایكۆلۆجیاشه‌وه‌ كار له‌سه‌ر خه‌ونی كوردیی ده‌كه‌ن.
به‌شی كۆتایی ئه‌م نۆڤلێته‌.. ونبوونی نووسه‌ر و شانۆكارێك له‌ كۆڵانه‌كانی پاریس، كه‌ زۆرترین پانتایی ئه‌م نۆڤلێته‌ی داگیركردووه‌، به‌ متۆدی بوونیادگه‌ریی نووسراوه‌. واته‌ بوونێكی ئاماده‌ له‌ یاده‌وه‌ریی ئه‌وی په‌ناهه‌نده‌، كه‌ دواتر ده‌چمه‌وه‌ سه‌ری.
له‌به‌شی یه‌كه‌می ئه‌م نۆڤلێته‌دا، ” نووسینی وه‌سێتنامه‌” نیهاد جامی زۆر به‌وردیی نه‌خشه‌ی ته‌واوی نۆڤلێته‌كه‌ی له‌م به‌شه‌دا داڕشتووه‌، واته‌ بازنه‌ی گشتیی ئه‌م نۆڤلێته‌، لێره‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، جارێ‌ پێش وه‌خت ده‌بێ‌ باسی ئه‌وه‌ بكه‌م، كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م به‌ جۆری گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م نۆڤلێته‌ داوه‌، كه‌ به‌ڕاناوی ئه‌ویتری نادیار حیكایه‌خوان وه‌سێتنامه‌كه‌ ده‌خوێنێتوه‌، ڕه‌نگه‌ پرسیاری ئه‌وه‌ بكه‌ن، كه‌ حیكایه‌تخوان به‌ ڕاناوی منی دیار قسه‌ ده‌كات! له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ وه‌سێتنامه‌ی فیگۆری حه‌بیبه‌یه‌، بۆیه‌ گێڕه‌ره‌وه‌ به‌ ده‌نگی ناوه‌كی حه‌بیبه‌ وه‌سێتنامه‌كه‌مان بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌، به‌لای منه‌وه‌ خاڵێكی گرنگ بوو، ده‌بێ‌ ئاماژه‌ی پێبده‌ین.
له‌م به‌شه‌دا ده‌نگی ناوه‌كی لای نووسه‌ر، كه‌ په‌یوه‌یسته‌ به‌ هه‌سته‌وه‌ره‌كانی خودی نووسه‌ره‌وه‌، ده‌چێته‌ خانی بێده‌نگییه‌وه‌، به‌وه‌ی هه‌موو وێنه‌كان به‌ر ته‌واوی فیگۆره‌كانی نێو ئه‌م نۆڤلێته‌ ده‌كه‌ون و، ده‌بن به‌شێك له‌و نه‌خشه‌ و پلانه‌ی كه‌ به‌شی یه‌كه‌می ئه‌م نۆڤلێته‌ به‌ به‌شه‌كانی تره‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، واته‌ لێره‌وه‌ وێنه‌ و نه‌خشه‌ی كاره‌كته‌ره‌كان به‌ یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌،كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ نووسه‌ره‌وه‌ نییه‌. ئه‌م ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌، كاتێ‌ خوێنه‌ر ده‌ست به‌ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م نۆڤلێته‌ ده‌بات، به‌ر ده‌یان ناونیشان ده‌كه‌وێت، هه‌ر نه‌ونیشانێك كه‌ خوێنه‌ر به‌ری ده‌كه‌وێت، وێڕای ئه‌وه‌ی دونیایه‌كی مه‌جازی لای نووسه‌ر ده‌خاته‌ڕوو، دونیایه‌كی واقیعی هه‌ناوی نه‌خشه‌سازیی نۆڤلێته‌كه‌یه‌. ئه‌وه‌ی نۆڤلێت یا چیرۆك یا ڕۆمانی مۆدێرن له‌ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی باو جیاده‌كاته‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی دونیابینی و پاشخانی مه‌عریفی و به‌ فه‌نتازیاكردنی زمان و ئیستاتیكایه‌. له‌به‌شی ” په‌راوێزێك بۆ كتێبه‌كه‌ی دایكم” نووسه‌ر ده‌ڵێ‌ ” ئه‌وه‌ی من و دایكمی بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ بوونی میلان كۆندێرایه‌، كۆندێرا په‌یوه‌ندیی ئێمه‌ ده‌باته‌ ئاستێكی تره‌وه‌” ئه‌مه‌ به‌شێكه‌ له‌و مه‌عریفه‌یه‌ی كه‌ نووسه‌ر له‌م نۆڤلێته‌دا ته‌وزیف كردووه‌، لێره‌دا ئه‌و ئاماژه‌یه‌مان بۆ ده‌خاته‌ڕوو، كه‌ نووسه‌ر ده‌ڵێ‌ ” ده‌مه‌وێ‌ دایكم بگه‌ڕێنمه‌وه‌ ناو ژیان” ئه‌مه‌ ئه‌و دونیا واقیعیه‌یه‌ كه‌ له‌ڕێی مۆنۆلۆگی ناوه‌كییه‌وه‌ ده‌یكات به‌ ده‌نگێكی دیار، ئه‌و جیاوازی له‌ نێوان ئه‌م ده‌ربڕینه‌ی نیهاد جامی و ئه‌لبێرت كامۆ له‌ باره‌ی فه‌لسه‌فه‌ی مه‌رگ و ژیان، ئه‌وه‌یه‌ كامۆ به‌ڕه‌شبینییه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ ژیان و پێی وایه‌ ئه‌م شارستانییه‌ته‌ مادییه‌ی له‌ڕێی ڕووخانی ئاینه‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵه‌دا، گومانی خسته‌ هه‌موو پێدراوه‌كانی ئاین و دۆزه‌خ و به‌هه‌شت و، ئیدی ژیانی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو گۆڕی، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ لای نیهاد جامی مه‌رگی گه‌ڕانه‌وه‌ شوێنی خۆی و ژیانی به‌ پێشهاته‌كانی دونیایه‌كی دییه‌وه‌ به‌سته‌وه‌، بۆیه‌ له‌ڕێی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م چیرۆكانه‌وه‌ ده‌یه‌وێ‌ دایك وه‌ك مه‌سه‌له‌یه‌كی ویژدانیی و مه‌عریفی بگه‌ڕێنێته‌وه‌ ناو ژیان، ڕاسته‌ ڕه‌شبینییه‌كه‌ی كامۆ په‌یوه‌ندیی به‌ پرسیاریی فه‌لسه‌فی جدییه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام گه‌ڕانه‌وه‌كه‌ی نیهادیش له‌ڕێی هه‌سته‌وه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ خه‌ونی گشتییه‌وه‌ هه‌یه‌.

ئه‌م نۆڤلێته‌ له‌ناو چه‌ند بازنه‌یه‌كدایه‌..
بازنه‌ی یه‌كه‌م: كتێب . كتێب وه‌ك سه‌رچاوه‌ی زانست و ڕۆشنبیریی گه‌شتیی له‌ڕێی یۆتۆپیاوه‌ به‌ دایكێكی مه‌جازییه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، واته‌ دایك هه‌م نیشتمانه‌، هه‌م سه‌نته‌ری هه‌موو به‌یه‌كه‌وه‌ گرێدراوه‌كانی هه‌ستی نووسه‌ره‌ له‌م نۆڤلێته‌دا.
بازنه‌ی دووهه‌م: ئاین وه‌ك كتێب. وه‌ك چۆن له‌ ته‌واوی نۆڤلێته‌كه‌دا ده‌یه‌وێ‌ مرۆڤ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ شوێنی تایبه‌تی خۆی، گه‌ڕانه‌وه‌ی مرۆڤ بۆ شوێی خۆی له‌م نامیلكه‌یه‌دا مه‌به‌ست لێی، گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ عه‌قڵ، بۆ یه‌كسانیی، بۆ قبوڵكردنی ئه‌وی دی، به‌هه‌مان شێوه‌، ده‌یه‌وێ‌ هه‌رسێ‌ كتێبه‌ پیرۆزه‌كه‌ی خودا بگه‌ڕێنێته‌وه‌ لای مرۆڤی عاقڵ و هوشیار، له‌سیاقی گێڕانه‌وه‌یه‌كی فه‌نتازیی، نووسه‌ر ده‌یه‌وێ‌ ئه‌و جیاوازییه‌ی كه‌ له‌نێوان كتێبه‌ پیرۆزه‌كانی خودا هه‌یه‌، قورئان، ته‌ورات، ئینجیل، وه‌ك چۆن خودا بۆ مرۆڤایه‌تی دایگرتووه‌، پێویسته‌ مرۆڤیش به‌ هه‌مان مه‌سافه‌ و هه‌مان ڕوانین، له‌ ئاین و كتێبه‌ پیرۆزه‌كانی خودا بڕوانێت و، ڕێز و یه‌كسانیی ببێته‌ بنه‌مایه‌ك بۆ ڤیانێكی ئاسووده‌.
بازنه‌ی سێهه‌م: میلان كۆندێرا.له‌ واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگیی ئێمه‌دا، میلان كۆندێرا ئه‌و فیگه‌ره‌ زیندووه‌ی ناو چیرۆك و ڕۆمانه‌كانمان نییه‌، ئه‌وه‌ی ده‌كرێت میلان كۆندێرا بهێنینه‌ ناو سیاقی حیكایه‌ته‌كانماوه‌، هوشیارییه‌كی له‌ڕاده‌به‌ده‌ره‌، له‌ باره‌ی ناسینی كۆندێرا وه‌ك بیرمه‌ند و رۆشنبیرێكی گه‌وره‌. له‌ وێنه‌یه‌كی دیدا ده‌كرێ‌ كۆندێرا له‌ كۆنه‌ستی ئێمه‌دا نائاماده‌ و ناباو بێت، ناباو به‌ كولتوور و هه‌ست و كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌، بۆیه‌ نووسه‌ر له‌م نۆڤلێته‌دا له‌ڕێی فه‌نتازیاوه‌ توانیویه‌تی كۆندێرا له‌ نامه‌ئلووفه‌وه‌ بكات به‌ مه‌ئلووف، ئه‌مه‌ ئه‌و ته‌كنیكه‌یه‌ له‌ناو نۆڤلێتی حه‌بیبه‌دا نیهاد جامی شوێنێكی تایبه‌تی بۆ میلان كۆندێرا له‌ خه‌یاڵ و هه‌زری ئێمه‌دا بۆ كردووه‌ته‌وه‌.
بازنه‌ی چواره‌م: گرێی سێكس..سێكس ئه‌و ده‌رهاویشته‌ غه‌ریزه‌ییه‌یه‌ كه‌ مرۆڤی ڕۆژهه‌ڵاتی له‌ ناخه‌وه‌ گیرۆده‌ی بووه‌ و، به‌ زه‌حمه‌ت ده‌توانێ‌ خۆی لێ‌ ده‌رباز بكات، په‌یوه‌ندیی نێوان سێكس و مرۆڤ، په‌یوه‌ندیی به‌ قۆناغی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگییه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌سه‌ره‌تای باسه‌كه‌مان قسه‌مان له‌ شه‌پۆلی هۆش لای شێرزاد حه‌سه‌ن و ئه‌م نۆڤلێته‌ی نیهاد جامی كرد، لای نیهاد سێكس وه‌ك موماره‌سه‌یه‌كی ئاسایی ژیانی مرۆڤ وێنا ده‌كرێت. كه‌ كه‌شی ژیانی دووهه‌م كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی، خودی گێڕه‌ره‌وه‌یه‌ له‌ دونیا و سه‌رزه‌مینَكی دی، كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی یه‌كه‌م دارایه‌، كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی دووهه‌م خودی گێڕره‌وه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌رزه‌مینێكی دیدا، له‌پاریسدا سه‌رهه‌ڵده‌دات. لای شێرزاد حه‌سه‌ن، له‌ نۆڤلێتی حه‌سار و سه‌گه‌كانی باوكم، پێچه‌وانه‌ی نیهاد، سێكس له‌ هه‌لوومه‌رجێكی ئاژه‌ڵیانه‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات، ئه‌م دوو جیاوازیه‌ له‌ باره‌ی سێكس به‌پێی قۆناغ و دونیابینی و دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگیی ڕووده‌ده‌ن، نیهاد له‌م نۆڤڵیته‌دا سێكسی نه‌كردووه‌ به‌گرێیه‌كی ئاڵۆزه‌، به‌ڵام له‌ڕاستیدا وێنه‌یه‌كی راسته‌قینه‌ی ژیانی ئه‌ویتره‌ له‌ڕێی مه‌جازه‌وه‌ بۆ ئێمه‌ی ده‌یگوازێته‌وه‌.

دایكه‌ بووم به‌ پیاو..
له‌نێوان دایك و باوكێكی هوشیار و خوێنده‌وار، دارا ده‌ستبه‌رداری قوتابخانه‌ ده‌بێت و، ده‌بێت به‌ چایچی، له‌سایكۆلۆجیای مرۆڤی ڕۆژهه‌ڵاتیدا پیاوه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌،كه‌ له‌ڕاستیدا له‌م جۆره‌ كۆمه‌ڵگانه‌دا ده‌ره‌وه‌ی مێژووه‌، نیهاد جامی زۆر به‌ جوانی ده‌ره‌وه‌ی بۆ ئێمه‌ خستووه‌ته‌ڕوو. پێچه‌وانه‌ی ئه‌م دیدگایه‌ بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی خه‌یاڵی نیهاد، كه‌ له‌به‌شی ” په‌راوێزێك بۆ كتێبه‌كه‌ی دایكم ” نووسه‌ر ده‌ڵێ‌ ” ده‌زانم سه‌یره‌ به‌لاتانه‌وه‌ چایچییه‌ك ئاوا قسه‌ ده‌كات، من چیتر چایچییه‌كه‌ی جاران نیم، ئه‌و كتێبخانه‌یه‌ هه‌موو ژیانی گۆڕیم ” كه‌ له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ نه‌ كاری گێڕانه‌وه‌یه‌، نه‌ كاری ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م پاساوه‌ بهێنێته‌وه‌، ئه‌ركی نیهاد بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌م ڕستیه‌، ده‌بوو به‌پێی پرۆسه‌یه‌كی زه‌مینه‌سازیی و زمانه‌وانیی هه‌ستمان به‌و ئاگایی دارا نه‌كردبایه‌، ئه‌وه‌ی نیهادی هێنایه‌ سه‌ر ئه‌م گوته‌یه‌، ڕه‌خنه‌ی به‌شێك له‌ خوێنه‌ران و ڕه‌خنه‌گرانی كورده‌، له‌ ڕۆماننوسێك له‌و باره‌یه‌وه‌، بۆیه‌ نه‌دبوو نیهاد به‌و ڕستیه‌ خۆی بخاته‌ نێو هه‌ڵه‌یه‌كی بابه‌تیانه‌وه‌.هه‌ر له‌سیاقی ئه‌م بابه‌ته‌، ده‌بوو نیهاد جامی له‌به‌شی ” دایكه‌ بووم به‌ پیاو” به‌ پێی قۆناغی گه‌شه‌كردنی عه‌قڵی و زه‌مه‌نی و زمانه‌وانی گوزارشتی له‌ گوته‌یه‌ بكردبایه‌.

ونبوونی نووسه‌ر و شانۆكارێك له‌ كۆڵانێكی پاریسدا..
ئه‌م به‌شه‌ی نۆڤلێته‌كه‌ی نیهاد جامی به‌ڕاناوی ئه‌وی نادیار نووسراوه‌، خه‌ون گۆشه‌یه‌كی گرنگیی ئه‌م به‌شه‌یه‌، كه‌ له‌ بینینی پۆستكارێكی پاریسه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات، تا ئه‌وه‌ی له‌ فیلمێكی فه‌ره‌نسی، به‌ بینینی ئالان دیلۆن و كاترین دینۆف، ئه‌م خه‌ونه‌ گه‌وه‌ره‌ ده‌بێت. خه‌ون له‌ ژیانی مرۆڤدا بریتییه‌ له‌و حه‌زه‌ی له‌ناو بێده‌نگیی و بێ‌ زمانیدا سه‌رهه‌ڵده‌دات، واتا ئاگایی و هه‌سته‌وه‌ره‌كانی مرۆڤی بیركه‌ره‌وه‌ به‌رده‌وام له‌نێوان ئاڵۆزیی و دڵه‌ڕاوكێدا ده‌بن به‌ دوو به‌شه‌وه‌، به‌شێك پرۆسه‌ی خه‌ونه‌كه‌ داده‌ڕێژێ‌، به‌شه‌كه‌ی تر له‌نێوان واقیع و خه‌یاڵ، به‌ ئاراسته‌ی گومڕایدا ده‌یبات. كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی ئه‌م به‌شه‌، منێكه‌ له‌ناو ئه‌ویترێكی دیار، ئه‌ویترێك له‌ڕێی خه‌ون و ئاگاییه‌وه‌ نه‌خشه‌ی پاریس له‌ یاده‌وه‌ریی خۆیدا ده‌كێشێت، به‌ڵام له‌نێوان ئاڵۆزیی و دڵه‌ڕاوكێدا ئه‌م خه‌ونه‌ ده‌كه‌وێته‌ په‌راوێزی بیركردنه‌وه‌ی منی دیار و ئه‌ویتری نادیاره‌وه‌. سه‌ره‌تا ئاماژه‌مان به‌وه‌دا، كه‌ ئه‌م به‌شه‌ی نۆڤلێته‌كه‌ی نیهاد جامی، به‌ میتۆدی بونیادگه‌رایی نووسراوه‌، به‌و مانایه‌ی خه‌ون به‌شێكه‌ له‌و بوونه‌ی له‌یاده‌وه‌ریی مرۆڤ دا له‌ هه‌سته‌وه‌ ده‌بێت به‌ واقیع. په‌ناهه‌ندێك له‌ ئه‌ورپا ده‌گیرسێته‌وه‌، ژیانی په‌ناهه‌نده‌یی ده‌یباته‌وه‌ سه‌ر خه‌ونی گه‌یشتن به‌ پاریس، به‌ڵام نه‌گه‌یشتن به‌ پاریس هێشتا گرفتێكه‌ ده‌یباته‌وه‌ سه‌ر یاده‌وه‌رییه‌كانی سه‌رده‌می خه‌ون و هه‌رزه‌كاریی، ئه‌وه‌ی له‌ یاده‌وه‌ریی هه‌رزه‌كاریی یا گه‌نجێتیدا بوونیادی نابوو، ئه‌وروپا و ئاڵۆزییه‌كانی ژیان، تووشی شكستی روحی ده‌كات، هه‌موو ماناكانی بوون له‌م نۆڤلێته‌دا ده‌مانبه‌نه‌وه‌ سه‌ر ئالۆزیی سایكۆلۆجیا،كه‌ له‌نێوان مه‌رگ و ژیان و گرفته‌كانی ڕابووردوو، ڕابووردوویه‌ك له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر، گۆشه‌یه‌كی تری ژیان ده‌یهاڕێت، به‌واتایه‌كی تر، هێشتا كوردێك نه‌یتوانیوه‌ له‌ ئه‌وروپا بێت، به‌ڵكو به‌رده‌وام ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر یاده‌وه‌رییه‌كانی، نۆستالیژیا لای تاكی ڕۆژهه‌ڵاتیی كوشتنێكی له‌سه‌رخۆیه‌،هه‌ر خودی “ونبوونی نووسه‌ر و شانۆكارێك له‌ كۆڵانه‌كانی پاریس” ته‌نانه‌ت له‌ پاریسیش، له‌ ده‌رئه‌نجامی سایكۆلۆجیای ئاڵۆزه‌وه‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات.

له‌نێوان تاك ده‌نگیی و منی ئاڵۆز..
به‌ پێی تیۆری ده‌روونشیكاریی فرۆید، ” ئید ، من . ئیگۆ، ئه‌و ” ئه‌وه‌ی لێره‌دا باسی لێوه‌ده‌كه‌م به‌ومانایه‌ نییه‌ نیهاد جامی له‌م نۆڤلێته‌دا كاریگه‌ریی فرۆیدی به‌سه‌ره‌وه‌یه‌، به‌ڵكو به‌و مانایه‌ی چه‌مكی “منی ئاڵۆز” سستمه‌ نه‌ك به‌شێك بێت له‌ مێشك، لێره‌دا گریمانه‌یی كارا له‌ پرۆسه‌ی تاك ده‌نگیدا ڕۆڵی گرنگیی له‌ نێوان ئید و ئیگۆ هه‌یه‌، ده‌رئه‌نجام له‌ هه‌ناوی ئه‌م تاك ده‌نگییه‌دا “سوپه‌ر ئیگۆ” منی باڵا، سه‌رهه‌ڵده‌دات، ئه‌وه‌ی فرۆید باسی لێوه‌ ده‌كات، په‌یوه‌ندیی به‌ سێكس و شه‌ڕانگێزیی و زیندوویی ویژدان و ئه‌خلاقه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی من لێره‌دا له‌باره‌ی منی ئاڵۆز باسی لێوه‌ ده‌كه‌م، وێنه‌یه‌كی پێچه‌وانه‌ی تیۆره‌كه‌ی فرۆیده‌، كه‌ گوزارشت له‌ دڵه‌ڕاوكێ‌ ده‌كات، دڵه‌ڕاوكێ‌ له‌نێوان منی ڕابووردوو له‌گه‌ڵ منی ئێستا، خه‌می گه‌وره‌ی منی ئێستا گه‌ڕانه‌وه‌ی دایكه‌ بۆ ناو ژیان و، ڕزگاربوون له‌و ئاڵۆزییه‌، لێره‌دا به‌پێی تیۆری ده‌روونشیكاریی قسه‌ له‌نێوان هه‌ردوو منی رابووردوو، منی ئێستا ده‌كه‌ین، منی ئێستا كار له‌سه‌ر وێنه‌ راستییه‌كه‌ی منی رابووردوو ده‌كات، كه‌ به‌شێكی گرنگی هه‌سته‌وه‌ره‌كانی گێڕه‌ره‌وه‌ی داگیركردووه‌، كه‌ ده‌یه‌وێ‌ له‌ ڕێی ئه‌و داگیركارییه‌وه‌، منه‌كه‌ی ئێستا وێنه‌ راستیه‌كه‌ی منی رابووردوو بخاته‌ڕوو، كه‌ هه‌ندێكجار ده‌بێته‌، ده‌بێته‌ گرفت بۆ سایكۆلۆجیای گێڕه‌وه‌ و، ئاڵۆزكردنی حیكایه‌ت.
ده‌رئه‌نجام ئه‌وه‌ی نیهاد جامی له‌م نۆڤلێته‌دا كاری له‌سه‌ركردووه‌، گۆشه‌یه‌كی گرنگی روح و سایكۆلۆجیای كوردیه‌، كه‌ مرۆڤ وه‌ك بوونه‌وه‌ری كۆمه‌ڵگه‌ و كولتوورێكی تایبه‌ت، كه‌ كۆمه‌ڵگ و سایكۆلۆجیای كوردییه‌، به‌شێكی تری ئه‌م نۆڤلێته‌ كه‌ زۆر گرنگه‌ خه‌می هوشیاریی و مه‌عریفه‌یه‌ لای مرۆڤ، كه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ و ئاشتبوونه‌وه‌ی مرۆڤی كوردیه‌ له‌گه‌ڵ كتێب و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نێو كتێب.

نووسینی: داناعه‌سكه‌ر- کەرکوک

——————

سه‌رچاوه‌..
شیكردنه‌وه‌ی ده‌ق / رۆلان بارت
وه‌رگێڕانی بۆ عه‌ره‌بی: عه‌بدالكه‌بیر ئه‌لشه‌رقاوی.
چێژی ده‌ق/ رۆلان بارت
وه‌رگێڕانی بۆ عه‌ره‌بی: مونزر عه‌یاشی.
الوجودیه‌ والعدم
توێژینه‌وه‌ له‌ باره‌ی ئه‌نتۆلۆجیای فینۆمینۆلۆجیا
وه‌رگێڕانی بۆ عه‌ره‌بی: عه‌بدالڕه‌حمان به‌ده‌وی.
نۆڤلێتی حه‌بیبه‌.
نووسینی: نیهاد جامی.




مێژووی سیاسیی و ئەدەبی پەنچا ساڵەی کورد لە دیدی فوئاد مەجید میسرییەوە.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

فوئاد مەجید میسری یەکێکە لە ناوە دیارەکانی ئەدەب و فیکری کوردی، ئەو لەیەککاتدا لە کۆمەڵێک بواری جیاجیادا کاریکردووەو جێپەنچەشی لەو بوارانەدا دیارە بەتایبەتی لە بواری ” رەخنەی ئەدەبی، شانۆ، فیکری سیاسی” لەپەنا ئەمانەشدا زوو تێکەڵی ژیانی سیاسی بووەو کەم تا زۆر کاریگەریشی هەبووە. ئەو وەکو نووسەرێك و کەسێکی رۆشنبیر زۆرجار باجی گەورەی لەسەر بەکارهێنانی وشە” نا” داوە، تەنانەت لەسەر ئەم وشەیەش رووبەروی گرتن و سزدان و تەنانەت هەوڵی تیرۆرکردنیش بۆتەوە.
لەماوەی پێشوودا کتێبی” مێژوویەکی تر” م خوێندەوەکە کە باسی ژیانی سیاسیی و ئەدەبیی و فیکریی خۆی دەکات. لەم کتێبەدا نووسەر زیاتر باسی لایەنە ناشیرین و دزێوەکانی مێژوویی سیاسی و ئەدەبی و فەرهەنگی کورد دەکات لە کوردستانی عیراق.

کودەتای قاسم و بزووتنەوەی چەکداری کوردی
نووسەر پانتاییەکی باشی بۆ کودەتاکەی قاسم بەسەر رژێمی پاشایەتی داناوەو پێشی وایە ئەمەی کراوە شۆڕش بووە، چونکە لەزۆر رووەوە کۆمەڵگەی عیراقی گۆڕیوە. لەپەنا ئەمانەشدا باسی سیاسەتی خراپی قاسم دەکات کە لە بەرامبەر حزبی شیوعی و کورد پێڕەوی کردووە. دواتریش باسی چۆنێتی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی چەکداری دەکات و پێیوایە رژێمی شای ئێران رۆڵی سەرەکی گێڕاوە، ئەو هانی کوردی عیراقی داوە کە چەک بەڕووی رژێمی قاسم هەڵگرن چونکە دژ بە سیاسەتەکانی ئێران بووە، لەمەشدا بزووتنەوەی چەکداری سوودی بەو گەیاندووە ئەمەش بە پشت بەستن بە کتێبەکەی عیسا بژمام، کە سیخورێکی دەزگای ساواکی ئێران بووە.
لەبارەی بزووتنەوەی چەکداری کوردەوە دەڵێت: من ئەمە ناوی نانێم شۆڕش من پێی ئەڵێم بزووتنەوە، بۆچی؟ چونکە شۆڕش ئەبێ گۆڕانکاری ریشەیی لەهەموو کایەکانی ژیانی کۆمەڵگادا بەدیبهێنێ، ئێستا ئێمە لەدوای 65 ساڵ بەروبوومەکەی ئەچنینەوە، بڕوانە کۆمەڵگای کوردستان بەکوێ گەیشتووە؟ل 131

نوخبەی رۆشنبیری کورد و بارزانی
نووسەر پانتایی باشی بۆ مێژووی دروستبوون و گەشەسەندنی پارتی دیموکراتی کوردستان داناوە، باسی ناکۆکییەکانی ناو ئەم حزبە دەکات، بەتایبەتی ناکۆکی نێوان نوخبەی رۆشنبیر و عەشائیری ناو حزبەکە. پرسیاری گرنگ ئەوەیە بۆچی هەر لەسەرەتاوە نوخبەی رۆشنبیری سلێمانی رازیبووە مەلا مستەفا ببێتە سەرۆکی ئەم حزبە لەکاتێکدا ئەو لێرە نەبووە؟!. لەوەڵامدا دەڵێت: ئەم نوخبەیە متمانەیان بەخۆیان نەبووە، سەربەخۆ وەکو توێژێکی کۆمەڵایەتی تری رابەرایەتی خەباتی جەماوەری بکەن،ل117

تاکی کورد و کاریزما
دواتر زیاتر ئەم مەسەلەیە روون دەکاتەوەو دەیبەستێتەوە بە پرسی کاریزماوەو دەڵێت:
تاکی کورد هەمیشە لە هەوڵی دروستکردنی کاریزمایەکدایە تاخۆی پێدا هەڵواسێ و بەفریاد رەسی خۆی بزانێ، بەپێچەوانەوە لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا، چین و توێژی کۆمەڵایەتی بەپێی هەلومەرجی مێژوویی رابەرایەتی بزووتنەوەو شۆڕش ئەکەن، هەر ئەم فاکتەرەیشە وا ئەکا کۆمەڵگا پێویستی بەهێانەدی حزب و رێکخراوی سیاسی بێ تا سەرکردایەتی و رابەرایەتی خەباتەکەی بکال116
بەڵام نابێت ئەوەشـان لەبیربچێت، کە ئەڵمانیا و ئیتالیا دوو وڵاتی مۆدێرنی ئەوروپا بوون، بەڵام هیتلەر و مۆسۆلۆینی وەکو دوو دیکتاتۆر حوکمیان گرتە دەست، لەکۆمەڵگە مۆدێرنەکانیشدا ئەم کێشەیە هەیە بەتایبەتی لای پارتە فاشیستەکان.

کۆمەڵە و یەکێتی
لەپاش ئەوەی لە ساڵی 1967 بەیەکجاری واز لە باڵی جەلالی دەهێنێت، لێرەوە قۆناغێکی نوێی فیکریی و سیاسی و ئەدەبی لەلای نووسەر دروست دەبێت. زیاتر لە هزری مارکسیی و چەپ قووڵ دەبێتەوە، پاشان لەگەڵ دروستبوونی کۆمەڵەی مارکسی لینینیدا، بەشدار دەبێت و لە نزیکەوە ئاگاداری چۆنێتی دروستبوونی بووە. بەڵام هەر زوو واز لە کۆمەڵە و یەکێتی دەهێنێت.
لەسەر وازهێنانی فوئادی مەجید میسری لە کۆمەڵە و یەکێتی قسەی زۆر کراوە، خۆشبەختانە خۆی لەم کتێبەدا بەدرێژی باسی هۆکاری وازهێنانەکەی دەکات.
نووسەر دەڵێت:
لەناو کۆمەڵەدا ناکۆکی لەگەڵ ئیمپریالیزم دەبێتە سەرەکی و لەگەڵ دەسەڵات ئەبێتە لاوەکی، ئەم تێزە لە بنەڕەتدا رێخۆشکەر بوو بۆئەوەی، کۆمەڵە وەکو ئۆرگانێکی سیاسی ببێتە لایەنێک لە بەرەی نیشتمانی پێشكەوتنخواز کە بەعس و حزبی شیوعی دایانمەزراندبوو. من بە ئاشكرا ئەو بیرۆکەیەم رەدکردەوەو بە هەنگاوێکی هەڵە و کوشندەم ئەزانی. ل281
هۆیەکەی تریش باس دەکات و دەڵێت:
من لەو باوەڕم وابوو کە سەرەڕای رێکەوتنامەی جەزائیر و کۆتایی هێنان بە بزووتنەوەی چەکدارییەکەی کورد، ئێران دەستبەرداری ( پارتی) نابێ وەکو هێزێکی چەکدار بۆ دژایەتییکردنی هێزێکی نوێی چەکدار بەکاریئەهێنێ، ئێرانێک لەو سەردەمەدا هەموو توانای سەربازی خۆی تەرخانکردبوو بۆ لەناوبردنی شۆڕشی ( زەففار) کە لە باشووری نیمچە دوورگەی عەرەبستاندا، ئێستا چۆن ماوە ئەدا لەبندەستی خۆیەوە بزووتنەوەیەکی چەپ سەرهەڵبدا؟ل303

لایەنی ئەدەبی
هەرچەندە فوئادی مەجید میسری زیاتر وەکو نووسەرو ئەدیبێک ناسراوە، بەڵام سێ بەشی کتێبەکەی بۆ مێژوویی سیاسیی تەرخانکردووە، تەنها بەشێکی کە دەکاتە چارەکی کتێبەکە بۆ مێژوویی ئەدەبی و فیکری تەرخانکردووە، لێرەشدا باسی چەند لایەنێکی دزێو و ناشیرینی مێژووی ئەدەبی و پەیوەندی نووسەران دەکات، کەبەداخەوە لەژێر کاریگەری سیاسیی بوون. بۆ نموونە پانتایی باشی بۆ جەنگ و ململانێی نێوان ئەدیب و نووسەران تەرخانکردووە کە بەداخەوە بەرێژەی ململانێ سیاسییەکان توندتر بووەو کار گەیشتۆتە سەر یەکتر بە گرتن دان و ئازارادانی یەکتریی و تەنانەت هەوڵدان بۆ کوشتن و تیرۆرکردنیش. نووسەر باسی چۆنێتی زیندانیکردنی لەلایەن دەزگای پاراستنەوە دەکات، چونکە دژی ئێران قسەی کردووە، ئەو کەسەشی کە ئەم شکاتەی کردووە ” حەمەی حەمە باقیی” یە، ئەمەش چونکە پێشتر رەخنەی لە شیعرێکی گرتووە. ئەم کەسە پاش ئاشبەتاڵی 1975 دەبێتە یەکێتی و ئەمجارەش لەلای سەرانی نوێی یەکێتی شکاتی لێدەکات و داوا دەکات تێزاب بکەن بە دەموچاویدا. دواتر نووسەر بەوردی باسی هەوڵەکانی تیرۆرکردنی کردووە.

یەکێتی نووسەران
لە زۆرشوێندا نووسەر باسی پەیوەندی نووسەران و رێکخراوی یەکێتی نووسەران دەکات و بۆچوونی خۆی دەربارەی ئەم رێکخراوە خستۆتەڕوو.
نووسەر دەڵێت:
یەکێتی نووسەران جەستەیەکی نیوە مردووەو ناتوانێ ئەو ڕۆڵە بگێڕێ کە پێشتر لە پێناویدا دامەزرا بوو، بۆیە بەرای من ئەم یەکێتی نووسەرانە هەڵبوەشێتەوە، نووسەران بۆ خۆیان رێكخراوێکی سەندیکایی دابمەزرێنن و ئەرکی سەندیکایی پێ بسپێرن، چونکە یەکێتی نووسەران هەرگیز ناتوانێت ئەو یەکێتییە بێ کە لە سەردەمی رژێمدا بوو. 377
دواتریش دەڵێت:
هەرچی پارەی دنیا هەیە بیدە بەو رێکخراوەی ناوی ( یەکێتی نووسەری کورد)ە، ناتوانێت یەک ژمارە هاوشێوەی یەکێک لە ژمارەکانی ” نوووسەری کورد” ئەوکاتە دەربکات، ل390

دزینی ئەدەبی
خاڵێکی دزێوی تر کە بەداخەوە لەناو بازنەی ئەدەبی کوردیدا بڵاوە، مەسەلەی “دزینی ئەدەبیە”. لێرەدا نووسەر باسی شانۆگەرییەکی خۆی دەکات، کاتی خۆی لەبەرئەوەی ناتوانێت بە ئاشکرا بڵاویبکاتەوە چونکە دەزگا ئەمنییەکان لەهەوڵی گرتنیدان، شانۆگەریەکە دەداتە دەستی شانۆکار ئەحمەد سالار، دواتر ئەویش دەیداتە کامەران رەئوف، ئەویش دەقە شانۆیەکە بەناوی خۆیەوە نمایش دەکات، دواتریش کاتێک دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان، سەرەتا هەوڵی رێكکەوتن دەدەن بەڵام دواتر لەسەر ئەم بابەتە دەکەونە دادگاوە. من پێشتر کەمێک زانیارییم لەبارەی ئەم کێشەیەوە هەبوو، بەڵام وردەکارییەکانیم نەدەزانی، نووسەر لەم کتێبەدا بە درێژی باسی ئەم مەسەلەیە دەکات.

شیعەی عیراق
نووسەر لە زۆر شوێندا رەخنەی توند لە حوکمی ئێستای عیراق دەگرێت، کە زیاتر لایەنی شیعەکان بەسەریدا زاڵن.
نووسەر دەڵێت:
شیعەی عەرەب لە عیراقدا جیاوازن لە شیعەی شوێنەکانی تر، شیعەی عەرەب لە عیراقدا، شیعەیەکی عەرەب و شۆڤێنییە، باوەڕی بە مەسەلەی نەتەوەیی نییە و ئامانجی توانەوەی گەلانی غەیرە عەرەبە لە بۆتەی نەتەوەیی ئیسلامیدا.ل96
بە بڕوای من ئەمە حوکمێکی گشتگیرانەیە، چونکە هەموو شیعەی عیراق شۆڤێنی نەبوون، بۆ نموونە مەرجەعی گەورەی شیعە ” موحسین ئەلحەکیم” فەتوای لەدژی کۆمەڵکوژی کورد دەرکرد و دژی رژێمی بەعس وەستایەوە. شیعەی عیراق نووسەرو رووناکبیری وەکو هادی عەلەویی و عەلی وەردیی و سەدانی تری تێدایە، بە بڕوای من ئەمە حکومێکی گشتگیرانەیە، نەدەبوو نووسەرێک بەم شێوەیە قسەی لەبارەی گەورەترین پێکهاتەی عیراق بکردایە.

دەرەنجام
بەدڵنیاییەوە فوئادی مەجیدی میسری کەسێکی فرە بەهرەیە، ئەزموونی ئەدەبی و فیکریی و سیاسی ئەو بۆ ئێمە زۆر گرنگە بۆئەوەی ئاگاداری مێژووی خۆمان بین و بزانین هەڵە و کێشەکان چۆن دروستبوون و ئێمەش هەمان هەڵەی نەوەی پێشتر نەکەینەوە. لە کۆتاییدا هیوای لەشساخی و تەمەندرێژی بۆ دەخوازم.

ئەردەڵان عەبدوڵڵا




شوێنی ڕاستەقینەی فەلسەفە شەقامە یان زانکۆ؟-بەشی چوارەمی ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟-.. ئازاد حەمە

ستێفن ھاوکینگ لەناو بازاڕ دروستنابێت

بەشی چوارەمی ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟

فەلسەفەکردن لە شەقام

شەقام، شوێنێکی گشتییە، ئەو فەزایەیە، کە هەموان بە گشت جیاوازییەکانەوە لە خۆدەگرێت. لەڕووی مێژوویشەوە لە شەقامدا هەردەم کەیس جوڵێنراوە و سوود لە ڕووبەرەکەی بۆ وتنی نەخێر یان بەڵێ وەرگیراوە. بەڵام شەقام بێ لایەن نییە؛ هێزی سیاسی چاوی لەسەریەتی و سەرلەبەری شەقامیش نە ئازادە و نە سەربەخۆ.
بائەوەشمان بیرنەچێت، کە شەقام(گۆڕەپانی ئاگۆراAgora) شوێنە کۆنەکەی فەلسەفەیە، لەوێڕا فەلسەفەی شەقام هاتەدونیاوە و زۆر شتی هەنووکەییش وروژێنرا و گفتوگۆی لەسەر کراوە؛ دادپەروەری، جەنگ و تادەگاتە بابەتی ڕاستی و باشە و خراپە. مێژووی فەلسەفەش دەمێکە ئەوەی پێڕاگەیاندووین، شەقام ئەو پانتاییە جەماوەریەیە، فەلسەفە پێویستیپێیە. سوکراتیش لە شەقام فەلسەفەی دەستپێکرد و هەر ئەوێش بوو کردییە فەیلەسوفی فەیلەسوفەکان. هەرچی ئێمەین نە شەقام و نەش هۆڵەکانی زانکۆکان توانیان هاوکارمانبن فەلسەفە وەک پەتا بڵاوبکەینەوە.
هەر لەم سۆنگەیەوە ئەوەش دەڵێین: فەیلەسوف، کە دێتە شەقام، بەدڵنیاییەوە دەبێت ئەوە لە سوکراتەوە فێربووبێت چۆن دەفەلسەفێنێت، چۆن پەیوەندی خۆی لەگەڵ گشت لەوێڕا ڕێکدەخات. هەر فەیلەسوف دەکارێت ئەو پرسیارەش بجوڵێنێت، کە کێ خاوەنی شەقامە یان شەقامی بەدەستەوەیە؟
فەلسەفەکردن لە شەقام سەرلێشێواوی نییە، فەلسەفەش بەلاڕێنابات؛ ئەمە بەشداریپێکردنێکی مەدەنییانەیە. بگرە ئەمە دەرەچەیەکیترە بۆ داکۆکیکردن لە فەلسەفە و جەختکردنیشە لە ویست بۆ فەلسەفە؛ ئەو ویستەی فەلسەفە وەک پێویستییەک نمایشدەکات.
فەلسەفە بەخۆی شتێکی سەرپێێ و هەڕەمەکی نییە؛ فەلسەفەکاریش بۆئەوەی لە شەقام دا فەلسەفە بکات دەبێت پێشوەختە هەندێک کارزانی و لێهاتوویی لە خۆیدا نەشونماپێدابێت. ئەو کارزانی و لێهاتووییە پێشوەختەیە هاوکاریدەبێت لێزان بێت لە چۆنیەتی وروژاندنی پرسیار و دۆزینەوەی وەڵام.
هەر لە شەقامدا، لەو حاڵەتەی فەلسەفەی تیادەکرێت، زمانیش جێگایسەرنجە. شەقام زمانی خۆی هەیە. کەواتە فەلسەفە پێویستی بەوە دەبێت زمانێک بۆخۆی لەوێدا داتاشێت. ئەم زمانەش وا لە گەرووی ئەو شارەزایە لە فەلسەفە، کە دێتە شەقام بۆ هێنانەگۆی خەڵک.
چەمکسازییە فەلسەفییەکان لە شەقامدا دیوی تر وەردەگرن. ئەم شوێنە وەک نێوەندی ئەکادێمیی نییە؛ لەبەرئەوە زەمینەسازییەکانی فەلسەفە لێرە ئامانجی تر دەپێکێت تا هزر لەناو بازاڕ جێگا بەخۆی بگرێت.
کەواتە دەپرسین: کوێ شوێنی ڕاستەقینەی فەلسەفەیە؟ نێوەندی ئەکادێمیی هەروەک شەقام دەکارێت بیری فەلسەفیی بجوڵێنێت و پرسیارسازی خۆی دروستبکات. ڕەنگە زۆرێک پێیانوابێت شەقام ئاستی فەلسەفە دێنێتە خوارەوە. ڕاستە فەلسەفە زمانی تایبەتی خۆی هەیە و ناشێت بەشەقامکرێت، بەڵام بردنی فەلسەفە لە زانکۆوە بۆ شەقام لێزانی دەوێت و کەسی فەلسەفەکار دەبێت بزانێت چۆن فەلسەفە لە خەڵک نزیکدەکاتەوە و خۆشەویستیشیدەکات. هەندێکیش پێیانوایە فەلسەفە لەناو شەقامدا نەشونمادەکات، لەوێ لە خەم و پەژارەیی خەڵک حاڵیدەبێت.
ئەی زانکۆ شوێنێک نییە بۆ دروستکردنی پرسیار؟ بیرکردنەوە؟ باشە کێ لە زانکۆدا ئەمە بکات؟ زانکۆ بۆ فەلسەفە هێجگار پێویستە. ئەوێ تێڕامان دەخاتە دۆخێکی دڕدۆنکانەوە؛ تووڵەڕێیەکانی سەلیقەیی گەڵاڵەبوون بەخۆوەدەبینن و قاڵبوونەوە دەستپێدەکات. لەسەر ئەوەش وەستاوە کێ لە زانکۆ فێربوونی فەلسەفە دەدات و بەناو پێچاوپێچی و خواری هزرماندەبات و تێرامانی فەلسەفیی لە پەژمەرین و سیسبوون دەپارێزێت. کەواتە زانکۆ، نەک شەقام، شوێنی گۆڕینی وێنەیە لەسەر فەلسەفەسازیی وەک ئەرکێکی هزریی و دەرفەتیش لەبەردەم فێربوونی فەلسەفەدا دەکاتەوە.
ئەوەی لە شەقام فەلسەفە دەکات، بەدڵنیاییەوە پێویستە پاشخانێکی چاکی ئەکادێمیی هەبێت و ئاشناش بێت بە مێژووی فەلسەفە. ئەم، کە لەوێ فەلسەفە دەکات، دەزانێت ئێرە شەقامە هۆڵەکانی زانکۆ نییە. ئەوەی لە زانکۆوە دێت بۆ فەلسەفەکردن لە شەقام ئەزموونی فەلسەفەسازی و بیرکردنەوەی هەیە؛ بۆیە بۆ ئەو یەکێک لە ئامانجەکانی فەلسەفەکردن لە شەقام هەر پارچەپارچەکردنی پرسیارە فەلسەفییەکانی فەیلەسوفە مەزنەکان نییە چۆنیەتی کرانەوەشە بەڕووی پرسیارە سادە و خێرا ڕۆژانەییەکانی هاوڵاتیاندا.
لە گۆشەنیگای زۆرێک لە خەڵکی شەقام(خەڵکی عەوام)، تەنانەت ئەکادێمیش، پێیانوایە، کاتێک نووسینێکی، یان کتێبێکی، فەلسەفیی دەخوێننەوە سەریانژاندەکات. ئەم سەرە دەبێت چ سەرێک بێت بە خوێندنەوەی شتی فەلسەفیی ژانکات! ناواخنە سەرنجڕاکێشەکەی نووسینی فەلسەفیی ئەوەیە، کە سەرئێشە ناهێڵێت، کەچی ئەمان وەک سەرچاوەی سەرئێشە تەماشایدەکەن. فەلسەفە لەگەڵ دەرکەوتنیدا چارەسەری لەگەڵ خۆیدا هێنا، هەر لەبەر ئەوە زوو خەسڵەتی چارەسەرسازی تێدا دەرکەت.
حەیف لە دەم و کاتێکدا گفتوگۆ لەبارەی جێگۆڕکێ بە فەلسەفەکردن دێنینەپێشەوە، کە زانستگەرایی و زانینی پۆزەتیڤیستی زاڵە بەسەر بیرکردنەوە و ئەوەش لە هەندێک ڕوەوە هێرشە بۆسەر فەلسەفە و تاوانبارکردنی بەوەی، کە فەلسەفە ئیدی دادمان نادا و بەشێکیشە لە بیرکردنەوەی وڕێناوی و مێتافیزیکیی. واتە ئەم دەمەی ئێستا فەلسەفە کاتەکانی تیا بەسەردەبات دەمی زیرەکی دەستکردە، ئەگەرچی دەمی زیرەکی دەستکرد فەلسەفەی تایبەت بەخۆی دێنێتەکایەوە، لێ ئەم دەمە دەمێکیشە بە ئاسانی لەگەڵ فەلسەفەدا لە کارلێک نابێت.

شەقامی سەردەمی زیرەکی دەستکرد شەقامێکی بێ فەلسەفە نییە

بۆئەوەی شەقامی سەردەمی زیرەکی دەستکرد وەک شەقامێکی بێ فەلسەفە نەبینیین بە چاکی دەزانین بە دوو پرسیار سەرەتای ئەم لقە باسە بکەینەوە: هاتنی تەوژمی زیرەکی دەستکرد باڵ بەسەر فەلسەفەدا دەکێشێت؟ چارەنوسی گفتوگۆ سوکراتیەکان، کە لە ڕیشەدا گفتوگۆگەلێکی شەقامیین، چییان بەسەر دێت؟ دەکرێت بوترێت، کە زیرەکی دەستکرد سەراپای ئەوەی فەلسەفە، مێژووی هزر، پێیگەیشتووە بەهەدەر نادات و فەلسەفەیەکیش تایبەت بەخۆی دەخاتەگەڕ، کە چەپکەبیرکردنەوەیەکی عەقڵیی پوختە. ئەم زیرەکییە، کە بەرهەمی لۆژیکێکی چڕە، مرۆڤەکانی کۆمەڵگە دابڕاوناکات لە فەلسەفە و کاریش بۆ بنبڕکردنی فەلسەفە ناکات.
کاتی زیرەکی دەستکرد کاتێکی پوختە؛ ئەم کاتە مرۆڤی پوخت، کۆمەڵگەی پوخت بەرهەمدێنێت. هەر ئەم کاتە داوای جۆرێکی تر لە بیرکردنەوەی فەلسەفیی، پرسیاری فەلسەفیی دەکات. کاتەکە کێشەی کۆمەڵایەتی و سیاسی جوداوازی دەبێت و ڕاڕایەکانی ئەم کاتەش لە زۆر لاوە لە لەمەوبەری ناکات. چونکە بەهاکان، بوونی مرۆیی تادەکاتە بابەتە ئاکارییەکان بەجۆرێک لەژێرسایەی زیرەکی دەستکرد دا بەرهەمدێن تێگەیشتنی سادە و لاوەکی دەرەقەتی نایەن. کەوابێت، کاتی زیرەکی دەستکرد فەلسەفەیەکی تایبەت بەخۆی پەلەکێشی ناو ئەو کاتە دەکات.
شەقامی سەردەمی زیرەکی دەستکرد شەقامێکی کلاسیک نییە و هەروەک شەقامەکانی سەردەمەکانی تر دابڕاو نییە لە نیگەرانییە بووناوییەکان. لەبەرئەوە ئەم شەقامە تا بکارێت لە ڕووداوەکانی زیرەکی دەستکرد بدوێت فەلسەفەیەکی تایبەت بەخۆی دەوێت.
فەلسەفە لە شەقامی ناوبراودا بوونی پێویستە، تا زانستپەرستی دروستنەبێت و مرۆڤی ژیر نەبێتە پێوانە بۆ مرۆڤی باش، دادپەروەر و مرۆڤدۆست. بەواتایەکیتر، بۆئەوەی ئەم زیرەکییە مرۆڤ بەرەو کۆیلایەتی زانستیی و کۆمپیوتەرپەرستی نەبات، فەلسەفە شانبەشانی زیرەکی دەستکرد چاودێردەبێت بەسەر خودی زیرەکییەوە،.
ژێرخانی شەقامی سەردەمی زیرەکی دەستکرد شەقامێکی بێ فەلسەفە نییە. ئەم شەقامە هەروەک ئەوانیتر چەمکەکانی وەک داد، ئازادی، ئەوینداری، ماف، گەندەڵی و بەختەوەری لا بابەتە. ڕاستە سەردەمی زیرەکی دەستکرد سەردەمی چڕبوونەوەی داتا و زانیاریە، کە لە ڕێگای کۆمپیوتەر و ئامێرەکانەوە دەگات بە شەقام، بەڵام شەقام لەگەڵ کاتدا نوێنەرایەتی ئەو ئامێرانەدەکات و بەکاریشیاندەبات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی.
لەبەرئەوەی زیرەکی دەستکرد جێگرەوەی مرۆڤ نییە بوونی فەلسەفە لەوێندەرێ بێگومانە. فەلسەفە باوەڕی بە زیرەکی دەستکرد هەیە و کاریشیتیادەکات تا زیرەکی مرۆڤ هۆکارێک بێت بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو دیاردانەی ڕێگریدەکەن لە ئازادی و ئارامی مرۆڤی کۆمەڵگەی زیرەکی دەستکرد.
زیرەکی دەستکرد بەجۆرێک لە شەقام خۆی دەخاتەڕوو بەهانەی زیاتر دەدات بە فەلسەفە تا پاساو بۆ ماناوەی خۆی لە بیرکردنەوەی مرۆڤی شەقامی زیرەکی دەستکرد دا بهێنێتەوە. ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت، کە فەلسەفەی زیرەکی دەستکرد لە دەرەوەی بواری فەلسەفە نییە، بەخۆی لقێکە لە فەلسەفەی عەقڵ و فەلسەفەی زانستی کۆمپیوتەر. واتە هەماهەنگیی نێوان فەلسەفە و زیرەکی دەستکرد عەقڵە و قەبارەی وەگەڕخستنی عەقڵیش لەگەڵ هاتنی زیرەکی دەستکرد دا زیاتردەکات.
ئەوەش شایانی وتنە، کە هەرچی بزووتنەوە فەلسەفییەکانە لەگەڵ هاتنی تەوژمی تەکنەلۆژیای زانیاری ڕەوتی فەلسەفییان گۆڕانی بونیادی دێتەسەر، ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی، شەقامی سەردەمی زیرەکی دەستکرد پڕزانیارییە و مرۆڤەکانی ئەم سەردەمەش توانای وتنی خێرا و کردەی خێرایان زۆرە. وێڕای ئەوە، لەم شەقامەدا گفتوگۆی فەلسەفیی بەردەوام دەبێت، بەڵام مرۆڤەکانی ئەم شەقامە بەپێی ئەوەی فرەزانیاریین لە گفتوگۆکانیاندا زۆرتر دەخەنەڕوو و تێڕامانیشیان پتر ئێپیستێمۆلۆژیانە(مەعریفیانە) دەبێت تا پێچەوانەکەی.
مایەوە ئەوەش بوترێت، کە لەبەرئەوەی لەگەڵ هاتنی تەوژمی زیرەکی دەستکرددا زانین بەگشتیدەکرێت، ئەمە وادەکات زانینی زانستی، کە لۆژیکییە، بەرزترببێتەوە لە کۆمەڵگەکاندا، بە کۆمەڵگەی کوردیشەوە؛ زانینی لۆژیکی لە گشت لایەکەوە هێرش دێنێت و باڵ بەسەر ژیانی سادەی تاکەکاندا دەکێشێت. لەم حاڵەتەدا ئەو جۆرە کۆمەڵگەیەی بەرهەمی زیرەکی دەستکردە لێکسیکۆنی فەلسەفەکەی سەرلەبەر جیادەبێت.

فەلسەفە هی هەموانە

سەبارەت بەوەی فەلسەفە هی هەموانە ئەمە بەو مانایە دێت، کە خەڵکی گشتی لێیتێدەگات؟ یان بەپێچەوانە؟ فەلسەفە بۆ هەموان، ئەمە خەمڵاندن نییە، پێموابێش نییە، شتێکی نزیک لە ڕاستییە. فەلسەفە، کە بەشی هەموانی تێدایە میراتێکی مرۆیی هاوبەشە و سەرتاسەریشە. بۆیە ئەم میراتە بۆ بیرکاریزانەکان وەک مێژووکرد و رۆماننووسەکان تادەگاتە خەڵکی سادە پێویستە.
دورخستنەوەی فەلسەفە لە کورد پێماندەڵێت، کە فەلسەفە هی هەموان نییە. بەڵام تێگەیشتنی فەلسەفە هی هەموانە، هاوکارماندەبێت تا ئەوپەڕی فەلسەفە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکانمان بەکاربەرین. ئەوەتا کۆمارەکەی ئەفلاتون پێماندەڵێت فەلسەفە واتە شار؛ شار بێ فەلسەفە شارێکە گشت دژەکان(بێ دادی، گەندەڵی، نەزانین، …) تێیدا بەسەر فەلسەفەدا زاڵدەبن.
ئەوەی لای سەرەوە باسکرا، بەرەو سەرنجخستنەسەر فەلسەفەی گشتییمان Public Philosophyدەبات. ئەم فەلسەفەیە هەر وەک فەلسەفە ئەکادێمییەکە پێویستدەکات بەدەست شارەزایانەوە بێت لە فەلسەفە. لەم گۆشە نیگایەوە، فەلسەفەی گشتی پێویستی بە شیکاری فەلسەفیی هەیە. ئەم شیکارییە خودی فەلسەفە نزیکدەکاتەوە لە زۆرینە، ئەوەش بەهۆی گفتوگۆکردنی نیگەرانییەکانی تاکەوە. گومانیناوێت فەلسەفەی گشتی جۆرە تەمومژاوییەک لەگەڵ خۆیدا دێنێت، لێ لەگەڵ کاتدا دەبێت بڕەوێتەوە.
فەلسەفەزانە ڕۆژئاواییەكان لە یۆنانەوە تائێستا كاریان لەسەر ڕوونكردنەوەی واتای فەلسەفیی فەلسەفەکردووە و ئەوەیشیان لە تێگەیشتنماندا بەرجەستەكردووە، كە بەهۆی فەلسەفەوە لەگەڵ جیهان و خۆمان و ئەوەی تردا لە دیالۆگداین. وەکیتریش، دیالۆگە فەلسەفییەکان دیالۆگگەلێکی هەڵوەشانەوەگەران، یەکدی هەڵدەوەشوێننەوە، ڕەتدەکەنەوە و دواتر ئەوە دەسازێنن، کە پێویستی هزریی مرۆڤە. ئەمە وادەکات، کاتێک فەلسەفە دەهێنرێتە شەقام دەستەواژە فەلسەفییەکان لە ئاڵۆزیی بخرێن.
ئەوەی وترا ئەوەمان پێدەڵێت، کە “”فەلسەفە لە كۆمەڵگە كار بۆ دروستكردنی بەها دەكات و ڕێزگرتن لە جیاوازییەكانیش بەهاداردەكات و ڕەوشتی پێكەوەژیانیش واتابەخشدەكات. ئەڵبەتە هەر فەلسەفەشە هەستی ڕەخنەیی سەبارەت بە كێشەی ڕەوشتی، ژیانی ڕەوشتی، ئەركی ڕەوشتی، پرۆسەی ڕوناكبیری و…. هتد دروستدەكات و پرسیاری مرۆڤیش لەسەر مرۆڤ دەوروژێنێت””.
بەپێی تێگەیشتنی لوك فێری Luc Ferry فەلسەفە بریتیی نییە لە “ڕۆشنبیری گشتیی”. دیارە ئەمەیش ئەوە ناگەێنێت مرۆڤەكان هەوڵنەدەن تێگەیشتنیان لەسەر فەلسەفە نەبێت. هۆی ئەمەیش بۆ دوو شت دەگەڕێنێتەوە: لەلایەك لەبەرئەوەی “بەبێ فەلسەفە ناتوانین لە جیهان بگەین”. لەلایەكی تر لەبەرئەوەی “دیدی ئێمە بۆ جیهان، كە لەمیانەی مێژووی هزرەوە پێكهاتووە پێویستمان بەوەیە لە ناواخن و لۆژیكی ئەم دیدە بگەین”. لوک فێری بۆچوونی وایە، کە گومانی ناوێت، كە خوێندنەوەی كەلەپووری هزری مرۆڤایەتیی یارمەتیی ئەوەمان دەدات باش و سەربەستانە بژیین. “هەندێك لە هزرەڤانە هاوچەرخەكانیش پێیانوایە ئەوان بۆ خۆشی فەلسەفە ناكەن و تەنانەت لەبەرئەوەیش فەلسەفە ناكەن تا باشتر لە خۆیان یان لە جیهان بگەن، بەڵكو بۆئەوە فەلسەفە دەكەن تا خۆیان بپارێزن”.

ستێفن ھاوکینگ بەرهەمی گفتوگۆ زانکۆییەکانە نەک شەقام

ستیفن ھاوکینگ Hawking لە بازاڕ دروستنابێت؛ ئەم بەرهەمی زانکۆ و توێژینەوە پڕدژوارە فیزیاییەکانە تایبەت بە گەردوونناسی. بۆیە لێرەدا دەپرسین: دەتوانین گفتوگۆ گەردووناوییەکانی ھاوکینگ ببەینە ناو بازاڕ؟ بەڵێ بەو مەرجەی وردەکارییە ئێپیستێمۆلۆژییەکانی(مەعریفییەکانی) فەلسەفە فیزیاییەکەی دەستکارینەکەین. گەروابێت ئەوا ئەو جۆرە گفتوگۆیە تێنەگیشتن لە شەقام دروستدەکات، ئەوەش لەوسەرەوە بێزاری دروستدەکات.
بازاڕ لەگەڵ تێنەگیشتن پەیوەندی باش نییە و بیرکردنەوەی تریش لە تێنەگەیشتنەکانەوە دروستناکات. ئەی چیبکرێت؟ باشترە فەلسەفەی فیزیای هاوگینگ لە درشتیا جێهێڵرێت بێ چونە قوڵاییە گەردووناوییەکان. واتە دەبێت بزانرێت چۆن گفتوگۆکان بەرەو ئایین، مرۆڤ، بوونی خوا دەبرێت.
لە بازاڕ، هەردەم گفتوگۆ لەسەر باشە و خراپە، دیندار و بێ دین، داد و بێ دادی، ئیماندار و بێ ئیمان، بەڕەوشت و بێ ڕەوشت ئامادەبوونی خۆی هەیە. بۆیە دەبێت بزانرێت چۆن گفتوگۆی نێوان فەلسەفە و فیزیا دەهێنرێتە ناو شەقام.
بازاڕ بازاڕە، پێوەری تایبەت دەیباتەڕێوە. ئەگەرچی زانکۆ ئەمرۆ خەریکە ملکەچی بازاڕ دەبێت و گوێ لە داواکانی دەگرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، لەکۆتایدا، هەر زانکۆ دەبێت سنور بۆ قەڕاڵستانی بازاڕ دانێت و کار لەسەر بەمرۆیبوونیشی بکات.
بیردۆزە فیزیاییەکانی ھاوکینگ سەبارەت بە یەزدان و ڕەچەڵەکی گەردوون لە شەقام وەک خۆی جێگای خۆی ناکاتەوە، چونکە ئەو بیردۆزانە پێویستی بەجۆرێک لە ڕوناکبیریی فیزیاییە، کە لە شەقامدا دەستناکەوێت.
ڕاستە، کە ئێمە داکۆکی دەکەین لە دروستکردنی گفتوگۆی فەلسەفیی سەبارەت بە فیزیا، کە ئەوانەش دەمانبەن بەرەو دەڤەری تر لە گفتوگۆ، کە ڕەنگە ئەو هەل و مەرجە لە بازاڕ(شەقام) دەستنەکەون، بۆیە دەبێت خۆمان لەو ڕاستییە گێلنەکەین، کە شەقام زانکۆی ئۆکسفۆرد و کامبریج نییە، شەقام شەقامە و هیچیتر. هەر بۆنموونە، گەردوون، کە سیستمێکی ئاڵۆز و ناهەڕەمەکیی و ناشێواوە، لەناو بازاڕ بەو ئاڵۆزییە گفتوگۆناکرێت، کە لە نێوەندی ئەکادێمی فیزیادا گفتوگۆدەکرێت.
تێگەیشتنەکانی ھاوکینگ، کە زۆرجار دەمانبات بەرەو بەستنەوەی دۆزەخ و بەھەشت بە بوون و نەبوونی یەزدانەوە، ناکرێت لە بازاڕدا ئەو گفتوگۆیانە بەو جۆرە سازبکرێت، کە فیزیای هاوچەرخ لە زانکۆ کاریتیادەکات. بەڵام ئەمە ئەوەش ناگەیێنێت، کە زانکۆ توانیویەتی ئەو جۆرە بیرکردنەوانە بنبڕکات، کە لە بازاڕ دا جمەی دێت.
شەقام شپرزە و قەرەبالغە، بەڵام هێشتا بیرکردنەوەی تیایە. ئەو بیرکردنەوەیەی لە شەقام دا هەیە تایبەتمەندی خۆی هەیە. شەقام وەک زانکۆ نییە، ئەوێ شوێنی ململانە ڕۆژانەییەکانە لەپێناو بژێوی ژیان. لەوێ پرسیاری تر بەرهەمدێت، کە لە هۆڵەکانی زانکۆ دروستنابێت. هەروەها کێشەکانی شەقام ڕەسەنترن و نوێنەرایەتی ڕاستەوخۆی ژیاندەکەن، و توانای جوڵانەوەی پرسیاری سیاسی، ئابووریی و کۆمەڵایەتیشیان هەیە.

بردنی فەلسەفە لە هۆڵەکانی خوێندنەوە بۆ سەر جادە

لە شەقام لە پرسیارە فەلسەفییە قوڵەکانەوە دەچین بۆ پرسیارە فەلسەفییە سادەکان. بەڵام لە زانکۆ لە پرسیارە فەلسەفییە قوڵەکانەوە دەچین بۆ پرسیارە فەلسەفییە دژوار و گومڕاکان. بۆنموونە، تێگەیشتن لە ئارگیومێنتە فەلسەفیەکان دژواریی خۆی هەیە؛ ئەمە لە هۆڵەکانی زانکۆ ئاساییە تێنەگەیشتن دروستبکات، بۆیە گواستنەوەی بۆ شەقام سەلیقەیی و کارزانیی دەوێت.
لەبەرئەوە شەقام بۆ ئەو تێگەیشتنە بەکاردەبرێت، کە چۆن فەلسەفە بتوانێت ژیانت بگۆڕێت، واتلێبکات چێژ لە ژیانکردن وەرگریت. واتە دەکرێت لە شەقام ئەو تەماشاکردن و تێگەیشتنە لەسەر فەلسەفە دروستکرێت، کە فەلسەفە بۆ ئێمەیە و لە ناو چەقی ژیاندا ئامادەیە. ڕوونکردنەوە ئەگەرییەکانی تر، کە بابەتی سەرەکیی فەلسەفەن باشترە لە نێوەندی ئەکادێمییدا بوروژێنرێت، کە لەوێدا ئاساییە ئەو کێشە فەلسەفییە سەرەکییانەش لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت، کە بۆ فەیلەسوفەکان ماناداربوونە.
بەپێی ئەوە بێت، کە لایسەرەوە قسەی لەبارەوە کرا، شەقام زانکۆ نییە، لێ شوێنێکی چاکیشە بۆ جوڵانەوەی پرسیاری فەلسەفیی تایبەت بە ژیان: یەزدان، ڕاستی، داد، شادی، ، چێژ، قەدەر، بەختەوەری، درۆ و….. . لەبەرئەوەی ئەم چەمک و دەستەواژانە هی هەموانە ساناترە گفتوگۆکردنیان لەچاو هەندێک چەمک و زاراوەی تر: ڕەچەڵەکی گەردوون، مانای نائاگایی بۆ ئاگایی، دەرئەنجامی زانین، بەڵگەسازیی، دیالۆگی دەروون و عەقڵ و پاساوی لۆژیکیی و….. .
لەوەی لایسەرەوە وترا، دەبێت ئەوەی لێوەفێربین، کە بەدواداچوون بۆ مێژوو و نەشونمای دیدە فەلسەفییەکان لە جیهانی ڕۆژئاوادا بۆ نێوەندی زانکۆ پێویستییەکی هزریی و زانکۆییە، لێ ئەمە بۆ شەقام ئەو پێویستە نییە، یان هیچ نەبێت چوونە قوڵایی دیرۆکی لەمێژینەی فەلسەفەی رۆژئاوا بۆ شەقام ئەو گرنگە نییە و وروژاندنیشی ناتێگەیشتن دروستدەکات.
گواستنەوەی فەلسەفە لە زانکۆوە بۆ شەقام گرنگیی خۆی هەیە، بەڵام ئایا بەوە فەلسەفە پێگەی ئەکادێمیی و ڕوناکبیریی خۆی لەدەست دەدات؟ ئەڵبەتە نەخێر. فەلسەفە، کە دێتە شەقام، لەسەر دەستی شارەزا و پسپۆر لە فەلسەفە، ئەوکات زۆرتر لە خەڵک، لە جەماوەر نزیکدەبێتەوە. ئەمە ڕێگایەکیشە بۆئەوەی پرسیارە فەلسەفییە مەزنەکان ڕووبەڕووی خەڵک بکرێنەوە و بەشداریشیانپێبکرێت بۆ دۆزینەوەی وەڵام و وروژاندنی بیرکردنەوە.
ڕێگاکە، باشترین ڕێگایە بۆ زیندوو هێشتنەوەی فەلسەفە و نزیککردنەوەشی لە ژیان. بەمە فەلسەفە لەوە دەکەوێت وشک و توند دەرکەوێت و خۆی سەروی کۆمەڵگە نیشاندات. هەر ئەم ڕێگایە گەڕانەوەی فەلسەفەیە بۆ سەرەتاکانی دەرکەوتنی فەلسەفە و کردنیشی بە بەشێک لە تێڕامانی بەردەوام.
کاتێک فەلسەفە تەنها لە هۆڵەکاندا گیردەکرێت، ئەمە وا لە فەلسەفە دەکات خۆی دابڕاو و دەستەبژێریی نیشاندات. بۆیە فەلسەفە پێویستی بەوەیە لە هۆڵەکان وەدەرنرێت و تاو تاوێک بچێتە شوێنە گشتییەکان (پاڕک، گۆڕەپان،قاوەخانە، … ) و ئەو بابەتانە گفتوگۆبکات، کە کێشەی رۆژانەی هاوڵاتیانن؛ لە کێشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانەوە تادەگاتە کێشە رەوشتی و دەروونی و بووناوییەکان.
بە بردنی فەلسەفە لە هۆڵەکانی خوێندنەوە بۆ سەر جادە فەلسەفە ئەو بەرگە توڕدەدات، کە بەزۆرکراوە بەبەریا؛ بەرگێک، کە هەمیشە پێماندەڵێت فەلسەفە وشک و ئاڵۆز و ڕەقە.
ئەم هاتنەسەر جادەیەی فەلسەفە وا لە فەلسەفە دەکات وەک هی هەموان تەماشابکرێت، وەک ئەوەی فەلسەفە ئەوەیە، کە پێویستمانە و دەتوانێت قسەمان لەسەربکات. تا وایلێدێت وردە وردە فەلسەفە خۆی دەکات بە گشت شوێنێکی ژیانمان؛ ناو خێزان، کتێبخانەکان، قاوەخانە کولتووریی و باخ و شوێنە گشتییەکانیتر.
وێڕای ئەوە، کاتێک فەلسەفە لە هۆڵی وانە و سێمینارەوە دێتە شەقام خۆی پتر دەناسێنێت و زۆرتر لەسەر خۆی دێتەگۆ. فەلسەفە، کە ناسراوە بەوەی گفتوگۆی شتی جیاوازدەکات، لە شەقامەوە دەستدەکات بە روژاندنی گفتوگۆی نوێ و پێویست.
بابەتەکانی شەقام دەکرێت خۆی لە بابەتگەلی وەک تەنهای، ئازادی، بێدەنگی، خەمۆکی، بەختەوەری، بێهیوای و بێباکی و زۆرێک چەمک و دەستەواژە بدات، بەڵام ئەوانەی کۆری سەرشەقام رێکدەخەن دەبێت لە مێژووی هزر و فەلسەفە شارەزابن و توانای رونکردنەوە و ڕاڤەی دیاردەکانیان بە سەلیقەیی و سانایی هەبێت.
بردنی فەلسەفە لە هۆڵەکانی خوێندنەوە بۆ سەر جادە جێ پەنجەی زانکۆ، نێوەندی ئەکادێمیی، بە شەقامەوە دیاردەبێت. بەو مەرجەی پسپۆر لە فەلسەفە توانای جوڵاندنی پرسیارەکانی شەقام و نیگەرانییەکانی خەڵکی هەبێت. لەم بارەیەشەوە ئەزموونی فەیلەسوفی فەرەنسی میشێل ئۆنفرێ Onfray و روناکبیری ئەمەریکی ئیان ئولاسۆڤIan Olasov سەبارەت بە فەلسەفەکردن لە شەقام جێگای باسن.
کاتێک فەلسەفە لە هۆڵەکانەوە بەرەو شەقام دەبەین گرنگ لەوە بەئاگابین، کە بابەتی فەلسەفە زۆرن. ڕەنگە بەشێکییان ئەوانەبن، کە ڕۆژانە ڕێکەوتی دەکەین: داد چییە؟ بۆ دادپەروەری دەبێت هەبێت؟ زانین چییە؟ ئەڤین یان جەنگ چییە؟ باشە یان خراپە چییە؟
کێش لەوێ، لە شەقام، قسە لەم پرسیارانە بکات و چۆن فەلسەفەکردن لە شەقام بکرێت ئەوەش بابەتن بۆ بیرکردنەوە. واتە پرسەکانی ڕۆژ پێویستدەکات زوزو فەلسەفەیان بەسەرەوە بکرێت. بەس لەسەر ئەوە وەستاوە کێ ئەوە دەکات؟ لەبارەی پرسەکانی ڕۆژیشەوە دەبێت جیاوازیبکرێت لەنێوان ئەوانەی سەبارەت بەم پرسانە چەنەلێدەدەن، زۆربڵێی دەکەن و ئەوانەش حیکمەتدەفەرموون.
بەڵگەشمان لەسەر بردنی فەلسەفە لە هۆڵەکانی خوێندنەوە بۆ سەر جادە ئایاری 68 ی پاریسە، کە لە سەردەمی نوێی فەلسەفەدا باشترین نموونەیە لەسەر فەلسەفەککردنی شەقام. بیرمەندە فەرەنسییەکان ئەو دەمە خۆیان و خوێندکارەکانیان هاتنە سەر جادە بۆ دروستکردنی فشار و هێنانەکایەوەی گۆڕانکارییە بنەماییەکان. ئەمەش وایکرد لەدوای خەباتی شەقامی ئایاری 68 ی پاریسەوە فەرەنسایەکی تر لەدایک بێت.




خانەقای میرزا خانەقایەک بۆ حەقیقەتە مێژووییەکان.. ئیدریس مستەفا

باسێک لەسەر رۆمانی “خانەقای میرزا”ی میران ئەبراهام
نوسینی: ئیدریس مستەفا

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە بە PDF کلیکی ئێرەبکەن..

“ڕۆمان دەتوانێ ئەوە بڵێت کە ناتوانرێت بە هیچ ڕێگەیەکی تر بگوترێت، هیچ چالاکییەکی هزریی تر نابینم بتوانێت ئەوە بکات کە ڕۆمان پێیدەکرێت، ڕۆمان هەموو ئەو تەڵانەمان بۆ تاقیدەکاتەوە کە ژیانمان کەوتووەتە ناویان.” میلان کۆندێرا.
” رۆمانەکانی میران ئەبراهام هەردەم تێڕامان و پرسیار بەجێدەهێڵن لە لای خوێنەر. ئەو وەڵامەکان بۆ ئێمە بەجێدەهێڵێ تاکو بە دوایدا بگەڕێین لە پشت دەرگا کڵۆم دراوەکانەوە. میران ئەو کارە باشەمان لەگەڵ دەکات کە دەرگاکانمان پێ نیشان دەدات بەڵام کلیلەکان دەبێ خۆمان بیاندۆزینەوە.”


خانەقای میرزا، رۆمانێکی تری نوسەری کورد میران ئەبراهامە کە بەهاری ساڵی پار، ساڵی ٢٠٢٣، لە دوو توێی نێزیک بە ٤٠٠ لاپەڕەییدا بڵاوکرایەوە. رۆمانی خانەقای میرزا رۆمانێکی مێژوویی نیە بەو مانایەی مێژوو بنوسێتەوە و تەواو، بەڵکو مێژوو بکاتە وانەیەک و بیخاتە بەردەممان بۆ تێگەیشتنمان لە ئێستا و هەڵوێست وەرگرتنیشمان بەرامبەر بەو کەسێتی و قەوارە و رەمزە سیاسی و رۆشبیریانەی دنیای ئێمەیان قۆرخ کردووە. خانەقای میرزا کە ماڵی باوکی جەلالی میرز اکەریمە، دەبێتە ویستگەیەک بۆ نوسینەوەی رووداوەکانی دەورەیەک لە مێژووی ئێمە، ئەو رووداوانەی نەک تەنها چارەنوسی سیاسی ئێمەیان دیاری کرد تاکو ئەمڕؤکە بەڵکو رەنگڕیژی نێوەندێکی رۆشنبیریشیان بۆ نەخشاندین کە پرە لە ئاڵۆزی وناسازی و نەنگی و نادادی. رۆمانەکانی میران ئەبراهام وەک هەمیشە شەڕی مافخوراوان و مافخۆرەکانی مێژوو دەکات، شەڕی ئەو ناودار و هێز و سەکۆیانە دەکات کە لەسەر شانی ئەوانی تر دەرکەوتوون و بنیات نراون. خانەقای میرزا ئەو رۆمانەیە شەڕێکی جیاوازتر دەکات کە تایبەتە بە چین و توێژێکی سیاسی و ئەدەبی وەها کە بۆخۆی پڕکێشەترین و ئاڵۆزترین خەڵکانی ناو کۆمەڵگەن.

رووداوەکانی رۆمانی خانەقای میرزا
رووداوەکانی ناو ئەم خانەقایە لەسەر دوو بەرەی گرنگی دنیای سیاسی ئێمە چەپ و راست/ ناسیۆنالیزم و سۆشیالیزم یاخود بە کوردیەکەی بڵێم قەومیەکان و شیوعیەکان، رەمزە ئەدەبی و رۆشنبیریەکان لە نیوان ئەم دو بەرەیەدا دەجێتە پێشەوە بە پاڵەوانێتی خێزانێک (میرزا کەریمی ئەحمەد ناڵبەند) بە تایبەت تاکێک لەو خێزانە بە ناوی “جەلالی میرزا کەریم.” من لێرەدا هیچ شتێک لەوانە نانوسمەوە و ناڵێم کە پێشتر نوسراون و گوتراون لەسەر ئەم رۆمانە. خوێندنەوەی من بۆ رۆمان بەگشتی و ئەم رۆمانە بەتایبەتی زۆرتر خوێندنەوەیەکی سیاسیە چونکە خودی رۆمان بە سروشت سیاسیە. هەموو ئەو رەگەزانەی لە رۆماندا هەیە، بەتایبەت ئەم رۆمانی خانەقای میرزایە، وەک زەمەنەکەی و مەکانەکەی و رووداوەکانی و کاراکتەرەکانی سیاسین.
ئەوە دروستە ئەم رۆمانە باس لە رووداوە مێژووییەکانی کۆمەڵگە و وڵاتێ ئێمە دەکات بەڵام کەمتر دەچێتە قاڵبی رۆمانێکی مێژووییەوە چونکە دانەبڕانێکێکی زەمەنی و مەکانی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت رۆشنبیریش هەیە کە وادەکات ئەو رووداوانەی لە دەیەی سیەکانی سەدەی پێشووەوە کە میران لەم رۆمانەدا باسیان دەکات هیچ کات ون نەبوون لە دنیای ئێمەدا و بەردەوام روویانداوە و ئیستاکەش وا بە بەرچاومانەوە روودەدەن گەر بەشیوەیەکی خراپتر و ترسناکتر نەبێ.
رۆمانی سیاسی واتە دەم لێدان لە هەموو بابەتە سەرەکیەکانی کۆمەڵگە هەر لە سیاسەت وەک خۆی و سیاسەتی حزبی و دەسەڵاتدارێتیەوە تا دەگات بە ململانێ رۆشنبیری و ئەدەبی و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان کە دەرهاویشتەی ئەو بارودۆخە سیاسیەن. رۆمانی سیاسی هەر بە مانای ئەوە نیە باسی سیاسەت دەکات و تەواو بەڵکو ئامانج لێی ئاگادار کردنەوە و هۆشیارکردنەوەی خەڵک و کۆمەڵگەیە بە گشتی و مینەکردنی ئەو حەقیقەتە ونبوانەی کە بزرمان کردوون یاخود لێمان بزرکراوە و دەبێ بیاندۆزینەوە تاکو نەوەی دادێ وەک نەوەی ئیستا و رابردوو نەبێت کە ئەنفالی کەمینە رەسەنەکانی خۆیان کرد بۆ شتێک کەچی دوایی خۆشیانی ئەنفال کرد.

بۆچی میران ئەبراهام
ئەوانەی لە دنیای سیاسەتدا دەژین و لە بواری سیاسەتدا شت دەنوسن و سیاسەت وەک زانستێک سەیر دەکەن گەر بەلای بابەتێکی ئەدەبیدا بچن ئەوا ئەو بابەتە گرنگیەکی خۆی هەیە؛ نەک لەبەرئەوەی ئەوان گرنگن بەڵکو لەبەر ئەوەیە ئەو دەقە ئەدەبیە گرنگە و باس لە بابەتێک دەکات کە سەرجەم لایەنی مێژویی و سیاسی و قەومی و چینایەتی و ئاینی و ململانێی نێوەندەکان وەک نیوەندی ئەدەبی و سیاسیەکانی رووماڵ کردووە لەسەر بنەمایەکی مەوزوعی وەها کە بە ئینسافانە و دوور لە رق و کینەی شەخسی نوسراوە. خانەقای میرزا ئەو بەرهەمەیە کە بەرجەستەیە بەو ئاماژانەی سەرەوە.
میران ئەبراهام خۆی بەرهەمی ئەو کارەسات و رووداوە دڵتەزێنانەیە کە تێیدا لە دایک بووە بۆیە دەبینین یەکسەر خوێنەری تایبەت بەلای خۆیدا رادەکێشێ و ئەو دڵشکاویەی ئەو دیویەتی وەک کەمینەیەکی غەدرلێکراوی کوردی بە هەر وشەیەک و رستەیەک و لاپەرەیەکەیەوە دیارە بەڵام ئەوەی حونەرە ئەو هەردەم پەیامی بەخشندەیی و لێبورەدەیی بڵآودەکاتەوە و تەنها مەبەست لێی ئەوەیە بڵێ ئێمەش لێرە بووین، ئێمەش مرۆڤین بەڵام بە ناسنامەیەکی کوردیەوە. کوردبون بە مانا سیاسیە ناسیۆنالستیەکەی نا بەڵکو بە مانا مرۆیی و فەرهەنگی و کەمینەیی و ستەم لێکراوییەکەی و نیشتمانیەکەی. بۆیە کەسێتی نوسەر یەکێکە لەو رەگەزە سەرەکیانەی نوسین کە وا لە نوسەرەکە دەکات هەر شتێک دەیڵێت بە سروشت وابووە نەک دروستی کردبێ چ لە دانانی وشەکانی و نوسینی رستەگەلەکانیەوە تاکو رووداو و چیرۆکە راستەقینەکانی ناو رۆمانەکانی.
لە خانەقای میرزادا ئاستی وێژەیی زمان و داڕشتن و لە یەکدانی وێنەی رووداوەکان و وێنەکێشانی کاراکتەرەکان ئەوەندە بەرزە مرۆڤ دڵخۆش دەبێ کاتێک دەبینێ نوسەری رۆمان بەو ئاستە بەرزەوە لە نێوەندی ئەدەبی ئێمەدا دروست بووە؛ چونکە لە دوای راپەڕینەوە هەندێ لەو رۆمانانەم دیتووە کە زۆر گەورە کراون لە نێو رۆشنبیری ئێمەدا، بە رادەیەک خراپ و بێ کەڵکن پێم سەیرە ئەو هەموو خوێنەرەی هەیە هەرچەندە لێرەدا ئەو قسەیەی شۆپنهاوەر وەک نەقشی سەر بەرد دەسەلمێ کە دەڵێ ئەو کەسەی بۆ بێ ئاگاکان دەنوسێ خاوەنی زۆرترین خوێنەرە. دیارە من لێرەدا ناچمە ئەم بوارەی رۆمانەکەشەوە چونکە من زۆرتر بە دوای ئەو مانا و مەغزا و پەیامە گرنگ و ئازا و بە جورئەتانەوەم کە ئەم رۆمانە لە بن هەنگڵی خۆیدا هەڵیگرتووە وەک رووداوە سیاسیەکانی و ئەو بەریەککەوتە کۆمەڵایەتی و ئەدەبی و رۆشنبیریانەی ئەو دەورەیە و درێژبوونەوەی بۆ رۆژگاری ئێستامان.

رۆمان و نوسەری کوردی، رۆمان و نوسەری بیانی
دوو خاڵ بە گرنگ دەزانم لەم بارەیەوە باسی بکەم. یەکەم، جاران هەروەها ئیستەش بابەتە ئەدەبیە ئەجنەبیەکان، بەتایبەت ئەوروپیەکان، لە نێوەندی ئەدەبی ئێمەدا بە پلەیەکی باڵاتر لە ئەدەبی خۆمان دەبینرا. ئەم دیدە هەقانیەتی خۆی هەبوو تا دەورەیەک و ئیستەش لەوانەیە وابێ بەڵام بۆ هەموو بەرهەمێک و خامەیەک و نوسەرێک نابێ وابێ بە تایبەت لە ئێستادا ئێمە خاوەن هەندێ بەرهەم و نوسەری خۆماڵی و بە توانای واهەین کە بتوانین بێ خەم بین لەو بارەیەوە. دووەم، لە دوای نەوەدەکانەوە لە نیوەندی ئەدەبی و رۆشنبیری ئێمەدا ئەو عەقڵەیەتە پەیدابوو کە بۆ ئێمەش نوسەری ئەدەبی بەتایبەت رۆماننوسی خۆمانمان نەبێ، بۆیە گەڕان و دەسگرتن بە دوای نوسەرێکی وەهادا بەهەر نرخێک بێ دەبوو پەیداببێ. سەرەتا و ناوەڕاستی دەیەی نەوەدەکان دەرفەتێک بوو بۆ هەندێ خامە بەدەستی کورد ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە لە هەندێ بواری ئەدەبیدا لەوانە رۆمان نوسین. چەکی دەستی ئەو خامە بەدەستانە توانای داڕشتنی نوسین و شارەزایی لە وشە ریزکردن و دانانیان لە رستەدا بوو. ئەم جۆر و شێوازە لە نوسین ئیستاش دیاردەیەکی بەهێزی خراپی ئەم نێوەندەی ئێمەیە تا جۆرێک لە خوێنەری دروست کردووە کە هەڵخەلەتاون بەو وشە مرواری و رستە زەنگیانانەی بەرهەمەکانیانی پێ دەڕازێننەوە کە لە بنەڕەتدا خاڵین لە بابەتی هزر و دیدگەیی. کاتێک مەبەست لە بەرهەمێک هەر رازاندنەوە بێ بە وشەی مرواری و رستەی زەنگیانەیی ئەوا خامەی ئاوها هەرگیز ناتوانی بەرهەمی عەقڵ و خەیاڵ و سروشی خۆی بێ بەڵکو هی شوێنی تر و کەسی تر دەهێنرێ و قاڵبێکی کوردانەی لی دروست دەکرێ و دەرخواردی خوێنەری نێوەندەکە دەدرێ.
ئەم حاڵەتەی باسمان کرد سەرئەنجامەکەی جگە لەوەی خوێنەرگەلێک دروست دەبن مەست و مەخمور بە دیار وشە و رستەی جوان و بریقەدارەوە کە لە رووی هزریەوە خوێنەری تەمەڵ دروست دەبن چونکە ئەو بەرهەمە ئەدەبیانە پرسیار دروست ناکەن بەڵکو وەڵامی حازر بەدەستیان پێیە و خواستیانە خوێنەر قەناعەت پێ بێنن بەوەی دەینوسن و دەیڵێن، گەر لە دێڕی یەکەم و دووەم و پەەرەگرافی یەکەمدا دا نەبوو، ئەوا ئەوا لە لاپەرەی یەکەمدا ئەگەرنا بۆ لاپەڕەی دووەم و بگرە گشت پەڕەکان هەر بە دوای ئەوەیە خوێنەر موعجبی خۆی بکات بەو تەنتەنە و مەنتەنانەی دیانهێنێ لە وشەو ناو و رستە و رووداوی خەیاڵاوی.
رۆمانی کوردی بۆ ئەوەی جیهانی بێ دەبێ محەلی بێ بەڵام چۆن محەلی بوونێک. رۆمانی خانەقای میرزا باس لەو رووداو و کێشانە دەکات کە تاسەر ئێسقان کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە و وڵات دانا تا وای کرد ببێت بە بەشێک لەو ئاڵوگۆرە ناوچەییانەی کە لە نەخشەی سیاسی نێودەوڵەتیدا جێگەی خۆی پیشاندا بەوەی چارەنوسی سیاسی وڵاتەکەی دیاریکرد لەو رۆژەوە تاکو ئیستا. دیارە ئەوەی ئەو رەونەقە لە ئاستی جیهانیە دەبەخشێ ئەو ماک و مۆرکە خۆماڵیەیە، ئەو بارودۆخ و رووداو و کەسێتی و کاراکتەرە خۆماڵیانەی کە لە رۆمانەکاندا پێشکەشی خوێنەر دەکرێ. من دەزانم رۆمانی تر هەن و من نەمدیون لەبەر زۆر هۆکار بەڵام میران ئەبراهام و رۆمانەکانی هیوای هەر خوێنەرێکی تامەزرۆ و بە ئاگا و رۆشنبیری جدیە کە لە مانا و چێژی رۆمان تێ بگات و رۆمانی خانەقای میرزای یەکیکە لەو بەرهەمە گرنگ و بەپێز و لە هەمان کاتدا تاڵانەی باس لەو دەورە سیاسیە و رووداوەکانی دەکات کە چارەنوسی هەم کوردستان و هەم عێراق و ناوچەکەشی لەگەڵ خۆیدا گۆڕی و ئێمە لە ئیستادا بەرهەمی ئەو رووداوانەین.
گەڕآنەوە بۆخاڵی یەکەم:

رۆماننوس و رۆشنبیرە جیهانیەکان کێ بوون؟
نوسین هەر بە تەنها یەک لایەنە نیە کە توانای وێژەیی و مەعریفی نوسەر پیشان دەدات بەڵکو لایەنی مۆراڵی و شەخسیەتی نوسەریش بەشێکی گرنگە و لیی دانەبڕاوە، بگرە جمکێکی لە دایکبووی یەک سکن. بەرهەمە بیانیەکان بە خۆیان و نوسەرەکانیانەوە، زۆربەیان نەک هەر لەو ئاستە ئەدەبی و هزریدا نین بەڵکو لەو ئاستە مۆراڵی و ئینسانیەشدا نین کە ئێمە وادەزانین ئەوانە لە ئەوجی وێژە و ئینسانی بووندان. یەک ناوی نوسەریکی کۆن دەبەم وەک ڤیکتۆر هۆگۆ نوسەری فەرەنسی کە لە سەدەی نۆزدەدا ژیاوە چەندان بەرهەمی ئەدەبی و سیاسی هەیە. هەروەها ئاماژە بە دوو گروپە جیهانیەکەی دوای جەنگی جیهانی دووەم دەدەم کە ناسرابوون بە کۆنگرەی رۆشنبیری/ئەدەبی بۆ ئازادی و بە گروپی نوسەرە ئەنتی چەپەکان کە لە ٣٥ وڵات نوسەری جۆراوجۆریان هەبوو کە راستەوخۆ لە لایەن دەزگای هەواڵگری ئەمریکیەوە (سی ئای ئەی) پشتیوانی دەکران.
ڤیکتۆر هۆگۆی مرۆڤدۆستی فەرەنسی و راسیست و دژە مرۆڤی ئەفریقی و رەش…
ڤیکتۆر هۆگۆ هەندێ کاری باش و ئینساندۆستی هەبووە لە وڵاتی خۆی و هەنگاویشی ناوە لەو بوارەدا و لێرەدا ناچمە وێزەی ئەو شتانەی بەڵام باس لە رۆمانە بە ناوبانگەکەی دەکەم، قەمبوورەکەی نۆتردام، کە لەوێدا چی دەڵێ و لە بوارە ئینسانی و سیاسیەکەیدا چی دەڵێ. لە رۆمانی قەمبوورەکەدا جوانترین و ئینسانیترین بابەت باس دەکات کە چۆن کەسێک نابوت و شێواوە لە شێوەدا بەڵام چەندە جوان و مرۆڤدۆستە لە ناخیدا. ئەمە وەک ئەدەب، بەڵام وەک سیاسەت و فکر پێچەوانەی ئەوە شت دەڵێت. ئەو مرۆڤی ئەفریقی بە کەمتر لە مرۆڤی سپی تەماشا دەکات و بگرە پێی وایە مرۆڤی سپی مرۆڤی رەشی دروست کردووە و رەش پێشتەکان ناشارستانی و دواکەوتوو و داوا لە فەرەنسا دەکات کیشوەری ئەفریقیا داگیر بکەن و مرۆڤی رەش فێری شارستانیەت واتە ئینسانیەت بکەن. واوەتر دەڕواو و دەڵێ هەر وەک چۆن خوا زەوی داوە بە مرۆڤ ئاوهاش کیشوەری ئەفریقیای داوە بە ئەوروپیەکان و فەرموون بیبەن بۆخۆتان.

گروپی نوسەر و رۆشنبیرەکانی سی ئای ئەی
کتێبی “کێ پارەی زوڕناژەنەکان دەدات” لە نوسینی فرانسیس ستۆنەر ساندەرس کە ساڵی ١٩٩٩ بڵاوبۆیەوە. هاوکات لەگەڵ ئەو کتێبەدا هەندێ راپۆرت لە کتێبخانەی سی ئای ئەیەوە بڵاوکرانەوە. ئەو کتیبە و راپۆرتەکان باس لە دەورانی جەنگی سارد دەکەن. باس لە پێکهێنانی رێکخراوێک دەکات بە ناوی “لە پێناوی ئازادی رۆشنبیریدا” لەگەڵیدا باس لە دروستبوونی دوو جوڵانەوەی گەورەی رۆشنبیری جیهانی رۆژئاوا دەکات کە چۆن خزمەتی سیاسەتەکانی دەزگای هەواڵگری ئەمریکایان کردووە (سی ئای ئەی). ئەم رێکخراوە و جوڵانەوە کانی دوو ئامانجی سەرەکی هەبوو. ئامانجە سیاسیەکەی وەستانەوە بوو بەرەو رووی بلۆکی کۆمۆنیستی یەکێتی سۆڤیەت بەڵام ئامانجە فکریەکەی کە ئەمە جەوهەری مەسەلەکەیە بڵاوکردنەوەی ئەو بەرهەمە ئەدەبیانە بوو کە لە فکردا دژ بە ئایدیۆلجی کۆمۆنیزم بوون وەک قوتابخانە فکری و کۆمەڵایەتی و ئینسانیەکەی و پیشاندانی ئەم دنیای سیستەمی سەرمایەداریەی لیبراڵ دیموکراسیە وەک بەهەشتی سەر رووی زەمین و لە بەرامبەریشدا پیشاندانی دنیای کۆمۆنیستی سۆڤیەتی وەک دۆزەخی سەر رووی زەمین .
زۆرن ئەو نوسەر و رۆشنبیر و شاعیرە گەورانەی تەنانەت فەیلەسوفانی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی ئەوروپا تەنانەت هەردوو کیشوەری ئەمریکاش لەگەڵیشیدا ئەفریقیا کە ساڵانێکی زۆر بۆ سیاسەتەکانی سی ئای ئەی ئەمریکا ئیشیان دەکرد لە رێگەی دروست کردنی ئەو دوو جوڵانەوە رۆشنبیریەوە و نوسەری کتێبەکە کە خۆی ئینگلیزە دەڵێ ئەوانە سەربازێکی ئەمریکی بوون لەژێر ناوی ئازادی بیروڕا و دیموکراسی دژی بلۆکی رۆکهەڵاتی شەڕیان دەکرد. کاتێک هەندێک لەو کەسانە ویستیان خۆیان تورە بکەن کە چۆن ئاوها یاریان پێ کراوە بەڵام بەرپرسانی سی ئای ئەی و بەڕێوەبەری ئەو جوڵانەوانە بە توندی وەڵامی دانەوە و گوتی زۆر باش دەتانزانی ئەی ئەو هەموو پارە زۆرەی وەرتاندەگرت لە بری چی بوو. ناوەکان زۆرن و دەتوانم بڵێم زۆربەی زۆری ئەو نوسەر و فەیلەسوفانەی تیدایە کە لە دەمانی جەنگی ساردا چالاک و دیار بوون بەڵام هەندێک لە ناوە دیارەکان دەڵێم: هانا ئارنەت، جۆرج ئۆرۆیڵ، بەرتراند راسل، دوایت ماکدۆناڵد، ئیسایا بەرلین، گابریل گارسیا مارکیز، سیدنی هوک، جۆن دیوی…..هتد.

مەبەست لەم باسە چیە
دەمەوێ جەخت لە دوو خاڵ بکەمەوە. یەکەم: کە چیدی با نوسەران و ئەدەبیاتی جیهانی رانەدەین بەسەر نوسەر و ئەدەبیاتەی خۆماندا کە ناوەڕۆک و شیوازی بەرهەمەکانیان تا بڵێی لە ئاستێکی بەرزدان و میران ئەبراهام وەک نموونەیەکی بەرجەستەی ئەم خاڵە دەبینم. دووەم: گەر دەورانی جەنگی سارد ئەو کۆمەڵە زۆرەی لە نوسەر و رۆشنبیری گەورەی هێنایە دەر و کردنی بە سەربازگەلێک بۆ خزمەتی سیاسەتێکی ئیمپریالیستی وەک ئەمریکا لە رێگەی دەزگایەکی هەواڵگری جیهانی وەک سی ئای ئەیەوە ئەوا دەورانی ئیستاش پڕن لەوجۆرە نوسەر و رۆشنبیرانە چ لە ئاستە محەلیەکی خۆمان و چ لە ئاستە جیهانیەکەی بەڵام بە شێوەیەکی تر و بۆ شوێنێکی تر و بۆ مەبەستێکی تر.
ئیستا نێوەندی رۆشنبیری و چاپەمەنی کوردی پڕە لە بەرهەمی رۆمانی وەرگێڕدراو کە لە خودی بەرهەمەکانیاندا دەردەکەوێت لە کوێوە و بۆ کوێ و بۆچی ئە وبەرهەمە دەنوسرێ بەڵام خوێنەری کورد زۆر کەم ئاگای لەو پەیام و مەبەست و ئامانجانەیە کە لە پشت ئەو بەرهەمانەوە دەچنە پێشەوە. ئەوە دروستە کە نێوەندە پڕە لە بەرهەمی رۆمان و کەس نازانێ کام بەرهەم جێگەی خۆی پێ دراوە و تەنانەت هەندێ نوسەر و رۆمان براونەتە کەشکەڵانی فەلەک لە کاتێکدا هەموو بەرهەمەکانی کۆپی کراوەن یاخود دزراون. لە هەردوو حاڵەتی بەرهەمە وەرگێراوەکان و بەرهەمە دزراوەکاندا یەک ئامانج دەچێتە پێشەوە ئەویش کوشتنی روحی بەرهەمە راستەقینەکان و نەهێشتنی دروستبوونی خوێنەری بە ئاگا و هۆشیار کە بتوانێ پەیامەکانی پشت ئەو بەرهەمانە تێ بگات.
رۆمان یەکێکە لە سەرچآوە مەعریفیەکان کە زانیاریمان دەداتێ لەسەر مێژوو، راستی رووداوەکان و کەسایەتیەکان و هێزەکان بەڵام گرفتی گەورە ئەوەیە کە رۆمان ئەو مەعریفەیە بۆ مەبەستێکی تایبەت بەکاربهێنێت. بۆ نموونە ئەو رۆمانە توریانەی وەردەگێڕدرێنە سەر زامنی کوردی ئەو رۆمانانەی کە بۆ هێزێکی تر و قەواەرەیکی مێژوویی گەورەتر دەنوسرێن و گەر ناوی کورد یان هەر گەلێکی تر بهێنرێ ئەوا لە پەراوێزی ئەو مێژووە گەورەدایە کە نوسەر دەیەوێ گەورەیەیی خانەدانی خۆی چ مێژووییەکی یا ئەمێستاکەی لە فۆرمێکی هونەری و بەشێک لە ژیانی نوستالجیای نوسەردا پیشانی خوێنەری بدات. نمونەی تر هەن لە دنیای ئێمەدا بەڵام لێرەدا هەر ئەوەندە دەڵێم.
مەبەستی سەرەکی من لێرەدا ئەوەیە کە بڵێم کە خوێنەری کورد یاخود نێوەندی رۆشنبیری ئێمە دەبێ دوو ئەرک بخەنە سەر شانی خۆیان گەر خەمی رۆشنبیری کوردیانە، ئەوانیش: یەکەم، رۆمانە بیانەکان فەرز نەکەن بەسەر رۆمانە کوردیەکاندا و شان بە شانی رۆانەکنای خۆمان سەیریان بکەن ئەگەرنا ئەوا ئێمە خۆمان نزم دەکەینەوە و لە نزمیشەوە هەرگیز ناتوانین چآوهەڵبڕین بۆ بەرهەمەکانی دەوروبەرمان. دووەم، خوێندنەوەی بەرهەمە جیهانیەکان دەبێ وامان لێ بکات رۆمانە خراپ و بێ کەڵکەکانی خۆمان باش بناسین بەوەی بەراوردیان بکەین و وردبینەوە لێیان لەگەڵ ئەو بەرهەمە جیهانیانە؛ چونکە یەکێک لە دەردە کوشندەکانی دنیای خوێندنەوە و رۆشبیری ئێمە بە مەزنکردنی هەندێ بەرهەمن لەوانە رۆمان کە لە راستیدا وێرانەیەکن لەو گۆڕەی. لەبەرئەوەی زۆرێک لە بابەتی بەرهەمەکان کۆپی کراو یا دزراوە ئەرک لەسەر نوسەرەکە تەنها داڕشتنەوەیەتی بە وشەگەل و رستگەلی وەها کە نەوەیک لە خوێنەری مەستی دروست کردووە کە لە بری بیرکردنەوە و تێڕامان تەئید کردنەوە و ستایش کردن فێر بوون. عەقڵی رەخنەیی و چاونەترسی لە گەڕان بە دوای حەقیقەتی بەرهەمە ئەسڵیەکاندا تەواو غائیبە و ئێمە دەتوانین خۆمان بگرینەوە گەر لە بەرهەمی وەک میران ئەبراهام و ئەوانی تر کە من نایاناسم دەست پێ بکەین و نەوەیەک لە خوێنەری چاپۆک و هزر رەخنەیی و هۆشیار دروست بکەین.

خانەقای میرزا دەقێکی تەواو سیاسی لە قاڵبێکی ئەدەبیدا
میران ئەبراهام ئەو رۆماننوسەیە رۆمانەکانی سیاسین بەڵام ئەم خانەقایەی تاسەر ئێسقان سیاسیە کەچی لە فۆرمێکی هێندە ئەدەبی دانسقەدا دایڕشتوون خوێنەر هەست بە مەلەل ناکات و لە زۆر شوێنیشدا واهەست دەکەی چیرۆکی عەشقێک دەخوێنێتەوە وەک عەشقی بەهاری غالب عەربەتی و جەلالی میرزا کەریم؛ یاخود کەسێک و دوان یا خێزانێک هەن کە پایەی بنەرەتی ماڵی رۆمانن و خوێنەر بەلایخۆیدا کێش دەکات کە بابەتی رۆمانەکە سیاسیە بەڵام بەرهەمەکە ئەدەبیە؛ چونکە بابەتەکانی رۆمانەکە ئاوێتەیە بە مێژوویەکی تایبەت و تا رادەیەک نەبیستراو یاخود بە دەگمەن بیسترابێ، ئاوێتە بە ئازارە حەقیقیەکانی مرۆڤە ماندووەکان، ئاوێتەیە بە کۆمەڵی رووداو کە رابردوو و ئیستای کۆمەڵگەی کوردی نەک هەر دەخەنە ژێر پرسیارەوە بەڵکو ئەوەمان پێ دەڵێ ئەم ئێستا ناساز و تاڵ و ناحەزەی ئێمەی تێیدا دەژین لە دنیای سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و وێژەیی دریژکراوەی رابردوویەکی پێچراو لە ناهەقی و غەدر و پاشقول لێگرتن و تاڵانی و کوشتنی کەسێتی و خێزان و کۆمەڵە رەنجدر و بەشخوراوەکانە.
دروست بوونی حزبە سیاسیەکان، چەپ و قەومیەکان و هاوپەیمانێتیەکانیان و ململانێ پەرلەمانیەکانیان لە خانەقای میرزادا تۆمارکراوە بەشێوەیەک وەک ئەوەی مێژوویەکی سیاسی بە خامەی کەسێکی سیاسی بە ئینساف یاخود بێ لایەن بخوینیتەوە. بۆ نموونە لە دەمانی جەلالی میرزا کەریمدا بە دیاریکراوی ساڵی ١٩٦٣ باس و خواسی حزبێکی تازەی چەپگەرا دەکرێ، ئەو رۆژانەی شاسوار جەلال داوای دانیشتنێکی تایبەت لە جەلالی میرزا کەریم دەکات کە رێکخراوێکی مارکسیستی دابمەزرێنن وەک وەڵامدانەوە بە رۆژگاری سیاسی ئەو دەم. ئەو دەمانەی بۆشاییەکی سیاسی دروست ببوو بەوەی نە حزبی شیوعی توانی نوێنەرایەتی مەسەلە چینایەتیەکانی کۆمەڵگەی عێراقی بەتایبەتی کوردستانی بکات؛ نە پارتی دیموکراتی کوردستانیش توانی نوێنەرایەتیەکی راستەقینەی مەسەلە نەتەوایتیە کوردیەکانی بکات چونکە ئەو دوو هیزە هەرزوو کارنامەی سیاسیان لای توێژێکی بەرینی کەسانی سیاسی ئاشکرا بوو کە هیچیان ناتوانن ببنە هێزێکی راستەقینەی گۆرەپانی سیاسی عێراق و کوردستان بۆیە رێکخراوێک ولام بە مەسەلە نەتەوەیی و چینایەتیەکانی کوردستان بداتەوە زەروورەتێکی مێژوویی بوو.
لەو دانیشتنەی جەلال و شاسوار کە دواتر کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستانی لێ بەرهەم هات، جەلالی میرزا کەریم عاقڵیەکەی لەوەدابوو کە وتی من تەنها بە راوێژکاری بەشداریتان دەکەم و نامەوێ کاری سیاسی حزبی بکەم. دیار بوو ئەو دەیزانی ئەو کۆمەڵەیەی رەنجەدەرانەش ناتوانێ نوێنەرایەتی مەسەلە چینایەتیەکانی وڵاتەکەی و شارەکەی بکات. ئەو شارەی دەبێتە دەسکەلای دەستی کەسانی تر کە دوورونزیک پەیوەندیان نە هەر بە بیروباوەڕی مارکسیەوە نیە بەڵکو بە خودی سیاسەتیشەوە نیە وەک میتودێک و زانستێک و مەبدەئێکی ئەخلاقی ئینسانی و ئیداری و ئازادیخوازی و دیدێکی شۆڕشگێڕی بۆ میللەتێکی ژێر دەست و سەربەستخواز.

چەپیزم لە دیدی میران ئەبراهامدا
چەپ بوون لە دیدی نوێدا تەنانەت ئەو دەمانەش بریتی بوو لە دەنگی بەشخواران و ستەم لێکراوان جا سەر بە هەر توێژێک و چینێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی بوونایە. هەر ئەمەشە کە وادەکات بڵێین هەموو ئەو نەتەوە و کەمینە جۆراوجۆرانەی ژێردەستەن بە سروشت مەیلی چەپیان هەیە چونکە داوای مافی یەکسانیخوازی بۆ هەموان دەکەن لە نێویشیدا نەتەوە سەردەست و زۆرینەکان. کوردیش هەردەم بەتایبەت لەو دەمەدا هەم وەک نەتەوە و هەم وەک کەمینەیەک لە عێراقدا بە دوای ئەو بیروباوەڕانەوە بوون کە بتوانێ بیانپارێزی و مافەکانیان دابین بکەن. سۆشیالیزم وەک ئادیۆلۆجیایەکی سیاسی و فکری ئامادەی ئەو دەورەیە و ئەو داواکاریانەی کوردان بوو بۆیە میران ئەبراهام لە زاری یەکێک لە کاراکتەرەکانی ناو خانەقاکەوە دەڵێت: هیچ میللەتێک بە قەد کورد پێویستی بە بیروباوەڕی سۆشیالیزم نیە. لا٣٥
کەمینەکان جا لەهەر توێژ و چین و یەکەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاینی و فەرهەنگی کۆمەڵگادا بن هەردەم بە دوای ئەو بیر و هزرانەوەن کە داوای ئارامی و ئاشتەوایی و مرۆڤدۆستی بۆ هەموان دەکات وەک یەک. ئەو دەم و تا ئەم ساتەشی ئێمە تێدا دەژین جگە لە بیروباوەڕی سۆشیالیزم هیچ ئادیایەکی تر پەیامی یەکسانیخوازی لە ئاستە سیاسی و کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و فەرهەنگیەکاندا نەکردووە، بۆیە دەبینین یەکەمین کەس کە پەرتوکی مارکسیزمی، سەرمایەی مارکسی، هێنایە ناو سلێمانیەوە کوردێکی جووی رەسەنی خەڵکی سلێمانی بوو لە ساڵانی چارەکە یەکەمی سەدەی رابردوودا بوو.

کەمینەکان و خواستی دروستکردنی حزبێک بۆ کەمایەتیەکان…
کەمینەیی بوون چەمکێکی مێژوویی و ئەخلاقی و ویژدانیە لە زۆرێک لە بەرهەمەکانی میران ئەبراهامدا کە جەوهەرەکەی پاراستن و داکۆکی کردنی ئەو مرۆڤانەن دەکەونە بەر زەبر و جەوری زۆرینە وەک کەمینەی ئاینی، نەتەوەیی، فکری و سیاسی و فەرهەنگی تەنانەت ناوچەییش. لە خانەقای میرزادا هەموو جۆرە کەمینەکان دەبینین کە چۆن دەبنە قوربانی زۆرینەکان.
هیچ حیکمەتێک لە خۆڕا یاخود بە سروشتی نایاتە بوون، بەڵکو هۆکاروپاڵنەری گرنگ و حەیاتی لە پشتەوەن بۆیە دێنە بەرهەم. حیکمەتی پێکەوە ژیان و هەوڵدان بۆ کاری هاوبەش لە زۆربەی حاڵەتەکاندا لە لایەن کەمایەتیەکانەوە، کەمایەتی ئاینی و نەتەوەیی و کەلتوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی پێشنیار دەکرێن چونکە ئەوان لە پێش زۆرایەتیەوە دەزانن کە ئەوە هاوسەنگی ژیان رادەگرێت. زۆرینە سیفەتێکی ملهوڕی تیدایە کە کەمتر عەقڵ میوانی دەبێت و ئەو چەمکانەی کەمینیەکان رەتدەکەنەوە یاخود بە هەند نایگرن. کاتێک جووەکانی عێراق و کوردستان دەیانەوێ حزبی خەڵتوز کە حزبێکی کۆنی جووکانی عێراق و کوردستانە زیندووبکەنەوە و ئاڵوگۆڕی ریشەیی بەسەردا بهێنن لەوەی هەر کەسێک لە هەر ئاین و نەتەوەیەک دەتوانێ ببێتە ئەندام تێیدا و ئامانجیش لەمە بەهێزکردنی بەرەی یەکگرتوویی رەنگاڵەیی کۆمەڵگەکەیە، بەڵام ئەمە راستەوخۆ لە لایەن حزبی هیوا رەت دەکرێتەوە و بگرە پەلاماریشیان دەدەن.

ماڵی میرزا کەریم قوربانیەک بۆ پرسێک…
ئەوەی نوسەر لە خانەقاکەی میرزادا پێشکەشی دەکات بەوەی ئەو ماڵە بە هەردوو لایەنی مادی و روحی دەبنە قوربانی بۆ پرسێکی سیاسی و چینایەتی و نیشتمانی و تەنانەت نەتەوەیش بەڵام نەتەوەیی بوونێک بە مانای شەڕی ناسنامەی میللەتێک بۆ دیاریکردنی چارەنوسێکی سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی کە دوور بێت لە دەست چینە دەسەڵاتدارە قەومیەکەی. لێرەدا مەسەلەکە ئەوە نیە کە ئایا حزبی شیوعی عێراق ئەودەم نوێنەرایەتی ئەم دیدەی کردووە یان نا بەڵکو ئەوەی گرنگە خانەقاکەی میرزایە بە ماڵ و حاڵ و کوڕ و ژن و داروپەردویەوە کاراکتەرگەلێکی سروشتی و رێکخراوەیی ئەو دیدە چەپیە بوون کە میران ئەبراهام باسی دەکات. قوربانیدان بە ماڵ و حاڵی خۆت و خاو و خێزان و خزم و خوێش و دەرودراوسێوە تەمسیل کردنێکی سروشتی و دۆخئامیزی (وقعی) ئەو بیروباوەرە کۆمەڵایەتیە هاوبەشەیە کە میزرا کەریم و کوڕەکانی خەباتیان بۆ دەکرد.
کرێکاری نەتەوەی سەردەست و ژێر دەست…
هەر لەو بازنە چەپێتی بوونەدا میران ئەبراهام خاڵێکی ئێجگار گرنگ ئاماژە پێدەدات ئەویش کرێکاری نەتەوەی سەردەست و کرێکاری نەتەوەی ژێر دەست.لا ١٨٦. ئەو باسە خاڵیکی گرنگ بووە لە لای خودی دامەزرێنەرانی قوتابخانەی کۆمۆنیستی و کرێکاری، مارکس و ئەنگلس، کە ئەوانێش پێیان وابووە بابەتە چینایەتیەکان هەر بە تەنها لە فۆرمێکی ئابوری و کرێکاریدا قەتیس نابنەوە بەڵکو مانەوەی مەسەلەی نەتەوە سەردەست و بن دەستەکان خەباتی چینایەتی دەگەێنێتە شوێنێکی تر کە دەبێ وەڵامی پێ بدرێتەوە ئەویش مەسەلەی نەتەوەییە. دەسەڵاتی کۆمۆنیستی و کرێکاری دەبێ وەڵام بە هەندێ کێشەی سیاسی نەتەوەیی و فەرهەنگی بداتەوە ئەگەرنا لەوێدا مەسەلەی جیاوازی چینایەتی نەتەوەکان دەردەکەون بە رادەیەک کە کرێکاری نەتەوەی سەردەست خۆی رادەدا بەسەر کریکاری نەتەوەی ژێر دەستدا. ئەم بابەتە گەر ئاستە نەتەوەییەکەی چارەسەر نەکرێ ئەوا ئەو کێماسەیەکی گەورە دەبێ بۆ هەر قوتابخانەیەکی ئایدیۆلۆجی و دەسەڵاتدارێتی چینایەتی.

شیوعیەکان لە نێوان لایەنگیری و دژایەتی زایۆنیزمدا…
بابەتێکی سەیر و سەمەرەی سیاسی و فکری کە میران ئەبراهام لەو خانەقایەدا دەیگێڕێتەوە ئەو باسەیە کە شیوعیەکان بە دەسکیسەی زانیۆنیزم دادەنرێ دیارە ئەمە پڕوپاگەندەی هێزە نەیارە قەومیە عەرەبی و کوردیەکانێشە و زۆر دوورە لە راستیەوە. شیوعیەکان وەک هێزێکی چەپی ئەو دەم و چەپی ئیستاش بە ئاشکرا دژە ئیسرائیلی خۆیان رادەگێنن لە ژێر ناوی دژە زایۆنیزمدا. چەپ و هێزە چەپەکانی ناوچەکە بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی ئامادەیی هەمیشەییان هەبوو تا ساڵانی کۆتایی حەفتاکان کە شان بە شانی هیزە فەلەستینیەکان دژی ئیسرائیل شەڕیان دەکرد. بۆ نموونە عەبدوڵلا گۆران و رەفیق چالاک دوو کەسێتی کوردبوون چوون بۆ فەلەستین تا خزمەت بە قەزیەیەکی فەلەستینی بکەن دژ بە قەومی جوو. ئەمە لە کاتێکدایە، گۆران بە نموونە، یاخود چەپەکانی تر کەمینە بوون لە وڵاتی خۆیان هەم لە رویی نەژادیەوە و هەم لە رویی سیاسی و فکریەوە. ئیستاشی لەگەڵدابێ ئەو فەهمە بوونی نیە کە مەسەلەی ئیسرائیلیش مەسەلەیەکی کەمینەیی ئاینی و فەرهەنگی و مێژوییە لە بەرامبەر هەردوو ئاین و شارستانیەتی ئسیلامی و مەسیحی. بەتایبەت لە رۆژی دروستبونی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە کەم کەس ماکی ئە وکەمایەتی بوونەی مەسەلەی ئسیرائیل و فەلەستین دەبینن. بەهەرحاڵ، لیرەدا ناچمە پاڵ بابەتێکی سیاسی قوڵ بەڵام دمەوێ بڵێم گرفتی گەورە لەوەدایە کەمینەیەک دژی کەمینەیەک شەڕ بکات بۆ نموونە کەمینەی کوردی جوو بە زۆر دەرکرا بۆ ئیسرائیل گوایە ئیسرائیلین و ئیسرائیل وڵاتی ئەوانە کەچی لەملاوە کوردی هزر هەژار دەچوو شەڕی ئەو جوانەی دەکرد کە هێشتا کفنی دەرکردنیان لە کوردستان بەهۆی جوولەکە بوونیانەوە زەرد نەبوو بوو.

یادەوەریەکی بە ئازاری هەمیشەیی چەپێتی بوون
میران بابەتێکی ئێجگار چینایەتی و دۆخئامیزی و بگرە پڕ لە ئازارمان بۆ دەگێڕیتەوە لە زاری جەلالی میرزا کەریمەوە کە باوەڕناکەم لە هەست و هزری هیچ یەکێک لە ئێمەی نەدابێ و لە هەموو زەمان و مەکانێکدا دووبارە دەبنەوە و بگرە بووە بە رێسایەکی ئەبەدی سیاسیمان. هەر یەک لە ئێمە و هەر مرۆڤێکی دیکەی ئەم دنیایەش ئەو شوێنەی خۆش دەوێ کە هەموو ژیانی منداڵی و گەنجی و کامڵی تێدا بردبێتە سەر مافی خۆیەتی تا سەر مۆخ خۆشی بوێ بەتایبەت ئەو شارەی چەقی زۆربەی دەرکەوتن و گرفت و کێشە و ململانێ سیاسی و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریەکانی ئەو دەورەیەی وڵات بێت؛ بەڵام کاتێک شتەکان پێچەوانە بکەونەوە و ئەوانەی قوربانیان بۆ رزگاری و سەربەستی و ئازادی شاردا و جەلادەکانیش کە جەستەی قوربانیەکانیان خەڵتانی خوێن کرد و دواتر خۆیان و مندالەکانیان ببنە سەرداری شار و سیمای مەعریفە و خانەدانی و رۆشةبیری شار ئەوا دەبێ چ دڵشکاویەک رووت تێ بکات. لاپەڕەکانی ٨٤ و ٨٥ یادەوەریەکی جەلالی میرزا کەریمە و ئەم یادەوەریە وەک تاڵترین تاڵی باس دەکات.

ئێستا و رابردوو
یەکێک لەو رەگەزە سەرکیانەی رۆمانی زیندوو هەیەتی دۆزینەوەی رەگە مێژووییەکانە کە لە ئێستادا دووبارە بوونەتەوە. مێژوو بۆخۆی زانستێکە بەڵام دەست بردن بۆ مێژوو لەم سۆنگەیەوە ئەوا پیویستی بە مەعریفە هەیە. مەعریفەی ئەوەی لە زەمەنە جیاوازەکاندا چی گوزەراوە و چی دەگوزەرێ؛ ئاگایی لەوەی کە لەو دەمەدا چی گوزەراوە و لەم دەمەشدا هەر دەگوزەرێ بە هەموو لق و پۆپ و چڵەکانیەوە. گێڕانەوەی ئەو مێژووەی میران ئەبراهام لە خانەقای میرزادا دەیکات چ ئاستە سیاسی و چ ئاستە رۆشنبیریەکەی دەچێتە چوارچیوەی ئەو زانستی مێژووییەوە کە نەک وەک چیرۆکنوسێک بەڵکو وەک توێژەرێک هەڵکشان و داکشانی رووداوەکان و کەسێتیە سیاسی و رۆشنبیریەکانی ناوی لە رێگەی بەڵگەنامە و گفتوگۆی زیندووی خودی کەسەکانەوە دەخاتە روو. نوسەر خاوەن میتۆدێکی تایبەت بەخۆیەتی کە بەشێوەیەکی سیستماتیک شیکاری رووداوەکانی رابردوو دەکات؛ میتۆدێک کە رق و لاگیری کوێرانە بۆ هیچ لایەک و کەسێتیەک پیشان نادات بەڵکو شیکاری پرۆسەی رووداوەکان و بەرخوردی کەسێتیەکان وەک چۆن بوونە ئاوها دەگێڕیتەوە.

لە بواری سیاسی مێژووییدا
دەسەڵاتە سەرکوتکەرەکان چ لە مەرکەز یا لامەرکەز بووبێ کاتێک ترسی راسانی خەڵکیان لێ نیشتووە و هیزەکەشیان ئەوە نیە پارێزگاریان لێ بکات، پەنا بۆ هێزی دەرەکی دەبەن تا بە هانایانەوە بێن. رژێمی بەعس داوای پشتیوانی لۆجستی و سەربازی لە وڵاتانی عەرەبی کرد بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ئەنفال. هیزە کوردیەکان چ لەو دەمەدا و چ لە ئێستادا مێژووییان پرە لە هیننانی هێزە دەرەکیەکان بۆ گیانی یەکتر، هەر ئەو دەمەش حکومەتی دیارە بە رەزامەندی هەندێ هێزی ناوخۆش بووە، داوا لە حکومەتی تورکیا دەکات ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکانی سلێمانی خامۆش بکەنەوە؛ ئەوانیش بە هیزێکی کۆماندۆی بەهێز و ئامادەکراوەوە دەدەن بەسەر سلێمانیدا ئەوەی دەیکەن دەیکەن.

ناڕەزاییی خەڵک لە بەرامبەر دەسەڵاتی ناوخۆییدا
هەروەک چۆن لە ئێستادا نارەزایەتی خەڵکی کوردستان لەو دەسەڵاتدارێتیە گەیشتۆتە بینا قاقا، هاواریان بۆ بەغداد بردووە تاکو فریایان بکەوێ لە دەست داد و بێ دادی ئەم دەسەڵاتە خۆجییە کەچی هەندێ خەڵکی سێبەر و ناسێبەری ئەو دەسەڵاتە تانە و تەشەر لە خەڵکانی نەدار و بێ وەزع دەدەن، هەر ئاوهاش لە ساڵانی چلەکاندا جوتیارانی ناوچەی عەرەبەت بە خۆیان و خاو و خێزانەوە و بە جلوبەرگی کارەوە لە عەربەتەوە تاکو سلێمانی بە پا دێن تاکو گلەیی و گازەندە و بێزاری تاسەر ئێسقانی خۆیان لە تاو زوڵم و زۆرەکانی شێخ لەتیفی برای شێخ مەحمود بگەێننە دەسەڵاتدارێتی حکومەتی مەرکەزی لە سلێمانی. کەچی هەر ئەو دەمە هەندێ لە خەڵکی سلێمانی هاوهویان لیدەکەن و بەردبارانیان دەکەن.

شێرکۆ بێکەس لە دادگای جەلالی میرزا کەریمدا
لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانی نوسەری سوری، مستەفا خەلیفە، دا کە خاوەنی یەک رۆمانی گرنگ و ناوازەیە کە چەند ساڵی پێش ئێستا بڵاوبۆیەوە و کراوە بە کوردیش بە ناوی القوقعة یاخود قەپیلک، باس لە زنیدانی دوانزە ساڵی خۆی دەکات لە زیندانەکانی حکومەتی سوریای ساڵانی هەشتا و نەوەدەکاندا، پرسیاری ئەوەی لیدەکەن کە ئایا رق و کینەی لە دڵدا هەیە دژ بە حافز ئەسەد یا بەشار ئەسەدی کوڕی. دەڵێ بەڵێ تا بڵێ رق و کینەم هەیە بەرامبەریان چونکە لە خۆرا دوانزە ساڵ زیندانیان کردم. ئەم حاڵەتە لای مێران رێک پێچەوانەیە. ئەوەی بەسەر ئەواندا هات وەک کوردێکی جووی رەسەنی سەدان و هەزاران ساڵی ئەم وڵاتە کە چۆن هەموویان، سەروو شەست هەزار، دەربەدەر کران و چۆن ئەنفالی روحی و مەعنەویان کردن کەچی یەک بەشەر یەک قەڵەم لەو وڵاتە نەک هەر بەدەنگیانەوە هات بەڵکو قسەشیان پێگوتن و وەک بێگانەیەکی خراپیش قسەوقسەڵۆکیان خستە دوایان کە ئێستەش لە ناو خەڵکدا باوە؛ کەچی میران ئەبراهام وەک کوردێکی رەسەنی جوو بە میتۆدێک و ئەخلاقێکی مرۆییەوە جگە لە هەڵڕشتنی لێخۆشبوویی و ئاشتەوایی دەگەڕێتەوە ناومان و بەوەی پێمان دەڵێ من تەنها دەمەوێ بڵێم کە ئێمەش لێرە بووین، ئێمەش ناسنامەمان کوردیە بەس ئاینمان جولەکەیە.
لە گفتوگۆکەی نێوان جەلالی میرزا کەریم و شێرکۆ بێکەسدا، لاپەڕە ٣٥٩، هەمان میتۆد و روحی ئارامی و لێخۆشبوویی بڵاودەکاتەوە و باس لەو گفتوگۆتە دەکات کە لە ئەمریکا بووە و چۆن روویداوە ئاوها نوسیویەتیەوە، بەڵگەکەش بە ئینسافی ئەو گفتوگۆیانەیە کە لە زاری جەلالی میرزا کەریمەوە دەردەچن بەرامبەر شێرکۆ بێکەس بەوەی هیچ کینە و بوغزێک نابینی تیایاندا، بەڵکو بریتیە لە هەندێ گلەیی و گازندە کە لە هەموو کەس باشتری لێ تێدەگات چونکە دەزانێ جەلال ئە وپردە بووە کە ئەمی بەسەردا پەڕیەوە و بوو بەو شێرکۆیەی کە ئێستا بە یەکێک لە رەمزەکانی شعری نوێی کوردی دادەنرێت.
ئەو دەسەڵات و فکرە قەومیە زەهراوییەی لە پشت پاشقول لێگرتن و ناوزڕاندن و بێ ئەدەبیەی بەرامبەر بە جەلالی میرزا کەریم کراوە تاکو سەکۆکە بۆ شیرکۆ چۆڵ بێت، هەمان ئەو دەسەڵات و فکرە بوو کە شێرکۆ هەموو ژیانی تێدا خەرج کرد. شێرکۆ گەر بچێتە کەشکەڵانی فەلەک شاعری ئەو چەکدار و سەرکردە و هێزانەی شاخ بوو کە ژیانی هەزاران کوردی دەشت و گوندی بێ تاوانیان کردە قوربانی خۆیان و لە شاریش وڵاتیشیان کرد بە وێرانەیەک ئەوپەڕی دیار نەبێ. کەچی شێرکۆ هەر بە شان وباڵیاندا هەڵی دەدا. لە شاخ بە هەڵۆی بەرزەفڕ ناوزەدی دەکردن و لە شاریش هاواری بۆ دەکردن و دەیگوت خوێنەکەشم کەسکە. شێرکۆ تا مرد پیاوی رژێمێکی میلیشیایی بوو کە دوورونزیک پەیوەندی بە شۆڕش و خەبات و ئازادی میللەتێکی ستەملێکراوی وەک کوردەوە نەبوو. تا ئەوەندەی لە شاخ بوو خۆی شاهیدی هەموو ئەو تاوان و هەڵە مێژووییانە بوو کە دەرهەق بە خەڵکی دەشت و دەری کوردستان دەیانکرد کە ئەنجامەکەی هەڵبجە و ئەنفال بوو. لە شاریش ئەو هێزەی شێرکۆ ی خوێن کەسک خۆی بۆ دەتواندەوە لە شعرەکانیدا بە یەکێک لە دوو تاوانبارە سەرەکیەکەی شەڕی ناوخۆ و هێنانی هێزی دەرەکی و تاڵان و بڕۆیی سەروەت و سامانی وڵات کە ئیستاش بەردەوامە. لە لایەکی تر، جەلالی میرزا کەریم هەیە کە تا مرد لە بەرەی خەڵکی بەشخوراو و ماف زەوت کراودا بوو. بۆیە جەلال گەر زۆریش دەرنەکەوتبێ و نەناسرابێ ئەوا شکۆ مرۆیی و مێژوویی و ویژدانیەکەی چەندانی وەک شێرکۆ دەخاتە ژێرەوە. لە بواری ئەدەبیشدا شێرکۆ قەرزاری جەلالە چ وەک ئەوەی کاریگەری خوێندنەوە و نوسینی لەسەر داناوە هەروەها خاڵی دەرکەوتنی بزووتنەوە ئەدەبی روانگە وە بوو کە جەلال دایمەزراند.
خوێندنەوەی رابردووی سیاسەت و بەرخوردی ناوشاری کەسان و لایەنگرانی هێزە قەومیەکان تەنانەت شیوعیەکانیش مێژوویەکی دووبارە بووەی دنیای سیاسی ئێمەیە و رابردووی سێ دەیەی رابردوومان بەڵگەنەویستیەکی روروداوەکانی ناو خانەقای میرزایە. هەرجەندە میران ئەبراهام بە بەڵگەوە ئەو رووداوانەی لە لایە و نوسیونیەتەوە بەڵام هەر دەڵێی خۆی لەوێ بووە کاتێک بۆمان دەگێڕێتەوە. چاویلکەکانی میران ئەبراهام لەوێوە هەموو دیمەنەکانی بۆ گواستووینەتەوە هەر لەو کەسە دیار و بە رەمز کردنانەی دنیای سیاسی و رۆشنبیریمانەوە تا دەگات بەو خانەوادانەی وەک نیسک شوێنگەی کۆمەڵایەتیو سیاسی خۆیان گۆڕیوە و لە هەر سەردەمێکدا دەوریان پێدراوە و بەکاریان هێناون بۆ لێدان و رسواکردنی ئەوانی تر چ لە ڕێگەی کوڕەکانیان و پیاوەکانیانەوە یاخود چەقۆ وەشێن و شەقاوەچیەکانیانەوە بە نمونە عەباسی گوڵچین.

بەراوردکاریەک لە نێوان چوار کەسێتیدا…
لێرەدا بە نموونەیەکی مێژویی دەمەوێ باس لە مێژوویەیکی دی بکەم. بەراوردکاریەک هەیە لە نێووان شێرکۆ بێکەس و جەلالی میرزا کەریم لە لایەک و نیکۆڵای تێسلا و تۆماس ئەدیسۆنیش لە لایەکی تر. هەموو ئەو کەسە دیارانەی چ سیاسی یا ئەدەبی یا زانستی کە دەرکەوتن و بە جۆرێک لە جۆرەکان لە دەسەڵاتەوە نزیکن ئەوا بەسەر شانی کەسێکی تردا رۆیشتوون تا بەو ئاستە گەیشتوون. ئێمە باسی نمونەی شێرکۆ و جەلالمان کرد بەڵام باسی تێسلا و ئەدیسۆنیش بکەین بزانین چۆن مێژووەکان دووبارە دەبنەوە بەڵام لەم نموونانەدا تەنها بە شێویەکی تراجیدی دووبارە دەبنەوە. لەگەڵ ئەوەی ئەدیسۆن خاوەن ئادیای ئەلەتریکی خۆی بوو، بەڵام ئاستی زانستی نیکۆڵای تێسلا زۆر بەرزتر و بە بەهرەتر بوو، هەروەها ئەدیسۆن زۆریک لە ئایدیاکانی تێسلای دزی و بەکاری هێنا هەرچەندە تێسلا ئەو بابەتەی دایە دادگا بۆ جەند جارێک بەڵام دادگا رەتی کردەوە چونکە ئەدیسۆن ئەمریکاییەکی سپی پێستی دەوڵەمەند و خاوەن کۆمپانیای ئەلەکتریکی بوو کە خزمەتێکی گەورەی بە کۆمپانیا گەورەکانی دەوڵەت دەکرد. تێسلا کەسێکی ئینگلیز زوبان و بە نەژاد ئەنگلۆ-ساکسۆنی نەبوو بەڵکو پەنابەرێکی ئەوروپای رۆژهەڵاتی بوو، لەگەڵ هەموو ئەمانەدا دەیوست ئایدیاکانی خزمەت بە هەموو مرۆڤایەتی بکات بە کەمترین تێچوون و کەمترین نرخ. ئەم هەڵویست و ئەم ئایدیایانەی تێسلا دڵە راوکێیی خستە ناو دڵی خودی ئەدیسۆن و دەسەڵاتدارانی دەوڵەتەوە کە نوێنەرایەتی کۆمپانیا گەورەکانی وڵات دەکەن، بۆیە بۆ ماوەیەکی زۆر تێسلا دەسەبەسەر دەکرێ لە ئوتێلەکەی خۆیدا و دواتر کوشتیان گوایە جەڵدەی دڵ لێی داوە و هەرچی نوسین و بەڵگە و ئەزمون و وانەکانی هەبوو لە لایەن ئێف بی ئایەوە دەتسی بەسەردا گیرا. وەک دەڵێن ئیستاش زۆرێک لە داهێنەرە گرنگەکانی دنیای ئیستا ئایدیای ئەون.
کورتەی باسەکە ئەوەیە کە لە پێشەکی ئەم بڕگەیەدا ئاماژەم پێدا. ئەوەی ئەدیسۆن لە پاڵ دەسەڵاتدا بەشێکی زۆر لە داهێنانەکانی تێسلای برد و خۆی پێ بردە پێشەوە و تێسلا هەرگیز بە قەد ئەدیسۆن ناودار نەبووە و هۆکارەکانیش دیارن کە شێرکۆ و ئەدیسۆن دەبەنە شوێنێک و جەلال و تێسلاش دەبەنە شوێنێکی تر. دیارە لە رووی جەوهەریەوە جەلال و تیسلا براوەن هەرچەندە بە زاهیر شێرکۆ و ئەدیسۆن براوە بن.

مام زامن و شێرکۆ بێکەس
یەکێک لە دیمەنە جوان و هونەری و ئەدەبیە قەشەنگەکەی رۆمانەکەی خانەقای میران ئەبراهام هێنانی کاراکتەرێکی روحیە بۆ ناو بەرهەمەکەی. مام زامن ئەو روحە جوانەیە لە دوکانێکی خەیاڵیەوە باڵ دەگرێ کە پەیامی جوان و حەکیمانە وەک وانە دەەبخشێنێتەوە لەو ئەزمونانەی لە ژیانەوە فێری بووە. وانەکانی مام زامن بە قەد نوقڵە شیرین و ترش و خۆش و مزرەکانی دوکانەکەی بە تامن بەڵام روحی مام زامن تەنها میوانداری ئەو دڵ و ویژدانانە دەکات کە پاک و بێگەرد و قوربانیین. میران ئەبراهام مام زامن وەک روحێک دەهێنێ و دەچێتە دڵ و دەروون و هزری جەلالی مێرزا کەریم و ئەوانی وەک ئەون و ئاموژگاری و قسەکانی وەک نوقڵ رەنگاڵەیی بە تامی شیرین و ترش خۆش پەخش دەکاتەوە بەسەریاندا. شێرکۆ بێکەس لەو کەسانەیە مام زامن سەردانی نەکردووە بۆیە کاتێک جەلالی میرز اکەریم کاتێک باسی دوکانەکەی و نوقڵەکانی دەکات شێرکۆ دەڵێ نایناسم و نەمبیستووە. مام زامن وەک روحێکی بێگەرد و غەدرلێکراوی جەلال میرزا کەریم دەبێتە دادگایەک و لێوەی شێرکۆی تیدا محاسەبە دەکرێ لە بەرامبەر ئەو هەڵوێست و کردارەی کە لەم بەشەی خوارەوەدا باسی دەکەین:

شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو
ئەوەی جێگەی سەرنجێکی تری گرنگە چون ئەو بەرخوردە نزم و خاڵی لە مۆراڵە کە سیاسیەکان و هیزەکانیان دژ بەوانی تر ئەنجامیان دەدا، هەمان تاس و حەمام لە ناو نێوەندی ئەدەبی ئەو دەمەدا هەبووە تا رادەی ئەوەی بە جەلالی میرزا کەریم و هاوڕێکانی بڵێن حیز و قوندەر و چی و چی. ئەوانەی لەو ململانێ ناشەریفانەیەدا بوون شیرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو دوو نموونەی دیار بوون. هەرچەندە شیرکۆ نەهی دەکاتەوە کە ئەو ئاگای لەو تۆمەت و پروپاگەندانە بێت بەڵام تەمەنی دوورودرێژی شێرکۆ لەگەڵ ئەو دەسەڵاتەدا لەو کاتەوە تاکو ئەو ساتەی مرد جگە لەوەی لە ژێر سایەیدا دەژیا خەریکی پیاهەڵدانیش بووە پیایاندا چ لە شاخ و چ لە شار بەڵگەیەک حاشا هەڵنەگری ئاگاداری شێرکۆیە لەو پاشقول لێگرتن و ناوزڕاندن. کاتێک یەک دوو هەڵویستی لەمەڕ کوشتنی ژنان وەرگرت کە سەرچآوەی ئەو کوشتانانە بەرهەمی ئەو دەسەڵاتدارێتیە بوو ئیدی نێوەندەکە هەموو ئەو رابردووە پرۆدەسەڵاتەی شیرکۆیان لە بیر چۆووە هەر وەک چۆن رابردووی سەرکردە سیاسیەکان لە بیر چۆوە کە چۆن وڵاتیان وێران کرد لە گشت روویەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و فەرهەنگیەوە. دەستپێک و کۆتایی ژیانی شێرکۆ لەگەڵ ئەو دەسەڵاتدارێتیەدا بووە کە هۆکار و ئەنجامدەرە بە سوتاندن و کوشتنی بەهارەکانی وەک بەهاری عاشقی جەلال، تا کوشتنی بە شەپۆلی ژنان هەر لە شاخ و شارەوە کە ئەنجامەکەی بە دروستکردنی گۆڕستانێکی بێ ناونیشانی ژنانە لە شاری سلێمانی. مێژووییەکی ئاوها بە هەڵوێستێکی سەر کاغەزی وەک “ژن ژیانە مەیکوژە” ناسڕدرێتەوە و پەردەپۆشیش ناکرێ.

باسکردنی کوردە جووەکان لەو خانەقایەدا
نەک هەر هەموو ئەو رۆمان و چیرۆکە کوردیانەی بەڵکو هەرچی بابەتێکی سیاسی و ئاینی و وێژەیی تریش نوسراون لە ئەوەڵەوە تاکو ئیستا باسی هەموو شتێکیان کردبێ باسی گرنگترین و هەستیارترین لە هەمان کاتدا پڕ شەرمترین و بەداخترین و بە حەسرەتترین رووداویان نەکردوە ئەویش کارەساتی دەرکردن و بەزۆرەملێ کۆچ پێکردنی کوردە جووەکان بووە کە مێژوویان لە پێش مێژووی کوردە موسڵمان و مەسیحیەکانەوەیە لەو نیشتمانەدا کە پیی دەترێ کوردستان. خانەقاکەی میرزا بەدەر نیە لە باسکردنی کوردە جووەکان هەر لەو غەدرانەی لێیان دەکرێ تاکو ئەو بەشداریە سیاسی و رۆشنبیریانەی لە خانەقاکەدا دەیگێڕن وەک ساڵەح شارەزووری کە هاوشانی ئەو کەسێتیە کوردانەیە کە نمەکی ئەو خانەقایەیان کردووە کە دواتریش بوونە رەمز و ناوداری ئەو وڵاتە. یەکێک لە رەگەزە گرنگ و بەهێزەکانی چیرۆک و رۆمانەکانی میران ئەبراهام باسکردنی ئەو کەمینە نەتەوەیی و ئاینی و نەژادیانەیە بەتایبەت کەمینەی جووە کوردەکانی باشوری کوردستان بەتایبەتتر شاری سلێمانی. کاتێک دەبینین هەر رۆمان و بابەتێکی تر گەر باس لە دەورانی سەدەی رابردوو بکات بەتایبەت تاکو ساڵانی کۆتایی شەستەکان و ناوەراستی حەفتاکان و باسی کوردە جووەکان نەکات ئەوا ئەو بەرهەمە ناکامڵ و ناتەواو و بێ ماناشە.

ئەنجامگیری
ئەو قوربانیدانەی میرزا کەریم و خانەوادەکەی پێشکەشیان کرد بە پرسێکی ئینسانی و نیشتمانی و نەتەوەیی خۆیان، ئەو هەنگاوە گرنگەی جەلالی میرزا کەریم نای هەر لە دروستکرندی روانگەوە تاکو داهێنان لە شعر و ئەدەبی نوێی کوردیدا… چوونە گیرفانی ئەوانەی ئیستا لە سەردارێتی ئەدەبی هەروەها سیاسی کوردیدا دانراون و قسەگوتن لەسەریان بڤەیە. لێرەوە ئەو وانە مێژووییە فێر دەبین کە زۆربەی زۆری ئەو کەسێتی و هیزە مێژووییانەی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بە گرنگ و مەزن دانراون یان پیرۆز کارون شایەنی ئەو ریز و شایستەیە نین و مێژووش تژیە بە نموونە و بەڵگەی پڕ دەشتی کاکی بە کاکی لەم رووەوە. دیارە ئەوەی گرنگە و دەمێنێتەوە راستیەکانە، ئەو راستیانەی هیچ زەمەنێک ناتوانێ بیانشارێتەوە هەرجەندە نەگوترێن و کپ بکرێن. رۆژگارێک هەردێت ئاشکرا بکرێن و ئازادانە بگوترێن هەروەک چۆن میران ئەبراهام “خانەقای میرزا” کردووە بە سەکۆی ئاشکرا کردن و گوتنی حەقیقەتە مێژووییەکان.




ئایا ئێمە پێویستمان بە فەیلەسوفە؟.. بەشی سێهەمی ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟.. ئازاد حەمە

پێویستی بۆ فەیلەسوفە پێویستییەکی مرۆیی و شارستانییە

بە کورتی و پوختی هەر لەم سەرەتایەوە ئەوە وەڕووی خوێنەرانی ئەم باسە دەخەین، کە زۆرێک هەندێک جار دەپرسن: دەستکەوتە فەلسەفییەکانی بیرمەندە گەورەکانی ڕۆژئاوا گەیاندمانییە کوێ، تا ئێمە قسە لەسەر بوون و نەبوونی فەلسەفە لەناو کورد دا بکەین؟ بێگومان ئەوە بەرهەمە فەلسەفییەکانی بیرمەندە گەورەکانی ڕۆژئاوا بوو، کە تا ئەندازەیەکی گەورە، مرۆڤایەتییان بەرەو شوێنێک برد لە خۆی و دەورووبەری تێبگات. ئەوە فەلسەفەی ئەو بیرمەندانە بوو، وایان لە مرۆڤی سەردەمە جیاکان کرد لە ژیان دوورنەكەونەوە و خۆشەویستییان بۆ بوونی مرۆیی خۆیان هەبێت و سوودیش لە گۆڕینی بوونی كۆمەڵایەتیی خۆیان وەربگرن. هەر ئەوانیش بوون لە سەرەتای فەلسەفەوە کاریان بۆ ئەوە کرد، ئیشی فەلسەفە کۆڵینەوەبێت لە ڕاستی یان ناڕاستی دیاردەکان.
جەختدەکەینەوە فەلسەفە کردەیەکی هزرییە؛ فەلسەفە بۆ هەر فەیلەسوفێک بەجۆرێک دەخرێتە ژێرپرسیارەوە و گەر تەماشای مێژووی فەلسەفەش بکەین دەبینین هەر فەیلەسوفە و بەشێوەیەک تەماشای گرنگیی فەلسەفەی کردووە و لەو ڕوانگەیەوە پرسیاری سەبارەت بەم چالاكییە هزرییە لادروستبووە.
هەندێک لە فەیلەسوفان لەمیانەی بەها ڕەوشتییەكانەوە دەچنە ناو پرسە فەلسەفییەکانەوە، هەندێکی تر لەمیانەی بوونی مرۆیی مرۆڤەوە و زۆرێکی تریش بەهۆی جەختكردن لەسەر پرسیارە مێتافیزیكییەكانەوە. بەهۆی ئەوەی، كە فەلسەفە هەڵوێستەلەسەر بوون و ئەو ژینگەیە دەكات، كە بوونەوەرەكان تێیدا دەژین، ئەمە وادەكات زۆنی فەلسەفە لەگەڵ كاتدا بەرین و بەرینتر بێت و بەسەر دۆزی ڕوناكبیریی كۆمەڵگەیشەوە مەحەكی دادوەریی بێت؛ ئاماژەیش بێت لەسەر توانای بیركردنەوە و ئاستی تێهزرین لەو كۆمەڵگەیە.
کەواتە مافی خۆمانە، ئێمەی کورد بپرسین: ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ یان لە فۆرمێکی تری زمانەوانییدا دەکرێت ئەوە بوترێت: ئایا ئێمە پێویستمان بە فەیلەسوفە؟ ئەم پرسیارە بۆ ئێمە سەرنجڕاکێشیەکەی لەوەدایە، کە ئاڵاهەڵگری تێگەیشتنیشە لە دۆزی قەیراناوی هزرییمان.
بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیاری ناوبراو بدەینەوە پێویستمان بەوەیە، کە بزانین بابەتەکانی فەلسەفە چیین؟ خودی فەلسەفە چییە و چیش نییە؟ ئەم جۆرە پرسیارانە بەدوای دەرەچەی تردا وێڵماندەکەن تا تێمانگەیێنن، کە بەڵێ پێویستمان بە فەلسەفەیە. لێرەدا ئاماژە بە بەشێک لەو دەرەچانە دەکەین: ئێمە بەشێکین لەو فەلسەفەیەی پێیدەڵێن فەلسەفەی ئیسلامیی؟ شتێک هەیە بەناوی فەلسەفەی کوردییەوە؟ هزری فەلسەفیی هزرێکی دیالۆگییە یان هەڕەمەکیی؟ کێن ئەوانەی لەناو ئێمەدا لە بواری فەلسەفەیەکی پوختدا کاردەکەن؟کێ کتێبی فەلسەفیی دەنووسێت و کێ ئەو کتێبانە دەخوێنێتەوە؟ ئەی بڕوانامە لە فەلسەفە فەیلەسوفبوون دروستدەکات؟ بۆ دەقە فەلسەفییە وەرگێڕاوەکان ناتوانن فەیلەسوف بەرهەمبهێنن؟
لەم بەشە و بەشی دواتردا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیاریدیش ددەینەوە.

ئێمە بەشێکین لەو فەلسەفەیەی پێیدەڵێن فەلسەفەی ئیسلامیی؟

پرسیاری ئێمەی کورد بەشێکین لەو فەلسەفەیەی پێیدەڵێن فەلسەفەی ئیسلامیی؟ پرسیارێکی لاوەکی نییە و هەردەم ڕووبەرووی ئەوانەش دەبێتەوە، کە بەدوای مێژووی فەلسەفەی ئێمەوە وێڵن. مێژووی فەلسەفەی ئێمە بە ئاسانی نانوسرێتەوە و تەنانەت باوەڕیش بەو شیکارییانە ناکەین، کە هەموو کەس فەیلەسوفە یان شتیک فەیلەسوفبوونی تێدایە. ئەمە لەکاتێکدا وایە، کە فەلسەفە ڕوناکبیرییەکی گشتی بێت. واتە زانیاری کۆکردنەوە بێت لە سەرچاوەی جۆراوجۆرەوە و سەبارەت بە بابەتی جیاواز. بەڵام فەلسەفە زانیاریی گشتی و سەرپێی نییە. فەلسەفە بۆئەوەی فەلسەفە بێت دەبێت زانیاری گشتی تێپەڕێنێت و سەروی تێگەیشتنی باو و پەرت و لاوەکی بێت.
ئەو نەتەوانەی گرێدراوی ئیسلامن پێیانوایە سەردەمی زێڕینی خۆیانیان هەیە. لەوێندەرێ بەدوای فەلسەفەیەکدا وێڵن، کە پێیدەڵێن فەلسەفەی ئیسلامیی و بۆ ئەو مەبەستەش پۆلێک ناوی ڕوناکبیرانی خۆیانمان بەردەستدەخەن، کە سەر بەو فەلسەفە ئیسلامییەن. ئەی ئێمە؟ ، ئێمە کە وەک ئەوانیتر لەژێر ڕکێڤی ئیسلامدا بووینە خاوەنی سەردەمی زێڕینی خۆمانین؟ گەر بەڵێ، کەوابێت پرسیارێک لەو بارەوە خۆی زەقدەکاتەوە، کە بەم جۆرەیە: کوان ئەو پۆلە ڕۆناکبیرە کوردەی، کە کاریان لەسەر/لەناو فەلسەفەی ئیسلامدا کردووە؟ پێناچێت دەرکەوتنی ئیسلام لەم ڕووەوە بۆ ئێمە گرنگیی هەبووبێت و ماناداریش بووبێت بۆ هاتنەکایەوەی بیرمەندگەلێکی وەک ئیبن روشد، فارابی، ئیبن سینا.
مەبەستی ئێمە لەوەی وترا ئەوە بوو، کە ئایا میراتی هزری ئیسلامیمان دەکرێت وەک فەلسەفە تەماشابکرێت؟ گەر ئەو میراتە وەک فەلسەفە تەماشاکرا، ئەی دەشێت ئەوانەی لەناو ئەو میراتە کاریانکردووە وەک فەیلەسوف ببینرێن؟ کەواتە گەر کاراکتەرە ئایینی یان نەتەوەییەکانمان (شێخ سەعیدی پیران، قازی محەمەد، و بەرەو مەسعود محەمەد و مەلا عەبدولکەریمی مودەریس و….تادەگاتە پیرەمێرد و قانیع و نالی و خانی و مەحویش) بە فەیلەسوف تەماشابکرێن دەکرێت بڵێین فەیلەسوفمان هەیە؟ نەخێر، و پێمانوانییە ئەوانە فەیلەسوفبن؛ دواتریش لە زۆر دیدی دییەوە دێینەوەسەر ئەم لایەنە.
هۆکاری ئەو نەخێرەی لای سەرەوەمان بەم پرسیارەوە گرێدەدەینەوە: شیاوە ئەوەی ڕوناکبیرە دیندارەکانمان، شاعیرە سۆفییەکانمان، سیاسییە ئاینییە نەتەوەییەکانمان کاریان لەسەر کردووە بە فەلسەفە (فەلسەفەیەکی ئایینداریی) ناویبنێین؟ باشە هیچ بەڵگەیەکی مێتۆدیی لەئارادایە، کە پێمانبڵێت: بەڵێ لەسەر دەستی ئەوان؛ ئایین و فەلسەفه، شیعر و فەلسەفە، سیاسەت و فەلسەفە، لەوێدا پێکەوە کاریان کردووە؟ بۆیشە وادەڵێین، چونکە بەشێکی زۆر لە دیندارەکانی ئێمە نەفرەتیان لە فەلسەفەکردووە و بە تێکدەری باوەڕداریی ئاینیشیان زانیووە و تەنانەت زۆرێکیش لە دیندارانی کورد ئەوەی پێیدەڵێن فەلسەفە، و بەتایبەت فەلسەفەی رۆژئاوایی، ڕەتیانکردووەتەوە.
بۆ زۆرتر ڕوونکردنەوەی ئەوەی وترا هەر لێرەدا دەپرسین: فەلسەفە لەگەڵ باوەڕی ئایینیدا کۆکە؟ باوەڕدارە ئایینیەکان چۆن مامەڵە لەگەڵ شتێکدا دەکەن بنەماکەی عەقڵە نەک ئەفسانە و گێڕانەوە؟ لێرەدا دەشێت ئەوەش بپرسرێت، کە ئاساییە بۆ ئەوانەی سەرقاڵی فەلسەفەن، کە ئەوەش بوارێکی عەقڵییە، ئەوانە بە فەیلەسوف بزانن، کە ئیماندارییان بەرەو فەلسەفە بردوونی؟
ئەو دوو پرسیارەی لای سەرەوە ئەوەمان پێدەڵێن ئەو ناوانەی پێشتر گۆکران ناتوانین وەک فەیلەسوف تەماشایانبکەین. مەبەست کارەکانیان ناچنە خانەی فەلسەفەوە، ئەمەش بەزۆری لەبەرئەوەی ئەوانە نە سێستەمێکی هزرییان دروستکردووە و نەش کاریان لەناو سێستەمێکی پوختی فەلسەفییدا کردووە. سەرباری ئەوە، ئەوەش دەڵێین، کە شوێنکەوتووانی ئیسلام لە دەڤەری ئێمە لە دەرئەنجامی ڕوانگە ئاینییەکانیانەوە ڕوانگەی فەلسەفییان بەرهەمنەهێناوە. ئەم لایەنەش دواتر دێینەوەسەری.
لە پەیوەندی بەوەی لایسەرەوە وروژا ئەوەش دەپرسین،کە هزری ئیسلامیی ئێمە بۆچی هزرێکی فەلسەفیی قووڵی بەدوای خۆیدا نەهێناوە؟ یان بۆ دامەزراندنی فەلسەفەیەکی ئیسلامیی لەناو ڕوناکبیرانی ئیسلامیی ئێمەدا ئامانج نەبووە؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەو دوو پرسیارە لەوێوە دەستپێدەکەین، کە لە جیهانی عەرەبیدا ڕوناکبیرییەکی فەلسەفیی ئیسلامیی بوونی هەبووە. هەر لەڕێگای ئەو ڕوناکبیرییە فەلسەفییە ئیسلامییەشەوە نەک هەر ئەمان لە پەیوەندیدا بوونە بە جیهانی رۆژئاواوە، بگرە خودی رۆژئاواش لەڕێگای فارابی و ئیبن روشد و ئیبن سیناوە لە پەیوەندیدا بوونە بە ڕوناکبیرییە فەلسەفییە ئیسلامییەکەی جیهانی عەرەبی ئیسلامییەوە.
هەر سەبارەت بەوەی لای سەرەوە وترا، دوبارە دەپرسینەوە، ئایا ئێمە خاوەنی ڕوناکبیرییەکی فەلسەفیی ئیسلامیین؟ پێناچێت ئەوە بین. هیچ نەبێت لەوبارەوە بەهیچ جۆرێک لە ئاستی جیهانی عەرەبیدا نیین. گەر هەندێک لە خوێنەرانی ئەم بابەتە پێیانوابێت ئێمە خاوەنی ڕوناکبیرییەکی فەلسەفیی ئیسلامیی بووینە، کەواتە ئێمەش تایبەت بەم لایەنە دەپرسین: رابەرانی ئەو ڕوناکبیرییە کێن و کاریگەرییان چییە لەسەر دروستکردنی پەیوەندی ئێمە بە جیهانی عەرەبی و رۆژئاواییەکانەوە؟ شێخ شەهابەدینی سورەبەردی، شەمسەدینی شارەزووری کە رابەرانی فەلسەفەیەکی ئیشراقیین، مەلا عەبدولکەریمی مودەریس، حاجی قادری کۆیی، مەلا کۆرە، مەسعود محەمەد، خانی و ئەوانیتر چ پردێکی هزرییان لەنێوان ئێمە و هزرەڤانانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا دروسکردووە؟ لەسەر دەستی ئەو زاتانە لە کوێی فەلسەفەی یۆنانەوە دەستمانپێکردووە و چیمان لەم فەلسەفەیە، بۆ خۆمان و بۆ کولتوورەکانی تر، دروستکردووە؟
لێرەدا بائەوەش بوترێت، کە ئێمە بەشێک نیین لە فەلسەفەی ئیسلامیی، کە فەلسەفەیەکی عەرەبییە، بە هەردوو ئاقارە کۆن و نوێکەیەوە، هاوکات بەشێکیش نیین لە فەلسەفەیەکی رۆژئاوایی، کە مێژووە تازەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی شانزە، ڕێنێسانس، تادەگاتە دوا بزاڤ و تەوژمە فەلسەفییەکانی سەدەی نۆزدە و بیستی رۆژئاوا(ئایدیالیزم، راسیۆنالیزم، بوونخوازی، پۆزەتڤیستی، بوونگەرایی و پاش بونگەرایی و پاشتازەگەریی و……). گەر بەشێکین لێیان، کوان بەشداری ئێمە؟ لە کوێ و کەی بە پۆلێک تەوژم و بزاڤی فەلسەفییەوە هاتوینەتە ناو فەلسەفەی ئیسلامیی و ئەوەش، کە پێێدەوترێت، فەلسەفەی رۆژئاوایی؟؟

هزری فەلسەفیی هزرێکی دیالۆگییە نەک هەڕەمەکیی

فەلسەفەکردن بۆ کەسێکی وەک دێکارت لە گشت شارستانیەتێکدا پێوانەیە بۆ شارستانیبوون. روونتر بدوێین، بڵاوبوونەوەی فەلسەفە لەناو كۆمەلگە و نەتەوەكان (شارستانیەكان) دا بۆ دێكارتDescartes ی گەورە بیرمەندی فەلسەفەی خودگەرایی واتاداربووە؛ بڵاوبوونەوەی فەلسەفە یارمەتیماندەدات، تا خۆمان لە دڕندە و كێوییەكان جیابكەینەوە.” خوا ئەو وڵاتانە بەختەوەردەكات، بەقەولی دێكارت، كە دەیانكات بەخاوەنی فەیلەسوفی ڕاستەقینە”. ئەم تێگەیشتنە دێكارتییە بەرەو ئەوەمان دەبات، کە بڵێین: فەلسەفەكردن مرۆییبوونمان دەپارێزێت و هەمیشەیش ئەوەمان بیردەخاتەوە، كە مرۆییبوونمان بەرپرسیارێتییەكی ڕەوشتییە.
فەلسەفە بەدواداچوونە. ئەو کەسەش ئەمە دەکات فەیلەسوفە. لەو بەدواداچوونەدا فەلسەفە تێگەیشتنێک دەدۆزێتەوە. ئەو تێگەیشتنە لەخۆڕا دروستنابێت. هاوکات فەلسەفە وادەکات بە ئاوەز و لۆژیک پاساو بۆ شتەکانی ناو ژیانمان بهێنێتەوە. ئەم جۆرە وتنە بەرەو ئەوەشمان دەبات، کە فەلسەفە دەرگادەکاتەوە لە تێگەیشتنمان لە جیهان، لە خۆمان. فەلسەفە نەبێت متمانە بوونی نامێنێت. واتە متمانە بەوەی دەیڵێین لەسەر خۆمان و بوونمان. گومانیناوێت، فەلسەفە لەڕێگای دیالۆگ و گومانەوە متمانە دروستدەکات. ئەو متمانەیەی بەم جۆرە دروستدەبێت تۆکمە و جێگای باوەڕە.
لێرەوە دەگەینە ئەو دەرهاویشتەیەی، کە فەلسەفە لەهەر شوێنێک بێت بوونی فەیلەسوف پشتڕاستدەکاتەوە. ئەوەی فەلسەفە بەرهەمیدێنێت فەیلەسوفە، بوونی ئەم جۆرە مرۆڤانە ئەوە دەگەیێنێت، کە شارستاییەک فەیلەسوفی تیابوو واتە ئەو شارستانییە مەرجە شارستانییەکانی خۆی تەواوکردووە، هەروەها بوونی فەیلەسوف لەو حاڵەتەدا واتە بوونی مرۆڤگەلێکی جیا، بوونی مرۆڤێک، کە پیشەی بیرکردنەوەیە.
دوا وتنیش لەوبارەوە، ئەوەیە، کە پرسیاری چیەتیی فەلسەفە لە ناوەندی فەلسەفییدا خۆی پێویست دەردەخات و لەنێو ناپسپۆڕانیشدا لە فەلسەفە، بەداخەوە، تێگەیشتنێکی فرە ئاڕاستە دروستناكات و قووڵایی فەلسەفەیش پیشاننادات. ئەوەیش، كە لە سەردەمی ئەفلاتونPlatoەوە زۆرینەی فەیلەسوفەكان بەدەستییەوە گیرۆدەن، ئەو گاڵتەكردنەیە بە فەلسەفە دەكرێت، كە فەلسەفە شتێكی بێ سوود و زێدەڕۆئامێزە و فەیلەسوفیش زۆربڵێ و چەنەبازە. جارجارەیش فەیلەسوف، وەك كەسێكی بێئاگا لە جیهانی دەرەوە و داخراو دەبینرێت، بەو كەسەیش دەشوبهێنرێت، كە لە ژوورێكی تەنهادا دانیشتووە و بۆخۆی بیردەكاتەوە. نەخێر، وانییە. فەلسەفە دژی بێهودەیی و بێ باکییە. فەیلەسوف ئەو کەسەیە، کە بەدوای هۆکاری بوونی شتەکان، مانای شت، دەگەڕێت و ئامانجیشی گەیشتنە بە بنەچەی شتەکان. کەواتە هزریی فەلسەفیی، کە هزری فەیلەسوفە، هزرێکی دیالۆگییە نەک هەڕەمەکیی.
گشت ئەوەی لای سەرەوە وترا ئەم پرسیارەی لای خوارەوەی لێپێکهات:

شتێک هەیە بەناوی فەلسەفەی کوردییەوە؟

لای سەرەوە کورت و پوخت ئەوەمان خستەڕو، کە فەلسەفە هزرێکی دیالۆگییە نەک هەڕەمەکیی و پاشخانێکی مێژوویشی هەیە؛ بۆیە لێرەدا بەباشی دەزانین، کە بپرسین فەلسەفە لە ناو ئێمەدا چ بەسەرهاتێکی هەیە؟ چ مێژوویەک لە پشتیەوەیە؟ باشە ئەم مێژووە لەگەڵ مێژووە جیهانییەکەی فەلسەفە یەکمناندەخاتەوە؟ واتە ئێمە بەشێکین لە مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوا و دەرەوەی ڕۆژئاوا؟ ئەم پرسیارانە دەمانخەنە ناو گەرووی پۆلێک پرسیاری ترەوە، لەوانە: مێژوویەکمان لە هزر هەیە؟ ڕێبازە هزرییەکانمان لە چی پێکدێنن؟ بەرهەمهێنەرانەی ئەم ڕێبازانە، یان ئەم مێژووە، کێن؟
بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی لای سەرەوە، ئەوە دەڵێین، کە نووسین بەگشتی جیایە لە نووسینی فەلسەفیی. هەموو دەنووسن بەس خۆ هەموو فەلسەفییانە نانووسن. نووسینی فەلسەفیی هێزێکی هزریی، عەقڵیی، دەیجوڵێنێت. نووسینی تر دەکرێت هەستێک، سۆزێک هۆکاربێت بۆ نووسینەکەی. نووسینە فەلسەفییەکان دەکرێت عەقڵانی بن و دەشکرێت لاهوتی(تێلۆژی) بن. هەر یەکەش لەمانە ئاڕاستە و بیریاری خۆی هەیە. ڕوون نییە ئێمە سەر بە کام ئاڕاستەین و کوان بیریارانی ئەو ئاڕاستەیەمان. گەر فەلسەفەیەکمان هەیە خۆ دەبێت ئاڕاستەگەلێکمان لەناو ئەو فەلسەفەیەدا هەبێت(ئەریستۆیی یان ئەفلاتونی، ستۆیستی / هەیوانی/ یان ئێپیکۆریی،دێکارتی یان سپێنوزایی، کانتی یان رۆسۆیی، و …هتد).
فەلسەفەکاری بەجۆرێکیتر خستەڕووی بیرۆکەیە. ئەو نووسینانەی لەناو ئێمە بەناوی فەلسەفەوە نووسراون هێج بیرۆکەیەکیان بەرهەمهێناوە؟ گەر بەڵێ بەرهەمیانهێناوە، کوا لە چ بوارێکدا؟ چونکە فەلسەفە لە چەند بوارێک پێکدێت: ڕەوشت، پەوەردە، زانست، هونەر و……. . وێرای ئەوە، کە فەلسەفە نەبوو فەیلەسوفیش بوونی نییە. ئەو دوانە، فەلسەفە و فەیلەسوف، واتە بوونی سیستەمێکی هزریی.
فەلسەفەی کوردی، شتێک بەم ناوەوە نییە. گەر فەلسەفەیەکی کوردی هەبێت دەبێت فەیلەسوفەکانیش هەبن. گەر بنەماکانی ئەو فەلسەفە کوردییە شیعر و ئەدەب بێت جا زۆربەی میلەتان ئەوەیان زۆر بەزیادەوە هەبووە و نەشهاتوون ئەدەب و شیعرەکەیان وەک سەرمایەێکی فەلسەفیی نیشاندەن. دەکرێت بوترێت، کە بۆچوونی فەلسەفیی کوردیی هەیە، جا ئەوە سەرچاوەکەی جۆرە شیعر و ئەدەبێکی سۆفیانە بێت یان میراتێکی ئاینییانەی سۆفیانە، بەڵام گشت ئەوانە قوتابخانە و شەپۆلی فەلسەفییان نەخستووەتەوە وەک ئەوەی نەتەوەکانیتر هەیانە(فەلسەفەی ئیتاڵی و بزاڤە کلاسیک و مۆدێرنەکانی، فەلسەفەی ئەڵمانی و تەوژم و شەپۆلە فەلسەفییە کۆن و نوێکانی و……).
چۆن بێینە ناو فەلسەفەی ئیشراقەوە و بەشی خۆمانی لێبقرتێنین؟ شێخ شەهابەدینی سورەبەردی، شەمسەدینی شارەزووری، کە رابەرانی فەلسەفەیەکی ئیشراقیین، هاوکارمان دەبن لە قرتاندنی ئەم بەشە؟ ئەوەش کە لەناو ئیشراقییەکان دا وتراوە سەبارەت بە زانایانی سەردەمی ئیسلام و خودی فەلسەفەی یۆنانی، کە ئەمەیان سەرچاوەی فەلسەفە ئیسلامییەکەی جیهانی عەرەبییە، پێویستی بە دوبارەخوێندنەوە و توێژینەوەی وردە، تالەوە دڵنیابین میراتی فەلسەفیی ئێمە چ جۆرێکە لە میراتی هزریی.
کاتێک دەڵێین شتێک نییە بەناوی فەلسەفەیەکی کوردییەوە ئەمە بەشێک لە خوێنەرانی ئەم بابەتە توڕەدەکات. دیارە توڕەبونیش دەچێتە خانەی سۆز و هەڵچوونەوە و دەرئەنجامی لۆژیکیی ناداتبەدەستەوە. توڕەبوونی کەسێک یان کەسانێک ناکرێت بکرێت بەپێوانە بۆ بوونی فەلسەفە. بوون و نەبوونی فەلسەفە دیاردەیەکیی شیکاریی و ڕاڤەکارییە و دوورە لە هەست و سۆزی کەسییەوە، جا ئەوە تاکیی بێت یان نەتەوەیی.
کاتێک قسە لە فەلسەفەهەبوون؛ بوونی فەلسەفە و گەشەی هزریی فەلسەفیی دەکەین، ئەمە هەروەک پێشتریش وتمان داوای پێناسەی فەلسەفەمان لێدەکات، شانبەشانی ئەوە دۆزی وتنەوەی فەلسەفە و مامۆستاکانی فەلسەفە و خوێندکارەکانی ئەم مامۆستایانەش جێیباسن. هەر تایبەت بەم لایەنە ئەو کەشە سیاسی و ئایینییەیەش جێیباسە، کە لە شاردا زاڵە، کە هەر ئەوەشە نێوەندە ئەکادێمییەکان دەباتەڕێوە.
ڕەنگە فەلسەفە بۆ زۆرێک لە دژوارتین ئەو بابەتانە هەژمارکرێت، کە لەناو بابەتە رۆژانەییەکان گوێیانلێدەبێت. مەبەست، حەز لە فەلسەفە دەمێک وەختە لەناو ئێمە خۆی لەناو لەپی تاریکییدا گیرکردووە، لەم ڕەوەشەوە مێژوومان هەیە. تاساڵانێکیش بێقەدرزانیی بە فەلسەفەدەکرا؛ ترسێک هەبوو لە فەلسەفە و وەک شتێکی بێئیمانانە و دژەدینیش دەبینرا. لە دوو لاوە غەدر لە فەلسەفە دەکرا؛ غەدرێک لە دامەزراوەی ئایینیەوە سەرچاوەیدەگرت و غەدرێکیتریش لە دەسەڵاتە سیاسییەکەوە، کە ترسی لە کردەی هۆشیاریی تاک هەبوو.
گەر تەماشای بەلانی کەمەوە سەدساڵی ڕابردوو بکەین دەتوانین درک بە بوونی سەرەتایەک بۆ بیرکردنەوەی فەلسەفیی بکەین؟ ڕەنگە ئەو سەدساڵە کەم بێت بۆ ئەوەی بەشداری خۆمان لە مێژووی فەلسەفەی جیهانی دیاریکەین، ئەگەرچی لەماوەی ئەو سەد ساڵەدا بزووتنەوەی ئەدەبی و سیاسی جۆراجۆر بەدیدەکەین؛ لێ ئەفسوس ئەو بزووتنەوانە و بەرهەمەکانیشیان ناتوانن پێمانبڵێن ئێمە خاوەنی بیرکردنەوەیەکی فەلسەفیی سێستەماتیکین. بزووتنەوەکان لەچاو ئەزموونی هزریی نەتەوەکانی تر پڕهزر نەبوونە و فرەئاقاریش دەرناکەون. پێدەچێت کێشە نەتەوەییەکەمان خەمە گەورەکەی ئەو بزووتنەوە سیاسیی و ئەدەبیانە بووبێت. ئەوەش وایکردووە خەمی نەتەوەیی سەرووی خەمی بیریاریی و هزرییمان بێت.
ئەو سەدەیەی باسیدەکەین، مەبەست گشت سەدەی بیست، کە پێشدەچێت لەڕوی بەرهەمی هزری سیاسیی و ئەدەبییەوە دەوڵەمەندترین سەدەی ئێمە بووبێت، خۆ هێشتا ئەمە ئەوە بە ئێمە ناڵێت، کە ئێمە فەیلەسوفمان هەیە. شاعیر، چیرۆکنوس و پەخشاننوسی سیاسیی و ئەدەبییمان هەبووە بەس فەیلەسوف بە مانا رۆژئاوایەکەی نەخێر نییمانە/نەمانبووە. لەو دەمەدا شتێک بەناوی فەلسەفەی ئیسلامیی عەرەبیی لەناومان دا زاڵبووە، بەڵام ئایا توانیویەتی لەناو ڕوناکبیرانی ئیسلامیی و ئیسلامی سیاسیی ئێمە ڕێچکەبخاتەوە؟

ماویەتی………………………………..




کۆمەڵگەی سەرمایەداری لە لیبڕالیسمەوە بەرەو تۆتالیتاریسم.. ئەکرەم سەعید

چەند سەرنجێکی ڕەخنەگرانە لە (کۆمەڵگەی کراوەی کاڕڵ پۆپەر)

بۆچی باسی کۆمەڵگەی کراوە دەکەین؟ لەبەر ئەوەی لەم سەردەمەدا، تەنانەت ئازادی وعەقڵانیەتی بۆرژوازی لەلایەن بزووتنەوە کۆنەخوازەکان و ڕاسیسمە نوێکانەوە دژایەتی دەکرێت، یان بەگومانەوە سەیر دەکرێت. دونیای ئەمڕۆکە پڕە لە پشێوی و ئاڵۆزی، بەتایبەتی کاتێک تۆ میتۆدی ڕوونی مارکسیزمت نەبێ بۆ شرۆڤەکردن، ئیدی لە ناو گوتاری میدیا و سیاسەتمەدارانی چینی دەسەڵاتدار کە بانگەشەی ڕاستییەکان بۆ خۆیان دەکەن، دووچاری سەرەگێژە دەبیت، چونکە بۆرژوازەکان ناتوانن وەڵامێکی زانستیانە بە هۆکارەکانی:قەیرانی ئابووری، زیادبوونی بزووتنەوە پۆپۆلیستەکان و ڕاسیسمەکان، شەڕەکان، نایەکسانی و گەندەڵی، لە جیهانی ئەمرۆدا بدەنەوە.
کۆمەڵگەی کراوە چییە؟ کاڕل پۆپەر دەڵێ:( کۆمەڵگەیەکە ئازادی بە تاکەکان دەدات ڕەخنە لە دەسەڵاتی حکومەت بگرن و تەنانەت بیگۆڕن.)، و (کۆمەڵگەی کراوە کۆمەڵگەیەکی دیموکراسییە کە دیدێکی دیاریکراو، ئایدیاڵ، کۆتایی بەڕێوەناچێت، بەڵکو بە هەنگاوی یەک لە دوای یەک بە ڕێنمایی هەوڵێکی بەردەوام بۆ گەشەکردن و پێشکەوتن، هەوڵێک کە کراوەیە بۆ بیرۆکە و ڕەوتەکان.). ئەمە دیدگاێکی لیبرالیسمە پۆپەر پێشکەشی دەکات. لە ڕاستیدا لە خولی بوژانەوەو سەقامگیریدا، واتە لە خولی ئاسایی گەشەی سەرمایەداریدا، ووڵاتەکانی سەرمایەداری غەرب تا ڕێژەێک کۆمەڵگەی کراوە بوون بەو مانا لیبڕالیسمە، واتە تەنها بە ڕێژەێک کراوە بوون لە مەیدانی سیاسیدا.
(زۆر جار ئەوە دەبیستین کە تۆتالیتاریزم سەرئەنجام بە جۆرێ لە جۆرەکان حەتمیەو بۆ خۆلێبواردن ناشێت. گەلێ لەو کەسانە کە بەهۆی هۆش و خوێندنیانەوە دەبێت لە بەرامبەر ئەو شتەی دەیڵێن بە بەرپرس بزانرێن، جاڕی ئەوە دەدەن کە هیچ ڕێگاێکی دەربازبوون لەمە نییە.) کاڕڵ پۆپەر کتێبی (کۆمەڵگای کراوەو دوژمنەکانی)- پێشەکی/ لاپەڕە ۱۹/ وەرگێڕ: ئیدریس شێخ شەرەفی.
سەرنج بە پۆپەر خۆی ڕای وایە کە ئەو کەسانەی بڕوایان بەوەیە کە (لە سیستەمی سەرمایەداریدا لیبڕالیسم و تۆتالیتاریسم دووانەێک یان دوو دیووی یەک دراون) دەبێ “بە بەرپرس بزانرێن” چونکە جاڕی ڕاێک دەدەن کە لەتەک پۆپەر ناگونجێ. یانی چی؟ داخۆ دەیاندەن بە دادگا و سزایان دەدەن؟ بابپرسین ئایا ئەوانە مافی ئازادی ڕادەربڕینیان نییە لە کۆمەڵگە کراوەکەی پۆپەردا؟. کارل پۆپەر هەر کەسێک لیبڕاڵ نەبوایە وەک دوژمنی کۆمەڵگەی کراوە سەیری دەکرد.
تادێت ڕوونتر دەبێتەوە کە لیبرالیزمی ئەمڕۆ خەریکە دەبێتە تۆتالیتاری. دەسەڵاتدارانی غەرب لە ڕێگەی لابردنی پلاتفۆرم و گۆڕانی دەستوور کە ئازادی و مافە کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکی مسۆگەر دەکرد، سەرکوت و سانسۆر زیاتر دەکەن. هەرکەسێک لیبرالیزم نەبێت لەلایەن لیبرالیزمی هاوچەرخەوە وەک دوژمنی کۆمەڵگەی کراوە تەماشا دەکرێت کە دەبێت سەرکوت بکرێ. تۆتالیتاریزمی لیبراڵ، هاوشێوەی ڕژێمە تۆتالیتارییەکانی دیکە، لەسەر کولتووری لە ناوبردنی دوژمن و سەرکوتی نەیاران دامەزراوە. لە تۆتالیتاریزمی لیبراڵدا نالیبراڵەکان بە “فاشیست”، “ستالینیست”، “تیرۆریست”، “توندڕەو” ناوزەد دەکرێن و بە دوژمن دادەنرێن کە پێویستە سەرکوت بکرێن و سزا بدرێن. بڕوانە سەرکوتی بزووتنەوەی هیلەک زەردەکان و بزووتنەوەی دژی گۆڕینی تەمەنی خانەنشینی لە فەرنسادا، هەروەها سەرکوتی ئەمڕۆکەی بەریتانیا بۆ بزووتنەوەی هاوپشتی لە غەززە. هەرکاتێک سەرمایەداری دووچاری قەیرانی گشتی بووبێ، دەسەڵاتدارانی ڕاستڕەوی بۆرژوازی کۆمەڵگەی کراوە بەرەو کۆمەڵگەی داخراو، بەرەو کۆمەڵگەی جەنگ پاڵپێوە دەنێن، ئیدی عەسکەرتاریسم و تۆتالیتاریسم باڵ بەسەر کۆمەڵگەدا دەکێشێ، وەک ئەمڕۆکە لە ئەوروپادا دەیبینین.
کەواتە کۆمەڵگە چەندە کراوەیە یان داخراوە مەسەلەێکی ڕێژەییە، و بەندو بەستراوە بە هەلومەرجی ئابووری و سیاسی لۆکاڵی و جیهانییەوە.
کۆمەڵگەی کراوەی بە چ ماناێک؟!
مانای کۆمەڵگەی کراوە چییە؟ لە ڕاستیدا پۆپەر مانایەکی ئیبستمۆلۆژی دەبەخشێ بە کۆمەڵگەی کراوە، بۆیە زۆر نەچۆتە باسکردنی کۆنکرێت و پێناسەی ئەو مۆدێلە لە کۆمەڵگە. گرنگ کۆمەڵگەی داخراوی سۆڤیەت بهێنەرە بەرچاوی خۆت و پێچەوانەی کەرەوە. بەڵام دەتوانین هەندێ تایبەتمەندی ئەو کۆمەڵگەیە لە لاپەرەکانی کتێبی (کۆمەڵگای کراوەو دوژمنەکانی) بدۆزینەوە.
(کۆمەڵگەی جادویی یان خێڵەکی یان کۆگەرا، بە کۆمەڵگەی داخراو ناوزەد دەکەین، و ئەو کۆمەڵگەیەی کە تاکەکان تێیدا لەگەڵ بڕیاری تاکەکەسی بەرەوڕوون بە کۆمەڵگەی کراوە ناو دەبەین.) – کارل پۆپەر / کۆمەڵگەی کراوەو دوژمنەکانی/ و: ئیدریس شێخ شەرەفی) – بەرگی یەکەم/ بەشی ۱۰/ لاپەڕە ۳۸۷. (گرنگترین تایبەتمەندی کۆمەڵگای کراوە رکەبەرایەتی ئەندامەکانیەتی بۆ بەدستهێنانی پێگە)- هەمان سەرچاوە/ لاپەڕە ۳۸۹.
کۆمەڵگەی کراوە ئازادی بە تاکەکان دەدات، تا بتوانن ڕەخنە لە دەسەڵاتی حکومەت بگرن و تەنانەت بیگۆڕن، بێ ئەوەی پێویستی بە بەکارهێنانی توندوتیژی بی. واتە کۆمەڵگەی کراوە سیستەمی دیموکراسییە کە میکانیزمێکی دامەزراوەیی بۆ چاکسازی و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و دەستاودەستکردنی، بەبێ ئەوەی پێویستی بە خوێنڕشتن و شۆڕش هەبێت.
پۆپەر دەیگوت لیبراڵ دیموکراسی باشترین فۆڕمی حکومەتە، و مۆدێلی دیموکراتییەتی ووڵاتانی سەرمایەداری ڕۆژئاوا نموونەیە، چونکە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی حکومەتەکان بەبێ پێویستی بە خوێنڕشتن و شۆڕش، چوار ساڵ جارێک بە دەنگدان، ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هاتووە. پۆپەر نووسیبووی: (دەتوانین ڕێگای گەڕانەوە بۆ ئاژەڵەکان بگرینە بەر. بەڵام ئەگەر بمانەوێت بە مرۆڤی بمێنینەوە، لە ڕێگاێک زیاترمان نییە و ئەویش ڕێگای چوونە ناو کۆمەڵگای کراوەیە و بەس) – کارل پۆپەر/ کتێبی(کۆمەڵگای کراوەو دوژمنەکانی) – بەشی۱۰ /لاپەڕە ٤۲۸.
ئەمە هاوشێوەی هۆشداری و پێشبینیەکەی مارکس و ئەنگلسە کە لە “مانیفێستی کۆمۆنیست” نووسیبوویان:(یان سۆسیالیسم یان بەڕبەڕیسم)؛ ئەمە یانی بە بڕوای مارکس و ئەنگلس ئەگەر شۆڕشی سۆسیالیسمی نەکەین بەسەر سەرمایەداریدا و کۆمەڵگای سۆسیالیسم دانەمەزرێنین، ئەوا لە نێو کۆمەڵگای سەرمایەداریدا دووچاری هەموو جۆرەکانی قەیران و چەوسانەوە دەبینەوەو دەبینە بەربەری.
جیاوازی هۆشداری و پێشبینیەکەی پۆپەر لەوەدایە کە ئەو کۆمەڵگەی کراوە کە خاوەنی سیستەمێکی لیبراڵی دیموکراسییە، بە مەرجی خۆپارێزی لە گەڕانەوە بۆ بەربەریسم دەزانێ.
ئەمڕۆکە زۆرێک لە نووسەرانی غەیری سۆسیالیستی بە جیهانی ئەمڕۆکە دەڵێن:(لیبڕالیسمی دڕندە/ لیبڕالیسمی تووندڕەو)، ئەمە یانی کۆمەڵگەی کراوەی سەرمایەداری و سیستەمە لیبراڵە دیموکراسییەکەی بۆرژوازی کە فڕەییە و چوارساڵ جارێ هەڵبژرادن سازدەکرێ، و دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی حکومەت بە ئاشتیانە لە زۆرێک لە ووڵاتاندا دەستاودەست دەکات، لەمپەر نییە تا بمانپارێزێ جیهان نەچێتە نێو خولێکی دڕندەیی.
هەروەها ئەم دەستاودەستی ئاشتیانەی دەسەڵات مرۆڤەکانی نەپاراستووە لە دڕندەیی، چونکە چوارساڵ جارێک یان زیاتر، گۆڕینی دەسەڵاتی حکومەت:لە ئەمەریکا(لە بۆش بۆ کلینتۆن، لە جۆرج بۆش بۆ ئوباما، لە ئوباماوە بۆ ترامپ، لە ترامپەوە بۆ بایدن)، یان لە سوید (لە حیزبی سۆسیال- دیموکراتەوە بۆ ئەحزابی ڕاستڕەوەکان)،، هتد، ئەمە دەستاودەستی دەسەڵاتە لە نێوان باڵەکان و ئەحزابەکانی بۆرژوازیدا. ئەمە ئەرزش و سوودی چییە بۆ خەڵکی کرێکاران و هەژاران؟! کاتێ هەلومەرج ڕۆژ داوی ڕۆژ خراپتر دەبێ، و کێشەکان و چەرمەسەرییەکان هەر وەک خۆی باقییە، وە هیچکام لەم حکومەتانەی ئەحزابی بۆرژوازی لە سەرکوت و هەژارکردنی خەڵکی زیاتر، بەدیلی دەرباز بوونی لە قەیران و نائەمنی کۆمەڵگای پێ نییە. یانی جیهانی سەرمایەداری ئەمرۆ لەسەر لەپی دێوەزمەێکدایە، لە نێو قەیران و پشێویی و جەنگدا، دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی یەک لەوی دی بەدترن، ئیدی ئالۆگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات لە نێوان ئەحزابەکاندا هیچ چارەسەری ڕاستەقینە نییە بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان.
بۆیە مرۆڤ ئەمڕۆکە وەک (مۆریس کورنفۆرس) دەتوانێ پرسیار ئاراستەی هاوڕێکانی پۆپەر دەربارەی کۆمەڵگای کراوە بکات و بپرسێ:(ئایا کۆمەڵگەێک کراوەیە کاتێ بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی بەندو بەستراو بێ بە مسۆگەرکردنی زێدەبایی و کەڵەکەی سەرمایە؟ واتە کاتێ قازانج و ئیمتیازاتی هەندێک بەندە بە چەوسانەوەی کاری ئەوانی تر؟!. وە ئایا بەڕاستی ئەقڵی کەسێ کراوەیە ئەگەر توانای بینینی ئەو حاڵەی کۆمەڵگەی سەرمایەداری نەبێ؟!.) – مۆریس کورنفۆرس – کتێبی/ دفاعا عن الماركسية/ لاپەڕە ۱٥/ کتێبەکە بە زمانی عەرەبی هەیە.
لە ڕاستیدا لەم سەردەمەدا کەسێ دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی حکومەت لە نێوان ئەحزابی بۆرژوازی، و ئیسڵاحی گچکەی بۆرژوازی بە بنەمای کۆمەڵگەی کراوە بزانێ، لە خۆشخەیاڵ و ساویلکە زیاتر هیچی دی نییە.
پۆپەر خۆشی هەستی بەو خۆشخەیاڵییە کردووە، بۆیە نووسیبووی: (لەگەڵ تێپەڕاندنی ساڵەکانی پاش جەنگ، بەشی زۆری ئەو پێشنیارانەی خستوومەتە ڕوو لە هەموویان دیارتر ئەو هەستە گەشبینییە بەهێزەی کە بەسەر کتێبەکەدا بڵاوبۆتەوە، ڕۆژ دوای ڕۆژ وەک هەستێکی سادەو ساویلکانە دەهاتە بەرچاوم، دەنگم هێدی هێدی وەک دەنگی لە ڕابردوو دوورەکانەوە بە گوێم دەگەیشت، وەک دەنگی یەکێک لە ڕیفۆرمیستە کۆمەڵایەتییە گەشبین و بەهیواکانی سەدەی هەژدە یان تەنانەت حەڤدە.). – دیباچە بۆ چاپی دووەم – هەمان سەرچاوەی کێبی ( کۆمەڵگای کراوە و دوژمنەکانی).
لەو ساتانەدا کە سەرکردە سیاسییەکانی بۆرژوازی، وەک گەمژە و کلاون/ موهەریج لەلایەن خەڵکەوە گاڵتەیان پێدەکرێت، و ئەو سەرکردانە وەک تارماێکی ڕابردوویەکی نادیار لەسەر شانۆی سیاسەت لە ناکاو دەرکەوتوون، و خەڵکی جیهان دەترسێنن، ئیدی شیکاری هەلومەرجی ئابووری و سیاسی بۆ سەرمایەداری سەردەم دەبێ بە زەرورەتێک، تا لە مەسەجی تارمایەکانی بۆرژوازی لە هەلومەرجی ترسناکی دونیا، باشتر تێبگەین.
ئەو پرسیارەی لێرەدا گرنگە وەڵامی بدەینەوە: بۆچی تاڕادەێکی زۆر کۆمەڵگەکانی سەرمایەداری غەرب کراوەترن لە چاو ڕۆژهەڵات کە زۆرکات دەسەڵات ئیستبدادی و سەرکوت، و کۆمەڵگەکەی داخراوە؟!.

دوو هۆکاری ئابووری و سیاسی کۆمەڵگەی داخراو لە ڕۆژهەڵات:
لە سەردەمی دامەزراندنی سەرمایەداری، کۆلۆنیالیسمی کلاسیک و دواتر ئیمپریالیسم، ووڵاتانی غەرب سامانی ووڵاتانی جیهانی بەناو سێیەمیان بۆ خۆیان بردووە. ئەو کەڵەکە سەرمایە مەزنەی غەرب کە بنەمای دەوڵەتی ڕفاه و خۆشگوزەرانێکی ڕێژەییە لە غەربدا، پایەی کۆمەڵگەی کراوەیە لەوێکانە، کەواتە دیارە لەسەر حیسابی هەژاریکردنی کرێکاران و خەڵکی ڕنجدەری ووڵاتانی جیهانی سێیەم، غەرب تا ڕادەێک و بۆ ماوەێکی مێژوویی سەرخانی لیبڕاڵ و کۆمەڵگاکەی کراوە بووە -(هەروەها کێبڕکێی ڕۆژئاوای خاوەن کۆمەڵگەی کراوە دژی یەکیەتی سۆڤییەتی خاوەن کۆمەڵگەی داخراو لە ساڵانی جەنگی سارد، ڕۆڵی هەبووە لە دەرکەووتنی غەرب وەک جیهانێکی ئازاد). هەر کاتێکیش بزووتنەوەێک و سەرکردەێک لە ووڵاتانی جیهانی سێیەم پەیدابووبێ، و ئامانجی گۆڕینی هەلومەرجی ئابووری ووڵاتەکەی و دامەزراندنی کۆمەڵگای کراوەی هەبووبێ، زۆرێک لەو بزووتنەوانە لەلایەن غەربەوە سەرکوت کراون، وە سەرکردەکانیان تیرۆرکراوە نموونەی: “موسەدەق” لە ئێران، وە “سەلڤادۆر ئالێند” لە ووڵاتی شیلی.لە هەلومەرجی سەرمایەداری دڕندەی جیهانی ئەمڕۆدا، لە ڕوی سەرخانی کۆمەڵگەوە، خەریکە شێوەی ئایدۆلۆژی دەوڵەت، شێوەی حکوماتی سەربازی یان مەدەنی، دیموکراتی یان نا دیموکراتی بایەخی نامێنێ، چونکە چ لە ڕۆژهەڵات و چ لە ڕۆژئاوادا، دەسەڵاتی نوێنەرانی سەرمایەداران بەرەو ئیستبدادی و کۆنەپەرستی وەردەچەرخێن. گەر لە هەندێ جێگای دونیادا هێشتا “ئازادی تاکەکەسی و مافی مەدەنی لیبڕاڵی” مابێ، ئەوەش لەژێر هەڕەشەدایە. بۆیە خەبات لەسەردەمی ئێمەدا گەر بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەی سۆسیالیستی نەبێ، ئەوا لەتەک هەلومەرجی بابەتی و ڕەوتی مێژوودا ناکۆکە، و لە کۆتاییدا بێ ئەنجامە. مرۆڤایەتی ئەگەر لە سەردەمەکەی خۆی تێنەگات، ناتوانێ بیگۆڕێ. سەردەمی ئێستا؛ نە شارستانییە، نە ئازادییە، نە مەدەنییە، بەڵکە جەنگەڵستانی سەرمایەداری بەربەریسمە. تاکە ڕێگا بۆ ڕزگاربوون لەم جەنگەڵستانە شۆڕشی سۆسیالیستییە.

میتودی شیکردنەوەی پۆپەر بۆ تۆتالیتاریسم
کە دەچیتە نێو سیاسەت هۆشت بەخۆتەوە بێ، چونکە تۆ چوویتەتە نێو ئاهەنگی دەمامک پۆشین/ حفلة تنكرية / costume party.
نزیکەی هەشتا ساڵ لەمەوبەر لە نێوان ساڵانی ۱۹۳۸ – ۱۹٤۳ کاڕڵ پۆپەر کتێبی【کۆمەڵگای کراوەو دوژمنەکانی】نووسیووەو ساڵی ۱۹٤٥چاپ کراوە. تائێستاش ئەم کتێبە هاوڕاو ڕەخنەگری هەیە. (ئەم کتێبە،،، هەندێ لەو کێشانە دەخاتە بەر باس کە شارستانیەتی ئێمە لەگەڵیدا بەرەو ڕویە،، گەڕانەوە بۆ کۆمەڵگەی داخراو “خێڵ پەرستی”، تۆتالیتاریسم.) -【کۆمەڵگای کراوەو دوژمنەکانی】- بەرگی یەکەم – و: ئیدریس شێخ شەرەفی) پێشەکی کتێبەکە/ لاپەڕە ۱۸. (هەوڵی ئەم کتێبە بۆ یارمەتی دانی تێگەیشتنمانە لە تۆتالیتاریسم و گرنگی و مانای خەباتی هەمیشەیی لە دژی چڕکراوەتەوە.) -هەمان سەرچاوە/ لاپەڕە ۱۸.
هەر ئەم دوو کورتە پەڕەگرافە لە پێشەکی کتێبەکەدا وا لە خوێنەر دەکات باسەکەی لا گرنگ بێ، چونکە کێ هەیە گەر ئازادیخواز بێ نەیەوێ لە تۆتالیتاریسم تێبگات و خەبات دژی نەکات؟!، بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە پۆپەر تۆتالیتاریسم تەنها لە سەرخانی کۆمەڵگەدا (حکومەت و دەوڵەت) قەتیس دەکات، و توێژینەوەکانی ناچێتە سەر بنەمای پەیوەندییەکانی کۆمەڵایەتی، و ڕەگ و ڕیشەی تۆتالیتاریسم لە تۆڕەکانی پەیوەندی ئابووری کۆمەڵگەدا باس ناکات، و بۆ دۆزینەوەی هۆکار و سەرچاوەی تۆتالیتاریسم، پۆپەر تەنها دراسەی میتودی میێژووگەریی فەیلەسوفانی وەک (ئەفلاتۆن، هیگڵ و مارکس) دەکات. ئەمە میتودێکی ئایدیالیستییە لە توێژینەوەی دیاردە سیاسیەکاندا.
پۆپەر ڕای وایە ئەوەی ئێستا بە تۆتالیتاریسم دەیناسین، سەر بە نەریتێکە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ خودی شارستانییەتەکەمان. نووسەر ڕەخنە لە “ئەفلاتون و هیگڵ و مارکس” دەگرێ و تاوانباریان دەکات بەوەی ئەم بیرمەندانە پەیڕەوی (میتودی مێژووگەریی) دەکەن، کە میتودێکی داخراوەو دەبێتە هۆکاری دامەزراندنی کۆمەڵگاێکی داخراو.
تیۆری تۆتالیتاریسمی پۆپەر سەرنجی جۆرێک لە پەرەسەندنی هێڵی میتودی مێژووگەریی لە(ئەفلاتونەوە بۆ مارکس)ی داوە. ئەم جۆرە دراسەیە ئامانجێکی زۆر سادەی هەبووە: وێناکردنی هەردوو تۆتالیتاریسم و لیبرالیسم وەک دوو مۆدێلی تائەبەد جیاواز، کەسەر بە هەلومەرجی ئابووری و سیاسی مێژوو نین، بەڵکو سەر بە خودی میتودی فکری ئەو مرۆڤانەن کە خوازیاری دامەزراندنی دەسەڵاتی تۆتالیتاریسمن.
بەڕای پۆپەر مارکس کاتێ دراسەی یاساکانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری کردووە، بە “میتودی مێژووگەرایی” پێشبینی گۆڕان و گەشەی سەرمایەداری کردووە، و لێرەوە مارکس پێشگۆیی کردووە بۆ مێژوو. بۆیە بیروباوەڕی مارکس جەوهەرگەریی و دۆگمایە، کە ئەنجامەکەی فکری داخراو دروست دەکات، کە لە سەردەمی ئێمەدا دەبێتە هۆکاری دامەزراندنی دەوڵەتی تۆتالیتاریسم و کۆمەڵگەی داخراو.
(بەم شێوەیە پۆپەر پەیوەندییەک لە نێوان تۆتالیتاریسمی میتۆدۆلۆژی و سیاسیدا دیاری دەکات: یەکەمیان وەک بڵێی پاساوی لۆژیکی و فەلسەفی بۆ دووەمیان دابین دەکات. لە ئەنجامدا، پووچەڵکردنەوەی لۆژیکی یەکەمیان، مەحاڵبوونی ڕاستەقینەی دووەمیان دەسەلمێنێت.) – Studies in Critical Philosophy- کارل پۆپەر و کێشەی یاسا مێژووییەکان ~ هێربێرت مارکیۆز/ ساڵی ۱۹٥۹ بڵاوکراوەتەوە/ Karl Popper and the Problem of Historical Laws [I959] / Marcuse, Herbert.
هەڵبەت بیروباوەڕی ئینسانەکان ڕۆڵی مەزنیان هەیە لە مێژوودا، وە کاتێ بیروباوەڕ بە جەماوەری دەبێت، مارکس ووتەنی: “دەبێتە هێزێکی ماتریالی و کۆمەڵگە دەگوڕێت”، بەڵام بیروباوەڕ لە هەلومەرجێکدا دەتوانێ هەم بەجەماوەری ببێت، وە هەم ڕۆڵی مەزن بگێڕێ، چونکە ڕاکان لە ئاسمانەوە دانابەزن بۆ مرۆڤەکان، وە بیروباوەڕەکان بە ڕێکەوت وەک قارچکەکان لە دارستانێکدا ناڕوێن، بۆیە ناتوانرێ تەنها بە دراسەی بیروباوەڕ لەخۆیدا وەڵامی پرسیاری ئەوە وەرگیرنەوە کە بۆچی (بیروباوەڕ حوکمی دونیا دەکات)، دەبێ بۆ دۆزینەوەی دروستی زانیستیانە بۆ هۆکارەکان نەک تەنها لە دەقەکانەوە، بەڵکە لە هەلومەرجی ژیانی واقیعی ئینسانەکانەوە لە کۆمەڵگەدا بکۆڵینەوە، و بزانین ئەم بیروباوەڕانە لە کوێوەو لە چ پێویستییەکەوە سەرهەڵدەدەن.
(مەفهومی ئایدیالیستی بۆ مێژوو لەسەر ئەو تەفسیرە دامەزراوە کە گەشەی مێژوو بەندە بە گەشەی سروشتی مرۆڤ و بیروباوەڕ و ڕاکان، وەک ئەوەی بیرمەندانی سەدەی هەژدەهەم دەیانگووت.) – فەلسەفەی مێژوو و مەفهومی ماتریالیسم بۆ مێژوو/ بلیخانۆف/ لاپەڕە ۱٦.
(نەخێر ڕای مرۆڤەکان و سۆزەکانیان ناکەوێتە ژێر ڕێکەوتەوە، بەڵکە لە گەشەو سەرهەڵدانیاندا دەکەونە ژێر هەندێ یاسا کە دەبێ دراسە بکرێن. ،، گەر بڕواتان وایە کە (بیروڕا حوکمی دنیا دەکات) بەڵام حوکمی دنیا ناکات بەشێوەێکی ڕەها، بەڵکە ئەویش بە دەوری خۆی مەحکومە، بۆیە باشترە باسی هۆکارە قوڵەکانی بزووتنەوەی مێژوو بکەین.) – هەمان سەرچاوە/ لاپەڕە ۲۳.
(لە دۆخی کۆمۆنیزمدا فاکتەرە بنەڕەتییەکانی تیرۆر سروشتێکی زۆر جیاوازیان هەیە. کۆکوژی هاوسات بوو بە “پلانی پێنج ساڵەی یەکەم” لە ڕەوتی بەگشتیکردنی گەشەی پیشەسازیی توندوتیژدا ڕوویدا، کە لە دژی دانیشتووانێکی دواکەوتوو، بێباکانە، یان دوژمنکارانە ئەنجامدرا. تەنانەت ئەگەر مرۆڤ چەمکی مارکسی سەبارەت بە یاسا نهێنیەکانی گەشەسەندنی مێژوویی تا ئەو ڕادەیە درێژ بکاتەوە کە پیشەسازیی پێشکەوتوو وەک پێشمەرجێکی حەتمی بۆ سۆسیالیزم دیاری بکات، ئەوا سەختە بتوانین بڵێین ئەم تێڕوانینە هیچ ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە سیاسەتی ستالینیزمدا هەبووە. بنیاتنانی خێرای توانای ئابووری و سەربازی کۆمەڵگەی سۆڤیەت بۆ ئەوەی بتوانێت بەرگەی مەترسی سەرمایەداری و بە تایبەتی فاشیزم بگرێت، وەک هێزی بزوێنەری ئەم سیاسەتە دەردەکەوێت و پێویست ناکات هیچ فەلسەفەیەکی شمولی ڕوونی بکاتەوە. دراسەی تیۆری بەهۆی پلانی ستالینییەوە جامدکرا نەک تەواوکرا. سەبارەت بە پاکتاوکردنەکانی ناوەڕاست و کۆتایی سیەکان و دواتر دیسانەوە کۆتایی چلەکان: ناتوانم بزانم چۆن بە خەیاڵیش بێ دەگەڕێندرێنەوە بۆ چەمکێکی فەلسەفی.) – کارل پۆپەر و کێشەی یاسا مێژووییەکان ~ هێربێرت مارکیۆز – لاپەڕە ۱۹٦/ ساڵی ۱۹٥۹ بڵاوکراوەتەوە/ Studies in Critical Philosophy / Karl Popper and the Problem of Historical Laws [I959] / Marcuse, Herbert.
گەر نووسەرێ بڕوای وابێ کە میتودێکی فەلسەفی (مێژووگەریی) هۆکاری دامەزراندنی دەوڵەتێکی تۆتالیتاریسمە، ئەی کەواتە دیاردەی ناکۆکی و ململانێی باڵەکانی نێو بزووتنەوەێکی سەر بەو فەلسەفەیە چۆن شرۆڤە دەکرێ؟!. هەموو خوێنەرێکی مێژووی بزووتنەوەی سۆسیالیستی جیاوازی نێوان (کاوتسکی و لینین و ڕوزا)، و جیاوازی نێوان ( ستالین و تروتسکی) دەزانێ.
لە ڕاستیدا وەسوەسەی تۆتالیتەریسم لە هەموو بزووتنەوە فکری و سیاسیەکانی سەردەمدا بووونی هەیە. هیچ بزووتنەوەێکی فکری و سیاسی لە کۆمەڵگای مۆدێرندا: “کۆنەپارێزان، لیبڕالیسم، سۆسیالیسم” نییە کە لەنێو باڵەکانیدا مەیلێکی دەسەڵاتی شمولی نەبوو بێ. لە سۆسیالیسمدا باڵی (سەرمایەداری دەوڵەتی/ ستالینیسم و ماو) بوونی هەبووە، لە بەرامبەریاندا باڵی (ڕۆزا، کاوتسکی، تروتسکی، کاڕڵ کۆڕش) ڕەخنەگر بوون. هەر لە ساڵانی ۱۹۰٥دا (ڕۆزا) ڕەخنەی لە ئیستبدادی بلشفیکەکان گرتووە. داخۆ ئەم باڵە جیاوازانە هەموویان بڕوایان بە میتودی (مێژووگەریی) بووە؟!. گەر میتودی (مێژووگەریی) بنەمای فکریانە، کەواتە بۆچی جیاوازن؟!. میتودی فکری وەڵامی ئەو پرسیارە نادەنەوە، لێرەوە دەبێت جیاوازی باڵەکان دراسە بکەین کە ڕوانگەی جیاوازیان هەبووە. هەروەها لیبرالیسمی کلاسیکی دوو باڵی جیاوازی هەبووە، وە لەم سەردەمەدا جیاوازی باڵی لیبڕالیسمی سیاسی و لیبڕالیسمی ئابووری، دوایی زاڵبوونی لیبڕالیسمی نوێ، زۆر شەفافتر دەرکەوتووە، و باڵی لیبڕالیسمی ئابووری (لیبڕالیسمی بازاڕی ئازاد – لیبڕالیسمی نوێ) مەیلێکی تۆتالیتاریسمی هەیە.

پێشبینیەکەی پۆپەر: کۆمەڵگەی ئەبستراکت
کارل پۆپەر لە کتێبی (کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنەکانی)دا ئەم چەند دێڕە لەسەر (کۆمەڵگەی ئەبستراکت ) دەنووسێ:
(لە ئەنجامی لەدەستدانی کارەکتەری ئۆرگانیکی، کۆمەڵگەیەکی کراوە ڕەنگە پلە بە پلە ببێتە ئەوەی کە من حەز دەکەم ناوی لێ بنێم (کۆمەڵگەیەکی ئەبستراکت). لەوانەیە تا ڕادەیەکی بەرچاو سیمای کۆمەڵەیەکی کۆنکرێتی یان ڕاستەقینەی مرۆڤەکان، یان سیستەمێکی ئەو جۆرە گروپە ڕاستەقینەیانە لەدەست بدات. ،،، ئەم خاڵە بە دەگمەن درک کراوەو دەتوانین بە پەنا بردن بۆ موبالەغەێک ڕوونی بکەینەوە. وێنای کۆمەڵگاێک بکە کە تاڕادەێک هەرگیز مرۆڤەکان تێیدا لەگەڵ یەکتر بەرەو ڕوو نابنەوەو هەموو کارەکان بە تاکی دوورە پەرێزەوە ئەنجام دەدرێن کە بە نامەی تایپکراو یان بە تەلەگرام پەیوەندی دەکەن و بە ئۆتۆمبێلی داپۆشراو هاتۆچۆ دەکەن. ،،، کۆمەڵگەیەکی وەها خەیاڵی دەتوانرێت بە “کۆمەڵگەیەکی تەواو ئەبستراکت” یان بێ کەسایەتێ ناوببرێت. ئێستا خاڵە سەرنجڕاکێشەکە ئەوەیە کە کۆمەڵگای مۆدێرنمان لە زۆر لایەنی خۆیدا لە کۆمەڵگایەکی تەواو ئەبستراکت دەچێت. هەرچەندە ئێمە هەمیشە لە ئۆتۆمبێلی داپۆشراودا و بە تەنیایی هاتووچۆ ناکەین (بەڵکە ڕووبەڕووی هەزاران مرۆڤ دەبینەوە کە لە شەقامەکەدا بەلای ئێمەدا تێدەپەڕن) بەڵام دەرئەنجام تاڕادەێک هەمان شتە “واتە لە بنەمادا هیچ جۆرە پەیوەندییەکی تاکەکەسی لەتەک ڕێبوارەکانی تردا دروست ناکەین”. ،،، زۆر کەس هەن لە کۆمەڵگایەکی مۆدێرن دەژین کە هیچ پەیوەندییەکی کەسایەتییان نییە، یان لە ڕادەبەدەر کەم، کە لە نادیاربوون و گۆشەگیریدا دەژین و لە ئەنجامدا لە ناخۆشیدا دەژین. چونکە هەرچەندە کۆمەڵگا بووەتە ئەبستراکت، بەڵام پێکهاتەی بایۆلۆژی مرۆڤ زۆر گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە؛ ئینسانەکان پێویستی کۆمەڵایەتیان هەیە کە ناتوانن لە کۆمەڵگەیەکی ئەبستراکتدا تێری بکەن.)/ 1.
ئەمە ئەو پێشبینیە دروستەیە کە پۆپەر بۆ گەشەی ڕواڵەتی کۆمەڵگە کردوویەتی، کە لە سەردەمی سەرمایەداری دیجیتاڵ و تەکنەلۆژی زیرەکدا خشت پێکاویەتی./۲.
دیارە ئەمڕۆکە مرۆڤەکان بڕێک لە کارکردن لە ماڵەوە جێبەجێ دەکەن بێ ئەوەی پێویست بکات بچنە ئۆفیسەکان، وە بۆ بەشێک لە کڕینی کاڵاکان پێویست بە چوون بۆ نێو بازاڕ و مۆڵەکان ناکات، دەتوانین بە ڕێگای ئینترنێت داواکاریەکانی خۆمان بنێرین، هەروەها بۆ هەواڵ پرسی و گفتوگۆ لەتەک دۆستەکانمان، پێویست بەسەردان ناکات و لە ڕێگای پرۆگرامەکانی شات مەیسەر دەبێ، یان گەر کەسێ لەم ڕۆژگارەدا گەرەکی بێ کۆرسێک بخوێنێ، پێویست بەوە ناکات بچێ بۆ قوتابخانەێک و بە فیزیکی ئامادەیی هەبێ لە پۆلێکدا، بەڵکە لەڕێگای “دیستانس – ئینترنێت” دەتوانێ کۆرسەکەی تەواو بکات.
بیرمەندانی بۆرژوازی جۆرەها ناوی دیکەیان داهێناوە بۆ وەسفی کۆمەڵگەی سەرمایەداری. لەم سەردەمەدا لەبری کۆمەڵگەی سەرمایەداری دڕندە ناوی وەک: کۆمەڵگای کراوە، کۆمەڵگەی پۆستمۆدێرنیسم، کۆمەڵگای شەفاف، کۆمەڵگای چاودێری، کۆمەڵگەی ڕیسک،، هتد، بەکاردەهێنن. ئەوەی ئەم بیرمەندانە لە وەسفی کۆمەڵگەدا دەیانەوێ پەردەپۆشیکەن ناوەڕۆکی دابەشبوونی چینایەتی و دڕندەیی سەرمایەدارییە.
گرنگ لێرەدا ئەوە دووپات بکەینەوە کە بە گۆڕانی ڕواڵەتی کۆمەڵگە و بە تەکنەلۆژی بوونی کەم یان زۆری پەیوەندییەکانی ئینسانەکان، ئەوە هیچ لە حەقیقەتی ئەوە ناگۆڕێ کە بنەمای ئەو کۆمەڵگەیە هێشتا سەرمایەدارییە و لەسەر پەیوەندی (کار و سەرمایە ) دامەزراوە، پەیوەندییەکانی کۆمەڵگە کۆنکرێت بێ یان بڕێکی کەم تا زۆری دیجیتاڵ بێ، هێشتا ئەو کۆمەڵگەیە چینایەتییە، مادامەکی گۆڕان بەسەر پێکهاتی ئابووری و شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەدریدا نەهاتووە، چونکە بەردەوام زۆربەی ئینسانەکان کارێک دەکەن و بەرامبەری ئەوە کرێ وەردەگرن، و نوخبەێکی کۆمەڵگەش خاوەنی کۆمپانیا و بانک و ئۆفیسەکانن و قازانج لە بەری کاری ئەوانی دی دەکەن.
پۆپەر خۆی زۆر دژی پێشبینییەکان بوو، و بەڵگەی داڕشتووە کە دەڵێ: بە هۆکاری لۆژیکی ناتوانین داهاتوو بزانین؛ نووسیویەتی:( ڕەوتی مێژووی مرۆڤایەتی بە توندی لە ژێر کاریگەری گەشەی زانستی مرۆڤدایە، بەڵام ناتوانین بە شێوازی عەقڵانی یان زانستی پێشبینی گەشەی داهاتووی زانستە زانستییەکانمان بکەین. بۆیە ناتوانین پێشبینی ڕەوتی داهاتووی مێژووی مرۆڤایەتی بکەین). لە کتێبی کۆمەڵگەی کراوە – کاڕڵ پۆپەر/ ساڵی [۱۹٤٥].
وەک لە کتێبی (هەژاریی مێژووگەرایی: The Poverty of Historicism)دا پۆپەر پێی خۆی لەسەر دژایەتیکردنی پێشبینی دادەگرێت، بڕوای وایە کە مێژوو دەستنیشان ناکرێت، بۆیە پێشبینی بۆ ئاییندە نازانستی و هەڵەیە، وە شیاوی ئەوە نییە متمانەی پێ بکرێ و پشتی پێ ببەسترێت. واتە مێژوو چوارچێوەو سنووری بۆ دانانرێت و پۆپەر دژی ئەوەیە پێشبینی بۆ ئاییندە بکەین.
پۆپەر ئەم ئارگیومێنتەی بەکارهێناوە بۆ ڕەخنە لە مارکس، وە بە تایبەتی لە کتێبی (هەژاریی مێژووگەرایی)دا ئیدیعای ئەوەی دەکرد کە مارکس پەیڕەوی فەلسەفەی (مێژووگەرایی) دەکات و بڕوای بە حەتمیەتی مێژووییە، و لێرەوە پۆپەر دەیگوت کە مارکس وەک پێغەمبەر و فاڵچیێکی درۆزن وایە پێشبینی دەکات. ئەوەی لێرەدا دەمەوێ بە کورتی بیڵێم: مارکس نە پێغەمبەرەو نە بڕوای بە “حەتمیەتی مێژوویی” بووە، بەڵکە وەک زاناێک دوای دراسەی فاکتەکانی واقیعی کۆمەڵگەی سەرمایەداری پێشبینی کردووە، هەر وەک پۆپەر خۆشی کردوویەتی؛ ئایا پێشبینیکردن بۆ پۆپەر خۆی حەڵاڵە و بۆ مارکس حەرامە؟!.

دوژمنە نوێکانی کۆمەڵگەی کراوە
بە بڕوای پۆپەر، دوژمنەکانی کۆمەڵگەی کراوە، بەتایبەتی (کاڕل مارکس و هاوڕێکانی)، ئەوانەن کە بانگەشەی خاوەنداریەتی مەعریفە و چاکەیەکی گشتی دەکەن. بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دەتوانن بە شێوەیەکی زانستی و دادپەروەرانە کۆمەڵگا کۆنترۆڵ بکەن، بۆ ئەوەی یۆتوبیاێکی پڕ لە بەختیاری بەدیبهێنن. ئەم زانستە لای نوخبەێکی پێشڕەوە کە حیکمەتیان دۆزیوەتە، هەم ڕاستی زانستییە و هەم نۆرماتیڤ-ئەخلاقییە. کەواتە بە مەعریفە و ئەخلاق دەسەڵاتێکی بیروکراتی حەکیم دادەمەزرێنن تا خەڵکی دەربازکەن لە قەیران و دۆزەخ. بۆیە ئەم مەعریفە و ئەو دەسەڵاتەی دروستی دەکەن، لە سەروی ئازادی تاکی مرۆڤەوەیە، واتە لە سەروی حوکمدانی خۆیانەوە بڕیار دەدرێت سەبارەت بەوەی کە چۆن دەبێ ژیانی خۆیان لە قاڵب بدەن. فەلسەفەی سیاسی پۆپەر لیبڕالیسم و دیموکراتییەتی سەرمایەداری ڕۆژئاوای هاوچەرخی وەک مۆدێلی “کۆمەڵگەی کراوە” قبوڵ دەکرد، وە دژی (سۆڤیەت و نازیەکان) بوو، چونکە تۆتالیتاریسم و کۆمەڵگەی داخراون بوون.
کەواتە گەر لەم سەردەمەدا بە دوای دوژمنەکانی کۆمەڵگەی کراوەدا بگەڕێن ئەمانەن: “چین، کۆریای باکوور، کوبا” ئەمانە خۆیان بە کۆمۆنیست دەزانن. “ئێران، ئەفگانیستانی تاڵیبان، سعودیە” ئەم دەوڵەتانە ئیسلامین و کۆمەڵگەی داخراون. هەروەها هەر حیزب و بزووتنەوەێک کە ”میتودێکی مێژووگەریی” و دۆگمان و ئیدۆلۆژی هەیە، ئەمانەش ئامانجیان دامەزراندنی تۆتالیتاریسم و کۆمەڵگەی داخراوە، و بە دوژمنەکانی کۆمەڵگەی کراوە دەژمێردرێن.
بەڵام جیهانی سەرمایەداری ئەمڕۆکە دوای کۆتایهاتنی جەنگی سارد، گۆڕانی بەسەردا هاتووە. ئەمڕۆکە هەندێ لایەن پەیدا بوون کە بە دوژمنە نوێکانی کۆمەڵگەی کراوە دەژمردرێن، کە ناکەونە نێو ئەو خشتەیەی پۆپەر دایڕشت بوو.
لەمڕۆدا سەرمایەداری لە قەیرانی ئابووری و ناسەقامگیردا کۆمەڵگەی خستۆتە ژێر چاودێری، و تایبەتمەندی تاکەکەسەکان پێشێل دەکات. کاتێ ئینسانەکان لە شەقامەکان، مۆڵەکان، یان لە فرۆکەخانەکاندا بن، بە تەکنەلۆژیای زیرەک دەموچاویان دەناسرێتەوە. کامێرای چاودێری دەزانێ لە چ جێکایەک سەیارەکەت ڕاگرتووە، یان بەهۆی سۆسیال میدیا و مۆبایلەکانەوە هەموو زانیاری تایبەتی تاکەکەسەکان خەزنکراوە. ئەمرۆکە تۆڕی داتا و ئینترنێت وەک دەسەڵاتێکی شمولی بەسەر سەری ئینسانەکانەوەیە، و لەتەک گەشەکردنی زیاتری “زیرەکی دەستکرد” ئەم دەسەڵاتە شمولییە زیاتر دەبێ.
بزووتنەوەکانی ڕاستڕەوی توندڕەو (ڕاسیسمی نوێ و فاشیسمی نوێ) هەر بەناوی پاراستنی دیموکراتییەت و شارستانیەتی ڕۆژئاوا جەماوەریان ڕۆژبەڕۆژ زیاد دەکات. ڕاستڕەوی توندڕەو هیچ ناچێتە ژێر ئەو پۆلێنەی پۆپەر، چونکە بڕوایان بە میتودی مێژووگەریی نییە، و باس لە پاڕاستنی (ئازادی و سیکولاریسمی) غەرب دەکەن دژی پەناهەندەکان. دیاردەی نوێی وەک (خراپ بوونی ژینگە، بڵاوبوونەی درم و ڤایرۆسەکان، ململانێی بلۆکەکانی سەرمایەداری – ڕوسیا و چین دژی ڕۆژئاوا) هێندەی دی کۆمەڵگەی کراوەی بەرەو تۆتالیتاریسم بردووە. ململانێ نێوان باڵەکانی بزووتنەوە بۆرژوازەکان کە بڕوایان بە دیموکراتی و لیبڕالیسم هەیە، و ململانێ نێوان کۆمپانیاکانی سەرمایەداران، کۆمەڵگەی کراوە بەرەو تۆتالیتاریسم دەبات. چەند نموونەیەک: ئەو کەسانەی دژی دۆگما لیبڕاڵەکانن (مافی کۆمەڵگەی میم)، ئەوانەی گریمانە لیبڕاڵەکان دەخەنە ژێر پرسیارەوە، بە ناوی ڕاستڕەوی توندڕەو ناوزەد دەکرێن. ئەوانەی کاتی کۆڤید نەیانویستایە دەمامک ببەستن یان دژی کۆڤید خۆیان بکوتن، لە زۆر ماف بێبەش دەکران. ئەگەر کەسێک بیەوێت زانست لە پشت گەرمبوونی جیهانەوە بخاتە ژێر پرسیارەوە، ئەوا وەک “ئینکاریکەری گۆڕانی ژینگە” سووکایەتییان پێدەکرێت. دیارە لەتەک تووندبوونەوەی قەیران و کێشەکان، مەیلی بەرەو سەرکوتکردن و تۆتالیتاریسم زیاتر دەبێ.
قەیرانی ئابووری و سیاسی جیهانی ئەمڕۆ لە زۆر ووڵاتاندا ئەگەری تەقینەوەی جەنگی ناخۆیی زیاد دەکات. پشێوی کاتی هەڵبژراردنی بایدن بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا، زەنگێکە هۆشداری بە ئەگەری خولێکی زۆر مەترسیدار دەدات لە نێو دڵی کۆمەڵگەی کراوەی سەرمایەداری ڕۆژاوادا. لەگەڵ سەرهەڵدانی بزووتنەوە کۆنەپەرستەکان و پۆپۆلیزم لە دونیای ئەمڕۆدا، کە مەیلی پاوانخوازیان هەیە، وە زیادبوونی ئەوەی پێی دەوترێت “فرە قەیران”، ئاسانە بگەینە ئەو ئەنجامەی کە دیموکراسی بۆرژوازی و مۆدێلی کۆمەڵگەی کراوە مەحکومە بە بن بەست، و جیهانی سەرمایەداری چۆتە خولێکی نوێی دڕندەیی.

———————————————————
تێبینیەکان:
1/ دەتوانن ئەم چەند دێڕە لە(کۆمەڵگای کراوە و دوژمنەکانی – بەرگی یەکەم – ۱۰/ لاپەڕە ۳۸۹ – و: ئیدریس شێخ شەرەفی) بخوێنەوە کە زمانەکەی باشترە. من لە زمانی ئینگلیزیەوە وەرمگێڕاوە.
۲/ دیمەنی تاکگەرایی و تەنیایی ئینسانەکان لە نێو کۆمەڵگەی مۆدێرنی سەرمایەداریدا گەلێ نووسەر (جگە لە تیۆری نامۆیی مارکس) باسیان لێوە کردووە. من لێرەدا پەرەگرافێکی ڕۆمانێکی دیستۆڤیسکی بە نموونە دەهێنمەوە کە لە ساڵی ١٨٨٠ـ ١٨٧٩ چاپ و بڵاوکراوەتەوە:
(ئەو گۆشەگیرییەی مرۆڤ تێیدا دەژی، بەتایبەتی لە سەردەمی ئێمەدا، لە هەموو بوارەکاندا دیارە. لەم سەردەمەی ئێمەدا تەنیایی کۆتایی نەهاتووە، تەنانەت نەگەیشتووەتە لوتکە. هەموو مرۆڤێک لەم سەردەمەدا هەوڵدەدات تامی ژیان بە تەواوی بکات، بەڵام دوور لەوانی دی، بۆیە بە دوای بەختەوەری تاکەکەسیدا دەگەڕێت. بەڵام مەحاڵە ئەم هەوڵانە ببنە هۆی تامێکی تەواو لە ژیان، چونکە تەنها دەبێتە هۆی لە ناوچوونی تەواوەتی ڕۆح، و تەنها دەبێتە هۆی جۆرێک لە خۆکوژی ڕۆحی لە گۆشەگیرێکی خنکێنەردا. کۆمەڵگا لە سەردەمی ئێمەدا لە تاکەکاندا تواوەتەوە، هەریەکەیان وەک ئەهریمەنێک لە کولانەکەی خۆیاندا دەژین، و لە یەکتر هەڵدێن و تەنها بیر لە شاردنەوەی سامانەکانیان لە یەکتر دەکەنەوە. وە لەمەوە دەگەنە ئەوەی ڕقیان لە یەکتر دەبێتەوەو تا خۆشیان شایستەی ڕق لێبوونەوەش دەبن. مرۆڤ لە تەنیاییدا سامان لەسەر سامان کەڵەکە دەکات و دڵخۆش دەبێت بەو دەسەڵاتەی کە پێی وایە بەم کارە خاوەنییەتی، لە دڵی خۆیدا دەڵێت: “کە ڕۆژەکانم بەم شێوەیە مسۆگەر بووە”، ئیدی گەمژەیی خۆی نابینێت کە زیاتر کەڵەکە بووە، بەمە زیاتر خۆی دەخزێنێتە ناو بێهێزییەکی کوشندە. ئەوەش لەبەرئەوەی ڕاهاتووە کە تەنها پشت بەخۆی ببەستێت و بڕوای بە هاوکاری نەماوە، و لە گۆشەگیریدا ئەو یاسایانە لەبیردەکات کە بەڕاستی مرۆڤایەتی بەڕێوەدەبەن، و کۆتاییەکەی هەموو ڕۆژێک لە ترسی لەدەستدانی پوڵەکانی دەلەرزێت کە ڕۆژێک دێت لە هەموو شتێک بێبەش دەبێت. خەڵکی بە تەواوی لەیادیان چووە کە ئاسایش و سەقامگیری ڕاستەقینە لە ژیاندا بە گۆشەگیری بەدەست ناهێنرێت، بەڵکە لە هاوپشتی و هاوکۆیی هەوڵەکانی یەکتر بەدی دێ.).

/ ڕۆمانی برایانی کارامازۆڤ/ فیدۆر دۆستۆیڤسکی).




فەیلەسوفبوون و ئێمە.. ئازاد حەمە/ بەشی دووەمی ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟

لە سۆراخی فەیلەسوفبوونی ئێمە دا

سەردەمی زێڕینی ئێمە کام سەردەمە تا لەوێندەرێ بەدوای فەلسەفەدا بگەڕێن؟ باشە دەرکەوتنی ئیسلام بۆ ئێمە لە دیدی هزرییەوە گرنگیی هەبووە؟ مانادر بووە ئەم دەرکەوتنە بۆ هاتنەکایەوەی بیرمەندگەلێک لەناوی کوردی ئیسلامدا لەشێوەی ئیبن روشد، فارابی، ئیبن سینا؟ ئەم پرسیارانە وامانلێدەکات بەدوای سەکۆیەکدا وێڵبین و لەناو ڕووبەرەکانی ئەو سەکۆیەشدا لە سۆراخی کۆشکی فەلسەفیمان بین.
جەغتدەکەینەوە، کە پرسیار لەسەر چارەنووسی هزری فەلسەفییمان قەدرزانیە لە پرۆسەی ڕوناکبیرییمان، لەو کردە ڕوناکبیرییەی جارێ ئاگاییمانی داگیرنەکردوە. پرۆسەی ڕوناکبیرییمان، گەر بێ فەلسەفە ڕێیکردبێت بوونی ڕوناکبیرییمان دەخاتە ژێرپرسیارەوە. پرۆسە ڕوناکبیرییەکانیش لە دەرەوەی بازنەی فەلسەفە لاواز و کەمدرامەت و پڕ لە کەموکوڕیین.
لەگەڵ گۆکردنی وشەی فەلسەفەش وشەی عەقڵ ڕووبەڕووماندەبێتەوە. فەلسەفە، کە پەنابردنە بۆ عەقڵ. عەقڵیش خستنەگەڕی دەوێت. جۆری خستنەگەڕەکانی عەقڵ فەیلەسوفبوونی جیاجیای دروستکردووە. مێژووی فەلسەفەش بەڵگەیە لەسەر ئەوە، لەسەری جۆراوجۆری جوگرافیای فەلسەفیی و فەیلەسوفبوون.
ڕەنگە مرۆڤایەتی پێویستی بە فەلسەفەکردنی ئێمە نەبێت. ئێمە خۆمان لە دۆزێکداین پێویستمان بە فەلسەفەیە. ئەمەش بەتەنها ڕەوشی ئێمە نییە. گومانیشی ناوێت، ئێمە وەک زۆر کولتوور و نەتەوەی تر فەلسەفەی ئەویتر قەرزدەکەین و رۆژانەش بەکاریدەبەین.
فەیلەسوفبوونی ئێمە شڕۆڤەی زۆر لەخۆدەگرێت. ئەوەتا مێژووی فەیلەسوفبوونی بەشێک لە شارستانیەکانیش لێوانلیوبوونە لە فەیلەسوف، وەک یۆنانییەکان؛ کەچی فەلسەفەی هاوچەرخی رۆژئاوایی، لەئێستادا، زۆر بی یۆنانە. ئەمەیان چۆن؟ یۆنان لە ڕابردوودا مۆڵگەی فەلسەفە بووە و ئێستاش قەرزارێکی زۆری فەلسەفەی رۆژئاوایە. سەرباری ئەوە، یۆنانی دوێنێ لەڕووی فەیلەسوفبوونەوە هەرگیز وەک یۆنانی ئەمڕۆ نییە. ئەمڕۆی یۆنان لەڕووی فەلسەفییەوە گەلێک هەژارە. کێناڵێت لە سەدەی سی (30) دا یۆنان جارێکیتر دەبێتەوە بە داڵدەی فەلسەفە و سوکرات و ئەریستۆی تر سەرهەڵنادەنەوە؟ بۆ نا!
جگەلەوەی فەیلەسوفبوونی ئێمە، یان هەر نەتەوەیەکی تر تەنها بەوەوە پابەند نییە، کە نووسینی فەلسەفیی هەیە یان نییەتی، بەوەشەوە پابەندە، کە نووسینە فەلسەفییەکان چەند کاریگەرن. هەر لەبەر ئەوە کاتێک بیرۆکەکانی فەیلەسوفێک دەخوێنینەوە لەبارەی جیهانەوە چییمان تیادروستدەبێت؟ ئەم پرسیارە ئەوەمان پێدەڵێت، کە گەشەی هزری فەلسەفیی یەک هێڵی مێژوویی نییە و دابڕان و وەستانی زۆری تیایە.

فەیلەسوفبوون، لەم سەردەمە تەنگژاوییەدا ئالەنگاریی خۆی هەیە

بەگشتی فەلسەفە لە دۆخێکی ناهەمواردایە و فەیلەسوفبوونیش ،لە ئاستێکی گڵوباڵ، لەبەردەم ئالەنگاریی گەورەدایە. ئەم لایەنە و ئەوەش، کە ئێستای ئیمە بێ فەلسەفە گوزەردەکات، لێرە و لەوێ، پرسە گەورەکەی جڤاکی کوردی پێکنەهێناوە و بەپێی پێویستیش تێڕامانی دروستنەکردووە.
بۆیە پرسیاری بۆچی فەلسەفە هەیە؟ نەبووەتە پرسیارە گەورەکەی ئێمە. لەناو زۆرێکیش لە خەڵکی ئێمە (ئەکادێمییەکان، نووسەران، خوێندکارانی زانکۆ، تا دەگاتە خەڵکی عەوام) گرنگیدان بە فەلسەفە بێ مانایە. لەبەرئەوە پرسیاری فەلسەفە چی پێدەکرێت؟، کە پرسیارێکی زۆرینەیە لە جیهاندا، لای ئێمە ڕاچڵەکانی هزریی دروستنەکردووە. ئەم شێوە پرسیارە دەیەوێت ئەوەش بە مرۆڤی کورد بڵێت، کە فەلسەفە چی بۆدەکات گەر گرنگیی بداتێ. واتە بەهۆی فەلسەفەوە دەکارێت خۆی چاک بکات؟ بۆنموونە درۆنەکات؟ خیانەتنەکات؟ عاشقبێت؟ و…. .
فەلسەفە، کە دێتە ناو کولتووری نەتەوەیەکەوە گوزارە و دەربڕینەکانی دەگۆڕێت و سێستەمە زمانەوانییەکەشی وەک خۆی نامێنێتەوە. ئەمەو جگەلەوەی بوونی فەلسەفە ڕۆڵی دەبێت لە گۆڕینی مەودای بیرکردنەوەش. هەر لەبەرئەوەی فەلسەفە نەهاتووەتە ناو ژیانمانەوە، دەبینین زۆر بەدەگمەن گوزارەی لەم جۆرە بەکاردەبەین: فەلسەفەی لە ژیانیا نییە، کەوتوومەتە ناو کێشەیەکی فەلسەفییەوە، ئەمە هیچ فەلسەفەیەکی تێدا نییە …. .

فەیلەسوفبوون پرسیاری فەلسەفە چییە؟ و فەیلەسوف کێیە؟ دووبارەدەوروژێنێتەوە

گشت ئەوانەی دەخوازن وەڵامێک بۆ پرسیاری ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟‌ داڕێژن خودی پرسیارەکە داوایانلێدەکات هه‌ڵوێسته‌یه‌ک له‌سه‌ر پرسیاری فەلسەفە چییە؟ و فەیلەسوف کێیە؟ بکەن.ئەڵبەتە پرسیاری فەلسەفە چییە؟ ئەوەمان پێدەڵێت، کە فەلسەفە لە بنەچەدا بەوە خۆی لە زانینەكانی تر جیادەكاتەوە، كە تایبەت و دەگمەنە.
باشە تایبەتیی و دەگمەنیی فەلسەفە لە چیدایە؟ تایبەتیی و دەگمەنیی فەلسەفە لە فۆرمی نزیكبوونەوەیدایە لەگەڵ: مرۆڤ، بوونی مرۆڤ، دەورووبەری مرۆڤ، كێشەكانی مرۆڤ، ئەو شتەی، كە مرۆڤ پێویستە بیزانێت و بیكات. سروشتی فەلسەفە بەجۆرێكە، كە بیركردنەوە بەرهەمدەهێنێت، بیركردنەوەكانیش جۆراوجۆرن و ئاڕاستەیش وەردەگرن. واتە فەلسەفە لە: بوون، سیاسەت، جوانكاریی، پەروەردە، ڕەوشت و لە…..هتد دا قسەدەكات و تایبەت بەو لایەنانە بیركردنەوەی خۆی هەیە.
سەرباریئەوە، پرسیاری فەلسەفە چییە؟ و فەیلەسوف کێیە؟ پرسیاری تر دروستدەکەن: فەیلەسوفەکان کێن؟ چۆن کەسانیکن؟ زۆرێکیش پێیوایە فەیلەسوفەکان کەسانێکی بێزار و دابڕاون لە جیهان. بەڵام ئەمە وایە؟ بێگومان نەخێر. فەیلەسوفەکان کەسانی لەم جۆرە نیین. فەیلەسوفەکان وەک گشت مرۆڤەکانیتر دەگرین، پێدەکەنن، دەنوون، کاردەکەن، ناندەۆخن، ئەڤینداریدەکەن، بێزاردەبن، ئاشتدەبنەوە و….هتد.
سەرباری ئەوە، فەیلەسوفەکان تەنها دۆستی کتێب نیین، پێش هەموو شتێک دۆستی ژیانن. ژینگە، پەروەردە، هونەر تادەگاتە تەندروستی و سیاسەت بەهەندوەردەگرن و …. وێڕای ئەوە، هەر فەیلەسوفە و شێوازێکی هەیە، کە دواتر ئەوەش شێواز بۆ فەلسەفەکەی دادەڕێژێت. ئەوە وادەکات فەیلەسوفەکان لەیەکتر جیاکرێنەوە.
کەوابێت، فەلسەفەكردن مافی ئێمەی مرۆڤە، مافی گشت ئەوانەیە، كە ئاوەز دەخەنەگەڕ و لە بارەی بوون؛ بوونی خۆیان و دەورووبەریان ڕادەمێنن. ئەڵبەتە هەر یەکەو بەجۆرێک گوزارە لەم مافە دەکات. بۆیشە فەیلەسوفەکان جیاواز دەنووسن.

فەیلەسوفبوون یەک جارە

فەیلەسوفبوون ئەو پرسەیە لەناو جڤاکی کوردی دا سەرنجی نەخراوەتەسەر. تەنانەت سەرنج نەشخراوەتەسەر ئەوەی، کە فەیلەسوفبوون ڕوودان و دەرکەوتنە. ڕوودەدات یان نا. لەناکاو دەردەکەوێت یان نا. هەروەها لەناو فەیلەسوفبوون دا یەخەگرتنێک هەیە. واتە، کاتێک کەسێک دەبێتە فەیلەسووف کار لەسەر پەیپێنەبراو دەبات و مەترسییەکانیش دەبینێت. فەیلەسوفبوون هاتنە، ئەو شتەیە، کە دواتر بەرەوپیرتدێت. بۆیە ڕوودانەکەی یەکجارە و بەس. بۆنموونە: دێکارت، ئیبن روشد، سپینوزا،هێگڵ، هەربە بوونیان بە فەیلەسوف شتێک دەرکەوت؛ شتێک ڕوویدا، کە پێشتر بوونی نەبوو. فەیلەسوفبوون ئا ئەو ڕووداوە، ئەو دەرکەوتنە لەناکاوەیە.
کەوابێت فەیلەسوفبوون دەرکەوتنی ڕووداوێکە. ئەم ڕووداوە یەک جار ڕوودەدات. بۆیە یەک سوکرات، یەک نیچە، یەک فارابی، یەک مارکس، یەک …. هەیە. ئەمانە یەکجار هەن و یەک جاریش ڕوودەدەن. واتە سوکرات و ئەریستۆ دوانن. مارکس و هێگڵ دوانن. هۆسڕڵ و هایدیگەر دوانن. فارابی و ئیبن روشد دوان. ئەمانە هەریەکەیان یەکن و نابنەوە و یەک جارانیش دەبن، دەردەکەون و ڕوودەدەن.
لەبەر ڕٶشنایی ئەوەی وترا، دەپرسین: لەناوماندا ئەوانە سەریان هەڵداوە، کە فەیلەسوفئاسا بیردەکەنەوە؟ چۆن بزانین لەناوماندا فەیلەسوف سەریهەڵداوە؟ئەمانە بەرهەمی فەلسەفییان هەیە؟ بەرهەمە فەلسەفییەکانیان هیچی لێرە یان لەوێ گۆڕیوە؟ ئەی فەیلەسوفبوون شتێکی زگماکە یان بەرهەمی بیرکردنەوەی بەردەوامی خودییە؟ پرسە فەلسەفییە گەورەکانی ئێمە لەناو فەلسەفە چیی بوونە؟ یان بۆ خودی پرسە گەورەکانی فەلسەفە بۆ ئێمە نەبوونە بە پرس؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە، لەوێوەدەستپێدەکەین، کە ڕەنگە کەمنەبن ئەوانەی لەناو ئێمەدا سەرقاڵی فەلسەفەن، لێ سەرقاڵییەکانی ئەمانە فەلسەفەیەکی دیارکراوی دروستنەکردووە. گەر فەلسەفەمان هەیە تایبەتمەندییەکانی ئەم فەلسەفەیە چییە؟ بە چی خۆی لە فەلسەفەی دەرووبەرمان جیادەکاتەوە؟ بەم جۆرە، هەموو ئەوانەی دەنووس فەیلەسوف نیین. مەرجی سەرەکی فەیلەسوفبوون نووسین نییە. شتێکیترە، کە سەرووی نووسینە. نووسین نییە، بیرکردنەوەیە. بیرکردنەوەی گەورە و ڕێچکەشکێن.
هەر ئەو پۆلە پرسیارە بەرەو پرسیاری ووردترمان دەبات وەک: فەلسەفە لەناو ئێمە ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی هەیە؟ گەر بەڵێ بۆ کوێ دەگەڕێتەوە؟ بۆ ئەدەب و ئاین؟ بۆیشە ئەم پرسیارە دەکەین، چونکە فەلسەفە بۆ ئێمە لە ڕابردوودا، لەڕێگای ئەدەب و ئایینەوە، ڕێگایەک بووە بۆ گەڕان بەدوای میراتدا. ئەفسووس، ئەمەش زۆری نەخایاندووە و قوڵیش کاری تیانەکراوە.
لێرەدا واباشە بچینەوە سەر تێگەیشتنێکی دێکارت، کە پێێوایە “بڵاوبوونەوەی فەلسەفە یارمەتیماندەدات، تا خۆمان لە دڕندە و كێوییەكان جیابكەینەوە.” خوا ئەو وڵاتانە بەختەوەردەكات، بەقەولی ئەو، كە دەیانكات بەخاوەنی فەیلەسوفی ڕاستەقینە”. ئەم تێگەیشتنە دێكارتییە بەرەو ئەوەمان دەبات، کە بڵێین: فەلسەفەكردن مرۆییبوونمان دەپارێزێت و هەمیشەیش ئەوەمان بیردەخاتەوە، كە مرۆییبوونمان بەرپرسیارێتییەكی ڕەوشتییە. لێرەوە ئەوەمان بۆ ڕووندەبێتەوە، کە فەیلەسوفبوون ژینگە و دەرفەت و تاکی خۆی دەوێت.
فەیلەسوفبوون، کە دەکەوێتەگەڕ ئەو کات لەوە حاڵیدەبین، کە فەلسەفە ئیشی چارەسەركردنی كێشەكانی ڕۆژانە، بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی تاك و گوتنی ناباو و نادۆگمایە. ئەمە جگە لەوەی فەلسەفە بە ڕاستیبێژیی ناسراوە؛ ڕاستییەك، کە تاكوتەرا نییە. ئەو شتانەی، کە فەیلەسوف لەبارەیانەوە گوتن دەهێنێتەگۆڕێ، بەدواچوونیان بۆدەكات و لە ڕاستییان دەكۆڵێتەوە.
ئەوە فەیلەسوفبوونە زەمینە بۆ فەلسەفەسازی دەسازێنێت. بەپێی ئەوەی فەیلەسوف لە كۆمەڵگەدا دەژی و هەست بە دەورووبەری خۆی دەكات، دەتوانێت كاریگەریی لەسەر فاكتەرە كۆمەڵایەتیی و ڕۆشنبیرییەكان دابنێت و ئاوەزی خۆیشی بخاتەگەڕ، تا لە كۆمەڵگە تێبگات و ڕاستیی ناو ئەو كۆمەڵگەیە ئاشكرابكات.

بینینی کەسێک لە پێگەی فەیلەسوف

فەیلەسوف کەسێکی بێ ئاگا لە جیهان نییە، گۆشەگیر لە ژوورێک و بێ باک بەرامبەر بەوەی لە جیهاندا ڕوودەدات. بۆیە بینینی کەسێک لە پێگەی فەیلەسوف کارێکی ئاسان نییە و هەر ئەو بینینەش دەتوانێت بەرەو دیدی ترمان ببات. بۆ؟ چونکە بینینی کەسێک لە پێگەی فەیلەسوف واتە بوونی فەلسەفەیەک؛ کاتێکیش دەڵێین فەیلەسوفمان نییە ئەمە بەو مانایە نییە، کە دان بە بوونی کەسانێک نانێین، کە سەرقاڵی نووسینی فەلسەفیین یان روناکبیرییەکی فەلسەفییان هەیە.کەواتە لێرەدا دەپرسین: بەوانەوەی، کە لە بواری توێژینەوەی فەلسەفیدا کاردەکەن دەکرێت بڵێین فەیلەسوفمان هەیە؟ بێگومان نەخێر.
گومانیناوێت، چەند بەشێکی فەلسەفەمان لە هەرێم دا هەیە(زانکۆی سەلاحەدین، زانکۆی ڕاپەرین) و لەو چەند بەشەش پۆلێک پرۆفیسۆری فەلسەفەشمان هەیە؛ بگرە کۆمەڵێک شرۆڤەکاری فەلسەفیشمان لە دەرەوەی ئەو بەشانە هەیە، کە کۆرسێک فەلسەفەیان نەخوێندووە و خۆشیان سەرقاڵی نووسین و وەرگێڕانی بیرمەندەکان کردووە. بەس ئایا گشت ئەمەی وترا پێماندەڵێت ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ ئەڵبەتە نەخێر. زۆرێک هەن شەیدای نووسینە فەلسەفییەکانی ئەفلاتون و ئەریستو ۆ دێکارت و هێگڵ و مارکس و سارتەر و هایدیگەرن و لەو بارەشەوە چەند دەقێکیان نوسیوە بەس ئایا ئەمە ئاماژەیە لەسەر بوونی فەیلەسوف لەناو ئێمە؟ بەدڵنیاییەوە نەخێر.
لەو بارەوە ئەوەش شایانی وتنە، کە كێ مافی فەلسەفەكردنی هەیە؟ بەدڵنیاییەوە ئەم پرسیارە بەرۆكی كۆمەڵە پرسیارێکی هاوشێوە دەگرێت، كە خەمی هزریی چیەتیی فەلسەفە لەكۆڵدەگرن: گەر ئەم مافە تەنها بە فەیلەسوف دەدرێت، باشە فەیلەسوف كێیە؟ فەیلەسوف پرۆفیسۆرێكی زانكۆیی و كەسێكی ئەكادێمییە؟ ڕەنگە هەندێکیش لە ئێمە بڵێن، ئەی بۆ فەلسەفەكردن مافی عەوامیش (زۆربەش) نەبێت؟
لێرەدا و سەبارەت بەو پرسیارانە تەنها ئەوەندە دەڵێین، كە ڕاستە فەلسەفەكردن مافی ئێمەی مرۆڤە، مافی گشت ئەوانەیە، كە ئاوەز دەخەنەگەڕ و لە بارەی بوون و بوونی خۆیان و دەورووبەریان ڕادەمێنن. بەپێی ئەوەیش، كە لە ئێستادا تێكنۆلۆژیای زانیاریی دەستی بەسەر ژیانی ئێمەدا گرتووە، پێویستمان بەوەیە تێڕامان و تەماشاکردنەکانمان بۆ جیهانی تازە، قووڵتر و بەرینتر بكەین، تا لەوە تێبگەین، کە چۆن مامەڵە لەگەڵ چەمكی خودی زانین، زانست، ڕەوشت و ئاكار (موڕاڵ) دا بكەین.
ئاڵۆزییەكانی دنیای سیاسەت، واتای ماف، دادپەروەریی، یەكسانیی، كێشە ژینگەیی و پەروەردەییەكانیش، هەموو ئەمانە داوامان لێدەكەن، کە ئاسۆی بیركردنەوەمان فراوان و فرەئاقار بكەین و تێگەیشتنی فەلسەفیی لەمەڕ تێگەیشتنە سیاسیی، پەروەردەیی، كۆمەڵایەتیی و كولتوورییەكان دروستبكەین. ئەمە کارێکی ئاسان نییە. ئەمە داوای سێستەمێکی هزرییمانلێدەکات لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتییماندا.
دۆخەکە لەوەدایە، کە ئێمە نامانەوێت لەڕێگای ئەم پرسیارەوە لە دۆزی قەیراناوی هزرییمان تێبگەین. باشە گەر فەیلەسوفمان هەیە بنەمای هزری فەلسەفیی ئێمە چ جۆرە بنەمایەکی هەیە؟ بەدڵنیایشەوە نەبوونی ئەو بنەمایە، واتە نەبوونی فەیلەسوف. ئێمە وایدەبینیین، کە دیدێکی نوێ بۆ جیهان تەنها لە ڕوانگەی فەلسەفەوە دێتەکایەوە. کە ئەوە هەبوو واتە فەیلەسوف هەیە. بۆیە ڕوون نییە وشەی فەیلەسوف چۆن لەناو ئێمە بڵاوبووەتەوە و چیگەیاندووە. ئەم وشەیە پۆزەتیڤ بەکاربراوە یان نێگەتیڤ.

نا، ئێمە بەمجۆرە لە فەلسەفە حاڵینەبووینە

ئێمە بەو جۆرە لە فەلسەفە حاڵینەبووینە، کە لە لاپەڕەکانی مێژووی فەلسەفەی رۆژئاوا بەرچاوخراوە. لەوێ، لە دیدی رۆژئاواییەکان كاتێك، فەلسەفە دەبێت بە فۆرمێک لە نوسین، یان فەلسەفەكردن جێگای نوسین دەگرێتەوە ئیدی زۆر شت گۆڕانی دێتەسەر. ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی کاتێک فەلسەفە لە وتنەكانی مرۆڤدا كارادەبێت، وتن لەبارەی بوونی مرۆییەوە دێتەگۆ و فەلسەفەیش خۆی وەك ئامرازێك بۆ ژیان و تێگەیشتن لە بوونی كۆمەڵایەتیی مرۆڤ نمایشدەكات و لەڕێگای فەلسەفەیشەوە لە چێژی بیركردنەوە و مەبەستی ژیان تێدەگەین.
نا ئێمە، بەوجۆرە لە فەلسەفە حاڵینەبووینە، کە فەلسەفە بیركردنەوەیە، ئەم بیركردنەوەیە لەلایەکەوە ئاڕاستەی ژیان دەستنیشاندەكات، لەلایەکی ترەوە گفتوگۆی شتەكانی ناو ژیانی مرۆڤ دەكات. بۆ ئەوەی بژیین و لە ژیانی خۆمان تێبگەین، پێویستمان بەو ئامرازەی ژیانە، كە فەلسەفەیە. ئەمەش پێویستی بەوەیە، کە لەم پرۆسەیەدا بۆ ئەوەی خوێنەرانی فەلسەفە زیادبكەن و فەلسەفە وەك شێوازێك بۆ ژیان و ئامرازێك بۆ گەیشتن بە ژیان سەیربكرێت، فەلسەفەكردن پێویستی بەوەیە لەگەڵ تیۆرییەكان خۆی بگونجێنێت و خۆی ئاسانتر و نزیكتر لە ژیان نیشانبدات.
ئەو دەمەی فەلسەفە دەكرێت بە ئامرازێك بۆ كەڵكوەرگرتن لە ژیان و گۆڕینی فرۆمی ژیانی مرۆڤ و تەقەلایەکیش بۆ هەڵوێستەكردن لەسەر بەختەوەریی و ئایندە و ناحەزییەكانی مرۆڤ؛ بەمە فەلسەفە زیاتر لە بوونی مرۆڤەوە نزیكدەبێتەوە.
کوا کێ لەناو ئێمە كردەی فەلسەفەكردنی والێکردووە ببێت بە کۆششێک بۆ گەڕان بەدوای واتای ئازادیی و بەدیهێنانی بەختەوەریی بۆ تاك و لەسەرێكی ترەوە ئاشتكردنەوەی كولتووری سیاسیی ئێمە لەگەڵ فەلسەفە و سنووردانان بۆ گەوجاندنی تاك و كاركردن لەسەر باشەكان، كە بە جۆرێک لە جۆرەکان بەها ڕەوشتییەكانی ئێمەی مرۆڤن. ئەمانەیش وادەكەن، کە فەلسەفە توانای بینینی مەترسییەكانی هەبێت و شەڕ لەگەڵ دۆشدامانی هزریی بكات و هەلومەرجیش بۆ هێنانەكایەی دۆزێكی ئەوتۆ دروستبكات، كە فەلسەفە بە ئازادیی گوزارشت لە ئامادەبوونی ڕاستەقینەی خۆی و بوونی مرۆیی ئێمە و مافەكانمان بكات.

سەردەمەکانی ئێمە بێ فەلسەفە گوزەریان نەکردووە؟

بۆ هەموان ڕوونە، کە گشت كردەیەكی فەلسەفیی سەردەمی خۆی هەیە، بەڵام فەلسەفە دەكارێت لە سەردەمی خۆی بێتەدەرێ، ئەمە بە واتای هاتنەدەرەوەی فەلسەفە نییە لە لەشی خۆی، لەبەرئەوەی فەلسەفە، كە لە سەردەمی خۆی دووردەكەوێتەوە، لە سەردەمێكی تر نزیكدەبێتەوە، كە دیارە فەلسەفە لەو حاڵەتەدا بە خوڵقاندنی پرسیاری ترەوە سەرقاڵە، یان فەلسەفە خەریكی سەرچڵی ترە و تێهزرین لە شتگەلێكی تر دەكات، كە لە پێشبینییەوە دوور نین.
لێرەوە دەگەینە بیرۆكەی فەلسەفەی گشت سەردەم، یان گشت فەیلەسوفێك، کە ئاڕاستەكردنێك لەناخیدا پەنهانە. لێرەدا دەكرێت بگوترێت، كە فەلسەفەی گشت فەیلەسوفێك بۆ قۆناغێكی دیاریكراو بووە و جارجارەیش تێۆریزەكردن بووە بەسەر ئەوەی، کە دواتر دێت.
بەپێی ئەوە بێت، کە لای سەرەوە باسکرا، سەردەمەکانی ئێمە بێ فەلسەفە گوزەریان کردووە. یان دەتوانین بڵێین، فەلسەفە و سەردەم پێکەوە نەژیاون. سەردەممان هەبووە بە مانا مێژووییەکەی، لێ فەلسەفەدار نەبوونە. گەر وانییە کوا فەیلەسوفی سەردەمەکانمان؟ بۆ مێژوویەک سەبارەت بە فەلسەفە لە ژیانی هزریماندا بوونی نییە؟ ئەمەش پرسیاری ترمان لادروستدەکات، وەک: ڕۆشنگەرەکانی(منەور) ئێمە کێن؟ کوان کارە هزرییەکانی ئەو ڕۆشنگەرانە؟
بەمجۆرە بێت، کە لای سەرەوە باسکرا، کاتێک تەماشای مێژووی هزری رۆژئاوا دەکەین، شتێکی تر دەبینین. دەبینین، کە مامەڵەی فەیلەسوفانی رۆژئاوا لەتەك فەلسەفەدا وەك یەك نەبووە. لەگەڵ ئەوەیشدا فەیلەسوفەكان سوودیان لەیەكتر وەرگرتووە، بەڵام هەمیشە مەودایەكی هزریی لەنێوانیاندا هەبووە. واتە هەر فەیلەسوفە و جوگرافیایەكی، زێدێكی، فەلسەفیی خۆی هەبووە، كە لەهەمان كاتدا ئەم فەیلەسوفە دەیشتوانێت گەشت بەناو جوگرافیاكانی تر و سەر بەم زێد و ئەو زێدی هزرییشدا بكات.
وێڕای ئەوە، مێژووی فەلسەفەی رۆژئاوا شتێکی تریشمان پێدەڵێت؛ ئەوەش ئەوەیە، کە دەكرێت كردەی فەلسەفیی لە دەرەوەی سەردەم، یان نەریت بێت. واتە لەوە نەكات كە، هەمان شت و دووبارەیە. كاتێكیش فەلسەفە لە دەرەوەی سەردەمی خۆی دەبێت، ئەمە هەرگیز بەو واتایە نایەت، كە فەلسەفە پشت لە سەردەم و شوێنی خۆی دەكات، بەڵكو فەلسەفە زۆرجار ئەوەی دەیڵێت، لە سەردەم و شوێنی تریشدا كاری خۆی دەكات. بۆ نموونە ئەوەی، کە ئەفلاتون لە دیالۆگەكانیدا سەبارەت بە خۆشەویستیی، جوانكاریی و ڕەوشت گوتوویەتی، یان ئەوەی سپینوزاSpinoza، یان کانت Kant لەمەڕ ئاین، ڕەوشت و زانین وتویانە، ئێستایش جێی گفتوگۆن و فەلسەفە ناكارێت پشتیانتێبكات.
ئەمەی لای سەرەوە باسکرا، ئەوە دەگەیێنێت،کە ناوەرۆکی فەلسەفە نە وەك خۆی دەمێنێتەوە، نە ئەو ناوەرۆكەیش، كە هەیبووە پشتگوێدەخرێت. زۆرجار زۆر شت وادەكەن ئەو ناوەرۆکە بەشێوەیەکی تر بێتەپێكهێنان، یاخود وادەكەن فەلسەفە بەشێوەیەکی تر قسە لە سەردەمی خۆی بكات. هەر بۆنموونە، بەشێكی زۆر لەو پرسیارانەی چیەتیی فەلسەفەیان لە سەدە تاریكەكان پێكهێناوە لەئێستادا، وەك پرسیارگەلێكی کۆن و بەسەرچوو دەبینرێن، یان دەچنە خانەی ئەو شێوە پرسیارە فەلسەفییانەی، كە وەڵامی خۆیان چنگكەوتووە.
کەواتە، ئەوەی لایسەرەوە باسکرا، دوورە لە مێژووی هزریی ئێمەوە. مێژووەکە بەجۆرێک ناسێستەماتیکە، کە ناتوانێت وێنەیەکی هاوتای ئەوتۆمانبداتێ، کە ئێمە بیرمەندمان هەبووە، بیریاریی لە ژیانی بیرییماندا گرنگیی خۆی هەبووە. بەڵام سەبارەت بە شارستانی رۆژئاوا شتێکی تر دەبینین. لەوێندەرێ بۆ ئەوەی فەلسەفە ناوەرۆکێکی نوێ و جیای هەبێت، دەبینین فەلسەفە هەمیشە کۆششی ئەوەی كردووە، کە خۆی نەجوێتەوە و لەسەر ناوەرۆکی خۆیشی نەژی، یان ئەوە نەڵێتەوە، کە وتراوە.
بۆ ئەوەی فەلسەفە ئەمەی بەسەرنەێت، فەلسەفە نەبێتە بوارێك بۆ وتنی شتی گوتراو و بەسەرچوو، فەلسەفە پێویستی بەوە دەبێت، کە بە سەردەمی خۆیەوە گرێدراو بێت. هەر ئەم گرێدراوییە وەها لە فەلسەفەیش دەكات، کە ڕێژەیی و ناڕەها بێت، كراوە و چاودێر بێت، چونكە سەردەمە جیاكان وەها لە فەلسەفە دەكەن، کە ڕەوت و ڕواڵەتی جیا و نادووبارەی هەبێت و كاریشی گوتنی ئەوە بێت، كە دەكەوێتە زۆنی بێدەنگییەوە. واتە فەلسەفە دەكارێت گوتن لە گەرووی بێدەنگییەوە بهێنێتەدەرێ و لەتەك شوێن و كاتەكاندا هاوشان و كۆقەوارەبكات.

بێدەنگی فەلسەفیی ئێمە زۆری خایاندووە

بەدڵنیاییەوە، بێدەنگی فەلسەفیی ئێمە زۆری خایاندووە. ئەمەش زیانێکی زۆری داوە لەو مێژووەی دەخوازین بینووسینەوە سەبارەت بە هزرمان. وەکیتریش، گومانی ناوێت، كە فەلسەفە هەندێك چركەی بێدەنگ و خامۆشی خۆی هەیە، بەڵام ئەو چركانە ئەگەرچی لە چركە پێویست و گرنگەكانیشن، بەڵام زێدە كەمتەمەن و نابەردەوامن، چونكە فەلسەفە لەگەڵ دەركەوتنیدا ئەوەی یەكلاكردووەتەوە، کە چیەتیی فەلسەفە بە گوتنەكانیەوە بەندە، بەوەوە بەندە، كە فەلسەفە ناوەستێت و بەردەوامە. بەداخەوە ئەم لایەنە بۆ ئێمە تەواو جیاوازە و وەک ئەوە نییە، کە لە مێژووی هزریی رۆژئاوادا باسیلێوەدەکرێت. بێدەنگی فەلسەفیی ئێمە کاتێکی زۆری خایاندووە و گشت مێژووی هزرمانیشی گرتووەتەوە.
فەلسەفە ناکرێت بۆ ماوەیەکی زۆر بێدەنگ بێت. بێدەنگیی فەلسەفە بۆ کاتێکی زۆر بە زیانی مێژووی هزری ئەو نەتەوەیە دەگەڕێتەوە. کاتێک فەلسەفە بێدەنگ دەبێت شتیتر جێگای دەگرێتەوە، کە ئێمە ناویدەنێین نافەلسەفە، نەزانین، دژەدانایی. ئەمەش لەبەرئەوەی، کاتێک فەلسەفە قسەدەکات، وتنی دەبێت، فەلسەفە هەر بەهۆی ئەو وتنانەیەوە، کە لەلایەكەوە ناسنامە بۆ چیەتیی خۆی دادەتاشێت و خۆی لە سەردەم و شارستانیی خۆی نزیكدەكاتەوە، لەلایەكی ترەوە خۆی لە زانستەكانی تر جیادەكاتەوە.
پێشتریش گوترا، فەلسەفە خۆی دەكات بەو شتەی، كە هەیە، نەك ئەوەى، كە ونە، ئەو شتەی گوتنی خۆی هەیە و هەر ئەو گوتنەش ناوەرۆکی پێكدەهێنێت و كاكڵی بۆ دروستدەكات. فەلسەفەكردن و تێكشكانی پیرۆزییەكان، چاندنی پرسیار و پرسیاركردن لە ڕەچەڵەكی بۆشایی و هیچیی، هەوڵی فەلسەفە بۆ تێگەیشتن لە خودی خۆی و جیهانی ئەو خودە، بەشێكن لە پرۆسەی پێكهێنانی ناواخنی فەلسەفە و باخچەی هزریی فەلسەفیی دەسازێنن و كردەی فەلسەفەسازیش لەوێوە خۆی وەك سەرچڵیی هزریی نیشاندەدات. کوا فەلسەفە لەسەر ئەم بناغەیە لە ژیانی هزری ئێمەدا کاریکردووە؟ نەخێر بەمجۆرە کارینەکرووە و بگرە زۆریش مات و بێ وتن بووە.

ماویەتی…….




کە ” فڕۆید” دەبێتە میوانی ” پەشێو”.. ڕزگار عومەر

وەکو زۆربەی ڕۆژانی هەفتە بەیانیان زوو یەك دوو کاتژمێر لە پارک کات بەسەر دەبەم. ئەم بەیانیە دوای وەرزش لە گەڵ “بەشدارعوسمان” بۆ حەوانەوەی دوای وەرزش چووین قاوەمان خواردەوە. لەم دانیشتنە بەشدار شیعرێکی مامۆستا “عبدواللە پەشێو”ی بۆ خوێندمەوە بە نێوی (هەم تۆم خۆشدەوێ هەم ئەویش)، کە زۆر کاریگەری لەسەرم دانا، بەشدار ڕۆیشت و من لەو پارکە هەر ئەخولامەوەو بیرم لێدەکردەوە دەتووت من یەکەم جارە گوێم لە شیعری مامۆستا پەشێو بووبێت. کە هاتمەوە هەر لە خەیاڵم بوو ئەو شیعرە هەر لە خەیاڵم بوو، بۆیە پەیوەندیم کردەوە بە بەشدار و دەقەکەی بۆ ناردم، کە وەکو دەقیش هاتە بەرچاوم زانیم من لەبەردەم ئیشێکی گەورەدام ، هەروەها دڵنیابووم کە لەبەردەم ڕیسکێکی گەورە دام لە بەکار‌هێنانی “فرۆید” بۆ تێگەیشتن لە پەشێو! چونکە سیگمۆند فرۆید، باوکی شیکاری دەروونی، حەزێکی قووڵی لە یەکتربڕینی دەروونناسی و ئەدەب، بەتایبەتی شیعر هەبوو. ئەو پێی وابوو ئەدەب وەك بەرهەمێکی عەقڵی مرۆڤ، پەنجەرەیەکی دەگمەن دەکاتەوە بۆ ناو ئەو پاڵنەر و غەریزە نائاگایانەی کە ڕەفتاری مرۆڤ لە قاڵب دەدەن.
بۆچوونەکانی فرۆید سەبارەت بە ڕەنگدانەوەی غەریزەکان لە ئەدەبدا ڕەگ و ڕیشەی لە تیۆرییە فراوانەکانیدا هەیە سەبارەت “بە دەروون” کە تێیدا گریمانە دەکات بەشێکی زۆری ڕەفتاری مرۆڤ لە ژێر کاریگەری ئارەزووە نائاگاکاندایە، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە خۆشەویستی و سێکس و شەڕانگێزییەوە هەیە.
فرۆید شیعری وەك فۆرمێکی بەهێزی تایبەت لە ئەدەبیات دەبینی کە دەتوانێت ئەم پاڵنەرە نائاگایانە ئاشکرا بکات. زۆرجار لە شیکارییەکانیدا سەرنجی لەسەر ئەوە بوو کە چۆن شاعیران غەریزە سەرەتاییەکانیان دەکەنە چوارچێوەیەکی باڵا بۆ دەربڕینی داهێنەرانە. پڕۆسەی بە چوارچێوەکردن وبە باڵاکردنی غەریزەکان لە ئەدەبدا، بە بڕوای فرۆید، میکانیزمێکی بەرگرییە کە تێیدا پاڵنەرەکان یان ئایدیالیزەکردنی “قبوڵنەکراو” لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە دەگۆڕدرێن بۆ کردار یان ڕەفتارو پەسەندکراوێکی کۆمەڵایەتی کە مەقبولیەتی هەبێت وفیلتەرەکانی کلتور ببڕێت، کە زۆرجار لە ئەنجامدا دەستکەوتێکی خودی پڕۆسەکە دەبێتە چاکسازیەکی سادە یان گەورە بۆ هەناسەیەکی زیاتر لە کولتوورە داخراوەکاندا. شیعر بە زمانە دەوڵەمەندە ڕەمزییەکەی و قووڵایی سۆزدارییەوە، فۆرمێکی گونجاوە ئەگەر پێشمەرجە ئیستاتیکەکان و دەوڵەمەندی زمانەوانیەکەی وەڵامی ئەم پڕۆسە بووبێت.
کاتێک باس لە شاعیرانی پیاو دەکرێت، فرۆید بە تایبەتی گرنگی بەو شتە دەدا کە چۆن بەرهەمەکانیان ڕەنگدانەوەی قووڵترین ئارەزوو و ململانێ “چارەسەرنەکراوەکانیانن”، کە زۆرجار ڕەگیان لە ئەزموونە سەرەتاییەکانی خۆشەویستیدا بوو. فرۆید بەناوبانگ بوو کە دەیگوت خۆشەویستی یەکەمی پیاو کە بە شێوەیەکی تایبەت لە سەرەتای منداڵیدا ئەزموون دەکرێت، جێپەنجەیەکی نەسڕاوە لەسەر دەروونی بەجێدەهێڵێت.
ئەم وابەستەییە سەرەتاییە، زۆرجار بە دایک یان کەسایەتییەکی دایک، پەیوەندییە سۆزدارییەکانی داهاتوو و دەربڕینە داهێنەرەکانی لە قاڵب دەدات.
لە چوارچێوەی شیعردا فرۆید پێی وابوو کە شاعیرانی پیاو زۆرجار لە ڕێگەی بەرهەمەکانیانەوە سەردانی ئەم خۆشەویستییە سەرەتاییە دەکەنەوە. شیعرەکانیان دەبێتە ئامرازێک بۆ پرۆسێسکردن و گەڕان و هەندێکجار ئایدیالیزەکردنی ئەم خۆشەویستییە یەکەمە، کە بە درێژایی ژیانیان وەک کاریگەرییەکی بەهێز، هەرچەندە زۆرجار نائاگاییە، دەمێنێتەوە.
بۆ نموونە شیکارییەکانی فرۆید بۆ بەرهەمەکانی یۆهان ڤۆڵفگانگ ڤۆن گۆتێ، تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە چۆن ئەزموونە سەرەتاییەکانی شاعیر و خۆشەویستییە یەکەمەکانی شاعیر کاریگەرییان لەسەر شیعرەکەی هەبووە.
تێڕوانینەکانی فرۆید بۆ ڕەنگدانەوەی غەریزەکان لە ئەدەبدا، بەتایبەتی شیعر، جەخت لەسەر ئەو بیرۆکەیە دەکەنەوە کە بەرهەمە داهێنەرەکان تەنها دەربڕینی هونەری نین بەڵکو “بەڵگەنامەی دەروونیشن” کە کارەکانی ناوەوەی عەقڵی مرۆڤ ئاشکرا دەکەن، کە بە ئەزموونە سەرەتاییەکان و ئارەزووە نائاگاکان لە قاڵب دراون.
بۆ شاعیرانی پیاو، کاریگەریی هەمیشەیی خۆشەویستی یەکەمیان، تەوەری سەرەکییە، کە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی قووڵایی سۆزداری و ئاڵۆزی لە بەرهەمەکانیاندا دابین دەکات.
لە کۆتاییدا، ڕوانگەی فرۆید سەبارەت بە ڕەنگدانەوەی غەریزەکان لە ئەدەبدا جەخت لەسەر پەیوەندی قووڵی نێوان دەربڕینی داهێنەرانە و عەقڵی نائاگا دەکاتەوە. لە چاویلکەی شیکاری دەروونییەوە، شیعر وەک میدیایەکی بەهێز سەرهەڵدەدات کە غەریزە سەرەتاییەکان و ئەزموونە سۆزدارییە سەرەتاییەکان بەرز دەکرێنەوە بۆ ناو دروستکردنی هونەری، تێڕوانینێکی قووڵ بۆ بارودۆخی مرۆڤ پێشکەش دەکەن. بەر لەوەی بچمە ناو شیکردنەوەکە لام گرنگە خوێنەران دەقەکە ببینن وبیخوێنەوە:-
هەم تۆم خۆشدەوێ هەم ئەویش
عەبدواللە پەشێو
کە من تەنیا جارێک بژیم
هەم تۆم خۆشدەوێ، هەم ئەویش
کە من تەنیا جارێک بژیم
نە تیشکی ڕۆژ دەتۆرێنم،
نە تریفەی مانگەشەویش


ئەگەر دوو جار ژیابام
خۆشەویستم هەر تۆ دەبووی لەمەیانا
لەویتردا
ئەوم دەکرد بە تاقانە
بەڵام… چبکەم!
کە من تەنیا جارێک بژیم،
چارەم نییە،
هەم تۆم خۆشدەوێ، هەم ئەویش
هەم تیشکی ڕۆژ دەپەرستم،
هەم تریفەی مانگەشەویش!
 دیوانی “ڕۆژ نییە لێتان تووڕە نەبم” ١٩٧٩
شیکردنەوەی ئەم شیعرە لە چاویلکەی تیۆرییەکانی سیگمۆند فرۆید سەبارەت بە ڕەنگدانەوەی غەریزەی پیاو لە شیعردا، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە چۆن ئارەزووی نائاگا و ململانێ ناوخۆییەکان لە دەقە داهێنەرەکاندا دەردەکەون.
شیعرەکە پیاوێک دەخاتە ڕوو کە لە نێوان دوو ژندا لەت بووە، کە بە مانگ و خۆر بەراوردیان دەکات. ئەم “دووانەیی و بەراوردکردنە” پێشنیاری ململانێیەکی قووڵی ناوخۆیی شاعیر دەکات، کە ڕەنگدانەوەی چەمکی فرۆیدە بۆ خۆشەویست یان مەحبوبەی یەکەم.
لەم شیعرەدا دەکرێ ئەو دوو ژنە وەک نوێنەرایەتی لایەنە جیاوازەکانی حەز و غەریزەی شاعیر سەیر بکرێن.
(( کە من تەنیا جارێک بژیم/
هەم تۆم خۆشدەوێ/ هەم ئەویش ))
فرۆید پێی وابوو کە ئارەزووە چارەسەرنەکراوەکانی پەیوەندییە سەرەتاییەکان زۆرجار لە تەمەنی گەورەییدا سەرهەڵدەدەنەوە، بەتایبەتی لە چوارچێوەی ڕۆمانسیدا. ڕاگەیاندنی خۆشەویستی شاعیر بۆ هەردوو ژنەکە لە یەک کاتدا ئاماژەیە بۆ ململانێیەک بۆ ئاشتکردنەوەی ئەو ئارەزووە کێبڕکێکارانە.
ئەم خۆشەویستییە دووانەیە دەتوانرێت وەک دەرکەوتنی پێداویستییە “سۆزدارییە چارەسەرنەکراوەکان” و سەختی کەناڵکردنی ئەم غەریزانە بۆ پەیوەندییەکی تاک و پەسەندکراوی کۆمەڵایەتی لێکبدرێتەوە.
کە من تەنیا جارێک بژیم/
نە تیشکی ڕۆژ دەتۆرێنم/
نە تریفەی مانگەشەویش
وێنەسازیی “ڕووناکی ڕۆژ” و “ڕووناکی مانگ” هێمای ئەو سیفەتە جیاوازانەن کە ئەو دوو ژنە نوێنەرایەتی دەکەن. خۆر، یان ڕووناکی ڕۆژ، دەتوانرێت پەیوەست بکرێت بە هۆشیاری و ڕوونی و ڕەنگە ڕەزامەندی کۆمەڵایەتییش بگرێتەوە، لە کاتێکدا مانگ، یان تیشکی مانگ، پێشنیاری نائاگایی و نهێنی و ئارەزووە شاراوەکان دەکات.
لێرە بە ئاسانی دەتوانین بڵێین: ئەم دێرە وەک هەوڵی شاعیر بۆ هاوسەنگکردنی پابەندبوونە هۆشیارەکانی لەلایەك، لەگەڵ ئارەزووە نائاگاکانیەتی ، کە ڕەنگدانەوەی گرژییە سروشتییەکەیە لە پڕۆسەی لە چوارچێوە دانان و بە باڵا کردنی غەریزە بۆ فۆرمەکانی پەسەندکراوی کۆمەڵایەتی.
ئەگەر دوو جار ژیابام/
خۆشەویستم هەر تۆ دەبووی لەمەیانا/
لەویتردا
ئەوم دەکرد بە تاقانە/
بەڵام… چبکەم!
ئەم دێرانە؛ خواستی شاعیر بۆ چارەسەرێکی مەحاڵ ئاشکرا دەکات- هەبوونی دوو ژیان و دوو ژن بۆ تێرکردنی سۆز و خۆشەویستییە دابەشبووەکانی.
تیۆری فرۆید بۆ “بەدیهێنانی ئاوات یان ئارەزوو” لێرەدا دیارە، کە شاعیر گوزارشت لە خواستێکی قووڵ و دەستنەکەوتوو دەکات.
دەروونی شاعیرەکە لە ڕێگەی شیعرەکە بەکارهێنانی “ناوەڕاست” و “تاکە” چارەسەرێکی ئایدیالیزەکراو پێشنیار دەکات کە هەر ژنێک بتوانرێت بەبێ ململانێ بە تەواوی خۆشبوێت، کە لە واقیعدا، بە مەحاڵی دەمێنێتەوە.
کە من تەنیا جارێک بژیم/
چارەم نییە/
هەم تۆم خۆشدەوێ/ هەم ئەویش/
هەم تیشکی ڕۆژ دەپەرستم/
هەم تریفەی مانگەشەویش!/
دێڕەکانی کۆتایی جەخت لەسەر قبوڵکردنی دەست لەکارکێشانەوەی شاعیر بۆ دۆخی خۆی دەکەنەوە. دووبارەبوونەوەی “تەنها یەکجار دەژیم” جەخت لەسەر حەتمییەتی ململانێیەکەی دەکاتەوە، لە کاتێکدا “چارەسەر نییە” سروشتی هەڵنەهاتووی غەریزە دابەشبووەکانی پیشان دەدات.
کردەی پەرستنی “هەردوو تیشکی خۆر” ئاماژەیە بۆ ڕێزگرتنێکی قووڵ بۆ هەردوو ئەوینەکەی، کە ڕەنگدانەوەیە بۆ بێتوانایی شاعیر لە هەڵبژاردن و لیست کردنی کامەیان یەکەمە کامەیان دووەمە، ئەو ئەوینی پاکی دابەشبوو بۆسەر دووبەش ڕێگەی پێنەدا ڕیسکی بە یەکەم کردن و بە دووەم کردنی هیچ لە ئافرەتەکان بکات. ئەم دۆخە تەنیا تایبەت نیە بە دوو ئافرەتەکە بەڵکو ئیعتیراف کردنێکی دەروونیشە بۆ لەتبوونی دەروونی شاعیر خۆی، لێرە دەروونی شاعیر بۆ ئەوەی فشار لەم میحنەتە کەم بکاتەوە دێ لە تێکستەکە خۆی دەناسێنێ بە ” ئەوانیتر” ، ئەمە ئەو چرکەساتانەیە کە “دانپێدانانێک” دەروونی شاعیرێك لە فۆرمی داهێنانێکی شیعریدا بە ئاڵۆزیی ئارەزووەکانی مرۆڤ دەخرێتە ڕوو کە بە ئاسانی چارەسەر ناکرێ.
لە کۆتاییدا دەتوانین لە چاویلکەی فرۆیدییەوە ئەم شیعرە وەک گەڕانێکی قووڵ لە غەریزە نائاگاکانی شاعیر و ململانێ ناوخۆییەکانی شاعیر سەیر بکرێت.
یەکخستنی خۆر و مانگ، دەربڕینی خۆشەویستی دووانەیی و تامەزرۆیی بۆ چارەسەرێکی دەستنەکەوتوو، هەموویان ڕەنگدانەوەی ئەو بنەما دەروونییە قووڵانەن کە فرۆید پێیوابوو ڕەفتاری مرۆڤ و دەربڕینی داهێنەرانەیان لە قاڵب داوە.
شیعرەکە وەک وێنایەکی زیندوو دەبینرێت کە چۆن غەریزە و ئارەزووە چارەسەرنەکراوەکانی پیاوان لە شیعردا دەنگێک دەدۆزنەوە، تابلۆیەکی دەوڵەمەندی قووڵایی سۆزداری و دەروونی پێشکەش بکەن، عەبدواللە پەشێو لەم تێکستەدا شاعیر نیە، بەڵکو نیگارکێشەیەکی ڕاستگۆ و پڕ لە جوانییە.




ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟.. بەشی یەکەم.. ئازاد حەمە

بەشی یەکەم

پێشەکی: ڕاچڵەکان و سەمەرەیی لە وروژاندنی ئەم جۆرە پرسیارانەدا

بۆ ئێمە ئەم پرسیارە، ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟، کە مۆرێکە بە ناوچەوانی روناکبیریمانەوە و هەڵهاتنلێی ئەستەمە، دەمێکە ساتەوەختی کردنی هاتووە و بالێشیگەڕێین پرسیارەکە خۆی بە شۆڕەسواری گشت پرسیارە هزرییەکانمان بزانێت.
لە گۆشەنیگای ئەوەی لای سەرەوە خرایەڕوو، سەرەتا دەخوازین ئەوە بڵێین، کە وروژاندنی پرسیاری ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ بوێریدەوێت و توخمی پرسیارەکەش تابڵێیت دڵتەزێنە، قەبە و زەبەلاحە و تەنها بە ئێمە بچوکناکرێتەوە. دڵنیاشین لەڕێگای ئەم پرسیارەوە شاندەدەینەبەر گفتوگۆیەکی هێجگار تاقەتپڕوکێن و ناشکرێت ڕووکەشانە لەسەر ئەم پرسیارە کاربکەین و، وەڵامی سۆزاوی، کە بێ بەرهەمە، بۆدابینبکەین. .
لە پرسیارەکەدا کۆڵینکاریی بوونی هەیە. ئەمەش دەمانگەیەنێتە شوێنێک، کە زێدی سەرەکیی فەلسەفە لە وتاری ڕوناکبیرییماندا بەرباسدەخات. هەروەها لەمیانەی ئەم پرسیارەوە شتگەلێک دێنەپێشەوە، کە شایانی ڕاڤەی وورد و تێڕامانی فرەجەمسەرن. ئیدی لە دەرگای ئەم پرسیارەوە دەچینە ژوورەوە بۆناو جیهانی بیرمەندیی و نا بیرمەندییمان، کە دواتر تووڵەڕێیەکانی پرسیارەکە بەرەو شوێن و هەقایەتی دیمان دەبەن.
هەوێنی پرسیاری ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟چییە؟ هەوێنەکە ئەوە نییە، کە فەلسەفەمان هەیە؟ یان ئەوەی، کە مێژوویەکمان لە هزر یاخود بیرکردنەوە فەلسەفیی هەیە؟ روونتر بدوێین، ئەوە دەڵێین، کە ئەم پرسیارە کێشەدارە و جەمسەری زۆریشی لێدەبێتەوە. لەوانە فەلسەفەمان هەیە؟ ئێمە سەر بە چ ئاقارێکی یان قوتابخانەیەکی فەلسەفیین؟ پێگەی ئێمە لە فەلسەفەی جیهاندا چییە؟
ئەوەی جێی سەرنجە لەم پرسیارەدا ئەوەیە، کە خۆی بە پرسیارێکی بنەڕەتی The basic question دەزانێت. پرسیاری بنەڕەتی چ جۆرە پرسیارێکە؟پرسیاری بنەڕەتی ئەو جۆرە پرسیارەیە، کە پرسیارێکی ،سەرەکیی لەخۆیدا حەشاردەدات، لە پرسیارەکەشەوە بۆ وەڵامەکەی بە شتێکی بنەڕەتیدا تێدەپەڕێت، کە ڕێشەییە. ئەوەی بیەوێت دەتوانێت لە میانەی ئەم پرسیارە بنەڕەتییەوە جێپەنجەی خۆی لە مێژوویەکدا بەجێبهێڵێت، کە مێژووی هزرە.
هەروەها پرسیارەکە تیۆریزەکردنە سەبارەت بە سەرمایەی هزری کولتوورێک، شارستانییەک. بەهۆی هەر ئەم پرسیارەوە بە پاشخانی فەلسەفیی خۆمان ئاشنادەبین؛ لە کرۆکی پرسیارەکەدا وەڵامگەلێک خۆیان پەنهانکردووە، کە داوامانلێدەکەن میراتی فەلسەفیی خۆمان بدۆزینەوە.
کۆتا گوزارەی ئەم پێشەکییە کورتە، ئەوەیە، کە ئەم بابەتە لەلایەک بە ئامانجی پێشخستنی ژیانی هزریمان و گفتوگۆکردنی ئەو ژیانە نوسراوە. لەلایەکی تر ئەم پرسیارەی بەندە ڕوناکییەکە، کە لە مەشخەڵانەکانی مێژووی ئێمەوە دەدرەوشێتەوە. داوادەکەم لە خوێنەرانی ئەم بابەتە لێگەڕێن ئەم ڕوناکییە پتر بدرەوشێتەوە و نەکەن فوی ڕقیلێنەکەن و بیکوژێننەوە.

پرسیارەکە لەڕیشەدا تایبەتە بە مێژووی هزرییمان

ڕەنگە هەندێک وەڵامی پرسیارەکە بە بەڵێ بدەنەوە و بڵێین ئەی چۆن فەیلەسوفمان نییە! ئەی نالی، ئاپۆ، مەحوی، سەید کامیل ئیمامی، خانی،حاجی قادری کۆیی، مەلا عەبدولکەریمی مودەریس، هەژار، مەسعود محەمەد و ….. ! ئەڵبەتە ئەم جۆرە بەڵێیە بەڵێیەکە پێداگرییە لە دڵنیایی و لە داکۆکیکردن و هیچیتر.
لەگەڵ کاتیشدا ئەوەی لەو پێداگرییەدا بەدیدەکەین زۆر وتن و درێژدادڕییە لەسەر شتێک، هێشتا ناڕوون و تاریکە. لەبەرئەوە پێویستمان بەوەیە بە تێڕوانینێکی هەمەلایەنەوە تەماشای ڕەهەندە هزرییەکانی ئەم پرسیارە بکەین. ئەگەر وانەکەین دەکەوینە ناو سەرلێشێواوی مێتۆدیی و سەرئەنجام دەکەوینە هەڵەشەوە. ئەمەش دژی بنەماکانی پرۆسەی چاکسازیی هزرییە، کە پێویستە کاری لەسەربکەین، تا وتاری هزرییمان بناسیینەوە.
ڕوانینە ئەم پرسیارە لە گۆشە نیگایەکی فەلسەفیەوە بەرەو زۆر شوێنمان دەبات. سروشتی پرسیارەکە بەو جۆرەیە، کە ناحەزە، لێ پرسیاریشە سەبارەت بە کەڵەکەبوونی مێژوویی هزریمان. پرسیارەکە پرسگەلێک و وەڵامگەلێک دەوروژێنێت بەئاسانی بەریانلێناگیرێت. هەر لەبەرئەوە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە درێغیناکەین لە دروستکردنی وەڵام. ئەگەرچی پرسیارەکە بۆ هەندێک ڕەنگە پێکهاتەیەکی زمانەوانی ناسادەی هەبێت، بەڵام پرسیارەکە تابڵێیت دەمبەگازندە و گوماناوییە.
ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ لەم بارەیەوە زۆر شت هەیە بۆ وتن، ڕەنگە هەندێک وەڵامی بەڵێ بدەنەوە، هەر ڕەنگیشە زۆرێک بڵێن نەخێر. بۆ ئێمە ژمارەی بەڵێ یان نەخێربێژەکان مەبەست نییە. ئەوە مەبەستە لەسەر بناغەیەکی شیکاریی ئەوەیان وتووبێت. چونکە پرسیاری ناوبراو، کە فەلسەفییە پرسیارێکی کولتووری و مێژووییشە. بۆیە پرسیارەکە چەندین وەڵامی سەیری لێدەبێتەوە. لایەنێکی ئەم پرسیارە کێشە هەڵپەسێردراوە هزرریەکانمانیش لەخۆدەگرێت؛ ئەو شتانە لەخۆدا حەشاردەدات، کە ناخوازرێت بوترێت و گفتوگۆبکرێت.
پرسیاری ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ بەتەنها پرسیاری من نییە، پرسیاری هەموانە. پرسیارێکە لێوانلێوە لە ماف. ویست بۆ ئەم پرسیارەش ویستە بۆ دادوەریکردن بەسەر میراتی فەلسەفییمانەوە. ئەم پرسیارە ئەو پرسیارەش دروستدەکات، کە ناویددەنێین پرسیاری دایک: ئایا ئێمە فەلسەفەمان هەیە؟ ئەم پرسیارەش داوای دوو پێناسەمان لێدەکات: پێناسەی فەلسەفە چییە؟ و پێناسەی فەیلەسوف کێیە؟ کە لەدرێژەی نووسینەکەدا ئاوڕیلێدەدەینەوە.

وەڵامی ژەنگاوی بۆ ئەم پرسیارە نامناگەیێنێتە هیچ کوێ

گەر قوڵببینەوە لە پرسیارەکە دەکارین درکبەوەبکەین، کە قەیرانی هزریی ئێمە پێدەچێت بەشێکی گەورەی لە چۆنیەتی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەدا خۆی مەڵاسدابێت. گەر لەڕوی مێژووییەوە ئێمە لەناو فەلسەفە و بیرکردنەوەدا بووبێتین، ساناتر وەڵام بۆ ئەم پرسیارە پێکدێنین، ئەگەریش لە دەرەوەی فەلسەفە و بیرکردنەوە بووبێتین هەر دەبێت وێڵبین بەدوای وەڵامێکی شایان و پەسەند دا. بەس واقیعی ئێمە شتێکی تر دەڵێت. بۆیە پرسیارەکە، کە تامەزرۆی زۆرترین وەڵامە، لە دووتۆیی نووسینەکەدا لق و پۆپی تری لێدەبێتەوە.
زۆرێک، کە ئەم پرسیارەیان ڕووبەڕوودەبێتەوە نموونە لەسەر فەیلەسوفبوونی ئەحمەدی خانی، پیرەمێرد، هەژار، نالی، حاجی قادری کۆی، مەحوی، هێمن، مەسعود محەمەد، مەلا عەبدولکەریمی مودەریس دێننەوە. بەڵام ئایا ئەمانە فەیلەسوفن؟ گەر ئێمە پێمانوابێت فەیلەسوف نیین ئێمە غەدرمان لە میراتی هزریی خۆمان کردووە؟ ناهەقیمانکردووە، بەتایبەت، بەرامبەر ئەو بەشە لە میراتی هزرییمان، کە بە شیعر دەزانرێت؟
سەرباری ئەوە، ئێمە دەپرسین: ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ ئێمە ناپرسین ئایا نووسینی فەلسەفییمان هەیە؟ ئایا وەرگێری کتێبە فەلسەفییەکانمان هەیە؟ ئایا هۆزاننووسی بە سەلیقەمان هەیە؟ باشە گرنگیشە بزانین، ئەو جۆرە نووسینانەی دەچنە خانەی نووسینی ئایینی، زمانەوانی، میرات، یان نەتەوەییەوە نووسینی فەلسەفیین؟ نووسەرەکانی فەیلەسوفن؟ ئایا ئێمە فەیلەسوفێکی گەورەی وەک ئەریستۆ، دێکارت، لایپنێتز، ئیبن روشدمان هەیە؟
ڕەنگە بۆ زۆرێک پرسیاری ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ هێندە گرنگ و سەرەکیش نەبێت. بەڵام لەڕاستیدا ئەم پرسیارە زۆر بنچیینەیی و بنەڕەتییە. هەر لەبەر ئەو هۆکارە وەڵامی پرسیاری ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ ناشێت سۆزاوی بێت. وەڵامی سۆزاوی بەڵێ یان نەخێرێکی سەرپێی و ساکارە؛ وەڵامی سۆزاوی بێ بیرکردنەوەی قوڵدەوترێت و زۆریش خێرائاسا دەوترێت. هەروەها بۆ ئەوانەی وەڵامی خێرا بۆ پرسیارە سەرەکیەکەی نووسینەکەمان ئامادەدەکەن و بە بەڵێش وەڵامیدەدەنەوە لێیاندەپرسین: ئێوە لە شتێك قسەدەکەن زانینتان لەبارەیەوە هەیە؟
سەرباری ئەوە، ڕوونە، کە ئێمەی کورد نەهامەتی و بەدبەختییمان زۆر دیووە، چەند ئەمە کاریگەریی هەبووە لەسەر باشترکردنی بیرکردنەوەی هزرییمان و دەوڵەمەندکردنی هۆشی فەلسەفییمان پێویستە جێگای باس بێت. یان بەپێچەوانەوە نەهامەتی و بەدبەختییەکانمان بەشێکن لە هۆکارەکانی نەبوونمان بە بەشێک لە مێژووی هزریی مرۆڤایەتیی.
ئەوەی وتمان وادەکات لەم نووسینەدا بەدوای وەڵامیتردا بگەڕێین، جۆری تر لە وەڵام. ئەو وەڵامانەی بەئاسانی ڕێکەوتناکرێن. بۆ پرسیاری لەو جۆرە، کە داچڵەکاندنی مێژوویی و کولتووری لە ناخدا حەشارداوە تەنها بیرکردنەوەی قوڵ و وورد وەڵامدروستدەکات.

پرسیاری لەوجۆرە پرسیارێکی ماراوییە

پرسیاری ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ پرسیارێکە گازدەگرێت. پرسیاری لەوجۆرە پرسیارێکی ماراوییە؛ پرسیاری ماراویش پرسیارێکە مەحکومە بە پێوەدان. کردنی پرسیارەکە، بۆ هەموان، ئێشێک بەجێدێڵێت. باشە بۆ پرسیاری ناوبراو پرسیاریکی ماراوییە؟ لەبەرئەوەی پرسیارەکە دەمانخاتە حاڵەتی فڕکانفڕکانی کولتووری و مێژووییەوە. پاش پرسیارەکە لەڕووی هزرییەوە جێگا بەخۆمان ناگرین. لە مارپێوەدانیشدا جۆری ژەهرەکان جێگای باسە بۆ پزیشکانی فریاکەوتن، هاوکات چۆنێتی ئەنجامدانی فریاگوزاریی سەرەتاییش هەر بابەتی سەرنجخستنەسەرە بۆ مارپێوەدان.
پرسیاری ماراوی دەورماندەدات؛ بەدەورمانا خۆی دەکات بە پەرژین. پرسیاری وا مێژوومان لەتوپەت دەکات. پرسیارەکە سروشتی وایە، کە قەیرانی عەقڵی کوردی دەخوێنێتەوە و دادوەریشی بەسەرەوەدەکات. نەک هەر ئەوە، بگرە پرسیارەکە وامانلێدەکات، لە مێژووی فەلسەفە تێبگەین. لەوەش تێڕامێین لە کوێی ئەو مێژووەداین.
ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟دەبێت لەکاتی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە بە بەڵێ ئاگامان لەوەبێت، کە فەلسەفە میتۆدێکی سیستماتیک لەناویا کاردەکات. بۆیە ئەو کولتوور و نەتەوانەی وەڵامی پرسیارەکە بە بەڵێ دەددەنەوە پرسیار لەسەر دۆزی ئێستای فەلسەفەکەیان دەکەن.
پێویستە ئەوەش بزانین، کە هەر هەمان پرسیار گەر ڕوناکبیرێکی فەرەنسی یان عەرەب یاخود رووس بیکات دەبێت چ پێوەرێک بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکە بەکارببات؟ باشە ئەم ڕوناکبیرە نایەت بپرسێت: کێین بیرمەندە دیارەکانی ئێمە لە سەدە جۆراوجۆرەکاندا؟ گەر فەیلەسوفمان نییە، پێویستمان بەوە نییە بەدوای هۆکارە شارستانی و مێژوویەکاندا بگەڕێین؟ بەدڵنیاییەوە ئەو ڕوناکبیرە ئەوەش دەپرسێت، کێ لە ئێمە ناوی واڕۆشتووە کە، کار لەسەر مێژووی فەلسەفە دەکات؟
ئەی ڕوناکبیرێکی کورد؟ ڕوناکبیرێکی کورد، کە وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە پێویستی بەوەیە لە بازنەی زۆر تەسکی بیرکردنەوە ڕزگاری بێت تا بتوانێت بە ڕوونی وەڵامی پرسیارەکە بداتەوە. لەبەرئەوەی پەتا گەورەکەی دۆزی ڕوناکبیریی ئێمە لەوەدایە، کە ناحەزی خۆمانین، ئەمە وایکردووە لەگەڵ بیریاریدا عیلاقەمەندنەبین. بیرمەندی لە شتەکاندا ، بۆنموونە لە سیاسەتدا، لە هونەردا، نەبینینەوە.
پرسیاری ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ لەخودی خۆیدا پرسیارێکی سەرسامکەر و کرۆکدژوارە، بەرهەمهێنەرە، تەڕ و پڕجوڵەشە. شوێنپێی پرسیارەکە مەرج نییە لێرە بێت مارئاسا دەڕوات، دەخولێتەوە؛ دەکرێت لەوێ بێت؛ لە شوێنێکی زۆر دوور. واشمانلێدەکات توخنی زۆر شت بکەوین: خۆناسی، خۆخوێندنەوە، گەڕان بەدوای لەمەوبەر، وێڵبوون بەدوای ڕەچەڵەک و پێشتر. بەجدی پرسیاری لەم شێوەیە پرسیارێکی ماراوییە، بە مێژوو، کولتوورمانەوە دەدات.

چییەتی پرسیاری دیدگائامێز

بۆ ئەوەی ڕەهەند و ئاقاری هزریی پرسیاری ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟بەسەربکەینەوە، كە دەشێت دواتر فەلسەفەیەکی زۆری بەسەرەوە بکرێت، پێویستمان بە تێخوێندنەوەیەکی جۆراوجۆرە بۆ جیهانبینیی فەلسەفیی یان تیۆریی بیرمەندان و بەشێكی زۆر لە تێكستە فەلسەفییە ڕۆژئاواییەكان. لەوێندەرێ دەگەین بەو تەماشاکردنەی، کە پرسیاری لەم شێوەیە دادوەرییە بەسەر خودی کردەی هزرەڤانیی و بیرکردنەوەی نەتەوەیەک. بەمجۆرە بێت، ئەوەی جێی سەرنجە لێرەدا ئەوەیە کردنی ئەم جۆرە پرسیارانە، کە بنەڕەتیی و وروژێنەرن، دژوارییەکی زۆریان دێتەپێش.
پێشتریش هێمامان بۆکردووە، کە پرسیارە فەلسەفییە سامدارەکان، ئەوانەی بەناخی چییەتی شت دا شۆڕدەبنەوە جارێ لەناو ڕوناکبیرانی ئێمەدا سامیان بۆ دروستنەبووە و زەمینەیان بۆ کێشمەکێشی هزریی نەڕەخساندووە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی نیگەرانیی هزریی سەبارەت بە وتاری فەلسەفەی ڕۆژئاوا و بە چۆنێتیی مامەڵەكردنی ئەم وتارە لەگەڵ پرسیاری چیەتیی فەلسەفە لەناو هۆشیاریی ڕوناكبیریماندا دروستنەبووە.
ئەو كارە تیۆرییانەیش، كە سەدە پاش سەدە لە بواری فەلسەفەدا، لە کێڵگەی تیۆریدا، تایبەت بە چیەتیی فەلسەفە نوسراون و ڕەوتی هزریی پرسیاری هزر چییە؟ و دیدی شیكاریی و ڕەخنەیی توێژینەوەكانیان تایبەت بەو شتەی، كە پێیدەڵێن فەلسەفە، گۆڕیوە و ئاقاری هزریی پرسیاری هزر چییە؟ی لە شوێنی خۆی نەهێشتوەتەوە، بۆ ئێمە هەڵگری ئاماژەی گەورە نین.
بۆ ئەوەی تۆوی ئەو تێگەیشتنە لە هۆشیاریی ڕوناكبیریماندا بچێنن، كە چیەتیی ئەم پرسیارە فەلسەفییە پشكنینە لە ڕەچەڵەكی فەلسەفە لەناو ئێمە و لەو شتەی لە جۆری هزر بوونی هەیە، بەپێویستی دەزانین لەڕێگای پرسیاری لەو جۆرەی نووسینەکەمان پێخستووەتە سەرپشت کار لەسەر پرسیاری ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ بکەین. لەبەرئەوەی لەڕێگای چییەتی ئەم پرسیارەوە مێژووی کولتووریمان دەخەینەبەردەم بیركردنەوەی جیاوازەوە و ئەو سەغڵەتیی و لوغزانەش دەخەینەبەرباس، كە فەلسەفە لەناو ئێمە، لە ڕوناکبیرییماندا، لەم ڕووەوە دووچاریدەبێتەوە.
لێرەدا ئەوەش شایانی وتنە، کە زۆرێک لە خوێنەرانی فەلسەفیی و نافەلسەفیی ئەم جۆرە نووسینانە و زۆربەی نوسینە فەلسەفییەكانی تر، نە ئاستی زانینیان هاوشێوەیە و نە قووڵییەكی فەلسەفیی لە زانینیاندا هەیە. لێرەدا و تایبەت بەم لایەنە، بێ سڵەمینەوە هێما بۆ ئەو ڕاستییە دەكەین، کە ئەو جۆرە خوێنەرانەی بە زانینی فەلسەفیی ئاشنا نین، لەلایەکەوە فەلسەفەیان لەلا ئاڵۆز و دژوارە، لەلایەکی ترەوە لەلایان ناپێویستە. بۆیە مەراق و پەرۆشییە شیکارییەکانی ئەم جۆرە بابەتانە لە هەندێك شوێندا پێویستی بەوە دەبێت،زانینی پێشوەختی خوێنەر لەبەرچاوبگرێت. بۆیشە لە زۆر شوێن سادەتر و نەرمتر بابەتەکانمان وروژاندووە.
مەبەست ئێمە ئەو لایەنەمان بەهەند وەرگرتووە، كە ئێمە ئێستا لە جیهانێکدا دەژیین، بەچاوێكی گومانەوە تەماشای بەرپرسیارییەتی فەلسەفە دەکرێت، بگرە لە هەندێك كۆمەڵگەدا، ئێستایشی لەگەڵدا بێت، فەلسەفە دیاردەیەکی بێئیمانییە و گێرەشێوێنئاسا دەبینرێت و لە هەندێك کۆمەڵگەی نوێیشدا فەلسەفە پێویستناكات، یان لە سەرەمەرگدایە. تێگەیشتنەكان بۆ فەلسەفە لەو جۆرە كۆمەڵگانەدا، لە شارستانییە هاوچەرخەكاندا، گەیشتووەتە ئاستێك باس لەوە بكرێت تێكنۆلۆژیای نوێ جێی زانینی فەلسەفیی گرتووەتەوە؛ ئەو زانینە تێكنۆلۆژییە نوێیەیش ڕۆژانە بەجۆرێك نەشونمادەكات، کە هەندێك پێیانوەهایە، کە ناپێویستبوونی فەلسەفەی لە كۆمەڵگەی ئێستادا سەلماندووە.
لە دۆزێكی وەهادا لاوازبوونی بێسنوری كولتووری کتێبخوێندنەوە بەگشتیی و کتێبی فەلسەفیی_خوێندنەوە بەتایبەتیی، پووچیی ڕوناكبیریی دروستکردووە و فەلسەفەیشی خستووەتە دەرەوەی نێوەند و دامەزراوەكانی كۆمەڵگەوە؛ نێوەندی سیاسیی، ڕوناكبیریی، ڕاگەیاندن، ئەكادێمیی و پەروەردەیی و… هتد. ئەمەیش كۆمەڵگە و ساتەوەختی خۆمان بیردەخاتەوە، كە فەلسەفەكردن تێیدا تامی نییە و گەڕانیش بەدوای ڕۆشنگەریدا بێ سودە و ئەمەش وایکردووە، کە لێكەوتەكانی گەندەڵیی هزریی ئەم كۆمەڵگەیە وتارە ڕوناكبیرییەكەی داتەپێنێنێت، مەشقكردنی هزریی لە سەر دیاردە ڕەوشتیی، جوانكاریی و سیاسییەكانی نەکات بە بەشێکی سەرەکیی لە ئەرکی خۆی، بۆیە کەسانی ئەم جۆرە کۆمەڵگەیە نالۆژیکییانە وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەنەوە، کە تایتڵی نووسینەکەمان لەخۆدەگرێت..

کرۆکی وەڵامی پرسیاری لەم جۆرە

گفتوگۆکردن لەسەر پرسێکی لەم جۆرە بەتەنها کاری ئەم نووسینە نییە و بەتەنهاش کاری ئێمە نییە. هاوکات پرسیارە فەلسەفەییەکان پرسیاری تاکەکەسێک نیین، پرسیاری هەموانن. گشت پرسیارێکی فەلسەفیی وەڵامێکی هەیە جا ئەوە ڕەوشتیی بێت یان مێتافیزیکیی، سیاسیی بێت یان ئایینیی.
بۆ ئەوەی وەڵامێکی ناسۆزاوی و لۆژیکی بۆ پرسیاری نووسینەکەمان داڕێژین پێویستمان بەوەیە،خۆمان لە کۆت و بەندی سیاسی، نەتەوەیی و ئایینی بەدووربگرین و لە ڕێگەی گفتوگۆ و ئارگیومێنتەوە وەڵامبسازێنین.
وەڵامی پرسیاری ناوبراو پێویستی بە لێکۆڵینەوەی وردی ڕەخنەگرانەیە. بۆ؟ لەبەرئەوەی ئەم پرسیارە بمانەوێت و نەمانەوێت، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بۆ مرۆڤی ئێمە گرنگە. پرسیارەکە پێویستی بە وێنەیەکی گشتی و لۆژیکیشە لەسەر مێژووی هزرمان، ئەمەش بۆئەوەی بگەینە بەو جۆرە وەڵامانەی، کە بەڵگەئامێز و دروستن.
ئەم پرسیارە پێمامدەڵێت: فەلسەفە کارکردەی خودی مرۆڤە. شتێکی دەرەکی نییە و لەدەرەوەی دەسەڵاتی مرۆڤیش نییە. فەلسەفە هەیە چونکە مرۆڤ هەیە. مرۆڤ تاکە بوونەوەرە دەستی لە گەشە و کۆتایهێنانە بە فەلسەفە. فەلسەفە پێش مرۆڤ نەبووە و لەگەڵ نەمانی مرۆڤیش کۆتای دێت. تا مرۆڤ و بیرکردنەوەکانی هەبێت فەلسەفە بەردەوامە لە بوونی مرۆڤدا.
پرسیاری لەو جۆرەی نووسینەکەمان پێیتایبەت بووە، ئەوەمان فێردەکات،ئەوە مرۆڤە پرسیار دەکات، گورجیش بەدوای وەڵامەکەیدا وێڵدەبێت، بیردەکاتەوە و بیرکردنەوەکانیشی تۆماردەکات، هزری خۆی لێپێکدێنێت. ئەوە مرۆڤە دەپرسێت ئەم شتە چییە؟ئەو شتە بۆ وایە؟جیهان چییە؟دروستکەری ئەم جیهنە کێیە؟ و….هتد.
ئایا من مافی ئەوەم هەیە ئەم پرسیارە بکەم؟

ئەوەی من لەم نووسینە کورتەدا داخوازم ئەنجامیبدەم، بەرسڤدانەوەی ئەم پرسیاریە: ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ ئەم پرسیارەش نامۆ نییە. گشت شارستانییەکان بەشدارییان لە وەڵامدانەوەی دا کردووە و زۆرێک لە ڕوناکبیرانی نەتەوەکانیشی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە.
ئەم پرسیارە، کە هەوێنی ڕوناکبیریمان پێکدەهێنێت، بۆ من دەمێکە بارگرانییەکی هزریی دروستکردووە. لەناو ژینگەیەکی ناکارامە و چەقبەستوو زۆرکات پێتوادەبێت ئەم پرسیارە نەکردنی باشترە. لێ زۆر جار لە سوچێکەوە شتێکی دی دەیبینیت، ئەمە واتلێدەکات خۆتکۆکەیتەوە تا زاڵبیت بەسەر ئەو دۆخە چەقبەستەوەدا. کەمکردنەوەی فشارەکان، ڕووبەڕووبوونەوەی پەراوێزخوازییەکان هەڵمەتن بۆ بەڕەنگاربوونەوەی ئەو دۆخەی، کە پێییوایە ئەم پرسیارە نەکردنی باشترە.
ئایا من مافی ئەوەم هەیە بپرسم: ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ بێگومان ئەو مافەم هەیە. نەک تەنها من، بگرە گشت منێک ئەم مافەی هەیە. پرسیاری ناوبراو مافە بۆ هەموان. گشت کولتوور و نەتەوەیەک مافی کردنی ئەم پرسیارەی هەیە. بەجۆرێک لە جۆرەکان موحاسەبەیەکی راستەوخۆی خودی شارستانی گشت نەتەوەیکیشە.
گەر دانبەوەدابهێنین، کە فەیلەسوفمان نییە ئەوە ئێمە راستییەکمان دیوە، بەس زۆرێک ناخوازێت تاڵی ئەو ڕاستییە تامکات. گەر بشمانەوێ لەژێرکاریگەریی سۆزی نەتەوەیی ئەو ڕاستییە نەبینین و نکوڵیلێکەین دیارە ئێمە ئەو مێژووە کەڵەکەبووەمان دەشێوێنین، کە ئەو ڕاستییەی لەخۆیدا پەنهانداوە.

بەشێک لە دەرئەنجامەکانی ئەم بەشە

ئەفسووس، لە نەبوونی کارلێکی نێوان ڕوناکبیر و ئەکادێمی قاڵبوونەوە لە پرسیاری وا بەرەو نەمان دەچێت. ئەمە وادەکات پرسیارەکە لە ڕوناکبیریی فەلسەفییماندا بەدوای ڕەچەڵەکی فەلسەفەدا وێڵنەبێت. نەک هەر ئەوە، ئەم پرسیارە، کە بەرۆكی كۆمەڵە پرسیارێکی تر دەگرێت، کە بۆ دۆزی ڕوناکبیریی و هزریی ئێمە پێویستن، لە بێ ئاگاییمان لە دۆزی ڕوناکبیریی و هزرییمان لە قورسایی پرسیارەکە ناگەین و بەو تێگەیشتنەش ناگەین، کە ئەم پرسیارە خەمی هزریی چیەتیی فەلسەفەیە لەناو ئێمە.
بەمجۆرە، ئەم پرسیارە گفتوگۆئامێزە شتگەلێکی لە ناخی خۆیدا مەڵاسداوە، کە پرسیارسازیی فەلسەفیی دروستدەکەن، چونکە پرسیاری لەم جۆرە کێشمەکێشێکی زۆری فەلسەفیی دروستدەکات، لێماندەپرسێت کوان شەپۆلە هزرییەكانمان؟ ئێمە بۆ فەلسەفە گرنگیین؟ گەر بەڵێ لە کوێی فەلسەفەدا ئێمە پێویستیین؟
بەڵێ دەپرسین ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ گەر وترا بەڵێ ئەوانە کێن، کە فەیلەسوفی ئێمەن؟ زۆربەی ئەوانەی دەنووسن ئەوانن؟ ئایا ئەوانەی نووسینی مێژوویی و کۆمەڵناسیی و ئەدەبیی و تەنانەت دەروونناسی پەروەردەییانەش دەنووسن بە فەیلەسوف دادەنرێن؟ بێگومان نەخێر.

ئازاد حەمە




“گرژی دەروونی و نەخۆشی دەمار (عوساب- neurosis) لە شانۆنامەی ‘ئاهەنگی لەدایکبوون’ی هارۆڵد پینتەر”

نووسین: ئاریان یوسف

پێشەکی
شانۆنامەی “ئاهەنگی لەدایکبوون”ی هارۆڵد پینتەر کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٥٨ نمایشکرا، شانۆگەرییەکی کۆمیدی تاریکە و لە خانوویەکی بەشەناوخۆیی وێرانەدا لە کەناری دەریای ئینگلیزیدا ڕوودەدات. گرێچنەکەی لە دەوری ستانلی وێبەر، پیانۆژەنێکی خۆبەدەستەوەدەر و دەمارگیرە، کە تاکە میوانە لەو خانووە بەشەناوخۆییەدا کە لەلایەن مێگی خۆشەویستی و لە هەمان کاتدا بێئاگا و پیتی هاوسەرەکەیەوە بەڕێوەدەبرێت. بوونی ئاسایی و بێدەنگی ستانلی کاتێک تێکدەچێت کە دوو پیاوی نهێنی بە ناوەکانی گۆڵدبێرگ و مەککان دەگەن، بەڕواڵەت بۆ ئەوەی ستانلی بە هۆکارێکی نادیار ببەن. ئاهەنگی لەدایکبوونی دواتر کە لەلایەن مێگەوە ڕێکدەخرێت، دەگۆڕێت بۆ لێکۆڵینەوەیەکی کابوساوی، کە تیشک دەخاتە سەر تێکچوونی دەروونی ستانلی.
کارەکانی پینتەر بە گەڕان بەدوای تەوەرە دەروونییەکان بەناوبانگن و “ئاهەنگی لەدایکبوون”یش لەوە بێبەری نییە. شانۆنامەکە بە قووڵی لە ئاڵۆزییەکانی عەقڵی مرۆڤدا قووڵ دەبێتەوە، بە بەکارهێنانی ناڕوونی و گرژی و ترس بۆ ڕەنگدانەوەی دەمارەکانی کارەکتەرەکانی. ژینگەی بەڕواڵەت ئاسایی دەبێتە قۆناغێکی درامی دەروونی چڕ، کە سنوورەکانی نێوان واقیع و وەهم لێی کاڵ دەبنەوە. بەکارهێنانی وەستان و بێدەنگی و دیالۆگی پارچەپارچە لەلایەن پینتەرەوە کەشێکی نائارامی دروست دەکات، بینەر دەکێشێتە ناو گێژاوی ناوەوەی کارەکتەرەکانەوە. ئەم گرنگیدانە بە گرژی دەروونی و نەخۆشییە دەمارییەکان، تایبەتمەندییەکی شێوازی پینتەرە، کە “ئاهەنگی لەدایک بوون” دەکاتە پارچەیەکی سەرنجڕاکێش و نائارامکەری شانۆی مۆدێرن.

بەیاننامەی تێز:
هارۆڵد پینتەر لە شانۆنامەی “ئاهەنگی لەدایک بوون”دا، بە شێوەیەکی وەستایانە و لێهاتووانە گرژی دەروونی و دەمارگیری دەبەستێتە یەکەوە و وایان لێدەکات کە ناوەندی کاریگەری و ماناکانی شانۆنامەکە بێت. داینامیکی چڕ و پڕی دەروونی نێوان کارەکتەرەکان، هەستی بەربڵاوی ترس و نادڵنیایی و بەکارهێنانی دیالۆگ و کردارە ناڕوونەکان کەشێکی بەهێزی نائارامی دروست دەکەن. ئەم توخمانە نەک هەر پڵۆتەکە بەرەو پێشەوە دەبەن بەڵکو ڕەنگدانەوەی تەوەری قووڵتری دڵەڕاوکێی بوونگەرایی و لەدەستدانی ناسنامەن، ئەمەش وایکردووە “ئاهەنگی لەدایک بوون” ببێتە گەڕانێکی قووڵ لە دەروونی مرۆڤ و لاوازییەکانی.
بەشی یەکەم: ڕێکخستن و کەش و هەوا

  • وەسفکردنی ڕێکخستنەکە
    شانۆنامەی “ئاهەنگی لەدایکبوون” لە خانوویەکی بەشەناوخۆیی و خراپ و ترسناکدا لە کەناری دەریای ئینگلیزیدا ڕوودەدات. خانووی بەشەناوخۆییەکە لەلایەن مێگ و پیتی بۆڵزەوە بەڕێوەدەبرێت، تایبەتمەندی ناوەوەی داخراو و وێرانە، کە یەکسەر هەستێکی چەقبەستوویی و خراپبوون دەخولقێنێت. شوێنەکە ئاساییە، پڕە لە پێداویستیە ئاساییەکانی وەک ڕۆتینی ڕۆژانەی مێگ و پیتی و کەلوپەلی نەگونجاوی ماڵەکە. بەڵام ئەم ئاساییبوونە بەشدارییەکی بەرچاوی هەیە لە هەستی نائارامی گشتی شانۆنامەکەدا. شوێنی داخراوی خانووی بەشەناوخۆییەکە دەبێتە ئامێری پەستان بۆ دەمار و گرژییەکانی کارەکتەرەکان، ئەمەش ئەو ناڕەحەتییە دەروونییە گەورەتر دەکات کە ستانلی و دانیشتووانەکەی دیکە تووشی دەبن.

    -کەش و میزاج
    پینتەر وردەکارییە ئاسایی و ڕۆژانەییەکانی خانووی بەشەناوخۆیی بەکاردەهێنێت بۆ دروستکردنی کەشێکی پڕ لە گرژی. گفتوگۆ دووبارە و بێ بایەخەکانی نێوان کارەکتەرەکان، وەک پرسیارکردنی بێوچانی مێگ سەبارەت بە نانی بەیانی یان جێگیربوونی بە وردەکارییە بێ بایەخەکان، جەخت لەسەر بانالییەتی بوونیان دەکەنەوە. ئەم بانالیتە لە بەرامبەردا دەبێتە سەرچاوەی ناڕەحەتی، چونکە جیاوازییەکی توندی لەگەڵ ئەو مەترسییە بنەڕەتییە هەیە کە هاتنی گۆڵدبێرگ و مەککان دروستی دەکات (ئێسلین، ١٩٧٠).
    ناڕوونی و بێدەنگی ڕۆڵی گرنگ دەگێڕن لە بنیاتنانی فشاری دەروونی بە درێژایی شانۆنامەکە. بەکارهێنانی تایبەتمەندی وەستان و بێدەنگی لە دیالۆگدا لەلایەن پینتەرەوە هەستی نادڵنیایی و پێشبینیکردن بەرز دەکاتەوە. زۆرجار کارەکتەرەکان بە ڕستەی پارچەپارچە قسە دەکەن و زۆر شت بە نەگوتراو و کراوە بەڕووی لێکدانەوەدا دەهێڵنەوە. ئەم ناڕوونییە بە ئەنقەستە کەشێک دروست دەکات کە بینەر وەک کارەکتەرەکان بەردەوام لە لێواردایە، دڵنیا نییە لەوەی کە دواتر چی ڕوودەدات (دوکۆر، ١٩٨٨).
    ژینگەی کلۆسترۆفۆبیک، لەگەڵ وردەکارییە ئاساییەکان و بەکارهێنانی ستراتیژی بێدەنگی و ناڕوونی، جیهانێک دروست دەکات کە گرژی دەروونی و دەمارگیری تێیدا گەشە دەکات. شوێنی ئاسایی دەبێتە کانڤاسێک بۆ ئەو دراما دەروونییە نائاساییەی کە دەکرێتەوە، بینەر بە توندی ئاگاداری ناسکی و ناجێگیری عەقڵی مرۆڤ دەکات.

    بەشی دووەم: شیکاری کارەکتەرەکان
    -ستانلی وێبەر

    ستانلی وێبەر کارەکتەری سەرەکی شانۆنامەی “ئاهەنگی لەدایکبوون”ە و ڕەفتارە دەمارگیرەکانی و مەیلە پارانۆیاییەکانی ڕۆڵی سەرەکین بۆ گرژی دەروونی شانۆنامەکە. ستانلی نیشانەکانی دڵەڕاوکێ و پارانۆیا نیشان دەدات، زۆرجار بە وروژاندنی زۆرەوە کاردانەوەی دەبێت بەرامبەر بەو ڕووداوانەی کە بەڕواڵەت بێ زیانن. دۆخی نائارامی بەردەوامی ئەو، ڕابردوویەکی پڕ لە کێشە پیشان دەدات کە هێرش دەکاتە سەری، هەرچەندە پینتەر وردەکارییەکانی بە ناڕوونی بەجێدەهێڵێت. ڕەفتاری ناڕێک و ناڕێکی ستانلی، وەک تەقینەوە شەڕانگێزەکانی و کشانەوە بۆ بێدەنگی، ڕەنگدانەوەی ترس و بێمتمانەیی قووڵی ئەو لە جیهانی دەرەوەدایە (ئێسلین، ١٩٧٠). ئەم پارانۆیایە بەهۆی هاتنی گۆڵدبێرگ و مەککانەوە خراپتر دەبێت، کە لێکۆڵینەوەکانیان هەستی ناسکی ستانلی بۆ ئاسایش دەشکێنێت و زیاتر پاڵدەنێت بە تێکچوونێکی دەروونییەوە.

    -مێگ و پیتی بۆڵز
    مێگ و پیتی بۆڵز، خاوەن خانووی بەشەناوخۆیی، ڕۆڵی گرنگ دەگێڕن لە بەشداریکردن لە گرژییە دەروونییەکانی ناو شانۆنامەکەدا. ڕەفتاری کۆرپەگەرانەی مێگ بەرامبەر بە ستانلی، وەک منداڵێک مامەڵەی لەگەڵ دەکات و وەسوەسە بۆ ئاسوودەییەکەی، دینامیکییەکی نائارامکەر دروست دەکات. پێویستی بەردەوامی بە چەسپاندن و سۆز و خۆشەویستی نەشیاوی بەرامبەر ستانلی تیشک دەخاتە سەر ناسەقامگیری سۆزداری خۆی، ئەمەش ستانلی زیاتر نائارام دەکات (دوکۆر، ١٩٨٨). لە بەرامبەردا پیتی وەک کەسایەتییەکی پاسیڤ و دابڕاو دەمێنێتەوە، پشتگیرییەکی سۆزداری و سەقامگیرییەکی کەم پێشکەش دەکات. بێباکییەکەی ڕێگە دەدات گرژییەکە بەبێ کۆنتڕۆڵکردن پەرەبستێنێت. چاودێری خنکێنەری مێگ و پاسیڤیەتی پیتی پێکەوە بەشدارن لە کەشوهەوای ستەمکارانەدا، کە دەمارگیری و هەستی گیرخواردنی ستانلی توندتر دەکەنەوە.

    -گۆڵدبێرگ و مەککان
    گۆڵدبێرگ و مەککان لە شانۆنامەی “ئاهەنگی لەدایکبوون”دا وەک بریکاری دەستکاریکردنی دەروونی کاردەکەن، کەشوهەوای ترس و دەمارەیی شانۆنامەکە چڕتر دەکەنەوە. هاتنی ئەوان بۆ بەشەناوخۆییەکان گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە شانۆنامەکەدا، چونکە بوونی نهێنی و هەڕەشەئامێزیان بە خێرایی هاوسەنگییە لە ئێستاوە نائارام دەکات. گۆڵدبێرگ بە ڕەفتارە ئارام و دەسەڵاتدارەکەی و مەککان بە ڕێبازە جەستەیی و ترسناکترەکەی، بە هاوبەشی کاردەکەن بۆ شکاندنی بەرگرییە دەروونییەکانی ستانلی. پاڵنەرەکانیان بە ناڕوونی ماونەتەوە، ئەمەش گرژییەکە زیاتر دەکات؛ ئەوان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە ئەرکێکدان بۆ ئەوەی ستانلی ببەن، بەڵام تایبەتمەندییەکان هەرگیز ئاشکرا ناکرێن، ئەمەش هەم کارەکتەرەکان و هەم بینەر لە دۆخێکی نادڵنیاییدا بەجێدەهێڵێت (ئێسلین، ١٩٧٠).
    دیمەنی لێکۆڵینەوە کە گۆڵدبێرگ و مەککان بە کۆمەڵێک پرسیاری بێمانا و دژبەیەک یەکتری تێک دەدەن دەکەن، نموونەی تاکتیکی دەستکاریکردنیان دەهێنێتەوە. ئەم هێرشە دەروونییە ستانلی ناسەقامگیری دەکات و نەخۆشی دەمارەکانی ئێستای توندتر دەکات و پاڵ بەوەوە دەنێت بەرەو تێکچوونی دەروونی. ئەو داینامیکی دەسەڵاتەی کە دامەزراندووە، لەگەڵ ستانلی وەک قوربانی بێ دەسەڵاتی، جەخت لەسەر بابەتەکانی کۆنترۆڵکردن و بێدەسەڵاتی دەکاتەوە. فشارە دەروونییە بێوچانەکانیان ناسنامە و هەستی واقیعی لە ستانلی دەسوتێنێتەوە، ئەمەش کاریگەرییە وێرانکەرەکانی دەستکاریکردنەکەیان دەخاتە ڕوو (دوکۆر، ١٩٨٨). سروشتی مەتەڵاوی گۆڵدبێرگ و مەککان و ڕۆڵی ئەوان لە چڕکردنەوەی دەمارەیی ستانلیدا، ناوەندی گەڕانی شانۆنامەکەن بۆ دڵەڕاوکێی بوونگەرایی و لاوازی مرۆڤ.

    بەشی سێیەم: تێگەیشتن و سیمبۆلیزم
    -تەوەرەکانی دەسەڵات و کۆنترۆڵ
    هارۆڵد پینتەر لە شانۆنامەی “ئاهەنگی لەدایکبوون”دا، بەدواداچوون بۆ بابەتەکانی دەسەڵات و کۆنترۆڵکردن دەکات، بە شێوەیەکی ئاڵۆز ڕەفتاری دەمارگیری بە داینامیکی دەسەڵاتی شانۆنامەکەوە دەبەستێتەوە. زۆرجار کارلێکی کارەکتەرەکان ڕەنگدانەوەی ململانێیە بۆ باڵادەستی، کە تێیدا ڕەفتارە دەمارگیرییەکان دەبنە ئامرازێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەوانی دیکە. ڕەفتاری سەرەتایی دەمارگیری و پارانۆیایی ستانلی وەک قوربانیی هێزە نەبینراوەکان نیشان دەدات، هەستێکی بێدەسەڵاتی بەرجەستە دەکات کە بۆ گرژی شانۆنامەکە زۆر گرنگە (ئێسلین، ١٩٧٠).
    گۆڵدبێرگ و مەککان لە ڕێگەی دەستکاریکردنی دەروونی خۆیانەوە بۆ ستانلی نموونەی تەوەری باڵادەستی و ملکەچبوون دەخەنە ڕوو. دیمەنی لێپرسینەوەیان کە پڕ بووە لە پرسیار و تۆمەتی دژبەیەک، نیشاندانی ڕوون و ئاشکرای بەکارهێنانی دەسەڵاتە. ئەوان بە شێوەیەکی سیستماتیکی هەستی خودی ستانلی هەڵدەوەشێننەوە و کورتی دەکەنەوە بۆ حاڵەتێکی بێدەسەڵاتی و ملکەچبوون. ئەم یارییە دەسەڵاتە دەمارگیری ستانلی خراپتر دەکات، تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە چۆن کۆنترۆڵکردن و باڵادەستی دەتوانێت ببێتە هۆی تێکچوونی دەروونی (Dukore, 1988).
    جگە لەوەش دەتوانرێت ڕەفتاری کۆرپەگەرایی مێگ بەرامبەر بە ستانلی وەک فۆرمێکی دیکەی کۆنترۆڵکردن سەیر بکرێت. سۆز و خۆشەویستییە خنکێنەرەکەی و پێویستی بەردەوام بۆ منداڵکردنی، سەربەخۆیییەکەی تێکدەدات، ئەمەش بەشدارە لە دۆخی دەمارگیرییەکەی. لە بەرامبەردا، هەڵسوکەوتی پاسیڤی پیتی نوێنەرایەتی نەبوونی کۆنتڕۆڵ دەکات، هیچ بەرگرییەک پێشکەش ناکات بەرامبەر بە پەرەسەندنی گرژییەکان. ئەم نموونانە ئەوە دەردەخەن کە چۆن داینامیکی هێز و ڕەفتارە دەمارگیرییەکان لەیەکتردا تێکەڵاون، کە کارلێکەکانی کارەکتەرەکان و کەشوهەوای نائارامی گشتی شانۆنامەکە دەباتە پێشەوە.

  • توخمە هێمادارەکان
    توخمە ڕەمزیەکان لە شانۆنامەی “ئاهەنگی لەدایکبوون”دا، هارۆڵد پینتەر توخمە ڕەمزییە جۆراوجۆرەکان بەکاردەهێنێت بۆ نوێنەرایەتیکردنی حاڵەت و تەوەرە دەروونییە قووڵەکان. یەکێک لە هێما هەرە گرنگەکان خودی ئاهەنگی لەدایک بوونە. ئاهەنگەکە کە بەڕواڵەت ئاهەنگێکە، دەبێتە ڕووداوێکی کابوساوی کە نەخۆشی دەمارەکانی ستانلی توندتر دەکات. هێمای تێکچوونی ئاسایی و دزەکردنی ئاژاوە بۆ ناو ژیانی ستانلی. خۆشحاڵی زۆرەملێی حیزب بە پێچەوانەی هەڕەشەی بنەڕەتییەوەیە، ئەمەش تیشک دەخاتە سەر جیاوازی نێوان ڕواڵەت و واقیع (Esslin, 1970).
    هێمایەکی دیکەی سەرەکی ئەو تەپڵەیە کە لەلایەن مێگەوە بە ستانلی دراوە. سەرەتا تەپڵەکە وەک دیارییەکی بێهۆشکەر و تەنانەت منداڵانە دەردەکەوێت. بەڵام تەپڵ لێدانی توندوتیژانەی ستانلی لە کاتی ئاهەنگەکەدا هێمای گێژاوی ناوەوە و نائومێدییەتی. کردەی تەپڵ لێدان دەبێتە دەرکەوتنی تێکچوونی دەروونی ئەو، کە ڕەنگدانەوەی خەباتی ئەو بۆ پاراستنی هەستی کۆنترۆڵکردنە لە نێوان ئەو ئاژاوەگێڕییەی کە گۆڵدبێرگ و مەککان سەپێنراون (دوکۆر، ١٩٨٨).
    گۆڵدبێرگ و مەککان خۆیان وەک کەسایەتییەکی ڕەمزی سەیر بکرێت، کە نوێنەرایەتی ئەو هێزە ستەمکارانە دەکەن کە داگیرکەری عەقڵ و ناسەقامگیری دەکەن. پاڵنەرە ناڕوونەکانیان و دەستکاریکردنی دەروونی بێوچان، تەوەرەکانی ترسی بوونگەرایی و ناسکی ناسنامە بەرجەستە دەکەن. ئەم توخمە ڕەمزییانە خزمەت بە قووڵکردنەوەی تێگەیشتنی بینەر دەکەن لە دۆخی ناوەوەی کارەکتەرەکان و گەڕانی شانۆنامەکە بۆ لاوازی مرۆڤ. پینتەر لە ڕێگەی ئەم هێمایانەوە بە شێوەیەکی کاریگەر بابەتگەلی دەروونی ئاڵۆز دەگەیەنێت، بەمەش “ئاهەنگی لەدایکبوون” دەکاتە کارێکی دەوڵەمەند و چیندار کە قووڵ دەبێتەوە لە وردەکارییەکانی دەروونی مرۆڤ.

    بەشی چوارەم: تەکنیکەکانی پینتەر

  • دیالۆگ و وەستانەکان
    شێوازی گفتوگۆی ناوازەی هارۆڵد پینتەر ناوەندی گرژی دەروونییە لە شانۆنامەی “ئاهەنگی لەدایکبوون”. بەکارهێنانی گفتوگۆی پوخت و پارچەپارچە و ئاڵوگۆڕی بەڕواڵەت ئاسایی، خزمەت بە دروستکردنی هەستێکی بنەڕەتی نائارامی دەکات. زۆرجار کارەکتەرەکان خەریکی گفتوگۆی باناڵ دەبن کە لە ژێر ڕووی خۆیدا، ژێردەقی بەرچاو و مانای شاراوە هەڵدەگرێت. ئەم شێوازە بینەر ناچار دەکات لە نێوان دێڕەکاندا بخوێنێتەوە، ئەمەش گرژییە گشتییەکان بەرز دەکاتەوە (Esslin, 1970).
    یەکێک لە تایبەتمەندییە جیاوازەکانی دیالۆگی پینتەر بەکارهێنانی وەستان و بێدەنگییە. ئەمانە تەنها پشوودان نین لە گفتوگۆدا بەڵکو بارگاوین بە مانا و هەست. زۆرجار وەستانەکان لە ساتەکانی گرژی زۆر یان نادڵنیاییدا ڕوودەدەن، ئەمەش ڕێگە بە بیرکردنەوە و ترسە نەوتراوەکانی کارەکتەرەکان دەدات کەشەکە بگرێتەوە. ئەم تەکنیکە فشارە دەروونییەکان گەورەتر دەکات، چونکە بینەر بە توندی ئاگاداری ئەو ململانێ و دڵەڕاوکێیە بنەڕەتییانە دەبێت کە کارەکتەرەکان تووشی دەبن (باتی، ٢٠٠١).
    بۆ نموونە لە دیمەنەکانی لێکۆڵینەوەی گۆڵدبێرگ و مەککان لە ستانلی، وەستانەکانی نێوان پرسیارەکانیان و وەڵامەکانی ستانلی خزمەت بە چڕکردنەوەی هەستی هەڕەشە و ناهاوسەنگی دەسەڵات دەکەن. بێدەنگییەکان نزیکەی بەقەد وشە قسەکراوەکان گرنگ دەبن، فەزایەک دروست دەکەن کە ترس و لاوازییەکانی کارەکتەرەکان تێیدا ئاشکرا دەکرێن (باتی، ٢٠٠١).
    ئەم ساتانەی بێدەنگییە بینەر ناچار دەکات ڕاستەوخۆتر ڕووبەڕووی بارە دەروونییەکانی کارەکتەرەکان ببێتەوە، ئەمەش وا دەکات گرژییەکە هەست پێبکرێت. جگە لەوەش، دیالۆگی پینتەر زۆرجار دووبارەبوونەوە لەخۆدەگرێت، کە بەشدارن لە هەستکردن بە سەرلێشێواوی و ناسەقامگیری. ڕەنگە کارەکتەرەکان هەندێک دەستەواژە دووبارە بکەنەوە یان لەناکاو بابەتەکە بگۆڕن، ئەمەش ڕەنگدانەوەی گێژاوی ناوەوەیان و تێکچوونی پەیوەندییە لۆژیکیەکانە. ئەم ناتەباییە ئاوێنەیەکی بارە دەروونییە پارچەپارچەکراوەکانی کارەکتەرەکان و هەستی هەڕەشە بەربڵاوە کە بەناو شانۆنامەکەدا دەڕوات (پرێنتیس، ٢٠٠٠).
    پینتەر لە ڕێگەی بەکارهێنانی جیاوازی دیالۆگ و وەستانەکانییەوە، ئەزموونێکی شانۆیی ناوازە دروست دەکات کە بە قووڵی بینەر لە دیمەنە دەروونییەکانی کارەکتەرەکانیدا سەرقاڵ دەکات. یاریکردنی وشەی قسەکراو و بێدەنگی ستراتیژی نەک هەر گرژییەکە بەرز دەکاتەوە بەڵکو بینەر بانگهێشت دەکات بۆ لێکۆڵینەوە لەو ترس و دەمارییە نەگوتراوانەی کە کردارە دراماتیکییەکانی شانۆنامەکە دەباتە پێشەوە.
  • ناڕوونی و نادڵنیایی
    ناڕوونی و نادڵنیایی تەکنیکێکی سەرەکین لە شانۆنامەی “ئاهەنگی لەدایکبوون”ی هارۆڵد پینتەردا، کە بەشدارییەکی بەرچاویان لە هەستی نائارامی و کەشێکی دەمارگیری شانۆنامەکەدا هەیە. پینتەر بە شێوەیەکی وەستایانە ناڕوونی لە پڵۆت و پاڵنەرەکانی کارەکتەر و دیالۆگدا بەکاردەهێنێت و زۆر شت بۆ خەیاڵ و لێکدانەوەی بینەر بەجێدەهێڵێت. ئەم نەبوونی ڕوونییە هەستێکی نائارامی بەربڵاو دروست دەکات، چونکە بینەران هەرگیز بە تەواوی دڵنیا نین لە سروشتی ڕاستەقینەی ڕووداوەکان یان مەبەستی کارەکتەرەکان (Esslin, 1984).
    یەکێک لە ڕێگا سەرەکییەکانی پینتەر بۆ بەدەستهێنانی ئەمە لە ڕێگەی پاشخانی نهێنی کارەکتەرەکانی وەک گۆڵدبێرگ و مەککانەوەیە. پاڵنەرە ڕاستەقینەکانیان بۆ بە ئامانجگرتنی ستانلی هەرگیز بە ڕوونی ئاشکرا ناکرێت، ئەمەش گرژییەکان بەرزتر دەکاتەوە و کەشێکی پارانۆیا پەروەردە دەکات. بینەر زۆر هاوشێوەی ستانلی لە تاریکیدا دەمێنێتەوە و هەست بە قورسایی هەڕەشە و نادڵنیاییە نەناسراوەکان دەکات (ساکێلاریدۆ، ١٩٨٨).
    سەرەڕای ئەوەش، زۆرجار دیالۆگەکە وەڵامی نا-سێکویتۆر و خۆدزینەوە لەخۆدەگرێت، کە بەشدارە لە هەستکردن بە سەرلێشێواوی. زۆرجار کارەکتەرەکان خۆیان لە وەڵامی ڕاستەوخۆ بەدوور دەگرن و گفتوگۆکانیان پڕن لە دژایەتی و ناتەبایی. ئەم نەبوونی زانیارییە ڕوونە بینەر ناچار دەکات پرسیار لە متمانەپێکراوی ئەو شتانە بکات کە دەوترێت، ئەمەش کەشوهەوای دەمارگیری شانۆنامەکە زیاتر دەکات (Gale, 2001).
    بەکارهێنانی ستراتیژیی پینتەر بۆ ناڕوونی، نەک هەر بینەر سەرقاڵ دەکات بەڵکو ئاوێنەیەکی سەرلێشێواوی و ترسی کارەکتەرەکانی خۆیەتی. ئەم تەکنیکە بە شێوەیەکی کاریگەر گرژییە دەروونییەکان گەورەتر دەکات، “ئاهەنگی لەدایکبوون” دەکاتە گەڕانێکی بەهێز لە دڵەڕاوکێی مرۆڤ و ترسی بوونگەرایی.

    دەرئەنجام

  • پوختەی خاڵە سەرەکییەکان
    لە شانۆنامەی “ئاهەنگی لەدایکبوون”دا، هارۆڵد پینتەر بە شێوەیەکی وەستایانە گرژی دەروونی و دەمارگیری لەیەکتردا تێکەڵ دەکات، شانۆگەرییەک دروست دەکات کە بە قووڵی بەدواداچوون بۆ دەروونی مرۆڤ دەکات. ژینگەی کۆشکی ترسناک لە بەشەناوخۆییەکان، لەگەڵ وردەکارییە ئاساییەکانی ژیانی ڕۆژانە، کەشێکی پێگەیشتوو بۆ ناڕەحەتی دەروونی دادەمەزرێنێت. ڕەفتاری دەمارگیری و مەیلە پارانۆیاییەکانی ستانلی وێبەر کە بەهۆی ڕابردووی ناڕوونەکەیەوە توندتر دەبنەوە، وەک خاڵی سەرەکی ئەم گرژییە کاردەکەن. مێگ و پیتی بۆڵز بە ڕێککەوت لە ڕێگەی ڕەفتارە کۆرپەگەراییەکانیان و بێباکی پاسیڤەوە بەشداری لە کەشوهەوای ستەمکارانەدا دەکەن. گۆڵدبێرگ و مەککان بە تاکتیکی دەستکاریکردن و پاڵنەرە نهێنییەکانیان فشارە دەروونییەکان چڕتر دەکەنەوە، ستانلی زیاتر پاڵدەنێنە ناو نەخۆشی دەمارییەوە. پینتەر لە ڕێگەی تەوەری دەسەڵات و کۆنترۆڵەوە نیشان دەدات کە چۆن باڵادەستی و ملکەچبوون بەستراوەتەوە بە ناسەقامگیری دەروونییەوە. توخمە ڕەمزیەکان وەک ئاهەنگی لەدایک بوون و تەپڵ نوێنەرایەتی حاڵەتە دەروونییە قووڵەکان دەکەن و چینەکانی مانا بۆ گێڕانەوەکە زیاد دەکەن.
  • بیرکردنەوەکانی کۆتایی کاریگەری بەردەوامی ئەم توخمانە لەسەر بینەر قووڵە. بەکارهێنانی دیالۆگی ناڕوون و وەستانی ستراتیژی و بێدەنگی لەلایەن پینتەرەوە هەستێکی نائارامی دروست دەکات کە ئاوێنەیەکی گێژاوی ناوخۆیی کارەکتەرەکانە. نەبوونی زانیاری ڕوون و ناڕوونیی بەربڵاو، بینەر ناچار دەکات ڕووبەڕووی واقیعی نائارامکەری بارە دەروونییەکانی کارەکتەرەکان ببێتەوە. ئەم پەیوەندییە لەگەڵ هەستی نادڵنیایی و ترسی بینەر خۆیدا، ئەوەیە کە “ئاهەنگی لەدایک بوون” دەکاتە پارچە شانۆیەکی بەهێز و بەردەوام.
    بەشداریی پینتەر لە شانۆی مۆدێرندا گرنگە، بە تایبەتی لە ڕێگەی گەڕان بەدوای دەروونی مرۆڤدا. تەکنیکە داهێنەرەکانی وەک بەکارهێنانی وەستان و دیالۆگی پارچەپارچە، کاریگەرییان لەسەر چەندین شانۆنامەنووس هەبووە و لە شانۆی هاوچەرخدا بەردەوام دەنگدانەوەیان هەیە. پینتەر بە قووڵبوونەوە لە ئاڵۆزییەکانی نەخۆشی دەمار و گرژی دەروونی، نەک هەر سەرقاڵ دەکات بەڵکو پشکنینێکی قووڵ و نائارامکەری لاوازی مرۆڤ و دڵەڕاوکێی بوونگەرایی پێشکەش دەکات. “ئاهەنگی لەدایک بوون” وەک بەڵگەیەک دەمێنێتەوە لەسەر توانای گرتنی ئاڵۆزییەکانی دەروون و ناسکی ناسنامە، ئەمەش وایکردووە ببێتە بەردی بناغەی ئەدەبیاتی دراماتیکیی مۆدێرن.

————————-

سەرچاوەکان:
-دوکۆر، بی.ف. (١٩٨٨). هارۆڵد پینتەر. ماکمیلان.
-ئێسلین، م. (١٩٧٠). شانۆی بێماناکان. کتێبی پەنگوین.

  • باتی، م. (٢٠٠١). دەربارەی پینتەر: شانۆنامەنووس و کارەکە. فابەر و فابەر.
  • پرێنتیس، پ. (٢٠٠٠). ئەخلاقی پینتەر: جوانکاری ئیرۆتیک. چاپخانەی گارلاند.
  • ئێسلین، م. (١٩٨٤). پینتەر: شانۆنامەنووس. مێتوین.
  • گەیڵ، س.هـ.(٢٠٠١). بەرزبوونەوەی کەرە: شیکارییەکی ڕەخنەگرانە بۆ کارەکانی هارۆڵد پینتەر. چاپخانەی زانکۆی دوک.
  • ساکێلاریدۆ، ئی. (١٩٨٨).پۆرترێتی مێینەی پینتەر: لێکۆڵینەوەیەک لە کارەکتەرە مێینەکان لە شانۆنامەکانی هارۆڵد پینتەر. ماکمیلان.



فاشیسمی نوێ لە ئەوروپادا.. ئەکرەم سەعید

هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا لەم ڕۆژانەدا: لە ٦-٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ بەڕێوە دەچێت، کە ئەنجامەکەی وا چاوەڕوان دەکرێ ئەحزابی ڕاستڕەوی توندڕەو زۆربەی دەنگەکان بەدەست دەهێنن. لە ڕاستیدا پێش ئەم هەڵبژاردنەش، چەند ساڵێکە ئەحزابی ڕاستڕەوی توندڕەو جەماوەریان لە زیادبووندایە.
مارکس و ئه‌نگلس له‌ مانیفێستی کۆمۆنیسمدا نوسیبوویان:(با چینە ده‌ست ڕۆشتوە‌کان له‌ ترسی شۆڕشی کۆمۆنیزمی سه‌رتاپایان بێتە له‌رزین)، به‌ڵام له‌ جیهانی ئه‌مڕۆی سه‌رده‌می سه‌رمایه‌داری دڕنده‌دا، وێنه‌که‌ ته‌واو پێچه‌وانه‌ بۆته‌وه‌، چونکه له ترسی شێتۆکه‌ی و دڕنده‌یی چینی برجوازی و دارو ده‌سته‌که‌ی، له‌ سوپاکه‌ی و ئه‌و گشت بزووتنه‌وه‌و ڕێکخراوه‌ مرۆڤ کوژانه‌ی له‌ نموونه‌ی داعش و ڕاسیزمی نوێ،، هتد، زۆربەی مرۆڤایه‌تی سه‌رتاپایان هاتۆته‌ له‌رزین و له‌ ترس و تۆقاندا ده‌ژین. ئێستاکە ئەو تارماییەی بەسەر سەری ئەوروپادا دەسووڕێتەوە، تارمایی کۆمۆنیستی نییە، بەڵکە تارمایی فاشیسمی نوێیە. ئەمڕۆکە زیاتر لە سەدەیەک، دوای سەرهەڵدانی قەیرانی گەورەی ساڵانی ١٩١٤-١٩٤٥، کە ئەنجامەکەی: فاشیسم لە ئیتالیا، ناسیسم لە ئەڵەمانیا، دەوڵەتی ئیستبدادی لە روسیا و جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی بوو؛ ئێمە شاهیدی گەڕانەوەی لە ناکاوی شەڕ و فاشیزمین لە بەشێکی زۆری جیهاندا.
بەڕای مارکسیسمەکان فاشیزم لە بنەڕەتدا پەیوەستی بە سەرمایەداریەوە هەیە. بۆ نموونە “ڕێنتۆن” دەڵێ:(فاشیزم تایبەتمەندییەکی دووبارەبووەوەی سەرمایەداریی مۆدێرنە)، و “نیوکلیوس” نووسیبووی:(فاشیزم پێش هەموو شتێک ئایدۆلۆژیایەکە کە پیشەسازی مۆدێرن دروستی کردووە). هەروەها “ڕۆبن” لەسەر نازییەکانی ئەڵەمان ڕای وایە کە:(فاشیسم بە پشتیوانی دارایی سەرمایەداری مۆنۆپۆلی مۆدێرن چەکدار کرا، و دیکتاتۆرییەکەی خۆی لە ڕێگەی نوێترین تەکنیکی پڕوپاگەندە بۆ کۆکردنەوەی جەماوەر، وە بە سەرکوت سەپاندی بەسەر کۆمەڵگەدا، و شەڕەکانی بە تێکەڵەیەکی ترسناک لە وردبینی سەربازی و بوێری سیاسی بەڕێوە دەبرد. فاشیزمی ئەڵمانی بۆ گەیشتن بە دەسەڵات هێماکانی هۆزە ئارییە کۆنەکانی زیندووکردەوە ،، ئەستۆڕەی بتپەرستی “خوێن و خاک”ی بڵاودەکردەوە. لە سەرەتاوە تا کۆتایی دژە شۆڕشی سەرمایەی دارایی ئەڵمانی، خۆی بە جلوبەرگی سەردەمی تاریکەوە ڕازاندەوە.) – ۱/ فاشیزم لە ئەڵمانیا – ڕۆبن بلیک/١٩٧٥- بەشی یەکەم.
دیاردەی بە جەماوەربوونی (ڕاستڕەوی توندڕەو یان ڕاسیسم و فاشیسمی نوێ) چەند پرسیارێک دەخاتە بەردەممان:

  • جیاوازی بنکەی جەماوەری و ئەستۆرەکانی فاشیسمی پێشوو لەتەک فاشیسمی نوێ لە چیدایە؟!.
  • ئایا جارێکی دی نازیسم و فاشیسم دەتوانن ڕۆڵی گەورە بگێڕن، و لە تەواوی وڵاتانی سەرمایەداری ڕۆژئاوادا بێنە سەر حوکم؟ کە دیارە ئەمەش بە کۆمەکی باڵێکی بۆرژوازەکان مەیسەر دەبێ، کە لەسەر حیسابی لیبراڵ و چەپی بۆرژوازەکان، ڕاستڕەوی تووندڕەو دەنگ دەهێنێ و بەرزدەبێتەوە بۆ لوتکەی دەسەڵات: واتە هەمان سیناریۆی ساتەوەختی قەیرانی پێش جەنگی جیهانی دووەم، گەرچی کەمێ ئەمڕۆکە دیکۆری شانۆی سیاسی جیهان گۆڕاوە.
  • ئایا دەسەڵاتی فاشیسمی نوێ کارەساتی کۆکوژی هاوشێوەی هۆلاکۆست، بەڵام ئەمجارە بە “کۆکوژی چەپ و موسڵمانەکان و کەمایەتییەکان” دووبارە دەکاتەوە؟!.

    بنکەی جەماوەری فاشیسمی نوێ
    لێرەدا بەکورتی باسی سێ لە مارکسییەکان دەکەین کە شرۆڤەیان بۆ بنکەی جەماوەری فاشیسم کردووە:
    ۱/ “ئەنتۆنیۆ گرامشی” لە ساڵی ١٩٢۱، پێنج ساڵ پێش دەستگیرکردنی لەسەر دەستی هێزەکانی مۆسۆلینی، دەنووسێت:(چینی “وردە بۆرژوازی” کە لە هەموو وڵاتانی سەرمایەداریدا هەن، ئەم چینە بنکەی جەماوەری فاشیزمە). واتە بەڕای گرامشی بنکەی پشتیوانی فاشیستەکان لەو کاتانەدا چینی وردە بۆرژوازی بوو، نەک چینی کرێکاران.
    ۲/ “کلارا زێتکین” لە وتارێکدا ساڵی ١٩٢٣، کە بۆ کۆمینترن پێشکەشی کرد، ڕای وایە کە (هەڵگرانی فاشیزم کاستێکی بچووک نین، بەڵکو کۆمەڵایەتی فراوانن). واتە بەڕای زێتکین بنکەی جەماوەری فاشیزم تەنها چینی وردە بۆرژوازی نییە، بەڵکە تەنانەت چینی کرێکارانیشە. وە دەیگووت:(تەنها کاتێک تێبگەین کە فاشیزم کاریگەرییەکی وروژێنەر و زاڵی بەسەر جەماوەری بەرفراوانی دانیشتوواندا هەیە، ئەوکات دەتوانین بەرەنگاریی ببینەوە.) – کلارا زێتکین (خەبات دژی فاشیزم )- ئەم ڕاپۆرتەی خوارەوە لە ٢٠ی حوزەیرانی ١٩٢٣ دراوە بە پلینۆمی سێیەمی دەستەی بەڕێوەبەری ئینتەرناسیۆنالی کۆمۆنیست./ ۲.
    ۳/ ترۆتسکی پشتیوانی جەماوەری بۆ فاشیزم لە (وردە بۆرژوازی و چینی ناوەڕاستی نوێ؛ پیشەوان و دوکاندارە بچووکەکانی شارەکان، بەرپرسە بچووکەکان، کارمەندان، کارمەندانی تەکنیکی، ڕۆشنبیران، جووتیارە هەژارەکان) پێک دێت. وەک “دانیال گێرین” کە سۆسیالیستێکی شۆڕشگێڕی فەرەنسییە، و لەژێر کاریگەریی ترۆتسکیدا بووە، دەڵێ “وردە بورژوازی “ناخوازن بۆرژوازی گەورە وەک چینێک لەناوببەن”، بەڵکو ” ئەوان حەزدەکەن خۆیان ببنە بۆرژوازی گەورە”. بەڵام وردە بورژوازی بێ توانا بوو لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی سەربەخۆ، هەرچەندە فاشیزم “لەسەر پشتی وردە بورژوازی سەرکەوت بۆ دەسەڵات”.
    بەڕای من هاوڕێیان (گرامشی، زێتکین، ترۆتسکی) بۆ ئەو کاتەی خۆیان، خاڵی دروستیان نووسیووە، بەڵام بۆ سەردەمی سەرمایەداری ئێمە زۆرتر ڕۆشن بۆتەوە کە جگە لە چینی وردە بۆرژوای، لەمڕۆکەدا چینی کرێکاران بنکەێکی جەماوەری فاشیسمی نوێن. ئەمەش لەلاێک ئاکامی گەشەی ئابووری سەرمایەدارییە لە نێو کۆمەڵگەی زۆرێک لە وڵاتانی سەرمایەداری ڕۆژئاوادا، کە لەچاو ساڵانی۱۹۰۰- ۱۹٤۰ ڕێژەی (جوتیاران و خاوەن پیشەییەکان) کەم بۆتەوە.

    چینه‌کان و ڕاسیسم له‌ سوید

    پێته‌ر لارشۆن بڕوای وایه‌:{کرێکاران له‌وه‌ ترسیان هه‌یه‌ که‌ په‌ناهه‌نده‌کان هه‌ڕه‌شه‌ دروست که‌ن له‌سه‌ر جێگاوشوێنی کۆمه‌ڵایه‌تیان؛ واته‌ جێگایان بگرنه‌وه‌ له‌ کارداو بێکاریان که‌ن. به‌ڵام چینی مامناوه‌ند که‌ جێگاوشوێنی کۆمه‌ڵایه‌تی بڵندیان هه‌یه‌، هیچ ترسێکیان نییه‌ له‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌.}.
    له‌ ڕاستیدا ئه‌مه‌ ناوه‌ڕۆکی نامه‌ی دکتۆراکه‌ی “میکایل سڤێنسۆن”ه‌، که‌ له‌ژێر ناونیشانی (چۆن چینایه‌تی جیاوازی دروست ده‌کات) نووسیبووی. لارشۆنیش له‌ ئه‌نجامی لێکۆلینه‌وه‌ێک له‌ته‌ک چه‌نده‌ها کرێکاران و چینی مامناوه‌ند گه‌یشتۆته‌ ئه‌م ئه‌نجامگیریه‌. هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌وه‌ی چه‌ند ساڵێک کاری کردبێ، یان ژیابێ له‌ سوید یان هه‌ر ووڵاتێکی دی ئه‌وروپا، ئه‌نجامگیریه‌که‌ی لارشۆنی به‌لاوه‌ دروسته‌.
    هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر جێگای کۆمه‌ڵایه‌تی مه‌رج نییه‌ به‌ ته‌نها هاتنه‌خواره‌وه‌ی ئاستی کرێ بگرێته‌وه‌، چونکه‌ له‌ هه‌ندێ ووڵاتانی سه‌رمایه‌داری ڕۆژئاوادا بڕی کرێ بۆ کاره‌کان به‌ یاسا و کۆنتراکتی سه‌ندێکا دیاریکراوه‌، بۆیه‌ جیاوازی ڕه‌نگی پێستی مرۆڤه‌کان و که‌لتور ڕۆڵی نییه‌ لێره‌دا.
    هەروەها بەڕای “لارشۆن” چینی مامناوه‌ند(دادوەرەکان، دکتۆرەکان، پارێزه‌ره‌کان، ئه‌فسه‌ری سوپاو ده‌زگا ئه‌منیه‌کان، هونه‌رمه‌نده‌کان، شاره‌زایانی بواری ته‌کنه‌لۆجی) ترسیان لەوە نییه‌ به‌هۆی په‌ناهه‌نده‌کانه‌وه کاره‌کانیان له‌ ده‌ستبدەن، و جێکاو شوێنی کۆمه‌ڵایه‌تیان‌ بێتەخوارەوە.

    بەڕای من ئه‌م تۆلێرانسی چینی مامناوه‌نده‌ که‌ هێشتا په‌ناهه‌نده‌کان هه‌ڕه‌شه‌ نین له‌سه‌ر جێگاوشوێنی کۆمه‌ڵایه‌تیان به‌هۆی بڵندی مه‌قامی کاره‌کانیان‌، له‌ته‌ک هاتنه‌ناوه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێی په‌ناهه‌نده‌کان که‌ له‌و ووڵاتانه‌ له دایک بوون و گه‌وره‌ بوون بۆ نێو باڕازی کار، و به‌ هۆی گه‌شه‌ی ته‌کنه‌لۆجیاوه‌، ئه‌م بێ خه‌می و تۆلێرانسه‌ی چینی مامناوه‌ند هه‌روا وه‌ک خۆی نامێنێ.
    ئه‌ما کرێکارانی جۆری پیشه‌ی ئاسایی ئه‌و ترسه‌یان هه‌ر ئێستا هه‌یه‌. لێره‌وه‌ ئه‌م دڵه‌ڕاوکێیه‌ ئابوورییه‌، مه‌یلی به‌شی خواره‌وه‌ی چینی کرێکارانی ووڵاتانی دایک زیاتر به‌ره‌و ڕاسیسم پاڵ پێوه‌ ده‌نێ. بۆ نموونە: لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی (۲۰۱۹)، ڕێژەی٦۰% دەنگەکان کە ترەمپ بەدەستی هێناوە، لە نێو چینی کرێکاری ئەمەریکییەوە هاتووە.- (سەنتەری توێژینەوەی – ساڵی ۲۰۱۹).
    بێگومان هۆکاری زیادبوونی مه‌یلی به‌شی خواره‌وه‌ی چینی کرێکارانی وڵاتانی دایک به‌ره‌و ڕاسیسم ته‌نها هۆکاری کۆمه‌ڵایه‌تی نییه‌، به‌ڵکه‌ هۆکاری فکری ڕۆڵی گه‌وره‌ ده‌بینێ له‌م نێوه‌دا. بڵاوبوونه‌وه‌ی فکری ڕاسیسم، فکری (ترس له‌ بێگانه‌ – الإكزينوفوبيا Xenophobia / ترس له‌ ئیسلام – Islamophobia) له‌ وڵاتانی سه‌رمایه‌داری ڕۆژئاوادا، ڕۆڵی گه‌وره‌یان بینیوه‌ له‌ زیادکردنی جه‌ماوه‌ری ڕاسیسمه‌کان.
    زیادبوونی مه‌یلی چینی کرێکاران به‌ره‌و ڕاسیسم هۆکاری ئابووری خۆی هه‌یه‌ که‌ سیسته‌می سه‌رمایه‌داری سه‌رچاوه‌یه‌تی، به‌ڵام ئیدۆلۆژیسته‌ بۆرژوازه‌کان هۆکاری جیاوازی ڕه‌گه‌زو که‌لتوری بۆ داده‌تاشن تا سه‌رچاوه‌ی سه‌رمایه‌داری په‌رده‌پۆش که‌ن. واته‌ کرێکارانی وڵاتی دایک ڕقیان له‌ کرێکارانی په‌ناهه‌نده‌ ده‌بێته‌وه‌ له‌ ترسی له‌ ده‌ستدانی کاره‌کانیان. وه‌ک له‌ ئێران به‌ چاوێکی نزم سه‌یری کرێکارانی ئه‌فغانی ده‌کرێ، و له‌ تورکیا ڕاسیستانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌ته‌ک کرێکارانی سوریا ده‌کرێ، کرێکارانی پۆلۆنی و سربی بێزراون له‌ به‌رچاوی کرێکارانی ئه‌وروپیدا، گه‌رچی له‌ نێوان ئه‌و خه‌ڵکه‌دا جیاوازی ئاینی و ڕه‌نگی پێست نییه‌. به‌ڵام نووسه‌رانی بۆرژوازی تێزی ململانێی که‌لتور یان ململانێی شارستانی ده‌هێنه‌ نێوان که‌ له‌ ڕاستیدا هیچ بایه‌خێکی ڕاسته‌قینه‌ی نییه‌و گه‌مه‌ێکی سیاسییه‌ بزووتنه‌وه‌ فاشیه‌کانی بۆرژوازی ده‌یکه‌ن بۆ فریودانی خه‌ڵکی.
    هۆکاری ڕاسته‌قینه‌ی که‌مبوونی کاری ئاسایی له‌ ئه‌وروپادا په‌ناهه‌نده‌کان نین، به‌ڵکه‌ گه‌شه‌ی ته‌کنه‌لۆجیا و گواستنه‌وه‌ی کارگه‌کانه‌ بۆ وڵاتانێ که‌ ئاستی کرێ و باج تێیدا نزمه‌ و بازاڕی گه‌وره‌یان هه‌یه‌.
    به‌هۆی نزمی هۆشیاری سۆسیالیستی له‌ نێو ڕیزه‌کانی کرێکاراندا ڕق و کینه‌ و دووبه‌ره‌کی ده‌که‌وێته‌ نێوان چینی کرێکاران، و هه‌ر به‌شێک له‌ چینی کرێکاران ده‌چێته‌ ژێر هه‌ژموونی ئایدۆلۆژیای بۆرژوازیێک؛ یان ئایدۆلۆژیای ڕه‌گه‌زپه‌رستی و ئاینی مه‌سیحی سیاسی یان ئایدۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی، و به‌مه‌ ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی له‌سه‌ر خۆیان زیاتر ده‌که‌ن.
    لەم ساتەی کە ئەوروپا لە قەیران و پشێویدا دەژی، و خۆی ئامادە دەکات بۆ جەنگ لەتەک ڕوسیا، ئیدی هێزی پۆلیس و ئاسایشی ئاسایی، و ئەحزابی لیبڕال و چەپی بۆرژوازی لەتەک پەرلەمانێکی بێ ئیعتبار، ناتوانن کۆمەڵگە لە دۆخێکی سەقامگیردا ڕابگرن و ئامادە بە جەنگی کەن، بۆیە نوخبەی جەنگی دەسەڵاتی بۆرژوازی ستافی حوکمڕانی دەگۆڕێ، ئیدی نۆرەی ڕژێمی فاشیستییە بێتە سەر شانۆ، و ڕۆڵی خۆی بگێڕێ.

    “کریستۆف ڤاندرایەر” لە پارتی یەکسانی سۆسیالیستیی لە ئەڵمانیا دەڵێ:-
    (چۆن ئەتوانرێت شکست بە پارتی ڕاستڕەویی توندڕەوی (AfD) بهێنرێت؟
    دوابەدوای ئاشکراکردنەکانی کۆبوونەوەیەکی نهێنی نێوان بەرپرسانی پارتی [ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا(AfD)] و نوێنەرانی بازرگانییەکان سەبارەت بە پلاندانانیان بۆ دەرکردنی بەکۆمەڵی ئەو خەڵکانەی کە پێشینەی کۆچبەرییان هەیە، سەدان هەزار کەس لە سەرانسەری ئەڵمانیا دژی سیاسەتە ڕاستڕەو و نامرۆڤەکانی پارتی ئەڵتەرناتیڤ ڕژانە نێو شەقامەکان و خۆپیشاندانیان سازکرد. (پارتی یەکسانی سۆسیالیستیی) پێشوازی لەم ناڕەزایەتی گردبوونەوانە ئەکات. بەڵام نابێت هەر تەنها دژ بە ئەڵتەرناتیڤ (AfD) بێت، بەڵکو ئەبێت بەرامبەر سەرجەم ئەو حکومەتە بێت کە بەرنامەی فاشیستەکان لەخۆئەگرێ و ڕێگایان بۆ خۆش ئەکات.
    کۆبوونەوە نهێنییەکە نیشانی دا کە پلانەکانی دیکتاتۆرییەت و دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵ تا چەند چوونەتەپێش. (AfD) پارتێکی فاشیستە کە درێغی لە جێبەجێکردنی ئەم پلانانە ناکات. پەیوەندییەکی نزیکی بە تۆڕە تیرۆریستییە ڕاستڕەوە بێشومارەکانی ناو دەزگاکانی پۆلیس و سوپا و خزمەتگوزارییە نهێنییەکانەوە هەیە، کە خۆیان بۆ “ڕۆژی X” ئامادە ئەکەن کە ئەیانەوێت نەیارانی سیاسی و کۆچبەران کۆبکەنەوە و بیانکوژن. بەڵام مەترسییەکە تەنها لە (AfD)ەوە نایەت. لە هەموو جیهاندا پارتە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان گەشە ئەکەن و حکومەتەکان پەنا بۆ شێوازە دڕندەییەکانی سەرکوتکردنی سیاسی ئەبەن و تادێت بڕەوی پێ ئەدەن. .
    حکومەتە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان، وەک حکومەتەکانی مێلۆنی لە ئیتاڵیا یان میلای لە ئەرجەنتین، جیاوازییەکی زۆریان لەگەڵ حکومەتە “دیموکرات”ەکانی وەک جۆ بایدن یان ئۆلاف شۆڵزدا نییە هەموویان هەنگاوی دڕندانە دژی پەنابەران ئەگرنەبەر و خۆیان بۆ شەڕی بەرفراوان چەکدار ئەکەن، سەرکوت و پێشێلکردنی ئازادی ڕاده‌ربڕین بڕەو پێ ئەدەن.

    سەرچاوە:

How can the far-right Alternative for Germany be beaten? – 19 January 2024 – Christoph Vandreier

سەرچاوەکان:
۱ / Fascism in Germany. Robin Blick 1975 – Chapter I: The Roots of
German Reaction
۲/ Clara Zetkin – The Struggle Against Fascism / The following report was given June 20, 1923, to the Third Plenum of the Executive Committee of the Communist International.
۳/ هه‌وڵدان بۆ جێگاوشوێنی کۆمه‌ڵایه‌تی ڕاسیسم ده‌بزووێنێ – پێته‌ر لارشۆن / Statusjakten driver fram rasismen
Petter Larsson läser en avhandling, som slår hål på myten om den toleranta medelklassen – Aftonbladet /Publicerad 2020-07-28
٤/ بەشێک لە کتێبی ژیاننامەی “دیدیە ئێریبۆن – گەڕانەوە بۆ ڕیمس”، کە لەنێو شتەکانی تردا باس لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی پۆپۆلیزمی ڕاستڕەو دەکات لەنێو دەنگدەرانی چینی کرێکار لە فەرەنسا. هەروەها وتاری (لە چینایەتییەوە بۆ ڕەگەز) لە سایتی (فلاممان ١٢ی تەمموزی ٢٠١٨). بەڵگەکان ئاشکرای دەکەن کە پۆپۆلیزمی ڕاستڕەو لە ئەوروپا و ئەمریکادا پشتیوانییەکی بەرچاوییان لەنێو کرێکاراندا بەدەستهێناوە.




خەونەکانى مەتڕان، ڕۆمانێک لە نێوان خەون و بێداریدا.. نووسنى ڕەخەنەیى دڵشاد کاوانى

پێشەکى
ڕۆمانى خەونەکانى مەتڕان، ڕۆمانێکى زرار سەرتاشى ڕۆماننووسە، کورتە ڕۆمانێکە لە (9) بەش و (135) لاپەڕەدا پێکهاتووە و لە دووتوێى کتێبێکى خنجیلانەدا، بە دیزاین و بەرگێى جوان، وەک چوارەمین بەهەرمی ڕۆماننووس دواى ڕۆمانەکانى ژەنگ و شێت و فاتە هەڵۆ کەوتۆتە بەردیدى خوێنەران.
پوختە.
زرار سەرتاشى ڕۆماننووس لە حەفتاکانى سەدەى ڕابردووەوە لە بوارى ئەدەبیات دەنووسێـت و قەڵەمێکى دیارە و لە کۆتایی تەمەنیدا پەڕیوەتەوە سەر ژانرى ڕۆمان و لە ماوەیەکى کەمدا چوار ڕۆمانى خستە نێو کتێبخانەى کوردییەوە، زرار سەرتاش لە هەرسێ ڕۆمانى ڕابردوویدا، ناوەڕۆک و شیوە و گێڕانەوەى ڕۆمانەکانى دەچێتە سەر ڕۆمانى بیۆگۆافى و ژیاننامەیى و ئۆتۆ بیۆگۆافیی یادەوەریی. بەڵام ئەوەى تێبینى دەکرێت، لە ڕۆمانى خەونەکانى مەتڕان بۆ ڕۆمانى شێوەى ڕۆمانى ئۆستۆپیا دەچێت و لەگەڵ ئەوەش ئەو ڕێبازەى زرار سەرتاش پێى دەنووسێت ڕۆمانى ڕیالستییە.

ناوەڕۆکى ڕۆمانى خەونەکانى مەتەڕان.
ناوەڕۆکى خەونەکانى مەتڕان، بەتەواوى ناوەڕۆکى ڕووداو و سەربردەیەکى کوردیی خۆماڵى ناوچەییە. باس لە گەنجێکى کریستییانى شەقڵاوە دەکات، کە لە سەرەتاکانى تەمەنى گەنجییەتى ئاشقى کچێک دەبێت و بەهۆى جیاوازى چینایەتیی و ئایینى، ناتوانێت بە مەعشوقەکەى بگات. بۆیە مەتڕان سەر هەڵدەگرێت و ڕوو لە ئەشکەوتێکى چیاى سەفین دەکات، ساڵانێکى تەمەنى بە تەنهایی و گۆشەگیریی بەسەر دەبات. دواى ئەوەى بڕیارى گەڕانەوە دەدات و ڕوو لە ئاوەدانیی دەکات. گوندەکەیان لەسەردەستى سوپاى عوسمانیی بەتەواوى وێران کراوە و ساراى مەعشووقى مردووە و تەواوى خەونەکانى مەتڕان لە گۆڕدەنێت.
تەکنیک و گێڕانەوە لە خەونەکانى مەتڕان
گێڕانەوە لە خەونەکانى مەتڕان، تا ڕادەییەکى زۆر لەگەڵ هەرسێ ڕۆمانى ڕۆماننووس جیاوازە، دەتوانین بڵێین ڕۆماننووس لە گێڕانەوەدا، هەنگاوێکى زۆرباشى ناوە و گەمەى زیاترى بە گێڕانەوە کردووە و ئەمجارە خۆى لە گێڕانەوەیەکى سادە و ئاسایی ڕۆمانەکانى ڕابردووى پاراستووە. ئەمەش لە ڕێگەى تێکەڵکردتى خەونە پچڕ پچڕ و زنجیرەیی خەونەکانى پاڵەوانى سەرەکی و ڤەگێڕى گشتییە. دەستپێکردنى گێڕەوەى سەرەکى ڕۆمانەکە کە خودى پاڵەوانى سەرەکى و تاکە گێڕەوەى گشتییە، کە سەربردەى خۆى دەگێرێتەوە و هەندێجار لە گێرانەوەدا، خوێنەر لە نێوان بێداریی و خەون دەستەخرۆ دەکات. هەرچەند ئەم تەکنیک و گێڕانەوەیە تەکنیکى تازەنییە لە ناو چیرۆک و ڕۆمانەکەى شەستەکان و حەفتاکانى سەدەى ڕابردووى کوردیدا باوبووە بەڵام تاڕادەییەکى باش تێیدا سەرکەوتوو بووە، وەنەبێت ئەمەش بێ کەموکوڕی بێت، لە گەلێک شوێن، ڕۆماننووس ڕووداوەکانى لێ تێکەڵ دەبێت و ڕۆمانەکەى ئاڵۆز دەکات. نێوانى واقع و خەون تێکەڵ دەبن. لێرە خاڵێکى هاوبەش لە نێوان پایزە خەونى محەمەد مەولودمەم و خەونەکانى مەتڕان هەیە. کاتێک ڕەشید جەردە پاڵەوانى پایزە خەونى مەم لە ماڵەکەى خۆیدا خەون بە ڕووداوى ناو شار دەبنیێت و دەچیتە ڕاو و چیاو چۆڵ دواتر بە هەمان گۆڕستاندا دەگەڕێتەوە، کە مەتڕان پێی دەگات. دواجار هەردوو گێڕەوەى گشتى لە کۆتایی گێڕانەوەدا لەخەوندا بێداردەبنەوە. بۆیە زرار سەرتاش کەوتۆتە ژێر کاریگەرى گێڕانەوە و ناوەڕۆکى پایزە خەونى مەم.
گۆڕانکارى پەڕێنەوە لە گێڕەوەدا و کەمترین دەستاودەستکردنى گێڕەوە لەم ڕۆمانەدا هەیە، تەنیا دوو ڤەگێڕى تێدایە کە ڕووداوەکان دەگێڕنەوە، یەکەمیان ڤەگێڕى لاوەکییە، کە مەتڕانە دووەمیان ڤەگێڕى گشتى نادیارە، کە ڕۆماننووس خۆیەتى.
تەکنیکى گێڕانەوە لە بەشەکاندا لەنێوان بێدارى و خەودایە، لە هەموو بەشەکان ڤەگێر لە بێداریی دەست پێدەکات، دواتر لە زۆربەى بەشەکان دەچێتەوە ناو خەونەوە. هەر لە ڕێگەى بێداریشەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى ڕابردووى مەتڕان.
نابێت ئەوەش لەبیر بکەین کە لەم ڕۆمانەدا دوو تەکینیکى گێڕانەوەى پەیڕەو کردووە، ئەویش کەسی یەکەمى تاکە کە مەتڕانە و کەسی سێیەمى تاکە کە ڕۆماننووسە. بۆ نموونە لە بەشى یەکەمەوە ڤەگێڕ مەتڕانى کەسى یەکەمى تاکە تاکو لاپەڕەى شەش دواتر بۆ کەسى سێیەمى تاک دەگۆڕێت تاکوو لاپەڕەى (49)ى بەشی (2) دیسان دەبێتەوە کەسى یەکەمى تاک. لە لاپەڕەى (54) دەگۆڕێت و تا کۆتایی ڕۆمانەکە لەسەر زارى ڤەگێرى گشتى کەسى سێیەمى تاک ناوە ناوە دەچێتەوە سەر کەسى یەکەمى تاکى مەتڕان. واتە تا ڕادەیکى باش لە هەردوو گێڕانەوەکەدا سەرکەوتووبووە، بەڵام زۆر بە ئەستەم جیاوازى لە نێوان ڤەگێڕى گشتى و لاوەکى کراوە.
زمان لە خەونەکانى مەتڕان
زمان لەم ڕۆمانە کوردییەکە پاڵاو و بێ گیروگرفتە، بە زمانى ستاندارى کوردیى نووسراوە و چەندین وشەى جوانى کۆنى کوردیی و ناوچەیەش تێیدا بەکاربراوە. دەتوانم بڵێم بێ کێشەتیرین بەشى ناو کورتە ڕۆمانەکەیە و ڕۆماننووس ئەزموونێکى باشى لە زمان هەیە، ئەوەى هەشە شایەنى باسکردن نییە.
هەڵە و کەموکوڕییەکانى خەونەکانى مەتڕان
زۆربەى کەموکوڕى و کەند و قۆرتەکانى ئەم ڕۆمانە لە پڵۆت و گێڕانەوە و ناوەڕۆکى ڕووداوەکانى ناو ڕۆمانەکەدایە. کە ڕۆماننووس بەسەریدا تێپەڕیوە. ئەرکى ڕەخنەیە کە لاینە نەرێنیەکانى ڕۆمانەکە دەربخات. ژمارەى هەڵەکانى خەونى مەتڕان زۆرن بۆیە بەپێى زنجیرەى بەشەکان و لاپەڕە و ڕیزبەندى گێڕانەوە هەڵەکان دەخەمەڕوو. سەرەتا لە بەشى یەک و لاپەڕە (3) کاتێک مەتڕان سەرهەڵدەگرێت لە ئەشکەوتى دوورە دەست کە ڕەبەن بویایە دەژیێت ڕۆماننووس دەنووسێت: هەر بە هەمان ئەو بەرگەى کارکردنەوە لەسەر تەختە بەندەکەم ڕادەکشێم. ئایا سیسەمى تەختە لە ئەشکەوت چی دەکات. دواتر هەر خۆشى نووسەر لە بەشى دوو و لاپەڕە (18) ڕاستى دەکاتەوە و دەڵێت: ته‌خته به‌ندێكی لە به‌ردی پان دروستكراوی بۆ خه‌وتن دروستكردبوو‌. یاخود لە هەڵەیەکی دیکەدا لە بەشى یەک و لاپەڕە( ) نووسەر دەنووسێت: بە په‌رۆشیه‌وه بە دوای ده‌نگ و باسی ئاوایی ده‌گه‌ڕا.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش چه‌ندین پرسیاری هه‌مه‌جۆری ڕووبه‌ڕووی ئه‌م ڕێبوارانه ده‌كرده‌وه كە ده‌یدیتن. هه‌میشه بە تامه‌زرۆییه‌وه سه‌یری ده‌می ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌كرد، كە باسی ڕووداوه‌كانی ئاوه‌دانیان بۆ ده‌كرد. حه‌زی ده‌كرد بزانێ له‌ ناو ئاوایی، یان له ‌خواره‌وه چی ده‌گوزه‌رێ. کەواتە مەتڕان لە دەمى ڕێبوارانەوە بەتەواى ئاگادارە لە خوارەوە و ئاوەدانى چى ڕوودەدات. هەروەتر لە بەشى دوو و لاپەڕە (35) بەهەمان شێوە لە دەمى ئەشقیاکاندا هەواڵى خوارەوە دەزانێت و دەڵێت: ئه‌و ئه‌شقیایانه بۆ گه‌یشتنه‌وه‌یان بۆ بێشه‌كانی خۆیان بۆ هه‌وار‌و په‌ناگه‌كانیان به‌م دۆڵه تێده‌په‌ڕین، چونكە به ‌‌‌لایانه‌وه ڕێگایه‌كی لە بار‌و هه‌روه‌ها كورترین ڕێگا بوو بۆ گه‌یشتنه‌وه بۆ بێشه‌كانیان. كە ده‌یبینین لە ده‌می ئه‌وانه‌وه سه‌ربورده‌ و هه‌واڵی جۆراوجۆری وه‌ده‌ست ده‌كه‌وتن‌ و ده‌یبیستن، کەواتە ده‌یزانی لە ئاوایی ‌و ده‌وروبه‌ری چی ده‌گوزه‌رێ. کەچی لاپەڕەى دواتر دیسان دەڵێت: هه‌سته‌كان وایان نیشان ده‌دا، كە له‌و خواره‌وه ڕووداوی زۆر ڕویانداوه‌، یان ڕووده‌ده‌ن. بۆنێك ده‌خزایه ناو لوتی لە بۆنی سووتان‌ و بۆنی خوێن ده‌چوو. دواتر لە بەشى دوو و لاپەڕە (33) ئێژێت: منێك ساڵانێكی زۆر بێ ئاگا بووم، نه‌مده‌زانی له‌و ئاوایه‌ی من چی گوزه‌راوه‌، شه‌ڕ چ كاره‌ساتێكی خولقاندووه‌. كاتێك سه‌یری ناو ئاوایی ده‌كرد، ئه‌وه‌نده‌یتر، ترسی لێده‌نیشت. لێرە نووسەر لەبیرى چۆتەوە کە متران لە دەمى ڕێبواران و ئەشقیاکان ئاگادارى ورد و درشتى ڕووداوەکانى ناو ئاواییە.
لە بەشى یەک و لاپەڕە (10) نووسیویەتى: به‌ ته‌واوی پیته‌كانی لە یه‌كتر جیاده‌كردنه‌وه‌، سه‌روده‌رێكی لێده‌رده‌كرد، هه‌ر ئه‌مه‌ نا، ورده ورده ده‌یتوانی شتێك بنووسێ ‌و بیخوێنێته‌وه‌. هه‌روه‌ها هه‌ندێك شتیشی لە باره‌ی زانستەكانی ئایینه‌وه ده‌زانی ‌و وه‌ك شه‌ماشه‌یه‌ك لە ناو دێره ڕه‌فتاری ده‌كرد. وەلێ لە لاپەڕەى دواتر دەڵێت: مام قه‌شه یان شه‌ماشه بە هۆی سه‌رقاڵبوونیان بە كارێكیتر، یان لە سه‌فه‌ربان، بۆ جێبه‌جێكردنی هه‌ندێك لە ڕێوڕه‌سمه ئاینییه‌كانیان، ڕاده‌ستی ئه‌و ده‌كرد، به‌ویان ده‌سپارد. بە تایبه‌تی لێدانی زه‌نگی كڵێسا، ته‌راتیل خوێندن ‌و نزاكردن، ڕێنمایكردن‌ و پێش نوێژكردن. ئایە جێ بەجێکردنى ئەم سرووشتە ئایینیانە پێویستى بەو زانیاری تەواو نییە. لە کاتێکدا لە سیستەمى ئایینخوازیى مەسیحیی. لەپاڵ خوێندنى ئایینیی کۆمەڵێک زانستی دیکە دەخوێندرێت وەک زمان و فەلسەفەى لاهۆت و تا دوایی.
لە بەشى دوو و لاپەڕە (17) نووسەر وادەپەیڤێنێت: بە هۆی به‌رده‌ستێیه‌كە ئاگری لە پوشه‌كە به‌رداو ئاگری دامركاوی ناو ئاگردانه‌كەی داگیرسانده‌وه‌. هەڵەکە لێرەیە ئاگرەکە دامرکاوەتەوە، نەوەک کوژاوەتەوە، پێویستى بە بەردەستێن نییە، بەڵکوو بە فوکردن و باوەشێن دادەگیرسێتەوە.
بۆیە خۆشى هەڵەکەى بەشى دوو و لاپەڕە (21) ڕاست دەکاتەوە دەڵێت: ده‌كرده‌وه‌و بە فوو ئه‌م ورده پولووه كه‌مێك گه‌رمی تێماوانه‌ی ژێر خۆڵه‌مێشه‌كه‌ی ده‌گه‌شاندنه‌وه‌.
هەر لە لاپەڕە (١٧)دا دەنووسێت: بۆ ئه‌م ئێواره‌یه‌. دوای ئه‌وه‌ی قاوەڵتیه‌كی چه‌وری خوارد تێر‌و پڕبوو لە خواردنی گۆشتی كێویه‌كه‌. لێرەش قاوەڵیتیکردنى بۆ نانى ئێوارە بەکارهێناوە و ئەوە هەڵەیە، هەموومان دەزانین قاوەڵتى واتە کەمێک خواردنى پاڵوە نانێکى نێوان جەمەکان، نەک تێرخورادن لە ئێوارەدا.
لە بەشى دوو و لاپەڕە (30) دەڵێت: ده‌بێت هه‌موو بیركردنه‌وه‌مان بۆ ئه‌و جیهانه‌كه‌‌یتری شاراوه لێگه‌ڕێین. وا بیر بكه‌ینه‌وه خۆمان بده‌ینه ده‌ستی قه‌ده‌رێكی ون، سه‌رجه‌م خه‌ونه‌كانمان له‌ بار ده‌چن. ئەم تێکسەشى لە ڕووى ڕستەییەوە زۆر ناڕوون و ناتەواوە و لەسەرەوە دەڵێت خۆمان بدینە دەست جیهانێکى نادیار لە خوارەوەش دەڵێت خەونەکانمان لەباردەچن.
لەوە خراپتر ڕۆماننووس وەرزەکانى لێ تێکەڵ بووە، لەسەرەتاى ڕۆمانەکەدا نووسەر باسى ئەوە دەکات بەهارە و دەوورى ئەشکەوت گوڵ و گوڵزارە. تا مەتڕان دادەبەزێت کە ماوەى نیو کاتژمێڕ ڕێگەیە کەچى لێی دەبێتە وەرزی پایز، لە بەشى دوو و لاپەڕە (31) دەڵێت: لە گۆشه‌ی په‌ناگایه‌كی ئارامه‌وه‌، به‌ ده‌م ڕامانێ لە ئاواییه‌وه‌، لە سه‌مای هه‌ڵوه‌رینی گه‌ڵاكان ده‌ڕوانین. واتە تا لەشاخەوە گەیشتە شار بووە وەرزی پایز. لەهەمان بەش و لاپەڕە (38) دەنووسێت: خۆشی نه‌یده‌زانی ئه‌و ئاره‌قه كردنه‌ی ئی گه‌رمای وه‌رزه، یان ئی شه‌رمه‌زاری. کە گەیشت ئاوایى بەو پێیەى وەرزەکە گەرممە، کەواتە وەرزەکە بۆتە هاوین.
هەروەها لە بەشى دوو و لاپەڕە (26) دەنووسێت: به‌م به‌یانیه له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه هاژه‌ و ده‌نگی سولاوكه‌كان ده‌هات، بە هۆی ئه‌و بارانه زۆره‌ی، كە ڕۆژی پێشوو باریبوو، بە بن به‌رد‌و لوتكه‌ی شاخه‌كانه‌وه ده‌هاته خواره‌وه‌. جێى سەرسووڕمانە چۆن ئاو بەشاخ و لوتەکەکاندا بە سوولاکەکان دێتەخوارەوە، لە کاتێکدا ڕۆژێک بەسەر باران بارینیدا تێپەڕیووە. هەموومان ئەوە دەزانین ئاو ڕژان لە سولاوکە هەمووى چەند خولێک دواى وەستانى باران کۆتایی دێت.
سەبارەت بە دێوانە یەڵدا لە کار و وەسفەکانى وەک کەسێک ژیر باسى هەڵوێستەکانى دەکات کەچى لە بەشى دوو و لاپەڕە (54) بە کەسێکى نەخۆشى دەروونى وەسفى دەکات و دەڵێت: نه ژنی هه‌بوو نه منداڵ، لەڕووی ده‌ڕوونیشه‌وه كه‌سێكی نه‌خۆش بوو. نەبوونى ژن و منداڵ و بەڵگەنییە لەسەر نەخۆشى دەروونى کە ڕۆماننووس خۆی لە بەشی (دوو) و لاپەڕە (64) ئەوەى ڕوونکردۆتەوە، مرۆڤێکى بەهەڵویست و ژیرە.
لە بەشى چوار و لاپەڕە (84) دەنووسێ: كە چ دایكێكی میهره‌بانی هه‌بووه‌، بۆ‌وی هه‌م دایك ‌و هه‌م باوك، نه‌یده‌هێشت هه‌رگیز هه‌ست بە بێ باوكی بكات. لێرە ڕستەى هه‌م دایك ‌و هه‌م باوك، پێویستى بە بوو هەیە، رستەکەى پچڕاندووە و واتا ناگەیێنێت. لە بەشى پێنج و لاپەڕە (96) دا باسى دەکات دواى وێرانکارییەى شەقڵاوە لەسەردەستى عوسمانییەکان مەتڕان دواى گەڕانەوەى لەبەردەم ماڵە بەکاوڵ بووە کەیدا دادانیشت دەست لە چۆکان وەردێنێت و دەگریێت، کە لە چیرۆکەکەدا مەتڕان هیچ ماڵ و لانەیەکى نەبووە بەڵکوو لە دێرە ژیاوە، ئەگەر ماڵى هەبووبێت بۆ لە دێرە دەژیا؟! ئەگەر ئەم شوێنەى سەرتاش باسى دەکات دێرەبێت کەوتە ماڵ نییە. لە بەشى شەش و لاپەڕە (١٠٢) دا باسى ئەوەدەکات کە مەتڕان چاوی بە گۆڕی هاوبەشی موسڵمان و مەسیحییەکان دەکەوێت تووشی شۆک دەبێت بۆیە دەنووسێت: ئه‌وه‌ی به ‌لایه‌وه سه‌یر بوو ئه‌و هه‌موو مه‌زارگه هاوبه‌شه بوو، كە به‌بێ جیاوازی په‌یڕه‌وكه‌رانی ئاینه جیا جیاكان سه‌ردانیان ده‌كردن ‌و هه‌ر هه‌موویان بە ئی خۆیان ده‌زانی. هه‌ر چه‌ند ده‌یهێنا‌و ده‌یبرد، سه‌ری له‌و بازاڕه ده‌رنه‌ده‌چوو، دووچاری شۆكێك ببوو نه‌یده‌توانی وا بە ئاسانی وه‌ڵامێكی دروستی ده‌ستكه‌وێ. ئەمەش هەڵەیە چونکە مەتڕان خۆی خەڵکی شەقڵاوەیە و دەبێت ئەو ڕاستییە چاک بزانێت ئەمە بۆ کەسێکی لایدە و نەشارەزا بەم کلتوورە تەواوە، نەوەک بۆ کەسێک کە خەڵکی ناوچەکەبێت.
لە لاپەڕەی دواتر هەمدیسان دەکەوێتە هەڵەوە کە مەتڕان ڕۆڵی ڕابەرێکی ئایینی وەک شەماشەی بینیوە و پێشنوێژ و نزا خوێندنەوەی بۆ پەیڕەوانی ئایینی مەسیحی کردووە و شارەزای تەواوی لە نزا و پڕانەوەی ئایینی هەیە، کەسێکی ژیریشە کەچی دەنووسێت: كه‌مێك خۆی ده‌چه‌مانده‌وه‌، لێوه‌كانی ده‌جووڵاندن نزای ده‌كردن‌ و ئینجیلی پیرۆزی ده‌خوێنده‌وه‌. خۆشی له‌ خۆی تێنه‌ده‌گه‌یی چی ده‌ڵێ، به‌ڵام به‌وپه‌ڕی باوه‌ڕ به‌خۆ بوونەوە ده‌یزانی مردووه‌كان گوێبیستی پاڕانه‌وه‌كانی ئه‌ون ‌و لە نزاكانی ده‌گه‌ن. نازانم بۆچی بەم ئەندازەیە دەروون شێواوی دەکات لە کاتێکدا مەتڕان کەسێکی ژیر و هۆشمەندە.
لە بەشى حەوت و لاپەڕە (١٢٤) دا دوای ئەوەی مەتڕان دەگەڕێتەوە گوند چۆڵە و کاوڵبووە و کەسی تێدا ناژیێت. تەنیا چاوی بە یەک کەس دەکەوێت ئەویش فەقێ میرزایە بە پەشۆکاویی و سەر و ڕێش سپییەوە و دەڵێ: وا دیار بوو میرزا نۆبه‌ته ئاوی بوو، میراوی گوند ئه‌و كاته‌ی بۆ دیاری كردبوو، تا باخچه‌كه‌ی سه‌راو بكات، په‌له‌ی بوو، به‌ر له‌وه‌ی بگاته ناو باخچه‌كه‌ی، ڕێڕه‌وی ئاوه‌كە پاك بكاته‌وه‌. سەیرەکە لەوەدایە کە میرزا لە گوندێکی چۆڵبوو و وێران بوودا نۆبەتە ئاوی لەگەڵ کێدایە؟! لە کاتێکدا کە میراویش پێی ڕادەگەیێنێت، کەوەتا دەبێت گوند جمەی بێت تا ئاو بە نۆرە بێت نەوەک گوندێکی چۆڵ.
هەروەتر لە بەشى هەست و لاپەڕە (١٣٠) هەم دیسان گوندێکی کاوڵبووی چۆڵکراو وا دەخاتە بەر باس: (ده‌رباره‌ی سارا هیچ هه‌واڵێكی تازه‌ی ده‌ست نه‌ده‌كه‌وت. گه‌ر كه‌سێكیش لە ئاوایی لێی بپرسیبا هیچ هه‌واڵێكت ده‌ستكه‌وت؟ وه‌ك فیشه‌كە شێته به ‌ڕووی ده‌ته‌قیه‌وه‌،…) درێژەی پێدەدات و دەڵێ: خه‌ڵكی ئاوایی بە گه‌وره‌و بچووكه‌وه شاره‌زای بووبوون، توڕه‌بوون ‌و جوێندانه‌كانی ئه‌ویان به‌ هه‌ند وه‌رنه‌ده‌گرت. کەوتە بە هیچ جۆرێک ئەو گەندە نە گوندێکی چۆڵکراوە و نە وێڕانەیە.

کارەکتەرسازیی
لە ڕۆمانی خەونەکانی مەتڕانی زرار سەرتاشدا پێچەوانەی ڕۆمانەکانی ژەنگ و شێت و فاتە هەڵۆ پڕبوون لە کارەکتەر، کە سەرنجی خوێنەری ئاڵۆز دەکرد. بەڵام رێک لە خەنەکانی مەتڕان پێچەوانە بۆتەوە کارکەتەرانی ناو ڕۆمانەکە زۆر کەمن تەنیا یەک پاڵەوان و سێ چوار کارەکتەری لاوەکی ڕۆڵێکی کەم دەگێڕن کە ژانری ڕۆمان تێرناکات و لە دەوری چیرۆکی درێژ دەسوڕێتەوە.

گۆشەنیگا
زرار سەرتاش لە گۆشەنیگاکانی خەونەکانی مەتڕان زۆر ورد و بە دیقەت بووە، دەتوانین بڵێین لە هەر بەشێکیدا گۆشەنیگایەکی تایبەتی هەیە و بۆ نموونە لە بەشی حەوت و لاپەڕە (١٢٣) دۆزینەوەی فەقێ میرزا و موسڵمان لای مەتڕانی مەسیحیی و لە چەند شوێنێکی دیکەدا گۆشەنیگای ڕوانینی بۆ ئیستبداد و تورکە عوسمانییەکان و بەرچاو دەکەوێت.

پەیام
پەیام لە خەنەکانی مەتڕاندا دەتوانین بڵێین باشترینی بەشی ڕۆمانەکەیە، کە ڕۆماننووس پەیامی ئاشتی و نیشتمانی و نەتەوەیی مرۆڤ دۆستی هەیە، بۆیە خەونەکانی مەتڕان لە پەیامدا زۆر بەرهەمدارە و ئامانجی پەیامەکەی دیار و پێکراوە.

ئەنجام
لە ئەنجامی بابەتەکەمان گەیین بەوەی کە ڕۆمانی خەونەکانی مەتڕان کورتە ڕۆمانە و ڕۆمانی تەواو نییە، وەلێ لە ڕووی زمان و گیڕانەوە و وەسفدا کورتە ڕۆمانێکی جوانە و هەڵگری پەیام و گۆشەنیگای تایبەتە بە جیهان بینی و مرۆڤ دۆستی و هەڵگری پەیامی ئاشتیی و بەیکەوە ژیانە لە کوردستان و ئەمەش لەم کورتە ڕۆمانە بە قووڵی ڕەنگی داوەتەوە.

سەرچاوە:
ڕۆمانى خەوەکانى مەتران. چاپى یەکەم ساڵى 2024چاپخانەى حەمدى سلێمانى.




ئێستای (فەلسەفە/ زانست)، بادیۆ، ژیژەك، هەراری.. خوێندنەوەی عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

لە پشت ناونیشانی سەرەكی ئەو بابەتەوە هەر تەنها ئێستای فەلسەفە و زانست نەوەستاوە، بەڵكو ئێستای تەكنۆلۆژیا و ژیری دەستكرد دەشنێتەوە. بەو مانایەش كاری بیریار و داهێنەر و فەیلەسووفان تەنها تیۆریزەكردنی فیكر و فەلسەفە، زانست و تەكنۆلۆژیا نییە، بەڵكو لە پێناو بنەماكانی ئازادی و جیاوازی، داهێنان و سەیرورە، مرۆڤدۆستی و خۆشبەختی… هەوڵدەدەن دەسەڵاتە ستەمكارەكان بە گشتی تێكبشكێنن و تێڕوانین و جیهانبینی پێشكەوتوو بۆ ژیان و پەیوەندییەكان گەشە پێبدەن.
(1)
ئالان بادیۆ
كۆمۆنیستێكی ماوییە و دەستی لە گریمانەی كۆمۆنیستی گیربووە و لە شاری (ریبات)ی وڵاتی (مەغریب)ی عەرەبی لە ساڵی 1937 لە دایكبووە، چل ساڵە كار لە فەلسەفەدا دەكات و كۆمەڵێك بەرهەمی چاپكراوی بە كتێبخانەی فەڕەنسی بەخشیوە.
پێیوایە فەیلەسووف هەمیشە نامۆیە، چونكە كۆمەڵێك بیركردنەوەی نوێی هەیە، كە بەبێدەنگیی زۆرترین شەڕییان لەسەر دەكات. ئەو كەسە نامۆیە، خەڵكانێك بەرەو كۆمەڵێ‌ كێشەی نوێ‌ رادەكێشێت، بەبێ‌ بانگەشەكردن رازییان دەكات: هەموو ئەو كێشانە گەردوونین.

بیركردنەوە لە رێگای رووداوەوە
نموونەی یەكەم

قسە لە دوو جۆر لە بەختیاری دەكرێت: بەختیاری لە رێگای تووندوتیژی و فرتوفێڵ. بەختیاری لە ریگای راستگۆیی و دادپەروەرییەوە. ئەو دوو جۆرە لە بەختیاری هەژارییەكی گەورەیان لە پەیوەندی حەقیقی لە نێواندا هەیە. بەو مانایەش لە نیوان كەسی بەختیار بە مانا سوكراتییەكە (وەك ئەو كەسەی كە بیر دەكاتەوە) و كەسی بەختیار بە مانا كالیكلیسیەكە (وەك ستەمكارێك كە بە فرتوفێڵ بەسەر ئەویتردا زاڵبووە) … هیچ گفتوگۆیەك بۆ رازایكردن لە نێوانیاندا نییە و گفتوگۆی نێوانیان سەركەوتن و دۆڕان دیاری دەكات… ئالان بادیۆ هەوڵدەدات لەنێوان بەختیاری وەك راستگۆیی و بیركردنەوە و بەختیاری لە رێگای ستەمكاری و فرتوفێڵەوە، پرسیاری فەلسەفە چییە بەرز بكاتەوە؟ بۆ ئەوەش پێویستە بكەوینە (هەڵبژاردن) هەڵبژاردن لە نێوان ئەو دوو جۆرە لە بۆچوون… پرسیار ئەوەیە ئایا دەكەوینە لای سوكرات یان كالیكلیس؟. بادیۆ پێیوایە فەلسەفە بیركردنەوەی هەڵبژاردنە، بڕیاردانە… بۆیە دەبێ‌ راڤەی هەڵبژاردنی بیركردنەوە بكەین، ئایا خەیار – هەڵبژاردن وجودە- بوونە، یان خیار- هەڵبژاردنی فیكرە؟

نموونەی دووەم
كاتێك كە رۆمانییەكان بە سەركردایەتی (مارسیلۆس) وڵاتی یۆنانیان داگیر كرد، لەبەر ئەوەی مارسیلۆس شارەزایی زۆری لە ماتماتیك هەبوو، سەربازێكی وەك پەیامنێر بەدوای (ئەرخمیدس)ی یاخی و داهێنەر و ماتماتیكزانی یۆنانیدا نارد، بۆ ئەوەی بیبینێ‌… ئەرخمیدس ئەو كاتیش هەر سەرقاڵی داهێنانەكانی خۆی بوو، بەردەوام دەچووە كەناری دەریا و لەسەر لمەكەی شێوەی ئەندازەیی و هێل و گۆشە و بیركردنەوە و خەیاڵە داهێنەرەكانی خۆی دەنەخشان، بەدوای سەلماندنی بیردۆزەكانیدا وێڵ بوو… دوای ئەوەی سەربازەكە پێی گووت سەركردە مارسیلۆس داوای بینینی تۆ دەكات، ئەرخمێدس هیچ قسەیەكی نەكرد و هەر خەریكی كێشانی شێوەی ئەندازەیی و بیركردنەوە و خەیاڵی داهێنەرانەی خۆی بوو. سەربازە پەیامبەرەكە قسەكەی دووبارە كردەوە (سەركردە دەیەوێ‌ بتبینێ‌) ئەرخمێدسی یاخی چاوی هەڵێناو گووتی: لێگەڕێ‌ با بیردۆزەكەم بسەلمێنم، سەربازەكە گووتی من كارم بە سەلماندنی بیردۆزی تۆدا نییە، سەركردە داوای بینینی تۆ دەكات، بەڵام ئەرخمێدس بێ‌ ئەوەی وەڵامی بداتەوە هەر لە كاری خۆی بەردەوام بوو، سەربازەكە تووڕەیی دەگاتە ترۆپك و راستەوخۆ شیرەكەی دەردەهێنێ‌ و لە ئەرخمێدسی دەوەشێنێ‌ و خوێنی تێكەڵی شێوە ئەندازەییەكانی سەر لمەكە دەبێ‌ و رەنگی هێلەكانی سوور هەڵدەگەڕێنێ‌. لەو نموونەیە دەردەكەوێت گفتوگۆیەكی كردەیی لە نێوان راستییەكانی دەوڵەت و بیركردنەوەی داهێنەرانەدا نییە، هەمیشە مەسافەیەك لە نێوان دەسەڵات و راستییەكاندا هەیە، مەسافەیەك لەنێوان (مارسیلۆس- سەركردەی رۆمانییەكان) و (ئەخەمێدس- ماتماتكزانی یۆنانی)دا هەیە. بادیۆ لەو خاڵەوە قسە لە فەلسەفە دەكات و دەڵێ‌: ئەركی فەلسەفە پڕشنگ خستنە سەر ئەو مەسافەیە. بیركردنەوەی داهێنەرانە تەنها بە یاسایەكەوە بەندە، جەوهەری ئەو یاسایە دەكەوێتە ناوەوەی داهێنەرەوە، كاتێ‌ لە یاسای بیركردنەوەی داهێنەرانە ورد دەبینەوە، دەبینین ئەرخمێدس دەكەوێتە دەرەوەی كردەی دەسەڵاتەوە، چونكە خەسڵەتی كاتی جیا بۆ سەلماندن ناشێ‌ بكەوێتە حاڵەتە بە پەلەكانی سەركەوتنە سەربازییەكانەوە، لێرەوە تووندوتیژی كاری خۆی دەكات و دەكەوێتە دەرەوەی یاساكانی داهێنانەوە.

نموونەی سێیەم
فیلمێكی نایابی ژاپۆنی هەیە، دەرهێنەرەكەی (میزۆگۆشی)یە، فیلمەكە بە ناونیشانی (دوو عاشقی لە سێدارەدراو) یەكێكە لەو فیلمە جوانانەی كە هێلە نەمرەكانی خۆشەویستی دەنەخشێنێ‌. بە سادەیی چیرۆكەكەی بەمشێوەیەیە: رووداوی فیلمەكە لە سەردەمی كلاسیكی ژاپۆنییەوە روویداوە. كچێكی لاو مێرد بە خاوەنی كارگەیەكی بچووك دەكات، خاوەنی كارگەكە ژیانێكی باشی هەیە و پیاوێكی راستگۆیە، بەڵام كچە لاوەكە ئەوی خۆشی ناوێت و دەست لەگەڵ لاوێك لە فەرمانبەرەكانی مێردەكەی تێكەڵ دەكات. لەو زەمەنەشدا سزای ژنی خیانەتكار مردن بووە، دواجار هەردوو خۆشەویست بۆ گوندێك رادەكەن. لەو كاتەدا مێردی ژنەكە، هەوڵدەدات هەردووكیان بپارێزێت، بەوەش دەیسەلمێنێ‌ كە ژنەكەی خۆی خۆشدەوێت… بەكورتی دواجار خۆشەویستەكان دەگیرێن و دوا وێنەی بەر لە مردنیان زەردەخەنەیەكە، ئەوان بە زەردەخەنە و دوور لە بێزارییەوە بەرەو مردن دەبنەوە. لێرەدا وشەی (زەردەخەنە) تەنها میتافۆرە و دەلالەت لەوە دەكات، كە هەردووكیان بە تەواوی یەكتریان خۆش دەوێت. دوا پەیامی فیلمەكە پێماندەڵێت: خۆشەویستی بەر لە مردن دەگرێت.
(ژیل دۆلۆز قسەیەكی مالرۆ وەردەگرێ‌ كە دەڵێ‌: هونەر بەرگریكردنە لە مردن، بادیۆ دەڵێ‌ ئەو قسەیە بەرەو ئەو بیركردنەوەیەمان دەبات كە بڵێین خۆشەویستیش بەرگریكردنە لە مردن. چونكە سەر لە نوێ‌ رووبەرووبوونەوەی ئەوەیە، كە كۆتایی نایەت، خۆشەویستی پەیوەندییەكە بە بێ‌ پەیوەندی! لە نێوان رووداوی خۆشەویستی (بوون سەرەوژێر دەبێتەوە) هبچ یاسایەكی ژیان (یاسای شار، یاسای هاوسەرگیری) نابنە پێوانەی خۆشەویستی! خۆشەویستی رووداوە، ئەوەش فەلسەفەیە.
كەواتە ئەركی فەلسەفە لای بادیۆ (مامەڵكردنە لەگەڵ هەڵبژاردن) (مامەڵكردن لەگەڵ مەسافە) (مامەڵەكردن لەگەڵ جیاوازییەكان -رووداوەكان). فەلسەفە مانا بە ژیان دەبەخشێت، هەر تەنها لقێك نییە، لە مەعریفەی ئەكادیمی، بەڵكو پشكنینی پەیوەندی نێوان هەڵبژاردن و مەسافە و مامەڵەكردنە لەگەڵ رووداو.
(2)
سلاڤۆی ژیژەك
ساڵی 1949 لە لوبلیانای سڵۆڤنیا لە دایكبووە. ئەو ماركسییەكی ئاڵۆز و ڕەخنەگری كولتورییە، لە جیهاندا وەك فەیلەسوفێكی ناوازە سەیر دەكرێت، لە سۆسیالیزمی سەربەخۆی یۆگسلاڤیای پپشوودا گەورەبووە. ساڵی 1981 پلەی دكتۆرای ئایدیالیزمی ئاڵمانیی لە لوبلیانا وەرگرتووە.

فەلسەفە دیالۆگ نییە

ژیژەك دەڵێ‌ فەلسەفە گفتوگۆ نییە، یەك نموونەم لە گفتوگۆیەكی سەركەوتوو بدەیە، كە بە بەدحاڵیبوون كۆتایی نەهاتبێت. ئەرستۆ هەرگیز بە راستی لە ئەفلاتوون نەگەیشتووە، هیگل لە كانت نەگەیشتووە، هایدگەر لە بنەڕەتدا لە هیچییان نەگەیشتووە… كەواتە هیچ دیالۆگێ‌ لە ئارادا نەبووە.
كاتیگۆری سەرەكی فەلسەفەی (كلاسیك) بریتییە لە حەقیقەت… لای (دیكارت- 1596- 1650) هۆش تاكە سەرچاوەی زانینە لە گومانبەدەرەكانە و (كانت- 1724-1804) لە رێگای رەخنەگرتنەوە ئەنەتۆمی زانین دادەمەزرێنێ‌. هۆش و هەست لای كانت تەواوكەری یەكترن و بیرەكانمان بەبێ‌ ناوەڕۆك پووچەڵن. فەلسەفەی (هیگڵ- 1770-1831) لەسەر لۆجیكی دیالێكتیكەوە بەڕێوەدەچێت.
ژیژەك زۆر بە كورتی دەڵێ‌ لە كۆمەڵگای ئێمەدا رۆڵی شیانەیی فەلسەفە زنجیرەیەك هەڵوێستی تەواو ساختەیە، واقیعێكی دروستكراوی درۆینەیە، هەر لە فەلسەفەی دەوڵەتی كانتی نوێ‌، سۆفیگەرایی نوێ‌، دوای تازەگەری، هەموو ئەوانیدیكەش… خراپتر لەوانەش تەئویلی ئەخلاقی دەرەوەی فەلسەفەیە، ئەو لوژیكەی ئەفلاتوون دەڵێت: (من فەیلەسووفم، من راستیم) رێڕەوێكی میتافیزیكی گەورە دادەهێنێ‌، هەرچۆنێ‌ بێ‌، ئایا لە سەرەتادا كێ فەلسەفەی بەو پێوەرە كارەساتئامێزە خستۆتەڕوو؟ دەبێ‌ دژی ئەو كارەساتانە تێبكۆشین… من مرۆڤێكی باشم و بایەخ بە هەموو كارەساتەكانی جیهان دەدەم. دریدا لە ناوەڕاستی كتێبی (تارماییەكانی ماركس) كە هەرگیز كتێبێكی فەلسەفی نییە، بە شێوەیەكی زۆر لاواز كارەساتەكانی ئەو جیهانەی لە (دە) خاڵدا رێزكردووە. ئەوە هەژاری بیركردنەوەیە، هەموو كارەساتەكانی دنیا لە: بێكاری، هەڵاتن لە فێربوون و مانەوەی بەبێ‌ پارە، باندی تریاكی، هەژموونی دەستبەسەرداگرتن، هۆیەكانی راگەیاندن… هتد، ببینیتەوە. ئەو بۆچوونە هی كەسێك نییە فەیلەسووفێكی گەورە بێت، بەڵكو هی كەسێكی عاتیفییە. چونكە لە بنەڕەتدا حەقیقەتی فەلسەفی بریتییە لە كەلێن‌‌.

كەواتە رۆڵی فەلسەفە چییە؟

كاری فەیلەسوفان لای هیگل دۆزینەوەی نهێنی جیهانە. بەڵام فەلسەفە دەگمەنە. ژیژەك دەڵێ‌ ئەو قسەیە دووچاری نێودژییمان دەكاتەوە، چونكە نەك هەر دەگمەن نەبووە، بەڵكو لە قۆناغەكانی داهێنانیشدا زۆر لەو ئاستەی ئێستای نزمتر بووە. چونكە كە دەڵێین فەلسەفە دەگمەنە، پێویستە رۆلی فەلسەفە بە شێوە سرووشتییەكەی هەر تەنها فەلسەفە بیبینێ‌! راستی فەلسەفە بەو مەسەلەیەوە پەیوەستە…
هەتا لە سەدەی نۆزدەشەوە لە زۆر وڵاتدا وەك هەنگاریا، پۆلەندا… ئەدەب رۆڵی فەلسەفەی بینیووە، بۆ نموونە ئەو جیهابینییە فەلسەفی و ئایدیۆلۆژییەی لە بزووتنەوەی نشتیمانیدا دەردەكەوێت، تا پلەیەكی گەورە لە كۆماری ئەدەب وەرگیرابوو. جگە لەوە لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ نموونە لە 99% (نەوەد و نۆ لە سەد) شتێك بە ناوی فەلسەفەی كیشوەری- كۆنتیننتال-بوونی نەبووە ((بەڵام دواتر ئەو فەلسەفەیە لقی زۆری لێبۆتەوە وەك بونیادگەری، دوای بونیادگەری، تیۆری شیكردنەوەی دەروونی، تیۆری ئەدەبی -قوتابخانەی فرانكفۆرت-…)) لەبری فەلسەفەی كۆنتیننتالی، بواری لێكۆڵینەوەی رۆشنبیری لە بەشەكانی زمانەكانی ئینگلیزی، فڕەنسی، ئەڵمانی، ئەوە بووە، كە تۆ بۆ ئەوەی هیگل، یان بادیۆ… بخوێنیت، دەبوایە ئەدەبی بەراوردكاری هەڵبژێریت… بەڵام ئەگەر بتەوێ‌ لێكۆڵینەوە لە مێشكی جورجێكدا بكەیت و تاقیكردنەوە لەسەر ئاژەڵان بكەیت، دەبوایە روو لە كۆلیژی فەلسەفە بكەیت. ئائەوەیە نێودژییەكەیە! هەر ئەوەندەش نا هەندێجار فەلسەفە شوێنی مەعریفەی دیكەی گرتۆتەوە، بۆ نموونە كاتێك شیوعییەت هەرەسی هێنا، فەلسەفە شوێنی بەرەنگاری یەكەمی گرتبۆوە، ئەو كات فەلسەفە لە هەموو كاتێك سیاسیتر بوو. بەڵام دەبێ‌ بزانین هەرگیز ئایدیۆلۆژیا ناتوانێت ناكۆكییەكانی خۆی لە دەرەوەی خۆیدا ببینێت. كەواتە گومانكردن لە خودی فەلسەفە، فەلسەفەیە.
هەر چۆنێ‌ بێ‌، دەبێ‌ دان بەوەدا بنێین، كە فەلسەفەی ئەڵمانیای مەزن جگە لە فەلسەفە بە هیچ جۆرێك هیچی دیكە نییە! بەڵام دەشزانین فەلسەفەی ئەڵمانی بەدیلی شۆڕش بوو… ئەوە خودی گرفتەكەیە، ئەو دوو شتە بەیەكەوە نابێت، دەبێت بزانین هەرگیز مەرجی بوونی فەلسەفەی ئەڵمانی پەیوەندی بە شۆڕشەوە نەبووە. وەك چۆن هەرگیز سەرمایەداری كە مرۆڤی جیهانی سێیەم دەكاتە قوربانی بەرژەوەندی ئابورییەكانی خۆی، مەرجی بوونی ماركسیبوون نییە، لە ململانێی نێوانیاندا ماركسییەت لە دژی سەرمایەداری بەردەوام مرۆڤی جیهانی سێیەم دەكاتە قوربانی كینەی نێو مێشكی خۆی.
لە كۆتاییدا قسەی من ئەوەیە: خەون بە بوونی فەلسەفەیەكی سرووشتییەوە نەبینین. هەمیشە فەلسەفە دەرچوونە لە سرووشتی بوون بە بێ‌ ئەوەی لە ململانێ‌ دابێت. بەمجۆرە دەتوانین تیۆرەكەی بادیۆ و تێزەكەی لەبارەی هەڵومەرجی فەلسەفە بە شێوەیەكی ئاشكرا بخوێنینەوە، كە دەڵێ‌ فەلسەفە، بە پێناسە، زیادەیە، هەڵبەتە، وەك پیت، لەگەڵ مەرجێكی دەرەوە و لە رێگای تەنها پەیوەندی زیادەی خودێكی عاشق، یان سیاسی، یان زانستی، یان هونەری، دەبێت.
رەخنەیەكی دیكە هەیە، ئەگەرچی زۆر خۆشەویستانەیە، بەڵام من و بادیۆ هەڵسەنگاندمان بۆ كانت جیاوازە و رەنگە هیچ هاوگونجانێكمان لە نێواندا نەبێت. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو شتە نێگەتیفانەی لەبارەی كانتی نوێوە گوتوومە، شتێكی دیكەمان لای كانت بۆ مابێتەوە، دەزانی چییە؟ هەموو ئەوەی لە فەلسەفەكەیدا كێشم دەكات، مرۆڤدۆستی و رێزگرتنە لە مرۆڤە كە كانت ئاماژەی بۆ دەكات. ئایا رێزگرتنی مرۆڤ سەرەتای فەلسەفە نییە؟ ئەوەی دەمەوێ‌ سەرنجی ئێوەی بۆ رابكێشم ساتەوەختی رێزلێگرتنە، كە زۆرتر لە كاتی سەفەر و كۆچكردندا دەردەكەوێت، لە وڵاتانی بێگانەدا، بەمجۆرە فەلسەفە وەك ئەوەی هایدگەر دەیەوێت پێمانبڵێت هەر لە سەرەتاوە گوتاری ئەو كەسانە نییە، كە لە وڵاتەكەیاندا هەست بە دڵنیابوون دەكەن. بەڵكو تا رادەیەكی زۆر فەلسەفە لە بەهەرەسهێنانی كۆمەڵگای ئۆرگانییەوەیە. دەتوانین مرۆڤدۆستی و رێزگرتنی مرۆیی لای دیكارتیش بدۆزینەوە. دیكارت رابەری فەلسەفەی نوێ‌ سەر بە فێرگەی هۆشەكی، لە بەشی دووەمی گوتار لەبارەی میتۆدەوە، سەرنجێكی مەزن دەخاتە روو، لە بارەی ئەوەی ئێمە تەنها بە دۆزینەوەی هیومانیزم وەك دابونەریتی ئەویدیكە دڵمان بە كۆچ ئاو ناخواتەوە، بەڵكو رۆشنبیری خودی مرۆڤیش لە رێزگرتنی مرۆڤی غەریبە كەمتر نییە. ئەوە بە بڕوای من خاڵی سفری فەلسەفەیە، هەموو فەیلەسوفێك ئەو ساتەی كۆچكردن بونیاد دەنێت.
كانت لەنێوان دوو چەمكی بەكارهێنانی (گشتی عەقڵ) و بەكارهێنانی (تایبەتی عەقڵ)دا جیاوازی دەكات، ئەوەی كانت بە بەكارهێنانی تایبەتی عەقڵ ناوی دەنێت، پەیوەستە بە كاری فەرمانبەرانی مەدەنی لە دامودەزگاكانی دەوڵەتدا. بەڵام ئەوەی پێی دەگوترێت گفتوگۆی رۆشنبیری، بەكارهێنانی گشتی عەقڵە. وەك من تێگەیشتبم مەبەست لە تایبەتمەندی یەكەم ساتەوەختی چەسپاندنی كۆمەڵگایە. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانە فیكرەی كانت ئەوەیە، كە ئێمەی رۆشنبیران بە شێوەیەكی تاكگەرایی لە شوێنكەوتەی گەردوونیدا بەشدار بین، لە بەیەكگەیشتن لەنێو گەردووندا. ئەوە فەردانیەتە بەشداری راستەوخۆی لە گەردوونگەراییدا هەیە. بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە دەتوانێ‌ چی بكات؟ توانای چ كارتێكردنێكی هەیە؟ دەستەواژەی تاكگەرایی ئاماژەیە بۆ هزر، بیركردنەوە و تێڕوانین و كۆمەڵێ‌ هەڵوێستی رەنگاوڕەنگ كە شێوەی هاوبەشییان قبوڵكردنی رەسەنایەتی و سێنتەربوونی تاكە. بەمجۆرە فیكرەی بوون لە رێگای رێكخستنی دیاریكراوەوە گفتوگۆیەكی رۆشنبیری دەنێتەوە. لێرەدا پەیامی جەوهەری فەلسەفە دەڵێت: دەتوانیت راستەوخۆ بەبێ‌ دیاریكردن بەشداری لە جیهاندا بكەیت، دەكرێ‌ بڵێن ئەوە گرنگی گۆڕانكارییەكانی دوایین قۆناغی تێزی رۆشنبیرانەیە، بەو مانایەش فەلسەفە جۆرە جەوهەرێكی كارا و چالاكی هەیە.

گفتوگۆی نێوان بادیوۆ و ژیژەك

بادیۆ: سەرەتا رەخنەگرتن لە كانتی نوێ‌، یان كانتی ئەكادیمی، كە زێتر لە دە بۆ پانزە ساڵە بۆی دەگەڕێمەوە، لە دوو سەرنجدا كورت دەكەمەوە، یەكەم، سرووشتی مرۆییبوونی فەلسەفە، ئەی چۆن مامەڵە لەگەڵ نامرۆییبوونی دەكات؟ خوا، بێكۆتایی، رەهایی… ئەوەی لە فڕەنسا بە (نامرۆییبوونی تیۆری) ناو دەبرێت. (مرۆڤ) بونیادێكی ئایدیۆلۆژی و مێژوویی بۆ خۆی دیاریكردووە. من پێموایە فەلسەفە هەر لە ئەفلاتوونەوە رووبەڕووی نامرۆییبوون بۆتەوە. فەلسەفە خۆی دەچەپێنێت. فەلسەفە كاری خۆی لە نامرۆییبوون و چەپاندندا دەبینێتەوە.
سەرنجی دووەم، كاتێ‌ باسی تاكگەرایی گەردوونی لای كانت دەكەین. تۆ راستی، چونكە زۆر لە فەیلەسوفان باسی بەشداری راستەوخۆی تاك لە گەردووندا دەكەن، بێ‌ ئەوەی باسی تایبەتمەندی رۆشنبیرییەكان، نەتەوەییەكان، جیاوازییە رەگەزییەكان… بكەن. ئەمڕۆ بەردەوام پێماندەڵێن تایبەتمەندی گرنگە، رێزگرتنی تایبەتمەندی بنەمایە. من لەگەڵتدا هاوڕام و دەبێ‌ ئێمە دژی ئەو شێوەیە كۆنەپەرستییەی تایبەتمەندییە رۆشنبیرییەكان ببینەوە. بەڵام دەبێ‌ ئەوەش بزانین كە پەیوەندی راستەوخۆی تاك و گەردوون، شتێكی نامرۆیشی تێدایە، ئەگەر گەردوونگەرایی تەنها لە پێدراوە مرۆڤییە ئاساییەكەدا كورت بكەینەوە، ئەوە ناتوانین بەرگری لە نامرۆییبوونی بكەین.
لای كانت پەیوەندی راستەوخۆی نێوان تاك و گەردوون بە ساتەوەختێكەوە بەندە، كە مرۆڤ دەخاتە ئاستێك لەسەرووی مرۆڤەوە. ئەو تیۆرە لە بارەی سنوری مرۆڤ و عەقڵ گەورەی كانت دەنوێنێ‌. بەڵام ئەمڕۆ هیچ هێزێكی حەقیقی نییە بەرامبەر بێكۆتاییبوونی عەقڵی زانستی (واتە بەرامبەر هەڵكشان بەرەو داڕمان، بەرامبەر پێشكەوتنی ئامرازەكانی تەكنۆلۆژیا و زیرەكی دەستكرد…) تەنها ئەوەیە كانت فیكرەكانی بە رادەی عەقڵ كۆ كردۆتەوە. ئایا بێكۆتاییبوون چارەنووسی مرۆڤە؟ پرسیاری حەقیقی ئەوەیە، ئایا بێكۆتایی چ مانایەكی بە فەلسەفە دەدات؟ (بە قسەی “هەراری” ئەمڕۆ داهێنانە نوێیەكان هەموو ئەو هاوكێشانەیان بەتەواوی گۆڕیوە، ئێستا زیرەكی دەستكرد توانای باڵادەستی رەهای هەیە…)
ژیژەك: من تەواو لەگەڵت هاوڕام، چونكە مرۆییبوون بەو شێوە تەنها لەگەڵ نامرۆییبوون دەردەكەوێت، بە مانا گەردوونییەكەی و بە شێوەیەكی راستەوخۆ نامرۆییبوون تاكە هۆكارێكە بۆ مرۆییبوون. كانت لە رەخنەی عەقڵی پەتی جیاوازی لە نێوان حوكمی نێگەتیف و حوكمی بێكۆتایی دەكات. با بەشێوەیەكی سادە بڵێین حوكمی نێگەتیف ئەو حوكمەیە كە وەك پشتپێبەستن نكۆڵی لە خود دەكات، حوكمی بێكۆتایی بە شێوەیەكی نێگەتیف پشت بە خود دەبەستێت. حوكمی نێگەتیف وەك ئەوەیە بڵێین (رۆح فانی نییە). حوكمی بێكۆتاییش وەك ئەوەیە بڵێین (رۆح نەمرە). ئایا ئەوە بەرەو كوێمان دەبات؟ رەنگە رۆمانە ترسناكەكان یارمەتیمان بدەن، ئێمە لە مردوو دەگەین. دەزانین بەڕاستی مانای مردن چییە، مردن مردنە، كە دەڵێین ئەو كەسە مردووە بە سادەیی واتە زیندوو نییە. بەڵام ئەو كەسە نەمردووە، وەك ئەدەبی ترسناك دەیڵێت، ئەوە بەو مانایە نییە كە هێشتا زیندووە، ئەوە مردووە، بەڵام لە حاڵەتی ئاساییدا نییە: بەڵكو مردوویەكی زیندووە. ئەوە دنیایەكی نوێ‌ دەكاتەوە، من پێموایە ئەو نەمردووە بۆ خۆی ترانسندنتاڵی كانتییە. بێگومان بە دیاریكراوی نە بە مانای مرۆیی نە بە مانای گیانداری، ئەوە ئادەمیزادی نییە، بەڵكو زیادەی مرۆییە. بەڵام دەمەوێ‌ بڵێم زانست یاری زمانەوانی نییە.
بادیۆ: كێشەی فەلسەفە وەك زۆربە پێیانوایە بە شێوەیەكی بنەڕەتی پەیوەندی بە رەخنەوە هەیە. بەو مانایەش كە دەڵین ئەركی فەلسەفە نێگەتیف دەكەوێتەوە: ئاماژەكردنە بە گومان، رۆحی رەخنەیی و هەموو ئەوانیدیكە. بە راستی دەبێ‌ ئەوانە بسەلمێنێ‌. بەڵام سەلماندن نییە؟ چونكە ئەگەر دەستی لە نێودژییەك وەردا، یان ئەگەر چووە نێو پەیوەندییەكی ناپەیوەندییەوە، ئەوە دەبێت چوارچێوەیەكی نوێی فیكری بخاتەوە بە هەموو هۆكارەكانییەوە، بەمجۆرە دەتوانێ‌ بیركردنەوەیەكی نوێ‌ بۆ نێودژی بخاتەڕوو. كەواتە رەگەزی دیاریكراو بۆ كاری فەلسەفی، نەسەلماندنە. ئەوە خاڵێكە لەگەڵ (دۆلۆز) لەسەری هاوڕام، كاتێ‌ دەڵێت لە جەوهەردا فەلسەفە بونیادنانی چەمكە.
پێویستە (نامرۆییبوون) تێبگەین، وەك ئەوەی رەگەزێكی چەمكی سەلماندن بێت، كە مرۆڤ لە رێگای كۆچكردنی مرۆڤەوە بیری لێدەكاتەوە. هەمیشە مەسەلەی كۆچكردنی مرۆڤ پێشتر خۆی دەسەلمێنێ‌، وەك ئەوەی پەیوەندی ناوەكی پەیوەندی بێ‌ لە نێوانی مرۆییبوون و نامرۆییبوون، نەك نەمری مرۆڤ.
ژیژەك: من گومانم لە هاوڕابوون هەیە، ئێمە لە رەشبینی رەخنەی پاش تازەگەرییەوە هاوڕاین، بە تایبەتی فۆكس خستنە سەر نامرۆییبوون، لە ئایدیۆلۆژییەكانی دوای تازەگەری نامرۆییبوون زیادەیەكی ترسێنەرە و دەبێ‌ لێیدووركەوینەوە.
میتۆلۆژیایەكی ترسناك لە بارەی ئاگرەوە هەیە، كە پێویست ناكات زۆر لە ئاگر بچینە پێشەوە، بەڵكو دەبێ‌ راستی ئەو مەسافەیە بپارێزین، ئەو بیركردنەوەیە وەك ئەوەی لای (ئادگار ئالان پۆ)ش هەیە، ئەوەیە كە ئێمە لە گوێی خەرەندین و پێویستە ئەو مەسافە گونجاوە بپارێزین: نەك بۆ ئەوەی بە ئارەزووی خۆمان كارەكانمان راییكەین، وەك ئەوەی شەڕی رادیكالی لە ئارادا نەبێت، بەڵكو بۆ جەختكردن لەوەی كە بۆ شەڕ راتناكێشێت. هەڵبەتە ئەوەش تەواو پێچەوانەی نامرۆییبوونە: نامرۆییبوون بۆشاییەكە بۆ دووبارە پێناسەكردنەوە.
لەبارەی نێودژییەوە نموونەیەكت بۆ دەهێنمەوە: یەكێك وێنەیەكی تاریكی لەسەر كارەساتی كۆمەڵگا كێشابوو، لە هەمان كاتدا گوتووبووی هەموو بەدیلێك بۆ ئەو حاڵەتە، بەدیلێكی خراپتر دەبێت. ئەوەش نێودژییە لە بارەی بیركردنەوەی نێگەتیف.
بادیۆ: دەمەوێ‌ زۆر بە سادەیی بڵێم رێگای جۆراوجۆر هەیە، بۆ قسەكردن لەسەر ئەو نێودژییە. ئەوەی گرنگە ئەوەیە، فەلسەفە چۆن ئەو كێشانە بەرجەستە دەكات. وەك دەزانین ئەوە رەخنەیە لە شێوازی دیموكراتییەت. ئەوە جەوهەری كێشەكەیە، ئەوە لە دانپێدانان قوڕسترە.
ژیژەك: واپێدەچێت دراوسێی حەقیقی ئەو دراوسێیە بێت، كە مردووە، ئەوە بەكارهێنانی دراوسێیە بە شێوە سیاسییە راستەكەی، ئەوەی دەڵێ‌ دراوسێكەت خۆش بوێت، وەك چۆن خۆت خۆشدەوێت. با لە خۆمان بپرسین لێكبووردن مانای چییە، كاتێ‌ لە نێو كۆمەڵگای خۆرئاوایی هاوچەرخ پرۆسیسەی دەكەین؟ ئێمە تەواو پێچەوانەی دەبینین: لاقە نەكەیت. چونكە لاقەكردن بە شێوەیەكی بنەڕەتی كلیلی وشەكانە: لە ئارەزووەكانت دەترسێم، زۆر لێم نزیك نەبیتەوە. واتە ئەگەر زۆر تەماشای یەكێك بكەیت- ئەوە لاقەكردنی بینینە، ئەگەر قسەیەكی ناشیرین بە یەكێك بڵێیت – ئەوە لاقەكردنی زارەوەییە. بێگومان ئەوە شێوازێكی دیاریكراوی لێكنەبووردنمان بۆ دەكێشێت: لێكنەبووردن بەرامبەر ئەویدیكە.
(3)
ئێستای مرۆڤ
یۆڤاڵ نوح هەراری

بیریار و مێژوونووسی بەناوبانگی ئیسرائیلی (یۆڤاڵ نوح هەراری) ساڵی 1976 لەدایكبووە، ساڵی 2002 بڕوانامەی دكتۆرای مێژووی لە زانكۆی ئۆكسفۆرد‌ بەدەستهێناوە. باسەكانی هەراری و بادیۆ و ژیژەك یەكتر دەبڕن و بەر یەك دەكەون، بەڵام پشت بە شارستانیەت دەبەستن… هەراری وەك ژیژەك و بادیۆ باسی فەلسەفە لە ئێستادا ناكات، ئەو باسی داهێنانەكانی مرۆڤ و تەكنۆلۆژیا و هاوكێشەكانی لۆگاریتم و ماتریكس دەكات و جگە لەوە فەلسەفەش وەك یەكێك لە گێڕانەوەكان دەژمێرێت.
یەك دنیا گومان و ڕامان و پرسیار لە بارەی گێڕانەوەكان و ژیان و مرۆڤ و هەڵسوكەوتەكانی مرۆڤ بەرجەستە دەكات، سەبارەت بە هاوكێشە دژیەكییەكانی نێوان ژیری، لە بەردەوام بوون شتگەلێك دەخاتە ڕوو (جێگای سەرسامیین) لە پاراستنی جۆری مرۆڤ و هەوڵدان بۆ لەناوبردنی ئەستێرەی زەوی. بە خوێندنەوەی بیركردنەوەكانی دەكەوینە بیركردنەوە لە داهاتووی مرۆڤایەتی كە ئاخۆ ڕادەی ژیریی مرۆڤی بۆ (مانەوەی مرۆڤ) دەستدەدات. (هەراری) ئاماژەی بۆ دەكات، یان ئیتر بۆ (مانەوە) پێویستمان بە جۆرێك لە مرۆڤی باڵایە، كە جێگا بەو مرۆڤەی ئێستا لێژ بكات؟ شارستانییەت لە قۆناغی جیاوازدا پێناسەی جیاجیای بە مرۆڤ بەخشیووە … پرسیار ئەوەیە ئایا “نامرۆڤ – inhuman” یان وێنە تەكنۆلۆژییەكانی مرۆڤ لە چەشنی ڕۆبۆتەكان و زۆمبییە… واتای مانەوەی مرۆڤ دەگەیەنێت؟.
یوڤاڵ نوح هەراری دەڵێ‌: ژیان گەیشتۆتە ئاستێك، ئیتر بەبێ ویستی مرۆڤ، مرۆڤ بەرەو داڕمان هەڵدەكشێ‌. هەروەها گومان دەخاتە سەر كۆی رەنگاوڕەنگی گێڕانەوەكان (بە فەلسەفەشەوە) كە خۆیان لە چەند هەزار ساڵێك دوورتر نابیننەوە و هیچ لێكدانەوەیەكشیان بۆ ملیارەها ساڵ نییە. ئەو پێیوایە ئەو هەموو گێڕانەوانە بێ ئاگان لە پێشینە مرۆڤایەتییەكان و زەوی و هەسارەكانی دیكە. دەڵێ‌ ئێمە بەهۆی پێشكەوتنی ئامرازەكانی تەكنۆلۆژیا و زیرەكی دەستكردەوە، لەبەردەم جیهانێكی مۆدرێنی جیاوازداین. ئیتر داهێنانە نوێیەكان هەموو ئەو هاوكێشانەیان بەتەواوی گۆڕیوە و ئێستا زیرەكی دەستكرد توانای باڵادەستی رەهای هەیە… ئەوەی هەراری دەیڵێت ئێستای ئایین و فەلسەفە و سیاسەت و ئایدیۆلۆژیا و ئەدەب و… گێڕانەوە گەورەكان نییە، بەڵكو ئێستای زیرەكی دەستكرد و داهێنانە زانستییەكانە.
لە كتێبی (هۆمۆ دیوس)دا دەڵێ: مرۆڤ بە درێژایی مێژوو بە سێ كێشەی گەورەدا تێپەڕیووە؛ یەكەمیان: (برسێتی) دووەمیان: (نەخۆشی) سێیەمیان: (جەنگ). بەپێی داتاكانیش ئێستا مرۆڤ، بە سێ شێوە كۆنتڕۆڵی ئەو سێ كێشەیەی كردووە: یەكەمیان: (قەڵەوبوون)، كە ترسناكترە لە برسێتی. دووەمیان: (نەخۆشی شەكرە) كە ترسناكترە لە تیرۆر و جەنگ. سێیەمیان: (بەساڵاچوون)، كە هۆكارێكی سەرەكییە بۆ مردن.
دوای ماوەیەكی زۆر مرۆڤ بە چڕی هەوڵیداوە بەرەو (نەمری) و (خۆشبەختی) و (ژیانێكی نەرم و گەرمی خواوەندئاسا) هەنگاو بنێ. لە دوای هەموو ئەوانە ئامانجەكانی مرۆڤایەتی گەیشتنە بە (نەمری) و (خۆشبەختی) و (خوداوەندێتی). یەكەم بە هۆی داهێنان و دروستكردنی هەموو ئەندامەكانی لەشی مرۆڤ، بەشێوەیەكی باشتر لەوەی هەیبووە. دووەم: خۆشبەختییەكی گەورە، بە هۆی نەخۆشنەكەوتن و ماندوونەبوون و بێزارنەبوون و دڵتەنگنەبوون و پیرنەبوون… سێیەم: خوداوەندێتی، بە هۆی بەستنەوەی مێشكی مرۆڤ بە ئامێری زیرەكی دەستكرد و نازیرەكەكان و دەستگەیشتن بە هەموو شوێن و شتێ بە هۆی دانانی كامیراوە.

خوێندنەوەی عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
هەولێر 5/1/2024


سەرچاوە:
1- الفلسفە فی الحاچر- الان بادیو وسلافوی جیجك
سحب وتعدیل: علا‌و بریك هنیدی، تحریر: بیتر انغلمان
ترجمە وتقدیم: یزن الحاج.
دار التنویر للگباعە والنشر- لبنان: بیروت گ1 2013.
2- الانسان الاله_ تاریخ وجیز للمستقیل_ یوفال نوح هراری.
ترجمە: حمد سنان الغیپی وصالح علی الفلاحی.
3- ٢١ وانە بۆ سەدەی 21. یۆڤاڵ نوح هەراری.
وەرگێڕانی لە فارسییەوە ئاری رەشید.
چاپی دووەم، تەمموزی 2022، دەزگای رۆشنبیری جەمال عیرفان.




لە چیرۆکی ئەفسانەییەوە بۆ چیرۆکی مۆدێرن: پەرەسەندنی منداڵان لە ئەدەبدا.. نووسین: ئاریان یوسف

  1. پێشەکی:
    لێکۆڵینەوە لە پەرەسەندنی منداڵان لە ئەدەبدا زۆر گرنگە بۆ تێگەیشتن لەوەی کە چۆن بەها کۆمەڵایەتییەکان، نۆرمە کولتوورییەکان و تێڕوانینە دەروونییەکان بۆ منداڵی بە تێپەڕبوونی کات گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە. ڕۆڵی منداڵان لە بەرهەمە ئەدەبییەکاندا وەک ئاوێنەیەک کاردەکات کە ڕەنگدانەوەی هەڵوێست و بیروباوەڕی ئەو کۆمەڵگایانەیە کە تێیدا نووسراون. لە سەرەتای بەکارهێنانیان لە فۆلکلۆر و چیرۆکە ئەفسانەییەکاندا بۆ بەخشینی وانەی ئەخلاقی، تا وێناکردنی مۆدێرنیتە وەک تاکێکی ئاڵۆز و بە تەواوی وەدیهاتوو، کارەکتەرە منداڵەکان تێڕوانینێکی بەنرخ لەبارەی بارودۆخی مرۆڤ و چەمکی پەرەسەندنی منداڵیدا دەبەخشن.

  • لە نەریتە ئەدەبییە سەرەتاییەکاندا، وەک ئەوانەی لە چیرۆکە ئەفسانەییەکانی برایانی گریم و چارڵز پێرۆڵتدا دەبینرێن، زۆرجار منداڵان وەک کەسایەتییەکی بێتاوان یان نموونەی ئەخلاقی وێنا دەکران، چیرۆکەکانیان خزمەت بە بەهێزکردنی بەها کۆمەڵایەتییەکان و فێرکردنی وانە. لەگەڵ پێشکەوتنی ئەدەب لە سەدەی نۆزدەهەمدا بە بەرهەمەکانی نووسەرانی وەک لویس کارۆل و لویزا مەی ئەلکۆت، منداڵان بە قووڵایی دەروونی و تاکگەرایی زیاترەوە دەستیان کرد بە وێناکردن. ئەم ڕەوتە تا سەدەی بیستەم و بیست و یەکەم بەردەوام بووە، کە نووسەرانی وەک ج. ڕۆلینگ و مۆریس سێنداک کارەکتەری گەنج دەخەنە ڕوو کە واقیعە کۆمەڵایەتییە ئاڵۆزەکان و گەشەکردنی کەسی بەڕێوەدەبەن.
  • بەیاننامەی تێز: وێناکردنی منداڵان لە ئەدەبدا لە هێما ئەخلاقییە سادەییەکانەوە لە چیرۆکە ئەفسانەییەکاندا پەرەی سەندووە بۆ کارەکتەرە ئاڵۆز و فرەلایەنەکان لە گێڕانەوەی مۆدێرن، کە ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییە فراوانترەکانن. ئەم پەرەسەندنە جەخت لەسەر یارییە دینامیکییەکانی نێوان ئەدەب و گۆڕانی تێڕوانینەکانی منداڵی لە سەرانسەری چوارچێوە مێژووییە جیاوازەکاندا دەکاتەوە.

  1. زەمینەی مێژوویی و نوێنەرایەتییە سەرەتاییەکان
    چیرۆکی ئەفسانەیی و فۆلکلۆر

  • زۆرجار چیرۆکە نەریتییەکانی برایانی گریم، هانس کریستیان ئەندەرسۆن و چارڵز پێرۆڵت، منداڵان وەک کەسایەتییەکی ناوەندی بەکاردەهێنن بۆ بەرجەستەکردنی بێتاوانی و گەیاندنی وانە ئەخلاقییەکان. ئەم حیکایەتانە لە ڕێگەی ئەزموون و فەزیلەتی پاڵەوانە گەنجەکانەوە بەها و نۆرمەکانی کۆمەڵگا ڕەنگ دەدەنەوە و بەهێزیان دەکەن.
  • برایانی گریم، جاکۆب و ویلهێلم، لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا کۆمەڵە بەناوبانگەکەیان بە ناوی “چیرۆکی منداڵان و ماڵەوە” کۆکردەوە. چیرۆکەکانی وەک “هانسێل و گرێتل”، “سەندرێلا” و ” بەفری سپی ” منداڵانی تێدایە کە بە بێتاوانی و فەزیلەت ڕووبەڕووی خراپە و ناخۆشی دەبنەوە. ئەم گێڕانەوەیانە جەخت لەسەر سەرکەوتنی چاکە دەکەنەوە بەسەر خراپەدا و بەهاکانی وەک خۆڕاگری و میهرەبانی و دادپەروەری بەرەوپێش دەبەن. بۆ نموونە “هانسێل و گرێتێل” فێری گرنگی ئیمکانات و دڵسۆزی خوشک و براکان دەکات لە زاڵبوون بەسەر بارودۆخە سەختەکاندا (زیپس، ٢٠٠٢).
  • چیرۆکەکانی هانس کریستیان ئەندەرسۆن، لەوانەش “دەمانچەی بچووک”، “کۆترە ناشرینەکە” و “شاژنی بەفر”، بە هەمان شێوە کارەکتەری منداڵان بەکاردەهێنن بۆ بەخشینی وانەی ئەخلاقی. زۆرجار چیرۆکەکانی ئەندەرسۆن لەسەر گۆڕانی کەسی و گرنگی سیفەتە ناوەکییەکان بەسەر ڕواڵەتەکانی دەرەکیدا جەخت دەکەنەوە. بۆ نموونە “کۆترە ناشرینەکە” تیشک دەخاتە سەر بابەتەکانی خۆقبوڵکردن و گەشەکردنی کەسی، پەرە بەو بیرۆکەیە دەدات کە جوانی و بەهای ڕاستەقینە لەناوەوە دەدۆزرێتەوە (Wullschlager, 2000).
  • هەروەها چیرۆکە ئەفسانەییەکانی چارڵز پێرۆڵت، وەک “سەندرێلا”، ” دووانەی سووری بچووک” و “جوانی خەوتوو”، پاڵەوانی منداڵان بەکاردەهێنن بۆ گەیاندنی پەیامی ئەخلاقی. چیرۆکەکانی پێرۆ، زۆرجار دەرەنجامە ئەخلاقییە ڕوونەکان لەخۆدەگرن، کە جەخت لەسەر دەرئەنجامەکانی فەزیلەت و خراپە دەکەنەوە. “کڵاوی سووری بچووک” هۆشداری دەدات لە مەترسییەکانی نافەرمانی و بێهەڵوێستی، لە کاتێکدا “سەندرێلا” ئاهەنگ دەگێڕێت بۆ پاداشتی میهرەبانی و کۆڵنەدان (تاتار، ١٩٨٧).

  1. سەدەی نۆزدەهەم: سەرهەڵدانی ئەدەبی منداڵان

  • سەدەی نۆزدەهەم شایەتی سەرهەڵدانی ئەدەبی منداڵان بوو وەک ژانرێکی جیاواز، بەتایبەتی لە سەردەمی ڤیکتۆریادا. ئەم قۆناغە گۆڕانکارییەکی بەرچاوی لە وێناکردنی منداڵان لە ئەدەبدا بەخۆیەوە بینی، لە هێما ئەخلاقییە سادەکانەوە بۆ کارەکتەرە ئاڵۆزەکان کە ژیانی ناوەوەی دەوڵەمەند و گەشتە گەشەسەندووەکانیان هەبوو. بەرهەمە سەرەکییەکانی ئەم سەردەمە، وەک “سەرگەرمیەکانی ئەلیس لە وڵاتی سەرسوڕهێنەر”ی لویس کارۆل و “ژنە بچووکەکان”ی لویزا مەی ئەلکۆت، نموونەی ئەم گۆڕانکاریانەن:

سەردەمی ڤیکتۆریا:

  • لە سەردەمی ڤیکتۆریادا، هەڵوێستی کۆمەڵگا بەرامبەر بە منداڵ دەستی بە گۆڕانکاری کرد. ئەو قۆناغە زیاتر ناساندنی منداڵی وەک قۆناغێکی ناوازە و فۆرماتیڤ لە ژیاندا بەخۆیەوە بینی، کە شایەنی سەرنج و ڕێزی تایبەتمەندانە. ئەم گۆڕانکارییە لە ئەدەبدا ڕەنگدانەوەی هەبوو، کە ڕێبازی دیداکتیکی پێشتر بۆ نووسین بۆ منداڵان جێگەی خۆی بە چیرۆکەکان بەخشی کە ئاڵۆزییەکانی ئەزموون و هەستەکانی منداڵان دەکۆڵیەوە، سەردەمی ڤیکتۆریا سەرهەڵدانی ئەدەبی منداڵانی وەک ژانرێکی جیاواز بەخۆیەوە بینی، نووسەران بەرهەمیان بە تایبەتی بۆ خوێنەری منداڵ و لاو دروست دەکرد کە تەنها فێرکاری ئەخلاقی ئەوروژاند. ئەم چیرۆکانە زۆرجار توخمەکانی فانتازیا و سەرگەرمی و ژیانی ناوماڵیان لەخۆگرتبوو، هەم کات بەسەربردن و هەم تێڕوانینیان بۆ بارودۆخی مرۆڤ لە ڕوانگەی منداڵەوە دابین دەکرد.

کارە ئەدەبیە سەرەکییەکان:

  • “سەرگەرمیەکانی ئەلیس لە وڵاتی سەرسوڕهێنەردا” لە نووسینی لویس کارۆل (١٨٦٥):
  • “سەرگەرمیەکانی ئەلیس لە وڵاتی سەرسوڕهێنەردا” لە نووسینی لویس کارۆل، بەرهەمێکی سەرەکییە لە مێژووی ئەدەبیاتی منداڵاندا. چیرۆکەکە باس لە کچێکی گەنج دەکات بە ناوی ئەلیس کە لە کونێکی دوپشکەوە دەکەوێتە ناو جیهانێکی خەیاڵییەوە. بە پێچەوانەی بەرهەمەکانی پێشووتر کە بە پلەی یەکەم لەسەر وانە ئەخلاقییەکان بوون، گێڕانەوەی کارۆل جەخت لەسەر لایەنە ئیحراجکەر و خەیاڵییەکانی منداڵی دەکاتەوە. کارەکتەری ئەلیس بە قووڵییەکی دەروونییەوە وێنا کراوە، کە کنجکاوی و سەرلێشێواوی و بوێرییەکەی دەگرێتەوە کاتێک جیهانێکی سەیر و سەمەرە و پێشبینینەکراو دەڕوات. بەکارهێنانی داهێنەرانەی کارۆل لە توخمە بێمانا و خەوناویەکان تەحەدای چیرۆکگێڕانی نەریتی کرد و ئاهەنگی بۆ شێوازە ناوازەکانی هەستکردن و کارلێککردنی منداڵان لەگەڵ ژینگەکانیان گێڕا (کێلی، ١٩٩٠).

“ژنە بچووکەکان”ی لویزا مەی ئەلکۆت (١٨٦٨)

  • “ژنە بچووکەکان”ی لویزا مەی ئەلکۆت، وێنایەکی ورد و واقیعی دەخاتە ڕوو کە چوار خوشک لە سەردەمی شەڕی ناوخۆی ئەمریکادا گەورە بوون. چیرۆکەکە قووڵ دەبێتەوە لە ژیانی ناوەوەی پاڵەوانە گەنجەکانیدا، بەدواداچوون بۆ گەشەکردنی کەسی و ئاوات و تەحەددیاتەکانیان دەکات. هەر خوشکێک نوێنەرایەتی لایەنە جیاوازەکانی هەرزەکاری و ژنایەتی دەکات، تیشک دەخاتە سەر بابەتەکانی وەکو تەماح، داهێنان، ئەرکی خێزانی و ناسنامەی تاک. وێناکردنی نوانسی ئەلکۆت بۆ گەشتە گەشەسەندنەکانی خوشکەکانی ئازار، ڕەنگدانەوەی دانپێدانانی فراوانتری کۆمەڵگایە بۆ گرنگی پەروەردەکردنی گەشەی سۆزداری و هزری منداڵان. “ژنە بچووکەکان” بەهۆی جەختکردنەوە لەسەر گەشەپێدانی کارەکتەر و وێناکردنی واقیعی لە ئاڵۆزییەکانی ژیانی خێزان و گەشەکردنی کەسیدا جیاوازە (شواڵتەر، ١٩٨٨).
  • گۆڕینی وێناکردن: منداڵان وەک کارەکتەری ئاڵۆز
    سەدەی نۆزدەهەم جیابوونەوە لە وێناکردنی سادەی پێشووی منداڵان بوو. نووسەران دەستیان کرد بە ناسینەوە و وێناکردنی منداڵان وەک تاکێکی ئاڵۆز کە بیرکردنەوە و هەست و ڕێڕەوی گەشەکردنی خۆیان هەیە. ئەم گۆڕانکارییە ڕێگەی بە گەڕانێکی قووڵتر لە منداڵیدا دا، داننان بەو تەحەدایە و ئەزموونە ناوازانەی کە گەشەکردن و ناسنامەی منداڵ لە قاڵب دەدەن.

  1. سەدەی بیستەم و بیست و یەکەم: نوێنەرایەتییە مۆدێرنەکان

  • لە سەدەی بیستەم و بیست و یەکەمدا، ئەدەبیاتی منداڵان پەرەسەندنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، نوێنەرایەتییە مۆدێرنەکانی کارەکتەرە گەنجەکان بە تەوەری ناسنامە، گەشەکردن، خۆڕاگری و گشتگیری پیشان دەدات. نووسەرانی وەک ج.ک. ڕۆلینگ، ڕۆالد داڵ و مۆریس سێنداک بەشدارییەکی بەرفراوانیان لەم پەرەسەندنەدا کردووە، کە باسیان لە پرسە کۆمەڵایەتییەکان و گۆڕانکارییە کولتوورییەکان کردووە و لە هەمان کاتدا نوێنەرایەتی پاشخان و ئەزموونە جۆراوجۆرەکان دەکەن.

    ئەدەبیاتی هاوچەرخ

  • ج.ک. بەرهەمەکانی ڕۆلینگ
    ج.ک. زنجیرەی “هاری پۆتەر”ی ڕۆلینگ کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئەدەبیاتی هاوچەرخی منداڵان هەبووە. زنجیرەکە بەدوای سەرگەرمیەکانی هاری پۆتەر، جادووگەرێکی گەنج و هاوڕێکانیدا دەگەڕێت کە بە جیهانی ئەفسوناوی قوتابخانەی جادووگەری و هۆگوارتسدا دەگەڕێن. گێڕانەوەی ڕۆلینگ دەوڵەمەندە بە تەوەری ناسنامە، سەربەخۆیی، هاوڕێیەتی و شەڕی نێوان چاکە و خراپە. کارەکتەرەکانی وەک هێرمیون گرانگەر و ڕۆن ویزلی بە درێژایی زنجیرەکە گەشە و گەشەیەکی بەرچاویان بەسەردا دێت، مامەڵە لەگەڵ پرسەکانی خۆدۆزینەوە، بوێری و خۆڕاگری لە بەرامبەر ناخۆشیدا دەکەن (ڕۆلینگ، ١٩٩٧-٢٠٠٧).

بەرهەمەکانی ڕۆاڵد داڵ
-بەرهەمەکانی ڕۆالد داڵ، وەک “ماتیڵدا”، “چارلی و کارگەی شوکولاتە” و “بی ئێف جی”، پاڵەوانەکانی تێدایە کە سەرپێچی لە چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگا دەکەن و ناسنامە ناوازەکانیان لە باوەش دەگرن. بۆ نموونە “ماتیڵدا” چیرۆکی کچێکی گەنج دەگێڕێتەوە کە زیرەکی ناوازەی هەیە و توانای تەلەکینێتکی هەیە، تیشک دەخاتە سەر بابەتەکانی بەهێزکردن و پەروەردە و وەستانەوە لە دژی نادادپەروەری. زۆرجار گێڕانەوەکانی داهل ئاهەنگ دەگێڕن بۆ خۆڕاگری و ئیمکاناتی منداڵان، هانی خوێنەران دەدەن تاکایەتی خۆیان لە باوەش بگرن و بەدوای خەونەکانیاندا بگەڕێن (داهل، ١٩٨٨-١٩٩٠).

بەرهەمەکانی مۆریس سێنداک
-کتێبی “شتە کێوییەکان لە کوێن”ی مۆریس سێنداک، نموونەیەکی کلاسیکی کتێبێکی منداڵانە کە لە ئاڵۆزییەکانی هەست و خەیاڵی منداڵیدا قووڵ دەبێتەوە. چیرۆکەکە باس لە ماکس دەکات کە کوڕێکی گەنجە و هەڵدێت بۆ جیهانێکی فانتازیا کە بوونەوەرە کێوییەکان تێیدا نیشتەجێن. سێنداک لە ڕێگەی گەشتەکەی ماکسەوە تەوەرەکانی توڕەیی و تەنیایی و هێزی خەیاڵ وەک میکانیزمێکی ڕووبەڕووبوونەوە دەکۆڵێتەوە. وێناکردن و شێوازی چیرۆکگێڕانی سێنداک دەنگدانەوەی هەیە لەگەڵ منداڵان و گەورەکاندا، وێنایەکی نوانسی ئەزموونەکانی منداڵی پێشکەش دەکات (سێنداک، ١٩٦٣).

  1. وێناکردنی هەمەچەشن و گشتگیر

  • یەکێک لە لایەنە دیارەکانی ئەدەبیاتی مۆدێرن بۆ منداڵان، گرنگیدان بە نوێنەرایەتییە هەمەچەشن و گشتگیرەکانە. نووسەرانی وەک ڕۆلینگ، داڵ و سێنداک بەشدارییان لەم کارەدا کردووە بە خستنەڕووی کارەکتەرەکانی پاشخان و کولتوور و ئەزموونی جیاواز. ئەم گشتگیرییە نەک هەر ڕەنگدانەوەی جۆراوجۆری منداڵانی جیهانی ڕاستەقینەیە بەڵکو هاوسۆزی و تێگەیشتن و قبوڵکردن لە نێو خوێنەراندا پەروەردە دەکات.
    چارەسەرکردنی پرسە کۆمەڵایەتییەکان و گۆڕانکارییە کولتوورییەکان.
  • هەروەها ئەدەبیاتی مۆدێرن بۆ منداڵان باس لە پرسە کۆمەڵایەتییە گرنگەکان و گۆڕانکارییە کولتوورییەکان دەکات. بۆ نموونە زنجیرەی “هاری پۆتەر”ی ڕۆلینگ باس لە بابەتەکانی جیاکاری و پێشوەختە و هێزی وەستانەوە لە دژی سیستەمی ستەمکار دەکات. زۆرجار چیرۆکەکانی داڵ تیشک دەخەنە سەر بێماناییەکانی نۆرمەکانی کۆمەڵگا و تەحەدای بیرۆکە ئاساییەکانی دەسەڵات و یەکسانی دەکەن. گەڕانەکانی سێنداک بۆ هەستەکانی منداڵی و جیهانە ناوەکییەکان لەگەڵ باسەکانی دەوروبەری تەندروستی دەروونی و خۆشگوزەرانی سۆزداریدا دەنگ دەداتەوە.

  1. پەرەسەندنی بابەتیی و هێماسازی
    وێناکردنی منداڵان لە ئەدەبدا پەرەسەندنێکی بابەتیی بەخۆیەوە بینیوە، لە نوێنەرایەتییەکانەوە کە سەرنجیان لەسەر بێتاوانی و هێماسازییە بۆ کارەکتەرە ئاڵۆزتر و فرەڕەهەندەکان. ئەم گواستنەوەیە ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییە بەرفراوانەکانی کۆمەڵگا و پەرەسەندنی هەڵوێستەکانە بەرامبەر بە منداڵی.

  • لە بێتاوانییەوە بۆ ئاڵۆزی
    لە ڕووی مێژووییەوە منداڵان لە ئەدەبدا زۆرجار وەک هێمای بێتاوانی و پاکی و فەزیلەتی ئەخلاقی وێنا دەکران. چیرۆکە ئەفسانەییە نەریتییەکان و فۆلکلۆرەکان زۆرجار کارەکتەرە منداڵەکانیان بەکاردەهێنا بۆ گەیاندنی وانە ئەخلاقییەکان و بەها کۆمەڵایەتییەکان، جەختیان لەسەر پاکی و لاوازییان دەکردەوە. بەڵام لەگەڵ پێشکەوتنی ئەدەب بۆ سەدەی نۆزدەهەم و بیستەم، نووسەران دەستیان کرد بە گەڕان بەدوای ئاڵۆزییەکانی منداڵیدا، پاڵەوانە گەنجەکان وەک تاکێک کە خاوەن بیرکردنەوە و هەست و ئەزموونی ناوازەیان وێنا دەکرد.
  • گواستنەوە لە ڕۆڵی ڕەمزییەوە بۆ کارەکتەری فرەڕەهەند
    گۆڕان لە ڕۆڵی ڕەمزییەوە بۆ کارەکتەری فرەڕەهەند لە بەرهەمەکانی وەک ج.ک. زنجیرەی “هاری پۆتەر”ی ڕۆلینگ. کارەکتەرەکانی وەک هاری و هێرمیون و ڕۆن بە درێژایی زنجیرەکە پەرەدەسەنن و لەگەڵ پرسەکانی ناسنامە و هاوڕێیەتی و دڵسۆزی و ئاڵۆزییەکانی گەورەبوون لە جیهانێکی ئەفسوناویدا دەجەنگن. وێناکردنی ئەم کارەکتەرانە لەلایەن ڕۆلینگەوە وەک تاکێکی فرەلایەنە کە خاڵی بەهێز و کەموکوڕی و کەوانەکانی گەشەکردنی کەسییان هەیە، هەنگاونان بەرەو وێناکردنی نوانستر و واقیعیتری منداڵان لە ئەدەبدا نیشان دەدات.
  • ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان
    وێناکردنی ئەدەبی منداڵان ئاوێنەیەکی پەرەسەندنی هەڵوێستە کۆمەڵایەتییەکان و گۆڕانکارییە کولتوورییەکانە. لەگەڵ زیاتر هۆشیاربوونەوەی کۆمەڵگاکان لەو ئەزموون و تەحەددای جۆراوجۆرانەی کە منداڵان ڕووبەڕووی دەبنەوە، ئەدەب دەستی کرد بە ڕەنگدانەوەی ئەم واقیعانە. نووسەران لە چاوی پاڵەوانە گەنجەکانەوە دەستیان کرد بە چارەسەرکردنی پرسەکانی وەک نایەکسانی کۆمەڵایەتی، تەندروستی دەروونی، داینامیکی خێزان و گەڕان بەدوای ناسنامەدا.

  1. چۆن وێناکردنی ئەدەبی ئاوێنەیەکی هەڵوێستە پەرەسەندووەکانە بەرامبەر بە منداڵی

  • ئەدەب وەک ئاوێنەیەک بۆ کۆمەڵگا کاردەکات، ڕەنگدانەوەی گۆڕانی تێڕوانین و هەڵوێستەکانە بەرامبەر بە منداڵی. بۆ نموونە نووسەرانی هاوچەرخی وەک جاکلین وودسۆن لە فیلمی “خەونبینینی کچە قاوەییەکان” و ئەنجی تۆماس لە فیلمی “The Hate U Give” لە ڕێگەی دیدگای کارەکتەرە گەنجەکانەوە باس لە بابەتەکانی ڕەگەز و ناسنامە و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەکەن. ئەم بەرهەمانە نەک هەر تێڕوانینێک بۆ ئەزموونی گەنجانی پەراوێزخراو دەدەن بەڵکو تەحەدای خوێنەران دەکەن کە هاوسۆزی گێڕانەوە و دیدگای جۆراوجۆر بن.

  1. ڕوانگەی ڕەخنەگرانە

  • دیدگا ڕەخنەگرانەکان لە لێکۆڵینەوە لە ئەدەبیاتی منداڵاندا شیکارییە زانستییەکان دەگرێتەوە کە تێڕوانین لە پسپۆڕانی وەک جاک زیپس، ماریا تاتار و پێری نۆدێلمان وەردەگرن. ئەم زانایانە بەشداری لە ڕێبازە نێوان زانستەکاندا دەکەن بە تێکەڵکردنی تیۆرییە دەروونی و کۆمەڵناسیەکان بۆ قووڵکردنەوەی تێگەیشتنمان لە نوێنەرایەتییە ئەدەبییەکانی منداڵی.
  • شیکاری و تێگەیشتنە زانستییەکان
  • جاک زیپس: زانایەکی دیارە کە بە کارە بەرفراوانەکانی لەسەر چیرۆکی ئەفسانەیی و فۆلکلۆر و ئەدەبیاتی منداڵان ناسراوە. زۆرجار شیکارییەکانی لە چوارچێوەی مێژوویی، کولتووری و سیاسیی بەرهەمە ئەدەبییەکاندا قووڵ دەبنەوە و مانا شاراوەکان و کاریگەرییە کۆمەڵایەتی-فەرهەنگییەکان ئاشکرا دەکەن. بۆ نموونە، لە “چیرۆکی ئەفسانەیی بەرگە نەگیراو”دا، زیپس لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە چۆن چیرۆکە ئەفسانەییەکان ڕەنگدانەوەی دڵەڕاوکێ و ئارەزوو و داینامیکی دەسەڵاتی کۆمەڵگان، تێڕوانینێکی ڕەخنەگرانە پێشکەش دەکات سەبارەت بە ڕۆڵی منداڵان لە چیرۆکگێڕان و گواستنەوەی کولتووریدا (زیپس، ٢٠١٢).
  • ماریا تاتار: کەسایەتییەکی تری کاریگەرە لە بواری خوێندنی ئەدەبیاتی منداڵان، کە گرنگی بە چیرۆکی ئەفسانەیی و فۆلکلۆر دەدات. شیکارییەکانی تاتار زۆرجار تیشک دەخەنە سەر ڕەهەندە دەروونییەکانی گێڕانەوەی منداڵان، بەدواداچوون بۆ تەوەری زەبر و زەنگ و خۆڕاگری و پێکهاتنی ناسنامە دەکەن. لە کتێبی “ڕاستییە سەختەکانی چیرۆکە ئەفسانەییەکانی گریمەکان”دا، تاتار لێکدانەوەی زانستی بۆ چیرۆکە کلاسیکییەکان دەخاتە ڕوو، ئاڵۆزییە دەروونییە بنەڕەتییەکانیان و پەیوەندییە بەردەوامەکانیان ئاشکرا دەکات (تاتار، ١٩٨٧).
  • پێری نۆدێلمان: بەشداری دەکات لە دیدگا ڕەخنەییەکان بە گەڕان بەدوای یەکتربڕینی ئەدەبیاتی منداڵان لەگەڵ تیۆرییە مەعریفی و گەشەسەندووەکان. کارەکانی جەخت لەسەر پرۆسە مەعریفیەکان دەکەنەوە کە لە خوێندنەوە و لێکدانەوەی دەقەکانی منداڵاندا بەشدارن، ڕۆشنایی دەخاتە سەر ئەوەی کە چۆن خوێنەری گەنج لەگەڵ پێکهاتە گێڕانەوە و کارەکتەرەکان و بابەتەکاندا خەریک دەبن. کتێبی “گەورەساڵانی شاراوە”ی نۆدلمان تەحەدای چەمکە نەریتییەکانی ئەدەبیاتی منداڵان دەکات وەک تەنها کات بەسەربردن، بانگەشە بۆ بەرز نرخاندنی قووڵتر بۆ بەها ئەدەبی و دەروونییەکەی دەکات (نۆدێلمان، ٢٠٠٨).

  1. ڕێبازە نێوان زانستەکان

  • ڕێبازە نێوان زانستەکان لە لێکۆڵینەوە لە ئەدەبیاتی منداڵان بریتین لە تێکەڵکردنی تێڕوانینەکانی دەروونناسی، کۆمەڵناسی، پەروەردە و دیسیپلینەکانی تر. زانایانی وەک زیپس، تاتار و نۆدێلمان ئەم ڕێبازانە بەکاردەهێنن بۆ شیکردنەوەی ئەوەی کە چۆن نوێنەرایەتییە ئەدەبییەکانی منداڵی لەگەڵ چوارچێوە کۆمەڵایەتی و کولتوورییە فراوانەکاندا یەکدەگرنەوە. بۆ نموونە، لەوانەیە لێکۆڵینەوە لەوە بکەن کە چۆن گێڕانەوەکان تێڕوانینەکانی منداڵان بۆ خود و ئەوانی دیکە و جیهان لە قاڵب دەدەن، یان چۆن چیرۆکەکان ڕەنگدانەوەی نۆرم و بەها و داینامیکی دەسەڵاتی کۆمەڵگان.
  • یەکخستنی تیۆرییە دەروونی و کۆمەڵناسیەکان
    تیۆرییە دەروونی و کۆمەڵناسیەکان ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕن لە تێگەیشتن لە ئاڵۆزییەکانی ئەدەبیاتی منداڵان. زانایانی وەک تاتار و نۆدێلمان تیۆرییەکانی گەشەکردنی مەعریفی، پێکهاتنی ناسنامە، زەبر و زەنگ و کۆمەڵایەتیبوون لەخۆدەگرن بۆ شیکردنەوەی ئەوەی کە چۆن گێڕانەوەی منداڵان کاریگەرییان لەسەر تێڕوانین و ئەزموونی خوێنەران هەیە. هەروەها ئەم تیۆریانە ڕۆشنایی دەکەنەوە کە نووسەران چۆن کارەکتەرەکان و بابەتەکان و گێڕانەوەکان دروست دەکەن بۆ چارەسەرکردنی پرسە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان کە پەیوەندییان بە بینەرانی گەنجەوە هەیە.
  • کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا و کولتوور
    ئەدەبیاتی منداڵان کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر کۆمەڵگا و کولتوور هەیە، کاریگەری لەسەر پراکتیکەکانی پەروەردەیی هەیە، تێڕوانینەکانی منداڵی لە قاڵب دەدات و لە ڕێگەی گونجانی میدیاییەوە کاریگەری لەسەر گوتاری گشتی هەیە.
  • کاریگەری پەروەردەیی
    ئەدەبیاتی منداڵان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە داڕشتنی پراکتیکەکانی پەروەردەیی لە ڕێگەی پەروەردەکردنی تواناکانی خوێندەواری، پێشخستنی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و چاندنی بەها و هاوسۆزی. کتێبەکانی وەک “بۆ کوشتنی باڵندەیەکی گاڵتەجاڕ” لە نووسینی هارپەر لی و “ڕۆژنامەی کچێکی گەنج” لە نووسینی ئان فرانک بە شێوەیەکی باو لە مەنهەجی قوتابخانەکاندا جێگیر دەکرێن بەهۆی توانای وروژاندنی گفتوگۆ سەبارەت بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی، هاوسۆزی و تێگەیشتنی مێژوویی (لی، ١٩٦٠؛ فرانک ، ١٩٤٧). زۆرجار پەروەردەکاران ئەدەب وەک ئامرازێک بەکاردەهێنن بۆ فێرکردنی وانە ئەخلاقییەکان، هۆشیاری کولتووری و زیرەکی سۆزداری، بە ناسینی هێزی ئەو بۆ سەرقاڵکردنی خوێندکاران و ئاسانکاری بۆ ئەزموونی فێربوونی مانادار.
  • ڕۆڵی ئەدەب لە داڕشتنی پراکتیکەکانی پەروەردەیی
    ڕێبازەکانی فێربوون لەسەر بنەمای ئەدەب، وەک بازنەکانی ئەدەبیات، چالاکییەکانی وەڵامدانەوەی خوێنەر و یەکە بابەتییەکان، بە شێوەیەکی بەرفراوان لە پۆلەکاندا بەکاردەهێنرێن بۆ بەرزکردنەوەی تێگەیشتنی خوێندکاران، لێهاتوویی شیکاری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی-هەستیار. مامۆستایان کتێبی منداڵان بەکاردەهێنن بۆ قسەکردن لەسەر بابەتگەلی جۆراوجۆر، لە پاراستنی ژینگەوە تا هەمەجۆریی و گشتگیری، پەروەردەکردنی تێگەیشتنێکی قووڵتر لە پرسە ئاڵۆزەکان و هاندانی هاوسۆزی و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە (شۆرت، ١٩٩٣).

    خۆگونجاندنەکانی میدیا و کاریگەری لەسەر تێڕوانینە گشتیەکان بۆ منداڵی

  • وەرگێڕانی میدیایی ئەدەبیاتی منداڵان، لەوانەش فیلم، تەلەفزیۆن و میدیای دیجیتاڵی، ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕن لە داڕشتنی تێڕوانینی گشتی بۆ منداڵی. وەرگێڕانەکانی وەک زنجیرە فیلمی “هاری پۆتەر” کە لەسەر بنەمای J.K. کتێبەکانی ڕۆلینگ نەک هەر بینەرانیان سەرقاڵ کردووە بەڵکو بەشدارییان کردووە لە بەناوبانگبوونی جیهانی ئەم فرەنچایزە و گفتوگۆیان لەسەر هاوڕێیەتی و بوێری و هەڵبژاردنی ئەخلاقی لەنێو بینەرانی گەنجدا وروژاندووە (ڕۆلینگ، ١٩٩٧-٢٠٠٧). بە هەمان شێوە وەرگێڕانی چیرۆکە کلاسیکەکانی وەک “مێژووی نارنیا” و “تۆڕی شارلۆت” نەوە نوێیەکانی بە تەوەری بێ کات و وانەی ئەخلاقی ئاشنا کردووە (لویس، ١٩٥٠؛ وایت، ١٩٥٢).
  • ئەم گونجاندنانە دەتوانن کاریگەرییان لەسەر گوتاری گشتی لەسەر منداڵی هەبێت بە نمایشکردنی نوێنەرایەتییە جۆراوجۆرەکان، چارەسەرکردنی پرسە کۆمەڵایەتییەکان و داڕشتنی گێڕانەوەی کولتووری. بەڵام هەروەها پرسیار لەبارەی دڵسۆزی بۆ دەقی ڕەسەن و بازرگانیکردن و کاریگەرییەکانی میدیای بینراو لەسەر ئەزموونە ئەدەبییەکان دەوروژێنن.

  1. دەرئەنجام
    پەرەسەندنی منداڵان لە ئەدەبدا ڕەنگدانەوەی یارییەکی دینامیکی نێوان بەها کۆمەڵایەتییەکان، گۆڕانکارییە کولتوورییەکان و تێڕوانینە پەرەسەندووەکانی منداڵییە. لە چیرۆکە ئەفسانەییە نەریتییەکانەوە بۆ گێڕانەوەی مۆدێرن، وێناکردنی منداڵان لە هێما سادەییەکانەوە بۆ کارەکتەری ئاڵۆز و فرەڕەهەند پەرەی سەندووە، ئەمەش گرنگی تێگەیشتن لەم پەرەسەندنە لە داڕشتنی گێڕانەوەی کولتووری و کۆمەڵایەتیدا دەردەخات.

  • پوختەی دۆزینەوە سەرەکییەکان:
  • پەرەسەندنی مێژوویی: منداڵان لە ئەدەبدا سەرەتا وەک هێمای بێتاوانی و وانەی ئەخلاقی لە چیرۆکە ئەفسانەییە نەریتییەکان و فۆلکلۆرەکاندا وێنا دەکران.
  • گۆڕانی سەدەی نۆزدەهەم: سەدەی نۆزدەهەم سەرهەڵدانی ئەدەبی منداڵان وەک ژانرێکی جیاواز بەخۆیەوە بینی، بەرهەمەکانی وەک “سەرگەرمیەکانی ئەلیس لە وڵاتی سەرسوڕهێنەر” و “ژنە بچووکەکان” منداڵان وەک کارەکتەری ئاڵۆز و ژیانی ناوەوە و گەشتە گەشەسەندووەکانیان پیشان دەدا.
  • داینامیکی سەدەی بیستەم و بیست و یەکەم: نوێنەرایەتییە مۆدێرنەکانی منداڵان لە ئەدەبدا، وەک لە بەرهەمەکانی ڕۆلینگ، داڵ و سێنداکدا دەبینرێت، ڕەنگدانەوەی تەوەری ناسنامە، گەشەکردن، خۆڕاگری و گشتگیرییە، کە باس لە پرسە کۆمەڵایەتییەکان و گۆڕانکارییە کولتوورییەکان دەکات.
  • ڕوانگە ڕەخنەگرانەکان: زانایانی وەک زیپس، تاتار و نۆدێلمان لە ڕێگەی ڕێبازە نێوان زانستەکانەوە تێگەیشتنە بەنرخەکان بەشداری دەکەن، کە تێگەیشتنمان لە نوێنەرایەتییە ئەدەبییەکانی منداڵی بەرز دەکەنەوە.
  • کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا: ئەدەبیاتی منداڵان کاریگەری لەسەر پراکتیکەکانی پەروەردەیی هەیە، هاوسۆزی و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە پەروەردە دەکات و تێڕوانینەکانی گشتی بۆ منداڵی لە ڕێگەی گونجاندنی میدیاوە لە قاڵب دەدات.
  • تێگەیشتن لە پەرەسەندنی منداڵان لە ئەدەبدا لەبەر چەند هۆکارێک زۆر گرنگە:
  • ڕەنگدانەوەی کولتووری: ئەدەب ئاوێنەیەکی بەها و نۆرم و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانە، چاویلکەیەک دەڕەخسێنێت کە لە ڕێگەیەوە دەتوانین لە هەڵوێستە مێژوویی و هاوچەرخەکان بەرامبەر بە منداڵی بکۆڵینەوە.
  • گرنگی پەروەردەیی: ئەدەبیاتی منداڵان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە پەروەردەدا، بەرەوپێشبردنی خوێندەواری، هاوسۆزی، بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و هۆشیاری کولتووری لەنێو خوێنەری گەنجدا.
  • کاریگەری کۆمەڵایەتی: نوێنەرایەتییە ئەدەبییەکانی منداڵی بەشدارن لە گوتاری گشتیدا، گێڕانەوەکان لە دەوری هەمەجۆریی، گشتگیری، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ناسنامە دادەڕێژن.
  • بیرکردنەوە لە کاریگەری بەردەوام
  • ئەم گۆڕانکاریانە لە وێناکردنی منداڵان لە ئەدەبدا بەردەوامن لە داڕشتنی گێڕانەوەی کولتووری و کۆمەڵایەتی بە تەحەدای چەشنە کۆنەپەرستانەکان، پەروەردەکردنی هاوسۆزی و تێگەیشتن و پێشخستنی دیدگا جۆراوجۆرەکان. لەگەڵ پەرەسەندنی کۆمەڵگا، ئەدەبی منداڵان وەک ئامرازێکی بەهێز دەمێنێتەوە بۆ داڕشتنی بەهاکان و بەرەوپێشبردنی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و دەوڵەمەندکردنی ژیانی خوێنەرانی هەموو تەمەنەکان.
    ———————————

سەرچاوەکان:
تاتار، م. (١٩٨٧). ڕاستییە سەختەکانی چیرۆکە ئەفسانەییەکانی گریمەکان. چاپخانەی زانکۆی پرینستۆن.
وولشلاگەر، ج. (٢٠٠٠). هانس کریستیان ئەندەرسۆن: ژیانی چیرۆکنووسێک. چاپخانەی زانکۆی شیکاگۆ.
زیپس، ج. (٢٠٠٢). برایانی گریم: لە دارستانە سیحراوییەکانەوە بۆ جیهانی مۆدێرن. پاڵگرەڤ ماکمیلان.
کێلی، ڕ. (١٩٩٠). لویس کارۆل. بڵاوکەرەوەی توین.
شوالتەر، ئی. (١٩٨٨). هەڵبژاردنی خوشک: نەریت و گۆڕانکاری لە نووسینی ژنانی ئەمریکیدا. چاپخانەی کلارێندۆن.
داڵ، ڕ. (١٩٨٨-١٩٩٠). ماتیڵدا، چارلی و کارگەی شوکولاتە، بی ئێف جی. کتێبی پافین.
ڕۆلینگ، ج.ک. (١٩٩٧-٢٠٠٧). زنجیرەی هاری پۆتەر. چاپخانەی بلومسبێری.
سێنداک، م. (١٩٦٣). شتە کێوییەکان لە کوێن. هارپەر و ڕۆ.
ڕۆلینگ، ج.ک. (١٩٩٧-٢٠٠٧). زنجیرەی هاری پۆتەر. چاپخانەی بلومسبێری.
تۆماس، ئە. (٢٠١٧). The Hate U Give. بالزێر + برای.
وودسۆن، ج. (٢٠١٤). کچێکی قاوەیی خەون دەبینێت. کتێبی نانسی پاوڵسن.
نۆدێلمان، پ. (٢٠٠٨). گەورەساڵی شاراوە: پێناسەکردنی ئەدەبی منداڵان. چاپخانەی زانکۆی جۆنز هۆپکینز.
تاتار، م. (١٩٨٧). ڕاستییە سەختەکانی چیرۆکە ئەفسانەییەکانی گریمەکان. چاپخانەی زانکۆی پرینستۆن.
زیپس، ج. (٢٠١٢). چیرۆکی ئەفسانەیی بەرگە نەگیراو: مێژووی کولتووری و کۆمەڵایەتی ژانرێک. چاپخانەی زانکۆی پرینستۆن.
فرانک، ئە. (١٩٤٧). ڕۆژنامەی کچێکی گەنج. کتێبی بانتام.
لی، هـ.(١٩٦٠). بۆ کوشتنی باڵندەیەکی گاڵتەجاڕ. هارپەرکۆلینز.
ڕۆلینگ، ج.ک. (١٩٩٧-٢٠٠٧). زنجیرەی هاری پۆتەر. چاپخانەی بلومسبێری.
شۆرت، ک. (١٩٩٣). ئەدەب وەک ڕێگەیەک بۆ زانین: سەرچاوە بۆ مامۆستایان و خوێندکارەکانیان. هاینمان.
لویس، سی.س.(١٩٥٠). شێر و جادووگەر و دولاب. جۆفری بلێس.
وایت، ئی.ب. (١٩٥٢). وێبی شارلۆت. هارپەر و برادەرز.

نووسین: ئاریان یوسف




پلاتۆن و نیتچە.. گفتوگۆیەک لە نێوان نا-هاوچەرخاندا.. ڤیلهێلم ڤایشێدل.. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

ئەمڕۆ لە زنجیرەکەماندا بە ناوی “گفتوگۆی ئەندێشەیی” هەردوو فەیلەسوف پلاتۆن و فریدریش نیتچە بەیەکدەگەن.
لە دانوستاندنە توندەکەی نێوانیاندا دوو جیهانبینیی زۆر جیاواز بەریەکدەکەون: تێزی پلاتۆن لەمەڕ ئیدێی چاکە و
نەمریی دەروون، هەروەها جەختکردنی نیتچە لە لێرەبوونی کردەکی یان فاکتی لەنێو جیهانێکی بێخودادا. ڤیلهێلم
ڤایشێدل مانوسکریپتەکەی نووسیوە. لە شانۆییەکەدا برونۆ هیوبنەر رۆڵی پلاتۆن و ڤێرنەر کرایندل رۆڵی فریدریش
نیتچە دەنوێنن. کاتبەسەربردنێکی چاک و پڕمەغزاتان بۆ دەخوازم..

بۆ درێژەی بابەت کلیکی ئێرەبکەن..




تۆ تەنها ئەکادێمیت، ڕوناکبیرنیت!.. ئازاد حەمە

سەرەتا: زۆربوونی دکتۆر و پرۆفیسۆر کێشە ڕوناکبیرییەکانی ئێمە چارەسەرناکات

لە یەکەم نیگادا، ئەم سەرەتایە بەم ناونیشانەوە(زۆربوونی دکتۆر و پرۆفیسۆر کێشە ڕوناکبیرییەکانی ئێمە چارەسەرناکات) بەرەو ئەو بینینەمان دەبات، کە ئەگەرچی زانکۆ ڕۆڵی چاکی دیووە لە نەهێشتنی نەخوێندەواری، بەڵام زۆربوونی زانکۆ لە شاردا چارەسەری گرفتە ڕوناکبیرییەکانمانی نەکردووە و، بگرە زۆربوونی دکتۆر و پرۆفیسۆریش کێشە ڕوناکبیرییەکانمانی قوڵترکردوەتەوە و جەمسەری تریش بەو کێشانە داوە. بۆ زۆرێکیشمان، کە لە نێوەندی ئەکادێمیدا کاراین، ئەوە پرسیارە، کە ئایا مامۆستای زانکۆ ڕوناکبیرە؟ زانکۆ ڕوناکبیر intellectual، یان بیرمەند، بەرهەمدێنێت؟خودی مامۆستای زانکۆ توانیویەتی خوێندکاری ڕوناکبیر دروستکات؟
گومانی ناوێت، زانکۆکانی ئێمە ئەکادێمییەکانی لە کارلێکی ڕوناکبیری intellectualityخستووە و هەژارییەکی زۆریش بە بیرکردنەوە و وشەسازییانەوە دیارە، کە ئەوەش بەرهەمی دورکەوتنەوەیانە لە خۆڕوناکبیرکردن و نەبوونە کەسێکی ئینسیکلۆپیدی(مەوسوعی).
کاتێک نێوەندی ئەکادێمی نەخوێندەواری ناهێڵێت بەوە فێربوون زیاددەکات نەک زانینknowledge. زانکۆش، کە بیرکردنەوەی خوێندکار سنوورداردەکات و تەنها ئاستی فێربوونی دەگۆڕێت زانکۆ نابێتە جێگای هیوا ئەکادێمی و ڕوناکبیرییەکان. چونکە کاتێک کۆلێجەکان لەناو پرسیارسازییەکاندا نەشونمادەکەن و بە چەندین مێژوو(مێژووی زانست، مێژووی ئایین، مێژووی هونەر،….) چەکداردەبن، کە ئەوانەش مێژووی ڕاستەقینەی فەلسەفە پێکدێنن، بەوە زانکۆ هەم زانین و هەم ڕوناکبیریی بەرهەمدێنێت و زانکۆش ئەرکی قەڵاچۆکردنی نەخوێندەواری نابێت و ئەوە بۆ پەروەردە جێدێڵێت. بۆ وادەڵێین؟ چونکە زانکۆ سەرووی پەروەردەیە، شوێنی هەڵاوگۆڕانە لە فێربوونەکان و داڵدەی زانینە دەگمەن و ڕاقییەکانیشە.
لە کۆتاییدا ئەوەی وادەکات زانکۆ ئەوە نەبێت و نێوەندی ئەکادێمیمان بەرەو ژینگەیەکی نالەبار و ناڕوناکبیریی بڕوات جگەلە هۆکارە سیاسییەکە، کە ژینگەی زانکۆ دەتەپێنێت، هۆکاریتریش هەن وەک بێباکی و بێ ئامانجی مامۆستا و خوێندکاری زانکۆیە. ئەفسووس، لە ئێستادا، گشت ئاماژەکان ئەوەمان پێدەڵێن، کە مامۆستا و خوێندکاری زانکۆ چیتر کەسە دەگمەنەکانی کۆمەڵگەی ئێمە نیین و لەگەڵ هاتنی زیرەکی دەستکردیش ئاستەکانیان زۆرتر ئاشکرا دەبێت و ئەوەش ئەوەمان پێدەبێژێت، کە تەنها ئەکادێمیبوون بەس نییە و ئەمە(ئەکادێمیبوون) پێویستی بە ڕوناکبیربوونیشە.
ئەکادێمی توێژەرێکی زانستییە، خاوەنی میتۆدۆلۆژیایەکی جێگیر و توندە، بەدوای ڕاستییەکی زانستی دەقیقدا وێڵە، لێ کاتێک ئەکادێمی ڕوناکبیردەبێت ئەمە دەرفەتی ئەوەی پێدەبەخشێت، کە خۆی تێر زانینی جۆراوجۆر و پڕ تێگەیشتنی جیاوازبکات و توخنی دژوارەیەکانیش بکەوێت. بەمە ئەکادێمی لەو جێگیرییە زانستییەوە لە بیرکردنەوە بەرەو زانینێکی هەمەجۆری کراوە دەڕوات. هەرچی ڕوناکبیرە خۆی خۆی ئاڕاستەدەکات، کەموکوڕی خۆیدەبینێت و کار بۆ پڕکردنی هزری خۆی دەکات و دیدێکی ڕەخنەگرانەی بۆ جیهان هەیە و خۆشی لەسەر پرسیارسازی و ڕوونکردنەوەی بیرکردنەوە کێشمەکێشدارەکان ڕادەهێنێت. بۆیە داوای ئەم نوسینە خۆی لەو تەماشاکردنە پوختدەکات، کە کاتی ئەوە هاتووە کۆنسێپتمان بۆ بەئەکادێمیبوون و مامۆستای زانکۆ و خوێندکاری زانکۆ، یان بڕوانامە، بگۆڕین.

ڕوناکبیریی جیاوازە لە فێربوون
ڕوناکبیر ،و ڕوناکبیری ئەکادێمیی، لەناو گفتوگۆکاندا هزری گەشەدەکات، لەو بابەتانەش دەدوێت سەرسامکەر و گیرن و توانای گۆڕینی ئاقاری گفتوگۆ داخراو و بێئاکامەکان و خستنەوەی کاریگەریشی هەیە. شانبەشانی ئەوەی هێزی قەناعەتپێکردنی زۆرە دەکارێت بۆچوونی دەوروبەریش بگۆڕێت. سەرباری ئەوە، ڕوناکبیر ڕەوانتر قسەدەکات، ئەوەشی دەیڵێت لەسەری دەوەستێت و تاوتوێیدەکات. بۆیە ڕوناکبیریی intellectuality جیاوازە لە فێربوونlearning.
ئەو ڕوناکبیرییەی بەدەستیدەهێنین وەک ئەو فێربوونە نییە، کە بەدەستیدەهێنین. ڕوناکبیریی وامانلێدەکات گومانبکەین، هەرچی فێربوونە بەو جۆرە نییە. هەروەها سنووری ڕوناکبیریی بێ سنوورە، بەڵام فێربوون تایبەت و سنووردارە. فێربوون سەبارەت بە شتێکە، ڕوناکبیریی تایبەتە بە گشت. کەسی ڕوناکبیر ئاسۆی بیرکردنەوەی فراوانە، نەبینراو دەبینێت و قسەشیتیادەکات، کەچی فێربوون شتێکی ئەوتۆمان ناداتێ، کە قووڵبوونەوەی بێ تخووبی تیابێت.
فێربوون ڕەنگە لە قۆناغی نەخوێندەوارییەوە بمانبات بەرەو خوێندەوارییەکی باڵا. بەڵام ڕوناکبیربوون پێویستییەکی بووناوییە و بەشێکیشە لە پێویستییە کۆمەڵایەتییەکانمان. هاوکات بەڕوناکبیربوون پرۆسەیەکی دژواری ماندووکەرە، هەرچی بەئەکادێمیبوونە کاتێکی کەمتری دەوێت. بەڕوناکبیربوون بەردەوام و درێژخایەنە، بەئەکادێمیبوون هێندەی بەڕوناکبیربوونی تێناچێت. ئەمە وادەکات بڵێین: پەروەردە فێربوونمان دەداتێ و ئەو فێربوونەش لە نافێربوون و نەخوێندەواری دەربازمان دەکات. هەرچی ڕوناکبیرییە دەمانکاتە کەسێکی ئینسیکلۆپیدی و خاوەن زانینی هەمەلایەن و واشمانلێدەکات ڕێزمان بۆ کولتوورە جیاکان هەبێت.
مامۆستای زانکۆ فێربوون دەدات، نەک ڕوناکبیریی. ڕوناکبیریی کردەیەکی ئاڵۆزترە لە فێربوون. فێربوون رووبەڕووی گرفت و ئاڵنگاری دەبێتەوە، ئەو گرفت و ئاڵنگاریانەش، کە رووبەڕووی زانین دەبنەوە هەمان ئەوانە نیین، کە رووبەڕووی خودی کردەی ڕوناکبیریی دەبنەوە.

ناڕوونییەکان سەبارەت بە ڕوناکبیریی و ناڕوناکبیریی
کێ ڕوناکبیرە پرسیارێکی کۆنە و کۆنی پرسیارەکەش کردنەکەی بێمانا ناکات. کاتێک دەپرسین: کێ ڕوناکبیرە؟ دەخوازین بزانین ئەو کەسە کێیە، کە تێگەیشتنی هەمەلایەنەی لەسەر شتەکان هەیە، پێویستی بە زانین و ئەزموونی هەمەچەشنی بەردەوام هەیە؟ کە زانیمان ڕوناکبیر کێیە ئەو کات دەزانین ڕوناکبیر تاکێکی دەگمەنی کۆمەڵگەیە، غەمی دۆزینەوەی چارەسەر و گفتوگۆی ڕەوان و توانای هێنانەوەی بەڵگەی لۆژیکی بۆ وتنەکانی هەیە. واتە ئەم کەسە دیالۆگ و مشتومڕی بەردەوام ئەنجامدەدات، هەڵە دەبینێت و بەشداری لە چاککردنەوەشیان دەکات، گەیشتنیش بە ئەگەری نوێ، لەڕێگای پرسیار و گومانەوە، بە کاری سەرەکی خۆی دەزانێت.
بۆیە با بزانین ڕوناکبیریی چییە؟ ڕوناکبیریی زانین نییە؟ ئەو زانینە نییە، کە نیمانە؟ چونکە زانین زیاد و کەم دەکات، گۆڕانی دێتەسەر و ئاستی وەک خۆی نامێنێت. ڕوناکبیر خاوەنی فەرهەنگێکی فراوانە، فرەڕەهەندە و تێگەیشتنیشی ئاقارجۆراوجۆرە. ڕوناکبیر لە هۆکارەکان دەکۆڵێتەوە و توانای هەڵوەشانەوە و سەرلەنوێ سازاندنی هەیە و کاری ڕاستەقینەشی شیکاری و ڕەخنەیە. ئەمە جگەلەوەی، کە توانای بیرکردنەوە، بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و سەربەخۆیانە و چارەسەری کێشەشی هەیە.
پێدەچێت ڕوناکبیریش ئاستی خۆی هەبێت. گەروابێت ئەو کات مرۆڤ(کەسی ڕوناکبیر) پێویستی بەوەیە ئاستی ڕوناکبیریی خۆی بەرزکاتەوە. هاوکات ڕوناکبیریی بریتیی نییە لە وشەسازی و ڕیزکردنی پەیڤ و چەنە چەن، ڕوناکبیربوون زادەی بیرکردنەوە، چۆنیەتی قسەکردن و ڕاڤەکارییە.
ئەگەرچی زانکۆ نەزانی ناهێڵێت، پزیشک یان ئەندازیار، یاخود خاوەن پلەی زاستی باڵاش دروستدەکات(دوا تایتڵی زانستی دەدات کە پرۆفیسۆرە)، بەڵام هەموو ئەمانە بەو مانایە نیین، کە ئێمە پێمانوابێت زانکۆ دروستکەری ڕوناکبیرە. ڕوناکبیریی وەک بیریاریی وایە پرۆسەیەکی خودیی بەردەوام و بێ بڕانە و شەڕیشە لەگەڵ دژواریی و ئەستەمییدا.
زۆرجار وشەی نەخوێندەوار دەدرێتەپاڵ کەسی نا ڕوناکبیر. هاوکات دەدرێتە پاڵ ئەو کەسەش، کە لە ئێستادا خوێندەوارە و لێ ڕوناکبیر نییە. زۆرێکیش لەو خوێندەوارە ناڕوناکبیرانە خوێندەوارە ئەکادێمییەکانن، ئەوانەن کە ناتوانین باسی ئەوەیان لەگەڵدابکەین، بۆ لە سەدساڵی رابردوودا هەڵگرانی خەڵاتی نۆبڵ لە بیرکاری و فیزیا یان پزیشکی ڕووسەکان نەبوون؟ لەکاتێکدا ئەو زانستانە لە سەردەمی یەکیەتی سۆڤیەتی کۆندا پێشکەوتووشبووە. کەوابێت، کەسی نەخوێندەوار بەپێی پێوانە نوێکانی ڕوناکبیریی دەشێت ئەو کەسەبێت بڕوانامەی زانکۆیی هەیە، لێ ناتوانێت دوو دێڕ قسە لە سەمای فلامینکۆ، سینەمای پازۆلینی، یاخود دیرۆکی ئایینە ئیبراهیمییەکان بکات.

زۆربوونی ئەکادێمی و کەمیی ڕوناکبیر
یەکێک لە دیاردە ناشرینەکانی دوو دەیەی پێشوومان ئەوەیە، کە ئەکادێمیبوون ڕوو لە هەڵکشانە و ڕوناکبیرییبوونیش ڕوو لە داکشانە. زانکۆکان، کە ئەکادێمی دروستدەکەن ڕوناکبیر دروستناکەن، هیچ نەبێت لە دوو و سێ دەیەی رابردوودا دیواریان خستووەتە نێوان ئەکادێمی و ڕوناکبیرەوە. زانکۆ، کە شوێنی دانی بڕوانامەی فەرمییە لە بوارێکی، پسپۆرییەکی، بەرتەسکدا؛ ئەو پسپۆرییە لەگەڵ کاتدا گۆڕانیدێتەسەر و بۆیە کەسی ئەکادێمی پێویستی بەخۆپەرەپێدانە لە پسپۆرییەکەی، ئەگەرنا نەزان دەبێت. ئەم پسپۆڕە گەر خوێنەرێکی باشیش بێت جیاوازدەبێت لە هاوەڵە ئەکادێمییەکانی، گەر ئەوەش نەبێت شەمەندەفەری زانین جێیدێڵێت. ئەمەو جگەلەوەی هەڵگرانی بڕوانامەی بەرزی ئەکادێمی (دکتۆر، پرۆفیسۆر) لە زانکۆیەکەوە بۆ ئەویتر، لە ژینگەیەکی ئەکادێمی وسیاسییەوە بۆ ئەویتر هەمان نیین.
بەدڵنیاییەوە ئەکادێمی ئێستامان ئەوەی دەیزانێت هەر ئەوەیە. ڕەنگە لەمەدا ڕوناکبیرانیش هاوبەشی بن. هەردوو لایان خەریکە لەوەدا یەکدەگرنەوە؛ ئەوە دەخوێننەوە، کە دەیزانن. ئەکادێمی کورد سەرباری فشار و بارگرانیەکانی،کە نادادییەکان بۆیاندروستکردووە و ئەمەش ئاستی هێناوەتە خوارەوە، خۆشی دەستی هەیە لە پەراوێزخستنی خۆی.
خۆ پەراوێزخستنی ئەکادێمییانی ئێمە لە زانکۆکان دەرئەنجامی بیرتەسکی و نابوێری زانستیی و ڕوناکبیریی خۆیەتی نەک شتێکیتر. زۆروبۆری دکتۆر و پرۆفیسۆریش لە زانکۆکانماندا ئاماژە نییە بۆ دابڕانێکیی مەعریفیانەی ئەکادێمی و ئەمەش کاردانەوەی نێگەتیڤی لەسەر کردی ڕوناکبیریی و واتای بڕوانامە و پلەی زانستی ئەکادێمی دروستکردووە. ئەمەش وایکردووە کێشە ڕوناکبیرییەکانمان لە جێگای خۆیان بمێننەوە.
بۆلەمەولا نەخوێندەواری و نێوەندی ئەکادێمیی لە زۆر شوێن لە جیهاندا دەستلەملاندەبن، نەخوێندەوارەکان تەنها لە گۆڕەپانەکانی شاردا ناخوڵێنەوە، بەڵکو لەناو حەرەمی زانکۆکانیش پیاسەدەکەن، ئەڵبەتە بە پلەی زانستیی بەرزەوە. ئەڵبەتە ژمارەیەکی زۆر کەم لەمە بەدەرن؛ ئەوانەی زمانی زۆر دەزانن و شانبەشانی پسپۆری خۆیان لە ململانێ ڕوناکبیرییەکانیش بەئاگان.

پشتکردنی ئەکادێمی لە فەلسەفە ناڕوناکبیری دەکات
ئەکادێمی پێویستی بە فەلسەفەیە؛ بە ڕوناکبیری فەلسەفییە. چونکە ئەو فەلسەفەیە وا لە کەسی ئەکادێمی دەکات بیربکاتەوە. کەڵەکەبوونی زانینی جۆراوجۆر مەرجی سەرەکییە بۆ ڕوناکبیربوون، ئەوەش لە مێژووی فەلسەفەوە سەرچاوەدەگرێت، کە ئەوەش ڕوناکبیر بەرەو مێژووەکانیتری مرۆڤایەتی دەبات(ئایینەکان، شارستانییەکان…..).
ئەکادێمی ڕوناکبیر بە هۆی فەلسەفەوە دەبێتە خاوەنی زانینێکی هەمەجۆر و کراوە و دەستیشی دەبێت لە دروستکردنی چەمک و تێڕوانینەکان. بەڵام موخابن ڕوناکبیری ناڕەخنەگر وەک ئەکادێمی تاکڕەهەند وایە، کە تەنها بەردەمی خۆی دەبینێت و ئەمەش ئەو بوونەوەرەیە،کە پشتی لە خوێندنەوەی کتێبی فەلسەفیی کردووە. ڕوناکبیری ناڕەخنەگر توانای بەرهەمهێنانی ڕوناکبیریی نییە و لەگەڵ ئەکادێمی ناڕوناکبیریشدا یەک گرفت کۆیاندەکاتەوە: لێگەڕان لە کۆمەڵکە و نقووبوون لەناو نەهامەتیەکان.
پشتبەستنی ئەکادێمی بە فەلسەفە توانای بەڵگەهێنانەوەی لا دروستدەکات بۆ وتنەکانی، فێری لۆژیکی ئارگیومێنت و بەڵگە هێناوەدەبێت و دەشزانێت زانین بەدەستهێنان کاتی دەوێت و بیرکردنەوەی ووردیشی پێویستە. ئەمەش وادەکات ئەکادێمی ڕوناکبیر دروستبێت و ئاگاشی لە ڕێساکانی هزر بێت و کاریش لەسەر خۆی و دەوروبەری خۆی بکات.

کتێبخوێندنەوە و نێوەندی ئەکادێمی ئێمە
کتێبخوێندنەوە دەروازەیە بۆ بەڕوناکبیربوون، بەڵام حەیف گەر دەستەبژێری ئێمە برتیبێت لە ئەکادێمی (پرۆفیسۆر، پزیشک، پارێزەر، ئەندازیار و……) زۆرێک لەوان ناخوێننەوە، بشخوێننەوە بەردەوام ناخوێننەوە. زۆرکاتیش ئەوە دەخوێننەوە کاریان پێیەتی و ئارەزوویدەکەن.
کتێبخوێندنەوە، بەتایبەت خوێندنەوەی کتێبی فەلسەفیی، بەگشتیش کتێب لەمەڕ مێژووی زانست و ئایین و هونەر، کە مەرامێکی هەمەلایەن لەخۆدەگرن لەناو ئێمە ئاسایینەبووتەوە. باشە بۆ مرۆڤ دەبێت كتێببخوێنێتەوە؟ بۆ دەبێت كتێبی فەلسەفیی بەڕادەیەکی زۆرتر لە كتێبی ئاسای بخوێنرێتەوە؟ بۆئەوەی وەڵامی ئەم دوو پرسیارە بدەینەوە، پێویستمان بەوە دەبێت كتێب پێناسەبكەین، دواتر ئەو جۆرە كتێبەیش پێناسەبكەین، کە پێیدەگوترێت كتێبی فەلسەفیی، یان کتێبی هزریی.
كتێب ئەو شوێنەیە زانیاریی و زانینەكان لە دووتوێی خۆیدا كۆدەكاتەوە و هەریەک لە کتێبەکانیش بە جۆرێکی جیاواز دیدگای خۆیان بەیاندەکەن. گرنگە لێرەدا ئەوەش بوترێت، کە گشت ئەوانەی كتێب دەنووسن کتێب خوێنەرێكی بەردەوام و چالاك نیین. گەلێک لەوانەی كتێب دەنووسن تەنیا ئەو كتێبانە دەخوێننەوە بە بواری خۆیانەوە تایبەتە، یان زۆربەی ئەوانەیش پێیاندەگوترێت خوێنەر گشت جۆرە كتێبێك ناخوێننەوە.
هەیە تەنیا كتێبی ئەدەبیی و بەتایبەت شانۆ یان ڕۆمان دەخوێنێتەوە یان كەسێک، كە پزیشكە و سەرقالی جیهانی كارئەندامزانیی و زیندەوەرناسییە تەنیا یان بەزۆریی، ئەو شێوە كتێبانە دەخوێنێتەوە لەبواری پسپۆرییەكەیەوە نزیكە. ڕەنگە پزیشكێک یان دەرمانسازێك كتێبی ئەدەبیی یان مێژووییش بخوێنێتەوە، بەس چۆن مامەڵە لەتەك ئەوە دەكات لە تێكستە ئەدەبییەكاندا نووسراوە؟ ئەوەش جێگای پرسیاری ورد و تێڕامانە. بیریشماننەچێت گەلێک لە ئەدیبە گەورەكانی جیهان پزیشك بوون.
ئەوەی كه هەمیشه جێگای پرسیاره ئەوەیە، کە خوێندنەوەی کتێبی فەلسەفیی شتێکی ترمان دەداتێ، کە کتێبەکانی تر ناماندەنێ. ئەو شتە، کە هەتوانی دەربازبوونمانە لە دەرگیریی و گرفتارییەکانمان شتگەلێکی گەردووناوین و تەنیا لە دووتوێی کتێبە فەلسەفییەکانیشدا بەرچاودەکەون.
سەرباری ئەوە، کتێبە فەلسەفییەکان لێوڕێژن لە مشتومڕی پێویست و پەردە لادەرن لەسەر پەردەلەسەر لانەدراوەکان. کتێبە فەلسەفییەکان لەگەڵ جیاوازی پسپۆڕییان خۆیان لە قەرەی بابەتگەلی فرەئاقار و نەخەمڵیو و سەیروسەمەرە دەدەن. هۆگرانی خوێندنەوەی کتێبە فەلسەفییەکان لەوەحاڵین، کە کتێبە فەلسەفییەکان دەرفەتی تێگەیشتن لە بوونی مرۆڤ و ڕوانینی ئەم مرۆڤە دەگۆڕن.
سەرئەنجام، کتێبە فەلسەفییەکان کتێبە ژیرمەندئاسا و ئەندێشەییەکانن و به دیدێكی جیاواز لەچاو کتێبەکانی تر ئەوەی سەخت و دژوارە هەمیشه دەکەنە جێگای پرسیار و تێڕامان. ڕچەشكێنی کتێبە فەلسەفییەکان سەرچاوە لە خودی فەلسەفەوە هەڵدەگرێت، کە بابەتگەلی نێواندژ/دژوێژ و سەرسامکەر گفتوگۆدەکات. لەو سۆنگەیەشەوە فەلسەفە کارامایە لە دەرفەت ڕەخساندن بۆ بیرکردنەوە و سنوردانان بۆ پێشدادوەریکردن. گشت ئەوەش دەروازەیە، سەرەتایە، بۆ بەڕوناکبیربوون.

زانکۆ خوێندکاری ڕوناکبیر دروستنەکات زانینەکەی ئاوادەبێت
لە دۆخێکی هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵایەتیدا دەژین. لەم دۆخەدا ئەرکی زانکۆ گەورەیە، هەرئەوە نییە، کە بڕوانامە بدات. وانەکانی زانکۆ گەر بیری گۆشەگیریی زانستیی و بێ هیوایی کۆمەڵایەتیی و تێگەیشتنی وشک و کۆنەپەرستانە ریشەکێشنەکات هیچ ناپێکێت. بۆیە زانکۆکانمان پێویستی بەوەیە خوێندکاری ڕوناکبیر دروستکات، کە ئەوەش تاکی ڕوناکبیر لە کۆمەڵگە دروستدەکات.
گەر کەسی ئەکادێمی کەسێکی ڕوناکبیر نەبێت زانینەکەی سنووردار و توند دەبێت. گومانی ناوێت زانکۆکانمان خوێندکاری ڕوناکبیر دروستنەکات لەگەڵ کاتدا زانینەکەی بێبەهادەبێت و خودی زانکۆش حورمەتی ئەکادێمیی خۆی لەدەستدەدات و کەسی زانکۆییش جێگای متمانەی کۆمەڵگە نابێت و زانکۆ وەک کارگەی لێدێت؛ کارگەی بەرهەمهێنانی هەڵگرانی بڕوانامە. کە زانکۆ خوێندکاری ڕوناکبیری دروستنەکرد دەبێت گلەی لە مامۆستای زانکۆیی بکەین، کە بیرکەمدراماتە، بێ ئاگایە لە گۆرانکارییە زانینی و ڕوناکبیرییەکان.
گومانی ناوێت ئەو مامۆستا زانکۆییەی باسکرا، ئەگەرچی لەژێرفشاری نادادیی و گەندەڵیی سیاسیدایە، کێشەیەکیتریشی هەیە، کە شارەزای ئەو مێژووە گرنگانە نییە(مێژووی زانست، مێژووی ئایینەکان، مێژووی هونەر، کە هەموو ئەوانەش مێژووی فەلسەفە پێکدێنن) ،کە زانین لە زانکۆ بەرەوپێشەوەدەبەن.
بەپێی ئەوە بێت لای سەرە هێمایبۆکرا، زانکۆ کاری کەڵەکەبوونی زانین نییە لای خوێندکار، بەڵکو چۆنیەتی وەگەڕخستن و پۆلینکردنی ئەو زانینەیە لە ژیانی دواتردا. واتە پسپۆریی زانکۆیی دەبێت کەسایەتی تاکەکان بگۆڕێت، نەک بیانکاتە بار بەسەر کۆمەڵگەوە.

بەماڵباتکردنی سیاسەت دژی ڕوناکبیربوون و ئەکادێمییبوونە
ئەو کاتەی قسە لە تۆیەک دەکەین، کە تەنها ئەکادێمییە و ڕوناکبیر نییە پەیوەندی ڕوناکبیر بە دەسەڵاتی سیاسیی و دامەزراوەی ئایینیەوە جێگای باسە. ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی بەماڵباتکردنی سیاسەت لە دەرەوەی زانکۆ دژی بەڕوناکبیربوونە و بکوژی زانینی ئەکادێمیشە. لەگەڵ کاتیش ئەم دیاردەیە، بەماڵباتکردنی سیاسەت، کە دێتەناو زانکۆوە ژینگەی ئەکادێمیی ناکارامە و چەقبەستوو دەکات و دەرگاش بەڕووی بەرهەمهێنانی پرسیاری نوێ دادەخات.
ڕاستە زانکۆ بووتە موڵکەی ئەکادێمییان، ئەی موڵکەی ڕوناکبیران لە کوێیە؟ موڵکەی ڕوناکبیران گشت شوێنێکە، کە ئەو پێویستە. خاڵی هاوبەشی لاوازی نێوان ڕوناکبیر و ئەکادێمی ئێستای ئێمە ئەوکاتە دەستپێدەکات، کە هەردوو لاوازن لە شەرمەزارکردنی زانین و تێگەیشتنی باو؛ هێشتنەوەی کۆنەپەرستی و بێدادیی. بەداخەوە، کێشە سیاسییەکانمان بۆشایی نێوان ڕوناکبیر و ئەکادێمی قووڵترکردوەتەوە، ڕوناکبیر و ئەکادێمیشی کردووەتە کۆمیتەچی و مەڵبەندچی. نێوەندی ئەکادێمی هەروەک نێوەندە ڕوناکبیرییەکە تەواوکەری تێگەیشتنی سیاسییانەی کۆمیتە و مەڵبەندن. شەڕی ناو زانکۆش، بەداخەوە، شەڕ نییە لەپێناو سەرخستنی وتاری ڕوناکبیریانەی ئەکادێمی، بەڵکو شەڕە لەپێناو بەدەستهێنانی پۆستی زانکۆیی.

زیرەکی دەستکرد چەمکی ئەکادێمی و ڕوناکبیر بەرەو کویدەبات؟
پێشهاتنی تەوژمی تەکنەلۆژیای زانیاریی چەمکی ئەکادێمی بەمجۆرەی ئێستا نەبوو. زانین، زانینی زانستی، دەکرا تەنها لەناو هۆڵەکانی زانکۆ بەدەستبهێرێت، بەڵام ئێستا دەستگەیشتن بە زانست بەوجۆرەی جاران نییە. زۆری زانکۆ و زۆری خوێندکاری زانکۆش بەهای ئەکادێمیبوونی زانکۆی هێناوەتەخوارەوە. ئەم ژینگەیە وایکردووە هەموو بگەنە زانکۆ و هەمووش بڕوانامەیەک بەدەستبهێنن. زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و خێزانیش هۆکارە بۆ چوونی هەموو بۆ زانکۆ. بازاڕی کاریش گرفتێکی تری ئەم لایەنەیە.
بڕوانامە تا ئەو شوێنە سودبەخشە، کە دەتوانێت زانینی جۆراوجۆر و نوێمان لەسەر جیهان بداتێ، بمانکات بە خاوەنی عەقڵ و کولتوورێکی کراوە و شایان. بازاڕ، کە داوای بڕوانامە دەکات، بڕوانامە ئەو حورمەتەی نەماوە و بگرە بووشە بە رۆتینات و زانکۆ خوێندنیش بووەتە مۆد. هەرکە زانکۆشت خوێند بێنیگەرانی بڕوانامەیەک هەر دێنیت. لەم حاڵەتەدا زانکۆ یەکسانە بە بڕوانامە بەدەستهێنان و ئەوەش یەکسانە بە پەیداکردنی کارێک. بەڵام هاتنی زیرەکی دەستکرد هاوکێشەکان دەگۆڕێت و گەر زانکۆ خۆی نەکات بە تێکڕای زیرەکی دەستکرد بڕوانامە سودی نامێنێ و کارپەیداکردنیش سانا نابێت.
واتە زانکۆ چیتر رێگایەک نییە بۆ کارپەیداکردن. کەواتە بە نەمانی هەندێک بەش و ئاوابوونی هەندێک پسپۆری لە زانکۆ دەرفەت بۆکارپەیداکردن کەم و کەمتردەبێتەوە. بۆیە زانکۆ پێویستی بەوەیە سنوور بۆ کردنەوەی بەش دانێت و کاریش لەسەر داخستنی ئەو بەشانە بکات چارەنووسیان بێکاربوونە. ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت، کە لەم حالەتەدا ڕوناکبیر، پتر لە ئەکادێمیی و ووردتر دەڕوانێتە ئاییندە و لەوەش بەئاگایە کۆمەڵگە لەژێر فشاری زیرەکی دەستکرد بەرەو کوێ دەچێت.

پاشەکی: تەنها ئەکادێمیبوون بەس نییە
لە کۆتاییدا هێما بۆ ئەوەدەکەین، کە ئامانجی ئەم نوسینە پشتگیرییە لە ڕوناکبیری ئەکادێمی و ئەکادێمی ڕوناکبیر. ئەمەش لەبەرئەوەی، کە ئەم دوانە ئەو وتارە دادەهێنن، کە کۆمەڵگە و مرۆڤایەتی نوێ پێویستیەتی.
ڕاستە ژیانی ئەکادێمی کورد پڕە لە گرفتی دەروونی و کۆمەڵایەتی کاتی و ناشایستە، ئەمەش کاریگەری لەسەر شێوازی وانەوتنەوە و توێژینەوەکانی داناوە. بەڵام با ئەوەشمانبیرنەچێت، کە زانکۆکانمان و نێوەندی ڕوناکبیریمان لەناو گرفتێکی ناسنامەیی قووڵدا دەتلێنەوە و، گەر هۆڵەکانی وانەوتنەوەش پڕنەبن لە ئەکادێمی ڕوناکبیر خوێندکاری زانکۆیی ڕوناکبیریشمان نابێت.
گومانیناوێت، ئاشنابوون بە کولتوورە جیاکان و دانپیاهێنان بە ئەویتری جیاواز لە تۆ ڕەنگە مەرجێکی پێویستبێت بۆ ڕوناکبیربوون. ئەمەش داوامانلێدەکات زانینی فراوان و بەردەواممان لەسەر گۆڕانکاریەکان، بەتایبەت کولتووریی و سیاسیی و ئابوورییەکان هەبێت. هەر بۆنموونە ئاگایی پەیداکردن لەسەر مێژووی فەلسەفە و ئاینەکان، مێژووی هونەر (سینەما، شێوەکاری، موزیک، ……)و زانست پێدەچێت مەرجبن بۆ جیاکردنەوەی ئەکادێمی لە ڕوناکبیر. کەواتە ئەو مێژووانە زەمینە بۆ شتی نوێ دەڕەخسێنن و فێربوون و هاوکاریشماندەکەن خۆمان ڕوناکبیربکەین و ئاستی هۆشیارییشمان بەرزبکەینەوە.
گەر ڕوناکبیری ئۆرگانیک(گرامشی) هەبێت پێویستمان بە ئەکادێمی ئۆرگانیکیش هەیە. هاوکات زانکۆکانمان تەنها پێویستی بەم دوانە نییە، بەڵکو پێویستی بە خوێندکاری زانکۆیی ئۆرگانیکیش هەیە، بەڵام نەمانی هاوئاهەنگی لەنێوان ئەکادێمی و ڕوناکبیری ئێمە وایکردووە هەریەکەیان بەجۆرێک لە جۆرەکان بە پیسییەکانی سیاسەتەوە بگلێن. کەتوار و ژینگەی زانکۆکانیشمان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە، کە بێتوانایی دەستەبژێری ئەکادێمی ئێمە لەبەردەم بێدادی سیاسیی هەردوو ژینگەی زانکۆ و ڕوناکبیریی بێهیواکردووە. ئەو ژینگە سیاسییەی ئێمەی دەیژێین ئەکادێمی و ڕوناکبیری کردووە بە گاڵتەجاڕی خۆی؛ موچە خەونی هەردوولایانە.
ئەفسووس، لە دەرئەنجامی تێکڕای ئەوەی لایسەرەوە وترا پێشبینیدەکەم، بەهۆی بێبەهابوونی بڕوانامە و تاتیتڵی ئەکادێمییەوە، رۆژێک دێت بەشەرمەوە باس لەوە بکەم دکتۆرام هەیە و پرۆفیسۆریشم.




گاڵتەجاڕیی کوردبوونی سومەری.. سوداد ڕەسووڵ

لەم چەند ساڵەی دوایی چەند نووسەرێکی کورد کەوتوونەتە ساغکردنەوەی زمانی سومەری و پەیوەندیی بە زمانی ئەمرۆی کوردییەوە، ساغکردنەوەکان و شیکردنەوەکان ئەوەندە سەرەتایی و سادەن، ئەوەی زانستی زمان و مێژوو و میتۆدی زانستی بێت تێیدا نییە. هەر بابەتێکی زانستی، ئەگەر کەسێکی ناپسپۆر قسەی لەسەر کرد دەبێ چۆن قسەی لەسەر بکات، هەر چۆن لێی بکۆڵێتەوە وەک کەسێک نابێ کە هەموو ژیانی خەریکی لێکۆڵینەوە بووە لەم بوارەدا. بۆ نموونە لە زانکۆکانی ئەوروپا بەشی تایبەت بە زمانە کۆنەکانی میزۆپۆتامیا هەیە، وەک ئاشووری، سومەری، ئەکەدی، ئارامی، .. کاتێک پسپۆرێک لەسەر یەکێک لەم زمانانە قسە دەکات، کەسێکە بەکالۆریۆسی لە مێژووە، ماستەر و دکتۆرای لە مێژووی کۆنە، تێزی دکتۆراکەی لێکۆڵێنەوەیە لە سەر لایەنیکی زمانەوانیی یەکێک لەم زمانە کۆنانە، ئەوجا بە ترسەوە قسەی لەسەر دەکات و ڕای خۆی دەدات، دەستەواژەکانی وەک: پێم وایە، وای بۆ دەچم، بە ئیحتیمالی زۆر، لەوانەیە، .. بەکار دێنێت، چونکە لە بابەتی مێژوو نابێ بەشێوەی بنبڕ و یەکلاکەرەوە حوکم بدەی و بڵێی پاشماوەی ئەم زمانە کۆنە ئەمڕۆ ئەم زمانەیە. پەیوەندیی نێوان ئەم زمانانە کارێکی یەکجار ئاڵۆز و دژوارە، هەتا وشەیەک ساغ بکەیەوە دەبێ ئەم هەموو هەزار ساڵە گۆڕانی زمان ڕەچاو بکەی. ئەم بوارە لە زانست پێی دەگوترێ زمانەوانیی مێژوویی Historical Linguistics دەبێ ئەو کەسە تەواو بە سیستەمی دەنگسازی و ڕێزمان و وشەسازیی ئەو زمانە کۆنە شارەزا بێت، کاتێک ئەو زمانە کۆنە لەگەڵ زمانێکی ئەمڕۆ بەراورد دەکات، دەبێ تەواو لە گۆڕانە دەنگییەکانی ئەم هەموو هەزار ساڵە ئاگادار بێت کە ئەم زمانە نوێیە پێیدا تێپەڕیوە، ئەوجا ئەگەر بتوانێ چەند وشەیەک ساغ بکاتەوە. زمانێکی وەک سومەری کە پێنج هەزار ساڵ تەمەنیەتی ئەوەندە کۆنە، لە هەموو ناوەندە ئەکادیمییەکانی زمانە کۆنەکان تا ئێستا نەیانتوانیوە خێزانە زمانەکەی دەستنیشان بکەن، بۆ نموونە ئەکەدی و بابلی و فینیقی و کەنعانی و ئارامی، ساغ کراونەتەوە سەر بە خێزانە زمانە سامییەکانن، ئاڤێستایی و فارسیی کۆن و پەهلەوی سەر بە خێزانە زمانە هیندۆ ئەوروپییەکانن، کە لەناو ئەم خێزانەش سەر بە کۆمەڵە زمانە ئێرانییە کۆنەکانە، کە زمانی مردوون و ئەمڕۆ کەس قسەی پێ ناکات، بەڵام سومەری، دوای ئەم هەموو ساڵە لێکۆڵینەوە، هێشتا بۆیان ساغ نەبووتەوە کە سەر بە چ خێزانە زمانێکە، کەچی کوردێک کە پسپۆری لە زمانی سۆمەری نییە و هیچ توێژینەوەیەکی ئەکادیمی لە زمانە کۆنەکانیش نەکردووە، هاتووە بە بەراوردێكی سەرپێی چەند وشەیەکی کۆنی سومەری لەگەڵ کوردیی ئەمرۆی دەکات و دەڵێ زمانی سومەری، کوردییە و سومەرەکانیش کوردن!. یەکێک لەم نووسەرە کوردانە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێن و پێکەنیناوی ئەسڵی ناوی “سومەر” مان بۆ ساغ دەکاتەوە دەڵێ: ئەم ناوە لە دوو وشەی کوردی سۆ+ مەر، پێک هاتووە: سۆ لە سۆری کوردییەوە هاتووە و مەر – یش لە مەردومی فارسی، پێکەوە واتە میللەتی سۆر! بەڕاستی ئەم جۆرە لێکدانەوەیە بۆ ناوی سومەری جێگەی پێکەنین و بەزەیی پێداهاتنەوەشە. ئەو وشە سومەرییانەش کە لەگەڵ کوردی بەراوردی دەکەن هەر لەم جۆرە شیکردنەوانەیە، هیچ شیکردنەوەیەکی زمانەوانیی مێژوویی تێدا نییە، هەر بۆ خۆی لێی تێ دەگا و قەناعەت بە خۆی دێنی کە ئەمە کوردییە. ئەم نووسەر و توێژەرە کوردانە بەم جۆرە لێکدانەوە سادەیە بۆ ناوی گەلانی کۆن و زمانەکانیان، ئەوەندە شارەزان دەتوانن کۆدی هەموو زمانە کۆنەکان بکەنەوە، هەمووشی ئەسڵی دەگەڕێننەوە بۆ زمانی کوردی و بۆ کورد. بەڕاستی ئەمە گاڵتەجاڕییە بە زانستی مێژوو، نابێ ڕێگە بدرێ ئەم مێژووە کۆنە ئەوەندە سووک بکرێ.
کوردناسی ئینگلیز درایڤه‌ر Driver توێژینەوەیەکی لەبارەی ئەسڵی ناوی کورد هەیە و له‌ ساڵی 1922 بڵاوی کردووەته‌وه. بۆ ساغکردنەوەی ناوی کورد ئەوەندە بەوردی بە سەرچاوەکاندا هاتووە لە ناوی کارداکا Kardaka دەستی پێ کردووە کە سومەرییەکان بە گوتییەکانیان گوتووە، دواتر هەموو ناوەکانی دی کە لای ئاشووری و یۆنانی و ئارامی هاتووە ئاماژەی پێ داوە، لای ئاشوورییەکان ناوەکانی: کورتی، گورتوو و قورتی، لای یۆنانییەکان: کوردوئین و کاردۆخی، لای ئارامییەکان: کاردۆ و کەردۆ، ئەوجا لە کۆتایی پێی وایە دەرکەوتنی ناوی کورد لە مێژوودا گۆڕانی دەنگیی کارداکای سومەرییە دواتر لای گەلانی دی بە شێوەیی جیاواز گۆ کراوە تا گەیشتووە بە سەردەمی ئیسلام بووە بە کورد و الأکراد؛ بەم هەموو وردەکارییە شیکردنەوەی بۆ ناوەکە کردووە، هێشتا تەواو دڵنیا نییە، پێی وایە ئەمە تەنیا بۆچوونە. لێکۆڵینەوە لە مێژووی کۆن و ساغکردنەوەی وشەی زمانەکان دەبێ بەم شێوەیە ساغ بکرێتەوە.
هەموو کوردێک پێی خۆشە ڕەگوڕیشەی مێژووی کورد و زمانەکەی لە مێژووی کۆن بدۆزرێتەوە، بەڵام نەک بەم گاڵتەجاڕییە. بە میتۆدیكی زانستی و لەلایەن توێژەری شارەزا و پسپۆر بە زمانە کۆنەکان، بەراوردێكی زمانەوانییانەی بۆ بکرێ نەک بە شێوەیەکی هەڕەمەکی سومەری بکرێ بە کورد.
ئەوانەی هەوڵ دەدەن سومەری بکەن بە کورد، هیچ بنەما و ئامانجێکی زانستییان نییە، هەستی نەتەوەیی پاڵیان پێوە دەنێ ئەم جۆرە لێکدانەوە بۆ وشەکان بکەن بۆ ئەوەی بە هەر نرخێک بێت زمانی سومەری بە کوردییەوە گرێ بدەن. ئەم خوێندنەوە ناسیۆنالیستییە بۆ مێژووی کۆن زۆر هەڵەیە، هەڵەیەکی میتۆدییە، نابێ کەسی ئەکادیمی بکەوێتە بەر شەپۆلی هەست و سۆزی نەتەوەیی و پێی وابێ ئیدی ئەسڵی کورد لە مێژوو دۆزرایەوە و سومەرییە. یان هەر شوێنەوارێک لە کوردستان دۆزرایەوە هەر چەند کۆن بێ، بێ لێکۆڵینەوە یەکسەر مۆری کوردبوونی لێ بدرێ.
لە سەرەتاکانی سەدەی ببیستەم عەرەب و تورک و فارسیش ئەم جۆرە خوێندنەوانەیان بۆ مێژووی کۆن کرددووە و سەرکەوتوو نەبوون، چونکە ئەمە بەشێک بوو لە پرۆژەی دەوڵەت – نەتەوە کە لە چوارچێوەی دەوڵەتەکەیان شەرعیەتیان بە ڕەسانەیەتی خۆیان لەسەر ئەم خاکە دەدا، بۆ ئەوەی نیشان بدەن ئەوان هەر لەبەرەبەیانی مێژووەوە لەسەر ئەم خاکە نیشتەجێن و هەر ئەوانیش دەبێ حوکمی ئەم وڵاتە بکەن و کەسی دی بۆ نییە خۆی بە خاوەنی بزانێ. ئەگەر کتێبە مێژووییەکانی سەردەمی بەعسی عەرەبی لە عێراق و سووریا بخوێنییەوە، هەرچی ئەقوامی سامی هەیە کە ڕووی لە میزۆپۆتامیا کردووە وەک بابلی، ئەکەدی، ئاشووری، ئارامی، فینیقی، کەنعانی، .. هەموویان بە ئەقوامی عەرەبی ناو بردووە، ئەمە لەکاتێکدا ئەوانە نە عەرەب بوون و نە زمانەکەشیان عەرەبی بووە، بەڵام ئەوەندە هەیە زمانەکەیان هاوڕیشەیە لەگەڵ زمانی عەرەبی، وەک هاوڕیشەیی زمانی کوردی و فارسی لەگەڵ زمانی پەهلەوی و ئاڤێستایی. تورکەکانیش لە دوای دامەزراندنی دەوڵەت – نەتەوەی تورکیا، لە سییەکانی سەدەی بیستەم هەر بۆ ئەوەی مێژووێکی کۆن بۆ نەتەوەی تورک لە سەر خاکی ئەنادۆڵ دروست بکەن، دەستیان بە هەمان پرۆژەی مێژووسازی و نەتەوەسازی کرد، هەرچی ئەقوامی کۆنی نیشتەجیی خاکی ئەنادۆڵ بوو وەک هووری و هیتییەکان، تەنانەت سومەرییەکانیشیان بە تورک دادەنا، ئیدیعای ئەوەیان دەکرد کە ڕەچەڵەکی تورک و زمانەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سومەرییەکان، تورک گەلێکی زۆر کۆنن لەسەر ئەم خاکە و زمانی تورکییش کۆنترین زمانی دنیایە و هەموو زمانەکانیش هەر لە زمانی تورکییەوە پەیدا بوون، بۆ ئەمەش ئەتاتورک لە سییەکانی سەدەی بیستەم تیۆرێکی بۆ زمانی تورکی داهێنا بە ناوی “تیۆری زمانی خۆر” کە گوایە زمانی تورکی وەک خۆر وایە و زمانەکانی دی هەموو لەم زمانە خۆرەوە تیشکیان داوەتەوە و پەیدا بوون. دەوڵەت – نەتەوەی ئێرانیش هەمان پرۆژە و بەرنامەی بۆ نەتەوەی فارس هەبوو، لە عەرەب و تورک زیاتر هەموو شتێکیان بە ئێرانی کرد، هەرچی مێژووی کۆن هەیە لەسەر خاکی ئێران هەموویان کرد بە ئێرانی و موڵکی فارس، تەنانەت بە کورد دەڵێن کۆنترین گەلی بە ئەسڵ ئێرانی و ئاریایی، بۆ ئەوەی بڵێن کورد ئێرانییە و زمانەکەشی سەر بە زمانێکی ئێرانییە و لەهجەیەکی فارسییە، لەهجەش تەنیا بۆ ئاخاوتنە و بۆ نووسین و خوێندن نییە، کوردیش نەتەوە نییە، کوردستانیش هەر وڵاتی ئێرانە بۆیە مافی جودابوونەوەی لە ئێران نییە. کاتێک بە چاوێکی ئەکادیمی سەیری ئەم پرۆژە دەوڵەت – نەتەوانە دەکرێ، مرۆڤ پێکەنینی پێیان دێ، هەر بۆ ئەوەی ڕەچەڵەكێکی کۆن بۆ خۆیان دروست بکەن ئەم هەموو تەزویرەیان لە مێژوودا کرد، کە ئێستا ڕۆشنبیرەکانی خۆیان گاڵتە بەم هەموو مێژووە ساختانە دەکەن و ڕەخنەی لێ دەگرن کە ئەمانە هیچ بنەمایەکی زانستییان نەبووە، بە ئامانجی سیاسی بوون، پرۆژەی نەتەوەسازی و دەوڵەت- نەتەوە بووە.
ئەمڕۆ وەک دیارە کوردیش دەیەوێ هەمان پرۆژەی نەتەوەسازیی ئەم دەوڵەت – نەتەوانە بۆ خۆی دووبارە بکاتەوە، هەوڵ دەدات مێژووێکی کۆن بۆ خۆی دروست بکات لە سەر وەهم و ئەفسانە و دوور لە هەموو بنەما زانستییەکانی مێژووی کۆن، دەیەوێ هەرچی قەومی ناسامی هەیە لە میزۆپۆتامیای کۆن وەک سومەری، گوتی، لولو، کاشی، میتانی، هووری، هیتی،.. هەمووی بکات بە کورد، تەنانەت مرۆڤی نیاندەرتالی ئەشکەوتی شانەدەریش کە ٧٥ هەزار ساڵ پێش ئێستایە دەیکات بە کورد، کە ئەمە بەڕاستی گاڵتەجاڕییە، چونکە مرۆڤی نیاندەرتال، لە چاخی بەردین ژیاوە، نەتەوەی نەبووە، هەروەها زمانیشی دیار نیییە چی بووە، کەواتە ئەمە چی کوردییە؟
شوێنەواری ئەشکەوتی شانەدەر و دۆزینەوەی ئێسکەپەیکەری مرۆڤی کۆن لەم ئەشکەوتەی کوردستان، مێژووێکی گرنگە بۆ مێژووی کوردستان، کە ئەم خاکە هەر لە کۆنەوە مرۆڤی لێ ژیاوە، و لانکەی مرۆڤایەتی بووە، ئەم دۆزینەوەیە شانازییە بۆ ئەم وڵاتە و ئەو خەڵکەی لەم وڵاتە دەژین. بوونی ئەم هەموو گەلە کۆنە بە زمانی جیاواز لەسەر خاکی کوردستان، دووبارە دەوڵەمەندیی مێژووی ئەم خاکە نیشان دەدات، کورد کە ئەمڕۆ نیشتەجێی ئەم خاکەیە وەک نەتەوە، ئیحتیمالی هەیە لە نەوەی یەکێک لەم گەلە کۆنانە بێت و زمانەکەشی بگەڕێتەوە بۆ یەکێک لەم زمانە کۆنانە. ئەگەر بەم شێوەیە ئەم مێژووە کۆنە بخوێنینەوە، بۆ مێژووی کۆنی کورد زیاتر سوودی دەبێت و لە دنیای ئەکادیمیش بەڕێزەوە لێمانی قبوڵ دەکەن.
بێگومان کورد پەیوەندیی لەگەڵ گەلە کۆنەکانی میزۆپۆتامیا هەیە، ئەمەش ئاساییە چونکە کورد لەمێژە نیشتەجێی ئەم خاکەیە، ئەگەر پەیوەندیی زمانی و فەرهەنگی هەبێت، ئەمانە دەبێ کەسێکی پسپۆری شارەزا بە زمانە کۆنەکان و بە میتۆدی زانستیی مێژووی کۆن لێی بکۆڵێتەوە و ساغی بکاتەوە، ئەمە کاری خەڵکێکی ناپسپۆر نییە، هەر کەسێک دوو کتێبی مێژووی کۆن بخوێنێتەوە و بانگەشەی ئەوە بکات ئەسڵ و ڕەچەڵەکی کورد و زمانەکەیم دۆزیەوە. بەتایبەت کۆنترین گەلی میزۆپۆتامیا کە سومەرییەکانن و بنیاتنەری یەکەم شارستانیەتن لە مێژووی مرۆڤایەتی، و داهێنەری یەکەم خەت بۆ نووسین لە مێژوودا، گرێدانی کورد بەم گەلە کۆنە و بەم میتۆدە نازانستیە، تەنیا مێژووی خۆمان ناشیرین دەکەین و لە ناوەندە ئەکادیمییەکانیش دەبین بە گاڵتەجاڕی خەڵک و جێگەی پێکەنین و نوکتەمان لەسەر دەکەن.

سوداد ڕەسووڵ




داڕشتنەوەی گوتار لە نێو سیستەمی دەرهێناندا.. شكۆ عومەر كاكەڕەش

شانۆیی (دادگەیێ شاهمارانێ) وەك نمونە

سەرنجێك
من كاری رەخنەگری بە پسپۆڕی خۆم نازانم، بەڵام چ ئەزموونی رابردووم و چ بڕوانامە و رشتەی خوێندنەكەشم رێگەی ئەوەم پێدەدات لەپاڵ كاری دەرهێنان و پراكتیكدا لەو كایەیەش كار بكەم، لەگەڵ ئەوەشدا لەسۆنگەی باوەربوون بە پسپۆڕی و رەخساندنی دەرفەت بۆ كەسانی پسپۆری بوارەكە، چەند ساڵێكە خۆم لەوە دەبوێرم لەبارەی نمایشە شانۆییەكانەوە بدوێم، بەڵام سەرئەنجام دۆخی پاشاگەردانی رەخنە و رەخنەسازیی نێوەندی شانۆی كوردی وادەكات مرۆڤ وەك ئەركێكی ئەخلاقی بێدەنگ نەبێت و لانی كەم ئەگەر دەرفەتی توێژینەوە و بەدواداچوونی قووڵیش نەبێت، بەڵام راكەڕاییانە سەرنجەكانی خۆی بخاتەڕوو. چونكە بەداخەوە ئەوەی ئەمڕۆ لەو نێوەندەدا دەگوزەرێت بێسەوادی و هەژاریی مەعریفییەكی قووڵ هەیە، بەپێچەوانەوە نوسین و پیاهەڵدان و شكاندنەوەی بەرهەمەكان بەپێی میزاجی تایبەت و نزیكیی و دووری دەرهێنەر لە نوسەری رەخنە و باكگراوندی حیزبی و شارچییەتی و بەخشینەوەی میدالیا و دەستەواژەی داهێنەر و داهێنان بە كەسانی ناشایستە، بوونەتە مۆركی ئەو نوسینە لاوازانەی كە ساڵانێكە بەرۆكی نێوەندەكەی گرتووە، بێگومان لەم دۆخەشدا نمایشگەلی گرنگ و جدی دەبن بەقوربانی و بەبێدەنگی تێدەپەڕن. بۆیە لە وەها دۆخێكدا نوسین و بێدەنگنەبوون دەبێتە ئەركێكی ئەخلاقی هەركەسێك كە سەروكاری لەگەڵ نوسیندا هەیە. هۆكاری ئەم دۆخەش روونە، كە بریتییە لە بێدەنگی نێوەندەكە بەگشتی و كەسانی پسپۆڕ بەدیاریكراوی.
گووتار بونیادی سەرەكی هەر بەرهەمێكی هونەری-ئەدەبییە و مومكین نیە بەبێ ئامادەیی گووتار هیچ بەرهەمێك بتوانێت بەردەوامی بەخۆی بدات، بەدرێژایی مێژوو ئەم چەمكە بۆچوونی فەلسەفی زۆر و جیاوازی لەبارەوە ووتراوە، كە رەنگە ئێمە لێرەدا بەخێرایی بەشێكیان بخەینەڕوو. (ئەفڵاتون) پێیوایە گفتوگۆ-دیالێكتیك ئامرازێكی سەرەكیە بۆ گەیشتن بە راستیی، بۆیە پێویستە گووتار گوزارشت بێت لە گفتوگۆی قوڵ بۆ گەیشتن بە مەعریفەی قووڵ. یاخود (ئەرستۆ) گووتار وەك بەشێك لە رەوانبێژی پێناسە دەكات كە بریتییە لە هونەری باوەرپێهێنان و بەجێهێشتنی كاریگەری لەسەر وەرگر ئەویش لەسەر ئاستەكانی ئەخلاقی و سۆزداری. جەستە لە قۆناغە جیاوازەكانی دەركەوتن و گەشەسەندنی دراما لە گریكی كۆندا بوو بە ئامرازێكی راستەوخۆ و ناوەندگەرا لە فۆرمەلەكردن و پێكانی گووتاردا، كە لەسەر بنەمای تێگەیشتنێكی تایبەت لە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و خواوەندەكانەوە بونیادنرا و بووە گووتارێك بۆ گوزارشت لە ئاهەنگە ئایینی و سرووتە بەكۆمەڵەكان. فەیلەسونی فەڕەنسی (مێشێل فۆكۆ)ش گووتار پەیوەست دەكاتەوە بە دەسەڵات و خۆسەپێنی و بە ئامرازێكی بنەڕەتی ئەو سیستەی لەقەڵەم دەدات. میشیل فۆكۆ دەڵێت سەبارەت بە بەندینخانە هیچ مانایەكی نیە ئەگەر تەنها پشت بەو گووتارانە ببەستین كە سەبارەت بە بەندینخانەكان نوسراون، بەڵكو ئەبێ بایەخ بەو بڕیار و پەیڕەوە ناوخۆییانەش بدەین كە لەلایەن ئەو خەڵكانەوە داڕێژراون كە لە ناو ئەو دەزگایانەدا ژیاون و بەڕێوەیان بردوون. (ژاك دریدا)ش لە سیاقی تێكستدا مامەڵە لەگەڵ گووتاردا دەكات و لە میتۆدە فەلسەفییەكەی خۆیدا كە میتۆدی (هەڵوەشاندنەوە)یە پێیوایە گووتاری تێكست هەڵگری فرەمانای ناجێگیرە و پێویستە هەوڵ بۆ ئاشكراكردنی مانا دژ و فرەكانی بدرێت. ستراتیژییەتی (دریدا) بەشێوەیەكی گشتی تیشك دەخاتە سەر هەڵوەشاندنەوە و بەش بەشكردنی دەربڕین و گریمانە فەلسەفییەكە و ئینجا دووبارە پەرەپێدانی ئەو بوونیادە هاوبەشەی كە ئەو دەربڕین و گریمانانەی لەسەر دانراوە . هەروەك دیدە فەلسەفییەكەی (رۆلان بارت)یش تیشك دەخاتە سەر گووتار و بەرێگەیەكی شیكاری رەخنەییەوە بۆی دەڕوانێت، كاتی جەخت لەسەر چۆنیەتی بونیاتنانی مانا و فۆرمی زمانەوانی لە تێكستدا دەكات، بەبۆچوونی (بارت) گووتار تەنها كاری ئەوە نیە مانا و ئاماژەكان بگەیەنێت بەڵكو پانتاییەكە بۆ دەسەڵات و كاریگەییەتی بەسەر چواردەوری خۆیدا، بۆیە لە دیدە فەلسەفیەكەی خۆیدا كار بۆ دەرخستنی ئەو تێگەیشتنە دەكات كە لە رێگەی گووتارەوە شوناس و مەعریفە و دەسەڵاتی كاریگەر پانتایی خۆیان وەربگرن. دواجار لەم خستنەڕووەدا هەرچەند خێراش بێت بەڵام ناكرێ خۆمان لە دیدە فەلسەفییە قوڵەكەی (فریدریك نیتشە) ببوێرین و ئاماژەی بۆ نەكەین، (نیتشە) گووتار بەو جۆرە دەبینێت كە دەكرێت خۆی لە خۆیدا ببێت بە هونەرێكی باڵا، بەڵام پڕاوپڕ لە زیندویەتی و داهێنان، هەروەك بانگەشەی ئەوەی دەكرد پێویستە گووتاری ئەكادیمی ووشك تێپەڕێندرێت لەپێناو گووتارێكی كاریگەر و پڕ لە زیندوویەتی، بەگشتی (نیتشە) باوەڕی وایە كە ناكرێ گووتار گوزارشت لە حەقیقەتی رەها بكات، بەڵكو ئامرازێكە مروڤ هانای بۆ دەبات بۆ دانانی كاریگەری لەسەر واقع و یاریكردن پێی. رەنگە بابەتی بەرجەستەكراوی سەر تابلۆیەك سەرساممان بكات، دووچاری شڵەژانمان بكات، سەرقاڵمان بكات، وەك ئەوەی كاتێك دەبینین تۆڵەسەندنەوە و مەترسی ستایش دەكرێن، لێرەدا ئێمە چێژ و خۆشی لە هەلچوونەكەدا بەدیدەكەین، لەسەركەوتن بەسەر بێزاری بەدیدەكەین .
دەرهێنان ئەو كردە ئاڵۆز و قووڵەیە كە لەرێگەیەوە بونیادی نمایش و پانتاییە جیاوازەكانی دادەڕێژرێتەوە و تەواوی رەگەزە هاوبەشەكان رێكدەخاتەوە و لەوێوە وەكو سیستەمێكی دینامیكی سەرجەم پرۆسە هاوبەشەكانی دیكەی دەوروبەری لە بۆتەی خۆیدا دەتوێنێتەوە و پێكرا یەكەیەكی هاڕمۆنی دروست دەكەن بەنێوی نمایش. (دۆك سایكس میننگن) هەمیشە تەئكیدی لەوە كردووەتەوە كە پێویستە نواندن لە چوارچێوەی گروپدا بێت و فۆڕمێكی ئەوتۆی داڕشت بۆ یەكخستنی هەموو رەگەزەكانی وەك دیكۆر و جلوبەرگ و رووناكی و هەروەها ئەكتەریش لە چوارچێوەی یەكەیەكی هونەریدا، هەروەك (گۆردن گرەیك) پێیوایە كە ئەو رەگەزانە هەموو بەیەكەوە پەیوەستن و ناكرێت جودا بكرێنەوە . یەكگرتنی ئەم رەگەزانەش بێگومان لەو دووڕیانەدا دروست دەبێت كە پێی دەوترێت سیستەمی دەرهێنان. ئامانجی ستراتیژی لە هەموو نمایشێكی شانۆییدا بریتیە لە گۆڕینی تێكستی شانۆیی بۆ سیستەمێكی هاوئاهەنگ و تێكەڵكێش لە كارتێكەرە دەنگی و بینراوەكان . لە شانۆی مۆدێرنیش جگە لەو ئەركە بنەڕەتیانە، هاوكات كاری دیكەش خۆی خزاندوەتە نێو سیستەمی دەرهێنانەوە و گرنگترینیان داڕشتن و ئامادەكردنی گوتاری سەرەكی نمایشە، كە دواجار دەبێتە پانتایی بنەڕەتی دەرهێنەر تا لە رێگەیەوە پلان و ستراتیژیەتی چۆنیەتی پێكانی ئامانجەكانی خۆی وەك بونیادنەری یەكەمی نمایش دابرێژێت. جا ئەو داڕشتنەوەیە دەكرێت لەرێگەی یەكێك لە رەگەزە سەرەكییەكانی نمایشەوە بێت بۆ نمونە ئەكتەر، بەو جۆرە ئەكتەر پارێزگاری لە پێگەی سەنترالیزمییەتی خۆی دەكات و دەبێتە دروستكەری زیندووی مانا و دەلالەت لە رێگەی دەنگ و جووڵە و بەدیاریكراویش جووڵەی رووخسار و رەنگكردنی گووتار بەشێوەیەكی گشتی .
بوونی گوتاری روون لە نمایشدا ئاماژەیە بۆ حزوری دەرهێنەری بەئاگا لە پشتی نمایشەوە، چونكە دواجار لە رێگەی ئەو گوتارەیەوە موخاتەبەی ئەقڵی بینەر و كۆمەڵگای خۆی دەكات و هەموو كۆد و ئاماژە پێویستەكان دەنێرێت بۆ ئەویتری وەرگر. دەبینین (ها عەبدولعەزیز)ی دەرهێنەری شانۆیی (دادگەیێ شاهمارانێ) توانیویەتی گوتارێكی روون و مانادار و خاوەن ئامانج ئامادە بكات و دووبارە فۆڕمەلەی بكاتەوە و لەنێو سیستەمە دەرهێنانیەكەی خۆیدا دایبڕێژێتەوە و ئاڕاستەی بینەری بكات. ئەویش سەرەتا بە دەستبردن بۆ هەڵبژاردنی (میت)ێكی كۆنی نەتەوەی وەك شاهماران كە رەنگە تەمەنی سەدان ساڵ و زیاتریش بێت و دەماودەم گێڕدراوەتەوە. چونكە هەڵبژاردنی تێكست بەپێی بۆچوونی زۆربەی نوسەر و رەخنەگران بنەمای سەرەكی شكست یان سەركەوتنی نمایشی شانۆیە. لێرەدا دەرهێنەر كاتێ دەستی بۆ ئەو ئەفسانەیە بردووە بێگومان دوای داڕشتنەوەی لە فۆڕمی دەقێكی شانۆییدا لەلایەن نوسەرێكەوە كە بریتی نیە لە خودی دەرهێنەر. بەدڵنیاییەوە مەبەست و مانای شاراوەی خۆی هەیە و لە نمایشەكەدا ئەو مەبەست و ئامانجانە بەروونی دەركەوتن. چونكە وەك هەمووان دەزانین لەم ساڵانەی دواییدا هەوڵێكی بەرنامە بۆدارێژراو هەیە بۆ دزینی میتۆلۆژیای (شاهماران) لەلایەن دەوڵەتی تورك بۆ داماڵینی لە فۆڕمە كوردییەكە و بەتورككردنی. چونكە تاكو ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی رابردووش لانی كەم وێنەی (شاهماران) لە نێو زۆربەی ماڵی كوردیدا ئامادەیی هەبوو ئەویش یان لەسەر فەرشی هەڵواسراوی سەر دیوار یاخود لەسەر ئەو بۆكسانەی كە وەك گەنجینەی هەڵگرتنی كەلوپەلی نێو ماڵ بەكاردەهێنران و پێیدەوترا (بوراق)، ئەم ئامادەگییە رەمزییە وایدەكرد تاكی كورد ئەگەر لەسەر ئاستی وێنەسازی و فیگەریش بێت (شاهماران) بەبەشێك لە كۆنەستی گشتی نەتەوەدا بیبینێت و هەست بكات كە (شاهماران)ی نێو قووڵایی مێژوو، ئەمرۆ ئەگەر لەسەر ئاستی وێنەیەكیش بێت حزوری هەیە و لەگەڵیدایە. گووتار لێرەدا لەسەر ئاستی وێنە خۆی دەخاتەڕوو كە دەكرێ لێرەدا بە دیدی (جۆرج گادامیر) خوێندنەوە بۆ ئامادەیی گوتار بكەین كە لەرێگەی شیكردنەوە و تەئویلی وێنەوە بگەین بە كرۆكی گووتاری نمایش، ئەویش كاتێكە كەوا گووتار تێگەیشتنی هاوبەش دروست دەكات لەرێگەی تێكەڵبوونی ئاسۆكانەوە ئەوەش لە كارلێكی ئاسۆی شیكەرەوە و ئاسۆی تێكست-وێنەوە دێتە كایەوە. بەڵام ئەم ئامادەییە بە دیاریكراوی لە دوای ساڵانی دووهەزارەكانەوە بەتەواوی وون دەبێت، بۆیە دەبینین ئەمرۆ كەمترین وشیاری دەربارەی ئەو میتۆلۆژیا گرنگە نەتەوەییە لە نێو نەوەی تازەی گومەڵگادا هەیە، ئەمەش وایكردووە دزینی ئەو ئەفسانە گرنگەی كورد لەلایەن دەوڵەتی سیستماتیكی توركەوە ئاسانتر بێت. (میشێل فۆكۆ) پێیوایە دەكرێ گووتار ئامرازێكی گرنگ بێت بۆ دەسەڵات و قۆرخكاری و بەكاریش دەهێنرێت بۆ كۆنترۆڵكردنی فكر و بیركردنەوەی مرۆڤ. جارێكی تر دەتوانێ هەموو ئەو شتانەی كە بەهۆی جیاوازییەكەوە لێیدووركەوتوونەتەوە بەدەستیان بهێنێتەوە، بیانگرێتەوە خۆی و بیانخاتە ژێر ركێفی خۆیەوە لە ئەوانەدا مەڵبەندێك بدۆزێتەوە . دروست وەك ئەو كردەیەی دەوڵەتێكی وەكو توركیا كە لەسەر ئاستی (میت)ە كوردییەكان پیادەی دەكات. هەمووانیش كۆكن لەسەر ئەوەی كە نەتەوە بەبێ بوونی میتۆلۆژیا و ئەفسانەكانی رابردووی خۆی ناتوانێ لە ئێستا و داهاتوودا حزوری هەبێت. بۆیە دەبینرێت كاتێ دەرهێنەر ئەم بابەتە دەكات بە ماتریالی نمایشەكەی، لە رێگەیەوە دەیەوێت بینەر دادگایی بكات كە خەریكە بوونی خۆی لە رابردوو وون دەكات! وا نەتەوە دژەكەی كە لە لەوپەڕی فاشیەتدا سەدان ساڵە دەیسڕێتەوە، رابڕدوو بۆ خۆی دەبات ئەویش لەرێگەی دزینی ئەفسانەكانیەوە كە بونیادی نەتەوەیی تێدا دارێژراوەتەوە. ئەم هەوڵەی دەرهێنەر لەو دیمەنەدا دەگاتە ترۆپك كاتێ كەسایەتی نوسەر لەسەر ستەیج دێتە خوارەوە لە بینەر نزیكتر بێتەوە تا لەپەنا گوێیدا پێی بڵی بەئاگاوەرەوە و فریای رابردووی خۆت بكەوە، كاتێكیش هیچ بەرپەرچێك لە بینەر نابینێت بەوپەڕی شكستەوە هۆڵی نمایشەكە بەجێدەهێڵیت و دەڕواتە دەرەوە. لێرەشدا دەكرێ دیدێكی (سارتەر)یانە بە گوتار ببەخشین كە ئەو باوەڕی بە ئەدەب و هونەری پابەند هەیە كە پێویستە بەردەوام لە هەر قۆناغێكدا بێت رۆڵی كاریگەری كۆمەڵایەتی و سیاسیی خۆی بگێڕێت، بەوەی كە دەبێت ببێتە ئامرازێك بۆ گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی و سیاسی لەو واقیعەی كە تێیدایە، هەروەك خودی خۆشی ئەو بۆچوونەی كرد بە بنەما بۆ كاركردن كاتێ دەبین ئەدەبەكەی خستە خزمەت جەختكردنەوە لەسەر چەمكەكانی ئازادی و دادپەروەری و سەربەخۆیی و لێپرسراویەتی تاكەوە. ئەگەرچی رەنگە ئەو دیمەنەی كە باسمان كرد بونیادی هونەری و تەكنیكی نواندنی هێندە باڵا نەبێت و زیاتر پشتی بە تەكنیكی سادەگۆیی و راستەوخۆیی بەستبێت، بەڵام دواجار بە تەواوی لە خزمەتی گوتاری نمایشدا بوو و بووە زەنگێك بۆ بینەر-كۆمەڵگا. بۆیە بۆ خوێندنەوەی ئەم هەوڵەی دەرهێنەر دەتوانین چەمكی (مەبەستداری)ی فەیلەسۆفی ئەڵمانی (ئیدمۆند هۆسرڵ) بەكاربهێنین كە یەكێكە لە چەمكە بنەڕەتییەكانی ئایدیا فەلسەفییەكەی و پێیوایە مەبەستداری بریتییە لە ئاگایی، هەمیشە ئاگاییەكە بە شتێكی دیاریكراو، بۆیە گووتاری نمایش دەكرێ لەم دیدگایەوە بخوێندرێتەوە كە بریتییە لە ئامرازێك بۆ ئاڵوگۆڕكردنی نیازی دەرهێنەر-نوسەر بۆ ئەزموونێكی مەلموس لەسەر تەختەی شانۆ و لەوێشەوە ببێت بە پردێك بۆ گەیاندنی مانا و واتا شاراوەكانی پشتی نیازی دەرهێنەر بە بینەر.
هەر لە دیمەنی سەرەتاوە بینەر بەر هەوڵەكانی دەرهێنەر بۆ داڕشتن و دامەزراندنی گووتارێكی روون دەكەوێت كاتێ دەبینین كاركردن لەسەر كۆمەڵێك سرووتی كۆنی ئاهەنگئامێزی كوردی و ماتریاڵی وەك خاكەناس و بەرد و ئاگر و دەنگبێژی و یاریی ناوچەیی دەبێت بە دەستپێكی نمایش، ئەم كاركردنە ئاماژەی ئەوە دەداتە بینەر كە پێویستە خۆی بۆ بەركەوتنی گووتار و ئەتمۆسفێری كوردی ئامادە بكات. لە دیمەنی دواتردا ئەم هەوڵە روونتر دەبێتەوە و تەنانەت دەگاتە پلەی كامڵبوون كاتێ دوو ئەكتەر وەك نوێنەرایەتی دوو جەمسەر لەرێگەی دوو شمشێری ئاگراوییەوە دەكەونە ململانێی یەكترەوە و یەكێكیان ئەویتر لەناو دەبات، ئەمیش بە سوودوەرگرتن لە ماتریالی ئاگر كە لە كۆنەستی كوردیدا هەڵگری مانا و دەلالەتی قوڵترە بە گەڕانەوە بۆ ئەفسانەكانی پێشووی.
دەرهێنەر دەیەوێت لە رێگەی ئامادەگی دەنگ و ستران و لاوك و هەلهەلەوە، بینەر بباتەوە ناو مێژوو كە تاكی كوردی هەمیشە دەنگ و دەنگبێژی وەك ئامرازێكی مانەوەی خۆی بینیووە، لێرەشدا بۆ دامەزراندنی گووتاری نمایش دەرهێنەر بەدروستی سوودی لەو ئامرازانە وەرگرتووە و لەناو سیستەمە ئیخراجیەكەیدا هونەرییانە دایڕشتوەتەوە.
هەر لە چوارچێوەی گوتاردا دەرهێنەر (ها عەبدولعەزیز) ووردی كار لەسەر رەخنەكردنی دەسەڵات دەكات بەڵام گرنگی ئەو هەوڵە لەوەدایە بەبێ پەنابردن بۆ جنێو و سوكایەتی و تەكنیكی راستەوخۆیی ئەنجامی دەدات، كە بەداخەوە لەم ساڵانەی دواییدا هانابردن بۆ بەكارهێنانی جنێو و وشەی بازاری بەبیانوی رەخنەكردنی دەسەڵات و سیستەم بەجۆرێك زاڵ بووە بەسەر بەشێك لە نمایشەكاندا كە لە كۆتاییدا تەواوی تەكنیك و ئاست و بەها هونەرییەكەی كردووە بە قوربانی و نمایش زیاتر وەك پانتاییەكی سادەگۆیی و دروشمبازی دەركەوتووە. بەڵام لە شانۆیی (دادگەیێ شاهمارانێ) بە داڕشتنەوەی كەسایەتی دادوەر بەشێوەیەكی تێكشكاو و بێئاگا و بەخشینی فۆڕمێكی هەزەلی و گاڵتەجاڕانە بەتایبەت لە رووی دەنگ و جەستەوە، هەروەها نیشاندانی كەسایەتی (پۆلیس-پاسەوان)ی دەسەڵات بەشێوەی گاڵتەجاری و پێكەنیناوی، بێگومان ئەمەش بەسوود وەرگرتن لە ئەكتەری خاوەن جەستەی ئامادە و نەرمونیانی وەك (عومەر عادل و مستەفا رێبەر و ئاراس) دەرهێنەر توانی لە فۆڕمێكی هونەری باڵادا توندترین رەخنە لە دەسەڵات بگرێت و پێیان بڵێت تاوانی ئێوە زۆر لەو خەڵكە زیاترە كە ئەمرۆ ناتوانن رابردووی خۆیان بناسنەوە.
كاركردن لەسەر دورستكردنی شوناس بۆ شانۆ لە كوردستان ساڵانێكە بە تەواوی پەراوێز خراوە، ئەوەی كە هەیە شانۆ لە پێناو شانۆدا دەكرێت، دەردی كوشندەی شانۆكەی ئێمە نەبوونی فۆڕم و شوناسێكی نەتەوەیی-كلتوریی كوردییە لە نمایشەكانمان، دەرهێنەر لە (دادگەیێ شاهمارانێ) زۆر بەڕوونی لە زاری كارەكتەرێكەوە ووتی من چی لە شكسپیر و تۆڵستۆی و …هتد بكەم لە كاتێكدا خۆم تائێستا نەمتوانییوە شوناسێك بۆ خۆم دیاری بكەم لەگەڵ ئەوەی خاوەنی دەوڵەمەندترین باكگراوندنی كلتوری و كەلەپوری و مێژوویم بۆ ئەوەی بتوانم بیكەم بە ماتریالی بەرهەمە هونەرییەكانم؟! جەدەلیەتی جیهانیبوون و لۆكاڵییەت لەمێژە هەیە بەوەی كە بەرهەمی هونەری لە لۆكاڵیەتەوە دەچێتە قۆناغی جیهانیبوون یان بەپێچەوانەوە، بێگومان ئەوەی یەكەمیان راستە كە پێویستە سەرەتا كار لەسەر لۆكاڵییەت بكرێت بۆ ئەوەی ببین بە جیهانی. بۆ ئەم باسە ئەزموونێكی زیندووی خۆم بە نمونە دەهێنمەوە ساڵی 2019 بەرەسمی وەك كوردێك لەگەڵ هاوڕێیەكی شانۆكار بەشداربووم لە وۆركشۆپێكی یەك مانگەی شانۆكاری جیهانی (ماریۆ بیاجینی) كە ساڵانێك هاوكار و یاریدەدەری سەرەكی (جیرزی گرۆتۆفسكی) بوو لە بەرهەمەكانی كۆتاییدا، سەرەتا بۆ ئەوەی لە رووی كلتورییەوە خۆمانی پێ بناسێنین داوای لێكردین هەریەكەو دیمەنێكی پێشكەش بكەین، هاوڕێكەم دیمەنێكی شانۆیی (كالیگۆلا)ی پێشكەش كرد كە دوا بەرهەمی ئەوكاتەی بوو، منیش دیمەنێكم لە یەكێك لە نمایشەكانی تیپی شانۆی ئەزمونگەری كەركوك پیشكەش كرد كە لە رابردوودا خۆم نواندنم تێداكردبوو بریتی بوو لە پێرفۆرمانسی (هاملێتی كەركوك) دەرهێنانی نیهاد جامی بوو و تێیدا كار لەسەر سرووت و گاتاكانی زەردەشتیەت كرابوو بە گریمانەی ئەوەی ئەگەر هاملێت كەركوكییەكی زەردەشتی بوایە چی روویدەدا! دوای پێشكەشكردنی هەردوو دیمەنەكە، دانیشتین و (ماریۆ) بەووردی گفتوگۆی لەگەڵ كردین و پێی ووتین (كالیگۆلا) و هەموو تێكستە جیهانییەكان هیچ بە ئێوە نابەخشن و ناتوانن لە رێگەیانەوە ببنە خاوەنی شانۆییەك بەشوناسی كوردییەوە، ئێوە پێویستە بگەڕینەوە بۆ كلتورە دەوڵەمەندەكەی رابردووی خۆتان، ئێوە دەبێت زیاتر لە زەردەشتیەت و سرووتە ئاینی و كۆمەڵایەتی و كلتورییەكەی خۆتانەوە هونەر دروست بكەن و فۆرمی تازە بدۆزنەوە، ئێوەی گەلانی زاگرۆسی خاوەنی میراتی ئایینە میترایی و یارییەكانن كە سەرچاوەی داهێنانی زۆربەی تیۆریستە گەورەكانی ئەوروپان. كلتوری رۆژهەڵات بەگشتی بۆ ئێمەی رۆژئاوایی گەنجینەیەكی لەبن نەهاتووە، چ جای بۆ ئێوە خۆتان. من لەو ئەزموونەوە بەتەواوی گەیشتم بەوەی كە ئێمە تاكو چیخەف و شكسپیر و ئیپسن و سۆفۆكلیس و هەموو ئەدەبیاتی جیهان لە ناو كلتووری كوردبووندا نەمرێنین و دووبارە (ڤانیا)ی كوردی و (ماكبێس)ی كوردی و (نورا)ی كوردی و (ئۆدیب)ی كوردی دروست نەكەین ناتوانین ببین بە خاوەنی شانۆییەكی بە شوناس كوردی و لە نێوەندە جیهانییەكاندا نوێنەرایەتییەكی راستەقینەی خۆمان و كلتورە دەوڵەمەندەكەمان بكەین، هەڵبەتە ئەمە بانگەشە نیە بۆ ئەوەی ئێمە تەنها بە كوردی نمایشەكانمان پێشكەش بكەین، یان بێین جامانە و جلی كوردی و كڵاش لەبەر ئەم كەسایەتیانە بكەین و بڵیین تەواو ئیدی بووین بە خاوەن شوناسی كوردی، نا بەپێچەوانەوە دەكرێت ئێمە (ئۆدیب)ێكی كوردی بخوڵقێنین بەبێ ئەوەی یەك ووشەی كوردیش لەزاری بێتەدەر. بۆ دروستكردنی شانۆییەكی كوردی پێویستە (هاملێت)ێك بە بینەری كوردی نیشان بدەین كە هەست بە ئازارەكانی خۆی بكات لە بینینیدا، كلتوری تاكی كورد لەنێو تێكستە زیندوەكانی جیهان لە سەر تەختەی شانۆ بە بینەری كورد نیشان بدەین، دروست وەك ئەوەی كە لە شانۆیی (دادگەیێ شاهمارانێ)دا، روویدا كاتێ بینەر لەگەڵ سات بەساتی نمایشدا كارلێك دەكات و خۆی تێدا دەبینێتەوە و چێژ لە باڵایی ئاستی هونەری دەبینێت چ لە نواندن یان رەگەزەكانی دیكەی وەك روناكی و موزیك و دەنگ و جلوبەرگ و تەواوی پێدراوەكانی سەر شانۆ. بینەر لێرەدا بەردەوام ئاسۆی بێشبینییەكانی تێكدەشكێنرێت لەلایەن دەرهێنەرەوە ئەویش لە رێگەی تەكنیكە جیاوازەكانی نواندن و دەرهێنان و رووناكییەوە كە بەووردی كاری لەسەر كراوە و لێناگەڕێ بینەر بۆ ساتێك جڵەوی رووداوەكان بكات و پێشبینییەكانی زاڵ بن بەسەر رووداوەكانی نمایشدا و بەردەوام سوپرایزی نوێ دێنێتە كایەوە. ئەمەش سەلیقەی دەرهێنەر دەردەخات كە چۆن شیكاری بۆ هەموو لایەنەكانی كۆمەڵگاكەی كردووە و دەزانێت چی پێشكەش بە بینەرانی جۆگرافیاكەی خۆی دەكات. شانۆی كوردی پێویستە كار بە فەلسەفەی هەڵوەشاندنەوەی (جاك دریدا) بكات كاتێ كار لەسەر میتۆلۆژیایەكی وەك ئەفسانەی (شاهماران) دەكات بۆ ئەوەی رەهەندە میتۆلۆژییەكەی لێ دابماڵێت و فرەماناییەكەی بدۆزێتەوە و لە فۆڕمێكی شانۆییدا دووبارە دایبڕێژێتەوە، چونكە ئەو پێیوایە گوتار-زمان-تێكست ناتوانێ مانای كۆتایی و جێگیر ببەخشێت بەبێ هەڵوەشاندنەوەی سەنتەراڵیزم و دووبارە بەخشینەوەی مانا دژ و ناجێگیرەكان. كە دواجار دەكرێت ئەم كاركردنە بمانباتەوە سەر تێگەیشتنە فەلسەفیەكەی (هابرماس) كە لە میانی چەمكی (كردەی پەیوەندیگرتن) پێیوایە گووتار دەتوانێت ببێتە ئامرازێك بۆ پەیوەندیگرتن و كاركردنی دەستەجەمعی هاوبەش، ئەو پێیوایە گووتارە نمونەییەكان پێویستە ئازاد بن لە هەر چەوساندنەوە و قۆرغكارییەك و دەبێت هەوڵ بدات بۆ گەیشتن بە تێگەیشتنێكی لۆژیكی هاوبەش، ئەویش لە رێگەی گفتوگۆی كراوە و راشكاوانەوە.
بۆیە دواجار دەگەینە ئەو بڕوایەی كە دەرهێنەرێك دەتوانێت گووتاری تۆكمە و روون دابڕێژێت و لە سیستەمەكەیدا جێیبكاتەوە كە خاوەنی دنیابینی تایبەت بە خۆی بێت و (ها عەبدولعەزیز) لە شانۆیی (دادگەهێ شاهمارانیێ) توانی ئەو ببێتە خاوەنی ئەو گووتارە روون و تۆكمەیە.

شكۆ عومەر كاكەڕەش
ماستەر لە دەرهێنانی شانۆیی

سەرچاوەكان:

  1. حسن عبود النخيلة. خطاب الصورة الدرامية. دار الفكر للنشر والتوزيع، البصرة، 2013، ط1، ص 15.
  2. ئازاد بەرزنجی. لاپەڕە پەرشەكان. دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چ 1، كوردستان-سلێمانی، 2005.
  3. د. جبار حسين صبري. عدم/عقل. منشورات مهرجان بغداد لمسرح الشباب العربي/ الدورة الاولى، بغداد، 2012، ص 288.
  4. فریدش نیچە. مرۆڤانە زۆر مرۆڤانە. و: رێبین رەسوڵ ئیسماعیل، بەرگی دووەم، ناوەندی فێربوون، 2020.
  5. الكسندر دين. اسس اخراج المسرحي. تر: سعدية غنيم، المجلس الاعلى للثقافة، القاهرة، 1982. ص 41.
  6. د. نبيل راغب. فن العرض المسرحي. مكتبة لبنان ناشرون، لبنان، 1996 ص 79.
  7. د. نديم معلا. لغة العرض المسرحي. دار المدى للثقافة والفن، بغداد، 2004، ص30.
  8. د. كەمال میراودەلی. زانین و دەسەڵات خوێندنەوەی فۆكۆ وەك خۆی. چاپخانەی رەنج، چ1، 2004.



زانکۆی بێ فەلسەفە هزرهەژارە.. ئازاد حەمە

دەستپێک: غەدرکردن لە فەلسەفە

بەرتەسککردنەوەی بازنەی بیرکردنەوەی فەلسەفیی لە زانکۆ غەدرێکە لە فەلسەفە دەکرێت، کە دەشڵێین زانکۆ، مەبەستمان مامۆستا و خوێندکاری زانکۆیە، کە هەردوو پێکەوە لە ئێستادا ئەو غەدرە لە فەلسەفە دەکەن. ناشكۆمەندیشە بۆ زانکۆ، یان نێوەندی ئەکادێمیی، غەدر لە فەلسەفە بکات. بە گشتی غەدر هەڵەیە و بەشێکیشە لە خراپە و قسەکردنیش لەبارەیەوە دەچێتە خانەی فەلسەفەی ڕەوشتەوە. واتە لە کۆتاییدا ئەوەی غەدرمان بۆ شرۆڤەدەکات هەر خودی فەلسەفەیە. ئەی باشە فەلسەفە دەبێت چۆن قسە لەو غەدرە بکات لە خۆی دەکرێت؟
فەلسەفە بەخۆی دژە غەدرە، کەچی دەبینین بە ئاشکرا لە زانکۆکانی هەرێمدا غەدریلێدەکرێت. باشە بۆ ئەم غەدرە لە فەلسەفە دەکرێت؟ ئەم پرسیارە تا ئەندازەیەکی زۆر گرنگترین پرسیاری ئەم نوسینە کورتەیە و هەوێنی نوسینەکەشە. بڵێسەی غەدر ناهەمواری دێنێت و شكۆمەندییش تێکدەدات. بەکورتی لەبەر ئەو غەدرەی لە زانکۆکانی هەرێم لە فەلسەفە دەکرێت، فەلسەفە جێپێی لێژە. هەر ئەوەشە، کە ناحەزانی فەلسەفە دەیخوازن. ئەو دەمەش غەدر لە فەلسەفە دەکرێت پرسیاری فەلسەفیی، کە کرۆکی فەلسەفە پێکدێنێت، سەریلێدەشێوێت.
ئەوە فەلسەفەیە مانا بە واتای پرسیار دەدات، وا لە پرسیار دەکات لە بەرتەسکیی دەربازیبێت. فەلسەفە ئەمە دەکات، چونکە شوێنی بەرهەمهێنانی هزرە. بۆیە وشەدانی ئەم نوسینە بەجۆرێک ئاقاروەردەگرێت، کە زانکۆی بێ فەلسەفە زانکۆیەکی هزرهەژارە. لێرە بەگشتی قسە لە زانکۆ دەکرێت و جارجارەش قسەکردنەکە بە دۆزی زانکۆ لە نێوەندی ئەکادێمی کوردی تایبەتدەکرێت. لەبەرئەوە سەرنجدەخەینە سەر زانکۆ و فەلسەفە، چونکە فەلسەفە لە زانکۆدا وادەکات خوێندکاران ئامرازگەلی جیاواز بۆ گەیشتن بە دید و تێڕوانیینەکانیان بەکاربەرن و رۆڵببینن لە بەرینکردن و بەچۆنایەتیکردنی بیرکردنەوەکانیان و خۆشیان لەسەر ڕاڤەکردن و ئامانجی تۆکمە و فرەڕەهەند ڕابێنن.
هەر لێرەدا دەپرسین:ئێمە پرۆژەی فەلسەفییمان هەیە؟ ڕەنگە زانکۆ دروستکەری پرۆژە فەلسەفییەکان بێت و بشکارێت دەستەبژێری رووناکبیریی لە کۆمەڵگەدا دروستکات،لێ زانکۆ ناتوانێت بمانکاتە فەیلەسوف. بۆیە لێرەدا دەکرێت پرسیارێک ڕووبەڕووی خوێنەری ئەم نوسینە بکەینەوە: چۆن دەبینە فەیلەسوف؟ بۆیە وادەڵێم،چونکە باوەڕم بەوەیە زانکۆ ئەو کارە ناکات. زانکۆ کارگەی بەرهەمهێنانی فەیلەسوف نییە. بوونە فەیلەسوف پرۆسەیەکی ئاڵۆز و دژواریی هزریی و تێڕامانییە و دۆز و هەلومەرجی خۆی هەیە. لەبەرئەوە ئەم نوسینە باوەڕی بەوەیە، کە کێشەی فەلسەفیی زانکۆکانمان تەنها کێشەی خودی زانکۆکان نییە، تەنها بە خوێندنی باڵاوە گرێدراو نییە. کێشەی فەلسەفە کێشەی هەموانە، بە تاک و کۆمەڵگەوە. ئەم کێشەیەش تەنها پەیوەندی بە کردنەوەی بەشی فەلسەفە و داخستنی ئەم بەشەوە نییە لە زانکۆکان. کێشەکە پەیوەندی بەچۆنیەتی مامەڵەوەیە لەگەڵ فەلسەفە وەک بوارێک لە بیرکردنەوە و تێڕامان، بە چۆنیەتی دیالۆگکردن لەگەڵ کولتووری دەرەکیی و کرانەوە لەبەردەم شارستانیەکانیتردا.
خواستی فەلسەفە خواستێكی كەسیی نییە، خواستە بۆ پەرەدان بە دەركەوتن و باڵاخستنی بیركردنەوە و تێڕامانی فەلسەفیی لە نێوەندی ئەكادێمیدا. ئەمە وادەکات فەلسەفە بكارێت هزر و هۆشیاری تازە لە نێوەندی ئەكادێمی و كۆمەڵگەدا بڵاوبكاتەوە. ئەم بەشە هزرییە،كە ڕووییەكی شارستانی و عەقڵی گشت نەتەوە و كۆمەڵگەیەك نیشاندەدات، کە دێتە ناو زانکۆوە وادەکات مامۆستا و خوێندکار خۆیان لە قەرەی بابەتگەلی فرەئاڕاستە و نەخەمڵیو و سەیروسەمەرە بدەن و دەرفەتی تێگەیشتن لە بوونی مرۆڤ و ڕوانینی ئەم مرۆڤە بگۆڕن. ئەمەش بۆ ئەم چرکەساتەی کۆمەڵگەی ئێمە پێویستە. کەواتە بۆ ئەوەی کۆتای بە غەدرکردن لە فەلسەفە لە زانکۆ بهێنرێت، دەبێت زانکۆ ببێتە شوێنێک بۆ دروستکردنی ڕوناکبیریی فەلسەفیی. ئەم روناکبیرییە فەلسەفییەش ناکرێت تەنیا خۆی لەناو زانستە مرۆییە کۆمەڵایەتییەکاندا قەتیسبکات و دۆزی زانکۆش واپێویستدەکات فەلسەفە پەلبهاوێژێ بەرەو بەشەكانی كۆلێژە زانستە سرووشتیەكان(پزیشکی، فیزیك، بایۆلۆژی، ماتماتیك، كۆسمۆلۆژی، فەلەكناسی، فەلسەفەی كوانتۆم، ئابووری، جوگرافیا، جیۆلۆجی، كیمیا و …) و لەوێشەوە بەرەو فەلسەفەی جێندەر، فێمینیزم، ژینگە و یاسا و جوانیناسی و…..
لەو سۆنگەیەشەوە ئەوە دەڵێین، هەرکە فەلسەفە هاتەناو زانکۆوە دەکارێت ببێتە پلاتفۆرمێك بۆ گەشەپێدانی ئەكادێمی (سەنتەری پەرەپێدانی هزری ئەكادێمی) لە زانكۆ. لەڕێگای ئەو نێوەندەشەوە دەكرێت گەشەبدرێت بە چەند لایەنێک: دروستكردنی داتاباسێك(كتێبخانەیەكی ئەلەكترۆنی) تایبەت بە هزری جیهانی، هاوچەرخكردنی ئاڕاستەكانی وانەوتنەوە، بنەمادانان بۆ بەها ئەكادێمییەكان، وتنەوەی بابەتی بیركردنەوەی ڕەخنەیی، بیركردنەوەی لۆژیكیی، بیركردنەوەی گوماناویی و بیركردنەوەی داهێنانیی، دروستكردنی نێوەندێكی هزریی بۆ ڕاڤەكردن و دیالۆگی ململانێكان، میوانداریكردنی بیرمەند و روناكبیرە نێودەوڵەتیەكان و سازكردنی كۆنفرانس و مێزگردی هزریی گلوباڵ. هەموو ئەوانەش پێویستی بە مامۆستا و خوێندکاری زمانزان و هزرکراوە و ئاشنا بە تازەگەرییەکانە. لێرەوە ‌غەدر لە فەلسەفە لە زانکۆ ڕوو لە ئاوابوون دەنێت.

هەتیبوونی زانکۆ

فەلسەفە دایکی زانینەکانە لە زانکۆ، کەواتە زانکۆی بێ فەلسەفە هەتیوە(بی دایکە) و پەیوەندی نێوان فەلسەفە و زانکۆش وەک پەیوەندی نێوان دایک و خێزان وایە. چەوسانەوەی دایک بە مانای چەوسانەوەی گشت خێزانەکە دێت و هەتیبوونی زانکۆش تەنها بەهۆی بێ شوێنکردنی فەلسەفە و سڕینەوەی لە ئەندێشەی زانینی ئەکادێمیدا دێت. فەلسەفە لە زانکۆ، فێربوون بە گشت پسپۆرییەکان دەدات و واش لە زانین دەکات بیربکاتەوە. بەم جۆرە، فەلسەفە،کە دەکەوێتە ناو زانکۆوە لۆژیک و رەوشت شانبەسانی بوونناسی و بیرکاری لێکدەئاڵێن و یەکترتاودەدەن.
لە نێوەندی ئەکادێمیدا، کە فەلسەفە ووندەبێت خێزانی ئەکادێمی دادەڕمێت. نەمانی فەلسەفە لە زانکۆ نەمانی دایکە. کاتێک زانکۆ فەلسەفە دەخاتە دەرەوەی خۆی، بەوە زانکۆ هەتیو دەبێت. هەتیوبوونی زانکۆ گەورەبوونیەتی بەبێ دایک(سەرپەرشتیار)، ئەو دایکەی شتی فێردەکات. هەروەک مردنی دایک، کە بە کەسی تر جێگایپڕنابێتەوە، فەلسەفە لە زانکۆ، کە نەما زانینی تر جێگای ناگرێتەوە، چونکە توانای فەلسەفەیان نییە و تامی فەلسەفەش نادەن. ناوی فەلسەفەش لە زمانەکاندا(بۆنموونە لە فەرەنسی، ڕووسی،عەرەبی….و) مێیە،ئەمە نیشانەیە لەسەر هێزی بەرهەمهێنان لە فەلسەفەدا و هەستی دایکبوونەکەشی. لەبەرئەوە فەلسەفە وادەکات لەو زانینە بکۆڵینەوە زانکۆ دەمانداتێ.

فەلسەفە گەڕۆکە، بێ زێدە

فەلسەفە پەیگیرییە (بەدواچوونە) بۆ شتێک، کە هێشتا نییە، نیمانە، نەهاتووەتەدی. شتێک جارێ لێرە نییە، لەوێیە. لێرە نییە و دەچین بۆ ئەوێ تا بیدۆزینەوە. فەلسەفە تەقەلایەکە بۆ دۆزینەوە، ئەمەش بەو واتایەدێت، کە فەلسەفە گەڕانە بەدوای شتێکی بزر و وون دا.
چۆن فەلسەفە بەو وونبووە دەگات؟ ئەڵبەتە بە گەڕان و پشکنین، کە دواتر بە دۆزینەوە کۆتایدێت. هەروەها بە پرسیار و لێپێچینەوە لە گشت شتەکان. لەبەرئەوە کاتێک فەلسەفە دەپرسێت تەنیایی چییە ئەمە بۆ ئەوە دەکات تا لە سۆراغی وەڵامێکدا بێت بۆ چەمکی تەنیایی. کەوتنە سۆراغی شتێک هەوڵدانە بۆ پەیداکردنی ئەو شتە، دۆزینەوە و بەدواگەڕان بۆ ئەو شتە. فەلسەفە کاتێک دەپرسێت بۆ دەبێت ڕەوشت هەبێت دەخوازێت بەدوای وەڵامێکدا وێڵبێت بۆ ئەم پرسیارە. ئامرازی سەرەکی لەم گەڕان و سۆراغپرسینەش بیرکردنەوەیە. ئەم شێوازەش لە بیرکردنەوە بۆ زانکۆ گرنگە و پێویستی مامۆستا و خوێندکارە لەیەککاتدا.
وێڕای ئەوە، لەناو فەلسەفەدا وێڵبوونێک بوونی هەیە. راستە وێڵبوون سەرگەردانییە، لێ گەڕانیشە بەدوای ئەوەی وونە. دیارە دوای پرۆسەی گشت گەڕانێکیش کردەی دۆزینەوە لەدایکدەبێت. واتە ئەوە دەدۆزینەوە، لێمان بزرببوو، کە وێڵببووین بەدوایدا. کاتێک وێڵدەبین بەدوای شتێکدا، ئەمە بەو مانایەش دێت، بەدوای وەڵام، کە چارەسەرە، دەگەڕیین. وەڵام، چارەسەر، ئەو شتەیە لێمان وونببوو و بەدۆزینەوەشی ئیدی فەلسەفە ئارامدەبێت و ئەوێ دەکاتە زێدی کاتی خۆی.
ئەڵبەتە لەناو ئەم پرۆسەی گەڕان و سۆراغکردنەدا گرفتارییەکیش بوونی هەیە. خودی فەلسەفەش لە پەیوەندیدایە لەتەک چەمکی گرفتاریی. چونکە فەلسەفەکردن کردەیەکە لە گرفتاریی. پرسیاری فەلسەفەیی جۆرە گرفتارییەکی تێدایە، کە دواتر دەبێت بە ئارامی و دەربازبوون لەو گرفتاریی و شەکەتییە. فەیلەسوف شەکەت و ماندوودەبێت تادەگات بە وەڵامێکی پەسەند، کە شایانی ئەو پرسیارەبێت سەبارەت بە ڕەچەڵەک و مانای چەمکێک کردوویەتی.
ئەمە مانای ئەوەیە فەلسەفە ئاوارەیە، بێ جێگایە، دەگەڕێت و دەخولێتەوە تا ئەوە بەدەستبهێنێت، کە نیمانە. کەوابێت دەکرێت بپرسین: فەلسەفە زێدی هەیە؟ فەلسەفە بۆ هەبوون و بەردەوامی خۆی پێویستی بە زێدە؟ زێدی فەلسەفە زانکۆیە؟ نەخێر زانکۆ زێدی فەلسەفە نییە. لەبەرئەوەی فەلسەفە بێ زێدە گشت شوێنێک بە زێد، بە نیشتیمانی خۆی دەزانێت. لە هەموو جێگایەک بوێرانە فەلسەفە دەپرسێت: درۆ چییە؟ میهرەبانی بۆ هەیە؟ …و. بیرکردنەوە، کە ناسنامەی فەلسەفەیە، لە گشت شوێنێکدا بوونی هەیە. ئەمە وادەکات بیرکردنەوەکان زێد بۆ فەلسەفە داتاشن. زێدی سەرەتای فەلسەفە یۆنان بوو، دواتر بوو بە شوێنی تر. ئێستاش زێدی فەلسەفە وا لەو جێگایەی بیرکردنەوە تیایدا لە ترۆپکدایە.

فەلسەفە گرنگە پەتائاسا لە زانکۆکاندا بڵاوببێتەوە
فەلسەفە بابکرێت بە پەتا و لە حەرەمی زانکۆکانماندا بڵاوبکرێتەوە. هەرکە ئەوە کرا ئەو کات فەلسەفە ڕێچکەی ڕاستەقینەی خۆی وەردەگرێت. ئەمەش لەبەرئەوەی، فەلسەفە داکیرساندنی مەشخەڵی زانینە و هیوای هاتنی ڕووناکی بیرکردنەوەیە. لەهەر جێگایەکدا فەلسەفە سەوزبێت لەوێ کۆشکی باوەڕبەخۆبوون و دادوەری لۆژیکی بنیاتدەنرێت و گریمانەناسی و بەڵگەمەندی وەگەردەخرێت.
ئەم پەتایە ئەو پەتایە نییە،کە پێش مەرگ دێت. ئەم پەتایە مانا بە ژیانمان دەدات و وزەی بیرکردنەوەمان بەهێز و دووربین دەکات. فەلسەفە، کە خۆشەویستییە بۆ دانایی، بە بڵاوبوونەوەی ژیانمان لێوانلێودەکات لە بەرەکەتی دانایی. بۆیە پێمانوایە فەلسەفەکردن هەنگاوێکە بۆ خۆتەندروستکردن. بەمجۆرە پەتای فەلسەفە پەتای داناییە.
تەندروستبوون لەڕێگای فەلسەفەوە شیاوە؟ بەڵێ. چونکە فەلسەفە ئارامیهێنەوە. ئەو ئارامییە دوای ئەوە دروستدەبێت، کە تێگەیشتن دێت. فەلسەفە تێگەیشتنمان دەداتێ سەبارەت بە ژیانی ئێمە و بوون. فەلسەفە بە پرسیارکردن و زۆر بەدواچوونەکانی هاوکارماندەبێت لەوە حاڵیبین لێیحاڵینەبووینە.واتە فەلسەفە بۆتیشکخستنەسەر ناڕوونی و بەدحاڵیبوونەکانە. زانکۆش، ئەو شوێنەیە،کە کۆی زانینەکانی تیایە و فەلسەفەش لەوێندەرێ هەڵدەستێت بە ئەرکی خۆی. ڕاستە فەلسەفە لە زانکۆ، هەر زانکۆیەک بێت، ڕووبەڕووی چەندین ڕێگریی و ئاستەنگی چاوەڕوان نەکراو دەبێتەوە،بەڵام فەلسەفە، بە ئامادەبوونی لەناو کایەی ئەکادێمیدا ڕاچڵەکین دروسدەکات، زانین دەخاتەژێرپرسیارەوە، گومان لە فێربوونی تۆکمە و رەها دەکات و تێگەیشتنی تر و جیا دێنێتەکایەوە.
ئەو ژینگە تەندروستەی فەلسەفە لە زانکۆ دروستیدەکات، تەنها ئەو ئەتوانێت ئەوە بکات و لەو ڕووەشەوە فەلسەفە ئەزموونی زۆرە. ئەزموونی فەلسەفە لە بەتەندروستکردن بۆ مێژووەکەی دەگەڕێتەوە. زۆرێک چەمک هەن (دەروون، گیان، ئاوەز، جەستە، ئاگایی و……) ئێمەی مرۆڤ سەرەتا لێیحاڵینەدەبووین، کەچی ئێستا بەهۆی مشتومڕە فەلسەفییەکانەوە زانینێکی زۆرترمان لەسەر لێحاڵینەبوونەکانمان پەیداکردووە. بۆیە کاتێک فەلسەفە پەتائاسا لە زانکۆدا بڵاودەبێتەوە، بێجیاوازی، لەناو زانستە مرۆییەکۆمەڵایەتی و زانستە سروشتییەکان دا ڕاچڵەکینی ئێپستیمی(مەعریفی) چاوەڕواننەکراو دروسدەکات.
گەر لێگەڕێین فەلسەفە لەناو کایەی ئەکادێمیدا پڕجوڵە بێت، دەزانێت چۆن ئیشی خۆی دەکات، چۆن تیشکدەخاتەسەر ئەو زانین و تێگەیشتنانەی پەراوێزخراون و بێ سیما و وونن. فەلسەفە لەناو زانستەکاندا دیالۆگدروستکەرە، کێشەی دووانەییە چەمکییەکان چارەسەردەکات و شرۆڤەی ئاماژە کولتوورییەکانیش بەرباسدەخات. بەکورتی فەلسەفە، گەر بواریبدەن، لێناگەڕێت زانکۆ هەژارهزربێت، جێگایەک بیت بۆ وەلاوەنانی پرسیار و قێزەوەنکردنی گومان. چونکە فەلسەفە گفتوگۆی دەوڵەمەند سەبارەت بە چەمکە سیاسی و مێژوویی و زمانەوانییەکان شانبەشانی چەمکە بیرکاریی و بایۆلۆجی و پزیشکییەکان دێنیتەکایەوە.

ئەرکی فەلسەفە لابردنی بەربەستەکانە

ئەرکی فەلسەفە لابردنی بەربەستەکانە (ئالان بادیۆ). بەربەستەکان تایبەتمەندیی خۆیانیان هەیە. زۆرجاریش بەربەستەکان بێسەروبەرانە دێنەپێشەوە. بەربەستەکان لەیەک کاتدا ئامادە و نائامادەشن. هەندێک لە بەربەستەکان لە گشت شوێنێکدا هەن. بەپێچەوانەوە هەندێکی تر تایبەت و جیان و ژینگەی خۆیانیان هەیە. لە فەلسەفەدا لەبەرئەوەی هیوابڕاوی بوونی نییە، بۆیە فەلسەفە لێزانە لە لابردنی بەربەستەکان.
بەربەستەکان دڕدۆنگ و نیگارانییەکانن، کە لێرە و لەوێ ڕۆژانە ڕێکەوتی دەکەین. وەکیتر، بەربەستەکان کۆسپن، تەگەرەن و خۆیان وەک کێشە نمایشدەکەن. لەبەرئەوەی فەلسەفە خۆی بە دایکی دیالۆگ دەزانێت، لێهاتووە لە ڕووبەڕوونەوەی کێشە و تەنگەتاویی. دەستەواژەی بەربەست بۆ فەلسەفە ڕاگوزەر و هەڕەمەکی نییە. چونکە بەربەست لەمپەر و ئاسته‌نگهێنەرە. ئەو تەگەرە و ڕێگرانەیە دەمانوەستێنیت. دوای هاتنی تەگەرە و بەربەست جوڵە نامێنیت. فەلسەفەش، کە دایکی گفتوگۆ و مشومڕە و ئەمەش بەهەڵکەوت نییە و بەری مێژوویەکە لە گفتوگۆ و پرسیارمەندیی، لەناو قورسترین کۆسپ و بەربەسەتەوە سەریدەرهێناوە. ئەو مێژووەش پێماندەڵێت مەرامی فەلسەفیی مەرامێکی مرۆییە و مێژووەکەش لەتەک ئەو باسوخواسانەدا دەستلەملان بووە، کە لەپێناوی مرۆڤدا هاتوون.
لەو شوێنەی کۆسپ و تەگەرە هەیە، کاری فەلسەفە لابردنی کۆسپ و تەگەرەکانە. فەلسەفە ئەمە نەکات بۆ هەیە! زانکۆ، کە پڕە لە کۆسپ و تەگەرە، بەهاتنەناوەوەی فەلسەفە کۆسپ و تەگەرەکان ڕەوتێتر وەردەگرن و لەگەڵ کاتیشدا بە گفتوگۆی شیکاریی بەرەو نەماندەچن. هاوکات فەلسەفە کۆڵەکەی بیرکردنەوەی لۆژیکی و داهێنانییە، ئەمە وادەکات فەلسەفە بپرسێت: چۆن زاڵبین بەسەر کۆسپ و تەگەرەکاندا؟بۆ زاڵبوون بەسەر کۆسپ و تەگەرەکان لەناو کایەی ئەکادێمیدا پێویستمان بە فەلسەفەیە. فەلسەفە لەوێ بیرکردنەوە دروستدەکات و پرسیار دەسازێنێت. بۆ ئەو مەبەستەش مامۆستا و خوێندکار ئەرکیان بیرکردنەوەیە لە بیرلێنەکراو. ئەمەش هەردوولا بەرەو بیرکردنەوە لە لابردنی کۆسپ و تەگەرەکان دەبات. کۆسپخستنەبەردەم فێربوون و ئاسته‌نگدانان لەبەردەم ئەو پرۆسە ڕوناکبیرییەی زانکۆ دەیدات تەنها بەهۆی زاڵبوونی تێگەیشتنی فەلسەفییەوە لەناو مامۆستا و خوێندکاران چارەسەردەکرێت و ژینگەی ڕوناکبیریی زانکۆش گۆڕانی راستەقینەی دێتەسەر.
لەم گۆشەنیگایەوە ئەوەش دەڵێین، ئەوەی، كه هەمیشه جێگای پرسیاره بۆ ئێمە ئەوەیە، کە دەستەبژێری ئەکادێمی ئێمە بۆ کتێبی فەلسەفیی ناخوێنێتەوە؟ تەنانەت گەر بیشیخوێنێتەوە بێوچان نایخوێنێتەوە. وەکو تریش ئەم دەستەبژێرە ئەوە دەخوێنێتەوە کاری پێیەتی. هاوکات کتێبخوێندنەوە، بەتایبەت خوێندنەوەی کتێبی فەلسەفیی، کە مەرامێکی هەمەلایەن لەخۆدەگرێت لەناو خوێندکارانی زانکۆکانی ئێمەدا جارێ ئاسایینەبووتەوە. بۆیشە سەرنجدەخەینە سەر خوێندنەوەی کتێبی فەلسەفیی چونکە خوێندنەوەی کتێبی فەلسەفیی شتێکی تر دەدات بە مامۆستا و خوێندکاری زانکۆ، کە کتێبەکانی تر نایداتێ. ئەو شتە، کە هەتوانی دەربازبوونە لە کێشە گیرۆدەخوڵقێنەکان شتگەلێکی گەردووناوین و تەنیا لە دووتوێی کتێبە فەلسەفییەکانیشدا بەرچاودەکەون. ئەمەو کتێبە فەلسەفییەکان لێوڕێژن لە گفتوگۆی گرنگ و پەردە لادەریشن لەسەر پەردەلەسەر لانەدراوەکان.

کەتواری فەلسەفە

دەکرێت بپرسین فەلسەفە بەری چییە؟ فەلسەفە بەری بیرکردنەوەی مرۆڤ و ڕەخساندنی دەرفەتە بۆ بیرکردنەوە. لێرەوە بیرکردنەوە دەکەوێتە ناو ڕاچڵەکین و هەڵچنینی وەڵام بۆ پرسیارە دژبێژ و تەنگژاوییەکان. فەلسەفە ئەو پرسە مرۆییەیە، لە بوونمان نابێتەوە. لە دەمی شکست و سەختی و دژوارییەکاندا پەنای بۆدەبەین، واتە بیردەکەینەوە. پێشتریس لەو بارەوە وتومانە، کە دڵخوازبوونی فەلسەفە چەکەرەبوونی بیرکردنەوەیە، زڤرین و گەڕانەوەی واتاکانە بۆ داڵدەی خۆیان، ڕۆشتنە لە بۆشاییەوە بۆ پڕایی، بەرەو پڕپڕ بوون لە وتن، وتنی ئەوەی تا هەنووکە نەبیستراوە. ئەم شێوە وتنە، ئەو وتنەیە، کە بەتەنیا کاری هزرە، کارە مەزنەکەی فەلسەفەیە. فەلسەفە، کە کارەکەی ئەمەیە، ئەوەیشە، کە خەمی ژیانمەندیی ئێمە و دەدردیسەرییەکانمانیەتی لە بوونماندا. بۆ ئێمە؟ فەلسەفە لەپێناوی ئێمەدا کاری خۆی کردووە بە گەڕان بەدوای بیرکردنەوە و هەڵوەشانەوەی ئەستەم و تخوبدانان لەبەردەم کەند و کۆسپەکانماندا.
سەرباری ئەوەی وترا، درکیش بەوە دەکرێت، کە کەتوار (بارودۆخ، واقیع )ی فەلسەفەی گڵوباڵ باش نییە. کەتواری بیرکردنەوەی مرۆڤی نوێ ئەو باشە نییە، کە خۆی پێیوایە. بەڵام ئەمە ئاماژە نییە لەسەر کۆتای فەلسەفە. ئەم ناباشییەی کەتواری فەلسەفە پەیوەندی بە دۆزی گڵوباڵی رەوشتی و مرۆیی مرۆڤەوە هەیە. ئەم دۆزەش پرسیارە لەسەر ئێستای پلانێتەکەمان (هەسارە). جەنگ، نادادی، گرفتی ژینگەیی، داڕمانی ئاکاریی مرۆیی، رێزنەگرتن لە ئاژەڵ و زۆری بێکاریی و خراپی دۆزی تەندروستی مرۆیی. لێرەوە دەپرسین: چی بە تەوەرەکانی بیرکردنەوەی فەلسەفەی هاوچەرخ بزانین؟ هەروەک پێشتر، راستی، بەها، زانین و…. بە تەوەرەکان بزانین یان مرۆڤی هاوچەرخ، هەنووکە، خاوەنی تەوەرەی ترن؟
لەم حاڵەتەدا پێویستمان دوبارە بەوەیە، کە بزانین، فەلسەفە بابەتێکی ڕاستەقینەی سەرسوڕمانە، بەڵام ئایا ئەمە لەگەڵ رۆشنبیریی ئێمەدا یەکدەگرێتەوە؟ ئایا فەلسەفە لەناو ئێمەدا تایبەتمەندی لەخۆگرتووە؟ یان ئەو بابەتانەی لەژێر ناوی فەلسەفە دەنووسرێن و پێیاندەگوترێت فەلسەفیی چەند فەلسەفین؟ چەند نووسینە فەلسەفییەکانمان لە پێویستییە مرۆییەکانی ئێمەوە نزیکن؟
ئەو کەتوارە هەژارەی هزرمانی تێدایە ناهەمواری بۆ ئەوانە دروستدەکات لەو هزرە تێدەڕامێن. بۆیە پێویستمان بەو دانپـیـاهـێنانەیە، کە پێیوایە: فەلسەفە شوێنێکە پڕە لە هەڵەت و بەردەڵانی، جۆرێکەلە هۆزانڤانی، ئەڵبەتە بە ڕیتمێکی ئاوەزیی و چڕتر لە داڕشتنی گوزارە و قوڵتر لە هۆنینەوەی وشە کاریخۆی دەکات.
هەر تایبەت بە کەم درامەتی هزرییمان دڵشكاوانە و زۆر بە ڕاشکاوی لێرەدا ئاماژە بەوە دەکەین، کە وەرگێڕانی نووسینی فەلسەفیی لەلایەن کەسانی بێئاگا لە فەلسەفە (ناقوڵ و ناپسپۆر لە فەلسەفە) زیانی لە ڕوناکبیریی فەلسەفییمان دەدات و جێپەنجەی ئەو وەرگێڕانە هەڵانەش دیار و بەر چاو دەمێننەوە و زەمینەش بۆ تێنەگەیشتن لە فەلسەفە دروستدەکەن. ئەو جۆرە وەرگێڕانانە، کە داڕشتنە فەلسەفیی و زمانەوانییەکانیان پڕن لە هەڵە ڕوناکبیریی فەلسەفیشمان کێشاویدەکەن.
پەرۆشیم بۆ ئەو لایەنە وادەکات ئەو چەشنە بیرکردنەوەیەم هەبێت، کە ئەو نووسینە فەلسەفییانەی لەژێر کاریگەریی ئەو وەرگێڕانە هەڵانە چرۆدەردەکەن هیوایان پێنەکرێت و لە زیاد لە گۆشەیەكیشەوە بینینی خەوشەکانیان بەهەندوەرگیرێت. هاوکات بۆ لەمەولا پێویستمان بەوەیە نووسینی فەلسەفییمان لەلایەک لە چڕنووکی نووسینی فەلسەفیی ناڕەسەن دەربێنین و لەلایەکی تر نووسینی فەلسەفییمان هەستیارانە دادوەری بەسەر تێکستی فەلسەفیی جیهانییەوە بکات.
باشە بۆ گەیشتن بەو خۆزگەیەی لای سەرەوە وروژێندرا، زانکۆ، بەو نەختە فەلسەفەیەی تیایەتی، دەکارێت بەو ئەرکە هەستێت؟ بێگومان نەخێر. هۆکارەکە ئەوەیە، کواڵیتێی زانکۆکانمان و ئەو شێوازە فەلسەفییەی لە بیرکردنەوەی فەلسەفیی نێوەندی ئەکادێمیماندا زاڵە ناکارێت هەڵتەکاندن لە زانینی ئەکادێمی هەنووکەماندا بکات. هاوکات لەناو قەڵەمڕەوی فەلسەفیی جیهانییدا شتێک باوە لە زانکۆکانی ئێمەدا بوونی نییە، ئەوەش پرسیارسازیی و بەڵگەمەندییە.هاوکات لە زانکۆکانماندا شێوازی خوێندن و بیرکردنەوەش کۆسپ و ئاستەنگن لەبەردەم گەشەی بیرکردنەوەی داهێنانی و گوماناوییدا. لە هەموو ئەوانە گرنگتر، فەلسەفە نەهاتووەتە ناو بەشە جیاوازەکانەوە، دوورە لە زانستە سروشتییەکانەوە.

فەلسەفە وەک بەش لە زانکۆ

ڕەوشی فەلسەفە وەک بەش لە زانکۆ زۆرێک گفتوگۆدێنێتە پێشەوە. سەرەتای گفتوگۆکان ئەوەیە، کە سەرنجڕاکێشە لەم نوسینە کورتەدا ئاماژە بۆئەوەبکەین، کە گفتوگۆی فەلسەفە وەک بەش لە زانکۆ جیاوازە لە گفتوگۆی فەلسەفە وەک شوێنێک بۆ داهێنانی دانایی. فەلسەفە وەک بەش پێویستی بەوەیە خۆی نوێبکاتەوە.
فەلسەفە ناشێت لەم سەردەمە، کە هەنگاو بەرەو زیرەکی دەستکرد دەنێت وەک هەزار ساڵ لەمەوبەر بوترێتەوە. ئەمەی وترا بەو مانایەدێت، کە فەلسەفەوتنەوە لە زانکۆکان پێویستی بەرێفۆرمێکی گەورەیە. سەرەتای ئەو رێفۆرمە لەوێوەدەستپێدەکات، کە شانبەشانی وتنەوەی مێژووی فەلسەفە گرنگ و پێویستە جۆرێک لە بەبیرکاریکردنی (mathematization) هزر، لۆژیک و تێۆلۆژیا(لاهوت، یەزدانناسی)، ئۆنتۆلۆژیا (بوونناسی) و تێۆریزانین(ئێپستمۆلۆژیا) بوترێتەوە. بۆ ئەو مەبەستە و لەم حاڵەتەدا زانکۆ پێویستی بە مامۆستای فەلسەفەی هزرکراوە و زمانزان و خاوەن ئاگامەندی هاوچەرخە. بێئەوە زانکۆ فەلسەفەشی تیابێت شتێکی ئەوتۆ ناگۆڕێت.
شایانی وتنە، لەمڕووەوە بابەتێکی کرۆکداری تر هەیە، کە تایبەتە بە فەلسەفە وەک بەش لە زانکۆ، ئەوەش پەیوەندی بە خودی خوێندکاری فەلسەفەوە هەیە. بەشەکانی فەلسەفە ڕوو لە وشکبووندەکەن و لەم رووەشەوە هۆ زۆرە و سەرەکیترین هۆش ڕەنگە ئەوە بێت، کە خوێندکاری بەشی فەلسەفە وەڵامی ئەو پرسیارەی دەستناکەوێت، کە دەپرسێت، دوای تەواوکردنی ئەم بەشە کارم دەستدەکەوێت؟ وەڵامی ئەو پرسیارە و هۆکاری کار دەستنەکەوتنی خوێندکاری بەشی فەلسەفە پەیوەندی بە زۆر لایەنەوە هەیە، لەوانە: بەشی فەلسەفە هەروەک پێشتر ئاماژەمانپێکرد پێویستی بە رێفۆرمە. رێفۆرمەکان هەر لە گۆرینی هزر و توانا و لێهاتووی مامۆستاکانەوە دەستپێدەکات تادەگاتە گۆڕینی مێتۆدی وانە وتنەوە و کۆرس بوک و خودی وانەکان و ناوەرۆک و ئامانجییان.چونکە ئەو پەرۆشییە لەناو مامۆستاکانی فەلسەفەدا بوونی نییە، کە بەسەردەمیکردنی بەشەکە بەقازانجی گشت زانکۆ دەگەڕێتەوە.

زانکۆی بێ فەلسەفە

ڕاستە بێ باکیمان بەرامبەر بە فەلسەفە ڕەگ و ڕیشەی خۆی هەیە، لێ بێ شکۆیی فەلسەفەش لە ئێستادا لە نێوەندی ئەکادێمیمان هەلومەرجی تری هەیە. لە زانکۆی بێ فەلسەفەدا پرسیار درەنگ دروستدەبێت. کە دروستیش دەبێت سادە و فرەرەهەند نییە. هەر لەوێدا شێوازی قسەکردن و روونکردنەوە زێدەڕۆیتیادەکرێت و ناپسپۆر لە فەلسەفە وانەی فەلسەفە دەڵێتەوە. هەروەها پشتکردنی کۆلێجەکان لە فەلسەفە وتنەوە بە چەوسانەوەی فەلسەفە کۆتای دێت. فەلسەفە بەخۆی دژی چەوسانەوەیە، کەچی لە زانکۆی بێ فەلسەفە دا دەچەوسێنرێتەوە.
وێڕای ئەوە، لە زانکۆی بێ فەلسەفەدا، فەلسەفەشی تیابێت هەر بێ فەلسەفەیە. لەم حاڵەتەدا هەڵگری بروانامە لە فەلسەفە وادەردەکەوێت، کە هەڵگری بروانامەیە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان(مرۆییەکان). بۆ ئەوەی هەڵگری بروانامەی فەلسەفە شارەزای فەلسەفە بێت پێویستی بەوەیە جارێکیتر فەلسەفە بخوێنێتەوە. چونکە فەلسەفەی لەبەردەست ئەوانەدا خوێندووە، کە قوڵایی فەلسەفییان نییە. ئەمەش بەشێکە لەو غەدرەی زانکۆکانی هەرێم لە فەلسەفەی دەکەن، ئەوەی فەلسەفە دەخەنەبەردەست کەسانی ناپسپۆڕ لە فەلسەفە!
بارکردنی فەلسەفە لە زانکۆ بارکردنی عەقڵە، کە ئەوەش بە بارکردنی بیرکردنەوە کۆتای دێت. هەر لەبەر ئەوە، دژایەتیکردنی فەلسەفە لە زانکۆ دژایەتیکردنی عەقڵ و هاوکات ڕاستیشە. زانکۆ و فەلسەفە پێکەوە دۆخی ڕاستی دەپارێزن. فێربوونی ڕاستیش لە زانکۆ شانبەشانی زانین بێ بوونی فەلسەفە بێ مانا دەبێت. بۆیە ترسی زانکۆ لە فەلسەفە ترسە لەو عەقڵەی فەلسەفە دەیهێنێتە ناو زانکۆوە.

زانکۆ بە فەلسەفەوە
فەلسەفە وەک دانایی بابەتێکی گەورەترە لە بابەتی فەلسەفە وەک بەش لە زانکۆ. ئەوەی هەیبەتی فەلسەفە لە زانکۆ دروستدەکات ئەو داناییەیە، کە لە کرۆکی فەلسەفەدا پەنهانە. بەداناییبوونی فەلسەفە وادەکات زانکۆ نەکارێت پشت لە فەلسەفە بکات. کەوابێت، شکۆی زانکۆ بە بوونی فەلسەفەوە لەناو زانکۆ گرێدراوە. ئەم شکۆیە بەو مانایە نایەت کە بەشی فەلسەفە لە زانکۆ بوونی هەبوو، ئەوە مانای ئەوەیە زانکۆ شکۆدارە و زانینی زانکۆییش شکۆی پارێزراوە. نەخێر بەوجۆرە نییە، بەڵکو شکۆکە بە بوونی بیرکردنەوەی فەلسەفیی، بە بڵاوکردنەوەی ئەم بیرە لە گشت بەشە جیاکانی کۆلێجە زانستی و مرۆییەکانەوە گرێدراوە.
بەم شێوەیە بێت، فەلسەفە کە دێتە ناو زانکۆوە ئەمە والە مامۆستا و خوێندکار دەکات ریال(واقیعی)تر بن و زانکۆش دەبێتە داڵدەی نەشونمای پرسیار و بیرکردنەوەی ئازاد، ویست بۆ ماف، کە ئەمانەش دروستدەبن، ئەوکات فەلسەفە لەناو زانکۆ خۆی پێویستتر دەردەخات و زاڵیشدەبێت بەسەر وڕێنەدا. لێرەوە زانکۆ بەهۆی فەلسەفەوە بیر دەکاتەوە لە بوون و ستاتۆسی(کیان) خۆی و خودی خۆشی باشتر دەبینێت. ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی، کاتێک فەلسەفە لە زانکۆدا ئامادەیە ژیرمەندیی لەرێگای ئەو پەیوەندییە بەتینەوە دێتەئاراوە، کە لەنێوان پرسیار و وەڵام دا هەیە.
بەپێی ئەوەی زانکۆ شوێنی خستنەگەڕی عەقڵە، هەر ئەو شوینەشە ڕوناکی زانین بڵاودەکاتەوە. لەبەرئەوە فەلسەفە لەناو زانکۆدا بواریکە بۆ هێشتنەوەی عەقڵ و نەهێشتنی سڕینەوەی بیرکردنەوە.کەواتە، فەلسەفە ئارەزوو نییە پێویستییە. بەمجۆرە سەرەتا نابێت فەلسەفە ئارەزوو بێت، کە مرۆڤ لە بوونی فەلسەفە گەیشت ئەوکات لای دەبێت بە ئارەزوو، بگرە ویستیش. راستە فەلسەفە ئارەزوویەکی شاراوەیە لە هەمووماندا، بەڵام ئەم ئارەزووە کەتواری خۆی هەیە و کاتی سەرهەڵدان و کارابوونیشی جیاوازە.
بەپێی رۆلان بارت بێت بۆ کافکا نوسین رێگایەک بوو بۆ دەربازبوون لە نیگەرانیی، زانکۆش دەبێت بەو جۆرە بروانێتە فەلسەفە. فەلسەفە وا لە زانکۆ دەکات خۆی دەربازکات لە نیگارنیەکان، کە هەردەم بەرۆکی زانینی ئەکادێمیدەگرن. رزگاربوون لە نیگەرانییش دەمانخاتەبەردەم پرسی چۆنیەتی رزگاربوون لە نیگەرانیی.

چیبکرێت تا فەلسەفە لە زانکۆ هێژابکرێت؟

زۆرێک ناخوازن فەلسەفە توخنی زانکۆ بکەوێت، چونکە پێیانوایە فەلسەفە بێئیمانی، بێباوەڕی، بڵاودەکاتەوە. بۆیە ئەو کەسەی لە نێوەندی ئەکادێمیدا فەلسەفەدەکات وەک دژە ئاین و یەزدان تەماشادەکرێت. بەڵام ئایا وایە؟ ئەڵبەتە نەخێر.چونکە فەلسەفە لە زانکۆ بۆئەوە هەیە، کە لە خودی خۆمانمان نزیکبکاتەوە و خۆشماننزیکبکاتەوە لە ژیان و ئەو ژینگەیەی رۆژانە دەیژیێین.
سەرباری ئەوە، دورکەوتنەوەی خوێندکاران لە زانکۆ لە فەلسەفە پەیوەندی بە خودی ناواخنی فەلسەفەوە هەیە. فەلسەفە خۆی وایە، سادەیەکی بازاڕی نییە. هەرلەبەرئەوە زۆرێک لە خوێندکارانی زانکۆکان رقییان لە فەلسەفەیە و تاپێشیانبکرێت خۆیان لە فەلسەفە بەدووردەگرن. بێشەرمانە زۆرجار داوادەکەن بە زمانێکی سادە، زۆر سادە، ئەوە باسکرێت، کە بابەتێکی هزرییە. هەر ئەوەنە گوێیان لە چەمکی فەلسەفە دەبێت ترس و نیگەرانییەک روخساریان دادەپۆشێت و پرسیاری ئەوە لەو روخسارە پەشۆکاوەیان دەبینرێت، کە تێناگەم. تێناگەم لە فەلسەفە ئەو گوزارە باوەیە خوێندکاری زانکۆ خۆیپێ لە فەلسەفەفێربوون دەربازدەکات. بۆ ئەو خوێندکارە شتێک نییە ناوی گفتووگۆ یان دانوستاندنی فەلسەفەیی بێت. ئەو لە ژینگەیەکەوە هاتوە نافەلسەفیی بووە، لێوڕێژبووە لە بیرنەکردنەوە، لە کتێب نەخوێندنەوە، لە بیرکردنەوەی بۆش و سەرپێیی ناقوڵ و ڕووکەش. بۆیە ئەو خوێندکارە سەرسام نییە بە هەچ شتێک بلکێ بە ژیرمەندیی و ئەندێشەگەراییەوە. ئەم بەجۆرێک لەتەک فەلسەفەدا ناسازگاره ئاسان نییە لەو ماوە کورتەی زانکۆدا بکرێت بیری بەجۆرێکی تر بچنرێت و وایلێکرێت ڕچەشكێنەرانە بیربکاتەوە. هۆڵ و ژینگەی زانکۆ و ئەو جۆرە مامۆستایانەی لە ئێستادا بەردەستن، ئەو جۆرە خوێندکارانە لە هەناوی بیرنەکردنەوەدا قەتیسدەکەن. ئەمەش گیرۆدەخوڵقێنن بۆ ئەوانەی بخوازن فێربوونێکی تر لەناو خوێندکاراندا بچێنن.
بەداخەوە، ئەم جۆرە خوێندکارانە ئەو نەوەیەن وه‌ڕس و بێزارن لە بیرکردنەوەی قوڵ و فراوان. ئه‌گه‌ر سوور بشزانن فەلسەفە ئەوەیان فێردەکات پێشتر فێرینەبوونە هەر هەڵوێستێکی باشیان نابێت لەوبارەوە. گشت ئەمانەش به‌ره‌نجامی ئەو ژینگە پڕنادادیی و بێ مافییەیە، کە خۆیان و خێزانەکانیان ساڵانێکە تیایدەژین. بەڵێ ئەو ژینگەیە رق لە فەلسەفەی تیا سەوزکردوون و کردوشنی بە دوژمنی کتێبخوێندنەوە.

سەرئەنجام

لێرەدا مشتێک شرۆڤەی کورتمان خستەڕوو سەبارەت بە هزرهەژاری زانکۆ، کاتێک بێ فەلسەفە دەبێت، لەمە قسەمان تەنها لە بوون و نەبوونی بەشی فەلسەفە نەبوو لەناو حەرەمی زانکۆ، قسە سەرەکییەکەمان لە بوونی بیرکردنەوەی فەلسەفیی بوو لەناو مامۆستا و خوێندکاران، لەناو سەرتاپای کۆلێجەکان، لە گشت قوژبنێکی نێوەندی ئەکادێمیماندا. ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی، کە کەمدراماتی زانکۆ دەکرێت بەو هەژارییە هزرییە فەلسەفییە پێوانەبکرێت لە زانکۆدا بوونی هەیە. جێی نیگەرانییشە، دەرفەت لەبەردەم بیرکردنەوەی فەلسەفیی لە زانکۆدا ناکرێتەوە، وانەکان و فێربوونەکان هەڵگری توخمی زانینیی نوێ و نادووبارەنابن. ڕەنگە بەشی فەلسەفە، کە سەربەخۆی بدرێتێ و هەست بە ئازادی بکات، بکارێت خوێندن لەو بەشە والێکات بە ویستی خوێندکار بێت و دواتر پسپۆر لە لقەجیاجیاکانی فەلسەفەش دروستکات و زەمینەش بۆ دروستکردنی پسپۆر لە هزری ڕۆژئاوا بڕەخسێنێت. بەڵام پێش هەموو ئەوانە پسپۆڕ لە فەلسەفە پێویستی بەوەیە خۆی لە قاتوقڕیی هزریی دەربازکات و ئاسۆی هزریی بەرین و فراوانکات.
شارستانیی کۆن و نوێ لە جۆری فەلسەفەی بەخۆیەوەی نەدیوە. پێگەی ئەم جۆرەش، واتە فەلسەفە، کە مرۆڤایەتیی دۆزیویەتیەوە، بە گەوجەکان لاوازنابێت. گەوجەکان، کە ئاشنانیین بە فەلسەفە نازانن فەلسەفە لێوانلێوە لە ئاوەز، کە ئەوەش دژە جەمسەری ئەوانە. گەوجەکان، کە شادن بە نەمانی فەلسەفە، لەوە بێئاگان نەمانی فەلسەفە بە نەمانی پرسیارەوە گرێدراوە. پرسیاریش هەیە تا مرۆڤ هەبێت. گەوجەکان، کە فریوخواردوون، لە زیادبووندان. گەوجەکان دەکرێت مرۆڤەکانی ناو و بەردەستی دەسەڵات بن، دەیشکرێت دوژمنانی فەلسەفە ئەوانە بن، کە بەسەقەت فەلسەفە دەکەن. گەوجەکان ئەوانەن، کە ڕقیان لە فەلسەفەیە، ئەوانەی فەلسەفە تاوانباردەکەن بە ناڕوونیی لە بیرکردنەوە. ئەوانەیش، کە بەهۆی خراب_حاڵیبوونیان لە فەلسەفە جێگه‌ به‌ فەلسەفە لێژده‌كەن و پرسگەلی فەلسەفیی ناوروژێنن، کە دەرد و کێشەکانمان تیماربکەن. کەوابێت، بۆ دەبێت فەلسەفە هەبێت، کە گیرۆده‌بوونەکانمان نەخاتە ژێرپرسیارەوە!

ئازاد حەمە




مانای سێ یەمی فیگوری مرۆڤ و سەگ.. نیهاد جامی

ئێمە لە کوێی ژیانداین؟ پرسیارێک پەیوەست نیە بە ئێستامانەوە، هێندەی پرسێکی بونگەرایی ئێمەیە کە دەکەوینە کوێی مێژووی مرۆڤەوە؟ هەر بەڕاست ئێمە لەسەردەمێکدا کە کولتوری شاشە ژیانی زەوتکردوین، پێویستە لەگەڵ ڕووداوەکانی رۆژدا قسەمان لەهەموو شتێک هەبێت؟ کۆی ئەو پرسیارانە دەرگا کردنەوە نیە بۆ قسەکردن، هێندەی نائومێدبونی مرۆڤە لەم رۆژگارەدا، رووبەرێک نامێنێت بۆ پسپۆری، بەبیانوی هەڵوێستەوە قسە لەتەواوی کایە جیاوازەکانی ژیان دەکەین، لێناگەڕێین پسپۆڕانی بوارەکە قسەمان بۆ بکەن.
لێرەدا ئێمە لەنێوان مرۆڤ و کولتوردا،بۆشاییەکمان هەیە لەو پەیوەندیەدا، ئەویش ناسینە، ناسین وەک مانای زانستی مرۆیی دێت، لەو ساتەدا دەپرسین کاری هونەری دەکەوێتە کوێی زانست؟
بوونی هونەر بۆ ئەو ناپەرسیاریەتیەی مرۆڤە تا بەدەردی گەمژەیی قسەکردنی زۆرینە نەمرین، هەندێکجار قسەکردنی زۆرینە وەک ژەهرێکە دەرخواردمان دەدرێت، ئێمە بەهۆی ئەو قسەکردنانەوە بونمان لەبەردەم ژەهراوی بوندایە، بەڵام هونەر دێت خێرا فریامان دەکەوێت، لەم رۆژگارەدا کەوا مرۆڤی ئێمە قسە لەروداوگەلێکی کۆن دەکات، ئەو مرۆڤە خۆی وەک هەمیشە دابەش دەکاتە سەر دوو بەرەی دژ بەیەک، ئەوەی بۆ ئێمە دەمێنێتەوە قسەکردن نیە وەک ئەوان، هێندەی بێدەنگیەکە کە ئاخۆ ئەم ژەهرە دەمانکوژێت یان تەنیا کوێرمان دەکات؟لەبەردەم ئەم پرسیارەدا هونەر دێت تا ڕزگارمان بکات لە مەرگ و کوێریی، حەقیقەتی مرۆڤ لەقسەکردنەوە دەباتە ناو گومانکردن، بۆ من ئەو حەقیقەتە لەتابلۆکانی هونەرمەند پێشەوا مەحمود بینیم، کۆمەڵە فیگورێکی مرۆڤ لەدۆخێکی ئاوێتەیی نێوان مرۆڤ و سەگدا رووبەروی هاودژبونەوەی تێگەیشتنمان دەکاتەوە بەوەی ئەو لۆژیکە کە بوو بە زانیاری بەرایی لە ئێستادا، بەوەی سەرەتا مرۆڤ وەک گیاندار دەرکەوت و هەندێک سات ئارەزویەکی زۆر دەمانبات بۆ لای تیۆرەکەی داروین بۆ مرۆڤی سەرەتایی، تا ئاستی ڕۆچوونەوە ناو مرۆڤناسی، بەڵام ئیدی ئەو زانینە هیچ کۆمەکێکمان ناکات بۆ ئێستا، دەشێت ئەوە زانستێک بێت مرۆڤەکانی تۆڕی کۆمەلایەتی لەشوێنی شوێنەوارناسان و مرۆڤناسان قسەی لەبارەوە بکەن، سەرەنجام روانینەکان هەمووشیان شتێک بە زانینمان نابەخشن، کەچی پێشەوا دێت مرۆڤی هاوچەرخ ئەو مرۆڤەی باس لەوە ناکات کە سەرەتا ئەو لەشێوەی گیاندار بوو، هێندەی فیگوری ئەو مرۆڤە لەئێستادا ئەو حەقیقەتەیە کە بوونی ئەو لەنێوان مرۆڤ و گیاندارەکە دەگۆڕدرێتە سەر سەگ، لێرەدا سەگ بە کۆمەڵە دەلالەتێکەوە بۆ دینیەکانی لای خۆمان شوێنی سەگ سەر شەقامە، شەوان بە مرۆڤ دەوەڕێت، کەچی بۆ مرۆڤی خۆرئاوایی باشترین دۆستە و لەماڵەوە ئەندامێکی هەرە ئازیزی خێزانە، ئەو دوالیزمە ڕەنگە بۆ مرۆڤی کوردی وەک فیگورێکی بێبەها سەیری بکرێت، بێئاگا لەوەی بوونی ڕاستەقینەی خۆیەتی لەقسەکردنێکی هەمیشەیی، بەڵام هونەرمەندەکەمان لەگەشتێکی هونەری کە ئیدی ئەو لەناو کولتوری خۆرئاوا نیگاردەکێشێت، سەگ بۆ ئەو ئەو مانا کوردیە نابەخشێت، بەقەد ئەوەی دۆخی لابردنی جیاوازی نێوان مرۆڤ و گیاندارە لە فیگورێکدا، ئێمە لەبەردەم ئەو دوو مانایە بۆ فیگور ئومێدێک بۆ خۆمان لەبینین نادۆزینەوە، بۆیە نائومێدیەکانمان بەرەو مانای سێیەمی کاری هونەریمان دەبەن، ئەو مانایە بە کوێمان دەگەیەنێت؟ پرسیارەکەی ئێمە لێرەوە دەست پێ دەکات تاوەکو گومان لەکۆی ڕوانینەکانی پێشوومان بکەین.
لێرەدا بۆ مانای سێیەم پشت بە ڕۆلان بارت دەبەستین، کە کۆی ئەوەی خستمانە ڕوو لەهەمان کاتدا بەو مانایە گومانی لێ دەکەین، هۆکارەکەی مەعریفە نیە هەر وەک زانیاری مرۆڤەکانی تۆڕی کۆمەلایەتیە کە بارت بە ئاستی هەواڵ ناوی دەبات، ئێمە کارمان بەو ئاستە هەواڵیەی فیگور نیە، وەک چۆن وەستان لەئاستی ڕەمزی فیگور بەس نیە، ئەو دەمەی ئاستی ڕەمزی فیگور شوناسی مرۆڤی هاوچەرخمان لە رووخساری سەگ نیشان دەدات، ئاخۆ ئەو دەلالەتەی بۆ وەرگر دەینێرێت لەدەرەوەی بەزەیی و سۆز وێناکردنە بۆ شوناسی داهاتووی ئەو مرۆڤە؟
ئایا ئەوە زمانە ئیدی توانای تێگەیشتنی لەدەستداوە و لەڕێگەی هەستەکانەوە دەتوانین کۆ دەنگیەکی بێدەنگی بۆ زمانی بینین و ئاماژە دروست بکەین؟ ئەوە دەشێت پرسیار بێت، بەلام هەرگیز دەستەواژەیەکی پێشنیارکراومان نیە بۆ تێگەیشتن لەداهاتووی ئەو مرۆڤە.
ئەو مرۆڤە لەهەر پۆرترێتێکدا سەر بە کولتور و ڕەگەزێکە، فیگوری ژنێکە دابەش بۆتە سەر مرۆڤ و سەگ، ئەو دابەش بونە ناگۆڕێت، ئەوەی دەگۆڕێت ڕەگەزو نەژاد و کولتورە، دەبێت بە پیاو بە ڕەش پێست بە مرۆڤێکی عەرەبی بە هاوڕەگەزبازێک لەڕێی ڕەنگی قژیەوە وەک ئاماژەیەکی زیرەکانەی هونەرمەند خستویەتیە ڕوو، سۆزانیەک، پیرێکی نەخۆش بەدەم ناڵینی ئازارەوە، بەڵام لەکۆی کردەی بینین پۆرترێتی ئەو مرۆڤە لە تاکێکەوە یەکدەگرن، لە کۆ پۆرترێتدا فیگوری ئێمەی مرۆڤی هاوچەرخ پێکدێنن، بۆ لابردنی تەواوی ئەو جیاوازیە کولتوریی و نەژادیە، ئەوە ئێمەین، ئێمەیەک چەندە ڕابردوومان هەڵگری شوناسێک بوو، سەرەنجام یەک سیستمی ئەخلاقی هەمومان کۆ دەکاتەوە، جیاوازی نەژادی و ڕەگەزی و کولتوریی هیچ مانایەکی بۆ نامێنێتەوە.
ئەگەر مانای ڕوون لەناو مانای سێیەم بەپێی چەمکە بارتیەکە بخوێنینەوە، بەو پێیەی بارت دەنووسێت «ئەوە بەشێکە لە مانای ڕوون، وە مانای ڕوون شۆڕشە» دەبێت بڵێین شۆڕشی تەکنەلۆژی کە مرۆڤی هاوچەرخی کردە بەرهەمی کولتوری شاشە، فیگوری ئەو مرۆڤە ئیدی لەبەردەم بینین و وێنەدایە، هەستی مرۆیی شتێک نیە هێندەی پێویستی بینینە، نیگای سەگ کە هەمیشە نیگایەکی خەمبار و هاوهەمەنگیە لەگەڵ بینین، لێرەدا حەقیقەتی مانای سێیەم لەو ئاوێتە بونەی مرۆڤ و سەگ دەردەکەوێت لەبینینی تەواوی زانیاری و ڕووداوەکانی شاشەدا، کە لەساتی بینین ئەو مرۆڤە سەگئاسا خەمبار دەبێت و هاوسۆزی نیشان دەدات، هاوسۆزیەک دیسان لەڕێگەی پەیوەندی شاشەوەیە.
مانای سەختی وەک یەکێک لە ماناکانی سێ یەم لێرەدا چیە؟ پاککردنەوەی رووخسارە لە سەگ و بینینەوەی وەک مرۆڤی هەر تابلۆیەک؟ ئایا ئەوە مانا سەختەکەیە یاخود ڕووپۆشکردنی سەگ بەسەر تەواوی فیگور تا ئێمە سەگ ببینین نەک مرۆڤ؟ ئێستە لەو ساتەدا مانای سەخت ئێمە دەخاتە بەردەم دوو گریمانە، بەڵام ئاخۆ ئیشکردنەوە لەسەر یەکێک لەو دوو گریمانەیە بۆ خۆی کردەیەکی پووچگەرا نیە بەوەی بمانەوێت ئەو دوو فیگورە لە فیگورێکدا لەیەکتر جیا بکەینەوە؟ لە مانای سەختیدا بۆ من پرسیارە ڕاستەقینەکە ئەوەیە.
کەواتە ئێمە لەمانا سەختەکەدا بەرەو کوێ دەڕۆین مادام نامانەوێت لەسەر ئەو دوو پرسیارە ئیش بکەین؟ ئێمە کاتێک یەک لەو دوو روخسارە «سەگ و مرۆڤ» لەیەکتر جیا ناکەینەوە، دەزانین کردەی زانینیش هەر کاتێک زانیمان پێویستمان بە گەڕان نیە، ئێمە لە نەزانراو دەگەڕێین تا بگەین بە زانین، بۆیە قسەکردن لە ڕوخساری سەگ یان مرۆڤ دوو ڕووخساری زانراون، ئەوەی نەزانراوە نهێنی ئەو دەمامکەیە لەڕێی سەگەوە هونەرمەندەکەمان خستویەتیە سەر مرۆڤ؟ لێرەدا ئێمە قسە لەهیچ لەو دوانە ناکەین هێندەی دەمانەوێت لەنهێنی ئەو دەمامکە تێبگەین وەک ئەوەی ئیدی مرۆڤ وسەگ پێکەوە یەک فیگور پێک بێنن، ئەو فیگورە پەیوەندی زەمەنی مرۆڤی سەرەتاییە تا دەگات بە مرۆڤی ئەمڕۆ کە چۆن ناتوانێت بەبێ گیاندار هەڵبکات، لەهەمان کاتدا پەیوەندی هاوبەشیان وایکردووە هەر یەکێکیان ئەویتر تەواو بکات، ئەو لۆژیکە لەگەڕاندا بەرەو ئەو ئاستەمان دەبات کە ئیدی چۆن دەکرێت ئێمە لەیەکتریان هەلبوەشێنینەوە، هەڵوەشاندنەوەی فیگور دەبێت لەسەر بنەمای گەڕانەوە بێت بۆ سرووشت ساتێ تەنیا ڕەنگ بوونی هەیە و هێشتا مرۆڤ و گیاندار نەهاتونەتە ناویەوە.
ئەگەر بارت لە وتارەکەیدا بگەڕێتەوە بۆ جۆرێک لە ئارەزوی نواندنی برێختیانە «شانۆکاری ئەڵمانی بڕتۆڵد برێخت» ئەوا لای پێشەوا مەحمود فیگورەکە نواندن ناکات، هێندەی نوێنەرایەتی فیگوری منە، من وەک ئاماژەیەکی مرۆڤی هاوچەرخ.
هەست و ئارەزووەکان هیچ گۆڕانکاریەکیان بەسەر نایەت، ئەوەی دەگۆڕێت فۆڕمی بینینە، دەنا ویستی مرۆڤ و گیاندار کردەیەکی بایەلۆژی هاوشێوەی یەکتریە، ئەوە فیگورە لەوێنەیەکی ئاوێتەیی دا ئەو دوانەی کردۆتەوە یەکتر، یا گەر بە زمانی بارت قسە بکەین دەمامکی سەگ لەسەر مرۆڤ بۆتە هۆکاری نواندنێکی برێختیانە کە نوێنەرایەتی یەکتری دەکەن، چونکە سەر بە یەک نەژاد و زیندەگین، هەر نا لە کاری هونەری هونەرمەندەکەماندا.

١٩/٥/٢٠٢٤
نەخۆشخانەی لا تیمۆن




ژیان رۆمان نییە، وەزیفەی حەوتەمی زمان یان.. “كێ‌ رۆڵان بارتی كوشت”.. خوێندنەوەی عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

زمان هەموو شتێ‌ ناڵێت، جەستە قسان دەكات، شتەكان قسان دەكەن، مێژوو قسان دەكات، توانا فەردی و كۆمەڵایەتییەكان قسان دەكەن، مردن و ژیان بێ‌ پچڕان بە هەزاران جۆر قسان دەكەن، بەڵام زمان هەموو شتێ‌ ناڵێت! لەنێوان زمان و ژیان و سیاسەتكردندا رۆمانی (وەزیفەی حەوتەمی زمان) یان كێ‌ رۆڵان بارتی كوشت، بە یەكێك لە رۆمانە جیاوازەكانی سەردەمی دوای رۆمانی نوێ‌ و گۆڤاری تیل كیل دەژمێردرێت. رۆماننووسی فڕەنسی (لۆران بینی) نووسیوویەتی و كاری وەرگێڕانی بۆ زمانی عەرەبی لەلایەن وەرگێڕ و توێژەری مەغریبی (محەمەد جرتی) بۆ كراوە و لە (دەزگای ناپولی) ساڵی 2021 لە بەغداد چاپ و بڵاو كراوەتەوە.
رۆمانی (وەزیفەی حەوتەمی زمان) وەك دیاردەیەكی مەعریفی و رۆشنبیریی پشت بە چییەتی كردە سەركێشەكانی زمان دەبەستێت، هەوڵی دۆزینەوەی توانا بێكۆتاییەكانی زمان و چێژە نەبڕاوەكانی ژیان و بەرجەستەكردنی سیاسەتكردن دەدات، لەپێنج بەشدا بە دوای چەمكی دیموكراسییەت و چەمكی خوێنەردا دەگەڕێت و بە چنینێكی دراماتیكانە جەخت لە دنیای رۆشنبیریی و فیكری سەدەی بیستەمی فڕەنسی و مردنی رەخنەگری گەورە (رۆڵان بارت) دەكاتەوە، كە دوای نانخواردنی لەگەڵ (فڕانسوا میتران) لە پەڕینەوەی بە شەقامی (مەدارس) بارهەڵگرێكی جلوبەرگشۆری لێیدەدا، كە كەسێكی (بولغاری) لێیدەخوڕێ‌.
یەكێك لەو پرسیارانەی كە حیكایەتەكانی ئەو رۆمانەی ئاخنیووە مردنی ئاسایی (ژیان) نییە، بەڵكو تیرۆری پلانی زمانە، بەو مانایەش تیۆركردنی بارت لە حیكایەتەكانی زماندا دوو خاڵ لە مەعریفەی رۆمانەكەدا زەق دەكاتەوە: یەكەم، سیخورەكانی بولغاریا. دووەم، چاوپێكەوتنی فڕانسوا میتران كە (ژاك لانگ) لە ململانێی هەڵبژاردنی نێوان راستڕەو و چەپڕەوەكان لەنێوان میتران و رۆشنبیران سازی دەكات.
بەمجۆرە رۆماننوس (ژیان، زمان، سیاسەت) دەنووسێتەوە و وەك رۆلان بارت گوتەنی دەزانێ‌ وانەگوتنەوە جگە لە پشتگوێخستنی دەسپێكی كاری ئەدەبی شتێكی دیكە نییە. یان بە مانایەكی دیكە رۆماننووسین جگە لە ململانێی زمان و ژیان شتێكی دیكە نییە. بۆ قسەكەی بارت بڕوانە: رۆمانی (وەزیفەی حەوتەمی زمان) یان كێ‌ رۆڵان بارتی كوشت، ل13.

وەزیفەی حەوتەمی زمان
لە سەدەی بیستەمدا لە پاڵەوانبازی رزگارمان بوو و زمانمان لە شوێنی دانا، زمانێ‌ كە دەربارەی زمانەوە دەدوێ‌ و دواجاریش هیچ شتێ‌ لە زمان جوانتر نادۆزیتەوە. زمان سیستمێكە لە ئاماژە لە گوزارشتكردنی بیركردنەوە و دواتر دەشێ‌ بە نووسین و بە تیپی ئەبجەدی كەڕ و لاڵان، فەزای رەمزی، فۆرمەكانی ئەدەب و نیشانە سەربازییەكان بەراوردی بكەین. (بڕوانە ل19).
زمانی رووداوەكانی ئەو رۆمانە لە فەزای ژیانی سیاسی و رۆشنبیریی فڕەنسا و وڵایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئیتاڵیا قسان دەكات! وەك رووخسار، مردنی بارت لە 25ی شوباتی ساڵی 1980 دەكاتە بابەتی دەرەكی و پەیامی ناوەكیش لەسەر زیندووێتی زمانی بارت و سیمیۆلۆژیا و شاردنەوەی دەستنووسی وەزیفەی حەوتەمی زمان دادەڕێژێت! دەستنووسی وەزیفەی حەوتەمی زمان تیشكۆی رووداوەكانە و وەك بەڵگەی (زمانی)، بارت لە كاتی خواردنی نانی نێوەڕۆ لەگەڵ فڕانسۆ میتران (سیاسی) لەلای بووە! پرۆژەی ئەو دەستنووسە زمانەوانی رووسی (رۆمان یاكۆبسن) نووسیوویەتی.
یاكۆبسن پێشتر لە تیۆری گەیاندندا قسە لە شەش وەزیفەی زمان (1-پەیامنێر. 2-پەیاموەرگر. 3-پەیام. 4-سەرچاوەی پەیام. 5-كەناڵی گەیاندن. 6-كۆدی زمان) دەكات. لێرەدا رۆماننووسی فڕەنسی (لۆران بینی) چەمكی (دەسەڵاتی حەقیقی، زمان بەڕێوەی دەبات، بە تایبەتی لە بارودۆخێكی دیموكراسیدا) وەك رووداو و حیكایەتی ململانێی جیاوازی و هەڵبژاردنی دیموكراسیانە لە فڕەنسا و هەمان كۆد لە چنینی هێلكاری رۆمانەكەیدا بەكار دەبات. لەوێشەوە دەڵێ‌ (پێشتر) چاخە گەورەكانی رەوانبیژی هاوئاهەنگ بووە لەگەڵ چاخەكانی كۆماری ئەتنی، رۆمانی، فڕەنسی… سوكرات، شیشرون، رۆبیسبییر… بەڵام بە دڵنیاییەوە رەوانبیژی جۆراوجۆری زمان، پەیوەستە بە ململانێی جۆراوجۆری هەڵبژاردنەوە، لەوێشەوە وەزیفەی حەوتەمی زمان وەكو رایەخ بۆ هێلكارییەكانی رۆمان و هێكارییەكانی دیموكراسییەت راخراوە. بڕوانە ل163 -162.
لە دەستنووسەكەی یاكۆبسندا وەزیفەی حەوتەمی زمان وەزیفەیەكی سیحری یان جادوییە و لە رووی سیمیۆلۆژییەوە باس لە جیاوازی نیوان (كردە دەربڕن) و (كردەی كاریگەری) زمان دەكات، بەوەی كە كردەی گوتاری دەربڕین لە خودی خۆیدایە و بە كارەكانی خۆی هەڵدەسێت، لە كاتێكدا كردەی كاریگەری زمان بەرەو بەرهەمێكی دیاریكراو دەبێتەوە كە لەگەڵ گوتار یەك ناگرێتەوە. بڕوانە ل287.
بەمجۆرە سیحری زمان وەك كۆدی ناوەكی ئەو رۆمانە پۆلیسییە دەبێتە پرسیاری بەدواداچوونی هەر یەك لە لێكۆڵەر (ژاك بایارد) و توێژەر (سیمۆن هیرتزوگ) لەبارەی دەسەڵاتی سیاسی، سیمیۆلۆژیا و ژیان! هەموو ئەوانەش وەك گریمانەیەكی فڕەنسی لە: زمان هەموو شتێ‌ لەخۆ دەگرێ‌: بژی شۆڕشی پرۆلیتاریا، ماوییەكان فاشیین، ترۆتسكییەكان ستالیینین، ژاك لاكان پۆلیسە، بادیۆ نازییە، ئاڵتۆسێر بكوژە، دۆڵۆز سێكسی لەگەڵ دایكی كردووە، سیزۆ سێكسی لەگەڵ من كردووە، هۆگۆ قاحپەی خومەینییە، بارت خائینێكی سۆشیالیزمی چینییە… لە دانوستان و گفتوگۆی نێوان كاراكتەرەكاندا دەخاتە روو.
ئاخاوتن لە یاری تێنس دەچێ‌، بەڵام بە تۆپی هەویر! چونكە زمان بنەمای هەمووانە. (ژان ئادرن) لە رووبەرووی سارتەر دەڵێ‌ بوونگەرایی ژەهراوی بووە، بژی رەگەزی سێیەم. بڕوانە ل52. ئیتر دەسەڵات گرتنەدەست لەگەڵ هەر ئەكتێكی ئاخاوتن شێوەیەكی دیكەی ژیان و سیاسەت و زمان وەردەگرێ‌. بە دیوەكەی دیكە لە وەڵامی ئەو پرسیارانەی كە لێكۆلەر بایارد و توێژەر سیمۆن دەیخەنە روو، ئیمبرتۆ ئیكۆ دەڵێ‌: هەر كەسێ‌ بێتە خاوەنی مەعریفەی وەزیفەی حەوتەمی زمان دەبێتە سەر گەورەی جیهان. ئەوە كۆدی سەرەكی رۆمانەكەیە!

ژیان رۆمان نییە
پێویستە سەرچاوەكانی گێڕانەوە بخرێتە دواوە و ونبكرێ‌، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە، كە مەدلولی حیكایەتەكانی بزر بكرێ‌، هەموو شتێ‌ مەدلوولی خۆی هەڵگرتووە. كەواتە گێڕانەوەی حیكایەتەكان بەو مانایە نییە، كە ژیان وەك زمان لە راڤەی بێ‌ كۆتاییدا هەڵگرینەوە؟! چونكە ژیان زمان نییە، زەمەنی زمان زەمەنی بێكۆتایی گەشە و پێشكەوتنە بەردەوامەكانییەتی! بەڵام ژیان كورتە، ژیان هەموو ئەزموونی مرۆڤ پووچەڵ دەكاتەوە، چونكە مرۆڤ بەرەو مردن دەبات.
(مۆریس زاب) دەڵێ‌ رەخنەی ئەدەبی هەڵەیەكی گەورە دەكات، كاتێ‌ ژیان و ئەدەب تێكەڵ بەیەكتر دەكات، چونكە ژیان دیار و روونە، بەڵام ئەدەب ئاڵۆز و نادیارە، ژیان سیستمێكی كراوەیە لە شتەكان پێكهاتووە، بەڵام ئەدەب سیستمێكی داخراوە لە وشە پێكهاتووە. بە بڕوای من ئەو قسەیەی مۆریس زاب لەسەر (زمان) و (ژیان) بەو مانایەیە، كە چێژ وەرگرتن لە دەلالەتەكانی زمان، چێژ وەرگرتن لە ژیانكردن نییە! زمان وەزیفەی جێبەجێكردنە، بەڵام ژیان خودی جێبەجێكردنە، زمان كردەیە، ژیان كارە! دەتوانین لە سیستمی ژیاندا بە ئازادی هەناسە بدەین، بەڵام لە ئەدەبدا لەژێر كۆنترۆڵی دەسەڵاتی زمانداین! دەسەڵاتی زمان هەتا هەتاییە، هەمیشە دەبێ‌ مرۆڤایەتی راڤەی زمان بكاتەوە و بەردەوام مانای جیاوازی لێبەرهەم بهێنێت. بەڵام ژیان مرۆڤ بەرەو مردن دەكاتەوە.
ئەدەب، لە مردنی كامۆ بە رووداوی ئۆتۆمبێل زیانێكی گەورەی بە خواوەندی ترێ‌ بەخشی..بڕوانە ل88. مۆزارت لە تەمەنی 35 ساڵی مرد. لۆتەریامۆنت لە تەمەنی 24 ساڵی. رامبۆ لە تەمەنی 37 ساڵی. بارت 64 ساڵ… بەڵام زمان هەمیشە لە پێشكەوتن و جوولەدایە! لاكان دەڵێ‌ زمان لە نەست رسكاوە. نەست وەك جۆرێ‌ لە جۆرەكانی ئازایی دەژمێردرێت، بۆیە رۆماننووسی فڕەنسی (لۆران بینی) لە رێگای فرە زمانییەوە حیكایەتەكانی (وەزیفەی حەوتەمی زمان) دەچنێتەوە! بەو مانایەش ئەگەرچی گێڕانەوە لەو رۆمانەدا بە ئاوەڵناوی بزر مامەڵەی لە تەك كراوە، بەڵام مەعریفە بەشێكی گەورە لە حیكایەتخوانی دەشارێتەوە، كەواتە ئاوەڵناوی بزر بەو مانایە نییە، كە دەكەوێتە نێو دنیای بگێڕەوەی هەموو شتزانەوە، چونكە ئەو توانایانەی (لۆران بینی) لە مەعریفە نمایشی دەكات، پڕ و فرە رەهەند و جۆراوجۆرە، حەقیقەتی خۆی لە خستنە رووی گۆڕانكارییەكاندا دەبینێتەوە و پێیوایە دەریچەی ئەبەدی ململانێی ئەو گێڕانەوەیە لە گۆڕان و سەیرورەدایە. رۆماننووس بە شێوەیەكی شاراوە، لەسەر زمانی بارت دەڵێ‌ سیمیۆلۆژی كە بە شەقامدا دەڕوا هەست بە دەلالەتەكان دەكات، بەڵام مرۆڤ هەست بە روداوەكان دەكات.ل179. بە مانایەك لە ماناكان لە بارەی چەمكی دیموكراسییەتەوە یان خوێنەرەوە دەڵێ‌ خوێنەر زۆری لێنەكراوە مانا جێگیر بكات، بەڵكو یاری بە مانا دەكات.

ژیان كورتە، زمان فاشییە
واڵتەر بنیامین دەڵێت: مەعریفە و رۆمان پێشبڕكێی ئەوە دەكەن، ببنە جێگرەوەی حیكایەتخوانیی! (بڕوانە تۆفانێك، لە بەهەشتەوە هەڵدەكات- دەروازەیەك بۆ هزری واڵتەر بنیامین، نووسینی پێشڕەو محەمەد، ل15).
تێگەیشتنی دەستەواژەی ژیان كورتە، زمان فاشییە مەعریفەیەكە دنیا جیاوازەكانی رۆمانی كێ‌ رۆڵان بارتی كوشت بەڕێوە دەبات؟ میلان كۆندێرا دەڵێ‌ مەعریفە خەسڵەتێكە لە خەسڵەتەكانی رۆمانی نوێ‌. كاتێ‌ (خوێنەر/ وەرگر) ئەو قسانەی بیر دەكەوێتەوە، دەتوانێ‌ رەهەندەكانی فاشییەتی دەسەڵاتی زمان و دیكتاتۆریەتی دەسەڵاتی سیاسی و ژیان و پووچەڵكردنەوەی ئەزموونەكانی مرۆڤ بە جوانی لە رۆمانی (وەزیفەی حەوتەمی زمان) بگرێ‌. بە مانایەكی دیكە دەمەوێ‌ بڵێم دەسەڵاتی زمان و دەسەڵاتی ژیان بە گشتی هەر دووكیان لە چەمكی ناچاركردندا بەیەك دەگەنەوە، زمان ناچاری قسەكردنت دەكات. زیندەگی ناچاری مردنت دەكات. یەكەم راستەوخۆ دەتخاتە بازاڕی قسەكردنەوە. زیندەگی دواتر دەتخاتە گەمەی مردنەوە. زمان فاشیستە. ژیان دیكتاتۆرە.
ئەو رۆمانە هەوڵدەدات بۆ گەیشتن بە كردنەوەی كۆدەكانی ناچاركردن، بۆ گەیشتن بە چەمكی دیموكراسییەت و وەرگر و خوێنەرەوە دەركەوتەكانی رۆشنبیریی و شاراوەكانی سیاسەت، ئاڵۆزی زمان و رووبەڕووبوونەوەی تووندوتیژی ژیان لە ململانێی جیاوازییەكاندا بە شێوەیەكی ئەدەبی و هێلكاری هونەری دابڕژێتەوە. بەو مانایەش وەك لەسەر زاری لاكان دەڵێ‌ ناونان زەمەنی بابەتی ئارەزووە. یان زەمەن بابەتی ئارەزووی ناونانە. یان بابەتی ئارەزوو زەمەنی ناونانە. یان زۆر بە سادەیی ناونان بابەتی ئارەزووی زەمەنییە. ئەوە ئەگەر گۆڕانكاری و سەیرورەی زمان بێت، ئەوە دیكتاتۆریەتی سیاسەت و دیكتاتۆریەتی ژیان بە تووندوتیژی و مردنت دەسپێرێت.
دواجار ئەوە ژیانە قسان دەكات، تێگەیشتنی ژیان قسان دەكات، مامەڵەكردنە لەگەڵ كار، بەڵام ساتەكانی قسەكردن مامەڵەكردنە لەگەڵ كردە. نووسین كردەیە، ژیان كار! لێرەدا جۆن سێرل قوتابی (ئۆستین) دەیەوێت زێتر تیۆری نیازخوازی لە چەمكی كار و كردەدا راڤە بكاتەوە و چەمكی (دیموكراسییەت – خوێنەر) لە (ژیانی راستەقینە) روونتر نیشان بداتەوە.
سێرل پێیوایە هەمیشە نیازی قسەكەر بەر لە گوتار، ئامادەیی خۆی هەیە. واتە كاتێ‌ دەڵێی: كات درەنگە! واتە نیازت ئەوەیە بۆ ماڵ بگەڕێیتەوە. بیكاسۆ دژی سلفادۆر دالی بوو، ژاك دریدا بە دژی ئۆستین و سێرل و یاكۆبسن پێیوایە ئەو كردەیەی سێرل لە ئاخاوتن و دیموكراسییەتدا نایەتە دی. وەزیفەی حەوتەمی زمانە، بڕوانە ل 279. بەڵام هەموو نكۆڵیكردنێ‌ پێناسەیە- سبینۆزا. بڕوانە ل249.
كەواتە دەشێ‌ نووسین لە سیاقێ‌ بنووسرێ‌ و لە سیاقێكی دیكە و لە شوێنێكی دیكە و لە كاتێكی دیكە بخوێندرێتەوە. بارودۆخی نووسەر و بارودۆخی (خوێنەر/وەرگر) گۆڕانیان بەسەردا دێت. نووسین گۆڕانكاری و سەیرورەیە و بەردەوام یاری لەگەڵ زمان دەكات.

هەولێر 7/4/2024

سەرچاوەكان:
1- لوران بینی: الوظیفە السابعە للغة من قتل رولان بارت؟، ترجمة محمد الجرطي، دار نابو، العراق 2021. صدرت الروایە فی طبعتها الفرنسیە عام 2015 .
2- الوظیفە السابعە للغة.. من قتل رولان بارت؟.. روایة التفكیر. إدریس الخچراوی_ كاتب من المغرب.




گومانی مێتۆدی لای دێکارت.. کاوە جەلال

یەک) کەس و سەردەم

ڕێنێ دێکارت (بە لاتینی: ڕێناتوس کارتێزیوس) فەیلەسوفێکی مەزنی فەڕەنسییە، مەزنێتییەکەشی بە ناولێنانێکی سەرنجڕاکێش ناسێنراوە: ئەو “باوکی نوێسەردەمی ئەوروپی”یە. هەڵبەتە ئەم ڕستەیە لە سێ واژە پێکدێت: باوک، نوێسەردەم، ئەوروپی. باوک بەرهەمێک دەخاتەوە کە نوێسەردەمە، وەلێ ئەوە نوێسەردەمێکی ئەوروپییە. ئەوجا کاتێک ئەو دەبێت بە بنیاتنەری شێوازێکی نوێی فەلسەفاندن کە “پەرچاندن”ی (ڕێفلەکسیۆنی) مێتۆدییە ڕووەو خودی خۆ، ئەوەش بە ئامانجی گەیشتن بە مەئریفەی ڕوون و ئاشکرا، ئیدی بەو کارە بناغەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە فەلسەفاندنی باوی سەردەمەکەی دەڕێژێت کە سکۆلایستیک بوو.
دێکارت ساڵی 1596 لە لا های هاتە جیهانەوە، باوکی نەجیبزادە و یاساوان بوو لە دادگەی باڵای بریتانیە، دایکی جیهانی بەجێهێشت کاتێک تەمەنی ئەو یەک ساڵان بوو، بۆیە نەنکی بەخێوی کرد. ئەو لە تەمەنی هەشت ساڵاندا نێررا بۆ خوێندن لە فێرگەیەکی یێزووییەکان (یەسوعییەکان) لە لا فلێش، وەلێ لەبەر ئەوەی کوڕێکی لەشساغ نەبوو، ئەوا ڕێی پێدرابوو تا سەئات 11 لە پێخەفدا بمێنێتەوە و پاشان بێت بۆ فێرگە، بەوەش هاوپۆلەکانی تووڕە دەبوون، دەکەوتنە بۆڵە و سکاڵا: “ئەرێ بۆچی هەرگیز ئەم زەلامە سزا نادرێت؟”، ئەویش وەڵامی دەدانەوە: ئەو وەک شیرەمژە هێندە لاواز بووە کە پزیشکەکان بە تەمای ژیانی نەبوون، بۆیە ناچارە خۆی بپارێزێت و زۆر بنوێت. زۆر نووستن بوو بە نەریتی دێکارت بەدرێژایی ژیانی.
وانەکانی فێرگەی لا فلێش بریتی بوون لە گریکی، لاتینی، ماتماتیک، ئەستێرەناسی، موزیک، تەلارسازی، هەروەها و بەتایبەتی نووسینە لۆگیکییەکانی ئەڕیستۆتێلیس کە وەک زەمینەی فێرکاری چەسپێنرابوون. هاوکات ئەو دەمە یێزووییەکان وەک پێشکەوتنخوازترین ئۆڕدی کڵێسەی کاتۆلیکی ناسرابوون، چونکە گەرچی مامۆستاکان سکۆلایستی بوون، سەرباری ئەوە هەڵوێستێکی کراوەیان بەرانبەر پرسیار و وەڵامی نوێی زانستە سروشتییەکان هەبوو. بەم شێوەیە دێکارت لە زارۆکییەوە بەر دوو شێوازی هزرین دەکەوێت: سکۆلایستیک و هومانیزم، ئەوجا دوای هەشت ساڵ خوێندن لە لا فلێش ساڵی 1612 دەڕوات بۆ پواتیێر تاکو لە زانستگەکەی بەردەوامی بە خوێندن بدات: فەلسەفە، ماتماتیک، یاساناسی و پزیشکی کە ساڵی 1616 تەواوی دەکات.
وەلێ دێکارت لەکاتی فێرخوازییەوە لە لا فلێش تووشی گومان دەبێت لە هەموو ئەو زانستانە کە وەک ڕاستیی پرسیارهەڵنەگر دەخزێنرانە نێو هۆشی فێرخوازانەوە. ئێرنست بلۆخ پەیوەند بەم ڕەوشەی دێکارتەوە لە گومانێکی پسیکۆلۆگییانە دەدوێت، کەواتە ناسۆری دەروونی کە بەپێش گومانی مێتۆدیدا ڕادەبورێت. ئەو خۆی لە “دیسکورزی مێتۆد”دا دەنووسێت: “لە گێژاوێکی ئەوتۆی گوماندا (…) خۆم دەبینییەوە (…) کە ئیدی لە زانینمدا تەنیا نەزانینم ئاشکرا کرد”(1). کەواتە ئاشکرایە بۆچی ئەو دوای تەواوکردنی خوێندنی زانستگەیی ناتوانێت بۆ خاتری پارە و پێگەی سۆسیال پۆستی پارێزەر یان دادوەر وەربگرێت، ژن بهێنێت و وەچە بخاتەوە: “(من نەمدەویست) زانست بکەم بە پیشە تاکو ئاستی گوزەرانی خۆمی پێ چاک بکەم”، بە پێچەوانەوە، هەرئەوەندەی تەمەن دەرفەتی پێدەدات کە خۆی لە پابەندی بە مامۆستا سکۆلایستییەکانییەوە بەربدات، بڕیار دەدات لە دوو شوێنی دیکە نەک لەنێو کتێبەکاندا بۆ زانست بگەڕێت: “لەنێو خۆم یان لە کتێبی مەزنی جیهاندا (…)؛ بەم شێوەیە باقیی تەمەنی گەنجێتیمم بەکارهێنا بۆ گەشتکردن تاکو کۆشکوسەرا و سوپای جیاواز بناسم، بە مرۆڤانی جیاواز لە کارەکتەر و پێگەی سۆسیال تێکەڵ ببم، ئەزموونی هەمەجۆر کۆبکەمەوە و لەو دۆخانەدا کە قەدەر دەیخستمە نێویانەوە، خۆم بخەمە ژێر تاقیکردنەوەوە (…)”(2).
کەواتە دێکارت بڕیار دەدات ڕێگەی خۆی بگرێتە بەر. ئەو لە سەردەمی جەنگی سیساڵەی مەزەبەکاندا ماوەیەکی کورت لە پاریس بەسەردەبات، پاشان باوکی ساڵی 1618 دەینێرێت بۆ کۆرسی سەربازی لە هۆڵەندا کە ئەو دەمە وەک پێشەنگی جەنگی بزۆک ناسرابوو: هۆڵەندییە کالڤینییەکان بەم شێوازە نوێیەی گێڕانی جەنگ بەسەر ئیسپانییە کاتۆلیکییەکاندا زاڵ بوون کە تا ئەو جەنگە وەک نەبەز ناسرابوون(3). پاشان دێکارت لای مۆڕیتسی ناساو و بەدووی ئەویشدا لە سوپای بایەرن وەک ئەفسەری بێمووچە دەچێتە خزمەتی سەربازییەوە، تەنانەت مەیدانییانە لە داگیرکردنی پراگدا بەشداری دەکات. ئەو ساڵی 1621 لە خزمەتی سەربازی دەکشێتەوە و بەردەوامی بە گەشتەکانی دەدات.
لەکاتی خزمەتی سەربازیی دێکارتدا لە بایەرن / ئەڵمانیا ڕوداوێکی گرنگ هەیە کە ڕەخنەگرانی ناوی دەنێن کاتی خویابوونی هزری نوێسەردەم. دێکارتی بیستوسێ ساڵان ئەفسەرە لە هەوارگەی زستانەی لەشکرەکەیان لە نۆیبورگ:
“ئەو دەمە لە ئەڵمانیا بووم. (…) جەنگ کە جارێ لەوێ کۆتایی نەهاتبوو، بانگی کردبووم بۆ ئەوێ. دوای ئەوەی لە ئاهەنگی تاجلەسەرنانی کایزەر (فێردیناندی دووەم لە نۆی سێپتێمبەردا لە فرانکفورت – ن) گەڕامەوە بۆ سوپا، زستان دەستی پێکرد، ئیدی لە هەوارگە مامەوە و لەوێ هیچ دەرفەتێکی گفتوگۆی پەرتکەرەوەم نەبوو، وەلێ هەر لەوێ بۆ خۆشبەختی نە خەم و نە سۆز هەراسانیان کردبووم. بەم شێوەیە بەدرێژایی ڕۆژ بەتەنیا لە ئۆدەیەکی گەرمدا دەرگەم لەسەر خۆم داخستبوو و تەنیا بە بیرۆکەکانمەوە خەریک بووم.”(4)
دێکارت شەوی 10/11ی نۆڤەمبەری 1619، لە شەوی سان مارتیندا (5)، سێ خەون بەدووی یەکدا دەبینێت. ئەو دوای ئەو خەونانە بڕیار دەدات ببێت بە فەیلەسوف. وەک ئەو خۆی دەبێژێت، خەونی یەکەم و دووەم “سامناک” بوون، ئەوی سێیەم “شیرین” و “ناسک” بوو. ئەو هەر سێ خەونەکەی لە دەفتەرێکی تێبینیدا دەنووسێتەوە و دەفتەرەکە بەدرێژایی ژیانی لای خۆی دەپارێزێت، تەنانەت لەتەک خۆیدا دەیبات بۆ کۆشکی ستۆکهۆلم. بێگومان گێڕانەوەکانی خۆی بزر بوون، ئێمە ناڕاستەوخۆ بەڕێی ئادرێیۆ بایێ-وە کە یەکەم بیۆگرافیی دێکارتی (1691) نووسیوە، نێوەرۆکی ئەو خەونانەمان پێگەیشتووە. بایێ کە لە دەفتەری تێبینییەکانی دێکارتدا داڕشتنی ئەو سێ خەونەی ئەوی خوێندبۆوە، لە نووسینی بیۆگرافییەکەی دێکارتدا دایاندەڕێژێتەوە. ئەمڕۆ گێڕانەوەکەی بایێ وەک باوەڕپێکراو ناسێنراوە.
لە خەونی یەکەمدا هەموو شتەکان شێواون؛ ئەو بەنێو شاردا وێڵە و لەشی بەلای چەپدا کەوتووە، کەواتە ناتوانێت بەڕێکی بەڕێوە بڕوات و بەو هۆیەوە شەرمی بە خۆی دێت، بۆیە هەوڵ دەدات خۆی ڕاست بکاتەوە، وەلێ باهۆزێک هەڵی کردووە و دەرفەتی پێنادات خۆی بەپێوە ڕابگرێت، تەنانەت چەند جارێک لەسەر پێی چەپ دەیسووڕێنێتەوە. ئەوجا هەوڵ دەدات بۆ هێورکردنەوەی ناڕەحەتییەکانی لەشی دەرمانێک بخوات، وەلێ هەوڵەکەی شکست دەهێنێت. پاشان هەوڵ دەدات هانا بۆ کلێسەیەک بەرێت تاکو لەوێ بە ئارامیی دەروونی بگاتەوە، وەلێ ناتوانێت بە کڵێسەکە بگات، چونکە باهۆزەکە بەتوندی بەرەو پاش دەیگەڕێنێتەوە. جگە لەوە مرۆڤەکان کە ئەو لە ڕێ پێیان دەگات، بایەخی پێنادەن. هاوکات گەرەکە پیاوێک بدۆزێتەوە تاکو مێلۆنێکی (کاڵەکێکی) پێبدات، کەچی ئەمەشی بۆ ناچێتە سەر. سەرئەنجام هەڵکێشراو لە ئارەق بێدار دەبێتەوە، هەست بە ئازارێکی توند دەکات و وای بۆ دەچێت کە گیانی خراپ ویستوویەتی لەخشتەی بەرێت، ئیدی بۆ نزیکەی دوو سەئات لە چاکە و خراپەی نێو جیهان دەهزرێت. پاشان دەنوێتەوە.
دێکارت لە خەونی دووەمدا دەکەوێتە نێو بۆرانێکەوە و هەورەگرمەیەک ڕایدەچڵەکێنێت، بێدار دەبێتەوە و هەست دەکات کە دەتوانێت لە تاریکیدا ببینێت، وەلێ نازانێت کە داخۆ هۆی ئەوە بۆ پزیسکە پەرشبووەکانی نێو ئۆدەکەی دەگەڕێتەوە یان بۆ چاوانی خۆی کە داگیرساون و ڕوناکی دەخەنەوە. کەواتە ناتوانێت خەون و کەتوار لە یەکدی جیابکاتەوە. جگە لەوە ئەو زۆر جار شتی بەو چەشنەی بینیوە، بۆیە ئیدی سەرلەنوێ بەئارامی دەنوێتەوە.
لە خەونی سێیەمدا نەک هەورەبروسکە، بەڵکو ڕوناکیی مۆم هەیە. ئەم خەونە ترسناک نییە وەک دوانەکەی پێشوو. دێکارت ژمارەیەکی زۆر کتێبی لە بەردەمدایە، هەروەها فەرهەنگێک لەسەر مێزێکە و نازانێت کێ لەو جێیەدا دایناوە. لە تەنیشت فەرهەنگەوە کۆکارێکی هەڵبەستڤانان لە بەرگێکدا دەبینێت، ئەوجا پیاوێک کە دێکارت نایناسێت، هەڵبەستێکی نێو ئەو کۆکارەی بۆ دەپەسنێنێت کە بەم وشانە دەست پێدەکات: “Est et Non” (“ئەرێ و نەرێ”)، وەلێ ئەو ناتوانێت هەڵبەستەکە بدۆزێتەوە، بۆیە دەبێژێت کە هەڵبەستێکی دیکەی زۆر جوانی هەمان هەڵبەستڤان هەیە و بریتییە لە: “Quod vitae sectabor iter?” (“ئایا (لە ئایندەدا) چە ڕێگەیەک بگرمە بەر؟”). سەرباری ئەوە ناتوانێت ئەمیش بدۆزێتەوە. کاتێک لاپەڕەکانی هەڵدەداتەوە، تێیاندا پۆرترێی بچووکی جیاواز دەبینێت و هەست دەکات، گەرچی کتێبەکە زۆر جوانە، سەرباری ئەوە جیاواز لەوە چاپکراوە کە ئەو پێشتر بینیبووی. لە کۆتاییدا کتوپڕ کتێبەکان و پیاوەکە دیارنامێنن.
دێکارت لە خەونی یەکەمدا بەتەنیایە و وێڵە، هەروەها بەلای چەپدا کەوتووە، ئەمەش بەگوێرەی ڕاڤەکردنی ئەو دەمەی ئەوروپی لاربوونەوەیە بەرەو گومڕایی، یان دوورکەوتنەوەیە لە ڕێی ڕاست (بریتییە لە ئیڕتیداد)، بۆیە مرۆڤەکانیش کە ئەو لە ڕێ پێیان دەگات، بایەخی پێنادەن. ئەوجا مێلۆنەکە، بەگوێرەی ڕاڤەکارانی دێکارت، وێنەیە بۆ میوەیەک یان مرۆڤێک کە ژیانی ناخەکییانەی نەناسراو و گوماناوییە، کەواتە مرۆڤ دەشێت پەیوەند بە هەردووکیانەوە بەسەهوودا بچێت. دێکارت وایدادەنێت کە ئەو دەتوانێت بەبێ مێلۆن، بەبێ مرۆڤان، هەڵبکات، بۆیە ستایشی “تەنیایی” دەکات. مێلۆن بۆ ئەو بەرجەستەی تەنیاییە وەک پێویستییەک بۆ هزرین. ئەوجا کاتێک ئەو لە خەونی یەکەمدا وێڵ بووە و لە خەونی دووەمدا هەورەگرمەیەک ڕایدەچڵەکێنێت، ئەوا خەونی سێیەم هانی دەدات کە بۆ ڕێگەی خۆی بگەڕێت. بە بڕوای ئەو فەرهەنگەکە نیشانەیە بۆ کۆی زانستەکان، کۆکاری هەڵبەستڤانەکان نیشانەیە بۆ پەیوەندیی فەلسەفە و دانایی، ئەوجا ئاماژەدانی کابرای نەناس بۆ ناونیشانێکی وەک “ئەرێ و نەرێ” هاندانە بۆ جیاوازیکردن لە نێوان ڕاست و هەڵەدا، وەلێ گەر لە کتێبەکاندا پرسی “ڕاست و هەڵە”ی بۆ ساغنەکرایەوە، ئەوا گەرەکە خۆی بگەڕێت کە داخۆ شتێکی ڕاست یان هەڵە هەبێت و لەنێو هۆشی خۆیەوە هەڵقوڵابێت. خەونی سێیەم ئاماژە بۆ ئایندە دەدات، دێکارتیش ڕێگەی بەرەو ئایندە دەگرێتە بەر(6).
بە گۆتەی دێکارت خۆی ئەم سێ خەونە کاریگەری لەسەر ئایندەی ئەو دەنوێنن، ئەو گۆیا لەو خەونانەوە دەگات بە بنەمای “کۆگیتۆ ئێرگۆ سوم” (“من دەهزرێم کەواتە من هەم”)، یان دەگات بەو بڕوایە کە گەرەکە شۆڕشێکی فەلسەفەیی بەرپا بکات، واتا: هەر شتێک کە وەک جەخت و مسۆگەر دەنوێنێت، لە بناغەوە بڕمێنێت و سەرلەنوێ لە یەکەمین بناغەکانەوە دەستپێبکاتەوە(7). بە شێوەیەکی ڕوونتر ببێژین، ئەو دەیەوێت مێتۆدێکی یونیڤێرساڵ (گشتگیر) بۆ توێژینەوە لە ڕاستی (واتا زانین) گۆڕان پێبدات تاکو فەلسەفە ببێت بە زانست. لە بنەڕەتدا ئەم زانستە نوێیە کە ئەو بنیاتی نا، کاریگەریی قووڵی لەسەر جیهانی مۆدێرنی ئەوروپی نواند. لەوێ دەربڕینی “من” لە دێکارت جیانابێتەوە.
وەلێ دێکارت سەرباری بڕیاردان بۆ گرتنەبەری ڕێگەی خۆی هێشتا هەر ئەزموونەکەی شەوی 10/11ی نۆڤەمبەری 1619 بۆ ماوەی 18 ساڵ وەک نهێنییەک لە ناخی خۆیدا دەشارێتەوە.
دێکارت دوای مردنی باوکی میراتییەکی زۆری بۆ دەمێنێتەوە و ڕزگاری دەکات لە خەم و مشووری گوزەران. دوای ئەوەی ماوەیەک لە پاریس بەسەر دەبات، دەڕوات بۆ هۆڵەندا و لەوێ 19 ساڵ (لە 1629 تا 1649) دەمێنێتەوە. ئەو دەمە هۆڵەندای کالڤینی و کۆماری تەواو جیاواز بوو لە فەڕەنسای کاتۆلیکی و شانشینی، چونکە لەوێ بەهۆی پەیوەندییە لیبەرالەکانییەوە مرۆڤ دەیتوانی ئازادانە بنووسێت و نووسینەکانی بڵاوبکاتەوە. سەرباری ئەوە لە ماوەی ژیانیدا لەو وڵاتە 24 جار لە ترسدا شوێنی گوزەرانی دەگۆڕێت، هاوکات ناونیشانی خۆی بە ژمارەیەکی زۆر کەم لە ناسیارانی دەدات. ئەوجا هەر لە هۆڵەندا ڕوداوێکی خەمهێن کاریگەریی قووڵ لەسەر ژیانی دەنوێنێت: لەوێ لەتەک کیژە کارەکەرەکەیدا بە ناوی هێلێنە یانز زارۆکێک دروست دەکات و ساڵی 1635 دەبێت بە باوک، وەلێ کچەکەی لە تەمەنی پێنجساڵاندا دەمرێت، بەو هۆیەشەوە دەخزێتە نێو تەنگژەیەکی قووڵی دەروونییەوە.
ساڵی 1637 دێکارت نووسینی “دیسکورز لەبارەی مێتۆدی بەکارهێنانی دروستی ئاوەز و گەڕان بۆ ڕاستی لەنێو زانستەکاندا” بڵاودەکاتەوە و فەلسەفە ڕاسیۆنالیستییەکەی ڕادەگەیەنێت. وەلێ بەهۆی ئەو نووسینەوە نەک تەنیا کڵێسە لە فەڕەنسای زێدی خۆی، بەڵکو تیۆلۆگە پرۆتێستانتەکانی هۆڵەنداش لەدژی ڕاستدەبنەوە. ئامانجی نووسەری “دیسکورزی مێتۆد” ئەوەیە کە خوێنەرانی فێرببن مێتۆدییانە ڕاست لە هەڵە جیابکەنەوە تاکو لە کردارەکانیاندا بەڕوونی ببینن و لە ژیاندا بەمسۆگەری بەرەو پێش هەنگاوبنێن، وەلێ مرۆڤ ئەمەی پێبەدیدەهێنرێت، گەر لەنێو خۆیدا بنەمایەک بۆ لەسەروەستان بچەسپێنێت. لێرەدا ڕوونتر تێدەگەین کە بۆچی ئەو دەبێت بە باوکی نوێسەردەمی ئەوروپی: چەسپاندنی بنەمای خۆیی دەبێت بە هەوڵی چەندین ملیۆن مرۆڤی ئەوروپی بەو مەبەستە کە ڕێگەی خۆیان بگرنە بەر. بۆیە هێگل دەبێژێت: “ئەو پاڵەوانێکە کە (…) زەمینەی فەلسەفەی لەنوێوە بنیاتنایەوە”(8).
ئەوجا دێکارت ساڵی 1641 “مێدیتاسیۆنەکانی (لێهزرینەکانی) یەکەم فەلسەفە” بڵاودەکاتەوە، سەرەتا بە زمانی لاتینی، پاشان بە فەڕەنسی، جا گەرچی هێشتا هەر لاتینی زمانی ستاندارتی فەلسەفە و زانستەکان بوو. وەلێ زەبری بێبەزەییانەی دەسەڵاتدارانی ئایینی دێکارت ناچار دەکات ماسک هەڵبگرێت تاکو لەتەکیاندا نەکەوێتە ناکۆکییەوە. بۆیە لە سەرەتای کتێبەکەیدا بەشێکی “پێشکەش” دادەنێت و دەنووسێت:
“ڕێنێ دێکارت سڵاوی خۆی پێشکەشی ڕاگران و دکتۆرانی فاکولتێی تیۆلۆگیی پیرۆزی پاریس دەکات”، ئەوجا بەردەوام دەبێت: ئەو نووسینەکەی دەخاتە بەردەمیان تاکو ئەو زانا مەزنانە خۆیان بەڕوونی مەبەستی ئەو ببینن و دوای ئەوەی بینییان، ئیدی بەگونجاوی دادەنێن، لەبەر ئەم هۆیە گەرەکە ئەوانی بەڕێز بەرگریی لێبکەن (!). سەرەڕای ئەوە دێکارت هێشتا هەر تێڕوانینی خۆی سەبارەت بە پرسی خودا و نەمریی دەروون دەخاتە بەردەم تیۆلۆگەکان: “من هەردەم ئەو تێڕوانینەم هەبووە کە پرسیاری خودا و دەروون گرنگترینی ئەو پرسیارانەن کە دەبێت بە یاریدەی فەلسەفە نەک تیۆلۆگی بسەلمێنرێن”(9).
سەرباری ئەوە ژیانی دێکارت بەهۆی کتێبەکانییەوە دەکەوێتە مەترسییەوە. دوای ئەوەی کریستینەی شاژنی سوید پاییزی 1649 بانگی دەکات بۆ کۆشکی ستۆکهۆڵم تاکو لەوێ وانەی فەلسەفەی پێبدات، ئەو بانگهێشتەکەی قبووڵ دەکات و دەڕوات بۆ سوید. وەلێ شاژن ڕاهاتبوو بەیانیان زوو بێداربێتەوە و هەستێت، دێکارتی خەوخۆشیش دەبوو بەو بەیانی زووە هەستێت و بڕوات بۆ لای تاکو بابەتی فەلسەفەیی بۆ بخوێنێتەوە – بە سەرئەنجامێکی کوشندەوە: بەرگەی یەکەم زستانی سوید ناگرێت. ئەوی سەرمابردەڵە لەکاتی پیاسەکردنی بەیانیان لەتەک شاژندا بەسەختی سەرمای دەبێت، سییەکانی هەو دەکەن، نەخۆشییەکە لێی پیس دەکات و 11.02.1650 لە ستۆکهۆڵم دەیکوژێت.
ساڵی 1663 نووسینەکانی دێکارت دەخرێنە نێو لیستی نووسینە یاساغکراوەکانەوە (Index librorum prohibitorum) کە بەکورتی هەروەها ناودەنرێت “لیستی رۆمی” (Index Romanus).
دێکارت لەپاڵ فەلسەفەدا هەروەها واتایەکی مەزنی بۆ ماتماتیک هەیە. ئەو بە نووسینی “لەبارەی ئەندازە” گۆڕانی دا بە کایەیەکی نوێ لە ماتماتیکدا کە ناو دەنرێت ئەندازەی شرۆڤەیی. ئەم ئەندازەیە هاوکێشە جەبرییەکان بە داڕشتنی ئەندازەیی شرۆڤە دەکات، هەروەها بابەتە ئەندازەییەکان بە هاوکێشەی جەبری وەسف دەکات. جگە لەوە ئەو یەکەم ماتماتیکی بوو کە هێماکانی “+” و “-“ی لە ژمێرەدا بەکارهێنا، هەروەها شێوازی نووسینی توان (بۆ نموونە a2 لەبریی aa)، هێمای ڕەگ و سێ پیتەکەی کۆتایی ئەلفبا (x، y و z) کە وەک قەوارەی بگۆڕ (ڤاریابل) لە سیستەمی پۆتاندا بەکاردەهێنرێن، دەگەڕێنەوە بۆ دێکارت.

دوو) شێوازی هزرینی سکۆلایستی

لە بنەڕەتدا دەستەواژەی “چەرخی نێڤین” تەنیا پەیوەندیی بە ئەوروپای کریستیانییەوە هەیە، شێوازى پێگەیاندنی ئەم چەرخەش بریتییە لە سکۆلایستیک، واتا پێگەیاندنى فێرگەیى. وەلێ ئێمە پێویستە سکۆلایستیک لە دوو واتادا دیارى بکەین: لە واتایەکى تەسکدا هزرینى فەلسەفەیى-فێرگەییە کە تا ڕێنیسانس پەیڕەو دەکرا. ئەو دەمە فێرگەکان لەنێو کڵێسەکاندا بوون و پاشان لە سەدەى سیازدەیەمدا گوێزرانەوە بۆ نێو زانستگەکان. لێ سکۆلایستیک لە واتایەکى فراواندا شێوازى هزرینى ئەم چەرخە بەگشتى دەگرێتەوە.
گەرچى سکۆلایستیک بەنێو سێ قۆناغى سەرەتا و باڵا و درەنگدا ڕەت دەبێت، سەرەڕای ئەوە وەک سەرجەم مۆرکێکى سەرەکیى هەیە: بەندە بە تیۆلۆگى و سەروەریى کلێسە و بیبلەوە؛ زەمینەکەى بریتییە لەو تێڕوانینە کە واى دادەنێت هەقیقەتى ئیمان پێشتر لە لایەن تیۆلۆگییەوە پێناسە کراوە. ڕوونتر ببێژین: مرۆڤ دەبوو بڕوای بە خودا و سروش هەبێت. هەر لەم ڕوانگەیەوە زانایان بۆیان نەبوو لە فاکتە جیاوازەکان بتوێژنەوە کە مۆرکی زانستی مۆدێرنە، بەڵکو دەبوو بەڵگە بۆ دۆگمەکانی کڵێسە بهێننەوە. بۆ نموونە لە ئەستێرەناسیدا، پابەند بە جیهانبینیی گریکییەوە، زەمین خرابووە نێوەندی سیستەمی خۆرەوە، خۆریش وەک هێمای چاوی خودا دادەنرا کە لە سەرەوە چاودێریی هەر کردارێکی مرۆڤان دەکات. جگە لەوە پرۆگرامی زانست تەنیا بەسەر لکە سەربەخۆکانی فەلسەفەدا بەکارنەدەبرا، بەڵکو بەسەر یاساناسی و پزیشکیشدا.
هزرینی سکۆلایستی لە ئاستی لێرەبوونی (وجودی) نێوجیهانیی مرۆڤەوە وەک ئیماندارێکی ئاوەزمەند ئاوەڵا دەکرا، فێرخوازانیش وەک ئاوەزمەند و سەلار و گوێرایەڵ زانستەکانیان لە مامۆستایان وەردەگرت و دەیاندانەوە یان درەنگتر لەسەر ڕێنوما چەسپێنراوەکان پەرەیان پێدەدان. کەواتە ئەوان بەدەر بوون لە ئازادیی هزرین. گەر کڵێسە بیپرسیایە: “ئایا چۆن هەبوونی خودا دەسەلمێنرێت؟”، یان “بۆچی خودا بۆ مەبەستی خەڵاسی مرۆڤان بوو بە مرۆڤ؟”، دەبوو فەیلەسوفان لە هەوڵی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەدا بەڕەهایی بەند بن بە سێ بنەماوە: بیبل، پاتریستەکان (باوکانی کڵێسە) و ئەڕیستۆتێلیس. نەک سەلماندنی ئیمان، بەڵکو ڕوونکردنەوەی ئاوەزمەندانەی دۆگمەکانی کڵێسە بابەتی ئەوان بوو بەو ئامانجە کە ئیمانداران باشتر لە نێوەرۆکی ئیمان و ڕاستیی خەڵاس تێبگەن. لێرەدا دەستوێژەکانی ئەرگومێنتهێنانەوەی زانستی بەگوێرەی لۆگیکی ئەڕیستۆتێلیس و دیالێکتیکی فێرگەکان (سکۆلاکان) لە سەرجەم مەئریفەی زانستی و بەشەکانی خوێندندا بەگەڕ دەخران، دیالێکتیکیش لەم پەیوەندییەدا بەواتای دانانی پرسیار (quaestio) و دانوستاندن (disputatio)ی دروستی زانستی کە پابەند بە لۆگیکی ئەڕیستۆتێلیسەوە ئەنجام دەدرا. بۆ نموونە گەر پرسێکی نێو بیبل ببووایە بە بابەتی دانوستاندن، ئەوا پرسەکە وەک ڕاستی دادەنرا، ئەوجا “پرسیار” ئاڕاستەی دەکرا تاکو لە خودی ئەو بابەتە دانراوەوە مەئریفەی قووڵتر دەربئەنجامێنرێت، لێرەشدا تەنیا مامۆستا دوایەمین تێڕوانینی چواندووی ڕادەگەیاند و وەک گونجاو بە بنەماکانی ئیمانی کریستیانی وەردەگیرا. چە قورەت بوو فێرخوازێک “پرسیار”ی ڕاستیی بکردایە، کەواتە خۆی نەخستبایەتە ژێر ڕکێفی ڕاستیی چەسپێنراوی کڵێسەوە! ڕستەکەی ئەنسێڵم چواندنی گشتیی هەبوو: “من ئیمانم هەیە، کەواتە من دەزانم”. وەک پاشان دەبینین، دێکارت درەنگتر بنەمایەک ڕادەگەیەنێت کە دەشێت وەک دژەوەڵام بۆ ئەنسێڵم دایبنێین: “من دەهزرێم کەواتە من هەم”.
جگە لەوە هزرینی فیزیکی لە سکۆلایستیکدا بەند بوو بە هزرینی گریکییەوە کە چوار توخمی بنەڕەتیی وەردەگرت و لە ژێرەوە بەرەو ژوور بریتی بوون لە: ئەرد، ئاو، هەوا و ئاگر. توخمە قورسەکانی ئەرد و ئاو سارد بوون، توخمە سووکەکانی هەواو و ئاگر گەرم بوون؛ ئەرد و ئاگر وشک بوون، هەوا و ئاو بەلێشاو بوون، هاوکات ناکۆکیی نەبڕاوە هەر چواریانی بەبێ هیچ شیمانەیەکی ئاشتبوونەوە تەنیبوو. دروستبوون و لەناوچوون دوو پرۆسەی نەبڕاوەی کایەی زەمینی بوون. بە یەکگرتنی چەند توخمێک شتێک دەهاتە ئاراوە کە ناو دەنرا “تەنی تێکەڵ” بە فۆرمێکی تایبەتییەوە کە گەردیلە توخمییە ناتەباکانی خودی ئەو تەنەی ڕادەگرت. بۆ نموونە لە لەشی ئاژەڵدا ئاگر لە شێوەی گەرمیی ئەنیمالیدا لەگۆڕێ بوو؛ هەر ئەوەندەی فۆرمی توخمییانەی ئاژەڵەکە لەناوبچووایە و ئەویش مردار ببووایەتەوە، ئیدی سەرەتا ئاگرەکەی لێوە دەردەچوو، چونکە چیدی فۆرم ئاژەڵەکەی ڕاگیر نەکردبوو، تا لە کۆتاییدا لاکی ئاژەڵەکە سارد دەبۆوە. یان گەر ئاگر بییەوێت لەدژی ئاو بجەنگێت، سەرەتا گەرمیی خۆی وەک پێشڕەو بۆ دەنێرێت، ئەویش ساردیی سروشتیی ئاو ڕاودەنێت و لاوازی دەکات، چونکە ئاو لە سروشتەوە چڕ و قورسە، بە پێچەوانەشەوە گەرمی دەیەوێت بیکات بە هەڵم. ئەوجا گەر کاریگەریی دوژمنانەی چۆنێتییەکەی گەرمی کە سەربەخۆ کارایە، تا ڕادەی پێویست بەردەوام بێت، ئیدی دەبێت لە کۆتاییدا فۆرمی ئاو کە ماتەرییەکەی تەنیوە، جێ بۆ فۆرمێکی دیکە چۆڵ بکات: فۆرمی هەوا (10).
مۆرکێکی بنەڕەتییانەی فیزیکی چەرخی نێڤین ئەوە بوو کە شتەکانی وەک پێکهاتوو لە گەوهەر و چۆنێتی وەردەگرت، وەلێ هەردووکیانی سەربەخۆ لە یەکدی دادەنا، جگە لەوە هەردووکیان بەزۆری لە چالاکیدا بوون (ئەم پرسە لە خوارەوە ڕوونتر دەبێتەوە).
وەلێ لە کۆتایی چەرخی نێڤیندا سەرجەم جیهانبینیی سکۆلایستی خرایە ژێر پرسیارەوە، هەڵوەشێنرایەوە و بەوەش لەکارخرا، کە بێگومان جیهانبینییەکە هێندە ئاسان تەسلیم نەبوو، بەڵکو چووە شەڕی خوێناوییەوە لەدژی هەر جۆرە هزرینێکی نوێ لە زانستە سروشتییەکان، لە فەلسەفە و ڕێکخستنی نوێی جڤاکیدا.

سێ) مێتۆدی زانستی-سروشتییانەی نوێسەردەم

کاتێک سکۆلایستە قەدیمییەکان کە پابەندی ئەڕیستۆتێلیس بوون، زانستەکانیان بەگوێرەی بابەتەکانیان دادەبەشاند و بەجیا لە هەر یەکەیان دەتوێژینەوە، ئەوا لە نوێسەردەمدا مێتۆد دەبێت بە کلیلی بنیاتنانی زانست. جگە لەوە لە هزرینی زانستی-سروشتییانەی قەدیمییە سکۆلایستییەکاندا ماتماتیک وەک پاشکۆی فیزیک دادەنرا، بێگومان وەک پاشکۆیەکی سەربەخۆ لە فیزیک و هاوکات دەگۆترا، کە ماتماتیک تەنیا بە داماڵین (ئەبستراکسیۆن) لە فیزیک بەدیدەهێنرێت، وەلێ ئەم جۆرە تێڕوانینە ئاستەنگێکی گەورە بوو لە بەردەم داواکارییە زانستییە نوێکانی ئەو سەردەمەدا کە بۆ بنیاتنانی تەکنیک ڕاگەیەنرابوون. بۆ نموونە دێکارت لەدژی فیزیکی ئەڕیستۆتێلی کە سپێکولاتیڤ (بەدەر لە مەئریفەی مسۆگەرکراو) بوو، داوا دەکات کە دەبێت فیزیک بەڕەهایی بکرێت بە ماتماتیک. لێرەدا فیزیکی نیوتن بوو بە ئەلتەرناتیڤی فیزیکی قەدیمییەکان و توانیی داواکارییەکانی ئەو سەردەمە بۆ دەستگرتن بەسەر سروشتدا ساتار بکات. ئەوجا، وەک لە سەرەوە پێشانمان دا، کاتێک لە فیزیکی قەدیمیدا چۆنێتییەکان سەربەخۆ لە گەوهەرەکان دادەنران، ئەوا فیزیکی دێکارت (کە بێگومان ئەمڕۆ تەواو بۆڕدراوەتەوە) چۆنێتییەکان دەکات بە ڕەوشی گەوهەر: سەرجەم فرەجۆریی سکۆلایستییانەی توخمەکان، گەوهەرەکان، فۆرمەکان، چۆنێتی و چەندێتییەکان، دەگەڕێنێتەوە بۆ دوو تایبەتمەندی کە بریتین لە شێوە و بزووتن و تەنیا بەندن بە گەوهەری کشاوەوە (ڕێس ئێکستێنزاوە)، ئەمەش ئاسانکارییەکی نوێ بوو بۆ هزرینی بەبەرهەمی فیزیکی.

سەرفرازبوونی زانستە سروشتییەکانی نوێسەردەم بەندە بە مێتۆدی ئێکسپێریمێنتێل (تەجروبەیی) و مۆدێلە ماتماتیکییەکانی فیزیکی گالیلێی و نیوتنەوە. گەرەک بوو جیهان میکانیستییانە ڕوونبکرێتەوە. ئەم جیهاندیدییە نوێیە وایدادەنێت کە هەموو تەنە ماتەریەلەکان (کەرەسەییەکان) لە گەردیلەی میکانیکی یان لە ئەتۆم پێکدێن و پێکڕا پابەندی یاساکانی میکانیکن(11). لێرەدا دەگەین بە مێتۆدی ئەم هزرینە میکانیستییە کە دوو ڕەوت بە ئاڕاستەی بەرەڤاژ لە خۆدەگرێت: ڕێزۆلوسیۆن (بە گریکی: ئانالیزیس، واتا شرۆڤەکردن، شیکردنەوە یان دابەشاندن)، ئەوجا کۆمپۆزیسیۆن (بە گریکی: سینتێزیس، واتا لێکدان، ڕێکخستن یان داڕشتن).
گالیلێیۆ گالیلێی (1564-1642) و ئایساک نیوتن (1642-1727) لەو زانایانەن کە مێتۆدی ناوبراویان بەهەند وەردەگرت. گالیلێی ئەم مێتۆدەی لە ئێکسپێریمێنتەکانیدا (تەجروبە زانستییەکانیدا) سەبارەت بە پانتایی لار بەگەڕخست، ئەویش کاتێک لارییەکەی گۆڕێ تاکو تەوەرەکانی بزووتنی بەربوونەوە شرۆڤە بکات(12). هەروەها نیوتن لە نووسینەکەیدا بە ناونیشانی “پرنسیپیا” چوار ڕێسای مێتۆدۆلۆگیانەی دانا: دوو ڕیسای یەکەم ڕوودەکەنە شرۆڤەی هۆی دیاردەکان، داوا دەکەن تەنیا ئەو هۆیانە وەربگیرێن کە بەسن بۆ ڕوونکردنەوەی دیاردەکان، هەروەها گەرەکە ئەنجامگەلی هاوشێوە بگەڕێنرێنەوە بۆ هۆی هاوشێوە. سێیەمیان بریتییە لە ڕێسای ئیندوکسیۆن (ئیستیقراء، دەرئەنجامگیری لە تایبەتێتییەوە بەرەو گشتێتی)؛ ئەم ڕێسایە تەنیا ڕێ بە یەک شێوازی کارکردن دەدات: دەبێت ئەدگاری میکانیکییانەی هەر تەنێک کە ئەمپیریانە ناسراوە، بە چەشنێک بگشتێنرێت کە ئیدی چواندنی بۆ هەموو تەنەکان، تەنانەت بۆ بچووکترین گەردیلەکانی هەر تەنێک، واتا بۆ ئەتۆمەکان، هەبێت. چوارەم ڕێسا دەیسەپێنێت: مرۆڤ هەرگیز نابێت دەستبەرداری ئەو هیپۆتێزانە (گریمانانە) بێت کە ئەمپیریانە سەلمێنراون، وەلێ گەر درەنگتر زانستییانە وەک هەڵە سەلمێنران (falsification)، ئیدی دەتوانێت وازیان لێبهێنێت، کەواتە نەک لەو کاتەدا کە گونجاویان بۆ زانست جێی پرسیار نییە، لەبرییەکی سپێکولاتیڤیان (بەدەر لە مەئریفەی مسۆگەرکراویان) بۆ دابنێت(13).
دێکارت بە پێچەوانەی هزرینی ئەمپیرییەوە کە داوای مەئریفەی جەخت ناکات، گۆڕان بە مێتۆدێکی ڕاسیۆنالیستی دەدات، واتا گشتێتییە بەڕەهایی چواندووەکانی ماتماتیک وەک بنەڕەت دادەنێت، چونکە بەهۆی چواندنی ڕەهایانەوە شیاوی هەڵوەشاندنەوە نین، بۆیە دەمانگەیەنن بە مەئریفەی جەختی شتەکان. ئەو تەنانەت داوا دەکات کە دەبێت زانین هەمان جەختیی ڕەهای ماتماتیکی هەبێت. بێگومان ئەو سەرەتا بنەڕەتێک بۆ جەختییە پێویستەکەی مەئریفە دەچەسپێنێت: نابێت بەبێ ئینتوئیسیۆنی (نەزەری) ڕوون و ئاشکرا هیچ هزرینێکی دەرئەنجامگیر (دێدوکسیۆن) وەربگیرێت. جیاوازیی هەردووکیان لەوەدایە، کە ئینتوئیسیۆن نەزەری سادە و لە خۆدا ئارامی گەوهەرە، وەلێ لە هزرینی دەرئەنجامگیردا بزووتنێکی زنجیرەیی بەردەخرێت؛ جگە لەوە ئێمە لە ڕەوشی ئەمیاندا پێویستمان بە ئێڤیدێنس (ڕوون و ئاشکرایی) نابێت، چونکە ئیستا هزرینی هەڵهێنجەرانە جەختییەکەی خۆی لە تەرکیزەوە وەردەگرێت.
ئێمە تەنیا دوای نەزەری ڕوون و ئاشکرا لەو ڕاستییە سادانە کە گشتین، دەتوانین ئاوەزمەندانە دەستبکەین بە دەرئەنجاماندنی تایبەتێتی، هەر ئەم مێتۆدەشە کە دەرفەتی بڕیاری (حوکمی) دروستمان بۆ دەڕەخسێنێت و دەتوانین زانست بنیاتبنێین. مەئریفەیەک کە بە نەزەری ڕوون و ئاشکرا بەدیهێنرابێت، بۆ دێکارت بریتییە لە بەڵگەنەویست (ئەکسیۆم). یان بە پێچەوانەوە گەر من بە نەزەری ڕوون و ئاشکرا تێنەگەم کە لە سێگۆشەیەکی گۆشەوەستاودا کۆی ڕووبەری دوو چوارلایەکسانی سەر لاکان یەکسانە بە ڕووبەری چوارلایەکسانی سەر ژێ، ئەوا پێناسەکردنی ئەم بیردۆزە لە لایەن منەوە بەدەرە لە بنەڕەتی مەئریفی. من تەنیا ئاوەزمەندانە پێناسەکەم وەرگرتووە، یان دەرخم کردووە و لە زاکیرەمدا ڕامگرتووە. من ئەوها نابم بە ماتماتیکی، جا چەند زۆر کاری ماتماتیکییانەی ئاوەزمەندانەم لێبووەشێتەوە. تەنیا بەدووی نەزەری ڕوون و ئاشکرادا دەشێت بابەتە دانراوەکە بە دابەشاندن / شرۆڤەکردن بەرەو پرنسیپەکانی ببرێتەوە کە پێکڕا ڕاستیی ڕوون و ئاشکران، ئەوجا پرنسیپەکان بە ڤەگەڕان لە داڕشتن-ەوەیەکدا لێکبدرێنەوە.
دێکارت مێتۆدی ڕێزۆلوسیۆن-کۆمپۆزیسیۆن: شرۆڤەی پاشڤەچوو بەرەو پرنسیپەکان و ئەوجا لێکدانەوەیان، بە چوار ڕێسای هزرینی زانستی پێشان دەدات:
1) ڕێسای ئێڤیدێنس (ڕوون و ئاشکرایی): من نابێت هیچ شتێک بە ڕاست دابنێم کە گومانی لێبکرێت. کەواتە تەنیا شتێک، ڕەوشێک یان گۆزارەیەک بە ڕاستی دادەنرێت، گەر ئاگایی بە نەزەری ڕوون و ئاشکرا بینیبێتی. بێگومان من تەنیا کاتێک ئەم دەرفەتەم بۆ دەڕەخسێت، گەر خۆم سەرەتا لە هەڵپە و پێش-بڕیار (حوکمی موسبەق) بەدوور بگرم.
2) ڕێسای دابەشاندن: کێشەی ئاڵۆز دادەبەشێنم بەسەر کەرتە-کێشەدا تاکو ئاسانتر بە چارەسەر بگەم.
3) ڕێسای ڕێکخستن: بیرۆکەکانم ڕێکدەخەم، لێرەشدا لە سادەوە، واتا لە ڕوونترین ئۆبژێکتەکانەوە دەستپێدەکەم و پلە بە پلە بەرزدەبمەوە بەرەو ئاڵۆز، تا ئیدی دەگەم بە مەئریفەی ئۆبژێکتە ئاڵۆزەکان.
4) ڕێسای تەواوەتێتی: ورددەبمەوە داخۆ توێژینەوەکەم تەواوەتییە یان نا، کەواتە داخۆ لە ڕەوتی کارکردنمدا هیچم لەبیرنەچووبێت(14).
بەپوختی ببێژین، گەر کێشەیەک بەر من کەوتبێت و ناچار بم هەوڵ بۆ ڕوونکردنەوەی بدەم، ئەوا دایدەبەشێنم بەسەر کەرتەکانی یان هۆکانیدا (ڕێزۆلوسیۆن)، ئەوجا لەم کەرتانەوە کێشەکە سیستەماتیکییانە لێکدەدەمەوە (کۆمپۆزیسیۆن) (15). ئێمە دەتوانین بۆ شتەکان کە دەشێت ببن بە بابەتی ڕوونکردنەوە، ئەم نموونانە بهێنینەوە: 1) گەر ناچار بین سەرجەمێکی بەرجەستەی ئاڵۆز (بۆ نموونە سەئاتێک) ڕوونبکەینەوە، ئەوا سەرەتا دایدەبەشێنین بەسەر کەرتەکانیدا، ئەوجا کارایی سەرجەمەکە بەڕێی بزووتنی کەرتەکانییەوە (بەکرە و ئیسپرینگ و هتد) ڕوون دەکەینەوە؛ 2) دەشێت ئەنجامی ڕوداوێکمان لە بەردەمدا بێت، لێرەشدا بۆ ئەوەی خۆمان لە پێش-بڕیار بەدوور بگرین، ئەوا بە ڤەگەڕان شوێن زنجیرەی هۆکانی دەکەوین، ئەوجا ڕەوتی سەرهەڵدانی زنجیرەکانی ڕوداوەکە پێناسە دەکەین و هەر بەو پێناسەیە شێوازێک بۆ سەرهەڵدانی ئەنجامی ڕوداوەکە دیاری دەکەین؛ 3) تێگەیەکمان هەیە کە وەسفی فاکتێک دەکات؛ سەرەتا تێگەکە شیتەڵ / شرۆڤە دەکەین یان دایدەبەشێنین بەسەر تێگەی سادەی گشتیتردا (یونیڤێرساڵتردا) تاکو ئەو واژانە کە لەنێویدا بەکاربراون، ببەینەوە بەرەو چەند تێگەیەکی ئاسانتر، ئەوجا بە لێکدانەوەی تێگە گشتیترەکان کە بە یاریدەیان پرنسیپگەل فۆرمولە دەکەین، دەگەڕێینەوە بۆ لای تێگەکە، کەواتە ئەوە تێگە گشتیترەکانن کە دەرفەتی دەرئەنجاماندنمان بە چەشنێک بۆ دەڕەخسێنن کە ئیدی دەتوانین دەرئەنجامەکە بەرجەستانە بپشکنین(16).

چوار) گومانی مێتۆدی وەک ڕێگەی گەیشتن بە جەختیی مەئریفە

دێکارت وایدادەنێت کە مێتۆدی شرۆڤەکردن-لێکدانەوە نەک تەنیا تێڕوانینی نوێمان سەبارەت بە ماتماتیک و فیزیک پێدەگەیەنێت، بەڵکو تەنانەت دەتوانین لەسەر ئەم ڕێگەیە “یەکەم فەلسەفە” (پریما فیلۆسۆفییا، واتا مێتافیزیک) بنیات بنێین. ئەو لە نووسینی “مێدیتاسیۆنەکانی (لێهزرینەکانی) یەکەم فەلسەفە”دا مێتافیزیک بە گومانی مێتۆدی ئاوەڵا دەکات، چونکە بە دیدی ئەو گومان بەرماندەدات لە پێشبڕیار و دەمانگەیەنێت بە مەئریفەی جەخت. لەم ڕوانگەیەوە گومانی مێتۆدی لای دێکارت گومانگەرایی (سکێپسیسیزم) نییە کە تێیدا گومانکردن بە خودی گومان تەواو دەبێت، بەڵکو لە پێناوی گەیشتندایە بە مەئریفەی ڕوون و ئاشکرا، لێرەشەوە ئیدی واتای “مێدیتاسیۆن” لای ئەو ڕوونتر دەبێتەوە: مێدیتاسیۆن ڕامان نییە وەک لای عیرفانییەکان، بۆ نموونە سۆفییەکان یان بودییەکان، بەڵکو “لێهزرینی ڕەخنەیی مەبەستمەندە” و پێشانی دەدات کە چۆن فێرخوازی سەر ڕێگەی فەلسەفە و خوازیاری فەلسەفاندن دەتوانێت بەڕێی گومانەوە بە جەختیی مەئریفە بگات، کەواتە نەک خۆی سوننەتیانە بە فەلسەفەوە خەریک بکات کە هیچی دیکە نییە جگە لە دانەوەی گۆتراوەکان و هەوڵدان بۆ وەرگرتن لەنێو کۆڕی زانایانی سوننەتیدا.

1) ڕێگەبڕینی شرۆڤەیی ڕووەو شیمانەی زانین (ڕێزۆلوسیۆن)

ئێمە لە گومانی مێتۆدیدا شرۆڤەییانە لە تێڕوانین و دەرککردنی نێوجیهانییانەی خۆمانەوە دەکەوینە ڕێ. ئێمە سەرەتا وەک مرۆڤی نێو جیهانەکەمان تێگەیشتنێکی سوننەتیانەی جیهانمان هەیە، چونکە ئەوها پەروەردە کراوین، بۆ نموونە لە بڕوای ئایینیی تایبەتییەوە خۆشە کراوین بۆ ئەوەی تێڕوانین و بڕواکان بەرهەم بهێنینەوە، یان ئێمە بە دەرخکردن بەشە زانستییەکانی فیزیک و ماتماتیک، مێژوو و تەنانەت فەلسەفە و هتد تەواو دەکەین، وەلێ پاشان ناتوانین سەربەخۆ بهزرێین، بەڵێ تەنانەت دەشێت هەڵبەستێک لە بەردەمماندا بێت و بە کەلامی خودایەتییەک دابنرێت، ئێمەش، گەرچی دەرچووی بەشی فەلسەفەین، هێشتا هەر بەگوێرەی ئەو دابە وەریدەگرین، جا گەرچی هەڵبەست تەنیا دەشێت هۆنراوەی مرۆڤی بێت! ئێمە دەترسێین! دەترسێین لەڕێدەربچین و سەرزەنشت بکرێین، یان دۆستانمان لێمان بتەکێنەوە و تەنیا بکەوین! ئێمە لە کۆتاییدا وەک ئەم جۆرە کەسێتییە سوننەتییە دەبینەوە بە مامۆستا و ترادیسیۆن بەرهەم دەهێنینەوە.
هۆی ئەوە کە مرۆڤان هەروا سانا پێدراوە هۆشەکی و پراکتیکییەکانی جیهانەکەیان وەردەگرن، دێکارت دەیگەڕێنێتەوە بۆ زەینێکی ڕاهێنانپێنەکراو. لەم ڕوانگەیەوە گومانی مێتۆدی هەروەها ڕاهێنانە بە زەینمان، واتا زەینمان فێری هزرین دەکەین، ئەمەش بەدی دێت گەر سەرجەمی تێگەیشتنی سوننەتییانەی جیهان هەڵبووەشێنینەوە. ئەمەیە شۆڕشە فەلسەفەییەکەی دێکارت. ئەو خۆی دەبێژێت: ئەو دەیەوێت “(…) هەموو شتێک بڕمێنێت” و ئەوجا “لە یەکەمین بناغەکانەوە سەرلەنوێ دەستپێبکاتەوە”(17). کەواتە ئەو چیدی متمانە بە هیچ گۆتراو و نووسراوێک ناکات. بێگومان ئەو ناتوانێت سەرجەمی ئەو بۆچوونانە بپشکنێت کە ناسیونی یان تەنانەت خۆی پەیڕەویی کردوون (ئاخر ئەوە ناشێت)، بە پێچەوانەوە لە بناغەکان ورد دەبێتەوە، واتا لەو پرنسیپانە کە بنەڕەتی بۆچوونەکانن، لێرەشدا ئاشکرایە کە بۆچوون زانینێک نییە کە مرۆڤ خۆی بەدییهێنابێت. من بۆ نموونە وای بۆ دەچم کە ڕەوشێک ئەوهایە نەک بە جۆرێکی دیکە، وەلێ بەجەختی نازانم کە دروست ئەوهایە.
یەکەم هەنگاوی گومان ئەو پرسیارەیە کە داخۆ چۆن من ڕاستی (زانین) لە هەڵە (نەزانین) جیابکەمەوە. وەلێ نوێیەتیی ئەم پرسیارەی دێکارت لەوەدایە کە ئەو پرسیارەکە ئاڕاستەی خۆی دەکات، یان بەگشتی ئاڕاستەی مرۆڤی دەکات: ڕەنگە ئەوە تەنیا مرۆڤ خۆی بێت کە زۆر جار لە نەزانییەوە ڕاست و هەڵە بە یەک تێکەڵ دەکات، نەک گیانێکی خراپ فریوی بدات. ئاخر زۆر جار دەرکەوەرەکانم بەهەڵەمدا دەبەن. کەواتە کتێبەکان بە هەرە مەزنترین و پیرۆزترینیانەوە چی دەبێژن با بیبێژن، زانایان چی دەنووسن با بینووسن، وەلێ من، ئەرێ من، کە لەم ساتەدا لەنێو جیهاندام، بەبێ هیچ گرنگیدانێک بەوان لە خۆمەوە دەستپێدەکەم – بێگومان من خۆم وەک مرۆڤی ئاوەزمەند، هەڵەکەر، پێشبینیدار، ئەندێشاوی، قسەدەربڕ و هەروەها بڕیاردەری لۆگیکی، شیتەڵکەری ڕستەی ماتماتیکی، هەروەها ویستمەند. من دەبێت جارێ سەرجەمی ئەمانە لەنێو خۆمدا ساغبکەمەوە.
لەو ساتەدا کە من لە خۆم دەپرسم داخۆ چۆن بتوانم ڕاستی (زانین) لە هەڵە جیابکەمەوە، ئەوجا لەنێو خۆمدا بۆ وەڵام بگەڕێم، من هەنگاوێک لە جیهانەکەم دوورکەوتوومەتەوە. من پەرچاندنێکم (ڕێفلێکسیۆنێکم) بە ئاڕاستەی خۆم ئەنجامداوە. ئاشکرایە من لەم ئاستەدا پێش هەموو شتێک بەر توانستی دەرکگیریی دەرکەوەرەکانم دەکەوم: من بە چاوان دەبینم، بە گوێیان دەبیستم، بە زمان دەچێژم، بە لووت بۆن دەکەم، بە دەستانم شت دەگرم. من هەمیشە دەرکی شتانی بەرجەستەیی دەکەم. وەلێ ئایا دەتوانم هەروا سانا متمانە بە دەرکەوەرەکانم بکەم؟ من لە ماڵەوە بەتەنیا دانیشتووم و خەیاڵم ڕۆیشتووە، کتوپڕ دەنگێک دەبیستم، ئەوجا دەڕۆم بۆ لای هەڤاڵێکم و سوێندی بۆ دەخۆم کە گوێم لە خشپەی جنۆکە بووە، کەچی پاشان هەر خۆم کتوپڕ بۆم ساغدەبێتەوە کە من لەو ڕەوشەدا ترساوم و تەنیا خۆمم بیستووە. بەتایبەتی دەرکەوەری بینین زۆر جار بەهەڵەمدا دەبات. لە دوورەوە چەپکەگوڵێک لەنێو گوڵدانێکدا دەبینم و لە خۆم دەپرسم کە داخۆ بۆنی ئەو گوڵانە چەند خۆش بێت، ئەوجا بەپەلە بەرەو ئەوان دەڕۆم تاکو بۆنیان بکەم، کەچی کاتێک دەگەمە ئەوێ، بەڕوونی دەبینم ئەوانە گوڵی پلاستیکین. لەسەر شەقامێک لەو بەرەوە کوڕێک دەبینم و زۆر لە هەڤاڵێکی نزیکم دەچێت، دەستی سڵاوی بۆ بەرزدەکەمەوە، کەچی ئەو هەر تەماشام ناکات. ڕۆژی ئایندە لەنێو شاردا بەڕێکەوت دەیبینم و گلەیی لێدەکەم کە دوێنێ وەڵامی سڵاوەکەمی نەداوەتەوە، ئەویش بەڕێزەوە پێم دەبێژێت کە دوێنێ لە گەشت بووە و هەمووی سەئاتێکە گەیشتۆتەوە ئێرە. دێکارت ئەم گومانە لە دەرککردنی مرۆڤان بەم شێوە ڕادیکالە دەردەبڕێت: کاتێک من لە پەنجەرەی ژوورەکەمەوە پیادەڕەوان لەسەر شەقامەکە دەبینم، من جەختم لەوە کە من دەرکی مرۆڤان دەکەم، وەلێ ئایا من لێرەدا چیی دیکە دەبینم جگە لە جل و شەفقە کە ڕەنگە نێوەرۆکیان مەکینە بێت؟ کەواتە ئایا ناشێت ئەم دەرککردنە تەنیا خەون بێت؟ ئاخر لەبەر ئەوەی من گومان لە هەموو شتێک دەکەم، ئەوا جارێ هیچ پێوارەیەکم نییە و بە یاریدەی بتوانم ڕەوشی بێداری لە ڕەوشی خەونبینین جیابکەمەوە. من لەکاتی خەونبینیندا لە دۆخی خۆم جەختم، بۆ نموونە لە جێیەکی دیاریکراوم یان لەتەک کەسێکدام، کەچی من تەنیا خەونم بینیوە، کەواتە دەرکەوەرەکانم بەهەڵەیاندا بردووم، چونکە من بەڕاستی لەو جێیە نیم، بەڵکو لەنێو پێخەفەکەمدا نووستووم! ئەی ئیدی ئایا چۆن من لەو کاتەدا کە دەرکی خۆم وەک کردارنوێنێکی نێو جیهان دەکەم، جەخت بم لەوە کە لێرەبوونی من لە جیهاندا خەونبینین نییە؟ ئاخر ئایا ناشێت ئەم دەرککردنەی خۆم وەک کردارنوێنێکی نێو جیهان هاوشێوەی ئەو خەونە بێت کە دوای بێداربوونەوەم دەبینم هیچ بنەمایەکی ڕیالی نەبووە؟ بێگومان گەرەکە لێرەدا ئاماژە بۆ ئەوە بدەین، کە ئەم پرسیارەی خەونبینین تەنیا یەکێکە لە “توخمەکان”ی گومانە مێتۆدییەکەی دێکارت، ئەویش چونکە ئێمە لەنێو گوماندا نازانین، جارێ ناتوانین بزانین، کە داخۆ جیهانێکی دەرەکی هەبێت، هەر لەبەر ئەم هۆیەشە کە ڕەنگە هەموو دەرککردنەکانمان تەنیا خەونبینین بن.
لەبەر ئەوەی دەرکەوەرەکان نەک تەنیا لەکاتی بێداریدا، بەڵکو هەروەها لەکاتی خەونبینیندا بەهەڵەماندا دەبەن، ئەوا دێکارت گریمانە دەکات کە ماتەری (کەرەسە) تەنیا لە ئەندێشەدا هەیە، بەمەش ئیدی هاوکات هەموو ئەدگارەکانی ماتەری، وەک بارست، فۆرم، چۆنێتی (کڤالێتی)، ڕەنگ و هتد، تەنانەت کشانی لە ڕاوم و گۆڕانی لە کاتدا، پێکڕا دەکەونە ژێر گومانەوە. ئەوجا هەر بەم گومانە لە ماتەری و ئەدگارەکانی پرسێکی دیکە ڕووندەبێتەوە: زانستە سروشتییەکان کە لە شتە ئاوێتەکان دەتوێژنەوە، بۆ نموونە فیزیک، کیمیا، پزیشکى و هتد، شیاوی گومانلێکردنن، چونکە بەو شتە ئاوێتانەوە خەریکن کە جێی گومانن. نابێت هیچ کامیان بە زانست دابنرێت. کەواتە دەبێت ئەمانیش بنیات بنرێنەوە.
ئەی ئایا مەسەلەکە لەتەک ماتماتیکدا چۆنە کە ڕستەکانی ئاپریۆرین (بەدەرن لە دەرککردن) و بەڕەهایی ڕاستن؟ ئێمە بۆ نموونە هەرگیز ناتوانین ڕاستیی ئەم ڕستە ماتماتیکییە بخەینە ژێر پرسیارەوە: “2+3=5”. وەلێ ئێستا پرسیارێکی کرۆکی لە بەردەمماندا سەرهەڵدەدات: من زۆر جار، سەرباری ژیری و کۆششی بەردەوامم، لە شیتەڵی ماتماتیکیدا بەهەڵەدا چووم، جا گەرچی ڕستە و بیردۆزەکانی هەمیشە ڕاستن. کەواتە ئایا بۆچی من دەکەومە هەڵەوە؟ زۆر دەشێت “گیانێکی خراپ” هەبێت و لەکاتی شیتەڵکردنی ماتماتیکیدا بمخاتە هەڵەوە. ئەوجا هەردەم خراوەتە مێشکمەوە کە خودایەک هەیە و منی ئافراندووە، بەڵێ ئەوەندە مەزنە کە توانای بەسەر هەموو شتێکدا دەشکێتەوە، وەلێ ئایا ناشێت ئەم خودا دانا و قادیرە منی ئەوها ئافراندبێت کە تەنانەت لە شیتەڵکردنی ڕستە ماتماتیکییەکانیشدا بکەومە هەڵەوە؟
بەم شێوەیە سەرجەمی ئەو شتانە کە بە ڕاستی دادەنران، هەڵوەشاونەتەوە: جیهان و ئەمەش بەواتای تەنانەت لەشی خۆم بە دەرکەوەرەکانمەوە کە سەر بە جیهانە، ئەوجا زانستە سروشتییەکان، ماتماتیک و خودا. بۆیە ئێستا دێکارت بەدەم گومانکردنەوە بڕیار دەدات یەک تاکە جەختی وەربگرێت: جەختیی نابوونی هیچ جەختییەک. سەرباری ئەوە لایەنێک ئاشکرایە: من گومان دەکەم، ئەوجا هەر پرسیارێک کە من دەیکەم، من خۆم تێیدا دەبمەوە بە پرس: جیهان و من، ماتماتیک و من، گیانی خراپ و من، خودا و من! ئاخر ئایا ئەوە من نەبووم کە جیهان و تەنانەت ماتماتیک و خودام خستە ژێر گومانەوە؟ ئایا ئەوە من نیم کە دەکەومە هەڵەوە یان فریو دەدرێم؟ کەواتە “شت”ێک هەیە و نەشیاوە گومان لە لێرەبوونی بکرێت، واتا ئەم “من”ە کە هەڵە دەکات، کە زۆر جار نازانێت ڕاست لە چەوت جیابکاتەوە، کە ویستی هەیە، کە دەتوانێت ئەرێ و نەرێ ڕابگەیەنێت. کەواتە “من هەم”، وەلێ لەبەر ئەوەی ئەم “من”ە کە هەیە، لە خۆیەوە و تەواو خۆدابڕیو لە جیهان دەهزرێت، ئەوا “هزرڤانە”. کەواتە ئێستا سەربەخۆ لەوە کە من چی دەهزرێنم و لە چی دەهزرێم، ناتوانم گومان لەوە بکەم کە من بەگشتی دەهزرێم. ئەوجا لێرەدا شتێکی دیکەم بۆ ساغدەبێتەوە: لەبەر ئەوەی من توانیومە جیهان و ماتماتیک و تەنانەت خودا بخەمە ژێر گومانەوە، ئەوا من ئازادم. ئاخر بوونەوەرێک کە بتوانێت تەنانەت گومان لە ماتماتیک و خودا بکات، دەبێت ئازاد بێت. ئەوجا لەبەر ئەوەی من ئازادم، ئەوا لێرەوە، لەنێو ئەوپەڕی قووڵایی ناخی خۆمدا، لەم “من”ە بەڵگەنەویستەوە وەک پنتی لێوەدەرچوون، دەتوانم بەرەو پێش هەنگاو بنێم تاکو بزانم بە چیم دەگەیەنێت، جا گەر ئەوە تەنانەت جەختیی نابوونی هیچ جەختییەک بێت.
دێکارت دەبێژێت، گوزارشتی “من هزرڤانم”، یان لە شێوەی ڕستە بەناوبانگەکەیدا: کۆگیتۆ ئێرگۆ سوم (“من دەهزرێم کەواتە من هەم”)، دەرئەنجاماندنى لۆگیکى نییە، بەڵکو من کتوپڕ لە ڕەوتی هزرینی نێو قووڵایی ناخی خۆمدا بە نەزەرێکى (ئینتوئیسیۆنێکی) تەواو سادە و ڕۆشن بۆم خویا دەبێت کە من لێرەبوونم هەیە (وەک ئەو خۆی لە ژوورەکەی هەوارگەی زستانەی لەشکرەکەی لە بایەرن)، ئەوجا دواى ئەوەى دەزانم کە نەشیاوە من بتوانم بەبێ لێرەبوون بهزرێم، کەواتە دوای ئەوەی بۆ من جەختە کە لێرەبوونم بەڕێی هزرینمەوە ڕاستێنراوە، ئیدی دەبێژم: “من هزرڤانم”. بۆیە ئێرنست بلۆخ دەبێژێت کە نابێت لە نێوان “من دەهزرێم” و “کەواتە من هەم”دا “کۆما” دابنرێت. ئەوجا هەر دێکارت خۆی ئەرگومێنت دەهێنێتەوە: گەر ئەم “پنتە” کە دەرچەی درێژەپێدانی گومانە، واتا گەر “من دەهزرێم کەواتە من هەم” دەرئەنجامێکى لۆگیکى بایە لە سیلۆگیزمەوە (زانستى پێوەرەوە)، ئەوسا دەبوو پێشتر سەرڕستە (پرێمیسی / پێشدانراوی یەکەم) بزانرێت، واتا: “هەر شتێک کە بهزرێت، هەیە”، ئەمەش بڕیارە / حوکمە و سەرلەنوێ بەگوێرەی مێتۆدەکەى دێکارت دەکەوێتەوە ژێر گومان، چونکە لەسەر بناغەى پێشمەرج ڕاگەیەنراوە. دێکارت پێشمەرجى ناوێت، بەڵکو نەزەری ڕوون و ئاشکرا وەک بنەڕەت دەچەسپێنێت و دەبێت پابەند پێوەی بڕیار بدرێت. کەواتە بە تێڕوانینی ئەو دەرچە-پنتی “من دەهزرێم کەواتە من هەم” بەدەرە لە ئەزموونی دەرکی؛ دەرچەکە ئاپریۆرییە (پێش-ئەزموونییە) وەک پنتێکی لەسەروەستان، وەک هەڵگری هزرین، هاوشێوەی پنتەکەی ئەرخەمیدێس کە داوای کردبوو تاکو لێوەی سەرجەم جیهان ببزوێنێت.
بێگومان گەرەکە لێرەدا ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە کۆگیتۆ (من-دەهزرێم / من هزرڤانم / ئاگایی) زوو خرایە ژێر ڕەخنەوە، بە تایبەتی لە لایەن فەیلەسوفانی ئینگلیزییەوە (هۆبس، هیوم). وەلێ ئیمانوێل کانت یەکلاکەرەوە خۆی بە کۆگیتۆی دێکارتەوە خەریک کرد و بە باشی دانا کە “من دەهزرێم” لۆگیکییانە ڕاڤە بکرێت، چونکە بە دیدی ئەو واتای فەلسەفەیی کۆگیتۆ لە گەوهەرێتیی ئەودا نییە، بەڵکو لە کارایی (لە فونکسیۆنالێتیی) ئەودایە بۆ مەئریفە(18).
دێکارت “من-دەهزرێم” یان ئاگایی ناو دەنێت “شتی هزرڤان” (ڕێس کۆگیتانس). ئەم “شت”ە (ڕێس) بە تێڕوانینی ئەو بریتییە لە گەوهەر (زوبستانس)، کەواتە بوونەوەرێکە کە تەنیا بەڕێی خۆیەوە هەیە، بە واتایەکی دی، بوونەوەرێکە کە بۆ لێرەبوونی خۆی هیچی دیکەی پێویست نییە. دێکارت خودی هزرین وەک بەڵگە وەردەگرێت بۆ ئەم هەقیقەتەی “شتی هزرڤان”، کە گەرچی خۆی لە جیهان و دەرکەوەرەکانیش دابڕیوە، کەچی هێشتا هەر بەردەوام دەهزرێت. لەم ڕوانگەیەوە من لەنێو خۆمەوە بە هەموو ڕەوشەکانی ئاگاییم دەزانم، واتا: گومانکردن، لێڕوانین، ڕاگەیاندنی ئەرێ یان نەرێ، ویستن و نەویستن، هەبوونی ئەندێشە (پێشبینیی وێنەیی) و هەست. تەنانەت توانستەکانى تەن، بۆ نموونە بزووتن، تەنیا لەنێو پێشبینیدا هەن.
کاتێک لە دابی فەلسەفەییدا دەستەواژەی “زیندەوەرى ئاوەزمەند” وەک پێناسەى مرۆڤ بەکاردەهێنرا و سەرجەم مرۆڤانى وەک مرۆڤ دەگرتەوە، ئەوا دێکارت بە دەستەواژەی “شتى هزرڤان” خۆی لەو دابە جیادەکاتەوە. جگە لەوە ئاخافتن لە “زیندەوەرى ئاوەزمەند” سەرلەنوێ بەگوێرەی مێتۆدەکەی دەیخاتەوە گومان لە “زیندەوەر” کە کشاوە و “ئاوەزمەند” کە مۆرکی زیندەوەری کشاوە، لێرەشدا ئەو جارێ بۆی ساغ نەبۆتەوە کە داخۆ بابەتى جەستەیى هەبێت یان نەبێت، بەڵکو تەنیا لەبارەى “شت”ێک دەزانێت کە لێرەبوونی جەختە و دەهزرێت. کۆگیتۆ، کە تێیدا لێرەبوون و هزرین پێکەوەن، تاکە پنتێکی مسۆگەرە بۆ بەردەوامیدان بە گومانکردن. ئەوجا لەبەر ئەوەی من هەرگیز ناهزرێم کە من دەهزرێم، بەڵکو هەردەم لە شتێک دەهزرێم، ئەوا “من” نێوەرۆکی جیاوازی هەیە و دەبێت لێیان وردبمەوە تاکو هەر کامیان بە ئاسانترین بەڵگە بکەوێتە ژێر گومانەوە، وەلاوەبنێم و لە کۆتاییدا ئەوەم بۆ بمێنێتەوە کە بۆ هزرین شایانی وەرگرتنە.
هەر نێوەرۆکێکی “شتی هزرڤان” ئیدێی (واتا پێشبینیی) تایبەت بە خۆی هەیە. دێکارت بە لێوردبوونەوە جیاوازیی نێوان سێ جۆر ئیدێی بۆ ئاشکرا دەبێت: دەرککردن، ویست و بڕیار. من بۆ نموونە پێشبینیی درەختێک دەکەم یان لێدەترسم. جگە لەوە من ویستم هەیە، بۆ نموونە شتی باش، ناباش یان تەنانەت مەحاڵم دەوێت. وەلێ پێویست نییە من پەیوەند بە ویست و دەرکگیری یان هەستگیرییەوە لە هەڵە بترسم، چونکە گەر من ویستی خراپە یان تەنانەت ویستی مەحاڵم هەبێت، گومانی تێدا نییە ئەوە هەمیشە من خۆمم کە ئەو جۆرە ویستانەم هەیە، یان ئەوە منم کە خراپە و مەحاڵم دەوێت. یان گەر من هەستێکی بەدم هەبێت، ئەم هەستە بەبێ گومان لەنێو مندا هەیە، کەواتە ڕاستە (جا گەرچی دەشێت ویست و هەستی بەد لە ڕووی مۆرالییەوە شایانی سەرزەنشتکردن بن). ئەمانە تەنیا پێشبینین لەنێو مندا. وەلێ مەسەلەکە پەیوەند بە بڕیارەوە / حوکمەوە جیاوازە. بڕیار هەمیشە ڕوودەکاتە شتەکانى دەرەوەى من، بۆیە من دەبێت بەتایبەتی لە بڕیاردا بۆ سەرچاوەى هەڵەکانم بگەڕێم، لێرەشدا گەورەترین هەڵەی من ئەوەیە کە بڕیار دەدەم، گۆیا پێشبینییەکانی نێو من وێکچووی شتەکانى دەرەوەن. بۆ نموونە من لە بیستنەوە، لە ڕاهاتنی ژیانی ڕۆژانەوە، دەبێژم “ئازاد مەزنترین شاعیرە”، یان “زێدی من شاری شارانە”. ئەم بڕیارانە بۆ دێکارت دەربڕراوی ڕەمەکی کوێرن. بەکورتی: من دەبێت زۆر ئاگام لە هەر بڕیاردانێکم بێت. وەلێ من جارێ ئەم پرسە وەلاوە دەنێم، چونکە دەبێت پێش ئەوە بزانم داخۆ ئیدێکانی من لەکوێوە هاتبن.
هەندێکی پێشبینییەکانم لە دەرەوە هاتوون، بۆ نموونە پێشبینیی درەختەکە. من هەروەها ئیدێم هەیە کە خۆم ئەندێشەییانە دەیهۆنمەوە، بۆ نموونە من پێشبینیی جنۆکە و حۆری یان ئەسپی باڵدار دەکەم. ئەوجا بۆ من خویا دەبێت کە لەنێو مندا چەند ئیدێیەکی لە ناخدا ڕسکاو (idea innatae) هەن، کەواتە ئەمان ئیدێی ئەوتۆن کە دوای جەختبوون لە لێرەبوونى منى هزرڤان بەزەرووری لە سروشتی “من” خۆیەوە دەڕسکێن، بۆیە تایبەت نین بە مرۆڤ وەک مرۆڤ. دێکارت تەنیا متمانەی بەم جۆرە ئیدێیانە هەیە، چونکە بە ئەدگاری ڕاستی، واتا بە زانینی ڕوون و ئاشکرا، دەگونجێن و پێویستیان بە “ئەرێنیکردن” یان “نەرێنیکردن” نییە. ئێمە بۆ نموونە دوو ئیدێی جیاوازی خۆرمان هەیە. یەکێکیان ڕیشەی لەنێو دەرکەوەری بینیندا داکوتیوە، بۆ نموونە کاتێک من لە خۆر دەڕوانم. خۆر بەگوێرەی ئەم ئیدێ دەرکییە زۆر بچووکە. وەلێ من ئیدێی دووەم لە یاساکانی ماتماتیکەوە بەدیدەهێنم، ئەمەش لای دێکارت بەواتای، ئەم ئیدێیە لە تێگەی ئەوتۆوە بەدیدەهێنم کە لای من وەک ڕسکاوی ناخەکی لەگۆڕێیە. خۆر بەگوێرەی ئەم ئیدێیە زۆر لە زەمین گەورەترە. کەواتە ئاشکرایە ناشێت ئەم دوو پێشبینییە یەکسان بە خۆر بن، لێرەشدا ئەو یەکەیان کەمترین چوونیەکیی بە خۆر هەیە کە ڕاستەوخۆ لە دەرکەوەری بینینەوە چێکراوە. سەرچاوەی ئەم ئیدێیە بە دیدی دێکارت دەگەڕێتەوە بۆ ڕەمەکی کوێری مرۆڤ کە زۆر جار بەهەڵەیدا دەبات. وەلێ مرۆڤ لە توانستی سروشتییەوە، واتا لە ئاوەزەوە، بە پێشبینیی دووەم دەگات، بۆ نموونە کاتێک هەوڵ دەدات بە یاریدەی ڕستە و بیردۆزەکانی ماتماتیک پێناسەیەکی خۆر بکات کە تا ڕادەی شیان پێی بگونجێت. ئەم ئیدێیەی خۆر کە بە سەلماندنی ماتماتیکی بەدیهێنراوە، ڕوون و ئاشکراترە لەو ئیدێیەی خۆر کە بە دەرکەوەری بینین چێکراوە.
لەم ڕوانگەیەوە ئیدێکانی من نێوەرۆکی ڕیالی جیاوازیان لە یەکدی هەیە: هەندێکیان ئیدێى گەوهەرن (زوبستانسن)، هەندێکى دیکەیان ئیدێى ئەدگارەکانی (ئەکسیدێنسەکانی) گەوهەرن. لێرەدا ئاشکرایە کە ئەدگار بەندە بە گەوهەرەکەی خۆیەوە، بۆیە دەبێت ئیدێکانى گەوهەر مەزنتر بن لە ئیدێکانی ئەدگاری گەوهەر، چونکە نێوەرۆکێکی ڕیالی مەزنتریان هەیە – پلەیەکی باڵاتری بوونیان هەیە. وەلێ من هەروەها لەنێو ئەو ئیدێیانەدا کە لە ناخدا ڕسکاون، ئیدێیەکی زۆر تایبەتی ئاشکرا دەکەم: گەرچی من خۆم ناکامیلم (ئاخر من گومانکەرم و ئەمەش بەڵگەی ناکامیلێتیی منە)، سەرباری ئەوە پێشبینیی کرۆکێکم هەیە کە لە هەموو ڕوویەکەوە کامیلە. دێکارت ئەم ناهاوکێشەیە بە تیۆریی کاوساڵێتی (پەیوەندیی هۆئەنجامی) ڕووندەکاتەوە. یان وەک ئێرنست بلۆخ ڕەخنەییانە دەبێژێت، دێکارت ڕەوتی گومانکردن دەپچڕێنێت و لە پێناوی خۆگیرساندنەوەدا “هانا دەبات” بۆ تیۆریی هۆئەنجامی.
بەگوێرەی تیۆریی هۆئەنجامی دەبێت لە هۆى هەر ئەنجامێکدا ئەوەندە نێوەرۆکی ڕیال هەبێت کە لە ئەنجامدا هەیە، چونکە ئەنجام لە هۆوە چێدەبێت. ئەوجا گەر من ئیدێی جیهانێکی کامیلم هەبێت کە بێدوایەکیانە بە سێ ئاڕاستەدا کشاوە، ئەوا دەبێت هۆی ئەم جیهانە خاوەنی هەمان نێوەرۆکی ڕیال بێت، واتا دەبێت ئەویش بێدوایەکی بێت. کامیلێتی و بێدوایەکێتی بەڵگەن بۆ ئەو هەقیقەتە کە نابێت من سەرچاوەی ئەو کرۆکە کامیلە بم، چونکە من دوایەکیم. ئاخر، بەگوێرەی پەیوەندیی هۆئەنجامی، ئەو بڕەی نێوەرۆکی ڕیال کە لە ئەنجامدا هەیە، لەنێو مندا نییە. دێکارت بەم تیۆرییە پرسی ئافراندن لە هیچەوە، لە نابوونەوە (من العدم) هەڵدەوەشێنێتەوە. نە دەشێت شتێک لە هیچەوە چێببێت، نە دەشێت کامیلێک لە ناکامیلێکەوە بێتە ئاراوە. جگە لەوە ئێستا پرسێکی دیکە بۆ من ساغدەبێتەوە: کامیلێتی تەنیا کاتێک کامیل دەبێت، گەر هاتوو بەزەرووری ئێکزیستێنسی (لێرەبوونی) هەبێت.
دێکارت گەوهەری کامیلی بێدوایەکی بە زمانی باو ناودەنێت “خودا”، کە وەک بینیمان مۆرکەکانی بریتین لە: کامیلێتی (ئاخر سەرجەم بڕی نێوەرۆکی ئەنجامی لە خۆ گرتووە)، قادیرێتی (ئاخر توانیویەتی ئیدێی بێدوایەکێتی لە منی دوایەکیدا بچێنێت)، هەروەها چاکە (ئاخر لەبەر ئەوەی کامیلە، ئەوا ناشێت خراپ بێت؛ خراپە یان بەهەڵەبردن مۆرکی مرۆڤی کێماسمەندە نەک هینى خودای کامیل).
بێگومان خوداکەی دێکارت خوداى نوێژبۆکردن و لێپاڕانەوە نییە، بەڵکو وەک کامیل، بەتوانا بۆ هەر شت، دانا و چاک، تەنیا ئیدێیەکى زەروورییە بۆ جەختیی مەئریفە. ئاخر لەبەر ئەوەی چاکی و ڕاستیخوازی سەر بە ئیدێی خودان، ئەوا ناشێت خودا فریودەر بێت، بۆیە دەبێت ئیدێ ڕوون و ئاشکراکانی شتی هزرڤان ڕاست بن، واتا بەو شتانە بگونجێن کە کردەکییانە لەگۆڕێن. بەم شێوەیە لە کۆتاییدا بە ئیدێی خودا دەرفەت بۆ دێکارت دەڕەخسێنێت ڕووەو جیهان وەربچەرخێت.

2) لێکدان-ەوەی توخمەکانی هزر و بناغەڕشتنی هزرینی ڕاسیۆنالیستی

گومان وەک هزرینی شرۆڤەیی (ڕێزۆلوسیۆن، ئانالیزیس) بە سەلماندنی ئیدێی خودای چاک و دانا و کامیل نەک تەنیا دەگیرسێتەوە، بەڵکو هاوکات دەرفەت بۆ من-ی هزرڤان دەڕەخسێنێت ڕووبکاتە کەتوارێک کە لە دەرەوەی ئەو لەگۆڕێیە، چونکە خودا وەک چاک و دانا و کامیل هاوکات بنەڕەتی جیهانە، هەر خۆیشی گەرەنتی بەو دەدات بەبێ ترس لە هەڵە ڕوو لە جیهان بکات(19). وەلێ ئەو دەبێت سەرەتا بە لێکدان-ەوە (ڕێ-کۆمپۆزیسیۆن، سیستێزیس) داببەزێت و سیستەماتیکییانە توخمە هەڵوەشێنراوەکانی هزر ڕێکبخاتەوە. کەواتە دەبێت من-ی هزرڤان سەرلەنوێ لە چالاکییەکانی نێو خۆی بڕوانێتەوە کە بریتین لە دەرککردن، زانینی زەینی و توانستی بڕیاردان.
جەختبوون لە لێرەبوونی شتە ماتەرییەکان بەندە بە دەرککردنەوە، وەلێ خودی دەرککردنەکان سەرهەڵدەدەن دوای ئەوەی شتەکان کاریگەری لەسەر دەرکەوەرەکانی مرۆڤ دەنوێنن. ئاخر من بمەوێت یان نەمەوێت شتە دەرەکییەکان دەرکەوەرەکانم دەوروژێنن، وەلێ ئەوان دەرکى ماتەرییەکی سێئاڕاستەیى (پانی و درێژی و قووڵی) دەکەن، هەر ماتەرییەکیش لە کەرتى جیاواز پێکدێت و هەر کەرتەیان لە خۆیدا سێئاڕاستەییە، هەروەها هەر یەکەیان فۆرم و شێوازى تایبەتیى بزووتنى هەیە. مۆرکێکی کرۆکییانەی دیکەی ماتەری ئەوەیە کە لە شتی هزرڤان جیاوازە، چونکە کشاوە. کرۆکی شتی هزرڤان بەهۆى هزرینەوە نەگۆڕە، کرۆکی ماتەری بەهۆى کشانەوە نەگۆڕە؛ تەنیا شێوازى هزرین و دۆخى نێوخۆى کشان بگۆڕن.
دۆخە بگۆڕەکانى هەردوو گەوهەری هزرڤان و کشاو بریتین لە “مۆدوس” (جۆر و شێوازى بوون یان ڕودان)، وەلێ مۆدوس بەبێ گەوهەرەکەى لێرەبوونى نییە. بۆ نموونە: تەنێک کشاوە، فۆرم و بزووتنی هەیە. ئەو تەنە گەوهەرە، کشانى مۆرکە (ئەتریبوتە) و فۆرمەکەى بریتییە لە مۆدوس. “من” شتێکى هزرڤانە، توانستى یادوەرى و ویستى هەیە. “من” گەوهەرە، هزرین مۆرکە، یادوەرى و ویست بریتین لە مۆدوس.
لەم جێیەدا گونجاو دەبێت سەرلەنوێ ڕوونبکەینەوە ئیدێ لە ناخدا ڕسکاوەکان و بەپوختی دیارییان بکەین. ئێمە بە دیدی دێکارت پێنج ئیدێی بەو جۆرەمان هەیە و ناویان دەنێت ڕاستیی ئەزەلی، تێگەی گشتی، بیردۆز، هاوکات وەک مەرجی هزرین دەیانچەسپێنێت: یەک) “من دەهزرێم کەواتە من هەم”؛ ئەم ئیدییە کە گەوهەری هزرڤانە، یەکەمین و جەختترین زانینی ڕوون و ئاشکرای منە، یەکەم ڕاستیی ئەزەلییە و وەک بینیمان بەڕێی گومانەوە بە نەزەرێکی ڕوون و ئاشکرا لێمان هەڵدێت. دوو) خودا دووەم ئیدێیە کە هاوشێوەی “من-دەهزرێم” تەواو ڕوون و ئاشکرا دەناسرێت؛ خودا باڵاترین گەوهەرە و بێدوایەکییە، بۆیە لە دەرەوەی من-ی دوایەکییە. سێ) یاسا لۆگیکییەکان؛ دوای ئەوەی من ڕوون و ئاشکرا دەزانم کە من هزڤانم، هەروەها دەزانم کە خودای چاک و دانا و کامیل هەرگیز نامخاتە هەڵەوە، ئیدی بنەڕەتێکی دیکەم بۆ ساغ دەبێتەوە: هەموو ئەو ئیدێیانە کە یاساکانی هزرینی لۆگیکی دەردەبڕن، ڕاست و ڕوون و ئاشکران، یاساکانیش بریتین لە یاسای چوونیەکی (ئیدێنتیتێ)، یاسای دژبێژی، یاسای سێیەم بەدەرکەر و یاسای هۆی کافی(20). چوار) ڕستە ماتماتیکییەکان، بەتایبەتی بیردۆزەکان کە بناغەی سەرجەم ماتماتیکن. پێنج) ڕاوم-ی / فەزای شتە ماتەرییەکان (کەرەسەییەکان) مەرجی زانینی ڕوون و ئاشکرای جیهانە. ئاخر ڕاوم بەزەرووری گرێدراوە بە پێشبینیکردنی شتەکانەوە. بێگومان گەرەکە لێرەدا ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە تێگەی ڕاوم لای دێکارت واژەیەکی دیکەیە بۆ تێگەی کشان، بۆ ڕێس ئێکستێنزا (شتی کشاو) کە نە فۆرمێکى تایبەتى و نە قەوارەیەکى تایبەتییە، بەڵکو بەڕەهایى لە ئەدگارەکانى ماتەری جودایە، هەروەها بێدوایەکییانە بە سێ ئاڕاستەدا کشاوە و لەنێو کشانیدا هیچ بۆشاییەک نییە، بەڵکو لە نێویدا کەرتە گەردیلە بێدوایەکییانە پەرش بوونەتەوە و تەنیا لە فۆرم و بزووتندا لە یەکدى جیاوازن. بە دیدی دێکارت تەنیا ئەم تاکە جیهانە بێدوایەکییە هەیە نەک چەند ئاسمانێک، ئاخر گەر ماتەری گەوهەرێکى کشاو بێت، ئەوا دەبێت سەرجەمى ڕاومە شیاوەکان بەبێ کەلێن پڕبکاتەوە. ئێمە تەنیا پابەند بەم گەوهەرەوە دەتوانین پێشبینیی تەن بکەین، جگە لەوە مەرجی بیردۆزە ئەندازەییەکانە، بەمەش یاساکانی ڕاوم کە لە ماتماتیکدا گۆڕان پێدەدرێن، بریتین لە یاساکانی جیهانی کشاو.
دێکارت جیهانبینییەکی میکانیستیی هەیە کە هاوکات جەستە و هۆشی مرۆڤیش دەگرێتەوە. ئەو لە لەش (Leib) نادوێت، بەڵکو لە جەستە (Körper) و ناوی دەنێت مەکینە بەبێ هیچ جیاوازییەک لە سەئاتێک کە بەهۆی ڕێکخراوی بەکرە و ئیسپرینگەکانییەوە دەبزوێت. ئەو هەر لەم ڕوانگەیەوە دڵ بە پەمپێک دادەنێت کە خوێن بۆ نێو لەش دەنێرێت و ژیان دەشێنێت. بەپوختی ببێژین: سەرجەم جیهان پێکهاتەیەکە لە پەستان و لێدان، چونکە لە جیهاندا تەنیا ماتەرییە پەرش و جیاوازەکان هەیە. ئەم جیهانە دوورە لە زەین.
بێگومان لەبەر ئەوەی جەستەی مرۆڤ بە دەرکەوەرەکانییەوە سەر بە جیهانە، ئەوا شتی هزرڤان و شتی کشاو لە مرۆڤدا پێکەوەن. مرۆڤ لە هەردوو گەوهەر پێکهاتووە. کەواتە دێکارت ئەو تێڕوانینە هەڵدەوەشێنێتەوە کە گۆیا مرۆڤ هۆشە لەنێو جەستەیەکدا (واتا لەش زیندانی هۆش نییە و پاشان هۆش بە مردنی لەش ئازاد ببێت). کاتێک من بۆ نموونە هەردوو لاقم دەبزوێنم، زەین یاوەریی ڕۆیشتنم دەکات (ڕێ نادات بکەومە نێو چاڵێکەوە)، یان کاتێک ئازار لەشم دەتەنێت، ڕاستەوخۆ زەین چالاک دەبێت (بۆ نموونە داخۆ بە چە دەستوێژێک لەشم هێور بکەمەوە). بەم شێوەیە دەرکەوەرەکان کە سەر بە جیهانی کشاون، دەبن بە نێوەندیار لە نێوان جیهان و من-ی هزرڤاندا، وەلێ ئەوان ناتوانن کرۆکی جیهان، واتا کشان، دیاری بکەن، بەڵکو تەنیا دەرکی دیاردەی شتەکانی جیهان دەکەن و پاشان وێنەکانیان دەبن بە “زانینی ناڕوون و نائاشکرا”. دەرککردنەکانمان تەنیا لایەنێکی شتەکانمان پێدەگەیەنن. ئەوە ئەرکی زەینە کە زانینی ناوبراو بە کارتێداکردن وەربگۆڕێت بۆ زانینی ڕوون و ئاشکرا. دەرکەوەرەکان بۆ نموونە دەرکی ئاوی شین دەکەن، پاشان گەرەکە زەین لەوە بهزرێت کە داخۆ ئاو “لە-خۆدا”، بەگوێرەی سروشتی، چی بێت.
ئێمە لێرەدا لای دێکارت شێوەیەکی پەرچاندنمان هەیە کە جیاوازە لە تیۆریی پەرچاندن لە ئەمپیریزمدا. بەگوێرەی ئەم ڕێبازە فەلسەفەییە شتە ماتەرییەکان وەک خۆیان دەرکدەکرێن (سێنسەیشن)، پاشان زەین دەرککراوەکان دەپەرچێنێت (ڕێفلەکشن) و بە کۆکردنەوەی پێکەوەگونجاوەکان و لێدەرکردنی هەر شتێکی پێنەگونجاویان مەئریفە دەسازێنێت. وەلێ پرۆسەی پەرچاندن لای دێکارت ئاڵۆزترە، چونکە دەرکەوەرەکان دەرچەی پرۆسەی مەئریفە نین، بەڵکو زەین کە وەک چۆنێتییەکی من-ی هزرڤان ی لە جیهان دابڕاو هەیە، تاکە ئۆرگانی مەئریفەیە.
ئێمە دەبێت سەرەتا لای دێکارت جیاوازی بکەین لە نێوان دوو چالاکیی زەینیدا: من بۆ نموونە لە چالاکییەکیاندا بڕوا بە شتێک دەکەم، وەلێ بەڕێی ئەویدیکەیانەوە دەزانم کە من بڕوا بەو شتە دەکەم. هاوکات دەشێت ئەم دوو چالاکییە سەربەخۆ لە یەکدی ڕووبدەن. چالاکیی دووەم، واتا کاتێک زەین لەبارەی بڕوابوونی خۆی بە شتەکە دەزانێت، بۆ دێکارت بریتییە لە “پەرچاندن” (ڕێفلێکسیۆن). ئەمیان چالاکییەکی پاشیانییە: زەین پاشان “وەردەچەرخێت” ڕووەو چالاکییەکەی خودی خۆی. وەلێ، وەک لە سەرەوە بینیمان، من بە نەزەری ڕوون و ئاشکرا بۆم خویا دەبێت کە من هزرڤانم و وەک هزرڤان هەم، بێگومان پێش پەرچاندن. ئەمیان ئەکتێکی ئاگاییە کە وەک خۆ-بگر (selbstbezüglich / autoreferentiell) لەگۆڕێیە و لێوەی پەرچاندن: هزرین، ئەنجام دەدرێت. بۆ نموونە گەر من گومان لە جیهان بکەم، بەئاگام کە من گومان لە جیهان دەکەم. بۆ ئەمە زانینی پەرچاوە پێویست نییە. ئەم ئاگاییە لای دێکارت بنەڕەتییە نەک پەرچاندن. ئێمە لێرەدا هاوکات دەبینین کە چۆن ئاگایی وەک بنەڕەت ڕێ دەگرێت لە چێبوونی زنجیرەیەکی بێدوایەکییانەی پەرچاندن، واتا: کاتێک چالاکیی دووەم کە زانینە لەبارەی بڕوابوونی خۆی بە شتێک، یەکەمیان (بڕوابوون بە شتەکە) وەک بابەتی خۆی دادەنێت و بە دانانی دەیکات بە بیرۆکە، دەبێت لە زنجیرەی پەرچاندندا ئەو خۆیشی لە لایەن بیرۆکەیەکی سێیەمەوە بەوە کرابێت و ئەمەش تا بێدوایەکی دەخایەنێت. بە پێچەوانەشەوە من لەنێو خۆمەوە بە ئەکتێکی ئاگایی لەبارەی هەموو چالاکییەکانم دەزانم، بۆ نموونە لەبارەی ئەو چالاکییە کە من بڕوا بە شتێک دەکەم، هەروەها لەبارەی ئەو چالاکییەش کە من دەزانم بڕوا بەو شتە دەکەم. من ڕاستەوخۆ لە هەردووکیان بەئاگام، لێرەشدا ئیدی زنجیرەی پەرچاندنی بێدوایەکی نایەتە گۆڕێ(21).
وەلێ من سەرلەنوێ ناچارم توانستی مەئریفەم دیاری بکەم و لە هەر توانستێکی دیکەمی جیابکەمەوە کە بشێت بمخاتە هەڵەوە. کەواتە لە چالاکییە نێوەکییەکانی خۆم ورد دەبمەوە کە بریتین لە چالاکیی دەرککردن و هێزی وێناندن و زەینی، هەروەها توانستی بڕیاردان (حوکمدان)، لێرەشدا ئەم توانستەی دوایی تاکە توانستێکە کە بەندە بە “ویست”ەوە. بەبێ چالاکبوونی ویست هیچ بڕیارێک نادرێت. چالاکییەکانی دەرککردن و زەین نەشیاوە هەڵە بن گەر من ئاگام لە بڕیاردانم بێت، واتا ڕەمەکییانە نەبێژم ئەمە ئەوهایە نەک بە جۆرێکی دیکە. ئاخر کێشەی ویست ئەوەیە کە ئەو یەکسەر لە “ئەرێنیکردن” یان “نەرێنیکردن”ى هەر شتێکدا بەشدارە، بەو ڕێیەشەوە زانینی شتەکان دەئاڵۆزێنێت، چونکە زەین سنوورى هەیە و تەنیا لەنێو ئەو سنوورەیدا لەبارەی بابەتێک دەزانێت، وەلێ ویست بە پێچەوانەوە بێسنوورە و دەتوانێت سنووری چالاکییەکەی زەین، واتا زانینى ڕوون و ئاشکراى شتەکان، تێبپەڕێنێت. ویست دەتوانێت زۆر شت کە دەرکەوەرەکان بەلێڵى دەرکیان کردوون، وەربگرێت یان بگەڕێنێتەوە. وەلێ گەر بڕیار ڕووبکاتە تێگە گشتییە تاکەکان، یان بڕیاری ڕوون و ئاشکرا بێت بەسەر تاکە فۆرمەکاندا، ئەوسا گەرەکە بڕیار بدەم و مەترسیی هەڵەم لەسەر نییە، چونکە خودای دانا و چاک و کامیل گەرەنتیی منە کە لە ناسینی ڕوون و ئاشکرای شتەکاندا نەکەومە هەڵەوە. جگە لەوە ئێستا دەزانم کە گیانى خراپى فریودەر (شەیتان) لێرەبوونى نییە و بمخاتە هەڵەوە (یان خراپەم پێبکات)، بەڵکو تەنیا مرۆڤ خۆى سەرچاوەى هەڵەکانێتى (یان خراپەکانێتى). خۆلادان لە هەڵە (و خراپە) بە دەستى خۆیەتى، واتا ئەو دەبێت بزانێت کە زەینى سنووردارە و خواستی بۆ هەڵەکردن نییە، وەلێ ویستێکى هەیە کە دەتوانێت بێدوایەکی بێت و بەو ڕێیەشەوە دەیخزێنێتە نێو هەڵەوە. گەر مرۆڤ پەیوەندیی ئەم دوو توانستەى خۆی دروست پێکەوە بگونجێنێت، ئەوسا بەڕاستى بەکاریان دەهێنێت، ئەوسا ئیدی بڕیارەکانی ڕوون و ئاشکرا دەبن و بەوەش چواندنی ئۆبژێکتیڤییان دەبێت. بڕیاری ڕوون و ئاشکرا لە بێگومانییەکی سەبژێکتیڤییەوە دەدرێت دوای ڕوانینی ڕاستەوخۆی ڕوون و ئاشکرا لە فۆرمی بابەتەکە.
بەم شێوەیە دوای ئەوەی سەبژێکتی ڕاستیخواز، واتا خوازیاری زانین، ڕێگەی گومانی مێتۆدیی لە دەرککردنی جیهان و شتەکانییەوە گرێتە بەر و گەیشت بە مەئریفەی جەخت، ئیدی ئێستا دەزانێت خۆی لە هەر بڕیارێکی گومانلێکراو ببوێرێت، چونکە ئەوە پێش-بڕیارە (حوکمی موسبەقە) نەک بڕیاری ڕوون و ئاشکرا. زانست، یان فەلسەفە وەک زانست، تەنیا بە بڕیاری ئێڤیدێنت بنیاتدەنرێت.

پەراوێز
1- Descartes, Réné. Abhandlung über die Methode des richtigen Vernunftgebrauchs. Stuttgart 1984. S. 6.
2- Ebenda, S. 9 f.
3- Specht, Reiner: Descartes. Reinbeck 1980. S. 14.
4- Descartes, Réné, a.a. O., S. 12.
5- مارتین سەربازێکی رۆمی بوو، ساڵی 316ی زایینی هاتۆتە جیهانەوە. لە ڕۆژێکی ساردی زستاندا بەلای سواڵکەرێکدا ڕەت دەبێت کە لە برساندا هەڵدەلەرزێت. مارتین زۆر بەزەیی بەو سواڵکەرەدا دێتەوە و لەژێر نیوەی پاڵتۆکەیدا جێی دەکاتەوە؛ کە شەو داهات، مارتین خەون بە سواڵکەرەکەوە دەبینێت و پێی ڕادەگەیەنێت کە ئەو عیسایە. سان / زانکت مارتین بۆ ماوەی سی ساڵ بوو بە بیشۆپی توور. ئەو 8ی نۆڤەمبەری 397 مرد.
6- لەبارەی خەونەکانی دێکارت بڕوانە:
a) Specht, Reiner, a.a.O., S. 17 f.
b) Ritter, Heinning. Die Nacht der Träume. FAZ 14.01.2010.
c) Sigmund, Freud. Über Träume und Traumdeutung. Frankfurt a. M. 1971 S. 302.
7- Descartes, Réné. Untersuchungen über die Grundlagen der Philosophie. Zeno.org. S. 19.
8- Hegel, Georg Wilhelm Friedrich. Geschichte der Philosophie. Bd. 3. F.a.M. 1986, S. 123.
9- Descartes, Réné. Untersuchungen, a.a.O. S. 5.
10- Specht, Reiner, a.a.O., S. 90.
11- هزرینی میکانیستی تا کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم سەروەر بوو بەسەر مەئریفەی سروشتدا، وەلێ بە دەستپێکی ئەتۆمفیزیک وەک زانستێکی مۆدێرن ئاشکرا بوو کە تێگەیشتنی میکانیستییانەی سروشت لە گۆشەنیگای فیزیکی کلاسیکییەوە ناگونجێت بە بینای ماتەری و کاریگەریی نێویەکییانەی گەردیلە سوپ-ئەتۆمییەکان. بڕوانە:
Falkenburg, Brigitte: Das Konzept der Materie im interdisziplinären Vergleich. Mechanistische Erklärung und ihre Grenzen. In: Was die Welt im Innersten zusammenhält. Hg. Frank Vogelsang, Almuth M.D. Hattenbach, Thomas Kirchhoff, Hubert Meisinger. Berlin 1974.
12- Ebenda, S. 15.
13- Ebenda, S. 16.
14- Descartes, Réné. Abhandlung über die Methode des richtigen Vernunftgebrauchs. A.a.O. S. 18 f.
15- کوردەکان تێگەی “لێکدانەوە”یان وەک وشە لە ئارەبەکان وەرگرتووە و بێئاگا لە واتا مێتۆدییەکەی بەکاری دەهێنن: بۆ نموونە کەسێک دەبێژێت: “لێکدانەوەکەی بەڕێزیانم بەدڵ نییە”. وەلێ بەڕێزیان هیچ پرسێک یان تێگەیەکی ئاڵۆزی شرۆڤە نەکردووە / دانەبەشاندووە و پاشان توخمەکانی یان پرنسیپەکانی لێکدابێتەوە، واتا ڕێکیخستبێتن، بەڵکو تەنیا بابەتەکەی لە ڕوانگەی خۆیەوە ڕاڤە کردووە.
16- بۆ ئەو نمونانە بڕوانە:

  • Röd, Wolfgang. Descartes. Die Genese des cartesianischen Rationalismus. 1978. S. 38.
  • Metzler Lexikon Philosophie. www.spektrum.de
    17- Descartes, Réné. Untersuchungen, a.a.O., S. 19.

18- کانت لە یەکەم ڕەخنەکەیدا بە ناونیشانی “ڕەخنەی ئاوەزی پەتی” ڕوو دەکاتە کارایی “من” لە ڕووی تیۆریی مەئریفە و پێگە ئۆنتۆلۆگییەکەیەوە (ئەو پێش ئەم نووسینە هەڵوێستێکی دیکەی سەبارەت بە “من” هەبوو). ئەو لە نووسینی ناوبراودا خۆی بە پسیکۆلۆگیی ڕاسیۆنالی کریستیان ڤۆڵفەوە خەریک دەکات و دەبێژێت، نەشیاوە بتوانین بە سیلۆگیزم (زانستی پێوەر) گەوهەرێتی و یەکانە و هۆشەکێتی (ناماتەریالێتی)ی من و دەروون بناسین. ئەم جۆرە سیلۆگیزمانە بۆ کانت پارالۆگیزمن (چەوتە دەرئەنجامن). ئەو لەبارەی “من دەهزرێم / کۆگیتۆ” دەبێژێت: “دەبێت من دەهزرێم بتوانێت یاوەریی سەرجەم پێشبینییەکانم بکات تاکو ئیدی ئەوان پێشبینیی من بن”. کانت لێرەدا “من” وەک دوا سەبژێکتی مەئریفە وەردەگرێت. ئاخر کاتێک من خۆم وەک سەبژێکتی هزرکردوو دەهزرێنم، لێرەدا خۆم وەک شتێکی سرەوتوو دەناسم، من لە هزریندا “من” دەناسم وەک سەبژێکتێک کە گەوهەرە، کە گەوهەری ناکەرەسەیی کارتێزییە. سەرباری ئەوە کانت داوا دەکات کە دەبێت “من دەهزرێم” لۆگیکییانە ڕاڤە بکرێت. لەم ڕوانگەیەوە واتای فەلسەفەییانەی “من دەهزرێم” لە گەوهەرێتییەکەیدا نییە، بەڵکو لە کارایی (فونکسیۆنالێتیی) ئەودایە بۆ مەئریفە. بەم شێوەیە کانت پێگەی “من” ڕزگار دەکات لەو هێرشانە کە بەتایبەتی دەیڤید هیوم کردبوونیە سەر تێروانینی کارتێزیانەی ئاگایی، وەلێ هاوکات مۆدێلی گەوهەرێتیی من وەرناگرێت. کانت دەیەوێت بەم هەڵویستەی ببێژێت، کە ئێمە ناتوانین بەڕێی فەلسەفەیەکی ئاگاییەوە دوایەمین جەختی سەبارەت بە سروشتی گەوهەریانەی خودمان بەدیبهێنین. ئێمە لە هزریندا لە خۆمان بەئاگاین کە ئێمە لێرەبوونمان هەیە، کە بێگومان جارێ لێرەبوونمان کاتێگۆریانە دیارینەکراوە، سەرباری ئەوەش لێرەبوونی ئێمە لەو مەغزایەدا نییە کە ئێمە وەک چی هەین، بۆ نموونە وەک هزرڤان هەبین وەک چۆن دێکارت دەبێژێت.
بڕوانە:

  • ئیمانوێل کانت. پێشگۆتن بۆ هەر مێتافیزیکێک کە بشێت لە ئایندەدا ببێت بە زانست. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە. کتێبخانەی کوردڕاوم، کوردستانپۆست، دەنگەکان. هەروەها بڕوانە:
  • Klemme, Heiner F.: Kants Auseinandersetzung mit Descartes. S. 177- 186.
    19- بە دیدی ئادۆرنۆ دوای ئەوەی سەبژێکتی هزرڤان خۆی مێتۆدییانە لە جیهان دادەبڕێت، ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ جیهان. سەبژێکتی هزرڤان دوای سەلماندنی خودای چاک و دانا و کامیل ڕێگەی بەرەو جیهان بە لێکدانەوە دەگرێتەوە بەر، وەلێ ئەوەی پێبەدیناهێنرێت، چونکە ئێستا هەردوو شتی هزرڤان (ڕێس کۆگیتانس) و شتی کشاو (رێس ئێکستێنزا) بەدەلاقەیەک لە یەکدى دابڕاون، لەبەر ئەم هۆیە سەبژێکتی هزرڤان تەنیا فۆرمى ئەو شتەى پێدیاری دەکرێت کە ئەو خۆی سەرەتا بە دەرکەوەرەکانی دەرکی کردووە و بەو ڕێیەوە بە کایەی ئاگایی ئەو گەیشتووە. کەواتە سەبژێکت لە نێوەرۆکی بەردەوام بگۆڕی شت دوور دەمێنێتەوە. ئەمە بۆ ئادۆرنۆ بریتییە لە پرۆسەی نامۆبوون (ئیغتیراب). بڕوانە:
    کاوە جەلال: هەوڵێک بۆ نزیککەوتنەوە لە دیالێکتیکى نێگەتیڤى ئادۆرنۆ. گۆڤاری ئایندە. ژ 56. 2004.
    20- یاسای چوونیەکی: گەر “A” و “B” هیچ جیاوازییەکیان لە نێواندا نەبێت، ئەوسا چوونیەکن (ئیدێنتن)؛ یاسای دژبێژی: ناشێت گۆتەیەک هاوکات ڕاست و هەڵە بێت، کەواتە ڕاستە یان هەڵەیە؛ یاسای سێیەم بەدەرکەر: لە دوو گۆتەی دژیەکدا تەنیا یەکێکیان ڕاستە، سێیەمێک نییە؛ یاسای هۆی کافی: هیچ هۆیەکی بێئەنجام نییە. ئەم یاسایە دەیسەپێنێت کە نابێت هیچ فاکتێک وەک لەگۆڕیبوو چواندنی پێبدرێت، یان هیچ گۆتەیەک بە ڕاست دابنرێت، گەر هۆیەکی کافی بۆ ئەوە لەگۆڕێ نەبێت کە فاکتەکە یان گۆتەکە ئەوهایە نەک بە جۆرێکی دیکە.
    21- بۆ ئاگایی یان شتی هزرڤان وەک خۆ-بگر بڕوانە:
    Heller, Edmund. Descartes’ Selbstverhältnisse. Philosophisches Jahrbuch 111. Jahrgang / II. 2004. S. 366 ff.

سەرچاوەکان
بە کوردی:

  • کاوە جەلال: ڕێنێ دێکارت. دەزگای پەخشی سەردەم، سلێمانی 2008. (زۆرینەی سەرچاوە لاوەکییەکانی ئەم توێژینەوەیە لە خوارەوە پێکەوە لەتەک سەرچاوە نوێکانی ئەم نووسینەی ئێرەدا دانراونەتەوە).
  • کاوە جەلال: لە ڕێنیسانس-هومانیزمەوە ڕووەو نوێسەردەمی ئەوروپی. دەنگەکان / کوردڕاوم / کوردستانپۆست.
    بە ئەڵمانی:
    سەرچاوەی سەرەکی:
    Descartes, Réné:
  • Abhandlung über die Methode des richtigen Vernunftgebrauchs. Stuttgart 1984.
  • Untersuchungen über die Grundlagen der Philosophie. Zeno.org.
  • Meditationen über die Erste Philosophie. Reclam. Stuttgart, 1971

سەرچاوەی لاوەکی:

  • Beneke, Klaus: Biographien und wissenschaftliche Lebensläufe von Kolloidwissenschaftlern, deren Lebensdaten mit 1996 in Verbindung stehen. Nehmten 1999.
  • Bloch, Ernst. Leipziger Vorlesungen zur Geschichte der Philosophie. Bd. 3, Frankfurt/Main 1985.
  • Falkenburg, Brigitte: Das Konzept der Materie im interdisziplinären Vergleich. Mechanistische Erklärung und ihre Grenzen. In: Was die Welt im Innersten zusammenhält. Hg. Frank Vogelsang, Almuth M.D. Hattenbach, Thomas Kirchhoff, Hubert Meisinger. Berlin 1974.
  • ‌Heller, Edmund. Descartes’ Selbstverhältnisse. In: Philosophisches Jahrbuch 111. Jahrgang / II. 2004.
  • Herre, Paul. Deutsche Kultur des Mittelalters im Bilde. Leipzig 1935.
  • Klemme, Heiner F.: Kants Auseinandersetzung mit Descartes. In: Descartes und Deutschland – Descartes et l’Allemagne, hrsg. von Jean Ferrari, Pierre Guenancia, Margit Ruffing, Robert Theis u. Matthias Vollet, Hildesheim, Zürich, New York 2009.
  • Lloyd, Genevien. Das Patriarchat der Vernunft. Bielefeld 1985
  • Lutz-Bachmann, Matthias: STAATS LEXIKON, www.staatslexikon online.de/Lexikon/Scholastik.
  • Marshall Jr, David J. Prinzipien der Descartes-Exegese. München 1979
  • Metzler: Lexikon Philosophie. Die Methode von Resolution (Analysis) und Komposition (Synthesis). Spektrum.de
  • Röd, Wolfgang. Descartes. Die Genese des cartesianischen Rationalismus. München 1982.
  • Specht, Reiner: Descartes. Reinbeck 1980.
  • Derselbe. Descartes. In: Klassiker der Philosophie, Bd. 1, Hrsg. V. Ottfried Höffe. München 1981.
  • Williams, Bernard. Descartes. Das Vorhaben der reinen philosophischen Untersuchung. Frankfurt/Main. 1988.



یەک بەختیار عەلی کەمە، لێ خودی بەختیار عەلی زۆرە.. ئازاد حەمە

ئەم نوسینە کورتە پێشکەشە بە فەریدون حەسەن، کە چاوەکانی تروسکای لەسەر داخرا

پتر لە دەروازە:
لە سەرەتای ساڵانی 1980 کاندا لە سەردانێکی بیریاری فەرەنسی دێریدا بۆ ئەمەریکا، ژورنالیستێکی ئەمەریکی لێیدەپرسێت: گەر ئەم دێریدایە نەبویتایە، کە ئەمڕۆ هەیت حەزتدەکرد چی بیت؟ دێریدا لە وەڵامدا دەڵێت: حەزمدەکرد رۆماننوس بم، وەک رۆماننوسەکەی هاوڕێم مۆریس بلانشۆ Blanchot. ئەم وتنەی دێریدا دوو دانپێدانانی تێدایە. دانپێدانانێک بە مەزنی رۆماننووسی و ئەویتر دانپێدانانە بە هاوڕێکەی، لێ لە دەڤەری ئێمەدا هەردوو دانپێدانانەکە لەسەرەمەرگدایە. کەواتە، بۆ دێریدا دەستهەڵگرتن لە فەلسەفە بە رۆمان بەلەجیاتیدەکرێت. وەکیتریش ئەم حاڵەتە رووبەڕووی زۆرێک رۆماننوسی تری رۆژئاوایی دەبێتەوە. دەوروبەری ئەلبێر کامی Camus پڕبوو لە هزرەڤان. کامی فەلسەفەزانی لەرێگای رۆمانەکانیەوە سازدەدا. لەسەردەستی کامی کردەی رۆماننوسی خۆی بریتیکرد لە کردیەک لە هزرەڤانی، وەکیتر هزرەڤانی پیادەكرد و ئەدەبەکەشی هێندەی فەلسەفە قووڵاییەكانی بیركردنەوەی گۆڕی. کەواتە رۆمان دەکارێت هزر بەرهەمبهێنێت. تا رۆماننووسیش لە دەڤەری ئێمە نەبێتە پرۆسەیەک لە بیریاریی ناکرێت رۆمانی کوردی هەنگاوی گڵوباڵ بنێت.
بۆئەوەی خۆمان لەگەڵ وتەنەکانی لایسەرەوە هاوتاکەین گوزەرێک بەناو داڵانەكانی ئەزموونی بیرکردنەوەی ئەدەبی بەختیار عەلی دا دەکەین. لەوێندەرێ چییەتی جەفاکانی بەختیار عەلی بە تێگەیشتنی چەمکیی conceptual خۆمان گرێدەدەینەوە و ڕووناکی و چریسکەی ئەدەبەکە لەناو گەرووی تاریکی ئەدەبی ئێستاماندا دەردێنین. ئەمەش سەرنج بۆ ئەو ڕاستییە ڕادەکێشێت، کە لەم دۆخە نالەبارەی ئێمە دەیژێین چۆن مانای نوێ بە ئەدەب بدرێت؟ کەس ئەمەی پێڕاست نییە، کە لەناو دۆخە سامناکەکاندا ئەدەبێکی تر و تێهزرینێکی ئەدەبی تر بوونی هەبێت.
هەرچەندە ئەم نوسینە کورتە تەقەلایەکی هزریی نییە بۆ دەستنیشانکردنی پێگەی ئەدەبیی بەختیار عەلی، لێ کۆششێکی شەرمنانەشە بۆ وتن لەسەر پرسی ئەدەب لەمیانەی ناوبراوەوە، دواتر رێگاش بۆ وتن لە پرسی ئەدەبی کوردی هاوچەرخ تا رادەیەک دەکاتەوە.چونکە خوێنەری هزرهەژار لە چاوەڕوانی ئەدەبی بێهزرە. ئەدەبی بێ هزریش بکوژی بیرکردنەوە و تێڕامانە. لەوێندەرێ هەرگیز پرسیار لەدایکنابێت و وەستان بەدیار دێڕ و گوزارەوە بوونی نابێت.

ئەدەب واتە بیرکردنەوە

ئەدەب شوێنێكە بۆ سازدانی بیركردنەوە. سەرسامبوونیش بە مۆدێلێک لە ئەدەب لە بنەڕەتدا سەرسامبوونە بە مۆدێلی بیرکردنەوەی ئەو ئەدەبە، کە ئەدەبێکی لوغزاوییە. کافکا بیرکردنەوەیە لە ناو بیرکردنەوەیەکی کارامادا. گشت ئەزموونی شیعریی مالارمێMallarmé بریتییە لە بیرکردنەوەیەکی تر. رۆنێ شار Charئەمیش جۆرێکە لە بیرکردنەوەی نادوبارە. پاستێرناک Pasternak لە ڕەچەڵەکدا تەقەلایەکە بۆ بیرکردنەوەیەکی جیاواز لە چاو دەمی خۆی. گۆران و سەیاب و یاسنین و خەلیل حاوی و ئەنسی الحاج، ئەمانەش تەقەلاگەلێکن بۆ تێپەڕاندنی دەمی بیرکردنەوەی شیعریی خۆیان. تێپەڕاندنەکانیش هەردەم هاوتەریبنابن لەگەڵ بیرکردنەوەی باوی ئەدەبیی. بۆیە تێپەڕاندن، کە لادانە، باجی خۆی هەیە و تێگەیشتنیشە لە چیەتیی بیرکردنەوەی ئەدەبیی باو و لەو هەلومەرجەش، کە بەرپرسیارە لە سەرهەڵدان و بەردەوامبوونی ئەو شێوە ئەدەبە.
ئەدەب بوارێکە لە بیرکردنەوە. ئەدەب لەبەرئەوەی هزرە پێویستی بە بیرکردنەوەیە. ئەدی زمان؟ گوزارشتكردنی زمان لە چركەساتەكانی گەیاندنی هزر ئەوەیە، كە چی چۆن پێویستە بگوترێت، بەڵام ئەوەی بۆ زمان پێویستە، مەرج نییە بۆ هزریش پێویست بێت. زۆر جار زمان شتێك دەڵێت و شتێكی دی مەبەستە، یان زۆر جار زمان شتێك دەڵێت و هزرێكی دی لەپشتەوەیە؛ هزرێک، کە خۆی بە خاوەنی زمانەكە دەزانێت. ئەوەی ئێمە لێرەدا گەرەكمانە بیڵێین ئەوەیە، كە پێكدادان لەنێوان زمان و هزردا شیاوە و مێژووی هزر و زمانیش شایەتحاڵی ئەوەن. هاوکات داڕشتنی هزری ئاڵۆز بە زمانی سادە کاری دەوێت، بەڵام بۆ ئەو خوێنەرانەی پاشخانی هزرییان نییە داڕشتنی هزری ئاڵۆز وەک خۆی تێنەگەیشتن و بێزاریی دروستدەکات بۆیە زۆرێک لەو خوێنەرانە رەخنەی شێوازی هۆنینەوەی زمانەوانی نووسەرەکەدەکەن بێ ئەوەی بیر لە ئاستنزمی پاشخانی هزریی خۆیان بکەنەوە.

بیرکردنەوەی ئەدەبی دەبێت بی بەزەیی بێت بەرامبەر بە بەرهەمهێنانی پرسیاری هزریی

لەم دۆخە خراپەی ئێمەی کورد دەیژێین، کە سیاسەت هۆکاری ڕاستەقینەی خراپکردنەکەیە، چۆن مانای تازە بە ئەدەبی هاوچەرخی کوردی بدەین؟ کەس لە ئێمە ئەوەی پێڕاست نییە، کە لەناو دۆخە ترسناکەکانەوە ئەدەبێکی تر و بیرکردنەوەیەکی تری ئەدەبی بوونی هەبێت. ئەم دۆخە خراپە داوای زۆرتین بیرکردنەوە و جیاوازترین بیرکردنەوەمان لێدەکات. ئێمە، لەم دۆخەدا و بەگشتیش، ئەو جۆرە لە بیرکردنەوەی ئەدەبی بە پێویست دەزانین، کە بێ بەزەییانە کارلەسەر پرسیار بەرهەمهێنانبکات.
شێوازی بیرکردنەوەی ئەدەبی بەختیار عەلی جێی مشتومڕە. ئەڵبەتە هەموو شێوازەکانی بیرکردنەوەی ئەدەبی شایانی ئەوە نیین جێی مشتومڕ بن، مەگەر ئەوانە نەبێت، کە لە ناخی شێوازی بیرکردنەوەی ئەدەبییاندا پرسیار بەخێودەکەن. پرسیار دروستکردن لەناو ئەدەب یەکێکە لە ئەرکە مەزنەکانی ئەدەب. لە پرسی ئەدەبیشدا شوێنپێهەڵگرتن هەیە. لێ لەو بارەوە تێپەڕاندنیش بوونی هەیە. ئەلبێر کامی Camus دەکەوێتە ژێرکاریگەریی تێگەیشتنی فەلسەفیی سارتەرەوە، لێ دەشتوانێت هزری سارتەر سەبارەت بە ئەدەب تێپەڕێنیت. ئێمە، کە بەشێک نین، تا هەنووکە، لە بزووتنەوەیەکی هزری گەورەی گڵوباڵ، ئەدی ئەدەبەکەمان هێندەی هزرمان هەژارە؟ ئەمە پرسیارێکی سەرسامئامێزە بۆ ئێمە! چونکە ئەزموونە ئەدەبییە گەورەکان شانبەشانی هزر رۆشتوون. بۆیە بۆ ئێمە و لەم نوسینە کورتەدا ئەوە پرسیارە، کە لەو شوێنەی بزووتنەوەی هزری هەژار کاری خۆی دەکات ڕێگا بە سەرهەڵدانی ئەدەبێکی دەگمەن دەدات؟ بۆ ئەوەی لەو ژینگە هەژارەدا ئەدەبێکی دەگمەن(جیاواز، نادوبارە)سەرهەڵدات بەرەنگاربوونەوەی بیرکردنەوەی سادەی هەژار لە هۆنینەوە و داڕشتن پێویستە لەدایکبێت. ئەمەشە بەختیار عەلی کۆششی بۆدەکات.
ئەدەب وەک ئازاری جەستە وایە سروشتی خۆی هەیە. ئەمە پاساو نییە بۆ داکۆکیکردن لە ئەدەبی لاواز و سەرپێی، کە هزر بەرهەمناهێنێت. ئەدەبی بێ هزر، بێ بیرکردنەوە ئەدەبێکی بۆشە. ئەمەیە زبڵەئەدەب. ئەمەش لەبەرئەوەی، کە جەستەی ئەدەب شوێنی ناسینەوەی هزرە. جەستەی ئەدەب باشترین پەناگایە بۆ ئاشنابوون بەو زمانەی خراوەتەگەڕ. بۆیە هەستکردن بە ئەدەب، بەوەی کە ئەم ئەدەبە چەند باشە، کە ئەم باشیەش پرسیارە لەسەر چەند دەگمەنە، هەستکردنە بەو وتنانەی ئەم ئەدەبە لەگەڵ خۆی دەیهێنێت، بەو هێزەی لە زمانی وتنەکەدا پەنهانە بۆ رەخساندنی خەیاڵ و گێڕانەوە.
سەرباری ئەوە، بۆ ئەوەی لێرەدا تیشک بخەینە سەر ئەو ڕێگایانەی، کە بەرەو دەرهاویشتەیەکی لۆژیکیمان دەبات، لەم بارەیەوە پێویستمان بەوەیە هێما بۆ ئەوە بکەین، کە گشت هیواکانی ئەدەبی کوردی هاوچەرخ ناشێت لەسەر بەختیار عەلی دانرێت. ئەی ئەگەر ئەم هیوایە نەهاتەدی؟ ئەوجار چی؟ئەوجار دەمی کۆتایهاتنی ئەدەبی کوردیمانە، ئاوابوونی ئەدەبمان دوا قەدەرمان دەبێت؟ گەر وابێت ئەمە ئەنفالێکیترە. ئەنفالی ئەدەبیی. ناشێت هەروەک سیاسەت چۆن زوو زوو دەمانبات بەرەو مەهابادێکیتر، ئەزموونی ئەدەبیشمان بمانبات بەرەو نەهامەتییەکی ئەدەبیی تر. گەر ئەمە ڕووبدات خەتای بەختیار عەلی نییە، بەڵکو خەتای هەڵچنینی ئەو خواست و هیوا زۆرانەن لەسەر بەختیار عەلی، ئەمەش وادەکات بە ناچاری بگەڕێنەوە بۆ ئەدەبی پێش ناوبراو. هۆلۆکۆستی ئەدەبی کوردی لێرەوە دەستپێدەکات.

دزەكردنی فەلسەفە بۆ ناو ئەدەب

ئەو ئەزموونە ئەدەبیانەی فەلسەفە دزەی تیاکردوون ئەدەبێکی تری لێدەرچووە. ئەدەب، کە فەلسەفە گێچەڵی پێدەکات ئەدەبێكە دەرەقەتی گێڕانەوەی وون و لەدەستچووەکانی هەیە، توانای بیرکردنەوەی فەلسەفییانەی هەیە، دەکارێت چەمک بەرهەمبهێنێت، لەناو دۆگم نامێنێتەوە و وەهمیش دروستناکات. بۆیە ئەدەبی ڕووكەش، کە ئەدەبێکی دابڕاوە لە فەلسەفە، ناتوانێت بە گوتنی سادەی بێ ناوەڕۆک و دووبارە جیهانێکی هزریاریی دروستبكات. ئەدەبێک ئەزموون دەخاتەوە، کە ئەزموون لە تێڕامانی فەلسەفیەوە وەردەگرێت و تەماشاکردن بۆ جیهان و بوون لەناو ئەو جیهانە دەگۆڕێت. ئەم جۆرە ئەدەبە شڵەژان و گومان دەخاتەژێرپرسیارەوە و چەمکی وەک: دابڕان، بێدەنگیی، تارمایی، مەرگ، تاریكیی، تەنهایی، و…. دەکات بە ئامرازی بیرکردنەوەی خۆی.
هەردەم ئەو ئەزموونە ئەدەبیانە دەبن بە شوێنی تێهزرینی بیریاران، كە لەخودی خۆیاندا هەڵگری ڕیشاڵی، یان تووخمی هزریین. ئەمەش بەو مانایە دێت، کە ئەدەب دەکارێت ئەزموونی هزری بخاتەوە. تەماشاكردنیش بۆ ئەدەب وەك بەشێك لە كردەی هزرەڤانی لەوێوە سەرهەڵدەدات، ئەدەب کاتێک دەکارێت ئەوە بکات،کە ئەدەب لە پەنای هزری فەلسەفییدا گەشەدەکات. لێرە بەوەدەچێت قسە لەو جۆرە ئەدەبە بێت،کە ئەدەبی تێرهزر و بەپیتە، ئەوەش ئەو ئەدەبەیە هەواری خۆی بەرەو ناوچە هزراوییەكان گواستوەتەوە.بەمە ئێمە لێرە لە دەرگای ئەو پرسیارە دەدەین، کە بەم جۆرەیە:چۆن ئەدەب بکارێت بە گژ هزردا بچێتەوە، و واش لە ئەدەب بکات فەلسەفە بەرهەمبهێنێت؟
بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکەی لای سەرەوە دەکارین بڵێین: لە مێژووی هزری رۆژئاوادا نموونە لەسەر ئەو جۆرە ئەدەبە بەرچاودەکەوێت. لێ پێویستە ئەوە بزانین، کە هزرکاری لە ئەدەبدا کارێکی سانا نییە. گشت ئەدەبی میلەتانیش بەو ئەرکە هەڵنەستاوە. ئەدەب، کە بەم ئاقارە دەڕوات شتێک دەخاتە سەر خەرمانەی هزر، کە ئەوەیش کردەی فەلسەفەکردن بەپیتدەکات. ئەدەبی لەم شێوەیە، ئەدەبی هزریی، ئەدەبێک دەهێنێتەکایەوە، کە لە کەناری فەلسەفەدا پشودەدات. چیەتیی ئەدەبی لەم جۆرە چیەتیی فەلسەفە، یان هزریش، لەگەڵ خۆی دەورووژێنێت. ئەدەبی فەلسەفیی، کامی، یان سێلان، هۆڵدلین یان مالارمێ بۆنموونە، ئەدەبێکە پرسیاری هزریی دروستدەکات و دەچێتە خانەی ئەدەبی نەوتراوەوە. چیەتیی ئەدەب، هەروەک چیەتیی فەلسەفە، پرسیارە لەسەر ڕەچەڵەک و چۆنێتیی داهێنانی هزر.

پەیوەندی بیرکردنەوەی ئەدەبیی بە فەلسەفەوە مەرجی پێشوەختە

لێرەدا خۆم لە قەرەی ئەو ئارگیومێنتە نادەم، کە داوای راڤەکاریی بیری بیرمەندانم لێدەکات لە پەیوەندی بە ئەدەبەوە. ئەمەش بەپێێ ئەوە، کە ئەدەب و فەلسەفەی رۆژئاوا، کە بۆتە مۆدێلێک بۆ نرخاندنی ئەدەب و فەلسەفە ئەو وانەیەمان فێردەکات، کە بیرکردنەوەی ئەدەبیی لە پەیوەندیدایە بە فەلسەفەوە.
تێگەیشتنی ئێمە لەبارەی ئەوەی لای سەرەوە وروژێنرا، ئەوەیە، کە پەیوەندی بیرکردنەوەی ئەدەبیی بە فەلسەفەوە مەرجی پێشوەختە بۆ سەرهەڵدانی ئەدەبی دەگمەن(نایاب، دژەهەمان). ئەدەبی هاوچەرخی ئێمە، گەر بە نموونە وەرگرین، بێ ئەندازە دابڕاوە لە هزری هزرەڤانان، ئەو هزرە رۆژئاواییەی موڵکی گشت مرۆڤایەتییە. باشە ئەدەب، کە پشتی لە بیرکردنەوە فەلسەفییەکان کرد چی ڕوودەدات؟ بێگومان ئەوە ڕوودەدات، کە لە قۆناغی پێش بەختیار عەلی دا ڕوویداوە. ئەدەبێک، کە دوورەپەرێز بووە لە فەلسەفە، دیوارکەوتووەتە نیوان بیرکردنەوەی ئەدەبیی و بیرکردنەوەی فەلسەفییەوە.
ئامادەبوونی فەلسەفە لەناو ئەدەب کارکردنە لەسەر گۆڕینی نیشتیمانی ئەدەب. قڵپکردنەوەی ئەدەب و گۆڕینی ئاقاری. ئەدەب، کە بەهزراوینەکرێت ئەدەبێکی بێ تام و بەتاڵ دەبێت. ئەدەبی بێ تام و بەتاڵ ترسناکە. توانای وتنی نەوتراو و درکپێنەکراوی نییە. ئەو ئەدەبەی لەگەڵ فەلسەفەدا دەستلەملانە دەستی دەبێت لە دروستکردنی جۆرێک لە بیرمەندی، نموونە ساد Sade، کافکا، بۆرخێسBorges، رێلکە ، فلۆبێر Flaubert و ….. .ئەدەبی لەم شێوەیە بە نادیاربوون و پارادۆکس و تەموومژاوییەکانەوە دەیگرێت. ئەم ئەدەبە زمان پەلەکێشی ناوچە یاساغ و بڤەکان دەکات و والە زمان دەکات ئەوە گۆبکات، کە جارێ گۆینەکردووە. هەر لێرەوەش دەگمەنی لەدایکدەبێت.

پەتای بیرکردنەوە شیفابوونیشی لەگەڵە

پەتای بە بەختیار عەلیبوون دەبێت تەشەنە بسێنێت، لە گشت شوێنێکمان دا بڵاوببێتەوە، دواجار هیوای ئەوەش بخوازرێت، کە شیفابوون لەم پەتایە هەرگیز نەیەتەدی. ئەم پەتایە گەر بریتیبێت لە خودی بیرکردنەوە، هیوامەندم بیرکردنەوە خۆیبکات بە گشت جێگەیێکماندا. ئەم بەختیار عەلییە هیچ نییە لە بیرکردنەوە زیاتر. بیرکردنەوە ئەمی گەیاندووەتە ئێرە. ئێرەش بەس نییە مادەم بیرکردنەوە هەیە. بیرکردنەوە دەرمانە و شیفابوونیش لەم دەرمانە ناشێت شیاوبێت. ئەوە بیرکردنەوەیە ڕەهەندی مێژوویی-کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئێمە لەبەرچاودەگرێت و دواتر لە کارێکی رۆماننوسیدا بەرجەستەی دەکات. بۆ ئێمە لێرە هەر بیرکردنەوە براوە نییە، بەڵکو چۆنیەتی بیرکردنەوە، داڕشتنی دێڕ و گوزارە.
بیرکردنەوەی فەلسەفیی و بیرکردنەوەی ئەدەبیی ئێمە پێویستی بەوەیە چەمک بەرهەمبهێنێت. ئەمەش بەرهەمنایەت تا دووچاری پەتای بیرکردنەوە نەبین. فەلسەفە، کە ئاسۆی بیرکردنەوە دەجوڵێنێت، ئەدەب لەناو ئەو جوڵانەوەیە دەژیت. کەواتە، ئەوە بیرکردنەوەی فەلسەفییە گۆڕانکارییە جیهانییەکان و کاریگەرییان بەرباسدەخات و ئەدەبیش هاوکار دەبێت لە رووبەرووبوونەوەی دژوارییەکانی ژیانی رۆژانەی ناو ئەو جیهانە.
زۆرێک دەپرسن سودی بیرکردنەوە لەناو ئەدەبدا چییە؟ ئەوانەی ئەم پرسیارە دەکەن نە لە ئەدەب و نەش لە فەلسەفە حاڵیین. ئەوە ئەدەبە، ئەڵبەتە لەمیانەی فەلسەفەوە، فێری ژیانژیانمان دەکات. گەر کەسەکە بە چاکی لە ووردەکاریەکانی ئەدەب و فەلسەفە حاڵینەبووبێت ناکارێت نە ئەدەب و نەش فەلسەفە وەک ئامرازێک بۆ خۆپارێزی دەروونی و خۆچاکسازی ڕۆحی بەکاربەرێت. چونکە تاریکییەکان تا کۆتا نین. هەروەک ئەوەی، کە رووناکییەکانیش تا کۆتا بەردەوام نیین. ئەو ئەدەبەی لەسەر پایەکانی فەلسەفە دەوەستێت دەتوانیت بەختەوەری، ناخ ئارامی بۆ خوێنەرەکەی بهێنێت. ئەدەب لە دەرەوەی جوگرافیای فەلسەفە نییە. ئەدەب لەگەڵ فەلسەفەدا دەستلەملانە. ئەدەبی تەندروست پشتگیریی فەلسەفە دەکات. فەلسەفەش پیویستی بەم پشتگیرییە هەیە. چونکە هەردوو ئیش لەسەر تەندروستبوونی مرۆڤ دەکەن. لەبەرئەوەی ئەدەب و فەلسەفە لە دڵنەوایی شارەزان دەکرێت بەکارببرێن بۆ شیفابوون لە پەتای بیرنەکردنەوە. ئەم پەتایە لە دەڤەری ئێمە زۆر بەربڵاوە و زیانێکی زۆریشیداوە لە گەشەنەکردنی ئەدەب و فەلسەفە. شیشرۆن Cicero وتەنی “”فەلسەفە، کە پزیشکی راستەقینەی رۆحە””، پێمانوایە ئەدەب زۆرێک لەم پزیشکە ڕۆحییەوە فێردەبێت. لێرەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی بڵێین، کە چارەسەر بە فەلسەفە و ئەدەب وەک دەرمان باشترین چارەسەرن لە ئێستادا، ئەو ئێستایەی لێوانلێوە لە جەنجاڵی و پەرتی و دابڕان.

برسیەتی بۆ رۆمانی لەم جۆرە
زۆرێک لە خوێنەرەکانی بەختیار عەلی لەوە بەئاگانیین کە، گەڕانەوەی ئەمان بۆ کارە ئەدەبییەکانی (شیعر، رۆمان) بەختیار عەلی بۆ ئەو برسیەتییە مەعریفییە دەگەڕێتەوە، کە ساڵانێکە پێانەوەدیارە. برسیەتیەکە پەیوەندی بەو ڕووداوانەوە هەیە کارە ئەدەبییەکانی ناوبراو لەسەری دەوەستێت. ئەڵبەتە ئەو وەستانەشە ئەدەبی لەو جۆرە بەرهەمدێنێت، کە تەنیایی ئەمان دەجولێنێت. ئەدەبی لەم شێوەیە سەرقاڵی بەرهەمهێنانی چەمکە. لێرەوە هۆنینەوە و داڕشتن فۆرمێکی تر لەخۆدەگرێت. داماوی تاکی کورد، زەلیلی بەدەست هیواکانەوە، شکستە یەک لەدوای یەکەکانی ئەوین لە کۆمەڵگەی نوێی کوردی، وێناکردنی مرۆڤی تازەی کورد و پەیامە بەردەوام بۆشەکانی هۆکارن بۆ گەڕانەوە بۆ خوێندنەوەی بەختیار عەلی.
خوێنەرەکانی ناوبراو، خۆیان دەزانن بەجۆرێکی کەساس دەژین و ژیانیشیان وێرانە، لێوانلێوە لە برین. برینی ئەمان بێ کۆتایە. چونکە مرۆڤە کەساسەکان پێویستیان بەو هەلومەرجانەیە کەساسی لەناودەبەن. ڕەنگە بەشێک لەو هەلومەرجانە بێ مافی بێت، نایەکسانی بێت، غەدر بێت، یان ڕەنگە هەستی تەنیایی و ئاوارەیی بێت لە زێدی خۆیان. لێرەوە گەڕانەوە بۆ ئەدەبی بەختیار عەلی خۆی بەپێویست دەزانێت. باشە ئەم جۆرە ئەدەبە دەرمانە؟ ڕێگایەکە بۆ شیفابوون لەو مەینەتییە بوونیاویانەی تیایدەژین؟

هەژاری مەعریفیی رۆمانی کوردی

هەژاری مەعریفیی رۆمانی کوردی بەختیار عەلی کردە ئەم بەختیار عەلییە. هەرزوو هەژارییە مەعریفییەکەی رۆمانی کوردی بەختیار عەلی پەست و دڵشکاوکرد. ئەمەی ئێستا دەیخوێنیتەوە بەرهەمی ئەو پەستی و دڵشکاویەیە. کەواتە یاخیبوون لەدایکبوو. ئێمە پێویستمان بە زنجیرەیەک لە یاخیبوون هەیە تا چارەسەری هەژاری مەعریفیی رۆمانی کوردی بکەن. بۆیشە لای سەرەوە ئاماژەمان بۆ ئەوە کرد، کە یەک بەختیار عەلی کەمە، لێ خودی بەختیار عەلی زۆرە. کەمە، چونکە بەو هەژارییە مەعریفییەی رۆمانی کوردی ناوێرێت. زۆرە، هیچ نەبێت لەبەرئەوەی سەرەتای یاخیبوونێک زەمینەی بۆ سازێنرا.
ئەوەی وترا مەبەست لێی ئەوە نەبوو بمانەوێت خۆبەراووردکردنێک لەنێوان ناوبراو و ئەوی تردا دروستکەین. چونکە خۆبەراووردکردن بەئەویتر کارێکی تەندروست نییە. دۆزێکی ئەوتۆش دێنێتە گۆڕێ، کە کاتەکانت تەنها لە چاودێریکردنی ئەویتردا بەسەربەریت. تۆ ئەو کات خۆتنابینی، بەس ئەویتر دەبینیت، خۆتیش نابیت ئەویتر دەبیت. بوون بە ئەویتر واتە خۆبەراووردکردن. بۆیە چاکترە لە کاتی قسەکردن لە هەژاری مەعریفیی رۆمانی کوردی لە ڕەچەڵەکی ئەو هەژاریە بەووردی حاڵیبین، کە هۆکارە بۆ لەئامێزگرتنی بەختیار عەلی.

ئەدەب داڵدەی نەوتراوەکانە

وتنی نەوتراو دەچێتە خانەی ئەو جۆرە وتنانەی شایانی وتنن. وتنی لەم شێوەیە وتنێکە هێشتا نەوتراوە. ئەو وتنەش، کە نەبووەتە وتن براوەی یەکەمە، چونکە ئەزمووننەکراوە. کەوابێت، چۆن ئەدەب بکرێت بە جێگایەک بۆ پەی پێنەبراوەکان؟ ئەڵبەتە تەنها بە وتنی نەوتراوەکان ئەوە دێتەدی. ئەو وتنانەی هێشتا نەبوونە بە بەشێک لە بیرکردنەوەمان. بەواتەیەکی تر، ئەدەبنووسینی ئێمە تا خۆی وەک ‘نوسینەوەی کارەسات” نیشاننەدات ناکارێت نەوتراو بخوڵقێنیت. ئەمە خۆزگەکانی ئەدەبی کوردیش دێنێتەدی. ئەم ئەدەبە بیرکردنەوەیەکە لە شوێنێکی ترەوە دێت، سەرهەڵدەدات. لێ، ئایا ئەمە تەنها ئەرکی بەختیار عەلییە؟ نەخێر (بەپیتی گەورە). هیواکانی ئەدەبی کوردی، گەر بریتی بێت لە جەختکردن لە بوونی خۆی، بەرهەمهێنانی ناسنامەیەک تایبەت بەخۆی، ئەمە دێتەدی، بەو مەرجەی ئەدەبی کوردی خۆی بە بەشێک لە هزرەڤانی بزانێت. هزرەڤانی لە جۆرێکی پوخت و شوێنێک بۆ نەوتراوەکان.
ئەدەبێک مردن ئەزموون نەکات، بە باڵای ئەوینی شکستخوارد و چەپۆکی سێکسا هەڵنەشاخێت، سەروی بێدەنگی نەبێت و تەنهایش نازدار نەکات زۆری ماوە ببێتە ئەدەب. ئەدەبێک گەندەڵی وەک شمەکێکی سیاسی و بەس ببینیت و توێکاری بۆ ئەم گەندەڵییە لەناو ناخ و دەروونی مرۆڤەکاندا نەکات، ئەو ئەدەبە لاپەرێز دەمێنێتەوە. ئەدەبی واش بۆ ئەوەی لە لاپەرێزی خۆی دەربازکات مشەخۆر دەبێت لەسەر وتنەکانی پێشخۆی. ئەمەش بەرەو دیوێکی تری خراپی بیرکردنەوەی لاپەرێزمان دەبات، کە بیر لە ئەویتری خوێنەر ناکاتەوە. ئەویترێک، کە پێویستی بە ئێمەیە. ئەویترێک لە چاوەڕوانی گشت شتە باشەکانە. بۆیە فەرامۆشکردنی ئەویتر لە ئەدەبدا بە زیانی خود، ناسنامەی ئەم خودە دەگەڕێتەوە.
پرسی ئەدەب پرسی هێنانەگۆی مەحاڵبووەکانە

لە ئێستادا، لە گشت شوێنێک، لەم جیهانە بچوکەی ئێمەدا ئەگەری مەحاڵبوون impossible لە زیادبووندایە. ئەدەب کە نەیتوانی مەحاڵبووەکان بهێنێتەگۆ لە بەئەدەبوون دەکەوێت. ئەو نەختە فەلسەفەیەی لە دەڤەری ئێمە نەشونمای کردووە تەنها و تەنها سەرقاڵی پرسیارە ئەدەبی و سیاسییە کۆمەڵایەتی و ئاینیە سادەکانە و لەم رووەشەوە شتێکی ئەوتۆی بەرهەمنەهێناوە. واتە فەلسەفە لێرە و ئێستا تەنها سەرقاڵی زانستە مرۆییەکانە و زانستە سروشتییەکانی فەرامۆشکردووە. ئەمەش وایکردووە لەگەڵ مەحاڵبوون دەستلەملان نەبێت. هەر ئەم لایەنە کاردانەوەی خراپی لەسەر ئەدەبیش داناوە.
بێ مانا، نادیار، ناکۆتا و پووچ کە بەشێکن لە مەحاڵەکانمان، کە نەبوونەتە باسی ئەدەبی ئێمە. راستەوخۆنوسینیش لە بواری ئەدەبیماندا زیانێکی زۆریداوە لە بێدەنگبوون لە مەحاڵەکانمان. کەواتە شیاوە بپرسین: لە چ ساتەوەختێکدا ئەدەبی باش (باش بە مانای دەگمەن و نادوبارە) لەدایکدەبیت؟ لەو ساتەوەختەی ئەدەب شانبەشانی فەلسەفە لەناو تاریکی ژیان دەربازماندەکات، فێری پرسیارمان دەکات سەبارەت بە بوونمان. وەکیتر، فەلسەفە و ئەدەب ، کە پێکەوە کاردەکەن، لە دوو لاوە کارمان لەسەر دەکەن: ئەزموونی تێڕامانمان دەوڵەمەنندەکەن و بیرکردنەوەشمان بۆ چەمکگەلێکی وەک خەمۆكی، هاوسەرگیری، بێدەنگی، تەنهایی، و ئەوینداری و خیانەت دەگۆڕن. جا پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، کە چەند ئەزموونی بیرکردنەوەی ئەدەبیی بەختیار عەلی ئەمەی کردووە؟

دەرئەنجام: ئەدەبی دەگمەن

سەرهەڵدانی ئەدەب، ئەدەبی نایاب، کارێکی سانا نییە. چونکە ئەم بەشە ئەدەبە بەرپرسیاریەتی هێنانەگۆی تەمومژاویی، بێدەنگیی و بەدفڕیی لە کاری ئەدەبیدا لەئەستۆدەگرێت. بێگومان ئەدەبی نایاب لەوێوە دێتەدونیاوە. بۆیە بەغیلی بە بەختیار عەلی با بەغیلیبێت بە هێزی بیرکردنەوەی ئەو، بەوەی بیرکردنەوە چەند دەکارێت دوور بڕوات و ئاسۆکانیش تێپەڕێنێت.
ئەدەبی دەگمەن ئەو ئەدەبەیە، کە دەربازکەری خودی ئەدەبە لە گرفت و لاوازییەکانی. ئەم جۆرە ئەدەبە، ئەدەبێکە خەریکی گەڕانەوەی شتە لەدەستچوو و ونەکانە. ئەدەبی دەگمەن گفتوگۆ بێکۆتاییەکان دێنێتەگۆڕێ و لەپشت سەرهەڵدانی تێیۆرییە ئەدەبیەکانیشەوە دەبێت. جا ئەدەبی وامان هەیە؟ ئەزموونی ئەدەبی بەختیار عەلی جۆرێکە لەم ئەدەبە؟ گشت ئەوی لایسەرەوە وترا وەک وەڵامێک دەبینم بۆ ئەم دوو پرسیارە.
تێپەڕاندنی بەختیار عەلی شیاوە. لێ بەم کواڵیتێ ئەدەبییەی ئێستا نا. چونکە وتنی سادە، نزیک لە زمانێکی لاواز و سەرپێی، دابڕاو لە هزر ناکارێت ئەدەبی یاخی بەرهەمبهێنێت و نیگەرانییەکانمان، ئەو پارادۆکسانەی تیایدەژین، بکاتە وتن. شانسێک ئەو دەمە لەبەردەم هاتنەدی هیواکانی ئەدەبی کوردییە، کە ئاقاری بیرکردنەوەی ئەدەبنووسی(رۆمان،چیرۆک، شیعر، شانۆ ، …) ڕوو لە گۆڕانبکات. سەرلەبەرگۆڕینی پرسیاری ئەدەبی، بەو مەرجەی بەهۆیەوە پرسیارە سیاسییە کۆمەڵایەتییە ئاینییەکان بەر تەوژمی ئەو گۆرانەبکەون، شانسەکە بەهێزدەکات. لێرەوە، کەوابێت، ئەوەی مەبەستە گۆڕینی پرسی ئەدەبە. ئەو پرسەی فەلسەفەی کۆنتنێنتاڵ بۆ شەش دەیەک دەبێت سەرقاڵیەتی (هایدیگەر لەسەر هۆڵدرلین، دێریدا لەسەڕ سیلان، فوکۆ لەسەر ئارتۆ، دولۆز لەسەر سینەما، بادیو لەسەر چاخی شاعیران ئاگامبین لەسەر کافکا و….هتد).
هیچ ئەدەبێک بێ لەکە و بێ خەوش نییە. تەنانەت مۆدێلە جیهانییەکانیش(پوشکین، ئێلوار، شکسپیر، ڤالێری، بەیاتی، میشۆMichaux ،….). لێ پێموایە بەشێک لە خەوشەکانی مۆدێلی بیرکردنەوەی ئەدەبی بەختیار عەلی پەیوەندی بە سێ لایەنەوە هەیە. لایەنی یەکەم بریتییە لە خراپی دۆزی ئەدەبی پێش خۆی (بەتایبەت رۆماننووسین). لایەنی دووەم بریتییە لەو شێوازە لە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی، کە رووبەڕووی بیرکردنەوەی ئەدەبی ناوبراو دەبێتەوە، کە ئەمەشیان قوربانی دەستی لایەنی یەکەمە. دوا لایەن پێدەچێت پەیوەندی بە جۆرێک لە شێوازی هۆنینەوەی دێڕ و دەربڕینی ناوبراوەوە هەیە (نوسینیدرێژ، شێوازی داڕشتنی زمانەوانی،…. )، کە ئەوەش وایکردووە بەشێک لە خوێنەرانی پەستکات. لێ کێشەی بەشێک لە خوێنەرانی ناوبراویش ئەوەیە، کە دەخوازن نوسەر بەپێی حەز و شێوازی بیرکردنەوەی ئەوان بنوسێت. کێشەیەکیتری ئەو جۆرە خوێنەرانە ئەوەیە، کە پاشخانی هزرییان نییە و ڕاشهێنراون لەسەر جۆرێک لە نوسین و خوێندنەوە.

ئازاد حەمە




چەند سەرنجێک لەسەرهێرشەکەی ئێران بۆسەرئیسڕائیل وئاکامەکانی!.. حەسەن ڕازانی

لە تۆڵەی ئەوهێرشەی کە ئیسڕائیل کردیە سەر کونسوڵیەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سوریاو چەندین گەورە بەرپرسی پاسدارانی کوشت، ئێران لە رۆژی 13 و بەیانی زووی14ی ئەم مانگی نیسانەدا هێرشی تۆڵەی خۆی بۆ سەر ئیسڕائیل ئەنجامدا! لە بۆ ئەنجامدانی ئەو تۆڵەیەش پێش وەختە ئێران ئیسڕائیلی ئاگادارکردەوە وکاتێکی دیاریکراوی جێمتمانەشی دانا کە بریتیبوو لە ٢٤ بۆ ٤٨ سەعات کە هێرش دەکاتە سەر ئیسڕائیل و تۆڵەی خۆی لێدەکاتەوە!

ئێران هێرشەکەی ئەنجامدا و بەڵێنەکەی بە ڕاستگۆیانە ڕێک لەو کاتەدا جێبەجێکرد کە بۆ ئیسڕائیلی دیاریکردبوو! بە پێی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئیسڕائیلی و جەزیرەی قەتەڕ و هەروەها بە پێی قسەکانی گیلاد ئەردان Gilad Erdan نوینەری ئیسڕائیل لە کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاساییشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کە تایبەت بوو بە هێرشی ئێران بۆسەر ئیسڕائیل، دەرکەوت کە ئێران لەو هێرشەدا 170 دڕۆن و 30 ساروخی درێژمەودای کروز و 120 ساروخی درێژمەودای بالیستیکی بەکار هێناوە بە دەیان تەن لە تەقەمەنی هەستیارو بەهێزەوە!

بە دەرخستنی چەند سەرنجێک لەسەر ئەو هێرشە دەردەکەوێت کە تەواوی ئەو هێرشەی ئێران بۆسەر ئیسڕائیل لە ڕووی سیاسی و نێونەتەوەییەوە بە قازانجی ئیسڕائیل و زەرەری ئێران خودی خۆی شکایەوە چونکە:

یەکەم: پێش ئەو هێرشەی ئێران دەوڵەتی عیبڕی ئیسڕائیل بە هۆی کێشەی فەلەستینەوە هەم لە ناوخۆیداو هەم لە ڕووی نێو نەتەوەییەوە ئۆتۆریتەی سیاسی و پشگیری نێو نەتەوەیی و تەنانەت هی هەرێ دۆستەکانیشی ڕووی لە خوارێ بوو، بەڵام ئەو هێرشەی ئێستای ئێران هاوکێشەکەی ڕێک پێچەوانە کردەوە. ئیسڕائیل ئێستا لە ڕووی سیاسی و نێو نەتەوەییەوە ئۆتۆریتەی ڕووی لەسەرەو هی ئێرانیش ڕووی لە خوارێیە!
دووەم : ئەو هەموو ساروخە کروزەو مەودا دوورهاوێژانەو نزیکەی دووسەد فڕۆکەی دڕۆن، کە هەندێک سەرچاوە بە نزیکەی چوارسەد دڕۆنیان دادەنین، بە دەیان تەن تەقەمەنی هەستیارو بەهێزەوە لە چەندین لاوە هێرش دەکرێتە سەر ئیسڕائیل بەڵام هەموو زەرەری دەوڵەتی ئیسڕائیل لە ڕووی گیانییەوە بریتیبوو لە برینداربوونی کچێکی بەدەوی منداڵی تەمەن حەوت ساڵ بەڵام بەسووکی. ئێران بەم هێرشە توانی چی بکات و چی دەویست بیکات لە ئیسڕائیل؟

سێهەم : بە بڕوای من، ئەو هێرشەی ئێران ناچاریی بوو بۆ ئێران. ئەو هێرشە وەڵام دانەوەی ئاخوندەکان بوو بە فشاری ناوخۆی ئێران و هەروەها وەک وەبەرهێنانێکی سیاسیانەی ناوخۆیی بوو ، هەروەها وەڵامدانەوە بوو بە فشاری جیهانی ئیسلامیی بە تایبەتی جیهانی شیعەگەرایی، وەڵام دانەوە بوو بە فشاری حەمساویەکان و بابەتی دیفاع لە قودس و کێشەی فەلەستین و لە لایەکی تریشەوە بەڵێنێکی دابوو کە وەڵامی دەبێ بۆ ئیسڕائیل و ئەو هێرشەش وەک سڕینی ئارەقەی ڕووی سیستەمی ئاخوندگەرایی بوو!

چوارەم : بە بڕوای من، بەو هێرشەی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل بابەتی غەززەو خەڵکی داماوی فەلەستین و کێشەی فەلەستین و هێرشی ئیسڕائیل بۆ سەر شارو ناوچەی ڕەفەح کەوتە دواوەو بابەتی ئێران ئیسڕائیل بوو بە بابەتی سەرەکی ناوخۆ و نێو نەتەوەیی. ئێران بەم کارەی کێشەی غەززەی هێنایە دواەوە..ئەمەش وەک هاوکارییەک بوو بۆ ئیسڕائیل!

پێنجەم: من پێم وایە بەو هێرشەی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل چاوی ناوخۆ و نێو نەتەوەیی ڕووی پێ لە ئیسڕائیل و هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر خەڵکی فەلەستین و غەززە وەرگێڕاو خەریکی کرد بە ئێرانەوە..ئەمەش هاوکاری ئیسڕائیلی کرد لە ڕووی سیاسییەوە!

شەشەم : ئێران بە و هێرشەی بۆ سەر ئیسڕائیل هێزی خۆی نیشانی ناوخۆ و نێودەوڵەتی دا کە تواناو هێزی سەربازی چەندە و لە چ ئاستێکدایە ئەگەر بیەوێت شەڕ لە گەڵ ئیسڕائیل بکات؟ ئێران نیشانی ناوخۆ و نێو نەتەوەیی دا کە بەو هەموو هێرشە بەرفراوانە مووشەکی و درۆنیە نەیتوانی زەرەرێک بە ئیسڕائیل بگەیێنێت! نیشانی دا کە هەمووی هاش و هوشی ئیعلامیی بوو! خەڵک وای لە ئێران ڕا دەبینی کە ئیسڕائیل لە یەکەم هێرشدا هەر قوت بدات !

حەوتەم : بە بڕوای من، ئێران بەو هێرشەی کە کردیە سەر ئیسڕائیل بۆی دەرکەوت کە ناتوانێت لە ڕووی سەربازییەوە ڕووبەڕووی ئیسڕائیل ببێتەوە! چونکە بەو هەموو هێرشە گەورەیەی نەی توانی زەرەرێک بە ئیسڕائیل بگەێنێت! هەموو ساروخ و دڕۆنەکانی لە ئاسماندا پێش ئەوەی بگەن و زووربەیان لە نیوەی ڕێ تەقێنرانەوە! لێرەدا زانست و پێشکەوتن و تەکنەلۆجیای سەردەم کەوتە بەرامبەرکێ لەگەڵ هاش و هوشی ئیعلامیی سیستەمی ئاخوندی! هەموو کەسیش شاهیدە کام لا دەیباتەوە.

هەشتەم : ئەو هێرشەی ئێران بۆ سەر ئیسڕئیل وەک پشتگیرییەک شکایەوە بۆ دەوڵەتی عیبڕی ئیسڕئیل چونکە هەندێک دەوڵەت کە خەریک بوو لە ئیسڕائیل دەتەکینەوە هێنانیەوە بۆلای ئیسڕائیل، تەنانەت ئەمریکا خەریکی تەکینەوە بوو. ئەم هێرشە ئەمریکاو چەندین دەوڵەتی گەورەی تری هێنانەوە مەیدان بۆ هاوکاری ئیسڕائیل! ئێران لێرەدا هاوکاری ئیسڕائیلی کرد لە ڕووی سیاسی و نێونەتەوەییەوە!

نۆهەم: بە بڕوای من، هێرشی حەمساویەکان بۆ سەر ئیسڕائیل بە کت وپڕی و کوشتنی بە سەدان لە خەڵکی بێتاوانی جولەکە و بە دیلگرتنی بە سەدانی تر هەلی ڕەخساند بۆ دەوڵەتی عیبڕی ئیسرائیل کە ئەوە بکات کە کردی و ئێستاش بەردەوامە ولەوە دەچێت زۆریش لەوە خەراپتر بکات بە خەڵکی داماوی فەلەستین! بە هەمان شێوەش هێرشی ئێرانیش بۆ سەر ئیسڕائیل هەلێک دەدا بە ئیسڕائیل کە لەمەودوا دەستی کراوە بێت لە ژێر بیانووی ئێران هەڕەشەیە بۆ سەر دەوڵەتی عیبڕی ئیسڕائیل لەوانەیە درەنگ یان زوو ئیسڕائیل بە هاوکاری لەملاولەولاوە لە ئەتۆمەکەی ئێران بدات و بۆ هەتا هەتایێ لە کاری بخات یان زیانی گەورەی پێبگەێنێت، یاخود زیانی تر بە ئێران بگەێنێت!

دەیەم: هەر لە ئێستاوە دەوڵەتانی عەڕەبی ڕایان گەیاند کە ناهێڵن ئێران ئاسمانیان بەکاربهێنێت لە دژی ئیسڕائیل بۆ نموونە ئوردون بە ڕەسمی ڕای گەیاند. ئەمەش هاوکاری ئیسڕائیل دەکات! بەڵام لەبەرامبەردا دۆستەکانی ئیسڕائیل بۆ نموونە بەریتانیاو ئەمریکا بنکەی سەربازییان لە دەریای ناوەڕاست و عێڕا ق و قەتەڕدا هەیەو بەکاریشیان دەهێنن لە دژی ئێران بۆ هاوکاری ئیسڕائیل!

یازدەیەم: چەندین دەوڵەتی عەڕەبی بۆ نموونە سعودیەو ئوردون و میسڕ و دەوڵەتانی وەک فەرەنساو بەریتانیاو ئەمریکا هاوکاری ئیسڕائیلیان کرد لە خستنەخوارەوەی ئەو موشەک و دڕۆنانەی کە ئێران بۆ سەر ئیسڕائیلی بەڕێکردن. ئەمەش دەری خست کە ئیسڕائیل پاڵپشتی وەڵاتانی ناتۆی هەیەرو تەنانەت ئەوەتە هەندێک لە دەوڵەتانی عەڕەبیش هاوکاری ئیسرائیل دەکەن لە دژی ئێران!

دوازدەیەم: بە نەزەری من ئێران نەی دەویست هیچ زەرەرێک بە ئیسرائیل بگەێنێت، جا یان لە ترسان بوو یان بەرژەوەندی و سیاسەتی ئاخوندەکان وای دەخواست، ئەگینا بۆچی کات و ماوە دادەنێت و دەڵێت لە ماوەی ٢٤ بۆ ٤٨ سەعاتدا وەڵاممان دەبێ و هێرش بۆ سەر ئیسڕائیل دەکەین؟ ئەوە وەک و ئەوە وایە کە ئێران بە ئیسڕائیل و دەوڵەتەکەی بڵێت: ئەی دەوڵەتی ئیسڕائیل ئاگاتان لە خۆ بێت و خۆتان و خەتی دیفاعیتان ئامادە بکەن و مەهێڵن هیچ زیان بگات پێتان وا من ناچارم و دەبێ هێرش بکەمە سەرتان و ئێوەش خۆتان قایم بکەن. واتە ئێمە ناچارین شتێک بکەین و هێرش دەکەین!

ئاکامەکانی کردەوەکانی ئێران لە دژی ئیسڕائیل

ئێران بەو هێرشەی سوودی سیاسی نێونەتەوەیی بە ئیسڕائیل گەیاندو لەبەرامبەریشدا ئاستی خۆی پێهێنایە خوارەوەو زیانیشی بە کێشەی فەلەستین و غەززەی ئێستا گەیاند. هەلی دا بە ئیسڕائیل کە دەست کراوە بێت و هەر کات ویستی گورز لە ئێران بوەشێنێت
ئەو ئەودەوڵەتانەی کە کوردیان بەسەردا دابەش کراوەو بە ئارەزووی خۆیان چیان بوێت دەیکەن لە دژی کورد بەڵام نابێ وا بزانن کە نەتەوەو دەوڵەتی تر هەمان شێوەی کوردن و دەتوانن هەروا بکەن.. ئەوەتە ئێستای ناوچەکە دەری خست کە ئەگەر وابکەن لە بەرامبەر مست درێشەیان لێدەدرێت . بۆ نموونە ئێران لە گەڵ جولەکەو دەوڵەتی عیبری!
دەوڵەتی عیبڕی ئیسڕائیل بە شیعارو هاشو هوشی ئیعلامیی لەسەر خەریتە ناسڕێتەوە کە حەمساویی و ئاخوندەکان بۆ فریودانی جیهانی ئیسلامی بەکاری دەهێنن.

لەساڵی ١٩٤٨ وە هەندێک حیزب و لایەن و دەوڵەت هەن لە جیهانی عەڕەبی و ئیسلامیدا داوای سڕینەوەی دەوڵەتی عیبڕی ئیسڕائیلیی دەکەن و لەسەر خەریتە نەیهێڵن تەنانەت هەندێک واوەتریشی بۆ دەڕۆن و دەڵێن دەبێ جولەکە هەر نەمێنێت لەسەر زەوی بەڵام پێچەوانەکەی دەردەکەوێت!

پرسیارێکی سیاسی لێرەدا سەردەردێنێت ئەویس ئەوەیە کە خەڵک دەپرسێت : ئەدی ورچە سپیەکە دەبێ کەی وەخەبەر بێت؟ خۆ وردە وردە دەوروبەرەکەی لەدەست دەدات؟

حەسەن ڕازانی




ئەنفال… دیدێکی تر و تێگەیشتنێکی تر.. ئیدریس مستەفا ساڵح

بە کورتی:
پوختەی ئەم نوسینە ئەوەیە کە ئەنفال هەر بە تەنها سەدام حسێن و رژێمەمەکەی بەشدار نین لەگەڵ ئەوەی بکەری سەرەکی ئەو تاوانکاریەن بەڵام هیزە کوردیەکانی شاخ بەتایبەت بەرپرس و سەرکردەکانیان سەبەبکار و شەریکی ئەو تاوانکاریەن. ئەمە خسوسیەتی ئەنفالە کە جیای دەکاتەوە لە جینۆسایدەکانی میللەتانی تر.

درێژەی باسەکە..
لە مێژە خواستمە بابەتێکی دوور و درێژ بنوسم لەسەر ئەنفال و بۆ ئەمەش کۆرسی تایبەتم لەسەر جینۆسایدەکانی دنیا خوێند کاتێک قوتابی زانکۆ بووم لە دەرەوەی وڵات. دەتوانم بڵێم هەرچی جینۆسایدی سەدەی نوێیە خوێندمان تەنها ئەنفال نەبێ چونکە تا ئیستا نەتوانراوە بکرێ بە بابەتێکی ئەکادیمی دۆکیومێنترن و لەوێوە بخزێنرێتە ناو دنیای زانکۆ و پەیمانگە و سەنتەرەکانی لێکۆڵینەوەی ستراتیجیەوە. دیارە لە مێژە سەرخەتەکانی خۆم دیاری کردووە و هەر دەمەوێ بابەتێکی ئەکادیمی بە وێنەی ئەوانەی خوێندمان ئامادە بکەم بەڵام تا ئێستا هەر بۆم نەگونجاوە. ئەم بابەتەی لێرەدا دەیخوێننەوە کە زۆرتر سیاسیە، هەندێ ئایدیای سەرەکی منە دەربارەی ئەنفال کە جیاوازترە لە هەموو ئەو وتار و بابەتانەی تاکو ئیستا لەسەر ئەنفال نوسراون.
یەکێک لەو کێشە گەوارنەی هەموو هزرێک تیی دەکەوێ ئەوەیە هەر خەریکی گوتنەوە و شیکارکاری شتە باوەکان بێت دەربارەی رووداوەکان. ئەم دیدە زۆرتر مەبەستی خۆی دەپێکی گەر بێتوو لەسەر مەسەلەی جینۆساید تاقی بکەینەوە بەتایبەتتر ئەنفال. لە نێو هەموو ئەو جینۆسایدانەی مێژوودا هیچیان وەک ئەنفال ئەو خاسیەتەیان وەرنەگرتووە کە تاوانکاریەکەی بەهۆی هەردوو هێزی ناوخۆ و هێزی دەرەکیەوە روویدابیت. ناوخۆ و دەرەکی لێرەدا مەبەستم لەو هێزە خۆماڵییەی سەر بە لایەنی ئەنفالکراوەکانە وەک زمان و رەگەز، هێزە دەرەکیەش کە لە دەرەوەی زمان و ناسنامەی میللەتی ئەنفالکراوە و بە ئەنفالچی لە قەڵەم دەدرێ.
تاکو ئیستا سەرجەم باسەکانی لەمەڕ ئەنفال، بە دەوری هەندێ دید و تێگەیشتنەوەیە کە هزری رەخنەگر تینوێتی پێ ناشکێ. تێگەیشتنەکە بە سادەی ئاوهایە کە سەدام ئەنفالی کوردی کردووە چونکە رژێمی بەعس رژێمێکی فاشستی و دژە کور دبووە و لە مێژیشە خۆی بۆ ئەو تاوانکاریە مەڵاسداوە. ئەمە تەنها دیوێکی دیاری لاوازی بابەتەکەیە بەڵام دیوە شاراوە و گرنگەکانی تری ئەنفال کامانەن. بۆ ئەوەی بتوانین دیدێکی بابەتی بدەینە باسی ئەنفال دەبێ لە کۆی هەموو ئەو کەس و هیزانە بکۆڵینەوە کە لەو تاوانکاریەدا بوون چ هێزی کوردی شاخ و چ هیزی عێراقی دەوڵەتیی. هەروەها ناشبێ فەرامۆشی ئەو هاوکێشە ناوچەیی و جیهانیانەی بکەین کە ئەو هەلومەرجەیان بۆ خوڵقاند. بەڵام نزیکترینیان ئەو بکەرانەی مەیدان بوون بەتایبەتی بکەری کوردی. ئەوەی کە روویدا بەرئەنجامی کۆمەڵێ سیاسەتی سەقەتی سەرکردایەتیەکی نەزان و لە هەمان کاتیشدا بزان بوو کە ئەو دۆخەی بۆ تاوانکاریەکە خوڵقاند.
دەزانم لێرەدا پرسیارێک قوت دەبێتەوە دەپرسن رژێمی بەعس لە مێژ بوو پلانی هەبووە و دوو بەڵگەش دەوترێ. یەکێکیان ئەو سەربازگە و تاوەرە گەورانەی گەرمیانن کە سەرەتای ساڵانی هەشتاکان دروستکرا؛ دووەمیشیان، ئەو بەڵگانەی رژێمی بەعسن کە گوایە هەر بەتەما بوونە ئەو تاوانکاریە بکەن گەر هێزی کوردی شاخ هەبوایە یان نەبوایە. لە راستیدا ئەمە لاوازترین دید و بۆچوونە و بگرە لە کۆڵ خۆکردنەوەیەکە بۆ گەڕان بە دوای تیگەیشینێکی بابەتیانەدا.
هیچ هێزێکی سیاسی و فکری و دەوڵەتی چ نەتەوەیی، چ ئاینی، چ قەبیلەگەرایی نیە بیرۆکەی پاوانخوازی تێدا نەبێ و مێژووش ئەمەی سەلماندووە. پاوانخوازیش یان لەسەر داگیرکاری و کزکردن یاخود نەهێشتن و سڕینەوەی ئەوانی تر کار دەکات، بەڵام زەمان و مەکان و مەوداکانی ئەو پاوانخوازیە چیە ئەوە گرنگە لێی تێبگەین. مەودای جینۆسایدەکان لە بەرامبەر کەمینە نەتەوەیی و رەگەزی و ئاینی و کۆمەڵایەتی و بێ هێزەکاندا قەتیس بووەتەوە و هەرواش دەبێ؛ بەڵام، لە مەسەلەی ئەنفالدا هەندێ حسباتی گرنگ دەگۆردرێن کە لە هیچ جینۆسایدێکی تردا بوونی نەبووە. ئاماژە بە دوو لێدوانی گرنگ دەدەم بۆ چوونە ناو ئەو باسەوە کە یەکێکیان لێدوانێکی جیهانیە و ئەوی تریان نێوخۆیی کوردیە و هەردووک لێدوانەکە گەواهیدەری ئەو دیدەیە کە فکرەی سەرەکی ئەم بابەتەیە.

لێدوانە جیهانیەکان
جەنەڵ رۆمیۆ دالییەر جەنەراڵێکی کەنەدیە, ساڵی ١٩٩٤ کە شەڕی ناوخۆیی وڵاتی رواندای کیشوەری ئەفریقیا روویدا ئەوبەرپرسی گشتی هێزە ئاشتیپاریزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو لەو وڵاتە. بەهۆی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەی سەرۆک وڵات کە سەر بە هۆزی هوتوەکان بوو، هوتوەکان کە زۆرینەی رواندان شەڕێکی خوێناویان بەرپاکرد دژ بە کەمینەی توتسی لە وڵاتدا. هوتوی زۆرینە پەلاماری توتسی کەمینەیاندا و بۆ ماوەی ١٠٠ رۆژ شەڕی ناوخۆی بەرپابوو. لەو ١٠٠ رۆژەدا زیاتر لە ٨٠٠ هەزار مرۆڤ قەتڵ و عام کرا کە زۆربەیان لە خێڵی توتسی نەژاد بوون.
جەنەراڵ رۆمیۆ دالییەر کە ئەو سەد رۆژەی کردووەتە پەرتوکێک و دواتر کرا بە فلیمێکی مەزن بە ناوی ئوتێل رواندا، ووسا و ئیستاش دەڵێ سەبەبکاری سەرەکی ئەو جینۆسایدە دەستەبژێری سیاسی جیهانی بوون کە لە سەرۆک و دەولەتە زلهیزەکان بەتایبەت ئەمریکا و ئەوروپا بەرجەستە دەبێ، بەررپسی روودانی ئەو جینۆسایدە بوون. ئەو ئیستەش کە لە ژیاندا ماوە و من بۆخۆم دیتومە و قسەم لەگەڵی هەبووە ئیستاش خەمبارە بەو رۆژگارە و کە باسی دەکات خەمێکی قوڵ لە دڵ و دەروونی و هەناسەیەوە دێنەدەر. ئەو وەک هەموو بەرپرپسە جیهانیەکانی تری وەک ئەمریکا و فەرەنسای نەکرد، کە دوو تاوانباری ئەسڵی هەڵایسانی ئەو جینۆسایدەن، رواندای بە جێ نەهێشت نەک هەر بە جاوی خۆی ئەو کوشتارەی دیت بەڵکو تییدا ژیا بەو هەموو خوێن و کوشتارەی ئەو ٨٠٠ هەزار کەسەوە.
جەنەراڵ رۆمیۆ بەو لێدوانانەی پێمان دەڵێ، وەک لە فلیمەکەشدا دیارە، کە ئەمریکا و فەرەنسا لەوێ بوون و بەهۆی بوونی چەندان ساڵەی ئەوانەوە هەلومەرجێک دروست بوو کە ئاگری تاوانکاریەکە خۆش ببوو کە دەیانتوانی رێگری لێ بکەن بەوەی بکەونە بەینەوە کەچی دۆخەکەیان بۆ هێزە توندرەوە هوتوییەکانیان بەجێهێشت لە کاتێکدا هەموومان دەمانزانی ئەوانە وڵات خەڵتانی خوێن دەکەن گەر دەستیان بروات. ئەوە بوو ئەوەیان کرد کە لە مێژووی تاوانکاریدا بێ وێنەیە. بەڵام، دوای چەند ساڵێک رواندا توانیتی ئەو تاوانکاریە گەورەیە تێبپەڕێنێ و هەردوو هۆزی نەژاد جیاوازی هوتو و توتسی ئاشت بکاتەوە و وەک جاران شان بە شانی یەک بژین و ئەو دراوسێیانەشی کە کوڕ و منداڵی یەکتریان کوشت بوو باوەشیان کردەوە بە یەکدا و لە یەکدی خۆش بوون.
ئەم قسانەی جەنەراڵ رۆمیۆ دالییەر پێمان دەڵێ کە ئەسڵی روودانی هەر جینۆسایدێک ئەوانەن کە لەسەرەوە دەسەڵاتیان هەیە وەک نوخبەی سیاسی حاکمدار. ئەنجامدەرانی مەیدانی جینۆسایدەکان هۆکاری دووەمن گەر سێیەمیش نەبن و هۆکاری یەکەم سەرکرد و بەرپرسەکان و هەرکات ململانی و بەرژەوەندیەکانیان کەوتە کێشە ئەوا مرۆڤەکانی خوارەوە دەکەنە قوربانی ساغ بوونەوەی کێشەکانیان. ئەنفالی کورد نمونەیەکی بەرجەستەی ئەو قسانەی جەنەراڵ رۆمیۆیە کە چۆن سەرکردایەتیەکانی هەردوو لا بەتایبەت سەرکردایەتی وکردی ئەودەم ئاگری جینۆسایدی ئەنفالیان خۆش کرد تاکو روو بدات و وەک خۆیان دەڵێن چاوەڕێی هەڵەبجەیەکی تریان دەکرد تاکو خۆیانی زیاتر پێ بناسێنن بە دنیای دەرەوە.
لە رووی سیاسی فکریەوە بابەتەکە ئەوەیە کە هەموو هیزێک دەیەوێ باڵا دەستی زیاتری هەبێ و ئەم باڵا دەستیە لەسەر بنەمای کەم کردنەوە و سڕینەوەی ئەوانی تری کەمینە یاخود بێ هێزەکان دەچێتە پێش و لەم پرۆسەدایە کە قەتڵوعامەکان روودەدەن. لە خودی ئیستادا زۆر دەولەت دوو نەخشەیان هەیە، نەخشەیەکی رەسمی و نەخشەیەکی نهێنێ لەوانە تورکیا و چین و روسیا. چین و روسیا کە پەیوەندیەکانیان لە ئیستادا لە ترۆپکی خۆیدایە کەچی هەر یەک نەخشەی تایبەتی خۆی هەیە کە هەر یەک بەشیک لە جوگرافی ئەوی تری خزانۆتە ناو نەخشە غەیرە رەسمیەکەیوە و ئەو پارجە زەویە بە هی خۆی دەزانێ. لەسەر ئاستی تاک و خەڵکیش هەر میللەتە خاک و وڵاتەکەی لە دڵی خۆیدا بە گەورەتر دادەنێ لەوەی لەبەرچاوە و ئەمەش لە قسەکردنی رۆژانە و نوسین و تۆڕی کۆمەڵایەتی و هەندێ جار لێدوانەوە دەردەکەوێ. جا ئەم حالەتە بگوازەرەوە بۆ حکومەتێکی تاکڕەوی تاک سەرکردەی دکتاتۆر لە رۆژهەڵاتی ناوینی بجوکدا بەتایبەت وەک عێراق ئاخۆ دەبێ چۆن بێ بەتایبەتتر سەرکردەی هێزی بەناو شۆڕشی چەکداری لە شاخ یەکبینە چیلکە و جەواڵ وەربدنە شارە زەردەواڵەکە و دواتر گەر پێیانەوە بدات دەڵێن خەتای زەردەواڵەکە بوو. لە هەموو خاکێک و شوێنیک شارە زەردەواڵە یان زەردەزیڕە هەیە. گەر بەلایدا نەچی هیچ لێ ناکات بەڵام کە دارت تێوەژەن و پێوەی دایت ئەوا ………..

لێدوانی جەنەراڵێکی بۆسنی…
چوار پێنچ ساڵ پێش ئێستا جەنەراڵێکی بۆسنی باس لە سالانی جینۆسادی خەڵکەکەی خۆی دەکات بە دەست سربیەکانەوە لە دەیەی نەوەدەکانی رابردوودا. لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا دەڵێ سەرۆکی پێشوتری بۆسنیا هەرزەگۆڤین پێ راگەیاندم کە پەلاماری هەندێ شوێنی یوئێن و دەسگا جیهانیەکانی تر بدەین لەگەڵ نانەوەی هەرا و زەنایەک لەوەی پەلاماری سربەکانی بۆسنە بدەین تاکو ئەوانیش دەسبکەنەوە لە موسڵمانەکانی بۆسنە؛ بەتایبەت دەوڵەتی سربیا کە زۆرینەی وڵاتن و زۆر تورەن لەوەی یوگسلافیایان لە دەست دەچێ یاخود لە دەسچووە و چیتر سەرداری ئەو وڵاتە نەماون رووداوێکی ئاوها روحی تۆڵەیان زیاتر دەوجوڵێنێ ئەوەبوو ئەو قەتڵوعامەیان کرد زیاتر لە هەشت هەزار موسڵمانی بۆسنیان کوشت لە شاری سریبرینیتشا لە سالی ١٩٩٥. ئەوەی جێگەی سەرنجی زیاترە ئەوەی ئەو جەنەراڵە دەڵێ عەلی عیززەت بیگۆڤیچ پێی گوتم کە ئەمریکاییەکان پێیان راگەیاندووم ئەو کارە بکەین. دەلێ منیش پێم گوت ئەوە بە راستیتە خۆمان بچین بە دەتسی خۆمان خەڵکەکەی خۆمان بخینە بەر فیشەکی مەرگەوە. بیگۆڤیچ پێی گوتبوو بەڵێ دەبێ وابکەین جونکە ئەوە خواستی ئیدارەی بیڵ کلینتۆنە.

لێدوانی ناوخۆیی کوردی

هەمان ئەو لێدوان و حاڵەت و رووداوانەی لەسەرەوە باسمان کردن لە ئەنفالدا بەرجەستەیە بەڵام یەک شت کە ئەنفال لە جینۆسایدی رواندا و هەر جینۆسایدێکی تر جیادەکاتەوە ئەوەیە کە ئەنفال تەنها لەسەر دەستی هێزی دەرەوە (هیزی رژێمی بەعس) رووی نەدا بەڵکو لەسەر دەستی خودی هیزی کوردی روویدا کە لەو دەمەدا دەسەڵاتدار بوو. بۆ ئەوەی لە کرۆکی بابەتێک تێبگەین هەندی جاران پێوستیت بە بەڵگە نیە و تەنها خودی رەوڕەوەی رووداوەکان دەتوانن کۆمەڵێ راستی حاشاهەڵنەگرت بۆ بخەنە بەردەست. لە ئەنفالدا بەڵگەکان بە قەد رەورەوەی رووداوەکان بەهێزن بە تایبەت بەڵگەکان لە زاری خودی خەتاکەرانەوە بێت ئەمە جگە لە یادەوەری ئەنفالکراوان مەبەستم ئەوانەی لە کاتی پرۆسە و ئەنجامدانی تاوانکاریەکە رزگاریان بوو.
مێژووی پەلامار و پاوانخوازیەکان چ لە کۆنەوە تاکو ئیستا جا هەر هیزێک قەوارەیەکی سیاسی یا ئاینی یا کۆمەڵایەتی یا نەاژدییدابێت ئەوەمان پێدەلێت کە هەموویان ویست و هەوڵ و ئیرادەی فراوانبوون و گەورەبوونیان هەبووە و ئەمەش بێگومان لەسەر نەمان و سڕینەوەی ئەوانی تر دەبێت جا ئەم فراوانبوون و گەورەبوونە لە پاکتاوکردنی ئەوانەی دەورەبەری خودی خۆیان بوونە کە بەشێم بوونە لە خۆیان چ لە رووی زمانەوە بێت یاخود نەژاد و ئاین یاخود جوگرافیاوە بێت. بۆیە ئەو ئیدیعایەی گوایە سەدام و رژێمی بەعس هەر ئەو پەلامارە گەورەیان دەدا گەر هێزی پێشمەرگە هەبوایە یان نا ئەوا ئاگای لە مێژووی فراوانتری سەرهەلدان و دروستبوونی ئەو هیزانەی پاکتاوسازیان ئەنجامداوە لە مێژوودا، و چاویلکەی مێژوویان تەنها سەدام و رژێمەکە دەخوێننەوە. زۆرێک لە پاکتاوسازیەکانی مێژوو نەژادی نەبوون یا ئاینی بوون یاخود جوگرافیایی و قۆرخی دەسەڵاتدارێتی بوون.
راستیەک لە زاری هەموویانەوە…
حزبیە کوردیەکانی ئەو دەم بە تایبەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە هێزی یەکەمی ئەو کاتی شاخ بوون و بگرە رژێمێکی سەربەخۆ بوون و حوکمی بەشێکی زۆری کوردستانیان دەکرد هەر لە هەبوونی هێزی سەربازی و باجدانان و دادگا و زیندان و بڕیاری کوشتن و لە سێدارەدانەوە تا دەگات بە شەڕکردنی لەگەڵ هێزە دەوڵەتیەکانی ناوچەکە لەوانە هێزی دەوڵەتی عێراق کە هەڵەبجە و ئەنفالی دێهاتیەکانی کوردستانی کرد. ئەویش لە دەرئەنجامی پێشێل کردنی ئەو گفتوگۆ و دانێشتنانەی لەگەڵ سەرانی دەوڵەتی عێراقیدا کردبوویان بەتایبەت سەدام حوسێن وەک سەرۆکی وڵات.
بە دەنگ و وێنەی ڤیدیۆیی هەیە کە هەموویان دەڵێن سەرەتای دەسپێکردنی مفاوەزاتی ساڵی ١٩٨٣-١٩٨٤ سەدام حوسێن بە شەخسی بە خودی جەلال تالەبانی گووتووە. وەک لە زاری خۆیانەوە دەیڵێن سەدام حوسێن زۆ ربە موئەدەبانە ئەمەی بە تالەبانی گوتووە (بەڕیز جەلال تاڵەبانی قسەیەک دەکەم خوانەخواستە خوانەخواستە بە هەڕەشەی وەرنەگرن، ئەویش ئەوەیە کە هویادارم دەست تێکەڵاو نەکەن لەگەڵ دوژمنەکانماندا چونکە گەر ئەوە بکەن ئەوا بە هەموو هیزی خۆمان لێتان دەدەین.) هەر لە هەمان ساڵدا و لە یەکێک لە دانیشتنەکانی تردا عیزەت دووری جێگری سەدام حوسێن بە نەوشیروان مستەفای جێگری جەلال تڵلەبانی وتبوو کاتێک نەوشیروان مستەفا هەرەشەی لێدانی نەوتەکەی کەرکوکی کردبوو بە هیزی سوپای پاسدارانی ئێرانی، عیزەت دووری لە وڵامدا پێی گوتبوو: (ئەگەر ئێران بهێنن و لە نەوتەکەی کەرکوک بدەن ئەوا هەرچی دیهاتی دەوربەر هەیە دەیڕوخێنین و خەڵکەکەی راگوێز دەکەین.) عاقڵی سەرکردایەتی کورد ئەوە بوو کە هەردوو ئاگادارکردنەوەکەیان بە فشە وەرگرت. لە لایەک نەوشیروان مستەفا پاسداری هێنا و لە نەوتەکەی کەرکوکیاندا و خۆشیان هەڵاتن. دەرئەنجام زەرەرمەندی ئەوەڵ و ئاخیر دێهاتەکانی دەوربەری کەرکوک بوو کە باجی نابەرپرسیارێتی و ناسیاسی بوون و بێ هزری سیاسی ئەو سەرکردایەتیەیاندا.
دوای سێ و چوار ساڵ لەو رووداوە هەڵەبجە و ئەنفال روویاندا. بە پێی یادەوەریەکانی خودی خۆیان چەند مانگێک پێش تاوانکاریەکەی ئەنفال، ئەفسەرێکی باڵای سوپاسی عێراقی دێتە لای سەرکردایەتی یەکێتی، گوایە ئەفسەرەکە رادەکات بەڵام لەوانەشە بە مەبەستەوە نێردرابێ، نەخشەی پەلامارەکانی ئەنفالیان پێ نیشان دەدات و ئاگاداریان دەکاتەوە. هەروەک پیشەی سیاسی خۆیان گوێان نەدا بە نەخشەکانی ئەو ئەفسەرە هێنابووی ئەمە جگە ەلوەی لە چەندان لاوە دەزانرێ کە سوپاسی عێراقی قسەکەی سەرۆکەکەیان جێ بەجێ دەکەن کاتێ پێی گوتبوون (بە هەڕەشە لێم وەر نەگرن بەڕیزینە بەس خوانەخواستە خوانەخواستە دەست لەگەڵ دوژمنەکانمان تێکەڵاو بکەن ئەوا بە هەموو هیز خۆمان لێتان دەدەین.) ئەوە بوو سوپاسی عێراق ئەنفالی بەسەر هەموو دەشت و دێهاتەکانی کوردستاندا کرد و ئەوانیش وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچوون و خەڵکەکەیان بۆ شاڵاوی سوپای عێراقی بەجێهێشت.

سوپاسگوزاری و لیخۆشبوونی کوردی لەسەر مەرگی ئەنفال…
کاتێک کە هەڵەبجە روویداوە، هەر لە زار و وشەی نوسراوی خۆیانەوە دەڵێن سەرکردەی یەکەمی یەکێتی گوتوبووی خۆزگە چەند هەڵەبجەیەک رووی دەدات تاوەکو بەناوبگتر بین. بۆیە هەر بە تەنها قوربانی دوو رژێمی شەڕکەری وەک ئێران و عێراق نەبوو بەڵکو قوربانی ئەو عەقڵ و خولقی خودی سەرکردایەتی کوردی و هیزە جەکدارەکەشی بوو هەر بۆیە دوای چەند سەعاتێک و چەند رۆژێک لە کیمیای بارانەکە ئەوەی ئەو هیزە کوردیە کردبوویان، دەزانم هەندێک دەڵێن ئەوانە چەند کەسێک بوون بەڵام مەسەلەکە ژمارە نیە بەڵکو ئەو عەقڵ و خوڵقەیە کە دوای تاوانکاریەکە دەستیان دابووە تاوانکاری تر کە مرۆڤ موچڕکی شەرمی پیدێ کاتێک بیەوێ باسیان بکات. قۆناغی دوای ئەنفاڵ وات لە راپەڕینەوە تاکو ئیستا حازر بەدەستترین بەڵگەیە کە هیزی کوردی ناوخۆیی بەردەوامە لە ئەنفالکردنی نەک هەر پاشماوەی ئەنفالەکان بەڵکو هەموو ئەوانەشی بەر شاڵاوی فیزیکی ئەنفال نەکەوتوون وا لە ئاستە روحیەکەی بەر ئەو شالاوە کەوتوون، ئەنفالی رژێمی بەعس گەر پاکتاوی جەستەیی مرۆی کورد بوو ئەوا ئەنفالی کوردی پاکتاوی روحی مرۆی کوردی کردۆیە ئامانج و ئەم ئامانجەشی چاک پێکاوە بە درێژایی زیاتر لە سێ دەیەی تەواوە.
سوپاسگوزری و لیخۆشبوون و نامەی پشتیوانی بێ تاوانیی هەمان سەرکردایەتی شاخ لە جەنەراڵ و کەسە گەورەکانی بکەرانی ئەنفالی رژێمی بەعس بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگری ئەو راستیەیە کە هێزە کوردیەکانی شاخ بە ئیسلامیەکانیشەوە بەشێک بوون لە تاوانکاری ئەنفال. نامەکانی سەرکردایەتی یەکێتی و پارتی و بزووتنەوەی ئیسلامی بۆ دەزگا رەسمیەکانی ئەوروپا بۆ پشتیوانی لە بێ تاوانی نزار خەزرەجی لەو ئەنفال هەر بە تەنها نیشانەی بێ هزری سیاسی و خاڵی بوونی مۆراڵی نەتەوەیی نیە لەو تاوانکاریە بەڵکو نیشانەی شەریکبووناینە لەو تاوانکاریە لەگەڵ سەرانی بەعسدا. بۆیە هەر دید و بۆچوون و باس و خواسێک سەرکردایەتی کوردی لەو تاوانە بێ بەری بکات ئەوا جگە لەوەی ناکامڵ و نابابەتی دەبێ بەڵکو دەکەوێتە ئە وبەرەیەی کە سەبەکار و شەریکی جینۆسایدی ئەنفال بوون.

ئاستی تیئۆری جینۆساید…
تێگەیشتنی باو ئەوەیە کە جینۆساید پاکتاوێکی رەگەزیە لە لایەن هیزێکی دەرەوەی ئەو نەتەوەیە یان ئەو خەڵکە دەچێتە پێشەوە یاخود لەسەر دەستی هیزێکی زۆرینەی نەژادی یان ئاینی دژ بە کەمینیەکی نەژادی یا ئاینی ئەنجام دەدرێ؛ ئامانج لە جینۆسایدەکان بریتیە لە پاوانخوازی ئەم پاوانخوازیەش مەرج نیە هەر لە پەلامار بۆ سەر هێزە غەیرەکان بێت بەڵکو دەکرێ و لە مێژووشدا ائوها دەتسی پیکردووە کە قەتڵ و عامەکان لە پەلاماری هێزە ناوخۆییەکانی خودی خۆیانەوە دەستی پێکردووە ئینجا بۆ سەر ئەوانی تر. کرۆکی هاوکێشەی جینۆسایدەکان لەسەر زۆرینە و کەمینە، بەهێز و بێ هێز، غافڵگیر و ناغافڵگیر دروست بووە. ئەو جینۆسایدانەی لە سەردەمی زاڵێتی سیستەمی لیبرال دیموکراسی واتە هەژمونوی رۆژئاوایی دروست بووە لەوانە جینۆسایدی رواندیەکان، بۆسنیەکان، دارفۆریەکان و تەنانەت کوردیش خاسیەتێکی وەرگرتووە کە لەگەڵ لە کرۆکدا لەوانی رابردوو هەمان شتە بەڵام لە روودانی و هێزە بەشداربووەکانی تایبەتندیتیکی تری هەیە. هەڵبجە و ئەنفال ئەو جینۆسایدانەن کە خاسیەتی خۆی هەیە. ئایدیای سەرەکی ئەم نوسینە لەسەر ئەو تایبەتمەندێتیەیە.

١٣ی ٤ی ٢٠٢٤




یەمەن- مەترسیەکانی فراوانبوونی جەنگ و تێکچوونی ئاساییشی ناوچەکە.. فەرمان محەمەد

گرژییەکان بە خێرایی بەرز دەبنەوە و دەکێشرێنە ناو ململانێیەکی ناوچەیییەوە. وەک چۆن ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەندین جار ئەوەی نیشانداوە، کە بەرزبوونەوەی گرژییەکان دەتوانێت بەخێرایی بۆ شەڕێکی جددی بگۆڕێت. بەم شێوەیەش ترس لە ململانێیەکی فراوانتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرک پێدەکەین؛ ترسی ئەوەی کە گرژییەکان لەسەر شەڕی غەززە و هاوکاتیش گرژیەکانی یەمەن، بڕژێتە ناو ململانێیەکی ناوچەیی فراوانترەوە.
ئاڵۆزییەکانی جیهان ڕووە و ‌هەڵکشانن و دەبینین، کە لە ئۆکرانیا شەڕەکە درێژەی کێشاوە و کۆتایی نەهاتووە. شەڕی غەزەش پێدەنێتە قۆناغێکی مەترسیدار و پاشان شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تێکڕای جیهان ماندووێتی شەڕ و مەترسی لەدەستدانی بەرژەوەندیی و تێکچوونی نەزمی جیهانی پێوەدیارە. ئێستاش ناوچەکە ڕووبەڕووی جەنگێکی تری دۆستێکی نزیکی ئێران دەبێتەوە، کە دوژمنی سەرسەختی ئەمریکایە، ئەویش یەمەنە. حووسیەکان بەهەندێک داینامیکی ئاڵۆز و گرەوێکی بەرز یاریی دەکەن، لەژێر سێبەری سەرکردەی جیهانی ئیسلامیی شیعە کە ئێرانە و لە بەرانبەردا سعوودیە سەرکردەی ئیسلامی سووننەیە، کە شەڕی ناوخۆی یەمەن لە ڕاستیدا بووەتە شەڕێکی بەوەکالەت لەنێوان هەردووک زلهێزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەک و هەروەها ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ڕۆژاوا لەلایەکی دیکەوە.
بەریتانیا، ئەمریکا و ئەو هاوپەیمانییەی کە بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا پێکهاتووە زیاتر لە دەیان هێرشی بۆ سەر ئامانجەکانی حووسییەکان لە یەمەن دەستپێکرد. واشنتۆن و لەندەن ڕێگەیان بە فڕۆکە جەنگییەکانیاندا، کە هێرش بکەنە سەر ئەو شوێنەی کە بە قەڵای حووسییەکان ناودەبردرێت. ئەم هێرشە دوای ئەوە دێت کە حووسییەکان هەڵمەتێکی دوو مانگەیان ئەنجامدا، کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر کەشتییەکان لە دەریای سووردا، کە بە گوتەی خۆیان پشتیوانیی لە فەلەستینییەکانی غەززە دەکەن. لەهەمان کاتدا حووسییەکان بە ئاشکرا ڕایدەگەیەنن کە کەشتییە ئیسڕائیلییەکان دەکەنە ئامانج. بەم جۆرە هێرشەکان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا مەترسییەکانی ململانێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی فراوانتر و خێراتر کرد. حووسییەکان هۆشداریی دەدەن کە تۆڵە دەکەنەوە و بەڵێن دەدەن بەردەوام بن لە هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتیوانی نێودەوڵەتیی و بەرژەوەندیەکانی ئیسڕائیل- ئەمریکا. ئەمەش لەلای کەسانی سیاسیی، شرۆڤەکار و بیرمەندان بووەتە مەترسیی و ڕایانگەیاندووە، کە بەردەوامیی پەککەوتنی بازرگانیی دەریایی، ڕەنگە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە و خۆراک.

لێرەدا دەکرێت بپرسین حووسییەکان کێن؟
حووسییەکان گرووپێکی میلیشییایی یەمەنن، کە بە ناوی دامەزرێنەرەکەیان حووسێن بەدرەددین حووسییەوە ناونراوە و نوێنەرایەتیی لقی زەیدی ئیسلامیی شیعە دەکەن. ئەوان لە هەشتاکانی سەتەی ڕابوردوودا بە دژایەتیی کاریگەریی سعوودیە لە یەمەن سەریان هەڵدا. ئەو گرووپە کە بە زیاتر لە سەت هەزار چەکدار دەخەمڵێندرێت و ناوی فەرمییان ئەنساروڵـڵایە، زۆربەی ڕۆژاوای وڵات بەڕێوەدەبەن و بەرپرسی کەناراوەکانی دەریای سوورن و بەشێکی زۆری وڵاتی کۆنتڕۆڵکردووە، لەنێویاندا گەرووی “بابولمەندەب” کە بەرەو دەریای سوور دەکشێت.
حووسییەکان، هاوپەیمانی ئێرانن و لە شەڕێکی ناوخۆدا دەستیان بەسەر بەشێکی زۆری یەمەندا گرت، لەگەڵ هێرشی ئیسڕائیل بۆ سەر غەززە، بۆ ئەوەی پشتیوانیی خۆیان بۆ حەماس نیشان بدەن، بەڵێنیاندا کە هێرش بکەنە سەر ئەو کەشتیانەی کە پەیوەندییان بە ئیسڕائیلەوە هەیە، یان بەرەو بەندەرەکانی ئیسڕائیل دەڕۆن.
حووسییەکان دەڵێن، ڕێگریی لە کەشتییە ئیسڕائیلیی و ئیسڕائیلییەکان دەکەین، کە بە گەرووی بابولمەندەبدا تێبپەڕن، بۆ ئەوەی فشار بخەنە سەر ئیسڕائیل بۆ ئەوەی لانیکەم ڕێگە بە یارمەتی مرۆیی پێویست بدات، بچێتە ناو کەرتی غەززەوە، کە ئیسڕائیل لە ماوەی سێ مانگی ڕابوردوودا گەمارۆی داوە. حووسییەکان لە ١٩ی ئەم مانگەدا سەرنجی جیهانی ڕاکێشا، کاتێک فەرماندەیی کەشتیی بارهەڵگری گالاکسیی کرد و دواتر کردیان بە شوێنێکی سەرنجڕاکێشی گەشتیاریی.
لە کاتێکدا کەشتیوانیی جیهانیی کاریگەری قووڵی لەسەر بووە، کۆمپانیا گەورەکانی کەشتیوانیی بە تەواویی، خۆیان لە دەریای سوور دوور خستووەتەوە، بەڵام سەرەڕای ڕێگرییەکانیان، حووسییەکان زیانێکی کەمیان بە کەشتییەکان گەیاندووە و خۆیان لە کوشتن یان بریندارکردنی خەڵکەکەی ناو کەشتیەکان بەدوور گرتووە.
گۆڕینی تاکتیک لەهێرشەکانیاندا؛ لە سەرەتای مانگی یەکدا، حووسییەکان دەستیان کرد بە بەکارهێنانی کەشتیی بێسەرنشین و لە ماوەی ڕابوردوودا ئەو گرووپە بەلەم و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بەکارهێناوە، کە لە کاتی بەرکەوتن لەگەڵ کەشتیەکانی دیکەدا دەتەقنەوە. لە کاتێکدا ئەو گرووپە تاکتیکی گۆڕیوە، بەڵام چالاکییەکانیان لە دەریای سوور ڕانەگرتووە.
ڕاپۆرتێکی ئەم دووایییەی کۆمپانیای ویندوارد کە کۆمپانیایەکی شیکاریی دەریایییە، دەریخستووە کە لەوەتەی حووسییەکان دەستیان بە هێرشەکانیان کردووە بۆ سەر دەریای سوور، ژمارەی ئەو ڕێڕەوانەی کە بە هێڵی کەشتیوانییە گرنگەکەدا تێدەپەڕن، زۆر دابەزیووە. لە هەفتەی دووەمی مانگی کانوونی دووەمدا، کەشتییە کۆنتێنەرەکان کە بە دەروازەی باشووری دەریای سوور، گەرووی بابولمەندەب تێدەپەڕن، بە بەراورد لەگەڵ تێکڕای هەفتانەی ساڵی ٢٠٢٣، بە ڕێژەی ٧٠% کەمیکردووە. لەهەمان کاتدا 136% زیادبوونی گەشتەکان لە ڕێگەی “کیپی هیوای باش”ـەوە هەبووە.

گرژیەکانی دەریای سوور و هەڵوێستی ئەنجوومەنی ئاساییش: ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین جار داوای کۆتاییهێنانی بە هێرشی حووسییەکانی کردووە. ئەووە بوو ئەنجوومەنەکە بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشی حووسییەکان بۆ سەر کەشتیوانی نێودەوڵەتیی لە دەریای سوور، بەپەلە بڕیارنامەیەکی پەسەند کرد، سەرەڕای نیگەرانی ڕووسیا و چین.
بڕگەیەکی سەرەکیی بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاساییش، ڕۆژی چوارشەممە کە لەلایەن ئەمریکا و ژاپۆنەوە سپۆنسەر کراوە، ئاماژەی بە مافی وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، “بۆ بەرگریکردن لە کەشتییەکانیان، لەنێویاندا ئەوانەی کە ماف و ئازادییەکانی کەشتیوانیی تێکدەدەن ڕووبەڕووی سزای نێودەوڵەتی بکرێنەوە”. ئەو بڕگەیە گەیشتە پشتگیرییەکی ناڕاستەوخۆی ئۆپەراسیۆنی پاسەوانیی، کە هێزێکی دەریایی فرەنەتەوەیی و ئەمریکا سەرکردایەتی دەکات، بۆ بەرگریکردن لە کەشتییە بازرگانییەکانییە نێودەوڵەتییەکان. هاوکات وتەبێژی حووسییەکان بڕیارنامەکەی بە “گەمەی سیاسیی” ناوبردوو و ڕەتیکردەوە و ڕایگەیاند، ئەوە ئەمریکایە کە یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات.
دەستتێوەردانی ئەمریکا و بەریتانیا ڕەنگە بەسوودی حووسییەکان بشکێتەوە؛ حووسیەکان دەتوانن لە بەرزبوونەوەی گرژی لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی قازانج بکەن و زلهێزی نێودەوڵەتیی و ناوچەیی بخزێننە ناو یارییەکەوە، بەمەش ڕێگرییان لێناکرێت و لە ڕاستییدا دەکرێت زیاتر بوێرییان پێبدرێت.
شەوی پێنجشەممە، ئەمریکا و بەریتانیا چەندین شوێنیان لە یەمەن بۆردومان کرد، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی ئەو مووشەکانەیان خستە خوارەوە، کە لەلایەن حوسییەکانەوە لە دەریای سووردا ئاڕاستەکرابوون، فەرماندەی ناوەندیی ئەمریکا ڕایگەیاند، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا، هێزەکانی بەریتانیا و ئەمریکا ١٨ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر، دوو مووشەکی کروزی دژە کەشتیی و یەک مووشەکی بالیستیی دژە کەشتییان لە دەریای سوور خستووەتە خوارەوە. ئەمەش یەکەمجارە لەم شەڕەدا ئەمریکا یان هاوپەیمانەکانی، هێرش بکەنە سەر خاکی یەمەن.
ئەگەرەکانی فراوانبوونی ململانێ و شەڕی بەوەکالەت؛ ئەگەر شەڕ لەگەڵ حووسییەکان پەرە بستێنێت – بۆ نموونە ئەگەر ئێران بڕیار بدات چەکی زیاتر بۆ حووسییەکان دابین بکات – ئەوا ئوسترالیاش کە هاوپەیمانی سەرەکیی ئەمریکایە دەچێتە ژێر فشارێکی زیاترەوە بۆ ناردنی سەرچاوەی سەربازیی. شەڕی ناوخۆی یەمەن لە ساڵی ٢٠١٤ دەستیپێکرد، کاتێک حووسییەکان دەستیان کرد بە هێرشکردنە سەر هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی یەمەن. حووسییەکان لەگەڵ ئێران هاوپەیمانن، حکوومەتی یەمەنیش لەگەڵ سعوودیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبیی هاوپەیمانە و چەند ساڵێکە شەڕی بەوەکالەت و سیبەری ئێران-سعوودیە دەکەن. لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ بە ناوبژیوانی چین ڕێککەوتنی ئاشتیی نێوان ئێران و سعوودیە ئەنجامدرا و لە ئەنجامدا گرژییەکانی نێوان حووسییەکان و حکوومەت کەم بووەوە.

پشتگیریی ئێران یان بوێریی و توانای ناوخۆیی؛ لە کاتێکدا هێشتا هەندێک گرژیی لە ئارادایە، بەڵام پێدەچێت خراپترینی شەڕی ناوخۆ، لانیکەم بۆ ئێستا کۆتاییهاتبێت و لەنێوان ئەو پێشهاتانەشدا حووسییەکان بەو باوەڕە گەیشتوون، کە لە ململانێکان سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە. بەو هەستەیان ئەوەندە بوێرانەبوون، کە هەست بە بەهێزبوون بکەن بۆ ئەوەی لە سنوورەکانی یەمەن تێبپەڕێنن و کردەی سەربازی لە دەریای سووردا ئەنجام بدەن، کە لە جیهاندا بە یەکێک لە قەرەباڵغترین کەناڵی کەشتیوانیی دادەندرێت. لەگەل ئەوەشدا حووسییەکان ئامادەی کەمکردنەوەی چالاکییەکانیان نین، بەڵکوو گرینگی زیادتر بە پەرەسەندنی هێرشەکانیان دەدەن.

فەرمان محەمەد
ئیتاڵیا/ زانکۆی بۆڵۆنیا




خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ کتێبی (ئه‌و کاروانه‌ی بۆ هه‌واری ئێمه‌ نه‌چوو).. هیوا ناسیح

له‌م ماوه‌یه‌ی پێشودا هاورێ و نوسه‌ر کاک سالار ڕه‌شید کتێبی (ئه‌و کاروانه‌ی بۆ هه‌واری ئێمه‌ نه‌چوو) به‌دیاری بۆ ناردم، که‌ بریتییه‌ له‌ بیره‌وه‌رییه‌کانی نوسه‌ر، نزیکه‌ی شه‌ش سه‌د لاپه‌ڕه‌یه‌، دوو له‌ سێی کتێبه‌که‌ یاده‌وه‌رییه‌کانی خۆیه‌تی و سێیه‌کیشی ته‌رخانه‌ بۆ یادداشته‌کانی هاورێیانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌‌ی و چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ک.
کتێبه‌که‌ به‌ یاده‌ورییه‌کانی مناڵی و گه‌ڕه‌که‌که‌یان له‌ که‌رکوک ده‌ستپێ ده‌کات، تا ده‌گاته‌ مێردمناڵی و سه‌ره‌تای گه‌نجێتی و تێکه‌ڵبوونی به‌ دونیای خوێندنه‌وه‌ و بیر و ئینجاش نێو رێکخستنه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی کوردستان (کۆڕه‌‌ک)، که‌ ئه‌وسا گه‌وره‌ترین و کاریگه‌رترین رێکخراوی سیاسیی باشوری کوردستان بووه‌ و بڕبڕه‌ی پشت و دینه‌مۆی یه‌کێتی نیشتمانی بووه‌. ئه‌وه‌ی یاده‌وه‌رییه‌کانی جوانتر و بابه‌تیتر کردوه‌، پێڕست بۆ ناونیشانی بابه‌ته‌کان و هه‌روه‌ها نوکته‌ و قسه‌ی خۆشی نێوان بابه‌ته‌ جدی و تراژیدییه‌کانه‌.
نوسینه‌وه‌ی یاده‌وه‌رییه‌کان بۆ مرۆڤێک که‌ خۆی له‌ نێو مه‌یدان و چه‌قی ململانێ و ڕووداو و کێشه‌کاندا بوو بێت پێویستییه‌کی ژیاریی و مێژوویی و ئه‌‌ده‌بییه‌، جگه‌ له‌‌وه‌ش ئه‌رکێکی نیشتمانی و نه‌ته‌وایه‌تییه‌، هاوکات به‌سه‌رکردنه‌‌وه‌ و ئه‌مه‌ک و وه‌فایه‌کیشه‌ بۆ گیان و یاده‌وه‌‌ریی ئه‌و که‌سانه‌ی له‌و رێگا و رێبازه‌دا بوونه‌ته‌ قوربانی. بۆیه‌ من ده‌ستخۆشییه‌کی زۆر له‌ کاک سالار ده‌که‌م بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م کاره‌.
چه‌قی باسه‌کان ساڵانی کۆتایی حه‌فتاکان و سه‌ره‌تا و ناوه‌راستی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی رابردوه‌، بابه‌ت ڕێکخستنه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ له‌ نێو شاری که‌رکوک، ڕووداو و چالاکی و کێشمه‌کێشمه‌کانی نێو باڵه‌کانی رێکخراوه‌که‌یه‌. باسی سه‌رجه‌م یان زۆربه‌ی زۆری ئه‌و گه‌نجه‌ تێکۆشه‌ر و دڵپڕ و ئازا و به‌جه‌رگانه‌ی نێو که‌رکوک و د‌ه‌وروبه‌رین، که‌ گیانیان خستبووه‌ سه‌ر له‌‌پی ده‌ستیان و له‌ نێو ئه‌و (کاروانه‌)دا بوون به‌ره‌و ئه‌و (هه‌واره‌)ی ئامانجیان بوو، به‌ هه‌موو تین و توانا و وزه‌ و بڕستی خۆیان خه‌باتیان بۆ ده‌کرد و به‌ گژ ئه‌ژدیهای به‌عس دا ده‌چوونه‌وه‌. به‌ کورتی چیرۆکی خوێن و خه‌باتی نهێنی کۆمه‌ڵێک کوڕ و کچی گه‌نجی دڵپڕ له هیوا، چالاکی و چاونه‌ترسی، ترس و دڵه‌ڕاوکه‌، گیران و زیندانی و ئه‌شکه‌نجه‌، شه‌هیدبوون و زه‌حمه‌ت، بێ مورادی و نائومێدبوون و وازهێنان، ناپاکی و خۆنه‌گری هه‌ندێک، کێشمه‌کێشمی حزبایه‌تی.
کتێبه‌که‌ به‌ زمانێکی کوردی پاراو نوسراوه‌، نوسه‌ر خۆی نه‌کردۆته‌ قار‌ه‌مان و فریشته‌ و له‌ هه‌ندێک جێگاشدا دانی ناوه‌ به‌ هه‌ڵه‌ و که‌موکوڕییه‌کانیدا، ئه‌وه‌ش باشه‌ که‌ هه‌ر پشتی به‌ یادگه‌ی خۆی نه‌به‌ستوه‌، به‌ڵکو داوای له‌ هاورێ و هاوخه‌باته‌کانیشی کردوه،‌ که‌ وه‌‌ک شایه‌تحاڵێک یاداشتی ئه‌و ساڵانه‌ی خۆیانی به‌ کورتی بۆ بنێرن، یان دواندونی و سه‌رجه‌میانی لێره‌دا بڵاوکردۆته‌وه‌.
ئه‌وه‌ی چێژی زیاتری پێمدا ره‌نگه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ بێت، که‌ زۆر له‌‌ جێگا و ده‌ڤه‌ره‌کانی باسی کردوه‌ نزیکی زێد و ناوچه‌که‌ی منن‌ (گه‌رمیان)، هه‌روه‌ها باسی له‌ هه‌ندێک هاورێم کردوه، که‌ ساڵانێکه‌ ئاشنای که‌سایه‌تی و بیرکردنه‌وه‌یانم،‌ وه‌ک فازڵ عوسمان و عه‌لی سیاسی و هیتر، جگه‌ له‌وه‌ی تێیدا باس له‌ مامم (وریا ئاخجه‌له‌ری) کراوه‌، که‌ پێشمه‌رگه‌ی دانه‌بڕاو و دێرینی ناوچه‌ی گه‌رمیانه‌ و له‌ سنوری تیپی ٢١ی که‌رکوک و ٢٥ خاڵخاڵاندا لێپرسراوێتی جۆراوجۆری هه‌بووه‌. دواتر ئه‌و سه‌روه‌ختانه‌ی باسی ده‌کات، به‌تایبه‌ت ناوه‌ڕاستی هه‌شتاکان سه‌ره‌تای گه‌نجێتی و ئاشنا بوونی من بوو به‌ جیهانی خوێندنه‌وه‌ و سیاسه‌ت، به‌ هۆی ماممه‌وه که‌ کادر بوو‌ له‌ ناوچه‌ی ئاغجه‌له‌ر و قڵاسێوکه‌،‌ زۆر جاران سه‌ردانی پێشمه‌رگه‌و باره‌گاکانیانم کردوه‌، ئێمه‌ ماڵمان له ناحیه‌ی ئاغجه‌له‌ر بوو، هه‌ره‌وه‌ها به‌ هۆی ئه‌وه‌‌ی باوکیشم له‌و کاته‌دا له‌ ڕێکخستنه‌کانی هه‌مان حزب کاری ده‌کرد، ماڵمان وه‌ک مه‌کۆی رێکخستن و کۆبوونه‌وه‌‌ی شانه‌کان وابوو، جاری واش بوو، پاش چالاکی پێشمه‌رگانه‌، که ده‌هاتنه‌ ناو شارۆچکه‌که و ده‌ستیان ده‌وه‌شاند، یان تۆپبارانی داموده‌زگاکانی به‌عسیان ده‌کرد، باوکم داوای له‌من ده‌کرد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌تم خۆش بوو، تا ڕاپۆرتی ئه‌نجامی چالاکییه‌کانیان و کاریگه‌ریی له‌سه‌‌ر وره‌ و مه‌عنه‌وییاتی خه‌ڵک و دانیشتوانه‌که‌ی بۆ بنوسمه‌وه‌، تا له‌ رێگه‌ی خۆیه‌وه‌ بینێرێت بۆ ڕێکخراو، بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن و زانیاری ته‌واو له‌سه‌ری.
ئه‌وه‌ی زۆر سه‌رنجی ڕاکێشام که‌سایه‌تی ئه‌‌‌سعه‌د سۆفی (شێخ دارا) یه‌، که‌ ده‌کرێت ژیان و سه‌ربورده‌ی بکرێت به‌ ڕۆمان یان فیلم، ناوبراو له‌ ساڵانی کۆتایی حه‌فتاکان و سه‌ره‌تای هه‌‌شتاکاندا گه‌نجێکی که‌رکوکی زۆر بوێر و زیره‌ک و وریا و خوێندکاری زانکۆ بووه‌‌، به‌رپرسی پۆلێکی چالاکیی سه‌ربازیی (ئیغتیالات)ی کۆمه‌ڵه‌یه‌ له‌ نێو شاره‌‌که‌دا، وه‌ک ده‌رده‌که‌وێت خۆی ڕاسته‌و خۆ جا وه‌ک سه‌رپه‌رشتیار بێت یان بکه‌ر به‌شداریی کۆمه‌ڵێک چالاکی کاریگه‌ر و جۆریی (نه‌وعی) له‌ شاری که‌رکوک و سلێمانی کردوه‌، که‌ تێیدا چه‌ندان به‌عسی و به‌کرێگیراوی پله‌دار به‌سزا گه‌یه‌نراون. دوای ئه‌وه‌ی ئه‌ندامێکیان به‌ ناوی (عه‌لی مغاویر) ده‌گیرێت و بێ هیچ ئه‌‌شکه‌نجه‌ و فشارێکی وا، ناپاکی ده‌کات، ناوی هه‌رچی هاوڕێیانی کۆمه‌ڵه‌ هه‌یه‌ به‌ ورده‌کاریی و پێکهاته‌ی پۆل و شانه‌کانییانه‌وه‌ بۆ هه‌واڵگریی به‌عس له‌ که‌رکوک ئاشکرا ده‌کات، تا گیانی خۆی ڕزگار بکات. ئیتر ده‌‌یان کادر و ئه‌ندامی ڕێکخستنه‌کانی کۆمیته‌که‌یان (ئاگری سور) ده‌گیرێن. گه‌وره‌ترین زه‌بری گورچکبڕ به‌ر رێکخستنه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ ده‌که‌وێت له‌ شاره‌که‌دا، به‌مه‌ش کۆمیته‌ی ئاگر له‌به‌ریه‌ک هه‌ڵده‌وه‌شێت، چالاکترین و ئازاترین ئه‌ندامه‌‌کانی له‌سێداره‌ ده‌درێن یان بێسه‌روشوێن و زیندانی ده‌‌کرێن.
ئه‌سعه‌د دوای گیرانی له‌ سه‌ره‌تا و له ژێر ئه‌شکه‌نجه‌‌ی قورسدا ناوی دوو له‌ هاوڕێکانی ده‌درکێنێت، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ قوڕوقه‌پی لێ ده‌کات و ناوی ئه‌و ده‌یان ئه‌ندام و کادرانه‌ی تر ناهێنێت و به‌ نهێنی ده‌هێڵێته‌وه‌، به‌مه‌ش گیانیان ده‌پارێزێت، هه‌رچه‌نده‌ بڕیاری له‌ سێداره‌دانی بۆ ده‌رده‌چێت، به‌ڵام به‌ شایه‌تی ئه‌وانه‌ی سه‌ردانیان کردوه‌، یه‌کێکیش له‌وان نوسه‌ری کتێبه‌که‌ کاک سالاره‌، ناوبراو به‌ گیانێکی به‌رز و وره‌یه‌کی پۆڵاینه‌وه‌، تا ئه‌و کاته‌ی له‌ سێداره‌ ده‌درێت، ناڕوخێت و هیوای به‌ تێکۆشان و خه‌بات به‌رده‌وامه‌، ته‌نانه‌ت له‌ گاڵته‌و قسه‌ی خۆشیش ناکه‌وێت، له‌ هه‌مووی سه‌‌رنجڕاکێشتر دان به‌ هه‌ڵه‌ی خۆیدا ده‌نێت و ئاماده‌ی سزای مه‌رگیشه‌ بۆ خۆی. نوسه‌ر ده‌یگڕێته‌وه‌، کاتێک له‌ ته‌موزی ١٩٨٣دا له‌ زیندانی موسڵ سه‌ردانی ده‌کات، ئه‌سعه‌د پێی ده‌ڵێت: ئیعتیرافم له‌سه‌ر دوو که‌س له‌ هاورێیانم کردوه‌، ئه‌گه‌ر ڕۆژێک هات و له‌ زیندان ئازاد کرام، کۆمه‌ڵه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رمیم نه‌کات، ئه‌وا من به‌ رێکخراوێکی شۆڕشگێڕی نازانم!! ل٢٩٨. من لێره‌وه‌ له‌ یه‌کێتی نیشتمانی به‌ تایبه‌ت له کۆنه‌ هاورێ و هاوخه‌باته‌کانی له‌ نێو ئه‌و حزبه‌‌دا، ده‌پرسم، ئایا ئه‌م مرۆڤه شایه‌نی په‌یکه‌ری زێرین نییه‌، له‌ نێو جه‌رگه‌ی که‌رکوکدا بۆی دروست بکرێت؟ ئاخر ئه‌م قاره‌مانه‌ هیچی له شه‌هید (ئاسۆی ده‌لاک) که‌متر نییه‌.
کاک سالار شیکردنه‌وه‌یه‌کی بابه‌تی و جوانی بۆ هه‌ڵه‌‌ و که‌موکوڕییه‌کانی رێکخستنه‌کانی ناو که‌رکوک کردوه‌، که‌ بوونه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و کاره‌ساته‌ گه‌وره‌‌یه‌یان به‌سه‌ردا بێت. ئه‌و ڕۆڵه‌ی ناوبراویش گێڕاویه‌تی له‌ دووباره‌ دروستکردنه‌وه‌ی ڕێکخستنه‌کان مایه‌ی ده‌ستخۆشییه‌. به‌ڵام بیرمان نه‌‌چێت هه‌میشه‌ دوای شکست و نسکۆ ڕه‌خنه‌گرتن ئاسانه‌، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئایا کاک سالار، یان شانه‌ و که‌رته‌که‌یان پێش ڕوودانی ئه‌و ڕووداوه‌ دڵته‌زێنانه،‌ وه‌ک هه‌ڵسوڕاو و کادرێکی مه‌یدانی ڕێکخراوه‌که‌ هه‌ستیان به‌و مه‌ترسی هه‌ڵانه‌ کردبوو؟ بۆ نمونه‌ ئه‌و تێکه‌ولێکه‌ی شانه‌ و پۆله‌کان له‌ بواری سه‌ربازی و ڕێکخراوه‌ییدا، گه‌ر به‌ڵێ، ئایا خۆی و هاورێکانی سه‌روی خۆیان به‌ فه‌رمی له‌و هه‌ڵانه‌ ئاگادار کردو‌ه‌ته‌وه‌؟؟
له‌ لا ٤٠١دا باس له‌ به‌ڕێوه‌چوون کۆنفرانسی دووه‌می کۆمه‌ڵه‌ ده‌کات و ده‌ڵێت، که‌ سکرتێری کۆمه‌ڵه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا سه‌باره‌ت به‌وانه‌ی بڵاوکراوه‌ی (هه‌ڵوێست)یان لا گیراوه، گوتویه‌تی (بیانبه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ و ڕه‌میان بکه‌ن!)، ئه‌مه‌شی له‌ کتێبێکی تر وه‌رگرتوه‌، که‌ نوسه‌ره‌که‌ی یه‌کێک بووه‌ له‌و تۆمه‌تبارانه‌، واته‌ بێلایه‌ن نه‌بووه‌ له‌ ململانێکه‌دا، سه‌یره کاک سالار خۆی له‌ کۆنفرانسه‌که‌دا بووه‌، که‌چی وته‌ی یه‌کێکی تری لایه‌‌نگر نه‌ک بێلایه‌نی کردوه‌ به‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌و قسه‌یه‌، که‌ هیچ لۆژیکێک قبوڵ ناکات، له‌ کاتی به‌‌ڕێوه‌چوونی کۆنفرانسێکدا، سکرتێری حزبه‌که‌ بێت و قسه‌ی وا بکات! ئه‌وی یادداشته‌کانی م. پشکۆ و هه‌ڤاڵ کوێستانی خوێندبێته‌وه‌ که‌ تا ڕاده‌یه‌ک به‌وردی ڕووداوه‌کانی نێو کۆنفرانسه‌که‌‌یان تۆمار کردوه‌، شتی وای به‌رچاو ناکه‌وێت. بۆیه‌ به‌ڕای من ئه‌م قسه‌یه‌ دووره‌ له‌ ڕاستییه‌وه‌.
له‌ ڕووی زمانه‌وانییه‌وه‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ به‌ وشه‌ و ده‌بڕین له‌‌ هه‌ندێک شوێن له‌ نێوان یاداوه‌رییه‌کانی کاک سالار نوسیویه‌تی و له‌‌گه‌ڵ یادداشته‌کانی هاوڕێکانیدا، که‌ تێیدا ده‌قه‌کانیان بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، به‌دی ده‌کرێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌‌کیشی له‌ پاشکۆدا بڵاوکردونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام چونکه‌ کوالیتییان‌‌ چاک نییه‌، باش ناخوێنرێنه‌وه‌. پاشان ته‌نها یه‌ک وێنه‌ی خۆی و دوو هاوڕێی له‌ پاشکۆدا بڵاوکردۆته‌وه‌، ده‌کرا نوسه‌ر هه‌وڵی زیاتری بدایه‌ و هه‌ندێک وێنه‌ی شه‌هید و زیندوه‌کانی تری، که هاوخه‌بات و هاوڕێی بوون و له کتێبه‌که‌دا ناویان هاتوه‌ په‌یدا بکات و بڵاوبکاته‌وه‌. ڕاسته‌ وه‌ک له پێشتردا وتمان زمانی نوسینه‌که‌‌ی به‌ گشتی ڕه‌وانه‌، به‌ڵام له‌‌ هه‌ندێک ده‌ربڕین و ڕسته‌دا مرۆڤ هه‌ست ده‌کات، که‌ هێشتا شێوازی ڕاگه‌یاندن و ئه‌‌ده‌بیاتی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی پێوه‌ دیاره‌، بۆ نمونه‌: نه‌زه‌ری خۆی به‌و جۆره‌ به‌یان کرد… ل١٦٩، ته‌بلیغ و ته‌رویج و سازمانده‌هی … ل٣٧٠، ته‌‌کسیرکردنی به‌یاننامه‌، ته‌بلیغاتی ته‌سلیمخوازانه‌ … ل ٣٨٣.
باسی ورده‌کاریی ناپێویست وایکردوه‌ له‌ هه‌ندێک جێگه‌دا بابه‌ته‌کان درێژببنه‌وه‌، له‌‌ هه‌ندێک شوێن پێویست بوو زیاتری له‌باره‌وه‌ بنوسرێت، که‌چی به‌کورتی پێیدا گوزه‌ری کردوه‌، بۆ نمونه‌ شه‌هید مه‌لا محێێه‌دین، که‌ کادرێکی چالاک و کارا بووه‌، ڕۆڵی که‌م باسکراوه‌، یان باس له‌وه‌ ناکات، چۆن (عه‌لی مغاویر) پاش ئه‌و ناپاکییه‌ی کردویه‌تی، ته‌نانه‌ت ده‌ دوانزه‌ ساڵ دوای ڕاپه‌ڕینیش هه‌ر ماوه‌ و زیندوبووه‌، تا دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق ٢٠٠٣ ئینجا به سزای ڕه‌وای خۆی (مه‌رگ) ده‌گه‌یه‌نرێت!
بۆ ئه‌و که‌سانه‌‌ی قوربانییان به‌ گیانی خۆیان داوه‌ له‌ زۆربه‌ی شوێنه‌کان به‌ (شه‌هید) ناوزه‌دی کردون‌، که‌ به‌ڕای من له‌ ڕووی که‌لتوری کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی کورده‌وه‌ باشترین وشه‌یه‌، که‌چی له‌ هه‌ندێک جێگه‌دا ده‌ڵێت (کوژران) ل٤٣٣، یان ده‌ڵێت (گیانیان به‌ خشی) ل٣٨٥. بۆ نوسه‌رێک که‌ ئایدۆلۆجییه‌کی دیاریکراوی هه‌بێت، باشتره‌، یه‌ک زاراوه‌ی په‌‌سه‌‌ند لای خۆی، به‌کار ببات.
نوسه‌ر ڕه‌خنه‌ی توند له‌ سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی به‌ گشتی و کۆمه‌ڵه‌ به‌ تایبه‌تی ده‌گرێت، تا ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی ئه‌م و زۆر له‌ هاورێکانی له‌ ناوه‌ڕاستی هه‌شتاکاندا ده‌ست له‌ خه‌بات و رێکخستن بکێشنه‌وه‌. وه‌ ئه‌وان به‌ هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌وه‌ ده‌زانێیت، که‌ (کاروانه‌که‌)یان نه‌گه‌‌یشتۆته‌ ئه‌و (هه‌وار)ه‌ی که‌ ئه‌مان به‌ دڵ و به‌گیان قوربانییان بۆی داوه‌ و خه‌باتیان له‌ پێناودا کردوه‌، دیاره‌ ئه‌مه‌‌ به‌شێکی زۆری ڕاسته‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌بوو باس کرابا، ئێ خۆ هه‌ر شۆڕش و جوڵانه‌وه‌ی کورد نه‌بووه‌، که‌ ئاکامه‌که‌ی (گاڵ)ی هێناوه‌، زۆربه‌ی زۆری، گه‌ر نه‌ڵێم هه‌موو، ئه‌و ڕاپه‌ڕین و شۆڕشانه‌ی، لای که‌می له‌ رۆژهه‌ڵاتی دوور و ناوه‌ڕاست و نزیکدا، به‌رپا کراون، سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون له گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌کانیان، واته‌ نه‌گه‌یشتون به‌‌و (هه‌وار)ه‌ی، که‌ کاتی خه‌بات دروشم و ئامانجیان بووه‌، هه‌رچه‌نده‌ سه‌رکه‌وتن خۆی شتێکی ڕێژه‌یییه، به‌ڵام، به وردبوونه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ بارودۆخی دوای سه‌رکه‌وتنی قۆناغه‌که‌ و ئه‌نجامه‌که‌یدا ده‌زانین، زۆربه‌یان ره‌نگه‌ که‌متر له‌ نیوه‌ی ئامانجه‌‌کانیان به‌دیهێنابێت، ئه‌مه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و شۆڕشانه‌ش ده‌گرێته‌وه‌ که‌ بیری کۆمۆنیزم پاشخانی فیکری و مۆتیڤیان بووه‌.
به‌ختیار عه‌‌لی له‌ ل٤٢٧ رۆمانی (شاری مۆسیقاره‌ سپییه‌کان)دا ده‌نوسێت ((نیشتمان له کچێک ده‌چێت، دێوێکی زل و ناشرین ڕفاندبێتی و جوانی ژاکاندبێت، سوارچاکێکیش هاتبێت ڕزگاریبکات، به‌ڵام شه‌هوه‌تی ئه‌و سوارچاکه‌ بۆ لاقه‌کردن و ئه‌تککردنی ئه‌و کچه‌ که‌متر نییه‌ له‌ شه‌هوه‌تی دێوه‌‌کان)). به‌داخه‌وه‌ ئه‌مه‌ لای که‌می بۆ وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و تایبه‌تیتریش بۆ باشوری کوردستان رێک وا که‌‌وتۆته‌وه‌! به‌ کورتی کاک سالار نه‌یتوانیوه‌، وه‌ک نمونه‌یه‌کی مادیی مێژوویی ته‌نها وڵاتێکمان بۆ بنوسێت، که‌ کاروانه‌که‌یان ڕێبواره‌کانی گه‌یاندبێته‌ هه‌واره‌که‌یان، که‌ ئامانجیان بووه‌. بۆیه‌ لام وایه‌ گرفته‌که‌ له ئاستی مه‌عریفی و ڕۆشه‌نبیریی گه‌له‌‌که‌شدایه‌، نه‌ک هه‌ر سه‌رکرده‌ و ڕێبه‌ره‌کان.
ئه‌م کتێبه‌ شایانی خوێندنه‌وه‌یه‌، به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌وانه‌ی وێڵی زانیاریی خه‌باتی رۆژانی سه‌خت و مێژووی تێکۆشانی که‌رکوکن. دووباره‌ ده‌ستخۆشی له‌ کاک سالار ره‌شید ده‌که‌م بۆ نوسین و بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م کتێبه‌ گرنگه‌ و سوپاس بۆ دیارییه‌که‌یان.

سه‌رچاوه‌:

  • ئه‌و كــــاروانه‌ی بۆ هه‌واری ئیمه‌ نه‌چوو، ده‌رباره‌ی چه‌ند ئه‌ڵقه‌یه‌كی نادیار له‌ مێژووی ڕێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ له‌ شاری كه‌ركوك، یاده‌وه‌ری سالار رشید، چاپخانه‌ی تاران، چاپی یه‌كه‌م 2020



کێ لە شۆڕش دەترسێت؟.. ڕزگار عومەر

ناسنامەی کتێب
ناوی کتێب : کۆمۆنیستەکان لە شۆرش دەترسن
بابەت: چوار چاوپێکەوتن
نووسەر : ژان پۆل سارتەر
وەرگێڕان : شوان ئەحمەد
لە چ زمانێك وەرگێڕان کراوەو سەرچاوەکەی : ئاماژەی پێ نەدراوە لەلایەن وەرگێڕو لەلایەن خاوەنی بڵاوکراوە (ڕێکخراوی ئازادبوون)
چاپخانەی: کاردۆ
تیراژ: ٥٠٠ دانە
نرخ: ٤٠٠٠ دینار
نۆبەتی چاپ: چاپی یەکەم- ٢٠٢٣

ئەم کتێبە لە زۆر ڕوو گرنگی خۆی هەیە، ڕوویەکیان هێزی بزواندنی کۆمەڵایەتی ” گەنج” ڕۆڵێك کە گەنجان لە سیاسەت بیبینن، ڕووەکەیتری بریتیە لە ڕەخنەی فەیلەسوفێکی گرنگی وەکو سارتەر کە تەنیا وەکو فەیلەسوف بەشداری نەکردووە لە شۆرشی ١٩٦٨ فەڕەنسا بەڵکو خۆیشی چالاکوانێکی بەر لە شۆرش و دوای شکتی شۆرش بوو.
بیروڕاکانی لەم چاوپێکەوتنانە بەیان کراون زادەی ئەزموونی مەیدانیی شۆڕشەکەو ئەو چوارچێوە مێژوییەی جیهانە کە لەو سەردەمی (١٩٦٨) زاڵ بوو بەسەر بارودۆخی سیاسی و ستراتیژی دونیا بە تایبەتی ئەوروپا لە ژێر سایەی هەردوو جەمسەری سۆڤیەت و ئەمریکا.
بۆ تێگەیشتن لەم کتێبەو لە شۆرشی ١٩٦٨ لە فەڕەنسا ئەبێ ڕەگەزە سەرەکیەکانی پێك هاتەی دونیای ئەو سەردەمە بخەینە ڕوو.لە نێو دونیای ئەو سەردەمەدا جیهان لە نێو شەپۆڵێك ڕووداوی گەورەدا خۆی پێناسە دەکرد بە تایبەت بۆ لە ڕووی سیاسی و دووبارە پەیدابوونەوەی ” ئومێد” بۆ بزوتنەوەی چەپ کە ئەو دەمە هەژموونی نەك تەنیا بەسەر بزوتنەوەی چینی کرێکارو توێژەکانیتر هەبوو بەڵکو ببووە پەرچەمی سیاسی جیهان بینی بزوتنەوەی خوێندکاران نەك تەنیا لەفەرەنسا بەڵکو لە زۆربەی ئەو ووڵاتانەی بەرەنگاری گەورە لە ئارادابوو.
یەکێك لە خاسیەتە گرنگەکانی ئەم شۆڕشە، بە تایبەتی لە کانونی بەڕێوەبردنیدا بریتی بوو لە یاخی بوونێکی وورد نەك تەنیا دژ بە سیستەمی کاپیتالیزم ، بەڵکو یاخی بوونیش بوو لەو بلۆکە مێژوویەی کە شوناسی چەپی لە ئاستی دونیادا مۆنۆپۆل کردبوو. لە سەر ئاستی نێو نەتەوییدا و لە زنجیرە ڕووداوە مێژوویەکانی بەر لە شۆڕش، ڕووداوێکی گرنگ ڕووی دا لە تێك شکاندنی تابوویەکی گەورە کە بریتی بوو لە :- ڕاپۆرتی خرۆشۆف دژ بە جۆری دەسەڵاتدارێتی ستالین لە ساڵی ١٩٥٦ دا لە پاش مردنی ستالین. ئەم ڕاپۆرتە کە لە سێنتەری ئەو فۆرمە لە کۆمۆنیزمی سەدەی بیست بڵاوکرایەوە، درزێکی خستە نێو ئەو دیوارە بیروکراسیەی کە نەیدەهێشت نەوەیەکی نوێ لە گەنجانی کۆمۆنیست سەر لە نوێ بنیاتی ئەلتەرناتیڤی کۆمۆنیستی بکەنەوە لە دیدگاو لە پراکتیسدا. دوای ڕاپۆرتەکەی خرۆشۆف دوو جۆر لە مامەڵە هەبوو لە گەڵ ئەم ڕاپۆرتەدا،دونیای سەرمایەداری لە بلۆکی ڕۆژئاوا کردی بە کەرەستەیەکی پڕوپاگەندەی شەڕی سارد دژ بە کۆمۆنیزم ، مامەڵەیەکیتریش بریتی بوو لە قۆستنەوەی ئەم دەرفەتە بۆ بەرژوەندی کۆمۆنیزم .
بەشی زۆری بەرەنگاریەکانی خوێندکاران وبزوتنەوەی کرێکاری لەسەرەتای شەستەکانادا هەڵوێستی فەرمییان بریتی بوو لە تازەکردنەوەو دەوڵەمەند کردنی کۆمۆنیزم و موتوربە کردنی بە تێڕوانینی تازە و ئاکشنی جەریئانە نەك تەنیا لە ئاستی نێوخۆیی وڵاتەکاندا، بەڵکو لەسەرئاستی نێونەتەوەییشدا و ئەو کێشەو گرفتانەی کە بوعدی جیهانایان هەبوو چەشنی؛ قەیرانە ئابوریەکان، شەڕەکان وەکو شەڕی ڤێتنام، خەباتی گەلانی ژێردەستەی کۆلۆنیالیزم بۆ سەربەخۆیی هتد.
تێڕوانینی دیدی سیاسی ئەو بزوتنەوەیەی شۆڕشی فەرەنسای بەرپا کرد،سەرەڕای ئەوەی هەرەمێکی پتەوی سیاسی نەبوو بەڵام بۆچونیان لەبەرامبەر هەموو ئەو مەسەلانەی لەسەرەوە ئاماژەیان پێکرا زۆر ڕوون ئاشکرابوو. بزوتنەوەی دژی شەڕ کە لە ئەمریکاش تەشەنەی کردبوو ڕاڕا نەبوو لە وەستانەوە دژ بە شەڕی ڤێتنام و خانە کردنی وەکو شەڕێکی ئیمپیریالیستی و دژە ئازادی. لەبەرامبەر خەبات بۆ سەربەخۆیی گەلانی ژێر دەستەش؛ ئەم بزوتنەوەیە یەك دیدی زۆر ڕوونی هەبوو کە داوای کشانەوەی دەسبەجێ ی سوپای ووڵاتانی خۆیان دەکرد لەو ووڵاتانەو پشتگیری شۆڕشیان دەکرد.کاتێکیش ئەم شۆڕشانە سەرکەوتنیان بە دەست هێنا، ڕاستەوخۆ بوون بە مۆتیڤێکیتری مەعنەوی بۆ ئەم بزوتنەوەیە نەك تەنیا لە فەرەنسا بەڵکو لە شارە سەرەکیەکانی ئەم سەرو ئەوسەری دونیا وەکو بلفاست و بەرلین و مارلبۆرن ومەکسیکۆ.
چەند مانگێك بەر لە دەستپێکی شۆڕشی ساڵی ١٩٦٨ لە فەرەنسا ، بزوتنەوەی خوێندکاران لە مانگی ١ و ٢ ی هەمان ساڵ لە شاری بەرلین کۆنگرەیەکی نێو نەتەوەییان بەست بۆ ئاڵ وگۆڕ کردن و ئارایشت دانی هەڵوێست و ساغ بوونەوە لەسەر چەندین پرسی گرنگی ئەو سەردەمە. گرنگترین پرسەکانی ئەو کۆنگرەیە ڕۆڵی گرێ دانی خەباتی کرێکاران و بزوتنەوەی خوێندکاران لە دروست کردنی گۆڕانکاری چییە ؟ هەلوێست بەرامبەر شۆڕشی ڤێتنام ، ڕۆڵی ” توندو تیژی ” لە شۆڕشدا لە ئەجێندای گەرمی ئەو کۆنگرەیە بوو، ڕاستەوخۆش دوای ئەو کۆنگرەیە بوو کە خوێندکاران یەکەم جار لە ئیتاڵیا ئاکشنی گەورەی سەرتاسەریان بەڕێوەبرد.
شۆڕشی ١٩٦٨ لە فەرەنسا تەنیا بۆ چەپی نوێ گرنگی نەبوو وەکو ” دەرفەت و ئومێد ” بەڵکو بۆ دوو ڕەقیبی جیهانیش سەرئێشەیەکی مێژوویی گەورە بوو. ئەم دوو ڕەقیبە؛- کە لە لایەك سەرجەم ووڵاتانی دونیای کاپیتالیزم دەگرێتەوە، لە لایەکیتریش ئەو بلۆکەی لە ژێر شوناسی کۆمۆنیزمی سەدەی بیست هەبوو ( قوتبی سۆڤیەت) دەگرێتەوە .
هەردوولا دڵەڕاوکێی زۆریان هەبوو دژ بەو شۆڕشە و لەلای ئەوان گرنگی ئەو شۆڕشە وەکو “هەڕەشە ” ی ڕاستەوخۆ ئەژمارکرا هەم لە دونیای لیبرال هەم لە دونیای بیروکراسی کۆمۆنیزمی سەدەی بیست. ئەمەش یەکێك لە هۆکارە سەرەکیەکانی شکست پێهێنانی شۆڕشەکە بوو.
هەردوو قوتب جۆرێك لە هەڵوێستی نەنوسراویان یان نافەرمیان هەبوو لەوەی کە ئەم شۆڕشە نابێ سەرکەوێ. حیزبی شیوعی فەرەنسی لە ڕویی مێژوویەوە تا ئێستا بەوە تاوانبار دەکرێ کە لە پاڵ فاکتەکانی توندوتیژی سیستەمی عورفی و سەربازی ئەو دەمەی فەرەنسادا، ئەویش ڕۆڵی هەبوو لە ئارایشت دانی مەیدانیی ئەم ڕێکەوتنە جیهانیەی دژ بە شۆڕش.
ئەو حیزبە، ئەو دەمی یەكێك بوو لە حیزبە هەرە گەورەکانی فەرەنسا و زۆربەی سەندیکاو یەکێتیە کرێکاریەکان لە ژێر نفوزو هەژموونی ئەودابوون.ڕۆژنامەی ڕۆژانەو هەفتانەو چەندین چاپخانەی کتێب و بڵاوکراویتری لە ژێر دەستا بوو. ئەندامانی حیزب لە ژێرەوە ڕۆژانە تێکەڵی شۆرش بوون، بەڵام چەندین سەرچاوەی مێژوویی ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕێبەرایەتی ئەم حیزبە بە فشاری سۆڤیەت لەسەرەوە بە نهێنی لەگەڵ حکومەتی دیگۆڵ خەریکی سەودا بوون بۆ کۆتایی پێهێنانی شۆڕش .
ئەمە لە کاتێك بوو کە لە ڕۆژانی کۆتایی ئایاری ١٩٦٨ مانگرتنی گشتی کرێکاران وجوتیاران قوتابیان وفەرمانبەرانی دەوڵەت گەیشتە ئەوپەڕی خۆی و یەکەم جار بوو لە مێژوویی جیهان ١٠ ملیۆن کەس لە مانگرتنی گشتی ووڵاتێك بەشدار بن. حکومەتی دیگۆڵ ئۆفەری زیادکردنی لەسەدا بیستی خستە بەردەم سەندیکا ڕیفۆرمیستەکانی کرێکاران کە بەشێك ڕازی نەبوون و بەشێك لەوان ڕازی بوون و بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە با مانگرتن بوەستێ چونکە ئەمە مەرجی دیگۆل بوو.
دیگۆڵ پێشنیاری ئەوەی کردبوو بۆ حیزبی شیوعی فەرەنسی کە ئەم شەڕە لە هەڵبژاردن ساغ بکرێتەوەو ئەوان لە هەڵبژاردن پشکی زۆرتری دەسەڵاتیان بەردەکەوێ. حیزبی شیوعی خۆشی متمانەی تەواوی بەوە هەبوو کە لە هەڵبژاردن دەنگی زۆرینە دەهێنێت. ئەم ” دڵنیایە ” مەرجدارە بریتی بوو لە کۆتایی پێهێنانی مانگرتن و شۆڕش .
چەند سەرچاوەیەکی حیزبی شیوعی فەرەنسی ئەم هەلوێستەی خۆیان وەکو بەرگە گرتن لە خوێن ڕشتن و شەڕی ناوخۆلە قەڵەم دەدەن و ئەوان لەو باوەڕەبوون کە ئەزموونی ئیسپانیا لە فەرەنساش دووبارە دەبوو، بزوتنەوەی چەپ وکرێکاران خەڵتانی خوێن دەکران و بەرەی ڕاستیش بە دەسکەوتی باشتر سەردەکەوت، هەندێك لێکدانەوە ئەم هەڵوێستە بە عەقلانی لە قەلەم دەدەن و هەندێکیش بە سات و سەودا بە شۆڕش.
ڕاستە شۆڕشی فەرەنسای ١٩٦٨ تەمەنی لە هی کۆمۆنەی پاریس لە ساڵی ١٨٧١ دا کەمتر بوو، ڕاستە ئەویش چەشنی کۆمۆنە سەرکوت کرا و بە زەبروزەنگی سیستەم کۆتایی پێهات، بەڵام لە ڕووی پرنسیب و مێژوودا فاکتی ” دەرفەت و ئومێد ” ی هێشتا بە زیندوویی ماوەتەوەو درێژەی هەیە! تەنانەت زۆربەی ڕەخنەگرانی باڵی چەپ لە ئەمڕۆدا هەمکاریی نێوان بزوتنەوەی ئەمڕۆی خوێندکاران و کرێکارانی ساڵی ٢٠١٨ لە ئەمڕۆی فەرەنسادا وەکو کلتورو ڕۆحی ئەم شۆڕشە پێناسە دەکەن. هەر لەبەر ئەمەشە سەرۆکی ئێستای فەرەنسا ماکرۆن بانگەوازی ئەوەی دەکرد کە دەوڵەت بە فەرمی یادی ئەم شۆڕشە بکاتەوە! دیارە نەك وەك لە ئامێزگرتنی ئامانجەکانی ئەو شۆرشە، بەڵکو وەکو چەند ئەنجامگیریەکی ” ئازادی ” تاکە کەسی بە تێگەیشتنە لیبرالیەکەی، بۆ دزین و تاڵان کردنی بەها سەرەکیەکانی ئەم شۆڕشە.
لە ساڵی ١٩٦٨ لە فەرەنسا ؛ تەنیا کارگەکان لە لایەن کرێکاران و فەرمانبەران داگیر نەکرا، بەڵکو پرسی ” خۆبەڕێوەبردنی ” کارگەو دام ودەزگاکان لە لایەن چینی کرێکارەوە وەکو پرسێکی ئیداری شۆڕش خرایە ڕوو، تەنانەت چەند ڕۆژێك بەر لەسەرکوت کردنی یەکجارەکی شۆڕش چەندین کارگەو دامەزراوە لە لایەن خۆیانەوە بەڕێوە دەبران .
لە ١٩٦٨ی فەرەنسادا؛ یەکەم جار بوو لە مێژووی مۆدێرنە ” زانکۆ ” لە ئاستێکی مەیدانی بەربڵاودا بێتە دەرەوە لە دیکۆڕی ئەریستۆکراتی ئەکادیمی بەتاڵ. زانکۆکان داگیرکران لە لایەن خوێندکارانەوە، ڕۆژانە دەیان سمیناری فیکری و فەلسەفی و سیاسی بەڕێوە دەچوو. پرسی سەرەکی ئەم بزوتنەوەیە لە زانکۆ تەنیا ئەوە نەبوو کە ڕۆڵی چەپ لە زانکۆ چیە ؟ بەڵکو پرسیارێکی قوڵتربوو، پرسیارەکە ئەوەبوو چۆن دەکرێ زانکۆ ببێتە کەرستەی دروست کردنی گۆڕانکاری ڕیشەیی و شۆڕشگێڕانە لە کۆمەڵگە؟
هەمان ئەم پرسیارە سەرەکیە دەبێ وگرنگە چەپ لە ئەمڕۆدا لە خۆی بکات ! نەك تەنیا وەکو ئەوەی کە گروپێکی گەورەی کاریگەری کۆمەڵایەتی چەشنی ” گەنجان” لە زانکۆکانن، بەڵکو وەکو ئامادە کردنی دۆخی هاوچەشنی ئەم شۆڕشە لە بواری هەمکاریی چینایەتی و پێشڕەوایەتی. چونکە ڕابەرانی بزوتنەوەی کرێکاری لەو سەردەمە لە پاڵ ڕەگەزی چەپ بوون، ڕۆشنبیری وبیرتیژی سیاسیەوە، لە ڕووی دیمۆگرافیای کۆمەڵایەتیەوەش بەشی زۆریان ” یاخی” بوون و ” گەنج” بوون کۆیانی دەکردەوە.




بەشێک لە نامەی مارکس بۆ باوکی.. وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: نەوزاد مدحەت ( گۆران عەبدوڵڵا)

دۆزینەوەی هیگڵ(١)

لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٨٣٧؛ پاش دەستپێکردنی خوێندن لە زانکۆی بەرلین، مارکس نامەیەکی درێژ بۆ باوکی دەنووسێت، لەوەدەچێت لە تەمەنی نۆزدە ساڵیدا دوو پەیوەندی گرنگ لە ژیانیدا پەیداببوون : پەیوەندییەکی خۆشەویستی لەگەڵ جینی کە بە هاوسەرگیری کۆتایی هات، ئەوەی دووەمیشیان پەیوەندییەکی فکری بوو لەگەڵ هیگڵ کە بە مارکسیزم کۆتایی هات.

نامەکەی مارکس بۆ باوکی

ساتگەلێک هەیە لە ژیاندا، وەک ئەو تابلۆ سنوورییانە وان کە پێش تەواو بوونی کاتەکە چەقێنراون و لە هەمان کاتدا زۆر بە ڕۆشنی رێگەیەکی نوێت پێ نیشان دەدەن. لەم شێوە گۆڕانانەدا وا هەستدەکەین و ناچارین بە چاوێکی هەڵۆییانەوە بڕوانینە ڕابردوو داهاتوومان بۆ تێگەشتنێکی هزرییانە لە پێگەی ئەمڕۆمان. بەدڵنیاییەوە، مێژووی جیهان بۆ خۆی ئارەزووی لەم جۆرە ئاوڕدانە و پشکنینانەی هەیە کە زۆر جار لە شێوەی گەڕانەوە و چەقبەستن خۆی دەنوێنێت، بەڵام لە ڕاستیدا تەنها پاڵی لێداوەتەوە بۆ بیرکردنەوە لە خۆی و قووڵبوونەوە لە چالاکییە هزرییەکانی و کارە ڕۆحییەکان. بەهەرحاڵ تاک لەم کاتانەدا هەستێکی شاعیرانە دایدەگرێت، هەمووگۆڕانێک بەشێکە لە گۆرانییەکی ماڵئاوایی، بەشێوەیەک دەرگا بە ڕووی شیعرێکدا دەکاتەوە کە هەوڵدەدات شێوەیەکی تەڵخ وەرگرێت، بەڵام بەڕەنگێکی گەشەوە. لە ساتێکی وادا ئاواتەخوازیین پەیکەرێک بۆ ئەو یادەوەرییانە درووستبکەین کە پێشتر تێیدا ژیاوین، ڕەنگە بمانگەڕێنێتەوە بۆ خەیاڵی ئەو شوێنانەی لە جیهانی کرداردا لەدەستدراون؛ بەڵام لە کوێ دەتوانیین شوێنێک پیرۆزتر لە دڵی دایک و باوکمان بدۆزینەوە، ئەوانەی نەرمترین دادوەرەکان و بەشداربووەکەی ناوەوەی ناخمانن، ئەم نزیکترین هاوسۆزانە وەک خۆری خۆشەویستی ئاگرەکەی ناوەندی تێکۆشانمان گەرمتر دەکەن!چەندە باشتر دەتوانیین ئەو ڕاستکردنەوە و لێبووردنانە بە شێوەیەکی بنەڕەتی بدۆزینەوە لەبەرانبەر ئەو سەرزەنشت و ڕەتکردنەوانەدا؟ چەندجار یارییە شەڕانییەکان لە ڕێگەی ڕێکەوتەوە سێبەر دەخەنە سەر دڵە شکاوەکان؟
باوکی باشم، پاش ئەو ساڵەی لێرەم بەسەر برد و ئەو تێبینیانەی لام گەڵاڵە بوون، بەو شێوەیە لە ئێمزەوە( Ems ) (٢)وەڵام بە نامە شیرینەکەتان دەدەمەوە. ڕێگام پێبدە دۆخی خۆمت بۆ بنووسم وەک خۆی, وەک ئەو ڕوانینەی هەمە بۆ ژیان، وەک دەربڕینێک لە چالاکی ڕۆحی، کە لە هەموو لایەنێکەوە گەشە دەکات، لە زانست، هونەر و کاروبارە تایبەتییەکان. کاتێک بەجێم هێشتیت جیهانێکی نوێ بۆ من لە دایک بوو، جیهانی خۆشەویستی، لەڕاستیدا خۆشەویستی لە سەرەتادا سەرخۆشە بە عیشق و خاڵییە لە هیوا.
زۆر دڵخۆشبووم بە گەشتەکەم بۆ بەرلین، پێزانینمی وروژاند بۆ سرووشت. ژیانی لا خۆشەویست کردم و بە ساردی بە جێیهێشتم. لە ڕاستیدا خستمییە ناو دۆخێکی پێکەنیناوییەوە، چونکە ئەو شاخە بەرزانەی دەمبینین بەرزتر و ترسناکتر نەبوون لەو هەستانەی ڕۆحی من، شارە پان و پۆڕەکان گەرمتر نە بوون لە خوێنی من. مێزی باڕەکان پڕتر نەبوون یان شایانی زیاترتێگەشتن نەبوون لەو خەیاڵانەی لەگەڵ خۆمدا هەڵمگرتبوون، لەکۆتاییدا هونەر جوان تر نییە لە جینی. کاتێک گەیشتمە بەرلین، هەموو پەیوەندییەکانی پێشوتری خۆمم پچڕاند، چەند سەردانێکی کەمم کرد بۆ هەندێ شوێن بێئەوەی هیچ چێژێکیان لێوەرگرم، هەوڵمدا خۆم ون بکەم لە ناو زانست و هونەردا. بەپێی ئەو دۆخە ڕۆحییەی لەو کاتەدا تێیدا بووم، یەکەم شتێک یان لایەنی کەم ئاسانترین و چێژ بەخشترین شتێک کە هەڵمبژارد و گرنگیش بوو شیعری لیرکی بوو. بەڵام ئەو بارودۆخەی تا ئەو کاتە تێیدا بووم وایکرد کارێکی نموونەیی تەواوبێت. بەهەشتەکەم، هونەرەکەم، بوو بە دوورگەیەک لەودیو، هەر وەک خۆشەویستی من. هەموو شتێکی ڕاستەقینە کاڵ بووەوە و هەموو شتە کاڵبووەکان سنوورەکانیان لەدەست دەدەن. هەموو ئەو شیعرانەی سێ بەرگی یەکەم کە جێنی لە منەوە وەریگرتووە، لە کاتی ئێستادا هەست دەکەیت کۆمەڵێ وشەی بێ چوارچێوە و بێ گیانی فڕێدراون و هیچ شتێکی سروشتی نین و ئەڵێی لەسەر ئەستێرەیەکی ترەوە هۆنراونەتەوە. رکابەری تەواو وەک ئەوەی هەیە یان دەبێت ببێت، ڕامانێکی بەلاغی لە جیاتی بیرکردنەوەیەکی شاعیرانە، بەڵام پڕ لە هەستێکی گەرم بۆ کێشمەکێشێکی زیندوو. تەواو بەڕادەی حەسرەتێک کە هیچ سنوورێکی نییە، لە زۆر فۆرمدا دەربڕین دەدۆزێتەوە و “پێکهاتەی شیعری” دەکاتە تەنها “بڵاوبوونەوە”. بەڵام شیعر دەکرێت یان دەبێت تەنها هاوڕازبێت. ناچاربووم وانەکانی دانایی بخوێنم و سەرباری ئەوەش هەستم دەکرد لە ململانێدام لەگەڵ فەلسەفە. ئەمانە زۆر بە یەکەوە گرێدرابوون، لە سەرێکەوە دەبووایە وەک قوتابییەک بە بێ هیچ ڕەخنەیەک ئەم سەرچاوانە Heineccius و Thibaut (٣ و ٤) بخوێنمەوە، بۆ نمونە هەستام بە وەرگێڕانی دووبەشی Pandects (٤)(تەواوی کۆدە یاساییەکانی سیستمی بەڕێوەبردنی دەوڵەت -وەرگێڕ) بۆ زمانی ئەڵمانی، لە لایەکی ترەوە هەوڵمدا فەلسەفەی ماف لە ناو هەموو بوارەکانی یاسادا دیاری بکەم. هەروەها چەند پێشنیارێکی میتافیزیکییانەم وەک پێشەکییەک هاوپێچکرد، بەداخەوە بەردەوام بووم لەم کارەم تا گەشتمە یاسا گشتییەکان کە خۆی لە ٣٠٠ لاپەڕە دەدات. لە هەموو شتێک زیاتر، ئەوەی لێرەدا دەرکەوت هەمان رکابەری نێوان واقیع و ئەگەری نامۆبون بە ئایدیالیزم بوو، ئەمە لە خۆیدا ناڕێکییەکی جدی بوو کە بوو بە هۆکاری دابەشبونێکی نەخوازراو. سەرەتای هاتنم دڵخۆشبووم بە میتافیزیکییەتی یاسا، واتە پێشنیارە بنەڕەتییەکان،ڕەنگدانەوەکان و دیاریکردنی ئەو چەمکانەی کە لە هەموو فۆرمێکی ڕاستەقینەی یاسا جیاکرابوونەوە، هەروەکوو لای فیختە، تەنها لە لای من نوێ و کەم ناوەڕۆک بوو. سەرباری ئەوەش، فۆرمێکی نازانستی دۆگماتیزمی بیرکاری لێرە و لەوێ بە بابەتێکەوە دەئاڵێت و هەرگیز بابەتەکە بەشێوەیەکی زیندوو دەوڵەمەند فۆرمۆڵە ناکات – هەر لەسەرەتاوە ڕێگربووە لە بەردەم تێگەشتن لە ڕاستییەکان. سێگۆشە رێگە بە ماتماتیکزان دەدات هەم بنیاد بنێت و پیشان بدات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەک بیرۆکەیەکی ڕەها لە بۆشاییدا دەمێنێتەوە لەوە زیاتر گەشەناکات. مرۆڤ دەبێت لەگەڵ شتەکانی تردا بیانخاتە پاڵ یەک و پاشان هەڵوێستی تر وەربگرێت، کاتێک جیاوازییەکان دەخرێنە سەر یەکتر لەخۆیدا دەبێتە مایەی پەیوەندی زیاتر و ڕاستی جیاواز. بە پێچەوانەی ئەوەوە، لە پێناسەیەکی کۆنکریتی سەبارەت بە جیهانی زیندوو، وەک ئەوەی هەیە لە یاسا، دەوڵەت، سروشت و هەموو فەلسەفەکان، دەبێت خوێندنەوەی بابەتییانە بکرێت بۆ گەشەی ئامانجەکان، ڕەنگە لێکترازانی ئارەزوومەندانە نەیەتە پێشەوەو هۆکاری شتەکە خۆی دەبێت وەک شتێک ئاشکرا بکرێت، شتێک پڕاوپڕە لە دژایەتی و دەبێت هەر لە خۆیدا، یەکێتیی خۆی بدۆزێتەوە..
………………..
………………..

پەردەکە کەوتە خوارەوە و پیرۆزی پیرۆزییەکانم بەسەریەکدا کەوتن و دەبوو خوداوەندێکی نوێ لە شوێنی دابنێمەوە. هەر بەو بۆنەیەوە لە ئایدیالیزمەوە دەستم پێکرد و بەراورد و ئاوێزانم کرد بە ئایدیالیزمەکەی کانت و فیختە، گەیشتمە ئەو باوەڕەی ئەگەر خودا پێشتر لە سەروی زەوی بوو ئێستا لە چەقەکەیەتی. ناوە ناوە فەلسەفەی هیگڵم خوێندەوە، شێوە وشک و برینگەکەی وایکرد سەرنجم رانەکێشێت. جارێکی تر هەوڵمدایەوە نوقمێکی قووڵی ئەو دەریایە ببم، بەڵام بە نییەتی جێگیرکردنی ئەوەی کە سروشتی زەین بە هەمان شێوەی سروشتی جەستەیەکی پتەو پێویست و گرنگ و کۆنکریتە. ئامانجم پراکتیزەکردنی فێڵەکانی شمشێر بازی نەبووە، بەڵکو هێنانی مرواری ڕاستەقینە بوو بۆ ڕۆژی ڕووناک. وتوێژێکی بیست و چوار لاپەڕەیم نووسی : ( فەیلەسوف کلیانثس(Cleanthes)(٥) یان خاڵی سەرەتا و بەردەوامی زەرورەتی فەلسەفە). لێرەوە هونەر و زانست کە بەتەواوی لێکتر جیا بووبوونەوە، تاڕادەیەک یەک دەگرنەوە، وەک گەڕۆکێکی چالاک ئەو کارەم بە ئەنجام گەیاند. واتە دانانی دیالیکتیکی فەلسەفی لاهوت وەک فکرێک خۆی لە خۆیدا بەیان دەکات چ وەک دین و سروشت و مێژوو. ئەوگەڵاڵەیەم وەک سەرەتایەکی نوێبوو بۆ سیستەمی هیگڵی.
ئەم کارە وایکرد ئاشنایەتییەکی زیاتر پەیدابکەم بە زانستە سروشتییەکان و شیلینگ (Scheling)(٦) و مێژوو، سەرئێشەیەکی زۆری بۆ دروستکردم کە لە کۆتاییدا سەرو خواریم بۆ لێک نەدەکرایەوە، ئەو مناڵە خۆشەویستەم بە شێوەیەکی سروشتی لە ژێر تیشکی مانگدا دەژیا وەک ساحیرێکی فێڵباز دەمخاتە باوەشی دووژمنەکانم. بۆ چەند ڕۆژێک تەواو بێزار بووبووم و دەستەوەستان بووبووم لە بیرکردنەوە، وەک سەرشێتێک بەناو ئەو باخەدا کە نزیک ئاوە پیسەکەی ڕووباری سپرەیە دەسوڕامەوە؛ کە ( خەم رەوێنەو روح پاکدەکاتەوە)،تەنانەت لەگەڵ خاوەن خانووەکەمدا چووم بۆ ڕاو، دوواتر بە پەلە چووم بۆ بەرلین، ئارەزووم بوو هەموو ئەوانە لە سووچی جادەکان وەستابوون لە باوەشیان بگرم. پاش ماوەیەکی کەم دووبارە دەستم دایەوە بە خوێندنەوەیەکی چڕو پڕ، خوێندنەوەی ساڤینگی(Savigny)(٧) سەبارەت بە موڵکایەتی، فیورباخ و کارەکانی گرۆڵمان (Grolmann) (٨) سەبارەت بە یاسای تاوان،
هەروەها بە شێوەیەکی تایبەت بەشێک لە کارەکانی لۆترباخ سەبارەت بە یاسا مەدەنییەکان و یاسای کڵێسام خوێندەوە..
دوواتریش بەشێک لە ڕەوانبێژێکەی ئەرستۆم وەرگێڕا، لە ئێستادا خۆم سەرقاڵی خوێندنەوەی کتێبەکەی رایمارس کردووە سەبارەت بە غەریزە هونەرییەکانی ئاژەڵان کەلە ڕاستیدا چێژێکی زۆرم لێوەرگرتووە.. دڵتەنگیم بە ناساغبوونی جینی و بێ بەرهەمبوونی کارە هزرییەکانم وایانکرد لە خۆم توڕەبببم و دواتریش نەخۆش کەوتم.
باوکی ئازیزم، هەروەکوو ئەوەی بۆم نووسی بووی پاش چاکبوونەوەم هەموو ئەو شیعر و سەردێڕانەی بۆ نووسینی ڕۆمان هەمبوون، هەموویانم سووتاند. بەو بڕوایەی کە سنوورێک دادەنێم بۆ ئەم شێوە نووسینانە. بەهەرحاڵ ددانی پیادەنێم بەوەی کە تا ئێستا پێچەوانەکەیم نەخستۆتەڕوو. بە سوود وەرگرتن لەکاتی نەخۆشییەکەم، هیگڵم لە سەرەتاوە بۆ کۆتایی ناسی لەگەڵ زۆربەی قوتابیەکانی. لە رێگەی چەند کۆبوونەوەیەکەوە لە شترالو، بوومە ئەندامی یانەی دکتۆرەکان کە هەندێک لە ئەندامەکانی وانە بێژی زانکۆن و هاوڕێمن لەوانە دکتۆر ڕۆتنبێرگ. لێرە گوێت لە زۆر ڕای جیاواز و دژ بەیەک دەبێت. زۆرترین مشتومڕەکان سەبارەت بە فەلسەفەی جیهانی مۆدرێن بوو؛ کە بیرم لێکردۆتەوە خۆمی لێ دەرباز بکەم.
…………
…………

کوڕی خۆشەویستت
کارڵ

باوکی ئازیزم، تکایە ببورن لە شێوەی دەست و خەتی خراپم، کاتژمێر چواری بەیانییە، مۆمەکەم لە تەواوبوونەو چاوەکانم تەواو ماندوون؛ نا ئارامییەک هەموو مێشکی داگرتووم، ناتوانم بحەسێمەوە تانەگەڕێمەوە لای ئێوەی خۆشەویست.
تکایە سڵاوم بگەیەنە بە جێنی شیرین و ئازیز. نامەکەیم دوازدەجار خوێندۆتەوەو هەرجارەی دەیخوێنمەوە وشەی شیرینتری تێدا دەدۆزمەوە. نامەیەکە لە هەموو ڕوویەکەوە دەتوانم بڵێم جوانترین نامەیە کە ژنێک نووسیبێتی.

—————————————

پەراوێزەکان وەرگێڕ ئامادەی کردوون:

(١)ئەم نامەیە درێژترە وەک ئەوەی لێرە تەرجەمە کراوە، بەڵام ئێمە تەنها ئەو بەشانەمان لێ تەرجەمە کردووە کە پەیوەستن بە خۆشەویستی ئینسان و ئەدەب و هونەر و نووسین.

(٢)باد ئێمز؛ شارۆچکەیەکە لە شاری ڕاینلاند-پالاتیناتی ئەڵمانیا. شوێنی کارگێڕی ناوچەی گوندنشینی ڕاین-لانە و وەک کانیاوی دەوڵەمەند بە کانزاکان لەسەر ڕووبارەکە ناسراوە.

(٣)ئەنتۆن فریدریش جۆستۆس تیبوو ( ١٧٧٢ – ١٨٤٠)؛ لە شاری هامێلین لە شاری هانۆڤەر لەدایک بووە و کوڕی ئەفسەرێکی سوپای هانۆڤەر بووە و بە ڕەچەڵەک هوگێنۆتی فەرەنسی بووە. دوای خوێندن لە هاملن و هانۆڤەر، تیبوو وەک خوێندکاری فیقه دەچێتە زانکۆی گۆتینگن، لەوێوە دەچێتە کۆنیگسبێرگ و لەوێ لە ژێر دەستی ئیمانوێل کانت خوێندوویەتی و دواتر بۆ زانکۆی کیل، لەوێ هاوخوێندکار بووە لەگەڵ نیبوهر. لێرەدا بڕوانامەی دکتۆرای لە یاسا وەردەگرێت

(٤)جۆهان گۆتلیب هاینێکسیوس(١٨٦١ – ١٧٤١)؛ لە لایپزیگ ئیلاهیاتی خوێندووە، لە شاری هالیش یاسای خوێندووە. جۆهان لە ساڵی ١٧١٣دا وەک مامۆستای فەلسەفە و لە ساڵی ١٧١٨دا وەک مامۆستای فیقه دەستنیشانکرا. دواتر لە فرانێکر لە هۆڵەندا و لە فرانکفۆرت کورسییە یاساییەکانی پڕکردەوە، بەڵام دواجار لە ساڵی ١٧٣٣ وەک پرۆفیسۆری فەلسەفە و فیقه گەڕایەوە بۆ هالی.

(٥)پاندێکتس؛ تەواوی کۆدە یاساییەکانی سیستمی بەڕێوەبردنی دەوڵەت.

(٦)فریدریش ویلهێلم جۆزێف ڤۆن شێلینگ(١٧٧٥ – ١٨٥٤)؛ فەیلەسوفێکی ئەڵمانی بوو. مێژووە ستانداردەکانی فەلسەفە وای لێدەکات ببێتە خاڵی ناوەڕاست لە گەشەسەندنی ئایدیالیزمی ئەڵمانیدا، کە لە نێوان یۆهان گۆتلیب فیختە و جۆرج ویلهێلم فریدریش هیگڵ، لێکدانەوەی فەلسەفەی شێلینگ بەهۆی سروشتی پەرەسەندنی فەلسەفەکەیەوە بە قورس سەیر دەکرێت.

(٧)کاڕڵ فریدریش ڤۆن ساڤینی ( ١٧٧٩ – ١٨٦١)؛ کارل فریدریش ڤۆن ساڤینی لە ١٩ی ئەیلوولی ١٨١٤ لە بەرلین لەدایکبووە، باوکی زانای یاسایی فریدریش کارل ڤۆن ساڤینی بووە، کە ئەوکات ئەندامی ئەنجومەنی تایبەتی دادگای تێهەڵچوونەوە بووە، ئەندامی ئەنجومەنی دەوڵەتی پرۆس بووە و مامۆستا بووە لە زانکۆی بەرلین. لە بەرلین و میونشن و پاریس یاسای خوێندووە.

(٨)گرۆڵمان ( ١٧٧٧ – ١٨٤٣)؛ گرۆلمان لە شاری بەرلین لەدایکبووە. هەر لە تەمەنی سێزدە ساڵیدا بووتە سەرباز و چووە ناو فەوجێکی پیادە، لە ساڵی ١٧٩٥ وەک ئەفسەر، لە ساڵی ١٧٩٧ وەک لیوای دووەم، لە ساڵی ١٨٠٤دا پلەی لیوای یەکەم و لە ساڵی ١٨٠٥دا کاپتنی ستاف. ئەو بەهۆی کارەکتەری وزەبەخش و چاونەترسی خۆیەوە پێش جەنگی ساڵی ١٨٠٦ وەک ئەفسەری ستاف لە جێنا تا ئاشتی تیلسیت کاری کردووە و پلەی مەیجری بەدەستهێناوە. دوای ڕووخانی پرۆسیا، گرۆلمان یەکێک بوو لە چالاکترینەکان وەک یاریدەدەرانی شارنهۆرس لە کارەکانی ڕێکخستنەوەی وڵات.

——————————–

سەرچاوە:
The Marx – Engels Reader, Edited by Robert C. Tucker, Princeton University , Second edition , New York , London , 1978 page 7-11

—————————

ئەم بابەتە لە ژمارە ٢٨ی رۆژنامەی رەوت بڵاوبۆتەوە..




ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی لە کوردستان.. نووسینی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

سەرەتای ڕەخنەی ئەدەبی کوردی
مێژووی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی بیستەم و هەوڵەکانی ڕەخنەگرانی کورد لەم بوارەدا بەتایبەت نووسین و هەوڵەکانی شاعیران و نووسەران کە لە دەیەی بیستەکانەوە لە ڕۆژنامەی تێگەیشتنی ڕاستییەوە(١٩١٨ – ١٩١٩) دەست پێدەکات و تا دەگات بە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەمڕۆ.. ئەم بزووتنەوەیە لە دەیەی بیستەکانەوە دێتە مەیدان بەڵام بە بەگشتی کاڵوکرچ و نازانستی بووە. بەڵام لە دەیەی سییەکاندا زیاتر دەردەکەوێت و ڕووپەڕی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بەڕوویدا دەکرێتەوە. گۆڤاری گەلاوێژ ( ١٩٣٩ – ١٩٤٩) ڕۆڵێکی گرنگی گێراوە لە پەرەدان بەم ژانرەی ئەدەب. زۆربەی نووسینە ڕەخنەییەکان لەسەر ژانری شیعر و ململانێی نێوان شیعری کۆن و نوێ بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەپاڵ قسەکردن لەسەر شیعر؛ نووسەرێکی وەک (ع و نوری عەبدولواحید نووری) ش بە بیروباوەڕە مارکسییە پێشکەوتووخوازەکەیەوە لە نووسینەکانیدا تەئکیدی لەسەر ئەرکی ئەدەب لە چاککردنی بارودۆخی ژیانی کۆمەڵگە دەکرد. (١)عەبدولواحید نوری یان (ع و نوری ١٩٠٤ – ١٩٤٤) ڕەنگە یەکەم ڕەخنەگری ئەدەبی کورد بووبێت کە هەوڵیداوە لە پەیوەندی نێوان کۆمەڵگە و دەقی ئەدەبی بدوێت. لەدەی سییەکان ڕەخنەگرانی وەک حامد فەرەج و تۆفیق وەهبی باسیان لە گرنگی ڕەخنەی ئەدەبی کردووە. ڕەخنەی ئەدەبی لەم دەیەیەش وەکو دەیەی بیستەکان نەیتوانیوە بە شێوازێکی زانستییانە بنووسرێت و دوور بێت لە زمانی زبر. دەیەی چلەکان، دەیەی پاشەکشەی ڕەخنەی ئەدەبییە و گۆڤاری گەلاوێژ لاپەڕەکانی بەڕووی ڕەخنەدا دادەخات. لەو دەیەیە جگە لە کتێبی (شیعر و ئەدەبیاتی کوردی) ڕەفیق حیلمی شتێکی وا نابینین کە شایانی باسکردن بێت. بەڵام لە دەیەی پەنجاکان ڕەخنەی ئەدەبی جارێکی بە گوڕ و تینەوە دێتە مەیدان و گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەو سەردەمە وەکو ڕۆژنامەی ژین(١٩٣٩ – ١٩٦٣) و هیوا (١٩٥٧ – ١٩٦٣) و شەفەق ( ١٩٥٨ – ١٩٦١) و بڵێسە و هەتاو و پێشکەوتن(١٩٢٠ – ١٩٢٢) ڕۆڵی سەرەکیان گێرا لەبرەودان بەم ژانرە ئەدەبییە. لەم دەیەیەدا دەبینین زۆربەی ڕەخنەگران باس لە ئەدەب و ژیان و ئەدەب و کۆمەڵگە و ئەدەب و خەڵک و ڕۆڵی کۆمەڵایەتی ئەدەب دەکەن، دیارە ئەمەش بە کاریگەری ئەدەبیاتی ڕیالیزمی سۆشیالیستی کە ئەو سەردەمە لەبرەودا بوو. نووسەرانی وەک نوری ئەمین مەحمود و مارف خەزنەدار و ئیحسان فوئاد و شێخ مەحەمەدی خاڵ و مارف بەرزنجی و عەلائەدین سەجادی و حوسێن عارف و موحەڕەم محەمەد ئەمین و مەحمود زێوەر و ساجد ئاوارە و رەفیق حیلمی و دکتۆر عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ و دکتۆر بەدرخان سندی زۆر زانستییانە تر و بە مەعریفەیەکی فراوانترەوە دەست و پەنجەیان لەگەڵ ئەم ژانرەدا نەرمکردووە. هەرچی دەیەی شەستەکانە سەرباری چالاکییەکانی ڕەخنەگران و نووسین و کتێبەکانیان، دەتوانین بڵێین بەگشتی دەیەی متبوون و سستی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی بوو. لەگەڵ ئەوەشدا دوو بۆچوون دەربارەی ڕەخنەی ئەدەبی لە دەیەی شەستەکان دەکەونە بەرچاو ؛ یەکێکیان ئەوەیە کە ڕەخنەی ئەدەبی زیاتر مۆرکی کەسیی پێوەیە و ئەویتریان ئەوەیە کە ڕەخنەی ئەدەبیمان هەر نییە. لەگەڵ ئەوەشدا هەم نووسینە ڕەخنەییەکان و هەم کتێبە چاپکراوەکان بەروونی کاریگەری ڕیێبازی ڕیالیزمی سۆشیالیستییان بەسەرەوە دیارە. لێرەدا نابێت ڕۆڵی ئەو قوتابییانە لەیاد بکەین کە دەچوونە یەکێتیی سۆڤییەتی جاران بۆ خوێندن و لەگەڕانەوەیان پیادەکردنی ئەو ڕێبازەیان لە نووسینەکانیاندا دەگرتە بەر (٢) هەرچی دەیەی حەفتاکانە بە دەیەی زێڕێنی گەشە و بەرەوپێشچوونی ئەدەبی کوردی و ڕەخنەی ئەدەبی کوردی دەژمێردرێت. بانگەوازی ڕوانگە لە ٢٤-٤-١٩٧٠ و بوونی ڕۆژنامەی هاوکاری؛ ئەمە جگە لە گۆڤاری ڕوانگە ( ١٩٧٠ – ١٩٧٢) و نووسەری کورد و بڵاوکراوەکانی تر کە هەر هەموو پێکەوە ڕۆڵیان گرنگیان بینی لە هەستانەوەی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی. دیارە لەنێو ئەم هەستانەوەیەدا نووسەران و ڕەخنەگرانی دابەش بووبوونە سەر دوو بەرەوە. بەرەیەکیان پشتیوان و پاڵپشتی ڕوانگە و ترادیسیۆنی ئەدەبیی بوون و بەرەی دووەمیش سەپۆرتی لێکدانەوەی زانستییانە و پێشکەوتووخوازانەیان دەکرد و دەکۆشان لەژێر سێبەری بیروباوەڕی مارکسیزم لێکۆلینەوە ئەدەبییەکانیان ئەنجام بدەن. ئەوانیش بریتی بوون لە ( فوئاد وەرەداغی و فازیلی مەلا مەحموود و ئەحمەد سەید عەلی بەرزنجی و کەمال میراودەلی و فوئاد مەجید میسری و محەمەدی مەلا کەریم) کە زیاتر بە میتۆدی مارکسیستییەوە بەرهەمە ڕەخنەییەکانیان بڵاوکردۆتەوە. لێرەدا دەتوانین ئەوە بڵێین کە ئەگەر لە دەیەی چلەکان و پەنجاکان ڕەخنەی ئەدەبی مۆرکێکی ڕیالیستی هەبوو و باسی پەیوەندی نێوان دەق و ژیانی دەکرد، ئەوا لە دەیەی حەفتاکان و لەبەرامبەر ئەدەبی ناسیونالیستی کوردیدا کە تەواوی بزووتنەوەی سیاسی کوردی سەپۆرتی دەکرد ڕەخنەیەکی ئەدەبی جییدی و مارکسیستی هاتە ئاراوە و شکلی گرت و وردە وردە گەشەی بەخۆیدا. (٣) دەیەی حەفتاکان و هەشتاکان لەڕێگەی گۆڤارەکانی وەکو نووسەری کورد و بەیان و ڕۆژی کوردستان و رۆشنبیری نوێ و بیری نوێ و پاشکۆی ڕۆژنامەی عێراق و ..تاد، ئەم بزاوتە وردە وردە هەنگاوی هەڵدەهێنایەوە و هەناسەیدەدا، بەڵام ئەم بزاوتە ڕەخنە مارکسیستە ڕادیکاڵەکە بەهۆی هەلومەرجی سیاسی دەیەی هەشتاکان و سەرکوتی سیاسی حیزبی بەعس لە کوردستانی عێراق، تا دەهات کز و کزتر دەبوو. لە دەیەی هەشتاکان دوو ڕووداو دێنە پێشەوە کە کاریگەرییان بەسەر ڕەوتی ئەدەبی کوردییەوە هەبووە. یەکەمیان لە ناوەڕاستی دەیەی هەشتاکان، کانوونی هونەر و ئەدەبیاتی کرێکاری کوردستان لەلایەن نووسەران و ئەدیبانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانەوە دێتە دامەزراندن و گۆڤاری (پێشەنگ) چاپ و بڵاو دەکەنەوە. دووەمیان لە نیوەی دووەمی دەیەی هەشتاکان بە تایبەتیش لە ساڵی ١٩٨٧ حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست لە شاری هەولێر دادەمەزرێت و گۆڤاری (ڕابەر) بڵاودەکەنەوە. ئەم دوو ڕێکخراوە ئەدەبییە مارکسیستییە لەڕووی مێژووییەوە یەکەمین ڕێکخراوی ئەدەبی مارکسیستین و دووەمیش لەسەر دەستی ئەو دوو ڕێكخراوە ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی دوور لە کاریگەری ناسیونالیزم و لیبڕالیزم و ..تاد هاتە مەیدانی تیۆری و پراکتیکەوە و کە تا ئێستاش درێژەیان هەیە.(٤)
بەدرێژایی ئەو مێژووەی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی، دوو بۆچوون و تێڕوانینی چینایەتی جیاواز لەبواری توێژینەوە و ڕەخنەی ئەدەبی کوردی بوونیان هەبووە و قسەی خۆیان کردووە. تێڕوانینی ناسیونالیست لیبڕاڵ و تێڕوانینی مارکسیستی. زۆر قسە دەربارەی بزووتنەوەی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی ( مەبەست ڕەخنەی ئەدەبی ناسیونال – لیبڕاڵ) کراوە و توێژینەوەی لەبارەوە ئەنجامدراوە، بەڵام لەسەر بزاوتی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی تا ئەو جێگایەی من ئاگادار بم، هیچ کارێکی بەرچاوی وا نەکراوە. بۆیە من وای دەبینم تا درەنگتر نەکەوتووە، ئێمەی ڕەخنەگرانی مارکسیست دەبێت لەڕێگەی هەوڵەکانمانەوە، هەم قسەی چینایەتی خۆمان بکەین و هەمیش وەڵامگۆی کێشە و ئاریشەکانی ئەم سەردەمە بین.

بونیاد و میتۆدەی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی کوردی
لێکۆڵینەوە لە بونیاد و میتۆدی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی نەک هەر گرنگە، بەڵکو پێویستییەکی هەنووکەییە و فەرامۆشکردن و پشت گوێخستنی زیان بە ئەدەبی پێشکەوتووخوازی و مارکسیستی دەگەێنێت و خزمەت بە ئەدەبی بۆرژوازی دەکات. گەرچی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی لە سێ دەیەی ڕابردوو لەنێو بزووتنەوەی ئەدەبی کوردیدا نەیتوانیوە ئامادەییەکی بەرچاوی هەبێت، بەڵام بەیەکجاریش ون نەبووە و تا بۆی لوا بێت قسەی خۆی کردووە و گۆڕەپانی ڕەخنەی کوردی چۆڵ نەکردووە. ڕەخنەگرانی مارکسیستی جیهانیی هەر لە (جۆرجی بلیخانۆڤ و بیلینسکییەوە بگرە تا دەگاتە جۆرج لۆکاش و هێربێت مارکوزە و ئەنتۆنی گرامشی و برتۆڵد برێشت و فریدریک جەیمسن و تێری ئەنگڵتن) ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە و هەیە لە ناسینی ئاستەنگەکان و لێکدانەوە و شڕۆڤەی دۆخی بزووتنەوەی ڕەخنەی ئەدەبی و وەڵامدانەوەی کێشەکان. لە کوردستانیشدا ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی؛ هەمیشە خاوەن قەڵەم و نووسەری خۆی بووە و گەلێ نووسەری جیددی وەک (عەبدولواحێد نوری و فازیلی مەلا مەحموود و ئەحمەد سەید عەلی بەرزنجی و کەمال میراودەلی فوئاد قەرەداغی و فوئاد مەجید میسری و حەمەسەعید حەسەن و یوسف ئەحمەد دەرگەڵەیی محەمەدی مەلا کەریم و جەماڵ کۆشش و عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) و سلێمانی قاسمیانی و سەعیدی ئەمانی و ..تاد)کەم تا زۆر بە نووسینەکانیان هەوڵیان داوە ئەو لایەنەی ژانری ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی گەشە پێبدەن و هەناسە بدات. سەرباری هەر ئاستەنگ و ڕێگرییەکیش کە هاتۆتە ڕێیان. چونکە پێمان خۆش بێت یان نا؛ ئەدەبی بۆرژوا ناسیونالیستی کوردی هەروا بە ئاسانی بوار بە ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی نادات لە مینبەرەکانیانەوە( گۆڤار و ڕۆژنامە و ڕادیۆ و تەلەفیزیۆن) چالاکییەکانیان نمایش بکەن و دەقەکانیان بڵاو بکەنەوە. ئەدەبی ناسیونال – لیبڕاڵی کوردیی کە ئەدەبی باڵا دەستی بزووتنەوەی ئەدەبی کوردییە لە کوردستان، لە سەپۆرتێکی مادیی و مەعنەوی دەسەڵاتدارانی بۆرژوازی کوردستان بەهرەمەندە و بەپێچەوانەی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی کە لە هیچ سەپۆرتێک بەهرەمەند نییە. ئەمەش وای کردووە ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی نەتوانێت لێبراوانە چالاکی ئەدەبی و ڕەخنەیی خۆی بەرەوپێش ببات و ئاستەنگەکانی بەردەم هەنگاوەکانی وەلا بنێت. ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی ڕەخنەیەکی گۆشەگیر و بێئەرک نییە، بەڵکو بەشداری کارا دەکات لە ئاراستەکردنی ئەدەب بەرەو ڕێگای شۆڕشگێڕانە. ئامرێ سێزمان سەبارەت بە ئەرکی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی دەپرسێت کە ئایا( مارکسیزم چ بەشدارییەکی لە ڕەخنەی ئەدەبیدا کردووە؟ بەریەککەوتنی لەگەڵ ئەدەب لە سەدەی بیستەمدا چۆنە و هەروەها ئەو ئاراستانە چین کە ڕەنگە ڕەخنەی مارکسیستی لە سەدەی بیست و یەکەمدا دەبێت بیانگرێتەبەر؟)(٥) ئەم پرسیارانە و کۆمەڵێ پرسیاری تر کە ڕووبەڕووی توێژەران و لێکۆڵەرەوان دەبنەوە پێویستە لەڕووی تیۆری و ئینجا کردەییەوە(پراکتیکەوە) وەڵام وەربگرنەوە. ڕەخنەگرانی ئەدەبی مارکسیستی کوردیش پێویستە بەشدارییەک بکەن با بەپێی پێویستیش نەبێت، تا لەئاستانەی بردنە پێشەوەی بزووتنەوەی ڕەخنەی ئەدەبی ڕادیکاڵەنە و هاورچەرخ بتوانێ ڕۆڵی خۆی بگێرێت.
کۆمەڵگەی سەرمایەداری؛ وەک کۆمەڵگەیەکی چینایەتی کە لەسەر بنچینەی ململانێی نێوان کار و سەرمایە بەرێوە دەچێت، بونیادی ماددی خۆی لەسەر پایەکانی موڵکایەتی تایبەت و خێزان و نیشتمان و ئایین بونیاد ناوە. کۆمەڵگەیەکە هیچ ڕۆژێک بەبێ ستەم و سەرکوت ناتوانێت بژێت و یەک ساتیش بەبێ قازانج و مەرگی ئینسان ناتوانێت هەناسە بدات. ئەم کۆمەڵگە پڕ لە ئاشووب و شەڕ و ماڵوێرانییە یەک لایەنی جوانی تێدا نییە تا نیشانی ئینسانی بدەین، سەرتاپای ناشرینی و مەرگەساتە. بۆرژوازی بۆ شاردنەوەی ئەو مەرگەساتەی کە ناوی ناوە ژیان و بەجوان نیشاندانی ئەو ماڵوێرانییە پێویستی بە ئەدەب و هونەرێک هەیە تا ئەو ئەرکەی بۆ ڕاپەڕینێت. ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی و ئەدەب و هونەری کرێکاریی ڕێک پێچەوانەی ئەو ئەرکە کۆنەپەرستەی هونەری بۆرژوازی؛ ماهییەتی دژە ئینسانی ئەو کۆمەڵگەیە نیشان دەدات. ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی پێویستییەکی گرنگی قۆناغی خەباتی چینایەتی کرێکارانە دژ بە سەرمایەداران و بۆرژوازی. بونیادی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی؛ بونیادێکە لەسەر بنەمای تیڕوانینە چینایەتییەکان وەستاوە. واتە لە گۆشەنیگای ململانێی چینایەتییەوە دەڕوانێتە دەق و ئەدەب. ئەم ژانرە ڕەخنەی کۆمەڵایەتی و ئیستاتیکی ئینسانی سۆشیالیستە لە تەواوی سەرخان و هەروەها لە پراکتیکی دژە ئینسانی دەسەڵاتە ستەمکارەکانی بۆرژوازی. دیارە نابێت بیرمان بچێت کە ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی هەر تەنها تاک ڕەهەندانە کار ناکات. واتا هەر تەنها دژ بە واقیعییەتی کۆمەڵگەی سەرمایەداری ناوەستێتەوە، بەڵکو دژ بەو ئەدەبەش دەوەستێتەوە کە بەرگری لەو واقیعیەتە تاڵە و لەو ماڵوێرانییە دەکات.( بۆ ڕەخنەگرانی مارکسیست، ئەدەب ئاماژەی گەشەسەندنی هۆشیاری کۆمەڵایەتییە و هەروەها ئامڕازێکی بەهێزە بۆ کاریگەری لەسەر بیری گشتی بۆ جووڵەکردن بە ئاراستە نوێکان.)(٦)ڕەخنەگری مارکسیست بۆ ئەوەی بتوانێت هەمیشە لە ڕەخنەکانیدا ئامانج بپێکێت، دەبێت ئاگاداری گەشەی ئەدەب و هونەر و زانستەکانی کۆمەڵناسی و دەروونشیکاریی و …تاد بێت. دەبێت پەیوەندی دەق و کۆمەڵ، نووسەر و چین، دەق و نووسەر و ئایدیۆلۆژیا لە دیدگای مارکسیزمەوە بەجوانی بناسێت و ئەم گۆشەنیگایە بکات بەبونیادی بابەتەکانی. واتە باری کۆمەڵناسی و ئیستاتیکی دەقی ئەدەبی و زمان بۆ ڕەخنەگری مارکسیستی گرنگن و بەشێکن لە بونیادی ڕەخنە. ئەدەب بەشێکە لە وشیاری کۆمەڵایەتی و ناکرێت تەماشای دەق و ئەدەب بکەین وەک ئەبستراکتێک، بەڵکو دەبێت وەکو خولقاوێک لەپەیوەند بە کۆمەڵگە و ژیانی کۆمەڵایەتییەوە ببینرێت.
بەو پێیەی مارکسیزم ڕەخنەیەکی هەمەلایەنەیە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری، ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستیش ڕەخنەیە لە تەواوی دنیای ئەدەب و هونەری بۆرژوازی. میتۆدی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی، میتۆدی سۆشیالیزمی زانستییە و هەمان ئەو میتۆدەیە کە مارکس دانتی پێ خوێندۆتەوە و لینین تۆلستۆی پێ هەڵسەنگاندووە. ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی تەنها ڕەخنەیەکی ئایدیۆلۆژییانە نییە لە دەق، بەڵکو زیاتر هەڵسەنگاندنێکی چینایەتی دەقی ئەدەبی و هونەرییە لە پەیوەندی بە چین و کۆمەڵگە و ژیان و ئینسانەکان دەدوێت. خوێندنەوەی واقیعی کۆمەڵگە و ئەدەب؛ ئەرکی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستییە و ڕەخنەگران پشت ئەستوور بەو خوێندنەوە واقیعییە دەتوانن پەرە بە ئەدەب و هونەری ئینسانیی بدەن و دژ بە کۆنەپەرستی ئەدەبی بۆرژوازی بوەستنەوە. ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی ڕەخنەی ڕەتکردنەوە و داهێنانە. واتە کۆنەپەرستی ڕەت دەکاتەوە و پێشکەوتووخوازی پەرە پێدەدات. ئێمە دەزانین مارکسیزم کاریگەرییەکی یەکجار زۆری لەسەر توێژینەوەی ئەدەبی و کلتووری هەبووە و هەموو ئەوانەی ئارەزووی ئەو بوارەیان هەیە پێویستە ئاگاداری ئەو کاریگەرییە جەوهەرییەی مارکسیزم بن لەسەر ئەدەب و هونەر و کلتوور . دەستکەوتە زانستییەکانی توێژینەوەکانی مارکسیزم لەبواری ئەدەب و کلتوور دیار و بەرچاون. بۆیە بەبێ ئاگاداری ئەو دەستکەوتانە و بەبێ خوێندنەوەی ئەو هەوڵانە، ڕەخنەگران ڕەنگە نەتوانن بەپێی پێویست خاڵ لەسەر پیتەکان دابنێن. وەک دەزانین ئایدیۆلۆژیای زاڵ لە کۆمەڵگە؛ ئایدیۆلۆژی دەسەڵاتداران و ستەمکارانی چەوسێنەرە. ئەدەب و هونەری بۆرژوازیش وەک بەشێک لە سەرخانی کۆمەڵ و ئایدیۆلۆژیای زاڵ؛ ڕۆڵی نیگەتیڤ دەگێڕێت لە پەردەپۆشکردنی واقیعییەتی کۆمەڵگە. ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی بەدوای هەژموونی دەقەوە نییە و ئەو نایەوێت نووسەر کۆنترۆڵ بکات و ئازادی بەمانا سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی لێ زەوت بکات. بەڵکو دەیهەوێت شڕۆڤەی دەق بکات و خوێندنەوەیەکی پراکتیکی چینایەتی بۆ پرۆسەی نووسین و دەق بکات و لەوێشەوە لەڕوانگەی بەرژەوەندی کرێکارانەوە هەڵسەنگاندنی خۆی ئەنجام بدات.

گوتاری ڕەخنەی ئەدەبی کوردی و ئاریشەکان
ڕەخنەی ئەدەبی کوردیی وەکو بەشێک لە سیستەمێکی ڕەخنەیی کلتووری هەمەلایەن لە واقیعییەتی بزووتنەوەی ئەدەبی و ڕۆشنبیری کوردیی، ئەرکییەتی وەڵامگۆی ئەم ئاستی گەشە و نەشونمای بزووتنەوەی ئەدەبی و فەرهەنگی کوردی ئەم سەردەم و قۆناغە هەستیارە بێت و قسەی خۆی لەسەر کێشە بناغەییەکانی ڕەخنە و ئەدەب و هونەری کوردی بکات. لەجەرگەی ئەم ململانێ ئەدەبی و ڕۆشنبیرییە، هەردوو ئاراستەی جیاوازی ڕەخنە ئەدەبی کوردی لەسەریانە قسەی خۆیان بکەن و ئاسۆی چارەسەرکردنی ئاریشەکان بخەنە بەردەم بزووتنەوەکە. ڕەخنەی ئەدەبی کوردی و ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی دەبێت هەوڵەکانی خۆیان بەئاراستەی وەڵامدانەوە بە کێشەکانی بزووتنەوەی ئەدەبی کوردی بەرن. ململانی کۆمەڵایەتییەکانی نێو کۆمەڵگە هەر لەنیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمەوە لەبڵاوکراوە سیاسی و ئەدەبییەکاندا دوو بۆچوون و تێڕوانینی چینایەتی جیاواز لەبواری توێژینەوە و ڕەخنەی ئەدەبی کوردی بوونیان هەبووە و قسەی خۆیان کردووە. ئەمڕۆ لە جیهانی بڵاوکردنەوە و چاپەمەنی کوردی و هەروەها پانتایی میدیای بیستراو و بینراودا هەوڵە ئیندیڤجواڵەکان لەئارادان و بەڵام زۆر بەکەمی هەوڵی سیستیماتیک و بەکۆمەڵ دەبینین کە ئیش لەسەر ڕەخنەی ئەدەبی و هونەری بکات.(٧) گوتاری ڕەخنەی ئەدەبی کوردی، گوتارێکە تا ئێستا نەیتوانیوە بەپێی پێویست پابەند بێت بە پرنسیپەکانی ڕەخنەوە، هەنگاوی پراکتیکی ڕوو لە ناسینی خۆی و ئەدەب و هونەر بێت. لەبەر ئەوەی هەڵگری بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانە لە کۆی سیستەمی مەعریفی کۆمەڵگە نەبووە، بۆیە دەبینین تا هاتووە لە ئەرکەکانی خۆی دوور کەوتۆتەوە و خۆی لە قسەی جیددی بەدوور گرتووە و نەبۆتە بەشێک لە پرۆسەی خوێندنەوەی ڕەخنەگرانە. بەڵکو هەر بەمەشەوە نەوەستاوە و خۆی تا ئاستێکی زۆر نزم هێناوەتە خوارەوە و لە ژانر و هونەرەوە بۆتە کاسبی و هاوکێشەی نووسین بە نووسین و دەعوەت و شتی بێمانای لەمجۆرە کە مەگەر هەر لە قووتووی عەتاری بۆرژوازیدا بوونی هەبێت، دیارە ئەمەش جگە لە بێماناکردنی ڕەخنە و ئەرکە کۆمەڵایەتییەکانی هیچی تر نییە. هێنانەخوارەوەی بەهای ئەدەبی و مەعریفی ڕەخنە ناتوانێت بچووکترین خزمەت بە بزووتنەوەی ئەدەبی و هونەری بگەێنێت. ئەو نووسەرانەی لەژێر ناوی ڕەخنەی ئەدەبی ئەم کارانە ئەنجام دەدەن، سەلمێنەری ئەوەن کە یەکەم هیچ لە مانای ڕەخنە و بەهای کۆمەڵایەتی و مەعریفی ڕەخنە نەگەیشتوون و دووەمیش بێئاگایی و دەستوپێ سپێتی خۆیان نیشان دەدەن. ئاریشەیەکی تری ڕەخنەی ئەدەبی کوردی کە دەتوانین بەڕوونی ببینین و بیخوێنینەوە بریتییە لە ناوەندە ئەکادیمییەکان. ناوەندە ئەکادیمییەکانی کوردستان و دەزگا ڕۆشنبیرییەکان و زانکۆکان و دامەزراوە فەرهەنگییەکان و کۆڕی زانیاری کوردستان و بڵاوکراوکانی ئەو ناوەندانە وەکو گۆڤار و ڕۆژنامە و کتێب کە نەک هەر ئیشیان بەپێی پێویست لەسەر ڕەخنە نەکردووە، بەڵکو بەهای ڕەخنەشیان لەجێی شیاوی خۆی دانەناوە. ڕەنگە کەسێک بپرسێت ئەی بۆ بزاوتی ڕەخنەی ئەدەبی لەدەیەی حەفتاکان و هەشتاکان بەمجۆرە نەبوو، دەتوانین بڵێێن کە ئەوکات ڕەخنەی ئەدەبی لەپێناو مەعریفەدا بوو و ئێستاش لە سێ دەیەی ڕابردوو لەپێناو مەرامە کەسیی و حیزبی و غەیرە مەعریفییەکان دەنووسرێت. هەلومەرجی سیاسی کوردستان و شەری نێوان باڵەکانی ناسیونالیزمی دەسەڵاتدار بەجۆرێک کەوتەوە کە دوو ئیدارەیی بەدوادا هات و نووسەران و هونەرمەندانیش بوون بە دوو بەرەوە. نووسەران و هونەرمەندان و ڕۆژنامەنووسان کەوتنە بەردەم بەرداشێکەوە کە یان دەبێت ئەم باڵ بن یان ئەو باڵ. لێرەشەوە مەسەلەی حیزبی بوون و خەساندن و کڕینی نووسەران و …تاد هاتەگۆڕێ. نووسەران و ڕەخنەگران ئەوەندەی خەمی ڕازیکردنی باڵەکەی خۆیان بوون و ڕەخنەیان لە نووسەرانی باڵەکەی تر دەگرت، ئەوەندە خەمی مەعریفە و بەرەوپێشچوونیان نەبوو. ئەوان لەژێر ناوی دژایەتیکردنی ئایدیۆلۆژیا بەرگرییان لە ئایدیۆلۆژیا دەکرد. کێشەی ئەو ڕەخنەیە کێشەیەکی چینایەتی نەبوو ئەوەندەی کێشەی ناو یەک بازنەی داخراوی ئایدیۆلۆژیای ناسیونالیستی بوو.
گوتاری ڕەخنەی ئەدەبی کوردی کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا هەڵگری بووە، گوتارێکی زیاتر ناسیونالیستی بووە گەرچی لە هەندێ قۆناغدا نەیتوانیوە هەڵگری ئەو پەیامەش بێت. گوتارێک زیاتر بە دەروی شیعردا خوولاوەتەوە و جارێک زمانی زبر و جارێکی دی نکووڵی کردن لە بوونی ڕەخنە و ڕوون نەبوونی سیمای ڕەخنە بەگشتی لای ڕەخنەگران تا دەگات بە ڕیالیستبوونی ڕەخنە و پەیوەندی نێوان دەق و کۆمەڵگە و جەماوەر و ئینجا هاتنەمەیدانی بزاوتێکی ڕەخنەیی پێشکەوتووخواز ، کە دەتوانێت کورتەیەک بێت لە سیما و جەوهەری بزووتنەوەی ڕەەخنەی ئەدەبی کوردی کە سەد ساڵە لەئارادایە و هێشتاش نەیتوانیوە لە ئامانجە مێژوویی و مەعریفی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆی نزیک ببێتەوە.(٨)

دواجار
دواجار پێموایە ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی وەک نەریتێکی ڕەخنەیی و ژانرێکی ئەدەبی، ئاڵوگۆڕێکی وای بەسەردا نەهاتووە بەبەراورد بە گەشەی کۆمەڵگەی سەرمایەداری. چونکە سەرمایەداری گەرچی لە شێوە و فۆرمدا گۆڕاوە بەڵام لە جەوهەردا هەر هەمان ئەو جەوهەرەیە کە ڕابەرانی سۆشیالیزمی زانستی کارڵ مارکس و فریدریک ئەنگڵس و لینین پێناسەیان کردووە و ناساندوویانە بە خوێنەر و چینی کرێکار. بەم پێیە ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی؛ وەکچۆن پایەکانی لەسەر واقیع و زانست بنیادنراوە، ئاواش لەهەر سەردەم و قۆناغێکدا واقیعبینانە و زانستییانە بە ئەرکە چینایەتییەکانی خۆی هەڵدەستێت و ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت لە پرۆسەی هۆشیارکردنەوەی زۆربەی هەرە زۆری کۆمەڵگە، لە کوردستانیش ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی گەرچی خاوەن مێژوویەکە، بەڵام ئەو مێژووە بەپێی پێویست نەخوێنراوەتەوە و بەردەست نییە بۆ لێکۆڵەرەوانان و ڕەخنەگران تا بەڕۆشنی ڕەوتی گەشەکردنی ئەو ڕەوتە لە ڕەخنەی شۆڕشگێڕانە دیاری بکەن. ئەرکی توێژەرانی ئەدەبی مارکسیستییە لە کوردستان ئەو مێژووەی ڕەخنەی ئەدەبی، ڕەخنەگرانە بخوێننەوە و هەنگاو بە هەنگاو لەڕەوتی گەشە و بەرەوپێشچوونی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی لە کوردستان هەر لە سەرەتای دەیەی بیستەمی سەدەی ڕابردووە تا ئەمڕۆ، بکۆڵنەوە. ڕەخنەگری ئەدەبی مارکسیستی کوردیش ئەرکییەتی بەهەمان میتۆد و بەهەمان گۆشەنیگای مارکسەوە لەنێو بزووتنەوەی ئەدەبی کوردیدا تێبکۆشێت، ببێتە بزوێنەری سەرەکی بزووتنەوەی ئەدەبی کوردی و تەواوی بزووتنەوەی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی بە ناسیونالیزم و مارکسیزمەوە، (کە ئەمەی دواییان دوو جۆر بوون و سەر بە دوو ئاراستەی جیاواز بوون کە ئەوانیش ماویزم و ستالینیزمن)، بخوێنێتەوە و هەژموونی پێشکەوتووخوازی و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بکات بە بیرکردنەوەی زاڵی نێو بزاوتی ئەدەب و هونەری کوردی لەم سەدەی بیست یەکەمینەدا.

———————————-

سەرچاوە و پەراوێزەکان :

١- هەندێک لە زانیارییەکانی نێو ئەم نووسینەم لە کتێبی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی و مەسەلەکانی نوێکردنەوەی شیعر دکتۆر پەرێز سابیر لەبڵاوکراوەکانی دەزگای ئاراس چاپی یەکەم هەولێر ٢٠٠٦ لاپەڕەکانی ١٩ تا ١٠٠، وەرگرتووە.
٢-عەزەدین مستەفا ڕەسوڵ و شوکریە ڕەسوڵ و کوردستان موکریانی و جەماڵ خەزنەدار و کاوس قەفتان و نەسرین فەخری و ،مارف خەزنەدار و .تاد لەو قوتابیانە بوون کە لە دەیەی شەستەکانی سەدەی رابردوو لە یەکێتیی سۆڤییەت خوێندویانە و بڕوانامەیان بەدەست ‌هێناوە.
٣-من وای دەبینم کە ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی بەشێوە سادە و سەرەتاییەکەشی بێت، بوونی هەبوو بێت و لانی کەم لە بڵاوکراوە و گۆڤار و ڕۆژنامەکانی (حشع)دا ، بەڵام بەداخەوە تا ساتی نووسینی ئەم بابەتە زانیاری پێویستمان لەبەردەستدا نییە.
٤-بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی بزاوتی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی دەیەی هەشتاکان بڕوانە کتێبی ( دەربارەی کار و تێکۆشانی حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست و گۆڤاری ڕابەر ١٩٨٧ – ١٩٩١) نووسینی عەبدوڵا سلێمان(مەشخەڵ) لە بڵاوکراوەکانی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق چاپی یەکەم ٢٠٢٢.

5-Marxist Criticism, Then and Now
https://link.springer.com/chapter/10.1057/9781137339959_3
https://philpapers.org/rec/SZEMLC

6-Preface to Revolution : Russian Marxist Literary Critisim 1883 – 1917
Yale University publishing 1972 page 2.
Pro Quest website Lucid, Daniel Peri
https://www.proquest.com/openview/a9d6093ba03e3035f81c2316e99f1319/1?pq-origsite=gscholar&cbl=18750&diss=y

٧- ئێمە دەزانین لەگەڵ سەرهەڵدان و هاتنە مەیدانی چینی کرێکاری عێراق، خەباتی ئەو چینە دژ بە چەوسانەوەی سەرمایەداران دەستی پێکردووە و ئەدەبیش بەشداری ئەو خەباتەی کردووە. ڕەخنەی ئەدەبیش کەم تا زۆر بوونی خۆی هەبووە و ڕۆڵی خۆی گێڕاوە. بەڵام لە ئۆرگان و ڕۆژنامە و بڵاوکراوە حیزبی و غەیرە حیزبییەکاندا و هەروەها لەناوەندە ڕۆشنبیرییەکانیش بەتایبەتی لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە تا کۆتایی دەیەی شەستەکان هیچ توێژینەوەیەک یان لێکۆڵینەوەیەکمان لەبەردەستدا نییە سەبارەت بە بزووتنەوەی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی کوردی و هیچ توێژەرێکیش خۆی لەقەرەی ئەو باسە نەداوە و تەنانەت سەرچاوەکانیشمان لەبەردەستدا نییە تا بەو ئەرکە مێژووییە گرنگە هەڵبستین.

٨-نابێت لێرەدا ڕۆڵی گۆڤاری نووسەری کورد ژمارە ٦ خوولی دووەم لەیاد بکەین کە تایبەت بوو بە ڕەخنەی ئەدەبی و هەردوو ڕەوتەکە ( ناسیونالیزم و مارکسیزم) بەشدارییان تێدا کرد و هەروەها دیداری ڕەخنەی ئەدەبی کوردی (دیداری شێخ نووری شێخ ساڵح) بە کەم وەربگرین کە لە ١٥ی مانگی شوباتی ئەمساڵ لەشاری سلێمانی بەڕێوە چوو کە بە سپانسۆری ڕێکخراوی کەریمی عەلەکە؛ نۆ توێژەر و ڕەخنەگر نۆ بابەتیان پێشکەشکرد و بابەتەکانیش لە کتێبێکدا چاپ کران و لە یەکەم ڕۆژی دیدارەکە بڵاوکرایەوە. هەرچەندە من ئەم دیدارە بە کارێکی باش و هەنگاوێکی پۆزەتیڤ دەزانم، بەڵام بە دڵنیاییەوە خاڵی لاوازی دیدارەکە بریتییە لە نائامادەیی یان لالێنەکردنەوە لە ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی و جێگەنەکردنەوەی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستییە لەو دیدارەدا.




گومانی مێتۆدی لای غەزالی.. کاوە جەلال

بۆخوێندنەوەو داگرتنی ئەم بابەتە بە فۆرماتی PDF کلیکی ئێرەبکەن..

یەک) کەس و سەردەم

ئەبو حامید محەمەد ئیبن محەمەد ئەلغەزالی کوڕی سەردەمێکی تەنگژاوییە. ناکۆکیی ئایینی، هزری، پارەپەرستیی مەلاکان و ملکەچییان بەرانبەر دەسەڵاتداران، لەناوچوونی دەوڵەتی گشتگیری خەلافەت و سەرهەڵدانی چەندین دەوڵەتۆچکەی ناوچەیی، مۆرکی ئەو سەردەمە بوون کە تێیدا غەزالی هاتە جیهانەوە: ساڵی 1058 لە توس / خۆراسان. ئەو و ئەحمەدی برای هێشتا زارۆک بوون کاتێک باوکیان مرد، وەلێ هەڤاڵێکی باوکیان کە سۆفی بوو، ئەرکی پەروەردەیی هەردووکیانی لە ئەستۆ گرت: لە “مەدرەسە” خستنیە بەر خوێندن، بەو ڕێیەشەوە کێشەی شوێنی گوزەرانیان لەکۆڵ بۆوە.
پەروەردەی غەزالی لەسەر شێوازی باوی کولتوورەکەی بەرخرا: قورئان، حەدیس، یاسا. ئەوجا لە تەمەنی 19 ساڵاندا ڕۆیشت بۆ نیشاپور و لە “نیزامییە”ی ئەوێ بوو بە فێرخوازی زانای بەناوبانگ زیائەلدین ئەلجووەینی (1028-1085) کە نازناوی ئیمام ئەلحەرەمەینی پێدرابوو. پێدەچێت غەزالی لای ئەم زانایە 7 تا 10 ساڵ زانستی کەلام، لۆگیک، دیالێکتیک و فەلسەفەی خوێندبێت. ئەو درەنگتر بە واژەی “شێخەکەمان” ناوی ئەلجووەینی دەبات، بۆیە گریمانە دەکرێت کە ئەو مامۆستایە هەروەها ڕێبەریی کربێت بۆ نێو سۆفیزمیش.

نیزامییە یەکێک بوو لەو نۆ فێرگەیە کە نیزام ئەلمولک، گەورە وەزیری ئالپ ئارسلان کە سوڵتانی دەوڵەتی سەلجوقی (1063-1092) بوو، دایمەزراندن. مەزهەبی سوننی بنەڕەتی ئەم دەوڵەتەی سەلجوقییەکان بوو، وەزیریش نەک تەنیا سەربازییانە لەدژی باتینییەکان دەجەنگی، بەڵکو هەروەها سیاسی-ئیدیۆلۆگیانە: نیزام ئەلمولک بە کردنەوەی ئەو مەدرەسانە کە تێكڕا ناوی ئەو خۆیان لێنرا، دەیویست تیۆلۆگیی سوننی لەدژی شیعە ئیسماعیلییەکان برەو پێبدات. ئەو پشتگیریی مەدرەسەی ئەشعەرییەی دەکرد کە غەزالیش سەر بەو مەدرەسەیە بوو و کاریگەرانە بەشداریی لەم ناکۆکییە ئیدیۆلۆگییەدا کرد.
دوای مەرگی ئەلجووەینی، غەزالی لە تەمەنی 27 ساڵاندا نیشاپوری بەجێهێشت و ڕۆیشت بۆ موئەسکەر کە بارەگای سەرەکیی دەسەڵاتدارانی سەلجوقی بوو. ئەو شەش ساڵی لە سەرای نیزام ئەلمولک بەسەربرد، پاشان ساڵی 1091 لەسەر داوای وەزیر ڕۆیشت بۆ مەدرەسەی نیزامییە لە بەغداد و لەوێ 5 ساڵ وەک مامۆستا خەریکی وانەبێژی بوو. بەم شێوەیە غەزالیی 33 ساڵان یەکێک لە باڵاترین پۆستە ئاینییەکانی لە دەوڵەتدا پێدرا. زۆر لە نووسینە یاسایی و تیۆلۆگییەکانی دەگەڕێنەوە بۆ ئەم ماوەیەی مامۆستایەتییەکەی لە بەغداد. لێ ئەو هەر لە بەغداد دەخزێتە نێو تەنگژەیەکی قووڵی هزری و بەمەش دەروونییەوە. غەزالی زەمینەی نامێنێت، کەواتە چیدی لاسایی، سوننەگەری (تەقلید) بەهانایەوە نایەت، بە پێچەوانەوە تەنانەت خودی سوننەگەری لای ئەو دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.
تا ئەمڕۆ ساغنەبۆتەوە داخۆ گومانەکەی غەزالی بگەڕێتەوە بۆ ئەم سەردەمەی تەنگژەی هۆشەکی یان زووتر لەکاتی خوێندنیدا لای ئەلجووەینی تووشی بووبێت. گەر ئەوە ڕاست بێت کە غەزالی لە لایەن ئەلجووەینییەوە ڕێبەری کراوە بۆ نێو سۆفیزم، ئەوا دەتوانین گومانەکەی بگەڕێنینەوە بۆ ئەم سەردەمە زووەی پێگەیشتنی هۆشەکییانەی. ئەو خۆی تەنیا دەبێژێت کە لە هەڕەتی لاوێتیدا “کۆتی لاسایی” فڕێ دەدات، یان لەنێو ئەودا “ئەقیدە ترادیسیۆنییەکانی ئیمان” تێکدەشکێن (1). ئەوجا لەم تەمەنەوە ئاوڕ لە تەمەنی زارۆکیی مرۆڤ دەداتەوە کە لێوەی مرۆڤی هێشتا زارۆک لە لایەن دایک و باوکەوە پەروەردە دەکرێت بۆ ئەوەی ببێت بە جوو، کریست یان موسڵمان. غەزالی دەیەوێت لێرەوە ئەزموونی ڕاستیی ئەم سروشتە سەرچاوەییە (فتڕە) و ئەقیدە بەڕێکەوتەکان بکات کە بە لاساییکردنەوەی دایکان و باوکان، مەلاکان و مامۆستایان سەرهەڵدەدەن، لاساییکردنەوەش هەروا سانا ئەو ڕێنومایانە وەردەگرێت کە ئۆبژێکتیڤییانە چەسپێنراون و ئەوجا مرۆڤ لە زانست و کرداردا بەکاریان دەبات:
“(…) دەستم کرد بە ڕوانین لە پەیوەندییەکانی ژیانم. بینیم بە چەندین پەیوەندییەوە ئاڵۆزکاوم و لە هەموو ڕوویەکەوە گرتوویانم. کارەکانم، لە نێویشیاندا مامۆستایی و وانەکانم، وایان نواند بۆم کە لەچاو ڕێگەی ڕووەو ئەودنیاندا تەنیا خەریکبوونن بە زانستە بێواتا و بێسوودەکانەوە. ئیدی سەرلەنوێ هزریمەوە لە مەبەستی مامۆستایەتییەکەم و وەک ناپاکژ لە بەردەم خودای مەزندا بینیم. پاڵهێز و وروژێنی مامۆستایەتییەکەم تەقەلادان بوون بۆ گەیشتن بە ناوبانگ و شکۆمەندی. ئیدی مسۆگەر زانیم گەر شێوازی ژیانم نەگۆڕم، ئەوا دەکەومە سەر لێواری خەرەندێک و لە دۆزەخ نزیک دەکەومەوە”(2).
کەواتە مامۆستا غەزالی، زانا بەناوبانگ و پارەدارەکەی بەغداد کە دەسەڵاتداران ڕاوێژی پێدەکەن، کە فێرخوازانی سوننەتی دەوریانداوە و چاوەڕوانن زانای مەزنیان بەرەو زانست و تەرقیەی زانستییان بەرێت، “تێماوە”، لەم دۆخەشدا خۆبەردان لە پەیوەندییە ترادیسیۆنییەکان هێندە ئاسان نییە. حەزی ژیان، چێژی دەسەڵات وەک مامۆستا و گوێلێگیراو، پابەند دەیهێڵنەوە بە جیهانی مێژووییەوە. گومان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن ناخی دەتەنێت و تەنانەت دەیگەیەنێت بە ناکامیی دەروون، کەچی ناتوانێت خۆی لە ترادیسیۆن بەربدات. ئاخر ئەو کۆرپەی جڤاکێکی سوننەتییە کە لە نێویدا نەریتەکان باڵادەستن، هاوکات بە پەیوەندییەکانی دەسەڵاتەوە ئاڵاوە، وەلێ ئەو بەتایبەتی سوننەمەزەبە (پاشپاتکەرەوەیە). ئەو دەیەوێت بەغداد جێبهێڵێت تاکو خۆی لەو پەیوەندییانە ڕزگاربکات کە لێیان کەوتۆتە گومانەوە، کەچی ناتوانێت و هەمیشە سەرلەنوێ لە نیازەکەی پەشیمان دەبێتەوە: “بەیانیان خواستم بۆ ئەودنیا منی تەنی بوو، ئێواران سوپای مەیل هێرشی بۆ ئەو خۆزگەیەم دەهێنا، کە ئیدی دادەمرکایەوە”(3). جیهان بە سەرجەم پاڵهێزە وروژێنەکانییەوە، بە درەوشەی سۆزبزوێن و دڵفڕێنییەوە، کۆتی لە پێی غەزالی ناوە. لە ناخەوە بەقووڵی تووشی ناکامی هاتووە، وەلێ ئەوی نێو تەنگژەی ئیمان هاندەرێکی تایبەت، خەتابارێکی زۆر تایبەت، بۆ بێتوانایی دەستبەرداربوون لە جیهان وەردەگرێت: شەیتان دێتە بن کڵێشەیەوە و بەگوێیدا دەچرپێنێت: پیاوی خاس بە نەکەیت! “ئەمە ڕەوشێکی کاتییە. نەکەیت کۆڵ بدەیت، چونکە زوو دەڕەوێتەوە. گەر بەگوێی ئەوە بکەیت و واز لە ناوبانگی باڵات، لە پەیوەندییە مسۆگەر و تەباکانت بهێنیت کە بەدەرن لە بێزاری و سەغڵەت، ئەوسا زۆر دەشێت دەروونت تاسەی هەموویان بکاتەوە بەبێ ئەوەی بتوانیت سەرلەنوێ بۆ لایان بگەڕێیتەوە”(4).
غەزالی بۆ ماوەی شەش مانگ، لە ڕەجەبی 488ی کۆچییەوە (1095ی ز.)، “تێماوە” لە نێوان دەرخستە فریودەرەکانی جیهان و خواستی تایبەتیدا بۆ ڕێگەی دروستی ئیمانداری: “ئەم نەخۆشییە لێی پیس کردم و نزیکەی دوو مانگی خایاند.”(5). ئیدی زمانی لێدەبڕێت و ناتوانێت بەردەوامی بە کاری وانەبێژی بدات. سەرەتا هەستی بەرپرسیاری بەرانبەر فێرخوازەکانی دەیبزوێنێت کە تا ڕادەی شیان وانەیان پێبدات، وەلێ:
“زمانم نەیدەتوانی یەک تاکە وشە دەرببڕێت. سووک و ئاسان نەمدەتوانی هیچ ببێژم. لەکارکەوتنی زمانم دڵمی خەمبار کرد، بەو ڕێیەشەوە توانای هەرسکردن و چێژتنی خۆراک و خواردنەوەم نەما. ئیدی بەو ڕێیەوە هێندە لاواز بووم کە پزیشکەکان هیوایان بە چاکبوونەوەم نەما و گۆتیان: تازە ئەم مەسەلەیە لە دڵی داوە و لەوێشەوە پەڕیوەتەوە بۆ نێو دەروونی. بۆ ئەوە هیچ چارەسەرێکی پزیشکی نییە. مەگەر لەو خەمە ڕزگاری ببێت کە دڵی تەنیوە.”(6)
غەزالی کە وەڵامی (“دەوا”ی) پێنادۆزرێتەوە تاکو کۆتایی بە گومانەکانی بهێنێت، ڕەوشی خۆی هاوشێوەی دۆخی سۆفییەکان دەبینێت کە نە بە هزر و نە بە گۆزارە دەردەبڕرێت. وەلێ ئێستا خودا کتوپڕ لەم دۆخەدا بە هانایەوە دێت و ڕزگاری دەکات لەو “دەرد”ە کە تووشی بووە. کەواتە نەک “بەڵگەی ڕێکخراو” و مەئریفە سەرەکییەکان (ئەلئەووەللیات)، یان “شێوازی سیستەماتیکییانەی ئاخافتن”ی ئەلموتەکەللیمون، بەڵکو ئینتوئیسیۆن (حەدەس، نەزەری ڕاستەوخۆی ڕوون و ئاشکرا) کە غەزالی وەک بەهاناوەهاتنی خودا ڕاڤەی دەکات، وەڵامی پێدەدات. ئەو هێمای “نوور”ی بۆ بەکاردەهێنێت، واتا “ئەو نوورە کە کلیلی سەرجەم مەئریفەکانە.”(7) بێگومان ئەو کە دەستبەرداری لاسایی سوننەتی بووە و خۆی هێناوەتە نێوەندی هزرینەوە، چیدی لەم ڕەوشەی ئێستایدا تێڕوانینەکانی زانایانی ئایین دادی نادەن، بەڵکو ڕاستەوخۆ کەسی محەمەد وەک پشتیوان وەردەگرێت و گۆتەی ئەو وەک سیتات (ئیقتیباس) دەهێنێتە نێوانەوە، بۆ نموونە دەربڕینی: “ئەوە نوورە کە خودا دەیپەخشێنێتە نێو دڵەوە”(8). خودا لە چاکیی خۆیەوە ڕوناکی بۆ نێو هۆشی گوماندار دەپەخشێنێت، ئەوجا ئامانجی محەمەد، وەک پشتیوانی غەزالی، ئەوەیە کە کاریگەری لەسەر مرۆڤان بنوێنێت تاکو خۆیان “تەقەلا بۆ توێژینەوە لە مەئریفە سەرەکییەکان (ئەلئەووەللیات)” بدەن، یان تەقەلا بۆ ئەوە بدەن کە “لە خۆدا شیاوی لێتوێژینەوە نییە”؛ ئاخر “مەئریفە سەرەکییەکان بابەتی توێژینەوە نین، چونکە ئەوان (پێشتر) لەنێو هۆشماندا هەن. مرۆڤ هەر کامیان وەک بابەتی لێتوێژینەوە بەهەند وەربگرێت، لە دیدی توێژەریانەی دوور دەکەوێتەوە و خۆی حەشار دەدات”(9).
غەزالی لە سەرئەنجامدا حوکمێکی توند بەسەر ئەو مرۆڤانەدا دەدات کە دەخوازن درێژە بە مامۆستایەتیی سوننەتی (تەقلیدی)، بە ئیمانی لاساییگەرا و بە پەیوەندییە ڕاهاتووەکانی نێو کردەکێتی بدەن: “سەرجەم زانین و کردار کە سەرقاڵیان کردوویت، تەنیا مونافیقێتی / ڕیاکاری و بەستنەوەن”(10). ئیدی غەزالی دوا بڕیاری دەدات:
“کاتێک خۆمم بەنهێنی ئامادەکردبوو لە بەغدادەوە بەرەو دیمەشق بکەومە ڕێ، بڕیارم دا بڕۆم بۆ مەککە. ئەمەم لە ترسی خەلیفە و هەڤاڵانم کرد نەبا ڕێی سەفەرم بۆ دیمەشق لێبگرن. ئەوەم بۆیە کرد، چونکە نەمدەویست هەرگیز بۆ بەغداد بگەڕێمەوە. ئاخر بەردەوام لەژێر هێرشی ڕێبەرانی ئایینیی ئێراقدا بووم. یەک کەسیان تێدا نەبوو کە بیویستایە مۆتیڤێکی ئایینی بۆ داگەڕانی من لە شێوازی تا ئەو دەمەی ژیانم بناسێنێت، چونکە ئەوان لەو باوەڕەدا بوون کە پێگەی تا ئەو دەمەی من باڵاترین بووە لە ئاییندا (…).
(…) ئەوجا کاتێک خەڵک بۆ مۆتیڤێکی ڕەفتارم دەگەڕان، ئیدی دەشڵەژان. لە دەرەوەی ئێراق وا هەست دەکرا کە ترس لە دەسەڵاتداران کاریگەریی لەسەر من هەبووە”، وەلێ غەزالی جەخت دەکات کە مەسەلەکە بە پێچەوانەوە بووە: دەسەڵاتداران پابەندی ئەو بوون(11).
دوا بڕیاری غەزالی یاخیبوونە لەو ڕەوشە کە بەهۆیەوە دووچاری ناکامی هاتووە: “(…) سامانەکەمم دابەشکرد و تەنیا ئەوەندەم هێشتەوە کە بۆ خۆم و زارۆکەکانم پێویست بوو”(12). ئەو نۆڤەمبەری 1095 بەغداد جێدەهێڵێت و دەکەوێتە ڕێ بەرەو شام؛ لەوێ دوو ساڵ دەمێنێتەوە و ژیانی بە خەڵوەتکێشی، تەنیایی، ڕاهێنانی ئایینی و هۆشەکی، زۆران لەدژی “من” (نەفس)، بەسەردەبات. ئەو دەیەوێت بەو ڕێیەوە ئارامی بە دەروونی بدات و گۆڕانێک بەسەر تێڕوانینە ئەخلاقییەکانیدا بهێنێت. پاشان دەڕوات بۆ ئۆرشەلیم و لەوێش درێژە بە هەمان ڕەفتار دەدات. لە کۆتاییدا بە مەبەستی حەجکردن دەڕوات بۆ مەککە، وەلێ پاشان: “… خەم و تکای زارۆکەکانم ناچاریان کردم بگەڕێمەوە بۆ وڵات، جا گەرچی لە بنەڕەتدا ئەو خواستەم نەبوو.”(13)
لە کۆتایدا غەزالی دەگەڕێتەوە بۆ توس و لەوێ ژیانێکی دوورەپەرێز بە خەڵوەتکێشی، بە هەوڵدان بۆ پاکژاندنی “دڵ” و زیکری خودا بەسەر دەبات. سەرباری ئەوە هێشتا هەر “ڕووداوەکانی سەردەم، کاروباری گرنگی خانەوادەیی و داواکارییەکانی ژیانی ڕۆژانە” کاریگەری لەسەر ڕێگەی بەدیهێنانی ئامانجەکەی دەنوێنن و “سەغڵەت”ی دەکەن.(14)
دوای ئەوەی فەخر ئەلمولوک: عەلی ئیبن نیزام ئەلمولوک، ساڵی 1104 دەبێت بە وەزیری خۆراسان، تکا لە غەزالی دەکات دەست بە کاری وانەبێژی بکاتەوە، ئەویش تکاکەی قبووڵ دەکات و لە نیزامییەی نیشاپور ئەو ئەرکە لە ئەستۆ دەگرێت، ئەوە بێگومان بۆ ماوەیەکی کورت، چونکە دوای ئەوەی وەزیر ساڵی 1106 لە لایەن باتینییەکانەوە دەکوژرێت، واز لە وانەبێژی دەهێنێت، دەگەڕێتەوە بۆ توس و لەوێ خۆی بەقووڵی بە سۆفیزمەوە خەریکدەکات، هاوکات لە تەنیشت ماڵەکەیەوە خوێندنگەیەک بۆ سۆفییان و خانەقایەک بۆ گوزەرانی هاوهزران دادەمەزرێنێت.
غەزالی سەرجەم ڕەوتی پێگەیشتنی هزریی خۆی بەم شێوەیە پوخت دەکاتەوە:
“لە هەڕەتی گەنجێتیمەوە، کاتێک باڵق دەبووم، زۆر پێش تەمەنی بیستساڵان، تا ئێستا کە تەمەنم لە پەنجا تێپەڕیوە، هێشتا هەر وازم نەهێناوە خۆم بوێرانە (…) فڕێ بدەمە نێو قووڵایی ئەم دەریا فراوان و ئەم هەموو تاریکییەوە؛ دەستم بۆ هەموو کێشەیەک بردووە (…)؛ لە بنەڕەتەکانی بڕوا (ئەقائید)ی مەزهەبەکان (ئاڕاستە مەدرەسییەکان) توێژیمەوە، نهێنییەکانی هەر ڕێبازێکی ئەو گرووپانەم بۆ خۆم ڕوون کردەوە تاکو بتوانم جیاوازی لە نێوان ڕاست و چەوتدا، لە نێوان سوننی و نوێکەرەوەی زەندیقدا بکەم؛ وازم لە هیچ باتینییەک نەهێنا تا ڕێبازەکەیم دیراسە نەکرد؛ وازم لە هیچ زاهیرییەک نەهێنا تا ئەزموونی سەرئەنجامی مەدرەسەکەیم نەکرد؛ ئەوجا وازم لە هیچ فەیلەسوفێک نەهێنا تا نەگەیشتم بە شارەزایی لەبارەی کرۆکی فەلسەفەکەی؛ وازم لە هیچ موتەکەللیمێک نەهێنا تا لە ئامانجی ئاخافتن و دیالێکتیکەکەی نەکۆڵیمەوە؛ وازم لە هیچ سۆفییەک نەهێنا تا نهێنیی بێگەردییەکەیم ئاشکرا نەکرد؛ وازم لە هیچ ئیماندارێک نەهێنا تا لەوە نەکۆڵیمەوە کە داخۆ ئیماندارییەکەی چە ئامانجێکی هەبێت؛ وازم لە هیچ هێڕێتیکی (هەڕتەقەیی) و نەرێنیکەرێکی ئەدگاری خودایی نەهێنا تا پاشخانی نەترسییەکەیم لە ڕووی نەرێنیکردنی ئەدگاری خوداییەوە و هەروەها هێڕێزییەکەیم (گومڕاییەکەیم) ئاشکرا نەکرد.”(15)
غەزالی 18 دیسەمبەری 1111 لە تەمەنی 53 ساڵاندا جیهان جێدەهێڵیت و لە توس دەنێژرێت: لە تەنیشت مەزاری خەلیفە هارون ئەلڕەشید، ئیمام ڕەزا و هەڵبەستڤانی مەزنی فارسی فیردەوسییەوە.

دوو) گومان لە ئیمانی سوننەتی و زانستەکان لە گۆشەنیگای سۆفیزمەوە

غەزالی لە “ئەلمونقیز”دا لەبارەی ڕاست و چەوت دەپرسێت، بەوەش دێتە نێو پرسی مەئریفەوە. ئەو دەیەوێت ڕاستیی شتەکان بناسێت. مۆرکی مەئریفەی جەخت ئەوەیە کە هیچ گومانێک لە ناسراوەکە نامێنێتەوە. وەلێ ئایا چۆن مەئریفە سەرهەڵدەدات؟ هەرگیز کەسانی سوننەتی ئەم پرسیارە ناکەن، چونکە ئەوان وەک لاساییکەرەوە تەنیا درێژەپێدەرن. ئەوان ئاوەزکارا و سەلار زانستەکان وەردەگرن و تەنانەت درەنگتر وەک مامۆستا دەیاندەنەوە بە گەنجان! وەلێ لە گومانی مێتۆدیدا ڕەوتی چەند ساڵەی خوێندن، درێژەدان بە کاری سوننەتی و دانانی نووسینێک لەسەر نووسراوانی دیکەی ئەنجامدراو، پێکڕا دەبن بە ڕابوردوو، پاشان گومانکەر، دوای ئەنجامدانی ڕەخنەی مەئریفە، واتا دوای توێژینەوە لە شیمانەکانی زانین، سەرلەنوێ ڕەخنەیییانە دەیانهێنێتەوە بۆ نێو هەنووکەی گومانکردن. لەم ڕوانگەیەوە گومانکەر ئاگامەندانە ڕابوردوو و هەنووکە دیاردەهێنێت و هاوکات ئاڕاستە ڕووەو ئایندە وەردەگرێت. بەم شێوەیە غەزالی دوای چەند ساڵێکی درێژخایەنی هزرین و کارکردنی سوننەتی “ڕادەوەستێت”، پرۆسەی هزرینی سوننەتی “ڕادەگرێت” و ئەوجا وەلاوەی دەنێت. دووپاتی دەکەینەوە: لە گومانی مێتۆدیدا کۆتایی هاتووە بە کارە سوننەتیەکانمان، تەنانەت بە خودی خۆمان وەک هزرمەندی ترادیسیۆنی و وانەبێژی سوننەتی کە چێژ لە مووچە و ڕابواردنی ڕۆژانەی ترادیسیۆنی دەبینین. گومانی مێتۆدی بریتییە لە دەستپێکی ئاوەڵاکردنی ڕێگەیەکی نوێی هزرین. ئەوە کە غەزالی بە گومان پێی دەگات، مەبەستمەندانە (بەرەو ئایندە) بۆ ئێمەی دادەڕێژێت تاکو ببین بە سۆفی، وەک چۆن دێکارت دایدەڕێژێت تاکو مرۆڤی هزریو بکات بە ڕاسیۆنالیست.
بەم شێوەیە کاتێک غەزالی لەبارەی مەئریفە دەپرسێت، سەرەتا دەکەوێتە بەردەم پرسی مەئریفەی دەرکی و زەروورەکانی هزر. هزرڤان دەبێت سەرەتا بگات بە جەختییەک سەبارەت بەو پرسیارە کە داخۆ مەئریفەی دەرکی و زەروورەکانی هزر گومانهەڵگرن یان گومانهەڵنەگرن. ئێستا ئەو بە پەرچاندن (ڕێفلێکسیۆن)ی هزری وەرچەرخاوە ڕووەو خۆی: ئەم دەستانە کە دەگرن، ئەم چاوانە کە دەبینن، ئەم زمانە کە دەچێژێت، ئەم لووتە کە بۆن دەکات، ئەم گوێیانە کە دەبیستن، سەرەتا لەژێر پرسیاردان نەک کتێبەکان. ئێستا غەزالی دەبینێت کە ئەو ناتوانێت متمانە بە دەرکەوەرەکانی بکات، چونکە فریوی دەدەن: کاتێک چاو لە سێبەر دەڕوانێت، دەبینێت سێبەر سرەوتووە، ئەوجا کەس بڕیار دەدات کە سێبەر نەبزۆکە، وەلێ هەر خۆی دوای کەمێک بە ئەزموون بۆی ڕووندەبێتەوە کە سێبەر بزۆکە. غەزالی هەروەها نموونەی ئەستێرە دەهێنێتەوە: کاتێک ئێمە بە دەرکەوەری بینین دەرکی ئەستێرەیەک دەکەین، بۆ ئێمە قەوارەکەی زۆر بچووکە، نزیکەی بەقەد دینارێکە، کەچی دوای ئەوەی بە یاساکانی ماتماتیک لە قەوارەی ئەستێرەکە دەتوێژینەوە، بۆمان ئاشکرا دەبێت کە لە زەمین گەورەترە. لێرەدا ئەوە ئاوەز بوو کە بڕیارەکەی دەرکەوەری بینینی هەڵوەشاندەوە بەبێ ئەوەی بشێت کەللەڕەقانە بەرپەرچی بدرێتەوە. کەواتە دەرکەوەرەکان هەرچییەک بە ئێمە بگەیەنن، جێی گومانە، بە پێچەوانەشەوە ئاوەز شایانی پشتپێبەستنە.
سەرباری ئەوە غەزالی لەم جێیەدا ناسرەوێت، بەڵکو ڕیشەییانە درێژە بە گومانکردن دەدات. ئاخر سەرەتا من لە دەرککردنەکەم جەخت بووم، کەچی پاشان ئاوەز بە هزرینی ماتماتیکی جەختییەکەمی هەڵوەشاندەوە. وەلێ ئایا ئاوەز بەتەنیا و بۆ هەر مەئریفەیەک دوا توانستی گەرەکی وەرگرتنە؟ نەخێر. غەزالی ئاوەزیش دەخاتە ژێر گومانەوە: “بە هەمان شێوە دەشێت لە پشت مەئریفەی ئاوەزەوە دادوەرێکی دیکە هەبێت کە هەر ئەوەندەی هاتە نێوانەوە، ئیدی بڕیارەکەی ئاوەز بەدرۆبخاتەوە”؛ بێگومان کەسێک دەتوانێت پاساو بهێنێتەوە کە ئەم توانستەی دیکەی مەئریفە نایەتە نێوانەوە، سەرباری ئەوە پاساوەکە “نابێت بە بەڵگە کە ئەو (دادوەرە) لەگۆڕێ نییە”(16). غەزالی بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم کێشەیە نموونەی نووستن و خەونبینین دەهێنێتەوە کە پێچەوانەی ڕەوشی بێداری و دەرککردنی شتە بەرجەستەکانی جیهانن: کاتێک من وەک نووستوو خەون دەبینم، وێنەی ڕەوشەکان بۆ من ڕاستینەن، کەواتە گومانهەڵنەگرن، کەچی دوای بێداربوونەوەم دەبینم کە وێنەکان و بڕوای خۆیشم بەو وێنانە هیچ بناغەیەکی ڕیالیان نییە. کەواتە من ناتوانم هیچ تێڕوانینێکم لەسەر بناغەی ئەوان بنیاتبنێم. ئێستا بە هەمان شێوە ئەو پرسیارە لە بەردەم مندا زیتدەبێتەوە کە ئایا چۆن بتوانم لەکاتی بێداریدا متمانە بە دەرککردنی دەرکەوەرەکانم یان بە تێڕوانینە بنەڕەتییەکانی ئاوەزم بکەم؟ ئاخر زۆر دەشێت ڕەوشێکی ئەوتۆ لای من بێتە ئاراوە کە پەیوەندییەکەی بە ڕەوشی بێدارییەوە هاوشێوەی پەیوەندییەکەی ڕەوشی بێدارییە بە ڕەوشی نووستنەوە، کەواتە دەشێت ڕەوشی بێداری پەیوەند بەم ڕەوشە نوێیەوە تەنیا نووستن بێت (17). ئەمە ڕادیکالێتییەکەی غەزالییە.
بێگومان غەزالی دەزانێت ئەم ڕەوشە کامەیە، سەرەڕای ئەوە، بەگوێرەی گومانە مێتۆدییەکەی، بەتەواوی دیاریی ناکات، بەڵکو دەبێژێت: “پێدەچێت” ئەوە ڕەوشی تایبەتی سۆفییەکان یان تەنانەت ڕەوشی مەرگ بێت. ئاخر هەرچۆنێک بێت سۆفییەکان لەو باوەڕەدان کە ئەوان، دوای ئەوەی لە دەرککردنی بەرجەستەوە بە هزرین و ئەوجا حاڵلێهاتن ڕووەو کایەی ترانسسێندێنت هەنگاو دەنێن، موئایەشەی فێنۆمێنانی ئەوتۆ دەکەن کە پێچەوانەی شتە لەگۆڕێبووە ئاوەزییەکانن. هاوکات غەزالی بۆ ڕوونکردنەوەی ڕەوشی مەرگ گۆتەیەکی محەمەد وەک سیتات (ئیقتیباس) وەردەگرێت کە گۆتوویەتی: “مرۆڤان نووستوون، کاتێک دەمرن، بێداردەبنەوە”(18). لەم ڕوانگەیەوە “پێدەچێت” ئەمدنیا لە پەیوەندیدا بە ئەودنیاوە تەنیا نووستن بێت و شتەکان دوای مەرگ، کەواتە دوای بێداربوونەوە، تەواو جیاواز ببینرێن وەک لەوەی لە ئەمدنیا بینراون.
ئاشکرایە گەر کەسێک واز لە شێوازێکی وەرگرتنی بڕوا بهێنێت و هاوکات بوێرێت ڕێگەی خۆی بە هزرین بگرێتە بەر، ئەوا نەک تەنیا لەو جۆرە بڕوادارییە سوننەتییە دووردەکەوێتەوە، بەڵکو تەنانەت ناخوازێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو نەریتە. غەزالی هەڵوێستێکی ڕەخنەیی، تەنانەت ڕەتکەرەوە، بەرانبەری وەردەگرێت. لاساییکەرەوەی کوێر یان سوننەگەری، واتا زانایان و ئیمانهێناوانی موقەللید کە لەسەر ڕێنوما ئۆبژێکتیڤییەکان دەڕۆن، نازانن لە هزرین و پەرستندا (عیبادەتدا) تەنیا لاسایی دەکەنەوە، بەڵێ ناوێرن ئاوڕ لە ڕەوشە تاریکە ناخەکییەکانیان بدەنەوە و پرسیاریان ئاڕاستە بکەن، ئەوجا لە پرسیارەکانیان بهزرێن. وەلێ دوای ئەوەی مرۆڤ بەئاگا دێت و بۆی خویا دەبێت کە تا ئەو ساتە تەنیا وەرگر و لاساییکەرەوە بووە، ئیدی وەک غەزالی دەبێژێت، نەریتی لاساییکردنەوە لای ئەو کەسە وەک شووشە وردوخاش دەبێت بەبێ ئەوەی هەرگیز شیاوی پێکەوەلکاندنەوە بێت. لێرەدا ئەوە “فۆرم”ە کە بە بەردیدی غەزالییەوەیە نەک “کۆی پارچەکان”. ئاخر ئەو خۆی دەبێژێت: “چیدی ناشێت پارچەکانی (لاساییکردنەوە) بە کۆکردنەوە و تێوەپێچان پێکەوە بلکێنرێن، بەڵکو تەنیا دەبێت بە ئاگر بتوێنرێنەوە و بڕژێنرێنە نێو فۆرمێکی نوێوە.”(19)
بەم شێوەیە غەزالی لەسەر گومانکردن بەردەوام دەبێت، ئەوجا دوای وردبوونەوە لە دەرکەوەرەکانی و پەیوەندییان بە جیهان و شتەکانی نێوییەوە، دوای نرخاندنی ئاوەز و هێنانی ئەویش بۆ ژێر پرسیار، ڕوودەکاتەوە زانستەکان کە وەک بەرهەمی خەریکبوونی فرەجۆری ئاوەز هێنراونەتە گۆڕێ و ئەو خۆیشی ماوەیەکی درێژخایەن پێوەیان خەریک بووە، بەڵێ وەک وانە کردوونی بە بابەتی فێرکاریی گەنجان. غەزالی چوار ئاڕاستەی هزری لە نێویاندا دیاری دەکات:
1. ئەلموتەکەللیمون (سکۆلایستیکە ئیسلامییەکان) کە خۆیان بە کەسانی تێگەیشتن و هزرینی تیۆرییانە دادەنێن.
2. ئەلباتینییون کە ئیمامێکی بێهەڵە بە پێویست دادەنێن تاکو وانە و زانینی پێشتریپێدراویان پێبدات.
3. فەیلەسوفەکان کە کەسانی لۆگیک و سەلماندنن.
4. سۆفییەکان کە خۆیان بە موختاری ئامادەگیی خودا و نەزەر و ڕۆشنبوونەوەی دەروون دادەنێن.

.1 کەلام لە ڕووی زمانناسییەوە بەواتای پەیڤ، گفتوگۆ، ڕوونکردنەوە، وەلێ لە ڕووی هزرییەوە تایبەتمەندییەکانی (ئەتریبوتەکانی) خودا پرسی ئەلموتەکەللیمونن، بۆیە زانستەکە هەروەها ناودەنرێت “عیلم ئەلتەوحید وەلسیفات”؛ کێشەی دیکەی ئەوان بریتین لە: زانستی کەلام گەرەکە بەرپەرچی دژبەرانیان بداتەوە، گەرەکە بە سەلماندنی بنەڕەتەکانی ئیمان بناغەیەک بە موسڵمانانی سوننەمەزەب بدات کە بە دانوستاندنەکانی فەیلەسوفان، بە سێکتە ئاینییەکان و هتد، سەریان لێشێواوە؛ هەروەها پەیوەندیی مەخلوق بە سروشی ئیسلامییەوە کێشەیەکی دیکەی ئەوانە. بەم بنەڕەتانەی هزرین زانستی کەلام لە فەلسەفە جیادەبێتەوە. ئاخر فەلسەفە هەوڵ دەدات بە بەڵگەی ڕاسیۆنال پرسی جیهان و مرۆڤ ڕوونبکاتەوە.
غەزالی بەم چەشنە زانستی کەلام ڕووندەکاتەوە: ئەم زانستە دەیەوێت بە “شێوازی ڕێکخراوی ئاخافتن”(20) بنەڕەتەکانی ئیسلامی سوننی لەدژی شێواندنەکانی گومڕایان بپارێزێت. وەک ئەو دەبێژێت، ئەم گومڕایانە زانای نوێگەران و بە نوێکارییەکانیان پەشێوییان هێناوەتە نێو مەزهەبی سوننییەوە. غەزالی دوو ڕووی ئەم شێوازەی هزرینی ئەلموتەکەللیمون دیاری دەکات: ئەوان دەیانەوێت لە ڕوویەکەوە بەرگری لە بنەماکانی ئیمانی سوننی بکەن، وەلێ لە ڕوویەکی دیکەوە ئەرگومێنتی فەلسەفەیی لە خودی دژبەرانیان وەردەگرن و لەدژی ئەوان بەگەڕیان دەخەنەوە: کاتێک هەوڵ دەدەن دژبێژییەکانی دژبەرانیان بسەلمێنن و دەرئەنجامی پرێمیسەکانیان (پێشدانراوەکانیان / گریمانەکانیان) بخەنە ژێر پرسیارەوە، ئەوا لە خودی ئەو هەوڵەیاندا پرێمیسە لۆگیکییەکانی ئەوان بەگەڕدەخەن، ئەوجا دوای بەرگریکردن لە ئیمانی سوننی دەکەونە گەڕان بەدووی ڕاستیی شتەکاندا. ئەوان لەم ڕەوتەدا ڕوودەکەنە “ئەدگارە بگۆڕەکانی / بەڕێکەوتەکانی هەر کرۆکێک” (واتا ئەکسیدێنسی شتەکان) و بنەماکانیان، جا گەرچی ئەوان تایبەت نین بەم پرسە، بۆیە توێژینەوەکانیان ئامانجی خۆیان نەپێکاوە و نەیانتوانیوە “تاریکیی پەشێوییەکە بەتەواوی” بڕەوێننەوە(21).
کەواتە چۆن غەزالی پابەندبوونی لاساییگەرایانەی خەڵک بە مەلا سوننەتییەکانەوە و خودی ئەقیدەگەرایانیش نزم دەنرخێنێت، بە هەمان شێوە ڕەخنەی لاساییکردنەوە ئاڕاستەی ئەلموتەکەللیمون دەکات: ئەوان کە بەندن بە ئیتیفاقی بەکۆمەڵەوە (ئیجماع)، هەروا ئاسان ئەو پرێمیسانە وەردەگرن کە ئۆبژێکتیڤییانە لە دەرەوەی خۆیان لەگۆڕێن، ئەمەش بۆ غەزالی کارێکی بنەڕەتی نییە، بەڵکو بە کەمی دادەنێت: “زانستی کەلامی ئیسلامی بۆ من بەس نەبوو، نەیدەتوانی لەو نەخۆشییە چاکم بکاتەوە کە تووشم هاتبوو (…). کێشەی من ئەوەیە کە وەسفی ڕەوشی خۆم بکەم. دەرمانەکان بەگوێرەی جۆری هەر نەخۆشییەک جیاوازن.”(22) کەواتە ڕووکردنە سەبژێکتیڤێتی سەنگی مەحەکە نەک هەروا ئاسان بەگوێرەی سوننەگەری ئەو بنەڕەت و ڕێنومایانە وەربگیرێن کە ئۆبژێکتیڤییانە چەسپێنراون. ئەوجا: لە سەرئەنجامدا “ئەلموتەکەللیم کەم یان زۆر بەو پنتە دەگات کە لاساییکەرێکی (موقەللیدێکی) ناڕەخنەیی مامناوەندی پێی دەگات”، واتا بڕوا دەهێنێت بە ڕاستیی واژە فۆرمالەکانی (شێوەکییەکانی) ئەو ڕێبازانە کە خودی هەر ڕێبازێکیان لێپێکهاتووە. بە پێچەوانەشەوە غەزالی وایدادەنێت، ئەو مەئریفە ڕاستینەیە کە ئامانجی تێڕوانینە ئەقیدەگەراکانە، مرۆڤ دەتوانێت نەک بە یاریدەی زانستی کەلام، بەڵکو “بە تیۆلۆگییەکی باڵاتر” بۆی بگەڕێت و ناوی دەنێت “عیلم ئەلموکاشەفە” (زانستی ئیشراقی ڕەوانی)(23) کە زانستی ناخەکێتییە، لێرەشدا ئیدی ڕێگەی مەئریفە دەبێت بە ڕێگەیەکی دیکەی جیاواز لە ڕێگەی سوننەگەری بۆ نێو ئایین و ئەزموونکردنی.

  1. ڕێبازی ئەلباتینییون لەنێو خەڵکی سادەشدا بڵاوبووبۆوە. جگە لەوە ئەلباتینییە (نێوەکێتی) ناوێکی دیکەیە بۆ بزاوتی ئەلئیسماعیلییە(24). غەزالی هەروەها واژەی “ئەلتەعلیمییە”ی بۆ بەکاردەهێنێت. بەگوێرەی ئەم ڕێبازە وەرگرتنی وانە لە مامۆستای بێهەڵە پێویستە، چونکە پرسیارانی زۆر هەن کە ئاڵۆزن و موسڵمانانیش هیچ وانەیەکیان پەیوەند بەو پرسیارانەوە وەرنەگرتووە. ئەوجا و بەتایبەتی قورئان لەپاڵ واتا دەرەکییەکەیدا (زاهیرییەکەیدا) هاوکات واتایەکی نێوەکی (باتینی)ی هەیە و هەردووکیان دەشێت لە یەکدی جیاواز بن. مرۆڤ ناتوانێت ئەزموونی واتای نێوەکییانەی قورئان بکات و ڕاستی بدۆزێتەوە گەر ئیمامێکی بێهەڵە ڕاڤەی نەکات – ئاخر تەنیا ئەو لە واتای نێوەکیی قورئان تێدەگات. جگە لەوە تێکستەکان (قورئان و حەدیس) ناتوانن بەتەنیا وەڵامی پرسیارە ئاڵۆزەکان بدەنەوە، چونکە زۆر دەشێت پرسیارانی ئەوتۆ بەگوێرەی ناوچەی کولتووری و کات سەرهەڵبدەن کە لە هیچ تێکستێکدا دیارینەکراون. بۆیە مامۆستای بێهەڵە پێویستە.
    غەزالی لەدژی باتینییەکان دەبێژێت کە محەمەد تاکە مامۆستای موسڵمانانە، جا گەرچی ئەو دەمێکە مردووە. ئاخر خودا بەگوێرەی قورئان گۆتویەتی: “ئەمڕۆ ئایینەکەتانم کامیل / تەواو کرد (کە ئیدی هیچ کێماسێکی نەماوە) …”. لەم ڕوانگەیەوە، دوای کامیلکردنی وانە، نە مەرگی مامۆستا و نە نائامادەگیی ئەو زیانیان لێدەکەوێتەوە (25).
    غەزالی دەزانێت کە پرسیارانی ئاڵۆز هەن و موسڵمانان هیچ لەبارەیان نازانن، یان دەشێت پرسیارێک کتوپڕ وەک کێشەی هەنووکەیی زیتبێتەوە. لێرەدا دەبێت سەرەتا پشت بە تێکست (قورئان و حەدیس) ببەسترێت کە بەکۆنکرێت لەگۆڕێیە و چارەسەری خۆی دەخاتە بەردەم، وەلێ گەر کێشەکە پەیوەند بێت بە وردە پرسی ئەوتۆوە کە لە تێکستدا ناونەهێنراون، یان بە پرسی وتووێژهەڵگرەوە، ئەوسا دەشێت ڕاستی بە دەرئەنجامگیریی (قیاسی) دروست بناسرێت. غەزالی سەبارەت بەم پرسە تەنانەت کتێبێک بە ناونیشانی “ئەساس ئەلقیاس” دەنووسێت. ئەوجا گەرچی لە پرنسیپدا دەشێت مرۆڤان جیاوازیی بیروڕایان هەبێت، سەرباری ئەوە گەر هەرکەسێکی ئەو ڕاجیاوازانە لە دەرئەنجاماندنە لۆگیکییەکان تێبگات، جا کەسێکی باتینی یان لۆگیکی بێت، دژبێژییان ناکات، چونکە لە قورئان وەرگیراون و هەروەها بە مەرجە لۆگیکییەکان دەگونجێن، وەلێ گەر سروش و دەرئەنجاماندنی لۆگیکی دژبێژیی یەکدی بکەن، ئەوسا دەبێت قورئان خوازەییانە بخوێنرێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە غەزالی لە ڕەوشی سەرهەڵدانی پرسیاردا سازاندنی بۆچوون بەهەند وەردەگرێت نەک هانابردن بۆ ئیمامێکی بێهەڵە. جگە لەوە هەر خودی محەمەد گۆتوویەتی: “من بەگوێرەی دەرەکێتی حوکم دەدەم، نێوەکێتی دەسپێرم بە خودا”(26). لەم ڕوانگەیەوە حوکمدەر لەنێو بۆچوونانی جیاوازدا باشترینیان وەردەگرێت و بەگوێرەی ئەویش بڕیارەکەی دەدات، کە بێگومان دەشێت لەو بڕیارەیدا سەهوو بێت. ئاخر، وەک غەزالی دەبێژێت، تەنانەت پێغەمبەرانیش بەدەر نین لە بەسەهووچوون لەو ڕەوشانەدا کە تێیاندا سازاندنی بۆچوونی خۆیی پێویستە. کێشەکە خودی مرۆڤێتییە کە شیمانەی بەسەهووچوونی لە خۆ گرتووە(27).
    دوا ئامانجی ڕەخنەی غەزالی لە باتینییەکان ئەوەیە کە پێشانی بدات ئەوان چارەسەریان بۆ سەرلێشێواوییەکانی موسڵمانان پێ نییە. ئەوان دوایەمین پرسە ئاڵۆزەکان بۆ ئیمامی شارراوە جێدەهێڵن کە گەرەکە لەتەک گەڕانەوەیدا چارەسەریان بکات.
  2. غەزالی دەبینێت کە فەیلەسوفان و ڕێبازەکانیان بەسەر گرووپی جیاوازدا بەش بوون. ئەو لەنێو فەیلەسوفەکاندا سێ ئاڕاستە جیادەکاتەوە: ماتەریالیستەکان، ناتورالیستەکان، تایستەکان.
    یەک) ماتەریالیستەکان (ئەلدەهرییون) لە فەلسەفەی ئیسلامیدا سەر بە دێرینترین فەیلەسوفانن کە نکۆڵییان لە بنەڕەتی خوداییانەی جیهان کردووە، واتە جیهان بە تێڕوانینی ئەوان ئەزەلی بووە: هەمیشە هەبووە و هەمیشە باقییە. بەکورتی: هیچ خودایەک نییە کە ئافرێنەری جیهان بێت، زیندەوەرانیش تەنیا بەڕێی سپێرماوە پەرەدەسێنن: سپێرما زیندەوەرێک دەخاتەوە، سپێرماکە خۆیشی بەرهەمی زیندەوەرێکی دیکەیە. لە ئەزەلەوە ئەوها بووە و هەر ئەوها دەمێنێتەوە. غەزالی ئەم ماتەریالیستانە ناودەنێت هێڕێتیکی (هەڕتەقەیی).
    دوو) ناتورالیستەکان (ئەلتەبیعییوون) بەتایبەتی لە بواری سروشتدا، ئاژەڵان و ڕووەکدا، هەروەها ئەناتۆمیی (توێکاریی) زەیندەوەراندا، خەریکی توێژینەوەن یان بوون. ئەمان لە ڕەوتی توێژینەوەکانیاندا بەرهەمەکانی خودا دەناسنەوە، بەو ڕێیەشەوە هەبوونی خودایەکی قادیر و دانا دەناسێنن، چونکە خەریکبوونیان بە ئاناتۆمی و فیزیۆلۆگییەوە دەیانگەیەنێت بە مەئریفەی کامیلێتیی لەشی ئاژەڵان و بەتایبەتی لەشی مرۆڤ، کە ئیدی خودی کامیلێتییەکە دەیانگەیەنێت بە کردگارێک. سەرباری ئەوە غەزالی لای ناتورالیستەکان پنتێکی بنەڕەتی دەبینێت کە تەواو پێچەوانەی تێڕوانینی خۆیەتی: ناتورالیستەکان لە ڕەوتی خەریکبوونیادا بە سروشتەوە دەگەن بەو باوەڕە کە هاوسەنگیی تێمپەرامێنت (میزاج) کاریگەرییەکی بەهێز لەسەر پێکهاتەی فیزیکییانەی ئاژەڵ دەنوێنێت. پاشان ئەوان لەم باوەڕەوە دەگەن بەو دەرئەنجامە کە توانستی هزری (قووەت عەقلییە) لە مرۆڤدا بەندە بە تێمپەرامێنتی ئەو خۆیەوە، بۆیە گەر تێمپەرامێنتی ئەو کەسە کەمبێتەوە، ئیدی توانستە هزرییەکەشی لاواز دەبێت، یان گەر تێمپەرامێنتەکەی دابمرکێتەوە، ئەوا توانستەکەشی لەکاردەکەوێت و هەر ئەوەندەی نەما، نەشیاوە جارێکی دی زیندوو بکرێتەوە. لێرەوە ناتورالیستەکان دەگەن بەو دەرئەنجامە کە دەروون بمرە و هەرگیز ناگەڕێتەوە، بۆیە ئیدی نکۆڵی لە ئەودنیا، لە بەهەشت و دۆزەخ، لە گردبوونەوە و قیامەت (ژیانەوە) و دادگەی ئەودنیا دەکەن. وەلێ لەبەر ئەوەی ئیمان بە خودا و ڕۆژی لێپرسینەوە لە ئەودنیا بناغەی ئیمانن، ناتورالیستەکانیش نکۆڵی لە ژیانەوەی لەش و دادگەی ئەودنیا دەکەن، ئەوا غەزالی ئەمانیش ناودەنێت هێڕێتیکی.
    سێ) غەزالی ئاڕاستەی تایستەکان (لایەنگرانی ڕێکخراوێکی خودایی لە پشت ڕێکخراوی گەردوونەوە) لای فەیلەسوفانی گریکی دەبینێت، وەک سۆکرات کە مامۆستای پلاتۆن و ئەمیش کە مامۆستای ئەڕیستۆتێلیس بوو. تایستەکان بەگشتی دژبێژیی دوو ئاڕاستەکەی یەکەمیان کردووە و زۆر ناتەواویی تێڕوانینەکانی ئەوانیان دەرخستووە. وەلێ گەرچی ئەڕیستۆتێلیس لۆگیک بۆ فەلسەفە سیستەماتیزە دەکات، زانستەکان وردتر دەکاتەوە، هەروەها دژبێژیی پلاتۆن و سۆکرات و تایستەکانی پێش ئەوان دەکات، سەرەڕای ئەوە واز لە بێباوەڕی و زەندیقێتیی ئەوان ناهێنێت. بۆیە غەزالی ئەڕیستۆتێلیسیش پێکەوە لەتەک سەرجەمی ئەو فەیلەسوفانەدا کە ئەو بە تایستیان دادەنێت، لە نێویشیاندا بەتایبەتی فەیلەسوفانی ئیسلامیی وەک فارابی و ئیبن سینا، بە بێبڕوا دادەنێت: “هیچ کام لەنێو فەیلەسوفانی ئیسلامیدا هێندەی ئەم دوو ناوبراوە ڕێبازەکەی ئەڕیستۆتێلیسیان بڵاونەکردەوە”، وەلێ ئەوە “هیچی دیکە نییە جگە لە شێواندن و تێکەڵکردن کە بەڕێیانەوە دڵی خوێنەر دەشێوێت (…)”(28).
    کارە هزرییەکانی فارابی و ئیبن سینا کە لە فەلسەفەی ئەڕیستۆتێلیسەوە بنیاتیان ناون، بە دیدی غەزالی سێ مۆرکیان بەگشتی هەیە: کارەکان بەهۆی بەشێکیانەوە بێباوەڕین، بەهۆی بەشێکی دیکەیانەوە زەندەقەن، وەلێ بەشێکی دیکەیان هەیە کە پێویست نییە ڕەتبکرێتەوە.

    غەزالی بۆ ئەوەی وردتر ئەم سێ ڕوانگەیەی خۆی دەربخات، زانستە فەلسەفەییەکان دادەبەشێنێت بەسەر:
    A) زانستە ماتماتیکییەکان
    ئەم زانستانە ژمێرە و ئەندازە و ئەستێرەناسی لە خۆ دەگرن، کەواتە پرسە ئایینییەکان بابەتی ئەمان نین، بەڵکو خۆیان بەو پرسیارانەوە خەریک دەکەن کە شیاوی سەلماندنن، کە ئیدی هەر ئەوەندەی مرۆڤ لێیان تێگەیشت و ناسینی، ناتوانێت نکۆڵییان لێبکات. سەرەڕای ئەوە غەزالی لە ماتماتیکدا مەترسیی گەورە بۆ پرسی ئیمان دەبینێت: لەبەر ئەوەی ماتماتیک زانستێکی ئێکزاکتە (بەڕەهایی دروستە) و سەلماندنەکانی گومانهەڵنەگرن، ئەوا دەشێت موسڵمانان بە چەشنێک پێی هۆشسام بن کە ئیدی فەیلسوفەکان بە مامۆستای خۆیان دابنێن، ئەوجا بەو تێڕوانینە بگەن کە “هەموو لکەکانی فەلسەفە هاوشێوەی ماتماتیک دروستن و خاوەنی هەمان ڕوونیی سەلماندنن، ئەوجا کاتێک دەبینن کە چۆن فەیلەسوفەکان ئەدگارەکانی خودا ڕەتدەکەنەوە، ئیدی دەشێت بچنە سەر ڕێگەی ئەوان و ببن بە بێباوەڕ”؛ ئاخر گەر کەسێک تێڕوانینی فەیلەسوفەکان وەربگرێت، ئەوا دەشێت پاشان ببێژێت: “گەر ئایین ڕاست بایە، ئەوسا دەبوو فەیلەسوفەکان لەو ڕاستییەی ئایین ئاگادار بن، لێرەشەوە ئیدی بگات بەو تێڕوانینە کە ڕەتکردنەوەی ئایین ڕاستییە”(29). هەروەها کەسێکی بەم چەشنە، هاوشێوەی سوننەگەرایان لە ئاییندا، بۆ غەزالی “لاساییکەرەوەیە”، چونکە کوێرانە تێڕوانینەکانیان وەردەگرێت و ئەوە دەداتەوە کە ئەوان چەسپاندوویانە. بۆیە غەزالی گەڤ دەکات: مرۆڤ بەڕێی ماتماتیکەوە کە بناغەیەکی فەلسەفەیە، خراپەی فەیلەسوفەکانی پێدەگات، بۆیە زۆر بەدەگمەن ڕوودەدات کە کەسێکی خۆخەریکردوو بە ماتماتیکەوە لە ئایین دوور نەکەوێتەوە و واز لە ئیمانداری نەهێنێت(30).
    سەرباری ئەوە غەزالی ڕەتکردنەوەی ماتماتیک لە لایەن موسڵمانانی جاهیلەوە بە مەترسی دادەنێت. بۆ نموونە دەشێت ماتماتیک، وەک زانستێکی ئێکزاکت و بناغەیەکی فەلسەفە، لایەنگرێکی نەزانی ئیسلام بەو بڕوایە بگەیەنێت کە سەرفرازیی ئیسلام بەندە بە ڕەتکردنەوەی زانستەکانی فەلسەفەوە (31) کە ماتماتیکیش یەکێکیانە، کەواتە ئەو کەسە نکۆڵی لە تێکڕای ئەو زانستانە بکات، یان تەنانەت هەڵوێست لەدژی گۆزارەکانیان سەبارەت بە خۆرگیران و مانگگیران وەربگرێت، ئەویش چونکە گۆیا ئەو زانستانە پێچەوانەی یاسای سروشییانەی ئیسلامن. هەڵوێستی بەم چەشنە دەشێت شارەزایەکی ماتماتیک کە لە توانایدایە بەڵگەی ڕوون و ئاشکرا بۆ فێنۆمێنە ناوبراوەکانی خۆرگیران و مانگگیران و هتد بهێنێتەوە، بەو تێڕوانینە بگەیەنێت کە ئیسلام خۆی غەشیم دەکات، بەڵێ ئیسلام وەک غەشیم تەنانەت دەوێرێت نکۆڵی لە بەڵگە ئاپۆدیکتییەکان (زەروورییە لۆگیکییەکان) بکات، لێرەشەوە ئیدی ئەو کەسە هێندەی دی فەلسەفەی خۆشبوێت و هاوکات پتر کین لە ئیسلام هەڵبگرێت.
    غەزالی لەم نێوانەدا هانا بۆ دەربڕینێکی محەمەد دەبات کە گۆتوویەتی: “خۆر و مانگ دوو دانەن لە هێماکانی ئەلڵا. ئەوان نە بەهۆی مەرگ و نە بەهۆی زایینی مرۆڤێکەوە دەگیرێن. گەر ئێوە موئایەشەی ئەوە (= ئەو خۆرگیران و مانگگیرانە) بکەن، ئەوا پەلە بکەن بۆ ستایشی ئەلڵا و نوێژکردن”(32). غەزالی لەم ڕوانگەیەی محەمەدەوە ژمێرە (ئەڕیتمێتیک) وەردەگرێت کە زانستی ڕەوتی خۆر و مانگە و فێرمان دەکات لە بەیەکگەیشتن و بەرانبەرییان تێبگەین.

B) زانستە لۆگیکییەکان
لۆگیک ئەم لایەنانە لە خۆ دەگرێت: مێتۆدەکانی بەڵگاندن و زانستی دەرئەنجامگیری (عیلم ئەلقیاس / سیلۆگیزم)، پێشدانراوەکانی (پرێمیسەکانی) سەلماندن و شێوازی پێکهێنانیان، هەروەها مەرجەکانی پێناسەی دروست و شێوازی پێکهێنانی پێناسە. مرۆڤ دەتوانێت بە پێناسەکردن ئەزموونی مەئریفە بکات، یان سەلماندن دەرفەت بۆ ئەزموونکردنی بڕیارێک (حوکمێک) دەڕەخسێنێت. غەزالی لاریی لەمە نییە و لۆگیک وەک ئامرازێکی دروست و سەلمێنەری هزرین وەردەگرێت، سەرباری ئەوە گەر لۆگیک بەسەر سروشدا بەکارببرێت، ئەوا دەشێت لۆگیک بە توانستی سەلماندن و دروستیی دەرئەنجامگیرییەکانی موسڵمانێک بەرەو بێباوەڕی بەرێت، چونکە ئەوسا دەشێت ئەو کەسە لۆگیک بە زانستێکی تەواو هەنگێوەر دابنێت، لێرەشدا بە پشتیوانیی تێڕوانینی مولحیدەکان هەر باوەڕێکی ئایینی ڕەتبکاتەوە کە لۆگیکییانە نەسەلمێنرێت. لەم ڕوانگەیەوە لۆگیکیش بۆ غەزالی بێمەترسی نییە.

c) زانستە سروشتییەکان
بابەتانی زانستە سروشتییەکان بریتین لە: کایەی ئاسمان، ئەستێرە و تەنە ئاسمانییەکانی دیکە، چوار توخمەکەی ئەرد و ئاو، هەوا و ئاگر، هەروەها جەستە ئاوێتەکانی وەک ئاژەڵان و ڕووەک و مێتال، ئەوجا هۆی دۆخگۆڕی و تێکەڵبوونیان. بێگومان توێژینەوەکانی پزیشکانیش لە ئۆرگانە سەرەکی و لاوەکییەکانی لەشی مرۆڤ، لە هۆکانی گۆڕانی ڕەوشی لەش، سەر بە کایەی زانستە سروشتییەکانن. بە دیدی غەزالی نابێت ئایین نکۆڵی لە زانستە سروشتییەکان بکات، چونکە مەرجی ئایین نین، وەلێ سەرباری ئەوە پرنسیپێک بۆ سەرجەم موسڵمانان دەچەسپێنێت: “سروشت لەژێر ڕکێفی خودای مەزندایە. سروشت سەربەخۆ کارا نابێت، بەڵکو لە خزمەتی ئافرێنەریدایە. خۆر و مانگ، ئەستێرەکان و توخمەکان لەژێر ڕکێفی ئەودان. هیچ کامیان سەربەخۆ کرا نابێت”(33). ئەو هەر لەم ڕوانگەیەوە هەڵوێست لەدژی پەیوەندیی هۆئەنجامی (کاوساڵێتی) وەردەگرێت: هیچ بناغەیەک لەگۆڕێ نییە بۆ ئەوەی لە نێوان شتێکی وەک هۆ و شتێکی دیکەی وەک ئەنجام دانراودا پەیوەندییەک هەبێت. کەواتە بە دیدی غەزالی دەشێت ئەنجامێک بەبێ هیچ هۆیەک بێتە ئاراوە. لێرەدا خودا خۆی ڕاستەوخۆ یان بە یاریدەی مەلایکەکانی ئەو ئەنجامە دەخاتەوە. گەر پارچەیەک خوری بخرێتە نێو ئاگرەوە، ناتوانین ئاگرەکە وەک هۆی سووتان وەربگرین، بەڵکو خودا تاکە هێزی بزوێنەری گۆڕانکاریی نێو خورییەکەیە (شێوەکەی، ڕەنگەکەی).

D) مێتافیزیک
لێرەدا دەگەین بە کێشە و خەمی بنەڕەتییانەی غەزالی. ئەو باوەڕ دەکات بەسەهووچوونەکانی فەیلەسوفان لە مێتافیزیکدان. فەیلەسوفانی ئیسلامی هەر پێشمەرجێکی بەڵگە لۆگیکییەکان لە مێتافیزیکدا ئاوەڵا دەکەن، سەرباری ئەوە دروست بە بابەتەکانیان ناگونجێن، بۆیە ناکۆکییەکانی نێوانیان پەرەدەسێنن و لەوێشەوە سەرلێشێوان دەهێننە نێو خەڵکەوە. غەزالی، پێش نووسینی “ڕزگارکەر لە چەوتی”، لە “تەهافوت ئەلفەلاسیفە”دا (“دژبێژییەکانی / نەسازییە هزرییەکانی فەیلەسوفان”) دەبێژێت، فەیلەسوفەکان لە بیست پرسیاردا بەسەهووداچوون: ئەوان لە سێ پرسیاریاندا بێباوەڕن، وەلێ گەرچی لە حەڤدەکەی دیکەدا ئەوها نین، سەرباری ئەوە تێیاندا خەریکی نوێکاریی زەندیقییانە بوون. بۆ ئەم کێشەیەی مێتافیزیک لای غەزالی سێ تیۆرییەکەی یەکەم بەواتان کە ئەو بە بێباوەڕییان دادەنێت، چونکە دژبەری بنەماکانی ئیسلامن: 1) لەشەکان هەڵناستنەوە (زیندوو نابنەوە)، بەڵکو تەنیا دەروونە پەتییەکان پاداشت دەدرێنەوە یان سزا دەدرێن. لەم ڕوانگەیەوە پاداشت و سزا ڕەوشی هۆشەکین نەک لەشەکی. بێگومان فەیلەسوفەکان ناڕەوا نین کاتێک جەخت لە پاداشت و سزادانی هۆشەکی دەکەن، چونکە پاداشت یان سزای بەو چەشنە لە سروشدا هاتووە، وەلێ نکۆڵیکردنی ئەوان لە پاداشت و سزای لەشەکی لادانە لە سروشی ئیسلامی و هاوکات بێباوەڕییە؛ 2) فەیلەسوفەکان دەبێژن: خودا تەنیا یونیڤێرساڵیا (گشتێتی) دەناسێت نەک سینگولاریا (شتە تاک یان تایبەتەکان). ئەمە بە دیدی غەزالی بێباوەڕییە، چونکە خودا “تەنانەت ئاگای لە گەردیلۆچکەیەکە چە لەسەر زەمین و چە لە ئاسمان”؛ 3) لە کۆتاییدا ئەوان دەبێژن (ئەمیان پێدەچێت ستەمترین بێباوەڕیی فەیلەسوفەکان بێت، چونکە هەبوونی ئەلڵای ئیسلام دەگرێتەوە): “جیهان ئەزەلییە، نە سەرەتا و نە کۆتایی هەیە”، کەواتە نەئافرێنراوە، ئەمەش نکۆڵیکردنە لە یەکەمین کۆڵەکەی ئیسلام کە خودایەکی قادیر بە ئافرێنەری جیهان دادەنێت (34).

E) زانستە ڕامیارییەکان
لەبەر ئەوەی زانستە ڕامیارییەکان بە پرسەکانی ئەمدنیا و دەسەڵاتی جیهانییەوە خەریکن، هاوکات لەم خەریکبوونانەیاندا نووسراوە خوداییەکان کە وەک سروش بۆ پێغەمبەران نێرراون، یان گۆتەکانی دانایانی پێش پێغەمبەران، وەک بنەڕەت دادەنێن، ئەوا ئەم زانستانە هیچ مەترسییەکیان بۆ موسڵمانان نییە.

F) زانستە ئێتیکییەکان
ئێتیکناسان ڕوو دەکەنە کاتێگۆری و مۆرکەکانی دەروون، لێرەشدا دەپرسن کە داخۆ چۆن مامەڵەیان لەتەکدا بکرێت. ئەمان بەهۆی هزرینەوە لە ڕەفتاری مرۆڤان واتای ئێتیکیان بۆ خویا بووە، بەدووی ئەوەدا پرسیویانە کە داخۆ چۆن مرۆڤان سەروەری بەسەر دەروونیاندا بەدیبهێنن. ئەوجا لەبەر ئەوەی ئێتیکناسان لێکۆڵینەوەکانی پیاوانی بەئیمان وەک بنەڕەت دادەنێن، لێرەشەوە پرسەکانی دەروون و سەروەربوون بەسەریدا دەبن بە بابەتی پێوەخەریکبوون، ئەوا گەرەکە ڕێ بە زانستەکەیان بدرێت.

  1. ڕێگەی سۆفییەکان
    ئێمە ئێستا لای ئەو ڕێبازەین کە غەزالی لە پێناویدا گومانی مێتۆدیی بەگەڕخستووە. ئاخر کاتێک ئەو دەست بە نووسینی “ڕزگارکەر لە چەوتی” دەکات، پێشتر بڕیاری بۆ ئەو ڕێگەیە داوە.
    غەزالی دوای خەریکبوونی بە زانستەکان و ئاڕاستە جیاوازەکانی فەلسەفەوە ڕوو دەکاتە ڕێبازی سۆفی، لێرەشدا دەبینێت کە تەنیا “لای سۆفییەکان (…) پێکەوەگرێدانی تیۆری و پراکسیس” لەگۆڕێیە: ئەوان تێدەکۆشن “ئاستەنگەکان لە بەردەم ئەو ئەزموونانەدا کە دەروون دەیانکات” لابەرن، هەروەها “بەسەر خواستە گەندە و ئەدگارە بەدەکانی” دەرووندا زاڵ ببن تاکو ئیدی “دڵ لە هەموو شتێک جگە لە خودا بەربدەن و بەردەوام بە پاڕانەوە لە خودا بیڕازێننەوە”(35).
    کێشەی غەزالی خودناسینە وەک هەوڵێکی سەبژێکتیڤییانەی مەئریفی، لێرەشدا ئەوە “دڵ”ە کە هزرڤان بە مەئریفەی خودا دەگەیەنێت. لێرەدا دەکەوینە بەردەم دوالیزمی غەزالی:
    “گەر دەتەوێت خۆت بناسیت، ئەوا بزانە کە تۆ لە دوو شت دروستکراویت. یەکێکیان بریتییە لەو قاوغە / بەرگە دەرەکییە کە ناودەنرێت لەش و دەتوانیت بە چاوی دەرەکی بیبینیت؛ ئەویدیکەیان ئەو ناخەیە کە جارێک ناودەنرێت دەروون، جارێکی دی هۆش، جارێکی دیکەش دڵ و تەنیا بە چاوی هۆشەکی دەناسرێت. ناخەکێتی کرۆکی (واتا هەقیقەتی – ن) ڕاستینەی تۆیە، هەموو ئەوانەی دی پاشەواری ئەون، سوپا و خزمەتکاری ئەون. ئێمە ناوی دەنێین دڵ. کەواتە بزانە، کاتێک ئێمە لە دڵ دەدوێین، مەبەستمان لە کرۆکی ڕاستینەی مرۆڤە کە ناودەنرێت هۆش یان دەروون، نەک ئەو پارچە گۆشتە کە دەکەوێتە لای چەپی سنگەوە. (…) مرۆڤ هەرچییەک بەم چاوە ببینێت، سەر بەم جیهانەیە، جیهانی دیتەنی، وەلێ دڵی ڕاستینەی مرۆڤ هینی ئەم جیهانە نییە. (…) مەئریفەی خودا و نەزەری جوانییەکەی سەر بە هەقیقەتی ئەون (…)”(36).
    ئەو هەروەها دەنووسێت:
    “بزانە کە خودمەئریفە کلیلی مەئریفەی خوداییە (…)، هیچ شتێک هێندەی خودت لە تۆ نزیک نییە. ئەوجا گەر تۆ خودت ناناسیت، ئیدی چۆن دەتەوێت شتانی دی بناسیت؟ گەر ببێژیت: من خۆم دەناسم، ئەوا سەهوویت، چونکە ئەم مەئریفەیە لەبار نییە بۆ مەئریفەی خودا. ئاژەڵانیش هەر ئەوەندە لەبارەی خۆیان دەزانن وەک تۆ لەبارەی خۆت. (…) بۆیە تۆ گەرەکە تێبکۆشیت تا بگەیت بە مەئریفەی کرۆکی (هەقیقەتی) ڕاستینەی خۆت”(37). تەنیا دوای ناسینی خودێتی دەرفەت بۆ مەئریفەی خودا و هەروەها بەرهەمەکانی خودایەتی دەڕەخسێت. غەزالی ئەمە ناودەنێت بەختەوەری: بەختەوەریی مرۆڤ لە مەئریفەی خودادایە. دڵ بەڕێی بەرهەمەکانی خوداوە بە مەئریفەی خودا دەگات.
    کەواتە لای غەزالی لەش و هۆشی مرۆڤ تایبەتمەندیی خۆیان هەیە: لەش زەمینییە، سەر بە جیهانی نزمە، وەلێ هۆش سەر بە جیهانی باڵایە و خوداییە. ئاوەڵاکردنی هۆشەکێتی گەرەکە فرمان و ئامانجی مرۆڤ بێت، ئەوە بێگومان لە پێناوی کامیلکردنی کرۆکی (هەقیقەتی) خۆیدا، کامیلێتیی کرۆکیش دێتەگۆڕێ گەر مرۆڤ بە مەئریفەی خودا بگات کە باڵاترین پلەی مەئریفەیە. لەم ڕوانگەیەوە مرۆڤ بەدیدی غەزالی لە توانایدایە بگات بە مەئریفەی ڕەهایەتی (ئەلموتڵەق). وەلێ پێش ئەوەی ڕێگەی مەئریفەی سۆفییانە لای غەزالی پێشان بدەین، گەرەکە بڕوانین چۆن ئەو توانستەکانی مرۆڤ لە یەکدی جیادەکاتەوە، تاکو ئیدی نزیکتر ئەو توانستە مرۆڤییە بناسین کە کەسی خوازیاری خۆکامیلکردن بە ئامانج دەگەیەنێت.
    وەک لە سەرەوە بینیمان، دڵ لای غەزالی دوو واتای هەیە: دڵی لەشەکی لە سنگدا، هەروەها دڵ وەک سینۆنیومی هۆش یان دەروون. دڵ لەم واتایەدا بریتییە لە “گەوهەری ناسکی هۆشەکی” (لەتیفەتون ڕاببانییەتون ڕووحانییە) کە کرۆکی مرۆڤە (حەقیقەت ئەلئینسانە) و دەتوانێت دەرکی شتە دەر-جیهانییەکان (ترانسسێندێنتەکان) بکات. دڵی هۆشەکی توانستێکی ئینتوئیتیڤی (حەدەسییانەی) مرۆڤە و لە سەنتەری ئەودایە (38). دڵ وەک گەوهەری ناسکی هۆشەکی کە سینۆنیومی دەروونە، جیاوازە لە واتایەکی دیکەی دەروون وەک توانستی تووڕەبوون (ئەلغەزەب) یان توانستی حەز (ئەلشەهوە). ئەمیان خوازیاری ئەو شتانەیە کە شایانی سەرزەنشتکردنن، بۆیە مرۆڤ دەبێت بچێتە شەڕەوە لەدژی. ئاخر مرۆڤ تەنیا بە یاریدەی دەروون وەک گەوهەری ناسکی هۆشەکی دەتوانێت خودا و شتانی دیکەی دەر-جیهانی بناسێت.
    ئێمە هەروەها بینیمان کە غەزالی هەموو توانستەکانی دیکەی ناخەکێتی بە پاشەواری، بە سوپا و خزمەتکاری گەوهەری ناسکی هۆشەکی دادەنێت. ئەمە ئاوەزیش (عەقل) دەگرێتەوە کە بە هەمان شێوە لای ئەو دوو واتای هەیە: ئاوەز توانستی زانینە لەبارەی سروشتی ڕاستینەی شتەکان، وەلێ ئاوەز هەروەها توانستی مەئریفەی ئاپریۆرییە (پێش-ئەزموونییە) و ئەمیش سەرلەنوێ هاوواتایە بە دڵی ناسکی هۆشەکی (39).
    کەواتە هەر یەکەی دڵ و دەروون و ئاوەز دوو واتای هەیە. یەکێکیان پەیوەندە بە زانینی کردەکێتییەوە، ئەویدی هاوواتایە بە دڵی ناسکی هۆشەکی و توانستێکی ئاپریۆرییە.
    ئاشکرایە دەبێت ڕێگەی ڕووەو مەئریفەی خودا لە جیهانی کردەکییەوە بگیرێتە بەر. غەزالی جیهانی ژیان و کارکردن ناو دەنێت “کایەی هەڵبژاردنی ئازاد”(40). مرۆڤ خۆی لەم جیهانەدا پێدەگەیەنێت، دەرخستەکانی دەچێژێت، بۆ گەیشتن بە پێگە و ناوبانگ تێدەکۆشێت (بۆ نموونە دەبێت بە مامۆستای فەلسەفە)، وەلێ پاشان پشتی تێدەکات. لێرەدا جێی سەرنجە کە غەزالی وەک وروژێنی بڕیاردان بۆ ڕێگەی سۆفی، کەواتە دەرچوون لە سوننەگەری (تەقلید)، ئەزموونی بێدادییەکانی نێو جیهان و بەو ڕێیەشەوە گەیشتن بە ناکامیی دەروونی وەک دەرچە دانانێت، کە ئیدی مرۆڤ لەم ڕەوشە ئەزموونکراوانەوە بۆ خودناسین تێبکۆشێت (کەواتە نەک ئەزموونە نێوجیهانییەکەی خودی غەزالی!)، بە پێچەوانەوە “مامۆستا” غەزالی چەند مۆرکێکی کەسێتی بۆ چوونە سەر ڕێی سۆفی دەچەسپێنێت: ئینتەنسیۆن (نییەت)، نیازی پەتی (ئیخڵاس)، ڕاستگۆیی (سیدق). ئەو لە “ئەرباب ئەلقولوب” (پیاوانی هۆشەکێتی) دەدوێت کە جیاوازن لە کەسانی “ڕییا”، واتا کەسانی تووشهاتوو بە دەردی رواڵەتگەری کە ئایین یان شێخایەتی وەک دەستوێژی گوزەران و پرێستیژی سۆسیال وەردەگرن، یان تەنانەت دەست بە گیرفانی هەژاراندا دەکەن. نەخێر، مرۆڤ دەبێت خۆی تێبکۆشێت دەروونی لە ئەدگارە نالەبارەکانی بەربدات، لێرەشدا پراکسیس لەچاو تیۆریدا سەنگێکی تایبەتیی هەیە: “تیۆری دەتوانێت پێناسەی لەشساغی بکات و هۆ و مەرجەکانی بناسێت، وەلێ ئەمە جیاوازە لە ئەزموونکردنی لەشساغیمان”؛ بە هەمان شێوە مەئریفەی کرۆکی ئاسکێز (زوهد) و هۆ و مەرجەکانی زوهد مەسەلەیەکە، وەلێ زاهیدبوونی کەسەکی و وازهێنان لە جیهان بە دەرخستەکانییەوە کە هەست و سۆز دەبزوێنن، مەسەلەیەکی دیکەیە. لەم ڕوانگەیەوە سۆفییەکان (بێگومان سۆفییەکانی غەزالی نەک شارلاتانەکان) پیاوانی موئایەشەکردنن نەک ئاخافتنی ڕووت(41). تەنیا ئەم جۆرەی موئایەشەکردن مرۆڤ دەگەیەنێت بە مەئریفەی خودا و پێغەمبەرایەتی و ڕۆژی قیامەت، کە سێ بنەمای ئیمانن و مرۆڤ نەک بە تیۆری و ڕاڤە سوننەتییەکان، بەڵکو ئەو “خۆ”ی بە موئایەشەی “خۆیی” بەدییان دەهێنێت.
    چۆن غەزالی لە دەستپێکی گومانی مێتۆدیدا دەرکەوەرەکانی مرۆڤی خستە ژێر پرسیارەوە، بە هەمان شێوە دەرکەوەرەکان لە دەستپێکی پرۆسەی مەئریفەی سۆفیدا سەرلەنوێ وەک بنەڕەت دادەنێتەوە. ئەمە یەکەم پلەی مەئریفەیە: مرۆڤ بە دەرکەوەرەکان ئەزموونی جیهان دەکات. هەر جۆرێکی دەرککردن تایبەتە بە پشکنینی جۆری شتە هەبووەکانی جیهان: دەرکەوەری گرتن (دەست) زۆر ئەدگاری شتە هەبووەکان بە مرۆڤ دەگەیەنێت، وەک گەرمی، ساردی، وشکی، ناسکی، زبری و هتد؛ دەرکەوەری بینین (چاو) ڕەنگ و شێوەکانی پێدەگەیەنێت؛ دەرکەوەری بیستن (گوێ) دەنگ و مێلۆدی پێدەگەیەنێت؛ بە دەرکەوەری بۆن (لووت) بۆنی جیاوازی شتەکان دەکات؛ بە دەرکەوەری چێژتن (زمان) دەرکی هەر چێژێکی تایبەتی شتەکان دەکات. ئەوجا لە دووەم پلەی مەئریفەدا پێشبینییەکان کارایی وەردەگرن و شتە دەرککراوەکان دەهێڵنەوە تاکو لەکاتی پێویستدا بییانخەنە بەردەم زەین. غەزالی ئەم پلەیەی مەئریفە هەروەها ناودەنێت توانستی جیاوازیکردن (قووەت ئەلتەمیز) (42). لە سێیەم پلەدا کارایی ئاوەز (عەقل) دێتە نێوانەوە؛ ئێستا هەندێک کاتێگۆری پێویست دەبن کە لە پلەکانی سەرەتای مەئریفەدا نەبوون، کاتێگۆرییەکانیش تەواو ڕاسیۆنالن، بۆ نموونە کاتێگۆرییەکانی زەروورە، شیمانە و ناشیمانە. ئاوەز تایبەتە بە مەئریفە زەروورییە ڕاسیۆنال و سەرەکییەکان (ئەلئەووەللییات)، بۆیە هەروەها دەشێت بە جۆرێک لە پێرسەپسیۆنی / دەرککردنی ناخەکی (ئیستیبساڕ) دابنرێت(43). لە پلەی چوارەمدا دەگەین بە توانستی هزرین (قووەت ئەلتەفەککور) کە دەشێت بە کاراییەکی باڵای زەین دابنرێت، چونکە مەئریفە ڕاسیۆنالەکان وەردەگرێت و لە نێوانیاندا پەیوەندی و تەریب دەسازێنێت. توانستی هزرین تایبەتە بە سازاندنی بڕیار و دەرئەنجامگیری (قیاس) (44). هزرین کە پەرچاندنە بەرەو ڕاستی لە خۆدا، دەکەوێتە سەرووی ئاوەزەوە. لەم ڕوانگەیەوە لای غەزالی دەروونی ڕاسیۆنال و دەروونی هزریو جیاوازن لە یەکدی. توانستی هزرین لای ئەو “ئۆپەراسیۆنێکی زۆر ئاڵۆزتری هۆشەکییە”(45):
    “لەوبەر ئاوەزەوە پلەیەکی دیکە هەیە کە تێیدا چاوێکی دیکە دەکرێتەوە و مرۆڤ بەم چاوە لە شارراوە و لەوەش دەڕوانێت کە لە ئایندەدا ڕوودەدات (…)؛ ئاوەز، هاوشێوەی توانستی جیاوازیکردن (قووەت ئەلتەمییز)، لەمانە بەدەرە”(46).
    ئەم پلەیە بریتییە لە “ئینتوئیسیۆن”ی (نەزەری) هۆشەکی و لە دڵدایە، وەلێ غەزالی ناتوانێت بەتەواوی دیاریی بکات، بۆیە چەند ناوێکی لێدەنێت: “چێژتن” (زەوق / schmecken)، “کەشفی عیرفانی” یان “ئیلهامی عیرفانی”. ئەم توانستەی مەئریفە کە غەزالی لەوبەر ئاوەزەوە دایدەنێت و باڵاترین پلەی پێدەدات، بۆ ئەو خۆی “سەرچاوەی هەموو پلەکانی دیکەی مەئریفەیە، هەروەها ئەو ئۆرگانەیە کە توانای بۆ مەئریفەی باڵاترین هەیە وەک مەئریفەی خود و خودا”.(47) کەواتە موئایەشەکە لە ڕوانگەی غەزالییەوە تەنیا سەبژێکتیڤی نییە، بەڵکو هەروەها ئۆبژێکتیڤییە: ئەوەش ئاشکرا دەکات کە شارراوەیە، هەروەها موئایەشەی بەرهەمی لەگۆڕێبووی خودایی دەکات: گەردوون.
    ئامانجی غەزالی گەیشتنە بە “جەختی” (یەقین)، کەواتە ئەو گومان ناکات لە پێناوی گوماندا – ئەو گومانگەرا (سکێپسیسیت) نییە. ئەو جەختیی ڕەهای دەوێت. غەزالی بۆ ئەم ڕێگە مەئریفییەی سۆفی و پراکسیسی سۆفیانە نموونەی محەمەدی پێغەمبەری دەهێنێتەوە کە دەڕۆیشت “بۆ کێوی حەررا، لەوێ بەتەنیا بوو لەتەک ئەلڵاکەیدا و دەپاڕایەوە، کە ئیدی ئارەبەکان گۆتیان: محەمەد سۆزمەندانە ئەلڵای خۆی خۆش دەوێت”(48). بێگومان ڕێگەی هزرین و ڕامانی سۆفییانە پرۆسەی بوون بە پێغەمبەر نییە (یان ئایا ناشێت ئەوە بێت؟!). ئاخر کاتێک گریمانە دەکرێت کە لە پێغەمبەرێتیدا ڕاستی لە دەرەوە، بەڕێی سروشەوە، وەک پەیام بۆ مرۆڤ دێت / دەنێررێت، ئەوا گریمانەکە هاوکات مەبەستی ئەو پەیامەشی لە خۆ گرتووە، واتا ڕاگەیاندنی ڕاستییەکە بە کەسانی دی – لایەنی کەم لە فۆرمی هەڵبەستدا (شیعردا). بە دیدی غەزالی تەنیا پێغەمبەر(ێک) دەتوانێت باڵاترین پلەی هەڵچوونی هەبێت کە ئیدی بەبێ تەقەلادان و تەنیا بەڕێی سروشی خوداییەوە “زۆرینەی هەرە زۆری ڕاستییەکان” بۆی بەیان دەبن (نەک تێکڕای ڕاستییەکان)، لێرەشدا ئاشکرایە کە پێغەمبەری موسڵمانان “خاتەمولئەنبیائە”، ئەمەش بەواتای، ئیستا کۆتایی هێنراوە بە پرۆسەی ناردنی سروش. کەواتە ئایا ئەمەیە هۆی سەرەکی کە بۆچی سۆفی ناوێرێت / ناتوانێت ڕایبگەیەنێت گۆیا بووە بە “پێغەمبەر” یان دەیشارێتەوە و ئەو نهێنییە تەنیا بە لایەنگرانی نزیکی ڕادەگەیەنێت؟ بە هەر حاڵ، کاتێک پێغەمبەر(ێک) دەتوانێت ڕاستییە بۆ هاتووەکان لایەنی کەم لە فۆرمی هەڵبەستدا بداتەوە، ئەوا غەزالی جەخت دەکات، سۆفی ناتوانێت دوایەمین ئەزموونەکانی خۆی دەرببڕێت، چونکە ئەم پلەیە “بە وشە وەسف ناکرێت”، یان چونکە “هیچ کەس ناتوانێت بە وشە دەریببڕێت، گەر ئەوەش بکات، دەربڕینەکەی هەڵەی تێدەکەوێت.”(49) لەم ڕوانگەیەوە غەزالی دەیەوێت تەنیا ببێژێت، کە لە نەزەری ڕاستەوخۆی ئینتوئیتیڤدا (چێژتنی عیرفانیدا) شتەکان وەک ئۆبژێکتیڤی بۆ کەسی نەزەرکردوو بەیان دەبن بەبێ ئەوەی بتوانێت دەریان ببڕێت.
    چێژتنی عیرفانی بەواتای فەنابوون / نەمان (Entwerden) کە ترۆپکی ڕێگەی هەڵچوونی سۆفییە. حاڵلێهاتن ئاڕاستەیەکی ڕووەو یەکانەی بوون وەرگرتووە، واتا ڕەوشێکی ئەوتۆ کە (بە دیدی عارفەکان بەگشتی) جارێ کرۆکی مرۆڤ لە بنەڕەتی خودایی جیانەبۆتەوە. کەواتە سۆفی بە نەهێشتنی جووتەنێتیی سەبژێکت و ئۆبژێکت، من و جیهان، دەگەڕێتەوە بۆ سەرچاوە. ئێستا ئیدی کەسی هەڵچوو، گەڕاوە بۆ سەرچاوە، بە ئاگایی خودا دەتەنرێت و هاوکات گەرەگە لەم ڕەوشەیدا لای خودا بمێنێتەوە (بەقاء). ئەمە، فەنابوون، هەروەها ناودەنرێت مەرگ، بێگومان مەرگی عیرفانی پێش مەرگی سروشتی. لەم جۆرەی موئایەشەدا “مرۆڤ بەگوێرەی من-ە ئەمپیرییەکەی فەنا دەبێت و بەردەوامی بە لێرەبوون دەدات لە چۆنێتیی ناخەکییانەی سەرچاوەییدا کە بۆ سۆفییەکان هاوواتایە بە بنەڕەتی خودایی”(50)، بە شێوەیەکی دی ببێژین، ئەوان دەیانەوێت “موئایەشەی ناخەکییانەی یەکانەی کردەکێتیی خودا”(51) بکەن و هاوکات بەردەوام لای ئەو بمێننەوە.
    کەواتە لای غەزالی مرۆڤ بە فەنابوون ئەزموونی ئازادبوونی خۆی لە جیهان دەکات. لەم جێیەدا گەرەکە چەند پلەیەک بەرەو پاش بگەڕێینەوە: ئاوەز کە جیاوازە لە زەینی ڕاسیۆنال، توانستە بۆ ناسینی پەیوەندیی گشتگیر کە لێوەی دەتوانێت خەریکی دەرئەنجامگیریی دروست بێت. لێرەدا “من” هیچ رۆڵێک ناگێڕێت، چونکە “من”، بەگوێرەی هزرینی عیرفانی، لە مەئریفەکانییەوە هەردەم دەرئەنجامگیریی خۆگەرا / منگەرا (بۆ نموونە قازانجی ماددی) ئەنجام دەدات و دەشێت زیان بە کەسان و هەروەها بە خۆی بگەیەنێت. بە پێچەوانەوە ئاوەز هەردەم دەیەوێت دروست بڕیار بدات، بۆیە بەرپرسیاری لە ئەستۆ دەگرێت. وەلێ سەرباری ئەو ئەدگارە کرۆکییەی ئاوەز تەنیا ئینتەنسیۆن (نەزەری ڕوون و ئاشکرای هۆشەکی) مرۆڤ و خودا بەیەک دەگەیەنێت. لێرە ئاوەز هیچ رۆڵێک ناگێڕێت، بەڵکو ئێستا لە نەزەری ڕوون و ئاشکرادا، لە چێژتنی عیرفانیدا، خودا بە ڕووناکی (نوور) خۆی بە مرۆڤ ڕادەگەیەنێت. نوور وەک پزیسکی خودایی دیار دەدات و “وەک فەنابوونی ڕوانەر بۆ نێو لێڕوانراو” دەپەخشێت؛ عەبدولقادر ئەلگیلانی (1166 مردووە) ئەم ڕوانینە ڕاستەوخۆیە “لە شکۆی خودا بەراورد دەکات بە ڕوانین لە خۆر، کە تێیدا کەسی عارف بەهۆی بریسەکەی تیشکی درەوشاوەوە نە خۆی و نە شتێکی دیکە دەبینێت. چەند زۆر ئەو لە خۆر نزیک بکەوێتەوە، ئەوەندەش زۆرتر بەشەوارە دەخرێت تا دەگات بەو پنتە کە ئەو لە خۆر جیانابێتەوە.”(52). ئیدی کەس، دوای مەرگی عیرفانی پێش مەرگی سروشتی، بە ئەزموونکردنی یەکانەی بنەڕەتی، خودا لەنێو هەر شتێکی جیهاندا دەبینێت. سۆفی بۆ غەزالی کەسێتییەکی نوێیە کە دڵی لە سەرجەم پەیوەندییەکانی بە جیهانەوە بەردراوە و تەنیا بە ستایشی خوداکەی درێژە بە ژیان دەدات.

سێ) واتای ئەمڕۆی غەزالی

ئەمڕۆ، لە سەردەمی تەنگژەی قووڵی ئیسلامدا چە وەک ئایین و چە وەک کولتوور، لە خۆرئاوا توێژینەوەکان لەبارەی غەزالی بەتایبەتی و سۆفیزم بەگشتی بێئەندازە پەرەیان سەندووە.
عەبدەلسەمەد عەبدەلحەمید ئەلشازلی کە لەپاڵ “ڕزگارکەر لە چەوتی”دا “میشکات ئەلئەنوار”ی غەزالیی بۆ ئەڵمانی وەرگێڕاوە، وایدادەنێت کە نووسینی ناوبراو لەنێو کۆبەرهەمی غەزالیدا پێگەیەکی تایبەتی هەیە، چونکە “نووسەرەکەی سەبارەت بە ژیانی خۆی و گۆڕانی هۆشەکییانەی دەدوێت، یان لەبارەی پەیوەندییەکەی بە خوداوە و چۆن ئەو بە ئیمانی پتەوی خۆی گەیشتووە، هەروەها لەبارەی پەیوەندییە ڕەخنەییەکەی بە مەدرەسە ناسراوە ئیسلامییەکانەوە، بۆیە بەرهەمێکی سەرەکییە، بە پێچەوانەشەوە سەرجەم بەرهەمەکانی دیکەی لەنێو کۆبەرهەمی ئەودا تەنیا لاوەکین (53).
د. ب. مێکدۆناڵد لە بەرواردکردنی غەزالیدا بە ئەلئەشعەری دەبێژێت، کە “ئەلئەشعەری بە سەلماندنی لۆگیکیانە بەرگری لە ئەقیدەگەری دەکات، وەلێ ئەلغەزالی بناغەی سەرجەم جەختیی ئایینی دەگەڕێنێتەوە بۆ موئایەشە لە ئێكستازدا”(54)، لێرەشدا گەرەکە لە ئێکستاز لای غەزالی وەک لەسەر-خۆ-نەمان، وەک تێپەڕینی حاڵلێهاتوو لە سنوورەکانی من-ی ئەمپیری بۆ نێو کایەی ترانسسێندێنت، تێبگەین.
وەلێ گەرەکە زۆر تایبەت جەخت لە واتای غەزالی بکەین وەک ئاڕاستەیەکی توێژینەوە لە تێکست کە ئەرگومێنتی ئاوەز بەهەند وەردەگرێت، بەمەش ئەو جیاوازە لە دانەوەی وشەیی قورئان و حەدیس کە ئەقیدەگەرایان یان وشەگەرایان (ی سەلەفی) پەیڕەویی دەکەن تاکو ڕێ لە گۆڕانی پەیوەندییە سەروەرەکانی هەنووکە بگرن و بەوەش دەسەڵاتیان بپارێزن. بە دیدی غەزالی هەر ئەرگومێنتێکی ئاوەز “ئێڤیدێنت” بێت (ڕوون و ئاشکرا شیاوی لێتێگەیشتن بێت) و بەو هۆیەشەوە “گومانی لێنەکرێت”، ڕەوایەتی بە دەرئەنجامگیری دەدات و ناشێت ئەرگومێنتەکان “هاوشێوەی سروشی خودایی، (…) بە هەڵە دابنرێن”، وەلێ گەر پرسگەلی نوێ هاتنە ئاراوە و پەیوەند پێیانەوە ئەرگومێنت و سروش “دژبێژیی یەکدی بکەن، ئەوسا دەبێت قورئان لە واتای خوازەییدا ڕاڤە بکرێت و لە پێناوی ڕاستییەکی قووڵتردا سیمبۆلییانە بخوێنرێتەوە”(55).
لە لایەکی دیکەوە لەبەر ئەوەی غەزالی “هیوای بە خەڵاسێکی دەرەکی”(56) هەبوو، ئەوا پەلهاویشتنەکانی فەلسەفەی لەوێدا بە مەترسی دادەنا کە بنەڕەتەکانی ئایینی ئەویان بریندار دەکرد و سێ پرسیان دەگرتەوە: ئافراندنی خودایی، سروش و ژیانی پاش مەرگ. ئەو لەم ڕوانگەیەوە “دوژمنی فەلسەفە” نەبوو وەک سەرجەم. ئیسلامناس فڕانک گریفل لە زانستگەی یێڵ دەبێژێت: “هەرگیز غەزالی سەرجەمییانە حوکمی بەسەر فەلسەفەدا نەداوە یان ڕەتی نەکردۆتەوە، بە پێچەوانەوە ئەو و کەسانی دیکە فێرکاری فەلسەفە بوون و بەمەش بناغەی ترادیسیۆنی ئەڕیستۆتێلییان لە کەلامی ئەشعەریدا (ئەمە مەدرەسەی سەروەری تیۆلۆگییە لە ئیسلامدا) ڕشت. سەرەتا کارەکانی غەزالی دەرفەتیان ڕەخساند کە بشێت فەلسەفە بەڕێی کەلامی ئەشعەرییەوە بکرێت بە پێکهاتەی هزرینی خۆیی”(57).
بێگومان غەزالی سەر بە دابی هزرینی ئێمەیە. لێرەدا ئەو پرسیارە لە بەردەمماندا زیتدەبێتەوە کە داخۆ چۆن ئێمە واتای ئەو بۆ ئەمڕۆ بنرخێنین. تێڕوانینە دیارهێنراوەکانی سەرەوە لەبارەی واتای ئەو وەک ڕێبەرێکی هۆشەکییانەی سۆفیزم و فەیلەسوفێکی بەواتای نێو مێژووی فەلسەفەی ئیسلامی، لەنێو جیهانی ئیسلامیشدا لەگۆڕێن و کارکردن لە هزری ئەودا هەر بەردەوامە، جا گەرچی لەوێ زۆر سوننەگەرایانە. وەلێ غەزالی بە دیدی ئێمە لە ڕووی پرسیاری مێتۆدەوە گرنگە، لێرەشدا لەبەر ئەوەی گومانی مێتۆدی لای ئەو لە ئامانجی هزرینی ئەو خۆی جیانابێتەوە، ئەوا هاوکات ناچار دەبین “ڕەخنەییانە” ڕەچاوی ئاڕاستە هۆشەکی-سۆفیستییەکەی بکەین. کەواتە خەریکبوونمان بە ئەوەوە بەم چەشنە دەبێت: “لەتەک” غەزالیدا “لەدژی” غەزالی.
ئێمە دەتوانین “لەتەک” غەزالیدا ببێژین: گومانی مێتۆدی پێشانمان دەدات کە سوننەگەری تەنیا دانەوەی ڕێکخراو یان ڕێکنەخراوی (هەڵڕێژراوی) ئەو نێوەرۆکانە دەهێنێت کە پێشتر ئۆبژێکتیڤییانە چەسپێنراون: دانەوەی تێڕوانینە هزرییەکان، ئاڕاستە ئەدەبی و هونەرییەکان، هەروەها بەرهەمهێنانەوەی جۆری کردار و ڕەفتاری نەوەکانی ڕابوردوو: باوکان، مامۆستایان، مەلاکان، لە هەمووشیان ستەمتر: بانگخوازانی وشەگەرا یان شت-پەرست، وەلێ هەروەها بەرهەمهێنانەوەی نووسەر و هونەرمەند و ئەکادیمییە قەدیمییەکان کە بەتایبەتی پەیوەندیی پێشوێنە-دەروێنە (لاساییکردنەوەی ئۆریجیناڵ) وەک بنەڕەتی هزرین و کارکردنی زانستی، ئەدەبی یان هونەری دادەنێن. گەر بۆ ئەم پەیوەندییەی ئێرە تەنیا ئەو ڕەوشانە وەربگرین کە ئەمڕۆ بوون بە دیاردە و بۆیە ڕاستەوخۆ دەرکدەکرێن، واتا کارکردنە دەگمەنە باشەکان لە زانست و ئەدەب و هونەردا وەلاوە بنێین، ئەوا دەتوانین ببێژین:
مرۆڤان بەگشتی لە زارۆکییەوە دەخرێنە بەر خوێندن، کەچی تەنانەت دوای تەواوکردنی زانستگە ناتوانن دوو ڕستەی دروست بە زمانی دایک بئاخڤن و ئەم ڕەوشە هیچ پرسیارێکیان لا ناهێنێتە ئاراوە، جا گەرچی پرسیار لەو بەدڕەوشەی خۆیان بەواتایە بۆ لێرەبوونی سۆسیال و کارکردنی هۆشەکییان؛ مرۆڤان بەگشتی قسانی قوتی لەخۆڕازی دەکەن و دەخوازن بەدڵان بن، چونکە ناتوانن هاوشێوەی غەزالی لە “ڕیز دەر-بچن”، لە “نێو-ئەڵقەیی پەیوەندییەکان”ەوە بێنە دەرەوە و چیدی خۆیان وەک ئەڵقە دەرک نەکەن، بەڵکو دەرفەتی گەڕانەوە بۆ لای خۆیان بڕەخسێنن؛ مرۆڤان بەگشتی (ئەوە بێگومان گەر سوننەتیی ڕاستگۆ بن نەک دزی نووسراوەکان یان شەیدای دەرکەوتنی خۆیی بن و رواڵەتگەرایانە کۆششی بۆ بکەن) هەروا سانا تێکستەکان دەدەنەوە و نووسەرێتی یان هزرمەندیی خۆیان ڕادەگەیەنن، لە زانستگە بە کۆکردنەوەی سیتات (ئیقتیباس) و لەیەکدانیان توێژینەوەی ماستەر و دکتۆرا تەواو دەکەن، وەلێ کارەکانیان بەدەرن لە “فۆرم”، واتا نەیانزانیوە لە نووسین و توێژینەوەدا فۆرم سەرەکییە نەک خۆهەڵڕشتن یان لەیەکدانی سیتات، کەواتە سازاندنی فۆرمێک خەمی پێشینەییە لە خەریکبووندا بە هەر پرسێکەوە کە کەس دەوروژێنێت و ئەویش خۆی لە قەرەی دەدات، ئەمەش بەواتای هیچ تۆمارکراوێکی سەر کاغەز ناونانرێت نووسین یان توێژینەوە گەر فۆرمی نەبێت؛ مرۆڤان بەگشتی لاساییگەرایانە ئیمانداری و بیروباوەڕیان ڕادەگەیەنن، هەروا سانا و لەخۆڕازی دەبێژن کە ئەوان موسڵمانن، مارکسیستن، کۆمونیست یان وجودین، لێرەشدا قورئان دەخوێننەوە و ناوێرن دیدێکی ڕەخنەیی ئاڕاستە بکەن، یان بۆ نموونە (لە هەمان بنەڕەتی مامەڵەکردنی سوننەگەرییەوە لەتەک قورئاندا) مانیفێستێکی ئەوروپی دەخوێننەوە و دەیکەن بە بنەڕەتی بڕوا و خەباتی پراکتیکییان، کەچی ناتوانن و نازانن بپرسن داخۆ ئەو مانیفێستە کە دوو ئەوروپی ئەوروپییانە نووسیویانە، چواندنی بۆ گرووپە ئێتنییەکانی دەوڵەتی عوسمانی هەبێت(58)؛ مرۆڤان بەگشتی دەنگیان خۆشە، هەڵبەستێک وەردەگرن کە ناخیان دەهەنگێوێت، ئەوجا بە ئاوازی دانراوی کەسێکی دیکە وەک ستران دەیچڕن، کەواتە ناتوانن لەنێو خۆیانەوە “سترانساز” (Liedermacher) بن و لە ئەمڕۆدا خۆیەتییان بە دەنگ و وشە بهۆننەوە. ئالێنگارییەکەی غەزالی سەرجەمی ئەم کایانە و گەلێکی دیکەش دەگرێتەوە. ئاخر ئەو بە تەحەداوە دەبێژێت: کێ گومان نەکات، بەدووی هیچدا ناگەڕێت، ئەوجا کێ بۆ شتێک نەگەڕێت، دەرکی هیچ ناکات، ئەوجا کێ دەرکی هیچ نەکات، ئەو کەسە لەسەر ڕێگەی چەوت دەمێنێتەوە (جا موسڵمان یان کەسێکی تەنراو بێت بە خەیاڵی خاوی کۆمونیزم – ئاخر ناتوانین پەیوەند بە ئەوانەوە لە کومونیست بدوێین). لەم ڕوانگەیەی غەزالییەوە خودمەئریفە گرنگترینی مەئریفەکانە، چونکە تێیدا سروشت و سنوورەکانی خودێتی ساغدەکرێنەوە.
وەلێ ئێمە دەتوانین لەدژی غەزالی ببێژین: کانت سەلماندنەکانی نەمریی دەروون و خودایەتی و لەتەک ئەمیشدا ئافراندنی جیهانی لەکارخست. ئەو لە “ڕەخنەی ئاوەزی پەتی”دا دادگەی بۆ خودی ئاوەز دانا و ئەوجا بۆ نموونە پەیوەند بە تیۆریی سەلماندنی خوداوە پێشانی دا، کە ئاوەز دەتوانێت بە تێزێک هەبوونی خودا بسەلمێنێت، وەلێ هەر خودی ئاوەز دەتوانێت بە ئەنتیتێزێک نابوونی ئەو بسەلمێنێت. ئاوەز دەخزێتە نێو ئەم دیالێکتیکەوە، چونکە لەنێو خۆیەوە بە پرسیار سەغڵەت دەکرێت، کەواتە لەبەر ئەوەی پرسیارەکانی لە دەرەوە نەهاتوون، ئەوا ناچارە وەڵامیان بداتەوە، لێرەشدا دەخزێتە نێو دەرئەنجاماندنی هەڵە و دژبێژیی لۆگیکییەوە(59).
بێگومان دەشێت بەرانبەر ئەم تێڕوانینە ڕەخنەییانە ببێژرێت کە غەزالی لەوبەر ئاوەزەوە ڕوانینی ئینتوئیتیڤ لە کایەی ترانسسێندێنت (نەشیاوی زانین) وەک توانستێکی تایبەت وەردەگرێت. وەلێ لایەنگرانی سۆفیزم هەرچۆنێک ئاپۆلۆگێتییانە، یان بە سۆفیستیک (سەفسەتە، بە هێزی وشە) هەوڵی ڕوونکردنەوەی ئەم تێڕوانینە بنەڕەتییەی غەزالی بدەن، هێشتا هەر لای ئەو “حاڵ”ی تێپەڕیو لە مەئریفەی زەینی لەگۆڕێیە، کە بۆ ئەو شیاوە، وەلێ بە دیدی ئێمە نەشیاوە. کاتێک فەرمان دەدرێت: “لەسەر خۆ بە!”، لێرەدا دەخوازرێت مرۆڤ لەسەرخۆ لە جیهاندا ڕەفتار بنوێنێت، چە خۆی و چە جیهان بەهەند وەربگرێت، بە پێچەوانەشەوە مرۆڤ لە حاڵی لەسەر-خۆ-نەماودا لە من جیادەبێتەوە و خۆی بە داڵغە دەبات بۆ نێو کایەی ترانسسێندێنت کە ئیدی لێرە ئاگایی من نامێنێت. وەک پێشتر بینیمان، غەزالی ڕاگەیاندنی شەڕ لەدژی من (نەفس) بە پێویست دادەنێت، تاکو من هەڵبووەشێنرێتەوە و لەکاربخرێت، ئەوجا مرۆڤ بچێتە نێو مەرگەوە (فەناوە) کە پێش مەرگی سروشتییە و دوایەمین پلەی حاڵی عیرفانییە. وەلێ، وەک یۆئاخیم ئێڕنست مایەر دەبێژێت، کەسی سەر ئەم ڕێگەیە کە وازی لە ژیانی نێوجیهانی و بەشداریکردنی زیندوو هێناوە، تەنیا خۆی وایدادەنێت کە ئێکستاز (لەسەر-خۆ-نەمان، حاڵ، چێژتن) “ئێڤیدێنس”ە، ئەمەش ڕەوشێکە کە مایەر ناوی دەنێت “فێنۆمێنی پسیکۆپاتۆلۆگییانەی نامۆبوون” (وەرگۆڕینی نەخۆشانەی ژیانی دەروونی) کە “وەک وەرگۆڕینێکی توخمی موئایەشە دەکرێت. (…) فێنۆمێنەکە وەک نزیککەوتنەوەی دازاین لە سنوور، وەک هاوشێوەی مەرگ دیاردەدات”(60). بەم شێوەیە فەنابوونی من وەک کوژانەوەی خودی هاوکات لەشەکی و هۆشەکی، کەواتە وەک پرۆسەی نامۆبوون (ئیغتیراب)، نەمانی زیندوویەتییە لە هەر موئایەشەیەکی من و جیهاندا. مرۆڤ توانستی ژیان وەک بەشداریکردن لە جیهاندا، وەک سۆسیالێتی و چێژتنی پێدراوە بەرجەستەکانی جیهانی کردەکی، لەدەست دەدات – لێیان نامۆ دەبێت. ئاخر ئەو گیرۆدەی ڕزگاربوونی خۆیەتی لە جیهانی کردەکی و کەوتۆتە نێو داڵغەی جیهانێکەوە کە لە بنەڕەتدا ترانسسێندێنتە، یان ڕوونتر لەتەک فۆیەرباخدا ببێژین، مرۆڤ کە دوایەکی (بمر) و ناکامیل و بێدەسەڵاتە، لە ناخیدا خۆزگەی نەمری و کامیلێتی، بەختیاری و یەکسانیی مرۆڤ دەپشکوێت، ئەوجا دەیەوێت خۆی وەک بمر لەو سروشتە ڕزگاربکات کە هەردەم بە مەرگ ژیانی ئەو ناهێڵێت. مرۆڤ لەتاو ئەم هەقیقەتە هەموو خۆزگەکانی دەخاتە نێو خودایەکەوە وەک بێدوایەکی، کامیل، ئەبەدی، بەتوانا بۆ هەر شت، کەواتە دەیپەخشێنێتە نێو خودێکەوە کە بەڕەهایی پێچەوانەی خۆیەتی(61)، لێرەشدا نەمری و ڕزگاریی ئەبەدییانەی مرۆڤ لە ئەودنیا پێشبینی دەکات.
کەواتە گەرەکە هاوکات پەیوەند بە ئالەنگارییەکەی غەزالییەوە بپرسین: ئایا گومان لە پێناوی چیدا؟ غەزالی کە سەر بە “دابی هزرینی خۆمانە”، دوای ئەوەی دەرکی دەکەین، زۆر تایبەت چە وەک وروژێن و چە وەک دەروو بەرمان دەکەوێت، چونکە ئێمەش کوڕانی / کچانی هەمان جڤاکی سوننەتین، جا با سەردەم ئاڵۆزتر و جیاوازتر بێت لەوەی ئەو. کەواتە دوای ئەوەی بەریەک دەکەوین، ئیدی ئێمە دەچینە نێو ئەو و ئەو دێتە نێو ئێمەوە. لێرەوە دەشێت گومانە مێتۆدییەکەی ئەو کەسێکی هزرکردووی پرسیارمەند ببزوێنێت کە بە خۆی ببێژێت: “ئەو وێرای ئەوها ڕادیکال بهزرێت، گومان بکات، منیش ئەو دەکەم بە نموونە”. سەرباری ئەوە هزرکردووی پرسیارمەند ناتوانێت بچێتە سەر ڕێگە هزرییەکەی ئەو، چونکە ئەمڕۆ پرسیاری ئاسایشی ناخەکی کە گەرەکە بە خۆگیرساندنەوەی سۆفییانە لە خودایەکدا بەدیبهێنرێت، کەسێتی بۆ نواندنی کرداری ڕەخنەیی و ژیانبگۆڕ گۆچ دەکات – ئاخر وەک گۆتمان ڕێگەبڕینی هۆشەکیی سۆفیانە بە نامۆبوون تەواو دەبێت. بە دیدی ئێمە واتای ئەمڕۆی غەزالی لە ڕەسەنێتیی ئەودایە بۆ ڕاستیخوازیی هزرین، لێرەشدا سەرەتا مرۆڤ فێر دەکات دەرکەوەرەکانی بخاتە ژێر پرسیارەوە، کەواتە واز لە لاساییکردنەوەی ڕەفتاری باوی باوک و مام و خاڵانی بهێنێت، زمانی ڕاهاتووی بۆ قسەی قوت ڕابگرێت، هەموو ئەو شتانە کە دەیانبینێت و دەیانبیستێت، سوێندیان پێدەخوات و خۆی لەسەریان بەکوشت دەدات، بخاتە ژێر پرسیارەوە، لەم ڕەوتەشدا سەرجەم هزرینی سوننەتییانەی خۆی هەڵبووەشێنێتەوە و پێکهاتە بۆگەنکردووەکانی فڕێبداتە دەرەوە، تاکو بتوانێت فێرببێت و ئەوجا بزانێت چی لە پێکهاتە ساغەکانی بکات، یان چۆن ڕێکیان بخاتەوە، کە ئاشکرایە تەنیا خەریکبوونی ڕەخنەیی بە مێتۆدانی دیکەی مۆدێرنەوە دەرفەتی بۆ دەڕەخسێنێت ڕەوتی هزرینی خۆیی دابخات، لێرەشدا گومانی تێدا نییە کە تێگەی مرۆڤێتی لای ئەو دەبێت بە بنەڕەت، واتا ئەو تێگەیە کە لە سەرجەم جیهانی سوننەگەریدا لەگۆڕێ نییە و بەکارهێنانی تەنیا وشەیەکی ڕێزمانییە، یان تەنیا دانەوەی رواڵەتگەرایانەی هزر و پراکتیکە خۆرئاواییەکانە (“وەزارەتی مافی مرۆڤ”!). کەواتە هومانیزمێک وەک ئەڵتەرناتیڤ بۆ سوننەگەری کە نەهێشتنی (نەفیکردنی) ئیدیۆلۆگییانەی مرۆڤێتی و کردنی بە لاساییکەرەوە وەک باڵاترین ئامانجی خۆی دادەنێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو دەستوێژە ئیدیۆلۆگی (ئایینی) و پەروەردەییەکانی بەگەڕدەخات. بەکورتی: غەزالی دەکەین بە پسیکۆئانالیز وەک پێشپلەی زانست و فەلسەفە، یان بنیاتنانی خۆیەتی پێش نووسین و کارکردنی هونەری، بێگومان هەروەها کرداری هومانیستی لە جیهاندا.

————————————————————

پەراوێز..
1) Abu Hamid al-Ghazali, Der Erretter aus dem Irrtum. S. 5.
2) Ebenda, S. 42.
3) Ebenda, S. 43.
4) Ebenda, S. 43.
5) Ebenda, S. 9.
6) Ebenda, S. 43.
7) Ebenda, S. 10.
8) Ebenda, S. 10.
9) Ebenda, S. 10.
10) Ebenda, S. 43.
11) Ebenda, S. 44 f.
12) Ebendaa, S. 45.
13) Ebenda, S. 45.
14) Ebenda, S. 46.
15) Ebenda, S. 4 f.
16) Ebenda, S. 7.
17) Ebenda, S. 8 f.
18) Ebenda, S. 9.
19) Ebenda, S. 12.
20) Ebenda, S. 13.
21) Ebenda, S. 14.
22) Ebenda, S. 14.
23) Ayman Shihadeh, From Al-Ghazālī To Al-Rāzī: 6th/12th Century Developments in Muslim Philosophical Theology, in: Arabic Sciences and Philosophy, vol. 15 (2005). S. 143. Zitat nach Yusuf Kuhn: Über Vernunft und Offenbarung in al-Ghazālīs Denken.
24) ڕێبازی ئیسماعیلی نزیکەی 765 ز. (148 ک.) لە ساڵی مەرگی ئیمام جەعفەر ئەلسادیقدا سەریهەڵدا. ئەمان بەهۆی ناکۆکییانەوە سەبارەت بە خەلیفەی ئیمام لە ڕێبازی شیعی جیابوونەوە. ئەمان گۆتیان ئیسماعیل کە کوڕە گەورەی جەعفەر ئەلسادقی باوکی و فاتیمە بینت حوسەین ئیبن عەلی ئیبن ئەبو تاڵیب ی دایکی بوو، (حەوتەم) خەلیفەی ڕەوایە نەک موسا ئەلکازمی زڕبرای. وەلێ ئیسماعیل لە سەردەمی ژیانی باوکیدا مرد، بەدووی ئەوەشدا ناکۆکی لەسەر پرسی ئیمامەت لەنێو شیعەکاندا سەریهەڵدا و هەندێکیان لە جەعفەر تەکینەوە، چونکە بە باوەڕی ئەوان ناشێت ئیمامی ڕاستینە درۆ بکات. سەرباری ئەوە گرووپێکی بچووک وای دانا کە ئیسماعیل لە ژیاندا ماوە، وەلێ باوکی لە ترسی کوڕکەی مەرگی ئەوی نادروست ڕاگەیاندووە و ئەوجا شاردوویەتییەوە، جگە لەوە ئیسماعیل نامرێت تا هەموو زەمین داگیر نەکات و نەبێت بە سەروەری مرۆڤان. بە هەر حاڵ، ئیسماعیلیەکان دەمەو کۆتایی سەدەی هەشتەم (دووەمی کۆچی) زۆر کاریگەر بوون و ساڵی 909 ی زایینی (296 ی کۆچی) خەلافەتی فاتیمییان لە تونسی ئەمڕۆ دامەزراند – وەک دوژمنی دەوڵەتی عەباسی، هۆی ئەم دوژمنایەتییەشیان دەگەڕایەوە بۆ پێشبینییان سەبارەت بە ئیمامی بێخەوش وەک ڕێبەری ئوممەت.
بڕوانە:
Enzyklopädie des Islams. eSlam.de

25) Abu Hamid al-Ghazali. Der Erretter aus dem Irrtum. S. 30.
26) سەبارەت بەم حەدیسە ئەلشازلی لە پەراوێزدا ئاماژە بۆ ئەوە دەدات کە حەدیسەکە لە هیچ کامی کۆکراوەکانی ئیبن فوراق، ئەلهەراوی و ئیبن قەییم ئەلغەوسڵیادا نییە، ئەوجا پێشنیار دەکات: “بۆ ئەم جۆرە حەدیسانە دەشێت خودی غەزالی بە سەرچاوە دابنرێت. جگە لەوە هەندێک پرس هەن کە هیچ تێکستێک لەبارەیان نەگەیەنراوە، بڕیاردانیش بۆ سازاندنی سەربەخۆی بۆچوون لەسەر ئەو پرسانە کێشەیەکی گەورەیە لە یاسای ئیسلامیدا. غەزالی لەم ڕەوشانەدا ئەرێنیی گەیشتنی سەربەخۆ بە بڕیار دەکات. ئەو بۆ ڕوونکردنەوە نموونەی ئاوەڵانی محەمەد دەهێنێتەوە کە لە لایەنی خۆیانەوە ئەبو بەکر بە دەسەڵاتداری لەبار دادەنێن و بە خەلیفە هەڵیدەبژێرن، جا گەرچی لەو بارەیەوە هیچ تێکستێک نەبوو. بڕوانە:
Alschazli: Abu Hamid al-Ghazali. Der Erretter aus dem Irrtum. Anmerkung. S. 136.

27) Abu Hamid al-Ghazali, Der Erretter aus dem Irrtum. S. 35.
28) Ebenda, S. 18.
29) Ebenda, S. 19.
30) Ebenda, S. 20.
31) Ebenda, S. 20.
32) Ebenda, S. 21.
ئەلشازلی پەیوەند بەم سیتاتەی محەمەدەوە وایدادەنێت کە پێغەمبەری موسڵمانەکان بەو دەربڕینە “بڕوای میللیی خەڵک مەحکوم دەکات”، واتا ئەو بڕوایە “کە هەوڵ دەدات ئایینییانە تەئویلی فێنۆمێنەکانی سروشت بکات. ئەم ئاڕاستەیە کە غەزالی وەسفی دەکات، لایەنگرەکانی دەیانەوێت لەو حەدیسەوە کە وەک سیتات هێنراوەتەوە، دەربئەنجامێنن کە تەنە ئاسمانییەکان گوێرایەڵیی ویستی بۆ لێتوێژینەوە نەشیاوی خودا دەکەن و بۆیە بە مێتۆدە ئێزاکتەکان لێناتوێژرێنەوە” (Ebenda, S. 112, Anmerkung 78.).
33) Ebenda, S. 23.
34) Ebenda, S. 24.
35) Ebenda, S. 40.
36) Ghazali, Abu Hamid Mohammad. Das Elexier der Glückseligkeit, München 2008, zit. nach: Al-Daghstani, Reid: Al-Ghazali und die transzendentale Anthropologie, 144 f.
37) Ghazali, Abu Hamid Mohammad. Das Elexier der Glückseligkeit. S. 40. Zit. Nach al-Daghstani, a.a.O., S. 161.
38) Al-Daghstani, Reid a.a.O. S. 146.
39) Ebenda, S. 151.
40) Abu Hamid al-Ghazali, Der Erretter aus dem Irrtum. S. 46.
41) Ebenda, S. 41.
42) Al-Daghstani, Reid a.a.O. S. 153.
43) Ebenda, S. 153.
44) Ebenda. S. 153.
45) Ebenda. S. 154.
46) Abu Hamid al-Ghazali, Der Erretter aus dem Irrtum. S. 50.
47) Al-Daghstani, Reid a.a.O. S. 155.
48) Abu Hamid al-Ghazali, Der Erretter aus dem Irrtum. S. 47.
49) Ebenda, S. 47.
50) Joachim Nicolay (Hg.) Nahtoderfahrungen. Religion und Christlicher Glaube. Tagungsband 2018. Santiago Verlag 2019. Raid al-Daghstani. Zum Verständnis des Todes in der islamischen Mystik: Die Lehre von fanāʾ. S. 48 f.
51) Ebenda, S. 50.
52) Ebenda, 51 f.
53) Alschazli: Abu Hamid al-Ghazali. Der Erretter aus dem Irrtum. Einleitung. S XX.
54) A. B. Macdonald, S. Artikel, in: Enzyklopädie des Islam, Bd. II, S. 155. In: Alschazli: Abu Hamid al-Ghazali a.a.O., S. XIX.
55) Schneiders, Thorsten Gerald: Die Vertreibung der Philosophie aus dem Islam. Deutschlandfunk, Mittwoch, 13. Juli 2022.
56) Alschazli, a.a.O., S. XXXIII f.
57) Schneiders, Thorsten Gerald a.a.O.
58) لەم ڕوانگەیەوە گەر لەنێو کوردەکاندا چەند مارکسیستێک هەبن، دەبێت مانیفێستی خۆیان بنووسن، چونکە مارکس و ئێنگلس مانیفێستەکەیان پابەند بە گۆڕانی مێژوویی ئەوروپییەکانەوە بۆ خەباتی پرۆلیتاریی وڵاتانی ئەوروپا نووسیوە. ئەوان “وەک ئەوروپی” کاریان بۆ “خۆیان” کردووە. وەلێ ئێمە لەم پرسەدا لە سەردەمی تەنگژەی ئەخلاق و ژینگەدا یەکسەر بەر جیهانبینیی زەردەشت دەکەوین، چونکە ئەو جیهانبینییە لە کرۆکەوە ئێتیکە (ئەخلاقناسییە) و هاوکات سەر بە دابی هزریی کوردەکان خۆیانە. بێگومان کێشەکە لێرەدا ئایین نییە، بەڵکو گەرەکە کرۆکە ئێتیکییەکانی ئەو هزرە بهێنرێنە نێو دانوستاندنی مۆدێرنەوە لەبارەی سەرجەم بەدێتییە سەروەربووەکانی سەردەم: هزرینی نادروست، بێژتنی نادروست، کرداری نادروست. ئەوجا پرسیاری ژینگەپارێزی کە پرسێکی هەنووکەیی سەرجەم مرۆڤایەتییە، سەر بە ئێتیکی زەردەشتییە، کەواتە کوردەکان لە دابی دێرینی خۆیانەوە پێی ئاشنان. هەروەک هێرۆدۆت دەبێژێت: “هەرگیز زەردەشتیەکان تف ناکەنە نێو ڕوبارەوە. ئەوەندە ڕێزیان بۆ ڕوبار هەیە”. ئێمە زۆر ئاسان دەتوانین وشەی ڕوبار وەربگێڕین بۆ ئاو. بێگومان ئەم نێوەرۆکە زەردەشتییانە نەک تەنیا لە مانیفێستێکی بەو چەشنەدا کە ئاماژەمان بۆ دا، بەڵکو لە هەر هزرینێکی ئێتیکییانەی مۆدێرندا، واتای زیندوو وەردەگرن.
59) بڕوانە: ئیمانوێل کانت. پێشگۆتن بۆ هەر مێتافیزیکێک کە بشێت لە ئایندەدا ببێت بە زانست. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە. کتێبخانەی کوردڕاوم / کوردستانپۆست / دەنگەکان.
60) Meyer, Joachim Ernst. Todesangst und das Todesbewußtsein der Gegenwart. Berlin, Heidelberg New York 1982. S. 45 f.
61) Feuerbach, Ludwig: Das Wesen des Christentums. Digitale Bibliothek Band 2: Philosophie. S. 66, S.101.
سەرچاوەکان
سەرچاوەی سەرەکی:

  • Abu Hamid al-Ghazali: Der Erretter aus dem Irrtum. Aus dem Arabischen übersetzt, mit einer Einleitung, mit Anmerkungen und Indices herausgegeben von Abd-Alsamad Abd-Alhamid Elschazli. Hamburg 1988.
  • أبو حامد الغزالي: المنقذ من الضلال. موقع الطریقة القادریة – زاویة المكتبة الصوفیة القادریة
    سەرچاوەی لاوەکی:
    بە کوردی:
    گێرت هێندریش. فەلسەفەی ئەرەبی-ئیسلامی. ڕەخنەی فەلسەفەیی فەلسەفە: غەزالی و پاشەوارانی. لە ئەڵمانییەوە: کاوە جەلال. کوردڕاوم / کوردستانپۆست / دەنگەکان. سەرچاوە:
    Hendrich, Geert: Arabisch-Islamische Philosophie. Geschichte und Gegenwart. Frankfurt/Main 2005.
    بە ئەڵمانی
  • Al-Daghstani, Reid. Al-Ghazali und die transzendentale Anthropologie. In: M.Karimi & M. Khorchide (Eds.), „Jahrbuch für Islamische Theologie und Religionspädagogik“, Band 4, Teil 1. Freiburg i. Br.
  • Al-Daghstani, Reid. Zum Verständnis des Todes in der islamischen Mystik: Die Lehre von fanāʾ. In: Joachim Nicolay (Hg.). Nahtoderfahrungen. Religion und Christlicher Glaube. Tagungsband 2018. 2019.
  • Enzyklopädie des Islams. eSlam.de
  • Feuerbach, Ludwig. Das Wesen des Christentums. Digitale Bibliothek Band 2: Philosophie.
  • Meyer, Joachim Ernst. Todesangst und das Todesbewußtsein der Gegenwart. Berlin, Heidelberg New York 1982.
  • Schneiders, Thorsten Gerald. Die Vertreibung der Philosophie aus dem Islam. Deutschlandfunk, Mittwoch, 13. Juli 2022.
  • Yusuf Kuhn. Über Vernunft und Offenbarung in al-Ghazālīs Denken.



خوێندنەوەیەکی پانۆرامی بۆ فیلمی Rang De Basanti.. رێباز محەمەد جەزا

ئەوەندە بیرمان لە ڕابردووی خۆمان و داهاتووەنادیارەکەمان کردۆتەوە ئیتر ژیانی ئێستامان هەر وێران کردووە.

: Rang De Basant
فیلمێکی فیلمێکی بۆلیوودی نایابی ووڵاتی هندستانە ; ژانرەکەی دراما/کۆمیدیایە، ماوەی فیلمەکە دوو کاتژمێر و سی و پێنج خولەکە، وەک چۆن لەگەڵ فیلمە هیندییەکان ڕاهاتووین، بە درێژی فیلمەکانیان دەناسرێنەوە، بە پێچەوانەی فیلمە ئەمریکییەکان .
فیلمەکە بە زمانی ئینگلیزی، بریتییە لە Rang De Basanti : ڕەنگی قوربانیدان،ڕەنگم بکە.. ناوێکی جیاواز و ورووژێنەرە کە بینەر بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت، وای لێدەکات پرسیاربکات . یەکێک لە بناغەدانەری سینەمایی ئەو ووڵاتە ئەکتەر و دەرهێنەری سینەما کە ” عامر خان ” کاری دەرهێنانی بۆکردووە دەڵێت : ” ئەوەندە بیرمان لە ڕابردووی خۆمان و داهاتووە نادیارەکەمان کردۆتەوە ئیتر ژیانی ئێستامان هەر وێران کردووە.. ” هەر بۆیە دەوترێت ڕابردوو ڕۆشت، داهاتوو نادیارە کەواتە ئەمڕۆ دیارییەکە نابێت لە دەستی بدەین.پریسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە : فیلمەکە باسی چی دەکات ؟” یان بەڕاستی چیرۆکەکەی چییە؟چونکەوەک لەبەرگەکەیدا دیارە ، هیچ پێشنیازێک ناکات و بۆ قوربانیدان تەرخانکراوە..!
بەگشتی با بەشێوەیەکی سادە و بێ سپۆیلەر باسی فیلمەکە بکەین، هەندێک وشەی نەشیاویشی تێدایەو و فیلمەکەش بەتەواوی دوورە لە دیمەنی پۆرنۆگرافی، هەروەها ئەستێرەی ناسراوی هیندی (ئەمیر خان) لەگەڵ ئەکتەرە گەنجەکانی تر بەشدارن تێیدا ، چیرۆکی فیلمەکە لە دەوری ئەوان دەسوڕێتەوە..بە سادەیی چیرۆکەکە باس لە کچێک دەکات کە لە ئینگلتەراوە دێتە هیندستان بۆ ئەوەی فیلمێکی دیکۆمێنتاری لەسەر ڕۆژنامەکەی باپیری دروست بکات .کاتێک فیلمەکەم بینی و دیمەنی یەکەم دەستی پێکرد، دڵنیا بووم کە ڕووبەڕووی شاکارێکی بێ کات بوومەتەوە لەوەی سینەمای هیندی بەرهەمی دەهێنێت ،هەرچەندە دەرهێنانی زۆر ئاڵۆز و تەکنیکی ناوازە و جیاواز بەکارهاتووە بۆ ئەوەی زیاتر ورووژێنەر بێت لە توندکردنەوەی دەمارەکانی بینەر، هەروەها بەڕای من قورسترین ئەرک لە دەرهێنانی ئەم فیلمەدا توانای دەرهێنەرە کە ڕووداوەکانی فیلمەکە بە شێوەیەکی نایاب بەیەکەوە دەبەستێتەوە، یەک لە دوای یەک و بەبێ ئەوەی بینەرتووشی دڵەڕاوکێ بکات،کارێک دەکات کەنەزانن چی ڕوودەدات، کاتێک سەیری فیلمەکە دەکەیت، بەهۆی ،دەرهێنانی دیمەنەکان بە وێنەیەکی دروست تێدەگەیت، هەرچەندە فیلمەکە لە یەک کاتدا زیاتر لە چیرۆکێک دەگێڕێتەوە!
چیرۆکەکە بە شێوەیەکی زۆر ڕێکخراوو تووندوتۆڵ پێکەوە گرێدراون و چەندین مانای بەرزی مرۆڤانەی تێدایە کە لەسەر بنەماکانی هاوکاری و سۆز دامەزراوە و ناتوانرێت جیاوازی بکرێت لەلایەن ئایینێک یان نەتەوەیەکی دیاریکراوەوە، هەرچەندە بارودۆخەکە جیاواز بێت .لەم فیلمە بەرزەدا توانای ئەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە بە شێوەیەکی جیاواز نیشان دەدرێت، هەستی هاوڕێیان بەرامبەر بە یەکتر و ڕۆحی بەتەنگەوەهاتنیان نیشان دەدا، جا بە نهێنی بێت یان ئاشکرا ، هەروەها کاریگەری خۆیان زیادەکەن لەگەڵ ئەو دیالۆگە زێڕینانەی کە ناتوانرێت لە یادەوەری بینەردا بسڕدرێنەوە و کەئاماژەن بۆ بلیمەتی نووسەر و دەقی بەهێزی فیلمەکە. هەروەها فیلمەکە چەندین مانا و تەحەدای تێدایە کە مرۆڤ دەتوانێت بیکات ئەگەر پێی وابێت : “گۆڕانکاری مومکینە و هیچ شتێک مەحاڵ نییە” … بێگومان ، ئەمەش هەرلەکاری کاست و کارەکتەرێک دەوەشێتەوە کە هەرگیز لە مێژووی بۆلیووددا دووبارە نابێتەوە.سەبارەت بە گۆرانی و سەمای هیندیش پێویستە چونکە میرات و کولتوورێکن کە دەرهێنەرەکان پێیان خۆشە لە زۆربەی فیلمە هیندیەکاندا پیشانی بدەن، بە گشتی من بە خاڵێکی نەرێنی ئەم فیلمەی نازانم، تەنانەت بە سەرچاوەی بێزارییشی نازانم چونکە ئەو دۆخ و ساتانەی کە پاڵەوانەکانی فیلمەکە ئەزموونیان کردووە ڕوون دەکەنەوەو کاریگەرییان هەیە لە فیلمەکەدا، هەروەها پەیوەندی نێوان کارەکتەرەکان بەڵگەن، لەسەر ئەوەی کەگرنگ وپێویستن.شتێکی تر کە سەرسامی کردم بەکارهێنانی گۆرانی عەرەبی بوو لە پاشخان (دەنگ بۆ هەندێک دیمەن) لە… فیلمێکی هیندی و گۆرانی عەرەبی؟ ڕاشکاوانە بڵێین یەکێکە لە دەست لێدانە نایابەکانی دەرهێنەر و دیدگای جیاوازی دەرهێنەرو جیای دەکاتەوە لە دەرهێنەرەکانی تر.لە کۆتاییدا، فیلمێکی هیندییە بە بەرزترین پێوەر و زۆردوور لە هەموو چاوەڕوانییەکانم ئەوەی تێپەڕاندووە، هەمیشە فیلمی هیندیم بە کەمتر لە فیلمەکانی هۆلیوود بینیووە بەڵام ئێستا دەڵێم: “ ئایا فیلمی هیندی؟ لە ئاستێکدا چی پێشکەش دەکات کە لە فیلمە گەورەکاندا مەحاڵە پێی بگات ؟ ئەم فیلمەش …فیلمێکی هیندیە ! بەڵام دوای سەیرکردنی تێڕوانینم بە تەواوی گۆڕا، کە ئێستا بە یەکێک لە و فیلمانەی پۆلێن دەکەم کەگرنگن ، یان کەپێشنیازی دەکەم هەمووان بیبینن … هەرچەندە فیلمەکە لە ساڵی ٢٠٠٦دایە، واتە تا ڕادەیەک بە کۆن دادەنرێت ، بەڵام گرنگەۆ،پێویستە بینەری بین.




ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک.. ئارام ئیسماعیل کەریم

(۲۱)ی شوباتی هەموو ساڵێک، کە بەرانبەرە به (۲)ی ڕەشەمە، دیاریکراوە وەکو ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک. بایەخدان بە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، خەباتە دژ بە داپڵۆساندنی نەتەوەیی، بەو هۆیەوە ئەرکی سەرشانی هەر تاکێکی کورد زمانە، ئەم ڕۆژە بەرز بنرخێنێت و هەوڵی پاراستنی مافه‌ زمانییه‌کانی نه‌ته‌وه‌کەی بدات.
ئێمەش بە ئەرکی خۆمانی دەزانین خەباتگێڕێکبین دژ بە داپڵۆساندنی نەتەوەیی و پارێزگاریی مافە زمانییەکانی نەتەوەکەمان بین.
سەرەتا دەمانەوێت ئاماژە بەوە بدەین بەو کۆمەڵە هۆزانەی کە لە بانەکانی ئێران واتە (ئاریانا) بون، دابەشبون بۆ سێ کۆمەڵ کە بریتین لە: ئێرانیی و هیندیی و ئەوروپایی، لە ئێستادا زۆرێک بە کۆمەڵەی هیندۆئەوروپایی ناویان دەبەن بەڵام ئەمە هەڵەیە، چونکە زاراوەی هیندۆئەوروپایی ناوی هەرسێ کۆمەڵ و خێزانە زمانەکە ناگرێتەوە و وەکو دیارە تەنیا بەشی هیندیی و ئەوروپاییەکەی گرتۆتەخۆ، کۆمەڵە و خێزانە زمانی ئێرانییان تێدا فەرامۆش و ونکردوە، هەر بۆیە ڕاستتر و گونجاوترە بە کۆمەڵە زمانی (هیندۆئەوروپایی) بوترێت کۆمەڵە زمانی (ئاری)، چونکە ئەو هۆزانەی کە خاوەنی ئەم کۆمەڵە زمانەن لە ناوچەی (ئاریانا)، واتە بانەکانی ئێران نیشتەجێبون، زاراوەی (ئاری) فراوانترە و هەرسێ خێزانە زمانەکەش دەگرێتە خۆی، کەواتە زمانی دایکیمان، کە زمانی شیرینی کوردییە، سەر بە کۆمەڵە زمانی ئاریی و خێزانە زمانی ئێرانییە.
جا لەمەڕ نەتەوەکەمان و زمانی شیرینی کوردیمان بیروڕای سەیر و سەمەرە بەناحەزیەوە تۆمارکراوە، ئەم بیروڕایانە لە پێناو سوککردنی نەتەوە و زمانەکەمان ئەنجامدراون، بۆ نمونە کۆمەڵێک گەڕۆک و ڕۆژهەڵاتناس هەن لەبارەی سەربەچیەتیی زمانی کوردییمانەوە بیروڕای خۆیان دەربڕیوە، پێیان وابوە زمانی کوردییمان زمانێکی ناڕەسەنە و بە زارێکی شێواوی زمانی فارسیی یاخود زمانی هیندییان زانیوە، بەڵام ئەمانە بیروڕای چەوت و هەڵەشەین، هیچ بەڵگەیەکی زانیارانەی بڕواپێکەری لە پاڵدا نییە.
دیارە ئەم گەڕۆک و ڕۆژهەڵاتناسانە بە هیچ جۆرێک ئاگاداریی بەڵگە مێژوویی و لێکۆڵینەوە زانستییەکان نەبون، چونکە زمانی شیرینی کوردییمان سەرجەم قۆناغە مێژوییەکانی خۆیی بڕیوە تاگەیشتوەتە ئەم دۆخەی ئێستای. هەندێکی تر هەن لە ڕووی مەبەستی سیاسییەوە سوکایەتیان بە نەتەوە و زمانەکەمان کردووە، تاکو هەر ژێردەستەیان بین و لە ژێر هەژموون و ڕکێفیاندا بمێنینەوە، بەڵام ئەمە بۆ هەموو کەس ناچێتەسەر، هەموو شتێک دیزەبەدەرخۆنە بکات، بۆیە کوردیش چ لە لایەن خۆیەوە چ لە لایەن لێکۆڵەر و زانایانی بەویژدان و ڕاستگۆوە، وەڵامی ئەو بیروڕا ناڕاستانەیان داوەتەوە و بە بەڵگەی ڕاست و دروستی مێژوویی سەلماندویانە کە کورد خاوەن ڕەگەزی ڕەسەن و نیشتیمانی دیاریکراوی خۆیەتیی، زمانی شیرینی کوردیی زمانێکی ڕەسەن و زیندوە و خاوەن ڕابوردوویەکی دێرینە، گەشە و گۆڕانی لەتەک کۆمەڵی کوردەوارییدا کردووە.
ئێمەی کوردییش کە گوێمان بە ئاوازی شیرینی لایلایە گۆشکراوە و بە وشەی کوردیی زمانمان پژاوە، ئەوپەڕی نەزانییە زمانەکەمان بەکەم بزانین، چونکە نەتەوەکەمان هەزاران ساڵە لێیدەدرێت، هەزاران ساڵە سەرکزدەکرێت، هەزاران ساڵە ئاوارە دەکرێت، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا زمانەکەمان بە کۆڵ، بە دڵ، بە زار، گێڕاوە و پارێزی بوین، لەبەر ئەوە ئەو پەڕی بێهەستیی و گەوجییە لەم دەمەدا زمانی دایکیمان، بیکەینە قوربانی زمانی بێگانە.

بەداخێکی زۆرەوە ئێستا وای لێهاتوە ڕۆژانە تاکی کورد، تەنیا لەبەر ئەوەی ناتوانێت لە زمانی بێگانە تێبگات و باش پێی بدوێت، سوکایەتیی پێ دەکرێت و کەسایەتیی دەشکێندرێت و تەنانەت کاریشی دەست ناکەوێت، لە کاتێکدا و لە ڕوانگەی زمانییەوە خوێندەوار کەسێکە کە بتوانێت بە زمانی دایکیی بێژێ، بنووسێ و بخوێنێتەوە، نەک بە زمانی دووەم و سێیەم.
خۆ کارەسات ئەوە نییە زمانی بێگانە بزانین، بەڵام کارەسات ئەوەیە زمانی دایکیمان بکەینە قوربانی زمانی بێگانە.

با ئەوەش ڕوونبێت لامان کە هیچ زمانێک لە زمانێکی دیکە باڵاتر نییە و سەرجەم زمانەکان وەکو یەکن، هەتا ئێستاش هەموو لێکۆڵینەوه و تاقيکردنەوەکانی زمانەوانان دان بە ئەو ڕاستییەدا دەنێن و ملکەچی ئەم دياردەیەن و پێیان وایه که هیچ زمانێک نییه له زمانێکی تر باشتر و بە تواناتر و ڕێکوپێکتر بێت، وەلێ لەتەک ئەمەشدا کەسانێک هەن زمانی ئینگلیزیی بە چاکترین زمان دادەنێن، یاخود لایان وایە باڵاترین زمان، زمانی یۆنانیی و هیندییە چونکە کتێبی فەلسەفیی و ئەندازیاریی و ئەستێرەناسیی،…بەو زمانانەن، یان هەنێک لە شارەزایانی عەرەب پێیان وایە زمانی عەرەبیی زمانێکی پیرۆزە و باشترین زمانە، هەندێکی تر بەمەشەوە ناوەستن و دەڵێن لەبەرئەوەی قورئان بە زمانی عەرەبیی دابەزیوە، کەواتە زمانی عەرەبیی باشترین زمانە، بەڵام هاتنە خوارەوەی قورئان بە زمانی عەرەبیی نابێتە بەڵگەی ئەوەی کە باشترین زمانبێت، چونکە بەو جۆرە بوایە خودایگەورە سەرجەم پەیامە ئاسمانییەکانی بە زمانی عەرەبیی دەنارد، بەڵام وەکو زانراوە خودایگەورە تەوراتی بە زمانی عیبریی ناردووە بۆ پێغەمبەر موسا، ئینجیلیشی بە زمانی سریانی ناردووە بۆ پێغەمبەر عیسا، بۆیە نابێت و ناگونجێت بڵێین زمانی عیبریی باشترین زمانە چونکە تەوراتی پێدابەزیوە، یاخود زمانی سریانیی باشترین زمانە چونکە ئینجیلی پێدابەزیوە. هەروەها خودایگەورە لە سورەتی ئیبراهیم، ئایەتی (٤) دەفەرموێت: (وَمَآ أَرسَلنَا مِن رَّسُولٍ إِلَّا بِلِسَانِ قَومِهِ لِيُبَيِّنَ لَهُم فَيُضِلُّ ٱللَّهُ مَن يَشَآءُ وَيَهدِي مَن يَشَآءُ وَهُوَ ٱلعَزِيزُ ٱلحَكِيمُ)
واتە: (ئێمە هیچ پێغەمبەرێکمان ڕه‌وانه‌ نه‌کردووه‌ ئیللا به‌زمانی قه‌ومه‌که‌ی نه‌بێت).
لێرەوە دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە سەرجەم زمانەکان لەلای خودایگەورە لە یەک ئاست و پلەدان و جیاوازییان نییە و سەرجەمیان بۆ خزمەتی مرۆڤایەتیین، دەسا با ئێمەش شانازیی بە کوردبون و زمانە دەوڵەمەندەکەمانەوە بکەین و هیچ پێمان شەرم نەبێت بە زمانی دایکیمان بنووسین و بخوێنین، با بە بەڵگەوە زمان و بونی خۆمان بە جیهان نیشان بدەین، با دڵسۆزانە و لەخۆبوردووانە هەوڵبدەین بۆ پاراستنی زمانی شیرینی کوردیی، چونکە پاراستنی زمانەکەمان، پاراستنی شوناس و فەرهەنگ و کولتوور و مێژوومانە.
وەکو نالیی مەزن دەفەرموێت:
کەس بە ئەلفازم نەڵێ خۆکوردییە خۆکردییە
هەرکەسێ نادان نەبێ خۆی تالبی مەعنا دەکات
یاخود:
موحەققەق مەشرەبی “نالی” لە شیعرا هەروەکوو خاکی
خەیاڵی کوردییە، بەیتی سەراپا زوڵفی دوو تایە

خانای قوبادی:
ڕاستەن مەواچان فارسی شەککەرەن
کوردی جە فارسی بەڵ شیرینتەرەن

حاجی قادری کۆیی:
کوردی ئاخر بلێ چییە عەیبی
ھەر کەلامی ھەققە نییە عەیبی
یا لەگەڵ فارسی چی فەرقی ھەیە
بۆ چی ئەو ڕاست، بۆ چی ئەم کەمییە

مەحویی:
کوردی زوبانی ئەسڵمە گەر تەرکی کەم بە کول
بۆ فارسی، بە کوللی ئەمن دەبمە بێ وەفا
یاخود:
فخر هرکس بە زبان خوەش است (محوی)
فارسی راکە تو برگزیدەای‌ پر کردی‌ حیف

واتە: شانازییکردنی هەموو کەس بە زمانی نەتەوەیی خۆیەوەیەتی، ئەگەر تۆش ئەی (مەحوی)ی چاکەی فارسیی بدەیت بەسەر زمانی کوردییدا ئەوە جێگەی ڕەخنە و سەرزەنشتە.

حەمدی:
گوڵ لە بەرگی سەوزی خۆیدا نازک و شیرینترە
بۆیە فکری نازکی حەمدی بە کوردی بێژرا

کەمالی:
من فەخر ئەکەم کە کوردم و کوردی زوبانمە
ئەم شاخ و کێوە دڵکەشە وا نیشتیمانمە

هەژار موکریانی:
بە کوردی دەژیم، بە کوردی دەمرم
بە کوردیی دەیدەم، وەرامی قەبرم!

شێرکۆ بێکەس:
مەم و زین بێ شیعری خانی ئەبێ چی بێ؟!
خانی بێ شەوقی زمانی کوردی چییە؟!
ــــــــــــــــــــ
ڕێکەوتی: (۲۱)ی شوباتی (۲۰۲٤) زاینیی.
(۲)ی ڕەشەمەی (۲۷۲۳)ی کوردیی.




مارکسیزم و ئەدەب: سێ بیرۆکەی سەرەکی.. نووسینی: لووک دان(*).. و: نەوزاد مدحەت (گۆران عەبدوڵڵا)

تێگەشتنی مارکس بۆ ئەدەب چی بوو و دوواتر مارکسییەکان چۆن ئەدەبیان تیۆریزە کردووە؟ مارکسیزم یەکێک لە بەرفراوانترین ڕوانگە ڕەخنەییەکانی سەبارەت بە ئەدەب دابینکردووە و نزیکەی بە دوو سەدەیە تیۆریستانی ئەدەب وەکوو سەرچاوە بەکاریدەهێنن.
لەم نووسینەدا لە سێ بیرۆکەی سەرەکی نەریتی مارکسیستی لە ڕەخنەی ئەدەبیدا دەکۆڵینەوە.
سەرەتا لە هەڵوێستی مارکس خۆی لە بارەی ئەدەبەوە دەست پێدەکەین، دواتر ڕۆشنایی دەخەینە سەر زانستی کۆمەڵناسی ئەدەب، لەگەڵ ئاوێزانکردنی شیکاری کۆمەڵایەتی بە بابەتی ئەدەبی لە ئاستێکی فراواندا. لە کۆتاییشدا هەڵوێستەیەک دەکەین سەبارەت بە هێزی ماددی لە بەرهەمهێنانی ئەدەبیدا لەگەڵ پەیوەندی ئایدیۆلۆژیا و ئەدەب.

ڕێبازی مارکسیستی بۆ ئەدەب

چی دەزانیین سەبارەت پەیوەندی مارکس بە ئەدەبەوە؟ هیچ کەسێک بە بێ هۆکار ئەدەب ناخوێنێتەوە، زۆرجار وا باشترە لە هەنگاوی یەکەمدا هەوڵبدرێت بەرنامەیەکی ئەبستراکت دابنرێت بۆ تێگەشتن لە هۆکارە زاتییە تایبەتمەندییەکان. بە کورتییەکەی مارکس لە ئاستێکی فراواندا خوێنەرێکی لەڕادەبەر ناوازە بووە بەهەمان ڕادەش لە ڕووی چەندایەتییەوە.
مارکس لە تەمەنی لاوێتیدا چەندین هەوڵی سەرەتایی هەبوو لە بواری ئەدەبدا، لەوانە ڕۆمانێکی تەواو نەکراو و کۆمەڵێکی بەرچاو لە شیعر. هەروەها چەندین پرۆژەی پێشنیارکراوی سەبارەت بە ئەدەب و بابەتی ئەدەبی لە پاش خۆی بە تەواونەکراوی بەجێهێشتووە، لەوانە: تیۆری هونەر و رۆشنبیری و ئەویتریان سەبارەت بە ڕۆمانەکانی بەلزاک. لەگەڵ ئەوەشدا وەک ئەوەی تێری ئیگڵتن دەڵێ )ئەم نووسینە قەرزاری کارێکی گەورەیە) بەشدارییەکی ڕاستەوخۆ لە بابەت و کارە ئەدەبییەکانی مارکس و فردریک ئەنگڵسی هاوڕێ و هاوبیری، کە تاڕادەیەک لەدنیای واقیعدا لاوازە.

دۆخی کۆمەڵایەتی ئەدەب

یەکێک لە سادەترین تێڕوانینەکانی مارکسیزم هەر لەو سەردەمەوە کە کاریگەری لەسەر تیۆریزەکردنی ئەدەب هەبووە ئەوەیە کە کاری هونەری دەرهاویشتەی دۆخە مێژوویەکەیەتی. تێگەشتنێکی تەواو لە کارە هونەرییەکە، شیکارێکی دۆخەکە لەخۆ دەگرێت. بەتایبەتی لە ناوەڕۆکی کاری هونەریدا گرنگە وەک بەرهەمی کار سەیر بکرێت. ئاستێکی باڵایە لە پرۆسەی بەرهەمهێنان، هەروەکوو هەندێ دۆخی مێژوویی هەن دەبنە مایەی هاتنە دەرەوەی شێوەیەک لە پیشەسازی و دابەشکردنی سەرچاوەکان، دۆخی مێژوویی هەیە جۆرێک لە کاری هونەری لێدەکەوێتەوە.
یەکێک لەو ڕێگایانەی ئەم هونەرە خۆی تێدا نمایش دەکات پێی دەوترێت “ کۆمەڵناسی” ئەدەب، کە هەوڵدانە بۆ خوێندنەوەی ئەو دۆخە کۆمەڵایەتییەی تێکەڵاوی بەرهەمی کار دەبێت. بۆ نموونە ئەمە بەرتەسک نابێتەوە لە دیمۆگرافیای کۆمەڵایەتی نووسەر و خوێنەر، خوێندەواری و رێگرییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی سەر بڵاوکراوەکان و دیاریکردنی سەلیقە. گرنگە جیاوازی بکرێت لە نێوان ئەم دیسپلینە و ڕەخنەی مارکسیستی، کە مەیلی ئەوەی هەیە لە ژێر ڕۆشنایی تێڕوانینەکانی سەبارەت بە کۆمەڵگە هەوڵی تێگەشتن لە بەرهەمە هونەرییەکان بدات.

ئەدەب؛ وەک بەرهەمی هێزی ماددی

وەک ئەوەی پێشتر تێبینیمان کردووە، تێڕوانینی مارکسیستی بۆ ئەدەب جەخت لەسەر پەیوەندی نێوان هونەر و ئەو زەمینە کۆمەڵایەتییە دەکاتەوە کە بەرهەمی دەهێنێت. ئەم مکوڕبوونە لەسەر “ ماددە “ لەوە تێدەپەڕێت تەنها ئیدعایەک بێت سەبارەت بە هونەر، بەڵکوو بایەخدانە بە مرۆڤ و بارە دەروونییەکانی.
مارکس لە کتێبی ئایدیۆلۆجی ئەڵمانیدا بەشێوەیکی ڕۆشن سەرنج دەخاتە سەر پەیوەندی نێوان فیکر و هێزە مادییەکان وەک ئەوەی لێرەدا دەردەکەوێت: (بەرهەمهێنانی بیرۆکە و چەمک و هۆشیاری پێش هەموو شتێک و ڕاستەوخۆ لە پێگەی یەکەمدا لەگەڵ پەیوەندی ماددی مرۆڤ و زمانی ژیانی ڕاستەقینەدا تێکەڵ دەبێت. تێگەشتن، بیرکردنەوە، تێکەڵاوبوونە ڕووحییەکانی مرۆڤ، لێرەدا دەردەکەوێت کە ئەمانە بەشێکن لە خوو و ڕەوشتە مادییەکانی مرۆڤ. ئێمە لەوە سەرچاوە ناگرین کە مرۆڤەکان دەیڵێن،بیردەکەینەوە، رادەمێنین، نا لەو کەسانەی وەک ئەوەی پێناسەکراون، ئێمە لە کەسی چالاکەوە دەستپێدەکەین… هۆشیاری ژیان دیاری ناکات.. ژیان هۆشیاری دیاریدەکات.) بە دڵنیاییەوە ئایدیۆلۆژیا هەرگیز سەربەخۆ نییە، بەڵکوو ئەرکی شەرعیەتدانە بە هەیکەلی ڕێکخستنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. هونەریش وەک بەشێک لەوسەرخانە بۆخۆی ئامڕازی پێکهێنانی ئایدیۆلۆژیایە.
ڕەنگە پێمان وابێت مارکس هەستێکی بنەڕەتیمان دەداتێ لەوەی ڕەخنەی مارکسی چی لەخۆی دەگرێت، واتە بەم شێوازەی خوارەوە. چونکە بەرهەمە هونەرییەکان خاوەنی هێماسازیی و بنەمای تایبەت بە خۆیانن و تەنیا پەیوەندییەکی مەیل و ناڕاستەوخۆیان هەیە لەگەڵ ئەو جیهانە کۆمەڵایەتییانەی کە پێکیان دەهێنن. ئیتر هیچ دەرفەتێک نییە بۆ شیکاری ئەو کۆمەڵگایانەی کە تێیدا دروست دەبن. ڕاستر وایە مرۆڤ دەبێت لە هاتن و ڕۆشتنی بەردەوامدا بێت لەنێوان کاری ئەدەبی و وەک ئەوەی ئیگڵتن دەڵێ (ئەو دونیا ئایدیۆلۆژییەی کە تێیدا نیشتەجێیە.)
ڕەنگە ئارەزوو بکەین و بڵێین شتێکی سێیەم و جیاواز هەیە کە دەبێت لەبەرچاو بگیرێت: دەروونناسی خودی نووسەر. ئایا زۆرجار بەرهەمە هونەرییەکان دەربڕی کەسایەتی ئەو کەسانە نییە کە دروستیان دەکەن؟ ئایا ناسینی مێشکی هونەرمەندێک بە ئەگەرێکی زۆرەوە گرنگ نییە، تەنانەت ئەگەر نەمانەوێت پێشنیاری ئەوە بکەین کە شیکردنەوەی بەرهەمێکی ئەدەبی تەنها هەوڵێکە بۆ ئەوەی بزانین مەبەست لێی چی بووە؟
لە کاتێکدا و بەدڵنیاییەوە دەتوانین و وە پێویستە بیر لە نووسەرەکە و نووسینەکەیان بکەینەوە، بەڵام گرنگە ناوەڕۆکی ئەو تێڕوانینە مارکسییە لەبەرچاو بگرین کە دەروونناسی نووسەر بەرهەمی کۆمەڵگەکەیەتی لە ساتێکی دیاریکراوی مێژووییدا . ئەم تێڕوانینە بەڕوونی کاریگەری دەبێت لەسەر شێوازی نزیکبوونەوەی ئێمە لەگەڵ ژیاننامەی ئەدەبی و ڕەخنەگرانی ئەدەبی لە نووسەران.

ئەدەب و ئایدیلۆژیا

تەنها شتێک کە ئیگڵتن پێداگری لەسەر دەکات لە کاتی نووسینیدا سەبارەت بە ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی ئەوەیە کە مارکسیزم کەمتر گرنگی بە جیاوازی داوە لە نێوانی کاری هونەری و پرۆسەی هونەری کە مەرجی درووستکردنەکەیە و داننانە بەو رێگایەی کە یەکانگیریان دەکات. لە ڕاستیدا شتێک کەپێویستە جەختی لەسەر بکەینەوە ئەوەیە نەریتی مارکسیستی و بە دڵنیاییەوە گرنگترین لە بیرمەندەکانی، ئەو بۆچوونە ناگرنەبەر کە هونەر خۆی هەمیشە ڕەنگدانەوەی شەفافانەی هەلومەرجی کۆمەڵایەتییە.
لەراستیدا بەهای هونەر، ڕەخنەی هونەری، تیۆری ئەدەبی و .. هتد بەشێوەیەک دەرئەنجامی ئەوەیە کە ئەدەب بۆتە یەکێک لە پێگە گەشەکردووە ئاڵۆزەکانی و لە هەمان کاتدا لایەنە ڕووناکەکەی ئایدیۆلۆژیا. لەم خاڵەدا وا چاکە هەنگاوێک بچینە دوواوە و بپرسین : ئەرێ ئایدیۆلۆژیا چییە؟ ئایدیۆلۆژیا بە مانا نا مارکسیستییەکەی ( یان گرنگ نییە بڵێین مارکسیستی)، ئاماژەیەکە بە مەیلی دۆگمای سیاسی، رەچەتەیەکی ڕۆشنە لەگەڵ هەندێک گرنگییەتی سیاسی. بەڵام ئایدیۆلۆژیا لە سیاقی مارکسیزمدا ڕەنگە بەشێوەیەکی سوودمەند لە چوار چێوەی باوەڕی سیاسیدا پێناسە نەکرێت. بە پێچەوانەوە، ئایدیۆلۆژیا سنووردارکردنی بیروباوەڕ، بەهاکان، دادگا و بیرکردنەوەکان و تەنانەت ڕەنگە کاری سەرکوتکردن و بێهۆشی پەرچەکردارەکەی ببێتە مایەی شاردنەوەی چوار چێوەی ڕاستەقینەی کۆمەڵگەکە.

مەودای ڕوانگە

ئیگڵتن تێبینی ئەوە دەکات کە تێگەشتنی مارکسی ئەوەیە کە ئەدەب پەیوەستە بە ئایدیۆلۆژییەوە لەسەر دوو بنەمای تووندڕەوی. یەکێکیان ئەو هەڵوێستەیە کە پێیوایە ئەدەب شێوەیەکی هونەری ئایدیۆلۆژیا خۆیەتی، واتە ئەمە هەموو شتێکە لە ئەدەب. کەواتە ئەدەب لە خۆیدا تێگەشتنێکە لە کۆمەڵگە خۆی.
بنەمای دووەم پێچەوانەی بنەمای یەکەمە، پێیوایە ئەدەب گەشەدەکات بۆ دژایەتیکردنی ئایدیۆلۆژیا ( لایەنی کەم ئەدەبی باش بانگێشتەی ئەمەیان دەکات).
کەواتە ئیرنست فیشەر ئەم هەڵوێستەیانی هەڵبژارد لە هونەر دژ بە ئایدیۆلۆژیا، بۆیە ئەدەب بەشێوەیەکی تایبەتی شایانی گرنگی پێدانە تا ئەو شوێنەی ئەڵتەرناتیڤی ئایدیۆلۆژی فەراهەم دەکات.
هەڵوێستێکی تر ئەوەیە هەروەکوو مارکسیزانی ناسراوی فەرەنسی لویز ئۆڵثویسەر پێیوایە ئەدەب و هونەر ئایدیۆلۆژی نین، بەڵکوو نوێنەرایەتی ئەزموونێکی تایبەتی ئایدیۆلۆژیا دەکەن، دەکرێت کەمتر یان زۆرتر بارگاوی بن بە ئایدیۆلۆژیا. لەم ڕوانگەیەوە دەکرێت هونەر پانتاییەک لە دووری نۆرمە باوەکانی کۆمەڵگەوە دابین بکات و بە هۆیانەوە ڕەخنە لە نۆرمە باوەکان بگرێت. بەڵام بەلای ئۆڵثویسەرەوە حەقیقەت ئەوەیە ڕەخنە ناتوانێت لەگەڵ خودی کاری ئەدەبییەوە بێتە دەرێ، چونکە بەشێوەیەکی یەکلاییکەرەوە نوێنەرایەتی مەعریفەیە نەک ئەزموون. مارکسیزم بە شێوەیەکی نەریتی هێڵێکی وردی کێشا لە نێوان زیادە ڕۆیی ڕووناکبیری و دژەکانی بواری ڕۆشنبیری، هەروەها لە هیچ شوێنێک ئەم هاوسەنگییە بەم ڕۆشنییە بەردەست نییە لە تێگەشتنی مارکسیزم نەبێت بۆ ئەدەب.

(*)لووک دان؛ دەرچووی بەشی فەلسەفە و خوداناسییە لە زانکۆی ئۆکسفۆرد لە بەریتانیا، بایەخە سەرەکییەکانی بریتین لە مێژووی فەلسەفە و میتافیزیکی عەقڵ و تیۆری کۆمەڵایەتی.

سەرچاوە : TC The. Collector website
Luke Dunne , BA Philosophy & Theology
Posted November 23, 2023

https://www.thecollector.com/marxism-literature-ideas

——————–

ئەم بابەتە لە ژمارە ٢٧ی رۆژنامەی رەوت بڵاوبۆتەوە




هەزار و یەک شەوە ئەو کتێبەی کە خۆرهەڵات و خۆرئاوا پێی سەرسامن.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

هەتا دێت جیاوازییەکانی نێوان خۆرهەڵات و خۆرئاوا زیاتر دەبێت، بەتایبەتی لەم چەند ساڵەی دواییدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک شت دەتوانن ئەم جیاوازییە کەم بکەنەوە، لەمەشدا ئەدەب دەتوانێت ببێتە ئەو پردە ئەفسووناوییە، کە ئەم دوو بەشە دژ بەیەکەی سەر زەوی، بە یەکتریەوە ببەستێتەوە.
یەکێک لە کتێبە گرنگەکانی ئەدەبیاتی جیهان کتێبی ” هەزار و یەک شەوە”یە ، ئەم کتێبە لە پەنا کتێبەکانی تری جیهاندا، لە مێژووی ئەدەبیاتی جیهاندا پێگەی تایبەتی خۆی هەیە، لەهەمانکاتیشدا بە یەکێک لەو کتێبە گرنگانە دادەنرێت ، کە کاریگەری گەورەی بەسەر ئەدەبیاتی خۆرئاواوە هەبووە. بەپێی زۆربەی سەرچاوە مێژوویەکان بێت، کتێبی هەزار و یەک شەوە رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبووە بۆ پێشخستنی هونەری چیرۆک بەگشتی و رۆمان بەتایبەتی لە ئەوروپادا. ڤۆلتێر فەیلەسوفی ناوداری فەرەنسا لە بارەی ئەم کتێبەوە دەڵێت: هەتاوەکو 14 جار ئەم کتێبەم نەخوێندەوە، نەمتوانی ببم بە چیرۆکنووس” تۆ بڵێیت ئاخۆ ئەم کتێبە چی تێدا بێت هێندە ناخی نووسەر و فەیلەسوف و بیرمەندانی جیهانی هەژاندووە؟!
دیارە هۆکار زۆرن بۆئەوەی جیهان پێگەیەکی تایبەت بەم کتێبە بدات، لە پێش هەموویانەوە ناوەڕۆکی کتێبەکە کە پڕیەتی لە کۆمەڵێک حکایەتی ئێجگار جوان، پەندی پێشینان، حیكمەت، ئەمە جگەلەوەی ئەم کتێبە گوزارشت لە بەشێکی گرنگی مێژووی خۆرهەڵات دەکات، خۆرهەڵات بە مانا گشتگیرییە کەلتوورییەکەی نەک بەو مانایەی ئەمڕۆ کە بەسەر چەند دەوڵەتێکدا دابەش بووە.
لێرەدا هەوڵ دەدەم تیشکێکی خێرا بخەمە سەر ئەم کتێبە و ناوەڕۆک و شێوازی نووسین و کاریگەرییەکانی باس بکەم، هەرچەندە بۆ قسەوباسکردن لەبارەی ئەم کتێبەوە زۆری دەوێت، بەڵام من لێرەدا هەوڵ دەدەم زانیارییەکی گشتی بددەمە خوێنەر و لەپەنا ئەوەشدا وردە سەرنجی خۆم باس بکەم.

ناوەڕۆک
یەکێک لە پاشاکانی خۆرهەڵات ناوی شەهریار دەبێت، پاش ماوەیەک بۆی دەردەکەوێت کە ژنەکەی خیانەتی لێدەکات و لەگەڵ یەکێک لە خزمەتکارە رەشپێستەکانی پەیوەندی سێکسی دەبێت، ئەمەش ئاگر بەردەداتە گیانی و یەکسەر ژنەکەی دەکوژێت، دواتریش بڕیارێکی ترسناک دەدات، ڕقی لە هەموو ژنێک دەبێت و بڕیار دەدات، هەموو شەوێک ژنێک بهێنێت و پاشئەوەی لەگەڵیدا دەخەوێت بۆ بەیانی سەری ببڕێت، چونکە بەلای ئەوەوە هەموو ژنەکان خیانەتکارن.
گەڕان بە دوای کچی عازەبیشدا دەبێتە ئەرکی وەزیرەکەی، دواجار وەزیرەکەی هیچ کچێکی پاکیزەی دەستناکەوێت کچەکانی خۆی نەبێت. کچێکی دەبێت بەناوی شەهرەزاد، ئەمەش وەزیرەکە دەخاتە رەوشێکی دەروونی ئێجگار خراپەوەو نازانێت چی بکات، بەڵام کچەکەی زیرەک دەبێت و دەچێت بە باوکی دەڵێت: من رازیم ئەم کارە بکەم و خۆی دەکاتە قووربانی. سەرەتا باوکی رازی نابێت دواتر شەهرەزاد بە زیرەکی خۆی، قەناعەت بە باوکی دەکات. لێرەشەوە حکایەتەکە دەستپێدەکات.
شەهرەزاد کچێکی زیرەک و جوان و ژیر دەبێت، هەر لە یەکەم شەو کە چاوی بە پاشا شەهریار دەکەوێت، دەستدەکات بە خوێندنەوەی حکایەتێک بۆی، بەڵام حکایەتەکەی تەواو ناکات، هەمووکاتێک کە دەستدەکات بە خوێندنەوەی حکایەتەکە، هەتاوەکو پاشا خەوی لێدەکەوێت، شەهریار بۆ بەیانی بڕیار دەدات کە شەهرەزاد نەکوژرێت هەتاوەکو حکایەتەکەی بۆ تەواو دەکات. بەم فێڵەش هەموو شەوێک شەهرەزاد حکایەتێک بۆ پاشا دەخوێنێتەوە، بەڵام تەواوی ناکات و بەمجۆرەش 1001 شەو لەلای دەمێنێتەوە هەر شەوەی حکایەتێکی بۆ باس دەکات. ئەمەش دەبێتە سەرەتا و کۆتایی ئەم کتێبە مەزنەی جیهان.

مێژوو و سەرچاوی حکایەتەکە
دیارە قسەو باسی زۆر و لێکۆڵینەوەی زۆر لە بارەی مێژوو، سەرچاوەی سەرەکی ئەم کتێبەوە نووسراوەو وتراوە. بەڵام بەشێکی زۆری سەرچاوە مێژووییەکان لەسەر ئەوە کۆکن، کە سەرچاوەو مێژووی ئەم حکایەتە دەگەڕێتەوە بۆ هیندستان. دیارە ئەم وڵاتە مێژوویەکی ئێجگار دێرینی هەیە و خاوەنی کۆمەڵێک ئەفسانە و حکایەتی گرنگە لە پێش هەموویانەوە ” مەها بەهاراتا” کە مێژووەکەی بۆ سەدەی پێنچی پێش زایین دەگەڕێتەوە.
پاشان لە ئێران ئەم حكایەتانە بەشێوەو ناوی جۆراوجۆر دەردەکەون لەوانە: “حکایەتەکانی بوونەوەرە ئەفسوناوییەکان، حکایەتەکانی شەهرەزاد و شەهریار” ئەمانە بوونە سەرەتای ئەم حکایەتانە. کۆنترین دەقی وەرگێڕانی بۆ سەر زمانی عەرەبی لە فارسییەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی هەشتی زایینی، ئەوکاتە لە زمانی فارسی بەناونیشانی ” هەزار حکایەت” بڵاوبوویەوە کاتێک دەکرێت بە عەرەبی بە ناونیشانی ” هەزار شەو، الف لیلة” بڵاودەکرێتەوە، دواتریش دەکرێت بە حکایەتکانی هەزارو یەک شەوە” الف لیلة و الیلة”چاپ دەکرێت. دواتریش لە سەدەی 17 دا لە زمانی عەرەبییەوە وەردەگێڕێتە سەر زمانی فەرەنسیی و لێرەوە عیشقی خۆرئاواییەکان بۆ ئەم کتێبە ئەفسووناوییە دەستپێدەکات.

حکایەتە سەیرو سەمەرەکان
دیارە ئەم کتێبە تەنها لە یەک حکایەت پێکنەهاتووە، بگرە لە کۆمەڵێک حکایەتی جۆراجۆر لە خۆدەگرێت، هەندێکیان لە جیهاندا ناوبانگیان باش دەرکەوتووە، دەتوانم بڵێم لە هەزار و یەک شەوەش زیاتر ناوبانگیان پەیدا کردووە لە پێش هەموویانەوە” حکایەتی سندیباد، عەلادین و فانۆسی ئەفسوناوی، عەلی بابا و چل دزەکە” ئەم حکایەتانەش هەریەکەیان خاوەنی ناوەڕۆک و شێوازی نووسینی جیاوازن. هەمووشیان لەناو ئەم کتێبەدا کۆکراونەتەوە، ئەمەش شێواز و مۆدێلێکی نوێی لە جیهانی ئەدەبیاتدا داهێنا.

شێوازی نووسین
یەکێک لە خاڵە جوان و سەرکەوتووەکانی ئەم کتێبە شێوازی نووسینیەتی، لەم کتێبەدا شێواز و تەکنیکی چیرۆک نووسین لەدایک دەبێت، بەتایبەتی هونەری ” گێڕانەوە” . لێرەوە گرنگی گێڕەوەر یان حکایەتخوان دەردەکەوێت، دواتریش لە ژانری چیرۆک و کورتە چیرۆک و رۆماندا، گێڕەوەر دەبێتە بنەمای سەرەکی هەموو کارێکی ئەدەبی.
جگە لەمیش رەگەزەکانی تر وەکو ” دیالۆگ، گرێی ئەدەبی، کتوپڕ، سەرەتا و کۆتایی،” هەموو ئەمانەش دەبنە بنەمای سەرەکی بۆ ژانری تری ئەدەبی. لێرەشەوە چیرۆک و ئەفسانەکان لە یەکتری جیادەبنەوەو هەریەکەشیان رێچکەی خۆی دەگرێتە بەر.
هەروەها تێکەڵاوکردنی سیحر و واقعیەت، تەکنیکێکی جوانی تری ئەم کتێبەیە، کە لە زۆر حکایەتتدا ئەمە رەنگدەداتەوە بەتایبەتی لە حکایەتەکانی ” سندیباد، عەلی بابا و چل دزەکە” لەسەدەکانی دواتر تەکنیکی ” ماگی ریالیزم،واقعی سیحری” لەدایک دەبێت، کە یەکێکە لە شێوازە جوانەکانی نووسینی رۆمان.
بۆیە تەواوی مێژوونوسانی ئەدەبیاتی جیهان لەسەر ئەوە کۆکن، کە حکایەتەکانی هەزارو یەک شەوە، سەرەتایەکی زۆر گرنگ بووە بۆ ژانری چیرۆک و دواتریش رۆمان و کورتە چیرۆک. شێوازی نووسین، خاڵێکی گرنگی تری ئەم کتێبەیە، بۆیە هەموو ئەدیب و نووسەرێک ناچارە ئەم کتێبە بخوێنێتەوە. جگەلەوەش ئەم کتێبە ئاسۆی بیرکردنەوە خەیاڵی خوێنەر بەگشتیی و نووسەران و ئەدیبان بەتایبەتی فراوانتر دەکات.

شیعر
یەکێک لەو شێوازە تایبەتانەی کە ئەم حکایەتانەی پێ نووسراوە، زمانی شیعری و بەکارهێنانی شیعرە. هیچ حکایەتێک هێندەی ئەم حکایەتانە شیعری تێدا بەکارنەهاتووە، هەموو حکایەتێک پارچەیەک یان زیاتر شیعری تێدایە. لێرەشەوە دەگەینە ئەو راستییەی کە ئەو کەسانەی کە ئەم حکایەتانەیان نووسیوەتەوە، زۆر هۆگر و شەیدای شیعر بوون، تەنانەت دەکرێت بڵێین پێدەچێت شاعیریش بووبێتن، دەنا کەسێک شاعیر نەبێت ناتوانێت هەموو ئەو شیعرە جوانانە بنووسێت. هەربۆیە دەتوانین بڵێین کە شیعر بەشێكی گرنگی ئەم کتێبە گرنگە پێکدێنێت و لە زۆربەی لاپەڕەکانیدا شیعری تێدایە، هەمووشیانی شیعری جوانی عەربییە کە لە رووی مانا و دەربڕینەوە، شیعری زۆر جوانن.

بابەتە گرنگەکانی ئەم کتێبە
بەدەر لە لایەنی ئەدەبی، ئەم کتێبە پڕیەتی لە کۆمەڵێک بابەتی جۆراوجۆر و گرنگ، کە کاتێک خوێنەر دەیخوێنێتەوە جێژی زۆری لێوەردەگرێت. ئەم کتێبە تەنها گێڕانەوەی کۆمەڵێک حکایەتی بەرئاگردان نییە، بەڵکو گێڕانەوەی مێژووی بەشێکی گرنگی جیهانە. ئێمە لەرێگەی ئەم کتێبەوە، تاڕادەیەک وێنەیەکی گەلانی ئەم ناوچانەمان لا دروست دەبێت کە لە حکایەتەکاندا باسیان کراوە بەتایبەتی گەلانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و چین و هیندستان و ئاسیای ناوەڕاست و یۆنانی کۆن. هاووڵاتیانی ئاسایی، مەلیک و نەجیبزادەکان، کۆیلە و نەجیبزادەکان، ئەهلی قەڵەم و ئەهلی شمشیر و ئەهلی بازاڕ و ئیمانداری،ئەهلی کەیف و خۆشیی و رابواردن، هەموویان لەم کتێبەدا جێگەی خۆیان کردۆتەوە. ئەمەش داهێنان و شتێکی نوێ بووە، کە کتێبێک هەموو ئەو خەڵکە جۆراجۆرانە کۆبکاتەوە.
لەلایەکی ترەوە ئەم کتێبە تەنها باسی چینێکی کۆمەڵایەتی ناکات، بگرە باسی هەموو ئەو چین و توێژانە دەکات کە لەو سەردەمەدا هەبوون. ئێمە خانمێکی بەرێز ، لەشفرۆش، سەماکەر، کەنیزەک دەبینین، هەروەها پیاوی رێزدار، شەهوەتباز، پیاوکوژ، میهرەبان . هەموویان حکایەتی خۆیانیان هەیە. ئەمەش جوانیی زۆری بەم کتێبە داوە، چونکە ئێمە تەنها بە حکایەتی مەلیک و نەجیزاندەکان ئاشنا نابین، بەڵکو حکایەتی خەڵكی ئاساییشمان دەستدەکەوێت.

ئیرۆتیک
یەکێک لەو بابەتانەی کە مایەی سەرنجی من و زۆرێک لە ئەدیبان و لێکوڵەوەرانی ئەدەبیشن ئەوەیە، ئەم کتێبە لە زۆر شوێندا حکایەت و دیمەنی ئیرۆتیکی زۆری تێدایە، ئەمەش لە کاتێکدا ئەمڕۆ لە گێتی ئیسلامی بە گشتی و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی، ئیرۆتیک بە هەموو شێوەیەک قەدەغە و حەرام دادەنرێت. کەچی سەیر لەوەیە کە پێشتر ئەم حکایەتانە دەماودەمیان کردووە لە کۆڕ و مەجلیسەکان خوێندراونەتەوەو باسکراون، بەلای خەڵکیی و دەسەڵاتیشەوە نەبۆتە هۆی ئەوەی کە قەدەغە بکرێن یان حەرام بکرێن. هەندێکی تر پێیان وایە باسکردنی بابەتی سێکسیی و پەیوەندی خۆشەویستی نێوان ژن و پیاوان، خاڵێکی گرنگی تری ئەم حکایەتانەیە، چونکە هەست دەکەیت ئەم حكایەتانە هەڵقووڵاوی ژیانی رۆژانەی ئەوکاتەی خەڵکی خۆرهەڵات بووە، پەیوەندی خۆشەویستیی و سێکسیش ، بابەتێکن کە پەیوەندییان بە مرۆڤەوە هەیە جا لە هەر سەردەم و قۆناغێکی مێژووییشدا بن.
هەربۆیە زۆرکەس حکایەتە ئیرۆتیکەکانی ناو هەزارو یەک شەوە، بە سەرەتای لەدایکبوونی ئەدەبی ئیرۆتیک و دواتریش فیلمی پۆرنۆ دادەنێن.
ئەو دیمەنە ئیرۆتیکیانەی ناو حکایەتەکانیش وایکردووە کە نەک تەنها لە رووی ئەدەبییەوە، بەڵکو لەرووی هونەری تابلۆکێشانییشەوە کاریگەری هەبێت و زۆر تابلۆکێشی جیهانیش هاتوون بە کاریگەری حکایەتەکانی هەزارو یەک شەوە، تابلۆی جوان و گرنگیان کێشاوە.

حوکمڕانی خۆرهەڵاتی
کاتێک خوێنەر ئەم حکایەتانە دەخوێنێتەوە، کەمێک بەرچاوڕوونیی و زانیاری لەبارەی شێوازی حوکمڕانی ئەم ناوچەیە دەستدەکەوێت، ئەو وێنەیەش زیاتر ، وێنەیەکی ناشیرینی حوکمڕانی بووە، حاکم یان مەلیک و والییەکان، وڵات و ناوچەکانیان بە شێوازێکی حوکمڕانی رەها و تاکڕەویی کە ئەمڕۆ بە دیکتاتۆری وەسف دەکرێت، بەڕێوە بردووە. خەڵکانی ئەم ناوچەیەش زیاتر وەکو رەعیەت و زۆرجاریش وەکو کۆیلە سەیرکراون بەتایبەتی هەژار و کەمدرامەتەکانی شارەکان، جووتیار و سەپانی گوندەکان. لەپەنا ئەمانەشدا هەست بە خۆشگوزەرانیی و بەختەوەری ژیانی میر و پادشاکان دەکەین، لە چ نازو نیعمەتێکدا ژیان و چۆن داهاتی وڵاتایان بۆ خۆیان و ماڵ ومنداڵیان تاڵان کردووەو کەسیش نەیوێراوە هیچ قسە بکات یان ناڕەزایی دەرببڕێت.

هارون رەشید
یەکێک لە پادشا ناسراوەکانی عیراق و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش هاورن رەشیدە. دیارە قسەی جیاواز لە بارەی ئەم حاکمەوە دەکرێت، هەندێكیان بە حاکمێکی ملهوڕ و هەوەسباز و شەهوانی ناویدەبەن، هەندێکیش بە باشترین حاکم و پادشای رووناکبیر ناوی دەهێنن. بەهەرحاڵ هیچ مەلیک و حاکمڕەوانێکی خۆرهەڵات، هێندەی هارون رەشید لەناو ئەم حکایەتانە ناوی نەهاتووە، هەربۆیە زۆرکەس پێیان وایە کە ئەم حکایەتانە بەشێکیان لە سەردەمی فەرمانڕەوایی هارون رەشیدا نوسراون. لە رێگەی کۆمەڵێک حکایەتەوە ئاگاداری رەوشی سیاسیی و ئابووریی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی دەبین لە سایەی حوکمڕانی هاورن رەشیدا.
لە پەنا هارون رەشیدا کۆمەڵێک کەسایەتی تر کە لەوەوە نزیک بوون یان بەشێک بوون لە فەرمانڕەوایەتەکەی، ناویان دێت لە پێش هەموویانە شاعیری ناسراوی عەرەب ئەبونەواس، وەزیری ناودار جەعفەر بەرمەکی، مەسروری شمشێر وەشێنییەتی، لە زۆر شوێندا باسی دڵڕەقیی مەسروری شمشێر وەشێنی هارون رەشید دەکرێت.

ئاژەڵ
لەپەنا مرۆڤ و دەروبەری، ئاژەڵ لەم حکایەتانەدا پانتایی گەورەیان بەردەکەوێت، هیچ حکایەت و چیرۆک و ئەفسانەیەک، هێندەی هەزارو یەک شەوە باسی ئاژەڵەکانی تێدا نییە. لە زۆر شوێندا ئاژەڵەکان رۆحیان لەبەر دەکرێت و دێنە گۆ و لە هەندێک شوێنێشدا بە زمانی شیعر باسیان دەکرێت. ئەمەش شێوازێکی جوان بووە، کە دواجار رێگەی خۆشکر بۆ لەدایکبوونی هەزاران حکایەتی هاوشێوەی کە باسی ئاژەڵەکان دەکات.
لە زۆر شوێنیشدا مرۆڤەکان دەکرێنە ئاژەڵ ، لەمەشدا سیحر رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت، دەتوانم بڵێم ئەم مەسەلەیە لە زۆر حکایەتدا دەبینین کە ژنێک یان پیاوێک لەلایەن ساحیرێکەوە کراوە بە سەگ یان پشیلە یان مار.
جێگەی ئاماژەیە لە سەدەکانی دواتردا ئەم شێوازە لە رۆماندا بەکاردێت، کە ئاژەڵ ببنە پاڵەوانی رۆمان بۆ نموونە رۆمانی ” مەزاری ئاژەڵان” ی جۆرج ئۆریل.

خۆرهەڵاتی ناوەڕاست
بەشێکی زۆری حکایەتەکان لە ناو شار و دێهاتەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست روو دەدەن. ئێرە دەبێتە مەیدانی سەرەکی حکایەتەکانی بەتایبەتی شاری بەغدا، لە هەموو شارەکانی تری خۆرهەڵات باس دەکرێت، هەرئەمەش وەکو بەڵگەیەک بەکاردەهێنرێت کە ئەم حکایەتانە لە سەردەمی هارون رەشیدا نووسراون. لەپەنا بەغداش، شاری بەسرە، موسڵ، حەلەب، موسڵ، دیاربەکر، قاهیرە دێن. بەشێکی زۆری حکایەتەکان لەم شارانە روو دەدەن یان پاڵەوانەکان بەناویاندا تێدەپەڕن. لێرەشەوە کەمێک ئاشنای ژیانی سیاسی و ئابووریی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی ئەم شوێنانە دەبین.

قوستەنتینییە
قوستەنتینییە کە ئێستا پێی دەڵێن ئەستنەبوڵ، شارێکی ترە کە پانتایی باشی بۆ داگیرکراوە، بەتایبەتی لەحکایەتیی مەلیک عومەر و هەردوو کوڕەکەی شیرکان و زەوء مەکان، کە یەکێکە لە حکایەتە درێژەکان و نزیکەی 200 لاپەڕەی کتێبەکە باس لەم حکایەتە دەکات. بەشێكی زۆری حکایەتەکە باسی چۆنێتی هەوڵدان بۆ پەلاماردان و داگیرکردنی شاری قوستەنتینییە دەکرێت لەلایەن لەشکری مسوڵمانانەوە، لێرەشەوە دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە پەلاماردان و داگیرکردنی شاری قوتسەنتییە کە ئەوکاتە بە پایتەختی ئەوروپا دەناسرا و پایتەختی شارستانی یۆنانی کۆن بووە، دەمێک بووە مسوڵمانەکانی خۆرهەڵات چاویان تێبڕیووەو ویستی داگیرکردنیان هەبووە بۆئەوەی دەست بەسەر سەرەوت و سامان و ژنە جوانەکانیاندا بگرن، بەداخەوە دواجار لەلایەن تورکی عوسمانییەوە بەدڕندەترین شێوە داگیر دەکرێت.

جیهانی کۆن و نوێ
جگە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئەم حکایەتانە باسی جیهانی ئەوکاتە دەکات کە لە لایەن خەڵکی ناوچەکە ناسراوە بەتایبەتی وڵاتانی ” چین، هیندستان، ئاسیای ناوەڕاست بەتایبەتی شاری سەمەرقەند، ئەفریقا” بەشێکی حکایەتەکان لە وڵاتانی دوورترەوە هاتوون بۆ نموونە حکایەتی ” عەلی بابا و چل دزەکە” باسی کوڕی پینەدۆزێکی چینی دەکات ، کە کوڕێکی تەمبەڵ بووە. هەروەها لە حکایەتی ” بەرگدرو، کۆمڕە، پزیشكی جوو”، ئەمیش رووداوەکانی لە چین ڕوویداوە. واتە لێرەوە جیهان بە چین شارەزا بوون، پێدەچێت ئەسڵی حکایەتەکەش لە چینەوە هاتبێت.
هەروەها جگە لە چین شاری سەمەرقەندیش دەبێتە مەیدانێکی تری حکایەتەکانی هەزار یەک شەوە بەتایبەتی کاتێک باسی شای زەمان برای مەلیک شەهریار دەکات. لێرەشەوە دیمەنێکی خێرامان لە بارەی ئەم شارە دێرینەی ئاسیاوە پێدەدات.
هەندێک حکایەتی دەگەنە ئەفریقا و هیندستان. جگە لە وڵاتانی سەرزەوی، گەشتێکی گەورەی دەریاکانیشی تێدایە بەتایبەتی لە حکایەتی سندیبادا. هەربۆیە دەکرێت بڵێین حکایەتی هەزارو یەکشەوە، یەکەمین کتێبی ئونیڤێرساڵ ” جیهانی” بووەو باسی هەموو گەلان و ئاینزاناکانی جیهان کردووە. ئەمەش خاڵێکی تری سەرکەوتووی ئەم حکایەتانەیە ، هەرئەمەش وایکردووە کە جێژی خوێنەرانی جیهان بۆلای خۆی رابکێشێت.

کاریگەرییەکانی بەسەر ئەدەب و هونەری جیهانەوە
لە پاش کتێبی ئینجیل هیچ کتێبێکی خۆرهەڵات، هێندەی حکایەتی هەزارو یەک شەوە کاریگەری گەورەی بەسەر ئەدەب و هونەری جیهانییەوە بەجێنەهێشتووە بەتایبەتی بەسەر ئەوروپاوە. هەر لەگەڵ وەرگێڕانی بۆ زمانی فەرەنسی، ئیتر کاریگەری ئەم کتێبە بەسەر جیهان بەگشتیی و خۆرئاوا بەتایبەتی دەرکەوت. لە ساڵی 1704 بۆ 1717 لەلایەن خۆرهەڵاتتناس و وەرگێڕی فەرەنسی ئانتوان جالان بە بەش بەش بۆسەر زمانی فەرەنسی وەرگێڕاوە. لەرێگەی زمانی فەرەنسیشەوە بۆ زۆربەی زمانە ئەوروپییەکان وەرگێڕاوە. دواتر ئەم حکایەتانە بۆ زۆربەی زمانەی ئەوروپییەکانی تر وەدەگێڕێت و دەبێتە کتێبە ئەفسووناوییەکەی خۆرهەڵات، کە زۆربەی نوخبەی نووسەر و ئەدیبی ئەوروپا حەزیان بە خوێندنەوەی ئەم حکایەتە دەکەن.
بۆیەکەمجاریش ساڵی 1823 لە زمانی فەرەنسییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی ئەڵمانی، دواتریش لە ساڵی 1837 -1841 بۆیەکەمجار لە زمانی عەرەبییەوە لەلایەن گوستاڤ ڤایل وەردەگێڕێتە سەر زمانی ئەڵمانی، پاشان لە ساڵی 1907 دووبارە لەلایەن رۆژهەڵاتناس و وەرگێڕی ئەڵمانی ڤێکسی گرێڤەوە لە زمانی عەرەبییەوە وەردەگێڕێتە سەر زمانی ئەڵمانی.

تابلۆکێشان
لە رووی هونەرییەوە بەتایبەتی هونەری تابلۆکێشان، ئەم کتێبە ناخ و دەروونی کۆمەڵێکی زۆر لە تابلۆکێشە ناودارەکانی ئەوروپای هەژاندووە، وایکردووە کە عیشقیان بۆ خۆرهەڵات بجووڵێت و ئەم عیشقەش لە تابلۆکانیاندا دەربکەوێت. لە پێش هەموویانەوە تابلۆکێشی ناوداری فەرەنسی ژان ئۆگوست ئانگەر “کە لە ساڵی1780 لەدایک بووەو لە ساڵی 1867 کۆچی دواییکردووە.” هەروەها ئۆژین دیلاکروا ” لە ساڵی 1798 لەدایک بووە و لە ساڵی 1863 کۆچی دواییکردووە” کە ئەویش تابلۆکێشێكی ناسراوی فەرەنسایە سەر بە قووتابخانەی رۆمانسی بووەو جێپەنچەی بەسەر مێژووی هونەری تابلۆکێشانی فەرەنسا و جیهان دیارە. ئەم تابلۆکێشە هێندە حکایەتەکانی هەزارو یەک شەوە کاریتێکردبوو، کە هانیدا سەفەرێک بۆ وڵاتانی مەغریبی عەربی بکات و کۆمەڵێک تابلۆی نایابی مەغریبی عەرەبیی و خۆرهەڵات بکێشێت. جگە لە کۆمەڵێک تابلۆکێشی تری جیهان، کە بەشێكی زۆریان لە رێگەی ئەم حکایەتانەوە وێنای خۆرهەڵات لە مێشکیان کێشاوە.

لە رووی موزیک و گۆرانییەوە
لە رووی موزیکیشەوە ئەم کتێبە کاریگەری بەسەر زۆرێک لە کۆمپۆنیست و موزیکژەنەکانی جیهانەوە هەبووە، بۆ یەکەمجار کۆمپۆنیستی فەرەنسی فرانسوا ئاریان بۆیلدیۆ لە ساڵی 1800 ئۆپێرایەکی بەناونیشانی “خەلیفەی بەغداد” ئامادەکرد و دواتریش هەر بەهەمان ناوەوە شاکارێکی موزیکی بڵاوکردەوە. دوای ئەویش کۆمپۆنیسی ئەڵمانی کارل ماریا ڤۆن ڤیبەر لە ساڵی 1811 شاکارێکی موزیکی بەناونیشانی ” عەلی بابا” بڵاوکردەوە.
بەڵام لە هەموویان ناسراوتر ، کۆمپۆنیستی ناوداری روسیا کۆرساکۆڤ لە ساڵی 1888 دا لەپاش خوێندنەوەی ئەم کتێبە، شاکارێکی مەزنی بەناونیشانی ” شەهرەزاد” بڵاوکردەوە. دواتر بووە یەکێک لە شاکارە موزیکییە جیهانییەکان کە هەتاوەکو ئەمڕۆش لە جیهاندا بە بەردەوامی لێدەدرێتەوە، هەر کە باسی ئەم کتێبە دەکرێت، یەکسەر ئەو پارچە موزیکییە لێدەدرێت.
لە خۆرهەڵاتیش ژنە گۆرانبێژی میسری ئوم کەلسوم، یەکێک لە گۆرانییە جوانەکانی بەناوی ” هەزارو یەک شەوە” یە، کە یەکێکە لە گۆرانییە جوانەکانیی و هەتاوەکو ئێستاش لەناو ناخ و دەروونی خەلکی خۆرهەڵاتدا ماوە. جگە لە زۆر کۆمپۆنیست و موزیکژەن و گۆرانیبێژی تری جیهان.

لەرووی فیلم و کاری سینەمایی و تەلەڤزیۆنییەوە
هیچ کتێبێک هێندەی هەزارو یەک شەوە کاریگەری بەسەری کاری سینەماو تیڤییەوە نەبووە، هەر لەسەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە هەتاوەکو ئەمڕۆ. بۆیەکەمجار دەرهێنەری فەرەنسی جۆرج میلییس فیلمی ” کۆشكی هەزار و یەک شەوە” لە ساڵی 1905 بەرهەمهێناوە. لە ساڵی 1924 دا فیلمی ” دزی بەغداد” لەلایەن دەرهێنەر رائول والچ بەرهەمهێنراوە. دوایینجاریش لەلایەن دەرهێنەری ئیتالی پاولۆ بازۆلینی لە ساڵی 1974 دا فیلمی ” گوڵی هەزار و یەک شەوە” بەرهەمهێنرا.
لەرووی فیلمی کارتۆنیشەوە کاریگەری هەبوو، لەراستیشدا بە حوکمی ئەوەی ئەم کتێبە کۆمەڵێک حکایەتی ئەفسوناویی لەخۆ دەگرێت، بەلای منداڵەوە زۆر خۆشن، من خۆم کاتێک منداڵ بووم زۆر حەزم بە فیلم کارتۆنەکانی ” سندیباد، عەلادین ، هەزارو یەک شەوە” هەبوو. ئەم فیلمە کارتۆنانە دونیای خەیاڵ لای منداڵ زۆر فراوان دەکەن.
بۆیەکەمجار لە ئەمریکا لە ساڵی 1959 وەکو فیلم کارتۆنی لەلایەن جاک کینی بەرهەمهێنرا، دواتریش لەلایەن فیلمسازی ژاپۆنییەوە ئۆسامۆ تیزیۆکا لە ساڵی 1969 بەشێوەیەکی جوانتر و مۆدێرنتر فیلم کارتۆنی هەزار یەک شەوە هاتە بەرهەم.

ئۆپێرا
لەرووی ئۆپێراشەوە کاریگەری زۆر گەورەی هەبووە، هەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەیەدا، چەندینجار کراوە بە ئۆپێرا، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە زۆرێک لە حکایەتەکانی هەزارو یەک شەوە، دەرفەتی زۆرباشی تێدایە بۆئەوەی لەرووی هونەری ئۆپێراوە کاری لەسەر بکرێت، بۆیەکەمجاریش لەلایەن کۆمپۆنیس و موزیکژەنی فەرەنسی فرانسوا ئاریان بۆیلدیۆ لە ساڵی 1800 ئۆپێرای خەلیفەی بەغداد” نمایشكرا، هەر لەگەڵ ئەم ئۆپێرایەشدا شاکارە موزیکییەکەی بۆ دانا. لە پاش بۆیلدیۆوە 12 جاری تر وەکو ئۆپێرا هەزارو یەک شەوە نمایشكراوە دوایینجاریش لە ساڵی 2012 لە ئۆپێرای ڤییەننا لە نەمسا بەناونیشانی ” هەزار و یەک شەوە” نمایشكراوە.
لەرووی شانۆشەوە زۆرێک لە حکایەتەکانی کراون بە کاری شانۆیی لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندا لەسەر تەختی شناۆ نمایشكراوە.

کاریگەری بەسەر ئەدەبی جیهانەوە
کاریگەری بەسەر ئەدەبی جیهانیشەوە زۆر دیارە، بەتایبەتی نووسەران و رووناکبیران و فەیلەسوفانی ئەوروپا لە سەدەکانی رۆشنگەری. لەمبارەیەوە ڤۆلتێر فەیلەسوفی ناسراوی فەرەنسا دەڵێت: من هەتاوەکو 14 جار حکایەتەکانی هەزارو یەک شەوەم نەخوێندەوە، نەبووم بە چیرۆکنووس”
ژنە رەخنەگەری ئەڵمانی ئارموندە هێلەر دەڵێت: حکایەتی هەزارو یەک شەوە، توانی وێنەیەکی رۆمانسیی و خەیاڵیی لە زیهنی ئێمەدا بەرامبەر خۆرهەڵات دروست بکات .” هیچ کتێب و نووسەرێکی خۆرهەڵات، هێندەی ئەم حکایەتانە کاریگەری بەسەر ئەدەبی ئەوروپییەوە نەبووە. هەروەها ئەم کتێبە بە قوڵی ناخی شاعیرو بیرمەندی ئەڵمانی گۆتەی هەژاندووەو کاری تێکردووە.

کاریگەری بەسەر رۆمان و چیرۆکی ئەوروپییەوە
زۆر مێژوونوسی ئەدەبی ئەوروپی پێیان وایە، کە ئەم کتێبە کاریگەری گەورەی بەسەر ئەو رۆمان و حکایەتە ئەوروپییانەوە هەبووە، کە بە بەردی بناغەی رۆمان و چیرۆکی ئەوروپی دادەنرێن. بۆ نموونە ئەم کاریگەرییە بەسەر حکایەتەکانی ” سەمیرامیس و شازادەی بابل” ی ڤۆلتێر زاڵە، هەروەها نووسەر و ئەدەیبی ناسراوی ئینگلیزی جیمس مۆریر ” لە 1780 لەدایک بووەو لە ساڵی 1849 کۆچی دواییکردووە” لە بەشێکی زۆری کارەکانیدا، هەست بەم کاریگەرییە دەکەین بەتایبەتی لە حکایەتەکانی ” حاجی بابا، موسلیمە، میرزا و حکایەتی فارسی” . هەروەها هەست بەم کاریگەرییە گەورەیە بەسەر فەیلەسوفی ناسراوی فەرەنسا و ئەوروپا مۆنتیسکۆ دەکەین ، بەتایبەتی لە کتێبی ” نامە فارسییەکان”دا. هەروەها رۆمانە ناسراوەکەی سەرکێشییەکانی رۆبنسۆن کروز کە لە نووسینی نووسەری ناوداری ئینگلیزی دانیێل دیڤۆ،” لە ساڵی 1660 لەدایک بووەو لە ساڵی 1731 کۆچی دوایی کردووە.” هەروەها سەفەرەکانی کالیڤەرز لە نووسینی نووسەری ناوداری ئینگلیزی جۆناتان سویف ” لە ساڵی 1667 لەدایک بووەو لە ساڵی 1745 کۆچ دواییکردووە”، ئەم دوو رۆمانەش کە بە رۆمانە بنەڕەتییەکانی رۆمانی ئینگلیزی و ئەوروپی دادەنرێن، بەشێکی زۆری حکایەتەکانیان لە حکایەتی سندیبادەوە بردووە کە یەکێکە لە حکایەتەکانی هەزارو یەک شەوە.
نووسەری ناوداری روسیش لیۆ تۆڵستۆی زۆر هەواداری ئەدەبی خۆرهەڵاتی بووە، بەتایبەتیش حکایەتەکانی هەزار و یەک شەوە، زۆر کاری تێکردووە. ئەم کاریگەرییە گەورەیەش لە حکایەتی ” پاشاو بازەکەی” بە ڕوونی دیارە. هەرچەندە ئەم حکایەتەی، حکایەتێکە بۆ منداڵان نووسراوەو دەچێتە قاڵبی ئەدەبی منداڵانەوە. ئەم حکایەتەش لەژێر کاریگەری حکایەتەکانی هەزارو یەک شەوە نووسراوە بەتایبەتی حکایەتی ” قەمەر زەمان”

کاریگەرییەکانی لەسەر ژانرە جیاوازەکانی رۆمان
هیچ کتێبێکی جیهان هێندەی حکایەتی هەزارو یەک شەوە کاریگەری بەسەر ئەدەبیاتی جیهانەوە نەکردووە بەتایبەتی لەرووی چیرۆک و رۆمانەوە. زۆرکەس بە دایکی هەموو چیرۆک و رۆمانەکانی دادەنێن. لەم کتێبەدا رۆڵی ” گێڕەوەر، پاڵەوان، فەنتازیا، خەیاڵ، زمانی شیعری، گرێی ناو چیرۆک، دیالۆگ” دەردەکەوێت. هەربۆیە ئەم کتێبە دەبێتە ئیلهابەخش و سەرچاوەی داهێنان و ئەفراندنی ژانری نوێی چیرۆک و رۆمان لە پێش هەموویانەوە ” رۆمانی خەیاڵی، ئیرۆتیک، پۆلیسیی، خۆشەویستی، مێژووییی”

رۆمانی خەیاڵئامێز و ئەفسووناوی
حکایەتی هەزارو یەک شەوە راستە لەلایەکەوە باسی ژیانێکی هەقیقی دەکات بەڵام لە پەنا ئەم هەقیقەتەشدا، ئێمە جیهانێکی خەیاڵیی و فەنتازیا دەبینین، ئەمەش لە کۆمەڵێک حکایەتی سەیر و سەمەرەدا دەردەکەوێت کە تێیدا پاڵەوانەکانی هێز و توانای ناسروشتییان هەیە بەتایبەتی لە حکایەتەکانی ” سندیباد، عەلی بابا ، عەلادین”دا ئەو حکایەتاناش بوونەتە سەرچاوەو سەرەتایەک بۆ رۆمان و چیرۆکی خەیاڵئامێز کە دواتریش رۆمانی ” خەیاڵی زانستی-science fiction” و ماگیی ریالیزمی” واقعی سیحری” تێدا لەدایک دەبێت.

ئەدەبی ترسناک
بابەتێکی تر کە لە حکایەتەکانی هەزارو یەک شەوەدا بە روونی دەردەکەوێت، مەسەلەی دەرکەوتنی جنۆکە و دێو و درەنجە، کە ئەمەش زۆرجار ترس دەخاتە دڵی خوێنەری ئاساییەوە، لێرەشەوە ئەوەی کە ئەمڕۆ پێی دەڵێین، ئەدەبی ترسناک جا ” فیلم یان رۆمان و چیرۆک” لەدایک بووە. ئەمەش بەروونی لە حکایەتەکانی ناو هەزارو یەکشەوە دەردەکەوێت بەتایبەتی لە حکایەتەکانی ” ماڵی مردووەکان، شاری مس” دا بە جوانی دەردەکەوێت، کەتێیدا باسی جنۆکە و رۆحی مردووەکان دەکات.

ئەدەبی پۆلیسی
لە بەشێکی حکایەتەکانیدا باسی کەسانی دز و جەردە دەکات، لە حکایەتی ” بەرگدرو، کۆمڕە، پزیشكی جوو” کاتێک بەرگدروێک لە چین کۆمڕەیەک دەباتەوە ماڵەوە ، لەکاتی نانخواردندا دەمرێت، ئەویش دەیبات بۆ ماڵی پزیشکە جووەکە و لە ژێرزەمینەکەدا فڕێی دەدا، دواتر پزیشکەکە تاوانبار دەکرێت بە کوشتنی کۆمڕەکە، دواتر سوڵتان فەرمان دەردەکات بە سزادانی ئەو کەسانەی کە ئەم تاوانەیان کردووە، جگە لە بەرگدرووەکە و پزیشکە جووەکە، نزیکەی 12 کەسی تر تێوە دەگلێن و هەرەیەکەشیان باسی حکایەتی خۆی دەکات و لە کۆتاییدا تاوانبار دەدۆزرێتەوە.
هەروەها لە حکایەتی کوشتنی کچە منداڵەکە یان ” سێ سێوەکە” کاتێک لە بەغدا تەرمی کچێکی منداڵ دەدۆزرێتەوە، هارون رەشید داوا لە وەزیر جەعفەر دەکات دەبێت لە ماوەی سێ رۆژدا تاوانباری بۆ بدۆزنەوە، ئەویش هەتا سێ رۆژەکە تەواو دەبێت تاوانبار نادۆزێتەوە، دواتر خەریکە خودا حافیزی لە ژن و منداڵەکانی بکات و بچێت بۆ بەردەم مەسروری شمشێر وەشێن، تا ملی لە لاشەی بکاتەوە، کەچی لەپڕێکدا دوو کەس پەیدا دەبن و دەڵێن ئێمە کوشتوومانە، دواتر لێکۆڵینەوە دەستپێدەکات، ئەوانیش تاوانبار دەرناچن، دیسانەوە هارون رەشید سێ رۆژی تر مۆڵەت بە وەزیرەکەی دەدات، ئەویش دەگەڕێت تاوانبار نادۆزێتەوە، دواتر ئاشكرا دەبێت کە کۆیلەیەکی رەش سێوێکی بە کچەکە داوە، دواتر خواردوویەتی و ژەهر خواردوو بووە، ماوەیەکیش بە دوای کۆیەلەکەدا دەگەڕێن تا لەکۆتاییدا تاوانبار دەدۆزنەوەو سزای دەدەن.
هەموو ئەمانەش سەرەتایەکی گرنگ بوون بۆ دروستبوونی تەکنیک و فۆرمی ئەدەب و رۆمانی پۆلیسی، کە لە مڕۆدا رەواجێکی زۆری هەیە.

هەندێک سەرنج
لەگەڵ هەموو ئەو جوانیانەی کە لەم کتێبەدا هەیە، بەڵام لە پەنا ئەوەشدا کۆمەڵێک سەرنج و تێبینی و رەخنەش لەم کتێبە دەگیرێت. لە پێش هەموویانەوە ئەم کتێبە بە چەندین جۆر چاپکراوە، لە جیاتی چاپێک و وەرگێڕانێک ، چەندەها وەرگێڕانی هەیە، کە زۆرجار خوێنەر سەری لێتێکدەچێت کامیان هەڵبژێرێت.
لەڕووی ناوەڕۆکیشەوە، زۆر رووداو، چیرۆک هەیە ، کە دووبارە و سێ بارە دەبنەوە، بۆ نموونە لە زۆر چیرۆکدا بابەتی ” خیانەتی ژنێک لە پیاوەکەی، بەدگۆڕان” گۆڕینی مرۆڤ لەرێگەی سیحرەوە بۆ ئاژەڵ” ئەم دیمەنانە هەتاوەکو کۆتایی کتێبەکە بەردەوام دەبن.

کاریگەری ئەفسانەکان
لەلایەکی ترەوە لە زۆر شوێندا هەست بە کاریگەری ئەفسانە کۆنەکانی میزۆپۆتامیا و هیندستان و ئێران و یۆنان بەسەر ئەم حکایەتانەوە هەیە، بگرە هەندێک چیرۆکی هەیە وەکو خۆی دانراوەتەوە. بەتایبەتی ئەفسانەی گیلگامیش و کەلیلە و دیمنە، کە زۆر پێش حکایەتی هەزارو یەک شەوە نووسراون، لەم دوو ئەفسانەیەشدا ” پاڵەوانی سیحر ئامێز، گۆڕینی مرۆڤەکان بۆ ئاژەڵ” رۆڵی سەرەکی دەگێڕن، بۆیە هەندێک لە لێکۆڵەوەرەکان پێیان وایە ، کە ئەم حکایەتانەش بەشێکن لەو ئەفسانە کۆنانە.
ژن سەرچاوەی خراپەکارییە
خاڵێکی تر کە زیاتر لەلایەن رەخنەگرە ڤێمینیستەکان لێیدەگرن ئەوەیە، کە وێنەی ” ژن” لەم حکایەتانەدا لە زۆر شوێندا بە خراپ باسکراوەو زۆرجار باسی ” فێڵبازیی و مەکری ژنان” دەکات، هەروەها ژن بە سەرچاوەی خراپەکاری دادەنێت، ئەمەش لە بەشێکی زۆری حکایەتەکاندا هەیە. بەڵام لەهەمانکاتیشدا نابێت ئەوەشـمان لەبیربچێت، کە پاڵەوانی سەرەکی ئەم حکایەتانە شەهرەزادە، کە کچێکی زیرەکە و لێرەشدا زیرەکیی ژن دەردەکەوێت و پێگەی بەهێزی لەناو حکایەتەکاندا پێبەخشییوە.

وەرگێڕانی بۆ کوردی
دیارە ئەم حکایەتانە بۆ زۆر زمانی جیهان وەرگێڕاوە، پێشتریش لە کوردەواریدا لەناو مەجلیس و کۆبوونەوە خێزانیی و کۆمەڵایەتییەکاندا ئەم حکایەتانە جا هەموویان پێکەوە بن یان دانە دانە لەناو خەڵکیدا باسکراون، بەڵام بەداخەوە زۆر درەنگ هەموو حکایەتەکان کراون بە کوردی. خۆشبەختانە لەم چەند ساڵەی دواییدا لە زمانی عەرەبیی و فارسییەوە ، لەلایەن کۆمەڵێک وەرگێڕی هێژاوە، کراوە بە کوردی، ئەمەش خزمەتێکی باشی کتێبخانەی کوردی دەکات ، لەهەمانکاتیشدا خوێنەری کوردیش دەستی بەم شاکارە ئەدەبییە مەزنەی جیهان دەگات.

دوا قسە
بەدڵنیاییەوە ئەم کتێبە خاڵی زۆر جوان و شاراوەی تێدایە، لەوانەبێت من لەم وتارەدا تەنها ئاماژەم بە هەندێک خاڵ کردبێت، بەڵام ئەگەر بمانەوێت باش لەم حکایەتانە بگەین ، سەرەتا پێویستە جارێک یان دووجار ئەم حکایەتانە بخوێنینەوە، بۆئەوەی هەم زانیاریی باشمان دەستبکەوێت و هەمیش جێژ لەو حکایەتە جوانانە وەربگرین، کە لەم کتێبەدا باسکراون. هیوادارم لە خوێنەران کە ئەم کتێبە بخوێننەوە بەتایبەتی ئەوانەی حەزیان بە چیرۆک و ئەفسانەیە، چونکە حکایەت و دیمەن و ڕووداوی زۆر جوانی تێدایە.

———————————

سەرچاوە:
1/ ألف ليلة وليلة. الناشر مؤسسة هنداوي. لندن . المملکة المتحدة. 2017
/1/ ملهم فايز راضي. دراسة-تحليلية-لكتاب-ألف-ليلة-وليلة / https://mqqal.com
2/ محمد عبد الرحمن يونس. حكايات ألف ليلة وليلة تتمازج في ثقافات الأمم والشعوب. www.alarabiya.net
3/ عيسى مخلوف. شهرزاد أو الهجرة إلى الغرب. www.nidaalwatan.com
.
4/ Tausendundeine Nacht zwischen Orient und Europa. www.hu-berlin.de/de
5/ Als Europa den Orient erfand Tilman Spreckelsen. www.faz.net/aktuell




کتێبی (بیره‌وه‌رییه‌کانی نادیه‌ موراد).. هیوا ناسیح

نادیە موراد کچه‌ ڕزگاربووی ده‌ستی داعش و هه‌ڵگری خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی

وابزانم که‌س نییه‌ ناوی نادیه‌ مورادی نه‌بیستبێت، ئه‌و یه‌کێک بوو له‌‌و کچه‌ ئێزیدییانه‌ی که‌ که‌وته‌ ده‌ست داعش و پاش سێ مانگ له‌ ده‌ستیان رزگاری بوو. ئه‌و چیرۆکی کوشتوبڕی گونده‌که‌یان (کۆجۆ) و ڕفاندنیان و به‌که‌نیزه‌ککردن و دواتر هه‌ڵاتی خۆی له‌ دووتۆی کتێبێکدا ساڵی ٢٠١٧ به‌ هاوکاریی جێنه‌ که‌ره‌جسکی (Jenna Krajeski) به‌ زمانی ئینگلیزی چاپ و بڵاوکردۆته‌وه‌، که‌ به‌ ده‌یه‌ها میلیۆن کۆپی لێ فرۆشراوه‌ و ده‌نگێکی زۆری دایه‌وه‌، دواتر ئه‌م بیره‌وه‌رییانه‌ بۆ چه‌ندان زمانی تر وه‌رگێڕراوه‌، به‌ڵام هێشتا نه‌کراوه‌ به‌ کوردی. هه‌مان ساڵ له‌ لایه‌ن سێ نوسه‌ره‌وه‌ کراوه‌ به‌ ئه‌‌ڵمانی، که‌ بریتین له‌ (Ulrike Becker, Jochen Schwarzer،Thomas Wollermann)، له‌ لایه‌ن ده‌زگای وه‌شاندنی کنوره‌وه‌ بڵاوکراوه‌ته‌وه، کتێبه‌که‌ له‌ ٣٣ به‌ش پێک دێت، به‌ قه‌باره‌ی ٣٦٣ لاپه‌ڕه‌یه‌. گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌کانی ئابی ٢٠١٤ یه‌ کاتێک داعش پەلاماری شارۆچكەی شەنگال و گوندەوارەكانی دەوروبەری دا و داگیریكرد، له‌رۆژێکدا نادیه‌ دایکی و شه‌ش برای ده‌کوژرێت، دواتر ڕفاندنی و به‌ که‌نیزه‌ککردنی و مانه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی سێ مانگ له‌ نێو داعش، ئینجا هه‌ڵهاتنی و ڕزگاربوونی. زۆر كاریگەر، هەستهەژێن و تاسێنەرە،. دەكرێت له‌‌‌ ڕووداوه‌کانی نێو ئه‌م کتێبه‌ چەندان بابەتی رۆمان و فیلمی به‌ڵگه‌نامه‌یی لێ هەڵبهێنجێنرێت. چونکه‌ به‌‌ هه‌موو پێودانگه‌کان تاوانێکی زۆر گه‌وره‌بوو، بۆیه‌ له‌ زۆر وڵاتانی جیهان ئه‌و ڕووداوه‌ به‌ ژینۆساید ناسێنراوه‌. پاش خوێندنه‌وه‌ی کتێبه‌‌که، حه‌زم کرد ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه‌ی له‌سه‌ر بنوسم.
ناوی کتێبه‌که‌ به‌ زمانی ئینگلیزی (دوا کچ: چیرۆکی دیلیم و جه‌نگی من دژ به‌ داعش)ه‌، به‌ڵام له‌ وه‌رگێڕانه ئه‌ڵمانییه‌که‌دا ناوی کتێبه‌که‌ کراوه‌ به‌ (من ده‌نگی ئێوه‌م)، پێشه‌کییه‌که‌ی له‌ لایه‌ن (ئه‌مه‌ل کلۆنی) که‌ پارێزه‌ریشی بووه‌، نوسراوه‌، ناوبراو هاوسه‌ری ئه‌کته‌ری ناوداری ئه‌مریکی جۆرج کلۆنییه‌. ئه‌و ده‌ڵێت: نادیه‌ ته‌نها بریگرته‌ (موکل)ی من نییه‌، به‌ڵکو هاوڕێشمه، له‌و کاته‌وه‌ی ده‌یناسم ته‌نها ده‌نگی خۆی نییه‌، به‌ڵکو ده‌نگی سه‌رجه‌م ئێزیدییه‌کانه‌، به‌هۆی ئه‌م کتێبه‌وه‌ سه‌رجه‌م جیهان چیرۆکی کوشتوبڕیانی بیست. ئه‌‌م یه‌کێک بوو له‌و کچ و ژنانه‌ی که له‌لایه‌ن داعشه‌وه ڕفێنران و له‌ بازاڕ و ته‌نانه‌ت ئینته‌رنێت و فه‌یسبوکیشدا بۆ بڕه‌پاره‌یه‌ک، هه‌ندێک جار که‌متر بوو له‌ بیست دۆلار ده‌فرۆشران!).

نادیه‌ موراد کێیه‌؟
نادیه‌ موراد باسی ته‌ها ساڵی ١٩٩٣ له‌ شاره‌دێی کۆچۆ له‌ دایکبووه‌، که‌ سه‌ر به‌ قه‌زای شه‌نگاله‌ و که‌وتۆته‌ باشوری رۆژئاوای ئه‌و شاره‌که‌وه‌ و نزیکه‌ی ٢٠ کم دووره‌ لێوه‌ی. ئه‌م له‌ خێزانێکی گه‌وره‌‌ و هه‌ژاره‌وه‌ هاتوه‌ و خاوه‌نی هه‌شت برا بووه‌. دانیشتوانی کۆجۆ نزیکه‌ی ١٧٠٠ که‌سێک ده‌بوون و به‌‌ کشتوکاڵ و مه‌ڕوماڵات به‌خێوکردن پژێوی ژیانیان دابین ده‌کرد. سه‌رجه‌م گونده‌که‌ له‌‌سه‌ر ئاینی ئێزدین. سێ لای گونده‌که‌ به‌ دێهاتی عه‌ره‌بی سوننه‌ ده‌وره‌ دراوه‌. نزیکی شاره‌دێی حاته‌مییه‌ بوو که‌ ئه‌وان ئێزدی بوون و نزیکه‌ی دوو هه‌زار دانیشتوانی هه‌بوو. ساڵی ٢٠١٤ کاتێک داعش هێرشی هێناو ناوچه‌ی به‌رفراوانی له سوریا و عێراق داگیرکرد، گوند و ناوچه‌که‌ی ئه‌مانیش که‌وته‌ به‌ر ئه‌و شاڵاوه‌ و به‌ هه‌زاران که‌سیان لێ کۆمه‌ڵکوژی کردن، وه‌ک ده‌گوترێت نزیکه‌ی ٦ تا ٧ هه‌زار که‌سیشیان له‌ کچان، ژنان، مێردمناڵانیان و مناڵانیان ڕفاندن. کچه‌کانیان لێ کردنه‌ که‌نیزه‌ک و مێردمناڵه‌کانیان ده‌برد بۆ سه‌ربازگه‌ی تایبه‌ت تا مێشکیان بشۆنه‌وه‌ و دواتر وه‌ک خۆکوژ به‌کاریان ده‌هێنان. هه‌رچه‌نده‌ وا بۆ نزیکه‌ی ده‌ساڵ ده‌چێت ئه‌و کاره‌سات و گه‌وره‌ تاوانه‌ ڕوویداوه‌، به‌سه‌دان له‌ کچانیشیان هه‌ڵاتون یان ڕزگارکراون، به‌ڵام هێشتا برینه‌کانیان سارێژ نه‌بووه‌ و به‌ سه‌دان که‌سیان بێسه‌روشوێنن، ناوچه‌که‌شیان له‌ نێو ململانێی سیاسی و هێرشی جارناجاری درۆنی تورکیدایه‌.
لە ساڵی ٢٠١٥ نادیە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی وتاریدا و قسەی لەسەر پرسی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە ململانێکان و شەڕەکاندا کرد. لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٦ نەتەوە یەکگرتووەکان ناوبراوی بە فەرمی وەک باڵیۆزی نیازپاکی بۆ کەرامەتی ڕزگاربووانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ دەستنیشان کرد. لە ٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ بە هاوبەشی لەگەڵ دێنیس موکوێگی پزیشکی کۆنگۆیی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەدەستهێناوە. جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ ئه‌و یه‌که‌م کورده‌ که‌ خه‌ڵاتی نۆبڵی پێ درابێت! ئێستا ئه‌م خاوه‌نی خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتییه‌ و له‌ جیهاندا ناسراوه‌، سه‌رۆک و پاشاکانی جیهان پێشوازی لێ ده‌که‌ن، چیرۆکه‌که‌شی به‌ چه‌ندان زمانی جیهانی وه‌رگێڕراوه‌، ناسراوترین که‌سایه‌تی ئێزدییشه‌ له ئاستی جیهاندا.

ڕۆژی حه‌شر!
نادییه‌ ده‌ڵێت: مێژووی ئێمەی ئێزدی مێژووی ئازار و چەوساندنەوە و ڕەشەكوژییە بەسەرماندا، هەموو سەركوتیان كردوین، كوردە مسوڵمانەكان، شاكانی ئێران و سوڵتانەكانی عوسمانیش، بە جۆرێك تا ئێستا ٧٢ جار كۆمەڵكوژ كراوین، جارەهای لەژمارە نەهاتوو كچ و ژنەكانیان ڕفاندوین و بە كەنیزەك كراون، لەسەر ماڵوحاڵی خۆمان دەریانكردوین و تاڵان كراوین، یان بە هێز ناچاركراوین، ئاینی خۆمان بگۆڕین.عه‌ره‌به‌ سوننه‌کان له‌لایه‌ک و کورده‌کان له‌لایه‌‌ک هه‌ریه‌ک بۆ لای خۆیان ڕایان ده‌کێشاین، ده‌یانویست واز له که‌لتور و نه‌ریتی خۆمان بهێنین و ببین به‌وان، ئێمه‌ به‌ کوردی ده‌دوێین و له‌ کورده‌کانه‌وه‌ نزیکترین، که‌چی ئه‌وانیش وه‌ک عه‌ره‌به‌کان ئێمه‌یان پێ بێباوه‌ڕ بوو وه‌ هه‌ندێک جار بێزیان لێمان ده‌بووه‌وه‌ و به‌ (شه‌‌یتانپه‌رست) ناوزه‌دیان ده‌کردین!
ئه‌و دێته‌ سه‌ر سه‌ره‌تای مانگی هه‌شتی ساڵی ١٠١٤ و نزیکبوونه‌وه‌ی هێرشی داعش، که ئه‌وکات خوێندکاری ئاماده‌یی و ته‌مه‌نی ٢١ ساڵ بووه‌، باس له‌وه‌ ده‌کات که به‌ هه‌زاران پێشمه‌رگه به‌ به‌رگی سه‌ربازییه‌و‌ه‌ له ناوچه‌که‌یان بووه‌ و هه‌‌میشه‌ به‌ڵێنیان دووباره‌کردۆته‌وه‌ که‌ هیچ ترس و خه‌میان نه‌بێت و ده‌یانپارێزن له هێرشی داعش. به‌ڵام به‌ڵینه‌کانیان درۆ ده‌رچوو، چونکه‌ پێش ئه‌وه‌ی هێزی ڕه‌‌شی داعش بگاته‌ ناوچه‌که‌یان پێشمه‌رگه‌ له‌ پڕێکدا و بێ ئه‌وه‌ی هه‌واڵیان بده‌نێ، ده‌کشێنه‌وه‌! ئه‌مه‌ برینێکی قوڵ ده‌کاته‌ هه‌ست و نه‌ستی ئێزدییه‌کان. ئه‌م پێی وایه، گه‌ر هێزی پ.م به‌رگرییان بکردایه‌، یان لای که‌می ئه‌‌مانیان پێش پاشه‌کشه‌که‌یان ئاگادار بکردایه‌‌ته‌وه‌، ئه‌یانتوانی خۆیان به‌رگری له خۆیان بکه‌ن، یان لای که‌می زوو هه‌ڵبێن و خۆیان قوتار بکه‌ن و کۆمه‌ڵکوژ نه‌‌کرێن، که‌چی له‌ پڕێکدا بۆ به‌رده‌م دڕنده‌کانی داعشیان جێهێشتن! بۆیه‌ به‌ وشه‌ ده‌‌ڵێت (ناپاکی) بوو لێیان کرا!
ده‌یان هه‌زارکه‌س به‌‌ره‌و شاخی شه‌نگال هه‌ڵاتبوون و له‌وێ گیریان خواردبوو، سەرگەردان و لامسەلایی ملدەنێن، زۆربەش بڕیار دەد‌ەن بمێننەوە، یان ڕاستر بڵێین، هیچ چارەیەكی باشتر شك نابەن، چونكە شاخی شەنگال بە‌و چلەی هاوینە كە زۆر بێ پەنا و بێ درەخت و گەرم و ڕووتەنە، ژماره‌یه‌کی زۆریان لە برسێتی و تێنوێتیدا گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن. داعشیش په‌لاماری ده‌‌دان، دۆخێكی وەك ئەنفالەكان دێتە ئاراوە. پاشان ده‌ڵێت: هێزه‌کانی یه‌په‌گه‌ و پارتی کرێکاران به‌ یارمه‌تی هێزی ئاسمانی ئه‌مریکی ڕاڕه‌وێکیان به‌ره‌و دیوی سوریا کرده‌وه‌، چونکه‌ نزیکی سنوره‌، ئه‌مه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌‌ی که‌ گیانی ده‌یان هه‌زار که‌سمان رزگاری بێت.
دوای گه‌مارۆدانی گونده‌که‌یان و پاشان کۆکردنه‌وه‌ی چه‌که‌کان لێیان به‌ فێڵ، گوایا ئاوا وازیان لێ دێنن، دێن سه‌رجه‌م خه‌ڵکی گونده‌که‌ له باڵه‌خانه‌ی خوێندنگه‌ی گونده‌که‌دا کۆده‌که‌نه‌وه‌، پیاوان له‌ خواره‌وه‌ و ژنان و مناڵان له‌ قاتی سه‌ره‌وه‌ له‌ وێش وه‌ک پێشتر پێیان گوترابوو، هه‌موو زێڕ و سامان و پاره‌کانیان لێ کۆده‌که‌نه‌وه‌ و به‌ تاڵان ده‌یبه‌ن، ئینجا ئەوەندەی پێ ناچێت چەند لۆرییەكی زلیان بۆ دێنن، پڕیان ده‌که‌ن له پیاو و گەنجەكان و ده‌یانبه‌ن، بە دووری كیلۆمەترێك، ئه‌مان گوێیان لە دەنگی تەقە‌ و ده‌ستڕێژ ده‌بێت، هه‌ست ده‌که‌ن که‌سوکاریان کوشتن، به‌ڵام ئه‌وان گوایا به‌ لۆری ده‌یانبه‌ن به‌ره‌و شه‌نگال و له‌وێ ئازادیان ده‌که‌ن! به‌ گوێره‌ی سه‌رژمێرییه‌ک له ماوه‌ی سه‌عاتێکدا له‌و رۆژه‌دا نزیکه‌ی ٧٠٠ پیاویان لێ گوله‌باران کردون!

که‌نیزه‌ یان کۆیله‌ی سێکس
پاشان ژنان و کچانی گه‌نج کۆده‌که‌نه‌وه‌ و سواری پاسیان ده‌که‌ن و ده‌یانبه‌ن به‌ره‌و لای موسڵ، له‌وێ له باڵه‌خانه‌یه‌‌کی گه‌وره‌دا کۆیان ده‌که‌نه‌وه‌، ده‌ڵێت: کچانی ده‌ دوانزه‌ ساڵانیشمان تێدا بوو، له‌وێ له‌ دایکیان و ژنه‌ به‌ته‌مه‌نه‌کان جیایان ده‌که‌نه‌وه‌ و ئه‌مان ده‌به‌ن به‌ره‌و شاری موسڵ و باره‌گایه‌کی گه‌وره‌ی داعش. له‌وێ ژنێک ده‌بینێت لێی ده‌پرسێت، لێره چی ده‌گوزه‌رێت، ده‌‌ڵێت: پێشتر ٤٠٠ ژن و مناڵیان هێنا و لێره‌ فرۆشتیانن، هه‌ندێک له کچه‌کان خۆکوژیان ده‌کرد، بۆ فرۆشتن و کڕین، کچیان بردۆته‌ لای پزیشک بزانن په‌رده‌ی کچێنی ماوه‌ یان نا، دایکێکی گه‌نج مناڵێکی ساوای ١٦ رۆژه‌یان لێ سه‌ند!
له‌وێ ئه‌م له‌ لایه‌ن ئه‌میرێکی داعشه‌وه‌ که‌ داده‌وریان بووه‌ به‌ ناوی حاجی سه‌لمان ده‌کڕدرێت، له‌ خانویه‌کی گه‌وره‌‌دا، که‌ پێشتر هی دادو‌ه‌رێکی شیعه‌ بووه‌ و هه‌ڵاتوه‌، له‌گه‌ڵ پاسه‌وانه‌کانیدا ده‌ژی. مامه‌ڵه‌یه‌کی زۆر خراپی له‌گه‌ڵدا ده‌کات، ده‌ستدرێژی سێکسیی رۆژانه‌، سوکایه‌تی و لێدان و …هتد. ئینجا ده‌یباته‌ دادگای گشتی موسڵ و وێنه‌ی ده‌گرن وه‌ک که‌نیزه‌ک له‌وێ تۆماری ده‌‌که‌ن، تا گه‌ر هه‌ڵات بیدۆزنه‌وه‌.
رۆژێکیان پێی ده‌ڵێت: ئێوه‌ بێباوه‌ڕ و پیسن، کافرن، ویستی خوایه‌ که‌ بکه‌ونه‌ ده‌ستمان، ئێمه‌ هاتین پیاوه‌کانتان بکوژین و ژنه‌کانتان بۆ خۆمان ببه‌ین، ئه‌مه‌ش فه‌رمانی خوایه‌ و جێبه‌جێمان کردوه‌! به‌ کورتی ناچاری ده‌کات، واز له‌ ئاینی خۆی بهێنێت، ئه‌م ده‌ڵێت به‌ ناچاری و زۆر گوایا بوومه‌ته‌ موسوڵمان. جار هه‌بوو خۆزگه‌م به‌ مردن ده‌خواست، به‌ڵام هیوای ده‌ربازبوون و هه‌ڵاتن لێ ناگه‌ڕا خۆم بکوژم. ده‌ڵێت ڕه‌وشی کچه‌ ئێزدییه‌کانی تریش و‌ه‌ک من بوو، به‌زۆر سێکسیان له‌‌گه‌ڵ ده‌کردین، بێ هیج ماره‌یی و نیکاحێک، ده‌یانفرۆشتین و ده‌یانکڕیتین و ده‌‌یانبه‌خشین وه‌ک دیاری به‌ یه‌کتری.
حاجی سه‌لمان هه‌موو رۆژێک له‌گه‌ڵم جوت ده‌بوو، گوێی نه‌ده‌دا به‌ نه‌خۆشی و ئازارم، ناچاری ده‌کردم به‌رگی وروژێنه‌ر له‌به‌ر بکه‌‌م، مکیاژ بکه‌م، ده‌یگوت: تازه‌ تۆ بوویته‌ به‌ ژن، گه‌ر بچیته‌وه‌ لای که‌سوکاری خۆشت ده‌تکوژن، بۆیه‌ هه‌وڵی هه‌ڵاتن مه‌ده‌، جاری وابوو بیانوی پێ ده‌گرتم، رووتی ده‌کردمه‌وه‌ و به‌ قامچی ده‌که‌وته‌ گیانم، وه‌ک ئاژه‌ڵ لێی ده‌دام.
شه‌وێک نادیه‌ هه‌وڵی هه‌ڵاتن ده‌دات، له‌ حه‌وشه‌که‌دا پاسه‌وانه‌کان ده‌یگرن، حاجی سه‌لمان و‌ه‌ک سزا به‌ڕووتی ده‌یکاته‌ ژوورێکه‌وه، هه‌ر شه‌ش پاسه‌وانه‌که‌ی بانگ ده‌کات، یه‌ک به‌دوای یه‌کدا تا به‌یانی له‌گه‌ڵی جووت ده‌بن، تا بێهۆش ده‌بێت! مان له خواردن و خواردنه‌وه‌ ده‌گرێت ،سودی نابێت، ده‌ڵێت: بۆیه‌که‌م جار هه‌ستم کرد، ئه‌وانه‌ی کۆمه‌ڵکوژ کران له‌ من به‌خته‌وه‌رتر بوون!
سه‌لمان ده‌یدات یان ده‌یفرۆشێت به‌ که‌سێکی تر. ده‌ڵێت هه‌میشه‌ ده‌پاڕامه‌وه‌، نزام ده‌کرد و ده‌گریام، که‌س به‌ فریادم نه‌ده‌هات! جارێکی تر سزای ده‌ده‌ن و د‌ه‌یبه‌ن بۆ خاڵێکی پشکنینی نزیکی موسڵ، له‌وێ تا به‌‌یانی به‌ نۆره‌ موجاهیده‌کان سێکسی له‌گه‌ڵ ده‌که‌‌ن، تا له په‌لوپۆی ده‌خه‌ن! ده‌ڵێت: کاتێک ده‌مگوت ئه‌ی هاوار نه‌خۆشم، ئازارم هه‌یه‌، خراپتریان ده‌کرد. ده‌ڵێت له‌وێ تێگه‌یشتم: گه‌وره‌ترین مۆتیڤ بۆ جیهاد لای ئه‌وان سێکس بوو.

هه‌ڵاتن له دۆزه‌خ
پاشتر له‌ ماڵێکدا ده‌بێت و ده‌یانه‌وێت بینێرن بۆ سوریا بۆ ئه‌و شارانه‌ی ژێر قه‌ڵه‌مڕ‌ه‌وی داعش، ئه‌میش پلان داده‌نێت ڕابکات، شه‌وێکیان له‌ موسڵ به‌ڕێکه‌وت پیاوه‌که‌ی خاوه‌نی بیریده‌چێت، که‌ ده‌رگاکه‌ی ناوه‌وه‌ کلیل بدات، ئه‌میش وه‌ک ژنانی داعش عه‌با به‌خۆیدا ده‌دات و په‌چه‌ ده‌کات، ده‌چێته‌ حه‌وشه‌که‌ و له‌وێوه‌ به‌‌سه‌ر دیواره‌ بلۆکه‌‌که‌دا باز د‌ه‌دات، تا هێزی تێدایه‌ د‌ه‌ڕوات، کۆڵان به‌ کۆڵان، تا دوور ده‌که‌وێته‌وه‌، ئیتر ته‌واو ماندو ده‌بێت، زۆر دوودڵ ده‌بێت، ئایا له ده‌رگای ماڵێک بدات یان نا، وه‌ گه‌ر ئه‌مجار ته‌سلیمی بکه‌نه‌وه‌، چی به‌سه‌ر ده‌هێنن؟ به‌ هه‌ر حاڵ له‌ ده‌رگای ماڵێک ده‌دات، که‌ ماڵێکی عه‌ره‌بی سوننه‌ مه‌زه‌بن، خێزانێکی گه‌وره‌ن و سه‌ره‌ڕای په‌یوه‌ستییان به‌ ئاینه‌وه‌، به‌ڵام داعشی نین و خۆشیان پێیان نایه‌ت. ده‌رگای لێ ده‌که‌نه‌وه‌ و ئه‌میش باسی چیرۆکی خۆییان بۆ ده‌کات، پێی کاریگه‌ر ده‌بن و ئارامی ده‌که‌نه‌وه‌، که‌ نه‌ترسێت و سه‌ره‌ڕای مه‌ترسییه‌کان ده‌یشارنه‌وه‌. ده‌سته‌ڵاتی حکومه‌تی داعش بڕی ٥ هه‌زار دۆلار خه‌ڵاتی داناوه‌ بۆ هه‌ر که‌سێک، که‌ که‌سێکی دیلی ده‌ستی داعش بگرێته‌وه‌ و ڕاده‌ستیان بکاته‌وه‌، بۆیه‌ نادییه‌ ترسی زۆری ده‌بێت.
پاش ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌ک له‌ ماڵه‌که‌ ده‌مێنێته‌وه‌ دڵنه‌وایی ده‌‌که‌ن، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ئاشکرا نه‌بێت د‌ه‌یگوێزنه‌وه بۆ ماڵی کوڕێکی تریان له‌ شارۆچکه‌یه‌کی ده‌ره‌وه‌ی موسڵ، په‌یوه‌‌ندی به یه‌ک له‌ براکانی نادیه‌وه‌ ده‌که‌ن، که‌ له‌ هه‌ولێر کار ده‌کات و ده‌ژی. کوڕی خاوه‌ن ماڵ که‌ ناوی ناسر ده‌بێت، بڕیار ده‌دات هاوکاری ته‌واوی بکات و ڕزگاری بکات به‌ره‌و هه‌ولێر، پێناسی بۆ دروست ده‌کات، که‌ نادیه‌ هاوسه‌رییه‌تی، ئیتر له‌ که‌شێکی پڕ له‌‌ ترس و دڵه‌ڕاوکه‌دا پلان داده‌نێن، ته‌‌کسی ده‌گرن به‌ره‌و که‌رکوک، له‌ یه‌که‌‌م خاڵی پشکنینی ده‌رچوون له‌ موسڵه‌وه‌ پاسه‌وانه‌که‌ دایان ده‌به‌زێنن و پرسیاری زۆریان لێ ده‌که‌ن، له‌پڕ ئه‌م له‌ژێر په‌چه‌که‌یه‌وه‌ سه‌‌رنج ده‌دات، له‌ خانۆچکه‌ی پاسه‌وانی خاڵه‌که‌، سێ وێنه‌ هه‌ڵواسراوه‌ به‌ قه‌د دیواره‌که‌وه‌، که هه‌ڵاتون و بۆیان ده‌گه‌ڕێن، که‌ یه‌کێکیان وێنه‌ی ئه‌مه‌. ئیترئه‌وه‌نده‌ی تر ترس دایده‌گرێت، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ چونکه‌ ڕووی به‌ ڕووپۆش داپۆشراوه‌ نایناسنه‌وه‌.
ئیتر هه‌‌نگاو به‌ هه‌نگاو دێن تا ده‌گه‌نه‌ که‌رکوک، که ئه‌وکات له‌ ژێر ده‌ستی هێزی پێشمه‌رگه‌دا بوو. له‌یه‌که‌م خاڵی پشکنین نادیه‌ ڕووبه‌نده‌که‌ی لاده‌دات، ده‌ڵێت: هه‌ستم به‌ ئاسوده‌ییه‌کی زۆر کرد، هه‌ناسه‌یه‌کی قوڵم هه‌ڵکێشا، شنه‌بایه‌کی ئێواره‌ دای له‌ڕووم، زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌‌کم کرد. پێشمه‌رگه‌کان پرسیاریان لێ ده‌که‌ن، ناسر ده‌ڵێن سه‌ردانی ماڵی باوکی ژنه‌که‌م، واته‌ نادیه‌، ده‌که‌ن له که‌رکوک، نادییه‌ که‌ زۆر په‌ست و توڕه‌یه‌ له‌ پێشمه‌رگه‌، خۆشیانی ناوێت و به‌کوردیش قسه‌یان له‌گه‌ڵدا ناکات. له‌وێوه‌ ده‌چن به‌ره‌و سلێمانی، ئینجا به‌ره‌و هه‌ولێر، خاڵی پشکنینی ئاسایشی سلێمانی به‌ره‌و هه‌ولێر، گومانیان لێ ده‌که‌ن، که‌ دوو که‌س له موسڵه‌وه‌ هاتون، بۆیه‌ لێکۆڵینه‌‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن، ناچار ئه‌مان چیرۆکه‌که‌ ده‌گێرنه‌وه‌ و ڕاستییه‌که‌ ده‌درکێنن. ئه‌وان زۆر ڕێزیان ده‌گرن، به‌تایبه‌ت له‌ کوڕه‌ گه‌نجه‌ عه‌ره‌به‌که‌، که‌ هاوکاری نادییه‌ی کردوه‌، مۆڵه‌تێکیان بۆ ده‌که‌ن که‌ بێ کێشه‌ هاتوچۆ بکه‌ن، وێنه‌ی ڤیدیۆییان ده‌گرن، ئه‌مان زۆرده‌ترسن، به‌ڵام ده‌ڵێن بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ نییه‌ و ته‌نها بۆ به‌ڵگه‌ و ناوخۆی خۆمانه‌، ده‌ڵێت: پێشمه‌رگه‌کانی یه‌کێتی زۆر خۆشحاڵ ‌بوون، کاتێک باسم کرد، که‌ به‌ هه‌زاران له‌ هێزی پارتی ئێمه‌یان به‌ گورگان خواردوو دا و جێیان هێشتوین. ئه‌وان گوتیان: ئه‌وه پاتی بوون، ئێمه‌ بێ تاوانین. دواتر ده‌گه‌نه‌‌ هه‌ولێر و ئه‌و ئوتێله‌ی حوسنی برای نادییه‌ لێی کار ده‌کات، له‌وێ چه‌ند رۆژێک ده‌مێننه‌وه‌ و ده‌حه‌سێنه‌وه‌.
له‌وێ نادیه‌ له ژوورێکدا له‌‌گه‌ڵ ژنێکی تری ئێزدی ده‌بێت له‌ ته‌مه‌نی دایکیدا، بۆی ده‌یگێڕێته‌وه‌‌ که‌ ساڵی ٢٠٠٧ له ته‌قینه‌وه‌ گه‌وره‌که‌‌ی ته‌لزه‌عته‌ردا سێ کوڕی به‌جارێک بوونه‌ته‌ قوربانی و تا ئێستاش گۆڕیان نییه‌، چونکه‌ لاشه‌‌کانیان پارچه‌ پارچه‌ بووه‌، ئه‌ویش بڕیاری داوه‌، تا له ژیاندایه‌ خۆی نه‌شوات، ده‌ڵێت: چونکه‌ گۆڕیان نییه‌ هه‌‌ر وا ده‌زانم زیندون و رۆژێک دێت ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و ده‌ڵێم ئه‌وکات خۆم ده‌شۆم، به‌ڵام ئێستا ده‌ڵێم: باشتر نه‌مان و ئه‌م رۆژه‌یان نه‌بینی، که‌ چیمان به‌سه‌ردا هاتوه‌! هه‌ردووکیان هاوده‌رد و خه‌مزه‌ده‌ بۆ حاڵی یه‌کتر ده‌گرێن.
پاشتر حوسنی بڕیار ده‌دات له‌گه‌ڵ نادیه‌ بچن به‌ره‌و ئۆردوگای ئێزیدییه‌کان نزیکی دهۆک، که‌ هه‌ندێک له که‌سوکاریانی لێیه‌. کوڕه‌ عه‌ره‌به‌که‌ (ناسر) دێت و خواحافیزی له‌ نادیه‌ ده‌کات، نادییه‌ زۆر زۆر سوپاسی ده‌کات، به‌ڵام ئه‌و له لوتکه‌ی هه‌ستی مرۆڤایه‌تی خۆیدا، ده‌ڵێت: من هیچم نه‌کردوه‌، ته‌نها ئه‌رکی خۆم به‌ جێ هێناوه‌! به‌ هه‌ق مرۆڤ کاتێک هه‌لوێست و کرداری ناسر و باوکی و خێزانه‌که‌یان ده‌بینێت، هه‌ست ده‌کات، ئه‌وان چه‌ند مرۆڤدۆست و خاوه‌ن هه‌ڵوێست و بوێر بوونه‌. ئاخر کچێکی نامۆ و هه‌ڵاتوی ده‌ستی دڕنده‌کانی داعش، له‌ ژێر ده‌سته‌لاتی داعشدا داڵده‌ بده‌‌یت، که‌ نه‌ ئاینه‌‌که‌ی، نه‌ نه‌ته‌وه‌‌که‌ی خاڵی هاوبه‌شتان بێت. دواتریش به‌وپه‌ڕی ئازایی و دڵسۆزییه‌وه‌ هاوکاری بکه‌یت بۆ ده‌رچوون و گه‌‌یاندنی به‌ براکه‌‌ی. ده‌بێت چ مرۆڤێکی جوان و به‌‌ڕه‌وشت و خانه‌دان بێت. له‌ هه‌مووی سه‌یرتر، پێی ده‌ڵێت: نادیه‌ تکایه‌ گه‌ر ده‌زانی له‌سه‌ر ئه‌و ده‌ستدرێژییانه‌ی کراوه‌ته‌ سه‌رت، براکه‌‌ت یان که‌سوکارت شتێکت به‌سه‌ر دێنن، ئه‌وا لێره‌ ده‌مێنمه‌وه‌ و جێت ناهێڵم! هه‌ردوکیان ده‌گریه‌ن، نادیه‌ ده‌‌ڵێت، نا خه‌مت نه‌بێت. دوای خواحافیزی ناسر ده‌ڵێت: ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ لای خێزانه‌که‌م، گه‌ر کچانی تر بوون وه‌ک تۆ هاوکارییان ده‌که‌م ڕزگاریان بێت و ده‌یانهێمه‌و‌ه‌! کێ ده‌ڵێت، له‌وانه‌‌یه‌ ئێمه‌ رۆژێک یه‌کتر ببینینه‌وه‌! نادیه‌ ده‌ڵێت، دواتر بیستمان داعش به‌ کاره‌که‌یان زانیوه‌ و دووبرای ناسریان گرتوه‌، به‌‌ڵام ئه‌وان حاشایان کردوه‌ که‌ ئاگایان له‌و کاره‌ بێت.

ئۆردوگا یان زیندانێکی تر!
ده‌گه‌نه‌ دهۆک په‌نابه‌رانی ئێزدی له‌ چه‌ند ئۆردوگایه‌کدا له‌ ڕه‌وشێکی زۆر خه‌مگینانه‌ و ناخۆش و ناچاریدا له‌ کۆنتێنه‌ردا ده‌ژین. که‌سوکار کوژراو و بێسه‌روشوێنکراو، بێ پاره‌ و کار، بێ خانو ماڵ، کوله‌مه‌رگی ده‌گوزه‌رێنن. له‌وێ براکه‌ی تری نادیه‌ (سه‌عید) ده‌بیننه‌وه‌، که له‌ کاتی کۆمه‌ڵکوژییه‌که‌ به ئاسته‌م و په‌رجو رزگاری بووه‌ و هێشتا له نه‌‌خۆشخانه‌یه‌، چونکه‌ چه‌ند گوله‌ی پێوه‌یه‌. ئه‌‌و له‌ نێو ته‌رمه‌کان و ده‌سڕێژی گوله‌ و نێو چاڵی مه‌رگه‌‌که‌دا پاش ئه‌وه‌‌ی وا ده‌زانن مردوه‌، به‌ برینی سێ گوله‌وه‌ هه‌ڵدێت و خۆی ده‌گه‌یه‌نێته‌ گوندێکی نزیک، دواتر ڕزگاری ده‌بێت. ده‌ڵێت: سه‌عید هێشتا ئازاری زۆر بوو، به‌ڵام ده‌یگوت، ئازاری له‌شم ناگاته‌ ئه‌و ئازاره‌ی ویژدانم، که ئه‌وان هه‌موو کوژران و من ماومه‌ته‌وه‌!
نادیه‌ ده‌ڵێت له‌ ئۆردوگا هیچمان نه‌بوو بیخۆین، به‌رگمان نه‌بوو، له‌ ڕ‌ه‌وشێک زۆر خراپدا بووین، ته‌نانه‌ت به‌رگی ژێره‌وه‌شم نه‌بوو. له‌ هه‌مووی ناخۆشتر ئه‌و به‌سه‌رهاته‌ ناخۆشانه‌ و به‌تایبه‌ت ده‌سدرێژیکردنه‌کانم باس ناکرد، دڵم پڕ بوو، له‌ کاردانه‌وه‌ ده‌ترسام. بۆ یه‌که‌مجار که‌ سه‌رجه‌م چیرۆک و ڕووداوه‌ دڵته‌‌زێنه‌کانم بۆ پورم گێڕایه‌وه‌، به‌مه‌ دڵم زۆر ئاسوده‌ بوو، وه‌ک ئه‌وه‌ی بارێکی گران له‌سه‌ر دڵم لاچوو بێت. پیاوێکی دهۆکی ئه‌م و چه‌ندان کچ و ژنی تری ئۆردوگاکه‌ ده‌بات و به نانه‌سکی، رۆژی ژه‌مێک خواردنی گه‌رم، تا ئێواره‌ له نێو مه‌زرادا کاریان پێ ده‌کات، له‌ هه‌مووی سه‌یرتر منه‌تێکی زۆریان به‌سه‌ردا ده‌کات، که هێزی پێشمه‌رگه‌ی ئه‌وان رۆژانه‌ دژی داعش ده‌جه‌نگن و شه‌هید ده‌بن، ناوچه‌کانی ئه‌وانیش رزگار ده‌که‌ن و …هتد. ئه‌میش له‌وه‌ زیاتر خۆی بۆ ناگیرێت رۆژێکیان ئه‌م دێته‌ وڵام و ده‌ڵێت: ئاخر هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ی ئێوه‌، ئێمه‌یان ده‌ستخه‌ڕۆ کرد، جێیان هێشتین، نه‌ به‌رگریان لێکردین، نه‌ هاوکاریشیان کردین خۆمان به‌رگری بکه‌ین. بۆیه‌ بێده‌نگ بی باشتره‌. ئیتر (کار!)ه‌که‌ی له‌ده‌ست ده‌دات.
ئه‌وه‌ی زۆر ئازاری نادیه‌ ده‌دات سه‌ره‌ڕای شه‌ش براکه‌ی، له‌وێ ده‌زانێت که‌ دایکیشی کوژراوه‌، که‌ ئه‌م زۆر خۆشی ویستوه‌ و هۆگری بووه‌. دوای چەند مانگێك و له مانگی دووی ٢٠١٥ ڕێكخراوێكی خێرخوازیی ئەڵمانی، که‌ پرۆژه‌یه‌کیان هه‌یه‌ بۆ هاوکاری ژنانی هه‌ڵاتووی ده‌ست داعش، دێن و ناونوسی ده‌‌که‌ن بۆ وەرگرتنیان وەك پەنابەر لەو وڵاتە و ناردنیان بۆ ئەوێ. ئیتر قبوڵ ده‌کرێن و ده‌گوازرێنه‌وه‌ بۆ ئه‌وێ.

هه‌ڵسه‌نگاندن
ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین، کاتێک ئه‌م کتێبه‌ ده‌خوێنینه‌وه‌، نادیه‌ وه‌ک که‌سایه‌تییه‌کی به‌هیز، بوێر به‌ بڕوا به‌خۆبوونێکی زۆره‌وه‌، له‌ شکست نه‌هاتوو ده‌ناسین. به‌تایبه‌ت له‌ گێڕانه‌وه‌ی بابه‌ت و ڕووداوه‌ کاریگه‌ر و هه‌ستیاره‌کان، که‌ بۆ کچێکی رۆژهه‌ڵاتی ناوازه‌یه‌‌، ئینجا هه‌ستانه‌وه‌ پاش ئه‌و مه‌رگه‌سات و تیاچوونی زۆربه‌ی خێزانه‌که‌‌یان به‌ دایکیشییه‌وه‌، دواتر چالاکی و کاری زۆری دیپلۆماسی بۆ ناساندنی کۆمه‌لکوژکردنی ئێزیدییه‌کان و دڕنده‌یی داعش، چاره‌سه‌رکردن و هاوکاریکردنی کچان و ژنانی ڕزگاربووی ده‌ستی داعش. به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌دا، ده‌کرێت هه‌ندێک ره‌خنه‌شی لێ بگرین، بۆ نمونه‌، ڕاسته‌ هه‌ستو په‌یوه‌ستی ئاینی له‌ نێو کورددا وایکردوه‌، هه‌ندێک جار به‌شداری له کۆمه‌ڵکوژی ئێزیدییه‌کاندا کردوه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ زۆر که‌‌مینه‌‌ بوونه‌ له‌ چاو گه‌لی کورد به گشتی، که‌ هاوسۆزی ئه‌وان بوونه‌. بۆیه‌ ته‌م و گومان خستنه‌ سه‌ر کوردبوونی ئێزیدییه‌کان کارێکی خراپه‌. جگه‌ له‌ هه‌ندێک هه‌ڵه‌ی تری مێژوویی و زانیاری، که‌ نه‌ده‌بوو بیکات، بۆ نمونه‌ له‌ شوێنێکدا ده‌ڵێت: ناوچه‌ی دژه‌ فڕین له باکوری عێراق به‌ هۆی پرۆسه‌کانی ئه‌نفاله‌وه‌ دانرا، له کاتێکدا کۆڕه‌وه‌که‌ هۆکاری ئه‌وه‌ بووه‌ نه‌‌ک ئه‌نفال.

تێبینی و سه‌رچاوه‌:
• نزیکه‌‌ی مانگێکه‌ ده‌ستم کردوه‌ به‌ وه‌رگێڕانی سه‌رجه‌م کتێبه‌که‌ بۆ زمانی کوردی. به‌و هیوایه‌‌‌ی ته‌واوی بکه‌م و له‌مساڵدا چاپ و بڵاو بکرێته‌‌وه‌.
• NADIA MURAD, Ich bin eure Stimme, Das Mädchen, das dem Islamischen Staat entkam und gegen Gewalt und Versklavung kämpft, ISBN 978-3-426-21249-9, KNAUR; 2017




پیاوێكی بێچارەنووس.. هۆلۆكۆستی جوولەكە و ئەنفالكردنی كوردان.. شاخەوان برایم عەبدوڵڵا

كاتێك حیزبی نازی لە ئەڵمانیای سەردەمی ئەدۆلیف هیتلەردا، لە بەرگی ڕژێمێكی فاشیزم و تۆتالیتاریزم بە بەرچاوی زلهێزەكانی دونیاوە، بەهۆی جیاوازیی ئایینی و نەژادییەوە، دەست بە پرۆسەی كۆمەڵكوژیی جوولەكەكانی ئەڵمانیا و بەشێكی ئەورووپا دەكات، ئەو ڕووداوە، ڕووداوێكی ئاسایی نییە كە تەنیا پەیوەندی بە كۆمەڵكوژی و پاكتاوكردنی جوولەكەوە لە چوارچێوەی دەوڵەتێكدا هەبێت، بەڵكوو دەبێتە خەمێكی گەورەی جیهانی، بەهۆی ئەوەی بە پرۆژە و بە بەرنامە لە ساڵی 1940 بەدواوە تاوەكوو ساتەوەختی كەوتنی ئەڵمانیای نازی، بە مەرگەساتترین و قێزەونترین شێوە درێژەی دەبێت.
ئیدی ئەو هەڵمەتە لە ناخی هەر مرۆڤێكدا دەبێتە ترسێكی قووڵ و پرۆسەیەك وێڕای كوشتن و سووتاندن و خنكاندنی ئینسانی جوولەكە، هاوكات بە بەرنامە كاری بۆ لەشكۆدانی ئینسانیش بە گشتی كرد، ئینسان لە سایەی ئەو پرۆسەیەدا لە ئۆردووگە زۆرەملێكانی نازیدا، ئەتككرا و سووتێندرا و بەزیندوویی خرایە چاڵەكانی مەرگەوە، بە گاز خنكێنرا و بە هەزاران لاشەی بەستوو، فڕێدران و لەناوبردران، قاچەكانی مرۆڤ لەنێو پێڵاوی بێگاریدا، ڕزین و بڕانەوە و نەخۆشیی گەڕی و كێم و خیزاو ئینسانی ناچار كرد شەرم لە جەستەی خۆی بكات.
هۆلۆكۆست، چیرۆكی دۆزەخی نازییەكان، هەرگیز نابێت لەبیر بكرێت، بە تایبەتی بۆ گەلێكی ستەمدیدەی وەك كورد، هۆلۆكۆست زۆر نامۆ نییە و كوردیش بەهۆی جیاوازیی نەژادییەوە بە پرۆژە و بەرنامەی دەوڵەتی عێراق و دراوسێكانی كۆمەڵكوژ و ئەنفال و كیمیاباران كرا و گازی بەسەردا ڕژێندرا، ئەگەر ئینسانی جوولەكە لە ئۆردووگە زۆرەملێكانی ئاوشڤتز و بۆشنڤەڵدی ئەڵمانیای نازیدا، بەزیندوویی خرانە سووتێنگەوە، دواتر ئەو مێژووە تاوانكارییە لە شوێنێكی تری ئەم جیهانە بەرینەدا خۆی دووبارە دەكاتەوە و لەسەر دەستی ڕژێمەكەی سەددام حوسێن لە عێراقدا ئینسانی كوردیش بە بەرچاوی كۆمەڵگەی جیهانییەوە دەخرێنە نێو زیلی عەسكەری و پاشان لە چاڵە خۆڵەكاندا بەدەم گریان و پاڕانەوە و هاوارەوە زیندەبەچاڵ دەكرێن.
لێرەدا ئازار یەك شێوە ئازارە، بەڵام لە دوو سەردەمی جیاوازدا، ئەگەر ئێستا هۆلۆكۆستی جوولەكەكانی ئەورووپا، ئازارێكە و جیهان هەستی پێدەكات و یادی دەكاتەوە، خۆ ئەنفال و هەڵەبجەی كوردانیش هەمان ئازارن، كەچی وەك پێویست جیهان هەست بەو ئازارە ناكات و یادی ناكاتەوە، بۆیە تۆ وەك كوردێك لەگەڵ هەڵدانەوەی لاپەڕە و بەشەكانی ڕۆمانی “پیاوێكی بێچارەنووس”دا هەست دەكەیت ئۆردووگە زۆرەملێكانی ئاوشڤتز و بۆشنڤەڵد لە عێراقن نەك ئەڵمانیا، هەستی دەكەیت كوردیش گیۆرگی زۆری هەن و هەزاران كەسیشی بێچارەنووسن.

هۆلۆكۆست و پیاوێكی بێچارەنووس

ڕۆمانی پیاوێكی بێچارەنووس، لە نووسینی ئیمرە كیرتێزی ڕۆماننووسی هەنگارییە، ڕووناك شوانی لە سوێدییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی. نووسەر كاتێك تەمەنی نزیكەی چواردە ساڵان بووە، لە پرۆسەی بەدناوی هۆلۆكۆستدا لەلایەن نازییەكانەوە لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانیدا، بەهۆی جوولەكەبوونییەوە لە هەنگاریاوە بۆ ئۆردووگە زۆرەملێكانی ئاوشڤتز و پاشان بۆ بۆشنڤەڵدی ئەڵمانیا ڕاپێچ دەكرێت و لەگەڵ هەزاران جوولەكەی تردا كە هیی وڵاتانی جیاوازی ئەورووپان لە ئۆردووگە زۆرەملێكاندا بێگاریان پێدەكرێت و بە چاوی خۆی ئەو دۆزەخەی نازییەكان دەبینێت كە مرۆڤ تێیدا بەزیندوویی دەخرێتە سووتێنگەوە.
پرۆسەی پاكتاوكردن و كۆمەڵكوژكردنی جوولەكەكانی ئەورووپا لە ساڵانی 1940 تاوەكوو 1945 كە بە هۆلۆكۆست ناسراوە، بە بڕیاری ئەدۆلیف هیتلەر سەرۆكی ئەوكاتی ئەڵمانیای نازی بەمەبەستی پاكتاوكردن و كۆتاییهێنان بە ڕەگەزی جوولەكە لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانیدا دەستیپێكرد، ئەو پرۆسەیە هێندە قێزەون و مەرگەساتاوییە، تەنانەت جیهانیشی شەرمەزار كرد، پرۆسەكە بە بەرچاوی جیهانەوە بەڕێوەچوو و بە ملیۆنان ئینسانی جوولەكەی ئەورووپایی لە كەمپ و ئۆردووگە زۆرەملێكانی ئەڵمانیای نازیدا، لەو شوێنانەی كەوتنە دەست ئەڵمانیا، كوژران و سووتێندران و خرانە بەر كاری بێگارییەوە.
نووسەرانی كتێبی “هۆلۆكۆست” ستیڤان برۆشفێڵد و پاوڵ ئا. لڤین، لە پێشەكی كتێبەكەیاندا ئاماژە بە ژمارەی قوربانییانی جوولەكە لە پرۆسەی هۆلۆكۆستدا دەكەن، لەنێوان پێنج تاوەكوو شەش ملیۆن جوولەكە و زیاتر لە نیو ملیۆن قەرەج بوون، هەروەها ئاماژە بەوەش دەكەن قوربانییانی تری پرۆسەكە پێكهاتووە لە 100 هەزار كەمئەندام و كەمئەقڵ و خەڵكی بێزراو و هەزاران هۆمۆسێكسواڵ و چەندین ملیۆن پۆڵۆنیایی بێ چەك و گیراوانی جەنگی ڕووسیا. سەبارەت بە ڕوانگەی نازییەكان بۆ نەژاد، هەروەك لە كتێبەكەدا دەڵێن مێژووی ئەڵمانیای نازی جیا نییە لە جیهانیی نازییەكان، كوشتاری جوولەكەكان دەرئەنجامی هزری نەژادپەرستانە-ئایدۆلۆژیای ئەدۆلیف هیتلەر بوو، هیتلەر و حیزبی نازی ڕوانگەیان لە پێكهاتەی نەژادپەرستانەی خۆیان سەبارەت بە مرۆڤ و نەفرەتەكانیان لە كۆمەڵگەی دیموكراتیك و بەهاكانی نەشاردووەتەوە، بۆ نازییەكان نەژاد لەخۆگری هەموو شتێكە و بەهای تاك تەنیا لەوەدا كورت دەبێتەوە، ئامرازێكە لەدەست دەوڵەتی نەژادپەرستدا، ئەم ئایدۆلۆژیایە بەزوویی لەدوای بەدەسەڵاتگەیشتنی نازییەكانەوە لە 30ی كانوونی دووەمی 1933دا هاتە ئاراوە.
هەر سەبارەت بەو بابەتە لە ویکیپیدیادا هاتووە “هۆلۆکۆست لە بنچینەدا وشەیەکی یۆنانییە، بە مانای سووتاندن بە فڕن دێت، زۆرتر بۆ ئەو کوشتارەی جوولەكەکان دێت کە لە ماوەی جەنگی دووەمی جیهانیدا، لەلایەن پارتی سۆشیالیستی کرێکارانی ئەڵمانیا، ناسراو بە “نازی” بە سەرکردایەتیی ئەدۆلیف ھیتلەر دەستیپێکرا، گەرچی ڕای جیاواز ھەن ئەم پرۆسەیە تەنیا جوولەکەکان ناگرێتەوە، بەڵکوو کەسانی دیكەی پەکكەوتە و نەخۆش و زیندانیانی سیاسی کە بە دیل گیرابوون، واتە لە ھێزەکانی یەکێتیی سۆڤییەت و کۆمۆنیستەکان و قەرەج و ھاوڕەگەزخوازەکانیش دەگرێتەوە.
کوشتاری نازییەکان جگە لە شەش ملیۆن جوولەکە، ژمارەیەکی زۆر خەڵکی دیکەشی گرتەوە لەوانە: سەدان ھەزار قەرەجی ئەورووپایی و سەدان ھەزار (سێرب) کە بەشیکی زۆریان لەناوچوون، نزیک بە دوو ملیۆن مەسیحی و وێڕای سێ ملیۆن جوولەکەی ئەو وڵاتە و دیلەکانی شەڕ و خەڵکی ئاسایی ڕووس و میللەتەکانی سلاڤی ڕۆژھەڵات و ڕووسیای سپی و ڕووس و ئۆکرانی و ھۆمۆسێکسوالەکان، خەڵکی پەککەوتە و نەخۆش و کۆمۆنیستەکان و نەیارانی سیاسی و ڕووناکبیران و ئەندامانی یەکێتییەكانی کرێکاران و پیاوە ئایینییەکانی سەر بە کلێسای ئۆرتۆدۆکس و کاتۆلیک و پرۆتستانت.
لای هەندێك لێکۆڵەر، وشەی ھۆلۆکۆست ھەموو ئەو قوربانییانە دەگرێتەوە کە لە سەرەوە باسکران، بۆیە لەسەر ئامارێكی دروستی سەرجەمی قوربانییەکانی ھۆلۆکۆست کێشە و ڕای جیاواز ھەیە، ئەوەیشە هەندێك لایەن دەڵێن نۆ تاوەكوو یازدە ملیۆن كەس بووە و هەندێكجاریش باسی 26 ملیۆن قوربانی دەکرێت.
وەك لەو كورتە پێناسەیەی هۆلۆكۆستدا دەركەوت، جوولەكەكان قوربانیی باوەڕی نەژادپەرستیی حیزبی نازییەكانن، ڕێك لە ئەنفال و كیمیابارانكردنی هەڵەبجەی سەردەمی ڕژێمی بەعس و سەددام حوسێن دەچێت، ڕاستە جوولەكەكان لە هۆلۆكۆستدا بەهۆی جوولەكەبوونیانەوە كۆمەڵكوژكران، ئەوەتا بە چەند دەیەیەك دوای ئەو ڕووداوە كوردیش تەنیا بەهۆی كوردبوونییەوە لەلایەن دەسەڵاتدارێكی عەرەبەوە كۆمەڵكوژ كرا. لەبەر ئەوە ڕۆمانی پیاوێكی بێچارەنووس گرنگە، ڕێك دەڵێی ئازارەكانی كورد لە پرۆسەی بەدناوی ئەنفال و كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا دەگێڕێتەوە، ئەگەر ئینسانەكان لە ئۆردووگە زۆرەملێكانی نازیدا بە گازی ژەهراوی خنكێندران، لە هەڵەبجەش ئەمە ڕوویدا و هەزاران مرۆڤی كورد بە ژەهر خنكێندران، بەداخەوە كۆمەڵگەی جیهانی لە ئاست ئەو ستەمەی لە كورد كرا، بێدەنگ بوون و تەنانەت لە كاتی داواكردنی سەربەخۆییشدا، پاڵپشتی كورد نەبوون، ئیدی گرنگە كوردیش سەدان ئیمرە كیرتێزی هەبێت، ئازار و كۆمەڵكوژیی كوردان لە ڕێگەی ڕۆمان و بەرهەمی ئەدەبییەوە بە كۆمەڵگەی جیهانی بناسێنن.

چیرۆكی گیۆرگی چواردە ساڵان

گیۆرگی تەمەن چواردە ساڵان، پاڵەوانی سەرەكیی ڕۆمانی “پیاوێكی بێچارەنووس” كە لە ڕاستیدا خودی نووسەری ڕۆمانەكەیە، بەڵام لەسەر زاری گەنجێكی جوولەكە لە فۆڕمی ئەدەبیدا یادەوەرییەكانی خۆی دوای ڕزگاربوونی لە ئۆردۆگە زۆرەمیلێكانی ئەڵمانیای نازی دەگێڕێتەوە.
باوكی گیۆرگی لە هەنگاریا خاوەن كارگەیەكی گەورەی دار و تەختەیە، بە ئایین جوولەكە و سەرقاڵی كاروباری ئاسایی خۆیانن، لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانیدا، ئەو خاوەنكارە بەهۆی جوولەكەبوونییەوە لەژێر گوشاری نازییەكانی ئەڵمانیادا، بۆ بێگاری بانگ دەكرێت و كارگەكە و تەنانەت سەروەت و سامانەكەیشی بە شوتۆی كرێكار و ژمێریاری كارگەكەی دەسپێرێت. شوتۆ ترسی جوولەكەبوون و بێگاری نییە. وەك لە پێشوودا ئاماژەمان بە دۆخی جوولەكەكان لەو سەردەمەدا كرد، بەهۆی جیاوازیی ئایینەوە دەستگیر دەكران و لە خەڵكانی مەسیحی جیا دەكرانەوە.
چیرۆكی گیۆرگی زۆر خەمناكە، بەوەی هێشتا سەرەدەری لە ئایین دەرناكات و خۆیشی پێویستی بە سەرپەرشتیارێكە چاوی لێی بێت، كەچی بەهۆی بانگكردنی باوكی بۆ بێگاری، ئەركی پاراستن و چاودێریكردنی باوەژن و ماڵەوەیشی دەكەوێتە ئەستۆ، دەی ئەو هێشتا نایەوێت لەو دۆخە نەخوازراوە تێبگات، بۆیە پێش ڕۆیشتنی، باوكی و خزمەكانی باوەژنەكەی، هەوڵی زۆری لەگەڵدا دەدەن و دەیانەوێت تێی بگەیەنن ئیدی ئەو پێی ناوەتە قۆناغێكی تری ژیانەوە، پێی خۆش بێت یان ناخۆش، ئێستا ئەركی پاراستن و چاودێریكردنی ماڵ و باوەژن و هەموو شتێكی دەكەوێتە ئەستۆ، وێڕای ئەوەی هێشتا توانای دەرخكردنی ئەو هەموو ئامۆژگارییەی نییە، بەڵام هەرچۆنێك بێت هەست دەكات و تێدەگات دوای ڕۆیشتنی باوکی، ژیانێکی جیاواز دەژین و دەبێت خۆی بۆ قۆناغێکی سەخت ئامادە بکات.
چیرۆكە خەمناكەكە كە پێویستە خەمی هەمووان بێت، لێرەوە دەستپێدەكات، كاتێك بە چەند مانگێك دوای ڕۆیشتنی باوكی بۆ بێگاری، گیۆرگیش بەهۆی دەركردنی چەند یاسایەكی نوێ لە دژی جوولەكەكان، لەلایەن لاوانی نەتەوەیی کە ئەو گرووپە ئەندامی ڕێکخراوێکی سەر بە نازین و گەنجانی تەمەن سێزدە ساڵان بەسەرەوە لەسەر بنەمای سەربازی و شۆڤینیەت پەروەردە دەکەن، گیۆرگی بەزۆرەملێ بۆ کارگەی شێپڵ کە کارگەیەکی پاڵاوتنی نەوتە لە هەنگاریا لەگەڵ هەژدە هەرزەکاری تردا بانگ دەكرێن و پێویستە ڕۆژانە بۆ كاری بێگاری سەردانی ئەو كارگەیەی پاڵاوتنی نەوتە بكات، وێڕای ئەوەی باوەژن و خزمەكانی و خۆیشی تاڕادەیەك خۆشحاڵ دەبن بەو كارە، ئەو سەردەمە كاری لەمجۆرە بۆ جوولەكەكان لەچاو بێگاری لە ئۆردووگە زۆرەملێكاندا زۆر باش بووە، هەرچۆنێك بێت چەند مانگێك بەو تەمەنە بچووكەیەوە، خۆی لەگەڵ بێگاری لەو كارگەیەدا ڕادەهێنێت تا ئەو بەرەبەیانییەی بە ئۆتۆبووسێك بەرەو پاڵاوگە نەوتییە سەربازییەكە دەچێت، پێش ئەوەی بگاتە شوێنكارەكەی، ئۆتۆبووسەکەی لەلایەن پۆلیسەوە ڕادەگیرێت و دەمودەست داوا لە سەرنشینانی دەكرێت هەرچی جوولەکەیە دەستیان بەرز بكەنەوە و بێنە خوارێ، ئەویش ئەو دۆخە بە ئاسایی وەردەگرێت و یەكسەر دەچێتە خوارێ، ڕاگرتنی ئۆتۆبووسی دیكە چەندبارە بووەوە، ئیدی هەر ئۆتۆبووسێک دێت، پۆلیس ڕایدەگرێت و هەرچی جوولەكەیە لە گۆڕەپانێكدا كۆدەكرێنەوە، دوای چەند کاتژمێرێک چەندان جوولەکەی دیكە ڕادەگیرێن و ئینجا بۆ بارەگەیەكی گومرگ دەیانبەن و لە ژوورێكدا دەرگەیان لەسەردا کڵۆم دەدەن، بۆ ئێوارەكەی پۆلیسەكە فەرمان لە سەرووی خۆی وەردەگرێت و سەرجەم جوولەكەكان بۆ گواستنەوەیان بەرەو ئەڵمانیا ناونووس دەكات و دوای چەند ڕۆژێك بە شەمەندەفەر لە هەنگاریاوە دەگەنە سەربازگەی ئاوشڤتز-بیرکناو لە ئەڵمانیا، کە ئۆردووگەكە بە سەربازی ئەڵمانی دەورەدراوە و پڕێتی لە جوولەكەی وڵاتانی ئەورووپا و کەسانی قەرەج و پیر و منداڵ و ژن و پیاو و گەنج، دواتر گیۆرگی لە ئۆردووگەی زۆرەملێی ئاوشڤتزەوە بۆ ئۆردووگەی بۆشنڤەڵد دەگوازرێتەوە.

ڕۆمانێكی فرە ڕەهەند

ئەو ڕۆمانە دەچێتە بازنەی ڕۆمانی فرە ڕەهەندەوە، واتە یادەوەریی و مێژوویی و واقیعی و ئایینی، ئیمرە كیرتێزی نووسەری ڕۆمانەكە خۆی یەكێك بووە لەو جوولەكانەی لە پرۆسەی پاكتاویی ئایینی و نەژادیدا (هۆلۆكۆست) لە ئۆردووگە زۆرەملێكانی نازیدا بووە، خۆی ئازاری چەشتووە و ڕووداوەكانی بەچاوی خۆی بینیوە تاوەكوو ئەو كاتەی ئەڵمانیای نازی دەڕووخێت، ئینجا ئازاد دەكرێت. ڕۆمانەكە لە ڕێگەی فۆرمێكی ئەدەبییەوە ڕووداوێكی واقیعی بەسەردەكاتەوە كە لە مێژووی مرۆڤایەتییدا ڕوویداوە و چەندین كتێب و فیلم و هەزاران وتار و بابەت و یادكردنەوەیشی لەسەر نووسراون و ئامادەكراون.
لەو خاڵەیشدا مێژووییە، مێژوویییە بەو مانایەی هۆلۆكۆست پرۆسەیەكی پاكتاویكردنی نەژادی و ئایینییە و دەستپێك و كۆتایی لە مێژوودا تۆمار كراوە، بۆیە بێدوودڵی ئەو ڕۆمانە مێژوویی و واقیعی و یادەوەریی و تەنانەت ئایینی و سیاسیشە، پرۆسەی هۆلۆكۆست لەسەر دەستی حیزبێكی خاوەن دەسەڵات كە فەرمانڕەوایی وڵاتێكی زلهێزی وەك ئەڵمانیای دەكرد، ڕوویداوە، بۆیە سیاسیشە.
جیاوازی ڕۆمان لەگەڵ هەر ژانرێكی تردا كە ڕووداوێكی مێژوویی و واقیعی تۆمار دەكەن و دەنووسنەوە، ئەوەیە، ڕۆمان جیاوازە لەو كتێبانەی دیكە كە ڕووداوی هۆلۆكۆستیان تەنیا وەك ڕووداو و ئامارێكی بێ گیان و دوور لە دۆخە سایكۆلۆژییەكە باس كردووە، كاتێك لە كتێبێكی ئاسایی دەنووسرێت لە ئۆردووگەی زۆرەملێی بۆشنڤەڵدا مرۆڤ ئازار دەدرا و دەكوژرا، ئەمە بەشێكە لە گواستنەوەی ئازارەكە و ناگاتە ئەوەی ڕۆماننووسێك خۆی لە بۆشنڤەڵد بووە و لە ڕێگەی فۆرمێكی ئەدەبییەوە ئازارەكان و ڕووداوەكان و جۆری خواردن و هەستی قێزلێبوونەوە لە جەستەی كێماوی خۆی لەو سەربازگەیە دەنووسێتەوە، ڕۆمان چونكە لایەنی دەروونی تێدا ڕەچاو دەكرێت، بۆ ئەو جۆرە ڕووداوانەی وەك ئۆردووگە زۆرەملێكانی نازی و ئەنفالی كوردان، قووڵتر دەتوانێت ڕۆبچێتە ناخ و هەستی خوێنەر بجووڵێنێ و ڕای گشتی لەبارەوە دروست بكات.
كێ هەیە كاتێك لاپەڕەكانی ئەم ڕۆمانە پڕ كێم و خوێن و دۆزەخییە هەڵدەداتەوە، لەگەڵ گیۆرگی تەمەن چواردە ساڵاندا، هەست بە ترس نەكات و لەلای خۆیەوە هەناسەیەكی قووڵ هەڵنەكێشێت و نەڵێ ئۆخەی من گیۆرگی نیم!
ئیمرە كیرتێز، بە تەنیا چیرۆكی خۆیمان بۆ ناگێڕێتەوە، ئەو گیۆرگییە لەبری هەمووان بەدەست جیاوازیی ئایین و نەژادییەوە ئازار دەچێژێت، ئەوە خۆی پەیامێكە بۆ هەمووان، ئەگەر جیاوازیی نەژادی و ئایین بوونە هۆی ئەوەی مرۆڤ بەهۆیانەوە بچەوسێندرێتەوە یان بچەوسێنێتەوە، مرۆڤایەتی لەبەردەم پرسیارێكی گەورەدایە، ڕاستە گیۆرگی باسی ئەنفال ناكات، بەڵام هەمان ئازاری كوردێكی هەیە كە بەهۆی كوردبوونییەوە لەسەر پشتی زیلێكی عەسكەری لە گەرمەسێری كوردستانەوە بۆ پارێزگەكانی خوارووی عێراق دەبردێت و لەوێدا لە جیهان دادەبڕێت و بەدەم هاوار و گریان و پاڕانەوە و دەستبەرزكردنەوە بۆ ئاسمان دەخرێتە چاڵی مەرگەوە، ئێ ئەوە چ جیاوازییەكی لەگەڵ ئەو سووتێنگەیەی گیۆرگی باسی دەكات هەیە، كاتێك لە ئۆردووگەی زۆرەملێی بۆشنڤەڵدی نازییەكاندا مرۆڤ تەنیا بەهۆی جوولەكەبوونییەوە دەسووتێندرێت و لە ژووری سیخناخ لە گاز دەخنكێندرێت! بەڵێ هیچ جیاوازییەكیان نییە، چ ئەوەی لە هۆلۆكۆست و چ ئەوەی لە ئەنفالدا ڕوو دەدەن، لە كرۆكدا یەك ڕووداون و تاوانێكی یەكجار گەورەن، تەنیا كات و شوێنیان جیاوازە.

یەكەم ماچی كونەتەیارە و یادەوەرییەكی شیرین

ئەگەرچی بابەتی سەرەكی ڕۆمانەكە بە تایبەتی تیشك دەخاتە سەر ڕەوشی جوولەكە لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانی لە ئەورووپا لە پرۆسەی پاكتاوكردنی جوولەكە و چەندین گرووپی دیكەی مرۆڤ لەلایەن ئەڵمانیای نازییەوە لەنێو بردران، بەڵام لە تەك ئەوەشدا، ڕووداوێكی خۆشەویستیی نێوان گیۆرگی و كچێكی هاوتەمەنی خۆی بەناوی ئەنناماریا هەیە، ڕۆمانەكەی لەو دۆخە گشتییە ترسناكەدا، جیاواز و جوانتركردووە، بەڕای من ڕۆحی بە بەردا كردووە.
لەو دیمەنی خۆشەویستییەدا، ئەگەرچی نووسەر نەیویستووە كاری جدی لەسەر بابەتی خۆشەویستی لەنێو ڕۆمانەكەیدا بكات، وەك باوە زۆربەی ڕۆماننووسەكان بۆ ڕاكێشانی سەرنجی خوێنەر، پەنا بۆ بابەتی خۆشەویستی و سێكسی دەبەن، بەڵام ئەو دیمەنەی یەكەم ماچە لەنێو پیاوێكی بێچارەنووسدا ڕووداوێكە و لە بەرگی ئەدەبیدا خۆی خزاندووەتە نێو ڕووداوە ئاڵۆزەكانی ڕۆمانەكە، لێ جێگەی خۆی كردووەتەوە، ئەویش پێناسەكردن و سەربووردەی یەكەم ماچی نێوان گیۆرگی و ئەنناماریایە، پێش ئەوەی گیۆرگی ڕاپێچی ئۆردووگە زۆرەملێكانی نازی بكرێت، گرنگی ئەو ماچە لەوەدایە لەكاتێكدا بۆردوومانی فڕۆكەیان لەسەرە، كەچی تینی خۆشەویستی و گڕی ماچ، وای لێ كردوون باكیان بە ترس و مەرگ و زرمەی بۆمبەكان نەبێت و لەپڕ بخزێنە باوەشی یەكدییەوە و یەكەم ماچ بگۆڕنەوە، ئەو ماچە هێندە شیرینە، وەك یادەوەرییەكی خۆش لای گیۆرگی دەمێنێتەوە.
گیۆرگی گەنج بە تامەزرۆییەوە باس لەو یەكەم ماچە دەكات: “پێرێ شەو، لە كاتی بۆمببارانی فڕۆكەكاندا، لە كونەتەیارەكە، یان دروستتر بێژین لەو ڕێڕەوە نیمچەچۆڵە تاریكەی لە كونەتەیارەكە جیا دەبێتەوە، لە تەك ئەنناماریادا كەوتینە دۆخێكی تاڕادەیەك تایبەتییەوە. لە بەراییدا گەرەكم بوو نیشانی بدەم لە كوێوە خۆشترە تەماشای ڕووداوەكانی دەرەوە بكات، لێ پاش چركەیەك كاتێك زرمەی بۆمبێكمان ژنەفت، كە لە نزیكمانەوە تەقییەوە، هەموو جەستەی وەك گەڵای دار دەهەژیا، ئەمن بەڕوونی هەستم پێ كرد، چۆن لە ترساندا خۆی بە منەوە ئاوێزان كرد، باسكی لە دەور ملم ئاڵاند و دەموچاوی لە شانم گیر كرد، ئیدی هیچم بەیاددا نایەتەوە، تەنێ ئەوە نەبێت، كە لە دووی دەمی گەڕام، هەستێكی تەماوی، گەرم و نیمچەشێداری، لەگەڵ حەپەسانێكی خۆشی لە ناخمدا جێهێشت، لەبەر ئەوەی یەكەم جار بوو كچێك ماچ بكەم، جگە لەوەش بیرم لێ نەكردبووەوە، ڕۆژی دواتر لەسەر پلیكانەكان بۆم دەركەوت ئەویش بەوە حەپەسابوو، پێی وابوو، بۆمبەكە هۆكار بووە، لە ڕاستیدا ئەمەیان دروست بوو، پاشان جارێكی دیكە یەكترمان ماچ كرد، لەو كاتەوە فێربووم چلۆن بە بەكارهێنانی زارمان لەم ئەزموونە، یادەوەرییەكی شیرین و درێژخایەن دروست بكەین”.
وەك لەو دیمەنەدا دەردەكەوێت گڕی ئەوین و حەزی ماچی ڕەگەزی بەرانبەر كاتێك كڵپە دەدات، كاتوساتی بۆ نییە، هەركە ئەو گڕە هەڵدەگیرسێت، لەنێو كوورەی ئاگریشدا بێت، خۆشەویستەكان باوەش بە یەكدا دەكەن و نێو دەمی یەكدی ماچ دەكەن، ڕاستە ماچی یەكەم شەرمەیەكی لەگەڵدایە، بەڵام بۆ هەمیشە لە یادەوەریی مرۆڤدا دەمێنێتەوە، یادەوەرییەك هەتا ناو گۆڕیش لەگەڵیدا شۆڕ دەبێتەوە. گیۆرگی لەخۆیەوە ناڵێ: لەو كاتەوە فێربووم چلۆن بە بەكارهێنانی زارمان لەم ئەزموونە، یادەوەرییەكی شیرین و درێژخایەن دروست بكەین!

ئاوشڤتز و بۆشنڤەڵد..
دۆزەخەكانی نەژادپەرستی

ئاوشڤتز و بۆشنڤەڵد، دوو لەو سەدان ئۆردووگە زۆرەملێیانەی نازییەكانن كە بە هەزاران ئینسانی جوولەكە و قەرەج و هۆمۆسێكسواڵ و كەمئەندام و كەمئەقڵ و كەسانی بێزراویان تێدا ڕاگیراون، بە تایبەتی ئەو دوو ئۆردووگەیە دۆزەخن بۆ جوولەكەكان، چونكە پرۆسەی پاكتاوكردنەكە زیاتر ئامانجی جوولەكەكان بووە تا گرووپەكانی دیكە، لەبەر ئەوەشە ئێستاش جیهان دەیەوێت نازی ئیسرائیل كە دەوڵەتێكی جوولەكەیە ڕابگرێت و هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن، ئەوەی لە هۆلۆكۆست بەسەر جوولەكەدا هات، دووبارە نەبێتەوە، تەنانەت ئەڵمانیای ئێستاش بە بەردەوامی چاوێكی لەسەر پاراستنی جوولەكەیە تاوەكوو ئەو پەڵە ڕەشەی كە هیتلەر خستە سەر ڕووخساری ئەڵمانییاوە، بە یەكجاری بسڕدرێتەوە و بە كۆمەڵگەی جیهانی بڵێن ئەوە هەموو ئەڵمانییەكان نەبوون هۆلۆكۆستیان كرد، تەنیا هیتلەر و گرووپەكەی لێی بەرپرسیارن، بۆیە ئێستا حیزبی نازی لە ئەڵمانیا كاركردنی لێ قەدەغە كراوە.
ئیمرە كیرتێز، چونكی خۆی قوربانییە و بەچاوی خۆی ئۆردووگە زۆرەملێكانی نازی دیوە، هێندە ورد و بە سەلیقە، وێنەی كەمپ و ئۆردووگە زۆرەملێكان دەگرێت، تۆی خوێنەر كاتێك ڕۆمانەكە دەخوێنیتەوە، هەر دەڵێی ئێستا لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانیدا دەژیت و یەكێكیت لە بێگارەكان و دەستگیركراوانی جوولەكە و قەرەج، ئاخر كیرتێز بەو ڕۆمانەی، پەردەی لەسەر ڕووی ڕاستەقینە و ناشرینی نازییەكان هەڵدایەوە، وێنەیەكی ئەوتۆی گرتووە و بە جۆرێك ڕووداوەكانی تۆمار كردوون، هەرگیز لە زاكیرەی خوێنەردا كاڵ نابنەوە. كێ هەیە دوای خوێندنەوەی ڕۆمانەكە، سووتێنگەكان و ئازاری ئینسانەكان لەبیر بكات!
“مرۆڤ بە تێپەڕبوونی كات بە پەرجوو ڕادێت، وردە وردە توانیم لەسەر پێی خۆم بە پێخاوسی بۆ نۆرینگەكە بڕۆم، پەتووەكەم لەسەر كراسەكەدا لەخۆ پێچابوو، لەنێو هەوا ساردوسڕەكە و بۆنوبەرامە ئاشناكەدا بۆنێكی جیاوازم ناسییەوە، پاش ئەوەی بیرم لە كاتە بەسەرچووەكە كردەوە، بەو ئەنجامە گەیشتم كە دەشێت سەرەتای بەهار بێت، لە ڕێگەی گەڕانەوەمدا سەرپێیی سەرنجی دوو پیاوم دا بە جلی زیندانییەوە لە كۆخەكەی ئەوبەری تەلبەندەكەی ئێمەوە عەرەبانەیەكی تاڕادەیەك گەورە كە تایەكانی لاستیك بوون، لەو جۆرەی دەتواندرێت بە بارهەڵگرەوە پێوەست بكرێت، ڕادەكێشایە دەرێ، لەو بارەدا پەلوپۆی زەردهەڵگەڕاو و بەستوو و پارچە جەستەی وشكەوەبووم بینین”.
ئەوە دیمەنی عارەبانەیەكی گەورەیە لە ئۆردووگەی بۆشنڤەڵد كە پڕ لە جەستەی مرۆڤە، بیهێنە بەرچاوی خۆت، گیۆرگی زۆربەی كاتەكانی لەوێدا لە تەك ئەو دیمەنانەدا بەسەربردووە، دەی ئەگەر تۆ یەكێك بیت لەو گیراوانە و بەچاوی خۆت عارەبانەیەكی پڕ لە پەلوپۆی زەردهەڵگەڕاو و بەستوو و پارچە جەستەی وشكەوەبووی مرۆڤ ببینیت، ئینجا بۆی هەیە تۆش ببیتە پارچەیەك لەو جەستە وشكەوەبووانەی عارەبانەیەكی دیكە و بەندییەكی تر جەستەی تۆ ببینن! گیۆرگی هەركە ئەو دیمەنە بەچاوی خۆی دەبینێت، دەترسێت و بەپەلە پەتووەكە لەخۆیەوە دەپێچێت و بە شەلەشەل و چنگ لەسەر شان بەرەو ژوورەكەی خۆی دەگەڕێتەوە و گورج گورج خۆی دەخزێنێتە نێو لێفەكەی و ئیدی وەك جۆرێك لە خۆشاردنەوە خۆی گرمۆڵە دەكات.

برسێتی و شەرمكردنی لە جەستەی خۆی

ئەگەرچی لە بنەڕەتدا ئۆردووگە زۆرەملێكانی نازی بۆ ئینسانەكان دۆزەخن، ئەوانەی ڕاپێچی ئەو شوێنانە دەكرێن، لە بەها و شكۆی مرۆیی دادەماڵدرێن، تاوەكوو ئەندامەكانی جەستە توانای كاری زۆرەملێ و جووڵەیان هەبێت، لەلایەن سەربازەكانەوە بەكاردەهێنرێن، كاتێكیش ئەو توانایە لەدەست دەدەن، بە یەكجاری ڕەزیل و بێبەها دەمێننەوە، ئەوەی خاڵێكی گەشە، لەو دۆخەشدا پزیشك و پەرستارەكان وێڕای ئەوەی لەژێر گوشاردان، كەچی تاڕادەیەكی باش نێوانیان لەگەڵ نەخۆش و پەككەوتە و بریندارەكانی ئۆردووگەدا باشە، دەكرێت ئەمە پەیامێك بێت بۆ پزیشكان و هەموو ئەوانەی لە سێكتەری تەندروستیدا كار دەكەن، لە سەروەختی جەنگ و هەر جۆرە ململانێیەكی هێزەكاندا پێویستە ڕێز لە پیشەكەی خۆیان و مرۆڤ بگرن و لووتكەی كار و ئامانجیان ڕزگاركردنی مرۆڤ بێت لە ئازار و مردن. گیۆرگی دەیان نموونەی جوانی ئەو هەستە بەرزەی پزیشك و پەرستار و كارمەندانی ئۆردووگە زۆرەملێكە دەگێڕێتەوە كە سەرباری دۆخە ئاڵۆزەكەی تێیدان، هێشتا پەیامی مرۆیی خۆیان لە ڕێگەی مومارەسەكردنی پیشەی پزیشكییەوە لە چارەسەركردنی نەخۆش و بریندارەكاندا دەگەیەنن، ئەگەرچی ئێستا ئەو دۆخە بە قۆناغێكی تر گەیشتووە بەوەی سەرمایەداری پیشەی پزیشكیشی خستووەتە ژێر ڕكێفی خۆیەوە تا ئەو ئاستەی لەم جیهانە پێشكەوتووەدا كەسانێك هەن بەهۆی نەبوونی پارەوە بۆ دابینكردنی دەرمان و نەشتەرگەری، گیانلەدەست دەدەن. لێ لە دۆزەخەكەی نازیدا پزیشكەكان لەگەڵ گرتوواندا میهرەبانن.
“نە عینادی، نە نوێژ و نە هەڵاتن لە شتێك ڕزگاریان نەدەكردم، ئەویش برسێتی بوو، دیارە لە وڵاتیشدا برسیم ببوو، یان پێم وابوو برسی بووم، لە كارگەی خشتەكەدا، لە شەمەندەفەر، لە ئاوشڤتز، تەنانەت لە بۆشنڤەڵدیشدا برسیم بوو، لێ هەرگیز بەڕادەی ئێستا هەستم بەم برسێتییە درێژخایەنە نەكردووە، سەراپای بوونم بوو بە بۆشایی، هەموو تەقەلام كپكردن و پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە بێكۆتایییە بوو، بۆ ئەو مەبەستەش تەنێ چاوەكانم شك دەبردن كە چاوساغی هزر و هۆشم بوون، كار و ئاكاری ئاراستە دەكردم، دار و وردەبەرد و ئاسن نەخۆم لەبەر ئەوەیە كە نە دەتوانن ئەم شتانە بجووین و نە هەرس دەكرێن، سەرەڕای ئەوەیش لمم تاقیكردەوە، گەر گژوگیایشم دەستبكەوتبایە دوودڵیم لێ نەدەكرد، بە داخەوە گژوگیا نە لە كارگەكە نە لە ئۆردووگاكەیشدا سەوز نەدەبوون”.
لە دۆزەخەكەی نازیدا، برسێتی وا لە ئینسان دەكات تەنانەت بیر لە خواردنی لم و هەر جۆرە ماددەیەكی تری ڕەقیش بكاتەوە، بۆشنڤەڵد نموونەیەكە لەو نموونە واقیعییە تاڵانەی، ڕژێمی دیكتاتۆر و تۆتالیتار ئەگەر بە چەكیش نەتكوژێت، لە برسان و تامەزرۆیی بۆ لەتێك نان دەتكوژێت، ئێمە ئێستا باسی قۆناغێكی سیاسی و مێژوویی سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانی دەكەین، وێڕای برسێتی لەو كەمپە زۆرەملێیانەدا، تەنانەت بەهۆی گەمارۆدانی شارێكی ڕووسیا لەلایەن هێزەكانی ئەڵمانیای نازییەوە، مرۆڤ گەیشتە ئەو ئاستەی گۆشتی منداڵ و ژن و كچ و دایك و باوك و هاوڕێ و هاوشارییەكانی بخوات، ئەمەیش لە ئەنجامی ئەو پەتایەی نازییەت كە بۆ ماوەی زیاتر لە 12 ساڵ فەرمانڕەوایی ئەڵمانیا و بەشێكی ئەورووپای كرد، مرۆڤایەتی پێویستە لە ئاست ئەو جۆرە ڕژێمانە هەردەم لە ترسدا بێت نەوەك جارێكی دیكە و لە بەرگێكی تردا زیندوو ببنەوە و هەمدیس ماڵوێرانی و مەرگەسات دووچاری مرۆڤایەتی بكەنەوە.
وێڕای برسێتی ئەو ڕۆمانە پێمان دەڵێت مرۆڤ لە سایەی ئەو جۆرە ڕژێمانەدا، تەنانەت شەرم لە جەستەی خۆیشی دەكاتەوە، بۆچی؟ لە ئۆردووگەكانی نازیدا، مرۆڤ هێندە پەراوێز دەخرێت و بە ژینگەیەكی پیس ئاشنا دەبێت، بە هێواشی جەستە بەهێزەكەی توانای خۆڕاگرتنی نامێنێت و دەبێتە شوێنگەی ئەسپێ و زیندەوەرانی تر و پاشان ئەو جەستە جوانەی ڕۆژگارێك بەهێز و چالاك بووە، دووچاری داڕزان و نەخۆشیی گەڕی و كێم و خیزاو و برینی قووڵ و گەورە گەورە دەبێتەوە، سەرئەنجام هەر ئەو برین و كێم و ئازارانە لە پەلوپۆی دەخەن و ئیدی بەزیندوویی یان بە مردوویی بێت، دەخرێتە نێو عارەبانەیەكەوە و فڕێ دەدرێت و پاشان دەسووتێندرێت.
“ئێستا پێستم چرچ و لەڕ بووە، وشك و زەردهەڵگەڕانەوە، هەموو جۆرە دوومەڵ، پەڵەی قاوەیی، قڵش و لیرگەلێكی لێ دەرهاتووە، كە فرە دەخوران و وەڕزیان دەكردم، بە تایبەتی نێوان قامكەكانم ئەمە “گەڕی” بوو، هەینێ بە باندی سترومم نیشان دا، ئەو بە ئاماژەیەكی لێزانانە دەستنیشانی كرد. لە خێراییی لاوازبوون و لەناوچوونی ئەو پێستەی ئێسقانەكانمی داپۆشیبوو حەپەسام! سەیرم لە ڕۆژبەڕۆژ توانەوە و بنبڕبوونی گۆشتی جەستەمدا هات، هەموو ڕۆژێ شتێكی نوێ سەرهەڵدەدات و سەرم لێی سووڕ دەمێنێ، خەوشێكی نوێ، ناحەزییەكی تر لەم شتە فرە سەیرەدا، لەم شتە زێدە نامۆیەی ڕۆژێك لە ڕۆژان نزیكترین هاوەڵم بوو، جەستەم، شتێكی بەسامە، چیتر ناتوانم بۆی بڕوانم، قێزی لێ دەكەمەوە، بۆیە ماوەیەكی زۆرە جلەكانم لەبەرم دانەكەندوون بۆ ئەوەی خۆم بشۆرم، جگە لە بێحەوسەڵەییم خۆم لە هەموو ئەو كارە سەختە بێكەڵكانە كێشایەوە، سەرما و پێڵاوەكانیشم لەولا بوەستن.

نۆستالیژیا و نامۆیی

ئینسان لەو ئۆردووگە زۆرەملێیانەی نازییەكاندا لە یەككاتدا دووچاری نۆستالیژیا و نامۆییش دەبێت، بە خەیاڵ هەموو ئەو شت و كارە بێزاراوانەی ژیانی ئاسایی خۆش دەوێن و تامەزۆیە بۆ یەكجاریش بێت، بە ژیانی ئازادی ئاشنا ببێتەوە، ئەوەتا گیۆرگی لەنێو ئەو هەزاران كەسەی نێو ئۆردووگەكەدا، بیری هەموو ئەو كار و هەڵوێستە خراپانەی خۆی دەكاتەوە و پەشیمانە لەوەی ڕۆژێك لە ڕۆژان ڕێزی لە شتەكانی خۆی نەگرتووە، مرۆڤ شتەكانی زیاتر لەلا بە نرخ دەبن، كاتێك لەدەستیان دەدات.
گیۆرگی ژیان و هەموو شتێكی لەدەستدا، ئەوەتا ئێستا ئەو هەموو شتێكی ڕابردووی خۆی خۆش دەوێت، چونكە ئۆردووگەی نازییەكان هێندە سامناكە نەبێتەوە، بە خەیاڵ بۆ ڕابردووی خۆی دەگەڕێتەوە و لەدەست ئەو ئێستایەی تێیدا هەڵدێت “خۆشترین شت بەلامەوە بۆ بەسەربردنی كات ئەوەبوو گەر بكرایە ڕۆژێكی تەواو، بەبێ بڕانەوە، لە سبحەینەوە تاوەكوو ئێوارێی ماڵی خۆمان بهێنمەوە بەرچاوم، لە هەمان سادەییدا، دەكرا بە هەمان كۆشان ڕۆژێكی ئاوەها نموونەیی بهێنمە بەرچاوم، لێ هەمیشە ڕۆژی ناخۆشم بەیاد دەهاتەوە”. نامۆیی بە دونیا پەتایەكی ترە ڕۆحی مرۆڤ لە زیندانی دەسەڵاتی تۆتالیتاریدا دەخوات، نامۆبوون بە هەموو شت، بە كۆمەڵگە، بە مرۆڤی دەوروبەر، بە خۆت و جەستە و ناخت، ئیدی لەو زیندانانەدا مرۆڤ هەر ساتەوەختەی بەدەست ئەندێشەیەكەوە گیر دەخوات، جارێك بەخۆی نامۆیە و جارێكیش بە خەیاڵ و نۆستالیژیا دەگەڕێتەوە بۆ ژیانی ڕابردووی، ڕابردوویەك زەحمەتە دووبارە ببێتەوە.

لە دیلیشدا ئەندێشە بە ئازادی دەمێنێتەوە

ئینسان لە زیندانی دیكتاتۆردا ڕزگاربوونی نزیكە لە مەحاڵەوە، ڕەنگە هەموو هەوڵێكیشی بۆ ئازادی بە شكست و ئەشكەنجەی نوێ كۆتایی بێت، لێ ئازادییەكی تر هەیە، هەرگیز دیكتاتۆرەكان ناتوانن دەستەمۆی بكەن و دەركی پێ بكەن، ئەویش ئازادیی ئەندێشە و لە ناخەوە بیركردنەوەیە لە ئازادبوون، مرۆڤ بە ڕێگەی خەیاڵ و ئەندێشەوە دەتوانێت هەمیشە ئازاد بژی، دەكرێ كەڵەپچە لە دەستت بێت و لە گرتووخانەیەكدا بیت و دەیان پاسەوان و جەللادت لە نزیكدا بن، بەڵام هەرگیز ئەو هەستەت نامرێت كە دەتەوێت ئازاد بیت، گرنگ نییە، ناتوانیت ئازاد بیت، گرنگ ئەوەیە خۆت لەگەڵ كۆتوبەندی دیلیدا ڕانەهێنیت، كۆیلە ئەو كەسەیە بە كۆیلایەتی ڕازی دەبێت و هەوڵی ئازادیی خۆی نادات، بەپێچەوانەوە ئەوانەی تەنیا وەك كۆیلەیەك ڕاگیراون و بیر لە ئازادی دەكەنەوە، ئەوە كۆیلە نین، چون ناخێك هەیە بیر لە ئازادبوون دەكاتەوە، گیۆرگیش ئەگەرچی دەزانێت ڕزگاربوونی مەحاڵە، بەڵام بە ئەندێشە بیر لە ئازادی دەكاتەوە و دەیەوێت هەموو ڕووداوەكانی ژیانی وەك شریتێك بهێنێتەوە بەرچاو، ئەمە خۆی جۆرێكە لە ئازادی و پەیامێكیشە مرۆڤ نابێت لە سەختترین ساتەوەختی زیندان و ئاستەنگەكانیشدا بیر لە خۆڕادەستكردن بكاتەوە. “بەشێك لە سرووشتی مرۆڤ هەیە تایبەت بە خۆیەتی و بە هیچ ڕەواڵێك لێی داگیر ناكرێت، ئەوە ڕاستییە، تەنانەت لە دیلیشدا ئەندێشە بە ئازادی دەمێنێتەوە”.
گیۆرگی لەو دۆخەدا ئەگەرچی تەواو پەكی كەوتووە و هەندێ جاریش هیچ ئومێدێكی نامێنێت، بەڵام ئەوەتا لە ناخیدا دەڵێ: “بەخۆم ژنەفتم باسی ڕابردوو و داهاتوو دەكرێت، لە هەمووشیان زێدەتر، گەلێك باسی ئازادی دەكرێت، بەڵێ بە بوێرییەوە دەڵێم نەمبیستووە لە هیچ شوێنێكی دیكەی جیهاندا هێندەی نێو گرتووان باسی ئازادی بكرێت، ئێوارەیەكی تاریكی مانگی نیسانە، لەكاتێكدا سەرۆكی ئۆردووگەكە جارێكی تر لە بڵندگۆكەوە دەدوا، پیەتیكایش بە ڕوومەتی سوورهەڵگەڕاو، بە جۆشوخرۆش و پڕ بە هەزاران وشەی ناڕوون گەڕایەوە، هاوكات سەرۆكی ئۆردووگاكە حارێكی تر لە بڵندگۆكەوە دەستی بە قسان كردەوە، ئەمجارەیان ڕووی دەمی لە ئەندامانی پێشووی تیمی پەتاتەپاككردنەوە كرد و داوای لێ كردن بەزووترین كات بۆ شوێنەكەی خۆیان، واتە ناندێنەكە بگەڕێنەوە، هەروەها داوای لە دانیشتووانی ئۆردووگەكە كرد، گەرچی تا نیوەشەویش بووە بە بێداری بمێننەوە، لەبەر ئەوەی دەستیان بە لێنانی شۆربابەگۆشتێكی خەستوخۆڵ كردووە، ئەوجا بە ئاسوودەیی سەرم خستە سەر بالیفەكەم و بەكاوەخۆ شتێك لە ناخمدا داسەكا، ئەو دەمەی ئەمنیش ڕەنگە بۆ یەكەمین جار بیرم لە ئازادی كردەوە”.

ئازادی و لەبیرنەكردنی ئازارەكان

دوای ئەوەی ئەڵمانەكان لە شەڕدا دووچاری شكست دەبن، ئەو جوولەكانەی لە ئۆردووگە زۆرەملێكاندا ڕاگیرابوون، ئازاد دەبن و هەر كەسەیان بەرەو وڵات و شاری خۆی دەگەڕێنەوە، ئەگەرچی ئەوانەی ئازادبوون ژمارەیان زۆر كەمە، چونكە زۆربەیان لە ماوەی پرۆسەی پاكتاوكردن لە كەمپەكاندا بە جۆرەها شێوە كوژران و سووتێندران و خنكێندران و لە برسان مردن و لە تینووێتیدا خنكان.
كاتێك گیۆرگی بە وڵاتەكەی “هەنگاریا” ئاشنا دەبێتەوە، زۆر شت وەك خۆیان نەماون، زۆربەی خەڵكەكە یان بزرن یان مردوون، باوكی كە پێشتر بۆ بێگاری لەلایەن نازییەكانەوە بردرا، لە ئۆردووگەدا گیانیلەدەستداوە و باوەژنەكەشی شووی بە توشۆ، ئەو كرێكارەی كە باوكی، كۆگەی دارەكەی پێسپارد، كردووە و شوێنەكەی جێهێشتووە، كەسوكاری باوەژنەكەیشی زۆر هەوڵی لەگەڵدا دەدەن ئەو دۆخەی بەسەری هاتووە، وەكخۆی قەبووڵ بكات و ژیانێكی نوێ دەستپێبكاتەوە، بەڵام گیۆرگی هێندە بە قووڵی ئازاری چەشتووە و لەبەرچاوی شكۆی مرۆڤ شكێندراوە، داواكەیان ڕەت دەكاتەوە، ئەگەرچی سەرجەم ڕووداوەكان بە ئاسایی دەبینێنێت، سەرەڕای ئەوەش ناتوانێت لەئاست ئەو ستەمەدا بێدەنگ بێت، دواجار بڕیار دەدات لەبارەی ئەوەی لە ئۆردووگەكاندا ڕوویداوە، قسە بۆ ڕۆژنامەكان بكات.

——————————————–

سەرچاوەكان:
ناوی كتێب: پیاوێكی بێچارەنووس
نووسەر: ئیمرە كیرتێز
وەرگێڕانی لە سویدییەوە: ڕووناك شوانی
بابەت: ڕۆمان
نۆبەتی چاپ: چاپی یەكەم 2016
لە بڵاوكراوەكانی ئەندێشە
**
ناوی كتێب: هۆلۆكۆست
نووسەران: ستیڤان برۆشفێڵد و پاوڵ ئا. لڤین
وەرگێڕانی: شۆڕش غەفووری
بڵاوكراوەی ئاراس، چاپی یەكەم 2007
**
سەرنج: ئەم بابەتە لە كتێبی (خوێن و ئیرۆتیك)ی شاخەوان برایم عەبدوڵڵا، وەرگیراوە.




مارکس وەکو ڕۆژنامەنووس!.. ڕزگار عومەر

لەم ڕۆژانەی ڕابردوو دەرفەتی ئەوەم بوو کە چاوپێکەوتنێکی گرنگ و درێژبخوێنمەوە بە زمانی ئینگلیزی لە گەڵ “جەیمس لێدبێتەر” سەبارەت بە ئەزموونی ڕۆژنامەگەری لای مارکس، کە هەوڵ دەدەم لەم ستوونە کورتەدا هەندێك لە زانیاریەکان لێرەدا کورتبکەمەوە؛
“مارکس کەم تا زۆر لە هەموو ژیانیدا ڕۆژنامەنووس بووە. لە ساڵی ١٨٤٢ دەستی بە نووسین کرد بۆ ڕۆژنامەی ڕینیش زایتونگ، و لە ساڵی ١٨٤٨ ڕۆژنامەی تایبەتی خۆی دامەزراند. دواتر دەستی بە ناردنی بابەت کردو ستوونی تایبەتی هەبوو لە ڕۆژنامەی (نیویۆرک تریبیون) ئەمریکی.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تریبیون کە پێشەنگ بوو لە دژایەتی کردنی سیستەمی کۆیلایەتی لە ساڵی ١٨٤١ لەلایەن “هۆراس گریلیەوە” دامەزرا، لە ئەزموونێکی کورتدا بە خێرایی بوو هەم بە گەورەترین ڕۆژنامەی جیهان بەتیراژی زیاتر لە دوو سەد هەزار لەو ماوەیەی کە مارکس بەشداری تیا دەکرد دەکردهەم پێشەنگیش بوو لە دژایەتی کۆیلایەتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان.
ئەگەر بەراوردێك بکەین لەسەر بابەتەکانی مارکس کە لە ڕۆژنامەکاندا وەکو پەیامنێرو وەکو نوسەر بلاوی کردۆتەوە لەم ستایڵە ناچن ناچن کە ئەمڕۆ وەکو ئەتکێتی نووسین لە ڕۆژنامەگەریدا پەیڕەو دەکرێن . بۆ نموونە لە بنەڕەتدا بەرهەمەکانی مارکس شتێکی تێدانیە ڕاستەوخۆ لەوەی کە ئەمڕۆ پێی دەڵێین “ڕاپۆرت”. هیچ باسێکی گەیاندنی سەرەدێری ڕووداوەکانی تێدا نییە، هیچ چاوپێکەوتنێکی تێدا نیە لەگەڵ سەرچاوەکان، فەرمی یان بە شێوەیەکی تر، بونیادی سەرەکی بابەتەکانی ئەو ناوەڕۆکی ڕەخنەگرانەن.
میتۆدی سەرەکی مارکس بۆ ستوونی ڕۆژنامەی “نیویۆرك تریبیون” ئەوە بوو کە ڕووداوێکی گەرم و کاریگەر هەبوایە لە دۆخی جیهانی وجێ ی گرنگی هەواڵەکان بووایە چەشنی هەڵبژاردنێکی گرنگ، ڕاپەڕینێک، جەنگ، سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆی ئەمریکا ئەو دەهات بە ووردی پشکنین و بە دواچوونی بۆ دەکرد و بۆ خوێنەران پرسیاری بنەڕەتی سیاسەتی یان ئابووری پەیوەست بە بابەتەکە زەق دەکردەوەو دواتر لەسەر ئەو پرسیارانە وەڵامەکانی خۆی جێگیر دەکرد. بەم مانایە ڕۆژنامەگەریی مارکس لەڕاستیدا لە هەندێک لەو بابەتانە دەچێت کە ئەمڕۆ لە گۆڤارەکانی بیروڕادا بڵاودەکرێنەوە ئاسانە نووسینی ڕۆژنامەوانیی مارکس و ئەو جۆرە نووسینانە ببینین کە تایبەتمەندی زۆرێک لە ڕۆژنامەگەریی سیاسی بووە بەتایبەت لە ئەوروپا لە سەدەی بیستەمدا.
مارکس بە خەستی هێرشی کردە سەرجۆری ڕوماڵی ڕۆژنامەکانی بەریتانیا بۆ شەڕی ناوخۆی ئەمریکاو بە دوو ڕوویی لە قەڵەمی دەدا.مارکس لەو باوەڕە بوو کە دژایەتی کردنی ڕۆژنامەکانی بەریتانیا بۆ شەڕی نەهێشتنی کۆیلایەتی لە ئەمریکا بۆ ئەوە دەگەڕاوە کە پیشەسازی قوماش بزوێنەرێکی گەورەی ئابووری بەریتانیا بوو و پشتی بەو خامە هەرزانانە دەبەست لە ئەمریکای کۆیلەدارەوە دەهاتە بەریتانیا.
مارکس ئەمڕۆ وەك تیۆریستێکی ئابووری، وەك بیرمەندێکی سیاسی؛ وەکو مێژوونووس و فەیلەسوف پۆلین دەکرێت کە سەرجەم ئەو پۆلینکردنانە ڕەوایەتی خۆی هەیە، بەڵام تۆماری مێژوویی، پۆلێنێکیتریش بۆ مارکس پێشنیار دەکات، ئەویش ئەوەیە کە مارکس وەك نووسەرێکی پیشەیی، وەك ڕۆژنامەنووسێك بیری لێبکرێتەوە. بە گشتی مارکس بە یارمەتی ئەنگڵس نزیکەی پێنج سەد بابەتی بۆ ڕۆژنامەی تریبیون بەرهەم هێنا، کە پێکەوە نزیکەی حەوت بەرگ لە بەرهەمە کۆکراوەی پەنجا بەرگی ئەو دوو پیاوە کۆدەکەنەوە. ئێمە لە تێگەیشتن لە گرنگی ڕیتۆریک لە کارەکانی مارکسدا نزیک دەبینەوە ئەگەر وەک ڕۆژنامەنووسێک بیری لێ بکەینەوە.




گەڕاندنەوەی بەها بۆ ڕۆژنامەی چاپکراو.. ڕزگار عومەر

لە سەردەمێکدا کە پێشکەوتنە دیجیتاڵییەکان و دەستڕاگەیشتن بە زانیاری خێرا زاڵن، پیشەی ڕۆژنامەی چاپکراو ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بووەتەوە. لەگەڵ سەرهەڵدانی پلاتفۆرمی هەواڵی ئۆنلاین و سۆشیال میدیا، میدیای چاپکراو دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە لە موتابەعەو ڕێژەی خوێنەران. بەڵام هێشتا ئەگەرو ئومێدی نۆژەنکردنەوەو بنیاتنانەوەی ڕۆژنامەی چاپکراو هەیە، چونکە پێگەیەکی ناوازە و هەمیشەیی لە کۆمەڵگادا داگیرکردووە. ئیدارەی هەر ڕۆژنامەیەک کە خوازیارە ئیعتیبار بگەڕێنێتەوە بۆ ڕۆژنامەی چاپکراو دەبێ چەند هەنگاوێکی کرداریی بکات:
لە ئامێز گرتنی میدیای دیجیتاڵ، چونکە هەرچەندە میدیای چاپکراو مێژوویەکی دەوڵەمەندی هەیە، بەڵام ناتوانێت شۆڕشی دیجیتاڵی پشتگوێ بخات. ڕۆژنامەکان پێویستە توخمە دیجیتاڵییەکان لە ستراتیژییەکانی دابەشکردنی ناوەڕۆکەکانیاندا تێکەڵ بکەن. پەرەپێدانی پلاتفۆرمی ئۆنلاین کارلێککارانە، ئەپڵیکەیشنی مۆبایل و بەشداریکردنی دیجیتاڵی بۆ گەیشتن بە خوێنەرانێکی زۆرترو فراوانتر.
گرنگی دانەوە بە ناوەڕۆك، چونکە کوالیتی ناوەڕۆك شادەماری زیندوو مانەوەی ڕۆژنامەیە؛ بۆ ئەوەی ڕۆژنامەکەت کێبڕکێ لەگەڵ سروشتی خێراو بە دەقەو چرکەی هەواڵی ئۆنلاین بکەن، پێویستە سەرنجیان لەسەر دابینکردنی ناوەڕۆکی کوالیتی بەرز و قووڵ بێت. وەبەرهێنان لە ڕۆژنامەگەری لێکۆڵینەوە و شیکاری بیرکراوە و شرۆڤەی پسپۆڕانەدا بکە بۆ ئەوەی زانیارییەک بە خوێنەران بدەیت کە لە هیچ شوێنێکی تردا بە ئاسانی ناتوانن بیدۆزنەوە.
خستنە ڕووی پرسی ڕۆژو کاریگەر لەسەر کۆمەڵگە وا لە ڕۆژنامەکەت دەکات شوناسی سەکۆیەکی کۆمەڵایەتی ڕاستەوخۆ وەربگرێت، چونکە مێژووی ڕۆژنامە چاپکراوە مولتەزیمەکان شێوەیەکی نەریتی وەک ناوەندی کۆمەڵایەتی خزمەتیان کردووەو ئەمە شوناسی ڕاستەقینەیان بووە، کە وایان دەکرد خەڵک لە ڕێگەی هەواڵ و ڕووداوە ناوخۆییەکانەوە بەیەکەوە لە تەونێکی کۆمەڵایەتی یەکبگرنەوە.
دابەزینی داهاتی ڕیکلامەکان تەحەدایەکی گەورە بووە بۆ میدیای چاپکراو. بۆ تێپەڕاندنی ئەم کێشەیە، پێویستە لەسەر ئیدارەی ڕۆژنامە سەرچاوەی داهاتەکانیان هەمەچەشن بکەن. بەدواداچوون بۆ مۆدێلی ڕیکلامی داهێنەرانە بکە، وەک ڕێکلامە ڕەسەنەکان و ناوەڕۆکی سپۆنسەرکراو. بۆ نموونە چەند جیاوازە کە تۆ ریکلام بۆ نێرگیلەو جگەرە بکەیت یان ریکلام بۆ پیشانگای کتێب و ماراسۆنی گشتی ڕاکردن بکەیت!
دەستنیشان کردنی بوارە تایبەتەکان و بە ئامانج گرتنی کە ڕەنگە لە ڕێگەی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانەوە خزمەتگوزاری گونجاو وەرنەگرن. بەشە تایبەتمەندەکان یان بڵاوکراوەکان کە جێگەی بەرژەوەندییە تایبەتەکانن، وەک هونەر، کولتوور، یان مێژووی ناوخۆیی، دەتوانن خوێنەر ڕابکێشن. لە کاتێکدا کە یەکخستنی دیجیتاڵی زۆر گرنگە، بەڵام نابێت چاوپۆشی لە سەرنجڕاکێشیی جوانکاری ڕۆژنامە چاپکراوەکان بکرێت. وەبەرهێنان بکە لە دیزاینی چاپی کوالیتی بەرز و سەردێڕی سەرنجڕاکێش و نەخشە سەرنجڕاکێشەکانی بینراو. ئەمەش نەک هەر ئەزموونی خوێندنەوە بەرز دەکاتەوە، بەڵکو ڕۆژنامەکە وەک بابەتێکی بەرجەستە و کۆکراوە جێگیر دەکات.
لە کۆتاییدا، نۆژەنکردنەوەی میدیای چاپکراو لە سەردەمی ئێمەدا پێویستی بە پێکهاتەیەکی ستراتیژی هەیە لە وەرگرتنی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی، دابینکردنی ناوەڕۆکی کوالیتی بەرز، پەیوەندی بەردەوام وئۆرگانیکی لەگەڵ پرسە ناوخۆییەکانی کۆمەڵگە، هەمەچەشنکردنی سەرچاوەی داهات، ئامانجکردنی بوارە تایبەتەکان و گرنگی خەست بە دیزاینی چاپکراو. ڕۆژنامە چاپکراوەکان بە خۆگونجاندن لەگەڵ دیمەنی میدیایی پەرەسەندوو کرۆکی ڕۆژنامەگەریی چاپکراو دەپارێزن، دەتوانن پەیوەندییەکی نوێ بدۆزنەوە و سەرنجی بینەرێکی هەمەچەشن و مۆدێرن ڕابکێشن، ئەو دەمی قسە لەسەر گەڕاندنەوەی شوناسە وون بووەکە لە گرەوی مەحاڵ دەردەچێت و دەبێتەوە بە حەقیقەت!




غەززە * زبڵدانێکە بۆ بە فاشیستبوونی بانگخواز و ئیسلام ی سیاسیی کورد.. هیوا محەمەد ئەمین

لە ڕێکەوتی ١٢. ١٠. ٢٠٢٣ دا بەڕێز عەلی باپیر ، ئەمیری کۆمەڵی دادگەریی نوسینێكی لەژێر ناونیشانێكی دورودرێژ ١ لە ماڵپەڕی ( ڕاچڵەکین ) دا بڵاودەکاتەوە٠ نوسینەکە بەشێوەی گشتیی خۆی بە دوو ئاقار و ئامانج دا ئاراستە دەکات، یەکێکیان گلەیی، سەرکۆنە و هێرشە بەرامبەر کەسانێك ، کە نەیخواستووە نە ناویان بهێنێت و نە ڕونکردنەوەی پێویست لەسەر ئەو بابەتە بدات٠ ئەوی تریان سەبارەت بە جەنگ ی غەززە – ئیسرائیل و دۆز ی فەلەستینیەکانە ! ئەگەر خوێنەر کەمێك بەسەرنجدانەوە لەو نوسین و ناونیشانە دورودرێژە وردببێتەوە ، تێدەگات و دەگاتە ئەو بڕوایەی ، کە ئەم نوسینە چەندێك بە پەلە ، شپرزانە ، لە دنیابینیەك ی تەسك ، هەناسە سواریی ، دیدێك ی فاشیستانە و ئاقارێك ی نامرۆڤانە نووسراوە؟!
من لێرە دا سۆمایی دیدە و نیگا ی تێڕوانینی خۆم بەدوور لە هەر دەمارگیریی، بارگرژیی یان خوانەکردە بێڕێزیەك بەرامبەر هیچ کەسێك ، بەسادەیی دەخەمە سەر شەڕی غەززە و بۆچونەکانی عەلی باپیر گومان ی تێ دا نیە کە ئەوەی ئێستا لە غەززە دەگوزەرێت، دۆزەخێکە، کڵپە و نێڵە ی ئاگرەکەی مرۆڤی فەلەستینیی و شار ی غەززە دەسوتێنێت، کە لەڕووی ویژدانیی، مرۆڤایەتیی و ڕەوشتپەروەریی ( ئەخلاقیی ) ەوە ناشێت و ناکرێت شایی و لۆغانی بۆبگێڕدرێت٠ بەڵام ئەم دیمەنە تەنیا دیوێك ی شانۆ ی کارەساتباری شەڕ ی غەززە – ئیسرائیلە، لە دیوەکە ی تری شانۆکە دا ، دیمەنێك ی ترهەیە کە تەراژیدیا ی ئیسرائیل و گەل ی جووە ، کە تێیدا سەدان کەس دەبنە قوربانیی ئەو دۆزەخ و کوشتارگەیە ی کە فەلەستینیەکان یان چاکترە بڵێم حەماسیەکان خافڵگیرانە بۆ گەل ی جوویان ساز دابوو ، ئەمەش دیسان نامرۆڤانە دەکەوێتەوە ، ئەگەر چۆپیی و هەلهەلە لەسەر جەستە ی قوربانیان ی مرۆڤ ی جووش بکێشین٠
بەڕێز ئەمیر لە سەرەتا ی نوسینەکەی دا باس لە دوو بەرە ی ستەمکار و ستەملێکراو دەکات ! ئەم دەربڕین و شێوازبەخشینە بە دنیا ی نادادپەروەریی ، ڕاستە و پێچەوانە ی حەقیقەت نیە ، لەوەتەی ژیانیش هەیە هەردوو بەرە ی ستەمکار و ستەملێکراویش هەبووە! بەڵام کاتێك نوسەر دێتە نێو هۆڵ ی دادگە و بینینی شانۆ ی ڕوداوەکان ، و هەروەها شێواز ی دەربڕین ی زمان و تێگەیشتنی ئەو بۆ کێشەکان ، ئیدی دیمەن و جیهانە دابەشکارییەکە ی جەنابی ئەمیر بۆ ژیان و مرۆڤایەتیی لە نێوان ستەمکار و ستەملێکراو دا تەم ی بەسەر دا دێت و لەسەر تەختی شانۆکە دا دیارنامێنێت ، و لە دواجار دا جەناب ی ئەمیر لە دادوەرییەکەی دا دەبێتە بەشێك لە لایەنگر و هەڵگر ی دنیا ی ئایدۆلۆژیایەك ی لایەنگیریی و پابەندبوو بە پاشخان و کولتورێك ی ئیسلامییانە و هەر لەو دیدەشەوە دواجار ئەو دادگایی شەری غەززە دەکات و دواجار دەبێتە بەشێك لە دنیای ستەمکاریی ، ئەم واقیعە تاکو ئێرە نائاسایی ، ناسروشتیی و خەوشێك نیە! بەڵام بەڕەی کێشەکە لێرە دا خۆی ڕادەخات : { مسوڵمانانی فیداکاری غەززە زەبرێکی گورچکبڕیان لەو قەوارە ناڕەوایە وەشاند و بەتوندیی هەژاندیان ، بۆ تێکڕای مسوڵمانان و مرۆڤە ویژدان زیندووەکانی دنیا ، مایەی دڵخۆشیی بوو } . ئەمە باوەڕی جەناب ی ئەمیری موسوڵمانانی کوردستانە ، کە لە نوسینەکەی دا ئاماژە ی پێدەدات! ئەم جۆرە نەفەس و مێتۆدە ئەخلاقیی و ئایدۆلۆژییە ، کە بەڕێز ئەمیر بەکاریدەهێنێت بۆ دادوەرییکردن لەنێوان دنیا ی هەق و ناهەق یان ستەمکار و ستەملێکراویی دا ، مێتۆدێك ی تەواو ناڕەوا ، نادادپەروەر ، نامرۆڤانە ، فاشیستانە و سادیستانەیە ، مێتۆدێکە کە لە ڕووی مێژویی و ڕەوشتپەروەرییەوە سەرچاوە ی خۆی لە هەمان ئەو مێتۆدە قورئانییە وەردەگرێت، کە لە ڕۆژگار ی جەنگ ی بەدر و سەرهەڵدانی سورەتی ئەنفال دا برەوی هەبوو : { قاتلوهم یعذبهم اللە بأیدیکم و یخزهم و ینصرکم علیهم و یشف صدور قوم مؤمنین }؟! بەڵام ئەم ڕۆژگارە ی کە گەل ی جوو و فەلەستین ی پێداتێدەپەڕێت قۆناخێکە ، لەلایەك ناژیرانە و نالۆژیکیانە دەبێت ، ئەگەر بە ڕۆژگار ی جەنگ ی بەدر بچوێنرێت و بپێودرێت ، لەلایەکی دیەوە هەم ستەم و تاوانێکە بەرامبەر بە گەلان ی جوو و فەلەستین ٠ ئەم دید ، تێڕوانین و جیهانبینییە جگە لە زیندوڕاگرتن ، سەرهەڵدان، دروستکردن و ئەزمونکردن ی هەستی ڕق، کینە، بوغز تۆڵە و بەردەوامییدان بە ڕۆحی دوژمنکارانە لە نێوان ئەو دوو گەلە دا ، نەك هەر هیچ سود و بەرهەمێك ی نەبووە ، بەڵکو ڕێژە و ئاست ی قوربانیەکان ی هەردوو گەل ی جوو و فەلەستینیی گەیاندە دواهەمین لوتکە ی بێمۆڕالیی و بەربەرێتیی٠
چەندین ساڵە ناسیۆنالیزم ی عەرەبیی بە پاڵپشتی ئایدۆلۆژیا ی ئیسلامیی – ئیخوانیی و بەکارهێنانی دروشم ی نەتەوەپەرستیی ، ئیسلامیی و بەکارهێنانی چەمكی الصهیونیة ( زایۆنیزم ) ، کار لەسەر دۆز و کێشە ی فەلەستینیەکان دەکەن ، بەبێ ئەوەی توانیبێتیان ، کە چارەسەرێك ی واقیعیی و ڕیشەیی نە بۆ کێشەکان بدۆزنەوە و نە دۆز ی فەلەستینیش بگەێننە کەنار ی ئاشتیی و ئارامیی٠
کاتێك یاسر عەرەفات پەیماننامە ی ئاشتیی لەگەڵ ئیسرائیلییەکان واژۆ کرد ، هەر زوو فاشیستە ئیخوانیی و نەتەوەپەرستە عەرەبەکان کردیانە هەڵای تاوانبارکردنی عەرەفات و ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین بە ناپاك و خۆفرۆش ، و دواییش جووە ڕاستڕەو و ڕەگەزپەرستەکان ئیسحاق ڕابین ی سەرۆک وەزیرانیان تێرۆر کرد ٠ ڕاستە مرۆڤ ئازادە لە دەربڕین ی ڕا و ویژدانی خۆی ، بەڵام ئەمە جێگە ی باس و گرنگییپێدانی سەرەکیی من نیە لێرە دا ؛ بە ئەندازە ی ئەوەی ، کە پێم گرنگە چۆن تاك ی کورد بتوانێت خۆی لە دنیا ی جەهل ، خورافات ، ڕق ، کینە ، بوغز تۆڵە ، ڕەتکردنەوە ، قبوڵنەکردن ی بەرامبەر و … تاد بەدووربگرێت ! ئەو پاشخانە کولتوریی و فەلسەفییە ئیسلامیی – سیاسییە ی کە بۆ جەناب ی ئەمیر بووەتە ڕۆژنە ، دیدگە ، دنیابینیی و بیرکردنەوەیەك ی نەگۆڕ و موتڵەق ، پاشخانێكی تەواو فاشیستیی و بێبەزەییانەیە ، کە نەك هەر دوورە لە هەموو بەهایەك ی مرۆڤایەتیی ، ڕەوشتپەروەریی و ئیمانداریی ، بەڵکو تەنیا مرۆڤ ی دەروننەخۆش بەرهەم دەهێنێت ٠ ئەگەر سەرنج لە نوسینەکەی بەڕێز ئەمیر بدەین ، دەبینین هەمان شێواز ی زمانی کینلەدڵیی ، ڕقئەستوریی ، هێرشبەرانە ، دروشمبازییانە ی ڕەگەزپەرست و شۆڤینیە عەرەبەکان ی بەکارهێناوە : { ستەملێکراویی گەلی فەلەستین و ستەمکاریی جوولەکە زایۆنییەکان … } یان { هەرکەس لەم ڕۆژگارە دا پشتیوانیی لە مسوڵمانانی ستەملێکراوی فەلەستین نەکات ، لە بەرامبەر ستەمی جوولەکە زایۆنییەکاندا ، نیشانەی پرسیاری زەقی دەکەوێتە سەر لە ڕووی : مسوڵمانەتیی و کوردایەتیی و مرۆڤایەتییشەوە ! }٠
دەربڕین ی ئەم جۆرە چەمك و دەربڕینە تیژپەڕ ( تطرف ) و ساڕێژبووە بە ڕق ، کینە و بوغزبەرامبەر بە گەل ی جوو ، نەك هەر ناتوانێت حەقیقەت و هۆکاری سەرهەڵدان ی ئەم جەنگ و خوێنڕێژییانە بنرخێنێت ، بەڵکو بە هەمان شێوەش ناتوانێت هەتوانێك بخاتە سەر برین و ژان ی دایكێك ی دڵسوتاو و سکسوتاو ی فەلەستینیی و جوویەك ، بەڵکو بارەکە ی بۆ هەردوو گەل ی ناوبراو بە گوزەرێك ی تەراژیدیاش دا برد ٠ هەر لە سەرەتا ی جەنگەکە دا زۆرێك لە مەلا ، بانگخواز ، کەسایەتیی و پارتە ئیسلامییە کوردەکان زۆر گێلانە ، نەفامانە و ناواقیعیانە کەوتنە وتارخوێندن ، بەڕێکردنی ئاهەنگ ی شیوەن و گریانی ساختە و درۆزنانە لە مزگەوتەکان و دەرکردنی بەیاننامە و هاندان ی سۆزداریانە ی سۆز ی مرۆڤ ی موسوڵمان ی کورد بە گیان ی ڕق ، کینە ، تۆڵە و پیرۆزیی قودس ، بۆ جەنگ و غەزاکردن دژی جوو و وڵاتی ئیسرائیل ، وەك بڵێیت کورد و جوو دوژمن ی باوەکوشتەی یەکتری بووبێتن ؟ ! ئەمیری موسوڵمانان لە ڕوداوەکان دا بەدەستوبردە بۆ هەڵوێستوەرگرتن ، بۆیە هەرزوو کەوتە بانگەواز ، بەیان دەرکردن و هاندانی گەنج ی کورد بەرەو غەزاکردن ، هەروەك ساڵێك لەمەوبەر زۆر نادادپەروەرانە و بە دیدێك ی ئیسلامیانە ی تەنگ و ستەمکارانەوە هاوشان ی مەلا و مۆدێلی نوێی فاشیستانە ی بانگخوازە کوردەکان ی وەك دوکتۆر عەبدولواحیدەکان ، بەیاننامەیەكی بە هێنانەوەی ئایەتێك ی قورئانیی دژی ئێزدییەکان دەرکرد و هەڵوێستی خۆی و پارتەکەی دژ بە ڕوداوەکەی ساڵ ی پاری ئێزدیەکان لە شارۆچکەی شنگال ڕاگەیاند٠
ئۆقرەئارامیی، ئاسودەیی و دڵخۆشبوونی جەناب ی ئەمیر بە کوشتار ی جووەکان و تۆڵە سەندنەوەی فەلەستینییەکان لە جووەکان ، بە جۆرێك لە ناخ و ویژدانی دا قوڵپ دەدات ، دەکەوێتە هەڵە ، بوختان ، هۆنینەوە ی بێبنەما و بێبەڵگە ، و بەلاڕێدان ی ڕاستیی سەبارەت بە هەڵوێست و کاردانەوە ی مرۆڤ ی کورد لەهەمبەر دڵخۆشیی و شادییدەربڕینیان بەرامبەر بە کوشتار ی جووەکان لەلایەن فەلەستینیەکانەوە : { بۆ تێکڕای مسوڵمانان و مرۆڤە ویژدان زیندووەکانی دنیا ، مایەی دڵخۆشیی بوو ، لەنێویشیاندا خەڵکی کوردستان لە هەموو بەشەکانیدا : باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا ..تاد } ٠ ئەم جۆرە قەتیسبوون و خۆچڕکردنەوەیە لەنێو زۆنگاو ی بیر ی فاشیستیبوون ، ڕق ، کینە ، بوغز ، تۆڵە ، ڕەتکردنەوەی ئەوان ی دی و هەروەها بازنە ی داخراو ی ئایین ، دەقی قورئانیی ، کۆڵان ی داخراو ی فەرمودە و یاساکانی شەرع دا ، مرۆڤ بەرەو دنیا ی پوچیی ، دڕندەیی ، بێئومێدیی ، گەشاندنەوەی پشکۆی دنیا ی ئاژەڵیی دەبات ، بەرەو ئاوابوونی خۆری دادپەروەریی ، هەستی مرۆڤایەتیی و کوژاندنەوە ی ڕوناکایی ئیمان و مردن ی یەزدان دەبات ، مردنی یەزدانیش سەرەتا ی سەرهەڵدان و ڕەوایەتیدانە بە ستەم، نادادپەروەریی، نایەکسانیی و زەقکردنەوە و چریسکانەوەی شمشێر ی ڕق و کینە بۆ ملپەڕاندن و کەوڵکردنی پێستی ئەوانیدی٠
گەلۆ ڕۆڵی ئیمان و یەزدان لەم نێوە دا چیە ؟ ئیمان هێز یان مەملەکەتێك ی دەستڕۆیشتوو ی دەستەڵات ی پاشایی نیە ، کە بوون ، چەمك و ماناکانی خۆی لە ئەودیوی سروشتەوە حەشاردابێت ، مەقەڕ ، مزگەوت ، تەکیە و خانەقا نیە کە ئامانج تیای دا بەرهەمهێنان ی مرۆڤی مێگەلیی بێت ، هەروەها لەقاڵبدانی دەق ، باوەڕ ، عەقیدە ، مەزهەب و ئایینێكیش نیە کە پیرۆزبکرێت و بپەرسترێت ، بەڵکو هێزی سروش ( وحي ) و ئیلهامێك ی بێکۆتایە لە هەر سەردەم و ڕۆژگارێك دا، کە پەیام و ئامانجەکەی گەیاندنی مرۆڤە بە پلەیەکی باڵاتر لە فەزیڵەتی ڕەوشتپەروەریی ، دواجار گەیاندنی مرۆڤە بە ڕوناکایی و بەرجەستەبوون ی سیفاتی یەزدانیی لە ئەو ، واتا مرۆڤ دا، واتا کار و پڕۆژەی ئیمان دروستکردن و بەرهەمهێنانی مرۆڤی یەزدانییە ، بەجۆرێك ی دی سەرهەڵدانی مرۆڤ ی ڕیالیستیی و ئیماندارە ٠ ئاراستە و ئامانجەکان ی ئیمان و ئایین زۆر لێکجیاوازن:
ئایین؛ توێکڵ و دیوە دنیایی و ڕوکەشەکە ی ژیانە ، بەجۆرێك ی دی نێوەندگیریەکە لەنێوان دنیا ی ئاژەڵیی و ئەفسانەکان ی گەیشتن بە دنیا ی بەهەشت و دۆزەخ ! پایە و جێگە ی مرۆڤیش لەو نێوەندە دا لە سەنتەربوون و سیفاتی گەردونییەوە بەرەو پەراوێز و گیرخواردن لە چوارچێوە ی ناوچەیبوون ( لۆکاڵییبوون ) و ئەحکام ی پابەندبوون بە دنیا ی ئایین دەبات٠ بەڵام ئیمان ئازادکردنی مرۆڤە لە هەموو ئەو کۆت و بەندانە ی ئەفسانە ، ئایین و پیاوانی ئایینیی ، ئاراستەکردنی مرۆڤە لە دنیا ی ئەفسانەیی بەرەو دنیا ی ڕیالیستیی و هۆشمەندیی ، و هەروەها ئازادکردنیەتی لە دنیا ی ئاژەڵییەوە بەرەو فەلسەفە ی مرۆڤبوون ، واتا ئیمان گەیاندن ی مرۆڤە بە بەرزترین و باڵاترین ڕەوشت ٠ سیفاتێك ی تر ی ئیمان دەرهاویشتن ی مرۆڤە لە دنیا ی قەتیسبوون ، پەنگخواردنەوە ، خولخواردنەوە و ناوچەییبوون ، بەرەو بەجیهانیبوون و هەڵگرتنی سیفاتێك ی گەردونیی لە ناخ ، ویژدان ، بیرکردنەوە و ئاکاری مرۆڤ دا ٠ لەم دنیا سیفات گەردونیە دا ، کە سیفاتێك ی بەرز و باڵای بەرجەستەبووە لە بوون ی یەزدان دا ، کۆی مرۆڤایەتیی ، بە هەموو ڕەنگ ، زمان ، نەتەوە و ڕەگەزێكەوە لەوێ دا جێگە ی دەبێتەوە ، واتا چ جوویەك یاخود فەلەستینییەك بێت ٠ بەڵام ئەوە ئایین و کەرەستەکان ی ئایینە کە لەلایەك دابڕین دروستدەکەن لە نێوان یەزدان و مرۆڤ دا ، واتا لە نێوان حەقیقەت و فەلسەفەی مرۆڤبوون دا ، و لەلایەکی دیەوە خوڵقاندن ی کێشە و قوڵترکردنەوەی بەربەست و ئاڵنگاریەکانی نێوان مرۆڤە تاکو ڕادەی دروستکردن و حەقانیەتبەخشین بە دنیای ستەم ، تاوان ، غەدر، خیانەت ، ڕق ، کینە ، بوغز و تۆڵە لەنێو کۆمەڵگە ی مرۆڤایەتیی بەگشتیی و موسوڵمانان بەتایبەتیی : { لاتقوم الساعة حتی یقاتل المسلمون الیهود ، فیقتلهم المسلمون ، حتی یختبئ الیهودي من وراء الحجر والشجر ، فیقول الحجر و الشجر : یامسلم یا عبد اللە هذا یهودي خلفی فتعال فاقتلە ….. تاد } . لەم باس و خواستانە دا هەڵبەتە مەولانای ڕۆمیی ستەم و ناهەقیی نەنواندووە کاتێك کە دەڵێت :
من لەبەرئەوە بێئایین و دینم
تاکو نەڕێژم خوێنی هاوشێوەم

لە ڕوانگە ی ئیمانەوە ؛ پێم پێویستە ئاماژەیەك بۆ بەشێك ی تر لە نوسینەکەی بەڕێز ئەمیر عەلی باپیر بدەم کە : { هەروەها مزگەوتی ئەقصا و قودسیش خاڵی هاوبەشی نێوان تێکڕای مسوڵمانانە چونکە یەکەمین ڕووگە و سێیەمین حەڕەمیان و ، شوێنی سەفەری شەوڕۆ و میعراجی پێغەمبەرەکەیانە : سبحان الذی أسرى بعبدە لیلا …. تاد } ٠قەتیسکردنی دنیا ی ئیمان و سروشت ی یەزدان و سیفاتی یەزدانیی لە ناوچەیەك ی جوگرافیایی دیاریکراو دا ، یەزدان دادەبەزێنێتە ئاست ی پاشایەك ی ستەمکار و دادوەرێك ی نادادپەروەر و دڕندە کە بەهۆیەوە مرۆڤەکان بۆ گەیشتن بە دەستەڵاتدارێتیی و فەرمانڕەوایی ئەو بەشە جوگرافیایە ورگی یەکتر هەڵدەدڕن ؟ ! تاکو ئێرە ؛ لەوانیە بارەکە زۆر تەراژیدیی و بێچارەسەر نەبێت ، بەڵام کێشە قوڵ و مەترسیدارەکە لەوێ دا سەرهەڵدەدات ، کە ئایین وەك ڕۆڵ ی نێوەنجیەك دێتە نێو ئەم کایە و یاریەوە ، واتا دێت و شەرعیەت بە لایەك دەدات بۆ حەڵاڵکردن ی ڕشتنی خوێنی ئەوی دی ! ! بە بۆچوونی من خاڵ ی هاوبەشی نێوان مرۆڤایەتیی بەگشتیی و کۆمەڵگە ی موسوڵمانان بەتایبەتی ، شاری قودس نیە ، بەڵکو ئەو بەها و پرنسیپە مرۆڤایەتییانەن کە دان بە بوونی ئەوانی دی و ڕێز لە مافەکان ی ئەوانی تر دەگرێت ، ئەو پێوانانەن کە پێناسە و جیاکاریی نێوان مرۆڤەکان لەسەر بنەمای فەلسەفەی مرۆڤبوون دادەڕێژن ، واتا ئەو پێوانانە ی زەردەشت ئاسا ، کە بیر ی چاک ، گوتار ی چاك ، کردار ی چاك دەکاتە بنەمای پێناسە و ناسنامەیەك ی ڕاستەقینە بۆ مرۆڤی ڕاستەقینە نەك ڕەگەز و ئایینێك ی دیاریکراو ٠
بەپێی ئەم پێناسەیە ؛ ناسنامە و ناسینەوەی ڕۆح و ڕوخسار ی قودس ، لە پیرۆزبوونی ئەو دا نیە ، بەڵکو لە بەرجەستەبوون ی ڕۆح ی خۆشەویستیی ، میهرەبانیی ، لێبوردەیی ، پێکەوەژیان و قبوڵکردنی یەکتریدایە ، لە نێوان هەردوو گەل و هەر تاکێك ی جوو و فەلەستینییدایە . بەڕێز ئەمیر عەلی باپیر لەم بارەیەوە وەها دەنووسێت : { چونکە مرۆڤ ئەگەر مسوڵمان بێ دەبێ پشتی مسوڵمان بگرێ ، بەتایبەت ئەگەر وەك فەلەستینییەکان مەزڵومیش بن …. تاد } ئەم جۆرە دید و تێڕوانینە بۆ مرۆڤ و مرۆڤایەتیی ، و پێناسەکردنی مەزڵومیەت لەسەر بنچینە ی ئایین ، باوەڕ و پیرۆزکردن ی پارچەیەك ی جوگرافیایی، نەك تەنیا ئایدۆلۆژیایەكی ئەفسانەئامێزاوییە ، بەڵکو هاندان و برەودانە بە بیری توندوتیژیی و سەرهەڵدانی ئایدۆلۆژیای فاشیزم ی ئیخوانیی و داعشیزم ی ئیسلامیی لەنێو کۆمەڵگە دا . لەم ڕۆژنە و دیدەوە ؛ نابێت پێمان سەیربێت ، کاتێك بەڕێز دوکتۆر مثنی أمین لە چاوپێکەوتنێك ی تەلەڤیزیۆنیی کەناڵی ( میحراب ) ، بەم جۆرە دید و بیرە فاشیستییە ئیسلامییەوە پێناسە ی گەل ی جوو دەکات:
{ جوولەکە خوێڕین ، ترسنۆکن ، زاڵمن ، بێکارن ، مشەخۆر و …. تاد }، بەڵام بەمجۆرە پێناسە ی حەماس دەکات:
{ حەماس موعجیزەیەك ی خوایە، حەماس بۆ شەهیدبوون و مەرگ هاتووە ، جیهاد ئەکەن، سەری ئیسلامیان بەرزکردەوە، لەپێناوی خوا شەهید دەبن، خوا ڕێز لە شەهیدەکانی دەگرێت ؛ ئەو شەهیدانە لای خوا شفاعەت بۆ خەڵکی تر دەکەن، حەماس مەفخەرەیە بۆ موسوڵمانان و بۆ ئەحراری عالەم نەك تەنیا بۆ موسوڵمانان ، حەماس جوانترین نمونەی ئەخلاقیاتی پێشان دا، حەماس خاوەن رسالة ە …. تاد }
بەیادهێنانەوەی سیاسەتی ڕەگەزپەرستیی و فاشیستانە ی ئیخوان ی ئۆردوغانیی لەهەمبەر گەلی کورد لە ڕۆژئاوا ، باکور و باشوری کوردستان ئەوەمان بۆدەسەلمێنێت ، کە فەلسەفە و سیفات ی بەرزیی و باڵا ی موسوڵمانبوون فەلسەفەیەك ی هەڵخەڵەتێنەرانە و پوچگەرایانە ی عەبەسیانەیە ، کە توانا ی پاراستنی کەرامەت و زامنکردن ماف ی تاك یان دەستەبەرکردنی مافی دیاریکردنی چارەنوسی هیچ گەلێك ی موسوڵمان یان ناموسوڵمانی نیە ، ئەوەی لە مێژودا موسوڵمان بە موسوڵمانی کردووە لە دڕندەیی ، چەوساندنەوە ، تیرۆر ، کوشتار و ئەشکەنجەدان دا ، وێنە ی نەبووە ٠بۆیە کارێك ی ناڕەوا و ناپەسەندە ، ئەگەر ئێمە دیمەنەکانی گشت ئەو مێژوە خوێناویی و پڕ لە نادادپەروەریە ی کە ئاماژەم پێی دا بشێوێنین و تەنیا لە چەمكێك ی بچوك ی وەك زایۆنیزم و یەهودیەت ، یان پیرۆزیی قودس و شەری وێرانکاریانە ی غەززە – ئیسرائیل دا بچوك و بەتاڵ بکەینەوە ؟ ! پیرەمێرد ی شاعیر لە شیعرێکی دا دەیخاتەوەبیرمان کە:
ئەو قەومەی کە خوا دەربارەی ئەوان ٢
فەرمووی یەك بە دەن بۆ ڕۆژی مەیدان
چۆن لە ڕاستیی جوو ڕوو وەرئەگێڕن
لە خەیبەرەوە بەوانە فێرن

هیوادارم ئەم جەنگە نەبێتە کەرەستەیەك بۆ خۆشکردن ی ئاگری ڕق ، کینە ، بوغز و تۆڵە لە نێوان مرۆڤ ی جوو و فەلەستینیی ! ! با هەوڵ و بیرکردنەوەکان بەو ئاراستەیە بێت ، کە ڕۆحی میهرەبانیی ، بەخشندەیی خۆشەویستیی و قبوڵکردنی یەکتری لە نێوانیان دا بەرپا ببێت ٠هیوادارم نمونەکانی عەلی باپیر ، دوکتۆر مثنی أمین و دوکتۆر عەبدولواحیدەکان نەبنە مایە ی فیتنە ، عاقیبەتشەڕیی و دروستکردنی زبڵدانی کولتور ی غەزا ، جیهاد ، چاندنی تۆو ی ڕق ، کینە ، تۆڵە ، بوغز ، شەڕی پیرۆز لەنێو دڵ ، دەرون ، ڕەوشت و ویژدان ی تاك ی مرۆڤ ی کورد و موسوڵمان دا ! دواجار دەڵێم با کورد نەبێتە لەیستۆك و نەچێتە جەنگێکەوە ، کە شەڕی ئەو نیە ، ئێمە ی کورد گیرۆدەی مەزڵومیەت و ستەملێکراویین ، گیرۆدە ی کیمیاویی ، ئەنفال ، تعریب ، ڕەشەکوژیی و جینۆسایدی کوردانی ئێزدیی ، فەیلیی و بارزانییەکانین ، گیرۆدە ی ڕەگەزپەرستیی ، نکۆڵیی نەتەوەیی ، بیری دژەکورد و ئیخوانی ئۆردوگانیی ی تورکیین ، گیرۆدە و ستەملێکراویی سیستەم و بیری نەتەوە – مەزهەبیی و حوکمەکانی لەسێدارەدان ی مرۆڤی کوردین لە جمهوریی ئیسلامیی ئێران دا ؟ ! کاراکتەری چەوسێنەر و ستەمکار لێرە دا گەل ی جوو نیە ، بەڵکو خێڵ ی موسوڵمانانن کە بەدرێژایی سەدان ساڵە دەمانچەوسێننەوە و ئازارمان دەدەن.

کۆتایی

———————————————

پەراوێزەکان
١- لە نێوان جوولەکە زایۆنییە داگیرکار و فەلەستینییە وڵات زەوتکراوەکاندا
٢- ئاماژەیەکە بۆ ئەو ئایەتە قورئانیە ی ، کە : { یا ایها النبی صرخ المؤمنین علی القتال إن یکن منکم عشرون صابرون یغلبون مائتین و ان یکن منکم مائة یغلبوا الفا من الذین کفروا بأنهم قوم لایفقهون }
*- ئەم نوسینەم چەند ڕۆژێك لەمەوپێش لە ڕۆژنامەی ئاوێنە بڵاوکردەوە ، بەڵام بەداخەوە بەهۆی هەڵەیەکەوە کە لە خۆمەوە ڕوی دابوو ، بە ڕێکەوت نوسخەی ڕەشنوسەکەم بۆ ڕۆژنامە ی ناوبراو ناردبوو . بەداوای لێبوردن لە سایتی دەنگەکان و ئاوێنە ، کە بەناچاریی بە پێویستم زانیی لە دوو ڕاگەیاندن و سەکۆی جیاواز دا بڵاویبکەمەوە . سوپاس بۆ تێگەیشتنی دەنگەکان !

هیوا محەمەد ئەمین
14 .1 . 2024




فەلسەفەی ئەرەبی-ئیسلامی.. گێرت هێندریش.. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

ڕەخنەی فەلسەفەیی فەلسەفە:
غەزالی و پاشەوارانی

ئەبو حامید ئەلغەزالی (1058-1111) سەر بە وتووێژخوازترین هزرڤانانە لە مێژووی فەلسەفەی ئیسلامیدا، تەنانەت هەندێکی داڕشتنەکان نایخەنە ڕیزی فەیلەسوفەکانەوە. هۆی ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ڕووە جیاوازەکانی بەرهەمەکەی: ئەو وەک ڕەخنەگرێکی تیژی فەلسەفە، بەتایبەتی فەلسەفەی فارابی و ئیبن سینا، دێتە نێوانەوە، هاوکات ئەو خۆی فەیلەسوفە لە ئاستێکی باڵادا کە لۆگیک و ڕەخنەکەی لە مێتافیزیک لە سەردەمەکەی تێدەپەڕن. جگە لەوە بەرهەمەکەی دوو شێوازی تەواو جیای داڕشتن لە خۆ دەگرێت: ئەو لە لایەک هزرڤانێکی ئێکسۆتێرییە، کەواتە پابەندی ئەرگومێنتهێنانەوەی زانستی-ڕاسیۆنالە، وەلێ هاوکات نووسەرێکی ئێسۆتێرییە بە مەیلێکی بەهێزەوە بۆ میستیک. ئەو لەپاڵ ڕەخنەی فەلسەفەدا هەروەها چینی زانایانی ئاین و شەریئەتی، واتا ئولەماکانی، ڕەتکردەوە و ملکەچیی ئەوانی بەرانبەر دەسەڵاتداران، هەروەها دەردی تەرقیەخوازی و ژیانی گوماناوییانی لە ڕووی مۆرالییە خستە ژێر ڕەخنەیەکی تیژەوە. کەواتە ئەو هزرڤانێک بوو کە بەزەحمەت لەتەک نموزەجێکی یەکانەیی ڕاڤەکردندا دەگونجێت. غەزالی ساڵی 1058 لە توس کە دەکەوتە خۆراسانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتی فارسەوە، هاتە جیهانەوە. ئەو لە نیشاپور لای ئەلجووەینی (1085 مردووە) کە تیۆلۆگێکی بەناوبانگی سەر بە ڕێبازی ئەشئەری بوو، چووە بەر خوێندن، ئەوجا لە بەغداد کورسییەکی بەواتای بۆ شەریئەی ئیسلامی وەرگرت. خەریکبوونی چڕی ئەو بە فەلسەفەوە، بەتایبەتی بە فەلسەفەی ئیبن سیناوە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەم ماوەیەی کاری وانەبێژییەکەی. غەزالی لەدژی ئیبن سینا یەکێک لە نووسینە سەرەکییەکانی خۆی نووسی، بە ناونیشانی “تەهافوت ئەلفەلاسیفە” (Distructio philosophorum). وەلێ تەنگژەیەکی قووڵ کە نەمانی زەمینە و ئاڕاستە بوو، ناچاری کرد واز لە پۆستی وانەبێژییەکەی بهێنێت. ئەو پشتی کردە نزیککەوتنەوەی تەنیا ئەقیدەگەرا (دۆکترینێر) و ڕاسیۆنال لە ئایین و وەرچەرخا ڕووەو میستیک. غەزالی چەند ساڵێکی درێژخایەن بەنێو جیهانی ئیسلامیدا گەڕا و لە کۆتاییدا گەڕایەوە بۆ نیشاپور، پاشان بۆ توس ی زێدی خۆی و هەر لەوێ ساڵی 1111 مرد. ئێمە دەتوانین لە سەرجەم هزری غەزالی پەرچەکردارێک لەسەر تەنگژەی هۆشەکییانەی سەردەمەکەی تێبگەین، تەنگژەیەک کە لە لایەک فەلسەفە خستبوویەوە، لە لایەکی دی ڕیشەی لەنێو ئاژاوەی قووڵی نێو تیۆلۆگیی ئیسلامیدا داکوتی بوو، کە ئیدی لە سەرئەنجامدا نەک تەنیا بەسەر تەئویلی سوننی و شیئییانەدا، بەڵکو لەنێو ئەم ئاینزایانەشدا بەسەر سێکت و مەدرەسەی لەژمارەنەهاتوودا دابەشی. لە فەلسەفەدا بەتایبەتی ئیبن سینا بە هێزی پڕواپێهێنەری فەلسەفەیی و ئایینی-میستیکییانەی خۆدەربڕینییەوە تیۆلۆگە ئیسلامییەکانی ناجەخت کردبوو. وەڵامی ئەوە تا کاتی غەزالی کەم یان زۆر نزیککەوتنەوەی تیۆلۆگەکان بوو لە فەلسەفە، یان بە پێچەوانەوە بەرهەڵستیکردنی فەلسەفە بوو بە شێوەی ناوردبین یاخود تەنانەت تووڕە.

ڕەخنەی فەلسەفە

غەزالی کۆبەرهەمێکی فراوانی نووسینی بەجێهێشت. لە کارە تیۆلۆگییە سەرەکییەکەیدا بە ناونیشانی “ئیحیائ عولوم ئەلدین” (ژیاندنەوەی زانستە ئایینییەکان) کە لە ساڵانی گەڕانەکانیدا سەریهەڵدا، هەوڵ دەدات پێشبینییە ترادیسیۆنییە ئایینییەکانی ئیمان بە مەشقەکانی سۆفیزمەوە، هەروەها ئێتیکی ئیسلامی بە ئێتیکی ئەڕیستۆتێلی و ئەمیش بە فەزیلەکانی سۆفییەوە گرێبدات. ڕەخنەی ئەو لە فەلسەفە لە “تەهافوت”دا بەتایبەتی لە فارابی و ئیبن سیناوە دەستپێدەکات کە بەواتاترین نوێنەری فەلسەفەیەکی ئەڕیستۆتێلی-نوێپلاتۆنی بوون. غەزالی بە خۆیدا ڕادەپەڕموێت کە بەرپەرچی بیست تیۆریی فەلسەفەیی بداتەوە، لێرەشدا حەڤدە دانەیان بە لادان لە ئیمانی ڕاستینە دادەنێت، وەلێ گەرچی بە ئیسلام ناگونجێن، سەرباری ئەوە بە دیدی غەزالی کوفر نین، وەک بۆ نموونە تیۆرییەکەی ئیبن سینا لەمەڕ دەروون، یان پێشبینییە سروشتی و هۆئەنجامییەکانی فەیلەسوفان بەگشتی، یاخود ئەو تێڕوانینە کە خودا وەک هەرە یەکەمین هیچ ئەتریبوتێکی نییە. وەلێ غەزالی بە پێچەوانەوە سێ تیۆری وەک بێئیمانی دەبینێت، بەمەش هەرسێکیان زەندەقە و داگەڕانن لە ئیسلام: یەکەمیان تێڕوانینی جیهانە وەک ئەزەلی، دووەمیان وادانانەکیی فەیلەسوفەکانە سەبارەت بە ناسینی شتە تاکەکان لە لایەن خوداوە نەک وەک شتی تاک، بەڵکو تەنیا پەیوەند بە ڕێکخراوی گەردوونییەوە، کەواتە تەنیا وەک کەرتی زەرووریی ئەو ڕێکخراوەی جیهان کە خۆی دروستی کردووە؛ سێیەمیان تێزی نەمریی دەروونە کە نکۆڵی لە ژیانەوەی (قیامەتی – و) لەش دەکات. غەزالی سەرئەنجامەکە لە نووسینێکی بچووکتریدا بە ناونیشانی “ڕزگارکەر لە تاریکی” (المنقذ من الضلال) پوخت دەکاتەوە. زۆر جار بەهەڵە وا دادەنرێت گۆیا ئەم نووسینە “ئۆتۆبیۆگرافی”یە، چونکە غەزالی تێیدا دوائەنجامی هزرینی خۆی گرێدەدات بەو موئایەشە جیاوازانەوە کە لە ڕەوتی پێگەیشتنی کەسەکییانەی خۆیدا کردبوونی. ئەو حوکمی توند بەسەر فەیلەسوفانی ئەرەبی-ئیسلامیدا دەدات: گەر پێشتر تەنانەت سۆکرات، پلاتۆن و ئەڕیستۆتێلیس بەقووڵی “گیرۆدەی ناڕێکوپێکییەکانی بێباوەڕی و گومڕایی” بووبێتن، ئەوا دەبێت “خۆیان و لایەنگرانیان، لە نێویشیاندا فەیلەسوفانی ئیسلامی ی وەک ئیبن سینا و فارابی و دیکەش، بە بێباوەڕ” دابنرێن. ئەوجا غەزالی ئەوەشی دەداتە پاڵ کە: “هیچ کەس لەنێو فەیلەسوفانی ئیسلامیدا هاوشێوەی ئەم پیاوانە تێڕوانینەکانی ئەڕیستۆتێلیسی نەگەیاندووە” (al-Ghazali 1988, 18).
بێگومان ئەم نەفرەتکردنە لە فەلسەفە هێندە ڕەسەن نەدەبوو گەر غەزالی لە هەندێک پنتی بنەڕەتیدا جیاوازیی لە تیۆلۆگە ئەقیدەگەراکان نەبووایە. ئەو سەرەتا زانستی “فەلسەفە” بەسەر شەش لکی جیاوازدا دادەبەشێنێت: ماتماتیک، لۆگیک، زانستی سروشتی، مێتافیزیک، پۆلیتیک و ئێتیک، وەلێ تەواو جودا لە یەک دەیاننرخێنێت. ئەو لەبارەی ماتماتیک دەبێژێت: “کێ لەم زانستە بڕوانێت، هۆشسام دەبێت بە دروستێتی و بێهاوتایی سەلماندنەکانی”، بۆیە ئولەماکانی ئایین “تاوانێکی گەورە ئەنجام دەدەن گەر باوەڕ بکەن کە دەشێت ئیسلام بە ڕەتکردنەوەی ئەم زانستە بە سەرفرازی بگەیەنرێت” (Ebd., 19 ff.). ئەمە هەروەها لۆگیک دەگرێتەوە کە وەک ئامراز سەرەتا بێلایەنە، تەنانەت بۆ تیۆلۆگەکانیش بەشە زانستێکی گرنگی یاریدەدەرە، وەلێ گەر ناوردبینانە بەسەر ئاییندا بەکارببرێت، ئیدی دەبێت بە ئامرازی تەحریفکردنی ڕاستییە ئایینییەکان. هەروەها زانستە سروشتییەکانیش بۆ غەزالی دوو لایەنیان هەیە: ئەوە ئەرکی ئەقیدەگەری نییە بەرهەمەکانیان ڕەتبکاتەوە گەر هاتوو نەبن بەهۆی گومڕایی، بۆ نموونە نکۆڵیکردن لە گۆتەکانی قورئان. غەزالی وەک سەرئەنجامی ئەوە تەنانەت داوا لە زانایانی ئاین دەکات کە مێتۆدە لۆگیکییەکانی فەیلەسوفانی دژیاری خۆیان قبووڵ بکەن. ئەو خۆی دوو لێکۆڵینەوەی لەبارەی لۆگیک نووسی تاکو بەو ڕێیەوە لۆگیک بۆ تیۆلۆگی و شەریئەت سوودمەند بکرێت. وەلێ غەزالی سەرئەنجامەکە پەیوەند بە مێتافیزیکەوە تەواو جیاواز دەردەکێشێت: مێتافیزیک گەواهی دەدات بۆ “بەسەهووچوونەکان”ی فەیلەسوفان و غەزالی هەوڵ دەدات بەرپەرچی هەریەکەیان بداتەوە، لێرەشدا ڕەخنەی ئەو لە لۆگیک کارایی خۆی وەردەگرێت. ئەمە دروست بە گرنگترین بەشی فەلسەفەیی لە هزری غەزالیدا دانراوە.

کێشەی پەیوەندیی هۆئەنجامی

غەزالی بنەڕەتییانە گومان لە مافی ئاوەز دەکات کە بۆی هەبێت پرنسیپەکانی خۆی بەسەر ئاییندا بەکاربەرێت. ئەو لێرەدا بەئاشکرا ئەرگومێنت لەدژی پرنسیپی هۆ دەهێنێتەوە، لێرەشدا نکۆڵیکردنی فەیلەسوفەکان لە پەرجوو وەک دەرچە دادەنێت. ئەمان بەو ئەرگومێنتە نکۆڵییان لە پەرجوو کردبوو کە دژ بە تیۆریی هۆئەنجامییە سروشتییەکانە و ئێمەش دەبێت ئەمپیریانە لەم تیۆرییە تێبگەین، جگە لەوە وەک پرنسیپی ڕێکخراوی جیهان تیۆرییەکی زەروورییە، ئاخر تەنیا گەر پەیوەندیی هۆئەنجامی گریمانە بکرێت، ئیدی ڕێکخراوێکی ناسراو بەگشتی دەشێت و ڕیکخراوەکەش دەمانگەیەنێت بە خودا وەک یەکەمین هۆی زەرووری. گەر بۆ نموونە شتێک دەست بە سوتان بکات، بۆ ئەوە دەبێت هۆیەکی سروشتی هەبێت و هەمیشە سەرلەنوێ بە لەگۆڕێبوونی هەمان دۆخ دەبێت بەهۆی هەڵگیرسانی ئاگر. هەرگیز ناشێت سووتان بەبێ هۆیەکی سروشتی کە ئاگرەکە دەخاتەوە، بێتەئاراوە. هەر بەگوێرەی ئەمە فەیلەسوفەکان دەیانویست سەرجەم نموونەکانی پەرجوو لە قورئان و نووسراوە ئیسلامییەکاندا خوازەییانە تەئویل بکرێن نەک مرۆڤ وشە بە وشە لێیان تێبگات. بێگومان تا چەند ئەم تێڕوانینە بە ئاوەزدا بچێت، هێشتا هەر تیۆلۆگەکان لە پشتییەوە دروست گومانکردنێکی بنەڕەتییان لە خودای قادیر دەبینی. ئاخر گەر خودا لە توانایدا نەبووایە ڕیکخراوییەکەی بوونەهۆی سروشتی بپچڕێنێت، ئەوسا خۆیشی لەژێر ڕکێفی ئەو ڕێکخراوەدا دەبوو و چیدی خودای قادیر نەدەبوو. گونجاو بەمەش دژەئەرگومێنتی باوی تیۆلۆگەکانی ئیسلام ئاماژەدان بوو بۆ قودرەتی خودا: ئەو قودرەتە توانیویەتی ئەوەش بشێنێت کە بەرواڵەت وەک نەشیاو (مەحاڵ) دەنوێنێت و هەر ئەوها و هەردەم بەگوێرەی ویستی خۆی پرنسیپی هۆئەنجامی نەهێڵێت (1). باوەجو ئەم شێوەیەی هزرین کە بریتییە لە “credo quia absurdum” (“من باوەڕم هەیە، چونکە ئەوە بێهودەیە” [چونکە دەکەوێتە سەرووی توانستی تێگەیشتنی ئاوەزەوە – و]) سەرەتای سەدەی سێیەم لە هزرینی کریستیانیشدا لای تێرتولیان هەبوو.
فەیلەسوفەکان نکۆڵییان لە پەرجوو کردبوو و غەزالی بەرپەرچی دانەوە، نوێیەتیی بەرپەرچدانەوەکەش لە جۆری ئەرگومێنتهێنانەوەی ئەودا بوو. ئاخر ئەو لەوێدا بەسانایی ڕووناکاتە قودرەتی خودا، بەڵکو هەوڵ دەدات پرنسیپی هۆئەنجامی، وەک تیۆریی بوونەهۆی زەرووریانەی سەرجەم ڕوداوەکان، هەڵبووەشێنێتەوە. هەروەها غەزالی لە لایەنی خۆیەوە وایدادەنێت کە لە نێوان بوونەوەردا پەیوەندیگەلی زەرووری هەیە، بۆ نموونە کاتێک ئێمە ئەدگاران دەدەینە پاڵ بوونەوەران، یان پەیوەندییە ڕاوم-ییەکان. وەلێ ئەمە بە هیچ شێوەیەک چواندنی بۆ ئەو ڕوداوە یان ئەو شتانە نییە کە بە دەرکەوەرەکان شیاوی دەرککردنن: “پەیوەندی لە نێوان ئەوەدا کە وەک باوە بە هۆ و ئەنجام دادەنرێت، بە تێڕوانینی ئێمە زەرووری نییە. […] لە هەر کوێ دوو شت هەبن، لە هەبوونی یەکێکیانەوە بەزەرووری هەبوونی ئەویدیکەیان ناکەوێتەوە، بە هەمان شێوە لە نالێرەبوونی یەکێکیانەوە نالێرەبوونی ئەویدیکەیان ناکەوێتەوە” [سیتاتەکە وەرگیراوە لە: Ibn Ruschd 1913, 252]. پەیوەندیی نێوان دوو شت یان دوو ڕوداو ناگەڕێتەوە بۆ ناچارەکێتییەکی نێوەکی لە ئەوان خۆیاندا، چونکە ئەم ناچارەکێتییە لە سروشتدا تێبینی ناکرێت. گەر بۆ نموونە پارچەیەک خوری بەر ئاگر بکەوێت و دەست بە سووتان بکات، ئەوا فەیلەسوف لێرەدا لە پەیوەندییەکی هۆئەنجامی دەدوێت، وەلێ غەزالی بەرپەرچی ئەوە دەداتەوە:
“کەواتە ئایا بەڵگە بۆ ئەوە چییە کە ئاگر هۆکارەکەیە؟ تێبینیدانی ئەمپیری تاکە بەڵگەی فەیلەسوفەکانە: سووتان بە ئاگر و هاوکات لەتەک بەرئاگرکەوتندا دێتەئاراوە. تێبینیدانەکە دەیسەلمێنێت کە سووتان هاوکات لەتەک ئاگردا دێتەئاراوە، وەلێ نایسەلمێنێت کە سووتانەکە بەهۆی ئاگرەوە دەکەوێتەوە [هەمان سەرچاوە، 253].
کەواتە ئێمە بەڕاستی تەنیا دەتوانین چاودێریی پەیوەندییەکی دوای-یەکی (post-hoc) نەک پەیوەندیی بەهۆوەیی (propter-hoc) بکەین. ئەوەی ڕاستی بێت ئێمە ناتوانین لە ڕووی ئەمپیرییەوە دژبێژیی غەزالی بکەین. هەر بەم پێیە دەرئەنجامگیرییەکەی ئەو بریتییە لە: ئێمە لێرەدا هۆبوونێکی زەرووریمان نییە، بەڵکو ئەوە کاریگەریی خودایە: “خودا هۆی سووتانە، ئەویش کاتێک ڕەشایی دەهێنێتە نێو خوریەکەوە، هەروەها بۆ پێکهاتەکانی هەڵیدەوەشێنێتەوە و وەریدەگۆڕێت بۆ سوتوو. خودا ئەم کارە بە نێوەندیاریی مەلایکەکان ئەنجام دەدات یان ڕاستەوخۆ” (هەمان سەرچاوە). واتای ئەم ئەرگومێنتهێنانەوەیە لەوەدا نییە هەروەک ئێمە گەڕانەوەیەکی سەرلەنوێمان ڕووەو خودا هەبێت، یان واتاکەی لە هەوڵدانێکی لاوازدا بێت بۆ ڕزگارکردنی بڕوابوون بە پەرجوو، بەڵکو واتاکەی لەو هەقیقەتەدایە کە ئێستا هێزە ئەمپیرییەکەی سەلماندنی پەیوەندیی بەهۆوەیی (پرۆپتەر-هۆک) بەرپەرچ دەدرێتەوە. ئەم شێوازە هزرینەی غەزالی بێئاکام بوو، وەلێ ئەرگومێنتهێنانەوەکە درەنگتر لە فەلسەفەی ئەوروپیی نوێسەردەمدا، وەک ئاشکراشە لای دەیڤید هیوم، سەرلەنوێ سەرهەڵدەداتەوە. لێرەدا دەشێت زۆر سەرنجڕاکێشانە وەرچەرخانێک ڕوون بکرێتەوە: لە نێوان پارادیگمای ئۆنتۆلۆگییانە – کە غەزالی پێوەی پابەند بوو – و پارادیگمای مێنتالیستیی نوێسەردەم – کە هیوم پەیڕەویی دەکرد. ڕەخنەی غەزالی لە بەڵگەهێنانەوەی ئەمپیریانە بۆ پەیوەندییە زەروورییە هۆئەنجامییەکان هەر ئەوەی لێدەکەوێتەوە کە ئاماژە بۆ خودا بدات – خودا سەرلەنوێ وەک ناوکی ئۆنتۆلۆگییانەی هەر ڕوداوێک؛ بە پێچەوانەشەوە لەبەر ئەوەی نەشیاوە ئەمپیریانە پەیوەندیی هۆئەنجامی وەک جەختییەکی ئۆنتۆلۆگییانە بسەلمێنرێت، ئەوا هیوم دەرئەنجامێنێت کە سازاندنی ڕێژە هۆ-ئەنجامییەکان تەنیا لە خووی هزرینی مرۆڤەوە ئەنجام دەدرێت، ئەوەش بەڕێی ئەزموونەوە. کەواتە کاتێک غەزالی پەیوەندیی هۆئەنجامیی وەک کەرتی ڕێکخراوێکی جیهان بەرپەرچدایەوە، ڕێکخراوێک کە ئەو ئۆنتۆلۆگییانە لێی تێدەگەیشت و پەیوەندییە هۆئەنجامییەکە بە ئاماژەدان بۆ ڕێکخراوێکی هەروەها ئۆنتۆلۆگییانەی خودایی ڕزگاردەکات، ئەوا هیوم ڕێگەیەکی ئەوتۆ دەگرێتە بەر کە تەنیا بۆ ئاوەز کراوەیە: هیوم لە پەیوەندیی هۆئەنجامی تێناگات وەک پرنسیپێکی ڕێکخستن کە لەنێو سروشتدایە (کەواتە ئۆنتۆلۆگییانەیە)، بە پێچەوانەوە وەک پرنسیپی ئاگایی مرۆڤ دەیبینێت، واتا وەک پەرچەکرداری ئاگایی لەسەر ئەو ئەزموونانە کە مرۆڤ کردوونی. بێگومان هیوم ناتوانێت بەوە ڕوونی بکاتەوە کە داخۆ چۆن ئەزموونکردنی شتێک بەگشتی بشێت. کانت ئەم هەنگاوە دەنێت، کە دوای ئەوەی هیوم لە “سەرخەوی دۆگمایی” بێداری دەکاتەوە، ئیدی پەیوەندیی هۆئەنجامی تەنیا بە کاتێگۆرییەکی زەین دادەنێت، زەینیش بەگوێرەی ئەمە “یاساکانی خۆی بەسەر سروشتدا دەسەپێنێت” نەک بییەوێت لە ئەزموونەوە دەریان بئەنجامێنێت (Immanuel Kant, Prolegomena, § 36).
ئەرگومێنتەکانی غەزالی لەدژی تێگەی پەیوەندیی هۆئەنجامی لای فەیلەسوفەکان پێشانی دەدەن کە چەند زۆر دێباتی سکۆلایستییانەی نێو سیستەمەکانی ئیمان لە چەرخی نێڤیندا بەرەو پێش هەنگاوی نا تا ئیدی بە هزری مۆدێرنە دەگات. هاوکات لێرەدا ئەوەش خویا دەبێت کە تا چەند تیژترین ڕەخنەی هزری بێئاکام دەمێنێتەوە گەر تەنیا بچێتە خزمەتی بەرگریکردنی دۆگماییەوە لە سەرەکێتیی ئایین. ڕەخنەی غەزالی لە فەیلەسوفەکان تێکرا دوو سەرئەنجامی هەبوو. گومانی تێدا نییە کە ئەو ڕەخنەیە رۆڵێک بۆ سەرهەڵدانی کەشێکی گۆڕراو بەرانبەر فەلسەفە دەگێڕێت. ئەمڕۆ فەیلەسوفانی ئەرەبی-ئیسلامیی هاوچەرخ ئەو تانوتە لە غەزالی دەدەن. پۆلێمیکی ئەو لەدژی فەلسەفە ڕاستەوخۆ خودی فەیلەسوفەکانی هەنگێوت کە ئێستا لەنێو ژینگەیەکی سەرجەمییانە گۆڕراوی جڤاکیدا بەردرابوونە بەردەم نالێبوردەیی و دوژمنکاریی پەرەسەندوو. لە کۆتاییشدا غەزالی نەک تەنیا پۆلێمیکی لەدژی “بەسەهووچوونەکان” نواند، بەڵکو هەروەها ڕاستەوخۆ سەرزەنشتێکی پێوەلکاند: ئەم بەسەهووچوونانە هەڵگەڕانەوەن لە ئیمان، هەڵگەڕانەوەی ئەوهاش دەشیا لە هەڤرایەڵی جڤاکییانەی سەردەمەکەی ئەودا کوشندە بێت. وەلێ غەزالی هاوکات لە ڕووی مێژووی هزرەوە ڕاستەوخۆ بەشدارە لە بڵاوبوونەوەی فەلسەفەدا. ئەو بە شێوازی ئەرگومێنتیانە هەوڵی دا فەلسەفە لەکاربخات، لێرەشدا پەیڕەویی مێتۆدە فەلسەفەییەکانی کرد؛ جگە لەوە بەوەفایانە تێزە ڕەخنەییەکانی فەیلەسوفانی خستەبەردەم، کە ئیدی بەو ڕێیەوە زانینی زۆر لەبارەی فەلسەفەی ئەڕیستۆتێلی و نوێ-پلاتۆنی ڕاستەوڕاست بە ئەڵقەگەلی فراوانی تیۆلۆگە سوننیەکان گەیشت و رۆڵێکی گێڕا بۆ سەقامگیربوونی لۆگیکی ئەڕیستۆتێلیس لە مەدرەسە ئایینییەکاندا.

ڕەخنەی غەزالی لە فەلسەفە هەروەها سەرئەنجامێکی سیاسیی هەبوو. دابەشبوونی ئیسلام بەسەر سوننی و شیئیدا، هەروەها لێکهەڵوەشانی ئیسلام بەسەر ژمارەیەکی فرە سێکت و مەدرەسەدا، لای غەزالی نیشانە بوون بۆ لەخشتەبردنی ئیمانداران بەڕێی هزرینی چەوتەوە. ئەو هۆی سەرهەڵدانی ئەم هزرینە چەوتەی دەگەڕاندەوە بۆ فەلسەفە کە ویستوویەتی ڕاسیۆنالانە ڕێکخراوی جیهان ڕوونبکاتەوە و بیسەپێنێت، بەو ڕێیەشەوە ئیسلامی تێکشکاندووە.

غەزالی لە پامفلێتێکدا لەدژی شیئەی ئیسمائیلییە پەیوەندییەکی لە نێوان ئەوان و نوێ-پلاتۆنییەکاندا دەرخست: گرێدانی “زەینی پەتی” وەک یەکەم ڕژان ی یەک-ی هەرە سەرەتایی بە بیرۆکەی پێغەمبەرییەوە. بەمەش بە دیدی غەزالی هزرینی فەلسەفەیی نەک تەنیا پەرجووی پێغەمبەری، بەڵکو هەروەها لە سەرئەنجامدا خەلافەتیشی لەهێز خستووە کە گەرەک بوو دوای پێغەمبەر پارێزەر و بەرگریڤانی ئیمان بێت. کەواتە ڕادیکالێتییەکەی غەزالی بەرانبەر شیئە و فەیلەسوفەکان پەرچەکردارێکی ڕاستەوخۆ بوو لەسەر داڕوخان و ناتەبایی لەنێو جیهانی ئیسلامیدا. غەزالی – تەواو لە مەغزای جیهانبینییەکی هەیەپارێزدا کە ئەمڕۆش باوە – هزرینی ڕەخنەیی لەو ڕەوشە بەرپرسیار دانا، بە ئەندازەی ئەوەش خۆزگەی بۆ بەهێزبوونی خەلافەت هەبوو. بە دیدی ئەو دەستوێژی بەهێزبوونی خەلافەت بریتی بوو لە ڕاگرتنی هەر ناکۆکییەکی نێوەرۆکی، ئەوەش بەدیدەهێنرا گەر فەلسەفە بکرایە بە مەسەلەی چەند زانایەکی کەم. گەرەک بوو زۆرینەی مرۆڤان ڕێنوماییەکانیان تەنیا لە قورئان و سوننە وەربگرن، تەنانەت دەبوو پراکسیسی سیاسی لەسەر ئەو دوو ڕێنومایە ئەنجام بدرێت. هەر بەم پێیە دەرئەنجامی غەزالی لە ڕووی واتای فەلسەفەوە بۆ پراکسیسی جڤاکی بریتی بوو لە: “لەبەرئەوەی بەسەر زۆرینەی مرۆڤاندا ئەو وەهمە باڵادەستە، […] کە گۆیا خاوەنی کامیلێتی ی ئاوەز و توانستن بۆ جیاوازیکردنی ڕاستی لە هەڵە و ئیمانی دروست لە بەسەهووچوون، ئەوا دەبێت تا بکرێت بڕێنەرەوانە گەڤی خەڵک بکرێت کە کتێبەکانی بەسەهووبراوان نەخوێننەوە.” (Al-Ghazali 1988, 27). گەر ئەمە بە یوتۆپیاکەی فارابی لەمەڕ دەوڵەتی دانایی بەراورد بکەین، ئەوا بۆمان ڕووندەبێتەوە کە تا چە ڕادەیەک فەلسەفەی سیاسی لەسەر ڕێگەی بەرەو تیۆکراتیی دوژمن بە هزر پێشڤە چووبوو.

پاشەوارانی غەزالی

ڕەخنەی فەلسەفەیی غەزالی لە فەلسەفە هاوکات تینی بە تیۆلۆگی دا کە خۆی وردتر شارەزای فەلسەفە بکات و مێتۆدەکەی وەربگرێت. محەمەد ئیبن عەبدولکەریم ئەلشەهرستانی (نزیکەی 1086-1153) یەکێک بوو لەو یەکەمین کەسانە کە هەوڵی بەو چەشنەیان دا. ناوبانگی شەهرستانی دەگەڕێتەوە بۆ نووسینەکەی بە ناونیشانی “کیتاب ئەلمیلەل وەلنیحەل” (حیزبە ئایینی و مەدرەسە فەلسەفەییەکان). ئەو لەم کتێبەدا بەفراوانی سێکت و حیزبەکانی نێو ئیسلامی داڕشت، لێرەشدا کتێبەکە نەک تەنیا مێژووی سێکتە ئیسلامییەکان لە سەردەمی سەرەتاوە، بەڵکو هەروەها فەلسەفە لە کولتووری ئیسلامیدا و ئایینە مەزنەکانی دیکەی پاڵ ئیسلامیش لە خۆ دەگرێت. وەلێ گومانی تێدا نییە کە داڕشتنەکەی ئۆبژێکتیڤی نییە، بەڵکو لە نێویدا بڕێکی زۆر ڕەخنەی تیۆلۆگەکان و غەزالی لە فەلسەفە هەیە. شەهرستانی لە هزری ئیبن سینادا کەم یان زۆر ئەوە پوختدەکاتەوە کە پێشتر غەزالی لە “تەهافوت”دا نووسیبووی. سەرباری ئەوە کتێبەکەی یەکێکە لە فراوانترین داڕشتنەکانی مێژووی هزر لە ئیسلامدا تا سەردەمی خۆی، هەروەها بناغەیەکی گرنگی زانیارییە، بەتایبەتی لەبارەی “سێکت”ەکانی سەردەمی زووی ئیسلام و هزریان. ئەوجا کتێبەکە بەڕێی جۆری داڕشتنییەوە دیدێکمان بۆ نێو هزری ئەقیدەگەرای ئایینی لە ئیسلامدا بۆ دەڕەخسێنێت. وەلێ فەخرەدین ئەلڕازی واتایەکی مەزنتری فەلسەفەیی لە شەهرستانی هەبوو. ئەو ساڵی 1149 لە ڕای هاتە جیهانەوە. دوای خوێندن لەوێ چەند ساڵێکی بە گەڕان بەسەربرد و لە کۆتاییدا لە شارەکەی زێدی خۆی وەک مامۆستا نیشتەجێ بوو. ڕازی لەوێ ماوەیەک ژیانی بەهەژاری بەسەربرد، پاشان بەهۆی میراتییەکەوە گەیشت بە خۆشگوزەرانی. ئەو ساڵی 1210 لە هیرەت (لە ئەفغانستانی ئەمڕۆ) مرد. پێشتر دەسەڵاتدارەکەی هیرەت دەرفەتی پێدابوو خوێندنگەیەک لەنێو کۆشکەکەیدا دابمەزرێنێت. فەخرەدین رازی یەکێک بوو لە دوایەمین ئێنسیکۆلۆپێدیستە مەزنەکانی ئیسلام و بە چەند کارێکی زۆر هەوڵی دا نەک تەنیا تیۆلۆگی پێکەوە لەتەک ڕاڤەیەکی فراوانی قورئاندا، بەڵکو هەروەها زانستە دنیاییەکان و فەلسەفەش دابڕێژێت و ڕاڤە بکات، لێرەشدا پشتی بە غەزالی بەست و هەر لەسەر دابی ئەو ڕاڤەیەکی بۆ فەلسەفەی ئیبن سینا نووسی. وەلێ ڕازی لەو نووسینەدا زۆر زۆرتر لە غەزالی فەلسەفەی بە تیۆلۆگییەوە لکاند، ئەوە بە ڕادەیەک کە ئیدی هەردوو کایەکە بەدەگمەن لە یەک جیادەکرێنەوە. ڕازی، دەرچوو لە لۆگیک و فەلسەفەی سروشتەوە، هەوڵی دا ڕاسیۆنالانە ئیدێی خودا ڕوونبکاتەوە، پاشان ڕووی کردە ڕەخنەی فەلسەفەی ئەڕیستۆتێلی-نوێپلاتۆنی (بەتایبەتی تێڕوانینی ڕژان)، لێرەشدا تێگەیشتنی ئیسلامیانەی خۆی کە بۆ “زانینی سروش” هەیبوو، بەرانبەر ئەو فەلسەفەیە دانا. لێرەوە ئیدی سەرلەنوێ بڕێکی زۆر لە فەلسەفە دێتە نێو تیۆلۆگییەوە. سەرباری ئەوە تێکەڵکردنی فەلسەفە و تیۆلۆگی لە لایەن ڕازییەوە هەروەها جیاوازییەکانی نێوانیانی سڕییەوە و هەڵوێستی ناڕۆشنی ئەوتۆی خستەوە کە تایبەتمەندییە تێگەییەکەی فەلسەفە و بەردەوامیی ئەویان سەرلەنوێ لاواز کردەوە. هاوکات ڕازی لە هەڵوێستە بنەڕەتییەکانی خۆیدا هەیەپارێزتر بوو لە غەزالی. لە ئایندەدا ئەم گرێدانەی نێوان مێتۆدیکی فەلسەفەیی و تێگەیشتنی بنەڕەتییانەی هەیەپارێز شەقڵی بە تیۆلۆگیی ئیسلام دا، کە ئیدی لە نێوەرۆکە فەلسەفەییەکەی زۆر کەم زیاتر لە توخمە بنەڕەتییەکانی لۆگیکی ئەڕیستۆتێلیس مایەوە. ئەم توخمانەی لۆگیکی ئەڕیستۆتێلیس تا نێو سەدەی نۆزدەیەم مانەوە، بەتایبەتی وەک بەشێکی پێگەیاندن لە مەدرەسەکاندا کە وەک دامەزراوەی فێرکاری لکێنرابوون بە مزگەوتێکەوە.

(1): ئێمە نابێت لەم تێروانینە بە هەڵە ئۆکاسیۆنالیزمی فەلسەفەی درەنگتر تێبگەین. ئاخر ئۆکاسیۆنالیزم نکۆڵی لە پەیوەندیی هۆئەنجامییانەی نێوان لەش و دەروون دەکات و وایدادەنێت، کە خودا یان پرنسیپی خودایی لە “هەل”دا (بە لاتینی: ئۆکاسیۆ) دەبێتە هۆی گرێدانی ڕووداوە دەروونی-هۆشەکی و لەشەکی-جەستەییەکان. ئەم ئۆکاسیۆنالیزمە ڕاستەوخۆ دەبێت بە پاڵهێزی جیهاندیدییەکی پانتایستی، ئاخر تەنیا هۆشی خودایی کە هەردەم لەنێو سەرجەمدا لەگۆڕێیە، دەتوانێت گرێدانێکی بەو چەشنە ئەنجام بدات. گومانی تێدا نییە کە تیۆلۆگە ئیسلامی یان کریستیانییەکانی چەرخی نێڤین و پێشبینییان لەمەڕ خودای کەسێنراو مەبەستی بەو چەشنەیان نەبووە.

———————

سەرچاوە:
Geert Hendrich: Arabisch-Islamische Philosophie. Geschichte und Gegenwart. Frankfurt/Main 2005.

فەرهەنگۆک ی وەرگێڕ
دێباتی سکۆلایستی: دێبات لە هەڤرایەڵی ئیسلامیدا واتای “کەلام” (گفتوگۆ، دانوستاندن) دەگەیەنێت بەو ئامانجە کە بە ئەرگومێنتهێنانەوەی ڕاسیۆنال بناغەیەک بە ئیمان بدرێت و بەو ڕێیەشەوە گومانەکانی مرۆڤ لە ئایینەکەیان یەکلابکرێنەوە. هزرڤانەکان بریتی بوون لە ئەلموتەکەللیمون و زانستەکەشیان ناودەنرا “عیلم ئەلکەلام” (زانستی سکۆلایستی). ئەمان بەهۆی کاریگەریی فەلسەفەوە لەسەریان شێوازی نوێی هزرین لە هۆشیاندا هاتبووە ئاراوە، لەژێر ئەم کاریگەرییەشدا گۆڕانیان بە مێتۆدی دیکەی سەلماندن دا تاکو قورئان و حەدیس ڕوونبکەنەوە، ڕوونکردنەوەکانیشیان ناتەبا بوون بە تێڕوانینی باو و سەروەر بۆ ئایینی ئیسلام.
ئەقیدەگەری: ئۆرتۆدۆکسی، پابەندی سوننەتییانە (لاساییگەرایانە) بە بنەماکانی ئایینەوە.
ئەمپیری: تەجریبی، سەلمێنراو بە تاقیکردنەوە.
ئەتریبوت: ئەدگار، تایبەتمەندی، کاراکتەریستک.
ئێکسۆتێری: نووسینێک کە ڕووی کراوەتە دەرەوە: خەڵک، خوێنەرانی فراوان.
ئێسۆتێری: ئاڕاستەدراو ڕووەو ناخەکێتی، ڕەوانی، یان داخراو لە بەردەم خوێنەرانی فراوانی نەشارەزادا.
هەڤرایەڵ: کۆنتێکست
مێنتالیزم: مێنتال واتا “هۆشەکی”، کەواتە ناخەکی. مێنتالیزم ڕێبازێکی فەلسەفەییە کە بابەتانی هۆشەکی وەک گەرەنتی بۆ ڕاستیی دەربڕینە / ڕستە خۆییەکان لەبارەی هەر پێشبینییەک یان بۆ واتای وشە دادەنێت.
میستیک: پڕنهێنی. جیهانبینییەکی ئایینییە کە تێیدا کەس کۆشش دەکات بۆ ئەوەی بە ڕامان و زوهد لەتەک خوددا یەکانگیر ببێت، بۆ نموونە لە تەسەوفی ئیسلامیدا.
ئۆبژێکتیڤی: فاکتی وەک سەربەخۆ لە هەست و تێڕوانینی کەسەکی.
ئۆکاسیۆنالیزم: وایدادەنێت کە ناخەکێتیی مرۆڤ هۆشەکییە (نا-ماتەریەلە) و هیچ پەیوەندییەکی نێویەکی لە نێوان لەش و دەرووندا نییە، و تەنیا خودا لە نێوانیاندا وەک نێوەندیار کارا دەبێت. ئەم ئاڕاستەیە پابەند بە دوالیزمی دێکارتەوە گۆڕان پێدرا.
پامفلێت: نووسینی شەڕانی، زۆر جار پابەندنەبوو بە فاکتەوە؛ یان پۆلێمیکی تیژ بۆ نموونە لەدژی کەسێکی دی.
پانتایستی: لایەنگری پانتایزم کە خودا لەنێو جیهاندا دادەنێت، یان دەبێژێت: هەردووکیان یەکانگیرن.
پارادیگما: شێوازی، ڕێبازی یان نموزەجی بنەڕەتییانەی هزرین. بۆ نموونە لای پلاتۆن بریتییە لە مێتۆدی لێکچواندن.
پەیوەندیی هۆئەنجامی: کاوساڵێتی. پەیوەندییەکە یاساییە. لێرەدا جەخت دەکرێت کە ڕوداوێک هەمیشە بەدووی ڕوداوێکی دیکەدا دێت؛ یەکەمیان ئەنجامە، ئەوی دووەمیان هۆیە.
پۆلێمیک: واتای وشەیی: هێرش، شەڕ. بەزۆریی ناکۆکیی توندە لە میانەی دانوستاندنی ئەدەبی، فەلسەفەیی، زانستی یان سیاسیدا.
ڕاسیۆنال: هزرینی مەبەستمەند، هزرینی بەردەوام یاوەریکراو بە ئاوەز.
ڕاوم: فەزا، سپەیس، ئەوەیە کە سەربەخۆ لە ماتەری هەیە، جا گەرچی ئەم لەنێو ئەودایە. ڕاوم بریتی نییە لە شوێن / جێ کە دیاریکراوێکی نێو ڕاومە.
ڕەوان: سپیریتوالێتی، مەئنەویەت
سێکت: کۆمەڵەیەکی هاوبڕوا کە لە کۆمەڵەیەکی (لە ئایینێکی) گەورەتر جیابۆتەوە و ئەندامانی وایدادەنێن کە ڕێبازی ئەوان تاکە ڕێگەی گەیشتنە بە جیهانی خودایی.
سیتات: ئیقتیباس
تیۆکڕاتی: تیۆس بەواتای خودا، کڕاتاین بەواتای دەسەڵاتداری. کەواتە واتا وشەییەکەی بریتییە لە “دەسەڵاتداریی خودا”. لەم جۆرەی دەسەڵاتداریدا ماف و یاسا پابەند بە ئایینەوە دەچەسپێنرێن و ڕەوایەتییان پێدەدرێت وەک پەیڕەویکردنی ویستی خودا.
وادانانەکی: دەربڕینێک کە وایدادەنێت شتێک / ڕەوشێک / کەسێک ئەوهایە، وەلێ دەشێت ئەوها نەبێت، بۆ نموونە: “هەموو سیاسییەکان گەندەڵن”.




دەرهێنەرێكی كورد نهێنیەكانی حەشاردنی سەدام ئاشكرا دەكات.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

دەرفەتێكی باش بۆمن ڕەخسا، كاتێ دەرهێنەر (هەڵكەوت مستەفا) بانگهێشتی بینینی فیلمی (حەشاردانی سەدام) ی بۆ كردم لەدەیەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی سینەما لەدهۆك، كە بۆ یەكەم جار بوو دوای نمایش كردنی فیلمەكە لەولاَتی سعودیە، لەفیستیڤاڵی نێودەوڵەتی سینەمای دهۆك نمایش بكرێت .
بەسەعاتێك پێش نمایش گەیشتمە هۆڵی نمایشەكە، بەلاَم زۆر بەسەختی لەنێو ئاپۆرای خەڵكی چاوەڕوان، تیمی فیلمەكە راكێشی ژوورەوەیان كردم.
فیلمەكە لەلایەن كۆمپانیای (هەنی فیلم)ی نەرویجی بەهاوبەشی وەزارەتی رۆشنبیریی نەرویجی و تۆڕی میدیایی روداو بەرهەم هاتووە.
دەرهێنەر بەفۆرمێكی دیكۆمێنتاری، سەربوردەی ئەو پیاوە جوتیارو مەڕدارە دەگێڕێتەوە بەناو (عەلا نامیق) كە دوای ڕوخانی ڕژێمەكەی سەدام لەساڵی 20003 لەلایەن ئەمریكاو وڵاتە هاوپەیمانەكانی، بۆ ماوەی 235 رۆژ سەدام حسێنی لەكێڵگەكەی خۆیدا، لەناوچەی (دۆرە لە باشووری تكریت) حەشار داوە، لەكاتێكا (عەلا) ئەو سەركێشیە بەژیانی خۆی و خێزانەكەی دەكات، كە 150هەزار سەربازی ئەمریكی، بەتانك و فڕۆكە، لەزەوی و ئاسماندا، بەدوای دۆزینەوەی سەدامدا دەگەڕێن، جگە لەوەی ئەمریكا بڕی 200 هەزار دۆلاری بۆ هەر كەسێك تەرخان كردبوو، شوێنی خۆ شاردنەوەی سەدامیان پێ نیشان بدات.
لەو سۆنگەیەوە كە قسەو قسەڵۆكێكی زۆری لا بەلایەیی دەبارەی فیلمەكە دەكرێت و زۆرێك لە خەڵكی كوردستان فیلمەكەیان نەدیوە، پێم باش بوو، وەك چاودێرێكی سینەما پێداچوونەوەیەكی رەخنەیی بۆ فیلمەكە بكەم، بەرچاو روونیەك دەربارەی ئاستی هونەرییی فیلمەكەو شێوازی مامەڵە كردنی دەرهێنەر لەگەڵ بابەت و هەڵوێستی ئایدۆلۆژی و دەسەلاَتی هونەریی ئەو نیشان بدەم.
لە هەمان كاتدا ئەوە لەبیر خۆم ببەمەوە، كە فیلمەكە چەند خەلاَت بەدەست دێنێ ؟
چەند ولاَت داوای بینینیان كردووە؟
لەچەند فیستیڤاڵ بەشداری دەكات؟
چونكە پێم وایە زۆر جاران لەدەرەوەی ئاستی هونەرییی و فیكری و بەدەر لەو تەكنیك و تەكنەلۆژیاو قەوارە مادییەی بۆ بەرهەم هێنانی فیلمێك دەبێتە پێشبینی بۆ سەركەوتن و لە باوەش گرتنی لەلایەن ئەو دەزگا ئەكادیمیانەی فیلم هەڵدەسەنگێنن بۆ سەركەوتن لەفیستیڤاڵە نێو دەوڵەتیەكاندا، زۆر جاران پێشبینیەكان شكست دێنن و بەپێچەوانەی بۆچوونی ئەوان دەردەچن، بینەرو هەوادارانی سینەماو كۆمپانیا سینەماییەكان ئەنجامەكان بەسوپرایزەوە وەردەگرن، چونكە پێشبینیەكان پێوەرێكی جێگیریان نیە و رەنگە لەدوا چركەدا، هەموو پێشبینیەكان سەرەو ژێر ببنەوە، لەبری ئەوە كۆمەڵێ فاكتەری لابەلایی ئایینی، مەزهەبی، سیاسی، بازرگانی، ئابووری، بەپێی بەرژەوەندییە تایبەتیەكان دێنە پێشەوەو كار لەبڕیاری كۆتایی ئەو لیژنانە دەكەن.
ئەگەر دوور لەهەموو ئەو دەنگۆو هەرا نانەوە میدیاییەی بۆ فیلمی(حەشاردانی سەدام ) كراوە، دوای بینینی فیلمەكە وەك بینەر بۆت دەردەكەوێت كە میدیا زێتر لەپێویست قەبە كراوە، ئەو قەبە كردنەش كۆمەڵێ مەرامی سیاسی و ئایدۆلۆژی و فیكری لە پشتەوەیە، لە ئاستێكی نێو دەوڵەتیش دایە.

هەڵكەوت مستەفا ــــ بەپێی ئەزموونە سینەماییەكانی رابووردووی، دەرهێنەرێكە هەمیشە بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت، خۆی لەتەقلیدیەت بەدوور بگرێ، سەرنجی هەوادارەكانی خۆی بەو مژارانە بەرجەستە بكات، كە دەستی دەگرن زەمینە بۆ بەرەوپێشەوە چوونی خۆش دەكەن .
وا دەردەكەوێ لەو فیلمەدا ئەركێكی قورستر لەتوانای خۆی هەڵگرتووە، كە رووبەڕووی مەترسی و هێرشی زۆری سیاسی و ئایدۆلۆژی دەبێتەوە، پرسیاری زۆر قورسی رٍووبەروو دەكرێتەوە، كە رەنگە بەرامبەر زۆر لەو پرسیارانە تووشی جۆرێك لەئاستەنگی ببێتەوە، بەلاَم ئەو لەگەڵ چاوەڕوان كردنی هەموو ئاستەنگەكان، دیارە ئامادە بووە، هەموو ئەنجامەكان قەبوڵ بكات، لەپێناو سەركەوتنی ئەو ئەزموونە تازەیەی، كە رەنگە ئەو بەلای خۆیەوە بەئەزموونێكی زۆر گران بەهای بزانێ، لەتەمەنی هونەری خۆیدا.
دەرهێنەر چۆن ئەو رووداوەی هەڵبژارد؟
هەڵكەوت ــ باس لەوە دەكات كاتێ بۆ یەكەم جار لەرۆژنامەیەكدا گوێ بیستی ناوی (عەلا نامیق) و روداوەكانی لەگەڵ سەدام دەبێت، لای خۆیەوە بڕیاری بەرهەمهێنانی ئەو فیلمە دەدات، بۆیە دوو سالاَن بەدوای (عەلا) دا دەگەڕێ، تا دەیدۆزێتەوەو بەهەموو مەرجەكانی رازی دەبێت، چونكە ئەو كات پێی وابوو (عەلا نامیق) بۆ ئەو پردێكە بۆپەڕینەوە بەرەو خۆناساندنی زێترو بەجیهان بوون، لەدنیای سینەمادا.
هەر لەوێشەوە بیری لەدۆزینەوەی پشتیوانیەك كردۆتەوە، ئەو بگەیەنێتە ئەو ئامانجە، لە سەرووی هەموشیانەوە پشتیوانی ولاَتێكی وەك نەرویجی شوێنی نیشتەجی بوونی خۆی و ولاَتی سعودیە، كە كۆمەڵێ فاكتەری ئایینی، مەزهەبی، سیاسی، نەتەوەیی بەپرسی فیلمەكەی دەبەستێتەوە.
بۆیە بینەر زۆر بەحەساسیەتەوە تەماشای هەڵوێستی دەرهێنەر دەكات و دەپرسێ ،

ئایا ولاَتێكی وەك سعودیە كە ئەوەندە لەگەڵ سینەمادا كۆك نیە، چۆن پشتیوانی خۆی بۆ فیلمەكە دەربڕیوە؟
بۆچی بۆ یەكەم جار فیلمەكە لەوێ نمایش كراوە؟
ئایا دەرهێنەر لەژێر كاریگەری پشتگیری كردنی سعودیە بەو سەخاوەتە مادییە، ناچێتە ژێر باڵی خواستەكانی سعودیەو بەمەرجەكانی رازی بێت؟
تێڕوان و هەڵوێستی خودی دەرهێنەر چۆن دەبێت؟ خۆی بەكام لایەنی سیاسی دا هەڵدەواسێ؟ بەتایبەت بەرامبەر بە سەدام حوسێنێك كە زۆرێك لە گەلەكەی قات و قڕ كردووەو ئازاری زۆری پێ گەیاندون.
ئەو لەنێوان خواستەكانی سعودیە و بەرهەم هێنەرەكانی تری، وێژانی مرۆیی خۆی وەك كوردێك و دەرهێنەرێك كامیان هەڵدەبژێری؟
ئەوەی لای دەرهێنەر یەكلایی بۆتەوە و بۆ بەرهەمهێنانی فیلمەكەی لاری لێ نەبووە، رووبەروو بوونەوەو زەق كردنەوەی پێشێڵكارییە نامرۆییەكانی ئەمریكایە، بەئازاردانی هاولاَتیە عیراقیەكان و گرتن و تەعزیب دانیان بەدڕندانەترین شێوازی تەعزیب دان لە گرتووخانەكانی ئەبو غرێب، دوای داگیركردنی عیراق.
زۆر لاپەڕەی شاراوەو نهێنی لای دەرهێنەرهە یە، بۆ دیاری كردنی هێڵە سەرەكییەكانی سیناریۆو رەسم كر دن و نمایش كردنی سەدام بە دەمی عەلاوە بینەر بەدوای ئەو لایەنەدا دەگەڕێ كە ریسوا كردنی ئەمریكای بەلاوەوە مەبەست بووە لە فیلمەكەدا، هەر ئەو لایەنە ئامانجی دەرخستنی سەدام و بەپاڵەوان كردنی بووە، بەتایبەت لەو دیمەنانەی (محەمەد ئیبراهیم) كۆنە سەرۆك پاسەوانی پیشووی سەدام و خودی سەدام، كاتێ نامەكەی ئەمریكا دەگەیەنێتە سەدام و مەرجەكانی ئازاد كردنی بۆ دەخاتە روو، سەدامیش رەتی دەكاتەوە.
هەر سعودیە نا هەندێ ولاَتی تری عەرەبی و ئەوروپیش دوای ئەو شكستە گەورەیەی عیراق لە رووی سیاسی و ئایدۆلۆژییەوە بەخۆیەوە دەیبینی، هەروا لەو هەلومەرجە سەختەی عەرەبەكان دووچاری بوون بەرامبەر بە ئیسرائیل و ئەمریكا، سۆزیان بەرامبەر بە سەدام زێتر بووەو ئەو فیلمە لەو هەلومەرجە دژوارەدا بە گرنگ دەزانن، بۆیە دەرگا بۆ فیلمەكەو هاندانی دەكەنەوە.
دەرهێنەر تێڕوانین و هەڵوێستی بەكام لادا شكاوەتەوە؟
هەر بینەرێك فیلمەكە ببینێ لەخۆی دەپرسێت ئایا دەرهێنەر گوتاری فیلمەكەی وەك بێ لایەنێك نمایش كردووە؟ یاخود بە دڵی ئەو لایەنانە كردووە، كەبۆ ئەمڕۆ سەدام بە لەپێشتر دەزانن بۆ ئەمڕۆی عیراق و ناوچەكە؟
دەرهێنەر ئەگەرچی كوردە، بەلاَم ئەو لەو كورد بوونەدا، خۆی دوورەپەرێز ڕاگرتووە ئەو ئێستا زێتر خۆی داوەتە پاڵ ئەوەی سەدام وەك مرۆڤێكی نا دكتاتۆر نیشان بدات، وەك چۆن ئەڵمانیەكان هیتلەرو تاوانەكانی وەك مۆركی شەرمەزاری بەسەر ئەڵمانیاوە دەبینن، ئەو دەرهێنەرە كوردەش نایەوێ سەدام وەك تاوانبار نیشان بدات، بەڵكو دەیەوێ بە جیهان بڵێ ئەو خۆشەویست بوو لای گەلەكەی، بۆیە سەدام لەچەندین ڤیدیۆ نیشان دەدات لەناو ئاپۆرای خەڵكەكەو شایی كردن و گەڕان بە ناویاندا، تا دوا ڕۆژانی ڕوخاندنی پەیكەرەكەی.

هەڵكەوت مستەفا لە نێوان سیاسەت و سینەمادا
لەهەموو ئەو پرسیارانە گرنگتر ئەوەیە (هەڵكەوت مستەفا) تا چەند دەتوانێ ئەمانەتی پیشەكەی خۆی بپارێزێ وەك دەرهێنەرێك و بەدیدێكی سینەمایی قوڵ بەرجەستەی ئەو ئامانجە بكات كە دیاری كردووە، بێ ئەوەی بكەوێتە ژێر كاریگەری ئەو تەوژمانەی قەستی ئەوە دەكەن دەرهێنەر بكەن بە داردەستێك بۆ گەیاندنی پەیامێك بۆ جیهان، دەربارەی سەدام حوسێن و كۆتایی رۆژانی دوایی چارەنووسی.
دوای بینین، فیلمەكە بەشێوازێكی سروشتی وەلاَمی هەموو ئەو پرسیارانەت دەداتەوە، كە لە مێشكت دا گینكڵیان خواردووە، بەلاَم دەبێت بەسێ تەوەری جیا شەن و كەوی فیلمەكە بكەیت، كە بریتین لە :

  1. تەوەری گێڕانەوەی عەلا نامیق
    2 .تەوەری هونەریی و تەكنیكی
    3.تەوەری نواندن و وێنەگرتنی روداوو قسەكانی عەلا.

    بۆ تەوەری یەكەم :
    ستایلی فیلمی دیكۆمێنتی پێویستی بەبەڵگە هەیە و تا بەڵگەی پێویستت لەبەردەست دا نەبێت، ناتوانی متمانەی بینەر بەدەست بێنی، بۆیە بینەر لەسەرەتای فیلمەكە تا كۆتایی گومانی لەگێڕانەوەكەی قسەكانی عەلا هەیە، كە دەرهێنەر كردویەتی بەبنەمای فیلمەكەی.
    هیچ بەڵگەیەك بەدەستەوە نیە هەموو ئەو روداوانەی نێوان سەدام و عەلا وەك خۆی تۆمار كرابێت، یان داڕشتنێكی تری بۆ نەكرابێت، بەپێی خواستی لایەنی بەرهەم هێنان و دەرهێنەر.
    دەرهێنەر لەلێدوانەكانیدا خۆی خستۆتە دەرەوەی بازنەی سیاسی و هەموو شتێكی داوەتە پاڵ عەلا، گوایە ئەو تەنیا قسەكانی عەلا وەك خۆی تۆمار دەكات، بەلاَم ئەم قسە سەرپێیانەی ئەو شتێكەو ئەوەی لەفیلمەكەشدا دەیبینین شتێكی ترە، هیچ بینەرێك بڕوا بەوە ناكا، دەرهێنەر بیروبۆچوونەكانی لەگەڵ كاراكتەری سەرەكی فیلمەكەی لێك جیا بێت، تەنانەت ئەگەر متمانەی تەواوی بەقسەكانی نەبێت ئامادەی ئەوە نابێت فیلمێك لەسەر بنچینەیەكی بەتاڵ بەرهەم بێنێ.
    ئەوەی عەلاش دەیگێڕێتەوە، هەوڵێكە بۆ پاككردنەوەی میّژووی تاوانەكانی سەدام، بەتایبەت كاتێ عەلا لەكۆتاییەكانی فیلمەكە بەئاشكرا خۆی دەاتە لایەنگیرێكی سەدام و دەڵێت سەدام دكتاتۆر نەبوو وەك دەەڵێن.
    هەروا دەرهێنەریش بەوێنە خۆی دەداتە پاڵ عەلا كاتێ روداوی دەرهێنانی سەدام لەناو چاڵەكە بەدەستی سەربازە ئەمریكیەكان دەشارێتەوە و دیمەنێكی هێمادار دروست دەكات، لەبری راكێشانی سەدام و دەرهێنانی بەبێ هۆشی، تەنیا دەستێكی سەدام بە بەرز كراوی نیشان دەدا وەك هێمایەك بۆ سەركەوتن .

    2.لایەنی هونەریی و تەكنیكی:
    دەرهێنەر لەزۆرینەی ئەو ئەرشیفانەی لەهەواڵگری ئەمریكاو عیراق بۆ فیلمەكە بەكاری هێناون، دەردەكەوێت كە سێ بەشی ئەو فیلمە دیكۆمێنتیانە لای بینەر نامۆ نین وچێژێك بەبینەر نابەخشن، لەبەر ئەوەی بینراون و خەڵكی لەدووبارە بینینەوەیان تێر بووە، ئەمە وای كردووە شتێكی نوێ لەفیلمەكەدا نەبینی، كە پێشتر نەزانرابێ و بلاَو نەبووبێتەوە، تەنانەت ئەوەی عەلاش دەیانگێڕێتەوە دەربارەی چاڵەكە هیچ شتێكی نوێ ی تێدا نیە .
    ئامانجی دەرهێنەر تەنها ئەوەندە بووە كە بەهۆی ئەو فیلمە دیكۆمێنتیانە, درێژە بەماوەی فیلمەكە بدات.
    3.تەوەری نواندن و وێنەگرتنی قسەكانی عەلا
    دەرهێنەر ویستویەتی پەردەیەكی شاراوە بەرووناكی و تاریكی بەسەر روخساری سەدام دا بكێشێ، بۆ ئەوەی رووی لەیەك نەچووی سەدام و ئەكتەرەكە بشارێتەوە، زۆربەی دیمەنەكانی لە پشتەوە، یا بەلەچەك و چاویلكەی رەشەوە، بی دەنگ و دیالۆگ گیراون، بۆ ئەوەی فۆرمی فیلمێكی بەڵگەدار بداتە فیلمەكە، بەلاَم ئەو ئەكتەرەی رۆڵی سەدامی بینیووە، ئەكتەرێكی لیهاتوو نەبوو لەو رۆڵەدا، جگە لەدوری مەودای لێك چوونیان.
    دەرهێنەر سەركەوتوو بووە لەدیاری كردنی لوكێشنەكان و لەیەك چوونیان لەگەڵ لوكێشنی راستەقینەی رووداوەكان، بەلاَم سوودی زۆری لەفیلمە بەڵگەدارەكانی هەواڵگری ئەمریكا وەرگرتووە، بە تایبەت شوێنی جوگرافی، وێنەی چاڵەكەو رووبارو مەزرەعەكەی عەلا.

    لە كۆتاییدا:
    بەگشتی دەرهێنەر ئەو هەلومەرجەی ئەمڕۆی عیراق و كێشەی فەڵەستین و هێرشەكانی ئیسرائیل و بێ دەسەلاَتیان بەرامبەر بەو ستەمەی دەكرێت، باری نا سەقامگیری عیراق و گەندەڵی و كۆیلایەتیان بۆ دەوروبەر، هەموو ئەو هەلومەجەی قۆرخ كردووە بۆ ئەوەی رووی ئەوەی هەبێت، تاوانبارێكی گەورە بەو فۆرم و تەكتیكە نیشان جیهان بداتەوەو جیهانیش دەرگای بۆ بكاتەوە.
    ئەمە لەرووە سیاسییەكەیەوە، بەلاَم لەرووە تەكنیكی و هونەرییەكەوە شتێكی نوێمان لە هەڵكەوت نەبینی، ئەگەرچی رەنگە ئەو ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر هاتبێتەوەو رێگەیەكی سەخت و دژواری بڕیبێ بۆ گەیشتن بەو ئامانجە .
    بژاركردنی ئەو بابەتە سییاسیە و ئەو فۆرم و ستایلەش دیسان هەر بۆ ئەو فۆرمێكی نوێ بوو، ئەزموونێكی دەوڵەمەندی تێدا نەبوو، بۆیە پێشتریش گوتم: خۆی لەقەرەی بابەتێكی قورس و ئاڵۆز داوە، كە بۆ ئەو هەڵگرتنی سەختە.




لۆمپنیزم دژ بە ڕۆحی ناڕەزایەتیی و بەرەنگاریی.. ئەحمەد ڕەسوڵ

دەسەڵاتدارێتیی بەرپرسیار – خزمەتگوزارییە گشتییەکان

لە درێژایی مێژووی دەزگای دەوڵەت لە فۆڕمە مۆدێرنەکەیدا بە دامەزراوە گشتییە کۆمەڵایەتییەکانییەوە، بەشێک لە شوناسی خۆی لە ڕێگەی نێوەڕۆک و سیمای نوێگەرانە و پێشکەوتووی چەندین کایەی خزمەتگوزاری گشتییەوە بەرجەستەدەکات. خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وەکو پەروەردە و خوێندن “باخچەی ساوایان تا خوێندنی باڵا”، تەندروستیی، شەقام و ڕێگەوبانەکان، پارک و ڕووبەرەکانی سەوزایی، خزمەتگوزارییەکانی دابینکردنی ووزەی کارەبا و ئاوی پاکی خواردنەوە، چاودێری کۆمەڵایەتیی “سەرپەرشتییکردن، هاوکاریی و پشتگیریکردنی بەساڵاچووان، منداڵانی بێسەرپەرشت و خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان”.
چەندێتیی و جۆرێتیی “Quantity and Quality” ئەم خزمەتگوزارییە گشتییە بنەڕەتییانە پێوەری ئاستی بەرپرسیارێتیی و پێشکەوتوویی دەسەڵاتدارێتیی ڕامیاریی و کارگێریی هەر کۆمەڵگایەکە. ئاستی بەرپرسیارێتیی و کارایی هەر دەسەڵاتدارێتییەک بە تایبەتی نێوەندی بڕیاردانی سیاسیی و کارگێریی “حکومەت و حزبەکان”، بە گوێرەی بڕ و شێوازی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ئاستی داهات و توانایی ئابووریی تاکەکەسەکان و گروپە کۆمەڵایەتییەکان و دواجار کۆمەڵگا بەگشتیی، دەپێورێت.
هەڵەی گەورەی سیاسیی یەک بە دوای یەک، گەندەڵیی بێسنوور و ویستی هەژموونێکی گشتگیری حزبیی لە هەر جومگەیەکی حوکمڕانییدا، مامەڵەکردنی خێڵەکییانە لە تەک سیاسەت و حوکمڕانیی، بە بنەماڵەییکردنی دەسەڵاتدارێتیی و … هتد ئەو ڕیزە هۆکار و ئەنجامە یەک بە دوای یەکانە بوون کە کوردستانی گەیاند بە دۆخێک لە نزیکەی دە ساڵی ڕابردووەوە ئاستی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بەردەوام لە دابەزین و نزمبوونەوەدان تا ڕاددەی نزیکبوونەوە لە داڕمان و هەرەسهێنان. لاوازبوونی کوشندەی خزمەتگوزاری تەندروستیی و پزیشکیی لە کەرتی گشتییدا تا ڕاددەی نزیکبوونەوە لە نەمان، شەقام و ڕێگەوبان نەوەکو زیادنەکراون و بونیادنەنراون بەڵکو ئەوەشی هەبووە بەرەو وێرانەیی و هەڵوەشانەوە دەڕوات، خزمەتگوزاریی دابینکردنی کارەبا دابەزیوە تا نزمترین ئاستی خۆی لە ئەم وەرزی سەرمایەدا و کە لە هاویندا کێشەی کەمئاوییشی سەربار دەبێت. سیستمی پەروەردە و خوێندن لە نزیکەی دە ساڵی ڕابردووەوە لە پاشەکشەی بەردەوام و بەرەودوا گەڕانەوەدا بووە لە سەر هەموو ئاستەکانی.
داهاتی تاکەکەس – ئابووریی گشتیی
پێوەرێکی دیکە لە هەڵسەنگاندن و نمرەپێدان، هەوڵە بەردەوامەکان و پڕۆژە ئێستایی و ستراتیژییەکانی هەر دەسەڵاتدارێتییەکە بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی داهاتی تاکەکەس و توانایی ئابووریی کۆمەڵگا بە گشتیی.
دەسەڵاتدارێتییەک کە هەردەم سەرقاڵ بێت بە گەورەکردنی ڕووبەرەکانی توانایی ئابووریی و دەستکراوەیی بنەماڵە سیاسییە حوکمڕانەکان لەسەر شانی حزب، حزبیش لەسەر شان و ملی حکومەت و لە بەرامبەریشدا بچووککردنەوەی ڕووبەرەکانی ئازادیی، ئیرادە و توانایی ئابووریی تاکەکەسەکان، گروپە کۆمەڵایەتییەکان و فەزای گشتیی کۆمەڵگا جگە لەوەی دەبێتە کابووس لە ژیانی ئەو کۆمەڵگایەدا هیچیدی لێبەرهەم نایەت. دەسەڵاتدارێتییەک کاتێک ڕوئیا و بەرنامەیەکی ڕاستەقینە و واقعیی بۆ پەرەپێدانی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی تاکەکەس و گروپە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگاکەی نەبێت و بگرە هەردەم لە هێرشکردنە سەر ژیانی خەڵک و قورسترکردنی گوزەرانییاندا بێت، هەڵبەت کە بۆشایی نێوان دەسەڵاتداران و خەڵک دەبێتە خەرەندێکی قووڵ و فراوان بە ئەندازەیەک دنیای خەڵک و دنیای دەسەڵاتداران دەبنە دوو دنیای بە تەواوی لێکدابڕاو و بگرە دژبەیەکتری وەکو ئەوەی ئێستا لە کوردستان دەگوزەرێت.
لە چەند ساڵی ڕابردووەوە کە پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران و مامۆستایان ڕاگیراوە و ئەو هەموو مووچەیەی کە نەدراوە کە وا مووچەی ئەم سێ مانگەی کۆتایی ئەمساڵیشی دێتە سەر بە ئەو هەموو لێبڕین و پاشەکەوت و ئەو قسە بێمانایانەی داهێنراوی دەسەڵاتدارێتیی حزب-خێڵەکانی کوردایەتیی، سەرباری زیادکردنی چەند هێندەی هەموو جۆرەکانی باج و ڕسومات، سەرباری زیادکردن و داهێنانی چەندین جۆری باج و سەرانەسەندن، ئەوە سەرباری بەردەوام بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنیی “غاز و نەوت و بەنزین” و کارەبا و … هتد، جگە لە دابەزینی کەمەرشکێنی داهاتی تاکەکەس و داڕمانی ئابووریی گشتیی کۆمەڵگا هیچیدی لێ بەدینایێت هەروەکو ئەوەی ئێستا کۆمەڵگای ئێمەی پێدا تێپەڕدەبێت.

لۆمپن – لۆمپنیزم
واژەی لۆمپن “Lumpen” بۆ یەکەم جار لەلایەن کارڵ مارکس (١٨١٨-١٨٨٣) و فرێدریک ئەنگڵز (١٨٢٠-١٨٩٥) لە مانیفێستی حزبی کۆمۆنیستدا “The Communist Manifesto” بەکار هێنرا کە لە زمانی ئەڵمانییەوە گواستییانەوە نێو زمانی ئینگلیزی “Lumpenproletariat”، بە واتای ئەو توێژە کۆمەڵایەتییە دێت کە لە ڕووی پلەبەندیی کۆمەڵایەتیی، ئابووریی و چینایەتییەوە لە خوار چینی پڕۆلیتاریا “چینی کرێکار” وەن. لۆمپن، ئەو بەشەی کۆمەڵگا دەگرێتەوە کە پێکدێت لە سواڵکەر، لەشفرۆش، دز و تاوانکار. لۆمپن تا ئاستێک لە ملکەچیی و بێئیرادەیی دابەزیوە کە چیدی نەوەکو ئیمکانی بەرەنگاربوونەوەی تێدا مردووە بەڵکو دژی هەر جۆرە ئەکتێکی بەرەنگاریی و ڕۆحێکی یاخییبوون و ئیرادەتمەندیی دەوەستێتەوە. لۆمپن تا ئاستێک تەسلیمبووە بە وەزعی مەوجود و قەدەری ڕەشی خۆی، کە وایلێهاتووە دژ بە هەر هەوڵێک بۆ گۆڕانکاریی لە دۆخی هەنوکەییدا دەوەستێتەوە. لۆمپن بە سروشتیی پێکهاتەی چینایەتیی خۆیان و بەهۆکاری نزمیی ئاستیی خوێندەواریی، تێگەیشتن و بیرکردنەوەیان نەوەکو نابنە بەشێک لە شۆڕشی چینی کرێکار دژی خاوەنکار و سیستمی سەرمایەداریی بەڵکو ڕۆڵی دژەشۆڕش دەگێڕن.
لە دۆخی کۆمەڵگای ئێمەدا، لۆمپنیزم، ئاماژەیە بۆ ئەو جۆرە مێنتاڵیتیی و بیرکردنەوەیەی کە دژ بە هەر ڕۆحێکی تەسلیمنەبوو و ئیرادەخواز دەوەستێتەوە. لۆمپنیزم، ئەو ڕۆحییەت و عەقڵییەتە دەستەمۆ، ملکەچ، بێدەنگ و بێهەڵویستەیە دەشێت لای کەسێکی بڕوانامەدار یان تەنانەت نووسەر یان پلەدار و پێگەدار لە هیرارکییەتی ئیداریی و سیاسییدا، یان خاوەن بڕوانامەی باڵا “ماستەر و دکتۆرا” بێت، کە بە نووسین و ڕەخنە دژ بە ڕۆحی بەرەنگاریی و توانای دەربڕینی ناڕەزایەتیی توێژێک یان بەشیکی کۆمەڵگا دەوەستێتەوە یان هەندێجار بە سوخرییەت و گاڵتەجاڕیی.

تۆمەت و ڕەخنە لە سەر بنەمایەکی هیچ یان لۆمپنیزم
مامۆستایان لەپێناوی داواکارییە سەرەتایی، ڕەوا و یاساییەکانی خۆیان، فەرمانبەران و تەواوی مووچەخۆران بەرەوڕووی دەسەڵاتدارێتیی و دەسەڵاتداران بوونەتەوە بە شێوازە مەدەنییەکان. بایکۆت لە دوای گرتنەبەری هەموو شێوازەکانی خەباتی مەدەنییەوە پەنای بۆ براوە. ئاساییە هەر جۆرە خەبات و ئیرادەکردنێک ڕووبەڕووی چەندین جۆری تانەلێدان، ڕەخنە و تەنانەت گاڵتەجاڕیی ببێتەوە. سروشتیی هەر سەرکێشیی و ئیرادەردنێک وەهایە ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی و لەمپەرە جۆراوجۆرەکان ببێتەوە.
لە پەیوەند بە ناڕەزایەتیی، خۆپیشاندان و بایکۆتی مامۆستایانەوە چەندین سەرنج و ڕەخنە خرانە ڕوو. بۆ نموونە سەرنجێک ئەوە بوو گوایا هەموو ئەوەی ڕوودەدات لەم دەڤەرە لە کاری ژێربەژێری پارتییە بۆ تێکدانی دۆخی (زۆنی سەوز) کە ئەم بۆچوونە لەوکەسانەوە دەبیسترا کە لایەنگیری یەکێتیین ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بێبنەمایی و پووچێتیی ئەم تۆمەتە لەوێدا دەرکەوت کاتێک وەزیری پەروەردە “کە لە پشکی پارتییە” هەوڵیدا بۆ شکاندنی بایکۆت و کۆتاییهێنان بە ناڕەزایەتی مامۆستایان تەنانەت بە ووشەی “دەبێت” فەرمانیکرد و نەوەکو سەرینەگرت بەڵکو ناڕەزایەتیی مامۆستایان توندتر بووەوە، سەرنجێکی دیکە ئەوە بوو گوایا هەموو ئەوەی ڕوودەدات دروستکراوی یەکێتییە و بۆ فشاردانانە لەسەر پارتیی و کارتێکی سووتاوە و کاریگەری نابێت، ئەم بۆچوونەش لەو کەسانەوە دەبیسترا کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لایەنگیری پارتیی یان گوتارە سیاسییەکەی پارتیین. پووچیی و بێبنەمایی ئەم تۆمەتەش لەوێدا دەرکەوت کە جێگری سەرۆکی حکومەت، قوباد تاڵەبانیی داوای لە مامۆستایان کرد بۆ گەڕانەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن و دواهەمین هەوڵی بەڕێوەبەرێتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانیی بە هەموو توانایانەوە بۆ شکاندنی بایکۆت، بەڵام بە ناڕەزایەتیی توندتری مامۆستایان و خۆپیشاندنی فراوانتر وەڵامدرانەوە. هەروەها هەبوون دەیانگوت نەوەی نوێی لە پشتە، ئەمەیان نەوەکو پووچ و بێنەما بەڵکو تۆمەتێکی هێند ئاست نزمە شایان بە قسە لەسەرکردن نییە کە ئەمانە تێیاندا هەبوو لایەنگیری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی یەکێتیی و پارتییش.
هەموو ئەو تۆمەت ڕیزکارانە لە نێو بازنەی لۆمپنیزمدا جێگادەگرن. لۆمپنیزم ئەو بیرکردنەوە و تێگەیشتنەیە، بۆ ئەوەی لە ئیرادەکەوتن و ڕۆحە تەسلیمبووەکەی خۆی پاساو بداتەوە، دەبێت لە بەهای ڕۆحی تەسلیمنەبوو و ئیرادەتمەندیی ئەوانیتر کەم بکاتەوە بە تۆمەتی پووچ و قسەی هەڵیت و پەڵیت. لۆمپن و لۆمپنیزم دژ بە هەر ئەکتێکی بەرەنگاریی دەوەستێتەوە.

ناڕەزایەتیی گشتیی – بەرئەنجامێکی حەتمیی
مامۆستایان وەکو توێژێکی زیندووی ئەم کۆمەڵگایە، لە چەند ساڵی ڕابردووەوە بە چەندین شێوازی جۆراوجۆر گوزارشتیان لەو دۆخە سەختە و لە ناڕەزایەتیی گشتیی کۆمەڵگا کردووە و هەردەم بە فشاری جیاوازی مەدەنیی و نەرم، بەڕێخستنی چەندین خۆپیشاندان و تادەگات سکاڵا تۆمارکردن لە دادگا و … هتد هەردەم لە ڕووبەڕوونەوەدا بوون لە دژی ئەو هەموو زوڵم و ستەمەی دەسەڵاتداران، تا گەیشتووەتە بایکۆتی ناوەندەکانی خوێندن و ڕاوەستانی پەروەردە. پەروەردە، یەکێک لە پڕۆسە هەرە گرنگەکانی هێمای زیندووێتیی و بەردەوامیی ژیان و گەشە و بەرەوپێشچوونی هەر کۆمەڵگایەکە. دۆخی ئێستا سەرباری هەموو ئەوەی پێشتر هێمای بۆ کرا، بایکۆتی مامۆستایان و پەککەوتنی پەروەردە و خوێندنیشی هاتووەتە سەر.

دۆخێکی کارەساتباری بەو شێوەیە کە ئەم دەسەڵاتدارێتییە ڕووبەڕووی کۆمەڵگای کردووەتەوە، هەڵبەت بۆ هەر کۆمەڵگایەک گەر لە نزمترین ئاستی زێندووێتیی و هۆشیار بە ماف و ئازادییەکانیدا بێت، ناڕەزایەتیی لە هەموو جۆر و ئاستەکانیی، خۆپیشاندان و هەر جۆرە ئەکتێکی بەرەنگاریی بە دەستەوەدەگرێت و پەنای بۆ دەبات لە دژی دەسەڵاتدارێتیی و دەسەڵاتداران.
لە وەها دۆخێکی کارەساتبار. کە خزمەتگوزارییە گشتییەکان تا نزمترین ئاست دابەزیون، باج و رسومات تا بەرزترین ئاست بەرزکراونەتەوە، مووچەش بە ئەو جۆرەیە، مرۆڤ ئاخێزێک نەکا و دەنگ هەڵنەبڕێت، ناڕەزایەتیی توندی خۆی ڕاستەوخۆ و ڕاشکاوانە دەرنەبڕێت و توڕەیی خۆی لە خۆپیشاندان و هەر ئەکتێکی دیکەی بەرەنگارییدا بەرجەستە نەکات، دەتوانێت چ ئومێد و خەونێکی هەبێت و دەتوانێت قسە لە چ ئیرادە و ئازادییەک بکات! بێهەڵوێستیی و بێدەنگیی لە ئاست وەها دۆخێکدا دەتوانێت جگە لە کەوتن، بیماریی و کەوتنی بوون و کەینوونەی مرۆیی، چ ناوێکی دیکە و چ تەفسیرێکی دیکەی هەبێت!




شانۆی پۆڵەندی لەسەردەمی یەکێتی سۆڤیەتدا.. نیهاد جامی

کاتێک بمانەوێت لەبارەی شانۆی پۆڵەندی بدوێین ناکرێت بابەتیداگیرکاری و شەر لەم وڵاتەدا فەرامۆش بکەین، کۆتایی هاتنی جەنگیجیهانی یەکەم چەندە دەبێتە مژدەی سەربەخۆیی ئەم وڵاتە، بەڵام ئەومژدەیە ئاسۆیەکی نوێ لەبەردەم ئەو کۆمەڵگایەدا ناکاتەوە بەهۆیئەوەی لە ١٩٣٩ دوای ڕێکەوتنەکەی ئەلمانیا و ڕووسیا وپاشگەزبوونەوەی هیتلەر لەڕێکەوتنەکە، شەش ملیۆن پۆڵەندی دەبنەقوربانی جەنگ، دیسان پۆڵەندا دەکەوێتەوە بەر شاڵاوی جەنگ، ئیدیهەریەکە لەیەکێتی سۆڤیەت وئەلمانیا هێرشیان لەدژی یەکتریهێرشکردن دەبێت بۆ سەر پۆڵەندا، لە ١٩٤٤ سەرلەنوێ سۆڤیەت ئەووڵاتە داگیر دەکاتەوەو ئەڵمانیا دەکاتە دەرەوە، ساڵی دواتر حکومەتیپۆڵەندی سەر لەنوێ درووست دەکرێتەوە، حکومەتێک لەژێر چاودێرییەکێتی سۆڤیەت بەڕێوە دەچێت تا ڕووخانی کۆمۆنیزم پۆڵەندا لەژێرسایەی سۆڤیەتدا دەژیێت.

چەند ساڵێک بوو پۆڵەندا لەژێر حوکمی یەکێتی سۆڤیەتدا بوو، کاتێکجەنگی دووەمی جیهانی کۆتایی دەهات، ، بەتایبەت لە ١٩٥٢ لەگەڵراگەیاندنی دەستوور، ئەو کۆمەڵگایە لەبەردەم خەونی ژیاندا بوو، بەلامبەدرێژایی ساڵەکان گرفتی سیاسی و ئابوری زیانی گەورەی لەوکۆمەلگایە دەدا، نەیدەهێشت بەرەو پێش چوون بەخۆیەوە ببینێت، بەلاملەگەڵ ڕووخانی یەکیتی سۆڤیەت، سەرکەوتنی سەندیکای کرێکارانیپۆڵەندی لەهەڵبژاردنەکانی ١٩٨٩ توانیان یەکەم حکومەتی دوایکۆمۆنیزم درووست بکەن، ساڵی دواتر دەست لەکارکێشانەوەیسەرۆک کۆمار، دەرگایەکی نوێتری لەبەردەم ژیانی ئەو کۆمەڵگایەداکردەوە، بەڵام شانۆ بەدرێژایی ساڵانی ١٩٤٥-١٩٨٨ئەو ساڵانە دەبوولەژێرهەیمەنەی یەکێتی سۆڤیەتدا کار بکات، کاتێک پاڵەوان لەو وێنەکۆمۆنیستیە یاخی دەبێت، ئەوا سزایەک هەیە و ڕووبەرووی دەبێتەوە.

ناوەراستی دەیەی چلەکانی سەدەی بیستەم تەواوی شارەکان هۆڵیشانۆیان تێدابوو، ئەوەش وایکرد مرۆڤی پۆڵەندی تەواو بەشانۆ ئاشناببێت، لەڕووی دروستکردنی بیناسازی هۆڵی شانۆ گەشە سەندنێک لەووڵاتەدا لەئارادا بوو ، شاری ئوچ لە ١٩٤٥ وەک ناوەندێکی شانۆییزۆربەی کارە شانۆییەکانی دەگرتە خۆی، لەماوەی پێنج ساڵی یەکەمداواتە تاوەکو پەنجاکان، سێ شانۆ گرنگی خۆیان وەدەستهێنابوو، شانۆی سەربازی کەوا لەلایان شیللەر (١) بەڕێوە دەچوو، شانۆیشیعریی لەلایان هەردوو شانۆکار ڤیرچینیسکی و کۆژێنیڤسکیبەڕیوە دەبردرا، هەروەها شانۆی ژوور کە لەلایان ئێرڤین ئەکسێر (٢)وم. مێلینا سەرپەرشتی دەکرا.

تەنیا ئەو سێ شانۆیە نەبوو کە دەرکەوتن، بەنمونە هەندێک شانۆ هەبووکەزیاتر کۆمیدیا بوو، بەڵام لەناو ئەو سێ شانۆیەشدا کارەکانیشیللەر گرنگی و تایبەتی خۆی هەبوو، وەک تێبینی دەکەین لەلایەکواقعی بوونی شانۆکەی بەشێک بووە لەتینوویەتی مرۆڤەکانی کۆمەڵگاکەخۆیانی تیا بینیوەتەوە، لەلایەکیتریش شانۆیەکی سەربازیپێویستیەکیتری ژیانی کولتووریی بوو کە سوپا بەگرنگەوە تەماشادەکرا بۆ ئەوەی مرۆڤەکان بپارێزێت، ئەو دوو هۆکارە وایکردبووشانۆکانی شیللەر لەنەخشەی ئەم شانۆیەدا بەگرنگیەوە لێیبڕواندرێت.

لەپاڵ ئەو دەرهێنەرە کارە دەرهێنانیەکانی ئێرڤین ئەکسیریش ببووەسەرنجی بەشێکی دیاری بینەرانی شانۆ کەشانۆیەکیان دامەزراندبووبەناوی ژوور، بەتایبەت لەیەکەم سەرکەوتنی لەنمایشێکی نووسەرشانیاڤسکی، دواتر شانۆگەری “ئەڵمانەکان” ی کروچکۆڤسکیێ، هەرلەو کاتانەدا بوو گاڵا شانۆیەکی ڕاگەیاند بەناوی کەنار دەریا، شاریوارشۆش بەدوای هەڵمەتی چاککردنەوەو بنیاتنان لە١٩٤٦ ژیانیشانۆیی بۆ دەگەڕێتەوە لەیەکەم کاری دەر‌هینەر ئۆستێرڤی.

شانۆنامە ڕووسیەکان تائاستێکی دیار توانای ئەوەیان هەبووشانۆکانی پۆڵەندا داگیر بکەن، بۆیە بەشیوەیەکی فراوان ئەو شانۆنامەڕووسیانەی نمایش دەکران، زیاتر بەرهەمی شانۆنووسانی وەکوچێخۆڤ و گۆگۆڵ و تۆڵستۆی ومەکسیم گۆرکی وئیڤانۆڤاوئۆسترۆڤسکی، بۆیە شتێکی سەیر نیە کەوا لە ١٩٤٩ پۆڵەندافێستڤاڵی هونەری ڕووسی ساز بکات، کەوا ٣٠ نمایشی شانۆیی لەمڤێستڤاڵە نیشان دەدرێت، هەر لەو ساڵەدا وەزارەتی کولتور یەکەمکۆنفرانسی شانۆکارانی ساز کردووە، ئەم کۆنفرانسە دەبێتە هۆییەکەم مەترسیەکانی کۆمۆنیزم بۆ سەر شانۆ، کەدەبێت شانۆ لەخزمەتیواقعی سۆسیالیستیدا دەربکەوێت، بۆیە زۆر شانۆنامەی شانۆنووسانئیدی دەکەونە ناو هێلی سوورەوە، لەوانە شانۆنامەکانی میتسکیێڤیچاو کراشینیسکی وڤیسپیانیسکی.

بڕیارەکانی کۆنفرانس هەر بەوەندە ناوەستێت، بەڵکو کۆمەڵێک گریمانەدەسەپێننە سەر شانۆکاران لەوانە دەبێت پابەندی شانۆی واقعی ببن، هەر شتێک بەناوی هونەری نوێیە نابێت بۆ فریودان لێی نزیک ببنەوە، هەروەها ستانسلاڤسکی دەبێتە شێوازی سەپێنراو لەشانۆی پۆڵەندیئەو ڕۆژگارە، داوا لەئەکتەرەکانیش دەکەن کەوا لەجوتیارو کرێکارەکاننزیک ببنەوە تا هەست بەشێوازی ژیانیان بکەن و لەسەر شانۆکانژیانی ئەوان ڕەنگ بداتەوە، ئەوە سەرباری ئەوەی لەسەرەتایپەنجاکان شانۆیەکی نوێ لە شاری ئوچ دەکەنەوە، کەوابەستەیجوانیناسی واقعی سۆسیالیستی بێت، وەک دەزگایەکی کولتورییشانۆیی بۆ کۆمۆنیزم.

ئەو سەپاندنە لەشانۆدا هۆکارەکەی ئەوە بوو دەیانزانی شانۆ دەتوانێتبەرەنگاری دەسەڵاتەکەیان ببێتەوە، بۆیە دەیانوویست ئاراستەی شانۆبۆ ئەو شوێنە بێت کەخۆیان دەیانەوێت، بۆ ئەوەی مەترسی نەخاتە سەرژیانی دەسەڵاتەوە، بۆیە بەگژ لیستێک شانۆنامەی پۆڵەندی و جیهانیدادەچنەوە و دەیانەوێت لەو رۆژگارەدا ئەو کارانە نمایش بکرێن کەواقعی سۆسیالیستین، ئەو بریارانە ڕەنگدانەوەکەی تەواو فراواندەبێت، بەتایبەت ئەو دەرهێنەرانەی گۆڕانکاریان لەئاستی هۆشیاریسیاسی و کولتوریی بۆ کۆمەڵگا خوڵقاندووە لەکاری شانۆییاندووریان دەخەنەوە لەوانە شیللەر و گال و شییفمان، دوای چەند ساڵێکدەستیان لەو بریارانە هەڵگرت، بەڵام هەولیان دەدا ئەو ترسە نیشانبدەن، پاشگەزبوونەوە لەو بڕیارانە شکستی دەسەلات نیە بەقەد ئەوەیسزایەکە بۆ ئەوەی بزانن لادان لەو دەسەلاتە دوورخستنەوەیانەلەشانۆدا، هەڵبەت بەجۆرێکیتر ترساندنی دەرهێنەروئەکتەرەکانیتریشە.

ئەو دۆخە بەردەوامی هەیە تا کۆتایی جەنگ و ئاسایی بوونەوەی دۆخیپۆڵەندا، لە١٩٥٥ یەکەم نمایشی دوای جەنگ لەشاری وارشۆپێشکەشکرا لەژێر ناوی “باپیران” لە دەرهێنانی ئەلێکساندێرباردینی، ئەو سەرەتایە دەرگا لەکۆمەڵە شانۆنامەیەکی نوێ دەکاتەوەبەتایبەت شانۆنامەکانی برێخت وسارتەرو دورێنمات، لەپاڵ کاریشانۆنووسانی پۆڵەندی وەکو مرۆژێک وبرۆشکچێڤیچا وروژێڤیچا، ئەومێژووە سەرەتایەکی گرنگی شانۆی پۆڵەندی پێک دێنێت، بەوەی دەرگالەدنیای جیاوازی شانۆنووسان دەکرێتەوە، دەتوانن کارلەتێکستەکانیاندا بکەن، بەتایبەت لەشانۆنامەکانی ژان ژینیە و یۆژینیۆنسکۆ و سامۆئێل بیکیت، بەدوای ئەوە بۆ یەکەمجار لە ١٩٥٧ شانۆگەری “لەچاوەروانی گۆدۆ” نمایشکرا، بەرهەمی ئەو نووسەرانەچەندە لەدوای جەنگ ڕێگای نمایشکردنیان درا، بەڵام کۆمەڵەنووسەرێکی پۆڵەندی بەر لەجەنگەوە کەوتبوونە ژێر کاریگەری ئەوان، لەشانۆنامەکانیان ڕەنگی دابۆوە لەنموونەی ئەبرامۆڤ نێڤێرلی وبریلیودرۆزدۆڤسکی وگرۆخۆڤیکا وئیردینیسکی کراشنیسکی ریمکیێڤیج وسیتۆ.

چەندە لەو شانۆ نوێیەی جەنگدا نووسەرانی پۆڵەندی رۆڵی گرنگیاندەرکەوت، لەپاڵ ئەوەدا کۆمەڵە دەرهێنەرێکیش بەهۆی نمایشەکانیانناوبانگێکی دیاریان پەیدا کرد، کارەکانیان بوونە جێی سەرنجیبینەران وناوەندە شانۆییەکە، لەوانە ئەکسێر ودۆزینەوەی شێوازەشانۆییە نوێێەکەی لەشاری ئوچ بەناوی ژوور، ئەو لەو شانۆیەدا زیاد لەدەساڵ بوو کاری تیادەکرد، بەلام لەو دۆخەی دوای جەنگ کاریگەریلەسەر مرۆڤی پۆڵەندی بەتەواوی دەرکەوتبوو، هەوڵی دەدا لەنێوانشانۆی کۆنی پۆڵەندی و شانۆی سونەتی پەیوەندیەک ڕێکبخاتەوە، بەتایبەت لەنمایشەکانی “شارەکەمان ١٩٥٧، کاروان-برێخت ١٩٦٢، تانگۆ ١٩٦٥”
لەوەی دواییان “تانگۆ” وێنەیەكی كۆمەڵایەتی ئەو كۆمەڵگایە دەخاتەڕوو، ئەوە ڕەخنەیەكی كۆمەڵایەتیە، هاوبەشیكردنی دنیای نووسراوینوسەر و دروستكردنەوەی پەیوەندیی ئەكتەرە وەك كۆمەڵگای سەرشانۆ بۆ كۆمەڵگای بینەر، كە كۆمەڵگای ڕاستەقینەی پۆڵەندیە، بەڵامنایەت لەوێنەی كۆمیدیەوە ئەو ڕەخنەیە بخاتە ڕوو، هێندەی ئەوكۆمیدیایە دەگۆڕێتە سەر وێنەیەكی گاڵتەجار، لێرەوە دنیای واقعی وسوریالیەتی ئەو دەرهێنەرە بۆ شانۆ دەردەكەوێت.

گەڕانەوەش بۆ ناو شانۆی تۆماری پیتەر فایس و بەتایبەت لەكاركردنیلەتەك شانۆگەری (لێكۆڵینەوە) لەبنەڕەتدا لێكۆڵینەوەیە لەیادەوەریكۆمەڵگایەك كە فاشیزم جەنگی بۆ هێناوە، ئەگەر پیتەر فایس پرسیاریئەخلاقی ڕووبەرووی مرۆڤگەلێك بكاتەوە كە لەكۆمەڵگای ئەڵمانیدا بەپۆشاكێكی قەشەنگەوە دەردەكەون و تاوان دەكەن، ئەوە دەبێتەوەپرسیاری ئەكسێریش، كە لێرەدا چەمكی قوربانی بوون لەناو شانۆكانسەر لەنوێ‌ خۆیان دەخەنەوە ڕوو.

بەتایبەت بۆ ئەو ڕۆژگارە بەشداریكردنی سەرۆكی دادگا لەناو بینەران، لەپاڵ پشت نەبەستنی ئەكتەرەكان بە ئارایشت، وا دەكات نمایشەشانۆییەكە وەك وێنەیەكی ڕاستەقینەی ناو ئەو كۆمەڵگایە خۆی بخاتەڕوو، ئەو وێنەیە پەیوەندیەكی كۆمەڵناسیانە دەبەخشێتە كارەكانی ئەودەرهێنەرە، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی “ئەو نمایشە شانۆییە بەهەمووپێوەرەكان جۆرێك بێت لە ئەزموونی شانۆیی، چ لەكاركردنی دەرهێنەرلەگەڵ بابەتێكی درامی/ بەڵگەنامەیی، چ لەگەڵ موفرەدەكانی نمایشیشانۆییدا” (٣)

ئەو پەیوەندیە لەشوێنێكدا ناوەستێنێت، بەڵكو دەیەوێت لەگەڵتێكستیتردا ئەزموونی بكات، بەڵام نەك بەفۆڕمی شانۆی تۆماری، بەڵكو ئەوەی بەلایەوە گرنگە، چۆنیەتی بنیاتنانەوەی كۆمەڵگای دوایجەنگە، بۆیە دەیەوێت دیدێكیتر بە دنیای یۆژین یۆنسكۆ ببەخشێت.

بۆ قسەكردن لەخوێن وكوشتار وكۆمەڵگایەك كە دەبێت لەو دۆخەدەربازی بێت ئەمجارەیان شانۆگەری (ماكبێس) ی شكسپیردەردەهێنێت، ئەوەش سەرباری ئەوەی نزیكبوونەوەیە لەچەمكی ناپاكیوكوشتن، بۆ ئەوەی لەو زەمینەیەوە پەیوەندیی كۆمەڵایەتی سەردەمیجەنگ بنوسێتەوە، بەدوای كاركردن لە یۆژین یۆنسكۆ و ئیشكردنلەسەر ماكبێسی شكسپیر، ئەو دیدە ڕەخنەییەی یۆنسكۆ بەتەواویدەخاتە ڕوو، كاتێ‌ باس لە شكسپیر دەكات وەك باوكی شەرعیشانۆی ئەبسێرد.

ئەوەش وەك پرۆژەیەك لەتەك شكسپیر درێژ دەبێتەوە، ئەمجارەیانڕووبەرووی تێكستی شالیر دەبێتەوە، پەیوەندیی ئەو وەك دەرهێنەرلەتەك شكسپیر بەرجەستەكردنی وێنەیەكی شالیر نیە بەپێی گریمانەیتێكست، بەڵكو لەشیكردنەوەی بۆ تێكست كۆمەڵێك جیاوازیی خۆیدەخاتە ڕوو، هۆكارەكەشی ئەو دیدە كۆمەڵناسیانەییە كە بۆ كۆمەڵگایپۆڵەندی لەشالیر دەیخاتە ڕوو.

ئێرڤین ئەكسێر بەپێی كاركردنی كۆمەڵناسیانەی بۆ شانۆ دیدێكیڕەخنەیی بۆ یادەوەری جەنگ و چۆنیەتی بنیاتنانەوەی مرۆڤەكانلەكۆمەڵگادا دەخاتە ڕوو، كە ئەزموونكردنی لەتەك كۆمەڵگا لەناوتێكست دەبێتەوە دەرهێنەرێك كە سەر لەنوێ‌ بەشداری لەنووسینەوەیتێكست دەكات.

لەلایەکیتر شانۆی شارەکانی ڤرۆسواڤ و وارشۆ و کراکۆڤتوانیبوویان بەهایەکی گرنگ بەهونەری شانۆ بدەن، شانۆنامەجیهانیەکان لەسەر شانۆکان نمایش دەکران، سارتەر ودۆرینمات ولەپاڵ رۆمانەکانی دستۆڤسکی دەخرانە سەر شانۆ(٤)، تەواوی ئەوبزووتنەوە شانۆییە بنەمایەکی بۆ دامەزراندنی شانۆکە دەخوڵقاند، کەلەگەڵ هەفتاکانی سەدەی بیستەم ببێتە دەرگایەک بۆ لەدایکبوونیچەندین شانۆی ئەزموونی ئەوە لەپاڵ ئەوەی هۆشیاری شانۆییلەهەفتاکان دەگاتە ئاستێک ئەو شانۆیە بەهیچ شانۆنووسێک نامۆنەبێت بەتەختەی شانۆکانی، دیارترین لەو کارانەی لەسەرەتایهەفتاکان نمایش دەکرێت شالیری شکسپیر و تاوانی کوشتنیئەلیۆت، ئەوە لەپاڵ ئەو گەشە سەندنە دەرهێنانیەی بەشانۆی پۆڵەندیلەهەفتاکان دەردەکەوێت وەک لەکارکردنی ئاندژێی ڤایدا لەڕۆمانەکانیدستۆڤسکی لەوانە” شەیتانەکان، تاوان وسزا” هەروەها لەنمایشیشاکارە گرنگەکەی بەناوی “شەوی نۆڤێمبێر” دواتریش لەگەڵکارەکانی شکسپیر لەوانە هاملێت و ماکبێس.

ڤایدا کەناوبانگیمان زیاتر لەسینەمادا بیستووە وکەمتر وەکشانۆکارێک باسی کراوە، بەڵام ئەو نەک تەنیا لەسەرەتادا بەشانۆدەستی بەکاری هونەری کرد، بەڵکو لەپاڵ سینەماش هەردەستبەرداری شانۆ نەبوو، لێرەدا هەوڵ دەدەین ڕوانینێکی گشتیلەسەر شانۆگەریەکانی بخەینە ڕوو.

ئاندژێی ڤایدا لەدایکبوی ١٩٢٦ و لەتەمەنی ٩٠ ساڵیدا واتە لە ٢٠١٦ ماڵئاوایی لەژیان کردووە، سەرەتا وەک نیگار کێشێک دێتە بواریهونەری دواتر لەنێوان شانۆ و سینەمادا دەمێنێتەوە، ئەو كارانەی بۆشانۆ دەریدەهێنێت زۆربەی جار رۆمانە دیارەكانە لەجۆریڕۆمانەكانی دستۆفسكی و ئەلبێر كامۆ، ئەوە ڕوانینی سینەماییانەیەبۆ چۆنیەتی كاركردن، چونكە بەتایبەت دستۆفسكی بۆخۆی سەركێشیكاركردنە لەشانۆدا، بەوەی چۆن ئەتوانین وێنەیەكی دستۆفسكیلەئاستێكی هونەری دوور کە لەڕەگەزی گێڕانەوە دەیگۆڕین بۆ ڕەگەزیدەیالۆگ بەرهەم بێنین؟

ئێمە كاتێك لەبارەی كەسێكی وەكو ڤایدا قسە دەكەین، مانای وایەلەسەر دەرهێنەرێك دەوەستین كە هەر لەسەرەتاوە دیدی بۆ شانۆلەوانیتر ناچێت، زۆرجار لەگفتووگۆکاندا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووەبەوەی ئەو کارانەی نمایشی دەکات دەبێت وێنای بکات لەسەر شانۆئەوسا بیر لەدەرهێنانی دەکاتەوە، ئەو هەر لەسەرەتاوە خەیاڵیسینەمایی وای لێدەكات دەبێت ئەو تێكستانەی دەیەوێ‌ بۆ شانۆدەریبهێنێت، تەواوی دیمەنەكە و پێكهاتەكانی وێنە بەبەرچاوی خۆیببینێت، ئەوە تێگەیشتنێكی فیلمسازە بۆ وێنە، كە دەرهێنەری شانۆییبەدەگمەن بەم شێوەیە بیر لەوێنەی شانۆیی و نمایشەكەی دەكاتەوە، ئەوەش وای لێدەكات سەرسامی خۆی بەرامبەر ئەو دەرهێنەرانە بخاتەڕوو، كە كەسانیتر كاری سینۆگرافیایان بۆ ئەنجام دەدەن، چونکە هەرخۆشی کاری سینۆگرافیای دەکرد.

ئەو ئەگەر بۆ سینۆگرافیا و دیمەنەكان پێویستی بەوە بێت لەسەرەتاوەهەموو شتێك ببینێت، بەڵام تاكە شتێك كە نایەوێ‌ لەسەرەتاوە بیخاتەڕوو، تەواوی ووردەكاری نواندن و كەسایەتیەكانە بۆ ئەكتەر، دەیەوێتلەئەتمۆسفێری شانۆكەدا ئەكتەرەكان بەدوای بونیادی كەسایەتیەكان وئەو دیدگایە بگەڕێن كە ڤایدا دەیەوێت بیخاتە ڕوو، بۆیە كاتێ‌ بەمشێوەیە لەتەك ڕۆمانی (سەگەكان) ی دستۆفسكی كار بكات، ئەوگریمانە سەرەتاییانەی خۆی ناسەپێنێت، هێندەی دەیەوێت ئەكتەرلەپرۆژەیەكی هاوبەشی مەشقدا بتوانێ‌ بگات بە بونیادی كەسێتیكارەكتەر.

ئەو هەندێكجار ئەو دەقانە هەڵدەبژێرێت كە هەر لەناونیشانەوە هەڵگریتانوپۆیەكی شیعرین، وەكو شانۆگەریەكەی میشێل ڤینست گازۆبەناوی (شەبقەیەكی پڕ لەئاوی باران) سەیر نیە لەكۆتایی پەنجاكانیسەدەی بیستەم ئەوە یەكەم كاری شانۆیی ئەو بوو بێت، ئەوەی گرنگەئەوەیە هەر لەسەرەتاوە ئەو ڕوانینە شیعریە لەناونیشانەوە دەبێتەجێگای سەرنجی، وەك چۆن ئەوەی بۆ ئێمە دەبێتە جێگای تێڕامانسەركێشی و كاركردنە لەگەڵ ئەو تێكستانەی سەختن بۆ كاركردن، یاخود بونیادی پێكهاتەكانیان گوتاری فەلسەفی و ئاستی بەرزیهونەرین، ئەوانە دەبنە پڕۆژەی دەرهێنانی ڤایدا لەشانۆدا، وەكشانۆگەریەكانی (هاملێت) ی شكسپیر و (با تەمسیل بكەینسترەندبێری) دۆرینمات.

ئەو زانیویەتی كەشانۆ دەردەهێنێت.. ئەوە شانۆیە سینەما نیە، دەبێتهەڵگری سیستم و گوتاری شانۆیی بێت، بەڵام لەهەمان كاتدا ئەوەشینەشاردۆتەوە، كە شانۆ پێویستی بەزمانێكی سینەمایی هەیە، ئەوە وادەكات شانۆكەی لەئاستێكی بەرزی هونەری بێت، بۆ خۆشی ببێت بەیەكێك لەناوە گرنگەكانی شانۆی پۆڵەندی، لەهەمانكاتدا ویستویەتیپەیوەندیەك لەنێوان دیدی سینەمایی و شانۆیی بەرجەستە بكات وەككاتێ‌ یەكێك لە ڕۆمانەكانی ئەلبێر كامۆ بۆ شانۆ دەردەهێنێت، لەجلوبەرگی ئەكتەر و پێڵاوەكانیان كە قوڕاوین، پەیوەندیەكی لەگەڵدیمەنەكە درووست كردووە كە دیمەنێكی قوڕاویی بێت، ئەوەش تەنانەتپەیوەندیی بەئاسمانی شانۆكەشەوە هەیە، ئەو دیمەنە ئەگەر زیاترلەسینەماوە نزیك بێت، بەڵام لەهەمان كاتدا بۆ ئەو دیمەنە ویستویەتیلەشانۆی بونراكی ژاپۆنی نزیك ببێتەوە.
لەڕووی تەكنیكیەوە دەشێت شانۆگەریەكانی ڤایدا لەشانۆی شێوەكاریپۆڵەندی نزیك بێت، بەتایبەت لەبوونی شیعریەتی شانۆكەی و دابەشبوونی بەسەر خەون لەشانۆگەری (ٍشە‌وی نۆڤێمبەر)، بەڵام ئەو وێنەشانۆییە نابێتە شانۆیەكی شێوەكاری، بەقەد ئەوەی ئەزموونێكیتایبەتمەند دەخوڵقێنێت، ئێمە لەگەڕانەوەمان بۆ ڤیدیۆ تۆماركراوەكەیئەم شانۆگەریە بۆ تەلەڤزیۆنی پۆڵەندی كە ساڵی ١٩٧٨ تۆمار كراوە، وێنەی ڕوونی دنیا شانۆییەكەی ڤایدا دەبینین، شانۆگەریەكە باسلەشەوی ٢٩ ی نۆڤێمبەر دەكات، ئەو شەوەی لە ١٨٣٠ بە شەویڕاپەرین ناسراوە، تێكستەكەی ستانیسواڤ ڤیسپیانیسكی دەبێتەپڕۆژە خەونی ڤایدا بۆ ماوەیەكی درێژ تاوەكو لەدنیابینیەكی سینەماییشانۆیی بەرجەستەی دەكات، شیعریەتی ئەو نمایشە چەندە وێنەیەكیسینەماییە هێندەش شیعرییە، بەو پێیەی دەیەوێت دیمەن بۆ گێڕانەوەیڕووداو لەسەرەتاوە چڕ بكاتەوە لەشێوە كۆرسی شانۆی كلاسیك، بەڵاموەزیفەی كۆرس دەگۆڕێتە سەر شێوەیەكی ڕیتواڵی تایبەت، لەنێوانشانۆی گۆرانی و ئۆپیرا ئاوێتە بوونێك بەرجەستە دەكات، كە دیمەنیشانۆیی ببێتە ئاهەنگێكی شانۆیی، بۆیە گێڕانەوەی ڕووداو لەشێوەیكۆڕس دەردەكەون، بەلام گۆرانی ئۆپیرایی و فۆڕمی شانۆی گۆرانیبەرجەستە دەكەن، تا دەگاتە سەر دیمەنی شا وشاژن، لەوێوە ململانێیدرامی و ترس و توندوتیژی جەستەیی شا لەگەل ئەفسەر و دەستوپێوەندەكان لەلایەك و لەلەیەكیتر لەپەیوەندی جەستەی لەگەڵ شاژن، دەست وپێوەند شورەیەك درووست دەكەن بۆ پارێزگاری لەكۆشك، كەپڕە لەتوندو تیژیی وسەركوتكردنەوە لەپێناو تاكە مرۆڤێك كە نوێنەرایەتیدەسەڵات دەكات.

دیمەنی چاودێریكردن لەشەودا بیری شكسپیرمان دەخاتەوەلەدەركەوتنی تارمایی لەنیوە شەودا، هەروەها بوونی تارماییەكلەشێوەیەكی باڵا لەساتی دەربڕینی دەنگی ئۆپیراییلەئاگاداركردنەوەی كارەكتەرەكان لەوەی ڕوو دەدات، دەرخەریحەقیقەتێكیتری شكسپیریە لەكاریگەری شانۆنامەی هاملێت بەسەر ئەونمایشەوە.

ئەگەر لەهاملێتدا دیمەنێكی نمایشی شانۆیی هەیە كەشانۆ لەناوشانۆیە و چۆنیەتی كوشتنی چیرۆكی تارمایی دەگێڕێتەوە، ئەوا لێرەدانمایشێك لەناو نمایشەكە هەیە ڕووتی دەسەڵاتی شا دەگێڕێتەوە، دەست وپێوەندەكان ڕووتن، هەرچەندە ئەو ڕووتیە دەرخەری وێنەیەكیهۆمۆسێكسوالێتی ئەو دەسەڵاتەش دەردەخات، كە شا ئارەزوویدەكات، بەبەڵگەی ئەوەی لەدیمەنی پێش ئەو نواندنە لەئامادەبوونیشاژنیش لەخۆشی هەواڵی سەركوتكردنی خۆپیشاندەران یەكێكلەدەستە ڕاستەكانی خۆی چەند جارێك ماچ دەكات.

سەرەنجام ترسێك كە بوونی هەیە دەبێت ڕوو بدات، پارێزگاریكردنلەشا بەپارچە قوماشێكی سپی نیمچە ڕووتەوە دەریدەخات، دەسەڵاتچەند ڕووت و چەندە ئامادەبوونی وابەستەی دەنگیەتی نەوەكپەیوەندیەكانی هێز، ئەگەرچی ئەوە خۆ ڕووتكردنەوەیە لەپلەسەربازیەكەی تا نەناسرێتەوە، بەڵام تا كوێ شاژن (پۆلكا) دەتوانێتپارێزگاری لەدەسەڵاتی شا بكات؟

كاتێك دوو شۆڕشگێرەكان دەخاتە ژوورێكەوە، بەبیانوویشاردنەوەیان، بەڵام ئەوە بەس نیە بۆ ئەوەی دەسەلاتێكی بەتاڵیتۆقێنەر بتوانێت درێژە بەزەبروزەنگ بدات، دەسەڵاتێك بوونی تەنیاوابەستەی ساتی ئارامیە، دەنا لەبنەڕەتدا ترسێكی پتەو بەدی دەكات.

ئەو شانۆ لەناو شانۆیە بەشێكی دیاری نمایشەكەی دەكەوێتە ئەستۆ وڤایدا تەواو پشتی پێ بەستووە، لەو ڕووەدا چەندە سوودی لەودیمەنەی شكسپیر وەرگرتووە، بەهەمان شێوە ئەو فۆڕمە براندیللۆیەقوڵ دەكاتەوە، كاتێك براندیللۆ لەشانۆگەری “شەش كارەكتەر بەدواینووسەرەكەیان دەگەڕێن” لێرەدا گەڕان پڕۆسەی توێژینەوەیەلەدەسەڵات وتێگەیشتنەكان، تاوەكو دوو ئاراستە لەنمایش بەدەسەڵاتببەخشێت، ئاراستەی یەكەم وابەستەی سیستمی ئۆپیڕایی وەكگێڕانەوە و بوونی شاو شاژنە لەكۆشك، ئاراستەی دووەم وابەستەینمایشە شانۆییەكەی ناو شانۆگەریەكەیە، ئەوەی ئەو دوو ئاراستەبەیەكەوە دەگەیەنێتەوە، یەكێك لەو ژنە گۆرانیبێژە ئۆپیرایانەیە كە دەنگیئاگایی مێژووییە لەئێستای ڕووداوەكاندا، بینەران لەمەترسی دۆخەكەئاگادار دەكاتەوە كەبڕۆنەوە ماڵەوە، سەرەنجام ئەو ژنە دەمێنێتەوەلەگەڵ ئەو پیاوەی كە لەپشت ڕووداوی خۆپیشاندانە، ئەو پیاوەیبەدرێژی شانۆنامەكە كاغەزی قوماری بەدەستەوەیە، سەرەنجام كەدەدۆڕێت كاغەزەكان فڕێ دەدات وهۆڵەكە بەجێ دێلێت.

ئەو وێنەیە كە كۆتا وێنەی نمایشەكەیە لەشانۆگەریەكەدا ئاماژەیەكیگرنگی كۆتایی ڕاپەڕین وشكستێكە كە لەڕۆژەكانی دواتر ڕوو دەدەن، وێنەیەكیتری شۆڕش بەرجەستە دەكات، كە هیچ نیە جگە لەقوماریقوماربازەكان كە دەدۆڕێن هەڵدێن و ئەوێ جێدێلن، بەڵام ئەوەی لەناوشانۆ لەناو شانۆ خستۆتە ڕوو، كاتێك دەگەڕێینەوە ناو ڕووداوەكانهێشتا مردن لەناو شەقامەكاندایە، هەندێك گەیشتنە كۆشكیپاشایەتی و لەوێدا مردن و خەڵكانێكیشیان كووشت، لەولاوەشەقامەكان هەر توێژێك دەیەوێت داكۆكی لەدەسەلاتی خۆی بكات، قەشە پیاوانی دەسەڵاتیان پێ دەناسێنێت تا خۆپیشاندەران بیانكوژن، لەولاوە خۆشی چارەنووسی لەكوژراوەكان باشتر نابێت و پەتیسێدارە چاوەروانیەتی.

لەكۆتاییدا ڕاپەڕین سەركوت دەكرێت و شاری وارشۆ دەبێتە شوێنیگۆڕستانی مرۆڤەكان بەدەستی دەسەڵاتی خۆیانەوە، دەسەلاتسەردەكەوێت بەسەر هاوڵاتیەكانی، ئەوەش بۆخۆی سەركەوتندەگۆڕێت بەشكست، شاژن وەك ئۆڤیلیای هاملێت پاكیزەیی بەرەوشێتی دەبات، شا لەگەڵ كۆمەڵێك پاسەوان لەدەرەوەی كۆشكە ودەیەوێت عەرشەكەی بەجێ بێلێت، بڕیاری بەدەستی جەنگ بەرپرسدەكات، وەك چۆن جێبەجێكارێكیتر بۆ كوشتنی هاوڵاتیەكان بۆ خۆیكەلەپچە دەكاتە دەستی خۆی و دەچێتە بەردەم لوولەی تۆپەكە، ئەووێنەیە لەڕێگەی گۆرانیەكی ئۆپیرایی لوتكەی ئاستی درامی شكستیدەسەڵات و كۆتایی هاتنە لەڕێگەی مەرگی خۆیەوە، كە لەكوشتنیهاوڵاتیەكانی بەرجەستە بووە.

لەئەزموونێكیتری ڤایدا لەگەڵ هەمان نووسەر ئەمجارە وەك خۆیمامەلەی لەگەڵ تێكستەكە كردووە تەنانەت یەك دێر چیە لای نەبردووەلەتێكستی “ئاهەنگی ژنهێنانی” ستانیسواڤ ڤیسپیانیسكی، كەچیلەهەمان كاتدا وێنە لەنێوان خەون وشیعر و مۆسیقاوە نزیكە لەتەكنیكیشانۆی شێوەكاریی، ئەو نزیك بوونەش زادەی دیدی سینەماییە بۆوێنە، بەتایبەت لەدیمەنە بێدەنگەكان، مۆسیقا كاریگەری تەواو بەسەروێنە جێدێلێت.

ئەو تێگەیشتنە هونەریانەی وای كردووە دوو لەكارەكانی بۆ شانۆبتوانێ‌ دیدگای شانۆكاران بەتەواوی بۆ لای خۆی ڕابكێشێت، شانۆگەری (كاتێ‌ تێگەیشتن دەخەوێت) ئەوە زیاتر لەتەكنیكی شانۆیشێوەكاری نزیك دەبێتەوە، كە دەتوانین بەشانۆیەكی وێنەیی زیاتربیبینین، بەهۆی بوونی وێنە وەك پێكهاتێكی سەرەكی ناو سینەما وشێوەكاری كە مۆسیقا بەشداری ئەو هونەرانە دەكات و لەنمایشێكیشانۆییدا چڕ بونەتەوە، كارەكەش لەبارەی كارە شێوەكاریەكانی(گۆیا) یە، ڤایدا بەم نمایشە توانی خەڵاتی كۆنڕاد سڤینارسكیبباتەوە كە گۆڤاری شانۆی پۆڵەندی ئامادەی كردبوو، بەهۆی ئەوەیئەم نمایشە بە باشترین شانۆگەری ساڵی 1976 ی پۆڵەندا ناو براوە.

هەروەها شانۆگەری (دوو كۆچەر) ی مرۆژێك، كە بە بروای توێژەرانباشترین كاری دەرهێنانە بۆ ئەو تێكستە كرابێت لەسەرانسەریجیهان، ئەو دەرهێنانەیە كە لەهۆڵێكی سینەمایی نمایشكراوە، تەختەیشانۆكە و شاشەی سینەماییەكەی داپۆشیوە، شێوە كادرێكیسینەمایی درووست كردووە، ئەكتەر و كەسایەتیەكان لەهۆڵی بینەراننزیك دەبنەوە، ڕووداوەكانی شانۆگەریەكە لەناو كادرە سینەماییەكەوەڕوو دەدەن.

ئەو هەوڵانەی ئاندژێی ڤایدا لەشانۆدا وایكردووە ڕۆڵی ئەو هێندە گرنگبێت لەشانۆی نوێی پۆڵەندی كە بەهیچ شێوەیەك دەركردنی ناوی ئەولەو شانۆیە وێنەیەكی تەواومان پێ‌ نەبەخشبێت لەو شانۆیە، لەڕاستیدادەتوانین ڤایدا بۆ شانۆی هەفتاکانی پۆڵەندی بەتابلۆی ئەو ژنەیمۆدیلیانی ناوی بەرین كە ڕووخساری ژنێكە تەواوی فیگورەكەیكێشراوە، بەڵام نیگای چاوەكانی بە بەتاڵی جێهێشتووە، ئەوە شێتینیە دیدگای هونەریە وا دەكات بەبێ‌ ڤایدا نەتوانین نیگاكان و دیدگاهونەریەكانی ئەو شانۆیە ببینین.

ئەگەر لەسەردەمی یەکێتی سۆڤیەتدا ڤایدا دەنگێکی گرنگی ناو شانۆیپۆڵەندی بێت، ئەوا بەدوای ڕووخانی سۆڤیەتیش دیسان دەرکەوتنەوەیلەشانۆدا بەهێزێکی نوێی خەون بینەوە لەم دۆخە نوێیەی مرۆڤیپۆڵەندی تیای دەژیا کاری دەکرد، بەتایبەت دوای مەرگی زیگمونتهوبنێر، لە ١٩٨٩ کاتێک لەشوێنی ئەو کرا بە بەڕێوبەری شانۆیگشتی لەوارشۆ، کە بۆ ماوەی ساڵێک بەڕێوبەری ئەو شانۆیە بوو، گڕوچالاکی بۆ شانۆ زیاتر پەڕەی سەند و تا ساڵی ٢٠٠٤ کۆمەڵێکشانۆگەری نمایشکرد لەوانە “سۆناتای تارمایی” سترێندبێری، “نەفرەت” ی ستانیسواڤ ڤیسپیانیسکی، “میشیما” ی یۆکیۆمیشیما، “کلاوی حەسیری” یوگینیا لابیخی، “ڕاگوزەرێک لە وارشۆ” و”گۆرانیەک لەگەشانەوەی ئاودا” و “چۆنت ئەوێ” ی شکسپیر و”ئەهریمەن جارێکیتر” دوا شانۆنامەش کە پێشکەشی کرد، شانۆگەری”ماکبێس” ی شکسپیر بووە.
بانگەشەکردنی گرۆتۆڤسکی (٥) بۆ لابۆرە شانۆییەکەی لە١٩٦٨ بەشێکیتری ئەو گەشە سەندنە دەرهێنانیە بوو لەشانۆدا، کە چەندهەوڵێکیتری هەمان شێوە هەبوو بۆ شانۆ لەوانە شانۆی ستۆدیۆییۆزیف شاینا، بەتایبەت لەنمایشەکانی “ریبیلکا، دانتی” کە چەندەلەڕووی هونەریەوە ئاستێکی بالایان دەبێت لەهەمان کاتدا لەسەرساتەوەختی مەرگی مرۆڤی ئەو کۆمەڵگایە دەوەستێت، کە چۆن مەرگلەهەموو شوێنێک یەخەی دەگرێت، بەبێ گوناهباری گوناهبار دەکرێتو سزای مەرگ بەسەریدا دەسەپێنرێت، هەر لەدرێژەی ئەو هەوڵانەنمایشە بانتۆمیمەکانی تۆماشێڤسکی (٦) دەرخەری جەستەی مرۆڤیپۆڵەندی بوو جەستەیەک کە ڕووبەرووی لەناوچوون ببۆوە لەشانۆدادەیویست ئازادی بکات، بەتایبەت لەنمایشەکانی “پێچاو پێچ، کراس، نۆڤێمبەر شەوی خەون”

دۆزینەوەی میكانیزمی نوێ‌ بۆ شانۆیەك كە تایبەت بێت بەجەستەوە، بەتەنیا بنیاتنانەوەی ئەزموونێك نیە تایبەت بێت بە پانتۆمایمەوە، بەڵكوبەلای تۆماشێڤسكی ئەوە ئەزموونكردنی جەستەیە لەتەك سەماودرامادا، بۆیە شانۆكەی ئەو ئەگەر لەپڕۆسەی ناونان پانتۆمایم بێت، بەڵام لەجەوهەردا پانتۆمایمێكە كە هەڵگری سەما و درامایە، جۆرێكینزیكە لەسەمای بالێ‌، ئەوەش سەرەتا ناكۆكی بۆ درووستكرد لەگەڵیەكێك لەپێشەنگەكانی شانۆی پۆڵەندی كە مامۆستای خۆشی بووئەویش ئیفۆ كاڵ بوو، كەپێی وابوو تۆماشێڤسكی بەم نزیكبوونەوەیپانتۆمایم لەسەمای بالێ‌ لەڕاستیدا ناپاكی لەشانۆ كردووە، هەڵبەتتۆماشێڤسكی بەهۆی ئەوەی ئەكتەرێكی بەتوانا بوو هەروەها خەریكیخوێندنی سەمای بالێش بوو، ئەوە وایكردبوو لەشانۆكەیدا تەوزیفیبكاتەوە.

ئەم شانۆیە بووە كۆڵەگەی پانتۆمایمی هاوچەرخی پۆڵەندی، بەهۆیئەوەی ئاراستەیەكیتری لە پانتۆمایمی شانۆی پۆلەندی دۆزیەوە، كەپانتۆمایم لەم شانۆیەدا هونەرێكی گوزارشتی بوو، كە نەیدەتوانیسنورەكانی خۆی تێپەڕێنێت، بەلام بەكاركردنی تۆماشێڤسكیئاراستەیەكیتر و رووبەرێكی فراوانتری ئەم شانۆیە دەركەوت، كە بووەسەرەتایەك بۆ خوێندنەوەی جەستە لەشانۆدا.

هەڵبەت لەڕووی ستراتیژی پرسیارە شانۆییەكان و هەندێكلەچەمكەكانی كاركردن ئەو لە گرۆتۆفسكی نزیكە، بەتایبەت لەبوونیجولەكردن كە دیدێكی هونەری ڕووت نیە بۆ شانۆ، بەقەد ئەوەیگوتارێكە بۆ مرۆڤ وبایەخدانیانە بە مرۆڤ وبینەری ئامادەبوو، ئەوەشكاركردنێكی جیاوازە لەگەڵ بینەر، هەوڵدانە بۆ گوتارێكی هاودژ كەپێشتر بایەخدان بە بینەر پەیوەست نەبووە بە جەستەوە، بەڵكوبایەخدان بە ووشە بووە، زۆربەی جار ووشە ڕۆڵی كاریگەری بینیووە لەفریوودان وسەرگەرمكردنی.

هەڵبەت نزیكی نێوانیان بەو مانایە نیە، بونیادەكانی ئەم دوو شانۆیەلەیەكەوە نزیك بن، وەك ئەندرە هازبرانت لەتوێژینەوە فراوانەكەیلەبارەی شانۆی تۆماشێڤسكی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات و دەنووسێت”شانۆی پانتۆمایمی تۆماشێڤسكی وشانۆی لابۆریی گرۆتۆفسكی دووشێوەی لەیەكچوو نین لەشانۆدا، بەقەد ئەوەی بەرەو نزیكبوونەوەیەكیڕوون دەچن یاخود دەیانەوێ‌ یەكتری تەواو بكەن، لەمیتۆد و هەڵوێستداهەریەك لەم دوو هونەرمەندە خاڵی تایبەت بەخۆی هەیە” (٧)

هەوڵە سەرەتاییەكانی شانۆی تۆماشێڤسكی هەوڵی تاكگەرایانە بوونلەشێوەی شانۆی مۆنۆدرامی نمایشی دەكرد، یەكەم كاریشی بەناوی(پیانۆژەن) بوو كە مۆنۆدرامایەكی بێدەنگ بوو لە چارەگێكتێنەدەپەڕی، بڕوای وابوو لەڕابردوودا پۆڵەندا شانۆی وەك هونەرنەناسیووە، ئەو تێگەیشتنە پەیوەست بوو بەسووربوونی لەسەرشانۆیەكی هونەری كە لەتەك خەونی ئەو نەوە شانۆكار یەكبگرێتەوە.

بەدوای ئەوە هەنگاوەكانی بردە ناو شانۆیەك كە پەیوەست بێت بەخەیاڵەوە، كاتێك هەوڵەكانی لەشانۆیەكی تاك ئەكتەری گواستەوە بۆشانۆیەكی فراوان، پرۆژەكەی فراوان كرد، ئەوە وایكرد بایەخدانیشیبە پێكهاتە هونەریەكانیتری وەكو جل و بەرگ ومۆسیقا گرنگی خۆیهەبێت لەشانۆكەیدا، دەنگ ئامادەبوونێكی پتەوی هەبوو وەكبونیادێكی سەرەكی ئەم شانۆیە، هەروەها بۆ پەیوەندیی نێوان جەستەو گوزارشتەكانی زۆربەی كات پشت دەبەستێت بەمۆسیقایكلاسیكی..
سەرباری پابەست بوونی بەخەیاڵی هونەری بۆ شانۆكەی، كە هەمیشەجەختی لەسەر خەیاڵی هونەری وفراوانبوونی رەهەندەكانی خەیاڵكردنو پەیوەندیی نێوان ئارەزوو وعەقڵ بەیەكەوە كۆ دەكاتەوە، بۆ ئەوەیبتوانێ‌ رووبەری فراوان بۆ شانۆكەی تەرخان بكات، بەڵام ئەوەبەفەرامۆشكردنی نەبوو بۆ تێكستی ئەدەبی، بەڵكو تێكستی ئەدەبیدەكردە زەمینەیەك بۆ ئەوەی سەرلەنوێ‌ كاری تیا بكاتەوە و بەپێیپێداویستی شانۆكەی بەكاری بێنێتەوە، وەك لەكاركردنی لەتەك فیكتۆرهۆگۆ یاخود لە (پاڵتۆ) ی گۆگۆڵ، هەروەها كاری لەتەك ئەفسانەیگلگامش كردووە، ئەو دەمەی ڕووبەرووی فاوستی گۆتە دەبێتەوە، دەیەوێ‌ بەپێی ویستی هونەری و پێداویستی شانۆكەی كارێكی لێ‌ درووست بكات، بۆ ئەوەش شانۆیەك نمایش دەكات بەناوی (رۆیشتنیفاوست)

لە شانۆكانیدا جگە لەخۆی كەس ئامادەكار و نوسەر و دەرهێنەر نەبوو، تەواوی بەشداران ئەكتەر بوون، ئەوەش وای كردبوو بیركەرەوەی ناوكارەكان خۆی بێت، چونكە دەیزانی پڕۆژەیەكی هەیە لەم شانۆیەدادەبێت هەنگاوەكانی بەپێی هەوڵەكان تێپەرێَنێت.

ئاوێتە بوون چەمكێكی سەرەكی شانۆكەیەتی كە شانۆیەكی سەمایدرامیە، ئەم شانۆیە لەڕێگەی ئاوێتە بوون سەما و پانتۆمایم لەگوتارێكیدرامیدا چڕ دەكاتەوە، ئەوەش جولە دەكاتە سێنتراڵی پانتایی و زەمەن، تیایدا جولە وێنای ماتریالەكان دەكات، پانتۆمایم لەهونەرێكیگوزارشتی ناهێلێتەوە، وەك چۆن سەماش بەتەنیا هونەرێك نیە لەناوكاری ئیرۆتیكی و جەستەیی، بەقەد ئەوەی جولە پانتایی و زەمەنیكارەكە چڕ دەكاتەوە لەناو یەكتری و یەكگرتنێكی هونەری پێك دێنێت، كە گوتاری شانۆكەیە، ئەوەش بوو بە سیما تایبەتمەندیەكانیپانتومایمی هاوچەرخ لەشانۆی پۆڵەندیدا.

لەباشترین ئەو دەرهێنەرانە بوون کەلەسەر شانۆکان دەنگیان دایەوە، باردینی لەو قۆناغەدا یەکێک لەباشترین کارەکانی شانۆنامەی “یانگابرێل بۆرکمان” ی هینریک ئەپسن بوو، هەروەها کارەکانی ز. هوبنێر (١٠) لەسەر شانۆکانی کراکۆڤ هیچی لەڕۆلێ باردینی کەمترنەبوو گەر زیاتریش نەبووبێت.

لێرەدا پێویست دەکات لەسەر سڤینارسکی بووەستین، هەڵبەت بەشێكی دیاری شانۆكارانی پۆڵەندی پێشتر لەبواری هونەریشێوەكاریدا كاریان كردووە، ئەویش كەسێك بووە لەوانەی لەو بوارەداكاری كردووە، ئەو كاركردنە دیدێكی شێوەكاری بەكارە شانۆییەكانیبەخشیووە، كە وای كردووە ئامادەبوونی مرۆیی لەپاڵ ئەو هونەرە، دیدێكی هاوبەش دەخاتە ڕوو لەپەیوەندیی نێوان هونەر و ژیان، كەخۆی بەدیدی پۆلیڤۆنی ناوی دەبات، ڕەنگە ئەوەیان ڕووبەروویوەستانمان بكاتەوە، كە بۆچی دیدی شێوەكاری و ئامادەبوونی مرۆییدەبنە دیدی پۆلیڤۆنی؟

ئەو فرە دەنگیە (پۆلیڤۆنیەت) لەكاری شانۆییدا پەیوەستەبەتێكشكاندنی فۆڕم لەمانای باودا، بەتایبەت لەبڕوا بوونی فۆڕملەوێنەی شانۆیی، وێنە دیدێكی تەكعیبی بەخۆیەوە دەگرێت، ئەوەشپەیوەستە بەیادەوەری كاركردنی لەبواری هونەری شێوەكاریدا، ئەوەشلەو سۆنگەیەوە كاری تیا دەكرد، كە فۆڕم بەرەنجامی ئەو بابەتەیە كەتێكست خوازیاریەتی.

هەڵبەت پێویستە ئەوەمان لەیاد بێت كە ئەو لەژێر دەستی دووهونەرمەند كاری كردووە، دەتوانین ڕوانینی ئەوان وەك جۆرەكاریگەریەك لەسەر كارە هونەریەكانیدا ببینین، ئەو كاتەی وەكشێوەكارێك كاری دەكرد لەژێر دەستی ستگیمینسكی خەریكینیگاركێشان بوو، كاتێ‌ شانۆشی خوێند لەسەر دەستی یەكێك لەناوەدیارەكانی شانۆی پۆڵەندی ئەو هونەرەی دەخوێند كە ئێرڤین ئەكسێربوو، ئەو دوو هونەرمەندە كاریگەریان لەسەر پێكهاتی عەقڵیەتی شانۆیئەودا هەبوو.

كاتێ‌ بەرەو ئەڵمانیاش رۆیشت و ڕاستەوخۆ ویستی نزیك بێتلەشێوازە شانۆییەكەی شانۆی داستانی برێخت، لەنزیكەوە برێختببینیت، تەنانەت چەند شانۆنامەیەکی برێختی بۆ شانۆ دەرهێنا، لەیەكێك لەنمایشەكانیدا برێخت خۆشی ئامادە بووە، جگە لەوە هەوڵیداهەندێك تێكست كە بنەمای ئەرستۆیی بەتەواوی تیا بەرجەستە كراوە، یابەدەقی نا برێختی ناسراون، وەك دیدی داستانی برێخت بۆ شانۆیاندەربهێنێت، لەوانە شانۆگەری (فریشتەیەك لە بابل دادەبەزێت) یدۆرینمات.

كاتێ‌ لەناوەراستی شەستەكان لەو سەفەرەی بۆ ئەڵمانیا و بەتایبەت لەبەرلین كە شانۆگەری (مارا- صاد) نمایش دەكات، ئەو كارە دەبێتەجێگای سەرنجی نێوەندە شانۆییەكە و دەتوانێت بەم نمایشە خەڵاتیرەخنەی شانۆی ئەڵمانی بەرێتەوە.

شوناسی شانۆ لەلای ئەو دەرهێنەرە پێكهاتووە لە ئامادەبوونێكیمرۆیی، ئەو تێگەیشتنە بۆ شانۆ، گەڕانەوەی بەهایە كە بەبیانویكۆمۆنیزم، نەك بەتەنیا كۆمەڵگای پۆڵەندی بەرەو جۆرێك لەتوند وتیژییبردراوە، تەنانەت بۆتە گوتارێك بەدژی فەلسەفەی ماركسیزمیش، بۆیەشانۆی سڤینارسكی گەڕانەوەی حورمەتە بۆ چەمكی مرۆیی، مرۆڤبوون خاڵی جەوهەری تێگەیشتنە لەشانۆ، ئەوەش دەرفەتیجۆرێكیتری كاركردنی بۆ كردۆتەوە، لەلایەك وا دەكات ڕوو بكاتەدەرهێنانی شانۆگەری (بالكۆن) ی ژان ژینیە، لەلایەكیتر گەڕانەوەی بۆرۆمانتیك لەشانۆدا، ئەو ڕۆمانتیكی بوونە جۆرێكیتری گەڕانەوەیماناكانی بوونە بۆ مرۆڤ، لەو سۆنگەیەوە ڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆشكسپیر و چەندین تێكستی شكسپیریی دەردەهێنێت لەوانە (خەونینیوە شەوی هاوین، هاملێت) دیارە لوتكەی ئەو تێگەیشتنەی بۆ شانۆ لەدواهەمین كاریدا دەخرێتە ڕوو، كە بەناوی (مێشوولە) تێكستێكە لەنوسینی مایكۆفسكی.

دیارە ئەو كارەی دوایی كە دواهەمین كاری بوو، تەنیا دوو هەفتە بووشانۆگەریەكە نمایش دەكرا، ئەو دەمەی لە ئابی 1975 دەچوو بۆفێستڤاڵێكی شانۆیی لە شاری شیرازی ئێران، لە ئاسمانی دیمەشقفرۆكەكەیان دەكەوێتە خوارەوە، تەمەنی تەنها 46 ساڵ دەبێت كۆتاییبە بەژیانی دێت، بۆیە بەلای توێژەرانی شانۆ ئەوە ڕۆژێكیمەرگەساتاویە بۆ شانۆی پۆڵەندی هاوچەرخ، كە دیارە دوای مردنیشیشانۆگەریەكەی بەردەوام دەبێت لەنمایشكردن، چونكە ئەو كارە وەكڕەخنەگران ئاماژەی بۆ دەكەن، دەركەوتنی تەواوی سیمائەفڕێنەرەكانی شانۆی سڤینارسكی بوو.

ئەو دۆخە لەبەردەم شانۆیەکی سیاسیدا خۆی دەبینیەوە، بەڵام دەبووشانۆیەک بێت بزانێت چۆن چارەسەریەکانی دەخاتە ڕوو، بۆیە کاتێکكاژیمیێژ دێیمێك (١١) شانۆیەكی سیاسی شیعریی بنیات دەنێت، ئەوە وەستانە لەسەر ئەو میراتە كولتووریەی شانۆی پۆڵەندی، كەوادەكات بتوانێ‌ ئەو میراتە بەرەو كرانەوە و دیدی جیاواز بۆ شانۆبەرێت، ئەو كە پێشتر وەك ئەكتەر لەژێر دەستی شیللەر كاری كردبوو، لەهەمان كاتدا وەك هەر شانۆكارێكی سەردەمی خۆی سەرسام بوو بەستانسلافسكی، ئەو دوو شێوازە شانۆییە جۆرە دەرباز بوونێكی بۆهێنادی، بەڵام نەك لەسەر بنەمای دژایەتیكردنی میتۆد و فیكر، بەقەدئەوەی ئاراستەیەكیتر لەناو تیۆر بدۆزێتەوە، لەپێناو ئەوەی جیاوازبوونبێنێتە كایەوە، ئەو كە شانۆكەی شانۆیەكی سیاسی شیعریی بوو، بڕواشی بە واقعی سۆسیالیستی هەبوو، ئەوەش وایدەکرد لەلایاندەوڵەتەوە دژایەتی نەکرێت، چونکە ئەوان خۆیان پشتگیریان لەشانۆیواقعی سۆسیالیستی دەکرد، ئەو ئاراستە و ڕەوتانە دەبنە گوتاریپێكهاتەی شانۆی دێیمێك.

یەكێك لەكارە دیارەكانی كەوایكرد بە بایەخەوە لەم شانۆیە سەیربكرێت، هەوڵدانی بوو لەتەك میكوای فیلكۆ فیتسك كە نوسەرێكیچاخی ناوەڕاست بوو، ئەو دەمەی شانۆگەریەكی ئەو نووسەرەیدەرهێنا، بەناونیشانی (چیرۆكی هەڵسانەوەی حەزرەتی مەسیحیپیرۆز)، بەم شانۆگەریە دەرگای بەڕوو كرایەوە وەك دەرهێنەرێكیشانۆیی خاوەن توانایەكی بەرز، بەتایبەت بەدوای ئەوەی ئەوشانۆگەریەی لەچەندین ووڵاتی دنیا پێشكەش كرد، لەوانە (فەڕەنساوبەریتانیا وئیتاڵیا وچیكسلۆفاكیا) هەر بەم نمایشە ساڵی 1964 لەچوارچێوەی فێستڤاڵی نەتەوەكان لە پاریس خەڵاتی ڕەخنەگرانیشانۆی فەڕەنسی وەرگرت، ئەگەرچی دە ساڵ بەر لەو كارەشانۆگەریەكیتری گرنگی نمایش كردبوو بەناوی (كۆترەكان) كەلەنوسینی مایكۆفسكی شاعیر بوو، كە بەیەكێك لەكارە هەرەگرنگەكانی لە شانۆ دادەنرێت.

بنەمای كاری دەرهێنانی شانۆیی لای دێیمێك پەیوەستە بە ڕاڤەكردن وتەئویل، ئەوەش پەیوەندیی نێوان تێكستی شانۆیی و تەختەی شانۆیە، ڕاڤەكردن بنەمای سەرەكی پرۆسەی دەرهێنانە، لەو سەرەتایەوەپەیوەست دەبێت بە ڕاڤەكردنی تێكستەوە، ڕاڤەكردنێك ناوی دەنێتدڵسۆزی بۆ تێكست، بەواتای دەیەوێت بگاتە ئەو بنەمایانەی دیدینووسەر، ئەوانە ڕاڤە بكات، پرۆسەی تەئویلكردنیش لەسەر تەختەیشانۆ ئەنجام دەدرێت، كە بەدوای ڕاڤەكردنەوە دێتە دی، بەمانای دیدیدەرهێنانی لەوێوە دەگاتە لوتكە، ئەوەش پەیوەستە بە پەیوەندییدەرهێنەر بە ئەكتەر و سینۆگرافیای شانۆوە.

لەڕووی میتۆدیەوە بۆ تەئویل ئەو ڕوانینەی دەرهێنەر ناتوانین بە دووئاراستەی كاركردن ناوی بەرین، چونكە ڕاڤەكردن پرۆسەیتاكرەهەندی لێكدانەوەیە، تەئویلیش بەشداریكردنی ئاگاییە، ئەوەشئامادەبوونی سێ‌ ئاراستەیە لە ئاگایی كە جوانكاری و مێژوویی وزمانەوانین، بۆیە لێرەدا تەئویل و ڕاڤەكردن بۆ خۆی بەگژداچوونەوەییەكتریە، چونكە گەر ڕاڤەكردن دڵسۆزبوون بێت بۆ تێكست، ئەوا تەئویلبۆ خۆی بەگژداچوونەوەی ئەو دڵسۆزییە.

بۆیە ئەوەی لەتەئویلدا ئەنجامی دەدات پەیوەندیی نیە، بەدنیای تێكستو كارەكتەرەكانیەوە، بەقەد ئەوەی پەیوەستە بەدیدی شێوەكاریانەی لەسینۆگرافیا و پێكهاتی جولەی ئەكتەر، سەرەنجام ئەو ئاگاییە لەتەكڕاڤەكردنی بۆ دەق وێنای كردەی دەرهێنان دەكات لەشانۆیەكیشیعریی و سیاسی، شیعریەت بەرەنجامی ئەو مۆركە شێوەكاری وزمانەوانییە، كە تا ئاستی ئەوەی بەرەو ئۆپەرێت وهەندێكجار دیدیدنیای نوسەرانی وەكو چێخۆڤ دەچێت، وەك لەشانۆگەری (لالۆ فانیا) كە تەئویل شتێك نیە، جگە لەوەی دەیەوێ‌ ڕاڤەی سایكۆلۆژی بۆكارەكتەر بخاتە ڕوو، ئەوانەش لەناو دوو ئاراستەی گرنگی گوتارەشانۆییەكەیدا چڕی دەكاتەوە، كە سیاسەت وشیعرە، ڕەنگە ئەو دوانەلەبنەماوە جۆرە ناكۆكیەك بخوڵقێنن، بەڵام دێیمێك هەوڵ دەدات شانۆسیاسیەكەی لەدیدی شانۆیەكی شیعریەوە بخاتە ڕوو، شیعریەتبەتەنیا بەرەنجامی شیعر نیە، هێندەی شیعریەت لەناو سینۆگرافیا ودیدی دەرهێنانی بەرجەستە دەكات.

ئەو شانۆ واقعیە پۆڵەندیە پێویستی بەکودەتایەک هەبوو، کە بەبروایئێمە دەتوانین دوو شانۆکار بەهەڵسێنەری ئەو کودەتایە ناو بەرین (١٢) ئەوانیش تادیۆش روژێڤیچ (١٣) و یێژی یارۆچکی (١٤)

شانۆی واقعی نوێی پۆڵەندی، شانۆیەک بوو لەساتەوەختی خۆیداتوانی ئاراستەیەکی نوێ لەنەخشەی شانۆی پۆڵەندی بخوڵقێنێت، ئەوشانۆیە کاریگەری بەسەر ئێستادا ڕەنگە تەنیا وەک زەمینەیەکیشانۆیەکی واقعی بێت، بەڵام شانۆیەک بوو توانی لەو گوتارە بەردەوامەبێتە دەرەوە، تادیۆش روژێڤیچ بەشداریەکی کاریگەری لەوگۆڕانکاریەدا کردووە، رۆژێڤیچ لە ٩ ی ئۆکتۆبەری ١٩٢١ لەشاریڕادۆمسکۆ لەدایکبووە و لە ٢٤ ی نیسانی ٢٠١٤ لە ڤرۆتسواڤماڵئاوایی لەژیانک کردووە، جگە لەکاری شانۆکاریی وەک نووسەر وشاعیریش لەئەدەبی پۆڵەندی ناسراوە، دووەم مناڵی خانەوادەکەیەتی، ئەوان سێ برا بوون هەرسێکیان لەکولتووری پۆڵەندی ناسراون، براگەورەکەی ستانیسلاڤ دەرهێنەری بواری سینەما وشانۆیە و برابچووکەکەشی یانوش شاعیر بوو.

یانوش یەکەم کەسی خانەوادەکە بوو کە شیعری بلاوکردۆتەوە، لەقۆناغی ناوەندی لەخوێندن دەردەکرێت بەهۆی بۆچوونەسیاسیەکانی، دواتر دەتوانێت خەڵاتی شیعری گۆڤارێکی پۆڵەندیبەرێتەوە.

سەرباری ئەوەی خۆشی یەکێک بوو لەشاعیرە دیارەکانی پۆڵەندی، بەتایبەت سەرەتای دەست کردن بە کارەکانی، بە نووسینی شیعردەستی پێکرد، لەگەڵ برا گەورەکەی لەچلەکانی سەدەی بیستەمبەشداریان کردووە لە سوپای نیشتمانی پۆڵەندیی، لە ١٩٤٤ لەلایانپۆلیسی نهێنی ئەلمانی “گیستابۆ”، ستانیسلاڤی برای کە دەرهێنەریسینەماو شانۆ بوو لەسێدارە دەدرێت، بە لەسێدارەدانی براکەیئازارێکی زۆر دەچێژێت و دیوانێکی تایبەتی بۆ دەنووسێت، هەلبەتچلەکانی سەدەی بیستەم بۆ ئەو دەرکەوتنی بوو وەک شاعیرو چەندیندیوانە شیعریی بڵاوکردەوە لەوانە “دەنگدانەوەی دارستان، دڵەڕاوکە، پەنجەوانەی سوور، قەسیدە نوێیەکان”

هەندێک لەڕەخنەگران بڕوایان وایە ئەدەبی روژێڤیچ خاڵی نیەلەکاریگەری، بۆیە گەر لەشانۆدا کەوتبێتە ژێر کاریگەری شانۆیئەبسێرد و شانۆنامەکانی بیکیت و یۆنسکۆ، ئەوا لەشیعریشداکاریگەری ئیلیۆت و ئەزرا پاوند زۆر بەڕوونی بەسەریەوە دەبینرێت.

هاوکاری “ستانیسلاڤ” ی برای کردووە بۆ نووسینی سیناریۆیفیلمەکانی لەو بارەیەوە پێنج فیلمنامەی بە هاوبەشی براکەینووسیووە، دواتر بۆ خۆشی سیناریۆی بۆ چوار فیلمیترنووسیوە “سێژن، شوێنێک لەسەر زەوی، دەنگێک لەم جیهانە، دۆزەخ و ئاسمان”

لەکارە شانۆییەکانی “دۆسیە، فەرهەنگی ناسنامە، گروپی لاکۆنا، شاهیدەکان، دەرچوون لەماڵ، پیرەمێردێکی پێکەنیناوی، ڕەتکردنەوەیپیرەژنێک، سپاگێتی و شمشێر، نمایشێکی ناتەواو، باخچەیبەهەشت، لەسەر چوار، هاوسەرگیریی سپی، رۆیشتنی برسێتی، زیادکردنی سرووشتی، مردن لە زەخرەفە کۆنەکان، بۆ لم، بۆسە، دوکەڵکێش”

سالێ ١٩٩٨ بە شانۆنامەی دۆسیە خەڵاتی نایکی ئەدەبی وەرگرتووە، هەلبەت ئەوەش پانزەهەمین خەڵات بوو کە لەژیانی ئەدەبی و شانۆییوەریگرتبێت، یەکەم خەڵاتی لە ١٩٥٥ بوو کاتێک خەلاتی پلە دوویدەوڵەتی وەرگرت، لە ١٩٦٦ ئەمجارە خەڵاتی پلە یەکی پێبەخشرا، دکتۆرای شانازی لەچەندین زانکۆی پۆڵەندی پێبەخشراوە، هەروەهانازناوی شانازی لەئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی فرۆتسواڤ

ئەو پەیوەندیە چیە کە ئەو لەنێوان شیعر وشانۆ درووستی دەکات؟ شیعر بۆ ئەو ململانێیە لەگەڵ ژیار و کولتوور، ئەوەش فۆڕمێکی درامیدەگرێتە خۆی، لێرەوە بونیادی وێنەی شیعری دەبێتە ڕووبەری درامی، ئەوەش دەرگا دەکاتەوە بۆ پەیوەندی نێوان شیعر وشانۆ، لەو بارەیەوەلە کتێبی” شانۆی حوکمە پێشینەییەکان” کە ساڵی ١٩٧٠ لە وارشۆچاپی کردووە. دەنووسێت “چی من بە شانۆوە دەبەستێتەوە؟ لەگەڵشانۆدا لەیەک کاتدا ئارەزویەکم هەیە لەنووسینی واقیع وهونەریشیعردا، ئەوە بابەتێکی ئاسان نییە، لەبەر ئەوەی نازانم جیاوازی چیەلەنێوان شانۆی شیعریی و واقعیدا، ئایا پێویستە هونەری شیعر مەزنبێت لەگەڵ ڕەسەنایەتی واقیعدا؟ یاخود پێویستە درامای ڕاستەقینەلەگەڵ رەسەنایەتی شیعردا مەزن بێت؟”

ئەو ململانێیەی بۆ مرۆڤی هاوچەرخ لەناو شانۆنامەکانیدا دەیەوێتبیخاتە ڕوو، لەبنەرەتدا بەرەنجامی گومانێکی بەردەوامە کە بەرەوپرسیاری دەبات لەپەیوەندی نێوان شیعر و واقیعدا، بۆیە بۆ خۆیدەبێتە ناوەندی نێوان ئەو پەیوەندییە، کێشەی کولتوور بۆ مرۆڤیپۆڵەندی کێشەیەکی سەرەکی ئەو شاعیر وشانۆکارەیە، کە هەمیشەوەک پرۆژەیەکی بەردەوام لەسەری دەوەستێت، بۆ ئەوەی بیگەیەنێت بەشێوەیەک بۆ درامای نوێ، بۆیە لەبەرگی یەکەمی کۆبەرهەمەکانیبەناوی شانۆ کە ساڵی ١٩٨٨ لە کراکۆڤ چاپکراوە دەنووسێت “ئەوەهەولیکی باوەڕپێکراوە بۆ یەکگرتنی جیهانی مرۆیی، هەندێکگێڕانەوەی خودی، چارەنوسی نەوەیەک کە شارەزاییەکی گەورەتریهەیە بەشیوەیەکی کارەساتاوی، کە ئەمڕۆ تەنیا گروپێکن، گروپێکلەشتێک بۆمان دەردەکەون، لەحالەتێکی ئاژاوەگێریدان، کە ئاوێتەیەکینێوان بابەت و زنجیرەی هەڕەمین بۆ بایەخ و بەها”

کەوتنی بەها مرۆڤەکان ڕووبەرووی جۆرێک لەترس وشێتی دەکاتەوە، وەک لەشانۆنامەی “بۆ لم” تێبینی دەکەین، بەتایبەت لەو نمایشەی کەوەک ئەرشیفێکی تۆمارکراو پارێزراوە، دەبینین مۆسیقا و گۆرانیدەیانەوێت زالبن بەسەر ئەو پانتاییە ڕەشە، کە ئامێرێکی مۆسیقیتایبەت بەو کۆمەلگایە وا دەکات، جۆرە پەیوەندیەک بە یادەوەریمرۆڤەکانەوە بخوڵقێنێتەوە، لەم نمایشەدا وەک هەر شانۆنامەیەکی تریهەست بەو کاریگەرە زاڵەی بیکیت دەکەین، لێرەدا دیمەنی بوزۆ و لکینێو شانۆنامەی “لەچاوەروانی گۆدۆ” لەفۆڕمێکیتردا دەبینینەوە.

یەکێک لەدیارترین ئەو وتارانەی لەبارەی کارەکانیەوە نووسرابێتنووسینێکی میخاو بویانۆڤیچ ساڵی ٢٠٠٤ لە سایتی کولتوور بڵاویکردۆتەوە، هەر لەسەرەتاوە نووسەر باس لەوە دەکات کە درامایپۆڵەندی لەشانۆنامەکانی رۆژێڤیچ سەری هەڵداوە، ئەوە ناشارێتەوە کەچێخەف و بیکیت کاریگەریان بەسەر شانۆنامەکانیەوە هەبووە.

لەدەرەوەی ئەو کاریگەرێتیە کە بویانۆڤیچ ئاماژەی بۆ دەکات، بەڵامسیمای شانۆیی رۆژێڤیچ ئاستێکی ڕوونی بەخۆی بەخشیووە، بەوپێیەی لەبونیادی درامی رووداو لای چێخەف و زمانی کارەکتەر لایبیکیت، دەیەوێت وێنەیەکیتری شانۆیی بخولقێنێتەوە، ئەوەلەشانۆنامەی “دۆسیە” زۆر بەڕوونی هەستی پێدەکەین، بۆیەواقعیەتێکی ئەبسێردیانە دەخوڵقێنێت، کە توانای هێلێکی درامیسەربەخۆی هەبێت، ئەوەش لەهەردوو ئاستی نووسین و دەرهێنان وەکسیمایەکی ڕوونی شانۆنامەکانی دەردەکەوێت.

لەلایەکیتر یارۆچکی دەیویست کودەتا بەسەر شانۆی واقعیدا بکات، پەیوەندیی نێوان شانۆ و واقیع لەكۆمەڵگای پۆڵەندی، پەیوەندیەكی نوێ‌ بوو بۆ گوزارشت كردنی ئەم كۆمەڵگایە لەڕێگەی شانۆوە، شانۆ بۆئەوان زمانێك بوو دەیویست واقیع بەشێوەیەكیتر بخاتە ڕوو، ئەوەشچەندە پەیوەست بوو بەدۆخی تراژیدیای جەنگەوە، لەهەمان كاتداگەڕان بوو بەدوای زمانێكی شانۆیی ئەلتەرناتیڤ، هەڵبەت جەنگیادەوەری ئەو شانۆیەی بنیات دەنا، بەڵام یادەوەریەك هێزی كاركردنیدەگۆڕی بۆ چۆنیەتی داڕشتنەوەی واقیع و شانۆ، بۆیە ئەوداڕشتنەوەیە لەسەرەتادا ناوبرا بە شانۆی واقعی نوێ‌، كەچییارۆچكی لەشەستەكانی سەدەی بیستەمەوە كاتێ‌ دەستی بەكاركردنكرد، ویستی كودەتا بەسەر ئەو واقعیەتە نوێیەشدا بێنێت.

گۆڕین و كودەتا بەسەر واقعی نوێ‌، گەڕانەوە نەبوو بەرەو شانۆیەكیسوونەتی، بەقەد ئەوەی خوێندنەوەیەكی ڕەخنەیی بوو بۆ مێژووی ئەوشانۆیە، بۆ ئەوەی لەنێوان یادەوەری شانۆی پۆڵەندی وشانۆی واقعینوێی پۆڵەندی، بەرەو ئاراستەیەكیتر هەنگاو بنێت، كە جۆرێك لە ئاوێتەبوون دەخوڵقێنێت لەنێوان واقیع و واقیعی خەیاڵی، ئەوە لەڕۆماندا بەواقعی سیحری ناسیومانە، بۆیە ئەو جۆرە خەیاڵە یارمەتی دەدات، كەستراتیژیی شانۆكەی بخاتە ڕوو. هەرچەندە زۆربەی ڕەخنەگران لەسەرئەوە كۆكن كە سەختە دید و ڕووخساری شانۆكەی بە ئاسانیبناسرێتەوە، بەڵام ئەو خەیاڵكردنەوەیە لەناو واقیع، گەڕانەوەیە بۆ ناوتێكست، بە تەئویلی جیاوازەوە، تەئویلكردنەوە بۆ تێكست، پەیوەندیەكیترە، كە وێناكردنەوەكانی لەڕێگەی تێكستەوە سەر لەنوێ‌ دەیەوێت دنیای تێكست بەرەو خەیاڵكردنەوەی واقیعی بەرێت.

بۆیە بەلای یارۆچكی نوێبوون لەشانۆدا بەتەنیا فۆڕم نیە، بەڵكو فۆڕملەناو تێكستەوە بنیات دەنێت، بەواتای نایەوێ‌ ئەو واقیعە نوێیەیدەخرێتە ڕوو، دیدێكی فۆڕمالیستی بێت، بەقەد ئەوەی فۆڕمەكانبەرەنجامی دنیای كارەكتەر و بابەتی ناو تێكستەكان بن، ئەوەشهەژاندنی بونیادی دەقە، گەڕانە بۆ هەژاندنی ئەو بونیادە كە بەكۆمەڵێكڕووبەند داپۆشراوە، دەرهێنەر دەبێت بیهەژێنێت و زەمەنی كاركردنیخۆی تیا بدۆزێتەوە، ئەوەش پرۆژەی چۆنیەتی كاركردنەوەیە لەتەكتێكست.

مرۆڤ و پەیوەندیە مرۆییەكان ئەو دوو چەمكە گرنگەی بایەخدانیەتیلەشانۆدا، ئەوەش كارێكە وەك خۆی جەختی لەسەر دەكاتەوە پەیوەستەبە ئەكتەرەوە، بەواتای ئەكتەر ئەو مرۆڤەیە كە چۆن لەشانۆدا ئاماژەیبوونی لەپەیوەندیە مرۆییەكانی بەكار دێنێت، ئەوەش ئەكتەر و ئاماژەوەك دوانەیەك لەبەرهەمهێنانی گوتار دەبنە خوڵقێنەری دەلالەت، چونكەبە بڕوای ئەو ئەكتەر كەناڵی پەیوەندیی نێوان ئاماژە و دەلالەتەكانیەتی.

یارۆچكی كە دەرهێنەری حەفتا تێكستی شانۆیی بووە، لەنێوانتێكستی پۆڵەندی و جیهانیدا، لەوانە كاركردن لەتەك نووسەرانی وەكوبرۆنر یاشنسكی و ژۆن ئۆزبۆرن و دۆرینمات و ئەنتوان چێخۆڤویۆژین یۆنسكۆ ولیامز و یۆژین ئۆنێڵ وكرۆتشكۆفسكی و مرۆژێكوكافكا.
لەسەفەر و گەڕانێكی بەردەوامی ناو دنیای جیاواز بووە، جۆرەئینتیمایەكی بۆ نووسەر هەبووە، ئەو ئینتیمایە بەجۆرێكیتر بیریلەكاركردنی تێكست كردۆتەوە، ویستویەتی بەرەو دیدی شیعرییهەنگاو بنێت، چونكە زانیویەتی ئەوە كۆمەكێكی زۆری دەكات بۆپەیوەندی نێوان خەیاڵ وواقیع، شیعریەتی وەك رووبەرێكی سەرەكی بۆخەون بینینی واقیع سەیر كردووە، ئەوە وایكردووە شانۆكەی ئەمرۆ بۆئێمە وەك ناوەندێكی پێكگەیشتنی دوو تیۆریتر بكەوێتە ڕوو، ئەوانیشلەڕووی ئەكتەرەوە بمانگەڕێنێتەوە بۆ گرۆتۆفسكی، هەرچەندەگرۆتۆفسكی زیاتر لەڕێگەی جولە و دەنگەوە توانا شاراوەكانیئەكتەری خستۆتە ڕوو، لەئاستی جوانكاریشەوە زیاتر لەشانۆیشێوەكاری گژیگۆژیڤسكی نزیكمان دەكاتەوە، ئەو دوو ئاراستە تیۆریەوایان كردووە شانۆكەی ببێتە ناوەندی پێكگەیشتن، ئەو دوو شانۆیەببنە میراتێك بۆ چۆنیەتی لەدایك بوونی شانۆیەكیتر، كە وەك پێشترئەوەمان خستە ڕوو، ئەو زیاتر لەئەنجامی ڕەخنەگرتنی لەیادەوەریشانۆكە و هەوڵە نوێیەكانی شانۆكەدا ویستویەتی هەنگاوەكانی بەرەودیدێكیتر بەرێت.

لاسۆ ئادەمیک یەکێکیترە لەو دەر‌هینەرانەی پۆڵەندی کە لەو نەخشەیەداجێ پەنجەی دیارە، بەتایبەت لەنمایشی “دادگا” ی کافکا، گواستنەوەی فەزای ڕۆمانەكانی كافكا بۆ شانۆ، دنیایەكە توانایهەڵگرتنی پرسیارو هەلوەستە كردنی هەیە، بەتایبەت گەرلەهەڵبژاردنەوە تاچۆنیەتی خوڵقاندنی نمایش توانرا بزانرێت چیلەپشت ئەو ئیشكردنەوە دەوەستێت كەدەهێنرێتە ناو شانۆ.

ڕۆمانی “دادگا” ی كافكا، یەكێكە لەو رۆمانانەی ساڵی١٩٨٠لەشانۆی پۆڵەندی نمایشكراوە، دواتر بۆ تەلەفزیۆنی پۆڵەندیشتۆماركراوە، كارەكە بەهاوبەشی لەلایان هەردوو دەرهێنەر خاتووئاگنیێشكا هۆڵەند (١٥)و هاوسەرەكەی لاسۆ ئادەمیك (١٦) بۆ شانۆدەرهێنراوە، كاتێك ڕووبەرووی ئەو پرسیارە دەبینەوە، چی لەپشتكاركردنە لەدنیای كافكاوە؟ ئاخۆ ڕۆمانی دادگا پەیوەندیەكی هەیە بەوكۆمەڵگایەوە؟ یاخود مەبەست لە سەركێشیەكی ئەدەبیە لەدنیایڕۆمانووسێكی ناسراو بۆ كاری شانۆیی؟

ئەو نمایشە توانای ئەوەی هەیە وەڵام بەتەواوی پرسیارەكانمانبداتەوە، ئاسۆیەكی ڕوونمان لەهەڵبژاردن بۆ تێكست بۆ بكاتەوە، دنیایڕۆمانەكە لەدنیای كۆمەڵگای پۆڵەندی دوای جەنگ دەچێت، كۆمەڵگایەكبەبێ ئەوەی بەخۆی بزانێت ڕووبەرووی دادگایی كردن دەبێتەوە، ئەوتۆمەتباركردنەی كۆمەڵگای پۆڵەندی بەوەی دەستی لەگەڵ نازیەتتێكەڵكردووە و بەشدارە لەهۆلۆكۆست (١٧)، هەمان وێنەی دادگاییكردنی كارەكتەرە سەرەكیەكەی ڕۆمانەكەی كافكایە، لەناو ماڵەكەیخۆیدا بەخەبەردێت و دەبینێت هاتوون دادگایی بكەن.

لەو سەرەتایەوە تا كۆتایی بەناو ڕۆمانی دادگا دەچینە خوارەوە، بەشێوەیەك هەست دەكەین تێكستەكە لەبنەرەتدا تێكستێكی شانۆییەنەك ڕۆمانێك بێت، پەیوەندی تێكست (نمایش) لەگەڵ بینەر، نووسینەوەی دنیای بینەرە، ئەوەش هۆكارێكی گرنگی پشتهەڵبژاردنی تێكستە بۆ شانۆ، ئەو دوو دەرهێنەرە هێندەی چارەسەریشانۆیی لەڕووی دیمەن و پێكهاتەكان دەكەن، نەهاتوون ئیزافەكاریبەڕۆمانەكە ببەخشن یاخود بەشێوەیەكی ئەوتۆ ڕووداو لابەرن كە كاربكاتە سەر چنینی درامی تێكستی ڕۆمانەكە.

ئەگەرچی كاریان لەسەر ئەوە كردووە كەوا هەندێك ڕووداو چڕ بكەنەوە، ئەوەش پەیوەستە بەگۆڕینی ئاستی ڕەگەزی تێكست لەگێڕانەوە(ڕۆمان) بۆ دەیالۆگ (شانۆنامە) لەلایەك لەلایەكیتر نەیانویستووەهەندێك چیرۆك كە پەیوەست نیە بەژیانی كارەكتەرو كاریگەریەكانی بۆسەر ڕووداوەكان، لەجۆری ئەوەی چیرۆكێكی كۆن لەلایان قەشەدەگێڕدرێتەوە ویوزیف پێشبینی خۆی لەناو چیرۆكەكە دەخاتە ڕوو.

هەروەها تاكە كارەكتەرێك كە لادەبردرێت، پۆرستنەرە ئەو كچەیلەشانۆدا كار دەكات، ڕەنگە ئەو كارەكتەرەش كاریگەریەكی ئەوتۆبەجێ نەهێلێت، بەبەڵگەی ئەوەی جگە لەچوونە ژوورەكەی و تێكدانیكەل وپەلەكانی و گۆڕینی دۆستەكانی شتێكی ئەوتۆ نیە كە كاربكاتەسەر ڕووداو.

ئەوەی ئەو دوو دەرهێنەرە بە ڕووداوەكانی دەبەخشن، پەیوەستەبەكردەی دەرهێنانەوە، ئەوەش چەندە لەسەر بنەمای تێكست ڕۆنراوە، هێندەش پەیوەستە بەخوێندنەوەی مرۆڤی پۆڵەندی لەڕوانینی بۆئەویتری ئەڵمان و ڕووس، بۆیە ئەوانەی هاتوونەتە ماڵەكەیەوە بۆ ئەوەیلەو بەیانیەدا لێكۆڵینەوەی لەگەڵ بكەن، دەبینین كاتێك ئەو خۆیدەگۆڕێت ئەوانیش كراسەكانی بەبەرچاویەوە دەدزن، لەكاتیداكۆكیردن لەخۆی تەنانەت پێخەفی نوێنەكەشی دەبەن، ئەوەشئاماژەیەكی ڕوونی ڕوانینە بۆ سەیركردنی ئەویتر كەچۆن بەناویدادوەری هاتوون تاڵانیان بكەن.

دادگا ئاماژەی دەسەڵاتە، دەسەلاتێك بۆ مەعریفەی سزا، بەڵام ئەوەیوونە تاوانەكەیە، گەرچی دەیانەوێت ڕەوایەتی بەو سزایە بدەن، لێرەداسێگۆشەی ئەو هێلكاریەی ڕووداوەكان بەرزو نزم دەكاتەوە، بریتین لە”دەسەڵات، فاشیزم، سێكس” هەڵبەت ئەو سێگۆشەیە كەمێك نامۆدەكەوێتەوە، بەڵام سێگۆشەیەكە دژبوون بۆ یۆزیفی كارەكتەریسەرەكی دەخوڵقێنن، هەرنەبێت ململانێی نێوان قوربانی و جەللاددەكەن بە منی قوربانی لەبەردەم ئەوانی جەللاددا، دادگا كەنوێنەریڕاستەوخۆی دەسەڵاتە، لەڕێگەی سەپاندنی بریار دەتوانێت ڕەوایەتیبەو فاشیزمەی خۆی بدات، هەر نەبێت ئەو هێلە فاشیستە بۆ دادگالەپشت بانگهێشت و ڕووداوەكان و سزادانی دوو پاسەوانەكەی شەوبەڕوونی دەردەكەوێت، لەلایەكیتر ئامادەبوونی ژن لەناو نمایشەكەدائامادەبوونێكی جەستەییە بۆ پتەوكردنی دەسەڵات.

لەهەمانكاتدا وێنەیەكی تری قوربانی نیشان دەدەن، دەتوانین بەڕوویدووەمی یۆزیف بیان بینین، ئەو ژنەی لەگەڵ مێردەكەی لەوێ دەژین ولەبەردەمی ژووری دادگا كار دەكات، تەنانەت ئەو ڕۆژەی دەوامیدادگا نیە یۆزیف دەباتە ژوورەوە، كەمێك دەستبازی لەگەڵ دەكات وڕێی دەدات دەستكاری ئەو كتێبەش بكات، كە وێنەی ڕووتی لەسەرە، لێرەدا وێنەی سەر بەرگی كتێبەكەی دادوەر و ئەو ژنە دەبنە ڕووی یەكدراو.

ئەوە لەنمایشە شانۆییەكەدا شتێك نیە ڕێكەوت بێت، ئاماژەیەكیلەخۆڕا بێت و فڕێ درابێت، بەڵكو پەیوەستە بەستراتیژی ئەو دەسەڵاتە، كە ئەخلاقی فاشیزم بوونی لەڕێی جەستەی ئەویترەوە دەیەوێت بوونیئەوانیتر بسڕێتەوە، وەك چۆن پارێزەرە پیرەكە كەبەردەواملەئۆفیسەكەیدا لەناو نوێنە كە دۆستی دادوەرەو هاوڕیی دێرینی مامییۆزیفە، ئەویش كچە خزماتكارەكەی هێندەی وەك ژنێك بۆ مەیلیسێكسی بەكار دێت، یۆزیف بەئاسانی لێی نزیك دەبێتەوە، شتێكیترنیە جگە لەوەی دەسەلاتەكە بەدەوری سێگۆشەكەدا هێلەكانی خۆیاندەبڕن.

دیمەنی خەونەكە دیمەنێكە پڕ لەپرسیار، كە لەئاگاییدا وادەكات كۆتاییڕۆمانەكە كراوە بێت و دادگاییەكە وەك كافكا ئاماژەی بۆ دەكاتدۆخێكی بەردەوام بێت، بەڵام نمایشە شانۆییەكە پرسیارەكاندادەخات، وەك كۆتایی درامایەكی ئەرستۆیی نمایش تەواو دەكات، ئەگەرچی كۆتاییەكی ئەرستۆییە لەناو دیدگایەكی كافكاییدا، بۆیەكاتێك ڕووداو لە ڕۆمانەكەدا زەمەنێكی بەردەوام و كراوەیە، لەنمایشەشانۆییەكە ڕووداو گەیشتۆتە وێنەی باڵاو بە لەسێدارەدانی یۆزیفكۆتایی دێت، ئەو دوو ئاستە زەمەنیە لەڕاستیدا دژ بەیەكن، چونكەكافكا دادگاییەكە وەك بەردەوامی دەخاتە ڕوو، بەڵام لەنمایشەكەدابەلەسێدارەدانی یۆزیف دادگاكە كۆتایی دێت، ئەگەرچی ئاستیدووەم، ئاستێكی كافكاییە، بەوەی دادگایی كردنەكە كەوتۆتە پێشبڕیاری دادگایی دادگا، واتە فرمانەكە پێش تەواو بوونی دادگاییكردنە.

ئەو نمایشە چەندە هەوڵێكی گرنگی ناو ڕووبەری نمایشی شانۆیپۆڵەندیە، كە بۆتە جێی سەرنجی ڕەخنەگران لەساتەوەختی نمایش، بەڵام ئەوە ڕێی ئەوەمان لێ ناگرێت، سەرنجێكی ڕەخنەیی لەبارەوەتۆمار بكەین، بەهۆی ئەوەی سیمای تازەگەری و دەرچوون لەدرامایئەرستۆیی لەو ڕۆژگارەدا بەتەواوی بەشانۆی پۆڵەندی دەركەوتبوو، بەڵام ئەو دوو دەرهێنەرە بە مەبەستەوە لەناو نمایش دەیانەوێت داكۆكیلەو بنەما ئەرستۆییانە بكەن، ئەوەش لەدوو ئاستدا زۆر بەڕوونیهەستی پێدەكەین.

لەئاستێكدا كە پەیوەستە بەكۆتایی نمایشەكە وەك ئاماژەمان بۆیكرد كەچۆن لەڕێگەی دیاریكردنی چارەنووسی پاڵەوان، وێنە سونەتگەراكەداكۆكی لێ دەكات، لەئاستی دووەمیشدا پەیوەستە بە لابردنیكارەكتەری پۆرستنەر، چونكە ئامادەبوونی ئەو كارەكتەرە نزیكیدەكردەوە لەدرامایەكی دژە ئەرستۆیی بەو پێیەی دەبووە وێنەیەك بۆچۆنیەتی دەرچوون و چوونەوە ناو شانۆ، لەڕێگەی ئەو كارەكتەرەوە كەلەشانۆ كار دەكات، بۆیە بەلابردنی ئەو كارەكتەرە كە لەبنەرەتداكاریگەریەكی ئەوتۆی بەسەر ڕووداوەكان نیە، لابردنی داكۆكیكردنە لەوگوتارەی نمایشەكە هەڵگریەتی.

هەڵبەت دەرهێنەرێکیتر کە تا ئەمڕۆ بەگرنگەوە لەنەخشەی ئەم شانۆیەجێگەی دەیالۆگە، کارە شانۆییەکانی ئادام هانوشکیێڤیچ (١٨) سەرەتای کارکردنی بۆ شانۆ دەگەڕێتەوە ساڵی ١٩٤٥ بەشداریشانۆگەریەکی کرد لەدەرهێنانی ستیڤانیا دۆمانیسکا، لەهیچقوتابخانەیەکی شانۆیی نەیخوێندووە، پێنج سالێ کارکردنی رۆڵیکۆمەڵێک کەسایەتی گرنگی لەشانۆ بینیووە کەدیارترینیان ڕۆلیهاملێت بووە، لە ١٩٥١ بۆ یەکەمجار وەک دەرهێنەر لەشانۆداولەشاری پۆزنان کاری کردووە، شانۆنامەی “پیری بەناچاری” نووسینی لێۆنیدا ڕاخمانۆڤای بۆ شانۆ دەرهێناوە، شانۆنامەکەتێکستێکی واقعی سۆسیالیستی بووە، دواتر لەشاری وارشۆ دەستیبەکاری شانۆیی کردووە، لە ١٩٥٥ ئەزمونێکی نوێ تاقی دەکاتەوە، ئەویش شانۆی تەلەڤزیۆنیە (١٩)

شانۆی تەلەڤزیۆنی هۆکارێکی گرنگی بە کولتوورکردنی شانۆیەلەکۆمەڵگادا، بۆ ئەوەی ڕەگێكی پۆڵاین بۆ داهاتووی ئەو كۆمەڵگایەبنیات بنێت، بۆ ئەوەش دەستكرا بە تۆماركردنی شانۆ بۆ كەناڵیتەلەفزیۆنی پۆڵەندی، ئەوەش بەمەبەستی ناسینی شانۆ بە كۆمەڵگاوەك كولتوورێك، هەڵبەت لەو كارەشدا كێشەكانی مرۆڤی هاوچەرخیپۆڵەندی تەوەری سەرەكی ئەو شانۆیانە بوو.

بۆ ئەو مەبەستە ئادام هانوشکیێڤیچ هەوڵێكی زۆریدا كە وێنەیەكیڕوونی ئەو شانۆیە بخاتە ڕوو، ئەو شانۆیە كە بەشانۆی تەلەفزیۆندەركەوت، بەڵام شانۆیەك بوو لەهەناوی كۆمەڵگاوە دەهاتە بوون، بۆیەكۆمەڵگا پێشوازیەكی بەربڵاوی لێكرد، ئەو شانۆیە چەندە لەهونەریسینەما و شێوەكاری نزیك دەبۆوە، لەهەمان كاتدا دەربڕین شێوەیەكیڕوون و ڕاستەوخۆی هەبوو، چونكە مەبەست لێی تێگەیشتنی ڕەوانیبینەر بوو لە شانۆكە، وەك چۆن بۆ ئاشنابوون بە مێژووی ئەو شانۆیەهەوڵیدەدا لەدیدێكی هاوچەرخانەوە شانۆی كلاسیكی پۆڵەندی بەوكۆمەڵگایە ئاشنا بكات، بۆ ئەو كارەش شانۆی گشتی و شانۆینەتەوەیی ڕێبەرتوارێكی ڕێكخەریان هەبوو، بۆیە سەرەتای هەوڵەكانمیراتی كولتووریی كۆمەڵگا تەوزیف دەكرا لەكارە شانۆییەكان، وەكهانوشکیێڤیچ شانۆگەری (ئاهەنگی ژنهێنان) پشتی پێبەستبوو، دواترلەشانۆگەری (كۆردیان) درێژەی بەو شێوازەدا، ئەو سەرەتایە دەرگاكردنەوە بوو بۆ ئاشنابوون بە كولتووری شانۆ، بۆ ئەوەی هەنگاوەكانیداهاتوو بتوانن شانۆگەریەكانی مۆلێر و شكسپیر نمایش بكەن، لەپاڵئەوەدا هەندێك هەوڵیتری ئەنجامدا لەبواری ئەدەبی جیهانی لەوانەرۆمانی (تاوان و سزای) دستۆفسكی بۆ شانۆ دەرهێنا، كە ئەوشانۆگەریە بەیەکێک لەدیارترین كارەكانی هەفتاكانی شانۆی پۆڵەندیدادەنرێت، كە بۆتە جێگای سەرنجی زۆرینە، بەدوای شانۆگەری(هاملێت) ڕوو دەكاتە شاكارەكانیتری ئەدەبی ڕوسی بەتایبەتتۆرگینیف و چێخۆڤ، لەپاڵ ئەوەدا ئەدەبی پۆڵەندی بەشێكی دیارلەنەخشەی كارەكانی داگیر دەكات، بۆیە ئادام هانوشکیێڤیچ هەوڵیدالەتەواوی كارەكانی شانۆی تەلەفزیۆن بكاتە ڕووبەرێك بۆ كۆبونەوەیشانۆ وەك كولتوور و كێشەكانی مرۆڤی هاوچەرخی پۆڵەندی وەككێشەیەكی بوونگەرایی ئینسان، كە زەمینەیەكی پتەو بۆ داهاتوو بنیاتبنێت لەڕێگەی پرۆژە ستراتیژیەكەی بۆ شانۆ، كە ڕەگی ئەو شانۆیەبەهەناوی كۆمەڵگادا بەرێتە خوارەوە، ئەو دەرهێنەرە ڕۆڵێکی گرنگیبینیووە لەناساندنی شاکارەکانی شانۆی جتیهانی بەشانۆی پۆڵەندی، بەتایبەت کاتێک کارەکانی وەک شانۆی تەلەڤزیۆنی تۆمار کردووەلەوانە “خاتوو ژۆلیا” ی سترێندبێری و “هێدا گابلەر” ی ئەپسن.
یەکێک لەونمایشانە شانۆگەری “ئەپۆڵۆ لەگەڵ بێڵاچ” نووسینی ژێاناگیڕاودۆ بوو کە بەرهەمی ساڵی ١٩٥٨ دواتر لە ١٩٦١ بۆ تەلەڤزیۆنتۆمار کراوە، تائێستا وەک شانۆیەکی تۆمارکراو لەسایتی تەلەڤزیۆنیپۆڵەندی پارێزراوە، کارەکتەری سەرەکی شانۆنامەکە کچێکی شەرمنبەدوای کاردا دەگەڕێت دێت بۆ ئۆفیس، بەڵام لەپرسگەی بەڕێوبەریکارەکە ئەو کەسەی لەوێیە زۆر بەخراپ مامەلەی لەگەڵدا دەکات، لەوشوێنەدا تووشی گەنجێکی قۆز ئەبێت و ئامۆژگاری دەکات پێویستەسوود لەجوانیەکەی خۆی وەربگرێت وبتوانێت دڵی ئەو پیاوەو بەڕێوبەرڕازی بکات تا بگات بە کارەکە، بەڕێوبەری کارەکە لەوەدا سەری سووڕدەمێنێت کەوا کێ ڕاوێژکاری بووە، پێی وایە ڕەنگە ئەپۆلۆی خوایجوانی کۆمەکی کردبێت، بەڵام بەدوای ئەوەی دەتوانێت تەواوی ئەوپیاوانەی شوێنی کار کۆنترۆڵ بکات، کاتێک باسی جوانی هەموویاندەکات، ئەوانیش هێمن دەبنەوە .. عاشقی دەبن، بەلام کاتێک لەپێشبورجی ئیڤڵ کۆتایی بەناسینی ئەو پیاوە دێت کە ڕێنوینی کرد، ئەوپیاوەی ئەو بەڕاستی سەرسام بوو عاشق بوو پێی کاتێک جێیدەهێلێت و بەڕێوبەرو هەموو پیاوەکانی تر دێن، ئەو پێیانڕادەگەیەنێت کە رۆیشتنی ئەپۆلۆ خەمباری کردووە هەمووان بۆ ئەپۆلۆدەگەڕین، ئەو دەزانێت ئیدی ئەپۆلۆکەی ئەو وەک ئەفسانەکە وایەو ئیدینایبینێتەوە، بۆیە ئەویش تەواوی پیاوەکان جێ دێلێت، ئەو گوڵە دەبینینکە بەدەستی بەڕێوبەرەوەیە هاتبوو تا کچەکە لێی وەربگرێت، ئەوبیرۆکەیە ناونیشانی نمایشەکەی لەسەر درووست کراوە کەدواترڕووداوەکانی لەسەردا چنراوە.

لە ١٩٦٨ کاتێک کاژیمێژ دێیمک لەبەڕێوبەری شانۆی نیشتمانیلابردرا، ئەویان خستە شوێنی، بەهۆی ئەوەی نمایشە شانۆییەکانیوەک پشتگیریی بۆ یەکێتی سۆڤیەت سەیردەکرا، لەبارەی کارەکانیەوەڕۆمان پۆلانسکی (٢٠)دەڵێت “شانۆ بەبێ من و ئادام هانوشکیێڤیچبێزارو ماندووکەرە”(٢١) هەڵبەت ئەو بۆچوونە چەندە پەیوەندی بەکاریئەوان هەیە لەشانۆی تەلەڤزیۆنی هێندەش پەیوەستە بەکارەکانیانلەسەر تەختەی شانۆوە، تا رۆژی مردنی ئەو لەشانۆدا کاری کردووەبۆیە لەئێستاشدا بوونی وەک پێگەیەکی گرنگی ئەو شانۆیە دادەنرێت.

بەقسەکردنمان لەشانۆی پۆڵەندی لەسەردەمی یەکێتی سۆڤیەت، ئەوەدەردەکەوێت کەوا نیو سەدەی تەمەنی ئەو شانۆیە چۆن گەشەیکردووەو ئاستی پێشڤەچوونەکانی چۆن بوونە، گەرچی لەو ڕۆژگارداکۆمەڵێک دەرهێنەریتر هەبوونە، بەڵام نەدەکرا لەسەر کاری هەمووانبووەستین و قسە بکەین، بەڵکو مەبەستمان لەم قسەکردنە دەرخستنیسیمای ئەو شانۆیە بوو لەسەردەمی کۆمۆنیزمدا.

هەڵبەت یەکێک لەگرنگترین ئەو کتێبانەی باس لەو قۆناغە دەکات، بەوردی تیشک دەخاتە سەر گۆڕانکاریەکانی شانۆی پۆڵەندی کتێبی”شانۆی ئۆکتۆبەری پۆڵەندی” (٢٢)ماریا ناپیۆنتکۆڤا باس لەپۆڵەندایسەردەمی یەکێتی سۆڤیەت و پەنجاکانی سەدەی بیستەم دەکات، کەتیایدا شانۆ سەرەتای گەشەسەندنی لەو کۆمەڵگایەدا بۆ ئەو کاتەدەگەڕیتەوە، بۆیە ئەو کتێبە زۆر بەدواداچوونی بەدوای خۆیدا هێناوە، لەوانە بەدواداچوونێکی سایتی پەیمانگای شانۆ باس لەوە دەکاتکەهەندێک زانیاری لەو کتێبەدا هەیە ڕاست نین و لەجێگەی خۆیدا نیە.

کاتێک وەک توێژەرێک خۆمان بێلایەن لەبەرامبەر ئەو بۆچوونانەدەبینینەوە، تێبینی ئەوە دەکەین نووسەری ئەو کتێبە کە وەک تێزیدکتۆرا کتێبەکەی نووسیوە باس لەو دۆخە سیاسیە دەکات کەوا شانۆلەو سەردەمەدا کەوتبووە ناوی، بەتایبەت لە پەنجاکان و شەستەکان، هەڵبەت ئێمە هەوڵماندا لەسەر چەندین ئاستی نمایش و کارەکانلێرەدا هەڵوەستە بکەین، کەوا هەموومان بتوانین وێنەیەکی ڕوونمان بۆئەو شانۆیە و سەردەمەکەی هەبێت، لێرەدا بۆ ئەوەی تەواویتێگەیشتنەکان ڕوون بن، هەوڵ دەدەین باس لەو کتێبە و هەندێکڕوانینی توێژەرێک بکەین کە بڕوامان وایە گرنگی تایبەتی خۆی دەبێت.

کتێبەکەی ناپیۆنتکۆڤا بریتیە لە سێ بەش، بەشی یەکەمی باسلەئاراستە سیاسی وکولتووریەکانی پۆڵەندای چلەکان و پەنجاکاندەکات، هەروەها هەڵوەستە لەسەر ئەو داڕووخانی بەڕێوبردنەی پۆڵەندابەهۆکارێکی دۆخەکە ناو دەبات، لەبەشی دووەمیشدا دێتە سەر ڕۆڵیدامەزراو وڕێکخراوەکان، لەوانە باس لەوەزارەتی کولتووروسانسۆرەکانی دەکات لەسەر شانۆ، هەروەها ڕۆڵی حزبی کۆمۆنیستلەسەر ئەو بارودۆخە، جگە لەوە لەسەر کۆمەلەی سینەماکاروشانۆکاراندەوەستێت، بەشی سێیەم دەکرێت وەک گرنگی گەشەسەندنەکانسەیری بکەین بەهۆی ئەوەی باس لەئەنجومەنە هونەریەکانی شانۆ ، هەروەها پێشێلکاریەکانی سیاسەت و دەستتێوردان لەشانۆ، جگە لەوەلەتەوەرێکدا باس لەکرانەوە بەسەر جیهان دەکات لەڕێی ڤێستڤاڵینەتەوەکان.

بەلای توێژەری شانۆیی پاڤێو پوۆسکی ئەو کتێبە گرنبگیەکی تایبەتیهەیە، چونکە باس لەگەشە سەندنی شانۆی پۆڵەندی دەکات بەتایبەتلەپەنجاکان، ئەو هەوڵ دەدات لەڕوانگەی کتێبەکەوە کۆی ئەو مێژووەبخوێنێتەوە، باس لەو گەشەسەندنە، لەپاڵ ئەو ڕۆڵە خراپەی دەسەلاتیسۆڤیەت بکات، بەڵام چاپکردنی بلاوکراوەی شانۆیی و درووستکردنی هۆڵی شانۆ و دواتر دەرگا کردنەوە لەشانۆی جیهانی بەو بنەماگرنگانەی گەشەسەندن ناو دەبات، لەهەمان کاتدا باس لەو شیوازەسەپێنراوەی ستانسلاڤسکی دەکات بەسەر شانۆی پۆڵەندی، کەپێویست بوو ئەو شێوازە ئاگاییەکی نوێ بۆ ئەکتەر بخوڵقێنێت، شۆڕشێک لەمیتۆدە ئەکادیمیە شانۆییەکان بخوڵقێنێت، کەچی”واقعیەتی سۆسیالیستی جۆرێک بوو لەکەرەنتینەی تەندرووستیلەسەر نواندنی پۆڵەندی” (٢٣) لەڕێی پشت بەستنەوە بەکتێبەکەیماریا ناپیۆنتکۆڤا کە باس لە وەزارەتی کولتوور دەکات کارەساتی ئەوڕۆژگارە دەکات و دەنووسێت “سیاسەتی کارەساتاوی کولتووریی لەوسەردەمدا خۆی خستبووە ژێر مەترسیەوە، بەهۆی ڕێگایەکی گەمژانەو ناپیشەیی بۆ بەڕێوەبردنی” (٢٤)

ئاماژەکان

(١) لیۆن شیلەر “١٨٨٧-١٩٥٤” رەخنەگرو دەرهێنەری شانۆیی بوو، ناوێکی گرنگی شانۆیی پۆڵەندی بوو بەتایبەت وەک دەرهێنەرسەرباری ئەوەی وەک رەخنەگرێک بەوە ناوبانگی دەرکرد کەتوانیویەتیشیکردنەوەی وورد بکات بۆ شانۆنامەکانی میچکیێڤیچا ، لەساڵی١٩١٧ وەک دەرهێنەر دەستی بەکارکردن کردووە، سالێ ١٩٣٣ کراوەبە سەرۆکی بەشی دەرهێنان لەپەیمانگای حکومی بۆ هونەری شانۆ، لە١٩٣٥ خەڵاتی ئەکادیمیای پۆڵەندی بۆ ئەدەب وەرگرتووە بەهۆیبایەخدانی بە ئەدەبی شانۆ، ماوەیەک لای ئەڵمانەکان دیلکراوە، لە١٩٤٦- ١٩٤٩ لەشاری ئوچ کراوە بەبەڕێوبەری خوێندنگای بالایشانۆ، لە ١٩٤٧- ١٩٤٩ بووە بەسەرنوسەری گۆڤاری شانۆ، لەژیانیدابەهۆی شانۆوە چەندین مەدالیای ڕێزلێنانی لەلایان دەوڵەتەوە پێبەخشراوە.

(٢) ئێرڤین ئەکسێر”١٩١٧-٢٠١٢” دەرهێنەری شانۆییودامەزرێنەری شانۆی ژووری پۆڵەندی بووە، ١٩٣٩ پەیمانگای شانۆیتەواو کردووە، لە١٩٦٠ لەبەرامبەر هەوڵەکانی بۆ نوێکردنەوەی شانۆیپۆڵەندی خەڵاتی تادێوش بۆی پێدراوە، سەرباری کاری دەرهێنانچەندین وتاری لەبارەی شانۆو ئەدەب نووسیوە، لەگۆڤارەکانی دەیالۆگو شانۆ بەرهەمەکانی بڵاو کردۆتەوە.

(٣) حركة التجديد في المسرح العالمي.. أوجست جرودجيتسكى، ترجمة: د. هناء عبدالفتاح، الهيئة المصرية العامة للكتاب (القاهرة) 2010، ص29

(٤) سەبارەت بە مێژووی ئەو سالانە لەسەردەمی یەکێتی سۆڤیەتوناوی نمایش و دەرهێنەرەکان بۆ تەواوی زانیاریەکانی ئەو مێژووەپشتمان بەستووە بە توێژینەوەیەکی ماڵپەری ئینسکلۆپێدیای شانۆیپۆلەندی لەژێر ناونیشانی “

Polska. Teatr. Okres 1944–89 i lata 90″

بەواتای “شانۆی پۆڵەندی لەنێوان ١٩٤٤-١٩٨٩ و ٩٠ ساڵدا” کەتوێژینەوەیەکی بیبلیۆگرافیە تیشک دەخاتە سەر شانۆی دوایکۆمۆنیزم و تا دەگات بەنمایشەکانی ساڵی ٢٠٠٠

(٥) یێژی ماریان گرۆتۆڤسکی (١٩٣٣-١٩٩٩) دەرهێنەرو راهێنەریشانۆییە، شانۆیەکی ئەزموونی کردۆتەوە بەناوی شانۆی هەژار، لەسەرانسەری جیهان ناسراوە، لەو کتێبەدا بەدرێژی لەسەر کۆیپڕۆژەو چالاکیە سانۆییەکانی دەوەستین.

(٦) هێنریک تۆماشێڤسکی (١٩١٩-٢٠٠١) کیریۆگراف و دەرهێنەریشانۆییە، گروپێکی شانۆیی تایبەت بەشانۆی پانتۆمایمی لەپۆڵەندادامەزراند، بەناوی شانۆی جولە.

(٧) مسرح توماشفسكي.. أندرة هازبراندت.. ترجمة (يحيى صاحب) دار الشؤون الثقافية (بغداد) 2006، ص36

(٨) کۆنراد سڤینارسکی (١٩٢٩-١٩٧٥) دەرهێنەرێکی شانۆییوتەلەڤزیۆنی بووە لەبواری ئۆپێراشدا کاری کردووە، کاریگەریجێهێشتووە لەسەر دەرهێنەرانی پۆڵەندی بەتایبەت گرۆتۆڤسکی وکریستیانا لوپیۆم و یێژێگۆ یارۆچکێگۆ

(٩) ئەلێکساندێر باردینی (١٩١٣-١٩٩٥) ئەکتەرو دەرهێنەرێکیشانۆییە، سەرەتا لەژێر دەستی شیللەر شانۆی خوێندووە، دواتر وەکدەرهێنەرێکی شانۆیی پێگەی خۆی دیاری کردووە، بەتایبەتلەشانۆنامەکانی چێخۆڤ کە سیمای تایبەتی بەکردە دەرهێنانیەکەیبەخشیووە وەک ئەوەی پێویست دەکات کە چۆن ووشەی نووسەردەگۆڕێت بە مرۆڤ.

(١٠) زیگمونت هوبنێر (١٩٣٠-١٩٨٩) ئەکتەرو دەرهێنەری شانۆییبووە، لە١٩٥٢ بەشی نواندنی لەوارشۆ تەواو کردووە، لە ١٩٥٦ بەشیدەرهێنان لەپەیمانگای شانۆ تەواو دەکات.

(١١) كاژیمیێژ دێیمێك (١٩٢٤-٢٠٠٢) ئەکتەرو دەرهێنەری شانۆیی، لەماوەی ساڵانی ١٩٩٣-١٩٩٦ وەزیری کولتوور بووە.

(١٢) گرۆجیچکی باوەری وایە ئەوە یارۆچکی بوو کودەتای بەسەر ئەوشانۆ واقعیە بەرپا کرد

(١٣) تادیۆش روژێڤیچ (١٩٢١-٢٠١٤) نووسەرو شاعیروشانۆکاربووە

(١٤) یێژی یارۆچکی (١٩٢٩-٢٠٠٨) دەرهێنەری شانۆیی

(١٥) ئاگنیێشكا هۆڵەند ئێستا یەكێكە لەسینەماكارە ناسراوەكانیپۆڵەندی، لەسالی ١٩٤٨ لە وارشۆ لەدایك بووە، كچی كۆمەڵناسیپۆڵەندی هنری هۆڵەندە، ساڵی ١٩٧١ كۆلێژی هونەری شانۆی لە براگتەواو كردووە، بەو پێیەی دەرچووی بەشی سینەماو تەلەفزیۆن بووە، بۆیە لەو ڕۆژگارەو تا ساڵانی هەشتاكانی سەدەی بیستەم، وەك ئەكتەربەشداری كردووە لەفیلمەكانی هەردوو دەرهێنەری پۆڵەندی ئاندژێیڤایدا و كژی شتۆڤ زانووسی، سێ جار كاندید كراوە بۆ خەڵاتیئۆسكار، جگە لەوەی ئێستا وەك سینارێست و دەرهێنەر ناوێكیگرنگی سینەمای پۆڵەندیە.

١٦) لاسۆ ئادەمیك لە ١٩٤٢ لە چیكسلۆڤاكیا لەدایك بووە، ساڵی١٩٧٢ سینەمای لە براگ تەواو كردووە، لەسەرەتای هەشتاكانیسەدەی بیستەم تا سەرەتای نەوەتەكان دەرهێنەری گروپێكی شانۆییناسراوی وارشۆ بووە، لەبیست ساڵی ڕابردووش كراوە بە بەرێوبەریئۆپیرای كراكۆڤ، جگە لەكاری شانۆیی بەبەردەوام وەك دەرهێنەرێكیسینەمایی لەسینەمای پۆڵەندی كاری كردووە، لەپاڵ دەرهێنەری بەشێكلەكارە شانۆییەكان بۆ تەلەفزیۆن، ئەوەش هەر لەو كاتەوەی كە لە١٩٧٣ شانۆگەری “پەتا سپیكەی” بۆ تەلەفزیۆن تۆمار كرد، بەدوایئەوەی وەك كارێكی سینەمایی پێشكەشی كردبوو، وەك كاریشانۆیش تۆماری كردەوە، لەكارەكانی دواتری “پیلیاس و مێلیساندا” ی مۆریس مەتەرلینگ و “بۆریس گۆدۆنۆڤ” ی پوشكێن و هەروەهابەهاوبەشی لەگەڵ هاوسەرەكەی خاتوو ئاگنیێشكا هۆڵەند چەندنمایشێكی شانۆییان پێشكەشكردووە لەوانە “كۆشك” ی كافكا و”لۆرێنساچیا” ی فرێد دی مۆسێت، هەروەها یەكێك لەدەركەوتنەبەراییەكانی ساڵی ١٩٧٥ بووە لەشانۆگەری “دارستان” كە بۆ ئەو وەكسەرەتایەكی گرنگی دەركەوتنی دادەنرێت، بەهۆی ئەوەیلەشانۆگەریەكی دەرهێنەر ئۆسترۆفسكی بەشداری كردووە، لەكارەگرنگەكانی ئەو دەرهێنەرە كە لەنەخشەی شانۆی پۆڵەندی بەگرنگسەیری دەكرێت، سەرباری شانۆگەری كۆشك، ئەو كارانەیترین “سێقروشەكەی” برتۆلد برێخت و “ئۆپۆ پاشای” ئەلفرید گاری و”تەرمیكۆمپانیای درووستكراو” ی داریۆفۆ، لەساڵی ٢٠١٠ وەك ئەكتەرلەشانۆی ئۆپیرای فرۆسلاڤ ڕۆڵی میوزیكژەن فرەدریك چۆپیندەبینێت لەكارێكی دەرهێنەر گیاسۆمۆ ئۆرێفیتسی، ئەو دەرهێنەرەكارەكانی لەبواری ئۆپیراو سینەمادا تا ئەمرۆش گرنگیەكی تایبەتیهەیە، بۆیە گەر دەرفەت بگونجێت شایستەی ئەوەیە نووسینی تایبەتیبۆ تەرخان بكرێت

(١٧) هەندێك جار لەئاستی سیاسیەوە، پۆڵەندا تاوانبار دەكرێت، بەوەی لەتاوانی هۆلۆكۆست ناڕاستەوخۆ بەشدارە، بەهۆی ئەوەیهاوكاری ئەڵمانەكانی كردووە، بەتایبەت ئیسرائیل تۆمەتی ئەوە دەخاتەپاڵ پۆڵەندا

(١٨) ئادام هانوشکیێڤیچ (١٩٢٤-٢٠١١) ئەکتەر ودەرهێنەری شانۆییە

(١٩) شانۆی تەلەڤزیۆنی لەپۆڵەندا یەکێکە لەئەزموونە ناوازەکان، وایکردووە ئەرشیفی ئەو شانۆیە تا ئەمڕۆ بپارێزرێت، دوایتۆمارکردنی وەک فیلم لەبازار دەفرۆشرێت، سەرباری ئەوەیتەلەفزیۆنی پۆڵەندی کەناڵی یەک پەخشی دەکات

(٢٠) رۆمان پۆلانسکی (١٩٣٣) دەرهێنەرێکی شانۆیی و سینەماییە، زیاتر ناوبانگی وەک دەرهێنەرێکی سینەمایی دەرکەوتووە، هەروەهالەشانۆشدا کاری کردووە، بەتایبەت لەشانۆنامەکانی شکسپیردا، کەدواتر وەک فیلمی سینەمایی سەر لەنوێ کاری تیا کردۆتەوە، دیارترین کارەکانی ماکبێس، شاکارەکانی لەسینەمادا چەندینخەڵاتی گەورەی پێ وەدەست هێناوە

(٢١) Gazeta Wyborcza, 29 sierpnia 2002

(٢٢) MARIA NAPIONTKOWA, TEATR POLSKIEGOPAŹDZIERNIKA, Wyd. Instytut Sztuki PAN, Warszawa2012

(٢٣) Paweł Płoski, Teatralna odwilż – kilkaintensywnych lat, teatr, numer 9/2013

(24) هەمان سەرچاوە




ژیان لە نێوان ماناکردن و بێ مانایی دا.. نووسینی دڵشاد کاوانی

پرسیارە قورس و سەرەکییەکە ئەوەیە کە سادەترین پرسیارە لە ڕۆحی هەموو کەسێکدایە، لە بچووکترین منداڵەوە تا گەورەترین و ژیرترین مرۆڤ: پرسیارێکە کە لە ڕێگەی ئەزموونەوە فێری بووین، بەبێ وەڵامەکەی کەس ناتوانێت بژیێت. بەم شێوەیە سەرهەڵدەدات: “ئەوەی دوێنێ نەمکردوە لە دەستم ڕۆیشت، ئەوەی ئەمڕۆ دەیکەم ئەنجامەکەی چی بەسەر دێت و کەواتە سبەی چی دەکەم؟” لە هەموو ژیانمدا چی دێتە بەرهەم؟ بە واتایەکی تر پرسیارەکە ئەوەیە: “بۆچی بژیم و چ شتێکم بوێت و چی بۆ ژیانی خۆم بکەم؟” دواتر گریمانەیەک دەمانوەستێنێت: “ئایا ژیانم هیچ مانایەکی هەیە؟ بەهۆی ئەو مردنە حەتمییەی کە چاوەڕێم دەکات و لەناو نەچێت؟” ئەمانە و دەیان پرسیارتر ئامانجی بابەتەکەمانە.

گومانکردنی لیۆ تۆڵستۆی، لەژیانکردن بەناوی “سکاڵاکە”.
لیۆ تۆڵستۆی کە پێشتر بە شاکارەکانی وەک “ئانا کارینینا” و “زیندووبوونەوە” بووبوو بە نووسەرێکی بەناوبانگی جیهانی، دوا قۆناغی ژیانی بۆ بیرکردنەوە لە مانای ژیان تەرخان دەکات. دواتر ڕەنگدانەوەکانی لە ژێر ناوی “سکاڵا” بڵاودەکرێنەوە. ئەوەندەی ئێمە سەرسام دەبین بە خۆڕاگریی ڕەنگدانەوەی بەرهەمەکە لەسەر ژیان، بە پرسیارە ڕیتۆریکییەی زۆربەی بێ وەڵامەکانیش سەرلێشێواو دەکات. ناتوانین خۆمان بپارێزین و نەپرسین، ژیان چ مانایەکی تری هەیە لەدەرەوەی چاودێری و ڕەنگدانەوە و خەیاڵی نووسەرێکی بەتوانا کە خۆی ئامادەکردووە بۆ تێگەیشتن لە مانای ناسکترین و نهێنیترین هەستەکانی ناو دڵی مرۆڤایەتی؟ چۆن دەکرێت لەوە تێبگەین کە نووسەرێک کە پەروەردەیەکی ئایینی قووڵ و هەستی قەشەیی وەک تۆڵستۆی هەبێت، گومانی لە مانای ژیانی خۆی لە سەردەمی زێڕیندا هەبووە؟ نەپرسین ژیان چییە؟
ژیان پراکتیکترین و گرنگترین و ڕاستەوخۆترین ئەزموونە کە هەموو مرۆڤێک لە هەر خولەکێک و هەر چرکەیەکدا دەژی. بەڵام ئەستەمە وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە کە ژیان خۆی چییە؟ بتوانین دان بەوەدا بنێین کە قورسترین شت لە ژیاندا ژیان نییە، بەڵکو زانینی ئەوەیە بۆچی بژیت! ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ژیان هێندە لە نزیکەوە لەگەڵ هەموو بیرکردنەوە و کردار و بیرکردنەوەیەکماندا تێکەڵ بووە، کە ڕاهاتووین هەست بە بوونمان بکەین وەک خودی ژیانی سروشتی. وەک چۆن بیر لە هەموو وردەکارییەک ناکەینەوە، لانیکەم بیر لە ژیان دەکەینەوە وەک واقیعترین دەربڕینەکەی. بەڵام لە ژیاندا چرکەساتێک هەیە دڵمان دەشکێت، دڵمان پڕە لە خەم، کە لەناکاو جەستەمان بە نەخۆشییەکی سەختەوە دەبات، کە بە توندی ئازارمان دەدات، کاتێک هەواڵی مردنی لەناکاوی ئازیزێکمان دەبیسترێت، کاتێک بیر لە کارە بێکۆتا و دووبارە و بێماناکانمان دەکەینەوە. بۆچی لەم جیهانەدا لەدایک بووین و بۆچی بێ ئیرادە خودی بوونی خۆمان دەخەینە ژێر پرسیارەوە. چۆن دەژین، وامان لێدەکات بوەستین و بپرسین بۆچی بەو شێوەیە دەژین. ئەم جۆرە پرسیارکردنە لە کۆتاییدا دەبێتە شتێکی کنجکاو بۆ ئەوەی بزانین ئایا هیچ مانایەک لە ژیان هەیە یان نا. بەم شێوەیە ژیانێک کە پێشتر زۆر بیرمان لێ نەدەکردەوە، دێتە بەرچاومان و جارێکی دیکە دەست دەکەینەوە بە بیرکردنەوەیەکی جددی لێی. زۆر زوو، نزیکیی ژیان کە ڕۆژێک چێژمان لێ وەرگرتووە، هێواش هێواش دەست دەکات بە کاڵبوونەوە. ئەوەی پێشتر لەگەڵ هەر هەناسەیەکدا هەستی پێ کراوە جا بە ئاگاداری بێت یان بە نائاگایی، نامۆبوونی تەواوەتی خۆی ئاشکرا دەکات.

پێچەوانەیی ژیان و مردن
هەر پرسیارێک دەربارەی ژیان تەنها بەوەوە سنووردار نییە. ئەم جۆرە پرسیارانە نەک هەر لەسەر ئەوەی کە لە کوێوە هاتووە، بەڵکو لەسەر ئەوەی کە بەرەو کوێ دەڕوات. دەکرێت. هیچ بەرژەوەندییەک بۆ مرۆڤ لەوە بەهێزتر نەبێت بزانین ژیان لە کوێوە هاتووە و بەرەو کوێ دەڕوات. بەم مانایە پرسی ژیان کە لە کنجکاوی سەرکوت نەکراو لەدایک بووە، لەگەڵ خاڵە پێچەوانەکەیدا بەریەک دەکەوێت و خۆی بە مردن دەوەستێنێت. ژیان و مردن لە ناوەوە یەکتر سنووردار دەکەن. هەم پێچەوانەن و هەم وابەستەی یەکترن. بەم مانایە دەتوانین بگوترێت مەرگ بەبێ تێگەیشتن لە ژیان تێناگات، هەروەک چۆن ژیان بەبێ تێگەیشتن لە مردن تێناگات.
هەروەها ژیان و مردن دوو فۆڕمی جیاوازن لە بوون. لە کاتێکدا ژیان لە ئەزموونی ئێمەدا پرۆسەیەکی ڕاستەقینەیە، مردن لەودیوەوەیە و بێدەنگ و تاریک و نادیارە. لەوەش گرنگتر، مردن وەک هێزێکی هەڵنەهاتوو و وێرانکەر، ڕێکخستنی ژیان تێکدەدات- مرۆڤ دەکاتە پرسیار لە ماناکەی. ئەو کەسەی چێژ لە پەرستن و بەڵێنەکانی ژیان کە بەڕواڵەت بێکۆتایی دەبینێت، باوەڕ ناکات کە ڕۆژێک ژیانی کۆتایی پێبێت. کاتیبوونی ئەم زانایە لە ئەگەرە بێکۆتاکان، ژیانێک کە بێشوماری لەدایکبوون و گەشەکردن و بەدیهێنانی تێدایە، بە ئازارە. ئازار لە کۆتاییدا دەکوڵێت بۆ پرسیارێک، ئایا هیچ مانایەک لە ژیانێکدا هەیە، کە لە ئێستاوە قەدەری کۆتایی هاتبێت؟ ئەگەر ژیانی مرۆڤ – هەرچەندە دڵخۆش بێت – بە مردنێکی هەڵنەهاتوو کۆتایی هات و ئەو کۆتاییە لە پێشەوەی دانرا – نەک تەنها لەسەر ئەوە، بەڵکو لەسەر پێشینەیی هەموو مرۆڤێک پێش ئەوەی تەنانەت لەدایک بێت، چی پێویستە بۆ ئەوەی بۆ ژیان بژیێت؟ وەک پاسکال گوتی: ئەگەر ئەو ژیانەی لە بێکۆتاییەکی نهێنیەوە دێت لە هەمان بێکۆتایی نهێنیدا بەرەکەتدار نەبێت، ئەوا ئەم ژیانە دەتوانێت مانای چی بێت؟

ژیان لە ڕوانگەی ئایینییەوە
لە ڕوانگەی ئایینیەوە وەڵامی ئەم پرسیارانە سادە و ڕوونە: خودا تاکە خاوەنی گەردوونە- ئەو گەردوون و هەموو شتێکی تێدا دروست کردووە. مرۆڤ لەلایەن خوداوە دروستکراوە؛ ژیانی بەندە بەوەوە و لە کۆتاییدا لە ڕێگەی مردنەوە بگەڕێتتەوە بۆ لای خودا. ئەمە یاسایەکی ئیلاهی ناسراوە- نەبوونی (دروستکردن)، ژیان و (ڕێکخستنی ئیلاهی)، مردن و (گەڕانەوە بۆ لای خودا). بەو پێیەی ژیان لە گەردوونی ئیلاهیدا لەلایەن خوداوە بە مەبەستێکی بەرز و سەرسوڕهێنەرێکی نەزانراو و زیرەکییەکی ناتەواو دروستکراوە. گەڕان بەدوای ماناکەیدا بێهودەیە- چونکە خودی خوڵقاندن دەرکەوتنی ئیرادەی دروستکەرە بە هەمان شێوەی دروستکردنی باشە و خراپە لەم جیهانەدا. دروستکردن باشە چونکە دروستکردن بریتییە لە درەوشانەوەی چاکەی خودایی بۆ ناو گەردوون. هەروەها دروستکردن ئیمانە بە خالق. ئەو باوەڕەیە کە خودا منداڵی لەدایک نەبوو بەرەو ژیانی هەتاهەتایی دەبات لە دەرەوەی خراپە و گەندەڵی و گوناه و ئازار و ترس لە مردن.

ژیاننەکردنی خودای ژیان لە سیکۆلاردا
“خودا مردووە!” لە جیهانی سیکۆلاردا، وەک مەرگی خودای فریدیش نیچە و سارتەری بوونگەرایی، هیچ هۆکارێکی پێشوەختە دیاریکراو بۆ دروستکردن نییە. بۆ کەسێکی بێئایین لە جیهانێکی ئاوادا، لەدایکبوون چوونە ژوورەوەیەکی بەڕێکەوت و بێبەرامبەر و بێ ئیرادەیە بۆ ناو ئەم جیهانە. لەوەش گرنگتر، وەک چۆن هیچ هۆکارێک یان ئامانجێکی تایبەت بۆ بوونی ژیان نییە، هیچ هۆکارێک یان ئامانجێکی تایبەت بۆ ژیان نییە. بە مانایەکی ڕادیکاڵ، مرۆڤ تەنیا لەبەر ئەوەی لەدایک بووە، ناچارە بژی. تەنها بە پاڵنەری ئیرادەی ژیانی دەژی. ئەم ئیرادەیە بۆ ژیان کە دەیباتە پێشەوە، جیاوازی نییە لەو وزە بایۆلۆژییەی کە ڕووەکێک بە زیندووی دەهێڵێتەوە. بە هەمان شێوە مردنیش هیچ مانایەکی نییە- چونکە بیری سیکۆلارستی ناتوانێت دوای مردن بەڵێنی هیچ شتێک بدات. مردن پێویستییەکە، کەس ناتوانێت لێی ڕزگاری بێت. هەروەها دوای مردن هیچ شتێک ڕوونادات. مرۆڤ بۆ هەمیشە دەگری و دەچێتە ناو هیچەوە. نەک هەر بەهەشت بەڵکو دۆزەخیش دانی پێدا نانێت، چونکە شوێنێک نییە ناوی بەهەشت یان دۆزەخ بێت. ئەوەی چاوەڕێی دەکات ئەو خاکە ڕەشەیە کە دەبێت بەپێی یاساکانی سروشت بیگەڕێنێتەوە بە سەرەتایی خۆی.
ئەگەر ئەو بۆچوونەی سەرەوە قبوڵ بکرێت، ئەوە دەردەخات کە ژیانی مرۆڤ تەنها بەرهەمێکی بایۆلۆژییە کە لە جووتبوونی بەڕێکەوتی دوو مرۆڤەوە سەرهەڵدەدات و لە پرۆسەی حەتمی مردندا کۆتایی دێت. ئەگەر وابێت جیاوازی ژیانی مرۆڤ و ژیانی ڕووەکێک کە پابەندە بە هەمان یاسا بایۆلۆژییەکان، نامێنێت. چی پێویستی بەو گەورەییە هەیە لەو کاتەدا ئەگەر ئەو عەقڵەی کە پێگەیەکی باڵاتر لە گەردووندا بە مرۆڤ دەبەخشێت و لە هەموو شتە ئۆرگانیک و نائۆرگانیکەکانی دیکە جیای دەکاتەوە، لە حەتمی مردنی ژیانی بترسێت؟ هەندێک لە بێئایینەکان پێیان وایە ژیان لە هیچەوە سەرچاوە دەگرێت، کە کەس ناتوانێت پێشبینی بکات. مردن کاڵبوونەوەی ژیانە کە کەس ناتوانێت بیبینێت و نە بزانێت. بەم پێیە ژیان بریتییە لە کۆی خۆدەرخستنی هەموو ئەو شتانەی کە لە نێوان دوو نەبووندایە. کەواتە، لەم پرۆسەیەدا کە پێی دەوترێت ژیان لە نێوان ئەم دوو بوونەدا، مانای ژیانی مرۆڤ چییە، کە وەک هی ئەستێرەیەک وایە کە لە گەردوونی بێکۆتاییدا گیریخواردووە؟ چییە ژیان بەردەوام دەکات کە لە هیچەوە بۆ یەکێکی تر درێژ دەبێتەوە، لە بێکۆتاییەکەوە بۆ بێکۆتایییەکی تر؟
ئەگەر ژیان هیچ مانایەکی نەبێت، ئەوا پێویست بە خەمی ئەوە ناکات کە دوای مردن چی ڕوودەدات، چونکە ئەو کاتە مردن خۆی مانای خۆی لەدەست دەدات. ئەگەر دوای مردن هیچ شتێک ڕووی نەدات، ژیان دەبێتە ململانێیەکی بێهودە و بێمانا. لە ئەنجامدا ژیان کە لە نێوان دوو بێکۆتاییدا هەڵکەوتووە، دوو هیچی نەبوو، لە ڕاستیدا دەبێتە پرۆسەیەکی بێمانا لە نێوان دوو بێماناییدا.
بە پێچەوانەوە ئەگەر ژیان مانای هەبێت، ئەوا مردن مانای جیاوازی هەیە- تەنانەت ئەگەر ژیانی دوای مردنیش نەبێت. چونکە ژیانێکی مانادار نەک هەر شایەنی شەڕکردنە، بەڵکو شایەنی مردنە. ململانێ لە ژیانێکی بێ مانادا خۆی بێمانایە و ئەو مردنەی کە لە باوەشی دەگرێت لەوەش بێمانایترە. لە ڕاستیدا مردن بەقەد ژیان بێمانایە. ئەگەر ژیان بەهای هیچی نییە، ئەوا مردن هیچ بەهایەکی نییە.
کەواتە، بۆچی مرۆڤ دەژی؟ ژیان ئەزموونێکی ناوازەیە- بناغەی هەموو ئەزموونی مرۆڤە. ئەم ئەزموونە چەندە پێکهاتەی نەرێنی هەیە، ئەوەندەش پێکهاتەی ئەرێنی هەیە. واتە ئەزموونێکی هێندە دەوڵەمەندە کە خۆشی و خەمیشی هەیە؛ خەمگین و پێکەنیناوییە، خەویش هەیە؛ وەک چۆن یەکگرتن هەیە، جیابوونەوەش هەیە؛ وەک چاوەڕوان دەکرا، نائومێدییەکان هەن؛ وەک ڕاستە، سەرلێشێواویش هەیە؛ وەک چۆن جوانی هەیە، ناشیرینی هەیە؛ وەک چۆن دادپەروەری هەیە، نادادپەروەریش هەیە. واتە ژیان وەک خاوەنی پێکهاتەی دژبەیەک و جیانەکراوەیە، ئاماژەیە بۆ کۆ و یادەوەری و بەشداری داهاتووی هەموو شت و هەست و نەست و بیرۆکەکان لە ژیانی ماددی مرۆڤەوە تا ژیانی ڕۆحی دەکات.
لە بنەڕەتدا، لایەنی تاریکی ژیان هەمیشە لایەنە گەشاوەی خۆی زاڵ دەکات- نەخۆشی، نەمەینەتیە، برسێتیی، بێ ماڵ و حاڵ، شەڕ، نائومێدی، سووکایەتیکردن، مردن هەمیشە کاریگەرییە حاشا هەڵنەگر و قورس و جەوهەرییەکانیان لەسەر لایەنی داهێنەرانەی ئەو دادەنێن. هەرچەندە لە ژیانیدا هەست بە خۆشی بکەیت، هەموو جۆرە نەخۆشییەک ئازارت دەدات؛ نادادپەروەری تا ئەو ڕادەیە بێزارت دەکات؛ مردن بە سیحرە نەخوازراوەکەی تیرۆرت دەکات. مرۆڤ دڵی بەستوو دەبێت کاتێک بیر لەوە دەکاتەوە کە لە کۆتاییدا دەگۆڕێت بۆ تۆپێکی ئۆچم. مرۆڤ دەتوانێت چاوی لە چی تر بێت و هەوڵی بۆ بدات؟ بە پاڵنانی ئەم پرسیارە زیاتر، ئەو پرسیارە نائارامکەرەمان دەست دەکەوێت: ئەگەر ژیان ئەوەندە بە ئازارە و بە کارەسات کۆتایی دێت، بۆچی مرۆڤ دەبێ بژیێت؟ بۆچی خۆی ناکوژێت بۆ ئەوەی بە یەکجاری لەم مەینەتییە ڕزگاری بێت؟

خۆکوشتن بۆ ڕزگاربوون لە ژیان لای ئەلبێر کامۆ
ئەلبێر کامۆی فەیلەسووف پاڵێوراو بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی ساڵی ١٩٥٧، لە بەرهەمە فەلسەفییە سەرەکییەکەیدا، بەناوی ئەفسانەی سیزیف، بە وردی ئەم پرسیارە دەکات: “تەنها یەک کێشەی فەلسەفی جددی هەیە و ئەویش خۆکوشتنە”. حوکمدان لەسەر مانای ژیان پەیوەستە بە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە جەوهەرییە، ئەگەر ژیان بێ مانا بێت، ئەوا هیچ سوودێکی نییە بەدواداچوون بۆ سروشتی واقیع، مەعریفە، یان ئەخلاق. ئەو پێی وایە دۆخی ئێمە هاوشێوەی ئەفسانەی یۆنانی کۆن و سیزیفە. تیایدا سیزویفس بەهۆی لووتبەرزی و فێڵبازییەکەیەوە سزا دەدرێت. سزاکەی سادە و بێمانا بوو- فەرمانی پێکرا بەردێکی قورس بخاتە سەر لوتکەی شاخێک. بەڵام کاتێک بەردەکە دەگێڕێتە سەرەوە تا لوتکەی شاخەکە، بەردەکە دەخولێتەوە خوارەوە. جارێکی تر بەردەکە پاڵ دەنێتەوە سەرەوە؛ بەردەکە جارێکی تر دەخولێتەوە خوارەوە. بێ کۆتایی درێژە بەم کارە دەدات. زەحمەتەکانی بە تەواوی بێهودە و بێمانا و هەوڵی بێمانا و تەنانەت سزادەرانە دەردەکەون. لە ژیانێکی وادا خۆکوشتن وەک ڕێگەیەک بۆ ڕزگارکردنی خۆی لە ئازارەکان سەیر دەکرێت. بەڵام سیزویفس هەرگیز خۆی بەدەست شکستەوە نادات و بەردەوام بەردەکە بەرەو سەرەوە دەگێڕێت. کەم کەس هەیە کە کردەوەکەی بە قارەمانانە دەبینێت، ئینکاری ئەوە بکات کە خۆکوشتن کۆتایی و کاریگەرترین چارەسەرە بۆ بێمانایی ژیان. ئەو پێی وایە خۆکوشتن، بەهۆی بێمانایی ژیانەوە، هەڵهاتنە- واتە وازهێنان و وازنەهێنانە. بەڵکو مرۆڤ وەک سیزیف دەبێت ڕووبەڕووی نیعمەت و بێمانایی ژیان ببێتەوە. باشترە بە دانپێدانانی ڕاستگۆیانە بە بێمانای ژیان بژیت لەوەی لێی ڕابکەیت و خۆت لە بێهودەیی ماندوو بکەیت. لە بەرامبەر ئازارەکانی ژیاندا، کامۆ وەک نیچە، پێی وایە مرۆڤ نابێت پێی بڵێت “نا” بەڵکو “بەڵێ”. بە وتەی ئەو، مرۆڤ دەبێت چالاکانە بەشداری ژیان بکات نەک بەرامبەری نەرێنی بێت. بۆ ئەمەش مرۆڤ دەبێت ڕۆحی بەرەنگاربوونەوە و سەرپێچی هەبێت. ئەمانەن مرۆڤ بە ڕاست ڕادەگرن و ڕووی بەرەو پێشەوە دەهێڵنەوە. بەڵام بۆچی بڵێین بەڵێ بۆ ژیان؟ ئەگەر وا بڵێین چی وامان لێدەکات هەست بەو جۆرە بکەین؟
لەم بابەتەدا لە ڕوانگەیەکی سیکۆلارستییەوە سەیری مانای ژیان دەکەین. یەکێک لە هۆکارەکانی ئەمەش بریتییە لە سەیرکردنی ئەو پاڵنەرە میتافیزیکییە بنەڕەتییەی کە بووەتە پاڵنەری مرۆڤ بۆ ژیان لە ڕوانگەیەکی فەلسەفیەوە؛ یەکێکی تریان نزیکبوونەوە لە ژیان لە ڕووتترین و سەرەتاییترین و خامترین ئاستیدا، بە لێکۆڵینەوە لەوەی کە ژیان لە دەرەوەی چوارچێوەی ئایینی مانای چییە- ژیانێک کە خاڵی بێت لە هیچ نیعمەتێکی خودایی، ڕێنماییکردن و خەمخۆری. هەر لەو گرژییەدادایە- هەرچەندە تاریک و بێ تێگەیشتن- کە ئێمە چاوێکی نوێ دەکەینە سەر ئەوەی کە ژیان بەڕاستی مانادار دەکات.

ژیان چییە؟
ژیان پرۆسەیەکی کردارە. لە ڕوانگەی بایۆلۆژییەوە، پرۆسەی بەدیهێنانی پۆتانسێلی (هێزی ناوەوە) خودی ماددەیە. ژیان بەم مانایە ئاماژەیە بۆ سیستەمێکی بەرفراوانی داینامیکی (ئیکۆلۆژی) لە زیندەوەران- خانە، بەکتریا، ڕووەک، ئاژەڵ و مرۆڤ- کە خۆیان دەپارێزن، وەڵامی جیهانی دەرەوە دەدەنەوە، زاوزێ دەکەنەوە و لاواز دەبن و دەمرن. با نموونەی تۆوی گەنم لە خاکدا وەربگرین. بە یارمەتی تیشکی خۆر و خاک و ئاو و بارودۆخی تر هێواش هێواش دەڕوێت و گەشە دەکات. لە کۆتاییدا گەنمەکە پێدەگات. یاسایەکە کە تۆوی گەنم پێدەگات و دەبێتە گەنم، بەڵام هەرگیز نابێتە گەنمەشامی یان کەتان. واتە پێگەیشتنی تۆوی گەنم بۆ گەنم پێشتر بە جینی گەنم دیاری کراوە. ئەمەش بەو مانایەیە کە تۆوی گەنم توانای پێگەیشتنی هەیە بۆ گەنم. گۆڕینی تۆوی گەنم بۆ گەنم، وەدیهێنانی ئەم توانایەیە.
تۆوی گەنم، جگە لە پێکهاتە کیمیاییەکانی تر، هێزێکی ناوەکی هەیە کە دەبێتە هۆی ئەوەی ببێتە گەنم. هەر ئەم دەسەڵاتەیە کە گەشەسەندنی دەباتە پێشەوە. ئەم هێزە ڕەنگە پێی بگوترێ هێزی ژیان. بێگومان ڕەنگە ئەم بۆچوونە لەلایەن زانایانەوە ڕەخنەی لێ بگیرێت. هێشتا دەبێت جەخت لەوە بکرێتەوە کە ئەگەر ڕێگە بە بوونی هێزێکی نەبینراو و نامەعنەوی لەو شێوەیە نەدەین، ناتوانین ڕوونی بکەینەوە کە بۆچی زیندەوەران ئەوەندە نائومێدی شەڕ دەکەن بۆ پاراستنی خۆیان. ئەمەش زۆرتر لە ژیانی ئاژەڵاندا بەدی دەکرێت، لەوانەش مرۆڤ. ماندووبوون و خەبات و خۆبەختکردنیان بۆ مانەوە، تەنیا دەرکەوتنی توانای بایۆلۆژی نییە. هەروەها تەنیا نوێنەرایەتی پرۆسەیەکی میکانیکی نییە بە زاراوەی کارتێزی یان ئەوە تەنها واقیعێکی بەرنامەسازی بۆماوەیی نییە. بەڵکو ئەوە “هێزی ژیان”ە لە دڵی بوونەوەرە زیندووەکاندا کە بەرەو داهاتوو ئاراستەیان دەکات. ئەم هێزە ناوەکییە هێزی جەوهەری زیندەوەرانە بۆ پاراستنی خۆی. لە ڕووی تیۆریەوە خواستی خۆپاراستن لە زیندەوەراندا پێویستییەکە بۆ مانەوە. (من)١.
مرۆڤ ئەو بوونەوەرە ناوازەیەیە لە جیهاندا کە خۆپاراستنی جەوهەریترین بنەمایە. بەپێی تیۆری پەرەسەندن، مرۆڤ بەشدارە لە پرۆسەی پەرەسەندنی بێبەزەییدا. مرۆڤ چەندە لە دونیا تێبگات و بگۆڕێت و بە تایبەتمەندی زیرەکی دونیا بنیات بنێتەوە، بەڵام بەستەرێکە لە زنجیرەی پەرەسەندندا. وەک هەموو زیندەوەران دەبێت کار بکات بۆ مانەوە. بۆ ئەمەش پێویستە لەگەڵ هەلومەرجەکاندا بگونجێنین و بیانگۆڕین و لێیان تێپەڕێنین. بەم شێوەیە مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی بایۆلۆژی دەبێت ملکەچی یاسا توند و چەپەڵەکانی سروشت بێت.

مرۆڤ وەک پشیەلەیەک
بەڵام یەکێک لە جیاوازییە جەوهەریەکانی نێوان مرۆڤ و بوونەوەرەکانی تر ئەوەیە کە دەتوانێت پرۆسەکانی ژیان لە مێشکیدا ڕەنگ بداتەوە. بۆ نموونە پشیلە و کەسێک وەربگرین. هەردووکیان بوونەوەرن کە دەبێت کاربکەن بۆ مانەوە. لەمەشدا توانا بایۆلۆژی و فیزیکییەکانیان بۆ بەردەوامبوون و پاراستن و بەردەوامکردنی خۆیان بەکاردەهێنن، بێ وەستان کارلێک لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا دەکەن. بەڵام ئەگەر هەوڵی پشیلە وەڵامێکی بایۆلۆژی بێت- گونجاندنێکی سروشتی- هەوڵی مرۆڤ بایۆلۆژی و فیزیکی و فیکرییە. پشیلە ناتوانێت بیر لەم پرۆسەیە بکاتەوە- ناتوانێت ببیستێت هەوڵی چی دەدات و بۆچی. بەڵام مرۆڤ دەتوانێت بیبیستێت- لە مێشکی خۆیدا ڕەنگدانەوەی هەبێت. ئەم پرۆسەیە لە مێشکی خۆیدا لە ڕێگەی خەیاڵەوە لە فۆرمێکی ڕەمزی و دەروونیدا دەگێڕێتەوە. بیری لێدەکاتەوە.

پرسیار لە ماناکەی بکە.
کێشەی جەوهەری ئەوەیە مرۆڤ دەتوانێت بیر لەوە بکاتەوە کە بۆچی پێداویستییە بایۆلۆژی و دەروونییە دووبارەبووەکانی تێر دەکات بە دووبارەکردنەوەی هەمان کردارەکان- بۆ نموونە کارکردن، خواردن، خەوتن، بەردەوام دووبارە دەکاتەوە، دەبێت خۆت لەگەڵ خۆتدا بگونجێنی بۆ پێویستییەکان. پلانێک بۆ چارەسەرکردنی دادەنێت و جێبەجێی دەکات. هەرچەندە ئەم دووبارەبوونەوەیە خولێکی بێمانایە کە مرۆڤ بیردەخاتەوە کە پێویستییە بایۆلۆژییەکانی هەیە کە زۆر جیاواز نییە لە پێداویستییەکانی ئاژەڵەکانی دیکە، بەڵام مرۆڤ لە ماناکەیدا سەری سوڕدەمێنێت. بەڵام پشیلە ئەم توانایەی نییە.
دەبێت بڵێین پشیلە بۆ ئەوەی بتوانێت بژی و زاوزێ بکات، پێویستی بە بیستنی مانای ژیانی خۆی نییە. ئەمەش بەو مانایەیە کە پشیلە جگە لە توانا بایۆلۆژییە زگماکیەکانی و بارودۆخی گونجاو بۆ مانەوەی خۆی و نەوەکانی زیاتر هیچی تری ناوێت. ژیان لای ئەو بەنرخە، بەڵام ناتوانێت هەست بە بەهایەکی لەو شێوەیە بکات. بۆ ئەو گرنگ نییە ئەم ژیانە مانای هەبێت یان نا. گرنگ ئەوەیە کە بۆ مانەوەی هەرچەندە زاوزێکردنی گرنگە، بەڵام بۆ ئەو دەربڕینی پێویستییەکی ستۆکاستییە.
بە پێچەوانەی پشیلە، مرۆڤ نەک هەر بۆ ژیان دەژیێت، بەڵکو پرسیاری لێدەکات. بەهایەکی بۆ دەدۆزێتەوە. مرۆڤ تەنها کەسێک نییە کە پاڵنەرە بایۆلۆژییەکان جێبەجێ دەکات و بەپێی یاساکانی سروشت کاردەکات، بەڵکو بە کۆمەڵایەتیشیان دەکات. بۆ نموونە خۆراکی سەرەتاییترین پێویستی مانەوە و هاوبەشە بۆ هەموو زیندەوەران. بۆ پشیلە خودی گەدە بەسە، بەڵام بۆ مرۆڤ نا. مرۆڤ دەتوانێت ڕەهەندێکی کۆمەڵایەتی پێبدات- جۆری خواردن، تام و ڕەنگی خواردنەکە، بۆنەکە و لەگەڵ کێدا دەتوانێت خواردنەکە بە هەر شێوەیەک کە ئارەزووی بکات ڕێکی بخات. مرۆڤ بەدوای بەهایەکدا دەگەڕێت بە خۆراکگرتن لە سادەترین چالاکییەکانی ژیانی هاوبەشی ئاژەڵانی دیکە، لە سێکسەوە تا ئاڵۆزترین فۆرم و ناوەڕۆکی هونەر و زانست و فەلسەفە. ئەمە تایبەتمەندی کۆمەڵایەتی ژیانە. تەنها ئەو ڕەفتارە سیستماتیکە نییە کە لە پرۆسەی گەیشتن بە پێداویستییە بایۆلۆژییەکانی زیندەوەرە زیندووەکاندا ڕوودەدات، بەڵکو پرۆسەی بەشداریکردنی هۆشیارانە لەم پرۆسەیەدا و تێگەیشتن لێی و گۆڕینی فیکرییە. لەوەش گرنگتر، پەیوەندی بە بنیاتنانی بەهاوە هەیە لەسەر بنەمای ئەوەی پرۆسەکە چییە، نەک تەنها ئەوەی کە چییە.

ژیان لە سوبژێکتیڤدا
هەروەها ژیان فەزای سوبژێکتیڤیەت،(٢) سیستەمێکی فراوانی پەیوەندییە ڕۆحییەکانە کە لە ئەزموونەکانی ڕابردوو و ئەزموونەکانی ئێستا و هیواکانی داهاتوو پێکهاتووە. چیرۆکی تاکێکی تێدایە. هەروەها چیرۆکی پێکهاتەیەک و وڵاتێک و تەنانەت هەموو مرۆڤایەتیش لەخۆدەگرێت. ئەم چیرۆکانە دووبارە و سێ بارە دەگێڕدرێنەوە. ئەوە یاریکردن و کاریگەری و هاتنە ناوەوەی ئەم پرۆسانەن کە ئەم یادەوەرییە کۆمەڵایەتییە، واقیعی مەعریفی و فەزای خەیاڵی ژیان دروست دەکەن. لەم فەزایەدا هەر کەسێک لە ڕێگەی گەڕان و هەوڵی خۆیەوە هەوڵی تێرکردنی پێداویستییە بایۆلۆژی و کۆمەڵایەتییەکانی دەدات.
ئەم پرۆسانە ئەوە دەردەخەن کە ژیانی مرۆڤ پرۆسەیەکی سادەی بایۆلۆژی نییە- ئەوە تەنیا بەشێک نییە لە پرۆسەی بایۆلۆژی، بەڵکو پرۆسەیەکی فیکری ئاڵۆزە کە لێیەوە تێدەپەڕێت. تەنها پرۆسەی مانەوە نییە، بەڵکو چالاکیەکی هۆشیاری بەکۆمەڵەیە کە بانگ دەکرێت بۆ دەربڕینی توانای تەواوی مرۆڤ. تەنها شێوازێکی ژیان نییە کە فەرمانی پێکراوە بۆ گونجاندن لەگەڵ بارودۆخەکاندا، بەڵکو پرۆسەیەکی گۆڕانکاری چالاک و پلان بۆ داڕێژراوە. لە بنەڕەتتردا، پرۆسەیەکە بۆ پێدانی ڕەنگ و مانای مرۆڤ بە پرۆسەیەکی بایۆلۆژی کە لە کاتێکدا هەوڵی مانەوە دەدات بۆ بەهایەکی مرۆیی حسابی دەکات. لە لایەکی ترەوە ژیان وەک بەرهەمی خولگە بایۆلۆژییەکان هیچ مانایەکی ڕەسەنی نییە، بەڵکو مانایەک لەو هەوڵ و تێکۆشانەدا هەیە کە مرۆڤەکان دەیخەنە ناویەوە. هەر ئەم خەباتەیە کە پاڵیان پێدەنێت بۆ بنیاتنانی خێزانێک و ڕێکخستنی کۆمەڵگەیەک و بنیاتنانی دەوڵەت و بەدواداچوونی ئیمپراتۆریەتێک.
جگە لەوەش مانای ژیان، وەک خودی ژیان، ئەو ئامانجە نییە کە مرۆڤ بەدوایدا دەگەڕێت، بەڵکو دەرئەنجامی بەدواداچوونەکانیەتی. بەم پێیە مانای ژیان ئاماژەیە بۆ پرۆسەیەک کە بە جۆرێک لە جۆرەکان لێی دابڕاوە، لەودیوبێت یان ئەودیوەوەبێت، بەڵکو مانای ژیان و ژیانی مرۆڤەکانە. لەم ڕوانگەیەوە ماناکەی بەقەد مانای ئەو هەوایە سادەیە کە بۆمان هەناسە دەدەین- هەروەک چۆن هەوا لە ژیان جیا نابێتەوە، ژیان لە بوونمان جیا ناکرێتەوە. ژیان واتە بوون- مانای ژیان یەکەمجار بوونە. بوون خۆی مانایە.
ڕوانینی ئەرستۆ بۆ ژیانکردن
بە بڕوای ئەرستۆ مرۆڤ، وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی، بێناو و کوێرە و لە ئینکاری پرۆسەی بایۆلۆژی دووبارەبووەوەدایە. لەوەش زیاتر، هەر بەشێکی دەکاتە بەشێکی ناوازەی بوونەکەی- دەتوانێت لە ڕێگەی هونەرەوە بەرزی بکاتەوە و ئایدیالی بکات؛ ئەم جیهانبینییەی مرۆڤ دەتوانێت باوەڕی بە ئایین هەبێت، کە وەک پێدانی ئامانج و بەها و ئاراستەیەکی ئەبەدی بە بوونی دونیای خۆی سەیر دەکرێت؛ لە ڕێگەی زانستەوە دەتوانیت بەدوای یاساکانی گەردووندا بگەڕێیت و وایان لێبکەیت لە پێداویستییەکانی خۆیەوە دەربچن؛ لە ڕێگەی پەروەردەوە دەتوانن زانستەکانیان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر بگوازنەوە و بەردەوام خۆیان دەوڵەمەند بکەن؛ مرۆڤ لە ڕێگەی ئەخلاقەوە دەتوانێ ڕێکوپێکی عەقڵانیی بوونی خۆی لە فۆرمێکی چاکەکاریدا دابمەزرێنێت؛ بە هێنانی چڕترین هەستەکانی بۆ ناو فۆڕمی هونەری ئەبستراکت، جوانی بە مانای بارودۆخەکانی دەبەخشێت.
بەڵام هەرچەندە هەوڵەکانی مرۆڤ لە پرۆسەی بایۆلۆژیدا چەندە خۆپەرستانە بن و بەدواداچوون بۆ بەهای ناوەکی چەندە بەردەوام و بێ چەواشەکارانە بن، بەڵام ژیانی لە هەمان کاتدا بەردەوام هەست بە قورسایی ئەرکە بایۆلۆژییەکانی دەکات. مرۆڤی خاوەن شانازی و توانای وەها گەورە ناتوانێت لە هەمان کاتدا لە کاریگەریی سەرەتاییترین پاڵنەرە بایۆلۆژییە هاوبەشەکان بۆ هەموو بوونەوەرە زیندووەکان ڕزگاری بێت. کاتێک برسی و ڕووت دەبێت، مرۆڤانە حیساب ناکات کەی کاتی ژەمێکە. بۆ ئەمەش ئینکاری ئەو بەهایانە دەکات کە بەدوایدا دەگەڕێت. بۆ ئەوەی بتوانێت بژی، مەترسی لەسەر سەلامەتی کەسانی دیکە دروست دەکات و تەنانەت لەناوی دەبات. لەبەرامبەر مەرگدا تووشی شڵەژان دەبێت و بێ ئومێد دەبێت و تەنانەت خۆیشی دەکوژێت. واتە چەندە ئاواتەخوازە مانا بە ژیانی خۆی ببەخشێت، هەرگیز ناتوانێت لە ئەشکەنجەی هێز و یاسا بایۆلۆژییەکان ڕزگاری بێت کە نکۆڵی لەم مانایە دەکەن. ئەمەش سێبەری بێمانایی دەخاتە سەر سۆز و هەوڵ و شانازییەکەی لە پێدانی مانا بە ژیانی خۆی- وەک ئەوەی هەموو سۆز و هەوڵ و شانازییەک لە کۆتاییدا هیچ بەهایەکیان نەبێت. وەک ئەوەی ژیانی مرۆڤ هەرگیز نەتوانێت لە بازنەی بێمانایی ڕزگاری بێت کە بوونەوەرەکانی دیکە بۆی دانراون.

واتا لە ژیاندا
وەک لە سەرەوە بینیمان ژیان لە ناوەڕۆکیدا هیچ مانایەکی ئەبەدی نییە- کۆی کردارەکانی زیندەوەران و نازیندووەکانە کە لە ژێر کاریگەری هێزە بایۆلۆژییەکان گوێڕایەڵی یاساکانی سروشت دەبن. هیچ نهێنیەکی تایبەت لە ژیاندا نییە- تەنیا نوێنەرایەتی هەڵسوکەوتی سیستەمی بایۆلۆژی و کیمیایی و فیزیایی زۆر ئاڵۆز دەکات، کە بە زنجیرەیەک هۆکار و کاریگەری بەیەکەوە گرێدراون. بەپێی یاسا ناوخۆییەکانی خۆی بەردەوامە لە گەشەکردن. تەنانەت بەبێ مرۆڤیش، سروشت بەردەوامە لە کارکردن- دارەکان لە تۆوەکانەوە هەڵدەقوڵن، نۆت بەرهەم دەهێنن، بچووک دەبنەوە، گەشە دەکەن و لە کۆتاییدا پڕ دەبن و کاڵ دەبنەوە. ئەمە ئاوازە نەشکاوەکەی سروشتە.
بەڵام ئەو مانایەی مرۆڤ لێرەدا بەدوایدا دەگەڕێت، تەنیا بە مانای خودی سروشت سنووردار نییە. هەروەها تەنیا ئەوە نیشان نادات کە ژیان بۆ هەموو مرۆڤایەتی چی دەگەیەنێت. هەروەها بەوەوە ناوەستێت کە مانای ژیانی مرۆڤ چییە. لە ڕاستیدا گەڕانی مرۆڤ بۆ مانا پەیوەندی بەم چوار هۆکارەی خوارەوە هەیە جگە لە هۆکارە بایۆلۆژییەکان. فاکتەری گشتگیر و میتافیزیکی و کۆمەڵایەتی و تاکەکەسین. لە خوارەوە بە کورتی باسیان دەکەین.
با سەرەتا سەیری ئەو گەردوونە بکەین کە تێیدا دەژین. کاتێک سەیری گەردوون دەکەین، ئەوەی دڵمان پڕدەکاتەوە، سۆزێکی قووڵە بۆ گەورەیی بێئەندازەی، سەرسامی و ڕێزگرتنێکە بۆ بێدەنگییە ناوەکییەکەی. بلیز پاسکال دەڵێت: بێدەنگی هەمیشەیی ئەم فەزا بێکۆتاییانە من دەترسێنێت. کاتێک مرۆڤ بیری لێدەکاتەوە، دەتوانێت هەست بە هێزی بێکۆتاییەکەی بکات کە لە هەر پۆلێکی دەروون و هەر فراوانبوونی خەیاڵ و هەر چوارچێوەیەکی سۆزداری ئەندامەکانی هەست تێدەپەڕێت. وەها دژایەتییەک بۆ بوونی مرۆڤ دەڕەخسێنێت کە مرۆڤ خۆی لە پێش خۆیدا وەک بوونەوەرێکی بچووک و بێ بایەخ و بەڕێکەوت دەبینێت. مرۆڤی گەردوونئاڕاستەکراو دەست دەکات بە پرسیارکردن لە مانای بوونی خۆی. چونکە ئەو هەستەی کە گەورەییەکەی دەهێنێتە ئاراوە، هەموو هەستەکانی مرۆڤ بە خود و متمانە بەخۆبوون و شانازی بەخۆیەوە دەخاتە بەر تەحەدا. مرۆڤ لە لێواری گەردووندا پرسیاری ئەوە دەکات کە ئایا ژیانی هیچ مانایەکی هەیە- بێکۆتایی و بێئەندازە ترسناکەکەی مردنی بیردەخاتەوە. پەیوەندییەکی خەیاڵی ناڕاستەوخۆ لە نێوان گەورەیی گەردوون و نادیاریکردنی مردندا هەیە: مردن وەک گەردوون، بەرزە، وێرانکەر، بێکۆتاییە، تاریک و لە دەرەوەی خەیاڵدایە.
ئەم گەردوونەی بێدەنگی ڕووبەڕووی مرۆڤ لە هەمان کاتدا بێباکی و بێ هەست و سۆزدارییە. بۆ گەردوون مرۆڤ بوونی یان نەبوونی هیچ بەهایەکی نییە. نەک تەنها بوونی یەک کەس، بەڵکو بوونی ملیۆنان و تەنانەت هەموو ڕەگەزی مرۆڤیش هیچ بەهایەکی نییە. هۆکارەکەشی ئەوەیە، یەک، گەردوون هیچ هۆشیارییەکی لەو بارەیەوە نییە؛ یەکێکی تر ئەوەیە کە بەبێ مرۆڤ بوونی هەبووە و بەردەوامیش دەبێت. بە وردی بڵێین بوونی سەربەخۆیە لە بوونی مرۆڤ. بەڵام بۆ مرۆڤ، بوونی ئەو لەم جۆرە گەردوونەدا کێشەی ڕەخنەگرانە- کە مامەڵەی بێباکانە و بێ جیاوازی گەردوون لەگەڵیدا دەبێتە هۆی بەرخۆدانی بەهێز و دڵەڕاوکێ و نائومێدی. ئەمەیە کە کامۆ لە بەرهەمی “ئەفسانەی سیزیف”دا دەیڵێت: پیاوەک ڕووبەڕووی ناعەقڵانییەکان بووەوە. لە دڵیدا هەستی بە حەسرەتی بەختەوەری و حیکمەت دەکرد. بێمانایی لە ململانێی نێوان پێداویستییەکانی مرۆڤ و بێدەنگی ناعەقڵانی جیهان سەرهەڵدەدات. ئەمە نابێت لەبیر بکرێت. دەبێت پابەند بێت پێیەوە، چونکە هەموو دەرئەنجامەکانی ژیان پەیوەستە بەوەوە. ناعەقڵانییەت، نۆستالژیای مرۆڤ و بێمانایی لە بەریەککەوتنیانەوە سەرهەڵدەدەن(٣(.
بە مانای بێمانایی ململانێی نێوان ئارەزووی مرۆڤ و بێدەنگی جیهان فاکتەری گرنگە بۆ بێمانایی ژیان. بەڵام ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ وەهم و وەهمی مرۆڤ بۆ مرۆڤسازی گەردوون. واتە مرۆڤ چاوەڕوانی ئامانج و ئاراستە و نیشانەیەکی ڕەمزی بۆ بوونی خۆی لەو گەردوونەی کە تێیدا دەژیت، هەروەک چۆن چاوەڕوانی لە ژینگەی خێزانێک دەکات کە تێیدا گەورە بووە. لە ڕاستیدا گەردوون هیچ ئامانجێکی بۆ بوونی نییە، یان بە واتایەکی تر بۆ مرۆڤ بوونی نییە، یاخود بوون بە مەبەستی خزمەتی مرۆڤ نییە. مرۆڤ دەتوانێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی بوونی خۆی بەکاری بهێنێت. بەڵام تەنانەت بەو شێوەیەش گەردوون بۆ پشتگیریکردنی بوونی مرۆڤ نەبوو. تێیدا دەرکەوتنی مرۆڤ، بۆ کەسێکی بێئایین، ڕێکەوتێکی پاکە، دەرکەوتنی مرۆڤ دەرکەوتنی گۆڕانکارییە هەڕەمەکییەکانە کە لە هەندێک ساتەکانی گەردووندا ڕوویانداوە. تەنانەت ئەگەر پێیان وابوو ئەم گۆڕانکارییە دەرئەنجامی کارێکی پێویستی گەردوون بێت و نەک تەنیا ڕووداوێک، بۆ کەسێکی بێئایین هۆکاری دەستپێکردنی ژیان ئەوەیە کە بە شێوەیەکی نائیرادی ڕوویداوە. هەروەها ئەم گۆڕانکاریانە بە ئیختیاری ئەوەوە نین. ئەمە ئەو خاڵەیە کە دەیخاتە ناو توندترین سەرلێشێواوی – هەڕەمەکیی ژیان و یاساکانی گەردوون لە دەرەوەی ئیرادەی مرۆڤ بەلای مرۆڤەوە لە ڕووی فیکرییەوە ناگونجێت.
لە ڕوانگەی تاکەوە ژیانی ئەو لە چاوی گەردووندا هیچ بەهایەکی ناوەکی نییە. مرۆڤ بە ڕێکەوت لە گەردووندا بوو. بێماناییەکە ئەوەیە کە بوونی گەردوون و بوونی مرۆڤ دوو حاڵەتی جیاوازی بوونن- هەرچەندە بوونی دووەمیان پەیوەستە بە بوونی یەکەمیانەوە. بە قووڵی سەیرکردنی ئەم هەستە بێمانایە، ململانێیەکی ئاشت نەکراو دەبینینەوە: بێ ئامانجی کردارەکانی گەردوون و هەوڵی مرۆڤ بۆ دیاریکردنی ئامانج بۆ کردەوەکانی خۆی.
بەڕاستی گەردوون لە جوڵەی بێوچانی سیستەمێکی خۆبژێو پێکهاتووە. جگە لە کردەوەکانی خۆی هیچ ئامانجێکی نییە. لەوانەیە فەزا – کاتێکی بێکۆتایی و ئەبەدی و خۆبژێو بێت؛ بەڵام مرۆڤ بوونێکی سنووردار و خۆبژێوە. ئەو بوونەوەرێکە کە بەجێماوە بۆ گەڕان بەدوای مانای بوونی خۆیدا لە جیهانێکی بێ ئامانجدا. ئەو ئینکاری بێ ئامانجە- بۆ ئەو بێ ئامانجی وەک گەردوون ترسناکە. چونکە، نەبوونی هیچ ئامانجێک لە هاتن و ژیان و ڕۆشتنیدا، جیاوازی بنەڕەتی نێوان ئەو و ئەو ماددە گەردوونییە لەناو دەبات کە لەگەڵیدا دەژی. مرۆڤ وەک ئەستێرەیەک یان هەسارەیەکی بچووک، بە شێوەیەکی بێ ئامانج و میکانیکی و دووبارەبووەوە ملکەچی یاساکانی گەردوون دەبێت. ئەوەی زۆرتر مرۆڤ دەترسێنێت، بەڕێوەبردنی سیستمێکی بێکۆتایی ماددە و فۆرم و ماددە نییە، بەڵکو لەدەستدانی جیاوازی نێوان خۆی و هەموو ئەو شتانەی کە بەڕێوەی دەبەن- لەدەستدانی هۆشیاری و ڕۆحی مرۆڤ لە زانای ماددی بێکۆتاییدا. ئەم لەدەستدانە مرۆڤ بەدی دەکات، توانای خۆئاڕاستەکردنی لێ دەدزێت. بەبێ ئیرادەیی فڕێ دەدرێتە ناو گەردوون، بەبێ ئیرادە تێیدا هەڵدەفڕێت و بە هەمان شێوە بەبێ ئیرادە لێی ون دەبێت، دەچێتە ناو پرۆسەیەکی بێ ئامانجەوە. ئەم لەدەستدانە مرۆڤ بەدی دەکات، توانای خۆئاڕاستەکردنی لێ دەدزێت. بەبێ ئیرادەیی فڕێ دەدرێتە ناو گەردوون، بەبێ ئیرادە تێیدا هەڵدەفڕێت و بە هەمان شێوە بەبێ ئیرادە لێی ون دەبێت، دەچێتە ناو پرۆسەیەکی بێ ئامانجەوە.
بۆیە بەشی دووەمی ئەم بێماناییە ئەوەیە کە مرۆڤ هۆشیارە. دەتوانێت نەک تەنها گەردوون، بەڵکو جوڵە و مادەکانی و مرۆڤەکانی دیکە هەست پێبکات و بیربکاتەوە و دەریببڕێت. ئەگەر گریمانە بکرێت کە جگە لە مرۆڤ هیچ بوونەوەرێکی هەستیاری دیکە لە گەردووندا نییە – تا ئێستا هیچ دۆزینەوەیەکی پێشکەوتوو لەم بارەیەوە نییە – مرۆڤ بە تەنیا لە گەردووندا وەک خاوەن هۆشیارییە. بەڵکو ئەوەی مرۆڤ ڕووبەڕووی دەبێتەوە تەنها گەردوونێکی بێدەنگ نییە کە بێکۆتایە و لەدەرەوەی عەقڵ و خەیاڵ بێت، بەڵکو سیستەمێکی ماددەی نائاگایشە. بێدەنگی لێرەدا ئاماژەیە بۆ نەبون یان نەبوونی دەنگ، بەڵکو ئاماژەیە بۆ دابڕانی ئاشتبوونەوەی نێوان مرۆڤی هۆشیار و گەردوونی نائاگا- نەبوونی هیچ دیالۆگێک لە نێوانیاندا .ئەم حاڵەتە دابڕانە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە مرۆڤ چەندە بە ئاگادارییەوە لە گەردوون تێبگات و قەدری بزانێت و تەنانەت بۆ ملکەچکردنی کاردەکات، وەڵامی گەردوون بۆی بێدەنگییە.
لە ڕوانگەی میتافیزیکییەوە ژیان ئاماژەیە بۆ کۆی ئەزموونەکانی مرۆڤ لە ژیاندا. تەنیا بەرهەمی ڕاستەوخۆی ڕەنگدانەوەی مرۆڤ نییە لە هۆشیاریی بوونی خۆیدا. پێویستە جەخت لەوە بکرێتەوە کە ئەو ژیانەی ئێمە وەک پرۆسەیەکی وجودی باسی دەکەین تەنها لە مرۆڤدا سنووردار نییە. زۆرجار گوێمان لە خەڵک دەبێت کە شتگەلێکی وەک “ژیانی دارێک” و “ژیانی کتێبێک” بەکاردەبەن. ئەمەش ئاماژەیە بۆ “ژیان”ی ئەو دارە یان کتێبە. واتە “ژیان”ی ئەو وەک چۆن هەستی پێدەکرێت و پێناسە دەکرێت و بەپێی پێویستی مرۆڤەکان حوکم دەدرێت. ئێمە ناتوانین ژیانی درەختێک خەیاڵ بکەین، وەک چۆن ناتوانین ژیانی کتێبێک بەبێ مرۆڤ خەیاڵ بکەین. بەڵام کتێب بەبێ مرۆڤ بوونی نییە، چۆن دار وەک پێشتر گوتمان دەتوانێت بێ بوونی مرۆڤ هەبێت. واتە کتێبەکە لەبەر پێویستی مرۆڤ بە زانست دروست کراوە؛ بەڵام دار، هەرچەندە مرۆڤ پێویستی پێیەتی، بەڵام لەلایەن مرۆڤەوە بەهای نییە. دەبینرێت کە کاتێک ئەم چەمکە “ژیان”ە بۆ شتە بێ گیانییەکان جێبەجێ دەکەین، بێ گومان دەبێتە چەمکێکی پەیوەندیدار و بەو هۆیەوە دەبێتە بەهای ڕێژەیی.
بەم پێیە چەمکی “ژیان” بە مەبەستی دەربڕینی پرۆسەی بەخشینی مانا لەسەر بنەمای مەبەستی مرۆڤە. ئەگەر هەموو شتەکانی دونیا بە “ژیان” بزانین، بە مانای پێچەوانەی مردن بەکارناهێنرێت، بەڵکو بەو مانایە کە بوونی مرۆڤ لەگەڵ ئەو شتانەی لە دونیادا دەژی نیشان بدات. بێگومان کتێبێک کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت- ئەگەر بسوتێنرێت یان بدڕێت، ئەوا بوونی نامێنێت، بەڵام هەرگیز نامرێت. بەڵام کاتێک دارێک وشک دەبێتەوە، دەوترێت “مردووە”. بەم شێوەیە ژیان ئاماژەیە بۆ دۆخی بوونی زیندەوەرە ئۆرگانییەکان لە جیهاندا.
مەبەست لێرەدا ئەوەیە کە ژیان پرۆسەیەکە کە لە هۆشی مرۆڤەوە ڕەنگدانەوەی هەیە. ئەگەر هەموو گەردوون وەک سیستەمێکی زیندوو زەبەلاح لە خەیاڵدا بخەینە بەرچاومان، مانای بوونی بۆ خۆی نییە، بەڵکو بۆ ئەو کەسەیە کە لە ڕێگەی هۆشی خۆیەوە ڕەنگدانەوەی هەیە. تێڕوانینی مرۆڤ بۆ دونیا لەگەڵ تێڕوانینەکەی بۆ خۆی لەو جیهانەدا تێکەڵ دەبێت. ژیان لای مرۆڤ تەنیا فۆرمێکی بوون نییە، بەڵکو فۆرمێکە لە ڕەنگدانەوەی ئەم بوونە لە هۆشیارییەکەیدا. هەر لەم ڕەنگدانەوەیەدایە کە مرۆڤ جیهان وەک پەیوەندیدار بە خۆیەوە هەست پێدەکات. پەیوەندیدارێتی شێوازێکی مرۆڤە بۆ بەخشینی مانا.
گەردوون ناتوانێت بەهای بوونی مرۆڤ بدات، چونکە هۆشیارییەکی خۆڕاگری نییە. توانای وەها تەنها لە مرۆڤدا بوونی هەیە- مرۆڤ تاکە بوونەوەرە کە توانای هەڵسەنگاندن و دانانی بەها بۆ کردارەکانی خۆی هەیە. کاتێک مرۆڤەکان بایەخ بە شتەکان دەدەن، پێوەرەکانیان لەسەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان دادەنێن. بۆ نموونە بەردێک لە شاخێکدا بۆ مرۆڤ هیچ بەهایەکی نییە. بەڵام کاتێک ئەو بەردەی بەکارهێنا بۆ دروستکردنی بناغەی ماڵەکەی، لەو کاتەوە هەندێک بەهای بۆی هەبوو. چونکە مرۆڤ و بەرد لە بەرهەمهێنانێکی دیاریکراودا پەیوەندییان بە یەکەوە هەیە. واتە بەردەکە بۆی دەبێتە شتێکی مانادار.

ژیان و بێ مانایی
مانای بێمانایی پارادۆکسیکە- لە کوێدا لێکدانەوەی بێمانایی بریتییە لە دیاریکردنی ماناکەی؛ یان لانی کەم، واتە هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لێی لە پۆلێکی ماناداردا. بێمانایی بە دڵنیاییەوە مانای تایبەتی هەیە؛ ئەگەرنا مەحاڵە نەک تەنها چەمکسازیی بکەین، بەڵکو باسیش بکرێت. لەجیاتی ئەوەی بڵێین هیچ مانایەکی نییە، گونجاوترە بڵێین بۆ مرۆڤ ئاماژەیە بۆ لەدەستدانی مانا. بێ مانا بە مانای نەبوونی ڕەهای مانا نییە؛ ئەگەر وابێت قسەکردن لەسەری مەحاڵە، چونکە مەحاڵە باسی هیچبوونی پاک بکرێت. بێ مانا دەرئەنجامی سەرکوتکردنی مانا- هەست دەکەیت وەک ئەوەی هیچ شتێک سەرکوت نەکرێت.وەک چۆن مرۆڤ بۆ ئەوەی باس لە مانای هیچبوون بکات، سەرەتا دەبێت بە گشتی قسەی لەسەر بکات و بە شێوەیەکی پارادۆکسیکال، وەک ئەوەی هیچ نەبێت، بۆ ئەوەی باس لە بێمانایی بکات، پێویستە بە سەرەتا باسکردن لە ماناکەی نکۆڵی لێبکرێت، وەک ئەوەی هەندێک مانای هەبێت. ئامانج ئەوەیە کە ڕووخساری ڕاستەقینەی خۆی لە پشت ئەو ئینکارییەوە شاراوەتەوە.
وەک بینیمان بێمانای ژیان بەقەد ماناکەی ئاڵۆزە. کاتێک باسی بێمانای ژیان دەکەین، بەزۆری سەرەتا سەرنجمان لەسەر ئەو هەستانە دەبێت کە لە مرۆڤدا دروستی دەکات. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە بێمانایی کۆی کاریگەرییەکی ئۆنتۆلۆژییە کە بەسەر مرۆڤ و لە مرۆڤدا ڕوودەدات. ئەم کاریگەرییە بە ناچاری پەیوەستە بە باری دەروونی جیاوازەوە- مەزاجێک کە لە هەمان کاتدا دیدێکی نوانستر بۆ بوونی مرۆڤ لە جیهاندا دەبەخشێت. بەڵکو لە خوارەوە باس لەم چوار مەزاجەی خوارەوە دەکەین کە بێمانایی دروست دەکەن:
یەکەم:. بێ مانا هەستکردنە بە نامۆبوون لە نێوان هۆشیاری مرۆڤ و دونیادا. واتە کاتێک هۆشیاری مرۆڤ ئەو ڕەنگدانەوەیە وەرنەگرێت کە چاوەڕێی دەکات لە دونیا، بێمانایی سەرهەڵدەدات. ئەمەش لە بنەڕەتدا بەو مانایەیە کە بوونی من و تێڕوانینم بۆ جیهان بێباکانەیە بەرامبەر بە جیهان. هەرچەندە تامەزرۆی تێگەیشتنم لە جیهان لە ڕێگەی تێڕامان و بیرکردنەوە لێی.، هەستکردن بە نایەکسانی ئیلاهی لە مرۆڤدا وازهێنانە- کە تیایدا ئەو کەسەی سەرەتا بۆ دونیا جێدەهێڵرێت، دواتر لە لایەن جیهانەوە وازی لێدەهێنرێت. وازهێنانی لە نامۆبووندا مرۆڤ هەست بە پشتگوێخستن لە جیهان دەکات و بەهۆیەوە ئازاری پێدەگات و هیچ پەیوەندییەکی ڕۆحی نییە. ئەم هەستانە بە مرۆڤ دەڵێن ئەو دونیایەی کە فڕێ دەدرێتە ناویەوە بۆی گرنگ نییە.

دووەمیان:. ئەوەیە کە مانای دونیا لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە. تیایدا خولیای مرۆڤ بۆ جیهان، ئیرادەی تێگەیشتن و گۆڕینییەتی، کە لە ڕابردوودا دەوەستێت. ئەو هەستەی کە لای مرۆڤ بەجێی دەهێڵێت بێزارییە. بێزاری، لەدەستدانی گرنگیدانێکی تەواو نییە بە مانای جیهان، بەڵکو لەدەستدانی حەز و ئارەزووی پەیوەستکردنی خۆی پێیەوەی. مرۆڤ هەست دەکات کە تێگەیشتنی مرۆڤ لە جیهان هێندەی تێگەیشتنی مرۆڤ لە مرۆڤ بۆی گرنگ نییە. بێزاری، لای هایدگەر، مەزاجێکە کە پێکهاتەی کاتیی بوون ئاشکرا دەکات. ئاماژەیە بۆ فراوانبوونی پێکهاتەی کاتی بۆ ناو ئێستا کە بوون دەخاتە ژێر پرسایارەوە. هایدگەر بەم شێوەیە دەیخاتە ڕوو: بۆچی ناتوانین مانا بۆ خۆمان بدۆزینەوە- ئەگەری جەوهەری هەموو شتێکە؟ ئایا لەبەر ئەوەیە بێزارین، کە سەرچاوەکان هیچ لەبارەیەوە نازانن، لە هەموو شتێکەوە سەرساممان دەکات؟ ئایا دەبێت جارێکی تر خۆمان بکەینەوە بە مرۆڤێکی بەرژەوەندیخواز و خۆپەرست؟ بۆچی ناچارین ئەم کارە بکەین؟ ڕەنگە لەبەر ئەوە بێت کە لە خۆمان بێزار بووین؟ ئایا ئەم شتانە وەک تەمێکی بێدەنگ لە قووڵایی بێهۆشی مرۆڤدا دێنە دەرەوە و پاشەکشە دەکەن، یان لە بەرزترین خاڵدا لەگەڵمان دەمێننەوە(٤).
بۆ هایدگەر بێزاری، وەک دڵەڕاوکێ، حاڵەتێکی جەوهەری بوونە لە جیهاندا. بریتییە لە لەبیرکردنی خۆت لەناو بێزاریدا و لە ڕێگەی بێزارییەوە- تەنانەت لەبیرکردنی ئەوەی کە مرۆڤ بێزارە. بە تێڕوانینی ئێمە لە بێزاریدا مرۆڤ نەک هەر ناتوانێت پەیوەندی بە دروستکراوەوە بکات، بەڵکو ناتوانێت پەیوەندی بە خۆیەوە بکات. لە بێزاریدا کات بەتاڵە، وەک ئەوەی بەتاڵ بێت؛ مرۆڤ بێ ئامانج سەرگەردان دەبێت بۆ ناوەوە و دەرەوەی. لەوەش گرنگتر مرۆڤ فڕێ دەدرێتە ناو تەڵەی خۆسەپێنراوەوە. قسە لەسەر لەدەستدانی بەرژەوەندی لە جیهانی دەرەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە نەبوونی جیهانەوە هەیە وەک بەرژەوەندییەکی مرۆیی. پێدەچێت گرنگیدان بەوە وەک کاتێک دیارە کە بەبێ مانا تێدەپەڕێت و بە شێوەیەکی گەورە و بێهودە بە جیهانەوە گرێدراوە.
لە بێزاریدا جیهان وەک بێمانا هەست پێدەکرێت- ئەمە بەو مانایە نییە کە لە مانا ئەبەدییەکەی ناویدا وازی لە دەرکەوتن هێناوە. بەڵکو دەرکەوتنی ڕووت و ڕووت و ڕەتنەکراوە و بێ ڕەحمانەی جیهانێکە کە هیچ مانایەکی نییە. ئەگەر بۆ هایدگەر بێزاری پێکهاتەی کاتیی جەوهەری مرۆڤ ئاشکرا بکات، بۆ ئێمە ئاشکراکردنی بێمانایی جیهانە، کە زۆرجار لە دەرەوەی تێڕوانینی ئێمەیە. بەڵکو لە بێزاریدا، مرۆڤ ڕوو لە دنیایەکی نەهامەتی دەکات. نەهامەتییەک کە ئاگایی مرۆڤ لە نەهامەتییەکانی بوونی خۆی هەڵدەگیرسێنێتەوە.
بێزاری هیچ سنوورێک ناناسێت. وێڕای بێ بایەخدان بە دونیا، مرۆڤ ناتوانێت چاوی لێ لابدات و سەرنجی خۆی بۆ شوێنێکی تر ڕابکێشێت. تێیدا سەرنجی مرۆڤ بەبێ ئامانج و بێ کۆتایی لە نێوان خۆی و ئەو جیهانەدا دەسوڕێتەوە کە مرۆڤ سەیری دەکات- جیهانی بێ بەرژەوەندی و خودی بێ بەرژەوەندی بە جۆرێک لە شێوازی تێنەگەیشتن سەیری یەکتر دەکەن. هیچ هەستێک بەرامبەر ناکرێتەوە. تەنها ناچاریی سەپێندراو بەیەکەوە دەیانهێڵێتەوە.
بێزاری مەزاجێکی زۆر ناخۆشە. یان باشتر بڵێین بێزاری زۆر بێزارکەر و بێزارکەرە. ناخۆشییەکەی ئەوە نییە کە مرۆڤ تێیدا بێکارە، بەڵکو مەحاڵە دەست لەم بێکارییە هەڵبگرێت، کە مرۆڤ لە بۆشاییدا دەوستێت و قوتی دەدات و تەنانەت تێیدا ون دەبێت. مرۆڤ لە بێزاریدا گوێی لە دەنگی ناخۆشی بوون دەبێت کە وەک مێشێکی بێزارکەر دەسوڕێتەوە. هیچ هێزێک نییە بۆ ڕاگرتنی ئەم دەنگە. ئیرادەی نەماوە. تێگەیشتنی نەماوە. پرۆسەی ڕووکردنە هیچ و لەدەستدانی هۆشیاریی و بێمانابوون وەک جیهانێکی فریودراوە. کیرکێگارد ئەم دۆخە بەم شێوەیە وەسف دەکات: “بێزاری سەرچاوەی هەموو خراپەکارییە”.

سێیەمیان:. بێباکی خود لەگەڵ خۆیدا. لە مەرگی بێزاریدا، نەک هەر درک بە بێمانایی جیهانەکەی دەکات، بەڵکو بێمانای ژیان لەو جیهانە بێمانایەدا. پەیوەندی نەکردن لەگەڵ جیهاندا دەبێتە هۆی شکستهێنان لەگەڵ خۆیدا. لەم خاڵەدا ڕشتنی خۆبەخۆ ڕوودەدات. وەک ئەوە وایە گەڵایەکی وشک لە درەختێکەوە بکەوێت و بە زەویدا هەڵدەفڕێت. مەزاجێکی نائومێدییە. کەوتنەخوارەوەی نائیرادی مرۆڤە دوای ئەوەی دەزانێت بەرخۆدانەکەی بە شکست کۆتایی هاتووە. کاتێک لە بوون بێبەش دەکرێت، ئەو خودەی هەستی پێدەکات، ژیانی خۆی وەک هەڕەمەکی و بێ ئامانج و هەڕەمەکی ئەزموون دەکات. زیاتر لەوەش ئەوەیە کە هەموو شتێک بەیەکەوە گرێدراوە و لە فۆڕمێکی سەیردا پێکەوە دەژین. تێیدا جیاوازی نێوان خود و جیهان، نێوان خود و خود و نێوان بوونی خود و هۆشیارییەکەی، نامێنێت.

چوارەمیان:. بێباکی لە بێمانایی بێباکییە. ئەمە نزمترین خاڵی بێمانایە. ڕەنگە ناوی لێ بنرێت خۆدەرخستنی ترسناکییەکانی بوون. ئەوە تەنیا گەشەسەندنێکی لۆژیکی نییە لە ئیستدلالەکانی ئێستامان، بەڵکو ئەوە نیشان دەدات کە هیچ خودێک لە دەروازەکەدا نییە- یان باشتر بڵێین هیچیان نەماوە. لە جیهانێکی بێ خوددا جیاوازی بینین و نەبینین نامێنێت، چونکە هیچ خودێک نییە کە هەست بە جیاوازییەکی لەو شێوەیە بکات. لە جیهانێکی بێ خوددا، جیاوازی نێوان ژیان و نەژیاو، نێوان ئێستا و داهاتوو، نێوان هیوا و نائومێدی کاڵ دەبێتەوە. بۆ مرۆڤ، لە نێوان هەڵبژاردنی ژیان و هەڵبژاردنی مردندا، بەها لەدەست دەچێت. جیهان دەبێتە جیهانێکی نیهیلیستی. مەزاجێکی باڵادەست لە جیهانێکی ئاوادا ئەوەیە کە هەموو شتێک نرخی نەماوە.
بەڵام لەو ساتەدا، لەو ژینگە تایبەتەدا، کاتێک هەست دەکرێت هەموو شتێک لە کۆتاییدایە، لەناکاو ئەگەرێکی وا لە مرۆڤدا سەرهەڵدەدات- بۆ هەڵبژاردن، تەنانەت ئەگەر هەڵبژاردنی نێوان ئێستا و پەسڵان، ژیان و مردن، و هەموو شتێک و هیچبوون، وا دەرکەوێت بۆ ئەوەی هیچ دەرئەنجامێکی نەبێت؛ یان تەنانەت ئەگەر هەڵبژاردنەکە جارێکی تر – وەکو زەلیلێکی تر – لە بێمانایی و نەهامەتی و بێهیوایی تەواودا نوقم بێت؛ یان تەنانەت ئەگەر هەر بژاردەیەک لەبەرچاو بگیرێت کاتێک هەموو شتێک کۆتایی هاتووە. لە جیهانێکی وادا مرۆڤ هەرچییەک هەڵیبژێرێت، ڕەنگە هیچ مانایەک و بەها و گرنگی و هیوایەک نەبێت. بەڵام شتێک هەیە مرۆڤ ناتوانێت مانا ببەخشێت بەڵکو دەتوانێت مانا بە بوونی خۆی بدات، مرۆڤ ناتوانێت بەها بدات بەڵام کردارەکانی بەهایان هەیە، ئەو کەسەی ڕووی لە داهاتوو دەگۆڕێت هێشتا ڕووبەڕووی ئەم داهاتووە دەبێتەوە.

ئازادی وەک ژیان.
ئازادی مرۆڤ دەرئەنجامی گەڕان بەدوای مانادا نییە، بەڵکو ئەگەرێکە کە لەو ساتەدا کە زۆر بە ڕوونی دیارە کە بوونی زۆرترین بێمانا و بێباکانە و سنووردارە ئەگەرێک کە نەتوانێت هەڵیبژێرێت، بەڵکو خۆی هەڵیبژێرێت. ئەم لە دەرەوەی مانا و بێ مانادایە، هەرچەندە لە قووڵایی بێماناییدا خۆی دەردەخات. ئازادی مرۆڤ فاکتەرێک نییە بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە ئایا بوونی هیچ مانایەکی هەیە یان نا. چونکە پێش مانا و بێمانای ژیانە. کۆتایی بە هەموو ناکۆکییەک دەهێنێت. خۆکوشتن بۆ نموونە وەربگرە. ڕادیکاڵترین ڕێگایە بۆ ئەوەی نیشان بدات کە مرۆڤ وەستای ڕەهای ژیانی خۆیەتی و دەتوانێت بە ئارەزووی خۆی فڕێی بدات. کردەوەی هەوڵدان بۆ کۆتاییهێنان بە بێمانایی لە ژیانی مرۆڤدا وەک دەرئەنجامی کێشەیەک کە لە دەرەوەی توانای مرۆڤ بۆ چارەسەرکردنی (قەیران) لە ڕێگەی ئازادییەوە بۆ ئەوەی مانایەکی دیکەی پێبدات. بە واتایەکی تر کردەوەیەکی پارادۆکسیکە بۆ دووپاتکردنەوەی ئەوەی کە ژیان بە ئینکاری تەواوەتی مانای هەیە. نابێت ئەو خاڵە لەبەرچاو بگیرێت کە ئەوەی ئینکاری ناکرێت یان “چارەسەر نەکراوە” سەبارەت بە خۆکوشتن، ئەو ئازادییە کە پێویستی پێیەتی بۆ بەدەستهێنانی. واتە “نەکوژراو”ی خۆکوشتن، ئازادی کوشتنی خۆکوشتنە. بە واتایەکی تر کردەوەیەکی پارادۆکسیکە بۆ دووپاتکردنەوەی ئەوەی کە ژیان بە ئینکاری تەواوەتی مانای هەیە.
وەک لە سەرەوە گوتمان ئەگەر خودی بوون مانا بێت، نەبوونیش هەروا بی مانا نییە. بەڵام ئەو ڕاستییەی کە هەم بوون و هەم نەبوون ناتوانن نکۆڵی لێبکەن ئەوەیە کە هەڵبژاردن کاریگەری لەسەر باری دەروونی بوون هەیە. هەموو هەڵبژاردنێک، هەرچەندە کردەوەیەکی کەسی بێت، ڕێکخستنی بێمانای جیهان تێکدەدات. لەگەڵ هەر هەڵبژاردنێکدا- تەنانەت ئەگەر هەڵبژاردنێکی نەرێنی و تێکدەر و نەرێنی بێت- مرۆڤ مانایەکی نوێ دەخاتە ناو جیهانەوە. بەم کارە دووبارە بوونی خۆی هەڵدەبژێرێتەوە. بۆ نموونە هەڵبژاردنی نانێک بەسەر گوڵێکدا تەنها ئەوە نییە کە مانای نوێ بە جیهانی مرۆڤ بدات، بەڵکو، بە شێوەیەکی فراوانتر، هەڵبژاردنی نوێکردنەوەی بوونی مرۆڤە لە ڕێگەی ئەو هەڵبژاردنە ناوازە و تایبەتەوە، کە وەک زەڕەوورەت و پێویستی خۆی دەسەلمێنێت و خۆی مانا دەکات. بۆ ئەوەی بە هەڵبژاردنی نان مانا بە جیهانی خۆی بدات لە بنەڕەتدا ئەوەیە کە خۆی وا بکات کە ئەو هەڵبژاردنێکە لە جیهاندا.
بوون ئەگەرێکە کە دەتوانرێت دووبارە و سێ بارە هەڵبژێردرێت. لە توندترین ئاستیدا، مانا و بێمانایی لە هەڵبژاردنی مرۆڤدا گرنگی خۆیان لەدەست دەدەن. چونکە خاڵی جەوهەری ئەوە نییە کە ئایا ژیان مانای هەیە یان نا، بەڵکو ئەوەیە کە ئایا دەکرێت دووبارە و سێ بارە هەمان هەڵبژاردن بکرێتەوە. کەواتە مانا و بێ مانا تەنیا پاشماوەی ئەم هەڵبژاردنەن.

ئومێد و نائومێدیی ژیان لە ئازادیدا
مرۆڤ بەدوای مانادا دەگەڕێت. گەڕانی مرۆڤ بۆ مانا لەو جیهانەدا کە تێیدا دەژی، لە بنەڕەتدا ڕەتکردنەوەی بێمانایی نییە. هەروەها ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئایا مرۆڤ لەو ساتانەی کە بێمانایی ئاشکرا دەبێت، گەڕانەوە بۆ خۆی قبوڵ دەکات یان نا. بێمانایی ئەو خودە دەهێنێتەوە بۆ خۆی کە وازی لێهێنراوە، لێی دوورکەوتووەتەوە، بێزار بووە، بێهیوا بووە لەوەی کە ئازادییەکەی دەناسێنێتەوە، ئەگەری هەڵبژاردنی بیردەخاتەوە. بێمانایی، بەم مانایە، ئەگەری خۆشکستی مرۆڤە، ئەگەری گەڕانەوە بۆ خۆی و هەڵبژاردنی خۆی و بوون لەگەڵ خۆی لە ڕاستەقینەترین فۆڕمی خۆیدا.
مانیزم، لە هەمان کاتدا، بێهودەیی بەدواداچوونی بێسنوور بۆ چێژە چێژبەخشەکان (٥)، ڕووکەشبوونی شێوازی ژیانی ڕۆمانسی و درۆیی خۆبەخشی خۆهەڵمژراو نیشان دەدات. لەوانەیە سەرەتای تێڕامانێکی قووڵ نەبێت لە ژیان. بەڵام بە مانای چاوەڕوانی ئەو بوێرییەیە کە ڕاستگۆیانە ڕووبەڕووی ئەم پرسیارە هەڵنەهاتووە ببینەوە: مانای ژیان چییە؟
مرۆڤ، وەک ئەوەی کالۆ بووبێت، لە جیهانێکی بێمانادا سەرم سوڕدەمێنێت. هەرگیز ئاماژە بە جیهانی بێمانا ناکات. لەجیاتی ئەوەی خەڵکی مرۆڤ کەسەکەیان ببەن بۆ ئەوەی ژیانی خۆیان لە ژیانی مرۆڤ وەربگرن. 18 هەڕەمەکییەکی پاک، لە کاتێکدا لە سەردەمێکدا، دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێ. قسە لەسەر ئەوە دەکات کە دۆستانەیەک هەیە. بێمانایی لە بووندا هەر هۆکارێک هەڵدەوەشێنێتەوە. لە زیاتر لە بەرچاودا، کەسەکە لەوە زیاترە کەسێک کە دەزانێت هیچ شتێکی لەو جۆرە تەنانەت ئەگەری هەیە بۆ داپۆشینی بەکاربهێنرێت. خەمی نادڵنیایی (هەموویان)ە کە ڕووبەڕوویان ببیتەوە. لەو کاتەدا و لە ئێستادا بێبەریبوون هەیە، مەگەر قەدەغە نەبن، ئینجا ئازادی لەم بابەتە دەردەچێت. کاریگەری لەسەر جیهان دەبێت لە ڕێگەی تێکچوونی بێ مانایە و کاریگەری لەسەر ڕێکارەکە دەبێت و کاریگەری لەسەر هەموو فەرمانەکە دەبێت. لە بژاردەیەکی نا هەڵبژاردنەوە هاتووە؛ هەر هەڵبژاردنێک لە نەبوونی و هەموو مانایەکی نوێ دەدات. ئەوە ئەو خاڵەیە یان پێویستە لە هەڵبژاردنەوە بۆ هەموو شتێک بچێت. لەم خاڵەدا، تۆ ئازادیی یەکگرتنەوەی ڕاستەقینەی ئازادی مرۆڤەوە هەڵدەبژێردرێت. هەموو بژاردەیەک، لە هەمان کاتدا، بۆ ئەوەی مانا بە هەر تاکێک بدات، دەبێت بچێتە سەر خودی نوێ و مانای نوێ. بەو مانایە نییە کە لێرەدا هەڵبژاردنێکی کێشەدار یان بێمانای ژیان نییە. بەڵکو پرسی کەسێکی لەو جۆرەیە، چەندە پرسی سروشتییە بۆ دروستکردنی فەرمانێکی بچووک و گۆڕانکارییەک لە ژیانیدا.
خاوەندارێتی سروشتی نییە. بەڵام ئەگەرێک هەیە کە خۆی ببینێتەوە لە کردەوەکانی خۆی و جیهانەکەی خۆیان. تەنانەت، خاوەنداریەتیکردن لە نائارامیی مرۆڤ وادەکات هەست بکات کە تێکچوونە. ئازادی نەیدەتوانی لەگەڵ چاکەی ئەو کاتەدا ببینێت و تەنانەت ئازادی و مردنیش هەڵبژێرێت. مرۆڤایەتیی کە بە نائومێدییەکی قووڵەوە وەک پیاوێک ڕاکێشراوە، هەڵواسراوە تەنانەت ژیانی ژیانی ئەوانە. لە سەرە مەرگ و ڕۆحدانیدا، بیر لە ڕزگاری خۆی و بە تایبەت نایەکسانی و ئازادی بۆ دانانی هەموو سروشت دەکاتەوە. دەروونناس ڤیکتۆر فرانکڵ،(٦) دامەزرێنەری تیۆری ئیرادە بۆ مانا، ئەزموونە دڵتەزێنەکانی خۆی لە ئۆردوگاکانی کۆکردنەوە لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا باس دەکات: ئێمە کە لە ئۆردوگاکانی کۆکردنەوەدا دەژیاین، بیرمان دێتەوە کە زیندانییەکان لە بەردەم خانەکاندا تێدەپەڕین بۆ ئەوەی ئاسوودەیی پێشکەش بکەن و تەنانەت دوا پارچە نانیشیان لە دەستدا بوو. پێدەچێت ژمارەیان زۆر کەم بێت؛ بەڵام بەس بەڵگەن لەسەر ئەو ڕاستییەی کە ئەگەرچی هەموو شتێک لە پیاوێک وەربگیرێتەوە، بەڵام لە هیچ بارودۆخێکدا ناتوانرێت ئازادی کۆتاییەکەی بۆ هەڵبژاردنی هەڵوێست و ڕێگای خۆی لێ بسەنرێتەوە.
هەروەها هەمیشە بژاردە دەبێت بۆ بڕیاردان. هەموو ڕۆژێک، هەموو کاتژمێرێک دەرفەتێک بۆ بڕیارێک دەڕەخسێنێت- بڕیارێک کە دیاری دەکات کە ئایا تۆ ملکەچی ئەو هێزانە دەبیت یان نا، کە هەڕەشەی دزینی ناسنامە و ئازادی ناوەوەت لێدەکەن؛ ئەم بڕیارە دیاری دەکات کە ئایا دەبیتە یاری هەلومەرجەکەت، ئایا دەستبەرداری ئازادی و سەربەرزی خۆت دەبیت و دەبیتە زیندانییەکی ئاسایی(٥).
ڤیکتۆر فرانکڵ دەشڵێت لە ئۆردوگاکانی کۆکردنەوەدا کە ئازادی زۆرتر دامرکێنراوە، کە کوشتنی بەکۆمەڵ تێیدا ڕوودەدات و زیندانییە بێهیواکان یەک لە دوای یەک خۆیان دەکوژن، ئازادییەکی ناوەوە هەیە کە ناتوانرێت زیاتر لەناوببرێت- هەرچەندە دژە ئینتێستیڤ بێت. ئازادی ناوەوە- لەگەڵ غروردا تێکەڵکراوە- دەزانێت مرۆڤ دەرفەتێکی وەهای هەیە کە کەس ناتوانێت لێی بسەنێتەوە، کە ڕەنگە لە هەر کاتێکدا بکوژرێت. بەڵام هێشتا ئەوە پەیوەستە بە خۆیەوە کە ئایا لە ژێر بارودۆخێکی تەواو نامرۆڤانەدا خۆی دەکوژێت یان نا. هەروەها مرۆڤ لە دۆخێکی وادا دەژی لەگەڵ هەڕەشەی بەردەوامی کوشتن یان تەنانەت خۆکوشتنیش دایە. ڕەنگە وەک ئاژەڵێکی بێ بەها بۆ دۆزی بێ بەها بکوژرێت، هەرچەندە خۆی نەکوشتووە. ڕەنگە خۆکونەشتن تەنها چەند ڕۆژێک، یان چەند مانگێک تەمەنی مەحکومی درێژتر بکاتەوە. بەڵام ئەنجامی کۆتایی هێشتا وەک خۆیەتی- کەسەکە یان دەمرێت یان دەکوژرێت. کەواتە، پێدەچێت هیچ جیاوازییەک نەبێت لە نێوان هەڵنەبژاردنی مردن بە ئازادی ناوەوەی خۆی و کوشتن لەلایەن کەسێکی ترەوە. بە واتایەکی تر خۆکوشتن لەژێر ئەم هەلومەرجانەدا تەنها مانای درێژکردنەوەی ئازارەکانە بەڵام هێشتا ڕزگارنەبوون لێی. کەواتە، چۆن دەبێت سەیری ئەم جیاوازییە بکەین- ئایا نابێت لە ژێر ئەو بارودۆخەدا خۆمان بکوژین؟ یان با ئەم پرسیارە بکەین: جا سەیری سەرگەرمیەکانی فرانکلین بکەین، یان چەندین نموونەی هاوشێوە، کەسێک کە تووشی ئازار و چەوساندنەوەی بەرگە نەگیراو بووە، هێشتا خۆی کوشتنی هەڵنابژێرێت. بۆچی؟ هیوا – هیوای مرۆڤ بۆ داهاتوو، لە مردنی بەردەمی و ئەو ئازارانەی کە تووشی دەبێت، لەو تاریکییەی کە تێیدا نوقم دەبێت، و ئەو بێماناییەی کە تێیدا نوقم دەبێت، هەڵیدەگرێت. هیوا بە تەنیا بەرەو داهاتوو دەبات.

ژیان لە نێوان ئازار و ئازادی هەڵبژاردەکان
ژیان جۆرێکە لە بوون. ئەمەش ژیانە بەجۆرێک کە هەمیشە ئازاری تێدابێت. ژیان، ئازاردان نییە، بەڵکو کۆتایی نەهێنانە بە ئازارەکان. لە خراپترین حاڵەتدا بە مانای نەزانینی سەرچاوەی ئازارەکە دێت. دۆستۆیڤسکی گوتی “تەنها شتێک دەمترسێنێت، ئەویش ناتەواوی ئەو شتانەی کە بەدەستم دەناڵێنن”. مرۆڤ ئازار دەچێژێت؛ بەڵام ئازارەکان ڕێگری لێناکەن لە ڕووبەڕووبوونەوەی داهاتوو بە ئازادی ڕاستەقینەی ناوەوەی خۆی.
ئازار بۆ هەموو مرۆڤەکان هاوبەشە، هەرچەندە چڕییەکەی جیاوازە. لە سەختترین هەلومەرجەکاندا، مرۆڤ یان بە پێی غرورەکەی مامەڵە بکات و تەنانەت باجی قورسیشی بۆ بدات، یان بە بێڕێزیکردن بۆ ئەوەی خۆی ڕزگار بکات، خۆی لەدەست بدات. گرنگ نییە چ ڕێگایەک هەڵدەبژێرێت، هەڵبژاردنی ئەو کەسە تەنیا هی خۆیەتی- تەنانەت ئەگەر هەر هەڵبژاردنێک کە بیکات بۆی باش نەبێت. ئەگەر هەڵبژاردنەکە ڕەت بکاتەوە، هەر هەڵبژاردەی خۆی دەبێت. مرۆڤ ناتوانێت لە هەڵبژاردن ڕزگاری بێت. وەک سارتەر دەلێت: “مرۆڤ نەفرەت لێکراوە کە ئازاد بێت”. هەڵبژاردنی ئەو داهاتوویەکەیەتی، چەندە کەسایەتی و هەڵنەهاتووە، ئەوەندەی هەڵبژاردنی ئەو، داهاتوویەکیش ئەوەندە کەسی و هەڵنەهاتووە، کە ئەم هەڵبژاردنە دەکرێتەوە.
لە قووڵایی ئەم ئایندەیەدایە کە هیوا شاراوەتەوە. هیوا تەنها باوەڕێک نییە بە داهاتوو- بە پلەی یەکەم پێشگریمانەیە کە مرۆڤ ئازادە بەپێی ویستی خۆی هەڵیبژێرێت. ئەگەر ئازادی پێشگریمانە بکرێت، ئەگەر هەموو هەڵبژاردنێک دەرفەتی ئەوەی هەبێت مانا بە مرۆڤێک بدات، ئەوا پێشگریمانە دەکرێت، هیوا هەموو هەڵبژاردنێک بگرێتەوە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە هەڵبژاردن لە بنەڕەتدا باوەڕبوونە بە گۆڕانکارییەکی پێشبینیکراو. هەموو هەڵبژاردنێک گۆڕانکارییەکە. هیوا لەو باوەڕە دێت کە گۆڕانکاری ڕوودەدات. هەر ئەم ئەگەرەیە کە هیوا لە ئێستاوە پێشوەختە دەدرێت. چونکە ئەگەری هەڵبژاردن و باوەڕی ئەوەی کە گۆڕانکارییەکە ڕوودەدات پێشتر پێشوەختە دەدرێت، چاوەڕوانی کاریگەرییەکەیشی پێشوەختە بە کەسەکە دەدرێت. بەڵام هەموو کەسێک لە دڵی خۆیدا پەیڕەوی ئەم باوەڕە ناکات. کەسانێک هەن لە قووڵایی دڵیانەوە گوێ لەم دەنگە ئیمان-هیوا-دەرکەوتنە پێشوەختە قەدەرە ناگرن. ڕەتی دەکاتەوە. لە ئەنجامدا نائومێدی هەڵدەبژێرێت.
هیوا ئازادییە لە تاریکیدا. ئەگەر ئازادی ئێمە ئەگەرێک و توانایەک و حاڵەتێکی بوون بێت کە پێش مانا یان بێ مانابوونی ژیان بێت، ئەوا گەشبین بوون دۆخێکی وەهایە لە بوون. هەڵبژاردن، بە مانا سەرەتاییەکەی، باوەڕێکی سەرەتاییە بە ئەگەری گۆڕانکاری لە کات و شوێندا. هەڵبژاردن، بە سادەیی، جۆرێکە لە باوەڕ. سەرەتاییترین فۆڕمی هیوای تێدایە- چاوەڕێی ڕوودانی هەندێک گۆڕانکاری. لەم چاوەڕوانییەدا تەواوی پێکهاتەی کاتی مرۆڤایەتی ئاشکرا دەبێت. مرۆڤ ڕابردوو دەخاتە دواوە و لە ئێستاوە دەچێتە دەرەوە بۆ داهاتوو. ژیان نزیکەی لە هەر چرکەیەکدا نوێ دەبێتەوە. ئەم نوێبوونەوەش بە ئیمانە، کە پێی دەگیرێت و بەوەوە دەچێتە ناو داهاتووەوە. تا ئەو کاتەی کە لە نیوەی هەر چرکەیەک زیاتر دەچیتە ناو داهاتووەوە، پێشتر داهاتووت لە باوەش گرتووە. هەروەها مرۆڤ بەم کارە دڵەڕاوکێیەکانی خۆی لە نەبوونی و بێزاری کە بەهۆی گیربوون لە ئێستادا دروست دەبێت و نۆستالژیا بۆ ڕابردوو دەگوازێتەوە بۆ داهاتوو.
بێگومان هیوا لەگەڵ نائومێدیدا پێکەوە دەژی. نائومێدی دەرئەنجامی ڕەتکردنەوەی هەڵبژاردنەکانی مرۆڤە لەلایەن واقیعەوە. بە مانای ساغ نائومێدی واتە لەدەستدانی هیوا. لە بێ مانادا هیوا دەگۆڕێت بۆ نائومێدی. قووڵتر دەبێتەوە. پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ داهاتوودا کاڵ دەبێتەوە و تەنانەت پچڕاوە. مرۆڤ هەست دەکات چەندین جار ڕەتدەکرێتەوە لەلایەن جیهانێکەوە کە پێناچێت هەرگیز باشتر نەبێت. مرۆڤ لە نائومێدیدا بەهۆی نیگەرانی بەردەوام و کەم زانینی خۆی و هەستکردن بە ناتەواوی و بێدەسەڵاتی و تاوانباری زاڵ دەبێت. بێ گومان گەورەترین زیانی ڕەشبینی، لەدەستدانی باوەڕ نییە بە ئایندەی خۆی، بەڵکو لەدەستدانی باوەڕە بەوەی کە ئیرادەی ئازادی خۆی دەتوانێت ئەنجام بەدەست بهێنێت. بەم پێیە ڕەشبینی بەو مانایە نییە کە هیوایەک نییە، بەڵکو بەربەستێکە کە خۆی لە دەستبەرداربوون لە هەڵبژاردنی ئومێد بەدوور دەگرێت.

ئەنجام
واتە لەمانەی سەرەوە دەردەکەوێ کە مانای ژیان بەم سێ مەزاجەی خوارەوە دەردەبڕدرێت: ئازار، بێزاری و نائومێدی. هەموو ئەم مەزاجانە حاڵەتی ئۆنتۆلۆژی جیاواز لەبارەی بێمانایی ژیانەوە دروست دەکەن، ئازارەکان، ئازاری شانازیی بوون دەدات، بێزاری خود لە بەربەستی بووندا هەڵدەفڕێنێت، نائومێدی هێرش دەکاتە سەر باوەڕبوون بە ئازادی. سەرەڕای جیاوازییەکانیان، ئەم هاوبەشییە جەوهەرییەیان هەیە، کە هەموویان هەمیشە بەدوای مانادا دەگەڕێن، تەنانەت ئەگەر ئەم هەوڵە لە خۆیان یان کەسانی دیکەش بشارنەوە و ئینکاری بکەن. مرۆڤ لە ئازاردا بەدوای دۆزینەوەی بناغەیەکدا دەگەڕێت لە بووندا، لە بێزاریدا بەدوای بوونی ڕاستەقینە و تەواودا دەگەڕێت، لە نائومێدیدا بەدوای لەدایکبوونەوەدا لە هیچەوە دەگەڕێت. هەرچەندە ئەم هەستانە نەرێنی بن، هەموویان باوەڕێکی بنەڕەتییان هەیە کە ژیان مانای هەیە. ئەم باوەڕە ڕەنگە سادە، درۆ، شێواو یان هەڵئاوساو دەرکەوێت. بەڵام گەڕان بەدوای مانای ژیاندا وا نییە. مەسەلەکە ئەوە نییە کە ژیان مانادارە یان بێ مانا. بەڵکو هەر ئەم باوەڕە سەرەتاییەیە کە ناگاتە قووڵایی دڵی مرۆڤ. ئەم باوەڕە فێریان دەکات کە ئەو ئازارانەیان خۆشبوێت کە لەگەڵ مرۆڤبووندا دێت. بەڵکو هەر ئەم باوەڕە سەرەتاییەیە کە ناگاتە قووڵایی دڵی مرۆڤ. ئەم باوەڕە فێریان دەکات کە ئەو ئازارانەیان خۆشبوێت، کە لەگەڵ مرۆڤبووندا دێت. بەڵکو هەر ئەم باوەڕە سەرەتاییەیە کە ناگاتە قووڵایی دڵی مرۆڤ. ئەم باوەڕە فێریان دەکات کە ئەو ئازارانەیان خۆشبوێت کە لەگەڵ مرۆڤبووندا دێت.

پەڕاوێزەکان
(١) بێگومان ئینکاری ئەوە ناکەین کە هەندێک لە زیندەوەران مەیلیان هەیە خۆیان نەپارێزن و تەنانەت لە هەوڵی ئەوەدان خۆیان لەناوببەن. فۆڕمی توندڕەوی ئەمەش خۆکوشتنە. بەڵام خۆ لەناوبردن وەڵامێکە بۆ ئەم هێزە ژیانییە سەرەتاییەی خۆپاراستن. وەڵامێکە نەک دەوڵەتێکی جەوهەری. تەنها ئەوەیە کە توانای خۆپاراستن بە هۆکاری جۆراوجۆری شێواوە، ناتوانێت خۆی لەگەڵ ژینگەی دەرەکیدا بگونجێنێت، یان لە خۆی نامۆیە. وەک یاسایەکی بنەڕەتی ژیان، خۆپاراستن ڕێنمایی هەر ئۆرگانیزمێک دەکات بۆ بەدیهێنانی تواناکانی. خۆ زاوزێکردن فۆرمێکی ئایندەیی خۆپاراستنە.
(٢) ئینتەرسوبژێکتیڤیەت ئاماژەیە بۆ پێکەوەژیان و پێکەوەژیانی زۆرێک لە بابەتەکان (مرۆڤەکان).
(٣) ئەلبێرکامۆ، ئەفسانەی سیزیفۆس (ئینگلیزی)، چاپخانەی پرێنتیس هۆڵ، ١٩٩٦، ل٣٢٠.
(٤) مارتن هایدگەر، “چەمکە سەرەکییەکانی میتافیزیک: جیهان، ترس و تەنیایی”، چاپخانەی زانکۆی ئیندیانا (ئینگلیزی)، ١٩٩٥، ل٧٦.
(٥) چێژبەخش – لە فەلسەفەی یۆنانی کۆندا ئاماژەیە بۆ مەیلی خۆبەخشین و چێژوەرگرتن و بەدواداچوون بۆ ئەو چێژانەی کە هەستەکان دەیهێنن.
(٦) ڤیکتۆر فرانکڵ، “گەڕانی مرۆڤ بۆ مانا”، چاپخانەی بێکن، ١٩٩٢، ل٧٥.

سەرچاوەکان

  • کتاب پاسکال انتشارات: آگه آگهنویسنده: بن راجرز. مترجم : اکبر معصوم بیگی. تعداد صفحه :79. سال انتشار شمسی : 1401. سال انتشار میلادی : 1999.
  • کتاب اسطوره سیزیف. انتشارات: نیلوفر. نویسنده: آلبر کامو آلبر کامو. مترجم : مهستی بحرینی. تعداد صفحه : 176. سال انتشار شمسی : 1401. سال انتشار میلادی : 1942سری چاپ : 6.
  • هایدگر و مرگ. مولف: پل ادواردز . استفان میولهال . برنت ادکینز و .مترجم: مهرداد پارسا. ناشر: شوند. سال انتشار شمسی : 140٩.
    عەرەبی
  • كيتاب ارسطو /‪‪ مؤلف: عبد الرحمن‪‪ بدوىقسم: الفلسفة الإسلامية. اللغة: العربية. الناشر: مكتبة النهضة المصرية ‪‪الصفحات: 314. تاريخ الطبع: 2017.‬‬‬‬‬‬
  • كيتاب كيركجارد /‪‪ مؤلف: فريتيوف برانت . مترجم والمحقق: مجاهج عبدلمنعم مجاهدز اللغة: العربية. الناشر: مكتبة دار الكلكمة. ‪‪الصفحات: 157. تاريخ الطبع: 2009.‬‬‬‬
  • كيتاب الإنسان والبحث عن المعنى معنى الحياة والعلاج بالمعنى . مؤلف: فيكتور إيميل فرانكل.. قسم:. بيوغرافيا ومذكرت أدبية مترجمة. اللغة: العربية. الناشر: مكتبة الأنجلو المصرية. تاريخ الإصدار: 01 يناير 2011. الصفحات: 142.
    ئینگلیزی
  • Crime and Punishment. Dostoevsky, Fyodor. Published by Heinemann, 1964.
  • Existentialism Is a Humanism Paperback – by Jean-Paul Sartre (Author), July 24, 2007.



کوردپەروەری، کوردایەتیی ڕیال و جاشێتی.. کاوە جەلال

ڕێبەری

ئەمڕۆ “هەرێمی کوردستان” تەواو شێواوە، ستەمکارییەکانی کوردایەتیی ڕیال هەموو سنوورێکیان بەزاندووە و کوردەکان لە لایەن ستەمکارانەوە خزێنراونەتە نێو دۆخێکی ئەوها دژوارەوە کە ڕەنگە بە کارەساتی سامناک بۆ ئەوان کۆتایی پێبێت. ئەم ڕەوشە دەمانبزوێنێت بۆ ئەوەی ڕەخنەییانە کار لە ڕابوردوودا بکەینەوە، چونکە سەرئەنجامی کرۆکی ئەو کوردایەتییە ڕیالەیە و بە دەرخستنی چییەتی و سەرەڕۆییە چەکدارییەکانی باشتر لێی تێدەگەین.
لەنێو کوردانی ئێراقدا بەگشتی تێڕوانینێک سەروەرە: ئەو گرووپانە کە لە شاخ شەڕیان کردووە، ڕەوا بوون، وەلێ هەموو دژبەرانیان ناڕەوا و “جاش”، واتا “خائین” بوون. ئایا ئەوە ڕاستە؟ ئایا تێروانینی بەو چەشنە سەرئەنجامی هەست و سۆزە یان دەرئەنجامگیرییە لە نرخاندنی ڕەخنەییەوە؟ کەواتە ئایا تا چەند شەڕکەران بریتی بوون لە ڕزگاریخواز، ئۆتۆنۆمیخواز، خۆگەرا، شەیدای دەسەڵات یان بازرگانی شەڕ؟ هەروەها تا چەند دژبەرانیان خائین، کوردپەروەر یان ناچارکراو بوون بۆ شەڕ؟
خەریکبوونمان بەو پرسیارانەوە مێژووناسییانە نییە، بە پێچەوانەوە ڕەخنەیی-سۆسیالە و بۆ نزیککەوتنەوە لە وەڵامی پرسیارەکان لە ئاگایی “شیمانە”وە دەستپێکەکان (1961 و 1976) دەنرخێنین بە چەند ئامانجێکەوە: 1) تێگەیشتن لەو دوو دەستپێکە چەکدارییە، 2) ئاشکراکردنی زاری واژە و ڕستە دەربڕی کوردایەتیچییان وەک درۆزن، 3) بەشدارییەکی خۆیی لە بەئاگاهێناندا سەبارەت بەو پێداویستییە کە دەبێت سەرجەم مێژووی کوردەکانی ئێراق لە 1961 بەدوواوە تا هەنووکە “ڕەخنەییانە هەڵبسەنگێنرێت و سەرلەنوێ بنووسرێتەوە”، تاکو ئیدی سەرجەمی ئەو حیکایەتانە لەکاربخرێن کە تا ئەمڕۆ بە دەنگی بڵند دەگێڕرێنەوە، بۆ نموونە حیکایەتی “بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی” یان “شۆڕشی نوێی گەلەکەمان”.
ئێمە بۆ ئەم مەبەستە دوو دەرچەمان چەسپاندووە: زمان و مرۆڤ. زمان دەرفەتمان بۆ دەڕەخسێنێت کە چییەتیی یاخیبوونەکان لە کرۆکەوە دیاری بکەین و هاوکات کوردایەتیی ڕیال وەک درۆزن، وەک ناکوردایەتی، دەربخەین، لێرەشدا بێگومان گرنگترین وشەکان ڕاستەوخۆ لە “فەرهەنگی کوردایەتی”یەوە وەردەگرین کە بریتین لە: “کوردپەروەری”، “ڕزگاری” یان “ڕزگاریخوازی” و هەوڵ دەدەین لە ڕەوانبێژی، لە ئەدگاری هەوا-وشەی لە زار دەردراو، بەریان بدەین. ئەوجا لەبەر ئەوەی ئێمە لێرەدا لە بەردەم پرسی “سیاسەت-کردن-داین”، ئەوا دەبێت ئەو ڕستە ئەڵمانییە بهێنینە نێوانەوە کە کوردەکان لە ئەرەبەکانیان وەرگرتووە و بریتییە لە: “سیاسەت فەننی مومکینە”.
وەلێ دەرچەی مرۆڤی لەم پەیوەندییەدا کە سیاسەت-کردن-ە وەک “بەرپرسیاری”، دەمانخاتە بەردەم دوو جۆر چالاکوان کە بریتین لە “سیاسەتیار” و “سیاسەتباز”، هاوکات پەیوەند بەم جۆرەی دووەمەوە ناچار دەبین جیاوازی بکەین لە نێوان “سیاسەتبازی سۆزمەند” و “سیاسەتبازی ئاوەزمەند”دا، کە ئیدی لێرەوە دەرفەتمان بۆ دەڕەخسێت بپەڕێینەوە بەرەو پرسی “جاشێتی” و بە ڕوونکردنەوەی لە ئەدگاری جنێو بەریبدەین، وەلێ لەم لایەنەشدا ناچار دەبین جیاوازی بکەین لە نێوان جاشێتی وەک کوردپەروەری / کوردایەتی لە لایەک و جاشێتی وەک تاوانکاریی جەنگ لە لایەکی دی. بێگومان بەبێ چەسپاندنی تێگەکانی “شۆڕشگێڕێتی” و “ڕزگاریخوازی”، واتا “دەوڵەتخوازی”، نەشیاوە لە تێگەی “جاش” یان “خیانەت” تێبگەین، چونکە تەنیا ئەم جۆرە هەڵوێستە یان بزاوتە سیاسییانە دەتوانن ڕەوایەتی بە خۆیان بدەن کە لە جیهانبینییانەوە جیاوازی لە نێوان خائین و ناخائیندا دابنێن – ئەوە گەر تەنانەت تاکلایەنە، ئیدیۆلۆگیانە، بێت.

-1 زمان وەک کرۆکدەربڕ و ڕەوانبێژی

وشەی داڕێژراوی “کوردپەروەر” کە “کورد” و “پەروەر” لە خۆ دەگرێت، واتای “کورد-خۆشویستەر” دەگەیەنێت. پەروەر بەگوێرەی “فەرهەنگی کوردستان”ی گیو موکریانی بەواتای “پەروەندە”، “خۆشویستەر”، “ئەڤیندار”. ئاشکرایە، گەر کەسێک کەسێکی دیکە یان گەلی خۆی خۆش بوێت، ئەوا دەیەوێت بەختەوەر بێت، بێچەڵەمە بژی، ژیان و گوزەرانی باش بن و هتد، ئەوجا گەر بڕوا بە خۆی بهێنێت کە دەبێت لە پێناوی گەلەکەیدا تێبکۆشێت، ئەوا ئامادەیە خۆی لەو پێناوەدا بەخت بکات – جا بەرپرس بێت یان شەڕکەری ڕیال (پێشمەرگە).
لەبەر ئەوەی زمان، لێرە: زمانی کوردی، خۆی سنووری واتاکان دیاری دەکات، ئەوا بەم ڕێیەوە ئەگەری هەر بەرپەرچێکی کەللەڕەقانە لەکاردەکەوێت. بۆ نموونە وشەی “ڕزگاری” یەکسەر واتای جیابوونەوە لە شتێک یان لە کەسێک، لە بارێک یان زۆردارییەک و هتد دەگەیەنێت، هەروەک دەگۆترێت: “ڕزگارمان بوو لەدەست ئەو زەلامە”، یان: “دانیشتوانی ئەو گوندە بە کوشتنی ئاغاکەیان ڕزگاریان بوو لە ستەم”. لە هەردوو ڕستەکەدا کۆتایی بە ڕەوشێک هاتووە؛ یەکەمیان بۆ نموونە زەلامێکی سەغڵەتکەر وازیان لێدەهێنێت، لێیان دوور دەکەوێتەوە، یان خۆیان دەریدەپەڕێنن، لە دووەمیاندا چەوسێنەرێک نەماوە، ئەوجا بەدووی ئەوەدا، بە ڕزگاربوون لە ستەم، دانیشتوانی گوندەکە چوونەتە دۆخێکی “دیکە”ی ژیانەوە.
هەر لەم واتایەدا تێگەی ڕامیاریناسیانەی “بزاوتی ڕزگاریخوازی” لە ئەوروپا / خۆرئاوا گۆڕان پێدرا وەک ناونان لە خەباتی گرووپە ئێتنییەکانی ئەفریکا و ئاسیا لەدژی ئیمپریالیزمی ئەوروپی بە مەبەستی دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی. بێگومان بزاوتی شۆڕشگێڕیش، واتا خەباتگێڕ بۆ گۆڕینی فۆرماسیۆنی جڤاکی لە وڵاتێکدا بۆ یەکێکی دی (خێڵەکی بۆ سۆسیالیستی) دەتوانێت ناوی ڕزگاریخواز لە خۆی بنێت.
ئێمە لە کوردیدا هەروەها واژەی ڕێک-کەوتنمان هەیە. بۆ نموونە دوو لایەن لەسەر پرسێک ڕێکدەکەون، هاوبەشی ساغدەکەنەوە، یان لە ڕووی سیاسییەوە دەسەڵاتدارانی گەلێک بە ڕێککەوتن (ئیتیفاق) ئۆتۆنۆمی بۆ گەلەکەیان لەنێو چێوەی دەوڵەتێکدا بەدیدەهێنن و دەبن بە بەشداریکەری دەسەڵاتی دەوڵەتی. ئێمە لێرەدا ڕزگاریخوازیمان نییە، بەڵکو شەڕی سیاسی و چەکداری بە مەبەستی ئۆتۆنۆمی لەگۆڕێیە، بۆیە ئەخلاقی بێژتن ڕێ بە هیچ کەس نادات ئەو کردارە ناوبنێت “بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی”. ئەمە بەئاشکرا کوردانی ئێراق دەگرێتەوە: دەسەڵاتداران و دەسەڵاتخوازانیان تەنیا ویستوویانە بە یاخیبوونی “ئۆتۆنۆمیخواز” گۆڕانێک بەسەر پەیوەندییەکانی دەسەڵاتی نێو ئێراقدا بهێنن، واتا نەیان ویستووە کوردەکان لە ئێراق “ڕزگار بکەن”: “جیاببنەوە”، ڕوونتر ببێژین، ئەوان شەڕیان نەکردووە بۆ ئەوەی بە جیابوونەوە دەوڵەتی کوردی دابمەزرێنن. ئاخر وەک گۆتمان ڕزگاریخوازی بەواتای خەبات بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی کە دەشێت کۆنزەرڤاتیڤ، شۆڕشگێڕ یان تەنانەت ئایینی بێت. کەواتە دەربڕینی “بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی”، یان “ئەلحەرەکە ئەلتەحەڕڕوڕییە ئەلکوردییە”، هیچی دیکە نییە جگە لە هەوا-وشەی دەربڕراو لە زارەوە، یان ڕەوانبێژیی درۆزنانە.
پرسیار ئەوەیە کە ئایا ئەم کێشانەی ئاخافتن لە کێوە سەرهەڵدەدەن؟ ئاشکرایە خەڵک بەگشتی زۆر خوازیاری ڕەوانبێژین، سیاسەتبازانیش، تەنانەت سیاسەتیارانیش، لەو خەڵکە جیانابنەوە (گەرچی دەبوو لەوان جیاواز بوونایە). شێواویی زمانی کوردی لە هۆشی پیاوانی “خوێندەوار”ەوە، نەک داپیرە و باپیرەکانەوە، کەوتۆتەوە، یان نەک لە بێگانانەوە، پاڵهێزێکی ئەم شێواندنەش مامەڵەکردنی ئەرەبیستییە لەتەک زماندا (زۆر توێژەر، تەنانەت لە فەلسەفەشدا، بە ئەرەبی دەهزرێن و بە کوردی هزرینیان دەنووسن، جا گەر ئەوە لەبارەی فەیلەسوفێکی ئەوروپی بێت!!)، ئەوجا دانەوەی سوننەتیانەی واژە و دەستەواژەی ئەوروپییانە لە ئەرەبییەوە (کە بێگومان زمانێکی دەوڵەمەند و بەپێز و بەتوانایە بۆ دەربڕینی کرۆک، وەلێ خودی کارکردنی ئەرەبیستی کۆنزەرڤاتیڤ و هاوکات نەگونجاوە بە هزرینی ئازادی ڕەخنەیی). هزرینی ئەرەبی بۆ ئەوان ستاندارتە و واژە و دەستەواژەکانیش لێوەی بەزۆریی وشەییانە هەروا سانا لە ئاگایی سوننەتییانەی خودی کەسەکانەوە وەردەگێڕرێن.
بەڵێ بێگانان زمانی کوردییان نەشێواندووە، تەنانەت لە ئێراق یاساغیان نەکردووە، بەڵکو کوردەکان لەوێ دەرفەتی خوێندنیان بە زمانی خۆیان هەبووە. گەر ڕەخنەییانە ورد بڕوانین، دەبینین کە مامۆستایانی زمانی کوردی نەک تەنیا توانستی زمانفەلسەفەییان نەبووە بۆ بینینی ئەو کێشە ناوبراوانەی سەرەوە، وەک کوردپەروەری، کوردایەتی، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی و ئەوجا وەرگرتنی هەڵوێست لەدژی بەکارهێنانی نالەباریان، بەڵکو تەنانەت توانستی زمانناسییان هێندە بڕی نەکردووە کە کێشە توخمییەکانی زمانی کوردی ببینن، بەتایبەتی ڕێنووس، بەڵێ تەنانەت لە خۆویستییانەوە نەیان توانیوە ڕێکبکەون لەسەر چارەسەری خاڵبەندی، جا گەرچی زۆر ئاسان سیستەمێکی کۆما و سیمیکۆلۆن و نوقتە لە ڕستەسازیدا دادەنرێت (1).

-2 هەڵچوونی کەسەکی

مەسەلەکە لە جڤاکێکدا ئەوە نییە کە “ئەو پیاوانە” هەڵدەچن و “پیاوانی دیکە”ی زۆرینە هەڵناچن. لە هەموو جڤاکێکدا، سەرباری مۆرکە هاوبەشە کولتوورییەکانی پیاوەتی، زۆرینەی پیاوان بەرپرسیاری بۆ بژێویی خانەوادەکانیان وەردەگرن، ئەوە بە کاسپی، فەرمانبەری، کردنەوەی وەرشە و فابریکە، بازرگانیی ئازاد و بەڵیندەرایەتی و هتد، هاوکات هەمیشە پیاوانی دەسەڵاتداری ترادیسیۆنی لە خەمی دەسەڵاتیاندا، پیاوانی هۆش بزواو و “گەلخواز” لەژێر کاریگەریی ڕووداوە سیاسییە جیهانییەکاندا، وەلێ هەروەها پیاوانی دەسەڵاتگەرا، بێویژدان و موغامەرەچی، هەڵوێست وەردەگرن و یاخی دەبن، بەوەش لە پیاوانی دیکەی جڤاکەکەیان جیادەبنەوە. گەر سەرجەمیانە لە مێژووی مرۆڤایەتی بڕوانین، دەبینین زۆر جار دەسەڵاتگەرایان لە دەوری یەکێكیان خڕبوونەتەوە، کە دەشێت خۆی لە سروشتەوە قەوارەیەکی دەسەڵات بووبێت وەک: موڵکدار، باوکی دە کوڕ و باپیری چل کوڕەزا و کچەزا لە گوندێکدا، یان سەرۆکهۆزی ناودار بووبێت، لە مێژووی نزیکتریشدا سیاسەتیار یان سیاسەتبازی دەرکەوتوو بووبێت و هتد، ئەوجا دەشێت تاقم تاقم گرووپی جیاجیایان خستبێتەوە و بەنێو ناکۆکیدا ڕەتبووبن، یەکدییان لەناوبردبێت، تا لە کۆتاییدا گروپێکیان بەسەر هەموو ئەوانەی دیکەدا زاڵ بووە و دەوڵەتێکی دامەزراندووە، یان دەوڵەتێكی ڕوخاندووە و بە یەکێکی دیکە جێی گرتۆتەوە. لێرەدا گەرەکە ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە پەڕینەوەکە لە ستاتۆی سروشتییەوە (پێشدەوڵەتییەوە) بۆ نێو دەوڵەتی، هەمیشە شانشینی، میرنشینی یان دیکتاتۆری بووە. ئاخر “نەشیاوە” هیچ گروپێکی ئێتنی (بۆ نموونە کوردەکانی ئێراق) لە ستاتۆی سروشتییەوە بپەڕێنرێنەوە بۆ نێو ستاتۆی دەوڵەتی دێمۆکراتی – لە سەردەمی نوێدا تەنیا دەشێت دیکتاتۆری بێت کە بێگومان پیاوی هۆشمەند و دلێر و قەرارمەندی تایبەتی پێویستە. جا مرۆڤ لەگەڵ یان لەدژی ئەم جۆرەی دەسەڵاتداری بێت، ئەوە مەسەلەیەکی دیکەیە.
دەسەڵاتگەرایانی کوردی ئێراق بەدەرن لەو خواستە کردەییانە. لەنێو ئەواندا هەرگیز پیاوی قەرارمەندی دەوڵەتخواز هەڵنەکەوتووە(2). ئەمان لە پەیوەندیی سروشتیی نێو-پیاوییەوە گلاون و خۆساغنەکردۆوە لەنێو یەکدیدا و بەرەو دەرەوە دەست بە شەڕ دەکەن، لێرەشدا ئاشکرایە ئەم پیاوە لە ئاستێکی “زۆر نزم”ی کولتووریدایە، زۆر نزمتر لە ئاستی پیاوی ئەرەب – ئاخر بەندە بە ئایین و کولتوور و زمانی ئەوەوە. ئەم پیاوە نە توانیویەتی چارەسەری کێشە سەرەتاییەکانی زمانەکەی بکات (ڕێنوس، خاڵبەندی، ڕستەسازی، پاکژی زمان لە واژە هەڵە و رواڵەتییەکان و هتد)، بەوەش زمانێکی ستاندارت بنیاتبنێت، نە توانیوییەتی ڕەخنەییانە لە هەڵبەستڤانانی خۆی بتوێژێتەوە (نەک بە یەک، دوو، سێ توێژینەوەی سوننەتی لەبارەی خانی، بێکەس، گۆران و هتد، بەڵکو لەبارەی هەر یەکێکیان پەنجا، شەست، سەد توێژینەوە بە مێتۆدی جیاواز!)(3)، هەروەها لەبەر ئەوەی ئاستە هۆشییەکەی تەواو سەرەتایی و هێشتا هەر پابەندی پراکتیکی ڕۆژانە بووە و لە نێویدا هیچ گرنگییەکی بە ئاخافتنی دروستی لۆگیکی نەداوە، ئەوا نەیتوانیوە بزانێت کە خەباتی سیاسی هەردەم سۆسیۆلۆگییەکی پێویستە!! ئەوەندە دەستەپاچە و هۆش-سادەیە! ئەم پیاوە دەسەڵاتگەرایە! وەلێ هەروەها زۆر نامەرد و جەبانە، چونکە بە ئاماژەدان بۆ کاریگەرییە دەرەکییەکان یان جیۆگرافیای وڵاتەکەی بێتواناییەکانی خۆی بۆ دامەزراندنی دەوڵەت دەشارێتەوە.
ئێمە هەر لە چییەتیی پیاوانی خۆگەرای کوردەوە کلیلێکمان دەستگیر دەبێت بۆ ڕستەی زۆر گۆتراوە و جەختلێکراوی “سیاسەت فەننی مومکینە”، کە سیاسەتمەداری ئەڵمانی ئۆتۆ فۆن بیسمارک 18ی دیسەمبەری 1863 لە پرۆیسیشەر لاندتاک (پەرلەمانی پرۆیسن) دەریبڕی. سیاسەت بۆ بیسمارک گەرەک بوو وەک هونەر بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت بسەپێنێت. ئەمڕۆ ڕستەکە بەگشتی بەم چەشنە ڕاڤە دەکرێت: سیاسەت نواندنی کردارە لە پێناوی کەمکردنەوەی فشار یان نەهێشتنی بارگرانی بەسەر دانیشتوانی وڵاتی خۆوە. وەلێ ئەم بنەمایە هەرگیز لە هیچ سەردەمێکی کوردایەتیی ڕیالدا ڕەچاو نەکراوە، بەڵکو تەنیا لە ویستی بەشەکییەوە (پارتیکولارەوە) بۆ خاتری بەرژەوەندییەکانی هەر گەلەکۆمەکێیەکی سیاسی پەیڕەو کراوە، ئایندەی خەڵکیش وەک شتێکی لاوەکی لە پشتی ئەو بەرژەوەندییانەوە دانراوە.

-3 شیمانەکانی خەبات

لە بنەڕەتدا هەموو مرۆڤێک، تەنانەت زارۆک، ڕەمەکییانە لە ژیانی سروشتییەوە، واتا ڕۆژانەوە، ڕەوشەکانی شەڕ هەڵدەسەنگێنێت. کەواتە پێویست نییە لە تیۆرییەوە، لە کتێبی خوێنراوەوە، ڕوو لەم پرسە بکەین. گەر کوڕێکی دە ساڵان لە لایەن کوڕێکی بەهێزتری پازدە ساڵانەوە شەڕی پێ بفرۆشرێت، هانا بۆ بەرد یان دار دەبات، یان هەر شتێکی دیکەی بەردەست، تاکو هاوسەنگییەک چێبکات، یاخود ڕا دەکات و کەسێکی خۆی دەهێنێت کە وەک شەڕفرۆشەکە بەهێزە؛ گەر ئەوان تاقم بن، لەدژیان برا و ئامۆزا و پورزای خۆی دەهێنێت و هتد؛ هەروەها دەشێت چیدی بەو کۆڵانەدا نەڕوات تاکو خۆی لە گێچەڵ بەدوور بگرێت. جگە لەوە هەر لە ئاگایی پەیوەندییە سروشتییەکانەوە لە کوردەواریشدا دەگۆترێت: “خۆت لە شەڕی خۆتڕێن بەدوور بگرە” و زۆر چاک لەتەک ئامۆژگارییەکەی سونزیدا یەکدەگرێتەوە: “هەرگیز هێرش نەبەیت گەر جەخت نەبیت کە سەردەکەویت”. کەواتە ئاشکرایە کە دەسەڵاتگەرایانی کورد پێکرا لە زارۆکییەوە هەقیقەتی شەڕ دەناسن.
بێگومان گەر کەسان هەبن و بیانەوێت بە هەر شێوەیەک خەبات بکەن، ئەوا ڕێگەی جیاوازیان لە بەردەمدایە: خەباتی ژێرزەمینی، چالاکیی کولتووری و زمانەوانی. ئەم جۆرە کەسانە ئاگامەندن، بەویژدانن، و ناویان دەنێین “سیاسەتیار”. هاوکات کەسانی دیکە هەن و دەیانەوێت بە هەر نرخێک سیاسەت بکەن، چونکە پێی ڕاهاتوون و ناتوانن دابنیشن، چونکە بەهۆی سیاسەتەوە دەرکەوتوون و دەرکەوتنی پتریان گەرەکە، یان سەرۆکهۆزن و وەک کەسانی سوننەتی ناتوانن واز لە هۆزەکێتییان بهێنن (کوڕی باوکی خۆیانن)، بەوەش بەناچاری بە سیاسەتەوە دەئاڵێن؛ ئەمان ناودەنێین “سیاسەتباز”، کە بێگومان دوو جۆرن: سیاسەتبازی تەنراو بە هەست و سۆز لە لایەک، سیاسەتبازی ئاوەزمەند لە لایەکی دی. کاتێک دەشێت جۆری یەکەمیان کە بە هەست و سۆز تەنراوە، “کوێر” بێت و بەو هۆیەوە زوو تێبکەوێت یان لەناوبچێت، یاخود شەیدای ناوبانگی خۆی بێت و هەڵەشانە دەست بە شەڕی چەکداری بکات، بۆ ئەو مەبەستەش هانا بۆ هەر لایەنێک بەرێت بەبێ ئەوەی گرنگی بە ژیانی خەڵکی وڵاتەکەی بدات، ئەوا بە پێچەوانەوە ئەوی دووەمیان وەک سیاسەتبازی ئاوەزمەند (بەزۆریی لای هەندێک ئاغا یان زۆر سەرۆکهۆز) بوێریی بۆ هەندێک هەنگاو وەردەگرێت کە ڕەنگە لەنێو جڤاکەکەیدا بڤە بن.
ئاشکرایە ڕژێمی بەئس، بێگومان حکومەتە نێوەندییەکانی دیکەی پێش ئەویش، دەسەڵاتداریی دیکتاتۆرین، وەلێ ئەم ڕژێمە لەوان ڕێکخراوترە و سەرۆکێکی هەیە کە بە دەستی خۆی دیل دەکوژێت، تەنانەت کوڕە بێتاوانەکەی خۆی لە زارۆکییەوە فێری ئەشکەنجەدان و کوشتنی مرۆڤ دەکات، هاوکات سوپایەکی بەهێزی مۆدێرنیزەکراوی هەیە بە چەکی پێشکەوتووەوە. ئەوجا چەند ڕژێمێکی دراوسێی ڕژێمی ناوبراو هەن کە دوژمنی سەرسەختی کوردانی وڵاتی خۆیان و بەمەش هەموو کوردانن. ڕاستییەکەی ئەمە دیلێمایە بۆ هەردوو جۆرەکەی “سیاسەتباز” کە لەبەر ئەوەی ناتوانن دەستبەرداری سیاسەتکردن بن، هەروەها لەبەر ئەوەی کوردەکان بەگشتی لە ئاستێکی گەلێک نزمی کولتووری، زانستی و پیشەی دەستیدان (توانای دروستکردنی تفەنگیشیان وەک جاران نەماوە!)، ئەوا ناچارن بڕیار بۆ کارکردن لەتەک یەکێکیاندا بدەن: ڕژێمی وڵاتی خۆ یان دراوسێکانی. وەک گۆتمان لەم ڕەوشەدا سیاسەتیار خۆی مت دەکات، خۆهەستی پیاوانەی کوردیی (ئاخر ئێمە لێرەش لای جۆرێکی سوننەگەرایانین) ڕێی لێدەگرێت لەتەک دەسەڵاتدارانی بەغداددا کار بکات، ڕەنگە (پێکەوە لەتەک ژناندا) بۆ خەباتی ژێرزەمینی هەنگاو بنێت، هاوکات بە کاری فەرمانبەری، کاسپی، ژیان لە هەندەران و بە هەر کارێک لەوێ، گوزەرانی دابین بکات. وەلێ گەر چەند سیاسەتبازێک ئاوەزمەند بن، کەواتە کەسانی ئەوتۆ بن کە ناتوانن وەک پیاوانی دیکەی گەلەکەیان بژین، ئەویش چونکە سیاسەت بووە بە پیشەیان، ئەوا ئاشکرایە “سیاسەت وەک فەننی مومکین” دەیانبزوێنێت لە پێناوی گەلەکەیاندا لەتەک ڕژێمی ئێراقیدا (حکومەتەکانی ئێراقدا) کاربکەن کە هیچ نەبێت کورد بە گەل دادەنێت و مافی کولتووریی پێڕەوا دەبینێت، جا با وەک ناسیۆنالیست خەریکی بەبەئسیکردنی کوردەکان بێت پێکەوە لەتەک بەئەرەبیکردنی هەندێک ناوچەی تایبەتیدا کە بایەخی ئابوورییان هەیە. ئاخر وەک گۆتمان ئەوان وەک “ئێراقی” دژی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازین، ئەوان تەنیا ئۆتۆنۆمییان دەوێت، هاوکات دەزانن کە نفوزیان لە نفوزی پیاوەکانی مەجلیسی تەشریعی و تەنفیزی زۆرترە و بۆیە پتر لەوان دەتوانن فشار لەسەر خەڵکی “وڵاتیان” کەمبکەنەوە، بەڵی تەنانەت لەتەک ئەو پیاوانەدا یەکدەگرنەوە و یەکدی دەناسێنن، چونکە ئەوانیش کوردپەروەر و سیاسەتبازی ئاوەمەندن، لێرەشدا ئاشکرایە، گەر ڕژێمی بەئس بە شێوازی باوی خۆی ناڕاستەوخۆ (بە “زیلێکی شۆفێر نووستوو!”، “شێتێکی فیشەک لەدەست دەرچوو!” و هەر شێوازیكی دی) ئەم یان ئەویانی کوشت، ئەوا وەک خۆشەویستی خەڵک جیهان جێدەهێڵن.
سەرلەنوێ دووپاتی دەکەینەوە: ئێمە ئەم کارکردنەمان لەتەک حکومەتەکانی ئێراقدا وەک پێشمەرج دانەناوە، بەڵکو قووڵتر لەوە ئاماژەمان بۆ خەباتی ژێرزەمینی یان وازهێنان لە سیاسەت داوە، هاوکات دوو جۆری سیاسەتبازانمان هێناوەتە نێو دانوستانەکەوە و خستووماننەتە بەردەم ئەلتەرناتیڤ: کوردپەروەری یان عەمالەت. کەواتە ئێمە لێرەدا سەرلەنوێ بەر کرۆکی واژەی “کوردپەروەری” دەکەوینەوە کە وشەیەکی بنەڕەتییانەی فەرهەنگی کوردایەتییە. ئەمەش بەواتای، سیاسەتبازی ئاوەزمەند کە وەک کوردپەروەر تەنیا ئۆتۆنۆمیخوازە، کەواتە جەخت لە هاوڵاتێتیی ئێراقییانەی خۆی دەکات، لە بنەڕەتی سیاسەتەوە وەک فەننی مومکین لەتەک ڕژێمی ئێراقی کار دەکات و نایەوێت بە چەشنێک تێبکەوێت کە ئیدی لە سەرئەنجامدا بەناچاری ببێت بە عەمیل، هاوکات زۆر چاک دەتوانێت بە ئەرگومێنت بۆ خەڵکی وڵاتی خۆی ڕوونبکاتەوە کە هەنگاوی کارکردن لەتەک ڕژێمی وڵاتی خۆدا لە بەرژەوەندیی ئەواندایە. بەم شێوەیە سیاسەتبازان لە مەجلیسی تەشریعی و تەنفیزی، یان وەک وەزیر، لە وڵاتی خۆیان کار دەکەن جا گەر تەنانەت ئەو ئۆتۆنۆمییە کە دەیخوازن، بەلایانەوە کەم بێت. لێرەدا “سیاسەت وەک فەننی مومکین” کراوە بە بنەڕەت.
وەلێ گەر لە کەتواری کوردەکانەوە بڕوانین، دەبینین کە یاخیبوونەکان بەزۆریی سیاسەتبازانی نائاوەزمەند، واتا تەنراو بە هەست و سۆز، هەڵیانگیرساندوون و ڕێبەرییان کردوون بەبێ ئەوەی لە هیچ هەنگاوێکی سیاسییاندا تێگەی “کوردپەروەری” و ڕستەی “سیاسەت وەک فەننی مومکین”یان بەهەند وەرگرتبێت. با وەک نموونە دوو ڕوداو وەربگرین: ساڵی 1961 کوردەکانی ئێراق لە لایەن دەسەڵاتگەرایانی ئۆتۆنۆمیخوازەوە خلیسکێنرانە نێو ستاتۆی جەنگەوە، ئەوەش باشترین دەرفەت بوو بۆ شانشینیی ئێران کە خۆی لەو کوردە یاخیبووانە نزیکبخاتەوە و بە یارمەتیدانیان ئێراق بە کێشەی نێوخۆییەوە خەریک بکات (لێرەدا ناچینە نێو ئەگەری ئێرانی “بزوێنەر”ی شەڕەکەوە کە بەزۆریی لە تیۆریی پیلانگێڕییەوە نزیکە نەک لە کەتواری کوردەکانەوە). ئەنجامی ئەم شەڕە خوێناوییە ئاشبەتاڵ بوو (بە بڕێک دەستکەوتەوە لەسەر دەستکەوتی پێشووتری بەگەلناساندن و پتر دەرفەتدان بە پراکتیزەکردنی کولتووری خۆیی). ئەویدیکەیان، ساڵی 1976، کوێرانەتر، دەسەڵاتگەرایانەتر و هەوەسبازانەتر بوو لەوەی یەکەم، چونکە گەر یەکەمیان کە مارتین فان بریونیسن لەنێو چێوەی “یاخیبوونە جوتیارییەکان”دا دایدەنێت، درێژبوونەوەی ترادیسیۆنی باوی چەکداریانەی کوردی بووبێت کە بە وزە و چەندێتیی فرەی مرۆڤییەوە لەدژی حکومەتی هێشتا ڕێژەییانە لاوازی نێوەندی یاخی بوو (جا گەرچی زۆرینەی خەڵکی کورد پاسیڤ بوو)، بە پێچەوانەوە ئەوی دووەمیان بە تاقمتاقمێنە لە ئەوپەڕی لاوازی و کەمچەکییەوە دوای تێکشکان هەڵگیرسێنرا، بەرانبەر ئەوەش ڕژێمی ئێراقی زۆر لە جاران بەهێزتر و هاوکات هاڤرکێکەرێکی سەرسەختی ڕژێمی سوری بوو. تاقمەکان نەک هیچیان بە هیچ نەکرد، بەڵکو تەنانەت گوڕیان بە وێرانکردن و بەئەرەبیکردن و بەبەئسیکردن دا.
لێرەدا گەرەکە بپرسین: ئایا دەبێت ئەوە چیی دیکە بێت جگە لە سەرەڕۆیی و هەڵپەی دەسەڵات کاتێک سیاسەتبازانی تەنراو بە هەست و سۆز ڕژێمی سوری بە پشتیوانی شەڕی چەکدارییان دادەنێن؟ حافز ئەسەدی دوژمنی کوردان؟ ئاخر دەبێت لێرەدا، بە وەلاوەنانی ناکۆکییە نێو-سیستەمییەکانی ئەو دەمە و تەنیا بە ڕەچاوکردنی دۆخی کوردەکان، هەروەها بپرسین: ئایا لەبەر چە هۆیەک سەرۆکی دەوڵەتێک کە نەک تەنیا مافی کولتووری، بەڵکو تەنانەت مافی هاوڵاتیبوون بە کوردانی وڵاتەکەی خۆی ڕەوا نابینێت، پشتیوانیی تاقمێک یان چەند تاقمێک کورد دەکات بۆ ئەوەی لەدژی ڕژێمی بەئسی ئێراقی ڕابپەڕن؟ بە شەڕی چەکداری لە ناوچە شاخاوییە سەختەکانی کوردستاندا؟ ئێمە دەتوانین پێشبینی بکەین (تەنیا پێشبینی بکەین) کە بۆ ئەو، وەک هاڤرکێکەری سەرسەختی سەددام حسێن و ڕژێمەکەی، خوازراو بوو ئەو ڕژێمە لەنێو وڵاتەکەیدا بە شەڕەوە سەرقاڵ بکات، هەروەها دەتوانین پێشبینی بکەین، کە ئەو ژەنەراڵە “فێڵباز”ە ویستوویەتی “هاوکات” کوردستانەکەی نێو ئێراق کە تا ئەو دەمە تاکە ناوچەی یاخیبوونی کوردییانە بوو، بەوێرانکردن بدات. بەکورتی: دەبێت هەر هەنگاوێکی سیاسیانەی ئەو ژەنەراڵە سەرۆکەی دەوڵەتێک بخرێتە ژێر پرسیارەوە. بەڵێ زۆر چاک دەتوانین بپرسین: ئایا ئەوی سەربازی کە شارەزای جەنگ و پەیوەندییەکانی ناوچەکەیە، هاوکات بەئسی ئێراقی و سەددام چاک دەناسێت، ناشێت پێشبینیی کردبێت کە سەددام کوردستان وێران دەکات؟
کەچی (ئەوەش بەڕاستی سەیر نییە) سیاسەتبازانی تەنراو بە هەست و سۆز، هاوکات شەیدای دەسەڵات و دەرکەوتنی پتری کەسەکی، دەچنە پەیوەندییەوە لەتەک دوژمنی دوژمندا، نەیاری نەیاردا، ئەوە سەرباری چییەتیی ئاشکرای دەسەڵاتدارانی ناوچەکە، لێرەشدا سەرجەم ژیانی بیۆلۆگی و جڤاکی و ئابووریی گەلەکەیان بە یەک جار دەخەنە نێو حەوزی پۆکەری سیاسییەوە: “سەرجەم دەستەکەیان دادەنێن”. ئەم جۆرەی سیاسەتباز ئەوداڵی هاوسەنگییەکی دەسەڵاتە کە خۆی لە نێوەندیایەتی، کە ئیدی لای ئەو سیاسەت وەک فەننی مومکین واتای تایبەتی وەردەگرێت: “سیاسەت هەر هەنگاوێکە بۆ پاراستن یان پەرەپێدانی دەسەڵاتی خۆیی گەر ئەوە تەنانەت بە هەژارخستن و بەڕژاندانی خوێنی خەڵک بێت”. ئەمە لە 1961 بەدوواوە تا ئەمڕۆ پەیڕەو دەکرێت. ئەمە چییەتیی کوردایەتیی ڕیالە: هینی هۆزەکی-گوندییانی تەنگ-ئاسۆ، یان پیاوانی هەستهەڵئاوساو و سەرسام بە بەدئاکاری خولەچەخماخەیی، یاخود ئەفەندییانی تەنراو بە هەست و سۆز کە سوننەتییانە لە کتێبەکانەوە زانیاری کۆدەکەنەوە. واژەکانی کورد، کوردستان، سۆسیالیزم، دێمۆکراتی، پێکڕا دەربڕینی رواڵەتین و سەر بە “قسەکردن”ی ڕۆژانەن، چونکە دەسەڵاتگەرایانی نائاوەزمەند، وەلێ فێڵباز (وەک خۆیان دەبێژن: “بە شەرفم زۆڵێکە نەبێتەوە!”) ناتوانن بەئاشکرا ببێژن: “من بۆ بەرژەوەندیی سەرەکیی خۆم، بۆ ناوبانگم، لە مەیداندام و تا سەر دوا پنتی ڕووتێکردنم دەمێنێتەوە. هەموو شتێکی دی تەنیا لاوەکییە”. ڕاستییەکەی ئەحمەد موختار جاف لە سییەکانی سەدەی بیستەمدا بەڕوونی بینیبووی کە سیاسەت وەک فەننی مومکین چە واتایەکی لای سیاسەتبازانی وڵاتەکەی هەیە (بڕوانە “مەسەلەی ویژدان”).
بەڵێ، گەر دەسەڵاتگەرایانی یاخیبوونەکەی 1961 کوردپەروەر بوونایە، گەر پابەندییان بە شای ئێرانەوە وەک مایەی هێزی سیاسی نەبینابایە، ئەوسا لە بنەمای “سیاسەتەوە وەک فەننی مومکین” ئۆتۆنۆمییەکەی ساڵی 1970-یان (یان هەروەها ساڵی 1974-یان) قبووڵ دەکرد و بەوەش بۆ خاتری خەڵکی کورد ڕێیان لە هەڵگیرسانی شەڕ دەگرت. هەموو تاقمەکانی دی بە هیچ شێوەیەک ساڵی 1976 دەستیان بە شەڕ نەدەکرد و بەو ڕێیەشەوە بەئاگا یان بێئاگا نەدەبوون بە خزمەتکاری ئاجێندای وڵاتانی دەرەکی. لێرەوە ئیدی دەتوانین پێشبینی بکەین، کە بەو هەڵوێستە پراگماتییەی سیاسەتبازان ئەو هەموو گوندە وێران نەدەکران و شارەکان بە ڕاگواستنی گوندنشینان لادێیزە نەدەکران، کەواتە کولتووری کشتیاریی کوردەواری تێکنەدەشکێنرا! دەشیا هەڵەبجە ژارباران نەکرایە! گەرمیان و ناوچەی دیکەی کوردستان ئەنفال نەکرانایە! ئەو هەموو گەنجە نەکوژرانایە و گەلێکی دی. ئەوجا بە داگیرکردنی کوێت لە لایەن ئێراقەوە هەلی گونجاو بۆ کوردەکان (قیناکە با ببێژین سیاسەتبازان) دەڕەخسا دەستی خۆیان لە ڕژێم بووەشێنن.

-1-3 یاخیبوونی ترادیسیۆنی

ئێمە گەرەکە لەنێو کوردایەتیی ڕیالدا ڕەچاوی دوو جۆر ڕێکخراو بکەین: ڕێکخراوی بنیاتنراو بە پێشنموونەی ئەوروپیانە و ترادیسیۆنی. لە جۆری یەکەمدا بەر شارنشینانی کوردایەتیچی، هەروەها گەنجانی ڕێکخراو دەکەوین کە سامانی مرۆڤییانەی شەڕن، هەروەها بڕوایان بە مەسەلەیەک هەیە و لە پێناویدا تێدەکۆشن. ڕاستییەکەی ئەمان بەهۆی دابڕاوییەوە لە گەلەکۆمێکەرانی سەرەوە، بەهۆی باڵادەستیی ناوبانگ و هەروەها نەبوونی هۆشێکی ڕەخنەییەوە، فریودراوانن یان خۆفریوداوانن، بۆیە سەخت تێکەوتوون. لە جۆری دووەمدا بەر هۆزەکێتی دەکەوین کە خۆی لە ترادیسیۆنەوە ڕێکخراوە، وەلێ ئەمیش خۆی بەسەر ڕێکخراوی تەکنیکیانە بنیاتنراوی شارنشینانەوە دەبینێتەوە.

1-1-3 خوێندەوار و سیاسەتبازی زانیاری کۆکەرەوە

ئێمە گەرەکە بۆ تێگەیشتنی ڕوونتر لە تێکەوتنی گەنجان نموونەی ڕیال وەربگرین.
کوڕێک، ناوەڕاستی دووەمی حەفتاکان، چەند ڕۆژێک هەڤاڵ و هاوڕێیەکی لە گەڕەک نابینێت، پاشان کتوپڕ هەڤاڵەکەی دەردەکەوێتەوە و پێی ڕادەگەیەنێت کە “لە سەرەوە بووە”. کوڕە چاوانی دەگەشێنەوە و لێی دەپرسێت: “کاک نەوشیروانت بینی؟”، ئەویش وەڵام دەداتەوە: “ئەی چۆن، ڕۆژێک کاتم لەگەڵدا بەسەر برد”. کوڕە بە پەرۆشەوە لێی دەپرسێت: “شێوەی چۆنە؟ دەڵێن زۆر زیرەکە!”، ئەویش وەڵامدەداتەوە: “پیاوێکی خڕیلە و قەڵەوی لووتپانە، تا بڵێیت زمانشیرینە، تێر نابیت لە موناقەشە لەگەڵی، ئەوەندە زیرەکە.”
نموونەی دووەم نەبوونی ئاگایی ئاوەڵای ڕەخنەییمان لای گەنجان پێشان دەدات: لە ناوەڕاستی دووەمی حەفتاکانی سەدەی بیستەمدا لە هەندەران گەلەکۆمەکێیەکی بە حساب خوێندکاری زیتدەکرێتەوە و ناوێکی پێدا هەڵدەواسرێت: “کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات”، کورتکراوە ئینگلیزییەکەی: ئەکسا. وەلێ لەم کۆمەڵەیەدا ڕەنگە لە دە کەس دووانیان خوێندکاری زانکۆ بووبن! ئەوانیدی پەنابەری بێکارە بوون، یان تاک و تەرایان دەورەیەکی پیشەیی دەبینی. گەر لای ئەو گەنجانە کەمترین ئاگایی ڕەخنەیی لەگۆڕێ بووایە، یەکسەر دەیانبینی کە کۆمەڵەکەیان گەلەکۆمەکێیە، کەواتە هیچ بنەڕەتێکی پیشەیی-خوێندکاریی نییە، هەروەها دەیانتوانی لۆگیکییانە دەربئەنجامێنن کە ئەو بەناو کۆمەڵەیە دەروێنەی گەلەکۆمەکێکەی نێو وڵاتە، کەواتە لەوێش گەلەکۆمەکێ-ڕێکخراو هەیە و بەو ڕێیەشەوە دەیانبینی کە پیاوانی درۆزن و دەسەڵاتگەرا بەسەر خەڵکەوە زیتبوونەتەوە، کەواتە وڵاتەکەیان خزێنراوەتە نێو دۆخێکی پڕمەترسییەوە.
ئەو نمونانە پێشانی دەدەن کە چۆن گەنجە ڕێکخراوەکان پێکڕا لە سەرەتاکانی کوردایەتیی ڕیالەوە دەبوون بە دەستکەلای خواستە دەسەڵاتگەراکانی پیاوانی خوێندەواری کوردایەتیچی و هۆزەکی-گوندییەکان. ئەوانیان نەدەناسی.
ئەوجا ئێمە لە پەیوەندییە نێو-بەرەییەکاندا بەر کێشەی کرۆکی دەکەوین: بەرانبەر هۆزەکێتیی ڕێکخراو کە سیاسیانە چالاک بووە و خۆی وەک ڕێکخراو بەسەر ڕێکخراوی گەنجانەی سیاسییەوە دەبینێتەوە، شۆڕشگێڕانی خاوەن ئێتیک (ئەخلاقناسی) لە گۆڕێ نین، بەڵکو خوێندەوارانی سۆزمەندی سیاسەتنەزان و عەسابەی خولەچەخماخەیی. کەواتە لەبەر ئەوەی شۆڕشگێڕێتی لەگۆڕێ نییە (گەرچی سەنگدەرپەڕیوان کردوویانە بە ویردی سەر زمانیان) کە بتوانێت لە سەردەمانی تەقییەوەی ناکۆکییەکاندا هۆزەکێتی بە کرداری سەربازی لەناوبەرێت یان لەدەسەڵات بخات، بەڵکو بە پێچەوانەوە سیاستبازانی تەنگ-ئاسۆ و سۆزمەند چە وەک خوێندەوار و چە وەک عەسابەی خولەچەخماخەیی لە مەیداندان، ئەوا کێشە تەقیوەکان چارەسەرنەکراو دەمێننەوە، ئەوەش هاوکات بەڵگەیە کە هیچ ناسیۆنالیزمێک لەو مەیدانە سیاسی-چەکدارییەدا لەگۆڕێ نییە: وەک بنەڕەت و دوا مەبەستی ڕووتێکراوی هەمووان – کەواتە وەک نێوەندی هاوبەشیان.
ئێمە دەبێت بۆ تێگەیشتن لەو بەدڕەوشە بگەڕێینەوە بۆ هەڵپەی کەسەکییانەی دەسەڵات، وەلێ جێی سەرنجە کە ئەوە مەدەنێتی و لێهاتوویی کەسی و ئۆتۆڕێتی (دەستڕۆیشتوویی ڕێزلێگیراو و بەوەش ناسێنراو) نین کە مۆتۆڕی هەنگاوەکان بن، بەڵکو لێرەدا زۆر بەتایبەتی بەر میللیبوون لە واتای فراوانیدا دەکەوین، لێرەشدا ئاشکرایە کە توخمێکی لادێییانەی لە خۆ گرتووە و لە ناخی خوێندەواران و عەسابەی خولەچەخماخەیی سیاسەتبازدا کارایە. زۆر لەم سیاستبازانە (ئەفەندییە سۆزمەندە گەلخوازەکانی لێدەربچێت کە زۆرینەیان لەناوچوون یان کەرامەتیان وازی لە سیاسەت پێهێنان) بە حوکمی میللیبوون ئافینێتییەکیان (پەیوەستییەکیان / هۆگرییەکیان) بۆ لادێییەتی و بەوەش بۆ هۆزەکێتی “بەگشتی” هەیە. لەم پەیوەندییەدا جێی سەرنجە کە پیاوانی کارەکتەر شاری، ئەفسەرانی خاوەن قودسییەت، بەڵێندەران و بازرگانانی تایبەت کە شاریانە ئاگاییان لە بواری ئابووری و ژیاندا بزواوە، “بێزیان نایەت” لە کوردایەتیچییان نزیکبکەونەوە – سووکن لەبەر چاویان.

-2-1-3 هۆزەکێتی وەک شەڕانیی خۆهێڵەرەوە

ئێمە پەیوەند بە ڕێکخراوی هۆزەکییەوە لە بەردەم پرسی “عەسەبییەت”داین (ئیبن خەلدون)، واتا هاوسۆزەکێتی، بە زمانی گشتی: رایەڵەی خوێن، کە لە هەر کردارێکی جڤاکی و جڤاکی-سیاسیدا ئەم بنەمایەی هەیە:
“من دژی براکەم، من و براکەم دژی ئامۆزاکەم، من و براکەم و ئامۆزاکەم دژی هەموو ئەوانیدی”.
لە هۆشی سیاسەتبازی هۆزەکیدا “گەل” وەک تێگە (مەفهوم) چێنەبووە و چێنابێت، ئاخر گەر چێببێت، ئەوسا هۆز هەڵدەوەشێتەوە – ئەو خۆی هەڵیدەوەشێنێتەوە. بەڵێ تەنانەت “کوردستان”یش تێگە نییە، بەڵکو تەنیا وشەیەکی باوی ڕۆژانەیە. لە هۆشی کەسی هۆزەکیدا جڤاكێتی تەواوکراوە، ئەوجا گەر بەهۆی خشانییەوە لە سیاسەت و گروپی سیاسی ناچار بێت بۆ ئەوەی ناوی گەل بەرێت، ئەوا تەنیا مەبەستی لە کۆنگلۆمێراتە (تێکەڵە / خڕکردنەوە) و لە نێویدا هۆزەکان سەنتەری دەسەڵاتن. ئەو وەک هۆزەکی ناتوانێت وەک تاکێک، تەنیا کوڕی باوک و دایکێک، لە بەرژەوەندییەکی گشتی بهزرێت، ئەوجا تێبگات کە گەل، نیشتمان، کوردستان و هتد وشەی سەر کاغەز نین (گەرچی دەشێت ئەوەش بن)، بەڵکو تێگەی یەکانەیین و بە هزرین هەڵهێنجراون، ئەوجا لەبەر ئەوەی هەڵهێنجراوی کەسەکین، ئەوا ناخەکییانە کارا دەبن و کردارەکانی ئەو دیاری دەکەن، کە پاشان دەشێت نێوکۆییانە ببن بە ئامانجی سیاسی.
بۆ هۆزەکییان کە ئەڵقەی جڤاکی تەواوکراون، کەواتە کەسێتیی سەربەخۆیان نییە، جڤاکە تەواوکراوەکەیان پێشتریی لە هەر شتێکی دیکە هەیە، بۆیە بەتایبەتی لەو دۆخانەدا کە لێرەبوونیان (وجودیان) دەکەوێتە مەترسییەوە، لە هیچ هەنگاوێک ناسڵەمێنەوە و دەبن بە وەحشی: لە قۆنتەراتی سەربازییەوە بۆ بێگانان و هێنانیان بۆ نێو وڵاتی خۆ تا دەگات بە کوشتنی ئاشکرا و نائاشکرای هەر ناحەزێک، و زۆری دی. وەلێ ئەمە لەنێو سەرجەم پەیوەندییەکانی ئۆتۆنۆمیخوازیدا شەڕی خۆهێشتنەوەیە نەک خیانەت، بە پێچەوانەشەوە “لە گۆشەنیگای” شۆڕشگێڕییەوە، واتا خەباتەوە بۆ پەڕاندنەوەی فۆرماسیۆنی جڤاکی سەردەم بۆ فۆرماسیۆنێکی دیکە کە ئیدیۆلۆگییانە تەواوکراوە، دەبێت بە خیانەت. ئاخر شۆڕشگێڕان لە ڕوانگەی ئیدیۆلۆگییانەی خۆیانەوە جڤاکێکی دیکە دەکەن بە ئامانجی خەباتیان و لەنێویدا هۆزەکێتی جێی نابێتەوە، بەڵکو هەڵوەشێنراوەتەوە. بە شێوەیەکی دی ببێژین: سیاسەتبازانی خوێندەواری کۆنزەرڤاتیڤ و ئۆتۆنۆمیخواز مافیان نییە ئەو جۆرە پەرچەکردارانەی هۆزەکییان بە خیانەت یان جاشێتی ناوزەد بکەن، چونکە خۆیان پارێزەری پەیوەندییەکانی قەوارە کۆمەڵایەتی-کولتوورییەکەی سەردەمن.

2-3 چوونەنێویەکی گەلەکۆمەکێی هاوبەرژەوەندییان و هۆزەکێتی

بەسەر ڕێکخراوی سیاسییەوە کە بە تەکنیکی ڕێکخراوەیی ئەوروپی بنیاتنراوە، دوو جۆر قەوارە زیتدەبنەوە: گەلەکۆمەکێی هاوبەرژەوەندییان و ڕێکخراوی ترادیسیۆنی-هۆزەکی. وەک گۆتمان، هۆزەکێتی مێژووییانە ڕێکخراوە، خۆی قەوارەیەکی بەرجەستەیە وەک بنەڕەتی شێوە دەسەڵاتداریی میرنشینی یان شانشینی، هەر بەم ڕێکخراوییەشی وەک سەری ڕێکخراوی سیاسیی نێو شارەکان وەردەگیرێت و ئەو خۆیشی هەر ئەوەی دەوێت. بێگومان خۆبەسەرکردن، وەلێ لە شێوەی گەلەکۆمەکێدا، سیاسەتبازانی خوێندەواری سەربەخۆ و خولەچەخماخەییش دەگرێتەوە. وەلێ لە هەردوو ڕووەوە گەنجانی ڕێکخراو دەستوێژی گەیشتنن بە خواستە دەسەڵاتگەراکانی ئەوان، لێرەشدا دەبێت نێوەندیارانی متمانەپێکراو لە سەرەوە بەرەو ژێر ببن بە پردێک ڕووەو گەنجانی “ڕاکێشراو” و ڕێکخراو. لێرەدا جێی سەرنجە کە لەنێو ئەم نێوەندیارانەدا لە ڕووی کەسێتییەوە بەدترین چالاکوانانی سیاسی هەن، ئەوجا گەر هەندێکیان پێش وەرگرتنی پێگەی نێوەندیار تەنانەت بەد نەبووبێتن، بە حوکمی پێگەکەیان و پەیوەندییەکان کە ئەوان خۆیان لە نێویاندا دەبیننەوە، ئەوهایان لێدەردەچێت، چونکە کاتێک لەو پێگە نێوانییەوە بەرەو ژێر دەسەڵات دەنوێنن و هاوکات بەرەو ژوور چاویان لە گەیشتنە بە پێگەی باڵاتر، ئیدی سووکە چێژی دەسەڵات نەوسی پتری دەسەڵاتیان لا دەوروژێنێت، بۆیە لێرە زۆرترین “کارەکتەری پاسکیلسوار” لەگۆڕێیە: ئەو کەسانە کە بەرەو ژێر پایدەر لێدەدەن و بەرەو ژوور چەماونەتەوە، واتا (لە ڕووی پسیکۆلۆگییەوە) “کەسێتییەکی پیس”یان هەیە بە گەلێک مۆرکی نێگەتیڤەوە، وەک: درۆزن، فریودەر، ماستاوچی، توانجهاوێژ، تەنانەت شەقهاوێژ لە کەسانی ژێر خۆیان و چەماوە بۆ کەسانی ژوور خۆیان (4). ئێمە ئەمڕۆ لە نزیکەوە و بەڕوونی رۆڵی ئەم “پاسکیلسوارانە” لە پاراستنی پەیوەندییە ستەمکارەکانی کوردایەتیی ڕیالدا دەبینین.
بێگومان ئێمە ناتوانین لەنێو گەلەکۆمەکێچییاندا ڕەچاوی ئەو هەموو ئەفەندییە پڕ هەست و سۆزە نەکەین کە بڕوایان وایە دەبێت “بۆ کورد و کوردستان” تێبکۆشن – و زۆریان لەناوچوون، وەلێ کەمیان مانەوە و وازیان هێنا. ئاخر ئەوە فاکتە کە لە نێویاندا سیاسەتیار و هونەرمەندان و نووسەرانی سوننەتی هەن، کەسانی دڵگەرم هەن کە چالاکیی سیاسیی باوکانیان لە ڕابوردوودا کاری تێکردوون و دەیانەوێت ڕێگەی باوکیان بگرنە بەر. ئەم جۆرە کەسانە لە کوردایەتیی ڕیالدا خوازراو نین، تەنانەت بێزراون، چونکە مایەی سەغڵەتین بۆ چەتە باڵادەستەکان، یان بۆ ئەو کەسانە کە بۆ مەبەستی لرفلێدان و گەیشتن بە پارەی مفت دەچنە نێو کوردایەتییەوە.
بنەڕەتێکی کوردایەتیی ڕیال ئەوەیە کە لە پێشمەرگایەتیدا ڕاستەوخۆ درێژە بە “چێژ” و “ڕەفتار”ی میللی دەدات، لێرەشدا هۆشسامیی ترادیسیۆنی بە “ئازایەتییە ناسێنراوەکانی جڤاکی جوتیاری” (“خولە کون لە جەرگیدا نییە”، “بە شەرەفم کردەیەکە نەبێتەوە” و گەلێکی دی) یەکسەر، لێنەهزریو، کارایی پراکتیکی وەردەگرێت. ئاشکرایە خولە چەخماخانی میللیی نێو شارەکان: پیاوانی سمێڵزلی جامەدانی قیت، سەنگدەرپەڕیو، باڵفشکردۆوە، کە بە هەڕەشەی زارەکی یان بە فڕێدانی فیشەک بۆ نێو حەوشەی ئەم یان ئەو ماڵی دەوڵەمەند گیرفانیان پڕ دەکەنەوە، یەکسەر لەتەک ئەو وێنەیەی پێشمەرگەدا یەکدەگرنەوە، چونکە چە وێنەکە و چە زەبر سەر بە چێژ و کارەکتەری خۆیانن. بەڵێ تەنانەت ئەم بیچمانە و ئەفەندییە میللییە سیاسەتبازەکان زۆر جار لە ژیانی ڕۆژانەی جڤاکییەوە یەکدییان ناسیوە (5)، هەندێکیان لە خوێندنی زانکۆیشدا هەر دەمانچەییەکانی جارانیان بوون، ئەوجا لەبەر ئەوەی خوێندەوارەکان ئەوها خولەچەخماخەییانە لە دەسەڵات تێدەگەن، ئەوا لەو کاتانەشدا کە لەدژی هۆزەکی-گوندییان دەچنە شەڕەوە، هێشتا هەر ئافینێتییەکەیان بۆ میللیبوون و بەسەر ئەویشدا بۆ هۆزەکێتی، پابەند دەیانهێڵێتەوە بە جۆری سیاسەتکردنی هۆزەکییانەوە. لێرەدا جێی سەرنجە ئەم لادێییەتییە بە ئافینێتییەوە بۆ هۆزەکی-گوندی دەشێت لە دۆخە کێشاوییە سیاسییەکاندا بە ڕادەیەک تەسلیم ببێت کە ئیدی ڕاستەوخۆ مۆدێلی بنیاتنانی دەسەڵات لە هۆزەکێتییەوە وەربگرێت، بۆ نموونە بەرژەوەندییەکانی گەلەکۆمەکێکەرانی سەرەوە پێویستی بکەن کە کوڕی دەسەڵاتدارێکی ناسراو بە سەرۆکی گرووپەکە دابنرێت. بێگومان لادێیەتییە خولەچەخماخەییەکە زۆر جار هەر لە سەرەتاوە وا دەکات کە گەلێک مەسئولی سیاسیی پێگە نزمتر کوڕی خۆیان لە کایەی جیاوازی سیاسی و سەربازیدا وەک دەسەڵاتدار بسەپێنن.

-3 جاشێتی وەک کوردپەروەری و وەک تاوانکاریی جەنگ

تەنیا بزاوتی ڕزگاریخواز یان خەباتگێڕ لە پێناوی گۆڕینی شێوازی دەسەڵاتداریدا، هەروەها تەنیا کەسانی شۆڕشگێڕ، گەلخواز، دەتوانن ڕەوایەتی بە خۆیان بدەن، هەر کەسان و گرووپێک، بە جاش ناوزەد بکەن کە پێچەوانەی خواستە دەوڵەتگەرییەکانی ئەوان کردار دەنوێنن، هەر لەم جۆرە تێڕوانینەشدا جاش واتای خائین وەردەگرێت. ئاخر ئەم ناوزەدکردنەی کەسان و گرووپان بە جاش دەستوێژێکە بۆ پێشاندانی مەرامە سیاسییەکانی گرووپەکە کە سەرەکیترینیان دامەزراندنی دەوڵەت یان گۆڕینی جۆری دەسەڵاتدارییە، هەر لێرەشەوە بزاوتەکە بەئاسانی ماف بە خۆی دەدات، ئەو کەس و گرووپانە کە لە گۆشەنیگای مەرامە سیاسییەکانی ئەوەوە خائینن، بە هەر شێوازێک لەناوبەرێت. وەلێ ئەمە بە هیچ شێوەیەک بزاوتی ئۆتۆنۆمیخواز ناگرێتەوە. هەردوو لا، یاخیبووانی نێو چیاکان کە ڕاستەوخۆ عەمیلی دەوڵەتانن یان بەهۆی تێکەوتنیانەوە ناچارەکییانە بوون بە عەمیل، هەروەها هاوکارانی دەسەڵاتی نێوەندی، هاوڵاتیی یەک دەوڵەتن و هەردوو لا جەخت لە هاوڵاتێتیی خۆیان دەکەن، هاوکات دەیانەوێت بەشدارییان لە دەسەڵاتی نێوەندیدا پێبکرێت. وەلێ جێی سەرنجە کە تەنیا هاوکارانی دەسەڵاتی نێوەندی ڕاستگۆیانە هەڵوێستیان دەردەخەن و وەک هاوڵاتی ئەرکی خۆیان بەجێدەگەیەنن. لەم ڕوانگەیەوە واژەی “جاش” هیچ بنەڕەتێکی نییە، بەڵکو تەنیا جنێوە، جنێویش دەستوێژی کەسانی سۆزمەندی هزرنەکردوو یان ئەو نەخۆشانەیە کە بە کیین تەنراون. جگە لەوە گەر مەسەلەکە لەو یاخیبوونانەدا چێکردنی هاوسەنگی بێت لەتەک ئەرەبەکاندا، ئەوا کاری بەو چەشنە بە هۆزەکیی ئەقڵ-سووک یان ئەقڵیەتی خولەچەخماخەیی ئەنجام نادرێت، بەڵکو تەنیا کولتووری شارییانەی تاکەکەس، مەدەنێتی، زمانی خۆیی و هزرینی لۆگیکی و هتد ئاستی نزمی کەسەکییانەی کوردەکان بەرزدەکەنەوە.
ئێمە دەبێت لەم پەیوەندییەدا هەنگاوێکی بوێرانە بنێین و بپرسین: ئایا کێ کوردپەروەرە، ئەو کەسانە کە گەنجانی کورد بەکوشت دەدەن و ئابوورییە بنەڕەتییەکەی کوردەواری کە کشتیاری و ئاژەڵدارییە، بە لەناوبردن دەدەن، یان ئەو هۆز و تیرانە کە دەیانەوێت کوڕانی خۆیان، کەواتە کوڕانی کورد، لە کوشتن و کوردستانیش لە وێرانکردن بپارێزن؟ با بۆ تێگەیشتن لەم پرسیارە دیدێک ئاڕاستەی کەتواری ئەمڕۆی کوردەکان بکەین. ئایا ئەمڕۆ چی گۆڕراوە؟ ئایا پێکڕای دەسەڵاتداران قایل نین بەوە کە کەرکوک گەرەکە سەر بە هەرێمی کوردستان نەبێت؟ ئایا هێشتا هەر چەند ناوچەیەکی دیکەی کوردی لەو هەرێمە دانەبڕاون، بەڵێ تەنانەت تەئریب نەکراون؟ ئایا ئاشکراترین بەرهەمی قوماری سیاسی و سەربازیی عەمیلەکانی کوردایەتیی ڕیال دەستگرتن نەبوو بەسەر هەموو جومگەکانی ژیانی نێو هەرێمەکەدا (سیاسی، ئابووری، تەنانەت زانکۆکان)؟ ئەوە بێگومان تانەت دوای ئەوەی ڕژێمی بەئس تەپتەپێنی پێکردن و کونەمشکی لێکردن بە قەیسەری؟ گەر پاساوی ئەوە بهێنرێتەوە کە لە کوردستان شارێتی و بینای مۆدێرن تەنیونەتەوە، زانکۆی زۆر کراونەتەوە و ئاستی زانستی پێشکەتووە، هەروەها کورد حاکمی وڵاتی خۆیەتی، لە وەڵامدا دەبێژین: بونیادی هەموو شارەکان بەهۆی هەڵپەی بازرگانیی کوردایەتیچییانەوە شێواوە و فەزای ژیان لە نێویاندا تەنگبۆتەوە، هەروەها بینای نێو شار و گوندەکان بەگشتی نالەبار دروستکراون و هاوکات دژ بە سروشتن: دژ بە ژیانی مرۆڤن، چونکە لە دروستکردنیاندا بەزۆریی کەرەسەی چیمەنتۆ و بلۆکی چیمەنتۆ بەکارهێنراون، ئەم کەرەسەیەش زستانان ساردی و هاوینان گەرمی گلدەرەوەیە، بۆیە بە سروشتی ناوچەکە، بەمەش بە ژیانی مرۆڤانی ئەوێ ناگونجێت (گەرچی چیمەنتۆ لە هەندێک ڕووەوە زۆر سوودمەندە)، کە ئیدی مرۆڤ دەبێت بەردەوام پتر وزە بەکاربهێنێت تا ماڵەکەی گەرم یان فێنک دابهێنێت (کەواتە لە ڕووی ئیکۆنۆمیشەوە نەگونجاوە)؛ ئەوجا کاتێک لە سەردەمانی دەوڵەتی دیکتاتۆریی هێشتا کارای ئێراقدا پزیشک و ئەندازیارانی باش، مامۆستایان و تەکنیکییانی شارەزا و هتد هەڵدەکەوتن، ئەمڕۆ لە ئاستە گەلێک نزمە کولتوورییەکەی کوردایەتیی ڕیالەوە رواڵەتگەرییەک، کەواتە بێ-مەئریفەییەک، زانکۆکانی تەنیوە کە لە نێویاندا زانایانی باش زۆر دەگمەنن؛ پاشان کورد لە بنەڕەتدا حاکمی وڵاتی خۆی نییە، بەڵکو دەسەڵاتگەرایانی عەمیل دەستیان بەسەر ئەو هەرێمەدا گرتووە و تا ئەمڕۆ کەمترین دەسەڵاتداریی سەربەخۆیان لێنەبینراوە، بەڵکو تەنیا ستەمکارانە بەسەر خەڵکی بەردەوام کڕووزاوەی نەوسنەوە زیتبوونەتەوە. لە کۆتاییشدا گەر ئاماژە بۆ گەشەی ڕێژەییانەی ئاگایی و سەرهەڵدانی ئەدەب و هونەری باش بدرێت، ئەوا دەبێژین، کە ئەوان پێکڕا بناغەی دیکەیان هەیە، وەک: ئاشنایی بە کولتوورەکانی خۆرئاوا و گەشەی ئاگایی، ئاڵۆزتربوونی ژیانی کوردەکانی ئیڕاق، کە لای “هەندێک کەس” بوون بە پاڵهێزی هزرین یان کاری ئەدەبی و هونەریی باش – ئەمانە پەیوەندییان بە کوردایەتیی ڕیالەوە نییە.
وەلێ ئێمە هێندە ئاسان لە پرسی جاشێتی نابینەوە. ئێمە تەنیا سەرۆکهۆز و سەرۆکتیرەمان نییە کە ئاوەزمەندانە هەڵوێست وەردەگرن و بۆ پاراستنی هۆز و تیرەکانیان لەتەک حکومەتی نێوەندیدا کار دەکەن، بەڵکو موستەشارەکانی هەشتاکانمان هەن کە زۆریان لە ئەنفالدا بەشدارییان کرد. ئەمانە تاوانباری جەنگن.
سەرەتا پرسێک ئاشکرایە: گەر سیاسەتبازانی شەیدای دەسەڵات، گەر عەسابەی خولەچەخماخەیی و هۆزەکی-گوندی، ئەوجا لەپاڵیانەوە هەندێک سەرۆکچەتە، شەڕیان بۆ خاتری دەسەڵات و سامان هەڵنەگیرساندبایە، ناکۆکییە نێو-هۆزییەکان نەهێنرانایەتە نێو کوردایەتیی ڕیالەوە، ئەوسا ئەو هەموو سەرۆکهۆزانە نەیاندەدایە پاڵ حکومەتە نێوەندییەکان، یان پاڵ ڕژێمی بەئس، و ناچار نەدەبوون بچنە شەڕەوە لەدژیان. سەرانی کوردایەتیی ڕیال هۆی ئەو شەڕانە بوون. ئەوجا بە وێرانکردنی گوندەکان و ڕاگواستنی گوندنشینان بۆ نێو شارەکان کێشەیەک بۆ ئەو کەسانە هاتە ئاراوە کە پێشتر لە گوندەکانیاندا بە هەر جۆرێک قەوارەیەکی بچووک یان گەورەتری دەسەڵات بوون. کابرایەکی ڕاگوێزراو کە هەشت کوڕ، پێنج برا و چوار خوشک، شەست برازا و خوشکەزای هەیە و هتد، کوڕانی گوندەکە و دەوروبەریشی ڕێزی لێدەگرن، زۆر ئاسان دەتوانێت ڕێگەی دیکەی دەوڵەمەندبوون بگرێتە بەر، ئەوجا پرسی کەرامەتی مرۆڤ و عیززەتی نەفس لای ئەوی گوندی سروشتی و ئاکار فەرهودچی زۆر سنووردار کاران؛ ئەو ئێستا تەنیا کەسێکی لە ڕیشە هەڵکەنراوە و هاتووەتە نێو شاری ژیان ئاڵۆزترەوە. ئەم کەسانە ئاسان دەبن بە بازرگانی شەڕ، بەمەش ئاسان دەبن بە تاوانبار.
ئاشکرایە دەبێت موستەشاران وەک تاوانبار بە دادگە بدرێن، چونکە دەیانتوانی وازبهێنن، یان گەر بەو ڕێیەوە مەترسی لەسەر ژیانیان چێ ببووایە، ئەوسا دەیانتوانی بە خاووخێزانەوە هەڵبێن بۆ ئێران – وەک دەرهاویشتەی ویژدان و کەرامەتداری. وەلێ ئەوان ڕێگەی ملکەچییان بۆ فەرمانی دەوڵەت هەڵبژارد. سەرباری ئەوە دادبینییەک توندتر لە ئەوان سزای کوردایەتیچییان دەدات: وەک تاوانباری جەنگ، وەک عەمیلی دەوڵەتان، وەک سەبەبکاری ژاربارانی هەڵەبجە و ئەنفالی گەرمیان (و ناوچەی دیکە)، وەک سەرانەسەن لە گوندنشینان، کوشتنی ڕاستەوخۆی دیل و بێگوناهان، هەروەها دەستبردوو بۆ کەرامەتی کەیبانووانی گوندان. ڕەنگە هیچ دادگەیەک نەیتوانبایە سزای مەرگ بەسەر عودەی سەددام حسێندا بسەپێنێت، سەرباری ئەو هەموو تاوانە کە ئەنجامی دان، چونکە باوکی تاوانباری سەرەکی بوو کە کوڕە بێگوناهەکەی لە زارۆکییەوە فێری ئەشکەنجەدان و کوشتنی دیل کرد، تا پێی ڕاهات و بوو بەو تاوانبارە ناسراوە. ڕەنگە دادگەیەک حوکمی زیندانیی هەمیشەیی لە نەخۆشخانەیەکی پسیکۆیی بەسەردا بدایە. بەبێ هیچ گومانێک دادگەیەک حوکمی موستەشارانی تاوانبار و کوردایەتیچییان هەر ئەوها دەدات: سزای ئەوانەی یەکەم سووکتر دەبێت لە هینی ئەوانەی دووەم!

——————————

پەراوێز

(1) ئێمە لە بواری کاری کولتووریدا دەتوانین تەریبێکی سەرنجڕاکێش بۆ خۆگەرایی پیاوی کورد لە کایەی سیاسەتدا ئاشکرا بکەین: هەر یەکەی دەزگاکانی پەخش و وەرگێڕان پەیڕەویی شێوەیەکی ڕێنوس دەکات و دەیەوێت ئەوەی خۆی “بسەپێنێت”، بەبێ ئەوەی بەرپرسانیان لە ئاگایی بەرژەوەندیی گشتییەوە پێکەوە دابنیشن و هەوڵی ڕێککەوتن لەسەر ڕێنووسێک بدەن کە بێگومان گەرچی چارەسەرێکی سەرجەمی نییە، وەلێ لەبەر ئەوەی بڕیاری چەند گرووپێکە، ئەوا هیچ نەبێت جۆرێکی خاڵبەندی و ڕێنوس لە نووسیندا دەکەن بە باو. لێرە “من خۆم” لە پێشینەی چالاکبوونی کولتووریدایە، هاوشێوەی پیاوەکانی نێو سیاسەت کە خۆیان و دەسەڵاتیان لە نێوەندی کردارەکانیاندا دادەنێن.
(2) دەبێت “سەرۆک” یان “بەرپرسی یەکەم”ی پارتێک چەند نزم، بازاڕی، بێئۆتۆرێتی، کەواتە ناسەرۆک / ناسەرکردە بێت کە بە جنێوی دایک یاخود ژن “ئاوا و ئاوا”، یان بە وەشاندنی گۆچان، ڕەفتار لەتەک بەرپرسانی دیکەی پارتەکەیدا بنوێنێت؟
(3) ڕۆژێک گەنجێکی دەرچووی بەشی کوردی کە لە سلێمانی کاری شۆفێریی دەکرد، هەڵیگرتم و پاشان وەک نەفەر لەگەڵیدا کەوتمە گفتوگۆ. کوڕە بۆی باس کردم: “مامۆستایەکمان، دکتۆر …، ڕۆژێک پێی گۆتین: ئیدی پێویست ناکات کەس لەبارەی بێکەس (ناوی هەڵبەسڤانەکەمان بەئەنقەست گۆڕیوە) توێژینەوە بنووسێت، چونکە من هەموو کارەکانم بە توێژینەوەی دکتۆراکەم تەواو کردووە، کەواتە هیچ نەماوە لەبارەی بێکەس بگۆترێت”.
(4) لەم پەیوەندییەدا گەلێک جێی سەرنجە کە کاتێک مارکس ڕێزێکی زۆری بۆ بۆرژوایانی خاوەن فابریکە دادەنا (ئاخر بەرخەرانی ئەو سیستەمی سەرمایەگەرییە بوون کە مارکس پێکەوە لەتەک ئێنگلسی هەڤاڵ و هاوڕێیدا لە مانیفێستەکەیاندا بە هەلهەلە پێیدا هەڵدەدەن، ئەویش چونکە هێزی هەرگیز نەبینراوی مرۆڤییانەی “بەرداوە” / “ئازادکردووە”)، ئەوا بە پێچەوانەوە بەڕێوەبەرانی (بە زمانی ئەمڕۆ: مێنێجەرانی) فابریکەکانی وەک مەترسی دەبینی، چونکە لە لایەک لە خزمەتی خاوەن فابریکەکاندا بوون و لە لایەکی دیکەوە خۆیان بەسەر پرۆلیتاریاوە دەبینییەوە.
(5) نەوشیروان مستەفا لە نزیکەوە عوسەی ئامەی دەناسی، کە بە هیچ شێوەیەک تاکە نموونەیەک نییە، تەنانەت زۆر لە سەرانی “کۆمەڵە” سەر بە خوێندەوارانی خولەچەخماخەیی بوون. ئەمڕۆش لە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی هەردوو پارتی دەسەڵاتداری “یەکێتی” و “پارتی”دا گەلێک عەسابەی خولەچەخماخەیی وەک ئەندام هەن.




ئایا شەڕی ئێستای فەلەستین و ئیسڕائیل شەڕی خاکە یان ڕیشەیەکی دینیی مێژوویی هەیە لە نێوانی ئامۆزاکاندا؟.. نووسین و ئامادەکردنی: حەسەن ڕازانی

دڵم ژان دەکا و تەواو خەفەت دام دەگرێ کە منداڵێکی کورد دەکوژرێت، دەگیرێ، ئازاردەدرێ یان ماڵە کوردێک خاپور دەکرێ یان دەربەدەر دەکرێ یان گوندیکی کورد، شارێکی کورد بۆمبا باران دەکرێ و تەڕو پوش بەیەکەوە دەسووتێنرێت، هەرئاواش بۆ فەلەستینییەک و نەتەوەو ڕەگەزو کەسێکی سەر بە ئایینیکی جیاوازی تریش، بۆ نموونە جولەکەیەک، دڵم ژان دەکا. مێژوو سەلماندوویەتی کە شەڕ بەرژەوەندی چینێکی دیاریکراوی تێدایەو زۆرینەی خەڵک تێیدا زەرەرمەند دەبن. من دژی شەڕم جا لە هەر شوێنێکی ئەم دنیایە هەبێ. پڕیشکی شەڕو کاریگەریەکانی شەڕئەگەر لە تۆرە بۆرەی ئەفغانستانیش بێت ئەوا، لە دنیای عەولەمەی ئەمڕۆدا، کاریگەریی خەراپی ئەو شەڕە درەنگ یان زوو دەگاتە هەرێ شوێنە دوورەکانی تریش. بۆیە دژی شەڕو کوشتارم و نەفرەت لە شەڕو خاپوورکردن، نەفرەت لە داگیرکاریی و فراوانخوازی و نەفرەت لە باڵادەستخوازی نەتەوەو ڕەگەزو ئاییینێک بەسەر ئەوانەی تردا!

چاوخشاندنێک بە ڕابردووی ئەو دوو ئامۆزایەدا،عەڕەب وجولەکە، کە دەگوترێت لە یەک بەرەبابن!

بەڵگەی مێژوویی، کە ڕای گشتی لەسەر بێ، نیە کە پشتڕاستی ئەوە بکاتەوە جولەکە بوونی نەبووبێت لە ئیسڕائیل و تەنها خەڵکی فەلستین، وەک بەشێک لە نەتەوەی عەڕەب، لەو خاکەدا بووبن. مێژووی ئەو دەڤەرە، بە تایبەتی فەلەستین، کە بووەتە لانکی هەرسێک ئایینەکەی خێزانی ئیبڕاهیم، چەندین نەتەوەو ئایین لەو ناوچەیەدا بوون و گەلی جولەکەش بەشێک بوون وەک عەڕەبەکانی فەلەستین لەو ناوچەیەدا ژیاوون و هەبوون. بۆ نموونە بە پێی ئاماری ئەو ناوچەیە لە ساڵی 1880ی زایینیدا 25 هەزارجولەکە لە ناو فەلەستیندا بوونی هەبووە.

چۆنیەتی زۆربوونی ژمارەی جولەکە لە ناو ئیسڕائیلدا

لە ساڵی 1880 ز دا 25 هەزار جولەکە هەبووە لە ناو فەلەستیندا، لە ساڵی 1882ز بۆ ساڵی 1914 ز نزیکەی 60 هەزار جولەکە لە ئەوروپاوە کۆچیان کرد بۆ ئیسڕائیل، لە ساڵی 1919 ز بۆ ساڵی 1931 ز نزیکەی 110 هەزار جولەکە کۆچیان کرد بۆ ئیسڕائیل، هەروەها لە ساڵی 1939 ز بۆ ساڵی 1948 ز نزیکەی 120 هەزار جولەکە کۆچیان کرد بۆ ئیسڕائیل، وە لە ساڵی 1948ز بۆ سڵی 1952 ز نزیکەی 700 هەزار جولەکە هاتە ناو ئیسڕائیلەوە، بەڵام نیوەی ئەو ژمارەیە لە وەڵاتە عەڕەبیەکان دەژیان ودوای ئەوەی دەست بەسەر ماڵ و سەروەت و سامانیاندا گیرا لەو وەڵاتانە دەرپەڕێنران و ئینجا ڕەوانەی ئیسڕائیل کران!

ئەو وەڵاتە عەڕەبی و ئیسلامیانەی کە جولەکەی نێو خۆیان دەرپەڕاندو بەرەو ئیسڕائیلیان بەڕێکردن ئەمانەی خوارەوە بەشێکیانن!
140 هەزار جولەکە لە جەزائیرەوە بەرەو فەرەنسا و 25 هەزاریش بەرەو ئیسڕائیل بەڕێکران، 75 هەزار جولەکە لە میسرەوە بەرەو ئیسڕائیل بەڵام مەرحەلە بە مەرحەلە بەڕێکران، 38 هەزار جولەکە لە لیبیاوە بەرەو ئیسڕائیل بەڕێکران، 265 هەزار جولەکە لە مەغریبەوە بە مەرحەلە بەرەو ئیسڕائیل بەڕێکران،100 هەزار جولەکش لە تونسەوە بەرەو ئیسڕائیل بەڕێکران،60 هەزاری تریش لە جولەکە لە یەمەنەوە بەرەو ئیسڕائیل بەڕیکران و لە عێڕاقیشەوە 138 هەزار جولەکە بەرەو ئیسڕائیل بەڕێکران و لە سوریاشەوە 30 هەزار جولەکەو لە تورکیاو ئیڕانیشەوە نزیکەی 60 هەزار جولەکە بەرەو ئیسڕائیل بەڕێکران. ئایا ئەو هەموو ژمارەیە لە جولەکە کە دەگاتە نزیکەی 700 هەزار جولەکە لە وەڵاتانی عەڕەبی و ئیسلامییەوە بۆچی وا بە پەلە دەرپەڕێنران و بەرەو ئیسڕائیل نێرران؟ بۆچی لێیان نەگەڕان لە وەڵاتەکانی خۆیاندا بمیننەوە؟

ئایا دەبێ لۆمەی کێ بکرێت کە ژمارەی جولەکە لە ناو ئیسڕائیلدا بەرەو زۆربوون ڕۆیی؟

بە بڕوای من، وەڵاتە عەڕەبی و ئیسلامیەکان خودی خۆیان لەوبارەوە پشکی شێریان بەردەکەوێت. چونکە ئەگەر عەڕەبەکان جولەکەکانی نێو خۆیان دەرنەپەڕاندبایەو بەرەو ئیسڕائییان بەڕێ نەکردبانایە ئەوا بەوشێوەیە و بەو زووە ژمارەی جولەکە لە ناو ئیسڕائیلدا زیادی نەدەکردو بۆی هەبوو بارودۆخەکە بەشێوەیەکی تر دەرکەوتبایە. بە بڕوای من ئەو جولەکانە دەبوایە هەر لە شوێنی خۆیاندا بمانایەو لەو وەڵاتە عەڕەبی و ئیسلامیانە بژیانایە کە لە کۆنەوە لێیان بوون و ببوونە هاوڵاتی ئەوێ! ئەدی بۆچی ئەو کارەیان نەکرد؟ بە بڕوای من، وەڵامی ئەو پرسیارە لای وەڵاتە عەڕەبی و ئیسلامیەکان خۆیانە!
مێژووی کێشەو ملململانێی نێوان عەڕەب و جولەکە نە لەم ڕۆی حەماسەوە دەستی پێکردووەو نە لە ساڵی 1947یشەوە دەستی پێکردووە کە دەوڵەتی ئیسڕائیل بە فەڕمی لەو ناوچەیەدا ڕاگەیەنرا! بەڵک و بەڵگە مێژووییەکان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە مێژووی ئەو کێشەو شەڕو پێکدادانە زۆر لەوە واوەترەو تەنانەت دەەگەڕێتەوە بۆ هەرێ سەردەمی سەرەتای سەرهەڵدان و گەشەکردنی ئایینی ئیسلام لە شاری یەسریبی نێو جزیرەی عەڕەبی کە بە شاری مەدینەی ئێستای سعودیە ناوی دەبرێت.
ئەوێ دەمێ سێ تا پێنج هۆزو قەبیلەی بەناوبانگی جولەکە لە شاری یەسریب و دەوروبەریدا دەژیان و ببوونە خەڵکی ئەو ناوچەیە وەک باقی عەڕەبەکانی تر، بەڵام جیاوازیەکەیان لەگەڵ عەڕەبەکانی ناوچەکەدا لەوەدا بوو کە جولەکەکان تەواوی زەوی و زارو باخە خورماکان و زەویە کشتوکاڵیەکانی ئەو دەڤەرەیان لەبەردەستدا بوو! لەبەرامبەردا عەڕەبەکانی ئەو دەڤەرە خەڵکی هەژارو نەدارو بێ مڵک و بێ باخی دارخورما بوون و هەمیشە بۆ بەڕێوەبردنی ژیانیان دەبوایە کاریان کردبایە بۆ جولەکەکان و ئەو کارەشیان لە شانان خۆش نەدەهات!
بە پێی گێڕانەوەی ئیسلامیی کە لە نێو مێژووی عەڕەب و ئیسلامدا بە شانازییەوە باسی لێوەدەکەن ئەوەیە کە کاتێک پێغەمبەری ئیسلام لە ساڵی 622ی میلادیەوە لە شارەکەی خۆیەوە کە مەکە بوو کۆچ دەکات بۆ شاری مەدینە چونکە لە مەکە تەنگی پێ هەڵچنراوەو لە ژێر هەڕەشەی کوشتندا بوە بۆیە پەنای بە هۆزە عەڕەب و جولەکەکانی نێو شاری مەدینە بردووە.
زۆری نەبرد کە لە مەدینەدا ئیسلام بووە خاوەن سووپاو توانای سەربازی و دارایی باش. بە پێی گێڕانەوەی مێژووی عەڕەب و ئیسلام گوایە هەندێک بەهانە سەریان هەڵداوە کە جولەکەی ئەو دەڤەرەو بە تایبەتی هۆزە دیارەکانی وەک بەنو نەزیرو بەنو قونەیقاعی جولەکە خەریکی پلان و کاری نابەجێ و دوژمنکاریی بوون لە دژی پێغەمبەرو ئایین و سوپای ئیسلام و دەستیان کردووە بە پەیمان شکێنی لە دژی پێغەمبەرو ئاینی ئیسلام . عەڕەبەکانی ئەو دەڤەرەش هەژاریی تینی پێ هەڵچنیبوون و لە فرسەتێک گەڕاون کە جولەکە دەرپەڕێنن و مڵک و ماڵ و سەروەتیان بەسەرخۆیاندا دابەش بکەن. بەهانەکە دەست دەکەوێت و شەڕی ئیسلام و جولەکە لەوێوەو لەو شوێنەوە دەستی پێکرد.
شەڕەکەی ئیسلام و جولەکە لە نێو مەدینەدا بە کوشتنی سەدان جولەکەو دەست بەسەراگرتنی سەروەت و سامانی تەواوی جولەکەی ئەو ناوچەیەو دەرپەڕاندنیان لە تەواوی نیوەدوورگەی عەڕەبیدا کۆتایی هات. ئێستا بە چراوشەدایان ئەگەربگەڕێی لە جولەکەیەک یان ماڵە جۆلەکەیەک یان شوێنێکی خوداپەرستنی جولەکە لە نێو نیوە دوورگەی عەڕەبیدا نایدۆزیتەوە! وە ئەگەر ماڵە جولەکەیەکیش یان تاکە جولەکەیەکیش مابێ و خۆی حەشاردابێ، ناتوانێت بڵێت من جولەکەم!
بە پێی مێژووی عەڕەب و جولەکە دەبێ ئەو دوانە لەیەک خێزانەوە گەشەیان کردبێ و باپیرەی هەردووکیان ئیبڕاهیمی پێغەمبەرەو گوایە ئەو دوو لایەنە ئامۆزای یەکترن! شەڕی ئامۆزاکان دەمێکەو مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە. جا ئەگەر ڕاستەوخۆ بە یەکتری نەوێرابن ئەوا ئایینیان لە دژی یەکتر بەکار هێناوە. وە هەر کاتێکیش ئایین و خودایان تێکەڵاو بە کێشەکە کردبێ حەتمەن خەڵکی ترو ڕەگەزی ترو نەتەوەی ترو وەڵاتی تریشیان بەخۆوە کێش کردووەو ئەوانیشیان بە خۆوە گرفتار کردووە. وەک و کە ئێستا دەیبینین هەموو موسڵمانانی جیهان، کەمێکی لێ دەرچێت، دژە جولەکەیەو جولەکەی خۆش ناوێت. ئەمە لە کوێوەوە سەرچاوەی گرتووە؟ موسڵمانانی جیهان کە ژمارەیان لە سەروی ملیارێکەوەیە بە سەدان ملیۆن لەو ژمارەیە هەیە و ئامادەیە کە ئەگەر جولەکەی بۆ هەڵکەوێت و بزانێت تووشی گرتن و کێشە نابێت بۆی هەیە ئازارو زەرەری پێبگەێنێت.
هەندێک گێڕانەوەی ئیسلامی و حەدیسی پێغەمبەری ئیسلام هەن کە زۆر تووندو تیژن لەبەرامبەرجولەکەدا. جولەکە بە مەیمون و بەراز دەچوێنن ..تەنانەت حەدیس هەیە کە پێی وایە ڕۆژی قیامەتێ ئەو کاتە دێت کە هەموو موسڵمانێک شەڕی جولەکە دەکات و وای لێدێت کە بەردو داریش جولەکە وەخۆ ناگرێت و ئەگەر جولەکەیەک لە بن قەدی دارێک یان بن بەردێک خۆی لە ترسی موسڵمانێک حەشاردابێت ئەوا بەردەکە یان دارەکە هاوار دەکاو دەڵێت: وەرە ئەی موسڵمان ئەوە جولەکەیە لە بن من خۆی شاردۆتەوەو بیکوژە!
هەردووک ئامۆزا خۆیان بە گرنگ و لە پێشتر دەزانن بۆ خوداو لای خودا. جولەکە دەڵێ من گەلی هەڵبژێراوی خودام (شعب اللە المختار) وە هەروەها دەڵێت ئەو خاکە واتە خاکی ئیسڕائیل خاکی منەو خوا بەڵێنی بە من داوە کە داویەتی بە من! عەڕەبیش دەڵێت ئێمە باشترینین لە هەموان . ئەوەتە خوا دەفەرموێت : (کنتم خیر أمة أخرجت للناس تامرون بالمعروف و تنهون عن المنکرو تومنون باللە) ئالی عمران١١٠ واتە ئێوە چاکترین کۆمەڵن لە ناو مەردمی دنیادا سەرو هەڵدا، فەرمان بەچاکە دەکەن و ڕێ لە ناڕەوا دەبەستن و باوەڕیشتان بەخوا هەیە.(قورئانی پیرۆز.هەژار موکریانی)
ئەو فشارو تین بۆهاتنەی جولەکە لە لایەن موسڵمانانەوە لە سەرەتای سەرهەڵدان و گەشەکردنی ئیسلام لە نیوە دورگەی عەڕەبیەوە و پاککردنەوەی تەواوی دەڤەرەکە لە جولەکە، هەروەها دەست بەسەرداگرتنی ماڵ و مڵک و سەروەت و سامان و تەنانەت هەندێک ڕیوایەت هەیە کە هۆزی بەنونەزیری جولەکە کچ و ژنەکانیشیان بە کەنیزە براون. لە لایەکی تریشەوە عەڕەب زۆر بە کەمی ڕێگەی بە بوونی نەک هەر جولەکە بەڵک و مەسیحیەکانیش داوە کە لە ژێرسایەی دەوڵەتەکەیاندا بە ئازادانە بژین بێ ئەوەی جزیە بدەن! جزیەدانەکەشیان دەبوایە بە شێوەیەک بدابایە کە ملکەچیی تێدا ببینرایە! بە بڕوای من، ئەمە وای لە جولەکە کرد کە بیر لە تۆڵە بکاتەوەو لە هەلێک بگەڕێت بۆ ئەوەی تۆڵە لە ئامۆزاکەی بکاتەوە!

موسڵمان و مەسیحی هەردوکیان دوژمنایەتیی جولەکەیان کردووە!

وەک کە مێژوو باس دەکاو بە پێی گێڕانەوە ئایینیەکانی نێو جولەکەش گەلی جولەکە لە سەردەمی فیڕعەونەوە بە دەستی فیڕعەونیەکانی میسڕ قەتڵ و عام کراوە، لە عێڕاق بەدەستی بابلیەکان قەتڵ و عام کراوە، لە نێو فەلەستینیش دا واتا لە نێوخاکی ئیسڕائیلدا بەدەستی ڕۆمانەکان قەتڵ و عام کراون و دەرپەڕێنراون لەو دەڤەرەدا. هەروەها لە سەدەی ١٤ش دا لە نێوانی 1347 بۆ 1352ی زاییندا لە ئەوروپا بە دەستی جیهانی مەسیحیەوە جولەکە قەتڵ و عام کرا بە بەهانەی ئەوەی کە ئەو تاعونەی کە لە 40% ی خەڵکی ئەوروپای کوشت و بە 25 ملیۆن کەس مەزندە دەکرا کە بەزۆری لە ئەوروپای رۆژئاوادا ڕوویدا، خەتاکەی خرایە ملی جولەکەکان. جولەکە ئەو کات کون نەبوو سەری تێهەڵکاو لە هەموولایەکەوە دەکوژرا. دیسان هەر لەو خاکەداو لە نێو ئیسڕائیلدا جارێکی تر لە لایەن ئامۆزاکەیانەوە لە سەردەمی خەلافەتی عوسمانیداو بە سەرکردایەتی سەلاحدینی ئەیوبی جولەکە قەتڵ و عام کرایەوە. لە سەردەمی تازەشداو لە شەری دووەمی جیهانیدا بەدەستی نازیەکانی سەر بەهیتلەرو بە فەرمانی هیتلەر نزیکەی ٦ ملیۆن جولەکە لەناوبراو دەگوترێت کوورەی سوتاندنیان بۆ درووستکراوە.. بۆ نموونە ناوی چەند کامپیکی کۆکردنەوەی جولەکەکان کە بە کاپپی سوتاندن و کوشتن ناسرابوون، هەندێک لەوانە ئوشویتز، بێرکەناو، مەجدانێک، بێڵزێک و چەندین شوێنیتر بۆ کوشتنی جولەکەکان .
جولەکە وای لێهات وەک تۆوی نیسک بە جیهاندا بڵاوبوویەوە. شار نەما، وڵات نەما و نەتەوەش نەما بۆ جولەکە ببێتە شوێنی حەوانەوە و ژیان بە ئازادانە. بۆیە جولەکە کەوتە خۆ ، یەکتری گرت و بۆ خۆ پاراستن و لە پێناو مانەوەدا وەخۆکەوت و تینی دایە بەرخۆی و خۆی کردە هێز لە ڕێگەی ئابووریەوە، لە ڕێگەی سیاسییەوە، لە ڕێگەی زانست و تەکنۆلۆژیاوە توانی خۆی بکاتە ڕەقەمێکی قورس و دیار لە جیهاندا.

درووستبوونی دەوڵەتی فەڕمی ئیسڕائیل

پێش ساڵی 1947 جولەکە بە ژمارەیەکی دیار بوونی هەبوو لە ئیسڕائیلی ئێستاو لەگەڵ عەڕەبی موسڵمانی فەلەستینی و عەڕەبی مەسیحی فەلەستینی لە نزیک یەک و بە یەکەوە دەژیان بەڵام هەمیشە جار جارە لە یەکیان دەمڕاندو زەرەریشیان بەیەک دەگەیاند. بەڵام لەیەک مڕاندنەکە نەدەگەییشتە ئەو پلەیەی کە لە بەر یەکتر ڕابکەن و وەڵات لە ترسی یەکتر بەجێبهێڵن!
لە ساڵی 1921 وە کە ئیتر سەردەمی دەسەڵاتی بەرەی هاوپەیمانان بوو، بەرەی ئەڵمانیاو دەست و پێوەندو هاوپەیمانەکانی ئەڵمانیا لە شەری یەکەمی جیهانیدا دۆڕان و لە ئەنجامدا ئەودەوڵەتانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی خەلافەتی عوسمانیدا بوون هەر بە نەمانی خەلافەتی عوسمانی ئەوانیش سەربەخۆییان وەرگرت و کەوتنە ژێر ئینتیدابی دەوڵەتانی ئەوروپاوە بە تایبەتی فەرەنساو بەریتانیا.
فەلسستینش لەو هاوکێشەیە بەدەر نەبوو هەر بۆیە ئەویش کەوتە بەرئینتیدابی بەریتانیاوە! ئینجا لەلایەن بەریتانیاوە جولەکەو عەڕەبەکانی فەلەستین بەڕێوە دەبران. هەر ئەو کاتەو لەو زەمانەشدا جولەکەو عەڕەبی فەلەستینی بە یەکەوە هەڵیان نەدەکردو پێک هەڵدەپڕژان. بۆ نموونە کوشتارەکەی شاری خەلیل کە موسڵمانەکان لە ساڵی 1941دا 67 جولەکەیان کوشت، هەروەها نەک هەر لە فەلەستین بەڵک و لە عێڕاقیشدا عەڕەبەکان لە جولەکە بەربوون و لە ناو بەغدادا دەستیان کرد بە دەرپەڕاندنی جولەکەو تاڵانکردنی سەروەت و سامانیان و هەر ئەو کات وشەی فەرهود واتە فر یهود واتە یەهود ڕای کرد هاتە ناو فەرهەنگی عەڕەبیەوە! ئیتر وشەکە کورت کرایەوەو بووبە فەرهود کە ئێستاش بۆ تاڵان و برۆ بەکاردێت! بۆیە هەر ئەوکاتە بیر لە دەوڵەتێک بۆ هەردووک لا کرایەوە.

ئەوە بوو لە ساڵی 1947 دەوڵەتێک بۆ جولەکەو دەوڵەتێکیش بۆ عەڕەبەکانی فەلەستین پێک هات و هەموولایەکیش پێی ڕازی بوون . بەڵام ساڵێکی پێنەچوو کە دەوڵەتە عەڕەبیەکانی دەوروبەر هەستیان کرد گۆڵیان لێکراوەو نەیان دەویست دەوڵەتێکی جولەکە لە لایەن ئامۆزاکەیانەوە لە تەنیشتیان و لە ناوجەرگەی ئەواندا بوونی هەبێ، بۆیە کەوتنە ناڕەزایی و تا وای لێ هات شەڕیان لە دژی ئیسڕائیل دەست پێکرد لە ساڵی ١٩٤٨. لەو شەڕەشدا لەباتی قازانجی تێدا بکەن وەک ئەوە وابوو بۆ ڕیش چوبوون بەڵام سمێڵیشیان دانان.
لەو شەڕەی 1948دا کە عەڕەبەکان بە تێکڕاو گەلەکۆمی هێرشیان کردە سەر ئیسڕائیل و لە گەڵ ئەوەشدا کە ئاینی ئیسلامیان لەو شەڕەدا لە دژی جولەکە بەکارهینا، بەڵام نەک هەر نەیان توانی ئامۆزاکەیان دەرپەڕێنن بەڵک و هەندێک خاک و شاریشیان لەدەستدا بۆ نموونە غەزەو بانووی ڕۆژئاوا کە لە 1947 وە درابوو پێیان. ئیتر ئیسرائیل نەچووە دەر لەو شارانەو کردنی بە هی خۆی، چونکە وەک غەنیمەی جەنگ حسابی بۆکردن و لە ئەنجامی شەڕدا دەستی کەوتن.
لە ساڵی1967 جارێکی تر عەڕەبەکان هێرشی گەلەکۆمەکییان کردە سەر ئیسڕائیل و دیسان ئایین و مەسەلەی قودس و وەقفی موسڵمانانیان بەکار هێنا، بەڵام ئەو جارەش نەک هەر نەیان توانی هیچ دەستکەوتێکیان هەبێ، بەڵک و ئەو جارەش لە باتی دەستکەوت زەرەریان بە کێشەی عەڕەبەکانی فەلەستینیش گەیاندو ئەو جارەش نەک هەر نەیان توانی یەک بست لە خاک بۆ خۆیان لە بن دەستی جولەکە بێننەدەر بەڵک و دیسان وەک جارەکانی ترخاکیان لەدەستدا. بۆ نموونە بیابانی سینای میسڕو بەرزاییەکانی جۆلانی سوریاشیان لەدەست چوو. کە پێش شەڕەکە هی خۆیان بووبەڵام لە دواییدا ئیسڕائیل لە بەرامبەر ئەوەی دەوڵەتی میسر لە سەردەمی ساداتدا ئیعتیراف بە دەوڵەتی ئیسڕائیل بکا ئەوانیش بیابانی سینایان پێبدەنەوە واتە زەوی لە پێناو ئاشتیدا. ئەوەبوو میسر دانی نا بە دەوڵەتی ئیسڕائیلدا لەبەرامبەر ئەوەی کە ئیسڕائیل بیابانی سینا بداتەوە بە میسر. دیسان لە ساڵی 1973 دا بە هەمان شێوە عەڕەبەکان کردیان و ئەو جارەش سەرکەوتنیان بەدەست نەهێناو ئیتر وازیان لەو شێوە گەلەکۆمەکیە هێناو دەرسیان وەرگرت، بەڵام تاک و تەراو یەک یەک و لە ڕێگەی گرووپ و ئەحزابی ئایینیی و جیهادییەوە وازیان هەر نەهێناو ئێستاش هەر بەردەوامن.

ئایا ئەوەی حەماس دەیەوێت و شیعارو ئامانجیەتی دەتوانرێت بهێنرێتە دی؟

حەماس دەوڵەتی فەلەستینی ناوێت بە تەنها، حەماس دەیەوێت تەواوی جولەکەی جیهان لەناوبەرێت، حەماس ئەو ئامانجەی خۆشی لە دەستوری خۆیدا جێگیرکردووە. حەماس هیچ کەس و هیچ دەوڵەتێکی عەڕەبی و هیچ حیزب و ڕێکخراوێکی عەڕەبی نێو فەلەستین و دەرەوەی فەلەستینیش بە نوێنەری فەلەستینیەکان نازانێت بێجگە لە خۆی و خۆشی بست بە بستی خاکی فەلەستین و ئەوەی ئێستاش جولەکە تێیدایە دەیەوێتەوە و دەبێ جولەکە لەناو بچێت.

تۆ بڵێی فەلەستینیەکانیش هەر ئەوەیان بوێت؟
ئایا هەبوونی دوو دەوڵەتی جولەکەو عەڕەبی فەلەستینی بە تەنیشت یەکەوە کارێکی ژیرانەیە؟

هەندێک پێیان وایە بوونی دوو دەوڵەت یەکیان هی فەلەستینیەکان بێت بەڵام بەسەرپەرشتی حەماس و ئەوەی تریشیان هی جولەکە بێت بە تەنیشتی یەکەوە کارێکی کردە نیە. چونکە ئەو دوولایەنە مەحاڵە بگونجێن لەگەڵ یەکتری و مەحاڵە بە تەنیشتی یەکەوە وەک هاوسێی باش هەڵبکەن! حەماس داوای سڕینەوەی جولەکەو ئیسڕائیل دەکات و نایەوێت بوونیان هەبێ. ئەدی ئەگەر حەماس دەوڵەتی لە ژێردەستدا بێت و لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە دانی پێدا بنرێت و هێزی نێو دەوڵەتیی و هەرێمیی پەیدا بکات، دەبێ چی لە جولەکەو ئیسڕائیل بکات. جولەکەکان دەڵێن دواڕۆژمان باشتر نابێت لە هۆزەکانی ئەو کاتی ناو مەدینە لە سەردەمی سەرهەڵدانی ئیسلامدا.

ئەو شەڕەی ئێستای حەماس و ئیسڕائیل!

لە بەرەبەیانی زووی ئۆکتۆبەری ٧ی 2023 دا حەماس بە پلانێکی تۆکمەو لە پێشدا داڕێژراو ئیسڕایلی شۆک کردو بە هەزاران ساروخی لە ئیسڕائیل گرت و بە هەزاران چەکداری خۆکوژیشی ناردە ناو ئیسڕائیلەوەو بە سەدان کەسی لە جولەکە بە بارمتە هێنایە ناو شاری غەزەوەو بە هەزارانیشی لە جولەکە کوشت. ئەمەبۆ حەماس و فەلەستینیەکان سەرکەوتن بوو بەڵام بۆ دەوڵەتی ئیسڕائیل شکەست و بە 11ی سێپتەمبەری ئەمریکایان وێنا کرد.

حەماس بۆچی لەو سات و کاتەدا ئەو هێرشەی ئەنجامدا!

هەندێک لە لێکۆڵەرەوانی سیاسی و سەربازیی پێیان وایە حەماس کردەیەکی تیرۆریستی خۆکوژی وای لە دژی ئیسڕائیل ئەنجام داوە کە ئاخیرەکەی هەم زەرەرێکی زۆر بە کێشەی فەلەستین دەگەێنێت و هەم خەڵکێکی زۆری فەلەستینیشی تێدا دەچوێنێت و هەم شارەکەش بە یەکجاری بە وێرانکردن دەدات و هەم بۆ ئاخیری ئەگەر شەڕەکە بەردەوام بێت ئەوا ئەم کردەیە سەری حەماسیش دەخوات!
بە پێی هەندیک لێدوانی هەندیک بەرپرسی سیاسی حەماس و بە پێی بۆچوونی هەندیک سیاسەتمەداری هەریمی و نێودەوڵەتی و بە پێی هەندێک ڕاگەیاندنی جیهانی و هەرێمی گوایە حەماس بە دەست لەپشتدانی بەرەی ڕووسیا ئەو کارەی ئەنجامداوە. بۆیەش ئەوکارەی ئەنجامداوە بە چەند مەبەستێکەوە:
یەکەم: بۆ ئەوەی ئەو فشارە سەربازیەی کە لە لایەن ناتۆوە لە سەر ڕوسیایە لە بەرەی ئوکڕانیاوە لەسەری کەم بکرێتەوە، ئەویش بە کردنەوەی بەرەیەکی تری شەر بۆ ناتۆ لە شوێنێکی تر. کە لە فەلەستین و کێشەی فەلەستینیان باشتر پێ شک نەهاتووە. ئێستا ئەمریکا کە سەری مارەکەیە بە لای بەرەی ڕوسیاوە ڕاستەوخۆ لەوشەڕەی نێوان حەماس و فەلەستین تێوەگلاوەو سەرقاڵیان کردووە!
دووەم : وەڵاتانی عەڕەبیش هەندێکیان دانیان بە دەوڵەتی ئیسڕائیلدا هێنابوو، سەفارەتی ئیسڕائیل لە نێویاندا بە ئازادانە دامەزرابوو، پەیوەندی سیاسی و بازرگانی لە نێوانیاندا بە ئاشکرا دەستی پێکردبوویەوە. هەر بۆ ئاسایی کردنەوەو دان نان بە ئیسڕائیلدا هەندیک دەوڵەتی عەڕەبی تریش لەسەرەدا بوون بۆ ئەوەی ئەو کارە بکەن، لە نێویاندا سعودیە بوو. ئاسایی بوونەوەی پەیوەندی نێوان جیهانی عەڕەبی و ئیسڕائیل بۆ ئێران وەک گورزێکی کوشندە بوو، بۆیە ئەوەی پێ هەرس نەدەکراو دەیزانی بە تەنیا دەمێنێتەوە لە ناوچەکەداو دوایی قوتدانی ئاسان دەبێت، بۆیە ئەم دۆخەیان قەوماند.

ئەم شەڕەی نێوان حەماس و ئیسڕائیل وای کرد کە وەڵاتانی عەڕەبی و جیهانی ئیسلامی یەک بگرن جا با بە ڕواڵەتیش بێت. بە هۆی ئەم شەڕەی نێوان حەماس و ئیسڕائیل، ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی نێوان ئیسڕائیل و وەڵاتانی عەڕەبی بە تایبەتی لەگەڵ سعودیە زۆر پاشەکشەی پیکرا، ئەمەش بە پلەی یەکەم لە بەرژەوەندی حەماس و ئێراندایە.
لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم کە من لایەنگری مافی هەردووک گەلی عەڕەبی فەلەستینی و گەلی جولەکەشم لەو ناوچەیەدا. من پێم وایە هەردووکیان لەو ناوچەو دەڤەرەدا بوونیان هەبووەو پێکەوە ژیاون و بە تەنیشتی یەکەوەبوون، هەردووکیان، وەک دەگوترێت، لە یەک بەرەبابن و تا ڕادەیەک ئامۆزای یەکتریشن، هەردووکیان خاوەنی ئایین و کتێبی ئاسمانین، هەردوکیان پێغەمبەری خۆیان هەیەو هەردوکیشیان مێژوویەکی دوروودرێژیان هەیە . کەواتە لەو ڕووەوە هەردووک دەبێ مافیان لێزەوت نەکرێت.
بە بڕوای من، دەرەوەی هەردووک گەلی جولەکەو عەڕەبی فەلەستینی کاری کردۆتە سەر کێشەکەیان و لە لایەن دەوڵەتانی عەڕەبیی و هەرێمیی و نێودەوڵەتییەوە کێشەکەیان هەم بەلاڕێدا دەبرێ و هەم وایان ئاڵۆز کردوە کە چارەسەرکردنی زۆر وە زەحمەت کەوتووە.
چەندین گروپ و حیزبی جیهادی، ئیخوانی، سەلەفی، عیلمانی تاڕادەیەک ، هەروەها لیبڕالیش لە فەلەستیندا کاردەکەن و لەسەر هیچ شتێک ڕێک ناکەون! وەک چۆن دەوڵەتە عەڕەبیەکانیش هەر بەڕواڵەت و بۆڕاگەیاندنەکان یەکدیگیرییان پێوەدیارە، بەڵام هەر کە لە بەردەم کامێراکە دوورکەوتنەوە هەر دەوڵەتەی وەدوو بەرژەوەندی خۆی دەکەوێت . لەو نێوەدا بیری توندڕەویی و دژە جولەکەیی هەر بەرەو زیادبوون دەڕوا و لە ناو ئیسڕائیلیشدا بیری تونڕەویی و ڕاستڕەویی جولەکەو دژە فەلەستینی و دژە ئیسلامیی هەر بەرەو زۆربوون دەڕوا.
دەوڵەتە عەڕەبیەکان هەندێکیان زۆر دەستیان وەرداوەتە کێشەی فلەستینیەکان و زۆر وەزەحمەتیان خستووەو کێشەکە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاردێنن نەک بۆ بەرژەوەندی فەلەستینیەکان. بۆیە هەندێکیان نایانەوێت ئەوکێشەیە چارەسەر ببێت و دەیانەوێت لەوناوچەیەدا ئەم شێوە کێشەیە هەر بمێنێت.
حەماس و هاوشێوەی حەماس داوای سڕینەوەی ئیسڕائیل و لەناوبردنی جولەکە دەکات. جولەکەی جیهان یەک بە یەک هەمووی ئەوە دەزانن. بۆیە جولەکە هەتا بۆی بکرێت و لە توانایدا بێت خۆی بۆ ئەوە تەیارو ئامادە دەکات کە ئامۆزا عەڕەبەکەی نەتوانێت ئەو ئامانجەی وەدی بهێنێت. هەر بۆیەش ئێستا جولەکە خاوەنی گەورترین چەک و تەکنەلۆژیایەو تەنانەت خاوەن تەرسانەی چەکی ئەتۆمیشە، لەبەرامبەردا فەلەستینیەکان و عەڕەبەکان بەگشتی و ئومەتی ئیسلامی بە شێوەیەکی گشتی بێجگە لە پاکستان ئەویش بۆیان درووست کرد تا لەبەرامبەر هیندوستاندا ڕای بگرن چەکی ئەتۆمی هەیە ئەوانەی تر نیانە.
چەندین جارعەڕەبەکان بە گەلەکۆمی خۆیان تاقی کردەوە کە جولەکە ئەو کات چەکی ئەتۆمیشی نەبوو، وەک ئێستاش خاوەن تەکنەلۆژیای بەهێزو پێشکەوتوو نەبوو، وەک و ئێستا خاوەنی ئابووری سەربەخۆی بەهێز نەبوو جا ئەو کات عەڕەبەکان نەیان توانیبێت ئیسڕائیل لە ناو بەرن، چۆن ئێستا کە ئیسرائیل خاوەنی ئەو هەموو پێشکەوتن و چەک و تەکنەلۆژیاو چەکی ئەتۆمی و سوپایەکی بەهێزی مەشقپیکراو هەروەها پشتیوانی نێودەوڵەتی بەتایبەتی ناتۆ چۆن دەتوانرێت لە ناوببرێت. ئیسڕائیل 163 دەوڵەت دانی پێداناوەو وەک دەوڵەت ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆیە لە ناو ناچێت و ئامانج و شیعاری حەماس بۆ لە ناوبردنی ئیسڕائیل کاریکی کردە نیەو دوورخستنەوەی فەلەستینیەکانیشە لە چارەسەرکردنی کێشەی خاکیان!
بۆیە بە بڕوای من، باشترین چارە ئەوەیە هێزێکی عیلمانی سێکیولاری نا دینی نێو فەلەستین جڵەوی کارەکە بگرێتە دەست و کێشەکە چارە بکات، بەڵام گەندەڵێکی وەک یاسرعەڕەفات نەبێ کە ئێستا سەدان ملیۆن دۆلار لای ژنەکەیەتی کە وەختی خۆی لە کۆمەک و خێراتی ئەم لاو ئەولا کە بۆ خەڵکی فەلەستین هاتووە وەلای ناوەو ئێستا خەڵکی فەلەستین سفر بەدەستەوە ماون. حەماس و سەرکردەکانی حەماسیش لەو باشتر نابن و نین!

———————————

بۆ ئەو نووسینە سوودم لەم سەرچاوانەی خوارەوە وەرگرتووە:

قورئانی پیرۆز وەرگێڕانی مامۆستا هەژار موکریانی
بەدواداچوونەکانی أخ رشید لە یوتیوب و ئەکاوەنتی تایبەتی خۆی لە سەر شەڕی حەماس و ئیسڕائیل!
The Israeli solution book by Caroline B. Glick
The covenant of the Hamas, main points at: https://irp.fas.org/world/para/docs/880818a.htm
https://encyclopedia.ushmm.org/content/en/article/the-farhud
https://momentmag.com/why-were-jews-blamed-for-the-black-death/




حەماس ئاوا غەزەی بەڕێوە برد؟.. عەلی مەحمود محەمەد

ئەم جەنگە بۆ حەماس و لیكۆد شەڕێكی باش بوو, چونكە لە بەرنامەی هەردولایاندایە یەكتری تەواو بكەن, حەماس هەموو جوو, لیكۆدیش حەماس و جیهاد, راگەیاندنی جەنگ لە 7ی ئۆكتۆبەر دەرگاكەی كردەوە بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەی دوورو نزیكەكانیان, تاكتیك و ستراتیجییەكانیان, سەرباری شەڕی هەردوولایان لەگەڵ عەلمانیەكان ناوخۆیان, بەم جەنگە هەموو دەرگایەكیان لەبەردەمیان داخست, مرۆڤایەتییان پەراوێز خست, تا ئاستی ئەوەی وەك خائین سەیر بكرێن, لایەنگرانی تیۆری ململانێی شارستانیەتەكانیش وەك ئەوەی هەنگوینیان لە كونە دارا دۆزیبێتەوە بانگەشەی دروستی بۆچوونەكەیان دەكەن بەوەی جەنگەكە ئاینییە, ئەوان هەموو روداوەكان تەنها لەرۆژی 7ی ئۆكتۆبەر دەبیننەوە, نەك مانگەكەی دواتر كە زیاتر لە 10 هەار كەسی بێتاوان بوونە قوربانی وێڕای ئابلوقەی ئابووری بڕینی ئاوو كارەبا لە هاوولاتیانی كەرتی غەزە.
جەنگەكە یەك پاكێجە 7ی ئۆكتۆبەر كە لە چەند كاژێرێك 1400 كوژراوو 250 دیل كە قوربانییەكان زۆرینەیان خەڵكی سڤیلن, وە پاكێجی دووەم سزا دانی خەڵكانێك بە كۆمەڵكوژی و ئابلووقەی ئابووری پەیوەندییان بە حەماسەوە نییە, هەردوو تاوانەكەش دەچێتە چوارچێوەی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی تا ئاستی جینۆساید, نكۆڵی كردنیش لێیان بۆخۆی تاوانە.
عوفەر كسیف پەرلەمانتارێكی چەپی جووە رەخنەی گرت لە جەنگ, 45 رۆژ لە پەرلەمان سڕ كرا و 14 رۆژیش موچەكەی بڕا, كەواتە تەنها گوێ لە كەڕەناكانی جەنگ دەگیرێت.
پێش ئەم خولەی جەنگ 43%ی هاوولاتیانی ئیسرائیلی بوونی دەسەڵاتێكی فەڵەستینییان بە قازانج دەزانی, تەنها 13% دژ بوون 1 , لە بەرامبەردا 54%ی فەڵەستینیەكان پێچەوانەی حەماس لەگەڵ چارەسەری دوو دەوڵەتن لە پاڵ یەكتر بۆ فەڵەستین و جوو 2 , ئێستا بەهۆی فەزای جەگ و رژانی خوێنەوە ئەم راپرسییانە بە قازانجی هەردوو پارتی راستڕەوی فاشستی حەماس و لیكۆدو هاوپەیمانەكانی گۆڕاون, خوێن هەلی عەقڵی نەهێشتووە, با بزانین بە راستی خەڵكی غەزە شایانی ئەم سزادانە بە كۆمەڵەن لە برشی تاوانەكانی 7ی ئۆكتۆبەر؟.

حەماس و هەڵبژاردن
حەماس لە ساڵی 1996 بەشداریكردنی لە هەڵبژاردن رەتكردەوەو بە حەرامی زانی, بەڵام كاتێك لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە ساڵی 2005 سەركەوتنی بە دەست هێنا, 33,5% ی دەنگەكانی هێنایەوە 3, ساڵی دواتر لە 2006 بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەڵەستینی كرد, ئەوەش بووە دوا هەڵبژاردن بۆ خەڵكی غەزە.
لەو كاتەوە بۆ هەنووكە هەژدە ساڵە تەنانەت هەڵبژاردنی پۆلێكی قوتابخانە, گوند و یانەیەكیش لە كەرتی غەزە نەكراوە, هەرچەندە لەو هەڵبژاردنەی شارەوانییەكان فەتح لە كۆی 8 شارەوانی 5ی بردەوە, واتا غەزەش هێلكەی پاككراو نەبووە بۆ حەماس.
لە رێكەوتی 25-1-2006 دوا هەڵبژاردنی پەرلەمان لە فەڵەستین بە هەردوو كەرتەكەیەوە لێواری رۆژئاواو كەرتی غەزە كرا, حەماس 44,45%ی دەنگەكان و 74 كورسی بەدەست هێنا, فەتح 41,43%ی دەنگەكان و 45 كورسی هێنایەوە لە كۆی 132 كورسی پەرلەمانی فەڵەستین.
لە ئەنجامدا حەماس لە رێكەوتی 29-3-2006 حكومەتی بە تەنها پێك هێنا بەسەرۆكایەتی ئیسماعیل هنییە, بەهۆی نەدانی موچەوە لە ئەیلولی 2007 دا كەرتی گشتی مانگرتنی گشتی راگەیاند, كێشەو ئاڵۆزی لە گەڵ فەتح درووست بوو, چونكە حەماس نەیتوانی موچەیان دابین بكات, لە رێكەوتی 8-2-2007 رێككەوتن حكومەتی ئیتلافی لە نێوان فەتح و حەماس پێك بهێنن, لێ لە رێكەوتی 14-6-2007 حەماس دەستی بەسەر تەواوی كەرتی غەزەدا گرت, دوا تەڵە موی پەیوەندی نێوانیانی پچڕی, رۆژی دواتر مەحمود عەباس تاك لایەنە سەلام فەیازی كردە سەرەك وەزیران, لەوكاتەوە دوو ئیدارەیی دەستی پێكرد, بەلام بێ دەرگەڵە چوونكە دووری نێوانیان 115 كیلۆمەترە.
لە رێكەوتی 11-12-2021 و 25-3-2022 هەڵبژاردنی شارەوانی لە كەرتی لێواری رۆژئاوا ئەنجامدرا, حەماس نەچووە ناو كایەكەوە.
بە پێی راپرسییەكان پێش روداوەكان 7ی ئۆكتۆبەر 63%ی هاووڵاتیانی فەڵەستینی داوای گۆڕینی سەركردایەتی فەڵەستینی دەكەن تا چالاكترو كەمتر گەندەڵ بێت, واتا زۆرینە رازی نین لەوانەی حەماس و فەتح , 65%یش داوا لە حەماس و فەتح دەكەن هەڵبژاردنی ئازاد و پاكژ ئەنجام بدەن 4,
بەلام حەماس ئەو مەقولەیەی سەلماند كە لایەنێكی ئیسلامی لە هەڵبژاردن سەر بكەوێت دەبێتە دوا هەڵبژاردنی ولات.
حەماس رێگای نەداوە خەڵك راپرسی لەسەر شێوازی حوكمڕانییەكەی بكەن, تا بزانن لە دەرەوەی راپرسی چۆن وەڵامی دەدەنەوە, هەرچەندە پێویستە ئەوە بزانین لە ماوەی ئەم هەژدە ساڵەی دەسەڵاتداری حەماس هەژاری, بێكاری زیادیان كردووە, دادپەروەری نەبووە, ئازادی بڤە بووە, زانست و پیشەسازی وێران بوونە, ئابووری داتەپیووە….

بودجەی كەرتی غەزە

بودجەی حكومەتی حەماس لە كەرتی غەزە تەنها 630 ملیۆن دۆلار بووە لە ساڵی 2011 , لە ساڵی 2012 زیادی كردووە بووە بە 769 ملیۆن دۆلار, واتا بە ئەندازەی 1 مانگی موچەی هەرێمی كوردستان.
زۆربەی پارەداركردنی كارگێڕی حكومەتی كەرتی غەزە هاوكاری دەرەوەیی بە تایبەت ئێران, قەتەر, توركیا و ئەمەریكا, یەكێتی ئەوروپا, جامیعەی عەرەبی و رێكخراوەكان دەیكەن, ئێران سالانە نزیك 300 ملیۆن دۆلاری داوە بە حەماس, ئەردۆگانیش هاوكاری كردووە نموونە لە ساڵی 2012 بە 300 ملیۆن دۆلار بەشداری بودجەی حكومەتەكەی حەماسی كردووە.
لایەنێنێكی دیكە لە داهاتی حكومەتی حەماس لە كەرتی غەزە ناردنەوەی پارەی پەنابەرانە بۆ ناوەوە كە نزیك 20%ی خەڵكەكەی لەسەر دەژێت, تەنانەت دابینكردنی بودجە زەكات و پشكی خێرەومەندانیش لە ناوخۆو دەرەوەی تێ دەكەوێت 5.
دوو سەرچاوەی دیكەش بۆ داهات هەیە لە كەرتی غەزە ئەویش 18500 كرێكاریان لەناو ئیسرائیل كاردەكەن موچەكانیان باشە.
كەرتێكی دیكەی ئابووری قاچاخچێتی ناو نەفەقەكانە لە سیناوە بۆ ناو كەرتی غەزە, دیارە كۆڵبەرەكان زۆرینەیان بە مەحسوبیەت لەو جێگایە داندراون لە قاچاخچییە دەسترۆیشتووەكانی حەماسەوە نزیكن, لێرە حەماس سالانە لە 300 ملیۆنەوە بۆ نیو ملیار دۆلار داهاتی دەست دەكەوێت.

ئیدارەی ئابووری حەماس

بە پێی ئاماری رێكخراوی ئۆنكتادی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان داهاتی تاك لە كەرتی غەزە نیوەی لێواری رۆژئاوای حكومەتەكەی فەتحە, رێژەی بەشداری كەرتی پیشەسازی لە بەرهەمی نەتەوەیی تەنها 8% ە, واتا بۆ نیوەی پێش كودەتای حەماس دابەزیووە, بەشداری كەرتی كشتوكاڵیش لە كۆی بەرهەمی نەتەوەیی لە 9% ەوە بۆ 5% دابەزیووە, واتا رێژەی هەردوو كەرتی بەرهەم هێنی ئابووری پیشەسازی و كستوكاڵ جێگای حەسودی نییە و وێران كراون لە لایەن دەسەڵاتدارێتی حەماسەوە, هەرچی پشكی كەرتی غەزە لە كۆی ئابووری قەوارەی فەڵەستینی لە نیوەوە بۆ چارەكی كۆی ئابووری فەڵەستین دابەزیوە.
ئەمە سەرباری ئەوەی 60%ی كارەبای غەزە لە ئیسرائیلەوەیە, تەنانەت كارەبای ئەوەی نییە بۆ دابینكردنی پاككردنەوەی ئاو بەكاری بهێنێت بۆ هاوولاتیانی 6.
بە گشتی داهێنانی حەماس تەنها لە لێدانی تونێل لە ژێر زەوی كە گەیشتۆتە 500 كیلۆمەترو خۆ پڕ چەك كردن بووە.
ئیسرائیل دوای ئەم جەنگە غەزەش بۆ حەماس جیچ بهێلێت, بە دەیان ساڵی دیكە ناتوانێت تەنها چیمەنتۆ بۆ چاككردنەوەی خانووە روخاوەكان دابین بكات, كە بە كۆڵ لە تونێلەكانەوە لە میسرەوە هاوردە دەكرێت.

ئەدی ژیانی هاووڵاتیانی غەزە
حەماس ژیانی خەڵكی غەزەی وێران كرد, لە ساڵی 2022 ەوە زیاتر لە نیوەی هاوولاتیانی غەزە بە پێی وتەی رێكخراوی فاوی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان ئاسایشی خۆراكیان نییە.
رێژەی هەژاری لە كەرتی غەزە 53% یە, بەڵام لە كەرتی لێواری رۆژئاوا, ئەو بەشەی لە ژێر دەستی فەتحی عەلمانییە 13,9%ەیە, هەروەها 33,7% ی هاووڵاتیانی كەرتی غەزە زۆر هەژارن, بەلام لە كەرتی لێواری رۆژئاوا ئەو رێژەیە تەنها 5,8%ە 7.
هەروەها 83%ی كرێكاران لە كەرتی غەزە بە كەمتر لە لانی كەمی كرێ كار دەكەن, كە 520 دۆلارە لە مانگێك 8.
زۆرجار كرێی كرێكاران ئەوەی وەریدەگرن نیوەی لانی كەمی كرێیە بە كاژێری كاركردنی زیاترەوە 9 .

ئەمە لە كاتێكدایە لانی كەمی كرێ لە وڵاتی ئیسرائیل مانگانە 1400 ئیرۆیە, بۆ ساڵی داهاتوو دەبێتە 1600 ئیرۆ 10.
هەروەها بۆ دەرچووان و گەنجان و ژنان كێشەكە زۆر قورسترەو رێژەی بێكاری لە ناویان زۆر زیاترە, 74%ی دەرچووانی زانكۆ لە كەرتی غەزە بێكارن 11.

ئازادییەكان

لە ساڵی 2011 عەبدالەتیف موسا ئیمارەی ئیسلامی لە رەفەح دامەزراند, حەماس پەلاماری دان و ئەمیرو نۆ لە ئەندامانی كوشت. پەلاماری جند ئەنساراللەی سەر بە قاعیدەی دا و 22 ی لێكوشتن, پەلاماری جیهاد و تەوحیدی سەر بە داعشی دا لە ساڵی 2015, ئەمانە هەموو هاوئاوازی بن بەم شێوەیە مامەڵەیان لە گەڵدا بكات دەبێت بەرامبەر بە فەتح و لایەنە چەپگەراكان و ژنان و خەڵكی دیكە چی بكات؟؟.
پەروەندەی حەماس لە بەرامبەر ئازادییەكان و رۆژنامەگەری پەروەندەیەكی رەشە, بە پێی راپۆرتەكان 12.

دوا راپرسی بۆ حەماس كارەسات بوو

رۆژێك پێش 7ی ئۆكتۆبەر تۆڕی بارۆمیتەری عەرەبی بە هاوكاری ناوەندی فەڵەستینی بۆ توێژینەوەی سیاسی و گۆڤاری فۆرین ئەفیرەزی ئەمەریكی بە پشتیوانی سندوقی نیشتمانی ئەمەریكی بۆ دیموكراتیەت راپرسییەكیان ئەنجامدا , راپرسییەكە راستەوخۆ و رووبەڕو ئەنجامدراوە, لە ئەنجامدا دەركەوت زۆربەی هاووڵاتیانی كەرتی غەزە باری ئابوورییان خراپە بەهۆی دەسەڵاتی خراپی حەماس, 44%یان هیچ متمانەیەكیان بە حەماس نییە , لە بەرامبەردا 29% یان زۆر متمانەیان بە حەماسە, 72%یان پێیان وایە گەندەڵی لە دەسەلاتی حەماس هەیە, هەروەها زۆرینەی هاووڵاتیانی غەزە ئایدۆلۆجیای حەماس رەت دەكەنەوە,
بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی قەوارەی یەكگرتووی فەڵەستینیش مەروان بەرغوسی 32% و ئیسماعیل هەنییە 24% و مەحمود عەباس 21% ی دەنگەكان دەهێننەوە ئەگەر لەوكاتە هەڵبژاردن بكرابایە, مەروان بەرغوسی زیندانییە و سەر بە رێكخراوی فەتحە , هەروەها بە پێی ئامارەكە 78%ی هاوولاتیانی غەزە كێشەی دابینكردنی خۆراكی رۆژانەیان هەیە.
بە گشتی تەنها 27%ی هاووڵاتیان حەماس پارتی بژاردەیانە, لە ساڵی 2021 ئەو رێژەیە 34% بووە 13.
كەواتە 73%ی ئەو خەڵكەی لە غەزە ئەمڕۆ بوونەتە قوربانی نەك لایەنگرو دەنگدەری حەماس نین , بەڵكە بەشێكی نەیاری توندین, ئێستا لە جیاتی ئەو سزا دەدرێن, هەر 5 دەقە منداڵێكیان لێ دەكوژرێت, ئەوان پێشتر حەماس سزای سیاسی و برسیكردنی دابوون, ئێستا نەتەنیاهۆ.
لە كاتێكدا خەڵك لە بری حەماس سزا دەدرێن زۆرینەی مەكتەبی سیاسی حەماس و خێزانەكانیان لە دەرەوەی فەڵەستینن دەژێن بە تایبەت لە شاری دۆحە, بە هەردوو كەسایەتی یەكەم و دووەمیان خالد مەشعەل و ئیسماعیل هنییەو ماڵ و منداڵیان و 7 ئەندامی مەكتەبی سیاسییانەوە.
خالید مەشعەل لە ژیانی تەنها 3 رۆژ كەرتی غەزەی بینیوە, موسا ئەبو مەرزوق تەنها 5 رۆژ گەڕایەوە بۆ غەزە, كەچی بە وتارە ئاگراوییەكانیان هانی گەنجان دەدەن بۆ غەزاو جیهاد, ئەبو شادییە دۆستەكەی هەژاران كە رۆژانە شیرینی بەسەریان دابەش دەكرد دەبێتە قوربانی 14.

سەرچاوەكان:

1-https://qudspress.com/74775/

2-https://www.skynewsarabia.com/middle-east/1664946-%D8%A7%D8%B3%D8%AA%D8%B7%D9%84%D8%A7%D8%B9-%D8%B1%D8%A7%D9%94%D9%8A-%D9%87%D8%AC%D9%88%D9%85-%D8%AD%D9%85%D8%A7%D8%B3-%D8%B1%D8%A7%D9%94%D9%8A-%D8%A7%D9%84%D9%81%D9%84%D8%B3%D8%B7%D9%8A%D9%86%D9%8A%D9%8A%D9%86-%D8%A7%D9%84%D8%AD%D8%B1%D9%83%D8%A9%D8%9F
3-http://miftah.org/arabic/PrinterF.cfm?DocId=2967
4-https://www.washingtoninstitute.org/ar/policy-analysis/asttla-jdyd-llray-fy-aldft-alghrbyt-yuzhr-thwlaan-mn-alara-almttrft-lam-2020
5-
https://en.wikipedia.org/wiki/Governance_of_the_Gaza_Strip
6-https://carnegie-mec.org/2021/06/07/ar-pub-84696
7-https://pngoportal.org/post/25120/%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%B1%D9%83%D8%B2-%D8%A7%D9%84%D9%81%D9%84%D8%B3%D8%B7%D9%8A%D9%86%D9%8A-%D9%8A%D8%B5%D8%AF%D8%B1-%D8%AA%D9%82%D8%B1%D9%8A%D8%B1-%D8%A7%D9%84%D9%81%D9%82%D8%B1-%D9%81%D9%8A-%D9%81%D9%84%D8%B3%D8%B7%D9%8A%D9%86-%D9%85%D8%A4%D8%B4%D8%B1-%D8%B5%D8%B9%D9%88%D8%AF-%D8%A8%D9%84%D8%A7-%D8%AA%D9%88%D9%82%D9%81
8-
https://news.un.org/ar/story/2022/09/1111231
https://www.alaraby.co.uk/economy/%D8%AA%D8%AD%D8%B0%D9%8A%D8%B1-%D8%A3%D9%85%D9%85%D9%8A-%D9%85%D9%86-%D9%85%D8%B9%D8%AF%D9%84%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D9%81%D9%82%D8%B1-%D9%88%D8%A7%D9%84%D8%A8%D8%B7%D8%A7%D9%84%D8%A9-%D9%81%D9%8A-%D9%81%D9%84%D8%B3%D8%B7%D9%8A%D9%86
9-https://www.aa.com.tr/ar/%D8%A7%D9%84%D8%AF%D9%88%D9%84-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A8%D9%8A%D8%A9/%D9%8A%D9%88%D9%85-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D9%85%D8%A7%D9%84-%D8%A3%D8%AC%D9%88%D8%B1-40-%D8%A8%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%A6%D8%A9-%D9%85%D9%86-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D9%85%D8%A7%D9%84%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D9%81%D9%84%D8%B3%D8%B7%D9%8A%D9%86%D9%8A%D8%A9-%D8%AF%D9%88%D9%86-%D8%A7%D9%84%D8%AD%D8%AF-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D8%AF%D9%86%D9%89/2885141
https://www.independentarabia.com/node/255571/%D8%B3%D9%8A%D8%A7%D8%B3%D8%A9/%D8%AA%D9%82%D8%A7%D8%B1%D9%8A%D8%B1/%D8%A3%D8%AC%D9%88%D8%B1-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D9%85%D8%A7%D9%84-%D9%81%D9%8A-%D8%BA%D8%B2%D8%A9-%D8%A3%D8%AF%D9%86%D9%89-%D9%85%D9%86-%D8%A7%D9%84%D8%AD%D9%8A%D8%A7%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D9%83%D8%B1%D9%8A%D9%85%D8%A9
10-https://www.i24news.tv/ar/%D8%A3%D8%AE%D8%A8%D8%A7%D8%B1/middle-east/1679595252-%D8%A5%D8%B3%D8%B1%D8%A7%D8%A6%D9%8A%D9%84-%D8%B1%D9%81%D8%B9-%D8%A7%D9%84%D8%AD%D8%AF-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D8%AF%D9%86%D9%89-%D9%84%D9%84%D8%A3%D8%AC%D9%88%D8%B1-%D8%A8%D9%86%D8%B3%D8%A8%D8%A9-5-%D9%81%D9%8A-%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%A6%D8%A9-%D8%A8%D8%AF%D8%A1%D8%A7-%D9%85%D9%86-%D8%A3%D8%A8%D8%B1%D9%8A%D9%84-%D8%A7%D9%84%D9%88%D8%B4%D9%8A%D9%83
11-
https://www.aljazeera.net/politics/2023/7/26/%D9%86%D9%82%D8%A7%D8%A8%D8%A7%D8%AA-%D9%81%D9%84%D8%B3%D8%B7%D9%8A%D9%86-%D8%AA%D8%AD%D8%B0%D8%B1-%D8%A7%D9%84%D8%B7%D9%84%D8%A7%D8%A8-%D9%84%D8%A7-%D8%AA%D9%82%D8%AA%D8%B1%D8%A8%D9%88%D8%A7
12-
https://palestinianaffairs.state.gov/ar/%D8%AA%D9%82%D8%B1%D9%8A%D8%B1-%D8%AD%D9%82%D9%88%D9%82-%D8%A7%D9%84%D8%A5%D9%86%D8%B3%D8%A7%D9%86-%D9%81%D9%8A-%D8%A7%D9%84%D8%B6%D9%81%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%BA%D8%B1%D8%A8%D9%8A%D8%A9-%D9%88%D9%82/
13-
https://www.skynewsarabia.com/middle-east/1664946-%D8%A7%D8%B3%D8%AA%D8%B7%D9%84%D8%A7%D8%B9-%D8%B1%D8%A7%D9%94%D9%8A-%D9%87%D8%AC%D9%88%D9%85-%D8%AD%D9%85%D8%A7%D8%B3-%D8%B1%D8%A7%D9%94%D9%8A-%D8%A7%D9%84%D9%81%D9%84%D8%B3%D8%B7%D9%8A%D9%86%D9%8A%D9%8A%D9%86-%D8%A7%D9%84%D8%AD%D8%B1%D9%83%D8%A9%D8%9F
14-
https://www.skynewsarabia.com/varieties/1667687-%D8%BA%D8%B2%D8%A9-%D9%85%D9%82%D8%AA%D9%84-%D8%A7%D9%94%D8%A8%D9%88-%D8%B4%D8%A7%D8%AF%D9%8A-%D8%A8%D8%A7%D9%8A%D9%94%D8%B9-%D8%AD%D9%84%D9%88%D9%8A%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D9%81%D9%82%D8%B1%D8%A7%D8%A1




جەیمس کۆنۆڵی (١٨٦٨ – ١٩١٦) قارەمانێکی زیندووی نێو ویژدانی چینی کرێکار.. عەبدوڵڵا سلێمان (مەشخەڵ)

سەرکردەی کۆماریخواز و سۆسیالیستی ئێرلەندی جەیمس کۆنۆڵی لە ٥ی حوزەیرانی ١٨٦٨ لەدایکبووە، بۆ کەسێک کە شارەزای بە مێژووی ئێرلەندا هەبێت، کۆنۆڵی لە ڕاستیدا لە شاری ئەدینبۆرگ لە سکۆتلەندا لەدایکبووە. ئەو ناوچەیەی تێیدا دەژیا نازناوی ‘ئێرلەندای بچووک بوو و یەکێک بوو لە ناوچە هەژازنشینەکەی شارەکە. دواتر بە درێژایی ژیانی بە لەهجەی سکۆتلەندی قسەی دەکرد. دایک و باوکی بەڕەچەڵەک خەڵکی کاونتی مۆناگان بوون و ژیانیان لە ئەدینبۆرگ سەخت و مەینەتبار بوو. لە تەمەنی یازدە ساڵیدا لەپێناو کارکردن قوتابخانە بەجێدەهێڵێت، بەڵام دەبێتە یەکێک لە تیۆریستە پێشەنگە شۆڕشگێڕەکانی سەردەمی خۆی.
جەیمس کۆنۆڵی لە تەمەنی چواردە ساڵیدا پەیوەندی بە سوپای بەریتانیاوە دەکات بۆ ئەوەی لەو هەژارییە پشت شکێنە ڕزگاری بێت. دوای حەوت ساڵ و لە تەمەنی بیستویەک ساڵیدا کۆنۆڵی ژیانی سەربازی بەجێدێڵێت و دواجار لە ساڵی ١٨٩٦ لە دبلن نیشتەجێ دەبێت.
لە ساڵی ١٩٠٣ کۆنۆڵی کۆچی دەکات بۆ ئەمریکا و بۆ ماوەیەکی کورت لە شاری ترۆی لە ویلایەتی نیویۆرک لەگەڵ خزمێکیدا دەژێت و لە کۆمپانیایەکی بیمە کار دەکات. بەڵام لە ساڵی ١٩٠٥ دا، شاری ترۆی بەجێدەهێڵێت بۆ ئەوەی تێڕوانینەکانی خۆی لە ڕێکخستنی بزووتنەوەی چینی کرێکاردا جێبخات و زۆری نەخایاند پەیوەندی بەڕێکخراوی ( کرێکارانی پیشەسازی جیهان )ی (١)تازە پێکهێنراوەوە دەکات و وەک ئەندام و ڕێکخەرێک کە تەواوی ژیانی خۆی بۆ خزمەتکردنی چینی کرێکار تەرخان دەکات.
جەیمس نووسەرێکی پڕ بەرهەم لەبواری مێژوویی، کولتووری، سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی بووە و هەروەها ئیدیتۆر و بڵاوکەرەوەی کتێب و ڕۆژنامەی خۆی بوو، زۆر کەسی خاوەن بیروباوەڕی سیاسی دژ بەیەک لەناو بزووتنەوەی کرێکاران و چەپەکاندا بەها و ستایشی تێڕوانینەکانی کۆنۆڵیان بەرز نرخاندووە. کۆنۆڵی خۆی بە ئەنارکۆ-سندیکالیست نەدەزانی، بەڵام لە ساڵی ١٩٠٨ کاتێک لەتبوون لە ڕێکخراوی ( کرێکارانی پیشەسازی جیهان) لە نێوان مارکسیست دانیال دی لیۆن و ئەنارکۆ-سندیکالیستەکان ڕوویدا، کۆنۆڵی لایەنگری ئەنارکۆ-سندیکالیستەکان گرت.
کۆنوڵی ڕقی لە تائیفەگەری بوو، کە بە یەکێک لە گەورەترین بەربەستەکانی ڕێگری لە بەردەم یەکگرتوویی کرێکارانی دژ بە سەرمایەداری دەزانی. یەکێک لە نووسینەکانی کە ڕەنگدانەوەی ئەم بیروباوەڕەیە دەڵێت ( گەشەپێدانی ڕۆحی بەرەنگاربوونەوە گرنگی زیاتری هەیە لە دروستکردنی ڕێکخراوێکی تیۆری. ئەمەش لەڕاستیدا، کامڵترین ڕێکخراو لە ڕووی تیۆرییەوە ڕەنگە، بەهۆی زۆر کامڵبوون و فراوانییەوە، گەورەترین مەترسی بێت بۆ سەر بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە ئەگەر بتوانرێت بەکاربهێنرێت، بۆ سەرکوتکردن و سنووردارکردنی ڕۆحی بەرەنگاری هاوڕێیەتی لەهەر پلە و پایەیەکدا بێت. کۆنۆڵی هەروەها بێمتمانەیی بە حکومەتی ناوەندی هەبوو، بۆیە بە باشترین شێوە لە لێدوانەکەیدا دەرکەوت کە دەڵێت (بەبێ ئەو دەسەڵاتەی کە یەکێتیی کرێکارانی پیشەسازی لە پشتەوەیە، دیموکراسی تەنیا دەتوانێت بچێتە ناو دەوڵەتەوە وەک چۆن قوربانی دەچێتە ناو گەدەی مارەوە.)
کۆنۆڵی لەسەر بانگهێشتی گروپێکی بچووکی سۆسیالیستی هاتەوە ئێرلەندا.ئیتر هەر زوو کاریگەری وەک ڕێکخەر و وتاردەر و نووسەرێکی بەتوانا بەسەر ڕووداوەکانەوە دەرکەوت. ئەوە جەیمس کۆنۆڵی بوو لە سەرووی هەموو شتێکەوە کە بەرپرسیار بوو لە یەکخستنی نێوان ڕێکخراوەکانی چینی کرێکار و ئامانجی سەربەخۆیی ئێرلەندا. کۆنۆڵی بە شێوەیەکی جیددی لەسەر پێویستی سۆسیالیزم بۆ دۆزی سەربەخۆیی ئێرلەندا و هەروەها هەموو جۆرە بابەتەکانی پەیوەست بە سۆسیالیستی جیهانی نووسی و کەوتە جووڵە بۆیان. ئەو پێی وابوو ئەوە چینی کرێکارە لەپێناو بەرژەوەندی هەموو چەوساوەکانی جیهان دەتوانێت بناغەکانی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا بهەژێنێت، جەیمس کۆنۆڵی لە کۆبوونەوەکانی باکووری وێڵز وتارێکی پێشکەش کرد، دوای ئەوەی سیلین ڕۆبەرتس (٢)سەرۆکی بەناوبانگی سۆسیالیستی وێڵشیی و ڕابەری پارتی کرێکارانی سەربەخۆخوازی لۆکاڵیی وەک یادهێنانەوەیەک دەڵێت (لە ساڵی ١٩١١ لەگەڵ لارکین (٣)چاوم پێی کەوت و فێربووم سەرسامی بم و خۆشم بوێت. یەکێک لە گەورەترین گەنجینەکانی ناو کتێبخانەکەم کە کۆپییەکی بەرگی کتێبەکەیەتی بەناوی کرێکار لە مێژووی ئێرلەندە، کۆنۆڵی و لارکین سەردانەکەیان بۆ وەیڵس ساتێک هەژاندمیان. کۆنۆڵی شانبەشانی جەیمس لارکین، بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەندی هەبووە بە مانگرتنی کرێکارانی دبلنی ساڵی ١٩١٣دا، کە سێکتەرەکانی بازرگانی و گواستنەوەی بۆ چەندین هەفتە ئیفلیج کرد. لە کاتی مانگرتنە گشتییەکەشدا، کۆنۆڵی سوپای هاووڵاتیانی ئێرلەندی لە نێوان کرێکارانی مانگرتوودا ڕێکخست، ئەمەش وەک وەڵامێکی چینایەتی و بەرگریکردن لە کرێکاران بەرامبەر بە لێدانی بەرفراوان لە کرێکارانی مانگرتوو لەلایەن پۆلیسی ئێرلەندا و سوپای بەریتانیا هاتەدەر. سوپای هاوڵاتی ئێرلەندا لە کاتی یاخیبوونی جەژنی ئیستەر (٤) لە ساڵی ١٩١٦ لە دژی دەسەڵاتی بەریتانیا لە ئێرلەندا بووە ناوکی فیرقەی دبلن لە سوپای کۆمار.
لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕ، کۆنۆڵی زیاتر پابەند بوو بە پێکهێنانی یاخیبوون لە دژی دەسەڵاتی بەریتانیا لە ئێرلەندە؛ وردە وردە لە ڕێکخەر و موبەلیغی کارەوە گۆڕابوو بۆ فەرماندەی سەربازی و تیۆریست. لە ناوەڕاستی مانگی یەکی ساڵی ١٩١٦ لەگەڵ ئەنجومەنی سەربازی ئیخوانی کۆمارییەکانی ئێرلەندا ڕێککەوتن بۆ ئەوەی لە جەژنی ئیستەری داهاتوو لە یاخیبوونێکدا هاوکاری بکات. بەمجۆرە پەیوەندی بە ئەنجومەنەکەوە کرد و ڕۆژێک پێش ڕاپەڕین ئەندامەکانی وەک جێگری سەرۆکی کۆماری ئێرلەندا و فەرماندەی گشتی فیرقەی دبلن لە سوپای ئێرلەندەدا دەستنیشانیان کرد.
کۆنۆلی لە کاتی یاخیبوونەکەدا خۆی سەلماند کە کاریگەرترین و ئیلهامبەخشترین سەرکردە یاخیبووەکانە. لە ڕۆژی دووشەممەی جەژنی ئیستەر، ٢٤ی نیسان، سەرکردایەتی کەتیبەی بارەگای لە هۆڵی ئازادییەوە تا پۆستەخانەی گشتی و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەوێ کرد کە بە درێژایی هەفتەکە – سەرپەرشتی هێزە بەرگرییەکان، دیاریکردن و ڕێکخستنی ستراتیژی، بانگهێشتکردنی هێزی بەهێزکەر و بڕیاردان لەسەر بەڕێوەبردنی هێزەکانی کرد . ئەوەی کە تەنها نۆ خۆبەخش لە گارنیۆنی پۆستەخانە لە کاتی شەڕەکەدا گیانیان لەدەستداوە، شایەدی بەهرەکانییەتی. ئەو خۆی مەترسی بەردەوامی لەگەڵ سەلامەتی خۆیدا دەکرد بەڵام تەنانەت دوای ئەوەی لە ٢٧ی نیساندا بە سەختی بریندار بوو، وەک پاتریک پیرس وتی “هێشتا مێشکی ڕێنمایی تێکۆشانمانە”.
نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ٢٩ی نیسان، کۆنۆڵی پشتگیری لە بۆچوونی زۆرینەی سەرکردەکان کرد کە دەبێ خۆیان ڕادەست بکەن چونکە ‘بەرگەی نەدەگرت کوڕە ئازاکانی ببینێ کەوا دەسووتێن. چاوەڕوانییەکەی ئەوە بوو کە ڕێکخەرانی ڕایسین تەقەیان لێ بکرێت و ئەوانی دیکە ئازاد بکرێن. پاشان لە ژێر چاودێری سەربازیدا، کۆنۆڵی گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی خاچی سوور لە قەڵای دبلن و چەند کاتژمێرێک دواتر فەرمانی تەسلیمبوونی پیرسی لەبری سوپای هاووڵاتی ئێرلەندا واژۆ کرد. لەوێ دادگای سەربازیی کرا، لە سەر جێگاکەی خۆی، لە ٩ی ئایاردا. لە دادگاییکردنیدا ئەم کورتە لێدوانە دەستنووسەی خوارەوەی خوێندەوە کە دەڵێت (بە باوەڕبوون بەوەی کە حکومەتی بەریتانیا هیچ مافێکی لە ئێرلەندە نییە، هیچ مافێکی لە ئێرلەندە نەبووە و هەرگیز ناشتوانێت هیچ مافێکی لە ئێرلەندە هەبێت، بوونی هەر نەوەیەکی ئێرلەندی، تەنانەت کەمینەیەکی بەڕێزیش بێت، ئامادەیە بمرێت بۆ دووپاتکردنەوەی ئەو ڕاستییەی کە حکومەت هەمیشە ئامادەی دەستبەسەرداگرتن و تاوان ئەنجامدانە لەدژی پێشکەوتنی مرۆڤ . من وەک خۆم سوپاسی خودا دەکەم کە ژیاوم تا ئەو ڕۆژە ببینم کە هەزاران ئێرلەندی و کوڕ و سەدان ژن و کچ، ئامادە بوون ئەو ڕاستییە دووپات بکەنەوە، و ئەگەر پێویست بوو بە ژیانی خۆیان شایەدی ئەوە بدەن.)
لە کاتێکدا بەهار دەگۆڕا بۆ هاوین، شارێک کە هێشتا لەگەڵ مردن و لەناوچوونی ڕاپەڕینی جەژنی ئیستەردا کۆدەبووەوە، ناچار دەکرا خوێنڕشتنی زیاتر قبوڵ بکات. سەرەڕای برینە سەختەکانی، لە ١٢ی ئایاری ١٩١٦ کۆنۆڵی بە ئامبولانسی سەربازی گواسترایەوە بۆ کیلماینهام گاول، لەوێوە بۆ حەوشەی زیندانێک و پاشان بە کورسییەکەوە بەسترایەوە و لەلایەن سوپای بەریتانیاوە بە دەستڕێژی تەقە ئیعدامکرا. ئەمەش توڕەیی زۆرێک لە خەڵکی ئێرلەندا و سەرانسەری جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا. مەرگی کۆنۆڵی بە دڵنیاییەوە بووە مایەی پەژارە و خەم بۆ خەڵکی ئێرلەندە. تەرمی کۆنۆڵی (لەگەڵ تەرمی یاخیبووەکانی تر) بەبێ تابووت خرانە ناو گۆڕێکی بەکۆمەڵەوە. لەسێدارەدانی یاخیبووان، زۆرینەی دانیشتوانی ئێرلەندی هێندە توڕە کرد کە زۆربەیان لە کاتی یاخیبوونەکەدا هیچ پشتیوانییەکیشیان نیشان نەدابوو. بەڵام ئەوە لەسێدارەدانی کۆنۆڵی بوو کە زۆرترین مشتومڕی لێکەوتەوە. مێژوونووسان ئاماژەیان بە شێوازی لەسێدارەدانی کۆنۆڵی و یاخیبووان و هاوشێوەکانیان کردووە، هاوکات لەگەڵ کردەوەکانیان، وەک هۆکارێک کە بوونەتە هۆی هۆشیاری گشتی بۆ خواست و ئامانجەکانیان و پاڵپشتی بۆ ئەو بزووتنەوەیەی کە گیانیان لەپێناویدا بەخشی. ئەوە مردنی سەرکردەکانیان و بە تایبەتی کۆنۆڵی بوو کە بڵێسەی کۆماریخوازی ئێرلەندی لە سەرانسەری ئەم دوورگەیەدا هەڵگیرساند و یاخیبوونێکی جەماوەری دەستپێکرد و لە کۆتاییدا بووە هۆی دروستکردنی کۆماری ئێرلەندا. لە نێو هەموو ئەو لەسێدارەدانانەی کە لە کاتی سەرهەڵدانی جەژنی ئیستەری ساڵی ١٩١٦دا ئەنجامدراون، هیچیان هێندەی لەسێدارەدانی جەیمس کۆنۆڵی توڕەیی گشتییان نەوروژاند.
هەرچەندە لەلایەن زۆرێک لە مێژوونووسانەوە بە ئێرلەندییەکی ناسیونالیست دادەنرا، بەڵام کۆنۆڵی باوەڕی بە پشتگوێخستنی دابەشکارییە چینایەتییەکان نەبوو بەناوی ناسیۆنالیزمەوە. ئەو پێیوابوو کە ئیرلەندا ناتوانێت ئازاد بێت تا چینی کرێکاری ئێرلەندی ئازاد نەبێت.
لە پاش ئیعدامکردنی کۆنۆڵی، ڕۆژنامەنووس کێری لیام ماکگابان(٥) لە ساڵی ١٩٣٣دا شیعری جەیمس کۆنۆڵی نووسی، ماکگابان کە لە ساڵی ١٩٠٨ لە دوورگەی ڤالێنسیا لەدایکبووە، ئەو پارچە ورووژێنەرەی لە ڕوانگەی سەربازێکەوە نووسیوە کە لە پرۆسەی ئیعدامکردنەکەدا فەرمانی پێکرابوو کە تەقە لە کۆنۆڵی بکات.
لە ساڵی ١٩١٦ فەوجێکی وێڵزی کە لە ڕێگای بەرەو سەنگەرەکانی پێشەوەی ڕۆژئاوادا بوو، وەک یەدەگێک بۆ ئەو سەربازانەی کە هەوڵیان دەدا یاخیبوونەکە لە دبلن لەناو ببەن، ماکگابان چیرۆکێکی بیست سەبارەت بە سەربازێکی گەنج، کوڕی کرێکارێکی کانەبەردەکانی وێڵز، کە بەشێک بوو لەو فەوجە و لە تیمی تەقەکردندا بوو بۆ لەسێدارەدانی کۆنۆلی دانراکرابوو و بەو هۆیەشەوە هەستی بە تاوانباری و پەشیمانی و شەرمەزارییەکی تەواو کردبوو.
لە دوای ئەو کارە ترسناکە ئەم سەربازە وێڵزییە کە ناوی نەهێنراوە، شوێنپێی بێوەژن و منداڵەکانی کۆنۆڵی کەوت تا داوای لێبوردنیان لێ بکات. وەک دواتر بیری هێنایەوە، بە لیلی (٦)وت :
” من کرێکاری کانەکانم. باوکم کرێکاری کانەکان بوو، باپیرمیش کرێکاری کانەکان بوو. ئەوان زۆر سەرقاڵی سەندیکای کرێکاران بوون. ئێستا چۆن و بە چ ڕوویەکەوە بتوانم بگەڕێمەوە ماڵەوە؟ ئەوان لەبارەی جەیمس کۆنۆڵییەوە دەزانن تەنانەت ئەگەر منیش نەبووبام. من.” بە مۆڵەت نەچوومەتەوە ماڵەوە، ناتوانم بگەڕێمەوە ماڵەوە، من ڕاستییەکە دەدرکێنم و ئیتر دەزانن من جەیمس کۆنۆڵیم کوشتووە. ئۆی خوایە، ئاخر بۆچی من هەڵبژێردرام بۆ کوشتنی پیاوێکی ئاوا؟”
لیلی وەڵامی دایەوە : جەیمس کۆنۆڵی پێشتر لێت خۆش بووە. ئەو تێگەیشت بوو کە تۆ ناچار کراویت، دەیزانی کە تۆ تەنها کوڕی کرێکارێکی ئەو چینە چەوساوەیەیت”.
ماکگابان ئەم سەربازە وێڵزییە بێناوەی وەک دەنگی شیعرەکەی وەرگرت کە بە پەشیمانییەکی زۆرەوە بیر لە بەشداریکردنی لە لەسێدارەدانی کۆنۆڵی دەکاتەوە.
ئەو پیاوەی ئەمڕۆ هێنایان بۆ ناو گۆڕەپانی سەربازگەکە
بەر دەستڕێژی گوللە درا
منی سەرباز هیچ شانازی بەوەوە ناکەم بڵێم
ئێمە لەوێ کوشتمان؛
لە نەخۆشخانەی زیندانەوە هێنابوویان؛
بۆ ئەوەی لەسەر ئەو کورسییەی ئیعدامە بیبینم
وای بۆ دەچووم زەردەخەنەکەی لەدوورەوە بانگی
پیاوێک بکات بۆ نزا.
ڕەنگە نەتوانین لەم شتە بگەین
کە وا لە ئەم یاخیبووانە دەکات؛ بمرن لەپێناویدا؛
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەموو شتەکان ئازادییان خۆشدەوێت و
ئاسمانیش ڕەنگی بەهاری لێنیشتبوو
پێم وایە جارێکی تر ئەم کارە ناجوورە دووپات ناکەمەوە
بۆ هەموو ئەوشتانەی کە دەستییان پێوە دەگرم ئەوەیە
سێرەی تفەنگەکەم لەسەر سینگی ئەو لابەرم– بەڵام دوواجار
من جگە لە سەربازێک؛ هیچیتر نیم
دەڵێن کە ئەویش میهرەبان و جیاواز بوو،
وەکو ئەوانی تر؛
عاشقێکی هەژاران بوو؛ و هەموو فیشەکەکان لە میانی،
برینەکانی و جلەشڕەکانییەوە دەیپێکا،
ئەوپێش ئێمە گەیشتبوو، قارەمانانە ڕووبەڕوومان بووەوە،
ئەو ئازارێکی قووڵتری دەناسی وەک لە لێدان یان گوللە
لێرە جیهان دەستی پێکرد؛ ئەو جەسوورانە مرد؟
ئامادە ..ئامادە.. ئەویش هەر پێدەکەنێ خوا گیان
هەستم کرد تفەنگەکەی دەستم دەلەرزی
برینەکانی کرابوونەوە و بە دەوری کورسی ئیعدامەکەدا
یەکپارچە گۆمی خوێن بوو؛
سوێند دەخۆم لێوەکانی دەیانگوت ‘بیتەقێنە!’ وەختێ هەموو بەر لە
تفەنگەکەی من دەستیان پێوە نابوو
نیشان لێگرتنەکەم بەجۆرێک بوو
وەک ئەوەی من هەڵبژێردرابم بۆ کوشتنی پیاوێکی وا!
ئەمڕۆ جەیمس کۆنۆڵی وەک یەکێک لە پاڵەوانە گەورەکانی ئێرلەندا دادەنرێت. سۆشیالیستێکی شۆڕشگێڕ و سەندیکالیستێکی بەرگریکەر بوو کە ژیانی خۆی نەک تەنها بۆ دۆزی ڕزگاری ئێرلەندا، بەڵکو بۆ سۆسیالیزمی نێودەوڵەتیش تەرخان کرد. ئەو نەک تەنها ئیلهامبەخش بوو بۆ نەریتی کۆماری و سۆسیالیستی لە ئێرلەندا، بەڵکو ئیلهامبەخش بوو بۆ سەرجەم بزووتنەوە دژە کۆلۆنیالیزم و دژە ئیمپریالیستەکان لە سەرانسەری جیهان. لە مێژووی بزووتنەوەی چینی کرێکاری جیهانیدا پێویستە جەیمس کۆنۆڵی وەک پاڵەوان و گەشمردەیەک لەبیر نەکەین کە خەباتی بۆ گەیشتن بە بیروباوەڕەکانی خۆی کردووە.
ئەمڕۆ پەیکەرێکی جەیمس کۆنۆڵی لە ناوەندی شاری دبلن بە شانازییەوە دانراوە. هەروەها نەقشێکی مسیی کە جاڕنامەی کۆماری ئێرلەندەیە ئەویش لەپەنجەرەی بارەگای پۆستەخانەی گشتیدا دانراوە، کە کۆنۆڵی لە ماوەی چوار ڕۆژی چارەنووسسازدا لە نیسانی ١٩١٦دا ڕاشکاوانە هەڵوێستی خۆی بۆ ئازادی نەتەوەکەی و چینی کرێکار لەو جاڕنامەیەدا دەربڕیوە.
بەم قسەیەی کۆتایی پێدێنم کە دەڵێت ( شۆڕش تەنیا کاتێک بەدی دێت کە خەڵکی ئاسایی جیهان، ئێمەی چینی کرێکار، هەستینە سەر پێ و ئەوەی بە حەق هی خۆمانە، وەریبگرینەوە.)

ژێدەرەکان وەرگێری کوردی ئامادەی کردوون :
(١)ڕێکخراوی کرێکارانی پیشەسازی جیهان (IWW) ڕێکخراوێکی نێونەتەوەیی کرێکارانە و لە شیکاگۆ لەساڵی ١٩٠٥ دامەزراوە. ئەم ڕێکخراوە گۆڤارێک دەردەکات بەناوی(کرێکارانی پێشەسازی)یەوە. شایانی باسە ئەم ڕێکخراوە تەمەنی ١١٧ ساڵە و تا ئێستا لە خەبات بەردەوامە.
(٢)سلین ڕۆبەرتس (١٨٧١ – ١٩٣٠) نووسەر و مامۆستا و شاعیری سۆشیالیستی و نوێنەری حیزبی کار بوو لەو بڕگە زەمەنییەی ئەو تیایدا ژیا. شایانی باسە ڕۆبەرتس دوو کتێبی شیعر و کتێبێکی ڕۆمان و کتێبێک نووسین و دوو کتێبی وەرگێرانی بڵاو بوونەتەوە.
(٣)جەیمس لارکین (١٨٧٤ – ١٩٤٧) سۆشیالیت و رابەرێکی بزووتنەوەی کرێکاریی بوو. جەیمس یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی حیزبی کڕێکارانی ئێرلەندە و تەواوی ژیانی تەرخان کرد بۆ سۆشیالیزم و بزووتنەوەی کرێکاریی. ئەم ڕابەرە لینین ئاوا وسفی دەکات (قسەکەرێکی بەتوانایە وپیاوێکە وزەی لەبڕاننەهاتووی هەیە بۆ خولقاندنی موعجیزە لەنێو کرێکاراندا.)
(٤)ئیستەر : فیستیڤاڵێکی مەسیحی و پشوویەکی کلتووری خۆرئاوایە.
(٥)کێری لیام ماکگابان (١٩٠٨ – ١٩٧٩) شاعیر و ڕۆژنامەنووسی ئێرلەندی و سەرنووسەری ڕۆژنامەی خەڵک و گۆڤاری ئاریش تایم بوو.
(٦)لیلی : هاوسەری جەیمس کۆنۆڵی، ڕابەری بزووتنەوەی کرێکاری ئێرلەندی بوو.

سەرچاوە :
https://teifidancer-teifidancer.blogspot.com/2017/05/james-connolly-working-class-hero.html?spref=fb&fbclid=IwAR1-hSAjn3x-Hu2NrZGfuyzryCQQ04Qf5qzlnbXOmhevLJwH1HtsiYLcXX4

تێبینی : ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی ڕەوت ژمارە ٢٦ ی ساڵی ٢٠٢٣ بڵاوبۆتەوە.




سروود وەک فاکتەری دنەدان.. سەردار جاف

پێشەکی

پێش ئەوەی رۆچینە نێو باسەکەمانەوە دەمانەوێت لەوەها هەنگاوێکەوە دەست پێبکەین کە دەبنە هۆکاری سەرهەڵدانی سروود و خودی سروودیش دەبێتە فاکتەرێکی سەرەکی دنەدان بۆ بەرخودان و هەلگیرساندنی شۆڕش و رۆحی گیانبازی لای تاکی کۆمەڵ ، ئیدی لە پێناو پرسێکی دەستنیشانکراو دا ژیلەمۆیەکی رووە و خەفەوە بوو دەکاتە بورکانێک و دامرکاندنەوەی زۆر زەحمەت دەکات ئەگەر ئەو شۆڕش و راپەڕینە بە ئامانجە دیاریکراوەکانی نەگات .
کەواتە سروود لە نەوەی سیاسەتە ودەتوانین بڵێین سیاسەتە بە باوکی هەر یەک لە ( جەنگ و شۆڕش و راپەڕین ) دادەنرێت ، و بەر لە دەسپێکی هەریەک لەکۆڕانی سیاسەت و گرتنەتەری تەژمی خوێنرَشتن ، رێگاگەل ورێوشوێنی ئاشتیانە و دیپلۆماسیانەى هەمەجۆر هەن دەبنە مایەی دوور خستنەوەی گیان لە دەستدانی مرۆڤەکان ، کە دانوستان و دەمودووی سەر مێز هەن شەنوکەوی پرسەکان دەکرێت و لە لایەن دوو لایەنی نەیارەوە دەخرێتە پێش چاو بۆ توێژینەوە و بەرچاو روونی و دوورکەوتنەوە لە خوێنڕشتن ، ئەو کات هەر لایەنە وهەم بیروبۆچوون و بیروڕاکانی لایەنی بەرامبەری لا گەڵالە دەبێت ، هەم لە تێڕوانین و رامان لەو بیرویۆچوونانە ئامانج و مەبەستەکانی تا ئاستی بە دەستهێنان و کەموکوڕی لاروون دەبێتەوەو هاوکات لێکدانەوە و شرۆڤەی رەوشەکە دەخاتە پێش چاو ، جگە لە ئامادەسازییەکانی تەکنیکی سەربازی و ئابووری و کاردانەوەی لای خەڵک و زۆر شتی دیکەی جەنگ ، ئامادەسازییەکانی سروودیش لە بەرچاو دەگیرێت کە لە زۆربەی شەرەکان بە لەشکرێکی تایبەتی ناوزەد دەکەن .
رەنگە هەندی لە ژانرەکەمان دوور بکەوینەوە و پەل بۆ ئەملاولا بکوتین لێ هەر سیاسەت بە سروودەوە پەیوەستە ، بۆیە زەروورەتە بە کورتی تیشکی بخەینە سەر ، پەیوەست بوونەکەیش بەم جۆرەیە :
سیاسەت, جەنگ, شۆڕش, راپەڕین, سروود

سیاسەت چییە ؟
(( دەربڕی پرۆسیسێکی دروستکردنی بڕیار و دابینەری ـ ملزمی هەر کۆمەڵگایەکە و بەها ماددی و مەعنەوییەکان لە خۆ دەگرێت و ئاماژەیەکە بۆ داواکاری و گوشاربەکاربردن لە رێگای بەدەستهێنانی ئامانجەکان لە چواچێوەی پلانی تاکەکان و کۆمەڵە و دامەزراوەکان و دەستەبژێرەکان بە پێی ئایدیای دیاریکراوی خۆیان لە سەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی ، سیاسەت بۆ خوی پەیوەندی نێوان میر و رەعییەتە کە حاکم دەسەڵاتێکی باڵایە لە کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتی ، دەسەڵاتی سیاسی بە واتا باڵادەستی تواناکان بە سەر رەعییەتەکاندا ئیدی کار بکەن یان کار نەکەن لە جۆرەکارێکدا بیانەوێ ئەنجامی بدەن یان نەیانەوێت )) .
سروود ، وەک هێزی مقاوەمەت و بەرخودان و فیداکاری تۆکمەتر دەکات لە پێناو پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانی و ئاینییەکان بە هەمان شێوە دیفاکتۆیەکی گرینگی بوارى سیاسی و فاکتەرگەلی هوروژاندنی هەموو پرسەکانە ، بە رۆحێکی حەماسییەتەوە لە بەردەم شاڵاوى غەدر و غوبن و خیانەت و چەوساندنەوە دەوەستێتەوە ، هاوکات سروود لە جەنگی نێو دەوڵەتاندا رۆڵی سەرەکی بینیووە ، رەنگە زۆرمان سروودەکانی شەڕی عێراق و ئێرانمان بە بیردا بێت ، تەنانەت سروودی وا هەبوون سنووری جەنگەکانی دەبەزاند و لە لایەنی بەرامبەرو لاى تاکەکان دەگوترانەوە . هەروەک ئاماژەمان پێدا و باسمان لە ( جەنگ و شۆڕش و راپەڕین ) کرد پێمان باشە بە کورتی لە سەر هەریەک لەم حاڵەتانە بدوێین .

جەنـــــــــــــــگ :
پێمانوایە رۆچوونە نێو وردەکارییەکانی سیاسەت مەودایەکی دوور و درێژی دەوێت و بە ئەنجامیش ناگەین و هەر ئەم بە ئەنجام نەگەیشتنەی خەڵکیش رووە و جەنگی بردوون ، بۆ ئەوەی دوور نەکەوینەوە و هەر لە سنووری خۆمانەوە دەست پێبکەین ، جەنگی عێراق و ئێران بە درێژترین و خوێناویترین جەنگی سەدەی رابردوو دادەنرێت ، کە زیاتر لە یەک ملیۆن مرۆڤی تێدا کوژراوە و 400 چوار سەد ملیار دولاریش تێچووی ئەو جەنگە بووە ، هەروەک گوتمان پێش جەنگ کۆمەڵێ دانوستان و گفتوگۆ هەن بگیرێتە بەر بەڵام لەم جەنگدا ئەگەر بەراورد بە خودی جەنگەکە بکەین هەست دەکرێ نێوبژیوانی لە نێوانیاندا زۆر کزو لاواز بووە و هەردوولایش مەیلی جەنگیان هەبووە ، ئیدی هەر یەکەو پاساوێکی بۆ خۆی هێناوەتەوە سیاسیانە هەوڵی چەواشەکاری و چاوبەستی خەڵکی خۆیان کردووە و ئالییەتی شەڕیان خستۆتەگەڕ و دواتریش سروودبێژان بۆ جەنگەکە و هاندانی خەڵک بەرەو بەرەکانی شەڕ سروودی حەماسییانەیان چڕیوە رۆر جاریش بە باڵای دەسەڵاتداران سروودەکان گوتراون ، ئێستایشی لە گەڵ بێت راست و دروستی جەنگەکە نادیارە و لە ناوخودی عێراقدا دوو بەرە هەن بەرەیەکیان باس لە رەوایەتی دەکەن و بەرەکەی دی پێچەوانەن .ئەمە مشتێکە لە خەروارێک کە زۆر نزیکە لە خۆمان و لە نێو رووداوەکانیدا ژیاوین ، بینیمان کە سروود چ هەڵلایەکی دروست کردبوو لەو سەردەمەدا چ لە عێراق چ لە ئێران ، کەواتە سروود ئالییەت و میکانیزمێکی هاندان و دنەدانە بۆ بەردەوامی جەنگ .
شـــــــــــۆڕش :
شۆڕش بە دەستەواژە سیاسییەکەی بەواتا قورتار بوون لە رەوشی هەنووکەیی چەقبەستوو و گواستنەوە بەرەو قۆناغێکی دیکەی باشتر یان خراپتر ، شۆڕش هەرچەندە بۆ خۆی دەستەواژەیەکە سۆسیالیسەکان دایانهێناوە و بەمجۆرە لە چەندین وڵاتدا شۆڕشی چەکداری روویداوە جگە لەوەیش شۆڕش لە چەند جۆرێکدا خۆ دەبینێتەوە لەوانە :
1 ـ شۆڕشی کۆنباو ، کە شۆڕشی فەرەنسی 1789 بە یەکێ لەو شۆڕشانە دادەنرێت .
2 ـ کودەتا سەربازییەکان کە لە لایەن سەرکردە سەربازییەکانەوە ئەنجام دەدرێت .
3 ـ شۆڕشی نیشتیمانی دژ بە داگیرکەری ئیستیعمارین لەوانە شۆڕشی خەڵکی جەزایر .
4 ـ شۆڕشی نەتەویی کە دەسەڵاتدارانی هەر یەکێک لەو وڵاتانەی لە چەند نەتەوە و زمان و ئایین پێکدێن و زۆرینەی دەسەڵات پێشێلی مافی ئەوانی دی دەکات و هەوڵی سڕینەوەی خاک و ناسنامەی دەدات ، لەوانە ، شۆڕشەکانی کورد و فەلەستینییەکان و پڵنگەکانی تامیل و بیابانی رۆژئاوا و ناکۆرنۆ کەراباغ و چەندانی دیکە …….
هەر یەکە لەم شۆڕشانە زەمینەی لەبار و رسکاوی خۆی هەیە و بەدەنگەوە چوونی خەڵکی هەیە و بە هەمان شێوە سروود لەم شۆڕشانەدا سەرقافڵەن و لە پێناو مەبەست و ئامانجێکی پیرۆز سەر هەڵدەدات ، دەشێ بڵێین پیرۆزی لەم شۆڕشانەدا بوونیان هەیە چونکە زاڵم و زۆردار ئەوانی دی دەچەوسێننەوە و کورسی فەرمانڕەوایەتی توندتر دەگرنە دەست . هاوکات هەقی خەڵکی دی پێشێل دەکەن بۆیە سروود لەم حاڵتانەدا گیانی خۆفیداکردن گشتگیر دەکات .
راپەڕیــــــــــن یان رابوون :
هەرچەندە هەندێک پێیان وایە ئەمەیش لە بازنەی شۆڕشدایە بەڵام ئێمە پێمان وایە هەم لە رووی سیستماتیکی گۆڕانی ژیان و بەرخودانەکانەوە هەم لە رووی گۆڕانکاری بە سروودەوە جیاوازە لە شۆڕش ، چونکە لە شۆڕشدا سروودەکان حەماسین و نها ئەو حەماسییەتە وا سەردەمی بە سەردەچێت و سروودی هێمن و ئارام و لە سەرخۆ جێی دەگرێتەوە ، کەواتە لێرەوە بۆمان ساغ دەبێتەوە کە سروود بە پێی سەردەمەکان گوتراوە ، ئەگەر دیقەتی سەردەمی شەڕى چەکداری و مقاوەمەت بدەین سروودەکانی پڕ لە تەونی حەماسییەت بووە بۆ شۆڕگێڕان گوتراوە و ئێستایش کە سەردەمی رژانە سەر شەقامە سروودەکانیش بە پێی سەردەم هەوڵی کپبوونەوەى حەماسییەتی بۆ دراوە . ئەوەى پێی دەوتری بەهاری عارەبی و سبەینێش دەشێ بە پایز بۆ شوێن و وڵاتانی دی وەسف بکرێ ، ئەو قۆناغە گۆڕانکاری و بەرەو پێشچوونانەیە کە پێشتر و زوو لە فەلسەفەکانی سۆسیالیستی دەمانخوێند و کەچی بەو دیدەی ئەوان نەشکایەوە و بە ئاراستەیکی دی هەنگاوی نا .

ســــــــــروود چییــــە ….؟
زۆرجار لە هزرماندا بیر دەکەینەوە ئاخۆ سروود چییە … ؟ بنەماکانی چین و ئاخۆ هەریەکێک لە ئبَمە ئاساییە ببێتە سروود بێژ چونکە زۆرمان پێمانوایە سروودبێژان چ دەنگێکی بە سازو خۆشیان نییە ، گڕێکی حەماسییە و هەڵدەقوڵێت ، هەوڵدەدەین ئەرکەکانی سروودبێژ و ماهیەتی سروود روون بکەینەوە و جەخت لە لایەنە شاراوەکانی بکەین ، هەرچەندە بۆ خۆی بە سەرەتایەکی سانا دەژمێردرێت .
سروود بۆ خۆی دەنگێکی هونەری سروشتییە پێشکەش بە خەڵکی دەکرێت و هەر یەکێک بۆ پرسە هەستیارەکەی سوودی لێوەردەگرێت و بە چێژ وەرگرتن لە سروودەکان گیانبازی لا دەخوڵقێت ، چونکە گوێگرتن لە سروود خۆی لە خۆیدا تەقینەوەیە بە رووی زوڵم و زۆرداری و رەتکردنەوەی بندەستییە ، ئەمە بۆ سەردەمانی پێشوو باو بوو ، ئێستا بۆ ئەو بەهار و پاییزانەی دێنە ئارا سروود بۆ ئەوە چێژی لێوەردەگیرێت کە مافی مرۆیی و هاوڵاتی بوون هەبێت و باڵادەستی دیکتاتۆرییەت رەت بکاتەوە ، کاتێک زوڵم و زۆرداری و چەوساندنەوە و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و تاکی کۆمەڵ قۆڵبەستکردنی ئازادی و لە پێکەوتنی بیروراکان و هەناسەکێشانی ئازادی بیری نەتەوەیی و چینایەتى و هەژماردنی مرۆڤ وەک مرۆڤ لە نەخشەى ژیانی رۆژانە دەسڕدڕێتەوە ئەو کاتانە مرۆڤەکان لە هەولڕ و کۆششدا دەبن بۆ نەهێشتنی ئەو کڵۆمدانانەی دەرگاکانی سەرفیرازی ، سروود بۆ هەر شۆڕش و رابوون و راپەڕینێک نەخشە رێگای جۆشدانی شۆڕش و راپەڕینەکانە .
سروود بریتییە لە پارچە مۆزیکێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی و ئایینی وروژاندن و هاندانی پێوە دیارە و بە بەژن و باڵای نیشتمان و نەتەوە وخەباتی گەلەکەیدا هەڵدەدا ، سروود و گۆرانی دوو ناوی یەک کرۆکن ئەویش لەرانەوەی وتەی کێشدار و بێ کێش لە سەر ریتمێکی دیاریکراو لاواندنەوەکەیشی هاوتەریب دەبێت لە گەڵ مۆزیکدا هەندێ جاریش بە بێ ژەنینی مۆزیکیش دەچڕێت ، ئەوەی باوە لە سەر دەستەواژەی تەکنیکیدا باوە هەڵگوتن بە نیشتمان و نەتەوە و ئایین پێی دەگوترێ سروود و ئەویشی بە بەژن و باڵای جوانی و خۆشەویستیدا هەڵدەڵێت پێی دەگوترێت گۆرانی ، بە پێی سەردەم و رۆژگارەکان هەر یەک لەم دوو ناوە ( سروود و گۆرانی ) هەر جارەی یەکێکیان لە برەودا بووە و لە ناو کۆمەڵێکی دیاریکراودا باو دەبێت ، بۆ نموونە لە سەردەمی سەرەتای ئیسلامدا ناوی سروود بێژان پەرەسەندووتر و گەشەکردووتر بووە لە گۆرانیبێژان ، بەم پێیە دەتوانین بڵێین قۆناغەکانی ( جەنگ و شۆڕش و راپەڕین ) ن ، کە گەشە بە سروود دەدەن ، و گۆرانی لەم زەمەنەدا باوی نامێنێ و هۆکارەکانیش زۆرن ، بۆ نموونە لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو و شەڕی عێراق ئێراق و بەردەوامی بزاڤی رزگاریخوازی نەتەوەیی کورد وایکرد بوو هەموو ماڵێک یان هەموو خانەوادەیەک یا دوو و زیاتر قوربانی هەبێت ، کۆست کەوتنیش وەک دیارە و باوە لە کۆمەڵگاکاندا ، سەردەمی گۆرانی بە تەواوی دەسڕێتەوە و تاکیش یان زۆر لە ئێمە و مانان بۆ چێژ وەرگرتن لە ئاواز و مۆزیک لە بەر خۆوە وڕێنەیەکی میلۆدی تێدا روو دەدات و رەنگە بە هۆی ئەو داب و نەریتەی کۆمەڵگاوە نەنگ بێت یان بکەوێتە بەر تانە و تەشەر کە لە بەر خۆوە گۆرانی بڵێت ، ناچار پەنا بۆ سروود چڕین دەبات و سروودیش بۆ خۆی جۆرێک لە هەڵچوونی شۆڕشگێڕی دەووروژێنێت نەخاسمە بۆ ئەو خانەوادانەی یەکێکیان لە سەنگەرەکانی پێشمەرگایەتی لە دەست دەدا یان رۆڵەیەکیان بە هۆی ئینتیمای سیاسی بۆ یەکێ لە گروپە سیاسییەکانی بزاڤی رزگاریخوازی نەتەوەییمان لە سێدارە دەدرا ، کە زۆربەی شەهید و قوربانییەکانی ساڵانی هەشتاکان لە ناو کورددا لە سێدارە دراون و دوای ئەوە شەهیدانی سەنگەری پێشمەرگایەتی دێن و پاشتر ئەو شەهیدانە دێن کە لە شەڕی عێراق ئێران گیانیان لە دەست داوە ، لە سەردەمی ئیمڕۆشماندا هەرێمی کوردستان لە سایەی ئەو خۆشگوزەرانییەوە ناوی سروودبێژەکانی لە بیرکراوە و تەنها گۆرانیبێژان بەدەر کەوتوون و بە رۆژگاری ئەوان واتا گۆرانیبێژان لە قەڵەم دەدرێت و زۆرێک لە ئێمەی ئەدیبان گلەوگازندەمان زۆرە کە دەسەڵات ئەو بایەخەی بە گۆرانیبێژی و هونەرمەندی دراما دەدات بە نووسەرانی نادات ، لە کاتێکدا نووسەرانیش هەوێنی بەرهەمەکانیان .
سروود لە کۆی گشتیدا میلۆدییەکە بە پێی بنەچە ئاوازییەکەی دەستاو دەست دەکرێت و لە کاتی جەنگ و شۆڕش و راپەڕینەکاندا دەگوترێنەوە و لە گەڕەک و بانان منداڵان لاسایی ئەو کاتانە دەکەنەوە و سەنگەر لە یەک دەگرن و جاروباریش یەک دوو مندالڕ ئەو سروودە هەژێنەرانە دەڵێنەوە ، سروود لە بنەڕەتدا پێویستە کەسی دەنگ خۆش و بەسۆز و حەماسی بیڵێتەوە ناکرێ هەر یەکێک لە ئێمە هەستێت و سروود بچرێت لەناو کورددا ئەو دەنگانەی زیاتر بۆ سروود لەبار بوون ، (شڤان پەروەر ، تایر تۆفیق ، ناسری رەزازی ، لالۆ رەنجدەر ، ئازاد خانەقینی ، کاڵێ ، نەجمەی غوڵامی ، فواد ئەحمەد ، ئیبراهیم محەمەد ، کامەران عەبدولرەحمان ، تاهیری خەلیلی ، وهتد ) بەداخەوە تا ئێستا لە ناو کورد دا تیپێکی مۆزیک تایبەت بە سروودمان نییە کە ئەمە ئەرکی وەزارەتی رۆشنبیرییە تیپی سروودی نیشتیمانی دابمەزرێنێت و برەوی پێبدا ، چونکە پەرە سەندنی گۆرانی و لەبار بردن و جاڕدانی مەرگی سروود خۆی لە خۆیدا رۆحە نیشتیمانیەکە لە ناو تاکی نەوەی دادێ دەسرَێتەوە و ئەو گیانە نیشتیمانی و نەتەوەییە لە بار دەچێت لە کاتێکدا ئێمە تا ئێستا لە شۆڕشێکداین بەرەو دەوڵەتێکی سەربەخۆ .
سروود لە کۆمەڵێ بنەمای تەکنیکی هونەری پێکهاتووە هەر ئەمەیش وای کردووە کاریگەری بەسەرەوە هەبێت ، لە سەرەوە بە وردی هەموو ئاماژە بوون بۆ سەرهەڵدانی سروود و ئەو هۆکار و فاکتەرانە چین سروود دێننە ئاراوە و ئێستایش چاکتر وایە لە پێکهاتەی سروود ورد ببینەوە ، سروود لە چەند پێکهاتەیەک دروست دەبێت کە ئەمانەن :
ڕ ـ سروودبێژ ، تاکە دەنگە بە تەنها سروودەکە بە لەرەو حەماسەتەوە دەڵێت و ئەگەر جووڵەی شۆڕشگێری و راپەڕین و جەنگ بنوێنێت ئەوا زیاتر سەرنج راکێشتر و حەماسیتر دەبێت .
ب ـ کۆڕاڵ ، ئەو کۆمەڵە دەنگ ساز و خۆش و گڕەن کە لە پاش سروود بێژەوە سروودەکە دەڵێنەوە .
ج ـ بڕیار ، ئەو گۆڕانی دەنگەیە لە نزمەوە بەرەو توند و رەق دەڕوات .
د ـ وەڵام ، ئەو دەنگە هاوارەیە کە سروودبێژ دەیچڕێت و وەک ئەوە وایە لە دوورەوە دەنگێک ببیستیت .
ه ـ ێولو ، یان سبرانو ، جوولەیەکی لاسارییە بە تایبەت بۆ ئەوەی تازە دەست بە سروود گوتن دەکەن ، دەنگێکی نزمە وەک ئەوەیە گوێبیستی دەنگی مناڵێک دەبیت لە نزیکەوە .
و ـ هارمۆنی ، دەستەواژەیەکی رۆژئاواییە و لە گۆرانییەکانیان بە کاری دەهێنن و هارمۆنی هاتۆتە ناو زانستی سروودەوە بۆ گۆڕینی چەمکی ئاوازەکەی . لە چەند چینێک پێک دێت ، بە دەنگی ئاسایی دەردەبڕدرێن ، ئێستا بە دوو چین ناسراوە .
1 ـ چینی یەکەم ، ئەو دەنگەیە لە گەڵ کۆڕاڵ دەبیسترێت ، ئاوازێکی جیاوازە لە چینی سروودەکە دەنگ هەڵبڕینێک دەدات کە چێژی لێوەردەگیرێت .
2 ـ چینی دووەم ، ئەمەیش جۆرە دەنگێکە نە بەرز دەبێتەوە نە نزم لە بەرزبوونەوەی ئاوازەکە ، کێشێکی جێگیری دەبێت .
ز ـ باکگراون ، ئەو دەنگانەیە لە پشتی سروودەکەوە گوێبیستی دەبین ، چینێکە لە هەموو ئاوازی سروودەکە جیاوازە و بریتییە لەو هاتوهاوارە بەرزبوونەوە و دابەزینەی .
ح ـ ورووژاندنی دەنگ ، ئەو دەنگ هارووژاندن و کاریگەرییانەیە لە دەرەوەی سروودەکە هەن ، وەک دەنگی تەقینەوە و باران و دەنگی فرۆکە و…… تاد هەن .
هەرچەندە ئێمە شارەزاییەکی هونەری گۆرانی و سروودمان نییە و چاکتر وایە ئەم لایەنە بۆ ئاواز دانەر و مۆزیکژەنەکان دابنێین ، وەلێ ئێمە تەنها وەک ئاماژەیەک وەبیرهێنانەوەیەک پێکهاتەی سروودمان خستە بەر دیدتان . هەروەها لە سرووددا پسپۆڕی دەنگ هەیە ئەوەیش بۆ شارەزایانی ئەندازیارانی دەنگ جێدێڵین ، لە گەڵ ئەوەیشدا هارمۆنی کۆمەڵێ چین و گەمەی هونەری تێدایە کە هەر یەکە بە ناوێک و دەستەواژەیەکن ، هەروەک گوتمان مۆزیک ژەنەکان پسپۆڕیان لەو بارەوە هەیە .
لە سروود دا هەندێ جووڵە و ئاماژەکانی سەر هەن پێویستە سروودبێژ ئاشنایەتی لە تەکدا هەبێت ، بۆ نموونە لە کاتی وەستانی تایبەت بە گۆرانی و سروود پێویستە خۆی و کۆڕاڵ بە ئەندازەیەک هەردوو پێیەکانیان لە یەکدی جیا بکەنەوە ئاماژەی حەماسییەتی تێدا بێت دەستەکان بە گورج و گۆڵی و بە تینەوە بجوڵێندرێت و سەر بەرز بکرێتەوە و بەملاولادا جوڵەی پێبکرێ و پێڵوی چاوەکانیش لە کاتی پێویستدا دابخرێن و هەڵببڕدرێن جۆرێک لە سەرنج راکێشان بخولقێنێت .

سروود و سروودی نیشتیمانی
خەسڵەتە بنچینەییەکانی سروودمان لە سەرەوە خستە روو کە لە رووی هونەرییەوە رەنگە جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نێوان سروود و سروودی نیشتیمانی نەبێت ، سروودی نیشتیمانی ئەو پارچە مۆزیک و دەنگەیە کە لە بۆنە نیشتیمانی و نەتەوەییەکاندا پێشوەختە بەکاردەبرێت ، سروودە نیشتیمانییەکان بە شێوە جیاجیاکان لە بۆنە جیاوازەکانیش بەکاردەهێنرێت ، لە جەژنە نیشتمانییەکان و ئاهەنگەکان و لە هەندێ وڵاتیش لە بۆنە وەرزشییەکان و دەسپێکی رۆژانەی قوتابخانەکان وەک باوێکی نیشتیمانی کە رۆحی نیشتیمانی و نەتەوەیی لای منداڵانی وڵاتدا هەمیشە جۆشی پێدەدات و هەموو سپێدەیەک بە گوێیاندا دەزرنگێتەوە ، لە هەندێ وڵاتی دیکەیش سروودی نیشتیمانی لە پێش دەسپێکی شانۆگەری و فیلمی سینەماکان لێدەدرێت ، زۆریش لە ئێزگە و تەلەفزیۆنەکان وەک نەریتێک لە گەڵ کردنەوەی ئێزگە لە هەموو سپێدەیەکدا و لە گەڵ داخستنی ئێزگە لە دوا دوای شەودا بە کاری دەهێنن و لێدەدرێت ، بەڵام بە داخەوە لای ئێمە زۆربەی ئێزگە و تەلەفزیۆنەکان سروودی ئایدیاکەی خۆی لێدەدات و ئامادە نییە سروودە نیشتیمانیەکەمان لێ بدات ، ئەگەر بۆیان بلوێ سروودی عێراقی لێ دەدەن .
ئەم سروودە لە هەندێ وڵات بە سڵاوی کۆماری یان سروودی شاهانە یان سەرۆکایەتی ناسراوە ، ئەمڕۆ وای لێهاتووە بۆ هەموو کارێک و جێگەیەک سروودێک هەبێت ، سروودی پارێزگاکان و هەرێمەکان . جیاوازی لە بەکارهێنانی سروودی ئاسایی و سروودی نیشتیمانی ئەوەیە لە بەکاربردنیا ، کە سروودی نیشتیمانی هەموو رۆژێک بەکار دەبرێت و زۆرجار رۆژانە گوێبیستی دەبین ، سروودی ئاسایی یان بە دەگمەن گوێمان لێ دەبێت یانیش لەو کاتانەی دیاریمان کرد (( جەنگ و شۆڕش و راپەڕین )) ەکان بە بەردەوام گوێبیستی دەبین ، کەواتە بۆ دنەدان و هاندانە بەرەو ئەو سێ حاڵەتە .
مێژووی سروودە ئاساییەکان کۆنە و بۆ بەر لە ئیسلام دەگەڕێتەوە ، بەڵام سروودی نیشتیمانی لە سەدەی نۆزدەدا بایەخ و گرینگی خۆی بە دەستهێناوە ، لێ هەندێکیان زۆر لەم مێژووە کۆنترە ، کۆنترین سروودی نیشتیمانی ناسراو و دیار ، سروودی نیشتیمانی هۆڵەندییە بە ناوی ( هیت گۆشینگ ) کە لە نێوان ساڵانی ( 1568 ــ 1572 ) لە میانەی شۆڕشی هۆڵەندادا نووسراوە ، هەروەها سروودى ( کیمی جا یۆ ) ی ژاپۆنی ) کە وشەکانی لە قەسیدەیەک وەرگیراوە لە میانەی حوکمڕانی ( هییان ) لە نێوان ساڵانی ( 794 ــ 1185 ) نووسراوە ، بەڵام بەم جۆرەی ئێستای تا ساڵی ( 1880 ) بەکار نەهاتووە . هەرچەندە ئیبراتۆڕیەتی عوسمانی لە سەدەی سیانزەدا باسی لەوە کردووە کە سروودی نیشتیمانی جیاواز بخرێتە جێبەجێ کردنەوە بەڵام تا سەدەی نۆزدە سروودی شاهانەی نەبووە ئەمەیش لە کاتێکدا بەر جەستە بووە کە دوای ئەوەی هێزی سەربازی رێکخستووە و تیپی جۆق ومۆسیقای سەربازی دامەزراندووە لە سەر شێوازی رۆژئاوا ئەوەیش لە سەر دەستی سوڵتان مەحموودی دووەم بووە .
ئەوە ماوەتەوە بڵێین کە لە هەندێ وڵاتدا سروودی نیشتیمانی یان سروودی شاهانە بە شان و شەوکەتی میر و پادشا و سەرۆک و ئایدیۆلۆژیاکانی حوکمڕاندا دەگوترێت ، بە تایبەتی وڵاتانی کەندا و ئەو وڵاتانەی دیکتاتۆریەت خۆی بە سەر خەڵکەکەدا سەپاندووە ، ( وگن المدى ) ی سەردەمی رژێمی پێشوو باشترین بەڵگەی بەردەستمانە لەم بارەیەوە .

جیاوازی نێوان سروود و گۆرانی :
لە سەرەوە باسمان لەوە کرد کە سروود بۆ نیشتیمان و نەتەوە و ئایین دەگوترێتەوە و گۆرانیش بۆ جوانی و ئەوین و عیشقی دڵداری دەگوترێتەوە ، هەرچەندە هەندێک پێیان وایە جیاوازی نەماوە لە نێوان سروودو گۆرانی بەو پێیەی ریتم و ئامێری مۆزیکیش بۆ سروود بەکاردێت ، بە تایبەت لەم رۆژگارەیشدا کە سروودی هێمن و ئارام و لە سەرخۆ هاتۆتە ئاراوە و سروودی حەماسی ئەو باوەی نەماوە ، بەڵام سروود هەر لە قاڵبدانی خۆی جێگیرە و گۆرانیش نەمازە لە ئیمڕۆدا پانتاییەکی ئەوتۆی گرتووە و سیناریۆی وا داڕێژراوە بۆ گۆرانی ئەگەر سروود هاتبێتە جێی گۆرانی زەمەنی زوو و پێشتر ئەوا گۆرانی زیاتر پەرەی سەندووە و گەشەی کردووە ، بۆیە ئەو جیاوازییانە هەر هەن ، ئیمرۆ کەم گۆرانی هەیە کۆراڵی هەبێت کەچی بە زۆری کۆراڵی هەیە و هەندێجاریش بێ کۆراڵە ، ریتمی سروود ریتمێکی سەربازی و شەرانگێزییە لە بەرامبەردا ریتمی گۆرانی ریتمی ئاشتبوونەوە و دەست لە مل کردنی ئاشقانە ، گۆرانی زۆرجار وا رێک دەکەوێت کچ و کورەکە بۆ یەکتری دەڵێنەوە ، تۆنی گۆرانی لە میلۆدییەکەیەوە بەدەر دەکەوێت و نەرم و نیانی و باسکردن لە لار و لەنجە و قژی کالڕ و چاوی کەژالڕ زەقبوونی گۆرانی دەردەخات و دەنگی زبرە تۆنی بەرز و نزمی سروود و کۆراڵ و نەزمی سەربازی گیانی سروود زیاتر بە دەردەخات .
سروود هاندان و دنەدانە بۆ گەیشتن بە شەهادەت و سەرفیرازی لە پێناو نیشتیمان و نەتەوە و ئایین کەچی لە بەرامبەردا گۆرانی هاندانە دنەدانە بۆ ئەوین و دڵداری و عیشقی خۆشەویستی نێوان دوو رەگەزی لە یەک جودا کە کۆتاییەکەشی گەر بە یەکگەیشتن بێت بە پرۆسەیەکی سیکسی کۆتایی پێ دێت . گۆرانی لە سەردەمی ئاشتەوایی و خۆشگوزەرانیدا پەرە دەسێنێت و لە کاتی جەنگەکاندا مردنی جاڕ دەدرێت ، کەچی سروود لە جەنگ و شۆڕش و راپەرین بست بە بست باڵا دەکات و لە ئاشتیدا مردنی جاڕ دەدرێت .

دەرئەنجام :
لە ئاکامی ئەم لێکۆڵینەوەیە بۆمان ساغ دەبێتەوە کە سروود بە هەموو پێوەرە هونەری و تەکنیکی و وشە و ئاواز و ریتم و داڕشتنی دەقەکەیەوە هەوڵدانە بۆ نزیککردنەوەی گەنجان و خوێنگەرمانی پرسە سیاسییەکان بەرەو رووی خەبات و مقاوەمەت و گیانبازی لە پێناو ئامانجێکی پیرۆز کە لە هزریدا باوەڕێکی بتەوی پێی هەیە و گیانیشی لە پێناودا بە قوربان بکات باکی نییە ، ئەگەر گیانفیداکردن لە پێناو ئایدیۆلۆژیەتێکی سیاسیش بێت ، گرینگ قەناعەتە و ئەو سروودانە دەبنە هۆکاری دنەدان و ورووژاندنی حەماسەت ، زۆر بۆ ئەم پرسە دوور ناکەوینەوە شەڕی ناوخۆی کوردستان باشترین بەڵگەی بەردەستن کە زۆر کەس و ئێستایشی لە گەڵدا بێت لە پێناو ئایدیۆلۆژییەتی قەناعەت پێکردن و باوەڕ بوونی بەو ئایدیایە بە سروودێکی حەماسەتەوە ئامادەیە خۆی بە قوربانی بکات ، کەواتە سروود هیچی کەمتر نییە لە فیشەکی جەنگاوەرێک کە لە بەرەکانی جەنگەوە بە لایەنی بەرامبەری دەنێت ، لە زۆر وڵاتیش سروود بە لەشکرێکی دیکەی سەربازی لە قەڵەم دەدەن .
لە کۆتاییدا دەڵێین کە لە سەرەتای شۆڕش و بزاڤی رزگاریخوازی نەتەوەییمانەوە لە 11 ی ئەیلوولی 1961 ەوە تا بە ئەمڕۆ دەگات سروود رۆڵێکی بەرچاو و دیاری بینی لە هاندانی گەنجان و لاوانی نەتەوەکەمان بۆ ناو سەنگەرەکانی پێشمەرگە و بەمەیش هەر خانەوادەیەکی کورد مێژوویەکی سەرفیرازی بۆ خۆی تۆمار کرد و ئەو سروودانەی کە بۆ ئەو بزاڤە نەتەوەییە گوتراون وەک گیانی ئەو شەهیدانە بە زیندوویی لە هزری هەر یەکێکمان دەمێنێتەوە .

بۆ ئەم لێکۆڵینەوەیە سوودم لە ( ویکبیدیا الموسوعە الحرە ) لە ئینتەرنێت وەرگرتووە .




دانی ئەژدیهاچاندن و نووقومبوونی غەززە لە دەریادا.. بەکر ئەحمەد

“بریا ڕۆژێک بەخەبەر بێم و ببینم غەززە نوقمی دەریا بووە”، ئەمە خولیا گەورەکەی “ئیسحاک ڕابین”ە، سەرەکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل لە ساڵی 1992 دا (١) . بێگوومان ، ساڵێک لەوەو پێش, ئەو ویاسر عەرەفات ، خەلاتی ئاشتی وەردەگرن بۆ ئیمزاکردنیان لەسەر ڕیکەوتننامەی ئوسلۆ.
“رابین” وەک جەنەرالێک و سیاسییەک، ئەو ئاڵوگۆرە گەورانەی بینی بوو کە لە سەر نەخشەی سیاسی غەزەددا خۆی نمایش دەکرد و نەخشەو پلانەکانیشی بەشێک بوون لەو چارەسەرانەی کە لەلایەن ئەو و دەسەلاتدارانی دیکەی ئیسرائیلەوە خراوەتە ڕوو.
ئەگەر سلێمانی لە فەنتازیای زۆر کەسدا شاری “هەلمەت و قوربانییە”، ئەوە غەززە لە پێش هەموو ناوچەکانی دیکەوەوەیە لە فەلەستیندا. بە تایبەت لە دوای ١٤ی حوزێرانی 2007 دا کاتێک حەماس لەم رۆژەوە ئیدارەی غەززەی دەکەوێتە دەست. ئەم ناوهێنانە وەک هیچ شانازییەک ناکرێت بە گەردنی حەماسدا هەڵبواسرێت کە بزوێنەری “شاری هەڵمەت و قوربانی” بوونی غەززە بێت، بەلکو ئەم خۆ.جیاکردنەوە سیاسیە لە ئیدارەی فەتح ، غەززە دەکاتە ناوچەیەکی گەمارۆدراوی ژێر دەسەلاتی یاساکانی ئاوارتە. دۆخێک کە وا لە غەززەییەکان دەکات کە بۆ پەیداکردنی نانی رۆژیشییان دەبێت لە رێگای توونێلە ژیرزەمینییەکانی نێوان غەززە و میسرەوە خۆراکیان پێ بگات.
ئەم هەلومەرجە، کارێک دەکات کە غەززە و غەززەییەکان بخاتە سەر ئاگر و هەموو ساتێک ئامادەبوونی ئەگەری تەقینەوەی رق و کلپەی نارەزایەتییەکانیان لەسەر پێ بێت.
نەهامەتییەکە لەوێدایە کە دەسەلاتی خۆماڵی نەیتوانیوە ئەو هەلومەرجە بگۆرێت کە دەسەلاتدارێتی ئیسرائیل ڕۆژانە لە فراوانکردنەوەی نیشتەجێ تازەکان و پیادەکردنی سیاسەتی ئاپارتاید بەرانبەر فەلسەتینیەکان و خەلکی غەزە بە تایبەتی پیادەی دەکات. بۆیە کەنارێکی بچکۆلە لەو سەرزەمینەی کە پیی دەڵێن غەززە، دەبێتە ئەو مەنجەلە لەسەرئاگرنراوەی کە هەموو تراژیدیای ئینسانی فەلەستینی تیا کۆدەبێتەوە. غەززە لێرەوە دەبێتە فەلەستینێکی بچکۆلە و بەو مێژووەدا دەبرێتەوە کە فەلەستین لە 1948 وە پیایدا تێپەڕیوە. بەڵام بۆ جاری دووم.
ئەم هەلوومەرجە تایبەتییەی غەززە کە هێشتا لە کەناری دەریادایە و نوقووم نەکراوە، دەبێتە شوێنی پلاندانانێکی تایبەتی دەسەلاتدارانی ئیسرائیل لە سەرەتای هەشتاکانەوە بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕیک پێک بێت. بۆ جلەوگرتنی کۆمۆنیست و چەپ و فەتح و هێزە مەدەنییە ڕادیکالەکانی دیکەی ناو ئەم کەرتەی کە لە ناوچەکانی دیکەی فەلەستین دابڕێنراوە، ئیسرائیل رێگادەکاتەوە کە لەپاڵ سەرمایە گووزاری زەبەندی سعودییەکاندا، دەستبداتە قومارێکی ئیجگار گەورە و چاوپۆشی لە دامەزراندنی ئەم باڵەی ئیخوان موسلمین بکات لە غەززەدا. لە زمانی “ئیسحاق سێگێڤ”وە کە موتەسیریفی سەربازی غەززە بووە لەو کاتەدا، بە پێی هەواڵێک کە لە ساڵی 1981 دا لە نییۆرک تایمزدا بلاوکراوەتەوە، بوودجەیەکی گەورە وەردەگرێ و دەیداتە ئیخوانەکانی غەززە. سەیری لینکی هەوالەکە بکە لێرەدا(Opinion | Casting Blame in the Israel-Gaza Conflict – The New York Times (nytimes.com)).

بە سویدی دەڵێن: ئەوەی “با” بچینێ، زریان دەدوورێتەوە”. بە زمانی ئەفسانە یۆنانییەکە، ئەم جۆرە لە ڕەفتارنواندن پییدەوترێت: هەژدیها چاندن. ئەفسانەی ئەژدیهاچاندن واهیی دێتە گێڕانەوە.
کادمۆس شازادەیەکی فینیقی بووە. وەختێک “ئەوروپا”ی خوشکی دەفڕێنن لە لایەن “زیوس”وە، دەکەوێتە سەفەری گەران بەشوێنیدا تا پەیدای بکات. بەلام بە بێ هیچ دەرئەنجامیک. وەختێک دەگاتە “دیلفی”، داوای ئامۆژگاری لە “ئۆراکڵ”ی خواوەند دەکات. ئۆراکڵ پێی دەڵێت: ” لە جیاتی گەران بەدوای ئەوروپای خوشکدا، باشترە واز لەو کارە بێنێت و دوای مانگایەکی سپی بکەوێت و لە کوێدا دەوەستیت و دەیەوێ ئیسراحەت بکات، لەویادا شارێک دروست بکات. کادمۆس مانگاکە دەبینێت و دەبینێت لە شوێنێکدا دەوەستێت، هاوەلەکانی بانگدەکات بچن لەو دارستانە نزیکەی شوێنی حەوانەوەی مانگاکەوەیە ئاو بێنن تا سوپاسی “زیۆس”ی پێبکات. بەڵام سەرچاوەی ئاوەکە لە لایەن ئەژدیهای “ئارێز”ەوە کە خواوەندی جەنگی یۆنانییەکانە چاودێری دەکرێت. کاتێک پیاوەکانی کادمۆس نایەنەوە و ئەو خۆی دەچی بزانێت چییان بەسەردا هاتووە، دەبینێ هەموو پیاوەکانی کوژراون و بە ناچار خۆی دەکەوێتە جەنگی ئەژدیهاکە و لە دەرئەنجامدا دەیکوژێ. لەو کاتەدا “بالاس”ی خواوەندی ئەسینا دادەبەزێتەخوار و فەرمانی پێدەکات، نیوەی دانی ئەژدیهاکە بچێنێت و نیوەی دانەکانی دیکە بدات بە “لایتیس”. لە دندانی چێندراوی ئەژدیهاکەوە ، جەنگاوەرانێکی پڕچەک سەوزدەبن و دێنە دەر کە دەکەونە کوشت وکوشتاری یەکتری و تەنانەت جەنگی خۆیشی.
بۆیەش ئەوەی لە سیاسەتدا بەسەرکەوتنێکی کادمۆسییانە ناودەبرێت، هیچ شتێک نییە جگە لە چنینەوەی بەروبوومەکانی شکستی خۆ ئەگەر چی بڕیار بوو وەک سەرکەوتن بۆ خۆ تۆماربکرێت. ئەمە ئەو پەیامەیە کە ئەفسانەکە دەیگێڕیتەوە.
ئیستا ددانی چێنراوی ئەژدیهاکەی خۆ لە غەززەدا، نەک هەر گەورەبووە و هێزەکانی دیکەی دەووروبەری خۆی لووشداوە، بەلکو لەو ئاستەداشدایە کە کەڵبەی خوێناوی خۆی لەجەستەی خودی ئیسرائیل گیرکردووە.
بەڵام بەرلەوەی قسەلەسەر “هەژدیها چاندن” و دانەگەورەبووکانی بکرێت، خودی غەززە جیگایەکی تایبەتی هەیە. ئەوەی کە چالاکی و جموجۆڵی سیاسی لەم کەنارەی دەریادا لە هەشتاکانەوە هێند گەورەیە کە مۆسادی ئیسرائیلی ناچاردەکات ئەو کارە بکات کە لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، غەززە لە دوای گەندەڵبوون و بۆگەنکردنی ئیدارەی “فەتح”ەوە دەبێتە سەنتەری مقاوەمەت لە بەرانبەر ئیسرائلدا.
دەسەلاتی فەتح لە دوای بەدەسەلاتگەیشتنیەوە، فەرمانبەرێکی ئیداری ملکەچە و ئەو دۆخە بەسەردەبات کە دەسەلاتی کوردی لە سەرەتای نەوەدەکانەوە تا ئەمڕۆ کردوویەتی.
غەززە ئەو سەرزەمینەیە کە لە پاش دەسەلاتگرتنەدەستی ئیدارەی عەرەبی خۆیەوە ، تالاوەکانی ئاپارتاید و دەسەلاتێکی راسیستی بە گۆشت و خوێنەوە تاقیدەکاتەوە و ئیدارەی خۆماڵیش لە بەیاننامە دەرکردنی سەرکۆنەکردن بەولاوە، کارێکی دیکەی نەکردووە. تەنانەت لە چالاکی موخابەراتی ژێربەژێردا، زانیاری هەموو هیزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ژیردەسەلاتی خۆیان وناوچەی غەززەیشییان داوەتە مۆساد.
غەززە لەمڕۆدا ، ئەو بەشەی دەرەوەی دەسەلاتی “فەتح”ە کە دەیەوێت پرسی ئینسانی فەلەستینی و ئاپارتاید لە گشتییەتی خۆیدا نەمێنێ. ئەمە بەرهەمی دابراندنی غەززەیە لە ناوچەکانی تری فەلەستین. بە کورتیەکەی بەشێکی دابراوی تەوقدراو، هەموو بناغە ستراکتۆرییەکانی ئەوەی پێیدەوترێت کێشەی فەلەستین ، لە خۆدا کۆدەکاتەوە.
بەڵام ئایا ئەمە بەرهەم و چالاکی سیاسی “حەماس”ە؟
لە ڕاستیدا وەلام بە نایە. ستەم لەوێیەوە و لە بیست و چوار سەعاتدا چاولێک نانێ و حەماس لەوی بێت یان نەبێت، ئابڵۆقەدانی ئەم ناوچەیە نارەزایەتی دەکوڵینێت.
حەماس لەوێیە و سواری ئەم شەپۆلی نارەزایەتیانە بووە. هاوکات ئینسان دەتوانێ ئەوەش بڵێ کە حەماس ئەم نارەزایەتییە کڵپەگرتووەی ناو غەززە بەو ئاراستەیەدا دەبات کە لەگەل ئەجێندای سیاسی خۆیدایە. بەڵام بوونی حەماس و نەبوونی، ئەم مافی موقاوەمەتکردنەی هاوڵاتییان لەبەرانبەر سیستەمێکی راسیستیدا ناکرێ لەکەدار بکات و هەڵویستییان بخاتە ژیر پرسیارەوە.
ئاماژەکان بەرەوە کوێ دەڕۆن؟
چۆڵکردنی غەززە بە مانای هەڵبژاردنی ئەگەری ئاوەرەکردنی 2 ملیۆن ئینسان بۆ ئەوەی وەک هەموو فەلەستینیەکانی ترلە کەمپەکانی ئاوارەیدا بژین. لە پراکتیکدا: یانی هاتنەدی خەونی لە دەریادا نوققوومکردنی غەززە.
دەرهێنانی دانەکانی حەماس و تەسلیمکردنی ئیدارەی غەززە بە فەتح، دەکرێ ئەلتەرناتیڤێکی گوونجاوتر بێت کە کۆمەلگای نەتەوەیی سەری ڕەزامەندی بۆ دەلەقێنێ.
دەرهێنانی دانەکانی حەماس و داگیرکردنەوەی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە.
یان، تێوەگلانی هەموو ناوچەکە لەشەڕیکی ماڵوێرانکەرانەدا.

لە ئیستادا خەونی نووقومبوونی غەزە، هەر بە تەنها خەونێکی ئیسرائیل نییە. زۆرن ئەو دەسەلاتانەی بە نهێنی ئەم خەونە دەبینن. بەڵام غەززە لەوێیە، بە حەماس و بێ حەماسەوە. چونکە بنەما سەرەتاییەکانی سەرکوت و بێحورمەتیکردن بە ئینسان، لە ئاستە نێونەتەوایەتییەکەیدا لەسەر شانۆی غەززە و لە نیگای مندالانی دەست وقاچ پەڕیودا خۆی نمایشدەکات. دەڵێن: منداڵانی غەززە لەخەو ڕادەچڵەکن، نەلەبەر کابووسەکانی ناو سەریان، بەلکو لە ترسی ئەوەی لەبیریان چوو بێت ناوی خۆیان لەسەر قۆلیان بنووسن. ئەوان ڕادەچڵەکن و بە پەلە سەیری سەرقۆڵی خۆیان دەکەن. تا لە لەوە دڵنیا ببنەوە کە لە ئەگەری بۆمبارانی مالەکانیاندا، کاتێک کەسێ جەستەی ژێرخاک و پەردووەکان دەردەکێشێ، بزانرێت کێ کچ و کوڕی کێێە.
نەبینینی ئەم ستەمە سیستیماتیک و ئاپارتایدە ڕۆشنەی کە کەمایەتییەکی هاوڵاتییان دەیانەوێ لەسەر خۆیان و زۆرایەتی کۆمەلگای فەلەستین نەمێنێ، ڕەوایەتی قەتل و عامی غەززە نادەتە دەست هیچ کەسێک.
تەنانەت ئەگەر تەرەفێکی ئەم جەنگە حەماسیش بێت.
با ئەم وێنەیە کەمێک ڕۆشنتر بکرێتەوە.
گریمان چه‌ند ڕۆژێکی به‌ر له‌ شانزه‌ی سێی ساڵی 1988و ئیسلامییه‌کانی کوردستان و یه‌کێتی و پارتی هه‌له‌بجه‌ ده‌گرن و به‌عسیش به‌ هه‌موو چه‌کێک شار ده‌خاته‌ ژێر گه‌وره‌ترین ئابڵۆقه‌ی ئابووریی و بۆردوومانی زه‌مینی و ئاسمانییه‌وه‌. بۆ هه‌ڵوێستوه‌رگرتن له‌به‌رانبه‌ر سیناریۆیه‌کی وه‌ک ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه‌دا کام هه‌ڵوێست له‌ پله‌ی یه‌که‌مدایه بۆ تاوانبارکردنی لایه‌نه‌کانی ده‌رگیر له‌ جه‌نگدا‌: گرتنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ له‌لایه‌ن یه‌کێتی و پارتیی و ئیسلامییه‌کانه‌وه‌ یان کیمییابارانکدنی شارێک. به‌ بڕوای من هۆی کیمیاییبارانکردنی شارێک ناخرێته‌ ته‌رازووی کۆششی سه‌ربازیی بۆ گرتنی شارێک ‌و هیچ که‌سێکی خاوه‌ن موڕاڵی سیاسیی ناتوانێت بڵێ ئه‌گه‌ر ئه‌و هێزانه‌ ئه‌و کاره‌یان نه‌کردایه‌، به‌عسیش وای نه‌ده‌کرد. ته‌نها له‌ ده‌سه‌ڵاتێکی فاشیستی ده‌وه‌شێته‌وه‌ که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی ده‌سته‌جه‌معی سزای سه‌دان هه‌زار هاوڵاتی بدات به‌وه‌ی چه‌ند هێزێکی سیاسی به‌ پێێ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی تایبه‌ت شارێک ده‌گرن و ده‌وڵه‌تیش غازی کیمییاوییان به‌سه‌ردا ده‌ڕێژێت. ئه‌وه‌ی له‌ غه‌ززه‌دا دەگووزەرێ هه‌مان شته‌. دوو ملیۆن ئینسان خراونه‌ته‌ قه‌فه‌سێکی داخراوه‌وه‌. به‌وه‌ی حه‌ماس ده‌سه‌لاتدارێتی ئه‌م ناوچه‌یه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، هیچ ده‌وڵه‌تێک به‌ ناوی لێدان له‌م ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ بۆی نییه‌ تازه‌ترین چه‌که‌کانی سه‌ر‌ده‌م به‌سه‌ر ماڵ و منداڵی ناوچه‌یه‌کی دوو ملیۆنیدا ببارێنێت که‌ ده‌رفه‌تی هه‌ڵهاتنیشییان لێسه‌ندرابێته‌وه‌. تۆ کاتێک وه‌ک هاوڵاتییه‌کی کورد پێتوانییه‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌عس حه‌قی خۆی بوو شارێک کیمییاباران بکات به‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک چه‌کداری سه‌ر به‌ گرووپێکی ئۆپۆزیسیۆن شاره‌کەیان خستۆته‌ ژێر کۆنترۆڵی خۆیانه‌وه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ش ناتوانیت پێتوابێ ئیسرائیل حه‌قی خۆیه‌تی دوو ملیۆن ئینسان بخاته‌ ژێر چه‌کی فسفۆڕیی و سه‌رتاپای پێداویستییه‌کانی کۆمه‌ڵگایه‌ک له‌ بناغه‌وه‌ هه‌ڵته‌کێنێت. یان پێتوابێت ئەمە جەنگی تێرۆریستەکانە وبا بەرببنە گیانی یەکدی. لێره‌دا به‌رگ و ڕه‌نگی ئایدیۆلۆژی حه‌ماس و یه‌کێتی و پارتیبوون مانایه‌کییان نییه‌. به‌ڵکو ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه‌، به‌ ڕه‌هینه‌گرتنی ژیانی دوو ملیۆن ئینسانه‌ له‌ شوێنێکدا به‌وه‌ی حه‌ماس ده‌سه‌ڵاتدارێتی ناوچه‌که‌یه‌.
لەم گۆشەنیگایەوە سەیری جەنگی ئێستای غەززە نەکرێت، دەکرێ ببیتە بەشێک لەو لەشکرەی خەو بە نووقومبوونی غەزەوە دەبیین لە دەریادا. یان خستنە ژێر چادریان لە بیابانی نێوان میسر و ئیسرائیلدا.
بەڵام غەززە لەوێیە، چونکە بناغەکانی سەرکوت لە ئیسرائیلدا بە تەواوەتی خۆیەوە ئامادەیی هەیە.

بەکر ئەحمەد
2023, 10,20

1- Hamas, Israel och Palestina av Bitte Hammargren (aftonbladet.se)




دەرکەوتە سووریالییەکان لە دیوانە شیعری (بەرەواژ)ی نارین ڕۆستەم* دا.. ڕووخۆش نەبی عەوڵا

توێژینه‌وه‌یه‌كه‌ پێشكه‌شی ئه‌نجومه‌نی فاكه‌ڵتیی ئاداب كراوه‌ له‌ زانكۆی سۆران وه‌ك به‌شێك له‌ پێداویستییه‌كانی به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس له‌ زمانی كوردی/ به‌سەرپەرشتی د. کازم شێخ حسێن

پوختە
پوختەی ئەم لێکۆڵینەوەیە، باسکردنە لە یەکێک لە ڕێبازەکانی ئەدەبیی، ئەویش سووریالیزمە، لێرەدا دەمانەوێ سووریالیزم بناسێنین و پڕاکتیزەی بکەین لەسەر دیوانێکی شاعیری کورد نارین ڕۆستەم ئەو دیوانەش (بەرەواژ)ـە، کە شایەنی باسە ئێمە لە لایەنی تیۆریی ویستوومانە بەشێوەیەکی ئەکادێمیی تیۆری بابەتەکە بخەینەڕوو چ لەڕووی زاراوە، چەمک، مێژوو، سەرهەڵدان و بنەماکانی، لە لایەنی پراکتیکیش پشتمان بەم دیوانە بەستووە، کۆمەڵێک شیعرمان هێناوەتەوە تاکو توێژینەوەکەمان لە لایەنی پراکتیکی دەوڵەمەند بکەین و نموونە بۆ لایەنی تیۆرییەکەمان بهێنینەوە، لەڕێگەی ئەم توێژینەوەیە دەمانەوێت بیسەلمێنین بەرهەمەشیعری بەرەواژی نارین ڕۆستەم سووریالییە یان نا.

وشە کلیلیەکان: سووریالیزم، بەرەواژ، نارین ڕۆستەم، بنەماکانی سووریالیزم، وێنەی نالۆژیکیی، سەرووی واقیع، تایبەتمەندییەکانی سووریالیزم.

پێشەکیی
سووریالیزم وەک ڕێبازێکی ئەدەبیی سەرەتا لە ئەدەبی ئەورووپی سەری هەڵدا، دواتر لە ناو نەتەوەکانی تر بڵاوبوویەوە و ئەدیبە کوردەکانیش سوودیان لە ئەدەبی تری دونیا وەرگرتووە و ئەم ڕێبازەیان گواستووەتەوە بۆ ناو ئەدەبی کوردیی، نارین ڕۆستەمیش یەکێکە لەو شاعیرانەی کە سوودی لە ڕێبازی سووریالیزم وەرگرتووە و لە شیعرەکانی بەرجەستەی کردووەتەوە. زۆرجار باس لە سووریالیبوونی شاعیر دەکرێت و لای کۆمەڵێک نووسەر بە شاعیرێکی سووریالی دانراوە، ئێمەش بۆیە ئەم ناونیشانەمان هەڵبژارد بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئەکادیمی و زانستی شیعرەکانی نارین ڕۆستەم لە نێوان سووریالیبوون و سووریالی نەبوون یەکلایی بکەینەوە. ئەوە بخەینەڕوو شیعرەکانی تا چەند لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی سووریالیزم دێنەوە.

دیوانی (بەرەواژ)ی نارین ڕۆستەم قسەی لەبارەوە دەکرێت کە سووریالیی بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەستەیەکی تر هەن کە پێیانوایە سووریالی نییە، ئەم کێشەیە بووە هۆی ئەوەی ئێمە لەم توێژینەوەیەدا ئەوە ڕوون بکەینەوە و نیشانی بدەین، کە چەندە ئەم دیوانە بەپێی تایبەتمەندییەکانی سووریالیزم نووسراوە.
هاوکات چەند پرسیارێک بە تەریبیی لەم توێژینەوەیەدا دەکشێت و وەڵامیان دەدەینەوە، بۆنموونە: ئایا سووریالیزم لە دیوانی شیعری نارین ڕۆستەمدا ڕەنگی داوەتەوە؟ ئایا چەند بنەمای سووریالیزم ڕەنگی داوەتەوە؟ ئەو تایبەتمەندییانە کامانەن کە لای سووریالییەکان جێی بایەخن و لای نارین ڕۆستەم ڕەنگیان داوەتەوە؟ سووریالیبوون و سووریالی نەبوونی ئەم بەرهەمە لە چیدایە؟ ئەمانە گرینگی خۆیان هەیە و لە ڕێگەی ئەم توێژینەوەیەوە بەشێوەیەکی زانستیی ئەم بابەتە یەکلا دەکرێتەوە.

بەشی یەکەم
زاراوەی سووریالیزم

زاراوەی surealism لە دوو بەش پێکهاتووە، sur واتە سەر، realism واتە واقیع، هەردوو وشەکە بە یەکەوە واتای (سەرووی واقیع) دەگەیەنن. لە بارەی بەکارهێنانی زاراوەکە یەکەم کەس کە ئەو زاراوەیەی بەکارهێنا گیوم ئەپۆلێنیر بوو، لە کۆنفڕانسێکدا لە بارەی ڕووحیاتی نوێ لە ساڵی ١٩١٧ بەکاریهێنا، دەبێ ئاماژە بەوەش بدەین گیوم ئەپۆلێنیر لە شانۆگەرییەکی خۆیشیدا بە ناوی (مەمکەکانی بەیاتریس) ئەم زاراوەیەی بەکارهێناوە، هەر لە سەرەتای شانۆگەرییەکەدا ئەپۆلێنیر داوای سەرووی سرووشتی دەکرد. پاشان ئەندرێ برۆتۆن ئه‌م وشەیەی قۆزتەوە و لە مانیفێستی سووریالیزمدا دووپاتی کردەوە و ڕێبازەکەی خۆیانی پێ ناوزەند کرد. (پیرباڵ، ٢٠٠٩: ٢٢٧، عەبدوڵا، ٢٠١٣: ١٨) لێرەشەوە ئەم زاراوەیە بۆ ڕێبازێکی ئەدەبی بەکارهات.

چەمکی سووریالیزم
سووریالیزم چەمکێکی بەرفراوانە چەندین پێناسەی بۆ کراوە، ئێمەش لێرەدا بۆ ڕوونکردنەوەی چەمکی سووریالیزم چەند پێناسەیەک دەخەینەڕوو:
ئەندرێ بروتۆن لە پێناسەکردنی سووریالیزم دا دەڵێت: ((بزووتنەوەیەکی زاتی و دەروونییە، بە نووسین یا بە قسەکردن، یا هەر شێوازێکی دەربڕین بێت، لە بابەتێکی سرووشتی لە بیر و ناهۆشمەندی ئادەمیزادەوە هەڵدەقوڵێت، دوور لە دەسەڵاتی عەقڵ و یاسای کۆمەڵەوە))، (بەسیڕ، ٢٠١٥: ٢٥١) کەواتە سووریالیزم لای ئەندرێ بریتۆن سرووشتێکە لە دەرەوەی عەقڵی مرۆڤ، دوورە لە هەموو یاسایەکی کۆمەڵگە. لە پێناسەیەکی تریشدا بەهەمان شێوە پێناسەی سووریالیزم کراوە بەوەی کە ((بریتییە لە تەعبیرکردن و بیرکردنەوە لە دەرەوەی چوارچێوەی کۆنتڕۆڵکردنی ئاوەز و عەقڵ)). (عومەر، ٢٠٠٥: ٨٨) واتە سووریالیزم ئەوەیە گوزارشت لە شتەکان بکەیت بێ ئەوەی بکەویە ژێر کۆنتڕۆڵی عەقڵ.
سووریالیزم لە ئینسکلۆپیدیایی فەرەنسییدا وەها پێناسەی بۆ کراوە کە: ((فەلسەفەیەکە لەسەر بنچینەیی بڕوابوون بە واقیعێکی بەرز، لە هەندێ شێوەی باو درووست بووە، کە تا هاتنی پشتگوێ خرابوون، هەروەها بە هێزی گەورەی خەون و گەمەی فیکری هەڵدەستێت، بە لە ناوبردنی هەموو بزاڤە دەروونیەکان لە ڕێی چارەسەرکردنی کێشەکانی ژیان)). (عەبدوڵا، ٢٠١٣: ١٨) لەم پێناسەیەدا بۆمان دەردەکەوێت سووریالیزم لەسەر کۆمەڵێک بنەما دامەزراوە تاوەکو هاتنی سووریالیزم گرینگی بەو شێوە باوانە نەدراوە بۆ نموونە خەون یان خەیاڵ، یان گاڵتەوگەپ و یاخیبوون. لە پێناسەیەکی تردا هاتووە: ((هونەری سووریالیزم هەڵسوکەوتی وەهای تێدایە، کە بەهیچ جۆرێک لە هەڵسوکەوتی ئادەمیزاد ناچێ، چونکە ئادەمیزاد ملکەچی کۆمەڵێک یاسا و نەریتی کۆمەڵایەتییە، جا هونەری سووریالیزم خۆی بە هیچ کۆت و زنجیرێک نابەستێتەوە)). (بەسیڕ، ٢٠١٥: ٢٥١) هەر بۆیە سووریالیزم ئادەمیزاد تا ئەوپەڕی ئازادیی دەبات، دایدەبڕێنێ و جیای دەکاتەوە لە مرۆڤی ئاساییی.
سووریالیزم جیا لە ئەدەب لە چەندین هونەری تریشدا ڕەنگیداوەتەوە کەواتە: ((سووریالیزم نەک تەنیا لە بواری ئەدەبییات، بەڵکوو لە چەندین بواری تری وەک فۆتۆگرافیی، سینەما، شانۆ، مۆسیقا و نیگارکێشانیشدا زۆر فراوان ڕەگی داکوتاوە لای هەندێک کەسیش بووە بە شێوازی ژیانکردنیان))، (پیرباڵ، ٢٠٠٩: ٢٣٣) کەواتە سووریالیزم جیا لە هونەرەکان وەک شێوازێکی ژیانیش پەیڕەوی لێدەکرێت، لە ڕەفتار، کردار و گوفتاری ئەو کەسانە ڕەنگدەداتەوە کە پەیڕەویی لەم شێوە ژیانە دەکەن.

مێژووی سەرهەڵدانی سووریالیزم
وەک هەر ڕێبازێکی تر سووریالیزمیش مێژووییەکی خۆی هەیە جیای دەکاتەوە لە ڕێبازەکانی تر و کۆمەڵێک ڕابەر هەن، کە دەستییان هەبووە لە سەرهەڵدانی.
لە دوای ئەوەی ڕێبازی داداییزم کۆتاییی پێهات و کۆمەڵێک وێرانکاریی، بێسەروبەری لە دوای خۆی بەجێهێشت پێویست بوو ڕێبازێک بهێت ئەم کێشانە چارە بکات و هەندێک شت بونیات بنێتەوە، ئەوەبوو سووریالیزم وەک ڕێبازێکی ئەدەبیی هاتە ناو دونیای ئەدەب و یەکێک لە ڕابەرانی کە ناوی ئاندریە بریتۆن بوو ئەم هەوڵەیدا بە یارمەتی ئەو دارودەستەی لە ڕێبازی دادایزم مابوونەوە، ئەوەبوو قوتابخانەیەکی نوێیان بە ناوی سووریالیزم دامەزراند ئەم هەوڵە لە ساڵی ١٩٢١ درا، ئەو دەستەیە پێک هاتبوون لە ئاندریە بریتۆن، ئاراگۆن، پۆل ئیلوار، فیلیپ سووپۆ، بیردسنووس، پەنجامین پرە و هەندێ شاعیر و نووسەری دیکە. ئەم دەستەیە قوتابخانەی سووریالیزمییان لە ساڵی ١٩٢٢ دامەزراند، هەر دوای ئەمانەش ئەندرێ بریتۆن هەڵسا بە بڵاوکردنەوەی مانیفێستی سووریالیزم لە ساڵی ١٩٢٤، (حوسەینی، ٢٠٠٦: ٢٢٠، پیرباڵ، ٢٠٠٩: ٢٣٠) بەڵام پێش ئەم هەوڵانە هەوڵێکی تر درابوو لە لایان فیلیپ سوپۆ، ئەندرێ بریتۆن، ئاراگۆن و پۆل ئێلوار ئەویش بڵاوکردنەوەی گۆڤارێک بوو کە بە یەکەم گۆڤاری سووریالیی دادەندرێت بە ناوی (لێتیراتوور) لە ساڵی ١٩١٩. (پیرباڵ، ٢٠٠٩: ٢٣١) ئەم گۆڤارە بە دەستپێک و سەرەتایەک دادەندرێت بۆ سووریالیزم.
لەدوای ئەوەی لە شەقامێکی گەورەی پاریسدا بنکەیەک بە ناوی (نووسینگەی لێکۆڵینەوەی سووریالیستی) کرایەوە و بەیاننامەی سووریالیستی لێ بڵاوکرایەوە بە سەرکردایەتی ئەندریە بریتۆن و یەکەمین ژمارەی گۆڤاری ((شۆڕشی سووریالیستیی)) بە ڕێبەرایەتی پیرناڤیل و پەنجامین بڵاوکرایەوە، ئەم گۆڤارە تاوەک ساڵی ١٩٢٩ بەردەوام بوو، هەموو ئەم هۆکارانە بوونە هۆی ئەوەی سووریالیزم بگاتە لووتکە لە ساڵی ١٩٢٤، و لەو پەڕی چاڵاکی دابێت، بەڵام سووریالیزم هەر لە لووتکە نامێنێتەوە، بەڵکوو لە ساڵی ١٩٢٥ ئاندریە بریتۆن و پیرناڤیل لە گۆڤاری شۆڕشی سووریالیستی لێکدی جیابوونەوە و پیرناڤیل ڕووی کردە حزبی کۆمۆنیست. (حسەینی، ٢٠٠٦: ٢٢٢ – ٢٢١) بەمەش سووریالیزم بەرەو کاڵبوونەوە چوو.
سووریالیزم بەم پێیە بە سێ قۆناغ تێدەپەڕێت قۆناغی یەکەم لەساڵی (١٩٢٤ -١٩٢٥)، قۆناغی دووەم لە ساڵی (١٩٢٥ – ١٩٣٠)، قۆناغی سێیەم (١٩٣٠) بە دوواوە. (بەرواری، ٢٠١٠: ٢٢٨) هەر بۆیە سووریالیزم هات و ڕێبازەکانی پێش خۆی ڕەتکردنەوە و کۆمەڵێک یاسا و بنەمای دانان بۆ بەرەوپێشچوونی.

هۆکارەکانی سەرهەڵدانی سووریالیزم
سەرهەڵدانی سووریالیزم وەک هەر ڕێبازێکی تر کۆمەڵێک هۆکاری لەپشت بووە، کە ڕۆڵیان بینیووە لە سەرهەڵدانی ئەم ڕێبازە وەک:
1 – ئەو تیۆرەی سیگمۆند فرۆید داینا، لە بارەی دەروونی مرۆڤ و کاریگەریی ئاستی نەست بەسەر مرۆڤەوە. جا سووریالییەکان سوودیان لە تیۆرەکەی فرۆید وەرگرت و سوودیان لە جیهانی نەست وەرگرت.
2 ئەو کاولکاریییەی جەنگی یەکەمی جیهانیی لە دوای خۆی بەجێیهێشت، بووە هۆی ئەوەی خەڵکەکە تووشی نائومێدیی و ڕەشبینیی ببن لەو دۆخەی پێیدا تێپەڕین و دژ بەو یاسا و نەریتانە بووەستنەوە، لەمەوە یاخی دەبن و پەنا بۆ سووریالیزم دەبەن.
3 پاش جەنگی یەکەمی جیهانیی یەکێک لە کەسایەتییەکان بەناوی ژاک ڤاشە، کە ئەندریە بریتۆن ناوی لێنابوو (وەستای گوێنەدان بەهەموو شتێک) بەشێوەیەکی ئاڵۆز و نادیار خۆی کوشت، کاریگەریی ئەو بەسەر سەرهەڵدانی سووریالیزم و بە تایبەتی (ئەندریە بریتۆن) حاشا هەڵنەگرە.
4 کوژانەوەی ڕێبازی داداییزم کە بە ماوەیەکی کەم بەر لەو ڕێبازە سەری هەڵدابوو. (گەردی، ٢٠١٧: ١٨٩)
5 هەردووک فەلسەفەی هیگڵ و کارل ماڕکس، فەلسەفەکەی هیگڵ داوای ژیانێکی تازەی دەکرد و دەیویست ڕابوردوو لە بەین ببات، فەلسەفەکەی کاڕل مارکسیش، کە داوای ڕووخانی ڕژێمی سەرمایەداریی دەکرد و هەوڵی دەدا ڕژێمی سۆشیالیستیی جێگەی بگرێتەوە. (حسەینی، ٢٠٠٦ : ٢٢١) هەر بۆیە دەبینین سووریالیزم وەک ئەم فەلسەفانە هەوڵ دەدات ڕابوردوو وەلاوەبنێت و جیهانێکی تازە بۆ خوێنەر دەستنیشان بکات.
6 ئەو دۆخە نالەبار و جەنجاڵانەی شارستانییەتی تازەی سەتەی بیستەم، کە مرۆڤیان لە ئەورووپا تووشی بێومێدیی، سەرلێشێوان و هەرەس کردبوو، هۆکارێکی دیکەی سەرەکیی بوون لە پەیدابوونی ئەم ڕێبازە. (پیرباڵ، ٢٠٠٩: ٢٢٩) هەموو ئەو هۆکارانەی باسکران بوونە هۆی سەرهەڵدانی سووریالیزم، کە دواتریش وەک قوتابخانەیەکی ئەدەبیی ناسێندرا.

سەرهەڵدانی سووریالیزم لە ئەدەبییاتی کوردییدا
سووریالیزم لە ئەدەبییاتی کوردیی لە بواری شیعردا بەر لەوەی وەک ڕێبازێک بناسێندرێت و بە کاریگەریی بێتە ناو ئەدەبی کوردییەوە، پێشتر لە ئەدەبییاتی ئێمەش هەر لە کلاسیکەوە هەندێک نموونەی شیعری کلاسیکیی دەبینین، جۆرێک لە بنەماکانی سووریالیزمی تێدا ڕەنگ دەداتەوە و بێئەوەی ئاگاداری ئەو ڕێبازە بن و پێڕەوییان لەو ڕێبازە کردبێت نموونەی ئەمەش شیعری شێخ ڕەزای تاڵەبانیی، مەلا حافزی مەهابادیی … بەڵام سەرهەڵدانی سووریالیزم لەنێو هونەری کوردیی بە هونەری شێوەکاریی دەستپێدەکات لەلای (ئەنووەر تووڤی) جگە لەوەی چەندین تابلۆی سووریالیی کێشاوە، ژیانێکی سووریالیانەشی هەبووە. لە ساڵانی ١٩٧٠- ١٩٨٠ چەندین بەرهەم بڵاوکرانەوە، کە بووە هۆی گەشەپێدانی سووریالیزم وەک دیوانی (ئاو) و (لم نیازمه)ی عەباس عەبدوڵڵا یووسف یان بەرهەمە شیعرییەکانی هاشم سەڕاج و ئەنوەر مەسیفیی. سەبارەت بە دەرکەوتنی چیڕۆکی سووریالیی لە ئەدەبیاتی کوردییدا چیڕۆکەکانی لەتیف حامید بە سەرەتایەک دادەنێن بۆ سەرهەڵدانی شێوازی سووریالیی، ئەم چیڕۆکانە لە ساڵانی ١٩٧٠دا بڵاوکرانەوە و هۆیەکی گرینگ بوون بۆ بەرەوپێشبردنی سووریالیزم. (پیرباڵ، ٢٠٠٩: ٢٧١) هەربۆیە ئەدەبیاتی کوردیش بێبەش نەبووە لەم ڕێبازە و توانیوویەتی لەناو ئەدەبیاتی کوردیی جێگەی خۆی بکاتەوە و چەندین شاکاری بەرز بنووسرێن، کە دەچنە چوارچێوەی ئەم ڕێبازەیەوە.

ئامانجەکانی سووریالیزم
هەر ڕێباز، تیۆر و قوتابخانەیەک، کۆمەڵێک ئامانج لەخۆدەگرێت و لەپێناو ئامانجێک کار دەکات، لێرەش باس لە ئامانجەکانی سووریالیزم دەکەین.
1- سەرنجی خوێنەر، گوێگر و تەماشاکەر بەلای خۆی ڕابکێشێ، بە هۆی ئەو هێزە جادوویییەی کە هەیەتی، کە بناغەکانی پەنهانیی، داهێنان، شتی سەیر و لادان لە هەموو شتە ناسراوەکان دەگرێتەوە، واتە ئەو کاتەی تابلۆیەک یان شیعرێک یان هەر بەرهەمێکی ئەدەبیی دەبینین و لامان نامۆیە، غەریبە و تێیناگەین سەرنجمان بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ.
2- خەونێکی هەمیشەیی بۆ چەشە وەرگرەکانی هونەر بەرپا دەکات، ئەم چەشە وەرگرانە لەژێر خێوەتی سووریالیزمدا هەست بە بەختیاریییەکی بێهاوتا دەکەن و ئازارەکانیان بیردەچێتەوە، مەبەست لێی ئەوەیە ئەوکاتەی مرۆڤ دەگاتە دۆخی نائاگایی، ئەوە مرۆڤ لەم دۆخەدا نائاگایی ئازارەکانی بیردەچێتەوە و بەختیار دەبێ.
3- پێکهێنانی جیهانێکی تازە و سەرسووڕهێنەر کە لە چوارچێوەکەیدا، ئادەمیزاد ڕاستی خۆی دەدۆزێتەوە، دەزانێ چییە و بۆچی دەژێت. (بەسیڕ، ٢٠١٥: ٢٥١) واتە ئەو کاتەی مرۆڤ لەڕێی سووریالیزم دەستی دەگات بە سەرەوەی سرووشت لە چوارچێوەی ئەوەدا، جیهانێکی نوێی بۆ دێتە بەرهەم.
4- چێژ وەرگرتن بە هەر ئامرازێک و بە هەر شێوەیەک بێت، ئامانجێکی دیکەی سووریالیزم بوو، بۆیەش دەبینین سووریالیستەکان بەشێوەیەکی فراوان خوویان دابووە گەمە و یارییەکانی ئەدەبیی، ئەم گەمە هونەریی و یارییە ئەدەبییانە ژانرێکی تازەبوون کەوتنە ناو ئەدەبییاتی مرۆڤایەتییەوە، خوێنەر بەم گەمە ئەدەبییانەوە خۆی سەرقاڵ دەکرد. (پیرباڵ، ٢٠٠٩: ٢٣٣) ئەو ئامانجانەی باسکران لە ئامانجە هەرە سەرەکییەکانی سووریالیزم بوون، کە سووریالیزم هەوڵیان بۆ دەدات.

بنەماکانی سووریالیزم
سووریالیزم پێڕەویی لە کۆمەڵێک بنەما دەکات، کە ڕێبازەکەی لەسەر بنیاتناوە و پشتی پێدەبەستێت، لە گرینگترینیان:
یەکەم / تەقاندنەوەی هەستی نائاگایی
بە یەکێک لە بنەماکانی سووریالیزم دادەندرێت، کە سووریالییەکان گرینگی پێدەدەن و هەوڵدەدەن دۆخی نائاگایی لە شوێن ئاگایی، ئەقڵ و لۆژیک بەکاربهێنن، ئەم گرینگیدانەی سووریالیستەکان دەگەڕێتەوە بۆ تیۆرەکانی فرۆید، ئەو کاتەی فرۆید دەروونی مرۆڤی دابەش کرد بۆ سێ جۆر لە دۆخی ئاگایی، پێش نائاگایی، نائاگایی، بەپێی ئەم تیۆرە کە فرۆید داینا، گرینگترین بەشی بە نائاگایی دادەنێت. (عەبدوڵا، ٢٠١٣: ٥٠) بۆیە شاعیر لە نووسینەکانیدا ئەو هەستی نائاگایییەی کە هەیەتی دەریدەبڕێت، بەو واتایەی دۆخی نائاگایی لەسەرووی دۆخی ئاگایی دادەنێن. لێرەشەوە بەو ئەنجامە دەگەین سووریالیستەکان ((نائاگایی وەک حاڵەتێکی سایکۆلۆژی سەیر ناکەن، بەڵکوو وەک چەمکێکی فەلسەفی لێکی دەدەنەوە و پەیوەندی نێوان خەون و نائاگایی ڕوون دەکەنەوە و لە ڕێگەی خەونەوە بوار بۆ نائاگایی ڕەخسا بۆ ئەوەی لە شێوەی ئاگایی و هۆش خۆی بنوێنێت)). (هـ س پ: ٥٢) بۆیە سووریالییەکان لە کاتی کارکردنیاندا بەرهەمەکانیان بەشێوەی نائاگایی دێننە بەرهەم.

دووەم / لاشەی بەتام
لاشەی بەتام یەکێکی ترە لە بنەماکانی سووریالیزم، سووریالییەکان باوەڕیان بە هێزی کۆکەرەوەی کۆمەڵێک کەس بوو، وای بۆ دەچوون ئەو هێزەی کۆمەڵە کەسە سوودی زیاتریان پێدەگەیەنێت، بۆیە شاعیرانی سووریالیی لە دەوری مێزێک کۆدەبوونەوە، پارچەیەک کاغەزیان دەهێنا، هەر شاعیرێک لە نۆرەی خۆی شتێکی لێ دەنووسی، جا نووسین بێ یان خەتێک بێت، بەم شێوەیە نۆرەکە دەسووڕایەوە، لە کۆتایییدا نیگارێکی جوان یان کۆمەڵە ڕستەیەکی غەریب و سەرسووڕهێنەر پێکدەهات، دەتوانین بڵێین ئەم بنەمایە بۆیە بەو ناوە ناونراوە، چونکە یەکەمین نموونەی سووریالییەکان بوو بە ناونیشانی “لاشەی بەتام، شەڕابی تازە دەخواتەوە” جگە لەم نموونەیە چەندین نموونەی تر هاتنە بەرهەم، کە بەشێوەی کاری بەکۆمەڵ درووست بوون، بۆ نموونە “سەدەفی سنگال، نانی سێ ڕەنگ دەخوات” یان “بووخاری باڵدار، باڵندەی گێلی خەڵەتاندووە” ئەمانە لە بواری نووسیندا، لە بواری تابلۆشدا کۆمەڵێک بەرهەم لەبەردەستن بۆ نموونە مرۆڤێک، کە سەری قرژاڵ بێ و زۆر شتی تریش هاتوونەتە ئاراوە. (حسەینی، ٢٠٠٦: ٢٣٥، ٢٣٦) هەر بۆیە سووریالییەکان سوودیان لە هێزی کۆمەڵ وەردەگرت. دەتوانین بڵێین ئەم بنەمایە وەک یارییەکی نووسین وایە کە لەلایان کۆمەڵێک شاعیر دێ و دەچێت، هەر یەکێک لەوانە ڕستەی یان وشەی پێش خۆی تەواو دەکات، بێئەوەی ئەو کەسە بزانێ ئەوەی پێش خۆی چی نووسیووە. (عومەر، ٢٠٠٥: ٩٠)

سێیەم / نووسینی ئۆتۆماتیکی
ئەم هونەرە یەکێکە لە بنەمایەکانی سووریالیزم (ئەندرێ برۆتۆن) لە بەیاننامەی یەکەمی سووریالییەکاندا ڕایگەیاند و وەک یاسا و دەستوورێک چەسپاندی. (مەنتک، ٢٠١١: ٣٢) دەتوانین بڵێین لە نووسینی ئۆتۆماتیکییدا، نووسەری سووریالی هەوڵدەدات لە دەست ژاوەژاو و قەرەباڵغیی ڕزگاری ببێت و جڵەوی بیرکردنەوەی بداتە دەست قەڵەمەکەی. بەواتایەکی تر قەڵەمەکە کەسەکە ببات تاوەک دۆخی نائاگایی و ئۆتۆماتیکیی بۆ ئەوەی شت بنووسێت، بە ئازادانە بینووسێت و ئەم تەکنیکە بە بنەمایەکی گرینگی سووریالیەکان دادەندرێت. (هـ س پ، هـ ل) واتە بێگوێدانە ئەقڵ و بیرکردنەوە لە شیعر نووسین، ڕێک بینووسێت. یان دەشێت بڵێین نووسینی ئۆتۆماتیکیی واتە ((نووسەر لە هەر کاتێکدا بێت دەست بداتە پێنووس و بێئەوەی بیربکاتەوە، بێئەوەی خۆی بخاتە ژێر ڕکێفی لۆژیک و کۆنتڕۆڵی عەقڵەوە، بێ بیرکردنەوە بۆ شیعر نووسین، ئەوەی دێتە سەر دڵ و زمانی یان خەیاڵی یەکسەر بینووسێتەوە. ڕەسەنایەتی ئەم تەکنیکە یاخود بنەمایە لەوەدایە باشتر خۆت لەدەست هەموو جۆرە کۆنتڕۆڵێکی بیرکردنەوە، عەقڵ و لۆژیک ڕزگار بکەیت. لەو کاتەدا پێویستە هەموو جۆرە پەیوەندییەکی خۆت بە دونیای دەرەوە بپچڕێنیت، تەنیا بە پەلەپەل ئەو شیعرەی لە کانگای خۆت تۆمار بکەیت. ئەم هونەرە پێش هەموو شتێک بۆ ئەوەبوو، کە مرۆڤ خۆی لەدەست شارستانیەتی درۆزنی هاوچەرخ بدۆزێتەوە و بتوانێ، بەهرەی سرووشتی ناو خودی خۆی بتەقێنێتەوە و توانای خۆڕسکی خۆی بدۆزێتەوە)). (پیرباڵ، ٢٠٠٩: ٢٦٧) کەواتە نووسینی ئۆتۆماتیکی ئەوەیە بێئەوەی خۆت بدەیتە دەست بیرکردنەوە و عەقڵ دەست بە نووسین بکەیت.

چوارەم / شێتیی
سووریالییەکان لەدیاریکردنی شێتیی وەک بنەمایەک، ئەوە مەبەستی خۆیان هەبووە، چونکە هەروەک دەزانین شێتەکان لە دونیادا بەشێوەیەکی سەیر ڕەفتار دەکەن، قسە و هەڵسوکەوتیان لە مرۆڤی ئاسایی جیاوازە، بۆیە دەتوانین بڵێین ((خەیاڵ لە دنیای ئێستاماندا بێ ڕکابەرییە، بیر و هۆشی شێتان بەشێوەیەکی ناکۆک و بێ سەروبەر و سەرخۆشی تێدەپەڕێت، بیر و هزر و زەینی ئەوان تەنیا لەبەر چاوی خەڵکانی ئاساییدا پچڕ پچڕ و لێڵ و مغەوەشە، چونکە شێتان عادەتی ژیانی ڕۆژانەیان لەدەستداوە، ئەم شێتانە کە کۆمەڵگە بە تۆمەتی سەرپێچی لە دابونەریتەکان تڕۆی کردوون، لە دونیای وەهم و خەون و جێبەجێکردنی داواکانی دەرووندا دەژین و هەموو کارێک لای شێتەکان و لەوێندەر حەڵاڵ و جایزە)). (حسەینی، ٢٠٠٦: ٢٣١) سووریالییەکان گرینگی بەم وڕێنەی شێتانە دەدەن، چونکە دوورە لە ژیانی واقیعی. لە پێناسەیەکی تردا هاتووە دەڵێ: ((شێتیی لای سووریالییستەکان ڕزگاربوون بوو لەدەست کۆتوبەندەکانی عەقڵ، کەواتە شێتەکان زۆربەی ئەو ڕێگەیانە شارەزان کە دەمانگەیەنن بە جیهانی ناهۆشیاریی، ئەو ڕێگەیانەی کە لە ناو زەینی عاقڵەکاندا گیراون و ئێمەی عاقڵ ناتوانیین پێیاندا بڕۆین، جیهانی شێت بۆ سووریالیزم گەنجینەیەکی لەبننەهاتووە، چونکە پڕە لە جوانییەکانی نائاگایی و ناهۆشیاریی)). (پیرباڵ، ٢٠٠٩، ٢٦٥) لەمەوە دەزانین شێتەکان لە دونیای نائاگاییدان و بێ ویستی خۆیان ڕەفتار دەکەن.
شێت لای سووریالییەکان ئەو مانایە دەگەیەنێت کە ((شێتەکان دەروونیان شێواوە و لە دەرەوەی سنووری عەقڵ و لۆژیک قسە دەکەن ئەمەش یەکێکە لە ویستەکانی سووریالییەت)). (گەردی، ٢٠١٧: ١٩٦) هەر بۆیە سووریالییەکان لەڕێی شێتیییەوە بە ویستی خۆیان دەگەن. سووریالییەکان لە ڕێگەی ناهۆشیاریییەوە دەیانویست جوانییە نائاگاییێەکان بدۆزنەوە. زۆرجار مرۆڤی ئاساییی پەی بە هەندێک شت نابات وەک ئەوەی شێتەکان لەڕێگەی نەستەوە پەی بە هەندێک شت دەبەن.

پێنجەم / خەون
خەون بە بنەمایەکی گرینگ لای سووریالیزم دادەندرێت، خەون یەکێکە لە بنەما هەرە سەرەکییەکانی سووریالیست، چونکە کاتێک مرۆڤ بەهۆی جەنجاڵیی ژیان، ژاوەژاو و بیرکردنەوە لە ژیان ماندوو دەبێت، پەنا بۆ نووستن دەبات، ئینجا خەون دونیایەکی ئازادە، ئازادییەکی ڕەها. ئەمەش ڕێک ئەو شتەیە کە سووریالییەکان دەیانویست و پەنایان بۆ دەبرد. هەموو شتێک لە جیهانی خەون دەسکەوتنی ئاسانە، مرۆڤ لەم کۆتوبەندەی عەقڵ قوتاری دەبێ و ئازادیی بەدەستدەهێنێت). (مەنتک، ٢٠١١: ٢٩) کەواتە دونیای خەون ئەو دونیایەیە کە سووریالیستەکان تێیدا دەگەنە سەرووی واقیع. سووریالییەکان ئەو وێنانەی لە دۆخی خەون دەیبینن، بێئەوەی دەستکاریی بکەن و ڕێکخستنی لۆژیکیی بۆ بکەن دەیخەنە سەر کاغەز و دونیای نەست بە باڵاتر دەزانن و لە سەرووی دونیای هەست دایدەنێن. (پرهام، ٢٠٠٣: ١٣٧) یەکێک لە بیرمەندەکانی سووریالیزم کە ناوی (سلڤادۆر دالی)یە لە هەموویان زیاتر ئارەزووی لە خەون هەبووە، لە کتێبێکی خۆیدا بە ناوی (ژنی ژنی نادیتەنی)دا دەڵێت: ((هەموو ڕۆژەکەی خۆمان بە نائاگایی و ناهۆشیارییەوە بە دوای وێنە لە دەستچووەکانی ناو خەونەکانمان دەگوزەرێنین، هەر بۆیە کاتێ وێنە خەوناویێەکەی خۆمان دەبینینەوە، یەکسەر وا تێدەگەین کە ئێمە ئەوەمان لە پێشتر لە شوێنێکی دیکەدا دیووە)). (فەرهاد پیرباڵ، ٢٠٠٩: ٢٦٥) هەر بۆیە سووریالییەکان خەون بە دونیای ڕاستیی دەزانن. سووریالییەکان (خەونی شەوانیان بە ڕاستترین تۆمار و دەربڕی باری دەروونی بۆ مرۆڤ دەزانن. بۆیە زۆرجار ئەوە لە (سان بۆل ڕۆ) دەگێڕنەوە کە دەچوو دەنووست لە پشت سەریەوە تابلۆیەکی هەڵدەواسی لێی دەنووسی “شاعیر سەرقاڵی کارە”). (عەبدوڵا، ٢٠١٣: ٥٩) ئەگەر بمانەوێت نموونەیەک بۆ ئەم بنەمایە بهێنینەوە نموونەیەکی فیلیپ سوپۆ دەهێنینەوە، کە لە خەوندا نەبێت عەقڵی مرۆڤ دەرکی پێ ناکات “لە خەوێکی قووڵ دەچێت کە چیا بەسەر دەریاوە مەلە دەکات” ئەم ڕووداوە لە خەوندا نەبێت عەقڵی مرۆڤ دەرکی پێ ناکات. (هـ س پ، هـ ل).

شەشەم / گاڵتەوگەپ (هونەری گاڵتە پێکردن)
ئەم بنەمایە کاردەکات بۆ ئەوەی شتە نابەجێیەکان ڕەتبکاتەوە و بەشێوەیەک کە (کاتێک تۆ دەتەوێت دەستەڵاتی ستەم و ئەم جیهانی درۆیە وێران بکەیت، لە سەرەتادا پێویستە ئەو دەستەڵات و جیهانە ڕیسوا بکەیت، گەمەپێکردن و گاڵتەپێکردن بەو دونیا و دەسەڵاتە دیارە شێوازێکی کاریگەری ڕیسواکردن و وێرانکردنە، کەواتە بۆ ڕیسواکردنی دەستەڵات و شکستپێهێنانی چوارچێوەی ستەم، هەروەها بۆ خۆبەتاڵکردنەوە لە غەم و حەسرەتی پەنگخواردووی دەروون، گەمە و گاڵتەپێکردن، کاریگەرترین چەکی دەربڕینە. گەمە و گاڵتەپێکردن ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی پەیوەندییە باوەکانی نێوان شت و دیاردەکان تێکبشکێندرێت و لە پەنجەرەیەکی دیکەی عەنتیکەوە بڕوانینە دونیا، کە هەم دڵت خۆش دەکات و چێژێکت پێدەبەخشێ، هەم فێریشت دەکات). (پیرباڵ، ٢٠٠٩: ٢٦٣) کەواتە ئەم گاڵتەوگەپەی سووریالییە بۆ خۆبەتاڵکردنەوەیە لەو جۆرە ستەم و دەستەڵاتەی هەیە بەشێوەی پێکەنینامێز. هەر بۆیەش (سووریالیزم ڕەوشتێکی هەیە ئەویش ئەوەیە، دەیەوێت بەرگێکی پێکەنیناویی بەبەر شتەکاندا بکات، بۆ ئەوەی ئەو شتانەی، کە لە جیهاندا هەن ببنە مایەی گاڵتەجاڕیی و خەڵک لەو شێوازە کۆنانەی لەسەری ڕاهاتوون، بەوشێوەیە ڕزگار بکات، ڕەنگە ئەمە ڕێگەیەک بێت بۆ جۆرێک لەسەراوەڵاکردنی ژان و غەمە پەنگخواردووەکانیان لە بەرانبەر ناکۆکیی و ناتەبایییەکانی واقیع). (حوسێن، ٢٠٠٧: ٢٢٨)

بەشی دووەم
نارین ڕۆستەم و سووریالیزم

نارین ڕۆستەم یەکێکە لەو شاعیرە کوردانە، کە پەیڕەویی لە ڕێبازی سووریالیزم لە نووسینی دەقەکانی دەکات، کۆمەڵێک نووسەریش ئەم ڕاستییەیان دووپات کردووەتەوە لەوانە:
تەلار تاهیر لە بارەی نارین دەڵێت: ((نارین ڕۆستەم لە سەردەمێکی جیاوازتر لەوانی پێشوو بە تەوژمێکی تر و بە ژانرێکی تر، سەر بە ڕێبازی سووریالیزمە)). (تاهیر، ٢٠٢٢)
کەژاڵ ئەحمەدیش لە بارەی سووریالییەتی شیعرەکانیەوە دەڵێت: ((کچی شاعیری دیار ڕۆستەم باجەڵانە، نارین ئەو تاقانە کچە سووریالییەی نووسەری بواری شیعری کوردییه، کە هەم هاوچەرخانە دەنووسێت و هەم یاخیی و دژە باوە)). (ئەحمەد، ٢٠٢٢)
نارین ڕۆستەمیش لە بارەی بەرهەمەکەی خۆیەوە (بەرەواژ) دەڵێت: ((بەراواژ دونیایەکی ئاسایی نییە، دونیایەکی نائاسایییە، کۆی شیعرەکانیش دونیایەکی نائاسایین)). (kurdsat daily،٢٠٢٢) بۆیە ئەگەر سەیری شیعرەکانی نارین ڕۆستەم بکەین دەبینین سووریالیزم لە شیعرەکانی ڕەنگی داوەتەوە.

یەکەم: ڕەنگدانەوەی بنه‌ماكانی سووریالیزم لە دیوانە شیعری (بەرەواژ) دا
هەموو ئامانجی سووریالیزم ئەوەیە، کە کار لەسەر جیهانی نەست دەکەن، ئینجا چ شتێک بەو جیهانی نەستەیان بگەیەنێت گرینگی پێدەدەن وەک خەون، شێتایەتیی و منداڵیی … تاد. ئێمەش لێرەدا هەوڵدەدەین ئەو بنەمایانەی سووریالیزم کە لە دەقەکەدا بەرجەستەبوون لەگەڵ ئەو شتانەی، کە سووریالییەکان بایەخی پێدەدەن بیانخەینەڕوو، شایەنی باسە ئەم بەرهەمە (بەرەواژ)، کە کۆمەڵە شیعرێک لەخۆدەگرێت، تا ڕادەیەک سووریالیین، ڕەنگ و بۆنێکی سووریالییان هەیە لە چەند شیعرێکی کەم نەبێ سووریالییەکی تەواو لە شیعرەکانیدا نییە، بەڵام لە سووریالیزمیش نزیک بوونەتەوە و بە ڕەنگوبۆنێکی سووریالیانەی نووسیووە.

1- نووسینی ئۆتۆماتیکی
ئەم بنەمایە لای سووریالیستەکان گرینگییەکی زۆری هەیە، چونکە ئەم بنەمایە خۆزەحمەتکردن و لەبەردانیشتنی شاعیر بەدەم شیعرەکانی تێدا نییە، هەرچی بۆی هاتنبێ نووسیویەتی، بۆ نموونە لە شیعری بووکەڵەی سووپەرماندا بەشێوەیەکی دیار ئەم بنەمایە بەرچاو دەکەوێت و شاعیر لەم شیعرەدا جڵەوی داوەتە دەست قەڵەم و ئەم جڵەودانە دەست قەڵەمەش چەندین ڕستە و دەستەواژەی سەیر و غەریبیان لای ئێمە درووستکردووە، ئەم دەربڕینانە بەڵگەی ئەوەن، کە لەبەردانیشتنی شاعیری تێدا نەبووە، بەڵکوو نووسینێکی لە خۆوەیە، بۆ نموونە دەڵێت:
جامخانە بە تۆپێکی فوتبۆڵ زرمەی لێ هەستا،
بووکەڵەیەکی سوپەرمان دەرپەڕی.
بەسەر کێڵگەیەکی وشکدا دەفڕێت
هەور دەگوشێت، برووسکەیەک فڕێ دەدات و
هیچ نابارێت
لە خوارەوە، جووتیارێک کەوتووە.
زیندانێکی نهێنی دەدۆزێتەوە،
گوریس هەڵدەدات
زیندانییەکان دەیکەن بە جۆلانە.
ئەم دەربڕینانەی لای سەرەوە هەروەک دیارە سەرچاوەی نووسینی ئۆتۆماتیکین ئینجا لە درێژەی شیعرەکەدا دەڵێت:
لە قاوەخانەکان …
بە ڕەحەتی قاوە دەڕژێننە دەمی پێکەنینەوە،
نەوەک بخەوێت:
دەیخواتەوە و هێڵنج دەدات
سووپەرمان، پەتۆیەکی پێدا دەدات،
لە ناو جامخانە شکاوەکە دەنیشێتەوە،
پارچە شووشەیەک هەڵدەگرێ.
قۆڵی هەڵدەکات دەماری نییە. (ڕۆستەم، ٢٠٢١ : ١٩)
لە ڕووی ناوەڕۆکەوە ((ئەم شیعرە باس لە سووپەرمانێک دەکات لە کۆمەڵگەیەکی وەها دەبێتە بووکەڵە، ئەگەر هەور بگووشێت و برووسکەش بهاوێژێت ئەوا کۆمەڵگەیەکی وشک هەیە هیچ دڵۆپێک نابارێت، سووپەرمان پەتێک بۆ زیندانییەکان هەڵدەدات، بەڵام زیندانییەکان لە خەون و بیری ئازادییدا نین، بۆیە پەتەکە دەکەن بە جۆلانە، ئەمە گوزارشتێکی ئەمڕۆیی دۆخی کۆمەڵگەی کوردیێە، جا سووپەرمان لە کۆتایییدا دەستەوەستان دەبێ؛ قۆڵی خۆی بۆ خۆکوژیی هەڵدەکات، بەڵام سووپەرمانەکە بووکەڵەیە و زیاتر نییە تا دەماری هەبێ)). (محەمەدەسوورە، ٢٠٢٢) ئەم ناوەڕۆکە تایبەتمەندیی سووریالیی تێدایە، چونکە سووریالییەکان دژی نەگۆڕان دەوەستنەوە، سووریالییەکان دەیانەوێ دونیایەکی نوێ و سەردەمی نوێ دابمەزرێنن نەک هەر لەڕووی ناوەڕۆک، ئەگەر لە ڕووی وشە و دەستەواژەش سەیری ئەم شیعرە بکەین دەبینین کە چەند دەستەواژەیەکی سەیری تێدایە کە سووریالیین بۆنموونە: هەور دەگوشێت، برووسکەیەک فڕێ دەدات، لە قاوەخانەکان بە ڕەحەتی قاوە دەڕژێننە دەمی پێکەنیەوە، بووکەڵەی سوپەرمان قۆڵی هەڵدەکات دەماری نییە، ئەم وشە و دەربڕینانە تەواو سووریالیین. لێرەوە بۆمان دەردەکەوێ ئەم شیعرە لە خۆوەیە و شاعیر پێش ئەوەی بیری لێبکاتەوە نووکی قەڵەم سازاندوویەتی.

2- تەقاندنەوەی هەستی نائاگایی
تەقاندنەوەی هەستی نائاگایی هەندێک وێنەی نالۆژیکی و زۆر دوور لە واقیع بەرچاو دەکەون، زمانێکی تێکهەڵ کە ڕەنگ و بۆنێکی سووریالیی داوەتێ، کۆکردنەوەی ئەو شتانە بەیەکەوە لەشیعرێکی ئاساییدا زۆر باو نییە، بەڵام لە شیعری سووریالییدا ئاساییێە و هەموو شتەکان پێکەوە کۆدەکەنەوە، وەک ئەم نموونە شیعریییە:
دەستێک بە شەش پەنجەوە
کۆمەڵێک پەنجەی قرتاو لە زبڵخانەیەکدان،
درێژترینیان هی جەنگاوەرێکە،
شەڕێک قەوما و شەڕەفی نیشتیمان
هاتە گۆڕێ و ئێ …
با دەست بە وشەوە بگرین
تایەی لۆریی زبڵڕێژەکە
قرچەی لە شتێک هەستاند
پەنجەی مامۆستای بیرکاریمانە
گەنگەرین پەڕاندی
تا ئەو وانەی پێگوتین
پێنج کۆ پێنج نەبوو بە دە.
ئەم ناوەڕۆکە باس لە زبڵخانەیەک دەکات کە کۆمەڵێک جێی پەنجە بەسەر چەند شتێکەوەن کە فڕێ دراون یان کۆمەڵێک ئەزموونی جیاواز لە ناو کۆمەڵگەدا تووشی سەرگەردانیی بوون جا دەڵێت درێژترین پەنجە هی جەنگاوەرێکە. واتە ناخۆشترین چیڕۆک هی جەنگاوەرێکە کە بە شۆڕشەوە ماندوو بووە، شەڕێک قەوما و شەڕەفی نیشتمان هاتە گۆڕێ و ئێ ئەم ئێیە مەبەست واتە هیچ لە گۆڕێ نییە و دەڵێت با دەست بە وشەوە بگرین. تایەی لۆریی زبڵڕێژەکە قرچەی لە شتێک هەستاند واتە چەرخی زەمانە هەموو ئەو شتانەی شکاند. دڵی هەمووانی شکاند. باس لە عەقڵی مامۆستای بیرکاریی دەکات کە نەگۆڕە وەک نەخۆشیی گەنگەرین لێکی دەداتەوە، نەخۆشیی گەنگەرین پەنجەکان ڕەش دەکات، عەقڵی مامۆستای بیرکاری ڕەش بووە، چونکە عەقڵێکی ماتماتیکیی و وردی هەیە تا ئەو وانەی پێدەگوتین پێنج کۆ پێنج نەبوو بە دە. واتە تا عەقڵ لە کۆمەڵگە وجودی هەبوو شتەکان یاسا لەسەر ڕۆیشتوو بوون. (چاوپێکەوتن، عەزیز)
هەروەک دەبینین چەندین وێنەی نالۆژیکی لەخۆگرتووە و لە دواتردا دەڵێت:
با فوو لە عەلاگەیەکی ڕەش دەکا
پەنجەی دکتۆری تێدایە
دکتۆر ئاڵوودەی هێرۆیین بوو،
سەماعە بە ملیەوە …
بۆ دۆزینەوەی سەرەسیفۆن
هەناوی تەنەکەزبڵ نەما نەیپشکنێ
مووسێک پەنجەی ژەهراویی کرد.
ئەم کارتۆنە بێدەرگەیە
پەنجەی مێژوونووسی تێدایە
مێژوونووس
لەنێوان وشەکانی (سەرۆک) و (بەرمیل)
فاریزەی لەبیرچوو.
پەنجەی پێنجەم و شەشەم
خاوەنەکەیان لێبووکێکە،
قرتاندی.
کە دەگری و پەنجەکانی دەموچاوی
دەشارنەوە،
دەیەوێ لە کونێکی گەورەترەوە
پێکەنینی جەماوەر ببینێ. (ڕۆستەم، ٢٠٢١: ٧)
لە درێژەی ناوەڕۆکەکەدا دەڵێت: لێرەش باس لەوە دەکات کە زەمەن هەموو شتێک لەگەڵ خۆی دەهێنێ دکتۆر ئاڵوودەی هێرۆیین دەبێت. واتە دکتۆر تووشی خۆلەبیرکردن دەبێت بە دوای بابەتی لاوەکییەوە دەبێت، مووسێک پەنجەی ژەهراویی کرد؛ گوزارشتە لەوەی کۆمەڵگە درزێک یان ناخۆشییەک یان فیتنەیەک شەقی کرد، ئەم کارتۆنە بێ دەرگەیە چوارچێوەی هەرێمی کوردستان بێ دەرگەیە، دواتر باس لە مێژوو دەکات؛ مێژوونووس جیاوازیی ناکات لەنێوان سەرۆک و بەرمیل، بەرمیل چەندە ناشیرین بێت سەرۆکیش وایە، پەنجەی پێنجەم و شەشەم خاوەنەکەیان لێبووکێکە قرتاندی؛ ئەو لێبووکە دەیەوێ پێکەنینی جەماوەر ببینێ، پەنجەی پێنج و شەش دەنووشتێنێتەوە. (چاوپێکەوتن، عەزیز)
ئەم شیعرە چەندین دەربڕینی نالۆژیکیی تێدایە وەک، کۆمەڵێک پەنجەی قرتاو لە زبڵخانەیەکدان، پێنج کۆ پێنج نەبوو بە دە، هەناوی تەنەکەزبڵ، ئەم کارتۆنە بێ دەرگەیە، ئەم دەربڕینانە ماوەیەک پەنگخواردووی ناخی شاعیر بوون، بەڵام دواتر تەقاونەتەوە و کۆمەڵێک وێنەی نالۆژیکیی کە لەگەڵ واقیع یەکناگرن درووستبوون. ئه‌م وێنانه‌ش بێگومان به‌رهه‌مهێنه‌ری دۆخی نائاگایی شاعیره،‌ كه‌ له‌ نه‌ستیدا ماونه‌ته‌وه‌ و دوای ماوه‌یه‌ك ته‌قاونه‌ته‌وه‌.

3- خەون
ئەوەی سووریالییەکان دەیانەوێت ئەوەیە لە ڕێگەی خەون بگەن بە دونیای سەرووی واقیع و خۆیان لەو دۆخەی تێیدان ڕزگار بکەن، بۆ ئەمەش پشت بە خەوتن دەبەستن، چونکە لەو کاتەی مرۆڤ دەخەوێت، دەکەوێتە دۆخی نائاگایی و ئەو شتانەی لە خەون دەیبینێ لە واقیعدا بوونی نییە، ئەم کۆپلەیە لە شیعری سێ برادەر دەرخەری ئەم ڕاستیەیە کە دەڵێت:
من چەند هەفتە جارێک
بۆ خڕکردنەوەی کەرەستەی شیعریی
سەرم لە دەرەوە هەڵدەکێشا
شەوانیش لەناو ئارەقەی خەو ڕادەچڵەکیم
بە تەلەفۆن خەونەکەم بە ناو گوێچکەی
بەرگدرووەکەدا دەڕژاند.
ڕەقە، زۆر ڕەقە
نابێتە کراس. (ڕۆستەم، ٢٠٢١: ١٢)
ئەم شاعیرە خەونێکی دیووە کە لە گوتنەکەدا دیارە لەگەڵ دونیای ڕاستییدا نایەتەوە، بۆیە بەرگدوورەکە پێی دەڵێت نابێتە کراس، لەم شیعرە خەونەکە ناگێڕێتەوە کە چییە، بەڵام دیارە کە کەوتووەتە دۆخی نائاگایی و خەون بە شتێک دەبینێ کە لەگەڵ ڕاستیی ئەوێ نایەتەوە.

4- گاڵتە و گەپی سووریالیی
یەکێکی ترە لەو بنەمایانەی سووریالیزم، کە نارین لە شیعرەکانی خۆی بەکاری هێناوە، نارین گاڵتەوگەپ بەرانبەر بە چەند شتێک بەکاردەهێنێت، کۆمەڵگە، دونیای خێزان.
‌أ- گاڵته‌كردن به‌ كۆمه‌ڵگه‌
وەک ئەم نموونە شیعریییە کە گاڵتە بە کۆمەڵگەیەک دەکات دەڵێت:
ئێکسپایەر
بەزەیی موشتەرییەکانی نادییەک تاقی
دەکاتەوە
پشیلەیەکی زەردی ئاسایییە
لە نزیک مێزی دادوەرەکە دەمیاوێنێ
دادوەر دەفتەرەکەی دەردێنێ
ژمارەیەکی دیکە، دەخاتە سەر
دادپەروەرییەکانی
کوتێک جگەر لە شیشەکەی بەردەمی
دەکاتەوە و
بۆی هەڵدەدات:
“لە پێناو خەڵک”

لێرەدا دادوەرەکە کەسە ئاسایییەکە وەک مەبەستێک بۆ خۆی بەکاردێنێ کە دەڵێی دادپەروەریم کردووە، کوتێک جگەر لە شیشەکەی بەردەمی دەکاتەوە و دەڵێت لە پێناو خەڵک، خۆی لەپێش چاوی خەڵک بە باش نیشان دەدات و کەسەکە بەکاردەهێنێ لە دواتردا دەڵێت:
بازرگانەکە بە پشە پش
تۆپەڵێک کلێنس بە لوولدراوی،
لە کەجەپ دەسوێ و لە قاپێک
بەڕێزەوە دەیخاتە بەردەمی.

زەنگی ئاگاداریی نووسەرە عەبەسییەکە
لێی داوە،
کەمێکی دیکە باڵانسی وشەی دەبێتە سفڕ
لە کەسانی ئەوێ دەڕوانێ
کە بۆ ئەو هێشتا هەوادارن
لەم کۆپلەیەی هەمان شیعردا ئەوا نووسەریش کەسەکە لەو سەردەمەی ئێستا بۆ مەبەستی خۆی بەکاردەهێنێ:
بوتڵێک بیرە دەوەشێنێ پشیلە شەلە شەل
دەکەوێتە تۆڕی یوتیووبەرێک
لە کامێرای یوتیووبەر
پشیلە هێڵنج دەدات و
گۆشت و ئێسقانی خەڵک دەتفێنێتەوە
وەرن بە بێ سڵاو …
هەر کەس، پارچەی خۆی بباتەوە و بژی. (ڕۆستەم، ٢٠٢١: ٢٥)

ئەم شیعرە باس لە دژایەتیی چەند چینێک دەکات بەرانبەر بە تاکی کۆمەڵگە، ئینجا ئەو چینانە تاک بۆ مەبەست و بەرژەوەندیی خۆی بەکاریان دەهێنێت کەسەکە چینی ئاسایییە، بەڵام بەدەست چینی سەردەستەوە دەتلێتەوە و پەنا بۆ هەریەک لە دادگە، بازرگان، یووتیووبەر و نووسەر دەبات، بەڵام هەموویان بۆ مەرامی خۆیان بەکاری دەهێنن. (محەمەدەسوورە، ٢٠٢٢)

‌ب- گاڵتەکردن بە دونیای خێزان
وەک لەم نموونە شیعرییە دەردەکەوێت:
کڵاو
باوکم ویستی خەمۆکیەکەی بشارێتەوە،
کڵاوێکی چەرمی کردە سەر و
بوو بە شاعیر.

برایەکەم بە مووسی خراپ پرچی دەتاشی
سەری لوول داو فڕێی دایە ناو بازنەی
کڵاوێکی ڕەش،
دەیویست برینەکانی سەری بشارێتەوە
بووبە ئیماندار.
من کڵاوێکی جادووییم لەسەر نرا و بزر بووم.

ئەو کڵاوەی باوکمی کرد بە شاعیر،
لە چەکمەجەی دۆڵابەکە پاڵکەوتووە.

کڵاوی برام بوو بە قیڕ و
بە سەرییەوە نووسا

من بە دوای کڵاوە جادووییەکەدا دەگەڕێم:
بزری کردم و بزر بوو. (ڕۆستەم، ٢٠٢١: ٥)

شیعری کڵاو باسکردنە لە دونیایەکی خێزانیی، باوکێک هەیە کە دەیەوێ لە ڕێگەی بوون بە شاعیر خەمەکانی بشارێتەوە، کڵاوێکی چەرم دەکاتە سەری و ئەم کڵاوە چەرمە دەموچاوی دادەپۆشێت، کۆپلەی دووەم برایەکەیەتی سوود لە مووسی هەرزان وەردەگرێت کە سەری بریندار دەکات دەیەوێ برینەکانی بشارێتەوە دەبێت بە ئیماندار، کە دەڵێ سەری هەڵدەداتە ناو بازنەی کڵاوێکی ڕەش؛ واتە مێشکی خۆی تەسلیمی دین دەکات، ئەو کڵاوەی باوکەکە دەکات بە شاعیر لە چەکمەجەی دۆڵابەکە کڕ دەکەوێت؛ واتە کە دەبێ بە شاعیر مرۆڤ هەردەم لە گۆڕاندایە، مرۆڤ تێیدا جێگیر نییە، بەڵام کڵاوی براکە کە کردوویەتی بە ئیماندار ئایینە، ئایینیش ڕەگ و ڕیشەی قووڵترە و بە ناخی مرۆڤ ڕەگ دادەکوتێت و بەهێزترە، کە دەڵێ کڵاوی برام بوو بە قیڕ و بە سەرییەوە نووسا مەبەست لێی ئەوەیە کە ئایدۆلۆژیای دینیی مرۆڤ بەزۆر دەتوانێت لێیەوە بێتە دەرەوە، چونکە زووتر و خێراتر مرۆڤ گیرۆدەی دین دەبێت، جا شاعیر لەو نێوەندەدا ون و سەرگەردان دەبێت. بۆیە دەڵێت من بە دوای کڵاوە جادوویییکەدا دەگەڕێم بزری کردم و بزر بووم. (محەمەدەسوورە، ٢٠٢٢) لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت شاعیر بەشێوەیەکی گاڵتەئامێز باس لە دۆخێکی خێزانیی دەکات کە دەڵێت کڵاوی باوکم لە چەکمەجەکە پاڵکەوتووە، یان کڵاوی برام بوو بە قیڕ و بەسەرییەوە نووسا.

دووەم: هەندێ خەسڵەت و تایبەتمەندیی سووریالیزم لە دیوانی بەرەواژدا

وەک پێشتر خستمانەڕوو لە شیعرەکانی نارین ڕۆستەمدا تەواوی بنەماکان ڕەنگیان نەداوەتەوە، بەڵام تام و بۆیەکی سووریالیی بەسەر زۆربەی شیعرەکانیەوە باڵی کێشاوە، خۆی لەم بارەیەوە دەڵێت: ((شیعر پۆڵێن ناکەم، ئەوە کاری من نییە. من باوەڕم بە سرووشتیبوونی شیعرە، بەزۆر چوارچێوەی بۆ درووست ناکەم. (بەرەواژ) شیعری وەھای تێدایە، فڕی بەسەر سووریالیزمەوە نییە و ھیی وایشی ھەیە، بەسەر پەتی سووریالیزمدا بازبازێنیەتی. ئەوجا سووریالیزم ڕێبازێکی ئەدەبیی تازە نییە تەواوی شیعری پێوە خەریک بکەین، با کات بە نوێخوازیی بدەین، بەڵام چۆن؟ گرفتی ئێمە ئەوەیە، بە ناوی نوێخوازیییەوە ھەرچی بکەوێتە بەر دەستمان، بۆ ناو شیعری ھەڵدەدەین: (شانۆ، گێڕانەوە، ئەفسانە، شێوەکاریی، نوکتە و قسەی نەستەق …) خۆ ھەندێکجار ئەوە جوانە، بەڵام میوانەکان ئەوەندە زۆرن، جێگە بۆ شیعر نامێنێتەوە و لە ماڵەکەی خۆی دەردەکرێت.)). (چاوپێکەوتن، ڕۆستەم) وەک دەبینین خۆیشی دان بەوە دادەنێت شیعرەکانی بە تەواوی سووریالیی نین، بەڵام سوودی لە تایبەتمەندییەکانی ئەم ڕێبازە وەرگرتووە، ئێمەش لێرەوە هەندێک لەو شتانە دەخەینەڕوو، کە لای سووریالیەکان جێی بایەخن و بە جیهانی نەستیان دەگەیەنێت.

1- یاخیبوون
یاخیبوون یەکێکە لە سیما دیار و بەرچاوەکانی سووریالیزم، بۆیە دەبینین سووریالیزم بەشێوەیەکی زەق و بەرچاو لە بەرهەمی شیعری (بەرواژ)دا بەرچاو دەکەوێت، لە بەرهەمی شیعری بەراواژ یاخیبوونەکە بە سێ شێوەیە:

أ- ‌یاخیبوون لە زمان
ئەگەر بێتوو سەیری ئەم بەرهەمە بکەین چەندین وشە و دەستەواژەمان ڕووبەڕوو دەبێتەوە، کە لادانیان تێدا کراوە، بۆ نموونە هەر خودی ناونیشانی بەرهەمەکە خۆی کە نووسراوە (بەرەواژ) واتە ئاوەژوو پیتی (ژ) بە سەراوبن نووسراوە، هەر خۆی ناوی بەرهەمەکە بەڵگەیە بۆ سووریالییبوونی شیعرەکانی، یاخیبوون لە زمان وەک لەم نموونە شیعریییەدا دەردەکەوێت:
ئەگەر شیعری قوتوو بۆ لادانی زمان و ڕێزمان وه‌ربگرین كه‌ شاعیر یاخیبووه‌ و ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ سووریالییه‌، بۆ نموونه‌ له‌م ڕستانه‌ی خواره‌وه‌دا:
قووتوو
قوتوویه‌كی بێسه‌ره‌ ماڵه‌كه‌مان
هه‌ندێك جار شه‌كری تێده‌كرێت و
زۆر جاریش خوێ.
کە خوشکم چووە ناو جلی بووکێنیەوە،
ماڵمان شه‌كردان بوو
(ناگەینە کۆتایی، شەکردانەکە بەشی
خواردنەوەی پیاڵە چاییەکیشی تێدا نامێنێ).
ئەو ڕۆژەی بەلووعەی تانکی ئاوەکەم لە
دەست پەڕی و
خوێن به‌ ده‌ماری تانكیدا هاته‌ خوارێ
قوتووه‌كه‌ پر ببوو له‌ خوێ
لێرەدا کۆمەڵێک وشە و وێنەی نالۆژیکی بەرچاومان دەکەون بۆ نموونە: خوێن بە دەماری تانکیدا هاتە خوارێ، دەماری تانکی یان ماڵمان شەکردان بوو. ئەمانە وێنەی نالۆژییکین و لەگەڵ واقیع یەک ناگرن و لادانیان لە زمانی ئاسایی درووستکردووە. لە بەشەکانی دواتر کە دەڵێت:
دەرمانخانەکان لە جیاتی دەرمان، بلیتی
یانەسیبیان دەفرۆشت.
بانگدەر (‌أکبر)ــــەکەی (اللە)ی قووت دایەوە.
لە ناوەڕاستی ئەم قووتووەدا،
ئاسمان پارچه‌ڕایه‌خێكی موتفه‌ڕكه‌،
هه‌ڵواسراوه‌
هه‌ر په‌ڵه‌هه‌ورێكی چڵكنی بكه‌وێته‌ سه‌ر،
دایكم به‌ گه‌سك لایده‌بات
(ئەوە دەشارمەوە کە دایکم بە قەرەوێڵەیەکەوە
نووساوە و پەڵەهەورە چڵکنەکان دەژمێرێ).
به‌ سواری گه‌سكه‌كه‌ به‌سه‌ر قوتووه‌كه‌دا
ده‌فڕم،
باوکم …
پێکێک عەرەق هەڵدەدا و
فوو بە فانۆسەکەدا دەکات
من له‌ گه‌سكه‌كه‌ به‌رده‌بمه‌وه‌ و
به‌ناو قاپی جاجیكدا ده‌كه‌وم،
ته‌باغه‌كه‌ كوژاوه‌ته‌وه‌
به‌شی ساڵێكی دیكه‌ نه‌گبه‌تی كوڵاوه‌. (ڕۆستەم، ٢٠٢١: ٢١)
ناوەڕۆکی ئەم شیعرە ((باس لە منداڵیی کەسێک دەکات کە ماڵەکەی خۆیانی بە شێوەیەکی زۆر جیاواز بینیووە، ماڵێک لەشێوەی قوتوو، کە سەری نەبووە و زۆر جار خوێ لەو ماڵە کراوە و جاروباریش شەکر، منداڵ هەر لە گچکەیییەوە هەست بە تاڵیی و شیرینی ژیان دەکات، هەر لەگەڵ ئەوەی خوشکەکەی مێرد دەکات شیرینیی دەچێژێت و تامی خۆشیی دەکات، بەڵام ئەوەندە ناخایەنێت ئەم شیرینییە ناتوانێت تا سەر بە تەنیا بە بێ دژەکەی بژێت کە تاڵییە، ئیدی ماڵەکە دەبێت بە خوێ و تاڵیی. دواتر دەڵێت بەلووعەی تانکی ئاوەکەم لەدەست پەڕی، خوێن بە دەماری تانکیدا هاتە خوارێ لە دەستپەڕینی بەلووعەی تانکی ئاو کەوتنە نێو ژیانێکی ترەوه‌، کە ژیانی خوێ و شیرینیێە ژیانی دووانەکانە، دواتر هەروەک منداڵ دەمێنێتەوە، دەرمانخانەش بە شوێنی فرۆشتنی بلیتی یانەسیب تێدەگات، ئاسمان کە سەری ئەم ماڵە بوو، دایکی بە گەسک هەورە چڵکنەکان لادەبات. دواتر بە ناوی قاپی جاجیک دەکەوێت)). (محەمەدەسوورە، ٢٠٢٢) ئەم نموونانە وەک (قووتویەکی بێسەرە ماڵەکەمان، ماڵمان شەکردان بوو، خوێن بە دەماری تانکیدا هاتە خوارێ، ئاسمان پارچە ڕایەخێکی موتفەڕکە، من لە گەسکەکە بەردەبمەوە) ئەم نموونانە لادانی زمانیی و یاخیبوونی زمانن، چونکە لە زمانی ئاساییدا کە ئەم دەستەواژانە بەکاردێن، لەنگیی لە قسەکردن درووست دەکەن، بەڵام لە ئەدەبدا داهێنان درووست دەکات.

‌ب– یاخیبوون لە نەریتە کۆمەڵایەتییەکان
شاعیر لە نەریتی کۆمەڵایەتی یاخی بووە کە شتێکی نابەجێبوون لای شاعیر، بۆنموونە لەم شیعرەدا:
شەڕە پشیلە
لە قاپووتێکی دەستی دوو
شیعرێک پژمی
پێشانی دایکمم دا
جنۆکەی لێ دەرکرد و بە قورئان ڕاوی نا
ناومان لێنا شەڕەپشیلە
لە کن عەڕیزە نووسی ناسنامە
کە قەڵەم گەیشتە سەر ڕەگەز
سەرەو خوارم کرد
فرمێسکێکی لێ کەوت
نییەتی
دەرکراین (ڕۆستەم، ٢٠٢١: ٢٩)
سەبارەت بە ناوەڕۆکەکەی باس لە سەردەمانی ڕاوبردوو دەکات، شاعیر بە سەرنجدان لە ڕابوردوو شتێک دێتە بوون و پێشانی دایکی دەدات، ئەو لەگەڵ دایکی بەهۆی کۆنیی شتەکە و زۆر سەرنجدان لێی، دایکی بە قوڕان ڕاوی دەنێت، ناویان لێنا شەڕە پشیلە؛ واتە شتێکی ئاڵۆزە تێیناگەیت، لەکن عەریزەنووسی ناسنامە کە قەڵەم دەگاتە سەر ڕەگەز سەرەوخواری دەکات، باوەڕی بە نێر و مێ نابێت و فرمێسک لێ کەوتنەکەش گوزارشتە لەوەی لەوکاتەوە لە ئازار و ناخۆشیدا دەژیم کە باوەڕم بە نێر و مێ نەبوو. (چاوپێکەوتن، عەزیز)
لەم کۆپلانەی سەرەوە یاخیبوون بەرچاو دەکەوێت دەبینین شاعیر لەوە یاخی بووە کە لەلای عەڕیزەنووس قەڵەم گەیشتووەتە سەر ڕەگەز یاخی بووە، لەو کاتەوە بڕوای بە جیاوازیی نێوان نێر و مێ نییە. دواتر دەڵێت:
کتێبخانەی گشتی…
تایبەت بە بێناسنامان لە بەشی ئەرشیف
زبڵدانێکیان هەبوو
بازمان بەسەردا
لە گەڕانەوە
ماتۆڕی پۆلیسی ژینگە هەڵی داین
شیعرەکە کەوتە ناو زەلکاو
لەو زەلکاوە قولابی شاعیران
بۆق
زبڵ
ئاویان
بۆ شیعر ڕاوکرد
تا وشکی کرد
لە لێواری زەلکاو
قۆپچەی قاپووتم دەکردەوە
شەڕەپشیلە هەر نەگەڕایەوە. (ڕۆستەم، ٢٠٢١: ٢٩)
ناوەڕۆکی ئەم بەشە کتێبخانەی گشتیی تایبەت بە بێناسنامان لە بەشی ئەرشیف زبڵدانێکیان هەبوو؛ واتە باس لە قەرەباڵغیی شار دەکات کە عادەتی شار هەمیشە وایە کۆمەڵێک کەسی پەراوێزی تێدایە. کەواتە کەسەکە کەوتووەتە پەراوێزەوە، دەڵێ بازمان بەسەردا، واتە ویستم ئەوە تێپەڕێنم، ویستمان هەنگاوێک بەرەو پێشەوە بڕۆین لە کاتی گەڕانەوە ماتۆڕی پۆلیسی ژینگە هەڵی داین؛ واتە ڕێگرێکمان بۆ پەیدا بوو هەڵی داین؛ ڕێگرەکە واتە دەستەڵات، حکومەت هەڵی داین پۆلیس مەبەستی چاودێریکردنی دەسەڵاتە هەڵیان دەدات، شیعرەکە کەوتە ناو زەلکاو واتە دۆخی مەعریفەکە کەوت خەڵک وەرینەگرت دەکەوێتە ناو زەلکاو لەو زەلکاوە قوولابی شاعیران، بۆق، زبڵ، ئاویان بۆ شیعر ڕاوکرد؛ واتە کە دۆخە نوێکە کەوت خەڵکی هیچوپووچ و بێمەعریفە لەو زەلکاوە ڕاو دەکرێن و بەهایان پێدەدرێت. (چاوپێکەوتن، عەزیز)
لە کۆپلەی کۆتایی ئەم شیعرە یاخیبوونە لە نەریتە کۆمەڵایەتییەکان چونکە (ئافرەت پشتگوێ خراوە، واقیعێک نیشاندەدات، کێشەی جێندەریی کۆمەڵگەی کوردیی باس دەکات، و گوزارشتە لە ژنێک کە فڕێدراوەتە لێواری زەلکاو، بۆیە ڕەهەندی وجودیی و مرۆییەکەی ژن وندەبێت و ناگەڕێتەوە). (نەوزاد، ٢٠٢٢).
بەکورتیی یاخیبوونی شاعیر بۆ یەکسانیی، دیموکراسیی و ئازادیییە، ئەوەتا خۆی لەبارەی شیعر و ئازادیییەوە دەڵێت: ((مامۆستاکانی من لە ئەدەبیاتدا، ھیچ کام لە شاعیرانی بەناوبانگ و نووسەرانی داھێنەر نەبوون. ئەو ڕۆژنامەنووسە سەرەتایییانەی کە کارەکانیان ھیچ یاسایەکی ڕۆژنامەوانیی نەیدەگرتنەوە و لە پێناو وشەی (ئازادیی)دا کوژران و دەستگیر کران، مامۆستای من بوون. شیعرنووسین مامۆستای وەھای دەوێت ئازادییت لە ناودا بچێنێت، ئەوەی دیکە لە قووتدانی کتێبەکانەوە فێری دەبیت. وێنەکان لای من بە جۆرێکن، ئەگەر ڕۆشنبیریی کورد لە ناوەڕاستی شارەکەی خۆیدا لەبارەی (ئازادیی)یەوە بنووسێت، سەبەتەیەک نانی گەرممان پێشکەش دەکات، پڕ لە وردەچیڕۆکی: بۆنی ئارەقە، ھەڵمی نان و سووتانی دەست. ئەو ڕۆشنبیرەیش کە لە دوورەوە فیکە بۆ ئازادیی شارەکەی لێدەدات، ئەو نانە ساردوسڕەمان دەرخوارد دەدات کە تازە لە بەفرگر ھاتووەتە دەرێ. ئێ خۆ دەکرێت ھەردووکیان تەرمی ئازادییان بە کۆڵەوە بێت، بەڵام وەک (ھێمن) دەڵێت: گەرچی لای ئاغا خەیاڵی خاوە میللیەت// من لەلام باشە هەتا ماوم خەیاڵی خۆم دەکەم)) (چاوپێکەوتن، نارین)

2– دونیای منداڵیی
سووریالییەکان گرینگییەکی زۆریان بە منداڵیی داوە، چونکە دونیای منداڵییان وەک خەون تەماشا کردووە، ئەگەر سەیریشیان بکەین ئەم دوو شتە وەک یەک وان، چونکە وەک چۆن سووریالییەکان لە خەوندا ئازادن لە دونیای منداڵییشدا، ئەوە منداڵ ئازادە و گرینگی بەهیچ نادات، یاخود شەرم لەهیچ شتێک ناکات لە ڕووی ڕەفتار و قسەکردنییەوە، لەو تەمەنە منداڵ دۆخی نەستیی هەیە، بەڵام زۆرجار لەو تەمەنە منداڵ بێ ویستی خۆی کپ دەکرێت، ئەم کپکردنە دەبێتە گرێ لای منداڵ، بۆیە زۆرجار دەبینین ئەوانەی کە داهێنانیان لە بواری ئەدەبدا کردووە، دونیای منداڵییان ناتەواو بووە، ئەمە وەک تەقاندنەوەی هەستی نائاگایش وایە کە گەورە دەبن ئەوەی لە دەروونیاندا ماوەتەوە بەشێوەی نائاگایی دەریدەبڕن، هەر بۆیە دەبینین نارین ڕۆستەم وەک شاعیرێک زۆر سوودی لە منداڵیی وەرگرتووە، بەتایبەت لە ”بەرەواژ”دا بۆنموونە لە شیعری حەمام بەر ئەم دونیای منداڵیییە دەکەوین کە دەڵێت:
باوکم شاعیر بوو
ڕۆژێک گۆی زەوی کەوتە ژێر دەستی
لە چڵپاوی کۆڵانێک دەریهێنانین
هەڵی داینە ناو تەشت و
لەبەردەم دەرگای حەمامی بازاڕ ڕژاین
هەر یەک لە ئێمە
کاغەزی زەرد بە ناوچەوانمانەوە
جوان بیانشۆن
چڵک و برینەکانیان داماڵن
دەمەوێ بە پاکی بیانبەمە ناو شیعرێکمەوە
من لەوە بچکۆڵەتر بووم کە دەبینرام
سابوون قاچی هەڵخلیسکاندم و کەوتم
هاوارم کرد…

شاعیر گوزارشت لە دۆخی منداڵیی دەکات کە کۆمەڵگە پێی خلیسکاندووە و زیڕەی پێکردووە دواتر دەڵێت:
برایەکەم منداڵ نەمابوو
عەبایەکی ڕەش بوو
بە بزماری ژەنگاوی دیواری حەمام
هەڵواسرابوو
خوشکم…
بە دوای شانەی پرچیدا ڕۆیشت
نەگەڕایەوە
بۆ شەو
ئێمە کراین بە باشترین شیعر
باوکم…
خەڵاتی بەرزکردەوە
گۆی زەوی لە دەستیدا خزی
دەرگای ئەم حەمامە دامەخەن
من دەمەوێ لەم شیعرەدا
بێمە دەرەوە. (ڕۆستەم، ٢٠٢١: ٣٣)

شیعری حەمام کۆتا شیعری دیوانی بەرەواژە، ناوەڕۆکی ئەم شیعرە باس لە دونیای منداڵیی شاعیر دەکات، شاعیر لە ڕێی جێناوی کەسی سەربەخۆی “ئێمە” گوزارشت لە دۆخیی خێزانی خۆیان دەکات، کە تووشی نەخۆشیی و خەمناکیی بوون، بۆیەش ڕەنگی زەردی بۆ بەکارهێناون، کەسانێک کە خەمناک بن و نەخۆش بن ڕەنگی دەموچاویان زەرد دەبێت، لەم خێزانەدا خوشک و براکان بە گوێی یەکێکی گەورەتر دەکەن و ئەرکیان پێ ئەنجام دەدرێت. لەم شیعرە شاعیر لە قۆناغی منداڵییدا ڕەشبین دەبێت لە قوڕنیچکێک یان گۆشەیەکی ماڵەوە سەیر دەکات، هەر بۆیە کە منداڵەکە گەورە دەبێت دەکەوێتە ململانێ لەگەڵ کۆمەڵگە، بۆیە سابوون قاچی هەڵدەخلیسکێنێ و زیڕەی پێدەکات، واتە کۆمەڵگە دەیکەوێنێ، لەو کۆپلەیەش کە دەڵێ برایەکەم منداڵ نەمابوو عەبایەکی ڕەش بوو بە بزماری ژەنگاویی دیواری حەمام هەڵواسرابوو؛ لێرەدا مەبەست لەوەیە کە منداڵەکە براکەی منداڵ نەبوو لە ڕووی ڕەفتارەوە وەک گەورەکانە، بۆیە وەک عەبایەکی ڕەش وەک پاسەوانی نەریت چاودێریی بەرانبەر دەکات و هەڵواسراوە؛ لێرەدا گوزارشتە لەوەی برا هەر کە منداڵ نامێنێت دەبێتە پارێزەری نامووس. بزماری ژەنگاوییش ئاماژە بۆ ئەوە دەا ئەم دەستەڵاتە ساختە و لەرزۆکە نۆڕمێکی ژیانە و زوو یان درەنگ ئاوا دەبێت. لە دواتر باس لە خوشک دەکات بەو مانایەی ئێمەی خوشکان هەردەم بە دوای شانە و بووکۆڵە و … تاد دەبردرێین، تا لە ڕوانینی ئەواندا جێگەمان ببێتەوە، تا چەند دوای ئەمانیش بکەوین ئەوا لە ناسینی خۆمان دوورتر دەکەوینەوە، دواتر باوک هەیە دەیەوێت کەرەستەکان/منداڵەکانی بکات بە باشترین شیعر بەڵام گۆی زەوی لە دەستیدا دەخزێت؛ واتە خێزان لە دەستیدا دەخزێت، شاعیر لە کۆپلەی کۆتایییدا دەیەوێت بڵێت: من نامەوێ چیتر کەرەستەی کەس بم، دەمەوێ لەم شیعرە بێمە دەرەوە لە حەمامی بازاڕ، واتە لە کۆمەڵگەیەکی نەریتیی و خاوەن دەنگە دەنگ دەیەوێت بێتە دەرەوە. (محەمەدەسوورە، ٢٠٢٢)
بۆیە شیعری حەمام بە دونیای منداڵیی دادەندرێت کە سووریالیەکان گرینگی پێدەدەن.

ئەنجام
ئەو ئەنجامانەی لە کۆتاییی توێژینەوەکەدا پێی گەیشتین، بریتین لە:

  • لە شیعرەکانی نارین ڕۆستەمدا لە کۆی بنەماکانی سووریالیزم تەنیا چوار بنەما لە شیعرەکانیدا بەرجەستەبوونەتەوە، کە ئەوانیش بریتین لە (نووسینی ئۆتۆماتیکیی، تەقاندنەوەی هەستی نائاگایی، خەون و گاڵتەوگەپی سووریالیی).
  • جگە لە بنەماکانی سووریالیزم کە لە شیعرەکانی شاعیر ڕەنگیانداوەتەوە، هەندێک لەو شتانەی لای سووریالییەکان جێگەی بایەخن لە شیعرەکاندا ڕەنگیانداوەتەوە، کە ئەوانیش بریتین لە (دونیای منداڵیی و یاخیبوون).
  • شیعرەکانی نارین ڕۆستەم جگە لە هەندێک شیعر نەبێت، ئەوانی تر ڕەنگدانەوەیەکی تەواوی ڕێبازی سووریالیزم نین، واتە بە تەواویی مانا خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی سووریالیزمیان تێدا بەرجەستە نەبووە، بەڵام سوودی لە هەندێ خەسسڵەت و تایبەتمەندیی سووریالیزم وەگرتووە، ئەمەش وایکردووە شیعرەکانی نارین ڕۆستەم تام و بۆیەکی سووریالییان هەبێت و بە گشتیی کەشێکی سووریالیی بەسەر شیعرەکانیدا زاڵبێت.

    —————————

لیستی سەرچاوەکان
کتێبەکان

• ئەحمەد مەحموود عەبدوڵا، (٢٠١٣)، سووریالیزم لە شیعری کوردیدا (دوای ڕاپەڕین – ١٩٩١)، سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی.
• حەمە مەنتک، (٢٠١١)، سووریالیزم لە ئەدەبی نوێی کوردیدا، چاپی یەکەم، هەولێر، دەزگەی ئاراس.
• ڕەزا سەید حسەینی، (٢٠٠٦)، قوتابخانە ئەدەبییەکان، و: حەمە کەریم عارف، چاپی یەکەم، هەولێر، دەزگەی موکریانی.
• سیروس پرهام، (٢٠٠٣)، ڕیالیزم و دژە ڕیالیزم لە ئەدەبیاتدا، و: حەمە کەریم عارف، دهۆک، دەزگەی سپیرێز.
• سەردار ئەحمەد گەردی، (٢٠١٧)، ڕەخنەی ئەدەبی، چاپی یەکەم، هەولێر، چاپخانەی هێڤی.
• فەرهاد پیرباڵ، (٢٠٠٩)، ڕێبازە ئەدەبیەکان، چاپی سێیەم، سلێمانی، ناوەندی ئەندێشە.
• کامل حەسەن بەسیر، (٢٠١٥)، مێژووی ڕەخنەسازی، چاپی یەکەم، سلێمانی، ناوەندی غەزەلنووس.
• نارین ڕۆستەم، (٢٠٢١)، بەرەواژ، چاپی یەکەم، سلێمانی، دەزگەی نووسیار.
• هێڤی بەرواری، (٢٠١٠)، ڕێبازێن ئەدەبی، چاپی یەکەم، دهۆک، چاپخانەی هاوار.
• هیمداد حوسێن، (٢٠٠٧)، ڕێبازەکانی ئەدەبیی، چاپی یەکەم، هەولێر، دەزگەی ئاراس.

فەرهەنگ
• موحسین ئەحمەد عومەر، (٢٠٠٥)، فەرهەنگی زاراوەی ئەدەبی و ڕەخنەیی، چاپی یەکەم، هەولێر، دەزگەی چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس.

چاوپێکەوتن
• چاوپێکەوتن لەگەڵ د. کەیفی عەزیز، سەرۆکایەتی بەشی زمانی کوردی، ڕێکەوتی ٢٦- ٤-٢٠٢٣.
• چاوپێکەوتن لەگەڵ نارین ڕۆستەم، نامەی ئەلیکترۆنی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، ڕێکەوتی ٢١-٤-٢٠٢٣.

سەرچاوەی ئەلیکترۆنی
• kurdsat daily، ٢٠٢٢، کۆڕێکی شیعر خوێندنەوە بۆ شاعیر نارین ڕۆستەم سازدەکرێت {ئۆنڵاین} ڕێکەوتی دوا سەردان ١٣ ی ئایاری ٢٠٢٣ لە: https: //youtu.be/RNlcUZ9C-68
• تەلار تاهیر، ٢٠٢٢، نارین ڕۆستەم و سووریالیزم. {ئۆنڵاین} . ڕێکەوتی دوا سەردان ١٤ ی ئایاری ٢٠٢٣ لە: https: //nusyar.com/archives/1492
• سرووشت نەوزاد، ٢٠٢٢، شیعری شەڕەپشیلە چارەنووسێکی باشی نییە. {ئۆنڵاین}. ڕێکەوتی دوا سەردان ٢٥ ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ لە: https: //nusyar.com/archives/1197
• سۆران محمدە سوورە، ٢٠٢٢، شیعر و شاعیریی و خوێندنەوەیەک بۆ بەرهەمەشیعری بەرەواژی نارین ڕۆستەم. {ئۆنڵاین}. ڕێکەوتی سەردان ٣٠ ی نیسانی ٢٠٢٣ لە:
https: //dengekan.info/archives/author/soranmihemedesure
• کەژاڵ ئەحمەد، ٢٠٢٢، ئەو شاعیرەی ژیان بەردێک بوو بەر سەری کەوت کەچی دڵی شکاند. {ئۆنڵاین}. ڕێکەوتی دوا سەردان ٢٠ ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ لە:
https: //nusyar.com/archives/1299

  • نارین ڕۆستەم سەلام، لە دایکبووی ساڵی ١٩٩٢ ی هەولێرە، دەرچووی کۆلێژی هونەرە جوانەکان بەشی (شانۆ)یە، یەکەم شیعری لە تەمەنی ١٥ ساڵیی بە ناوی (باخ) نووسیووە و دواتر لە (گۆڤاری کاروان) بڵاوکراوەتەوە، خاوەنی دوو کتێبی شیعرییە، (پاڵەوانە کارتۆنیەکە ٢٠١٣، بەرەواژ ٢٠٢١) دە ساڵ وەک ڕۆژنامەنووسێکی ئازاد لە دەزگەکانی کەی ئێن ئێن، ئێن ئاڕ تی، دەنگی ئەمریکا کاری کردووە.



جەنگەکان درێژەپێدەری سیاسەتی چەوسانەوەی ئابووری چینایەتین!!.. نەجمەدین فارس

ئەوەی کەلە ڕابردوودا گوزەراوەو ،لەئێستادا دەگوزەرێت، جەنگەکان هەمووکات هۆکاری دەمەزەردکردنەوەی دەسەڵات وبەرژەوەندی تایبەتی کۆمەڵێکی کەمی باڵادەست بوون،لە فۆڕمە جیاوازەکانی دەوڵەت و دەسەڵاتی خێڵەکی و ئاینی وئەرستۆکراتی ودێموکراسی وئۆلیگارشی ودیکتاتۆریەت و ئیمپراتۆرەکان بووە.

سەرەتای دابەش بوونی کۆمەڵگای سەرەتایی بێچین و توێژ بۆ دووچین و دووبەرژەوەندی جیاواز لەمێژوودا،سەرەتای دەستپێکردنی جەنگە جیاوازو جۆراوجۆرەکان بووە، بەشێواز وتەکنیکی جیاواز ،لەپێناوی هەژموونگەرایی وبەرژەوەندپەرستی باڵادەستانی خێڵ وفۆڕمە جیاوازەکانی دەسەڵاتدارێتی و دەوڵەت. دروستکردن وبەرپاکردنی جەنگەکان لە مێژوودا بۆ شاردنەوەو پەردەپۆشکردن ودوورخستنەوەی لەدەستدانی دەسەڵات و بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی دەسەڵاتداران بووە،کە لە ئەنجامی جیاوازی چینایەتی و هەڵاوێردنی چینەکانی خوارەوە سروشتێکی ململانێی لەنیوانیاندادروستکردووە، وبەبەردەوامی لەململانێدابوون.
بەپێی سەردەمەکان جۆری چەک و تێچووی جەنگەکانی گۆڕانکاریان بەسەرداهاتووە. دواکەووتویی و پێشکەوتووی چەکەکان گۆڕانکاری بەسەر ڕێژەی کوشتاروو کاولکاریدا هێناووە.لەئەنجامدا جەنگەکان هۆکاری ماڵ وێرانی وخوێن ڕشتن وقات وقڕی بووەو دەبێت، بەهەرشێوەیەک بێت ئەوجەنگانە جەنگێکی نا‌‌دادوەرانەو ناڕەوایە بۆ ژیانی مرۆڤایەتی،لەبەرئەوەی درێژەپێدەری هەمان هەلومەرجی ژیانە بەشێوەیەکی خراپتر. جەنگەکان لەڕێگەی بڕیادانی دەسەڵاتدارانی خێڵ ودەوڵەتەوە بەرپا بوون و هیچ لایەنێکی خوارەوەی کۆمەڵگاکان ڕەزامەندیان لەسەری نەبووەو دەرنەبڕیووە. بەرژەوەند پەرستانی دەسەڵات ،بەبەرژەوەندی خۆیان جەنگەکانیان هەڵگیرساندووە. ئەگەر دەسەڵاتدارانی دەوڵەت بۆ قازانجی خۆیان و هێشتنەوەی دەسەڵاتیان و کۆیلەکردنی دانیشتوانی کریگرتەی کارو سەرمایە نەبێت، ئەیانتوانی بە تێچووی جەنگەکانیان دڕیان بەهەژاری بدایە و قاتووقڕی وبرسێتی وکێشەناوخۆیەکانیان بنج بڕوو کۆتاییان پێ بهانیایە. دەرئەنجام جەنگ بۆ دەسەڵاتداران لە جیهاندا هۆکارە بۆ کۆیلەکردن و چەوساندنەوەی زیاتری بەشەکانی خوارەوەی کۆمەڵگایەو ‌‌بەدەستهێنانی زیاتری دەسەڵات و بەرژەوەندیە بۆ دەسەڵاتداران. جەنگەکان بەشێکی گەورەی بازرگانی وقازانجە بۆ کۆمپانیاکانی بەرهەم هێنانی چەک لەجیهاندا. بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕیDW ی ئەڵمانی لەساڵی ٢٠٢١ز یدا،بڕی چەکی سەربازی فرۆشراو لەبازاڕی جیهانیدا ٥٩٢ پێنج سەدو نەوەت ودوو ملیار دۆلار بووە ،لەو بڕەش بەشی شێر بە کۆمپانیا ئەمریکیەکان بڕاوە کە زیاتر لە نیوەی ئەو بڕەی سەرەوەیە کە بایی ٢٩٩ دووسەد ونەوەت نۆ ملیار دۆلار بووەو بە ووڵاتانی فرۆشتووە. ڕێژەی فرۆشتنەکانی چەک لەلایەن ووڵاتانی بەرهەمهێنەوە بەم شیوەیە،٣،٢% دەوڵەتانی ئەوروپا،٢%ئیسرائیل، ١،٦% ئەڵمانیا،٦،٨% بەریتانیا، ١،٢% کۆریای باشوور، ٣% روسیا، ١،٥% یابان، ٤،٩% فەڕەنسا،٢،٨% ئیتالیا،١٨% چین،٤% دەوڵەتانی تر،٥١% ئەمریکا.(١) ئەم دەسکەوتە بێشوومارەی بەدەستهێنانی دۆلار چەکی جەنگی پێویستیان بە جەنگ وبەکارهێنانیانە ، تا لەبازاڕەکانی جیهاندا ساغیان بکەنەوە. بازرگانی چەک پڕ قازانجترین بازرگانیە لەجیهاندا. لەبەرئەوە ڕوودانی جەنگەکان هۆکار دەبن بۆ بازاڕ گەرمی چەک. ڕوودانی جەنگە کان سروشتی سیستەمی بازاڕی سەرمایەداین.

سیستەمی سەرمایەداری و بۆرژوازی لیبراڵی لەوکاتەوەی کە سەری لە ناو پەیوەندی ئابووری کۆمەڵایەتی سیاسی دەرەبەگایەتیدا دەرهێناوە، لەپێناو سەقامگیرکردن و هێشتنەوەی دەسەڵات و فۆڕم وشێوازی بەرهەمهێنان وبەڕێوەبردن و چاودێری کردنی کەڵەکەی سەرمایەو قازانج، لەمێژووی خۆیدا زۆرترین جەنگ و کوشتارگەی بەرپاکردووە لەچاوو جەنگەکانی کە لەهەردوو سەردەمی فرماسێۆنی ئابووری و کۆمەڵایەتی کۆیلایەتی و دەرەبەگایەتیدا ڕویانداوە. جەنگە دوورودرێژە داگیرکاریەکانی ئەوروپا وجەنگە ناوخۆییەکان و ،دروستکردنی هاوپەیمانیە جیاوازەکان و هەردوو جەنگی جیهانی یەکەم ودووەم و جەنگەکانی ناو قاڕەجیاوازەکان ،هۆکاربوون بۆ کوژرانی سەدەهاملیۆن مرۆڤ،هەروەکو ئەو جەنگانەی کە یۆنانیەکان و ڕۆمانیەکان ،پارسەکان ،ئیسلام وخاچپەرستەکان بەرپایان کردووەو خەڵکیان بەناهەق کۆمەڵ کوژ کردووە، لەپێناوی دەسەڵاتی پاوانخوازانەی دەسەڵاتداران و بەرژەوەندیدا ئەنجامیانداوە. هیچ جەنگێکی ناڕەوای دەوڵەتان و دەسەڵاتداران لەمێژوودا نەبووەتە هۆی باشترکردنی ژیانی ئابووری وکۆمەڵایەتی وسیاسی ،بێجگە لەوەی کە هۆکاربووە بۆ کوشتارو بێ ماف کردن و زیاتر هەژارکردن وبرسی کردنی زۆرترینی دانیشتوانەکەی و بەتایبەتتر کۆیلەی فرۆشیارانی هێزی کار پشکی شێری ئەوبرسێتی و قاتووقڕیەی بەرکەوتووەو بەردەکەوێت.

ئەوجەنگانەی ئێستا لەناوچەکەو جیهاندا ڕوودەدەن، جەنگی تورکیا دژی کوردی دانیشتوی سوریا و تورکیا و جەنگی ڕوسیا دژی ئۆکرانیا و جەنگی نێوان دەوڵەتی ئیسرائیل و فەلەستینیەکان وبەتایبەت تر دژی غەزەییەکان ،جەنگێکی نەگریسی خوێناویەو بەرۆکی بە دانیشتوانەکانیان گرتووە، ناڕەوایەو مرۆڤێکی زۆری تیادا دەبێت بەقوربانی وسوتەمەنی،وە هیچ ئەندامێکی خێزانی دەسەڵاتداران و خۆیان تیاناچێت ، بەڵکو دەبێتە زیاتری بەدەستهێنانی قازانج بۆ بازرگانانی جەنگ ،وفرۆشتنی زیاتری چەک لەلایەن ووڵاتانی بەرهەمهێنیەوە. هەروەکو لەپێشتردا باسمان کرد ،بە تێچووی ئەوجەنگانە ئەیان توانی چارەسەری هەژاری و برسیتی ونەداری وئاوارەیی لە ناوخۆی ووڵاتەکانیاندا بکردایە کە بەربینگی دانیشتوانەکەی گرتووە. بەشداری کردنی ووڵاتانی جیهان و ناوچەکە بەشێوەی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ و درێژەدان بەجەنگی ڕۆپۆشکراو بە بیروبڕوای جیاوازی ئاینی و مەزهەبی و نەتەوەیی، بۆ درێژەدانە بەهەمان سیاسەتی خۆسەپێنانەی سەرمایەداری و لیبرالیزمە ودرێژکردنەوەی سیستەمی ئابووریانە.بە پۆزشی هەڵگرانی و ڕوپۆشکراوی سیاسەتی جیاوازی ئاینی و مەزهەبی ونەتەوەیی جیاواز برەو بەجەنگەکانیان دەدەن ،لەگەڵ ئەوەی مەزهەب و ئاینەکانیان لەمێژوو لە ساتەوەختی نوسرانیاندا و هەتائێستاش هۆکاری چەندین جۆری کۆیلەیەتی وجیاوازی جنسی و ڕەگەزی بەشێکی دیاری هەڵاوێردنی مرۆڤەکان بووەوبەرجەستەکردووەو برەوی پێداوەو هەڵینەوەشاندووەتەوە ،لەڕێگەی دووبارەکردنەوەیەوە برەوی پێداوە لەئێستادا، لەڕێگەی گەوجاندنیانەوە مرۆڤگەلێکی بەدوای خۆیاندا هەڵخراندووەو وەکو کۆیلە خزمەتیبەرژەوەندی و سیاسەتەکانی خۆیانیان پێدەکەن ،چ جای ئەوەی ئاسودەیان بکات.

لەجیاتی ئەوەی هەردوولایەنی بڕیاردەری جەنگی ئیسرائیل و فەلەستینیەکانی غەزە ،چارەسەری هەژاری و ڕەشوڕوتی دانیشتوانەکانیان بکەن بەتێچووی جەنگەکانیان ،جەنگیان بە قازانجی ماددی و هێشتنەوەیان لە دەسەڵاتدا بەکار دەهێنن و هێناوە. ئاماری ترسناکی هەژاری بەرۆکی بە دانیشتوانی جیهان گرتووە هیچ هەوڵێکیش بۆ چارەسەری نیە ، بێجگە لە درۆوو دەلەسەی دەسەڵاتداران و ڕێکخراوە جیهانەکان نەبێت ،کە خۆیان و سیستەمە ئابووری کۆمەڵایەتی سیاسیەکەیان سەرچاوەی هەژاری وجەنگە خوێناویەکانن. هۆکار چیە جەنگ بەرپادەکەن و هەوڵنادەن هەژاری لەووڵاتەکانیاندا چارەسەربکەن؟؟ لە دەوڵەتی ئیسرائیلدا ڕێژەیەکی ترسناکی هەژاری و ڕەشوڕووتی بەرۆکی بە زیاتر لە ٦٥٠٠٠٠شەس سەدووپەنجا هەزار خێزانی گرتووە(٢) هەروەها دانیشتوانی غەزە ڕێژەی هەژاریەکی ڕەهای هەیە کە بە لە ٧٠% لەسەدا هەڤتای دانیشتوانەکەی مەزەندە دەکرێت.(٣) لەگەڵ ئەوەشدا کۆیلە و بەکرێگیراوەکانی هەردوو دەسەڵات هەتکی کچ و کوڕانی یەکتر دەکەن، دەسەڵاتدارانیش زیاتر ئاگری جەنگەکەیانی پێخۆش دەکەن.
ئەمەش بۆ لایەنەکانی هاوکاری کەری ووڵاتان بۆ هێزەکانی جەنگی ئیسرائیلیەکان و فەلەستینیەکان ،کە خۆی لەهەردوو دەووڵەتی ئەمریکاو چەند دەوڵەتێکی ئەوروپا و ئێراندا دەبینێتەوە. ئەمانیش ئەیان توانی چارەسەری هەژاری و کۆیلایەتی دانیشتوانەکەی خۆیان بکردایە . کە ڕێژەی هەژاری و کۆیلایەتی بەپێی ڕاپۆرتی بڕیاردەرێکی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، تیایدا هاتووە کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کە هەژاری و کۆیلایەتی بەرۆکی بە ٤١ چل ویەک ملیۆن مرۆڤ گرتووەو لەژێر هێڵی هەژاریەوە دەژین و وە لەهەر سێ کەس لەوانەش یەک دانەیان منداڵە.(٤) ئەمەش لەپێناوی باڵادەستی و هەژموونکردنە بەسەر جیهاندا. هەروەها دانیشتوانی ئێرانیش بێ بەش نین لەو هەژاری و کۆیلە کردنە جیاوازجیاوازانە، لەم ووڵاتەدا ڕێژەی هەژاری ١/٣ یەک لەسەر سێی دانیشتوانەکەی پێکدەهێنێت کە دەکاتە نزیکەی ٢٦،٦٠٠٠٠٠ بیست وشەش ملیۆن و شەش سەد هەزار کەس.(٥) لەپێناوی مانەوەی دەسەڵاتی تۆتالیتاریانەی جیاخوازی ئاینی و مەزهەبی و ڕەگەزی فاشییانەی بێ هەوساری تیرۆریستیانە.
لەلایەکی تر دەوڵەتی تورکیاش وەکو سەگی هار بەچواردەوری خۆیدا ئەنەڕێنێت و پەلاماردەدات ،بە ناوخۆی خۆیەوە ناوەستێت ووڵاتانی دەووروبەری دەکاتە مەیدانی جەنگ وتیرۆرکردنی کەسانی سیاسی و نەیارانی . حاڵی ناوخۆی خۆی زۆر خراپ و پێشێلکاری زۆری دەوڵەتی هەیە دژ بە ئازادیەکان و زۆرێک لە ڕۆژنامەوان و نووسەر و چالاکوانی سیاسی و مەدەنی سیخناخ و ڕاپێچی زیندانەکانی کردووە. ئەوە ئەگەر باسی هەژاری و کۆیلەکردنی بەشێک لە دانیشتوانەکانی بکەین ئەوا بەپێی پەیمانگای سەرژمێری حکومەتی تورکیا ١٤،٤% لەسەدا چواردە کۆما چواری دانیشتوانەکەی لەژێر هێڵی هەژاری و کۆیلایەتیدان.(٦) بەو حاڵەشەوە داڵدەی تیرۆرو ڕەشەکوژی دەدات و پێشێلی هەموو مافێکی سەرەتایی مرۆڤ دەکات. لەجیاتی ئەوانە و تێچووی جەنگەکانی ناوخۆیی خۆی و دەرەوەکانی چارەسەری ژیانی هەژارەکانییان بکەن باشترنیە ، ئەگەر جەنگەکانیان سەرچاوەی قازانجی ماددی سەرمایەو دەسەڵاتداریان نەبێت؟؟
دەرئەنجامی ئەوانەی سەرەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت ،ئەو هێزگەلانەی دەوڵەت و حیزبەکانی کەلەدەسەڵاتدان، جەنگ بووەتە سەرچاوەی قازانج و درێژەدان بەدەسەڵاتدارێتیان ،چ ئەو وڵاتانەی چەک دەفرۆشن و چ ئەوانەشی کە جەنگ دەکەن،لەسەر لاشەو خوێن و ئێسقانی هەژاران و نەدارانیان،بازرگانی و قازانج دەکەن و دەسەڵاتیان بەرقەرار دەکەنەوەو هەژموونی خۆیان زیاتر دەکەن و درێژە بە تەمەنی سیاسی وئابووری خویان دەدەن . کەواتە جەنگەکان درێژە پێدەری سیاسەت لیبراڵ و ئابووری چەوسانەوەی چینایەتین.

سەرچاوەکان:
1- حرب-أوكرانيا-ليست-كل- الأبناء-سارة-لشركات-صناعة-الأسلحة www.dw.com/ar/a-63988700
2- تقرير-نسبة-الإسرائيليين- الذين-يعيشون www.ar.timesofisrael.com
3- عام- الحصار-وتفاقم- الفقر-في-غزة www.alaraby.com.uk/economy/2022
4- خبير الأمم المتحدة: فقراء أمريكا أصبحوا أكثر عوزا في عهد ترامب www.reuters.com
5www.iranintl.com/ar/202305316297.
6-معهد-الإحصاء-معدل-الفقر-في-تركيا-لم-يتغ www.zamanarabic.com/2023/05/08/




ڕەنگدانەوەی ڕووداوە مێژوویی و ڕامیارییەکانی شۆڕشی کووبا لە هۆنراوەی نوێی کوردییدا.. عومەر عادل عەبدوڵڵا.

( هۆنراوەی “منم کووبا”ی جەلال مەدحەت خۆشناو بە نموونە).

ناونیشانی توێژینەوەکە:

بەهۆی ئەوە باسمان لەو ڕووداوە مێژوویی و ڕامیارییانە کردووە کە لە هۆنراوەی نابراو ڕەنگیداوەتەوە پەیوەست بە شۆڕشی کووباوە، لەگەڵ ئەوەشدا قۆناغە شیعرەکە قۆناغی شیعری نوێی کوردییە، بە چاکمان زانیوە،” ڕەنگدانەوەی ڕووداوە مێژوویی و ڕامیارییەکانی شۆڕشی کووبا لە هۆنراوەی نوێی کوردییدا ( هۆنراوەی “منم کووبا”ی جەلال مەدحەت خۆشناو بە نموونە)” وەک ناونیشانی توێژینەوەکەمان هەڵبژێرین.

ئامانجی توێژینەوەکە:

ئامانجی ئێمە دۆزێنەوەی ئەو ڕەهەندە مێژوویی و سیاسی و ڕۆشنبیرییە، کە لە نێو هۆنراوەکەدا بەدی دەکرێت، چونکە ئەو هۆنراوەییە، زیاد لە خوێندنەوە و ڕەهەندێک لە
خۆدەگرێت، هەروەها لە ڕێگەی ئەم ڕەهەندانەوە، دەگەین بە ئاستی ئاگایی و هۆشیاری شاعیر، چۆن ئاشنایەتی لەگەڵ دونیای دەرەوەدا هەبووە.

گیرگرفتی توێژینەوەکە:

لە سەرەکیترین ئەوە گرفتەی هاتۆتە پێشمان، بەستنەوەی هۆنراوەکە بووە، بە ڕەهەندە مێژوویەکەی و دیاریکردنی خاڵی هاوبەشی هۆنراوەکەیە، لەگەڵ مێژوویی ئەو ساتانەی هۆنراوەکەی تێدا نووسراوەتەوە، ئەمەش لە ڕێگەی پشت بەستن بەو دەقە مێژوویانەی، کە باس لەو ڕووداوانە دەکەن.

گرنگی توێژینەوەکە:

گرنگی ئەم توێژینەوە لەوەدایە، کە ئاستی مرۆڤدۆستی و ئاگایی شاعیرمان بۆ دەردەخات، لەلایەکەی تریشەوە، خوێنەر دەتوانێت لە ڕێگەی خوێندنەوەی ئەم توێژینەوە زانیاری لەبارەی شۆڕشی کووبا دەستبکەوێت، چونکە لەگەڵ توێژینەوەکەدا، چەند زانیارییەکمان لەبارەی ئەو شۆڕشەوە خستۆتەڕوو، کە پەیوەندییان بە هۆنراوەکەوە هەیە.

پەیکەری توێژینەوەکە:

توێژینەوەکە، بەشێوەیەکەی گشتی دابەشبووە بەسەر دوو بابەتەدا، لە بابەتی یەکەمدا چەمک و زاراوەی شۆڕشمان ڕوونکردۆتەوە و بە خوێنەرمان ناساندووە، لە بابەتی دووەم خوێندنەوەیەکەی مێژوویی و سیاسی و ڕۆشنبیریمان کردووە، بۆ دەقەی ئاماژە پێکراو.

پێشەکی:

ئەگەرچی گەلی کورد هەمیشە کۆڵەکەی ئازار و باری ڕەزاگرانی داگیرکاری و زۆرداری بەسەر شانەوە بووە، بەڵام هەرگیز ئەمە نەبووەتە هۆکارێک بۆ ئەوەی ئازار و چەوسانەوەی گەلانی تر دونیای لە بیر بەرێتەوە، چوون ماران گەستەیەک دەزانێت، دۆخ و حاڵی کەسێک کە مار گەستوویەتی لە چ دۆخ و ئازارێک دایە. شاعیرانمان, هەرچەندە وەکو پیوێست ئاوڕییان لەو ئازارە و برینە داوەتە کە کورد بە دەستی گەلانی تر چەشتوویەتی، بەڵام لە پاڵ ئەمەشدا، هەمیشە خەمی ئەو گەلانەیان خواردووە، کە ژێردەست و ستەم لێکراون.

لەم قۆناغە شیعرەدا، واتا لە شیعری نوێی کوردییدا، چەندین شاعیرمان هەن، کە ڕووداوە مێژوویی و ڕۆشنبیری و ڕامیاری ئەو سەردەمە لە نێو هۆنراوەکانیاندا جێی خۆی کردۆتەوە و بەشێکی فراوانیان لە پەیکەری هۆنراوەکانیاندا پێکهێناوە. تەنانەت هەندێکییان کەوتوونەتە ژێر ئەو بۆچوونانەوە هەندێک لە هۆنراوەکانیان لە ژێر ڕۆشنایی ئەو بۆچوونانە نووسیوەتەوە.

ڕەنگە گرنگترین پاڵنەر وای لە شاعیر کردبێت، دەست بەرێت بۆ ئەم بابەتە ئەو ئەزموونە خراپەیەتی، لەگەڵ دیکتاتۆر و داگیرکەران بینیوتی، چۆن گەلی کورد درێژایی مێژوو ڕووبەرووی داگیرکاری بوونەتەوە و ئەم پرۆسەش هەتا ئەمرۆ بە نێو شادەماری مێژووماندا بڵاوبۆتەوە. نووسەران و هۆزانڤانانمان هەمیشە سووتوی ئەو دووکەڵە ئاسمانی پەیڤ و هۆنراوانەی تەنیوە. گەرچی ئەم هۆنراوە، لە ڕووی هونەرییەوە چێژێکی ئەوتۆ بە خوێنەر نەدات، بەڵام ئەگەر ئێمە وەکو هەڵویستێک لێی بڕوانین، ئەوە ئەوپەڕی ترۆپکەی مرۆڤدۆستی و خەمخۆری شاعیر پیشان دەدات، بۆ گەڵێک کە نەک چەندین وڵات، بەڵکو چەند کیشوەرێکی لێوە دوورە و ڕەنگە کەمترین تاکەکانی ئەو نەتەوەیە وشەی کورد و نەتەوەی کوردییان پەردەی گوێیانی نەلەراندبێت.

زاراوە و چەمکی شۆڕش:

شۆڕش جوڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتییە، هەندێکجار لە کۆمەڵدا ڕوو دەدات، وەک شۆڕشە نەتەوەی و کۆمەڵایەتییەکان، هەندێکجاریش وەک هەندێکجار لە ئاستی تاکەکەسێک ڕوودەدات، بۆ نموونە وەک شۆڕشە زانستییەکان، کە جاری وا هەیە، زانایەک داهێنانێکی پيویست و گەورە دەکات، یان تێورێکی تر ڕەت دەکاتەوە، ئەمە بە شۆڕشێکی زانستی دادەنرێت.

جگە لە زاراوەی (شۆڕش)، هەندێکجار نووسەران و توێژەران زاراوەی (ڕابوون) بەکاردەهێنن، بەڵام ڕابوون بە لە فەرهەنگی خاڵدا بە مانای (هەستان)دێت، لە فەرهەنگی هەمبانەبۆرێنەشدا لە بەرانبەر (هەستان) و (بەرزبوونەوە) دانراوە. لە زمانی عەرەبییدا, بەرانبەر ئەم زاراوە لە زمانی کوردییدا زاراوەی (ثورة) بەکاردەهێنرێت، لەگەڵ ئەوەشدا لە زمانی ئینگلیزی(revolution)ی پێدەوترێت و دەتوانین لە ڕێگەی گەڕان لەم وشەوە, سەرداوێکمان دەستکەوێت و بتوانین زانیاری باشمان دەستکەوێت.(revolution) واتا زاراوە ئینگلیزییەکە ”بۆ یەکەم جار لەلایەن کۆپرنێك بە مانای جموجوڵی ئەستێرەکان و هەتاو لە زانستی ئەستێرەناسییدا بەکاربراوە. (شۆڕشی زانستی و شۆڕشی هاوینی) دواتر لە سەدەی ١٧ لە ئەوروپا، واتایەکەی تازەی لە خۆوەگرت و مانای ڕابوونی سیاسی و کۆمەڵایەتی مانا کراوەتەوە. ئینجا بە واتای سوڕانێکی بنەڕەتی لە: شێوازی بەرهەمهێنان (وەک شێوازی شۆڕشی پیشەسازیی و شۆڕشی تەکنۆلۆجی) یان وەچەرخانێکی بنیاتنەری کۆمەڵایەتی و سیاسی( وەک شۆڕشەکانی فەرەنسە و سۆڤیەت و ئێران) وە لایەنێک لە ژیانی کلتووری و فیکری (وەک شۆڕشی زانستی و شۆڕشی کەلتووری) لێک دراوەتەوە.”(ئەحمەد شەبانی،٢٠١٠:٢٠٣)

ئەم زاراوەیە، لە فەرهەنگە ڕامیاری و کۆمەڵایەتی و مەعریفیەکاندا بەدی دەکرێت، بەڵام زیاتر لە نێو ڕامیاریدا زیاتر تیشکی دەخرێتە سەر، هەر بۆیە لە ناساندنی شۆڕشدا وتراوە:”شۆڕش بزووتنەوەیەکی ڕامیارییە، کە بە واتای گۆڕانی ڕیشەیی هەلومەرجی باو لە هەموو بوارەکاندا دێت و زۆرجار توندوتیژی لە خۆدەگرێت”(زوروز حنان، ٢٠١٥:٦) دیارە ئەم توندوتیژیە، لە ئەنجامی بەرکەوتنی دوو بەرەوە ڕوو دەدەن، واتا بەرەی گۆڕانکاریخواز کە ئەو بەرەیە دەیانەوێت شۆڕش بکەن و شێوازی ئەو چوارچێوەی ڕامیاری و کۆمەڵایەتی و زانستییە بگۆڕن، لە هەمان کاتدا بەرەی نەگۆڕ ئارەزووی ئەو گۆڕانکاری ناکەن، بە هەر هۆکارێک بێت، بۆیە لە ئەنجامی ئەمەدا، بەرکەوتن ڕوو دەدات و هەندێکجاریش توندوتیژی لێ دەکەوێتەوە.

شۆڕش لە ئاستی نەتەوەی و ڕامیاریدا، وەک هەڵوێستێکی ڕامیاری و نیشتمانی”لقێکە باس لە کودەتا و ڕاپەڕین و نافەرمانی مەدەنی دەکات ”(الهواری بلحاج، ٢٠٢٢:٤٧٣) بەو واتای هەر یەک لەو چالاکییانەی وەچەی شۆڕشن و هەچ کاتێک گەل و میللەت بە توڕەی و نیگەرانی و ناڕەزایەتی دووگیان دەبن، ئەو شۆڕش و ڕاپەڕین و کودەتا لە دایک دەبن. هەموو پێشکەوتن و گۆڕانکارییەکانی دونیا، منەتباری شۆڕشەکانن، چونکە”شۆڕش تاکە ئامرازێکە کە پرۆسەی پێشکەوتن و گەشەسەندن و گۆڕانکاری خێراتر دەکات”(د.ياسر العلوي،٢٠١٤:٢٨)کەواتە شۆڕش دەبێتە هەوێنی نەشونماکردنی چەندین پێشکەوتن و جوڵانەوەی نوێ لە ئاستی کۆمەڵایەتی و ڕامیاری و ئابووریدا، چونکە پردێک دەڕوخێنێت و پردێکی نوێ دروست دەکات، کلاویەک دەڕوخێنێت و کۆشکێکی تر دروست دەکات، ئەمەش ئەو دەمە دێتە دی کە شۆڕشگێران لەگەڵ شۆڕشەکانیان ڕاستگۆبن و ناپاکی لە ئامانجەکانی شۆڕش نەکەن.

هەمیشە کۆمەڵگە ئاراستەکەر و هەڵسوڕێنەر سووکانی شۆڕشە و هەر کۆمەڵگەشە پشکی سەرەکی دەرئەنجامەکانی شۆڕشی بەردەکەوێت، ئەگەر باش بێت و ئەگەر خراپ، هەربۆیە “(شۆڕش)سەرەتا چەمکێکە هەریەکێک لەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتیانە دەکۆڵینەوە.”((جلال درخشه، مهدي سياوشي،١٣٩٢:٩٠) واتا ئەگەر ئێمە بمانەوێت لە هۆکارەکانی شۆڕش بکۆڵینەوە، ئەوە سەرەتا دەبێت لە هۆکارەکانی توڕەی و خواستی کۆمەڵ بۆ شۆڕش بکۆڵینەوە و تانوپۆی ئەوە کاریگەری کۆمەڵایەتی و دەروونییانە بکەین کە لە پشت شۆڕشەوە خۆیان حەشارداوە.

ئەم چەمکە، (مەبەست لە چەمکی شۆڕش) بە دەرئەنجامی ئەو ناڕازی بوون دەگەینێت, لەو دۆخەی کە مرۆڤ تیایەتی و دەیەوئێت تازەگەرییەک یان گۆڕانکارییەک دروست بکات، دیارە”گۆڕانکاری بەشێکی نەگۆڕی ژیانی مرۆڤە و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش هەر لە سەرەتای دروست بوونی مرۆڤایەتیەوە هەوڵی دۆزینەوەی زیان و سودەکانی ئەو گۆڕانکاریانە و بەکارهێنانی بۆ پێشکەوتنی ژیانی خۆی داوە. ئێستا، ئەم گۆڕانکاریانە دەتوانن لە بوارە جیاوازەکانی ژیاندا بن، لەوانە سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، هونەریی.”(اصر جمالزاده، محمد باقر باباهادي، رضا فيضي،١٣٩٦:١٠٦) کەواتە: خواستی شۆڕش خواستی گۆڕانکارییە لەو دۆخە کە ئێستا تیایەتی و کەسانی شۆڕشخواز خواستی گۆڕانکارییان هەیە لەو دۆخەی کە خۆیان پێیان خراپە بەرەو دۆخێکی باشتر.

شۆڕشی کووبا(1953-1959) و ڕەنگدانەوەی لە هۆنراوەی (منم کووبا)ی (جەلال مەحدحەت خۆشناو)دا:

لە ئێستادا، کووبا وەک وڵاتێکی سەربەخۆ و خاوەن ئاڵا و سنووری خۆی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. ئەم ولاتە دەکەوێتە کیشوەری ئەمریکای باکوورەوە، ئەم کیشوەرە” بە سێیەم قارەی جیهان دادەنرێت لە ڕووی ڕووبەرەوە لە دوای (ئاسیا و ئەفریقا)”(علی موسی، محمد الحمادي، ٢٠٠٩:١٣) ئەگەر لە نەخشەی شوێنکەوتەی ئەم وڵاتە بڕوانین، ئەوە دەبینن لە شێوەی دوورگەیەکدا دەردەکەوێت، لە باکوورەوە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە خۆ گرتووە و لە باشوورەوە وڵاتی جامایکا لە نەخشەکەدا دەردەکەوێت، هەروەها باشووری ڕۆژئاواوە دەریای کاریبی خۆی دەبینێتەوە. ڕۆژهەڵاتەوە، وڵاتی هایتی بەدی دەکرێت و لە ڕۆژئاواشەوە کەنداوی مەکسیک و وڵاتی مەکسیک بوونیان هەیە.

سەرەتا دەرکەوتن و دۆزینەوەی وڵاتی کووبا دەگەڕێتەوە، بۆ سەرەتاکانی دۆزینەوە کیشوەری ئەمریکا، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ گەڕیدەی ئیتاڵی (کریستۆفەر کۆلۆمبيس)
(١٤٥١- ١٥٠٦)” کاتێک کەشتییەکەی (سانتا ماریا) لە کەناراوەکانی کوبا لە ئۆکتۆبەری ساڵی ١٤٩٢ لەنگەری گرت”(د.عبدالحسين شعبان،٢٠١١:٩) دۆزینەوە ئەمریکا لەلایەن کۆلۆمبیسەوە، لە زیانی کووبا شکایەوە، چونکە هەر کۆلۆمبیس لەوێدا دەڵێت:”(ئەم جوانترین شوێنە کە مرۆڤ چاوی پێی هەڵبێ)هەر ئەمەش وای لە کۆلۆمبیس کرد کە گەڕایەوە ئیسپانیا دوای لە کاربەدەستانی ئیسپانیا کرد بۆ دەست بەسەرا گرتنی ئەوروپا، زۆر باسی خۆشی و کوبا و کەشوهەوای سروشتی بۆ کردن تا لە کۆتایدا وایکردن دەست بەسەر کوبادا بگرن”(عبداللە محمد علي، ١٩٨٤:١٨)

کووبا، یەکێکە لەو وڵاتانی کە لە سەدەکانی ڕابردوودا، ڕووبەرووی لێشاوی داگیرکاری دوو دەوڵەت بۆتەوە، ئەوانیش ئیسپانیا و ئەمریکان. وەک پێشتر ئاماژەمان پێکرد، داگیریەکەی ئیسپانیا دەگەڕێتەوە بۆ دۆزینەوەکانی کۆلۆمبیس و سەرسامبوونی ئەو گەڕیدە بەو ناوچانە. پاشان ئەمریکییەکان دێن ئیسپانیاییەکان وەدەر دەنێن و خۆی دەسەڵات دەگرنە دەست.

شاڵاوی دووەمی داگیرکاری کووبا، کە لەلایەن ئەمریکاوە ئەنجام دەدرێت، دەنگدانەوەیەکەی جیهانی بەدوای خۆیدا دێنێت، کە زۆر لە نووسەران و شاعیرانی دونیا هەڵوێستییان هەبووە بەرانبەری. شاعیرانی کوردیش لەبەر ئاگادارییان لە ڕووداوە سیاسییەکانی دونیا و هەست کرد بەو ستەم و نادادیە دەکەن دەرحەق بە گەلی کووبا دەکرێت، لە ڕێگە هۆنراوەکانیانەوە گوزارشتییان لەو دۆخە کردووە. یەکێک لە دیارترین ئەو شاعیرانەش، (جەلال مەدحەت خۆشناو)ی شاعیرە، کە بەرگریکردن لە دۆزی گەلی کووبا لە هۆنراوەکەیدا ڕەنگداوەتەوە. هۆنراوەکە بەم چەشنەیە:

منم کووبا…

من ناترسم لە ڕەشەبا
نەترساوم تاکوو ئێستا
لە نۆکەرانی (پاتیستا)
جەهان وا دەکاتن باسم
بە دەیان هەڵیاندەواسم
ئەوانی تریان کە ماون
وەک قەڵەڕەش بەدیار داون
منم هێزی گەلی کووبا
(ئەمریکا نەء، کووبا)
دیارە کەوا من ناترسم
چونکە میللەتە هاوپرسم
بە هێزی بازوو بە تینم
ئمپریالیست دەهەژێنم
بە لشکری میلیشیا هەر
نۆکەران دەکەم دەربەدەر!
با ئەمریکا…
تۆپ و سوپا هەر تەرخان کا
بۆ زەوی و خاک داگیرکردن
کەچی دەڕوا بۆ ڕێی مردن!
کوا پڵنگی کاغەز دەتوانێ
ڕێگە و شوێن بۆ گەلان دانێ
بە سەر گەلان هیچ ڕەت نابێ
گورگێ لە پێستەی مەڕدا بێ!
منم هاوڕێی گەلان: کووبا
نامترسێنێ سوپا و بومبا
چونکە من زۆر چاک دەزانم
چی دەکەم بۆ نیشتمانم
بەدەستە کارگە دەرکردن
لە ژێردەستی و داگیرکردن
بۆ هەموو گەلێ نەبەزم
بۆیە دەڵێم: کووبا ئەزم!

ئەم هۆنراوەیە، باس لەو دۆخە ڕامیاری و ئالۆزیەی وڵاتی (کوبا) دەکات، کە لە سەردەمی دەسەڵاتی دیکتاتۆری (فۆلگیسینۆ پاتیسا) چەشتوویەتی، چونکە ئەم دیکتاتۆرە وەک خزمەتکاری ئەمریکا ژیاوە، بەو پێیەی ئەو کاتە کوبا خاوەندارێتی ئەمریکا بووە،چونکە”(باتیستا) بەوە ناسراو بوو، کە پیاوی ئەمریکا لە هاڤانا کە بەرژەوەندییەکانی دەپارێزێت. لە ماوەی دەسەڵاتدا، بارودۆخی کۆمەڵایەتی تێکچوو، هەروەها بەکارهێنانی سەرکوتکردنی دڕندانە بەرامبەر بە هەر بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی دژی. باتیستا هەروەها ئاسانکاری بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەکرد کە پیشەسازییەکانی کوبایان کۆنترۆڵکرد ە داوای یارمەتی لە کەسایەتییە گشتیەکان کرد کە یارمەتیان داوە لەبارەی بەدامەزراوەییکردنی گەندەڵییەکانیی”(كاتي ماريا سولورزانو سيدينيو،٢٠١٥:٧١). ڕەنگە کاریگەرترین هۆکاری کەوای کردبێت ئەمریکا دژی ئەو شۆڕش بوەستێتەوە، ترسی لە دروستبوونی دەوڵەتێکی شیوعی بووە، چونکە شیوعیەت بو واتا فراوانەکەی”پێڕەوێکە لەسەر بنەمای هەڵوەشاندنەوەی خاوەندارێتی تاک و مافی هاوبەشی خەڵک لە پارە و ژناندا. مرۆڤەکان لە کۆمۆنیزمدا هاوبەشن لە پارە و ژن و سەروەت و سامان و دەستخستنی دیکەدا.”(محمد بن ابراهيم بن الحمد، ٢٠٠٣:١٠). ئەو دەمە شۆڕشی کووبا لەسەر بنەمای هزرێکی شیوعی بوو و ئەمریکاش وەک بەرەی سەرمایەداری دژی ئەو شۆڕشە وەستاتەوە، “چونکە ٧٥٪ی زەویەکانی بۆ حکومەت و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەوەی تر بۆ دانیشتووان بووە.”ویکپیدیا عەرەبی) ترسی ئەمریکا لەو بیرە شوعیەتەکە بوو، کە وا خەریکە پەیتا پەیتا لە کووبا سەرهەڵدەدا، بۆیە لە ئەنجامدا خەڵکی کووبا هەستاون بە هەڵگیرسانی شۆڕش دژ بەم دیکتاتۆرە.

ناونیشانی هۆنراوەکە (منم کووبا)یە، ئەو (منم)ە بۆ ناساندن دەگەڕێتەوە، واتا من تەنها خاوەنی خۆمم، نەک کەسیتر، دیارە ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ئەو هەموو پێشیلکاریانەی کە ئەمریکا لە کووبا ئەنجامی داوە، لە ساڵانی پەنجا و شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، چونکە وەک گوتمان لە سەردەمەدا کووبا لە ژێر هەژموون و دەسەڵاتی ئەمریکادا بووە و بە موڵکی زانیوە.

ئەوە جێی سەرەنجە، کە ئەم شۆڕشی کوبا لەو سەردەمەی خۆیدا لە هەموو دونیادا ڕەنگ و بۆی خۆی دابوەوە و کارتێکردنێکی تەواوی هەبوو لەسەر گەلانی هەموو دونیادا، بە تایبەتی ئەو گەلانی ژێردەستن، هەر بۆیە شاعیر دەڵێ:

جەهان وا دەکاتن باسم

شۆڕشی کوبا و گیڤارای شۆڕشگێر, ئەو دەمە لە هەموو جیهاندا بڵاوبۆتەوە و هێمای ڕزگاری و سەربەستی بوو و لە دونیادا دەنگییان دابووەوە و کاریگەری خۆیان هەبوو. ئەم کاریگەریش لە ئاستی ڕۆشنبیری و سیاسیدا ڕەنگدانەوەی خۆی هەبوو، ئەم هۆنراوەش نزیکترین و دیارترین نموونەی ڕەنگدانەوەی ئەو لە هزر و ڕووداونەیانە لە نێو وێژەوانی کوردیدا، کە بریتیی بوو لە دەنگ و زمانی ئەوسای شۆڕشی کووبا لە کوردستاندا.

هەروەها شاعیر دژی ئیمپریالیزم وەستاوەتەوە، لە هۆنراوەکەدا، چونکە” کووبا دەوڵەتێکی بچووکە و ئابووریەکەشی، سەرجەم ئەو دەوڵەتانەی کە کۆلۆنیالیزم و ئیمپریالیزم داگیری کردون و ماوەی چەند سەدەگەل چەوساندوویەتی و ئابووریەکەشی دواکەوتووە”(چی گیڤارا،٢٠٠٦:٩)بەڵام”بەڵام ئیمپریالیزم هەرگیز نەیتوانیوە ملکەچی بکات و ئێمە زۆر گوێ بەو ئاستەنگانە نادەین کە وەبەر هێڵ و ئاراستەیەکی ڕاست و دروست شۆڕشگێڕانە ڕووبەڕوومانی دەکەنەوە(سەرچاوەی پێشوو،٩-١٠) دیارە ئیمپریالیزمیش بریتییە لەوەی کە دەسەڵاتێک لە شێوازدا سەربەخۆ بێت و خاوەن خاك و ئاڵا و وڵاتی خۆی بێت، بەڵام لەلایەن دەوڵەتێکی ترەوە ئاراستە بکرێت، لە هەموو ڕوویەکەوە، بە تایبەتی لە ڕووە دارایی و ئابوورێکەوە، بۆیە ئەو کات، کووبا وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ بوو و خاوەن سەرۆک و خاکی خۆی بوو، بەڵام لەلایەن ئەمریکاوە ئاڕاستە دەکرا، بۆیە شاعیر دەڵێت:

دیارە کەوا من ناترسم
چونکە میللەتە هاوپرسم
بە هێزی بازوو بە تینم
ئمپریالیست دەهەژێنم

شۆڕشگێرانی ئەو کاتەی کووبا هەرچەندە لە ڕووی سەربازی و چەک و تاخمەوە، بەرانبەر بوون لەگەڵ دەسەڵاتدا و لە هەمان کاتیشدا ئەو دەسەڵاتە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵشتی دەکرا، بەڵام هەرگیز کۆڵیان نەدا و خۆی نەدا بەدەست باهۆزێ دیکتاتۆریەتەوە و ملکەچ نەبوون، بۆیە لە ئاماژەدان بەم هەڵوێستەی ئەو شۆڕشە، شاعیر دەڵێت:

بە لەشکری میلیشیا هەر
نۆکەران دەکەم دەربەدەر!
با ئەمریکا…
تۆپ و سوپا هەر تەرخان کا
بۆ زەوی و خاک داگیرکردن
کەچی دەڕوا بۆ ڕێی مردن!

ئەم دێرە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەمریکا لە ڕێگەی سووپاکەیەوە ڕاستەوخۆ بەشداری نەکردووە، بەڵکو پاڵپشتی دەسەڵاتی ئەوسای کووبای کردووە، چونکە ئەمریکا لە ڕێگەی سەربازییەوە ویستوویەتی شۆڕشەکە لەناوبەرێت، هەربۆیە”ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرەتا بژاردەی سەربازیی گرتەبەر بە مەبەستی لەناوبردنی شۆڕش، بۆیە مەشق و ڕاهێنانی بە ژمارەیەک سەربازی گەورەی بەکرێگیراو کرد کە لە ئەمریکا نیشتەجێبوون، لەوانە بوون کە دوژمنانی شۆڕش بوون، بە نیازی داگیرکردنی کووبا و لەناوبردنی شۆڕشەکە. ئەم هێزانە بە هاوکاری هەواڵگری ئەمریکا لە کەناری (هیێرێک)لە ناوچەی (کەنداوی بەراز) لە کەنارەکانی کوبا، دوای ئەوەی بە فڕۆکە ئەمریکییەکان نیشتنەوە هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئەم ناوچەیە، ئۆپەراسیۆنی نیشتنەوەیان ئەنجامدا و لەگەڵ سوپای یاخیبوو، ئەو شەڕە سێ ڕۆژ بەردەوام بوو، داگیرکردنی کووبا لە ڕێگەی کەنداوی بەرازەکانەوە شکستی هێنا”(نوال صالح،٢٠١٩:٦٥) ئەم شکستە شکستی ئەمریکا بوو، چۆن ئەو هێزانە لەلایەن ئەمریکاوە ئاراستە دەکران و چەک و تەقەمەنیان بۆ تەرخان دەکرا، بۆ لە ناوبردنی شۆڕش.

“پاتیستا بە ڕووکەشی دەستوور و دیموکراسی حوکمڕانی دەکرد، پاشان ساڵی ١٩٤٤ دەستبەرداری حکومڕانی بوو.پاش ئەوەی وازی لە حوکمڕانی هێنا، ل ویلایەتی فلۆریدا گیرسایەوە. لەسەر بانکی ئەمریکی چووە بۆ قبوڵکردنی ناوەڕاستی تاوان و لە پەیوەندییە بەرژەوەندیدارەکاندا پەیوەندی بەوەوە هەبوو. لە دوای هاتنی بۆ میامی، لە ساڵی ١٩٤٤ تا ڕۆیشتنی لە ساڵی ١٩٥٣ کاتێک ئەمریکا جارێکی تر هەڵیبژارد، بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لە دوورگەی کوبا لە ڕێگەی کودەتایەکی سەربازی کۆتایی بە دەسەڵاتی (کارلۆس) هێنا و بانگێشتی پاتیسای کرد، بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لە ١٠ی ئازاری ١٩٥٣ بە پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی تایبەت، کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکات لە وڵاتەکەیدا، بەبێ بەرژەوەندی گەلەکەی، تا بەرژەوەندی هاوبەشە ئەمریکییەکان بەرزەفتی 90%ی کێڵگە و کارگەکان و 40%ی پیشەسازی شەکر و 80%ی خزمەتگوزارییە گشتیەکان و 50%ی هێڵی ئاسن و هەموو پیشەسازییەکانی نەوت بە بەشداری هاوبەشەگە بەریتانییەکان.”(محمد امحمد طوير،١٩٩٧:٢٥١) کەواتە: ئەو دەمە زۆربەی ناوەندە بازرگانی و ئابووریەکانی کووبا لە ژێر هەژموون و داگیرکاری ئەمریکادا بوو. شاعیر درکی بەم نادادپەرییە کردووە و وتویەتی:

بەدەستە کارگە دەرکردن
لە ژێردەستی و داگیرکردن

واتا: با هەمووان بە گیانێکی شۆڕشگێڕانەوە، هەوڵ ئەو کارگە و هاوبەشگانە بدەین، کە لە ژێر هەژموون و دەسەڵاتی داگیرکەران دایە.

ئەنجامی توێژینەوەکە:

لە ئەنجامدا گەیشتین بەوەی کە شاعیر بەهۆی ئەو دونیابینی و خەمخۆری لە ئاستە هەموو گەلانی دونیادا هەیبووە، لەم هۆنراوەدا ئاوڕی لە شۆڕشی کووبا داوەتەوە و لەو ڕێگەوە ویستویەتی ئەو شۆڕش بە خوێنەرانی کوردزمان ئاشنا بکات. هەروەها پێویستە ئەوەش بڵێن: کە شاعیر چەند ڕەهەندێکی سیاسی و مێژوویی ئاوێتەی هۆنراوەکەی کردووە و ئێمەش لەو ڕووانەوە خوێندنەوەمان بۆ کردووە و گەیشتوینەتە ئەو ئەنجامەی کە شاعیر ئاگاداری دۆخی ڕامیاری و مێژوویی ئەوسای کووبا بووە.

عومەر عادل عەبدوڵڵا

—————————-

سەرچاوەکان

سەرچاوە کوردییەکان:

١.چی گیڤارا، و:سامان عەلی حامید،٢٠٠٦، ڕۆژانی بۆلیڤیا، چاپی یەکەم، خانەی چاپی ڕێنما، سلێمانی.

٢.عبداللە محمد علی،١٩٨٤،شۆڕشی کووبا، چاپخانەی (حوادث)،بەغدا.

٣.الدکتور علی موسی، محمد الحمادي،٢٠١٠،و:ڕێباز لقمان مصطفی،جوگرافیای ئەمریکای باکوور،چاپی یەکەم، چاپخانەی چوارچرا، سێلمانی.

٤.ئەحمەد شەبانی،٢٠١٠،فەرهەنگی زانستی سیاسی، چاپی یەکەم،دانشگاە کردستان، سنە.

٥. شێخ محەمەدی خاڵ، ٢٠٠٥،فەرهەنگی خاڵ، بڵاوکراوەی ئاراس،چاپی یەکەم، هەولێر

٦. عبدالرحمن شرفکندی، ١٩٩٠،هەنبانە بۆرینە، فرهنگ فارسی-کردی»، ویراستیار: محمدماجد مردوخ روحانی، انتشارات سروش، تهران

سەرچاوە عەرەبییەکان:

١. محمد امحمد الطوير،١٩٩٧تاريخ حركات التحرر من الاستعمار في العالم خلال العصرا لحديث ، منشورات تانيت ، ا لر باط.

٢.نوال صوالح،٢٠١٩، الحرکات تحرر في امريکا لاتینية، ثورة كوبية ١٩٥٩ نموذجا،مذكرة ماستر، جامعة خيضر محمد بسكرة.

٣.زوزور الحنان،٢٠١٥، حقيقة الثورة جويلية١٩٥٢المصرية، مذكرة ماستر، جامعة خيضر محمد بسكرة.

٤.د.ياسر علوي،٢٠١٤، معجم المصطلحات السياسية، معهد البحرين للتنمية السياسية.

٥. الهواري بلحاج،٢٠٢٢، ثورات الربيع العربي: أسبابها ونتائجها، كلية الحقوق والعلوم السياسية، جامعة سعيدة، الجزائر.

٦.د.عبدالحسین شعبان،٢٠١١،کوبا حلم غامض،الطبعة الاولی،دار فارابی، بیروت،لبنان.

٧. کاتي ماريا سولورزانو سيدينيو,2015,ابعاد ومستقبل عودة العلاقات الأمريكية – الكوبية، تجاهات اللأحداث، العدد 7

٨. محمد بن ابراهيم بن الحمد،٢٠٠٣،الشیوعية،الطبعة الاولی، دار بن خزيمة للنشر و التوزیع،الریاض.

٩.ثورة الكوبية، ويكبيديا عربية.

سەرچاوە فارسییەکان:

١. جلال درخشه،مهدي سياوشي،١٣٩٢، ماهيت انقلابهاي اجتماعي )علل وقوع و شرط تداوم( از منظر اميرمؤمنان علي )عليهالسلام، جستارهاي سياسي معاصر، پژوهشگاه علوم انساني و مطالعات فرهنگي، سال چهارم، شمارة سوم، پاييز 1392، صص 89 – 114.

٢. ناصر جمالزاده، محمدباقر باباهادي، رضا فيضي،١٣٩٦،
مؤلفههاي مانايي انقلاب اسلامي در منظومه فكري
مقام معظم رهبري )مدظلهالعالي، دوفصلنامه علمي- پژوهشي جامعهشناسي سياسي جهان اسلام، دوره 6، شماره 1، بهار و تابستان 1397 )پياپي12




فەلسەفەی ئەخلاق.. ئاراس سەعید

“پێشەکی”

فەلسەفەی ئەخلاق بابەتێکی ئاڵۆزە، بۆیە هێندە ساکار نیە بتوانین بە چەند گوزارەیەک پێناسەی چەمکی ئەخلاق بکەین. وەکو “سوکرات” دەڵێت: (ئێمە لە بارەی بابەتێکی بچوکەوە گفتووگۆ ناکەین، بەڵکو سەرقاڵی گفتوگۆ کردنین دەربارەی ئەوەی کە دەبێت چۆن بژین؟) پرسی فەلسەفەی ئەخلاق پرسێکی ینێنڤێرسالە و لە مێژووی هزری مرۆڤدا، مشتومڕی فەلسەفی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و ڕوانگە و تێڕوانینی بیرمەندان و فەیلەسووفان جیاوازە لە مەڕ ئەمپرسەوە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو فاکتەرانەی کە پەیوەستن بە بابەتی فەلسەفەی ئەخلاقەوە، چونکە لە بنەڕەتدا فەلسەفەی ئەخلاق بابەتێکی فرە ڕەهەندە و پانتاییەکی زۆر داگیردەکات لە مێژووی هزری مرۆڤدا. بۆیە ئاڵۆزە پێناسەیەکی ڕەها و سەرتاپاگیر بۆ فەلسەفەی ئەخلاق بکەین، بەڵام لەڕێگەی کۆکردنەوە و ئاوێتەکردنی خاڵە کۆکەکانی قوتابخانەکانی “فەلسەفەی ئەخلاق”ەوە، دەتوانین، بە دەربڕینێکی لۆژێکیانە، پێناسەیەکی کامڵ بۆ فەلسەفەی ئەخلاق بکەین، بە مەدلوولە یونێنڤێرسالییەکەی.

سەرەتا بابزانین فەلسەفەی ئەخلاق چیە؟ چونکە (فەلسەفەی ئەخلاق) گرێیەکی ناوی لێکدراوە و لە بنەڕەتدا، لە دوو ناوی واتادار پێکهاتووە، کە ماهیەت و ناوەڕۆکی تایبەتیان هەیە. بۆ ڕوونکردنەوەی بابەتەکەمان پێویستە هەردوو تێرمەکە بناسێنین. یەکەم: (فەلسەفە: هونەری پرسیارکردنە. گەڕانە بەدوای ئەو پرسیارە ئەقڵانیانەی کە بە “چی و چۆن و بۆچی” دەستپێدەکات، لەڕێگەی پێشکەشکردنی ئارگۆمێنێتی کامڵەوە بۆ گەیشتن بە دەرئەنجامێکی ئەقڵانی). دووەم:(مۆڕاڵ: بریتیە لەو نۆڕم و ڕێساو یاسایانەی بەسەر کردەکانی مرۆڤدا سەپێراون، کە دەشێت درووست بن، یان نادروست بن.)

وشەی “فەلسەفەی ئەخلاق” وشەیەکی لێکدراوە و لقێکی سەربەخۆیە، لە لقەکانی فەلسەفە. کاتێک فەلسەفە دەبێتە “دیارخەر”ی ناوێک. ئەوا کاری فەلسەفە پرسیارکردنە لە “دیارخراو”ەکەی. ئەگەر “ئەخلاق” ئەو نۆڕم و یاسا و ڕێسایانەبن کە بەسەر کردەکانی مرۆڤدا سەپێنراون، ئەوا فەلسەفەی ئەخلاق دەپرسێت بۆچی دەبێت من مامەڵەکانم ئەخلاقی بن؟ یان لەو بڕیاڕانە دەکۆڵێتەوەو دەپرسێت بۆچی فڵان مامەڵە نادروستەو فڵان مامەڵە دروستە.

“ئەخلاق چیە؟”

لە زمانی ئینگلیزیدا کەڵک لە تێرمی “moral _ ethics” وەردەگرن. چەمکی ئەخلاق بەهۆی دینامیکیەتی فرەڕەهەندی لە بەکارهێنانیدا، گرفتی لەبەردەم تێگەشتنمان درووستکردووە. ئەمەش پەیوەندی بە نەزانینمانەوە نیە، بەڵکو چەمکەکە خۆی لە خۆیدا فرەڕەهەندە و بەهۆی ئەوەی خودی زارەوەکە لەزمانی عەرەبییەوە هاتۆتە نێو فەرهەنگی کوردییەوە، دژواری و ناڕوونی درووستکردووە. لێ بەهۆی دەوڵەمەندی فەرهەنگی کوردییەوە دەتوانین کەڵک لە هەردوو تێرمەکە وەربگرین و بینایی تێگەشتنی خۆمان فراوانبکەین. بەبێ شیکردنەوە و وەرگێڕانی چەمکی “مۆڕاڵ و ئیتیک” ئەستمە لە بابەتەکانی فەلسەفەی ئەخلاق تێبگەین. “مۆڕاڵ” لە زمانی کوردیدا بەرانبەرە بە وشەی “ئاکار”. کە لە بابەتەکانی “فەلسەفەی ئاکار” دەکۆڵێتەوە، بە “میتا ئاکار” یان “ئاکاری شیکاری” ناودێرکراوە. وەکو ڕیساو تیۆرییە ئاکارییەکان و لێکدانەوەی بنەماکانی ئاکار و …هتد. بەڵام ڕەگی چەمکی “ئیتیک” وشەیەکی گریکیە و دەگەڕێتەوە بۆ وشەی “ئیتۆس”کە لەزمانی کوردیدا، بەواتای “ڕەوشت”دێت. ڕەوشت بابەتێکی خودییە و پەیوەستە بە هەڵوێست و بڕیارەکانی تاکەوە. لە بەشی داهاتوودا بەچڕی لەسەر ئەم چەمکە دەوەستین. بەگشتی لەم وتارەدا، لەبارەی فەلسەفەی “مۆڕاڵ-ئەخلاق “دەدوێن لە ڕێگەی شیکردنەوەی پێناسەی ئەخلاق و تیۆریا و ڕێباز و قوتابخانە جیاوازەکانی فەلسەفەی ئەخلاقەوە.

وەکو لە پێشەکیدا ئاماژەمان پێدا کە فەلسەفەی ئەخلاق، بابەتێکی ئەبستراکتی ئاڵۆزە و هێندە ساکار نیە بتوانین بە چەند گوزارەیەک پێناسەی چەمکی ئەخلاق بکەین، بەڵکو لە ڕێگەی پێناسە و بۆچوونە فەلسەفییەکانی فەیلەسووفەکانەوە، لەبارەی فەلسەفەی ئاکارەوە دەدوێن. دیدگای فەیلەسووفان بۆ پرسی ئەخلاق جیاوازە، ئەمەش هۆکارێک بوو لێکدژی لە نێوان بیروبۆچوونەکانیان درووستبوو. بەپێی ئەو قۆناغانەی بەسەر بیرکردنەوەی مرۆڤدا تێپەڕیون، مرۆڤ هزری خۆی ڕزگارکردووە لە کۆت و بەندە ئایینی و ئایدۆلۆژییەکان و توانیویەتی لە ڕێگەی درککردنی ئەقڵانییەوە دیاردەکان تەتەڵەبکات. بۆنمونە فەیلەسووفان لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، پرسی ئەخلاقیان وابەستە دەکرد بە باوەڕهێنان بەخوداوە. وەکو “جۆرج بێرکلی” لە دیالۆگی سێیەمدا، “هیلیاس” ڕووی گوفتاری کردۆتە “فیلۆنۆس” کە بێرکلی خۆیەتی و پێی دەڵێت (باشە تۆ نازانیت ئەگەر خودا بکەی بە داهێنەری هەموو قەوما و ڕووداوەکانی سروشت هەر خودا خۆی دەکەیت، بە داهێنەری کووشتن و کوفر و بەدکاری و بێ باوەڕی و گوناهـ و تاوانی نابەجێ).

بۆ قسەکردن لەسەر فەلسەفەی ئەخلاق پێویستە بگەڕێنەوە بۆ فەلسەفەی کلاسیک. “سوکرات” یەکەمین فەیلەسووفە لە مێژووی هزری مرۆڤدا چەمکی ئەخلاقی بە شێوازێکی زانستی شیکردەوە. یۆنانییەکان پێشەنگن لە پەرەپێدان بە توانا زەیینیەکانی مرۆڤ. یەکێک لە گرنگترین و درەوشاوەترین ئەو دەستکەوتانەی شارستانیەتی یۆنانی کۆن دای هێناو بە مرۆڤایەتی بەخشی، بریتیە لە بایەخدان و دۆزینەوەی بنەمایەک بۆ ڕێزگرتن لە تاکەکەس.

“فەلسەفەی ئەخلاق و ڕێبازەکانی”

ئەگەر لە هەر قۆناغێک لە قۆناغەکانی مێژووی فەلسەفە ڕابمێنین؛ ئەوە بەدی دەکەین کە پرسی ئەخلاق مایەی گرنگی پێدان و تێڕامان بووە لەلایەن فەیلەسووفانەوە. ئەگەر بمانەوێت لەسەر تەواوی ئەو بیروبۆچوونانە ڕابوەستین، ڕەنگە لە زنجیرە کتێبێکیشدا نەتوانین مافی تەواوی پێبدەین. ئەم نووسینەی بەردەستان بەکورتی لەسەر گرنگترین قوتابخانە و ڕێبازەکانی فەلسەفەی ئەخلاق دەدوێت.

  1. ئەخلاقی سوکراتی.

ئەوەی بۆ ئێمە تا ڕادەیەکی باش ڕوونە ئەو دۆزەی هزری “سوکرات” ی بەخۆیەوە سەرقاڵکردبوو دۆزی ئەخلاق بوو. فەیلەسووفانی پێش “سوکرات” لە بابەتە سروشتیەکانی وەکو ماددەیی سەرەتایی و ئەستێرەناسی و ..هتد کۆڵیوەتەوە، بەڵام سوکرات لە دیالۆگی بەرگریکردن دەڵێت: (من چیم داوە لە بیرکردنەوە سەبارەت بەشتە سروشتییەکان). سوکرات زانست بە شتێکی بێ بەرهەم نازانێت، بەڵکو گرنگی بەفێربوون و گەڕان بەدوای زانست دەدات. ئەو چەمکی “ئەخلاقی”ی وەکو بابەتێکی ئیپستمۆلۆژی بەکارهێناوە”، ئەگەر چی شانبەشانی “سوکرات”سۆفستاییەکانی یۆنانیش دەربارەی ئەم چەمکە دواون، بەڵام یەکەمین فەیلەسووف “سوکراتە” تیۆرییەکی ئیپستمۆلۆژی ئاوێتەی ئەم چەمکە دەکات. سوکرات دەڵێت: (کاتێک مرۆڤێک کردەیەکی هەڵە ئەنجام دەدات، نەزانە، چونکە زانیاری پێشینەی دەربارەی کردەکەی نیە).

لێرەوە ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە لەدیدی سوکراتەوە ئاوەز سەنتەری بیرکردنەوە و کردە ئاکارییەکانی مرۆڤە. تێڕوانینی سوکرات دەربارەی مۆڕاڵ، بریتییە لە دۆزینەوەی ڕاستی و چاکە لەڕێگەی لۆگۆسەوە. ئەو دەڵێت (هیچ کەسێک بە قەستی و لە ئەنجامی هۆشیارییەوە تووشی گوناهـ نایه‌ت، هەر بۆیە تەنها هۆشیاری دەتوانێت مرۆڤ بگەیەنێت بە فەزیڵەتێکی تەواو). ئەم جۆرە میتۆدە بە ئیتیکی ڕاشیۆنالیست (ئاوەزگەرایی)ناسراوە. لەدیدی سوکراتەوە تاکە مۆتیڤ و ئەنگیزە ئاکارییەکان مرۆڤ ئاوەزە، چونکە ئەو پێی وایە چاکە زانینە. لەمێژووی فەلسەفەدا دوو شێوە تێڕوانین بەرانبەر ئەقڵانیەت هەبووە، ئەویش (میتۆدی دانپیانان و میتۆدی ڕەخنەگرانە)یە. لە وتە بەناوبانگەکەی سوکراتدا، بۆمان دەردەکەوێت کە میتۆدێکی ڕەخنەگرانەی پەیڕەوکردووە کە دەڵێت: (ژیانێک تاقینەکرابێتەوە، بە مانایی ژیان نایات). تاقیکردنەوە، واتا ڕەخنەکردن و هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو شتانەی زانینێکی ساختەمان لە بارەیەوە هەیە. “سوکرات” یەکەمین فەیلەسووفە لەڕێگەی ڕەخنە و هەڵوەشاندنەوەی پرسە چەقبەستووەکانەوە هەنگاو دەنێت بۆ گەشەکردنی زانستی و ئاشکراکردنی فاکتەکان.

“کاڕڵ پۆپەر” پشتڕاستی ئەوە دەکاتەوەو دەڵێت: (کاتێک ئێمە دەزانین هەڵە و کەموکورتی تیۆرییەکەمان لە کوێدایە، هەنگاوێک لە زانین نزیک دەبینەوە). لەدیدی ئەوەوە ئەگەر بمانەوێت گرفتە ئاکارییەکانمان چارەسەر بکەین، پێویستە سەرچاوەکانی زانینمان زیاد بکەین. “سوکرات” پێی وایە هوشیاری و زانین خۆی لە خۆیدا فەزیڵەتەو گوناهـ و تاوان زادەی جەهل و نەزانین. ئەقڵ (ئاوەز) ڕێنوینکەرە بەرەو چاکە.

“ڕەخنە لە ئەخلاقی سوکراتی”

ئایا ئەخلاقی ڕاشیۆنالیست(سوکراتی) لەگەڵ پێشکەوتنی شارستانییەت و تێفرکردن وتێڕوانینی مرۆڤدا، شانبەشانی فەلسەفەی مۆدێرن و زانستی نوێ، چۆن خوێندنەوەی بۆ دەکرێت. ئایا دروستە ئەقڵ پاڵنەر و سەرچاوەی کردە ئەخلاقیەکانی مرۆڤە، وەکو هادیگەر دەڵێت: (شوانێک لەناوەوەی مندایە ڕێنمونیم دەکات)، ئایا ئەو شوانە هەمیشە بە ئاگایە و ڕێنمونییەکانی تەواو و دروستە. زانستی مۆدێرن و دەرکەوتنی زانستە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەتی دەوونشیکاری کە “سیگمۆند فرۆید” بەدامەزرێنەری قوتابخانەی دەروونشیکاری دادەنێرێت، پێی وایە، ئەقڵی مرۆڤ بەردەوام لە ژێر کۆت و بەندەکاندایە. ئەقڵ دیلی کۆمەڵێک کۆت و بەندە. “سوکرات” زانیاری دەربارەی ئەقڵی نائاگایی و ئەنگێزە و مۆتیڤە دەروونیەکانی مرۆڤ نەبووە، بۆیە دەکەوێتە ئەو هەڵەیەوە. چونکە ئاوەزی مرۆڤ هەمووکات چالاکانە لەدۆخی ئاگایدا نیە، بەڵکو لەژێر کاریگەری غەریزە بایەلۆژی و مۆتیڤە دەروونیەکاندا کردە دەنوێنێت. مرۆڤ کاتێک ژیان و ڕەگەزی دەکەوێتە ژێر مەترسی لەناو چوونەوە، زانیاری دەربارەی چەمکی باشە هەیە، بەڵام لەژێر کاریگەری مۆتیڤە دەروونیەکاندا هەڵەی ئاکاری دەکات با نمونەیەک بهێنینەوە.

بۆ نمونە، پزیشکێک پسۆڕی بواری هەناوییە، کەچی جگەرە دەکێشیت. ئەو دەزانێت جگەرە کێشان زیان بە سییەکانی دەگەیەنێت، زیان گەیاندن بەخود، مامەڵەیەکی ناردوستە، کەچی جگەرە دەکێشێت. سوکرات دەڵێت: (هیچ کەسێک لە ئەنجامی هۆشیارییەوە تووشی هەڵە نابێت) بەڵام پزیشکەکە هۆشیارە، کەچی جگەرە دەکێشیت. زۆرێک لە فەیلەسووفان و بیرمەندان ڕەخنە لە ئەخلاقی “سوکراتی” دەگرن. بەڵام ئەمە بەواتایی ئەوە نایات، بۆ چوونەکانی “سوکرات” هیچ گرنگییەکی نیە.

  1. ئەخلاقی خودی subjectivism in ethics

“دەیڤد هیۆم” فەیلەسووفی ئینگلیزی بە دامەزرێنەری ئەم ڕێچکەیە دادەنرێت، لە فەلسەفەی ئەخلاقدا. هیۆم دەڵێت: (هەر کردەوەیەکی تاوانکاری وەربگریت، لە هەموو ڕوویەکەوە لێی بکۆڵەوە پاشان بزانە دەتوانێت فاکتێک یان توخمێک دیاری بکەیت لە جەوهەری ئەو خراپەکارییە، بۆ نمونە تۆ هەرگیز ناتوانێت ئەو توخمە دیاری بکەیت، هەتاوەکو ئاراستەی لیکۆڵینەوەکە ڕووبەرووی خۆت نەکەیتەوە). ئەو پێداگری لەوە دەکات، کە ئەگەر ئێمە بەوردی سەرەنج لە هەر بەدکارییەک بدەین، کاتێک دەتوانین لە جەوهەری ئەو بەدکارییە تێبگەین، کە تاوانەکەمان ڕووبەڕووی خۆمان کردەوە. بۆ نمونە، کاتێک لەڕێگەی مامەڵەیەکەوە کەسێک بریندار دەکەین. جا ئەگەر مامەڵەکە تووندووتیژی “سیمبولی”بێت، واتا تووندوتیژەی لە ڕێگەی زمانەوە وەکو جوێن، سوکایەتی. یان تووندووتیژی لە ڕێگەی هێزەوە. ئێمە ناتوانین لە جەوهەری ئەو خراپەکارییە تێبگەین، تا هەمان کردەوە ڕووبەڕووی خۆمان نەکەینەوە.

بەبڕوای “هیۆم” لە ئەخلاقی خودیدا، مرۆڤ لەڕێگەی هەست و سۆزەوە درک بە جەوهەری بابەتیانەی بەها ئاکارییەکان دەکات، ئەمەش پێچەوانەی بۆ چوونەکانی پێش خۆیەتی کە پێیان وایە ئەقڵ سەنتەری کردەکانی مرۆڤەوە و، لەڕێگەی هۆشیاری و زانینەوە درک بە بەها ئەخلاقییەکان دەکات. هیۆم فەیلەسووفێکی ئەزموونگەرابوو، بە بڕوای ئەزموونگەراکان (زەینی مرۆڤ کاغەزێکی سپییە و لەڕێگەی ئەزموونکردنەوە درک بە جیهانی دەورووبەر دەکات. بۆیە پێی وایە مرۆ لەڕێگەی هەستەکانییەوە درک بە بەها ئەخلاقییەکان دەکات.) کاتێک پرسی ئەخلاق دێتە پێشەوە، مرۆڤ ئەو پرسیارەی لا دروست دەبێت ئایا دەکرێت بنەماکانی ئەخلاق سەرچاوەی ئەقڵ-ئاوەز بن؟ وەکو ئەوەی لە فەلسەفەی ئەخلاقی سوکراتدا بەدیمانکردن، کە دۆزینەوەی بنەما ئەخلاقییەکان و فاکتەر و پاڵنەری دەسەڵاتدار بەسەر کردەی ئەخلاقییەوە ئەقڵە. “دەیڤد هیۆم” سەر بەڕێچکەی ئەزموونگەرایی-ئیمپریە بەو پەڕی پێداگرییەوە ڕێبازی ئەقڵانی دەخاتە لاوە. کە باسی ئەخلاق کرا ئەو پرسیارە دەکرێت کە چاکەکاری چیە و چۆن لە بەدکاری جیا دەکرێتەوە؟ کامە فاکتەر دەبێتە مایەی پەسەندکردنی کردارێک و نا پەسەندکردنی کردارێک.

هیۆم پەیڕەوی لە ڕێبازی ئەزموونی دەکات و پێ وایە هەست و سۆز سەرچاوە و بنج و بنوانی بنەماکانی ئاکارە. ئەو دەڵێت: (هەندێک لە فەیلەسووفان بەو پەڕی دڵگەرمییەوە ئەو دید و سەرەنجەیان بڵاوکردۆتەوە گوایە پرسی ئەخلاق، پرسێکی ئەقڵانییە. ئەگەر چی هیچ کەسێک لە سەلماندنی ئەوەدا هەنگاوێک بەرەو پێشەوە هەنگاوی نەنانەوە). ئەو پێی وایە هەست و سۆز درک بە بنەماکانی ئەخلاق دەکات، بۆ نمونە (سۆز و هەست لە ناخی مرۆدا هەڵدەقووڵێن و لە بەرانبەر چاکەکاریدا هەست بە چێژ و خۆشی دەکەن، لە بەرانبەر بەدکاریشدا بێزار و دڵتەنگ دەبێت).

3- ئەخلاقی کەڵکگەرایی.

ئەم ڕێبازە لەگەڵ سەرهەڵدانی فەلسەفەی لیبڕاڵیزم سەری هەڵدا، لە ئێستاشدا لێبڕاڵیزمی نوێ و سیستەمی سەرمایەداری ئەم ڕوانگەیە لە ژیانی کرداری خۆیان پڕاکتیزە دەکەن، لەڕوانگەی ئەمانەوە لێکۆڵینەوەکان لە کردەکانی مرۆڤ لە خودی سەبجێکت و کارەکە نیە، بەڵکو تێڕوانینە لە ئەنجامی کارەکە ئایا باشە یان خراپ، دەستکەوتی زیاترە یان زیان، وەکو نوێژکردن لە پێناوی ڕازکردنی خودا لە خۆت و بەدەستهێنانی بەهەشت، یان لەناوبردنی کۆمەڵێک مرۆڤ بەبیانوی تێکدانی ژیانی زۆرینەوە. فەیلەسووفی لیبڕالیست “جۆن سیتوارت میل” و “جێرمی بێنسام” بە دامەزرێنەری ئەم ڕێبازە دادەنرێت. میل تیۆری کەڵکگەرایی بەم شێوەیە داڕشتووە: ( ئەندیشەکانی باردۆخێک کە ئاواتەخوازین بەدی بێت، باردۆخێک کە هەموو ئەوانەی تێدا دەژین تا ئەو شوینەی دەتوانن بەختەوەر و باشبن. هەر لێرەوە کاتێک دەپرسین چی بکەین، لە خۆمان دەپرسین کام مامەڵە دەبێتە هۆی فەراهەمکردنی زۆرترین بەختەوەری، بۆ هەموو ئەوانەی کاریگەر دەبن، بەو مامەڵەیە. هەر لێرەوە ئەخلاق دەخوازێت ئەوە بکەین کە باشترینە). ئەم دەقە گوزارشتە لەوەی کە باشترین مامەڵەی ئەخلاقی ئەوەیە، کە زۆرترین بەختەوەری بۆ هەمووان فەراهەم بکات. لە ڕوانگەی میلەوە ئەخلاق بریتیە لە فەراهەمکردنی بەختەوەری بۆ جیهان، بەڵام ئەم تیۆرە بەشێوازێکی تر، کەڵکی لێوەرگیراوە.

“بینسام” دەڵیت: (تەنها یەک بەهایی باڵای ئەخلاقی بوونی هەیە، ئەویش پڕەنسیپی کەڵکە). مەبەست لە پڕەنسیپی کەڵک ئەو ئامانجەیە کە مامەڵەکە هەڵیگرتووە و تاچەند کەڵک بە بەرژەوەندی گشتی دەگەیەنێت. بۆ نمونە مرۆڤ کاتێک مامەڵەیەک ئەنجام دەدات، دەبێت ئەنجامی مامەڵەکە لەبەرچاو بگرێت. ئایا زۆرترین کەڵک بەخۆی و بەبەرژەوەندی گشتی دەگەیەنێت، یان نا. ئەگەر مامەڵەیەک بووە هۆی فەراهەمکردنی زۆرترین کەڵک، ئەوە مامەڵەیەکی ئەخلاقییە.

4- ئەخلاقی ئەرکگەرایی.

فەیلەسووفی ڕۆشنگەری “ئیمانیۆل کانت” بە دامەزرێنەری ئەم ڕێبازە فەلسەفیە دادەنرێت. وەکو زۆر فەیلەسووفی دیکە، “کانت” لەو بڕوایەدا بوو کە ئەخلاق دەکرێت لە پڕەنسپێکی باڵا و ئەوپەڕیدا(ultimate) گوزارشتی لێبکرێت، کە ئەرک و ناچارییە ئەخلاقییەکانمانی لێوە هەڵبقوڵێت. “کانت” بە فەرمانە بنبڕەکان ئەم پڕەنسیپە دەستنیشان دەکات و بەم شێوازە گوزارشتی لێ دەکات: ( تەنها بەپێی ئەو ماکسیمە-حیکمەتە ڕەفتار بکە، کە لەهەمان کاتدا ویستی ئەوەت هەبێت بەهۆی (ئیرادەتەوە) ببێتە ڕێسایەکی گەردوونی).

” کانت “مەرجی پێشینی هەیە، کانت گەورەترین فەیلەسووفە کە وەرچەرخانی کۆپەرنیکۆسانەی لە فەلسەفەدا کرد. ئەویش ئاڵۆگۆرکردنی (سوژە و ئۆبژە)بوو. لەڕوانگەی کانتەوە، زەینی مرۆڤ کۆمەڵێک ڕێساو یاسا و قاڵبی هەیە، کە پێشینین. مرۆڤ کاتێک لەڕێگەی هەستەکانەوە لە سروشت و جیهانی دەوروبەر دەکۆڵێتەوە، هەوڵی دۆزینەوەی نهێنیەکانی سروشت دەدات. کاتێک لە ڕێگەی لۆگۆسەوە سەرقاڵی ڕامان و تێفکرینە، هەوڵی ئەوە دەدات نەزم و یاساکانی زەین بەسەر سروشتدا بسەپێنێت. لەپێشوودا دەیان گووت (زەین ئاوێنەی عەینە) کە بەپێ ی تێگەیشتنی خۆی زانیاریی دەربارەی شتەکان وەردەگرێت. بەڵام لە ڕوانگەی “کانت”ەوە زەین چاویلکەیەکە بەشێوەی عەدەسەکەی جیهان دەبینێت. کانت بڕوایی بەنەزم و ڕێکپێکی هەبووەو پێی وایە، زەین یاساکانی خۆی دەسەپێنێت بەسەر جیهاندا، بۆ یە دەڵێت: (ئاسمانی پڕ ئەستێرە و یاساکانی سروشت لەسەر سەرمە و یاساکانی مۆڕاڵیش لە ناوەوەم دایە). کانت مەرجی پێشینی هەیە دەربارەی چەمکی مۆڕاڵ، ئەویش “سەربەست” بوونە. بۆیە لەمێژوودا گوتویانە مرۆڤی کۆیلە بەدەرە لە هەموو ڕێسا ئاکارییەکان، ئەڕستۆ دەڵێت: (مرۆڤی ئازاد ئەو کەسەیە، سەر بەخۆیەتی). کەواتە کۆیلە کێیە؟، بێگومان سەر بەکەسێکی ترە، سەربەست نیە، لە بڕیاڕدان و خاوەندارێتی کردە ئاکارییەکانی ناکات.

مۆڕاڵ لە پوختترین پێناسەیدا: (مامەڵەیەکە لە نێوان دووکەسی سەربەست و خاوەن ویست و ئیرادە). کانت مەرجی لەپێشینەی هەیە، ئەویش “سەربەست”بوونە، واتا ئێمە تا سەربەست نەبین ناتوانین خاوەندارێتی لە مامەڵەکانی خۆمان بکەین. جیا لەمە کانت بە شێوەیەکی دیکەش گوزارشت لە فەرمانە بنەبڕەکان دەکات و دەڵێت: (بەشێوەیەک مامەڵە لەگەڵ ئەوانیتردا بکە، مرۆڤ خۆی لە خۆیدا ئامانج بێت، نەک ئامڕاز بۆ ئامانجێکی دیکە). “کانت” میتۆدێکی ڕەهای گشتی پێشکەش دەکات، دەڵێت: (هەرگیز ناتوانیت، مامەڵەکەت وەکو مامەڵەیەکی دروست بناسێنی، تا نەتوانێت مامەڵەکەت بکەیتە ڕێسایەکی جیهانی). واتا کاتێک مامەڵەیەکی دروستت ئەنجام داوە، بتوانی ڕێساکانی زەینی بەسەردا بدەیت و بیکەیتە مامەڵەیەکی جیهانی. بۆ نمونە کاتێک مرۆڤێکی قەرزدار ئامانەتێکی کەسێکی لایە، ئەگەر بیەوێت قەرزەکە نەگەڕێنێتەوە بۆ خاوەنی، ئەگەر توانی مامەڵەکە بکاتە مامەڵەیەکی جیهانی، واتا کەسێک قەرزداری خۆیەتی و بۆی نەگەڕێنێتەوە دروستە. یان کەسێک دەیەوێت کەسێک بکوژێت، ئەگەر بەلایەوە ئاسایی بێت، کەسێک خۆشی بکوژێت و کووشتن بکاتە ڕێسایەکی جیهانی، ئەوە درووستە.

کانت لەژێر کاریگەری “مەسیح” دا، ئەم تیۆریایەی داڕشتۆتەوە، مەسیح لە کتێبی پیرۆزدا وتەیەکی بە ناوبانگی هەیە، دەڵێت (چیت بۆ خۆت پێ خۆشە، بۆ براکانیشت پێت خۆش بێت). بەڵام “کانت” میتۆدەکە لەبراوە دەباتە کۆنێکستێکی جیهانییەوە و تێڕوانینی ئەو بەو واتایە دێت، چیت بۆ خۆت پێخۆشە، بۆ جیهانیش پێت خۆش بێت. ئەم ڕێبازە بە ڕێبازی ئەرکگەرایی ناسراوە، واتا چاکە خۆی لەخۆیدا ئەرکەو ئامانجێکی بێ ئامانجە.

“ئەنجام”

فەیلەسووفان بەشێوازی جیاواز، بۆچوون تێڕوانینی خۆیان لەبارەی پرسی ئەخلاق خستۆتە ڕوو. دەکرێت بۆچوونی هەموو فەیلەسووفان لە سێ قوتابخانە سەرەکێیەکەی فەلسەفەی ئەخلاق کۆبکەینەوە. کە ئەمانەی خوارەوەن.

“ئەرکگەرایی”

بەیەکێک لە قوتابخانە سەرەکییەکانی فەلسەفەی ئەخلاق دادەنرێت، لەلایەن “ئیمانیۆڵ کانت” فەیلەسووفی ڕۆشنگەرییەوە دامەزراوە. ئەم ڕوانگە فەلسەفییە لە ئامانج و سوود و قازانجی کردەکانی مرۆڤ ناکۆڵێتەوە، بەڵکو لەدیدی ئەوەوە چاکە ئەرکێکی ڕەهایە. واتا (چاکە ئامانجی بێ ئامانجە) چاکە ئەرکە لە پێناوی چاکەدا، بۆنموونە باشبوون لەپێناو دەستکەوتنی ناوبانگ، یان ئەنجامدانی کاری باش لەپێناوی ڕازیکردنی خودا و دەستکەووتنی بەهەشت، لەڕوانگەی ئەرک گەراییەوە نادروستە. ئەم ڕوانگە فەلسەفییە پێ وایە، چاکە ئەرکە و مرۆڤ دەبێت بە ئەرکی خۆی هەڵبسێت.

“پڕاگماتیزمی کەڵگەرایی”

ئەم ڕوانگەیە زیاتر لەگەڵ سەرهەڵدانی فەلسەفەی لیبڕاڵیزم سەری هەڵدا، لە ئێستاشدا لێبڕاڵیزمی نوێ و سیستەمی سەرمایەداری ئەم ڕوانگەیە لە ژیانی کرداری خۆیان پڕاکتیزە دەکەن، لەڕوانگەی ئەم قوتابخانەیەوە لێکۆڵینەوەکان لەخودی سەبجێکت و خودی کارەکە نیە، بەڵکو تێڕوانینە لە ئەنجامی کارەکە ئایا باشە، یان خراپ، دەستکەوتی زیاترە یان زیان، وەکو نوێژکردن لە پێناوی ڕازیکردنی خودا لە خۆت و بەدەستهێنانی بەهەشت، یان لەناوبردنی کۆمەڵێک مرۆڤ بەبیانوی تێکدانی ژیانی زۆرینەوە.

“خودگەرایی”

یەکێکی ترە، لە قوتابخانەکانی فەلسەفەی ئەخلاق، لە دوای هاودژبوونی دوو قوتابخانەکەی تردا گرنگی زۆر بەم قوتابخانەیە دەدرێت. فەیلەسووفان پیان وابوو، دوو قوتابخانەکەی پێشوو، ڕووبەڕووی پاڕادۆکس دەبێتەوە. بۆنموونە، لە زۆربەی کتێبەکانی فەلسەفەی ئەخلاق ئەم نموونەیە باسکراوە: ( کاتێک کەسێک چەکێکت بە ئامانەت پێ بدات، پاش ماوەیەک بگەڕێتەوە بۆ چەکەکەی تۆ بزانیت بۆ کوشتنی کەسێک ئەو چەکەی دەوێت، چەکەکەی پێ دەدەیتەوە یان پێی نادەیتەوە؟) بە پێی ڕوانگەی قوتابخانەی ئەرکگەرایی دەبێت، چەکەکەی بۆ بگه‌ڕێنیتەوە، بەڵام بە پێی ئەنجامگەرایی بێت، نابێت بیدەیتەوە. لەڕوانگەی یەکەمەوە، گێڕانەوەی ئامانەت ئەرکە، لەڕوانگەی دووەمەوە کەسێکی پێ دەکوژێت. خودگەرایی واتا: واتا مرۆڤەکە خۆی لەناوەوەی خۆیدا باش بێت، وەکو ئەوەی “دیڤد هیۆم” دەڵێت:- توخمێک لە مامەڵەکە ڕووبەڕووی خۆت بکەیتەوە.

————————–

سەرچاوەکان:

ئاراس سەعید: کورتەیەک دەربارەی چەمکی مۆڕاڵ.

گۆڤاری ئایدیا ل. 31-34. ژمارە 78. ساڵی 2021.

حمید عەزیز: فەلسەفەی نوێی ئەوروپا. چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕۆژهەڵات- هەولێر 2012

ت.ز.لافین:من سقراط إلى سارتر (البحث الفلسفي)

دار نشر:المركز القومي للترجمة. سنة النشر: ٢٠١٢.

james Rachels, 2007 the Elements of Moral philosophy ,Fifths etidion by Stuart Rachels.McGraw-hill New york.

Kant’s Moral Philosophy

First published Mon Feb 23, 2004;

substantive revision Fri Jan 21, 2022

https://plato.stanford.edu/index.html




دووڕویی سیایی.. عومەر ئەحمەد عەزیز

دوڕویی سیایی/Political Hypocrisy

چەمکەکە لە بواری زانستی دەرونناسیی و زانستە سیاسییەکان و کۆمەڵناسیدا بوونی هەیە و لە توێژنەوەکاندا ئەم زاراوەیە بەکاردەهێنرێت، ئەو پێناسانەی کراون لەم بارەوە نزیکن لەیەکەوە کۆی پێناسەکان ئاماژە بەوە ئەکەن بریتییە لە هەڵوێستێکی سیاسیی، کە پێچەوانەی ئەو بانگەشانەن کەسی سیاسیی و حزبی سیاسیی دەیکەن، بریتیە لە پێچەوانەیی و دژیەکیی لە هەڵوێست و بۆچونەکاندا، کە سەرئەنجام دەرچوون و دەستبەردار بوونە لە بەها و مۆڕاڵ و ئیتیک و ئەخلاقییاتی سیاسەت.
چەمکی نیفاق لە ئایندا:
لە ئەدەبیاتی دینیدا چەمکی نیفاق بەجوانی باسکراوە نمونەی ئاینی ئیسلام وەرگرین لەبەشێکی زۆری سورەتەکانی قورئاندا باسی چەمکی نیفاق کراوە، لەکورتترین پێناسەدا نیفاق بریتییە لەوەی من شتێک ئەڵێم و شتێکی تر ئەکەم، خۆم وا دەر ئەخەم کە موسوڵمانم، کەچی بڕوام پێی نییە، لەکردار و گوفتارما شتانێکی تر ئەکەم…تاد
بە سیغە جیاوازەکانی وشەکە 37 جار لە قورئانی پیرۆزدا بەو واتایەی خستمانەڕوو باسکراوە، وەکو بڵێی لەکۆنەوە لە نێو میللەتانا ئەم دیاردەیە هەبووە و بووەتە هۆکاری تێکچون و لەناوچونی کۆمەڵگا جیاوازەکان.
تێگەشتنە دینییەکە بەکاربهێنین بۆ ڕوبەری گشتیی لەمڕۆی کۆمەڵگەی کوردیی، ئەوا چەمکی نیفاق پانتایی هەرەزۆریی دەزگا میدیایی و کەسایەتیی و ڕۆشنبیر و نوسەر و ڕۆژنامەنوس و چالاکی مەدەنیی و خەڵکانی بەناو ناڕازیی ڕێکخراوە جیاوازەکان دەگرێتەوە، ئەمە بەبێ توێژینەوە و ڕاستێتی کردن لە بابەتەکەدا، بەڵکو تەنها بە ڕوانینی سەرپێیی و ئەو دەنگۆ و قسەوقسەڵۆکانەی ڕۆژانە لە بازاڕوی فەزای گشتییدا دەیانبیستین، لەسەر ڕێکخراو و کەسایەتیی و ڕۆژنامەنوسەکان، ئاخر ناکرێت کۆمەڵگایەک هەمووی کەوتبێ لەڕوی ئەخلاقییەوە، ناشێ و نەبووە لەمێژوودا یەک وڵات بەتەواوی ڕاست نەکات لەگەڵ خۆیدا، کەسێک نەمابێتەوە کە خەمی نیشتیمانەکەی بێت، ڕاست بکات لەگەڵ بەها ئینسانییەکان و نیشتیمانییەکاندا، بەڵکو هەمووی تەنها لە دوای بەرژەوەندی زۆر کەسیی خۆی بێت، هەر بۆیەشە ئەنجامەکەی ئەم دۆخەیە کە ئێستا کۆمەڵگەکەی تێدایە، کە پێویست ناکات وەسفی بکەین، کۆمەڵگەیەکی شەلەل، جامد، بەجۆرێک لە جوڵە کەوتووە، کە هەرچییەکی پێ بکەیت نابزوێت.


چەمکی دوالیزم/Dulaisem

بریتییە لە بوونی دوو شتی پێچەوانەی یەکتر، کە دژ و ناکۆکن بەیەکتر، دوالیزم بەپێی سیاقی بەکارهێنان ئەگۆڕێت واتە لەنێو فەلسەفە جیاوازەکاندا واتای جیاوازی هەیە، بەڵام لە کۆی گشتیی واتاکەیدا ئاماژەیە بۆ بوونی دوو مادەی دژ بەیەک، دوو ئاڕاستەی بیرکردنەوەی دژبەیەک، کە هەندێک جاریش دەوترێت ئەم دوو دژە لە کارلێکدان لەگەڵ یەکتر بۆ درێژەدان بەو دوانەییەیان بەمانا دیکارتییەکەی بریتییە لە سەربەخۆیی عەقڵ و جەستە لەیەکتر لەنێو مرۆڤدا ئەگەر دوالیزم تەنها بەومانایە وەرگرین کە بوونی دوو شتی جیاواز و سەربەخۆن لەیەکتر، یان دوو گوتاری جیاوازن لەیەک کاتدا، ئەوا پڕاوپڕ بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی ئێمە دەگرێتەوە، ئەمانە چوونەتە نێو پەیوەندییەکی دوالیزم لەگەڵ خۆیانا، لەلایەکەوە بانگەشەی دژی دەسەڵات و حزب و حوکمڕانی ئەکەن، لەلایەکەوە بەشێکی سەرەکی ئەو دەسەڵاتەن، ئاکتەکانیان لەگەڵ ئەو گوتارە یەک ناگرێتەوە کە ئەینوێنن.
لەهیچ شوێنێکی سەر زەوی نەبووە بانگەشەی ناڕازیبوون و دژ بەسیستەم و دەسەڵات و حزب بکەیت، پێت وابێت کە ستەمکار و گەندەڵ و کەوتوون، کەچی لە ژێرەوە بەشێک بیت لێیان، بچیتە پێشەوە و کاریان بۆ بکەیت بە ڕۆژی ئاشکرا، ئەمە دوالیزمێکە کە بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی کوردیی لەنێو ئەم پەیوەندییەدا دەژین.

چەمکی پارادۆکس/Paradox
ناتەبایی و دژیەکی، دیسانەوە جۆرێی ترە لە پێناسەی ئەم جۆرە مرۆڤانە، چونکە ئەم جۆرە لەمرۆڤ ناناسرێنەوە زۆرجار، بەتەواوی دژیەکن، پڕن لە ناتەبایی و دژیەکیی و ناهاسەنگیی لە بڕیار و گوتار و جوڵەکانیاندا، بوونی ئەم پارادۆکسە دۆخێک ئەخولقێنێت، کە پێناسەکردن و ناسینەوەو هەویەتپێدانیان ئەستەم بێت، مرۆڤێکن دژن لەگەڵیشن، ناڕازیی و ڕازیشن، حزبیی و سەربەخۆن، بەشێکن لە سیتەم و دژی سیستمن…تاد
لەڕاستیدا بوونی ئەم پارادۆکسە لەبەشێکی زۆری کۆمەڵگەی کوردیدا وایکردووە بەهای ئەخلاقیی ، دینی و مرۆڤایەتیی نەمێنێت، مرۆڤ لێرەدا بەئاشکرا درۆدەکات، پڕ لە هەڤدژیی و ناتەبایی لەهەڵوێست و بڕیار و بۆچونەکانیاندا، پارادۆکسی کەسانێک بەناو ناڕازین، ڕەخنەگرن، دژ بەسیستەمن، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە حیزبەکانی دەسەڵات ستەمکار و پاوانخوازن، لەگەڵ تەسلیمبوون و بوون بەبەشێک لێیان، لەژێرەوە کارکردن لەگەڵیاندا، پارادۆکسێکە، کە بەشێکی زۆری کۆمەڵگەکەمان لەم دژیەکییەدان، کە هۆکاری هەرەسەرەکیی ئەم دۆخەیی نادادیی و نا ئینسانییەیە، کە بەردەوامی هەیە.

بۆچی ناڕەزایەتی هیچ ئاکامێکی نییە؟
بەشێکی زۆری پەیوەندی بەوەوە هەیە، هیچ پرۆژەیکی ناڕەزایەتی جدیی بوونی نییە لەکۆمەڵگەی ئێمە، کە خاوەن پرۆژەیەکی فیکریی و فەلسەفیی بێت، بەڵکو ئەوەی هەبووە تا ئێستا هەوڵی تاکە کەسیی، ناڕەزایەتیی بێ خاوەن، هەڵوێستیی فیکریی ئەم نوسەر و ئەو ڕۆشنبیر، وەکو پێشتر خستمانەڕوو، یان ئەوانەی بوون بە ڕوگەی ناڕەزایەتیی خۆیان بەشێکن لە دەسەڵات، ئەوانەن کە لە پەیوەندییە دوالیزمەکەدان، پڕن لە پارادۆکسی ئەخلاقیی ، بەمانا دینییەکەی مونافقن، یان ئەوەتا هەوڵەکان پەرشوبڵاو و تاکەکەسیی و بێ ئیمکانەت و زۆجاریش بێ سەرمەشق و بێ مەعریفەن، ناڕەزایەتیی و دژ بەسیستم بوون پێویستی بە ئەدەبیاتێک هەیە،کە مانفێستی ناڕەزایەتییەکان بکات، بیانکات بەشێوەی پرۆژە و ئاڕاستەیان بکات، ناڕەزایەتیی خاوی کۆمەڵگە پێویستی بە تەرجومە هەیە بۆ کردنی بە زمانی سیاسیی، وەکو پێشتر وتمان ئەم کلتورە گۆڕان دایهێنا و ئەنجامی دا، بەڵام نەیتوانی بەردەوام بێت لەسەری و پرۆژەکەیان فەشەلێکی گەورەی سیاسیی و ئەخلاقیی هێنا و بەشە زۆرەکەیان دەستبەرداری ئەو شیعارانە بوون، کە بانگەشەیان بۆ ئەکرد و لەهەمووی خەمهێنەرتر ئەوە بوو بەشێکیان بوون بە ئەندامی حزبەکانی دەسەڵات، هۆکارەکەشی پەیوەندی بەوەوە هەبوو گۆڕان پرۆژەیکی تەواو کلاسیک بوو، کە لەهەناوی حزبەکانی دەسەڵاتدا لەدایک بوو، نەیتوانی تەجاوزی کلتوری حزبایەتی ئەوان بکات، چونکە کۆی پرۆژەکە بەسترابووەوە بەیەک کەسەوە لەدوای نەمانی ئەو کەسەشەوە، پرۆژەکەش نەما، ئەمەش دەریدەخات گۆڕان هەڵوێست بووە، نەک پەروەردە و فیکر، کردەیەک بووە بەبێ هیچ ڕەگێکی قوڵی فیکریی و فەلسەفیی چوارچێوەدار.
بێگومان دەسەڵاتێک نزیکەی نیوسەدە، کۆمەڵگەیەک بەڕێوە ببات، ئەخلاقیاتەکانی خۆی لەنێویاندا پەخش دەکات، بەجۆرێک وردە وردە دەسەڵات و خەڵکەکەی دەبنە دوو ڕووی یەک دراو، لەکوێی دونیا دەوڵەت و دەسەڵاتێکی ڕێکخراویی سیستەماتیکی خزمەتگوزار، کۆمەڵگەیەکی خراپ و گەندەڵ و لە یاسالادەری بەرهەمهێناوە؟ بێگومان ئەم دیاردەیە لە کۆمەڵگەی کوردیشدا زۆر بە زەقی دەبینرێت، دوای نیو سەدە بەشێکی زۆری کۆمەڵگا بەتەواوی ئەخلاقیاتی حزبەکانی دەسەڵاتیان تێدا ڕەنگی داوەتەوە و بوون بەبەشێک لە شێوازی بیرکردنەوە و دونیابینیی و دەسەڵات، ئەمە ئەگەر دەسەڵات و ئەو خەڵکە جیا بکەینەوە بۆ خستنەڕووی بابەتەکەمان ئەگینا بێگومان دەسەڵات ڕەنگدانەوەی خەڵکە و خەڵکیش پێکهێنەری دەسەڵاتن، بەڵام ئەوەی مەترسیدارە بریتیە لە چاندنی تۆوی ئەخلاقیاتیی حزبەکانی دەسەڵات لە هەناوی تاک بەتاکی کۆمەڵگا بە شێوەیەک ئەم دیاردەیە دابەزیوەتە نێو کۆمەڵگا بەگشتیی.
یەکێک لەو بەهایانە وەکو لەسەرەوە باسمانکرد بریتییە لە نیفاق و دووڕوویی سیاسیی، وتنی شتێک و ئەنجامدانی شتێکی تر، بەئاشکرا درۆکردن و بەبێ ئەوەی دان بنێن بەو هەموو گەندەڵیی و ستەمەی، کە ئەکرێت، لەوەش ناخۆشتر ئەوەیە لە لێدوان و دیمانەکانیاندا بەئاشکرا شتانێک دەڵێن کە خۆشیان و خەڵکیش دەزانێت، کە ڕاست نییە.
چەمکی ناڕازیبوون، دژبوون و وەستانەوە و ڕەخنەگرن لە سیستەمی حوکومڕانی لە نێو کورددا، ئەگەر زۆر نەچینە نێو قوڵایی مێژوو، تەنها سەد ساڵی ڕابردوو وەربگرین، لەملاو لەولا نوزەیەک دەبینن و هەست پێ دەکەین، کە بەشێوەی نوسین ئامادەیی هەبووە، لەخەومای جەمیل سائیب لەسەردەمی شێخ مەحمود و جیباونەوە و ئینشقاقی یەکێتی و ڕۆمانی سەگوەڕی محەمەد موکری و پاشان لە دوای ڕاپەڕینەوە لێرەو لەوێ نوسەرە ڕەهەندییەکان و دواتریش حزبە ئیسلامییەکان، تا دەگاتە هاتنی کوردستان پۆست و لڤین و پاشان بزوتنەوەی گۆڕان کە وەرچەرخانێکی مێژووی بوو بۆ داهێانی مۆدێلی ئۆپۆزیسیۆن بوون و بە سیستەماتیکردنی چەمکی ناڕازیبوونی کۆمەڵگەی کوردیی نمونەی ئەو دەنگە ناڕازییانەن، کە کۆمەڵگەی کوردی بەخۆیەوە بینیووە.
ئەگەر لە سیاسەتدا بپرسین ناڕازیی و دژە دەسەڵات چییە؟ ئەوا ڕاستەوخۆ ئەچینەوە سەر چەمکی ئۆپۆسیزیۆن، بۆیە ئەپرسین ئۆپۆسیزیۆن چییە؟ لە سادەترین پێناسەیدا لە سیاستەدا بریتیە لە پارتێک، یان هاوپەیمانییەتییەک، کە خۆی ئەڵتەرناتیڤی دەسەڵات دەبینێت، بۆیە زۆرجار پێی ئەوترێت دژی دەسەڵاتە و خۆی بە بەدلیی ئەزانێت و کە بوو بە حوکمڕان و دەسەڵاتیش، ئەوکات لەوە ئەکەوێت، کە ئۆپۆسیزیۆن بێت، شێوازی کارکردنی ئۆپۆزیسیۆن لە هەموو جیهاندا بەوجۆرەیە، کە کاتێک پارتێک ئۆپۆزیسیۆنە، دێت لەسەر کەموکورتییەکانی دەسەڵات گووتارێک بەرهەم ئەهێنێت، پەرەی پێ ئەدا ئەیخاتە نێو سیستەمی پەروەردەی حزبەکەیەوە، کادیر و لایەنگرانی قەناعەت پێ ئەکا، کە پێویستە ئەو دنیابینییە جێبەجێبکرێت.
دەستەی ناڕازیی و کۆمیتە و ڕێکخراویی جیاجیای لە کۆمەڵگە زیندووەکان نمونەی ئەم جۆرەن لە کارکردن لەبواری ژینگە، ژنان، منداڵان، تەنانەت خوێندن و پەروەردە…تاد
لەم ڕوانگەیەشەوە بڕوانینە خەڵکی ناڕازیی کۆمەڵگەی کوردیی، تەنانەت لەئاستی حزب و ڕێکخراوەکانیشدا شتانێکی سەیر دەبینیت، لەوە سەیرتر چیبێت لەنێو گروپ و تاقمێکی بەناو ئۆپۆسیزیۆن بیت و سەر بەدەسەڵات بیت، بانگشەی دژبوون بە دەسەڵات و حزبی حوکمڕان بکەیت و خۆت بەشێک بیت لێی؟
دەردێکی کوشندەی نێو کۆمەڵگەی کوردیی ئەوەیە پرۆژەیەک جدیی ناڕازیی ئۆپۆسیزیۆنی نییە، بەدەر لە مانا سیاسیەیکەی لە چوارچێوەی سیستەمێکی سیاسی دیاریکراودا، ناڕازیبون بەرانبەر بە سیستەم و حوکمڕانی وەکو هەڵوێستێکی ئەخلاقیی و پیشەیی و ئینسانیی، ئاخر ناکرێ کۆمەڵگەیەک کەوتبێ بەهەموو کایەکانییەوە، بەتەواوی تەسلیمی ئیرادەی دەسەڵات بوبێ، وێنەی ئەم جۆرە لەکۆمەڵگا شەرقییەکان لە چەند دەوڵەتێکدا بەدی دەکرێت، تێیدا زۆرینەیەکی ناڕازیی لەسیستەم هەیە، بەڵام زۆرینەیکی موزەیەف و بێ ئیمکانییەت و زۆرجار ناڕاست و قەلەق و ترساو لە بەرژەوەندیی، ناڕازی لە فۆرم و ڕازی لەناوەڕۆکدا، کە ئەگەر بچینە وردەکاریی ئەم جۆرە لەخەڵک، توشی دوالیزم و پارادۆکس دەبین، بەوەی ئەم جۆرە خەڵکانە، سەرەڕای ئەوەی ناڕازین، بەڵام تەسلیمی دەسەڵاتیش بوون، یان نایانەوێ هیج باجێک بدەن، لەلایەکەوە حەزیان لەو جۆرە لە دەسەڵاتە، کە سودمەند ببن لێی لەلایەکی تریشەوە خۆیان بەو جۆرە دەرئەخەن، کە ئەمان بەشێک نین لەو ستەمەی کە دەسەڵات دەیکات.
دیاردەیەکی تری ترسناکی نێو کۆمەڵگەی کوردیی ئەوەیە زۆرجار ئەم دەستە و تاقم و گروپانە بەشێکن لە دەسەڵات، بەجۆرێک نمایش ئەکەن، خۆیان ئەنوێنن و بەشداریی ناڕەزایەتیی و گردوبونەوەکان دەکەن وەکو بڵێی سەرمەشقی ناڕەزایەتین، کەچی هەر لە ئەزەلەوە ناڕەزایەتییەکەیان جدی نەبووە، ئەشێت لەبەر چەند هوکارێک بوبێت، مەسەلەن ناڕازی بوون لەوەی، کە پشتگوێ خراون؟ پۆست و پلە و ئیمکانییەتیان لەبەردەستا نەبووە، ناڕەزایەتیان قۆستۆتەوە بۆ بەکارهێنانەوەی دژی ئەوانەی، کە لەمان زیاتریان دەستکەوتووە…تاد.

عومەر ئەحمەد عەزیز
مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان

—————————-

بۆ پێناسەی دووڕوویی سیاسیی بڕوانە پێناسەکانی :ٚ
:(Cooper & Hogg, 2007) ،(Jordan & et.al,2017)
هەروەها بڕوانە ئەم دوو سەرچاوەیە:
1-http://www.awraqthaqafya.com/1480/
2-https://wikidiff.com/paradox/dualism




تێپەڕینى کتێبە قاچاغەکان بەسنوورە دەستکردەکاندا.. يوسف محەمەدبەرزنجى

دەسپێک وڕونکردنەوە

چاپکردنى کتێب، ڕۆژنامەو گۆڤارەکان، ساڵى ١٩٧٨ و دواى ساڵى ١٩٨٠، لەدۆخ و هەلومەرجێکى تایبەتیدا بوو، هەموو نووسین و بابەتێک لە باشوورى کوردستان و عێراقدا، لەلایەن حکومەتى تۆتالیتارى و تاک ڕەوى بەعسەوە ڕێگەپێدراو نەبوو، چونکە دەسەڵات و تواناى ڕێژێمى عێراق و کۆنترۆڵکردنى پانتایى ڕۆشنبیرى و سەپاندنى دەسەڵات بە زەبرى هێزو جڵەوکردنى خەڵکى ناڕازى و ئۆپۆزسیۆن لەژێر پەردەى یاسادا، دەسەڵات و هێزو هەیمەنەى بەعسى پێشانى هەموو عێراقییەکان دەداو کەس نەیدەتوانى ڕوو بەڕووى بەعس و تواناکانى بووەستێتەوە، بەرەى نیشتمانى(الجبهە الوطنية الديمقراطية) کە حیزبى شیوعی عێراقى بەشداربووى ئەو بەرەیە بوو لەگەڵ حزبى بەعسدا، لەیەک بەرەداهاوبەش بوون پێکەوە، بەعس گەمارۆى ئەم پارتەیشى دابوو، زۆرى خەڵکە ڕوناکبیرو خوێندەوارەکە دووى حیزبى شیوعی کەوتبوون و هاوپەیمانى بەعس بوون، ئەوانیش لە سایەیى زەبرو زەنگ و تواناکانى حزبى بەعس و ڕژێمەکەى نەیان دەتوانى تەنانەت لە ڕویى ڕۆشنبیرییەوە گەشە بە بوارەکە بدەن و چاپکراوەکان بەگشتى گەشەپێبدەن و ئاستى ڕۆشنبیرى و سیاسیى بەتایبەتى چاپەمەنییەکان گەشەپێبدەن، ئەوەش بەهۆى ئەو فشارە زۆرى کە لە سەر پارت و کەسایەتییە سیاسیى و ڕۆشنبیریەکان بوون، چونکە دەرگایى ئازادی و بۆچونە کراوەو دەربڕینە ئایدیۆلۆژییەکان لەقاڵبدراو گەمارۆ دراوبوون لە عێراقدا، هەموو چاپەمەنییەکان لەژێر چاوەدێرى سانسۆردا بوون، تەنانەت گەر لەساڵى ١٩٧٠ تا ساڵى هەشتاو وەدەرنانى شیوعییەکان بکەین لەعێراقدا بەرهەمێکى ئەوتۆى سیاسیى و ڕۆشنبیرى وەک چاپکراو ڕێگە بەبڵاوکردنەوەى نەدراوە، هەموو چاپکراوە تێوێرى وئایدیۆلۆژییە فیکرییەکان دیارى کراو بەپەنجەکانیش دەژمێردرێن، چونکە سانسۆرى عێراق ڕێگەى بەبڵاوکراوەى بەرەى چەپ نەدەدا بۆئەوەى لاوان و گەنجان پێیى کاریگەر و سەرقاڵ بکاو وەک شارە زوردەواڵە لە خۆى بوروژێنێت، ئەو سەردەمەش باوو گەشەى بەرى سۆشیالیست و چەپەکان و بیروبۆچونەکانى مارکسیزم ــ لینینیزم و ماو هۆشیمینەو جیفاراو ئەوانى تربوو، بۆیە ئەوەى بۆنى ئایدیۆلۆژیاو ئەم جۆرە بابەتانى لێبهاتایەو بە عەرەبى و کوردى و فارسى و…. دەست ڕژێم بکەوتایە لەزیندانەکاندا تونددەکرا، بۆیە تەنانەت شیعرو چیرۆک و بابەتە ئەدەبیەکانیش لەژێردەست و چاوى سانسۆرو ڕژێمى بەعسدا دەرنەدەچوون، ئازادى ڕوناکبیرى و چاپ وچاپەمەنى بەتەواى خنکابوون، هەموو بەرهەمێک بڵاونەدەکرایەوە.

چاپەمەنى کوردى
چاپەمەنى کوردى لە ژێر فلتەرو سانسۆرێکى گراندا بوو، فشاریش زۆربوو، بەعس ڕێگربوو لە بەرهەمەکاریگەرەکان لە شیعر و چیرۆک ووتار و بابەتى بەرگرى، شیوعییەکانیش لەبەرە لاوازەکەیاندا نەمان و چونە شاخەکان و زۆرێک لەئازادیخوازانیش لەزیندانەکاند شەویان ڕۆژ دەکردەوە، شاخەکان و گوندەکانى کوردستان بە ئازادیخوازان سیخناخ بوونو بەرەو گەشەسەندن دەچوون، لە ساڵانى هەشتاکان لە ساڵێکدابیست کتێب جگە لە ڕۆژنامەو گۆڤارەکانى ژێردەسەڵاتى بەعس وەک ڕۆژنامەى( هاوکارى، گۆڤارەکانى بەیان، ڕۆشنبیرى، رۆژى کوردستان، کاروان، دەردەچوون ڕێگە بە بابەتە گرنگە کانى وەک مێژوو، کەلەپوور،شوێنەوار… نەدەدرا هەمووى بابەتە ڕۆشنبیرو ڕوناکبیرییەکان لە چیرۆک و شیعردا بچوک کرابوونەوە، زۆر گرنگى بەم باتانە دەرا، چونکە مەترسى بۆ سەر ڕژێم و دەسەڵاتەکەى نەبوو، جارجار لێکۆڵینەوەو بابەتى تێۆرى زمانەوانیش بەکەمى دەردەکەوتن، بۆیە نێوەندى ڕۆشنبیرى لە ژێر فشارو سانسۆى قورسدا بوون، بۆ ئەوەى خەڵکو نەوەکان وشیارییان بۆ کێشەى گەلەکەیان نەبێت و بەهەموو شتێک ڕازى بن و تەنیا دژى دەسەڵات و سیستەم نەبن.

شۆڕشى ئێران وچاپەمەنییە کوردییەکان
لە دوایى ساڵى ١٩٧٨و١٩٧٩ بەدوواوە، شۆڕشى ئیسلامى لە ئێران لەهەڵچون و گەشەکردندا بوو، زانکۆ وقوتابخانەو کارخانەو شوێنە چڕەکانى شارەکانى ئێران دەستیان بەخۆپیشاندان وناڕەزایەتییەکان کردوو، ساڵى ١٩٧٩ (محەمەد ڕەزاشا) یان لە وڵاتەکەیان وەدەرناو ئازادیخوازان و ڕوناکبیران هەواى ئازادیان هەڵمژى و چاپەمەنییەکان لەو وڵاتەش بەئازادیی هاتنە مەیدانەکەوە، ئەم تەوژم ودۆخ وهەلوومەرجەنوێیە سیاسییە ڕۆژهەڵاتى کوردستانى گرتەوە، چاپەمەنى و سیاسەت و پارتەکان کەوتنە دۆخ وهەلومەرجێکى نوێوە، شارو گوندەکانى ڕۆژهەڵات سوکە ئازادیى وسەربەستییەکیان بۆ گەڕایەوەو هەبوو، حزب و پارت و ڕێکخراوەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان دەستیان بەکارو چالاکى ئازادانە کرد، چاپەمەنى و کتێب و ڕۆژنامەو گۆڤارەکان … دەستیان بەبڵاوکردنەوە بەکوردى وفارسى کردو چاپخانەکان دەستیان بەچالاکى چاپەمەنى کرد، پارت وڕێکخراوە کوردییەکان لە شارەکان ڕۆژنامەو گۆڤارو چاپەمەنییەکانیان بەکتێبیشەوە پەرە پێدا بەشێوەیەکى ئازادانەو بێسانسۆر.
چاپەمەنیە کوردییەکان لە ڕۆژهەڵات
جگە لەچاپەمەنیەکان کە لەلایەن پارت و حزبەکانى ڕۆژهەڵاتەوە چاپدەکران و بڵاودەبوونەوە، لە شارى مەهاباد دوومەلا بە ناوى (سەیدیانى مەهاباد)، چاپەمەنییەکیان دانابوو بە ناوى(سەیدیان)، ئەو چاپخانەیە لەئۆفسێت و فۆتۆکۆپى پێشکەوتوو پێکهاتبوو، ئەم چاپخانەیە لەدواى سەرکەوتنى شۆڕى ئیسلامى ئێران و باڵکێشانى ئازادى بەسەر شارو گوندەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان دامەزراو دەستى بەچاپکردنى کتێب کرد. وەک مەسەلەیەکى ڕۆشنبیرى و بازرگانى، سەیدیانى مەهاباد، زیاتر ئەو چاپکراوانى دووبارە چاپدەکردەوە کە پێشتر لە باشوورى کوردستان چاپکرا بوون و تیراژیان یان لە کتێبخانەو کتێبفرۆشییەکاندا نەمابوو یان زۆر کەم بووبوونەوە، بۆیە چاپخانەى (سەیدییان)ى مەهاباد ئەم بەرهەمانەى چنگ دەخستوو بە تیراژى زۆر لەچاپى دەدانەوەو دووبارە لە سنوورەکانەوە بەهۆى وڵاخدارەکانەوە لەگەڵ کەلوپەلە بازرگانى وقاچاخەکاندا ئامدیووى باشوورى کوردستان دەکرانەوەو خوێنەرانیش کە پێشتر ئەم بەرهەمە چاپکراوانەیان دەست نەکەوتبوو، یاخود تامزرۆى دەخستنى بوون بۆ ئەوەى هەیانبێت، لە نرخێکى مام ناوەندا دەهاتنە ناو شار و گوندەکانەوەو خوێندەواران دەیانکڕین.
کتێبە قاچاخەکان یان قەدەغەکان
چۆن فەرش، سرکەیى، قوماشى پیاوان و ژنان پێڵاو گۆرەوى بستە، فستق وخەنەو وسمەو، جگەرە… لەڕێگەى وڵاخدارەکانەوە بەنێوگوندو سنوورەکاندا دەهاتنە کوردستانى باشوور بەتایبەتى بۆ دەڤەرى پشدەرو شارباژێڕو پێنجوێن و شاندەرى و هەڵەبجەو گەلێگ شوێنى تر، ئەم کتێبانەش هەر لەڕێگەى ئەم وڵاخدارو قاچاخچیانەوە دەهاتنە ئۆردوگاى شانەدەرى، قەڵاچوالان و میراواو شاناخسێ و… گەلێک شوێنى تر، ئەوەندەى من بزانم ئەوانەى زیاتر بۆمەسەلەى بازرگانى لەڕێگەى قاچاخچییەکانەوە کتێبیان دەهێنا، ئەم بەڕێزانە بوون، کەمال مەروێیى، حەمەلاو، مەلاحەسەن کە لەگەڵ کەمال خزم بوون، ئەمان زیاتر لە ڕێگا قاچاخەکانى شارباژێرەوەو بە ناو سەربازگەو مۆڵگەکاندا لە سنوورەکانەوە کە زۆریش پڕ مەترسى بوون دەیان هێنایە مەروێ و شاناخسێ و قەڵاچۆلان و ناو شارى سلێمانییەوەو بە ئێمەو مانان و هەندێک کتێبخانەدا ساخیان دەکردنەوە، ئەوانى لە سلێمانى ئەو کتێبە قەدەغەکراوانەیان دەفرۆشت، کتێبخانە (پەیام) لەکۆتایى شەقامى مەولەوى بەرانبەر سەرۆکایەتى زانکۆى سلێمانى جاران، خاوەنەکەى مامۆستا ئەنوەر برزو بوو.کەبەکتێبەکانەوە دەستگیرکراو پاش چەند ساڵێک ئازادکرا، کتێبخانەى زمناکۆخاوەنەکەى خوالێخۆشبوو مەلاسەعیدى زمناکۆ لە شەقامى کاوە، کتێبخانەى ژیان خوالێخۆشبوومامۆستا مستەفا، کتێبخانەى هودا، تەنیش مزگەوتى گەورە خاوەنەکەى خوالێخۆشبوو مامۆستا ئەحمەد، ئەمانە، وەک کتێبخانەى فەرمى بەنهێنى ودزییەوە کتێبەکانیان بڵاودەکردەوەو دەفرۆشت، ئێمەش لە شەقامى مەولەوى وەکدەستگێڕى سەر شەقام ئەم کتێبانەمان لە قەڵاچوالان و شانەدەرى و هەڵەبجەو بەستەستێن وقەڵادزێوە دەهێنا بۆ سلێمانى و بڵاومان دەکردنەوەو دەمان فرۆشتن ئەوانەى شەقامى مەولەوى وەک خوالێخۆشبوو شەهید مەحموود خاکى، یوسف محەمەد، ئیسماعیل محەمەد، شێخ عومەر محى ددین، کەمال کۆڵنەدەر،دلێر غەفور، شەهاب جەمال،عوسمان، خالیدى حەمەکاكۆڵ و مامۆستا محەمەد مەحموود حاجى مامەندى، کە ئەم دووانەى دواییان بەکتێبەکانەوە دەستگیر کران و لە(٢٤ــ٦ــ١٩٨٤ تا٣٠ــ٦ــ١٩٨٥)لە بەندیخانە مانەوە، کە پاشان جۆرى دەستگیرکردن و مانەوەیان لەبەندیخانە لەزمان و بیرەوەرى خۆیانەوە لە پاشکۆى ئەم نوسینەدا بڵاودەکەینەوە،من و مەحموود خاکیش چەندجارێک بەهۆى چاوەدێرى و کتێبەکانەوەدەستگیرکراین و گیراین و براینە ئەمنى بەلدەو پۆلیسى سەراو بەهۆى لێکۆڵینەوەو وریایى و یەک دەنگى خۆمانەوە ئازاد کراین، چەند جاریش هەڕەشەو ئاگادارکراومەتەوە لە سەر دانان و بڵاوکردنەوەى ئەو کتێبانە، تەنانەت بە خزمەتگوزارى شارەوانیش هەراسانیان دەکردین. یەکدوجاریش ملازمى ئەمن (علاء) لە سەرچاپکراوە کوردى و تەنانەت عەرەبیەکانیش هەڕەشەى لێدەکردووم کە ئەو کتێبانە دانەنێم ونەى فرۆشم وەک ملوانکەى شینى شەریف، و دیوانى پیرەمێرو قانع و… ئاسایشى بەعس هەمیشە کتێبفرۆشى سەرشەقامەکانى خستبووە ژێرچاوەدێرى و فشارەوەو زورنەمان دەتوانى هەموو کتێبێک بە خەڵک بفرۆشین ئەوەى نەمان ناسیاییا نەمان دەتوانى کتێبەکانیان پێبفرۆشین، بێجگەلەوانەى کەمتمانەمان پێیان هەبوو، بەتایبەتە خوێندەواران و شاعیران ونوسەران و هەندێ بەڕێوەبەرى فەرمانگەو قوتابخانە لەموشتەریەکانمان بوون دەمان ناسیین و چاپکراوە ئێرانى وکتێبە (چەپە) عەرەبییەکان و بڵاوکراوەى کۆمەڵەى زەحمەتکێشانى ئێران لەڕێگەى کاک فاروقى نەقشى و ئەوانى ترەوە، وەک حزبى دیموکرات لە ڕێگەى عەبدولقادرى دەبباغى و کۆمەڵەى یەکسانى لەڕێگەى کاکە عەبەو کاک مەنسورەوە بۆیان دەگەیاندینە ناو شارەوەو بڵاومان دەکردەوەو کاریگەرى زۆرى لەسەر خوێندنەوەو خوێنەرەکان هەبوو .. محسن شاسوارى گۆڤارى چیاى لە شاخ کە خۆى بڵاوى دەکردەوەو دەرى دەکرد وەک سەرنووسەرو خاوەنى گۆڤارەکە بۆى دەهێنام بۆ بڵاوکردنەوە، گەلێک بابەتى تریشمان بڵاودەکردەوە وەک کتێبەکانى پاسۆک زیاتر لەڕێگەى مامۆستا عەبدوڵا ئاگرین و یەکێتیى وحزبى شیوعى و… ئەوانەزیاتر بەندە بڵاوم دەکردنەوەو دەم هێنان بۆ شار بەڕێگەى تایبەتى و قاچاخە ڕێدا، جگە لە کتێبەکانى لکە لەلایەن سەیدیانى مەهابادەوە چاپکرابوون.
بەشێک لە ناوى چاپکراوەکانى مەهاباد
دیوانى پیرەمێرد، دیوانەکانى قانع وەک چوارباخى پێنجوێن، گوڵاڵەى مەریوان…، دیوانەکانى گۆران بەهەشت ویادگار، فرمێسک و هونەر، دیوانەکانى ڕەفیق سابیر،پشکۆکان ئەگەشێنەوە، ڕێژنە، دیوانەکانى شێرکۆ بێکەس، تریفەى هەڵبەست کەژاوەى گریان، کاوەى ئاسنگەر، توتنەوانى مەلا ئاوارە، کوردوکوردستانى شوکروللەى بابان،کوردستان و کورد دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملۆ، شەرەفنامەى هەژار، هەژار بۆ کوردستان،مەموزین،خیام، کتێبەکانى عەلى شەریعەتى، سەید قوتب ئەمانى دوایى لەتاران چاپکرابوون، کوردوکوردستان ئەمین زەکى بەگ سێبەرگ بوو لەیەک کتێبدا، دیوانى نارى کاکەحەمەى بێلو، دیوانى ئەفخەمى، دیوانى تاهربەگى جاف، دیوانى ئەدیب، ديوانى ئەدەب، ملوانکەى شین شەریف،تارک وڕوون و ناڵەى جودایى و پاشەڕۆکى مامۆستا هێمن. پێکەنینى گەدا حەسەن قزڵجى، پێشمەرگە ڕەحیمى قازى، کتێبەکانى سەیدعبوبەیدوڵاى ئەیوبیان لە تاران چاپدەکران، کتێبەکانى سدیق بۆرەکەیى……، چوارینەکانى بابەتاهیرى عوریان، پێشبینیەکانى عێلی بەگى جاف، زۆرى تریش….

سەرنج و ڕوونکردنەوە
زیندان بۆهەر یەکێکمان نامۆ نییە، زیندان جێگەى زۆرێک لەخەڵکى باش و خەڵکى خراپە، ئێمە تەنیا لەخەڵکە باشەکە دەدوێین کەڕێگەو جێگەیان کونجى زیندانە، نیشتمانپەروەرو دژى نا دادپەروەرى وستەم خەڵکانێک دەنگى ڕەوا بەرزدەکەنەوەو بەگژ نادادى کۆمەڵگەو ستەمدا دەچنەوەو ژوورە تاریک وشێدارەکان جێگەو ماڵییانەو زیندان مەنزڵگایان، هەر بەهۆى نادادى و پێشێلکردنى ماف و ستەمى کۆمەڵگەو دەسەڵاتەوە، ئەوانەى بەرگریکارن لە کۆمەڵ و زوڵملێکراوان زیندان و مەرگ و لەسێدارەدان هەڵدەبژێرن و باکیان لەگیانفیداى خۆیان لەپێناوى سەربەستى و ئازادیدا نییە، کەواتە سیاسەت و بەگژداچونەوەى دەسەڵاتێکى ستەمکار پێویستى بە خەبات و تێکۆشان و خۆفیداکارى و گیانبەخشین و ژوورى تاریکى زیندان هەیە، بۆیە تا نادادپەروةرى وستەم هەبێت لە ناو کۆمەڵگەدا زیندان و خۆفیدا کردن بەگیان وجەستە هەردەبێت.

بوارى ڕۆشنبیرى و زیندان
لەمێژووى مرۆڤایەتیدا هەڵوێست و گییان فیداییى شاعیران و ڕۆشنبیران و هونەرمەندان بەگشتى مێژووییەکى دورو درێژەو قوربانیدان و گیانبەخشینى توێژە ڕوناکبیرو هۆشیارەکەى نێو کۆمەڵگە مێژووییەکى پرشنگدارو لە مێژووى مرۆڤایەتیدا، هەزاران ڕۆشنبیرو نووسەرو هونەرمەند،زاناى بەهەڵوێست لەسەر بەرهەم و نوسین و بۆچوونە جیاوازو ناتەباکانیان لە دەسەڵات و کۆمەڵگە ڕووبەڕووى تیرۆر و کوژران و زیندان و دەربەدةرى بوون، بوونەتە جێگەى شانازى گەل و نەتەوەو کۆمەڵگەکەیان، گەلى کوردیش بەدەرنییە لەشانازى ئەم توێژەى کۆمەڵگەى کوردى، دەیان نووسەرو ڕوناکبیرو هونەرمەندو تێکۆشەر لەسەرهەڵوێست و بەرهەم و بۆچوونە جیاوازو ناتةبەکانیان لەبەرانبەر دەسەڵات و بەرگرى لە ماف و ئایندەى خەڵک، یان گیانیان فیدا کردووە یان کونجى زیندان جێگەیان بووە، دەیان نووسەرى وەک شاکرفەتاح، عەبدولخالق مەعروف، دڵشاد مەریوانى جەمال عیرفان، ڕەئووف زوهدى،مەلاعەلى… لەپێناوى گەلدا شەهیدبوون وتیرۆر کراون، ئەویش لە سەر بەرهەم و هەڵوێست و بۆچونە جیاوازەکانیان بووە، لە دژى ستەمى دەسەڵات و ڕێگگرى بووە لە سەربەستى و ئازادى گەل.دەیانى وەک کامەران موکرى، حەمەساڵح دیلان و… لەسەربەرهەم و هەڵوێستە بەرزەکانیان و بەرگرى لەخەڵک و نیشتمان، زیندان و ژوورە شێدارەکان جێگەیان بووە.
كۆمکاريى زیندانیيە سیاسییەکان
دواى ڕاپەڕینى زستانى ساڵى ١٩٩١، چەندین ڕێکخراوى سیاسیى ئەدەبی کۆمەڵایەتى و مرۆیى جۆربەبەجۆر لە کوردستان بەهۆیى زەمینەسازى و لە بارى هەلومەرجەکەوە دامەزران، یەکێک لەو ڕێکخراوانە یان لەو سەندیکا دامەزراوانەى، دامەزران بۆ بەرگرى لەزیندانیان(کۆمکارى زیندانیانى سیاسیى کوردستان)بوو، ڕۆژێک بەڕێزان مامۆستا محەمەد مەحموودو خالید حەمەکاکۆڵم بینى، وتیان تۆ ئاگادارى کەئێمە لە ناواڕاستى ساڵانى هەشتادا بەهۆى کتێب وبڵاوکراوەکانیانەوە، لە شەقامى مەولەوى تەنیشت پۆستە دەستگیرو زیندانى کراوین، منیش وتم زۆر ڕاستەو زیاتر لە ساڵێک لەزیندان مانەوەو هەرباش بوو بەو کتێبانەوە ڕەمى نەکران و نەکوژران، ئەوان وتیان بۆیە بەتۆ دەڵێین: بەڵکو هاوکارى مان بکەیت بەشایەتى دان بۆمان لەڕێکخراوى کۆمکارى زیندانە سیاسییەکان بۆ ئەوەى پێناس وەرگرین و ببین بەئەندام لەو ڕێکخراوەدا، منیش گوتم بەسەرچاو هەرکاتێک بتانەوێت دێم لەگەڵتان و شایەتى دەدەم، بەڵام دیارە ئێوە زیندانبوون لە بەندیخانەو ماوەیەکى زۆریش هەردوکتان ماونەتەوەو مەسەلەوهۆکارى دەستگیرکردنتان کتێب و بڵاوکراوەکان بووەو ئیتر شایەدى بۆچییە؟ ئەوان گوتیان وتویانە تا ئێستا دۆسێ وبابەتى لەم جۆرەمان لەسەر گرتنى ئێوەو مانان بەکتێبەوە بۆ نەهاتووەو ئێوە یەکەم کەسن کەداواتان پێشکەش کردووە لە سەر ئەم بابەتەو داواى پێناسى زیندانیانى سیاسیى دەکەن، منیش ئامادەیى خۆمم دەربڕى و لەگەڵیان چۆم بۆڕێکخراوەکە، ئەوکاتە بنکەیان لەکۆتایى شەقامى سابوونکەران و نزیک ناوەندى ڕۆژهەڵات و دوکانى ناوبەهاربوو، کەمن چووم ئەو برادەرەى لەوێ بوو وتى: دەتوانى سوێند بخۆى کە ئەم دوو کەسە واتە: محەمەد مەحمودو خالیدکاکۆڵ لەسەر کتێب و چاپەمەنى قەدەغە دەستگیرکراون و زیندانى بوون، منیش بەدڵنیاییەوە وەڵام دایەوەو ڕووبەڕوو ووتى: تائێستا بابەتى لەم جۆرەو زیندانى کردنى کەسایەتیمان لەسەرکتێب و چاپەمەنى قاچاغ و قەدەغە بۆ نەهاتووەو ئەمە یەکەمجارە لەم جۆرە بابەتە دەبیستین و تۆمارى دەکەین، بۆیەپاش وتەکانم کەوەرگیران، وفۆرم و دۆسییەکە دەوەڵەمەندکرا ناویان تۆمارکرا، پاش ماوەيەک مامۆستا محەمەدم بینیەوە وتى: ئەوکاتەى تۆمان بردوو ماندومان کردى وشایەدییت دا بۆمان، تا ئێستا پێناسیان نەداوە پێمان و وتویانە چاوەڕێ بکەن ئەم بابەتەو گیرانى ئێوە زۆر نامۆو غەریبە، بەڵام وەک ستەم ستەم وپێشێلکارى لەمافى ئەم دووکەسەدا کراو تائێستا وەک زیندانى سیاسیى وڕۆشنبیرى پەسەند نەکراون، ئەوەش بەپێشێلکردنى مافى ئەم دووکەسە دەدرێتە قەڵەم بەداخەوە، بەڵام ئەم دەستگیرکردن و زیندانییەى مامۆستا محەمەدو خالید کە لە سەر کتێب و چاپەمەنى زیندان ودەستگیرکراون جێگەى شانازى وسەربەرزى ئەم دوو کەساییەتییە لەمێژووى خۆیاندا.

زیندان و کتێب
زۆرێک لە خەڵکى نیشتمانپەروەر بەهۆى بڵاوکردنەوەى کتێب و بوارى ڕۆشنبیرییەوە، لەزیندانەکانى بەعس و ڕژێمەکانى ترى پڕ لە ستەمى داگیرکەرانەوە کەوتونەتە ژوورەکانى زیندانەوەو ماوەیەکى زۆر ژیانیان تێدا گوزەراندووە، من تەنیا دوو کەس لەو کەسانە دەخەمە پێش چاوانى ئێوەى بەڕێز کە لە سەر بڵاوکردنەوەى کتێب و چاپەمەنى دەستگیرکراون و ماوەى ساڵێک زیاتر لەزیندانى بەعس لە شارى سلێمانى ماونەتەوە، ئەویش مامۆستا محەمەد مەحمود مستەفا حاجى مامەندى و خالید محەمەدکاکۆڵ بوون،کە لە یاداشتەکانیاندا چۆنێتى دەستگیرکردن وهۆکارو مانەوەیان لەزیندان و بەندیخانەکانى حکومەتى بەعس لەبیرەوەرییەکانیاندا دەخەنە ڕوو، ئەوەش بۆ بوارى ڕۆناکبیرو رۆشنبیرى زۆر گرنگەو مێژوویەکى پێویستە کە لە بارەیانەوە بدوێین، ئازارو نەهامەتى و ناڕەحەتى ئەم جۆرە کەسانە بخەینە ڕوو،هەروەها خەڵکانى ڕۆشنبیرو خوێندەوار لێیبەئاگابن،هەرچەند پێش ئەمانیش چەندین کەس بەهۆى بڵاوکردنەوەى کتێب وچاپەمەنییەوە کەوتونەتە بەندیخانەو زیندانەوەو ماوەیەک ژیان وتەمەنیان تێدا گوزەراندووە، وەک مامۆستا ئەنوەر برزوو،مەلاحەسەن محەمەد، کەمال حەمەسعیدمەروێی، یوسف مەلاحەسەن، مەحموود خاکى، عومەر عەبدولڕەحمانى کتێبخانەى سلێمانى،شێخ ئەنوەر، یوسف محەمەد،… وە گەلێک کەسى تر کەبەهۆى چاپەمەنى وبڵاوکردنەوەى کتێبى قەدەغەکراوەوە لەلایەن ئاسایشى ڕژێمى سەرکووتکەرى بەعسەوە لەزیندان و بەندیخانەکانى حکومەت توندکراون و جۆرەها ئازارو ئەشکەنجە دراون کە نمونەى ئەو ئازارو زیندانیکردنانە لە بەندیخانەکان لەم دوویاداشت و بیرەوەرییانەدا دەبینرێت.

یاداشتى زیندان
بەهۆى کتێبە قەدەغەکانەوە

(1)
محه‌مه‌د مه‌حموود مسته‌فا
(٢٤ــ٦ــ١٩٨٤ تا٣٠ــ٦ــ١٩٨٥

چۆنیه‌تی دەستگیرکردنم لەلایەن ئه‌منی سلێمانی
له‌ به‌هاری(1984) له‌ ڕۆژێكی ڕه‌شه‌بادا، ئێواره‌یه‌ك كه‌ سه‌رقاڵی دانانى كتێب و گۆڤارو بڵاوكراوه‌كانم بووم له‌ نزیك به‌رده‌كی سه‌را نزیك پۆستەى سلێمانى لە شەقامى مەولەوى، كه‌سێكی جامانه‌ به‌ سه‌ری كورته‌ باڵا كه‌ له‌ ‌ له‌ پیاوێكی هەژار ده‌چوو شه‌ڕواڵه‌كه‌ی زۆر كورت بوو، وتی: كاكه‌ گیان ئه‌م په‌رتووك و كتێبانه‌ هی كێن؟ هی تۆن؟ ئێمه‌ ئه‌و كاته‌ زۆر ده‌ترساین له‌و جۆره‌ پرسیارانه‌و هه‌موو كوردێك ده‌یزانی كه‌ پیاوانى ڕژێم چه‌ند ‌ترسناك و سامناك بوون، به‌ڵام هەڵەم کردو بەدڵێکى پاکەوە یان لەنەزانیەوە، بێ سێ و دوو وتم، به‌ڵێ: یه‌كسه‌ر ده‌مانچه‌یه‌ك له‌ دواوه‌ خرایه‌ سه‌ر سه‌رم، كه‌ سه‌یرم كرد پیاوێكی ڕه‌شتاڵه‌ی درێژ بوو. بردیانم بۆ لای به‌ریده‌كه‌و خستيیانمه‌ به‌ڕازیلیيه‌كی شینه‌وه‌، كه‌ سه‌یرم كرد براده‌رێكی تریان گرتبوو (خالید حه‌مه‌ كاكۆڵ). بردیانین بۆ ئه‌منی به‌لده‌ له‌ لای زانکۆى سلێمانی كەکەمپى کۆن، له‌وێ هه‌ندێ پرسیاریان لێكردین و سوێندیان خوارد ئه‌گه‌ر ڕاست بڵێین هه‌ر هه‌مان شه‌و ده‌چینه‌وه‌ ناو خێزانی خۆمان، به‌ڵام وه‌ڵامه‌كانی ئێمه‌ به‌ دڵی ئه‌وان نه‌بوو. له‌ پاش ترسانێكی زۆر و لێدانی چه‌ند زلله‌یه‌ك هه‌ر ئه‌و شه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی ئه‌منی سلێمانييان كردين. له‌ ئه‌منی سلێمانی هه‌ر دووكمان پێكه‌وه‌ بووین، پێیان وتین ئێوه‌ گه‌نجن سه‌ره‌تای ژیانتانه‌ ڕاستیمان پێ بڵێن، وه‌ڵاهی ده‌چنه‌وه‌ ناو كه‌سوكارتان. ئه‌م كتێبانه‌ قه‌ده‌غه‌ن دژی شۆڕشن(الثورە)، له‌ كێتان كڕیوەو وه‌رگرتووه‌.. له‌ كوێوه‌ هێناوتانن.. چۆنتان ده‌ستكه‌وتووه‌.. له‌ وه‌ڵامدا وتمان وه‌ڵاهی له‌ ده‌ستی خه‌ڵك له‌ بازاڕ كڕیومانه‌و نایان ناسین. من وتم: ئایا تۆ شتێك له‌ بازاڕ بكڕیت به‌ كه‌سه‌ فرۆشیاره‌كه‌ ده‌ڵێیت ناوت چییه‌؟ زۆر تووڕه‌ بوون و یه‌كسه‌ر چاویان به‌ستینه‌وه‌و زۆریان لێداین و به ‌چاو به‌ستراوەوە كردیانینه‌ ده‌ره‌وه‌و خالیدی حه‌مه‌ كۆڵیان بانگكردە‌ ژووره‌وه‌، به‌ مه‌زنده‌ زیاد له‌ نیو سه‌عاتی پێچوو، له‌و ماوه‌یه‌دا كه‌ ده‌نگی پۆستاڵ و قاچیان ده‌هات شەڕى دەروونییان له‌گه‌ڵ ده‌كردین و ده‌یان وت له‌ دوای لێدان و كاره‌باو ئه‌شكه‌نجه‌ی زۆر ڕه‌میان ده‌كه‌ینەوە.. پاشان منیشیان برده‌وه‌ ژووره‌وه‌و یه‌كسه‌ر وتی: هاوڕێكه‌ت كه‌ ناوی خالیده‌ هه‌موو ڕاستیيه‌كی پێوتوين و چۆتە ماڵه‌وه‌، تۆش هه‌ر وه‌كو ئه‌و ڕاستيی بڵێيت، چونكه‌ گه‌نجیت و، بۆ ژیانی خۆت ده‌خه‌یته‌ دۆزه‌خ و مەترسییەوە‌. وتم: هه‌ر چیم پێوتوون هه‌ر ئه‌وه‌یەڕاستییەکەى‌، من له‌ پێناوقوت و ژیاندا ئه‌وه‌م كردووه‌، نه‌مزانیوه‌ کتێبەکان قه‌ده‌غه‌ن. وتی وێنەى هەڵگەڕاوەو خۆفرۆش جه‌لال تاڵه‌بانی.. كه‌ ئه‌و‌ دژی حكومه‌ته‌؟ ‌وتم من سه‌یری ئه‌و كتێبه‌م نه‌كردووه‌.. وتی: ته‌نها یه‌ك كتێب نییه‌، زیاتر له‌ بیست كتێبی وه‌های تێدایه‌، به‌ڵام ئێوه‌ هه‌ر له‌ منداڵی سه‌ر بێشكه‌وه‌ هه‌ر فێری خیانه‌ت و درۆ ‌كردنن، به‌ شه‌ق نه‌بێت یه‌ك وشه‌ی ڕاست له‌ ده‌متان ناكەوێتە خوارەوە.. كه‌وته‌ لێدانم به‌ كێبڵ، به ‌جۆرێك هیچ مرۆڤێك ناتوانێت گیانله‌بەریش ئاوها ئازار بدات.. به‌ ده‌م لێدانه‌وه‌ به‌رده‌وام جوێنی ده‌داو وشه‌ی دووباره‌ نه‌ده‌كرده‌وه،‌ هه‌تا له‌ هۆش خۆم چووم. كاتێك به‌ ئاگا هاتمه‌وه‌ له‌ ژوورێكدا بووم ته‌نها یه‌ك به‌تانی تێدا بوو. هه‌موو دیواره‌كان نووسرابوون،دیمه‌نێكی ترسناك، لەسەر دیوارەکان نووسرابوون ئاخ خوایه‌ چیم كردبوو ئه‌مه‌ت به‌سه‌ر هێنام، به‌ خوێن نووسرابوو كوردستان، كه‌ ڕاستی یادگارییه‌كه‌ هه‌رگیز له‌ یاد ناچێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌و كاته‌دا دڵم پێی خۆش بوو سه‌یرم كرد، خالید له‌ ژووره‌كه‌دا بوو، دۆخى له‌ من باشتر نە بوو، وتم ئۆخه‌ی خالید ئه‌وه‌ لێره‌یت.. وتی: بۆ پێت خۆشه‌ وتم: ئه‌منه‌كان وتویانه‌ تۆ ئازاد بووى، ڕاستیيه‌كانت دركاندووه‌، ئۆخه‌ی كه‌ درۆ بوو. زۆری پێنه‌چوو دوو هاتنه‌ ژووره‌وه‌، یه‌كه‌میان وتی: تعال جلال، وتم من جه‌لال نیم محه‌مه‌دم.. دیار بوو جگه‌ (كۆماری كورد) (شراره‌) یه‌ك له‌ ناو كتێبێكاندا بوون، ئه‌ویشیان بینیبوو.لە پڕ یه‌ك زلـله‌ی باشی لێدام و هه‌روه‌ها زلـله‌یه‌كیشى له‌ خالیدیشدا، وتی: نه‌تان ده‌زانی كه‌ خیانه‌ت به‌ری كورته‌، به‌سزای خۆتان ده‌گه‌ن. ده‌بێت بتان كه‌ین به‌ په‌ند بۆ هاوكارانتان. ئه‌وان دڵسۆزانه‌ له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگدا به‌رگری ده‌كه‌ن. ئێوه‌ش لەپشتەوە خه‌نجه‌ری ژه‌هراویمان لێده‌ده‌ن! ئه‌و چووه‌ دواوه‌و ئه‌منه‌كه‌ی تر هات وتی: ئه‌وە قوتوویه‌كه‌ به‌كاری بهێنن بۆ پێویستی، وه ا‌للە یه‌ك قه‌تره‌ پیسی بكه‌وێت ده‌بێت به‌ زمان خاوێنى بکەنەوە، یه‌كی دوو كێبڵی باشی گه‌یاندینێ و ڕۆیشتن. ئه‌و شه‌وه‌ له‌ به‌ر ئازاری لێدان كه‌سمان خه‌ومان لێنه‌كه‌وت. هه‌ردووكمان به‌ ته‌مای ژیان نه‌مابووین. به‌ده‌م گریانه‌وه‌ وتمان ئێمه‌ خۆمان ڕۆیشتین توخوا با لێدان كۆڵمان پێ نه‌دات. په‌یمانمان بە یه‌كدا. من درۆیه‌كه‌یانم بیری خالید هێنایه‌وەو‌ وتم :خالید من توانیم ئه‌و درۆیه‌م به ‌سه‌ردا تێپه‌ڕێ، كه‌ وتیان تۆ به‌ربوویت یه‌ك وشه‌یان پێ نه‌دركاندم. به‌یانی پیاوانى ڕژێم هاتن بردیانین، به‌ڵام نەماندەزانى كات چه‌نده‌، چونكه‌ هه‌تا قه‌ڵه‌م و پاره‌و هه‌رچیيه‌كمان پێبوولێیان وەرگرتبووین. گه‌یشتمه‌ به‌ر قادرمه‌یه‌ك قاچم به‌ر قاچی كه‌وت، وتی: گه‌واد (حاقید)ن ئه‌وه‌ به‌ ئاره‌زوو شه‌قم تێهه‌ڵده‌ده‌یت؟ وتم وەللە نەم زانى، شه‌ق و شه‌قاز للـه‌یەكی زۆربەهێزى لێدام و وه‌ك جاران بردميیان بۆ ژوورى‌ ئه‌شكه‌نجه‌دان و هه‌ر وه‌ك جاران وتی: به‌شه‌ره‌فم به‌ویژدانم ئه‌مه‌ دوا ساته‌كانی ژیانته‌ ڕاستى بڵێ و بچۆره‌وه‌ ناو كه‌ سوكارت،‌ ئه‌گه‌ر ڕاستی نه‌ڵێیت: كه ‌سوكارت هه‌مووی ده‌گرین.. وتم وه‌للە ئه‌وه‌ هه‌موو ئه‌و ڕاستیانه‌یه‌ كه‌ ئه‌یزانم و هیچی تر، من درۆ ناكه‌م. وتی: درۆ.. درۆ.. بۆ ڕاست ده‌زانن!! توخوا ئێوه‌ شایسته‌ی ژیانن كه‌وته‌ لێدانم و وتی: ئه‌م جاره‌ش قه‌یناكات ناتۆپێنم وه‌كو سه‌گ، به‌ڵام باش بیری لێبكه‌ره‌وه. دوای ئه‌وه‌ به‌ چاو به‌ستراوی بردیانمه‌وه‌ ژوورەوە‌.(خالیدی حه‌مه‌ كاكۆڵ) كه‌ له‌ من به ‌ته‌مه‌نترو چاوكراوه‌تر بوو وتی: با هه‌وڵێكی ڕاكردن بده‌ین، وتم چۆن؟ وتی با له‌م په‌نجه‌ره‌یه‌يی سه‌ره‌وه‌ ڕابكه‌ین، وتم ئه‌ی چۆن ساحیبه‌كه‌ ده‌ربهێنین؟ وتی: من ئه‌چمه‌ سه‌ر پشتی تۆ و ئه‌گه‌ر زانیم ڕێگه‌ هه‌یه‌ بۆ هه‌ڵاتن ساحیبه‌كه‌ ورده‌ ورده‌ ده‌رده‌هێنین. وتم (خالید) پێمان بزانن زۆر خه‌ته‌ره‌.. وتی: چ هیوایه‌كی ژیان هه‌یه‌ بۆ ئێمه‌ جگه‌ له‌مه‌؟ (خالید) چووه‌ سه‌ر پشتی من ده‌ستی گه‌یشته‌ ساحیبه‌كه‌و خۆی به‌رز كرده‌وه‌و سه‌یری كرد وتی: به‌داخه‌وه‌ هێزێكی زۆری لێیه‌و ناتوانین هه‌ڵبێین. ئیتر هیچ هیوایه‌كی هه‌ڵهاتن لەلامان نه‌ماوبێئومێد بووین لە بیرۆکەکەمان. جار جاره‌ ده‌هاتن به‌ر زللـه‌یان ده‌داین. چه‌ندین جار لێدان و ئه‌شكه‌نجه‌دان دووباره‌ دە بووه‌وه. هه‌موو جارێك چه‌ندین درۆیان ده‌كرد كه‌ ئه‌مه‌ ئاخر ڕۆژی ژیانمان ده‌بێت. به‌ڵام هه‌ر وه‌ك جاره‌كانی پێشتر به‌درۆ ده‌رئه‌چوو. چه‌ندین جار ده‌یان وت: كاره‌باتان لێده‌ده‌ین. هه‌ڵتان ده‌واسین، به‌ڵام هیچی هێنده‌ی ئه‌وه‌ كاریگه‌ر نه‌بوو كه‌ ده‌یانوت كه‌سوكارتان ده‌هێنینە ئێرە. خۆزگه‌ ئه‌و دیمه‌نانه‌ وه‌ك خۆی بتوانرایه‌ به‌ پێنووس نیشانبدرێت.. حه‌زمان ده‌كرد یه‌كجار ڕۆحمان ده‌ربچێ و نه‌جاتمان بێت. له‌گه‌ڵ (خالید) باسی ژیانمان ده‌كرد ده‌مانوت: خۆزگه‌ خودا ئه‌م ته‌مه‌نه‌ی كۆتایی پێبهێنایه‌، چه‌ندین جار له‌ خودا ده‌پاڕاینه‌وه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌.. ده‌مان وت: گریمان ئێستا به‌ربووین و ئازادین، ئایا ئه‌م بەندیخانەیە له‌و ئازادییه‌ خۆشتر نییه‌.. له‌ بەندیخانەیەکى بچووكه‌وه ده‌چینه‌ بەندیخانەیەکى گه‌وره‌تر. له‌م قسه‌و باسانه‌دا بووین ئه‌وه‌نده‌مان زانی گه‌نجێكی قژ زه‌ردی جوانیان هێنا. هه‌موو گیانی هه‌ر خوێن بوو. هه‌ر له‌ ده‌رگاكه‌وه‌ یه‌ك پاڵیان پێوه‌ نا به‌ ده‌مدا كه‌وت. به‌ ئێمه‌یان وت: یا اللە گه‌وادینه‌ بێنه‌ ده‌ره‌وه‌. بردیانینه‌ ژوورێكه‌وه‌ كه‌ سه‌یرمان كرد زیندانیيه‌كی زۆری لێیه‌.لاوێک به‌ ناوی (مام هه‌ژار)ه‌وه‌ پێشوازی لێكردین و یه‌كسه‌ر بێ ئه‌وه‌ی بوار بدات به‌ده‌نگێكی به‌رز وتی: ئاگاتان له‌ خۆتان بێت نه‌ڵێن: زیندانین، پیاو خراپمان تێدایه‌، چیتان وتووه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ بڵێن: ئێمه‌ ده‌بێت شانازی به‌م گه‌له‌وه‌ بكه‌ین كه‌ هه‌موو لێدان و ئه‌شكه‌نجه‌دانى دوژمنان نه‌یتوانیوه‌ یه‌ك زه‌ڕه‌ له‌ هێزی نیشتمانپه‌روه‌ری و هه‌ڵوێستی جوامێرانه‌ی پیاوێكی وه‌ك (مام هه‌ژار) له‌ق بكات، به‌ڵكو به‌هێز ده‌بێت و هه‌وڵی ڕزگاركردنی گیانی كوردێك ده‌دات كه‌ هه‌رگیز نه‌یدیوه‌ له‌ زینداندا نه‌بێت. ده‌بێت چ ڕۆحێك بێت. ده‌بێت چ هه‌ستێك بێت كه‌ خۆی له‌ ئێمه‌ دۆخى باشتر نییه‌، به‌ڵام گیانی ئێمه‌ لا گرنگتره‌ له ژیانی خۆی! هه‌زار دروود… هه‌زار سڵاو.. هه‌زار جار ئافه‌رین.. هه‌زار هه‌زار جار ده‌ستخۆش كه‌ نه‌تهێشت بكه‌وینه‌ ته‌ڵه‌ی دوژمنه‌وه‌و گیانت ڕزگار كردین. خۆزگه‌ ئه‌مانه‌ نموونه‌یان گه‌شاوه‌تر بوایه‌و هه‌رگیز له‌ یاد نه‌چونایه. ئاخۆ ئه‌و پیاوه‌و چه‌ندین قاره‌مانی تر بووبن كه‌‌‌ڕێنمووێنی و ئامۆژگارى هه‌زارانی وه‌كو منیان كردو و گیانی خۆی به‌خت كردبێ له‌ پێناوی خه‌ڵكی تردا، به‌ڵام بوار نه‌ڕه‌خسابێت بنوسرێت، به‌داخه‌وه‌..! ئیتر هه‌ر كه‌س پرسیاری لێده‌كردم له ‌ناو زیندانه‌كاندا وام ده‌زانی له ‌به‌ر ده‌م جه‌للاده‌كاندام زۆر به‌ زه‌لیلی قسه‌م ده‌كرد. ڕۆژانه‌ شته‌كان دووباره‌ ده‌بوونه‌وه‌. له ‌ناو سێ ژوورى زیندانداندا، هه‌ر سێ ژووره‌كه‌ په‌یوه‌نديیان به‌ یه‌كتره‌وه‌ هەبوو. زیاد له‌ حه‌فتا زیندانی تێدا بوو، ئه‌وه‌نده‌ قه‌ره‌باڵغ بوو له‌كاتی نوستندا جێگای ئه‌مدیواو ئەو دیوو نه‌بوو.(مام هه‌ژار) به‌ یه‌ك گوێزان ڕیشی زیندانيیانی ده‌تاشی و دوایی گوێزانه‌كه‌یان لێده‌سه‌نده‌وه‌. زیندانيیه‌كان زۆر له‌ خواردن و پێویستيیه‌كانی ژیاندا دۆخيان خراپ بوو، كه‌ هه‌رگیز ئه‌و بارو دۆخانە به‌ بیری مرۆڤدا نایه‌ت هه‌تا گه‌یشتبووه‌ دۆخێک به‌ چه‌ند زیندانيیه‌ك، یه‌ك جگه‌ره‌یان ده‌كێشا. هه‌ر یه‌كه‌و یه‌ك مژ، كه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێك مژه‌كه‌ی درێژ بوایه‌ ئاگادار ده‌كرایەوە، له لایه‌ن هاوڕێكانیيه‌وه‌.
(خالید) ده‌نگی خۆش بوو، گۆرانی مه‌زهه‌ری خالقی ده‌وت، زیندانیيه‌كان له‌ باتی دڵیان خۆش بێت ده‌گریان.. نموونه‌ی ژیانی سه‌خت ئه‌وه‌ بوو، خواردنی ئێواره‌ به‌جۆرێك خراپ بوو كه‌س نه‌یده‌خواردو وه‌ك خۆی ده‌یانبرده‌وه‌.
ناوی زۆر بەى زيندانيانم له‌ یاد نه‌ماوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ یادما مابێ ئه‌مانه‌ن: (خالیدی حه‌مه‌ كاكۆڵ، مام هه‌ژار، سۆران، جه‌باری شێخ عه‌لی پاڕه‌زان، هاوڕێی حاجی ئه‌حمه‌دی پاڕه‌زان، كه‌مالێكی تر له‌ شانه‌ده‌ر گیرابوو، خه‌سره‌و، حسه‌ین، مه‌لایه‌ك له‌سه‌ر سنوور گیرابوو، حه‌مه‌ی مام عه‌لی، مامۆستا عه‌بدولڕه‌حمان، هه‌ڤاڵ، عه‌بدوڵڵا، سیروان، سه‌یفه‌دین،….).
كه‌ له‌ زینداندا بووین شتی زۆر ناخۆش ڕوویده‌دا. گه‌ر به‌ هه‌ڵه‌دا نه‌چووبم (15/10/1984) بوو ژنێك گیرابوو زۆر ئه‌شكه‌نجه‌ ده‌درا. نزیك ئه‌و ژوورانه‌ی ئێمه‌ بوو، زۆر هاواری ده‌كرد به‌جۆرێك هیچ مرۆڤێك نه‌بووله‌ ده‌نگه‌كه‌ی نه‌گری. سێ شه‌و به‌رده‌وام بوو، ئیتر نازانم به‌ربوو یان شه‌هید كرا. هه‌رگیز ئه‌و ده‌نگ و گریانه‌م له‌ یاد ناچێت. ئه‌و دۆخە به‌رده‌وام به‌ره‌و خراپتر ده‌چوو. ئێمه‌ سه‌رسه‌خت بووین یان مرۆڤ سه‌رسه‌خته‌! هه‌ر یه‌ك ده‌قیقه‌ی به‌ سه‌عاتێك و یه‌ك ڕۆژی به‌ دوو مانگ ده‌بوو له‌ درێژیدا. ئه‌و كوردپه‌روه‌رانه‌ی كه‌ دۆمینه‌و شه‌ترنجیان له‌ ناوى سه‌موون دروست ده‌كرد و به‌ره‌نگاری دوژمن ده‌بوونه‌وه‌و له‌ژێر دۆشه‌ك و به‌تانیيه‌كاندا ده‌یانشارده‌وه‌و شه‌وگاری دڵه‌ڕاو‌كێ و ترس و تۆقاندنيیان پێ كورت ده‌كرده‌وه‌..
هه‌زاران سڵاو له‌ گیانی پاكی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ڕۆحی پاكیيان به‌خشی و دنیای ئازادیان پێبه‌خشین.


(2)
ياداشتيى خاليدحەمە کاکۆڵ

خۆزگه‌و ئاواته‌كانم تاسان-ده‌روونم بوو بوو به‌ لانه‌ی دیمه‌نه‌ ترسناكه‌كان ئه‌و دیمه‌نانه‌ی كه‌ لاوانی ئه‌م خاكه‌ تیادا ئەشکەنجە‌ ده‌دران و له ‌ناو تابووتی مه‌رگدا، نه‌بوون به ‌دیاری بۆكه‌سوكاریان.
به‌ڵێ: هه‌موو ئه‌گه‌رێك له‌ ئارادا بوون بۆ من له‌ پێش چاوم دیمه‌نی لێدانی كێبڵ، كاره‌با، پانكه، بوونى هەبوو.
تاریكی ئەشکەنجەدان، به‌ڵام خۆڕاگری به‌ سه‌ر هه‌موو ئه‌مانه‌دا هێزی پێدەبە‌خشیم و زیاتر به‌خۆمم ده‌گوت: من له‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌ زیاتر نیم و پێویسته‌ وره‌م به‌رز بێت. نابێ بهێڵم دڵیيان خۆشبێت،ئەوکاتەى دەستگیرکرام ده‌یوت بۆچی وه‌ستاوی- خێراكه‌ كتێبه‌كان بخه‌ره‌ ناو سندوقی ئۆتۆمۆبێله‌كه‌وه‌، كتێبه‌كانم خێراوبەپەلەپەل وترسەوە دەخسته‌ سندوقی دواوەى ئۆتۆمۆبێله‌كه‌و به‌ پاڵ خۆیشمان خسته‌ كوشنی دوای شۆفێرەکەوە، كه‌مێك دوای من كوڕێكی گه‌نجی تریان هێناو هه‌مان ده‌ستوور به‌پاڵ خزاندیانه‌ ته‌نیشتم- دوو چه‌كدار ئه‌ملاو ئه‌ولایان لێ گرتین و ئۆتۆمۆبێله‌كه‌ به‌ره‌و شەقامى بانک بۆ سه‌ره‌وه‌ڕۆیشت،-خه‌ڵكه‌كه‌ هه‌موو لە سەرشەقامەکەوە‌ سه‌یريیان ده‌كردینو منیش له‌ دڵی خۆمدا هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كانم بۆ مان و نه‌مان لێك ده‌دایه‌وه‌و ڕاوێژم به‌ خۆم ده‌كرد له‌ چۆنیيه‌تی خۆده‌رباز كردن و لێکۆڵینەوەو قسه‌كردن. هه‌موو هیوایه‌كی خۆده‌ربازكردن بڕابوون. ته‌نها كلیلی ڕزگاری زمان و خۆڕاگری بوون. له‌ دڵی خۆمدا زۆر شتم ده‌گوت و دوایی بێ سوود له‌ قه‌ڵه‌مم ده‌دا. تۆ بڵێی ئه‌و برازایه‌م كه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌و له‌ تیپی ( ) (ی.ن.ك) ه‌ زانیاری یان له‌باره‌یه‌وه‌ نەبێ. ئا ئه‌م زمانلێدانە، تۆ بڵێی كه‌ سوكارو دایك و خوشكمان بهێنن و ئیهانه‌مان كه‌ن؟ تۆ بڵێی… تۆ بڵێی…. گه‌یشتینه‌ ئه‌منی به‌لده‌- كتێبه‌كانیان داگرت و بردیاننه‌ ژووره‌وه‌- كتێبه‌كانیان هه‌ڵڕشت- كه‌سێك كه‌ كورد بوو ناونیشانی كتێبه‌كانی ده‌خوێندنه‌وه‌-نزیكی نیو سه‌عاتمان له‌وێ پێچوو. چاوی من و ئه‌و كوڕه‌ش كه‌ دوایی ناوم زانی (محه‌مه‌د مسته‌فا سه‌عید) بوو به‌سترایه‌وه‌- من به‌ پشتێنه‌كه‌ی خۆم- توندبەستیانمەوە و كتێبه‌كانیان كۆكرده‌وه‌و دیسانه‌وه‌ به‌پاڵ خۆمان و كتێبه‌كانيیان خسته‌وه‌ ناو ئۆتۆمۆبێله‌كه‌و به‌ره‌و خواره‌وه‌ كه‌ به‌پێی ئاڕاسته‌ی ئۆتۆمۆبێله‌كه‌ دیار بوو به‌ره‌و ئه‌من ده‌چووین، هه‌ر له‌گه‌ڵ وه‌ستانی ئۆتۆمۆبێله‌كه‌ دایان گرتین و به‌ پاڵ و به‌ شه‌ق یه‌كێكیان له‌ دواوه‌ جار جار شه‌قێكی تێ هه‌ڵده‌دام و چاوم به‌سترابووە، قاچم هه‌ڵده‌كه‌وت له‌ قادرمه‌، به‌ عه‌ره‌بی جنێویان ده‌داو سه‌ریان ده‌خستم تا له‌ ژوورێك كه‌ دیار بوو شوێنی لێكۆڵینه‌وه‌ بوو كردمیانه‌ ژووره‌وه‌. دیسانه‌وه‌ یه‌ك به‌ یه‌ك كتێبه‌كانیان ده‌خوێنده‌وه‌و كوڕێك وەرگێڕانى كتێبه‌كانى دەکردە زمانى عەرەبى،-جار جار جنێویان ده‌داو ده‌یان وت گه‌وادانه‌ ئه‌م كتێبانه‌ چین؟ مه‌حه‌مه‌د كه‌ له‌ من منداڵتر بوو وتی: وه‌ڵڵاهی ئێمه‌ له‌ خه‌ڵكمان كڕیوه‌، ئه‌وانیش ده‌یان گوت ئێستا هه‌موو شتێكتان پێ ده‌ڵێین:لێكۆڵه‌ره‌كه‌- به‌ ته‌نها منی داناو جیای كردینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ (محه‌مه‌د). ئه‌مجا لێی پرسیم- تۆ ناوت چییه‌- وتم: (خالید)- وتی: بابه‌ تۆ كوڕێكی گه‌نجی و پێویستت به‌ ژیان هه‌یه‌، ده‌زانین كه‌ ڕقت له‌ ئێمه‌ نییه‌و ئه‌مه‌ش كردووته‌ هه‌ڵه‌یه،‌- بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ڕاست و به‌بێ پێچ و په‌نا هه‌موو شتێك بڵێیت: ئه‌وا ئێمه‌ش به‌ره‌ڵات ده‌كه‌ین، به‌شه‌ره‌فم هیچت لێناكه‌ین به‌س پێمان بڵێ له‌کوێهێناوتانەولە كێتان كڕیوه‌؟ ئه‌وانه‌ی بۆیان هێناون كێن؟ ناویان چییه‌؟ وتم من نازانم له‌ كه‌سی دیاریكراومان نه‌كڕیوه‌و نایان ناسین. زۆر له گه‌ڵما خه‌ریك بوون به‌ نه‌رمی،-زانييان هیچييان ده‌ست نه‌كه‌وت و بێ هیوا بوون، ئه‌مجا به‌ كێبڵێك كه‌ دیار بوو ناوی هه‌مووی وایەر بوو ده‌ستی كرد به‌ لێدانم- به‌ هه‌موو هێزی خۆی هه‌ر له‌ ملمه‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌ ماوه‌یه‌ك به‌رده‌وام بێ به‌زه‌یی و دوور له‌ هه‌موو ویژدانی مرۆڤایه‌تی شوێن بەشوێنى له‌شم جار له‌گه‌ڵ جار و جه‌سته‌م له‌ژێر لێداندا ده‌یناڵاند ئازارم زۆر بوو، زیاد له‌ چاره‌كێك به‌م جۆره‌و بێ وه‌ستان له‌ ژێر لێداندا بووم.. تا خۆی ماندوو بوو ئه‌ينجا وه‌ستاو وتی: ها ده‌ڵێیت چی؟ ده‌ته‌وێت به‌رده‌وام لێت ده‌م یان ڕاستیمان پێ ده‌ڵێیت:؟ هیچم نه‌وت، به‌ڵام له‌ دڵی خۆمدا ده‌مگوت خوا بكات هه‌ر كێبڵ بێت. به‌ڵام ئه‌و دیسانه‌وه‌ ده‌ستی كرده‌وه‌ به‌ لێدانم و زیاترو توندتر، به‌رده‌وام پشتم زۆر لێدانی به‌رده‌كه‌وت به‌جۆرێك كراسه‌كه‌ی به‌رم شڕشڕ بوو، هه‌ستم كرد پشتم گه‌رم بوو، دیار بوو كه‌ خوێنی لێ هاتبوو، پاش ماوه‌یه‌ك ئیتر هه‌ستم له‌ ده‌ستداو ئاگام له‌ خۆم نه‌ما، به‌ڵام كه‌ هۆشم هاته‌وه‌ له‌ ژوورێكدا به‌ ته‌نها كه‌تبووم، چاوم كراوه‌ بوو، ژوورێكی بچووكی دووبە سێ مەتربوو.
سه‌ره‌تا چاوم به‌ خوێندنه‌وه‌ی نووسراوی دیواره‌كان هه‌ڵهێناو ویستم هه‌ڵسم، به‌ڵام به‌ زه‌حمه‌ت له‌ تاو ئازار ده‌جوڵامه‌وه‌. نووسراوی سه‌ر دیواره‌كان بریتی بوون له‌ هاوارو سكاڵاو دروشمی كوردو كوردستان و شۆڕش، (ئاخ كوردستان، ئیتر نات بینمه‌وه‌، سه‌رشۆڕی بۆ دوژمن… هتد). له‌ به‌ر ئازاری پشتم خۆم خسته‌ سه‌ر لا، هه‌موو له‌شم كوترا بوو، كه‌وتمه‌ بیری (محه‌مه‌د)، ئێستا ده‌بێت له‌ كوێ بێ؟ بۆ ئه‌و دیار نه‌ما؟. برسی و تینووم بوو، تاریكی كردبوو، ته‌نیا ڕووناكی ئه‌و ژووره‌ گڵۆپێك بوو له‌ سه‌رووی سه‌رمه‌وه‌، به‌رانبه‌رم له‌ ناوه‌ڕاستی دیواره‌كه‌ فایبه‌رێكی چوار گۆشه‌ی پێوه‌ نووسابوو، به‌ ئاسته‌م گوێم له‌ ده‌نگه‌ ده‌نگ بوو، هه‌ر له‌ درزی ئه‌و فایبه‌ره‌وه‌ ده‌هات، له‌وه‌ ده‌چوو كه‌ ژووری تر بێت و په‌نجه‌ره‌ی بچووك بێ، سه‌رم به‌رز كرده‌وه‌ بۆ سوچی سه‌ره‌وه‌ی ژووره‌كه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی به‌شی سه‌ره‌وه‌ی ژووره‌كه‌ له‌ پشتمه‌وه‌ ساحیبه‌یه‌ك هه‌بوو ‌كه‌ زۆر بیرم لێ ده‌كرده‌وه‌ بۆ ده‌ربازبوون، ناو به‌ناو گوێم له‌ ده‌نگه‌ ده‌نگ بوو زۆر به‌ نزمی- خه‌ریك بوو ته‌نگاوی و بێزاری ده‌كردم- كوتوپڕ ده‌نگی ناخۆشی كردنه‌وه‌ی ده‌رگاكه‌ هات (محه‌مه‌د) یان هێناو پاڵێكیان پێوه‌ نا بۆ لای من و ده‌رگاكه‌یان داخست، زۆر شپرزه‌ بوو، جله‌كانی هه‌ڵوه‌شاو دڕاو بوو، توانای قسه‌كردنی نه‌بوو، به‌ڵام هۆشی هه‌بوو-زۆر دڵخۆش بوو كه‌ منی بینی و وتی: ئۆخه‌ی ئه‌وه‌ تۆی؟ دیاربوو ویستبويیان چه‌واشه‌ی كه‌ن و قسه‌ی پێ بدركێنن، بۆیه‌ خۆشحاڵ بوو كه‌ منی بینی و دوایی پێی وتم كه‌ ئه‌وان پێیان وتووه‌ كه‌ (خالید) یان به‌رداوەو ئیتر كه‌وتینه‌ قسه‌و باسی لێپرسینه‌وه‌و لێدان-داوای لێكردم كه‌ پاش پشوودان پرسیاری لێبكه‌م له ‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئازاری زۆره‌و توانای نییه‌، بۆیه‌ بڕیارماندا كه‌ چیمان وتووه‌ هه‌ر ئه‌ونده‌بێ،قسه‌كانمان هه‌ڵگرت بۆ دوای پشوودانمان.
شه‌و دره‌نگ دوای به‌ڕێكردنی شه‌وگار ئێش و ئازار، دوای ئه‌وه‌ی كه‌ ئاهێك به‌ گیانماندا هاته‌وه‌- دڵخۆش بووین به‌وه‌ی كه‌ له‌ ئیفاده‌ دا قسه‌و هه‌ڵوێستمان یه‌كێك بووه‌، وه‌ك پێشتر پێکهاتبووین لە سەرى، بۆیه‌ بڕیارماندا له‌ داهاتووشدا هه‌ر بە هه‌مان شێوه‌ یه‌ك هه‌ڵوێست بین، چونكه‌ ده‌مانوت- به‌ جارو دوو جار-ده‌ست بەردارى لێدانمان نابن و پێویسته‌ خۆمانی بۆ ئاماده‌ كه‌ین. ئه‌و شه‌وه‌ به‌ده‌م ئازاری جه‌سته‌مانه‌وه‌ نوستین، كه‌ له‌ سه‌ر پشت نه‌مان ده‌توانی پاڵ بكه‌وین، ته‌نها له ‌سه‌ر ده‌م یان له‌ سه‌ر لا-كه‌ كه‌متر هه‌ستمان به‌ ئازار ده‌كرد. به‌یانی پێش هاتنی ئه‌منه‌كان ئێمه‌ بێدار بووین، كوتوپڕ ده‌رگا كرایه‌وه‌ دیسانه‌وه‌ هه‌مان ده‌ستوور و هه‌مان لێدان، هه‌مان ئیفاده‌ دووباره‌ دەبوه‌وه‌، هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی لێده‌كردم ئه‌گه‌ر هه‌رچی شتێك هه‌یه‌و ده‌یزانم نه‌یڵێم، ئه‌وا كه‌سوكاری خێزانه‌كه‌م ده‌هێننە ناوزیندان، داوای ئه‌وه‌ی ده‌كرد كه‌كێ له‌ نزیكه‌كانم پێشمه‌رگه‌یه‌، ناوی بڵێم- جار جار ده‌ی وت: ده‌زانین كێتان پێشمه‌رگه‌یه‌، باشتر وایه‌ خۆتان قسه‌ بكه‌ن. لێدان هه‌ر كێبڵ و شه‌ق و زللـه‌ بوو، ئیتر ڕاهاتین له‌گه‌ڵ جه‌زره‌به‌و لێدان وئەشکەنجەدان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ده‌ست هه‌ڵگرتنی له‌ لێدان-كاغه‌زێكی هێناو وتی: ئه‌م نوسراوه‌ ده‌بینی كه‌ نووسیوته‌؟ سبه‌ینێ خۆشه‌ویسته‌كه‌ت ده‌هێنین بۆ ئێره‌.. ده‌ڵێی چی؟ دڵته‌نگ بووم، به‌ڵام هیچم نه‌وت، دیسانه‌وه‌ بردمیانه‌وه‌ ژووره‌كه‌ی پێشوو، تۆ بڵێی ڕاست بكه‌ن؟! ئه‌م هه‌موو هه‌ڕه‌شه‌یه‌و هێنانی كه‌سوكارو خه‌ڵكی تر…- نا ده‌یانه‌وێ زانیاریان ده‌ست كه‌وێ و هیچی ترو هه‌تا بۆ جاری سێیه‌میش دیسانه‌وه‌ لێدان و كێبڵ و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ من و (محه‌مه‌د) سێ باره‌ ده‌بوه‌وه‌و هیچیان لێمان هه‌ڵنه‌كڕان، ئیتر ئومێدمان زیاتر به‌ ژیان و به‌ربوون هه‌بوو تا ئه‌و كاتانه‌ی كه‌ له‌ سه‌ره‌تادا ناویى زيندانييەكانم نه‌ده‌زانی، جگه‌ له‌ مام هه‌ژار. به‌ڵام دوایی له‌گه‌ڵ هه‌ندێ له‌ ئه‌وانی تر ئاشنا بووم، وه‌ك مامۆستا عه‌بدولڕه‌حمان كه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ بوو-هه‌ڤاڵ،‌ سۆسیالیست بوو،سۆران- كه‌مال پ. د. ك. بوو، به‌ڵام لام وایه‌ دوای ماوه‌یه‌ك (له‌ سێداره‌ درا). هه‌روه‌ها جه‌باری شێخ عه‌لی پ. د. ك. بوو، خه‌سره‌و- حسێن كه‌لاری. پێشمه‌رگه‌ی (ی.ن.ك) بوو، حه‌مه‌ی مام عه‌لی و هاوڕێی حاجی ئه‌حمه‌د كه‌ وا بزانم جیش شعبی له‌ كاتی خۆپیشاندانه‌كه‌ى بەردەم پەیکەرى کاوەى ئاسنگەر لە شەقامى تووى مەلیک،نزیک مۆڵگەى عوسمان محەمەد فایەقى تاوانبارجەیشى شەعبیەکانى مۆڵگەکە هه‌ڵدابوونه‌ خواره‌وه‌ لای فلكه‌ی كاوه‌ى ئاسنگەر لەکاتى پەردەلادانى پەیکەرى کاوەى ئاسنگەر. وه‌ چه‌ند كه‌سێكی تر كه‌ ئێستا ناویانم له‌ یاد نه‌ماوه‌، زۆربه‌ی كاته‌كانمان باسی هه‌وڵی ده‌ره‌وه‌و خۆڕاگری و چالاكی تازه‌ كه‌ جار جار لە تازه‌ گیراوه‌كانه‌وه‌ پێمان ده‌گه‌یشت، وه‌ یان چیرۆك و جار جاریش گۆرانی كه‌ زیاتر به‌ لای كوردایه‌تیدا بوون. وه‌ك گۆرانيیه‌كانی ئه‌گه‌ڕێمه‌وه‌ی خالقی و لای لای نه‌مامی ژیان، كوردستانی خۆش نیشتمانيی جوان، سه‌ركه‌وتنمان له‌ هه‌ندرێن نابێته‌وه‌… هتد كه‌ زیاتر به‌ ده‌نگی من بوو، شاهیدیش (مام هه‌ژار، مامۆستا عه‌بدولڕه‌حمان، مامۆستا محه‌مه‌د)… تا.
ئه‌و گۆرانیانه‌ زۆر ئه‌منه‌كانی سه‌غڵه‌ت وبێزار ده‌كرد، بۆیه‌ جار جار ده‌هاتن و به‌ تووڕه‌ییه‌وه‌ ده‌یان پرسی- كه‌ كێیه‌ وا گۆرانی ده‌ڵێ؟ زیاتر ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بووین، چونكه‌ ده‌مانزانی ئه‌وان پێیان ناخۆشه‌.
جارێكیان یه‌كێك له‌ ئه‌منه‌كان و به‌بیانووی ئه‌وه‌ی كه‌ خاوه‌نی كتێبه‌كان منم و هه‌ر له ‌ناو ئه‌و ژووه‌دا به‌ر زللـه‌ی دام و ئیهانه‌ی كردم. ڕۆژان و شه‌وان به‌هیوای به‌ربوون یان مژده‌ی خۆش بووین، به‌ین به‌ین لێمان ده‌گوێزرایه‌وه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام نه‌مان ده‌زانی بۆ به‌ربوون بوو یان حوكم یان كوشتن، مه‌به‌ستم له‌ كوشتن ڕه‌می كردن بوو، كه‌ جاری وا هه‌بوو گه‌ر زۆر زیانیان لێ بكه‌وتایه‌ ئه‌وا چه‌ند كه‌سێكیان ده‌برده‌ ده‌ره‌وه‌و ڕه‌میان ده‌كرد، ئیتر یان به‌ نهێنی یان به‌ به‌رچا وی خه‌ڵكەوه بوو‌.
خواردنمان زۆر خراپ بوو- نیوه‌ڕۆ به‌ ده‌گمه‌ن گۆشتی تیا بوو، ئه‌وه‌ تاقی ئێواره‌ هه‌ر كه‌مێك شله‌ی به‌ستوو،سه‌موونێك،وهیچی تر، له‌ ناو قاپی نایلۆنەوە كه‌وچیش هه‌ر نایلۆن بوو. چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك بوو له‌وێ بووین كه‌ ڕیشمان زۆر هاتبوو، به‌ڵام (مام هه‌ژار) به‌ ده‌ستی خۆی و به‌ ته‌نها موسێك ڕیشی كۆمه‌ڵێكمانی تاشی- كه وابزانم له (15) پانزه‌‌ كه‌س كه‌متر نه‌بوو، كه‌ خوێن به‌ ده‌م وچاوماندا ده‌هات. خۆشتنمان له‌ سه‌رماو سۆڵه‌دا ئاوی سارد بوو،‌ خه‌وتنمان یه‌ك به‌ ته‌نیشتی یه‌كتریه‌وه‌ بوو، له ‌به‌ر زۆری ژماره‌مان هه‌ندێ له‌ براده‌ران به‌ ته‌مه‌ن زۆر منداڵ بوون وه‌ك هه‌ڤاڵ و-خه‌سره‌و…هتد. هه‌وڵماندا وره‌مان به‌رزبيت، به‌تایبه‌تی ئه‌ومنداڵانەى‌ مامۆستا عه‌بدولڕه‌حمان زۆر زیاتر له‌ هه‌موومان نا ئاسووده‌‌ تربوون.


ئەم بابەتە چیرۆکى ئەو کتێبە قاچاخانە، بوون کەلە سنوورەکانەوە، بەوڵاخ دەهاتنە مەرزو شوێنەکانى وەک شاناخسێ و مەروێ و میراواو سەفرەو شانەدەرى و قەڵاچۆلان وپاشان سلێمانى ودەکەوتنە دەستى خوێنەرەکانیان لە ڕێگەى کتێبفرۆشییەکان وکتێبخانەکان بەشێوەیەکى نهێنى، ئەم کتێبانەش زیاتر لەشارى مەهاباد لەلایەن چاپەمەنى سەیدیانەوە چاپدەکران، مامۆستا محەمەدو خالیدیان لەشەقامى مەولەوى تەنیشت پۆستە لەسەر ئەم جۆرە کتێبانە کەبێمۆڵەت بوون دەستگیرکردو، ماوەیەکى زۆرزیاتر لە(ساڵێک)ى خایاند لەزیندان ولەژێر ئەشکەنجەدا مانەوەو پاشان بەرلێبوردن کەوتن و ئازادکران وبەخانەوادەو کەسورەکانیان شاد بوونەوە. دەیان چیرۆک و بەسەرهاتى جۆراوجۆرى زیندان و گرتووخانە تەنگ وشێدارو ناخۆشەکان هەن، بەلڵام پێویستى بەدوداچوون و گەڕان ماندوو بوون هەیە بۆ تۆمارکردن و گێڕانەوە، کە دەتونرێت چەندین بەرهەمى هونەرى وئەدەبى لێبەرهمبهێنرێت و وەک مێژوو ئەرشیف بەسودو بەکەڵکبن.


٢٩|٥|٢٠٢٣

پەراوێز:

نووسینى بەزمانى ئینگلیزى نیگلتون،کردنەکوردى سەید محەمەدى سەمەدى. لەلایەن سەیدییانى مەهابادەوە لەچاپدراوەو بڵاوکراوەتەوە. ئەم ڕۆژنامەیە ئۆرگانى ناوەندى یەکێتیی نیشتمانیى کوردستان، بوو.




” کارنەڤاڵی گڕبەردانە سەرپۆشەکان”.. ‘دەقی: شێرزاد حەسەن’

( هەتا چارشێو بەسەر تۆوە دەبینم نازەنینی کورد
بەسەر بیلبیلەکەی چاوی مندا دەکشێ تەمێکی تر
&
کە فرمێسکم لەسەر روخساری کیژی دڵشکاو بینی
وتم یاخوا لەسەر سوورگوڵ نەبینم شەونمێکی تر)
“هێمن موکریانی”
&
{شایی خوێن}

  • ژینا گیان.. ماڵئاوا.. چ باسە هەنووکە لە ئاسمانێ؟ یان بە رۆح و جەستە لەوە ماندووتریت کە ئەم سەرزەمینە بەجێبێڵیت، سۆز و میهر و نۆستاڵژیای تۆ لەگەڵ خاك و خۆشی و ناخۆشی خەڵکانێکە کە کەمینەیەکی ئاشنان بە تۆ و هەم پەرۆشی ئەوانەشی کە نایانناسیت، من دڵنیام تۆ ناخوازیت کەس پەنجەیەکی بریندار بێت یان مەرگەساتی خۆت ئاسا.. بچێژێت، چونکە دەزانیت کە ئەوانیش وەک تۆی خەمزەدە ستەمدیدە و زامدار و لێوبەبار و زێدە پەژموردە بوون. ژینای ماندووی ژێر دەستی زەمانە ئاخۆ هەنووکە خەوتوویت یان بێداریت؟ تۆ بڵێیت ئاگات لەو شۆرش و هەرا و زەنا و گۆڤەندە نەبێت کە خوێن و خەنە و خەندە و خەم و خۆشنوودی و خەیاڵی ئاگرین و خولیای سەرفرازی و سەربەستی.. دونیای تەنیوەتەوە؟ بە هەزارەها نەوبووک و کچانی نەباڵق و بێوەژن و دەرۆزەکەر و کەلاوەنشین و کۆشکنشین هاوسۆزی تۆن، چ مێینە بن و چ نێرینە، لە خانمان و لە پیاوان، هەم یاخی و خەونبین بە ئایندەیەکی زێڕەوشان و موژدەبەر و مژدەهێن کە هاوسۆز و هاودەردی تۆن.
    هۆ نازەنین و نازدارەکەی هەر هەموومان کەمەکێ سەر هەڵبڕە و ببینە چ شایلۆغان و جۆش و خرۆش و جونبوشێکە کە دڵی هەر هەمووانی خستۆتە سەر ریتمی سروودی “ئەی رەقیب” و “خوایە وەتەن ئاوا کەی”، هەمدیس ئەتۆ سەرقافڵەچی هەزارەهای لەوانەی کە خەونیان بە شکاندنی قەفەزەکان و داڕووخانی قەڵا سەختگیرەکان و بەندیخانەکانەوە بینیوە، کە ببوون بە زیندان و گۆڕستان و سزاخانە و دۆزەخێکی هەڵایساو بۆ هەر هەموو ئەوانەی نەترسانە خەونیان بە دونیایەکی بەهادارتر و ئارامتر و یەکسانیخواز و مرۆڤپەروەرانە بینیوە کە بێتە بوون و ببێت بە هەقیقەتێکی رەها!

{قۆچی قوربانی}
گیانی گیانان..گوتیان کە گوایە جوانەمەرگ بوویت.. وەلی حاشا.. هۆ ‘بەور’ی ئازا و سەرمەشقی رابوونێک کە هەموومان خەونمان پێوە بینیوە، بێگومان جوانەمەرگ بوویت وەک خانمە شۆرشڤانی فرەنسایی “ژان دارک: ١٤١٢/١٤٣١””ی پاکیزە کە وەک تۆ دژی ستەم و بێدادی رۆحی کەڵەگایی نێرسالاری و دزسالاری دەجەنگا، بەڵام ئەوە هەر تۆ بوویت.. هۆ ‘تەوار’ی بەرزەفڕ کە باڵەکانت دەیدا لە بنی ‘عەرشی فەلەک’، هاوکات چریکەت تاریکپەرستەکانی کاس و هوڕ و گێژ کردووە و تۆقاندوونی.. گەرچی لە چاوی ئەوانی کۆنەپەرست و کوێری رۆح و دڵ و مێشک وای مەزەندە دەکەن کە تۆی فریشتەیان رەوانەی دۆزەخ کردووە!
ئەوە تۆیت.. هۆ تاقانەترین مێینە کە وەک خانمە شۆرشڤانانی ” رۆژئاوای کوردستان” بە خوێنی پاکی خۆت دونیات بێدار کردەوە و گرەوت بردەوە، کە نەک بە تەنها “ئێران” و بەس، بەڵکو لەسەر کۆی نەخشە و جوگرافیای “ڕەشهەڵاتی ناوەراست”دا تۆ بوویت بە بەیداغ و مەشخەڵ و نموونەی گیانفیدایی بە درێژایی چەندین سەدە، دەنێو مەملەکەتێك و مێژوویەک کە زیندان و قەسابخانەیە بۆ ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و کچان بێ چەند و چوون، بگرە بانگی خوێنی تۆ هەر چوار قوڕنەی دونیای تەنیوەتەوە. ئەتۆی خۆشەویست لای ملیۆنەها بوویت بە سیمبول و سەرمەشقی شۆرش و بەرخودان و شاـرەمزی سەر هەر هەموو رەمزەکان، بگرە لە چاوی هەر هەموو هاوخوێن و هاوتوخم و هاورەگەز و هاوسۆزەکانت جوانییەکت بەجێهێشتووە بۆ ئێمە کە بارتەقای خەون و خۆزگەی هەر هەموو مەردمگەلە ژیاندۆست و جوانناس و جوانپەرست و بەرزە دەماغەکانە کە بە چ ئەفسوونێکی سادەیی رۆحی پاک و خاکەڕای خۆت هەر هەموومانت لە دەوری خۆت کۆ کردەوە، ئێمەیەک کە بەر لە هاتنت چەندە پەرش و بڵاو بووین وەک ئاردی پەرت دەنێو دڕک و داڵ و کەند و لەندەکان، دەنێو ئەم رۆژگارەی کە سیخناخە بە پیاوانی گرگن و خەسیو لە بارەی رۆحی و دژە ژن و کۆی هاورەگەز و هاوتوخمەکەی تۆ!


{پایزنامە}
هۆ لە پایز و خەزان مەلوولتر و هەم شاعیرانەتر، هەڵوەرینی تۆ لە یەک خیاباندا پایزی راگەیاند کە گەڵارێزانێکی وەدەووی خۆیدا هێنا کە هەزارەها خیابانی دیکە مژدەی بەهارێکی بە ملیۆنەها بەخشی، ماڵئاوایی تۆ چ موعجیزە و پەرجوویەک بوو کە هەر هەموومانی لەسەر سفرە و خوانی خۆشەویستی کۆ کردەوە؟ ئەوەیان چ سەنگینی و رەنگینی و پەرجوویەک بوو کە نواندت بە ماڵئاوایی و نەمانی خۆت؟ دۆستان و دۆژمنانی دڵڕەشت لەسەر هەمان ئەو خیابانەدا کۆکردەوە و هەم لەسەر هەر هەموو جادە و کوچە و کۆڵانەکان و خیابانەکانی دیکە کە تۆ کردت بە ئاگردان و کوانووی بەرخۆدان و خۆشەویستی و جۆش و خرۆشی سەرکەشی و خەونی زیندەگییەکی شکۆمەندانە کە ئەگەر تا هەنووکە نەمانبووبێت و خەون بووبێت.. ئەوە تۆ لە پایزێکی غەمناکی نێو دڵ و رۆحی ئێمەدا وەک تەتەر و پەیکی شارەزا هێنات و دەنێو چاوانی ئێـمەدا چاندت.. هۆ خەونهێنە غەمین و بەجەرگ و خاکەڕا و زێدە سەلار و سەنگینەمان!
ئەوەیان چ گۆبەندێکە کە چەند تاڵە موویەکی سەر و پرچی تۆ، یانژی قەفێک لە کەزی یاخی و هەڵاتوو و سرک و جوانی تۆ کە بە بەر چاوی هەزارەها خۆیان لە رەفتە و سەرپۆش راپسکاند تا بەکامی دڵی خۆت هەتاو و هەوای پاک بیشواتەوە، ئاخر نەدەکرا.. ئاخر خۆ نەدەکرا جوانییەک لە ناو تۆی قەشەنگ و جواندا بە درێژایی تەمەن و زەمەن بخنکێت؟ ئەرێ بە راست ئێمە لەسەر کام ئەستێرەدا دەژین کە سەر و پرچی تۆ پیاوانی هەوەسباز و خۆگر و هەم گڕگرتوو لە شەهوەت رشتندا بەم چەشنە هار و دەیری و دەللی و دەهری بکەن؟ ئاخۆ بە راست دەکرێت بە تەنها بە بینینی سەر و پرچی کۆت و بێ سەرپۆشت دۆزەخ دەنێو رۆحی تۆدا بتەقێننەوە؟ تۆ بڵێیت ئەوان و ئێمە جێنشینی هەمان ئەستێرە بین؟ ئەمن گومانم هەیە..!
ئاخر حیکمەتی تێدا نییە ئەوانی دیکەی ئیماندار و خوداناس زەندەقیان لە پرچ و پەرچەم و زولف و ئەگریجەی کچان و ژنان بچێت و بتۆقن.. ئەوەیان چ سام و ترس و ‘فۆبیا’ێکە بەرامبەر بە جوانییەک کە یەزدان یانژی سروشت بەخشیوییەتی کە بێ پەند و حیکمەت نییە.. پەحا و ئەفسووس و جەخار و سەد حەیف و موخابن بۆ ئەو ئیماندار و بڕوادارە بەستەزمانانە!


{پەرچەمی ئاگرین}
چ شەرم و شوورەیی بوو کە پیاوانی ئامێرد و ‘رۆبۆت’ ئاسا و ئەڵقە لە گوێ زەندەقیان چوو لە پای یاخیبوونی چەند تاڵێک لە ئەگریجە و پەرچەمی نەترست، کە گوایە لە ترس و تاوی دزە کردنی زولفی تۆ لەوەدایە “عەرشی فەلەک” بلەرزێت.. گەرچی ئەوەیان مەحاڵە و مەحاڵیش نییە. بەڵام.. بەڵام.. لە چاوی پیاوانی دار بەدەست و پاسەوانانی ئاداب و ئاکار ئەتۆ بوویت بە کانگا و و سەرچاوە و کوانووی گڕکان و تۆفان و وەیشوومە و بوومەلەرزە و فیتنە و فەساد و فسق و فجور و فاحیشە، کە بە ئەندازەیەک کوشندە و بڕندە و ترسناک بوویت بۆ ئەوان کە لەوەدابێت دۆزەخت لە ئاسمانەوە گواستبێتەوە سەرزەمین و ئەم سەر بۆ ئەوسەری خیابانەکان، بە رادەیەک کە بە جوانی تۆ خرۆشان بەدەم هەنگامە و زەبر و زەنگ و خوێن هەڵچوونی ناحەزەکانت کە وەک ئەوە وابوو کە گڕکان و تۆفان و زەمین لەرزەیەکت لە ژێر پێیەکانی ئەواندا بەرپا کردبێت.. وای لە پیاوانی زێدە لەرزۆک و گرگن و گزگل و تۆقیو لە سێبەر و بۆن و بەرامە و نیگا و لەنجەی لەرزەکەمەر و ترپە و تەققەی کەوش و پێڵاو و حریتە حریت و قاقا و قریوەی لە ناکاوی خانمان.. وای.. وای.. وای!
گیانۆ.. ژیناـ ی ئازا و جەربەزە و گوڵخاتر.. خاترجەم بە کە ئەوە تۆ بوویت کە بە خوێنی رژوای خۆت ژینی ملیۆنەهات بە درۆ خستەوە، ئەوانێک کە مردوون و بە خۆیان نازانن، ئەوەتا لەسەر خیابانەکاندا مردووەکان ئەوەندە زۆرن کە مەگەر مردووەکانی دیکەی گۆڕستان رابن و بێدار ببنەوە و میهر بنوێنن کە زیندە مردووەکانی دیکەی ئەم سەردەم و رۆژگارە بنێژن. ئەتۆ بە مەرگی خۆت سەلماندت کە ئەوانی گاگەل و نێرەوز و نێرگەل و هەم كەڵەگا نەیانزانیوە بژین.. بە هەق واتکرد و وا ژنەوتیت، ئەوانی نابووت و و پەڕپووت لە تۆ پەست و تووڕەن کە سەلماندت ئێمەی نێرینەگەلی ئەم دەڤەرە زیندانین لە پای ئەوەی دڵمان بەوە خۆشکردووە کە کچەکان و خوشکەکان و ژنەکان و دەستگیرانەکانمان کۆیلە و بەندەواری ئێمەن، گوایە ئێمەی کۆیلە و ترسنۆک تا ئەندازەی مەرگ شاد دەبین گەر ئێوە دەنێو ئەشکەوت و کونجی تاریکی ماڵەکاندا وەک باڵندە و مەلی نێو قەفەز بژین و هەتاویش لێتان نەدات، وەک هوزار و بولبول بخوێنن بۆ ئێمەی کەڕ و گێڕ و لاڵ، کە تا هەنووکە نەمانزانیوە کە ئێوەی گیرخواردوو دەنێو قەفەز و بەندەواری فاقە و تەڵە و تەپکە و داوی ئێمەدا دەچریکێنن، دەخوێنن، بەڵام هەیهات کە وا نییە و خۆمان لە گێلیی دەدەین، ئاخر خۆ ئێوە ناخوێنن و بگرە چریکە و چەهچەهە و جریوەتان زادەی خۆشنوودی نییە، بەڵکو گریان و شیوەنێک و سینەکوتانە بە دیواری قەفەزەکان و دەرگا و پەجەرەی شیشەبەندی ناو خانووەکان و ماڵەکان کە بوون بە زیندانی جوانییەکان، چ کەلاوەنشین بن و چ کۆشکنشین، کە دیارە ئێمەی نێرگەل و نێرەوزی کەودەن و و نەبان و حۆل و یاغنیش دەرکی ناکەین و تێناگەین کە جریوە و چریکەتان خوێناوی جەرگ و کەفچڕینی دڵبەندی و گرینی رۆحی پەژموردە و و ژەهراویبوونی خەیاڵ و خەون و زیندەگیتانە!


{تاریکپەرستەکان}
مەگەر نەتزانیوە کە وەها وێنای ژنان دەکرێت کە چ فریودەر و جادووگەرێکن، کە گوایە ئێوە لەژێر هەر تاڵە موویەکی سەر و پرچتان شەیتانێکتان حەشارداوە، کە ئەگەری فریودانی پیاوە ئیمان تۆکمە و هەم لەرزۆکەکانتان هەیە، ئەوەیان چ بڕوا و ئیمانێکی تەنکۆڵە و عەمبارەپۆیە کە وا زوو بە دەرکەوتنی پەرچەمی خانمێکی سەلار و سەنگین کە ویقار و شکۆیەک لە چاوانی تۆدا شەوی دەیجووری رۆشن دەکردەوە، دە من دلنیام ئەتۆ دەتزانی کە ئەوان هەترەشیان لەو پڕشنگ و تین و تاو و چرایەک چووە کە لە ناو چاوانی تۆدا نێو دڵ و رۆح و مێشکی تاریکی ئەوانی رۆناک کردۆتەوە، ئەوان کە شەمشەمەکوێرە ئاسا دەگەڵ تاریکی راهاتوون، نەدەکرا رۆشنایی تۆ چاڵ و گۆڕ و خەرەند و بیری بێ بنی نێو گیان و بوونی ئەوان بخاتە بەر دیدەی هەزارەها، کە دوا جار خۆت کرد بە قوربانی وەک پەروانەی دەوری شەمع و سووتایت تا هیچ نەبێت بۆ تاوێک رۆحیان رۆشن بێتەوە، وەلی تۆ چی بکەیت کە ئەوان نەیانەوێت ئەو خەرەند و چاڵ و کونە تاریکەی ئەشکەوتی ناو مێشک و دڵ و رۆحیان رۆشن بێتەوە، خواستێکی وایان نییە کە ئەو زوڵمەتەی ناو خۆیان ببینن کە سیخناخ بووە لە مار و دوپشک و تیغ و زەمهەریر و سەڕسەڕ و پاشماوەی سەدەها جڕوجانەوەر کە ئافات و وەیشوومە و زووخاوێک لە کینەبازی و رق و ژەهری شاماری حەوت سەریان هەڵگرتووە دەرهەق بە تۆ و هاوتوخم و هاورەگەزەکانت، کە ناسرەون تا بەسەر جوانی تۆ و هاورەگەزەکانتدا یەقی نەکەنەوە و نەڕشێنەوە!


{نهێنی و تەڵزگەی گۆبەندێک}
ئەرێ بە راست ئەتۆ بە ئەنقەست ئەو گۆبەندەت نایەوە؟ یان خودی رەشەبای عەزرەتی و شەیدا بە سەر و سەکوت و قژوقاڵت بوو کە بە هەویای بینینی ئەگریجە و خەت و خاڵت بوو کە وەک شنەبا و شەماڵی سەرمەست خۆی نواند تا سەری کۆت و تاڤگەی دارژاوی کەزی و بسکی شاراوە و عەترلیت رابمووسێت و نەوازشت بکات، جواناوی بۆن و بەرامەت لەتەک خۆیدا ببات بەو مەرام و نیازەی کە هەرچی کچان و ژنانی شانشینی مەملەکەت هەن لاسایی تۆ بکەنەوە، لەولاوە چی نێرگەل و پیاوانی رۆح کەڵەگایی هەن زەندەقیان بچێت کە ئیدی تۆی سەرقافڵەچی و رابەر رێنوێنی هەمووان دەکەیت کە ناکرێت سەر و پرچیان قڕێژ و کەڕوو هەڵبێنن، بەو نیازەی کە ئیدی نەدەکرا رشک و ئەسپێ و گەنە و زەروو خوێنی پاکیان هەڵمژن!
هۆ کچی ئاسمان.. ئەوەتا بای ‘وەشت’ هات و لە هەر چوار قوڕنەی دونیاوە شنەبای خۆشنوودی و رەهاکردنی زولف و بسک و پەرچەم و کەزی راگەیاند، لەنێو ئەو زیندانەی کە تێیکەوتبوون.. رەها و سەرفراز بن بۆ هەتا هەتایە.. تۆ بڵێیت ئەو خۆزگەیە بێتە دی؟ ئەرێ بە راست تۆ بڵێیت نێرگەلێک و رۆح کەڵەگا ئاسا هەبن کە لە سەدەی بیست و دوو و هەزارەی سێیەمدا بە سیحری ئەو پەرچەم و ئەگریجەیە بکەونە سەر سمکۆڵان و حیلاندن چون ئەسپی شێت کە لە ژێر فشاری کوڵانی خوێن و جۆشدانی هەوەسی هار و گڕگرتنی شادەمار و هەم دەمارە دەزوولەییەکان تا ئەندازەی زەڕین و پەڕین کێوییانە خۆیان بەلەسە و رەها کردبێت؟ خۆ گەر وا بێت.. مەرجە ببرێنە بیمارستان و تیماری ئەو هەموو برینە زۆر و زەوەندەیان بۆ بکەین کە بۆتە کێم و زوون و تیراوە و برینی هەوکردوو.. لە سەر پێست؟ نا نا نا.. بەڵكو لەسەر پەڕەی رۆح و دڵ و مۆخ و گلێنەی چاوانیان!
وێجا.. خۆ کە ئەگەر ژیان و زیندەگی مەردمگەل ئیمتیحان و تاقیکردنەوە بێت دەنێو ئەم دونیایەی خۆماندا، پاداشتی چاکە و خراپە لە قیامەتێ بە فەرمانی یەزدان بێت، کەواتە وا رەواترە پیاوان بۆ خۆیان کە بە نیازن بە دیداری حۆرییەکان و غیلمان شاد بن لە بەهەشتێ.. مەرجە ئەوان چاوانی خۆیان دابخەن.. ئەگەر نا..ئەوەیان چ تاقیکردنەوە و ئیمتیحانێکی ساختە و فشۆڵە؟ کەواتە چ حیکمەتێکی ئیلاهی تێدایە خانمان بۆ خاتری نێرینەکان لە کونجی ژوورەوە نەیەنە دەرەوە و کە هاتنە دەرەوەش مەرجە نیقاب و بورقا و سەرپۆش و رەفتە و لەچک و مانتۆ بپۆشن، گەر وابێت کەواتە بەهەشت بێجگە لە هۆتێلێکی بەلاشخانە هیچی دیکە نییە!
بە دیدگای من ئەوەیان تەوسئامێزە و پڕە لە موفارەقە و پارادۆکس، پتریش فێڵ و تەڵەکەبازی رۆحی نێرینە و پیاوسالارییە، گەمەیەکێ چەپەڵی دەستەڵاتخوازی و ئایدیۆلۆژیایەکی سەردەستەیی نێرینەیە کە هەوڵێکی هەزارەها ساڵی بە دواوەیە لە ستەم و چەوساندنەوە و خۆ زاڵکردنی نێرینە لە رێگەی یاسا و رێسا و ئەدەبیاتی مەزهەبەزەدەیی کە کۆی میراتەکە هی نێرینەیە.. نەک مێینە کە ئەوەیان جێگای گومان و پرسیارە، لە ئاکامدا بەو نیازەش گەیشتوون کە ژنان و کچان کۆیلە و ملکەچ و ستەمدیدە بن و بە درێژایی تەمەن و زەمەن خەون بە سەربەستی و خودگەرایی و سەرخۆییبوون نەبینن، کە زادەی مێژوویەکی نایەکسان و راسیستی و نارسیستی نێرینەی تێدا پیادە دەکرێت، بەو مەرجە کۆتایی دێت کە ژنان و کچان خاوەن بەڵێ و نەخێر خۆیان نەبن، لە قۆناغی پێڕەوگەییەوە تا سەریان دەیدا لە بەردی ئەلحەد، ئەوەش وایکردووە کە ئێمەی کۆیلە چێژ لە کۆیلە بوونی ئێوەدا ببینین کە ئەوەیان مەحاڵە، چونکە دوو کۆیلە ناتوانن لە ئەلفوبای خۆشەویستی و ئەوین و ڤیان و میهر و سۆزداری تێبگەن و پێیبگەن.. ئاخر مەحاڵە کۆیلە و بەندەوار و دیلی بەندوباوی یاسا و رێسا و نەریتی کۆنەپەرستانە بتوانن کۆیلە و بەندەواری ژێر چنگ و کەڵبەی خۆیان رەها و ئازاد بکەن.. کە ئەوەیان کرۆکی بەدبەختی نێرینەکانی ئەم شانشینەیە!
یانژی بە دیدگا و قەولی ئەوان ئەوەیان فیتی شەیتان بووە کە فریوی داویت سەرپۆشەکەت دابخزێت و توندی نەکەیتەوە، یانژی ماندووی سەفەر بوویت و شەکەت و پرزە لێبڕاو، پاسدارانی کەودەن و یاساوڵەکانی ئاکار و ئاداب و پاسەوانانی ناوگەڵ دوچاری هیستیریا بووبن، ئاخر دەکرێت ئەوانی کەودەن و یاغنیش وایان مەزەندە کردبێت کە ئاسمانی شین: رەش داگەڕابێت لە تاو ئەو گوناهە کەبیرەیەی تۆ کە دۆزەخ وفیردەوس لە جێگەی خۆیاندا لەق و لۆق بووبن، چونکە ئەگەری ئەوە زۆرە کە فریشتەکان سەرەتاتکێیان کردبێت، بێباک لە ماجەرای دونیا و مەردمگەلی تلاوە بە دەست گرفتی لە بن نەهاتووی شەڕ و شۆڕی هەزارەها هابیل و قابیل، سەرباری کوشتارگا نەبڕاوەکان و ئەفسانەی ململانێی ئیبلیس بەرامبەر ملیۆنەها بە مەرجی فریودانی مەردمگەل کە ڕوو لە خراپە بن و پشت لە چاکەکاری، بە واتا ئاسمانێکی بێباک یان سەرقاڵ بەو خوێنبارانەی کە ئەم سەرزەمینەی بۆگەن و پیر و لەوتاوی کردووە، لەوەتەی “عیسای مەسیح” بەسەر خاچەوە چوارمێخەی کێشراوە خوێنبارانە، کە تا هەنووکەش نە دابەزیوە و نە ئاسمانیش بۆ بارەگای باری تەعالا هەڵیکێشاوەتەوە!

{خانمێکی تەنیا دەنێو جەنگەڵدا}
رۆحی رەوان.. ژینا.. کەواتە کێ فریای تۆ بکەوێت کە ئاسمان سەرقاڵ و پەشێوحاڵ و شپرزە بێت، نەکا کەشتییەکەی “نوح” بە خۆی و سەرنشینەکانەوە زەریا هەڵیلووشێت، سەراسیمە بەو هەموو زەمین لەرزە و گڕكان و بورکان و جۆرەها دەرد و نەخۆشی کوشندە کە مەردمگەلی گیرۆدە کردووە، کەچی.. کەچی تۆ بێباک لەوەی سەرپۆش و رەفتەکەت ‘با’ دەیبات و فریشتەکان لە خۆت تووڕە و تۆراو دەکەیت، هاوکات ئیسرافیل و جیبرائیل و عزرائیل و رەزوان چاوانی خۆیان نووقاندووە لە ترس و تاوی ئەو دیمەنەی تۆ تیایدا گیرۆدەیت و هەم ئازا و جەربەزە، کەچی ئەوە تۆ بوویت ‘ژینا’ی هێور و سەلار، لە بری ترس و تۆقین، ئەوەندە چاو قایم بوویت.. یان هەر خوو و خدەی خۆت بووە کە خەندەلێو بوویت و سەڵانە سەڵانە پیادەڕەوی هەنگاوت ناوە و رەدووی سەرپۆشەکەت نەکەوتوویت، لەولاوە ناچار و سیاچارە و لەرزە لێو بوون فریشتەکان لە حەوتەمین تەبەقەی ئاسمانێ، پاسداران و یاساوڵانی داربەدەست ناحەز بە جوانی و بوێریت بە رادەیەک شێتگیر بوون کە وەک ئەوەی تۆ ڕەشكەکا بیت و بتکوتن و بتکوتن و بتکوتن تا هەناسە لەبەربڕان!
ئیدی تەنگەتاوتر بوون یاساوڵەکانی رەوەشتمەندی عەمبارەپۆ کە بە هەق مەخلووقاتی زەندەقچوو بوون لەبەردەم ئارامی و دلێری تۆ و هەم پەرکەمدار و ‘فێ’ لێهاتوو لە تاو شەنگی و زیباییت، ناچار بە پەلەپروزێ و یەکاندەردوو وەخۆکەوتن و هەلقەیان بەست و پژدێنەیەکی بازنەیی و بڵندیان سازکرد بە قەد باڵای تۆ و بە پێچ و لوول وەک خەمی ناقۆڵات لە ساتەوەختی شکانی شکۆمەندی کچانەت لەژێر زەبر و زەنگی دڕندانەی پیاوانی مەزهەبزەدەی بێ مەزەب و مۆڕاڵ و ترسنۆک!
چما نەتدەزانی توخمی نێرینەگەلی ناوگەڵ برسی بە بینینی پێچ و لوولی قەفی کەزی و بسکی تۆ خوێنیان دەکوڵێت و ئاگرێک دەنێو شادەمار و دەمارە دەزوولەییەکانیاندا بەرپا دەبێت کە لەوەدایە کڵپە و بڵێسەی هەڵایساوی بگاتە دارستانەکانی سەرزەمین و باخەکان و لالەزار و باخی نێو فیردەوس کە تەڕ و وشك پێکڕا بسووتێنن؟
چما نەتدەزانی کە پاسەوانانی دەوری دامەن و تەشک و تیرێژ و قەد و باڵای تۆ وەک گیانداری کێوی و دڕندەکان و سمدارەکانی دیکە کە ڕەوە ئەسپی شێت ئاسا سمکۆڵان دەکەن لەتاو هەوەسی هار و شەهوەتی دەنێو خوێندا گڕگرتوو، قەستیانە خۆیان ببن بە قامچی و تیغ و شمشێری زولفەقاڕ و قەممەی دوودەم کە خوێنمژانە و سادیستانە لە سەد لاوە لەت و کوتت بکەن و.. هێشتا ئۆخەی ناکەن؟ ئەوان بە تەنها بە بینینی خوێن و فرمێسک و ئارەقەی ڕەش ئۆرگازم دەبن و بەس!
چ غەمناکە دیمەنی گەلەگورگ و کارئاسکێکی سرک و تەنیا و بێچارە دەنێو جەنگەڵدا، جەنگەڵی سەدەی بیست و دوو و هەزارەی سێیەمینی “ڕەشهەڵاتی ناوەراست” کە تیایدا رۆحەکان پەژموردە و تاریک و سام لێنیشتوو.. بگرە تاریکترە لەوەی کە چاو بتوانێت چاو ببینێت.. ئەمەیان چ گورگستانێکە.. ئیلاهی؟
چما ئەتۆ نەتدەزانی کە کچەزای ‘حەوا’یت کە گوایە ‘ئادەم’ی فریوداوە و بێباکانە لە درەختی حەرام و قەدەغەکراوی خواردووە. بەڵێ ئەوە ئەتۆی کە لاسایی دایکە ‘حەوا’ت کردۆتەوە و سەرپێچی دەکەیت و هەم پڕ بە زارت خەندەلێوانە سێوەکە دەکرمێنیت و هەم سەرپۆش دەدەیتە دەست ‘با’ و گێژەنی گەردەلوولەوە!
چما ئەتۆ نەتدەزانی دایکانی من و تۆ و هەزارەها بۆ سەدەها جار و بار بەردەوام بە ترسەوە بە کچەکانی خۆیان دەگوت. “سەرت داپۆشە.. کۆشت داپۆشە.. با دامەنی کراسەکەت تا سەر گۆزینگ بێت.. مەمکەکانت بشارەوە.. قریوە و قاقا و خەنینت نەیەت و مەرگ دێنێت، خۆت تاس و لووس مەدە و خۆ مەڕازێنەوە، بەدەم رۆیشتن و پیادەڕەوییەوە ئاوڕ مەدەرەوە، زار و دەمت بشارەوە کە نان دەخۆیت ئەو کاتەی پیاوان دیارن، ترپە و تەقەی کەوشەکانت نەیەت.. گەر نا.. نێرەوز وەک گەلەگورگ گەمارۆت دەدەن و و و…هتد.
بە راست ئەمەیان جەنگەڵە یان دونیایەکی تازە؟ چما ئەتۆ نەتزانیوە کە یاساوڵەکانی دەوری خەون و خەیاڵ و خولیاکانت تۆیان بە نێچیرێک زانیوە کە راوی بکەن و پێستەکەی بگروێنن کە بە هەق گرواندویانە، چونکە تۆ کچە ئازاکەی دایکە “حەوا” بوویت و گوێت بۆ ترپەی دڵی خۆت شل کردووە.. نەک بە تەنها شەیتان، ئەگەر نا.. وا بێباکانە سەرپۆشەکەت نەدەدایە دەست رەشەبایەک یان گەردەلوولێک.. ئەوان بە هەویای ئەو خەونەوە تۆیان راو کرد کە دەستیان سەوز دەبێت و ئەوسا بەهەشت یەک بست لێیانەوە نزیکتر دەبێتەوە و ئەتۆش کە گوایە شەریک و هاوشانی شەیتانی، گەمەی خۆت دەکەیت و سزا و باجەکەی دەدەیت.. سزا و باجێک کە لێوانلێوە لە جوانی و شکۆمەندی کە من دڵنیام حۆرییەکان لاسایی تۆ دەکەنەوە و بێز لەو داربەدەستانە دەکەنەوە کە تۆیان وەها ئەشکەنجە داوە کە بیرت بچێتەوە هەناسە بدەیت.. هەناسە و بەس!
چما نەتدەزانی بۆچی دایکانمان سەد بارەیان دەکردەوە بە چرپەوە کە ئێوە.. کچانی ‘حەوا’ لە پەراسووی چەپ و هەم خوار و خێچی ‘ئادەم’ دروست بوون و تا قیامەت راست و رێک نابنەوە.. هەر بۆیە لەسەر هەر سیلەی کۆڵان و گۆرستانێک و جادەیەک پیاوان و لاوانی داربەدەست وەک ئەرژەنگ وەستاون، کە لە شمشێر بڕندەتر قیت و قۆز وەستاون بە ناوی چاودێری خراپە و چاکەکاری خەڵکی، کە گەرەکە بۆ هەر هەڵە و پەڵە و کەتنێک و سووکە گوناهێک بە دار و مەترەق و تێڵا و قامچی و قیرپاچ و شەللاق نیوە مردووتان بکەن، بەو نیازەی رێک و راستتان بکەنەوە، ئەی دایکە نەیچرپاند بە گوێی تۆدا کە هەر هەوڵی راستکردنەوەیەک خوێنی جەرگە و شکانی شکۆمەندی و گۆبەند و رسوایی بە دواوەیە کچەکەم، کە زادەی میراتێکە کە زۆر قورسە کەسمان بیزانین کەی دەستی پێکردووە و کەی کۆتایی دێت و گۆڕ بە گۆڕ دەبێت.. خۆ گەر بشیزانین پێمان شەرمە بیدرکێنین، چونکە پیشەسازی و بەرهەمی دەست و فیکری ئێمەیە.. ئێمەی چی و چی و چی؟ خۆتان ناوی بنێن!


{ژینا.. هۆ قەقنەس ـ کەی ئێمە}
مەگەر هەر هەموومان نەمانبیستووە کە لە ناوئاخنی ئەدەبیاتی “ئیسرا و میعراج”دا هاتووە و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە زۆرینەی ‘ئەهلی دۆزەخ’ ژنان بوون لە پای ئەوەی هاورەگەزەکانی تۆ بۆ هەمیشە نزیکن لە خراپەکاری و دوورن لە چاکەکاری، گوایە لە دۆزەخیشدا بە قژ و قاڵی خۆیانەوە هەڵواسراون.. بە راست.. دیسانەوە..؟
جا.. خۆ ئەوان بێبەخت زۆر زووتر دەنێو دۆزەخدا ژیان و هەم مردن.. من بەڵگەم هەیە و گەواهی دەدەم کە پلکە ‘زارێ’ دایکم و پێنج خوشکی خۆم و سەرباری کچان و ژنانی گەڕەک چلۆن دەسووتان.. ئاخۆ بەس من ئەو ئاگرەم بینیوە یان هەر هەموو نێرینەکانی گەڕەک و شار بینیویانە؟ نازانم.. بەڵام دایکان و خوشکان و کچان و ژنان ئەوەندە شکۆمەند بوون کە دوای هەر سووتانێك ئازایانە وەک باڵندەی ئەفسانەیی “قەقنەس” ئاسا دەنێو خۆڵەمێشی خۆیان سەر لە نوێ رادەبوون و هەڵدەستانەوە و زیندوو دەبوونەوە.. ئاخر سۆز و بەزەیی و میهری ژنانە و دایکانە و خوشکانەی خۆیان دەنواند کە هاوخەم و سۆزیاری ئێمەی نێرینە بوون و ببن، کە نەکا ئەوانی قەڕوح و غەمناک و پرسەدار و تەنیا بکەون.. ئەوەیان چ قوربانیدان و جوانی و رۆحێکی سەرکەشە کە تا ئاسمان خواهانە و ژنانە و کچانەیە کە ئێمەی نێرینە نایبینین.. نایبینین.. بۆ کێ و کەی و بۆ کوێر بووین.. ئیلاهی؟!
ژینا.. ژینای ژن و ژیان و ئازادی و شکۆمەندی و بوێری.. لەوەش قەباحەتر و ترسناکتر و گوناهێکی کەبیرەتر و رەشتر ئەوەبوو کە ئەگەر سزای تۆ نەدەن و نەتکەن بە نموونە و پەندی زەمانە، چوغل و تەمبێت نەکەن بۆ توندکردنی سەرپۆشەکەت، ئەوسا كچانی هاوتەمەنی تۆش سایلی تۆ سەرکۆت و ئاڵاو واڵا دەبن و ئیدی پیاوانی چاوچڵێس و ناوگەڵ برسی دوچاری نەزەری حەرام دەکەن، لەوەش کوشندەتر ئەوەیە کە ئێوە بپرسن و گومان بکەن کە بۆچی دەبێت ئیمانی پیاوە سمێڵ بابڕەکان ئەوەندە تەنکۆڵە و لەرزۆک و چروک بێت؟ بۆچی مەرجە لەرزۆکی ئیمانی ئەوان یان تۆکمەیی دینەکەیان لەسەر بە دیارکەوتنی پەرچەم یان داپۆشینی بسک و کەزی ئێمە پابەند و وەستابیت کە بۆ هەمیشە پێوانە بێت بۆ وەدەستهێنانی بەهەشت و دووربوون لە دۆزەخ؟
ژینای.. دەرە ژین و نیشتەجێ دەنێو رۆحی هەمووماندا کە دەزانم ئەوەیانت بەسە.. ئەتۆ چیت کرد گیانی پەژموردەی گیانان، چلۆن وا ئاسان هەوەسی پاسدارانی دار بەدەستی ئەخلاقت ئاگر داوە بە ئەندازەی دەیری و دەللی بوونی فریشتەکانی ئاسمان لە تاو ئیرەیی و بەغالەت بردن بە جوانییە ئەفسوونبار و و رۆحی ‘بەور’ ئاسات.. گەرچی مەرگهێنیش بووبێت؟ ئاخر پاسەوانانی نامووسپەرست مەزەندە و ترسی ئەوەیان هەیە کە بە هەزارەها فریشتەی دەوری عەرش و مەلەکووت پایدۆستی لێبکەن و بتەکنەوە، لە گوینە کە هەندێکیان لە تین و تاو و ترسێکی پەنهان کە تۆ بەرپات کردووە.. پەڕ و باڵیان هەڵوەرێت و ئیدی چیدیکە نەبنەوە فریشتەگەلی دەوری عەرشی یەزدان، بە هەزارەهاش لە تەک حۆرییە زێدە نازدارەکان، هەم لە تاو بێباکی تۆ و نەترسانت لە ئاگری جەهەننەم سۆمای چاوانیان بڕژێت و کوێر بن، ئاخر فەرمانە کە نەدەکرا فریشتە نێرەوزەکانی ئاسمان و هەم سەرزەمین یەکاندەردوو بە شەوارە بکەون ئەو کاتەی پێکڕا مەست و حەیرانت دەبن کە ئاوڕ لە تۆ دەدەنەوە بە جۆرێک کە کەیل و کاس ببن کە وەک گەداکان سواڵی خەندەیەک و نیگایەک و ناز و هەوایەکی تۆ بکەن، وای.. وای.. ئەوەیان چ ئابڕووچوونێک بوو کە فیز و شكۆی خۆیان لەبەردمی خانمۆڵەیەکدا دۆڕاند؟!


{ خەون و خەیاڵێکی خوێناوی}
چما ئەتۆ نەتدەزانی کە لە شانشینی بێ خەیاڵ و خەونەکاندا.. خەون بینین و خەیاڵی فڕین سزاکەی خوێنی سەرە؟ هۆ ‌نازەنینی هەر هەموومان مەراقی ئەوەمانە و بێ ئۆقرەین.. ئاخر چڵۆن ئەتۆ لە شەوی دەیجوردا وەک چرا دادەگیرسێێت کە هەر هەمووان عەیب و عەورەت و چەهرەی ئەرژەنگ ئاسای خۆیان ببینن لە مەملەکەتێک کە هەر خەونێکی سەرکەش و سەرکێش بۆ خۆی پەڕینی سەرە و خۆ سپاردنە بە دۆزەخ لەسەر دەستی ئەوانی ناحەز بە خەونی شەکرە کەنیشکێک؟
هۆ ‘شەهرەزاد’ کەی ئێمە.. چما ئەتۆ نەتدەزانی کە ئاخوندەکان نابینان و هەر خەونێکی رەنگینی کچە رەنگاڵەیەک و شەکرەژنێک زەندەقیان دەبات، دە ئاخر دەزانی یان نا کە بینینی خەون بە رۆژی رۆناک لای شەمشەمە کوێرەکان چ گوناهێکی کەبیرەیە، تۆی خۆشخوان و سەراسیمە بە داستانی “هەزار و یەک شەو”ە کە ‘شەهرەیار’ی مەست و مەیزەدە کردبێت و جوانی تۆ ئەفسوون و سیحری حیکایەت و داستانەکانی تا دوا پەندی پڕ لە تانوپۆ و گرێچن بیبات و بەدەم زرنگانەوەی زەنگوڵەی دەنگی تۆی خۆشخوان خەو بیباتەوە.. ئیدی بۆ هەمیشە و بۆ هەتاهەتایە ‘شەهریار’ شەیدا و دێوانە و گیرۆدەتە و ناتوانێت سەرت ببڕێت و بتکوژێت وەک هەزارەها لە هاورەگەزی تۆ، لە پای بیانوویەک کە تا هەنووکەش دیار نییە.. تاکە بیانوویەک خوێنخۆری پادشاکان و پیاوەکان بووە کە بۆ هەمیشە خوانی خوێناوی ‘ئۆرگازم’ و سەرمەست و شادی کردوون، ئیدی تۆی ئەفسوونگەر هاتیت و بە گێڕانەوەی داستانەکان “شەهرەیار”ت سەرسام و حەیران و هۆگری خۆت کرد و مەرگی دیکەی هاورەگەزەکەی خۆت راگرت، ‘شەهرەیار’ بە ئەندازەیەک شاد بوو کە شەوێکیان عاشقانە نەک شاهانە خواستی ئەوە بوو کە ئیدی سەرپۆشکەت فڕێ بدەیت.. ئیدی خۆت رەها و سەرفراز کرد، چونکێ جوانی و زرنگی و ئەفسوونی جادووگەرانەت بوو کە ئەو خوێنخۆرییەی ‘شەهرەیار’ی بنەبڕ بکات.
ئەتۆ نەتزانی کە ئەوەشیان پیاوە سادیست و خوێنخۆرەکانی مەملەکەتی شێت و داغان و غەمگین کرد و کۆستیان کەوت کە پادشا دەستبەرداری خوێنخۆری کچان و خانمان ببێت.. پیاوانی مەست و خۆشنوود و ئاسوودە بە خوانی خوێنای و خەیاڵکوژ لێنەگەڕان گیانۆی خۆشخوانی کەلەکەوێت ئارام بیت بەوەی کە ‘شەهرەیار’ دەستی لە خوێن پاک بکاتەوە و بیشوات.. بەڵگەش یەوەیە کە تا هەنووکەش خوێنبارانە و شانشینی پرسە و واوەیلا و مەرگەساتە.. هۆ جوانێ!
بەڵام ئەوە تۆیت کە هەزارەها داستان و سەرگوزشتە و پەند و بەیت و بالۆرە و هیکایەت و چیرۆک و رۆمانت بۆ ئێمە بەجێهێشتووە و تازە فرچکمان پێوە گرتووە و میراتگری ئەمەکداری جوانی و میهر و شکۆمەندی و ئازایەتی و زرنگی تۆین.. بە قوربان.. شەو و شەوگارت شاد و ئەرخەیان و ئارام بنوو کە ئەمشەو و تا سەدەها شەوی دیکە هەر هەموومان بێدار و ئێشگر و دەرگاوان و پاسەوانی خۆت و خولیا و خەیاڵ غایەلە و خەونە شیرینەکانی تۆین بە درێژایی زەمەن و تەمەن.. هۆ ‘قەقنەس’ە تاقانە و ئازاکەی هەر هەموومان..!

(سەرەتای پایزی/٢٠٢٢)

  • پەراوێز: ـ
    • قەقنەس: قەقنەس (بەئینگلیزی:Phoenix، گریکی دێرین: Φοῖνιξ، بەفارسی: ققنوس، عەرەبی: العنقاء)، باڵندەیەکی خەیاڵی و ئەفسانەئامێزە کە بەروارد دەکرێت بە جۆرەها باڵندەی دیکەی راستەقینە، باسی لێکراوە دەنێو داستانە کۆنەکانی عەرەب وەکو سەرچڵییەکانی سندیباد و داستانی ‘ھەزار و یەک شەوە’، بەگشتیی لەنێو داستانە فارسی و رۆمانی و گریکی و میسڕی و چینییەکاندا ھەبووە. قەقنەس، وەکو بێچووی باڵندەیەکی پیرۆز لەنێو داستانەکاندا چاوی لێکراوە. باڵندەیەکە لەسەر هێلکەکەی دەنیشێت تاوەکو دەتروکێت، لە کاتی تروکاندا ئەوەندە بە خۆشییەوە بۆ بێچوەکەی دەخوێنێت و پوش و پەڵاش لە دەوری خۆی کۆدەکاتەوە تاوەکو پوشەکان ئاگر دەگرن و خۆیشی دەسوتێت، جا ئەو بێچوەی کە لە هێلکەکە دەتروکێت، پاشانیش دەبێتەوە بە دایکانە. دیارە سەرچاوەی دیکە ئاماژە بەوە دەدەن کە خودی” قەقنەس” تاکە باڵندەیەکی ئەفسووناوییە کە پێشبینی مەرگی خۆی بکات، گوایە سەروەختی گیانەڵا پووش و پەڵاش کۆ دەکاتەوە کە ئاگر دەگریت و قەقنەسەکە دەسووتێت بە پەرجووێکی دەگمەن و ئەفسانەئامێز دەنێو خۆڵەمێشی خۆیدا کە زادەی موعجیزەیەکی ئەفسانەئامێزە زیندوو دەبێتەوە.
    • بەور: سەر بە خێزانی پڵنگە، هەندێک جاریش وەک مێچکەی پڵنگ چاوی لێدەکرێت.
    • تەوار: مێینەی باز یان بازی مێچکە. (سەرەتای پایزی/٢٠٢٢)
    “شێرۆی پلکە زارێ”



ڕۆمانی گەردوون و گەردوونی ڕۆمان.. کاروان کاکەسوور

تەنیا لەم سەد ساڵەی ڕابردوو و لە بواری گەردوونناسیی فیزیایی (Physical cosmology)دا کۆمەڵێک تیۆریی جیاواز بۆ ئەوە دامەزراون، تا لێی بکۆڵنەوە، کە سەرەڕای ئەوەی چەندان بەڵگەی زانستییان بە دەستەوە داون، بەڵام هێشتا کەموکورتییان هەیە و نایشکرێت نەیانبێت، مادام گەردوون هەم ئاڵۆزە و هەم مەتەڵئامێز.
گەردوونی بینراو بەشێکی گەردوونە، نەوەک هەمووی. گەردوونی نەبینراو (Invisible Universe) ڕووبەرەکەی زیاترە، بگرە بێسنوورە. گەردوون ماددە (مەتێریەڵ) و وزە دەگرێتەوە. بەپێی لێکدانەوە زانستییەکان تەمەنی (46) میلیارد ساڵی ڕووناکییە و لە کشانی بەردەوامیشدایە. ئەم کشانە پێوەندیی بە سروشت و شێوەیەوە هەیە، کە کێشکردن (Gravity) و وزەی تاریک (dark energy) هەڵیدەسووڕێنن. کێشکردن ئەو هێزەیە، ماددە ڕادەکێشێت و دەیەوێت کشانی گەردوون خاو بکاتەوە، لە کاتێکدا وزەی تاریک بە پێچەوانەوە هەوڵ دەدات ئەو کشانە درێژەی هەبێت.
تیۆریی دۆخی چەسپاو (steady state theory)، کە لە ساڵی (1948)دا دەرکەوتووە، پێی وایە گەردوون وەک چۆن بێسەرەتایە، ئاوا بێکۆتاییشە، بەو مانایەی نە لە ڕووی کاتەوە سنووری هەیە و نە لە ڕووی شوێنیشەوە. پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، کە ماددە بەردەوام لە گەردووندا دەردەکەوێت. لە ساڵی (1964)دا ڕووداوێک ئەم تیۆرییە دەهەژێنێت، کاتێ شەپۆلێکی کارۆمۆگناتیسی (Electromagnetic radiation) لە قووڵاییی گەردوونەوە دێت و وا لێک دەدرێتەوە، کە پاشماوەی لەدایکبوونیەتی. بۆ میلیاردان ساڵ دەگەڕێتەوە و بە تیشکی پاشخانی گەردوونی (cosmic background radiation) ناوی دەبەن. دواتریش بە تەقینەوە مەزنەکە (Big Bang) دەناسرێت. ڕاستییەکەی پێشتر (جۆرج لۆمتەر) لە ساڵی (1927)دا ڕایگەیاندبوو. لەمەوە گوترا گەردوون ئەزەلی نییە، بەڵکوو لە کۆندا، دروستتر (3.7) میلیارد ساڵ لەمەوبەر لە خاڵێکی کاڵەوە، وەک ئەوەی هیی نووکی قەڵەمی ڕەساس بووبێت، دەستی پێ کردووە. چووەتە دۆخێکی زۆر گەرمەوە و تەقیوەتەوە، بەو مانایەی لەوێدا پاڵەپەستۆ بێکۆتا بووە و بارستاییش لە سفر نزیک کەوتووەتەوە، تا ئەم تەقینەوەیە ڕووی داوە و گەردوونی لێ هاتووەتە بەرهەم. لەو ساتەوە دەستی بە کشان کردووە. ئەمڕۆ وا مەزەندە دەکرێت ئەمسەر و ئەوسەری، کە لە شێوەی چەترێکی کراوەدا خۆی دەردەخات، بریتی بێت لە (92) میلیارد ساڵی ڕووناکی. واتە نیوەتیرەی ئەو فرەوانبوونە (46) میلیارد ساڵی ڕووناکییە.
تیۆریی گەردوونی کوانتیکی (Quantic universe) پێی وایە چەند ماددە و وزە هەن لەم گەردوونەدا، گەردوون خۆی لە عەدەم دروستی کردوون، بەڵام عەدەمێکی کوانتۆم (quantum void). بەپێی یاسای کوانتۆم (quantum law) دەکرێت تەنێکی وردی وەک ئەلیکترۆن هاوکات لە دوو شوێنی جیاوازدا خۆی دەربخات. بۆ نموونە پشیلەیەک دەتوانێت لە یەک ساتدا هەم مردوو بێت و هەم زیندوو، بگرە کەسێک لە سەندووقێکدا بیبینێت. بە پشیلەی شرۆیدینگەر (Schrödinger’s cat) ناسراوە. بەپێی ئەم تیۆرییە ئەگەر بیخەیتە سەندووقێکەوە و سەری دابخەیت، ئەوە وەک ئەزموونێکی هزری (thought experiment) لەم ساتەوە تا دەیکەیتەوە، نازانیت، ئاخۆ هێشتا دەژی، یان مردووە. بەم شێوەیە ئەو لە هەردوو دۆخەکەدایە. عەدەمی کوانتۆم خاوەنی توانایەکی تایبەتە، کە بە وزەی بۆشایی (the void of energy) ناسراوە و بەهاکەی سفرە، بەڵام بەو سفرەوە نەلکاوە، بەڵکوو بە دەوریدا دەخولێتەوە، بگرە لێی دوور دەکەوێتەوە، کە لە ئەنجامدا وزەیەکی کاریگەر بەرهەم دێت و دەتوانێت ماددە دروست بکات، وەک چۆن ماددە جارێکی دیکە پێی دەکرێت وزە بێنێتە دی. لێرەدا ماددە و دژەماددە دەردەکەون. دووەمیان لە هەموو ڕوویەکەوە لە یەکەمیان دەچێت، تەنیا جیاوازیی ئەوەیە، بارگەی ئەلیکترۆنی (electric charge)ی هەیە. ئەوەیش بە سەرەتای تەقینەوە مەزنەکە دادەنرێت، کە وەک گوترا ئەم تیۆرییە لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە، گۆیە گەردوون لە خاڵێکی وردی کاڵەوە دەستی پێ کردووە، بەڵام گەرمایییەکەی سنووری نەناسیوە، بە ڕادەیەک بووەتە سەرچاوەی هەموو شتەکان، بە کات و شوێنیشەوە. بەم شێوەیە گەردوون لە فرەوانبوونی بەردەوامدایە، کە دووریی ئەستێرە، هەسارە و گەلەگسییەکان بە جۆرێکی ڕێک دەهێڵێتەوە.
ئەمجارە تیۆریی زنجیرەیی، یان یەکبەدواییەکی گەردوون (The cyclic universe theory)مان هەیە، کە پێی وایە ئەم گەردوونە یەکێکە لە بێژمار گەردوونەکان. هەم لە پێشیەوە هیی دیکە هەیە و هەم لە دوایەوە هیی تر دێت. واتە لە هەر تەقینەوەیەکدا گەردوونێکی دی پەیدا دەبێت، کە خاوەنی یاسای فیزیایی و ماتماتیکیی خۆیەتی. لە ناو دەچێت و دانەیەکی دی لە ڕێی تەقینەوەیەکی ترەوە شوێنی دەگرێتەوە. دەکرێت بگوترێت هەر گەردوونێک بەپێی ئەو خولە بێپسانەوەیەی لە کشان و ساردبوونەوە (expansion and cooling)دا، بە تەقینەوەی مەزن (big bang) دەست پێ دەکات و بە تێکشکانی مەزن، یان پووکانەوەی مەزن (big crunch) کۆتاییی دێت.
وەک گوترا ئەوانە تیۆرین و لە کەموکورتی بە دەر نین. زانینی ئێستای مرۆڤ لە سنووری گەردوونی بینراودایە، بەڵام بەردەوام هەوڵ دەدات زیاتر بدۆزێتەوە. واتە هەمیشە ڕووی لە نەزانراوە.
ئەوەی من لێرەدا خستوومەتە ڕوو، ئەلفبێی ئەو تیۆرییانەیە، دەنا بابەتەکە زۆر لەوە زیاتر و قووڵترە. بەو مەبەستە ئەو کورتەیەم لەو بارەیەوە نووسیوە، تا لەم ڕووەوە وێنەیەکی گشتی بخەمە بەر چاو. نایشکرێت وەک سەرچاوەی زانستی لێی بڕوانرێت، ئەگەرچی هەوڵم داوە زانیارییەکان بە دروستی بخەمە ڕوو. ئەوەی گرنگە، بەردەوامیی لێکدانەوەی گەردوونە. خاڵی هاوبەشی تیۆرییەکان، ئەوەیە، کە گەردوون ئاڵۆزە، سەرەتایەکی ڕوونی نییە، ناکرێت ڕاڤەکان لە خاڵێکدا بوەستن و ئەنجامێکی دیاریکراو بە دەستەوە بدەن.
ناتوانین بڵێین لێکدانەوەی گەردوون تەنیا تایبەتە بە زانایان، بەڵکوو هیی هەر کەسێکە، ڕووبەڕووی دەبێتەوە. ئایا بۆمان هەیە ڕاڤەی چەوت بۆ گەردوون بکەین؟ بەڵێ، مادام ئەو ڕاڤەیە تایبەتە بە خۆمان و بەسەر ئەوانی دیکەیدا ناسەپێنین.
ڕۆمان، کە مەبەست ئەو ڕۆمانەیە ئاستی واقیعی زانراو و زمانی ڕۆژانەی تێپەڕاندووە، لە گەردوون دەچێت، بگرە هەر خودی گەردوونە، بەوەی گەردوون لە ڕووی کات و شوێنەوە بێسنوورە. ڕۆمان کاتێ فرەئاڕاستە و فرەدەنگە، دەستنیشان ناکرێت، تا بڕیاری کۆتاییی لەسەر بدرێت. وەک چۆن گەردوون لە تێکڕای تیۆرییەکان گەورەتر و فرەوانترە، ئەوە ڕۆمانیش بە هەمان شێوە توانای هەیە دەیان تیۆری و ئاڕاستەی فەلسەفی بهێنێتە دی، بێ ئەوەی هیچ یەکێ لەو ڕاڤانە، بگرە تێکڕای ڕاڤەکانیش بتوانن وا خۆیان دەربخەن بەشی زۆری نهێنییەکانی ئەویان دۆزیوەتەوە، بەڵام بایەخی ئەم هەوڵانە لە بەردەوامییاندایە.
لێکدانەوەی دەقی ڕۆمانیش تایبەت نییە بە کەسانێکی دیاریکراو، بەڵکوو هیی هەر خوێنەرێکە بەری دەکەوێت، تەنانەت ئەو خوێنەرە گریمانەیییەی ڕۆماننووسیش، کە بە شێوەیەک لە شێوەکان ڕۆماننووسەکەیە. ئەگەر زانست لە ڕێی پێوەرە پۆڵایین و سەختەکانیەوە لێکدانەوەی گەردوون تەنیا بە هیی کەسانی پسپۆڕ دەزانێت، ئەوە ڕۆمان بەوەدا نە پێوەری هەیە و نە یاسای دیاریکراو، ڕێی هەر خوێنەرێک دەدات بە شێوازی خۆی بیخوێنێتەوە و لێکی بداتەوە. ئەو خوێنەرە دەتوانێت خوێندنەوە تایبەتەکەی ئاڕاستەی گەردوونیش بکات و بەو شێوەیەی ببینێت، کە لەگەڵ بۆچوونیدا ڕێک دەکەوێت. کاتێک زانست ناکەینە پێوەر، شتێک نامێنێتەوە بۆ ئەوەی چی ڕاستە و چی چەوت، مادام وەک گوترا نیازمان نییە ئەو ئەنجامەمان بەسەر ئەوانی دیکەدا بسەپێنین.
چەند پێمان وا بێت تەواو لە گەردوون گەیشتووین و بەشێکی زۆری نهێنییەکانیمان دۆزیوەتەوە، هێشتا کەمی لێ دەزانین. کاتێ دەڵێین گەردوون بە شێوەی ڕاستەوخۆ هەیە، بە هەڵەدا دەچین، بەڵکوو وەک دەقی ڕۆمانی فرەدەنگ ناڕاستەوخۆیە، کە پێشتر گوترا (گەردوونی نەبینراو) بێسنوورە. ڕۆمان چەشنی گەردوون هێزی کێشکردن و وزەی تاریک هەڵیدەسووڕێنن. کێشکردن هەموو توانای خۆی دەخاتە گەڕ، تا ماددە ڕابکێشێت و کشانی دەق خاو بکاتەوە، لە بەرانبەردا وزەی تاریک بە توندی بەرپەرچی دەداتەوە و دەیەوێت کشان درێژەی هەبێت، کە ئەوانە ناهێڵن سەرەتایەکی ڕوونی بۆ دیاری بکەین و بە خاڵی کۆتاییی بگەین. ڕۆمان وێنەی گەردوون خاوەنی یاسای فیزیایی و ماتماتیکیی خۆیەتی، کە دەکرێت بڵێین، نایاسا، یان ناپێوەر (non-standard)ن، نەوەک یاسا و پێوەر. لۆجیکەکان هیی ناوەوەی خۆین، نەوەک لە دەرەوە بۆی هاتبن.

ئەو ڕۆمانەی ئاستی زانراو تێدەپەڕێنێت، هاوکات لۆجیکی تایبەتی خۆیشی دەخاتە ڕوو، کە ڕێ نادات بە لۆجیکی زانراو بخوێنرێتەوە، بگرە هەر خوێندنەوەیەک لە ئاستیدا کورت دەهێنێت، ئەگەر بیەوێت بۆ ئاستی زانراوی بگەڕێنێتەوە. بە مانایەکی دی، ڕۆمان کاتێ دەتوانێت داهێنەر بێت، کە واقیعێک بە هەموو وردەکارییەکانیەوە تێک دەشکێنێت و لە ئاستێکی دیکەی جیاوازدا دەریدەخاتەوە. ناکرێت بۆ ئەو واقیعەی بگەڕێنینەوە، لە کاتێکدا خودی واقیعەکە تێپەڕێنراوە و نەماوە. ڕۆمانی داهێنەرانە بەرگەی هێرشی ئەو خوێندنەوانە دەگرێت، کە واقیعی زانراویان کردووەتە پێوەر و دەیانەوێت لەوێوە ڕووبەڕووی ببنەوە. واتە ئەو خوێندنەوانە زمانی ڕۆژانەیان تێدا بەرجەستەیە و خۆیان لە ئاستی زمانێکدا دەبیننەوە، کە چووەتە دۆخی ئاماژەوە و کۆمەڵێک ئاڕاستەی جیاوازی لێ کەوتووەتەوە. لێرەدا ئاستی میلـلی دەکەوێتە بەرانبەر ئاستی فەلسەفییەوە، کە دووەمیان نەدەهاتە کایەوە، ئەگەر یەکەمیانی تێک نەشکاندایە. ئەو ئاڕاستانەیش وایان کردووە دەقەکە کورت نەکرێتەوە، تا لە شێوەی ڕۆمانی ئاساییدا بخرێتە دۆخی ئایکۆنەوە و ماناکانی لە چەند دێڕێکدا پێشان بدرێن. ڕۆمانی فرەدەنگ بەو خەسڵەتە گەردوونییانەی هەیەتی، لە بینراو و نەبینراو پێک دێت، کە تەنیا توێژینەوەی بارگاوی بە فکری ڕەخنەیی دەتوانێت هەوڵی ئاشکراکردنی نەبینراوەکانی بدات، بێ ئەوەی بە خاڵێکی دیاریکراو بگات و ئەنجامێک بە دەست بهێنێت. ڕۆمانی جەماوەری بەوەدا لە ئاستی میلـلیدا ماوەتەوە، دەکرێت بە هەمان زمانی ڕۆژانە بخوێنرێتەوە، تا بگوترێت کوێی باشە و کوێی خراپ، وەک ئەوەی لە ڕەخنەی میلـلیدا هەیە، چونکێ لە یەک ئاڕاستە، یان لە یەک چیرۆکی زەبەلاحی ڕوون پێک هاتووە و بە ئاسانی کورت دەکرێتەوە، بگرە وەک تەنێکی فیزیکی لێی دەڕوانرێت، بەوەی تەنیا بریتییە لەوەی وا لەسەر کاغەزدا فۆرمی وەرگرتووە، بەڵام ڕۆمانی فرەدەنگ بێژمار چیرۆکی ورد و دیمەن لە خۆی دەگرێت. ئاستی جەماوەری تێپەڕاندووە و توانای هەیە خوێنەری جیاواز بدوێنێت، کە لێرەدا هۆشیاریی نووسەر و خوێنەر بەر یەک دەکەون. لەو بەریەککەوتنەدا وزە، ماددە و دژەماددە بەرهەم دێن، تا بەردەوام یەکتر نوێ بکەنەوە. گوترا بۆمان هەیە ڕاڤەی چەوت بۆ گەردوون بکەین، بە مەرجێ ئەو ئەنجامەمان تایبەت بێت بە خۆمان و بەسەر ئەوانەی دیکەیدا نەسەپێنین، کە ئەمە بۆ ڕۆمانیش دروستە. بەگشتی خوێندنەوەکان لە هەر ئاستێکدا بن، جووڵەن و بایەخیان هەیە، مادام لە بۆشاییی گەردوونی ڕۆمانی فرەدەنگ و فرەئاڕاستەدا شوێنیان دەبێتەوە. هەر ڕاڤەیەک دەیانی دیکەی جیاوازی لێ دەکەونەوە و ئەوانە ململانێ دێننە گۆڕێ. هێزی نووسین دەتوانێت درێژە بەو ململانێیە بدات، کە ڕۆمانی ئەمڕۆ بەرهەمی ململانێکانی ڕابردووە. شێوازەکانی نووسینیشی هەر ئەو پرۆسێسە هێناونی. من خۆم ئەو ئاڕاستانەی هێز بەو پرۆسێسە دەدەن، بە گرنگ دەزانم، هەتا ئەگەر لە دژیان بوەستم و بە ڕەخنەیش ڕووبەڕوویان ببمەوە. بەبێ بوونی ئاڕاستەی جیاواز، ململانێ نایەتە کایەوە، تا بکەوێتە گەڕ و لەو بەردەوامییەیدا هێزی نوێ بەرهەم بهێنێت، بە تایبەتی کاتێ ململانێکە فۆکەسی لەسەر پێکهاتەی دەقە، نەوەک لەسەر ژیاننامەی نووسەر. بە مانایەکی دی، چەمکەکان لێک دەداتەوە و ئاڕاستەی نوێیان تێدا دەدۆزێتەوە، نەوەک باز بەسەر ئەوانەدا هەڵبدات و ڕوو لە نیازی نووسەر بکات. هیچ شتێک ناکەوێتە دەرەوەی دەق و تەنیا لەوێدا دەتوانین ئاڕاستەی نوێ بهێنین. کاتێ ڕوومان لە نووسەرە، ئەوە پەنامان بۆ پێوەری ڕەوشت بردووە، تا بەوە هەڵیبسەنگێنین، ئاخۆ باشە، یان خراپ. پرۆسێسێکی ئاسانە و ناتوانێت هیچ شتێکی نوێ بە دەستەوە بدات، بگرە دوور و نزیک پێوەندیی بە دەقەوە نییە. بۆ نموونە من دێم و بە زمانی ڕۆژانە، ئەو زمانەی هەر ئەندامێکی دیکەی کۆمەڵگە دەتوانێت پێی بنووسێت، دەنووسم (داوەزی داهۆز) نووسەرێکی تووڕەیە، بۆشە، ساختەیە، خەیاڵی لە کار کەوتووە، توانای داڕشتنی چوار ڕستەی سادەی نییە و هیی دیکەی لەم بابەتە، هاوکات و بە هەمان زمانی ڕۆژانەی جەماوەر بە (ماوەزی ماهۆز)دا هەڵدەڵێم، گۆیە داهێنەرە، خەیاڵی گەورەیە، قووڵە و وشەگەلی دیکەی لەم چەشنە. بۆ هەردووکیان بێژمار شایەت دەهێنمەوە و لەشکرێک پێک دەهێنم، بەڵام ئایا لەبارەی چەمکەوە قسەم کردووە؟ نموونەم لێ هێناونەتەوە؟ یەکێکیانم لێک داوەتەوە؟ ئایا لەو گوتانەمەدا وزەیەک بەرهەم دێت؟ ئەرێ ئەوە لە دەست هەر کەسێکی دیکەیش نایەت؟ ئایا ناتوانم بە هەمان مێتۆد تێکڕای داهێنەرانی گێتی بسڕمەوە و بە دەیان نووسەری سادەنووسیشدا هەڵبدەم، مادام خۆم لەوە دوور دەگرم یەک نموونە لە بەرهەمیان بهێنمەوە و لێکی بدەمەوە؟ تا ئەو کاتەی لەسەر چەمکەکان ناوەستین و ئاستی دیکەیان تێدا نادۆزینەوە، ئەوە لە ئاستی زانراودا ماوینەتەوە و شتێکی نوێمان بە دەستەوە نەداوە. لەگەڵ ئەوەیشدا من خۆم مامەڵەیەکی دیکەی تەواو جیاواز لەگەڵ ئەو جۆرە نووسینەدا دەکەم و کردوویشمە. نایسڕمەوە، بەڵکوو لە ڕێی ئەو چەمکانەوە، کە تێیدا فڕێ دراون، نەوەک کاریان پێ کراوە، دایەڵۆگ دادەمەزرێنم، بەو مانایەی هەڵیاندەگرمەوە و ئاستی دیکەیان تێدا دەدۆزمەوە، کە ئەوە وام لێ دەکات دایەڵۆگەکە بە ئاڕاستەی کۆمەڵێک سەرچاوەی فکری، فەلسەفی و هونەریدا ببەم. ئایا ئەوانە بۆ من گرنگن؟ بەڵێ، مادام دەرفەتم پێ دەدەن بە تێگەیشتن و شێوازی خۆم ڕووبەڕوویان ببمەوە. هەمیشە گوتوومە بە بایەخەوە لەو دەنگانەی دەرەوەم دەڕوانم. هیی ناو گەردوونی ئێمەن و ناتوانین نکووڵی لە بوونیان بکەین، بگرە ڕەسەنن و ڕاستگۆیانە توانای ئەمڕۆی کولتوورمان دەردەبڕن. ئەوانە واقیعی زانراو لە خۆیاندا بەرجەستە دەکەن و زەمینە بۆ تێپەڕاندن دەهێننە گۆڕێ. ئەم جووڵەیە بۆ ئەو ململانێیە پێویستە، هەتا ئەگەر ئەوان خۆیشیان وا لێی نەڕوانن. لەم ڕووەوە چەند نووسینێکم هەن، کە بریتین لە لێکدانەوەی چەمکەکان، بێ ئەوەی بە ئاماژەیش بە لای ژیانی نووسەراندا چووبێتم. نەمشاردووەتەوە ئەوان تێیاندا بەشدارن و بەبێ بوونی ئەوان لە دایک نەدەبوون. لێرەوەیە من بە ڕقەوە لێیان ناڕوانم و ململانێکە لەوە دوور دەخەمەوە، کە پێوەندیی بە کەسێتیمانەوە هەبێت، بگرە دەیانخەمە سەرووی ئەوانەی ئەم جووڵەیە ناهێنن. کاتێ ڕۆمان وەک گەردوونی نەبینراو دەبینین، لەوە دەگەین، کە نەک هەر بەرگەی هێزی ململانێ دەگرێت، بەڵکوو وزەی ئەو ململانێیەیش تێکەڵی وزەی خۆی دەکات. ساتێ لە دەق دوور دەکەوینەوە و یەخەی نووسەر دەگرین، وەک ئەوە وایە نرخ بۆ دەق دانەنێین و ئەوە بدەینە دواوە، کە دەق خاوەنی هێزێکی گەورەیە و بواری ئەوەمان دەدات وزەی خۆمانی تێدا بخەینە گەڕ، بگرە ددانمان بەوەدا ناوە، کە خاوەنی ئەو وزەیە نین، تا بەر هێزی دەقی دابدەین. دەق گەردوونمانە و هەموومان لە خۆی دەگرێت، تا تێیدا هێز بخەینە بەر ئەو ململانێیەوە. تەنیا لە ململانێدا هێزی خۆمان دەبینین و دەزانین چیی دیکەمان بۆ ئەو بەردەوامییە پێویستە.

ئەوەی لەبارەی ڕۆمانەوە گوترا، بۆ هەر جۆرێکی دیکەی ئەدەبیش دروستە. لەگەڵ هەموو ئەوانەدا هێشتا دەقی ئەدەبی، کە توانای تێکشکاندنی یاسا و پێوەرەکانی هەیە، لە گەردوونی ئاسایی فرەوانترە. ئەگەر گەردوون بەپێی یاسا تایبەتەکانی بە ڕێوە دەچێت، ئەوە ئەدەب توانای هەیە زیاتر لە یاسایەک بۆ ئەوانە دابنێت. ئەدەب پێی دەکرێت خۆر، زەوی، مانگ و ئەستێرە بە هەموو لایەکدا بجووڵێنێت. باران، بەفر، تەرزە و کڕێوە بە شێوازی جۆراوجۆر ببارێنێت. لە بەستەڵەکدا ئاسن بتوێنێتەوە و لەناو کوورەی ئاگردا بێژمار پەپوولە بخاتە باڵەفڕەوە.

لە پێشەوە گوترا عەدەمی کوانتۆم خاوەنی توانایەکی تایبەتە، کە بە وزەی بۆشایی (the void of energy) ناسراوە و بەهاکەی سفرە، بەڵام بەو سفرەوە نەلکاوە، بەڵکوو بە دەوریدا دەخولێتەوە، بگرە لێی دوور دەکەوێتەوە، کە لە ئەنجامدا وزەیەکی کاریگەر بەرهەم دێت و دەتوانێت ماددە دروست بکات، وەک چۆن ماددە جارێکی دیکە پێی دەکرێت وزە بێنێتە دی. ئەدەب بە گشتی و ڕۆمانی فرەدەنگ بە تایبەتی لە دۆخی زانراو دوور دەکەوێتەوە، تا هەمان ئەو گۆڕانکارییە بەرپا بکات، کە عەدەمی کوانتۆم بەرپای کردووە. بە مانایەکی دی، داهێنانی ڕۆمان پێوەستە بە مەودای جودابوونەوەی لە تێگەیشتنی باو، کە لەمەوە دنیای تایبەتی خۆی لە ڕێی پێوەندیی دایەلێکتیکییانەی نێوان وزە و ماددەوە دروست دەکات. هەر ماددە نا، بەڵکوو دژەماددەیش، کە ڕاستییەکەی ئەوەیان کاریگەرییە مەزنەکە دێنێتە گۆڕێ، بەوەی خاوەنی بارگەی ئەلیکترۆنییە. ئەو کارلێکە بەردەوام دەبێت و لە خاڵێکدا ناوەستێت. دەکرێت بگوترێت ڕۆمان بە هێزی ناوەوەی خۆی گەردوونێکی تایبەت بەرهەم دێنێت، کە بۆ ئەوەی بتوانین لێکی بدەینەوە، پێویستمان تەنیا بە هێزی ناوەوەی خۆمانە. دەگەینە ئەوەی بڵێین خوێنەری ڕۆمانی فرەدەنگ، کە متمانەی لەسەر وزە و ماددەی ناوەوەیەتی، توانای تەقینەوە مەزنەکەی هەیە.

گوتمان تیۆریی گەردوونی کوانتیکی پێی وایە چەند ماددە و وزە هەن لەم گەردوونەدا، گەردوون خۆی لە عەدەمەوە دروستی کردوون، بەڵام عەدەمێکی کوانتۆم. بەپێی یاسای کوانتۆم دەکرێت تەنێکی وردی وەک ئەلیکترۆن هاوکات لە دوو شوێنی جیاوازدا خۆی دەربخات. ئەگەر لێرەدا (ڕۆمانی فرەدەنگ) بخەینە شوێنی (گەردوون)ـەوە، ئەوسا ڕێ بە خۆمان دەدەین بڵێین ڕۆمان توانای هەیە لە عەدەمێکی کوانتۆم هەموو ڕەگەزەکانی خۆی لە کارەکتەر، ڕووداو، کات، شوێن، بابەت و ئەوانەی دیکەیش دروست بکات. بەپێی (یاسای کوانتۆمی ڕۆمان) دەکرێت سەرجەم تەنەکان لە چەند کات و شوێنی جیاوازدا دەربکەون و بەردەوام جیاوازی دەربخەن، بەوەی ڕۆمان دەتوانێت وزە، ماددە و دژەماددە بەرهەم بهێنێت. ڕۆمانی داهێنەرانە بە تەقینەوەی مەزن (big bang) دەست پێ دەکات و بە پووکانەوەی مەزن (big crunch) کۆتاییی دێت، کە وەک بینیمان ئەم کۆتایییە ڕێخۆشکەری تەقینەوەیەکی تری مەزن و دەستپێکێکی نوێیە. بە مانایەکی دی، ئەو دوو ڕووداوە مەزنە بزوێنەری دەقن و دەتوانن ڕۆمانی فرەدەنگ لە هیی جەماوەری، یان لە هیی میلـلی جودا بکەنەوە. ئەوە ڕێمان لێ دەگرێت لە دەرەوە خاڵ بۆ سەرەتا، ناوەڕاست و کۆتایی دابنێین، مادام ڕۆمان تەنیا بەپێی یاسا و لۆجیکەکانی ناوەوەی کار دەکات. لێرەوەیە پێوەر و یاسای واقیعی زانراو نە بۆ نووسینی ڕۆمان لە بەرچاو دەگیرێن و نە بۆ خوێندنەوەی دەقی ڕۆمانیش. ئەمەیش ئەوە دەخوازێت هەم ڕۆمان و هەم خوێندنەوە بە شێوازی خۆیان تەقینەوەی مەزن و پووکانەوەی مەزن بەرپا بکەن، تا بوارێک بۆ حوکمی ڕەها نەمێنێتەوە. هەر کاتێ زمانی نووسین چ لە دەقی ڕۆمان و چ لەو گوتارانەی لە بارەیەوە دەنووسرێن، هەمان ئاستی زمانی ڕۆژانەیە و بە ئاسانی لێی تێدەگەین، ئەوە مانای وایە لە تەقینەوەی مەزن و پووکانەوەی مەزن بێبەشە. لێرەدا جیاوازیی نێوان ئاستی میلـلی و ئاستی فەلسەفی دەردەکەوێت.




کوردستانی عێراق: کام مێژوو و کام داهاتوو؟-1-.. عەدنان کەریم

( شکستی ستراتیجیی ناسیونالیزمی کورد و پێویستیی ستراتیجیەکی شۆڕشگێڕ )

( بەشی یەکەم )

باکگراوندێکی مێژوویی

یەکێك لە پێکهێنەرە ئاڵۆزەکانی دونیای سیاسەت لە عێراقی هاوچەرخ و لەهەمان کاتیشدا یەکێك لە پرسە سەرەکیەکانی تا ئەم سالانەی دوایی بریتی بوو لەمەسەلەی کورد.
لەهەشتاکانی سەدەی پێشوودا فاشیزمی بەعس کە سەددام حوسەین ئەندازیار و ڕابەری بوو، سیاسەتی ( دوایین چارەسەر ) ی پەیڕەو کرد لە بەرانبەر ئەو مەسەلە ئاڵۆزەدا: جینۆساید بە ئومێدی قەڵاچۆکردنی کورد وەکوو گەلێك کە بە ڕێگرێکی گەورەی بەردەم هاتنەدیی خەونە فاشیستیەکەی خۆی دەزانی.
لەگشتیترین ئاست و لەڕووی بابەتیەوە وبە فراوانترین مانا مەسەلەی کورد بەرهەمی پیادەکردنی سیاسەت و ڕێبازی پێشێلکردنی پرەنسیپی بەیەکسان تەماشاکردنی گەلانی دانیشتوانی عێراق ،بەتایبەتی گەلی کورد بوو، هەر لە دامەزراندنی نیزامی پاشایەتیی عێراق لە ساڵی ١٩٢١ لەلایەن بەریتانیای داگیرکەری ئەوکاتەی ئەم وڵاتەوە.
پیادەکردنی ئەم نەهجە لەبواری مەسەلەی کورد، بەدیاریکراوی لەعێراقدا، ڕاستەوخۆ بەقازانجی ڕەوتی شۆفینیی نەتەوەیی و پاشان عروبی لە عێراقی ئەوکاتەداشکایەوە. دیارە دەوڵەتی عێراق بەرهەمی تەوافوقی بەریتانیا و نوخبەی عەرەبیی تازەسەرهەڵداوی عێراقی بوو کە هەم بە پێکهاتە و کەسایەتیەکانی و هەم بە ئایدیا فکری و سیاسیەکانی، کۆکتێلێکی عەرەبی بوو. بەشی زۆری ئەو ئیلیتە سیاسیە، کە زۆربەیان پێشتر لە سوپای عوسمانیدا پێگەیەکی بەهێز و شارەزاییەکی باشی سیاسی و عەسکەریان هەبوو، لە سوریا لەدەوری فەیسەڵی کوڕی شا حوسەینی شەریفی حیجاز کۆببونەوە و ئیئتیلافێکی سیاسیی ئاشکرایان هەبوو و کەوتبوونە ژێرکاریگەریی ڕیبازە نەتەوەییەکەی ( ئیتیحاد و تەرەققی ) ی تورکیەوە کە ساڵی ١٩٠٨ لە ئەستەنبووڵ خۆیان ڕێکخستبوو بۆ هەموو ئەگەرەکانی دوای هەرەسی ئیمپراتۆریی عوسمانی.
بەومانایە دەوڵەتی هاوچەرخی عێراق کە ساڵی ١٩٢١ لەسەر پاشماوەکانی ئیمپراتۆریی ڕووخاوی عوسمانی لەعێراقدا دادەمەزرێت، بەرهەمی بەیەکگەیشتنی ئامانجەکانی بەریتانیای داگیرکەری عێراق و بزووتنەوەی تازە سەرهەڵداوی نەتەوەیی عەرەبیی عێراقی بوو کە ئەو نوخبە عەسکەریەی دەرچووی کۆلیجە سەربازیەکانی ئەستەنبووڵی عوسمانی و گەورە ئەفسەرەکانی پاشماوەی سوپای تێکشکاوی ناوبراو نوێنەرایەتیان ئەکرد. لەو کاتەدا بەهۆی شکڵنەگرتنی بزووتنەوەیەکی سیاسی لە ناو کورد، چی بزووتنەوەیەکی سیاسیی خاوەن ئامانجی ناسیونالیستیی ڕۆشنی وەکوو ئەو بزووتنەوە عەرەبیەی ئاماژەم پێدا و چی خامۆشیی گشتی و سەرەتایی بوونی کۆمەڵگای کوردی لەڕووی فەرهەنگی و سیاسیەوە بەگشتی وبێدارنەبوونەوەی لە ڕکوودی دوورودرێژی سەردەمی خەلافەتی عوسمانی و دەسەڵاتەکەی لە کوردستاندا، هیچ پێکهاتەیەکی ئەو ئان و ساتەی کۆمەڵگای کوردی، ڕۆڵێکی نەبینی لە دروستبوونی دەوڵەتی هاوچەرخی ناوبراو لەعێراقدا. جگە لەوەش هیچ جۆرە تەماح و داواکاریەکیی سیاسیی بەهێز نەهاتنە سەر شانۆی سیاسەت ومێزی دانوستان لەو قۆناغە هەستیارەدا کەلە سایەیدا کێکی سیستمی سیاسیی نوێ تیایدا دابەشکرا.
بەڵام لە سەردەمی پاشایەتیدا ( ١٩٢١ – ١٩٥٨ ) سیاسەتی پێشێلکردنی مافی گەلی کورد لەعێراقدا ئاراستەیەکی نەرم و لیبرالی بەخۆوە گرتبوو بەمانای ئینکاردکردنێکی نەرم و پشتگوێخستنی داواکاریەکانی ئەوکاتەی ئیلیتی ڕۆشنبیر و سیاسیی کوردبوو لەبواری دانپیانان بە مافە ڕۆشنبیری و سیاسیەکانی کورددا کە لەلایەن ئەو دەستە سیاسیەی ئەو سەردەمەی کۆمەڵگای کوردیەوە بەرزئەکرایەوە. ستراتیجیی نیزامی پاشایەتیی هاشمیی عێراق لەو قۆناغە درێژەدا بریتی بوون لە ئارامکردنەوەی کورد و ئیستیعابکردنیان لەچوارچێوەی عێراقێکدا کە بەفەرمی و لەسایەی دەستووری ساڵی ١٩٢٥ دا خەسڵەت و ناونیشانی هیچیەك لە نەتەوە و ئاینەکانی عێراقی پێوە نەلکابوو، گەرچی بەکردەوە هێزی دەسەڵاتدار لە مەملەکەتەکەدا ئیلیتی ناسیونالیستی عەرەبیی سوننی بوون. بەڵام کورد بە هۆی کوردبوونیەوە، بە پێچەوانەی سەردەمی بالادەستیی ناسیونالیستیی عەرەبی لەهەردوو قۆناغی١٩٦٣ و ١٩٦٨دا، ئازار و ئەزیەت نەدەدرا.
شایانی ئاماژەشە کە تا کۆتایی سیەکانی سەدەی پێشوو شتێك نەبوو لە دونیای سیاسەت لە عێراقدا بەناوی ( مەسەلەی کورد ) ەوە وەکوو مەسەلەیەکی سیاسی کە لەهەناوی ئەوەوە هێزی سیاسیی ڕێکخراو سەری هەڵدابێ و بەرنامە و ستراتیجیی دیاریکراو بۆ چارەکردنی هاتبێتە سەر شانۆ و بووبێت بە بابەتی ململانێی نێوان کورد وەکوو گەلێك لەگەڵ دەسەڵاتدارەتیی سیاسیدا.
گۆڕانی مەسەلەی کورد لە بابەتێکی کەلتووریەوە بۆ بابەتێکی سیاسی، بەرهەمی دوو دیاردەی نوێ بوون لە عێراقدا:
یەکەم: بەهێزبوونی باڵی ڕادیکال و شۆفێنیی ناسیونالیستیی عەرەبی کە عێراقی بە وڵاتێکی عەرەبی ناوزەد ئەکرد و کوردی بە هاووڵاتیی پلە دوو و میوان لەخاکی عێراقی عەرەبیدا ئەزانی.
دووەم: دەرکەوتن و هاتنەسەرشانۆی سیاسیە لەلایەن بزووتنەوەی ناسیونالیستیی کوردەوە کە لەسەرەتای چلەکانەوە وەکوو میوانێکی نویی سەر شانۆی ململانێ سیاسیەکان دەبینرێت تەنانەت بێئەوەی ئاستی جیاکاریی نەتەوەیی، بە فەرمی، ئاڵوگۆڕێکی ئەوتۆی بەسەردا هاتبێت.
ئەو جیاوازیە واتە گۆڕانی مەسەلەی کورد بە مەسەلەیەکی سیاسی وگرێکوێرەیەکی ژیانی سیاسی لە عێراقدا بایەخی تایبەتیی خۆی هەیە و شایانی وەستانە چونکە ئاکامی زۆری لێئەوەشێتەوە وەکوو دواتر بینیمان. هەر بۆ نموونە و بۆ بەراورد، ئەم ئاڵوگۆرە لەکوردستانی سوریادا زۆر درەنگتر دێتەدی و تا حەفتاکان دوادەکەوێت، گەرچی ستەم بەرانبەر بەکورد هەر لە پەنجاکان و شەستەکانەوە قاڵبێکی زۆر تووندوتیژتر دەگرێتە خۆی لەچاو عێراقی سەردەمی پاشایەتیدا.
سەرهەڵدان و بەهێزبوونی ڕەوتی عروبی ڕادیکال لەناو ئیلیتی سیاسی و ڕۆشنبیری عەرەبی لە عێراقدا لە سیەکانی سەدەی پێشوەوە، لەدەرەوەی بازنەکانی دەسەڵات، لەئاکامی زۆر فاکتەری ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانیدا، وەکوو ڕێکخراوی نادی المثنی و شکڵگرتنی ناسیونالیزمی عەرەبی لە عێراقدا و بەهێزبوونی لەناو نوخبەی سوپا و ڕۆشنبیران وڕەنگدانەوەی لەبواری ڕۆشنبیری و بەتایبەتیش لە ژیانی ڕۆژنامەگەریی عەرەبیی عێراقیی ئەوکاتەدا، تەکانێکی نویی هەم بە تەماحە سیاسیەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی عەرەبی لەعێراقدادا و هەم ڕەوتی ڕاستڕەوی و شۆفێنیی تیایدا بەهێزکرد. ساڵانی نێوان٠ ١٩٣-١٩٤٠ سەردەمی خۆگرتن و تەبەلوری باڵی ڕادیکالی بزووتنەوەی ناسیونالیستیی عەرەبی بوو لەعێراقدا. بزووتنەوەی ناسیونالیستیی عەرەبی لە عێراقدا یەك ئامانج و یەك ئاراستەی نەبوو بەڵکوو دوو ستراتیجی لە دەرونیدا تەفاعولی دەکرد:
یەکەمیان: باڵێکی نەتەوەیی ڕیفۆرمخوازی لیبراڵ بوو کە بەدیهاتنی ئاواتەکانی ( نەتەوەی عەرەب )ی لەوەدا دەبینیەوە کە بە ئارامی و لە چوارچێوەی هاوکاری و دۆستایەتی لەگەڵ بەریتانیا وبونیاتنانی دەوڵەتێکی بەهێز لەعێراق و هاوکاری و یەکگرتوویی لەگەڵ دەوڵەتە عەرەبیەکاندا ئەو ئامانجە بێنێتەدی. ئەم باڵەی ناسیونالیزمی عەرەبیی عێراقی هەر لەسەرەتاوە لەبری ڕێگەی بەرگریی داگیرکاریی بەریتانیا لە عێراقدا لە ١٩١٧ بەدواوە، ڕێگەی سازان و هاوکاریان هەڵبژارد و بەوجۆرە سووکانی نیزامی پاشایەتیی عێراقیان گرتەدەست. ئەمان خوازیاری گفتوگۆبوون لەگەڵ بەریتانیا لە پێناوی سەربەخۆیی سیاسیی عێراق و توانیان ساڵی ١٩٣٢ بەپێی ڕێکەوتننامەیەك لەگەڵ بەریتانیا، سەربەخۆیی عێراق ڕابگەیەنن و عێراق وەکوو دۆست و پایگای نفووزی بەریتانیا ببێت بە ئەندامی ڕێکخراوی کۆمەڵەی گەلان League of Nations.
تا ناوەڕاست وتەنانەت کۆتایی چلەکانیش ئەمان باڵی بەهێزی ناو کۆمەڵگا و بزووتنەوەی نەتەوەیی عەرەبی بوون لە عێراقدا. ئەم باڵە کە داڕێژەری سیاسەتی سەردەمی پاشایەتیی عێراق بوو لەهەوڵی ئەوەدابوون کە دانپیانان بە مافەکانی گەلی کورد لەچوارچێوەی سیاسەتێکی ڕیفۆرمخوازی و دانپیانان بە مافە کەلتووریەکانیدا لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا جێبکەنەوە. بەوهۆیەشەوە کە عێراق بەفەرمی و لەڕووی دەستووریەوە، هیچ ناو و تایتڵێکی نەتەوەیی یا مەزهەبیی پێوەنەلکابوو، حکوومەتی پاشایەتیی ئەوکاتە لەهەوڵدا بوو مافەکانی کورد لەچوارچێوەی فەرهەنگی و مافی تاکەکان بە بێ جیاوازی لە سەربناغەی شوناسی هاووڵاتیبوونی یەکسان لەدەستووردا، جێبەجێبکات. ماوەیەك دوای دامەزراندنی پاشایەتی و تەنانەت لەسەردەمی ئینتیدابی بەریتانیشدا ( ١٩٢٠ – ١٩٣٢ ) ئیلیتێکی بەهێزی کورد پێگەیان هەبوو لەدەسەڵاتی تەشریعی و تەنفیزیی عێراق و لە ئیداراتی ناوخۆی کوردستاندا.
دووەمیان: لە نیوەی سیەکانەوە ڕەوتی ڕادیکال و تووندڕەوی ناسیونالیستیی عەرەبی ( ڕەوتی عروبی ) لە عێراقدا سەردەردەهێنێت. وەکوو هەر بزووتنەوەیەکی تر سەرەتا لە بواری بیروباوەڕ و سیاسیەوە ئەم ڕەوتە سەردەردێنێت و سەرانی ئەم بزووتنەوە تازەیە زوو دەکەونە ژێرکاریگەریی نووسینەکانی بیرمەندە سەرەتاییەکانی بیری ناسیونالیستیی عەرەبی لەبابەتی قوستەنتین زریق و شبلی شمیل و ساتیع ئەلحوسەری و دەیانی تری لوبنانی و میسری و سوری کە سەرگەرمی داڕشتنی پایەکانی بیری ناسیونالیستیی عەرەبی بوون. کاریگەریەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی عەرەبی لەسوریا و میسر وباقی دونیای عەرەب جێپەنجەیان لەم سەرهەڵدانەدا هەبوو. دوای هەرەسی عوسمانیەکان دەستەبژێری (ئیلیتی) نەتەوەیی پەرشوبڵاوی عەرەبی ئومیدیان بە بەریتانیا و فەرەنسا زۆر بوو کە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم پابەند بن بە بەخشینی سەربەخۆیی بە جیهانی عەرەب. بەڵام لەگەڵ بەستنی پەیماننامەی سایکس بیکۆ ( ١٩١٦ ) و دابەشکردنی دەسەڵاتی ناوچەکە بە پێی سیستمی ئینتیداب لە نێوان فەرەنسا و بەریتانیا و پشتکردنیان لە بەڵینەکانیان سەبارەت بە سەربەخۆیی بەو مانایەی باڵی ڕادیکالی ئیلیتی ناسیونالیستیی عەرەب چاوەڕوانیان ئەکرد، زەمینەی دووشەقبوونی بزووتنەوەی نەتەوەیی عەرەبی و دابەشبوونیان بەسەر باڵی ڕیفۆرمخواز و باڵی ڕادیکاڵدا، سەریهەڵدا.
کاریگەریەکانی جیهانی قۆناغی نێوان شەڕی جیهانیی یەکەم ودووەمیش ڕۆڵیان هەبوو لە سەرهەڵدانی ڕەوتی ڕادیکال و تووندڕەوی ناسیونالیستیی عەرەبدا. سەرهەڵدانی نازیەت و فاشیەت لەئەڵمانیا و ئیتالیا، وەکوو دوو نموونە بۆ بەهێزبوونەوەی دوو نەتەوە کە لە یەکەمین شەڕی جیهانیدا تێکشکێنراوبوون بەڵام خێرا دەبووژانەوە، هاتنەوەئارای بەڵێنی بلفۆر و چەکەرەکردنی ستراتیجیی دامەزراندنی ئیسرائیل بەهاوکاریی ڕۆژئاوا و بەڵێنی بەریتانیا و زوڵم و زۆر لەسەر فەلەستینیەکان، شەپۆلی تازەی دامەزراندنی دەوڵەت- نەتەوە لە ئەوروپا و بزوتنەوەی تازەسەرهەڵداوی بەهێزی سەربەخۆخوازی لە ئاسیا و ئەفریقیا و ئەمریکای لاتین؛ هەموویان پێکەوە، ڕۆڵی گەورەیان گێڕا لە تەشەنەکردن و بەهێزبوونی بزووتنەوەی ناسیونالیستیی عەرەبی لەعێراق و وڵاتانی تری عەرەبیدا.
جگە لەو فاکتەرانەش ،هاتنەسەرشانۆی یەکێتیی سۆڤیەت وەکوو پاڵەوانێکی نوێی گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتی، بە پۆششی قەڵای بەرگری لەگەلان و سەربەخۆیی نەتەوەکان و دژایەتی کۆڵۆنیالیزم، هێندەی تر فووی کردە ئاگری تازەی بزووتنەوە ناسیونالیستیە بەهێز و چالاکەکانی جیهانی سێیەم بەتایبەتی پشتیوانیی سۆڤیەت لە کەمالیەکانی تورکیا و بووژانەوەی تورکیا بوو بە نموونەیەك بۆ چاوبڕینە دەستی هاوکاریی سۆڤیەت بۆ ناسیونالیستی عەرەبیش کە عێراق تادەهات ئەبوو بە یەکێك لەسەنگەرە بەهێزەکانی.
دیارە فاکتەری جوگرافیش ڕۆڵی بوو هەم لەبەهێزبوونی ئەم باڵە قەومیە عەرەبیە لە عێراق و هەم لە توندڕەوبوونی چونکە بە دەروازەی ڕۆژهەڵات و باکووری ” جیهانی عەرەب ” دەناسرا لەگەڵ دوو وڵاتی زلهێز و خاوەن ئیمبراتۆریی وەکوو ئێران و تورکیا کە هەمیشە چاویان بڕیوەتە عێراق.
ئەم بزووتنەوە ناسیونالیستیە عەرەبیە لە عێراقدا هەر زوو توانی کارتی شەرعیەتی نەتەوەپەرستیی عەرەبی لە نیزامی پاشایەتی وەربگرێتەوە و رووتی کاتەوە لە هەر ناونیشانێك کە گرێی بداتەوە بە ( نەتەوەی عەرەب ) و عێراقەوە و ئەوانی وەکوو مشتێك خائین و کرێگرتە وهاوکاری داگیرکەری بەریتانیی دوژمن بەنەتەوەی عەرەب ناوزەد دەکرد و ئاڵوگۆڕەکانی دونیاش هاوکاربوون بۆ گوتارە ناسیونالیستیەکەی ئەم بزووتنەوەیە کە تا دەهات ڕیشەی لەناو خەڵکدا دادەکوتا و ورد و درشتی مەسەلە سیاسیەکانی ڕۆژی ئەکرد بەبابەتی بەڵگە بۆ ڕاست و ڕەوابوونی ڕیوایەتە فکری وسیاسیەکانی خۆی.
ڕیگرێکی بەردەم بەهێزبوونی ئەم ڕەوتە بریتی بوولە بزووتنەوەی شیوعی کە لە عێراقدا هەم بەهێزتر بوو و هەم ڕەقیبی یەکەمی ئەو بزووتنەوە ناسیونالیستیە عەرەبیە بوو.
شیوعیەکانی عێراق سەرباری پاڵپشتیان لە ئاواتە نەتەوەییە عەرەبیەکان لە عێراقدا وەکوو هەموو وڵاتانی تری عەرەبی، بەڵام بەهۆی تایبەتمەندیی تووندڕەوی و ڕاستڕەویی مەیلی نەتەوەپەرستیی عەرەبی لەعێراقدا، ڕێیان لەوان گرت کە ببن بە ئاڵاهەڵگری ئامانجی سەربەخۆیی سیاسی و ئابووری لە عێراقدا کە ئاواتی زۆرینەی خەڵکەکەی بوو.
ڕاستڕەویی باڵی ناسیونالیستیی عەرەبی تا ئەو جێگەیە پێی لێهەڵبڕی کە لە سەردەمی شەڕی جیهانیی دووەمدا بە ئاشکرا ئاماژە بە نازیەت و ئەڵمانیای هیتلەری بکات وەکوو هاوپشت و دۆستی نەتەوەی عەرەب و بگرە شیخ ئەمین ئەلحوسەینی کە موفتیی قودس بوو و لەوێ وەکوو سەرکردەیەکی بزووتنەوەی ١٩٣٦ لەفەلەستینەوە بۆ عێراق هەڵاتبوو، بەناوی خۆی و هاوەڵەکانیەوە لە عێراقدا بۆ ناردنی پەیامی دۆستایەتی لە بەرلین چاوی بە هیتلەر دەکەوێت. ئەوانە بۆ شیوعیەکان کە ململانێی سۆڤیەت و ئەڵمانیا لەوپەڕی گەرمیدا بوو، مایەی غەزەب و نەفرەتێکی زۆر بوو.
لە ساڵی ١٩٤١ یشدا بزووتنەوەی ( العقداء الأربعة ) یا ” شۆڕشی مایس !” کە ئەمین ئەلحوسەینی ڕابەری ڕووحیان بوویاخیبوونێکی بەهێزیان بە ئیلهام لە سەرکەوتنەکانی بەرەی ئەڵمانیا و ئیتاڵیا لە شەڕی جیهانیی دووەمدا هەڵگیرسان کە هێندەی نەمابوو دەسەڵاتی پاشایاتی بڕووخێنێت.

ناسیونالیزمی کوردیش خۆی ڕێکئەخات

هێزەنەتەوەییە کوردیەکان هەر لەنیوەی یەکەمی سەدەی بیستەوە لە کوردستاندا ستەمی نەتەوەیی سەر گەلی کوردیان کرد بە پایە و بواری سەرهەڵدان و چالاکیی خۆیان. جموجۆڵی سیاسی و ڕۆشنبیریی ئەو بزووتنەوە ناسیونالیستیە کوردیە سەرەتا لەژێرکاریگەریی بزووتنەوە نەتەوەییەکانی ناو گەلانی تورك و عەرەب، دونیابینی و فکری سیاسیی خۆیان داڕشتووە و لە ژێرناوی لامەرکەزی یا ئۆتۆنۆمیدا بەرنامە وستراتیجیی سیاسی و فکریی خۆیان فۆرمۆڵەکردووە. سیاسەت وپلانی ئەوان بریتی بووە لە هاوبەشبوون لەدەسەڵاتی سیاسیی عێراق و فەرمانڕەوایی کردن لە کوردستانی عێراقدا بەهاوبەشی دەسەڵاتدارەکانی ناوەند بەناوی گەلی کوردەوە. تاقیکردنەوەکانی ساڵانی ١٩٤٦ – ١٩٩١ و مێژووی ئەو هێزانە لەوقۆناغە درێژەدا لە بازنەی شەڕ – مفاوەزات – شەڕدا خولاوەتەوە و لەدرێژەی خۆیدا لە جیاتی چاری ستەمی نەتەوەیی، ئەو بزووتنەوە ناسیونالیستیە خۆشی بووە بە بارێکی قورسی تر بەسەر خەبات و ئامانجی ڕەوای خەڵکی کوردستانەوە لە پێناوی چاری ڕیشەیی ستەمی نەتەوەیی. ئەم هێزانە ئەو خەبات و هەوڵەی خەڵکیان ئاڵۆزتر و پڕ گرێ و کێشەترکرد ولەوتاندیان. پارتی دیموکراتی کوردستان لە قۆناغەکانی ١٩٤٦ – ١٩٧٥ نموونەیەکی زەقی ئەو هێزە سیاسیە کوردستانیە بوو و دواتریش یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، گەرچی بەناوی هێزێکی بەدیل لەبەرانبەر ئەو بزووتنەوە و هێزە تەقلیدیە هاتەمەیدانی سیاسەتەوە، بەڵام پاش چەند ساڵ لەدامەزراندنی، ئەویش لەچوارچێوەی هەمان دونیا بینی و پراتیك و نەریتدا گیرسایەوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان کە پێشەنگی بزووتنەوەی سیاسیی ناسراو بە کوردایەتیە ولە مناڵدانی ئەو بزووتنەوەیەدا لەدایك بوو، هەڵگری دواکەوتووترین شوناسەکانی دونیای سیاسەت و فکری کۆمەڵگای کوردستان بوو. ئەم هێزە هەر لەسەرەتاوە هەڵگری ئایدیۆلۆجیەکی تەسکی ناسیونالیستیی کۆنسێرڤاتیڤ و ڕاستڕەو بوو ئەویش لەڕوانگەیەکی کۆن وسواوی تایفی وخێڵەکی ودەرەبەگیەوە. ئیلیتی ڕۆشنبیری کورتبینی قاندراو بە بیری کلاسیکی نەتەوەیی کوردی ئەو سەردەمەش، بەو دونیابینیە تەنگە وکەمی تاقیکردنەوەوە، لەجیاتی هەڵسان بەڕۆڵێکی پێشڕەو، سەرکردایەتی وچارەنووسی حیزبەکەیان، کە خۆیان دایانمەزراندبوو، بەوپەڕی خۆشحاڵیەوە ئەسپێرن بە کەسایەتیەکی سەرۆك خێڵی تایفی وسادە ودونیانەدیوی سیاسەتی وەکوو مەلا مستەفا وخۆشیان ئەکەن بەقەڵغان وخوڵامی ئەو عەقڵیەتە خێڵەکی وکۆنەپەرستە.
پارتی دیموکرات وسەرکردایەتیەکەی هەر لەسەرەتاوە نەك هیچ ڕۆڵێکی پێشڕەو وئازادیخوازانە نابینن لەهیچ بوارێکی کۆمەڵایەتی وسیاسی وفکریدا، بەڵکوو هێزی ناوبراو ئەبن بە ڕێگر لەبەردەم ڕەوڕەوەی پێشکەوتنی ژیانی شارستانی و فەرهەنگی و سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا. ئەو هێزە سیاسیە و ئەو کەسایەتیە خێڵەکیە سەرکردایەتیی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستیی کورد ئەگرنە دەست و خەباتی گەلی کورد بۆ ڕزگاری و یەکسانی و دیموکراتی بۆ چەندین دەیە تووشی پاشەکشە و ئیفلیجبوون ئەکەن و لەقاڵبێکی ڕاستڕەویی کۆنەپەرستانەدا یەخسیری ئەکەن. هەموو ئەوانەش لەسەردەمێکدایە کە ڕەوتی ئازادیخوازی و پێشکەوتنخوازیی دوای تێشکانی نازیەت و فاشیەت وەکوو نەسیمێکی ئازادی جیهانی سێیەم ئەگرێتەوە و جگە لە کوردستان، ئەویش بەهۆی هەژموونیی پارتیەوە بەسەر ژیانی سیاسیدا، هەموو بزووتنەوە میللیەکان بۆ بەدیهێنانی مافەکانیان ئاراستەیەکی سیاسیی ئازادیخواز و چەپ و پێشکەوتوو ئەگرنەبەر.
وێستگاکانی مێژووی ئەم هێزە پڕن لە سیاسەتی چەوت و گومڕاکەر و گوماناوی و کۆنەپەرست.
لە ١٩٦١ دا لەدژی یاسای پێشکەوتووخوازی چارەسەرکردنی زەوی وزاری حکوومەتی عەبدولکەریم قاسم یاخی ئەبن و بە هاندانی شای ئێران و پەیمانی سەنتۆ ئەدەنە پاڵ دەرەبەگەکانی کوردستان کە یاسای ناوبراو کۆتایی بە ستەمی جوتیارانی کوردستان دەهێنا و یاخیبوونە چەکدارەکەیان ناو ئەنێن ” شۆڕشی ئەیلوول “. ساڵی ١٩٦٣ ئەبنە چاوساغ و هاوکاری کوودەتا خوێناویە فاشیستەکەی بەعس کە بە وێرانکردنی عێراق و خاپوورکردنی کوردستانیش دوایی هات. لەو ساڵەوە تا ڕێکەوتنیان لەگەڵ بەعسدا لە ١٩٧٠، یا ئاشی بزووتنەوە چەکدارەکەیان بە فیتی ئەمریکا و ئیسرائیل و شای ئیڕان بۆ مەرامی ئەو دەوڵەتانە ئەخەنەگەڕ یا خەریکی مفاوەزاتی لامەرکەزیی ٦٤ و ٦٦ ئەبن.
بەوجۆرە پارتی دیموکراتی کوردستان لەشەستەکانەوە ئامانجی ڕزگاریی گەلی کورد لە ستەمی نەتەوەیی و خەباتیان بەتووندی ئەکا بەدەسمایەی بەدیهێنانی ئیمتیازات بۆ مەلا مستەفا و سەرکردایەتیی گوێڕایەڵی حیزبەکەی لای ئێران و لایەنەکانی تر و بەوەش ئەو خەباتە ڕەوایەی خەڵكی کوردستان بەتاڵ ئەکاتەوە لەهەر ناوەڕۆکێکی ڕەوا و پێشکەوتوو و ئازادیخواز و چەکی شانی پێشمەرگە بەئاسانی لەم شانەوە ئەگوێزرێتەوە بۆ ئەو شان بۆ خزمەتی شای ئێران یا میتی تورکیا.
ئەم هێزە سیاسیەی (شۆڕشی چەواشە) بەوەشەوە ناوەستێ بەڵکوو ئەبێت بە ئامرازێکی ناوچەیی بەدەستی تورکیا و ئێرانەوە بۆ دژایەتیکردنی چالاکیی هێزە سیاسیە ئۆپۆزیسیۆنە کوردیەکانی ئەو دوو بەشەی کوردستان و بەوجۆرە ڕۆڵی چاوساغی بۆ ساواك و میت ئەگێڕێت بۆ لەناوبردنی کەسایەتیەکانی ئەو هێزانە.
پارتی لەناوخۆی کوردستانیشدا پەیڕەوی کردووە لە سیاسەتی کوشتن، تیرۆر، ڕاونان و زیندەبەچاڵکردنی نەیارانی سیاسیی خۆی و هەر هەوڵێکی تری پێشکەوتنخواز، وەکوو کوشتاری شیوعیەکان و ڕاوەدوونانی هەڵگرانی بیری چەپ و چالاکوانانی کۆمەلەی مارکسی و ڕۆشنبیران و کەسانی ئازادیخواز.
گەرچی کۆمەڵەی مارکسی – لینینی وەکوو ڕێکخراوێکی شۆڕشگێر و یەکەمین پرۆژەی نیشتیمانیی کوردستانی لەپیناوی گرێدانەوەی خەبات بۆ ڕزگاربوون لە ستەمی نەتەوەیی کورد بە ئازادی و یەکسانی و دیموکراتیەت و بەئاقارێکی ئازادیخوازانەدا دامەزرا، بەڵام ئەویش زوو بوو بەقوربانیی تەسکبینیی هەندێ لەڕابەرەکانی و ئۆپۆرتۆنیست بوون و خۆشباوەڕی هەندێکی تریان و بەتایبەتیش بوو بە نێچیری پاشقولی هێزە باوەکانی باڵەکەی تری بزووتنەوەی کوردایەتی و سەرکردایەتیی جەلال تاڵەبانی.
کۆمەڵەی مارکسی – لینینی نەیتوانی دابڕانێکی رێشەیی بکات لەدونیابینیی کوردایەتی و گەرچی سەرەتا وەکوو هێزێکی ئەنتی پارتی هاتەناو کایەی سیاسیی کوردستانەوە، بەڵام سەرەنجام بوو بەباڵی چەپی هەمان بزووتنەوە و هێزی کۆمەڵایەتیی کوردستانی. بەو مانایە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانیش، کە کۆمەڵە کۆڵەکەی سەرەکیی بوو، نەیتوانی دابڕانێکی چۆنایەتی بکات لەبواری دونیابینی و فکر و سیاسەت و پراتیکی باڵی زاڵی تائەوکاتی بزووتنەوەی کوردایەتی.
یەکێتیش وەکوو هێزێکی دەسەڵاتخواز هەر زوو میحوەری ستراتیجیی خۆی لەسەر هەمان پایەکانی بزووتنەوەی ناسیونالیستیی تەقلیدیی پێشتر داڕشت و زۆر زوو دەسبەرداری هەموو ئەو ئیدیعا شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازە بوو کە کۆمەڵە لەسەرەتادا هەڵگری بوو و سەرەنجام لەبوارەکانی ستراتیجی و تاکتیك و شێوازی هەڵسووڕانی سیاسی و ڕێکخراوەیی و سەربازیدا، جیاوازیەکی ئەوتۆی نەمایەوە لەگەڵ پارتی، ئەوە نەبێت هەردوولا، جگە لەهەوڵیان بۆ دژایەتیی ئازادیی هەڵسووڕانی هەر ڕەوەتێکی شۆڕشگێڕی تر و گۆڕانیان بۆ هێزی دژ و سەروو خەڵکی؛ لەهەوڵی پاکتاوکردنی یەکتر و پیادەکردنی سیاسەتی تاکڕەوی و تاك دەسەڵاتدا بوون لەکوردستاندا.
لێرەوە دامەزراندنی یەکێتیی نیشتیمانی، بەکردەوە، لەجیاتی ئەوەی ببێتە دەسپێکی قۆناغێکی تری خەباتی سیاسی لەکوردستاندا، و تەجاوزێکی چۆنایەتیی هەژموونیی تائێستای پارتی بکات،کۆمەڵەشی ڕاکێشایە ناو تۆڕەکانی هەمان عەقڵ و ستراتیجیی سواوی بزووتنەوەی کوردایەتیەوە. بەوشێوەیە دامەزراندنی یەکێتی نەك نەبوو بەهۆی ڕیشەداکووتانی ستراتیجیەکی نوێ و ئازادیخواز لە مێژووی کوردستاندا، بەڵکوو ئەو شانسەی لەباربرد و بەوەش گەورەترین خزمەتی بە بزووتنەوەی سیاسیی کلاسیکیی کورد و کۆنەپارێزیی سیاسی لە کوردستاندا کرد و ئەو پرۆژە شۆڕشگێڕەی لەناو پرۆژەی مێژوویی کوردایەتیدا تواندەوە و هەڵیلووشی.
بەتاڵکردنەوەی ناوەڕۆکی ئەو ڕەوتە شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازە سەرەتاییەی کۆمەڵە، بەهەموو کەم وکوڕی و لاوازیە زاتیەکانیەوە، ئەو گورزە گەورەیە بوو کە یەکێتی وەشاندی لە پرۆژەی نیشتیمانی و پێشکەوتنخواز و شۆڕشگێڕی لە کوردستان، سەرباری هەموو ئیددیعا پێچەوانەکانی خودی یەکێتی.
کردنی خەباتی چەکداری و پیشمەرگایەتی بە بتێك لەسەر حیسابی خەبات و ناڕەزایەتیی شارەکان، لەکاتێکدا کۆمەڵگای کوردستان بووبوو بە کۆمەڵگایەکی مودرین و شاریی گەورە، و هەژمونخوازیی و گیانی تۆتالیتاری و دژایەتیی هەر بیروڕایەکی جیا و گیانی پاوانخوازی و شەڕئەنگێزی و گەڕانەوە بۆسەر هەمان چوارچێوەی ستراتیجی و پراتیکیی بزووتنەوە سواوەکەی پێشوو، زوو ئەم هێزە سیاسیەشیان ڕاکێش کردەوە ناو بازنەی بزووتنەوە چەکداریە سیاسیە کلاسیکیە کوردایەتیەکەی جاران و هەموو بەربەرەکانێکانیشی لەگەڵ پارتیدا شتێك نەبوون جگە لە گیانی پاوانخوازی و دەسەڵاتخوازیی تاکلایەنە. بەومانایە ئەوەی یەکێتی ناوی نابوو ” شۆڕشی نوێ ” ڕێك چوەوە سەر هەمان ڕێچکەی جاران و بوو بەبەشێك لە ململانێ دێرینەکانی ناوچەکە و لەشوێنێکدا لەگەڵ پارتیدا گەیشتنەوە بەیەك.
کارەساتی خۆگرێدانەوەی یەکێتی و پارتی و هێزەکانی پێشمەرگە بە ئێرانەوە لەشەڕی هەشت ساڵەی ئەو دوو وڵاتەدا، کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە و ئەنفال و کیمیاباران و جینۆسایدی گەلی کوردی لەلایەن فاشیە نەتەوەپەرستەکانی بەغداوەی بەدوای خۆیدا هێنا. لەو قۆناغەدا هەردوو لا بوون بەبەشێك لە ماشێنی شەڕی ئێران و چاوساغ بۆ هێنانەناوەوەی پاسداری ئێران بۆ قووڵایی خاکی کوردستان بەبیانووی بەربەرەکانێ لەگەڵ ئەو ڕژێمەدا کە چەند ساڵ پێشتر لەکاتی سەرگەرمیی مفاوەزات لەگەڵیدا جەلال تالەبانی ئەیووت: سەددام دوژمنی ئێمە نیە بەڵکوو حەکەمە!!. لەو قۆناغەوە یەکێتیش لە کێشەی مێژوویی نێوان عێراق و ئێراندا سەربەخۆیی لەدەست ئەدات و پەیوەست ئەبێ بەو میحوەرە ئێرانیەوە کە پارتی و بنەماڵەی بارزانی لە شەستەکانەوە خۆیان پێوەگرێدا.
بەوجۆرە زنجیرەی شەڕ – مفاوەزات – شەڕی هێزە سیاسیە چەکدارەکانی بزووتنەوەی کورد بەردەوام ئەبێ تا قۆناغی ڕاپەڕینی ساڵ ١٩٩١ کە خەڵکی کوردستان بەسوود وەرگرتن لەو درز و کەلێنانەی کە لەدەسەڵاتی ڕژێمی بەعسدا لە پەنای شەڕی کوەیتدا پەیدابوو، زۆربەی کوردستان پاك ئەکەنەوە.
بەپێچەوانەی هەموو چەواشەکاریەکانی ئەم دوو هێزە و لایەنە بچووکە هاوپەیمانە نەتەوەیی و ئیسلامیەکانیانەوە لەبەرەی کوردستانیدا، ئەوە خەڵك بوون لەڕاپەڕیندا ئەوانیان قوتار کرد لە کەمپ نشینیی ئێران و ئاوارەیی و بنبەستی سیاسی وستراتیجی و سەربازیەکی قووڵ کە تێی کەوتبوون، نەك بە پێچەوانەوە.
بۆشایی سیاسیی ڕیزی خەڵك و فریوخواردنیان بەو هێزانە لەدوای ڕاپەڕین و مێژووی خوێناویی ڕژێمی فاشیی بەعس ومەترسیی گەڕانەوەی بۆ کوردستان و مانەوەی لەدەسەڵاتدا، هەروەها لایەنگریی ئەمریکا لەم تاقمە گوێ لەمشتەی حیزبەکانی بەرەی کوردستان و غیابی هێز و پلاتفۆرمێکی نیشتیمانی کە خەڵك لەدەوری کۆببێتەوە، جگە لەئاوارەیی و شکستی ڕاپەڕین، فرسەتێکی زێڕینیان بۆ ژیانەوەی ئەم هێزانە خۆشکرد و چارەنووسی خەڵك لەدەمی ئەژدیهای بەعسەوە کەوتە بەردەستی تاقمێك کە نزیکەی٣٢ ساڵە یاری بە موقەدەراتی گەلێك و وڵاتێکەوە ئەکەن.
شەڕی دەسەڵاتی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر پارە و داهاتی گومرك، ٣١ ی ئاب و هێنانەوەی بەعس ، دزی و ڕاو ڕووتی ژێرخانی کوردستان لەدوای ڕاپەڕین، دابەشکردنی کوردستان بۆ دوو زۆن، ڕسواکردنی پەرلەمان و کردنی بەگاڵتەجاری بۆ پەردەپۆشکردنی تاڵانیی وڵات، پێش لەشکری بۆ تورکیا و هێنانی سوپاکەی بۆ جەرگەی خاکی کوردستان، تەراتێنی پاسداری ئێران لە زۆنی سەوز و تاڵانکردنی سامانی نەوتی لەنێوان دوو خێزاندا و ……، تەنیا بەشێکن لەکارنامەی ئەم هێز و دەسەڵاتەی کە بەردەوام بووە لە داپۆشینی هەموو ئەو تاڵان و بڕۆیانە بە دروشمی چەواشەکارانەی کوردایەتی و نەتەوەیی.
گەرچی ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ٢٠٠٣ دا وەرچەرخانێکی ئیجابی بوو لەڕوانگەی ئامانجی خەڵکەوە، بەڵام ئەو سیستمە تایفی و نەژادیەی کە ئەمریکا کردی بە شوناسی عێراق دوای سەددام حسین، بواری مانۆر و چەواشەکاریی بۆ هێزە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم ڕەخساندەوە و هێزە ئیسلامیەکانی وەکوو بزووتنەوەی ئیسلامی و یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامیش لەجاران زیاتر بوون بەتەواوکەر و هاوکاری ئەم دەسەڵاتە ستەمکارە لە هەرێمی کوردستاندا.
ئەو سیستمە دەسەڵاتدارە تایفیەی کە ئەمریکا بۆ قۆناغی دوای ٢٠٠٣ دیزاینی کرد، بوارێکی باشی بۆ ئەم دەسەڵاتە ڕەخساند کە شەرعیەتی نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان بدرێ پێیان.
ئەوان لەناوەندە نێودەوڵەتیەکان و لەبەغدا لە جیاتی چاری مەسەلە ئاڵۆزەکانی پاشماوەی ستەمی بەعس وەکوو کەرکووك و ناوچە تەعریبکراوەکان و قەرەبووکردنەوە قوربانیە زۆرەکانی خەڵك و پێدانی شایستە داراییەکانی خەڵك، توانیان گشت ئەو مافانەی خەڵك بکەن بە پۆست و ملیارەها دۆلار وئیمتیازات و کرێدیتی دیبلۆماسی و سیاسی و دران بە یەکێتی و پارتی و هاوپەیمانە بچووکە کوردستانیەکانیان.
ئەمریکا لەم بوارەدا زۆرترین لێپرسراوەتیی بەرئەکەوێت.

عەدنان کەریم/ سیدنی
adnankerim22@hotmail.com




ئینقلابی سەربازی وەک شۆڕشێک.. ئیدریس مستەفا ساڵح

دیدێکی سیاسی فکریە بۆ ئینقلاب و شۆڕش لە پەراوێزی کودەتا سەربازیەکانی کیشوەری ئەفریقیادا لەوانە گابۆنی ئەمڕۆکە.
یەکەم: هیچ وڵاتێک نیە لەم دنیایەدا هێزی سەربازی قسەی یەکەمی نەبێ تێیدا. لە وڵاتانی رۆژهەڵات و ئەفریقیا و ئەمریکای باشوور ئەو هێزە سەربازیە زۆر دیارە لە کاروبارەکانی وڵاتدا بەڵام لە وڵاتانی رۆژائاوا (ئەوروپا و ئەمریکای باکور) ئەو هێزە سەربازیە شاردراوەتەوە و زیرەکی غەربیش لەمەدایە. ئەگەرنا، لە غەرب سەرباز هێزی ئەوەڵ و ئاخیری وڵاتەکانیانە. توانای سەربازی هەر لە گەورترین کارگەکانی چەک و تەقەمەنیەوە تا دەگات بە هێزی چەکی ناوەکی و دەستێوەردانی سەربازی و هەڕەشەی سەربازی بۆ هەموو ولاتانی جیهان یەکێکە لە نیشانە هەرە دیار ەکانی سیاسەتی وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکیە. ئەمریکا لە ئاسیای دوور و ناوەارست و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یاخود فەرەنسا لە ئەفریقیا جگە لە هیزە سەربازیەکانیان کە بەرژەوەندیە ئابوریەکانیان دەپارێزێ هیچ شتێکی تریان نیە.
دووەم: هەر ئەم هێزەیە وا لە ولاتێکی وەک فەرەنسا دەکات کە زاڵ بێت بەسەر زۆرێک لە وڵاتانی کیشوەری ئەفریقیادا. کاتێک وەک کۆڵؤنیالیستێک ئەو کیشوەرەی بەجێهێشت هێزی سەربازی لە هەر یەکێکیان دروست کرد و بەر بەو هیزەش دەسەڵاتی وابەستە بەخۆی دادەنێ هەر لە سەرۆک و سەرکردەوە تاکو ئیدارەی حکومی. لەو نێوەدا سیستەمی دیمموکراتی هەڵبژاردنێکیان داناوە و ناویان لێناوە (لیجیتمەت پاوەر) دەسەڵاتی شەرعی. خەڵکی ئەو وڵاتانەش دەبینین ولاتەکانیان لە پێشی پێشەوەی ریزبەندی هەژارانی دنیادایە و رۆژ بە رۆژ ژیان و گوزەرانیانی خۆشیان بەرەو خراپتر بوون دەچێ ئەوا بێگومان نارازی دەبن بەو بارودۆخە کە دەسەڵاتی کۆڵۆنیالیستی و ناوخۆ.
سێهەم: بە درێژایی چەندان دەیە، لە دوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە بە گشتی، سیاسەتی کۆڵۆنیالیستی کە قۆرخی سیاسی و ماڵی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی کردووە هەرچی هێزی جەماوەری هەیە بۆ فکری سیاسی کە بتوانێ رێکخستن و حزبی سیاسی بەخۆی هەبێ مراندووە. لەگەڵ ئەوەی شەپۆلی نارەزایەتی لە رادەبەدەری خەڵک هەیە دژ بە هیزی کۆڵۆنیالیستی و دژ بە گەندەڵیە سیاسی و ئیداری و ماڵیەکانی دەسەڵاتی ناوخۆ هیزێکی جەماوەری ناتوانێ بێتە دەر و ئەو شۆڕشە بکات کە رەوشی سیاسی وڵات بگۆڕێ بۆیە هیزی عەسکەر ئەمە دەکات و ئەوەی ئیستا لە چەند وڵاتێکی ئەفریقی وەک نەیجەر و مالی و بورکینا فاسۆ و چاد و گابۆن دەجێتە پێشەوە جگە لە شۆڕشێک دژ بە هێزی قۆرخکاری غەربی شتێکی تر نیە بەڵام سەرباز بەم ئەرکە هەڵدەستن. لە رووی سیاسیەوە غەرب دەیانەوێ ئەم راسانە تۆمەتبار بکەن بەوەی روسیای لە پشتەوەیە یاخود لە ماهیەتە سیاسی و مێژوویەیەکی کەم بکەنەوە گهەر بە هەمان بڕوبیانوو بەڵام راستیەکەی نارەزایی سەراسەری کیشوەری ئەفریقیایە لە فەرەنسا و هەموو رۆژئاوا. پاشان لەوە ئاسایی تر نیە گەر جەمسەرێک پشتیوانی و هاوکاری خۆی دەربخات بۆ هێزێک لە ولاتێکی تر وەی ئەوەی روسیا و چین دەیکەن لە ئەفریقیا یاخود فەرەنسا و ئەمریکا دەیکەن لە شوێنانی تری جیهان.
چوراەم: ئێمە هەردەم وا تێگەیشتووین کە شؤڕش واتە راسانی جەماوەری خەڵک. ئەمە دروستە بەڵام بۆ دەورەیەک لە ژیانی ولاتانی ئەفریقیا بەو بارودۆخانەی باسمان کردن جگە لە ئینقلابی سەربازی شتێکی تر لەو نێوەدا ئەو هێزەی نیە بەو ئەرکانە هەڵبسێت. پاشان ئینقلاب وەک چەمک گەر گرفتێکی هەبێ لە بارەیەوە ئەوا وەک تەرحێکی بەردەست بۆ رۆژگارێکی ئاوها کە وەڵام بە داواکاریە سەرەکیە جەماوەریەکان بداتەوە لە ئامانج و ئەرکدا کە سەربەخۆیی ولاتەکانیانە لە داگیرکاری و قۆرخکاری ئەوا کودەتای سەربازی شۆڕشێكە بۆخۆی بەتایبەت دوای هەر کودەتایەک جەماوەر بە شەپۆل دێنە سەر شەقامەکان بۆ پشتیوانی کردنیان. ئەوەی دەیەوێ کودەتای سەربازی هەمێشە بە نابودی و خراپ پیشان بدات ئەو هێزە غەربیانەن کە بە درێژایی سەد ساڵی رابردوو قوتابخانەیەکی سیاسی فکریان داناوە و لە هەر جێیەک بەرژەوەندی خۆیانی تێدا بوو ئەوا شۆڕشە یاخود بەهاری عەرەبیە یان ئینقلابە. فکری سیاسی رەسمی غەربی ئاماژە بە هیزی سەربازی خۆیان نادەن کە بەهۆیەوە جیهانیان تەوق کردووە بەڵام کاتێک وڵاتێک بیەوێ ئەم هیزە سەربازیە بۆ سەربەخۆیی یاخود بۆ بەرژەوەندیەکانی وڵاتەکەی خۆی بەکاربهێنێ ئەوا بە “ئینقلابچی” ناودەبرێن. مێژووی وڵاتانی غەربی پرە لە مێژووی کودەتا سەربازیەکانیانە بەسەر دەسەڵات و فەرمانڕەوا نیشتمانیەکانی وڵاتانی تر هەر لە کیشوەری ئەمریکای لاتینەوە تادەگات بە رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئەفریقیا.
پێنجەم: ئەوەی ماکرۆن دەپاریزی لە ناو کۆشکی شانزەلیزی ئەوا هیزی سەربازیە و ئەوەی فەرەنسا وەک ولاتێکی گەورە دەردەخات لە جیهاندا هێزی سەربازیە، ئەوەی زمانی فەرەنسی لە کیشوەری ئەفریقیادا کردووە بە یەکەم زمانی ولاتەکانیان ئەوە زەبری هێزە سەربازیە ئیستعماریەکەیەتی. ئەوەی لە دنیای غەربی هەیە لە سیستەم و ئیداراتی حکومی و وڵاتدا هەمووی بە هیزی سەربازی راگیراوە و هەر هەڵایسانێکی جەماوەری رووبدات ئەوا یەکسەرە هیزی چەکداری بە پۆلیس و سەربازەوە دەهێننە ناوەڕآستی شەقام و ئەوەی بیانەوێ دەیکەن. خەڵکی نارازی بە تێکدەر و گێرەشێوین ناوزەد دەکەن و هیزی خۆشیان بە هێورکەرەوە و زەبت و رەبتی وڵات لە قەلەم دەدەن. بۆیە لەهەر وڵاتێکی ئەم دنیایە ولاتانی غەربی لە پێش هەموویانەوە هیزی سەربازی دڵی دەوڵەت و حکومەتەکانیانە بۆ مانەوەی خۆیان و بەرژەوەندیەکانیان چ لە ناوەوە و دەرەوەی سنورەکانی خۆیان. حکومەتی مەدەنی تەنها شکڵی دەرەوەی حکومەتەکانیانە و هەموو ئینقلابە سەربازیەکانیش دواتر دەبن بەو حکومەتە مەدەنیە و ئیدارەی مەدەنی حوکمی وڵات دەکات بە جلوبەرگی مەدەنیەوە.
٣٠ی ٨ی ٢٠٢٣




کێشەی کرێکاران و وازهێنانی بێدەنگ و کاریگەرییەکانی لەسەر هەقدەست و کار لە ئەمەریکادا.. غازی حەسەن

ئیمیلی ڕۆز( مەکڕای) کە سەرکردایەتی تیمی توێژینەوەی داهاتووی کارەکانی گارتنەر دەکات، دەڵێت: “بەکرێگرتنی بێدەنگ یەکێکە لەو چەندین ڕەوتەی، کە ئێمە دەستنیشانمان کردووە و ئەگەری ئەوەی لێ دەکرێت کاریگەرییەکی گەورە لە ساڵی 2023 بۆ داهاتووی کار دروست بکات”. ئەمەش سەبارەت “بە هەندێک ڕێکخراو دەبێتە گۆڕینی یارییەکە”.
تەکنەلۆژیا زالە و کارەکانی پێگەیەکی فراوانیان هەیە و مانشێتی ڕۆژنامەکانیشان خستۆتە ژێر کارتێکردن و کاریگەریی خۆیان، بەڵام ئابوورییەکی گەورەتر و بەهێزتر لەئارایە. زۆربەی ئابووریناسان تاکو ئێستاش پێیان وایە، پاشەکشەیەکی دیکەی ئابووری کار ڕەنگە لەساڵی ٢٠٢٣دا ڕووبدات. بۆیەش بەبێدەنگی و لەڕێگەی “دامەزراندنی بێدەنگ” کۆمپانیاکان دەستیان بە هەنگاونان کردووە لەپێناو کەمکردنەوەی تێچووەکان و ئەمەش بۆ ئەوەیە کورد گوتەنی (پێش تا بەڕێک بەخۆیاندا بدەن)، واتە پێش ئەوەی ئابووری جارێکی دیکە بەرەو لێژیی بچێتەوە، ئەوان هەندێک هەنگاوی کردەیی بۆ چارەسەری قەیرانە پێشبینی کراوەکان بهاوێژن.
(نیوزویک)ی ئەمەریکی لە بابەتێکی شیکاریی ئابووریی و مەسەلەی کار و کێشەی هەڵبەز و دابەزیی ئابووری وڵاتەکەی و ترس لە دابەزینی بەها و پێگە و هێزی ئابووری دەڵێت: (کۆری کانتێنگە)ی ئابووریناسی دیار لە (لینکیدئین) دا گوتیەتی: “لەگەڵ هەموو ئەو نادڵنایی و نیگەرانییە ئابوورییەی هەیە، خاوەنکارەکان بەوردیی چاودێری ڕێگاچارەکان دەکەن لەپێناو بەدیهێنانی پێداویستییەکانیان، بێ ئەوەی بەکردەوە پابەندبن بەگەشەپێدانی هێزی کارەکانیان.” ئەوان ئەم ڕێگا چارەیان ناوناوە “دامەزارندنی بێدەنگ”.

https://www.cnbc.com/2023/02/06/how-the-us-labor-market-went-from-quiet-quitting-to-quiet-hiring.html

ڕۆژنامەکان و ناوەندەکانی توێژینەوەی ئابووری و پرۆسە و دەرفەتی کار لەم بارەوە دەڵێن وازهێنان بە بێدەنگی لەبیر بکە، ساڵی ٢٠٢٣ هەموو شتێک دەبێتە “دەرکردن بەدەنگی بەرز”، واتە ئەم “بێدەنگییە” نامێنێت کە ئێستا لەنێو بازاڕ و بواری کار و لە بەرانبەر دەستی کاردا هەیە. ڕاپۆرتێک لە (نیوزویک) لەلایەن (گولیا کاربۆنارۆ) لە ٢٣-١-٢٠٢٣ ئامادە کراوە و هەروەها ڕاپرسییەک ئەنجام دراوە، لەوێدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە و ئاشکرای دەکات: زۆربەی ئەمەریکییەکان ئەمساڵ بیر لەگۆڕینی کارەکانیان ناکەنەوە. کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژی وەک ئەمازۆن، مێتا و تویتەر ژمارەیەکی زۆر گەورەی کرێکارەکانیان لەکارەکانیان دوورخستەوە و ڕاشیانگەیاند دوای زیادبوونی پێویستی دامەزراندنی کرێکار لە کاتی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید- ١٩دا ئەمەش بۆتە هۆکاری ئەوەی مەترسییەکانی پاشەکشەی ئابووری خەریکە دڵەڕاوکێ بۆ کرێکاران و بازرگانەکان زیاد دەکات. دەست لەکارکێشانەوە گەورەکەی ساڵی ٢٠٢١ تاکو ڕەوشی “وازهێنانی بێدەنگ”، کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا ئەنجام درا، وەکو دوو کاردانەوە و قەیرانی دیار لەنێو بازاڕی کاری ئەمەریکادا دادەنرێت و ئەمەش بە یەک دوو ساڵی پڕ لەگێژاودا تێپەڕی، بەڵام مەسەلەکە لەساڵی ٢٠٢٣دا، لە لێواری پاشەکشەیەکی بەرچاو دایە و ئەگەری ئەوە دەکرێت، ئەمە بتوانێت کاریگەریی قووڵ لەسەر ئابووری وڵاتەکە دروست بکات. بۆیەشە کرێکارانی ئەمەریکی دەیانەوێت لەشوێنی خۆیان بمێننەوە و بەجدییەوە دەست بە کارەکانیانەوە دەگرن. بەپێی زانیاری نێو ڕۆژنامەکانی ئەمەریکا و ئەوەی ڕۆژنامەی (شەرق ئەلئەوست) لەڕۆژی ١٩ی نۆڤێمبەری ٢٠٢٢ لە ژمارە (١٦٠٦٢) بڵاوی کردۆتەوە هاتووە: ملیۆنێک و شەش سەد و دوو هەزار کەس لە ئەمەزۆن وەکو کار بە کاتی تەواو، یان نیوە کاتی کار کرێکاری دەکەن لەکاتی پەتاکەی کرۆنەدا لەساڵەکانی ٢٠٢٠-٢٠٢٢ ژمارەیەکی زۆر خەڵکی دامەزراندووە بۆیە بڕیاریان داوە ژمارەی کرێکارەکانیان کەم بکەنەوە. پێیان وایە دۆخی ئابووری هێشتا لەدۆخێکی ئاڵۆز دایە و لەم ساڵانەی دوایدا بەشێوەیەکی خێرا خەڵکیان دامەزراندووە، بۆیە بڕیاریان داوە هەزارەها کرێکار لەکارەکانیان بووەستێنن. ئەمە تەنیا نموونەیەکە لەهەموو ئەو فشارانە ئابووریانەی کاریگەری لەسەر کرێکاران و مووچە و ژیانیان دروست دەکات.
بەپێی ڕاپرسییەکەی کۆمپانیای (ڕەدفێلد و ویلتەن ستراتیژی) و (نیوزویک) ٪٦٤ کرێکارە ئەمەریکییەکان واتە زۆرینەیان ئەمساڵ ٢٠٢٣ بەنیاز نین و نایانەوێت گۆڕانکاری لە کارەکانیان بکەن. ئەمەش ڕەوشی ئابووری و تایبەتمەندی بازاڕی کاری لەنێو ئەمەریکا پێچەوانە کردۆتەوە. ڕەوشەکە سەبارەت بەو ژن و مێردانەی ساڵەهایە کار دەکەن، یان ئەوانەی هەمیشە بەدوای دروستکردنی هاوسەنگی واقیعی ژیانی کار و ژیانی هەنووکەیان بوون و باسی ئەم هاوسەنگەیان لەنێوان ژیان و کارەکانیان دەکرد وەکو هۆکارێکی سەرەکی وابوو تاکو کارەکانیان جێ نەهێلن، بەڵام دڵنیابوون لەدۆخی ئابووری ئەمەریکا و جیهانیش وایکردووە کرێکارانی ئەمەریکا لەبەر مەترسی بازاڕی کار و دۆخی ئابووری ئەمساڵ بیر لەگۆڕینی کارەکانیان نەکەنەوە. کەواتە بێنە بەرچاوی خۆتان دۆخەکە چەندە خراپە، ئایا خەڵک دەتوانن لەدوورەوە لەکارەکانیان بەردەوام بن. ئایا ئەمە بەکردەوە و بەواتای هەقیقی سەردەمی “وازهێنانی بێندەگە”؟.
ئەمساڵ لەکەرتەکانی تەکنەلۆژیا بەکۆمەڵ کرێکار و مووچەخۆرەکانیان دەرکرد، لەکردەوەدا ئەم دەرکردنە بەکۆمەڵە لەساڵی ٢٠٢٢ەوە دەستی پێکردووە. مایکرۆسۆفت لە سەرەتای شوباتی ٢٠٢٣دا ڕایگەیاند ١٠ هەزار کارمەندەکانی لەپێناو کەمکردنەوەی ڕێژەی تێچوون لەکارەکانیان دووردەخەنەوە. (ساتیا نادێلا) بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای مایکرۆسۆفت لە (داڤۆس)دا ڕایگەیاندبوو “کەس ناتوانێت سەرپێچی لەهێزی کێشکردن بکات، ئەم کێشکردنە بریتییە لە گەشەی ئابووری ڕێکخراو بەهۆی هەڵاوسانەوە دێتە ئاراوە”.
کۆمپانیا گەورەکان بڕیاریان دا هەزاران کرێکار لەکارەکانیان دەربکەن لەوانە ئەمازۆن ١٩ هەزار کرێکار و مێتا ١١ هەزار کرێکاری دەرکردووە، لەو کاتەی (ئیلۆن ماسک) دەستی بەکارکردووە و تویتەریش نیوەی هێزی کار لە کۆمپانیاکەی دەرکردووە. ئەم پرۆسەی دەرکردنەش ناونراوە “دەرکردن بەدەنگی بەرز”. (جۆن بلێڤینز) مامۆستا لە کۆلیژی بازرگانی ئیس سی جۆنسۆن لە زانکۆی کۆرنێل بە نیوزویکی ڕاگەیاندووە “ئەم دەرکردنانە دەرنجامی دامەزراندنە زۆرەکەی سەردەمی پەتای کرۆنایە. ئەو کات کە بازرگانی بەخێرایی زیادی کرد بۆ پڕکردنەوەی پێویستییەکان کرێکاری زۆر و بەپەلە دامەزرێنران، ئێستاش لەگەڵ خاوبوونەوەی ئابووری، خاوبوونەوەکە کاریگەریی لەسەر سوود و قازانج دروستکردووە، بۆیە بازرگانەکان دەیانەوێت خۆیان لەگەڵ خاوبوونەوەی ئابووری بگونجێنن”.
لەدرێژەی ئەم شیکردنەوەیەدا لە “نیوزویک”دا ئاماژە بەوە کراوە ئێمە هێشتا هەست بەئازارەکانی قامچییە توندەکانی وەستان و قەیرانی ئابووری لەساڵی ٢٠٢٠ دەکەین و سەرباری درێژەکێشان و دووبارە بوونەوەی لەساڵی ٢٠٢١دا. دەرکردنی بەکۆمەڵی کرێکاران لە کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژی دەرەنجامی ئەو بڕیارە خێرایەیە، کاتێک خواست لەسەر خزمەتگوزاری زۆربوو و ڕێژەی داواکاریی و پێویستی خێراکردنی بازرگانی بەرزبۆوە، پێویستیان بە کارمەند و کرێکار زیاد بوو، بۆیە بەشێوەیەکی خێرا خەڵکیان خستە کارەوە، ئێستا ئەمە پێچەوانە بۆتەوە، بەهۆی خاوبوونەوەی بازرگانی و داواکردن بەدەنگی بەرز بەکۆمەڵ کرێکارەکانیان لەکارەکان دەردەکەن.
لەهەمان کاتدا شارەزایانی بواری ئابووری پێیان وایە ئەم دۆخەی لەنێو کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیدا هەیە، نابێت نیگەرانی لای کرێکارانی بواری پیشەسازیی دروست بکات. (گریگۆری دیڤرێتاس) لەزانکۆی ئابووری و بەڕێوەبردنی سەنتەری لێکۆڵینەوە لە کار و دیموکراسی لەزانکۆی هۆڤسترا دەڵێت “بازاڕی کار لە ئەمەریکا بەپێی هەموو پێوەرە ستانداردەکان کار و مووچەت تێدا بەهێز دەمێنێتەوە. هەرچەندە دەرکردن لە بواری تەکنەلۆژیادا بۆتە مانشێتی زۆربەی هەواڵەکان، بەڵام ئەمە تەنیا لە کاردانەوەیەکی کورتبینانەی کۆپیکراو دەچێت، لەکاتێکدا ڕێژەی سوود و نرخی پشکەکان وەکو خۆیانن. کرێ لەچەند مانگی ڕابردوودا هیچ هەڵاوسانێکی بەخۆیەوە نەبینووە، هەرچەندە خاوبوونەوە لە بەرزبوونەوەی نرخەکاندا بەدی دەکرێت و ڕەنگە یەمەش ڕووبدات”.
“کاریگەرییەکانی پەتاکە لەسەر ژیانی کرێکارانی بنەڕەتی و سەرەکەی و مەسەلەی توندیی لەبازاڕی کار، بۆتە هۆکار بۆ ئەوەی زۆر کەسی وەکو کارەکتەری بوێر دەربکەوێت و داوای باشترکردنی بارودۆخی کار و یارمەتییەکان و دەنگدان لەشوێنی کار و مافی سەندیکاکان بکەن. ئەوە دەتوانێت گۆڕانکارییەکی درێژخایەن بێت، بەتایبەتی بۆ (جێن زی)”. سەرەڕای ئەوەی ئەمە گەشبینە بە داهاتووی بازاڕی کاری ئەمەریکا، بەڵام (ئەلیس گۆڵد)ی ئابووریناس لە دامەزراوەی قازانج نەویست، کە بنکەکەی لە واشنتۆنە بەناوی پەیمانگای سیاسەتی ئابووری (EPI) بە نیوزویکی گوتووە “ئەو نیگەرانە لە کرێکارانی کەرتی گشت”.
بۆیە پرۆسەی “وازهێنان بەبێدەنگی” لەنێو بازاڕی کار لە ئەمەریکا لەنێوان کەرتی تایبەتی و گشتیدا هەندێک جیاوازە، ئەوەی کۆمپانیا گەورەکانی بازرگانی و تەکنەلۆژی دەیکەن، جیاوازە لە کەرتی گشتی کە دوای پەتای کۆرۆنا زۆر گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە، هەرچەندە بۆ نموونە کەرتی تەندروستی و پەروەردە تووشی فشار و دۆخێکی دەروونی و ئازاری زۆربوون. بەپێی ڕاپرسییەکەی نیوزویک “ساڵی ٢٠٢٣ پێویستە وازهێنانی بێدەنگ لەبیر بکرێت، چونکە زۆربەی هەر زۆری خەڵک لەشوێنی کارەکانیان دڵخۆشن و نایانەوێت کارەکانیان بگۆڕن. ئەم پاشەکشەیەش پەیوەندیی بەوەوە هەیە، کرێکارەکان هیچ بژاردەیەکی دیکەیان نییە، بۆیە کارەکانیان ناگۆڕن”.

دە هەقیقەتی ڕاستەقینە لەبارەی کرێکارانی ئەمەریکا

یەکەم: بەپێی سەرچاوەکان لە ٣٥ ساڵی ڕابردوودا پشکی کرێکارانی ئەمەریکا کە لەڕیزی سەندیکاکانی کرێکاران تۆمارکراون و ئەندام بوون نزیکەی نیوەی ڕێژەکەی دابەزیوە. ژمارەی ئەندامەکانی سەندیکای کرێکاران لەساڵی ١٩٤٥ گەیشتۆتە لوتکە و ٪٣٥ ی هەموو کرێکارانی ئەمەریکا بووە، کەچی ساڵی ٢٠١٨ ڕێژەی بوونە ئەندامی سەندیکا تەنیا ٪١٠.٥ بووە. لەهەمان گاڤدا ژمارەی ئەو کرێکارانەی لەلایەن سەندیکاوە نوێنەرایەتی دەکرێن ٪١١.٧ بووە، چونکە ١.٦ ملیۆن کرێکاریش ئەندامی سەندیکا نەبوون، بەڵام گرێبەستەکانی سەندیکا پشتگیری مافەکانی ئەوانی کردووە. ساڵی ٢٠٢٢ ژمارەی ڕاستەقینەی ئەندامەکانی سەندیکا ١٤.٧ ملیۆن کەس بووە، بەپێی ئاماری نووسینگەی کار (BLS) لەم ساڵەدا ژمارەی ئەندامەکانی سەندیکا نزمترین ئاستیان تۆمارکردووە.
ئەو بوارە پیشەسازیانەی زۆرترین ڕێژەی دابەزینی ئەندامی سەندیکایان لەنێوان ساڵەکانی ٢٠٠٠- ٢٠١٨ هەبووە، بریتین لەکەرتی گواستنەوە و گواستنەوەی ماددەکان، کە لە ٪٢١.٧ دابەزیوە بۆ ڕێژەی ٪١٤.٥. ئەم بواری پیشەسازییە ژمارەیەک پیشەی جیاواز لەخۆ دەگرێت، لەوانە کۆنترۆلی هاتوچۆی فڕۆکەوانی، تاکو شوفێری پاسەکان و خزمەتکارانی فڕۆکەوانی دەگرێتەوە. لەهەمان کاتدا ژمارەی ئەندامەکانی سەندیکا لە ساڵی ١٩٩٩- ٢٠٠٠ زیادی کردووە لە ٪٥.١ بەرزبۆتەوە بۆ ٪٥.٩.

دووەم: ئەمەریکییەکان بەشێوەیەکی گشتی حەزیان لەکاری سەندیکایی هەیە و ٪٥٥ ئارەزووی ئەم بوارەیان هەیە و ٪٣٣ش ئارەزووی کاری سەندیکایی ناکەن.

بەپێی ڕاپرسییەکی ساڵی ٢٠١٥ بەم ڕێژییەی ئاماژەی پێکراوە لەگەڵ یەکگرتوویی کرێکاران بوون: ٪٨٢ کرێکارانی بەرهەمهێنان و کارگەکان. ٪٧٤ گواستنەوەی گشت و ٪٧٢ پۆلیس و ئاگرکوژێنەوە، ٪٧١ی مامۆستایانی قوتابخانە حکوومییەکان، لە ٪٦٢ی کرێکارانی خواردنی خێراش پێیان وایە دەبێت کرێکاران یەکگرتوو بن، لەکاتێکدا ٪٣٥ دژی ئەم بیرکردنەوە و ئاراستەیە بوون. ساڵی ٢٠١٨ زانیارییەکان ئەوەیان دەرخستووە ئەندامەکانی سەندیکا هەفتانە ١٠٥١ دۆلاریان دەستکەوتە، کەچی ئەوانەی ئەندامی سەندیکا نەبوون تەنیا ٨٦٠ دۆلاریان دەست کەوتووە. ئەم جیاوازیی و بۆشاییە پەیوەندیی بەجیاوازیی پیشەسازی و پیشە و قەبارەی کۆمپانیا و ناوچەکان و دەڤەرەکانەوە هەیە.

سێیەم: بەشی زۆری کرێکارانی ئەمەریکا لەبوای خزمەتگوزاری کار دەکەن. بەپێی دواین ڕاپۆرتی (BLS) هاتووە: ١٠٧.٨ ملیۆن کەس، کە دەکاتە ٪٧١ لە پیشەسازییە تایبەتییەکانی بواری خزمەتگوازی کار دەکەن. بازرگانی و گواستنەوە و خزمەتگوزارییەکان ٢٧.٨ ملیۆن کرێکار و خزمەتگوازری پەروەردە و تەندروستی هەبووە و ٢٤.٣ ملیۆن و ٢١.٥ ملیۆن خزمەتگوازریی پیشەیی و بازرگانی و ١٦.٧ ملیۆنیش لەبواری کات بەسەربردن و میوانداری کاریان کردووە. لەدەرەوەی ئەوانەشدا ٢٢.٥ ئەمەریکی لەمانگی تەموزیی ٢٠٢٢ لەنێو دامەزراوەکانی حکوومەتدا کاریان کردووە و نزیکەی دوو لەسەر سێیان لەئاستی ناوەخۆیی و نزیکەی ١٢.٩ ملیۆنیش لەبواری بەرهەمهێناندا کاریان کردووە.

چوارەم: بەپێی ڕاپۆرتی تەمزوی ٢٠٢٢ی ( BLS) نزکیەی ١٦ ملیۆن ئەمەریکی خۆبەش کاریان کردووە.

پێنجەم: هێزی کاری ئێستای ئەمەریکا لەنێوان تەمەنی ٢٣-٣٨ ساڵییە، ئەمەش بەرێژەی ٪٣٥ یان ٥٦ ملیۆن کرێکار دەگرێتەوە.

شەشەم: کرێ و هەقدەستی ئافرەتان لە پیاواناکەمترە و ئافرەتان ٨٥ سەنت وەردەگرن، بەڵام لەنێو گەنجەکاندا ئەم بۆشاییە لەبەراورد لەنیوان هەقدەستی ئافرتان و پیاوان کەمتر بۆتەوە. ساڵی ٢٠١٨ کرێکارانی تەمەن ٢٥-٣٤ ساڵە، هەقدەستی ئافرەتان ٪٨٩ بووە بەراورد بەهەقدەستی پیاوان، واتە هەقدەستی ئافرەتان کەمترە لە بەراورد بە پیاوان. واتە ئافرەتان لەدوای پیاو و هاوسەرەکانیان دێن لە هەقدەست و کرێ و داهات، چەندین هۆکار بۆ ئەم جیاوازییە لە مووچە لەبواری جیاوازیی ڕەگەزی نێر و مێ هەیە. ئەمەش پەیوەندی بە چاودێری خێزان و جیاوازیی لە بواری بەرهەمهێنانی پیشەسازیی و پیشەکان لەنێوان ژنان و پیاوان هەیە. سەرباری جیاکاریی لەڕەگەز و ئەزموونی کار لەنێو کایە و شوێنی کاردا.

حەوتەم: کێشەیەکی دیکە جیاوازی موچە و هەقدەستی نێوان کرێکارە گەنجە خاوەن بڕوانامەکانی کۆلیژ و هاوتەمەنەکانی خۆیانە، کە ئاستی خوێندەواریان کەمترە. سەرباری تێچووی خوێندن و زانکۆ.
بەپێی زانیارییە بڕواپێکراوەکانی سەنتەری توێژینەوە هەقدەست و موچەی مامناوەندی دەرچووی زانکۆیەک لەنێوان تەمەنی ٢٥-٣٧، ساڵانە ٢٤،٧٠٠ دۆلار پترە لەو گەنجانەی بڕوانامەی زانکۆیان نییە. ئەوانی خاوەنی بڕوانامەن چانسی بەدەستهێنانی کاریان پترە، بەپێی زانیارییەکانی (BLS) تەنیا ٪٢.٢ ی ئەو بەتەمەنانەی بڕوانامەی بەکەلارۆسیان هەیە بێکاربوون. لەکاتێکدا ئەو بێکارە بەتەمەنانە بێکار بوون لە ٪٣.٦یان خاوەنی بڕوانامەی ئامادەیی بووە و ٪٥.١ خاوەنی کەمتر لە بڕوانامەی ئامادەین.

هەشتەم: گەنجە هەرزەکارەکانی ئەمەریکا بەراورد بە دەیەکانی ڕابردوو کەمتر کار دەکەن. بەپێی شڕۆڤەی (سەنتەری توێژینەوە پیو) و بەپشتن بەستن بە داتاکانی (BLS) هەرزەکاران هەنووکە تەنای ٢٦ خولەک بۆ کارکردن تەرخان دەکەن، کەچی دەساڵ لەمەوبەر ٤٩ خولەک کاریان دەکرد و لەناوەڕاستی نەوەدەکانیشدا ٥٧ خولەک کاریان کردووە. تەنیا ئەو ژمارەیەی ئاماژە بە کارکردنی هەرزەکاران لە پشووی هاوینە دەکات ساڵی ٢٠١٠- ٢٠١١ بەڕێژەی ٪٢٩.٦ یان کار دەکەن هەرچەندە کار دەکرێت ئەم ڕێژەییە بەرز بکرێتەوە و لەهاوینی ٢٠١٧دا گەیشتۆتە ٪٣٤.٦، کەچی ئەگەر قسە لەبارەی کاری هاوینەی هەرزەکارانی ئەمەریکا بەگشتی لەساڵی ١٩٤٠ بکەین، دەبینرێت ئەو کات بەڕێژەی ٪ ٤٦ و ٪٥٨ بووە. ڕێژەی گەنجی تەمەن ١٦-٢٩ ساڵانە لە ئەمەریکا لەساڵی ٢٠١٨دا ٪١٤.٨ی تیکڕای دانیشتوانی ئەمەریکا بووە، واتە ٩ ملیۆن گەنج هەبووە، لەساڵی ٢٠١٣دا نزیکەی ١١ ملیۆن گەنج لەئەمەریکا ژیاوە، واتە ٪١٨.٥ دانیشتوانی ئەمەریکا پێک دەهێنێت. توێژینەی سەنتەری (پیو) دەریخستووە ڕێژەی پتری گەنجەکان ئافرەتن و مێ ٪٥٧ و نێر ٪٤٣ پێک دەهێنن. لەبیری نەکەین ٢/٣ی دانیشتوانی ئەمەریکا بڕوانامەی خوێندنی ئامادەیی، یان کەمتریان هەیە.

نۆیەم: ئەمەریکییە بەتەمەنەکان ئێستا پتر لەپێشان کار دەکەن، ژمارەکانی تەمووزی ٢٠٢٢ ئاماژە بەوە دەکەن ٪١٩.٨ بەتەمەنەکانی ئەمەریکا لەسەرووی ٦٥ ساڵی نزیکەی ١٠.٥ ملیۆن کەسن، ئەمانە گووتویانە بەتەواوی، یان بەنیوە کات و نیوە ئیش کار دەکەن. ئەم ژمارەیەش بەردەوام ل زیادبوونە، بەلای کەمەوە دەتوانین ئاماژە بەوە بکەین لەساڵی ٢٠٠٠دا تەنیا ٪٦.٦ی کرێکارەکان لە کەسانی بەتەمەنی سەرووی ٦٥ ساڵی بوون. تەنیا ساڵی ٢٠٠٧ ئەو کەسانەی لەتەمەنی ٥٥ ساڵی دان، ژمارەکانیان وەکو کرێکار زیادی کردووە و بەپێی داتاکانی سەنتەری توێژینەوەی پیو هێزی کاری ساڵی ٢٠١٨ دەریخستووە کە کرێکارانی تەمەن ٦٥-٧٢ ساڵی گەیشتۆتە ٪٢٩ ئەمانە یان کرێکاری دەکەن، یان بەدوای کاردا دەگەڕێن.

دەیەم: بەرزکردنەوەی کەمترین مووچەی فیدرالی بۆتە جێگەی بایەخ، هەرچەندە ناکۆکییەکی حزبی توند لەنێوان دیموکراتەکان و کۆمارییەکان هەیە. ئەمەش پەیوەستە بە بەرزکردنەوەی کەمترین مووچە لەسەعاتێکدا کە ٧.٢٥ سەنتە بۆ ١٥ دۆلار، ئەمە بەجدی بۆتە جێگەی مشتومڕ، لەهەمان کاتدا ناکۆکییەکانیش توندن. ٪٨٦ دیموکراتەکان پاڵپشتی ئەم بیرۆکەیە دەکەن و ٪٥٧ی کۆمارییەکانیش دژی بیرۆکەکەن. بەپێی زانیارییەکانی ( BLS) لەساڵی ٢٠١٨دا ١.٧ ملیۆن کرێکار واتە ڕێژەی ٪٢.١ی سەرجەم کرێکارانی ئەمەریکا مووچەکانیان لە کاتژمێرێکدا بەکەمترین مووچەی فیدرالی حیساب کراوە. هەرچەندە ٢٩ ویڵایەت و ژمارەیەک شار و پارێزگا کەمترین ئاستی مووچەکانی خۆیان دیاریکردووە، بەڵام بەهۆی جیاوازیی گەورەی پێویستیی و تێچوونی ئاسایی ژیانی ڕۆژانە لای تاک لەسەرتاسەری ئەمەریکادا کێشەکانی ئاڵۆزتر کردووە و ڕەنگدانەوەی پتری لەسەر ململانێ سیاسیەکاندا هەیە.
https://www.pewresearch.org/fact-tank/2019/08/29/facts-about-american-workers/

ناڕەزایی کرێکاران رێگە پێدراو نییە

ئەنجوومەنی نیشتمانیی کرێکارانی ئەمریکا: تێسلا رێگە بە کارمەندانی نادات ناڕەزایی دەرببڕن

ئەنجوومەنی نیشتمانیی کرێکارانی ئەمریکا، کۆمپانیای تێسلا بە هەڕەشەکردن لە کرێکارەکانی بۆ باسنەکردنی ناڕەزایەتیی دۆخی کارکردن و کەمیی مووچەکانیان، تۆمەتبار دەکات.

رۆژی سێشەممە ٢٥-٤-٢٠٢٣ (مایکڵ رۆساس) دادوەر لەئەنجوومەنی نیشتمانیی کرێکارانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بەڕێوەبەرانی ناوەندێکی چاککردنەوەی تێسلا لە ئۆرلاندۆی فلۆریدا لە ٢٠٢١دا ژمارەیەک کارمەندیان “بێدەنگ” کردووە، کە لەدژی ئەوەی مووچەی کارمەندە تازە دامەزراوەکان لە هی ئەوان زۆرترە، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.
ئەنجوومەنەکە داواکارییەکی پێشکێشی (تێسلا) کردووە، چیدی مافی کارمەندەکانی پێشێل نەکات و ئەو پێشێلکارییانەش لەو ناوەندە ڕوویداوە بکاتە ڕاپۆرتێک و بە ئیمەیڵ بۆ تەواوی کارمەندەکانی (تێسلا)ی بنێرێت.

ئەنجوومەنی نیشتمانیی کرێکارانی ئەمریکا ئاژانسێکی سەر بە حکومەتی ئەمریکایە، ئەرکی سەپاندنی یاساکانی پەیوەست بە مافی کرێکارانە بەسەر کۆمپانیا و خاوەن کارەکاندا و سزادانی ئەو شوێن و کۆمپانیایانەیە کە پێشێلی دەکەن.

بەگوێرەی راگەیێندراوی ئەنجوومەنەکە، لە کۆتایی 2021دا کارمەندەکانی تێسلا زانیویانە کارمەندە دامەزراوە نوێیەکان مووچەی زیاتر لە کارمەندە کۆنەکان وەردەگرن؛ بۆیە ژمارەیەکیان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە کە یەکێکیان تەکنیککارێک بووە و بە ئیمەیڵ ناڕەزایەتییەکەی بۆ یەکێک لە جێگرانی سەرۆکی کۆمپانیاکە ناردووە.

دواتر بەڕێوەبەرانی ئەو ناوەندی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل کۆبوونەوەیان بە بەژمارەیەک کارمەندی خۆیان کردووە و پێیان گوتوون: نابێت باسی مووچە و دۆخی کارکردنیان بکەن یان پەڕاوی ناڕەزایی بۆ بەڕێوەبەرە پلە باڵاکان بەرز بکەنەوە.

ئاشکرابوونی ئەو بابەتە بە دوایین ئابڕووچوون بۆ تێسلا دادەنرێت و پێش ئەمەش پەڕاوی یاسایی لە دژ کرابووەوە، کە لەنێو ناوەندەکانی بەستنی پارچەکانی ئۆتۆمبێلەکەدا جیاکارییەکی زۆری رەچەڵەک و گێچەڵی سێکسی دەکرێت.
دادگایەکی ئەمەریکا تۆمەتێکی دژ بە (ئیلۆن مەسک) خاوەنی کۆمپانیای تێسلا و تویتەر و سپەیس ئێکس پشتڕاست کردەوە، بە کرێکارەکانیان ڕاگەیاندووە، ئەگەر ببنە ئەندام لە سەندیکای کرێکاران، چانسی زیادکردنی مووچەکانیان لەدەست دەدەن.




کۆمەڵگاى بەبارمتەکراو.. د. زیرەک عەبدولڵا

ئەم وتارە تەرخانە بۆ قسەکردن لەبارەى دیاردەى بەبارمتەکردنى کۆمەڵگای کوردستانى لەلایەن حکومەتى عێراقییەوە. تیایدا جەخت لە سیاسەتى بڕینی قووتى کوردستانیان لەلایەنى دەسەڵاتدرانى شیعەی عێراق، بەمەبەستى چۆکدادان بەدەسەڵاتدارانى هەرێمی کوردستان و لەباربردنى خەونەکانى کوردستانیان دەکرێت. هەروەک تیشک دەخاتە سەر خاڵە لاوازەکانى پارتەکانى دەسەڵات لە کوردستان لەم پرسەدا.
لە سادەترین مانایدا، بەبارمتەکردن بریتییە لە دەستبەسەرکردنى کەسێک، یان گرووپێک لە خەڵک، بەئـامانجى ناچارکردن بۆ بەئەنجامگەیاندنى رێککەوتنێک، کە بەرژەوەندیى لایەنى بارمتەکارى تێدا بەدیدێت.
بەبارمتەکردن رەفتارێکی نایاساییە، هۆشیارى مافیاگەریی لەپشتە، بەوەى دەست بۆ مافە سەرەتاییەکانى مرۆڤێک، یان گرووپێک دەبات، لە هەندێک دەستکەوت، یان ئازادییەکانى بێبەشی دەکات، لەگەڵیشیدا ناچار بە هەندێک رەفتار و بڕیاری دەکات، کە لەبارى ئاساییدا نایەوێت بیکات.
بەبارمتەکردن لە دوو جەمسەرى ململانێکار و بووێک (کەس، یان کەسانێک)ی بەبارمتەکراو پێکدێت. زۆرجاران کەسانى بەبارمتەکراو هیچ کەمتەرخەمییەک و بێیاساییەکیان نەکردووە، هیچ پێوەندییەکى راستەوخۆیان بە ململانێکەوە نییە، بەڵکوو تەنها کەسانى نزیک لە یەکێک لە جەمسەرەکانى ململانێکەن.
دیاردەى بەبارمتەکردن لە زۆربەى کۆمەڵگاکانى گێتیدا، لە کایەکانى رامیارى، شۆڤاریدا، ئیداریى، ئابوورى و کۆمەڵایەتی، بەئاست و جۆرى جیاواز هەیە.
ئەگەر دیاردەى بەبارمتەکردن لە کۆمەڵگاکانى گێتیدا بەسەر تاک، یان گرووپێکى بچووک بەرجەستە بکرێت، ئەوا لە کوردستاندا لەپاڵ ئەوجۆرە بەبارمتەکردنە، بەبارمتەکردنێکی دیکە بوونى هەیە، ئەویش زۆرینەى ئەندامانى کۆمەڵگایە. بە لەبەرچاوگرتن و دەرهێنانى چەند توێژێکی دیارکراو، دەشێت بڵێین کە لە کوردستاندا بەبارمتەکردنى کۆمەڵگا لەئارادایە.
لە کوردستاندا جەمسەرەکانى بەبارمتەکردن چیتر دوو نین، بەڵکو زیاترن، بەڵام دەشێت بەسەر دوو تەوەرى ناوەخۆ و دەرەوە پۆلین بکرێن. ناوەخۆ بریتییە لە قەلەمڕەوى (یەکێتى) و (پارتى) بەجیا، دەرەوە بریتییە لە حکومەتى عێراقى (کە هەمیشە بە داردەستى ئیران ناوزەدى دەکەم)، لەگەڵ وڵاتانى وەک ئەمریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا و..تاد. جەمسەرەکانى بەبارمتەکردنى کۆمەڵگاى کوردستانى هەرچەند بن، لەوێدا یەکدەگرنەوە کە هەموویان سەر بەتوێژی سیاسەتکارانن، ئەو توێژەی خەیاڵپلاوانە خۆیان بەهۆشیارتر و زۆرزانتر لە خەڵک دەزانن، خۆیان بە سەروەر و خەڵکیش بە پاریا دەبینن.

دیاردەى بەبارمتەکردن لە زەمەنى دەسەڵاتداریى رژێمى بەعس و لە ململانێ لەگەڵ سەرکردایەتى شۆڕشدا لە زۆر رووداودا بەرجەستە دەکرێت. لەوبارەیەوە مێژوونووسان و شۆڕشگیران بە نموونە دەتوانن تیشک بخەنە سەر دەیان رووداو، بەڵام دواى رووخانى بەعس و سەرهەڵدانى دەسەڵاتى شیعەکان، قەبارەى ئەو دیاردەیە گەورەتر بوو، بەتایبەتى لە ٢٠١٤ لەگەڵ بڕینی قووتى خەڵکى کوردستان بۆ مەبەستى چۆکدادان بە دەسەڵاتى هەرێمى کوردستان، لە بەرانبەر هەندێک پرسى ستراتیژی و گرینگ.
راستە رژێمى بەعس قووتى خەڵکى نەدەبرى، بەڵام مرۆڤى دەکردە بارمتە، تا نزیکەکانى دەستگیر بکات و لەناویان ببات، کەچی دەسەڵاتدارانى شیعەی ئێستا لە دژی دەسەڵاتداران و خەڵکی سەربەخۆخوازیى کوردستان، دەست بۆ چەکێکى زۆر نامرۆڤانە دەبەن، ئەویش بەبارمتەکردنى کۆمەڵگای کوردستانییە، لەپێناو خۆبەدەستەوەدان و قبووڵکردنى بندەستى و داننان بەگەورەیی و سەروەریی دەسەڵاتى شیعە بەسەر کوردستان. بەمانایەکی دیکە لەپێناو دانان بەسەنتەرى ئەوان و پەراوێزی ئێمە، ئەمەش لە میانەى بڕینی قووت و بژێوی ژیانیان. ئەوەی لەنێوان ئەو دوو رەفتارەى بەعس و دەسەڵاتى شیعی هاوبەشە، بریتییە لە هزرى دژە کوردستانى بوون.
دەسەڵاتى شیعە لە عێراقدا تێکەڵەیەکە لە درێژکراوەى ئەخلاقى رەگەزپەرستى بەعس و هزرى دوژمنکاریی دەسەڵاتى ئیران دژ بەخەڵکى کوردستان. لەهەر شوێنێکدا کوردێک، یان بزووتنەوەیەکى کوردایەتى سەرهەڵبدات، شیعەى عێراق ئامادەی یارمەتیدانى دوژمنى کوردانە. بینیمان بەمەبەستى یارمەتیدانى ئێران چۆن هێزیان بۆ لەناوبردنى خۆپیشاندەرانى رۆژهەڵاتى کوردستان دەنارد.
حکومەتى عێراق بەراوێژکاریی ئێران خەریکی زەلیلکردنى کۆمەڵگاى کوردستانییە، بەوەى کۆمەڵگای کوردستانیان کردووتە بارمتە، بۆ سەپاندنى مەرجەکانیان بەسەر پارتى و سەربەخۆخوازان، نەک یەکێتى، چونکە یەکێتى لە خەندەقی حکومەتى عێراقدایە. بەدڵنیاییەوە ئەگەر یەکێتى نەبێت، دەسەڵاتى شیعەى عێراق ئەوەندە بەهێز نین ئەو رەفتارە بکەن.

حکومەتى عێراقى لەو پرسەدا مافیائاسا لە دژى کوردستانیان رەفتار دەکات، بەڵام پۆلیتیلۆگەکان دەبێت لەخۆیان بپرسن: چۆن دەبێت حکومەت وەکو مافیا هەڵسوکەوت بکات؟ حکومەت دامەزراوەیە، بەیاسا رەفتار دەکات. فیلۆسۆفیی حکومەتداریى بریتییە لە خزمەتکردن، سەپاندنى جێگیرى، پاراستنى کەرامەت و بەرژەوەندیى هاوڵاتیان، نەوەکو ئیهانەکردن و بەبارمتەکردنیان، چونکە دەسەڵاتدارنى بەدەنگى هاوڵاتیان لەو پێگەیەدان. بەو رەفتارانە، شیعەى عێراق سەلماندوویەتى، کە لە ئەگەر هەبوونى دەسەڵاتدا، زۆر لە رژێمی بەعس توندوتیژتر دوژمنکارانەترە لە بەرانبەر کوردستانیان.
بێگومان ئەمریکا، بەریتانیا و فەڕەنساش دەستییان لەو رەوشەدا هەیە، ئەوەش دەبەستنەوە بەریفراندۆم. ئەوان دەخوازن خەڵکى کوردستان لەلایەنى ئابوورییەوە رەوشی خراپ بێت، کە ئەمە کاریگەرى لە کۆى رەهەندەکانى ژیانى سۆسیۆکولتوورى دەکات. ئامانجیش بریتییە لە دورخستنەوەى کوردستانیان لە بیرى سەربەخۆخوازیی. ئێمە هۆکارێک بۆ دژبوونى ئەو وڵاتانە بۆ مافى هەڵبژاردنى چارەنووسى کوردستانیان شک نابەین. بۆچی لای ئەمریکییەک، بەریتانییەک و فەڕەنسییەک، عەرەب لە کوردستانیان گرنگترە؟
هەرچەندە دەڵێن کوردستانى بەهێزیان دەوێت، بەڵام ئەو قسەیە فریوەدەر. ئەوان بەو قسەیە ماسکێک دەپۆشن کە تەنها سیاسەتکاریی کورتبین دەتوانێت باوەڕی پێبکات. پرسەکەش بریتییە لە دژبوونیان لە گۆڕینى نەخشەى جیۆپۆلیتیکى ئەو ناوچەیە، چونکە ئیدارەى سیستەمى جیهانى دەکەن و جێگیریی ئەو سیستەمەیان لەلادا مەبەستە.
دیاردەى بەبارمتەکردنى کۆمەڵگاى کوردستان، فاکتەرى یارمەتیدەرى ناوەخۆیشی هەیە، کە بریتین لە رەفتارەکانى یەکێتى و پارتى.
یەکێتى نیشتمانى لەلایەک خەڵکی سلێمانى و دەڤەرى ژێر قەلەمڕەوی خۆى بەبارمتەکردووە، کە بەشێکن لە هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان، لە دژى حکومەتى هەرێم بەکاریان دەهێنێت، ئەمەش لەمیانەى ئەو چەکدار، میدیاکار و دادوەرانەی کە بەپارەى دزراو دروستیکردوون. هێزی یەکێتى لەهێزى پارەى دزراو دایە. لەلایەکی دیکەش تەواوى خەڵکی کوردستانى بەبارمتەکردووە، بەوەى رێگا لە بەهێزبوونی کوردستان دەگرێت بۆ بڕیارى سەربەخۆخوازانە. یەکێتى بەشێکە لە شکاندن و لاوازکردنى کوردستان. زەبری گورچکبڕی ١٦ ئۆکتۆبەر بەرچاوترین نموونەی لاوازکردنى کوردستانە. ئەگەر خەڵک بیانەوێت سەربەخۆبن و لە ژێر دەسەڵاتى شیعەى عێراقدا قوورتاریان بێت، وەک ئەوەی لە ریفراندۆمدا تێبینیمان کرد، ئەوا هێشتا یەکێتى لێناگەڕێ ئەوە رووبدات. هەر بۆیە کومەڵگاى کوردستان بارمتەى خیانەتەکانى یەکێتییە.
خاڵێکی دیکەى نەرێنی لەو بەبارمتەکردنەى کۆمەڵگای کوردستانى بریتییە لە پارتى و هەڵسوکەوتەکانى بەشێک لە بەرپرسەکانى. پارتى لەلایەک ناتوانێت خۆى و کوردستان بەهێز بکات، ناتوانێت بەتەواوى خەڵک لەخۆى کۆبکاتەوە، باوەڕیان پێبێنێت کە دوونیابینی و سیاسەتى ئەو راستتر و نیشتیمانپەروەرانەترە لەوانی دیکە، چونکە ئەوانی دیکە لەبوارى راگەیاندندا زۆر لە پارتى بەهێزترن. ئەوان ماوە ماوە لەوڵاتی ئیران خوولیان بۆ دەکرێتەوە، بۆ مەبەستى بێبەهاکردنى کوردستان و سیمبوولەکان و پرسە رەواکەی، بۆ شووشتنەوەى مێشکى گەنجان و برەودان بە تیرۆرى هزرى لە دژی سەربەخۆخوازان.
لەلایەکی دیکەدا دەردە گەورەکە بریتییە لە گەندەڵى و چاوچنۆکى هەندێک لە بەرپرسانى پارتى بۆ بازرگانیکردن و پارەکۆکردنەوە. لەپاڵ خیانەت، ڤیرۆسی شێرپەنجەی جەستەى کوردستان بریتییە لە گەندەڵى و بێدادى، لەمەشدا هەندێک لە بەرپرسانى پارتى بەشی شێریان بەردەکەوێت. گەندەڵى هۆکارێکی گرنگى لەناوبردنى هەستى کۆیی و پێکبەستنى هاوڵاتیانە بەیەکتر و بەکوردستان. لەوکاتەى یەکێتى بەخیانەت (بێگومان گەندەڵى و دزیش) بەندیوارى خەڵکی کوردستان لاواز دەکات، ئەوا هەندێک لە بەرپرسانى پارتى بە گەندەڵى لەو پرسەدا بەشدارن.
ئەگەر پارتى دەخوازێت بەهێز بێت، دەبێت دەستى ئەو گەندەڵانە ببڕێت کە پارتى و پۆستە ئیدارییەکان بۆ بەرژەوەندیی تایبەت بەکاردەهێنن. ئەو گەندەڵانە خەڵک هەم لەپارتى و هەمیش لە نیشتیمانپەروەرى دووردەخەنەوە.
پارتى نە ئەوەندە لاوازە هەموو داخوازییەکانى دەسەڵاتدارنى شیعەی عێراق قبووڵ بکات، نە ئەوەندەش بەهێزە بەیەکجارى لێیان جیابێتەوە و سەربەخۆیی رابگەیەنێت، ئەوەش خەڵکى لە مۆڵەق راگرتووە.
پرسیارى رژد لەو پرسەدا، پێوەستە بە رۆڵى رۆشنبیرانى کوردستان. ئایا ئەو توێژە گرینگە چ رۆڵێک دەگێرێت لە دروستکردن، یان لەناوبردنى دیاردەى بەبارمتەکردنى کۆمەڵگاى کوردستانى؟ هەر شتێک لە کۆمەڵگادا رووبدات، جا هەر کۆمەڵگایەک بێت، ئەوا رۆشنبیرەکانى لێی بەرپرسن، بەو پێیەى ئەوان هزر بەرهەمدەهێنن، کە بزوێنەرى ستایلى ژیانى کۆمەڵگا و دیاردە سۆسیۆکولتوورییەکانیەتى. رۆشنبیرانى کوردستان لە ئاست ئەو پرسەدا زۆر کەمتەرخەمن. ئەوان بەشدارن لە دروستکردنى جاش و ناپاک بە نیشتیمان، لە دروستکردنى گەندەڵ و دز و بەهەدەرچوونى سامانى کوردستان، ئەوان بەرپرسن لە سەرهەڵدان و بەردەوامبوونى دیاردەکانى نادادپەروەیی و بێیاسایی و..تاد. رۆشنبیران بەرپرسن لە زەلیلبوون و ئیهانەکردنى تاکى کورد لەلایەن سیاسەتکارانى ناوەخۆ و دوژمنانى دەرەوە. رۆشنبیرى راستەقینە نابێت رێگا بدات کۆمەڵگا لەلایەن توێژێکی سیاسییەوە بەبارمتە بکرێت. دەبێت لەپاڵ دامەزراوە مەعریفییەکان، بەشداری چالاک بکات لە بەرزکردنەوەى ئاستى هۆشیاریى سۆسیۆپۆلیتیکى هاوڵاتیان، تاوەکو هیچ سیاسەتکارێک ئازایەتى ئەوەی نەبێت کۆمەڵگا بەبارمتە بکات. لەئەگەرى بەهێزبوونى ئاستى هۆشیارى ئەندامانى کۆمەڵگا بەبارمتەکردن، گەندەڵى، خیانەت و..تاد، دیاردەیەکى قبووڵکراو نابێت لە کۆمەڵگادا، بەڵام کێشەى رۆشنبیرى ئێمە، کێشەى کەسییە (رێژەییە، بەڵام زۆرینەیە)، نەک نیشتیمان. وەرگرتنى بڕێک پارە، مووچەیەکی ژێربەژێر، پارچەیەک زەوی و ئۆتۆمبێلێک بەسە، تا بێدەنگى هەڵبژێرێت لە ئاست کۆى ئەو دیاردە نەرێنییانەى لە کۆمەڵگادا هەیە. رۆشنبیرانێک هەن حەوجەى سڵاوێکی کوڕێکی بەرپرسێکى دزی وڵاتن. هەیانە تائێستا واسیتە دەکات تا دیدارێک لەگەڵ ناپاکێک، گەندەڵێک، دزێک، پیاوکوژێک بکات و وێنەیەکى لەگەڵ بگرێت. کە رۆشنبیر خۆى ئەوەندە بچووک بکاتەوە، سیاسەتکاریش خۆى لێدەگۆڕێت، ئیدی پێی وایە کە بەکردەیی ئەو کەسێکى گرینگە لە کۆمەڵگادا.
بەرەنجام: کۆمەڵگاى کوردستانى بەهۆی ئەو رەوشە ئابوورى و سۆسیۆپۆلیتیکییەی تێیکەوتووە، بەبارمتەکراوە. قووتى ئەندامانى زەوتکراوە و یاری بەهەست و ژیانى دەکرێت. زەرەرمەندەکان بریتیین لە کۆمەڵگاى کوردستانى، کەمتەرخەمەکانیش تەنیا سیاسەتکارانن، ناوەخۆ و دەرەوە پێکەوە.

د. زیرەک عەبدولڵا- ئەڵمانیا




پێشنیارێکی سیاسی بۆ رۆژاڤا.. ئیدریس مستەفا ساڵح

کەم گۆشەی سیاسی هەیە لە دنیادا ئەوەندەی رۆژاڤا قەتیس مابێت لە چەند هاوکێشەیەکی سیاسی ناوچەکە و جیهانیش. هاوکێشە سیاسیەکان چون یەک و دژ بە یەکیشن. هەموویان لە دەرەوەی وڵاتێکن کەچی لە خاکی ئەو وڵاتەدا بوونی سیاسی و سەربازیان هەیە. هەموویان دراوسێ و هاوپەیمانن لەهەمان کاتدا دژە دراوسێ و دژە هاوپەیمانی یەکترن. تورکیا و ئەمریکا، دوو دۆستی ناتۆ و دوو دژ بە یەک لە رۆژاڤا؛ ئێران و تورکیا دوو وڵاتی دراوسێ بەڵام دوو هیزی دژ و لایەنگر لە بەشار ئەسەد؛ رۆژاڤا بەشی خاکێکە لە سوریا و سوریا دانی پیدا نانێ و ئەمریکا داکۆکی لیدەکات لە کاتێکداهیچ شەرعەیتێک نیە بۆ بوونی ئەو لەوێ. زیندوو بوونەوەی دنیای دوو قوتبی روسی و ئەمریکی لەوێدا. رۆژاڤا لە پای کێشەیەکی مێژوویی و دەرفەتێکی سیاسیدا هاتە دەر کەچی بە گرفتێکەوە گلا، داعش، کە نە هی ئەو بوو نە خۆیشی بۆ ئامادە کردبوو، نە بوونیشی هەبوو لە خاک و مێژووی ئەو وڵاتەدا. ئەو گرفتە بەرهەمی هەموو ئەو هاوکیشە سیاسی و هێزەکانی بەشدار بوو لە هەمان کاتدا ململانێکەر بوو لەو ولاتەدا کەچی ئاڵا لە ملی رۆژاڤا بێ ئەوەی دوورونزیک ئاگای لێ بێ یاخود پەیوەندی بە هەبوونیەوە هەبێ کەچی نەمانیەکەیان یاخود  فەوتاندنەکەیان خستە سەر شانی ئەم. ئەو هێزانە و هاوکێشەکانیان دۆخێکی هێندە ئاڵۆزیان خستۆتە بەردەم رۆژاڤا کە لە گرێکوێرەکەی هاملێت ئاڵۆزتر بێت؛ ئەنجامگیریەکەی ئەوەیە: ئێوە بەهۆی ئێمەوە لە خاک زیندوو بوونەوە، گەر ئێمە نەبین ئیوە نامێنن، گەر ئێمە هەشبین ئێوە هە رنامێنن.    

جوگرافیای سیاسی رۆژاڤا پێچەوانەی رەوتە مێژووییە بەرهەقەکەیەتی. خەڵکێک لە بەرەبەیانی دنیای دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە تاکو ئێستا هیچ گزنگێکی سیاسی و نەتەوەیی و فەرهەنگی نەدیبوو بەڵام و لە رووداوێکی کتوپڕی سیاسیدا بەسەر نیمچە سەربەخۆییەکی تەواودا کەوتن. ئەم رووداوە کتوپڕە جگە لەوەی بەرەو روی ئاسودەییەکی رەهای بردن لەهەمان کاتدا بەرەو مەترسیەکی گەورەشی کردنەوە. بە قەد ئەوەی رۆژاڤا مەترسی گەورەی دروست کردووە بۆ سەر وڵاتانی تەنیشتی خۆی بە قەد ئەوەش مەترسی گەورەی لەسەر خۆیەتی کە بەرەو رووی چارەنوسێکی نادیار کردۆتەوە. ئەوەی ئەم مەترسیە دوو دەمەی دروست کردووە جیۆپۆلۆتیکی خودی رۆژاڤایە. ئەو نزیکایەتیە مێژوویی و جوگرافی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیەی کوردانی رۆژاڤا لەگەڵ کوردانی باکوردا هەیانە ترسێکی گەورەی لای وڵاتێکی وەک تورکیا دروست کردووە کە رۆژاڤا پریشک بهاوێ بۆ ئەودیو سنورەکەی؛ ئەمە جگە لە سوریا کە قەدحێن باوەڕی بەوە نەبووە کورد بوون هەبێ لە سوریادا و بگرە زۆریانیشی بێ بەش کردبوو لەوەی هاوڵاتی ئەو وڵاتەش بن کە لە بەرەبەیانی مێژووەوە لە خاکەکەیدا دەژین. ئەو روح و تەوژمە کوردیە نەتەوەییە بەهێزەی لە رۆژاڤا و باکور هەیە لە باشور و رۆژهەڵات نیە. ئێرانی بوون گەر لە پەلەیەکی کەمیشدا بێت دەوری خۆی دەگێڕی لە نێو کوردانی رۆژهەڵاتدا؛ لە باشور لە سایەی سەری دەسەڵاتی کوردیەوە شتێکی ئەوتۆ نەماوە کە پێێ بوترێ نەتەوە و نیشتمان و پرسێکی بەرهەقەی سیاسی و مێژوویی. مێژووی چەند ساڵەی رۆژاڤا لە بەڕیوەبردن و دۆخی سیاسیدا پیشانیدا کە کوردانی ئەو دوو بەشە شتێکی زۆر جیوازترن لە کوردانی باشور کە لە ساڵی ئەوەڵی حوکمڕانیەوە نیشانیاندا ئەوەی دوورونزیک بەلای نەچوون مەسەلەی نەتەوە و نیشتمان و دۆخی سیاسی وڵات و مۆراڵی مرۆڤ بوو.

 باشور یاخود عێراق وەک رۆژاڤا یا سوریا نەبوونە جێگەی تەراتێنی ئاشکرای هەموو هیزە دەوڵەتی و نادەولەتیەکانی ناوچەکە و جیهان کە هەر یەک لە گۆشەی ئەو وڵاتەدا بنکەی سەربازی بە پانتاییەکی جوگرافی گەورە لێدا و کەوتنە ململانێ لەگەڵ یەکدی. ئەوەی لەو نێوەدا ماندوێتی سیاسی و سەربازی پێ بڕدرا دانیشتوانە رەسەنەکەی بوون بەتایبەت کورد لە رۆژاڤا. ئەو قەوارەیە بەدەر لە هەر ویستێکی خۆی کەوتە نێو هەندێ هاوکێشەی سیاسی ناوچەیی و جیهانی ئاڵۆزەوە کە دەرچوون لێی مەحاڵە. هیچ یەکێک لەو هاوکێشانە نەک هەر لە قازانجی رۆژاڤادانین نیە بەڵکو ناوچەییەکان بۆ ئەوە دروست بوون ئەو ئەزمونە نابێ پا بگرێ؛ جیهانیەکانیش بۆ ئەوە دروست بوون تاکو بیکەنە گەمەی سیاسی دەستی خۆیان و هەر کات ئەو گەمەیە تەواو بوو بەجێی بهێڵن.

 هیچ دۆخێکی سیاسی هێندەی رۆژاڤا قەتیس نیە لە چوارچێوە جوگرافیایەکەی خۆیدا؛ تورکیا و ئێران و سوریا وە ک سێ دەوڵەتی گەورەی ناوچەکە، هەردوو زلهیزی روسیا ئەمریکا لەگەڵیدا هێزێکی وەک داعش لەسەروو ئەمانەشەوە دژایەتی کردنی باشور لەگەڵیدا. ئەمانە هەمووی لە ناو جەرگەی خاکی رۆژاڤا بوونیان هەیە و نە دەتوانێ شەڕی هەموویان بکات تا سەر، و نە هیچیان ئاشتی لەلەگەڵدا مۆر دەکەن. کۆنفرانسی ئاستانەی پایتەختی کازاخستان لە نیوان چووار وڵاتی ئامادە بوو لە سوریادا، تورکیا و ئێران و روسیا و خودی سوریا، کە لە ساڵی ٢٠١٧ ەوە تاکو ئیستا هەر ساڵەی لە جارێک زیاتر کۆدەبنەوە، مەرامی یەکەمین لە کۆبوونەوەی کۆنفرانسی ئەستانە و ئەوانەی تریش لە ئایندەدا جگە لە بابەتی رۆژاڤا هیچ شتێکی هەستیارتریان باسی لێوە بکەن؛ چونکە رۆژاڤا تەنها بەشی سوریایە کە ترس لەسەر خودی سوریا و وڵاتانی ناوچەکەش دادەنێ گەر بێتوو ببێتە خاوەن قەوارەیەکی نیمچە سەربەخۆی نەک هەر سیاسی بەڵکو ئیداریش. دەبینین وڵاتانی ناوچەکە و روسیاش وەک جەمسەرێکی زلهیزی جیهان هەردەم بە دوای نەخشەرێگایەکەوەن بۆ کێشە و ململانێکانی سوریا کە لەسەر یەک پنت راوەستاوە ئەویش یەکێتی خاکی سوریایە و رۆژاڤاش ئە وپنتە سەرەکیەیە کە ترسیان لێی هەیە ئەو یەکێتیە تێک بدات.

لەگەڵ ئەوەی ئیستا رۆژاڤا لە ساتی لە دایکبوونی مێژوویی خۆیدایەتی لەهەمان کاتدا لە بەردەم ساتی گیان لەدەستدانیشیایەتی. بۆ خودی رۆژاڤاییەکان و ئەوانەشی لە خەمی ئەو قەوارەیەدان و خواستیانە رۆژاڤا بۆ ئەوەی بە تەواوی نەمرێ دەبی بە عەقڵێکی سیاسی دۆخئامێزیەوە سەیری دۆخەکەی بکرێت. لە سیاسەتدا رووداوەکان و هاوکێشەکان سەنگی مەحەکی هەر تێگەیشتن و جوڵە و هەڵوێستێکی سیاسین نەک دروشم و گوتاری سۆزداری نەتەوەیی. وەک ئاشکرایە پشتیوانی سەرەکی رۆژاڤا لە ئیستادا ئەمریکایە و بەو هۆیەوە ئەمریکا پێشتر لە عێراقدا هەبوو، و بوونی داعشیش لە هەردوو وڵات و بەکارهێنانی داعش وەک هێزێک لەم دوو وڵاتە و، ئێستاش بەرەوئەفریقیایان دەگوازێتەوە، ئەو میکانیزمی هاتنە ناوەوەی ئەمریکا پیشان دەدات لە رۆژاڤا. لەوێ بارودۆخێک دروست بوو کە رۆژاڤا دەبێ متمانە بکاتە سەر ئەمریکا بۆ پاراستنی لە پەلاماردەرەکانی دەوروپشتی؛ ئەو پەلاماردەرانەی هەر خودی ئەمریکا چەکیان پێ دەفرۆشێ یان تەنانەت دروستیشیان دەکات وەک داعش.

یەکێک لە سیاسەتە ستراتیجیەکانی ئەمریکا چارەسەر نەکردنی هەر کێشەیەکی سیاسیە لە جیهاندا و بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لە دوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە ئەمریکا نەک هیچ کێشەیەکی سیاسی چارەسەر کردووە بەڵکو رێگر بووە چ راستەوخۆ یا ناراستەوخۆلە هەر رێگەچارەیەک بۆ هەر کێشەیەکی سیاسی یاخود وێرانی کردووە و بەجێی هێشتووە. واتە تەنها ستراتیج لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا درێژکردنەوە و ئیدارەکردنی ئەزمەکانە نەک چارەسەرکردنیان، بگرە لە هەندێ حاڵەتدا کوشتنی قەیرانێکە بۆ لە دایکبوونی قەیرانێکی تر. ئەوەی ئەو سروشتە دەدات بەم جۆرە سیاسەتەی ئەمریکا دوو رەگەزی سەرەکین: یەکەمیان، ئەو جوگرافیا دوورە دەستەیەتی لە ناوچە دەوڵەمەند و پڕ ململانێکانی تری جیهانی بۆیە گەر کێشەکان بەرەو چآرەسەربوون بڕۆن ئەوا ئەمریکاش دەبێ بروات. دووهەمیان، ئابوری ئەمریکا بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر دوو جۆر پیشەسازی راوەستاوە کە هەردووکیان پیویستیان بە بازاڕی گەرم و گوڕی دەرەوە هەیە ئەوانیش پیشەسازی دروستکردنی چەک و دروستکردنی پارەی کاغەز، دۆلار.   

گەر ئەو وڵات و ناوچانەی کە ئەمریکا بە هەڵواسرای هێشتویەتیەوە یاخود دەستبەرداربووە لێیان بە پێوەر بگرین بە رۆژاڤا ئەوا رۆژاڤا لە هاوکێشە ستراتیجیەکانی دەرەوەی ئەمریکادا بوونی نیە؛ دەکرێ لە سیاسەتە تاکتیکیە جیهانیەکانیدا بیبینین ئەویش دەتوانین بڵێین لە پەراوێزیدایە. ئەمریکا تاکو ئێستا هیچ رێگەچارەیەکی پێ نیە بۆ رۆژاڤا نە لە سەر کاغەز و نە لە سیاسەتی ناوچەییاندا و نە لە گفتوگۆ و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ رۆژاڤادا. بگرە ناشتوانێ بیپارێزێت لە پەلامارەکانی دەوروبەر. تا هەنووکە دیار نیە بوونی ئەمریکا لە رۆژاڤا چیە و بۆچی لەوێیە و بە تەما هەیە چی بکات یان چی لە رۆژاڤا بکات. ئەوەی تا ئەمێستاکە لەسەر ئەرزی واقع بوونی هەیە و ئایندەکەش دەتوانین ببینین ئەوەیە کە رۆژاڤا بەشێکە لە سوریا و سەرجەم وڵاتانی دراوسێ و بگرە هەموو وڵاتانی ناوچەکەش لەگەڵ یەکێتی خاکی سوریادان و خودی ئەمریکا ئەمە رەت ناکاتەوە وەک جۆن ئیستاشی لەگەڵدابێ تایوان بە چین و لە چووارچێوەی یەکێتی خاکی چین لە قەڵەم دەدات. پرسیار ئەمەیە ئایا رۆژاڤا بەراورد دەکرێت بە تایوان. ئایا تاکو ئیستاکە ئەمریکا جگە لە بەکارهێنانی رۆژاڤا بۆ مەرامە سیاسیەکانی خۆی هیچ رێگەچارەیەک تەنانەت وەعدێکیشی پێداون کە شتێکیان بۆ بکات؟ بێگومان نەخێر! بگرە هیچ قانون و سیاسەتێکی نێودەوڵەتی بوونی نیە سەبارەت بە رۆژاڤا جگە لەوەی پێیان دەڵێن شەڕکەری باشن دژ بە داعش. هیچ بەڵگە و پەیمانێکی رەسمی ئەمریکی و نێودەولەتی بەردەست نیە کە پیشان بدات رۆژاڤا شتێکە و ئێمە داکۆکی لێ دەکەین. ئەوەی بە رۆژاڤایان کرد خۆیان هەرگیز نەیاندەتوانی بیکەن بە تەنها ئەویش رووخانی دەولەتی ئیسلامی بوو لە عێراق و شام.  

بەکارهێنان و دەستبەرداربوون دوو سیاسەتی دیاری ئەمریکان کە پێشتر چەندان ناوچە و قەوارەی سیاسی بوونەتە قوربانی و رۆژڤاش یەکیک دەبێ لەوانە. تازەترینیان جیهێشتنی وڵاتی ئەفغانستانە بۆ بزووتنەوەی تاڵیبان. ساڵی ٢٠٠١ ئەمریکا بەهیزێکی چەند دەوڵەتیەوە پەلاماری ئەفغانستانیدا کە لە ژێر دەسەڵاتی بزووتنەوەی تاڵیباندا بوو ئەو دەم. دوای کوشتنی دەیان هەزار مرۆڤ و خەرج کردنی زیاتر لە چەند تریلیۆن دۆلار و مانەوەی بیست ساڵی رەبەق تێیدا، ئەفغانستانی رادەستی تاڵیبان کردەوە و هەرجی دارودەستەی سیاسی و ئیدارەی حکومی و مەدەنی هەبوو رادەستی تاڵیبانی کردەوە لە کاتێکدا تاڵیبان ئەوسا و ئیستاش لە لیستی تیرۆری ئەمریکادایە.  وڵاتانی غەربی و ئەمریکا بەتایبەتی لە یەک سەدەی رابردووەوە تا هەنوکە کوردیان وەک یەکێک لە کاغەزە فشارەکانی دەستی خۆیان بەکارهێناوە. ئەمە لە کاتێکدایە هزری سیاسی کورد بە گشتی بە ئومێدێکی زۆرەوە سەیری سیاسەتی نێودەوڵەتی غەربیان دەکرد، و ئێستەش دەیکەن، لە کاتێکدا کورد و کێشەکەی لە ئاستە نێودەوڵەتیەکەی بە پلەی سەرەکی کوشتەی دەستی ئەوانە  ئینجا کورد خۆی و وڵاتەکانی دراوسێی. رۆژاڤا گەر لە باشترین حاڵەتیدا لەسەر دەستی ئەمریکا ببێ بە قەوارەیەک ئەوا لە قەوارەیەکی نەتەوەییەوە کە مافی چارەنوسی خەڵکێکی مێژوویی دیاری بکات لەو وڵاتەدا دەیگۆڕێت بە قەوارەیەکی وەزیفی کە تەنها بەکاری دەهێنێ بۆ مەرامە سیاسیەکانی خۆی وەک چۆن لەگەڵ تایوان دەیکات بۆ نموونە. ئەم گۆڕینە وەزیفەیە وادەکات هیچ شتێک نەمێنێتەوە لەو وڵاتەدا کە بەهای هەبێت جا ئەو بەهایە سیاسی یا کۆمەڵایەتی یا مۆراڵی و فەرهەنگی بێت.

رۆژاڤا چی زووترە دەست بەرداری ئەمریکا ببن و روو لە دیمەشق بکەن و هاتنەوە بە کەمترین دەستکەوت لە بوونی ئەمریکا باشترە. رۆژاڤا ئیستا شتێکە و لەم شتەوە دانوستان لەگەڵ دیمەشقدا بکات باشترە وەک لەوەی دوو سبەی ئەمریکا لەوپەڕی خراپیدا بەجێیان بهێڵێت. ئەوە دروستە کە سوریەکان لە لیدوانەکانیاندا خراپ لەسەر رپژاڤا قسەدەکەن بەڵام لێدوان هەڵوێستی سیاسی حکومی رەسمی و دانیشتنی سەر مێزی گفتوگۆ نین بۆیە دانوستان لەگەڵ سوریادا بە جاودێری روسیا و هەندێ وڵاتی تر زۆر باشترە بۆ رۆژاڤا وەک ئەوەی لەو بارودۆخە هەڵواسراو و چارەنوس نادیارەی ئیستایدا بێت لەگەڵ ئەمریکادا. گەر بێتوو بەرەو رووی ئەو پێشنیارەی روسیا بڕۆن کە تاکو ئیستا چەندان جار داوای کردووە لە رۆژاڤا کە دەست لە بەرۆکی ئەمریکا بەربدەن و بێن لە ژیر چاودێری ئەواندا گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشقدا بکەن. سەرباری ئەو هەموو کێشە و گرفتە ناوچەیی وجیهانیانەی بەرۆکی سوریای گرت ئەو وڵاتە لەسەر پای خۆی مایەوە و لە ئیستاشدا لە گەڕانەوەدایە بۆ ناو ماڵی عەرەبی لە رێگەی کۆمکاری عەرەبی و سەردانی کردنی چەندان سەرۆک و سەرەک وەزیران و وەزیرانی دەرەوەی ولاتانی حەرەبی تەنانەت بەشێکی زۆر لە جوگرافیای جیهانی کە پێی دەوترێت گلۆباڵ ساوث ئامادەیی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانیان دەربڕیوە لەگەڵیدا. گلۆباڵ ساوث زیاتر لە نیوەی دانیشتوان و جوگرافیای گۆی زەوی پێکدەهێنێ کە بریتیە لە ئاسیای ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی ناوەراست و بەشێكی زۆر وڵاتانی ئەفریقیا و ئەمریکای لاتینیش. دیارە هەر سێ جەمسەرە زەبەلاحەکەی ئاسیای تێدایە، چین و هند و روسیا.

 لەگەڵ هەموو ئەو هۆکارانەی دەربارەی ئەمریکا و سیاسەتەکانی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی پێدرا کە بوچی رۆژاڤا دەبێ دەستبەرداری ئەمریکا ببێت، حوکمی جوگرافیا خاڵێکی گرنگی دۆخئامێزترە کە وادەکات رۆژاڤا روو لە دیمەشق بکات باشترە لەم دۆخە ئاڵۆزە ناوچەیی و جیهانییەدا. جگە لە ئەمریکا هەموو هێزەکانی تر شتێک دیانبەستێتەوە بەو جوگرافیایە و مەدارەکەیەوە. تورکیا و ئێران و سوریا یەک دراوسێ و هاوسنوری جوگرافیایین، روسیا لەگەڵ ئەوەی هیچ پابەندیەکی جوگرافیایی نیە لە سوریادا بەڵام دراوسێیەکی دوورە وەک جوگرفیا و هاوڕێیەکی سیاسی نێودەوڵەتی سوریا و خودی ناوچەکەشە و مێژوویەکی هەیە لە ئامدەیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە رەگەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دەمانی یەکیتی سۆڤیەت؛ ئەمە جگە لەوەی روسیا بە داواکاری رەسمی دەوڵەتی سوریا لەوێیە، واتە گەر بە ئاستە نێوودەوڵەتیەکەی بیگریت ئەوا شەرعیەتێک هەیە بۆ ئامادەیی روسیا لەو وڵاتە لە کاتێکدا ئەمریکا خاڵیە لەهەر خاڵێک لەو خاڵانەی باسمان کردن.

 دیارە سەربەخۆیی باشترین رێگەچارە و هەڵبژاردنێکی ئاڵتونیانەیە بەڵام رۆژاڤا لە دۆخێکدایە کە هیچ شتێکی دەوروپشت لە قازانجیدا نیە. دوو سێ ساڵی پێش ئیستا کێشەی ناوچەی مەنبەج هەبوو کە تورکیا بە کردەیی هێرشێکی سەراسەری بۆ ئەو ناوچەیە ئامادەکردبوو لە هەمان کاتدا ئەمریکا بێدەنگی هەڵبژارد و هاوسەنگی هیزی سەربازی تورکیا و رۆژاڤاش بەراورد ناکرێ بۆیە ئەو دەم  “مەزلوم عەبدی”، فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات، گوتی لە نێوان نەمانی خەڵکەکەم و لە دەستدانی هەندێ خاکدا ئەوا خەڵکەکەم هەڵدەبژێرم. لەسەر هەمان هزری سیاسی رۆژاڤا دەبێ بە شتێک هەڵسێت کە مەترسی سەر خەڵکەکەی لە پەلاماری دەرەکی بڕەوێنێتەوە یاخود کەمتر بکاتەوە ئەویش دوو هەڵبژاردەیە: یان لە ناوچوونێکی تەواوی بەهۆی سیاسەتگەلێکی دەرەوەی خۆی کە ئایندەکەی مەترسیدارە؛ یاخود مانەوەیەک لەگەڵ هەندێ دەسکەوتی فەرهەنگی و ئیداری و هاوڵاتی بوون.  




نیشتیمانی سارا و پرسیاری: كێ خەلکی شاری سلێمانییە؟.. بەکر ئەحمەد

لەسەر دیواری یەکێک لە فارگۆنەکانی شەمەندەفەری بار‌هەڵگری” دان پاگیس” کە جووەکانی تێدا دەگوێزرایە بۆ ئاوشویتز، بە تەباشیر نووسراوە:” لێرە، لەم فارگۆنەدا، من کە ناوم ئێڤایە ، لەگەڵ هابیلی کوڕم دانیشتووین. ئەگەر کەسێک قابیلی کوڕی ئادەم، کوڕە گەورەکەم دەبینێ، تکایە پێی بڵێن کە من………..”. (1). نووسینێکی بەجێماو و چارەنووسی لەیەکهەڵوەشاوەی خێزانێک.

لەسەر ڕاستە شەقامێکی شاری سلێمانی کەبەناو گۆڕستانی ٤٠ ساڵێک لەمەوبەری جووەکانی شاری سلێمانیدا تێدەپەڕێ، پیرەمێردێکی جوو، لەسەر شۆستەی قەراغی شەقامەکە دادەنیشێت و دەست دەکات بەناو توورەکەکەی شانیدا. بەردێک دەردێنێ و لەسەر چیمەنتۆی لێوارەکە دایدەنێ. ئەو چاوەکانی دادەخات و لەبەر خۆیەوە دەڵێ:” لە ڕەقی و تەمەنی ئەبەدییەتی خۆتدا، یادی ئێمە هەڵبگرە و بە نەوەی داهاتووی ئەم شارە بڵێ کە ئێمەش لێرە بووین”.(2)

لە دیمەنی یەکەمدا، ئێڤای دایک ئوومێد دەخوازێ کە کەسێکی دی ئەم پەیامە بە قابیلی کورە گەورە بگەێنێت کە دایک و برای بچووک ، لێرە بوون. لە فارگۆنێکی قەلەباڵغدا بەرەو ئاوشویتز.
لە دیمەنی دووەمدا، ئێمە ڕووبەڕووی ڕووخساری باپیرە “خایم”ین کە لە دوا ڕۆژەکانی تەمەنیدا، دێتەوە بۆ ئەو شارەی ڕۆژگارێک لە یەکێک لە گەرەکە لەپەراویزخراوەکانی خۆیدا ، لەودیووی سنوورەکانی شیوەکەی جوولەکانەوە، خۆی و هەزارەها ئینسانی دیکەی وەک ئەو لەوێدا دەژیان. هاتۆتەوە و دەیەوێ بە ڕێبوارانی سەرشەقام بڵێ: ئێمەیش لێرە بووین.

“نیشتیمانی سارا” ئەو ڕۆمانەیە کە لەناو ئەدەبیاتدا بە ژانری” سەردی سەجەلەی خێزانی” ناوزەددەکرێت. “مو یان” لە ڕۆمانی ” خیمین ناو و حەوت ژیانەکەی” دا سەجەلەی چوار نەوەی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی چین دەگێڕێتەوە و لە ڕێگەی 7 جار زیندووبونەوەوە لە گیانی ئاژەڵێکی تردا، دەبێتە شاهیدی مێژوویەکی 50 ساڵەی وڵاتێک. ڕەنگە نزیکترین کارێکیش لە ئەدەبیاتی کوردیەوە رۆمانی ” بەیانییەکەی جەنین”ی سۆزان ئەبولحەوا” بێت کە لە رێگەی چارەنووسی خێزانی جوتیارێک بە ناوی “یەحیا عەبدول حەییە” کە کەسێکی سادەی گوندی “عەین حود”دە وسەرقاڵی ناشتنی داری زەیتوونە لە دێکەی خۆیدا، هەموو تراژیدیای ئەوەی ئەمڕۆ بە کێشەی فەلەستین ناودەبرێت دەخاتە ڕوو. لە کەیسی هەردوو ئەم ڕۆمانانەدا، نووسەر لە هەڵبژاردنی ژیانی کەسیك یان خێزانێکدا، ڕووداوە سیاسی و مێژوویەکانی ئەو سەردەمەی کە دەکرێ مەبەستی نووسەرە، لە کەسایەتیەکانی خێزاندا بەرجەستەدەکات. ئەوەی میرانیش لەم ڕۆمانەدا دەیکات، هەڵبژاردنی بنەماڵەیەکی جووی شاری سلێمانییەو لە ڕیگەی وەچەکانی ئەم بنەماڵەیەوە، میژووی جووەکانی شارەکە و ڕووداوە مێژوویەکانی دەوروبەری کەسایەتییەکان دێتە بەر گێرانەوە. بەڵام نەک گێرانەوەیەکی ئاسایی. بەڵکو هەژاندنی ئەو پرسیارە هەرگیزنەکراوەی کە کۆمەڵگای کوردی قەت لەخۆی نەکردووە: کێ بوون ئەوانەی لە گەرەکی جوولەکاندا بوون و چییان لێهات؟
ئینسان کاتێک لە خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە تەواو دەبێت، دەپرسێ: بۆچی ئەم کۆمەلگایە و سیاسییەکانی، شاعیرەکانی و نووسەرەکانی ئەم بابەتەیان لە بێدەنگییەکی ئاوا کوشندەدا هێشتووەتەوە.؟ کامەیە ئەو “گا پیرۆزانە”ی کە دەکرا بەسەربڕین بدرێن ئەگەر ئەم زانیارییانە پێشوو تر بدرکێنرانایە”

میران لە نیشتیمانی سارادا، لەسەر هێلێکی ئاسۆیی زەمەنەوە، لە ڕیگای خایمی گەنجەوە، لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەوە و لە ڕیگای ژمارەیەکی زۆر لە خزم و دۆست و دوژمن و کەسایەتییە سیاسی و ئەدەبییەکانی شارەوە، بە ئاماژە بە بەشێکی گرنگی رووداوە سیاسیەکانی ژیر دەسەڵاتدارێتی ئینگلیز، تابلۆیەکی خوێناوی و تراژیدیای “جووبوون” لە مەمەلەکەتێکدا دەخاتە بەر تیشک کە قوربانیبوونی کورد و تراژیدیا کانی ئەو، ئەو غاێەلەیە بە خەێالی کەسدا ناهێنێت کە ئەم کوردە قوربانییە لەخوێندا گەوزێنراوە، هێندە دڕندەیەکی خۆماڵی بوو بێت لە بەرانبەر هاونیشتیمانیانی خۆیدا کە سەر بە ئاینێکی دیکەن.
نیشتیمانی سارا، ئەگەر چی وەک تابلۆی جووی قوربانی و حەکایەتە تراژیدی و غوربەتە ئەبەدییەکەی ئەو دەکرێ سەرنجی لێبدرێ، هاوکاتیش دەبێتە حەکایەتی قوربانییەکی دی کە خۆی دەبێت بەجەڵلاد . سەیرەکە لەوەدایە کە تا ئێستاش ئەم قوربانییە رەنگە ئەم شووناسە بۆ خۆی قبوڵنەکات و لە بەرگی قوربانییەکی هەمیشەیدا هۆکار بۆ ئەم ڕەفتارەی خۆی بهێنێتەوە. بە واتایەکی دی، سەرنجدانە لە کورد وەک جەللادێک نەک قوربانی.
من لە گەرەکی “گاوران”دا لە دایک بوم و گەورە بووم. لە نزیکەوە ئاگاداری ژیان و پەیوەندی خەلکی گەرەک و مەسیحیەکانی ئەم گەرەکە بچکۆلانەیە هەم. ئەو ڕۆژگارەی کە نەوەی من چاودەکاتەوە و گەرەکەکانی شار دەناسێ، گەرەکی جوولەکان دەمێکە چۆلکراوە. بەلام ئەگەر ئەم گەرەکە چۆلیش نەکرایە و لە شوێنی خۆیشیدا بوایە دەکرا ببینرێت؟
بە بڕوای من، کاتێک ئینسان گەلێک دیمەنی ناو ڕۆمان دەخوێنێتەوە، وە دوای دەرچوونی ڕۆمانیش گوێبیستی سەرگووزشتەی بەشێک لە پیرەمێردەکانی شار دەبێت، هەستدەکرێت کە گەرەکی جوولەکان و هاوڵاتیانی ئەوێ هیچ کاتێک نەبینراون و لێدان و بەردبارانکرنی ئەوان و ماڵەکانییان هیچ شتێک نەبووە جگە لە پرۆسەیەکی درێژی هەڵاواردنێکی سیستیماتیکانە لەبەرانبەریاندا بە مەبەستی نەبینینیان. هەڵبژاردنی شوێنی گەڕەک لە نزیکی گواوی شارەوە و لە پەراوێزی شاردا، لەبەرچاودوورخستنەوەی جووەکانە لەو ڕووبەرە کۆمەڵایەتییەی کە پێی دەوترێت شار. بەردبارانکرنییان کاتێک دینەدەر، کۆششێکی بەئاگاهێنانەوەی ئەوانە کە: سنوورەکانی خۆتان بزانن و بگەڕێنەوە بۆ ناو کونجی زێرابەکانی خۆتان!
” لە دوای قوتابخانە بە غاردان بەلای گەرەکی سەرشەقام و چوارباخدا تێدەپەڕین. بەردەوام منداڵانی ئەو دوو گەرەکە بەردیان تێدەگرتین تاکو سنووری گەرەکی جوولەکان دوامان دەکەوتن”. ڕەنگە ئەم دیمەنە بێتاوانەی “خایم”ی منداڵ هیچ نەبێت لەچاو ئەو دیمەنانەی تردا کە لە رۆمانەکەدا دێنە بەر باس.
تراژیدیای ئینسانی جوو، لە بوارەکانی ئەدەبدا بە فراوانی تۆمارکراوە. هۆلۆکۆستی جووەکان ئەگەر چی وەک کۆششی نازیزم و ئەنتیسیمیتیزمی جیهانی دەکرێ سەیری بکرێت بۆ قڕکردنیان، کەچی لە جیهانی مەمەلەکەتی سارا و ئەو جوگرافیایەی پییدەوترێت جیهانی عەرەبی، لانی کەم بۆ نەوەی من کە لە سەرەتاکانی حەفتاکانی سەدەی رابردوودا لە سلێمانیدا ژیاوە، بابەتی خوێندن نەبووە.
تەنانەت سیاسەتی ئەنتیسیمێتیزمی دەوڵەتی ڕەسمی لەم ناوچەیەدا کارێکی کردووە کە جووبوونی یەکسانکرۆتەوە بە لایەنگری بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل و لە فراوانکردنەوەی ئەنتیسێمێتیزمی کولتوریدا کە ئایین لە پەرەپێدانیدا بەشی شێری پێبڕاوە، دۆزەخێکی سیاسی و کولتوری دەخوڵقێنێ کە تەنها لە ڕۆژگارە ڕەشەکانی ناوەراستی سییەکانی ئەلمانیای نازیدا دەکرێ نموونەی لێبدۆزیتەوە.

“نیشتیمانی سارا” وەک کارێکی ئەدەبی و سەرکەوتوو، بە هەر تێبینییەکی ئەدەبییە وە لەسەر دڕێژبوونی ڕۆمان و مامەلەکردنێکی ڕاپۆریانە بە بەشێک لە رووداوە سیاسییەکانەوە نەک ئەدەبیانە، هێشتاش ئەو وزە گەورەیەی تێدایە کە ئەو پرسیارە لە کۆمەلگای کوردی و بە تایبەت سەرجەم خەلکی شاری سلێمانی بکات : ڕۆڵی ئەوان چی بووە لەم پرۆسەی هەڵاواردن و رەفتارنوواندنیێکی ڕاسیستییانەدا بەرانبەر جووەکانی شارەکەیان کە دەرئەنجامەکەی ناچارکردنی جووەکانی ئەم شارەیە بۆ جێهێشتنی ولات و یان تێكشکاندنی رۆحییەتی دەروونی سەدەها ئینسانی ئەم کۆمەلگا بچووکەی کە رۆژانە دووچاری سووکایەتیکردن دەکرایەوە.

دەربڕینە پڕ لەفرمێسک و خوێناویەکەی باپیرە خایم:” ئێمەش لێرە بووین”، خاڵی کۆتای سەفەرێکە بۆ ئینسانی جوو لە ولاتێکدا کە ئامادەیی ئەوان چەندین هەزار ساڵ بە مێژووی ناوچەکەدا تێدەپەرێت. جووەکانی عێراق و کوردستان، پاشماوەکانی ئەو مێژووە تەوراتییەی جووە کە دەوڵەتی یەهودا تێکدەشکێنرێت و سەرۆک و هاولاتییەکانی ئەم نیمچە ئیماراتە دەگوێزرێنەوە بۆ ژیردسەلاتی بابلییەکان لە 500 ساڵ لە پێش زاینەوە. ئەوەی کە لە مێژوودا بە ” دیلەکانی بابلییەکان” دەناسرێتەوە و وەک یەکەمین دیاسپۆرای جوو ئاماژەی پێدەدرێت.
” ئێمەش لێرە بووین”، تەنها دەنگی پێرەمێردێکی جووی کوردستان نییە ، بەڵکو هاواری سەدەها هەزار لە ئینسانە کە مێژوویەکی درێژ لەناوماندا ژیاون و بەشێک لە مێژووی ئەم ولاتە بەرهەمی کار و دەستکردی ئەوانە.

شەوی بلووری و ڕۆژی فەرهود
” عباس شبلاق” لە کتێبی “هجرة أو تهجير: ظروف وملابسات هجرة يهود العراق” (3) دا پێیوایە کە جووەکانی خۆرهەلات لەناویشیاندا عێراق، لە بناغەدا بەشیک لە پرۆژەی کۆلۆنیالیستی زایۆنیستی نەبوون لە فەلستیندا”. بە تێڕوانینی ئەو، جووەکانی ئەم ولاتانە بە تایبەت لە عێراقدا، ڕەگێکی داکوتراویان لەناو کۆمەلگاکانی خۆیاندا هەبووە و لە جووبوونیاندا خۆیان وەک گرووپی سەر بە ئاینێک ناساندووە نەک وەک نەتەوەیەکی جیاواز.

بەلام ڕووداوەکانی دوای شکشتپێهێنانی حکومەتەکەی ڕەشید عالی گەیلانی لە ئازاری 1941 دا لەلایەن بەریتانیەکانەوە و ئەو بۆشاییە سیاسییەی کە دروستدەبێت لەو چەند رۆژەی دوایدا، جووەکانی بەغداد دووچاری گەرەترین زەربەی سیاسی دەکاتەوە لە مێژوودا کە بە پرۆسەی “فەرهود” ناسراوە. تالان و پەلاماردانی ماڵ و دووکانی جووەکانی بەغداد لەم ڕۆژەدا بە کوشتنی 250تا 300 جوو تەواو دەبێت . ئەم ڕووداوە برینێکی قوڵ لە دڵی جووەکانی بەغداد و عێراقدا هەڵدەکوڵی و لە لاوازکردنی هەستکردنی ئەوان بە ئارامی و ئاسایشدا لە کۆمەلگادا ، کاریگەری دادەنێ. بەلام هێشتاش نایانگەێنێتە سەر بڕیاری کۆچکردن بۆ ئیسرائیل. بەڵام لە 4ی مارسی ساڵی 1950 دا، حکومەتەکەی تۆفیق ئەلسوەیدی یاسای ژمارە 1ی سالێ 1950 پەسەند دەکات . ئەم یاسا تازەیە وەک پاشکۆی مەرسومی “اسقاط الجنسیە العراقیە” ژمارە 62 ی ساڵی 1933 دەست بەکار دەکات و بەپیی ئەم یاسا کۆن و تازانە، هەر هاوڵاتییەکی عێراقی مافی هاولاتیبوونی عێراقی لێدەسەندرێتەوە ئەگەر بە ئارەزووی خۆی ولات جێبهێڵێت. سەرنجڕاکێس ئەوەیە کە حکوومەتی عێراقی لەدەرکردنی بڕیاری لێسەندنەوەی ئینتیمای هاولاتیبووندا هیچ ڕێگرییەکی لەسەر ماڵ و موڵکی ئەوانەدا دانەنابوو کە ولات جێدێلن، بەلام لە 8ی مارسی ساڵی 1951بریار لەسەر “تجمید”کردنی سەروەت و سامانی ئەو جووانە دەردەکات کە یاسای “اسقاط الجنسیە العراقیە” دەیگرتنەوە.
سەرنجێک لەم پرۆسە خێرایەی سیاسەت، لە ئازاری 1941 وە بۆ ئازاری 1951، بەرژەوەندی ئینگلیز و ئەلمانیا لە ناوچەکە و ریزبەستنە جیهانییەکانی نیوان کۆمۆنیزم و ناسیونالیزم و هەلکشانی ناسیونالیزمێکی فاشیستی کە لە ئەلمانیای نازیدا ئومێدێک دەبینێتەوە بۆ وەستانەوە لەبەرانبەر داگیرکردنی ئینگلیزدا بۆعێراق، بۆ هەردوو ناسوینالیزمی کوردی و عەرەبییش، ئەو کەش و هەوا ناسازگارەیە کە بە گوێرەی داتاکانی دەولەتی ئیسرائیل خۆی، 124646 هەزار جووی عێراق لە نێوان سالەکانی 1948 تا 1953 دا عیراقیان جێهێشتووە. بێگوومان ئەوەشمان بیر نەچێت کە زایۆنیزم وەک تەرەفێکی دیکەی ئەم ململانێ ناسیونالیستییە هەوساربەرەلایەیە ، بەشی خۆی بەردەکەوێت.

رووداوەکانی دوای “فەرهود” و ئەو ئاڵوگۆڕە یاساییانەی کە لە عێراقدا پێکدێن، هاوتەریبی هەرهەمان مێژووی مامەلەیە بە پرسی جوو لە ئەلمانیای نازیدا و “شەوی بلوری” نازییەکان ڕێنیشاندەری فاشیستەکانی عێراقە بۆ دووپاتکردنەوەی ئەم شەوە لە رۆژی رووناکدا لە بەغدادا بە هەمان بێڕەحمی و درندانە بوونی خۆیەوە. ئەوەی لە عێراقدا دەگوزەرێ سەبارەت بە مامەلکردن بە یەکێک لە کۆنترین ئاینزاکانی وڵاتێکی وەک عێراقەوە، ناکرێ وەک کۆچی ئارەزوومەندانەی جووەکانی عێراق سەیری بکرێت. بەلکو پرۆسەی “ترحیل و تهجیر”ێکی قەسری بووە کە هیچ ئازادییەک بۆ ئینسان ناهێڵێتەوە.
بۆ ئەوەی ئینسان کەمێک لە تێڕوانینە ئەنتیسێمیتیزمەکانی خۆی بێتە دەرەوە و بە چاوێکی بێلایەنانەوە سەیری ئەم پرۆسەیە بکات، ئەوا “ترحیل و تهجیر”ی کوردە فەیلییەکان لە سەرەتایی ساڵەکانی 1980ی عێراقدا نموونەیەکی زیندووە و بە سەدەها داوی بینراو ونەبینراوەوە هەمان نەخشە ڕووندەکاتەوە کە پێشتر لەسەر سەری جووەکاندا تاقیکرابووەوە.
ئەگەر ئەم شیکردنەوە سادەییەی سەرەوە بەشێک لە نەخشەی سیاسی و پاڵنەری پلەیەکی پرسیاری: بۆ لێرە نەمانی باپیرە خایم بێت، ئەوا رەفتاری ڕۆژانەی خەلکی شاری سلێمانی، ئەو دۆزەخە قاندراوەیە کە جووەکانی ئەم شارە بخاتە سەر کەڵکەڵەی پرسیاری: بۆ لێرە بین؟
كێ خەڵکی سلێمانییە؟

“جوولەکە هەر جوولەکەیە، هەر جوولەکەیە، هەر جوولەکەیە….هتد”، (4) لێکۆڵینەوەیەکی گەورەی 622 لاپەڕەیی (لارش . ئێم ئەندەرسۆنە) لەسەر ئەو گۆڤارە ساتیریانەی کە لە سەرەتای سەدەی بیستدا(1900-1930) ی سویددا دەردەچوون. تەواوی مەتریاڵی ساتیرئاسای ئەو سەردەمەی سوید، بە کاریکاتێر و نوکتە و چیرۆکەکانیانەوە، قارەمانێکی هەیە کە جووە. پرسیاری ئەندەرسۆن ئەوەیە، بۆچی جوو دەبێتە پاڵەوانی ئەم نوکتە و کاریکاتێرانەی سەرەتای سەدەی بیستی سوید؟ ئەو هۆکارانەچین لە پشت بەرهەمهێنانەوەی ئەم وێنەیەی جووەوەیە؟ ئەگەرچیش جوولەکە لەو زەمەنە مێژووییەی سویددا، بەبەراورد بە ولاتەکانی دیکەی ئەوروپادا، ژمارەیەکی ئێجگار کەمن.
بەڵام گوتاری ئەنتیسیمیتیزم(دژایەتی جوو) لە سویدیشدا وەک سەرتاسەری ناوچەکانی ئەوروپا گەورەیە. ئاخر ئەم گوتارە گەورەترین پانتایی لە ڕۆشنبیری ئەوروپادا داگیر کردووە و لە تەواوی پرۆژە فیکری و ئەدەبی و سیاسییەکانی ئەوروپادا، ئەنتیسیمیتیزم، جێگای هەیە.
ئینسانی جوو لە تەواوی ڕۆژنامە ساتیرییەکانی ئەم سەردەمەدا، لە بچووکترین جوڵەیەوە بۆ گەورەترینی، جێگای تەنزە. پیاوی جوو لە پیاوی ئاسایی ناچێت. ژنانی ترن و هەتا بڵێی ناشیریینن. ژنەکانیان وەک پیاوانی جوو چاوچنۆک و پارەپەرستن. نە ڕیتواڵە ئایینییەکانیان لە ڕیتواڵێکی ئایینی دەچێت، نە سێکسکردنیان. زەواجیان پرۆسەیەکی تەواو بازرگانییە. ئیسانی جوو پیسوپۆخڵە، نە لەبەر ئەوەی خۆی ناشوات، بەڵکو بەهۆی ئەوەوەی کە کارەکەی پۆخڵە.
بەڵام ئەندەرسۆن وەلامی ئەو پرسیارانە لەوەدا دەبینێتەوە کە ئەم زەمەنە مێژووییە سوید، هاوکاتە بە شەپۆلە گەورەکانی مۆدێرنیتە و پرۆسەی دروستکردنی نەتەوەی سویدەوە.
ئەندەرسۆن دەنووسێت:” لەناو گۆڤارە ساتیرییە ناودارەکانی ئەو سەردەمەدا بوو کە دید و بۆچوونی ڕۆژانە سەبارەت بە شوناسی نەتەوەیی خوڵقێنرا. سویدیبوون وەک دژێکی ئەوی دیکەی جوو پێناسەدەکرا، ئەنتیسیمیتیزمیش بووە ئەو گوتارەی گرنگەی کە بە هۆیە وەسفی ئەوە بکەیت کە سویدییە”.
ڕەنگە بیرکردنەوەیەکی قوڵی تێۆریت پێویست نەبێت بۆ ئەوەی بەو دەرئەنجامە بگەیت کە پرۆسەی دروستکردنی شوناس و دووبارە تۆخکردنەوەی سنوورەکانی شوناسی گروپی خۆ، پێویستی “بەوی دی”یەکی سەر بە گرووپێکی دیکە هەیە تا پرۆسەکە مەیسەر بێت. بوونی گروپێکی ئاینی دیکەی وەک جوو و ئامادەیی گوتاری ئەنتیسیمیتیزم بەو شێوە فراوانییە گەردوونییە و مێژووییەی کە لای ئێمە هەیە، زۆر ئاسان دەکرێ بەکار بهێنرێت بۆ پێناسەکردنی شووناسی خۆ لە شارێکی وەک سلێمانیدا. لە کاتێکدا کە شوناسی کوردبوون لەو زەمەنەدا لە سەرەتاکانی شکڵگرتنی خۆیدایە و شار وردە وردە چەکەرەکانی شاربوون لە ناویدا چرۆدەکات. بۆیە دوورخستنەوەی “ئەوانی دی” غەیری کوردی موسولمان لە جەرگەی شارەوە و نیشتەجێکردنییان لای گواوی شارەوە، بەرلەوەی دەرئەنجامی ماستەرپلانێکی ئیداری شار بێت، دەرئەنجامی سنوورجیاکردنەوەیەکی کۆمەلایەتیە کەلەسەر بنەماکانی ئینتیمای ئاینئ “ئەوانی دی” غەیری کود و غەیری موسوڵمانەوە ئیلهام وەردەگرێت.

بە بڕوای من سلێمانی ئەگەر چی تێکەڵەیەکی هەمە ڕەنگە لە ئینسانی دێهات، ئێرانی، مەسیحی و ڕۆژگارێکیش جوولەکە و چەندەها گروپی دیکە کە ناکرێت بژمێردرێن، پێکهاتووە. ئەم شارە دەکاتە شارێکی هێترۆجێن، واتا تێکەلەیەک لە کەسانی لەیەکنەچوو. بەلام ئەو شوناسەی کە وەک دروستکراوێکی کۆمەلایەتی شوناسی ئەم شارە پێناسەدەکاتەوە، دەیکاتە شووناسێک بۆ گرووپێکی هۆمۆجێن. واتا لەیەک چوو. بۆیەش جیاوازی لە ناویدا دەبێ بتووێنرێتەوە یان بەو جۆرە قبوڵبکرێت کە مەسافەڕاگرتنی سنوورەکانی گرووپی خۆ لەگەل ئەوانی دیدا مسۆگەردەکات.
جوولەکەبوون و مەسیحیبوون لە شارێکی وەک سلێمانیدا، تەنها لە ماڵدا وەک شوناسی خۆ دەمێنێتەوە. ئەندامانی ئەم گرووپانە لەدەرەوە کوردن و لە ماڵیشەوە بۆیان هەیە لە دۆخی مەسیحیەکاندا، مەسیحی بن و لە دۆخی جووەکاندا، لە ماڵیشدا بۆ ئەوەی جوو بن، دەبێ تەحەمولی بەردبارانکردن و سووکایەتیپێکردنیش ببنەوە.
ئەوەی ئەمڕۆ لە جەدەلەکانی کۆمەلگای فرەکولتۆریدا وەک سیاسەت باسیلێدەکرێت ئەوەیە کە ئایا دەولەت پەیرەوی لە سیاسەتی ئەنتیگراسیۆنی کۆچبەران دەکات یان بەشوێن ئەسیمیلازسیۆنیانەوەیە. یەکەمیان بەواتای ئاوێزانکردنیان و تێکەلاوکردنییان لەناو کۆمەلگای تازەدا و دووەمیشیان بەمانای تواندنەوەیانە لە ناو کولتوری ولاتی نوێدا بێ گوێدانە پێشینە ئاینی و کولتووریەکانیان. لە دۆخی جوو و مەسیحیەکانی شارێکی وەک سلیمانیدا، تواندنەوەی ئەوان لە ڕووبەری گشتیدا بە زەقی هەستی پێدەکرێت. واتا ئەسیمیلازیشەپێکردنیان. بەلام بەوەی ئینتیماکانی گرووپی جوو، هێندە وەک هەرەشەیەکی بەهێز بۆسەر سنورەکانی گروپی خۆ سەرنجدەدرێت، لە “گێتۆ”کردنیان دەبێتە واقعیەتێکی تاڵ. بە بڕوای من، بەرلەوەی نازیستەکان یەکەمین گێتۆ بۆ جووەکانی پۆلۆنیا دروست بکەن کە بە گێتۆی وارشۆ ناودەبرێت لە مێژوودا. گەرەکی جوولەکان دەبێتە یەکەمین گێتۆیەک کە ئەنتیسیمیتیزمی کوردی سنوورەکانی بەدەوردا دەکێشێت. ئینسان زۆر سادە لە تۆپبارانی نوکتەکانی سڵێمانییەوە بۆ گرووپە جۆراوجۆرەکانی ئەم شارە، هەستدەکات کە کی دەخرێتە دەرەوەی ئەم پیکەوە ژیانییەئ سلێمانییەکان.

دوا وتە.
له‌ هه‌فته‌ی دژی ڕاسیزمدا له‌ سوید، له‌ پیره‌مێردێكی شاری یۆتۆبۆری ده‌پرسن: ” به‌ بڕوای تۆ، كێ خه‌ڵكی یۆتۆبۆرییه‌؟” ئه‌و له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێ:” ئه‌و كه‌سه‌ خه‌ڵكی یۆتۆبۆرییه‌ كه‌ له‌ شاری یۆتۆبۆریدا له‌ دایكبووه‌”. پاش كه‌مێك وه‌ستان، درێژه‌ به‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی خۆی ده‌دات و به‌رده‌وامده‌بێت:” یان له‌ هه‌ر سووچێكی دیكه‌ی دنیادا.” به‌ لێدانی دووبه‌شی وه‌ڵامه‌كه‌: ئه‌و كه‌سه‌ خه‌ڵكی یۆتۆبۆرییه‌ كه‌ له‌ شاری یۆتۆبۆریدا له‌ دایكبووه‌ یان له‌ هه‌ر سووچێكی دیكه‌ی دنیادا.
به‌ڵام سه‌رنجدانێكی به‌شی یه‌كه‌می وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌، واتا :” ئه‌و كه‌سه‌ خه‌ڵكی یۆتۆبۆرییه‌ كه‌ له‌ شاری یۆتۆبۆریدا له‌ دایكبووه‌”، به‌ بێ بیستنی درێژه‌ی وه‌ڵام، به‌ مانای كردنه‌ده‌ره‌وه‌ی سه‌ده‌ها هه‌زار ئینسانی دیكه‌ی ئه‌مڕۆی سه‌ر زه‌مینه‌ كه‌ له‌ سویددا گیرساونه‌ته‌وه‌ و بێبه‌شكردنی ئه‌وانه‌ له‌و پێكه‌وه‌ژیانییه‌ی ئه‌مڕۆیان له‌م وڵاته‌دا. یۆتۆبۆری به‌ ته‌نها شاری ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ تیایدا له‌دایكبوون ، به‌ مانایه‌كی دی، ده‌بێته‌ په‌یامی ئەو هێزە ڕاسترەوانەی کە خوازیاری دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانن بۆ ولاتەکەی خۆیان. به‌ڵام به‌شی دووه‌می وه‌ڵامه‌كه‌، هێنده‌ باوه‌شێكی فراوانده‌كاته‌وه‌، كه‌ ئیدی هیچ نامۆیه‌ك خۆی به‌ غه‌ریب نازانێ له‌م تێڕوانینه‌دا.
جووەکانی کوردستان و سلێمانی، ئەو نامۆیانە بوون کە قەت وەک هاولاتی ئەم ولاتە مامەلەیان پێنەکرا ئەگەر چیش لەسەر زەمینی ئەم ولاتەدا لە دایک بوون. ناونەهێنانی ئەم مێژووە خوێناوییەی کەمایەتێیەکی هێندە گەورەی ئەم شارە لەلایەن سیاسی و مێژوونووس و شاعیرە ناودارەکانیانەوە بە دێڕێک، گێرەرەوەی ئەوەیە کە ژیان و حورمەتی ئینسانی ئەم هاوڵاتییانەی شارەکە ، هیچ شایەنی ئاوڕلێدانەوە نەبووە. ئەوەی کە لەمڕۆدا دەکرێ لێرە و لەوێ باس لە جووەکانی شار بکرێت، قسەوباسکردنە لە جووەکانی دوینێ لەمڕۆدا لە گۆشەنیگای نوستالیژیایەوە . واتا سەرنجدان لە دوێنێیەک کە لەمڕۆدا ئامادەیی نیە بۆ دڵنیایدانەوە و کەمکردنەوەی هەستی “ویژدانناڕەحەتی”ی کۆلێکتیڤی خەلکی ئەم شارە.
بە بڕوای من، لە پاڵ ئەو کەش و هەوا سیاسییەی کە لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، بەشێکی گەورەی دوورخستنەوەی جووەکان و ناچارکردنیان بۆ جیهێشتنی ئەم شارە، لە برەوی گوتاری ئەنتیسیمیتیزمی کوردی و سەرنجدانە لە گروپی خۆ وەک گروپێکی هۆمۆجێن کە جیگا بۆ هیچ جیاوازییەکی کولتوری و ئاینی و لقەکولتوری ناهیڵیتەوە. ئەم تێروانینە لەمرۆدا و لە پاش چەندین ساڵ نەمانی جوو لەسەر زەمینی شار، بە هەمان بەهێزی خۆیەوە درێژە بە ژیانی خۆی دەدات. بوونی تێروانینێکی ئاینی لەمڕۆدا کە داعش بەرهەمدەهێنی لە تێروانین بۆ ئەوی دی غەیری موسولماندا پێویستی بە وەبیرهێنانەوە نییە. لە لایەکی دیکەوە، دەربڕینەکانی خەلکی “شارە حەیاتەکە” کە وەک دەربڕینێکی جێگرتوو بەربڵاو لە هەموو شوێنێکدا دەبیسترێت، کەناڵەکانی ئاوێزانبوون و ئینتیمابوون بۆ شوناسەکانی کوردبوون و سلێمانیبوون لەبەردەمی هەموو ئەو گروپە جیاوازانەدا دادەخات کە لەمڕۆدا لە کوردستاندا ئامادەییان هەیە. ئاخر چیرۆکی :” ئەوان ئەمڕۆ لێرە نین” ، هیچ شتێک نییە جگە لە گێرانەوەی چیرۆکی کردنەدەرەوەی “ئەوانی دی” کە لە دوێنێدا، خەلکی شارە حەیاتەکە نەبوون.

بەکر ئەحمەد
2023-08-10

1- Steohané Bruchfelt och Paul A. Levine , Om detta må ni berätta – Forum för levande historia

2 میران ئەبراهام نیشتیمانی سارا ناوەندی کەپر و پرۆژەی کولتور 2020
3 عباس شبلاق موسسە الدراسات الفلسطینییە

4- Lars M Andersson, En jude är en jude är en jude, Academic press 2000




فەلسەفەی ئەرەبی-ئیسلامی.. گێرت هێندریش.. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

نوێپلاتۆنییە مەزنەکانی خۆرهەڵات
ئیبن سینا

دوای ڕووخانی خەلافەتەکەی بەغداد چەند دەوڵەتێکی ئۆتۆنۆم لە خۆرهەڵات سەریانهەڵدا. ئێستا ئەم دەوڵەتانە بە پێچەوانەوە سیاسەتی دەسەڵاتخوازییان ئاڕاستەی وڵاتانی ئەرەبی کرد و لە لایەنی خۆیانەوە کاریگەریی کولتووریان لەسەر نواندن. گومانی تێدا نییە کە پێشبینییەکانی فارابی لەمەڕ دەوڵەت سەرئەنجامی گەردوونناسی و ئێشاتۆلۆگییە نوێپلاتۆنییەکەی بوون، وەلێ هاوکات پەرچەکردار بوون لەسەر داڕوخانی جیهانێکی مسۆگەرکراو، هەروەها گوزارشتی هیوا بوون بۆ نەهێشتنی تەنگژەیەکی جڤاکی. لێرەدا یوتۆپیای فارابی بۆ جڤاکێک ڕووی دەکردە زاڵبوون بەسەر جیهانێتیدا، زاڵبوونەکەش دەبوو بە خودی کەتوار دەستپێبکات و بەتوندی گرێدرابوو بە ئاوەزی مرۆڤەوە. ئیبن سینا، فەیلەسوفە مەزنەکەی دیکەی جیهانی ئیسلامی، بیرۆکە بناغەییەکانی فارابیی لای خۆی پاراست، وەلێ پرسی دیکەی کرد بە چەقی کارەکانی. هزری ئەم لە لایەک پتر لە کردەکێتیی ژیانی مرۆڤەوە ئاڕاستە وەردەگرێت، وەلێ هاوکات (یان ڕەنگە بەتایبەتی بەو هۆیەوە) لەبەر ئەوەی زەینی مرۆڤ بە جیهانی ماتەرییەوە ئاڵاوە، ئەوا ڕێگەی زەین تەنیا مەسەلەی ڕاسیۆنالێتی نییە، بەڵکو هاوکات مەسەلەی ڕەوانە. ئیبن سینا دەنووسێت: “مەبەستی فەلسەفە ئەوەیە کە سروشتی ڕاستینەی سەرجەم شتەکان تا ڕادەی توانستی ناسینی خۆی بناسێت” (Watt/Marmura 1985, 320)، وەلێ ئەمە هاوکات چە داکۆکییە لە مەئریفەی ئاوەز و چە ئاماژەیە بۆ بڕوای ئیبن سینا کە “بەدیهێنانی دانایی” تەنیا مەسەلەی فەلسەفەی ڕاسیۆنال نییە.

ژیانی ئیبن سینا

ئەبو ئەلی ئەلحوسەین ئیبن ئەبدوڵلا ئیبن سینا ساڵی 980 لە نزیکی بوخارا لە ئوزبێکستانی ئەمڕۆ هاتە جیهانەوە. ئەو دەمە لە بوخارا خانەوادەی سامانییەکان حوکمڕان بوو و سەردەمێکی گەشانەوەی ئابووری و کولتوورییان بۆ ئەو وڵاتە دەستەبەر کرد. پێدەچێت باوکی ئیبن سینا کە فەرمانبەرێکی پلەباڵا بوو، هێندە دەوڵەمەند بووبێت کە ئیدی توانیبێتی دەرفەتی پێگەیاندنێکی فێرگەییانەی گشتگیر لای مامۆستایانی تایبەت (پریڤات) بۆ کوڕەکەی بڕەخسێنێت، لەم ڕەوتەشدا بەهرەمەندیی نائاسایی ئەو زارۆکە ئاشکرا بوو: لە تەمەنی سیازدە ساڵاندا جگە لە قورئان و حەدیسەکان زۆر بەرهەمی گرنگی ئەدەب و زانستی دەناسی. گەر ژیانی فارابی وەک ژیانی دانایەکی ڕوو لە جیهان وەرگێڕاو دابڕێژرێت، ئەوا لە ژیاننامەی ئیبن سینادا شاردنەوەیەک هەیە کە جەختکردنە لە بلیمەتیی ئەو، لێرەشدا مرۆڤە ڕیالەکە لە ئەگەری دیارنەماندایە. لەوێدا گەلێک شتی پەرجوویی شیاوی خوێندنەوەن، بۆ نموونە لەبارەی شارەزایی گشتگیر و برسێتیی ئەو بۆ زانین، یان ئەو وەک خۆفێرکەر (ئۆتۆدیداکت) کە لە توانایدایە تەنانەت کار لە ئاڵۆزترینی بابەتەکاندا بکات. ئیبن سینا خۆی لە ئەفسانەی ئەو زارۆکە پەرجوویی و بلیمەتە گشتلایەنەدا بەشداریی کرد. ئەو کە زۆر چاک لە بەهای ڕاستینەی خۆی و پێگەکەی بەئاگا بوو، ئۆتۆبیۆگرافییەکی نووسی و تێیدا وەک شایانی خۆی ئاماژەی بۆ بەهرە نائاساییەکانی دا. سەرباری ئەوە، بە گۆتەی خۆی، لە ئەرکێکدا شکستی هێنا: گەرچی وای دادەنا کە مێتافیزیکی ئەڕیستۆتێلیسی دەرخ کردبێت، کەچی سەرباری ئەوە وەک مەتەڵێک لای مایەوە تا ئەو ڕۆژە کە ڕاڤەکردنەکەی (شەرحەکەی) فارابیی خوێندەوە. فارابی لە خۆڕا تەنانەت لە سەردەمی ژیانیدا نازناوی “مامۆستای دووەم”ی هەڵنەگرتبوو. دوای ئەڕیستۆتێلیس (“مامۆستای یەکەم”) بە نێوەندیار و تەواوکەری فەلسەفەی ئەنتیکە دادەنرا. فەلسەفەی فارابی کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئیبن سینا نواند و هەوڵی دا بیخاتە پەیوەندییەوە لەتەک شارەزاییە زانستی-سروشتی و پزیشکییەکانی خۆیدا.
هەروەها هەڤاڵێتییەکەی لەتەک ئەلبیرونیدا (973-1048)، کە زانایەکی گشتلایەن و حەوت ساڵ لە خۆی بەتەمەنتر بوو، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی لاوێتییەکەی. نامەگۆڕینەوەکەی نێوانیان لەبارەی پرسیارەکانی فیزیک و ئەستێرەناسی و گەردوونناسی بریتییە لە بەڵگەنامەیەکی مەزنی مێژووی گشتگیری زانستەکان. وەلێ هەر لەو نامەگۆڕینەوەیەدا شێوەیەکی گرژیی دیالێکتیکی خویادەبێت کە بۆ هزری ئیبن سینا زۆر گرنگە: ئەلبیرونی گرنگی بە سەرئەنجام و ڕاڤەکردنی زانستی ئەمپیری دەدات، لێرەشدا گوماندارە بەرانبەر چۆنێتیی بەرگریکردنی ئیبن سینا لە هزری ئەڕیستۆتێلیس، بەتایبەتیش گومانی هەیە لە سپێکولاسیۆنی نوێپلاتۆنیانەی ئەم فەیلەسوفە. بۆیە ئەلبیرونی لەچاو ئیبن سینادا نزیکترە لە سەرئەنجامەکانی زانستی مۆدێرن، وەلێ هاوکات نزیکتریشە لە هەڵوێستەکانی ئەقیدەگەریی ئایینی، بە پێچەوانەشەوە هزری ئیبن سینا، جا گەرچی لە ڕووی زانستی سروشتییەوە هەڵەمەندە، سەرباری ئەوە وەک سپێکولاسیۆنی فەلسەفەیی و بەتایبەتی لە ئەدگارە نوێپلاتۆنییەکەیدا زۆر لە هزری ئەو ڕادیکالترە. بەم ڕێیەوە هزری ئیبن سینا ڕوانگەی نوێ ئاوەڵادەکات نەک تەنیا لە ڕووی سەبژێکتی تیۆری-مەئریفەوە، بەڵکو بۆ مرۆڤیش لە هەڵوێستیدا سەبارەت بە ڕێکخراوی جیهان و خودا. بۆ نموونە ئەلبیرونی ئاماژە بۆ ئەوە دەدات کە دەشێت لە چۆنێتیی چیاکانەوە دەربئەنجامێنرێت کە ئەوان دروست بوون، بۆیە تێڕوانینی ئەڕیستۆتێلیس لە نووسینەکەیدا بە ناونیشانی “لەبارەی ئاسمان” (De Caelo) کە جەخت لە ئەزەلییەتی جیهان دەکات، دەبێت هەڵە بێت. ئەوجا چەند ئەمە ڕاستە، ئەوەندەش دەرئەنجامگیرییە لێوە دەرکێشراوەکەی جێی پرسیارە کە دەبێژێت دروستبوویی ڕووبەری زەوی دەرفەتمان پێدەدات ئافراندنی خودایی دەربئەنجامێنین. ئیبن سینا پەیوەند بەو تێڕوانینەوە بەهەژیوی پەرچەکردار دەنوێنێت: “تۆ گەرەکە بزانیت، کاتێک ئەڕیستۆتێلیس دەبێژێت کە جیهان هیچ سەرەتایەکی نییە، بە هیچ شێوەیەک مەبەستی لەوە نییە کە جیهان ئافرێنەرێکی نەبێت، بە پێچەوانەوە دەیەوێت ئافرێنەری جیهان لە هەر ناچالاکییەک تەبریە بکات” (لە: al-Biruni 1991, 50). کەواتە ئەزەلییەتی جیهان دژبێژیی هەبوونی خودا نییە، بەڵکو ئاماژەیە بۆ ئەوە کە بوونی خودا زەروورییە (essentiell)، ئەوە کاتێک ناتوانین ئەوها لەبارەی جیهان ببێژین. بۆ سەلماندنی خودا زۆرتر لەوە پێویستە کە تەنیا ئاماژە بۆ لێرەبوونی جیهان بدرێت.
ناوبانگی ئیبن سینا بە پلەی یەکەم دەگەڕایەوە بۆ ناسێنراویی ئەو وەک پزیشک، کەمتر وەک مامۆستای فەلسەفە. ئەوجا ناوبانگی بڵاوبووەوە، چونکە بەهۆی ئاڵانییەوە لە ناکۆکییە سیاسییەکانی سەردەمەکەی لە زۆر ناوچەی جیاواز کاری کرد. سیاسەت بۆ ئەو کەمتر لە فارابی گرنگییەکی تیۆرییانەی هەبوو، بەڵکو گرنگییەکەی پراکتیکیی بوو: ئێمە لەتەک ئیبن سینادا بە فەیلەسوفێک دەگەین کە دەیخواست نزیک بێت لە دەسەڵات. ناوبانگی ئەو وەک هزرڤان و شرۆڤەکار، زانینی گشتگیر و زرنگیی مەزنی لە پزیشکیدا، کردیان بە ڕاوێژکاری نموونەیی و پزیشکی تایبەت لای گەلێک دەسەڵاتداری سەردەمەکەی. ئەو چەند ساڵێکی درێژخایەنی ژیانی وەک وەزیر و ڕاوێژکار و پزیشکی تایبەت لە کۆشکوسەرای جیاوازی میراندا بەسەر برد، لەم کاتانەشدا بەردەوام تووشی پیلانگێڕییەکانی دەسەڵات دەبوو کە ناچاری هەڵاتن و دەربەدەرییان دەکرد، پاشان سەرلەنوێ ڕێزپێدراوانە لای میرێکی دی پێگەی پێدەدرایەوە. لەم ڕوانگەیەوە ژیانی ئیبن سینا وێنەدانەوەی مێژووی سەردەمەکەیەتی: ڕووخانی دەوڵەتی سامانییەکان و باڵادەستبوونی غەزنەوییەکان، سەرهەڵدانی ڕیزێک میرنشینی ناوچەیی و شەڕی بەردەوام لەسەر باڵادەستی، ناچاریان کرد ژیانێکی بێئۆقرەی کۆچەریانە بەڕێوەبەرێت و بچێتە خزمەتی گەلێک دەسەڵاتدارەوە، هەر ئەم خزمەتەش زۆر جار بۆی بوو بە مایەی مەترسی لەسەر ژیان و چەند جارێکیش فڕێدرایە نێو زیندانەوە. ئەو لە ساڵانی کۆتایی ژیانیدا چووە خزمەتی دەسەڵاتدارەکەی ئەسفەهانەوە بەناوی عەلائئەلدەولە – وەک پزیشکی تایبەت و بەڕێوەبەری بیمارستانەکەی (نەخۆشخانەکەی) ئەوێ. ئیبن سینا ساڵی 1037، کاتێک یاوەریی میری لە لەشکرکێشییەکەیدا بۆ سەر هەمەدان کرد، جیهانی بەجێهێشت.
ئیبن سینا دوای مردنی پتر لە سەد کتێبی بەجێهێشت و هەندێکیان زۆر خێرا بەفراوانی بڵاوبوونەوە. سەرەتا گەرەکە ناوی کارە پزیشکییەکان بەرین، چونکە بەبێ ئەم نووسینانە بەزەحمەت بەشێکی گرنگی مێژووی زانین لە چەرخی نێڤیندا لێتێدەگەین. لە چەرخی نێڤیندا، بەتایبەتیش لە ئەوروپای کریستیانیدا، ئاستی شارەزایی پزیشکی تۆقێنەرانە نزم بوو. ئەقیدەگەریی ئایینی وای دادەنا کە پزیشکی تێکوشانی زانستی نییە، چونکە گۆیا لە کرۆکی نەخۆشی نەدەهزری وەک هەقیقەتێکی نێو پلانی خودی ئافراندن، بەڵکو دەیویست هەڵسوڕاندنی قەدەری مرۆڤ لە خودای مەزن بسەنێت. بۆ نموونە کڵێسەی کاتۆلیکی ماوەیەکی درێژخایەن بەو شێوەیە ئەرگومێنتی دەهێنایەوە – ئەمە درەنگتر بە هەمان شێوە لە ئیسلامیشدا هاتە نێوانەوە، لێرە “پزیشکیی پەیامهێن” دەیویست تەنیا پشت بە ئامۆژگارییەکانی قورئان و حەدیس ببەستێت کە تا ڕادەیەک کەمبەها و تا ڕادەیەکی دیکە ئاللێگۆرییانە بوون. یاخود تەنیا کاتێک پزیشکی بە زانستێکی جددی دادەنرا، گەر پشتی بە “ئۆتۆرێتی”یە ناسێنراوەکان ببەستایە کە داناییان گەرەنتیی بە تێگەیشتن لە کرۆکی شتەکان دەدا، ئەم ئۆتۆرێتییانەش سەرەتا نووسەرانی لێکۆڵینەوە پزیشکییەکانی ئەنتیکە بوون، بۆ نموونە هیپۆکڕاتێس، گالن یان پلینیوس، ئەوجا درەنگتر نووسەرانی دیکەیان درانە پاڵ: لە چەرخی نێڤینی لاتینیشدا بەتایبەتی کارەکانی نووسەرانی ئیسلامی بەهەند وەرگیران. وەلێ هیچ کتێبێک خۆی نەدا لە شانی ئەو واتایە کە “کانۆنی پزیشکی”یەکەی ئیبن سینا پێی گەیشت. کتێبەکە تا نێو سەدەی حەڤدەیەم لەپاڵ نووسەرە کلاسیکییەکانی ئەنتیکەدا بناغەی پێگەیاندنی پزیشکان بوو لە ئەوروپا، زۆر زیاتر لە لێکۆڵینەوەکانی ئەلڕازی کە بە هەمان شێوە بەناوبانگ بوون. ناوبانگی ئیبن سینا وەک پزیشک کاریگەرییەکی ئەوتۆشی نواند کە شێوەی بەلاتینیکردنی ناوەکەی (واتا ئاڤێسینا) تا ئەمڕۆ باوتر بێت لە ناوی ڕاستینەی خۆی. خزمەتی مەزنی ئیبن سینا لەوەدا بوو کە ئەو لەپاڵ بەهەندوەرگرتنی ئۆتۆرێتییەکاندا زۆر مەئریفەی ئەمپیریی خستە سەر زانینی پزیشکییانەی سەردەمەکەی. ئەم کراوەییە بەرانبەر زانستی ئەزموون و قەدەرگرتنی، پەیوەندییەکی بە هزری فەلسەفەیی ئیبن سیناوە هەیە.

مێتافیزیک
ئیبن سینا، ئاڕاستەوەرگرتوو لە فارابییەوە، هاوشێوەی ئەو مێتافیزیک بە زانستی بوونەوەر دادەنێت، بەڵێ تەنانەت پێشبینیی ئەو بۆ ڕێکخراوی بوون فارابیانەیە، هێندە نەبێت کە سەرلەنوێ ئەزموونی نەخشەی ڕژانی نوێپلاتۆنیزمەکەی فارابی دەکاتەوە، لێرەشدا یەک-ی (ئەلئەحەدی – و) هەرە سەرەتایی پلۆتین هاوتا دادەنێت بە “یەکەم هۆکار”ەکەی ئەڕیستۆتێلیس و بە خودای سروشی قورئان. بێگومان لای ئیبن سیناش مەئریفەی ئاوەز پێشتریی لە ڕاستیی پەتیی ئیمان هەیە. وەلێ ئەم ئێستا لە ڕاڤەکردنی دەرووندا، دەروون بەڕێوە ڕووەو مەئریفەی خودا، ڕێگەیەکی خۆیی دەگرێتە بەر. مێتافیزیک، کە ئیبن سینا لە کارە سەرەکییە فەلسەفەییەکەیدا بە ناونیشانی “کیتاب ئەلشیفا” (“کتێبێک لەبارەی شیفا”) گۆڕانی پێدەدات، زانستی بوونەوەرە بەگشتی. تەنیا خودا دەشێت بوونی پەتی بێت، چونکە تەنیا خودا زەروورییە نەک شیمانەیی / بەڕێکەوت، ئەزەلییە نەک سەیرورەیی، یەکە نەک زۆرێتی. کەواتە مێتافیزیک خۆی بە زانستی مەئریفەی خوداوە خەریک دەکات. لێرەدا ناونیشانی نووسینەکە سەرنجڕاکێشە: “ئەلشیفا”، هەر لەمەشدایە جیاوازییەکە لە دابی تا ئێستاکانەی نوێپلاتۆنیزم. فەلسەفە، بەتایبەتی لە بەشە شایانەکەیدا کە مێتافیزیکە و لە ڕوانگەی ئەڕیستۆتێلیسەوە گەرەکە خۆی بە “دوایەمین شتەکان”ەوە خەریک بکات، بۆ ئیبن سینا شیفایە / چاکبوونەوەیە لە هەڵە زیانبەخشەکان، هەروەک چۆن پزیشکی چاکبوونەوەیە لە کاریگەرییە زیانبەخشەکان لەسەر لەش. هۆش و دەروون لە لایەک، لێرەبوونی لەشەکی لە لایەکی دی، بەزەرووری پێکەوە بەندن، بۆیە هەرگیز چاکبوونەوەی یەکێکیان بەبێ چاکبوونەوەی ئەویدیکەیان بەتەواوی بەدیناهێنرێت. بەم تێڕوانینە، وەک چۆن ئەمڕۆ دەتوانین ببێژین، تەنیا مەبەست لە پزیشکییەکی “سەرجەمییانە” نییە، بەڵکو هەروەها بەتایبەتی گۆتەیەکی گرنگمان لەبارەی پەیوەندیی بوونی پەتی بە جیهانی ماتەرییەوە هەیە.

ئەڕیستۆتێلیس کەرەسەی پێناسەکردبوو وەک لە-شیمانەدا-بوونی پەتی کە ناچالاکانە / پاسیڤانە فۆرم وەردەگرێت، فۆرمیش لە لایەنی خۆیەوە هۆی کارایە (causa efficiens -و)، هەروەها وەک فۆرمی پەتی، تەواو بەدەر لە کەرەسە، هزری پەتیی خودایە. نوێپلاتۆنییەکان هەوڵیان دا بە نەخشەی ڕژان (ئێماناسیۆن) وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە کە داخۆ چۆن کەرەسەی بێدەروون و بێهۆش بە فۆرم بگات. لە بوونی پەتیی خوداوە زەینی پەتی دەڕژێت، وەلێ زەینی پەتی بە پێچەوانەی بوونی پەتیی خوداوە کە یەکە، زۆرێتی لە خۆ دەگرێت. ئەوجا ئیدی پرۆسەی ڕژان پلە بە پلە بەردەوام دەبێت تا ئاستێک کە ئیدی کەرەسەی بەڕێکەوتی فرەجۆر کەمترین بەشی لە زەینی فۆرمدەری پەتیدا هەیە، واتا جیهانی ماتەری کە ئێمە تێیدا دەژین. ئیبن سیناش درێژە بەم پرنسیپە دەدات، وەلێ ئەم ئاماژە بۆ زەروورە دەدات: کەرەسە بەزەرووری لە هەر پلەیەکی ڕژاندا گرێدراوە بە هۆی کاراوە. ئاخر ئایا بە چە ڕێیەکەوە کەرەسە کە ئێمە لە کاتدا وەک بگۆڕ و فانی ئەزموونی دەکەین، بە بوونی خۆی دەگات؟

وەلێ گەر ئێمە تەنیا لە ڕیزی پلەکانی نەخشەی ڕژاندا بهزرێین، ئەوا دەبێت کەرەسە لە کاتێکی دیاریکراودا شیمانەی پەتی بێت و ئێمەش چیدی نەتوانین ئەزموونی بکەین، چونکە بۆ ئەزموونکردنی ئەوەکەیەک دەبێت ئەوەکەیەکی شیاوی ئەزموونکردن لەگۆڕێ بێت، کەواتە کەرەسەیەک کە فۆرمێکی هەیە، کە بوونەوەرێکە. “هەر شتێک کە وەک نوێ سەرهەڵدەدات، لە خۆیدا پێش سەرهەڵدانی شیمانەیە بۆ لێرەبوون یان نەشیاوە بۆ ئەوە” (Avicenna 1960, 269). کەواتە دەبێت لە زنجیرەی هۆکاندا ئەوەکەیەک هەبێت کە پابەندیی نێویەکییانەی فۆرم و کەرەسە بەزەرووری دەهێنێتە ئاراوە:
“هەر یەکێکی ئەم پرنسیپانە (کەرەسە و فۆرمی کرۆکی) لە هەر ڕوویەکی دیاریکراوەوە، هەروەها پەیوەند بە کەتوارێکی دیاریکراوەوە نەک لە هەمان ڕووەوەوە، هۆیە بۆ ئەویدیکەیان. گەر ئەمە ئەوها نەبایە، ئەوسا بە هیچ شێوازێک فۆرمی کرۆکییانەی ماتەریەل پابەندییەکی زەرووریی بە ماتەرییەوە نەدەبوو.” (Ebd., 600)
ئەمە، وەک ئیبن سینا دەبێژێت، هیچی دیکە نییە جگە لە بوونەوەرە-زەرووری کە خودایە. خودا بوونی پەتی و زەروورەی پەتییە، لەنێو کەرەسەشدا ئامادەیە، ئەوە بێگومان بەڕێی پێکەوەگرێدراویی زەرووریانەی کەرەسە و فۆرمەوە. کەواتە گەردوون لەم گرێدراوییە زەرووریانە پێکدێت. ئەوجا لەبەر ئەوەی گرێدراوییەکان هاوکات لەتەک خودادا کە ئەوانی خستووەتەوە، لەگۆڕێن، ئەوا دەبێت هاوشێوەی خودا ئەزەلی بن. کەواتە، لۆگیکیانە، جیهان و کەرەسە لە ئەزەلەوە هەن.

ڕاسیۆنالێتی و ئینتوئیسیۆن

ئەو تێڕوانینە واتایەکی ئەوتۆ بۆ هۆشی مرۆڤ دەگەیەنێت کە گەردوونیش دەبێت بە بابەتی مەئریفە، بێگومان نەک تەنیا لە ڕووی مەئریفەی تاکە هۆ و تاکە بوونەوەرانەوە، بەڵکو هەروەها لە ڕووی مەئریفەی بوونەوەرە -زەروورییەوە، کەواتە خوداوە. “چاکبوونەوە” کە پرسی مێتافیزیکی ئیبن سینایە، شیمانەی زەینی مرۆڤە بۆ مەئریفەی خودا، ئاخر گەرچی خودا ترانسسێندێنتە، سەرباری ئەوە هاوکات نێوەکیانە (بەئیمانێنت) لە فۆرمە پابەندەکانی کەرەسەدا دەدرەوشێتەوە. با ئەو پرسە وەلاوەبنێین کە داخۆ بشێت ئەم فەلسەفەیە بە “ماتەریالیستی” و “پانتایستی” دابنرێت، وەک چۆن ئێڕنست بلۆخ کردوویەتی (بڕوانە Bloch 1972). بە هەر حاڵ ئەم فەلسەفەیە بناغەیەکە بۆ ئەو هەوڵەی میستیکێکی فەلسەفەیی لەنێو ئیسلامدا کە خۆی بە ئیبن سیناوە گرێ دەدات و دەیەوێت بەسەر ڕێگەی مەئریفەدا بگات بە ئازادکردنی دەروون لە “دیلێتی”ی ئەمدنیاییانەی، کەواتە هەوڵێکە بۆ یەکخستنی نەزەری میستیکییانەی خودا و ڕاسیۆنالیزمی فەلسەفەیی، پەیوەستییەکەش بە ئاشکراکردنی زەروورە لۆگیکییەکان بە مەئریفەی خودا دەگات. ئیبن سینا ڕێگەیەکی بەم چەشنەی مەئریفە لە چیرۆکی ئاللێگۆریانەی “حەی ئیبن یەقزان” (زیندووی کوڕی بێدار)دا دادەڕێژێت. چیرۆکخوانێک دەیگێڕێتەوە کە لە گەشتێکدا بەنێو وڵاتانی ئەندێشەییدا زیندەوەرانی جیاواز دەناسێت. هەریەکەی زیندەوەرەکان هێمایە بۆ پلەکانی ڕێکخراوی گەردوونی و ڕێگەی مەئریفەی مرۆڤ. درەنگتر فەیلەسوف ئیبن توفەیل لە ئەندەلوسی ئیسپانیا ناونیشانەکەی بۆ چیرۆکێکی خۆیی وەرگرت کە زۆر زیاتر لەوەی ئیبن سینا بە ناوبانگ گەیشت. لە ئاللێگۆرییەکەی ئیبن سینادا، وەلێ بەهێزتر لە دووەم کاری فەلسەفەیی ی سەرەکیی ئەودا بە ناونیشانی “ئەلئیشارات وەلتەنبیهات”، نەزەری ئینتوئیتیڤ / حەدەسییانە دێتە پاڵ مەئریفەی فەلسەفەیی ی ڕاسیۆنالی جیهان و خودا. بێگومان نەزەری حەدەسییانە نەک تەنیا لێڕوانینێکی نا-ڕاسیۆنالە لە قووڵبوونەوە و زوهدەوە، وەک چۆن لای سۆفییە ئیسلامییەکان دەیبینین، بەڵکو زۆرتریش لەوە توانستە بۆ ئەوەی بە تێگەیشتنی تیژکراوە لە کرۆک و زەروورە (das Essentielle) گوڕ بە پرۆسەی ڕاسیۆنالی مەئریفە بدات. بە دیدی ئیبن سینا ئەم توانستە بۆ نموونە مۆرکی پەیامهێنانە (پێغەمبەرانە)، هەر بەم تێڕوانینەش لە فارابی جیادەبێتەوە کە لە کۆتاییدا پەیامهێنیی لە پشت مەئریفەی فەلسەفەییەوە دانابوو. پەیامهێنەکان بۆ ئیبن سینا تەنیا توانستمەندی (Meister) هێزی پێشبینی نین و بتوانن مەئریفەی فەلسەفەیی لە وێنە و هێمادا بخەنە گەڕ، بەڵکو هەروەها توانستمەندی زەینی تیژکراوەن و تەنانەت دەرەقەتی ڕێگەی سەختی مەئریفە دێن لە ڕووی ئەدگارە ڕاسیۆنالەکەیەوە. پەیامهێنان کە وەک “مامۆستای (Meister) مرۆڤان” شایانی ڕێزلێگرتنن، ئاللێگۆریانە داناییەکەی قورئان لە مرۆڤان تێدەگەیەنن. سەرجەم مرۆڤان گەرەکە فەزیلەکانی دانایی و قانئی و دلێری، لە کۆی هەمووشیاندا دادپەروەری، بکەن بە پەیڕەوی خۆیان. “وەلێ”، وەک چۆن ئیبن سینا لە کۆتایی “ئەلشیفا”دا دەبێژێت (Ibn Sina 1960, 685)، “کێ لەپاڵ ئەم فەزیلە پراکتیکییانەدا بە دانایی تیۆریانەش بگات، ئەو کەسە بە بەختیاری گەیشتووە”.

کاریگەریی ئیبن سینا

لەو کاتە بەدوواوە بەیەکگەیاندنی نەزەری میستیکییانەی خودا و فەلسەفەی ڕاسیۆنال کاریگەریی گەورەی نواند، ئەوە تەنانەت لەسەر هزری درەنگتری ئەوروپی لە چەرخی نێڤیندا. ڕۆجەر بەیکن (1214-1291) ئیبن سینای وەک جێگرەوەی ڕاستینەی ئەڕیستۆتێلیس دەبینی. تۆماسی ئەکوینی (1224/25-1274) لە ئاوەڵاکردنی بەڵگەهێنانەوەکانیدا بۆ هەبوونی خودا پشتی بە ئیبن سینا بەست، جا گەرچی لە لایەکی دیکەوە هێرشی بردە سەر ڕێبازی ڕژان لای ئەو. بەگشتی کاریگەریی ئیبن سینا لەسەر فەلسەفەی ئەوروپی کەمتر بوو لەوەی ئیبن ڕوشد، وەلێ کاریگەرتر بوو لەسەر فەلسەفەی ئەرەبی-ئیسلامی. لێرە لەسەر بناغەی فەلسەفەکەی مەدرەسەیەک بە واتای وشە سەریهەڵدا. وەلێ ئەم دەنگدانەوە مەزنە ڕەخنەگرانی بەوزەشی چالاک کرد، وەک ئەلغەزالی و دوای ئەویش فەخرەدین ئەلڕازی (بڕوانە بەشی دوای ئێرە)، کە پاشان دژەڕەخنەی لایەنگرانی ئیبن سینای بەدوودا هات. هەر بۆ نموونە نەسرەدین ئەلتوسی (1201-1274) خۆی خستە دانوستانێکی ئەدەبییەوە لەتەک (فەخرەدین -و) ڕازیدا تاکو لەدژی هێرشەکانی ئەو بەرگری لە ئیبن سینای نموونەی باڵای بکات. ئەلتوسی تەنیا فەیلەسوف نەبوو، بەڵکو هەروەها زانایەکی گشتلایەن بوو کە لە کایەکانی ماتماتیک و ئەستێرەناسیشدا هەڵکەوتبوو. هۆلاکۆی داگیرکەری مەغۆلی هێندە زۆر ڕێزی لێدەنا کە نۆڕێنگەیەکی مەزنی بۆ دامەزراند تاکو تێیدا توێژینەوەکانی ئەنجام بدات. ئەلتوسی وەک فەیلەسوف بەردەوامیی بە میراتەکەی ئیبن سینا دا، لێرەشدا هەوڵی دا بە دەستپێکێکی ئێنسیکلۆپێدیانە کایەی دیکەی زانین بە مێتافیزیک بگونجێنێت، بۆ نموونە ئۆپتیک (ڕوناکیناسی) وەک لکێکی تیۆریی دەرککردن، یان فیزیکی پراکتیکی لەنێو تیۆریی کاوساڵدا بەهەند وەربگرێت.
کاریگەریی ئیبن سینا لە فەلسەفەی ئێرانیدا تا نێو نوێسەردەم بڕ دەکات. وەلێ لە فەلسەفەی هاوچەرخی ئەرەبی ئیسلامیدا ناکۆکییەکی بەتین سەبارەت بە نرخاندنی کاریگەرییەکەی لەگۆڕێیە. ئەلجابری کە فەیلەسوفێکی مەغریبییە، وای دەبینێت کە کردنەوەی ترادیسیۆنی نوێپلاتۆنی بۆ میستیکی (تەسەوفی) ئیسلامی لە لایەن ئیبن سیناوە هۆیەکە بۆ کۆتاییهاتن بە ترادیسیۆنی ڕاسیۆنالیستی لە کولتووری ئیسلامیدا، بەمەش هاوکات هۆیەکە بۆ ڕوونەدانی مۆدێرنیزەکردنێکی ئۆتۆنۆم؛ وەک ئەو دەبێژێت، سەروەریی باڵای هزری ئیبن سینا لە ترادیسیۆنی فەلسەفەیی ئیسلامدا ڕێگر بووە لە وەرگرتنی (ڕێسێپسیۆنی) فەلسەفەی ئیبن ڕوشد کە زۆر زووتر بریتی دەبوو لە کرانەوەی فەلسەفەیەکی سەبژێکت ی بە مۆدێرنە گونجاو؛ کەواتە لەم ڕوانگەیەوە “فەلسەفەی مەشریق” بە ڕەهەندەکەیەوە بۆ میستیک بەرپرسیارە لە دەسەڵاتی ئایین لەنێو کولتووری ئیسلامیدا، بۆیە دەبێت خۆ بە فەلسەفەی مەغریب ی ئەرەبی و بەتایبەتیش بە ئیبن ڕوشدەوە گرێبدرێت تاکو گۆڕان بە مۆدێرنەیەکی خۆماڵی (ئۆتۆختۆن) بدرێت. ئەم تێزە زۆر بڵاوبووەتەوە، وەلێ هاوکات وتووێژهەڵگرە. بۆ نموونە فەیلەسوفی میسری حەسەن حەنەفی یەکێکە لە تیژترین ڕەخنەگرانی. ئەم خەریکبوونە ناکۆکانە بە ئیبن سیناوە لە وەرگرتنی ئەوروپیانەی هاوچەرخدا وێنەدەداتەوە، ئەوەش بە جۆرێک کە دەبزوێت لە نێوان: نرخاندنێکی نزیکەی هەژیوی ئیبن سینا و ئاماژەداندا بۆ کێماسی ڕەسەنێتی و سەربەخۆیی فەلسەفەیی، بۆ نموونە لەچاو فارابیدا.

سەرچاوە:
Geert Hendrich: Arabisch-Islamische Philosophie. Geschichte und Gegenwart. Frankfurt/Main 2005.
گلۆسار
ئێشاتۆلۆگی: پاشەڕۆژناسی، پرسی ڕۆژی قیامەت
ئەمپیری: تەجریبی
ئەقیدەگەری: ئۆرتۆدۆکسی، پابەندی سوننەتییانە (لاساییگەرایانە) بە بنەماکانی ئایینەوە.
فۆرمی کرۆکی: ئایدۆس، دەتوانین بە پێچەوانەشەوە لە “فۆرمی دیاردەیی” (مۆرفێ) بدوێین.
کاوساڵ: هۆئەنجام
کلاسیکی: هەردەم هەنووکەیی، کۆن-نەبوو.
ماتەریالیستی: دانانی کەرەسە بە بنەڕەتی سەرجەم کردەکیتی.
ماتەریەل: ماتەریانە، ماددی
میستیک: پڕنهێنی. جیهانبینییەکی ئایینییە کە تێیدا کەس کۆشش دەکات بۆ ئەوەی بە ڕامان و زوهد لەتەک خوددا یەکانگیر ببێت، بۆ نموونە لە تەسەوفی ئیسلامیدا.
ئۆتۆڕێتی: ناسێنراو، پێگەی قبووڵکراو، کاریگەر لە بوارێکی تایبەتیدا
پانتایستی: لایەنگری پانتایزم کە خودا لەنێو جیهاندا دادەنێت؛ هەردووکیان یەکانگیرن.
ڕەوان: سپیریتوالێتی، مەئنەویەت
سەیرورە: هاتنەئارا لەنێو خۆوە، بە پێچەوانەی وەرگۆڕینەوە کە بەهۆی دەرەکییەوە ڕوودەدات.
سپێکولاسیۆن: هزرینێک کە بە فاکت بەدینەهێنرابێت.
ترانسسێندێنت: نەشیاوی ناسین.




یەکڕیزیی ناوماڵی کورد: تێزە چەواشەکارەکە!.. عدنان کریم

هەرێمی کوردستانی عێراق، بەهەموو ماناکان، لەجەرگەی قەیرانێکی سیاسیی هەمەلایەنەدا گیرساوەتەوە. قەیرانیك کە نە زۆربەی خەڵکی کوردستان ئامادەن چیتر دەسبەکڵاوەکەیانەوە بگرن و هەموو ئاکامە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی دەسەڵاتداریی کلیپتۆکراتیی ئێستا قەبووڵ بکەن و نەدەسەڵاتدارەتیی ناوبراو ئەتوانێت بەهەمان شێواز درێژە بە حوکمڕانی بدات.
ئەم قەیرانە هەمەجەمسەرە ئاکام و لێکەوتەی هەمەجۆری بەدوای خۆیدا هێناوە. پردی ئاشتەوایی نێوان خەڵك و دەسەڵات بەتەواوی ڕووخاوە و هیچیەك لە بەڵێنەکانی دەسەڵات کارسازیەکیان نەماوە لەناو خەڵکدا و ئەوەی ئەمڕۆ بووە بە خودئاگاهیی گشتی و هەستی عەفەویی سەرتاسەری لەناو خەڵکدا ئەوەیە کە ئەم دوو جەمسەرەی کۆمەڵگا، خەڵك و دەسەڵات، تا هاتووە بەدوو ئاراستەی دژ و ناکۆك بەیەك گیرساونەتەوە و پەڕیوەتەوە بۆ بەرجەستەبوونەوەی هەرچی زیاتر لە چوارچێوەی دژبوون و ناکۆکیەكدایە کە ئەبێ لە ڕیشەوە چارەسەر وپێناسە بکرێتەوە. ئیتر ئەوە لەناو بەشێکی فراوانی خەڵکدا وەکوو گریمانەیەکی چەسپاوی لیهاتووە کە چیتر بواری پێکەوە ژیانی ئارەزوومەندانە لەنێوان ئەم دوو بەرەیەی کۆمەڵگای کوردستانیدا نەماوەتەوە مەگەر بەناجاری و تا ڕۆژی خۆی دێت.
ئەم قەیرانە کە لە ڕواڵەتدا بریتیە لە بنبەستی دەسەڵاتدارەتیی حکوومەتی هەرێم، بەڵام لەناوەڕۆکدا ئاوێنەیەکیشە بۆ نواندنی شکستی پرۆژەی سەرجەم بزووتنەوەی ناسیونالیستیی کورد وەکوو ڕوئیا و ئایدیۆلۆجی و ستراتیجیەکی سیاسی بەگشتی لە کوردستانی عێراق لەم قۆناغەدا.
بەو مانایە ئیتر تێفکرین و وردبوونەوە لەم قەیرانە تەنها وەکوو شکستی دەسەڵاتدارەتیی هاوپەیمانیی سێقۆڵیی پارتی و یەکێتی و گۆڕان، بەجیاوازیی پێگە و هێز و شەیری سیاسیانەوە لەدەسەڵات و کۆمەڵدا، مانایەکی نیە جگە لە بینینی نیوەی دیمەنە سیاسیەکە و ڕێگاش پاکئەکاتەوە بۆ هێز ولایەنگرانی شەرمنۆکی تری ناو ڕەوتی نەتەوەیی کوردستان بۆ ئەوەی لەسەر کەلاوەی ماڵی داڕووخاوی ئەو سێکوچکەیە، جاریکی تر گیان بکاتەوە بەر لاشەی نیوەمردووی هەمان ستراتیژی و بزووتنەوە.
بەڵام سیماکانی ئەم قەیرانە لێرەدا دواییان نایات. لەوبەری شانۆ سیاسیەکەی ئێستای هەرێمەوە نیوەکەی تری پێکهێنەری ئەم قەیرانە سەرەتاتکێ ئەکات: غیابی پڕۆژەیەکی ئەلتەرناتیڤ کە ڕەنگدانەوەی ڕوئیا و ستراتیج وتێگەیشتن و ڕەتکردنەوەیەکی جۆرایەتیی تەواوی سیستمی ٣٢ ساڵی دەسەڵاتدارەتیی ئەم تاقمە سیاسیەیە. بەبێ ئەمەی دواییان ڕێگەیەکی ترمان لەبەردەستدا نابێت جگە لەخولانەوە لەناو هەمان بازنە و لە باشترین حاڵەتدا بژاردەی چاکسازیی ئەم دەسەڵاتە یا پێکهاتەیەکی باشتر لەدەسەلاتی ئێستا بەڵام پێکهاتبێت لە هەمان تاقم و نموونە وبیچمی سیاسیی تەقلیدی و سواوی ناو بازنەی کوردایەتی.
بۆ تێوەچوون لەوەی پێشوو ڕێگەیەك لەبەردەستدا نیە جگە لە ناسینی ماك و ناوەڕۆکی قەیرانی ئێستا لە قووڵترین و بنەڕەتی ترین ئاستیدا. ڕیگەیەك کە دەست بخاتە سەر هۆکارە بنەڕەتیەکان و کاراکتەرە سەرەکیەکان و دۆزینەوەی ڕیگەکانی تێپەڕبوون لەدەسەڵاتی سی ساڵەی ڕابووردوو بە پایگا چینایەتی و ئایدیۆلۆجی و دەسەڵاتەکەیەوە بە ئاراستەی پرۆژەیەکی کوردستانیی نیشتیمانی کە بەسەرئاڵوگۆڕێکی ڕیشەیی و ڕادیکال لە مۆدێلی دەسەڵاتی سیاسیەوە دەستپیئەکات کە ڕەنگدانەوەی خواستی هاوڵاتیی کوردستانی بێت . دەسەڵاتێكی تر کە نەك لەسەر بناغەی نەتەوەیی و حیزبی و لەدرێژەی تەمەنی بزووتنەوەی کوردایەتی و حیزبەکانیدا بەڵکوو لە دابڕانێکی چۆنایەتی لەو دیدگا و ستراتیجی و تاقیکردنەوەیە و لە چوارچێوەی پێناسەکردنی کۆمەڵگا لەسەربناغەی مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵکدا وەکوو هاوڵاتیی خاوەن ئەرك و ماف دامەزرابێت و ئەوە بکات بە سەرلەوحەی پێناسی خۆی.
ئەمڕۆ کوردستانی عێراق شانۆیەکە بۆ ململانێیەکی سیاسیی گەورە. ئەو ململانێیە گەرچی هێشتا لە قەوارەیەکی ڕۆشندا بەرجەستە نەبۆتەوە، لەناوەڕۆکدا ڕەمزێکە بۆ بەسەرچوونی سەردەمی هەژموونیی هێزگەلێكی تەقلیدی، سواو و ڕێگر لەبەردەم گەشەکردنی کۆمەڵ و هێزگەلێکی کۆمەڵایەتیی نوێ کە هەوڵئەدات بۆ کردنەوەی دەروازە بەڕووی سەردەمێکی تر، لە ژینگەیەکی پڕ لەبەربەست و ئاڵۆزدا.
——————————————

لەڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ بەدواوە کوردستانی عێراق پێیناوەتە قۆناغێکی نوێوە.
ئێستا ٣٢ ساڵی ڕەبەق بەسەر ئەو ئاڵوگۆڕە مێژووییەی وڵاتی ئێمەدا تێپەڕئەبێت. قۆناغێك کە هەڵبەز و دابەزی جۆراوجۆری بەخۆوە بینیوە.
ئاکامەکانی ڕاپەڕین سەرەتا بە دەسەڵاتدارەتیی بەرەی کوردستانی گیرسایەوە کە هاوپەیمانیەکی نێوان کۆمەڵێك حیزب و ڕێکخراوی کوردستانی بوو کە دیارترین لایەنەکانی کە ڕۆڵی کاریگەریان لەئاراستەکردنی سیاسەت و هەڵوێستەکانیدا ئەبینی بریتی بوون لە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان. ئەم دەسەڵاتە بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی ئەمریکا و هاوپەیمانانی ئەو سەردەمە لەدایك بوو و دریژەی بەتەمەنی خۆی دا.
پاش قۆناغێکی پتر لە یەك ساڵ و لە ژێر ناوی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان دەسەڵاتی فیعلی لە ئایاری ١٩٩٢ بەدواوە کەوتە دەستی هاوپەیمانیی دووقۆڵیی یەکێتی و پارتی وەکوو سەرەکیترین و بەهێزترین دووجەمسەری ناو بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردی لە کوردستاندا.
لەڕاستیشدا و سەرباری جیاوازی لەبواری پێشینە و مێژووی دوو هێزی ناوبراو، ئەوان لە ناوەڕۆکدا هەڵگری هەمان بیرو باوەڕ و ستراتیجی و سیاسی بوون. ئەوان، گەر لە قۆناغە جیاجیاکاندا بەیەکیشدا هەڵپژابن و کێشەکانیشیان گەیاندبێت بە ئاستی شەڕ و کوشتاری گەورە، بەڵام جگە لە کێشەی نفووز و دەسەڵات و پاوانخوازی، هیچیان خاوەنی پرۆژەیەکی نیشتیمانیی بنیاتنەر و ستراتیجیەك نەبوون کە بونیاتنانەوەی وگەشەپێدانی وڵات و دامەزراندنی سیستمێکی گەل پەسەند لەسەر بنەماکانی دیموکراتی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و یەکسانی لە ماف وگوزەراندا بۆ هاوڵاتیی کوردستانی بکات بەچەقی ستراتیجیی خۆی. ئەوە خاڵی هاوبەشی بنەڕەتیی نێوان ئەو دوو هێزە بووە. بە پێچەوانەوە ئەوان لە قۆناغە جیاجیاکانی دەسەڵاتدارەتیاندا، چی پێکەوە و لەژێر دەسەڵاتی هاوبەشیاندا و چی لەسایەی دوو ئیدارەییدا، بەرهەمێکیان نەبووە جگە لە قۆرغکاری و هەژموونی کردن بەسەر دەسەڵات و زەوتکردنی سامانی گشتی و سەرکوتی هەر دەنگێکی نەیار و ڕەخنەگر لە سیستمی دەسەڵاتداریان و دابەشکردنی دەسەڵات و سامانی وڵات لەنێوان دوو حیزب و دوو بنەماڵەدا و بەکورتی سەپاندنی شێوازی هەرە تووندی چەوساندنەوە و تووند وتیژی و سەرکوت و شێوازی هەرە دواکەوتووی حوکمڕانی.
ئەم مۆدێلەی دەسەڵات نەك ڕەنگدانەوەی ئامانج و خواستی گەلی کورد نەبوو، بەڵکوو نموونەیەکی کەم وێنە بوو لە حوکمڕانیی سیاسی و کاریکاتۆرێك بوو سەبارەت بە دیموکراسی و دەسەڵاتدارەتی.
ناوەڕۆکی دەسەڵاتدارەتی لە کوردستاندا بریتی بوو لە زەوتکردنی قووتی خەڵك و دابەشکردنی دەسەڵات بە شێوازی خێڵەکیانەی سەردەمە کۆنەکان لە نێوان دوو هێزی میلیشیاییدا کە بە زۆری سەرەنێزە و ئیستیغلالکردنی ستەمێکی نەتەوەیی کەموێنە کە لەلایەن ڕژێمی هار و فاشیستیی بەعسەوە بۆ چەند دەیە بەسەر کوردستاندا پیادەکرابوو.
لەسایەی ئەو شیوازە لە حوکمڕەوایی سیاسیدا، ئەمڕۆ کوردستان سەرتاخوار دابەش بووە بەسەر دووبەرەدا: بەرەی دەسەڵات و مشتێك کۆمپانیا و تاقمێکی پانوپۆڕی سەرمایەداری هەڵتۆقیوی پەنای هەردوو حیزب و بنەمالە لە لایەك کە جگە لەدەسەڵاتداری ڕەهای وڵات، هەموو سامانی کوردستانیان لەژێر چنگدایە و لەبەرەی بەرانبەریشدا زۆرینەی خەڵکی کوردستان وەستاون کە نەك هیچ ڕۆڵێکیان نیە لەسیستمی دەسەڵاتدارەتیی سیاسیدا، بەڵکوو ئەناڵێنن بەدەست دەیان شێوازی هەژاری و کەمدەرامەتی و بێکاری و نەبوونی خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی و سەرکوت و پەراوێزخستن و بەکورتی بێبەش لە کەمترین مافە ئابووری و سیاسیەکانیان.
ئەوەی سەرەوە سیمای سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێستای هەرێمی کوردستانە لە سی ساڵی ڕابووردوودا و لە ئێستادا گەیشتووە بەئاستانەی قەیرانێکی گشتی کەسەرتاپای وڵاتی داگرتووە.
تا ساڵی ٢٠٠٣ وڕووخانی ڕژێمی دەسەڵاتداری بەعس قۆناغی زێڕینی ئەم دەسەڵاتە بوو. ئەوان لەو قۆناغەدا دەیانتوانی بە کەڵگوەرگرتن لە مانەوەی ڕژێمی بەغدا، کە دژە کوردبوون خەسڵەتێکی بنەڕەتیی بوو، خۆیان لەژێر دەمامکی کوردایەتی و ترساندنی خەڵکی کوردستان لە گەڕانەوەی فاشیزمی بەعس و جینۆساید بشارنەوە و خەڵکی کوردستان بەوە تەفرە بدەن. چەند ساڵی دواتریش بەهۆی تێوەگلانی دەسەڵاتی ناوەندیی عێراق لەکێشەی تیرۆریزم و شەڕی تایفی، ئەوان توانیان لەسایەی پشتیوانیی ئەمریکا و تۆقاندنی خەڵك و ناچارکردنیان بە بێدەنگی لەترسی تەشەنەکردنی تیرۆریزم بۆ هەرێم، سیاسەتە دژی خەڵکیەکانیان درێژە پێبدەن و خەڵك ناچار بکەن بەهەڵبژاردنی بێدەنگی لەسایەی هاوکێشە ئاڵۆزەکانی ئەو سەردەمەی عێراقدا و بەوجۆرە تووڕەیی خەڵك بەلای تردا ئاراستە بکەن.
ساڵانی دوای ٢٠١٤ و بەناوی سەربەخۆیی ئابووریەوە و لەسایەی هاتنە ناوەوەی ئابووری نەوت بۆناو هاوکێشە سیاسیەکان لە هەرێمدا، و سەرقاڵیی بەغدا بە کێشەکانی ئیرهاب و تایفیەت و بنیاتنانەوەی دەسەڵاتی ناوەندی، دەسەڵاتدارەتیی هاوپەیمانی پارتی و یەکێتیی و دواتریش گۆڕان، توانیان بەهۆی داهاتی لەحیساب نەهاتووی نەوت و گەندەڵیی لەڕادەبەدەر، جێگە و پێگەی دەسەڵاتدارەتیی خۆیان بەهێزتر بکەن و لەهەمان کاتیشدا تەکانێکی تر بدەن بە چەواشەکاریی سیاسی و ئایدیۆلۆجی بەناوی سەربەخۆیی ئابووریەوە.
ئاکامەکانی سیاسەتی بەناو سەربەخۆیی ئابووری، کەشتێك نەبوو جگە لە گەورەترین هەڵمەت و پرۆسەی تاڵان و ڕاووڕووتی ئابووری لە مێژوودا بە هاوکاریی تورکیا و هەندێ کۆمپانیای بیانی، بوو بە هۆکارێك بۆ بەهێزبوونی توێژێکی ئۆلیگارشی- حیزبی لەلایەك و وەرچەرخانێکی سیاسیش بەئاراستەی پەراوێزخستنی یەکێتیی نیشتیمانی لە دەسکەوتەکانی ئابووریی تاڵانیی نەوت و دەسەڵاتی سیاسی بە قازانجی پارتی بەهاوکاریی تورکیا.
بەڵام پێبەپێی ڕەوینەوەی کابووسی تیرۆریزم بەسەر بەغدا و جۆربوونەوەی دەسەڵاتی ناوەندی، هاوکێشەکە ڕۆژبەڕۆژ لەبەرانبەر دەسەڵاتدارانی هەرێمدا بەقازانجی ناوەند ئەشکایەوە. ئیتر کەڵکوەرگرتنی دەسەڵاتی هەرێم و شاگەشکەبوونی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئاشوبی تیرۆریزم لە عێراق و سەرقاڵیی تەواویی حکوومەتی ناوەند بەو کێشەیەوە بە کۆتایی گەیشت وئەوەش ئاڵوگۆڕێکی بەسەر هاوکێشەی ناوەند – هەرێمدا هێنا. حکوومەتی ناوەند بە سوودوەرگرتن لە لاوازیی پێگەی یەکێتی و پارتی لەناو خەڵکی کوردستان و ڕسوابوونی مۆدێلی میلیشیایی دەسەڵاتەکەیان و شکستی ئابڕووهێنەری شانۆگەریی ڕیفراندۆم، جڵەوی دەسپێشخەریی گرتەوە دەستی خۆی.
ڕەوتی لەخۆبایی بوون و سەرچڵیەکانی دەسەڵات لە هەرێمدا تووشی سیناریۆی تراجیدی – کۆمیدیی تەواو بوو و ئەڵقەی قەیرانەکانی بەتەواوی لەملی خۆیان و بەتایبەتی لەگەردنی پارتی ئاڵا وەکوو سووکان بەدەستی پرۆسەی بڕیارە سیاسی و ئابووریەکانی دەیەی پێشووی دەسەڵات لە کوردستاندا.
یەکێتیی گەرچی لەهەوڵێکی بێپەروادا بووە کە خۆی لە لێپرسراوەتیی شکست و قەیرانەکە دوور بگرێت، بەڵام لەهەوڵەکانیدا تووشی شکست هاتووە چونکە چی لە شانۆگەریی ڕسوای ڕیفراندۆم و چی لە پرۆسەی تاڵانیی بەناو ئابووریی سەربەخۆ و فایلی نەوتدا، هاوشانی پارتی، فووی کردۆتە ئاگری ئەو سیناریۆ دژی خەڵکیە گەرچی ڕۆڵی پاشکۆیەتیی پارتیشیان نمایش کردبێت.
لە ٣٠ ساڵی پێشوودا هیچکات بەئەندازەی ئەم بڕگە زەمەنیە ئەو دەرکە گشتیە نەخەمڵیوە لە ناو جەماوەری بەرینی خەڵکی کوردستاندا کە دەسەڵاتی سیاسیی ٣٠ ساڵە و توێژی ئۆلیگارشیی هاوپەیمانی بەسەرچاوەی هەموو نەهامەتیەکانی بزانێت و لەهەمان کاتیشدا تادێت بڕوای بە چاکسازیکردنی ئەم دەسەڵاتە نەمابێت.

یەکڕیزی لەگەڵ کێ و بۆ؟

بەرنامە سیاسی و ئابووریەکانی دەسەلات کە پارتی ئەندازیاری یەکەمی بوو و یەکێتی پاشکۆیەکی بێدەربەستی بوو، لە ئاسمانەوە بۆ ئەوان دانەبەزیبوو. ئەو بەرنامانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی حیزبی، بنەماڵەیی، سیاسی و چینایەتی وزۆر بە وردی دیزان و فۆرمۆلە کرابوون. لەپرۆسەی ٣٢ ساڵی دەسەلاتدارەتیی ناوبراو لەهەرێمدا و بگرە بەهۆی ئەو مۆدێلە دەسەلاتەوە، ئاڵوگۆڕ و ورچەخانی قووڵی چینایەتی و کۆمەڵایەتی و سیاسی بەسەر پێکهاتەی کۆمەڵگای کوردستاندا هاتوون. گاپ و قڵشتی چینایەتی هیچکات بەو ئەندازەیە قەبە نەبووە. مەگەر لەسەردەمی ڕژێمی بەعسدا دەزگای دەسەڵات و حوکمڕانی بەم ئەندازەیە لەبەرانبەر و دژ بەخەڵك بووبێت. جگە لەسەردەمی میرنشینەکانی سێسەدساڵ لەمەوبەر، هیچکات لە کوردستان و عێراقیشدا دەسەڵات و حوکمرانیی سیاسیی بەو ئەندازەیە مۆرکی خێڵەکی و خێزانیان بەخۆوە نەگرتووە.
لەبەرانبەر ئەو هەموو دیمەنانەی مۆدێلی حوکمڕانیدا، دەسەڵات وەکوو پیشەی هەموو هێز و کەڵتە نەتەوەییە داخراوەکانی سەردەمە بەسەرچووەکان و بۆ ژیانکردنەوە بەبەری لاشەی نیوەگیانی ئەم قەوارە یەدا، حیزب و ئایدیۆلۆجیستەکانی هەمیشە لەهەوڵی ئاراستەکردنی بیری خەڵکدان بەئاراستەی دەرەکی: حکوومەتی ناوەند، مێژووی پر چەوسانەوەی میللەتەکەمان و نەچەمانەوە لەئاستی پلانی نەیار و دوژمنەکان و دەیان داستانی هەڵبەستراوی لەو قوماشە.
ئەوە لەکاتێکدایە ئەو کاتەی کە ئەمان لە ١٩٩١ بەدواوە دەسەڵاتیان لە غەفڵەتێکی مێژوویدا کەوتە دەست، ئەم دەسەڵاتدارانەی ئەمڕۆی عێراق لەهیچ کونێکەوە دیارنەبوون و بگرە لە تاروگەکاندا کەوتبوون و هاوکار و هاوپەیمانی خۆیان بوون. لەدوای لەناوچوونی ڕژێمی پێشووەوە، خەڵکی هەرێم لەلایەن هیچ هێز و دەوڵەتێکەوە و بەهۆی کوردبوونەوە ئەزیەت و ئازار نەدراون بگرە دەسەڵاتدارانی هەرێم بەناوی کوردایەتیەوە بەغداشیان دادەدۆشی و ئاگری دووبەرەکی تایفی و تەنانەت تیرۆریشیان لەوێ خۆشئەکرد و تاقمی دەسەڵاتداری ناوەند هاوپەیمانی پلەیەکی هێزەکانی کوردایەتی بوون. دەسەڵاتدارانی بەغدا و هەریم پێکەوە بناغەکانی عێراقی نوێیان پێکەوە لەحیم کردەوە و دەستووریان بۆ داڕشت.
لەمڕۆدا پرسی کورد و چەوسانەوەی نەتەوەیی سەکۆ و پاڵنەری ئەکتی سیاسیی خەڵکی کوردستان نیە چونکە بەهۆی کوردبوونیانەوە لەلایەن ڕژێمی ناوەندیەوە ناچەوسێنرێنەوە. فووکردنی هەمیشەیی دەسەڵاتی فەرمانڕەوای هەرێم لە گیانی دوژمنایەتی و کینەی نەتەوەیی تەنها یەك ئامانجی لەپشتەوەیە: پەردەدان بەسەر ئەو هەموو ستەمکاری و ئەو مۆدێلە سیاسیەی ژێر دەسەڵاتی خۆیان کە هۆکار و لایەنی یەکەمی چەوسانەوەی هاوڵاتیی کورد و ڕێگری یەکەمی بەردەم گەشەکردن و پێشکەوتنی کۆمەڵگای کوردیە. دەسەڵات بە گوتاری ناسیونالیستی و تێزی یەکڕیزی ناوماڵی کورد ئەیەوێت ئاراستەی خەباتی ئەم قۆناغەی خەڵك بگۆڕێت بە ئاراستەیەکی تر و خۆی لە لێپرسراوەتیی گەورەی مێژویی شکستەکانی و ئەو ماڵوێرانیە بدزێتەوە کەبەسەر ئەم وڵاتەیدا هێناوە.
پاڵپێوەنەر و ماتۆڕەکانی پشتی خەباتی خەڵکی کوردستان بریتین لەدەیان کێشەی وەکوو کۆچی سەدان هەزاریی و سەرهەڵگرتنی لاوان، گرانی، هەژاری، کاری مناڵان، گەندەڵی لەڕادەبەدەر، خزمەتگوزاریی خەستەخانە و قوتابخانە و پەروەردە و خوێندنی باڵا، ئیدارەی دواکەوتوو و بیرۆکراتیەت، سەرکوتی ئازادی و ناڕەزایەتیەکان و …… کە ئەندازیاری هەموو ئەوانە دەسەڵاتێکە بە ناو و نیشان و پێگەی دیار و ئاشکراوە کە هێزەکانی دوێنێی شاخ و دەسەڵاتدارەکانی ئەمڕۆی کوردستانن کە بوونە بە جێی نەفرەتی گشتیی خەڵك.
یەکێك لە پێناسەکانی سیستمی سیاسی و چینایەتیی ئەمڕۆی دەسەڵاتدار لە کوردستاندا بەهەموو خەسلەتە چەوسێنەر و دژە دیموکراتی و بێگانەیی لەگەڵ سادەترین مۆدێلی دەسەڵات و حوکمڕانیدا، بریتیە لە خەسڵەت و ناونیشانی کوردیی ئەم قەوارە و دەسەڵات و پێکهاتەیە.
ستەم و چەوسانەوە و هەژاری و باری قورسی گوزەران و داڕمانی کەرتەکانی خزمەتگوزاری لەهەریمدا، هۆیەکەی ناگەڕێتەوە بۆ کوردبوونی دانیشتوانی هەرێم و ستەمێکی دەرەکی چونکە ئەوە دەرد و چارەنووسی هەموو کوردێك نیە بەڵکوو چینی دەسەڵاتدار و هاوپەیمانەکانی، کە ئەوانیش هەر کوردن، لەبارودۆخ و ئاستێکی گوزەرانی شاهانەدا ژیان بەسەرئەبەن و هەر ئەوانیش هۆکار و بەڕێوەبەری ستەم و چەوسانەوەی بەشەکەی تری کوردن کە زۆرایەتین لە کۆمەڵگادا.
هەموو ناوەڕۆکی چەواشەکارانەی ئایدیۆلۆجیی ناسیونالیستیی دەسەڵات و سەرجەم ناڕازیانی دەرەوەی دەسەڵاتیش کە گیرۆدەی هەمان داوی ئایدیۆلۆجین، بریتیە لە هاشاکردن و شاردنەوەی ئەو خەسڵەتەی سیستمی سیاسی و کۆمەڵایەتیی باوی هەرێمی کوردستان و دۆزینەوەی دوژمنێکی دەرەکی بۆ پاساوهێنانەوە بۆ شکستی ڕسوابووی پرۆژەی سی ساڵەی دەسەڵاتی ئێستا و لەپشتی ئەویشەوە نەزۆکیی ئایدیۆلۆجیای ناسیونالیستیی کوردی.
هەرچۆن بەعس وەکوو قەوارەیەکی قەومیی عروبی توانی بەبەنجکردنی خەڵکی عەرەبی عێراق بە ژەهری عروبە، عەرشی دیکتاتۆریەتی خۆی و ماشینی کوشتاری هەمان خەڵکی عەرەب بۆ سی ساڵ ڕاگرێت، پارتی و هاوجنسە کوردیەکانیشی بەهەمان ئومێد ئەیانەوێت بە هەمان شێواز ئاشی چەوسانەوە و سەرکوت لە کوردستاندا لەژێر ڕەشماڵی داڕزاوی یەکڕەنگی و یەکدەنگی و یەکجارەنووسیی هەموو کورددا درێژە پێبدەن و ئەم قەیرانەی ئێستا لەسەر لاشەی قوربانیەکانیان، کەهەمان هاووڵاتیی کوردی ئەم هەرێمەن، تێپەڕێنن.
هەرچۆن کەس سەرزەنشتی عەرەبێکی عێراقی و سووری و لیبی و سوودانی ناکات کە بۆچی لە دژی دەسەڵاتدارانی عەرەبی عێراق و سوریا و لیبیا و سوودان ڕاپەڕین و شۆڕشیان بەرپائەکرد، هەر بۆیەش ئەبێ هاووڵاتیی کوردی هەرێمی کوردستان باش لەو ڕاستیە تێبگات کە ئەڵقەی ناوەندیی سیاسەت کردن بەگشتیی و داهاتووی هەرێم لەگرەوی تێگەیشتن لەو هاوکێشە سادەیەدایە کە : کێشەی ئێمەی هاووڵاتی و گەلی کورد لەم سەرزەمینە دیاریکراوەدا لەگەڵ دەسەڵاتێکی ڕاستەقینەی کوردیدایە. ئەو خاڵە هاوبەشە باریکەی نێوان ستەمکەر و ستەملێکراو لە کوردستاندا، کە شوناسی کوردبوونە، نابێ ئەو هەموو ستەم و مێژووی پڕ لەچەرمەسەری و چەوسانەوەیە بشارێتەوە کە زیاتر لە سی ساڵە بەدەستی ئەم بزووتنەوە و هێز و دەسەڵاتەوە چەشتوومانە.
لەمڕۆدا دوایین چەکی ژەنگاویی ئەم کەڵتە نەخۆشەی ئەم هەرێمە و دەسەڵات بریتیە لە دەمەزەردکردنی تێزی سواوی ئایدیۆلۆجیی یەکڕیزیی ناوماڵی کورد لەپێناوی بەرگری لە قەوارەی هەرێم.
گرێیەکی ئەم پرسە لەوەدا خۆی ئەنوێنێت کە زۆرێك لە ڕۆشنبیران و نوخبەی سیاسی لە بازنەکانی دەرەوەی دەسەڵات و حیزبە هاوپەیەمانەکانیدا، لەبەرانبەر قەیرانی دوایی دەسەڵاتدا، ئەم تێزە دەمەزەرد ئەکەن و شەوڕۆژ بانگەشەی بۆ ئەکەن. ئەم تێزە ژەهراویە، سەرچاوە و نیەتەکەی نائاگایی یا ساویلکەیی فکری بێت، یەك ئەنجامی لێئەکەوێتەوە بەتایبەتی لە سایەی تەرازووی هێز لە ئێستای هەرێمدا: هەڵدانی پەتی ڕزگاربوون بۆ دەسەڵاتێك کە سەرباری ئەو هەموو قەیرانە قووڵانەی کە خۆی خوڵقاندوویەتی ئامادەیی ئەوەی تیا نیە یەك هەنگاو لە سیاسەتی سی ساڵەی پێشووی پاشگەز بێتەوە کە جگە لەماڵوێرانی هیچی تری بۆ هاوڵاتیی ئەم هەرێمە بەدیار نەهێناوە.
پوووچەڵکردنەوە و ڕەخنەکردن و ناکامکردنەوەی ئەم تێزە وئەو عەقڵیەتەی بەرهەمی دێنێت و بەرگری لێئەکات، بەشێکی دانەبڕاو و دیوێکی تری ئەرك و لێپرسراوەتیی مێژوویی فۆرمۆلەکردن و ساغکردنەوەی پرۆژەیەکی نیشتیمانیی- ئازادیخواز و عەدالەتخوازە لە ئێستادا.
ئەوانەی شەو و ڕۆژ تەپڵی یەکدەنگی و یەکڕیزیی ناو ماڵی کورد لێئەدەن، هەر نیەتێکیان هەبێت، ئاو ئەکەنە ئاشی ئەم دەسەڵاتەی کە نموونەی لە ستەمکاری لە مرۆڤی کورد کەمە لە مێژووی هاوچەرخدا.
دووبارەکردنەوەی سادەیی سیاسیی چەند جارە لە مێژوودا تراجیدیی گەورە بەدوای خۆیدا دێنێت و لە ئێستادا بیرۆکەی یەکدەنگیی ناوماڵی کورد ، یەکدەنگیەك کە جێی پێشوازیی ئەم ستەمکارانەی دونیای هاوچەرخی ئێمەیە و ئەوان ئەکاتەوە بە بڕیاردەری داهاتووشمان، بۆی هەیە کارەساتێکی مێژوویی تر بەرهەم بهێنێت.
تێزی یەکڕیزیی ناوماڵی کورد تێزێکی ناواقیعیە و بەکردەوە سەرنج لەسەر کێشە ڕاستەقینەکان و بەرهەمهێنەرانی ئەم کێشە و ستەمکاریانە لائەدات وئەیەوێت ئاراستەی ناڕەزایەتیی قووڵی خەڵک لەدەسەڵاتی کوردیەوە بگوێزێتەوە بۆ دوژمن و نەیارێکی نادیار.
جگە لەوەش ئەو ئاراستە سیاسیەی کە بانگەشە بۆ ئەو گوتارە ئەکات سەرنجی خەڵك دوورئەخاتەوە لەسەر ڕێچکە دروستەکان کە دەمانبەنەوە سەر شاڕێ دروستەکە بۆ خوێندنەوەیەکی واقیعی بۆ کێشە ستراتیجیەکانی ئەمڕۆمان و فۆرمۆلەکردنی پرۆژەیەکی ستراتیجیی شۆڕشگێڕ کە ئەرکی سەرەکیی ئەم قۆناغەیە.

ئابی 2023




فەلسەفەی ئیسلامی پارادیگمایەکى نوێ ئیبن سینا- ئولریش ڕودۆلف.. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

سەربارى ئەو بایەخە زۆرە کە لە نیوەى سەدەى دەیەمەوە لەنێو هزرپێگەیشتووان و ئەدیباندا بە فەلسەفە درا، هێشتا هەر پێگەکەى لە جڤاکی ئیسلامیدا پتەو نەکرا بوو. ئاخر هیچ کام لەو نووسەرانە کە لەم کاتەدا تێکستى فەلسەفەیی دەنووسی، نەیتوانی بڕوا بە خوێنەرانى فراوانتر و بەتایبەتیش بە زانایانى ئایین بهێنێت کە هزرینەکانى ئەو پێویستن بۆ گەڕان بەدووى ڕاستى و گەیشتندا بە بەختیاریى مرۆڤ. چیدی لایەنگرانى کندى نەیان دەتوانى ئەمە بسەلمێنن (ئەوە بێگومان گەر بەگشتی لەو بڕوایەدا بووبێتن کە فەلسەفە نەشیاوى دەستبەردارییە)؛ کاریگەریی ئەوان – نووسینە بەناوبانگەکەى میسکاویى لەبارەى ئێتیک لێدەربچێت – ئێستا لە باکورى خۆرهەڵاتى ئێران بوو. هەروەها نەدەکرا ئیسمائیلییەکان بە هەڵگرى بزاوتێکى فەلسەفەیى دابنرێن. گەرچی ئەمان لە زۆر ناوچەى جیهانى ئیسلامیدا لایەنگرانیان بەدەستهێنا، وەلێ لەبەر ئەوەی ڕێبازەکەیان بەزۆریى قەرزى لە فەلسەفە وەرگرتبوو، ئەوا فەلسەفە لە چاوى زۆرینەى موسڵمانانی سوننیدا جێی گومان بوو. تەنانەت پاشەوارانى فارابی نەیانتوانی لەنێو بەشە فراوانەکانى جڤاکدا شکۆفە بە گرنگیدانێکى بەردەوام بە زانستەکەیان بدەن. بێگومان ئەوان لە بەغداد کاریان دەکرد و دیراسەکانیان لە ئاستێکى بەرزدا ئەنجام دەدا، وەلێ بابەتى لێهزرینیان فەلسەفە نەبوو وەک سەرجەم یان هیچ نەبێت سەرجەمى ئەو بەرنامەیە بووایە کە فارابى خستبوویە بەردەست، بەڵکو چەند پرسیارێکى تایبەتى بوون (وەک گۆتمان بەتایبەتى لە کایەکانى لۆگیک و فیزیکدا)، کە بەتایبەتى پەیوەند بە پەلهاویشتنى ترادیسیۆنەکەى ئەڕیستۆتێلیسەوە دانوستانیان دەکردن نەک لە خەریکبووندا بە ئالەنگارییە هزرییەکانی سەردەمەوە.
جگە لەوە ئێستا توانرا هەندێک پرسیارى ڕەخنەیى ئاڕاستەى خودى مۆدێلەکەی فارابى بکرێت. گەرچی ئەو داوای کردبوو کە گەرەکە هەروەها و بەتایبەتیش لە ژینگەیەکى ئیسلامیدا خۆ بە فەلسەفەوە خەریک بکرێت، وەلێ ئەم داواکارییەی بە گۆتەی ئەوتۆوە گرێدابوو کە لاى هەندێک خوێنەری موسڵمان بەزۆرى سەرلێشێوانیان خستەوە.

بۆ نموونە ئەو قورساییە زۆرە کە فارابی لە پرسیارى خەڵاسی ئاییندەى مرۆڤدا خستبوویە ئەستۆی دەوڵەت و بەتایبەتیش دامەزرێنەرى دەوڵەت، کێشاوی بوو. ئەمەش بەوەدا ئاشکرا دەبوو کە ئەو لە فەلسەفەى سیاسیدا پەیڕەویی میراتەکەى پلاتۆنی دەکرد. وەلێ مرۆ لێرەدا دەیتوانى لە خۆى بپرسێت کە داخۆ کۆنسێپتێکى بەم چەشنە لە سەردەمێکدا، کە جیهانى ئیسلامى هەمیشە ناسەقامگیرتر دەبوو و دەخزایە ژێر کاریگەریى میرانی ناوچەیی و سەردارانی جەنگەوە، بتوانێت لە لایەنی خۆیەوە رۆڵێکی دروست بۆ تێگەیشتن لە ژیان بگێڕێت (مەگەر مرۆ ئەم سووربوونەی لەسەر واتاى دەوڵەت بە ڕەخنەى دەسەڵاتدارى یان بە یوتۆپیا دابنایە). نەخێر، کێشەیەک پەیوەند بە فارابییەوە ئەوە بوو کە چەند کەم ئەو بایەخی بە مێتافیزیک (چە ئۆنتۆلۆگى و چە تیۆلۆگى) و پرسیار سەبارەت بە تاکى مرۆڤ (کە وەک باو بوو لەنێو چێوەى دەروونناسیدا کارى تێدا دەکرا) دابوو. ئەو پەیوەست بە بابەتی یەکەمەوە مۆدێلێکی گەردوونناسیانەى خستە بەردەست، وەلێ ئەم مۆدێلە بەدەگمەن بە ڕێبازی ئیسلامییانەی ئافراندن دەگونجا. هەروەها فارابی، پەیوەست بە بابەتی دووەمەوە، شرۆڤەیەکى وردی زەینى ئەنجام دا، وەلێ ئەم شرۆڤەیە، وەک پێشتر گۆتمان، بەو ڕێیەوە ڕێژەیەتیى پێدرا کە هۆی بەختیاریی مرۆڤى هزرڤانی نەدەگەڕاندەوە بۆ مەئریفەی تاکەکەسی (یان نەک تەنیا بۆ ئەم مەئریفەیە)، بەڵکو دەیگەڕاندەوە بۆ تێڕوانین و باوەڕپێکراوییەکەی خودی دامەزرێنەرى یان ڕێبەرى دەوڵەت. جگە لەوە پرسێکی دیکە لەگۆڕی بوو: فارابی ڕیشەییانە فەلسەفەى گشتگیر و ئایینى یان تیۆلۆگی ی بەشەکی (پارتیکولار)ی جوودا لە یەک دانا، وەلێ دەشیا گومان بکرێت کە داخۆ ئەم جیاکردنەوەیە بەڕاستی ئامانجی خۆی بهەنگێوێت. بێگومان گەرەک بوو جیاکردنەوەکە تایبەتمەندیی زانستى فەلسەفەیى پێشان بدات و مێتۆدیانە داواکارییەکەی بۆ چواندنی گشتگیری خۆی مسۆگەر بکات، وەلێ کۆنسێپتەکە لێوەشاوەییەکی لە فەلسەفە کردەوە لەبریی ئەوەی بەڕاستی بیسەلمێنێت. ئاخر جیاکردنەوەکە ئەو سەرئەنجامەی هێنا کە فەلسەفە، سەربارى داواکارییەکەى بۆ گشتگیری و هەروەها بۆ ڕوونکردنەوەى گشتگیرى سەرجەم فێنۆمێنەکان، بەدەگمەن هەندێک کایەى کردەکێتی بەهەند وەردەگرت کە بەتایبەتی بۆ ئیمانداران گرنگ بوون. ئەمە لە پرسیارى پەیامهێنیدا خویا بوو کە فارابی تەنیا لە ڕوانگەیەکى سنووردارى سیاسییەوە لێى دەڕوانی، ئەمە هەروەها لە بابەتی دیکەدا بەردەوامیی پێدرا (وەک: سروش، ئەزموونکردنى خودا، ئەزموونکردنى بەڕێکەوتی/ شیمانەیی بوون، بەرپرسیاریى کەسیى لە بەردەم خودادا). ئەم بابەتانە لاى ئەو نزیکەى وەلاوەنرابوون.

هیچ کەس هێندە ڕۆشن وەک ئەبو ئەلى ئیبن سینا (نزیکەى 980-1037، ئاڤێسینای چەرخی نێڤینی لاتینی) ئەو کێماسانەی دەستنیشان نەکرد، پاشان هەنگاوى نا بۆ ئەوەی جارێکی دی بنەماییانە پرسیارەکە سەبارەت بە ئەرک و شیمانەکانى فەلسەفە بکاتەوە، ئەمەشی بە چەشنێک بەجێگەیاند کە ئیدی مۆرکى خۆى دا لە سەرجەم هەوڵ و خەریکبوونەکان بەم بابەتەوە. بێگومان ئیبن سینا تواناى بۆ ئەنجامدانى ئەم کارە سەختە هەبوو، ئەوەش دەگەڕایەوە بۆ پەروەردە یەکجار فراوانە فێرگەییەکەی پێکەوە لەتەک توانستى تێگەیشتنیدا کە تەنانەت هاوچەرخانى پێی هۆشسام بوون. گەر باوەڕ بە ئۆتۆبیۆگرافییەکەی بکەین، ئەوا دەتوانین ببێژین کە لای ئەو هەردوو توانستەکە لە سەرەتاى لاوێتییەوە دیاریان دا، ئەویش کاتێک ئەو لە بوخارا دەژیا و لەوێ بە خوێندنی بەرفراوانەوە خەریک بوو، لەم ڕەوتەشدا بە کورتترین کات لە ئاستى سەرجەم فێرکارانى تێپەڕی. وەلێ ئەو درەنگتریش، کاتێک بەهۆى پشێوییە سیاسییەکانەوە بەناچاری ژیانێکى بێپشووی بەڕێوە دەبرد و وەک پزیشک و وەزیر بەدووی یەکدا دەچووە خزمەتى میرانى جیاوازى ئێرانییەوە، هێشتا هەر گرنگیدانەکانى بە توێژینەوە و هێزى بەدیهێنانى خۆى پاراست و هەردەم بە زانستەکانەوە پابەند مایەوە.

بەرهەمى ئەم کۆششە جێی سەرنجە، ئەمەش بەتایبەتى دوو کایەى زانین دەگرێتەوە کە ئیبن سینا – گەر سەرفرازیی دواتری ئەو بە پێوەر وەربگرین – لەبارەیان “کارە ستاندارتەکان”ى خۆی بە زمانى ئەرەبى نووسى. یەکێک لەم کارانە پزیشکییە کە ئەو لەپاڵ کورتە گۆتاری جیاوازدا کتێبە قەبەکەى بەناونیشانى “کانۆنى پزیشکى” لەبارەوە نووسى و تێیدا زانینى سەردەمەکەى بە سیستەماتیکێکى بێوێنە و لێهاتووییەکی فێرکارییانە کۆکردەوە. کایەکەی دیکە بریتى بوو لە فەلسەفە کە ئیبن سینا نەک تەنیا سیستەماتیکییانە ڕێکیخست و فێرکارییانە خستییە بەردەم، بەڵکو هەروەها لە نوێوە هزراندییەوە، بەڵێ لە هەندێک ڕووەوە سەرلەنوێ بناغەی ڕشتەوە. ئەمە لە ژمارەیەکى زۆر کاردا هاتە دەربڕین کە لە نێویاندا بەتایبەتى دوو دانە بەواتاترینن: 1) “ئەلشیفا” (نزیکەى لە نێوان 1020-1027دا نووسراوە)، کە بریتییە لە دوائەنجام- (Summa)ێکى فەلسەفەیی پێکهاتوو لە چوار بەش (لۆگیک، فیزیک، ماتماتیک، مێتافیزیک) و داڕشتنى بەندە بە نووسینە بناغەییەکانى ئەڕیستۆتێلیسەوە (کاتێگۆرییەکان، هێرمینیۆتیک و هتد)؛ ئەم کارە درەنگتر لە وەرگێڕانە لاتینییە (تەواونەکراو)ەکەیدا (بە ناونیشانى Liber Sufficientiae) بوو بە بناغەى وەرگرتنى (ڕێسەپسیۆنى) ئیبن سینا لە ئەوروپا. 2) “ئەلئیشارات وەلتەنبیهات” (نزیکەى لە نێوان 1030-1034دا نووسراوە)؛ ئەمیش نووسینێکە کە هاوشێوەی دوائەنجام بەرنامەی بۆ داناوە (ئەم جارە لە دوو بەشدا: 1- لۆگیک، 2- فیزیک و مێتافیزیک)، وەلێ پرسەکان لەم کارەدا نەک پابەند بە دەستنووس و موحازەرە بڵاونەکراوەکانی ئەڕیستۆتێلیسەوە (Corpus Aristetelicum)، بەڵکو بە هزرینێکى ئازاد و هێزێکى زمانییانەى سەرنجڕاکێش گۆڕان پێدەدرێن، بۆیە ئەم نووسینە زۆرتر لە “ئەلشیفا” کاریگەریی نواند لەسەر وەرگرتنى ئیبن سینا لە ناوچەى کولتووری ئیسلامیدا.

ئەم دوو کارە بە ئەندازەیەکی زۆر ڕەسەنن، جا گەرچی ئیبن سینا لە لێهزرینەکانیدا لەو کۆنسێپتانەوە دەردەچێت کە لاى نووسەرانى کۆنتر ناسیبوونى. ئەڕیستۆتێلیس بە پلەى یەکەم سەر بە سەرچاوەکانى ئەوە (وەک پێشتر گۆتمان، نزیکەى سەرجەم دەستنووس و موحازە بڵاونەکراوە بە ئێمە گەیەنراوەکان کە هەروەها “تیۆلۆگیى ئەڕیستۆتێلیس”یان دراوەتە پاڵ) پێکەوە لەتەک ڕاڤەکارانى ئەودا، ئەوجا فارابى کە ئیبن سینا سەربارى گومانە پێشتر ئاماژەپێدراوەکان بەئاشکرا وەک کەسی سەرەکی بۆ ڕەوتی پێگەیشتنى فەلسەفەیی خۆی ناوى دەبات. بۆیە ئێمە هەندێک جار لە ئەدەبیاتى لاوەکیدا دەخوێنینەوە کە نزیکییەکى زۆر لە نێوان هەردوو هزرڤاندا هەبووە، لێرەشدا جەخت لەوە دەکرێت کە ئیبن سینا هەندێک کۆنسێپتى دیاری فارابیى هێناوەتە نێو سیستەمە فەلسەفەییەکەى خۆیەوە (بۆ نموونە مۆدێلى گەردوونناسى بە دە زەینەوە). ئێمە ناتوانین نکۆڵی لەم جۆرە وەرگرتنانە بکەین، سەرباری ئەوە گەرەکە بپرسین کە داخۆ وەرگرتنەکان لە چە مەغزایەکدا ئەنجامدرابن و چە دەرئەنجاماندنێک وەک پێشنیار بخەنە بەردەم. گەر نزیکتر بڕوانین، دەبینین کە ئیبن سینا زۆر کۆنسێپتى وەرگیراوى خستە نێو هەڤرایەڵێکی (کۆنتێکستێکى) نوێوە و جیاواز لە هزرڤانانى پێش خۆى ڕاڤەى کردن و نرخاندنى. ئەوە کە فارابى واتایەکى نێوەندیى پێدابوو (واتا فەلسەفەى سیاسى)، ئیبن سینا تەنیا لابەلا ناوی دەبات. ئەوە کە فارابى وەک خشتەی کۆنسێپتییانەی سەرجەم مۆدێلەکەی (واتا جیاکردنەوەى فەلسەفە و ئایین بە دەرئەنجاماندنە تیۆرى-زانستییەکانەوە) داینابوو، ئیبن سینا وەک بنەڕەتی سەرەکی وەریدەگرێت، سەربارى ئەوە زۆر جار لە ئەنجامدانى لێهزرینەکانیدا سەربەخۆ دەیگوازێتەوە. بە پێچەوانەشەوە ئەو پرسانە کە فارابى بەتایبەتى گرنگیى پێنەدابوون (ئۆنتۆلۆگى، تیۆلۆگى، پسیکۆلۆگى، بەتایبەتى تیۆریى دەروونى تاکەکەسى / خۆیى) لاى ئیبن سینا دێنە نێوەندى لێهزرینەوە. بەم شێوەیە فەلسەفەیەکى نوێ سەرهەڵدەدات و لە زۆر ڕووەوە ڕێگەى خۆى دەگرێتە بەر.
دەرچەی ئۆنتۆلۆگیى ئیبن سینا بریتییە لەم تێڕوانینە: شت بە بەڵگەوە هەیە، وەلێ ئەم ئۆنتۆلۆگییە لە ڕوون و ئاشکرایی (ئێڤیدێنسی) دەرککردنى دەرکەوەرەکانەوە ئاوەڵاناکات، وەک چۆن لاى هزرڤانانى پێشینى ئیسلامى باو بوو، بە پێچەوانەوە ئیبن سینا لە بناغەڕشتنى لێهزرینەکانیدا هەر لە سەرەتاوە پشت بە ئۆتۆنۆمیى زەین دەبەستێت. بۆ ئەو چە “بوون” و چە “شت” بریتین لە پریما ئینتەلیگێبلیا، واتا تێگەى ئاپریۆرین و هەموو زەینێکی سەلیم لە ساتى پێگەیشتوویی مرۆڤەوە هەیەتى (ئەو لە “زەین بە ڕیزبەندیی پێکهێنراوییەوە” دەدوێت). تەنیا چۆنێتیی (مۆدالێتیى) بوون ى تایبەت بە شتەکان جێى پرسیارە. ئایا پێویستە شتەکان هەبن؟ یان ئایا شتەکان دەتوانن هەبن؟ بە شێوەیەکی دیکە ببێژین: ئایا بوونى شتەکان، گەر بۆ خۆی بەدابڕاوی لێبڕوانرێت، زەروورییە یان تەنیا شیاوە (مومکینە / پۆتێنسیەلە)؟ – وەک چۆن ئیبن سینا بەگوێرەی مێتافیزیکى ئەڕیستۆتێلیس دەریدەبڕێت. سەبارەت بەمە سەرنجدان و ئەزموونەکانمان وەڵامێکمان دەدەنەوە: فێرمان دەکەن، سەرجەم ئەو شتانە کە ئێمە دەتوانین بە دەرکەوەرەکانمان دەرکیان بکەین، وەرگۆڕینیان بەسەردا دێت، بەڵێ زۆرتر لەوەش: هەر یەکێکیان دروست دەبێت، هەر یەکێکیان لەناودەچێت، کەواتە لێرەبوونیان (ئێکزیستێنسیان)، گەر بۆ خۆی بەدابڕاوی لێبڕوانرێت، تەنیا شیاوە. لێرەوە ئیدی پرسیار سەبارەت بە بناغەى بوونیان سەرهەڵدەدات و ئیبن سینا دەگەیەنێت بە لێهزرینەکەى دیکەى: بەڵگەهێنانەوە بۆ هەبوونى (ئێکزیستێنسی) خودا.
ئیبن سینا لەم گریمانەیەوە دەردەچێت: هەموو بوونەوەرێک کە بوونى لە خۆدا تەنیا شیاوە (= A)، دەبێت هۆیەکى هەبێت. ئەم هۆیە (= B) هەبوونی A زەروور دەکات، ئەویش کاتێک سەبارەت بە نا-هەبوونى شیمانەیی A (کەواتە هەروەها نا-هەبوونی لە خۆدا شیاوى ئەو) پتر کێش دەخاتە سەر هەبوونی. وەلێ هەمان پرسیار هەروەها B دەگرێتەوە: ئەو دەتوانێت، گەر بۆ خۆی بەدابڕاوی لێبڕوانرێت، بەزەروورى یان بەشیمانەیى هەبێت. لە ڕەوشی یەکەمدا بەڵگەهێنانەوەکەمان کۆتایى هاتووە، چونکە ئەوسا خودا، بونەوەرە-زەروورى، دەبینینەوە. لە ڕەوشى دووەمدا دەبێت گریمانە بکەین کە هۆیەکى دیکە (= C) هەیە و لە لایەنى خۆیەوە هەبوونى B دەخاتەوە و زەروور دەکات. لێرەش سەرلەنوێ هەمان پرسیار سەرهەڵدەداتەوە، بەڵێ، مرۆ دەتوانێت ئۆپەراسیۆنە هزرییەکە بە ئارەزووی خۆی چەندبارە بکاتەوە (بۆ D و E و هتد). تا ئەو کاتەی ئێمە تەنیا لە هۆی ئەوتۆ بدوێین کە بوونەکەی – گەر بۆ خۆی بەدابڕاوی لێبڕوانرێت – تەنیا شیاوە، ناتوانین بەڕاستی هەبوونی شتان ڕوونبکەینەوە. وەلێ بەڕاستی بوونەوەر هەیە، بۆیە هەروەها هۆیەک هەیە و بوونى– گەر بۆ خۆی بەدابڕاوی لێبڕوانرێت – سەرجەم شتە شیاوەکان زەروور دەکات. ئەو هۆیە دەبێت لە زنجیرەى هۆکان کە ئێمە تا ئێستا لێمان ڕوانیون، جیاواز بێت. ئاخر ئەو ناشێت لە هەبوونى خۆیدا بەندبێت بە شتێکى دیکەوە، بەڵکو دەبێت لە خۆیەوە هەبێت. بۆیە بوونەوەرە-زەروورى (واجیب ئەلوجود) هەیە کە هەموو شتێکى دیکە دەهێنێتە ئاراوە و بە زمانى ئایینى ناو دەنرێت خودا.
کەواتە لە ڕوانگەی ئیبن سیناوە بە ساغکردنەوەی هەبوونى شتێکەوە هەروەها گریمانەى هۆیەکى یەکەمین و بەزەروورى هەبوو و بەزەروورى کاریگەر گرێدراوە. ئاخر تەنیا گەر هۆیەکى بەو چەشنە لە بنەڕەتى بووندا بێت، ئیدی ڕووندەکرێتەوە کە شتە بەڕێکەوتەکان / شیمانەییەکان (کۆنتینگێنتەکان)، کە ئێمە لە جیهاندا دەرکیان دەکەین، بەگشتی هەن. وەلێ ئەم گریمانەیە سەرئەنجامێکى دیکەشى هەیە: گریمانەکە نەک تەنیا زەروورەى هەبوونى خودا لە خۆ دەگرێت، بەڵکو ئەو واتایەش دەگەیەنێت کە هەر شتێک لە لایەن ئەوەوە وەک ئەنجام بخرێتەوە، بەزەرووری بە هەبوونى ئەوەوە گرێدراو دەمێنێتەوە. کەواتە دەبێت شتەکان کە لە لایەن ئەوەوە دەهێنرێنە ئاراوە، هاوکات لەتەک ئەودا هەبن (چونکە ئەنجامى ڕاستینە لە هۆکەی جیاناکرێتەوە). وەلێ خودا لە ئەزەلەوە هەیە، چونکە ئەو، وەک ئێستا بینیمان، بوونەوەرە-زەروورەییە. کەواتە جیهانیش هەمیشە هەر لە ئارادا بووە (ئەزەلییە – و)، چونکە بوونى ئەو لە ئەزەلەوە لە لایەن خوداوە وەک ئەنجام خراوەتەوە.

ئیبن سینا بەهۆی ئەم دەرئەنجامەوە ڕەخنەى توندى ئاڕاستەکرا، ڕەخنەى ئەوەى لێگیرا کە دژبێژیى دەربڕینەکانى نێو قورئان دەکات و ڕێژەیەتی بە جیاوازییە بنەماییەکەى نێوان خودا و ئافرێنراو (مەخلوق) دەدات. وەلێ ئەمە بە هیچ شێوەیەک مەبەستى ئەو نەبوو، بەڵکو مەبەستی هزرینی ئەو کارکردن بوو لە جیاوازیی ئۆنتۆلۆگییانەی خودا و ئافرێنراودا تاکو تێگەییانە وردتر لەوەی پێشتر ئەنجامدرابوو دەریبخات. بە تێگەیشتنی ئیبن سینا خودا تاکە بوونەوەرێکە کە بەزەرووری هەیە. لە ڕەوشی ئەودا نابوون نەشیاوە، چونکە هەبوون وەک پێویست سەر بە کرۆکێتی (وەک بوونەوەرە-زەرووری). بە پێچەوانەشەوە مەسەلەکە پەیوەند بە سەرجەم بوونەوەرانی دیکەوە بە چەشنێکە کە ئەوان هەروەها شیمانەی نابوونیان هەیە. کەتواری هەبوونیان لەنێو ئەوان خۆیاندا نییە، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ هۆیەکی دەرەکی کە هەبوونیان زەروور دەکات. کەواتە جیاوازیی نێوان خودا و ئافرێنراوان جیاوازییەکی کاتەکی نییە (ئەزەلییەت بەرانبەر کاتەکێتی)، بەڵکو لەوەدایە کە ئافرێنراوان بە هەر شێوازێک بوونیان پێدەدرێت. لای خودا کرۆک و بوون، ئێسێنس و ئێکزیستێنس، یەکانگیرن، بە پێچەوانەشەوە لای سەرجەم بوونەوەرانی دیکە لە یەک جیابوونەتەوە، چونکە ئێمە سەبارەت بە شتێک کە داخۆ “چی” بێت یان بشێت “چی” بێت، ناتوانین دەربئەنجامێنین “کە” شتەکە بەڕاستی هەیە.
جگە لەوە ئەو جووتەتێگەیە نوێ نەبوو لەو واتایەدا کە هەروەک ئیبن سینا بۆ یەکەم جار هێنابێتییە نێوانەوە. کاتی خۆی ئەڕیستۆتێلیس لەوە ئاخڤی بوو کە ئێمە دەتوانین جیاوازی لە نێوان کرۆک و بوونی شتێکدا بکەین. وەلێ ئەم جیاوازیکردنە لای ئەو تەنیا دەستوێژێک بوو بۆ شرۆڤەکردنی هزری، جیاوازیکردنەکە دەستوێژێک بوو بۆ دابەشاندنی ئەدگارە جیاوازەکانی بابەتێک، ئەویش کاتێک ئێمە جارێک لەوە دەهزرێین کە داخۆ بابەتەکە چی بێت، جارێکی دیکەش لە هەبوونی خودی بابەتەکە. بە پێچەوانەشەوە ئەڕیستۆتێلیس ئەو جیاوازیکردنەی لە ڕووی ئۆنتۆلۆگییەوە بە نەشیاو دادەنا. ئاخر ئۆنتۆلۆگی، بەگوێرەی پێناسەکەی، خۆی بە بوونەوەرەوە خەریک دەکات، بوونەوەریش هەموو شتێکی بەرجەستە دەگرێتەوە، ئەوە بێگومان بە شێوازی خۆیی لێرەبوونی (ئێکزیستێنسی). بۆیە تاکە شتە بەرجەستەکان (ئەوانە کە ناودەنرێن “یەکەم گەوهەرەکان”) بۆ ئەڕیستۆتێلیس فۆرمی کرۆکی نین و ئیدی بشێت بهێنرێنە نێو بوونەوە، بە پێچەوانەوە، ئەدگاری سەرەکییان ئەوەیە کە ئەوان لەگۆڕێن (existieren) و “پێش” هەر ئەوەکەیەکی دی (تێگە، ڕێگەی مەئریفە و بەگوێرەی کات) بوونیان هەیە (sind).

ئیبن سینا ئەوها ناهزرێت. ئەم لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە لە بوونەوەر دەڕوانێت. بێگومان ئەمیش پێشمەرجێک دادەنێت: شتان هەن (بڕوانە سەرەوە)، وەلێ شتان بۆ ئەو بنەڕەتییانە لەگۆڕێ نین (کەواتە یەکەمین گەوهەرەکان نین لە مەغزایەکی ئەڕیستۆتێلیانەدا)، بەڵکو ئێنتیتێی (قەوارەی) بەڕێکەوتن و گەرەکە پرسیار لەبارەی بنەڕەتیان بکرێت. ئیبن سینا لە ڕەوتی خەریکبوونیدا بەم پرسیارەوە گۆڕان بە جیاوازیکردنێک دەدات کە ئەڕیستۆتێلیس نەیدەناسی. جیاوازیکردنەکە کاتێگۆریانە دوو کایەی بوون لەیەک جیادەکاتەوە: لە لایەک خودای بۆ خۆ هەبوو ی بەزەرووری-هەبوو کە کرۆکی هاوکات هەبوونیشی لە خۆ گرتووە، لە لایەکی دی ئافرێنراوە بەڕێکەوتە بەشیمانەیی-هەبووەکان، وەلێ کرۆک و لێرەبوون لای ئەم ئافرێنراوانە لە یەکدی جیادەبنەوە. بەمەش ئیبن سینا دیشۆتۆمییەکی (دووفاقییەکی) نوێی هێنایە نێوانەوە، بەڵێ بەگشتی گۆڕانی بە مێتافیزیکێکی نوێ دا. ئێستا ئەم مێتافیزیکە بەند نییە بەو پێشبینییانەوە کە ئەڕیستۆتێلیس (و نوێپلاتۆنییەکان) گۆڕانیان پێدابوون، بە پێچەوانەوە شرۆڤەی ترادیسیۆنیانەی بوون بەو ئاڕاستەکارییە کۆنسێپتییانەوە (بەتایبەتی هینی ئەزموونکردنی کۆنتینگێنس و دانانی خوداوە لە سەنتەردا) گرێ دەدات کە تیۆلۆگیی ئیسلامی فۆرمولەی کردبوون.
بەقەد ئەوەش دەنگدانەوەی مێتافیزیکی ئیبن سینا لە ناوچەی کولتوری ئیسلامی (و ئەوروپای لاتینی)دا لای فەیلەسوفان و تیۆلۆگان مەزن بوو. وەلێ کەمێک ئەوە لەبیرچۆتەوە کە هەر خودی ئیبن سینا هەروەها پاڵهێزی وروژێنەری گرنگی بۆ کەرتەکایەی دیکەی فەلسەفە هەبووە. ئەمە بەتایبەتی پرسیارەکانی پسیکۆلۆگی دەگرێتەوە. گەر دیدێک ئاڕاستەی لیستی کارەکان بکەین، دەبینین کە ئەو پرسیارانە ئەویان بەدرێژایی ژیانی خەریک کردبوو. ئەو بەردەوام سەرلەنوێ هەوڵی دەدا سەرنجی خوێنەرانی بەلای پرسی دەروونی ڕاسیۆنالدا ڕابکێشێت، چونکە بە دیدی ئەو سەرجەم پرسیارە بنەڕەتییەکانی بوونی مرۆڤ (شوناس، بنەڕەت و دوایەمین مەغزای ژیان) بە دەروونی ڕاسیۆنالەوە بەستراون.

ئیبن سینا لە پسیکۆلۆگیشدا جەخت لە پێشتریی هۆشەکێتی دەکات. چۆن ئۆنتۆلۆگییەکەی لە زانیارییە دەرکییەکانەوە دەرنەچوو، بەڵکو تێگەی ئاپریۆرییانەی وەک دەرچە دانا، بە هەمان شێوە دەروونناسییەکەی لەسەر بناغەی جەختییەکی زەینمەندانە (ئینتەلێکتوێل) بنیاتدەنێت نەک لەسەر بناغەی دەرککردنی دەرکەوەرەکان. ئەمە بەتایبەتی لە لێهزرینێکدا ڕووندەبێتەوە کە وەک ئەرگومێنتی “مرۆڤی فڕۆک” ناوبانگی دەرکردووە و لە “ئەلشیفا”دا، هەروەها لە تێکستی دیکەی جیاوازدا، دەبینرێت، وەلێ ئیبن سینا بەتایبەتی ڕۆشنتر وەک لە هەر جێیەکی دی لە “ئەلئیشارات وەلتەنبیهات”دا دایدەڕێژێت. لە جێیەکی گرنگی ئەم نووسینەدا هاتووە:
“بگەڕێرەوە بۆ لای خودی خۆت و لەوە بهزرێ … کە داخۆ بتوانیت نکۆڵی لە لێرەبوونت و خودت بکەیت. من مەبەستم لەوە نییە کە ئەمە تەنیا بۆ لێڕوانەرێکی ئاگامەند دەلوێت. تەنانەت نووستوویەک یان مەستبوویەک بە مەی هەرگیز کرۆکی / خودی (زاتی) خۆی لێ بزر نابێت، جا گەر تەنانەت لە زاکیرەیدا هەردەم دەروێنەیەکی ئەوی نەبێت. (هۆی ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ:) گەر تۆ پێشبینی بکەیت کە کرۆکت / خودت هەر لە سەرەتاوە بە زەینێکی سەلیم و پێکهاتەیەکی سەلیم (واتا تەواو پێگەیشتوو) چێبووە، (گەر تۆ هێشتا هەر پێشبینی بکەیت) کە خودت ئەوها سازاوە کە نەتوانێت بەشە (جەستەییە)کانی خۆی ببینێت و چوارپەلی بەر یەک نەکەون، بەڵکو جیاکراوە لە یەکدی و بۆ ساتێک لە هەوای واڵادا هەڵواسرابن، ئەوسا دەشێت بتوانیت تێبگەیت کە کرۆکت / خودت لە هیچ شتێک بەئاگا نییە – جگە لەوە کە ئەو لەگۆڕێیە (existiert)”.
ئیبن سینا پرسیارێک بەم لێهزرینەوە گرێ دەدات: ئایا ئێمە لە ڕاستیدا بە چی دەرکی خۆمان دەکەین؟ ئەوە هەڵبەتە نەک بە دەرکەوەرەکانمان، بە کردارێک، بەڕێی لەشەوە، ئەوە بە هیچ شێوەیەکیش بە دەستوێژێکی یاریدەدەری دەرەوەی کەسمان ڕوونادات، نەخێر، بەڵکو هێزێکی ناجەستەیی هەڵگری خودئاگاییمانە و ناوی دەنێین دەروون. ئەوە دەروونە کە بەسەر لەشماندا سەروەرە و دەیئاژوێت؛ ئەو لەنێو ئێمە خۆماندایە، هەروەها هەردەم یەکە. بەڵێ، وەک چۆن ئیبن سینا لە کۆتاییدا دەیخاتە پێش چاوانی خوێنەرانی، ئەو بە هیچ شێوەیەک لە ئێمە جیاناکرێتەوە، چونکە: “ئەو لە ڕاستیدا تۆیە”.
مەبەستی ئەرگومێنتەکە ڕۆشنە: دەیەوێت بەبەڵگەوە هەبوونی کرۆکێک / خودێک لە هەر مرۆڤێکدا بسەلمێنێت. ئەم خودە هەردەم لەگۆڕێیە، تەنانەت لەکاتی نووستن (ئەمە ترۆپکێکی تیژکراوەیە دژی تیۆلۆگەکانی ئیسلام) و هەروەها لە ڕەوشی مەستیدا، ئێمەش لە دابی دێرینەوە ناومانناوە “دەروون”. بێگومان چەند سەرئەنجامێکیش بە هێڵی سەرەکیی ئەرگومێنتەکە تێکەڵ دەبن، چونکە ئیبن سینا نایەوێت تەنیا بەبەڵگەوە بیسەلمێنێت کە ئێمە دەرووندارین، بەڵکو هەروەها دەیەوێت پێشانی بدات کە چۆن دەروون پێکهاتووە، لێرەشدا ئێمە ئەزموونی چەند تایبەتمەندییەکی تەواوکەری یەکدی دەکەین: یەکەم، دەروون ناجەستەییە (ئاخر سەلماندنی بەند نییە بە دەرککردنی دەرکەوەرێکەوە)؛ دووەم، دەروون سەربەخۆیە لە لەش (و بۆیە دەتوانێت دوای مەرگ بمێنێتەوە)؛ سێیەم، دەروون تاکەکەسییە (ئیندیڤیدوێلە)، چونکە نەک تەنیا لای هەر تاکە مرۆڤێک شیاوی سەلماندنە، بەڵکو هەروەها بریتییە لە خود و تاکەکەسێتیی ئەو.
بەمەش ئیدی پرسێک دەڕاستێنرێت: دەبێت سەرجەم هزرین لەبارەی مرۆڤ لە دەروونی ڕاسیۆنالەوە دەربچێت کە “سەرەتا”ی مرۆڤە، چونکە ئەمە کە مرۆڤ وەک کەس و سەبژێکتی هزرڤان بنیاتدەنێت؛ دەروونی ڕاسیۆنال هاوکات هەڵگری دوایەمین مەبەستی ژیانی مرۆڤە، چونکە کرۆکی ڕاستینە و لەناونەبری ئەوە. گەر مرۆڤ لە ڕەوتی ژیانیدا بۆی بلوێت دەروونی ڕاسیۆنالی خۆی بە یاریدەی مەئریفە کامیل بکات، ئیدی بەو ئامانجە دەگات کە بۆی دەستنیشانکراوە، ئەوسا ئیدی بە بەختیاریی ئەبەدی شاد دەبێت – وەک خەڵاتێکی شایستە بۆ ئەو کۆششە هۆشەکییانە کە ئەو تاکەکەسییانە ئەنجامی داون (نەک وەک ئەنجامی ژیان لە دەوڵەتێکی نموونەییدا، وەک چۆن فارابی گۆتبووی).
ئیبن سینا بە پەیڤی جەختلێکەر، پەیڤی تا ڕادەیەک بانگەوازدەر بۆ ڕامان و ئەزموونکردنی میستیکی، ڕێگەی دەروونی ڕووەو مەئریفە داڕشت (بەتایبەتی لە کۆتایی “ئەلئیشارات وەلتەنبیهات”دا). ئەمە بوو بە هۆیەک کە هەندێک ڕاڤەکاری مۆدێرن تانوتی نوێنەرایەتیکردنی دوو ڕێبازی لێبدەن: ڕێبازێکی ڕاسیۆنال کە بەگوێرەی فەلسەفەی ئەڕیستۆتێلیس ئاوەڵا دەبێت و لە “ئەلشیفا”دا دەگات بە ترۆپکی خۆی، ئەوجا ڕێبازێکی “باڵاتر”ی دانایی کە میستیک و نەزەری ڕاستەوخۆ ئیلهامیان پێبەخشیوە؛ ئەمیان، پەیوەندکراو بە نووسینێکی سەردەمی درەنگترییەوە (بە ناونیشانی خۆرهەڵاتییەکان کە بەشی هەرە زۆری بزر بووە) وەک “فەلسەفەی خۆرهەڵاتی / مەشریق” دیاری دەکرێت. وەلێ ئەمڕۆ دەتوانین ببێژین کە ئەم جۆرە ڕاڤەکردنە بەسەرچووە. ئاخر هیچ نیشانەیەک بۆ ئەوە لەگۆڕێ نییە کە ئیبن سینا لە هیچ کاتێکدا لە چێوەی ئەو جۆرەی ئەرگومێنتهێنانەوە دەرچووبێت کە ئاوەزمەندانە شیاوی لێتێگەیشتنە. بە پێچەوانەوە ئەوە ڕاستە کە ئیبن سینا لەو شیمانانە توێژییەوە کە ئەم چێوەیە دەیانخاتە بەردەم، ئەمەش بەو ڕاستییە خویا دەبێت کە ئەو لە کارەکانیدا نەک تەنیا بە شێوەی جیاوازی داڕشتن کاری دەکرد (بەڵگەهێنانەوەی سیلۆگیستی، “ئیشارات”، “وەبیرهێنانەوە”، ئاللێگۆری و هتد)، بەڵکو ئەمە هەروەها بە ڕێبازی مەئریفەکەی خودی ئیبن سینا ڕووندەبێتەوە، کە هاوفۆرمییانە بنیاتی نەناوە، بەڵکو ڕێ بە شێوازی جیای ڕاسیۆنالێتی دەدات.

یەکێکی شێوازەکان بەو ڕێگەیەی مەئریفە دەگونجێت کە ئێمە لەم نێوانەدا لە ڕێبازی ترادیسیۆنیانەی زەینەوە دەیناسین. ئیبن سینا لێرەدا لەسەر ئاڕاستەکارییەکانی کندی و فارابی دەڕوات (…)، چونکە ئەمیش هاوشێوەی ئەوان چوار پلەی تێگەیشتن وەردەگرێت، هێندە نەبێت کە جیاواز لە ئەوان ڕاڤەیان دەکات. دەبێت بەگوێرەی دابەشاندنەکەی ئیبن سینا ئەم چوار قۆناغەی پرۆسەی مەئریفە جیابکەینەوە: زەینی شیمانەیی / هێزەکی، واتا توانستی پەتیی مرۆڤ (هەروەها زارۆکیش) بۆ هزرین کە جارێ گۆڕانی نەبینیوە؛ زەین بە ڕیزبەندیی پێکهێنراوییەوە کە لە پریما ئینتێلیگیبلیا، واتا لە تێگە “ئاپریۆری”یەکان” (بوون، شت، شیمانە، زەروورە و هتد) و هەروەها لە پرنسیپە بەڵگەنەویستەکان (یاسای سێیەم بەدەرکەر و هتد) بەئاگا هاتووە؛ زەینی کردەکی (ئەکتوێل) کە هەروەها لە سێکوندا ئینتێلیگیبلیا (تێگە لێکدراوەکان، بەڵگە و هتد) تێگەیشتووە؛ ئەوجا زەینی بەدیهێنراو کە تێیدا دەروونی ڕاسیۆنال خۆی وەک هزرکەری کردەکی و بەتەواوەتی زانەر ڕیالیزە دەکات. بەمەش هەر چوار پلەکە (نەک سێ پلە وەک لای کندی و فارابی) دەدرێنە پاڵ ڕێگەی مەئریفەی تاکە مرۆڤ. بە پێچەوانەوە زەینی چالاک کە ئیبن سیناش گەردوونییانە ڕاڤەی دەکات، لای ئەو لە ڕیزی قۆناغەکانی مەئریفەدا نییە، بەڵکو وەک لایەنی پێنجەم (یان پرنسیپی ڕێبەر) بەرانبەریان دایدەنێت.
بێگومان ئیبن سینا هەروەها ئاشنای شێوەیەکی دیکەی ناسینە و ناوی دەنێت ئینتوئیتسیۆن (حەدەس). ئەمە هەندێک جار تێڕوانینێکی ئەوتۆی لەتەک خۆیدا هێناوە کە هەروەک مەبەستی ئەو لەم شێوەیەی ناسین نەزەری نا-ڕاسیۆنال و میستیکی بێت، کەچی ئەوەی ڕاستی بێت باڵاترین فۆرمی ڕاسیۆنالێتییە، ئەویش چونکە ئیبن سینا کۆنسێپتەکەی لەسەر تێگەی ژیریی ئەڕیستۆتێلیس (بە گریکی: ئانخینۆیا، بە ئەرەبی: زەکائ) بنیات دەنێت. ئەو لەم تێگەیەوە گۆڕان بە تێگەیشتنێک لەبارەی ناسین دەدات کە ڕۆشنتر توانستە ڕاسیۆنالەکان دەردەخات. کێ حەدەسی هەبێت، ئەو کەسە بەسانایی لە سەرجەم تێگەکان و سەرجەم پەیوەندییەکانی سەلماندن (بەتایبەتی لە نێوانەتێگەی سیلۆگزمێک) تێدەگات. ئەو کەسە خۆی بە هیچ شێوەیەک لەو ئۆپەراسیۆنە لۆگیکییانە لانادات کە ئێمە لە “ئۆرگانۆن” و ڕاڤەکردنەکانییەوە دەیانناسین، بەڵکو خێراتر لەوە کە باوە بەنێویاندا ڕەتدەبێت. بەڕاستیش ئیبن سینا ڕوونی دەکاتەوە، هەمیشە سەرلەنوێ مرۆڤان هەن کە تێڕوانینەکانیان زۆر لە زانینی مامۆستایان و هاوچەرخانیان تێدەپەڕن. ژمارەیەکی زۆر لە فەیلەسوفانی ڕابردوو سەر بەو کەسانە بوون، پێش هەموویان ئەڕیستۆتێلیس، بەبێ گومان ئەو خۆیشی، وەک چۆن لە هەندێک جێی ئۆتۆبیۆگرافییەکەیدا دەردەکەوێت.

جگە لەوە کۆنسێپتی حەدەس دەرفەتی جیاکارییەکی دیکە بۆ ئیبن سینا دەڕەخسێنێت. ئەمیان پەیامهێنی (پێغەمبەرێتی) دەگرێتەوە کە لە جڤاکی ئیسلامیدا هەروەها وەک ڕێگەی مەئریفە ناسێنرابوو، بۆیە دەبوو لە تیۆرییەکی مەئریفەدا کە نیازی بەهەندوەرگرتنی سەرجەم شێوەکانی زانینی هەبێت، ئاوڕ لە ئەمیش بدرێتەوە. فارابی ئەم پرسەی بەوە ڕوونکردبۆوە کە پەیامهێنان توانستێکی زۆر تایبەت بەهێزی پێشبینیکردنیان هەیە، ئەمەش دەرفەتی بۆ ڕەخساندوون کە سروش (واتا وێنە و هێما) لە زەینی چالاکەوە وەربگرن و بیگەیەنن بە لایەنگرانیان. بێگومان ئەم ڕوونکردنەوەیە لەنێو چێوەی کۆنسێپتی ئاییندا لای فارابی (…) لۆگیکی بوو، وەلێ هاوکات نیشانەی ئەوەش بوو کە فارابی ڕێزێکی تایبەتی لە پەیامهێنان نەدەنا، بۆیە کاریگەری و توانستی نەزەری ئەوانی لەسەر ئاستی توانستی پێشبینیکردن سنووردار کرد. لەبەر ئەم هۆیە ئیبن سینا هەنگاوی نا تاکو پەرە بە تێگەیشتن لە پەیامهێنی بدات، لێرەشدا گۆڕانکارییەکی گرنگی کۆنسێپتییانەی ئەنجام دا کە بریتی بوو لە وەرگرتنی دوو ئاستی پەیامهێنی. یەکێکیان بەو توانستە دەگونجێت کە فارابی دایڕشتبوو. کەواتە لێرەش سەرلەنوێ مەبەست لە شکۆفەی تایبەتی توانستی پێشبینیکردنە کە توانا بە پەیامهێنان دەدات وێنە و هێما لە زەینی چالاک وەربگرن. ئاستەکەی دیکە بە پێچەوانەوە ڕاسیۆنالە. ئاخر بە دیدی ئیبن سینا زەینی پەیامهێنیش (واتا دەروونە ڕاسیۆنالەکەی) لە پەیوەندیدایە بە زەینی چالاکەوە وەک ڕێبەری سەرجەم پرۆسە هۆشەکییەکان. بۆیە پەیامهێن نەک تەنیا لە شێوەی هێما و دەروێنەی بەشەکیدا ڕاستی دەناسێت، بەڵکو هەروەها وەک پاشهاتی دەرئەنجامگیری و سەلماندن کە چواندنی گشتگیریان هەیە، کەواتە لەو شێوە بورهانییەدا (دێمۆنستراتیڤەدا) کە فەیلەسوفەکان بایەخی پێدەدەن. بێگومان پێویست نییە کە پەیامهێن زۆر تێبکۆشێت بۆ ئەوەی فێری هەر ئەرگومێنتێک و یەک بە یەکی سیلۆگیزمەکان ببێت تاکو ئیدی لە ڕاستی تێبگات؛ ئەوە پێویست نییە چونکە پەیامهێن خاوەنی حەدەسە، بۆیە -هاوشێوەی مامۆستایانی نێو فەیلەسوفان – هەر لە یەکەم تێگەیشتندا پەی بەوە دەبات کە گۆتەیەک لە چە پەیوەندییەکی لۆگیکیدایە.
نموونە زۆر بەجوانی پێشانی دەدات کە چۆن ئیبن سینا لەو چاوەڕوانییە جیاواز و دەستپێکە هزرییە (ئایینی و تیۆلۆگی و فەلسەفەییانە) دەدوێت کە ڕووبەڕووی بووبوونەوە، لێرەشدا ناخزێتە ڕاڕاییەوە لە نێوانیاندا و وەک ئەلتەرناتیڤی هاوبەها لێیان ناڕوانێت. هەمیشە فەلسەفە چێوەی کۆنسێپتییانەی ئەو دەمێنێتەوە. وەلێ ئەم فەلسەفەیە، لە ڕووی کایەی بابەت و ئاگایی کێشەکانەوە بەربژێر نییە، بەڵکو کراوەیە بۆ خواستە ئاینی و پرسیارکردنە تیۆلۆگییەکان. ئەمە دەشێت – جگە لە پەیامهێنی – بە ڕیزێک پرسی دیکە بسەلمێنرێت (نوێژ، خەون و هتد). وەلێ پێدەچێت ئەم پرسە ئاشکراترین بێت، گەر بڕوانین کە چۆن هەڵوێستەکە سەرکەوتووانە لە مامەڵەکردن لەتەک قورئاندا بەجێدەگەیەنرێت.
نموونەیەکی جوان بۆ ئەم مامەڵەکردنە بریتییە لە جۆری تەئویلکردنی سورەتی 24 (ئەلنور – و)، ئایەتی 35، لە لایەن ئیبن سیناوە. لەو ئایەتەدا دەگۆترێت: “ئەڵڵا نوری ئاسمانەکان و زەمینە، نوری ئەو هاوشێوەی تاقێکە چرای تێدا داگیرسێنرابێت، چراکە لە گڵاسێکی شووشەییدا بێت، گڵاسەکە هێندە درەوشاوە بێت هەروەک ئەستێرەیەکی تروسکەدار بێت، (چراکە بە زەیتی) دارزەیتونێکی پیرۆز داگیرسابێت کە نە خۆرهەڵاتی و نە خۆرئاواییە، و زەیتەکەی نزیکەی ڕووناکی دەخاتەوە بەبێ ئەوەی هەرگیز ئاگری بەرکەوتبێت – نور لەسەر نور…”(1).
ئەم ئایەتە بە درێژایی کات چەندین جار تەئویلکراوە، لێرەشدا هیچ هۆشسووڕهێنەر نییە کە لە نێویاندا ڕیزێک تەئویلی میستیکی یان غەیبانی هەیە. وەلێ ئایەتەکە بۆ ئیبن سینا (بەگوێرەی “ئەلتەئشیرات وەلتەنبیهات”) “ئاماژەیەکە” بۆ ڕاسیۆنالێتیی ئێمە: ئەو – بە ئاللێگۆری – ئەدگاری تایبەتی مەئریفەمان دادەڕێژێت. ئاخر بە دیدی ئیبن سینا هەر بابەتێکی ناوبراوی نێو تێکستەکەی قورئان دەتوانێت توخمێکی گرنگی تیۆریی مەئریفەکەی ئەو دیاری بکات: “نور” هێمای مەئریفەیە، “ئاگر”ەکە هێمای زەینی چالاکە، “چرا”ی نێو “تاق”ەکە کە تێیدا ڕوناکی دەخرێتەوە، هێمایە بۆ زەینی شیمانەیی تاکە مرۆڤ؛ بۆ ئەوەی زەینی شیمانەیی دابگیرسێت، پێویستی بە زەیت یان بە “دارزەیت”ە و بەمەش مەبەست لە لێهزرینی ئێمەیە. ئەوجا “زەیت”ێکی دیکە لەوێدایە کە “نزیکەی ڕوناکی دەخاتەوە بەبێ ئەوەی هەرگیز ئاگری بەرکەوتبێت”. ئەمیان هیچی دیکە نییە جگە لە ئینتوئیتسیۆن / حەدەس. وەلێ ئەمە بە بڕوای ئیبن سینا – وەک چۆن ئێستا دەزانین – تەنیا مۆرکی فەیلەسوفە بەواتاکان نییە، بەڵکو هاوکات مۆرکی پەیامهێنانیشە.
————————————-

تێبینیی وەرگێڕ:
(1) بۆ وەرگێڕانی ئەم ئایەتە سوودم لە وەرگێڕانەکەی هەژار موکریانی وەرگرتووە.

گلۆسار
ئاللێگۆری: واژەیەکی گریکییە بەواتای “زمانی ڕووپۆشراو”، لەبەر ئەوەی وێنەییانە دادەڕێژێت، ئەوا هاوشێوەیی لە خوازە / مێتافۆر هەیە، وەلێ تایبەتمەندییەکەی بەتایبەتی بە بەراورد لەتەک سیمبۆلدا ڕووندەبێتەوە. سیمبۆل تەنیا یەک ئەدگاری هەیە: تایبەتێتی دەکات بە گشتێتی (“دڵ” بریتییە لە هێمای “خۆشەویستی”). ئاللێگۆری بە پێچەوانەوە داڕشتنی وێنەیی تێگەیەکی ئەبستراکتە، کەواتە گشتێتی دەکات بە تایبەتێتی و بەزۆریش بە کەساندن دایدەڕێژێت، کە دەشێت لە نێویدا چەند سیمبۆلێک هەبن و تەئویل بکرێن؛ بۆ نموونە لە شێوەسازیدا تێگەی یان گشتێتیی “مەرگ” دەکرێت بە پەیکەرێکی ئێسکی کە داسێکی بەدەستەوە گرتووە.
ئاپریۆری: تێگەیەکی تایبەتیی کانتە لە “ڕەخنەی ئاوەزی پەتی”دا، بە واتای: پێشئەزموونی بە پێچەوانەی ئاپۆستەریۆری = پاشئەزموونی. لەم ڕوانگەیەوە ئێمە دەشێت لە لایەک تەنیا بەڕێی زەینی پەتییەوە مەئریفەمان هەبێت بەبێ ئەوەی دەرکەوەرەکانمان بناغەی بن، وەلێ لە لایەکی دیکەوە دەشێت مەئریفەمان دوای دەرککردن بێتە ئاراوە.
بەڕێکەوت: شیمانەیی. بڕوانە “کۆنتێنگێنت” لە خوارەوە.
بەشەکی (پارتیکولار): تەنیا بەشێکی یان ڕوویەکی شتێک دەگرێتەوە. “زەیندەوەر” گشتگیرە، “کۆتر” تەنیا کەرتێکە لەنێو زیندەوەراندا.
دەرکەوەر: بەگوێرەی “زاراوەسازیی پێوانە”ی مەسعود محەمەد سازێنراوە وەک تێگەیەک بۆ “سێنس”ی لاتینی کە ئۆرگانییە (هەست نییە!!)، وەک: دەرکەوەری بینین، بیستن، بۆنکردن، چێژتن، گرتن.
ئێکزیستێنس: لێرەبوون (Dasein)ی شتێک بەبێ ئەوەی جارێ بەوردی دیاریکرابێت.
ئێسێنس: (بەتایبەتی لە ئۆنتۆلۆگیدا) بریتییە لە کرۆکی، سروشتی ناخەکی یان ئەوها-بوونی شتێک.
ئەدەبیاتی لاوەکی: ئەو نووسینانەن کە بۆ نموونە لە فەلسەفەدا وەک توێژینەوە لەبارەی فەیلەسوفێکی بەواتا نووسراون. لێرەدا کارەکانی ئەو فەیلەسەفە دەبن بە ئەدەبیاتی سەرەکی.
ئەزموونکردنی بەڕێکەوت: ئەزموونکردنی شیمانەیی نەک زەرووری. مەبەست لە ئەزموونکردنی شتەکان یان قەوارەکانە کە هەبوونیان یان نا-هەبوونیان نە زەروورییە و نە نەشیاوە (مەحاڵە).
فەلسەفەی خۆرهەڵاتی (مەشریق): فەیلەسوفەکانی بۆ نموونە بریتین لە کندی، ڕازی، ئیخوان ئەلسەفا، فارابی، ئیبن سینا، بە پێچەوانەی فەلسەفەی خۆرئاواییەوە (مەغریبەوە) کە بۆ نموونە فەیلەسوفەکانی بریتین لە ئیبن باجە، ئیبن توفەیل، ئیبن ڕوشد.
گەوهەر (زوبستانس): ئەوەکەیەک کە بۆ لێرەبوونی خۆی پێویستی بە لێرەبوونی ئەوەکانی دی نەبێت، بەڵکو خۆی بناغەی خۆی بێت.
گۆتە: لە لۆگیکی ئەڕیستۆتێلیسدا (هەروەها ناودەنرێت پرنسیپی دوو-بەهایی ئەڕیستۆتێلیس) بریتییە لە پێکهاتەیەکی زمانییانە (ڕستە / دەربڕین) و پەیوەند پێوەی باش دەبێت کە لەبارەی بپرسرێت داخۆ ڕاست یان هەڵە بێت، کەواتە داخۆ لەبارەوەگۆتراو بگرێتەوە یان نەگرێتەوە.
هەڤرایەڵی (کۆنتێکست): مەبەست لە هەڤ-پەیوەستبوونێکە کە بابەتێک / ڕەوشێک / فێنۆمێنێک خۆی تێدا دەبینێتەوە و گەرەکە لە نێویدا بەهەند وەربگیرێت. بۆ نموونە: “ئەز دەڕۆم بۆ دوکان”، یان: “ئەز لە دوکانی باوکم خەریکی فرۆشیاریم”. بەم دوو ڕستەیە دەشێت دەربخرێت کە بە وشەی “دوکان” مەبەست لە چییە، ئایا مەبەست لە “شارۆچکە” یان “فرۆشگە”یەکە.
هزرپێگەیشتوو: (بە ئەڵمانی gebildet)، واتا کەسێتییەک کە بە خوێندنەوە، توێژینە و خۆپێگەیاندن بووە بە خاوەنی هۆشێکی پێگەیشتوو، کە دەشێت “ڕۆشنبیر” بێت (گەر خۆی لە گۆشەنیگای ڕۆشناییەوە پێگەیاندبێت)، وەلێ دەشێت “تاریکبیر” (بۆ نموونە فەیلەسوفێکی ڕەشبین) بێت.
ئینتوئیتسیۆن (حەدەس): ناسینی یان لێڕوانینی ڕوون و ئاشکرا وەلێ کتوپڕ و ڕاستەوخۆی ڕەوشێک یان بابەتێک، ڕاستەوخۆییەکەش نیشانەی ئەوەیە کە ناسینەکە/لێڕوانینەکە بە هزرین یان پەرچاندن بەدینەهێنراوە، واتا نا-دیسکورزیڤە.
کۆنسێپت: مۆدێل، بەرنامەی پوختی مۆدێلێک یان تیۆرییەک.
کۆنتینگێنت (ئاوەڵناوە)، ناوەکەی بریتییە لە: کۆنتینگێنتس، بە لاتینی “کۆنتینگێنتسیا”، واتا “ئەوە کە ڕوودەدات” یان “ڕێکەوت”. ڕوودان شیمانەییە، بەڕێکەوتە، کەواتە دەشێت شتێک ڕووبدات یان ڕوونەدات، بە پێچەوانەی ڕوودانی زەروورییەوە
میستیک: پڕنهێنی. جیهانبینییەکی ئایینییە کە تێیدا کەس کۆشش دەکات بۆ ئەوەی بە ڕامان و زوهد لەتەک خوددا یەکانگیر ببێت، بۆ نموونە لە تەسەوفی ئیسلامیدا.
ئۆنتۆلۆگی: جۆرێکی فەلسەفاندنە کە لە بارەی بوونی بوونەوەرەکان دەپرسێت.
ئۆرگانۆن: ناونیشانی نووسینە لۆگیکییەکانی ئەڕیستۆتێلیسە.
پرنسیپی بەڵگەنەویست (ئەکسیۆم): بنەڕەتێک کە بەڕەهایی وەک ڕاست ناسێنراوە، یان ڕاستییەک کە پێویستی بە سەلماندن، بەڵگەبۆهێنانەوە، نییە، هاوکات گۆزارە نییە و لۆگیکییانە دەرئەنجامێنرابێت. بۆ نموونە لە ئەندازەدا: لە نێوان دوو پنتدا تەنیا دەشێت ڕاستەهێڵێک هەبێت.
پریما ئینتەلیگێبلیا: ئینتێلیگیبل وەک ئاوەڵناو ئەوەیە کە تەنیا هۆشەکییانە بە زەین دیاریدەکرێت، کەواتە ئێمە ناتوانین بە دەرکەوەرەکانمان دەرکی بکەین، وەک قەوارە هۆشەکییەکانی “بوون”، “شت”، یان “ئیدێ”.
ئێنتیتێ (قەوارە): واتا هەبوو، لەگۆڕێبووی بەرجەستە، وەلێ هەروەها کرۆکێکی هۆشەکیش. مەبەست لە یەک تاکە بوونەوەرە، بۆ نموونە کەسێک، بابەتێک، ڕووداوێک.
سیلۆگیزم: پێوەرناسی (عیلم ئەلقیاس)، کە ئەڕیستۆتێلیس گۆڕانی پێدا و کلاسیکییانە (واتا کۆن-نەبوو) چەسپاندی. گەر ئێمە دوو پێشدانراومان / پرێمیسمان وەک سەرڕستە و ژێرڕستە هەبێت و هەردووکیان خاوەنی نێوانەتێگەیەک بن، ئەوا دەتوانین لێوەیان دەربئەنجامێنین. سەرڕستە: سۆکرات مرۆڤە؛ ژێرڕستە: مرۆڤ بمرە؛ دەرئەنجام: سۆکرات بمرە. لە سەرڕستەدا سۆکرات بکەرە / سەبژێکتە، مرۆڤ دراوەپاڵە / پرێدیکاتە؛ لە ژێرڕستەدا مرۆڤ بکەرە، بمر دراوەپاڵە. مرۆڤ لە سەرڕستە و ژێرڕستەدا نێوانەتێگەیە.
تێگە: (بە ئەرەبی “مەفهوم”، بە ئەڵمانی “بێگریف / Begriff”. ئەم واژەیە دەگەڕێتەوە بۆ جەمال نەبەز، ئەز لەبریی واژەی هەڵبەستڤانییانەی “چەمک” بەکاریدەهێنم کە بەهۆی نادیاریی کرۆکییەوە نازانرێت چی دەگەیەنێت، بۆیە بەزۆریی خواوەکیلی یان ڕەوانبێژییانە بەکاردەهێنرێت.
خشتەی کۆنسێپتی (konzeptueller Rahmen): مەبەست لە بونیادێکی بەخشتەکراوە کە وەک زەمینەی توێژینەوە لە ڕەوشە یان لە فێنۆمێنە ئاڵۆزەکان دادەنرێت.
یاسای سێیەم بەدەرکەر: یەکێکە لە یاساکانی لۆگیکی ئەڕیستۆتێلیس کە دەبێژێت: لە نێوان بوون و نابوونی شتێکدا سێیەمێک ناشێت. شتێک یان هەیە یاخود نییە. گۆتەیەک تەنیا بۆ خۆی و پێچەوانەکەی چواندنی هەیە، چواندنی سێیەمێک نەشیاوە. بۆ نموونە: هەموو شتێک (گەردوون) دەبێت هەبێت یان نەبێت، یان: “گەردوون ئەزەلییە”، “گەردوون ئافرێنراوە”، سێیەمێک لە نێوان ئەم دووانەدا نییە.
زەین: هێزی هزرین
زەینی چالاک: ئەم تێگەیەی ئەڕیستۆتێلیس کە تا ئێستا لە داڕشتنی هزری هەندێک فەیلەسوفی ئیسلامیدا بەردەوام ئاماژەی پێدەدرێتەوە، ڕوونکردنەوەی وردتری بۆ پتر لێتێگەیشتن گەرەکە.
ئێمە لای ئەڕیستۆتێلیس دوو جۆر زەینمان هەیە و بریتین لە زەینی ناچالاک و چالاک، ئەم تێڕوانینەش بەندە بە جیاوازیکردنی نێوان “کەرەسە” و “فۆرم”ەوە. کەرەسە شیمانەییە، پۆتێنسیەلە، وەلێ فۆرم کردەکییە، ئەکتوێلە، و ئەڕیسۆتێلیس ناوی دەنێت “ئێنێرجێیا”. هەردووکیان گەوهەرن (زوبستانسن). یەکەمیان لە تاکەکاندا دەردەکەوێت، بۆ نموونە یەک تاکى مرۆڤ، درەختێک، وەلێ دووەمیان (فۆرم) گشتییە و جۆر و ڕەگەزى یەکەم گەوهەر دیارى دەکات، بۆ نموونە: مرۆڤ، زیندەوەر. کەواتە گشتێتی / فۆرم لە تاکە شتەکان سەربەخۆ نییە، چونکە لە نێوان تاکێتی و گشتێتیدا، کەرەسە و فۆرمدا، پەیوەندییەکی هۆئەنجامی (تێلیۆلۆگیانە) هەیە. لێرەدا دەرککردن دەستپێکی پرۆسەی مەئریفەیە.

سەرەتا دەرککردن فۆرمێک بە هۆش دەناسێنێت کە لەنێو شتێکى جیهانى ماتەریدایە. ئێمە لێرەدا گشتێتییەکى سەرەتاییمان لەنێو هۆشدا هەیە و ئەڕیستۆتێلیس ناوى دەنێت “فۆرمى دەرکی”. ئەوجا گەر ڕیزێک پێشبینیى هاوجۆر لەنێو یادوەریماندا کۆببنەوە، ئەوسا لێوەیان پێشبینیى دیکە دەسازێنین و گشتێتییەکەیان بەرزترە لە گشتێتیی پێشبینییە دەرکییەکان. بۆ نموونە سەرەتا پێشبینیى ئاژەڵێکى تایبەتیمان هەیە کە ئەسپێکە. ئەم پێشبینییە بریتییە لە گشتێتییەک. گەر پاشان کۆمەڵێک پێشبینیى دیکەى لەم جۆرە کۆ ببنەوە، بۆ نموونە پێشبینیى ئەسپ، کەر، شێر، گورگ و هتد، ئیدی بەڕێی کارایی زەینەوە دەگەین بە پێشبینیى ئاژەڵ کە ئاستێکی باڵاى گشتێتیی هەیە. ئەڕیستۆتێلیس ئەم پێشبینییە ناو دەنێت “تایبەتمەندیى زەینى”، وەلێ جارێ لە ناوەرۆکدا پێشبینییەکی دەرکییە و لەنێو دەروونى نزمى بمردایە. ئەمە بریتییە لە زەینی ناچالاک کە پاشان زەینى چالاک (نووس) دەستى بەسەردا دەگرێت و لێوەى کرۆکی تێگەیى (ئیدیەل) دەردەکێشێت. کەواتە کرۆکی تێگەیی بەشیمانەیی (پۆتێنسیەل / هێزەکییانە) لەنێو پێشبینییەکاندایە و زەینی چالاک دەیکات بە کردەکی (ئەکتوالیزەی دەکات). گەرچی زەینی چالاک بەبێ پێشبینییەکان ناهزرێت، وەلێ خۆی پرنسیپێکى ئافرێنەرە و بەبێ کاریگەریى پێشبینییە ماتەرییەکان گۆڕان بە تێگەکان دەدات، چونکە هیچ شتێک پێی تێکەڵ نەبووە، بەڵکو سەربەخۆیە. لەبەر ئەم هۆیە ئەڕیستۆتێلیس بە ئەزەلى و نەمری دادەنێت.




کوندێرا و سووکیی بوون.. ئەحمەد ڕەسوڵ

ڕۆماننووس لە پشتی کاراکتەرانی ڕۆمانەکەیەوە خۆی حەشاردەدات. “گۆستاڤ فلۆبێر- ڕۆماننووسی گەورەی فەڕەنسیی، نووسەری ڕۆمانی بەنێوبانگی مادام بۆڤاری”
ژیانی کاراکتەرانی ڕۆمان، ئەگەری هێشتا بەدینەهاتووی ژیانی ڕۆماننووسن.” میلان کوندێرا”

لەسەر ڕێزنەگرتنی تەواوی بۆ شەممەی پیرۆز، سەرزەنشتیان کرد. شەممەی پیرۆزیان بۆ مرۆڤ دروستکردووە نەوەکو مرۆڤ بۆ شەممەی پیرۆز. “ڕۆمانی ئاهەنگی ماڵئاوایی”
هیچ شتێک لەوە ناخۆشتر و غەمهێنەرتر نییە کە شەو بێدار دەبیتەوە و دەبینیت کەسێک لە تەنیشتت بە ئەوپەڕی بێباکییەوە خەوتووە. “تۆماس، پاڵەوانی ڕۆمانی سووکەڵەیی لە تاقەت بەدەری بوون”

ڕۆمانی “سووکەڵەیی لەتاقەت بەدەری بوون”

تاۆتالیتاریانیزم، نادڵنیاییەکی بەردەوام
تۆتالیتاریانیزم لە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانیدا ئەوەیە کە بە دیوێکدا جۆرێک لە ژیان زاڵ دەکات بەسەر مرۆڤەکاندا لە فەزای گشتییدا کە هەمیشە هەست بە نادڵنیایی بکەن و ئەمەش نائارامیی و ترس لە ژیانیاندا دەکاتە دۆخێکی بەردەوام. لە ڕاستییدا مرۆڤەکان بۆیە لە نادڵنیایی بەردەوامدان چونکە بەردەوام دەیانەوێت دڵنیایی لە پەیوەند بە دەوڵەتەوە بەدەستبهێنن، واتا بەردەوام دەیانەوێت دڵنیا بن لەوەی دەوڵەت هیچ گومانێکی لێیان نییە، نەوەکو گومانی لێیان نەبێت، بەڵکو دەیانەوێت لەوە دڵنیا بن کە دەوڵەت لە دڵسۆزیی و ڕاستگۆیی ئەوان لە ئاست دەوڵەتدا دڵنیایە، کە دەوڵەت، تەنها کۆمەڵێک دەزگا نییە، بەڵکو هەر کەسێکە، کەسێک ئەگەر بیناسیت و نەیناسیت، کەسێک تەنانەت ئەگەر منداڵێکیش بێت کە لە ڕاڕەوی باڵاخانەکەتدا کە تیایدا نیشتەجێی ڕێکەوتی بکەیت، یان تەنانەت ئەو بێدەنگیی و تەنیاییەی لە ژوورێکی ئاپارتمانەکەتدا دەروی داویت هەندێجار هێندەی دڵسۆزانە نوێنەرایەتیی دەسەڵات و دەزگا و سەرۆکەکانی دەکات هێندە ڕەنگدانەوەی تاینەتمەندیی ژیانی خۆت و خواست و بیرکردنەوە و ئارەزووەکانی خۆت نییە. لە کورتیدا دەوڵەت لە هەموو شوێنێک و هەموو کاتێک و هەر کەسێکە.
تۆماس، پزیشکێکە، لە کۆمەڵگایەکدا دەژی کە تێیدا دەسەڵاتدارێتییەکی تۆتالیتار پایەدارە و ڕۆچووەتە هەموو کونج و کەلەبەرێکی نەوەکو فەزای گشتیی و دەزگا دەوڵەتییەکانەوە بەڵکو ژیانی تایبەتیی مرۆڤەکانیشەوە. تۆماس دوای ئەوەی هاوسەرگیریی کردووە تێدەگات، کە جۆری کەسێتیی ئەو بۆ هاوسەرگیریی و ژیانێکی پابەند و سۆزدارانەی هەمیشەییی نابێت، بۆیە لە هاوسەرەکەی جیادەبێتەوە. لە ڕاستییدا تۆماس ئارەزووی ژیانێکی ناپابەند دەکات و دەیەوێت ژیانێکی زۆر تایبەتیی هەبێت بە پێچەوانەی شێوە ژیانی داسەپێنراوی کۆمەڵگاکەیەوە کە هیچ نهێنییەک و گۆشەیەکی نادیاری لە ژیانی تاکەکەسەکاندا نەهێشتووەتەوە.

تۆماس، تاکگەرا و ناپابەند
تۆماس دەڵێت: هیچ شتێک لەوە ناخۆشتر و غەمهێنەرتر نییە کە شەو بێدار دەبیتەوە و دەبینیت کەسێک لە تەنیشتت بە ئەوپەڕی بێباکیی خەوتووە. یان ئەوەی کاتێک سەرتناوە بەسەر کتێبێکەوە و بۆ ماوەیەکی درێژ بە دنیای نێو کتێبەکە ئاوێتە بوویت و لە ناکاوێک سەر هەڵدەبڕیت و دەبینی کەسێک لە ژوورەکەتدا بە لاموبالاتییەوە دانیشتووە. لەو دۆخانەدا پرسیارێک، کە غەمگینیی و تووڕەیی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، بە مێشکی تۆماسدا بێت ئەوەیە کە ئەم کەسە لە کەیەوە لەم ژوورەدا دانیشتووە یان خەوتووە و من ئاگام لێی نەبووە؟!، یان پرسیاری ئەوەی کە ئایا بۆ بەبێ مۆڵەتی من و بێ ئاگای خۆم هاتووە لە ژوورەکەم دانیشتووە یان خەوتووە؟! هەمیشە لەو دۆخانەدا تۆماس هەستی بە غەریبیی خۆی دەکرد لەو ماڵە و لەو ژوورە. لە ماڵێکدا و لە ژوورێکدا ئەگەر بەردەوام کەسێکی غەریب بە تەنیشتمانەوە و لە نزیکمانەوە بوو ئەوا خۆمان دەبینە غەریب، بە ئەو ماڵە غەریب دەبین و ژیانێکی غەریبانە دەژین.
تۆماس خانمێک بە نێوی سابیناوە دەناسێت و پەیوەندیی ئیرۆتیکی و سۆزدارییان بۆ دروست دەبێت. شەوێک تۆماس لە ماڵەکەی خۆی لە دوای خواردنەوەی، شوشەی بوتڵە شەرابەکە دەکێشێت بە زەوی ژوورەکەدا و داوا لە سابینا دەکات بەسەر پارچە شکاوە تیژەکانیدا بە پێخواسی بڕوات. سابینا کە خۆی عاشق بە تۆماسە، وای لێکدەداتەوە ئەم داواکارییە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە تۆماسیش عاشقی ئەو بووە و دەیەوێت بە ئەم داواکارییە سەختە خۆی لەو پەیوەندییە عاشقانەیە، کە کۆتوبەندێکە، ئازاد بکات یان ئەوەبێت ڕاددەی عاشقبوونی سابینا تاقیبکاتەوە، بە دیوەکەیتریشدا لەوانەیە لە بێزاریی و ڕقی تۆماسەوە بێت لە سابینا.
وەفاداریی ڕۆشنایی و خیانەت تاریکیی
سابینا سەرسامە بە ناپاکیی. واتا ئارەزوو دەکات هەر کەسێک کە خۆشیدەوێت و ئارەزووی لەگەڵدابوونی دەکات، ئەم خیانەتی لێبکات، دەزانێت کە تۆماس بەردەوام لە پەیوەندیدایە لەگەڵ کچان و ژنانی دیکەش. شەوێک کە دەزانێت تۆماس ئاگادارە، سابینا لەگەڵ یەکێک لەو پیاوانەدا دەخەوێت کە لە نێوەندی ڕۆژنامەگەرییدا کاردەکات بەڵام لە ڕاستییدا ئەندامی دەزگا نهێنیی و سیخوڕییەکانی دەوڵەتە بۆ سیخوڕییکردن بەسەر هاونیشتمانییانەوە. ئیتر دواتر کە دەگەڕێتەوە بۆ لای تۆماس لە ماڵەکەی خۆی، تۆماس توڕە دەبێت و داوادەکات پەیوەندییەکەیان کۆتایی پێ بهێنن و چیتر یەکدی نەبیننەوە. سابینا وا تێدەگات کە تۆماس هێندە ئەڤیداری بووە نەیتوانیوە بەرگەی خیانەتەکەی بگرێت و لێی جیابووەتەوە، بەڵام لە ڕاستییدا تۆماس بەو هۆکارە پەیوەندییەکەی لەگەڵ سابینا پچڕاند، چونکە هەستیکرد ئەو پیاوە سیخوڕەی دەوڵەت بەهۆی سابیناوە هاتووەتە نێو ژیانی تۆماسەوە و سیخوڕی بەسەرەوە کردووە. واتا سابینا بووە بە ئەو درزەی کە دەزگاکانی دەوڵەت و پیاوە سیخوڕەکانیان لێیەوە بێنە نێو ژیانی تایبەتیی تۆماسەوە و نهێنییەکانی بزانن.
سابینا لە باسکردنی پەرۆشیی خۆی بۆ ناپاکیی و قێزهاتنەوەی لە وەفاداریی، ئەوە دەگێڕێتەوە کاتێک تەمەنی چواردە ساڵان بووە عاشق بە کوڕێک بووە، باوکی کە بە پەیوەندییەکە دەزانێت چیدی لە ماڵەوە ناهێڵێت بێتە دەرەوە و هەر کاتێکیش بهاتبایەتە دەرەوە لە ژێر چاودرێرییەکی توندی باوکیدا بوو. واتا ژیانی تایبەتیی و نهێنی بۆ نەمابووەوە و هەمووی ئاسکرا و زانراو بووە لەلای باوکیی و هەمیشە چاودێر بووە بەسەریەوە. هەڵبەت گوایا باوکی زۆری خۆشویستووە و نەیویستووە تووشی دڵشکان و هەڵەی کوشندە ببێت بە ئەو تەمەنەیەوە کە بۆ هەموو ژیانی کاریگەریی خراپی لەسەر دابنێت. باوکی ئەندامێکی حزبی کۆمۆنیست و هاونیشتمانییەکی دڵسۆزی دەوڵەت بووە. ئەویش کە هەر لە منداڵییەوە بەهرەی نیگارکێشانی تێدا بووە، بەردەوام وێنەی گوڵەکانی لەسەر مۆدێلی کوبیزم و لەسەر شێوازی پابلۆ پیکاسۆ کێشاوەتەوە. بەڵام دواتردەچێتە پڕاگ بۆ خوێندنی هونەرە جوانەکان، لەوێش ڕێگای لێدەگرن بە دڵخوازی خۆی لەسەر مۆدێلی کوبیزم و لەسەر شێوازی پیکاسۆ نیگاربکێشێت، بەڵکو دەبێت لەسەر مۆدێلی ڕیالیزمی سۆشیالیستی وێنەبکێشێت. لێرەوە دەوڵەت دەبێتەوە بە نموونەی باوکی لە ڕێگریکردن لێی بۆ وێنەکێشانی دڵخوازانەی خۆی هەروەکو چۆن باوکیشی ڕێگربوو لەبەردەمییدا بۆ عاشق و دڵخوازەکەی. دایکی سابینا دەمرێت و باوکی لە قەهر و خەمی لەدەستدانی هاوژینەکەی خۆی دەکوژێت، کە ئەمەش نیشانەی وەفاداریی باوکی سابینایە بۆ هاوسەرەکەی، کە نەیتوانی بەبێ ئەو هەڵبکات و بژی. بۆیە لێرەوە لە داخی باوکی، قێزهاتنەوە لە وەفاداریی و پەرۆشیی بۆ خیانەت لە ناخیدا چەکەرەی کرد و ڕەگی داکوتا. بۆ خیانەت لە دەوڵەت، بە دزییەوە وێنەی گوڵەکان و گوڵدانەکانی لەسەر مۆدێلی کوبیزم و لەسەر شێوازی پیکاسۆ دەکێشا. دواتر هاوسەرگیریی کرد و کە زانیی مێردەکەی خۆشیدەوێت، خیانەتی لێکرد و لێی جیابووەوە. لە قۆناغێکدا تۆماس دەناسێت و پەیوەندییان بۆ دروست دەبێت بەو شێوەیەی پێشتر باسکرا.
دواتر پیاوێک بەنێوی فڕانز دەناسێت، کە پیاوێکی شان و قۆڵ ئەستور و بەهێز و ماسولکە گەورە و هەروەها پێشتر پاڵەوانێکی کاراتێی و تایکواندۆ بوو. پەیوەندییەکی سۆزدارییان بۆ دروست دەبێت، کە لە ڕاستییدا ئەوە فڕانزە زێتر عاشق بە سابینایە و سابینا ئەسڵەن هیچ خۆشی ناوێت و بەڵام ڕقیشی لێی نییە. بەڵام ئەو فڕانز هێندە توند عاشق بە سابینایە، سابینا ئەمە بە هەلێکی باش دەزانێت تا پەیوەندیی لەگەڵ دروست بکات و زێتر وابەستەی بکات بە خۆیەوە و فڕانز بخاتە نێو خیانەتێکی درێژ مەوداوە لە بەرامبەر ژنەکەیدا، ماری کلود کە زۆر فرانزی خۆشدەوێت. سابینا چێژ لەوە وەردەگرێت کە فڕانز ناپاکیی لە هاوسەرە باش و ئەڤیندارەکەی خۆی بکات و لە پێناوی ئەمدا و بە فشاری سابینا فڕانز لە ژنەکەی، ماری کلود جیاببێتەوە. دواتر لە یەکێک لە گفتوگۆکانیاندا سابینا بە فڕانز دەڵێت تۆ کە ئەو هەموو ماسولکە بەهێزەت هەیە، هێزەکەی تۆ ڕووی لە دەرەوەیە نەوەکو ناوەوە، لە ناوەوە کەسێکی بێهێزی و لاوازیت. فڕانزیش دەڵێت لە ڕاستییدا ئەم هێزەی کە من هەمە چۆن ڕوو لە ناوەوە نییە، ڕوو لە دەرەوەش نییە، چونکە هەتاوەکو ئێستا نە شەڕم لەگەڵ کەس بووە و نە دەمولوتی کەسێکم شکاندووە، بۆیە ئەم هێزەی من بوون و نەبوونی وەکو یەکە و لە ڕاستییدا ئەەوەی من هەمە هێز نییە. لە درێژەی گفتوگۆکەیاندا سابینا دەڵێت تەنانەت لە پەیوەندیی نێوانیشماندا ئەو هێزەی تۆ هیچ سوودێکت پێنانەبەخشێت. فڕانز دەڵێت، خۆشەویستی ئەوەیە چاوپۆشیی لە هێزی خۆمان بکەین.
فڕاانز زۆر سەرسامە بە چەمکی وەفاداریی لە ژیانی مرۆڤدا. فڕانز کاتێک پێش هاوسەرگیرییەکەیان لە پەیوەندییدا بووە لەگەڵ ماری کلود، ویستویەتی ماری کلود بەجێبهێڵێت، بەڵام ماری کلود هەڕەشەی خۆکوشتنی لێدەکات ئەگەر بەجێیبهێڵێت. بۆیە لە ئاست ئەو عەشقە توند و قووڵەی ماری خۆی پێناگیرێت و دادەنوێتە سەر ئەژنۆکانی و دەستەکانی ماچ دەکات و دواتر هاوسەرگیری لەگەڵ دەکات. هەرچەندە تەنها ئەو جارە بوو دەربڕینی ئەو سۆز و خۆشەویستییە زۆرە لەلایەن ماری کلودەوە بۆ فڕانز و هەرگیز جارێکی تر دووبارەینەکردەوە و سۆز و خۆشەویستییەکی ئەوتۆی بۆ دەرنەبڕییەوە.

سابینا، بوون وەکو نادیاریی و خەڵوەت
فڕانز ئەو پرسیار و وەڵامە ڕستەییەی کافکای هەردەم لە یادە کە دەڵێت مانای ژیان چییە؟ درۆنەکردن و نەشاردنەوە لە ڕاستییدا ژیانە. بەردەوام ئەو ئەنجامگیرییەش کە ڕاستەوخۆ بە دوای ئەمەدا بە مێشکیدا دەهات ئەوە بوو کە لەو کاتەوەی بە سابینا ئاشنا بووە لە درۆدا دەژی. بەڵام سابینا بۆچوونێکی پێچەوانەی هەبوو، هەر کات و بە هەر شێوەیەکی جیاواز و لە گۆشەی جۆراوجۆرەوە بەیانی دەکرد و بە توندی داکۆکی لێدەکرد و ئارگیومێنتەکانیشی بۆی گەلێک بەهێز و پتەو بوون. بەبۆچوونی سابینا. لەگەڵ خۆ و خەڵکیتر درۆنەکردن، تەنیا کاتێک دەکرێ کە مرۆڤ لەگەڵ خەڵک نەژی. هەر کە زانیمان کەسێک ئاگاداری کارەکانمانە، بمانەوێت و نەمانەوێت لەگەڵ ئەو چاوە بینەر و چاودێرانەدا ڕێکدەکەوین، ئیتر لەو ساتەوە هیچ کام لە کارەکانمان ڕاسستگۆیانە نین. سابینا، ئەدەب و هونەرێکی بە سووک و ئاستنزم دەزانی کە هەموو کون و کەلەبەری ژیانی تایبەتیی و تەنیایی ئەدیب و هونەرمەندی ئاشکرا بکردایە. سابینا باوەڕی تەواوی بەوە هەبوو کە هەر کەس خەڵوەتی خۆی بدۆڕێنێت، هەموو شتێکی دۆڕاندووە. هەمیشە دەیگووت: کەسێک بە خواستی خۆی واز لە خەڵوەتەکەی بهێنێت و بەبێ فشار و ئاسان دەستبەرداریی تەنیایی خۆی ببێت، لە ڕاستییدا غوولە، یان شتێکی کەمتر لە ئینسانە.

پیریی و لاوازیی، دڵنیایی لە پێکەوەبووندا
تۆماس کە چەند جارێک ڕوودەکاتە شارۆچکەیەکی باشوری ووڵاتەکە کە هەندێ گەڕاوی لێیە و خەڵکی بۆ چارەسەری پزیشکی ڕوویتێدەکەن. لەوێ کچێکی گەنج بەنێوی تێریزا، کە کارمەندە، دەناسێت و لە درێژەی چەند جار سەردانکردنەوەی بۆ ئەو شارۆچکەیە، پەیوەندی لەنێوانیاندا دروست دەبێت. ئیدی بەردەوام لە گرفتی قووڵی ناپابەندیی و بێهەستیی تۆماس و پابەندیی و هەستەوەریی تێرێزادا پەیوەندییەکەیان درێژە دەکێشێت و تا لە شوێنێکدا کە بەبێ هیچ مەبەستێک و نائاگایانە لە ئاهەنگێکدا تێرێزا لەگەڵ کەسێکی دیکە بۆ ماوەیەکی کەم سەما دەکات. دواتر و لە ماڵەوە تۆماس پێی دەڵێت کە هەستی بە غیرە و ئیرەیی کردووە کاتێک تێرێزا لەگەڵ هاوکارەکەیدا سەمای کردووە. تێرێزا کە ئەمە دەبیستێت زۆر دڵخۆش بێت و بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر لەشی سووک دەبێت و باری ژیانی هێندە سووک دەبێت کە خەرکە بفڕێت. باوەش بە تۆماسدا دەکات و بە سەمایەکی شێتانە و کێویانە بۆ هەر چوار سووچی ژوورەکەی دەبات. بەڵام تۆماس نەوەکو بە غیرە و ئیرەیی پێبردنەکانی تێریزا لە بەرامبەر خۆیدا دڵخۆش نابێت بەڵکو هەستدەکات باری ژیانی قورس دەبێت و لەشی هێندە قورس دەبێت کە تەنانەت توانای جوڵەی بە پاڵکەوتنیشەوە نامێنێت.
لە قۆناغێکدا تۆماس لە کاری پزیشکیی دەردەکرێت و لەگەڵ تێرێزا دەچنە گوندێک لەوێ سەرقاڵی کشتوکاڵ دەبن و لێرەوە تێرێزا ‌هێواش هێواش هەستی دڵنیایی بۆ پێکەوەژیان دایدەگرێت تا ئەو کاتەی ڕۆژێک تۆماس دەبینێت کە خەریکی گۆڕینی تایەی ئۆتۆمبیلەکەیەتی، کە ئۆتۆمبیلێکی کۆنە، و دەستەکانی دەلەرزێت و لە دوورەوە لاوازیی و پیربوونی تۆماس دەبینێت و هەست پێدەکات و ئەمەش خاڵی دڵنیایی تەواوەتیی تێرێزایە لە پێکەوەبوونی تاهەتایی لەگەڵ تۆماس.
پیربوون و لاوازیی دەبێتە دڵنیایی لە پێکەوەژیان و خاڵی هاوبەش و کۆکەرەوەی تۆماس و تێرێزا و دەکرێت هەمان شت، بۆ ژیان و مرۆڤەکانی تریش بە گشتیی ڕاست بێت.

ئەوەی سەرەوە هەندێ سەرنج و گوزارش بوو بۆ هەندێ بۆچوون، وێستگە و کاراکتەری سەرنجڕاکێشی نێو ڕۆمانی “سووکەڵەیی لە تاقەت بەدەری بوون” ی “ڕۆماننوسی بەنێوبانگی چیکی-فەڕەنسی، میلان کوندێرا”، کە لەلایەن “عەتا نەهایی” ەوە وەرگێڕدراوە بۆ زمانی کوردیی، ئەگەر هەندێ لە گوزارشەکان جیاوازییەکیان هەبێت لەگەڵ ڕۆمانەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دە ساڵ زیاتر دەبێت ڕۆمانەکەم خوێندووەتەوە و لە نووسینی ئەم سەرنجانە تەنها بە خێرایی ڕۆمانەکەم چاوپێداخشاندەوە. جگە لەم ڕۆمانەی میلان کوندێرا، هەردوو ڕۆمانی “نەمریی” و “ئاهەنگی ماڵئاوایی” شم خوێندووەتەوە.

میلان کوندێرا، ڕۆماننوسیی بەنێوبانگی چیکی-فەڕەنسیی، لە ساڵی ١٩٢٩ لە شاری برنۆی لە چیکوسلۆڤاکیا “جاران” لەدایکبووە. باوکی “لودڤیک کوندێرا” پیانۆژەن و میوزیسیانێکی بەنێوبانگ بووە. کوندێرا سەرەتا میوزیکی خوێندووە و دواتریش لە زانکۆ سینەمای خوێندووە. چەندین نووسینی فیکریی هەیە سەرباری بەرهەمەکانی لە بواری شیعر و چیرۆکدا، هەروەها ڕۆمانەکانی لەوانە “نەمریی”، “سووکەڵەیی لەتاقەت بەدەری بوون”، ئاهەنگی ماڵئاوایی”، “هێواشیی”، “نەزانیی”، “گاڵتە”، “ژیان لە شوێنێکی ترە” و …هتد. تا ساڵی ١٩٧٠ دوو جار دەبێتە ئەندامی حزبی کۆمۆنیست و دوو جار دەردەکرێت و پاشان لە ساڵی ١٩٧٥ وڵاتی چیک بەجێدەهێڵێت و لە فەڕەنسا نیشتەجێ دەبێت. لە بەشێک لە ڕۆمان و نووسینەکانیدا ڕەخنەگرێکی وورد و قووڵی سیستمە تۆتالیتارەکانە کە وڵاتەکەی خۆی بەدەستی وەها سیستمێکەوە بۆ زەمەنێکی درێژ دەیناڵاند. ڕۆمانەکانی کوندێرا ڕووبەرێکی فراوانن بۆ گفتوگۆیەکی فەلسەفیی قووڵ لە نێوان کاراکتەرەکاندا. خاوەنی چەندین خەڵاتە بۆ ڕۆمانەکانی. ڕێکەوتی ١٢-٧-٢٠٢٣ ڕۆژی چوارشەممە بۆ دواجار ماڵئاوایی لە ژیان، نوسین و ڕۆمان کرد و بۆ هەتایە وەکو ناوێکی درەوشاوەی دنیای ئەدەبیات لە جیهاندا دەمێنێتەوە.




بە تابۆبوونی چەمکی ئازادی، لە کۆمەڵگەی کوردییدا.. عومەر عادل عەبدوڵڵا

ناونیشانی توێژینەوەکە:

ئازادی، وەک چەمکێک لە کۆمەڵگەی کوردییدا، لە لێواری بەتابۆبوون و نامۆبوون دایە، ئێمەش بەهۆی درککردنمان بەو دیاردە، هەستاوین بە ئەنجامدانی توێژینەوەیەک و ئەو هۆکارەکان بخەینەبەر تیشک لێکۆڵینەوە و (بە تابۆبوونی چەمکی ئازادی، لە کۆمەڵگەی کوردییدا) وەک ناونیشانێک بۆ توێژینەوەکە هەڵبژاردووە.

گیروگرفتی توێژینەوەکە:

لە راستیدا، توێژینەوە خستەڕووی چارەسەرە، بۆ گرفتێک یان چەند گرفتێک و لە ئەنجامی هەوڵدان و گەڕان و لێکوڵینەوە، چەند گرفتێکی چاوەڕوانکراومان دێتە پێشەوە. لە دیارترین گرفتێک کە کە دووچارمان بۆتەوە، تازەی بابەتەکە بوو، چونکە بابەتی تازە شتی نوێ دەهێنتەوە و لە ئەنجامدا گرفتی نوێمان بۆ پەیدا دەبێت، لە هەموو ڕوویەکەوە.

ڕێبازی توێژینەوەکە:

ڕێبازی توێژینەوەکە ڕێبازی پەسنی – شیکارییە، لە ڕێگەی پەسنکردنی چەمکی ئازادییەوە، ئەو هۆکارانەمان شیکردۆتەوە، کە ڕەگەزی تابۆ بوونیان پێبەخشیوە.

پێشەکی:

کۆمەڵگەی کوردی، وەکو زۆرێك لە کۆمەڵگەکانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ئەنجامی ئەوە جیهانگیری هاتە ئاراوە، کۆمەڵێ ئاکار و چەمک و هەڵسوکەوت، جا شیاو بێت، یان نەشیاو لە کۆمەڵگەی کوردییدا جێی خۆیان کردەوە، بۆیە تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردی, بەهۆی نەگونجانی ئەو هەڵسوکەوت و ئاکارانە، لە بازنەیەکی تردا، لە دەرەوەی کۆمەڵگەدا جێیان کردەوە، بازنەیەکی قەدەغەکراو و حەرامکراو. دیارە چەمکی تابۆ یەکێکە لە گرنگترین ئەو چەمکانەی، کە لە ئەنجامی کرانەوەی نووسەران و ڕووناکبیران بە ڕووی ئاسۆی فراواندا خوێنەرانی کورد ئاشنای بوون، بە تایبەتی دوای وەرگێڕانی پەرتووکی

(تەوتەم و تابۆ)ی فرۆید کە تێدا باس لە مێژووی تابۆ و دروستبوونی تابۆ دەکات. هەروەها زیاتر ئاشنابوونی خوێنەران بە بابەتە دەرووناسی و کۆمەڵایەتێیەکان، یەکێکیتر بوو، لە گرنگترین ئەو هۆکارانەی کە تابۆ(قەدەغەکراو) ببێتە ناوەند و چەقی زۆرێک لە باسەکان.

چەمکی ئازادی:

ئازادی، یەکێکە لەو چەمکانەی زیاتر لە نێو بابەتە یاسایی و کۆمەڵناسیەکاندا خۆی دەبینێتەوە، لەبەر ئەوەی لە چوارچێوەی هەموو دەوڵەتێکدا، بە پێی یاسا بازنەی دیاری کراوە و لە نێو کۆمەڵگەشدا تاکەکان چەند بنەمایەکییان سەبارەت بە ئازادی داناوە و لەسەری ڕێکەوتوون، بەڵام ئەم ئازادییە، بە پێی تێپەڕبوونی کات بەرز و نزمی تێدەکەوێت، واتا ڕەنگە لە کۆمەڵگەیەکدا لە ڕابردوو شتانێک هەوێنی ئازادی بن و بەکارهێنان ڕێگەپیداو بێت، بەڵام ئێستا نائاسایی و قەدەغەکراون.

وەستان و نووسین لەسەر چەمکی ئازادی و کارکردن لەسەری، کارێکی ئاسان نییە، چونکە ” ئازادی لە مێژە وەک بابەتێکی مشتومڕاوی باس دەکرێت و لە سەردەمی هاوچەرخیشدا ئازادی لە نێو هەموو گەلاندا باس دەکرێت، بەها و پێگەیەکی تایبەتی هەیە و هەموو نەتەوەیەک خۆی بە ئازاد و بە قازانجی دەزانێت و شانازی پێوە دەکات. هەروەها هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە ئەمڕۆ پرسی ئازادی گرنگترین داواکاری سەردەمی نوێیە”(فرهاد طهماسبیپور، ١٣٩٠، ٢) و هاوڵاتیانی هەموو وڵاتێک لە چوارچێوەی هاوڵاتیبوونیاندا، دەتوانن داوای ئەو مافە سەرەتاییە دەکەن.

جا ئەگەر بمانەوێت بە یەک وشە پەسنی ئازادی بکەین، ئەوە دەڵێن: مافە، واتا مافێکە هەموو مرۆڤێک دەتوانێت دەستی پێبگات، بێ جیاوازی ئاین و ڕەنگ و نەتەوە و…،” بە گشتی، ئازادی دۆخێکە هیچ شتێک پابەند و دەربەستی شتێکی تر و بتوانێ لە گەردووندا جێبەجێ بکرێت. لە پێوەندی لەگەڵ مرۆڤدا، ئازادی، دۆخێکە کە هیچ شتێک ڕێگر نەبێت لە بەردەم ئیرادەی تاك بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی.”( ئەحمەد شەبانی، ٢٠١٠، ١١) نووسەر زۆر بە بەرفراوانی گشتاندنی بۆ ئازادی کردووە و کە ئەمەش لەگەڵ ئازادیدا یەک ناگرێتەوە و دەڕواتە نێو چەندین ڕێڕەوی ترەوە, یان ئەگەر لە ڕووی سیاسیەوە باسی ئازادی بکەین ئەوە دەڵێن:” ئازادی مافێکی بنچینەیە لە مافەکانی مرۆڤ و دەبێ سیستەمە سیاسیەکان، هەر لە ستەمکاری دادپەروەرەوە تا دەگاتە سیستەمی کۆماری و دیموکراسیە هاوچەرخەکان، پەرۆشی چەسپاندنی ئەو مافە بن و ئەوەش گرنگترین بنەمایە لە بنەما دەستوورییەکانی تیوۆری هاوچەرخ.”( رۆبێرت دال، ٢٠١٢، ١٣) ئەوە پێڕەو ڕامیاریەی کە بەرهەڵستی لە هاتنە کایەی ژینگەیەکی ئازاد دەکات بۆ هاوڵاتیانی، بەشێوەیەکی ناڕاستەخۆ دەیەوێت ئەوەمان پێبلێن: کۆشکی دەسەڵات و هێزی لەسەر ستەم و نادادی بنیادنراوە و ئازادیش وەک بومەلەرزەیەک وایە، کە کۆشکی ستەمم دەروخێنێت.

لەبەر ئەوەی ئازادی چەمکێکی فرەڕەهەندە و لە نێو زۆرێک لە باسەکاندا، لێکوڵینەوەی لەسەر کراوە، هەر بوارێک و بە سروشت زانستیانەی خۆی چەمکی ئازادی ڕوون کردۆتەوە، بۆ نموونە:”پوختەی چەمکی ئازادی لە ڕووی شەریعەتەوە، لە دوروبەری ڕزگاربوون لە کۆیلایەتی دەخوڵێتەوە”(علی بن حسين بن احمد فيقهی،١٤٣٢، ١٢) چونکە پێش هاتنی ئیسلام، لە نیمچەدوورگەی عەرەبی بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە شتێکی ئاسایی بوو، بەڵام پاش هاتنی ئیسلام ئەم دیاردە هەڵوەشایەوە و لە ڕووی دینیەوە، ئەم جۆرە مامەڵەیانە قەدەغەکرا. هەروەها ئازادی ” لە فەلسەفەی لاسایکەرەوەدا، بریتییە لە هەڵبژاردنی مرۆڤ بۆ ئەوەی بە ئەنقەست مامەڵە بکات لەگەڵ توانای جێهێشتنی کردارێک یان توانای هەڵبژاردنی دژ بەو کارە بکات”(م.د علاء شنون مطر،٢٠٢١، ٦)واتا مرۆڤ لە نێوان دوو هەڵبژاردەدا، لە نێوان ڕۆشتن و مانەوەدا، کردن و نەکردندا، لە نێوان ڕاست و چەپدا، لە نێوان هەڵسان و دانیشتندا، سەربەستییەکی تەواوی هەیە و ئاوەزووی خۆیەتی هەویری خۆی دەخاتە کام تەنوورەوە.

لە سیاسەتیشدا، ئازادی وەکو مافێکی یەکلاکەرەوە باسی لێوە کراوە و هەموو مرۆڤەکان مافی بەشداری کردنییان لە پرۆسە سیاسیەکاندا هەیە، لەگەڵ ئەمەش هەموو گەلێک مافی ئەوەی هەیە چ دەسەڵاتێک هەلبژێرێت، بۆ ئەوە فەرمانڕەوای بکات، بەڵام لە هەندێک پێڕەوی ڕامیاریدا ئەم مافە بە هاوڵاتییان نەدراوە، بۆ نموونە: لە فەرمانڕەوای دیکتاتۆریدا، چونکە”حکومەتی دیکتاتۆری حکومەتێکی تاکەکەسییە، بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە کەسایەتی دیکتاتۆر و ئەوەی چێژی لێ وەردەگرێت لە هێز و توانا و لێهاتوویی کەسی دەبەستێت، هەر ئەویش یەکەم و کۆتا جووڵێنەرە بۆ هەموو لایەنەکانی دەوڵەت، بەبێ گەڕانەوە بۆ خواستەکانی گەل”(اسعد طارش، ٢٠١٥، ٤٣) ئەم تاکڕەوایی فەرمانڕەوایەتییە، کە لەلایەن دیکتاتۆرەکانەوە دەسەپینێرێت، جورێکە لە قڕکردنی ئازادییەکان.

لە سەرووی هەموو ئازادییەکانەوە، ئەو ئازادییەی کە زۆر گرنگی پێدەدرێت و تیشکی دەخرێتە سەر، ئازادی ڕادەبڕینە.”ئازادی بیرکردنەوە و ڕادەربڕین یەکێکە لە ئازادییە بنەڕەتییەکان لە ڕوانگە جیاوازەکانی ئایینی، فەلسەفی، کۆمەڵایەتی، ئەخلاقی، یاسایی و نێودەوڵەتی و تاوتوێ و لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە و لە یاسا ناوخۆییەکان و بەڵگەنامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان دامەزراوە و پشتگیری کراوە”. (سید حسین رضوانی، ١٣٩٥، ٦٧) چونکە ئازادی ڕادەربڕین دەرگاییەکە بۆ ئەوە بتوانین ئەزموونمان تاقی بکەینەوە و بێگومان مرۆڤ تاکو بیری ئازاد نەبێت و نەتوانێت بیروبۆچوونەکانی بە ئازادی دەربڕێت، ئەوە ئەستەمە بتوانێت بۆ ئازادییەکانی تر بجەنگێت و ململانێ لەگەڵ ئەو ژینگە و دوربەرە بکات، کە ئازادییەکانیان لێ بەرتەسک کردۆتەوە. واتا هەموو ئازادییەکانی تر، دەرهاویشتەی ئازادی ڕادەربڕینن.

دەبێت ئەوەش بزانین، کە ئازادی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکیتر لە ئاینێکەوە بۆ ئاینێکی تر، لە
کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر دەگۆڕێت، چونکە لە هەندێک شوێندا ئازادی ئەوەندە بەرفراوان دەبێت، هەموو کەس دەتوانێت ئەزموونی بکات، بە پێچەوانەوە، لە هەندێک شوێندا ئەوەندە بەرتەسك دەبێتەوە، تەنها کەسانێکی کەم دەتوانن ئەزموونی بکە، کە ئەوانیش ڕەنگە خاوەن پلە و پایەیەکی بەرزی ئاین یان سیاسی و کۆمەڵایەتی بن.

پرۆسەی بەتابۆبوونی چەمکی ئازادی:

تابۆ” مەبەست لە سەرجەم ئەو دەربڕاوە زمانییانەن، کە دەربڕینیان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ڕاشکاوانە، لە ڕووی کۆمەڵایەتی و کلتوورییەوە ڕێگەپێدراو نییە”(د. هێمن عەبدولواحید شەمس،٢٠١٨، ١٤٢)واتا تابۆ هەموو ئەو دەڕبرینانە دەگەرێتەوە، کە لە کۆمەڵگەدا هێلی سوورن و وتنیان دەرئەنجامی خراپی لێ دەکەوێتەوە، جا ڕەنگە ئەم تابۆیە لە ژێر کاریگەری هەر ئایندا بێت، یا ڕێکەوتنێکی کۆمەڵایەتی بێت لە نێو تاکەکانی کۆمەڵەدا.

مێژووی دروستبوونی تابۆ زۆر دوور و درێژە و “فرۆید بۆ باسکردنی(تابۆ) دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاتیرین کۆمەڵی مرۆڤ کە بە(تەوتەم) ناویان دەبات، کە(کڵانەکان) ئەمانە لە خێزان گەورتر و لە هۆز بچووکترن، ئەم تەوتەمانە سەرەتاییترین کۆمەڵی مرۆڤ بوون و خاوەنی کۆمەڵێك تابۆی هەمیشەیی و کاتی بوون، کە بریتیی بوون لە کۆمەڵێک حەرام کە ئەندامانی ئەو تەوتەمە نەدەبایە ئەم حەرامانە(تابۆیانە) سنوور بشکێنن و بیخەنە لاوە.”(پێشڕەو عەبدوڵڵا،٢٠١٣، ٤٢) لەمەوە دەگەین بەو ڕاستیەی کە تابۆ چەمکێکی کۆمەڵایەتییە و لە ئەنجامی گردبوونەوەی مرۆڤەکان لە دەوربەری یەکتردا ئەم چەمکە دروستبوو. تابۆ دەتوانێت لە بچوکترین بازنەی گردبوونەوە مرۆڤەکانەوە کە خێزانە، بیتە ئاراوە، چونکە ئەو کاتە لەلایەن سەرکردەکانی خێزانەوە، کە دایک و باوکن، کۆمەڵێک بڕیارێك لە بارەی قەدەغەکراوەکانەوە دەدرێت و بە ئەندامەکانی خوارەوەی خێزان ڕادەگەنرێت، کە ئەم وشە و هەڵسوکەوتە بەکارهێنانیان و ئەنجامدانیان قەدەغەیە.

“لە زمانی کوردیدا، زۆربەی دەربڕاوە قەدەغەکراوەکان پەیوەندییان بە(مردن، سێکس، نەخۆشی کوشندە، کفر)ەوە هەیە، کە ناوهێنانیان بە بڕوای زۆرینەی کۆمەڵی کوردی کاریگەری دەروونیی نێگتیڤانە لەسەر قسەکەر و گوێگر دروست دەکەن و تاڕادەیەک قەدەغەکردنی سەرتاسەی قەدەغەکراون و بەدەبڕینیتری هاوواتا جێگەیان پڕکراوەتەوە و زیاتر لە چەند دەربرینێک بۆ هەر یەکێکیان بەکادەهێنرێت”(هێمن عەبدولواحید شەمس، ٢٠٠٦، ١٢٨)ئەم دیاردە، دیاردەیەکی جیهانییە و هەموو کۆمەڵگاکان بە پێی هەڵکەوتەی ژینگەی و کۆمەڵایەتی خۆیان، کۆمەڵە وشە و هەڵسوکەوتێکیان وەک تابۆ دەستنیشان کردووە. هەروەها بوون و نەبوونی تابۆ پەیوەندی بە پێشکەوتن و دواکەوتووی نییە، بەڵکو لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا ئەم دیاردە بەدی دەکرێت، تەنها ئەوە هەیە، جیاوازی تێدەکەوێت، واتا ڕەنگە تابۆیەکی ئاینی لە کۆمەڵگەیەک بوونی هەبێت و بە پێچەوانەوە، لە کۆمەڵگەیەکی تردا بوونی نەبێت.

یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی دروستبوونی تابۆ کۆمەڵگەیە و دروستبوونی تابۆ بەستراوەتەوە، بە دروستبوونی کۆمەڵگە، لە ئەگەری تیاچوونی کۆمەڵگەشدا، ڕاستەوخۆ ئەو تابۆش لە ناو دەچێت، کە کۆمەڵگە ڕۆڵی هەبووە لە دروستکردن و ڕازاندنەوەی ئەو تابۆیەدا, هەروەها” هەموو کۆمەڵگەیەک لە سنووری سیستەمە کۆمەڵایەتییەکەی خۆیدا پێویستی بەبوونی کۆمەڵێك تابۆ هەیە، تا بتوانێت ئەو کۆبوونەوە پێدەڵێن کۆمەڵگە بپارێزێت”( پێشڕەو عەبدوڵڵا، ٢٠١٩، ١٥) ئەم جگە لەوەی کۆمەڵێک تابۆ هەن لە نێو هەموو کۆمەڵگەکاندا هاوبەشن, بۆ نموونە هەندێک لە تابۆ سێکسی و ئاینیەکان، کە دەربڕینیان لە نێو زۆرێک لە کۆمەڵگەکاندا قەدەغە و ڕێگە پێنەدراوە، چونکە ئەو کۆمەڵگەیانە خاوەن دابونەریت و ئاینی هاوبەشن.

کەواتە دەتوانین بڵێن: پرۆسەی بە تابۆبوون، بریتییە لەو پرۆسەی کە کە وشەیەک یان ڕستەیەکی ئاساییە و ڕێگە پێدراو، دەبێتە چەمکێکی قەدەغەکراو و نائاسایی. جا لەبەر ئەوەی پرۆسەی بە تابۆبوون لە نێو کۆمەڵگە ڕوودەدات، تاکەکانی ئەو کۆمەڵگەیە ڕۆڵیان هەیە لە چاندنی ئەو تابۆیە و بزوێنەری سەرەکی ئامێری دروستکردنی تابۆن، واتا تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردی، کاتێک ڕۆڵی گوێگر دەبینن و ناوی ئازادییان بەرگوێ دەکەوێت، بەهۆی ئەو ئەزموونە خراپی لەگەڵ ئازادیدا پێدا تێپەڕیون، ڕاستەوخۆ لە بیری مرۆڤەکاندا کۆمەڵە وێنە و مانایەکی تر دەهێنێت، کە دواجار ئەم وێنە و بیرانە، خۆی لە نێو چەندین تابۆی سێکسی و ئایندا خۆی دەبنێتەوە.

بەشێوەیەکی گشتی، ئەم پڕۆسییە هەرەمەکی و دوور لە چاودێری گەشە دەکات و دوای ماوەیەک درک بە پاشماوەی ئەم جۆرە پرۆسییە دەکرێت، دەتوانین بڵێن: ئەم پرۆسەیە لەژێر کاریگەری مرۆڤدایە و لە هەمانکاتدا مرۆڤەکان درکی پێناکەن، چونکە وەک کێشە جەستەیی و تەندروستییەکان، ڕاستەوخۆ جێپەنجی خۆی دیاری بکەن، بەڵکو پاش ماوەیەک و دوای تەواوبوونی پڕۆسەکە و بڵاوبوونەوەی بە نێو جومگەکانی کۆمەڵگەدا هەستی پێدەکرێت.

وەک هەمووان دەزانین هەمیشە لە نيوان زمان و بیردا پەیوەندیەک هەیە، بۆ نموونە قسەکەر قسەیەک دەر دەبرێت، ئەو گوێگر لەگەڵ ئەو ئەزموونە گەنجکراوەی هەیەتی و پێدا تێپەڕیوە لێکی دەداتەوە و لە تەرازووی بیریدا هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات،واتا” دەربڕینە زمانییەکانمان هەڵگری بیرەکانمانن زادە و ڕەنگدانەوە و گوێزەرەوە و دەربڕ و هەڵگری ئەو تێگە (چەمک) و بیروبۆچوون و تێروانینانەن کە لە هزرماندان.”( د.هێمن عەبدولحەمید شەمس، ٢٠١٨، ١٣٩) بۆیە کە گوێگر گوێی لە چەمکی ئازادی دەبێت، ڕاستەوخۆ لە بیر و مێشکی مرۆڤدا بەشێوەیەکی پیلەکانی کۆمەڵە تابۆیەکی سێکسی و کۆمەڵایەتی بەدوای خۆید دێنێت.

بێگومان هەر باردودۆخە کۆمەڵاتییەکەیە، کە چەمکی ئازادی بەرەو لێواری بە تابۆبوون بردووە و چوارچێوەیەکی تابۆیانەی پێبەخشیوە، چونکە” تابۆی کۆمەڵایەتی بە پێی پێوەر و پرەنسپیەکانی دینیی و سێکسیەوە داتای تابۆیی دروست دەکەن”(م. سیروان سمين احمد، ٢٠٢١، ٤٥٦)بۆ نموونە: کەسێک باس لە ئازادی ئافرەت یان ئافرەتی ئازاد دەکات، ئەو کەسەی کە گوێگرە، بەهۆی ئەو ئەزموونە خراپەی لەگەڵ ئازادی ئافرەت هەبووە، یان هەڵە تێیان گەیاندووە، ڕاستەوخۆ دوای شڕۆڤەکردنی ئەو دەستەواژە لە ئاوەزیدا دیدگایەکی خراپی بۆ دروست دەبێت.

“ئەو کەرەستە و دەربڕینە زمانیانەی، ڕووی وتنیان نییە و هەڵگری واتای نەشیاو و ناپەسەندن و ناوهێنانیان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەپێی هەندێک ئاین و کەلتوور و دابونەریت و بەها کۆمەڵایەتییەکان قەدەغە و ڕێگە پێنەداوە، یاخود مایەی نەنگی و شەرمەزاری و بێئەدەبی و پێچەوانەی ڕەفتار و ڕێسا و ئاکارەکان پیشاندەدات، بۆیە بۆ دوورکەوتەوە لە وشە تابووەکان و پیشاندانی خۆڕەوشت و دەربڕینی شیاو و جوان کۆمەڵێک وشەی سینۆنیمی لە بەرامبەر ئەو وشانە دێنە کایەوە، کە تاڕادەیەک گوتن و بەکارهێنانیان ڕێگە پێدراوە.”(ڕۆستەم محەمەد ئەحمەد، ٢٠١٦، ٥٤) بۆیە ئەوانەی وەها پێیان وایە، کە چەمکی (ئازادی) تابۆیە و سیمایەکی تابۆیە بە باڵادا کردووە، وای بۆ ئەچن، کە ئازادی هاوواتایی هەندێک لە تابۆ سێکسی و ئاینی کۆمەڵایەتییە و کەسێک گەر بیەوێت هێرش بکاتە سەر پیرۆزییە کۆمەڵایەتی و ئاینیەکان، دێت لە ژێر ڕەشماڵی ئازادییەوە کار بۆ مەرامەکانی دەکات. واتا وشەی ئازادی وشەیەکی سادە و ڕێگە پێداوە، بەڵام لە ئەو چەمکانەی خۆیان بە ئازادیدا هەڵواسیوە، زیاتر ڕەگەزی تابۆبوونیان پێبەخشیوە.چەند هۆکارێک هەن، کە چەمکی ئازادییان بەرەو تابۆبوون بردووە، کە دەتوانین لە خوارەوە ئاماژەی پێبکەین:

١.تێنگەیشتن لە ئازادی:

زۆرجار تێنەگەیشتمان بەرانبەر بە هەندێک چەمک و مانا، وا دەکات تێگەیشتنێکی خراپمان بۆی هەبێت، نەک هەر چەمکەکان، بەڵکو ئەمە بۆ گفتوگۆ و پەیوەندییەکانی ڕۆژانەشمان تەواو دروستە، چونکە ڕەنگە گوێگر بەهۆی تێنەگەیشتنی لە قسەکەر, جۆرە تێگەیشتنێکی تری لا دروستبێت، دوور لەو مەبەستەی کە قسەکەر ویستویەتی وەک پەیامێک بە گوێگری بگەیەنێت. هەروەها هەر تێنەگەیشتن لە ئازادییە، وا دەکات ئەوانەی کار لەسەر ئازادی دەکەن، بە شێوەیەکی هەڵە بەکاربهێنن.

٢.قۆستنەوەی ئازادی، بۆ بەرژەوەندییە کەسییەکان:

کۆمەڵە کەسانێك هەن، جا لە هەر پلە و پایەکەی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا بن, هەمیشە چەمکەکان و ماناکان، بەو شێوەیە دەخەنەڕوو، کە سوودی بۆ بەرژەوەندی کەسی خۆیان هەبێت، دیارە ئازادیش وەک یەکێک لەو چەمکانە بووە بە قوربانی کۆمەڵێك بەرژەوەندی کەسی و بە پێی ویست و ئارەزووی خۆیان کاری لەسەر دەکەن.

٣.فۆبیای ئازادی:

“فۆبیا لە وشەیەکی یۆنانی وەرگیراوە، بە واتای (ترس) و گوزارشت لە کۆمەڵێک حاڵەتی تیرۆر و دڵەڕاوکێ و ترس و دڵەڕاوکێ دەکات کە پەیوەندییان بە شت و شوێن و ئەزموون و بارودۆخی تایبەتەوە هەیە.”(ارثر بيل،٢٠١١، ٧). فۆبیا ترسێکی ئاسایی و سادەی ڕۆژانە نییە، بەڵکو ترۆپکی ترسە، چونکە ترسی ئاسایی جۆرێکە لە ئامادەباشی بەرانبەر هێرشەکان، کەچی فۆبیا ترسێکی دۆخییە و لە دۆخە تایبەتەکاندا دروست دەبێ. فۆبیای ئازادی، یەكێکە لە تێکچوونە دەگمانەکان، کە زیاتر دووچاری ئەو کەسانە دەبێت، کە ئازادی کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر بەرژەوەندییەکانیان، بۆ نموونە وەک دەسەڵاتدارەکان، بە تایبەتی ئەو دەسەڵاتدارانەی کە بناغەی دەسەڵاتەکانیان لەسەر ناهۆشیاری و سەرکوتکردنی هاوڵاتیان بنیادناوە، چونکە ئازادی بەلای ئەوانەوە وەک گڕکانێکی بە ئاگابوونەوە وایە، کە لە دڵ و دەروونی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتەوە هەڵدەقوڵێت.

ئەنجامی توێژینەوەکە:

لە ئەنجامدا، گەیشتین بەوەی, کە چەمکی ئازادی لە قۆناغی بە تابۆبوونی دایە لە کۆمەڵگەی کوردی، لەبەر ئەوە هۆکارانەی کە لەسەرەوە خستومانەتەڕوو و ئەگەریش ئەم پرۆسەیە درێژە بکێشێت، ئەوە لە داهاتوودا کاریگەرییەکان زیاتر و زۆرتر دەبن.

———————————-

سەرچاوە کوردییەکان:

١.پێشڕەو عەبدوڵڵا، ٢٠١٣، دەروونشیکاری شیعری کوردی، ئەکادیمیای کوردی، هەولێر.

٢.پێشڕەو عەبدوڵڵا، ٢٠١٩، تابۆشکێنی لە موفتی پێنجوێنی، گۆڤاری باران گۆڤارێکی وەرزی ئەدەبییە.

٣.هێمن عەبدولواحید شەمس، ٢٠٠٦، شێواز و دەربڕین لە بۆنە کۆمەڵایەتییەکاندا، نامەی ماستەر کوڵێژی پەروردە، زانکۆی کۆیە.

٤.هێمن عەبدولواحید،٢٠١٨، پەیوەندی و کارلێکی زمان و بیر(تابۆی سێکسی بە نموونە) گۆڤار زانستە مرۆڤایەتییەکان، بەرگی ٢٢، ژمارە٣، کوڵێژی پەروردە زانکۆی کۆیە.

٥.ڕۆستەم محەمەد ئەحمەد، ٢٠١٦، سینۆنیم لە زمانی کوردی ناوچەی گەرمیاندا، نامەی ماستەر، کوڵیژی زانستە مرۆڤایەتییەکان، زانکۆ سلێمانی.

٦.م. سیروان سمین، (تابۆ لە پەندی پێشینان)دا، ٢٠٢١، مجلە جامعة کرکوک للدراسات الانسانية، مجلد:١٦، عدد:٢، زانکۆی کەرکوک.

٧.ئەحمەد شابانی، ٢٠١٠، فەرهەنگی سياسی، چاپی یەکەم، دانشگاە کردستان، سنە.

٨.ڕۆبێرت دال،و:د.سمیر ئیبراهیم حەسەن، ٢٠١٢، دیموکراسی ئازادی تاک و کۆمەڵگە، دەزگای واڵا، چاپخانەی کارۆ.

سەرچاوە عەرەبییەکان:

١.علي بن حسين بن احمد، ١٤٣٢ هـ مفهوم الحريةـ دراسة تاصيلية-، بحث ماجستير، الرياض.

٢.م.د . علاء شنون مطر،٢٠٢١، مفهوم الحرية و الحتمية فی فکر الفلسفي الیوناني، HOME / ARCHIVES / VOL. 1 NO. 34/35 (2021): مجلة كلية الفقه.

٣. م.د أسعد طارش عبد الرض، النظم الديكتاتورية قراءة في المضامين النظرية،مجلة تكريت للعلوم السياسية مجلة علمية دورية محكمة المجلد/3 السنة/3 العدد/6 حزيران 2016 – رمضان 1437 ISSN: 2073 _ 1140.

٤.ارثر بيل، ترجمة:عبدالحكم الخزامي،٢٠١١، فوبيا، دار الاكاديمية علوم،طبعة الاولى،قاهرة.

سەرچاوە فارسییەکان:

١. سیدحسین رضوانی، فصلنامه سیاست خارجی سال سیام، شماره 4، زمستان 5931، صص 39-51،حق آزادی بیان و مسئولیت بینالمللی کشورها در قبال آن.

٢. فرهاد طهماسبیپور, حق آزادي عقيده و وجدان، تاریخ دریافت: 1331/2/3 تاریخ پذیرش: 1331/4/22
٭ دانشجوی دکتری(( نظریهی حقوق و تاریخ دولت و حقوق»، آکادمی حقوق و علوم سیاسی دوشنبه- تاجیکستان.

ئەم توێژینەوەیە، لە ژمارە٢٣ی (گۆڤاری شارباژێر)دا بڵاوبۆتەوە.




مەترسیدارترین چەک ( بیدعەچی و زەندیقبوون ).. أحمد عفیفي

(تۆمەتی بیدعەچی و زەندیقبوون ترسناکترین چەکە لە دژی هەر کەسیک کە عەقڵی بەکاربهێنێت!)
وەرگێڕانی : حەسەن ڕازانی
سەرچاوە: الحوار المتمدن

تۆمەتی بیدعەچیەتی، زەندیق بوون، هەرتەقەبوون، بێدینیی و گومڕایی ئامادەیە بۆ هەر کەسێک کە عەقڵی بەکاربهێنێت!
ترسناکترین چەک، لە سەدەکانی پێش ڕۆشنگەریی، لەوانەیە لە وەڵاتانی عەڕەبی و ئیسلامیدا هەتاکو ئێستاشی لەگەڵدا بێت، تۆمەتی بیدعەچیەتی و زەندیق بوون، ئەو چەکە ترسناکە دینیە بووە کە دوژمنانی ڕاستی و لۆجیک لە دژی زانایان و بیرمەندان، لە هەموو کات و شوێنێکدا، بەکاریان دەهێنا! ئەو زاناو بیرمەندانەی کە هەوڵیان دەدا تۆوی گومان و دەرەنجام و شیکردنەوەو ڕاڤەکرن و بە بەڵگە کردن و ژیرییش بچێنن لە نێو ئەو کۆمەڵگایانەی کە لە گەشەکردندان! ئەو چەکە ترسناکە لە ژێر سایەی زاناو پیاوانی دینی و پاپاکانی تاریکیدا گەشەی کردووەو هەربۆیەش ئەو کۆمەڵگایانەی بۆ چەندین سەدە لە دواکەوتوویی و نەزانی وتاریکیدا هێشتۆتەوە!
تۆمەتی بیدعەچیەتی و زەندیق بوون، بە کافرکرنی زانایان و دانایان و ژیرو بیرمەندانی هەمیشەو بە بەردەوامی، لە کاتی ئێستاو ڕابردووشدا، بە ئامانج گرتووە. لە ڕاستیدا ئامانجی ئەوئاراستەیە لە هزری بە زەندیق کردن و کافراندن بریتیبووە لە هێشتنەوەی کۆمەڵگا لە دواکەوتوویی و نەزانی و چەقبەستوویدا! هەروەها لە پێناو دەستبەسەردا گرتنی هۆیەکانی داهێنان دا بووە لە لایەک و لە لایەکی تریشەوە دایان ناون لە ڕیزی بیدعەو داهێنانی خەراپ و هەروەها مافە مرۆییەکانشیان لێ زەوتکردوون! ئیتر ئاراستەی دووەم کە بریتیبووە لە ئاراستەی زانست و پێشکەوتن و داهێنان وای لێهاتووە نەتوانێت بەرەنگاری بەربەستەکان و سەردەمی باو ببێتەوەو ئەمەش پاڵی بە ئاراستەی ڕاستی و بیرمەنداندا ناوە ڕووەو دواوە پاشەکشە بکەن! ئیترلێرەوە بەرەو سەدە توندوو ڕەقەکان و بەرەو ئاراستەی سەرکوتی ئازادی بیرکردنەوە هەنگاو نراوەو پاڵی پێوەنراوە بەرەو ناوجەرگەی سەدەی حەوتەمی زایینیەوە!
زووربەی بڕیارو فەتواکان لە دژی نەوەی یەکەمی زاناو بیرمەنداندا بوون ، ئەو کات زانا و بیرمەند تەنها ئەو کەسانەی گرتۆتەوە کە لە بواری ئایینی و فیقهو وتاربێژیدا کاریان کردووەو زانا بەو کەسانە گوتراوە کە تێکست و دەقە ئایینیە دۆگماو بەستووەکانیان لەبەرکردووەو لەو بوارەدا خۆیان خەریک کردووە، ئەو تێکست و نووسینانەی کە ڕێک لەو پاشماوەو هەڵکۆڵراوانە دەچن کە هی چاخەکانی پێش مێژوون!
دەبێ کێ لە ئێمە ڕازی و خواریزمی و کەنەدی و فاڕابی و بەیرونی و ئیبنوسیناو ئیبنوهەیسەم نەناسێت؟ ئەدی باشە دەبێ کێ لە ئێمە ناوی غەزالی و ئیبن و ڕوشدو عەسقەلانی و سەهرەوەردی و ئیبن و حەیان ونەوەوی و ئیبنوموقەفەع و تەبەری نەبیستبێ؟
ئەدی باشە کەس دەبێ هەبێ ئەو لافیتانەی نەخوێندبێتەوەو نەدیتبێ کە خوێندنگاو پەیمانگاو ناوەندە زانستی و وێژەییەکان هەڵیان واسیون و ناوی خۆیان ناوە بە ناوی کەواکیبی و موتەنەبی و بەشار بن بەرد و لیسان الدین خەتیب و ئیبنولفاریز و جاحیزو موجریتی و ئەلمیعەڕی و ئیبن و توفەیل و توسی و ئیبن و بەتوتە و ئیبن و ماجەو ئیبن و خەلدون و سابتی بن قوڕە و تەوحیدی) یەوە ؟ یان ناوی ئەو زاناو بیرمەندانەیان لەسەر بووەو لافیتەکانیش ناوی ئەوانیان لەسەرنووسراوەو ناوی ئەو شوێنانەش بە ناوی ئەو زاناو بیرمەندو فەیلەسوفانەوە بووە!
بەڵام جێگەی داخە کە هەتا ئێستاش نازانین کە ئەو زاناو بیرمەندە دیارو باوانە زنجیرەیەک لە بڕیارو حوکمی بە زەندیق کردن و وبەکافرکردنیان لە دژ دەرکراوە، ئەو بڕیاری بە کافرکردن و بە زیندەقی کردنانە هەمان شێوەو ناوەڕۆکی دادگاکانی پشکنین (محاکم التفتیش.INQUISITION) یان هەبووە کە زاناو بیرمەندی وەک گالیلۆ، کۆبەرنیکس، نیوتن، دیکارت، ڤۆلتێریان پێ بە زیندەق کردووەو کافراندوویانن! هەروەها خوێندنەوەی نووسراوو کتێبەکانیشیان حەرام کراوە و تا ئەوپەڕیش ئەو زاناو بیرمەندانە سوکایەتییان پێکراوە و ڕاوەدوونراون و ئەشکەنجەش دراون!
جا بۆیە هیچ جیاوازییەک نیە لە نێوانی ئەو بریارو حوکمە ستەمکارانەو نادادپەروەرانە لەگەڵ ئەو حوکمە توندڕەوییەو بە ئارەزووەی کە هەرلەخۆوە خەڵکی بەلاڕێدا دەبردوو هانی خەڵکی دەدا کە هەستن و وەخۆ کەون تاکو تەبەری بکوژن، یان بچن هەللاج لە خاچ بدەن، یان برۆن ئەبو عەلای میعەڕی بخەنە زیندانەوە، یان برۆن خوینی ئیبن و حەیان بڕێژن یان ئیبن و مەنمەر دەربەدەربکەن و کتێبەکانی غەزالی و ئیبن و ڕوشد و ئەسفەهانی بسووتێنن! ئینجا هەر بەوەشەوە نەوەستان، بەڵک و بێنە سەر بەکافرکردن و بە زەندیقکردنی فاڕابی و ڕازی و ئیبن و سیناو کەنەدی و غەزالیش.
هەروەها ڕەنگە ئێمە ئەو زانیاریەمان نەبێ کە سەهرەوەردی کوژرا وەو ئەوانیش کوشتویانە، هەروەها ئەندامەکانی لەشی ئیبنوموقەفع یان بڕین وهێشتا گیانی لەبەردا مابوو کە لەبەرچاوی خۆی برژاندیانن و لەبەردەمیان دانان تا لێیان بخوات پێش ئەوەی کە گیانی لە ئەنجامی پیسترین و بێوێنەترین ئەشکەنجە بە تەواوی دەرچێت! هەروەها جەعد بن درهەم یان سەربڕی و (ئەحمەد بن نەسری) شیان سەر بڕی و دوایی سەرەکەیان هەڵواسی وبە کۆڵاناندا دەیان گێڕا، هەروەها چوونە سەرلیسانول دین بن خەتیب و خنکاندیان و دوای ئەوەش لاشەکەیان سوتاند، ئینجا هاتن ئیبن فاریزیان کافراند و بە بیدعەچی و زەندیق ناساندیان و دەستیان کرد بەڕاوە دوونانی و لە هیچ کات و شوێنێک نەیان دەهێشت بحەجمێت!
زۆر رێی تێدەچێت کە خەڵک بە گشتی ئەوە نەزانن کە چیان دەربارەی فەیلەسوف و بیرمەندو پزیشک و زانای وەک ئیبنوسینا گوتووەو کردووە! هەروەها ئەوەش نازانن کە ئیبنولقیم لە کتێبی إغاثة اللهفان دا بە ئیبنو سینا دەڵێت: ” ئیبنوسینا ئیمام و پێشەوای بێدینەکانە کە باوەڕیان نیە بە اللە و بە مەلائیکەتەکانی و بە پێغەمبەرەکانی وبە ڕۆژی دواییش” هەروەها ئەلکەشمیری لە کتێبی فیض الباري دا بە ئیبنوسینا دەڵێت:” ئیبنوسینا کەسێکی بێدین و بیدعەچی و زەندیق وقوڕموتیە! لە لایەکی تریشەوە ئەلشێخ سالح ئەلفەوزان بە ئیبوسینا دەڵێت:” ئیبنوسینا کەسێکی باتینیەوفەیلەسووفێکی بێباوەڕو بێدینە”
دیسان خەڵک ئەوەش نازانن کە چیان گوتووە دەربارەی فەیلەسوف و بیرمەندو پزیشکی بەناوبانگی مێژوو ئەبوبەکری ڕازی! ئەوەتە ئیبنولقیم لە کتێبی إغاثة اللهفان دا دەربارەی ئەبوبەکری ڕازی دەڵێت:” ڕازی مەجوسی و ئاگرپەرستەو کەسێکی گومڕاو لادەرەو لە ڕێ لایداوە”. هەروەها لە کتێبی شذرات الذهب دا إبن العماد دەربارەی فاڕابی دەڵێت:” تەواوی زانایان کۆکن لەسەر ئەوەی کە فاڕابی کافرو زەندیقە”. هەروەها دەربارەی محمد بن موسا ئەلخواریزمی دەڵێن:” جا با زانستەکانی خواریزمی ڕاست و درووستیش بن، بەڵام زانستەکانی شەڕیعتی ئیسلامی سەربەخۆن لە خواریزمی و لە کەسانی تریش. واتە زانستی ئەو شتێکەو هی شەڕیعەتیش شتێکی تری سەربەخۆیە”.
هەروەها دەربارەی عومرو بن بەحرول جاحیز گوتوویانە:” ئەو کەسێکی زانست گەیەنەری خەراپە، باوەڕدارێکی خەراپە، بیدعەچی و زەندیقەو گومڕایی ئەو پەیوەستە بە جاحیزەوە”. یان ئەوەتە خەتیب لە سەنەدەکەی خۆیدا بە جاحیز دەڵێت:” جاحیز کەسێکی زەندیق و بیدعەچی و درۆزنە لەگەڵ اللە و لە گەڵ نێرراوو پێغەمبەری اللە و هەروەها لەگەڵ خەڵکیشدا”. دەربارەی ئیبنول هەیسەم کەمتریان نەگوتووە ، ئەوەتە بەویش دەڵێن:” ئیبن ولهەیسەم یەکێک بووە لە مولحیدو بێباوەڕەکان کە لە دینی ئیسلام لایداوەو دەرچووە، ئەویش هەر وەک فەیلەسوفەکانی تری هاوشێوەی خۆی کەسێکی گەمژەو زەندیق و کافرو بیدعەچی بووە!”
ئینجا هاتوون دەربارەی أبي العلاء أحمد بن عبداللە المعري دەڵێن :” ئەلمیعەڕی یەکێک بووە لە زەندیق و بیدعەچیە بەناوبانگەکان، ئەوەتە لە شێعرەکانیدا زەندیق بوون و بیدعەچیەتی خۆی دەیسەلمێنێت و دەری دەخات کە فڕی بەسەر دینەوە نەماوە”. لەسەر نصیر الدین الطسی دەڵێن و گوتراوە کە :” نەسیر کەسێکە کە پشتی کافرو موشریک و زەندیق و بیدعەچیەکانە”.
هەروەها دەربارەی محمد بن عبداللە بن بطوطة گوتوویانە:” ئیبنول بەتوتە کەسێکە موشریکێکی بێباوەڕی درۆزنە”. لەولاوە دەستیان کردووە بە جنێودان بە یعقب بن الاسحاق الکندی و پێیان گوتووە:” کەنەدی کەسێکی زەندیق و بیدعەچی و گومڕایە”. هەر بۆیەش کەنەدی دەربارەی ئەوان درێغی نەکردووەو لە بەرامبەردا پێیان دەڵێت:” ئەوانە لە بەرامبەر ڕاستی و حەقیقەتدا نامۆن و ئەگەریسش تاجی حەقیقت و ڕاستییان بکەیتەسەر شایستەی نابن وئەوان بۆیە دوژمنایەتی فەلسەفەو زانست دەکەن چونکە لە شوێن و کورسیەکانیان دەترسن کە لەدەستی بدەن و ئەوانە دەستیان کردووە بە بازرگانی کردن بە دینەوەو هیچ پەیوەندیشیان بە خواپەرستی و ئایینەوە نیەو تەنها بازرگانن و بەس”
ئیبنول بەتوتە پێی وابوو هەبوونی زانست و زانیاری بە شتەکان وات لێدەکات زانست و زانیاریت دەربارەی خودا زیاتر بێت و زانینیشت دەربارەی یەکتاپەرستی و زانستی چاکەخوازی ڕوو لەزیادبوون دەکات و زانستیش سوودبەخشە! هەروەها ئیبنول بەتوتە پیی وابوو کە هەوڵدان و کۆشش بۆ گەییشتن بە ڕاستی و حەقیقەت مەبەست و نیەتی هەموو پێغەمبەران بووەو هەموو نێڕراوانیش هەر ئەو مەبەستەیان هەبووە. گەییشتن بە حەقیقەت و ڕاستی تەنها مەبەست و کاری فەیلەسوفەکان نەبووە و هەر بۆیەش نابێت وای لێکبدەیەنەوە کە فەلسەفە کارێکی دژە ئایینییەو کوفرە ، ئەمەش پێچەوانەی ویستی بازرگانانی ئایین و خوداپەرستیە!
جا با ئێستا بێین ئەو زاناو بیرمەندو فەیلەسوفانە بناسین و بزانین ئەوانە کێبوون؟ با بێین و بزانین ئەوانە چیان پێشکەش بە جیهان و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی کردووە، با بزانین ئەوانە چیان گوتووە دەربارەی حەقیقەت و ڕاستی و عەقڵ ؟ ئینجا دوای ئەوەش دەبێ بزانین کە بەو کارەیان چ نەگبەتی و دەردەسەرییەکیان بەسەر ژیاندا هاتووە!
یەکەم: ئیبن ڕوشد: (١١٢٦-١١٩٨ز). ئیبن ڕوشد ناوی محمد بن ئەحمەد بن محمد بن ڕوشدی ئەندەلوسیە! ئیبن ڕوشد خوێندنی فیقهو ئسوڵی دینی تەواو کردووەو دواییش زانستی پزیشکی وبیرکاری وفەلسەفەی خوێندووە، چەندین ساڵیش لە قورتوبەو ئیشبیلیە کاری دادوەری کردووە. ئیبنو ڕوشد لە ژێر سایەو دەسەڵاتی دەوڵەتی الموحدون دا گەورە بووە، کە پادشاکەیان ئەوکات بریتیبووە لە یوسف یعقوب المنصور بن عبد المومن، پادشاش لە ژێر کاریگەریی و داخوازی ڕای گشتیدا فەرمانیکردووە بە دوورخستنەوەی ئیبن ڕوشد بۆ ئەلیسانە لە نزیکی غەرناتە ئینجا دوای ئەوەش بەرەو وەڵاتی مەغریبیان ڕاوناوە.
ئیبن ڕوشد لە لایەن پیاوانی دینی و دام و دەزگای دینییەوە زۆر سوکایەتی پێکراوەو تا کار گەییشتۆتە ئەوەی کە دەستیان کردووە بە سوتاندنی نووسراوو کتێبەکانی ئەو زاناو بیرمەندە! ئیبن ڕوشد، لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا لە شاری مەڕاکیش لە مەغریب کۆچی دوایی کردووەو دواییش لاشەکەی گواسترایەوە بۆ شاری قورتوبە. هەر کە ئیبن ڕوشد کۆچی دوایی کرد موریدو خوێندکارەکانیشی بڵاوەیان لێکردو لە یەکتر دابڕان و ئینجا ئەلمەنسور یەعقوبی پاشا مەڕسومێکی دەوڵەتی دەرکرد کە ئیتر نابێ لەمەودوا کەس بە فەلسەفەوە خۆی خەریک بکات و خوێندنی فەلسەفەی لە وەڵاتدا تەحریم و یاساغ کرد!
دووەم : فاڕابی: ( ٨٧٠- ٩٥٠ ز). فاڕابی ناوی تەواوی بریتیە لە ئەبو نەسر محمد بن محمد بن ئوزڵاغ بن تەرخان، لە شاری فاڕابی کە شارێکی تورکانە لە دایک بووە. فاڕاب شارێکە لە وەڵاتی تورکان لە ناوچەی خوڕاسان و لە ڕۆژئاوادا بە Alpharabyus ئەلفەڕابیوس ناسراوە. ئینجا بەرەو عێڕاق ڕۆییشتووە بۆ ئەوەی خوێندنی باڵا تەواو بکات، هەر لەوێدا فەلسەفەو مەنتیق وخوێندنی پزیشکیی تەواو کردووە لەسەر دەستی دوکتۆرێکی مەسیحی بە ناوی یوحەنا بن حیلان، هەروەها زانستەکانی زمانی عەڕەبی و مۆسیقاشی هەر لەوێ خویندووە!
ئیترفاڕابی لە عێڕاقەوە بەرەو شام و میسر ڕۆییشتووەو لە شامدا و لە شاری حەڵەب چووەتە کۆشکی سەیفول دەولە. لەوێدا لە شاری حەڵب شوێن و پێگەیەکی زۆر بەرزو دیاری لە نێو زانایان و ئەدیبان و فەیلەسوفاندا داگیرکردووە، هەروەها فاڕابی هەوڵیدا بیسەلمێنێت کە هیچ جیاوازییەک نیە لە نێوانی فەلسەفەی یۆنانی و بیروباوەڕی شەڕیعەتی ئیسلامیدا! بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت ئەو شکەستی هێنا لەو کارەیدا، هەر بۆیەش الذهبی لە کتێبی في سیر الاعلام دەرباری فاڕابی دەڵێت:” فاڕابی خاوەنی چەندین کتێبی بەناوبانگەو هەر کەسێکیش پەنا بەە کتێبانە بەرێت ئەوا هەم گومڕابووەو هەمیش بە دەرچوو لە دین دادەنرێت، جێگەی باسە کە چارەنووسی ئیبنو سیناش هەروا دەرچوو.
دیسان ئەوەتە ئیبن عیماد لە کتێبی شذرات الذهب دا دەربارەی فاڕابی دەڵێت:” فاڕابی لە هەموو زانایان و بیرمەندان زیاتر زەندیق و بیدعەچیە” هەتا غەزالی لە کتێبەکەیدا بە ناوی المنقذ من الضلال دا دەربارەی فاڕابی دەڵێت:” هیچ گومان نیەو نەماوە لە کافربوونی فاڕابی و ئیبن سینا”. تۆمەتەکەش بریتیبوو لەوەی کە فاڕابی دانی نەدەنا بە ڕۆژی قیامەت و هەروەها فاڕابی زیندووبوونەوەی پێ شتێکی ڕاست نەبووە!. یان فاڕابی دەیگووت وە پێی وابووە کە خودا تەنها شتە گشتی و گەردوونیەکنی مەبەستەو ئاگادارەو هەقی بەسەر شتە تایبەتی و بچوکەکانەوە نیە! فاڕابی دیسان پێی وابووە کە گەردوون نە درووستکراوەو نە درووستیش دەکرێت بەڵک و گەردوونیش هەر وەکو خوا ئەزەلییەو هەر هەبووە !
سێیەم: الکندي: ئەلکەنەدی (٨١١-٨٦٦ ز). ناوی تەواوی ئەلکەنەدی بریتیە لە یعقوب بن إسحاق بن الصباح بن عمران بن إسماعیل بن محمد بن الاشعث الکندي و ڕەچەڵەک و بنەچەکەی دەگەڕێتەوە سەر پادشاکانی کەنەدەو بە بنەچە سەر بە نەتەوەی عەڕەبە و هەر لەبەر ئەوەش نازناوی فەیلەسوفی عەڕەبیان لێناوە!
ئەلکەنەدی لە نێو وەڵاتانی ڕۆژئاواییدا بە ئەلکەندوس Al Kindus ناسراوە. ڕەزامەندی باشی لە لای مەئمون وموعتەسەم و واسیق بەدەست هێناوەو جێگەو پێگەی لە لای ئەوان بەرز بووەتەوە، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە کەنەدی ڕێبازی موعتەزیلەی هەڵبژاردووە بۆیە بە دەستی متوەکیلەوە زۆر ئێش و ئازاری چێشتووەو متوەکیل فەرمانی دەرکردووە کە لیی بدرێت و دەست بەسەر تەواوی نووسراوو کتێبەکانی دا بگیرێت! ئەلکەندی تۆمەتی زەندیق بوون و بیدعەچیەتی درایەپاڵ و ئەویش بەرەنگاری لەخۆی دەکردو دەیگوت دوژمنانی فەلسەفە خەڵکی گەمژەو مێشک پوووچ و نەزان و بازرگانانی دینن!
چوارەم : الجاحظ: جاحیز( ٧٦٧ – ٨٦٨ ز). ناوی تەواوی جاحیز بریتیە لە عمرو بن محبوب الکناني اللیثي کە بە جاحیز ناوی دەرکردووە. یەکێک بووە لە گەورە ڕابەرانی ئەدەب و وێژە. جاحیز زۆرترین تەمەنی خۆی لە شاری بەسرەی عێڕاق بەسەربردووەو بەرەو بەغداش چووە لە سەر بانگهێشتی ئەلمەئمون و لەوێ لە دیوانی پەیامەکانی دایمەزراندووەو کردوویەتی بە سەرۆکی ئەو شوێنە! بەڵام هەر دوای سێ ڕۆژ لەو پیشەو شوێنەی لابراو ئەویش بۆ خەلیفە مەئمون هەر بە دڵسۆزی مایەوە! جاحیز بەرهەمێکی زۆری لە کتێب و نووسراو هەبوون، لە سەرووی ٢٠٠ دوو سەد کتێبەوە هەر کتێبی هەبوون، جا هەروەک و ئیبنول عەمید دەربارەی جاحیز دەڵێت :” جاحیز لە پێشدا عەقڵ و ژیری فێربووە ئینجا ئەدەب و وێژە”
لە کتێبە بەناوبانگ و دیارەکانی بریتین لە الحیوان، البیان و التبیین، البخلاء و کتێبی الحیوان بریتیە لە حەوت بەش . جاحیز لە کتێبی الحیوان دا باسی سرووشت و هەڵس و کەوتی ئاژەڵ دەکات ، هەروەها هەر لەو کتێبەدا لایەنەکانی زانست و تاقیکردنەوەکان و تایبەتمەندیەکانی پیشانداوە، ئینجا ڕووی کردۆتە سرووشت و پەیڕەوی لە مەنهەجی گومان و دوودڵی درووست کردن کردووە، هەروەها لە لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونەکانی دا پەیڕەوی لە F-Bacon کردووە، ئینجا دڵنیاییشی داوە لە درووستی و ڕاستی دەرەنجام و بەڵگەکان، وە لەو ڕووەوە پێش دیکارت R Descartesکەوتووەوگەییشتە ئەو بڕوایەی کە قورئان ڕوویداوە و درووستکراوە ، لەبەر ئەوەی قورئانیش شتێکە لە شتەکانی دەوروبەرمان! لەو بارەوە خەلیفە مەئمونیش باوەڕی بەو بۆچوونەی جاحیز هەبووە. جاحیز لە یەکێک لە کتێبەکانیدا بە ناوی خلق القران دا ئەو بابەتە بە باشی ڕوون دەکاتەوەو قسەی لەسەر دەکات و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە تەواوی ئەهلی سوننەو ئیسلام بە کۆمەڵ لە جاحیز وەخۆبکەون و دەستیان کردە هاوارو نەڕە کە قورئان درووست نەکراوەو دەستکرد نیەو ئینجا هاتن لە تۆڵەی ئەوەدا جاحیزیان خستە لیستی بێدینەکان وزەندیقەکان و بیدعەچیەکان و کافراندیشیان!
پێنجەم : بشار بن برد: (٧١٠ – ٧٨٤ ز) . بەشار بن بەرد ناوی تەواوی بریتیە لە بشار بن برد بن یرجوخ العقیلي و ڕەچەڵک و بنەچەکەی لە (توخارستان)ەوە هاتووە کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای ڕوباری جەیحونەوە. بەشار بن بەرد لە نێو خێڵی بەنو عوقەیل دا گەورە بووەو جیاوازیش بووە لەگەڵ ئەو عەڕەبە بەدەویە چادر نشینانەی کە لە دەوروبەری بەسڕەدا نیشتەجێ بوون و لە نێویاندا زمانێکی پاراوو قسەکردنی باش فێربووە. بەشار بە کوێری لە دایک بووەو هیچی نەبینیوە! هەر بۆیەش لە هۆنراوەکانیدا شتێکی بە شتێکی ترلێکچواندووە! بەشار بەجۆرێک هۆنراوەکانی دادەڕێژێت کە خەڵکی تر بە دووچاوەوە ناتوانن وا دایان بڕێژن. بەشار لەو ڕووەوە لە هەموویان شاعیرتر و پێشکەوتووترە! لە هەموو دەرگاکانی و بەشەکانی شێعری داوەو تێیدا سوارچاکێکی شارەزا بووە، بەشار بە شێعری گاڵتە ئامێزو تەنزو غەزەل و هەجو ناوی دەرکردووە، بەشار بن بەرد تۆمەتی زەندیق و بیدعەچی و بێدینی درایە پاڵ و هەر بۆیەش خەلیفە مەهدی فەرمانی کرد لێی بدەن و بەشاریش لە ژێر ئەشکەنجەو قامچی و لێداندا بەرگەی نەگرت و مرد و لاشەکەشیان لە شاری بەسڕە بەخاک سپارد! بەشار بن بەرد کەسێکی زەندیق و پۆیولیستی خاوەن ئۆتۆریتەی جەماوەری بووە.
بەشار بن بەرد لە یەکێک لە هۆنراوەکانیدا دەڵێت:
تێبینی: من هەر بە شێوەی هۆنراوەی کوردی هەوڵم داوە هۆنراوەکەی بەشاربن بەرد بکەمە کوردی بە کێش و قافیەی کوردیەوە بێ ئەوەی بهێڵم ماناو ناوەڕۆکی هۆنراوەکەی بەشار تێک بچێت .(ح، ڕ)

لە باوکە ئادەم ، باشترە ئیبلیس ….با لاتان ڕوون بێت، گەلۆی هیچ و پیس
توخمی ئەو ئاگرە، هی ئادەم خۆڵە….ئاگرهەربەرزەو، خۆڵیش وەک دۆڵە!
زەوی تاریکەو، ئاگریش هەر ڕووناک ..ئاوریان پەرستووە، بە کۆمەڵ و تاک

دیسان بەشار بن بەرد بە تەنزو گاڵتەجاڕییەوە دەربارەی نوێژ دەڵێت:

من کاتێک دەچمە، نوێژلە گەڵ هەموان….پێکەنینم دێت ، کە دێنن شادمان
کاتێک هەموویان، دەچنە سەر ئەژنۆ ……من دادەنیشم، بێ ورتەو ڕۆڕۆ
هەر کاتێک سەریان، برد بەرەو سوجدە… من دادەنیشم ، بێ شەرم و پەردە!
بێ خەبەریشم ، لە سڵاوی ئیمام…. بە ژمارە چەند بووە، بە خوا بێ ئاگام

شەشەم : أبو علاء المعري: ( ٩٧٩ – ١٠٥٨ ز). أحمد بن عبداللە بن سلێمان المعري، لە موعەڕەت ئەلنوعمان لە وەڵاتی شام لە دایکبووە. میعەڕی هەر کە گەییشتە تەمەنی چوار ساڵی تووشی نەخۆشی ئاوەڵە بوو، بەو هۆیەشەوە هەردووک چاوی لەدەست دان و کوێربوو. بەڵام ئەو کوێریە نەیتوانی ئەو بوەستێنێت کە لە ڕێگەی کتێبەکانیەوە ئەو فرە چەشنیە پیشان بدا لە گەڵ ئەو تواناو زانینە زۆرەی ئەو هەیبوو دەربارەی زانست کە لەودەمەدا هاوشێوەی ئەو کەم بوون!
وا باوبوو کە میعەڕی زانایەکی وەک دەریا وابوو، هەروەها دەگوترا کە لە شێعرەکانیدا کاریگەریی شێوازی موتەنەبی لەسەر بووە! ئەو ئاستە باڵاو بەهرەیەی لەو کتێبانەدا دەرکەوت کە لە دوایدا نووسینی پاش ئەوەی کە گەڕایەوە بۆ ئەلمیعڕە. لەوانە کتێبی اللزومیات و کتێبی رسالة الغفران. بەڵام کاتێک کە خەبەری مردنی دایکیان پێدا زۆر کاری تێکراو ئەمەش زیاتر پاڵی پێوەنا کە بڕیاری ئەوە بدات لە خەڵک دووربکەوێتەوەو بە دوورەپەرێزی و دوور لە خەڵک بژیت. وەک دەگوترێت لەو کاتەوە کە دایکی مردووە ئیتر لە ئەشکەوتێکدا ژیاوە و خۆی لەسەر کەمخواردن ڕاهێناوەو ئیترنە گۆشتی ئاژەڵی خواردووەو نە هێلکەو شیریشی خواردووە! ئا لێرەوە نازناوی بارمتەی زیندانی بەدەست هێناوە! بە واتای کوێری و ماڵەوە دێت!
لە کتێبە هەرێ بەناوبانگەکانی ئەلمیعەری بریتیە لە کتێبی اللزومیات، ئەو لەو کتێبەیدا توانی خۆی لەکۆت و بەندی باوەڕی دین ڕزگار بکاو لێی بێتە دەر و هەروەها خۆی گواستەوە بۆ ئاستێکی باڵاتر! کتێبێکی بەناوبانگی تریشی هەیە بە ناوی رسالة الغفران. ئەو کتێبەی بە شێوازێکی زۆر جوان نووسیوەو کردووشیەتی بە دیاری بۆ پیاویک بە ناوی علی بن منصور الحلبي! لەو کتێبەدا ئەو شاعیرە زەندیقانەی خستوونەتە ڕوو کە ئەو لێیان خۆشبووە، ئاوی ئەو کتێبەش هەر لەو لێخۆشبوونەوە هاتووە! هەروەها ئەوانەی کە بۆ بەهەشت بەرزکراونەتەوە، زۆرێکیش لە هاوچەرخەکانی بە زەندیقیان حساب کردووە، هیچ باوەڕێکی ئیسلامیی نیە کە ئەو گاڵتەی پێنەکردبێت! بۆیە ئێمە هیچمان لەبەردەم دانیە بێجگە لەوەی کە بڵێین ئەو کەسێکی بە گومانی گەورە بووە ! ئەبو عەلاء ئەلمیعەری باوەڕی بە یەکتا پەرستی هەبووە بەڵام خودای ئەو هیچ نەبووە بێجگە لە چارەنووسێکی نادیار، هەروەها ئەو لائەنگری بیرۆکەی سرووش و هاتنە خوارەوەی وەحی خودایی نەبووە، بۆیە بەلای ئەوەوە دین درووستکراوی دەستی مڕۆڤ خۆیەتی! هەر بۆیەش ئەو هەمیشە هێرشی دەکردە سەر ئەو کەسانەی کە ئیرادەی خەڵکیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکار دەهێناو وایان لەخەڵک دەکرد کە باوەڕ بە خوڕافات بهێنن تاکو ئەوان بتوانن دەست بە دەسەڵات و پارەوە بگرن!
ئەوەتا المعري لە کتێبی اللزومیات دا دەڵێت:
غروور مەیلی بەلای گەندەڵیدایە هەمیشە ……یەکسانە بە چەواشەکاری هەرچی دینیشە
ئەگەر لە خەڵکانی سەر بە دینێ و پرسیوە …بە لێکچوون ئەوەی کەڕێکیان خستووە گۆڕیوە
لە ڕێی لۆجیک و عەقڵەوە ناکەن ئیدانە …..لەبۆ شکاندنی عەقڵ بە درۆ و دەلەسە نیازیانە

حەوتەم: الحلاج: ( ٨٥٨ – ٩٢٢ ز). لە نێو کوردا بە هەللاج ناسراوە . هەللاج ناوی تەواوی بریتیە لە : الحسین بن منصور بن محمی، نازناوەکەی بریتی بووە لە هەللاجی کوڕی موغیس، هەلاج فەیلەسوفێکی عیڕفانی بووە، هەندێک لە مێژوونووسان دەیخەنە ڕێزی ئەوکەسانەوە کە شتی پەنهان و نادیاریان زانیوەو هەست پێکردووە و خوا ناسیش بووە، هەندێکی تر لە مێژوونووسان هەللاجیان خستۆتە ڕیزی زەندیق و بێدینەکانەوە. باپیری هەللاج کەسێکی مەجوسی ئاگر پەرست بووەو دوایی بووەتە موسڵمان، لە سەرەتادا لە شاری البیضاء بووە لە وەڵاتی فارس،بەڵام لە شاری واسیت لە عێڕاق گەورە بووەو دوایی ڕۆییشتووە بۆ شاری بەسڕە.
هەللاج هەندێک شتی لێ باس دەکەن و دەگێڕنەوە کە بە کاری موجیزە حیساب دەکرێن. ئەوەتە الذهبي لە کتێبەکەیدا بە ناوی “العبر في خبر من غبر” دا دەربارەی هەللاج دەڵێت:” هەلاج یاوەرو هاوڕێی تەستەری و جونێد وئەبو حوسێنی نەوری بووە و ئەوانیش ڕابەران و پێشەوایانی عیڕفانی و سۆفیگەریی بوون ، ئەوان هێندە لەگەڵ خوادا تێکەڵ بوون کە خۆیان و خودایان تێکەڵ بەیەک کردووەو وەک یەک شت بینیویانە” ئینجا هەلاج بەرەو هیندوستان ڕۆییشت و لەوێش سێحرو جادووی خوێندو بەو هۆیەشەوە تووشی حەڵەتێک بوو کە شەیتان بەسەریدا زاڵبوو، ئیتر ئیمان و باوەڕی ئایینی لە لا نەما. بیروباوەڕی ئایینیی هەلاج گەییشتە ئەو ئاستەی کە ئیتر هەلاج باوەری بە یەکبوونی بوون هەبوو( وحدة الوجود). ئەو پێی وابوو مڕۆڤ لە خودی خوادا تێکەڵ بووە! هەلاج شاعیرێکی بەتواناو شکۆمەند بووەو لە شێعرەکانیدا باوەڕی سۆفیگەریی و عیڕفانی خۆی ڕوونکردۆتەوەو پەیوەندی خۆشی لەگەڵ خوادا نیشانداوە.
بۆ نموونە ئەوەتە لە شێعرێکیدا پەیوەندی خۆی لەگەڵ خوادا نیشان دەدا:
هەلاج دەڵێت:
منم کە خۆشم دەوێت و ئەوەی کە خۆشیشم دەوێ منم
هەردووکمان دوو گیانین و شوێنیشمان یەکەو منم !

لە شوێنێکی تردا هەللاج دەڵێت:

هەر کە منت بینی، وا دابنێ ئەو دەبینی
کاتێکیش ئەو دەبینی، تۆ پێکەوەن دەبینی

دەگوترێت بۆیە هەللاج بەو ناوەوە بانگکراوە چونکا توانای ئەوەی هەبووە کە زانیویتی چی هەیەو چی دەگوزەرێت لە ناو دڵاندا! دەڵێن هەلاج توانیویەتی ناوەڕۆک و هەناوی قسە دەربێنێ و لێی تێبگات و شی بکاتەوە، وەک چۆن هەلاج کە لۆکە شەی دەکاو ناوەڕوک و باشیەکەی دەردێنێت! کاتێک زانیاری دەربارەی هەلاج بە خەلیفە ئەلموقتەدیر گەییشت و پێیان گوت کە هەلاج چ کارەیەو چۆن بیر دەکاتەوە، ئەویش فەرمانی کرد بە ئەبا ئەلحەسەن علی بن احمد ئەلڕاسیبی کە بەرپرسی کۆکردنەوەی باج و خەراجی ناوچەی ئەهواز بووو تاکو هەلاجی بۆ پەلبەستوو بکات و بیهێنێت بۆ بەغدا! ئەویش فەرمانی خەلیفەی تەواو بەجێ گەیاندو هەلاجی لەگەڵ کوڕێکیدا گرت و هەردووکیانی بە پەلبەستوویی لە ساڵی ٣١٠ی کۆچیدا گەیاندە بەغدا. لەوێ لە بەغدا خەلیفە فەرمانی کرد کە هەلاج بە قەدی دارێکەوە هەڵواسن وەک ئەوەی لە خاچ بدرێت و ئینجا دوایی خستیە زیندانەوە بۆ ماوەی هەشت ساڵ و دوایش ئەنجومەنێکی دادوەری و فەقێکانی بۆ ئامادەکردو لەو دادگایەدا ئینجا خەڵکیان لەسەر کردە شاهیدو بەو هۆیەشەوە بە تۆمەتی زەندیق بوون و بیدعەچیەتی و گومڕایی و لە دین دەرچوون ئەنجومەنی دادوریەکەو فەقێکان بڕیاریان دا کە بیکوژن و خوێنی حەڵاڵ کرا. ئینجا بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی کوشتنەکەی دایانە دەست نازوک، بەرپرسی پۆلیسی ئەوکات، ئینجا لەوێ لە لایەن ئەشکەنجە دەەرانەوە هەزار قەمچی لێدراو ئینجا هەرچوار پەلیان برین و سەریشیان لیکردەوەو دواییش هێشتا ئەوەندە لەشەی کە پەلوپۆی پێوەنەمابوو هەر دەجولاو گیانی تێدا دەهات و دەچوو کە فڕێیان دایە ناو ئاگرەوەو سوتاندیان!
هەشتەم: إبن الراوندي ( ٨٢٥ – ٩١١ ز). ئیبن ڕاوندی ناوی تەواوی بریتیە لە احمد بن یحیی بن إسحاق ابو الحسن الراوندي .. ناوی ڕاوندی لە ناوی یەکێک لە دێهاتەکانی ئیسفەهانەوە هاتووە. ئیبن ڕاوندی فەیلەسوفێکی خاوەن نفوس و جێ ئیعتیبارو بەڵام بە بێدین ناسرابوو، لە گەڵ کۆمەڵێک لە زانایانی کەلام وئیلاهیات دانیشتن و دیبەیت و مونازەرەی کردووە، ڕاوەندی کەسیکی تایبەت و بێوێنەو بە توانابوو، ڕێبازی تایبەت بەخۆی هەبوو لە ڕووی باوەڕی ئایینیەوە، وەک و ئەوەی کە لە کتێبەکانیانەوە هاتووەو لێی باس دەکەن یەکێک لە بۆچوونەکانی بریتی بووە لە توانەوەو سەرهەڵدانەوەی ڕوحی خودا لە ئیمامەکاندا ( ڕابەران و پێشەوایانی ئایینی). ڕاوندی لە سەدەی سێهەمی کۆچیدا یەکیک بووە لە کەسە ناودارو بەهێزەکانی گروپ و ڕێبازی موعتەزیلە، لەو بارەوە ڕاوندی دەستی کردووە بە نووسینی کتێب لە دوای کتێب بۆ ڕێبازی موعتەزیلە تاکو بتوانن بەرەنگاری لە خۆیان و لە ڕێبازەکەشیان بکەن، بەڵام لە دواییدا لێیان جیابۆوەو دەستی کرد بە ڕەخنە لیگرتن لە موعتەزیلەو بەرنامەو ڕێبازەکەیان ودەستی کرد بە وەڵامدانەوەیان، وە لەو بارەوە بە ناوبانگترین کتێب کە لە وەڵامی موعتەزیلەکاندا نووسیویتی بریتیبووە لە کتێبی فضیحة المعتزیلة. لەو بارەوە ئیبن عیماد ئەلحەنبەلی خاوەنی کتێبی شذرات الذهب دەڵێت:” باوکی ڕاوندی کەسیکی بە ڕەگەز جولەکە بووە هەر بۆیەش شت لەسەر ئیسلام هەڵدەداتەوە، هەر دەربارەی ڕاوندی ئەوەتە ئیبن کسیر دەبێژێت:” ڕاوندی یەکێکە لە زەندیق و بێدینە هەرێ بەناوبانگ و گەورەکان” .
هەر بۆیەش لە لایەن سوڵتانەوە داواکراوەو ئەویش لە ترسان بەرەو ئێران ڕایکردووەو بۆی دەرچووە. لە ئێران لە شاری ئەهواز پەنای بۆ ئیبن لاوی بردووە کە کەسێکی جولەکە بووە! لەو ماوەیەی کە لە لای ئیبن لاوی بوو کتێبێکی بۆ نووسی بە ناوی الدامغ للقران، کە بە مانای نەفرەتکردنی قورئان دێت.لەوەوە ناوی لێنا کە بەهۆی ئەو کتێبەوە بوو کە قورئانە ئەو حاڵی بەو مەرەدەبراوە! لەو بارەوە دەربارەی ئیبن ڕاوەندی ئیبن حەجەری عەسقەلانی دەڵێت:” ئیبن ڕاوەندی زەندیق و بێباوەڕو کافرێکی گەورەو بەناوبانگە، یەکەم جار یەکێک بوو لە کەسە بەناوبانگەکانی ڕێبازی موعتەزیلەو دواییش ڕووی کردە بێدینی و بوو بە زەندیق”
دەگوترێت کە ئیبن ڕاوەندی کەسێکی هەتا بڵێی زیرەک و بیرتیژ بووەو خاوەنی بۆچوونی بەهێزو ژیرانە بووە، هەر بۆیەش ئەبوعەلاء ئەلمیعری لە کتێبی رسالة الغفران دا دەربارەی ڕاوەندی دەڵێت:” من بیستوومە کەسێک دەیگووت ڕاوەندی خەڵکی بەدەورەوەیە کە چاکەکانی کورت دەکەنەوە” یەکێک لە کتێبە هەرێ مەترسیدارەکانی بۆ ئیسلامیەکان بریتی بووە لە کتێبی الزمرد. ڕاوەندی لەو کتێبەیدا بوێری ئەوەی هەبووە کە ڕێک و ڕاستەوخۆ لە پایەکانی ئیسلام بدات و لە یەکێ لە هەرێ پایە گەورەو بنچینەکانی ئیسلامی دا کە پێغەمبەرایەتیە!
ڕاوەندی باوەڕی بە پێغەمبەرایەتی و وەحی نەبووە و هەرچی دەربارەی موعجیزاتی پێغەمبەر باس دەکرێت ئەو پێی درۆ بووە! ئینکاری موعجیزەی قورئانیشی کردووە. ڕاوەندی بە باشی ڕوونی کردۆتەوە کە قورئان و شەریعەتی ئیسلام لەگەڵ عەقڵ و مەتیق نایەنەوەوەو دژایەتیان لەگەڵ لۆجیک هەیە! ڕاوەندی لە چەند کتێبێکیدا بە ناوی فضیحة المعتزیلة ، التاج، الزمرد و هەروەها لە نعت الحکمة و قضیب الذهب و الدامغ دا بە باشی هێرش دەکاتە سەر شەریعەت و بە ناڕاستی دادەنێت. بە داخەوە نەیان هێستووە هیچ کام لەو کتێبانە بمێنن و بگەنە دەست خوێندەوارانی ئێستا. ئیسلام هەموو ئەوانەشی سوتاندووە!
ئەوەی کە ئیمە دەربارەی ڕاوەندی دەیزانین هەر ئەوەیە کە وەختی خۆی شێخە گەورە ئیسلامیەکان لەسەریان نووسیوەو وەڵامیان داوەتەوە بەڵام نەیان هێشتووە نووسینەکانی ئەو بەدەستمان بگەن!! ڕاوەندی لە ژێر سایەو بەزەیی مالیک بن تۆق دا مردووە لە نێوانی ڕەقەو بەغدا. دەشگوترێت کە لە لایەن یەکیک لە سوڵتانەکانی ئەودەمەوە لە خاچ دراوە! بەڵام ئیبن کەسیر لە کتێبەکەیدا بە ناوی البدایة و النهایة دا دەڵێت ” ڕاوندی لە ئەهوازدا مردووە لە لای ئیبن لاوی کە وەختی خۆی کە لە ترسی خەلیفە ڕای کردووەو پەنای بۆ ئیبن لاوی بردووە لە شاری ئەهواز”
نۆیەم: آلرازي (٨٦٤ – ٩٢٥ز). ناوی تەواوی ڕازی بریتیە لە : محمد بن زکریا الرازي. ابوبکر الرازی. یەکێک بووە لە بەناوبانگترین و دیارترین و داهێنەرترین پزیشکەکانی ئەوسەردەمە و هەروەها یەکیک بووە لە فەیلووسەفە بەناوبانگەکانی ئەو سەردەمە. خەڵکی ڕەی بووەو هەر بە ناوی ئەو ناوچەیەشەوە ئەو نازناوەی وەرگرتووە کە هەم تێدا لەدایک بوەو تێیدا گەورە بووەو هەر لەو ناوچەیەشدا خوێندوویەتی و لە دوای تەمەنی ٣٠ سی ساڵیەوە بەرەو بەغدا رۆییشتووەو لە سەرەتای تەمەنیدا شەیدای گۆرانی و مۆسیقا بووەو هەر منداڵیش بووە کە هۆنراوەی داناوە، دوایی زۆری نەبردووە کە وازی لەو کارە هێناوەو روی کردۆتە بواری پزیشکیی و فەلسەفە! ئینجا بووە بە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڕەی و دواییش سەرۆکایەتی پزیشکەکانی نەخۆشخانەی عەزدی لە بەغدا وەرگرت.
ڕازی یەکێک بووە لە زانا دیارو گەورەکانی خوێندنگای مۆدێرن لە بواری پزیشکیدا. ئاوارەبووە بۆ بەغداو لەوێش دەستی بەخوێندن کردووە لەسەر دەستی پزیشکێکی مەسیحی بەناوی حەنین بن ئیسحاق. ڕازی لەگەڵ خوێندنی پزیشکیدا خۆشی خەریکردووە بە خوێندنی فەلەکناسی و بیرکاری و هەروەها ناوبانگێکی باشیشی هەبووە لە بواری موسیقاداو یەکێکیش بووە لە تیۆریستەکانی بواری مۆسیقاداو تەواوی ئەوانەی کە لەدوای ئەو بوون ستاییشی بیردۆزەکانی ئەویان کردووە کە لە بواری مۆسیقادا هەیبوون! سەرباری ئەوە ڕازی خۆی زۆر بۆ فەلسەفە تەرخان کردووەو ئەو پێی وابووە کە دەروون یان نەفس دەبێ بابەتی یەکەمین بێت و کە پەیوەندی هەیە لە نێوانی دەروون و جەستەدا. هەروەها ئەوەی کە لە نەفس و دەرووندا دێت و دەچێت و بوونی هەیە لە نموونەی هەست و بیر لە لە ڕواڵەت و دیوی دەرەوەی جەستەدا خۆی نیشان دەدات، هەر بۆیەش لە سەر پزیشک پێویستە کە لە لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونەکانی دا خۆی قەتیس نەکات تەنها بە بابەت و لایەنی جەستەوەو نابێت هەر جەستەی لە لا یەکەمین بێت، بەڵک و دەبێ لە هەمان کاتدا پزیشکیکی دەروونی و ڕوحییش بێ .
لە گرنگترین نووسراوو کتێبەکانی ڕازی بریتین لە: الاسرار( نهێنیەکان) کە G Garmana وەری گێڕاوەتە سەر لاتینی و بووە بە سەرچاوەیەکی سەرەکی وگرنگی بواری کیمیا، هەروەها کتێبی المنصوري کە بە ناوی ئەمیری ڕەی یەوە ناوی لە کتێبەکە ناوە کە ناوی بریتیبووە لە محمد بن اسحاق بن احمد بن اسد الساماني بووە، هەروەها کتێبی (الفصول في الطب)یشی نووسیوە، ئینجا بابەتێکی نووسیوە لە ژێر ناوی بەردو گورچیلەو میزڵدان، هەروەها کتێبی ( تقسیم العلل، و المدخل الی الطب، و منافع الغذیة و دفع مضارها) و لەگەڵ چەندین کتێب و نوسراوی تریش.
هەروەها ڕازی چەندین نامیلکەو بابەتیشی نووسیوە بۆ نموونە : کتێبی الجدري و الحصبة، کە بە یەکێک لە کتێبە باشەکانی بواری پزیشکی دادەنرێت کە بۆچەندین زمانی زیندووی جیهانی وەرگێڕراوە و ناو و ناوبانگێکی باشیشی بۆ ڕازی پەیدا کردووە، بەڵام یەکێک لە کتێبە هەرێ بەناوبانگەکان ە دیارەکانی بریتیە لە کتێبی الحاوی فی الطب، ئەو کتێبە هەموو ئەو بابەت و بابەتانەی لەخۆ گرتووە کە ئەوکات زانستی پزیشکی سریانی و عەڕەبی پێی گەییشتووە. جێگەی باسە کە فراج بن سالم الاسرائیلی لە ساڵی ١٢٧٩ی زائینی ئەو کتێبەی بۆ لاتینی وەرگێڕاوە.
لە لایەکی ترەوە ڕازی یەکێک بووە لە گەورە زەندیقەکانی ئیسلام، کە پێی وابووە اللە درووستکەری چاکەیەو باشە لە خواوەیەو شەیتانیش درووستکەری کاری خەراپەیە و خەراپە هەر لە شەیتانەوەیە! بیروباوەڕی مەسنەوی فارسی کۆن! هەروەها گوتراوە کە پێنج شت ئەزەلی و هەر دەمێنن لەوانە اللە، شەیتان، زەمان و کات، بۆشایی و نەبوون، و ڕووح و گیان. ڕازی پێکهاتەیەکی پێکهێناوە لە نێوانی ڕێبازەکانی سابیئەو دەهریەو فەلسەفەو بەراهیمەی هیندیەکان. هەروەها ڕازی کتێبی لەسەر باتڵ بوون و ناڕاستیی پێغەمبەرایەتی نووسیوە و هەروەها کتێبیشی لەسەر باتڵ بوون و ناڕاستی ڕۆژی قیامەت و ڕۆژی دوایی نووسیوە. ئەمەش وای کردووە کە زاناو پێشەواو ڕابەرانی ئایینی لە خۆی تووڕە بکات و بە کافرو زەندیق و بێدین ناوزەدی بکەن!
دەیەم: التوحیدی: ( ٩٢٣ – ١٠٢٣ز). ناوی تەواوی تەوحیدی بریتیە لە علی بن محمد بن العباس التوحیدی ابو حیان. دەگوترێ بۆیە ئەو نازناوەی لینراوە چونکە باوکی جۆرە خورمایەکی فرۆستوە کە ناوی تەوحیدی بووە! یان ئەوەتە کاتێک تەوحیدی لە نێو گروپی موعتەزیلەدا بووە سەربە ئەهلی دادپەروەری و تەوحید بووە هەر بۆیەش ئەو نازناوەی بەسەردا بڕاوە. تەوحیدی فەیلەسوف و کەسێکی موعتەزیلەی عیڕفانی بووە. لە نیشابوور لە دایک بووە، بەڵام زووربەی ژیانی لە بەغدا بەسەر بردووە، لەوێ لە بەغدا لەسەر دەستی زاناو شێخە بەناوبانگەکانی ئەوێ زانستەکانی فیقهو نەحوی خوێندووەو هەروەها زانستی مەتیق و زمانیشی تەواو خوێندووە.
ئەبو حەیانی تەوحیدی چەندین کتێبی بەناوبانگی نووسیوە لەوانە کتێبی المقابسات کە بریتیە لە بیرەوری و هی ئەو کاتانەی نووسیوە کە لەگەڵ ئەدیب و بیرمەندو کەسانی بەناوبانگدا دانیشتووە! لە دوای ئەوە کتێبی الامتاع والموانسی نووسیوە کە بریتیە چەند بابەتێک کە ابا عبد الحسین بن احمد بن سعدان وەزیری سەمسامی دەوڵەتی بوەیهی لە ماوەی ٣٧ شەودا قسەی لەسەر کردوون و دواییش لە کتێبێکدا هەموو قسەوباسەکانی ئەو ماوەیەی کۆکردوونەتەوە! کتێبی تریشی نووسیوە بەناوی رسالة في علم الکتابة، هەروەها ئەم کتێبانەشی نووسیوە بۆ نموونە : کتێبی بصائر القدماء، سرائر الحکماء، کتێبی الاشارات الالاهیة لانفاس الروحیة، رسالة في الاخبار الصوفیة، کتاب ریاض العارفین، ورسالة في الامامة، هەروەها کتێبی الهوامل و الشوامل.
جێگەی داخە کە تەوحیدی لە کۆتایی تەمەنیدا کتێبەکانی سووتاندن، کە لێشیان پرسیوە بۆچی وای کردووە ئەو گوتوویەتی :” کوڕێکی خۆشەویست و هاوڕێیەکی خۆشەویست و هاوەڵێکی نزیک و شوێنکەوتوویەکی ژیر و سەرکردەیەکی تەوبەکارم لەدەستداوە” بۆیە بۆمن زۆر سەخت بوو کە لە دوای خۆم بەجێی بهێڵم بۆ کەسانێک تا دەستکاریی بکەن و گەمەی پێبکەن و کەسایەتی و شەڕەف و نامووسم لەکەدار بکەن! وە من چۆن بۆ کەسانیکی بەجێی بهێڵم کە هاوسێیەتیم کردوون بۆ ماوەی ٢٠ بیست ساڵان و لە هەموو ئەو ماوەیەدا من مافی ئەوەم نەبووە کە خۆشەویستی و هاوسەرگیریی لەەگەڵ یەکێک لەوانە بکەم و لە لایەن کەسیشیانەوە نەپارێزراوم، هەروەها چەندین جاران لە نێویاندا ناچارکراوم کە گیاوگۆڵ بخۆم لە بیابانەکاندا سەرباری ئەوەی کە کەسیکی بەناوبانگیش بووم. وە بۆخۆبەدوورگرتن لە فەزیحە لە لایەن کەسان و لە لایەن گشتیشەوە وە بۆ فرۆشتنی دین و پیاوەتیش! ئەو کەسیکی موعتەزیلە بوو لە سەر ڕێبازی جاحیز و لەگەڵ ئەوەی کە مەیلێکیشی بەللای سۆفیگەریەتیدا هەبوو. ئیتر تەوحیدی بە زەندیق ناسراو لەوبارەشەوە دەربارەی تەوحیدی ئیبن و جەوزی دەڵێت:” زەندیقەکانی نێو ئیسلام سێ کەسن کە بریتین لە ئیبن و ڕاوەندی و تەوحیدی و ئەلمیعەڕی.”
یازدەیەم: ابن سینا:( ٩٨٤ – ١٠٣٧ز). ئیبن سینا ناوی تەواوی بریتیە لە الحسین بن عبداللە بن الحسن بن علی بن سینا، لە دوای ڕازی ئیبن سینا بەناوبانگترینە لە مێژووی پزیشکیی عەڕەبیدا. ڕازی لە پێش ئیبن سیناوە بووە لە بواری پزیشکییداو ئیبن سیناش لە پێش ڕازی یەوە بووە لە بواری فەلسەفەدا. لە ڕاستیدا ئیبن سینا سیفاتی پزیشکیی و فەیلەسوفیی و فیقهیی و شاعیریی تێدا هەبووە. ئیبن سینا لە وەڵاتانی ڕۆژئاواییدا بە Avicenne ناسراوە، لە ئەفیشنە کە یەکێکە لە دێهاتەکانی بوخارایە لە دایک بووە، باوکیشی لە بەڵخ بووەو دوایی ڕووی کردۆتە بوخارا. لە بوخارادا کاری ئاڵو وێری پارەوپووڵی کردووە!
لە بوخارادا باوکی ئیبن سینا دەنێرێت بۆ خوێندن و قورئان تەواو دەکاو دواییش ئاشنایی پەیدا دەکات لەگەڵ شەریعەتی ئیسلامی و ئایین و دواییش دەست دەکات بە خوێندنی زانستە سرووشتیەکان و پشتی سرووشت و بیرکاری و مەتیق، ئینجا لەسەر دەستی پزیشکێکی مەسیحی بە ناوی عیسا بن یەحیا هونەرو وانەی پزیشکی خوێندووەو فێر بووە! شەیدای فەلسەفە بووەو خۆی بە فەلسەفەی میتافیزیکی پشتی سرووشتەوە خەریک کردووە و هەروەها کتێبەکەی ئەرستۆی خوێندووەو سوودیشی لە کتێبەکەی فاڕابی دەربارەی ئەودیوی سرووشت وەرگرتووەو کە تێیدا زانستەکەی ئەرستۆی ڕوونکردۆتەوە! لێرەدا ئەوەی کە بەڕووی ئیبن سینادا داخرابوو کرایەوە، لەو بارەوە ئیبن سینا رێبازێکی فەلسەفیانەی لە یەکتاپەرستیدا دامەزراند کە ویستی ئیسلام و بۆچوونەکانی ئەرستۆ لێک نزیک بکاتەوە.
لە کتێبە بەناو بانگەکانی ئیبن سینا بریتین لە کتێبی الشفاء کە مەبەستی چاککردنەوەی دەروون و گیان بووە لە نەخۆشیەکان و هەڵەکان. ئیبن سینا گرنگی بە چارەسەرکردنی دەروونی و ڕوحیی داوە هەروەک و چۆن کە گرنگی بە چارەسەری جەستەیی داوە. هەروەها کتێبی النجات کە ئەویش بریتیە لە کورتەی کتێبی الشفاء. وە بەناوبانگترین کتێبی لە بواری پزیشکیدا بریتیە لە کتێبی القانون کە پوختەی بیروڕای پزیشکیانەی ئیبن سینا یە لەوانەش بەرهەمەکانی یۆنانی و عەڕەب! ئەو کتێبە لە سەدەی دوازدەی زایینیدا بۆ زمانی لاتینی وەرگێڕڕاو لە سەدەی پازدەهەمیشدا شازدە جار چاپکرایەوە!هەروەها هەتا کۆتاییەکانی سەدەی حەڤدەیەم ئەو کتێبە وانەیەکی فێربوون بوە لە زانکۆکانی ئەوروپادا.
ئیبن سینا هەمان پڕەنسیب و بنەمای فاڕابی هەبووە ک لە پێش خۆیدا بووە و کە گوتوویەتی جیهان ئەزەلیەو هەر هەبووەو درووست نەکراوە، هەروەها گوتووەیەتی و پێی وابووە کە اللە لە شتە گەردوونی و گشتیەکان ئاگادارەو گوێ بە شتە بچووک و تایبەتمەندیەکان نادات و لای گرنگ و یەکەمین نین. ئەو پێی وا نەبووە کە جەستە لە گەڵ ڕوح لە ڕۆژی قیامەتێدا زیندوو دەبێتەوە! هەر بۆیەش غەزالی لە کتێبەکەیدا بە ناوی المنقذ من الضلال دا ئیبن سینای کافراندووەو بە زەندیقی کردووە، ئیبن کەسیر لە کتێبەکەیدا بە ناوی البدایە و النهایە دا هەمان شی غەزالی پشتڕاست کردۆتەوە! هەروەها ئیبن عماد لە کتێبی شذرات الذهب دا دەڵێت :” کتێبەکەی ئیبن سینا بە ناوی الشفاء فەلسەفەیەکی لە خۆگرتووە کە دڵێکی ئایینی بۆ ڕەت ناکرێتەوە” هەروەها شێخی ئیسلام ئیبن و تەیمییە پشت ڕاستی ئەوەی کردۆتەوە کە ئیبن سینا سەر بە ڕێبازی ئیسماعیلی باتینیی بووە کە ئەوانیش نە لە موسڵمانان و نە لە ئایینی جولەکانن و نە مەسیحیشن،
هەروەها دیسان دەربارەی ئیبن سینا لە شوێنێکی تردا ئیبن تەیمییە دەڵێت:”کەسانی خەیاڵ و وەهمن وهەر ئەوانەشن کە دەڵێن پێغەمبەران دەربارەی خوا زانیاریان پێداوین هەروەها دەربارەی ڕۆژی قیامەتێ وهەروەها دەربارەی بەهەشت و دۆزەخ و مەلائیکەتیش ئەمەش لەگەڵ بابەتەکەدا ناگونجێت! بەڵک و بە شێوەیەک قسەیان لەگەڵ کراوە کە لە خەیاڵ و وەهم نزیکە لە بۆچوون و دیدی خۆیانەوەو لەوێشەوە سەرچاوە دەگرێت.
ئیبن سیناو پێڕەکەی پێیان وایە خودا جەستەیەکی گەورەیەو جەستەش دەگەڕێتەوە بۆ سزاو بەختەورییەکی بەرجەستە.ئیبن سینا لەو بارەوە و لەسەر ئەو بنچینەیە یاسایەکی بۆ داناون و ئەو یاسایەی کە ئاماژەی پێداوە لە کتێبێکیدا بەناوی الاضحویة. ئەوانە دەڵێن پێغەمبەران بەو دەربڕینانە مەبەستیان ڕواڵەت و دیوی دەرەوەیەو مەبەستیشیان ئەوە بووە کە جەماوەر لێیەوە ئەو ڕواڵەتانە تێبگات! جا ئەگەر ئەو ڕواڵەتانە لە خۆیدا درۆو دەلەسەو توڕەهات بن ئەوا بۆ بەرژەوەندی یەو بەس. ئینجا کێن ئەوانەی کە دەڵێن:” پێغەمبەر ڕاستی دەزانێت بەڵام پێچەوانەکەی نیشانداوە لە پیناوی بەرژەوەندیدا؟ تێشیاندا هەیە کە دەڵێت:” پێغەمبەر ڕاستیی نەزانیوە وەک ئەوەی کە فەیلەسوفان زانیویانە! هەر بۆیەش ئەوانە فەیلەسوفێکی تەواو پێگەییشتویان بەلاوە باشترە لە پێغەمبەرێک..هەروەک فاڕابی و موبەشیر فاتک و ئەوانەی ترتیش فەیلەسوفیان پێ باشترە لە پێغەمبەر!
شازدەیەم: عومر الخیام ( ١٠٤٨ – ١١٣١ ز). ناوی تەواوی بریتیە لە عمر بن ابراهیم غیاث الدین ئەبو الفتح. عومەر الخیام خەڵکی نیشابورە. شاعیر و فەیلەسدوفە، هەروەها زانایەکی بەناوبانگی بواری فەلسەفەو بیرکاریی و فەلەکناسی و زمان و فیقهو مێژووە. زووربەی هۆنراوەکانی خەیام بە چواردەوری مەیی و خۆشەویستیدا دەخولێنەوە.
ئەوەتە خەیام دەربارەی بەهەشت دەێت:

بیستوومە بەهەشتێ هەیە حۆری تێدا
ڕووباری شەڕابی پاکی دەڕوا پێدا!
من لێرە مەی و یارێ پەیاکەم چ دەبێ؟
دەستکەوتەکە هەر یەکن بە هەردووک ڕێدا
چوارینەکانی خەیام …..وەرگێڕانی هەژار موکریانی

هەروەها ئەوەتە خەیام ڕوو دەکاتە خوداو قسەی لەگەڵ دەکات ودەڵێت:

دنیایە لە کەودە بێ گوناهێکی نیە
کەس بێ هەڵە نەژیاوە لەسەر ئەو زەویە
من کردە خەراپ و تۆش خەراپەم تووشکەی
جیاوازی لە نێوان من و تۆدا خوایە چیە؟
چوارینەکانی خەیام …….وەرگێڕانی هەژار موکریانی

خەیام دیسان پرسیار دەکاو دەڵێت:
کێ لە هاتندا پرسی پێ کرا
خۆ لە مردندا هەر بەزۆر برا
نامەرد هەی ساقی شەڕابێ تێکە
بۆ دنیای تاریک هەر مەبە چرا
چوارینەکانی خەیام ……وەرگێڕانی شێخ سەلام
حەڤدەیەم: إبن عربي (١١٦٥ -١٢٤١ز). ناوی تەواوی ئیبن عەڕەبی بریتیە لە محمد بن علی بن محمد الحاتمي الطائي، المرسي الاندلسي محي الدین ابوبکر ناسراو بە ئیبن عەڕەبی”بە بێ ئامڕازی ناساندنە ئەویش بۆ جیاکردنەوەیەتی لە دادوەر ئەبوبەکربن عەڕەبی”یە . ئیبن عەڕەبی لە شاری المرسی لە ئەندەلوس لە دایک بووە لە تەمەنی لاویەتیدا ڕۆییشتووە بۆ شاری ئیشبیلیەو لەوێدا دەستی بە خوێندن کردووە، دوایی گواستوویەتیەوە بۆ قورتوبە. لە شاری قورتوبەدا دەستی کردووە بە خوێندنی زانستەکانی قورئان و زانستەکانی فیقهو حەدیس. ئینجا ئیتر ئیبن عەڕەبی بەرەو ڕێبازی بیروباوەڕی (زاهیری) کە ڕێبازی ئیبن حەزم بووە ڕووی وەرگێڕاوە وە.
لەوێ لە قورتوبە ئیبن عەڕەبی پەیوەندی کردووە بە زاناکانی ئەودەڤەرەوە لە نموونەی ئەبی ئەلوەلید بن ڕوشد و ئەبی ئەلقاسم بن بشکوال وچەندین زانای تر. ئیتر لێرەوە بیروڕای خەڵک جیاوز بوو سەبارەت بەو بابەتە و خەڵک هەبووە ئیبن عەڕەبی یان بە وەلی و پیاوچاک و لەخوا ترس و کەسێکی نوورانی زانیوەو خەڵکیش هەبووە بە بێدین و کەسێکی ماریق و ناپاک و زەندیقیان زانیوەو حیسابی کافریان بۆ کردووە. دەگونجێت بۆچوون و بینینی ئەوانە لەوەوە سەرچاوەی گرتبێ کە ئیبن عەڕەبی ڕەنگە بە ڕواڵەت هەندێک زیادەڕەوی کردبێ کە لادانی گەیاندبێ لە شەڕیعەتی ئیسلامیدا. ئیبن عەڕەبی یەکیکە لەو کەسانەی کە پێی وابووە و گوتوویەتی :” خوداو سرووشت هەر یەک شتن و گەردوونی مادەو مڕۆڤیش هیچ شتێک نین بێچگە لە دەرکەوتنی ڕووکارو جەوهەری خودی خوداوەند.”
دەگوترێت ئیبن عەڕەبی لەسەرووی ٤٠٠ چوارسەد کتێبی نووسیوە لە بەناوبانگترینیان بریتین لە ” الفتوحات المکیة، فصوص الحکمة، مفتاح السعادة، محاضرة الابرار و مسامرة الاخیار”. کتێبی (فصوص الحکمة)ی لە شاری دیمشق نووسیوە بە ١١ ساڵ پێش مردنی. مەبەستی ئیبن عەڕەبی بەو کارەی بریتی بووە لەوەی کە ژیان و مێژووی ئەو پێغەمبەرانەی کە ناویان لە قورئاندا هاتووە بخاتەڕوو لەبەر ڕۆشنایی عەقیدەو بیروباوەڕی یەکتاپەرستی، ئەو کارەی ئیبن عەڕەبی یەکسان بووە لە گەڵ کتێبی پیرۆزدا یەکیان گرتۆتەوە. ئیبن عەڕەبی لەو کتێبانەیدا هەستاوە بە ڕوونکردنەوەی ڕێبازەکەی خۆی کە بریتیبووە لە رێبازی ٠وحدة الوجود) واتە یەکیەتی بوون. ئەم ڕێبازە بریتیە لە تێکەڵکردنی خودایەتی و مڕۆڤ و کردنیان بەیەک شت. هەروەک چۆن ئاو تێکەڵ بە مەی دەکرێت و بەجۆرێک کە ناتوانرێت لێک جیا بکرێنەوە. ئەو عەقیدەو باوەڕە هەر ئەو شتە بوو کە وەختی خۆی پێش ئیبن عەڕەبی هەللاج لەسەری بووەو ڕایگەیاندبوو!
چواردەیەم : إبن عفیفي : ( ١٩٧٤- … ز) . بریتیە لە ئەحمەد عەفیفی، کەسێکی بەتواناو ڕۆمان نووسێکی خاوەن بەهرەی باڵایە، کەسێکی زەندیق وکافرو بێدین و هەرتەقەیە. ئەو دەستی بە ترووسکەیەک لە ڕووناکیەوە گرتووە لە جیهانێکی عەڕەبی وادا کە تاریکی باڵی بەسەردا کێشاوە!

https://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=348245




زێرکا مۆرێنۆ و سایکۆدراما.. چاوپێکەوتن.. وەرگێڕانی: زاهیر عەبەڕەش

زێرکا مۆرینۆ باس لە جەوهەری تیۆری و تەکنیکی سایکۆدراما دەکات، هەروەها باس لە ژیان و کارەکانی دەکات لەگەڵ هاوسەرە کۆچکردووەکەی جاکۆب مۆرێنۆ.

ڤیکتۆر یالۆم لە ساڵی ٢٠٠٤ دا ئەم چاوپێکەوتنەی لەگەڵ زێرکا مۆرینۆ ئەنجامی داوە، لە ماڵپەری تایبەتی سایکۆ تراپی بە زمانی ئینگلیزی بڵاو بۆتەوە و پاشان زانکۆی ستۆکهۆڵم بە هەندێک گۆرانکاری لە تەکنیکی چاوپێکەوتنەکدا وەریانگێراوەتە سەر زمانی سویدی، چونکێ کاتێک باسی جاکۆب مۆرینۆ دەکرێت ناتوانین باسی پاڵ پشت و خوێندکارە هەرە بلیمەتەکەی ئەو نەکرێت کە زێرکایە.

زێرکا تۆمان مۆرینۆ (Zerka Toeman Moreno) لە ١٣ ی حوزەیرانی ساڵی ١٩١٧ لە هۆڵەندا لەدایکبووە ولە ئەیلولی ٢٠١٦ لە ئەمریکا مردووە. هاوکار و هاوسەری جاکۆب مۆرینۆی دامەزێنەری میتۆدی سایکۆدراما بوو. دوای هاوژینەکەی بەردەوامی بە پەیمانگەکەی ئەودا.

زێرکا تۆمان مۆرینۆ

ڤیکتۆر یالۆم ، دەروونناس و هونەرمەندی سانفرانسیسکۆ هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا، کاریکاتێریست و دەروونزان، تراپیست چارەسەرکەری دەرونی بەهۆی هونەرەوە، نیشتەجێی سانفرانسیسکۆ، ئێستا خۆی و خێزانەکەی سەرقاڵی بەرێوەبردنی سایتی سایکۆتراپیین
ئەم چاو پێکەوتنە لە زاری سویدیەوە وەرگڕاوەتە سەر زاری کوردی، بە بەراوردکردن لەگەڵ چاوپێکەوتنە کە بە ئینگلیزی سازکراوە، هەندێک گۆرانکاری تەکنیکی تێدایە، بۆنموونە کە دووپرسیار لەیەک دەچێن، یاخود یەک وەڵامدانەوە کراوە بە وەڵامی دوو پرسیار.
لە ساڵی ١٩٣١ کە زێرکا تەمەنی چواردە ساڵ بوو، لەگەڵ دایک و باوکی ڕوویان لە لەندەن کرد، لەوێ خوێندنی ئامادەیی تەواو کرد و دواتر هونەر و دیزاینی جلوبەرگی خوێند. لە ساڵی ١٩٣٩ بۆ یەکەمجار زەریای ئەتڵەسی بەزاند و لەگەڵ هەندێک هاوڕێی خێزانەکەی گەیشتە ئەمریکا. زێرکا خوشکێکی هەبوو کە دوچاری نەخۆشی دەرونی ببوو. لە ساڵی ١٩٤١ توانی خوشکە گەورەکەی لە بەلجیکا بباتە نیویۆرک، بۆ ئەوەی بەدوای چارەسەری نەخۆشییە دەروونییەکانی خوشکەکەیدا بگەڕێت.
ساڵێک دوایچاوپێکەوتنی مۆرینۆ پەیمانگای سۆسیۆمێترییان لە پارک ئەڤینۆ لە شاری نیویۆرک و لە ساڵی ١٩٤٢دا پەیمانگای سایکۆدراماتیکیان لە نیویۆرک دامەزراند.
لە ساڵی ١٩٤٧ دەستیان بە دەرکردنی گۆڤاری سایکۆتێراپی (لە سەرەتادا ناوی سۆسیاتری) کرد، کە تایبەت بوو بە زانستە کۆمەڵایەتیەکان، کۆمەڵناسی، سایکۆدراما و سۆسیۆمێتری. زێرکا بۆ ماوەی زیاتر لە سی ساڵ هاوبەشی ژیان هاو داهێنەری جەی ئێڵ مۆرێنۆ بووە تا ساڵی ١٩٧٤.
مۆرینۆ لە دوای مردنی دکتۆر مۆرێنۆ، بۆ ماوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵ بەردەوام بوو لە ڕاهێنان و فێرکردنی تیۆری و میتۆدی سایکۆدرا، ڕاهێنانی بە سایکۆدراماتیکستەکان دەکرد و وارکشۆپی لە سەرانسەری جیهاندا دەکردەوە.
بیرکردنەوە لە پشت بەرهەمهێنانەوەی بەشەکانی ئەم چاوپێکەوتنە ئەوەیە کە ڕۆژنامەنووس ڤیکتۆر یالۆم، نزیکەی هیچ لەبارەی سایکۆدراما نازانێت، ئەوەش وا دەکات زێرکا مۆرێنۆ بە شێوەیەکی زۆر دڵکراوە و ئاسان بۆ تێگەیشتن وەڵام بداتەوە. ئەم فۆرمەی پرسیار و وەڵامەش سەرنج ڕاکێش و لە گفتوگۆیەکی ئاسایی و تێروانین بۆ ژیان دەچێت، زیاتر لە کەسایەتیان نزیک دەبیتەوە.
منیش حەزم کرد ئەم چاوپێکەوتنە وەربگێڕمە سەر زمانی کوردی و هاوبەشی بکەم لەگەڵ خوێنەرانی کورد زمان.

(بۆم باس مەکە پیشانم بدە)

ڤیکتۆر یالۆم: تۆ قەشەنگ دەردەکەوێت، بەڕاستی تەمەنت ٨٣ ساڵە؟
زێرکا مۆرینۆ: مانگی داهاتوو. ١٣ی حوزەیران. دەبم بە ٨٣ ساڵ، بیرمە کاتێک تەمەنم ٨ ساڵ بوو، بیرم لەوە دەکردەوە “لە ١٣ی حوزەیران کاتێک تەمەنم دەبێتە ١٣ ساڵ، ئایا پیر نابم؟”
ڤیکتۆر یالۆم: زۆر دڵخۆشم کە تۆ لێرەیت و ڕازی بوویت بۆ ئێمەو خوێنەرانمان باسی و ژیان و کارکردنت لە سایکۆدرامادا بکەیت، کە سەرەتادا لەلایەن هاوسەرە کۆچکردووەکەتەوە، جاکوب مۆرێنۆ دامەزراوە. سەختە باوەڕ بکەیت کە تەمەنت ٨٣ ساڵە؛ تۆ زۆر پڕی لە ژیان. زۆر شتت لە خۆتدا هێشتۆتەوە.
زێرکا مۆرینۆ: سوپاس. منیش دڵخۆشم کە لێرەم. هەمیشە حەزم لە قسەکردنە لەسەر کارەکانم.
ڤیکتۆر یالۆم: وە ژیانی خۆشت.
زێرکا مۆرینۆ: ژیانی خۆشم، ئەو دوانە تێکەڵاون.
ڤیکتۆر یالۆم: باشترین جێگا لێوەی دەست پێ بکەین ئەوەیە بڵێین، پێم بڵێ سایکۆ دراما چییە؟
زێرکا مۆرینۆ: ئاسانترین ڕێگا بۆ تێگەیشتن لە سایکۆدراما ئەوەیە کە بیرکردنەوەیە لەوەی “عەقڵ لە جووڵەدا ـ لە کرداردا ” یە. لەبری ئەوەی باسی نیگەرانیەکانین بکەن، دەڵێین “پێم مەڵێ، نیشانم بدە!” نیشاندان واتە مامەڵەکردن لە ناوەوە ” واتە نواندنی، بەو شێوەیە دەتوانیت پیشانم بدەیت کە خەمی تۆ چییە. باسی ئەوە بکە چی نیگەرانت دەکات، ئەوە کورترین رێگایە بۆ وەسفکردنی.
ڤیکتۆر یالۆم: ئامانجی سایکۆ دراما چییە؟
زێرکا مۆرینۆ: ژیان سنوردارکردنی خۆی بەرهەم دەهێنێت، زۆرێک لە ئێمە ناتوانین بە ئاسوودەیی مامەڵە لەگەڵ ئەمانە بکەین. پێت دەڵێم بۆچی. ئێمە بانگەشەی ئەوە دەکەین گرنگترین شتی مرۆڤ سپۆنتانێتی / العفویة و داهێنانە، هیچ ڕۆشنبیریەک نیە کە جەخت لە سپۆنتانێت و داهێنانی تاکەکان بکاتەوە. ئێمەی سایکۆدراماتیک جەخت لەسەر سپۆنتانیتی و داهێنان دەکەینەوە، منداڵانیش پشکی شێریان هەیە ، بەڵام لە ڕێچکەی ژیانیاندا ئەم داهێنان وسپۆنتانێتیەی منداڵان دەشێوێت و سەرکوت دەکرێت کاتێک گەورە دەبن. ئێمەی مرۆڤ ئەمرۆ باوەڕمان بەوە هەیە کە منداڵان فێر بکەین کە کۆنترۆڵی جوڵەی خۆیان بکەن و زیرەک بن، فێرکردنی منداڵان ڕێز بۆ عەقڵ و زیرەکی دادەنێت، بەڵام سپۆنتانێتیمان بیرچۆتەوە. خەڵکانێکی زۆرهۆشمەند هەیە، بەڵام تا بڵێی خراپ و دەستە پاچەن لەبەرامبەر داهێناو سپۆنتانێتی (العفویة)، سپۆنتانێتییان لاوازە. منداڵان کە نوێنەرایەتی سپۆنتانێتی ( العفویە) ئێمە دەکەن. کە بڵێ ” بەڵێ “! بۆ ژیان. ویستی ژیان، هاوار بۆ خۆشی ژیان بکات. ئەگەرسەرنج لە منداڵێکی بچووک بدەیت، تێبینی ئەوە دەکەیت کە پڕە لە ژیان. بەڵام ئێمە ڕێگرییان لێدەکەین لە هه‌راوهورییاكردن، چەپڵە لێدان، پێکەنین هەرچەندە ئەمە شێوازی ژیانی خۆیانە. بەڵام ئێمە زۆر باش لەم شتە تێناگەین. دەمانەوێت بەو شێوەیەڕەفتار بکەن خۆیان بگونجێن وەک مرۆڤە باشەکانی دنیا، بۆیە ئەوەی دەبێت بیکەین و هەوڵێکی زۆر دەدەین لەگەڵ تەمەنماندا بۆ لێسەندنەوەی ئەو مافە سەرەتایەی “خۆمان”
ڤیکتۆر یالۆم: سایکۆ دراما دەتوانێت یارمەتی دەربێت لەوەدا؟
زێرکا مۆرینۆ: بەڵێ سایکۆ دراما یارمەتیدەرمانە کە بە شێوازێکی نوێ گوزارشت لە خۆمان بکەین. بە شێوازێک کە ژیان بەزۆری ڕێگەی پێ نادات، دەتوانیت بڵێیت ئێمە لە دوو جیهاندا دەژین، دەزانی ئێمە لە جیهانی واقیعدا دەژین، لە جیهانی واقیعی بابەتییدا. من و تۆ دەتوانین کۆک بین کە لێرەین، ڕاستە؟ بەڵام تۆ جیهانێکی ترت هەیە، منیش جیهانێکی ترم هەیە کە نابینرێت. سایکۆدراما ئەو جیهانەی تر دەکاتە دیار.
ڤیکتۆر یالۆم: بۆ چ ئامانجێک؟
زێرکا مۆرینۆ: بۆ ئەوەی ببین بە کەسێکی کامڵتر، بۆ ئەوەی بەرهەمدارتر بین، بۆ ئەوەی کەسایەتیەکی یەکگرتوومان و پتەومان هەبێت، ئێمە باوەڕمان بەکەسایەتی یەکگرتوو هەیە.
ڤیکتۆر یالۆم: چۆن ئەم کارە دەکەیت؟ چۆن سایکۆ دراما بەکار دەهێنن؟ سایکۆدراما چ سترکتورێکی هەیە؟
زێرکا مۆرینۆ: باشە، سەرەتا دەمەوێت بڵێم کە تەنها وەک جۆرێک لە چارەسەری دەروونی بەکارناهێنرێت. ئەوە تەنها یەک جۆری بەکارهێنانە. ڕەنگە تۆ بزانی ڕێگەیەکی زۆر بەسوود بۆ بەکارهێنانی سایکۆدراما لە ڕۆڵگێڕاندایە. ئەوەش ئەمڕۆ لە بواری پەروەردەدا، لە کارگێڕیدا، لە زۆر بواردا بەکاردەهێنرێت. لە بنەڕەتدا لە سایکۆدراماوە هاتووە. بەڵام سەرچاوەکەی عەقڵی خۆتە، هەر ڕۆڵێک لە ژیانتدا بگێڕیت؛ ئێمە لەوێوە دەست پێدەکەین.

ڤیکتۆر یالۆم: چۆن ئەم کارە دەکەیت؟

سایکۆدراما ڕوونکرایەوە
زێرکا مۆرینۆ: باشە با بڵێین کەسێک دێت و دەڵێت “کێشەیەکی ترسناکم هەیە، هاوسەرەکەم دەخواتەوە، لێم دەدات، قومار دەکات و نابەرپرسیارە و خۆی چاک ناکات”. دۆخێکی خراپ لە دەوروبەرمە. “چی بکەم؟ ناتوانم جیاببمەوە، من کاسۆلیکم. لە کڵێسا فڕێ دەدرێمەوە دەرەوە، و بە تەواوی گۆشەگیر دەبم. چی بکەم؟” باشە ئەوە کێشەیەکی زۆر گەورەیە، زۆر جدییە. – منیش پێی دەڵیم: نیشانم بدە مێردەکەت چۆنە، بەو پێیەی ئەو لێرە نییە، ئایا ئەو ئەهات بۆ ئێرە؟ “نا، ڕەنگە نەیەت بۆ ئێرە. ئەو باوەڕی بە هیچ کام لەم شتانە نییە.” بۆیە دەبێت هەڵسەنگاندن بکەم: چی دەتوانم بکەم بەشدارم بۆ خۆشگوزەرانی ئەم ژنە؟ ئایا شتێک هەیە لەم پەیوەندییەدا کە هێشتا بەردەوام بێت، یان نا؟ بەداخەوە پەیوەندیەکیی تەندروست و پتەویان نییە، بەڵام ڕەنگە ناچار بم یارمەتی بدەم، بۆ ئەوەی ئەقڵی لەدەست نەدات، ژیری بهێڵیتەوە. یان بیەوێت لەو ژیانە بمێنێتەوە
ڤیکتۆر یالۆم: بە عاقڵی بمێنێتەوە، یان لەو ژیانەدا بمێنەرەوە؟
زێرکا مۆرینۆ بەدڵنیایی. بۆیە، من بەم شێوەیە دەست پێدەکەم: “من لێرە هاوسەرەکەتم لا نییە؛ تەنها شتێک کە هەمبێت تێڕوانینی تۆیە بۆ هاوسەرەکەت.” بێ لەوەش لەوانەیە ئەو تێڕوانینە شێواو بێت و تەواو نەبێت، بەڵام تاکە تێگەیشتنێک کە لای من هەبێت ئەوەیە. ئەوە ئەو کەسەیە کە لەگەڵیدا دەژی. بۆیە دواتر داوای لێدەکەم ڕۆڵەکان پێچەوانە بکاتەوە و ببێتە هاوسەری (ڕۆڵی پیاوەکە ببینێت). بەزۆری وایان لێدەکەم لەسەر کورسییەکی جیاواز دابنیشن، بۆ ئەوەی جەستەشی بە هەمان شێوە بجوڵێنێت، ئەوە گرنگە. چونکە ئێمە تەنها لە سەر و مێشکیاندا کار ناکەین. بڵکو ئێمە دەمانەوێت هەموو جەستە بەکاربهێنین؛ ئێمە ئەکتەرین. ئێمە دەڵێین مرۆڤ ئیمرۆڤیسەتۆری شانۆی ژیانە. بە پێچەوانەی شانۆ، تێکستێکی نوسراو نییە؛ من سیناریۆم نییە. دەبێت لەکاتی کاردن و ئیمۆرۆڤیسەشوندا مامەڵە بکەین ڕاستە وخۆ کارلیکردنمان هەبێت، لێرە و لە ئێستادا. هەرچییەک لە نێوانماندا هەبێت.
ڤیکتۆر یالۆم: وە هاوسەرە کۆچکردووەکەت مۆرینۆ، کە دامەزرێنەری سایکۆدرامایە، ئەو چەمکی ” لێرە و لە ئێستادا” ی داهێنا؟
زێرکا مۆرینۆ: بەڵێ ڕاستە. ئەو، ئەو زاراوەیەی داهێنا و دواتر زۆر کەسی دیکە بەکاریان هێنا، لەوانە فرێدریک سالۆمۆن پێرڵز و تیۆری گێستاڵتەکەی، ئیرڤین یالۆم و بوونگەراییەکان.
ڤیکتۆر یالۆم: بەڵێ، دەستەواژەکە بەردەوامە لەگوزارشت کردن لەدەمی کات و ساتی ئەزموونە کارلێکیەکانی مرۆڤ.
زێرکا مۆرینۆ: دواتر چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو ژنە دەکەم وەک ئەوەی مێردەکەی بێت، (خۆی دەخاتە بەرگی هاوسەرەکەیەوە). لەو پرۆسەی کارکردنەدا ئەم ژنە شتی زیاتر فێر دەبێت دەربارەی هاوسەرەکەی، وەک لەوەی پێشتر دەیزانی، زۆر لە واقیعی پیاوەکەی نزیک دەبێتەوە.
ڤیکتۆر یالۆم: ئەوە چۆنە؟
زێرکا مۆرینۆ: ڤیتگنشتاین لە شوێنێکدا دەڵێ ” بۆ ئەوەی دەربارەی خۆت بزانیت، دەبێت لە دەرەوە هەنگاو بۆ خود بنێیت”. کەواتە ئەوەی کە دەیکات ئەوەیە، لە ڕۆڵی هاوسەرەکەیدا، هەست بە خۆی دەکات. لێی دەپرسم چ کەمایەسیەک و چەوتیەک لە نێوانیاندا هەیە ؟ من بیستوومە ژنەکەت چی دەڵێت. ئێستا حەز دەکەم بزانم ڕای تۆ چییە.” ئێستا زانیاریت دەست دەکەوێت و کە چۆن کارلێکردنیان هەبێت لەگەڵ یەکتر.
ڤیکتۆر یالۆم: کەواتە ژنەکە ڕۆڵی هاوسەرەکەی خۆی دەبینێت و قسە لەگەڵ خۆی دەکاتەوە (لەبەرگی پیاوەکەوە قسە لەگەڵ خۆی دەکات)؟
زێرکا مۆرینۆ: لە کۆتاییدا، لەوانەیە. ئەگەر کەسێکی تر بەردەست بێت بۆ ئەوەی ببێتە ئەکتەر، ئەوا ئێمە ئەو کەسە دەهێنین ئەگەر نا، ئەوا خۆی ڕۆڵی خۆی بەرامبەرەکەشی دەبینێت. هەردوو ڕۆڵەکە دەگێڕێت، هەندێک جار، لەگەڵ بەردەوامبوونی ئەمەدا، ڕەنگە من ڕۆڵی ئەو ببینم و و ئەویش ڕۆڵی مێردەکە بگرێتە ئەستۆ.
ڤیکتۆر یالۆم: ئایا ئەمە یارمەتی دەدات لە تێگەیشتن و هاوسۆزی لەگەڵ هاوسەرەکەی؟
زێرکا مۆرینۆ: با زیاتر ڕوونی بکەمەوە کە ئێمە مامەڵە لەگەڵ چی دەکەین. ئێمە مامەڵە لەگەڵ دوو کەس دەکەین بەڵام بە سێ یەکە، ژن و مێرد و پەیوەندی نێوانیان، یەکەی سێیەم پەیوەندیەکەیانە. ئێمە وا دائەنێین کە ناتوانرێت ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر دەروونێک هەبێت، تەنها لە ڕێگەی پەیوەندییەکی بەرچاوەوە نەبێت. ئەوەی ئێمە مەمەڵەی لەگەڵ دەکەین، تەنها لە پەیوەندییەکە ناکۆڵینەوە، بەڵکو هەوڵ دەدەین چاکی بکەینەوە. پرسیارە چارەنووس سازەکە ئەوەیە، ئایا ئەم پەیوەندییە دەتوانرێت چاک بکرێتەوە یان نا؟. هەروەهە ئەگەری ئەوە هەیە کاتێک ڕۆڵێ مێردەکەی دەبینێت، لە ناکاو زۆر شتی بۆ کەشف دەبێت وشت فێر دەبێت، بە شێوازێکی نوێ مێردەکەی دەناسێت و دەبینێت. ئەگەر چی پێشوتریش ئاگاداری ژیانی ڕابوردووی مێردەکەشی بووبێت و چۆن بە منداڵی ئازار دراوە، لەبەر ئەوەی کە لایەنێکی نوێی مێردەکەی کەشف دەکات و هەستی پێ دەکات، لایەنە مرۆییەکەی مێردەکەی دەبینێت دەدرەوشێتەوە. لەبەر ئەوەی بە شیوەیەکی نوێ دەیبینێت و هەستی پێدەکات، کە دەگەڕیتەوە ڕۆڵی خۆی و ناچارە شێوازی پەیوەندیەکانی لەگەڵیدا بگۆڕێت، ئەوەی ئێمە لێرەدا باسی دەکەین گۆڕینی ڕەفتارەکانە نەک تێڕوانینی مەعریفی، پێمان وانییە تێگەیشتنە فیکرییەکان ئەوەندە چارەسەر بن.
ڤیکتۆر یالۆم: نەک تێڕوانینێکی مەعریفی بە خۆی.
زێرکا مۆرینۆ: نەک بە خۆی، پێویستە لەگەڵ بەشێکی هەست و سۆزەکان پەیوەست بکرێ، سایکۆدراما مامەڵە لەگەڵ هەردووکی دەکات. خەڵک زۆرجار بۆ تێگەیشتن بەکاری دەهێنن. پێم وایە ئەوە تەنها نیوەی کارەکەیە. من ئەوەندە خەمی ئەوەم نییە کە لێرە سەرەوە چی ڕوودەدات ( ئاماژە بە کەللـەسەری خۆی دەکات) چونکە ئەوەی لێرەدا بەرەو سەرەوە دەڕوات ئەوەیە…

ڤیکتۆر یالۆم: ئەگەر بە جەستەت ، یان بە هەست و سۆز ئەزموون بکەیت ئەوا هێزی زۆر زیاتر دەبێت.؟
زێرکا مۆرینۆ: بۆ نموونە کاتێک ئەو ژنە لێرە دادەنیشێت، دەڵێم “چۆن دادەنیشیت؟ بە جەستەت نیشانم بدە کە چۆن دادەنیشیت.” وە لەوانەیە بە لەسەر لا دابنیشێ، بە جۆرێک کەسی بەرامبەری ڕەت بکاتەوەە. یان لەوانەیە زۆر لە نزیکەوە دانیشتبێت چونکە دەیەوێت پەیوەندی لەگەڵیدا دروست بکاتەوە. بۆیە هەموو جۆرە زانیارییەک بەدەست دەهێنیت، تەنها بە ئەنجامدانی گۆڕینی ڕۆڵەکان، ڕەنگە ئێستا یان دواتر ئەگەری ئەوە هەبێت کە من لە ڕاستیدا بتوانم پیاوەکەی بیبینم. دەزانی بابەتێکی نووسی ناوی ناوی لێنا “Psychodrama and the Psychopathology of Interpersonal Relationships “سایکۆدراما و سایکۆپاتۆلۆژی لە پەیوەندی نێوان کەسەکان، کە تێیدا خۆی وەک ناوبژیوانێک لە نێوان ژن و مێرددا بەکارهێناوە. ئەو بۆ دەستپێکردنی کارەکەی ژن و پیاوەکەی بەجیا دەبینی، سەرەتا هەردووکیانی پێکەوە نەدەبینی، پێکەوە داینەناون و مامەڵەیان لەگەڵ بکات، هەر یەکەیان گلەییان لە ئەوی تر هەبوو. ئەوە شێوازێکی تەواو نوێ بوو بۆ بەردەوام بوون. فرۆید هەرگیز ئەو کارەکەی نەکردووە، تاکەکانی بەرامبەر بەیەکتر شی نەکردۆتەوە، بەڵکو تەنها لە پەیوەندی بە ژیانی خۆیانەوە.
ڤیکتۆر یالۆم: دکتۆر مۆرێنۆ پێکەوە نەیانیدەبینی؟
زێرکا مۆرینۆ: هێشتا نا. ژنەکەی بۆ مێردەکە لێکدەدایەوە، مێردیش بۆ ژنەکە.
ڤیکتۆر یالۆم: بێگومان بە مۆڵەتی خۆیان.
زێرکا مۆرینۆ: بێگومان. هەردووکیان لەو پەیوەندییەدا کاریان دەکرد. هەندێک جار کەناڵێکی نوێی نێوان ئەو کەسانەدا دروست دەکرد. هەندێک جار ئەوە بە ڕوونی دەبینرا ئەو کەناڵە بوو کە بەڕاستی پێویستیان پێیەتی، بۆ ئەوەی هەردووکیان هەست بە عەقڵێکی تەندروست بکەن، جیا نەبنەوە. وە دواتر لەوانەیە ئەو شتە بەرهەم هاتبێت کە ئێمە پێمان دەگوت divorce catharsis “کاتارسیسی جیابوونەوە” و ئەوەش بیرۆکەیەکی نوێ بوو.
ڤیکتۆر یالۆم: ئایا هیچ شتێکی کردووە کە لە چارەسەری دەروونی نەریتی بچێت؟
زێرکا مۆرینۆ: دەستی کرد بە فڕێدانی ئەو ڕیو ڕەسمە نەریتیانە. لە کۆتاییدا پەرەی بە سایکۆدراما دا و خستیە ناوپەیوەندی کارلێکی کەساکانەوە
ڤیکتۆر یالۆم: ئایا مۆرینۆ هەروەها سایکۆ ئەنالیزی ( شیکاری دەروونی) خوێندبوو؟
زێرکا مۆرینۆ: نەخێر. دژە شیکاری بوو. باوەڕی بە مۆدێلی کارکردنی فرۆید نەبوو. پێشینەی فرۆید بایۆلۆجی بوو. مۆرینۆ دەیگوت ئیلهامی لە ئاینە گەورەکانی جیهان وەرگرتووە. فرۆید کەسێکی بێدین بوو. بەڵام مۆرێنۆ نا. مۆرینۆ دەیگوت لەڕوانگەی گەشەکردنی تاک و ڕەگەزی مرۆڤەوە، گەشەسەندنی قسەکردن زۆر درەنگ کەوت، مرۆڤ فێری گاگۆڵکێ کردن دەبێت، فێری دانیشتن دەبێت، فێری ڕۆیشتن دەبێت، هەموو ئەمانە فێر دەبێت ئەوجا فێری قسەکردن دەبێت. تۆ پێش ئەوەی فێری قسەکردن بیت نزیکەی دووتا سێ ساڵ بەچڕی بە جەستەو کارلێکردن ژیاویت لەگەڵ دەوروبەرت.

ڤیکتۆر یالۆم: بەجەستە؟
(سەیرکرنی ئایندە و دوو ژیانی ــ زێدە واقیع. Surplus Reality)

زێرکا مۆرینۆ: لەگەڵ جەستە، بە جەستە و لە تێکەڵاو بوون و کارلێککردن لەگەڵ
کەسانی دیکە. ئێمە لە ساتەوەختی لەدایکبوونەوە پەیوەستین بە خەڵک ولە کارلێککردنداین لەگەڵ کەسانی تر. دیارە ئەوە کاریگەری لەسەر ئێمە هەیە. با ڕووبەڕووی ڕاستییەکان ببینەوە. خەڵک درۆ دەکەن وشەکان دەتوانن درۆ بکەن. سەیری تیڤی بکەن، گوێ لە سیاسەتمەداران بگرن، لە زاریانەوە درۆ دەبارێت … ئاستێکی ڕەسەنتر هەیە، لە ژێر “ئاستی زمان”ەوە و ئەوە ئاستی کردار و کارلێککردنە. بۆیە درامای هەڵبژارد، بەڵام نەک درامای ئاسایی و نەریتی نا، بەڵکو فۆرمێکی نوێی دراما ــ درامای ئیمپرۆڤیسەیشن. کە ئەمەش شێوازی ژیانمانە. نازانم تۆ ئەو کتێبەمت بینیوە، لە وێدا نووسراوە کە جارێک یەکێک لە نەخۆشەکانم پێی وتم
دەزانم سایکۆدراما چییە؟ دووجار ژیانە، ئەم دەستاواژەیە زۆر قوڵ و سەرنجڕاکێشە، تۆ لەژیاندا ژیانێکی خۆت هەیەو لە سایکۆدرامادا ژیانێکی تر.
ڤیکتۆر یالۆم: ساڵی ٢٠٠٤ دیسان کارتان لەسەر ئەو پرسە کردووە و کتێبێکتان بڵاو کردەوە بە ناوی ”Surplus reality and the art of Hegalin”. ناونیشانێکی زۆر سەرنج ڕاکێش، وێڕای پیرۆزبایم، بڵێ چۆن پێناسەی ”Surplus reality دەکەن؟
) Surplus reality ¬– ڕۆژگاری جێماو، زێدە واقیع ، ئەوەی لە ئیستادا لەپێشە و لەبەردەمماندا لە رووە، سەیرکردنی ئایندە لە ڕۆڵبینیندا، خەونەکان هەموو ئەو شتانە دەگرێتەوە. هەروەها the art of Hegalin ـ واتە بەکارهێنانی هونەر بۆ چارەسەر کردنی نەخۆشی، جا هەر جۆرێکی هونەری بێت. زاهیر )
زێرکا مۆرینۆ: دەزانم بەرەو چ ئاڕاستەیەک دەڕۆیت؟. ئەوەی ئەم ژنە دەیکرد ئەوەبوو کە دەچووە ناو واقعی هاوسەرەکەیەوە، ئەوە ) ڕۆژگاری جێماو، زێدە واقیع ـ Surplus reality ¬– ڕۆڵ گۆڕین تەکنیکێکی surplus reality ــ ە ، زێدە واقیع یان ژیانی بەجێماو، یان سەیرکیدنی ئایندەیە – ئەوە واقیعێکە یان بڵێن ڕاستیەکە لەدەرەوەی ژیانی ڕۆژانەمانەوەیە، ژیانێکە دیار نییە و واقعێکە نەبیراوە بەڵام زۆر ڕاستەقینەیە و پەیوەندی بەژیانی ئێمەوە هەیە و مامەڵەی لەگەڵ دەکەین. ئەو ژیانەش دەتوانرێت ئەفسانە یان چیرۆکێکی دروست کراو بێت، یاخود ژیانی تۆ بێت وەک ئەوەی تۆ حەزت لێیە. فیلمە کۆنەکەی The Secret Life of Walter Mitty ژیانی نهێنی واڵتەر مێتی، خۆی سایکۆ درامابوو، کەواتە ئێمە هەوڵی چی دەدەین، چی لە کاتارسیسدا جەوهەرییە؟ باشە ئێمە باوەڕمان بەو دیمەنانە هەیە، ئەو کارلێکانە، ئەو واقیعانەی کە ژیانمان ڕێگەی پێ نەداوین ئەزموونی بکەین و بیبینین، بەڵام ئێمە دەبێت هەمیشە هەست بەو ژیانە نەبینراوە بکەین، . من عادەتەن ئەوە ناو دەنێم ” تەنها ئەگەرەکان”. بیر لە ووشەی ئەو هەموو (تەنها جارێک ) لەژیانمدا بکەرەوە، ” تەنها ئەگەر”ەکان بکەرەوە لە ژیانتدا کە نەتکردووە. بزانە چەند بڕێکی زۆر وزە و کات بەفیڕۆ دەدەیت؟.
ڤیکتۆر یالۆم: بەدڵنیایی وزەو کاتێکی زۆر خەرج دەکەیت.
زێرکا مۆرینۆ: بڕێکی زۆر گەورە، تەنها لەسەرئەو ئەگەرانەی کە نەتکردووە، لەسەر ئەم ” تەنها ئەگەر” انە، مێشکت دەبات بۆ شوێنێکی تر، ئەو پەیوەندیە تەلەفونیانەی کە نەتکردووە، یان ئەو ئەو پەیوەندییە تەلەفونییانەی کە کردووتەو لەوێدا بیردەکەیتەوە ، ئەگەر ئەو پەیوەندیە تەلفونییەم نەکردبا، ئەو نامانەی دەبوو وەڵامیان بدابایەتەوە، ئەو ئیمەیلانەی کە دەبوو بماناردایە، ئەمانە ڕێگریت لێدەکەن لەو کارانەی کە دەتەوێت لە ژیانی رۆژانەدا بیکەیت لێرە و ئێستادا.
هەر چەمکی “لێرە و ئێستا”، بوو کە جاکۆب مۆرێنۆ کە دایهێنا، لە پاشاندا هەرچەندە لەو کاتەوە لەلایەن زۆر کەسی دیکەوە وەک پێرڵز و یالۆم و بوونگەراییەکان بەکارهێنراوە.
ڤیکتۆر یالۆم: ئایا سایکۆدراما دەتوانێت دەربارەی هەر شتێک بێت؟
زێرکا مۆرینۆ: ( بەپێکەنینەوە) بەڵێ، دەتوانین نزیکیی هەموو لایەنەکانی ژیان وەربگێڕین بۆ فۆڕمی سایکۆدراما. هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی خۆت بە شێوەیەکی نوێ و لە کایەی نوێدا. بۆ ئەوەی سپۆنتانی و داهێنەر بیت بە شێوەیەک کە پێشتر نەبووبیت. هەروەها ڕێگایەکە بۆ چاککردنەوە و کامڵ بوونی “خود”. دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ لێکۆڵینەوە لەوەی کە چۆن حەزت دەکرد منداڵیت یان هەرزەکاریت یان تەنانەت ژیانی پیشەیی خۆت بگۆڕیت. ڕەنگە هەمیشە کار نەکات. زۆرجار بیر لە سایکۆدراما دەکەمەوە پێم وایە مامەڵە لەگەڵ لێوارەکانی ژیان دەکەین. ئەمە بیرۆکەیەکی نوییە کە ئێستا تازە بەدەستی دێنم.
ڤیکتۆر یالۆم: بیرۆکەی نوێت هەیە دوای شەست ساڵ کارکردن.
زێرکا مۆرینۆ: بەڵی، شتێکی سەرنج ڕاکێشە، بەردەوام بیرۆکەی نوێ دێتە ئاراوە، داهێنان بەوشێوەیەیە. وەک پرەنسیپێکی دووانەیی /جمک کاردەکات. سپۆنتانێتی spontaneity وەک وەڵامێکی نوێ بۆ دۆخێکی کۆن پێناسە دەکرێت، یان وەڵامێکی گونجاو بۆ دۆخێکی نوێ. داهێنان شتێک دروست دەکات کە پێشتر نەبووە. بۆ نموونە بیل گەیتس وەربگرە. لە ڕێگەی ویندۆزەوە جیهانێکی تەواو نوێی دروست کرد کە پێشتر بوونی نەبووە! تەواوی بیرۆکەی ئەوەی کە “شتەکان ناگۆڕدرێن” لەم دنیایەدا قسەی بێمانایە! کێ دەیتوانی ٢٠ ساڵ لەمەوبەر خەون بە ئینتەرنێتەوە ببینێت؟ مەسەلەکە لێرەدا شتێکی داهێنەرانەیە – کەسێک شتێکی تەواو نوێ دروست دەکات، ئەوە چەند گرنگە بۆ جیهان، بەردەوام شتەکان وا دروست دەبن.
ڤیکتۆر یالۆم: کەواتە، باس لە دروستکردنی ژیان دەکەین.
زێرکا مۆرینۆ: پێویستە ژیانمان دروست بکەینەوە.

(دیدارو خۆشەویستی دکتۆر مۆرینۆ)

ڤیکتۆر یالۆم: حەز دەکەم کەمێک زیاتر دەربارەی ژیانت ببیستم. چۆن چاوت جاکۆب مۆرینۆکەوت ؟
زێرکا مۆرینۆ: من لە ئەوروپاوە خوشکە گەورە دەروون ناساغەکەم هێنایە لای ئەو بۆ ئەوەی چارەسەری بکرێت.
ڤیکتۆر یالۆم: تۆلە ئەوروپاوە ئەو ڕێگا دوورودرێژەت گرتەبەر، خوشکەکەت هێنا بۆ ئەوەی چارەسەری بۆ بکرێت؟ ئەوە چۆن بوو؟
زێرکا مۆرینۆ: لە ئینگلتەرەوە یەکەمجار بە تەنیا هاتم بۆئێرە، ، دوای ڕاگەیاندنی جەنگی جیهانی دووەم بوو، ئەوکات تەمەنم ٢٢ ساڵ بوو. هیچم لەبارەی مۆرێنۆ و سایکۆدراما نەدەزانی. هونەر و دەروونناسی خوێندبووم.
خوشکەکەم لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا تووشی بارگرژی دروونی ببوو، بڕیار بوو ببمە هونەرمەند، دیزاینەری کەوالیس وجلوبەرگ، بەتایبەتی جلکی شانۆ و نواندن. دەزانی لەندەن شوێنێکی نایاب و ناوازەیە بۆ شانۆ. پاشان خوشکەکەم بە شێوەیەکی نائومێدانە تووشی نەخۆشی دەروونی هات، بیرم کردەوە و بە خۆمم وت “ئۆه، دەبێت بەشیوەیەکی بابەتیەنە سەیری ئەم شتە بکەم” و دەستم کرد بە خوێندنی دەروونناسی. بەڵام هیچ کام لە دەروونناسی کلاسیک فێری نەکردم کە دۆخی خوشکەکەم چۆنە وە هەستم کرد و تێگەیشتم کە شتێکی هەڵە هەیە. من لە ڕاستیدا لە خوشکەکەم زۆر باش تێدەگەیشتم. بێ قسەکردن ، لای خوشکەکەم هیچ پەیوەندیەک و تێکەڵاویەک دروست نابێت، مومکین نییە، لێرەدا شتێک هەیە، بەڵام کاتێک مۆرینۆم ناسی ئەو تێکەڵاویە دروست بووئەو شیانە دروست بوو.
ڤیکتۆر یالۆم: وە چۆن مۆرێنۆت ناسی؟
زێرکا مۆرینۆ: شەڕەکە هەڵگیرسا. خوشکەکەم لە بەلجیکا دەژیا، ماڵەکەیان لە سنوری ئەڵمانیاوە ٢٥ کیلۆمەتر دوور بوو، شوێنەکەیان زۆر مەترسیداربوو.
ڤیکتۆر یالۆم: شوێنەکەیان باش نەبووە کە تیا بمێنەوە؟
زێرکا مۆرینۆ: مەتریسیداربوو. بەڵام من هاتمە ئەم وڵاتە. بە دایکم و باوکمم گوت: با بڕۆم، ڕەنگە بتوانم خوشکەکەم ڕزگار بکەم. ئەو تاقە خوشکەم پێنج ساڵ لە من گەورەتر بوو، شەڕەکەش تا دەهات تەشەنەی دەسەند هەموو ناوچەکەی گرتەوە، دواجار توانیم هەندێک پارەکە کۆبکەمەوە، لە ساڵی ١٩٤١دا هاتمە سەر ئەم خاکە.خوشکەکەیشم بڕستی لێ بڕابوو تا دەهات باری دەرونی خراپتر دەبوو، پێویستی بە چاودێری بوو لە نەخۆشخانە بیخەوێنین. بیرۆکەی خۆکوشتنیش ڕۆژ نەبوو بیری لێ نەکاتەوە. منداڵێکی بچووکیشیان هەبوو کە دەبێت کەسێک ئاگاداری بێت. بۆیە زاواکەم خانەیەکی بەخێوکەرانی بۆ کوڕە بچووکەکە دۆزیەوە، منیش نەخۆشخانەیەکم بۆ خوشکم دۆزیەوە.
ڤیکتۆر یالۆم: ئەمە چ شوێنێک؟
زێرکا مۆرینۆ: لە بیکۆن، نیویۆرک. نزیکەی ٦٠ میل لە باکووری شاری نیویۆرکەوە دوورە لەسەر ڕووباری هادسۆن
ڤیکتۆر یالۆم: ئەمە ئەو شوێنەیە کە ئێستاش لێی دەژیت؟
زێرکا مۆرینۆ: بەڵێ، ئێستاش لەوێ دەژیم. بە خوێندکارەکانم دەڵێم “ژیانم حیکایەتێکی سەیرە، وەک پەنابەرێکی بچووکی بێدەسەڵات هاتوومەتە ئێرە، بەهۆی نەخۆشی خوشکەکەمەوە ئاسودە نەبوو، هاتووم بۆ ئێرە بۆ ئەوەی ژیانێکی نوێ بۆ خوشکەکەم بدۆزمەو، کەچی. ژیانێکی نوێم بۆ خۆم دۆزییەوە. دەزانی عیبرەتەکە چی بوو؟ ئەوە بوو
لەم تەمەنەدا بەخۆم دەڵێم زێرکا، بۆ بەدوای هیچدا مەگەڕێ بۆ خۆت مەگەڕێ. بەڵکو بەدوای یارمەتیدانی کەسانی تردا بگەڕێ، لەوێ ڕا خۆشبەختی بەدەست دەهێنیت. وانەیەکی گەورەبوو بۆ من. بەڕاستی بوو بە بنەمای ژیانم؛ خۆشبەختی من لەوێوە سەرچاوە دەگرێت
ڤیکتۆر یالۆم: خۆشەبەختی تۆ لەوەوە سەرچاوە دەگرێ؟
زێرکا مۆرینۆ: من زۆرلە ژیانم ڕازیم. تا زیاتر بژیم، جەوهەری ژیان بەدەست دێنم، ئێمە لە جیهانێکی گەمژەییدا دەژین، با ڕاستی بڵێین بە تەواوی شێتانە! لە گەنجیدا بەم و ئەو تووڕە دەبووم. ئێستا، هەرچەندە جیهان شێتانە بێت، هەست بە باشی دەکەم. من ئەوەی لە توانامدا بێت دەیکەم، لەوەدا زۆر باشم، چی لەوە دڵخۆشتر هەیە؟ بەهەر حاڵ مۆرێنۆ بەهرەی منی دۆزیەوە.

( لە وڵاتی بەلجیکاوە بۆ شاری نیویۆرک)

ڤیکتۆر یالۆم: بەهرەی تۆ بۆ؟
زێرکا مۆرینۆ: کاتێک تەندروستی خوشکەکەم باشتر بوو، ، مۆرینۆ بۆ کارەکانی خۆی منی تاقیکردەوە و کردمی بە خوێندکاری خۆی، لە شاری بیکۆن لە نیۆرک ژیام و وەک سکرتێری تایبەتی ئەو کارم دەکرد، دەرماڵەیەکی بۆ پێشنیاز کردم و منیش قبوڵم کرد، بەڵام پێمووت دەمەوێت کارت بۆ بکەم لەبری ئەوە، چونکێ تایپچییەکی خێرابووم، من هەمیشە حەزم کردووە لەگەڵ نوسەران و داهێنەران کار بکەم، ئەویش وتی باشە، بۆیە لەبەر دەرماڵەکە و خوێندنەکەم لای ئەو دەستم بەکارکردن کرد. جەنگ تا دەهات پەرەی دەسەند و پیاوان دەچوون بۆ سەربازی. پەیمانگایەکی تایبەت بەخۆی لە نیۆرک کردەوە، منیش بووم بە یاریدەدەری توێژەنەوەی کارەکانیی و لە نیۆرک ژیام،
ڤیکتۆر یالۆم: لە شاری نیویۆرک؟
زێرکا مۆرینۆ: لە پارک ئەڤینۆ یەک گەرەک لە ویستگەی ناوەندی شارەکەوە دوور بوو، هەفتەی پێنج ڕۆژ هاتوو چۆم دەکرد، پاشان داوای لێکردم لە بێم و لە بیکۆن بژیم، چونکێ لەوێ پێویستی بە یارمەتییە.
خوشکەکەم ساڵی دواتر منداڵی دووەمی بوو، جارێکی تر نەخۆش کەوتەوە. دە ڕۆژ دوای لەدایکبوونی منداڵی دووەمی، گەڕاویەوە بۆ بیکۆن. ئێستا دوو منداڵ هەیە کە دەبوو ئاگاداریان بم. کەواتە، هەموو ژیانم ئاگاداری کەسێک بووم، دەزانی؟ ئیتر پێویست ناکات ئەوە بکەم. بیهێنە بەرچاوت، ئێستا نزیکەی ٨٣ ساڵم و تەنها شتێک کە دەبێت ئاگاداریم بم، خۆمم. ئایا ئەوە شتێکی نایاب نییە؟

(هەموو شتە چەوتەکانم کرد)

ڤیکتۆر یالۆم: کە نابێت مرۆڤ بیکات ، All the Shalt Nots
زێرکا مۆرینۆ: بەهەر حاڵ دواجار بووم بە هاوسەری، ئەو کاتە هاوسەرگیری کردبوو و منداڵێکیشی لە ژنی پێشووی هەبوو. وە بەو پێیەی دانپێدانان بۆ ڕۆح باشە، هەموو کارە هەڵەکانم کرد. هەموو ئەو کارانەم کرد کە کچێکی جوولەکەیەکی جوان و چینی ناوەند نایکات. ” the Shalt Nots ” پەیوەندیکردن لەگەڵ پیاوێک کە باوکی منداڵێکە، کە هاوسەرگیری کردووە. دۆخێکی زۆر ئاڵۆز بوو، ئەو ئامادەنەبوو وازم لێ بهێنێت. تەنانەت کاتێک هەوڵمدا جیاببمەوە، ئەو وتی ناتوانم، بۆهەرشوێنێکیش بچیت شوێنت دەکەوم.
ڤیکتۆر یالۆم: ئەو عاشقی تۆ بوو؟
زێرکا مۆرینۆ: بەتەواوی، پێت دەڵێم کاتێک بۆ یەکەمجار یەکترمان بینی چی ووت. کاتێک بۆ یەکەمجار چوینە ئۆفیسەکەیەوە بۆ ئەوەی خوشکەکەم وەک نەخۆشێک لای ئەو داخڵ بکەین ، لە پشت مێزەکەوە دانیشتبوو، هەر کە چاوی پێمان کەوت لە پشت مێزەکەوە هەستاو و هەردوو باڵی کردەوەو وتی “Yeeesssss!” بەڵێێێێ.
پێم وابوو ئەمە سەیرترین سڵاوە کە تا ئێستا بیستبێتم.
بەڵام ئەو ساتەم زۆر باش لەبیرە، تەنانەت ڕەنگی کراسەکەیم لەبیرە سەیرم کرد و بیرم کردەوە: ئەو ئاشنا دەردەکەوێت. من ئەم پیاوە دەناسم!” و دەنگی ناوەوەم وتی: “تۆ وەک خوشکەکەت شێتی، پێشتر هەرگیز نەچوویتە بیکۆن!
تۆ دەچیتە ناو مێژووی منەوە، و ناچیتە ناو سایکۆدراما، هەرچەندە هەمووی بەیەکەوە بەستراوەتەوە-ئایا ئەوە ئەوەیە کە تۆ دەتەوێت؟
دەزانی چی؟ دواتر پێی وتم کە بیری لەوە کردۆتەوە “ئەمە ئەو کچەیە” کە بەدواید دەگەڕا، ئەو بەدوای muse میوز ـ ێکدا دەگەڕا، من بووم بە میوزی ئەو.
ڤیکتۆر یالۆم: مەبەستت چییە؟
زێرکا مۆرینۆ: میوز، خوداوەندێکی ئیلهام بەخشینە. تۆ دەزانی میوزەکان؟ میوزی موسیک و سەما. ئەو بەدریژایی ژیانی بەدوای میوزدا گەڕاوە. میوز دەبێت بە ئیلهام بەخشی ئەو. ئەوەی کە ئاسایی نەبوو ئەوەبوومن ئەو کات تەمنم ٢٤ سا بوو، باوەڕم نەبوو بەوەی کە خوێندەوارێکی باشم، هەندێک سەرنجی سەرپییانەم لەسەر ڕووداوەکانی جیهان هەبوو، ” ئەو دەیگوت چیت وت؟ دوبارەی دەکەیتەوە؟ ئەوە زۆر گرنگە” منیش دوبارەم دەکردەوە و پێی دەوتم زۆر چاکە وەرە، دەچووینە لای ئامێری تایپکردن و، چەندەها لاپەڕەمان لە خەیاڵ و فەنتازیاکانی ڕەش دەکردەوە. داوا لە کچە گەنجەکان ناکەم کە هەتا هەتایە پەیوەست بن بە کەسانێک کە تێبینی سەرپێی بێ ئاگاییا هەبێت بەڵکو ببن بە ئیلهام بەخشیكی گەورە.
ڤیکتۆریالۆم: وا دەکات زۆر هەست بە گرنگی خۆت بکەیت.
زێرکا مۆرینۆ: من هەرگیز کەسێکم نەبووە بەو شیوەیە گوێم لێ بگرێت، کە هەست بکەم کەسێکی گرنگم. من چوارهەمین کەسی خێزانەکەمان بووم، دایکم هەمیشە مژوڵی ئەوە بوو بیرلەوە بکەینەوە کە ئێمە کەسێکی گرنگین.
ڤیکتۆر یالۆم: ئایا یەکسەر سەرنجی ڕاکێشایت؟
زێرکا مۆرینۆ: بە ڕەهایی، بەتایبەتی عەقڵی، بۆ ئەو کەسانەی کە لەدەورو پشتی بوون کەسێکی زۆر سەرنج ڕاکێش بوو، زۆریش خۆش مەشرەبیش بوو. هەڵبەت لایەنی نەرێنیشی هەبوو، ئایا هەموومان لایەنەی خراپمان نییە؟ بەڵام لایەنە نەرێنیەکان ووردە ووردە پیی ئاشنا دەبین وا نییە؟

(لاپەڕەی تاریکی دکتۆر مۆرینۆ )

ڤیکتۆر یالۆم: هەندێ لەو شتە شێتایەتی و خۆبەزلزانییەی چین کە کردوویەتی، وک خۆت دەڵیێت لایەنی تاریکی ئەون ؟
زێرکا مۆرینۆ: لایەنی تاریکی. پێم وابوو وزەیەکی زۆری بەفیڕۆ داوە لە بەرەنگاربوونەوە، بۆ نموونە دژی فرۆیدییەکان ، بەلام بەشێکی پاڵنەر بوو، لەوکاتەدا هەمووان فرۆیدی بوون، بەجۆرێک هەرکەسە دژی فرۆید بووبێت، دوژمن بووە یان بێزراو. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بیرۆکەکانیان لێ دەدزی بەناوی خۆیانەوە بڵاویان دەکردەوە بە بێ ئەوەی ئەو شەرەفە بەو بدەن کە ئەو خاوەنێتی و سەرچاوەکە دەستنیشان بکەن کە ئەو بوو، وە تا ئەمڕۆش هەروا ڕوودەدات. ئەوەش ئازاری دەداو و تووڕەی کرد. دەکرا ئەو وزەو کاتانە بۆ شتی باشتر بەکاربهێنرێت. بەڵام ئەویش بەو شێوەیە بوو. هەندێک لە نیگەرانییەکانی ڕەوا بوو، بەڵام هەندێک شتی لە مێشکی خۆیدا گەورە دەکرد، چونکە پشتگیرییەکی زۆر کەمی هەبوو. دەیتوانی توڕەیی خۆی لەدەست بدات کاتێک هەستی دەکرد بەڕاستی کەس گوێی لێناگرێت. گوێم لە چەند وانەیەکی گرت و تێبینیم کرد لەسەرو تێگەیشتنی خەڵکەوە قسە دەکات.
من کاتێک بۆ یەکەمجار بینیم کە لەگەڵ نەخۆشە دەروونییەکان کاردەکات، تێگەیشتم لەو کاتەدا کەس چالاکانە وەکو ئەو لەگەڵ نەخۆشە دەروونییەکان کاری نەدەکرد. من باسی سەرەتای ساڵانی چلەکان دەکەم. وە بیرمە لە دڵی خۆمدا بیرم لەوە دەکردەوە “هەرگیز ناتوانم ببمە دەرهێنەر. هەرگیز ئەوەندە نازانم، هەرگیز ئەوەندە زیرەک نابم.

ڤیکتۆر یالۆم: دەرهێنەرێکی سایکۆدراما؟
زیرکا مۆرینۆ: بەڵێ، هەرگیز من پێم وا نەبوو بتوانم ببمە دەرهێنەری سایکۆدراما، بەڵام دەتوانم ببم بە ئەکتەری چارەسەری و وەرگێڕی جاکۆب. پەیامەکانی پێویستی بە لێکدانەوە هەبوو بۆ ئەوەی خەڵک تێبگەن. بیرم لەوە دەکردەوە ئەو پەیامێکی گرنگی هەیە بەڵام ناگاتە خەڵک. ئەوەی من نووسیومە خەڵک زیاتر بە قەناعەت پێکەری دەزانن. شێوازی نووسینەکانی، چڕ، توندو تۆڵ و سەخت بوو، زۆر بارگاویکراوە، زۆر جێرمانیی بوو هەموو ڕستەیەکی بارگاوییە بە بیرۆکە.
ڤیکتۆر یالۆم: کەواتە تۆ بیرۆکەکانی ئەوت وەردەگێڕا بۆ فۆرمێک کە خەڵک باشتر لێی تێبگەن.
زێرکا مۆرینۆ: بەڵێ وە تا زیاتر فێر دەبووم و دەچوومە ناو کارەکەوە، خوێندنەوەی کتێبەکانی ئەو ئاسانتردەبوو.

ڤیکتۆر یالۆم: زیاتر خۆشت بە کاری دەرهێنانەوە خەریک دەکرد
زێرکا مۆرینۆ: زیاتر بەشداریم کرد و تا ساڵی ١٩٤٩ هاوسەرگیریمان کرد.
ڤیکتۆر یالۆم: هەموو ئەو کاتە هەر خۆشت دەویست؟
زێرکا مۆرینۆ: دەزانیت زۆر جار بیرم لەوە کردۆتەوە، من نەک هەر خۆشم دەویست، بەڵکو عاشقی بووم، جایاوازی هەیە، دەمپەرست، هەستی خۆشەوسیستی عیشق دوو شتی جیاوازن، . ڕۆژێک پێی وتم: “پەیوەندیەکەمان تا ڕادەیەکی زۆر لەسەر ئیمان بنیات نراوە: باوەڕ بە یەکتر.” وە پێموایە ئەوە ڕاست بوو.
بۆیە دەستم کرد بە فێربوونی شێوازەکە. حەوت ساڵ شاگردی بووم. وە ئەوەش ئەوەیە کە لە ڕۆژانی کۆندا هەبووە کاتێک دەچوویتە لای وەستایەک، وەک هونەرمەندێک. حەوت ساڵ خوێندن بوو.
ڤیکتۆر یالۆم: بەڕاستی؟ ئەو حەوتە لە چییەوە هاتووە؟
زێرکا مۆرینۆ: نازانم. بەڵام تۆ دەچوویت و لانیکەم حەوت ساڵ شاگردیت دەکرد پێش ئەوەی ببیتە هونەرمەندێکی ڕاستەقینە.
ڤیکتۆر یالۆم: ئەوە تا ڕادەیەک پەیوەندی بەو شتەوە هەیە کە زۆر کەس بۆ بەدەستهێنانی دکتۆرا پیویستی بەو کاتە دەبێت.
زێرکا مۆرینۆ: ئەوە ڕاستە.
ڤیکتۆر یالۆم: دوای ئەوەی ئەوەت دەستکەوت، لانیکەم ئەوا دەست دەکەیت بە فێربوونی کەمێک دەربارەی چارەسەرکردن.
زێرکا مۆرینۆ: بەڵێ، لەگەڵ ڕۆیشتنی کارەکەدا دڵخۆشتر دەبووم، . ئەوەی لە سایکۆدرامادا سەرنجی ڕاکێشام، تێکەڵکردنی زانست و هونەر بوو. ئەوە بوو لەو بارەیەوە من زۆرم حەز لێ دەکرد.
ڤیکتۆر یالۆم: هونەرەکەی ئاشکرایە ، ئەی زانست لە کوێدایە؟.
زێرکا مۆرینۆ: ئێ، زۆر شتی تەکنیکی هەیە بۆ فێربوون، بێگومان میتۆد، تیۆری و بیرۆکەکان.
ڤیکتۆر یالۆم: وە ئێستا لە خوێندکارەکەوە بووەیتە دەرهێنەر.
زێرکا مۆرینۆ: فێربوون بەو شێوەیە سۆزداریانە وپەیڕەوکردنی ڕێگایەکی ئاوا تایبەت، ژیانی منی کردووە بە گەشتێکی نایاب.
ڤیکتۆر یالۆم: سوپاس بۆ ئەوەی ڕێگەت دا بە من و بە هەموو ئەوانەی ئەمە دەخوێننەوە، خولیا و وزەی تۆ بۆ ژیان و کارەکەت بڵاو بێتەوە.
زێرکا مۆرینۆ: سوپاس منیش چێژم لی وەرگرت.




قوربانی و قوربانیدان لە کۆمەڵگەی کوردیدا.. عومەر عادل عەبدوڵڵا

ڕۆمانی “(ژنێک بەسەر مەنارەوە)ی شێرزاد حەسەن بە نموونە”

ناونیشانی توێژینەوەکە:

ئەگەر ورد ببینەوە لە کارەکتەرەکانی نێو ڕۆمانی(ژنێک بەسەر مەنارەوە) ئەوە دەبینین هەموو کارەکتەرەکان ڕۆڵی قوربانی دەگێڕن بۆیە بە باشمان زانیوە”قوربانی و قوربانیدان لە کۆمەڵگەی کوردیدا، ڕۆمانی (ژنێک بەسەر مەنارەوە)ی شێرزاد حەسەن بە نموونە” وەکو ناونیشانی توێژینەوەکە هەڵبژێرین

ئامانجی توێژینەوەکە:

ئامانجی ئێمە لەم توێژینەوەدا، باسکردنی ئەو کارەکتەرانەیە، کە ڕۆماننووس وەکو قوربانی لە نێو ڕۆمانەکەیدا بەرجەستەیی کردووە، چونکە هەموو کارەکتەرەکانی نێو ئەم ڕۆمانە قوربانین.

پێکهاتەی توێژینەوەکە:

لەسەرەتادا چەمکی کارەکتەرمان ڕوون کردۆتەوە و پاش پێناسەی کارەکتەرەکانمان کردووە. بۆ زیاتر شارەزابوونی خوێنەر کورتەیەک لە ڕۆمانەکەمان باس کردووە، لە کۆتایدا باسمان لەو کارەکتەرانە کردووە، ڕۆڵی قوربانییان گێڕاوە لە نێو ڕۆمانەکەدا.

سنووری توێژینەوەکە:

سنووری توێژینەوەکە، لە نێوان وێژەوانی و کۆمەڵایەتی دایە، چونکە ڕۆماننووس باس لەو تاکانە دەکات، کە لە نێو کۆمەڵگەی کوردییدا بوونەتە قوربانی دەستی ئەو ژینگەی کە تێدا ناچار کراون.

گرنگی توێژینەوەکە:

ئەم توێژینەوە، تەنها دەرخستن و دیاریکردنی قوربانی نییە لە نێو پانتایی ڕۆمانێکدا،
بەڵکو جگە لەوە توێژینەوە بێت لەسەر ڕۆمانێک، بۆ خۆی وەستانێکە لەسەر دیاردەیەکەی دیار و درککپێکراو لە کۆمەڵگەی کوردییدا، کە ئەوەیش قوربانی بوونی تاکەکانئ کۆمەڵگەیە

پێشەکی:

(شێرزاد حەسەن)یەکێکە لەو نووسەر و ڕووناکبیرانەی، بیرۆکە و نووسین و کۆڕ و دانیشتەکانی شایەنی تێڕامانن. ئەم نووسەرە، یەکێکە لە دیارترین ئەو نووسەرانەی کە داکۆکی لە مافەکانی منداڵان و ژن و خوێندکاران کردووە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ بەرهەمەکانی، ئەم تەمی گومانە لە ئاسۆی بینینماندا دەڕوێتەوە. لەم ڕۆمانەشدا، ڕۆماننووس ئەرکە سەرەکییەکانی خۆی لە یاد نەکردووە و وەک هەمیشە ژنی لە نێو ڕۆمانەکەیدا وەکو قوربانییەک وێنا کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا پێنووسی ڕەخنەگرتنی بەکار بووە بەرانبەر دەسەڵات و هەموو ئەوانەی پشکییان هەیە لە تێکدانی کۆمەڵگەی کوردیدا و شێواندنی لایەنە جوان و بەهادارەکانی. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، خۆمخۆری ڕۆماننووس بۆ تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردی و هەستکردن بە قوربانی بوونی هەندێک لە تاکەکان، پاڵنەرێکی گرنگ بووە بۆ نووسینەوەی ئەم ڕۆمانە.

زاراوە و چەمکی کارەکتەر:

“کەسێتی هاوتای وشەی ‏(Kharassein)ئینگلیزییە”(رضا براهني،١٣٦٢:٢٥٠) بەشێوەییەکەی دیار نووسەران و ڕەخنەگرانی فارس، زۆرجار زاراوەی (شخصيت) بەکاردەهێن، کە بەرانبەر بە زاراوەی(شخصية) خۆی دەنوێنێت، لە زمانی عەرەبیدا. هەروەها لە زمانی کوردیدا جگە لە کارەکتەر (کەسایەتی،کەسێتی) پێدەوترێت، بەڵام ئەوەی زیاتر پای خوێنەران ئاشنا و دیار بێت، وشە خواستراوەکەیە.

”کارەکتەر ڕەگەزێکی دیار و گرنگ و پڕ بایەخی نێو دەقی ڕۆمانە. بۆیە ڕەخنەگران و نووسەرانی ڕۆمان بەجدی ئاوڕییان لەم سوژەیە داوەتەوە لە پاڵ ڕەگەزەکاتری ڕۆماندا”(هەردی حەسەن مەولود، عماد شوکور،٢٠٢١:٣٧) بێگومان ڕەگەزەکانی تری ڕۆمان بریتیین لە: شوێن و کات و ڕووداو و گێڕانەوە و …، کە هەموویان پێکەوە کۆشکی ڕۆمان بنیاد دەنێن. هەر ئەوە نییە، کە کارەکتەر لە ڕۆماندا گرنگ خۆی هەبێت، بەڵکو”یەکێکە لە پایە گرنگەکانی چیرۆک و چیرۆکنووسین، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ڕەخنەگران و شارەزایانی بواری چیرۆک، کارەکتەر وەک یەکێک لە گرنگترین توخمەکانی چیرۆک دادەنێن گرنگییەکی تایبەتی هەیە”(مهسا کمارج،ميثم مهاجر، ١٣٩٢:٦٢)

کارەکتەر بنچینەی هەموو گێڕانەوەیەکەی وێژەئامێزە و بە یەکێک لە توخمە سەرەکییەکان دادەنرێت لە نووسینەوەی ڕۆماندا. واتا نەبوونی کارەکتەر لە ڕۆمان کێشەیەکەی گەورەیە و ئەو دەقە وێژەیە دەخاتە بەردەم پرسیارێکی پڕ گفتوگۆ و ڕەخنەییەوە. چونکە هەر لە ڕێی کارکتەرەوە گفتوگۆ لە نێو ڕۆمانەکاندا دروست دەبن و پانتای و سنووری دەقە پەیتا پەیتا بەرفراوان دەکەن، تەنانەت زۆرێک لە ڕۆماننووسان پەنا دەبنە بەر کارەکتەرەکان لە گێڕانەوەی ڕووداوەکاندا و پاش لە ڕێگەی زمانێکی وێژەیی بەرزەوە دادیدەڕێژن.

“بوونی کارەکتەر لە ڕۆماندا بەندە بەو وشە و ڕستانەی ڕۆماننووس لە چوارچێوەی ڕۆمانەکەدا دەردەبڕێت، چونکە بوونەوەرێکی ئافرێنراوی سەر کاغەزە، ژیانیشی بەندە بەو تێکستەی تێدا بەرهەم هاتووە چونکە لە دەرەوەی تێکستدا بوونی نییە”(عەونی ئەمین عومەر، ٢٠١٥:١٣)واتا نووسەر دروستکەری کارەکتەری ناو ڕۆمانەکەیە و بە کۆتایی هاتنی ڕۆمانەکە، کۆتایی بە ژیانی کارەکتەرەکە دەهێنێت.

دەستنیشانکردنی کارەکتەر پەیوەندی بەو ئەزموونەوە هەیە، ڕۆماننووس لەگەڵ ئەو ڕووداوەکانی ژیانی خۆی و ئەو ڕووداوانەوە هەیە.”هەر کاتێک نووسەر کارەکتەرێک هەڵدەبژێرێت یان دروستی دەکات لە سەرەتاوە لەگەڵ ئەو بیرۆکانە دەگونجێنێ کە لە هزری خۆیدان و لە ڕێگەی دەقەوە دەریاندەبڕێ، ئەو هزرانەش لە ڕێگەی قسەکردنی ڕاستەوخۆ دەردەبڕێن یان لە ڕێگەی ئەو هەڵسوکەوت و کردارانەی لە دەقەدا دەدەن و لە ڕێگەی ئەو ئەنجامانەی کە لە کۆتایی دەقەکەدا پێی دەگەن”(سەنگەر قادر،٢٠٠٩؛١٧٣)لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، دەبێت نووسەر زۆر وردبین بێت، لە هەڵبژاردنی تایبەتمەندی کلتووری و نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکانی کارەکتەرەکان، بۆ نموونە کە چێرۆکێک بە تام و چێژی کلتوور و نەریتی کوردەواری دەگەڕێتەوە، نابێت کارەکتەرەکان هەڵگری بەها و نەریتی کۆمەڵگەیەکەی تر بن.

داڕشتنی کارەکتەر بە دوو شێوەیە، یەکەمییان دەکرێت خەیاڵت بێت و بەرهەمی بیرۆکە و خەیاڵەکانی خودی نووسەر بێت، بۆیە لێرەدا دەکرێت کارەکتەرەکان نامرۆڤبن وەکو ئاژەڵ و جنۆکە و بوونەوەری نادیار، یان ئەو نامرۆڤانە خواستراوی مرۆڤێکی دیاریکراوی ڕۆژانەبن و نووسەر بەهۆی کۆمەڵێک هۆکارەوە نەتوانێت لە ڕێگەی مرۆڤەوە بەرجەستەییان بکات، بەڵکو بەشێوەیەکەی ناڕاستەوخۆ ئاماژەییان پێبدات. دووەمییان دەکرێت کارەکتەرێکی ڕاستی بێت و ژیانی ڕۆژنەدا بوونی هەبێت. هەرچەندە کارەکتەرە لە ڕاستییەوە وەرگیرا بێت و پەیوەندی بە واقیعەوە هەبێت، ئەوە نووسەر دەتوانێت بە پێی ئارەزووی خۆی دەستکاری لە کەسایەتییان بکات و هەندێک تایبەتمەندییان لێ زیاد و کەم بکات.

کارەکتەر ڕۆڵ و پێگەی خۆی هەیە لە نێوان ڕۆماندا و” کەسایەتی بە گوێرەی کات و شوێن دەگۆڕێت، ڕۆڵیش دەبینیت لە دروستکردنی شوێن، چونکە شوێن بوونی نابێت، ئەگەر کەسایەتی بوونی نەبێت، لەبەر ئەوەی تەواوکەری یەکترن، هەروەها ڕووداویش لە ئەنجامی ئەو کارەی کەسایەتی ڕۆڵی تێدا دەبینێت و دروستی دەکات”( سنوور قادر فەرەج،٢٠١٢:٤٩)لەگەڵ ئەوەشدا ئاساییە هەندێک لە کارەکتەرە لاوەکییەکان گەردوونی ڕۆمانەکە بەشێوەیەکەی کات یان بۆ هەمیشەیی بەجێبهێڵن، بەڵام کارەکتەری سەرەکی ناکرێت بۆ تەنها ساتێکیش لە ڕووداو و گێڕانەوەکانی نێو چیرۆک و ڕۆمانەکان دابڕێت، چونکە هەموو ڕووداوەکان لە دەوری ئەو شاکەسە دەخوڵێنەوە.

هەروەها دەکرێت کارەکتەرەکان مرۆڤ نەبن، چونکە” مەرج نییە کارەکتەر تەنها مرۆڤ بێت، نووسەر وا هەیە بایەخ بە کەسێتی زیندوو دەدات(سەگ، کەو، پشیلە، کۆتر) یان ڕووەک و درەخت و شتی بێگیان(الجماد)، وەکو درختێ بپەرسترێ، یان پردێک، یان گیانەوەرێکی میتالۆژی کە بۆ مەبەستی دیاریکراو، تەوزیفیان بکات.”(عەبدوڵڵا سەڕاج،٢٠٠٧:١٣) بە هەمان شێوە(حوسێن عارف)ی چیرۆکنووس جەخت لەسەر ئەمە دەکاتەوە و دەڵێت”
هیچ چیرۆکێک بێ کەسانێک نابێت، کە باسیان لێوە دەکات، بەڵام با پێشەکی ئەوە بڵێم مەبەست لە کەسان تەنها ئادەمیزاد نییە، بگرە هەموو گیاندارێک و بگرە بێگیانیش دەگرێتەوە، ئەگەرچی لە ئەنجامدا گیاندار و بێگیانیش بە پێوەندی لەگەڵ ئادەمیزادا باس دەکرێن. چونکە هیچ ئادەمییەکیش لە چێرۆکەکەدا لە ئارا نەبێت
خۆ ئەوەی باس لە گیاندار و بێگیانەکانی تر دەکا نووسەرەکەییە، هەر ئادەمییە و هەر زادەی بیر و هۆش و نەستی و هەستی ئەوە، دادڕێژێتە سەر کاغەزی سپی و دەبێ بەو چێرۆکە.”(حسێن عارف،٢٠١١:٢٦٥)کەواتە ڕۆمانووس دەتوانێت گەڵێک تایبەتمەندی مرۆڤانەیان تێدا بەرجەستە بکات، بە شێوەیەک تایبەتمەندی ئەو ئاژەڵ و بونەوەرانە، لەگەڵ تایبەتمەندی مرۆڤدا بتوانێت شڕوڤە بکرێت و سەر لە خوێنەر نەشێوێنێت، بۆ نموونە؛ کە وتراو کۆتر و کەروێشک خوێنەر بزانێت هێمایە بۆ قوربانی و بێدەسەڵاتبوون و کە وترا ڕێوی بزانرێت ئاماژەییە بۆ فێڵکردن و فریودان.

“بەشێوەیەکی گشتی، دەکرێ چەمکی کەسێتی لەوەدا کورت بکەینەوە، کە: بریتییە لە سەرجەم ئەو ڕەمەك و حەز و ئارەزوو و ڕەوشت و ڕەفتار و هەڵوێستە جیاجیایانەی کە لە ڕووی چۆنایەتی و چەندایەتییەوە بەشێوە ماددیی یان مەعنەوییەکەی، تاکەسی پێ دەناسرێتەوە، ئەمەش بە پێی جیاوازیی هەڵوێستە مرۆییەکان و بە پێی کات و شوێنەکان گۆڕانی بەسەردا دێت”(ئاری عوسمان خەیات،٢٠١٨:١٨)

کارەکتەرەکانی ڕۆمانەکە:

ڕۆمانی ( ژنێک بەسەر مەنارەوە) یەکێکە لە بەرهەمە دیار و بەرچاوەکانی نووسەری ناوبراو. ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکە، تەواو ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگەی کوردین و بەشێکن لەو ستەم و نادادیانەی بەرانبەر بە ژن و ئاژەڵ دەکرێت. ڕۆمانەکە سێ کەسێتی سەرەکی لە خۆ دەگرێت، کە ئەمانەی خوارەوەن:

١.شادی: کەسێتی سەرەکی و پاڵەوانی ڕۆمانەکەیە و لە هەمان کاتدا قوربانییە، واتا لەسەرەتاوە ڕۆڵی قوربانی دەگێرێت، چونکە لایەنە بەهرام خاڵۆزاییەوە پەردەی کچینێ لە دەست دەدات و پاشان بەهرام بێباکانە پشتی تێدەکات. لە قۆناغی دواتردا، لەبەر ئەوەی بەرانبەر بەو هێز و دەسەڵاتەی پیاو دەوستێتەوە لە کۆمەڵگەدا، کە هەموویان دەیانەوێت ئەو منارە بروخێنن، وەک پاڵەوانێک دەردەکەوێت.

٢.بەهرام: خاڵۆزای شادییە و وێنەی نێری بێباک و هەوەسبازی نێو کۆمەڵگەی کوردییە. بەهرام دوای ئەوە شادی لە کچەوە دەکات بە ژن، بەهۆی هەڵەیەکی هەرزەکارییەوە، کە دووچاری هەردووکییان دەبێت، بێ ئەوەی گوێ بدات بەوەی کە نەمامێکی چاوەڕوانی ڕواندووە، لە خاکی پڕ وشکەڵان و قەیرانی سۆزدا بەجێدەهێڵێت و کۆچ دەکات بەرەو ئەوروپا. دوای ماوەیەک مانەوەی لە هاندەران، دەگەڕێتەوە، بەڵام پاش چی؟! هاتنەوەیەک کە تامی نامۆیی لێ دێت و تفی چاوەڕوانی لە دەمی ئەڤیندا دەمێکە وەکو کانییەکەی مردوو وشکی کردووە.

٣.هۆمەر: پیاوێکی بە تەمەن و شۆڕشگێرێکی جەربەزە و دەست بە چەکی سەردەمی خۆی بووە. بەڵام ئەم کەسێتییە، لە کۆندا ئەو کاتانەی لە شاخ بووە، ژەهرخوارد کراوە. ئەم پیاوە بەتەمەن دەکەوێتە داوی خۆشەویستی (شادی)یەوە، بەڵام خۆشەویستییەکی پاک و بێگەرد، هەربۆیە (هۆمەر) نموونەی پیاو عاشق و ڕاستگۆ و نهێنیپارێزە، چونکە ئەو دەمەی شادی ڕاستییەکانی بۆ ڕوون دەکات و پێ دەڵێت ئەو کچ نییە و ژنە, سەرەڕای ئەوەش هەر ڕازی دەبێت و ئامادەییە هاوسەرگیری لەگەڵدا بکات.

٥.پەری: ئەم کەسێتییە، خوشکی بچووکی (شادی)یە و کەمترین ڕۆڵی هەیە، لە چاو کەسێتییەکانی تر. زۆرتر لە سەرەتای ڕۆمانەکەدا دەردەکەوێت.

کورتەی ڕۆمانەکە:

کچێک بە ناوی (شادی)یەوە بەهۆی هەڵەیەکی سەردەمی هەرزەکارییەوە پەردەی کچێنی لە دەستدەدات و ئەوەی کەسەی کە پەردەی کچێنی پێ لە دەستداوە، (بەهرام)ی خاڵۆزایەتی و بە هەر هۆکارێک بێت، ئامادە نییە هاوسەرگیری بکات، پاش ئەم ڕووداوە، ئیتر (شادی) لە نێو دۆزەختێکی تەژی لە توانج و قسە بۆ هەڵبەستن و بوختان بۆ کردن بەڕێ دەکات، ژیانێک، کە مردن سەدکەڕەت لەو بە بەزەیتر و بەسۆزترە. (شادی) بۆ هەڵهاتن لەو برینە هەمیشەیی و نەبڕاوەکەی، جار ناجارێک بە بیانووی میزپێکردنەوە دەستی (پەری) خوشکی دەگرت و لە چۆڵاونەیەکدا، تێر دەگریا و بەزەیی بە چارەنووسی خۆی دەهاتەوە. هەروەها بە ناچاری بۆ ئەوەی هەندێک لە خەم و شکستەکانی بڕوێنێتەوە، پەنای بردە بەر وێنەکێشان و وێنەی هەموو ئەو پەپوولە و باڵدارانەی دەکێشا، کە بە دەستی بەهرام و ڕاوچییەکانیتر ڕاو دەکران. هەر بۆیە هەندێکجار هونەر دەبێتە دەرچەکەیەک بۆ بەرەڵابوونی خەم و ئازارە پەنگخواردووەکانی مرۆڤی هونەرمەند؛ (شادی) هەمیشە وێنەی ئەو پەپوولە و مەلانەی دەکێشا و سوودی لە ئەزموونە ئازاراوییەکانی خۆی وەردەگرت و برینی خۆی لە نێو برینی باڵندە پێکراوەکان دەدۆزییەوە و دەیکردن بە تابلۆ.

دوای چەند ساڵێک مانەوە لە نێو گۆشەی تەنیایی و کولانەوەی دەروون و دادوبێدادی کپ و بێسروە و ناڵەی نەبیستراودا، دوای ئەو هەموو خولانەوە لە بۆشایی بێئومیدی و تاریکی چارەنووسدا، (هۆمەر) وەک فریشتییەکی ڕزگاکەر پەتی خۆشەویستی شۆڕ دەکات و (شادی) لە دۆڵی تاریکی و شکست و بێکەسیدا دەکێشنێتە سەرەوە و دەیگرێتە خۆی و بەڵێنی پێ دەدات، ئەم نهێنیە لە سینەیدا نقوم بکات بۆ هەتاهەتاییە. تاکە هۆکار وایکردبێت کە (هۆمەر) بە (شادی)ڕازی بێت و هاوسەرگیری لەگەڵدا بکات، خۆشەویستییە. هەر وەک هۆمەر خۆی دەڵێت: (عەفووم کە خودا شاهیدو خۆشەویستی ئەوەم پێ دەکات) لێرەدا، گەورەی و مەزنی خۆشەویستی دەردەکەوێت، کە دەتوانێت مرۆڤێك لە مردن و ئابڕووچوو ڕزگار بکات. (هۆمەر) کە پێشمەرگەیەکی دیرێنی سەردەمی شاخ بوو، کاتی خۆی ژهرخوارد کرا بوو، ئەم ژەهرە کوشندەییە، بە تەواوی لە جەستەیدا بڵاوبوویەوە و پزیشکەکان، پێیان ڕاگەیاند بوو، کە چارەسەری نییە. پاش ماوەیەک (هۆمەر) دەمرێت و (شادی) بە تاقی تەنیا لەو حەسارە گەورەیەدا دەمێنێتەوە و شادی بەهێزیکی ژنانەوە، بەرانبەر ئەو هەموو شۆڤڵ و دەوڵەت و دەسەڵاتەوە دەوستێتەوە و شەڕی ڕووخان و نەڕووخانی ئەو مەنارەییە دەکات، بەڵام لە کۆتاییدا، لەم شەڕەدا شکست دەهێنێت و دەکەوێتە ژێر زبر و زلە و زەنجیری نەیارەکانیی.

پێویستە ئەوەش زیاد بکەین، کە ڕۆماننووس لە کۆتایی ڕۆمانەکەیدا ئاماژەی بە ماوەی نووسینەکە کردووە، کە لە نێو ساڵانی(٢٠٠٥-٢٠١٠) ڕۆمانەکەی نووسیوەتەوە، واتا ماوەی نووسینەکەی پێنج ساڵی خایاندووە.

قوربانی و قوربانیدانی کارەکتەرەکان لە (ڕۆمانی ژنێک بەسەر منارەوە):

قوربانیدان بەشێکی دانەبڕاو لە مێژووی کۆمەڵگەکانی جیهاندا، بە تایبەتی ئەو کۆمەڵگانەی کە قوربانی دەستی سەرکوتکردن و داگیرکاری بوونەتەوە، چونکە کۆمەڵە کەسانێک لەو کۆمەڵگەیانەدا، لوتبەلوتی ئەو داگیرکارییە وەستاوەنەتەوە و قوربانییان داوە لە پێناویدا، لە ئەنجامدا هەم خۆیان دەکەنە قوربانی، هەم دەوربەرییان، بەتایبەتی خێزانەکانیان، چونکە هەمیشە دژەشۆڕشەکان، بۆ توانەوەی شۆڕشەکان خێزانەکانی شۆڕشگێرەکان وەکو قەڵغانێک بەکاردەهێنن.

جگە لەمەش، کۆمەڵێک نەریت و کلتووری چەوت و خراپ هەن لە نێو کۆمەڵگەدا، کە تاکی یاخی یان ئەو تاکەی خووی یاخیبوون لە گیانی دایە، هەوڵ دەدات، ئەو نەریتە خراپ و زیانبەخشە کاڵ بکاتەوە، کە زۆرێک لە تاکەکانی کۆمەڵگە لەسەری ڕێککەوتووە، جا لەم دۆخەدا تاکی یاخی هەڵوێست وەردەگرێت و دژی ئەو نەریتە دەوستێتەوە و بۆچوونەکانی دەردەبڕێت، لە بەرانبەر ئەمەشدا، لەبەر ئەوەی کۆمەڵگە ڕەزامەند نابن نەو بۆچوونانەی کە کەسی یاخی بە نێو کۆمەڵگەدا بڵاوی دەکاتەوە، دووچاری سزای کۆمەڵگە دەبێتەوە و دەبێت بە قوربانی بۆچوونە جیاوازەکانی.

زۆرێک تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردییدا، هەمیشە ڕۆڵی قوربانییان بینیوە، چ لە ژێر کاریگەری کۆمەڵگەدا، یان لە ژێر کاریگەری زبروزەنگی بێگانەدا بێت. لە هەندێک کۆمەڵگەدا، بێهێزی و بەهێزی ڕۆڵ دەبینێت لە قوربانیبوون، واتا ئەو کەسەی خاوەن پێگە و توانا و هێزێکی کەم و لاواز بێت، دەکرێت لە بچووکترین دەرفەتدا بکرێت بە قوربانیی. لە کۆمەڵگەی ئێمەش، ژن بەهۆی ئەو پێگە لاوازەوە پێی دراوە، هەمیشە ڕۆڵی قوربانی بینیوە. (شادی)یش وەک هەندێک نموونەی قوربانی ژن دەردەکەوێت لە ڕۆمانەکەدا، چونکە هەمیشە وەک نێچیرێک سەیر دەکرێت لەلایەن نێرەکانەوە, بە تایبەتی ئەو دەمەی (هۆمەر) لەسەر جێگەیە و هاوڕێیانی سەردەمی شاخی دێنە سەردانی هۆمەر و بە چاوێکی هەوەسبازانەوە لێی دەڕوانن، کەواتە (هۆمەر) لەبەر لاوازبوونی پێگەکەی لە سەردەمی شاخ و شۆڕشەوە ژەهرخوار کراوە. هەروەها(بەهرام)یش بۆ خۆی قوربانی ئەو دۆخ سیاسییە بوو، کە لەو ماوەیەدا هاتە پێشەوە و بەهۆی بێدەسەڵاتی ونەبوونی توانایی گۆڕانکاری کۆچی کرد. بەشێوەیەکەی گشتی دەتوانین قوربانییەکان لەم چەن خاڵەی خوارەوە ڕوون بکەینەوە:

١.ژن وەکو قوربانی:

“ژن وەکو یەکێک لەو بونەوەرە کۆمەڵایەتییە گرنگانەی، کە بەدرێژایی مێژوو زیاتر لە پیاو جێگای مشتومڕە لە ڕووی جیاوازی و ڕۆڵە کۆمەڵایەتییەکان و لەلایەکەی دیکەش ئافرەت دەبێت پێکهاتەیەکەی جیاواز لە کۆمەڵ، لەوانە قەیرە کچ و بێوەژن، کە هەریەک لەوانە وێنەی جۆری تێڕامان و دیدی جیاوازی پێویستە، زیاتر لە پێکهاتە و توێژەکانی تری مرۆڤ”(هەڵمەت بایز ڕەسوول،٢٠١٢:١٩٩)
هەر لەبەر ئەم گرنگیدانەیە چەمکی فیمنێزم وەک چەمکێکی ڕزگارکەری ئافرەت خۆی ناساند و هاتە پێشەوە. ئەم چەمکە بە مەبەستی”جەختکردن لەسەر دیاردەی شوێنەواری بن دەستی ژن لە کۆمەڵگەدا و ئەو جیاوازیەی کە ژنان لە بەرژەوەندی خۆیان لەگەڵی بەرانبەر دەکرێتەوە. دەکرێ وا دابنێین کە تەواوی چەشنەکانی فیمینزم مەبەستی کەمکردنەوەی ئەو جیاوازیانەیە و لە ئاکامدا زاڵبوون بەسەریدا, خوازیاری گۆڕانکاری گەلێ لە سیستەمی کۆمەڵایەتی، ئابووری، ڕامیاری و کەلتووری دایە”(عەباس ساڵح عەبدوڵڵا،٢٠٠٧:٤٦)

لە ڕابردوودا تاڕادەیەک ژن لە کۆمەڵگەی کوردیدا ڕۆڵی قوربانی دەگێڕا.” چونکە ئێمە لەو باوەڕداین، کە ژن لە کۆمەڵگەی کوردییدا ڕۆڵی نەرێنی هەیە، بەداخەوە ئەمەش بەهۆی کۆمەڵێ کاریگەری ناکوردییەوە, کە لە بنەڕەتدا لە شارستانییەت و گەلانی ترەوە سەرچاوەی گرتووە، دیارە ئەمەش بەهۆی هاوسێتی نێوان ئەو نەتەوانەیە”(د.بدرخان السندي،٢٠٠٢،١١٧).دیارە (شادی)ش وەک قوربانی دەستی کۆمەڵگە و قوربانی دەستی خاڵۆزاکەی کە بۆ چێژ وئارەزوویەکی کاتی بە ژنی کرد، یەکێکە لە دیارترین کارەکتەرەکان کە ڕۆڵی قوربانی بینیوە، (شادی) لەم ڕۆمانەدا، بە سێ قوناغدا تێپەڕیوە: کچێتی و ژنێتی و بێوەژنی. پێش ئەوەی پەردەی کچێنی لە دەستبدات لەلایەن (بەهرام) خاڵۆزاییەوە کرا بە ژن، هەروەها بە هاوسەرگیریکردن لەگەڵ هۆمەر و پاش ماوەیەک لە مردنی هۆمەر بێوەژن دەکەوێت. (شێرزاد حەسەن) لەم ڕۆمانەدا، دەیەوێت ئەوەمان پێبڵێت:(تەنها ئەوە نییە ئافرەتی کورد لە قۆناغێکی تەمەندا داماو و قوربانییە، بەڵکو دەکرێت لە هەموو قۆناغەکاندا ڕۆڵی قوربانی بگێرێت). چونکە کۆمەڵگەی کوردی خاوەنی لەبارترین کەشوهەوایە بۆ دروستکردنی قوربانی و کەوتنە ژێر خۆڵوخاشاکی ئەوانی ترەوە.

٢.گەنج و لاو وەکو قوربانی:

“دیاردەی کۆچکردن یەکێکە لەو دیاردە دێرینانەی کە بە درێژایی سەدەکان لە کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکانی مرۆڤایەتیدا لەگەڵ مرۆڤدا بەردەوام بووە. جۆرێکە لە چالاکی سروشتی مرۆڤ لە کۆنەوە و دەگەڕێتەوە بۆ چەندین هۆکار، لەوانە سیاسی، ئابووری ، هۆکاری ئایینی، ئاسایش، زانستی، یان بەهۆی ململانێی تائیفی، ئەو، لە کاتی کردەی تیرۆر، یان کەمکردنەوەی ئێمە، پەیوەندی بە هەڵاتن، ململانێ، شەڕ، کارەساتی سروشتی، دروستکراوی مرۆڤ، ستەم، ستەم و دڕندەیی هەیە.”(ا د جبار علی جمال الدين،٢٠٢١:١٦٥). زۆرجار دۆخێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دێتە پێشەوە، وا لە گەنجان دەکات کۆچ بکەن بۆ دەرەوەی وڵات. (بەهرام)یش، قوربانی ئەو دۆخە ڕامیارییە بوو، کە لەو سەردەمدا هاتە پێشەوە و زۆرێک لە گەنجانی کورد ملییان نا بە ڕێگەی کۆچەوە و لە هەواری بێکەسی و نامۆیدا گیرسانەوە. کەواتە جگە لەوەی (بەهرام) (شادی) کردۆتە قوربانی، لە هەمان کاتدا خۆی قوربانی ئەو باردۆخێک خراپتر بووە. ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە زۆرێک لەو کەسانەی لە کۆمەڵگەی کوردییدا دەوربەرەکانیان دەکەن قوربانی، بەهۆی نائاگایی و ساویلکەییانەوە، بۆ نموونە لە بابەتی دوژمنداریدا ئەندامی خێزانێک دەکوژرێت بە هەر هۆکارێک بێت، ئەو خێزانەش لە تۆڵەکردنەوە خۆیاندا، ئەندامی خێزانەکەی تر دەکوژن، کە ڕەنگە هیچ پەیوەندی بەو تاوانەوە نەبێت.
ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت، کە پاڵنەری کۆمەڵایەتییەکان زیاتر کاریگەرییان لە بونیادنانی کەسێتی قوربانی هەیە، وەکو لە هۆکارە خودییەکان. بێگومان هەر دۆخە کۆمەڵایەتی و سیاسییە بووە، کە بەهرامی ناچار کردووە کۆچ بکات، نەک بۆ ئارەزوو و هەوەسی خۆی کۆچی کردبێت.

٣.قوربانی دەستی شۆڕش:

کەم نووسەر هەیە وەک (شێرزاد حەسەن)لە دونیای نووسیندا ئەوەنە خۆڕاگر و بێباک بێت بەرانبەر بە سیاسییەکانی وڵاتەکەی و لێیان سڵ نەکاتەوە.وەکو نووسەر خۆی دەڵێت” هەمیشە وابووە کە نووسەری کورد لەبەردەم دەسەڵاتی سیاسیدا خۆی بچووک بینیتەوە، لەت و پەت بوونی هەر پابەستی عەقڵی خێلەکی یە، حیزبیش لێرە هەمان پێکهاتەی خێڵە، ڕۆشنبیری نەیوێراوە بە تەنها لە دەرەوەی خێڵ بە تەنیا لەسەر پێی خۆی بوەستێ، هەمیشە لەبەردەم سیاسی دا پاشکۆ و شەرمن بووە”(هیوا قادر،٢٠٠٢:٣٣)

شۆڕش لە ئاستی نەتەوەیی و ڕامیاریدا، ڕابوونێکە یان هەستانێکە کە بەرانبەر بە دەسەڵاتێکی داگیرکەر یان دەسەڵاتێکی خۆسەپێن دەیکەن. ئەو کەسانەی کە شۆڕش دەکەن، پێیاندەوترێت شۆڕشگێر، لە هەمان کاتدا قوربانیدەرن، چونکە قوربانی دەدەن لە پێناو ئازادییەک کە پێویست بۆ کۆمەڵگو و نەتەوەکەیان هەبێت. لەم ڕۆمانەدا (هۆمەر) وێنەی قوربانی نەتەوایەتی و دروشمە فریودەرکانی سەردەمی شاخ و شۆڕش و شکۆمەندی و شەڕەفە، چونکە ئەو هەر لەوێدا ژەهرخوار کراوە لە ڕاستیدا، ڕۆمانەکە بازنەیەکە لە دەوری قوربانی و قوربانیدا دەخوڵێتەوە، تەنانەت پەپوولە و مەلە کوژراوەکانیش قوربانی دەستی ڕاوکردنن و لە هەمان کاتدا، مەنارەکەش وەک شوێنەوارێک قوربانی دەستی ئەو پشتگوێخستن و نۆژەن نەکردنەوەیە، کە دووچار بۆتەوە.

ئەنجامی توێژینەوەکە:

١.لە باسکردنی بابەتی یەکەمدا، گەیشتین بەو ئەنجامەی کە کارەکتەر ڕۆڵ و گرنگییەکە بێ ئەندازەی هەیە لە بونیادی ڕۆماندا، بە جۆرێک هیچ ڕۆمانێک بەردەر نییە، لە بوونی کارەکتەر.

٢.لەم توێژینەوەدا، گەیشتین بەوەی بەهۆی ئەو ئەزموونە خراپەی ڕۆماننووس لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردییدا هەیەتی و ڕەچاوی ژیانی پڕ ناهەمواری کردووە، تایبەتمەندییەکەی قوربانی داوەتە پاڵ سەرجەم کارەکتەرەکان.

———————————————-

سەرچاوەکان:

١.هەردی حەسەن مولود، عماد شوکور محمود، ٢٠٢١، بنیاتی کارەکتەر لە چیرۆکی(کوتری سپی)ی فرات جەواهیری و ڕۆمانی(بووە کوێر)ی سادق هیدایەت، ournal of the University of Garmian 8 (1), 2021J.

٢.عەونی ئەمین عومەر،٢٠١٥، بنیاتی کارەکتەر لە دوو ڕۆمانی (فەرهاد پیرباڵ) بە نموونەی(مولازم موحسين و شتی تریش)و(هۆتیل ئەوروپا) نامەی ماستەر، زانکۆی سەڵاحەدین، هەولێر.

٣.عەبدوڵڵا سەڕاج،٢٠٠٧،بەرەو ئاستانەی ڕۆمان و گۆشەنگیاکان،چاپی یەکەم دەزگا و پەخشی سەردەم، هەولێر.

٤.سەنگەر قادر شێخ محەمەدحاجی،٢٠٠٩، بنیاتی گێڕانەوە لە داستانی(مەم و زین)ی ئەحمەدی خانی و ڕۆمانی(شاری مۆسیقا سیپیەکان)ی بەختیار عەلی دا، چاپی یەکەم، دەزگای چاپی موکریانی، دهۆك.

٥.هیوا قادر،٢٠٠٢، «ئەو پیاوەی لە توڕەشیدا جوانە»گفتوگۆ لەگەڵ شێرزاد حەسەن، چاپی یەکەم گۆڤاری ڕەهەند، ستۆکهۆڵم.

٦.هەڵمەت بایز ڕەسووڵ،٢٠١٢، ڕەهەندی دەروونی لە چیرۆکەکانی شێرزاد حەسەندا،چاپی یەکەم، دەزگای چاپی موکریانی، هەولێر.

٧.سنوور قادر فەرەج، ٢٠١٢تەکنيک لە کۆمەڵە چیرۆکی گوڵی ڕەشی شێرزاد حەسەندا، نامەی ماستەر، زانکۆی سلێمانی.

٨.حسەێن عارف، ٢٠١١نووسینەکانم لە بواری ڕەخنە و لێکۆڵینەوەدا،چاپی یەکەم چاپخانەی ئاراس، هەولێر.

٩.شێرزاد حەسەن، ٢٠١٥، ژنێک بەسەر منارەوە، چاپی یەکەم چاپمەندی مانگ،بانە.

١٠.ئاری عوسمان خەیات،٢٠١٩، ڕوانگەی ڕەخنە و ڕوانینی تێوریی،هەولێر

سەرچاوە عەرەبییەکان

١. م.د. جبار علي جمال الدين، ٢٠٢١،الهجرة الدولية وآثارها على العراق،کلية العلوم السياسية/ جامعة الكوفة

٢.د.بدرخان سندي، ٢٠٠٢، المجتمع الکردي،مطبعە الاولی، منشورات ئاراس، هەولێر.

سەرچاوە فارسییەکان

١. مهسا کمارج، ميثم مهاجر، ١٣٩٦شخصیت پردازی در داستان فرود، فصلنامهی تخصصی تحلیل و نقد متون زبان و ادبیات فارسی.

٢.رضا براهنی،١٣٦٨،قصە نویسی، چاپ چهارم, تهران.




ئێزدیەکان لەنێوان مەنگەنەی مۆدێل و ڕەوشتلێژیی دوکتۆر عبدالواحدەکان دا.. هیوا محەمەد ئەمین

لە دونیا و ئەدەبیاتی فەلسەفە دا ، دوو دیاردە ، خەسڵەت و تایبەتمەندیی ، دوو بنەما و کۆڵەکە ی بنچینەیی هەن ، کە ڕۆڵێك ی گرنگ لە فراوانکردن و قوڵکردنەوە ی دنیا ی مەعریفە ، ڕاستیی ( حەقیقەت ) ، دیدگە ، بیرکردنەوە ، تێڕامان و جیهانبینیی کۆمەڵگە ی مرۆڤایەتیی دەگێڕن ، ئەویش دیاردە ی گومان و پرسیارە ! گومان فەلسەفە ی بەردەوامیدان بە ژیان و گەیشتن بە ڕاستییە ، مرۆڤ تاکو خاوەن ی گومان نەبێت ، ناتوانێت ڕابپسکێت و لە بەستەڵکبوون ی بیرکردنەوە ڕزگاری ببێت ، دواجار ئەوە گومانە کە هێزێك بە مرۆڤ دەبەخشێت کە بتوانێت بەهۆیەوە دەستی بە ڕاستییەکان بگات . پرسیار بەڵام ڕەنگدانەوە ی جۆرێك لە هۆشمەندیی و پێداویستیی فیکریی ، زیهنیی و هەرقۆناخێك ی ژیان ی مرۆڤایەتییە ، قوڵترکردنەوە و فراوانترکردن ی دنیا ی گومانە . لەم ڕۆژنە و دەروازەیەوە ، دەمەوێت بچمە نێو ڕوداو ی ناڕەزایی و خۆپێشاندانەکان ی 27 . 4 . 2023 ی شار ی ( شنگال ) ەوە ، بەڵام پێش ئەوەی پەیڤێك لەوبارەیەوە بدەم ، پێم باش و پێویستە کە لە ڕۆشنایی دنیا ی ئیمان ، گومان و پرسیارەوە تیرۆژە تیشكێک بخەمە سەر ئەو ڕوداو و پرسیارانە ی کە پەیوەستن بەم بابەتە ، تاکو وێنەیەك ی گەشتر و ڕوناکتر بدەین بەو دیمەنانە ی کە زۆرێك لە مەلا ، بانگخواز و ئیسلامیستەکان هەوڵ ی شێواندن ی دەدەن .
کەسێك دەشێت ئاییندار بێت ! بەڵام مەرج نیە ئیماندار بێت ، پێچەوانەکەیشی هەر ڕاستە . جیهان ی ئیمان و ئایین لە زۆر ئاست و ڕوبەر دا دوو دنیا ی ئاراستە و ئاقارجیاوازن ، کە هەریەکەیان بەشێوازێك ی جیاواز کاریگەریی دەنوێنن و مرۆڤ دەگەێننە دوو ئامانج ی جیاواز . ئیمان لە پانتایی ئامانج ، چەمك ، مانا و دنیابینیی خۆی دا بۆ بوون ، ڕەوشت ، نرخ ، شکۆ و پایە ی مرۆڤ ، بەرفراوان و بێکۆتایە کە سیفاتێك ی سروشتیی وگەردونیی تێدا بەرجەستەدارە کە لەوێدا دۆزی مرۆڤ و زاتی مرۆڤ دەبێتە ناوەند ، چەق ( سەنتەر ) ێك ی گرنگ و مانادار بۆ ژیان ، بۆبوون و کۆی دۆز و فەلسەفە مرۆڤایەتییەکان ، لەوێدایە ، کە مرۆڤ لە ڕامان ، تێڕامان و بوونێك ی ناوچەییەوە دەبێتە بونەوەرێك ی گەردونیی و پاشان ئاودیو ی پڕۆسە ی بەدنیابوون دەبێت ، واتا گەڕانەوە بۆ سروشتی خۆی کە فەلسەفە ی مرۆڤبوونە . ڕێگە ی ئیمان ڕێگەیەکی دورودرێژ ی پڕ لە گومان ، دڕدۆنگیی ، پرسیار ، سەختیی ، دژواریی و هەڵدێرانە ، هەروەها ڕێگەیەکی پڕلە ئازار ، ڕەنج و ماندوبوونێك ی زۆرە کە مرۆڤ لەپێناو ی بەدەستهێنان ی حەقیقەت ، ڕەوشت و ویژدانێكی باڵاتر، ژیانێك ی ڕوناکتر و ڕامانێك ی باشتر دا بەپێویست ئازار دەکێشێت و دەچێژێت ، واتا ئیمان لەڕێگەی ئەزمونکردن ی عەقڵ و گۆشکردنی دنیای گیانپەرۆشیی ( ڕۆحانیی ) ە وە دەگاتە دوالوتکە ی بەرزترین ڕەوشت ، ویژدان ، ڕاستیی و دواجار بوون بە بەشێكە لە کۆی سروشت و سیستەمێك ی گەردونیی ، واتا لەوێ دایە کە مرۆڤ ئاودیو ی دنیا ی ئاژەڵیی خۆی دەبێت و لە دواهەمین وێستەگە دا فەلسەفە ی مرۆڤبوون لە ناخ و زات ی مرۆڤ خۆی دا ئەزمون ی مرۆڤایەتیی خۆی دەکات . کۆی ئەو ڕەگەزە گرنگ و بابەتییانە ی کە ئاماژەم پێیان دا ، دنیا ی بوون و وێنا ی خۆیان لەسەر پەیژەیەك ی شەقوشڕ ی دنیایی و غەریزەی ئاژەڵیی بەرجەستە یان بینا کردووە . مرۆڤ بە مەبەستی گەیشتن بە دنیا ی ئیمان و ئامانجێك ی باڵاتر لە فەلسەفەی ڕەوشت ” ئێتیك ” ، هەست ی مرۆڤایەتیی وفەلسەفە ی مرۆڤبوون ، لێبڕاوانە ولەژێر سێبەرو پەیڕەویی ژیریی ( عەقڵ ) و ئیرادەیەك ی ئازادانە دا ئەو پلانە دەبڕێت و لە دواهەمین پلە دا ئاودیو ی دنیایەك ی نوێتر دەبێت ، دنیایەك کە تیای دا دەستی لە فەزیڵەتێك ی ئەخلاقیی ، جوانترین و باڵاترین ڕەوشت و ویژدان گیردەبێت ، واتا پڕۆژە ی ئیمان پڕۆژەیەکە بۆ باڵابردن ی هۆش ، بیر ، ڕەوشت و ویژدانی مرۆڤ ، کە لەدواجاردا کار بە دۆزینەوە ی یەزدان و دروستکردنی مرۆڤ ی یەزدانیی کۆتایی دەهێنێت ٠ لەدواجار دا ئیمان پرۆسەیەك ی درێژخایان ی تاکەکەسیی و جۆرێك لە دیاردە ی هوشیاریی و خواست ی بنیاتنان ی ئیرادە ی باڵا و ئازادە لە مرۆڤ دا ، سەرئەنجام ئیمان هێزێك ی ڕوناکییبەخش و توانابەخشە کە تەکانێك بە مرۆڤ دەدات تاکو ئاودیوی دنیایەك ی فراوانتر ، ڕوناکتر ، نوێتر ببێت ! لەم بازدان و ئاودیوبوونە دایە کە سەرەتا ی چیرۆك ی فەلسەفە ی مرۆڤبوون و مرۆڤ ی ڕاستەقینە سەرهەڵدەدات و دەستپێدەکات . لەم دەستپێکەوە ، واتا لە دەروازە ی گەیشتن بە فەزیڵەت ی ئەخلاقیی و ویژدان و ڕەوشت ی بەرز و باڵاوە کە تەنیا پێناسەیەکە بۆ جیاکردنەوە ی مرۆڤ ی باش یان خراپ ، دەخوازم چەند وشەیەك سەبارەت بە ڕوداوەکە ی شار ی شنگال بنووسم .
شاراوە نیە ، کە لە سەردەم ی دروستبوون و سەرهەڵدان ی یەکەمین فەرمانڕەوایی خەلافەت لە ئیسلام ، واتا سەردەم ی خەلیفەکانی ڕاشیدین ، و بەتایبەت و بەدیاریکراویی لە سەدەی ١٧ ی کۆچیی ، واتا لەسەردەم ی خەلیفە عمر ابن خطاب دا یەکەمین کۆمەڵکوژیی ئێزدیەکان ئەنجامدراوە ، تاکو دەگاتە ڕۆژگاری دەوڵەت ی عوسمانیی و دەوڵەت ی ئیسلامیی لە عێراق و شام ” داعش ” و ئیخوان ی ئۆردوگانیی و تەنانەت کوردان ی موسوڵمانیشەوە ، کوردان ی ( ئێزدیی ) ڕوبەڕوی ڕاستەوخۆ ی چەوساندنەوە ، ئازار ، سوکایەتیپێکردن ، ناهەقیی ، کۆچپێکردن ، کۆمەڵکوژیی بوونەتەوە ، لەدواجار دا و لەسەردەم ی خەلافەت ی ئیسلامیی لە موسڵ و ڕەققە ی سوریا ، کچان و ژنان ی ئێزدییەکان تاڵان کران و کرانە سەبایا و لە بازاڕەکان ی نوخاسە ی شارەکان ی موسڵ و ڕەققە دا مامەڵەی کڕین و فرۆشتنیان پێوەکراوە ، کراونەتە کۆیلە و زنجیر ی ئاسنینان لە دەست و پێیان کراوە و دەستدرێژیی ناموسیان کراوەتەسەر. داعش لە ژمارە یەك ی گۆڤار ی ( دابق ) ی سەر بە ڕێکخراوەکەیان نوسینێك بەناوی { احیاء العبودیە قبل اوان الساعە } بڵاودەکاتەوە ، و تیای دا باس لەوە دەکات کە چۆن بەپێی ئەحکام ی شەرعی ئیسلام کۆیلەکردن ی کچان و ژنان ی ئێزدیی ڕەوایەتیی و شەرعیەت ی پێدەدرێت ، و پاشان چۆن پێشکەش و دابەشیان دەکەن بەسەر ئەمیران و موجاهیدانی سوریی ، عێراقیی ، چیچانیی ، سعودیی ، ئێرانیی ، تورکیی ، ئەفغانیی ، لیبیی ، میسریی و موسوڵمانان ی تری نیشتەجێ ی ئەوروپا ، ئەمریکا و …. تاد ی سەر بە دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام و بەتاڵکردنەوەی نیکاح و هاوسەرگیرێتیی پێشویان وهاوجێییکردن لەگەڵیان دا بەبێ نیکاح و زەواج ؟ !! چەکدارێك ی داعش بەناوی ئەسعەد ئەڵمانیی لە فێسبوك ی خۆی دا وێنە ی کچێك ی هەژدە ساڵ ی ئێزدیی بڵاودەکاتەوە و دەنووسێت : { ئەم کچە بۆفرۆشتن ، نرخەکە ی هەشت هەزار دۆلارە } ، هەمان ئەم کەسە پاش چەند کاتژمێرێك وێنە ی کچێك ی تری ئێزدیی کە چاوەکان ی لەتاو گریان سورهەڵگەڕاون بڵاودەکاتەوە و دەنووسێت : { ئەمەش کچێك ی ترە بۆفرۆشتن ئەمیش نرخەکەی هەشت هەزار دۆلارە } ، بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە ڤیدیۆییە بۆ کۆمپانیا ی فێسبوك بووە سکانداڵێك ی یاسایی و ئەخلاقیی و دوایی لە لاپەڕەی فێسبوك دا سڕایەوە . ئەو دەستدرێژیی ، بێویژدانیی و بێڕەوشتییە ی کە بە کوردان ی ئێزدیی کرا ، هۆلۆکۆستێك ی نوێی تربوو کە لەسەدە ی بیست و یەکەمین دا دەرهەق بە مرۆڤ ی کورد و مرۆڤایەتیی ئەنجام دراوە . ئەم بارە کارەساتبارە دنیا ی ویژدان و ئەخلاق ی جیهان ی ئیسلامیی ، رابطە ی ئیسلامیی لە مەککە ، جامیعە ی ئەزهەر، حەوزیە ی قوم ، کۆمەڵگە ی ئیسلامیی و نمونەکان ی محمد علی قەرەداخیی ، بانگخوازی وەکو دوکتۆر عبدالواحید ، مەلا و مینبەرەکانیان و ئیسلام ی سیاسیی کوردیی لە ئیخوان و سەلەفییەکان ی نەهەژاند ، بەڵام محمد علی قەرەداخیی بۆ سەرخستنی ئۆردوگان لە هەڵبژاردنەکان ی ئەم دواییە ی تورکیا دا ، بەئاشکرا و بێ شەرم بۆ پشتیوانیی ئەو کۆششی زۆر ی کرد ؟ !
ئایین ی ئێزدیی ئایینێك ی هەرەکۆن ی گەل ی کورد بووە کە سەدان ساڵ پێش زایین لەسەر خاك ی کوردستان سەریهەڵداوە ! باوەڕ ی ئێزدییەکان لەبنەچە دا لە فەلسەفەی (ئەزدایی ) ەوە سەرچاوەی گرتووە . ئەزداێتیی باوەڕ ی بە یەکتاپەرستیی یەزدان هەبووە ، زەردەشتیش سەرچاوە ی فەلسەفە و بیری خۆی لە ئەزداییەوە وەرگرتووە . ئەزدایی باوەڕی بە هێزی چاکە و خراپە هەبووە ، دژی درۆ ، فێڵ ، ناپاکیی و پەیمانشکێنیی بووە ، لە بنەڕەت دا ئەزداێتیی باوەڕبوونە بە مرۆڤدۆستیی ، خۆشەویستیی ، ڕێزگرتن لە خاك ، ژینگە و ڕێزگرتن لە ئافرەت و … فەلسەفە ی ئەزدایی خاوەن ی هیچ نێوەندگیر یان پەیامبەرێك نین ، و باوڕیان بەوەیە ، کە مرۆڤ لەڕێگە ی ئیرادەیەك ی ئازادانەوە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی خۆی بە یەزدان دەبەستێت و سەرئەنجام توانایی ئەوە بەدەستدەهێنێت کە ڕوناکایی یەزدان بەدەستبهێنێت و دواجار ببێتە هەڵگر ی هێز ی چاکە . ئێزدایی خاوەن ی هیچ ڕوگە ( قیبلە ) یەك نیە ، لەکوێ دا ڕۆژ هەبێت ، بۆ نوێژکردن و ستایشکردن ی یەزدان ڕوودەکەنە خۆر ، خۆریش لەلایان جێگە ی ڕێز و ستایشە ، و شەقڵ ، دەرکەوتە و بەرجەستەیەکە لە مەزنیی و شکۆمەندیی یەزدان . لەو ڕۆژگارەوە ی کە ئیسلام وەك هێزێك دەرکەوت ، ئێزدییەکان جگەلەوەی کە چەوسێنراونەتەوە ، بەهەمانشێوەش سیاسەت ی بەزۆرکردنە ئیسلام ، بەئیسلامییکردن و عەرەباندن ی باوەڕ و ئیمان ی ئەزدایی ، بەعەرەبکردنی نەتەوەییان ، سەنداندن ی باج و جزیەش بەسەریان دا سەپێنراوە ، لەڕێگە ی سیاسەت ی چەواشەکاریی ، ڕق ، کینە ، بوغز ، درۆ و بوختان ی وەك ئاگرپەرست ، شەیتانپەرست ، نەوەی جنۆکە و شەیتان ، نەوەی نەهەنگ و یەزید ی مەعاویە و … تاد دژایەتیی ئێزدیەکانیان کردوە و مێژو و فەلسەفە ی باوەڕ ی ئێزداێتیی ئەوان شێوێنراوە . پەیڕەوکردن ی ئەم سیاسەتە ڕەگەزپەرست و فاشیستییە ی ئیسلام دەرهەق بە ئێزدییەکان ، بووەتە هۆکار و پاڵپێوەنەرێك ، کە لەڕێگە ی شەرعەوە ڕەوایەتیی بدرێت بە سوکایەتیی ، کۆمەڵکوژیی و لەناوبردنیان ، ئەمەش تاکو ڕۆژگار ی ئەمڕۆ کە ڕۆژگار ی ئیسلام ی داعشیی ، سەلەفیی و ئیخوانییە بەردەوامە . قۆناخ ی دەوڵەت ی ئیسلامیی لە عێراق و شام دواقۆناخ نیە لە کۆتاییهێنان بە سوکایەتیی ، غەدر ، ناهەقیی ، زوڵم ، چەوساندنەوە و پیادەکردن ی سیاسەت ی تەکفیرکردن ی ئێزدییەکان بەناو ی خوا ، عەدالەتی ئیلاهیی و شەریعەتی ئیسلامییەوە ، بەڵکو ئێستا قۆناخێك نوێی مەترسیدارتر بەڕێوەیە بۆ هەڵتەکاندن ، لەباربردن ، سڕینەوە ی تەواوەتیی باوەڕی ئەزدایی و بوون ی ئێزدیەکان لە کوردستان و مێژویش دا ، ئەویش قۆناخ ی بانگخوازی نوێ ی ئیسلامیی و ئیسلام ی سیاسیی کوردە لە باشور ی کوردستان دا . ئەم قۆناخە زۆر مەترسیدارترە لەوان ی پێشوتر ، کە پێویستە هەموو تاک و ڕوناکبیرێك ی کورد تێیڕابمێنێت و لێی ئاگاداربێت ، ئەم قۆناخە سەرەتا ی ترازاندن و جوقاندن ی هێلکە ی فاشیستێتیی ئیسلامیی کوردییە لەنێو کۆمەڵگە ی کوردستان دا ، قۆناخێك ی زۆر نامۆ، ترسناك و مەترسیدارە لە جێبەجێکردن و بەتەواوگەیاندن ی ئەو پەیامە ی کە سڕینەوە و قبوڵنەکردن و ڕەتکردنەوەی ئەوانی دیە . ئەوەی لە شار ی شنگال ڕووی دا دژایەتییکردن ی ئیسلام و سوتاندنی مزگەوت نەبوو ، بەڵکو قبوڵنەکردن و بەگژداچوونەوەیەك ی ئازایانە بوو بەڕووی سیاسەت ی تەعریب و سوکایەتییپێکردن ی کوردان ی ئێزدیی ، ناڕەزاییدەربڕین بوو بەرامبەر بەو کۆمەڵکوژیە ی ئێزدیەکان کە لەساڵ ی ٢٠١٤ دا لەلایەن ئەو عەرەبە فاشیست و شۆڤێنیە عێراقیانە ی ناو ڕیزەکان ی دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام ئەنجامدرا بوو ، ئەو ئیسلامیانە ی کە بەناوی اللە و عەدالەتی ئیلاهیەوە زیاتر لە سێ هەزار ئافرەت ی ئێزدیان کردە کەنیزەك ، سەبایا و بەناوی دەسکەوت ی جەنگ لە بازاڕەکان ی موسڵ دا مامەڵە ی ساخکردنەوە ، کڕین و فرۆشتنیان پێوەکردبوون ؟! کوشتن ، بێسەروشوێنکردن و زیندەبەچاڵکردن ی شەش هەزار پیاو و کوڕ ی ئێزدیی . تاوان ی جینۆساید و پاکتاوکردن ی ڕەگەزیی و ئایینیی کوردان ی ئێزدیی لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام و بەپشتیوانیی ئیخوانی تورکیی و ئۆردوگانیی ئێجگار زۆرن و لەئەژماردن نایەن ، بەڵام لێرە دا چەند نمونەیەك ی بچوك دەهێنینەوە تاکو ئیسلامیە سەلەفیی ، جیهادیی ، ئیخوانیی ، کرێکاریی ، عومەریی ، ئیسلامیستەکان ی دی و هەموو موسوڵمانێك ی کورد بزانن کە چ کارەساتێك بەسەر کوردان ی ئێزدیی دا هاتووە ؟ ! لەیەکەم هەڵدانەوەی یەکەم گۆڕ ی بەکۆمەڵ ی ئێزدییەکان لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامیی لە موسڵ ، ٢٨ تەرم لە گوند ی ( کۆچۆ) ی باشور ی شنگال دۆزرایەوە ، بەدوای دا حەفتاویەك گۆڕ ی تر ی بەکۆمەڵ ی ئێزدییەکان کە خەلافەت ی ئیسلامیی لە موسڵ ئەنجام ی دابوون دۆزرانەوە ، سیانزدە گۆڕیان لە دەوروبەر ی گوند ی کۆچۆ بوون و گەورەترین کۆمەڵکوژیش لە شار ی شنگال ئەنجامدراوە . بەگشتی نەوەد گۆڕ ی بەکۆمەڵ ی ئێزدیەکان هەیە ، لە عین الفتح پێنج گۆڕ ی بەکۆمەڵی ئێزدیەکان ی قوربانیان ی دەستی خەلافەت ی ئیسلامیی لە موسڵ دۆزراونەتەوە ، و بەرگری شارستانیی شار ی شنگالیش دە تەرم ی ئێزدییانیان لە زێرابێك دا دەدۆزنەوە ، تاکو ئێستاش زیاتر لە هەزاروسێسەد ئافرەت ی ئێزدیی بێسەروشوێنن و نەگەڕاونەتەوە ناو کەسوکاریان . ئەگەرچی وتەبێژ ی سوپا ی عێراق لەبەردەم مێدیاکان دا وڕێك لەبەردەم مزگەوت ی ( رحمان ) لە شار ی شنگال و هەروەها فەرمانگە ی ئەوقاف ی شاری موسڵ بەئاشکرا دانیان بەوەدا نا کە هیچ دەستدرێژیی ، بێڕێزیی یان هێرشێك بۆسەر مزگەوت ی ناوبراو لە شار ی شنگال کرابێت ، بەڵام هەرزوو مەلا و بانگخوازە ئیسلامییەکان کانگای دڵ ی پڕ لە ڕق ، کینە بوغزیان بەرامبەر ئێزدیی و ئەزدایی ئۆقرەی نەگرت و لە مینبەرەکانیانەوە کەوتنە هەڕەشە ، هۆنینەوەی درۆ ، هێرشکردن و سوکایەتییکردن بە ئێزدییەکان . بێدەنگبوون و خەمساردیی مێدیا ی کوردیی لە ڕوماڵکردن و بەدواداچوون ی ڕاستییەکان ، هان ی زیاتری بانگخواز و ئیسلامییەکان ی کوردستان ی دا ، کە لە مینبەر ی مزگەوت و سۆشیال مێدیاکانیانەوە بکەونە هێرش ، سوکایەتییپێکردن و گاڵتەپێکردن ی باوەڕ ، ئایین و نەریت ی ئێزدییەکان . کۆمەڵ ی دادگەریی بە هێنانەوەی ئایەتێك ی قورئان کەوتە ناڕەزایی و هێرشکردنە سەر ئێزدیەکان ، مەلایەك لە دهۆك و لە مینبەر ی مزگەوتەکەیەوە بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەك ی ساختە کەوتە بانگەشە ی درۆ ، هەڕەشە و هاندانی خەڵکیی دژی ئێزدیەکان . بانگخوازێك ی ڕەگەزپەرست و فاشیستێكی ئیسلامیی بەناوی دوکتۆر عەبدولواحد لە وتاردانێك ی زۆر توندئامێز ، توندئاژۆ و تەوسئامێزدا و لەبەردەم ی خەڵکان و گەنجانێك ی زۆر ی موسوڵمان کەوتە گاڵتەپێکردن و سوکایەتییکردن بە باوەڕ ، نەریت ، بنەچە و ئایین ی ئێزدیەکان ؟! ! ئەو بەئاشکرا هان ی گەنجان ی موسوڵمانانی دا بۆ ئەنجامدان ی توندوتیژیی ، تێکدان ی ئاسایش و شێواندن ی نەریت ی قبوڵکردن ، ڕێزگرتن و پێکەوژیان بەبێ ئەوە ی وەزارەت ی ئەوقاف یان داد بکەونە هەڵوێستوەرگرتن و گرتنەبەری ڕێوشوێن ی ئەخلاقیی ، یاسایی و فەرمیی بەرانبەریان ؟ ! بەڕاستی ئەوەی لە سۆشیال مێدیا ی ئیسلامیی و مینبەر ی مزگەوتەکانەوە دەگوزەرێت و ئەنجام دەدرێن ، دەربڕ و نیشانیەکن لە پڕکردن و ئاژواندنی ویژدان و ڕەوشتی مرۆڤ ی کورد و دەرونناسێتیی ( سایکۆلۆژیا ) ی مرۆڤ ی کورد بەرە و دنیا ی دڵڕەقیی ، بێبەزەیی و بەربەرێتیی ، سیخناخکردن ی دەرون و ویژدان ی مرۆڤ و تاك ی کورد لە گاڵتەجاڕیی ، توندوتیژیی ، درۆ ، دەمپیسیی ، ڕەتکردنەوەی ئەوانی دی ، ڕق ، کینە ، بوغز ، خورافات ، ئەفسانەگەرێتیی ، شتنی مێشک و … تاد . مرۆڤ کاتێك ئەو کۆمێنتانە ی سەر ڕوپەڕی مێدیا ی ئیسلامییەکان ، بانگخوازەکان و مرۆڤی موسوڵمان ی کورد دەخوێنێتەوە هەست بەجۆرێك لە شەرم ، حەپەسان ، شەرمەزاریی و بێئومێدیی دەکات . نابێت بەلامانەوە سەیربێت لە هەل و مەرجێك ی وەها دا ، کە بانگخواز و ئیسلامیستەکان بەسەر کۆمەڵگە ی کوردی لە باشور ی کوردستان دا دەستڕۆیشتوون ، هەندێك مرۆڤ ی موسوڵمان ی کورد هەست بە جۆرێك لە دەرونئاسودەیی ، ویژانئاسودەیی ، دڵشادیی و دڵسەکنین بکات لە دیتنی تەرمی سەربڕاو، گوێبڕاو و چاودەرهێنراوی ئەو پێشمەرگانە ی کە لە گوند ی خێڵ ی حەمەی شارەزور بەدەستی چەکدارانی انصار الاسلام ئەنجامدران ! هەناسە ی شادیی و چێژبەخشیی هەڵدەمژێت ، کاتێك دەبینێت کوردان ی ئێزدیی کوشتوبڕ دەکرێن ، و کچان و ژنانیان دەکرێنە کۆیلە ، سەبایا و کەنیزەك و دەستدرێژیی ناموس دەکرێتەسەریان . سەرهەڵدانی مۆدێل ی نوێ ی موسوڵمانێتیی دوکتۆرعەبدولواحیدەکان لە کۆمەڵگە ی کوردی دا ، سەرەتا ی کارەسات و سەرهەڵدان ی کۆمەڵگەیەك ی هەستسارد ، بێڕەوشت ، بێبەزەیی ، دڕندە ، دەروننەخۆش و بەمێگەلکردنە ، دروستکردنی کۆمەڵگەیەکە کە بناغە ی شارستانێتیی و مرۆڤدۆستیی خۆی لەسەر بنچینە ی ڕق ، کینە ، کوشتن ، تۆڵە ، تەکفیر ، دژایەتیی ڕەنگ ، هونەر ، مۆسیقا و ڕەتکردنەوە بنیاتدەنێت ، شارستانێتییەك دوور لە هەموو بەها و نرخێك ی مرۆڤایەتیی و ئەخلاقیی ، دوور لە فەلسەفەی جوانناسییانە ی ئەو ئیمانە ی کە پێشتر ئاماژەم پێی دا ، کۆمەڵگەیەك کە بنچینە ی مەعریفە و بیرکردنەوەی خۆی لەسەر درۆ ، خورافات ، ئەفسانە ، شەریعەت ، نەقڵ و دەقێك ی چەقبەستوو دادەمەزرێنێت . سەردەم و مۆدێل ی عەبدولواحیدەکان سەردەمی بێڕەوشتیی ، پوچیی ، پوچگەرایی ، بێناوەڕۆکیی ، ڕەشبینیی ، تەسلیمبوون ی ڕۆح و ئیرادە ی ئازادە ، کوشتن ی گومان و هەموو ئەو پرسیارانەیە ، کە مرۆڤ و مرۆڤایەتیی هەنگاوێك لە حەقیقەت نزیك دەکاتەوە ، واتا سەردەمی مەرگ ی ئیمان و یەزدانە . دوکتۆر عەبدولواحید لە وتاردانێكی دا سەبارەت بە ئێزدیەکان ؛ بەدیدێك ی ئیخوانیی و ڕۆحێك ی ڕەگەزپەرستیی و فاشیستیانە ی ئیسلامیی و دوور لە هەموو بەها و مەعریفەیەك ی ئەخلاقیی ، مرۆڤایەتیی ، ئەتەکێت ، نەزاکەت ، ویژدان و فەلسەفەیەك ی ڕەوشتەوە بەمجۆرە باس و پێناسە ی ئێزدیەکان لای گەنجان ی کورد دەکات * :
یەزیدیی ( ئێزدیی ) کورد نین ، شەیتانپەرستن ، سەرلێشێواو داماو و جاهیلن ، تەوسکردن بە ڕەنگ ی شین و باڵندە ی تاوس ، ناڕۆشنبیر ، پیسوپۆخڵ ، خوای ئەوان عەد ی کوڕی سافیلە ، واتا موشریکن ، ئافرەت لایان نرخ ی نیە و وەکو سەیارە و گوێدرێژ دەیكڕن و دەیفرۆشن ، گاڵتەکردن بە ووشەی یەزدان و پیرۆزکردن ی وشەی ( اللە ) ، یەزیدیی ڕقی لە موسوڵمانە ، مرۆڤکوژن ، گاڵتەکردن بە پیت ی ( ش ) وەکو هێمایەك بۆ یەکەمین پیت ی شەیتان ، لە دواهەمین ڕستە دا مرۆڤ ی کورد فێری فێڵ ، درۆکردن و نادادپەروەریی دەکات و دەڵێت { ئەگەر یەزیدییەك لای تۆ ئیشی کرد ، و داوای هەقدەستی خۆی کرد ، و تۆش ویستت پارەی نەدەیتێ پێی بڵێ ئاه شەیتان بەرلەعنەت بێ ( وەڵاهی ) بیرم چوو پارە لەگەڵ خۆم بهێنم ، و بەدوای دا هاڕەپێکەنین ی ئامادەبووان } .
ئەم جۆرە لە پەیڤین و دیالۆگانە جگە لە سازکردنی زبڵدان و سەرەنوێلکێك ی بۆگەنبوو لە ناخ ، بیرکردنەوە ، ڕەوشت ، کردار ، ڕۆح و ویژدان ی مرۆڤ ی موسوڵمان ی کورد و بنیاتنان ی ی پاشخانێك ی ڕەگەزپەرستیی ، فاشیستێتیی ، نامرۆڤانە و نا ئەخلاقیانە ی ئیسلامییانە هیچ ی دی سەوز ناکات ، و دواجار مرۆڤ و کۆمەڵگە ی کوردیی دەگەێنێتە چارەنوس و کەناری بێئارامیی ، لەنێوچوون ، داڕوخان و لێژبوونەوە بەرەو شیو و دۆڵ ی تاریکیی ، ڕەوشتلێژیی ، بێویژدانیی ، ناعادلیی ، نامیهرەبانیی و نابەخشندەیی ، دڵڕەقیی ، برەودان بە دنیا ی ئاژەڵیی و … . من لێرە دا بۆئەوەی دنیا ی گومان لە ژیان ی داخراو و چەقبەستووێتیی کۆمەڵگ ی ئێمە دا قوڵتر بکەمەوە ، دەخوازم ئەو پرسیارانە بهێنمە گۆڕێ ، تاکو لە ڕۆژنەیانەوە بتوانین کۆمەڵگەیەكی تەندروست و مرۆڤدۆست بەرهەمبهێنین : گەلۆ تاك و مرۆڤ ی موسوڵمان ی کورد لەکوێ و لە چ ئاستێك ی پلە و پایە ی دنیا ی ڕەوشت و فەلسەفە ی ڕەوشت دایە ؟ ئایا مرۆڤ ی موسوڵمان ی کورد لە چ پلەیەك ی ئەو پەیژە ئیمانییە دا وەستاوە کە ئامانج تیای دا دەربازبوونە لە دنیا ی ئاژەڵیی و ئاودیوبوونێك ی ئەخلاقییانە و گەیشتنی مرۆڤ ی کوردە بە ڕەوشت ی بەرز یان یەزدان و ڕوناکایی ئەو ؟ ئایا بەڕاستیی تاك ی موسوڵمان ی کورد گەیشتووەتە ئاستێك لە بڕوابوون ، قبوڵکردن و ئامێزگرتنەوە بە فەلسەفە ی مرۆڤ بوون و ئەزمونکردن ی هەستی مرۆڤایەتیی ؟ ئایا دەتوانێت ببێتە بوونەوەرێك ی مرۆڤدۆست ، ئاشتیخواز ، دڵفراوان ، بەخشندە ، دلۆڤان ، ژینگەدۆست و ئاژەڵدۆست ؟ ئایا هەربەڕاستیی کولتور ی تێکۆشانیی مەعنەویی و گۆشکردنی گیانپەرۆشیی ( ڕۆحانییەت ) لای مرۆڤ و تاك ی کورد نزیكبوونەوە و گەیشتنە بە یەزدان ، ڕوناکیی ، حەقییقەت ، بەختەوەریی ، بەخشندەیی ، میهرەبانیی و خۆشەویستیی یان خۆقەتیسکردن وخۆسنوردارکردنە لە چوارچێوەی فەلسەفەیەك دا ، کە تەنیا مرۆڤی دەروننەخۆش بەرهەمدەهێنێت : { قاتلوهم یعذبهم اللە بایدیکم و یخزهم و ینصرکم علیهم و یشف صدور قوم مومنین } ؟ ! ئایا بەڕاستیی ئامانج ی مەلا و بانگخواز ی ئیسلامیی ، گەیاندن و ئاشناکردن ی تاك ی مرۆڤ ی کوردە بۆ گەیشتن بە فەزیڵەتێك ی یەزدانپەروەریی ( ئیلاهیی ) ، ئەخلاقیی و ویژدانێك ی باڵاتر و زیندوتر ؟ ئایا بەڕاستیی تاك ی موسوڵمان ی کورد دەتوانێت بونەوەرێك ی ئەخلاقیی بێت ؟ گەلۆ مرۆڤ ی موسوڵمان ی کورد لەنێو سەوا و مامەڵە ی بازاڕ ی ئایین و ئایینچێتیی دا خۆی بەرجەستە دەکات یان ئیماندارێکە و دەخوازێت لەڕێگە ی ئیمان و عەشقێك یەزدانییەوە خۆی لە دنیا ی ڕق ، کینە ، تۆڵە ، بوغز ، درۆ ، تەکفیکردن و …. پاكبکاتەوە و دواجار ناخ و ویژدان ی خۆی لێوانلیو لە ڕێز ، داوێنپاکیی ، دەم و دەستپاکیی ، خۆشەویستیی ، پاکێتیی ، ڕاستگۆیی ، میهرەبانیی ، بەخشندەیی و وەفاداریی بکات ؟ ئایا بەڕاستیی موسوڵمان ی کورد خۆی ڕادەست ( تسلیم ) بە ئایین ی ئیسلام کردووە ، تاکو لێوەی فێر ی دادپەروەریی ، قبوڵکردن ی بەرامبەر ، ڕەتکردنەوە ی نادادیی و نادادپەروەریی …. بێت یاخود تەنیا گەیشتنە بە دنیا ی دامرکاندنەوە ی ئاڵۆشیی سێکس ، چوارژنەیی ، ڕووتکردنەوە و چێژوەرگرتن لە جووتبوون لەگەڵ حورالعین ، هەفتا حۆریی ، غیلمان المخلدین و کوڕی منداڵکاری جوان و ساف و بێمو؟ ئایا ئامانج ی موسوڵمان ی ئەمڕۆ ی کورد سوڕانەوە ی بەردەوام و بێسود ، و توانەوەیە لەنێو دنیا ی تاریکیی خورافات ، چیرۆك و ئەفسانە ، نەزانیی ، بێئاگایی ، وەهم و سێبەری نێو دنیا ی وەحیی ئەشکەوتەکان ؟ یان گەیشتن بەدنیا ی ڕوناکیی ، ژیریی ، مەعریفە ، زانست و لۆژیك ! پێویستە هەر تاکێك ی مرۆڤ ی کورد ئەو پرسیارە لەخۆی بکات ، کە ئایا بۆچی کۆمەڵگە ی موسوڵمان ی کورد هێند شێواو ، توڕە ، دەمارگیر ، توندوتیژ ، نادادپەروەر ، دواکەوتوو ، دوڕوو ، گەندەڵ ، بێبەهرە ، ڕەق و وشکهەڵهاتوو ، تەسکبین و … تادە ؟ پرسیار و گومانەکان ی مرۆڤ ی موسوڵمان ی کورد دەبێت بچێتە نێو هەموو وردەکاریەکان ی ژیان ی عەقیدەیی ، ئیمان ، ئایین ، نەریت ، بۆنەکان وتەنانەت دەقی قورئان و هەموو فەرمودەکان ی پێغەمبەریشەوە ! دەبێت لەڕێگە ی گومان و پرسیارەکانەوە بگەینە ئەو ڕاستییە ی کە هیچ کەس ، کەسایەتیی ، ئایین ، شەریعەت ، دەقێك لە ژیان دا پیرۆز نیە ! گەلۆ بەڕاستیی محەمەد هەڵگری پەیامێك ی یەزدانیی و دادپەروەریی بووە کە لەکاتێك دا : { من بدل دینە فاقتلوە } ئایا بەڕاستیی ئەو { وما ارسلناك إلا رحمة للعالمین } ێكە بۆ هەموو مرۆڤایەتیی یان تەنیا بۆ موسوڵمان و نەتەوەیەك ی دیاریکراو یان دەستنیشانکراو{ انما المؤمنون اخوة } ؟ ئایا بەڕاستیی ژیرانە و لۆژیکییە ، کە کەسایەتیی عمر ابن خطاب بکەین بە مۆدێل ، نمونە و پێشڕەوی بەرجەستە و دیاری مرۆڤایەتیی بۆ ئەم ڕۆژگار و سەردەمە ، لەکاتێك دا بانگخواز ی ئیسلامیی دوکتۆر عبدالواحد لە وتاردانەکەی دا وتەیەكی خەلیفە عومەردەهێنێتەوە وەکو بەڵگەیەك بۆ ناوزەدکردن ی ئێزدییەکان وەكو بێباوەڕ و کافر: { اللهم لاتجعل کافر علیە نعمة حتی لا احب } ؟ ئایا هەر بەڕاستیی ئایینی ئیسلام ئایین ی { المحبة والسلام } ە ؟ ! لەکاتێك دا دوکتۆر عبدالواحد بە ئاراستە و ڕۆحێك ی فاشیستیی ئیخوانییەوە ڕوودەکاتە کۆمەڵ ی گەنجان ی کورد و داوای دوعایان لێدەکات کە بڵێن : { ئەوەی موسوڵمانە خۆشمبوێت ، و ئەوەی موسوڵمان نیە لەدڵم دەریبکەیت }؟ ! موسوڵمان ی کورد دەبێت ئەو پرسیارە بکات کە ، ئایا بەڕاستیی کافر کێیە ، و بە چ پێوانەیەك ی یاسایی ، ویژدانیی و ئەخلاقیی ماف و مۆڵەت بەخۆمان دەدەین کە کەسێك بەناوی کافر وبەناو ی خوا بکوژین یان بیخەینە پەراوێز ی ژیان و کۆمەڵگەوە ؟ ! دەبێت پرسیار بکەین و بڵێین کە ، ئایا بەڕاستیی اللە حەز و خواستی لە کوشتن ی مرۆڤ { فاقتلوا المشرکین حیث وجدتموهم وخذوهم واحصروهم واقعدوا لهم کل مرصد فان تابوا و اقاموا الصلوة و ….. } هەیە ؟ ئایا بەڕاستیی ئایین ی ئیسلام دەستی ڕێزوحورمەتی خستووەتە سەرئافرەت و پێگە ی ئافرەت لەنێو کۆمەڵگە ی موسوڵمان و کۆمەڵگە ی مرۆڤایەتیی دا ، یان دەبێت تاکو ماوین هەر باوەڕمان بەو پەیامە پەیامبەرییە هەبێت کە دەڵێت : ( المرأة عورة فإذا خرجت استشرفها الشیطان ) یان ( یقطع الصلاة ، المرأة والحمار ، والکلب ) ؟ دوور لە ئاداب و ئینساف نابێت ئەگەر ئەو پرسیارە لە خۆمان و ئایینەکەمان بکەین کە ، ئایا هەر بەڕاستیی ئیسلام دژی کۆیلایەتیی بووە { الحر بالحر والعبد بالعبد } ؟ پرسیارێك ی ناڕەوا و دزێو نابێت ، ئەگەر پرسیاری ئەوە بکەین کە ، ئایا بەڕاستیی ئایین ی ئیسلام ئایین ی ئاشتیی و پێکەوە ژیانە { قاتلوا الذین لایؤمنون باللە ولا بالیوم الاخر ولا یحرمون ماحرم اللە و رسولە …. } ؟ پێویستە و زۆر لەجێگە ی خۆیدایە ئەو پرسیارە لە ڕەوشت و ویژدانی خۆمان بکەین کە ، ئایا بەڕاستیی ئێزدییەکان وەکو ئایین و باوەڕێك ی جیاواز ، شایان و شایستە ی ئەو هەموو سەنگەرگرتن ، سوکایەتیی ، گاڵتەپێکردن و دژایەتییکردنانەن کە بانگخواز ی ئیسلامیی دوکتۆرعەبدولواحید و مەلا و ئیسلامگەراکان ڕوبەڕویان دەکەنەوە ؟ لەکاتێك دا قورئان پێیان دەڵێت : { یاأیها الذین آمنوا لایسخر قوم عسی أن یکون خیرا منهم ولا نساء من نساء عسی أن یکن خیرا منهن ، ولا تلمزوا أنفسکم ولاتنابزوا بالالقاب بئس الاسم فسوق بعد الایمان ، ومن لم یتب فأولئك هم الظالمون } ! ئایا هەر بەڕاستیی دوکتۆر عبدولواحد ئەو زاڵم و ڕۆحە ئەهریمەنیی و شەڕخوازە نیە کە ئەو ئایەتە ی سەرەوە لە کۆتایی دا ئاماژە ی پێدەدات ؟ ئایا بەڕاستیی موسوڵمان ی کورد قبوڵی ئەو کۆیلایەتیی و بێحورمەتییە دەکات ، کە عەبدولواحید ، مەلا ، بانگخواز ، ئیخوان ، سەلەفیست و ئیسلامگەراکان ی دی عەقڵ ، بیرکردنەوە و ئیرادە ی ئازاد ی ئەوان داگیربکەن و لەجیاتی ئەوان بپەیڤن و بیربکەنەوە ؟ ! ئایا کات ی ئەوە نەهاتووە ، کە موسوڵمان ی کورد چید ی لە بیرکردنەوە دا ئازاد بێت و گوێکانی خۆی قەرزار و قەرزاربار ی ئامۆژگاریی ، وتە پوچ و پڕ لە گاڵتەجاڕیی و درۆکانی عەبدولواحیدەکان نەکەن ، و بیر و عەقڵ ی خۆیان لەو مۆتەکەیە ئازاد بکەن ؟ ! مرۆڤ ی کورد نابێت ڕێگەبدات و ئەو مافە بە عەبدولواحیدەکان ببەخشێت کە خۆیان لە هەموو کاروبارێك ی یاسایی ، پەروەردەیی ، خێزانیی و ئەخلاقیی هەڵبقورتێنن ، پێویستە هەر تاک و موسوڵمانێك ی کورد لەڕێگە ی ئیمان ، بیرکردنەوە ، عەقڵ و دنیا ی گیانپەرۆشیی و دوور لە نێوەندگیریی و پابەندبوون بە هیچ دەقێك ی ئاسمانیی هەوڵی دۆزینەوەی ڕاستیی ، یەزدان و ڕوناکایی ئەو بدات ! مرۆڤ ی کورد دەبێت خۆی لەو تەونە جاڵجاڵۆکەیی و شەیتانییە ی دوکتۆرعەبدولواحید ، مەلا ، بانگخوازە ئیسلامیی و چەرچیە سیاسیە ئیسلامیەکان ڕزگار بکات و بەدوا ی چاکسازیی و دۆزینەوە ی بەرزترین ڕەوشت و فەلسەفە ی ڕەوشت دا بگەڕێت ، لەدوای دۆزینەوە ی یەزدان وێڵ بێت ! ئایا بەڕاستیی تاك ی موسوڵمان ، بانگخواز ، ئیسلامگەرا و ئیسلامیستە سەلەفیی و ئیخوانییەکان ی کورد کێشەیان لەگەڵ ئەم سەردەمە ، عەلمانییەت ، لیبرالیزم ، مارکسیسزم ، فێمینیزم ، ئافرەت ، داروینیزم ، جەندەر ، مۆدێرنیزم ، ڕۆژئاوایی ، ئازادیی ، سەربەستیی ، جولەکە ، مەسیحێتیی ، کاکەیی ، ئێزدیی ، یارسانیی ، عەلەویی ، بەهائیی و …. چیە ؟ ئایا بەڕاستیی ئیسلام چاکترین ی هەمو ڕێباز و ئایینەکان ی ترە ؟ { ان الدین عند اللە الاسلام } ! ! موسولمان ی کورد پێویستە ئەو پرسیارە لە دوکتۆرعبدالواحد بکات ، کە ئایا هەر بەڕاستیی ئێزدیەکان نەفرەتلێکراو ، ئەهریمەنیی ، شەڕخواز، پیس و بۆگەنن ؟ لەکاتێك دا لە دەق ی قورئان دا : { ولقد کرمنا بنی آدم …. } ؟ پرسیارێك ی ناشایستە نیە کە ، ئەگەر موسوڵمان پرسیار بکات و بڵێت کە ، ئایا بەڕاستی مرۆڤ و مرۆڤایەتیی لە ئایین ی ئیسلام دا جێگە ی شایستە و ڕێزە : { قل هل انبئکم بشر من مثوبە عند اللە من لعنە اللە و غضب علیە و جعل منهم القردة و الخنازیر…. ؟ ! دوا پرسیار ئەوەیە کە ، ئایا بۆچی ئێمە ی موسوڵمان ناتوانین ئاسۆیەك ی فراوانتر لە ژیان و دنیا ی بیرکردنەوە ، گوتار ، کردار ، بەڕووی خۆمان دا بکەینەوە ، ئایا بەڕاستی هێشتا کات ی ئەوە نەهاتووە ، کە واز لە بەپیرۆزکردن ی کەسایەتییە ئیسلامیی و بانگخوازەکان بهێنین ، واز لە توندوتیژیی ، دەمارگیریی ، لوتبەرزیی ئایینیی بهێنین و ڕوو لە ئاشتیی ، دادپەروەریی ، قبوڵکردن و ڕێزگرتنی ئایین و باوەڕەکان ی دی بکەین ؟ ئێمە ی موسوڵمان ی کورد هیچ هەڵبژاردە ، چارە و ڕێگەیەك ی دی لەبەردەممان دا نیە و نەماوە ، جگەلەوەی ، کە پێویستە بەرامبەر یەکدی میهرەبان ، بەخشندە ، لێبوردە بین ، هێز و وزەی خۆمان بخەینەگەڕ بۆ پتەوکردن ی گیان ی تەبایی ، مرۆڤدۆستیی ، ژیاندۆستیی ، یەزدانپەروەریی لەنێو دڵ ی منداڵ و ویژدان ی هەر تاکێك ی مرۆڤ ی کورد دا . دەبێت دەستبەردار و ڕێگری ئەوە بین ، کە چیتر نمونە ی دوکتۆر عبدالواحدەکان ببنە پێشرەو و نمونە ی باڵا بۆ کۆمەڵگە ی ئێمە ! دەبێت موسوڵمان ی کورد ئیدی بیر لەوە بکاتەوە و بگاتە ئەو باوەڕە ی کە جێبەجێکردن ی فەریزە ئیسلامییەکان ، دروستکردن ی مزگەوت و دانانی کابینە ی مزگەوت لە قوتابخانەکان ، سەنگ ی مەحەك نین بۆ ڕاستیی ، پاکیی و ڕەوشتبەرزیی مرۆڤ ی موسوڵمان ی کورد ! باڵاپۆشیی ، نیقاب و حیجاب نیشانە و سیمبول ی ڕاستەقینە نین بۆڕەوشت ی باڵا ، داوێنپاکیی و ئافرەت ی نمونەیی ! لەبەرکردنی تەواوی قورئان مانای ئیعجاز ، داهێنان ، کامڵیی مرۆڤ وناسینی فەلسەفەی جوانناسیی نیە ! دەبێت مرۆڤ ی موسوڵمان ی کورد خۆی لەو باوەڕە هەڵەیە بەدوربگرێت کە تەنیا خۆی و ئایینەکە ی خۆی دەتوانن ببنە جوانترین و شایستەترین ئایین ، باڵاترین ڕەوشت ، ڕاستترین مرۆڤ و باشترین پیشرەوایەتیی بۆ جیهان و مرۆڤایەتیی ، بەڵکو مرۆڤ ی مولحید ، موشریك ، کافر ، عەلمانی و ناموسوڵمان و هەموو ئایینێك ی دیش دەتوانن ببنە پێشڕەو ، مرۆڤ ی ئەخلاقیی و کەسایەتیی بەسود بۆ کۆمەڵگە و مرۆڤایەتیی ! نمونە ی عبدالواحدەکان ناتوانن ببنە پێناسە ، سەنگ ی مەحەك ومرۆڤ ی بەرجەستەبوو بە ڕەوشتی بەرز و فەزیڵەتی ئەخلاقیی و مرۆڤ ی ئیماندار ، بەڵکوئەوە ڕەوشتی باڵا و فەلسەفە ی بیر ی چاك ، گوتاری چاك ، کردار ی چاكە کە دەبێتە پێوانە بۆ چاکترین مرۆڤ و بەرزیی باڵا ی ڕەوشت لە هەر مرۆڤێك دا ، واتا ئەو ڕەوشتە ی کە فەیلەسوف ی مرۆڤایەتیی ئێمانۆئیێل کانت باسی لێکردووە ، باشترین پێوانەیە بۆ گەیشتن بەو ڕێگەیە ی کە تیای دا مرۆڤ و هەر تاکێك ی کۆمەڵایەتیی توانای ئەوە بەدەستدەهێنێت ، کە بتوانێت دەستی لە فەزیڵەتێك ی ئەخلاقیی ، یەزدانپەروەریی ، دادپەروەریی و فەلسەفەی مرۆڤبوون گیربکات .

هیوا محەمەد ئەمین
17 . 6 . 2023
*
بۆوەرگرتنی زانیاریی زیاتر لەبارەی وتاردانەکەی دوکتۆر عبدالواحد ، فەرمون ئەم لینکە ببینن !




مشتوومڕ لەسەر جەوهەری فەلسەفەی ئیسلامی.. نووسینی: دڵشاد کاوانی

پوختە
لەم بابەتەدا سەرنجەکان لەسەر فەلسەفەی ئیسلامی دەخرێنەڕوو، مشتومڕ و ناکۆکی لەسەر جەوهەری فەلسەفەی ئیسلامی و دەستەواژەی فەلسەفەی ئیسلامی دەخەینە بەر باس. هەروەها “فەلسەفەی ئیسلامی ئایە عەقیدەی ئیسلامییە یان تێگەیشتنی فەلسەفەیە؟” مەبەست لە فەلسەفەی ئیسلامی چییە؟ پەیوەندی فەلسەفەی ئیسلامی و ئیسلام چییە؟ فەیلەسووفە ئیسلامییەکان کێن؟ هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی وەڵامی پرسیارەکانی وەک… وشەی سەرەکی: فەلسەفە، فەلسەفەی ئیسلامی، زاراوەی فەلسەفی، فەیلەسووف. ڕوون دەکەینەوە.

جەوهەری فەلسەفەی ئیسلامی

فەلسەفەی ئیسلامی بەشێکە لەو گەنجینەیەی فەلسەفە و حیکمەت، کە موسڵمانان پێشکەشی جیهانی دەکەن. بە واتایەکی تر فەلسەفەی ئیسلامی ناوی گشتی چەمکە فەلسەفییەکانی بیرمەندانی موسڵمانە و هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ فەلسەفەکانی تری دا نییە. چونکە فەیلەسووفە موسڵمانەکان بە دەستەواژەی فەلسەفەی ئیسلامی ناویان بردووە بەو چەمک و بوارانەی لێکۆڵینەوە کە پێشکەشیان کردووە وەک ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە دەیکەین؛ ئەگرچی لای هەندێک بیرمەندانی ئیسلامی فەلسەفە وەک زاراوە، بەکارنەبراوە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە هەر لەسەرەتاوە پێیان وابووە کە خەریکی دروستکردنی فەلسەفیین؛ چونکە ئەوان حەقیقەتەکانی فەلسەفە و ئەو حەقیقەتانەی کە بۆ مرۆڤ ئاشکرا دەکران، بە هەمان ڕاستیان دەزانی. بەم مانایە، دەستەواژەی فەلسەفە لە فەلسەفەی ئیسلامیدا ئاماژەیە بۆ چەمکی فەلسەفە بە مانا ڕەهاکەی. هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ فەلسەفەی یۆنانی، میسری، هیندی و هیتی تا دوایی. زاراوەی فەلسەفی لەم فەلسەفانەدا گوزارشت لە هەر چەمکێک دەکات زاراوەی فەلسەفی لە فەلسەفەی ئیسلامیدا هەمان چەمک دەرببڕێت و لە ڕووی بابەت و میتۆدەوە جیاوازی نییە.

فەلسەفەکان بە هۆی کاریگەری کێشە ئایینی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بە پێی جوگرافیا و ناوچەکانی تیایدا خەسڵەت و تایبەتمەندی جیاوازیان دەبێت، هەرچەندە فەلسەفەی ئیسلامی بە مانای ڕەهای فەلسەفە هەمان ڕێچکەی فەلسەفەکانی ترە، بەڵام جیاوازە لە فەلسەفەکانی تر لە ڕووی تایبەتمەندی و دەڕبڕینەوەیە. بۆ ئەوەی نموونەیەکی سادە بهێنینەوە، فەلسەفەی ئیسلامی هەڵوێستێکی ئەرێنی لەسەر پرسی ئایین و فەلسەفە، مەعریفە و ئایین هەیە و لەجیاتی ململانێی نێوان ئایین و مەعریفە، یان ئایین و فەلسەفە، پەیوەندی نێوان ئایین و فەلسەفەی زۆر نزیکە، وەک ئیبن ڕوشدی ئەندەلوسی دەڵێت: “دین و فەلسەفە هەردووکیان لە شیرن” ئەوە برایە.

هەموومان ئەوە دەزانین لە مێژووی فەلسەفەدا کاتێک فەلسەفەکان ناوی دەهێنرێن لەسەر چەندین فاکتەری وەک ناوی شوێنێکی جوگرافی، ناوی نەتەوەیەک، ناوی ئایینێک، ناوی تاکێک و هتد. هەروەها ناوی فەلسەفەی ئایینی لە ناوی ئایینەوە هەڵێنجراوە و ناونراوە، یاخود وەک قوتابخانەکانی دیکە بە تاکی بیرمەندەوە دەناسڕێت “فەلسەفەی ئەلفارەبی، فەلسەفەی ئیبن سینا”. واتە دەستەواژەی “فەلسەفەی ئیسلامی” زاراوەیەکی هاوشێوەی ئەو زاراوانەی سەرەوەیە و دەکرێت بڵێین ناوێکە کە بۆ کۆکردنەوەی بیرۆکەی فەلسەفی فەیلەسووفە موسڵمانەکان، کە لە کولتووری ئیسلامی و جوگرافیای ئیسلامیدا ژیاون.

مشتومڕی جیاواز سەبارەت بە زاراوەی “فەلسەفەی ئیسلامی”.

لە فەرهەنگی ئیسلامی سەدەی ناوەڕاست و جوگرافیای ئیسلامیدا چەمکی حیکمەت بە هەمان مانای چەمکی فەلسەفە بەکارهێنراوە، هەرچەندە فەیلەسووف و نووسەران لە زۆربەی بەرهەمەکاندا دەستەواژەی “فەلسەفە”یان بە حیکمەت یان دەستەواژەی “ویزم” دەربڕیوە، بەڵام پرسیارێکە لە ناونانی سیستەمێک یان کۆمەڵە بیرۆکەیەک کە لە وڵاتانی ئیسلامی لە دوای سەدەکانی ناوەڕاست و سەردەمی عوسمانییەوە سەریان هەڵداوە، بۆچوون و مشتومڕی جۆراوجۆر سەریان هەڵداوە و هەوڵدەدەین لە خوارەوە کورتیان بکەینەوە.

زاراوەی فەلسەفەی ئیسلامی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم، سەرەتا لە ڕۆژهەڵاتناسەکانەوە دەستی پێکرد کە هەوڵیان دەدا لە ئیسلام تێبگەن. مشتومڕە سەرەکییەکانی ناونانی سیستەمەکانی بیرکردنەوەیە، کە بیرمەندانی موسڵمان پێشنیاریان کردووە بریتین لە “فەلسەفەی ئیسلامی”، “فەلسەفەی عەرەبی”، “فەلسەفەی عەرەبی”، “فەلسەفەی موسڵمان”، “فەلسەفەی ئیسلامی”، “فەلسەفە لە ئیسلامدا”، “فەلسەفەی ئیسلامی عەرەبی” ، “فەلسەفەی ئیسلامی ڕۆژهەڵاتی”.
ستێنبێرگن، کرامر، تەها حوسێن و مەحمود ئەلحودەیری لەو کەسانەن کە پێشنیار و پێداگری لەسەر ناونانی ئەو بیرۆکانە دەکەن کە لە ئەنجامی بزووتنەوەی کولتووری و فەلسەفی ئیسلامی لە ژێر ناوی “فەلسەفەی عەرەبی” سەریان هەڵداوە. هۆکاری ناونانی ئەوان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە فەلسەفەی ئیسلامی بە زمانی عەرەبی نووسراوە. بەم شێوەیە لای ئەوان هەرکەسێک فەلسەفەی عەرەبی بنووسێت، جا موسڵمان بێت، چ مەسیحی بێت، یان جوولەکە، بەو کەسانە دادەنرێت کە بەشدارن لە دروستکردنی “فەلسەفەی عەرەبی”. ئەو زانایانەی کە دژایەتی زاراوەی “فەلسەفەی عەرەبی” دەکەن، پرسگەلێکی وەک ئەوەی کە فارابی یەکێک لە دامەزرێنەرانی فەلسەفەی ئیسلامی تورک بووە و ئیبن سینا فارس بووە، ئەم بۆچونە دەوروژێنن بە تایبەتی بۆچوون هەیە کە ناسیۆنالیزمی نووسەرانی عەرەبی وەک تەها حوسێن بووە هۆی ئەوەی کە فەلسەفەی ئیسلامی ناوی “فەلسەفەی عەرەبی” هەڵبگرێت.

جگە لەمەش، کەسانێک هەن کە دژایەتی دەستەواژەی “فەلسەفەی عەرەبی” دەکەن و بە فەلسەفەی ئیسلامی یان “فەلسەفەی موسڵمان” ناوی دەبەن، لەوانە مێژوونووسانی فەلسەفەی ئیسلامی وەک هێنری کۆربین و مەجید فەخری، کە بۆ ئەوان گرنگ نییە فەلسەفەکە بە چ زمانێکە لە… هەرچەندە زۆربەی دەقە فەلسەفییەکان بە زمانی عەرەبی نووسراون، بەڵام ئاماژەی بە بوونی زۆرێک لە دەقی فەلسەفی بە زمانی تورکی و فارسیش کردووە و پێی وایە کە گونجاوترین زاراوە فەلسەفەی ئیسلامییە و ئەم فەلسەفە تەنیا فەلسەفەی فەیلەسووفە موسڵمانەکان دەگرێتەوە، هەرچەندە فەیلەسووفی جوولەکە و مەسیحی کە لە جیهانی ئیسلامیدا ژیاون بە زمانی عەرەبی نووسیوویانە. ئەو دەقە فەلسەفیانەی کە هەیە جەخت لەوە دەکەنەوە کە نەشیاوە هەڵگری ئایینی جیواز لە نێو فەلسەفەی ئیسلامیدا هەژمار بکرێن. تەنانەت ئەگەر ناوی “فەلسەفەی ئیسلامی تورک، یان فارس و هند”یش بێت، هەر فەلسەفەکە دەگەڕێنرێتەوە بۆ موسڵمانانی نەتەوەکان، چەمکێکی پێچەوانەی واقیع و پراکتیکیش دروست دەبێت. بە پێی ڕوانگەیەکی تر، دەستەواژەی “فەلسەفەی ئیسلامی” ناتوانێت مانای تەواوی چەمکی فەلسەفە لە دەستەواژەی “فەلسەفەی ئیسلامی”دا بە گشتی بدات، هەروەها ناتوانێت گوزارشت لە فەلسەفەیەکی ڕەها بکات.

زانایانی وەک القیتفی، ئیبن ئوسەیبە، بەیحاقی و ئەلئیلشتانی، لە مێژوونووسە کلاسیکییەکانی موسڵمانانی تەزکیردا، فەیلەسووفەکانیان بە “الفلەسیفەت الاسلامیە” و “فەلسیفەتول ئیسلام” ناوبردووە، کە بە واتای “فەیلەسووفە ئیسلامییەکان” دێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش گونجاوترە فەلسەفەی ئەو فەیلەسووفانەی باوەڕیان بە ئیسلام هەیە، بەبێ گوێدانە وڵات و زمان، یان نەتەوە، لە ژێر پۆلی “فەلسەفەی ئیسلامی”دا وەک فەیلەسووفی ئیسلامی پۆڵین بکرێت. لە لایەکی ترەوە فەلسەفەی فەیلەسووف و بیرمەندانی موسڵمان ناوی “فەلسەفەی ئیسلامی”یان پێدەدرێت، دەچێتە خزمەتی دەوڵەمەندکردنی فەلسەفەی جیهانی ئیسلامییەوە.

دەستەواژەی “فەلسەفەی ئیسلامی” بە شێوەیەکی بەرفراوان لە وڵاتانی وەک هیندستان، ئێران، پاکستان، تورکیا بەکاردێت و هەروەها مێژوونووسانی فەلسەفی میسری وەک ئەهوانی و ئیبراهیم مەدکور، بەرهەم و بابەتەکانیان سەبارەت بە لێکۆڵینەوەی فەلسەفی لە جیهانی سەدەی ناوەڕاستی ئیسلامیدا بە “فەلسەفەی ئیسلامی” ناوزەد کردووە ” یان ناویان لێنراوە “فەلسەفەی ئیسلامی” لە بەرهەمەکانیاندا. ” ئەو زاراوەیەیان بۆ بەکارهێناوە. بەکارهێنانی دەستەواژەی “فەلسەفەی ئیسلامی” بۆ قۆناغەکانی دوای پچڕانی یەکڕیزی سیاسی موسڵمانان وازی لێ هێنرا و هەر جوگرافیایەک دەستی کرد بە ناونانی ئەو بیرۆکە فەلسەفی و چەمکە فەلسەفیانەی کە لەناو ئەواندا سەریان هەڵدا بە ناوی ناوچەیی گۆڕدرا. نموونەی فەلسەفەی میسری، فەلسەفەی ئێرانی، فەلسەفەی هیندی، تورکی. هەندێک کێشە، وەک ناسیۆنالیزمی مۆدێرن و تایفەگەری، وایکردووە فەلسەفەکانی گەلانی ئیسلامی بە ناوی قەومی و جوگرافیای خۆیانەوە ناوزەد بکرێن. بەڵام فەلسەفەی بیرمەندانی موسڵمانی ئەمڕۆ یان ئەو کۆمەڵە فەلسەفانەی کە لەناو گەلانی ئیسلامیدا سەرهەڵدەدەن، نەک هەر ڕاستن کە بە “فەلسەفەی ئیسلامی مۆدێرن” یان “فەلسەفەی ئیسلامی” بە گشتی ناوببرێن، بەڵکو لە ڕوانگەی پەرەپێدانی بەرهەمەکەوە لە دووبارە دروستکردنەوە و زیندووکردنەوەی چەمک و سیستەمی بیرکردنەوەی ئیسلامی ڕۆڵێکی گرنگی تایبەت دەگێڕێت.

پەیوەندی فەلسەفەی ئیسلامی بە ئیسلامەوە

سەبارەت بە دەستەواژەی ئیسلام لە زاراوەی “فەلسەفەی ئیسلامی”دا بۆچوونی جیاواز هەیە، هەندێک لە نووسەرانی وەک هێنری کۆربینیش قورئان بە سەرچاوەی سەرەکی فەلسەفەی ئیسلامی دەزانن، دەڵێن کە زۆربەی ئیلهامەکانی لە قورئانەوە وەرگرتووە. یان وەک ئان. لای. ئەو وەک جوولەکە، جولەکەیەک یان مەسیحییەک، هەرچەندە بەرهەمی فەلسەفی عەرەبی بنووسێت، بە فەیلەسووف نازانرێت. لەبەرئەوەی فەلسەفەی ئیسلامی پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ئیسلامدا هەیە، نەشیاو ناموسوڵمانەکان بخرێتە ناو پۆلی فەلسەفەی ئیسلامییەوە، چونکە ئەوان لە دروستکردنی فەلسەفی خۆیاندا سەرچاوە ئیسلامیەکان بەکارناهێنن.

بەگوێرەی ڕوانگەیەکی تر، “فەلسەفەی ئیسلامی” بە ئیسلام تێدەگەین و بەپێی ئەم بۆچوونەش فەلسەفەی ئیسلامی بریتییە لە شیکردنەوەی فەلسەفیی ئەو مانایانەی لە قورئان و فەرموودە دەرهێنراون یان خستنەڕووی فەلسەفەی قورئان و فەرموودەیە، بە جۆرێکی دیکە واتە ڕۆحی قورئان و فەرموودەیە. بۆ ئەوانەی فەلسەفەی ئیسلامی وەک فەلسەفەی ئیسلام یان وەک ئایین سەریهەڵدا. نەیارانی ئەم بۆچوونە دەڵێن، ئیسلام فەلسەفە نییە، و مەبەست لە فەلسەفەی ئیسلامی ئەوە نییە فەلسەفەی ئیسلام بێت وەک ئایین، بەڵکو “فەلسەفەی کولتووری ئیسلامی” ییە بە مانای سەرچاوە و سەربەخۆییەکەی.

قبوڵکراوترین ڕوانگەی ئەو بۆچوونانەی سەرەوە ئەوەیە: “فەلسەفەی ئیسلامی” ئەو بۆچوونە فەلسەفیانەیە کە فەیلەسووفە موسڵمانەکان لەسەر پرسە فەلسەفییەکان دەریدەبڕن، فەلسەفەی ئیسلامیش وەک فەلسەفەکانی تر چەمکێکی فەلسەفی بە مانایەکی ڕەها ڕوون دەکاتەوە.

مانای گشتی فەلسەفەی ئیسلامی

ئەگەر تەماشای تەفسیری مێژوونووسە فەلسەفییە موسڵمانەکانی وەک ئیبن نەدیم و القیتفی و ئیبن ئەبی ئوسەیبە بکەین، ئەو ڕوانگە فەلسەفییەی کە بە دەستەواژەی “فەلسەفەی ئیسلامی” خستووەتە ڕوو، لەسەر بنەمای ناوی فەیلەسووفە موسڵمانەکانە کە لە ژێر کاریگەری ئەرستۆ و ئەفلاتون بوون، وەک کیندی و فارابی و ئیبن سینا، لە بابەتەکانی فەیلەسووفانی ئیسلامیدا، ڕاستتر دەبێت، بڵێین بۆچوونەکان مەبەستن. بەڵام بەم شێوەیە، زانسته بنەڕەتییەکانی وەک کەلام، سۆفیزم و فیقهی ئیسلامی که دەستکەوتێکی گرنگی مێژووی فیکری ئیسلامین، له فەلسەفەی ئیسلامی دوور دەخرێنەوه .

مێژوونووسانی هاوچەرخی فەلسەفە وەک هێنری کۆربێن و ئەلقودەیری و ئیبراهیم مەدکور باسیان لەوە کردووە کە فەلسەفەی ئیسلامی دەبێ فەلسەفەی ئیسلامی و عیرفان و فیقهی ئیسلامی لەخۆ بگرێت، دەتوانین بە شێوەیەکی بەرفراوان ئەم ئارگیومێنتە بۆ دوو لق دابەش بکەین.
یەکەم: فەلسەفەی ئیسلامی فەلسەفە بە مانا ڕەهاکە دەگرێتەوە، واتە ئەو سیستەمە فەلسەفییەی کە زانایانی موسڵمان پێشنیاریان کردووە.
دووەم: فەلسەفەی ئیسلامی فەلسەفەی ڕەها و کەلام و عیرفان و زانستە ئیسلامییەکانی تر لەخۆ دەگرێت. ڕوانگەی دووەم لە سرووشتی گەنجینەیەکی و کۆکردنەوەی داتا و زانیارییە کە لە دەوری هۆشی ئیسلامی و تێگەیشتنی ئیسلامی کۆکراونەتەوە و بۆچوونێکە کە لە لایەن بەشێک لە مێژوونووسانی فەلسەفەی ئیسلامییەوە پشتیوانی لێکراوە. لە خوارەوە با پۆلێنکردن یان جۆرەکانی فەیلەسووفی ئیسلامی جیا بکەینەوە، لەوانە ڕوانگەی دووەم بە گشتی و ڕوانگەی یەکەم بە تایبەتی؛ هەروەها با ڕوون بکەینەوە کە کام گروپی ڕەوتی فەلسەفی ئیسلامی لەسەر ڕوانگەی دووەم دامەزراون.

فەیلەسووفانی ئیسلامی

١- ڕەوتی فەلسەفە (فەیلەسووفان) : ئەم ڕەوتە دابەش دەبێت بەسەر گروپە جیاوازەکاندا لەوانە مەششاییەکان و ئیخوان سەفا و ئیشراقی و گروپەکانی تر.
٢- موتەکلیمون (ئەهلی کەلام): لە چەمکی موعتەزیلە و ئەشعەری و ماترودی دروست دەبن. نووسەران وەک فەیلەسووفەکان بیرمەندن کە لەسەر تەواوی بوارەکانی فەلسەفەی سەرەکی دەنووسن، وەک زانین، بوون، گەردوون و بەهاکان.
٣- موتەسەویفون (ئەهلی تەسەوف): یەکێکە لە گرنگترین بزووتنەوە فەلسەفیەکان لە جیهانی ئیسلامدا، بە فەلسەفەی تەسەوفیش ناودەبرێت. بزووتنەوەیەکی فەلسەفی ئیسلامی گرنگە کە لە دەوری فەلسەفەی وەحدەت الجود (یەکێتی بوون)ی ئیبن عەرەبی دابەش بووە بەسەر گروپە جۆراوجۆرەکاندا و بە کارە بەرفراوانەکانی لە بوارەکانی مەعریفە، بوون، گەردوون، فەلسەفەی مرۆڤ و… فەلسەفەی ئەخلاقی.
٤- زانایانی فیقهی (فیقه ناسانی ئیسلامی): ئەوان دامەزرێنەری فیقه، یان زانستی یاسایین له فەرهەنگی زانستی ئیسلامیدا، هەروەها ئەوانەن له ئه نجامی به کارهێنانی عەقڵ سەبارەت به کێشه کردارییەکان تیۆری دروست دەکەن. لە ئەنجامی خستنەڕووی چەندین تیۆری لە بوارەکانی فەلسەفەی یاسا، فەلسەفەی لێکدانەوە، فەلسەفەی ئەخلاق، فەلسەفەی مەعریفە، قوتابخانەی فیقهی وەک حەنەفی و شافیعی و مالیکی و حەنبەلیزم سەریان هەڵداوە و دەتوانین وەک قوتابخانەی تایبەت بانگەشەی بۆ بکەین، چونکە ئەوانیش تیۆریست نووسەکانی ئیسلامین. بەڵام تا ئەمڕۆ لێکۆڵینەوەیکی ورد لەسەر تێڕوانینه فەلسەفییەکانیان کەم تا زۆر وەک قوتابخانەی فەلسەفیی لایان لێ نەکراوەتەوە و ماوەتەوه بڵێین، تەنیا وەک ڕێچەکەیەکی فیقهی ماونەتەوە، ئەوە ئەرکی توێژەران و پسپۆڕانی زانسته فەلسەفییەکانە لێکۆڵینەوەیان لەبارەیانەوە بکەن.
٥- زمانناسان: دامەزرێنەری نەحوی (ڕێزمان) و بەلاغەت (جوانکاری) زمانن لە جیهانی ئیسلامدا، ئەو بیرمەند و فەیلەسووفانەن کە بە گەڕان بە دوای پرسەکانی وەک پەیوەندی نێوان زمان و عەقڵ، زمان و لۆژیک، و زمان و مانا وەن.
ئەنجام

بە کورتی “فەلسەفەی ئیسلامی” ناوی سیستەمێکی بیرۆکە و ئەو فەلسەفەیە لەسەر بنەمای چەمکی ئیسلامی و لەسەر بنەمای بیرۆکەی فەیلەسووفانی پێش ئیسلام بەتایبەتی ئەفلاتون و ئەرستۆ، سەری هەڵداوە. چونکە گەرانە بە دوای زانین و زانست زانستە مەعریفییە لێکنەدراوەکان لەڕابردوو و ئێستا و داهاتوودا. سیڕینەوە و نەفی کردنی فەلسەفە لە ئیسلامدا، لەناوبردنی ڕابردووە و لەناوبردنی زانست و مێژووە، ئەمەش پێچەوانەی ڕێزگرتنی ئیسلامە بۆ ڕۆح و مەعریفە، و مەترسیدارە بۆ کوشتنی ئەزموونی حیکمەت و هەژموونی بیری ئیسلامیی. کەواتە فەلسەفەی ئیسلامی هەم سیستەمێکی بیرکردنەوەی ئەزموونییە، کە بە ئەزموونی ڕابردوو پەرەی پێ دراوە و هەم ڕۆحی تێگەیشتنی وەحییە لە ئیسلام.

—————————————————————

سەرچاوەکان
عەرەبی

  • عنوان الكتاب: الفلسفة الإسلامية. المؤلف: الشيخ كامل محمد محمد عويضة. الناشر: دار الكتب العلمية. الطبعة: الأولى 1995 م.
  • عنوان الكتاب: معجم مصطلحات الفلسفة في النقد والبلاغة العربيين. المؤلف : سلام أحمد إدريسو. الناشر : عالم الكتب الحديث. الطبعة : 2015.
  • عنوان الكتاب : تهافت الفلاسفة. المؤلف : أبو حامد الغزالي. الناشر : دار كيرانيس للطباعة والنشر. الطبعة : 2014. الصفحات : 335. المجلدات : 1.
  • كتاب الفلسفة والدين في مدينة الفارابي الفاضلة. المؤلف: دكتورعزمي طه السيد أحمد. دار النشر: عالم الكتب الحديث. سنة النشر : 2015. عدد الصفحات : 185.
    فارسی
  • کتاب فلسفه اسلامی از الف تا ی. نویسنده: پیتر اس گراف پیتر اس گراف. مترجم : سعید شفیعی. انتشارات: مولی. تعداد صفحه : 192. سال انتشار. شمسی : 1400. سال انتشار میلادی : 2007. سری چاپ : 3.
  • کتاب تاریخ فلسفه اسلامی. از آغاز تا درگذشت ابن رشد ـ نویسنده : سیدحسین نصر، عثمان یحیی ، هانری کوربن. مترجم : سیداسدالله مبشری. ناشر: فیدی‌پلاس. سنە: ١٣٨٨.
    ئینگلیزی
  • History of Islamic Philosophy. Edited By Oliver Leaman, Seyyed Hossein Nasr. Copyright 2001.
  • The Biographical Encyclopedia of Islamic Philosophy. Oliver Leaman (Anthology Editor). 2008. https://www.routledge.com/.



جاکۆپ مۆرینۆ و سایکۆدراما.. نووسینی: زاهیر عەبەڕەش

سایکۆدراما یەکێکە لە چوار شێوازی چارەسەری دەروونی لە ڕێگەی هونەرەوە، جگە لە چارەسەری وێنە و سەما و مۆسیقا، چارەسەر بە شێوەی دراما هەیە ، کە پرۆسەی چارەسەرەکە بە شانۆ پێی دەوترێت سایکۆدراما.

سنورەکانی شانۆ:
بەدرێژای مێژوو، رۆژگار لە پێشکەوتنێکی خێرادا بووە، ئەم پێشکەوتنەش هەموو بوارەکانی ژیان، زانست، ئابوری، ئەدەب، هونەر، فەلسەفە، کۆمەڵناسی و پەیوەندیەکانی مرۆڤیشی گرتۆتەوە، هیچ زانستێکش سەربەخۆ نەماوەتەوە و سنوری هەموویان تێکەڵ بەیەکتری بوون. ئەو دوو زانستەی کە دەمەوێت لێرەدا باسی لێوەبکەم شانۆ و بواری پزیشکی (دەرونزانی) یەکە ئەم دوانە تێکڵ بوون لە ژێر ناوی سایکۆ دراما کە زانستێکی تری پێک هێناوە، ئێستا لە دونیادا چەندەها ناوەند و خوێندنگا هەیە توێژینەوە لەم زانستە نوێیە دەکەن، بابەتێکی سەرەکی و گرنگی بواری پەروەردەشە، لە پەیمانگا وکۆلیژەکانی پێگەیاندنی مامۆستیان وانەیەکی گرنگ و سەرەکیە و، سەرچاوەی کارکردنیشیان کۆمەڵناسیە. جا بە چەند پرسیارێک دەست پێدەکەین سایکۆ دراما چیە؟ دامەزرێنەری سایکۆدراما کێیە؟ لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟ سایکۆ دراما چۆن دەتوانێت هاوکاری خەڵک بکات؟ میتۆد و ئامڕازەکانی کارکردنی چین؟ چۆن بەکار دێت؟ سایکۆدراماتیست کێیە؟ تۆ ئەگەر بوویت بە سایکۆدراماتیست و ئەگەر ڕۆژێک لە رۆژان وارکشۆپێکت کردەوە چۆن بەرنامەی کارکردنت ڕێک دەخەیت لەگەڵ بەشداربوانی وارکشۆپەکەت؟ چیاوازی نێوان سایکۆدراماو سۆسیۆ دراما چییە؟ ئەم دوو جۆری کارکردنە چۆنە؟ لە درێژەی نووسیەنەکەمدا هەوڵ دەدەم وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەمەوە.
چارەسەری دەروونی چییە؟
کاتێک کە تۆدەچیت بۆ چارەسەری دەروونی، ئەوە مانای ئەوەیە کە تۆ لێکۆڵینەوە لە ناوەوەی خۆت ئەو ئەزموونانەکانی ژیانت کە هەڵت گرتوون. یارمەتی دەدرێیت کە مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکانی ڕابردوو دەکەیت کە کاریگەرییان لەسەر ئێستا هەیە بە شێوەیەکی نەرێنی.
کاتێکیش لە خۆت و بیرکردنەوەکانت تێدەگەیت، ئەوکات پەیوەندیت باشتر دەبێت لەگەڵ هەستەکانتدا و دەرفەتێک بۆ داڕشتنی ژیانێکی پڕمانا دروست دەکەیت. بەهۆی ئەوەی پەیوەندییەکی باشترت لەگەڵ خودی ناوەوەت هەیە ئەوا پێویستییەکانت بە ڕوونتر دەبینیت و دەتوانیت بڕیاری گرنگ لە ژیانتدا بدەیت.
شێوازی چارەسەری دەروونیش جۆراوجۆری هەیە بۆ گەڕان بەدوای خۆتدا. ڕەنگە باوترینیان ئەوەبێت لە ڕێگەی گفت وگۆوە بێت، کەسێک یان نەخۆشێک کە زەبری دەروونی هەیە دەچێت بۆ لای سیکۆلۆگێک دروونزانێک و چەند دانیشتنێک وەردەگرێت بۆ قسەکردن لەگەڵیدا، مەرجیش نییە ئەوانەی دەچن بۆ لای سیکۆلۆگێک نەخۆشی دەروونیان هەبێت یان زەبرێکی دەرونیان بەرکەوتبێت. لە کوردستان یاخود بەگشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین باوترین چارەسەری دەروونی ئەوەیە کە تۆ دەچیت بۆلای دەروونزانەکەو چارەسەر وەردەگریت، تەنها قسەکردنەوە و چەند جارێک ئەو دانیشتنە دووبارە دەبێتەوە، بەڵام ئێمە باس لە جۆرێکی تری دەکەین لە مەسافەیەکی فروانتردا، لەگەڵ بەکارهێنانی هونەری شانۆدا کە ئەویش سایکۆ درامایە. ڕێگەیەکی نوێیە بۆ چارەسەری دەروونی، لێرەدا شانۆ و نواندن ڕۆڵێکی کاریگەر دەبیننن.
دامەزرێنەری سایکۆدراما
جاکۆب لیڤی مۆرینۆ

دامەزرێنەری سایکۆدراما ( جاکۆب لیڤی مۆرینۆ ) Jacob Moreno بوو ( 1889 – 1974 ) لە بوخارێست لە بنەماڵەیەکی کۆنی جولەکە سەفاردیەکان، لە خێزانێکی زەنگینی پڕنازو نیعمەت لە دایکێکی بولگاری و باوکێکی ڕۆمانی لە دایک بووە، باوکی ناوی مۆرێنۆ نیسیم لیڤی بوو، باوکی مۆرینۆ بازرگانێکی جولەکە سێفاردی بوو، لە ساڵی ١٨٥٦ لە شاری پلێڤنا لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ( پلێڤن لە بولگاریا) لەدایکبووە. دایکی جاکۆب مۆرێنۆ، پاولینا ئیانکو یان وۆڵف، هەروەها ئەویش جولەکەیەکی سێفاردی بووە، لە ساڵی ١٨٧٣ لەدایک بووە و لە شاری کالاراشی لە بنەچەدا خەڵکی ڕۆمانیا بوو.
لە ساڵی ١٨٩٥ و لە سەردەمی داهێنەری فیکریی گەورە و گێژاوی سیاسیدا، خێزانەکە ڕوویان لە ڤیەننا کرد. لەبەر شکستی باوکی لە بازرگانیدا بۆ وڵاتانی وەک هەنگاریا، ڕۆمانیا، ئەڵمانیا، کۆچ دەکەن و لە دواجاردا لە نەمسا نیشتەجی دەبن، لە زانکۆی ڤیەنا پزیشکی و بیرکاری و فەلسەفەی خوێندووە، لە ساڵی ١٩١٧ بڕوانامەی پزیشکی بەدەست دێنێت. بووەتە دکتۆری پزیشکی، لە کاتێکدا هێشتا خوێندکاری پزیشکی بووە، ، تیۆریەکانی فرۆید ڕەت دەکاتەوەو بە بەرهەڵستکارێکی سەرسەختی فرۆید دەناسرێت و حەزی لە توانای ژینگەی گروپی بۆ پراکتیکی چارەسەری بووە.
مۆرێنۆ لەو شوێنەی کە فرۆید وازی لێهێنابوو، بە تیۆری پەیوەندییە نێوان کەسییەکان و پەرەپێدانی کارەکانی لە بواری سایکۆدراما، سۆسیۆمێتری، چارەسەری دەروونی گروپی، سۆسیۆدراما و دەستی پێکرد.
شارەزایی زۆری لە هەردوو بیری لاهوتی جولەکە و فەلەسەی یۆنانیدا هەبووە. پاشان لە ساڵی ١٩٢٥ ڕوودەکاتە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لە شاری بیکۆن نیشتەجێ دەبێت.
بەڵام کاتێک کۆچ دەکات بۆ ئەمریکا ڕای دەگەیەنێت کە سێ ساڵ لەو بەرواری لەدایکبوونە گەنجترە، واتە لە ساڵی 1892 لەدایکبووە. بەڵام لە هەموو دۆکۆمێنتەکاندا لە بەرواری 1889 دا تۆمارکراوە.
لە شاری نیویۆرک دەستی بە کارکردن کرد. لە ژیاننامەی خۆیدا باس لەوە دەکات کە، لە هەموو شوێنەکانی جیهان تەنها لە نیویۆرک، مەنجەڵی توانەوەی گەلانە، شارە گەورەکە، بە هەموو ئازادییەکەیەوە لە هەموو تێڕوانینە پێشوەختەییەکان، دەتوانم ئازاد بم. نیویۆرک مەڵبەندی گەشەکردنی کارکردن و لێکۆڵینەوەیە لە چەمکی سۆسیۆمێتریدا”. ئەو شێوازە گەورەیەی کە ئەو پێشبینی کردبوو”.دواتر لە زانکۆی کۆڵۆمبیا پۆستی توێژینەوەی کۆمەڵایەتی وەرگرتووە.
مۆرینۆ بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٣٢ چارەسەری دەروونی بە کۆمەڵی بە کۆمەڵەی دەرووناسانی ئەمریکی ناساند. پاش ئەوە بۆ ماوەی ٤٠ ساڵ تیۆری پەیوەندییی نێوان کەسییەکان هۆکارەکای پەیوەندیان بۆ زانستە کۆمەڵایەتییەکانی پەرەپێدا و ناوی لێنابوو سۆسیۆدراما، سایکۆدراما و سۆسیۆمێتری. لە توێژینەوە ئەکادیمیەکەیدا بەناونیشانی “داهاتووی جیهانی مرۆڤ” باس لەوە دەکات کە چۆن پەرەی بەو زانستانە داوە بۆ بەرپەرچدانەوەی “ماتریالیزمی ئابووریی مارکس و ماتریالیزمی دەروونی فرۆید و ماتریالیزمی تەکنەلۆژی” سەردەمی پیشەسازیی مۆدێرنمان، مۆرینۆ بە تیۆریەکەی فرۆیدیش دەڵێت ماتریالیزمی دەروونی فرۆید.
سێ جار هاوسەرگیری کردووە، دواهەمین خێزانی زێرکا مۆرینۆیە کە بوو بە خوێندکاری مۆرینۆ و پاشان هاوسەری، و پاڵپشتێکی تەواوی مۆرینۆ بوو، دوای مردنی مۆرینۆش بەردەوامی بە کارەکانی مۆرینۆ دا.
لەگەڵ حەزکردنی بۆ شانۆ وای لێکرد گرنگی بەو ئەگەرانە بدات بۆ دەڕبڕین کە دراما پیشکەشی دەکات، بیری کردەوە کە چۆن بتوانێت سود لە شانۆ وەربگرێت بۆ چارەسەرکردنی دەروونی، بەدوای شێوازێکی نوێدا گەڕا، لەساڵی ١٩٢٠ دا شانۆیەکی ئەزمونکاری دروست کرد. بانگهێشتی بەشداربووانی دەکرد کە بە نۆرە ڕۆڵی هەمە چەشنە و جیاواز ببینن. مەبەستیشی لەم “ڕۆڵگێرانە” هەستکردنی هەرمرۆڤێک بوو بەرامبەر بە لایەنە جیاوازەکانی کەسایەتی خۆی هاوبەش و کەسە نزیکەکانی، ئەوەش ڕێگەیەکی زۆر هونەری داهێنەرانەبوو بۆ دەربڕینی توانای سەست و سۆزەکانی بە شێوەیەکی سپۆنتانێتی ــــ العفویة.
مۆرینۆ بەردەوام دەبێت لە لە تاقیکردنەوەکانی، سەرنجمان بۆ پەیوەندی خێزانی، پەیوەندی کەسەکان و داینامیکەتی گرووپ ڕادەکێشێت. ئەم لێکۆڵینەوەیەی لەسەر بنەمای سۆسیۆمەتری داهێنا. لە کتێبێکدا بە ناوی کێ لە ژیاندا بمێنێتەوە پەرەی پێبدا؟ لە ساڵی ١٩٣٤ دا بڵاوی کردۆتەوە. هەندێک لە یاداشتەکانی خۆی تێدا تۆمار دەکات، کە چۆن لەگەڵ منداڵان و پاشان لەگەڵ لەشفرۆشەکانی ڤییەنا کاری کردووە.
کاتێک مرۆڤ ناوی مرۆینۆ دەهێنێت، دەبێت وەک کۆمەڵناس، شاعیر، شانۆکار، دەرووناس، فەیلەسوف، بیرمەند و پیداگۆگ باسی بکەین، لە هەموو بوارەکاندا پێشەنگ بووە.
مۆرینۆ خاوەنی داهێنانی چەمکی سۆسیۆمەتریە، کە تەکنیکە سۆسیۆمێتریەکان ئامانجیان پێشکەشکردنی وەسفێکی بابەتیانە بوو بۆ ئەو کارلێکانەی کە لەناو گروپەکاندا کاردەکەن، و تیۆریزەکردن سەبارەت بە لایەنە جیاوازەکانی کارلێکی گروپی.
لە ساڵی ١٩٥٠ لیژنەی نێودەوڵەتی بۆ گروپی سایکۆتراپی لە پاریس دروستکرد، و یەکەمین کۆنفرانسی جیهانی سایکۆدرامای لەوێ لە ساڵی ١٩٦٤ ڕێکخست، ئەمەش ڕێگەی بۆ ئاڵوگۆڕی نوێی نێوان سایکۆدرامیسیتەکان، دەروونشیکاران و پسپۆڕانی پزیشکی دەروونی کردەوە، کە زانیارەیکانی ئاڵوگۆڕ بکەن. دوای ئەوە شێوازەکانی لە ئەمریکا و ئەوروپادا سەرکەوتنی زیاتریان بەدەستهێنا.
مۆرینۆ وەک پزیشکی دەروونی حەزی لە کردەوەی ڕۆژانەی مرۆڤ و توانای پێکەوە ژیان هەبوو. سەرنجی زۆر دەخستە سەر ئەو کەسانەی کە نەیاندەتوانی ژیانی سادەی رۆژانەی خۆیان ببەن بەڕێوە و لەگەڵ ژیانی سادەی خۆیاندا هەڵبکەن. ئەو پابەندیەکی کۆمەڵایەتی بەهێزی هەبوو، هەروەها کارکردن لەگەڵ لەشفرۆش و پەناهەندەکان ئیلهام بەخشی جۆری کارکردنی ( چارەسەرکردنی دەروونی بەکۆمەڵ) بوو لەپاشاندا بایەخی بە داینامیکی گروپی دا لەبواری دەرونزانیدا. مۆرینۆ زۆر جار لە باخچەکانی ڤییەنا لەگەڵ منداڵان کۆدەبووە و چیرۆکی بۆ دەخوێندنەوە، بەدەم چیرۆک خوێندنەوەوە نمایشی بۆدەکردن ڕۆڵی کارەکتەرانی حیکایەتەکەی بۆ بەرجەستە دەکردن. ئەم چیرۆک خوێندنەوەیە و نمایشکردنە، تۆو و سەرچاوەی دروستبوونی میتۆدی سایکۆدرامایە. جیاواز لەوجۆری چیرۆک گێرانەوەکەو شێوازی زارەکی دەڕبڕین، مۆرینی فۆکەسی دەخستە سەڕ ڕوداوی ناو چیرۆکەکە، واتە ئەو زیاتر سەرنجی لەسەر ڕوداوەکان بوو نەک گێڕنەوە بەزارەکیی وەک گیرانەوەیەکی ئاسای. باکگراوندو و ئەزموونەکانی کارکردنی مۆرینۆ لە شانۆدا لە شاری ڤییەنا، پەیوەندی و یاریکردنی لەگەڵ منداڵاندا و کارکردن لەگەڵ لەشفرۆشەکانی ڤیەنا کۆڵەکە بنەڕەتەتیەکانی ئەو شتەن کە پێی دەڵێین سایکۆدراما Psychodrama.
یاریکردن و خۆبەخۆی (العفویة ــSpontaneity )، داهێنان و پێکەوە بوون لەگەڵ کرداردا ڕێگەی گۆڕانن. مەبەستی ئەوەیە کە ڕوداو و کردار پێش گەشەکردنی زمان دەکەوێت. لە ڕێگەی میتۆدی سایکۆدراماتیکەوە، مرۆڤ دەتوانێت لە ڕەهەندی دەرووناسیەوە توێژینەوە لە کێشەکانی خۆی بکات و بیاندۆزێتەوە و یارمەتی بدات کە کێشەکانی خۆی وێنا بکات ، لەبری ئەوەی تەنها قسەیان لەبارەوە بکات. ڕیشەی کایەبازی، تێبینی و دیقەتی ئەو بۆ یاری منداڵان، کە چۆن بە شێوەیەکی خۆبەخۆیی و داهێنان ” گەمەی خۆیان دەکەن لێرە و لە ئێستادا” ئەوەش ئامرازێکی گرنگی سایکۆدرامایە. مۆرینۆ لەشاری ڤییەنا شانۆی خۆبەخۆیی ( the spontaneity theater) دامەزراند لە پاشاندا گەشەی کرد بوو شانۆی چارەسەری دەرونی واتە سایکۆدراما، هەرخۆشی پێشەنگ بوو لە دانانی گروپی چارەسەری دەرونی بەکۆمەڵ، هەروەها سۆسیۆمێتری دامەزراند sociometrin کە بەمانای رێگەیەکە بۆ لێکۆڵینەوە لە مەوداو پەیوەندی گروپ لە نێو خۆیاندا. لە سۆسیۆدراما لێکۆڵینەوە لە ڕەفتاری گروپەکان دەکات
لە ماوەی ژیانیدا وەک یەکێک لە پێشەنگی زانایانی کۆمەڵایەتی ناسێندرا، لە ژیانامەکەیدا باسی دەکات: سپۆنتانێتی spontaneity و داهێنان هێزی پاڵنەرن لە بەرەو پیشەوەچوونی مرۆڤدا، لە پشت ئەو سەربەخۆیی بوون و پاڵنەرە ئارەزووە کۆمەڵایەتییە ئابووریانە، کەوا زۆر جار سپۆنتانێتی و داهێنان تێکەڵاون. مۆرینۆ لە ساڵی ١٩٧٤ لە شاری نیویۆرک لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، دوای نەخۆشییەکی درێژخایەن بە دوورکەوتنەوە لە هەموو خواردن و ئاوێک مردنی هەڵبژارد، لەسەروەسێتی خۆی، دەڵێت “ئەو پیاوەی کە پێکەنینی هێنایە دەرووناسییەوە”
دوای مردنی مۆرینۆ، زێرکای هاوژینی بەردەوامی بەکارەکانی مۆرینۆ دەدات، لە هەموو کیشوەرەکاندا نزیکەی هەزارەها سەنتەر سەداها هەزار خوێندکار هەن کە خەریکی فراوانکردن و پەرەپێدانی ڕاهێنان و فێرکردنی هونەر و زانستە مۆرێنییەکان بەشێوەیەکی دیسپلین.
مۆرینۆ ساڵی 1941 (زێرکە تۆمان- Zerka Toeman) دەناسێت، هاوسەرگیری دەکەن، لە وەڵامی پرسیارێکدا کە (واڵت ئەنردسن) ی رۆژنامەنووس لە مۆرینۆی دەکات پێی دەڵێت گرنگترین ڕوداوی داهێنانەکانی ژیانت چی بووە؟. مۆرینۆش وەڵامی دەداتەوە دەڵێت: هاوبەشی کردنی ژیانمە لەگەڵ خاتوو زێرکا. پرسیارێكی تری لێدەکات بەدەڵێت: چ شتێک هەیە کە حەز بکەیت بتەوێت لە پیشەو کارەکانتدا بیگۆڕیت؟ مۆرینۆ لە وەڵامدا دەڵێت: تەمەنام دەکرد 15 ساڵ پیشتر ئەوم بناسیایە. زێرکاو مۆرینا لە کوڕێکیان هەیە بە نێوی جۆناتان مۆرینۆ کە کتێبێکی لەسەر ژیانی باوکی نووسیوە بە نێوی The Impromptu Man پیاوە ڕاگوزەرەکە.
ڤیەنا
مۆرینۆ و چارەسەرکردنی بەکۆمەڵ:
ڤیەنا ئەو کاتە پایتەختی ڕۆشنبیری بوو، خاڵی دەست پێکی کراوەی مۆرینۆبوو لە زۆر بوارەکانی کولتوری و ڕۆشبیری بوو هەر لە ڤیەننا دەستی کرد بە نووسین و بڵاوکردنەوە لە بواری وێژە و هونەردا، هەر لەوێش گروپی شانۆیی بەخۆی دادەمەزرێنێت، مۆرینۆ خۆی لە نێو کافێتریاو هۆڵەکان دەبینیەوە، ئەندامێکی چالاکی بزاوتی ژیانی ڕۆشببیری بوو، هەم بەنووسین و هەم بە ووتاردان بیرۆکەکانی خۆی تاقی دەکاتەوە، مۆرینۆ سەرەتا فەلسەفەی خوێند پاش ساڵێک لە خوێندنی فەلسەفە چووە بەشی دەرمان سازی. مۆرینۆ شێتانە منداڵی خۆش دەویست، دەچووە باخچەو پارکەکانی ڤیەنا و لەژێر دارێکدا دەدەنیشت و بەشێوەیەکی دراماتیکی و بەجوڵەوە چیرۆکی بۆ منداڵان دەخوێندەوە، منداڵەکانیش بە لێشاو دەهاتن بۆ لای و بەدەوریدا دەدەنیشتن و گوێیان لێدەگرت، لەکاتی خوێندنەوەی چیرۆکەکاندا هەڵدەستایە سەرپێ و یان بەدارەکەدا هەڵدەزنا، یان لەسەر لقێکی دارەکە دادەنیشت، ناوەڕۆکی چیرۆکەکەی دەکرد بە ڕوداو بۆ منداڵەکان.
مۆرینۆ لە ساڵەکانی 1908 تا 1918 چەندین دەقی ئەدەبی و هونەری شێعری نووسیوە.
لەگەڵ هەندێ خوێندکاری تردا ماڵی بێ نەوایانی (House of Encounter) دامەزراند، کە هاوکاری ئەو کەسانی نوێ کە داهاتن بۆ ڤیەنا و کۆمەکیان بکەن بۆ وەرگرتنی مافی مانەوەو یان ئەوانەی بێکار بوون ، هاوکاریان دەکردن و کاریان بۆ دەدۆزینەوە، بەشێوەیەکی کردەیی هاوکاری ئەوکەسانەیان دەکرد کە پێویستیان بە یارمەتیە، ماڵێک بوو بۆ هاوکاری خەڵک.
مۆرینۆ لە هۆنراوەیەکدا، چەمکی دیدار دەکات بە ناوەندی هۆنراوەکەی، پاشان دەبێتە یەکێک لە مەشقەکانی بەناوی ڕۆڵ گۆڕین، کە کڕۆکی سایکۆدرامایە.
Then I will look at you with your eyes.
And you will look at me with mine
ئەوکاتە من بە چاوی تۆ لێت دەڕوانم
تۆش بە چاوی من لێم دەڕوانیت.
هەرچەندە کۆپلەیەکی تەواو رۆمانسیانە دەردەکەوێت، بەڵام لە راستیدا ئەو مەبەستێکی تەواو دەروونزانی و درامیانەی هەبوو.
لەوکاتەدا ڤینا پڕ بوو ژنانی لەشفرۆش، مۆرینۆش حەزی دەکرد لە بارو دۆخ هەلو مەرجی ژیانی ئەوان بکۆڵێتەوە، ئەوانە لە خواری خوارەی چینە کۆمەڵایەتیەکان بوون، لە دەوروبەری قەراخ شاردا لە شوێنە هەرە ژارنشینەکاندا دەژیان، کەس حەزی بە تێکەڵاوبونیان نەبوو کەس نەیدەویست لەوشوێنانە بژی، کەسانێكی نەفرەت لێکراو بوون لە چاوی کۆمەڵگەوە، بەڵام مۆرینۆ لەگەڵ پزیشکێک و رۆژنامەنوسێکدا بۆ ئەوێ ڕۆیشت و پاش ماوەیەک لەوێ مانەوە مۆرینۆ توانی باوەڕ و متمانەی ئەو ژنانە بەدەست بهێنیت. ئەوان سەرسام بوون بە رۆیشتنی مۆرینۆ بۆ ئەوێ، چونکە ئەو ژنانە ڕاهاتن کە بەوەی یارمەتی دەدرێن. مۆرینۆ هەفتەی سێ ڕۆژ هەموو عەسرێک لە کاتژمێر چواری پاشنیوەڕوە دەچوو بۆلایان، ژنان هاوکاری دەکران و پشکنینی ژینۆكۆلۆگیان بۆدەکرا (gynecological – ژینۆكۆلۆگ ،ئه‌و نه‌خۆشی و ناڕه‌حه‌تیانه‌ی كه‌ پێوه‌ندیان به‌ ئامرازی زاووزێ و منداڵدانه‌وه‌ هه‌بێت) هەروەها پارێزەری بۆ کێشەکانیان دەگرت، پێکەوە لەگەڵ ئەواندا گروپێکی دروست کرد بەناوی خۆ یارمەتی (en själv-hjälp) المساعدة الذاتية، کە ئامانجیان ئەوەبوو ئەو ڕەوشەی کە تێیکەوتبوون بە شێوەیەکی بنجبڕ بگۆڕدرێ
ئەمەش بووە بەردی بناخەی چارەسەری بەکۆمەڵ و سۆسیۆدرامی کە مۆرینۆ چەندین ساڵ دواتر پەرەی پێدا، کۆمەڵە خەڵکێک دەتوانێت کە هێزی خۆیان هەبێت و پیکەوە کاربکەن و خۆیان ڕێکبخەن، ئەوەش پێویستی بە ستروکتورێک هەیە، مرۆڤ پێویستی بەوە هەیە شتێک دەربارەی ئەویتر وەک هاومرۆڤی و هاوهەستی بزانێت، پاشخانی کۆمەڵایەتی، پاشخانی خێزانی و ڕوداوەکانی ژیان و هتد. بە هەمان شێوە مۆرینۆ هاوکاری زیندانیەکانی جەنگی جیهانی یەکەمی کرد لە کەمپی میتندۆرف.
زێرکا مۆرینۆ Moreno Zerka لەدوای مردنی مۆرینۆی هاوژینی بەردەوامی بەم میتۆدەدا، زێرکا دەستی کرد بە وانە وتنەوە لەبارەی سایکۆدراما وە، هەروەها گەشتێکی زۆری بە وڵاتاندا کرد بۆ ناساندنی سایکۆ دراما و رێچکەی مۆرینۆی بەرنەداو بەردوامی بە کارەکانی مۆرینۆی مێردی دا. لە چاوپێکەوتنەکەیدا ئەم چیرۆکەدەگێڕێتەوە کە هەرخۆشی جاکۆب لێڤی مۆرینۆ لە یاداشتەکانیداباسی دەکات دەڵێت: ساڵی 1912 مۆرینۆ چاوی بە فرۆید دەکەوێت، فرۆید ئەو کات تەمەنی 56 ساڵان بوو، کە لەبواری دەروونزانیدا ناوبانگێکی زۆر و درەوشاوەی هەبوو، مۆرینۆش ئەودەمە تەنها 23 ساڵ دەبوو دوای پێنج ساڵ لەو بەروارە بڕوانامەی پزیشکی وەرگرت، ئەوکات مۆرینۆ خوێندکار بوو، دەڵێت جارێک لە یەکێک لە وانەکانی فرۆید ئامادەبووم و دوای تەواو بوونی وانەکە لە ڕوبەڕوبونەوەیەکدا فرۆید بەدەر لە قوتابیەكانی تر جیایکردمەوەو ليی پرسیم چ كارەیت ؟ منیش لەوەڵامدا بە فرۆیدم ووت: دکتۆر فرۆید من بۆ ئەو شوێنە دەرۆم کە تۆ تێیدا دەوەستیت، تۆ لەکەشوهەوایەکی ناسروشتی نوسینگەدا چاوت بەخەڵک دەکەوێت، بەڵام من لە سەر جادەو کۆڵانەکان لە ماڵەکانیان لە ژینگە سروشتیەکی خۆیاندا دەیانبینم. (تۆ شیكاری بۆ خەونی خەڵكی دەكەیت و منیش هانیان دەدەم سەرلە نوێ خەو ببینن. تۆ شییان دەكەیتەوە و دەیانكەیت بە چەندین وردە كەرتی دەروونی منیش یارمەتیان دەدەم ئەو كەرتانە سەر لە نۆێ پێكەوە بلكێننەوە،. فێریان دەکەم چۆن رۆڵی خودا ببین و گەمەی خودا بکەن) . فرۆید زۆر بەسەرسوڕمانەوە سەیری ئەو لاوە دەکات، وەڵامەکەی بەلاوە سەیر دەبێت.

مۆرینۆ و شانۆ.
مۆرینۆ ڕکابەرێکی سەرەکی هونەری شانۆی نەریتی بوو، پێی وابوو شانۆی سونەتی شانۆیەکی کۆن، نامۆدرێن و كۆنسه‌رڤاتیڤە، لە گیانەڵادایە و خەریکە دەمرێت. ئەو دەیوت من تێناگەم و چ مانایەکی هەیە کە تێکستێک سەدەها ساڵە نوسراوە، پاش چەندەها مانگ پرۆڤە، نمایشی دەکەن بەڵام ئێوارە دوای ئێوارە هەمان شت دوبارە دەکەنەوە. بۆچی تێکستێکی خەیاڵی نمایش بکرێت ئەی بۆ تێکستەکە ژیانی ئەکتەرەکان خۆیان نەبێت؟. لەبەر ئەوە بڕیاری دا کە لە ساڵی 1921 بە ئامانجی شۆرشکردن لە ڤیەنا شانۆی خۆبەخۆیی (مسرح العفوية) (The theater of spontaneity) ی دەمەزراند

کارەکەش بەم جۆرە دەکرێت:
1- وەلانانی دەقی شانۆو نووسەر
2- بینەر وەک بەشداربوو. شانۆیەک بێ بینەر، هەموو بەشداری دەکەن، هەموو ئەکتەرن.
3- هەموو شتێک لەپڕداکردنە، ڕاگوزەرە، ئیرتیجالە ( ئیمپرۆڤیسیونە). هەموو پێکەوە، تێکست، ڕووداو، وەڵام، بینین و بەیەکگەیشتن و ناکۆکیەکان دروست دەکەن .

شانۆی کۆن گۆڕدرا بە شانۆیەکی کراوە، شوێنی کراوە، دیمەنێکی کراوە، ژیانێکی کراوە. لەو دەمەدا کە مۆرینۆ جاڕی ئەو جۆرە تەکنیکەی لە شانۆدا، لەو کاتەدا هەم خەڵک و بینەران و هەم رۆژنامەکان بەچاوێکی وگومانەوە دەیانڕوانییە مۆرینۆ، چونکە ئەوان چاویان، بیستنیان، بینینیان و تێگەیشتنیان بەو کلتورە نەریتئ کۆنەپارێزی و لە قوتونراوە ڕاهاتبوو، باوەڕیان بە داهینانە سپۆنتانێتیەکەی (العفویة) ی مۆرینۆ نەبوو.
مۆرینۆ بۆ بەرێوەبردنی شانۆ نوێیەکەی تووشی قەیرانی دارایی دێت کاتێک کە یەکێک لە ئەکتەرە نزیکەکانی بۆ کارکردن لە شانۆی نەریتیدا بەجێیدەهێڵێت لە شوێنێکی تردا کار دەکات، مۆرینۆش توشی قەیرانێکی دارایی دێت، لە سەروەختی ئەوەدا دەبێت کە شانۆکەی مایە پوچ بێت، بەڵام مۆرینۆ ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانە دەردەکات بە ناوی ڕۆژنامەی زیندو، کە ڕوداوەکانی ڕۆژانەی لەسەر شانۆ نمایش دەکرد، ڕوداو هەواڵەکانی ڕۆژنامەکە دەبوونە بابەت و ناوەڕۆکی نمایشەکەی، هەڵبەت شانۆکەی تەکنیکێکی جیاوازتری هەبوو، وەک ئەوە نەبوو کە پێشتر خەڵک پێی ئاشنابوون.
“ڕۆژنامەی زیندو” هەنگاوێک بوو بۆ پێشەوە بەڵام ئەو پێی وابوو کە رۆژنامەکە ئەو کاریزما و مانا قوڵەی نیە کە ئەو دەیویست، هەستی کرد شتێکی نوقسانە، بیری کردەوە و رێچکەیەکی تری دۆزیەوە، شانۆ وەک ئامرازێک بۆ چارەسەر بەکاربهێێنێ، هەواڵەکانی ناو ڕۆژنامەکەی وەربگێڕیتە سەر ئاکت و ڕووداو لەسەر شانۆ پیشانی بدات، لەبەر ئەوە درکی بەوە کرد کە شانۆی سپۆنتانیتیەت ــ ( العفویە) سەدەرسەت ئەو شتەیە کە پێی بگات.
ئەوەش بە قازانجی مۆرینۆ گەرایەوە کاتێک دامەزراندنی شانۆ نوێیەکەی بوو بەهەواڵی ڕۆژنامەکان. ڕەخنەگرەکان بەم شێوەیە لەسەریان نووسی:
(Giacomo Boni, Il Sereno, Rome, Nov 26, 1924.، ئەوان شانۆ وەک ڕۆژنامە بەکاردێنن! ڤیەنا گروپێکی شانۆی بەسەرپەرشتی مـۆرینۆ هەیە، لەبری ئەوەی ئەوان دووبارە خەریکی بەرهەم هێنانەوەی ووشە نووسراوەکان بن، لەوشوێنەدا خەریکی ڕاگوزەرین ( ئیمپرۆڤیسەسیون)، دڵنیاتان دەکەم کە ئەمە دەتوانرێت، کەیف خۆش و سەرنج ڕاکێشترو کاریگەرتربێت لە بەرهەمە کلاسیکیەکانی وەک ستریندبێرگ و پاوڵ ستێفان.
ڤیەنا 24 ی مایسی 1924. ئەوە چ دیمەنێکی سەرنج ڕاکێشە خوێنەری ئازیز بیهێنە پێش چاوی خۆت کە بینەران پێشنیار بۆ ئەکتەر دەکات، بینەر دەتوانێت نمایش بکات Haagsche Courant, The Hague, February 27, 1925..
بەهۆی ئەم نووسینانە لەسەر شانۆکەی مۆرینۆ تیشک کەوتە سەر جۆری شانۆکە و شێوازی کارکردنی، بەهۆی ئەو دوو نووسینە کورتەی کە لەسەر مۆرینۆ نووسراوە، ئەوەمان لا کەشف دەبێت کە شانۆی ئیمرۆ بەو کامڵیی و تەکنیکەی کە ئێستا هەیە کە خاوەندارێتی بۆ مۆرینۆ دەگەرێتەوە و بەر ڤیۆلا سپۆلین و کتیس جۆنستۆن، ئەو بەو شێوازە کاری کردووە.
ڕەنگە کارێکی دژوار بێت کە چاو بپۆشین لە جوانی، دەنگ و ڕەنگ، هەروەها ڕەهەندە دەرونی و دەرەکیەکانی ئەکتەرێکی ئاسایی، لە شانۆیەکی نەریتی یاخود هەر پێرفۆرمانسێک، دەرهێنەر کۆمەڵێک مەرجی جواناسی و دەروونی بۆ هەڵبژاردنی ئەکتەر هەیە. بەڵام لە شانۆکەی مۆرینۆ (شانۆی خۆبەخۆی – سپۆناتیتی) سایکۆدرامادا، یاخود وەک دکتۆرێک بۆ چارەسەرکردنی دەروونی نەخۆش تۆ ئەو مەرجانەت نیە، بەڵکو تۆ تەواو نەخۆشەکە یان کەسەکەت قبوڵە وەک ئەوەی خۆی کە هەیە. سەرجەم ئەو ئەکتەرانەی تر بەشداری دەکەن وەک هاوکارێک بۆ یارمەتی دانای پاڵەوانەکە و کەشو هەویەکی بۆ دەخوڵقێنن بۆ چارەسەرکردنی.
مۆرینۆ فۆرمێکی تری لە بناغەی شانۆی سپۆنتانیتێت العفویة پەرەپێدا بە نێوی شانۆی کاتاریسیس (Theatre of catharsis)
کاتێک مۆرینۆ بۆ ئەمریکا کۆچ دەکات و لە نیۆرک نیشتەجێ دەبێت، ئەزمونەکانی لە شانۆکانی Carnegie Hall و Civic Repertory بەردەوام دەبێت، لە شانۆی The Guild Theatre دەبێتە رێکخەری بەرنامەکانی دەرهێنان و رۆژنامەی The Living Newspaper ڕۆنامەی زیندو ئامادەی دەکرد، هەروەها لە شانۆی The Mansfield Theatre چەند جۆرێک بەرهەمی شانۆیی خۆبەخۆی (العفویة) ی نمایش کرد. بیرۆکەکانی مۆرینۆ وردە وردە کاریگەری لەسەر گروپی شانۆو the Group Theatre و خوێندارەکانی ستانسڵاڤسکی دانا، the Group Theatre ئەو گروپە لە ساڵی 1931 لەسەر دەستی لی ستراسبێرگ- وە دەمەزرا خوێندکارەکان لەسەر مەنهەجیێکی دیسپلینی ساتانسلاڤسکی پەروەردەدەکران. کە بەر لەوان ئیلیان کازان و لی سترانبێرگ ئەوانیش میتۆدی سایکۆدرامایان تاقی کردەوە. هەروەها ستودیۆی ئەکتەری The Actors Studio میتۆدی سایکۆدرامایان ئەزموون و ڕاڤەدەکرد و بەکاریان دەهینا لە مەشقەکانیاندا چونکە باوەڕیان وابوو کە لینکیكی هاوبەش هەیە لە نێوان ستۆدیۆی ئەکتەرو مەشقەکانی سایکۆدرامادا. مۆرینۆ پیی وابوو لەگەڵ ئەوەشدا (ڕاگوزاریەکەی)ئیمپرۆڤیسەشونەکەی ستانسڵاڤسکی کامڵ بوون دروست دەکات، بەڵام ئیمرۆڤیسەشوینەکەی خۆی دژە کامڵ بوونە و تەواو لەسەر بناغەی خۆبەخۆی (اڵعفویە – سپۆنتانیتی) دروست بووە. ساڵی 1936 دەگوێزێتەوە بۆشاری بەیکۆن لە نیۆرک لەوێ نەخۆشخانەیەک (سەنەتوریۆم) دەکاتەوە کە پەیوەندی بە شانۆوە هەیە. ئەوەش دەرفەتێک بوو کە هەم نەخۆشەکان و هەم چەندین ئەکتەرەی ناودار ئەزموونی خۆیان بکەن لە شانۆ.
ساڵی 1942 لە شەقامی ئەڤینیۆ پارک شانۆی نیۆرکی سایکۆدرامای New York Theatre of Psychodrama کردەوە، دوای دەساڵ ناوەکەی گۆڕدرا بۆ پەیمانگای مۆرینۆ. ئەم پەیمانگایە هەموو دانیشت و کۆر و کۆبوونەوەکان کراوەبوون بەردەوام بوون تا سەرەتای ساڵەکانی حەفتاکان، ئەکتەرێکی بەناوبانگی وەک دۆستین هۆفمان لە سەر شانۆکەی ئەو کاری دەکرد.
مۆرینۆ کەسێکی زۆر چالاک بووهەروەها بەرهەمەکانی فرە ڕەنگ بوو، چەندان کتێبی نووسیوە، تێکستی ئەدەبی، تێکستی شانۆیی، سیناریۆی زنجیر تەلەفیزیۆنی، لەهەمان کاتیشدا پرۆفیسۆر بوو لە کۆمەڵناسیدا. لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانی دەڵێت بێگومان حەزم دەکرد ببم بە کەسێکی نائاسایی بونموونە پێغەمبەرێک یان دۆن جوان، بەڵام ئەگەر ڕازیبوومایە بەوەی بەوە و کەسێکی قەناعەتکار بوومایە شتێکی نوێم بۆ تێگەیشتن و زیاد نەدەکرد لەبارەی سپۆنتانیتی و داهێنان چیەو چۆنی بەئەنجام بگەیەنین.
زۆر شت هەیە کە لەبارەی مۆرینۆە بوترێت، بەڵام لە هەمووی گرنگتر عەشقی ئەو منداڵ، خێزان، ئەوکەسانەی لە پەراوێزدا بوون بۆ مرڤدۆستی ئەمە وایکرد ببێت بە کەسێکی هەمە ڕەنگ و فرە جۆر. کاتێک دواتر.کاتێک ئەو دیمەنە کانی بەرهەم دەهێنا لە پرۆسەی چارەسەریەکان و هەم لە شانۆکەشیدا هەمیشە یەک شێوە بوو دەستپێکی جوڵاندنەوەکەی لە ناوەندەوە بووە. ئەو پشتی کردە هەموو شانۆ سونتەتی و جوانکاری دیمەنە شانۆیەکان، بەڵام یەک ڕێگای هێشتەوە ئەویش ڕێگای بەرەو بینەر بوو. بەدیدی مۆرینۆ لەویاندا مەودایەکی دووری و پەرستن دروست دەکات، بەڵام لەمیاندا ژیان، نزیکایەتی و هاودەمی دەخوڵقێنێت. مرۆینۆ گرنگی دەدا بەو تاکەکان لە گۆمەڵگا بچوکەکاندا، تەواو قەناعەتی وابوو کە ژیانیان لە ئێستادا زۆر سەرج ڕاکیشتر و بزوێنەرترە. بۆچی ژیان دووبارە دەکەینەوە لە کاتێکدا ئێرەو ئێستامان هەبوو؟ بۆچی ژیان پاشەکەوت بکەین کاتێک زیندوێتی هەیە؟

سایکۆ دراما چییە؟
جۆرێک لە چارەسەری دەروونییە بە شێوەیەکی داهێنەرانە بە خۆبەتاڵکردنەوەی هەست هەڵچونەکانی نەخۆش/ پاڵەوان و ئەو هۆکارانەی کە بۆتە هۆی ناڕەحەتکردنی ئەویش لە ڕێگەی نواندن و بەرجەستە کردنی نمایشێکی شانۆیی. وشەی سایکۆدراما لێکبدەینەوە (Psychodrama) لە دوو ووشەی سایکۆ Psyche واتە دەروون یان رۆح هەروەها وشەی دراما Drama واتە ڕوداو یان کردار پێک دێت، کە بەمانای وشە واتا (درامای دەروونی) دێت، بەڵام لەبەکارهێناندا شێوەیەکی ترە و بۆ چارەسەری دەرونی بەکاردێت ئەویش لە ڕێگەی بەکارهێنای تەکنیکی شانۆ و دراماوە، بەکارهێنانی ئەم میتۆدە وەک ناوەندێکی پەروەردەیی و تێکەڵاوکردنی دەرونزانی و شانۆ و دراما پێکەوە بۆ چارەسەرکردنی رۆحی، دەرونی و هاوکاریکردنی کەسەکە بۆ بەتاڵکردنەوەی هەست و سۆزەکانی، چارەسەرکرنی تەنگەژە ڕۆحیەکان، ئەویش بەئەنجامدانی ڕۆل بینین کە پەیوەستە بەو بارودۆخەی کە لەئێستادا کەسەکە ئەزمونی دەکات یان لە ڕابردوودا ژیاوە یان دەشێت لە داهاتودا تێیدا بژی.
لێرەدا من ووشەی پاڵەوانم لەبەرامبەر نەخۆشدا نووسی، ئەویش بۆ ئاسان تێگەیشتن لە بابەتەکە، چونکە مەرج نییە ئەوکەسە نە خۆش بێت کە دەچێتە لای سایکۆدراماتیستێک بۆ ئەوەی چەند دانیشتنێک بۆ چارەسەرکردن بە سایکۆ دراما وەربگرێت. جاکۆپ مۆرینۆ کە دامەزرێنەری سایکۆدرامایە و هەموو سایکۆدراماتیستەکانی تریش بەو کەسانە دەڵێن پاڵەوان، منیش بۆ بەرچاو ڕوونی لە درێژەی باسەکەماندا هەر بە پاڵەوان ناویان دەهێنم.
زێرکا مرینۆ کە هاوکار و هاوسەری دامەزرێنەری سایکۆ درامابوو لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە سایکۆ دراما چییە دەڵێت: ( ئاسانترین ڕێگا بۆ تێگەیشتن لە سایکۆدراما ئەوەیە کە بیرکردنەوەیە لەوەی “عەقڵ لە جووڵەدا ـ لە کرداردا ” یە. لەبری ئەوەی باسی نیگەرانیەکانین بکەن، دەڵێین “پێم مەڵێ، نیشانم بدە!” نیشاندان واتە مامەڵەکردن لە ناوەوە ” واتە نواندنی، بەو شێوەیە دەتوانیت پیشانم بدەیت کە خەمی تۆ چییە. باسی ئەوە بکە چی نیگەرانت دەکات، ئەوە کورترین رێگایە بۆ وەسفکردنی)
گەر بەشێوەیەکی وردتر سەرنجی بدەین پیناسەیەکی ورتری بکەین دەتوانێن بڵێین سایکۆدراما شیوازێکە ـــ میتۆدێکە، کە توخمەکانی هونەر و زانست و فەلسەفەی تێدایە و بە ڕێگەی دراما لە ڕەهەندە دەروونییەکانی مرۆڤ دەکۆڵێتەوە. سایکۆدراما چارەسەرکردنی کێشەیە بە شێوەیەکی سیستماتیکی و ئامانجدار، خەسڵەتەکانی ئەوەیە کە تاک بە هۆی جوڵە و ئاماژەی درامی، کە ش و هەوای شانۆیی لەو دیمەنە درامیەدا کە نمایش دەکرێت مامەڵە لەگەڵ گرفتەکانی خۆی دەکات. میتۆدێکی تایبەتە لە بوارێکی بەرفراواندا دەتوانرێت پیادەبکرێت. مرۆڤ بە پاڵپشتی سایکۆدراماتیستەکان و گروپەکە و بە بەکارهێنانی میتۆدی سایکۆدراما، تاک هەوڵدەدات بۆ ئەوەی کۆنترۆڵکردنی زیاتر ی هەبێت بەسەر دۆخی ژیانی خۆیدا، توانایەکی باشتری هەبێت بۆ هەڵبژاردنی ئەرێنی لە ژیانیدا. باسکردنە لەوەی مەساحەیەکی زیاتر بدەین بە سپۆنتانێتی (spontaneity) لە ژیاندا، نەهڵین کاردانەوەکان و بەسەرهاتە کۆن و بەسەرچووەکان ئێستامان داگیر بکات و ئێستای ژینمان بەڕیوە ببات. سایکۆدراما لەسەر بنەمای میتۆدی دیالۆگ لە ڕێگەی گۆڕینی ڕۆڵەوە دامەزراوە، دەتوانرێت وەک میتۆدێکی دیالۆگی وەسف بکرێت.
میۆدێکە لەسەر بنەمای ئەزموونکردن دامەزراوە، لە پرۆسەیەکدا مرۆڤەکان وشەکان دێدەپەڕێنن و دەیانباتە ناو کردارەوە. لەمەوە ڕا دەڵێین کردار جەوهەری سایکۆدرامایە.
ئەگەر باس لە مێژووی زانستی دەرونزانی بکەیت ناتوانیت باسی مۆرینۆ نەکەیت، ئەگەر باسی شانۆ بکەیت هەروەها ناتوانیت ناتوانیت ئاماژە بە مۆرینۆ نەکەیت، ئەگەر باسی شیعر بکەیت ئەو بەشێکی زۆر دنیای شیعری ئەمریکی داگیر کردووە. مۆرینۆ (سایکۆدراما) بە هەنگاوێکی لۆژیکی دەبینێت دوای لێکدانەوەی دەروونی. کارکردن لەم نۆرینگەیەدا بەوشێوەیە هەلێک بوو بۆ بەکردارکردن لەبری قسەکردن.
هەندێک کەس لە ژیانماندا گرنگن بۆ ئێمە بەڵام دووچاری حاڵەتی ناجۆر و دەرونی هاتوون، جا بۆ ئەوەی بتوانین ڕۆڵی ئەو کەسە گرنگ و نزیکانەی کە لە ژیانماندان لە ژینگەیەکی پڕ دڵنیای بیانبینین و لێانتێبگەین، چۆن ئەو کەسانە بگەڕێنەوە ناو کۆمەڵ؟ چۆن بتوانین هاوڕێکانمان لەدەست نەدەین؟ چۆن بتوانین لە خوێندگەدا کەشێکی ئارام دروست بکەین؟ ئێمە کورد بە درێژی مێژوومان لە حاڵەت و دۆخێکی تراومادا دەژین، لەم بەشەدا داوادەکەم هەموو ئەو ژنە ڕزگاربوانەی دەستی داعش هاوکاریان بکرێت بە میتۆدی سایکۆدراما جارێکی دی بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ناو ژیان … جا بۆ ئەوەی لەو کابوسە ڕزگارمان بێت چی بکەین؟ باشترین میتۆد سایکۆ درامایە هاوکارمانە ئەو کەشە هێمن و دڵنیایەمان بۆ دەخوڵقێنێت ، لەوەش گرنگتر ئەو کەسانە دەتوانن بگەڕێنەوە کۆمەڵگاو ببنە کەسانێکی بەهرەمەند و خۆبەخۆ و داهێنەر. سیکۆ دراما یان چارەسەری دەرونی بەدراما، جۆرێکە لە چارەسەری دەرونی. بەڵام جیاوازە لە چارەسەری دەرونی کە زۆر کەس وە لە سەرجەم رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێی ئاشنان، زۆربەی خەڵک و دەرونزانەکان تەنها بەو ڕێگەیە ئاشنان کە نەخۆش قسە بکات و دەرونزان گوێبگرێ، بەڵام سایکۆدراما تەنها قسەکردن و گفتوگۆی نێوان سیکۆلۆژێک (دەرونزانێک)و نەخۆشێک نیە کە تەنها وشە بەکاربهێن، نەخۆش قسە بکات و دەرونزان گوێی لێبگرێت، ئەوەی ڕوبدات لە نێوانیان تەنها قسەبێت. بۆ چارەسەری دەرونی قسەکردن لەگەڵ نەخۆشێک بەکاربهێنرێت. ڕەنگە تەنها قسەکردن، رێژەیەکی کەم لە نەخۆش کەڵکی لێببینێت.دەشێت بۆ گشت نەخۆشیە دەرونیەکان تەنها قسە کەڵکی نەبێت. بەڵکو مرۆڤ بۆ چارەسەرکردن پێویستی بە داهێنانی میتۆدی ترە. لەم حاڵەتدا دەکرێت سایکۆدراما بژاردەیەکی تربێت، فۆرمێکی تری چارەسەری دەرونی بێت کە جەستە، هەناسە، دەنگ، رۆڵ بینین، ئازار و فشاری دەرونی دەورێکی کاریگەر دەگێڕێت. بۆ ئەوەی مرۆڤ تێگەیشتینی لەخۆی هەبێت و خۆی باشتر بناسێت دەتوانێت لە سیکۆدراماد، خۆبەخۆی (عفويةــــ spontaneity)و ، گەمەکردن، رۆڵ بینین و خۆنمایشکردن هەموو ئەمانە بەکاری بهێنێت. ئەوەش رێگایەکە بەکاردەهێنرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە نەخۆش. سیکۆدراما جۆرێکە لە چارەسەری دەرونی کە ناوەرۆکەکەی بریتیە لە بەرکارهێنای شانۆ. واتە شانۆ بەشێکە لەچارەسەری دەروونی. لە سایکۆدرامادا شانۆ دەبێت بە بەشێک بە ئامرازێکە بۆ ئاشبوونەوەی تاکەکان لەگەڵ خۆیان و لەگەڵ دەوروبەریاندا، دەبێت بە مەساحەیەک بۆ لێبوردەیی و تێکشکانی مەنەلۆگ و لەبری ئەەی پەرە بە دیالۆگ بدەین، شانۆ دەبێت بە ئاوێنەیەک و خۆمان و پاشەڵمانی تێدا دەبینین، بێگومان ئەمەش لەسەر تەختەی شانۆ یان شوێنێک کە بەشێوەی شانۆ بچێت، کە هەموو ئیکسسوار و دیکۆر و روناکی و موسیک بەکاردێت. سایکۆدراما جۆرێکی چارەسەری دەروونیە کە کە نەک تەنها وشە، بەڵکو، جەستە، هەناسەدان، مەشق، هەڵسەنگاندن دەنگ و رۆڵبینین بەکاردێت و ڕێگایەکە بۆ زاڵبوون بەسەر سنوورداریاکانی دنیای زمانەوانیدا خۆی لە هەموو کۆت و بەندەکانی زمان ڕزگار دەکات دەکەوینە ناو ئەو هەست و سۆزە ڕاست و دروستەی کە نەخۆش لەو حاڵەتەی کە بەسەریدا هاتووە، زمانێک دەدۆزێتەوە گوزارشت لە دۆخی ڕاستەقینەی خۆی دەکات.
یەکێک لە ڕۆژنامە نووسەکان پرسیار لە زێرکا دەکات و پێی دەڵێت دەتوانیت پێم بڵێیت سایکۆ دراما چییە؟ ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: ئاسانترین ڕێگە بۆ تێگەیشتن لە سایکۆدراما ئەوەیە کە بیرکەرەوە هۆشت و عەقڵت لە جوڵەدایە، لەبری ئەوەی بە قسە باس لە کێشەکانت بکەیت، پیشانمان بدە بۆمان باس مەکە،” پیشاندان ” واتە ڕەفتاربکە، نواندنی ناو ناخت بکە، بەوشیەوەیە بجوڵێرەوە، لە چ شتێک نیگەرانیت بە هەڵسو کەوت پیشانمان بدە نەک بەقسە. کارکردنی پرۆسە دەرونیەکان خۆیان لە کاردانەوە جەستەیەکاندا بەرجەستەدەکەن.




نووسین ئازایەتی نییە!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

لە سەردەمێکدا، کە مرۆڤ بە یەک کلیک، هەر زانیارییەک لە هەر ڕووێکەوە بێت، مەبەستی بێت دێتە بەردەستی، ئەوا نووسین ئەگەر بیرۆکە و بۆچوونی جیاواز و تازە و داهێنەرانەی تێدا نەبێت، نەک هەر هیچ بەهاو حیکمەت و ئازایەتییەکی تێدا نییە، بەڵکو کاویژکردنەوە و لاساییکردنەوەیەکی زەقیشە. مرۆڤ بە سرووشت و خۆرسکانە، ئارەزووی زانین دەکات، بەڵام هەرگیز نایەوێت شتێک بزانێت کە پێشتر زانیویەتی، بەڵکو دەیەوێت بەر زانین و مەعریفەی نوێ بکەوێت، کە ئەمە بۆ دۆخی نووسین ودنیای ڕۆشنبیریی و ئەدەبیاتیش هەمان شتە. ئێمە وەک خوێنەرێک، ڕۆژانە بەر سەدەها نووسین و وتار و کتێب دەکەوین، بەڵام چەندیان مەعریفەی نوێ و شاراوەیان تێدایە، چەندیان تازە و نوێ و جیاوازن، ئەمە پرسیارە سەرەکیەکەیە. بێگومان گەر بە وردی سەرنج لە دنیای نووسینی کوردی و نێوەندی ڕۆشنبیری کوردی بدەین، ئەوا دەبینن هاوشێوەبوون، لێکچوون و کاوێژکردنەوە، وەک یەکی و نەبوونی دیدگاو گوتارێکی تازە، لە خەسڵەتە هەرە دیارەکانی گوتاری نووسین و ڕۆشنبیری کوردین. ئێمە بە جۆرێک دنیا دەبینین و بیردەکەینەوە، وەک توتییەک هەمان شت دەڵێینەوە، لە کاتێکدا نووسین و بیرکردنەوە، هیچ بەهایەکیان نییە ئەگەر جیاواز و دابڕاو نەبن و هوشیاریی و ئاگایەکی قووڵییان لە پشت نەبێت. هاودەم و هاوسەردەمی گۆران، شاعیرانی وەک قانح و بێکەس و دڵدار و شێخ نوری و پێرەمێردیش دەژیان و شیعریان دەنووسی، بەڵام بۆچی تەنها گۆران بووە نوێکەرەوەی شیعری کوردی. بێگومان چونکە جیاواز بیری کردەوە، جیاواز دەیڕوانیی و ئاگاییەکی شیعرییانەی قووڵتری لەوانیتر هەبوو. بۆیە بە ئێستاشەوە، کەس ئەوانە بە نوێخواز و نوێکەرەوەی شیعری کوردی نازانێت، بەڵام بۆ هەتا هەتایە، مەدالیای داهێنان و نوێخوزای بە بەرۆکی گۆرانی شاعیرەوە دەمێنێتەوە. بۆیە هەمیشە جیاواز ڕوانین و دنیابینی تازە و نوێ، بەهایەکی ئەدەبی و مەعریفی زیاتریان هەیە، وەک لەوەی شتێک بڵێین و بنووسین، کە سەدان جار پێشووتر نووسراوە و قسەی لە بارەوە کراوە. بە گشتی، دنیای نووسینی ئێمە، هەمیشە هاوشێوەو هاوبیر و ڕوانین بووە. بە دەگمەن ڕێکدەکەوێت، خوێنەر بەر تێکستێکی نوێ، کتێبێکی نوێ، ڕوانینێکی نوێ، کە پێشتر نەگوترابن و نە نووسرابن دەکەوێت. لەبەر ئەوەی هەموو ژیانم لەگەڵ خوێندنەوە و کتێیبە، ئیدی بڕوام وایە ئێمە وێرای ئەو هەموو پێشکەوتن و کرانەوەش، وەلێ هێشتا دنیابینی و تێگەیشتنێکی تازەمان لە هیچ ڕووێکی زانستی و ئەدەبی و هونەری بۆ دنیا و بۆ ڕووداوەکان نییە. زۆرجار، لە ژێر یەک ناونیشان، دەیان کتێب و نووسین دەنووسرێن و شتێکی نوێیان تێدا نییە. لەو ماوانەی ڕابردوودا، سەدان وتارم لە بارەی هەڵبژاردنەکانی تورکیاو ناپاکی حەسەن خەیری، کوردە ناپاکەکەی سەردەمی ئەتاتورک خوێندنەوە. چەندین وتارم هەر لەو ماڵپەڕە، لە بارەی پۆست مۆدێرنە لە فیلم، ڕەخنەی ژینگەیی لە شیعر، قەیرانی شانۆ و دراما خوێندنەوە، کە شتێکی ئەوتۆی جیاوازیان لە یەکتری تێدا نەبووە. زۆرتر لە دە کتێبم، هەر لەو ماوانەی ڕابردوو، لە سەر گۆرانی شاعیر خوێندنەوە، جگە لەکتێبەکەی مامۆستا (ڕێبوار سیوەیلی)، لە هیچ کام لە کتێبەکانی دیکە، بەر زانیارییەکی تازە و نوێ لە بارەی گۆرانی شاعیرەوە نەکەوتم. مەگەر هەموومان نازانین کە گۆران شاعیرێکی جواندۆست و سرووشت دۆست بووە؟ گەر سەرنج لە ناونیشانی نامە ئەکادیمییەکانی زانکۆ، ئەوانەی وەک تێزی ماستەر و دکتۆرا دەنووسرێن بدەین، ئەوە وێرانەیەکە هەر مەپرسە. وەک ئەوەی قەیرانی ناونیشان بێت. سەدان نامەی ئەکادیمی لە ژێر یەک ناونیشانی هاوشێوە و کاوێژکەرەوەدا وەک (وێنەی هونەری لە شیعردا ، بونیادی ڕووداو لە ڕۆماندا، گێڕانەوە لە ڕۆماندا، ئستاتیکی شیعریی، فەلسەفەوشیعر، ڕۆڵی ڕوانگە لە نوێکردنەوەی شیعری کوردیدا) ئەمانە و دەیان ناونیشانی دیکە دەنووسرێن. ئەمە وێرای ئەو هەموو هەڵە مێژوویی و بابەتییانەی لەو نامانە دەکرێن و دەنووسرێن. لە کاتێکدا ئەگەر لە زانکۆدا کە نێوەندێکی پڕ بەهای زانستی و داهێنانە، بیر و ڕوانین و نووسینی تازە و نوێ نەبێت، بۆچی گازاندە لە نێوەندی نووسین و ڕۆشنبیری دەرەوەی زانکۆ بکەین؟ کەسانێک هەن، هێشتا تەمەنیان لە بیستەکانە، کەچی لە بارەی ڕۆشنگەری، فەلسەفە، ئەقڵانییەت، زانست و لاهوتیەت دەنووسن. من نازانم ئەوانە لە چەند ساڵییەوە دەستیان داوەتە خوێندنەوەی کتێب، چونکە نووسین بەرمەبنای ئەزموونێکی دوور و درێژ و شەونخونییە لەگەڵ کتێب و خوێنەوەدا، ئیدی نازانم ئەوانە چۆن بوێری ئەوەیان هەیە، بە خوێندنەوەی یەک دوو کتێبۆکە، دەم لە بابەتی وەها گەورە بژەنن؟ کەسانێک هەن، زۆرتر لە زمانێک دەزانن، ئیدی بیرۆکە و تیمای نووسینێک بەو زمانانە وەردەگرن کۆپی دەکەن بە نێوی خۆیانەوە دەیکەنە کوردی و بڵاویدەکەوەنەوە. خوێنەری کوردیش، چونکە بیر کورت و ڕاگوزەرە، قووڵ نییە و هەڵوەستە ناکات، ئیدی بە سەریدا ڕاگوزەرانە تێ دەپەڕێت. شاعیری کورد هەیە، دوای نیو سەدە لە ئەزموونی شیعری، شتێکی نوێی پێ نەماوە و خۆی کاوێژ دەکاتەوە. چیڕۆکنووس هەیە، پەنجا ساڵ لەمەو بەر، باسی باوکسالاری و چەوسانەوەی ژنی دەکرد، کەچی ئێستاش هەر ئەو قەوانە لێ دەداتەوە و وا دەزانێت ژنی کورد، هەمان ژنی ساڵانی هەفتاو هەشتاکانی سەدەی ڕابردووە. کەم کەس هەیە (یاخود هەر نییە) بیرەوەرییەکانی ڕۆژگاری شاخی سەردەمی خۆی نووسیبێتەوە و خۆی بە پاڵەوان نەکردبێت. بە یەک دێرێش هەڵەو لادانێکی خۆی باس نەکردووە. تۆبڵێی بەرپرسێک لە کۆی ژیانی شاخدا، هەڵەیەکی ئەگەر بچووکیش بێت نەبووبێت؟ ئەگەر ئێمە خاوەنی ئەو هەموو پاڵەوانانەین، بۆچی تا ئێستا هەر ژێر دەستەو چەوساوەین؟ بۆ هونەریش هەمان دۆخی ئەدەبییە. سەرنج بدەن، گەنجێکی شانۆکاری دوای ڕاپەڕین، تازە بە تازە، لە نەبوونی ئایدیا و بیرکردنەوەی نوێ، دێت لە ڕێگەی درامایەکی تیڤیدا، دەمانگێڕێتەوە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق. ئەمە ئەگەر هەژاری هونەریی، هەژاری بیرکردنەوە و ڕوانین نەبێت چیترە؟ بۆچی ژنێکی نەخوێندەواری تەمەن شەست ساڵ، سەلیقەی ئەوەی هەیە، سەیری سێ سەد ئەڵقە لە درامایەکی تورکی بکات، بەڵام بە دیار درامای کوردی دانانیشێت؟ هەڵبەتە وەڵامەکەی ڕوونە، چونکە هونەرمەندی کورد، ئەو توانا هونەریی و ئیبداعییەی نییە بتوانێت بینەری کورد ڕازی بکات. هەموو کاتێک بژاردەی ڕۆشنبیران و نووسەران و هونەرمەندان، دەبێ دنیابینی و ئەقڵیەتێکی جیاوازیان لە ئەقڵی گشتی هەبێت، هەرکاتێک سنوورێک لە نێوان ئەقڵی نوخبە و عەوام نەماوە، ئیدی هەزاران نووسین و تێکست و کتێبیش، ناتوانن هیچ گۆڕانکارییەک لەسەر هزر و دنیابینی مرۆڤ دابنێن، دروست وەک ئەوەی ئێستا لە نێو ئێمە هەیە.




ڕەخنەی ژینگەیی بە پێی ئاڕاستەی ئیکۆ شوانکاری (ژینگەیی شوانکاری)، بە نموونەی چەند شیعرێکی جەمیل ڕەنجبەر.. ئینداد عیسا

ژینگە پێدراوێکی یەزدانی مەزنە بۆ سەرجەم بوونەوەران لەم شوێنە مرۆڤایەتی ژیان بکات و لەسەری بسازێن، لە هەمان کاتدا گەوهەرێکی تری بە مرۆڤ بەخشیووە، بۆ ئەوەی بەکاری بێنێت، ئەویش پێ دەوترێت ئەقڵ، ئێمەی نەوەی ئادەمیزاد لە ڕێگەی بەکار هێنانی ئەقڵەوە، زۆر شت دەگرینە ئەستۆی خۆمان بە نموونە ژینگە پارێزی، جا چۆن مرۆڤایەتیی لە زۆرێکی لە شتەکان جیاوازن لە گرتنە ئەستۆی شتەکان. ڕەخنەی ژینگەیی خۆی لە چەند ئاڕاستەیەک دەبینێتەوە، یەکێک لەو ئاڕاستانە ئیکۆ شوانکارییە، کە باسی ژیانی لادێکان دەکات، له ڕووی گوزەران و پیشەی شوانکارییەکان چۆن بووە، بۆیە لێرەدا بە پێویستمان زانی ئەو ئاڕاستەیە، له چەند نموونەی شیعری جەمیل ڕەنجبەر جێبەجێ بکەین، ئاخۆ چۆن ڕەنگی داوەتە له شیعرەکانی.

ئەگەر سەرەتا بێین، وەک زاراوە بزانین، ئیکۆڵۆژی بە چ شێوازێک لای زمانەکانی تر ناسێندراوە، هەر وەک سۆران لە بارەیەوە دەڵێت: “ڕەخنەی ژینگەیی(ئیکۆلۆژی) له ڕووی زاراوە، ڕەخنەی ئیکۆلۆژی زاراوەیەکی ئینگلیزیە، وشەی (ئیکۆکریتیزم) (Ecocriticism) بۆ بەکارهاتووە، لە لایەن (ارنست هایگل) زیندەوەرناسێکی ئەڵمانی بوو. لە ساڵی (١٨٦٦)”. (سۆران مامند عبد️ اللّٰه ، ٢٠٢٢: ٦٠). سەرەتایی هەموو زاراوەیەک بۆ ئینگلیز و یۆنان دەگڕێتەوە، چونکە وەک لایەنی مەعریفی لە ئاستێکی بەرز دان. “ڕەخنەی ژینگەیی مامەڵە لەگەڵ پەیوەندی زیندووی نێوان ئەدەب و ژینگەی سروشتدا دەکات، و بەم شێوەیە تێگەیشتنێکی قوڵتر لە کارلێکی نێوان هەردوو زمان و ژینگە لە ئەدەبدا دابین دەکات. ڕەخنەی ژینگەی وەک بوارێکی مەعریفی دەوڵەمەند، چونکە یارمەتیمان دەدات له ڕووی تیگەیشتن و هەڵسەنگاندن بۆ ئەدەب و هەر شتێکی تری ناو دەق. ئەدەبی کوردیش هەڵکەوتووە بۆ ئەوەی ئەدەبی ژینگەی لەسەر جێبەجێ بکرێت. ڕەخنەی ژینگەی وا لە مرۆڤ دەکات بە دووربینییەکی سەوزەوە بڕوانێتە ژینگە، ڕەخنەی ژینگە بەدوای ژینگەیە بۆ نموونە: هەر کام لە گەشەی خێزان و دانیشتوان و پیسبوونە ژینگەیەش، کە بەهۆیەوە سەرهەڵدەدات”.(ملکۆ ئەحمەد، ٢٠٢٢: ٣). کەواتە، ژینگە ڕۆڵێکی بەرچاو دەبینێت، مرۆڤ تێدا هەست بە خۆی دەکات، بەرپرسیار دەبێت لەو شتانەی کە لەناو سروشت و ژینگەدا هەیە. پێشتر ئیکۆ شوانکاری بەو شێوەیە له سروشت دەڕوانێت پێی وایە، ئەوە مرۆڤ دەبەستێتەوە بە خۆی ژینگە و سروشتەکەیە، بێگومان سروشتیش ڕەنگدانەوەی مرۆڤە لە بەر ئەوەی تێدا ژیان دەکات و خۆی بەرجەستە دەکات، بۆیەش شاعیران ئیلهام و خەیاڵ بۆ ناو شیعره کانیان لە سروشت وەردەگرن، چونکە وەک ئاوێنە وایە مرۆڤ خۆی تێدا دەبینێتەوە. شوانکارەیی وەکو خاڵێکی دژی تێکدان و کاوڵ کردنی سروشت دەبینرێت، بە تایبەتی هەوڵەکانی مرۆڤ بۆ دەستخستنی وزە. شوانکارەیی پشت بە هەبوونی هاوسەنگی لە سروشت دەبەستێت، پشت بە نموونەی بوونی سروشت دەبەستێت، کە ئەم نموونەی بوونەی سروشت له سەردەمی هاوچەرخدا شکستی هێناوە و ڕووبەڕووی ڕەخنەیی ژینگەیی بووەتەوە.

ڕەخنەی ئیکۆ شوانکاری/ ژینگەی شوانکاری

“شیعری شوانکاری چەشنێکی ئەدەبییە، کە باس لە ژیان و گوزەرانی لادێ و دێهاتەکان دەکات. لە سەرەتادا ئەم چەشنە وا ناسندرا بوو، کە تایبەت باسی شوانکاری بکات، بەڵام دواتر گۆڕانی بەسەر داهات، زاراوەکە لە ڕووی مێژووییەوە هەمە چەشن کرا. بەسەر ژیانی ئەو کاتی لادێکان دابەشکرا، جا هەر پیشەیەک بێت.” ( سۆران مامند عبد️ اللّٰه، ٢٠٢٢: ٩٦). هەر وەک ئاماژەی بۆ کرایە، پێشتر خەڵک له گوندەکان بژێوی ژیانیان لە سەر کارکردن بووە، بە تایبەت ئەو جۆرە پیشانە کە زیاتر باو بووە. کاری هەرەوەزی و جووتیاری و شوانکاری، … بەڵام بە حوکمی پێشکەوتنی سەردەم، کزی و لاوازی پێوە دیارە، وەک پێشتر نەماوە. ئەم ڕەخنەیە کار لەسەر ئەوە دەکات، کە سروشت لەو دەقە تەنها وەکو وەسیلەیەک ئامادە نییە، بەڵکو نیشاندەری ئەوەیە، کە میژووی مرۆڤ لەگەڵ مێژووی ژینگەیە و لە ناوی بووە، بەتەنها گرنگی دان نییە، بە کێشەکانی مرۆڤ ڕەوا نییە، واتە پێویستە گرنگی بە کێشە سروشتیەکانیش بدرێ، لە ئیکۆڵۆژی مرۆڤ دەکۆڵێتەوە بەرامبەر بە ژینگە لە نێو جەرگەی ڕەوای دەقدا، ئەوە دەقانەی شاراوەو نادیارن دەبێت هەستی ئیکۆڵۆژی تێدابێت.(قەرەداغی، ٢٠٢٠: ٣٥). بێگومان مرۆڤ دەرخەری زۆر شتە لە ناو سروشت کاتێک سروشت لە خزمەت مرۆڤ دەبێت، گەر پارێزگاری لێ بکات و هەوڵی لە ناو بردنی نەدات، تەنیا کار و باری خۆی تێدا جێبەجێ بکات. وەک پیشەکانی کە پێشوو دەی کرد، ئەمەش دەبێتە هۆی سروشت جوانی خۆی لە دەست نەدات. پەیوەندی نێوان مرۆڤ و ژینگە: “پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان مرۆڤ و ژینگەدا هەیە، ئەم پەیوەندیەش بۆ سەرەتایی هاتنە سەر زەوی مرۆڤ دەگەڕێتەوە.

کە هەڵسوکەوتی لەگەڵ پێکهێنەرەکانی ژینگەیی دەوروبەری خۆیکردووە، توانیویەتی سوود لە دەرامەتە ساده و ساکارەکانی ژینگەی سروشتیی خۆیببێنێت”.(مهدی أحمد محمود، ٢٠٢٢: ل٢٩). پێشوو ژیانی لادێ زۆر ساکار بووە، وەک ئێستا کە سەردەم پێشکەوتووە، تەکنەلۆژیا بالی کێشاوە بەسەر دنیا مرۆڤی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە، ئەمەش وای کردووە، مرۆڤ وەکو پێشی ڕوو له شاخ و سروشت نەکات، ئەگەرچی بۆ لایەنی بژێوی و ڕۆژانەیان ڕووی تێدەکەن.
چەند نموونەیەکی شیعری بە پێی ئاڕاستەی ئیکۆ شوانکاری لە شیعرەکانی جەمیل ڕەنجبەردا

ئەی خەڵکینە…
دۆڵ و چیا و دەشت و زەوی
هی کەسێکە بۆی ناخەوی
هی کەسێکە خۆی دەیچێنێ
لە پێناویا ماندوو دەبێ، بەرهەم دێنێ

من جووتیارم… لەسەر کێوی بڕوای بەتین
خۆم داوێمە باوەشی ژین
بەزبارەی، بیری جوتیاری جحێڵم
زەوی و خاکی باپیرانم ورد دەکێڵم.

منی جوتیار
کرێکاری برای گەورەم… ئاگای لێمە
ئامێرم بۆ دروست دەکا
بۆ کێڵان و دروێنەوەی سوودی ئێمە
جەرگی سروشت بست بست دەکا
_ لەم شیعرەدا بە ئاشکرا شاعیر سروشت و ژینگەی بەرجەستە کردووە، له خۆیدا باسی پیشەی جووتیاری دەکات، لە بەر ئەوەی پیشەی لادێکان ژیانێکی سادە و ساکار بووە، خۆیان مەشغووڵ دەکرد، بە ڕەنجبەری و کۆڵ نەدان و ماندوو بوون بۆ بژێوی ژیان. وشەکانی کە لە شیعرەکە دا ئاماژەی بۆ کردووە، دۆڵ، چیا، دەشت، زەوی، ئەمە ڕەنگدانەوەی سروشتە. دەڵێت من جووتیارم باسی خۆی دەکات کە چۆن هەوڵ و تێکۆشان دەدات، له پێناو ژیان. لە دێرێکی تر باسی زبارە دەکات، واتە هەرەوەزی لە کاتی گەنجی خۆی. بۆ کێلانی زەوی باب و باپیرانی.

لە نموونەیەکی تری شیعری باسی شوانکاری دەکات:
کاکەی شوانی چاپووک و دلێر
دڵسۆزی بلیمەت بۆم لێدە بلوێر
بیلاوینەوە جیهان بێنە جۆش
بە «لاوک» و «حەیران» لابەرە خامۆش
بەرامبەری دێ سۆزت ببەخشە
بۆ ڕاو شوێن دابنێ نەخشە
بۆ ڕووبارێ لەوەڕگەی جاران
دانیشە لە ژیر سێبەری داران
هەڵکێشە «ئاهی دەردی دڵداری»
ڕووکەرە کێو و لوتکەی هەزاری
ئەم خاکە جوانەی سروشتی ژیان
دەنگی ئاگرین هەڵدە بۆ گیان!
دەم دەم ئەگۆڕی شوێنی ئاژەڵت
هەست و هیوای نوێ ئەچێتە دڵت

_شاعیر بە شێوەیەکی وەسف باسی شوان دەکات، کە چەند بوێر و ئازایە، بە شمشاڵی دەستی، بۆی لێ بدات نەغمەی ئاواز و دەربڕینی دەنگە زوڵاڵەکەی، ئەو قسانەی لە ناو سروشت دەکرێت، چونکە شوانکارەکان لەگەڵ مەڕوماڵاتیان شمشاڵ بەکار دێنن. بە بەسەر بردنی کات و ڕۆژەکەیان دەی ژەنن. سروشت و ژینگەی بێ بەش نەکردووە، کە دەڵێت بۆ ڕاو شوێن دابنێ نەخشە بۆ ڕووبارێ لەوەڕگەی جاران دانیشە لە ژیر سێبەری داران، ئەم دێرە دەرخەی ئەو ڕاستییە، کە لە ئیکۆ شوانکاری باسی لێوە کراوە. لە ڕێگای گێڕانەوەی بەسەرهات و ئەو ڕووداوانەی کە ڕووبەڕوویان دەبوویەوە، لە ژیانی ڕۆژانەیاندا. ئەمەش هەوڵێکە بۆ دیاریکردنی لایەنی بەرجەستە کردنی سروشت.

لە کۆتاییدا بۆمان دەرکەوت، شاعیران بە گرینگی لە سروشت و ژینگەیان دواینە. چونکە سەرچاوەی ئیلهام داڕشتنی خەیاڵەکانیان بووە. ئەگەر باسی جەمیل ڕەنجبەریش بکەین، لەو دوو نموونەی شیعرەدا یەکێک لە ئاڕاستە ژینگەیەکانی بەرجەستە کردووە، کە ئیکۆ شوانکارییە، باسی ژیانی لادێ و بژێوی و بەسەرهات و ڕووداوەکان دەکات. خۆیان بە پیشە هەمە جۆرەکان خەریک کردووە، وەک جوتیاری و کاری زەوی کێڵان، شوانکاری ،…هتد. گەیشتن بەوەی کە ڕەخنەی ژینگەیی چەندە گرینگ و بایەخ دارە، لە ژیانی مرۆڤدا بۆیە، بە چاوێکی بەرز لێی دەڕوانن، هەموو ئاڕاستەکانی نێو ڕەخنەی ژینگەیی بۆ کات و سەردەمێک دەگەڕێنەوە، باسی ئەو هەلومەرجە دەکەن، کە ڕووی داوە.

------------------------------------- 

سەرچاوە:

  1. سۆران مامند عبداللّٰه،(٢٠٢٣)، ڕەخنەی ئیکۆلۆژی له شیعری هاوچەرخی کوردیدا، بە نموونەی شیعره کانی شێرکۆ بێکەس و سەباح ڕەنجدەر، نامەی دکتۆرا، کۆلێژی زمان، زانکۆی سەڵاحەدین، هەولێر.
  2. دلاوەر قەرەداغی، (٢٠٢٠)، لێرەو لەوێ باران، دووراودوور هەتاو، چاپی یەکەم، تاران.
  3. گۆڤاری کوردستانی نوێ، پ.ی.د.ملکۆ ئەحمەد، ڕەخنەی ژینگەیی وەک ڕێبازێکی ڕەخنەی سەربەخۆ پێنجشەممە، ٢٩٩٢٠٢٢
  4. ئـ. جەوهەر کرمانج، (٢٠٠٧)، دیوانی شیعر (جەمیل ڕەنجبەر)، سلێمانی.
  5. مهدی أحمد محمود، (٢٠٢٢)، ڕەخنەی ژینگەیی لە شیعری هاوچەرخی کوردیدا، زانکۆی ڕاپەڕین، کۆلێژی پەروەردە_ قەڵادزێ، بەشی کوردی.



پۆست کۆڵۆنیلیزم و فیلمی ١٤ تەموز وەک نموونە.. رەوا محەمەد

تیۆری پۆست کۆڵۆنیالیزم لە بارودۆخێک دەکۆڵێتەوە کە لە ھەناوی داگیرکارییەوە سەری ھەڵداوە، بە واتایێکی تر ئەو بارودۆخ و ھەل و مەرجەی لە ئەنجامی پرۆسەی داگیرکارییەوە و کارلێکی نێوان داگیرکەر و داگیرکراو و ئاڵوگۆڕی کەلتور و بە گژداچوونەوەی گواتاری داگیرکەر و …ھتد دروست دەبێت، پێی دەگوترێت پۆست کۆڵۆنیالیزم، واتە تیۆری پۆست کۆڵۆنیالیزم لەو بارودۆخ و حاڵەتانە دەکۆڵێتەوە.
بێگومان پۆست کۆڵۆنیالیزم وەکو ھەر تیورێکی تر چوارچێوە و سنوری خۆی ھەیە، بەو پێیەی ئەوا بابەتانەی کە پێشتر باسمان کرد، کە پۆست کۆڵۆنیالیزم لە پرۆسەی داگیرکاری و ئاڵوگۆڕی کەلتوری دێتەکایەوە، پۆست کۆڵۆنیالیزم باس لەو بارودۆخە دەکات کە دوای داگیرکاری دروست دەبێت، کە داگیرکەر چۆن بەردەوامی بە داگیرکردنەکەی دەدات، چۆن بیری تاکەکانی داگیرکراو داگیردەکات، چۆن بیریان کۆنتڕۆڵ دەکات و گوتاری خۆی لە مێشکیاندا ئەچەسپێنێ.
لە سەرەتادا ئەم ئەدەبیاتە ئەدەبیاتی ئینگلیزی زمانی پێگوتراوە، کە وەکو دیاردەیەکی نوێ لە ئەدەبیاتی جیهاندا لە ساڵی (١٩٦٠) دا سەری هەڵداوە، ئەوەش لە کاتێکدا بووە کە نەتەوە داگیرکراوەکان دەستیان کردوە بە نووسینی ئەدەبیاتی خۆیان و زۆر بەشی بە زمانی ئینگلیزی بووە ئەو بەرهەمانەش کە لە لایەن خەڵکی نەتەوە داگیرکراوەکانەوە نووسراونەتەوە، لە ئەدەبیاتی ئینگلیزی لە ڕووی بەهاو گرنگییەوە کەمتر نەبووە، بۆیە ناونراوە ئەدەبیاتی ئینگلیزی زمان ، واتا لە سەردەمی دوای جەنگ زاراوەی (ئەدەبیاتی ئینگلیزی زمان) جێگەی (ئەدەبیاتی ئینگلیزی )و( ئەدەبیاتی ئەمریکایی) گرتەوە. ئەوان دەیانویست بە پێشنیاز کردنی زاراوەی (ئەدەبیاتی ئینگلیزی زمان ) پێکهاتەی فرە کولتوری و فرە نەتەوەیی ئەو ئەدەبیاتانەی ئەمڕۆ بە زمانی ئینگلیزی دەنوسرێن پێشان بدەن، دواتر ناوەکەی گۆڕا بۆ (ئەدەبیاتی وڵاتە هاوبەرژەوەندی خوازەکان) ئەم ناونانەش ناولێنانێکی سیاسیە، بۆ ئەدەبیاتی ئەو وڵاتانە بەکار دەهات کە کەوتبونە چوار چێوەی ئیمپراتۆرییەتی بەریتانیای پێشوو، لە کۆتاییدا ئەم زاراوەیەش گۆڕاو بوو بە (ئەدەبیاتی پۆست کۆڵۆنیالیزم) وە بە باوەڕی هەندێك لە بیرمەندان پۆست کۆڵۆنیالیزم هەمان ئەدەبیاتی وڵاتە هاوبەرژەوەندی خوازەکانە تەنیا لە ڕووی ڕواڵەتەوە پۆست کۆڵۆنیالیزم زاراوەیەکی نوێیە.
لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم و دوای کۆتایی هاتنی جەنگی دووەمی جیهانی زۆربەی ئە وڵاتانەی داگیرکراوی وڵاتی بەریتانیا بوون ، دژی داگیرکارییەکە جەنگان و سەربەخۆییان بەدەست هێنا، لەو کاتەدا ئەدەبیاتی پۆست کۆڵۆنیالیزم لە پێکهاتەی ئەو وڵاتە داگیرکراوانەی لە داگیرکاری بەریتانیا ڕزگارییان ببوو هاتەکایەوە، چونکە ئەوان بەدوای جۆرێك لە سڕینەوەی داگیرکاری لە کولتوور و مێژووی ئەدەبیات و لە هەمووی گرنگتر ناسنامەی خۆیان کەوتبوون، کەواتە دەتوانین بڵێین ڕەگ و ڕیشەی ئەدەبیاتی پۆست کۆڵۆنیالیزم بۆ شکستهێنانی ئایدۆلۆژیای ڕۆژ ئاوا لە جەنگی دووەمی جیهانی دەگەڕێتەوە، لەبەر ئەوەی لە دوای جەنگەکە خەڵکەکە بە تایبەتی گەنجەکان و خەڵکی کەمینە لەو هەلومەرج و بارودۆخەی کە تێیدا دەژیان ماندوببوون خوازیاری چاکسازی و گۆڕنکاری بنەڕەتی بوون، ئەوان داواکارییەکانی خۆیان لە چوارچێوەی ئەدەبدا دەخستە ڕوو، لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی حکومەتە داگیرکەرەکان هەڵوەشانەوە و لەوکاتەدا بوو کە تیۆری پۆست کۆڵۆنیالیزم لە بواری لێکۆڵینەوە کلتووری و ئەدەبییەکاندا جێگایەکی تایبەتی بۆ خۆی تەرخان کرد.

هەر ئەدەبیاتێك بابەتی تایبەت بەخۆی هەیە، بابەتی سەرەکی ئەدەبیاتی پۆست کۆڵۆنیالیزمیش خەریکبوونە بە دەرهاویشتە و لێکەوتەکانی پڕۆسەی داگیرکاری، بە واتایەکی دیکە ئەو ئەدەبیاتە لە بابەتی سەرەکی خۆیدا هەوڵدەدات ئەو دەرهاویشتە و ئاسەوارانە تاوتوێ و ڕەتبکاتەوە کە جیهانی دابەشی سەر ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا کردووە و هەروەها بووەتە هۆی دروست بوونی دوانە لێکدژەکانی وەك پەراوێز و سەنتەر یان ئەوروپاسەنتەری و سەنتەرییەتی ئەوروپا بە ڕەسمی دەناسێنێت، چونکە نوسەرانی ئەم ئەدەبیاتە لەو باوەڕەدان کە ئەم دابەشکارییە بێ واتا و بێ بنەما و نادادپەروەرانەیە و شێوەیەکی ترە لە داگیرکاری، لە ئەنجامدا گرژی دەخاتە نێوان ڕۆژ هەڵات و ڕۆژئاواوە، ئەم نووسەرانە لە ڕێگەی بەرهەمەکانیانەوە داوای مافی خۆیان دەکەن و لە هەمان کاتدا ڕەگەزپەرستی لە وڵاتە داگیرکەرەکان دەخەنە ژێر پرسیارەوە، کە یەکێکە لە پرسە هەرەگرنگەکان لە بواری ئەدەبیاتی پۆست کۆڵۆنیالیزمدا، بە جۆرێک کە ئەم ( ئەدەبیاتە خاوەن دیدێکی ڕەخنەگرانەیە بۆ ئەو دەقانەی کە ڕەگەزپەرستانە و بۆ ئاڕاستە کردنی داگیرکاری نووسراونەتەوە ) و هەوڵی سڕینەوەی دەدات.
ئەگەر وڵاتە داگیرکەرەکان بە درێژایی مێژووی داگیرکارییان لە هەوڵی بەرهەمهێنانی گوتارێك دابوبن سەبارەت بە داگیرکراو، ئەوا ئامانجی سەرەکی ئەدەبیاتی پۆست کۆڵۆنیالیزم هەوڵدانە بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی بەرهەمهێنانی ئەم گوتارە و ڕەتکردنەوەی، بە واتایەکی دیکە، ئەدەبیاتی پۆست کۆڵۆنیالیزم لێکۆڵینەوەی دید و بۆچوونەکانی ڕۆژئاوایە، کە چۆن سەیری ئەو میللەتانە دەکات و چۆن بەردەوامی بەو سەیرکردنە دەدات و بە جیهانی دەکات، تاکو درێژە بە داگیرکارییەکەی خۆی بدات، لە سیستەمی نوێی جیهاندا میللەتە ڕزگاربووەکان لە داگیرکاری تا ئێستاش بەجۆرێك لە جۆرەکان داگیر کراون، چونکە (ناسنامە، ماف، ماڵ و داراییان)کراوەتە ئامانج ، تا ئێستاش بیر و پەیڤی ڕۆژئاوا باو و باڵا دەستە، بۆ ئەم مەبەستەش نوسەرانی پۆست کۆڵۆنیالیزم لەو باوەڕەدان کە دەکرێت بەرهەمە کلاسیکیەکان جارێکی دیکە تاوتوێ بکرێنەوە و پەراوێز خراوەکان بکرێنەوە سەنتەر و جارێکی دیکە پێگەی خۆیان لە مێژووی جیهاندا بەدەست بهێننەوە، بەرهەڵستی ئەو شارستانیەتە ببنەوە کە ڕۆژئاواییەکان پێناسەیان کردووە، ئەو نووسەرانە باوەڕییان وایە بۆ گەیشتن بەم ئامانجە دەبێت سەرەتا ڕۆژهەڵاتییەکان باوەڕ بە خۆیان بکەن و متمانەیان بەخۆیان هەبێت و پشت بە کەلتووری ڕەسەنی خۆیان ببەستن و واز لە لاسایکردنەوەی کولتووری ڕۆژئاوا بهێنن، ئامانجێکی تری ئەم ئەدەبیاتە بریتییە لەوەی کە نووسەرانی ئەم ئەدەبیاتە ناسنامەی کولتووری کۆمەڵگا داگیرکراوەکان دەکەنە چەقی نووسینەکانیان و جەخت لە زیندووکردنەوە و پەرەپێدانی ناسنامەی نەتەوەیی دەکەنەوە، ئەمەش واتا ئەو نووسەرانە کار لەسەر زیندووکردنەوەی کولتوری ڕەسەنی وڵاتەکەی خۆیان دەکەنەوە.
لە درێژە و زیاتر ڕوونکردنەوەی پۆست کۆڵۆنیالیزم فیلمێکم وەکو نموونە وەرگرتووە، لە تێیدا ڕەھەندی پۆست کۆڵۆنیالیزم دەردەکەوێ، فیلمی (١٤ی تەموز) کە دەرھێنەرەکەی (ھاشم ئایدەمیر)ە، کاتی فیلمەکە (٢:٢٦)ە، لە ساڵی (٢٠١٧) بەرھەم ھاتووە نمرە (ڕەتینگ)ی (٤.٤) وەرگرتووە، زمانی فیلمەکە لە تورکی و کوردی پێکھاتووە.
چیڕۆکی ئەم فیلمە لە ڕووداو و بەسەرھاتێکی ڕاستەقینە وەرگیراوە، فیلمەکە باس لە زیندانی دیاربەکر دەکات لە ساڵی ١٩٨٠ بە دواوە، کە چەند چالاکخواز و شۆڕشگێر دەستگیر کراون لەلایەن سوپای تورکیاوە، ئەم چیڕۆکە باس لە کۆمەڵە کەسانێک دەکات کە تا دوا ساتی گیان بەخشینیان ئاشقی ژیانکردن بوون.
ئەم فیلمە بیری کۆڵۆنیالیزمی تورکیا بەرامبەر بە کورد دەخاتەڕوو، بیری ئەم فیلمە بۆ ئەو سەردەمانە دەگەڕێتەوە کە دەوڵەتی عوسمانی کوردستانی داگیرکردووە، پاشان دەسەڵاتەکەی نەماوە و دەیەوێت بەو شێوەیە بەردەوامی بە داگیرکارییەکەی بدات، ئەم فیلمە باس لە کوردانی باکور دەکات، لە چۆن تووشی ستەم و نەھێشتنی شوناسی بوونەتەوە لەلایەن تورکیاوە.
ئەگەر سەرنج لە ڕووداوەکانی ناو فیلمەکە بدەین بۆ دەستنیشانکردنی خاڵەکانی پۆست کۆڵۆنیالیزم، لە زۆربەی ڕووداوەکانی ناو فیلمەکە بە نھێنی زمانی کوردی بەکاردەھێنرێت، چونکە بەکارھێنانی زمانی کوردی قەدەغەیە، بێگومان کەلتوور بە گرینگترین و دەوڵەمەندترین سەرچاوەی نەتەوە و شوناس دادەنرێت، زمانیش بەشێکە لە کەلتوور، زمانی کوردی لەلایەن تورکیا بە ناشارستانی دواکەوتویی و بێ نرخ دانراوە و قەدەغەی کردووە، بۆ نموونە لەو دیمەنەی کە کەس و کاری زیندانیان سەردانی زیندانیەکان دەکەن، دایکی زیندانیێک بە کوردی قسەدەکات، لەو کاتەدا سەربازێکی تورک ھاواری بەسەردا دەکات و دەڵێت قسەکردن بە کوردی قەدەغەیە و بە پرچ لە دوای خۆی ڕایدەکێشێتە دەرەوە، قەدەغەکردنی زمانیش لە پێناو بنەبڕکردنی زمانی کوردی بووە و بۆ ئەوەی نەوەکانی داھاتوو فێری زمانەکە نەبن و بنەبڕ بێت.

زیندانەکەدا ئەشکەنجەی نامرۆڤانەی زیندانیەکان دەدرا، ئەشکەنجەکان لێدانی نامرۆڤانە و سوکایەتی کردن بە کەسایەتی و شوناس بوو، بە لێدان و ئەشکنجەدان کوردەکان ناچاردەکران کە بڵێن تورکم و سرودی تورکی بڵێن.
ژن و خزمەکانی چالاکخوازانیشیان ئەشکەنجە دەدا و لێیان دەدان و دەستدرێژیان دەکردنە سەر و شکۆی ئافرەتەکانیان دەشکاند، بۆ نموونە پرچیان دەبڕین و پیساییان دەکردە ناو خواردنەکانیانەوە.
یەکێکی تر لە کارە کۆڵۆنیالیزمەکانی تورکیا ئەوەبوو کە زیندانیەکان لە کاتی دادگایی کردنیاندا مۆڵەتی بەرگریکردن لە خۆیان پێنەدەدرا و نەیاندەھێشت قسە لەگەڵ پارێزەردا بکەن، مۆڵەتی سکاڵاکردنیان لە زیندان و سەرۆکی زیندانەکە نەدەدا و دەیان وت ئێرە دادگایە و پەیوەندی بە زیندانەوە نیە، لە کاتێکدا لە جاڕنامەی مافی مرۆڤدا ھاتووە کە ھەموو تاوانبارێک مافی بەریگری کردن لە خۆی و ئەشکەنجە نەدانی نامرۆڤانەی ھەیە، جگە لەوەش ھەندێک زیندانیان تووشی دانپێنانی زۆرە ملێ کرد، کارێک کە نەیانکردووە بە زەبری ئەشکەنجەدان ناچاریان دەکردن کە بیکەنە ئەستۆی خۆیان و لە دادگا لە دژی شۆڕشگێڕان قسەیان پێبکەن.
سەربازانی تورک فێڵ و تەڵەی جۆراوجۆریان بەکاردەھێنا بۆ ئەوەی بیری ئازادی لەلای کوردەکان دروست نەبێ و بیرە کۆڵۆنیالیزمەکەی خۆیان بەردەوامی ھەبێ، بۆ نموونە کاتێک زیندانیەکان بڕیاری مانگرتنیان دا، بە فێڵ و تەڵەکە ئەیانویست مانگرتنەکە پوچەڵ کەنەوە، چونکە ئەگەر کەسێک بە مانگرتنەکە گیانی سپاردبا، ئەوە پاڵەوان دروست دەبوو، (مەزڵوم دۆغان) کە کەسایەتێکی ناو فیلـمەکە بوو، خۆ سوتاندنی ئەو لە شەوی نەورۆزدا لە زیندانەکەدا ئێستاش لە دڵی کوردانی باکور سیمبولی ئازادی و کوردایەتیە، سەربازانی تورکیا ڕێگریان لەو بوونە پاڵەوانە دەکرد بە فێڵ و تەڵەکە.
تورکەکان بە وردی بە دوای تاوانی کوردەکاندا نەدەچوون، لە زیندانی دیاربەکردا تایبەتبوو بە ئەو کەسانەی لە دژی دەوڵەتی تورکی دەوەستانەوە و ئەیانویست شۆڕش بکەن بوون، بەڵام ئەوان بە ھەنجەت بوون بەرامبەر بە کوردەکان و تەنیا زانیبایە کە کەسێک کوردە بیانونیان بۆ گرتنی دەدۆزیەوە، بۆ نموونە لە فیلمەکەدا پیاوێکی بەساڵاچوویان دەستگیرکردووە بە بیانووی ئەوەی پەکەکەکان بە ناو زەویەکەی ئەودا ڕۆیشتوون، کە پیاوەکە بە ھۆی ئەشکنجەی زۆرەوە تووشی نەخۆشی دەروونی بوو و سەرەنجام گیانی دا.
سەربازانی تورکیا سیاسەتی (پەرتکە—زاڵبە) یان لە دژی زیندانیەکان بەکاردەھێنا، ئەم سیاسەتە وادەکات کە نەتەویێک تووشی داڕمانی کەلتوور و زمانی بێت، وڵاتانی داگیرکەر بەکاریدەھێنن لە پێناو درێژەدان بە داگیرکاریەکەیان، یەکێک لە میکانیزمەکانی ئەو سیاسەتە دانانی سیخورە لە ناو تاکەکانی داگیرکراوەکان، بۆ ئەوەی ئاگاداری پەیوەندی نێوان تاکەکان بن و دووبەرەکی و لێکترازان لە ناویان دروست بکەن، سەربازە تورکەکان سیخوڕیان لە ناو زیندانیەکان دادەنا و بۆ ئەوەی ئاگاداریان بن و ڕێگری بکەن لە پەیوەندی نێوانیان، بۆ نموونە لە نێوان قاوشی ژنان و پیاوان سیخوڕیان دادەنا و ڕێگریان دەکرد لە پەیوەندی نێوانیان و ھەواڵی درۆیان پێڕادەگەیاندن بۆ ئەوەی لێکترازان دروست ببێت لە نێوانیاندا.
لەم فیلمەدا ھەوڵدراوە ڕووە ناشرین و قێزەونەکەی داگیرکاری و نەژاد پەرستی بخرێتەڕوو و باس لە سیاستە کۆڵۆنیالیزمەکەی تورکیا کراوە بەرامبەر بە کوردان و خەبات و تێکۆشانی کوردانیشی خستۆتەڕوو.
شایانی باسە من لەو وتارەمدا ویستوومە بابەتیانە پۆست کۆڵۆنیالیزم ڕوون بکەمەوە و پڕاکتیزەی بکەم لەسەر فیلمی (١٤ی تەمووز) بێگومان پۆست کۆڵۆنیالیزم بابەتێکی فراوانە و ناکرێت بە وتارێک تەواوی بابەتەکە باسی لێوە بکرێ، بەڵام من ھەوڵمداوە بابەتە گرینگ و دیارەکانی کۆڵۆنیالیزم باس بکەم و لە فیلمێکدا پڕاکتیزەی بکەم، لە فیلمەکەشدا تەنیا سەرنجم لەسەر ئەو ڕووداوانە داناوە کە پۆست کۆڵۆنیالیزم تێیاندا دەرکەوتووە و بابەتەکەم پاراستووە لە بابەتی دەرەوەی پۆست کۆڵۆنیالیزم.

ئەم بابەتە لە ژێر سەرپەرشتی مامۆستا چاوەڕێ نیعمەت ئامادەکراوە\ زانکۆی سۆران

————————-

سەرچاوەکان:
١- ڕەنگدانەوەی پۆست کۆڵۆنیالیزم لە ڕۆمانەکانی فەرھاد پیرباڵدا، کوردستان عبدالوھاب نادر، نامەی دکتۆرا، ٢٠٢٢.
٢- پەیوەندی نێوان شوناس و خەباتی نەتەوەیی لە باکووری کوردستان: فیلمی زەر وەک نموونە، ئاریان سەلیم خدر، توێژینەوەی بەکالۆریۆس، ٢٠٢١.
٣- کوردستان کۆڵۆنییەکی نێودەوڵەتی، ئیسماعیل بێشکچی،وەرگێڕان: حەمە ڕەشید، سلێمانی، ٢٠٠٢.
٤- فیلمی (١٤ی تەمووز)، دەرھێنەر: ھاشم ئایدەمیر، ٢٠١٧.




ئەرێ بە ڕاست دنیا کاول دەبێت کاتێک کەسێک “خیانەتی هاوسەری” ئەنجامدەدات؟.. وەرگێرانی لە سویدییەوە: بەکر ئەحمەد

ئەوەی کە بە “خیانەتی هاوسەری” ناودەبرێت، بە یەکێك لە گەورەترین جۆری بێوەفاییەکان لەقەڵەم دەدرێت لە پەیوەندی خۆشەویستیدا.
سەیر لەوەدایە کە ئەم تێڕوانینە دیدێکی زۆر کورتبینانەیشە. ئاروزووی سێکسی ئینسان وزەیەکی هەتا بڵێی بەهێزە. هەربۆیەش ئیمکانی ئەوە هەیە کە هاوکات کێکەیش بخۆیت و لێیشت بمێنێتەوە. ئەمە پوختەی پەیامی “ڤێسنا پرێکۆڤیچ”ە لە لاپەرەی کولتوری ” داگێنز نیهێتەر”دا. دەربڕینی ئەوەی کاتێک کیك هەمووی خورا ئەوە شتێکی بەڵگەنەویستە کە هیچی لێ نامێنتەوە . بەلام خواردنی کێکەکە و مانەوەی کەمێکی لە زمانی سویدیدا، وەک ئاماژەیەک بۆ بوونی ئەگەری هەڵبژاردنێکی دیکە لە دۆخێکی واهیدا لێکدەدرێتەوە.
بەر لە خوێندنەوەی ئەم وتارە
دەربڕینی “خیانەتی هاوسەری” وەک چەمکێک بۆ سەرنجلێدان لەوەی کە کەسێک لە پەیوندییەکی خۆشەویستیدا ، کە لە زمانی کوردیدا ڕیک پەیوەستدەبێتەوە بە پەیوەندییەکی هاوسەرییەوە، مەیلی بەلای کەسی سێیەمدا دەچێت، هەتا بڵیی دەربڕینێکی بارگاویکراوە بە کۆمەڵێک بەهای نێگەتیڤ. “خیانەت” ئاماژەکان دەباتەوە بۆ سەر جەنگ ، ئەنجامدانی کارو کردەوەیەک کە ژیانی خەلکی دی پێوە تا ئاستی مردن و کوشتن نزیکدەخاتەوە. لادان لەو پەیامە کۆمەلایەتیانەی کە لادان لێی، ئینسان ڕووبەڕووی سزای توونددەکاتەوە. کاتێکیش جەندرمە بینراو و نەبینراوەکانی پارێزەرانی شەرەف لە پشتەوە ئامادەییان هەبێت، ئیدی دەربڕینەکە هێندەی دی خوێناوی دەکات بەرلەوەی بڕگەیەکی یاسایی لە ناوپەرەگرافی سزاکانەوە خۆی نیشاندابێت.
لە کاتێکدا لە زمانە ئەوروپییەکاندا، دەرئەنجامەکانی ئەم کردەیە وەک لای ئێمە بارگران ناکەوێتەوە و زیاتر لە پەیمانشکێنییەک نزیکدەبێتەوە کە لە خراپترین دۆخەکاندا بە جایبوونەوە تەواو دەبێت.
من کاتێک گوێم لە گۆرانییەکەی ماملێ دەبێ کە شیعرەکەی هێمن دەچڕێ:
لە نێو کوردا نەبوو پەیمانشکێنی
لەکوێ فێر بووی گوڵم پەیمانشکاندن.
هەستدەکەم کە دەربڕینی “پەیمانشکێن”ی دەربڕینێکی دروستتر بێت بۆ “خیانەتی هاوسەری”. چونکە لە ڕاستیدا دەربڕینەکانی وەفاداربوون و بێوەفایی کرۆکی باسی خیانەتی هاوسەریی پێکدەهێنێت و لە کۆمەلگای کوردیدا جگە لە توورەبوونێکی رۆمانسیانەی ناو گۆرانی و شیعری ئاشقانە هیچ زرنگانەوەی خیانەت بەو دەرئەنجامە نیگەتیڤانەوە لەلای کەس بەرهەمناهێنێ.
بەلام “خیانەتی هاوسەری” کە لە ڕاستیدا جۆریک لە پەیمانشکاندنە لەبەرانبەر بەڵێندانێکدا بە یەکتری لە پرۆسەی پێکەوەنانی خێزانیدا، ئەگەر کەمێک ئاقلانە مامەلەی لەگەڵدا بکرێ، دەکرێ بەجایبوونەوەیەکی سادە کۆتایی پێ بێت بێ ئەوەی دەمانچە و تؤلەسەندنەوە و ستیگمای کۆمەلایەتی بەرهەم بێنێ: “ژنەکەی فلانە کەس لەگەڵ کوڕەکەی فیسارە کەسدا دەستی تێکەڵکرد و بۆی دەرچوون” .
من لە وەرگێرانی ئەم وتارەدا، “خیانەتی هاوسەری”م بەکارهێناوە لەبەرانبەر ئەو کردەیەدا کە لە پەیوەندییەکی پێکەوەییدا، لایەنێکی پەیوەندییەکە بە ئاشکرا یان بەنهێنێ، پەوەندی لەگەڵ کەسێکی دیکەدا بەرقەرار دەکات. ئەویش ڕێک لەبەر ئەو ڕاستییە سادەیەی کە هیچ دەربڕێنێکی تر شک نابەم بۆ وەرگێرانی چەمکەکە. ئەگەرچی من پێموایە لە زمانە خۆرهەلاتیەکاندا و لە یاساکانی ئەم ولاتانەدا چەمکی خیانەت بەکاردەبرێت. ئەم وتارە ڕەنگە کۆمەککەر بێت بە تێروانینێکی نادراماتیکیانە بۆ سەرنجدان لە کردەیەکی واهی.
ڕەنگە “خیانەتی هاوسەری” هیچ شتێک نەبێت جگە لە کۆتایی خۆشەویستیەک و دووبارە دەستپێکردنەوەی خۆشەویستیەکی دی. ئەوەی کە لەم نێوەدا وندەبێت، تەرەفێکی ئەم هاوکێشەی پێکەوەییە، واتە یەکێکیان. بەلام خۆشەویستی درێژە بە ژیانی خۆی دەدات لەگەڵ کەسێکی تردا. ئەو پرسیارانەی لەم وتارەدا دەکرێن، ئازاردەرانەیە بەوەی ئەم پرسیارە دەخاتە ئاستی کردنەوە و دانپێانانێکی ڕاشکاوانەیشی تێدایە کە زۆر کەس جورئەتی وەلامدانەوەی نییە.
لە زمانی کوردیدا دەربڕینی: بەشەرەفم لەگەڵ ئایش دا وەک خوشک و برامان لێهاتووە” باشترین دەربڕینە بۆ نەمانی هێچ ترووسکەیەکی سێکسی و حەزو ئارەزوویەک بۆ یەکتری سەرەرای مانەوە لە نێوان ئەم چوارچێوە پێکەوە ژیانییەدا.
دەکرێ مێردی ئایش ئەم وزە خۆشەویستی و حەزە سێکسییە لە کەسێکی دیکەدا ببینێتەوە؟ دەکرێ ئایش چاوی بەلای کەسێکی دیکەدا بچێت و هەستبکاتەوە کە کەسێک ئارەزووی بۆی هەیە و دەکرێ ئاشق بێتەوە؟
ئەوەی لەم وتارەدا دەستی بۆ دەبرێت، ڕێک ئەم باسەیە. بەڵام لە کۆنتێکستێکی سویدیدا. بەڵام لێرەیش لە سوید وەڵامەکان بەسەر بەرەکانی “بەلێ” و “نا” دا دابەش بوو بوون.
ئەم پرسیارە، بە وەلامەکانی ئا یان نا نادرێتەوە. بینینی وێنەیەکی واهی بە ڕەشی یان سپێتی، ئاستی جەدەلەکان قفڵدەکات. دەکرێ وەلامەکان ڕەنگی غەیری ڕەش و سپی لەخۆی بگرێت، ئەمەش لە ڕاستیدا، کۆتایی جەدەلی ئەم باسە بوو لە لاپەرە کولتورییەکانی ڕۆژنامەکانی سویددا. واتا بینینی نیگایەکی لەم جۆرە بۆ تێروانین لە پرسیارەکە.

ئەرێ بە ڕاست دنیا کاول دەبێت کاتێک کەسێک “خیانەتی هاوسەری” ئەنجامدەدات؟
نووسینی:Vesna Prekopic
وەرگێرانی لە سویدییەوە: بەکر ئەحمەد
بلاوکراوە لە رۆژنامەی بەیانیان: Dagens Nyheter

لە باری تیۆرییەوە زۆر ئاسانە لە هەموو شتێک دڵنیا بیت. دواتریش لەو جیهانە واقعییە ئاڵۆزەدا ڕادەوەستیت و بۆت دەردەکەوێت کە هیچ نازانیت.
هەتا نەکەویتە دۆخێکی کۆنکرێتەوە لە پەیوەند بە هەڵبژاردنێکدا، کە تیایدا هەلبژاردنەکە نە ڕەشە و نە سپییە، بەلکو کەمێک خۆلەمێشییە، ئینسان بۆی دەرناکەوێت کە تۆ کێیت.
“خیانەتی هاوسەری” یەکیك لەو حاڵەتانەیە. کاتێک گەنج بووم، قەناعەتێکی بەهێزم هەبوو کە قەت لە “خیانەتی هاوسەری” نابوورم و سووریش بووم لەسەر ئەوەی کە قەت خۆم ئەو کارە ناکەم.
لەو کاتەوە تا ئیستا، هەم خیانەتم لێکراوە و هەمیش خیانەتم لە کەسانی دی کردووە.
هەتا چووبێتمە تەمەنیشەوە، زیاتر بیرم لەوە کردۆتەوە کە بۆچی “خیانەتی هاوسەری” تا ئێستاش بە یەکێک لە بێوەفاییە گەورەکانی ناو پەیوەندیی خۆشەویستی لەقەلەم دەدرێت؟
من تێدەگەم کە ئەمە دەربارەی جێگای خۆشەویستییە لە دروستکردنی پەیوەندی خۆشەویستیدا کە تیایدا پەیوەندی سیکسی بە تایبەت وەک پێشمەرجی پەیوەندییەکە سەیردەکرێت.
ئەمە ئەو دراوە گوومان هەڵنەگرتووەیە کە هەستە سیکسیی و چالاکییەکان، دەبێ تەنیا و تەنیا لەوێدا بن. ئەگەر ئەم چالاکیی و هەستە سێکسییانە، ڕوویانکردە شوینێکی دی، کەواتە هەڵەیەک لە پەیوەندییەکەدا هەیە وبەڵگەی کۆتای خۆشەویستییە.
سەیر لەوەدایە کە ئەم دیدە زۆر کورتبینانەیە، لەسەر بنەمای ئەو دیدە ڕۆمانسییەوە بنیاتنراوە کە ئەوە بە تەنها یەک ئینسانە کە دەبێ هەموو پێداویستییەکانی ئینسان ڕازی و جێبەجی بکات.
من پێموایە کە ئەمە ئیمکانی نییە و قەناعەت بەخۆمان دەکەین کە دەکرێ وابێ و ڕازیبوونی خۆمان ڕادەگەێنین بەوەی کە هەمانە.

سوید بە یەکێک لە سێکولێرترین دەوڵەتەکانی دنیا هەژماردەکرێت. بەشێوەیەکی گشتی، دۆگما ئاینییەکان دەستنیشانکەری ئەوە نییە شێوازی ژیانی تایبەتی خۆمان و بەها هاوبەشە کۆمەلایەتییەکان دەبێ چۆن بن. تەنانەت ماڵەکەی کڵێسایش، قبووڵكەری پێداویستییەکانی ئینسانی ئەمرۆی لەخۆیدا جێکردۆتەوە و بۆ کەسانێکی غەیری ئاینیش، لە رێگای رێکخستنی کۆڕی نووسەران و کۆنسیرتی جاز و کۆرسی فەلسەفە و تێراپی ئەنجیلەوە، کڵیسا بۆتە باخچەی کولتوری کاتی ئازادی ئینسانەکان. لەگەڵ ئەمانەیشدا، هەستدەکرێت کە قسەکردن لە “دە فەرمان”ەکەی موسا، هێشتاش لە وشیاری ئێمەدا بە تەواوەتی چەسپیوە و نەوە لە دوای نەوە دەگوێزرێتەوە. ئەمە بێ ئەوەی ئەوە لەبەرچاوبگیرێت کە کەسەکە هاوسەرگیری کردبێ یاخود نا.
مەبەست لە دوو لە دە فەرمانەکەی موسا:” تۆ نابێ خیانەتی هاوسەرگیری ئەنجام بدەیت” و” تۆ نابێ حەزت بچیتە سەر ئافرەتی نزیکی خۆت و ……هیچ شتێکی نزیکی خۆت”. (وەرگێڕ)
ئەوەی کە سەرنجی منیش ڕادەکێشێ ئەم “حەز”ەیە. لەو رۆژەوەی کە وزەی ئارەزوو و حەز لە منی داوە ئەگەرچی لەناو پەیوەندی پێکەوەیی خۆیشمدا بووم، من بەشوێن ئەو پرسیارەوە بووم کە بۆ دەبێ ئەم ئارەزوو سێکسییە جلەوبکرێت کاتێک ئێمە بەشوێن ئازادی ناو پەیوەندیەکە و ئازادی ناو چەندەها کایەی دیکەی ژیانەوەین. من ڕۆژ بەرۆژ ئەو قەناعەتەم لا دروستدەبێت کە ئەم وزە و ئارەزووە دەبێ وەڵامێکی ئەرێنی پێ بدرێتەوە بە جیا لە کۆنترۆلکردنی.
هەموو ئەوانەی کە ئەم وزەیەیان تاقیکردۆتەوە، کە ڕەنگە کەسانێک بە عاشقبوون ناوی بەرن، دەزانن ئەم هێزە داوای تەسلیمبوونێکی تەواوەتیت ڵیدەکات. ئەم هێزە لەشەکان دەخاتە لەرزە و بێ هیچ بەربەستێک بەرەو لای یەکیان رادەکێشێ.

من زۆر جاران لە ئاخاوتن لەگەڵ هەندێک لە هاوڕیکانمدا باسم لەم ئەزموونی نەبوونی کۆنترۆڵ بەسەر دۆخەکەدا کردووە. یاخود ڕاستتر باس لە هەستی پڕبوون لەوەی کە دەبێ بڕیاردەرانە بەشوێن ئەم ئارەزووەوە بم.
بەڵام ئایا ئەمە بەڵگەی ئەوەیە کە من بێوەفایم لەبەرانبەر هاوژینەکەمدا ئەنجامدابێت؟ بێگوومان وەڵام بە ئەرێیە بەلەبەرچاوگرتنی ئەو نۆرم و بەهایانەی لە کۆمەلگادا هەن. بەلام بۆ من، وەلامەکە بە نایە ئەویش لەبەر ڕۆشنایی ئەو قەناعەتەی کە ئەم جازبییەتەی باسیدەکەم، لە ناو ئەو پەیوەندییەوە سەری دەرنەهێناوە کە من ئێستا تیایدام.
لە یەکێک لە بەشەکانی ” دەربارەی خیانەتی هاوسەری” بەرنامەی” ماڵی فەلسەفە”ی کەناڵی یەکی ڕادیۆی سویددا، “کاترین ئەندێرسۆن” کە سۆسیۆلۆگ و لێکۆلەرەوەی پرسیارەکانی سیکسوالیتێتە، دەربارەی ئەو تێڕوانینە دەدوێ لە پەیوەند بە “خیانەتی هاوسەری”یەوە کە وەک بێوەفایی، پەیامنشکێنییەک سەرنجی لێدەدرێ. ئەو ئەم دیدو سەرنجدانە دەبەستێتەوە بە خەیال یان ئایدیای “پێنەگەیشتن”وە . بۆ ئەو، ئەوە شتێکی دیکەیە کە گەنجان دەیانەوێ و دەتوانن لەگەل کێدا سەرجێی بکەن، بەڵام کاتێک گەورە دەبن، ئامانجی بەرزی
“پێگەیشتن ” یان گەوەرەبوون، دەبێتە پێکەوەبوونی دووکەسییانەیە. من پێموایە “کاترین” راستی هەیە کاتێک ئاماژە بەوە دەدات کە ئێمە داوایەکی کەمتر لە گەنجان دەکەین، بەڵام هاوکاتیش دەربڕینەکەی ئەو ، جۆرێک لەسادەکردنەوەی تێدایە لە پەیوەند بەوەی کە پێی دەوترێت، “پێگەیشتن” . چونکە ئەو ئەم پرۆسەیە لە جڵەوکردنی غەریزەکانی لەشدا دەبینێتەوە. کاتێک عەقڵ دێتە ژوور، پاڵیک بە حەزەکانەوە دەنرێت، ئەم دەربڕینە بەکوررتییەکەی ئەوە دەگەێنێت. ئیتر ئەم گەمە نابەرپرسیارانەیە دەگۆرێت بە یارییەکی جدی. بەڵام بۆ من دەربڕینی “پێگەیشتن” یان گەورەبوون ، وەک تێگەیشتنێکە لە پەیبردن وکەشفکردنی بوارە جیاوازەکانی دیکەی ژیان بە بێ گوێدانە ئەو سنووردارکردنانەی ئەوانی دیکە دەیانەوێ دایبنێن. لێرەدا خاڵێکی ئەخلاقی لە ئارادایە کە دەڵێ کارێکی هەلەیە بە ئاگاهانە ئازار بە کەسێکی دیکە بگەێنی. لە ڕاستیدا هەرواشە کاتێک وەفاداری لە پەیوەندییەکدا درزی تێدەکەوێت.
نووسەری دانیمارکی ” لونی فرانک” لە کتێبەکەیدا:” خۆشویستن، سەبارەت بە سروشتی خۆشەویستی” دەنووسێ: بەوەی لە ئێستادا پەیوەندییەکانمان لە لایەن خۆمانەوە هەڵبژێردراوە و لەسەر خۆشەویستی بنیاتنراوە، بێگوومان ئازارێکی سەختتر دروستدەکات بۆ ئەو کەسەی کە “خیانەتی” لەبەرانبەردا دەکرێ. بە کورتییەکەی، تۆ خۆت منت هەڵبژاردووە، من، لە ئێستایشدا کەسێکی دیکە هەڵدەبژێری. بۆیەش ئاسانە وەک بەسووک سەرنجدانێکی خۆشەویستی خۆت بۆ من سەیربکرێت.”
بە تێروانینی فەیلەسوف ” یاکوب ڤێرک مێستەر” لەهەمان پرۆگرامی “ماڵی فەلسەفە”ی رادیۆی سویددا، ئەمە جۆرێکی دیکە لە ئازارە کاتێک ئینسان پێیدەزانێ کە ئەوی دیکە “خیانەتی هاوسەری” لەبەرانبەردا کراوە بە بەراورد بەوەی کە ئەوی دیکە پەیوەندییەکە کۆتایی پێدەهێنێت و جیا دەبێتەوە.
ئەمەی دواییان لە باری مۆراڵەوە دروستە. ئاخر ئینسان هیچ بەرپرسیارێتییەکی مۆراڵی نییە کە لە پەیوەندییەکدا بێت، بۆیەش هیچ کارێکی هەلە ناکات کاتێک کۆتایی پێدەهێنێ. بەڵام کردەوەکە جیاوازە کاتێک کەسێک “خیانەتی هاوسەری” ئەنجامدەدات.
بەڵام ئایا ئەمە لە واقیعدا ڕاستە کە ئینسان بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی نییە لەبەرانبەر ئەو پەیوەندی یان خێزانەی کە هەڵیبژاردووە کە بەشێک بێت لێی؟
سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە ئەم دید و بۆچوونانە هێشتا درێژە بەتەمەنی خۆیان دەددەن لە کاتیكدا نۆرمی دوانەیی پێکەوەبوون رۆژانە لە لاوازبوونی خۆیدایە. بۆ نموونە خێزان پێکەوەنان لەمڕۆدا کارێکی بێگووماناوی نییە، چ وەک وەک پرۆژەیەکی پێکەوەژیانی دووکەسی ژنێک بۆ پیاوێک.
لەمڕۆدا شیوازەکان هێندە زۆرن کە ناوهێنانی وەک خێزانێک کە لە منداڵانی پەیوەندییە پێشووییەکانی هەردوو تەرەف پیکهاتووە وهەموان پێکەوەن، یان مۆدێلی خێزانی هاورەگەزی هەردوو تەرەف یان ئەو دایکانەی کە منداڵیان لە رێگەی IVF وە دروستکردووە. سەیرەکە لەوەدایە کە هێشتاش کەسانێکی زۆر هەن کە پێیان سەختە کە جیاکاری لە نێوان ئارەزووی سێکسی وئەو پەیوەندییە مۆنۆگامییە کۆمەلایەتیدا بکەن کە هەیانە. (مۆنۆگامی بەواتای رێپێدان بەوەی کە پیاوێک تەنها بۆی هەیە ژنێکی هەبێت. پێچەوانەی پۆلیگامییە کە بە فرەهاوسەری ناسراوە و لە کوردوستاندا بە فرەژنی ناسراوە. لە کاتێکدا لە هەندێک کولتوری تردا پۆلیگامی فرەپیاوێش دەگرێتەوە.) وەرگێڕ.
دەوترێت کە پیاوان زۆر جار پەنادەبەنە بەر “خیانەتی هاوسەری” لەبەر پێداویستییە سیكسییەکانیان. لە کاتێکدا بۆ ژنان لە خراپی ئەو پەیوەندیەدایە کە لە ناویدان.
ئەگەر ئەمە بەمانای ئەوە بێت کە پیاوان دەتوانن جیاوازی لە نێوان ئارەزووی سیکسی و مانەوە لەنێوان هەمان پەیوەندیدا بکەن، من ئامۆژگاری ژنان دەکەم کە فێرببن و ئەوە ببینن کە ئەوانیش دەتوانن ئەم جیاوازییە بکەن، ئاخر هەردووکیان، ئارەزووی سیکسی و پەیوەندییەکە دوو پێداویستی جیاوازبەیەک پڕدەکەنەوە.
بێگوومان دەیەها هۆکار هەن کە وادەکات پەیوەندیت بە تەنها بە تاکە کەسێکەوە هەبێت. پەیوەندییەک کە تیایدا هەستەکان و سەقامگیری ئابووری، بەرپرسیارێتی و هۆگری بۆ پرسیارەکانی یەکدی بە تایبەت لەگەڵ کەسێکدا کە بە قوڵی خۆشەویستییەک لە نێواندایە و ئینسان دەیەویت تا کۆتا بێت. بەڵام وەک چۆن پزیشکی دەروونی وتێراپێفتی پەیوەندییەکان “ئێستەر پارێل” باسیدەکات، لەوانەیە ئەوەی کە خۆشەویستی و شەهوەتی حەزلێکردن بەرهەمدەهێنێ هەمان شت نەبن”. ئەوەی کە ژیانەوە بە حەزی ئینسان دەبەخشێت و هەموو ئەو شتانەی دی کە ئێرۆتیک لەنێوان ئینسانەکاندا دەگەشێنێتەوە، لە زۆر کاتدا ئەو شتانەیە کە خێزان لە بەرانبەریدا سەرسەختانە خۆپارێزی لێدەکات.
ژیانی خێزانی، دووبارەبەرهەمهێنانەوە، رۆتین و دەرئەنجام دەخوازێ. لە کاتێکدا ئێرۆتیک، لەسەر ڕازونیاز، پێشبینینەکراوی و سۆپرایس دەژی. ئەمە بەشێک لە قسەکانی خانمی بەلجیکی “ئێستەر پارێل”ە لە رۆژنامەی “داگێنز نیهێتەر”ی رۆژی ١٠ دیسیمبەری ساڵی ٢٠١٧دا. ئەو ئاماژەش بەوە دەداتەوە کە بۆچوونی هاوسەرگیرییەکی پڕلە سۆزهەمیشە پڕ لە دژایەتی بووە.
لە کتێبی:” ترس لە فڕین”ی “ئێریکا یۆنگ:دا کە بە یەکێک لە کلاسیکییەکانی ئازادی سێکسی لەقەلەمدەدرێت لە ساڵی ١٩٧٣دا، ئەو ڕێک و ڕەوان دەنووسێ: ئەگەر کەسێک پیاوەکەی خۆیشی خۆشبووێت، ناکرێ ئەوە نەهێنرێتە پێشچاو کە ڕۆژێک دێ سیکسکردن لەگەڵ ئەودا هیچ لەزەتێکی تیانامێنی و لە خواردنی پەنیرێکی شل دەچێت. خواردنی ،جێگایەک دەگرێ بەلام تەزوویەک بە گلاندەکانی تام و چێژدا ناهێنێت و تووشی لەرزلێهاتنت ناکات.دوای ئەوەش ئینسان ئارەزووی هاتنی رۆژێکی دیکە و تامێکی دیکەی لەزەتبەخش دەکات.”
لەوە دەچێت ئێستا زۆرتان بڵێن: بیبڕەوە و تەوای بکە!
ئاخر پەیوەندییەکی خێزانی دەکرێ پڕ بێت لە ئیرۆتیکاش سەرباری منداڵ، جلشۆشتن، قاپشۆرین و هەموو ئەو ماندووێتیانەی دیکە کە دەکرێ وزە سێکسییەکان وەڕەزبکات. ئینسان دەکرێ کارێکی زیاتر لەگەل ئەوەدا بکات. لە راستیشدا هەروایە، ئینسان دەبێ بەتەنگ پەیوەندییەکەوە بێت و کاری بۆ بکات بەڵام چی دەکەیت کاتێک هیچ حەزێک لەیەکتریدا نابینرێتەوە؟ دەکرێ ئینسان جیا بێتەوە لە کاتێکدا ژیانێکی خۆشەویستانەیشیان پێکەوە هەیە؟ وەڵام بە ئایە ئەگەر ئینسان پییوابێ بەختەوەری لە پەیوەندییەکەدا لەسەر سێکس ڕاوەستاوە و بێ سێکس شایەنی درێژەپێدان نییە، باشرە کە جیابوونەوە هەڵبژێردرێت. ئەگینا رێگاچارەکە دەبێتە ئەوەی درێژەدان بە پەیوەندییەکە بەبێ سێکس و گەڕان بەدوای سێکسدا لەدەرەوەی پەیوەندییەکەدا. من پێموایە کە “ئێستەر پیرێل” ڕاستدەکات کە سۆزداری و پەیوەندییەکی درێژی پێکەوەیی ناکرێ بەیەکەوە ببەسترێن. لانی کەم هێشتنەوەی وەک ئەوەی کە دەبێ. من پێموایە کە ئێمە دەبێ وازبێنین لە گاڵتەکردن بەو خەیاڵەی کە ناکرێ پەیوەندییەکی سۆزداری بە هەمان شێوازی عاشقبوونەوە بهێڵرێتەوە کاتێک قۆناغی عاشقبوون بە یەکتری بەرەو کاڵبوونەوەی خۆی دەچێت. لەوە دەچێت ئەم سۆزدارییە توندوتوڵە لە دەرەوەی ئەم پەیوەندییە بەردەوامەی ئێستادا بێت.
هەر ئەمەشە کە وادەکات خەڵکانێکی زۆرلەم هەستپێکردنەدا بەشداربن. بۆ “لۆو فرانک”، رێژەی ئەوانەی کە جارێک ئەم کردەوەنەیان ئەنجامداوە- لە خۆرئاوادا دەگاتە نێوان ١٥٪ و ٧٥٪، بێگوومان بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە چۆن دەکرێ “خیانەتی هاوسەری” پێناسە بکرێت. ئاخر چەندەها هۆکاری جۆراوجۆر هەن ئینسان والێدەکات پەنا بەرێتە بەر “خیانەتی هاوسەری”. ئەو لەپەیوەند بەوەی کە بۆچی خۆی “خیانەتی هااوسەری” ئەنجامداوە بەمجۆرەی خوارەوە تاقیکردنەوەی خۆی دەگیڕێتەوە: ” لە دۆخی ئەمریکادا، کەیسەکانی خیانەتی هاوسەری زیاتر لەسەر حەز و تامەزرۆیی بۆ ئەوی دی بووە وەک لە سێکس و هەندێکی دییان لەسەر دۆخی هەستکردنە بەوەی دی لە کاتی سەرخۆشبووندا”. من پێموایە ڕاستییەکی زۆر لە دەربڕینەکەی ئەودا هەیە و هاوکاتیش هەستێکی هەر ئاوا سەرخۆشانەیە کاتێک دەتەوێت کەسێکی دیکەت بووێت.لەوانەیشە هەر لەبەر ئەوەیە بۆ ئەوەی تۆ ببیت بە کەسێکی دیکە ، ئەوەی کە خۆتی ڕاستەقینەیت. یانی بوونەوە بە خۆ.
ئارەزووی سێکسی وزەیەکی هەتا بڵیی گەورەیە. ئێمە خۆمان پێ بەختەوەرترە کاتێک هەست بە وزەی خۆشەویستی دەکەین. بۆیە دەبێ خۆمان پێ بەختەوەر تر بێت کاتێک لە ژیاندا بۆ جارێکیش بێت هەست بەم وزە گەورەیەی خۆشەویستی بکەین. تۆ کاتێک کەسێک دەبینی کە ئارەزووی لێتە و تۆش بەهەمان شێوە، بە دوای ئەم تەوژمەدا بڕو. ئاخر ئەم هەستە بە هەموو کەسێک بێدارناکرێتەوە.
ئەوەش بزانین کە ژیان کورتە. لە تەمەنی درێژی ئینساندا، بێ هیچ دوودڵییەک کەسانێک پەیدا دەبن و دێنەسەرێ کە ئینسان ئارەزووی سیکسی بۆیان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا نامانەوێ ئەم حەزو ئارەزەووەی خۆمان بەجێبگەێنین چونکە پێمانوایە کارێکی نەکردەیە کە ئارەزووە ڕۆحی و جەستەییەکان دەکرێ ڕازی بکرێن. یان هەر لە بناغەوە پێمانوایە کە کارێکی وا ئیمکانی کردنی نییە، چونکە ئەمە یەکێک لە گوناحەکانە. بەڵام وەک چۆن ئیمکانی هەبووە و هەیە کە نۆرمەکانی خێزان دەبێ چۆن چۆنی بێت و تیكبشکێنرێت، بە هەمان شێوەیش دەرفەتی ئەوە هەیە کە شەبەقێکی گەورە بکرێتە جەستەی ئەو تێروانینەی کە پێیوایە ناکرێ کێکەکە بخۆیت و لێت بمێنێتەوە. بەلام بۆچی ناکرێت؟.
لینکی وتارەکە لە رۆژنامەی DN
1- Är det verkligen hela världen att vara otrogen? – DN.SE




ئەزموون وەك ئاخاوتنێك لەناو ژیان، مانیفێستی شیعری نوێبەخشی.. سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

لەناو كۆمەڵگای كوردیدا هیچ سەرچاوە و وزەیەكی ئەدەبی بە ئاستی شیعر نەبووەتە بنەمای پەیوەندی و مایەی بەرهەمهێنانی بیركردنەوەی چالاك، واتە: ئەندێشەی چاك، كرداری چاك، گوتاری چاك. هەروەها بەو پایە كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەش پەسند نەكراوە و نەدرەوشاوەتەوە.
گیانی زمانی دەربڕینی كوردیش، تا ئێستا هەر بە تەنیا لەناو پرۆژە شیعرییەكاندا زیندووە، كوردیش ویستی شیعر نووسین و هەستیاریی شیعری زۆر بەهێزە، تواناكانی خۆی تێدا تاقی دەكاتەوە، هەڵكەوتە كۆمەڵایەتییەكەشی وەریدەگرێت و ڕەوایی بە بەردەوامبوون و پەرەسەندنی دەدات، داهێنان بە وەرگرتنی قووڵایییەكانی ژیان بەرهەم دێ، لەم بەرهەمهێنانەشیدا ژیان دەخاتە ناو پرۆژەی دۆزینەوەوە.
ئەگەر دەربڕینێكیش لە فۆرمی ئاستدار و تیشكۆی خۆماڵییەوە دانەچۆڕابێتە ناو بوون و زەمینەی تەواوی دەربڕینەوە، بەهیچ شێوە و كەشوهەوایەك ناتوانێت نوێبەخش بێت و بێتە ناو پرۆژەی دۆزینەوەوە.
بۆ شاعیری نوێبەخش وەرگرتنی قووڵایییەكانی ژیان زیندووبوونەوەی زمانە، زمانی دۆزینەوەش زمانێكی یەك ئاراستەیی نییە، بەپرسیاری زۆرەوە لە ئاستە هەمەچەشنەكانی خۆی دەكۆڵێتەوە، قووڵایییەكان هێزی وشە و ئەزموونی تێدا نوستووە، لە دەربڕیندا ئەم هێزە تاقی دەكرێتەوە و دێتە ناو پرۆژەی دۆزینەوەوە، لەو چركە زیندووەی مرۆڤ خۆی لێ ئاشكرا دەبێت و دەزانێت كێیە، لەم چركەدا: زمان دەبێتە هەست و سۆز و مۆسیقا و خەون.
بەشێوەیەكی سەرەتایی نوێبەخشی لە ژیان و بیر و بیركردنەوەی كۆمەڵگا دەركەوتووە و هەنگاوی بۆ نراوە، بنەماكانی گۆڕان بەرەو پێداویستییە هاوچەرخەكان و هۆشیاری دەبێتە پێوەری دۆزینەوەی ئەدەبی، هەروەها نوێبەخشی هۆ و ئامانجە بۆ پەیوەندیكردن بە چالاكییەكانی ژیانەوە، بەشێك، بەشێكی لابەلاش نییە لە ژیان. ڕاستەوخۆ ناوكی ژیانە، مرۆڤ لە باروبواری بەختەوەریدا وەك خوداوەندێكی ڕاستەقینە دەژێنێت، ئەفسانە و ئەفسوونێكی واشی تێدایە گیان و جەستە لە بڵندی بحەوێنێتەوە.
بابەت ورووژاندن و شێوازی شاعیر هەستكردنە بە چركە زیندووەكانی ژیان و شۆڕبوونەوە بۆ ناو ناواخنی سروشت و لەدایكبوونی وەرزەكان و گونجان و تەبایی نێوانیان. واش بەرانبەر ڕابهێنێ هەست بەم شۆڕبوونەوە و گونجان و تەبایییەی نێوانیان بكات.
هەستی نووسینیش بە ساتەوەختی زۆر ناسك، یان زۆر دژوار تێدەپەڕێ. تێڕوانینەكان ئاڵوگۆڕیان تێدەكەوێ و دەڕسكێن.
شیعری ڕاستەقینەی خاوەن جیهانبینی، كە خودی مرۆڤ دابڕێژێتەوە، لە ژیری و پەند و سۆز و تاسە و ترپەی گەرمیی دڵ و خەونی ڕۆمانسییانە بەدەر نییە، ئەگەر شیعریش ڕووت كرایەوە لە ژیری و پەند و سۆز و تاسە و ترپەی گەرمیی دڵ و خەونی ڕۆمانسییانە بە هیچ جۆرێك ڕاستەقینە و خاوەن جیهانبینی نییە، كە خودی مرۆڤ دابڕێژێتەوە.
شاعیری نوێبەخش هیچ كاتێك چاوەڕوانی هاندان و ستایش ناكات، هەر كاتێكیش چاوەڕوانی هاندان و ستایشی كرد، ئەوە بڕوای بەوە نییە ئەوەی كە نووسیویەتی خۆبوونی و داهێنان بێت. دەربڕینی نایاب بەهۆی كرداری گەیاندن و هۆشیاریی زمانەوە لە ئاستی ئاسایی دەپەڕێتەوە بۆ ئاستی ئێستێتیكا و خۆبوونی، دەبێتە خاوەن پرسیار لە نێوان وریاییی زمان و وریاییی ئاخاوتن.
زمانی ئێستێتیكا، شێواز و ئەدگاری خۆی لە دەربڕینكردن و دەربڕینەوە وەردەگرێت. لە ئەزەلەوەش گیان، گیانی جەستەیەكە شێوەیەكی دیاریكراوی چركە زیندووەكانی بۆ ژیان و نەشونما دۆزیوەتەوە، شێوازیش ناوەند و گیانی نووسەرە، هیچ گیانێكیش بۆ جەستەیەكی دیكە وەرناگیرێت.
شێواز و شیعرییەت و زمان، ئەزموون بۆ دیاردەكانی ژیان و وێناكردنی كۆمەڵگا پێشنیازیان دەكات، دیاردەكانی ژیان و وێناكردنی كۆمەڵگاش پەیوەندی بە هەموویانەوە هەیە، بەشدارین لە چالاككردن و بەڕێوەبردنی، پەیامی هونەریی مرۆڤگەلێكە، كە هەوڵی سڕینەوە و لەبەینبردنی ئەو شتانە نادات، كە ژیان دەخەنە باروبوارێك بەرگری لە بە ژیانبوون و ئازار و ئازادیی خۆی دەكات.
ژیان و بوون و دنیاش لەناو شیعری نایاب و ئێستێتیكی و خۆبوونیدا نوێن، لەناو ڕۆشنبیریی كوردیدا نوێبەخشی هێشتان بە ڕوونی شوێنی شیاوی بۆ نەكراوەتەوە، ئاخاوتن لەبارەیەوە دەبێتە هەرا و زەنا، پێویستە ئەو بڕیارانەی لەم بارەیەوە بوونەتە مایەی سەرنجی كەمەیەكی كەم، بە ئاستێكی دیكەوە بخرێنە ناو ئاخاوتنەوە.
ئایا ئاخاوتنەكانمان لە خودی نوێبەخشیی دەقەوە دەرچوونە، یان لە دەرەوەی دەقەوە وەرگیراون و لە جەستەی تەنك و ناسكی دەقدا پراوەی پێدەكەین، كە جەستەی تەنك و ناسكی دەق هیچ پراوەیەك وەرناگرێت جگە لە پراوەی گیان نەبێت.
نووسینێك گەیشتبێت بە ئاستی دەق، پەیوەندیی ئاستداری چارەنووسسازی بە ئێستێتیكا و خۆبوونییەوە هەیە، كە هەمیشە وەك سەرچاوەیەكی ڕوون، هێزێكە بۆ بەرهەمهێنانی سەرچاوەی دیكە، بەرەنجامی خودێكی هەژاو و هۆشمەند و وریایە. بەشێكیش لە خودی هەژاو و هۆشمەند و وریا گەیشتوون بەو هەقیقەتە، كە شیعر بگەڕێتەوە ناو سۆز و هەست و ڕوونی و ئاشكرایی لە دەربڕیندا، ئەمەش وەك دیاردەیەك پێویستە بخرێتە ناو ئاخاوتنەوە. زۆر جاران گۆڕانكارییە ڕەچاونەكراوەكان كاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر چۆنیەتیی بیركردنەوەی كۆمەڵگا و بیر و دەربڕینی تاكی نووسەرەوە هەیە. دەبێتە بابەتی نووسینەكانیان، بەڵام نابێتە مانای ڕوون و دیار، بگرە لە چێژدا دەبێتە سرووشی مانا و چالاكیی وێنە، سرووشی مانا و چالاكیی وێنەش شاعیر لەوە نزیك دەخەنەوە بچێتە ناو جیهانبینیی تەسەوفەوە و لەو جیهانبینییەوە پەی بەنهێنییەكان ببا و بە هەقیقەت بگات، واتە: شاعیر پەیبەر و شیعریش پەیپێبراو.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین

جیایی
پانتایی جیاكارم لە بەرهەمەكانمدا خوڵقاندووە، لە پانتایییەكدا دەستنیشان ناكرێم. ئەرێ لە پانتایییە شیعرییەكاندا، دەچمەوە سەر چ پانتایییەكی خۆ تایبەتیكردن. تایبەتكار بۆی هەیە تەواوی هەبووەكانی، كە توانای كاریگەرییان تێدا دەركەوتووە، ڕاكێشێتە ناو بیركردنەوەی چالاكی، كە بەردەوام هێما و هێماپێكراو بەرهەم دەهێنێت. لە یەك كاتیش لەناو هەموو پانتایییەكاندا كار بكات و دەستیان بۆ ببات.
بەرانبەر بە ئاگایی خۆم جەنگاوەرێكی مەشقكردوو و ئەهلی زیندووێتی دڵ و یەكێـتیی ئەشقم، پانتایی ئێستێتیكا و ڕێبازی وردبوونەوەم لە ژیانمدا هەڵبژاردووە، دەمەوێت بە ڕاناوی نادیار زمانی تێدا هەستیار بكەم، هەستیاریی تەواوی زمانی كوردی لە شیعری كلاسیكیماندا تواوەتەوە و دەركەوتووەتەوە. كاتێك شیعری كلاسیكی دەخوێنمەوە هەست دەكەم تەواوی زمانی كوردی ڕووبەڕووم وەستاوەتەوە. دەمباتە ناو جیهانێك، كە قسەی لەبارەی دۆزینەوە و چركە زیندووەكانی بوون كردووە، نەك گێڕانەوە. خەون و ناوەندی وشە: هەوڵدانن بۆ خۆناسین. لە ماڵی گەورەی شیعردا هەموومان پێكەوە داوای شیعرییەت و زمانێكی نەرم دەكەین، ئەو داوایە وزەی گەشەكردنی كرۆكیجوانی و بەرزكردنەوەی ئاستی هەقیقەتی گیانی و درامای ژیانە. نەرمیی زمان لە نەرمیی ئەو كەرەستەوە دێت، كە دەربڕینی لێدەكات، زمان شانەیەكی زیندووی زۆر قووڵە لە جەستە و پێكهاتەی مرۆڤ لە گۆڕانی دید و پەیوەندییەكاندا.
جیاییی تاقیكردنەوەی من ئەوەیە: جیهانی پارچە پارچە دەخوڵقێنم و پەیوەندیی هێما و هێماپێكراویش دەپچڕێنم و دەستنیشانیان ناكەم. سەرچاوەكانی نووسین و ئاستەكانی دەنگ و تێبینیكردن و سەرنجدانم، لە جوانیی بێگەرد و بێ هاوتای ژیان وەردەگرم، دەگمەن و تاقانە دەبن بە هێما و هێماپێكراو.
شیعر چەند بچێـتە ناو ژیان و دنیای خودایی و هەقیقەتی ڕۆژگارەوە، هێندەی دیكە گیانی تا هەتایە پەروەردە دەكا و دەیپارێزێت و ئەفسانە و ئەفسوون لەخودی خۆیەوە برەو پێدەدا.
شتێك لە نووسین، كە وەك ئەزموونێك پێشكێشم كردبێـت، بەكاربردنی زمانی خەونە بۆ زمانی نووسین و ڕاچەناندن و چالاككردنی ناخی پڕ توانایی و یادەوەری. دواجار تواندنەوەی چالاكییەكانی بیر لە هەستیاریی نووسیندا.
چامەی درێژی فرە دەنگ و ئاستدار، پرۆژەیەكی كامڵە و لەسەر ئاستی بوون و كرانەوەی بەردەوام ڕادەوەستێت، سروشتی دایكی هەستەكانمە، ئاسۆیەكی ئەفسانە و ئەفسوون ئاسایییە، ناتوانم لێی دەربازبم، بە كامڵترین فۆرمی شیعریی دەزانم و پەیڕەوی دەكەم، لە ڕایەڵ و تانوپۆی ڕستەكانیدا توانای جووڵاندنی فرە دەنگی و فرە پەیوەندی دەڕسكێت. مانا و زمان دەگەڕێتەوە ئەو ئاستدارییەی هێزی نووسین ئاشكرای دەكات و دەیهێنێتە گۆڕێ، واتە: قووڵبوونەوە بە ناخی بیندراو و شەپۆلی كات و شوێن سیمای بوون.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین.

فرە دەنگی
ڕوانینی گەردوونی بار و بوار بۆ گەشەسەندنی شیعر دەڕەخسێنێت، ببڕای ببڕ پەیوەندیی بە شۆڕشی گەیاندن و فۆرمەكانییەوە نییە. خەیاڵ و ئەو ئاسۆیەی جیهانی بەهۆیەوە وێنا دەكەیت، لە دەرەوەی كەناڵەكانی ڕاگەیاندن كاری شیعرییەت بەڕێوە دەبەن، لە كەڵك وەرگرتن: دەست واڵا و دیموكراسین، سەرسامیی خۆشیان بە نەشونمای نوێبەخشیی گیانی ژیان ناشارنەوە.
دەتوانین لەوە دڵنیابین، كە شیعر هەموو سەنگایی ساتە وردەكانی بە تەنیا خستە سەر هەڵقوڵانی خەیاڵ، وەك بەرزایی و ناوەندی كاریگەر چووە ناوی و كرۆكی ژیانی بە هۆیەوە وێنا كرد. بێگومان لە باروبوارێك نزیك دەبینەوە، شیعری تاك دەنگی دەبێتە خۆنیشاندانێك و دەربڕین لەو باروبوارە بێهێزەدا.
دەكرێ لە بچووكبوونەوەی دنیا لە بینینی شاشەدا، یان هەر فۆرمەكی گەیاندنەوە، شیعری فرە دەنگ لە چنین و ڕایەڵ و تانوپۆی توند و تۆڵی ببێـتە جێگرەوەی خەیاڵ، وەك بەرزایی و ناوەندی كاریگەر.
لە شیعری فرە دەنگیدا خەیاڵ ڕەگەزی سوودبینینە، بەرزایی و ناوەندی كاریگەر نییە. نیشاندانی باوەڕ و گیانی كراوە و دەوڵەمەندیی ئەم شێوازە، بەئەندازەیەك لە چیرۆك و شانۆنامە و ڕۆمان و داستان و ئەدەبی پەخشاندا بە ئاشكرایی دەگاتە لووتكەی بینین و تێگەیشتنی ڕوون.
لە شیعری درامیدا گفتوگۆ لەگەڵ هەست و ئەقڵی خوێنەر و شاكەس و كەسایەتییە جۆراوجۆرەكان دادەمەزرێنێت، هاوتایییەك دەدۆزێتەوە لەباری نووسیندا پەیڕەوی دەكات. لە پێكهاتە و بنەمای منی شیعریدا پێكدێت و دەبیندرێت، خۆی لە منی تاكە كەسی شاعیر دەكشێتەوە، ڕۆڵ و ئاستی شاكەس و كەسایەتییە جۆرا و جۆرەكان و چێژێك دەگەیەنن، چێژی ئاراستەكراوی شاكەس و كەسایەتییە جۆراوجۆرەكان و واتاناسی.
زۆرێك لە شیعری ئیمڕۆمان، لەسەر سیستمی تاكدەنگی منی شاعیر وەك ڕەگەزێكی كارپێكەر بەڕێوە دەچێت، ئەم شێوازەش وەك هونەر هەرچی پێبوو بەخشی، چاوەڕوان ناكرێت هونەرێكی كاریگەری پێ مابێت بۆ بەخشین و سەرسامی، چونكە هیچ شتێك ڕوونادات قسەكەر یەك قسەكەرە و پانتایی نووسینەكەی داگیركردووە، هەروەها بوونی شیعریش وەك شێواز و شێوە دەخاتە مەترسییەوە. لە كارایی و زیندوویی و هێز دووری دەخاتەوە، كە كارایی و زیندوویی و هێز باروبوارێكن هەمیشە زیندوومان دەكەنەوە و سەرچاوەی سەرسوڕهێنەرن.
یەكەمین كردەی هەستیاركردنی زمان، ڕستەكان بە مەبەستی گەیشتن بە چاوگە دەنگییەكان درێژ دەكاتەوە، چاوگە دەنگییەكانیش هەمیشە ئاگایی زمان تێیدا دەبێتە باروبواری ڕاستەقینەی نووسین و وزەی ترپە و ئاواز، لەم باروبوارەیەوە هەستیاریی زمان ڕوو دەدات. چەند ترپە و ئاوازێكی لێ دەبێتەوە بەناو خۆیدا دووبارە پەخش دەبێتەوە، جۆراوجۆریی ترپە و ئاواز: خەسڵەت و مۆرك و ماكی ناسینی ئەم چەشنەن، پشت بە وێنەهێنانەوەی یەك لە دوای یەكیش نابەستێت، زیاتر گێڕانەوە دەكاتە خۆبووژانەوە و دەركەوتن و ئاراستە وەرگرتن.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین.

دەستكاریكردن
دەقەكانم، ئەوانەی چاپم كردوون و ئەوانەی چاپیشم نەكردوون، هەمیشە لەسەر مێزی كاركردن دەستیان بۆ دەبەم، هەر چەند ڕستەیەكیان دەستكاری دەكەم و چەند لاپەڕەیەكیان دەخەمە سەر و چەند لاپەڕەیەكیشیان لێ لادەدەم. تا ئێستاش نەگەیشتووم بەدوا داڕشتنیان. ئەو هونەر و دڵەڕاوكێیەی دەستكاریكردنەش لە كاركردنی بێ وچانی كاتژمێر، گواسترایەوە ناو باروبواری دەروونیی شاعیریەتیی من.
كاتژمێر تەكان دەدا بەرەو ناو دەقی كات. دەقی كاتیش هەمیشە ئەو چركەیەی جوانە تێیدا چاوەڕوانیت، كە هێز دەخاتە ئەو چركەیەی بۆی دەڕوات، ڕۆیشتنی منیش هەمیشە بەرەو دەقی شیعرییە. هەموو شتەكانی كاریگەرییان بە نەشونمای ژیانەوە هەیە. لە زەینمدا ئامادەیان دەكەم و دەیانكەم بە بەشێك لە چالاكییەكانی بیركردنەوەم. دەستكاریی بەردەوامیش كارێكی دروستە بۆ نووسەری پڕ توانا و ئەزموونی پەڕینەوە، بۆ ناو پرسیارەكانی، كە بوون بەیەك جۆر دەستنیشان ناكەن، بەرگری و دەربڕین لە داهێنان دەكەن، چونكە هەر جارێك، كە دەستكاری دەكات، بەو نیازە بە تەواوی ژیان لەناو دەقەكەیدا ببینێت، یان ژیان بە تەواوی بهێنێـتە ناو دەقەكەیەوە و بیگەیەنێت بە ئاستی خەونی نووسین. ئەویش یەك لە مەحاڵەكانی نووسینە، نووسین هەوڵدەدات بۆ مەحاڵ، مانەوەش لەناو ئەو مەحاڵە سووربوونی نووسەرە بۆ بینینی ژیان بە تەواوی لەناو دەقی بێگەرددا.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین

شاعیر
شاعیر، سەر گەرمییەكانی خۆی لە سنووری بیركردنەوە و جیهانبینییەوە دەست پێدەكات و گیان و هەستەكانی چالاكە بەگشت جوانییە هاوبەشەكان. ئاراستەی ئاڵۆزكردنی جوانییە هاوبەشەكان نییە. سادەكردنەوەیەتی، بەرپرسە بەرانبەر بەرزبوونەوە و ڕسكاندنی ڕوانینی پڕ شیعرییەت و جووڵەی ئاخاوتن لە زماندا، پەیوەستیشە بەوەی پەیوەندییەكانی نێوان جوانی و فۆرمەكانی كۆمەڵگا وەك پرۆژەیەكی پەرەپێدان و پەرەپێدراو وەربگرێت.
كاری گوتار دامەزراندنیش لە پەیوەندییەكانەوە بكاتە وێنەیەكی ڕاستەقینەی ئەزموونكراوی هەقیقەت و بەهای مرۆڤ. لە هەمان كاتدا لە تواناكانی دەربڕیندا بەرزیان بكاتەوە ناو ڕایەڵ و تانوپۆی ڕستە و ترپە و ئاوازی ویژدانیان، لێیەوە وەك نیشان و نیشانە پیشانیان بدات، هەروەها دەسەڵاتی هەستیاریشی بەسەر ئاشكراكردنی چارەنووسی جوانی لە شێوازی نادیاردا، پشتگیر و پاڵپشت لە بەرزبوونەوە و بەهێزكردنی و داكۆكی لە مانەوەی بكات.
تەوەرەكانی هەست و سۆز و خەون بخاتە گەڕ بۆ هێشتنەوەی بەردەوامیی چێژی گیانی. جوانی وەك ڕەگەزێكی چالاك و بنیادنەر، لە پێكهاتەی دەقدا بكاتە ناوەندی بەیەكگەیشتنی پەیوەندییەكان و باوەڕهێنان بە هەقیقەت و تواناكانی ژیان. بۆ واتای ڕاستەقینەی لەناو دەوروبەرێكی بێ هێز لە هۆشیاریی فیكریدا، ئاكار دابڕێژێت. بەدواداچوونی مێژووی گیان و ئەوانی دیكە و چاونەترسیش بەرەو ڕووی ئەم ئاكار داڕشتنە بكاتە ماڵی هەر هەموومان و گەوهەر و ناوكی هونەری مانا دەرنەكەوتووەكان لە چركە زیندووە دەگمەنەكان هەڵداتەوە.
كردەی نووسین وەك سەرەتایەكی هەمیشەیی و خاڵە یەكتربڕەكانی كات و شوێن بپارێزێت. بە فراوانییەكی ئاستدار و كاریگەریش بانگەوازی لایەنداریی تەواوی ڕابگەیەنێت، دواجار بە ئاستی بەهای مرۆڤ بیناسێنێت، بپرسێت ئەرێ ئاستدارییەكانی شیعر و مرۆڤ چین، لە واقیعدا جێبەجێیان بكات و جێی پەسندی بن. تا چەند توانیویەتی جوانی و هونەر بگەیەنێتە ئاستی ژیان و دركاندن و بەهای مرۆڤ.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین.
فەرهەنگ
وشە لەناو فەرهەنگدا بە یەك مانایی سنووردار و پابەندە، باروبواری هەڵكۆڵینی نەماوە و چەسپاو و جێگیر و نەگۆڕە، لەسەر ئاستێكی چەسپاو و جێگیر و نەگۆڕیش پەیوەندی بۆ دەستنیشان كراوە، واتە: لەناو ژیان و بزووتنەوەی بەرەو پێشچوون كار و چالاكی لێ وەرگیراوەتەوە و خانەنشین و لاكەنارە و ئاستداری لێ وەرگیراوەتەوە.
شاعیر لە وشەكانی ناو ژیاندا دەچێتە كەشی زاڵ و ڕۆشنی خۆیەوە، وشە لە ساتێكی وردەكارانەدا لە ژیان ئەزموون دەكات. شیعریش، هێز لە خودی زمان وەردەگرێت، بەزمانی ناو ژیانیش شیعرییەتی دەڕژێتێ و پەیوەندییەكانی بە جیهان دەبەستێتەوە، كار و چالاكیی وشە گەرمەكانی ناو ژیان، وشە بێ هێزەكانی ناو فەرهەنگیان لە خەیاڵگەی نووسەری خودوریا دەربەدەر كردووە. هەست بە نائومێدییەكی ترسناك دەكەم لەو وشانەی لەناو فەرهەنگاندا وەنەوز دەدەن. دوای گواستنەوەیان بۆ ناو ڕستەی شیعریی كتوپڕ خەوی دووبارەكردنەوەی لێ دەكەوێت. لەباری دووبارەكردنەوەشیاندا، بچووكتر دەبنەوە. دەستەواژە لەناو فەرهەنگدا خۆشباوەڕ و بێ ئومێدە، بەیەك مانایی دڵی داكەوتووە و فۆرمەكانی كۆتایی پێهێناوە.
شاعیریش لەناو فەرهەنگدا سڕ دەبێت و وێناكانی كورت دەهێنێت، نەك سەرسام. لە وشەكانی بەردەست و زەینی خۆیەوە دەست پێدەكات و ئاسۆی هاندان و فەزای زاڵ دەبێت. ڕۆشنبیرانی ئەكادیمی و فەرهەنگنووس و زمانەوان لە وشەكانی ناو فەرهەنگدا كار و چالاكییەكانیان بەرهەم دێنن. لە فەرهەنگدا ئاستی جیاكاری زمان نییە. هەموو داهێنانێكی زمان لە ئەدەبدا لە دەرەوەی فەرهەنگ ڕوودەدات، دەقی نایابیش لە كرۆكدا لە پەیوەندیی زمانەوە هێز و سەركەوتن وەردەگرێت، ئاسۆیەك هاندەریەتی، ئاسۆی ئاستداری و پێكهاتە و پێكهاتن.
لەناو مێژووی ئەدەبدا، ئەدەبێك نییە لە وشەكانی ناو فەرهەنگەوە سەركەوتنی بە دەست هێنابێت، بۆیە فەرهەنگ لای من بووە تەلیسمێكی بكوژ، زوو خۆم لە قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی دەرهێنا. ژیان فەرهەنگی شیعرە، هەر شاعیرێكیش هانا بۆ وشەكانی ناو فەرهەنگ ببات، نامۆیی و دەستەپاچەیی خۆی بە شیعر ئاشكرا دەكات. مامەڵەی لەگەڵ وشەی ئامادەكراوە، بایەخی ساتە هۆشیارییەكانی ناوەوەی خۆی لە دەست داوە، واتە: ڕۆڵی بەكارهێنانەوەی لەبیرچووەتەوە و هەست بە كاریگەریبوونی ناكات. ئەگەر نووسینێكی ئەدەبیش ساتە هۆشیارییەكانی ناوەوەی نووسەر، خرۆشانی تواناكان و چالاكیی نەبووبێت. دەقێكی بەتاڵە لە ئەفسانە و ئەفسوون و هۆشیاریی نووسین.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین

ناونیشان
زۆر نییە لەناو ڕەخنە و لێكۆڵینەوەی ئەدەبی كوردیدا ناونیشان وەك بابەتێكی سەربەخۆ و گرینگ، بەهای پێبەخشراوە و مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت. لە هەموو باروبوارەكانیشدا ناونیشان و ناوەرۆك دەچنەوە سەر یەك ماك و بنەما، ئەویش ناوەندە، واتە: دەقەكە، ئەگەر ناونیشان داهێنان بێت، دەبێتە هەستگەرمی و سرووشێك، داهێنانێكی تر بەدوای خۆیدا دەهێنێت. هەڵبژاردنی لەسەر بنەما و بیرۆكەی: ئەفسانە و ئەفسوون هەڵبژاردنێكی هۆشمەندانە و داهێنەرانەیە، لە وێنە و سرووش و دەربڕیندا بەدەردەكەوێت و وزەی ئەو هەستە دەدۆزێتەوە، كە لە ناوەرۆكدا بەدواداچوون و هەنگاو هەڵێنانە بۆ كۆكردنەوەی تاڵە تیشكەكان و وزەی ڕاستەقینە و هەوێنی شیعرەكە. لە ناوەرۆكدا دەقی نوێبەخش یەكەیەكی یەكگرتووی تێدا نییە، چونكە ژیان پارچە پارچە بووە و جۆرێك هەڵوەشێندراوەتەوە. هەندێك جار پارچەكان لێك دوورن و هەندێك جاریش لێك نزیك. گرینگ ئەوەیە لە هەردوو باروبواری لێك نزیكی و لێك دووریی پارچەكان هەرەم و دەربڕینی ژیانن و بنەمایەكی پەیوەندییان هەیە. هەست بە پچڕانی پەیوەندیی نێوان ناونیشان و ناوەرۆك ناكەین. ئەم دوو باروبوارەی لێك نزیكی و لێك دووری دابەش دەبن بەسەر دوو خاڵدا:
خاڵی یەكەم: ئەو دەقەی، كە دەقێكی نوێبەخشە یەكەیەكی یەكگرتووی تێدا نییە، ناونیشانەكە دەبێتە تاڵە تیشكێك لە ناوەرۆكەكەدا.
خاڵی دووەم: ئەو دەقەی، كە دەقێكی ئاسایییە یەكەیەكی یەكگرتووی تێدایە، ناونیشانەكە دەبێتە ڕامانی سەرەكی و بە تەواوی جەستەی دەقەكەدا شۆڕ دەبێتەوە و دەبێت بە ڕایەڵ و تانوپۆ، لە ناونیشانەوەش درێژە بە شیعرەكە دەدات ناونیشانەكانی من وەك تاڵە تیشكێكن بۆ مانا و ناوەرۆكی دەقەكان. نەك وەك ڕامانی سەرەكی بەتەواوی جەستەی دەقەكەدا شۆڕ بووبێتەوە، هەروەها تاڵە تیشكەكان لەخۆیدا كۆ دەكاتەوە.
ناونیشان ناتوانێت ڕایەڵ و تانوپۆی ناو دەق ڕێكبخات، لەبەر ئەوەی ئەو خۆی هەوڵدەدات بە زمانێكی نەرم لەگەڵ ڕەگەز و توخمەكان پەیوەندی دروست بكات و هاوگونجان پەیدا بكات، لە ناوەڕاستی هەشتاكاندا: (ئەحمەدی مەلا) زێدی خۆی: (زەردك) بۆ ناونیشانی كۆشیعرێكی بەكارهێنا. ئەمە دەستپێشخەری و دیاردەیەك بوو لە ناونیشانی كۆشیعری كوردی، زۆریش بەجوانی گەیشتووە بە ناوەندی خۆبوونی داهێنان.
بەشێك لەناونیشانی كۆشیعری كوردی بەلامەوە وردبوونەوە و مەودایەكی هونەری و دۆخگۆڕن و سەرسامبوومە پێیان، نەشمتوانیوە سەرسامیی خۆم بەرانبەریان بشارمەوە، ئاستێكی باڵایان بەدەقەكان داوە و هۆكارێك بوونە لە هۆكارەكانی داهێنان و گەلێك پنتیش لە ناوەرۆكدا ڕووندەكەنەوە، ئەو ناونیشانەی سەرسامیان كردووم ئەمانەن:
یەكەم: سەمای بەفری ئێواران – ی جەلال بەرزنجی.
دووەم: سووتان لەبەر باراندا – ی ڕەفیق سابیر.
سێیەم: تەمە سپییەكانی ڕۆح – ی كەریم دەشتی.
چوارەم: هێلانەی نغرۆ – ی مارف عومەر گوڵ.
پێنجەم: تاڤگەی مەند – ی نەژاد عەزیز سورمێ.
شەشەم: كاتێ قامیش بەئاگا هات بووبووە بلوێر – ی سامان دزەیی.
ناونیشان بەلای منەوە بەسەر سێ دۆخ و ئاستدا دابەشدەبێت و تێدەپەڕێت: ئەوەی لێرەدا وەك بار و بوار و دۆخگۆڕین، بەجۆش و ئەمەكەوە دەمەوێ ئاماژەی پێبدەم. ناونیشانی: (خەون وا خۆی گێڕایەوە)یە. سرووشی ئەم ناونیشانەم بەجۆش و سرووشێكی دووربەدووری ناونیشانی: (زەردەشت وا دوا)ی نیتشەوە لا دروست بووە و لە داڕشتنیدا هاوگونجانێكم بەكارهێناوە، هەروەها ناونیشانی: (كاتێ قامیش بەئاگاهات بووبووە بلوێر)، لە سروشت و سرووشی دێڕە شیعرێكی: (مەولانا جەلالەدینی ڕۆمی، لە سروودی نەی) وەرگیراوە. ئەوەی من گەرموگوڕییەكی زۆر شاراوەیە، ئەگەر خۆم ئەم گەرمی پێبەخشینەی ئەزموونی خۆم نەهێنمە بەرباس، كەس هەستی پێناكات و خاڵێكی هاودەقی لێ نادۆزرێتەوە، چونكە زۆر بە ئاگایییەوە لە ناوەندی ناونیشانەكەی نیتشەوە بەهرەم وەرگرتووە و چوومەتە دەرەوە، یان ناونیشانەكە لە سەرسامیی خۆی وەستاندوومی و بەڕێی خستوومەوە بۆ دروستكردنی سەرسامی خۆبوونی خۆم. هەرچی سامان دزەیییە لە ناوەندی دێڕەكەی ڕۆمی نەچووەتە دەرەوە و ماوەتەوە، هەروەها ئەوەندەی من ئاگاداربم، واشبزانم ئاگایییەكی ڕوون و وردم لە شیعری نوێی كوردیدا هەیە. وشەی (ئاو)، وەك ناونیشان یەكەم جار: (سامی شۆڕش) لە ژمارە (1)ی بڵاوكراوەی (نۆبەرە)، ساڵی 1970 بەكاریهێنا، شیعرێكی تێدا بڵاوكردەوە بە ناونیشانی: (بووكی ئاو). ئەم ناونیشانە بۆ سەرەتای حەفتاكان ناونیشانێكی دۆخگۆڕ و كاریگەر بوو، پاش چوار ساڵی: (عەباس عەبدوڵڵا یووسف) بەجۆرێك لە جۆرەكان وەریگرت، یان گواستییەوە، كردی بە ناونیشانی نامیلكەیەكی بەناونیشانی: (ئاو). جا نازانم ئەم شێوازی وەرگرتنە دەچێتە چ خانەیەك، وەرگرتن، یان گواستنەوە، یان … تاد، بەڵام هەندێك ناونیشان هەیە. دەقاودەق وەرگیراوە، یان گواستراوەتەوە، یان … تاد، (بەفری گەرم – الثلج الحار) لە بنەڕەتدا ناونیشانی ڕۆمانێكی: (یوری بونداریف)ە، (غائب طعمة فرمان) وەریگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی. (نەوزاد ڕەفعەت) لە ساڵی 1992، دەقاودەق وەریگرتووە، یان گواستوویەتییەوە، یان … تاد، كردی بە ناونیشانی كۆشیعرێكی خۆی، هەروەها ناونیشانی بەزەبر زەمینەیەكی كاریگەر و ترپە و ئاوازی مانەوە لە مێشكدا دەهێڵێتەوە و واقیعی خۆی تێدەپەڕێنی، دەبێتە واقیعی خواستراوی نووسینێكی تر، یان دۆخگۆڕینێك. نموونە: ناونیشانی كۆشیعری: (گوڵە بەدەكان)ی بۆدلێر، ناونیشانێكی ئێجگار ناسراوە و كاریگەری و زەمینەی كاریگەر و ترپە و ئاوازی مانەوەی لە مێشكی: (نەوزاد ڕەفعەت)دا جێهێشتووە و بە بێ هیچ ئاماژەیەك لە شیعرێكیدا، جا بێ ئاگایی بێ، یان بەئاگایی بەكاری هێناوە: (شەڕی گوڵە بەدەكانی باخی ئیرەم. گۆڤاری ڕامان، ژمارە 50. ل: 128) ناتوانین لەم بارەوە لە وردەكاری بەراورد بكۆڵینەوە، لەبەر ئەوەی دۆخگۆڕین نییە. گواستنەوەیە.
من هەروا بە سادەیی ناونیشان وەرناگرم و بە قووڵی و وردبینییەوە، فەزای زاڵی دەخوێنمەوە و جێگای بایەخمە، ناونیشانی دۆخگۆڕ واتای جیابوون و جیاوازییە. لەو دۆخەوە خوێنەری نموونەیی تێدەگات نووسەر قووڵبینە، یان ڕووكەش.
ویستم لە ناونیشاندا كارێكی تایبەتمەند پێشكێش بكەم، لە جێگای پیت و دەنگدا وێنەبكێشم، واتە: ئەگەر ناونیشانی شیعرێكم: (باڵندەی مەلەوان) بێت. لە شوێنی ناونیشان وێنەیەكی ماسیگرە، یان قورینگ … تاد، بكێشم. لەیەك كاتدا هەم شێوەی وێنە و هەم نیشانەی نووسین بدات. ئەو ویست و هەوڵەم تەنیا وەك بیركردنەوەیەك مایەوە و جێبەجێم نەكرد، پێكهاتەی شێوە كاركردنەكەشم بنیاد نابوو. جێبەجێ نەكردنەكەشم تەنیا لەبەر ناكارایی و ئاستی شارەزانەبوونی نەخشەسازەكانی ڕۆژنامە و گۆڤارەكان بوو.
ساڵی 1993، هەوڵێكم لە شێوازی ناونیشان پێشكێش كرد. شیعرێكم بە ناونیشانی: (سەباح)، لە ژمارە (460ی پاشكۆی ئەدەب و هونەری كوردستانی نوێ)دا بڵاوكردەوە. مامەڵەم لەگەڵ چوار توخمەكەی بوون، وەك پێكهاتەی گەردوون و جەستەی خۆم كردبوو. (با، خۆڵ، ئاگر، ئاو). لە هەر بەشێكی سەربەخۆدا ناوی توخمە مامەڵە لەگەڵ كراوەكەم وەك ناونیشانی لاوەكی لەژێر بەشەكە دانابوو، نەخشەسازی ڕۆژنامەكە هونەرمەند: (هەڵگورد جوندیانی)، ئەم شێوازی ناونیشانەی بە ڕیزپەڕ و نامۆ زانی، بەنابەدڵی كاری تێدا كرد، ئەنجام هەوڵەكەی منی بە تەواوی نەگەیاند. لە دوای بڵاوبوونەوەیدا، بۆم ئاشكرا بوو ئەم شێوازە سووریالییە فەرەنسییەكان لە سەرەتای دروستبوونیان پێشكێشیان كردووە. ئەم هەوڵەشم وەك سەرەتایەك مایەوە و لێی دووركەوتمەوە، بەڵام ناونیشان بەوێنە وەك پرۆژەیەكی دواخراو لام ماوەتەوە و لە كۆشیعرێكم تا بۆم بكرێت و بتوانم پێشكێشی دەكەم، دەشزانم لە شێوە كاركردنەكەمدا بەرەو كوێ دەڕۆم و چ هێڵ و هێمایەك دەكەم بە ناوەند.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین

مانیفێست
وەك پرۆژەیەك مانیفێستی شیعریی خۆم ڕاگەیاند، بۆ ئەوەی ئەم ڕاگەیاندنە ببێتە پاڵپشت و تیشكۆ بۆ ئەزموونی شیعریم. مانیفێست و خۆڕوونكردنەوە، پەنجەمۆر و ڕوانینی تایبەتیی نووسەرن، بە كەرەستەیەكی خەمڵیو و ئەزموونێكی ڕاستەقینەوە بەرانبەر نووسین و ئاسۆی چاوەڕوانی نووسین. بۆ نووسین و گەڵاڵەكردنی، بە قووڵی سەرجەم دەقەكانی خۆم بە توانای گۆڕان لە ژیان و هونەر، هێنایەوە ناو زەینم. لە مەودای خاڵی لاوازی، تا خاڵە سەرسوڕهێنەكانی ئەزموونم وەرگرت، بەوپەڕی هۆشمەندی جیاكاریی هەستكردن لە مەوداكانی مامەوە و تێفكریم، تا بووە پرۆژەی باش بیركردنەوە و گفتوگۆیەكی ڕۆشن. بنەماكانیم لە شەوق و كاكڵە و ناخی ئەو مەودایانە دۆزییەوە، كە لە واقیعی نووسیندا هێناومەتە گۆڕێ. ئەو واقیعەی چۆنیشی بیر لێ دەكەمەوە و دەیجووڵێنم.
پێش نووسین بیر لە مانا ناكەمەوە، دوای نووسین مانا دەدۆزرێتەوە، هەروەها بیر و ڕاكانی ڕامگەیاندوون، هەموویان لە دەقەكاندا شوێنی ژیربێژی و ئەو ئاماژە و نیشانانەی تێیدا بەرهەم هاتوون، ئاشكران. چارەسەری هەندێك لە هەستە ڕۆمانسییە سەرەتایییەكانیشم كردوون، هێڵم بە ژێر دێڕە لاواز و سەرسوڕهێنەكانی كێشاون. خەونم كردووە بە فۆرمی دەستپێكردن و دووبارە گەڕانەوە بۆ واقیعێكی دامەزراوی خەونی.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین

قۆناغ
شیعر وەك درێژبووەوەی قۆناغی پێشتری وەرناگیرێت، لە هەندێك ڕەگەزدا یەك دەگرنەوە، لە زۆر ڕەگەزیش تەواو ئاستیان دەكەوێـتە نێوان، دژی قۆناغ و ڕێباز و قوتابخانە و دابەشكردنم، دەقی داهێندراو بەسەر تەواوی ژیاندا دابەش دەبێت.
ژیان و خوێندنەوەی ڕووداو و دیاردەكان بەیەك ئاراستە نایەن، بە جیاكاری بیری یاخی و كەرەستەكانی شیعری لە كەشی شێوە گۆڕیندان، ئاستیش بەرەو گۆڕان و تێكەڵاوبوون وەردەگرن. هیچ قۆناغێكیش ناتوانێت قۆناغی پێشەخۆی تەواو لەناو خۆیدا ون بكات، داهێنانەكانی لە گۆشەیەكی تەنگەبەر گەمارۆ بدات. جیاكارییەكان سروشتین. جیاكارییەكانی ئەو قۆناغ و ئەزموونانەی لە داهاتووشدا دەبنە هۆ و مایەی گفتوگۆی گۆڕانكاری هەمدیس هەر سروشتی دەبن.
شیعر لە زماندا ڕەونەقی شیعرییەت بەدەست دەهێنێت، زمانیش بە ئاراستەی هاتنی، ئاستی گۆڕان و تێكەڵاوبوون وەردەگرێت.
ئایا زمانی قۆناغەكانی ژیان درێژەپێدەر و دووبارەكردنەوەی یەكن. بە جیاكاریی ئەو دەستكەوتە هونەرییانەی لە ئاكامی پەرەسەندنی بیر و پێویستییە كۆمەڵایەتی و شارستانییەكان ئەزموون كراون و دامەزراون، یان بابەت و مەبەستەكان شێوازیان دەگۆڕێن و نیشانەكانی هەست پێدەكرێن. زمانی شیعر، شیعرییەت لە زمانی قۆناغێكی دیاریكراو وەرناگرێت، واتە: زمانی شاعیرێك، لە زمانی شاعیرێكی ترەوە دەست پێناكات، هەموو سەردەم و مەوداكان ڕادەكێشێتە ناو بازنەی بەڕێوەچوونی خۆی، هێز دەڕژێنێتە ناو تەكانەكانی بۆ بەكاربردن و ئاماژە ژیربێژییەكان.
هیچ قۆناغێك نابیندرێت، داهێنان تاجی لەسەر هێمایەكی دلێری نەنابێت و ئەستێرەیەكی بەرهەم نەهێنابێت. نموونە: قۆناغی كلاسیكی تاجی داهێنانی خستە سەری: (نالی). قۆناغی یەكەمی نوێبەخشی، تاجی داهێنانی خستە سەری: (گۆران). لە قۆناغی دووەمی نوێبەخشیدا، ئاستێكی تر دێتە گۆڕێ و ناتواندرێت داهێنەرێك وەك تاك و ئەستێرە دەستنیشان بكرێت و هەموو هونەرەكانی تێدا كۆبووبێتەوە.
نموونە: هەندێك فۆرم و شێواز و گوتاری شیعریی لای: (لەتیف هەڵمەت) هەیە. لای: (ئەنوەر قادر محەمەد) نییە. هەندێك فۆرم و شێواز و گوتاری شیعرییش لای: (شێركۆ بێكەس) هەیە. لای ئەوانی تر نییە، یان هەندێك فۆرم و شێواز و گوتاری شیعریی لای : (فەرهاد شاكەلی) هەیە. لای هیچێكیان نییە، كەواتە: لەم قۆناغەدا فۆرم و شێواز و گوتاری شیعری پەرەی سەندووە و ئاستی كۆی وەرگرتووە، تاك وەك ئەستێرە و هێمایەك وەرناگیرێت. فرە هێمایی هاتووەتە ناو داهێنانی شیعری كوردییەوە، بەڵام لە قۆناغی كلاسیكی و قۆناغی یەكەمی نوێبەخشیدا، هەموو هونەرەكان لە هەریەك لە: (نالی و گۆران)دا كۆببوونەوە. بۆیە تواندرا وەك تاك و ئەستێرە دەستنیشان بكرێن. لەگەڵ ئەمەش قوتابخانە و قۆناغ و ڕێباز و تەوژم … تاد، لەناو دەچن. تەنیا شیعر، شیعری بێگەرد. بە پلەی یەكەم دەمێنێتەوە. درێژەپێدان و مێژوویی نین. هەندێ باری قووڵی سەرسامی تەسەوف لە شیعری ئەمڕۆ دەبیندرێن و دەربڕین لە ژیان دەكەن.
سیماكانی لە قۆناغی كلاسیكی ڕەونەقیان بیندراوە، وەك پێویستییەك لەمڕۆدا ئەزموون دەكرێنەوە، ئەو پێویستییە ونبوونی نوێبەخشی نییە لەناو كلاسیكدا، ئەو شتانەی لە ڕۆژ و ڕۆژگاری خۆیاندا بەرەو بە ئەدەببوون دەچن، شتەكانی لەناو كۆمەڵگادا ئەدەبن و ئەوانی تواناشیان تێدایە ببنە ئەدەب، دەقئاوێزان بە جیاكاریی، بنیادی دامەزراندنە. هێڵی ڕوونی ڕوانینەكان بخاتە باری قووڵبوونەوە و سیما هاوبەشەكان بناسێنێت. زمانی جیاكار، ترپە و ئاوازی جیاكاری لێ دەبێتەوە. شێوەكانی دەربڕینیش لە ترپە و ئاواز وەردەگرێت. وەك فۆرم و پێكهاتەی ڕستە بەندیش جیاكارییەكان بەرەو چەندین ئاراستەی جیاكار ڕاماندەكێشن و بە كارامەیی بە گەڕمان دەخەنەوە بۆ دوانەخستنی ژیان، كە ژیان خۆی كردەیەكی دواخراوە. خاوەن فۆرم و توانایەكی سەرسوڕهێنیشە.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین

پێویستی
من چێژ لە سەردەمی خۆم، واتە: چركە زیندووەكانی ئێستا وەردەگرم و بە ئاسۆ و دوورییەكی گەرم و ئاسوودەی دەزانم، ڕۆژ و ڕۆژگارەكانی تێدا بەناویەكدا دەچن و بەیەك دەگەن، خۆم فریو نادەم بە ڕابردوو و داهاتووەوە، ئەمە منی دوورخستەوە لەوەی شیعری خۆسووركردنەوە و هەڵوێستی دروستكراو بنووسم. ئەدەبێكی بە كاكڵ و زیندوو، لە گومانی ناڕوونی ڕابردوو و داهاتووەوە بەرهەم نایەت. لەم لێوردبوونەوەوە هەستم بۆ ژیان و هەڵبژاردنی شتەكانی دەوروبەر، پێكهێنان و شیكردنەوە هەڵوێستی وەرگرت. شەپۆلی هۆشیاری لە ناخمدا خۆی هەڵاوێشت و بەڵگەی ئەوەی پیشان دا، لە ناختدا پەیامبەرێك خوڵقاوە پێویستی بە دەربڕین و نووسینی كتێبێكە بۆ هەمووان، كتێبی بۆ هەمووانی من شیعرە، شیعری بێگەردیش پەیامی نییە، بەڵام مانا و سرووشی هەیە، واتە: هەست بكەیت شتێك هەیە و بیرت پێدەكاتەوە.
لەو خرۆشانەی خەون و واقیع و ژیان داوایان لە گیانم كرد، پێویستە كۆمان بكەیتەوە، خاڵی بەیەكگەیشتنمان شیعرە. فەزای زیندووی پەیامبەریەتی لە بوونم ڕسكا. گۆڕانێكی ڕیشەیی لە ڕوانینە سەرەتایییەكانم بەرپا بوو، بەڵام لە ڕووبەڕووبوونەوەیەكی گیانیی یەكەمین ئامادەبوونی نووسین لە سەلیقە و چێژمدا چەخماخەی دا. خۆی وەك كاتێكی بەرجەستە لە بینین و نووسین پیشان دا. ژیان و مەرگم لەناودا كردە سەرمەشقی پایەداربوون.
سروشتی دەربڕینیش دەگۆڕێن، هەندێ جار واقیع و ژیان جێدەهێڵم و دەچمە ناو خەون. هەندێ جاری دیكەش خەون جێدەهێڵم و دەچمە ناو چركە زیندووەكانی واقیع و ژیان. ئەم جێگۆڕكێكردنە بیركردنەوە و گفتوگۆ و بینین و دەروونم ئازاد دەكەن و دەچمە ناو كەشی نووسین، واتە: دۆزینەوەی واقیعی نووسین. نووسینیش لە هەموو شوێنێكدا هەیە، لە هەندێك شوێندا بەڕوونی و سادەیی، لە هەندێ شوێنی تردا بە نیمچە ڕوونی، لە هەندێ شوێنی تریشدا بە شاراوەیی. تا لە بۆشایییەكانیش پێویستە شاعیربم، لە مردنیشدا وەڵامی پێداویستییە شیعرییەكان بدەمەوە. سوپاس بۆ خودا چارەنووسی لەدایكبوونم لە وڵاتێكدا بووە، شیعری تێدا شتێكی جەوهەری و خۆشەویستە.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین

ڕەخنە
نووسین لەبارەی دەقەكانم ڕێكخراون، ئایا بوونەتە هۆیەك لە دید و دیدگایانەوە بە خۆمدا بچمەوە، ڕەخنە ئامرازێكە بۆ باش تێگەیشتن لە ئەدەب، جۆرە سەرلێشێوانێك بۆ خوێنەر بەدی ناهێنێت. سەربەخۆیی دەق و خوێنەر گرینگە، كردەیەكی شارستانی و زانستییە، ڕۆشنبیر سەداسەد خۆشحاڵە پێی، بەڵام لەو ڕەخنانەی وەك مەبەست ڕایدەكێشمە ناو ئەو نووسینەوە یەكێكیانم بۆ دەستنیشان نەكرا پسپۆڕانە لەناو دەقێكم بە پرۆگرامێكی ئەكادیمی، یان خەیاڵێكی داهێنەرانە كاری كردبێت و بەشێك لە كردەی ڕەخنەیی لەناو خۆیدا هەڵگرتبێت. كەم ئەزموونی و كەم و كورتیی دەقی منی خستبێتە بەردەم كۆمەڵێك نیشانەوە، یان خوێنەری خستبێتە خوێندنەوەیەكی تایبەتییەوە، كە پشت بە میتۆدەكانی ڕەخنەگر ببەستێت.
ئەو دیاردانە وامان لێدەكەن بپرسین، ئەرێ ئەم نووسینانە بۆ ڕێكدەخرێن. هەقیقەت لە كوێیە. ئایا هیچ لەو نووسەرانەی، كە ڕۆشنبیریی خۆیان ئامادەیی لە نووسینە ڕێكخراوەكەدا نەبینیوە، توانیویانە پەیوەندییەكانی نێوان دەقەكانم بخوێننەوە و خۆیان تێیدا ئامادە بكەن بۆ كارێكی زانستییانە، كە توانای مانەوەی هەبێت، خاڵێك، یان چەند خاڵێكی قەناعەت پێكەر بخاتە ناو گفتوگۆوە، كە مەترسی بێت بۆ ئەو بیروڕا هونەرییانەی من پێشكێشم كردوون، ئاراستە و بڕوای ئەدەبیی منیان پێكهێناوە.
ڕەخنەگرانی ئەكادیمی و خەیاڵ داهێنەریش، توانیویانە پانتایییەكی هەمیشە ئامادەی ئەزموونم پیشان بدەن. هەستیارییەكی قووڵی تێدابێت لەناویدا ئاسوودە بیر بكەمەوە و پەیوەست بم بە خەونی نووسین. هەمیشە بڕوایەكی پتەویشم بە جیهانی منداڵییەوە هەیە. ئەو هەستە پاكەی لە گیانی منداڵییەتی پەروەردە كراوە. هەمان هەستی پاكیش لە سروشتدا دەجووڵێت. منداڵی و سروشت ناوەندێكن لە هەموو لایەكەوە بۆیان دەچم.
لە پەیوەندییە برادەرییەكانم بە هەموو هەستەكانمەوە ڕێز لەبەرانبەر دەگرم، كەچی زوو لەوە حاڵی دەبم بەرانبەر پێویستە وەك گوێزێكی پووچ لە لێژاییدا فڕێ بدرێت. چۆلەكە پشت و پێش و تەنیشتی خۆی دەبینێت. خاوەنی بینین و مەودایەكی بێشوماریشە. بە پێچەوانەی چۆلەكە یەك ئاراستەی بینینم بۆ ژیان هەیە. ئاراستەی بینینی هەقیقەت و بەرزایی ڕۆشنبیری و داهێنان، پەیڕەویشی دەكەم. چ زیانێكیش بەو هۆیەوە پێم بگات پێی زەرەرمەند نابم.
دیاردەی بێزراو لە ئەزموونی شاعیریەتیی من بیندراوە، هەبووە بە نووسینێك بردوومیەتە كەشكەڵان، دوای ماوەیەكی ئێجگار كورتیش هەر خودی هەمان كەسی خاوەن ئاراستەی كەشكەڵان، بوونی ئەدەبیمی ڕەت كردووەتەوە، كە ئەو ماوە ئێجگار كورتە ناتواندرێت وەك گۆڕان و ئەزموون لە دید و دیدگا تەماشا بكرێت.
ئەگەر نووسەر خۆی لە ئەنجامی ئەزموون و كاركردنی لەناو ئاماژە ئەدەبییەكاندا گەیشتبێت بەو دوو ئاراستەیەی كاركردنە و هاتبێتە سەر ڕۆشنایی باوەڕێك، وەك ئاكامی وەرچەرخانێك بیر لە ئاستەكان دەكەمەوە و پێی خۆشحاڵ دەبم. ئەگەر مایەی سوودوەرگرتن بێت، سوودیشی لێ وەردەگرم، بەڵام ئەگەر لەژێر چاوڕوونی و ڕازیكردنی دژەكانم ئەو هەڵگەڕانەوەیەی كردبێتە داو و هێڵێك و كردەی نووسینی بەدوادا ببات، لەوانەیە بتوانێت لە ماوەیەكی ئێجگار كورتدا بە چەند ئاراستەیەكی دیكەشدا كێش و نیشانە و ئاراستەكردن وەربگرێت. كاری ڕەخنەگر لەسەر ئەم پایە دەوەستێت سەنگی ئەدەب لە ڕۆشنبیریی كوردیدا دەربخات. هەندێك نووسین لە ئاستی هەرە بەرز ڕایانگرتووم. بێگومان ئەمەیان زێدەڕۆیی تێدایە. هەشە بە شێوەیەك دایپڵۆسیوم لە نزمترین ئاستی ئەدەبی دیاریكراوی كردووم. ئەمەشیان بێگومان ونكردنی ڕۆشنبیریی تێدایە.
خۆشم لەو دوو بەرەی دژ بەیەكە باش حاڵیم، داهێنان لەو پاداشتە نییە، كە لە ڕەخنەگر، یان هێزی باڵادەستی سیاسی وەردەگیرێت. خورپەی دڵ فەرمانڕەوایی بەردەوامیی داهێنانە. دیارییەكە خودا و زمان ئەو خورپەی دڵەمان دەدەنێ و ئاشكرای دەكەن.
هیچ ڕستەیەك لەبارەی نووسینێك نامدرەوشێنێتەوە، ئەگەر هەست و دەروونی نووسەرەكەی تێیدا ئازاد نەبێت، تا سەر ئێسكان گیر بخوات لە خوڵقاندنی دوو دیوی و كلكایەتی، لەگەڵ هەموو نووسینێكدام، تەنیا لەگەڵ ئەو نووسینەدا نیم ڕك و بوغز و تاكتیكی سیاسەت تێیدا دەستەڵاتدار بێت. ئەو نووسینانە هۆشیاریی ڕەخنەیان تێدا بەكار نایەت. زیاتر چاودێریی نووسین و هەڵكوتانە سەر و پەلاماردانن. ئەم جۆرە ڕەتكردنەوانەش تەنیا شكست بۆ خاوەنەكەی تۆمار دەكەن. شكستییەكەش دەبێتە بابەتی لادانی ڕەخنە لە میتۆدە ڕەخنەیییەكان و ئەم و ئەو ڕازیكردن لەسەر ڕەنجی ئەو دەقانەی خاوەنی هەقیقیترین بنەمای شیعرییەتن.
هەندێك لە نووسینی بێزراو، یەك لەوانە لە ژمارە(126)ی هەفتەنامەی: (پاشكۆی عێراق – 28/2/1990)، بەناونیشانی: (عاجباتی هەشتەم لە جیهانی ئەدەبی كوردی)، بە شێوەیەكی گاڵتەجاڕانە ئاماژەیان بەو وێنە شیعرییە: (شەمەندەفەر گوڵەبەڕۆژەی مێژوو دەكرتێنێت) داوە.
لە ئایندەشدا گاڵتەكردن بە ئەزموونی سەركێشان بەردەوام دەبێت. پێش منیش گاڵتە بە ئەزموونی سەركێشانی دی كراون، دواتریش بوونەتە هێمایەكی ڕوون و زۆر درەوشاوە. نموونە: گۆران، كە توانیویەتی سیمای داهێنانی تاقانەی خۆی دەربخات، چووەتە ناو هەندێك كۆڕ و كۆمەڵ، نیمچە ڕۆشنبیری كەم ئەزموون و ناڕۆشن بە: (هەلوور بەلوور تەكامە – زەرد و سوور و شەمامە) تانەیان لێداوە. لەبەر ئەوەی شیعری لە دەرەوەی ژیان دەرهێنا و كردی بە ژیان، ئاسۆ و دووری و پانتایییەكیشی بۆ خوێنەری نموونەیی جێهێشت. ئەم دەربڕینەیان وەك بەهانەیەك دەهێنایەوە، كە لەسەر ئەم كێشە خۆماڵییە سیماكانی شیعری كوردی دەرخستووە و بە كارامەیی و وردی هەوڵی تێگەیشتنی كێشە خۆماڵییەكانی داوە، من لێرەدا سەرنجەكانم دەرخستووە و لێم نەكۆڵیوەتەوە، واتە: ئەم دەربڕینەم تەنیا بۆ ڕوونكردنەوەیە. بەهەرحاڵ ئەرێ ئەو ڕێزدارانە كێ بوون و لە مێژوودا چییان پێكرا. لەمڕۆدا ئێمەمانان چەندیان دەناسین، وەك ڕەگ و سەرچاوەی چێژبەخش پەیوەندییە نادیارەكانی خەیاڵكردن و بیركردنەوەمان لێك ئاشكرا بكەن. لە لێكجیابوونەوە و پێكەوەبوونیانیش هاوگونجانێك نیشان بدەن، یان لە پانۆرامای داهێنان لە كوێندەر دەستنیشانیان بكەین. ئەوانەی هەقیقەتی داهێنانی مەزنیان زانیوە ئەوە دەزانن، كە (گۆران) توانی دیوانی نوێبەخشی شیعری كوردی بنووسێت، لەگەڵ تێپەڕینی ڕۆژگار پێگە و ناوبانگ و شاعیرییەتی زیاتر بدرەوشێتەوە لەوەی، كە خۆی لە ژیاندا مابوو، هەیبوو، كەواتە: بەرهەمهێنانی شیعری بێگەرد ئەفسانە و ئەفسوونی هەموو سەردەمەكان و بەگەڕخەری هێزی ژیانە. لێكدانەوەی شیعر، یەك لەو گوناهانەیە، كە لێخۆشبوونی بۆ نییە، لە لەدەستدانی ئەزموونی ئێستێتیكای بەشێك لە نووسینی كوردی، لە لێكدانەوەی ئەم وێنە شیعرییەم، بەدڵ داوای بووردن لە گیانی بەهێزی ئەم گوناهە دەكەم، ڕەنگە خوێنەر هەندێك جار تێگەیشتنی بۆ دەق بگاتە ئاستی تێگەیشتنی نووسەرەكە و قووڵتریش بچێت.
دەقی من كەم تا زۆرێك هۆشیارییەكی جیاكاری هێناوەتە گۆڕێ و لەناو كلتووری كوردییەوە هاتووەتە بەرهەم، ڕەنگە هۆیەكەشی ئەوەبێت ویستبێتم لەناو ئەم كلتوورەدا هەوڵ بۆ خۆبوونی خۆم بدەم. ئەم وێنەیەش بەرهەمی بیری گەرمی منە، خەیاڵی شاعیرییەتیم لە هێنانە پێشەوەی منداڵی تاقی كردووەتەوە.
یەك لە جەژنەكانی حەفتاكان، جەژنانەكانم پەنجا فلس بوو، لەگەڵ یەك لە كوڕەكانی مامم چووین پەنجا فلسەكەمان خستە سەر هێڵی ئاسنینی شەمەندەفەر بەو نیازەی، كە بەسەریدا بڕوات پەنجا فلسەكە گەورە دەبێت و فۆرمی سەد فلسی وەردەگرێت. بە ئەنجامی ئەو كردارە دەتوانین چێژ زیاتر لە جەژن وەربگرین. كەچی بە شێوەیەكی وا هەردوو دیوی پەنجا فلسەكەی سڕییەوە شوێنەوار و نیشانەی پارەی پێوە دیار نەما. جا شەمەندەفەر لە چێژی جەژنێك بێبەشی كردووم و چێژی ساتێك لە منداڵیی كوشتووم و نەفەسبڕ دنیای ئەفسووناوی دەستكاری كردم.
لەم وێنەیەدا سڕینەوەكەم وەك كاردانەوەیەك كار پێكردووە و جووڵاندوومە. بەلای زۆرێك شەمەندەفەر هۆی گەیاندن و گەشت و خۆشحاڵی و بڵاچەی ئاواتە، بەڵام لە دید و دیدگای ئەو كاتی من وەك دڕندەیەكی ترسناك تەماشا دەكرا، هەروەها وەك وێنەیەكی ڕووبەڕووبوونەوە و گرژبوون بەكار براوە. شەمەندەفەر هاوتا كراوە بە كەسایەتیی دیكتاتۆر و جووڵێندراوە، كە نەشونماكردنی ژیان و زمان و نیشانە دەسڕێتەوە و دەوروبەرێكی نالەبار و بەربەستە بۆ گەشەكردن و پێشكەوتن.
هێزی خود لەم وێنەیەدا دەسەڵاتدارە، دەقئاوێزانییەكی نیشانە ناسیشم لە نێوان هێزی نووسین و هۆشمەندیی كۆمەڵگادا دۆزیوەتەوە. دۆزینەوەی ئەم دەقئاوێزانییە لە كێشی ڕەخنەنووسێك نییە، كە خاوەنی پرۆژەی دۆزینەوە نەبێت.
كات و شوێن و هێما و هێزی خودی چالاك لە دەربڕینەكانمدا وێنەیان زۆرە، بەڵام تا بڵێی پڕ سرووشی هەمەچەشنی مرۆڤ و شێوە و شێوازی تەقینەوەی خێرا.
لەبارخراپیی كێشە و گرفتی ڕەخنەی ئەدەبی كوردیدا، هەندێك لە نەوەی پێش خۆم و نەوەی دوای خۆمی گوێڕایەڵیان، بەهەوڵی شانەیەكی لێك نزیك، نووسینم لەبارە ڕێكدەخەن. بە ئاشكراش كار بۆ ئەم هاوكارییەیان دەكەن. شانە دووبارەكردنەوەی ڕەفتاری خێڵایەتییە، بەهەمان جۆر و دەستووری سەلەفییانە بەڕێوە دەچێت. هەر خەوندیدەیەك ئەفسانە و ئەفسوون و ناوەندێكی زاڵ و كاریگەرە لە نووسیندا، ئەو ئەقڵییەتە كۆنخوازانەی بڕوایان بە بیركردنەوەی ئەوی دی نییە. ترسی هەڵوەشانەوە وەك عەلیشیشی گیڤبووەوە دەیانباتەوە ناو قەبارەی سروشتیی خۆیان، كەواتە: دژایەتیكردنەكە بە سروشتی و تۆماركردنی ناكۆكیی ئەوی دی وەردەگرم. نووسەر بینینی ژیان و سەیری دنیاكردنی، بووە كۆنترۆڵكردنی ئەوی دی، لەگەڵ دەروون و بیركردنەوەی خۆی گەییوەتە كۆتایییەكی بێزراو. نووسەرێكیش لەگەڵ خودی خۆی گەیشتە كۆتایی، گوڕنەتەڵە و چەنەباز و منگەمنگكار و دەعبای پەلوپۆ شكاو و مردۆخە، پێویستە بچێت داوا بكات لە خانەی پیر و پەككەوتووەكان ناونووس بكرێت. بگرەوبەردەم لەگەڵ ئەوی دی نییە، بینینی ژیان و سەیری دنیاكردنم لەگەڵ دەروون و بیركردنەوەی خۆمدا، هەمیشە لە ئەزموون و نیشانە ناسیدایە. شانە دەستكردی دەسەڵات و هێزی باڵا دەستی سیاسییە. كار پێكردنیشی بە نیازی ڕێ پێ بزركردن و دووچاری گرفتكردنی ئەوی دی، خۆی ترسێكی كەمەرشكێنە لە ئەزموونی پڕ شایەن بە ئاماژە، باوەڕ پتەویشم بەهێزی خەونبینیم بۆ نوێبەخشی، وا دەبینم یەك یەك دەگلێن و ڕووبەڕووی داهێنان شەرمەزار و چاو بەرەوژێر دەبن. خاوەن پرۆژەش دەبێت بە خاوەنی ئەو سەروەرییە بێدەنگەی كە دەقە، هەروەها جیاكاریی نەوە جیاكارەكانیش بە دیاردەیەكی تەندروست دەزانم و ڕێزی لێدەنێم، بەڵام بێز لەو بارە ناسروشتییە دەكەمەوە لەسەر بنیادی ڕوانین دروستی ناكەن و ئیرەیی و حوكمی پێشینەی بێ سوود بەڕێوەی دەبات. بە هیچ جۆرێكیش بیرم لەوە نەكردووەتەوە هێڵی هاوبەشی خۆم لە شیعری كوردیدا جیا بكەمەوە، بەڵام هەردەم ئەو بیركردنەوەیە دەمخواتەوە، كە هەنگاوێكی چوست و بنچینەیی دیكەبم لە ئەزموونی قەناعەت پێهاتووی خۆم. لە هەموو ناوەندێكی بە گێچەڵیش دوور دەكەومەوە، سەرگەرمی بەدیهێنانی خەونی نووسین دەبم، جۆشێكی خۆڕسك و لەخۆوە و باشم بۆ خوێندنەوە و نووسین لا پەیدا بووە. لەگەڵ ئەمەش: سەرجەم ئەزموونی هیچ شاعیرێكی كوردم بەدڵ نەبووە، بەڵام شیعری تاك تاك و هەڵبژاردەم بەدڵ بووە و ماچم كردووە. ئەم بارەی خۆم بۆ ئەزموونی ئەوانی دی، بەهەمان چەشنیش لای ئەوانی دی بۆ ئەزموونی خۆم بە ڕەوا دەزانم.
لە سەرجەم دەقەكانیشدا ئاراستەیەكی خەونیم، یان نیمچە خەونیم دەربڕیوە، خەون سرووش و سروشتی پێغەمبەرانە، خودا دەیدات بە كەسی پەیامدار. من وەك كەسایەتی، خەونێكم لە شیعرەوە بەرهەمهاتووم، خەونیش ڕادەگەیەنم. نادیارییەك لە خەوندا هەموو گەمارۆكانی شكاندووە، نووسین ڕاوی ئەو نادیارییەیە. خەون درەوشانەوەی واقیعە، زمان لە دەقی خەونیدا ئامرازی گەیاندن نییە، ئامرازی سرووش و چالاكیی وێنە و ناسینی ڕەنگەكانە. ئاسانە بگەیت بە ئەوی دی، بەڵام ئاسان نییە بگەیت بە خودی وریای خۆت، كە گەیشتی بە خودی وریای خۆت، دەرەوە و ئەوی دی بەلاتەوە دەبنە شتێكی لاوەكی، یان زۆر لاوەكی. گەیشتووم بەو قەناعەتە ڕەهایە، تەمەن و كات هەر هێندە باروبوار و ماوەم دەدەن بزانم من چیم لە ژیان دەوێت، بە گرینگیشی نازانم، بزانم دەرەوە و ئەوی دی چییان لە من دەوێت.
ئیلتیزامم بە بڕوا هونەرییەكانی خۆمەوە هەیە، كلتووری نیمچە تایبەت بە خۆشم هەڵبژاردووە و كاری پێدەكەم. هەستیش دەكەم كۆمەڵگای ئێمە چووەتە ناو نەریت و ڕابردووەوە، پێویستە دەربهێندرێت، مانەوەی توانا و ئەزموونی هەڵدەبزڕكێنێت و زیان بە گەشەسەندنی دەگەیەنێ و خەمڵینی دوا دەخات.
لەو هەموو گێچەڵانەی پێم كراون، تەنیا وەك نموونە و ڕوونكردنەوە: تیشكێك لە یەكێكیان وەردەگرم و مەودایەك دادەمەزرێنم: لە 6/3/1985 لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری خوێنەری هەولێر، یەكێتی نووسەرانی كورد – لقی هەولێر، كۆڕێكی شیعر خوێندنەوەی بۆ كۆمەڵێك شاعیر ڕێكخست، ڕێكخەر و كۆڕگێڕ: (محەمەد خدر مەولوود) بوو، من بەشی پێنجەمی (زێوان)م خوێندەوە. كۆپلەیەك لەم بەشەی خوێندمەوە ئەمەیە:
(من كەوتنی خۆم خۆش دەوێ
باوەشمی تێوەردێنم) زێوان: ل41
كۆڕگێڕ بەم كۆپلەیە كاریگەر بوو. تاسەی بەردەوامیشی بۆی هەبوو، هەر چەند جارێك یەكتریمان دەبینی باسی ئەم كۆپلەیەی دەكرد. ویستی كۆچیرۆكێك چاپ بكات. داوای لێكردم ئەم كۆپلەیە وەك كلیل بەكار بهێنێت و ناونیشانی كۆچیرۆكەكەی بكاتە (كەوتن)، لە كاتێكدا ئامادەبوو هەموو دەربڕینی ڕۆحی خۆی لەژێر كۆپلەیەكی زێواندا ناودێر بكات. دواتر ساردییەك كەوتە نێوانمان و زێوانیش وەك كتێب چاپكرا. لە ژمارە (15)ی ڕۆژنامەی: (ئاسۆ – 14/11/1989)، نووسینێكی لەبارەی زێواندا نووسی بەناونیشانی: (دەقی مردوو: زێوان = جل و بەرگ = .)، كارێكی بە زێوان كرد، مەگەر ڕەشەبا بە داری بەری كردبێت و هەر ئەڵڵا ئەڵڵا و دەستنیشانكردنی چییەتییەكی دیاریكراوی بوێ.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین

خوێندنەوە
شێوازی خوێندنەوە بەشێك لە بەهای چێژی لەناو خۆیدا هەڵگرتووە، سەرەنجام ئەم گواستنەوەی چێژەش دەبێتە بەشێك لە ڕۆشنبیریی گوێگر.
شیعر وەك دەق، شیعر وەك شێوازی خوێندنەوە. دوو یەكەن لە یەك سەرچاوەوە پەرەیان نەگرتووە.
وەك دەق دەسەڵاتی جوانی و بیركردنەوە لە چێژدا دروست دەكات.
وەك شێوازی خوێندنەوەش، دەنگ و جووڵە و ئاوازی پیت و هێماكانی دەست و ڕوخسار، ڕۆڵی جوانی و بیركردنەوە دەگێڕن و دروستی دەكەن.
ئەزموونی شیعر خوێندنەوەی ناو هۆڵ و بەر میكرۆفۆنم هەیە، بەڵام شێوازی خوێندنەوە و دەنگ و جووڵە و ئاوازی پیت و هێماكانی دەست و ڕوخسارم پەیوەندیی خۆی لەگەڵ گوێگر نادۆزێتەوە، نەتوانینی گواستنەوەی مانا و جوانی لە نائاگاییم دەجووڵێت و مەوداكانی بیركردنەوەی خۆم لەگەڵ مەوداكانی چێژی گوێگر سەرچاوەكانیان تا ڕادە و ئاستی ڕژانە ناویەك لێك نزیك نابێتەوە.
لە 15/9/1985: (دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوكردنەوەی كوردی) نووسینگەی هەولێر، كە: (مەحموود زامدار) بەرپرسی بوو، كۆڕێكی شیعر خوێندنەوەی بۆ شاعیران: (فه‌ره‌یدوون عه‌بدول به‌رزنجی و قوبادی جه‌لیزاده‌ و ئیسماعیل به‌رزنجی و محه‌مه‌د حوسێن هه‌ڵه‌بجه‌یی و من) لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری جەماوەری هەولێر ڕێكخست، من شیعری:
(دابارین)م تێدا خوێندەوە. (حوسێن عارف) سەرنووسەری گۆڤاری (كاروان) بوو، دوای تەواوبوونی كۆڕەكە ئەم گەورەیییەی نواند و بە بزەیەكی باوكانەوە شیعرەكەی لێ وەرگرتم و لە ژمارە (43) گۆڤاری كارواندا بڵاوی كردەوە. ئامۆژگاریشی كردم، شێوازی شیعر خوێندنەوەم باش نییە. ئەم ئارەزووە لەناخی خۆم بمرێنم، كە لەبەر میكرۆفۆن دەربكەوم و بناسرێم. پێی گوتم: میكرۆفۆن بۆ گۆرانیبێژ سەكۆی تاقیكردنەوە و خۆپێشكێشكردنە، تۆ شاعیری و بەرەو شیعری جیهانبینی و تێڕامان دەڕۆی. لەم چوار شاعیرەی تر، كە شیعریان خوێندەوە جیابووی. لەم باروبوارەدا زمان و شێوازت بە هونەری جۆراوجۆر و قووڵبوونەوە دەوڵەمەند بكە، به‌رده‌وامبوونیش بۆی سه‌لماندم ئه‌و چوار شاعیره‌ وه‌ك سه‌ره‌تا و له‌ یه‌ك شوێنپێ مانه‌وه‌. دوای ئەم گەورەیی نواندنەی هەمیشە وەك داهێنەرێك و مرۆڤێكی گەورە تەماشام كردووە و ڕێز و شكۆیە لە نێوانمان بەردەوامی هەیە.
شیعر شوێنی ڕاستەقینەی گرتووە. چڕبوونەوەی چێژی كۆمەڵگای كوردیش لە شیعردا بووەتە ناوەند. هیچ هونەرێكی دی هێندەی ئەم بەشە پەروەردەی چێژی كۆمەڵگای نەكردووە. هەندێك خورپەی بزربووی ناخ هەن، ڕەگەزەكانی دیكەی ئەدەبی نایدۆزنەوە. تەنیا شیعر لەباری درەوشانەوەیدا دەتوانێت بیاندۆزێتەوە. نووسین و هونەر ئاراستەیان بەرەو ژیان و چێژە، بەڵام كردەی داهێنانی پەتی، ستایشی ژیان نییە لە پێناوی چێژدا، تێڕوانینی نوێ لەبارەی ژیان و چێژ دەخوڵقێنێ و دەیكاتە قەناعەتی مرۆڤ، مرۆڤی نوێبەخش و بەخشندەش ڕازەكان دەدۆزێتەوە.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین.
تێپەڕاندن
بە هیچ شێوەیەك بڕوام بە تێپەڕاندن نییە، بگرە بڕوام بەگۆڕان و جیهانبینیی جیاكار هەیە. تا ئێستاش نەمتوانیوە بڕوا بەوە بهێنم: (نالی)، (باباتاهیر)ی تێپەڕ كردووە، هەروەها: (گۆران) جەستەی شیعری كلاسیكی بەتەواوی جێهێڵاوە. ئێمەمانانیش خاڵی جیابوونەوەی ڕەهامان لەگەڵ نەوەی پێش خۆماندا نابێت. دەقئاوێزانییەكی بەهێز لە نێوان هەموو نەوەكاندا ئاشكرایە و لەوانەی دوای ئێمەمانانیش بەردەوامی دەمێنێت. وا دەبینم هەر ڕۆژ و ڕۆژگارێك جیهانبینیی خۆی بەسەر كەسی خاوەن جیهانبینیی ڕۆشنكار و هێمای هەمەچەشن دەسەپێنێ. وەك چۆن هەموو وەرزێك بە فراوانی سەیری ئاو و هەوای تایبەت بەخۆی دەكات و دەیسەپێنێتیش، ئەم ئاو و هەوایەش كەم و زۆرێك كاریگەری بە بارستی خۆی بەسەر نەشونمای درەختەكان جێدەهێڵێت. ئەوەی تێبینیم كردووە نەوەی پێش ئێمە ستوونی ژیانیان هێنایە ناو شیعر و ئەزموونیان كرد. ئێمە ستوونی و ئاسۆیی و بازنەیی ژیان و خەیاڵ و خەونمان هێنایە ناو شیعر و فراوانتر ئەزموونمان كرد و درەوشاوە و دەوڵەمەندتر ناساندمان.
نەوەی دوای ئێمەش كۆمەڵێك جیهانبینیی زیاد دەكەنە سەر قۆناغی شیعری ئێمە. ئەمە یاسای ژیانە و دەبێت قبووڵمان بێت. قبووڵكردنی ئەم هەقیقەتە ناوەندێكی چەسپاوە لە بڕوابەخۆبوون و هەقیقەت بینین و دیاردەكانی پەیوەندیدار بە چییەتی بوونەوە.
پرۆژەی تێپەڕاندنم نییە، زیاتر خەوندیدەی پێكهێنانی هێڵ و هێماكانی خۆمم، شیعرییەت سیمای ڕوونی گشت نەوەكانە و شانەیەكی زیندووی زۆر قووڵە لە جەستە و پێكهاتەی مرۆڤدا.
دەقئاوێزانی دەتگەیەنێت بە فۆرمی ڕۆشنبیری و بیركردنەوەی چالاك و دەتدرەوشێنێتەوە. ئەگەر ڕۆشنبیرییەك دەقئاوێزانی لەگەڵ گیانی بەهێزی ڕۆشنبیریی دنیا نەهێنێتە ئاستی هەست پێكردن، نەیتوانیوە لە پەیوەندی و گفتوگۆ و بیركردنەوەی ئەوانی دیكەدا، ببێتە كەسایەتییەك: بتوانێت زانستی ژیان كۆ بكاتەوە. ڕۆشنبیرییەكیش نەتوانێت ببێتە كەسایەتییەك. زانستی ژیان كۆ بكاتەوە، لەناو ڕۆشنبیریی دنیادا خەیاڵی باش بەڕێوە نەچووە.
لە بەرزبوونەوەی هێڵی هونەری دەتوانێت لەناو ڕۆشنبیریی دنیا نیشتەجێ بێت و لە گەڕان بۆ بنەڕەتیش چالاك و بەرهەمدار بێت، خەسڵەت و ئاسۆی خۆبوونی بدۆزێتەوە. چركەساتی ئاسۆی خۆبوونیش، چركەساتێكی گەرم و ئاسوودە و چڕە لە ژیاندا.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین

بەهرە
لە دامێنی هەر دەقێكم، مێژوویەك تۆماركراوە، بڵێی بڕوام بەوە هەبێت نووسین هەڵچوون و كاتی تایبەتییە، یان بەهرە و سرووش ماوەیەكی دوور و درێژ بەردەوام بەشدار و هاوكارم بن لە نووسینی بەشە پێكهێنەرەكانی دەق. لەو تەمەنەی نووسینمدا، كە نزیكە چارەگە سەدەیەكە بەكامی دڵ لەناو سنوورەكانی لە هاتوچۆدام، ژیان هاندەر و هۆكاربووە بۆ وزەی خرۆشان. ڕاوی چەند دەقێكم كردوون، ئەوانەی نووسیویشمن هێشتان لە نووسینیان تەواو نەبوویمە و نەگەیشتووم بەدوا داڕشتنیان. بڕواشم وایە بەهرە و سرووش كار لە ئامادەبوونی نووسەر دەكەن بۆ كەشی خرۆشان، بەڵام وەك هاندەر و هۆكار و خورپەیەكی شاراوە نەك شتێكی بنەڕەتی و تەواوكاری بنیادی بەردەوامیی نووسین، لە نووسیندا زیاتر تێڕامان و خەون و ئێستێتیكای ویژدانی، بە پلەی یەكەم كاریگەری و بەشداریی بەردەوامیم دەدەنێ. ناخی وریام ئامادەی بنیادی بەردەوامیی نووسین دەكەن.
سەرەتاكانی نووسین لە هۆشیاری و یاداشت و خەونمدا ئامادە دەبێت. چاوەڕوانی كەشی نووسین دەكات. لەوانەیە ئەم كەشە چێژبەخشە شكۆ و بەهرە و سرووشی نووسین بێت و بنەماكانی بەڕێوە ببات، كە ژیان و سروشت و دڵبەر وەك تۆیەكی گەردوونی ببینێ و مامەڵەی ئێستێتیكی لەگەڵدا بكات. تا ڕادەیەكی زۆر باش نووسین پێویستی بە ژیری هەیە، تا دەستت بەسەر ئامرازە هونەرییەكانیدا بشكێت، ئەفسانە و ئەفسوونی نووسین بەهۆی بەهرەیەكی پەروەردەكراودا بەجێ بهێنێت.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین

خوێنەر
لەناوەوەی خۆم، بە بۆچوون و تێگەیشتنی زاهیدێك ژیانم هەڵبژاردووە و بە چاوی دەمار و خوێن و پشت سەیری تەواوی شیعری كوردی دەكەم، شیعری: زمان و ئێستێتیكی و مرۆڤدۆستانەشم خۆشدەوێت، شیعر وەك توانا و ئەزموون هەڵگری وزەی ژیانە. لەناو شیعریشدا ژیان دووچاری نەسرەوتن و هەندێك جەنگی پێویستی كردووم. بوێرییەكانی ڕووبەڕووبوونەوە بەرانبەر ئەو مەترسییانەی لە لەناوچووندا دەبن بە هەست، كتێبی دەگمەنن. هەوڵ دەدەم تێیان بگەم، دواجاریش بیاننووسم، ئەو ژیانەم لا جوان و پەسندە، هەست و خەون لەناو دەقی شیعریدا دەیكەنە ئاماژە و ئاخاوتن. لە ئاخاوتندا لە خاڵی هاوبەش نزیك دەبینەوە، یان دەگەین بە وەڵامێك بۆ ئاخاوتن. خەون و یادەوەری لە سێبەریدا بە یەكتری دەگەن و دەبن بە واقیعێك لە واقیعەكانی بوون. لە نێوان پەسندكردن و ڕەتكردنەوەی خوێنەرانی هۆشیار و خوێنەرانی ئاساییدا، نووسین لەكوێ خۆی دەدۆزێتەوە. جیاكاریی نێوان خوێنەری زۆر و خوێنەر ئاشكرایە. قۆناغی شیعری كلاسیكی كوردی پڕ خوێنەرە، بەڵام خوێنەری نییە.
ئەو مشتومڕە لە نهێنیی ئەو دەقانەدا بە دەست دەكەوێت، وەك سەرچاوەی چێژبەخش پێویستمان بەخوێندنەوەیانە. پەیوەندییەكی دڵخۆشكەریان لەگەڵ مووچڕك و تەزوو و خورپەی شاراوەی ناخ پێكهێناوە.
من یەك بەباری خۆم، كە پەستی دامدەگرێت و لە هەموو دنیا بێ ئومێد دەبم پەنا بۆ دیوانی: مەحوی، یان دیوانی: حاجی قادری كۆیی، یان دیوانی: گۆران، یان دیوانی: دیلان، یان كۆشیعری: ئەحمەد تاقانە … تاد، دەبەم. لە شیعری كوردیدا ئەمانە نموونەی دەگمەنن. ئامادەم دەكەنەوە بۆ گرینگیدان بە هەموو بوارەكانی ژیان، یان دەگەمە فۆرمی گەیشتن بە هەموو شتەكان و ناخی خۆم. هەر هەموو ئاستێكیش ڕێز لە ژیان دەنێـت و هەوڵی بەرەو پێشەوە بردن و گەشەسەندن و بیركردنەوەی باشتر دەدات، هەریەكیش بە تێگەیشتنی خۆی چێژی لێ وەردەگرێت. نووسەریش لەسەر بنەما و فراوانبوونی مەوداكانی زمان و هێشتنەوەی بە زیندووێتی ئەو متمانەیەی دەبێتە خەونێكی بەدیهاتوو، لە خەونەوەش دەست پێدەكاتەوە. من خەونم هەیە، لە خەونەكانمدا دەست پێدەكەمەوە و دەچمە ناو مەوداكانی بیركردنەوە و نووسین.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین

وشە
وشەی: خەون و منداڵی و مردن، بێئاگاییم دەجووڵێنن و لام دووبارە دەبنەوە، دەبێت لە پەرەسەندنی خۆیاندا قسەم لەبارەیانەوە هەبێت و چوارچێوەیەكیان بۆ بگرم، فەزا و ڕەگەزی ئەم وشانە دیدگای منیان دیل نەكردووە، زیاتر بەلای خۆیاندا بەكێشیان كردووم. لەناو مندا ڕەگیان وریایە و بەگەشەكردنم ناساندوون، كەشوهەوان بۆ ئەزموونی خەونیم، لە شیعردا ئیلتیزامم بە فەزای بوونەوە هەیە، نەك فەزا و ڕەگەزی هاندەر و هۆكار. بوون لە دەقدا دەبێتە شەپۆلی مانا و جوانی و شیعرییەت. شیعری من مەبەستی مێژوویی تێدا نییە. داڕشتنێكی بوونی و گەردوونی و خەونییە. كار لەناو خەون دەكەم بۆ دروستكردنی جیهانبینی، خەون و منداڵی و مردن پرسیاری ئەزەلین، نەكراوە وەڵامێكی ڕەها بۆ پرسیارەكانی ئەزەلییەت بدرێنەوە، هەر وەڵامێكی دەبێتەوە كۆمەڵێك پرسیاری دیكە بۆ ئازادكردنی واقیع. دووبارە نیاز و كەڵكەڵەی گەڕان و دۆزینەوە گەرم دەكەنەوە، دەمانخاتە بەردەم ئازادیی دەربڕین و هۆكاری گۆڕاو، خەون و خەیاڵ و توانا و ئەزموونمان دەجووڵێنێت، دەكرێت ئەم پرسیارە دوابخرێت بۆ دوای كۆتایی زەوی، یان دوای دۆزینەوەی بزەی مۆنالیزا و بەختیاری تا هەتایی، بڕوا بە بەختیاری تا هەتایە، كاریگەرترین و بەپیتترین ناوەرۆكی مێژووی گیانی پێكهێناوە.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین

لایەنگر
بەلامەوە گرینگە هەموو ئاستێك ببێتە لایەنگری دەقەكانم، یان نا. بەهای دەربڕینی ئازاد شوێنی نووسینی لە جیهان دۆزیوەتەوە، بە تەواوی مانای ئازادی، ئازادیم لە جۆری بیركردنەوە و هونەرە جوانەكان و چێژی نووسین بۆ خۆم دابین كردووە، ئازادی لەناو هەستیاریی نووسین دەتوێنمەوە، كەسی دووەمیش بەهەمان ئازادی بەڕێوە دەچێت. منی وەك نووسین بەلاوە گرینگە، یان نا. ئەو قەناعەتەشی لا وێنا دەكەم بە هەموو توانای گیانی و هێزی ئەقڵیمەوە ئاماژەكان بە دەربڕین و ناوەندی بەرهەمهێنان بگەیەنم، بارێكی گیانیش لەناوەندی نووسین چێژی هاندانم دەگەیەنێتە پلەی توانەوە و تێكەڵاوبوون بە زۆرێك لە شتەكان. هەوڵیش دەدەم ژیانی چێژدار و بەجوانی پەیوەست بخزێنمە گیانی گەردوون و ئادەمیزادەوە. گەردوون و ئادەمیزادیش بگەڕێنمەوە باری یەكەمین فڕین. ئێستێتیكای هاوبەش و ڕۆشنایییەكانی ناو دەق دەكەمە هونەری لێكدانەوە و تێگەیشتن بۆ پەخشكردنەوەی ڕۆشنایییەكانی خەیاڵ و ئەندێشەی وەرگر. وابەستەی كلتووری پڕ چالاكیی كوردیم، ئەو كلتوورەی پەیوەندیی بەهەر هەموو كۆمەڵگاوە هەیە. بەرهەمی هۆشمەندییەتی، كەواتە: ئێمە ناوەرۆكی گشتیی كلتوورین. تێكۆشانێكی سەخت دەكەم، ناوەرۆكێكی دەوڵەمەند و بە پیت و فەڕ بم.
كلتوور بەو بارە زیندووەی خوڵقاندوویەتی، بەناوبانگترین جۆری دەربڕینی ڕۆشنبیرییە. تا پاشەڕۆژێكی دووریش هەر بەو شێوە چالاكەی دەمێنێتەوە. مامەڵەی من لەگەڵ نووسیندا مامەڵەی ئیماندارە لەگەڵ خودا و سەرچاوە. خودا و سەرچاوەش دەبنە پرسیار و گفتوگۆ، پرسیار لە چییەتی بوون و نەبوون و شوێنەزا و گەردوون. دواجاریش دەمەوێت بزانم ئەو دۆزینەوانە چین، كە پێیان گەیشتووم، پرسیار و گفتوگۆمان چۆن بوونەتە یەكانگیربوونەوەی ئاسۆكانی ناوەند و نووسینیان لێوە درێژ بووەتەوە.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین

شێواز
جوانی لە سادەیی و قووڵبینییەوە دەخوڵقێت. لێڵیش شتە سادەكان لەناو دەبا و دڵی جوانی تێدا هێور ناكرێتەوە، شتە جوانەكان بە سادەیی دەوترێن. لە بەشێك لە بەرهەمی هەشتاكانم لە بنیادی قووڵی تەمومژدا كارم كردووە، تەمومژ لە ئەنجامی جوانیی زمان دروست دەبێت، لێڵیش لە ئەنجامی بنیادی ڕووكەش و هەڵەی زمانەوە.
نموونە: بێزمانێك، واتە: لاڵێك دەچێتە لای مرۆڤێك، داوایەك دەخاتە ڕوو. بێزمانەكە لای خۆی مانا و لێكدانەوەیەكی بۆ داواكەی هەیە و دەزانێت چی دەوێت، بەڵام لەبەر ئەوەی ڕوونیی زمانی نییە. ناتوانێت داواكەی لە بەرانبەر بگەیەنێت.
شاعیر هەن ڕوونیی زمان و جیهانبینییان نییە. لە دەروون و هەستی یەكئاستیی خۆیان مانایەكیان بۆ نووسینەكەیان داناوە، بەڵام ناتوانن ئەم مانایەیان بە شێوازێكی ڕوون لە بەرانبەر بگەیەنن، لێڵی ئەم نەگەیشتنەیە. ژیان خۆی پڕە لە شێوازی گۆڕان و جموجووڵ و هاندان و هۆكار، تەنانەت ڕەنگی سروشتیش گۆڕان لە خودی خۆی پەروەردە دەكات. درەخت لە پارچە زەوییەكی بچووكدا كەشوهەوای نەشونما وەردەگرێت، هەموو ساڵێكیش گەڵاكانی خۆی لەناو دەدا و هێمای ڕوون و شێوازی گەڵا نوێیەكانی دەكاتە كردەیەكی ڕاست. یەك شێوازیش لە ئەزموونی خەوندیدە و وێڵی دۆزینەوەی ژیانی بە پیتدا، دەسەڵاتدار نابێت. مانەوە و كاركردنیش لەناو شێوازێك ڕایەڵ و تانوپۆی داهێنان هەڵدەوەشێنێتەوە، هەموو سەربەخۆیی و دەسەڵاتێكی كەلكێشیش زەوت دەكات، گیانی بەردەوامبوونیش دادەڕزێنێت. ئەو شێوازەی لەناوەڕاستی هەشتاكانەوە ئەزموونم كرد، هەوڵم دا لەو ئەزموونەدا كار لەناو مانای زمان بكەم و مانای بابەت بمرێنم.
ئەزموونێك بوو، ویستە هونەری و كەلكێشییە زمانەوانییەكانم تێیدا پێشكێش كرد. دوای ئەم پێشكێشكردنەش خواستی گۆڕان لەناوەوە هەژاندمی، هەستم كرد كارێكی دیكە هەیە بۆ كردن، دنیایەكی دیكەش هەیە بۆ بینین و شێوازی ژیان. كاتێك ڕێگا بەخۆم دەدەم ئەزموونێك واز لێ بێنم و سەرگەرمی ئەزموونێكی دیكە بم، دیارە وەك ئەزموون گەیشتوومەتە دوا ئاستی و لام تەواو بووە، ئەگەر لەناویشیدا بمێنمەوە دووچاری خۆدووبارەكردنەوە و پێكوتە دێم، خۆدووبارەكردنەوە و پێكوتەش كەشی نووسینم لەبەرچاو دادەخەن، لەو باروبوارەدا هێزی خود و ڕستە كاریگەرەكانی مرۆڤی نوێبەخشیش بۆ جوانی و ژیان، بێ كاریگەر دەبن.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین

ڕاگەیاندن
ڕاگەیاندن كەناڵ و ناوەندێكی خزمەتگوزارە بۆ كردەی ڕۆشنبیری. لەناو ڕۆژنامەوانیی كوردیدا گەیشتووم بە ئەزموونی بەپیتی زۆرێك لە نووسەرانی كورد و سوودمەند بوویمە بە بیر و بۆچوون و فۆرمەكانیان. لەلایەكی دیكەشەوە هێندەی لە بەشێك لە ڕۆژنامەوانی بە ناهەق لەبارەی منەوە نووسراوە، هێندە بەهەق لەبارەی ئەهریمەنەوە نەنووسراوە. سەرەڕای ئەمانەش بەبێ هیچ هۆیەك بە مەبەست و هەڵەی ده‌ستئەنقەست ناوم لە لێكۆڵینەوە و چاوپێكەوتنە ئەدەبییەكان دەسڕنەوە. بەشێك لە ڕۆژنامەوانیی كوردی هەوڵی تێدا دراوە هەقیقەتی شیعری من بشێوێنێت. لە ڕۆژگاری ژیاندا ئەوانەی لە چێژی باوخوازەوە تەماشای ڕستە كاریگەرییەكانی ژیان دەكەن تاوانكارن، نوێبەخشەكانیش قوربانیی ئەو هێزە باڵادەستانەن، كە تاوانكاران دەجووڵێنن و ئامادەیان دەكەن بۆ بەجێهێنانی مەرام و تاكتیكە سیاسی و شكستە ئەدەبییەكانیان، دیمەنە سادە و كاریگەرەكانی ژیان وەردەگرم بە تێكەڵاوكردنی فۆرمەكانی گەیاندن چەند ئاستێكی زمانەوانیی شیعرییەتی تێدا دەكەمە ستوونی تایبەتكردن و درەوشانەوە. وەك دەقی بە ئەدەببوو دەیخەمە بەردەم كۆمەڵێك نیشان و پرسیار، شتە سادەكانیش بەردەوام لە سرووتی تایبەتی و دانایی لەناو خوڵقاندنی نووسین زانیاریی ویژدانی و گەرمایی هەستەكانن. بوونمان لەناو خۆیاندا لەپێناو ژیان و جیهانبینییەكی باشتر بەرجەستە دەكەن، تا لە ژیان كاریگەری و كردەوەی خۆیان نیشان بدەن.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین

تێڕامان
بێدەنگی لە قووڵایی نەزاندراودا پەیوەندیی دیكە لەگەڵ ژیان و بوون و گەردوون دەدۆزێتەوە، پەیوەندییە ساردبووەكانیشی لەگەڵ واقیع زیندوو دەكاتەوە. هەندێك شت لە واقیع وەردەگرێت، لە بیركردنەوەی ڕێكی دەخاتەوە و ئامادەی گوتنی دەكات. پێكهاتەی سرووتی كەسایەتیم لە نیشتەجێبوون لەسەر زەمین بۆ خۆ گونجاندن لەناو سەرچاوەكانی ژیان وا هەڵكەوتووە. ئاخاوتن لەناو دەق دروست دەكەم. لە قسەكردندا خودی ئامادەكراو دێتە پێشەوە، لە ئاخاوتنی ناو دەقیش ئەفسانە و ئەفسوونی خودی وریا و هۆشمەند. ئەگەر زۆر بدوێم، تێڕامانی ناوەوەم دەكوژێت و بنیادی ئامادەبوونی بەردەوامیی نووسینم دەشڵەژێ، ئەفسانە و ئەفسوونی خودیشم بەتاڵ دەبێت. زۆر دوان تەنیا بۆ كەسی سیاسی گونجاوە، باروبوار بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەویدی دروست بكات، نووسەریش باروبوار بۆ تێڕامانی تاكییەتی و هەستەكانی خۆی دەستەبەر دەكات. خۆم بە تێگەیشتن لە كرۆكی ڕۆژگار و بێباكی گرتووە، پرۆژەكانم بەهۆی زمان و ئەفسانە و ئەفسوونەوە پەرە پێدەدەم، نازانم ئەوەی نووسیومە باشە، یان نا. بەڵام بەو ڕاستییە گەیشتووم پێویستە لە هەوڵی تێڕامان و بێدەنگی بەردەوامبم، كە دەقی بێگەرد بێدەنگییەكی بەردەوامە.
بێدەنگی لای من مانا قووڵەكانی خەون و گەردوون ئاگادار دەكاتەوە و پرسیاری ژیان و بوونی هەیە و دەیكات بە توانا و ئەزموون.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین

گفتوگۆ
هەمیشە خۆم لە گفتوگۆ و دیمانە ڕۆژنامەوانییەكان بەدوور گرتووە، ئەو دەسكەوتانەی لە بار و بواری شیعرەوە بە دەستم هێناون، دەكرێ بكرێـنە جێگرەوەی هەموو گوتن و نووسینێكی دیكە. هیچ نیازێكی گوتنیشم نییە لە دیمانە ڕۆژنامەوانییەكان بیكەم بە ناوەندی دەربڕین و دركاندن. هەموو ساتە هۆشیاری و نهێنی و هەستكردنەكانی ڕایەڵ و تانوپۆی نووسینیان چنیوم، لە هەناوم خۆیان ڕاپسكاندووەتە دەرەوە و لە دەقەكانم دركاندوومن. خۆ تەرخانكردنیشم بۆ بەرهەمهێنانی دەق بەلاوە گرینگ و ناوەندە. دەق بنەمای پەیوەندییەكان جوان و فراوان دەكات، فۆرمەكانی دەروونیش دەگۆڕێت. سەرەتا شتە گشتییەكان دەدۆزمەوە. دواتر گیانی بزێوی شتەكان دەنووسمەوە و هەستی تێدا دەخوڵقێنم.
نووسین و قسەكردن لەبارەی شیعر بە كردەی دۆزینەوە تێناگەم، زیاتر گواستنەوە و گەیاندنە. هەوڵ دەدەم خۆمی لێ بپارێزم، لەگەڵ ئەوەش لە هەموو بابەتێك پتر، تامەزرۆی خوێندنەوەی دیمانە ڕۆژنامەوانییەكانی شاعیرانی بە ئەزموون و ژیننامەی كەسایەتییانم.
تێڕوانین و زۆر وردبوونەوەش لە شیعردا دەمانباتەوە بۆ سەردەمی لەدایكبوونی یەكەمین مرۆڤ. نووسین ناتوانێت لەبارەی یەكەمین مرۆڤ ڕستەیەك، تەنیا ڕستەیەك بەهێز بكات، تەنیا لەرزەی گیان دەتوانێت لەناویدا وردبێتەوە و بگات بەباری تێڕامانی یەكەمین مرۆڤ.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین

تشرینی یەكەمی 2002 هەولێر




بۆچی جیهان دەبێت تێبینی پەیوەندی نێوانی سعودییە و چین و هاوپەیمانەکانی بکات و.. و: زاهیر باهیر

بۆچی جیهان دەبێت تێبینی پەیوەندی نێوانی سعودییە و چین و هاوپەیمانەکانی بکات و ئەمە چۆن پەیوەندی بە تایوانەوە هەیە

نوسینی: Andrew MacLeod
و: زاهیر باهیر

کابینەی سعودیە لەم دواییانەدا بڕیاری پەیوەستبوون بە Shanghai Cooperation Organisation (SCO) ، ڕێکخراوی هاوکاری شەنگەهای بە سەرۆکایەتی چین پەسەند کرد. ئەمەش دەکرێت ئاماژەیەک بێت بۆ ئەوەی کە ڕیاز [پایتەختی سعودیە] بە هەموو وزەی یەدەکییەوە لە شەڕی ئۆکرانیا هەڵبژاردنی لایەنەکان دیاری بکات. بەشێکی ئەم کارەی سعودیە بەهۆی ڕەتکردنەوەی مامەڵەکردنە لەگەڵ محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودییە لە لایەن جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا کە برینداری کردووە، لە ڕووسیا و چین نزیک دەبێتەوە، بەتایبەتی کە چینییەکان نێوەندگیری نزیکبوونەوەیان لە نێوان شانشینی سعودییە و ئێراندا کردووە.
SCO لە ساڵی 1996 هاتە ژیانەوە و خۆی وەک “شەنگەهای پێنج” لە کۆماری گەلیی چین، کازاخستان، گرگیستان، ڕووسیا و تاجیکستان پێکهێنا. لە ساڵی 2001 ژمارەکە زیادی کرد بە هاتنی دەوڵەتی ئاسیای ناوەڕاست و ناوی خۆی گۆڕی بۆ SCO کە ڕێکخراوێکی هاوکاری سەربازی و سیاسی و ئابوورییە. لەو کاتەوە زۆربەی دەوڵەتانی دیکەی ئاسیای ناوەڕاست پەیوەندییان پێوە کردووە زائیدەن مەنگۆلیا وەک چاودێرێک و هاوکاتیش لە شێوەیەکی ڕەخنەگرانەدا. لە ساڵی 2017دا، پاکستان و هیندستانیش هاتنە ناوەوە.

لە ساڵی 2023دا SCO نزیکەی 50%ی دانیشتوانی جیهانی لە دەوڵەتانی ئەندام و دەوڵەتانی چاودێر یاخود هاوبەش/شەریك گرتەوە، هەروەهاو نزیکەی 30%ی ئابووری جیهانیش لە حاڵەتی ئاسایی بە پێوانەی دۆلاری پوخت. کەمێک زیاتریش لە 40% لە purchasing power parity (PPP) ، هاوسانی هێزی کڕین . ئەمەش پێوەرێکە کە هێزی ئابووری دەپێوێت کە بەپێی تێچووی کاڵاکان لە وڵاتێک یان کۆمەڵێک وڵاتدا ڕێکخراوە.

ئەمە لە کاتێکدا G7 ، گروپی 7 ، نوێنەرایەتی ژمارەیەک دانیشتوانی زۆر کەمتر دەکات و تەنها نزیکەی 27%ی ئابووری جیهانی دەگرێتەوە بە گوێرەی پیوەری هاوسانی هێزی کڕین ، PPP.
. ڕیکخراوی هاوکاری شەنگەهای، SCO کاریگەری ئابووری زیاتری هەبووە لە G7 و لە ساڵی 2021دا نوێترین کۆمەڵەی مانۆڕی سەربازی هاوبەشیی خۆی ئەنجامدا. لە ئێستاشدا سعودیەی دەوڵەمەند بە سەرچاوەی سامانەکان بەشداری دەکات. SCO زۆرجار مانۆڕی سەربازی هاوبەش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ئەنجام دەدات و مانۆڕی داهاتووش لە کۆتایی ساڵی 2023دا پلانی بۆ دانراوە. ئەم مانۆرەی داهاتوو سەرنجڕاکێش دەبێت بزانین سعودیە چۆن بەشداری سەربازی دەکات.
ئەم نزیکبوونەوەیە لە پەکین بە تایبەتی گرنگە بەو پێیەی کە چین لەم دواییانەدا متمانەی دیپلۆماسی خۆی بەهێزتر کردووە بە کەوتنە نێوانی سعودیە و ئێران و نزیکبوونەوەیان.
ناکۆکییە جۆراوجۆرەکانی ئێرانییەکان و عەرەب یەکێك لەو هۆکارانە بووە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران بە ناسەقامگیری و پارچەپارچەیی ماونەتەوە و نەتوانن بەخوردێکی ناوچەیی بۆ کێشەکانیان ببیننەوە.
بەشێک لە ستراتیژیی فراوانتر
شەڕی کارەساتبار لە یەمەن تەنیا نموونەیەکە. ئەو بەیەکادانە شەڕێکی بە وەکالەت بووە لە نێوان سعودییەکان و ئێرانییەکان بۆ پاوانەکردنی ناوچەکە. لە کاتێکدا کە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی سعودیە لە ئێران کەمترە، بەشێک لە ستراتیژیەتی سعودیە ئەوە بووە کە نرخی نەوت بە شێوەیەکی دەستکرد نزم بهێڵێتەوە، باشترە لە خوار 65 دۆلاری ئەمریکی (52 پاوەند) بۆ هەر بەرمیلێک بێت کە هەندێک لە شرۆڤەکاران پێیان وایە ئەوە ئەو نرخە بێت کە ئێران پێویستی پێیەتی بۆ هاوسەنگکردنی بوجەکەی.
کەواتە، شتێکی سەرسوڕهێنەر نییە کە ڕاستەوخۆ دوای تێکەوتنی چینییەکان بۆ ڕێککەوتنی ئێران/سعودیە مامەڵەی ئۆپێک، کارتێلی نەوت، ڕووی دا کە هەردوو وڵات ئەندامین و کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی ڕاگەیاند. بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش لە ئەنجامدا کە فشارەکانی هەڵاوسانی پارە لەسەر ولاتانی ڕۆژئاوا دەهێڵێتەوە بەڵام ئابووری ڕووسیا وەکو ئاو دەڕوات.
زۆرێک لە ڕۆژئاوا پێیان وایە زۆرینەی جیهان دژی شەڕی پوتینن لە ڕووسیا و دەیانەوێت سزاکانی سەر ڕووسیا کاراییان هەبێت. هەرچەندە یەکەی هەواڵگری ئابووریناس تازە شیکارییەکی بڵاوکردۆتەوە کە دەریدەخات پشتگیریکردن لە ڕووسیا لە جیهانی پێشکەوتوودا گەشە دەکات، بەشێکی بەهۆی یادەوەرییەکانی کۆلۆنیالیزمی ئەوروپیەوەیە.
هەژموونی چینی گەشە دەکات
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی چین، Xi Jinping ، شی جینپینگ، جەنگی ئۆکرانیا بەکاردەهێنێت بۆ تاقیکردنەوەی ئیرادەی ڕۆژئاوا، بەکارهێنانی تەقەمەنی مەخزەنەکان هەروەها هەڵسەنگاندنی کاریگەریی ئەو چەکانەی ڕۆژئاوا بە ئۆکراینییەکانی دەدات، هەموو ئەمانەش لەکاتێکدا نزیک دەبێتەوە لە ئامانجی ڕاگەیەندراوی دەوڵەتەکەی ‘شی’ کە بریتییە لە یەکگرتنەوەی چین لەگەڵ دوورگەی تایوان.
هیندستان وەک ئەندامێکی SCO و Quad (هاوپەیمانی شل و شێوای ئوسترالیا، هیندستان، ژاپۆن و ئەمریکا)، ئەو کارە دەکات کە بە باشترین شێوە دەیکات – یاری بە هەردوو لای شمشێرەکە دەکات. سەرۆکوەزیران نارێندرا مودی، کاتێک لەم دواییانەدا پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا هیندستان زیاتر بەرەو جەمسەری کاریگەری چین ڕاکێشراوە، یان جەمسەری ئەمریکا، وتی: “ئێمە جەمسەری سێیەم دروست دەکەین.”
وە لەکاتێکدا کە هەموو ئەمانە دەگوزەرێن ئوسترالیا، بەریتانیا و ئەمریکا هاوبەشی نوێی ئەمنی خۆیان لە ئاوکوس (Aukus ) ڕاگەیاند، چاوێکیشیان لەسەر گریمانی ململانێی چین بوو لەسەر تایوان.
فراوانکردنیSCO لای چین مەشقکردنی ئەم دواییەی ماسولکەی دیپلۆماسی خۆی، هەمووی بۆ پشتگیری لە ئامانجەکەیەتی کە وەک زلهێزێکی جیهانی سەیر بکرێت – و ئامادەکردنی هاوپەیمانییەکانیەتی بۆ ئامانجە ستراتیژییە ڕاگەیەندراوەکەی بۆ یەکگرتنەوە لەگەڵ تایوان.

ئەمە بۆ تایوان مانای چییە
لەم دواییانەدا پەکین بیری جیهانی خستەوە کە لە ساڵی 1971، بڕیارنامەی 2758ی نەتەوە یەکگرتووەکان پێگەی ئەوی وەک حکومەتی یاسایی چین پشتڕاستکردەوە. لەگەڵ بەرزبوونەوەی گرژییەکان، پێدەچێت فراوانبوونی SCO، و مشتومڕ لەسەر ڕۆڵ و مانای بڕیارنامەی 2758 گرنگتر بێت.
ڕۆژێک پێش پەسەندکردنی بڕیارنامەی 2758ی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1971، خاکی دانپێدانراوی چین هەردوو چین و تایوانی لەخۆگرتبوو. دەبوو هەردووکی بگرێتەوە چونکە حکومەتی تایوان حکومەتی نێودەوڵەتی دانپێدانراوی هەموو چین بوو. بڕیارنامەی 2758 حکومەتی دانپێدانراوی لە تایپەیەوە [Taipei پایتەختی تایوان ] گۆڕی بۆ پەکین، بەڵام هیچ لێدوانێکی لەسەر سنوورەکانی خاکی چین نەدا و هەربۆیە سنوورەکان نەگۆڕاون.
دەستووری تایوان هێشتا ئیدیعای چین دەکات، و هێشتا “بڕگەی ئینتقالی” بۆ هەڵبژاردنەکان تا یەکگرتنەوە لەخۆدەگرێت. یەکگرتنەوە ئامانجێکی دیاریکراوە لە دەستووری تایواندا. دوو پارتە سیاسییەکەی تایوان بۆچوونی جیاوازیان هەیە سەبارەت بە یەکگرتن لەگەڵ چین، یان سەربەخۆیی لە چین.

چین لە ڕێگەی SCO و ئامرازەکانی دیکەوە هاوپەیمانەکانی ڕێكدەخات بۆ پشتگیریکردن لە هەڵوێستی خۆی لەسەر تایوان لەکاتێکدا خیتابەکانی خۆی گرنگتر دەگەیەنێت. لە کۆتایی هەفتەی 8ی نیسانی 2023دا مەشقی سەربازی لە دەوروبەری دوورگەکەدا ئەنجامدا، دواتر ڕایگەیاند کە لە 16ی نیساندا هاتنی کەشتییەکان لە ناوچەیەکی باکووری تایوان قەدەغە دەکات بەهۆی “ئەگەری کەوتنەخوارەوەی داروپەردووی موشەکی”.
ئەمریکا هاوپەیمانە سەرەکییەکانی بەهێزتر دەکات کە دەتوانن لە ڕێگەی ناتۆ و ئاوکوسەوە (Aukus ) پشتگیری لە هەڵوێستی خۆیان بکەن لەسەر تایوان بەڵام پشتگیرییەکان لە جیهانی گەشەسەندوودا دزەدەکات ، لە کەمبوونەوەدایە..
ئێستا جیهان زیاتر ئاڵۆزتر بووە.




پیشه‌ییایه‌تی له‌ كاری ڕۆژنامه‌نووسی دا.. نه‌ژاد عزیز سورمێ

هه‌وڵی رۆژنامه‌نووس له‌ پاراستنی پیشه‌ییه‌تی ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ڕوانینه‌كانی واقیعانه‌تر ده‌رده‌خا ، ڕۆشناییه‌كی ئارامیش ده‌بێ بۆ ئاینده‌ له‌ پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی مێژوو ، هه‌روه‌ها له‌ تێگه‌یشتنی قۆناغه‌كان و لێك جیاكردنه‌وه‌یان . ڕاگرتنی له‌نگه‌ری پیشه‌ییه‌تی له‌ كاری ڕۆژنامه‌نووسیدا ئه‌مڕۆ بووه‌ به‌سیمای ڕۆژنامه‌نووسی سه‌رده‌م كه‌ شیرازه‌ی له‌ سیسته‌م ده‌رچووه‌كان ده‌خاته‌وه‌ شوێنی خۆیان ، به‌مه‌ش مانایه‌ك به‌ژیان ده‌دا ، بایی ئه‌وه‌نده‌ی هه‌ڵده‌گرێ مانای پێ بدرێ..

  • پیشه‌ییه‌تی – هونه‌رێكه‌ باوه‌كو زۆرجاریش دیوار و دیوار به‌پاڵ تونێڵه‌ مارپێچه‌كاندا به‌ڕێوه‌ بێت ، به‌ڵام هه‌رگیز به‌هه‌مان لۆژیك له‌ هونه‌ری دروستكردنی ئه‌لته‌رناتیڤه‌كاندا به‌شدار نابێت كه‌ له‌و تونێلانه‌دا به‌تاوی داماڵینی ئیراده‌ و داته‌پاندنی خوده‌وه‌ به‌رقه‌راره‌.. ئه‌و به‌ڕێوه‌نووسانه‌ و جه‌خت له‌سه‌ركردنه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌نووس له‌ پاراستنی پیشه‌ییه‌تی به‌شێكه‌ له‌ به‌رزڕاگرتنی شه‌ره‌فی ڕۆژنامه‌نووسی و بڕستی عه‌قڵ پێ شكان و سه‌رچاوه‌ی به‌ فه‌رهه‌نگ و به‌ چاند و هاوسه‌نگیدانه‌ به‌ سرووشت و به‌ژیان كه‌ ڕه‌نگه‌ به‌لایه‌كه‌ی دیدا هه‌موو به‌ها و پاساوی به‌رده‌وامی له‌ده‌ست بدا..
    تۆ ته‌ماشاكه‌ ڕۆژنامه‌نووسێك له‌سه‌روبه‌ندی داته‌پینی یه‌كێك له‌ ڕژێمه‌ تۆتالیتارییه‌كانی ڕۆژگاری شه‌ڕی سارد له‌سه‌ر زاری زیندانییه‌ك چمان بۆ تۆمارده‌كا – له‌ زینداندا ئه‌گه‌ر یه‌كێكمان لێ بمردبووایه‌ تا چه‌ند ڕۆژێك ئیداره‌ی زیندانمان لێ ئاگادار نه‌ده‌كرده‌وه‌ تاكو بڕه‌ خواردنه‌كه‌ی له‌ نێوان خۆماندا گل بده‌ینه‌وه ‌.. زۆرجار كه‌ پاسه‌وانه‌كان ده‌هاتنه‌ ژوورێ مردووه‌كه‌مان به‌دیوار هه‌ڵده‌په‌سارد و جگه‌ره‌یه‌كمان به‌ پێكراوی له‌ده‌م ده‌نا تا وه‌ك زیندوو ده‌ربكه‌وێ و سوود له‌ بڕه‌ خۆراكه‌كه‌ی وه‌ربگرین ، ته‌نانه‌ت وای لێهاتبوو له‌ زینداندا هه‌موو شتێكمان ده‌خوارد… هه‌موو شتێك! –
    پیشه‌ییه‌تی له‌ كارێكی به‌هه‌ستی له‌ وێنه‌ی ڕۆژنامه‌نووسیدا وه‌ك ده‌بینی دووریشه‌ له‌ ده‌مارگیری و ئه‌وپه‌ڕگیری و كاردانه‌وه‌ی ساته‌وه‌ختێكی له‌ گرێژنه‌چووی دیاریكراو كه‌ هه‌ڵچوون و هه‌ناسه‌سواری و خۆ له‌بیركردن و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی به‌روه‌خت دروستی ده‌كات ، ڕێگایه‌‌كه‌ ماندووبوون و سه‌رئێشه‌ی به‌دواوه‌یه‌ ، به‌ڵام په‌یامێك له‌ سه‌رده‌مێكدا ده‌گه‌یه‌نێ ، كه ‌ئێستا جێی داخه‌ خه‌ریكه‌ ورده‌ ورده‌‌ په‌یامی تێدا كاڵ ده‌بێته‌وه‌ .



ناڕەزایەتی کرێکارانی فەرەنسا و پێشڕەویەکانی!.. نوری بەشیر

ناڕەزایەتی ملیۆنی ئەم دەورەیەی کرێکارانی فەرەنسا لەبەرانبەر زیادکردنى تەمەنى خانەنشینى لە ٦٢ ساڵیەوە بۆ ٦٤ ساڵ دەستیپێکردوە و پێیناوەتە سێهەمین مانگەوە. لەناو ئەو ناڕەزایەتیانەدا تەنیا لەمانگی جەنیوەریدا لە٢٤٠ ناوەندی جیاوازدا خۆپیشاندان لەسەراسەری فەرەنسادا ئەنجامدراوە. لە ٧ی مارسدا فەرەنسا خۆپیشاندانی سێ ملیۆن و نیوی بەخۆیەوە بینی. ئەوەی بەرچاوبوو لەم ناڕەزایەتیانەدا ریزی یەکگرتووی سەرجەم یەکێتیە کرێکاری و سەندیکا و کۆنفدراسیۆنە کرێکاریەکان و مامۆستایان و قوتابیان و فەرمانبەران بوو کە بەگشتی لەدەوری بانگەوازی یەکێتیە کرێكاریەکان کۆبوونەتەوە و هەتا حزب و لایەنە چەپەکانیشی خستۆتە ژێر کاریگەری خۆیەوە. بەگشتی فەزای کۆمەڵگا و ناڕەزایەتیەکان ڕوخسارێکی رادیکال و سۆسیالیستی پێوەدیارە لە دروشم و خواستەکان و داواکاری رۆشتنی ماکرۆن و حکومەتەکەی و وتنەوەی سروودی ئەنتەرناسیوناڵ لە ناڕەزایەتی ملیۆنیدا. هەروەها لەمانگی جەنیوەریدا بەپێی راگیریەک کرابوو لە ٧٥٪ خەڵک لایەنگری ئەم ناڕەزایەتیانە و بەدژی سیاسەتی دەوڵەتن. ناڕەزایەتیە کرێکاریەکانی ئێستا بۆ بۆرژوازی و چینی کرێکاریش مەیدانێکی شەڕی چینایەتی گەورەیە کە پریشکەکەی ئەوروپاشی گرتۆتە و هەر زوو کاریگەریەکەی گەورەترین ناڕەزایەتی کرێکارانی بەشەکانی خزمەتگوزاری و رێگاوبانی ئەڵمانیای بەدوای خۆیدا هێنا کە لە سی ساڵی رابردوودا بێوێنەبووە و کاریگەریەکانیشی لەسەر ناڕەزایەتیەکانی ئیسپانیا و بەریتانیاش و وڵاتانی تریش ووردە ووردە دەردەکەوێت.
ئەم ناڕەزایەتیە کرێکاری و جەماوەریە بەرفراوانە بەدوای ئەو سیاسەتە دژی کرێکاریەی ماکرۆندا دێت کە لەسەرەتای ئەمساڵدا بێئەوەی بگەڕێتەوە بۆ حکومەت و پەرلەمان بڕیار لەسەردا بەزیادکردنی تەمەنی خانەشینی. ئەم ناڕەزاتیانە ئەگەرچی سەرەتا لەسەر بانگەوازی یەکێتیە کرێکاری و سەندیکاکان دەستی پێکرد، بەڵام هەرزوو لە کۆمەڵگەدا تەقیەوەو بووە بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتی جەماوەری بەرفراوان و زۆربەی کۆمەڵگای گرتەوە. بەجیا لەم هێرشەی ماکرۆن لە زیادکردنی تەمەنی خانەنشینی کە هێرشە بۆسەر هەموو کۆمەڵگا، بەردەوام لە دەورەی رابردوودا بۆرژوازی فەرەنسی و حکومەتەکەی هێرشێکی فراوانی بۆسەر کۆمەڵگا بەشێوەیەکی سیستماتیک و رێکخراو دەستپێکردوە کەبەشێوەیەکی سەرەکی خۆی لەزیادبوونی نرخی شتومەک و پێداویستیە رۆژانەییەکان دەبینێتەوە بەدوای قەیرانی دەستپێکردنی جەنگی ئۆکرانیا. سەرباری ئەوە حکومەتی ماکرۆن دەستی داوەتە هێرش بۆسەر لاوان و بێکاران و پەنابەران و کۆچکردوان و کردەوەی راسیستانە بەرامبەریان. سەرباری کردەوەی توندوتیژی پۆلیس دژ بە خەڵك و خۆپیشاندەران. بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لەساڵی رابردوودا ١٥٠٠ حاڵەتی توندوتیژی پۆلیس تۆمار کراوە، هەموو ئەمانە کۆمەڵگەی فەرەنسا زۆر بە فراوانی وشیارن پێی و هەستی پێدەکەن.

هەواڵەکانی ناڕەزایەتیە کرێکاریەکانی ئەم دەورەیەی فەرەنسا، لەگەڵ هاتووهاوار و تۆمەت هەڵبەستن و پڕوپاگەندەی ئاژاوەگێڕی و دەستی دەرەکی لەپشتەوەبوون لەلایەن باڵەکانی بۆرژوازی و میدیاکانیانەوە نەیتوانیوە نەك هەر ناڕەزایەتیەکان پاشەکشە پێبکات، بەڵکو نەیتوانیوە رێگربێت لەوەی پشتیوانی جەماوەری و گشتی بۆ ناڕەزایەتیەکان بەرین و فراوان بێتەوەو ببێتە مەسەلەیەکی گرنگی میدیای ناوخۆی فەرەنسا و ئەوروپا و هەتا جیهانیش. گرنگی ئەم ناڕەزایەتیانە؛ تەنیا لە مانگرتنە سەراسەریەکان و خۆپیشاندانی ملیۆنی و ئیدامەکاریەکەیدا نیە، بەڵکو بەجیا لەوانە روخساری میلیتانتی هەبوو لەبەرامبەر هێرش و توندوتیژی و سەرکوت و رشتنی گازی فرمێسک رێژ و دەستگیرکردنەکانی پۆلیسدا. خۆپیشاندەرانیش بەشێوەیەکی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕانە وەڵامی پۆلیسیان داوەتەوە و هێرشیان کردۆتە سەر بنکەکانی سەرکوتی بۆرژوایی و لە ناوەندەکانی شارە گەورەکاندا رێگاکانی هاتووچۆیان گرتووە و مانگرتن و خۆپیشاندانەکانی کرێکاران ئیستگاکانی هاتوچۆی شەمەندەفەرەکان و پاسەکان و بەنزینخانەکان و زانکۆکان و زۆر شوێنی تری دەوڵەتی پەکخستووە…

خەسڵەتی ناڕەزایەتیە ئیدامەکاریەکەی کرێکاران و جەماوەری بەشمەینەتی فەرەنسا ترسێکی زۆری لەسەر هەموو بۆرژوازی دەسەڵاتدار داناوە، بۆیە باڵی توندڕەو و راستڕەوی فەرەنسا داوا لە ماکرۆن دەکەن کە بەهەر شێوەیەک بووە ئەو ناڕەزایەتیانە پاشەکشە پێبکات. بەمە مەیدانی کێشە چینایەتیەکەی نێوان بۆرژوازی و کرێکاران رۆشنتر بووە و کرێکاران سورترن لە بەردەوامی ناڕەزایەتیەکانیان بۆ داواکاریەکانیان و پاشەکشەی ماکرۆن و حکومەتەکەی لە سەپاندنی ئەو یاسا نوێیەدا.
رێشەی ئەم ناڕەزایەتیانەی فەرەنسا لە گەورەیی و مەزنیەک کە هەیەتی کاریگەری مێژوویەک لە شۆڕش و دەوروجێگای چینی کرێکارە لەو وڵاتەدا کە هەیبووە لەوانە شۆڕشی فەرەنسا و کۆمۆنەی پاریسە کە وەک دەرس و دەستکەوتێکی چینایەتی گرنگ کاریگەری بەسەر کۆمەڵگاوە هەیە .
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو پێشڕەویانەی چینی کرێکاری فەرەنسا لەم ناڕەزایەتیانە و جەماوەری بوونەوەی لەئاستی هەموو کۆمەڵگادا و هاتنەمەیدانی چینایەتی و شۆڕشگێرانە و وەستانەوە لەبەرامبەر سیاسەتی سەرکوتگەرانەی بۆرژوازیدا نیشانی داوە، بەڵام ئەم بزوتنەوەیە لاوازیەکی گەورەی هەیە لەڕووی ڕێکخراوبوونی سۆسیالیستی و کۆمۆنیستیی چینی کرێکارەوە، کە بتوانێت ناڕەزایەتیەکانی ئێستای چینی کرێکارو جەماوەری ناڕازی فەرەنسا بەرەو سەرکەوتن و بەرێت و پاشەکەشەیەکی جدی بە حکومەتی بۆرژوازی فەرەنسا بکات و هاوکات چینەکە ئامادەبکات بۆ شەڕی کۆتایی لەگەڵ بۆرژوایدا کە ١٥٠ ساڵ لەمەوبەر چینی کرێکاری پاریس یەکەم ئەزمونیان کرد و نمونەیەکیان لە شۆڕشی چینایەتی پرۆلیتاریا بە کرێکارانی جیهان نیشان دا. ئەرکی سەرەکی کۆمۆنیستەکانی چینی کرێکار لە فەرەنسا ئەوەیە کە ئەم ئەرکە مەزنە مێژووییە وەڵام بدەنەوە.

ئەپریلی ٢٠٢٣




هاشم ساڵح پیاوێکی خۆرهەڵاتی و فیکرێکی خۆرئاواپەرستی.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

یەکێک لەو بیرمەند و رووناکبیرانەی عەرەب کە بە نووسینەکانی سەرسام بووم، نووسەرو بیرمەندی سوری هاشم ساڵح بوو، بەشێکی زۆری وتار و کتێبەکانیم خوێندۆتەوە، تەنانەت پێش چەند ساڵێک کۆمەڵێک وتاریم وەرگێڕاو لە کتێبێکدا بە ناونیشانی “کۆمەڵی مەدەنی” چاپم کرد. راستە من پێشتر دەمزانی کە هاشـم ساڵح زۆر هۆگری شارستانی خۆرئاواییە و بە چاوێکی رەخنەگرانەشەوە سەیری دونیای خۆرهەڵات دەکات و بەتایبەتی کۆمەڵگەی عەرەبی دەکات، بە قەولی فارسەکان کەسێکی ” غەربزادە” یە.
بەڵام لە پاش خوێندنەوەی دوایین کتێبی بەناونیشانی ” لە دیمەشقەوە بۆ پاریس” کە نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد کردوویەتی بەکوردیی و دەزگای جەمال عیرفان چاپی کردووە. کاتێک هەندێک بیروبۆچوونیم خوێندەوە، تووشی نیگەرانی کردم بەتایبەتی کاتێک هەستم بەو خۆبەکەمزانینەی کرد بەرامبەر خۆرئاوا.
ئەم کتێبە بریتییە لە کۆمەڵێک وتار کە تێیدا نووسەر وەکو بیرەوەری نووسیویەتی لەپەنا ئەوەشدا بەڕوونی بیروبۆچوونی خۆی لە بارەی شارستانی خۆرهەڵات و خۆرئاوا دەرخستووە. لە هەندێک شوێندا هەست بە بێزاریی و تووڕەیی ئەم نووسەرە دەکەیت لە وڵاتەکەی بەتایبەتی و خۆرهەڵات بەگشتی، لەبەرامبەریشدا زۆر بەسەرسامیی و باشییەوە باسی شارستانی خۆرئاوایی دەکات. لەهەمووشی سەیرتر بەلای منەوە، ئەو کەبتە سێکسییە زۆرەیە کە لە نووسەردا دەردەکەوێت، ئەمەش مایەی سەرنج و تێڕامانی زۆرم بوو.

خۆرئاواپەرست
ئەڵمانییەکان وشەیەکیان هەیە ” Westorientierung ڤێستئۆرەینتیرونگ” ئەوانەی کە ئاڕاستەی خۆرئاواییان هەیە، وشەی orientierung زیاتر بۆ ئاڕاستەی شوێن بەکاردێت، West مانای خۆرئاوا دەگەیەنێت. بەڵام هەردوو وشەکە پێکەوە لەرووی فیکرییەوە مەبەستێکی تری هەیە، بۆ ئەو کەسانە بەکاردێت کە بە هەموو شتێکی خۆرئاوا سەرسامن و بەسەرچاوەی شارستانی مرۆڤایەتی دادەنێن. من وشەی ” خۆرئاواپەرست” دادەنێم، پێموایە ئەم وشەیە زیاتر دەگونجێت، چونکە وەکو چۆن خوداپەرست و نەتەوەپەرستمان هەیە، خۆرئاواپەرستیش هەیە، چونکە تۆ هەموو شتێكی باش و جوانت لە خۆرئاوا بینییەوە، ئەوا دەچێتە قاڵبی پەرستنەوە، هاشم ساڵحیش دەچێتە قاڵبی خۆرئاواپەرستەکانەوە.

خۆرهەڵاتی خراپ و خۆرئاوای باش
ئەوەی هەستم پێکرد نووسەر رقی لە هەموو شتێکی خۆرهەڵات دەبێتەوە، تەنانەت رقیشی لە بنەماڵەکەی دەبێت، لەبەرامبەریشدا زۆر شەیدا و هۆگر و سەرسامی خۆرئاوایە. لای ئەو خۆرهەڵات مانای بیری توندڕەویی، دواکەوتوویی، ستەمکاریی، لەبەرامبەریشدا خۆرئاوا مانای ئازادیی” بەتایبەتی ئازادی سێکسی” خۆشگوزەرانی، پێشكەوتن، لێبوردەیی و کۆمەڵی مەدەنی دەگەیەنێت.
نووسەر دەڵێت:
ماوەی نێوان دیمەشق و پاریس بە فرۆکە، چوار سەعاتە، بەڵام بە حیسابی زەمەن و پەرەسەندنی مێژوویی، چوار سەدەیە!ل9

لەوانەبێت ئەو قسەیە راست بێت کە ئەمڕۆ خۆرئاوا لە زۆر بواردا پێشكەوتنی بەدەستهێناوە بەتایبەتی لە رووی ” پیشەشازیی،ئابووریی، تەکنۆلۆژیا” هەروەها لە رووی مافە مەدەنیی و سیاسییەکانیشدا، پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، لەهەمانکاتیشدا خۆرهەڵات هێشتا بەدەست کۆمەڵێک کێشەی گەورەوە دەناڵێنێت و بەو شێوەیەی خۆرئاوا نییە. بەڵام خاڵی گرنگ لێرەدا ئەوەیە، ئایا ئەمە مانای ئەوەیە کە دەبێت ئێمە کە خەڵکی خۆرهەڵاتین، خۆمان لێ بێبەری بکەین و رقمان لێی بێتەوە؟ لەهەمانکاتیشدا هەموو شتێکی خۆرئاوا بە جوان و باش ببینین، خۆرهەڵاتیش بەسەرچاوەی هەموو ناشیرینی و خراپەیەک دابنێین؟ ئەی باشە هەر خۆرئاوا نییە کە سەرچاوەی فیکری فاشیزم و پۆپۆلیزم و دیکتاتۆریی و میلیتاریزم وکۆڵۆنیالیزمە ؟ هۆکاری سەرەکی دوو جەنگی گەورەی ماڵوێرانی جیهانی بووە، کە ملیۆنان کەسی تێدا کوژراوەو بریندارو ئاوارە بووە. هەرچی شێوازی دڕندانە بووە لە دژی نەتەوەو گەلانی کیشوەری ئەمریکا و ئەفریقا و ئاسیا بەکاریانهێناوە. دەبێت لایەنە ناشیرینەکانیشیان باس بکەین و رەخنەشیان لێبگرین، لەهەمانکاتیشدا ئاساییە کە ستایشی لایەنە جوانەکانیان بکەین، بەڵام نەک هەموو خۆرئاوا بە جوان و خۆرهەڵاتیش بە ناشیرین دابنێیت، ئەمە ناچێتە هەڵوێست و تێڕوانینی کەسێکی رۆشنبیر و ئەکادیمییەوە.

راکردن لە منداڵیی و خۆرهەڵات
پاش دوورکەوتنەوەم لە نیشتمان بۆ ماوەی چل ساڵ، ئەوەم بە بیردا نایەت تەنانەت بۆ پێنچ خولەکیش بگەڕێمەوە،،ل13

نووسەر لەم کتێبەیدا لە چەندین شوێندا باس لە ژیانی ناخۆشی منداڵی خۆی دەکات، بەتایبەتی ئەو ئازارانەی کە بەدەست باوەژنەکەی و باوکییەوە جەشتوویەتی. ئەمەش کاریگەری ئێجگار خراپی بەسەر کەسایەتی و فیکری نووسەرەوە بەجێهێشتووە. دیارە نووسەریش وەکو هەموو تاکێکی تری کۆمەڵگە، دەوروبەر کاری تێدەکات بەتایبەتی خێزان، قۆناغی منداڵیش رۆڵی گەورەی هەیە بۆ پەروەردە و کەسایەتی تاک.

نووسەر دەڵێت:
منداڵی من، تەنانەت لە دوای پەنجا ساڵیش هێشتا ناوچەیەکی ترسناکە، بۆمبێکی کاتییە، منداڵیم تا ئێستاش مۆتەیەکی مەترسیدارە، بەردەوام لە دەستی هەڵدێم و بەردەوام بە دوامەوەیە، ئایا من ئەو کەسەم قەپ لە خۆم دەگرم؟ ل92
بەڵام ئایا دەتوانین لە مێژووی خۆمان رابکەین؟ دەتوانین لاپەڕەی مێژووی ژیانی شەخسی خۆمان لە مێشکماندا بسڕینەوە؟ پرسیاری لەویش گرنگتر ئەوەیە، ئایا راکردن رێگە چارەیە؟ یان دەبێت هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بددەین؟

نووسەر دەڵێت:
ناه، نەخێر، هەرگیز ناگەڕێمەوە، ئامادەم سەفەر بۆ ئوسترالیا و مەریخ بکەم، چونکە هێشتا زۆر دوور نیم لە سوریاوە، دەمەوێ بچمە دوورترین شوێن، دووربکەوەمەوە لە منداڵی و لە ژینگەی یەکەم، هەموو رۆژێک حەسودی بەخۆم دەبەم کە من لە دەرەوەم و لەناوەوە نیم، هەموو رۆژێک بەخۆم دەڵێم، تۆ گەورەترین شانست هەیە لە مێژوودا،،،96
ئەمە هەمووی گوزارشت لەو رۆحی راکردنە دەکات کە لەناو ئەم رۆشنبیرەدایە، نازانم ئایا رۆشنبیر دەبێت لە کێشەکانی گەلەکەی رابکات، یان دەبێت لەگەڵیدا بژی؟ وەکو ئەوەی ” گرامشی “فەیلەسوفی ئیتالیا ناوی لێناوە ” رۆشنبیری ئۆرگانییک ” کە هەڵگری خەم و کێشەکانی گەلەکەی بێت و لەناویدا بژیت، ئەگەر بشتوانێت رابەرێتی بزووتنەوەیەکی جەماوەری بکات بۆ باشکردنی ژیانی خەڵکی.
یەکێک لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی داعش و ئیسلامی توندڕەو لە سوریا، دەرچوون و راکردنی بەشێکی زۆری نووسەران و رووناکبیرەکانی سوریا بوو، هەرچەندە هەموویان هەمان هەڵوێستی هاشم ساڵحیان نییە، بەڵام ئەوەی دەیبینین ئەوەیە کە بەشێکی زۆری نووسەرە ناسراو و رووناکبیرانی سوریا وڵاتەکەیان بەجێهێشت، ئەمەش وایکرد، کە مەیدانەکە بۆ فیکری فاشیستی بەعسیی و ئیسلامی توندڕەو بەجێبهێڵڕێت، لەکۆتاییشدا هەموو گەلانی سوریا باجی بڵاوبوونەوەی فیکری توندڕەیی ئایینی و نەتەوەیی بوونەوە.

وێنەی گشتگیری
هەرچەندە هاشم ساڵح خۆی دژی حوکمی توندڕەویی و تاکڕەوییە، بەڵام لەهەمانکاتیشدا زۆرجار حوکمی گشتگیریانە بەرامبەر بە هاووڵاتیانی خۆرهەڵات دەدات، حوکمی گشتگیریش زیاتر لە فاشیستییەوە نزیکە، چونکە تۆ بەیەکجار بڕیار لەسەر کۆمەڵێک کەس بددەیت جا بە باش یان بە خراپ، ئەمە هەڵوێستێکی ئەکادیمی و کامڵیش نییە. ئەوەی هەستی پێدەکەیت، نەک لەم کتێبەیدا بەڵکو لە کتێبەکانی تریشیدا نووسەر حوکمێکی گشتگیری داوە بەسەر خۆرهەڵات و خۆرئاوادا. خۆرهەڵاتی خراپ، خۆرئاوای باش.
نووسەر دەڵێت:
گرفتی رۆشنبیری عەرەبی ئەوەیە، کە رۆشنبیری رووت کردنەوە نییە، رۆشنبیری هەڵوەشاندنەوەو راشکاویی و شۆک نییە وەکو رۆشنبیری ئەوروپا، بەڵکو بریتییە لە رۆشنبیری ملکەچیی و کڕنۆش بردن، رامکردن و ماڵیکردن و وتنەوەیەکی بە بەغایی و تەسلیمبوون کۆڵدان،،ل122
ئەمەش حوکمێکی گشتگیرییە بەسەر رۆشنبیرانی عەرەب، چونکە زۆر نووسەر و رووناکبیری عەرەبمان دیوە، کە لەسەر هەڵوێستی خۆیان، رووبەڕووی زیندان و زوڵمی میرغەزەبەکانی خۆرهەڵات بوونەوە.

ئایا خۆرئاوا هەروا جوان بووە
نووسەر دەڵێت:
سوپاس لیسینک، هیگل، کانت، سوپاس بیرمەندە مەزن و گەورەکان کە چاوەڕێ دەکەین، کەسانی لەو چەشنە لای ئێمەش لە جیهانی عەرەبیدا دەربکەون تا لە تاریکییەکانی سەدەکانی ناوەڕاست ئازادمان بکەن ل 52
نووسەر لەبیری چووە نازیەتی ئەڵمانی کە دڕندەترین شێوازی حوکمرانی سیاسیی و ئایینی توندڕەو بوو، چ دۆزەخێکی بۆ گەلانی ئەوروپا نایەوە. چۆن بەناوی ئایینەوە ملیۆنان جوویان سووتاند. قسەی گرنگ لێرەدا ئەوەیە، خۆ سەدان ساڵ بوو رۆشنگەری لە ئەوروپا و ئەڵمانیا کرابوو، بەڵام ئەمەش نەبووە رێگر لە هاتنە سەرکاری دڕندەترین و توندڕەوترین رژێم کە ئەویش نازیەتی ئەڵمانی بوو.

چەپاندنی سێکسی
بە حوکمی ئەوەی کە لە خۆرهەڵات و گێتی ئیسلامیدا، ئازادی سێکسی نییە، وایکردووە کە بەشێکی زۆری خەڵکی تووشی چەپاندنی سێکسی بن، ئەمەش بەشێکی زۆری چین و توێژەکانی گرتۆتەوە. لەوانەبێت بۆ هەندێک کەس هەتا کۆتایی ژیانی لەگەڵ ئەم کەبتە سێکسییەدا بژی لە نموونەی هاشـم ساڵح.
نووسەر دەڵێت:
هەر کە پێم خستە خاکی فەرەنساوە، یەکەمین شت بۆی دەگەڕام ئافرەت و سێکش بوو،
من ماوەی چارەکە سەدەیەک، بەهۆی چەپاندنی سێکسی و ئایینی و ئامۆژگارییەوە، زەینم لە کار کەوتبوو. من کەمی رەوشت و کەمی پەروەردە نەیانکوشتوم، بەڵکو زۆری ئەخلاق و زۆری پەروەردە کوشتیانم، ل118
هەموو شتێک لە شەقامەکانی پاریسدا جوان و سەرنجراکێشە، ژنان لە هەموو لایەکەوە رێکپۆشن و جوانپۆشن، بەناو خۆبادانەوە رێدەکەن، جلی کورت لەبەردەکەن، ئەو هەموو پەیکەری ژنە رووتانە چەند جوانن لێرەولەوێ بڵاوبوونەتەوە،ل112
من زۆر بە شەقامەکانی پاریسدا گەڕاوم، راستە شەقامی جوانی تێدایە، بەڵام لەهەمانکاتیشدا هەموو شەقامەکانی جوان نین، لەهەمانکاتیشدا نابێت جوانی شەقامەکانی پاریس لە دیمەنی رووتی ژنەکانیان ببینیتەوە، جوانی لە شتی تریشدا هەیە، ئەمەش گوزارشت لەو کەبتە سێکسییە دەکات کە هاشم سالح هەیەتی.
دواتر هەموو شتێکی پاریس جوان نییە، بەشێکی زۆری گەڕەکەکانی بەدەست هەژاریی و بێکارییەوە دەناڵێنن. هەروەها لەو شەقامانەی پاریسدا زۆرجار بێگانەکان، رووبەڕووی سووکایەتی و جوداکاری دەبنەوە لەلایەن ئەو فەرەنسیانەی هەڵگری بیری فاشیستین، پاریس ئەم دیمەنە ناشیرینانەشی تێدایە.

دوا قسە
هاشـم ساڵح یەکێکە لەرووناکبیرە ناسراوەکانی سوریا و خۆرهەڵات، هەمیشە داکۆکی لە ئازادی بیرورا و دژایەتی بیری توندڕەوی ئیسلامی کردووە، هەموو ئەمانەش هەڵوێست و فیکری جوانن، بەڵام ئەوەی مایەی رەخنە و قبووڵکردن نییە، دژایەتییکردنی هەموو شتێکی خۆرهەڵات و وێناکردنی هەموو شتێکی جوان و باشی خۆرئاوایە، بەجۆرێک خۆرئاوا بە بەهەشتێک دابنێیت و خۆرهەڵاتیش بە دۆزەخ. لەوانەبێت ئاسایی بێت ئەگەر کەسێکی ئاسایی خۆرهەڵاتی وا سەیری خۆرئاوا بکات، بۆیە بەلێشاو گەنجی ئەم خۆرهەڵاتە بەرەو ئەوروپا دەچن، بەڵام ئەگەر کەسێکی نووسەر و رووناکبیر، ئەم تێڕوانینەی هەبێت، مایەی پرسیار و گلەییشە.

ئەردەڵان عەبدوڵڵا




کاروان کاکەسوور لە وەڵامی دەنگەکان دا سەبارەت بە ئەنفا ل و رۆڵی ئەدەب

لە ئەرشیڤی دەنگەکان ەوە ١٤/٤/٢٠٠٧

دەنگەکان:

دوای تێپەڕبوونی ١٩ ساڵ بەسەر کردەی ئەنفالدا، ئایا ئەدەب توانیویەتی لە ناو خەیاڵ و فەنتازیا و زماندا ئەنفالێک دابمەزرێنێ جیاوازبێت لەو ئەنفالەی هەتا ئێستا زمانی سیاسی و ئایدیۆلۆژیا پێیان ناساندووین؟ تایبەمەتمەندیی ئەو زمانە ئەدەبییە چۆنە کە ئەدەبی کوردی بۆ بەرجەستەکردنەوەی ئەنفال بەرهەمی هێناوە؟ ئاخۆ ئەدەب دەتوانێت زمانێک بێت بۆ بەجیهانیکردنی کردەی ئەنفال؟

کاروان کاکەسوور:

ئه‌و پرسیاره ‌به ‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک و له‌ هه‌ر ئاستێکدا بکرێت، ئه‌وە هه‌ر ده‌مانخاته‌وه‌ به‌رده‌م بیرکردنه‌وه‌ له‌ پێوه‌ندیی نێوان ئه‌ده‌ب و مێژوو. ئه‌نفال وه‌کوو ئیراده‌یه‌کی ئایدیۆلۆجی به‌سه‌ر واقیعی ئێمه‌دا سه‌پێنراوه‌. ئه‌و ئیراده‌یه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه‌ هه‌موو بیرکردنه‌وه ‌و خه‌یاڵێک بخاته ‌ژێر ده‌ستەڵاتی خۆیه‌وه‌. ئه‌مه تەنیا پێوه‌ندیی به ‌ئه‌نفاله‌وه ‌نییه‌، بەڵکوو هه‌موو ڕووداوه ‌گه‌وره‌کانی مێژوو ئاوان. پێوه‌ندیی نێوان خه‌یاڵ و واقیعیش هه‌میشه‌ پێوه‌ندییه‌کی شه‌ڕانگێز بووه‌. مه‌رج نییه ‌خه‌یاڵ تەنیا ئه‌ده‌ب و هونه‌ر به‌رهه‌م بهێنێت، بەڵکوو زۆر جار واقیع به‌رهه‌م دێنێته‌وه‌. ده‌شێ خه‌یاڵێکی جوان لە جیاتیی ئه‌وه‌ی ببێته‌ شیعر، چیرۆک، ڕۆمان یان تابلۆیه‌کی هونه‌ری، ببێته ‌دروستکردنی تفه‌نگێکی دوورهاوێژ، تۆپێکی گه‌وره‌، یان ڕۆکێتێکی سه‌رسووڕهێنه‌ر. که‌واته‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌موویان هه‌ر خه‌یاڵه‌. پێم وایه‌ به‌ هه‌ڵه‌دا ده‌چین، کاتێک ده‌مانه‌وێت ئه‌نفال و هه‌ر ڕووداوێکی دیکه‌ی مرۆیی له ‌خه‌یاڵ و فه‌نتازیا داببڕین. ئه‌نفال پێش ئه‌وه‌ی بکرێته واقیع، ‌تێکست بوو. پێش ئه‌وه‌ی بکرێته ‌تێکستیش، خه‌یاڵ بوو. کاتێک خه‌یاڵ و ئایدیۆلۆجیا ئاوێته ‌ده‌بن، ڕووداوی وه‌کوو ئه‌نفال ده‌هێننه ‌کایه‌وه‌. مەبەست لە ئایدیۆلۆجیا هەر سەرچاوەیەکی زانراوە، کە لە ڕێیەوە بیر دەکرێتەوە و دەڕوانرێت. واتە کڵێشەی ئامادە هەن و وا خۆیان دەردەخەن بۆ هەموو دۆخەکان دەست دەدەن. کێشه‌ی گه‌وره ‌لێرەدایه‌، کاتێک نووسه‌ر ده‌یه‌وێت ئه‌و واقیعه‌ بکاته‌وه ‌خه‌یاڵ. ئه‌و تێگه‌یشتنه ‌هه‌تا ئێستایش به‌سه‌ر ئه‌ده‌بی ئێمه‌دا زاڵه‌. ده‌بێت لێره ‌ئاماژه ‌به‌وه ‌بکه‌م، که ‌ئه‌نفال به ‌نهێنی له‌ناو بەشێکی زۆری تێکسته‌کانماندا کار ده‌کات، بۆیه‌ کاتێک ‌ده‌مانه‌وێت قسه ‌له‌باره‌ی ئه‌نفاله‌وه ‌بکه‌ین، مه‌به‌ستمان ناوی ئه‌نفال نییه‌، مه‌به‌ستمان ئه‌و تێکسته ‌ئه‌ده‌بی و هونه‌رییانه نین، که ‌باس له ‌ئۆپه‌ڕاشیۆنی ئه‌نفال ده‌که‌ن، بەڵکوو مه‌به‌ستمان ئه‌و دیسکۆرسه‌یه‌‌، که ‌له‌ پشت بیرکردنه‌وه‌ی نووسه‌ره‌وه ئاماده‌ییی هه‌یه‌‌. مه‌به‌ستمان گرێی ئه‌نفاله‌، که‌ به ‌درێژاییی ته‌مه‌نی خۆی خه‌یاڵمانی ڕه‌نگڕێژ کردووه‌. ئه‌نفال دۆستایه‌تییه‌کی زۆر به‌تینی له‌نێوان نووسه‌ر و مێژوودا پێک هێناوە‌. ئیشی ئه‌و نووسه‌ره ‌به‌رده‌وام ئه‌وه‌ بووه ‌دڵنه‌واییی ئه‌و مێژووه ‌برینداره ‌بداته‌وه‌.
لێره‌وه ‌زمانی نووسه‌ری ئه‌ده‌بی نه‌ک هه‌ر تێکه‌ڵی زمانی ئایدیۆلۆجیا و سیاسه‌ت ده‌بێت، بەڵکوو ڕه‌وایه‌تییشیان پێ ده‌دات. سه‌یر نییه‌ کاتێک ده‌بینین هه‌موو ساڵێک شیعر و په‌خشان شانبه‌شانی گوتاری سیاسی یادی ئه‌نفال، هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕاپه‌ڕین ده‌که‌نه‌وه‌. به ‌هه‌مان تێڕوانین و به‌ هه‌مان زمان. یه‌کێک له ‌خەسڵە‌ته‌کانی ئایدیۆلۆجیا ئه‌وه‌یه‌، که ‌به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه ‌واقیع دیاری بکات، یان به‌ مانایه‌کی دیکه‌ بیخاته ‌ناو چوارچێوه‌یه‌کی سنووردارەوە‌، به‌و مه‌به‌سته‌ی سه‌ری له ‌ئه‌رکه‌کانی خۆی ده‌ربچێت، بەڵام نووسه‌ری ئه‌ده‌بی، ئەو نووسەرەی ویستی تێپەڕاندنی هەیە، به‌ پێچه‌وانه‌وه ‌واقیعێکی گریمانه‌یی ده‌خوڵقێنێت، که ‌ته‌واو جیاواز بێت له‌و واقیعه‌ی ئایدیۆلۆجیا دیاری ده‌کات. لای ئێمه‌ مه‌سه‌له‌که‌ ڕێچکه‌یه‌کی دیکه‌ی گرتووه‌. بەگشتی نووسه‌ران ‌یارمه‌تییه‌کی گه‌وره‌ی ئایدیۆلۆجیایان داوه‌، که‌ واقیع پێناسه‌ بکات. به ‌مانایه‌کی دیکه‌، ئه‌و له ‌ڕێگەی ئایدیۆلۆجیاوه پێوەندی بە واقیعەوە ده‌کات.
ئه‌و نووسه‌ره‌ وا بۆ بیست ساڵ ده‌چێت خۆشحاڵانه ‌له‌ناو ئه‌و واقیعه‌دا ده‌ژی، که ‌ئایدیۆلۆجیا خوڵقاندوویه‌تی، به ‌ڕاده‌یه‌ک، جیاوازی له‌نیوان خودی نووسه‌ر و ئه‌و واقیعه‌دا نه‌ماوه‌. به ‌مانایه‌کی دیکه‌، هه‌موو ته‌عبیرکردنێک له‌ خودی خۆیشی، هه‌ر ته‌عبیره‌ له‌و واقیعه ‌چه‌سپاوه‌. لێره‌وه‌یه‌ ئه‌و نووسه‌ره ‌ئیشی به ‌داهێنانی زمان نامێنێت، که‌ گرنگترین ڕێگەیه‌ بۆ گه‌یشتن به ‌نهێنییه‌کانی مێژوو. ئه‌مه‌ هۆیه‌که ‌له‌و هۆیانه‌ی، که‌ وای کردووه‌ تێکسته‌کان ئه‌وه‌نده ‌له ‌یه‌ک بچن، چونکه ‌وه‌ک گوتمان هه‌موو خوده‌کان له‌ناو ئه‌و واقیعه‌دا بوونه‌ته‌ یه‌ک خودی هاوبه‌ش. گوتیشمان ئه‌و واقیعه‌ پێناسه‌ کراوه ‌و له‌لایه‌ن ئایدیۆلۆجیاوه ‌سنووره‌کانی بۆ کێشراون‌. له ‌تێڕوانینی ئه‌ر‌یستۆوه‌ مێژوو خۆی ناته‌واوه‌، چونکه ‌به‌شێک له ‌واقیع ده‌رده‌خات، نه‌وه‌ک هه‌مووی. بەم شێوەیە ‌ئه‌و مامه‌ڵه ‌میکانیکییه‌ی نووسه‌ری ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ڕووداو، هه‌ر له ‌بنه‌ره‌ته‌وه‌ مامه‌ڵه‌یه‌کی دروست نییه ‌و ناتوانێت هیچ نهێنییه‌ک له ‌مێژوو ده‌ربخات.
تاکه ‌ڕێگەی ئه‌و نووسه‌ره‌مان ‌بۆ هێنانه‌وه‌ی ئه‌نفال وه‌کوو ڕووداوێکی مێژوویی، تەنیا تراجیدیایه‌. تراجیدیا بە مانا میلـلییەکەی، نەوەک بە مانا فەلسەفییەکەی. به‌مه‌یش له ‌لایه‌ک سنوورێکی ته‌سک بۆ خه‌یاڵ داده‌نێت و له ‌لایه‌کی دیکەیش‌ هه‌موو جیاوازییه‌کان له‌نێوان ئه‌نفالی فاکتوال و ئه‌نفالی هونه‌ریدا ده‌سڕێته‌وه‌. لێره‌وه‌ نووسین نابێته‌ پرۆسێسێک بۆ تێکشکانی واقیع، چونکه‌ هه‌ڵگری هیچ دژایه‌تییه‌کی واقیع نییه‌، بەڵکوو هه‌ر خۆی ده‌بێته‌وه‌ به‌شێکی جیانه‌کراوه‌ی ئه‌و واقیعه‌. هه‌ر ئه‌مه‌یش دیسان پێوه‌ندیی به‌ ئایدیۆلۆجیاوه‌ هه‌یه‌، چونکه ‌ئایدیۆلۆجیا به‌پێی ئه‌رکه‌کانی خۆی سیمای واقیع پێشان ده‌دات.
سه‌رده‌مێک ئه‌و واقیعه‌ به ‌شێوه‌یه‌کی زۆر تاریک ده‌رده‌خات، به‌و مه‌به‌سته‌ی کۆمه‌ڵگا بخاته ‌حاڵه‌تێکی نیگه‌رانه‌وه ‌و داوای خێراترین چاره‌سه‌ری لێ بکات. هه‌ر ئه‌و ئایدیۆلۆجیایه ‌له ‌سه‌رده‌مێکی دیکه‌دا ئه‌م سیما په‌شێوییه‌ی واقیع به‌ شێوه‌یه‌کی ته‌واو پێچه‌وانه ‌پێشان ده‌دات، به ‌ڕاده‌یه‌ک وای دەردەخات هه‌ر بیرکردنه‌وه‌یه‌کی جیاواز له ‌خۆی و هه‌ر گۆڕانکارییه‌ک، که‌ به‌بێ ئه‌و بکرێت، جارێکی دیکه ‌ئه‌و کۆمه‌ڵگایه ‌به‌ره‌و وێرانی ده‌باته‌وه‌. ئه‌گه‌ر لە جیاتیی ئه‌نفال هه‌ر ڕووداوێکی دیکه‌یش دابنێین، ئه‌وە هیچ له ‌مه‌سه‌له‌که ‌ناگۆڕێت. مه‌به‌ستمانه‌ بڵێین ئه‌و نووسه‌ره‌ له ‌ڕێگەی تراجیدیایه‌کی هه‌ژارانه‌وه‌‌، که تەنیا پشت به ‌یاده‌وه‌ری و بینینێکی ڕووکه‌ش ‌ده‌به‌ستێت، نه‌ک به ‌تێڕوانینێکی ڕەخنەگرانه‌، بۆ ناو مێژوو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. له‌وێیشه‌وه‌ مژده‌ی ژیانێکی ئاسووده ‌و به‌خته‌وه‌رمان ده‌داتێ.
سه‌رنج ده‌ده‌ین تێڕوانین و ئیشکردنی ئه‌و نووسه‌ره‌ هه‌مان تێڕوانین و ئیشکردنی ئایدیۆلۆجیایه‌. ئه‌و نووسه‌ره‌ به‌ هه‌مان زه‌مه‌نی فیزیکی بۆ ناو مێژوو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌وه‌ له‌ کاتێکدا ده‌بێت زه‌مه‌نێکی پێچه‌وانه‌ بخوڵقێنێت، که‌ ئه‌مه‌یان خۆی له‌ کۆمه‌ڵێک ته‌کنیک و فێڵی هونه‌ریدا ده‌بینێته‌وه‌. لێره‌ جارێکی دیکه‌یش هه‌ست به‌ پاشکۆیه‌تیی ئه‌ده‌ب ده‌که‌ین، چونکه‌ ئه‌مه‌ لاساییکردنه‌وه‌ی کتومتی ئایدیۆلۆجیایه‌، که‌ هه‌میشه‌ خێراترین ڕێگە ده‌گرێته‌ به‌ر بۆ لێکدانه‌وه‌ی واقیع. لێره‌یشه‌وه‌یه‌ ڕووداو تەنیا له‌ ئاستی هه‌قایه‌تدا ده‌مێنێته‌وه‌ و ناگاته‌ ئاستی چیرۆک، که‌ هه‌ر یه‌که‌یان خاوه‌نی زه‌مه‌نی خۆیانن و لای ئێمه‌ تێکه‌ڵی یه‌کتر کراون. من پێشتریش له‌م باره‌یه‌وه‌ گوتوومه‌، گه‌ڕانه‌وه‌ی ئێمه‌ بۆ ناو مێژوو زۆر جار گه‌ڕانه‌وه‌یه‌کی نۆستالژییانه‌یه‌، نەوە‌ک دڵڕەقانه‌. گه‌ڕانه‌وه‌یه‌که‌ پڕه‌ له‌ سۆز و میهره‌بانی، بۆیه‌ ناتوانین مێژوویه‌کی جیاواز له‌و مێژووه‌ فەرمییه‌ بخوڵقێنین. ئه‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ هه‌ڵگری چاوێکه‌، که‌ هه‌موو ڕابردوو به‌ پیرۆز ده‌بینێت، بگره‌ زۆر جار ئه‌و نووسه‌ره‌ هه‌ر خودی نووسین به‌ شتێکی گڵاو ده‌زانێت و ڕێگەی نادات به‌بێ پاککردنه‌وه له‌ گومان و پرسیاره‌ به‌ده‌کان بچێته‌ ناو هه‌ندێک زۆنه‌وه‌، که‌ لای ئه‌و پیرۆزن و به‌ تابوو داده‌نرێن‌. ئه‌و ته‌ماهیکردنه‌ له‌گه‌ڵ مێژوو ئه‌ده‌بی نووسراوی ئێمه‌ی کردووەته‌ پاشکۆی‌ ئه‌ده‌بی زاره‌کی. به‌کورتی تێکڕای ئه‌رکی ئه‌و نووسه‌ره ‌له‌وه‌دا کۆ ده‌بێته‌وه‌، که ‌پێمان بڵێت ڕووداوێک هه‌یه‌ به ‌ناوی ئه‌نفال، ڕووداوێکی دیکه‌ هه‌یه ‌به ‌ناوی هه‌ره‌س، ڕووداوێکی دیکەیش ‌هه‌یه ‌به ‌ناوی کۆڕه‌و. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ئه‌و پڕۆسێسه ‌به ‌زمانی ئه‌لیکترۆنی بنووسینه‌وه‌، ئاوای لێ دێت: نووسه‌ر کۆپییه‌ک له ‌لینکی واقیع وه‌رده‌گرێت و بۆمانی په‌یست ده‌کات. لێره‌ ناکرێت نه‌ڵێین ئه‌و نووسه‌ره تەنیا کاتێک ده‌زانێت له ‌کۆمه‌ڵگادا چه‌وسانه‌وه‌ هه‌یه‌، که ‌زمان زۆر ئاسان و شه‌فاف ده‌کرێته‌وه ‌و شته‌کان له‌ شێوه‌ی کۆمه‌ڵێک ئایکۆندا ده‌رده‌خرێن.
ئه‌گه‌ر ئێمه‌ پێ له‌سه‌ر ئه‌وه ‌دابگرین، که زمانی ئه‌ده‌بیمان بووه‌ته‌ پاشکۆی زمانی سیاسه‌ت، ئه‌وە ده‌بێ بزانین ئاست و مه‌ودای زمانی سیاسه‌تمان چۆنه، به‌و مه‌به‌سته‌ی بزانین سه‌رچاوه‌ی ئه‌و نووسه‌ره ‌ئه‌ده‌بییه‌ چه‌ند هه‌ژاره‌‌. ‌من پێم وایه ‌ئه‌و زمانه‌ی سیاسه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ر به‌ پێوه‌ره‌کانی سیاسه‌ت خۆیشیه‌وه ‌لێک بده‌ینه‌وه‌، هه‌ر زمانێکی لاوازه‌. زمانێکه‌ تەنیا له‌ سنووری ناسینه‌وه‌ی لایه‌نگر و ده‌ستنیشانکردنی دوژمندا به ‌کار هاتووه‌. هێنده‌‌ی ئێمه‌ له‌ دوای ئه‌نفاله‌وه‌ سه‌رنجمان له‌ ئه‌ده‌بی خۆمان داوه‌، هه‌ر ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رکه‌وتووه‌، که‌ ئه‌وه‌ی له ‌پشت ئه‌و ئه‌ده‌به‌وه‌یه‌ ئایدیۆلۆجیایه‌کی هه‌ژاره‌، نه‌وه‌ک فکری ڕەخنەیی و فه‌لسه‌فه‌. ئه‌وه‌ی ناهێڵێت ئه‌نفال و هه‌ر ڕووداوێکی دیکه‌ی مێژوویی بسوێنه‌وه‌، ئه‌و گوتار و لێکۆڵینه‌وانه‌ن، که‌ له‌ گۆڤار و ڕۆژنامه‌کاندا بڵاو ده‌کرێنه‌وه و باس له‌ گه‌وره‌ییی ئه‌و تێکستانه‌ ده‌که‌ن، ئەو تێکستانەی ئەنفال و ڕووداوەکانی دیکەی مێژوویان وەک خۆی گوێزاوەتەوە‌. هه‌تا ئه‌مڕۆیش لێکۆڵینه‌وه‌ی ئێمه‌ هه‌موو جوانییه‌کانی تێکستێک له‌وه‌دا کۆ ده‌کاته‌وه‌، که پڕیه‌تی له‌‌ ئێش و ئازار. ئازار بە مانا میلـلییەکەی، نەوەک بە مانا فەلسەفییەکەی. لێره‌وه‌یه‌ من باوه‌ڕم نییه‌، که‌ مه‌سه‌له‌که‌ تەنیا نه‌بوونی تێڕوانینی قووڵ بێت‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ی واقیع، بەڵکوو به‌ پله‌ی یه‌که‌م نه‌بوونی شێوازێکی جیاواز و سه‌ربه‌خۆی هه‌ر نووسه‌رێکی ئه‌ده‌بییه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌نفال له‌ واقیعدا کۆمه‌ڵگەی ئێمه‌ی تێک شکاندبێت، ئه‌وە له‌ناو نووسیندا به‌رده‌وام ئیستاتیکامانی شێواندووه‌.

http://www.dengekan.com/doc/2007/4/anfal2007/karwan_kakaSwr.pdf




مارکسیزم و تیۆری ئەدەب.. نووسینی : نەسروڵڵا مامبرۆڵ

وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

مارکسیزم فەلسەفەی ماتریالیستە کە تێکۆشا جیهان لەسەر بنەمای جیهانی کۆنکرێتی و سروشتی دەوروبەرمان و ئەو کۆمەڵگەیەی تێیدا دەژین؛ لێکبداتەوە. دژایەتی فەلسەفەی ئایدیالیستە کە جیهانێکی ڕۆحیی لە شوێنێکی تر چەمکساز دەکات کە کاریگەری لەسەر جیهانی ماددی هەیە و کۆنترۆڵی دەکات. بە جۆرێک هەوڵیدا بیرکردنەوەی خەڵک بخاتە ناو گێڕێکی پێچەوانەوە چونکە جیاوازییەکی بنەڕەتی هەبوو لەگەڵ ئەو فەلسەفانەی کە پێش خۆی هاتبوون. خودی کارل مارکس لە سەر ئەم سروشتە شۆڕشگێڕانەی مارکسیزم سەرنجی داوە و دەڵێت : (فەیلەسوفەکان تەنیا بە شێوازی جۆراوجۆر دونیایان لێکداوەتەوە؛ گرنگ ئەوەیە کە بیگۆڕین). ڕاستە لە کاتێکدا فەلسەفەکانی تر هەوڵیان دەدا لە جیهان تێبگەن، مارکسیزمیش هەوڵی گۆڕینی دەدا.

مارکسیزمی کلاسیک: بنەما بنەڕەتییەکان
بە بڕوای مارکسیزم کۆمەڵگە لە ڕێگەی ململانێی نێوان هێزە دژبەیەکەکانەوە بەرەوپێش دەچێت. هەر ئەم ململانێیەی نێوان چینە دژبەرەکانە کە لە ئەنجامدا گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت و مێژووش لە ڕێگەی ئەم خەباتە چینایەتییەوە بەرەوپێش دەچێت. خەباتی چینایەتی بەدرێژایی مێژوو لە چەوسانەوەی چینێک لەلایەن چینێکی ترەوە سەرچاوە دەگرێت. لە سەردەمی فیۆداڵیدا گرژی لە نێوان فیوداڵەکان و جووتیاراندا بووە و لە سەردەمی پیشەسازیدا ململانێ لە نێوان چینی سەرمایەداری (بۆرژوازی) و چینی کرێکاری پیشەسازی (پرۆلیتاریا) بووە. چینەکان بەرژەوەندی گشتییان هەیە. لە سیستەمی سەرمایەداریدا پرۆلیتاریا هەمیشە لە ململانێدایە لەگەڵ چینی سەرمایەداری. ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە، بە بڕوای مارکس، دواجار دەبێتە هۆی گۆڕینی سیستەم بە سۆشیالیزم.

چەمکێکی گرنگی دیکە کە مارکس بەکاری هێنا، دیالێکتیک بوو کە لە سەرەتادا لەلایەن فەیلەسوفی ئەڵمانی سەدەی هەژدە (هیگڵ)ەوە پەرەی پێدرا. هیگڵ فەیلەسوفێکی ئایدیالیست بوو کە ئەم دەستەواژەیەی بەکارهێنا بۆ ئاماژەدان بوو بە پرۆسەی سەرهەڵدانی بیرۆکەی نوێ لە ڕێگەی ڕووبەڕووبوونەوەی بیرۆکە دژ بەیەکەکان. ئەو پێیوابوو جیهان بە فیکر بەڕێوە دەچێت و بوونی ماددی گوزارشت لە جەوهەرێکی ڕۆحی ناماددییە. بەڵام مارکس هەمان چەمکی بەکارهێنا بۆ لێکدانەوەی پێشکەوتنی جیهانی ماددی. بە ڕای مارکس هیگڵ جیهانی لنگەوقووچ کردەوە بە پێدانی پلە یەک بە بیرۆکەکان لە کاتێکدا هەوڵی مارکس پێچەوانەکردنەوەی بوو. لەبەرئەوەی دیالێکتیکی مارکس بە ماتریالیزمی دیالکتیک ناسراوە، مارکس دەیوت هەموو سیستەمە فیکرییەکان( ئایدۆلۆژییەکان) بەرهەمی بوونی ڕاستەقینەی کۆمەڵایەتی و ئابوورین. بۆ نموونە سیستەمی یاسایی ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندی چینی باڵادەستە لە قۆناغە مێژووییە تایبەتەکاندا نەک دەرکەوتنی عەقڵی ئیلاهی. دیالێکتیکی مارکسیستی دەکرێ وەک زانستی یاسا گشتی و ئەبستراکتەکانی گەشەسەندنی سروشت و کۆمەڵگە و بیرکردنەوە تێیبگەین کە گەردوون بە کۆیەکی دانەبڕاو دەزانێت کە تێیدا شتەکان وابەستەی یەکترن، نەک تێکەڵەیەک لە شتە دابڕاوەکان لە یەکتر. هەموو شتەکان لەناو خۆیاندا دژایەتی دیالێکتیکی ناوخۆیی لەخۆدەگرن، کە هۆکاری سەرەکی جووڵە و گۆڕانکاری و گەشەسەندنن لە جیهاندا. ماتریالیزمی دیالکتیکی ئامرازێکی کاریگەر بوو بە دەستی مارکسیستەکان لە ئاشکراکردنی نهێنییەکانی پشت پرۆسە کۆمەڵایەتییەکان و ڕەوتی گەشەسەندنی داهاتوویان.

یەکێک لە چەمکە بنەڕەتییەکانی تێڕوانینی مارکسیستی کلاسیک چەمکی ژێرخان و سەرخانە کە ئاماژەن بۆ پەیوەندی نێوان ئامرازە ماددییەکانی بەرهەمهێنان و جیهانی کلتووری هونەر و بیرۆکەکان، کە لە بنەڕەتدا چەمکگەلێکی ڕەمزیین و پێکهاتەی ستراکتۆرییان بەکارهێناوە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم پەیوەندییە. ژێرخان بەمانای پەیوەندییە کۆمەڵایەتی- ئابوورییەکان و شێوازی بەرهەمهێنانە و سەرخانیش بەمانای هونەر، یاسا، سیاسەت، ئایین و لە سەرووی هەموویانەوە بەمانای ئایدۆلۆژیایە. بە شێوەیەکی بەرفراوان ئاماژەیە بۆ ئەو بیرۆکەیەی کە کلتوور بە بارودۆخی مێژوویی و پەیوەندییەکانی باڵادەستی و ژێردەستەیی کە لە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا باون، بەڕێوەدەچێت. ئەخلاق، ئایین، هونەر و فەلسەفە وەک دەنگدانەوەی پرۆسەکانی ژیانی ڕاستەقینە سەیر دەکرێن. بە وتەی کارڵ مارکس خۆی (تارمایی یان خێون و لە مێشکی مرۆڤەکاندا دروست دەبن). لەم ڕوانگەیەوە هەموو بەرهەمە کلتوورییەکان پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە ژێرخانی ئابووری لە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا هەیە.
دۆسیەی ڕۆمانەکانی مولک ڕاج ئاناند وەربگرە کە باس لە ژیانی دەست لێنەدراوەکان و کولییەکان(١) و کرێکارە ئاساییەکان دەکەن کە لە پێناو ماف و خۆبەگەورەزانینی خۆیان خەبات دەکەن. ڕاستە دەتوانرێت بگەڕێنرێتەوە بۆ ئەو ململانێ چینایەتییەی کە لە کۆمەڵگەی هیندستاندا باو بووە. ئێم تی ڤاسودێڤان نایر، ڕۆماننووسێکی بەناوبانگی مالایالم، لەبارەی تێکچوونی تاراڤادی فیۆداڵی لە کیرالا نووسیویەتی. بەڵام لەدوا شیکردنەوەدا چیرۆکەکانی فلتەرکردنی مۆدێرنیتەی بۆرژوازین لە کۆمەڵگەی کیرالا و چۆنییەتی چوونە ناو پەیوەندییەکی ناکۆکی لەگەڵ بەهاکانی فیۆدالیزمدا ئاشکرا دەکەن. بەم شێوەیە دەتوانرێت شوێنەواری ئەم پەیوەندییە لە فۆرمە جۆراوجۆرەکانی بەرهەمهێنانی کلتووریدا دەستنیشان بکرێت.

ڕیالیزمی سۆشیالیستی
ڕیالیزمی سۆشیالیستی وەک بنەمای جوانیناسی فەرمی کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی نوێ شکڵی گرت. بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن ئیستاتیکا و سیاسەتی شۆڕشگێڕانەی سەدەی نۆزدەهەمەوە شكڵ و شێوەی پێدرا. ڕەیمۆند ویلیامز سێ بنەما وەک بنەما دامەزرێنەرەکانی ڕیالیزمی سۆشیالیستی دەستنیشان دەکات. ئەوان پارتینۆست یان پابەندبوون بە دۆزی چینی کرێکاری حیزب، نارۆدنۆستی جەماوەری و کلاسۆڤۆس یان پابەندبوونی نووسەر بە بەرژەوەندییە چینایەتییەکان. بیرۆکەی پارتینۆست لەسەر بنەمای وتارەکەی ڤلادمیر لینین، ڕێکخستنی حیزبی و ئەدەبی حیزبی (١٩٠٥) دامەزراوە کە پابەندبوونی نووسەر بە ئامانجی حیزب بۆ ڕزگارکردنی چینی کرێکار لە چەوسانەوە دووپات دەکاتەوە. نارۆدنۆست ئاماژەیە بۆ سادەیی باوی بەرهەمی هونەری. مارکس لە کتێبی دەستنووسەکانی پاریسدا ئاماژە بۆ ئەو نامۆبوونەی کە لە جیابوونەوەی عەقڵی و جەستەیی لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا سەرچاوە دەگرێت، دەکات. پێشتر لە ژێر سیستەمی فیۆدالیزمدا ئەو کرێکارانەی کە سەروکاریان لەگەڵ پیشەسازی بەرهەمهێنانی پەنیردا هەبوو، گەلێ شتومەکی جۆراوجۆر یتریان بۆ خۆیان بەرهەم دەهێنا، کە هەموو چالاکییەکانی پەیوەست بە بەرهەمهێنانەکە لە هەمان شوێن لە ژێر چاودێری هەمان خەڵکدا ئەنجام دەدران. بەڵام لە ژێر سیستەمی سەرمایەداریدا کرێکاران کۆنترۆڵی بەرهەمەکانی بەشە جۆراوجۆرەکانیان لەپرۆسەی بەرهەمهێنان لەدەستداوە و لە کارەکانی خۆیاندا هەستییان بە نامۆ بوون کردووە. بۆیە تەنها هونەری میللیی وەک هونەری خەڵک مایەوە. چەمکی نارۆدنۆست ئەم کوالیتییەی هونەری باو دووپات دەکاتەوە کە جەماوەر بە ئاسانی دەستی پێڕا دەگات و خوازیاری گێڕانەوەی کۆی بوونی لەدەستچوویانە. کلاسۆڤۆسیش ئاماژەیە بۆ پابەندبوونی نووسەر بە بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکار. پەیوەندی بە جیهەتگیریی ئاشکرای نووسەرێکەوە نییە بۆ چینێکی دیاریکراو بەڵکو پەیوەندی بە توانای سروشتی نووسەرەوە هەیە بۆ وێناکردنی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان.

بۆ نموونە، بەلزاک، لایەنگری شانشینی بۆربۆن، لە هەموو مێژوونووسەکان زیرەکتر باسێکی دزەپێکەری کۆمەڵگەی فەرەنسی دەخاتە ڕوو. هەرچەندە تۆڵستۆی، ڕۆماننووسی ڕووسی، سەر بە بنەماڵەیەکی ئەرستۆکرات بوو و هیچ پەیوەندییەکی بە بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکانی ڕووسیا نەبوو، بەڵام لینین تۆڵستۆی بە ئاوێنەی شۆڕشی ڕووسیا ناوبرد، چونکە لەڕێگەی ڕۆمانەکانییەوە سەرکەوتوو بوو لە ئاشکراکردنی ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە کۆمەڵگەی ڕووسیادا کە بوونە هۆی بەرپابوونی شۆڕش. هەڵوێستی لینین سەبارەت بە هونەر و ئەدەب لە هەڵوێستی کارڵ مارکس و فریدریک ئەنگڵس تووندتر بوو. ئەو دەیگوت ئەدەب دەبێت ببێتە ئامرازی حیزب. لە کۆنگرەی نووسەرانی سۆڤیەتدا لە ساڵی ١٩٣٤دا، ڕیالیزمی سۆسیالیستی وەک بنەمای ئیستاتیکی فەرمی یەکێتیی سۆڤییەت قەبوڵکرا. وەک دۆگمایەکیش لەلایەن کۆمۆنیستەکانی سەرتاسەری جیهانەوە پەیڕەوکرا.

بەم شێوەیە لەگەڵ ڕاگەیاندنی سیاسەتی ئەدەبی فەرمی لەلایەن یەکێتیی سۆڤییەتەوە، “هێڵی مۆسکۆ”(٢) بەناوبانگ بوو و لە نێو کۆمۆنیستەکاندا قبوڵکردنی نێونەتەوەیی بەدەستهێنا. لە ئەنجامدا پەیوەندی ڕاستەوخۆی (هۆ – ئەنجام)ی نێوان ئەدەب و ئابووری لەگەڵ هەموو ئەو نووسەرانەی لە سنووری فیکری پێگەی چینایەتی خۆیاندا گیریان خواردبوو، گریمانە کرا. یەکێک لە نموونەکانی ئەم ڕەخنە ئەدەبییە بێڕەحمانە مارکسیستییە، وەهم و واقیعە کە لە نووسینی کریستوفر کادوێڵە. هەرچەندە دامەزراندنی پەیوەندییەکی یەک بە یەک لە نێوان ژێرخان و سەرخاندا وەک ئەوەی ڕەنگە هەندێک لە “مارکسیستە دەستوپێ سپییەکان” هەوڵی بۆ بدەن، لەلایەن ڕەخنەگری مارکسیست، تێری ئیگلتنەوە دژایەتی دەکرێت. بە بڕوای تێری ئیگلتن، “هەر توخمێکی سەرخان، هونەر، یاسا، سیاسەت و ئایینی هەر کۆمەڵگەیەک، خێرایی گەشەسەندنی تایبەت بەخۆی و پەرەسەندنی ناوخۆیی خۆی هەیە، کە کورتناکرێتەوە بۆ تەنها دەربڕینێکی خەباتی چینایەتی یان دۆخی ئابووری .” بەڵام مارکسیستە کلاسیکییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە دوا شیکردنەوەدا سەرخان بەو شێوازی بەرهەمهێنانە دیاری دەکرێت. ڕەخنەگری مارکسیستی هەنگاری جۆرج لۆکاش نوێنەرایەتی ئەم جۆرە ئۆرثۆدۆکسییە سیاسییەی دەکرد. لوکاش خەیاڵی ڕیالیستی سەدەی نۆزدەهەمی وەک مۆدێلێک دەبینی و پێی وابوو کە بەرهەمێکی ڕیالیستی دەبێت نەخشەی بنەڕەتی دژایەتییەکان لە سیستەمێکی کۆمەڵایەتیدا ئاشکرا بکات. دیبەیتەکەی لەگەڵ بێرتۆڵت برێشت لەسەر کۆی پرسیارەکانی ڕیالیزم و گوزارشتخوازی بە وردی باسی گرنگی فۆرم و چەمکی فۆرمی لە ڕەخنەی مارکسیستیدا کرد. دیبەیتەکە ڕادەستی فۆرمالیستەکان کرا کە ئاراستەی نوێیان لە پەرەپێدانی ڕەخنەی مارکسیزمدا پێبەخشی.

پێشکەوتنی زیاتر لە ئیستاتیکای مارکسیستیدا
ڕەخنەی مارکسیستی لە دەرەوەی هێڵی فەرمی لە وڵاتانی جۆراوجۆری ئەوروپادا گەشەی کرد. فۆرماڵیزمی ڕووسی (٣) وەک ڕوانگەیەکی نوێ سەریهەڵدا کە مارکسیزم لە ساڵانی ١٩٢٠دا شێوەی پێدابوو. بەهۆی ئەوەی لەگەڵ دیدگای تیۆری فەرمی حزبدا نەگونجا، لەلایەن حزبی شیوعییەوە هەڵوەشایەوە. ئەندامانی دیاری ئەم گرووپە بریتی بوون لە ڤیکتۆر شکلۆڤسکی، بۆریس تۆماشێڤسکی و بۆریس ئایچنباوم، کە لە بنەڕەتدا بیرۆکەکانیان لە کتێبی ڕەخنەی فۆرماڵیستی ڕووسی لەمیانی چوار وتاردا بڵاوکردەوە، کە لەلایەن لی تی لیمۆن و ماریون جەی ڕیسەوە سەرپەرشتی کراوە.
هەرچەندە فۆرماڵیستەکان لە یەکێتیی سۆڤییەتدا سەرکوت کران، بەڵام بە شێوەی جۆراوجۆر لە ئەمریکا و ئەڵمانیا و پراگ سەریان هەڵدایەوە. یەکێک لە ئەندامانی ئەم گرووپە، میخائیل باختین لە یەکێتیی سۆڤییەت مایەوە و درێژەی بە پراکتیزەکردنی ڕەخنەیی خۆی دا. چەمکی دیالۆگیزمی ئەو فرەیی و جۆراوجۆرەی دووپات دەکردەوە. ئارگومێنتێک بوو دژی هەژموونی کۆنترۆڵی ڕەهای نووسەر. پێویستی ڕەچاوکردنی ئەوانی دیکە و ئەویتربوونی دووپاتکردەوە. بە جۆرێک ئارگومێنتێک بوو دژ بە زیادبوونی یەکسان کردنی ژیانی کلتووری و سیاسی لە یەکێتیی سۆڤییەتدا.
زۆر کەسی دیکە کە سەر بە هەمان ڕوانگە بوون، چوونە دەرەوە و لە دەرەوەی وڵات درێژەیان بە کارەکانیاندا، کە سەرەتای فۆرمێکی نوێی ڕەخنەی مارکسیستی بوو. ڕۆمان جاکۆبسۆن لەگەڵ ڕێنی ویلێک و چەند کەسێکی دیکەدا حەلقەی زمانەوانی پراگیان دامەزراند. (٤) لە ئەڵمانیا قوتابخانەی ئیستاتیکای مارکسیستی فرانکفۆرت لە ساڵی ١٩٢٣ وەک دامەزراوەیەکی توێژینەوەی سیاسی پەیوەست بە زانکۆی فرانکفۆرت دامەزراوە. (٣) واڵتەر بنیامین، تیۆدۆر ئادۆرنۆ و هێربێرت مارکوزە هەندێک لەو کەسایەتییە گرنگانە بوون کە پەیوەست بوون بەم قوتابخانەیە. هەوڵیاندا لایەنەکانی فۆرماڵیزم لەگەڵ تیۆرییەکانی مارکس و فرۆید تێکەڵ بکەن. بۆ یەکەمجار لێکۆڵینەوەیان لەسەر کلتوور و پەیوەندیی جەماوەری و ڕۆڵی ئەوان لەبەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی و زاڵبوون بەسەریدا ئەنجامدا. هەروەها قوتابخانەی فرانکفۆرت یەکێک لە یەکەمین مۆدێلەکانی لێکۆڵینەوەیەکی کلتووری ڕەخنەیی دروستکرد کە پرۆسەکانی بەرهەمهێنانی کلتووری و ئابووری سیاسی، سیاسەتی دەقە کلتوورییەکان و پێشوازیکردن و بەکارهێنانی شوێنەوارە کلتوورییەکانی بینەر، شیدەکاتەوە.

بیرمەندانی مارکسیستی وەک واڵتەر بنیامین و بێرتۆڵد برێشت هونەریان وەک بەرهەمێکی کۆمەڵایەتی دەبینی. وتارەکەی واڵتەر بنیامین، نووسەر وەک بەرهەمهێنەر (١٩٣٤) باس لەم پرسیارە دەکات، “پێگەی بەرهەمی ئەدەبی لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەردەمی خۆیدا چییە؟” بنیامین هەوڵدەدات بڵێت بەرهەمهێنانی هونەری پشت بە هەندێک تەکنیکی بەرهەمهێنان دەبەستێت کە بەشێکن لە هێزە بەرهەمهێنەرەکانی هونەر وەک بڵاوکردنەوە و پێشکەشکردنی شانۆیی و هتد. هونەرمەندی شۆڕشگێڕ نابێ بە بێ ڕەخنەی هێزەکانی وجود بەرهەمهێنانی هونەری قبوڵ بکات، بەڵکو پێویستە ئەو هێزانە پەرەی پێبدات و شۆڕشیان بۆ بەرپا بکات. هونەرمەندی شۆڕشگێڕ یارمەتیدەرە لە دروستکردنی ڕایەڵەی کۆمەڵایەتی نوێ لە نێوان هونەرمەند و بینەردا. لەم پرۆسەیەدا نووسەر و خوێنەر و بینەر دەبنە هاوکاری یەکتر. شانۆی ئەزموونگەریش کە برێشت پەرەی پێداوە، وەدیهێنانی چەمکی بنیامینە.

بێرتۆڵت برێشت، هاوڕێی نزیکی بنیامین، چەمکی شانۆی مەلحەمی پەرەپێدا کە شانۆی ترادیسیۆنی سروشتخوازی هەڵوەشاندەوە و جۆرێکی نوێی شانۆی بەرهەمهێنا کە پەیوەندییە کاراییەکانی نێوان شانۆ و بینەر، دەق و بەرهەمهێنەر و بەرهەمهێنەر و ئەکتەر دەگۆڕێت. شانۆی بۆرژوازی لەسەر بنەمای وەهمگەرایی دامەزراوە. بینەر بەکاربەرێکی پاسیڤیستە. شانۆنامەکە هانیان نادات بۆ بیرکردنەوەی بنیاتنەرانە. بە بڕوای برێشت ئەمە لەسەر ئەو گریمانە دامەزراوە کە جیهان جێگیر و بەخشراو و نەگۆڕە و ئەرکی هونەر دابینکردنی خۆشییەکی خۆشخەیاڵانەیە. بەشداری بەناوبانگی برێشت کاریگەری نامۆبوونە. تەکنیکەکە بریتییە لە نامۆکردنی بینەران لە نمایشەکە و ڕێگریکردن لە یەکسانبوونیان لە ڕووی سۆزدارییەوە لەگەڵ شانۆنامەکەدا. ئەزموونی زانراو لە ڕووناکییەکی نەناسراودا دەخاتە ڕوو کە بینەر ناچار دەکات پرسیار لەو هەڵوێستانە بکات کە بە سروشتی و نەگۆڕ دادەنرا. برێشت تەکنیکەکانی وەکو نیشاندانی وینە و فیلم لە پشتەوە، گۆرانی سەما و بڕین و تێکدانی ئاکشن لەبری سازانێکی جوان بەدەستەوە دەگرێت.

بیرمەندی مارکسیستی فەرەنسی، لویس ئاڵتۆسەر زیاتر پەرەی بە ڕێبازی مارکسیستیدا لە ڕێگەی هێنانەکایەی چەمکە جۆراوجۆرەکانی وەکو زیادە دیاریکردن، ئایدۆلۆژیا و.. هتد. چەمکی زیادە دیاریکردن ئاماژەیە بۆ کاریگەرییەک کە لە هۆکاری جۆراوجۆرەوە سەرهەڵدەدات نەک لە یەک هۆکارەوە. ئەم چەمکە؛ بنکۆڵکردنێکی سادەی بیروڕای گشتی و گونجاندنی یەک بە یەکی نێوان ژێرخان و سەرخاندا دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئایدیۆلۆژیا زاراوەیەکی دیکەیە کە لەلایەن ئەلتوسێرەوە دەستکاری کراوە. بە بڕوای ئەڵتۆسەر ئایدیۆلۆژیا سیستەمی نوێنەرایەتییە کە بەخشراوە بە بوونێک و ڕۆڵێکی مێژوویی لە دڵی کۆمەڵگایەکی دیاریکراودا. واقیعی کۆمەڵایەتی بە سروشتیکردنی بیروباوەڕەکان و بە بەرەوپێشبردنی بەهاکان کە پشتیوانی لێدەکەن، تەمومژاوی دەکات. کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕێگەی یاسا و کتێبی قوتابخانە و ڕێوڕەسم و نۆرمەکانی ئایینیەوە ئایدۆلۆژیا بڵاودەکاتەوە بەجۆرێک کە خەڵک تەنانەت بەبێ ئاگاداری خۆیشیان وەک ئاو دەیخۆنەوە. ئایدۆلۆژیا لەلایەن دەوڵەتەوە لە ڕێگەی دوو ئامێرەوە دامەزراوە، ئامێری دەوڵەتی سەرکوتکەر؛ کە دادگاکانی یاسا، زیندان، پۆلیس، سوپا و هتد لەخۆدەگرێت و ئامێری دەوڵەتی ئایدیۆلۆژیش کە قوتابخانەکان، میدیاکان، کڵێساکان، خێزان، هونەر و هتد لەخۆدەگرێت. ئەڵتۆسەر بونیادگەرایی هێنایە ناو مارکسیزمەوە. لە ڕوانگەی ئەڵتۆسێرەوە کۆمەڵگە کۆی پێکهاتەیەکە کە تاڕادەیەک لە ئاستە سەربەخۆکان پێکهاتووە وەک یاسایی، سیاسی و کلتووری کە شێوازی پێکەوە بەستانیان تەنیا لەلایەن ئابوورییەوە دیاری دەکرێت.
دامەزرێنەری پارتی کۆمۆنیستی ئیتالیا، ئەنتۆنیۆ گرامشی سیاسەتمەدار، تیۆریستێکی سیاسی، زمانزان و فەیلەسوف بوو. گرامشی لە نێو بیرمەندانی مارکسیستیدا بە بیرمەندێکی ڕەسەن ناسراوە، چەمکەکانی وەک هەژموون و ژێردەستەیی ناساندووە. هەژموون بریتییە لە زاڵبوون بەسەر توێژە تایبەتەکانی کۆمەڵگەدا لەلایەن چینە زلهێزەکانەوە. زۆربەی کات لە ڕێگەی ڕەزامەندییەوە کاردەکات نەک بە هۆی هێزەوە. سەرکردایەتی ئەخلاقی و فیکری چینی باڵادەستە لە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا. زاراوەی ژێردەستە لەسەرەتادا لەلایەن گرامشی وەک وەسفێکی بەکۆمەڵ بۆ چەندین گروپی جیاواز و چەوساوە کە هۆشیاری چینایەتییان نییە، بەکارهێنراوە. بەڵام ئێستا بۆ نوێنەرایەتیکردنی هەموو چینە پەراوێزخراوەکانی کۆمەڵگە وەک بێزراوەکان، ژنان، کەمینەکان و هتد بەکاردەهێنرێت.

کەسایەتییەکی کاریگەر لە نێو بزووتنەوەی چەپی نوێدا ڕیمۆند ویلیامز بوو. نووسینەکانی لەسەر سیاسەت، ڕۆشنبیری، ماسمیدیا ئەدەب، بەشدارییەکی بەرچاون لە ڕەخنەی مارکسیستی لە بوارەکانی ڕۆشنبیری و هونەردا. ویلیامز حەزی لە پەیوەندی نێوان زمان و ئەدەب و کۆمەڵگە بوو. ئەو میتۆدی ڕەخنەیی داهێناوە، ماتریالیزمی کلتووری کە چوار تایبەتمەندی هەیە، سیاقی مێژوویی، میتۆدی تیۆری، سیاسی – پابەندبوون و شیکاری دەق. ماتریالیزمی کلتووری دیدگای جیاوازمان پێدەبەخشێت لەسەر بنەمای ئەوەی کە چی هەڵدەبژێرین بۆ خەفکردن یان ئاشکراکردنی لە خوێندنەوەی ڕابردوودا.
ماتریالیزمی کلتووری؛ پێیوایە کلتوور پێشکەوتنێکی کۆمەڵایەتی پێکهێنەرە کە چالاکانە شێوازی ژیانی جیاواز دادەهێنێت. بە هەمان شێوە دروستکردنی مانا وەک چالاکییەکی ماددی پراکتیکی سەیر دەکرێت کە ناتوانرێت بخرێتە ئاستێکی لاوەکی. چەمکێکی گرنگی دیکە لە بیرکردنەوەی ویلیامزدا بریتییە لە پێکهاتەکانی هەست. ئەوان بەهاگەلێکن کە لە کاتی ژیان و کاردانەوەمان بەرامبەر بە جیهانی ماددی دەوروبەرمان دەگۆڕدرێن و دروست دەبن و هەمیشە لەژێر هەڕەشەی گۆڕانکاریدان. ویلیامز لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەکانییەوە لەسەر کلتوور بەشدارییەکی زۆری لە پەرەپێدانی ئیستاتیکای مارکسیستدا کردووە. گرنگترین بەرهەمەکانی بریتین لە وڵات و شار کە ساڵی (١٩٧٣) کە تێیدا چەند بابەتێکی تایبەت بە ئەدەب گۆڕدراون بە بابەتەکانی مێژووی کۆمەڵایەتیدا. ولیامز زۆر بەچڕی مارکسیزم و ئەدەبی لەساڵی (١٩٧٧) نووسی کە بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ پسپۆڕانە، بەڵام هەروەها ڕێبازێک بۆ خۆی بۆ لێکۆڵینەوە کلتوورییەکان ساز دەکات کە ناوی لێدەنێت ماتریالیزمی کلتووری.

فرێدریک جەیمسۆن، ڕۆشنبیرێکی مارکسیستی ئەمریکی، سەرنجی لەسەر تیۆری ڕەخنەیی بوو و کاریگەری کینێس بێرک، جۆرج لوکاش، ئێرنست بلۆخ، تیۆدۆر ئادۆرنۆ , قوتابخانەی فرانکفۆرت، لویس ئاڵتۆسەر و سارتەری لەسەر بووە. ئەو ڕەخنەی کلتووری وەک تایبەتمەندییەکی دانەبڕاو لە تیۆری مارکسیزمدا دەبینێت. ئەم هەڵوێستە نوێنەرایەتی پچڕانێک دەکرد لەگەڵ مارکسیزمی ئەرسەدۆکس کە ڕوانگەیەکی تەسکی بۆ ماتریالیزمی مێژوویی هەبوو. لە هەندێک ڕووەوە جەیمسن لەگەڵ ڕەخنەگرانی کلتووری مارکسیستی دیکەی وەک تێری ئیگلتۆن خەمی ئەوە بووە کە پەیوەندی مارکسیزم لە ڕێزگرتن لە ڕەوتە فەلسەفی و ئەدەبییەکانی ئێستادا بخاتەڕوو. جەیمسۆن لە ساڵی ١٩٦٩ لەگەڵ ژمارەیەک لە خوێندکارە دەرچووەکانی لە زانکۆی کالیفۆرنیا، گروپی ئەدەبی مارکسیستی دامەزراندووە. (٦)بەرهەمە سەرەکییەکانی بریتین لە مارکسیزم و فۆرم: تیۆرییە دیالکتیکییەکانی سەدەی بیستەمی ئەدەب (١٩٧١) و ماڵی زیندان ماڵی زمان باسێکی ڕەخنەییە لە بونیادگەری و فۆرماڵیزمی ڕووسی (١٩٧٢). مێژوو هاتە سەر ئەوەی کە تا دێت ڕۆڵێکی سەرەکی لە لێکدانەوەی جەیمسۆندا بۆ هەردوو خوێندنەوە (بەکارهێنان) و نووسین (بەرهەمهێنان)ی دەقە ئەدەبییەکان بگێڕێت. جەیمسۆن پابەندبوونی تەواوی خۆی بە فەلسەفەی هیگڵی- مارکسیستی بە بڵاوکردنەوەی کتێبی نائاگایی سیاسی: گێڕانەوە وەک کردەوەیەکی کۆمەڵایەتی هێمادار (١٩٨١) دیاری کرد، کە دروشمی سەرەتایی “هەمیشە مێژووکردن”ە.

جگە لە جەیمسۆن، ڕەخنەگرانی مارکسیستی هاوچەرخ وەک تێری ئیگلتۆن، پرۆفیسۆری ئەدەبی ئینگلیزی لە زانکۆی لانکەستەر لە ئینگلتەرا و ئایجاز ئەحمەد، بیرمەند و شرۆڤەکاری سیاسی ناسراوی مارکسی لە هیندستانەوە بەشدارییەکی بەرچاویان لە بواری تیۆری مارکسیستی و ئیستاتیکادا هەیە. بەرهەمە بەناوبانگەکەی ئایجاز ئەحمەد، لە تیۆریدا: چینەکان، نەتەوەکان، ئەدەبەکان (١٩٩٢) شیکاری مارکسیستییانەی چەمکەکانی وەک ئەدەبی جیهانی سێیەم و ڕۆژهەڵاتناسی لەخۆگرتبوو. لە لایەکی دیکەوە ئیگلتۆن زیاتر لە چل کتێبی بڵاوکردەوە کە بریتین لە تیۆری ئەدەبی :ناساندنێک (١٩٨٣)، ئایدیۆلۆژیای جوانیناسی (١٩٩٠) و وەهمەکانی پۆستمۆدێرنیزم (١٩٩٦). بیروباوەڕی مارکسیستی بەدرێژایی ساڵان گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هاتووە کە شایستەی ئەو ئیدیعایەی مارکس بووە کە گۆڕانکاری تاکە دیاردەی نەگۆڕە لەم جیهانەدا و هەروەها بڕبڕەی پشتی نزیکەی هەموو تیۆرییە مۆدێرنەکانی کلتوور و ڕەخنە بووە. ڕەنگە پارادۆکسێک بێت کە لە کاتێکدا پراکتیکەکانی مارکسیستی لەم ساڵانەی دواییدا پاشەکشەیان کردووە، تیۆری مارکسیستی لە هەموو جیهاندا بە شێوەیەکی بەرفراوان وەرگیراوە.(٧)

تێبینییەکان مەشخەڵ ئامادەی کردوون :
(١) کولییەکان یان قلی کە بەزمانی ئوردۆ و زمانی تورکی یانی کۆیلە. ئەسڵی وشەکە (قول) ە بەمانای دیل دێت. کولییوکان بەو کۆڵکێش و کرێکارانە دەوترا کە هەقدەستێکی زۆر کەمیان پێدەدرێت لەبەرامبەر کارێک. بەتایبەتی کرێکارانێک کە کەوتوونەتە ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کیشوەری ئاسیا
(٢)هێڵی مۆسکۆ ؛ ئەو هێڵە فەرمییە بوو کە حیزبی کۆمۆنیستی یەکێتیی سۆڤییەت و ستالینیزم ڕێبەرایەتیان دەکرد و لە بنچینەدا ئەوەندەی هەوڵدان بوو بۆ بەهێزکردنی ڕیالیزمی سۆشیالیستی ستالینی و جوانکردنی ڕووخساری سەرمایداری دەوڵەتی سۆڤییەت و تاوانەکانی ستالین هیچی تر نەبوو. ئەم خەتە گەرچی بەهۆی سیاسەتی دەرەوەی سۆڤییەت سەپۆرت کرد، بەڵام هەرگیز نەیتوانی ببێتە ئەلتەرناتیڤی ئەدەبی مارکسیستی و کرێکاریی.
(٣)قوتابخانەی شێوەخوازی ڕووسی یان شێوەخوازە ڕووسییەکان؛ قوتابخانەیەکی ڕەخنەگرانەی ئەدەبی بوو لە ڕووسیا کە کاریگەری زۆری هەبوو لەسەر بزاوتی ڕەخنەی ئەدەبی لە ڕووسیا لەنێوان ساڵانی ١٩١٥-١٩٣٠ . لەو نووسەر و بیرمەندانەی کە جێدەستیان دیار بوو وەکو ڤیکتۆر شیکلۆڤسکی، توری تایتیانۆڤ، ڤلادیمیر پرۆپ، بۆریس ئیچنباو، ڕۆمان جاکۆبسۆن، بۆریس تۆماشڤسکی، گریگۆری گوگۆڤسکی بوون. فۆرمالیستەکان زۆر لەژێر کاریگەری ڕەخنەی نوێدا بوون بەتایبەتی بونیادگەرایی و پۆست بونیادگەرایی. فۆرماڵیزمی ڕووسی بزووتنەوەیەکی هەمەچەشن بوو، هیچ باوڕێکی یەکگرتووی بەرهەم نەهێنا و هیچ کۆدەنگییەکی لە نێوان لایەنگرانیدا لەسەر ئامانجێکی ناوەندی بۆ هەوڵەکانیان لەئارادا نەبوو.
(٤)حەلقە یان بازنەی زمانەوانی پراگ؛ حەلقەیەک بوو لە ژمارەیەک ڕەخنەگری ئەدەبی و زمانناس لەساڵی ١٩٢٦ لە پراگ پێکهات. ئەندامانی دامەزرێنەری حەلقەکە بریتبوون لە ڕۆمان جاکۆبسۆن، نیکۆڵای ترابزکۆی، سێرجی کارجیڤیسکی، رێنێ وەڵاک. جان موکارۆڤسکی، ڤیلەم ماثیسیۆس. ساڵی ١٩٢٩ حەلقەکە تێزەکانی خۆی لە وتارێکدا ڕاگەیاند. ساڵێ ١٩٢٩ دەستیان کرد بە دەرکردنی گۆڤارێک بەناوی بەرهەمە زمانەوانییەکانی بازنەی پراگ و بە هاتنی جەنگی جیهانی دووەم ئەویش وەستا. دووجاری تر ئەو گۆڤارە لە ساڵەکانی ١٩٦٦ – ١٩٧١ و هەروەها لە ساڵی ١٩٩٥ زیندوو کرایەوە و هاتە وەشاندن.
(٥)قوتابخانەی فرانکفۆرت؛ ئەم قوتابخانەیە قوتابخانەیەکی تیۆری کۆمەڵایەتی فەلسەفی ڕەخنەگرانە بوو، کە لە ساڵی ١٩١٨ لە شاری فرانکفۆرت هاتە دامەزراندن. گەلێ بیرمەند و فەیلەسووف و ئەدیب و سیاسی پەیوەست بوون بەم قوتابخانەیە. ئەم قوتابخانەیە ڕۆڵێکی گەورەی گێرا لەبردنەپێشەوەی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی. بیرمەندانی قوتابخانەی فرانکفۆرت پێیانوابوو کە بیردۆزی کۆمەڵایەتی بەس نییە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو سیاسەتە کۆنەپەرستانەیەی کە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری لیبراڵی سەدەی بیستەمدا ڕوودەدەن. توێژینەوەکانی قوتابخانەی فرانکفۆرت لە ڕەخنەی لە سەرمایەداری و هەروەها ڕەخنە لە مارکسیزم-لینینیزم وەک سیستەمی فەلسەفی نەگۆڕی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی، ئاماژەی بە ڕێگای بەدیل بۆ گەیشتن بە گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە و نەتەوە دەکرد. دوای چەندین قۆناغ و هەوراز و نشێوکردن، ئەم قوتابخانەیە لەساڵی ١٩٣٣ دەگوازرێتەوە بۆ جنێڤ و پاشانیش بەرەو ئەمریکا گوێزرایەوە.
(٦)گروپی ئەدەبی مارکسیستی؛ئەم گروپە لە ساڵی ١٩٦٩ دا کە لەلایەن فریدریک جەیمسۆن و چەند قوتابییەکی دەرچووی زانکۆی کالیفۆڕنیا لە شاری سانتیاگۆ هاتە دامەرزاندن. ساڵی ١٩٧٥ فراوان بۆوە و گەلێ بیرمەند و نووسەری ئەکادیمی لەدەور کۆبووە و سیمیناریان گێڕا لەوانە فریدریک جیمسۆن، تێری ئیگلتن، ستانلی ئارۆنۆویز، گەیاتری سپیڤاک ، مایکڵ ڕایان، جێنی هۆڵەند، جون هۆوارد، جان بیڤەرلی. ئەم گروپە لەسەر گەلێ بابەت هەڵوەستەیان کردووە وەک لێکۆڵینەوە کلتوورییەکان، پۆستمۆدرینیزم، پۆست بونیادگەری، لێکۆڵینەوە دەروون شیکارییەکان و گوتاری پۆست کۆلۆنیالی و فیمینیزم. شایانی باسە هەتا ئەمڕۆش لە چالاکی فەرهەنگی و کلتووری خۆی بەردەوامە.
(٧)جێی ئاماژەیە لەم نووسینەدا گەلێ ناوی نووسەر و ئەکادیمی هاتوون لە بە پێویستیم نەزانی بیان ناسێنم. خوێنەری چالاک لەڕێگەی گوگڵەوە دەتوانێت زانیاری تەواو لەسەر ئەو نووسەر و ئەدیبانە بەدەست بهێنێت.

١٢ی نیسانی ٢٠١٦

سەرچاوەکان :




جەوهەری فەلسەفە و حەقیقەتی فەلسەفە.. نووسینی: دڵشاد کاوانی

سەرەتا
مێژووی بیرکردنەوەی مرۆڤ بیرۆکەی لەسەر دۆزینەوەی حەقیقەت و ڕاستی یان ئاسانکردنی ژیان و ئەزموونە فکرییەکان هەڵچنی وە، بۆ بیرمەندان، ڕاستی گەردوون گرنگە، ئایدیاڵی بیرکردنەوە بریتییە لە گەڕان بەدوای جەوهەر و دۆزینەوەی ڕاستی. بەهۆی گرنگی ژیان لە دەرەوەی دەستڕاگەیشتن و چارەنووسی مرۆڤ، کاریگەری بیرکردنەوە و بیرۆکەکانی لەسەر مرۆڤ دانا، نەوەک تەنیا لەسەر خودی بوون. کۆکردنەوەی ئەو بیرۆکانەش لە ڕوانگەیەکی گشتییەوە ناوی لێنرا “فەلسەفەی مرۆڤ”.

قوتابخانەی سۆفیستیکا دووەم قوتبخانەی بیرکردنەوە.
لێرە باسی ڕۆڵی قوتابخانەی دووەمی بیرکردنەوەی فەلسەفیی سەردەمی سۆقرات دەکەین، کە پێکهاتووە لەو کەسانەی کە لە زمانی یۆنانیدا بە “سۆفیست” ناسراون، قوتابخانەیەکی بیرکردنەوەیە کە بە ئەنترۆپۆسێنتریزمی پێش سۆکراتی تایبەتمەندە. دیارترین تایبەتمەندی ئەم ڕەوتە ئەوەیە کە پێوەر بۆ لێکدانەوەی حەقیقەتی بوون تەنیا لەسەر بنەمای بڕیار و هەستی مرۆڤەکانە و مەحاڵە باس لە سروشتی ڕاستەقینەی بوون بکرێت.

وشەی “سۆفیست” کە بە واتای “وەستا، لێهاتوو” دێت، سۆفیستی یۆنانییە، و لە زمانی یۆنانیەوە بە وشەی “سۆفیستیکا، سۆفیزم، ساپساتا” هاتۆتە ناو زمانەوەکانی دیکەوە. سەرەڕای واتا ئەرێنییەکانی زاراوەی سۆفیست، بە تێپەڕبوونی کات، هەندێک لە بیرۆکەکانی سۆفیست سەرباری ئەوەی بەناوبانگ بوون، تۆمەتبارکراون بە کێشەی ڕیتۆریکی.

فیساگۆرس، سەرکردەی بزووتنەوەی سۆفیستەکان، یەکێک بوو لە بەناوبانگترین سۆفیستەکانی جیهانی یۆنانی، بۆ ئەو ڕاستی ڕێژەیی و لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر و لە بارودۆخێکەوە بۆ دۆخێکی تر دەگۆڕێت. ئەگەر ڕاشکاوانەتر باسی بکەین، بۆ نمونە لای ئەو، بوونی یان نەبوونی سەرما لە ڕۆژێکی زستاندا پەیوەندییەکی نزیکی هەیە بەوەی کە ئایا مرۆڤ بە بەستەڵەک دەبێت یان نا، ئەگەر کەسێک ببێتە بەستەڵەک، دەتوانین باسی بوونی سەرما بکەین، ئەگەر بەستوویی و قەسڵینی مرۆڤ نەبێت، ناتوانین باسی بوونی سەرما بکەین. بە جۆرێک حەقیقەت لەسەر بنەمای مرۆڤ دامەزراوە، ئینکاری جەوهەری حەقیقەت دەکات، واتە ئەو بیرۆکەیەی کە حەقیقەت یەک حەقیقەتی هەیە، بە شێوازی تێگەیشتن لە تێکدانی هەموو شتێک، ڕێگا بۆ نیهیلیزم (نکۆڵیکردن) دەکاتەوە.

لای فیساگۆرس حەقیقەتی مرۆڤ پێوەری هەموو دروستکراوەکانە.
“مرۆڤ پێوەری هەموو دروستکراوەکانە.” بەناوبانگترین وتەی فیساگۆرسە و دەتوانرێت بڵێین فەلسەفەکەی بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر ئەم وتەیە دامەزراوە. وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، بیرۆکەی ڕێژەیی حەقیقەتی بەو بیرۆکەیە خستەڕوو کە ڕاستی وجود لەگەڵ ڕێزگرتن لە مرۆڤدا دەگۆڕێت، ئەمەش بووە هۆی دەستپێکردنی ڕێژەگەرایی فەلسەفیی. پێشخستنی ئەو بیرۆکەیە بووە چەقی ئەو تیۆرییەی کە بابەتی فەلسەفە دەبێت تەنها مرۆڤ بێت، هەموو کێشە فەلسەفییەکان دەبێ لە دەوری مرۆڤدا بسووڕێنەوە.

بە پێی تیۆری ڕێژەیی کە فیساگۆرس پێشنیاری کردووە، ئایین و ئەخلاق و دادپەروەری و یاسایەکی گەردوونی یان گەردوونی نییە. بە واتایەکی تر هەموو بوون لە بازنەی ڕێژەییدا دەجوڵێت و مەحاڵە باس لە بوونێکی ڕاستەقینە بکرێت. بە جۆرێک ئەمە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ڕاستی ڕێژەییە.

فیساگۆرس بە ئاماژەدان بە نیهیلیزم (نکۆڵیکردن، هیچ نەبوون) و ئەگنۆستیزم (تیۆری نەزانی)، ئەو بیرۆکەیەی پێشخست کە مەحاڵە بزانین خودا هەیە یان خودا چۆنە: “ئەگەر کەمێک زیاتر بژین، ڕەنگە هەندێک شت فێربین، بەڵام ژیان زۆر کورتە بۆ فێربوون.” شتەکان بۆ ئێمە داماون. بۆیە ئێمە مافی ئەوەمان نییە هیچ شتێک لەبارەی خوداوە بڵێین و لەسەر ئەو شتانەی کە ناتوانین هیچ لەبارەیەوە بڵێین.

توانین بنەمای فەلسەفە و بیرکردنەوەیە، لای گۆرگیاس

گۆرگیاس، خوێندکاری ئیمپێدۆکلیس، کارەکتەری گوماناویتر بوو لە پرۆتاگۆراس. بۆ ئەو خودی بوون دۆخێکی جێی پرسیارە و وشە بەناوبانگەکانی مێژووی بیرکردنەوەش بریتین لە “هیچ شتێک بوونی نییە، مەحاڵ دەبوو بزانرێت ئەگەر هەبووایە و ئەگەری زانینیش هەبووایە، مەحاڵ دەبوو بتوانیت بە ئەوانی تر بیگەیەنێت”..” بۆیە ئەرکی ڕێژەیی پێدەدرێت.

ئەمەش سێ بیرۆکه ی سەرەکی له خۆ گرتووه:.
1) چونکه پارادۆکسی بوون سروشتێکی وای هەیه که ڕوونکردنەوەیەکی عەقڵانی نییه ، بۆیه مەحاڵه باس له بوون بکرێت.
2) کە دەرئەنجامەکانمان سەبارەت بە بوون نادروستن چونکە عەقڵ ناتوانێت بە شێوەیەکی دروست هەست بە بوونی جیهانی دەرەکی بکات و هەر بۆیەش مەحاڵە بزانێت.
3) سەرچاوە و تێگەیشتن و تێنەگەیشتنی گوێگرە لە بوون بە هۆی بێتوانایی زمان لە دەربڕینی بوون بە شێوەیەکی دروست و کامڵ و نەتوانینی گەیاندن و لە ئەنجامدا نەزانین بەهۆی ناتەواوی زمانەوەیە. نموونەیەک لەم ئارگیومێنتە: تێگەیشتنی ڕەنگ هەوڵدەدات لە ڕێگەی وشەسازی و بیستنەوە مەحاڵبوونی تێگەیشتنی ڕەنگ بسەلمێنێت.

بە بۆچوونی گۆرگیاس، بەو پێیەی مەحاڵە بزانین، بۆیە فەلسەفە نابێت ئامانجی زانستناسی (مەعریفە) بێت، بەڵکو دەبێت ئامانجی ژیانێکی بەرز و باش بێت. کاتێک ئەفلاتون لێی پرسی ئاخاوتن چییە؟ گوتی باڵاترین هونەر لەم ژیانەدا قسەکردنە و بابەتی قسەکردن تەنها وشەیە، باسی لەوە کرد کە ڕاستی و درۆ و ڕاست و هەڵە لە هونەری قسەکردندا گرنگ نین. ئەفلاتون ڕەخنە لە قسەکانی دەگرێت و دەڵێت واتا “ڕەوایەتیدان بە درۆ”. لە ڕاستیدا گۆرگیاس مەبەستی ئەوە نییە کە فەلسەفە مەعریفە دروست دەکات، بەڵکو شتێکە کە درک بە ئامانجەکانی مرۆڤ بکات و خزمەت بە ئامانجەکانی مرۆڤ بکات.

با لە ڕوانگەی جەوهەری فەلسەفەوە سەیری ئەو شتانە بکەین کە گۆرگیاس لە سەرەوە گوتی: لە ڕاستیدا تاکە ئایدیالی فەلسەفە دۆزینەوەی حەقیقەت و ڕاستییە و لەسەر بنەمای ڕاستی دامەزراوە. سروشتی حەقیقەتگەری فەلسەفە لە پشتبەستنی بە لۆژیکەوە سەرچاوە دەگرێت وەک بڕبڕەی پشتییەتی، کە تاکە ئامرازێکە کە عەقڵی مرۆڤ لە کەوتنە هەڵەدا دەپارێزێت. هەروەها لۆژیک هاوشێوەی تەرازووە. بەو پێیەی بۆچوون هیچ ئایین و نەتەوە و ڕەگەزێکی نییە، تەنیا بە پشتبەستن بە لۆژیکەکەی مرۆڤ دەتوانێت خۆی لە چەقاندنی لە بەرامبەر وەهم و ساختەکارییە جۆراوجۆرەکانی بیروڕا بەدوور بگرێت. هەروەها توانای وەستانەوە لەسەر حەقیقەت لە لۆژیک و عەقڵەوە سەرچاوە دەگرێت.

کاتێک پرسیار لە ئەرستۆ کرا کە فەلسەفە چییە؟ بە کورتی دەڵێت “زانستی هۆکار و کۆتاییەکانە”. ئەرستۆ بەم جۆرە وەڵامی دایەوە، ئەفلاتون لە لێکدانەوەیەکدا ئێژێت: “فەلسەفە ئامادەیە بۆ مردن” لە ڕوانگەی ئایدیالی دەستبەجێ و لە لێکدانەوەیەکی دیکەدا، لە ڕوانگەی ئایدیالی درێژخایەنەوە، “فەلسەفە هەوڵی مرۆڤە بۆ بوون.” تا ئەو جێگایەی کەپێی دەکرێت وەک خودا بێت”. بەگوێرەی لێکدانەوە فەلسەفییەکانی فەیلەسوفە یۆنانیەکان، زانینی هۆکار و ئامانجی بوون، هەروەها دۆزینەوەی حەقیقەت و گەیشتن بە حەقیقەت و گەیشتن بە حیکمەت، هۆکارە سەرەکییەکانی بنیاتنانی فەلسەفەن. لە ڕوانگەیەکی ترەوە، پاککردنەوەی ڕۆحە لە دونیای ناتەواوەوە بۆ جیهانی سەرەوەی کامڵ و خۆ ئامادەکردنی بۆ مردن، واتە ژیانی دوای مردن، یان قیامەت بە زاراوەی ئایینی ئیسلامی.

جەوهەری حەقیقەت لای کیندی و ئیبین سینا لە قوتابخانەی ئیسلامیی.
کیندی کە بە یەکەم فەیلەسوفی ئیسلامی ناسراوە، لە وتاری “لەسەر فەلسەفەی یەکەم”دا فەلسەفەی بە “هەوڵدان بۆ زانینی ڕاستی وجود تا ئەو شوێنەی پەیوەندی بە توانای مرۆڤەوە هەیە” پێناسە کردووە و ڕوونی دەکاتەوە. لە پێناسەیەکی دیکەدا دەڵێت “فەلسەفە خۆناسینی مرۆڤە”. سەرنجەکانی کیندی بە توندی ڕەنگدانەوەی پەیوەندی نێوان زانستناسی و حەقیقەتن، هەروەها ئەوە نیشان دەدەن کە ئایدیاڵی فەلسەفە دۆزینەوەی ڕاستی و زانینی ڕاستە. ئیبن سینا کە بە پاشای فەیلەسوفە ئیسلامییەکان ناسراوە، فەلسەفە بەم شێوەیە پێناسە دەکات: “مرۆڤ بە زانینی ڕاستی شتەکان دەگاتە کامڵبوون”.

بە پێچەوانەی فەلسەفەوە، حەقیقەتی ڕەها یان زاراوەیەکی تر بۆ حەقیقەتی ڕەها یان حەقیقەتی ئەبەدی بوونی نییە و مەحاڵە بە تەواوی حەقیقەت بناسین، کە مامەڵە لەگەڵ حەقیقەتی ڕێژەیی یان زاراوەیەکی تر بۆ حەقیقەتی بابەتیی دەکات. لای ئەوان ڕاستی ڕێژەیی و چاکەی بوارێک گوزارشت لە چاکە ناکات لە بوارێکی تردا و کردارێک کە بۆ تاکێک ئەخلاقی بێت ناتوانێت بۆ تاکێکی تر ئەخلاقی بێت، ئینکاری ڕاستی یان جەوهەری شتگەلێکی وەک ئەخلاق، جوانی، و چاکە، پێوەرەکانی ئەخلاق و چاکە لە حەقیقەت جیا دەکاتەوە، بانگەشەی ئەوە دەکات کە “فەلسەفەی مرۆڤ”ی مرۆڤ سەنتەری بنیات ناوە کە لەسەر بنەمای زەمینەسازی مرۆڤ لە ناوەنددا دامەزراوە. بەڵام فەلسەفە لە بەرامبەردا لە ڕوونکردنەوەی جەوهەری شتەکاندا، مرۆڤ یان بەرژەوەندی مرۆڤ ناپێوێت، بەڵکو حەقیقەتی ئەبەدی یان حەقیقەتی ڕەها دەپێوێت. بە واتایەکی تر لە کاتێکدا پێوەرەکانی فەلسەفە بۆ حەقیقەت و مەعریفە لەسەر بەرژەوەندی مرۆڤ دامەزراون، پێوەرەکانی مەعریفە و مەعریفەی فەلسەفە لەسەر بنەمای حەقیقەتی ئەبەدی یان حەقیقەتی ڕەهایە.

ئەگەر بتوانین باسی ئەخلاقی گەردوونی بۆ فەلسەفە بکەین، مەحاڵە باسی ئەخلاقی گشتگیر بۆ فەلسەفە بکەین. چونکە ئامرازێکی تری گرنگی زانست بۆ پێوانەوەکردنی بوونەوەکان بریتییە لە تیۆری ڕێژەیی کە پەیوەندییەکی نزیکی بە بنەمای گۆڕانکاری لە فیزیادا هەیە و بۆ ئەگەری بوونەوەکان بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە پێوەندی لەگەڵ مرۆڤ و ژیانیدا بەکاردێت. بە واتایەکی تر لە بەرژەوەندی مرۆڤایەتیدا ڕۆڵی هەیە.

فەلسەفەی حەقیقەت لە قوتابخانەی ماتریالیزمی دا
ماتریالیزمی دیالکتیکی، ڕەوتێک کە مارکس و ئەنگڵس دەستیپێکردووە، بە ئیدیعاکردنی ڕاستی بابەتیی، ڕاستی ئەبەدی، واتە میتافیزیک ڕەتدەکاتەوە. ئەگەر ڕاشکاوانەتر بڵێین، هەوڵدەدات گەردوونی میتافیزیکی پووچەڵ بکاتەوە بە یەکەمایەتیدان بە گەردوونی فیزیکی. لە جیهانی یۆنانیدا، لە دیمۆکریتۆسەوە دەست پێدەکات، “ڕۆح لە ماددە پێکهاتووە”. ڕوانگە، واتە قوتابخانەی فیکری ماتریالیست-ماتریالیستی ئەمڕۆش لەگەڵ قوتابخانەی فیکری ماتریالیستی بە ڕێبەرایەتی مارکس و ئەنگڵس بەردەوامە، ئەو بیرۆکەیە ئەوە ڕەتدەکاتەوە کە ڕاستییەکی جێگیر لە حەقیقەتی گەردوونی و ئەخلاقی گەردوونی و دادپەروەری گەردوونیدا هەیە، بانگەشەی ئەوە دەکات کە مرۆڤایەتی پێوەرەکەی ڕاستی و دادپەروەری و ئەخلاقە. بەڵام مرۆڤ شوێن حەقیقەت دەکەوێت، حەقیقەتیش شوێن مرۆڤ ناکەوێت.

سەرئەجام
لە کۆتاییدا ئەگەر لە ژێر ڕۆشنایی عەقڵ و لۆژیکدا سەیری ئەم کێشەیە بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە حەقیقەت جەوهەری خۆی هەیە. زەوتکردنی جەوهەری حەقیقەت یان حەقیقەت لە خۆی و نکۆڵیکردنی بوونی خۆی بە جێبەجێکردنی تیۆری ڕێژەیی بۆ حەقیقەت یان حەقیقەت و نکۆڵیکردن لە سروشتی ڕەسەنی بوون و بە ناسروشتی کردنی، هاوتایە لەگەڵ نکۆڵیکردن لە سروشت لە ڕوانگەیەکەوە. وەک ئەوە وایە پیاوێک حەقیقەتی پیاوسالاری بخاتە ناو ڕێژەییەوە و بانگەشەی ئەوە بکات کە ژنسالاریش بوونی هەیە، یان مەحاڵە بە هیچ شێوەیەکی ڕاستەقینە باس لە پیاوسالاری بکرێت. وەک گۆرگیاس، دەڵێت “کە حەقیقەت بوون نییە. ئەگەر هەبێت، ناتوانین بیزانین، یان ئەگەر بیزانین، ناتوانین ڕوونی بکەینەوە. بە مانایەک گومانی لە بوونی بوون هەبوو، تیۆری ڕێژەیی ڕاکێشا بۆ ناو ئۆنتۆلۆژیا و چووە ناو ئینکاری بوون. دوای ئەم کێشەیە کێشەی بوونی خودا بەدوای خۆیدا دێنێت، هەروەها تیۆری ڕێژەیی سەبارەت بە بوون و یەکگرتوویی خودایان بەکارهێنا بۆ ڕاکێشانی کێشەی ئەگەری یەکگرتوویی و فرەیی. لەم ڕوانگەیەوە تیۆری ڕێژەیی ڕۆڵێکی تایبەتی هەیە لە ئەنترۆپۆسێنتریزمی ئەوان و لە فەلسەفەی سەرەکی خۆیاندا. تیۆری ڕێژەیی بنەمایەکی بنەڕەتییە لە فیزیادا و ئەوەش دەرئەنجامی ماددە و گۆڕانکارییەکانی، یان بەهای ڕێژەیی، کە لە بوونە فیزیاییەکاندا هەیە. بەو پێیەی بوونە میتافیزیکییەکان لە ماددەی بنەڕەتی پێکهاتوون، جێگیرن، ناگۆڕدرێن و لەبەر ئەوەی ڕاستییەکانیان بۆ هەمیشە ڕاستن، ڕاستییە ئەبەدییەکانی سروشتی “ڕاستی ڕاستییە نەگۆڕەکان”یان هەیە. لەم ڕوانگەیەوە، چونکە لە ڕوانگەی لۆژیک و عەقڵەوە ناتەبایی هەیە، هەروەها لە ڕوانگەی واقیع و ڕاستییەوە، بناغەی فیزیکی بە میتافیزیکەوە ببەسترێتەوە، بناغەی میتافیزیکیش بە فیزیا، ناوەکە لە تیۆری ڕێژەیی لەگەڵ میتافیزیک و ئەخلاق و بەهاکانە، واتا سابساتا یان سۆفستایی بەبازاڕکردنی ڕێژەگەرایی بە ناوی فەلسەفەوە لایەنگری گوومانەوەکان نییە، بەڵکو پشتگیریکردنیشە لە حەقیقەت بەرامبەر بە درۆ، ڕاست بەرامبەر بە هەڵە.

سەرچاوەکان:
فارسی
-رساله سوفسطایی افلاطون جلدی٢ نویسنده: افلاطون. مترجم: علیرضا ساعتی. نشر: پرسش. ١٣٥٦.
-کتاب هنر همیشه بر حق بودن. نویسنده : آرتور شوپنهاور. مترجم : عرفان ثابتی.. نشر: نگار ١٣٧٨.
-نام کتاب:خرید کتاب دیالکتیک طبیعت اثر فردریش انگلس از نشر شفیعی. ناشر:شفیعی. نویسنده:انگلس. مترجم:فرامرز نسیمی٢٠٢٠.
عەرەبی
-کتاب. كارل ماركس أو فكر العالم. مولف: جاك اتالي. ترجمة من الفرنسية: صباحز الناشر: دار كنعان للدراسات و النشر. سنة 2018م.
-كتاب رسائل الكندي الفلسفية. مولف: كندي. قسم الفلسفة المعاصرة. الناشر: دار الفكر العربي. لسنة 2017.

ئینگیزی
A History of Greek Philosophy, Volume 3: The Fifth Century Enlightenment, Part 1: The Sophists W.K.C. Guthrie




ڕەهەندەکانی کەلاخستنی کولتووری.. مەحمود چاوش

کەلاخستن یان کەنارخستنی کولتووری (بە لاتینی مارگینالیزاندن ـ Marginalisierung) بە یەکێك لە چوار ستراتیژیەکانی ئاڵوگۆڕی کولتووری (بە لاتینی ئاکولتوراتسیۆن- Akkulturation) ناوزەددەکرێت، کە جۆن ڤیدەپ بێری(1) لەسەر بنەمایەکی زانستی شرۆڤەی کردووە.ئەم کەلاخستنە کولتوورییە بە پڕۆسەیەکی کۆمەڵایەتی ئەوتۆدا تێدەپەڕێت، کە تاکێك، گروپێك یان گرووپێکی کولتووری بەهۆی تەنگپێهەڵچنینەوە دەهاوێژرێتە کەناری کۆمەڵگەیەکەوە، کە تێیدا بە شێوەیەکی زۆر لاواز بەشداری ژیانی کولتووری، سیاسی و بژێوی (ئابوری) کۆمەڵگە دەکات.
بێگومان ئەم کەلاخستنە تەنها بەلاوەنانێکی کولتووری نییە، کە لە لایەن کولتوورێکی جیاوازتر و زاڵتر و زۆرینەترەوە نەفی دەکرێت، بەڵکو تەواوی ناکۆکییەکانی نێو خودی کولتوورەکان دەخاتە نێو قەیرانێکەوە، کە تەنانەت کۆمەڵگە مۆدێرنەکانیش بە هەموو توانای هزری و زانستی و کۆمەڵایەتییانەوە نەیانتوانیوە چارەیەك بۆ ئەم ستراتیجیە بدۆزنەوە. ڕێگرەکانی کەلاخستنی کولتووری ئاڵۆزترن لەوەی، کە ئێمە هەستی پێدەکەین و ڕۆژانە بەرەنگاری دەبینەوە. گەر بێینە سەر ناوەڕۆکی بابەتەکە، ڕەنگە پێمان سەیربێت، کە تەنانەت لەنێو کولتوری خانەخۆی و هۆمۆگێندا (هاوکولتووریدا) ئەم کەلاخستنە پڕاکتیزە دەکرێت، وەک کەلاخستنی بەساڵاچوان، کەمئەندامان، هەژاران، هاوڕەگەزانبازان، تەنانەت ژنان و مناڵانی بێ باوانیش (هەتیوان)، کە تاکو ئێستاش لە زۆرینەی کۆمەڵگەکاندا بە شێوەیەکی ناهاوسەنگ مامەڵەیان لەتەکدا دەکرێن. ئەم دیاردەیە دەتوانرێت تا سنووری پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و تاکەکەسی هەنگاوبنێت. کەلاخستن زۆرێك ڕەهەند لەخۆدەگرێت، سەرئەنجام مرۆڤ ڕووبەڕووی لە “قاڵبدان” یان “بەکەمدانان” دەبێتەوە.
لە زۆرینەی کۆمەڵگە مۆدێرنەکاندا پرۆسەی کەلاخستنی کولتووری بۆتە هۆکاری نایەکسانی و نادادپەروەری کۆمەڵایەتی بەرامبەر گروپێك یان ئێتنییەك، کە لە ئەنجامی ئەم پڕۆسەیەدا ڕووەو هەژاری، کولەمەرگی و بێدەرەتانیان دەبات، ژیانیان تەنگەتاو دەکات و لە بازنەدانێکی کولتووری یان لەمۆڵگەخزاندن (گێتۆکردن)دا چەقدەبەستن. نمونەی گەڕەکە هەژارەکانی شارە گەورە و مێترۆپۆلەکانی وەك مۆمبای هیندوستان و لیما لە پێرۆ زۆر بەڕوونی ئەم کارەساتە مرۆییەی لەمۆڵگەخزاندن پێشان دەدەن، کە ملیۆنان مرۆڤ ڕۆژانە لەژێر سەختترین و بێدادترین بارودۆخدا ژیان دەگوزەرێنن. لێرەدا ئاشکرایە، کە ئەم دیاردەیە لەنێو کولتوورێکی هۆمۆگێنیشدا بەئەنجام گەیەندراوە و بەردەوام دەگەیەنرێت.

هۆکارەکانی پشتگوێخستن و توڕدانی تاکێك، گروپێك یان ئێتنییەك بۆ کەناری کۆمەڵگەیەك

مرۆڤ بەردەوام و لە تەواوی مێژوودا بۆ ئەوە هەوڵی داوە، ژیانی پڕئارامی و خۆشبەختانە بەسەربەرێت، بژێوی، تەندروستی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان لە هاوکێشەیەکی یەکساندا هاوسەنگ بکات، ئاخر ئەم هەوڵ و تێکۆشانەی مرۆڤ لە دروستکرنی شارەکان و پێشکەوتنی پیشەسازی و تەکنۆلۆژیای نوێوە هەر بۆ ئاسانکاری ژیان بووە، واتا نێوەندی پیشەی دەستی و بازرگانیی بووە، کە لە بەرژوەندگەرایی مرۆڤدا بوون. مەخابن ئەم پڕۆسەی مێژوویی پێشکەوتنخوازییە گەلێک دیاردە و پێکهاتەی نێگەتیڤی لەتەك خۆیدا بۆ مرۆڤایەتی بەرهەمهێناوە، کێشمەکێش و دووبەرەکایەتی و تەنگژە (قەیران) جەنگییەکان کەمتر نەبوونەتەوە، بارودۆخی هەژاری و نەداری بەردەوام لە زیادبووندایە. باری کۆمەڵایەتی و خێزانی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە لاوازی و بەرەو نەمان ڕاپێچدەکرێت.
سەرئەنجام هۆکارەکانی ئەم دیاردەیە، گەر سیاسی، ئابوری یان کۆمەڵایەتی بن، مرۆڤ ڕاپێچی بێدەرەتانی و تائاستی تاوانکردن دەبات. گەر ئەم دیاردەیە لە چوارچێوەی گرووپی ئێنتیدا بڕوانین، ڕوونتر دەبێتەوە، کە بەشدارییە سیاسی و ئابوری و کولتوورییەکانی کۆمەڵگەیەك لەو گروپە دادەبڕرێن لەم بوارانەدا. لە تەواوی مێژوودا ئەم کەلاخستنی کەلتوورییە بە خواستی مرۆڤەکان نەبووە و هۆکارە دەرەکییەکان پەستانی کۆمەڵایەتیان خستۆتە سەر کەسێک، گروپێک، یان ئێتنیەك و توڕیان داونەتە کەناری کۆمەڵگەکە. کەلاخستنی ئەرمەنەکان لە یەکەم جەنگی جیهانی لە لایەن عوسمانیە بەناو موسڵمانەکانەوە، کەلاخستنی جووەکان لە دووم جەنگی جیهانی لە لایەن ڕژێمی تۆتالیزمی نازی هیتلەرەوە دوو نمونەی کەلاخستنی گروپێک یان ئێتنیەكن، کە بە شێوازی سیستماتیکی پلانی بۆ داڕێژراوە و بەئەنجام گەیەنراوە. دەسەڵاتداران لەم پرۆژە و پلانانەدا پرسیان بە ئەرمەنی و جووەکان نەکردووە و ئەوان خوازیاری ئەوە نەبوون. ئەم دەسەڵاتدارانە مێژوویان کردۆتە کەلاوەیەکی کەڵەکەبوو لە زبڵخانەی ئایدۆلۆجی و ستراتیجیەکانیاندا. نووسەر و فەیلەسوفی ئەڵمانی جوو و هاوکاری قوتابخانەی فڕانکفۆرت ڤالتەر بێنیامین (Walter Bendix Schoenflie Bejamin) (2) بەڕوونی لە هەڵبژاردەی نووسینەکانیدا ، بەتایبەت لە نووسینی تێگەی مێژوودا باس لەم کەلاوەخانەیەی مێژوو دەکات و تێگەی پێشکەوتن بەمانا مێژووییەکەی ڕەتدەکاتەوە، چونکە پێشکەوتن بە دیدی ئەو تەنها وێرانەی لە هەنووکەدا کەڵەکەکردووە.3 بێنیامین وێناکردنی ئەم وێرانکاری و کەلاوە مێژووییە دەگەڕێنێتەوە بۆ کێشەی پێشکەوتن. لە “هەڵبژاردەی نووسراوەکان”دا باس لە ئاوڕدانەوەیەک لە مێژووی مرۆڤایەتی دەکات بە وێنەیەکی “پاول کلێ” بەناوی “ئانگیلۆس نۆڤۆس”وە، کە فریشتەیەکی لەسەر وێنە کراوە بەناوی فریشتەی مێژوو. ئەم فریشتەیە باڵەکانی کراونەتەوە، دەمی داچەقیوە و چاوەکانی زەقە و لە شتێك دەڕوانێت، کە دەیەوێت لێی دووربکەوێتەوە، کە مێژووی ڕووداوەکانە. 4 بێنیامین ڕوونتر باس لە ئەرکەکانی نەوەی داهاتو دەکات، کە بەرپرسیارێتی بەرامبەر مێژوو لە ئەستۆی خۆیان بگرن (نەوەکانی داهاتو ئەرکیان ئەوەیە، کار لە ڕابردوویاندا بکەن). بە بیروڕای بێنیامین مرۆڤایەتی کاری لەسەر ڕووداوەکانی مێژوو نەکردووە، بۆیە ئێستامان وێرانە. ئەو دەبێژێت: “ئێمە دەبێت وەکالەتێک بدەینە هزرمان، سەردانێکی ڕابردوو بکات، بۆ ئەوەی لە مەترسییەکانی ئێستامان تێبگەین.”5
نووسەر و فەیلەسوف و ڕەخنەگرانی قوتابخانەی فڕانکفورت زۆر زوو لە سیستەمی ئەم پڕۆسە مێژووییە تێدەگەن و شڕۆڤە بۆ ئەم گرفتەی “مێژوو” دەکەن.
ئەگەر دیاردەی کەلاخستنی کولتووری لە مێژووی کۆندا بە شێوەیەکی ڕێکنەخرا و لابەلا بووبێت و کەمتر لە ڕۆژگاری ئێستادا ڕوویان دابێت، ئەوا پێکهاتەکانی مۆدێرنە و پێشکەوتی تەکنەلۆجیا، بە ڕێنیسانسیشەوە، کەلاخستنی کولتووریان هاویشتۆتە باڵاترین شێوازی ڕێکخراوی نامرۆڤانەوە. لەبازنەدانی ملیۆنان مرۆڤ لە گەڕەکی تایبەتی شارە مێترۆپۆلەکاندا نمونەیەکی ڕوون و ئاشکرای ئەم دیاردەیەن.
بێگومان کەسان و گروپی تایبەتیش بە خوازیاری خۆیان لە کەناری کۆمەڵگەیەكدا خۆیان دوورەپەرێز دەگرن و ناخوازن تێکەڵی کۆمەڵگەکەیان ببن، کە ئەم بابەتەش نووسینی تایبەتی خۆی دەخوازێت.

جۆرەکانی کەلاخستنی کولتووری

1 کەلاخستنی کولتووری لە نێو کولتوورێکی خانەخوێدا: وەلاوەنان و کەلاخستنی کولتووری لە کۆمەڵگەیەکی هاوکولتووری (هۆمۆگێن)یشدا بەئەنجام دەگەیەنرێت، کە ئاڵوگۆڕە کولتوورییەکان لە نێو کولتوورە خانەخوێکەدا بە هەمان پڕۆسەی کەلاخستن و گۆشەگیری و دابڕانی کۆمەڵایەتیدا تێدەپەڕن.
2 پڕۆسەی کەلاخستنی کولتووری لە نێوان کولتووری زۆرینە و زاڵ لەتەك کولتووری کەمینە و لاوازدا بەرپادەبن، کە دەرئەنجام دەبێتە دروستبونی گێتۆ و لەبازنەدانی گروپێك یان کەمینەیەک. بۆ نمونە کەلاخستن و وەلاوەنانی کەمینەی تواڕێک (Tuareg) لە مالی و نێجیریا لە ئەفریقادا. کولتووری تواڕێکەکان لە ئەنجامی پڕۆسەی تەنگپێهەڵچنینەوە بەرەو کەناری کولتووری ئەو دەڤەرە نراوە.
3 خۆکەلاخستنی ئارەزوومەندانەی تاکێک، گروپێك یان کەمینەیەك بۆ دەرەوەی کولتوورێکی جیاوازتر لەخۆ. لێرەدا مەرج نییە ئەم پرۆسەیە بە شێوەی گوشاری سیاسی، ئابوری یان کۆمەڵایەتی، بەڵکو دەشێت بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە و کەسی ڕووبدات. هەندێجار تاکێکی هەمان کۆمەڵگە بە هەر هۆکارێکی کەسیەوە بێت خۆی دەهاوێژێتە کەناری کۆمەڵگەکەی. ئەم کەنارخستنی کولتوورییە باس لە گۆشەگیر و خۆکەنارخستنی کەسانێك ناکات، کە بەهۆی نەخۆشییە دەروونییەکانەوە دەخرێنە کەناری کۆمەڵگەوە، بەڵکو زیاتر باس لەدابڕانی تاکێك یان گروپێك لە کۆمەڵگە دەکات. ئەوەی ئاشکرایە ئەم کەنارخستن و خۆکەلاخستنی کولتوورییانە بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە ڕوودەدەن.
بێگومان کەلاخستنی کولتووری تەنیا نیشانە و دیاردەی کۆمەڵگەی مۆدێرن نییە، بەڵکو ڕیشەی لە قوڵایی مێژوودا داکوتیووە و جووتلایەنە لە مێژووی خۆکەلاخستن و کەلاخستنی کولتووریدا ڕودەدات و دەبێت بە گرفتێکی ئاڵۆزی مێژوویی. بۆ نمونە مێژووی گروپە کۆچەر و دەشتەکیەکانی چادرنشینی سنتی و ڕۆماکان، کە بە (قەرەج)6 ناوبانگیان دەرکردووە، ئەو گروپانە لەخۆدەگرن، کە لەکەناری کۆمەڵگەکاندا بە شێوازی جیاواز لە داب و نەریت و نۆرمی ئەواندا ژیانی خۆییان پیادەکردووە. ئەم گروپانە بەهۆی شێواز و جۆری ژیانیانەوە لەکەناری کۆمەڵگەکاندا کەلاکەوتون و تێکەڵی ژیانی کۆمەڵایەتی ئەو دەڤەرانە نەبوون. ئەم ڕەوشە جووتسەرییە هەر یەکەیان لە ڕوانگەی خۆیەوە دەینرخێنێت: کولتووری خانەخوێ ئەوان بەوە تاوانبار دەکات، کە توانای وەرگرتنی نۆرمەکانی ژیانی ئەوانیان نییە و خۆیان ناگونجێن و خۆیان وەدەردەنێن، لەوبەرەوە جەخت لەوە دەکەن، کە کولتووری خانەخوێ ڕێزی بۆ کولتوور و شێوازی ژیانی ئەوان نییە، بەپێچەوانەوە دەیەوێت ئەوان لەنێو خۆیدا بتوێنێتەوە. ئەمەش بۆ ئەوان بریتی دەبێت لەدەستبەرداربوونی کولتوور و داب و نەریتی خۆیان. لەسەرئەنجامی ئەم ڕەوشە جووتلایەنەدا قەرەجەکان هیچ بەشدارییەکی کولتووری سیاسی لەو وڵاتانەدا نەکردووە.
دەرئەنجام دەگەینە ئەو پنتە، کە “کەلاخستنی کولتووری” و “خۆکەلاخستنی کولتووری”، کە بە شێوەیەکی ئارەزومەندانە ڕوودەدات،” بەرهەمی ئەو ئاڵۆزیانەن، کە لە ئەنجامی ئاڵوگۆڕە کولتوورییەکاندا بەرپابوون و بەردەوامیشن. بە بەرجەستەیی ببێژین، کۆچ و پەنابردنەبەر وڵاتانی ئەوروپا، چڕبوونەوەی ژمارەی کۆچبەران تێیاندا، وەك سەرئەنجام بەهۆی پیادەکردنی ژیانی تایبەتی کولتوورییانەوە جۆرێک لە خۆکەلاخستن و هەروەها کەلاخستنی دەرەکیان لە لایەن گەلی خانەخوێوە لێکەوتۆتەوە، بۆ نمونە لە شارە گەورەکانی وەك پاریس و بەرلین و لەندەن و ئەوانی تردا. بێگومان ئاشکرایە لەم ڕەوتەدا زۆر گیروگرفتی وەك نەگونجانی کولتووری و نەخۆشی دەروونی و تاوانکاری هاتونەتە گۆڕێ.

مەحمود چاوش

——————————————————————

پەراوێزەکان

  1. جۆن ڤیدەپ بێری لە ساڵی 1939 لە شاری مۆنتریاڵ/کەنەدا لەدایکبووە و پڕۆفیسۆری زانستی دەروونناسی و توێژەری کۆچبەرییە. مامۆستایە لە زانکۆی کینگستن/کەنەدا. گەلێك توێژینەوەی لەسەر تێگەی (Akkulturation) کردووە و سەرەتاکانی ئەم بابەتەی هێژاندووە. بە بیروڕای ڤیدەپ کەلاخستنی کولتووری بەشێکی دانەبڕاوی ئاڵوگۆڕی کولتوورییە و بە لەبازنەدانی کولتووری یان “گێتۆکردن” ناوزەد دەکرێت.
  2. ڤالتەر بێنیامین لە (15.07.1892) بەرلین هاتە ژیانەوە و لە (26.09.1940) لەسەر سنووری فەڕەنسا-ئیسپانیا لە کەناری پۆرتبۆ بۆ ئەوەی نەکەوێتە دەست نازییەکان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
  3. کاوە جەلال: ماتەریالیزمی مێسیایی ی ڤالتەر بێنیامین، لاپەڕە 14
  4. Walter Benjamin, Illuminationen, Ausgewählte Schriften I, Suhrkamp Taschenbuch 345, Frankfurt am Main, Erste Auflage 1977.
  5. هەمان سەرچاوە لاپەڕە 252
  6. واژەی “قەرەج” بۆ کەمایەتییەکانی “سنتی و ڕۆما” بەکارهێنراون، لە ڕوانگەی ڕەگەسپەرستی و بەچاوسوککردن و جیاکارییەوە نرخێندراون و جۆرێکن لە بوغزاندن و کەلاخستن بەرامبەر ئەم گروپانە.



شکاندنی شاشەکان و ڕزگاربوون لە ئالوودەبوون.. نووسینی: دڵشاد کاوانی

مرۆڤایەتی کە لە مێژوودا ئەزموونی گێڕانەوەی زارەکی و پاشان نووسراوی (قەڵەم)ی کردووە، ئێستا چووەتە سەردەمێکی نوێ و تازە، بە دیجیتاڵکردن کە تایبەتمەندییەکی تایبەتی ئەم سەردەمە نوێیەیە، ئەمەش ئێمەی بە جیهانێکی مەجازی دەرچوون لە جیهانی واقیعی مەحکوم کردووە. لە ئەنجامدا، بۆ سوودمەندبوون لە پشتبەستنمان بە جیهانی مەجازی، کێشە و ئاریشەکان و لێکەوەتە زانبەخشەکانیشی بۆتە هۆی ئەوەی ڕووبەڕووی ئیدانەکردنی تووندی مرۆڤایەتی بووە. ئێمە ئێستا بە تەواوی بە ئامێری ئەلیکترۆنی دەورە دراوین. لە جیهانی دیجیتاڵیدا کاروبارەکان، کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان، سیمیناری زانستی، شەڕەکان (جەنگی ئەلیکترۆنی)، بۆنە کولتووری و هونەرییەکان و تەنانەت پەرستشە ئایینییەکانیشی پێوە بەڕێوەدەچن. پەروەردەی منداڵ و گەنجەکانمان لەم جیهانە دیجیتاڵیەدا تووشی مەینەتییەکی زێدە بۆتەوە و چەندین گۆڕانکاری بلەز لە کۆمەڵگەکان و لەم جیهانەدا ڕوودەدەن. بێگومان لەم دونیایەدا دەتوانین بە خێرایی ڕەشەبا زانیاریمان دەست بکەوێت، پەیوەندیکردن ئاسانتر بووە، جگە لەوەش لە زۆر بواردا کارەکان ئاسانتر بوون، بە کورتی ژیانمان زۆر ئاسانتر بووە لە جاران. وەک چۆن ناتوانرێت نکۆڵی لە سوودەکانی ئەم تەکنەلۆژیایە بکرێت، ناتوانرێت زیانەکانیش پشتگوێ بخرێن. بۆ ئەم پێشکەوتنە دیجیتاڵییە و تەنیایی و گۆشەگیری واقعی لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵگە زیادکردووە و ڕووێکی دیکەی کۆمەڵایەتی وەهمی لەنێوان سەرانسەری مرۆڤایەتی بونیادناوە. ئەمە وای کردووە ئاسانتر لە لایەنە زیانبەخشەکانی ئەم جیهانە مەجازییە باشتر تێبگەین. ئەوە دەزانین جگە لەبانگێشەی ئازادیی و دەڕبڕینی بیر و ڕای کەسی ئەوە وڵاتانی دیکتاتۆری وەک چین سوودیان لە سوودە تەکنەلۆژییەکانیان وەرگرتووە بۆ دروستکردنی ڕژێمی دیکتاتۆری دیجیتاڵی. پێکهاتەی کۆمەڵایەتی هەرەمی خەریکە دەگۆڕێت، ئەم پێکهاتە ڕێگە بە مرۆڤی ئاسایی دەدات بیانەوێت “بەناوبانگ”بن، جاران تەنها یەک دەرگا هەبوو، ڕێگەیەکی ئاسان نەبوو بۆ چوونە ژوورەوە یان دەرچوون لە لوتکەی هەرەمەکە. بۆیە هەوڵێکی زۆری دەویست و تەنانەت تەمەنێکیشی دەویست تا ناوبانگ دەربکەوێت. بەڵام ئێستا هەوڵێکی زۆر ناخایەنێت تا ناوبانگ بێت، چونکە ئەم پێکهاتە کۆمەڵایەتییە بازنەییە وەک تۆپێکەی گۆی زەوییە لە کوێت دەوێت، دەرگا بەڕووت کراوەیە، مرۆڤیش لە هەر شوێنێکەوە بیەوێت بچێتە ژوورەوە دەتوانێت. بۆیە کاتێک کەسێک دەڵێت “بەناوبانگ” دەبم، گرنگ نییە چی بکات، دەتوانێت خۆی لە دەرەوەی شاشە پیشان بدات. بە کورتی سروشت و شێوەی ناوبانگ لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی شاشەی مەجازیدا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، کە خەریکە لە شێوەی هەرەمییەوە دەگۆڕێت بۆ شێوەی گۆڕ و کەسانی ئاسایی دەرفەتی ئەوەیان بۆ دەڕەخسێت کە “ناوبانگ”بن و ببنە مرۆڤی “سوپەر”. مەودای ژیانی تایبەتی مرۆڤ، بە واتایەکی تر مەودای ژیانی تایبەتی، بەرتەسکتر دەبێتەوە. خاوەن زانیاری و تەکنەلۆژیا خەریکە دەبنە بەهێزترین بڕیاردەر لە کۆمەڵگەدا. پەیوەندی خێزانی، خزمایەتی و هاوڕێیەتی یان پەیوەندییەکان لاواز دەبن. لە کاتێکدا کۆمپانیاکانی زانیاری و پەیوەندیکردن بە سەرقاڵکردنی سەرنج و پاشان مامەڵەکردن بۆ ئامانجەکانی خۆیان، دەستیان بەسەر کۆمەڵگەدا گرتووە، بەڵام پێشتر تاکەکانیان کردووە بە بینەرێکی پاسیڤ. “ماندوێتی” بووەتە باوترین حاڵەت لە ناو ئێمەدا. ژیانمان پێشتر لەلایەن شاشەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە کە بەردەوام بە دوگمەی لایک و داواکاری هاوڕێیەتی و داواکاری فۆڵۆو مامەڵە دەکەن، “قۆناغێکمان پێدەبەخشێت بۆ ئەوەی ئینتیماکانمان لەگەڵ کەسانی دیکەدا هاوبەش بکەین، یان ژیانمان داوەتە دەستیان جا پێمان خۆش بێت یاخود نا. بە بێ هەستکردن خەڵکانی دیکە ژیانمان ئاڕاستە دەکات. ئەم شتانەی کە دەستیان بەسەر ژیانماندا گرتووە، شاشەکان، ماندوومان دەکەن و هەر جارێک سەیری دەکەین دڵۆپێک لە ژیانمان لەدەست دەچێت، هەرچەندە هەموو شتێک دەزانین، بەڵام لە خەسارداین بۆ ئەوەی بزانین بەرامبەر ئەمە چی بکەین. ڕەوت، لە ڕووی ئەکادیمییەوە، “پێکەنینی شاشەی ئەبستراکت” دەبیندرێت.

بە شێوەیەکی مەجازی هەموو بوارەکانی کۆمەڵگە تا ڕادەیەک گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
ئاوێنەی شاشەی مەجازی بەتەواوی سەرنجی عەقڵی مرۆڤ بۆ خۆی ڕادەکێشێت، نەک بیرکردنەوەی عەقڵ، بەڵکو بەبینی چاو، و بیستن. بە واتایەکی تر خاڵی بنەڕەتی کردار چاوە، نەک عەقڵ یان بیرکردنەوە. لەم پرۆژەیەدا سەیرکردن و بینین و بیستن گرنگە نەک بیرکردنەوە و چاودێریکردن. لەم ئاوێنەدا چاو لە ئامرازی فێربوون و چاودێریکردن دوور دەخرێتەوە، و دەکرێتە ئامرازی ئارەزوو و شەهوەت. ئەمەش بە سروشتی مرۆڤ زیاتر خۆپەرست و تێرنەبوو و بێباکانە و مەیلی توندوتیژی زیاتر دەکات. لەم ڕوانگەیەوە مرۆڤ پەیوەندی خۆی لەگەڵ خۆی، لەگەڵ ئەوانی تر، لەگەڵ کۆمەڵگە و لەگەڵ گەردوون دادەمەزرێنێت، نەک لەسەر بنەمای ڕاستی، بەڵکو لەسەر بنەمای وێنە و ڕواڵەت. چونکە ئەم سێبەرە زاڵە بەسەر ژیانی مرۆڤدا، تێگەیشتنی عەقڵ لاواز دەکات و تێگەیشتنی دڵ لەناو دەبات. ئەمە زانراوە مرۆڤ کەسێکی تێگەیشتووە و تێگەیشتن لە زانیارییەوە سەرچاوە دەگرێت. مەعریفە چەمکێکە لە بوارەکانی وەک لۆژیک، مەعریفە، فەلسەفە، دەروونناسی. مرۆڤ بە عەقڵ و دڵ و بیرکردنەوەکانی خۆی و کۆمەڵگە و جیهان هەست پێدەکات، واتە مرۆڤ بوونەوەرێکی هەستپێکەرە. مرۆڤ پێویستە بە هۆشیاری تەواوەوە مامەڵە بکات. بە واتایەکی تر مرۆڤ دەبێت بە عەقڵ و دڵی خۆی هەست پێبکات نەک تەنها بە وێنەکێشانەکانی و تەنانەت بە چاوەکانی. کاتێک مرۆڤ بە تێگەیشتنێکی گشتگیرەوە مامەڵە دەکات، دەتوانێت ماددە و مانا، فیزیا و میتافیزیک بزانێت.
تێگەیشتن بەسەر سێ بەشدا دابەش دەکرێت: تێگەیشتنی هزری، تێگەیشتنی هەستەوەری و تێگەیشتنی سۆزداری. تێگەیشتنی فیکری ئاماژەیە بۆ گەیشتن بە بنچینەی کێشەکە لە ڕێگەی بیرکردنەوە و ئیستدلالەوە، دڵ ئاماژەیە بۆ تێگەیشتن لە کێشەکە لە ڕێگەی حیکمەت و عەقڵەوە بە یارمەتی تێگەیشتنی فیکری. تێگەیشتنی هەستیاری ئاماژەیە بۆ زانینی شتەکان لە ڕێگەی پێنج هەستی بینین، بۆنکردن، دەست لێدان، بیستن و تامکردن. تێگەیشتنی سۆزداری تەنیا دەکەوێتە ژێرکاریگەری بینی یان بیستن واتە شاشەی مەجازی خۆڵەمێشی تەنها یەکێکە لە هەستە بینراوەکانمان، کە سەرنجی لەسەر وێنە و شێوە و دەنگەکانە. هەر لەبەر ئەمەشە کە تێگەیشتنێکی وردە. کاتێک تێگەیشتنی بینراو زاڵ دەبێت، مرۆڤەکان مەیلیان هەیە بۆ هەستکردن بە هەموو ڕاستییەک بە وێنە و فۆرم و ئەوەی لە تێگەیشتنی مرۆڤدا گرنگە وێنەیە نەک ڕاستی. هەر وشەیەک، قسەیەک یان گفتوگۆیەک کە دەبیسترێت سنووردارە بە وێنە، چاوی مرۆڤ کەڕ دەبێتەوە بەرامبەر بەو شتانەی کە دەیبینێت و گوێچکە مەیلی لاواز دەبێت دەکەوێتە ژێر ڕکێفی ئەوەی هەیە کە دەیبینێت نەک ئەوەی دەیبیستێت. تێگەیشتنی بینراو هەموو وێنە و تێگەیشتنەکان کۆنتڕۆڵ دەکات. وێنە و فۆرم و وێنە جێگەی حەقیقەت دەگرێتەوە و نابێت ئەوەش لەبیر بکرێت، بۆیە زۆربەی ئایینەکان لەپاڵ فۆرمە ئایینەکانیان زۆرتین تەرکیزیان دەخەنە سەر فیلم و وێنە و واتە بۆ سەرنجڕاکێشانی پەیڕەوکارەکانیان چیڕۆک و ئامۆژگارییەکانیان بە وێنە و دەنگ دەگێڕنەوە. ئەمەش لەئایینی جوولەکە و مەسیحی و ئیسلام بە ڕوونی دەردەکەوێت. تەنانەت کە لە کڵێسا یان پەرستگای بوداییدا ئەوە وێنەیە کە بابەتی پەرستنە. شیعر، ئەدەب، فۆلکلۆر و هونەر بەهۆی ئەم شاشە خۆڵەمێشەوە چیرۆک گێڕانەوەکان لاواز دەبن.
ئێستا دەستەواژەی وەک سادەیی دیجیتاڵی، دیتۆکسی دیجیتاڵی و هاوسەنگی دیجیتاڵی دەبیستین. ئێمە بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێین بۆ دەربازبوون لەو دیجیتاڵ یان شاشانەی کە ئەوەندە بە قووڵی لە ژیانماندا چەسپاون. ئەم هەوڵە چڕتر بووەتەوە، بەتایبەتی لە سەردەمی ڤایرۆسی کۆڕۆنادا، بەهۆی مانەوەی مرۆڤەکان بەندکردنیان، لەماڵەوە کاتی زیاتری پێداوون کە سیەرکەری شاشەکانبن ئەمەش وامان لێدەکات زیاتر ئالوودەی شاشەکان ببین، چەندین کتێب و بابەت و کۆنفرانس و پۆدکاست لەسەر زاڵبوون بەسەر ئالوودەبوونی شاشەدا لە جیهان بڵاوکراونەتەوە. بەڕای من کارپێکراوترین بۆ ئەم مەبەستە کتێبی “مینیمالیزمی دیجیتاڵی” کال نیوپۆرتی ئەکادیمی ئەمریکییە، کە لەلایەن دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی میترۆپۆلیسەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی چەند زمانێکی دیکە. ئەم کتێبە نەخشەی ڕێگایەکمان بۆ دابین دەکات بۆ زاڵبوون بەسەر ئالوودەبوونی شاشە و ماندوێتی دیجیتاڵی. ئەم فەلسەفەیە لەسەر بنەمای بنەمای کەمترکردن، زیاترکردنە لە پەیوەندیمان لەگەڵ ئامێرە دیجیتاڵییەکان، ئەو بەهایانەمان پێدەبەخشێت کە بەڕاستی باوەڕمان پێیانە، وەڵامی ڕوونمان پێدەداتەوە سەبارەت بەوەی کە پێویستە کام ئامێر بەکاربهێنین و چۆن، هەروەها هەموو ئەو شتانەی کە هەمانە لەبیر دەکات بۆ وازهێنان و ئەو تێچوونانەی کە لە ئەنجامی وەرگرتنی ئەم شێواز و چارەسەرانەدا داومانن.و ڕێوشوێنی پێشنیار دەکات بۆ ئەوەی پەشیمان نەبینەوە لە جیابوونەوەمان لێیان.
هەروەها کاریگەری پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا، دیاریی سلیکۆن ڤالی بۆ مرۆڤایەتی، لەسەر ژیانمان، مشتومڕی گەرمی لەسەرە. لە ئێستادا چێژ لە بەکارهێنانی پلاتفۆرمی سۆشیال میدیای وەک ئینستاگرام و تویتەر و یوتیوب و فەیسبووک وەردەگرین. بەڵام هێشتا ناتوانین لە ناوەوە دڵخۆش بین، لە لایەک چێژ و ناڕەحەتی لە لایەکی تر ئەزموون دەکەین، واتە لە حاڵەتێکی دەرونی دژبەیەکدا دەژین. فیلمی دیکۆمێنتاریی نێتفلێکس (دووفاقی کۆمەڵایەتی)، (The Social Dilemma) سەرچاوەیەکی گەورەیە بۆ تێگەیشتن لە عەقڵیەتی ناکۆکمان. لە فیلمێکی دیکۆمێنتاریدا کە پێکهاتووە لە چاوپێکەوتن لەگەڵ کارمەندانی پێشووی کۆمپانیاکانی گەنج و پیری، کۆمپانیاکانی گووگڵ، فەیسبووک، ئینستاگرام، تویتەر و یوتیوب، کە پێشتر هەموومانیان سەرسام کردووە، سیلیکۆن ڤالی دەڵێت: چۆن ئەم تەکنەلۆژیایەی پلاتفۆرمانەی کە لەلایەن کۆمپانیاکانەوە پەرەی پێدراوە دەتوانن کاریگەری نەرێنی لەسەر تاک و کۆمەڵگەکان هەبێت. “ئەگەر پارە نەدەیت بۆ ئەو بەرهەمەی کە بەکاریدەهێنیت، هەڕمێنی باشتر دەبێت، گەرهاتوو بە پارە و فیزاکارت بێت، دیسان ئالوودەبوو دەچێت دەیکڕێت، ڕەنگە بە هەمان شێوە هەر کێشەکە بەردەوام دەبێت!” وای دەبینم کە گرانکردنی نرخەکانشی بیرۆکەیەکی باش نابێت. ئەم جارە شکاندن و دزەکردنی نایاسایش بەرۆکی بابەتەکە دەگرێت. ئەم دۆکیۆمێنتارییە جوان دەچێتە ناو ناخی کێشەکە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا کاریگەرییەکی قووڵیان هەیە نەک تەنها لەسەر دەروونی تاکەکان، بەڵکو لەسەر دەروونی گشتی کۆمەڵگەش. جەخت لەوە دەکرێتەوە کە لە دونیای ئەمڕۆدا کە سیاسەتمەدارانی پۆپۆلیستی و ڕەگەزپەرست و دیکتاتۆر پێشەنگایەتی دەکەن، ئەم پلاتفۆرمانە زیاتر دابەشبوون لە کۆمەڵگەدا گەورەتر دەکرێن و تیۆری پیلانگێڕی بەرز دەکەنەوە و مرۆڤەکان لە ڕاستی (شێواندن، هەڵخەڵەتاندن، دەستکاریکراو) لەبری ئەوەی سروشتی ڕاستەقینەی ڕووداوەکان بزانێت، دوورت دەخەنەوە. بە بڕوای کۆمەڵناسیانەی کاریگەر ژان بۆدریلارد، ئێمە تەنیا ئاگاداری “سێبەر”ی حەقیقەتین. تایبەتمەندییەکی سەرەکی ئەم کۆمپانیا ئایتییانە کە بە بەرهەمی “ئەندازیاران و بازرگانان” ناسراوە، ئەوەیە کە ئەو تەکنەلۆژیایەی کە بەرهەمی دەهێنن ماندوو نەناسانەکاری لەسەر دەکەن و پێشی دەخەن. بیر لە زیانەکانی ناکەنەوە، چونکە ئەمە کارامەترین ڕێگایە بۆ ئەوەی ئەم کۆمپانیایانە پارە پەیدا بکەن.
یەکێک لەو گرفتە سەرەکیانەی ئەمڕۆ ڕووبەڕوومان دەبێتەوە دیاردەی سەرنجدان و سەرقاڵکردنە کە لە منداڵ و گەنجی تازە پێگەیشتوودا بەهێزترە. ئەو کۆمپانیایانە کە پێشتر باسمان کرد، پێشتر سەرنجی ئێمەیان بۆ خۆیان ڕاکێشاوە. بەپێی لێکۆڵینەوەکانی کۆمپانیای دیلۆیت ڕیسێرش لەسەر بەکارهێنەرانی مۆبایلە زیرەکەکان لە جیهاندا، بەکارهێنەرانی مۆبایلە زیرەکەکان لە هەر خولەکێک، سەیرکردنی مۆبایلە زیرەکەکان دەبێتە هۆی کێشەی دەروونی و هزری و سۆزداری و جەستەیی لە کەسێکدا. ئێدوارد تافتەر، پرۆفیسۆری ئەمریکی لە زانستی کۆمپیوتەر، لە فیلمە دیکۆمێنتارییەکەدا ڕایگەیاندووە، “دوو پیشەسازی هەن کڕیارەکانیان بە بەکارهێنەر ناودەبەن و ئەمانەش پیشەسازی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و پیشەسازی نەرمەکاڵاکانن”، ئەمەش ڕۆشنایی دەخاتە سەر ئەم ڕاستییە دڵتەزێنە. زۆربەمان مەترسییەکانی ئالوودەبوون بە شاشە دەزانین، بەڵام هێشتا کۆڵ نادەین و بەردەوام دەبین لە چێژوەرگرتن لە شاشە. دەتوانین بە وتەی ئیبن خەلدون، یەکێک لە دامەزرێنەرانی زانستەکانی وەک کۆمەڵناسی و فەلسەفەی مێژووی ئیسلامی، “مرۆڤ منداڵی خووەکانە”. ئەم دۆخە عەقڵیەتی تاوانباریشمان چالاک دەکات. کال نیوپۆرت ئەو پارادۆکسە ڕوون دەکاتەوە کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە: “بێگومان کەس بە مەبەستی لەدەستدانی کۆنترۆڵ ناچێتە ناو ئەم جیهانە. هەموو کەسێک هۆکاری باشی هەیە بۆ ئەوەی سەرەتا ئەپێک دابەزێنێت و ئەکاونتێک دروست بکات، بەڵام دواتر بە تەواوی نوقم دەبێت لە جیهانی سەرنجڕاکێشی پلاتفۆرمی سۆشیال میدیادا. مرۆڤ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک و کەسانی دیکە ناوی خۆی تۆمار دەکات بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە پەیوەندی لەگەڵ هاوڕێکانی ئەودیوی جیهان، دوای ماوەیەک لە هەست و سۆزەکانی ئەم جیهانە ئەفسوناوییەدا دەخنکێن و بە تەواوی هاوبەش و خۆشەویستان و هاوڕێ نزیکەکانی لەبیر دەکەن.
ئەمڕۆ نەوەی نوێی “نیۆ-لودیتەکان” هەیە کە دەڵێن نابێت هەر تەکنەلۆژیایەکی نوێ لە تەکنەلۆژیای مۆدێرن بەکاربهێنرێت، هەروەها هەوادارانی “خووی ژمارەیی” کە جەختیان لەسەر سپاردنی هەموو شتێک بە تەکنەلۆژیا نوێیەکان لە ڕێگەی هەستەوەر و شتە لەبەرکراوەکانەوە هەیە، دوو ڕەوتی توندڕەو سەریان هەڵدا.
یەکەم: فەلسەفەی سادەیی دیجیتاڵی ئامانجی ئەوەیە هاوسەنگییەک لە نێوان ئەم دوو توندڕەوییەدا دروست دەکات.
دووەم: زەمینەیەکی ناوەڕاست، ئەگەر بڵێین. سادەیی، فەلسەفەی بنەڕەتی بزووتنەوەی سادەیی، بنەمای سادەیی دیجیتاڵیش پێکدەهێنێت. بەم پێیە سادەیی دیجیتاڵی خۆی بەم شێوەیە پێناسە دەکات: ئەمە فەلسەفەیە سەبارەت بە چۆنیەتی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بۆ ئەوەی زۆرترین سوود لە کاتەکانت وەربگریت، سەرنجت لەسەر ئەو شتانە بێت کە بەهایان پێدەدەیت، لەسەر بڕیار و چالاکییە هۆشیارەکانت، هەروەها فێربوون لەوەی کە وازی لێهێناوە بۆ ئەوەی لە ئالوودەبوون بە شاشە ڕزگارت بێت.
فەلسەفەی سادەیی دیجیتاڵی نیۆپۆت شێوازێکی نوێی ژیانە کە پەیوەندی نێوان تەکنەلۆژیا و مرۆڤەکان ڕێکدەخات، ئامانجی باشترکردنی کوالیتی و ئاستی ژیانی مرۆڤە، نەک میتۆدێک کە بۆ ماوەیەکی کاتی خوێنەران هان بدات و بارگرانییەکی قورس بسەپێنێت و پزیشکی ناچاری جێبەجێ بکات.
شێوازەکان سێ بنەمای سەرەکی هەیە:
یەکەم: تێچووی زۆری، واتە داکۆکیکارانی سادەیی دیجیتاڵی باش ئاگادارن کە بەسەربردنی کات و سەرنج و سەرنجدان لەسەر ئامێر و ئەپ و خزمەتگوزارییە زیادەکان دەتوانێت دەرئەنجامە نەرێنییەکانی هەبێت. کاریگەری زۆر هۆکار توانای لەناوبردنی سوودەکانی هەر خزمەتگوزارییەک یان زانیارییەکی هەیە. بە کورتی هەبوونی زیاتر لە شتێک بەو مانایە نییە کە سوودی هەبێت یان باشە.
دووەم: بنەمای دووەم ئەوەیە کە باشکردن گرنگە و سادەخوازە دیجیتاڵییەکان دەزانن کە بڕیاردان لەسەر ئەوەی کە ئایا تەکنەلۆژیایەکی دیاریکراو بۆ شتێکی بەهای ڕێژەیی بەسوودە یان نا، تەنها هەنگاوی یەکەمە. بە وردی ڕەچاوی ئەوە دەکرێت کە چۆن ئەم تەکنەلۆژیایە بەکاربهێنرێت بۆ ئەوەی بە باشترین و کاراترین شێوە ئەم سوودانە بەدەست بهێنرێت.
سێیەم: سادەیی دیجیتاڵی داوای ئەوە دەکات کە مرۆڤەکان لە کاتی هەڵبژاردنی تەکنەلۆژیادا بە شێوەیەکی گونجاو مامەڵە بکەن، ئامێرە تەکنەلۆژییەکان بە شێوەیەکی دروست و گونجاو و لەسەر بنەمای بەهای مەبەستدار بەکاربهێنن. جەخت لەوە دەکاتەوە کە تەکنۆلۆژیا کە ڕاستەوخۆ سوودی لێ وەرناگرێت و بەها بۆ ژیانمان زیاد ناکات، نابێت هیچ جێگەیەکی لە ژیانماندا نەبێت. زانیارییەکی زۆر لەخۆدەگرێت کە چۆن ڕێوشوێن و بەکارهێنانە پێشنیار کراوەکان دەتوانن یارمەتیدەرمان بن بۆ ئەوەی ژیانێکی باشتر و مانادارتر بژین. سەیرکردنی ڤیدیۆی کۆمیدی لە یوتیوب بۆ ماوەی کاتژمێرێک ماندوومان دەکات، بەڵام فێربوونی چۆنیەتی گۆڕینی ماتۆڕی، موبەڕیدەیەک، هەوادارێکی تەکنیکی لە یوتیوبەوە یان سەیرکردنی ڤیدیۆی پەیوەندیدار بۆ بەدەستهێنانی زانیاری لەسەر بابەتێکی دیاریکراو سوودی زیاتری دەبێت بۆ ئێمە. یەکێک لە بناغەکانی سادەیی دیجیتاڵی تێگەیشتنە لەوەی کە بەکارهێنانی بە ئەنقەست و وردی تەکنەلۆژیا نوێیەکان ئەنجامێکی باشتر لە دوژمنایەتی تەکنەلۆژیا یان بەکارهێنانی بێ پێشوەختەی هەر تەکنەلۆژیایەکی نوێ بەرهەم دەهێنێت. فێربوونی کاتێکی سەربەخۆ بۆ خۆت و دوورکەوتنەوە لە گەڕانی بێ ئامانج لە سۆشیال میدیادا. بەپێی ئەو پرەنسیپەی کە هەموو شتێک لە دونیادا بۆ مرۆڤە، پێویستە سۆشیال میدیا و تەکنۆلۆژیاکانی تر وەک ئامرازێک ببینین، هەوڵبدەین وایان لێبکەین بۆ مرۆڤ کاربکەن و خۆمان بەدوور بگرین لە کردنی مرۆڤ بە کاری ئەو شتانەی کە دروستیان کردووە.

سەرچاوەکان
كتاب بعنوان “إدمان الإنترنت” للأستاذ الدكتور محمد شاهين. دار العلوم العربية للنشر والإعلام بجمهورية مصر العربية ٢٠١٦.
کیتاب اعتیاد به اینترنت نووسندە: سمیه جگتایی ناشر: پادینازبان: سال چاپ:١٣٩٩.
https://www.thesocialdilemma.com/ The Social Dilemma
Digital Minimalism: Choosing a Focused Life in a Noisy Cal Niporti – February 5, 2019




مەعریفەی فێربوون لە نێوان زانین و نەزانین دا.. نووسینی: دڵشاد کاوانی

پێشەکی

پرسیاری سەرەکی کە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە دیاریکردنی سروشتی مەعریفە بریتییە لە “بۆچی فێردەبم، بۆچی پێویستم بە فێربوونە؟” پرسیارێکە کە ڕەنگە زۆربەی خەڵک لە خۆیان کردبێت. دەیانەوێت بزانن بۆچی فێربوون گرنگە ئایا تەنها بۆ چێژبینیە، یان لەبەر پێویستییە، یان ڕوونتر بڵێین ناچاری زانینی زانستین.
بەها و مانای هەموو شتێک ئەوەیە بپرسین “ئەمە بۆچییە؟ یان چییە؟” وەڵامی پرسیارەکە لە تەرازوودا بەها و مانای دەبێت. چونکە هەموو شتەکان ناتوانن بوون و نەبوون و ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆیان جێگیر بکەن بەبێ ئەوەی مانا و جەوهەرییان هەبێت. چونکە حەقیقەت ڕاستی خۆی لەدەست دەدات کاتێک تووشی دەستێوەردان دەبێت. بە واتایەکی تر لە بوونەوە دەڕوات بۆ هیچ، لە ڕاستییەوە بۆ درۆ، لە مانا بۆ ماددە. ئەگەر مەعریفە حەقیقەت بێت، دەتوانێت بە بەبێ دەستێوەردانی پاڵنەرە جۆراوجۆرەکان بوونی خۆی بپارێزێت. ئەگەر بوونی زانست لە پاکی مەعریفەوە سەرچاوەی گرتبێت، ئەوا لە ئەنجامی نەبوونی مەیلی پاکی لە نیەت و لە ڕێگەی تێکەڵکردنی نیازمەندییەکانی زانین، ناڕاستی دێتە ئاراوە.

مەعریفەی زانین

کاتێک سەیری ژیانمان دەکەین، زۆر کەس بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانیان یان دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانیان ناچارن خۆیان بدۆزنەوە، چونکە ڕووبەڕووی دووڕیان و سەختی جۆراوجۆر دەبنەوە. ئەو کات مەعریفە لە وەزیفەی مەعریفیبوون دوور دەکەوێتەوە و دەکەوێتە شوێنی کار لەبری پێداویستی و کەرەستە. زانین لە ئازاد دەگۆڕێت بۆ کۆیلە. لەگەڵ نەمانی بەشە ڕۆحییەکەی مەعریفە، بوونەوەرێکی ڕۆحی دەبێتە بوونەوەرێکی ماددی. پاشان، ئەم ئەنجامەی خوارەوە بەدەست دێت، چالاکییە دەروونییەکانی وەک زانین و فێربوون و بیرکردنەوە دەبنە چالاکیەکی پێویست کە خۆبەخشانە نییە، بەڵکو بە ناچاری ژیان و بارودۆخەکانەیەتی؛ بەڵام ئەو خۆشبەختی و بەختەوەرییەی مرۆڤ کە لە ئەنجامی زانین و مەعریفەوە دێتە دەرەوە، ئایدیالی سەرەکییەکەیەتی و تاکە ئایدیالی مرۆڤێکی ئاساییە. سروشتی مرۆڤە کە بیەوێت دڵخۆش بێت و چێژ لە ژیان وەربگرێت. بەختەوەری و خۆشگوزەرانی لە توانا مەعریفیەکانی مرۆڤەوە سەرهەڵدەدات. ئەمەش بەو مانایەیە کە مرۆڤ بە سروشتی خۆی دەیەوێت بزانێت و بوونێکە کە بەرزترین ئارەزووی زانینی هەیە، کەواتە ئەم پرسیارەی خوارەوە لە کارنامەی ئێمەدایە: ئەگەر خۆشەویستی زانین و ئارەزووی زانین سروشتی مرۆڤ بێت، ئایا ئەمڕۆ سروشتی مرۆڤ گۆڕاوە؟ وەک ئەرستۆ باسی تایبەتمەندی ئەو کەسانە دەکات کە حەقیقەتیان خۆشدەوێت و خولیای مەعریفەیان هەیە، بەوەی کە ئەوان تەنها لە پێناو زانیندا زانین دەوێت. چونکە لای ئەرستۆ بەختەوەری مرۆڤ چ لەڕووی ڕۆحی خۆی و چ لەڕووی بەختەوەرییەکەیەوە، زانین و فێربوونە؛ بە کورتی پەیوەستە بە زانستەوە. مەعریفە لە سەرچاوەی مەعریفەیەوەیە، لە بنەڕەتدا تاکە مەبەستی مرۆڤ لە مەعریفە و فێربوون گەیشتن بە مەعریفە یان بەختەوەریی.

ڕۆڵی مۆدێڕن لە مەعریفەی زانین دا.

لە ئەنجامی مۆدێرنیزاسیۆن، مرۆڤی مۆدێرن زانستی کردووە بە ئامرازێک بۆ جێگرەوەی کاری دەستی و پارە پەیداکردن نەوەک زانین. مەعریفە لە باڵاتربوونەوە بۆ کەمتەرخەمی و ڕووکەشسازییەوە گۆڕاوە؛ مرۆڤایەتیی بەرەو نزمبوونەوە پێشکەوت. لە ڕوانگەی سروشتی مەعریفەوە، مۆدێرنیزم نەچووەتە ناو سەردەمی مەعریفەوە، بەڵکو هاتۆتە سەردەمی نەزانی و چەوساندنەوەی عەقڵیی و ویژدانیی. داهاتی زانست کۆکردنەوەی سامانە، بەرهەمی زانستیش تاریکی و چەوساندنەوەیە بە جۆرێکی دیکە. زانین و ئامانجی زانینی لەدەستداوە، هەروەها سروشتی بۆ نائامادەیی هەمیشەیی بوون گۆڕاوە. وەک ئەرستۆ دەڵێت، مەعریفە، سەرچاوەی چەوساندنەوە و تاریکی بوو نەوەک سەرچاوەی حیکمەت. مۆدێرنینت داهاتووی کاڵ کردۆتەوە، نەک تەنها هیوای کوشتووە، بەڵکو بوونی مرۆڤگەرایی کوشتووە کە زانست ناوەندی ئایدیاڵ یان بنەڕەتی ژیانە، دایکە زەوی پیس کرد، کە ئەو ئاو و هەواکەی ژیانی ئێمەی پێوە بەندە، کوشتنی ئاژەڵ و مرۆڤ و ڕووەک و درەخت و هۆکاری گەرمبوونی جیهان و گۆڕانی کەشوهەوا و سەرهەڵدانی نەخۆشی و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس. وردتر بڵێین “مەعریفە”ی ئەمڕۆ پێشەنگی بۆمب هاوێژەکان بووە، لەبری ئەوەی دڵنەوایی و ئارامی بە خەڵک ببەخشێت، ترس و ترس و دڵەڕاوکێی دروستکرد. لەبری زەردەخەنە، غەمگینیی دروست کرد. مەعریفە جەوهەر و حەقیقەتی خۆی لەدەستداوە. هاوشانی “جەوهەر” ئەو “هەبوویی”ەی کە دەوترێت مەعریفەی بوونی هەیە بەهای نەماوە. مەحاڵ بوو بانگەشەی ئەوە بکرێت کە مەعریفەیەک هەیە کە سروشت لەناو دەبات، واتە مەعریفە لە بوونەوە گۆڕاوە بۆ هیچ.

مەعریفەی مۆدێرن ڕێگەی بۆ لەناوبردنی مرۆڤ خۆش کردووە نەک ڕزگاربوون و ملکەچکردنی لاوازەکان لەلایەن بەهێزەکانەوە. لە دونیای نوێدا لەبری یاسای مرۆڤ، یاسای جەنگەڵ حوکمڕانی دەکات، بەهێز بێ هێزەکان دەخوات. سروشتی ڕاستی و دادپەروەری و هەروەها زانین بە یاسای دارستان دیاری دەکرێت. ڕاستی یان ڕاستییەکان لەسەر تەرازووی زاڵ سەنگ دەکرێن. مەعریفە حەقیقەت و جەوهەری خۆی لەدەستداوە؛ چونکە زانستی ئەمڕۆ لەسەر مانا بنیات نەنراوە، بەڵکو لەسەر ماددە بنیات نراوە؛ بیری لە ماددە دەکردەوە نەوەک لە مانا. ئەنجامەکەی دروستکردنی پێویستی زانین بوو.، نەوەک زانین بۆ زانین. مەعریفە لە مادەوە بۆ مانا نەچووە، بەڵکو لە مانا بۆ ماددە هەنگاوی نا، واتە لە سەرەوە بۆ خوارەوە. وەک ئەوە وایە لە ماناکە، کە ڕاستی و جەوهەری شتەکانە، بۆ ئەو ماددەیەی کە پێکهاتەیە، یان لە دەربڕینێکی دیکەدا، لە جەوهەر-خودەوە، بۆ ماددە.

کاتێک پرسیار لەبارەی سروشتی ڕاستی یان جەوهەری ڕاستی دەکرێت، زۆربەمان وەڵام دەدەینەوە کە هەمان سروشتی “ڕاستی”یە. کەواتە “چی ڕاستە، پێوەرەکەی ماف چییە و بە کێ و بە پێی چی دیاری دەکرێت، یان حوکم و بڕیاری گەلێکی دیاریکراو یان کۆمەڵگایە؟” پرسیارەکانی وەک بیرکردنەوە لە سروشتی مەعریفە و زانین، وردتر بڵێین، ڕاستی و ئایدیالی مەعریفە چییە؟ بیرکردنەوە و گەڕان بەدوای وەڵام بۆ پرسیارەکانی وەک گەڕان بەدوای چارەسەر و بەکارهێنانی زانیاری هەواڵگری وەک بەها کێشەیەکی کوشندەیە بۆ ئەمڕۆی ئێمە. چونکە ئەم جۆرە پرسیارە هاوتایە لەگەڵ گەڕان بەدوای حەقیقەتدا و پەیوەندییەکی نزیکی بە ماف و مافەکانەوە هەیە؛ چونکە بوونی حەقیقەت واتە بوون و زامنی ماف و مافەکان بەگشتی؛ واتە ڕاستی مافەکان نامێنن و نادادپەروەری لە ڕێگەی دەرکەوتنی درۆوە سەرهەڵدەدەن.

تیۆری ئازادییەکان بۆ زانین و پڕاکتیزم

لە ئەنجامی لادانی مەعریفە لە حەقیقەت، بوونی “ئازادی بێ سنوور” دێتە بەرنامەی کار و پەیوەندی کۆمەڵایەتی- یاسایی دەشکێنێت. بەم شێوەیە دەسەڵاتی یاسا بە ئازادی بەدەست دێت. هەڵە و نادادپەروەری، تاوان و خراپەکاریی، وەک کردەوەی نائەخلاقی، لە ژێر پەردەی “ئازادی”دا، ڕۆڵی یاسا وەک زامنکاری داب و نەریت و ڕێسا کۆمەڵایەتییەکان لەناو دەبات. جیاوازی منداڵ لەگەڵ دایک و دایک لەگەڵ باوک و ژن لەگەڵ پیاودا ڕاڤە دەکات. وەک منداڵێک، دایکێک، ژنێک، بەناوی ئازادی کەسییەوە، دەچێتە ناو هێزێکی سەربەخۆبوون بەرامبەر بەو کەسانەی کە لە خۆی گەورەتر و پێگەیشتووترن. بێگومان نابێت چەمکی تاکی سەربەخۆبوون لەگەڵ چەمکی ناکۆکبوون لەگەڵ گەورەکاندا لە زیرەکی و تەمەندا تێکەڵ بکەین. پێویستە خەڵک و هاووڵاتیان ئاگادار بکرێنەوە لە ڕاستی و سروشتی ئازادی بەرامبەر ئەو کردانەی کە نیشان دەدەرێن دەرهاویشتەی ئازادییە. بێگومان کێشەی ئازادی یەکێکە لە گرنگترین کێشە فەلسەفی و ژیانی سەدەی بیست و یەک، بە لەبەرچاوگرتنی ئەگەری کۆیلایەتی ببێت بە ئازادی، یان ئازادی ببێت بە کۆیلایەتی، پرۆسەکە بەناتەواوی تەواو دەکرێت. ئەگەر بڵێین ئەوە تاکە گەرەنتییە کە دەتوانین بەدەستی بهێنین ئازادی ڕاستەقینە و ڕۆشنگەری ڕاستەقینە بە بیرکردنەوەیەکی نوێ لە ڕاستی و جەوهەری ئەو بوونانەی کە پێشکەش دەکرێن. چونکە بەهای ژیانمان یەکسانە بەو ڕادەیەی کە دەتوانین ژیانمان مانادار بکەین. وەک سوکرات دەڵێت: “ژیان شایەنی ئەوە نییە بەبێ پرسیار و کتێب بژیت”.

ئەنجام
بەکورتی حەقیقەت پاڵنەری ماف و دادپەروەرییە، لەکاتێکدا درۆ پاڵنەر و هۆکاری نادادپەروەری و نادادییە. ئەگەر ئامانجی مەعریفە فێربونی مەعریفەییە، ئەوا ئامانج دەبێت بە پێی زانین بژین. زانین، بەرهەمی پێویستی، دەبێت وەک بەرهەمی خۆشەویستی و ئارەزووی دەربکەوێت، نەک تەنیا مەبەست لێی گەیشتن بە فەزیلەتی زانین بێت. واتە بە کەسێک بڵێیت بۆچی زانست دەخوێنیت؟ بۆئەوەی کاتێک لێیان پرسیم، زانست دەخوێنم بۆ ئەوەی بزانم، ئامانجیشم لە خوێندنی زانستدا تەنها زانینە.

—————————————

سەرچاوەکان..
فارسی
-کتاب معرفت شناسی. نویسنده : لیندا زاگزبسکی. مترجم : کاوه بهبهانی. ناشر: فیدی پلاس.١٣٧٩.
-کتاب معرفت و معنویت. مؤلف: سیدحسین نصر. ناشر: سهروردی. مترجم: انشاء‌الله رحمتی. ویراستار:محمدجعفر صدری. سال چاپ: 1388
عەرەبی
-كتاب نظريات التعليم. دراسة مقارنة. ترجمة. د. علي حسين حجاح. مرتجعة. د. عطية محمود هناز دار الطبع. عالم المعرفة 1970.
-عنوان الكتاب: المنهج معرفة المعرفة: أنثروبولوجيا المعرفة. تأليف: إدغار موران. ترجمة: د. جمال شحيد. الناشر: المنظمة العربية للترجمة – مركز دراسات الوحدة العربية. سنة 2010.
ئینگلیزی
-The Book of Knowledge between the ‘Old’ and the ‘New’ World: history of an encyclopedia Gabriela Pellegrino Soares – UNIVERSITY OF SAO PAULO TRANSLATION:Eoin O’Neill TOPIC:Publishing PLACE :Europe – South America – North America PERIOD :The Consolidation of Mass Cultures DOI:10.35008 NOVEMBER 2021




ئەرنست بلوخ وشۆڕش ئومێد.. رزگار عەلی

لە ئەرشیڤی دەنگەکانەوە..٢٠١٦

یەکەم/ دەروازەیەك بۆ ناسینی ئەرنست بلوخ (1885_1977)

بلوخ لە ساڵی 1885 لە شاری (لودفیگر) كە دەكەوێتە ڕۆژئاوای ئەڵمان لەدایكبووە، لە ئەسڵدا جولەكەیە، باوكی ماكس بلوخ لە سكەی ئاسنین كاریكردووە، بلوخ هەر لەسەرەتای تەمەنی دەستی كردووە بە خوێندنەوەی فەلسەفەی سیاسی و هەریەكە لە (فشتە و هیگڵ و شلینگ) كاریگەرییان لەسەری بەجێهێشتووە. بلوخ لە بواری ئەكادیمیش لە ساڵی 1905 لە زانكۆی مونیخ گەیشتۆتە پلەی دكتۆرا، نامەی دكتۆراكەی بلوخ بەسەرپەرشتی فەیلەسوفی و زانای دەروونی (ئەوزفلد كولبە)بووە، بابەتی نامەكەش لەسەر فەیلەسوف (هیزیش ریكرد1863_1936) بووە كە لەسەر فەلسەفەی مێژوو كاریكردووە، دواتر بلوخ ماڵی دەگوازێتەوە بەرلین، لە بەرلین جۆرج زمیل(1858_1918) دەناسێت، پاش جۆرج لەیەكێك لە هۆڵەكانی وانەوتنەوەی فەلسەفەی لەگەڵ فەیلەسوفی ماركسی جۆرج لۆكاش ئاشنایەتی پەیدا دەكات، لە ساڵی 1912 بلوخ دووردەخرێتەوە بۆ شاری گارمیشهایدلبر) هەمان ئەو شارەی كە لۆكاشی لێیە، لەو شارە نزیكایەتی تەواوی بلوخ و لۆكاش دەسپێدەكات. قۆناغی هاورێیەتی لۆكاش قۆناغێكی زێڕینی بلوخ بووە، چونكە لەگەڵ لۆكاش كەوتونەتە ناو مناقشەیەكی قوڵی فیكر و ئەدەبیاتەوە، تەنانەت هەندێك جار بووەتە شەڕیان، بەڵام هیچ كاتێك ئەم شەڕە كاریگەری لەسەر هاوڕێیەتییەكەیان دروست نەبووە، تەنانەت بلوخ ئەوندە بایەخی بە لۆكاش داوە كە كتێبەكەی (كێشەی مادییەت) پێشەكەش كردووە. هەر لەو شارە بلوخ ئاشنایەتی دروست دەكات لەگەڵ فەیلەسوفی سۆسۆلۆژی ماكس فیبر(1864_1920) بەڵام بەهۆی ئەو ناكۆكییە فیكرییەی كە لە نێوانیان هەبووە ئەو ئاشنایەتییە درێژە ناكێشێت. بلوخ لە ساڵی 1913 ژیانی هاسەرگیری لەگەڵ ئەلیزا شترنسكی پێك دەهێنێت، بەڵام لە ساڵی 1921 ئەلیزا كۆچی دوای دەكات، كۆچی ئەلیزا كاریگەری دەروونی گەورە لەسەر بلوخ بەجێدەهێلێیت، تەنانەت ئەم كاریگەرییە لە كتێبی (ڕۆحی یۆتۆپیا) بە ئاشكرا دەردەكەوێت. بلوخ دوای مەرگی ئەلیزا دەبێتە گەڕیدەیەك لە نێوان (ئیتالیا و سویسرا و تونس) ئەمەش وایلێدەكات كە ئاشنایەتی لەگەڵ جیهانی ئیسلامی دروست بكات، پاشان ئەم گەڕانە لە كتێبی (پرنسیبەكانی ئومێد) كە تێكەڵەیەك لە كەلپوری یەهودی مەسیحی مانفێست دەكات، بلوخ دەگەڕێتەوە بەرلین و تا ئەو كاتەی كە نازییەت دەسەڵات دەگرێتە دەست لەوێ‌ دەمێنێتەوە، باش گرتنە دەستی دەسەڵات لە لایەن نازییەت ساڵی 1933 بلوخ كۆچ دەكات بۆ سویسرا و باش ئەوەی جەنگی دووەمی جیهانی كۆتایی دێت دەوڵەتی ئیشتراكی دەسەڵات دەگرێتە دەست زانكۆی لیبزج دەعوەت نامەیەكی بۆ دەنێرێت و كورسییەكی فەلسەفەی پێشەكەش دەكەن، بلوخ لە ساڵی (1954_1955) هەردوو بەرگی (پرنسیبەكانی ئومێد) بڵاودەكاتەوە، كە بە كاریگەرترین كتێبی بلوخ دادەنرێت. هەرچەند هەندێك ڕا هەیە كە هیچ شتێكی هاوبەش لە نێوان ماركس و بلوخ نییە، بەڵام زۆربەی بۆچوونەكان لەسەر ئەوە كۆكن كە بلوخ بە كاریگەرترین فەیلەسوفی سەدەی بیستی ماركسی هەژمار دەكرێت، چونكە ئەوەی بلوخ و ماركس كۆدەكاتەوە ئاڕاستەكردنی شۆڕشە بۆ گۆڕینی جیهان، ئەمەش لە ڕێگەی بەدەستهێنانی ئازادی و دەرچوونی مرۆڤە لە كۆیلایەتی …

_دیارترین كارەكانی بلوخ:

  1. ڕۆحی یۆتۆپیا 1918 (پەڕینەوە بۆ جیهانێكی نوێ)
  2. تۆماس مونتسر 1921(شۆڕشی لاهوت) (خوێندنەوەیەكی نوێی ماركسييانه بۆ مێّژوو)
  3. شوێنەوار 1930 (گێڕانەوەی ژیاننامە)
  4. میراتی ئەم زەمەنە 1936 (ڕەخنەگرتن لە فاشیزم و بورجوازییەتی ئەڵمانی)
  5. ئازادی و سیستەم 1946 (كاریگەری ئوميَد لەسەر بیركردنەوەی مرۆڤ)
  6. پرنسیبەكانی ئومێد
    لە گرنگترین كارەكانی بلوخ هەژمار دەكرێـت، بلوخ لەم كتێبەدا وێنەی جوڵینەری مرۆڤمان بۆ شیدەكاتەوە و ئاماژە دەكات كە سوبێكت كۆتایی نەهاتووە و نایەت، تەنانەت لەو كاتانەش كە هەموو دەرگاكان لەسەرمان قفڵ دەدرێت هێشتا دەتوانین وێنە و ڕووداوەكانی پشت دەرگاكان ببینین و بیجوڵێنین و ئاراستەی بكەین، بلوخ لەم كارەدا بۆ ئەوەی جوڵینەرمان بجوڵێنێت دەمانگەڕێنێتەوە سەر پرسیارەی ئەوەی: ئێمە كێن؟ لە كوێوە هاتووین؟ بۆ كوێ دەڕۆین؟چاوەڕێی چی دەكەین؟ چاوەڕێی چی دەكەن؟ بلوخ وەڵامی ئەم پرسیارانە بە ڕەخنەگرتن لە مەشروعێكی شارستانی پەیوەست بە (ئومێدە)وە دەداتەوە… ئێمەش لەم نووسینەدا زیاتر دەچینە ناو شیكردنەوەی ئەم كتێبە، بەڵام بێ ئەوەی تەفسیراتەكانی تری بلوخ و كتێبەكانی تری فەرامۆش بكەین…

دووەم/ ئاشنابوون به چەمکە سەرەکییەکانى بلوخ

کاتێک مرۆ دەست بۆ ئیشێکى فەلسەفى دەبات، یەکەم پرسیار ڕووبەڕووى دەبێتەوە ئەوەیە: ئایا فەلسەفە چییە؟ ژیل دۆلۆز(١٩٢٥_١٩٩٥) وەڵامى ئەم پرسیارەمان دەداتەوە کە فەلسەفە بریتییە: (( لە هونەرى پێکهێنان و داهێنان و دروستکردنى چەمک))، ئەى چەمک چییە؟ بۆ ئێمە زمانمان نییە؟ تۆ بۆ دەتەوێت زمانى ئێمە سەقەت بکەیت؟ نەخێر هاوڕێ گیان زمانى فەلسەفى زمانێکە وەکو زمانەکانى تر، ئەویش پێویستى بە فێربوونە ، پێویستى بە شەونخونییە، بەڵام یەک جیاوازى هەیە لەگەڵ زمانەکانى تر ئەویش ئەوەیە زمانى فەلسەفى بۆ ئەوەى بمێنێتەوە دەبێت بەردەوام بخوڵقێرێت، واتە نابێت دواى پاپیرى پاپیرت بکەویت، بە پێچەوانەوە دەبێت پاپیرى پاپیرت بکوژیت، ئایا کێ ئەو کارە دەکات؟ بێگومان کەسایەتى چەمکگەرا؟ ئەى کەسایەتى چەمکگەرا کێیە؟ فەیلەسوف. بێگومان بێ ناسین و تێگەیشتنى چەمکەکان و زمانى بلوخ تێگەیشتن لە بلوخ کارێکى نەکردەیە، بلوخ کۆمەڵێک چەمکى داهێناوە کە لە ڕێگەى ئەو چەمکانەوە دەمانباتە ناو پەیوەندى (بوون و ماهییەت) لەناو بوونى واقیعى ئەم جيهانه‌. ئەم چەمکاتە کە بلوخ بەکاریهێناوە دەلالەتن لە بوونى هەبوونێک کە کارایە لەناو جیهان لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مەحاڵ، هەبوون لێرەدا ئاماژەیە بە ناکۆکى، ناکۆکى دەربارەى خۆ، دەربارەى ئەوەى کە (هێشتا نەگەیشتووە). یان هەبوون هێشتا لە ڕێگایە بۆ ئەوەى بگات. دەبێت بزانین کارکردنى بلوخ و داهێنانى چەمک لاى بلوخ تەسەورێکى مەعریفى ناداتە دەستەوە، بەڵکو داهێنانى چەمک ڕێگایەکى خەلاقە بۆ شێوەیەکى نوێ و بینینێکى نوێ بۆ جیهان. به هەرحاڵ هەموو ئەو چەمکانەى کە بلوخ ئاماژەى پێدەکات و دایهیناوە تەعبیرە لە بوونێک کە هێشتا نەگەیشتووە. ئایا ئەو چەمکانە چین؟ ئایا مانایان چییە؟

١. هێشتا_ نەبوو (not- yet)
هێشتانەبوو کاریگەرترین و سەرەکیترین چەمکە لاى فەلسەفەى ئەرنست بلوخ، هێشتانه‌بوو ئه‌نتۆلۆژيايه‌كی مه‌حكومی سوبێكته، واته‌ هيچ سوبێكتێك نييه‌ خاڵی بكه‌يته‌وه‌ له‌ هێشتا نه‌بوو، به‌ڵاَم هێشتا_نه‌بوو په‌يوه‌ندييه‌كی سه‌ربه‌خۆ نييه‌ به‌ڵكو په‌يوه‌ندييه‌ له‌گه‌ڵ ئوبێكت، واته‌ سوبێكت پێويستی به‌ ئوبێكته‌، ئوبێكت لێردا ده‌بێته‌ بناغه‌ی ئه‌وه‌ی كه سوبێكت كامڵ بكات، واته‌ سوبێكت له‌ بيركردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ (نه‌بووه‌) يان (هێشتا -نه‌بووه‌) بۆ ئه‌وه‌ ده‌ڕوات كه‌ (بوونی هه‌بێت‌). بلوخ ڕای وايه‌ هيچ كاتێك (هێشتا- نه‌بوو) پێويستی به‌ به‌ڵگه‌ هێنانه‌وه‌ نييه‌، واته‌ گۆمانی ئه‌وه‌مان لا دروست بێت كه‌ ئێمه‌ بريفێكتين و كامڵين، به‌ڵكو ئێمه‌ ماده‌م وه‌كو كۆجيتۆ ئاماژه‌ی بێده‌كات هه‌ين كه‌واته‌ ئه‌وه‌ نين ئێستا هه‌ين، يان به‌ ته‌عبيرێكی تر ئێمه‌ ماده‌م مرۆڤين شعوری ئه‌وه‌مان پێدراوه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌ين ئه‌وه‌ نييه‌ كه‌ ده‌مانه‌وێت. ئه‌رنست بلوخ له‌ حاڵه‌تی (هێشتا- نه‌بوو) پرسيارێك رِووبه‌ڕوومان ده‌كاته‌وه‌ و ئاماژه‌ ده‌كات، مادام (هێشتا- نه‌بوو) ئه‌نتۆلۆژييانه‌ به‌ من دراوه‌، كه‌وته‌ چی ڕووده‌دات بۆمان؟ من كائينێكم بوونم هه‌يه‌، به‌لاَم هێشتا نه‌بوومه‌ته‌ خاوه‌نی ئه‌و بوونه‌ی كه‌ ده‌مه‌وێت، كه‌واته‌ ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌يه‌نێت كه‌ ماهييه‌تی جيهان بۆ من كراوه‌يه‌، ده‌بێت هه‌وڵ بده‌م، تێبكۆشم و بجوڵێم، گواستنه‌وه‌ی كۆجيتۆ بۆ ناو چه‌مكی (هێشتا نه‌بوو)ی بلوخ ئه‌وه‌يه‌ كه‌ من هه‌ستده‌كه‌م بوونی هه‌يه‌، بيرده‌كه‌مه‌وه‌ و گومان ده‌كه‌م، به‌ڵاَم ئه‌وه‌ی كۆجيتۆ ئاماژه‌ی پێده‌كات كه‌ (من هه‌م) بناغه‌يه‌كی ئه‌نتۆلۆژیی به‌ من ده‌به‌خشێت، به‌ڵاَم كه‌ (من بيرده‌كه‌مه‌وه‌) ده‌خه‌ينه‌ پاڵی و له‌گه‌ڵ (هێشتا نه‌بوو) بلوخ دا‌يده‌نێيت بناغه‌يه‌كی ئه‌نته‌رپۆلۆژيا ده‌داته‌ ده‌ست، به‌ڵاَم ئه‌نته‌رپۆلۆژيای په‌تی نا، به‌لَكو ئه‌نتۆلۆژيای ئه‌نته‌رپۆلۆژيا، به‌لاَم كه‌ به‌شێك له‌ كۆجيتۆی ئه‌نتۆلۆژی (من هه‌م) دانێين، له‌گه‌ڵ بلوخ ناكۆك دێته‌وه‌، بلوخ ته‌عبير له‌وه‌ ده‌كات كه‌: ((من بيرده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌واته‌ من نيم)) يان ((من بيرده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌واته‌ ده‌بێت بوونم هه‌بێت)) كه‌واته‌ لای كۆجيتۆ ناسنامه‌ی ئێمه‌ (ئێستايه‌) به‌ڵام لای بلوخ ناسنامه‌ی ئێمه‌ (داهاتووه‌)…

  1. هێشتا ده‌رنه‌كه‌وتوو (pre-apperrance)

هێشتا-ده‌رنه‌كه‌وتوو يه‌كێكی تر له‌ چه‌مكه‌ سه‌ره‌كييه‌كانه‌ فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌رنست بلوخ. (هێشتا -ده‌رنه‌كه‌وتوو) گه‌رِانه‌وه‌ی ئوبێكته‌ بۆ ناو سوبێكت، به‌ جۆرێك ئوبێكت هێشتا خۆی ده‌رنه‌خستووه‌، يان هێشتا خۆی بۆ ئاگايي ئێمه‌ نه‌داوه‌ته‌ ده‌ست، ئه‌م گه‌رِانه‌وه‌يه‌ له‌ رِێگای داهاتوو رِووده‌دات، به‌لاَم بلوخ له‌م چه‌مكه‌دا كاريگه‌ری ئه‌ده‌بياتی پێوه‌ دياره، چونكه‌ بۆ بلوخ گه‌ڕانه‌وه‌ی داهاتوو له‌ ڕێگه‌ی خه‌ياڵه‌وه‌ ده‌بێت، واته‌ خه‌ياڵ ده‌ورێكی گرنگ و ياريكه‌رێكی سه‌ره‌كييه‌ له‌ناو چه‌مكی (هێشتا- ده‌رنه‌كه‌وتوو). هێشتا ده‌رنه‌كه‌وتوو وه‌زيفه‌يه‌كی ئه‌نتۆلۆژی كه‌ ئێمه‌ بێ ئه‌و ناتوانين بژيت، چونكه‌ ده‌رنه‌كه‌وتوو تاريكييه‌كی هه‌ميشه‌ييه‌ كه‌ ئێمه‌ی داگير كردووه‌، ئێمه‌ به‌رده‌وام مه‌حكومين ڕووناكی بكه‌ينه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ڕووناكی نه‌كه‌ينه‌وه‌، يان ئه‌گه‌ر بۆ ڕووناكبوونه‌وه‌ی نه‌ڕۆين ئه‌وا تاريكی ده‌مانكوژێت، ده‌رنه‌كه‌وتوو به‌ ته‌نيا هيچ مانايه‌ك به‌ده‌سته‌وه‌ نادات، ده‌رنه‌كه‌توو وێنه‌يه‌كی حه‌قيقه‌تی ڕه‌هايه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر (پێی بگه‌ين و پێی نه‌گه‌ين) عه‌ده‌مييه‌تی لێده‌كاته‌وه‌، ‌ئه‌گه‌ر پێی بگه‌ين موته‌كامل ده‌بين له‌ مرۆ ده‌رده‌چين ده‌بينه‌ خوا، ئه‌گه‌ر پێی نه‌كه‌ين عه‌ده‌مييه‌ت با‌ڵ به‌سه‌رماندا ده‌كيشێت، به‌لاَم چاره‌سه‌ری هه‌ردووكيان ئه‌و پێشگره‌ی (هێشتا)يه‌ كه‌ بلوخ دايناوه‌، هيشتا حه‌قيقه‌تی ڕه‌هاو پووچييه‌تی ده‌كوژێت و فۆڕم به‌ (ده‌رنه‌كه‌وتوو) ده‌دات و بوونێكی دايناماكی به‌ ئێمه‌ ده‌به‌خشێت، (هێشتا) له‌ عه‌ده‌م رزگارمان ده‌كات چونكه‌ هه‌م ده‌گه‌ين هه‌م ناگه‌ين، به‌ كورتی هێشتا ئومێدی به‌رده‌وام به‌ هه‌وڵی سوبێكت ده‌به‌خشێت.

٣. ئومێد (hope)
به‌ به‌هاترين چه‌مك لای بلوخ ئومێده‌، بلوخ له‌ ڕێگه‌ی (ئومێد)ه‌وه‌ دابڕانێكی مه‌عريفی له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی پێش خۆی دروستكرد، هه‌موو ئه‌و چه‌مكانه‌ی كه‌ بلوخ خوڵقاندوونی دواجار هه‌موويان ده‌چنه‌وه‌ ناو ئومێد، ئومێد فۆڕم به‌ هه‌موو چه‌مكه‌كانی تری بلوخ ده‌به‌خشێت، ئومێد وا ده‌كات ئێمه‌ له‌ قه‌له‌قی ڕزگارمان بێت به‌وه‌ هيشتا كامڵ نه‌بووين، ئومێد پاڵنه‌ری به‌ره‌و پێشچوونی ئێمه‌يه‌. به‌لاَم ده‌بێت بزانين ئومێد كورتناكريته‌وه‌ بۆ ته‌نيا خۆزگه‌ و تكاكانمان، به‌ڵكو جه‌وهه‌ری (ئومێد) تاكيدكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ئێمه‌ كاتيك نه‌گه‌يشتووين، مانای ئه‌وه‌ نييه‌ ناگه‌ين، ئه‌مه‌ش له‌ وه‌ستان رزگارمان ده‌كات و تموحێك ده‌خاته‌ پاڵمان بۆ ئه‌وه‌ی بجوڵێين، ئومێد خوڵقێنه‌ری يۆتۆپيايه‌، واته‌ پرنسيبی ئومێد پرنسيبيكی يۆتۆپياييه‌، ئه‌وه‌ يۆتۆپياشه‌ ته‌حه‌كوم به‌ هه‌موو جوڵه‌ و گۆڕانكارييه‌كانی ئيمه‌ ده‌كات….

٤. پێشه‌وه‌ front))
پێشه‌وه‌ په‌يوه‌ندييه‌كی جه‌وهه‌ری و كۆنكريتی له‌گه‌ڵ چه‌مكی (نا) هه‌يه‌، لای بلوخ ئه‌وه‌ (نا)يه‌ كه‌ (پيشه‌وه‌) ده‌خاته‌كار، يان (نا) ياخيبوونه‌ ده‌رباره‌ی دۆخی ئێستا بۆ ئه‌وه‌ی بيكوژين و بگه‌ينه‌ پيشه‌وه‌، واته‌ (نا) خوڵقێنه‌ری (پێشه‌وه‌)يه‌، يان پاڵنه‌ره‌ بۆ پێشه‌وه‌، ئه‌وه‌ش (نا) ده‌خاته‌ كار (هێشتا- نه‌بووه‌)، هێشتا نه‌بوو حاڵه‌تێكی ئۆنتۆلۆژييه‌ كه‌ (نا) دروست ده‌كات، به‌ڵام (هيشتا- ده‌رنه‌كه‌وتوو) حاڵه‌تێكی ئۆنتۆلۆژييه‌ كه‌ به‌ره‌و( پێشه‌وه)مان ده‌بات.. ئه‌وه‌ی ده‌بێت بزانين چه‌مكه‌كان لای بلوخ هه‌موويان په‌يوه‌ندييان به‌يه‌كه‌وه‌ هه‌يه‌، هه‌نديك جار هه‌موويان له‌ناو يه‌كدا يه‌كتری دروست ده‌كه‌ن…‌

سێیەم/ ئۆ‌نتۆلۆژيای هۆشياری
جه‌وهه‌ری فه‌لسه‌فه‌ی بلوخ له‌سه‌ر دوو پايه‌ وه‌ستاوه‌، يه‌كه‌ميان ئۆ‌نتۆلۆژيايه‌. دووه‌ميان ئه‌نته‌رپۆلۆژيايه‌، دووه‌ميان به‌شێكی سه‌ره‌كی يه‌كه‌ميانه‌ و به ‌به‌رده‌وامی له‌ناو يه‌كه‌ميان خۆی ده‌بينێته‌وه‌، لايه‌نی ئه‌نته‌رپۆلۆژی خۆی له‌گه‌ڵ (هيَشتا-نه‌بوو) ده‌بينێته‌وه، ئه‌مه‌ش ‌ كاتيَك مرۆ هه‌ستده‌كات و ئاگايی ئه‌وه‌ی هه‌يه‌ كه‌ پێويستی به‌ شتێكه‌، به‌لاَم ئه‌و شته‌ نييه‌، يان هيَشتا بوونی نييه. به‌ڵام لايه‌نه‌كه‌ی تر واته‌ ‌ئه‌نتۆلۆژيا خۆی له‌گه‌ڵ (بوون) ده‌بينێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش كاتيَك وجودی ده‌ره‌وه‌ ‌ پێويسته‌ بوونی هه‌بێت، به‌ڵام بوونی نييه‌. واته‌ ئه‌نته‌رپۆلۆژيا حاڵه‌تی ناوه‌وه‌ى سوبێكته‌‌ كه‌ هه‌ست ده‌كات له‌ناو خۆيدا نوقسانه ‌و بۆ ئه‌م نوقسانيه‌ش ده‌چێته‌ ناو وجودی ده‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بگات، به‌ڵام كاتێك ناگات، په‌يوه‌ندی نێوان ئه‌نته‌رپۆلۆژيا و ئۆ‌نتۆلۆژيا له‌دايك ده‌بێت، يان په‌يوه‌ندی نێوان (هێشتا نه‌بوو) له‌گه‌ڵ ( بوون) تێكه‌ڵ به‌يه‌ك ده‌بن. كه‌واته‌ له‌ ئێستادا په‌يوه‌ندييه‌ك دروست ده‌بێت له‌ نێوان سوبێكت و ئوبێكت، يان له‌نێوان زاتی مرۆڤ و جيهانی سروشت، ئه‌م په‌يوه‌ندييه‌ واده‌كات (پرنسيبی ئومێد) بهێته‌ كايه‌وه‌، بلوخ له‌ كتێبی (ڕۆحی يۆتۆپيا) پرسيارێك ده‌كات: ئايا چۆن ده‌زانين كه‌ ئێمه‌ ئه‌و مه‌عريفه‌يه‌مان نييه‌ كه‌ ده‌بوايه‌ هه‌بێت، يان چۆن ده‌زانين نوقسانين؟ يان به‌ شێوه‌يه‌كی تر، مه‌عريفه‌ی ئێمه‌ چۆن ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ هێشتا-نه‌بووه؟‌ بلوخ له‌ناو سوبێكتدا شتێك ده‌دۆزێته‌وه‌ ئه‌و شته‌ش جيهانی (ئاره‌زوو)ه. جيهانی ئاره‌زوو له‌ناو هه‌موو مرۆڤێك بوونی هه‌يه‌، ئاره‌زوو جێگه‌يه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو كێشه‌كانی مرۆ بچنه‌وه‌ ناوی و له‌وێوه‌ خۆيان مانفێست بكه‌ن. لێره‌دا ئێمه‌ بێ ئه‌وه‌ی ئاگاداربين ده‌چينه‌ ناو سايكۆلۆژيا، به‌ڵام سايكۆلۆژيا وه‌كو ئه‌وه‌ی فرۆيد له‌ كتێبی (لێكدانه‌وه‌ی خه‌ونه‌كان) ئاماژه‌ی پێكردووه‌ گه‌ڕانه‌وه‌يه‌ بۆ ڕابردوو، يان چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی ڕابردووه‌، به‌ڵام فه‌لسه‌فه‌ی بلوخ ڕۆيشتنه‌ بۆ پێشه‌وه ‌و داهاتوو، فه‌لسه‌فه‌ی فرۆيد دۆزينه‌وه‌ی كێشه‌يه‌، به‌ڵام فه‌لسه‌فه‌ی بلوخ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌يه‌، فرۆيد لێكدانه‌وه‌ بۆ خه‌ون ده‌كات له‌كاتێكدا له‌ خه‌وداين يان له‌ ناهۆشياريداين، به‌ڵام بلوخ لێكدانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ خه‌ونه‌ ده‌گات كه ‌له‌وپه‌ڕی‌ هۆشياريداين، بلوخ ئاماژه‌ ده‌كات ئه‌و خه‌ونه‌ی كه‌ له‌ هۆشياريدا ده‌يبينين ئيراده‌ی گۆڕان دروست ده‌كات، به‌ جۆرێك ئه‌و خه‌ونه‌ خه‌ونێكی خه‌لاقه‌ كه‌ خه‌ياڵ دروست ده‌كات و بيركردنه‌وه‌ ده‌خوڵقێنێت، ئه‌و بيركردنه‌وه‌ش ده‌ورێكی گرنگ ده‌بينێت بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕانكاری دروست ببێت. كه‌واته‌ ده‌گه‌ينه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ فه‌لسه‌فه‌ی بلوخ چالاكييه‌كی هۆشيارانه‌يه‌ و هۆشياری ده‌خاته‌ كار، به‌ڵام بلوخ به‌ پرسيارێك ئايا چالاكی هۆشياری چۆن دروست ده‌بێت؟ ديسان ده‌مانخاته‌وه‌ ناو سايكۆلۆژيا، به‌ مانايه‌ك له‌ماناكان بلوخ ئيش له‌سه‌ر (بوونگه‌راييه‌كی سايكۆلۆژی) ده‌كات، لاكان به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ فرۆيد ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ قۆناغی منداڵی و له‌ ديمه‌نی قۆناغی ئاوێنه‌يی وێنه‌يی هۆشياربوون ڕوونده‌كاته‌وه‌، بلوخيش هه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ لای منداڵ و قۆناغی هۆشياريبوونمان بۆ ڕوونده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام به‌ ئاڕاسته‌يه‌كی تر.
بلوخ سه‌ره‌تای هۆشياريی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ لای منداڵ و ئاماژه‌ ده‌كات منداڵ له‌ حاڵه‌تی خه‌وبينيندايه‌، واته‌ منداڵ بوونه‌وه‌رێكه‌ كه‌ ده‌توانێت خه‌و ببينێت، به‌ڵام خه‌ونه‌كانی منداڵ ته‌ڵخ و لێڵن، ئه‌و خه‌ونه‌ی منداڵ ده‌يبينێت سه‌ره‌تايه‌كه‌ بۆ ئاشكراكردنی شته‌كان، سه‌ره‌تايه‌كه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی مه‌عريفه‌، هه‌موو به‌ده‌ستهێنانێكی مه‌عريفه‌ش جۆرێكه‌ له‌ ياخی بوون، ياخی بوون به‌رامبه‌رئه‌و شتانه‌ی كه‌ له‌به‌رده‌ستين، واته‌ ياخیبوون لای منداڵ هی ئه‌وه‌يه‌ ده‌يه‌وێت بزانێت، منداڵ سوبێكتێكه‌ به‌دوای هۆشياری ده‌گه‌ڕێت، به‌ دوای ئه‌وه‌ بزانم ئوبێكت چييه‌، هه‌ر ئه‌مه‌ش منداڵ له‌ قۆناغی منداڵی هه‌موو شته‌كان ده‌شكێنێت، تا ئاشكرا بن، به‌ڵام ئاشكراكردن شته‌كان له‌و ته‌مه‌نه‌دا ته‌واو نابێت، ئه‌وه‌ی له‌ منداڵ بۆ فه‌له‌سه‌فه‌ی( بلوخ) گرنگه‌ ده‌رباره‌ی( ئاشكراكردنی شته‌كان ) ئه‌و به‌رده‌وامی بوونه‌يه‌ كه‌ هه‌يه‌تی، ئه‌و هه‌وڵه‌يه‌ كه‌ ده‌بێت بگاته‌ ئه‌نجام، ئه‌و (شۆڕشی ئه‌ومێد)ه‌يه‌ كه‌ هه‌ڵيگيرساندووه‌، له‌ هه‌مووی گرنگتر ئه‌وه‌يه‌ منداڵ هيچ كات ناگاته‌ ده‌ره‌ئه‌نجامێك كه‌ بيوه‌ستێنێت، هيچ كات ناگاته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستێك بكات، به‌ڵام بۆ بلوخ ئه‌وه‌ جێگه‌ی دڵخۆش نييه‌ چونكه‌ لێره‌دا هۆشياری ناكامڵه‌ به‌رانبه‌ر واقيع، هۆشياری مامه‌ڵه‌كردنه‌ له‌گه‌ڵ سه‌روو واقيع، بلوخ ده‌يه‌وێت له‌ قۆناغه‌كانی تردا وه‌كو منداڵ مامه‌ڵه‌ بكه‌ين، وه‌كو منداڵ ته‌سليم نه‌بين، وه‌كو منداڵ (شۆڕشی ئومێد) هه‌ڵگيرسێنين. بلوخ ئاماژه‌ ده‌كات كاتێك ئێمه‌ ده‌گه‌ينه‌ ته‌مه‌نی سيانزه‌ ساڵی ئيتر سه‌روو واقع خۆی ده‌داته‌ ده‌ست واقيع، ئيتر مامه‌ڵه‌كردنمان له‌گه‌ڵ واقيعه‌، ئيتر هۆشياری ئێستێك ده‌كات و خۆی بۆ تێڕامان ده‌داته‌ ده‌سته‌وه‌، له‌ ته‌مه‌نی سيانزه‌ ساڵی منداڵ خه‌و به‌وه‌ ده‌بينێت هه‌نگاو به‌ره‌و ژيانێكی باشتر بنێت، له‌م ته‌مه‌نه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ى پێشتر دونيا ئاشكرايه‌ بۆمان به‌ڵام خه‌ونه‌كانمان نائاشكرايه‌، لێره‌دا گريمانه‌ دروست ده‌بێت، گريمانه‌ به‌رانبه‌ر ڕێگاگه‌ڵێكی زۆر، به‌رانبه‌ر جۆره‌ها ژيان، به‌م گريمانانه‌وه ‌ده‌چينه‌ ناو ته‌مه‌نی حه‌فده‌ ساڵی، لێره‌دا و له‌م قۆناغه‌دا گريمانه‌كان پێكدادان دروست ده‌كه‌ن، پێكدادان ده‌رباره‌ی وێنه‌كان، ده‌رباره‌ی ڕووداوه‌كان، ده‌رباره‌ی ناجێگری سوبێكت بوونمان، جه‌وهه‌ری ئه‌و پێكدادانه‌ هی ئه‌وه‌يه‌ كه‌ سوبێكت وێنه‌ی داهاتووی لا كێشراوه‌، ئه‌م وێنه‌يه‌ وا له‌ سوبێكت ده‌كات حه‌ز بكات هه‌موو شتێك بۆ خۆی ببێت، هه‌موو شتێك خۆی خاوه‌نی بێت، بلوخ ئه‌م خه‌ونه‌ له‌م ته‌مه‌نه‌دا به‌ خه‌ونی بورجوازييه‌كان ده‌شوپێنێت كاتێك ده‌يانه‌وێت هه‌موو شتێك بخه‌نه‌ ژێر كۆنتڕۆڵی خۆيان، خه‌ون بينيی بورجوازييه‌ت خه‌ون بينينه‌ به‌ داگيركردنی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه‌ هه‌يه‌ و ئه‌وان خاوه‌نی نين. له‌ قۆناغێكی تر كاتێك پێ ده‌خه‌ينه‌ ناو ته‌مه‌نی بيست ساڵييه‌وه‌، ئه‌م قۆناغه‌ (نا) له‌دايك ده‌بێت و ده‌چێته‌ ناو (هێشتا-نه‌بوو)، په‌يوه‌ندی (نا) به‌ (هێشتا-نه‌بوو) په‌يوه‌ندييه‌كه‌ كه‌ گۆڕان ده‌هێنێته‌ كايه‌وه‌، يان به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان هيچ قۆناغێك ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌م قۆناغه‌ سوبێكت بير له‌ گۆڕينی دونيا ناكاته‌وه‌، له‌م قۆناغه‌ ناشيرينێكان، ڕێگرييه‌كان، تاريكيييه‌كان سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن، له‌هه‌مانكاتيشدا سوبيكتبوون به‌ره‌نگاری هه‌موو شتێك ده‌بێته‌وه‌، ياخی ده‌بێت به‌رانبه‌ر كۆمه‌ڵگه‌. له‌ كۆتا قۆناغدا كه‌ بريتييه‌ له‌ قۆناغی (پيری) پچرانێك دروست ده‌بێت له‌ نێوان سوبێكتی پير و كۆمه‌ڵگه‌، سوبێكتی پير هه‌ستده‌كات ئيتر كۆمه‌ڵگه‌ به‌جيده‌هيڵێت، له‌م قۆناغه‌ ئه‌وه‌نده‌ (ناوه‌وه‌ی) سوبيكت ئيش ده‌كات، ئه‌وه‌نده‌ بير له‌ ده‌ره‌وه‌ ناكاته‌وه‌، هۆشياری پير زياتر بيركردنه‌وه‌يه‌ له‌ ڕابردووی خۆی، پير خه‌ون و خۆزگه‌كانی به‌ ياده‌وه‌ری به‌سه‌ر ده‌بات، به‌ ياده‌وه‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌مانی گه‌نجی، به‌ڵام ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌ نييه‌ كه‌ هۆشياريي (قۆناغی پيری) هۆشيارييه‌كی ياده‌وه‌ريانه‌يه‌ به‌رانبه‌ر ڕابردوو، يان هه‌مووی هه‌ر ڕابردووه‌، به‌ڵكو ده‌وڕێكی گه‌وره‌شی هه‌يه‌ به‌سه‌ر داهاتوو، ته‌نانه‌ت بلوخ به‌ پێگه‌يشتووترين قۆناغی ناو ده‌نێت، به‌ڕای بلوخ ئه‌م قۆناغه‌ گه‌ر بيركردنه‌وه‌يه‌كی داهاتوويانه‌ سه‌ر هه‌ڵبدات ئه‌و بيركردنه‌وه‌يه‌ كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو جوانييه‌كان و عاقڵمه‌ندی سوبێكته‌، چونكه‌ بلوخ ڕای وايه‌ ئه‌م قۆناغه‌ خاڵييه‌ له‌ غروری گه‌نجايه‌تی و پڕه‌ له‌ حيكه‌مه‌ت و ئيراده‌ی ده‌هێنه‌رانه‌. كه‌واته‌ ده‌گه‌ينه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه‌ هۆشياريی بۆ ئه‌وه‌ی بگاته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌يه‌وێت له‌سه‌ر شێوه‌ی (هێشتا-نه‌بوو) خۆی مانفێست ده‌كات، جه‌وهه‌ری هێشتا-نه‌بوو ئه‌وه‌يه‌ كه‌ له‌ تاريكی رزگارمان ده‌كا، بۆيه‌ هێشتا-نه‌بوو پاڵنه‌ره‌ سوبێكته‌ بۆ ئه‌وه‌ی خۆی بگه‌يه‌نێته‌ ڕوناكی، به‌ زمانی سايكۆلۆژيا هۆشياری ده‌يه‌وێت ده‌ست به‌سه‌ر ناهۆشياريدا بگرێت و ناهۆشياری نه‌هێڵێت، به‌ڵام لای بلوخ په‌يوه‌ندی نێوان هۆشياری به‌ ناهۆشياری په‌يوه‌ندييه‌كی ناوه‌كی نييه‌، به‌ڵكو هۆشياری له‌سه‌ر ئه‌ساسی ده‌ره‌وه‌ خۆی داده‌مه‌زرێنيت، په‌يوه‌ندی هۆشياری و ناهۆشياری لای فرۆيد ئه‌وه‌يه‌ كه‌ خه‌ونه‌كانمان چه‌پينراون چوونه‌ته‌ ئه‌و شوێنه‌ تاريكييه‌ی كه‌ پێی ده‌ڵێين نه‌ست، ئه‌وه‌ی لای فرۆيد ئێمه‌ چاوه‌ڕوانين ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ئه‌و خه‌ونانه‌ زيندووبكرێنه‌وه‌، به‌ڵام بلوخ خه‌ونه‌كان ناو ده‌نێت (مژده‌ی خۆرهه‌ڵاتێكی نوێ)، واته‌ هاتنه‌دی ئه‌و ئومێد و خه‌ون و خه‌ياڵه‌ی كه‌ له‌ داهاتوو ده‌يبينم، به‌ڵام له‌ ئێستادا هاتۆته‌ دی، مژده‌ی به‌ره‌به‌يان هاتنی سه‌رزه‌مينێكی يۆتۆپييه‌ بۆ ناو ئێمه‌، بلوخ ئه‌و مژده‌يه‌ به‌ شۆڕشێكی سياسی و كۆمه‌ڵايه‌تييه‌ ده‌زانێت كه‌ له‌ وه‌ستان رزگارمان ده‌كات و ده‌مانگه‌يه‌نێته‌ داهاتوو.

چوارەم/ شۆڕش چۆن سه‌رهه‌ڵده‌دات؟

مرۆ كه‌ بیرده‌كاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ بیر ده‌كاته‌وه‌ كه‌ بگاته‌ شتێك، گه‌یشتن به‌ شتێك ده‌رئه‌نجامی (نا)بوونه‌ بۆ شتێكی تر، واته‌ (نا) له‌ كامڵیدا سه‌رهه‌ڵنادات، به‌ڵكو به‌رده‌وام هه‌ست به‌ كه‌مبوون ده‌كات، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت بگاته‌ كه‌منه‌بوون، ئه‌و پاڵنه‌ری (نا)یه‌، یان ئه‌و ده‌نگه‌ی كه‌ (نا) ئاگادارده‌كاته‌وه‌ یان (نا) له‌ حاڵه‌تی نائارامیدا ده‌هێڵێته‌وه‌ ئاره‌زووه‌، واته‌ (نا) هیچ كاتێك له‌ خۆیه‌وه‌ سه‌رهه‌ڵنادات به‌ڵكو پێویستی به‌ شتێكه‌، به‌ڵام ئه‌و شته‌ی له‌به‌رده‌م نییه‌. (نا) كۆتایی سوبیكت نییه‌، واته‌ بیربكه‌ینه‌وه‌ ئه‌و كاته‌ی (نا) به‌سه‌رماندا زاڵه‌، ئه‌وه‌ كۆتایمان هاتووه، به‌ڵكو بلوخ ئاماژه‌ ده‌كات (نا) سه‌ره‌تایی فۆڕم به‌خشینه‌ به‌ سوبێكت، واته‌ ئێمه‌ هه‌رگیز ناتوانین بێ نه‌فیبوونی ئێستامان بیر له‌ خۆمان بكه‌ینه‌وه‌، لێره‌دا بیركردنه‌وه‌ پێش نه‌فیبوونی سوبێكت دێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بیركردنه‌وه‌ نه‌گاته‌ ئه‌وه‌ی نه‌فی سوبیكت بكه‌ین ئه‌وه‌ بیركردنه‌وه‌ نییه‌. له‌گه‌ڵ نه‌فیبوونی سوبیكت به‌ره‌و نه‌فی بوونی دونیا ده‌ڕۆین، واته‌ نه‌فیبوونی سوبیكت و نه‌فیبوونی دونیا توند به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستراون، به‌ڵام نه‌فیبوونی سوبێكت پێش نه‌فیبوونی دونیا ده‌كه‌ویت و ده‌یه‌وێت دونیاش وه‌كو خۆی لێبكات، لێره‌دا هیچ كاتێك نه‌ دونیا به‌ نیسبه‌ت سوبێكت بێ سوبێكت هه‌یه‌ و نه‌ سوبێكتیش بێ دونیا، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی دونیا بگۆڕێت ده‌بێت سوبێكت بگۆڕێت، ئایا سوبێكت چۆن ده‌گۆڕێت؟ ‌ ئه‌رنست بلوخ ئاماژه‌ ده‌كات كاتێك (نه‌فی) بوونمان لا دروست ده‌بێت ده‌گه‌ین، واته‌ (نا) گه‌یشتنه‌، به‌ڵام گه‌یشتنیش كۆتایی نییه‌ به‌ڵكو سه‌ره‌تایه‌، كۆتایی ئه‌وه‌ی ئێمه‌ سوبێكتین، ئێمه‌ هه‌ین، سه‌ره‌تای ئه‌وه‌ش ئێمه‌ سوبێكتین به‌س نوقسانین و نه‌گه‌یشتووین، كۆتایی ئه‌وه‌ی ئێمه‌ خه‌ونمان هه‌یه‌، سه‌ره‌تای ئه‌وه‌ی خه‌ونه‌كانمان نه‌هاتۆته‌ دی. كه‌واته‌ نه‌فیبوون سه‌ره‌تایه‌ بۆ هه‌نگاونان بۆ خه‌ونه‌كانمان، سه‌ره‌تایه‌ بۆ جوڵه‌ی گۆڕانكاری. گۆڕان و (نا) له‌یه‌ك جیاواز ناكرێنه‌وه‌، چونكه‌ كاتێك سوبێكت بیرده‌كاته‌وه‌ و ده‌گاته‌ (نا) هه‌ست به‌وه‌ ده‌كات له‌ فه‌ڕاغدایه‌، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت ئه‌و فه‌راغه‌ پڕبكاته‌وه‌ به‌مه‌ش هه‌نگاوی گۆڕانكاری ده‌نێت. كاتێك ئێمه‌ بیرده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌ حاڵه‌تی ترسداین به‌ڵام وه‌كو بلوخ ئاماژه‌ی پێده‌كات كاتێك بیركردنه‌وه‌ نه‌فیبوون ئه‌خوڵقێنێت له‌ناو خۆیدا ئه‌و كاته‌ ترس ده‌كوژێت، واته‌ نه‌فیبوون كوشتنی ترسه‌ و ڕقڵێبوونه‌وه‌یه‌ له‌ ترس، واته‌ ترس به‌هۆی (نا)وه‌ ده‌بێته‌ ڕق، ترس له‌ خاوه‌ن ترسه‌، به‌ڵام خاوه‌ن ترس ترسه‌ له‌ ڕقلێبوونه‌وه‌، كه‌واته‌ خاوه‌نی ترساو ئێستا خاوه‌ن ترسه‌ له‌ (نا)، یان ئه‌وه‌ی پێشتر ئه‌یترساندین، ئێستا به‌هۆی ئه‌و (نا)یه‌وه‌ كه‌ بۆمان په‌یدا بووه‌ لێمان ده‌ترسێت، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكه‌ كه‌ (شۆڕشی ئومێد) به‌ ئێمه‌ ده‌به‌خشێت و نایه‌ڵێت به‌ره‌و عه‌ده‌مییه‌ت هه‌نگاو بنێین. بلوخ ئه‌م بیرۆكانه‌مان له‌و كاته‌ پێنابه‌خشێت كه‌ ئێمه‌ له‌وپه‌ڕی هێزداین، به‌ڵكو ئه‌و بیرۆكانه‌مان ئه‌و كاته‌ پێده‌به‌خشێت كه‌ خۆمان زۆر بێ به‌ها و بێ ده‌سه‌ڵات ده‌بینین، واته‌ بلوخ ئه‌و كاته‌ (ئومێد)مان پێده‌به‌خشێت كه‌ تاریكی باڵی به‌سه‌رماندا كێشاوه‌، كاتیك ته‌واو نائومێد ده‌بین، كاتێك ئیتر بڕوامان وایه‌ تاریكی ناگۆڕێت، بڕوامان وایه‌ كۆتاییمان هاتووه‌، بلوخ دێت به‌ هێزه‌ شاراوه‌كانمان ئاشنامان ده‌كات و (شۆڕشی ئومێد)مان پێ هه‌ڵده‌گیرسێنێت، بلوخ پێی وایه‌ ئه‌و كاته‌ی پێمان وایه‌ كۆتايیمان هاتووه‌ ئه‌و كاته‌ سه‌ره‌تای ئێمه‌یه‌، ئه‌و كاته‌ سه‌ره‌تای گۆڕانكارییه‌كان ده‌ستپێده‌كات، چونكه‌ ئه‌و كاته‌ بیر له‌ گۆڕان ده‌كه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام بلوخ ته‌نها یه‌ك مه‌رجی هه‌یه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ بیركردنه‌وه‌ (نا)ی نه‌فی له‌گه‌ڵدابێت، ئه‌و كاته‌ بێ ئه‌وه‌ی خۆمان هه‌ست بكه‌ین سوبێكت كاری خۆی ده‌كات. ئه‌و كاته‌ بیركردنه‌وه‌ ده‌بێته‌ (نا)، (نا)ش له‌ بیركردنه‌وه‌دایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بچێته‌ ناو كرداری صه‌یروره‌ و خوڵقاندنی میژوو، كرداری بیركردنه‌وه‌ كاتیك ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی بزانێت تاریكی چییه‌ ده‌گاته‌ كرداری صه‌یروره‌، كاتیكیش گه‌یشته‌ صه‌یروره‌ سوبیكت به‌رده‌وام له‌حاڵه‌تی صه‌یروره‌دا ده‌مێنێته‌وه، به‌رده‌وام بوونی صه‌یروره‌ به‌رده‌وام بوونی (نا)یه‌، واته‌ له‌ (نا)یه‌كه‌وه‌ بۆ (نا)یه‌كی تر ده‌ڕۆین، تا وای لێدێت ده‌بێته‌(نا‌)یه‌كی ده‌ینه‌ماكی، ئه‌م ده‌ینه‌ماكی نه‌فی بوونه‌ له‌ شێوازی (هێشتا-نه‌بوو)خۆی مانفێست ده‌كات، هێشتا-نه‌بوو قۆناغێكی گرنگی سوبێكته‌ چونكه‌ له‌م قۆناغه‌دا ئامانجی سوبێكت خۆی مانفێست ده‌كات، واته‌ هێشتا-نه‌بوو له‌ سوبێكت خۆی ده‌رده‌خات، كاتێكیش سوبێكت خۆی ده‌رده‌خات ئامانجه‌كه‌ی ته‌نیا ناژین له‌ پێناو ژیان، یان ناژین له‌ پێناو (ژیانێكی ڕووت)، به‌ڵكو ده‌ژین بۆ به‌هایه‌ك كه‌ له‌ ئه‌سڵدا ژیان بۆ ئه‌و به‌هایه‌یه‌، هه‌‌ر ئه‌و به‌هایه‌یه‌ كه‌ به‌رده‌وام ده‌مانخاته‌ ناو قه‌له‌قییه‌وه‌، قه‌له‌قی ئه‌وه‌ی به‌ ته‌عبیری بلوخ نه‌گه‌یشتووین به‌ یۆتۆپیای بوونمان. یۆتۆپیا كاتێك ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ (نا) ده‌بێته‌ هێشتا-نه‌بوو، یان نه‌فی ده‌ینه‌ماكی، ده‌ركه‌وتنی یۆتۆپیا جوڵه‌یه‌كی دیالێكتی بۆ ئێمه‌ ده‌خوڵقێنێت، ئه‌و جوڵه‌یه‌ ده‌مانگه‌یه‌نێته‌ داهاتوو، ئه‌م عه‌ملییه‌ی صه‌یروره‌یه‌ هه‌رگیز ناگاته‌ یۆتۆپیا، به‌ڵام لای بلوخ دووباره‌كردنه‌وه‌ی عه‌مه‌لێكه‌ فۆڕمی یۆتۆپیایی وه‌رده‌گرێت، چونكه‌ ئامانج ئه‌وه‌ نییه‌ ئێمه‌ بگه‌ین به‌ یۆتۆپیا، ئامانج ئه‌وه‌یه‌ له‌ یۆتۆپیا خاڵی نه‌بینینه‌وه‌، واته‌ فۆڕم لێره‌دا یۆتۆپیا نییه‌ به‌ڵكو به‌ره‌و پێشچوونه‌، كه‌واته‌ سوبێكت ده‌چیته‌ ناو سه‌فه‌رێكی نادیار، سه‌فه‌ر له‌سه‌ر سه‌فه‌ر، به‌ڵام ئه‌و سه‌فه‌رانه‌ سه‌فه‌رێكی كراوه‌ و نه‌بڕاوه‌ و ئه‌به‌دین، تا وای لێدێت سه‌فه‌ره‌كان، دیالێكته‌كان و نه‌فی ده‌ینه‌ماكیمان ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ بوونمان، واته‌ نابنه‌ له‌ به‌شێك بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ين، به‌ڵكو خۆيان گه‌يشتنن، به‌ڵام گه‌يشتنێكی كۆتادار نا. به‌ كورتی فه‌لسه‌فه‌ی بلوخ په‌یوه‌ندییه‌، پەیوەندی نێوان هۆشیاری و (هێشتا نەبوو) دەبنە وەزیفەیەكی یۆتۆپی و لە ڕێگای سوبێكته‌وه‌، سوبێكتیش لە ڕێگای (ئەگەرەوە) بەرەو داهاتوو دەڕۆن و دەیناسن، بەڵام بلوخ جیاوازی نێوان دوو (ئەگەر)مان بۆ دەكات. یەكەمیان: ئەگەری نەخۆشی: ئەم حاڵەتەیان بە دیاردەی (زانستی دەروونی) دەناسێت و ئاماژە دەكات كە ئەم حاڵەتە لە ئەنجامی پاڵنەری دەروونی و تێكچوونی باری كەسی و عەسبێتبوونەوە ڕوودەدات، هەموو بەرەو پێشچوونێك لەم جۆرەیاندا دووبارە بوونەوەی بەرەو پیشچوونەكانی ڕابردووە لەداهاتوودا، بلوخ ئەم جۆرەیانی بە (ئەگەر)ی (گەڕانەوە بەرەو ڕابردوو) ناو بردووە و بە جۆرێك كە داهاتوو بە درۆزن و هەڵخڵەتێنەر ناو دەبات. جۆری دووەمیان: ئەگەری بەرهەمهێنەر: ئەم جۆرەیان جیاوازییەكی تەواوی لەگەڵ غەریزەدا هەیە و لەكاتی مەرحەلەی گەنجێتی و كاتی هەستكردن بە گۆڕان و ڕەتكردنەوەی واقیعی ئێستادا ڕوودەدات، ئەم ئەگەرەیان بە تەواوی بە ڕووی جیهانی دەرەوەدا دەكرێتەوە و هەنگاونان بەرەو ئازادی و داهاتووبوون سەرهەڵدەدات، ئەم جۆرەیان هەموو خەونەكانی ڕووی لە داهاتوویە و داهاتوو بە بەهەشت و یۆتۆپیای خۆی دەزانێت، بەڵام دەبێت بزانین خەونی بەرەو پێشچوون جیاوازە لە خەونی گەیشتن بە یۆتۆپیا، خەونی بەرەو پێشچوون ئەو خەونەیە كە داهاتوو بە باشترو جیاوازتر دەزانێت لە واقیعی ئێستا، بەڵام خەونی یۆتۆپیابوون خەونێكی خەیاڵییە و خەونە بە بوونی چیایەكی ئاڵتونی. یەكەمیان حاڵەتێكی واقیعییە و دووەمیان حاڵەتێكی خەیاڵییە، بەڵام پەیوەندی هەردووكیان بەیەكەوە پەیوەندییەكە لە سەر ئەساسی (هێشتا نەبوو) دامەزراوە، (هێشتا نەبوو) بناغەكەی ئەو (نا)یەیە كە پێشتر گوتمان، واتە ئەگەر (نا) نەبوو ئێمە ناتوانین بیر لە (هێشتا نەبوو) بكەینەوە. بەڵام پرۆسەی (نا)یش بناغەیەكی تری هەیە ئەویش هۆشیارییه‌، واتە پرۆسەكە یەك لەدوای یەك دێت و بەبەردەوامیش چونكە ناگەنە یۆتۆپیا خۆیان بە شێوازی جیاواز دووبارە دەكەنەوە، بەڵام (نا) كاتێك چەمكی (هێشتا نەبوو) دەهێنێتە ناو خۆی ئەو كاتە نابێتە كۆتاییه‌كی تەواو، واتە ئەو(نا)یە نابێتە كۆتا (نا) بۆ سوبێكت بەڵكو لەگەڵَ پرۆسەی (نا)ی یەكەم (نا) تەواو خۆی بە وجودێكی تایبەتەوە دەنووسێنێت و بەردەوام لە ڕێگای (هێشتا نەبوو)ی بەردەوامەوە (نا)ی دووبارە سەرهەڵدەدات، ئومێد لێرەدا وادەكات (نا) نەمرێت و ببێتە پرۆسەیەكی بەردەوامی ئەبەدیی بەرەو ئەو شتەی دەمانەوێت، واتە (نا) نە كۆتادارە و نە عەدەم، بەڵكو لەگەڵ شتێكی ئومێدبه‌خش لە پەیوەندیدایە. هەم ئەوەی وادەكات (نا) نەمرێت یان نەبێت عەدەم ئومێده‌ هەم (نا)بوون گەڕانەوە نییە بۆ خاڵی سەرەتا یان سفر، بەڵكو هەنگاوی تازەیە بەرەو یۆتۆپیا. بلوخ ئاماژە دەكات كە (نا) لە شێوەی (هیشتا نەبوو) خۆی دووبارە دەكاتەوە، بەڵام دووبارەبوونەوەی (نا) لە شێوازی ڕابردوو نا، بە شێوازی هەمان فیگەر نا، بەڵكو بە شێوازێكی تازە، تازەبوون بەو مانایەی كە ئێمە شوێنی وامان دۆزیوەتەوە كە پێشتر نەدۆزراوەتەوە، كیشوەری وامان بینیوە كە پێشتر ئاشنای نەبووین، چیرۆكی وامان دێتە پێش كە پێشتر نامۆ بووین پێی، جیهانی وامان لێ پەیدا دەبێت كە پێشتر نەبووە، بەڵام دەبێت بڵێن ئەو شوێنەی ئێمە دۆزیمانەتەوە ئەو كیشوەرەی ئێمەی تێداین ئەو جیهانەی كە ئێستا هەیە بە بەردەوامی یۆتۆپیایەكەی ئێمە نییە و شتێكی نوقسانە.

پێنجەم/ ئیزافەی بلوخ بۆ سەر ماركس

ماركس ئیزافەی شۆڕشی بۆ پەراوێزەكان هەبوو، بلوخ ئیزافەی شۆڕشی ئومێد، ئایا بلوخ ماركسی بوو؟ ئایا بۆچوونی لەگەڵ ماركسی كلاسیك یەك بوو؟ پاش داڕوخانی ماركسییەت، بلوخ ئەندامی شیوعی نەبوو، بەڵام خۆی بە ماركسی دەزانی، بلوخ دوای ئەوەی ئاسۆیەكی داهاتووی بۆ نوێگەری فیكری ماركس بەدی كرد و مانفێست كرد، توشی ڕەخنەیەكی توندی ئەندامانی حزبی شیوعی و موفەكیرەكان بوویەوە، ماركسییە فەرمییەكانی بیركردنەوە و فەلسەفەی بلوخیان بە پێچەوانەی ڕۆحی فەلسەفەی ماركس دادەنا، لە ڕاستیدا بلوخ فەلسەفەی مادی بڕۆگرامەكانی لە ماركس وەرگرت، باوەڕێكی تەواوی بەو بیرو باوەڕانە هەبوو وەكو (بیروباوەڕێكی فەلسەفی)، بەڵام بە تەواوەتی دووركەوتەوە لە ڕۆحییەتی فەلسەفە داخراوەكەی ماركس، بلوخ هەوڵیدا دیدگای بنەڕەتی ماركس كۆبكاتەوە بەرامبەر مێژووی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی و لەگەڵ رزگاربوونی مرۆڤ كە ڕەگ و ڕیشەكەی دەگەڕاندەوە بۆ كەلتوری شارستانی لەناو كەلتوری شارستانیش بۆ كەلتوری یەهودی مەسیحی.
یەكێك لەو ئیشاكالییە گرنگ و ئاڵوزییانەی كە فەلسەفەی بلوخ دەربارەی (شۆڕشی ئومێد) دەیورژێنێت (لاهوت) و مامەڵكردنە لەگەڵ ئاین، یان دەتوانین بڵێین یەكێك لەو كێشە سەرەكییانەی كە بلوخ دەباتەوە سەر ماركس بۆ ئەوەی ئێستێك بكەین لەگەڵیدا، هەڵوەشانەوەی ئاینە لای ماركس، ئایا بە جدی ئیشی بلوخ كارپێكردنەوەی ئاینە لە فەلسەفەی ماركسییەت؟ ئایا دەتوانین بڵێین (ئومێد) لە دوای (گەشت و دوور و درێژەكەی كەلتوری مرۆڤایەتی) بۆ ئەوەی بگاتە ئەنجام دەبێت بە مەرگی لاهوت كۆتایی بێـت؟ لە ڕاستیدا كاتێ‌ بلوخ هات ئەم كێشەیە واتە كێشەی كەلتور پەیوەست بە ئاینەوە لە گۆڕەپانێكی فراواندا خۆی مانفێست كرد، ئەمەش دەرەئەنجامی گەڕانی بلوخ بوو دەربارەی كەلتوری ڕۆشنبیری، بلوخ هات و لە كەلتور تێگەیشت و بەواتا فراوانەكەی كە مەیدانەكەی فكر و فەلسەفە و ئەدەب و هونەر و زانست و ئاینە، هەروەها بلوخ لەسەر ئەساسی ئەم بونیادانە كە ناكرێت خاڵی بكەیتەوە لە مرۆڤ بەرنامەكەی پێشكەش كرد، بلوخ (لاهوت)ی هێنایەوە ناو ماركسییەت، ئەمەش بە بیانووی ئەوەی ترسی لەدوا ڕۆژ هەیە، بلوخ بۆ ئەوەی هێز بداتە ماركس و بلۆریتاریا دەیەویست ئەو جوڵێنەرە ڕۆحییە نادیارە كە ماركس فرامۆشی كردبوو ئەم زیندوویبكاتەوە، ئەوەش ترسی ئەوەی نەك ئەو شۆڕشە (عەقلییە) ی ماركس گومان لە خۆی بكات و نرخی بەهای خۆی نەزانێت، ترسی ئەوەی وەكو خۆی بڕوای بەوە هەبوو ناكرێت مەعریفە بێ (لاهوت)هەبێت، ئەو مەعریفەیەش ناكرێت بێ لاهوت بێت چونكە ئەو كاتە (بلۆریتاریا)سەربكەوێـت دەچێـتە ناو بۆشاییەكی فەلسەفییەوە.

لە ئەرشیڤی دەنگەکانەوە..

http://www.dengekan.com/doc/2016/9/rezgarAli11.htm




فەلسەفەی ئازادیی و ئاودیوبوون لە ئەدەبی دۆستۆیڤسکی دا.. نووسینی: هیوا محەمەد ئەمین

ئەگەر جیهان ی ئەدەب ؛ بریتیبێت لە سێ کوچکە ی شێوەهەڕەمیی ، ئەوا بێ هیچ گومان ونووسی هەڵوێستەیەك ، ئەدەبی ( دۆستۆیڤسکی )گۆشەیەك ی پتەو وبنەڕەتیی ئەو جیهانەیە ، کە دەشێت زۆرێك لە کێشە و دۆزە مرۆڤایەتییەکان لەوێ دا بەرجەستە بووبێتن ٠ ئەدەب ی دۆستۆیڤسکی قوتابخانە ، ڕەوت و شێوازێك ی ئەدەبیی دەگمەن ، دانسقە و بێوێنەیە ، کە هەم خاوەن ی فەلسەفە و تایبەتمەندێتیی خۆیەتی هەمیش هەڵگری ڕەگەز و هێز ی کارلێك و کاریگەریی ٠ جیهان ی فەلسەفە ی ئەدەبیی دۆستۆیڤسکی ، لە هەر دەروازە ، گۆشەنیگا و دیدێکەوە بۆیبڕوانیت دەگەیتە ئەو باوەڕ و ڕاستیە ی کە نەك تەنیا هەڵگر ی دۆزێك ی مرۆڤایەتییە ، بەڵکو دەربڕ ی پەیامێك ی مرۆڤایەتییشە کە پێویستە بە ڕۆچوونێك ی قوڵ ، بیرێك ی وردبینانە و هەستیارانەوە هەم مامەڵە ی لەگەڵ بکەیت هەمیش تێیڕابمێنیت . ئەم تایبەتمەندییە لە شێواز و فەلسەفەی ئەدەبیی دۆستۆیڤسکی دا ، بەجۆرێك ڕەنگدانەوە و کاریگەریی لەسەر دەرون ( سایکۆلۆژیی ) و ویژدان ی خوێنەر دروستدەکات کە بخوازێت یان نا ، حەز بکات یان نا ، یەکانگیریی ئەو جیهانە بێت یان نا ، کێش دەکرێتە نێو ئەو جیهانە و سەرئەنجام هەست ی لێپرسراوێتیی ، بەرپرسیارێتیی و خەمخۆرێتیی تیای دا دروست یان زیندو دەکاتەوە ٠ ئاکار ی ئاقار و ئاراستە ی فەلسەفە ی ئەدەبیی دۆستۆیڤسکی ، کێشکردنی مرۆڤە بەرەو گەیشتن بە ئامانجی جیهانێك کە ( حەقیقەت ) ە ، حەقیقەتێك کە مرۆڤ تیای دا بە ئازادیی تەواو دەگات ، ئازادییەك کە دواجار ڕوناکایی یەزدان لە ڕوخسار و ناخی دا دەدرەوشێتەوە ٠مرۆڤ لەپێناوی گەیشتن بە ئامانجێك ی وەها دا ، ئازارێك ی ڕۆحیی و مەعنەویی زۆر دەچێژێت ، کە بە باوەڕ ی دۆستۆیڤسکی پێویستە مرۆڤ لەو پێناوە دا ، بە ئیمانێك ی پتەو ، و ئارامیی و سەبرێك ی تەواوەوە پێشوازیی لێبکات ٠
سیفات و تایبەتمەندیی ئەم جیهانە دەبێت لە چی و کوێ دا بێت کە فەرمان دەکات بە پێویستبوون لەسەر مرۆڤەکان کە لەپێناوی گەیشتن بە ئامانجێك ی وەها دا هێند لێبڕاوانە و شێلگیرانە ئازارێك ی وەها سەخت و ئاڵۆز لە ئەستۆ بگرن ؟ ! من لێرە دا ، و بەبێ لایەنگیرییم لە هیچ فەلسەفە و ئایدیایەك دەخوازم بەنێو ئەم جیهانە دا شۆڕببمەوە و خوێنەر بە جیهانێك ی ئەدەبیی ئاشنا بکەم ، کە کەمتر لە ئەدەبیات ی کوردی دا ئاماژەی پێکراوە ؟! پێویستە ئاماژەیەکیش بەوە بدەم کە ، ئەگەر لە ڕەوت ی نوسین و شڕۆڤەکانم دا باس لە دوو جیهان ی ئایدیالیستیی و ماتریالیستیی دەکرێت ، ئەوە دەربڕ و باوەڕی من نیە ، بەڵکو ئەوە خولیا و باوەڕ ی فەلسەفە ی نوسەر ، واتا دۆستۆیڤسکیە کە پێویستە خوێنەر هێندە بزانێت ، کە ڕوبەڕوی فەلسەفەیەکی ئەدەبییە و هیچیتر ٠جیهانی ڕۆمانەکانی دۆستۆیڤسکی جیهانێك ی پڕ سەیر و سەرسوڕهێنەرەن ، جیهانێک کە ڕوخسار و ڕۆح ی خەماویی ، کاراکتەر ی ناقۆڵا و ناوبازاڕیی ، جیهانێك کە دانیشتوانەکە ی هەژار و کڵۆڵن ، واتا ئەو کەسانە ی کە دۆستۆیڤسکی بەرەو خۆیان و ئەو جیهانە کێش دەکەن ، و دواجار هەرخۆیشیان دەبنە ڕێنیشاندەری ئەو ، جیهانێك کە کچۆڵەیەکی زۆر هەژار و کزۆڵە خۆی بە خاتو شازادەیەك ناگۆڕێتەوە ، جیهانێك کە دەرۆزەکەر ، سەرمەست ، ژنان و پیاوانی دەروننەخۆش تیای دا دەژین ٠ ئەم جۆرە جیهانە ، جیهانێکە کە بە تاوان و کار ی ناپەسەند تەنراوە ، کە لە هەرساتێك لە ساتەکان دا چاوەڕوانی کەوتنەوەی کارەسات ی مەترسیدار و خەماویی لێبکرێت ٠ دۆستۆیڤسکی پەپولە ی دەور ی ئەو گۆشە تاریکانە ی نێو کۆمەڵە ، کە تیای دا کەسایەتییەکان ی هەژار ، دڵپاك و سادەن ، واتا کەسانێك کە خاوەنی ویژدانێك ی پاك و بێگەردن و بەوپەڕی لەخۆبوردەیی و میهرەبانییەوە فرمان و فەرمان ی لێپرسراو وکوێخاکانیان جێبەجێ دەکەن ٠
نوسەر (( دۆستۆیڤسکی )) لە خولیا ی گەڕان بەدوا ی ئەو حەقیقەت و ڕوناکاییانە ی یەزدان دا ، پێویستی بە کات و شوێنێك ی گونجاو و لەبار هەبوو کە بتوانێت هەم لێیان تێبگات و هەمیش بەدەستیانبهێبێت ٠ زیندان لەبارترین ئەو شوێنە بوو کە نوسەر توانا ی گەیشتن بەو جیهان و ئامانجانەی هەبوو ٠ دۆستۆیڤسکی لە هەلومەرجێك ی نائارام و ناجێگیریی سیاسی دا دەستگیردەکرێت و بۆ چەندین ساڵ ژیانی بە دەستبەسەریی و مەحکومکراویی لەژێربار ی سەخت و دژوار ی کارکردنی زۆرەملێ ی زیندانەکان ی سیبریا دا تێدەپەڕێنێت ٠ زیندان چاکترین و لەبارترین ئەو شوێنە بوو کە دۆستۆیڤسکی بتوانێت ئەو جیهانە سەیر و پڕ تەراژیدییە بناسێت و ئەزمونی بکات ٠ ئەو لە زیندان دا توانی بەرزترین ڕەوشت ، دەگمەنترین و بەویژدانترین مرۆڤ ، واتا مرۆڤ ی ڕاستەقینە بدۆزێتەوە ، کەسانێك کە نە دەستەبژێرێك ی کۆمەڵایەتیی و ڕۆشنبیرن نە کەسانێك ی زانا و خوێندەوار ، بەڵکو کەسانێکن کە بەدەستی خۆیان کاردەکەن و بەڵام بیر ناکەنەوە ، ئەو جۆرە کەسایەتییانەش هەم لەلایەك ئەو ، واتا نوسەر بەرەوخۆیان کێش دەکەن و هەمیش ئازاری دەدەن ٠ دۆستۆیڤسکی باوەڕی وابوو کە نزیکبوونەوە لە خەڵك ی وەها سادە و ڕەشۆکیی ، نزیکبوونەوە بوو لە یەزدان ، چەمک ی یەزدانیش بەرزترین و پەسەندترین ئەو ئامانجە بوو کە نوسەر دەیویست خۆی و گشت مرۆڤایەتیی پێیبگات ٠ زیندان سەرەڕای ئەوەی کە زۆر توانا و بەهرە ی لەو دا کوشت بەڵام لەهەمان کاتیش دا گرنگترین ، هەستیارترین و گەشاوەترین قۆناخێك بوو لە ژیان ی ئەدەبیی و بیرکردنەوەی دۆستۆیڤسکی دا کە توانی تیرۆژێك لە حەقیقەت ی یەزدانیی بەدەستبهێنێت ٠ ئەو لە سەرەتای ژیان ی زیندانێتیی خۆی دا ڕووی لە ئایین کرد و بووە قوتابیەکی گوێڕایەڵی قوتابخانە ی مەسیح کە بەهۆی پەڕتوکی پیرۆز ( ئینجیل ) فێری ڕەوشت و فەلسەفە ی مەسیح دەبوو ٠
ئینجیل بۆ ئەو سەرکەوتنی دڵ بوو بەسەر هوشیاریی و ژیان دا ، ئەو دەیویست هەمیشە ئەو جۆرە سەرکەوتنانە بەدەستبهێنێت ، واتا ببێتە خاوەن ی فەلسەفە و ویژدانێك ی تۆکمە و پایەدار کە دووربێت لە جۆر ی ژیان ی ڕۆتین و ماتریالیستیی ، کە دواجار ئەو بەپشتیوانی باوەڕێك ی وەها سەرجەم ژیانی خۆی کردە دژایەتیکردن ی فەلسەفەی ماتریالیزم ٠ ئەو باوەڕی وابوو کە ئەم جۆرە فەلسەفەیە ، فەلسەفەیەکی وێرانکاریی و ئەهریمەنییە کە گیانی مرۆڤبوون لە مرۆڤ دا دەپوکێنێتەوە ؟ ! دۆستۆیڤسکیی دەروێش ی ڕێگە ی بەدەستهێنان ی حەقیقەتێك بوو کە پەیکەر و دیوی دەرەوەی مرۆڤی ڕەت دەکردەوە ، ئەو بەجۆرێك پێی لەم باوەڕ و بیرکردنەوەیە ڕۆدەچێت کە بگاتە ئەو ڕایە ی کە گشت بیر ، بیردۆز و یاسا زانستییەکان پوچ و بێمانان ٠ نوسەر باوەڕی وابوو کە تەنیا لەودیو جیهانی ماتریالیزم { جیهان ی ئەودیو سروشت } ەوە مرۆڤ توانا ی بەدەستهێنانی چەمکی مرۆڤایەتیی و فەلسەفەی مرۆڤبوونی هەیە ٠ ئەو تاکو بڕ و ئەندازەیەکی زۆر لە نامومکین بوون دا دەژیا ، ئەو باوەڕی وابوو کە نزیکبوونەوە و باوەڕبوون بە زانست وەکو بنەمایەك بۆ داڕشتنی فەلسەفە ی ژیان ، ئەوا مرۆڤ بێ ئەوەی ئاگای لەخۆی بێت ، دیوارێك ی پتەوی لەبەردەم ژیانی دا هەڵدەچنێت , کە ئاسۆ و مەودا ی بیرکرنەوە ی ئەو ، واتا مرۆڤ دیاری دەکات ، لەچوارچێوەی ئەم دیوارانەش دا زانست زیندانێك ی دروستکردووە کە مرۆڤەکان جگە لە کار و ژیان بیر لە هیچی دی ناکەنەوە ، ئەوانەیشی کە بیردەکەنەوە هەمیشە لەژێر بارێكی سەخت و دژوار ی دەرونیی دا دەژین ؟ ! دۆستۆیڤسکی لەڕاستیی دا چێژ لەو سەختیی و دژوارییانە وەردەگرێت ! ئەو ، ئەو دژواریی ، سەختیی و ئازارانە لەشێوە ی دیوارێك دا وێنا و بەرجەستە دەکات کە زۆر بە گران توانا ی بینینی ئەودیویان دەبێت ٠ ئەو حەزدەکات ( ئاودیو ) ی ئەو دیوارانە ببێت ، کە چیترلەودیویانەوە شوێنپێیەك لە دنیا ی ماتریالیزم و یاساکانی سروشت نابینرێن ٠ جیهان ی ماتریالیزم لای دۆستۆیڤسکی مۆتەکەیەکە کە لەسەر سنگی مرۆڤایەتیی دەنیشێت و بڕستی لێدەبڕێت ، نوسەر دەخوازێت ڕێك ئێمە بەرەو ئەو مۆتەکەیە بانگ بکات ٠ ناوبراو لە ناخی خۆی دا هەست بە واتای تەواو ی ئازادیی لەو مۆتەکەیە دا دەکات ، و باڵادەستیی نرخ و کاریگەریی ئەو ئازادییەش زیاتر دەدات بەسەر جیهان ی ماتریالیزم و خۆشیی دنیایی دا ٠ دۆستۆیڤسکی لە { بیرەوەریەکانی پیاوێك ی ژێرزەمینیی } دا دەڵێت : ( مرۆڤ تەنیا پێویستی بە ئیرادە ی ئازادە ، ئەگەر بەهەرچی نرخێك لەسەریبکەوێت یان بیکوژن ، لەوباوەڕەدام مرۆڤ هەرگیز ئازاری ڕاستەقینە ، واتا گەیشتن بەو مۆتەکەیە لەبیرناکات )) ٠لەڕێگە ی ناسین ، ئەزمونکردن و پەیڕەوکردن ی ئازار و سزایەك ی لەوجۆرەشە ، کە مرۆڤ توانای نزیکبوونەوە و باوەڕهێنانی بە غەیبیات ، موعجیزەکان و شتە هەستپێنەکراوەکان بەدەستدەهێنێت ، هەر لەم ڕێگەیەشەوەیە کە دەتوانێت هەست بە جیهان ی ئەودیو بوونی خۆی بکات ٠ ڕێگە ی ئازار و ئازادیی ، کار یان بە دۆزینەوە ی یەزدان کۆتایی دەهێنێت یان دروستکردن ی مرۆڤی یەزدانیی ! لە دید و جیهانبینیی دۆستۆیڤسکی دا باوەڕێك خۆی بەرجەستە و ڕادەگەێنێت ، کە کاتێك تەبایی لە نێوان مرۆڤ و یەزدان دا دروستدەبێت ، ئیدی نە یەزدان مرۆڤ هەڵدەلووشێت ، و نە مرۆڤیش لە یەزدان دا موستەحیل و نامومکین دەبێت )) ، واتا هەم یەزدان هەیە و هەمیش مرۆڤ ٠ بۆ ڕاگرتنی ئەم هاوسەنگیەش نێوبژیکەر یان نێوەندگیرێك ی چاکەخواز ی وەکو مەسیح پێویستە ، لەم نێوەندە دا مەسیح هەم ڕێنیشاندەر و شفابەخشە هەمیش کەرەستە و قوتابخانەیەکی ڕۆحیی ، کە مرۆڤ بەرەو ئامانج ی حەقیقەتێك دەگەێنێت کە ڕوناکایی یەزدان تیای دا درەوشاوەیە ٠ مەسیح لە ڕۆمانەکانی دۆستۆیڤسکی دا لە دوو جیهان ی جیاواز دا ڕۆڵ ی چاکەخوزانە دەبینێت ، یەکێکیان جیهان ی ئەمدیو دیوارێکە کە زانست و لۆژیك ڕێنوێنیی دەکات ، ئەویدیان جیهانێکە کە دابڕ لە هەر کات و شوێنێکە و دەکەوێتە ئەودیو جیهان ی زانستەوە ، ئەو دیوارانەش بریتین لەو لەمپەر و بەربەستانە ی ، کە ڕێگە لە ئازادیی مرۆڤ دەگرن ٠ دیوارەکانی دۆستۆیڤسکی بەرجەستەبووی وێنە و بارێك ی دەرونیی و کۆمەڵایەتیین کە لەناواخنیان دا هەڵگری ئەو نەریت ، کولتور و یاسا دنیایی و ئەخلاقییانەن ، کە ناهێڵن و لەتوانای مرۆڤەکان دا نابن کە ئاودیویان ببن ؟ ! لێرە دا کردار و پڕۆسە ی گەیشتن بە ئاودیوبوون ، کارێك ی سانا و بێکێشە نیە ، بەڵکو ڕێگەیەک ی پڕکێشە و نشێوییە کە دەبێت لەپێناوی دا ڕەنج و تێکۆشانێك ی ڕۆحیی و مەعنەویی بەکارببرێت ، تێکۆشانێك دواجار لێوانلێو لە ئازار و ئەشکەنجە ی دەرونییە ، کە سەرئەنجام مرۆڤ بەهۆیەوە ئامانجێك ی زیندو ، مانادار و ناوەڕۆکدار یان وێرانکەرانە بەدەستدەهێنێت ، گەیشتن بە ئامانجێك ی لەوجۆرەش لە میان و ڕەوت ی تەنیا یەك قۆناخ ی دیاریکراو دا نایەتەدی ، بەڵکو لە ڕەوت ی چەند قۆناخێك ی شێوە پەیژەیی شەقوشڕ و لەقولۆق دا پێکدێت ، کە لە پلە ی یەکەم دا سەردەکەویت و لەدواپلە ش دا توانای بینینی جیهان ی ئەودیو دیوارەکان بەدەستدەهێنیت ، دیوێك کە تیای دا ئازادیی لە ناخ و قوڵایی دەرون ی مرۆڤەکان دا بەرقەرار ، و بیر و فیکریش ئارام و ئاسودە ٠کەسایەتیەکانی دۆستۆیڤسکی دەیانەوێت بەهەرچی نرخێك بێت ئاودیوی ئەو سنورە یاسایی ، کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقییانە بن کە مرۆڤ بەهۆیانەوە پێخوست و بێئیرادە بوونە ، بۆئەمەش کارگەلێك ی وەها ئەنجام دەدەن کە نائاسایی و لەسەروی وزە ، کار ، ڕەوشت و هەڵسوکەوت ی مرۆڤی ئاساییەوەن کە سەرئەنجام کار بە دانپێدانان ( ئیعتیراف ) ، تاوان ، خۆکوژیی و دوورخستنەوە ی سیبریا کۆتایی دێت ؟ ! ئا لەوێدایە کە ئیدی مرۆڤەکان یان بە ڕوناکایی یەزدان دەگەن یان بە کۆتایی و لەناوچوونی خۆیان ٠ ڕۆمانەکانی دۆستۆیڤسکی دەتوانین بیانکەینە دوو بەش ی سەرەکیی ، بەڵام بە دوو ئاراستە و ئاقار ی دوو جیهان ی جیاواز : یەکێکیان دنیا ی ڕۆتین و ڕۆژانەیەکە ، کە تیای دا پارەوپول ، تەماع ، چەپەڵیی ، دزیی ، گەندەڵیی ، ئێرەیی ، بێڕەوشتیی و بەرژەوەندیی تایبەت ڕۆڵ ی سەرەکیی دەگێڕن ٠ دنیا ی دووهەمیش ، دنیا ی دراما ڕاستەقینەکە ی مرۆڤە کە تیای دا مرۆڤەکان وێڵ و گەڕیدە ی دۆزینەوە ی یەزدان و هەوڵدانن بۆ بەرهەمهێنان و بەدەستهێنان ی مرۆڤ ی نوێ ٠ تەراژیدیا ی ڕاستەقینە لای دۆستۆیڤسکی نەبوون و ئاوابوون ی خۆر و دنیا ی مرۆڤبوون و ڕەوشتە ، ئامانجی ئەو لە نوسینەکانی دا پارە و پلە ی کۆمەڵایەتیی نیە ، شادیی و بەختەوەریی و سەرکەوتن ی مرۆڤ لە ژنهێنان و هەبوون ی سامان وگەنجینە دا نیە ، بەڵکو وێڵبوونە لەدوای یەزدان ؟ ! لە ڕۆمانەکانی ئەو دا پاڵەوانەکان عەوداڵ و هەڵوەدا ی هیچ سامان و پلەیەک ی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی نین ، دواجار ئەوانن کە سنورێك لەنێوان واقیع و خەیاڵ دا ناناسن ، دیارترین و ڕونترین بەڵگە بۆ ئەم سیفات و دیاردانە ڕۆمانەکەی دۆستۆیڤسکی { تاوان و سزا } یە٠ لەم ڕۆمانە دا خوێندکارێك ی زانکۆ پیرەژنێك ی سوخۆر ، ڕژد و چاوچنۆك ی پارەدار لەپێناوی بەدەستهێنان ی پارە و سامانەکەی دا دەکوژێت ، بەوئامانجە ی کە بتوانێت بەهۆیەوە ژیان ی خۆی و دایك و خوشکە دەستکورتەکەی لە برسێتیی و کڵۆڵیی ڕزگار بکات و بەختەوەریان بکات ٠
( ڕاسکۆڵ نیکۆف ) ی پاڵەوان ی تاوان و سزا باوەڕی وەهایە کە ، ئایا بوونی پیرەژنێك ی لەوجۆرە لە ژیان دا ، چی لە تەرازوی ژیان دەگۆڕێت یان لاسەنگ دەکات ؟ ! داڕشتن ی ئەم بیرۆکەیە کە لەسەرەتا دا بەشێوەی لێکدانەوە ی ناوەوە و لۆژیکیانە خۆی دەنوێنێت ، بەڵام پاشان دەبێتە پلان و دواجار کردار ٠ درام ی واقیعیی مرۆڤەکە ، واتا ڕاسکۆف لەوێ دا دەستپێدەکات کە سزادان ی دەرونیی خۆیەتی ٠ پاڵەوان پاش تاوتوێکردن ی ئەم دۆز و پرسە لە ناخی خۆی دا ، بزوێنەر و هاندەر ی سەرەکیی تاوانەکە دەدۆزێتەوە ! ! ئەو سەرەتا لای سۆنیا ی کچە هاوڕێی دان بە تاوانەکەی دا دەنێت و پێی دەڵێت کە لەپێناوی بەختەوەریی کەسوکار و مرۆڤایەتیی دا ئەوی نەکوشتووە ، بەڵکو تەنیا لەبەرخۆی بووە و هەرگیزیش پێویستی بە پارە نەبووە ؟ ! ئەو لە ئەنجامدان ی تاوانێك ی وەها دا هۆ و هۆکارێک ی دی پاڵیپێوەدەنێت ، تاکو لە دەرونی خۆی دا بزانێت و بیچەسپێنێت کە ئەو ، واتا ڕاسکۆڵ نیکۆف ، ئایا مرۆڤە یاخود تەنیا جانەوەرێك ؟ ! ئەو دەخوازێت بزانێت کە ئایا دەتوانێت ئاودیوی دیوارە ئەخلاقیی و یاساییەکان ی ناو کۆمەڵگەکەی ببێت ؟ ! ئەو وەك پیاوی ژێرزەمینیی ، دڵی لەنێو چوارچێوە ی دیوارە نەریتیی ، یاسایی و ئەخلاقییەکان ی کۆمەڵگەکەی خۆی دا دەگوشرێت ، ئەو لە خەیاڵی خۆی دا وادەزانێت بەو کارەی دەتوانێت لە خەڵکان ی دەوروبەرەکە ی داببڕێت و ئەوەی کە ئەنجامیداوە رەوایەتیی پێبدات ، بەڵام ئەو دواجار دەگاتە ئەو ڕاوبۆچونە ی کە ، بە ئاودیوبوون ی دیوارەکان خۆی بەرەو چارەنوسێكی ترسناك کە بەدەستهێنان ی ئازادیی و ئازادبوون ی بیر و ویژدانە دەبات ٠ ڕاسکۆل بەلێکدانەوە و ئەنجامبەندیکردن ی بیرۆکەکانی خۆی دەگاتە ئەو باوەڕە ی کە ئەو ، واتا پیرەژن لەمپەر و بەربەستێکە لەبەردەم ڕوخاندن و ئاودیوبوون ی ئەو دیوارانە دا ، بەڵام ئەو لەمپەرێک ی گۆشت و ئێسقانە و ، دەبێت کەوڵ و وردوخاش بکرێت ، ئەو سەرئەنجام دەگاتە ئەو ڕاستییە ی ، کە مرۆڤێك ی بە تەنیا نەکوشتووە ، بەڵکو یاسایەک ی ئەخلاقییشی شکاندووە ! ! پاڵەوان ی ڕۆمانەکە ڕاسکۆڵ پاش ئەنجامدان ی تاوانێك ی لەوجۆرە ، دەخوازێت ڕاوبۆچونی خۆی دەربارە ی یەزدان بزانێت تاکو لەو ڕێگەیەوە بتوانێت ئازادیی خۆی بەدەستبهێنێت ، بەڵام ئەو لەوکاتەوەی کە لە هەلومەرج ی مرۆڤایەتیی دووردەکەوێتەوە ، ناتوانێت کەسێك ی ئازاد بێت ٠ ئەو لە سەرەتا دا باوەڕی وەها بوو ، کە بەپەڕینەوە لە سنورەکان ی ڕەوشت و ئەنجامدان ی تاوان ی کوشتنێك ، ئازادیی بەدەستدەهێنێت ، بەڵام بەپێچەوانەوە ، ئەو خۆیدەخواتەوە و شەو و ڕۆژ لەبیرکردنەوە و خۆدادگاییکردندایە ، ئەو چیدی دووکەرت بووە و بووەتە مرۆڤ و ڕەگەزێك ی دووانە و نامۆ ، ڕاسکۆڵ نیکۆف بەوکارەی هەم خۆی دەپوکێنێتەوە هەمیش ڕوناکایی یەزدان دەکوژێنێتەوە ٠ ترسناکیی پاڵەوانەکە لەوێ دا دەردەکەوێت ، کە ئەو ، واتا پیرژنەکە بە ئەسپێیەك دەچوێنێت ، بەڵام هەرچی و چۆنێك بێت ئەو بوونەوەرێكی مرۆڤایەتییە و هیچ مرۆڤێك ی تر شایانی ئەوە نیە کە مرۆڤێك ی دی لەپێناوی کەسێك ی تر دا بکرێتە قوربانیی ، چونکە لەدواجار دا مرۆڤ بەرجەستە ، شەقڵ و وێنە ی سروشت و دەستەڵاتێکە لە بوونی یەزدان ٠ ئەو هێزە دەرونیی و مرۆڤایەتییە ی پاڵ بە ڕاسکۆڵەوە دەنێت کە تاوانێكی لەوجۆرە ئەنجام بدات ، دواجار ناپاکیی لەگەڵ دەکات و دەیکاتە مرۆڤێك ی نائاسایی و توشی گۆشەگیریی و تەنیایی دەکات ، ئەو ئازادییە ی ئەم لە ناخ و نائاگایی خۆی دا لەچاوەڕوانیی و بەدەستهێنانی دا بوو ئێستا توشی سەرلێشێواویی ، دەرونلاوازیی و نامۆیی بووە ، دواجار ویژدانی ئەوە کە ناتوانێت لە سایە ی تاوانێك ی لەوجۆرە دا ئاسودە و ئۆقرەگرتوو بێت ، کاردانەوەیەك ی لەو چەشنەیشە کە ئەو هاندەدات دان بە تاوانەکەی دا بنێت و خۆی ڕادەستی یاسا کۆمەڵایەتیی و دنیاییەکان بکات ٠
یەکێك لە تایبەتمەندییە هەرەدیارەکان ی فەلسەفەی دۆستۆیڤسکی دەربارەی مرۆڤ باوەڕبوونی بوو بە ( دووانەیی – ثنائیە ) سروشتی مرۆڤایەتیی ! لە سروشت ی مرۆڤایەتیی دا لەنێوان چاکە و خراپە ، ئارەزوی ئاژەڵیی و مرۆڤایەتیی ، هۆکاری یەزدانیی و ئەهریمەنیی دا ناکۆکیی و ململانێی هەمیشەیی و بێبڕانەوە هەیە ، دۆستۆیڤسکی ئەم ناکۆکیی و دژانە بە یەکێك لە سیفات و تایبەتمەندییەکان ی کرۆک و سروشتی مرۆڤایەتیی دەزانێت ٠ تایبەتمەندایەتییەك ی لەوجۆرە هانی دۆستۆیڤسکی دەدات کە باری دەرونیی کەسایەتیەکانی توێکاریی و شیکاریی بکات و پاشان ڕاپێچی ئەنجامدان ی کار ی نائاسایی ، بێڕەوشتیی یان چاکەخوازییان بکات ، ئەم کارانەش کە لە کەسایەتییەکانی ئەو ، واتا نوسەر دا ڕەنگدەدەنەوە و لە کردار دا ئەنجام دەدرێن پەیوەندییان بە جیهان ی واقیعیاتەوە نیە و هیچ کار وکاردانەوەیەك ی ئەوتۆیان لەسەر یەکتری نیە و پابەند بە هیچ سنور یان کات و شوێنێکەوە نین ، بەڵکو بەشێوەی لێکدانەوە ی ئاڵۆز ، شاراوە و دوور لە لۆژیك ئەنجام دەدرێن ، ئەم جۆرە کەسایەتییانەش بریتین لە : خەڵکی بێڕەوشت ، نەفسنزم ، هەڵخلیسکاو ، توڕە ، شەهوەتباز ، ئەڤیندار ، سۆزدار و …تاد ٠
ئەم جۆرە مرۆڤ و کەسایەتییانە لە جیهان و ژینگە ی مرۆڤایەتیی ئێمە بەدوور نین و بە جیهان ی ئێمە ئاشنان ، جیاوازیمان تەنیا لەوێ دا دەردەکەوێت کە ئەوەی ئێمە لە گۆشە ی تاریك و تەریککەوتووی نائاگایی و ویژدان ی خۆمان دا دەیشارینەوە ، ئەوان ڕاستەوخۆ دەیڵێن و لە کرداریش دا ئەنجامی دەدەن ، دۆستۆیڤسکی : { ئەوەی کە تۆ ناتوانیت ئەنجام ی بدەیت ، من تاکو ڕادەی ئێسقان بردم } ٠ داخۆکەسایەتیی نەخۆش و حاڵەتە نائاساییەکانی نوسەر دەبێت کێ و چی بن ؟ ! دیارە نەخۆشێك بۆئەوەی کارێك ئەنجام بدات دەبێت خاوەنی جەستەیەك بێت ، بەڵام تایبەتمەندیی کەسایەتییەکان ی نوسەر ڕێگەپێدراو نین کە خاوەنی لەش یان جەستەیەك بن ، بەڵکو زیاتر دەربڕێکن لە جیهان ی فیکر و خەیاڵ ی ئێمە ، بەڵام کاتێك کە هەڵسوکەوت ، بیرکردنەوە و کاردانەوە ی کەسایەتییەکان لە واقیع و جیهان ی فیزیکیی و دەرونیی ئێمەوە نزیك دەبن ، ئەوا دەشێت تەنیا دەربڕی جۆرێك لە دەستەڵات ی هونەر ی ئەدەبیی دۆستۆیڤسکی بن ٠ بەڵام ئەوەی سەیر و جێگەی سەرسوڕمانە دەرنەکەوتنی ڕۆڵ ی کەسایەتیی ئافرەتە وەك کاراکتەرێك ی گرنگ و کاریگەر ، ئەم دیاردەیەش بەگشتیی لە سەرجەم ڕۆمانەکانی دا ڕەنگیداوەتەوە ٠ بەهەمان شێوەش دۆز و باس ی خۆشەویستیی و سێکسیش لە بیر و فەلسەفەی فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی دا تاکو ڕادەیەك شاراوە و ئاڵۆزن ٠ خۆشەویستیی لای ئەو نیشانەیەك لە ئارامیی و پایەداریی جەستە و گیان نیە ٠ لە دیدی دۆستۆیڤسکی دا ئافرەت وەك نێوەندکارێك دێتە گۆڕەپانی ڕوداوەکانەوە ، ژن لە جێگە و پلە و پایە ی خۆی دا دەخوازێت تەنیا دەرد و ئازار لە پیاو دا بەئاگابهێنێت و ئاودیوی سنورە ئەخلاقیی و یاسا دنیاییەکانی بکات ، و پاشان لاوازی بکات دواجار بەرزی بکاتەوە و بیخاتە نێو جیهانێك ی نوێ و ئازادەوە ٠ ژنان ی دۆستۆیڤسکی ڕۆڵ ی ئاناکارنینا ی تۆڵستۆی ، دایك ی مەکسیم گۆرگی و ژنان ی یەشار کەمال ناگێڕن ، ژن جێگە ی ئامانج و مەبەست نیە ، بەڵکو کەرەستەیەک ی بێبایەخە و دەبێتە هۆی دووکەرتبوون ی کەسایەتیی پیاو کە یەکێکیان ئەو بەرەو عەشقی شەهوانیی و ئەوی دیان عەشقی بەزەیی دەبات ٠لە ڕۆمانی ( گێلە ) دا ، کەسایەتیی ( گێلە ) عاشقی دوو ئافرەت دەبێت :یەکێکیان عەشق ی شەهوانێتیی (ئاگلای ) ڕایدەکێشێت ، ئەوی دیان ڕوخساری خەمگین و ئازاراویانە ی ( ناستازیا ) یە کە ئەو هەست بە سۆز و هاودەردیەکی لەڕادەبەدەر بەرامبەری دەکات ، واتا ئەوی وەكو عەشق خۆشناوێت ، بەڵکو لە سۆنگە ی بەزەییپێداهاتنەوە دا ئەو لەبەرچاودەگرێت ، ئاشکرایشە کە دوو عەشقی شەهوانیی و بەزەیی هیچیان دوو مرۆڤ پێکناگەێنن و هیچیشیان عەشقی ڕاستەقینە نین ٠ عەشق پێش هەرشتێك خۆفیداکردنە ! بەڵام بەزەیی ، سەلماندن و سەپاندن ی باڵادەستیی کەسێکە بەسەر کەسێك ی تر دا ٠ پێویستبوون ی تێرکردن ی غەریزە ی شەهوانیی و جینسیی ، دەربڕی جۆرێك لە دەرکەوتە ی دنیا ی خۆپەرستییە ، کاتێك هەرزەکارێك دوای دۆستیی و جووتگیریی دەکەوێت ، بێ لە بیانویەك بۆ چێژوەرگرتنی جینسیی هیچیدی ناگەێنێت . کەواتە شەهوەتبازیی کامڵترین دیاردە ی جۆرێك لە گۆشەگیریی و تەنیاییە ، کە لەوانەیە ڕوبەڕوی هەموو کەسێك ببێتەوە ، مرۆڤ لەم تەنیایی و گۆشەگیریە دا خۆی وون دەکات و دەبێتە دوو کەرتەوە ٠ ڤێرسیلۆڤ لە ڕۆمان ی ( هەرزە – المراهق ) دا : { دڵم پڕ لە قسەیە بەڵام ناتوانم بیهێنمە سەرزمان ، لەوەدەچێت بووبێتمە دوو کەرتەوە } ٠
ژنان لە تەمەن ی پڕچاوەڕوانیی خۆیان دا ؛ لەپێناوی گەیشتن بە مەرامی خۆیان و خۆدانەدەست پیاوان دا ، خاوەنی چەندین چیرۆك و بەسەرهاتی تفت و تاڵن ، بەڵام هەر کە بەدەستتهێنان سەرزەنشتت دەکەن ، هەندێكجار دڕندە و دڵڕەقن و هەندێکجاریش دلۆڤان ، ئەوان لەو دلۆڤانییە چێژوەردەگرن ، ژنان خاوەن شەرمێكی ناقۆڵا و پیس و شەهوەتێك ی بێگوناهن ، ئەوان درۆ لەگەڵ پیاوی خۆیان و یەزدان و تەنانەت خۆیشیان دەکەن ، ڕوبەڕوی ژیان نابنەوە بەڵکو وەك لەیستۆکێك یاری پێدەکەن ، ژیان لایان ئاوێنەیە و هەرجارەی بەشێوەیەك خۆیانی تێ دا دەنوێنن هەرجارەش شێوە و ڕەفتارێك ی جیاوازیان هەیە ، تاکو لەو ڕێگەیەوە هەست بە بوونی خۆیان بکەن ٠ بەڵام تایبەتمەندیی پیاو بریتیە لە سەقامگیریی و پایەداریی ! پیاو کاتێك هەست بە هێزی خۆی دەکات کە ئێستێك بەرامبەر گونا‌ح و هەڵە و چاکەکانی خۆی دەکات ، بەڵام ئافرەت هەست بە هێز و توانای خۆی ناکات ، مەگەر لە نائاگایی دا ، پەیوەندیبەستن لەگەڵ ئافرەتان چاوەڕوانیی گشت ڕوداو و کارەساتێك ی ناپەسەند و ناقۆڵای لێدەکرێت ، کە چاکترینە لەدەستی هەڵبێیت ٠ کورت و کرمانجیی ، دۆستۆیڤسکی باوەڕی وایە : کە عەشقێك یەزدانیی نەبێت عەشقێك ی لەرزۆك ، نەڕسکاو و ئازاربەخشە ٠ نوسەر هێز و توانا و بیر و کاریگەریی فەلسەفەی خۆی لە (مەسیح )و پەڕتوکی پیرۆز ( ئینجیل ) وەردەگرت ، کە بەهۆیانەوە دەیخواست بەئاودیوبوون ی سنورە ئەخلاقییەکان ئازادیی بەدەستبهێنێت ٠ ئەم جۆرە فەلسەفەیە لە دنیابینیی دۆستۆیڤسکی دا بەڕادەیەك ی قوڵ و بە بەرفراوانیش لە هەناو ی گەل ی ( ڕوس ) دا ڕیشە ی داکوتا بوو ٠ دۆستۆیڤسکی باوەڕی بەوە بوو کە ڕۆح و ویژدان ی گەل ی ڕوس خەڵوەتگەیەک ی ئارام و ئاسودەیە کە تیای دا گیان ی مەسیح شادە ، واتا مەسیح لەنێو دەرون ی هەر مرۆڤێك و هەر گۆشە و کەلێنێك ی کۆمەڵگە ی ڕوسیی دا دەژیا ٠ دۆستۆیڤسکی لەبەرامبەر ئەو دەرککردنە دا تاکو لەژیان دا بوو نەفرەتی لە کولتور ی ڕۆژئاوا دەکرد ، ئەو پێی وابوو ، سیستەمی ڕۆژئاوا ناکۆك و ناتەبایە لەگەڵ ڕۆحیەت و فەلسەفە ی مەسیح ، دۆستۆیڤسکی باوەڕی وابوو ، کە بەدەستهێنان ی ئازادیی بەبێ بوون ی یەزدان نایەتەدی ، بەجۆرێك کە هەر گەلێك باوەڕی پێچەوانە بێت لەنێودەچێت ، هەربۆیە نوسەر تاکو مردیش بەرگری لەو باوەڕ و شێوەڕێبازە کرد ، دەتوانین بڵێین ڕۆمان ی ( شەیتانەکان ) ی دۆستۆیڤسکی بەرجەستەیەکی تەواوی ئەو باوەڕ و هەلومەرجە بوو کە نوسەر پێشبینیی دەکرد ! ئەم ڕۆمانە چیرۆك ی نەتەوەیەکە کەوا هاوکێشە ی کۆمەڵایەتیی ناهاوسەنگ بووە ، کە لەشوێن ئەوەی خۆی ڕزگار بکات ، بەڵام لەنێودەچێت . دۆستۆیڤسکی دژی ئەو کەسانە بوو کە باوەڕیان بە گۆڕان ی کۆمەڵایەتیی هەبوو ، ئەو ترسی لەو گۆڕانانە هەبوو ، گۆڕانێك کە ئاکامەکەی بەباوەڕنەبوون بە یەزدان کۆتایی بێت . نوسەر کۆمانەوە و تلیساندنەوە لەژێر بار ی قورس و کار ی دژوار و زریان و سەرما ی سیبریای پێ چاکتر بوو لە دەوڵەتێك ی سۆسیالیستیی ٠
شۆڕشگێڕان ی سۆسیالیست و جیهان ی زانست و یاساکان لە دیدی دۆستۆیڤسکی دا کەسانێك ی دووڕو و هەلومەرجێك ی هەڵفڕیوێنەرن ، ئەوانە زیاد لەپێویست گرنگیی و قەبارە بە گەل و مرۆڤ دەدەن ، دەیانەوێت بەکوشتن و قوربانیی ، خەڵك بگەێننە ئازادیی ، هەروەها دەخوازن لەجێگەی باوەڕبوون بە یەزدان ، باوەڕی کوفر و بێباوەڕیی بە خەڵک بسازێنن ٠ ڕاسکۆڵ لە ڕۆمان ی ( تاوان و سزا ) دا کاتێك ڕادەپەڕێت و لەپێناوی بەدەستهێنان ی ئازادیی خۆی دا دەستدەداتە ئەنجامدان ی تاوانێك ، ئەو ئیدی ئازادیی خۆی لەدەستدەدات و سەرئەنجام دەبێتە کۆیلە ی بیرێك ی سەلماو ؟ ! بەوپێ و پێوانەیە و لەو ڕوانگەیەوە ، کاتێك گەلێك لەپێناوی دامەزراندنی سۆسیالیستیی و سیستەمێك ی نوێی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان ڕادەپەڕێت ، بێ لە بەدەستهێنان ی کۆیلەیی و شێواویی و نائارامیی هیچی دی بەدەستناهێنێت ٠ ئەم دوو جۆرە ڕەهاگەرایی ( موباحیەت ) ە ی جیهان ی ئایدیا و واقیع لای دۆستۆیڤسکی لەوانەیە بوعد و لایەنێك ی مێژویی ، کۆمەڵایەتیی ، سایکۆلۆژیی و یاسایی خۆیان هەبێت ، ئەم دوو تاقیکردنەوەیە هاوشان ی یەك هەنگاو دەنێن و لەدواجاریش دا هەریەکەیان تووشی جۆرێك لە تێکشان دەبن ٠

سۆسیالیزم پێش هەرشتێك دۆزێك ی مەزهەبییە کە سەرچاوە ، کرۆك ، بنەما و ئاراستەی فەلسەفە ی خۆی لە جیهان و دنیابینییەك ی ئایدیالیستانەوە هەڵدەگۆزێت ، هەربۆیە سۆسیالیزم ناتوانێت بەتەنیا چاککەر ی ژیانی کرێکاران بێت بەڵکو چاککەر و ڕێکخەر ی جیهان ی مرۆڤایەتییشە ، سۆسیالیزم شانبەشان ی مەسیحێتیی ناڕوات بەڵکو جێنشینی ئەوە ٠ بەڵام خەوش و کەموکورتیەك کە دۆستۆیڤسکی تیای دا دەرکی پێکردبوو ئەوەبوو ، کە لەم قوتابخانەیە دا یەزدان بوونی نیە ، ئەبەدییەت شاراوەیە و زیندوبوونەوە و بەختەوەریی لە دواڕۆژ دا بوونی نیە ، واتا جگە لە بەختەوەریی سەرزەوی کە هەموو کەسێك توانای بەدەستهێنانی دەبێت ، ئەوا دنیایەك ی دی لەگۆڕێ دا نیە ، هەمووشتێك لەم جیهان ی سەرزەویە دا دەستپێدەکات و هەر لەم جیهانەیش دا کۆتایی دێت ، نرخ ی تاك ، کەس ، ژیان ی تایبەتیی ، هێز ی مەعنەویی و ئومێدە مەزن و نەمرەکان و … گشتیان لەم شیو و دۆڵ ی پوچ و تاریكی ژیان و نائاگاییە ی ئێمە دا لەنێودەچن ٠ سۆسیالیزم لێپرسراو ی پەیداکردن و دابینکردن ی ڕۆزیی و بژێویی خەڵکە ، بەڵام خواردن و خواردەمەنیی مانا ی ئازادیی نین ، بەڵکو مرۆڤ هەردەم برسیی و تینوی جیهان ی مەعنەویاتێکە کە مایە ی شادیی ، چێژبەخشیی و بەختەوەرییە بۆ مرۆڤ ، ئەمەش کارێکە کە نە بەئیشکردن دێتەدی نە بە گفتوگۆ و یاسا مرۆڤایەتییەکان ، لە دوابار دا خەوشی گشتیی سۆسیالیزم ئەوەیە ، کە نرخێك ی زیاد لە پێویست بە مرۆڤ دەدات ٠ شەیتانەکان پێشبینیەك ی ترسناك و بەخشینی شێوەیەك ی کاریکاتێریی بوو بە ڕۆژگار ی ئەوکاتە ، بەڵام هیچ کەسێك نەیدەزانی و سەرەدەرەی ئەوەی نەدەکرد ، کە دواتر و ڕۆژگارێك ئەو کاریکاتێرییە دەبێتە تابلۆیەک ی واقیعیی ؟ ! شۆڕش ی ئۆکتۆبر ی سۆسیالیستیی ئەو سەرئەنجامە شومە بوو کە شەیتانەکان باس ی لێوەدەکرد ٠ ئەوانەی خوازیاری ئەو شۆڕشە بوون لە گەل و پێداویستیەکانیان تێنەدەگەیشتن ، هەر ئەو باوەڕەیش بوو دۆستۆیڤسکی هاندا کە تاکو مردن دوژمنی سەرسەختی ئەوانە بێت ٠ ئەو باوەڕی بە ڕوسیایەك ی پێشکەوتوو هەبوو ، بەڵام دوور لە گیان ی ئەوروپاییبوون ، ڕوس ئەوەی لە توانا و بار دا هەیە کە خاوەنی مێژو و ئەزمون و ئامانج ی تایبەت بەخۆی بێت ٠ دۆستۆیڤسکی دوای ئەوەی سەردەمانێك تێکەڵ بە باس ، کۆڕوکۆبوونەوە و چالاکیەکان ی بەرهەڵستکارانی تەزار و حوکمڕانیی قەیسەر دەبێت پاشان دەکەوێتە نێو زیندانەکان ی دەوڵەتی تەزارەوە و فەرمانی لەسێدارەدانی بۆدەردەچێت ٠ ئەو ؛ ئەو بڕیار و فەرمانە ی بەشیاو و شایان ی خۆی دەزانی ، کاتێکیش ئەو فەرمانی سزاکەی هەڵدەوەشێتەوە ، هەرگیز ئەو چاکەیەی تەزار ی ڕوسیا ی لەبیر نەکرد و لەوێ بەدوا ژیانی بەوەوە گرێدا ، هەرئەم وەفا و چاکەلەبەرچاوبوونەش بوو کە پاڵی بە دۆستۆیڤسکیەوە نا کە نرخ و بایەخ ی گەل ی ڕوس بە ئەرتەدۆکس و تەزاریزمەوە گرێبدات ، واتا ئەو هەم باوەڕی بە ئەرتەدۆکس ی مەسیحێتیی هەبوو هەم بە گەل ی ڕوس ، ئەم باوەڕە هەست ی نیشتیمانپەروەرێتیی لەناخی دۆستۆیڤسکی دا دادەکوتێت ، جەنگ ی نێوان ڕوس و عوسمانیەکان ئەم هەستە لە ئەو دا دەگەێنێتە دواپلە ی جۆش و هەژانی خۆی ! نوسەر باوەڕی وابوو کە جەنگێك ی وەها ڕۆح وگیانی گەل ی ڕوس دەگەشێنێتەوە و دواجار جەنگێك ی پیرۆز بوو لەخزمەت بە مەسیح و مەسیحێتیی دا ، ئەو بەجۆرێك لە بیر و باوەڕێك ی لەوجۆرە دا ڕۆدەچێت کە لە ساڵ ی ١٨٧٠ دا بنووسێت : ( ئەوەی بە زەبر ی شمشێر نەیەتەدی ، پایەدار نابێت ) ٠ بەڵام بۆ ئەوێك کە کاتێك لە تاوان و سزا دا بڵێت : { بونەوەرێك ی کۆمەڵایەتیی نەکوشتووە ، بەڵکو ڕێبازێك ی کوشتووە } ئەوا باوەڕێک ی وەها لەگەڵ فەلسەفەی جیهانگیربوون ، مرۆڤایەتیی ، ویژدان و بیر و هزری مەسیح دا یەک نەدەهاتەوە ؟ ! ! لە دید ی دۆستۆیڤسکی دا ، بۆگەیشتن بە بیری یەکگرتن ی جیهان لە مەسیحێتیی دا گشت هۆکار و کەرەستەیەك ی بەڕەوا دەزانیی ، لە ڕۆمان ی ( برایانی کارامازۆف ) دا دەڵێت : { ئەگەر خوایەك لەئارا دا نەبێت هەموو شتێک ڕێگەپێدراو ( موباح ) ە } ، بەڵام نوسەر خاوەنی یەزدان و مەسیح بوو ، هەربۆیە بیر و هەڵوێستێك ی وەها دژ و ناکۆك بوو کە بتوانێت جەنگێك ی وەها خوێنین بەڕێوەبەرێت ؟ ! مەسیح لەپێناوی ڕزگارکردنی مرۆڤایەتیی دا خوێنی خۆی ڕشت ، بەڵام دیار بوو ئەو خۆی لە بەرامبەر هەڵوێست و بۆچونێك ی وەها دا ناچار دەبینی کە ئێسقانەکان وردوخاش بکات ، ئەوەش بەڵام ئەو و ویژدانی ئەوی ئازار دەدا ، لەئەنجام دا ئەو نەفرەت لە شارستانییەتێك دەکات کە دەبێت لەپێناوی دا پێست ی خەڵك بگوریت ، دۆستۆیڤسکی بەم جۆرە لە وەڵامەکان ڕادەکات : ( ئەگەر بەشێوەی تیۆریی لێیبڕوانیت لەوانەیە کارێك ی نەشیاو و ناشایستە بێت ، بەڵام لە کردار دا هەرئەوەیە کە هەیە ٠ ) نوسەر لێرە دا بێئاگایە لەوەی کە دروستکردن ی نەتەوەی ڕوس وەك گەلێك ی سەردەست و باڵادەست لە جیهان دا ، چەندێك لە نرخ ، پایە و شوێنی مەسیح کەمدەکاتەوە ؟ ! گشت مرۆڤایەتیی کۆمەڵێك ی هەڵبژاردە ، باڵا و دەستکردی یەزدانە ، ئەمە مەسیح گووتی ! بەڵام هەرچی و چۆنێك بێت ئاقار ی بیری دۆستۆیڤسکی ڕووە و هەڵکردنی چرا ی مەسیح و بەرجەستەکردن ی سیفات ی یەزدان بوو لە مرۆڤ دا ٠
وەک ئاماژەم پێی دا ؛ دۆستۆیڤسکی باوەڕی بە گۆڕانی کۆمەڵایەتیی نەبوو ، بەڵکو بە پەرەسەندن و کامڵبوون ی شێوە پەیژەیی یان پلەپلەیی مرۆڤ هەبوو ٠ ئەو لە ڕەوت ی کامڵبوون ی مرۆڤ دا دوو جۆر دەستەڵاتی دەخستەڕوو ، یەکێکیان دەستەڵات ی مادیی و ئەوی دیان مەعنەویی ، ئەم دوو دەستەڵاتەش خۆبەخۆ مرۆڤ بەرەو جۆرێك لە ئارامیی یان پەشێویی دەگەێنێت ٠
ڕاسکۆف بە کوشتن ی یەکێك و گێلە بەشێتبوون ، و شەیتانەکانیش لە ڕەوتی شۆڕش دا وێڵ ی دەستەڵات بوون ، دەستەڵات دەشێت هۆکار یان کەرەستەیەك بێت کە توانا ی بەرجەستەکردن ی ئازادیی لەخۆی دا هەبێت ، ڕۆمان ی ( هەرزە ) چاکترین نمونەیە کە دەستەڵات و ئازادیی تیای دا بەرجەستە کراوە ! ! هەرزە لەوێ دا دەیەوێت ئازادیی بەدەستبهێنێت ، ئەو لەوباوەڕەدایە کە سامان دڵنیاترین و نزیکترین ڕێگەیە بۆگەیشتن بە هێز و دەستەڵات ٠ ئەو کەسێك ی زۆڵە و لەئەنجامی زۆرگیریی – اغتصاب کردنی دایکە کارەکەرەکەی لەلایەن کەسێک ی بەناو ڤێرسیلۆڤەوە هاتۆتە دنیاوە ٠ هەرزە نە دایك ی هەیە و نە باوك ، ئەو دوورە لە هەر بەسەرکردنەوەیەکی سۆز و خۆشەویستیی ٠ ئەو لەلایەن پیاوێك ی دڕندە و نەزان ی فەڕەنسیی بەناوی تۆچاردەوە دەچەوسێتەوە ، تۆچارد ئەتکی ڕۆحی دەکات ، دەیبوغزێنێت ، ئازاری دەدات ، ڕیسوای دەکات ، سوکایەتیی بە کەسایەتیی دەکات و بە نۆکەر و بێنرخی دەنرخێنێت ، بەڵام هەرزە بەپێچەوانەوە ڕێزی لێدەگرێت ، لێیدەپاڕێتەوە و تکاکار ی دەبێت ، بەڵام ئەوانە هەمووی بێسود دەبن ٠ لێرە دا پێویستە بگوترێت کە مرۆڤ چەندێك پوچ و بێنرخیش بێت ئەوا خاوەنی جۆرێك لە غرور و و هەست ی شانازییە ، ئەم نۆکەرە دەخوازێت لەیەك سات دا هەم نۆکەر و هەم گەورە و کوێخاش بێت ؟ ! ئەو کەسێك ی سوککراو و ڕیسواکراوە بەڵام لەگەڵ ئەوەش دا بیردەکاتەوە ، بەڵام ئاخۆ بیرکردنەوە چی لە ژیانی ئەو سەوز دەکات ؟ ! ئەو لەئەنجامی بیرکردنەوە دا خەڵك بە هیچ دەزانێت ، دەیەوێت تۆڵەی خۆی بکاتەوە و خەڵکیی ڕێزیبگرن ، ئەو دەیەوێت ئاودیوی دیوارە ئەخلاقییەکان بێت ، تاکو هەم ئیعتیبار بۆ کەسایەتیی خۆی بگەڕێنێتەوە هەم بەدەستهێنانی ئازادیی و دەستەڵات ٠ ئەو لە سەرەتا دا دەخوازێت بزانێت کە ، ئایا ڕۆڵ ی سامان لە ژیان ی کۆمەڵایەتیی دا چیە ؟ ! ئەو دەیەوێت بەهۆی پارە و زێڕەوە لەچوارچێوە ی ئەو دەوروبەرە شێواو ، ماندوکەر و ئازاربەخشە دا ڕابکات ٠ لێرە دا ڕاسکۆڵ و هەرزە بەرەو یەك مەبەست و ئامانج شۆڕدەبنەوە ، و یەك تێکشکانیش ڕوبەڕوی هەردووکیان دەبێتەوە ، واتا بەرەو ئەنجامدان ی کارێك کە لەسەروی توانای کاری مرۆڤێك ی ئاساییە ٠ لە ڕۆمان ی هەرزە دا ، کەسایەتیی هەرزە جولەکەیەك ی دەوڵەمەندی ساماندار بەبۆگەن و بێڕەوشت دەچوێنێت ، لە تاوان و سزایش دا پیرەژنێك بە مێرو یان جانەوەرێك ٠ بێگومان ئەم دوو پاڵەوانە لەو کارانە ی کە ئەنجامی دەدەن ، هیچ سود و بەرژەوەندییەك ی بەرزی مرۆڤایەتیی تێ دا ڕەچاو ناکرێت ، بەڵکو تەنیا هەڵوەدای دەستەڵاتن ! هەرزە دەڵێت : { من پێویستم بە پارە نیە } ، ئەو وێڵ و عەوداڵی دەستەڵات بوو ، دەستەڵاتێك کە لە سایەی دا دەتوانێت گشت ویست ، ئارەزو و داخوازێك ی خۆی بەدەستبهێنێت ٠ هەرزە دەیەوێت لەسەر شارایەك ئاڵتون خۆی لەناوبەرێت و بەئازادیی خۆی بگات ، ئەو دیمەن ی خەون و خەیاڵەکانی خۆی لە ساتێك لە ساتەکان و لە هزر و بیرکردنەوەی خۆی دا وەها دەهێنێتەپێشچاو ، کە ئەو ئیدی کەسێك ی ساماندار ی خاوەن دەستەڵاتە ، و بەهۆیەوە پارە دەبەشێنێتەوە ، لەوێ دا ئیدی ڕاستییەکانی ناخی ئەو دەردەکەون ، واتا لەوێ دایە کە پارە و سامان هیچ ڕۆڵێك لە ژیان ، هەڵسوکەوت و بار ی دەرونیی ئەو ناگۆڕێت ٠ هەرزە لە وێستگەیەك ی شەمەندەفەر دا : { ئەگەر ئەم جەنەڕاڵە بێئەدەبە بیزانیایە من کێم ، ئەسپ ی لە عەرەبانە دەبەست و لەسەرکەوتنم دا دەست ی دەگرتم } ٠ ڕاسکۆڵ لە دید و باوەڕی خۆی دا ، بەدەستهێنانی ئازادیی و دەستەڵات لە کوشتنی کەسێك ی بێتاوان و سزا و چەشتنی ئازار ی سیبریا دا بەدەستدەهێنێت ، بەڵام هەرزە بەپێچەوانەوە ، و لەشوێن ئەو کارە پارە کۆدەکاتەوە ! ئەو لە شوێنێك دا : { پارە تەنیا هۆیەکە کە بەسوکترین و بێنرخترین کەسان ڕێگەدەدات کە بە بەرزترین پلە بگەن } ، ئەو پول بە پول کۆدەکاتەوە ، بەڵام لەجێگە ی ئەوەی کەسێك ی ئارام و بەختەوەر بێت ، هەمیشە لە حاڵی بیرکردنەوەیەک ی قوڵ دایە ، کە سەرئەنجام توشی نۆچدان و تێکشکان دەبێت ؟ ! تێکشکانی هەرزە لە مردنی (( ڕێنۆچکا )) دایە ، ئەو منداڵێك ی هەتیو و بێکەسە و هەرزە دەیگرێتەخۆی ، هەرزە لەپێناو ی گەورەکردن و بەختەوەریی ئەو دا تەواوی سامانی خۆی دەبەخشێت ، ئەو لە سەرئەنجام دا پاشەکشە لە ئامانجێك دەکات کە دارونەداری لەپێناوی دا کردووەتە قوربانیی ٠ دواجار ئەو لەکاردانەوە ی ئەو تێکشکانە دەرونییە دا دەستدەداتە قوماربازیی ، بەرەڵایی و پەیوەندیبەستن لەگەڵ خەڵکان ی نەفسنزم و بێبەهرە دا ، واتا بارێك کە ئەو ڕوبەڕوی پوچیی و تەنیایی دەکاتەوە ٠
دۆستۆیڤسکی لەدواتەمەنەکان ی ژیانی خۆی دا دەبێت ! واتا ئەو ئیدی ڕووە و پیریی دەڕۆیشت ، زەبری گورچکبڕی چەندساڵە ی زیندان و دژواریی و سەختیی ژیان ، ئەو هێدی هێدی دەچەمێنێتەوە ، و ماندوێتیی لە ڕوخساری دا وەدەردەکەوێت ! بەڵام ئەو ئێستا خاوەن تاقیکردنەوە و ئەزمونێك ی قوڵە ، دەستەڵاتی ژیریی دەستی بەسەر توانایی هزر و بیری ئەو دا گرتووە ، ئەو ئیدی خاوەن پەیامێکە و دەخوازێت بیگەێنێت ٠ دۆستۆیڤسکی لە دواڕۆژەکان ی تەمەنی خۆی دا ، ناو و ناوبانگێك ی زۆر ی پەیداکرد ، ئەو لە بەشداریکردنی یاد و ئاهەنگ ی پەردە هێنانەخوارەوە لەسەر پەیکەر ی شاعیر ی ناودار ی ڕوس (( پۆشکین )) ، پلەوپایە ی گەیشتە فەیلەسوف و پەیامبەرێك ، پەیام ی ئەو بۆ گەل ی ڕوس و گشت مرۆڤایەتیی بوو ! ڕۆمان ی (( برایانی کارامازۆف )) کە ماوەی سێ ساڵ ی بۆ نووسینی خایاندووە ، ئەو دوا پەیامە بوو کە بە ئەمانەت و ڕاستگۆییەوە گەیاندی ، ئەو دوای تەواوکردن ی ئەم ڕۆمانە چاوەکانی بۆهەمیشە لێکنا و لە ساڵی ٣١. ٦ . ١٨٨١ دا دنیا ی پڕئازار و ئەشکەنجە ی جێهێشت ٠ لێرە دا بەگرنگی دەزانم کە چەند دێڕێکی کورت سەبارەت بە پەیام ی ئەو مەزنە ناودارە کە ڕۆمان ی ناوبراوە بنووسم ، چونکە ئەم ڕۆمانە دوابەشی زنجیرەژیان ی فیکریی و فەلسەفیی ئەدەبیی دۆستۆیڤسکیە . هیوادارم خوێنەر ی هێژا بە حەوسەڵەی زیاترەوە لەخوێندنەوەی بەردەوام بێت ٠

برایانی کارامازۆف
خێزانی کارامازۆف لە شارۆچکەیەك دەژین ٠کارامازۆف پیرەمێردێكە کە سەرتاسەر ی تەمەن و ژیانی بە ڕەوشتنزمیی ، شەهوەتبازیی ، دڵڕەقیی و شاراوەیی بەسەربردووە ٠سێ ژنی هێناوە ؛ لە ژن ی یەکەمی کە هەمیشە دارکاریی کردووە کوڕێك ی لێیدەبێت بەناوی ( دیمیتری ) ، دیمیتریش کەسایەتیەکی هەرزە ، کاڵفام ، هەڵخلیسکاو و هەندێکجاریش دەم لە فەلسەفەی ئایدیالیستیی دەدات ٠ لە ژنی دووهەمیان ، کە کەسایەتییەکی شاتەشاتکەر و هاش و هوشکەر ی هەبووە ، کوڕێك ی لێیدەبێت بەناوی ( ئیڤان ) ، ئەمیش کەسایەتییەکی ڕۆشنبیری ترسناکە و گیانێك ی ئاژاوەچیانە و وێرانکاریانەی هەیە ، ئەو دەشێت بگوترێت قارەمان ی باوەڕ و فەلسەفە ی (( ڕەتگۆیی – نهێلزم )) ە ٠ هەروەها لەهەمان ژن کوڕێك ی تری بەناوی ( ئەلێکس ئالیۆشا ) دەخاتەوە کە کەسێكی خێرخواز و چاکەکارە و لەجیهان ی یەزدانناسیی دا قوڵدەبێتەوە و کەسایەتیی خۆی پێوەی گرێدەدات ، کە دەتوانین بڵێین ناوەندی فەلسەفەی چاکە و خێرخوازییە لە ڕۆمان ی برایانی کارامازۆف دا ، ناوەندێك ی ڕوناك کە تەواوی کەسایەتیەکان ی تری ناو ڕۆمانەکە لە دەوری دەئاڵێن ٠ کەسێك ی دی لەنێو ئەم خێزانە دا دەژێت بەناوی ( سێمەرد یاکۆف ) ، ئەو پیاوێکە و بەرهەمی زۆرگیریی – اغتصاب ی کارامازۆف ی پیرە لە کچێك ی هەژار ی کەڕولاڵ ، ئەمیش کەسایەتییەكە ، کە تایبەتمەندیەكی پوچ ، بێئابڕو ، فێڵباز و هاشوشکەری هەیە و نۆکەر ی ماڵەکەیە ، ئەم مرۆڤە پەیوەندیی لەگەڵ ئیڤان ی زڕبرای خۆشە و ستایسی دەکات ٠ لەنێوان ئەم باوك و چوار کوڕە دا ، ژنێك بەناوی ( گرۆشینکا ) هەیە ، کە هەریەکەیان بۆبەدەستهێنانی ئەو دژی یەکتری دەجەنگن ٠
سێمەردیاکۆف بەو خەیاڵ و باوەڕەی کە گوایە داوایەکی ناوەکیی یاخود ناخ و دەرون ی ئەو واتا ئیڤان جێبەجێ دەکات ، کارامازۆف ی باوك دەکوژێت ، بەڵام لەشوێن ئەو دیمیتری بە تاوانبار دەناسرێت و و دادگە لەپای سزاکەی دا ڕەوانەی سیبریا ی دەکات ٠
دوو بیری سەرەکیی بەسەر جەستەی ڕۆمان ی برایانی کارامازۆف دا شۆڕدەبنەوە ، یەکێکیان عەشق و ئەوی دیان یەزدانە ، شیاو و گونجاویشە بگوترێت گرۆشینکا و مەسیح یاخود شەیتان و فریشتە ٠ ئێمە پێویستە ئەم ڕۆمانە وەك ڕوداوێك ی ڕۆژانەیی سەیرنەکەین ، بەڵکو وەك سیمبۆل ، نیشانە و ئاماژەیەك بۆ گەیاندنی فەلسەفە و بیرێك یان پەیامێك لێیبڕوانین ! ! لێرە دا هەریەکێك لە کەسایەتییەکان سیمبۆلن بۆ دیاردەیەکی مرۆڤایەتیی و قۆناخێك لە کامڵبوونی ڕەوشت و ویژدان ی مرۆڤ کە خاوەنی تایبەتمەندیی و پێناسی خۆیەتی : کارامازۆف ی پیر یاخود باوك ، کەسایەتیەکی سروشت ئاژەڵییە ، کە هەڵوەدای سێکس و بەدەستهێنانی دنیا ی شەهوانیەتە ! ! دیمیتری ، ئالیۆشا ، ئیڤان و سێمەردیاکۆف تێکڕا و پێکەوە سیمبۆلن بۆ قۆناخێك لە گۆڕانەکان ی کەس یان ، مرۆڤێك کە وردە وردە لە سیفەت ی ئاژەڵییەوە ڕووەو پاکبوونەوەی گیان و باڵابردنی ڕەوشت و ویژدانی مرۆڤ دەڕوات ، واتا دروستبوونی مرۆڤ ی نوێ ٠ ئالیۆشا لە شوێنێك دا بە دیمیتری برای دەڵێت : { پەیژە ی شەقوشڕ بۆ هەموومان یەك شتە ، گریمان تۆ لە پلەی سیانزە دا وەستاویت و منیش لە پلە ی یەکەم دا ، لای من هیچ جیاوازیەکیان نیە } لەسەر ئەم پەیژەیە و لە دواپلە ی سیانزە دا ژنێك هەیە واتا گرۆشینکا کە لەژێر دەستی بازرگابێك ی پیر ( کارامازۆف ) دایە ، کە ئەوی لە نەهامەتیی هەژاریی و نەبوونیی ڕزگارکردووە ٠ ئەم ژنە هەرکەسە لە دید ، تێڕوانین و بەرژەوەندیی خۆیەوە لێیدەڕوانێت و پێناسی دەکات ، خزمێكی ژنەکە : کچێك ی هەرزە و بەرەڵایە ، کارامازۆف : سۆزانیی ، هەندێك ی دی : ئاژەڵە ، کەسانێك ی تر : نەخێر فریشتەیە ، دیمیتری : ژنێك ی ئاگرئاسا و بێئامانە ، ئالیۆشا : کەسێك ی سادەیە ٠ لێرە دا دەتوانین بڵێین ئەم ئافرەتە هەموو ئەو سیفەتانەی تێ دا هەیە یان بەجۆرێك ی دی : ئافرەتێك ی گەنج ، سێکسیی ، بۆگەن ، سیفەت ئاژەڵیی ، سۆزدار ، ئازاربەخش ، سەرشێت و …تاد ە ٠ کارامازۆف ی پیر گشت سامان و موڵکی خۆی دەکاتە میراتەبەش و بەسەر منداڵەکانی دا دابەشی دەکات ، بەڵام ئەو بەشی دیمیتری کوڕی بە گرۆشینکا دەبەخشێت ٠ گرۆشینکا کەسایەتیەکە وەك ئاگر لەدوی پوش دەگەڕێت ، نەهەنگێکە و دەوروبەرەکەی خۆی هەڵدەلوشێت ، ئەو ئارەزوی ئاودیوبوون ناکات ، بەڵکو لەیستۆکێکە و یاری پێدەکرێت ، و لەبەرامبەر دا ئەویش یاری بەخەڵك دەکات ٠ کارامازۆف لە دیدی ئەم ئافرەتە دا کەسایەتیەکی سوك و بێنرخە ! ، ئەم پیرەمێردە گشت شەوێك لەپەرێز ی ڕاوکردنی ئەو دا دەبێت تاکو لەگەڵی دا سەرجێگەیی بکات ، بەڵام گرۆشینکا نەخۆی دەداتە دەست ئەو و نە کەسێك ی وەك دیمیتری کە شێت و شەیدای بووە ٠ ئەم ئافرەتە بەهەردووکیان ڕادەبوێرێت ، تاکو کار دەگاتە ئەو شوێنە ی ، کە ململانێی نێوان باوك و کوڕە دەگاتە مریشکەڕەشە یان ئەوپەڕی توندوتیژیی و کۆڵانێك ی داخراو ٠ کارامازۆف ی باوك بەجۆرێك شەیدای ئەو ژنە دەبێت کە گشت ئازادییەکی لێزەوت دەبێت و دەبێتە کۆیلە ی ئافرەتێك ، دیمیتریش لەلایەکی دیەوە بەجۆرێك شەیدا ی جوانیی و سەرنجڕاکێشیی گرۆشینکا دەبێت ، کە کەسایەتیی ئەو دیل و شەتەك دەکات ٠
ئارەزو و شەهوەتی دنیایی و بەدەستهێنان ی ژیان بەجۆڕێك لەو کەسایەتییانە دا قوڵدەبێتەوە کە دەیانکاتە ئاژەڵێك و بەئەنجامدان ی تاوان و کاری ناشایستە خۆیان ئاودیوی سنورە ئەخلاقییەکان دەکەن ، باوك دەڵێت : { ئەو وەکو قالۆنچەیەك پاندەکەمەوە } ، دیمیتری بەرامبەر بە باوکی : { نازانم لەوانەیە بیکوژم و لەوانەیشە نەء ، دەترسم کاتێك بێت و نەتوانم تەحەمولی چڕوچاوی بکەم …. } کار لەپێناوی بدەستهێنانی ئەم ژنە دا بەڕادەیەك دەگات ، کە دیمیتری لەنیوەشەو دا دەسکە هەمەوانەیەك بەسەری باوکی دا بکێشێت و ( بیبورێنێتەوە ) ، سێمەرد یاکۆف کە چاودێریکەر و خۆلەمەڵاسدەر ی ڕوداوەکە ی نێوانیان دەبێت ، دەڕوات و لە پشتەوە کار ی لێدانەکە دەگەێنێتە ئەنجام و کارامازۆف ی باوك (دەکوژێت ) ، دیمیتری لەدوای ئەو ڕوداوە هەڵدێت و ڕەدوی گرۆشینکا دەکەوێت ، سەرئەنجام بەڵام پۆلیس ئەو واتا دیمیتری لەکاتی لوتکە ی مەستیی ، شادیی ، عەشق و دڵداری دا دەستگیردەکەن و دواجاریش تاوان ی کوشتنەکە بەسەری دا ساخدەبێتەوە ، پاشان بۆ بەسەربردنی شوێنی سزاکەی ، بەسزای کار ی بەزۆر وگران ڕەوانەی سیبریا دەکرێت ، گرۆشینکاش لەلایەکەوە فریوی پارەی باوکە و لەلایەکی تریشەوە پەیمانی هاوسەرگیریی بە کوڕ واتا دیمیتری دەدات ٠
ئەو شادیی و سەرمەستیە ی دیمیتری و گرۆشینکا دەیچێژن و زۆرجاریش کە لە ژیان و دەوروبەر ی کەسایەتیەکانی ناو ڕۆمانەکانی دۆستۆیڤسکی دا دێنەبەرچاو و وێناکردن ، نیشانە و ئاماژەیەکن بۆ هەستکردن و پێشبینیکردن ی ڕوداو یان کارەساتێك ؟ ! ئەم جۆرە شادیانە لای نوسەر مانا و مەغزا ی قوڵ دەبەخشن ، بەو واتایە ی کە هەر شادییەك مەعنەویی نەبێت شادیەک ی لەرزۆك ، کاتیی و تێکشکێنەرە کە ئەنجام بە لەناوچوون ی مرۆڤەکان کۆتایی دێت ٠دۆستۆیڤسکی هەروا بێ هۆ ، لەخۆڕا و بێبناغە کەسایەتیی و پاڵەوانەکانی خۆی بەسزا نەدەگەیاندن و لەنێوی نەدەبردن ، ئەو لەڕێگە ی سەلیقە و نەریت ی ئەدەبیی خۆیەوە بەجۆرێك زەمینەسازیی بۆ خوڵقاندن ی ڕوداوە پێشبینینەکراوەکان خۆشدەکرد کە ئاوس بێت بە کەرەستەی شادیی ، خۆشیی ، ڕابواردن ، مەستیی ، و عەشق ، واتا نوسەر لە لوتکە ی شادیی ، مەستیی ، عەشق ی سوتێنەر و چێژ ی دنیایی دا کەسایەتیەکانی خۆی دەگلاند بە ئەنجامدان ی تاوان ٠ دیمیتریش لەهەمان لوتکە ی ئەو شادییە دا بوو کە هەوڵی کوشتنی باوکی دابوو ، ئەو هەرچەندە لە دادگە دا بەرگریەکی زۆری لە بێتاوانیی خۆی دەکات ، بەڵام بێسود دەبێت ، و کەوتنەوەی ڕوداوەکان گشتی شایەتیی لە ئەنجامدەری تاوانەکە کە دیمیتریە دەدەن ، بەڵام لەڕاستی دا سێمەردیاکۆف ئەنجامدەری ڕاستەقینە ی تاوانەکەیە ! کەسایەتیی سێمەرد ڕۆڵێکی ترسناك و دۆزەخیی لە برایانی کارامازۆف دا دەگێڕێت ، ڕۆڵێك کە زۆر جێگە ی مەبەستی دۆستۆیڤسکیە ! ! هەر ئەو جێمەبەست و خواستلەسەربوونەیشە هانی نوسەر دەدات کە سێمەردیاکۆف بکاتە سیمبۆل و ناوەندی ڕوداوێك ی گرنگ ، کاریگەر و هەژێنەر٠ سێمەردیاکۆف بۆچی هێندە جێگە ی بایەخ و گرنگیپێدانی دۆستۆیڤسکیە ؟ ! سێمەرد دەربڕی چەشنێك لە جیهان ی ناوەوەی ئیڤان کارامازۆفە ، ئەو واتا سێمەردیاکۆف گیاندارێك ی بێزارکەر و نەفرەتلێکراوە ، ئەو ، ئەو بێزاریی و نەفرەتبەرکەوتنانە بەشایستەی خۆی دەزانێت و لەزۆر شوێنی ڕوداوەکان دا دان بەوە دا دەنێت ، لەڕاستیی دا ئەو حەزی لە نەفرەتبەرکەوتن و ڕیسوابوونە . ئەو بەهۆی بێبەشبوونی ئیڤان ی زڕبرای لە میراتی باوکی ، کارامازۆفی باوکیان دەکوژێت ، بەبێئەوەی ئیڤان ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ داوای ئەو کارەی لێکردبێت ٠ ئەو کاتێك کە ئەم کارە ئەنجام دەدات ، لەدید و بۆچوونی خۆی دا وادەزانێت کە داوا ، تکا و ئارەزویەک ی گەورەکەی خۆی کە ئیڤانە بەجێهێناوە ، واتا ئەوەی لەدەریا ی دڵی ئیڤان دا بەشێوەیەکی زۆر ئاڵۆز و پێچاوپێچ مەلەی دەکرد ، لەواقیع دا ئەنجام درا ، ئیڤانیش بەوکارە توشی سەرلێشێواویی ، سەسوڕمان ، دۆشدامان و دەرونلاوازیی دەبێت ! دەتوانین بڵێین ، سێمەردیاکۆف سیمبۆل و خاڵ ی پێکگەیشتن ی ئایدیا و کردارە ، یان تەواوکەری کەسایەتیی ئیڤان ٠سێمەردیاکۆف نیشانە و هەڵگری مانا و بوعدێك ی زۆر قوڵ و پێچاوپێچ ی مرۆڤایەتییە واتا ئەوەی کە لە جیهان ی نائاگایی ( لاوعی ) ئێمە دا دەردەکەون ، نالێپرسراو ، جیا و سەربەخۆ لە کردار و ویژدانمان نین ، هەر لەو دید ، ڕوانگە و باوەڕەیشەوەیە کە سێمەرد لە شوێنێك دا بە ئیڤان ی برای دەڵێت : { تۆ زۆر حەزت لە کوشتنی باوکت بوو ، بەڵام تۆ نەتدەتوانی ئەو بکوژیت ، ئارەزومەند و خوازیار ی ئەوە بوویت کە کەسێك ی دی ئەو کارە ئەنجام بدات ٠ } ٠

ئیڤان لەناخی خۆی دا هەرگیز هەستی بەوە نەکردبوو کە ئارەزو یان خواستێك ی لەوجۆرە لە ناخ و ویژدانی دا چەکەرەی کردبووبێت ، بەڵام کاتێك ئەو ڕوبەڕوی واقیعێك ی لەوجۆرە دەبێتەوە ، دەشێوێت و لەدەرونی خۆی دا و پاش لێکدانەوە و تاوتوێکردن ، دەگاتە ڕاستییەك کە لە شوێنێك دا بڵێت : { بەڵێ ، من چاوەڕێ ی ئەو کارە بووم ، لەبەرئەوە ڕاستە من دەمخواست ئەو بکوژم } ٠ بەڵام ئەوەی کە سەری ئیڤان لەم هێنان و بردنانە دەسوڕمێنێت ئەوەیە کە : { ئایا من تاکو ئەو ڕادەیە حەزم لە مردن ی باوکم بوو ؟ ! } سێمەردیاکۆڤ لەوێ دا و ڕاستەوخۆ بە ئیڤان دەڵێت : { بەڵێ تۆ کووشتت ، پیاوکوژی ڕاستەقینە تۆیت ، من تەنیا یارمەتیدەرێكی تۆ بووم … } سێمەرد لە دادگاییکردنی ئیڤان و لە بیر و ویژدانی خۆی دا تەنیا یەك بەڵگە دەبینێتەوە ، ئەویش دەقی قسەیەکی ئیڤان خۆیەتی کە لەکاتیخۆی و لە میانە ی گفتوگۆیەکی لەگەڵ سێمەردیاکۆف دا بەگوێی دا دەدات و پێی دەڵێت { ئەگەر یەزدانێك نەبێت ، ئەوا هەمووشتێك ڕێگەپێدراو ( موباح ) ە } سێمەرد ڕێك لەسەر بنچینە و هێزی کاریگەریی ئەو قسەیە ی ئیڤان دەبێت کە تاوانێك ئەنجام دەدات ٠ ئیڤان لە ڕوانگە و دید ی یاسا ی مرۆڤایەتی و زانست دا کەسێكی بێتاوانە ، بەڵام لە دیدگە و دنیابینیی ئەخلاقیاتەوە هیچ دەرفەت و ڕێگەیەك نابەخشرێت ، کە ئیڤان بەدەر و دوور لە تاوانێك ی لەوجۆرە بێت ٠ سەرئەنجام ئیڤان لە شوێن و پاداشتی نکۆڵیکردنی لە یەزدان ، خۆی لەناو زبڵدان و زۆنگاوی بۆگەنبووی گیانی ئێمە ، واتا سێمەردیاکۆف دا دەبینێتەوە ، لەبەرامبەر گەیشتن بە دواپلە ی پەیژەیەک ی پتەو و تۆکمەدار لەپێناوی بەدەستهێنانی جیهانێك ی ڕوناك ، ڕەوشت و ویژدانێك ی باڵاتر ، خۆی لەنێو شیو و دۆڵێك ی تاریك دا دەبینێتەوە ، لەشوێن بەدەستهێنانی ئاوەزێك ی ڕۆشنتر و تەندروستتر ، دوچاری جۆرێك لە ناهاوسەنگیی دەرونیی و ویژدانیی دەبێت ٠ ئیڤان لە بیرکردنەوە ، ڕامان و ناسینی دەرون و ویژدانی خۆی دا ڕوبەڕوی ئازارێك ی قوڵ دەبێتەوە ، کاردانەوە و کاریگەریی ئەنجامبەندیی و گەیشتنی ئەو بەو ڕاستییە ی کە خۆیشی بەشێکی گرنگە لە تاوانەکە ، بەجۆرێك لەو دا ڕەنگدەدەنەوە ، کە هەست بە دووکەرتبوونی کەسایەتیی خۆی بکات و ڕوبەڕوی شەیتان ببێتەوە ، ئەو شەیتانەش خۆیەتی : { تۆ خۆمیت ، بەڵام بە ڕوخسارێك ی تر، تۆ ڕاگەیەنەری بیری تایبەتی منیت ، تۆ پڕوپوچتریین بیر و خەیاڵ هەڵدەبژێریت } ٠ زۆرێك لە بار ی ژیان و کاردانەوە دەرونییەکان ی کەسایەتیی و پاڵەوانەکان ی دۆستۆیڤسکی ڕەنگدانەوەی بار ی کەسایەتیی و بەسەرهات ی ژیان ی واقیعیی دۆستۆیڤسکی خۆی بووە کە ڕۆژگارانێك لەگەڵیان دا ژیاوە ٠ لە ڕۆمان ی (( قومارباز )) دا هۆنینەوە و وەسفکردن ی بار ی دەرونیی پاڵەوانەکە ی ڕێك و کتومت وەسفی بیرکردنەوە و ژیان ی تایبەتیی دۆستۆیڤسکی خۆی بووە کە سەردەمانێك کاتەکان ی ژیانی خۆی بە قومارکردن لە گازینۆکان ی نەمسا ، ئەڵمانیا ، ئیتاڵیا و سویسرا دا بەسەربردووە . لێرە دا دەتوانین بڵێین کەسایەتیی ئیڤان هەڵگر ی باری کەسایەتیی و فیکریی دۆستۆیڤسکی خۆی بووە کە ماوەیەک ی زۆر بیر ی یەزدان بەخۆیەوە سەرقاڵ دەکات ، واتا بیرێك کە سەرتاسەر و بۆهەمیشە ژیانی خستووەتە ئازارەوە ، نکۆڵیی ئیڤان لە یەزدان هەمان نکۆڵیی دۆستۆیڤسکی بووە لە یەزدان ، کە سەردەمانێك ی زۆر ئەویش ئاڵاهەڵگری دەبێت . لەدید و تێڕوانینی دۆستۆیڤسکی دا ئیڤان هەمان ڕۆڵ ی سێمەردیاکۆف دەبینێت ، واتا ئیڤان بەرجەستەیەکە لە ڕۆح و ویژدانی ئەو ، بەڵام ئەو مەودا دور و جیاوازیە ی کە لەنێوان ئیڤان و دۆستۆیڤسکی دا دروستدەبێت تەنیا ئەو بارە مەجازییەیە کە ئیڤان هان دەدات تاوانێك بە ناڕاستەوخۆ ئەنجام بدات ، دەنا نوسەر لە ژیان ی خۆی دا هەرگیز ئەنجامدەر و نەخشەداڕێژەر ی هیچ تاوانێك نەبووە ، واتا ئیڤان کەسایەتییەك ی دادگاییکراوی خەیاڵ و ویژدان ی دۆستۆیڤسکی خۆی بووە و هیچی تر ٠
ئالیۆشا و قەشە زیسیم دوو ڕوخسار ی ڕوناك و نورانین لەبەرامبەر ئەو کەسە دەروننەخۆش و دووکەرتانە دا ٠ئالیۆشا قوتابی یان ئیماندارێك ی بیر و فەلسەفە ی مەسیحە لە خەڵوەتگەیەک ی ئارام دا ، ئەو نە ئەولیایە و نە سۆفی ، بەهەمان شێوەش نە کەسێك ی خەیاڵیی یان فریشتەییە ، بەڵکو مرۆڤ یان کەسێك ی ڕیالیستییە و ئاشنایی بەو دەوروبەرە بۆگەنبووەوە هەیە کە تیای دا هەست بە بەرپرسیارێتیی ، لێپرسراوێتیی و پابەندبوونێك ی ویژدانیی و ئەخلاقیی دەکات ، ئەو کەسێك ی مرۆڤدۆستە کە لە ڕۆژگاری خۆی زیاتر هەنگاوی بیروباوەڕ و ئاکار ی چاکەخوازیی و مرۆڤدۆستیی هەڵهێناوەتەوە ، بەڵام ڕاستییەك هەیە ، کە ئەو ، واتا ئالیۆشا ناتوانێت هەوەسبازیی و شەهوەتپەرستیی کەسایەتییەکان لە دنیا ی ماتریالیی دا خامۆش یان لەناوبەرێت ، ئەو کەسێکە کە لە جیهان ی واقیعیات دا گەورە بووە و باوەڕێك ی ساخ و دروستی بە بوون ی یەزدان و موعجیزات هەیە ، بەڵام موعجیزە بنچینە و کۆڵەکە ی بیر ، بیرکردنەوە و ڕەوشتی ئەو نیە ، بەڵکو هۆکار و هەوێنی پڕشانازیی بیروباوەڕی ئەوە ٠ موعجیزە باوەڕ دروست ناکات ، بەڵکو بەپێچەوانەوە ٠

ژیان لای دۆستۆیڤسکی بەهەشتێکە ، کە ئێمە لەناوی دا دەژین و بەڵام ناخوازین لە مانا ی ڕاستەقینەی ئەو ژیانە تێبگەین ، هەروەها هەریەکێك لە ئێمە لەم ژیانە دا گوناهبارین بەرامبەر گشت کەس و هەر ڕوداو یان دیاردەیەکی مرۆڤایەتیی کە ڕودەدەن ! ژیان ی مرۆڤ لەنێوان ئەم جیهان ی بەهەشت و هەستی گوناهبارییە دا دەکرێت بەدەربڕی جۆرێك لە جیهانیبوون ی ئازاری مرۆڤایەتیی وێنابکرێت ، کە دۆستۆیڤسکی لە ڕۆمانەکانی دا هەوڵی بەرجەستەکردنیان دەدات ٠ تاوان بەتەنیا پەیوەست نیە بە قوربانییەکەی و تەواو ، بەڵکو پەیوەستە بە گشت لایەنەکان ی کۆمەڵگە و هەر تاکێكی ئەو کۆمەڵگەیەشەوە ، کاتێك کەسێك کە لە خەیاڵ و هزری دا حەز یان ئارەزو ی تاوانێك دەکات ، ئەگەر لە کرداریش دا ئەنجامی نەدات هەر بە تاوان دەژمێردرێت ، بۆ نمونە : لەگەڵ چەتە یان گەندەڵکارێك کە هێشتا ڕوخساریمان نەبینیوە ، ئەوا چەتەیی یان گەندەڵییمان ئەنجامداوە ، لەگەڵ بابکوژێک کە بەهۆی خوێندنەوەمان لە ڕۆژنامەیەك دا ناسیومانە ، دیارە بابکوژییمان کردووە ، لەگەڵ شەهوەتبازێکیش دا زۆرگیرییمان کردووە …. تاد بەخشینی ئەم بوعدە یاسایی ، دەرونناسیی ، فەلسەفیی و ئەخلاقییە پێچاوپێچ و ئاڵۆزە بە کۆمەڵگە یان ئاکار و ویژدان ی هەر تاکێك ی کۆمەڵگە ، دەرخەر و بەڵگە ی ئەوەیە کە ئێمە ی مرۆڤ دابڕ و ناپەیوەست نین بەو تاوان و کارە ناپەسەندانەی کە لە کۆمەڵگە و دەوروبەر ی هەریەکێك لە ئێمە دا دەگوزەرێن ، واتا ئێمە ی مرۆڤایەتیی لێپرسراو و بەرپرسیار ی هەموو ئەو ڕوداو و کارانەین کە کۆمەڵگە بەرەو زۆنگاوی وێرانیی و نادادپەروەریی دەبەن ٠ دۆستۆیڤسکی دەخوازێت ئەو پەیامەمان پێبگەێنێت ، کە بۆ ڕزگاربوونمان لەو بار و هەلومەرجە سەخت ، دژوار و ئازاربەخشانە ، دەبێت خاوەن عەشقێك ی یەزدانیی بین ، عەشقێك کە بێکۆتا و بێسنورە ، عەشقێك کە گەردونییە ، و لە دیدی نوسەر دا تەنیا ڕێگە و دەرچەیەکە کە دەتوانێت هەم شفابەخش و ڕزگارکەر بێت هەمیش هێز ی ئەوەمان پێدەبەخشێت کە توانا ی خۆهاوسەنگکردنمان لەنێوان دنیا ی مادیی و مەعنەویی دا هەبێت ! ئالیۆشا وەك مۆمێك لەنێو تاریکایی دەرون ی مرۆڤ و جەنگەڵستان ی کۆمەڵگە ی مرۆڤایەتیی دا دەسوتێت ، ئەو بەڵام لە ڕوناکاییەكی پڕشادیی و بەختەوەریی دا دەژێت ، هەر ئەو ڕوناکییەشە کە هانی منداڵان ، ویژدانپاك ، هەژاران و زوڵملێکراوان دەدات کە لە دەوری ئەو بسوڕێنەوە ٠ بەڵام ئایا ئیڤان لەبەرامبەر بیری ئایینیی و یەزدانپەرستیی ئالیۆشا ی برای دا چ ڕێگەیەك ی دی دەگرێتەبەر ، و چۆن بیر لە دۆز ی یەزدان دەکاتەوە ؟ ئیڤان باوەڕی وایە کە ڕاڤەکردن و ڕونکردنەوەی دۆزە دنیایی و کێشە مرۆڤایەتییەکان لە دیدگە و دەروازەی خواوەندێتیی ( ئیلاهیات ) ەوە هەڵە و بەدوور لە لۆژیك دەزانێت ، ئەو باوەڕی وایە پاداشتی مرۆڤ لەودنیا دا دەشێت چ سود و مانایەك ی هەبێت ، لەکاتێك دا کە لەم دنیایە دا ئەو سەرتاپێی ژیانی بە بێچارەیی و ئازار و سزا بەسەربردووە ؟ ! چ چێژ و خۆشییەك لەوە دا دەبینرێت ، کە ئەم لە پەنجەرە ی بەهەشتەوە بۆ ئەو کەسانە بڕوانێت کە لە دۆزەخ دا دەسووتێن و ئازار دەچێژن ؟ ! ئایا ئیدی بوون ی یەزدان و یاساکان ی ئەو چ مانایەك دەبەخشن ، لەکاتێك دا ، کە ئەو ڕۆڵ ی میرغەزەب ( جللاد ) ێك دەگێڕێت ؟ ! لەڕاستیی دا ئیڤان دەخوازێت هیچ دۆزەخ و سزایەك لەئارا دا نەبێت و گشت جیهان و مرۆڤایەتیی ئاشت بکاتەوە ! ! ئیڤان لە گفتوگۆیەكی دا لەگەڵ ئالیۆشا دا : { من چۆن دەتوانم لە یەزدانێك تێبگەم کە لەسەرو ی تێگەیشتنی منەوەیە } . ئەم جۆرە بیرکردنەوانە ی کە لە مێشك و دنیابینیی ئیڤان دا دێن و دەچن ، دەربڕی واتایەکە کە ئەو یەزدان ڕەت ناکاتەوە ، بەڵکو لەبەرامبەری دا خۆی بەلاواز دەبینێت ٠

ئیڤان دژی کڵێسا و یاساکانیەتیی ، دژی خوای فەرمیی ، ئیداریات ، خێزانیی و دژی فەرمانڕەوایانە ، ئیڤان ناخوازێت هەرگیز یەزدانێك پەسەند بکات کە بەزۆر بەسەری دا بسەپێنن ، دواجار ئەو باوەڕی بە یەزدانێك نیە کە کەلەلایەن مرۆڤەوە دروستکراوبێت ، ئەم جۆرە یەزدانە ناتەبا و نەگونجاوە لەگەڵ بیرکردنەوە و ڕۆح ی مرۆڤ . ئیڤان بەو باوەڕ و ڕاستییە گەیشتووە ، کە بیر ی یەزدان لە نێو گیان و ویژدانی هەموومان دا دەژێت ، بەڵام لەبەرامبەر ئەو پرسیارەی کە ، ئایا یەزدان مرۆڤ ی دروستکردووە یان بەپێچەوانەوە ، نایەوێت وەڵام ی ئەو پرسیارانە بداتەوە ، چونکە ئەو عاشقی مرۆڤە و عەشق ی یەزدانیی پشتگوێ دەخات ، ئەم جۆرە ئاقار و شەقڵەش لە فەلسەفە ی ئەدەبییی دۆستۆیڤسکی دا کار بە باوەڕهێنان بە شەیتان کۆتایی دەهێنێت ٠ ئیڤان لەوێ دا دەبێتە دەرکەوتە و بەرجەستەیەك لە شەیتان ، ئەو لەکات ی تالێهاتن وڕێنەکردن دا بەرکەوتن لەگەڵ شەیتان دا دەکات ، ئەو شەیتانەش ئیڤان خۆیەتیی و لە ناخ و دەرونی دا خۆی دەردەخات و دەکەوێتە گفتوگۆ و دیالۆگەوە لەگەڵی دا ٠ شەیتان یەزدان دەناسێت ، بەڵام نکۆڵیی لێدەکات ، ئەنجام ئیڤان لەسەربنچینەی چەند بۆچوون ، بیرکردنەوە و هەڵوێستێك ی شەیتانەوە بەڵگەی نەبوونیی یەزدان بەدەستدەهێنێت ٠ بەڵام ئەو وەنەبێت لەم بێباوەڕیی و نکۆڵییکردنە ی خۆی ئاسودە و دڵنیا بێت ، کاتێکیش شەیتان ڕوبەڕوی دەوەستێت توشی ڕاچڵەکاندن دەبێت و ڕادەکات ، چونکە سەخت ، دژوار و ناتەبایە کە کاتێك مرۆڤ هەست بەپێویستبوون ی شتێك لەنێو ناخ ، دەرون و ویژدانی خۆی دا بکات و نکۆڵیی لێبکات ٠ ئیڤان کەسێکە بەپێی خۆی دەچێتە دۆزەخەوە ، ئەو نەخۆشە ، واتا نەخۆشیی یەزدان ، ئالیۆشا لەئەنجام دا دێت و ناوچاوان ی ئیڤان ی برای ماچ دەکات ، ماچیش تەنیا وەڵامێك ی شیاو و تەندروستە کە مەسیحییەك دەتوانێت بە بێباوەڕێك ی بداتەوە ، چونکە لەبەرامبەر لۆژیك ، بەڵگە و سەلماندن دا دەتوانرێت تەنیا عەشق دەرببڕدرێت ٠ باوەڕ و ئیمان نە بەڕێگە ی لۆژیك بەیان دەکرێت نە بە فێڵ و ئیرادەش دروستدەبێت ، ئالیۆشا باوەڕی وایە کە سەرئەنجام هەر یەزدان سەردەکەوێت ، ئیڤانیش یان بە ڕوناکایی حەقیقەت و بەدەستهێنانی ژیانێك ی نوێ دەگات یان لەنێو بێباوەڕیی و نکۆڵیکردن دا لەنێودەچێت ، لەبەرامبەر ئەمەش دا ئالیۆشا نزا ی خێر و چاکە بۆ ئیڤان ی برای دەکات ٠

ئەم ڕۆمانە مەزنە دەربڕی شێوازێكە لە جیهان ی بیرکردنەوە و خاوەندارێتیی فەلسەفە ی ئازادیی و ئاودیوبوونی دۆستۆیڤسکی کە دەگاتە دوالوتکە ی کاکڵداریی و ماناداریی خۆی ٠ نوسەر بۆبەرجەستەکردن ی ویژدان ، ڕەوشت ، ڕۆحیەت ، بیرکردنەوە ، باوەڕ و کاردانەوەکان ی مرۆڤ دەبینین کەمتر گرنگیی بە ژیان ی ڕواڵەت و جیهان ی دەرەوە ی کەسایەتییەکانی دەدات ، کەسایەتییەکانی دۆستۆیڤسکی نە نان دەخۆن نە پیاسە و گەشت و گەڕان ٠ ئەو جیهانە ی کە نوسەر لە دیدگە ی خۆیەوە بۆیدەڕوانێت ، جیهانێكی جەنجاڵ و شێواوە کە هەرکەس دەخوازێت باوەڕ بەخۆی بهێنێت و بەئامانجە ڕوکەش و دنیاییەکانی خۆی بگات ، ئەم جیهانە شپڕێو و لەقولۆقەش بەشێوە ی هروژمەشەپۆلێك خۆی دەکوتێتە نێو قوڵایی بیر ، ویژدان و مەعریفە ی خوێنەرەوە و بەپێویست ڕایدەچڵەکێنێت ٠ ئەوەی ئازار ی کەسایەتییەکانی دۆستۆیڤسکی دەدات ترس لە پاشەڕۆژ یان نەخۆشیی نیە ، ترس لە پەیداکردنی ڕۆزیی و هەژاریی نیە ، بەڵکو تەنیا دۆز ی یەزدانە ، یەزدانیش لە دیدی ئەو دا ئەو خەسڵەت و تایبەتمەندییە موتڵەقەیە کە تەواوی دۆزە سروشتیی ، مرۆڤایەتیی و گەردونییەکان لە بوونیی ئەو دا ڕەنگدەدەنەوە و سەرچاوەدەگرن ! دوورکەوتنەوە و نکۆڵیکردن لە یەزدان و سروشتی ئەو دەبێتە هۆکاری ناهاوسەنگبوون و لاسەنگبوون ی ژیان ی مرۆڤ ٠ئەو دراما واقیعییە ی کەئێمە ئەمڕۆ لە سەدەی بیست و یەکەم دا دەیبینین و لەناوی دا دەژین ، نیشانە و هێمای دوورکەوتنەوەی ئێمەیە لەو ڕاستیی و حەقیقەتەی کە هاوسەنگیی ئێمە ی ڕاگرتووە ، لەهەمان کاتیش دا ئێمە ئەو بونەوەر و دیاردە مرۆڤایەتییەین کە نوسەر دۆستۆیڤسکی وزەی بیرکردنەوە و هێز ی داهێنانی خۆی لە ناسینی دنیا ی دەرونناسیی و ناوەوەی ئێمە دا بەخشیوە ، بەڵام ئەم حاڵەتەش نابێت ئێمە بگەێنێتە ئەو باوەڕەی کە نوسەر کەسێك ی دەرونناس بووە و لەو دید و ڕۆژنەیەوە بۆ مرۆڤ وکەسایەتییەکانی ڕوانیوە ، هەروەك خۆیشی دەڵێت : { هەندێك کەس من بە کەسێك ی دەرونناس ناودەبەن ، بەڵام دوور لەڕاستییە ، من تەنیا کەسێك ی ڕیالیستییم لە بەرزترین ویژدان دا ، واتا من قوڵترین حاڵەتی ڕۆحیی مرۆڤ پێشان دەدەم ٠ } ئەوەی لای نوسەر جێگەی بایەخ و گرنگییپێدان بووە ، جیهانی ناوەوە و دنیا ی نائاگایی مرۆڤ بووە نەك جیهان ی دەرەوەی ئەو کە جیهانێکە وەك تێڕوانینێك ی شاراوە و نادیار وایە کە هەر سات و کاتە بەپێی واقیع ی جیهان ی ماتریالیی گۆڕانی بەسەر دا دێت ٠ ئەو دەخوازێت ، کە ئەوەی لە دەریا ی ویژدان و نائاگایی ئێمە دا مەلە دەکات بیخاتە نێو دنیا ی ئاگایی ئێمە ، و دواجار وێنە و دیمەنێك بەو جیهانە ببەخشێت کە ناوی دنیا ی ناوەوەی ئێمەیە ٠ کار و ئامانجی دۆستۆیڤسکی ئەوە نیە کە شتێكمان لەنێو دنیا ی واقیع و خەیاڵ دا بۆبەرجەستە بکات ، بەڵکو کاروانی ئامانج و فەلسەفە ی ئەو ڕووە و دوو جیهان ی جیاواز و دژبەیەك ڕێدەکات ، ئەو کۆتاجار دەخوازێت ئەو دوو جیهانە پێكبگەێنێت و ململانێ لەئاشتینەهاتووەکان لەگەڵ یەکدی تەبا و ئاشت بکاتەوە ٠
جیهان ی ئەم کەڵە نوسەرە ناودارە ی نێو دنیا ی ئەدەب جیهانێك ی سەیر ، سەرسوڕهێنەر و ئاڵۆزە کە خوێنەر و هۆگران ی بەپێویست دەبێت بەشێنەیی ، هەستیاریی ، هوشیاریی و تێگەیشتنەوە هەڵسوکەوت و مامەڵە ی لەگەڵ دا بکەن ٠ لەدواجار و دوا وشەم دا دەڵێم : ئەوکەسەی بتوانێت بەتێگەیشتنی تەواوەوە سەر لە کۆد ی نهێنیی ، بیرە شاراوە و دنیا ئاڵۆزەکەی دۆستۆیڤسکی دەربکات ، ئەوا دڵنیام دەرك بە مانا ی ئەو ئازادییەش دەکات کە نوسەر دەخوازێت بۆ هەر مرۆڤێك و گشت مرۆڤایەتیی بەرهەمیبهێنێت ، دواجار ئەوە خوێنەرە کە لە میانە ی ئاودیوبوون ی مرۆڤەکان دا دەتوانێت هەم یەزدان و هەمیش ڕوناکایی ئەو بەدەستبهێنێت ٠

کۆتایی

——————————————-
سەرچاوەکان
١- دۆستۆیڤسکی / لێکۆڵینەوە – فارسی
٢- ڕۆمانی برایانی کارامازۆف / دۆستۆیڤسکی – فارسی
٣- ڕۆمانی تاوان و سزا / دۆستۆیڤسکی – فارسی
٤- ڕۆمانی گێلە / دۆستۆیڤسکی – فارسی
٥- ڕۆمانی قومارباز دۆستۆیڤسکی – فارسی
٦- یاداشتی خانەی مردوان / دۆستۆیڤسکی – فارسیP
٧- دربارەی ادب / فارسی
٨- دربارەی ادبیات / مەکسیم گۆرگی / فارسی
٩- گۆڤاری ڕوناکبیریی / سوید – کوردی
١٠-گۆڤاری یەکگرتن / دانیمارك – کوردی
١١- گۆڤاری پ م / ئەڵمانی ساڵی ١٩٩٨ ژمارە یەك لاپەڕەکانی ٨٢ ، ٨٣ ، ٨٤ ، ٨٥ ، ٨٦، ٨٧ و ٩٧
ئەڵمانی – James N. Frey / Wie man einen verdammt guten Roman schreibt -١٢




ململانێی پیاوسالاری و ژنسالاری لە کورتە چیرۆکی “ئیمپراتۆریای ژن”ی دڵشاد کاوانی.. توێژەینەوە: هیڤی عمر یاسین

بەشی یەکەمی توێژینەوەکە (تیۆری)

پێشەکی

ململانێ یەکێکە لەو پرسە گرینگانەی کە زانستە مرۆڤایەتییەکان و دەروونیەکان گرنگی پێدەدەن، بەشێکە لە ڕەفتاری مرۆڤ، مرۆڤ دوای لەدایکبوونی ڕووبەڕووی ململانێکانی ژیان دەبێتەوە. ململانێ تەنها لەنێو خودی دوو ڕەگەزی جیاوازدا نییە، بەڵکو تەنیا لەنێو خودی یەک ڕەگەزیشدا بوونی هەیە، بەڵام هۆکار و ئامانج و پاڵنەرەکانی ململانێ لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازە، بەمەش ململانێکان جیاواز دەبن. ململانێ بۆئەوە دەکرێت، کەوا کێ باشترینە، نایابترینە، بەهێزترینە، زۆر جار بۆ ئەوەی کەسێک باشترین و نایابترین بێت، پێویستە ڕووبەڕووی هاوئاستەکەی ببێتەوە، کە وەکوو خۆی بەهێزە و لاوازی بکات، تاکو هەر خۆی ببێتە براوەی شانۆی ژیان. هەر بۆیەشە بۆ برەودان بە ململانێکانی ژیان مرۆڤ پەنای بۆ جۆرەها کەرستە و پێویستی بردووە، جا گەر پێویستییەکانی ململانێکان ماددیبن یان ئایدیالی، ئەمەش لە ئەدەبیش دا بە تۆخی ڕەنگی داوەتەوە، واتا دەکرێت ئەدەب وەک کەرستە و پێوستی بێت و هەمیش وێناکردن و دەڕبڕینی ململانێ بێت، بەمەش دیسان کاریگەری نەبووە. بەتایبەتی چیرۆک بە هۆی گێڕانەوە و خستنە ڕووی ڕووداوەکانی ململانێکان و ژیانی ڕاستەوخۆی مرۆڤە، بۆیە ململانێکان لە چیرۆکدا ڕوونتر و فراوانتر دەردەکەون. کۆمەڵە چیرۆکی (نۆبەرەی مەرگم دیت)ی دڵشاد کاوانی لە کۆی بیست و چوار چیرۆکدا پڕە لە ململانێی دەروونی و ڕەگەزی، بەتایبەتی، ئەم ململانێیە لە چیرۆکی ئیمپڕاتۆریای ژن، زۆرتر و قووڵتر دەردەکەوێت. بۆیە لە توێژینەوەکەمدا ئەم چیرۆکە بە نموونەی کۆی چیرۆکەکانی دیکەی چیرۆکنووس دەخەینە بەرباس و توێژنەوەکەمان لەسەر بونیاد دەنێین.

پرسی توێژیینەوەکە.

-هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم بابەتە بۆ ئەوە دەگەڕێنمەوە کەوا پرسی کێشەی ڕەگەزی نێر و مێ بابەتێکی زیندووە لەهەر قۆناغ و سەردەمێکدا کێشەکان بە بەرگێکی نوێ خۆیان نوێ دەکەنەوە، بەمەش ململانێکان بەردەوام دەبن.

-گرینگی ئەم توێژینەوە لەوەدایە کەوا دەست دەخاتە سەرهۆکارەکانی ململانێی، ئەو گرێ دەروونیانە دەکاتەوە که له کورتە چیرۆکی ”ئیمپراتۆریای ژن” ڕەنگی داوەتەوە.

– کێشەی توێژینەوە و پرسیاری توێژینەوە خۆی لەناونیشانی توێژینەوە دەبینێتەوە، چونکە ناونیشانێکی گشتییە و جۆری ململانێکان دەست نیشان نەکراوە، کە ئایا کام جۆری ململانێیە لە نێوان ژنان و پیاواندا، چونکە ململانی لە ڕوانگەی زانستە مرۆڤی و دەرووناسی خۆی لە چەند جۆرێک دەبینێتە و بەمەش کێشەی توێژینەوە لە پرسیاری توێژینەوە خۆی لەم پرسیارانە دەبینێتەوە:

مەبەست لە زاراوەی ژنسالاری چییە ؟

مێژووی ژنسالاری چییە و چۆنە ؟

مەبەست لە زاراوەی پیاوسالاری چییە ؟

٤-مەبەست لە زاراوەی ململانێ چییە ؟

٥- یەکەمین جۆری ململانێ لە مێژوودا چی بوو؟

٦- جۆرەکانی ململانێ چین بەتایبەتی لە ڕوانگەی دەروونییەوە؟

پاڵنەرەکانی ململانێ چین؟

ململانێ وەک هونەرێک لە چیرۆکدا چۆنە؟

ململانێی پیاوسالاری ژنسالاری کە ململانێیەکی ڕەگەزییە، مەبەست لەو ململانێیە چییە؟ چۆن ڕەنگی داوەتەوە لە کۆرتە چیرۆکی ”ئیمپراتۆریای ژن” هەموو ئەو پرسیارانە و زیاتریش کێشەی ئەم توێژینەوەیەن، هەر ئەم فرەجۆرییەی پرسیار و فرە جۆری ململانێکان بە پێویستم نەزانی لە ڕوانگەی تیۆریستێکی دیاریکراوەوە توێژینەوەکەم کۆت و بەند بکەم، بۆیە بەپێی پێویستی ڕاو بۆچوونی نووسەر و فەیلەسووفانم لە توێژینەوەکەم بەکارهێناوە.

ئامانجی توێژینەوە

ئامانجی ئەم توێژینەوەیە هەوڵدانە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارگەلێکی توێژینەوەکەم، ئەگەر وەڵامێکی ڕەهاش بۆ کۆی پرسەکانی پرسیارەکانم نەدابێتەوە، ببێتە مایەی دروستبوونی پرسیاری تر و توێژینەوەی دیکە.

میتۆدی توێژینەوە

میتۆدی توێژینەوەکەم میتۆدی وەسفی و شیکارییە

سنووری توێژینەوە لە کۆمەڵە چیرۆکی ”نۆبەرەی مەرگم دێت” تەنها کورتە چیرۆکی ”ئیمپراتۆریای ژن” بە نموونە وەرگیراوە.

بەشی یەکەم

ڕاڤەی چەمکە تیۆرییەکان

– چەمکی ژنسالاری

بۆ چوونە نێو هەر باسێک گرینگە لە چەمکەکانەوە دەستپێبکەین، چونکە هەڵگری مەعریفەن و ناوەرۆکی باسەکە خۆی تیایدا مەڵاس داوە. چەمکەکان چەندین جۆرن، هەندێکیان شێوازی دەرهەستن تەنها نزیک دەبنەوە لەو واقعەی کە هەیە، یان تەنها وەڵامی پرسیاری چییەتی دەدەنەوە؟ لە ڕوانگەی هیۆدەوە چەمکەکان دوو لایەن دەگرنەوە، ئەوانیش یان تەنها دەتوانین بڵێین ئەوشتە چییە؟ یان ئەوشتە چۆنە؟ بەڵام دەتوانین بپرسین هەریەکە لە چەمک و زاراوەکانی دایکسالاری و ژنسالاری چییە یان چۆنە؟ (هیۆد،٢٠٠٧: ٣٥).

– زاراوەی دایکسالاری

زاراوەی دایکسالاری زۆرجار ژنسالاری بۆی بەکارهێنراوە، لە زمانی کوردیدا چەمکێکی لێکدراوە بە واتای دەسەڵاتی ژن یان دایک دەگەینێت. شێخ محەمەدی خاڵ لە فەرهەنگی خاڵدا وشەی (سالاری) بە واتای دەسەڵاتی و سەردارێتی ناساندووە، کە بە واتای سەرداری هۆز دێت (خال، ٢٠٠٥ : ٢٥٣). ئەگەر سالاری واتای دەسەڵاتی و سەردارێتی بێت، ئەوا دایکسالاری و ژنسالاری واتای دەسەڵاتی ژن دەگەینێت. لە زمانی ئینگلیزیدا زاراوەی دایکسالاری ماتریارکی (matriarchy) بۆ بەکارهێنراوە، کە لە ماتەری (matris, mater) یۆنانییەوە هاتووە، بە واتای دایک دێت. وشەی ئارکینیش) (arkhein بە واتای حوکمکردن دێت، پێکەوە واتای حوکمکردن دەگەینن. بەڵام ژنسالاری لە زمانی لاتینیدا (gynocratie) کە بە واتای دەسەڵاتی ژن یان فەرمانڕەوایی ژن دێت. (حەمید،٢٠١٧ : ٣١- ٣٢).

سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژە بەوەدەکەن ”زاراوەی دایک سالاری پاش چاپکردنی توێژینەوەی جی. جی. باکۆفن بەناوی DAS MUTTERRECHT واتە مافی دایکایەتی لە ساڵی ١٨١٦ دا بوو، کە برەوی پەیدا کرد و سەرنجی توێژەرانی ڕاکێشا”. (رێد، ٢٠٠٦ : ١٢٤) کومەڵگەی ژنسالاری یان دایکسالاری لە شارستانیەتە سەرەتاییەکاندا هەبووە، بەڵام لە دوای قۆناغە مێژووییەکان ئەم سالار بوونەی ژن نامێنێ ”مێژووی شارستانییەت مێژووی دۆڕاندن و ونبوونی ژنیشە”. (ئۆجەلان،٢٠٠٨: ٣١). لێردا خولیا دەبێت کەوا بەدرێژایی مێژوو ژن ئەو دەسەڵاتەی نامێنێت، کە لە کومەڵگەی سەرەتاییدا هەیبووە، لەو کاتەوە تا ئێستا ژن بە بوونەوەرێکی لاواز دەبینرێت.

لە کومەڵگەی ژنسالاریدا ژن گیرۆدەی هیچ کۆت و بەندێک نەبووە، هەروەک کەمال مەزهەر دەڵێت ”سەرەتا مرۆڤ ئاژەڵێکی بێ پەروابوو، گیرۆدەی هیچ کۆت و بەندێک نەبوو، ئەوکاتەش بەخێوکردنی منداڵ بەزۆری کەوتە سەر شانی دایک، ئەمەیان پێچەوانەی پیاوبوو کە دەبوو بەدوای خۆراک بگەرێت”. (مەزهەر،٢٠٠٨ :٥/٤٦). کەواتە لە کۆمەڵگەی ژنسالاریشدا بەخێوکردنی منداڵ لە ئەستۆی ژن بووە. هەر تەنها لە کۆمەڵگەی پیاوسالاریدا ئەو مۆرکە بەژن نەبەخشراوە، کە ئەمەش سروشت بە ژنی بەخشیووە، ژن منداڵی دەبێت و شیریان پێدەدات، بۆیەشە یەکەم بەردی بناغەی شارستانیەتی مرۆڤ ژن دایدەنێت، کشتوکاڵ بەرهەمی بیری ژنە، هەروەها لەسەرەتای پەیدابوونی بتپەرستیدا ژن بە خواوەندی پیت و بەرەکەت دادەنرێت نەک پیاو. ئەمەش وای کرد کومەڵگەی ژنسالاری مۆرکی ژن وەربگرێت بە جۆرێک کە پیاو تێدا سڕاوەتەوە، بەڵام ئەگەر کۆمەڵگەی ژنسالاری دەسەڵاتی دایک تێیدا زاڵبووبێت واتای ئەوە ناگەینێت کەوا ژن تیایدا نە چەوسابیتەوە، بەڵام ئەو چەوساندنەوە بەرهەمی بیری ساکاری ئەوان بووە، کە ژنیان بەخواوەندی پیت و بەرەکەت دادەنا، بۆیە کاتێک بیریان لەوە دەکردەوە، کەوا قوڕبانی بۆ خواوەندەکان بدەن بۆ ئەوەی زەویەکانیان بە پیت بن. (هەمان سەرچاوەی پێشوو).

گرینگترین کارەکانی ژن جگە لە منداڵ خستنەوە و بە خێوکردنی منداڵ ئەمانەبوون:

١ – ژن سەرەتا گەنم و جۆی دۆزییەوە.

٢-دواتر فێری بەرهەمی کەتان و ترێش بوو، هەر ئەمانەش بووە هۆی ئەوەی کەوا ژن مۆرکی ڕستن و چنین وەربگرێت و ببێتە پیشەی ئەو.

گەلێک لێکوڵینەوە لەبارەی کۆمەڵگەی ژنسالاری و دایکسالاری کراون، لەوانە توێژینەوەکانی باشۆف و مۆرگان ئەوە خراوەتە ڕوو “سەرهەڵدانی سیستەمی کۆمەڵایەتی لەسەر ژنان هاوتەریبە لەگەڵ پێکهێنانی خاوەندارێتی تایبەت لە کۆمەڵگەدا، بوونی ململانێ و ناکۆکی لە بنەماڵەدا پەیوەستە بە مۆلکداری تایبەتەوە. کە پیاوان خاوەن مۆلکداری تایبەتن” (زنکین، ٢٠٠٨: ). کە ئەمەش چەند بۆچوونێک لەبارەی ئەو ناکۆکییە دەردەخات، لەوانە:

١- بوونی ناکۆکی و ململانێ پەیوەستە بە لایەنی بژێوی خاوەندارێتی تایبەت، بوونی بژێوی و بیرکردنەوە لێی هۆکارەکەی غەریزەکانی مرۆڤە. چونکە مرۆڤ هەوڵدەدات پێداویستییەکانی پڕبکاتەوە کە حەزی لێیەتی، ئەگەر لەلایەنی ئابوورییەوە سەیری بکەین، پیاوان خاوەن مۆلکداری تایبەتن، سەرچاوەکانیان لەرێگەی منداڵەکانیانەوە دەستەبەر دەکەن.

٢-ژن لەلایەن خێزانەکانییانەوە لە مۆلکایەتی تایبەت بێبەری دەکرێن، کە ئەمەش بۆچوونی ئەنگلس دووپات دەکاتەوە، کە ”یەکێک لە کۆنترین شێوازەکانی دەسەڵاتدارێتی لە پێشێلکاری مافە کۆنەکانی ژنان، لە بنەڕەتدا شاراوەویە، شتێك جگە لە ململانێی چینایەتی لە کۆمەڵگەدا بەتایبەت چینە کۆمەڵایەتییەکان نییە، کە لە نێوانیاندا پیاو ڕۆڵی بۆرژوا دەگێڕێت، ژنیش ڕۆڵی کرێکار. چونکە کۆمەڵگەی بۆرژوازی ژیانی هاوژینی لەسەر بنەمای پارە و سەرمایەیە، نەک خواستە مەعنەوییەکانی هەردوولا.” (هەمان سەرچاوەی پێشوو(.

– چەمکی پیاو سالاری.

زاراوەی (سالار) کە سەرەتا ئاماژەمان پێدا بە واتای دەسەڵاتداری و سەرداری دەهات (خاڵ،٢٠٠٥: ٢٥٣)، بە هەمان شێوەی زاراوەی دایکسالاری زاراوەیەکی لێکدراوە، پیاو لەگەڵ سالار، واتای دەسەڵاتی پیاو دەگەێنن. باوکسالاریش بەهەمان شێوە واتای دەسەڵاتی باوک دەگەێنێت، کاتێک زاراوەی پیاوسالاری یاخود باوکسالاری و نێرسالاری بەر گوێمان دەکەوێت، ڕاستەوخۆ هزرمان بۆ چەوساندنەوە، ژن کوشتن و نادادپەروەری دەچێت. بەڵام کاتێک گوێمان لە زاراوەی ژنسالاری دەبێت، ئەگەر کەسێک شارەزای مێژوو نەبێت، کەم درک بە بوونی کومەڵگەی ژنسالاری دەکات. ئەگەر زانیاریشی لەبارەوە هەبێت ئەوا هزری بۆ کۆمەڵگەی سەرەتایی بەر لە شارستانییەت دەچێت؟ یان بیردەکاتەوە و پرسیار دەکات ئایا کۆمەڵگەی ژنسالاری بوونی هەیە؟

زۆرجار باوکسالاری و پیاوسالاری تێکەڵ بەیەک دەکرێن، بەڵام باوکسالاری واتاکەی تایبەتترە لە پیاو سالاری، چونکە پیاوسالاری گشتیترە، لەبەرامبەر ئەم زاراوانە، زاراوەی نێرسالاریش بۆ بەکاردێت. بەڵام نێرسالاریش گونجاو نییە، چونکە نێر بەو ڕەگەزە دەگوترێت، کە بە هۆی لایەنی بایۆلۆژیی جیا دەکرێتەوە لە ڕەگەزی مێ(١). ئەگەر نێرسالاری و پیاوسالاری و باوکسالاریش بگرێتەوە، ئەی سەبارەت بە جووت ڕەگەزی، بۆچی زاراوەی پیاوسالاری گونجاوترە ؟ چونکە ژن تەنها لەژێر دەستی باوکی ناچەوسێتەوە، بەڵکو لەژێردەستی برا و مامو خاڵ و شووبرا…. تد، دەچەوسێندرێنەوە. ئایا گونجاوە بگوترێت مام سالاری وخاڵساری و براسالاری، بۆیە پیاوسالاری گونجاوترە گوزارشت لە ئەقڵییەتی دەسەڵاتی پیاوسالاری دەکات، بەڵام باوکسالاری تایبەترە لە پیاوسالاری.

زاراوەی باوکسالاری لەچەند ڕوانگەیەکەوە لێکۆڵینەوە لەبارەی کراوە لەوانە (ئەنسرۆپۆلۆجی، فێمینیزم)ەوە، ئەم زاراوەیە بە عەرەبی (النظام الابوي) پێیدەوترێت. لە زمانی ئینگلیزی پاتریاکیpatriarchy پێ دەوترێت، ئەنتڕۆپۆلۆجیستەکان بەم شێوەیە دەی ناسێنن، باوکسالاری ئەو سیستەمە بووە، کە لە کۆندا پیاوێکی ڕیش سپی دەسەڵاتی بەسەر تەواوی ئەندامەکانی هۆزەکەدا هەیە. (ئەسەوەد،٢٠١١: ١٦)

جگەلە ئەنسرۆپۆڵۆجیستەکان فێمینیستەکانیش (٢) بەربڵاوتر بەکاریانهێناوە، لەڕوانگەی فێمینیستەکانەوە لە حەفتاکانی سەدەی بیستەمدا، ئەم زاراوەیە لە بواری لێکۆڵینەوەی فێمینیستی، بەشێوەیەکی بەرفراوانتر بەکارهێندرا، دەسەڵاتی نێرینەی بەشێوەیەکی گشتی بە سەرچاوەی چەوساندنەوەی مێینە دەزانی. (هەمانسەرچاوەی پێشوو:١٦٨).

– چەمکی ململانێ.

زاراوەی ململانێی وەکوو زاراوەکانی تر لە پێناسەیەک و چەند واتایەکدا ناتوانین وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ململانێ چییە ؟ چۆنە ؟ بدەینەوە، یان لە ڕوانگەیەکدا کوت و بەندی بکەین. چونکە لەکاتی پرسیاری ئەوەی کەوا ململانێ چییە؟ ئەو پرسیارەش لەلا دروست دەبێت، کام جۆری ململانێ لەخۆ دەگرێت، وەکوو (ململانێی دەروونی، ململانێی کۆمەڵایەتی، ململانێی سیاسی…تد)

لە ڕووی زاراوەوە ململانێ ((conflict لە (confligere) ەوە هاتووە، کە بەواتای دۆخێکی گرفتاری دێت، بە هۆی بوونی چەند بۆچوونێکی بەیکدا ناکۆک یان بەرژەوەندی و ئامانجی دژبەیەک. ( ئەحمەد، ٢٠٠٧ : ٥). لە ڕوانگەی ئەم واتایە بۆمان دەرەکەوێت کەوا ململانێی ژنسالاری و پیاوسالاری بە هۆیی ئامانجی دژبەیەکە. بەڵام ئایا ئەمە لایەنی نەرێنی ململانێ نییە؟ یانیش ململانێ دیوێکی ئەرێنیشی هەیە؟ بۆ بەیان بوونی وەڵامی ئەو پرسیارانە پێویستە لە واتای ململانێ تێبگەین، کە چەند واتایەک لە خۆدەگرێت، لەوانە:

یەکەم: لە ڕووبەڕووبوونەوەی شەڕ دێت، بەڵام لەڕووی جەستەییەوە نا، بەڵکو لەڕووی دەمەقاڵییەوە بە واتایەکی تر شەڕە قسە.

دووەم: بەیەکداکێشان و لێدان لەڕووی جەستەییەوە.

لە زمانی کوردیدا ململانێ بەمانای مشتوومڕ و ڕکابەری ناکۆکی دێت، لەنێوان دووکەس یان گرووپێک لەگەڵ گرووپێکی تر، بە گوێرەی ئەم واتایانە ململانێ دیوێکی نەرێنی هەیە، بەڵام ململانێ دەشێت لایەنی ئەرێنیشی هەبێت. ”کومەڵگەی مرۆڤایەتی بریتییە لە گۆڕەپانێکی بەرفراوانی فۆڕمی جیاجیای بەرژەوەندیەکان، تۆندووتیژی مۆرکێکی سەرەکی نییە لە ململانێ، چۆنکە ململانێ دەشێت ئاشتیخوازبێت بۆ دەستەبەرکردنی ئازادییەکان.” (ئەحمەد،٢٠٠٧ :٤). کە لێرەشدا دوو تێگەیشتن لەبارەی ئەو واتایانە ڕوون دەبێتەوە، لەوانە:

١- ئاشتی خوازی دیوێکی شاراوەی ململانێیە.

٢- نەبوونی ئازادی دەبێتە هۆیی ئەوەی کەوا مرۆڤ بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی ململانێ بکات.

ململانێ بەشێکە لە ڕەفتاری مرۆڤ، کە لە لایەن مرۆڤەوە ئە نجام دەدرێت، بۆ بەدەستهێنانی ئامانجێک کە دەیەوێت پێی بگات بۆ ئەو مەبەستەش ململانێ دەکات. لەلایەنە باشەکانی ململانێ وەکوو بەهێزکردنی پەیوەندی، چارەسەرکردنی گرفت، گۆڕانکاری لە دیدو بۆچوون لە نێوان ئەو لایەنەی کە ململانێیان لە نێوانیاندا هەیە، (٣) لە هەموو سەردەمێکدا ململانێ بوونی هەیە، بۆ نموونە ململانێی نەوەی کۆن و نوێ (٤) بەڵام ئەگەر ململانێ بەشێوەیەکی تەندروست ئاراستە بکرێت، وەک پێویستییەک بۆ دۆخی گۆڕان و گەشەکردنی بە ڕێچکەیەکی ئاسایی بڕوات پڕۆسەیەکی گرینگ و پێویستە.

– جۆرەکانی ململانێ.

ململانێ کە چەمکێکی فراوانە دەشێت چەند جۆرێکی هەبێت، چونکە ململانێ لە کۆی بوار و کایەکانی کۆمەڵگە هەن. وەکوو ململانێ سیاسی، ململانێی ڕەگەزی، ململانێی ئایینی….تد. جگە لەوانەی باسمان کرد، چەند جۆرێکی تری ململانێ هەن کە بریتین لە:

١ – ململانێی ئاژەڵان، ئەم جۆرەیان نزمترین جۆری ململانێیە.

٢- جۆرێکی تری ململانێ کە بریتییە لە ململانێی بەرژەوەندییەکان و قازانجکردن، کە ئەم جۆرەیان لە نێوان مرۆڤەکاندایە. بۆ ئەو مەبەستەش پەنادەبەنە بەر فرت و فێڵ کردن، کە زیاتر لایەنی ئابووری و بازرگانی و بەرهەمهێنان دەگرێتەوە (٥).

٣- ململانێی ڕەگەزی جۆرێکی تری ململانێیە لەنێوان دوو ڕەگەزی جیاوازداهەیە.

٤- ململانێی دەروونی ئەو جۆرەیان پەیوەستە بە دەروونی مرۆڤەوە، مرۆڤ لەنێو دەروونی خۆیدا لە ململانێ دایە.

ئەوەی لێرەدا گرینگە و باسی ئێمەیە ململانێی ڕەگەزیی و دەروونییە، چونکە ململانێی ڕەگەزی یان پیاوسالاری و ژنسالاری کە جۆرە ململانێیەکە، لە نێوان دوو ڕەگەزدا، کۆمەلێک هۆکار و پاڵنەری دەروونی و کۆمەڵایەتی لە پشتە.

– ململانێ لە مێژوودا.

ململانێ لە سەرتای بوونی مرۆڤایەتیدا هەبووە، بەڵام بەپێی تێپەربوونی کات و زەمەن ئاراستە و ئامانجی ململانێکانیش گوڕاون لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، بۆ ئەوەی لەهەر پرسێک و بابەتێک تێبگەین پێویستە ئاورێک بۆ ڕابردوو بدەینەوە، لە ڕابردوودا بیناسین، تاکو بزانین ململانێیکان لە چ دیوێک بوونە گرینگترین پاڵنەری چی بوون، لە ڕوانگەی ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە لە سەرەتای درووستبوونی ئادەمەوە،(٦) کاتێک خودا فەرمانی بە فریشتەکان کرد کڕنۆش بۆ ئادەم ببەن، فریشتەکان سوژدەیان بۆ ئادەم برد جگە لە ئیبلیس نەبێت، چونکە ئیبلیس کە لە ئاگر دروستکرابوو، خۆی لە ئادەم پێ گەورەتر بوو، کە ئادەم لە قوڕ دروستکراوە. سوژدە نەبردنی ئیبلیس بووە هۆی ئەوەی بەر نەفرینی خوا بکەوێت، بۆیە بڕیاری دا تۆڵە لە ئادەم بسەنێتەوە تا ماوە هەوڵبدات مرۆڤەکان لە خشتە ببات، بەمەش یەکەمین کاری کە بە ئادەم و حەوای کرد، خواردنی بەرووبوومی دارە قەدەغەکراوەکە بوو. بەمەبستی ئەوەی کەوا خواردنی ئەو بەرووبوومە دەبێتە هۆیی نەمری ئەوان بۆ هەتا هەتایی دەژین، بەڵام ئەو کارەی بووە هۆیی ئەوەی کەوا لە بەهەشت دەربکرێن. یەکەمین ململانێ کە خۆی لە نێوان ئیبلیس و ئادەم و حەوا بینیەوە مەبەستی ئیبلیس تۆڵەسەندنەوە بوو، مەبەستی ئادەم و حەواش مانەوەی هەتا هەتایی و نەمری بوو. هەرئەمەش وایکردووە مرۆڤ هەمیشە بە دوای مانەوەی لە ژیانی خۆی، ململانێی بکات، هۆیی خواردنی سێوەکەش بۆ نەمری بوو. هەروەها یەکەمین جۆری ململانێ لە فۆرمی توندووتیژی خۆی یبینیوەتەوە ”ئەگەر کوشتنی هابیل لەلایەن قابیلەوە سەرەتای مێژوویەکی تازەبێت، ئەوا ململانێیەکی پڕ توندوتیژی بووە.” (ئەنوەر،٧٣:٢٠٢٠). فۆڕمی ململانێ لەوکاتەوە تاکۆ ئێستا خۆیی لەشێوەی جیاجیای بینیوەتەوە، ئەگەر یەکەمین جۆری ململانێی ململانێیەکی دەمارگیری و دەروونی بووبێت، کە بەدەرکردنی ئادەم و حەوا دەستی پێکرد، خواردنی بەرووبوومی دارە قەدەغەکراوەکەش ویستی مرۆڤ بێت بۆ نەمری. ئەوا لەسەر زەوی کۆمەڵگە سەرەتاییەکانەوە هیچ ململنێیەک بە هۆی جیاوازیی ڕەگەزی نەبووە، بەڵکو ململانێ بووە لەگەڵ سروشت، بۆ ژیانی خۆیان. (سالح،٢٠٠٧ : ١١-١٢). ململانێی مرۆڤی کۆمەڵگەی سەرەتایی ململانێیەکی سادە و ساکار بووە، بەڵگە مێژووییەکان ئەوە ئاشکرا دەکەن ” کەوا هەر لەسەردەمی زووە بە هیچ کڵۆجێک جیاوازی لە نێوان مێینە و نێرینەدا نەبوو. ”ئافرەت بەر لە دروستبوونی خێزان تەنانەت ڕاویشی دەکرد.” (مەزهەر، ٢٠٠٨:٩|٤٦).

کەواتە ململانێکردنی ئەو کاتی ژن، بۆ ژیانی خۆی بێ جیاواز ی ڕەگەزی بووە، چونکە لە کۆمەڵگە شارستانییەتەکاندا ئەرک و ڕۆڵی ڕەگەز دیاریکراوبوو.

– جێندەر( ڕەگەز)

جێندەر لە زمانی کوردیدا کە بە واتای ڕەگەز دێت، هەرچەندە ڕەگەز لە زمانی کوردیدا بەواتای ڕەچەڵەکیش بەکاردێت، بەڵام لێرەدا مەبەستمان هەردوو ڕەگەزی نێر و مێیە، ڕەگەز لە فەرهەنگی خاڵدا بەواتایی ڕەچەڵەکیش بەکارهاتووە. (خاڵ،٢٠٠٥: ٢٢٥)

زاراوەی جێندەر بۆ یەکەم جار لەلایەن سیمۆن دو بۆڤوارەوە بەکارهێندرا لە کتێبە بەناوبانگەکەی ”ڕەگەزی دووەم” لە ١٩٤٩ لە شەپۆڵی دووەمی فێمینیزم(٧) دا. سیمۆن دو بۆڤوار خاوەن وتەیەکی بەناوبانگە و پێی وایە کە ”هیچ ژنێک بە ژنی لەدایک نابێت، بەڵکو بە ژن دەکرێت”. (ئەنوەر،٢٠٢١: ٢٥). سیمۆن دو بۆڤوار ئەوە ڕەتناکاتەوە کەوا سروشت لایەنی بایۆلۆژی مرۆڤ دیاری دەکات، بەڵام سروشت ئەرک و ڕۆڵ دیاری ناکات و بەها بۆ ئەم ئەرک و ڕۆڵە دابنێت، بەڵکۆ ئەوە لایەنی جێندەری کۆمەڵایەتییە جیاوازی ڕەگەزی دروست دەکات. ئەگەر ئەم وتەی دو بۆڤوار بۆ ڕەگەزی مێ ڕاستبێت ئەوا پیاویش بە پیاوی لەدایک نابێت، بەڵکو بە پیاو دەکرێت. (ڕەشید، ٢٧ : ٢٠١٧ ).

– پاڵنەرەکانی ململانێ.

بوونی ململانێ و جۆری ململانێکان کۆمەڵێک هۆکار و پاڵنەری هەیە کە ئەم پاڵنەرانە بە پێی جۆری ململانێکان دەگوڕێت و هەندێکجار تێکەڵ بەیەک دەبن. بە واتایەکی تر ئەگەر دەروون و هەڵچوونەکانی مرۆڤ هۆکاربن بۆ بوونی ململانێکان، ئەوا ژینگەش بەدەر نییە لەم هۆکار و پاڵنەرانە، ”ململانێ تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەندی بە ژینگەی دەروونی جۆری کەسایەتی تاکەکانی کۆمەڵگەوە هەیە، دەبن بە پاڵنەر و داینەمۆی دروستکردن و بەردەوامبوونی ململانێ.” (قەرەچەتانی، ٢٠٠٦: ٣٨٤). لێرەدا بۆمان دیار دەبێت کەوا کەسایەتی و پێگەی مرۆڤ لە کۆمەڵگەدا کاریگەری دەبێت لەسەر جۆری ململانێکان و ئاراستەکردنی ململانێ بە شێوەی تەندروست یاخود پێچەوانەوە. چونکە مرۆڤ لە تەمەنی منداڵیدا پەروەردە دەکرێت، بەمەش یەکەم پرۆگرامکردنی ئەقلی نائاگای (٨) مرۆڤ دەست پێ دەکات، ئامانجی مرۆڤ و نەبوونی ئازادی یان بوونی ڕکابەری کەوا کێ باشترین و سەرکەوتووترینە، ململانێ دێنێتە بوون، کەوا مرۆڤ بوونی خۆی بسەلمێنێت.

– جۆرەکانی ململانێی دەروونی.

لە ڕوانگەی دەروونییەوە، ململانێ جۆرێکە لە ململانێکان لە ناو ژینگەی مرۆڤدا، لەنێو ململانێی دەروونیدا چەندین جۆری تری ململانێ هەن، ئەوانیش بریتین لە ململانێی چوونە پێش، ململانێی پاشەکشە، ململانێی چوونە پێش و پاشەکشە. (٩)

– ململانیی دەروونی لە ڕوانگەی فرۆیدەوە.

ململانیی دەروونی لە ڕوانگەی فرۆیدەوە (١٠) کە خۆیی لە پێکهاتەی کەسایەتی مرۆڤدا دەبینێت، کەسایەتی مرۆڤیش دابەش دەکاتە سەر سێ پێکهاتە، ئەوانیش بریتین لە (ئەو-ed ، منی باڵا -super ego، من-o(eg، ئەو(بنیات) یەکێکە لە ئاستەکانی کەسایەتی مرۆڤ، حەز و ئارەزووەکانی مرۆڤ لە تەمەنی منداڵیدا دەگرێتەوە، ئەو بەرپرسە لە جێبەجێکردنی حەز و ئارەزووکانی مرۆڤ و چێژوەرگرتن لێیان، گرینگی بە ئەقڵ نادات (حوسێن،٢٠١٠: ٦٦٠). بنیاد کە کۆگای لەبیدۆیە، بنچینەی ژیانی ئەزەلی تێردەکات، فرۆیدبە بە بنەمای چێژ وەرگرتن باسی دەکات (.ئیمامی،٢٠١٨: ٢٥٠).

منی باڵا(super ego) ئاستێکی تری کەسایەتی مرۆڤە، بەرپرسە لە یاسا و بەها کۆمەڵایەتییەکان و ڕێگری لەخواستەکانی ئەو دەکات، بەڵام من (ego) ئەو ئاستە کە بە ئاستێکی بێلایەن ناسراوە، وەکوو تەرازوویەک وایە لە نێوان ئەو و منی باڵادا، ڕێگە نادات هیچ کامێکیان بەسەر ئەوی تردا زاڵ بێت، ئەم ئاستە بە ئاستی دانایی ناسراوە. (حوسێن،٢٠١٠: ٦٦٠).

لە ڕوانگەی فرۆیدەوە ئەم پێکهاتی کەسایەتی مرۆڤە لە ململانێدایە، هەروەها لە پێکهاتەی دەروونی مرۆڤدا دوو غەریزەی دژیەک هەن، ئەوانیش بریتین لە غەریزەی ژیان ( ئیرۆس) و غەریزەی مردن کە بە (ساناتۆس) ناسراوە، مرۆڤ بە سروشت حەزی لە ژیانە، بەڵام کاتێک مرۆڤ بە هۆی هەر هۆکارێک لەرۆی دەروونی چ بە ئاگایی چ بە نائاگایی بێزاربوولە ژیان، غەریزەی مردن دەکەوێتە ململانێ لەگەڵ غەریزەی ژیان، ئەگەرغەریزەی ژیان زاڵ بوو ئەوا ئە و مر ۆڤە دوای هۆکاری مانەوە دەگەرێت،بەڵا، ئەگەر پێچەوانەوە بوو ئەوا بە دوای مردن دەگەرێت تاکو خۆی ڕزگاربکات لەو ژیانەی (سۆزان جەمال،٢٠٠٩: ٩٤).

خۆکوشتن لە ڕوانگەی فرۆیدەوە بۆ بوونی شەڕانگێزی لە ساناتۆسدا دەگەرێتەوە، چۆنکە ساناتۆز (غەریزەی مردن) غەریزەی وێرانکارییە سەرچاوەی شەڕانگێزییە (هەمان سەرچاوەی پێشوو: ٩٩).

٦ – ململانێی پیاوسالاری و ژنسالاری.

ژنان و پیاوان بە ئامانج و مەبەستی جیاجیا ململانێیان کردووە، پاڵنەر و هۆکاری جیاجیایان هەبووە بۆ ململانێکان، پیاوان دەتوانین دابەشی چەند بەرەیەک بکەین، کە بە مەبەستی جیاجیا ململانێیان کردووە، لەوانە:

بەرەی یەکەم: ئەو پیاوانەبوون ململانێیان بۆ ئاشتی و پێکەوە ژیان کردووە، لە نووسەران و فەیلەسووفان و پیاوانی ئایینی…تد، لەبەرهەمی گەلێک نووسەردا گرینگی بە کێشەی ژن نەدراوە، ژن تەنها ئامرازێکی جوانی بووە، لە ئەدەبییاتی کوردیدا (مەلای گەورەی کۆیەوە، حاجی قادری کۆیی، پیرەمیرد،…تد، (کە گرینگیان بەكێشەی نەخوێندەواری ژنان داوە (عەبدوڵا، ٢٠٠٧: ٨٢) لە یۆنانی کۆندا، ”ئەفلاتوون بەر لە نزیکەی ٢٣٠٠ ساڵ دەیگوت هیچ جیاوازییەک لە نێوان نێرینە و مێینەدا نییە، پێیوابوو کە ڕژێمی سەرکەوتوو، ئەو ڕژێمەیە کە بێ جیاوازی ڕەگەزی بەشداری هەردوو ڕەگەز دەبێت.” (کەمال مەزهەر،٢٠٠٨: ٣٤/٤٦)، هەر نووسەر و فەیلەسووفێک بەگوێرەی گوزەران و نەریتی کۆمەڵگەی خۆیان، حوکمیان لەسەر بار و گوزەرانی ژنان داوە، هەندێکیان بەشێوەی ئەرێنی وێنەی ژنیان کێشاوە و داوای یەکسانییان دەکرد. وەکوو لەسەرەتا ئاماژەمان پێدا، هەریەکە لە ئەفلاتوون لە یۆنان، ئیبن ڕوشد لە ڕۆژهەلاتی ناوەراست، نووسەرانی کورد مەلای گەورە و حاجی قادری کۆیی. لە ئەدەبیاتی ئەوروپادا ئێرازمۆس، دانتی …تد (هەمان سەرچاوەی پێشوو).

بەرەی دووەم لە نووسەر و ڕ ۆشنبیر و فەیلەسووفەکانن، بەڵام پێچەوانەی بەرەی یەکەمن، ژن وەکوو پاشکۆیەک دەبینن بۆ پیاو، بیرکردنەوەی ئەوەی کەوا ژنان پاشکۆ و لاوازن وایان لەو نووسەر و فەیلەسووفانە کردووە، کە ململانێ بۆ تۆخکردنەوەی ئەم پرسە بکەن. بەمەش نائاگایانە لەوەی کە ژنان توانایان چییە و چۆنە، بە کەم سەیرکردنی ئەقڵی ژن وایکردووە پیاوان هەستی خۆبەگەورەزانینی لەلا دروستببێت، کە ئەمەش لەڕووی دەروونناسییەوە هەستێکی نەرێنییە، لەڕووی ئایینیشەوە بە هۆی هەستی خۆ بەزلزانین و دەمارگیری ئیبلیس بەر نەفرەتی خواکەوت، فەیلەسووفەکانیش ڕۆڵیان لە پفدانی ئەو هەستە بینییەوە. بەردەوام دووپات و ململانێیان بۆ ئەوە کردووە کەوا پیاو پێگەی ئەو باوەڕەی لەبەرامبەر ژن هەیە بەهێز بکات، دژی لەناوچوونی بوەستێت، هەروەک ئوگست کۆمت دەڵێت ”ژن پاشکۆیی پیاوە”، واتە پیاوی بەسەرووتر لە ژن زانیووە. (میل،١٧:٢٠١١)، ئەم بیر و باوەڕانە لایەنی نەرێنی پیاو لەهەمبەر ژن تۆکمەتر کردووە، کە ژن تەنها بە پاشکۆیی پیاو بزانرێت، ببێتە هۆی دروستبوونی دەمارگیری ڕەگەزی، ڕۆسو دەڵێت ”ژن پرچی درێژە بەڵام ئەقڵی کورتە”(١٢) هەموو ئەو بیرکردنەوانە ڕۆڵیان بینیووە، لە بە هێزکردنی بیروباوەڕی ئەوەی کەوا ژن بوونەوەرێکی لاوازە، ئەگەر ژن ئەقڵی کورت بێت پیاو و ئەقڵی درێژ بێت، ئایا بوونی کەسایەتی وەکوو ( ماری کوری، کیلۆپاترا، بەلقیس، زەنوبیای تەدمۆر، مادام ڕۆڵان، حەزرەتی خەدیجە (د.خ)، مێرکل….تد) ئەقڵیان کورتە، کەواتە بەو پێوەرەبێت کەسایەتی خوێنڕێژەکانی مێژوو لە ڕەگەزی نێر وەکوو: ستالین، مۆسۆلۆنی، هیتلەر، سەدام حوسێن، بە نموونە ئەقڵیان درێژە؟

بیر و باوڕی ئەوەی ژن هێمایە بۆ نیشتیمان و شەڕەف، وایان لەسەربازەکان کردووە لە کاتی جەنگەکان و ململانێکاندا هێڕش و دەسترێژی بۆسەر ژنی وڵاتی یەکتر ببەن، بە مەبستی لێدان لە پێگەی یەکتر کە ئەمەش هەمدیسان لۆژیک و ئەقڵی پیاو دەخەنە ژێر پرسیارەوە (حەمە سەعیید، ٢٠١٣).

بەرەی سێیەم:. پیاوی دەسەڵاتخواز و دیکتاتۆربوون بەوەی کە نەک تەنها ژن بەڵکو پیاویش لە ژێر دەستیان دەچەوسایەوە.

ژنانیش چەند بەرەیک بوون، ململانێیان بۆ ئامانجی جیاجیا دەکرد، بیر و باوڕی ئەوەی کەوا ژنان تەنها بۆ ئەوەن دەبێت ڕەگەزی نێر لە خۆیان ڕازی بکەن و ژنان دەبێ جوانبن، ئەم بەرەی ژنان بێ ئاگا بوون لەوەی کە چین و کێن؟ تەنها ئەوەیان دەزانی کە بۆیان باسکراوە، بۆیە هەستی خۆ بەکەم زانین لەلایەن ژنانەوە دروستببوو کە لاوازن و ژنان دەبێت شەرمن بن، هەروەک لەم پەندە کوردیەدا دیارە ”کچا شەرمن شارەکی تینیت” (١١) ئەگەرئەم شەرمنەییەی کچ ئەوندە بەبەهایە، بۆچی شارێک بهێنێت، چی دەبوو ئەگەر بەقەد ئیمپراتۆریایەکی ڕووسیای قەیسەری و ئیمپراتۆریای عوسمانی هێنابایە، لەڕووی دەروونییەوە شەرمنی هەستێکی نەرێنییت (١٢)، ژنان هەستی خۆ بەکەم زانین و گوناحیان لەلا دروستببوو لە نەستی ژندا هەستکردن بەوەی کەوا دەچەوسێندرێنەوە، بە چاوێکی سووک سەیر دەکرێن، بەمەش ژن خۆی لەلا بچووک دەبێتەوە. بۆیە بەرەیەکی تری ژنان ئەوانە بوون کە دەیانویست خۆیان بن، ”پشت بەخۆیان ببەستن، بکەربن نەک بەرکار”. (جەمال، ٢٠٠٩: ٧). بۆیە ململانێیان دەکرد. ژنان هەمیشە تاوانبار دەکران بەوەی کە لاوازن، ناتوانن بخوێنن و مافی خوێندیان نەبوو، ”هەرچەندە دوو خۆشکی ئیسپانی یەک لە سەدەی چواردەم هەردووکیان ئەوندە تینۆی خوێندن بوون، خۆیان بە بەرگ کردبووە کوڕ، کە بەو جۆرە گەیشتنە بەر دەروازەی زانکۆ پێیانوابوو جیهانیان پێ بەخشیون، بەڵام دوای ئاشکرابوونی دانەیەکیان بە هاهۆیی کۆڕەکان لە زانکۆ بەدەر کرا”. (ئەحمەد،٢٠٠٨: ١٨/٤٦). بۆیە ژنان ململانێیان بۆ ئەوە دەکرد کە وەکوو مرۆڤێک مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، لە کرێی کار و مافی خوێندن ناداد نەبن، لە پۆڵۆنیا زانکۆیەکی نهێنی گەرۆک بۆ ژنان دابمەزرێنێت، ڕۆژێکیان کەسایەتییەکی وەکوو ماری کۆری پڕ بەدەم هاواری کرد، شەرمە ژن لە مافی خوێندن بێبەری بکرێت، کە دواتر پیاوان بە شانازییەوە ١٩١١، لەسەر سنی زێر خەڵاتی نۆبڵیان پێشکەشکرد”. (هەمان سەرچاوەی پێشوو)، قسەی ئەفلاتوون دووپات دەکاتەوە کەوا بوونی زیرەکی مرۆڤ پەیوەندی بە ڕەگەزەوە نییە، بەڵكو لە هەر کام تۆخمێک دەکرێت لەشتێکا زیرەک بن یان یەکێک لەیەکێ زیرەکتر بێت.

کەواتە ململانێکان دەکرێت دیوێکی ئەرێنیان هەبێت، کە ببێتە هۆی بەرەوە پێشچوونی لایەنێک، بەڵام دیوە شاراوەکەی ململانێی پیاوان و ژنان لەوەدایە، کە لەشکستەکانیان ململانێ بۆ ئەوە دەکەن یەکتری تۆمەتبار بکەن. بۆ نموونە پیاوان لە کاتی سەرکەوتنەکانیان لە شەڕ و جەنگەکاندا ئازاکان پیاوانن، پیاوان خۆیان بەرزگارکەر دەزانن، دوایی ماڵ وێرانییەکی زۆر، ژنانیش دەڵین : ئەوە ئێمەین، ئێوەمان پەروەردە کردووە، بەڵام کاتێک دێینە سەر شکستەکانیان و لایەنە نەرێنییەکەی جەنگەکان، دەڵێن ئێوەی ژنان تۆمەتبارن بەوەی نەتان توانیوە نەوەیەک پەروەردە بکەن! (١٣).

بەمشێوەیە ململانێی ژنسالاری و پیاو سالاری لە فۆرمی جیاجیادا، لەشێوەی ئەرێنی و نەرێنی بەردوامن.

– ململانێ لە چیرۆکدا.

چیرۆک ئەو ژانرە ئەدەبییەی، گرینگییەکی زۆری لەنێو دونیایی ئەدەبدا بۆ تاک و کۆمەڵ هەیە، چونکە ڕۆڵی سەرەکی پەروەردە دەگێڕێت. بە هۆی ئەو ڕووداو و ئەزموونانەی لە گێڕانەوەکەدا بەدی دەکرێت، پڕە لە ڕووداوەکانی نێو ژیانی مرۆڤ، ململانێی بەشێک بووە لە ژیانی مرۆڤ، ئەویش وەکوو بوونێک لە ژیاندا، لە ژانری چیرۆکدا ڕەنگی داوەتەوە. هەروەک مەنتک دەڵێت ”چیرۆک واتە ململانێ و جووڵە”. (مەنتک،٨٥ ؛٢٠١٨). واتە کارەکتەرەکانی نێو دەقی گێڕانەوەکە دا ململانێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجە و ویستەی کە خۆیان دەیانەوێت، ململانێ وەکوو ڕووداوێک لەنێوان کارەکتەرەکاندا لە چیرۆکدا دەرناکەوێت، بەڵکو هۆکارێکی گرینگە، بگرە هونەرێکە بۆ بوونی نەخشەی چیرۆک (گەڵاڵەی چیرۆک) (١٤) چونکە ڕووداوەکانی ناو چیرۆکەکە بەهێزتر و بە پێزتر دەکات، ئەویش بەهۆی ئەو ڕووبەڕووبوونەوەی کارەکتەرەکان لەگەڵ یەکتری یان لەگەڵ خودی خۆیان.

گرینگبوونی ململانێ لە چیرۆکدا وای لێهاتووە بە تۆخمێکی گرینگ دابنرێت، بۆ نەخشەی دروستبوونی چیرۆک، هەر لەبارەی گرینگی ململانێ وە دەڵێت ”لە دەقێکی ئەدەبیدا، دەبێت جۆرێک لە ململانێ هەبێت، ئەگەرنا چیرۆک بوونی نابێت، بوونی دژواری و جیاوازی یەکێکە لە ڕێگەی هەرە خێڕاکانی دروستبوونی ململانێ لە چیرۆکدا”. (هەمان سەرچاوەی پێشوو).

لە ڕوانگەی پۆکەوە چیرۆک بێ بوونی ململانێ پەیدا نابێت و سەختی و جیاوازی ڕێگە بە ململانێ دەدات، چیرۆک بێتەکایەوە، هەرچەندە لەسەرەتای وتەکەیدا گشتاندن هەیە، چونکە دەڵێت دەقی ئەدەبی، بەڵام دواتر تایبەتی دەکاتەوە بۆ ژانری چیرۆک. لەسەرەتاوە زۆر جەختمان لەسەر فرە جۆری ململانێ کردۆتەوە لە ژیاندا، ئەگەر بوونی مرۆڤ لەسەر ململانێ وەستابێت، کەواتە فراوان بوونی مرۆڤ لە گەردووندا هۆکارێکی ترە، وایکردووە فرە جۆری لە ململانێ بێتەکایەوە و دوستببێت لەوانە ( ململانێی دەروونی، زارەکی، جەستەیی، کۆمەڵایەتی، سروشت، ئابووری، سیاسی، مەزهەبی…تد). فرە جۆرەی ململانێ کە پەیوەستە بە ڕووداوەکانی ژیانی مرۆڤەکان لە چیرۆکدا ڕەنگی داوەتەوە، بگرە وەکوو هونەرێک سەیری ململانێ دەکرێت لە نێوان کارەکتەرەکان، لەنێو کۆی جۆرەکانی ململانێدا، ململانێی دەروونی بە جوانترین هونەر دادەنرێت و جوانییەک بە دەق دەبەخشێت، چونکە ململانێی دەروونی پاڵنەرە بۆ سەرهەڵدانی جۆرەکانی تری ململانێ. حەمە مەنتک لە بارەی ململانێی دەروونی لە چیرۆکدا دەڵێت ”ئەم جۆرەی ململانێ ئێستاتیکترین جۆری ململانێیە”. (هەمان سەرچاوەی پێشوو). ململانێی دەروونی بە بناغەی جۆری ململانێکانی تر دادەنرێت و زیندووێتی بە دەق دەبەخشێت. بەتایبەتی ڕووداوەکانی ناو چیرۆکەکە لەنێوان کارەکتەرەکاندا بەزیندوویی دەهێڵێتەوە. (حوسێن، مەولود، ٢٠١٨ :٣٦٠).

.بەشی دووەم

ململانێی پیاوسالاری و ژنسالاری لە کورتە چیرۆکی “ئیمپراتۆریای ژن”

چیرۆکی ئیمپراتۆریای ژن لە نووسینی (دڵشاد کاوانی) (١٥) یە. ئەم چیرۆکە پڕ لە ڕووداو و گێڕانەوەی ململانێی ژنسالاری و پیاوسالاریی، ژنان و پیاوانی دەسەڵاتخواز لە ململانێدان، بە ئاراستەیەکی نەرێنی پڕ لە گرێی دەروونی و لە ڕووداوە یەک لە دوای یەکەکنی ناو چیرۆکە کە دا، بە دوای هەستی توڵەسەندنەوەن. تا دەگاتە ئاستی شۆڕش و ڕاپەرینەکانی ژن، چەندین جۆری ململانێ لەنێوان ژنان و پیاوان لە ” ئیمپراتۆریای ژندا” ڕەنگی داوەتەوە کە بریتین لە :

– ململانێی دەروونی و کۆمەڵایەتی”ئیمپراتۆریای ژن”

ململانێی دەروونی لە یەکەم گێڕانەوەی چیرۆکخوانی گێڕەوە چیرۆکەکە دەست پێ دەکات، لەسەر زاری کارەکتەرێک لەبەردەم کارەکتەرێکی نەناسراو و بریندار، لە ڕێگەی جێناوی تۆ، ڕووداوی پڕ لە تراژیدی و ململانێی پیاوسالاری و ژنسالاری دەگێڕێتەوە و دەڵێت “دوای ئە و چەند ڕۆژەی بە پرچە ئالۆزکاو و سگی برسی و لاشەی نیوە خوێنیاوییەکەت، بڕیارتدا دواین نوێژی پاکبوونەوەی ئابرووچوونەکەت لەبەردەم یەکێک لە ماکەوە چیایە حەبیسەکان بکەیت، کە بە قورمەی ڕاوچییەک وەکوو خۆت نیوە گیان لەژێر دەوەنەکەدا لە خوێن سوورکرابوو”. (کاوانی،٢٠٢١: ٦٠). لێرە وەک دەستپێک کارەکتەرە بریندارەکە ڕووبەڕووی ململانێی دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆتەوە، بەوەی کە باوەڕی بە ڕزگاربوونی خۆی نییە و ململانێی بۆ مانەوەی خۆیی لە ژیاندا ناکات، ئەمەش یەکەم دەرگەی ململانێی مانەوەی فەلسەفەی داروینیزمییە، دواتر دەبێتە بنەمایەک بۆ دەروونشیکاری غەریزەی سیگمۆند فرۆیدەوە. چونکە غەریزەی مردن بەسەر غەریزەی ژیاندا لە ململانێدایە، بە بەڵگەی ئەوەی کە کارەکتەرەکە داوای یارمەتی ناکات ڕزگاری بکەن و یاخود خواردنی پێ بدەن، ئەمەش هێمایێکە لای چیرۆکنووس بۆ خۆبەدەستەوەدانی ڕەگەزی و بێ ئومێد بوونە لە ژیان.

بکووژی کارەکتەرەکە، پەروەردە و ژینگەکەی وای لێکردووە کەوا بە نائاگایانە، ئەو وێنایەی بۆ ڕەگەزی مێ کێشراوە هەر بەو شێوەیە ببینێت، بۆیە ململانێی بۆ ڕازیکردنی کۆمەڵ کردووە بە کوشتنی ژنێک، کە ئەمەش دەرئەنجامی ململانێی کۆمەڵایەتییە لای جیرۆکنووس، بۆیە بە پێوەری دەروونزانی ئەمە دەستپێکێکی زێڕینە بۆ چوونە ناو ڕووداوەکانی چیرۆکەکە.

– ململانێی گێڕەرەوە لە”ئیمپراتۆریای ژن”

گێڕەرەوەی چیرۆکەکە خۆی لە ململانێی بەدەستهێنانی ژنێکدا بووە بە ناوی (هەفرسە)، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە لە خەونی بەدەستهێنانی هەفرسە بێ ئۆمێد دەبێت، بەمەش دەکەوێتە ململانێی خۆ دواندن وەک لەسەر زاری کارەکتەرەکە خۆیایە “منی نەزان و کڵوڵ پاش لە دەستدانی تەواوی خەونەکانی هەفرسە، بڕیاری خۆمداوە هەموو شتێک دەربارەی زانیاری و ڕاپەرینە مەزنەکانی ژن و یاخیبوونەکان لەبەردەم دادگا زۆرە ملێکانی پیاودا هەڵڕژم”. (کاوانی،٢٠٢١: ٦٠)، دوای شکستهێنان لە خەونی بەدەستهێنانی هەفرسە، ململانێکردن لەگەڵ خۆی، ڕووبەڕووی ململانێیەکی تر دەبێتەوە بەوەی کەوا هەوڵبدات نهێنییە مەزنەکانی ژنان ئاشکرا بکات، بوونی ستەمی پیاو لە ژن وای کردووە ژنان یاخی ببن، لەم کورتە چیرۆکەدا ململانێکان زۆرن، بەڵام کارەکتەرە گێڕەرەوەکە ڕەگەزی دیار نییە ئاخۆ مێیە یان نێرە، تاکوو بریاری ئەوەی لەسەر بدەین لە بارەی ئەوەی کەوا ژنسالارە یان پیاوسالارە.

– ململانێی ژنسالاری لە “ئیمپراتۆریای ژن”

ژنان لە کورتە چیرۆکەکەدا بەسەر خۆیان سالارن بەوەی کە بە ئاگان لەوەی چیتر شایەنی ئەوەنین بچەوسێنرێنەوە، بۆیە خۆیان دەخەنە ژێر پرسیارەوە، گێڕەرەوەکە لە چیرۆکەکەدا بەم شێوەیە بۆمان دەگێڕێتەوە و دەڵێت “چۆن ئێمەمانان شایەنی ئەوەین، بمان چەوسێننەوە، بکڕدرێین و بفرۆشرێین و بمان سوون….تد، چونکە هیچێک لە مانای ڕۆژگار حەسرەتە ماندووەکانی سەردەمی کۆن تێنەدەگەیشتین، لەبەردەم وەرزە ڕەنگینەکانی سروشتدا تێ دەپەڕین و تەنیا ئاوڕدانەوەیەکی خێراشمان بۆ دواوە نەدەدایەوە، لە حەقیقەتە تفتەکەنی ژین حاڵی نەدەبووین”. ( کاوانی، ٢٠٢١: ٦٠). ژنان دەیانەوێت لە خۆیان تێبگەن بۆچی دەچەوسێندرێنەوە، بۆ ئەم مەبەستەش ڕەخنە لە خۆیان دەگرن بەوەی کەوا بۆچی ڕۆژێک سەیری دواوەمان نەکردووە، لە ڕابردووی خۆمان تێبگەین و لە بوونیەتی خۆمان تێبگەین، لێرەدا هۆکاری چەوساندنەوەی خۆیان بۆ ناهوشیاری خۆیاندەگەرێنەوە، ململانێکردن بۆ ناسینی خود ململانێیەکی ئەرێنییە لای نووسەر.

– ململانێکردن بۆ ڕازیکردنی ڕەگەزی نێر لە “ئیمپراتۆریای ژن”

ژنانی نێو چیرۆکەکە ڕەخنە لە ڕابردووی خۆیان دەگرن بەوەی کەوا تەنها ململانێیان بۆ ڕازی کردنی ڕەگەزی نێر کردووە، بۆ ئەو مەبەستەش دەیان گوت “هەمیشە بۆ تێرکردنی غەریزەکانی پیاو دەچەماینەوە و بۆیە خۆمان شیرینتر و خۆشمێ تر دەکرد”. ( کاوانی، ٢٠٢١: ٦١). خۆ شیرینکردن و خۆ جوانکردن نەک تەنها ململانێکردنە بۆ ڕازیکردنی ڕەگەزی نێر، بەڵکو ململانێ لە نێوان ژنانیش دێنێتە بوون بەوەی کە کێ جوانترین و ناسکترینە. ئەمەش چەوساندنەوەیەک بوو بەرامبەر بە خۆیان، چونکە ناز و مەکر تەنها بۆ ژن هەڵبەسترابوو، کە هیچ بەدیلێکیتریان نەبوو و خالی لاوازی پیاوان بوو بەرامبەر بە ژنان، بۆیە بەشێوەیەکی نەرێنی و درۆ وێنای مەکری ژنانکراوە.

– ململانێ بەرامبەر هەڵبەستراوەکان لە “ئیمپراتۆریای ژن”

ژنانی نێو چیرۆکەکە، بەرامبەر ئەو هەڵبەستراوانە دەوەستانەوە کە بۆیان دروستکرابوو، کە دەبێت جوان و ناسک بن. بۆیە هەفرسە یەکێکە لە کارەکتەرەکانی نێو چیرۆکەکە دژی ئەو هەڵبەستراوانە وەستایەوە کە ژن دەبێت جوان و ناسک بێت، ڕقی لە هەموو جوانی ناسکییەک و ئالتوون دەبوویەوە، لە چیرۆکەکەدا وێنایەکی نەرێنی بەرامبەر بە ژن کێشراوە کەوا ژنان درۆ و ناز دەکەن، هەفرسە “هەموو نهێنییەکانی ژنی لە درۆزەبەڵاحەکانی نازە بێ حەشوەتەکانی پەردەپۆش دەکردن”. (کاوانی،٢٠٢١:٦١).

ئەم وێنا نەرێنییە لە درۆکانی ژن و نازەکانی تۆخ کراونەتەوە بەوەی کە ژن وەک بوونەوەر گەلێک درۆزنن.

هەفرسە دایە حەوای تۆمەتبار دەکرد بەوەی کەوا خیانەتی لە ژنان کردووە، دڵشاد کاوانی دەنووسیت “نەدەبووایە کچەکانی بە قابیل و هابیل بفرۆشێت” (١٧)، هەرتەنها ژنان حەوا تۆمەتبار ناکەن، بەڵکو پیاوانیش حەوا تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە هۆکار بووە، ئادەم لە بەهەشت دەربکرێت، بەڵام هۆکاری سەرەکی ململانێ و مانەوە یئیبلیس بوو، بووە هۆی ئەوەی کە ڕاڕایی و دوو دڵی بخاتە نێوان دەروونی ئادەم تا لە بەرووبوومی قەدەخە کراوەکە بخوات (١٨).

– دژیەک لە چەند ڕووداوێکی ململانێی “ئیمپراتۆریای ژن”

لەکاتی ململانێکاندا ڕووبەرووی چەند دژییەکێک دەبینەوە، لەوانە:

١- دژییەک لە دەروونی هەفرسەدایە، کەوا ڕقی لە هەموو جوانی و ناسکییەک و کەرستەی ژنان دەبوویەوە، ململانێی بۆ ئەوەی دەکرد کەوا نووسەر ئێژێت” ژنان جوان و ناسک نین، ژن بوونەوەرێکی تووڕە و یاخییە، بەڵام قەدەر وایە پێیان دەڵێن ژن، دروستبوونی پیاوی بە فێڵ و تەڵەکەبازەکانی شەیتانی دەزانی”. (کاوانی،٢٠٢١: ٦٠)، بەڵام تاکە پیاو کە توانی پەیوەندی تووند و تۆڵ لەگەڵ هەفرسەدا بگرێت، پیاوێک کە لاساییکەرەوەی ژنان بوو، لە کەرەستە جوانکارییەکان، قژی درێژ…. تد، کە ئەمەش دژی ویستە خەفەکراوەکانی هەفرسەیە، کە گیانی پڕبوو لە ڕق لە جوانی ناسکی ژن، بەڵام پیاوێکی ناسراو بە ئەحەی سەرژنانە بتوانێت جێی خۆی لە دڵی بکاتەوە بۆ ڕاپەراندنی کارەکانی
.

٢- هەڵبژاردنی سەرۆکێک لە ڕەگەزی مێ، کوشتنی ژن لەلایەن کەسی نەناسراوەوە، بوونی دژییەکێیکی ترە لە نێو ململانێی چیرۆکەکەدا، کارەکتەرە گێڕەرەوەکە دەڵێت ” هەموو بەیانییەک کە لەخەو هەڵدەستام وێنەی کچە کوژراوەکانم دەبینی، کە لەلایەن دەستێکی ون هەڵدەواسران، یاخوود بەیاننامەی تازە و بەرنامەکاری نوێ لە نۆژەندا دادەڕێژرایەوە و لە خوارووشیدا نێوی سەرۆکی ڕەگەز و پێشەوای ئایندە دەنووسرایەوە، بەروارەکەشی بە کات و ڕۆژی لەدایکبوونی مێینەیەکی تر دەستپێ دەکردەوە”. (کاوانی، ٢٠٢١:٦٤). دژیەکەکە لێرەدا بەدی دەکرێت، لەلایەک ژنان دەکوژرێن لەلایەکی تر بانگەشەی لەناوچوونی دەسەڵاتی نێرینە دەکەن، کە دەسەڵاتێکی بۆگەن و ماوە بەسەرچووە، ململانێ کانیشیان بووە هۆی لەناوچوونی، دەسەڵاتی نێرینە.

٣- سەرکوتکردنی هەر پیاوێک کە باسی لە گوزەرانی ژنانی کردبا، بەڵام لەچی و چۆن و بۆ؟ هۆکارەکەی نادیار بوو، ژنانێکی یاخی بەرامبەر بە هەموو هەڵبەستراوەکان و خۆیان بە شۆڕشێکی مەزن و کومەڵایەتی دادەنا، پیاوانی سەرکووت دەکردن، کە ئەمەش پارادوکسە، لە ڕوانینی نووسەر و جیهانبینی خۆی دا.

– ململانێی پیاوسالاری لە ئیمپڕاتۆریای ژن.

لەم چیرۆکە داپیاوان دابەشبووینە سەر دوو بەرە، بەرەیەک ململانێیان بۆ حەز و ویستی خۆیان دەکرد، تاکوو لە ژنان نزیک ببنەوە، وەکوو دڵشاد کاوانی لە بارەی کارکتەری ئەحەی سەرژنانە، دەپەیڤێت ” لە وڵاتەکەیدا لاساییکەرەوەیەکی سەرسەختی ژنان بووە تا لە هەفرسە نزیک بێتەوە، بۆ کاری بازرگانیش دەچووە ناوچەی هەرێمەکانی تری خواروو، لەوێ تێکەڵ بە ژنی تر دەبوو، هەر جارە و پیاوانی وەکوو ئەحە بە فرتوفێلێکەوە ململانێیان بۆ ئەوە دەکرد تاکوو لە ژنان نزیکببنەوە”. (کاوانی،٢٠٢١: ٦٣، ٦٤). لێرە دڵشاد کاوانی لە چیرۆکی ئیمپڕتۆڕیای ژن، ڕەگەزی نێر دەخاتە نێوان دوو قۆناغ و دوو چین.

یەکەمیان: ئەو ڕیکخراوەکان و شۆڕش و خەباتی ژنانە دەخاتە بەر ڕەخنە کە پێشەنگایەتی چالاکییەکانیان دەکەن یاخود هێزی پشتی ئەم جۆرە ڕێکخاوانەن.

بەرەی دووەم:. دیکەی پیاوان ئەو پیاوانە بوون کە ململانێیان بۆ پاراستنی نەریت دەکردوو، ژنیان لەسەر هەڵەیەکی بچووک دەکوشت، هەر ڕۆژە و وێنەی ژنێکی کوژراو دەبینرا، هەروەک کارەکتەرە گێڕەرەوەکە دەڵێت ” هەموو بەیانییەک کە لە خەو هەڵدەستام، وێنەیەکی تری یەکێک لە کچە کوژراوەکانم دەبینی، کە لەلایەن دەستێکی ون هەڵدەواسران”. ( کاوانی، ٢٠٢١: ٦٤)، ئەم بەرەی پیاوانە قۆناخێکی درێژتری مێژوویان هەیە، لە پیاوانی سەرتایی و ئێستا و بەردەوام ململانێیان بۆ مانەوەی نەریتی ژن کوشتن دەکرد.

– ململانێی جەنگ لە “ئیمپراتۆریای ژن”

لە چیرۆکەکەدا ململانێکان درێژەی هەیە و کۆتایی نایەن، چونکە تا ئیمپراتۆریاکە لەژێر زۆڵم و ستەمی پیاوسالاری ڕزگاری کرا، خۆی لە ژێر ستەمی ژناندا بینییەوە، بەمەش ململانێکان زیاتر درێژەی کێشا، کاوانی ئیژێت ”هەڵبژاردنی سەرۆکێک لە ڕەگەزی مێ، پیاوانی چاویلکە لە چاو، پۆشتە و ڕووت و ڕەجال، زانا و نەزان، ڕۆشنبیر و کولەوار، دەسەڵاتدار و بێ دەسەڵاتی تەنگی پێ هەڵچنیبوون، هەراسانببوون“. (کاوانی،٢٠٢١: ٦٣).

هۆکاری ئەوەی کەوا پیاوان لە ئیمپراتۆریای ژن هەراسان ببوون، پیاوان لە باڵادەستبوونی ژنان دەترسان، ترس لە تۆڵەسەندنەوە، ترس لە کوشتنی پیاو لەسەر شەڕەف، سنووردارکردنی چوونە دەرەوەیان، سنووردارکردنی کاتی کارکردنیان، هەتکردنیان، بەکارهێنانیان وەکوو ئامرازێک لە دەقە ئەدەبییەکاندا بۆ لێدان لە پێگەیان،…تد، ئەم ترسەی پیاوسالاری ڕاستییەکانی ڕاکێشا، ململانێی ژن بۆ تۆڵەسەندنەوە بوو، بەمەش دەنووسێت “هەموو شەوێک لە بیابانەکاندا تەرمی پیاوێکی بێ ناسنامە دەدۆزرایەوە. کوشتنی پیاوان لە بازارەکان و شوێنە گشتییەکاندا ببووە شتێکی ئاسایی هەریەکەیان بەبیانوویەک دەکوژران، زۆربەیان بەتۆمەتی بێشەڕەفی دەکوژران “. ( کاوانی،٢٠٢١: ٦٣)، کوشتنی پیاوان لەسەر شەڕەف هەمان سیناریۆی دەسەڵاتی پیاوسالاری لە دەسەڵاتی ژنسالاریدا دووبارەکرایەوە، بەمەش جیرۆکنووس هەم ستەمکار و ستەملێکراو پێچەوانە دەکاتەوە، بازنەی خراپەکاری دەخاتە هەستۆی مرۆڤ نەوەک ڕەگەز، هەمیش بۆ درکردنی پیاوە بە ستەمکارییە مێژوویەکەیان کە بەرامبەر ژن کردوویەتی، وەک کودەتایەکی هەڵگەڕاوە نیشان دەدات، بەمەش ململانێکان بە شێوەیەکی نەرێنی بەردەوامبوون.

– ئیمپراتۆریای ژنسالاری.

وێنەی دەسەڵاتی ژن لە کورتە چیرۆکی ئیمپراتۆریای ژن، وێنەیەکی نەرێنییە، چونکە دەسەڵاتێکە پڕە لە ستەم و کۆت و بەندکردنی نێرینە، ئەم کۆت و بەندکردنەی نێرینەی بە هاوکاری نێرینە خۆیان بووە، بەتایبەتی ڕۆڵی ئەحەی سەرژنانە لە چیرۆکەکدا دیارە کە یارمەتی دەری سەرەکی هەفرسەیە.

پیاوان و گەنجە نێرینەکان لە ئێواران نەیان دەتوانی لەبەر هێڕشی کچەکان بێنە دەرەوە، هەر ڕۆژە و پیاوێک لە ئیمپراتۆریای ژن لەسەر بێشەڕەفی سەردەبڕدران، هەر ڕۆژە و پیاوێک دەستدرێژی دەکرایە سەر، ئەمەش پێچەوانەی شۆڕشی ژنان بوو، بەمەش “شۆڕش دروست نابێت، ئەگەرچەوساندنەوە هەر بەردەوام بێت”. (میسری، ٢٠٢٠: ١٢)، بە واتایەکی تر ئەگەر شۆڕشێک نەیتوانی دەسەڵاتی ستەم بگۆڕێت، ئەوا شۆڕش نییە، بەڵکو تەنها فۆڕم گۆڕدراوە، لە ژێر ستەمی پیاوان ژنان ستەمیان لێدەکرا، بۆیە ململانێکان، زۆر بە جوانی بە سێ شێواز لە جیرۆکەکە دەرکەوتن بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی پیاو:

١- بەشێوەی خۆپیشاندان.

هەفرسە پاڵەوانی جیرۆکەکە خۆی سەرپەرشتی خۆپیشاندانەکانی دەکرد، دڵشاد کاوانی لە چیڕۆکەکەدا دەنووسێت “بە کۆمەڵ کچە تازەپێگەیشتووەکان و قەیرەترشاوەکانی لە دەوری خۆی کۆ دەکردەوە”. (کاوانی (٦٣ :٢٠٢١. ئەمەش باوەڕبوونە بە توانای ژن بۆ سەرکردایەتی شۆڕشی ژنان، کە خاڵێکی ئەرێنی و فراوانی بیرکردنەوەی نووسەر تێگیشتنیەتی لەدەرەوەی ڕەگەزی خۆی کە نێرە، لەکاتێک دا زۆرەبەی شۆڕشەکانی لە ژێر چەپۆکی پیاوان بوون و یان شۆڕشی ڕاستەوخۆی پیاوان ناسراوون.

٢- بەشێوەی نهێنی.

ململانێی شەڕ و پێکدادان بەشێوەی نهێنی لەکاتی چوونی ( ئەحەی سەرژنانە)، بۆ کاری بازرگانی لە هەرێمەکانی خواروو، کە بۆ پیلانگێران چبوو (کاوانی، ٢٠٢١: ٦٣)، یارمەتیدانی ئەحە بووە هۆی سەرکەوتنی پیلانەکانی ژنەیاخیبووەکان، لێرەش هەم دیسان نیشاندانی واقعی سیاسی و کۆمەڵایەتی و تواناداری نێر نیشان دەدات، کە هەر خۆیان ستەمکار و فریادڕەسی ژنن.

ململانێی لەناوبردنی نێرینە.

ململانێی ژنسالاری بۆ لە نەوابردنی نێرینە دەستی پێ کرد، ” ئەور ۆژەی هەراو هۆریا درێژە کێشا، ئێوارەی پایزێکی کوشتنی نێرینەکان بوو، هەرێمێک لە یەکەم ڕۆژی ئیمپراتۆریای مێینەوە دەستی پێ کرد، خاڵی لە پیاو، لە مێژوو ڕەشەکانی شارستانییەتی زۆرەملێی خۆبەزڵزانەکانی گۆڕدرا، لە یاساوڵ، سەرباز، سەرۆک، مامۆستا و قوتابی، سەراپای پایتەخت و شار و لادێکان، کوچە و کۆڵان و قەیسەری و بازار و دەرو دراوسێ، کۆگا و کارگەکان، مزگەوت، و کلێسا و نوێژخانەکان، لەسەر مینبەر دەگوترایەوە. شاعیر و ڕۆشنبیران، نووسەران، هونەرمەندان لە شانۆکان و مانشێتی ڕۆژنامەکان،….. تد، مێژوونووسەکان لەسەر تاشە بەردی چاخێکی نوێ و تازەگەری هەڵیاندەکەند،… “. (کاوانی،٢٠٢١: ٦٦). نووسەر لە ڕێگەی ئەم چیڕۆکە دەمانباتەوە بۆ مێژووی سەرەتایی مرۆڤایەتی، پێش شارستانییەتی مێژوو و سەدەی نیۆلۆتیک و سەدەی کشتووکاڵی، خواوەندەکانی دایک و سەردەمی شارستانییەتی سومەر و بابل، وەک خواوەندەکانی ژن وەکوو نین هۆسارک، تیامات، ئینینا، کە لەو سەردەمە دا، ژن سەردەستە بووە و پیاو ژێردەستە، ئەمەش بە ڕووێکی دیکە لە بیری نووسەر دا خاڵی گەڕانەوەیە بۆ جێندەر.

ئەنجام

لە کۆتایی توێژینەوەکەم دا دوای ڕوونکردنەوەی هەریەک لە چەمکەکانی (ژنسالاری، پیاوسالاری، ململانێ، جێندەر) و دەستنیشانکردنی لایەنی مێژووی کۆمەڵگەی ژنسالاریمو ململانێ، هەروەها جۆرەکانی ملمــلانێ و پاڵنەرەکانی، لە شیکردنەوەوەی ” ئیمپراتۆریای ژن “ی دڵشاد کاوانی بەو ئەنجامە گەیشتم؛

ژنانی نێو کورتە چیرۆکی ئیمۆراتۆریای ژن، خۆیان ڕەخنەدەکرد بەوەی کە ناهۆشیار و بێ ئاگان لە ڕابردووی خۆیان، بۆیە ململانێیان دەکرد کە چیتر نەچەوسێندرێنەوە.

ململانێ ژنسالارەکان پڕبوو لە گرێی دەروونی و هەستی تۆڵەسەندنەوە.
بوونی دژیەکێکی زۆر لە نێوان ململانێی پیاوسالاری و ژنسالاری، لە هاتنە سەر تەخت و هەڵبژاردن و ئیمپراتۆریا، گرێی دەروونی، شۆڕش و یاخیبوون….تد.

پیاوان ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە چەوساندنەوەی ڕەگەزی خۆیان لەسەردەمی دەسەڵاتی ژندا، هەروەک چۆن ناهۆشیاری ژن ڕۆڵی بینی لە چەوساندنەوەی ژن لە دەسەڵاتی نێرسالاریدا لە ئیمپراتۆریای ژندا.
ململانێی پیاوسالاری و ژنسالاری لە ململانێی خۆپیشاندانەکانەوە باڵی بۆ ململانێی جەنگی کێشا.

وێنەیەکی نەرێنی بۆ دەسەڵاتی ژن کێشراوە لە ئیپراتۆریای ژن، کە تەنها ئەم درندەییە لە ژێر دەسەڵاتی پیاواندا بوونی هەبووە.
دواجار ژن و پیاو مرۆڤن، دەکرێتلە هەر سەردەمێکیان، یەکێکیان ببێت بە ستەمکار، لە ئیمپراتۆریای ژندا دەردەکەوێت، کەوا ئەگەر ژنیش بۆی بکرێت، ڕەگەزی نێر دەچەوسێندرێتەوە بەڵام لە ئاست دەسەڵات و سیاسەت هیچ بەڵگەیەکی مێژوویی نییە، جگە لە گۆتەی گشتی نەبێت.
دەکرێت ڕەوتی مێژوویی لە بەرژەوەندی ژنان گۆڕانکاری بەسەر دابێت.
ترسی لەقبوونی پێگەی پیاوە لە هانتنی شەپۆڵی فێمێنستی.
– چیرۆکنووس خۆی لە ڕەگەزی نێرە، بەڵام توانیویەتی لە نووسینەکەی دا، باشە و خراپە بۆ هەردوو ڕەگەز بەیەکسانی ببینێت.

پەڕاویزەکان

١- لایەنی بایۆلۆژی مرۆڤ هۆکارنییە بۆ بەهێزی و لاوازی مرۆڤ، فرۆید ژن بەلاوازدەبینێت بە هۆی نەبوونی چوکەوە، کە لە نێرینەدا هەیە، لە مێینەدا نییە، بەڵکو لایەنی کۆمەڵایتییە کە بڕیاری لاوازی و بەهێزی لەسەر ڕەگەزەکان داوە.

٢-فێمینیزم یەکەمین بزوتنەوە بوو بەشێوەی ڕێکخراوەیی ململانێی بۆ یەکسانی ژن دەکرد.

٣- مەرگەیی، عمر مەرگەیی (،١٣-٨-٢٠٢١)، ململانێی یان دیوە شاراوەکەی واقع، خەندان https://www.xendan.org
،

٤- ڕزگار، محەمەد ڕزگار (١٦- ٢- ٢٠٢١)، ململانێی خێزانی،
زانیاریhttps://www.zaniary.com/blog

٥- ئەحمەد، ڕێزدار ئەحمەد(،١٦-٢-٢٠٢١(، ململانێی دەروونی و
جۆرەکانیhttps://zaniary.com/blog%

٦- عوسمان، دیدار عوسمان (١٨-٣-٢٠٢١)، ئادەم (عەلیە سەلام)، مێژووی کوردhttp://www.historyofkurd.com/

٧- شەپۆڵی دووەمی فێمینزم، لە ئەمریکا لەسالی ١٩٦٥، لە ڕۆژئاوا لە ١٠٦٦ دەستی پێ کرد، ئەم شەپۆڵە پەرەسەندنی زیاتری بەخۆوە بینی لەچاو شەپۆڵی یەکەم.

٨- ئەقڵی نائاگای مرۆڤ بەشێکی سەرەکی مێشکی مرۆڤە، کە بەرپرسە لە بەرێوەبردنی ئەندامانی جەستەی مرۆڤ، یارمەتی دەری ئەقڵی ئاگایە بۆ بیرکردنەوە، ئەقڵی نائاگای مرۆڤ ٪ ٩٥ ژیانی مرۆڤەکان بەرێوە دەبات، یەکەمین پرۆگرامکردنی ئەقڵی مرۆڤ لە تەمەنی منداڵییەوە دەست پێ دەکات، دواتر دەبێتە خۆیەک، بۆیە کاتێک ڕەگەزی نێر پێیان گوت تۆ ئازای بیرۆباوەڕی ئازایەتی لە نائاگای دەچەسپیت، بەڵام کە بە کچ دەڵین تۆ لاوازیت و دەبێت شەرمن بیت، ئەوا بیرۆ باوەڕی شەرمنی و لاوازی لە مێشکی دا دەچەسپێت. https://www.nogomi.ru/songF

٨- ململانێی دەروونی لە ڕووی سایکولوژییەوە چەند جۆرێک بوون، لەوانە ململانێی چوونەپێش کە ئەم جۆرەیان دەروونی مرۆڤ لەنێوان بژاردەی دوو هێزی باش دایە، کە ڕێگرە لەبەردەم هەڵبژاردنی شتەکە، کەچی ململانێی پاشەکشە ململانێیەکە لەنیوان دوو پاڵنەری خراب، کە مرۆڤ لەنێویاندا نازانێت کامییان هەڵبژێریت، چونکە هەردووکی زیانی بۆی هەیە.
http://kurdipost1.blogspot.com/g

١- https://darwnshikary.wordpress.com

١١- بە پێویستم زانی ڕوونکردنەوەی لەسەر پەندی ” کچا شەرمن شارەکی تینیت”، ئەو پەندە لە زمانی ڕۆژانەی خەڵک بە تایبەتی دەڤەری بادینان بەکاردەهێنرێت، لە هیچ کەسێکی بەتەمەنم پرسیار نەکردووە و بە پێویستیشم نەزانیوەی قسەی گشتی بە مۆلکی کەسێکدابنێم، چونکە ئەگەر لە کەسێکی بە تەمەنیش بپرسم ئەوا قسەی ئەویش نییە، چونکە ئەویش لە کەسێکی تر گوێی لێبووە، بۆیە پەندەکان مۆلکی گشتین، هەموو کەسێک دەتوانێت لە باسەکانیان بەکار بێنن.

١٢- شەرمنی حالەتێکی دەروونیە، وا لە مرۆڤ دەکات موتمانەی بە خۆی لاواز بێت، زۆرجای شەرمنی ڕێزگرتن تێکەڵ بەیەک دەکرێن، بەڵام ڕێزگرتن جیاوازە، کەسایەتی مرۆڤ بەهێز دەکات، بەڵام شەرمنی کەسایەتی مرۆڤ لاواز دەکات. نەجم، خەیال نەجم(،٢٩-٧-٢٠١٨)، ئایا شەرمنی چییە؟ https://www.sharazurnews.net

١٣- قسەیەکی گشتییە، لە هیچ سەرچاوەیەکم وەر نەگرووتەوە، بەڵکو ڕووداو بارودۆدەخەکانی نێو کۆمەڵگە و ژیانی ئێمە شاهید و سەرچاوەی ئەوەن کەوا ژنان پیاوان یەکتری تۆمەتبار دەکەن لە شکستەکانییان، کە ئەمەش سروشتی مرۆڤە و لەنێو یەک ڕەگەزیشدا بوونی هەیە، بۆ نموونە بە درێژایی مێژوو دوو لایەن هەبوون، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چیرۆکە ئایینیەکەی کە یەکێکیان دایە حەوای تۆمەتبار دەکرد بەوەی کە ئادەمی هەلخەڵاتندووە، لایەنێکی تر باوکە ئادەمی تۆمەتبار دەکرد بەوەی کەوا لاواز بووە خۆی لەبەر حەوا نەگرتووە، ئەمە لەک اتێکدا خوا خۆی ویستی لەسەر بووە جێنیشینێک لەسەر زەوی دابنێت، ئەگەر ئەم ڕووداوەش ڕووی نەدەبوایە ئەی چون مرۆڤ دەبووە جێنیشن؟

قسە( زمان) مۆلکی گشتیە لەرێگەیەوە گوزارشت لە پرسەکان دەکرێن بۆیە مۆلکی گشتی دەکرێت لە دەیان سەرچاوەی تر بەکارهێنرابێت یان هاو هزری هەبووبێتن.

١٥ – گەڵالەی چیرۆک (پلۆت) بریتیە لەنەخشەی چیرۆک، ململانێی ئەو نەخشەیە دروست دەکات.

مەنتک، حەمە مەنتک (٢٠١٨) هونەرەکانی چیرۆک نووسین، چاپی یەکەم، چاپخانەی مێخەک.

https://kurdipedia.org/default.aspx?q=20210324200304393131&lng=11

http://www.muslimguide.se/Stories_of_Prophets/Adam3.ht ml
http://www.historyofkurd.com%

سەرچاوەی کتێبەکان:

ئەحمەد، کەمال مەزهەر (٢٠٠٨)، چاپی یەکەم و دووەم، بەغدا.
ئۆجەلان، عەبدوڵا (٢٠١٢)، ژنۆلۆژی، چاپخانەی ڕەنج، سلێمانی.
ئێگلتون، تێری (٢٠١٥)، بۆچی مارکس لەسەر حەق بوو، پێشرەو محەمەد، دەزگای ئایدیا، چاپخانەی دلێر.

ئەنوەر، پەیڕەو (٢٠٢١)، سەرەتایک بۆ جێندەرناسی، چاپی یەکەم، چاپخانەی هەولێر.

ئارێنت، هانا (،٢٠٢١)، شۆرش و ئازادی، بەکر علی، چاپی یەکەم، کورد ڕاوم.
– ئیمامی، نەسرۆلا ئیمامی (٢٠١٨) بنەما و میتۆدەکانی ڕەخنەی ئەدەنی، سەنگەر نازم و هیمداد حوسێن، چاپی یەکەم، هەولێر.

-ئەحمەد، شوان (٢٠٠٧)، چەمکی ململانێ، چاپخانەی ڕەنج، سلێمانی.

– د.ئیمام، عەبدوڵفەتاح (٢٠١٣)، ئەرستۆ و ژن، سەرکەوت جەلیل، چاپی یەکەم، چاپخانەی مۆکریانی، هەولێر.

– بیجۆم، د.حەسنە (٢٠٠٧)، ژن لە جیهانی سێدا، چروو سابیر، چاپخانەی ئازادی، سلێمانی.

جەمال، سۆزان (٢٠٠٩)، چاپی یەکەم، چاپخانی خانی، دهۆک.
– حیجازی، مۆستەفا (٢٠١٦)، دەروازەیەک بۆ سایکۆلۆژیای مرۆڤ، سەعدی کاکە وەیسی، چاپخانەی ڕۆژهەلات، هەولێر.

-حوسێن، هیمداد (٢٠١٠)، دەروازەیەک بۆ ڕەخنەی ئەدەبی نویی کوردی، چاپی دووەم، چاپخانەی باز، هەولێر.

حوسێن، حەمە سەعید (٢٠١٣)، مێ لە سایەی ستەمدا، چاپی یەکەم، چاپخانەی موکریانی، هەولێر.

حوسین، سەنگەر نازم، مەولۆد، ڕێزان ساڵح (،٢٠١٨)، چاپی یەکەم، چاپخانەی هەولێر.

عزیز، عیزەدین ئەحمەد ( ٢٠١٤)، بنەماکانی دەروونزانی گشتی، چاپی پێنجەم، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر.

قەرەچەتانی، د. کەریم شەریف (٢٠٠٦)، سایکۆلۆجیای گشتی، چاپی یەکەم، چاپخانی زانکۆی سەلاحەددین، هەولێر.

قادر، سەرۆ قادر(٢٠٠٩)، ئافرەت، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر.
کاوانی، دڵشاد کاوانی (٢٠٢١)، نۆبەرەی مەرگم دێت، چاپی یەکەم، ماڵی کتێب.
میل،جۆن ستیوارد میل ( ٢٠١١)، کۆیلەکردنی ژنان، ڕەسۆل سۆڵتانی، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕۆژهەلات، هەولێر.

مەنتک، حەمە مەنتک (٢٠١٨)، هونەرەکانی کورتە چیرۆک، چاپی یەکەم، چاپخانەی مێخەک.

مەستوور، موستەفا مەستوور (٢٠١٤)، بنەماکانی کورتە چیرۆک، مەسعوود خۆرشید سابیر، چاپخانەی ڕۆژهەلات، هەولێر.

هیۆد، ئاندرۆ هیۆد (٢٠٠٧)، چاپی یەکەم، دەزگای ئاراس، هەولێر.

سەرچاوە فەرهەنگییەکان:

خاڵ، شێخ محەمەدی خاڵ (٢٠٠٥)، فەرهەنگی خال، چاپی دووم، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، هەولێر.

ئەسوەد، نەوزاد ئەحمەد ( ٢٠١١)، چاپخانەی بینایی، سلێمانی.
لێکۆڵینەوەکان:

ئەنگلس، کلارا زتکین، ئەلێکساندەر کۆلنتای، ئێڤێلێن ڕێد (،٢٠٠٨)، ژنان لە کۆمەڵگەدا، مەجید مارابی، چاپی یەکەم، چاپەمەنی گەنج، سلێمانی.
عەبدۆڵا، عەباس سالح (٢٠٠٧)، فێمینیزم لە شیعری کوردیدا.
کرمانجی خواروو، چاپی یەکەم، چاپخانەی بینایی، سلێمانی.
ماڵپەڕەکان:

– ئەحمەد، ڕێزدار ئەحمەد (،١٦-٢-٢٠٢١(، ململانێی دەروونی و جۆرەکانیhttps://zaniary.com/blog4

ڕزگار، محەمەد ڕزگار(١٦- ٢- ٢٠٢١(، ململانێی خێزانی، زانیاری https://www.zaniary.com/blog
عوسمان، دیدار عوسمان (١٨-٣-)، ئادەم (عەلیە سەلام)، مێژووی http://www.historyofkurd.com7
عەبدۆڵا، ئەردەلان (٢٠٠٩)، مەسەلەی ژنکوشتن و شەڕەف.
تێبینی:. سەرچاوەی ئافرەت لە مێژوودا لە نووسینی کەمال مەزهەر، بە شێوەی ئینتەرنێت، لە ٢٠٠٨، بڵاوکراوەتەوە، دوو چاپی هەیە، چاپی یەکەم لە ساڵی ١٩٨١، لە بەغدا چاپکراوە، بەڵام، چاپی دووەم،١٩٩٦ ئاماژە بە شوێنی چاپ نەکراوە. لە نووسینی لە لیستی سەرچاوە وەکوو کتێبی ئینتەر نیت ٢٠٠٨ مامەلەی لەگەڵ کردوو و، چونکە من بەشێوەی ئینتەرنیت سوودم لێبینی و نووسینی سێ ساڵ کێشەی لە ڕێکخستنی لیستی سەرچاوە بۆی درۆست دەکردم.




ئەنجومەنی یاسادانی کانتۆنی جزیرەی خۆبەڕێوبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا یاسای خێزانی گەڵاڵەکرد

یاسای خێزان کە لە ڕۆژی ٤ی شوباتدا لە لایەن ئەنجومەنەکەوە دەرکراوە، ئیمزای هاوسەرۆکانی ئەنجونی یاسادانان ئاریا مەلا ئەحمەد و حیکمەت ئەلحەبیبی لەسەرە ، لە ڕۆژی دەرچوونیشیەوە کاری پێدەکرێت. 

یاسای خێزان، یاسایەکە لە پێناوی هاوژیانێکی ئازاد و دیموکراتیانەدا گەڵاڵەکراوە لە ٤١ ماددە و بڕگەی جیاواز پێک دێت کە ژیانی خێزانیی، پرۆسەی هاوسەرگیری، جیابوونەوە و دیارکراوە. هەوڵ دراوە کە لە گەڵاڵەیاساکەدا یەکسانی ڕەگەزی نێوان ژن و پیاو ڕەچاو بکرێت، هەموو بڕگەکانی تایبەت بە ژیانی خێزانی، پێکەوەنان و پرۆسەی هەڵوەشانەوە و مافەکانی ژن و پیاو و منداڵ دیاری بکات.

سەرنج راکێشە لە یاساکەدا فرەژنی، ژن بە ژن، هاوسەرگیری ژێر تەمەنی ١٨ و هاوسەرگیری زۆرەملێی و چەندین دیاردەی تر وەک تاوان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و دەزگای پەیوندیدار بۆ لێپێچێنەوە دەستنیشان کراوە لە یاساکەدا، نەک تەنیا ئەنجامدەرانی ئەو دیاردانە بەڵکو شایەتحاڵ و هاوبەشەکانیش سزا دەدرێن.

لە بڕگەی یاساکەدا ڕۆڵی ڕێکخراوەی ژنان و خانەی ژنان ئاماژەی پێکراوە و رۆڵیان پەراوێز نەکراوە لە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیدا.

تەواوی یاساکە وەک خێزان وەک دەزگایەکی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای ئیرادەی ژن و پیاو و منداڵ، مامەڵە لەگەڵ هاوسەرگیری دەکات و نایبەستێتەوە بە هیچ دەزگا و بەهایەکی تری باوەڕ و  ئایدۆلۆژییەوە.

ئاکادیمیای ژنۆلۆژی، خانەی ژن ( ماڵا ژن) و کۆنگرەی ستار لە هەوڵی ئەوەدان کە گفتوگۆیەکی فراوان لەسەر ئەو یاسایە لە نێو کۆمەڵگەدا بکەنەوە و هەموو تاکێکی کۆمەڵگەی لێ وشیار بکەنەوە. لە ئاکادیمیاکان، بەڕێی دەزگاکانی پەروەردە لەسەر ئەرک و مافەکان و دەقی یاساکە ژن و پیاوان پەروەردە بکەن. تەنانەت ئاکادیمیای ژنۆلۆژی لەسەر دەقی یاساکە ڕایگەیاند کە ئەوە هەنگاوێکی سەرەتایە و لە داهاتوودا هەوڵ دەدەن کە کۆدەنگییەک لە نێو بزوتنەوە، ڕێکخراوەکانی ژنان و هەموو بەشەکانی کۆمەڵگەدا دروست بکەن بۆ ئەوەی یاساکە لەوەی هەیە زیاتر دیموکراتیزە بکەن و هەوڵی هەموارکردنەوەشی بدەن.

دەقی یاساکە لەم دوو لینکەدا بە عەرەبی و کوردی…..

دەقی یاساکە بە زمانی کوردی…

نص القانون باللغة العربية..




شیعر و کۆمێنت!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

زۆرجار، لە پەراوێزی بڵاوکرنەوەی شیعری شاعیرێک لە والی خۆیدا، بە دەیان و سەدان کۆمێنتی دەستخۆشانە، لە بارەی شیعرەکەوە بۆ شاعیر دەنووسرێن. هەندێکیان بە جوان و داهێنەرانە، هەندێکی تریان بە شیعرێکی جیاواز دەیناسێنن. بێگومان ئەگەر ئەمە وەک بەشێک لە دەربڕینی هەستی خوێنەرێک لە بەرانبەر تێکستی شاعیرێک سەیری بکەین، ڕەنگە ئاسایی بێت، وەک چۆن ڕۆژانە بە هەزاران کۆمێنت لە بارەی هەر بابەتێکەوە دەنووسرێن و دەردەبڕدرێن. بەڵام لێرەدا ئەوەی پەیوەندی بە شیعرەوە هەیە ئەوەیە، کە ئایا دەکرێت شیعر لە ڕێی کۆمێنتی فەیسبووکەوە هەڵبسەنگێنرێت؟ ئایا شاعیربوون بە پێوەری زۆری و کەمی کۆمێنتە؟ شیعری جوان و داهێنەرانە، ئەو شیعرەیە کە زۆرترین لایک و کۆمێنتی بۆ دەنووسرێن؟ دەکرێ شیعر وەک پێکهاتەیەکی زمانەوانی و بابەتی و مانایی، کورت بکەینەوە بۆ کۆمێنتێکی چەند وشەیی؟ یان شیعر خوێنەوە و هەڵسەنگاندنێکی قووڵ و گەورەی دەوێت؟ ئایا ئەو شاعیرەی فەیسبووکی نییە و شیعرەکانی لەو ڕێگەیەوە بڵاو ناکاتەوە و کۆمێنتی بۆ نانووسرێت شاعیر نییە؟ دەتوانین شوناسی شاعیری جواننووس و داهێنەرانە، بدەینە پاڵ شاعیرێک و پێوەریشمان بۆ ئەوە تەنها کۆمێنت بێت؟ ئەمانە و گەلێک پرسیاری دیکە، دەشێ لە پەراوێزی دنیای سۆسیال میدیا و مینبەرەکانی بڵاوکردنەوە بکرێن و مایەی هەڵوەستەکردن بن. بێگومان هەڵسەنگاندن و کردەی خوێنەوەی هەر دەقێکی ئەدەبی، وێرای ئەوەی لە ڕووی میتۆدییەوە دەبێ پەیڕەو لە میتۆدێک بۆ خوێنەوەی بکرێت، هاوکات پاشخان و تێڕوانینێکی هزریانەی قووڵی دەوێت، بۆ ئەوەی ڕەخنەگر بتوانێت کۆدە شاراوەکانی ئەو دەقە بکاتەوە و بە دوای پرسیارە بێ وەڵامەکاندا بگەڕێت. خوێنەوە و هەڵسەنگاندنی شیعر، خوێنەوەی دنیابینی و تێڕوانینی هزریانەی شاعیرێکە کە لە شیعردا بەرجەستەی دەکات. بۆیە شیعر وەک تێکست هەڵگری چەندین ڕەهەند و دەلالەتی شاراوەیە و ئەستەمە بە کۆمێنتێکی ڕاگوزەرانەی کەسێک، کە ڕەنگە لە هەموو ژیانی دوو دیوانە شیعری نەخوێنبێتەوە هەڵبسەنگێنرێت. خوێنەوەی شیعر، کردەیەکی هزریی و پرسیاریی ئاڵۆزە و دەبێ هەموو لایەنە هونەری و بابەتییەکانی دەقەکە بگرێتەوە، هەر لە زمان و واتاوە، تا دەگاتە کۆدە شاراوەکانی دەق، کە پرسیار لای خوێنەر دروست دەکەن. ئەوانەی بە کۆمێنت پەسنی شاعیرێکی فەیسبووکی دەدەن، کە گوایا تێکستەکەی جوان وداهێنەرانەیە و داهێنانی لە شیعر کردووە، لە ڕاستیدا ئەوانە ئەگەر خوێنەریش بن، ئەوا پێوەرەکانی هەڵسەنگاندنی دەقێکی ئەدەبی یاخود شیعری نازانن، چونکە بەلایەکی کەمەوە کاتێ دەستەواژەی جوان و داهێنەرانە دەدەینە پاڵ شاعیرێک، دەبێ ڕوونیشی بکەینەوە کە ئەو شیعرە لە کوێ جوان و داهێنەرانەیە و هەڵگری واتایەکی شیعریانەی قووڵە و شاعیرەکەش چۆن داهێنانی کردووە؟ نەک تەنها کۆمینتێکی ڕاگوزەرانە بنووسین. بە داخەوە ئەمڕۆ ئێمە لە بەردەم جۆرە هەڵسەنگاندێکی ئەدەبیانە بە تایبەتیش شیعر داین، کە نەک بەهایەکی بۆ خوێنەوەی دەقی شیعری نەهێشتۆتەوە، بگرە شیعری لە چێژ و جوانیش خستووە، چونکە بڕوامان وایە هەر کەسێک چەند قسەیەکی جوان و ڕۆمانسییانەی بە سەر یەکەوە ڕێزکرد، ئیدی ئەمە شیعرە نووسیویەتی، بە بێ ئەوەی لە شیعر و ماناکانی شیعر بگەین. هەڵبەتە دەرفەتی بڵاوکردنەوەی شیعر لەو مینبەرانە زیاترە وەک لە چیڕۆک و ڕۆمان، ئیدی شیعر زۆرتر ڕاگوزەرانە دەبینرێت و دەخوێنرێتەوە. ئەم جۆرە هەڵسەنگاندن و خوێنەوانە، نەک ناچنە خانەی هەڵسەنگاندنی بابەتی و ئەدەبیانەی دەقی شیعری، بەڵکو خۆی لە خۆیدا پەسندانی شاعیرێکە لە سەر بەردەوام بوونی هەڵەیەک کە بەردەوام دەیکات، ئەویش کورتکردنەوەی شیعر و خوێنەوەی شیعرە لە چەند کۆمێنتێکدا. شاعیر و شیعری داهێنەرانە، لە ڕێی کۆمێنتی فەیسبووکەوە دروست نابن و نابێ شاعیرانی ئێمە ئەوە بە لایانەوە پێوەربێت بۆ شیعرەکانییان و بڕوایان وابێت چەند کۆمێنتی زیاتریان بۆ بنووسرێت، ئەوەندە شیعرەکەیان خوێندراوەتەوە و ئەوەندەش خوێنەر و جەماوەری شیعریان هەیە، چونکە هەرگیز دیدگای خوێنەرێکی فەیسبووکی کە لە ڕێی کۆمێنتێکی کورتەوە دەریدەبڕێت، وەک دیدگای خوێنەرێک نییە، کە بەو پەڕی قووڵایی هزریی و هوشیارییەوە شیعر دەخوێنێتەوە. لەوەی یەکەمیان تەنها ڕوانێنێکی ڕاگوزەرانە بوونی هەیە، بەڵام لەوەی دووەمیان، تێڕامان و سەرنجی ڕەخنەیی، پرسیار و گومان دێنە ئاراوە. بۆیە نابێ شاعیران بە زۆری کۆمێنتەکان هەڵبکشێن و پێیان وابێت بە ڕاستی شیعری جوان و جیاوازیان نووسیوە. چونکە ئەو کاتە، پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی شیعر خوێنەوە نییە بەڵکو تەنها کۆمێنت و دەربڕینی فەیسبووکانەیە. لەو ڕوانگەیەوە، سەیرم پێ دێت کە دەبینم شاعیرێک چڵ ساڵە و زیاتریش شیعر دەنووسێت، کاتێ شیعرێکی لە والی خۆی بڵاو دەکاتەوە زۆرترین کۆمێنتی بۆ دەنووسرێت، ئیدی بڕوای وایە بۆتە شاعیرێکی جیاواز نووس و داهێنەر. خوێنەوەی شیعر کردەیەکی هزریە، بەرلەوەی بینین بێت، بەو مانایەی شیعر دەبێ ئەو هەستە لای خوێنەر دروست بکات، ڕووبەڕووی پرسیارو گومان و گەڕان بە دوای مانا شاراوەکانی دەقی بکاتەوە. شیعر هەر تەنها چێژ و بەرکەوتن نییە لەگەڵ خوێنەر لە ئاستی دیتندا، بەڵکو گۆڕینی ئەو هاوکێشەیە، بە کردەیەکی ئاڵۆزتر ئەویش گەڕانە بەدوای مانادا. لێرەوەش کردەی خوێندنەوە لە پاڵ چێژ دەبێتە ماناش. بێگومان ڕاستە چێژ بەشێکە لە دەقی شیعری و خوێنەر جیا لە چیڕۆک و ڕۆمان، لە شیعردا بە دوای چێژی شیعرییەوەیە، بەڵام دەبێ باش ئەوە بزانین کە چێژ هەموو دەقی شیعری نییە، شیعر لەپاڵ چێژ، ماناو تیمای شیعرییە، وێناکردنێکی دیکەی شتەکانە بە چاوی شیعر. شیعر تەنها زمان، وێنە و چێژی شیعری نییە، بەڵکو مەودایەکی گەورەتری لەو ڕەگەزانە لە نێو دایە، ئەویش گەڕانە بە دوای مانا شاراوەکانی دەق. ئەمەش کردەیەکی هزرییە و ئەستەمە لە ڕاگوزەرێکی خێرای خوێنەوەی شیعرێک و بەرکەوتنی لە ڕێی بینینەوە، بەو ڕەهەندە شاراوانەی دەقی شیعری بگەین، کەواتا هەڵسەنگاندنی شیعر، خوێنەوە و کردنەوەی کۆدە شاراوەکانی، زۆر گەورەترە لەوەی لە ڕێی کۆمێنتێکی ئاساییەوە ببینرێن و بکرێنەوە، بەڵکو دەبێ شیعر، وەک پێکهاتەیەکی زمانەوانی و بابەتی و مانایی ببینین، کە خوێنەوەی کات و بیرکردنەوە و ڕامانی قووڵی دەوێت و زۆر لەوە گەورەترە، بە کۆمێنتێک بخوێنرێتەوەو هەڵبسەنگێنرێت و شاعیرانیش بەو کۆمێنتانە شاگەشکە بن و پێیان وابێت جیاوازنووسیویانە. ئەگەر شاعیرێک لە ماوەی پەنجا ساڵ نووسینی شیعرو بڵاوکردنەوەی دەیان دیوان، نەیتوانیبێت جیاواز لەوانیتر بنووسێت و داهێنان بکات، ئاخۆ بە کۆمێنتەکانی قەیسبووک ئەو هەستەی لادروست دەبێت و دەتوانێت ئەمانە بکا؟

sadiqrwandze@yahoo.com




گەندەڵی، توێژی بۆرژوازی گەورە و پەیوەندیی بە سەرمایەی کۆمەڵایەتییەوە لە عێراقدا.. موئەیەد ئەحمەد

لەگەڵ داگیرکردنی عێڕاق لە لایەن ئەمریکاوە و ڕووخانی ڕژێمی (بەعس) و دامەزراندنی “دەسەڵاتی هاوپەیمانی کاتی” لەژێر ئیدارەی (پۆڵ بریمەر) فەرمانڕەوای دانراو لە لایەن دەوڵەتی ئەمریکا، و پاشان “ئەنجومەنی حوکمڕانی”، هەروەها بە درێژایی ماوەی داگیرکاری ڕاستەوخۆی ئەمریکیـیەکان و حکومەتە یەک لە دوا یەکەکانی ئەو ماوەیە و دواتری و تا ئێستاش، سیاسەتی ئابووریی فەرمی هێزە داگیرکەرەکان و ڕەوتی بۆرژوازی ئیسلامی و ناسیۆنالیستی دەسەڵاتدار، گۆڕینی ئابووری سەرمایەداری بووە لە عێراق بۆ ئابوورییەکی سەرمایەداریی نیولیبراڵ و چەسپاندنی بە شێوەیەکی قووڵ و هەمەلایەنە و خێرا.

لە ماوەی “دەسەڵاتی هاوپەیمانی کاتی” و ئەنجوومەنی حوکمڕانیدا، (پۆڵ بریمەر) سەد بڕیاری دەرکرد کە بەشێکی زۆریان ڕێکاری ئابووری بوون بۆ ئەنجامدانی ئەم گۆڕانکارییە لە ئابووری عێراقدا. بەشێک لەو فەرمانانە جێبەجێ نەکران، بەهۆی بوونی ئۆپۆزیسیۆن بەرامبەریان و ترس لە ڕووبەڕووبوونەوەی جەماوەریی بە دژیان. لەنێو ئەم بڕیارانەدا دەرکردنی “یاسای وەبەرهێنانی بیانی” لە لایەن ئەنجومەنی حوکمڕانییەوە لە (٢٠ی ئەیلولی ٢٠٠٣)دا، بوو، کە بەپێی ئەو بڕیارە “هەموو ئەو دامودەزگایانەی کە دەوڵەت خاوەنداریـیەتیان دەکات، دادەنرێن بۆ فرۆشتن و بەتایبەتکردن…” .

ئەمە، و حکومەتە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق درێغییان نەکرد لەوەی کە هەموو ئەو سیاسەت و یاسا و ڕێکارانەی کە بۆرژوازی ئەمریکی و ڕۆژئاوایی پیادەیان کردبوو بۆ چەسپاندنی سەرمایەداریی دارایی (مالی) نیۆلیبراڵ (Neoliberal financialised capitalism) لە وڵاتەکانیاندا و لە ئاستی جیهانیدا لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیە پێش داگیرکردنی عێراق و دەکران بگۆێزرینەوە بۆ عێراق بیانگۆێزێتەوە و جیبەجێیان بکات لەم وڵاتدا. لەوانە، ئەزموونەکانی تایبەتکردنی پیشەسازی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییە گشتیەکان، لابردنی قەید و بەند لەسەر نرخی کاڵاکان، دامەزراندنی سەربەخۆیی بانکی ناوەندی، دەرکردنی یاسای بانکەکان، کردنەوەی “بانکە ئیسلامییەکان”، کەمکردنەوەی بودجەی سیستەمی پەروەردە و تەندروستی گشتی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی تر، و تێکشکاندنی دەسەڵاتی سەندیکا و ڕێکخراوە کرێکارییەکان.

لەم ڕاستایەدا، “هەر لە یەکەم ڕۆژی داگیرکارییەوە، بەشێوەیەکی سیستماتیک، کار کرا بۆ کردنەوەی بازاڕی عێراق بە فراوانی، بۆ هاوردەکردنی سەرجەم کەرەستەی کشتوکاڵی و پیشەسازی، بە بیانووی دابینکردنی کەلوپەل بۆ عێراقییەکان، هاوکات لەگەڵ زیادکردنی مووچە و دروستکردنی مەفاهیمی بەکاربردن و گۆڕینی کۆمەڵگا بۆ کۆمەڵگەیەکی بەکاربەر (استهلاکی). وە بۆ سەقامگیرکردنی ئابووری ڕەیع (رینت)، هیچ هەوڵێک بۆ نۆژەنکردنەوە و دەستپێکردنەوەی پڕۆژەی ئابووری، پیشەسازی، کشتوکاڵی و خزمەتگوزاری گشتی نەدرا، حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق پێداگرییان لەسەر ڕێگریکردن لە وەبەرهێنانی حکومەت لە پرۆژەکانی کەرتی گشتیدا کرد…” . جگە لەوەش دەسەڵات بە ئەنقەست کاری کردوە لەسەر دروستکردنی قەیران سەبارەت بە دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی دەوڵەت وەک ئاو، کارەبا، تەندروستی، پەروەردە و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، ئەمەش وەک بەشێک لە هەڵمەتی بڵاوکردنەوەی خۆشباوەڕی و پڕوپاگەندەی سیاسی بۆ بە تایبەتکردنی ئەو دامەزراوانەی حکومەت کە ئەم خزمەتگوزارییانە دابین دەکەن.

لە (حکومەتی ئەیاد عەلاوی)ەوە تا حکومەتەکانی (جەعفەری) و (مالیکی) و (عەبادی) و (عەبدالمەهدی) و (کازمی) و حکومەتی ئێستای (محەمەد شیعاع ئەلسودانی) لە پیادە کردنی ئەم سیاسەت و ڕێبازە نەوەستاون و ناوەستن.

حیزبە بۆرژوازییە ناسیۆنالیستەکانی دەسەڵاتدار لە هەرێمی کوردستان تەنانەت پێش ڕووخانی ڕژێمیش دەستیان کرد بە جێبەجێکردنی سیاسەتە ئابوورییە نیولیبراڵییەکان، بەڵام نەیانتوانی بە قەبارەیەکی فراوان و هەمەلایەنە پەرەیان پێبدەن هەتا دوای ئەوەی کە دەرگاکان بە فراوانی کرانەوە بۆ دابەشکردنی داهاتی نەوت لەسەر بنەمای پشکی تائیفی و قەومی، و تاڵانکردنی ئاشکرای پشکی هەرێم لە لایەن ئەو دوو حزبە گەندەڵە میلیشیاییەی لەسەر حوکمن، (پارتی) و (یەکێتی).

ئەوەی لێرەدا پێویستە ئاماژەی پێبدرێت، ئەوەیە کە هێزەکانی ڕژێم لە هەموو قۆناغەکاندا و لە هەموو ئەو هەلومەرجە سیاسی و ئەمنییە کارەساتبارانەی کە عێراق پێیدا تێپەڕیوە، جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتانەیان درێژەپێداوە، لە کاتی شەڕەکانی هێزەکانی ئەمریکا، شەڕی تایفەگەری، ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکان، شەڕی (داعش) و داگیرکردنی یەک لەسەر سێی خاکی عێراق. هەموو ئەمانە بە هەماهەنگی سیستماتیک و ملکەچ بوون بۆ مەرجەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی نێودەوڵەتی ئەنجام دراوە بە ئامانجی لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم سەرمایەداریی بازاڕی ئازاد لە عێراق و “داڕشتنەوەی ئابووری” بەو پێیە.

هێزەکانی ڕژیم و لایەنگرانیان لە وڵاتانی ئیمپریالیستی و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانیان درێژەیان بەم هەڵمەتەی “داڕشتنەوەی ستراکچەری ئابووری”دا لە عێڕاقدا لە دوو دەیەی ڕابردوودا، و سیاسەت و پڕۆژەی یاساییان خستۆتەڕوو و جێبەجێیان کردووە، کە دواترینیان “لاپەری سپی”یە لەم ڕووەوە. ئەم هێزانە و بەرگریکارانی سەرمایە و سەرمایەداری، لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنە ناسیۆنالیست و ئایینی و نیولیبراڵەکان و تەنانەت بەشێک لەوەی کە خۆیان بە چەپ ناودەبەن، هەروەها ڕەوتە فیکریـیە بۆرژوازییەکان و ڕۆشنبیرانی ئەم چینە، هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشە بۆ “دووبارە داڕشتنەوەی سترکچەری ئابووری”، هەڵمەتی پڕوپاگەندەیی بەردەوامیان دژی سۆسیالیزم و یەکسانی ئابووری نێوان هاووڵاتیان دەستپێکرد کە ئێستاش بەردەوامە. هەموو ئەمانە بەو بیانوەی کە مۆدێلی ئابووری سەرمایەداری نیولیبراڵ باڵادەستە لە ئاستی جیهانیدا، و گوایا “سیستەمی سۆسیالیستی” نەیتوانیوە گەشەی ئابووری و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی بەدەستبهێنێت، دیارە مەبەستیشیان لەم سیستمە “سەرمایەداری دەوڵەتی” بلۆکی ڕۆژهەڵات و ڕژێمی فاشیستی بەعسە لە عێراق.

ڕاوێژکارە ئابورییە فەرمییەکانی ڕژیم و ئەو بەشە لە ئابووریناسەکانی بۆرژوازی کە نوقمی ملکەچی سیاسەت و مۆدێلەکانی ئابووریی سەرمایەداری نیولیبراڵن، دەستیان کرد بە تەپڵ لێدان بۆ ئەم گۆڕانکارییە ئابوورییە سەرمایەدارییە نیولیبراڵیە و ئەم هەڵمەتانە بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم بازاڕ و لە ئەنجامدا لەبەردەم سەرمایەی تایبەت و جووڵەکەیدا بەجۆرێک کە پابەندی هێچ قەیدوبەندێک نەبێت. ئەوەی کە چی ڕوودەدا لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی سەرمایە و گەشەی ئابووری سەرمایەداری لە عێراقدا بەپێی ئەم مۆدێلە نوقمبووە لە گەندەڵیدا و کاریگەرییە کۆمەڵایەتییە وێرانکەرەکانی لە هەژاری و زیادبوونی بێکاری و تێکچوونی گوزەران و باری تەندروستی و پەروەردەیی زۆرینەی دانیشتووان، نەبووە و نابێتە هۆکاری نیگەرانی بۆ ئەوان، چونکە وێنەی خۆشخەیاڵی باو لە نێوانیاندا، یان باشتر بڵێین ئەو وێنەیەی کە دەیانەوێت جەماوەری پێ فریوو بدەن، سەبارەت بە گەشەی ئابووری سەرمایەداری، بەدەرە لە ناکۆکیـیەکان، ئەوان دەیانەوێت وامان تێبگەیەنن کە ئەم جۆرە گەشە ئابوورییە خۆی توانای سەرکەوتنی هەیە، لە ڕێگەی میکانیزمی بازاڕ و ئازادکردنی دەستی سەرمایەوە، بەسەر ئەو کاریگەرییە کۆمەڵایەتییە “نەگەتیڤانەی” کە لە ئەنجامی ئەوەوە دروست دەبن.

سەبارەت بە گەندەڵی بەربڵاو لە تەواوی ستراکچەری سیستمی پشکپشکێنە، و کاریگەرییە وێرانکارەکانی لەسەر ئابووری و ژیان و گوزەرانی زۆرینەی دانیشتوان، ئەو ئابووریناسە بۆرژوازیـیانە، گەندەڵی بە دیاردەیەکی نەخوازراوی لاوەکی ناودەبەن کە گوایا دەتوانرێت تێپەڕێنرێت لە پرۆسەی ئەنجامدانی گەشەی ئابوری و چەسپاندنی بناغەکانی سەرمایەداری بازاری ئازاد. لەم ڕاستایەدا ئاماژە بەوە ئەدەن کە سەرمایەداری و بنکە کۆمەڵایەتییەکەی لە بۆرژوازی ناوەنجی (متوسط) بە شێوەیەکی سروشتی “دیموکراسی”یە! بۆیە سیستەمە ئابوورییەکە خۆی میکانیزم بۆ لێپرسینەوە دەڕەخسێنێت و دەسەڵاتی “هەڵبژێردراوی خەڵک”! بە تێپەڕینی کات سنوور بۆ نەخۆشی گەندەڵی دادەنێ. پاساویان بۆ سەرمایەداری نیولیبراڵ و گەندەڵی و ئاسەوارە وێرانکەرەکانی، کە خەسڵەتی لێکهەڵپیکراون لەگەڵ ئەم سەرمایەداریـیە کۆنکرێتە لە عێراق، وتنەوەی هەمان ئەو قسە پوچ و خوڕافاتانەی بۆرژوا ئیمپریالیست و لیبراڵ و بەرگریکارانی سەرمایەداری سەردەمە کە لە سەرەوە ئاماژم پێدان، بەبێ هیچ باسکردنێکی ئەو ڕاستیە کە سەرمایەداری، بە دانپێدانانی هەندێک لە ئابووریناسە بۆرژوازییەکان خۆیان، قەیرانێکی کارەساتباری خوڵقاندووە کە خەریکە هەڕەشە لە مرۆڤایەتی ئەکات لە ڕیگەی هەژاری و نابەرابەری بێ ئەندازە و جەنگ و ماڵوێرانی و هەڵکشانی فاشیزم و کارەساتی ژینگەیی وێرانکەر.

یادەوەرییەکانی تێپەڕاندنی یاسای بە تایبەتکردنی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت هێشتا لە بیرنەچوونەتەوە کە چۆن پەرلەمانی عێراق، واتە ئەوەی پێی دەوترێ پەرلەمانی “هەڵبژێردراوی گەل”!، ویستی لە ساڵی (٢٠١٨)دا ئەم یاسایە تێپەڕێنێت لە ڕیگەی دامەزراندنی کۆمپانیایەکی تایبەتیـیەوە کە بەپێی ئەو ئەجیندەیە بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت لە ڕیگەیەوە ئەبێت واتە لە ڕیگەی “کۆمپانیایەکی نیشتیمانی”وە دەبێت و بەشیوەیەک لەسەدا (٩٠)ی داهاتەکانی دەگوازرێتەوە بۆ دەوڵەت لە شێوەی باج و ڕێگەی تری پڕ پێچوپەنای نیولیبراڵانە لە بواری بە تایبەتکردندا. ئەم یاسایە، کە (برێمەر) نەیتوانی بیسەپێنی، کەچی پەرلەمانی عێراق، دوای (١٥) ساڵ، دەرفەتی قۆستەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە پەسەندی بکاتەوە و بیسەپێنی بە سەر جەماوەردا. دادگای فیدراڵی بە بیانووی ئەوەی کە یاساکە نادەستوورییە، ڕەتیکردەوە، بەڵام بە شێوەیەکی سەرەکی ڕەتکردنەوەکە ئەنجامی ترسی ئەم دامەزراوەیە و ترسی هێزەکانی ڕژیم بوو لەوەی کە جێبەجێکردنی یاساکە ناڕەزایەتی جەماوەریی لێ دەکەوێتەوە.

بە کورتی، گەورەترین هێرش بۆ سەر هەلومەرج و ژیان و گوزەرانی جەماوەر لە عێراق لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا لە ڕێگەی سیاسەتی ئابووریی فەرمی ڕژێم و حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانییەوە ئەنجام دراوە، کە جگە لە سیاسەتی ئابووری نیولیبراڵ و دامەزراندنی مۆدیلە ئابووریەکەی شتیکی دیکە نەبووە. ئەو مۆدیل و سیاسەتە ئابوریانەی کە زۆرێک لە کۆمەڵگاکان و وڵاتانی وێران کرد و گەورەترین هێرشی بەرێخست بۆ سەر ژیان و گوزەرانی پرۆلیتاریای جیهانی کە ئێستاش بەردەوامە. سەرمایەداری نیولیبرالی جیهانی لە بنەڕەتدا و هەر لە دەستپێکیەوە لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، وەک وەڵامێک بۆ قەیرانی سیستەمی سەرمایەداری سەریهەڵدا، و ئامانجی چڕکردنەوەی چەوساندنەوەی کرێکاران و کەمکردنەوەی ئاستی خۆشگوزەرانی و بژێوی چینی کرێکاری جیهانی بوو، و ئامانجی ڕاکێشانی بژێوی و چارەنوس و کار و خۆشگوزەرانی ئینسان بوو بۆ ژێر ڕکێفی میکانیزمەکانی بازاڕ، و هەروەها کۆتاییهێنان بوو بە ڕۆڵی دەوڵەت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییە خۆڕاییەکان بۆ هاوڵاتیان و کەمکردنەوەی ئەو خزمەتگوزاریانە، ئەمە سەرباری سرەواندنی گورزێکیش لە هێزی سەندیکا و فیدراسیۆنە کرێکاریـیەکان.

ستراتیژی ئابووری بۆرژوازی و فاکتەری خەباتی چینایەتی
گرنگترین شت لە هەموو ئەم ڕەوندە ئابووریانەدا، دەستنیشانکردنی توخمی خەباتی چینایەتییە لەناویاندا. ئەوە ئاشکرایە کە ئابووری بەگشتی و ئابووریی سەرمایەداری بە تایبەتی لە پەیوەندی چینەکان و ناکۆکی چینایەتی و ململانێی نێوان ئەم چینانە جیا نییە، و هەر بەوپێیەش جیا ناکرێتەوە لە هاوسەنگی هێزی چینایەتی لە هەر دۆخیک لە دۆخەکانی پڕۆسەی پەرەسەندنی سەرمایەداریدا. بۆرژوازی جیهانی و لۆکاڵی و داکۆکیکارانی بەرژەوەندییەکانی ئەم چینە و نوێنەرانی، خەباتی نیوان چینەکان وەک فاکتەرێک ناهێننە ناوەوە لە داڕشتنی سیاسەت و ستراتیژی ئابووریدا، تەنها بۆ ئەوە نەبێ کە هەمان ئەم خەباتە کۆنترۆڵ بکەن. ئەوان لە پێشدا ململانێی چینایەتی بەردەوامی نێوان کرێکاران و سەرمایەدارن و نێوان کرێکاران و دەوڵەت لە چوارچێوەی یاساکانی خاوەندارێتی بۆرژوازیدا لە قاڵب دەدەن، و دواتر لە ڕێگەی یاسای کارەوە و بە ئامانجی دروستکردنی کەشێکی گونجاو بۆ پرۆسەی چەوساندنەوەی کرێکاران یان ئەوەی ناوی ئەنین “پرۆسەی وەبەرهێنان” ئەو ململانێیە کەنەڵایزە ئەکەن. ئەمە جگە لە دامودەزگای دەوڵەت خۆی کە لەبنەڕەتدا ئامرازی چەوساندنەوەی دەستی چینی بۆرژوازی دەسەڵاتدارە لە دژی چینی چەوساوە.

بۆیە دەبینین بۆرژوازی دەسەڵاتدار و ڕاوێژکارە ئابوورییەکانی، و بانک و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە پلانە ئابوورییەکانیاندا خەباتی چینایەتی لەبەرچاو دەگرن و فاکتەری ململانێی نێوان چینەکان لە ستراتیژی ئابووری خۆیاندا جێگە دەکەنەوە. هەروەک دەبینین لە عێراق بەردەوامن لە بەکارهێنانی یاسای ڕژێمی فاشیستی بەعس بۆ ڕێگریکردن لە پێکهێنانی سەندیکای کرێکاران لە کەرتی حکومیدا، لە لایەک، و لە لایەکی تریش قبووڵ دەکەن کە ئەم ململانێ و خەباتە لە چوارچێوەیەکدا دابنێن و ڕێکبخەن ئەویش لە باشترین حاڵەتدا لە ڕێگەی یاسای کارەوە کە ئێستا کاری پێدەکرێت، و بەهۆی ڕۆلی بەشێک لە چالاکوانە کرێکارە سەندیکایـیەکان لە عێراق توانیان هەندێک بڕگەی تێدا جێبکەنەوە لە بەرژەوەندی کرێکاران.

هەروەها شایانی باسە لیرەدا ئەماژە بەوە بدەین کە بە هۆی ئەوەی تای هاوسەنگیی هێزی چینایەتی نیوان کرێکاران و بۆرژوازی بە ڕادەیەکی زۆر لە قازانجی ئەمەی دووەمیان شکاوەتەوە لە هەرێمی کوردستاندا، بۆرژوازی قەومی دەسەڵاتدار لە هەرێم، کە نوقمی دوژمنایەتیـیە لە دژی سۆسیالیزم و بزووتنەوەی کرێکاری، نەک هەر ڕێگری لە پێکهێنانی سەندیکای کرێکاری سەربەخۆ دەکات و تا ئێستاش هەر بەردەوامە لەو کارە، بەڵکو ئەو یاسای کارەش کە حکومەتی ناوەندی پیادەی ئەکات ئەم دەسەڵاتەی هەرێم وەلای خستووە و کاری پێ ناکات. فەرمانڕەواکانی هەرێم هەوڵ دەدەن، لەبری ئەوە، یاسایەکی کاری تایبەت بۆ هەرێم بسەپێنن کە بەپێی پیداویستیەکانی بۆرژوازی کورد، بەتایبەتی بۆرژوازی دەسەڵاتداری میلیشیای گەندەڵ و سەرمایەی بیانی و “وەبەرهێنانەکانیان” دادورابێت، کە تاسەر ئێسک دژ بە بەرژەوەندیەکانی کرێکارانن.

وەک ئاشکرایە، یەکێک لەو پاساوە ئایدیۆلۆژیانەی کە بۆرژوازی نێودەوڵەتی و داکۆکیکار و نوێنەرە جۆراوجۆرەکانی سەرمایەداریی نیولیبراڵ بەکاریان هێنا و ئێساتش بەکاریدەهینن بۆ پاساوهێنانەوە بۆ هێرشی سیستماتیکی و بەردەوام بۆ سەر چینی کرێکار و ڕێکخراوە خەباتکارانەکان و سەندیکاکانیان، لابردنی هەموو قۆرخکارییەکی بەردەم میکانیزمەکانی بازاڕە و بە تایبەتی ڕێگریکردن لە دەستێوەردانی دەوڵەت و خەباتی بەکۆمەڵی کرێکاران و سەندیکاکانیان لەم میکانیزمەدا. ئەوان بەم شێوازە فریودەرانەیە هاندان بەڕێ ئەخەن دژی ڕۆڵی سەندیکاکان و خەباتی بەکۆمەڵی کرێکاران، هەر بەم پێیە خەباتی سەندیکایی وەک قۆرخکارییەک پێناسە دەکەن کە ڕێگری لە بازاڕی ئازادی کار دەکات تا کرێکاران هێزی کاری خۆیان ئازادانە بفرۆشن وەک “تاکی ئازاد”، و خۆشباوەڕی لە نێوان کریکاران و ڕیزەکانی دانیشتووان بڵاودەکەنەوە وەک بەشیک لە ئامادەکاریی و ڕیگەخۆشکردن بۆ جێبەجێکردنی یاساکانیان دژی کرێکاران و سەندیکاکانیان.

لە عێراقدا هێزە داگیرکەرەکان و ڕەوتە بۆرژوازییە دەسەڵاتدارەکان پێویستیان بە هەوڵێکی زۆر نەبوو بۆ وەهمدارکردنی کۆمەڵگا و جەماوەری کرێکاران و قەناعەت پێکردنیان بە پلانە ئابوورییەکانیان و دوژمنایەتییان بەرامبەر بە کاری سەندیکاکان و خەباتی دەستەجەمعی ڕێکخراوەی کرێکاران، چونکە ڕژێمی بەعس پێش تر لە ساڵی (١٩٨٧)دا بە هەڵوەشاندنەوەی کاری سەندیکاکان لە دامەزراوە حکومییەکان و پیشەسازییەکانیدا ئەم ئەرکەی بۆ ئەنجامدابوون، بە بیانووی گۆڕینی کرێکاران بۆ فەرمانبەر. نابێ ئەوەمان لە بیر بچێت کە ڕژێمی بەعس یەکێک بوو لە دەستپێشکارانی جێبەجێکردنی سیاسەتە نیولیبراڵییەکان لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە عێراق لە ڕێگەی بە تایبەتکردنی بەشێک لە پڕۆژە پیشەسازییە حکومییەکان و قەدەغەکردنی کاری سەندیکاکان لە کەرتی گشتیدا، بەڵام لە هەلومەرج و بارودۆخی سیاسی و ئابووری و سەربازی جیاوازی ئەو کاتەدا.

بەم پێیە، چیتر هێزەکانی ئەمریکا و ڕژێم پێویستیان بەوە نەبوو شتیک بکەن جگە لە کارکردن، بەبێ هیچ شەرمێک، بە یاسای (صەدام) و جێکردنەوەی لە ستراتیژی چەسپاندنی میکانیزمەکانی بازاڕ و سەرمایەداریی نیولیبراڵدا، و بەم شێوەیەش ڕێگری بکەن لە هەر چالاکیـیەکی ڕێکخراوەیی سەندیکایی یان چالاکیی بەکۆمەڵی کرێکاران لە کەرتی حکومیدا. ئەمش بە دەرئەنجامەکانیەوە هەر لە سزادانی چالاکوانانی کرێکار لە کەرتی پیشەسازی و خزمەتگوزاری لەسەر هەر ناڕەزایەتی و چالاکیـیەکی ڕێکخراو کە لەدژی تاڵانکردن و فرۆشتنی کۆمپانیاکان و دەرکردنی کرێکاران ئەنجامی دەدەن، و سزای سەرکوتگەرانەی دیکە بەرامبەریان. ئەمەش ئارگومێنتی هێزەکانی دەسەڵات و بەرگریکارانی شێوازی ئابووری نیولیبراڵ لە عێراقدا تێکدەشکێنیت کاتێک دەڵێن سەرمایەداری “دیموکراسییە” و لە هەمان کاتدا یاساکانی فاشیستەکان دژی کرێکاران جێبەجێ دەکەن بۆ چەسپاندی “سەرمایەداری دیموکراسی”!

تۆێژی گەورە سەرمایەداران، سەرمایەی کۆمەڵایەتی
و گۆڕانی چۆنایەتی لە پەیوەندی ئابووری و سیاسەتدا

لە سەردەمێکدا کە عێراق لە گێژەڵوکەی کارەساتەکانی داگیرکاری و شەڕی تائیفی و ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی و کێشمەکێشی میلیشیادا دەژیا و تا دەهات دەبووە گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێ جیۆسیاسی و سەربازی و جیۆئابوورییەکانی وڵاتانی جۆراوجۆری ئیمپریالیستی و ناوچەیی بەتایبەتی ئەمریکا و ئێران، و جەماوەر بەدەست کارەساتەکانی ئەو ڕەوەندە سیاسی و سەربازی و ئەمنییەوە بەردەوام دەیناڵاند، لەجەرگەی ئەو بارودۆخەدا بوو ئازارەکانی زیاتر و زیاتر دەبوون بەهۆی هەژاری، نەخۆشی، نەبوونی، بێکاری، فراوانبوونی نەخوێندەواری، داڕمانی خزمەتگوزاری تەندروستی، پەروەردە و خۆیندن، و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی دیکە، لە ئاکامی سیاسەتە ئابوورییەکانی دەوڵەت و ئەو گۆڕانکارییە ئابوورییە سەرمایەدارییە نیولیبراڵانەی کە وڵات شاهیدی بوو.

هاوکات و وەک لایەنێکی تری “پڕۆسەی سیاسی”، هەمان ئەو ڕەوەندانە ڕژێمێکی سیاسی سەربازی و میلیشیایی لە وڵاتدا بەرهەم هێنا، و ئەمەش زیاتر لە ژێر دەسەڵاتی حزب و هێزە میلیشیاکانی ئیسلامی سیاسی شیعەدا، کە تیایدا حزبە میلیشیا ناسیۆنالیستەکانی کورد و هێزەکانی ڕەوتی ناسیۆنالیستی عەرەبی لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای عێڕاق، لەگەڵیان هاوبەشن. لە ئەنجامی بیست ساڵ تاڵانکردنی سیستماتیکی سەروەت و سامانی وڵات و دابەشکردنی داهاتی نەوت بە شێوەیەکی سەرەکی لەنێوانیاندا و بەپێی سیستمی پشکپشکێنە و لەڕێگەی میکانیزمەکانی دابەشکردنی حوکمڕانی و بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەت لەسەر دەستی ئەو حزب و ڕەوتە دەسەڵاتدارانە، تۆێژیک لە بورژوازی گەورە سەریهەڵداوە لەناو سیستەمەکە و لە ئاستی کۆمەڵگادا کە فراوانە و ڕەگ و ڕیشەی قووڵی هەیە و گرێدراوە بە تۆڕێکی ئاڵۆز لە ئەوانەی بە دەوروبەریەوەن. ئەم تۆێژ کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە بازنەی چەتە سیاسیەکان و خاوەن میلیشیا و کەسە گەندەڵە کاریگەرەکان و سەرکردەی حیزبەکانی دەسەڵات و بنەماڵەکانیان و سەرمایەدارە گەورەکانی دەورووبەریانن، ئێستا خاوەنی نەک سەدان ملیۆن دۆلار، بەڵکو دەیان و دەیان ملیار دۆلارن. بەرژەوەندی چینایەتی سەرمایەداریانەی قووڵ و ڕیشەدار ئەم زلهێزە ئابوریانەی بەیەکەوە گریدەداتەوە بەدەر لە ململانی بەردەوامی نێوانیان لە ئاستی سیاسی و پەیوەندیەکانیان بەم هێزی نێودەوڵەتی و ناوچەیی یان ئەوی تریان و بەدەر لە کێشمەکێشەکانیان لەسەر بەشکردنی سامان و دەسەڵات.

لە دەوری ئەم تۆێژە بۆرژوازیـیە گەورەیە تۆڕێکی بەرفراوان لە بریکار و سەرمایەدارەکانی تری هەمەچەشنە هەیە کە زۆربەی جومگە سەرەکییەکانی ئابووری و پڕۆژە ئابوورییەکانی حکومەتیان بە دەستەوە گرتووە. سپیکردنەوەی پارە و دزینی ملیارەها دۆلار و بەقاچاخ ناردنی بۆ دەرەوە بۆ پاڵپشتیکردنی ڕژیم لە ئێران، یان وەبەرهێنانیان لە لایەن ئەوانەوە دوای ئەوەی لە پرۆسەیەکی ئاڵۆزی مامەڵەی دەرەکی و ناوخۆدا سپیکراونەتەوە، ئێستا بە ئاستیکی وەها گەیشتووە کە وێنەی کەمە لە جیهانی گەندەڵیدا و هەڕەشەیەکی کارەساتبارە لە کۆمەڵگا و خۆشگوزەرانی جەماوەر.

وەبەرهێنانەکانی مافیاکانی ناو دەسەڵات و دەوروبەریان لە بوارەکانی جێبەجێکردنی گرێبەست و پڕۆژەی مەدەنی و سەربازی حکومی، و بازرگانی دەرەوە و ناوخۆی عێراق، یان سپیکردنەوەی پارە لە ڕێگەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی خانووبەرە، مۆڵ، زانکۆ ئەهلیەکان و خزمەتگوزاری تر، هەروها وەبەرهێنانەکانیان لە کەرتی پیشەسازی، گواستنەوە و کۆمۆنیکەیشن و کشتوکاڵ لە ناوخۆی عێراق، ئەمە سەرباری وەبەرهێنانی دارایی لە بانکە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و دامەزراوە داراییەکان، هەموو ئەمانە نەک تەنها ڕیزێکی بەرینی لە خاوەن پارە، بەڵکو تۆێژێکی سەرمایەداری گەورەی دروست کردووە. ئەم تۆێژە ئێستا وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکانی بازرگانی و پیشەسازی و داراییدا دەکات و جوڵە و کەڵەکەبوونی سەرمایەکانیان و خولەکانی بە ڕوونی دەرکەوتووە، و لە سەرمایەی بازرگانی و پیشەسازی (کشتوکاڵ و گواستنەوە و کۆمۆنیکەیشن، بەشێکن لە پیشەسازی) و داراییدا بەرجەستە بوتەوە.

بنچینەی کۆمەڵایەتی سەرمایە و بزووتنەوەکەی تەنیا لەم تۆێژە بۆرژوازییە گەورەیەدا قەتیس نییە، بەڵکو لە ئاستی کۆمەڵگادا لە بواری بازرگانی و پیشەسازی و داراییدا کارلێک و تێکەڵاوبوونی هەیە لەگەڵ ئەو سەرمایەی کە لە کۆمەڵگەدایە و نیوەی کۆی “بەرهەمی گشتی وڵات” پێک ئەهێنێ.

باسی وردەکارییەکانی ئەم پرۆسە ئاڵۆزەی جوڵەی سەرمایە و کەڵەکەبوون و گۆڕانکارییە چۆنایەتییەکانی لە بازاڕی ناوخۆیی و پەیوەندییە جیهانییەکانیدا، پێویستی بە لێکۆڵینەوەی وردی ئابووریی و ئامارهەیە، و ئەمەش لە دەرەوەیی فۆکۆسی ئەم وتارەیە.

ئەوەی مەبەستە لێرەدا ڕۆشنایی بخەمەسەر ئەوەیە کە لە ئاکامی پرۆسەی ئەو گۆڕانکاریە ئابووریە سەرمایەداری و مۆدێلە نیولیبراڵەی جێگیر بووە لەسەرانسەری عێراقدا لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا، تۆێژێک لە سەرمایەدارانی گەورە هاتۆتەئاراوە کە لە بناغەدا لە نێو هێزەکانی ڕژێمەوە سەریهەڵداوە. ئەم تۆێژە قۆرخکاری جومگە سەرەکیەکانی ئابووری کردووە و پەیوەندی توندوتۆڵی هەیە لە ناوخۆیدا و سنووری دابەشکردنی “پێکهاتە”یی تائیفی و قەومی شکاندووە، ئەمە جگە لەوەی تێکەڵە لەگەڵ سەرمایەی ناوخۆیی چالاک لە کەرتە ئابوورییە جیاوازەکاندا. ئەو بەرژەوەندییە ئابوورییە بنەڕەتییانەی کە ئەم دەستودایرە دەسەڵاتدارە گرێدەداتەوە بەیەکەوە، بواری کردۆتەوە و ئەو ئیمکانیەتەی ڕەخساندووە کە ئەو ململانێیانەی ناوبەناو لە نێوان بەشە پێکهێنەرەکانیدا سەرهەڵدەدەن کۆنترۆڵ بکات و نە‌‌هێڵێ تەشەنە بکەن، وەک ململانێی نێوان (ڕەوتی سەدر) و هێزەکانی (چوارچێوەی هەماهەنگی)، یان نیوان (پارتی) و (یەکێتی)، یان ململانێی نێوان هێزە قەومی و تائیفیەکانی تر.

بنکەی کۆمەڵایەتی سەرمایە و چینی سەرمایەدار بەرفراوان و ڕیشەدار و پتەوە لە ناوخۆی وڵاتدا، و پڕۆسەی چەوساندنەوەی چینی کرێکاریش لە سەرتاسەری عێراقدا لە ڕێگەی وەبەرهێنانی سەرمایە لە لایەنە ئابورییە جۆراوجۆرەکاندا بەردەوامە و ناوەستێت. ئەو پارەیەی لە گەنجینەی دەوڵەت دەدزرێت و دەگۆڕێت بۆ سەرمایە لە ئابووریدا، جەستەیەکی بیانی پێکناهێنی لە پێکهاتەی سەرمایەی کۆمەڵایەتی لە ئاستی کۆمەڵگادا، بەڵکو ئەو بەشە قۆرخکارە پێکئە‌‌هێنێ کە ئەتوانێ پەیوەندیی جۆری تایبەت لەگەڵ سەرمایە تاکە تایبەتەکاندا دامەزرێنی لە کەرتە ئابووریە جوراوجۆرەکاندا و بکەویتەگەڕ وەک بەشی سەرەکی سەرمایەی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەدا. ئاشکرایە، سەرمایە لێپرسینەوە لەخۆ ناکات کە کەڵەکەبوونی سەرەتایی خۆی لە کۆێوە هاتووە بۆ ئەوەی ببیتە سەرمایەی وەبەرهێنەر و گرنگ نیە بۆی لەڕێگەی چەتەیی، یان ڕاوڕوتی دەریایی، یان تاڵانکردنی داهاتی نەوتەوە ‌هاتبێت.

گەندەڵی و سەرمایەداریی نیولیبراڵ لە عێراقدا بەجۆرێک تێکەڵاون کە لەیەکتر جیا ناکرێنەوە، بۆیە کاریگەریی گەندەڵی و ڕۆڵی بەرجەستەی ئەو تۆیژەی سەرمایەی گەورە کە لێیەوە سەریهەڵداوە، لە پێکهاتەی سەرمایەی کۆمەڵایەتیدا، هیچ گۆڕانکارییەکی جەوهەری لە خەسەڵەتی دژە کرێکاری سەرمایەداری لە عێراقدا پێکناهێنی لەڕووی ئەوەی کە سیستەمێکی چینایەتی دوو چینی دژ بەیەکە.

ئەو سیتسمە ئابوریەی لە عێراقدا هەیە و زاڵە سەرمایەداریە و مۆدیلی ئابوری نیولیبرالیزمی هەیە، بەڵام ئەوەی کە فۆڕمێکی کۆنکریتی داوە بەم سەرمایەداریە جوڵەی سەرمایەیە لە بازاڕێک کە سەرمایەی گەورە و قۆرغکراو تیایدا بە شیوەیەکی سیستماتیک لە پەیوەند بە دەسەڵات و پرۆژە ئابوری و سەربازی و سیاسیـیەکانیـیەوە خۆی بەرهەم ئەهێنێتەوە و جیگە و ڕێگەیەکی مۆنۆپۆڵی بۆ خۆی دابین کردووە لە بازاری سەرمایە و ململانێ نیوان تۆێژەکانی سەرمایەی کۆمەڵایەتیدا. ئەم ململانێیەیەش لەسەر دابەشکردنی زیادەبەهای بەرهەمهاتوو یا بەرهەمهێنراوە لەئایندەدا، زیادەبەهایەك کە لە ئاکامی چەوساندنەوەی چینی کرێکار لەناو پرۆسەی “وەبەرهینانی” سەرمایە لە بواری بازرگانی و پێشەسازی و خانووبەرە و مالییدا بەرهەم دەهێنرێ.

ئەوانەش هەمووی بەو مانەیەیە کە جەوهەری سەرمایەداری لە عێراقدا هەمان ئەوەی نیزامی سەرمایەداریە لە هەر وڵاتێکی تر، واتە ئەوەی کە سەرمایەی کۆمەڵایەتی لە بەرامبەر چینی کریکاردا بەگشتی لە پەیوەندێکی ناکۆک و چەوسێنەرانەدایە و هەموو تۆیژەکانی سەرمایە بەگەوەرە و بچوکەوە هاوبەرژوەندن لە چەوساندنەوەی چینی کرێکار. هەر بەو پێیەش، باسکردن لە تۆیژی سەرمایەی “نیشتمانی” و “نا نیشتمانی” و “بەرهەمی نیشمانی” و “نا نیشتمانی” و لە دوا شیکردنەوەدا “نیشتمان پەروەری” و “خەباتی نیشتمانی” مانایەکیان نیە بۆ چینی کرێکار جگە لە خەسڵەتی چینایەتی بورژوازیانەی ئەو کۆنسێپتانە کە بە مەبەستی بەلاڕێدابردنی خەباتی چینایەتی سەربەخۆ و یەکگرتووی خۆیان و چەوساوەکان و نەگرتنەبەری کۆنسێپتی سۆشیالیزم و ئینترناسێۆنالیزمی پرۆلیتاری، داڕێژراون.

گۆڕانکارییە ئابوورییە نیولیبراڵەکان و کرانەوەی بازاڕەکان بەڕووی بەرهەمی وڵاتانی جیاوازدا، بە شێوەیەکی سەرەکی ئێران و تورکیا، و تێکەڵبوونی ئابووری وڵات لەگەڵ جوڵەی سەرمایەی جیهانی و وەبەرهێنانە جۆراوجۆرەکانی، بەتایبەتی لە بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت وغاز، بەرهەمهێنانی وزە، کۆمۆنیکەیشن، بیناسازی و کەرەستەی بینا و… هتد، بۆ خۆیان و بەشێوەیەکی سروشتی گۆڕانکاریەکی ئابووری هەمە لایەنەن کە سەرمایەی ناوخۆی بە جۆڵەی سەرمایەی جیهانی و گێژەلوکەکانی و سیستمە مالیـیەکەی، گریداوەتەوە.

لەژێر کاریگەریەکانی ئەو پێشهاتە ئابوری و گۆڕانکاریانەیدا، پەیوەندیی دیالکتیکی نێوان ئابوری و سیاسەت، و لێرەدا مەبەستم پەیوەندی نێوان سیستەمی سیاسی قەومی و ئیسلامی و ئەو واقیعە ئابوورییە سەرمایەدارییە نیولیبراڵەی کە ئەم سیستەمە دەپارێزێت، لە ئێستادا فۆرمێکی دیاریکراوی بەخۆوە گرتووە و لە قۆناخێکی پێشکەوتووتردایە، کە دەتوانین بڵێین گۆڕانکارییەکی چۆنایەتی بەسەرداهاتووە. گۆڕانکاریەکی لەو چەشنە و بەجۆرێک کە فاکتەری ئابووری ڕاستەوخۆ و بەشێوەیەکی ڕوونتر لە جاران کاریگەری لەسەر سیستەمی سیاسی هەبێت، واتە کاریگەری هەبێت لەسەر بەرهەمهێنانەوەی سیستماتیکی ڕژێمی سیاسی ئێستا و پەیکەرە (ستراکچەرە) پشکپشکێنکەی و دابەشبوونە تائیفی و قەومیـیەکەی.

بە واتایەکی تر، دوای ئەوەی گۆڕانکارییە ئابوورییە نیولیبراڵەکان لە ڕێگەی سیستەمی سیاسی و هێزە داگیرکەرەکانی ئەمریکاوە چەسپێنران، ئەم پرۆسەیە ئەمڕۆ و دوای بیست ساڵ لەم گۆڕانکاریـیانە گەیشتووەتە دۆخێکی دیکەی باڵاتر، ئەویش ڕاوەستانی ڕژێمی سیاسییە زیاتر و زیاتر لەسەر زەمینەی واقیعی ئابووری نوێ و تەنانەت بەردەوامی پرۆسەی بەرهەمهێنانەوەیەتی لەسەر بنەمای ئەم واقیعە. من پێم وایە پاشەکشەی (سەدرییەکان) و پڕۆژە پۆپۆلیستییەکەیان کە نەگونجا بوو لەگەڵ پێداویستییەکانی جووڵە و کەڵەکەی سەرمایە بەو شێوە کۆنکریتەی ئێستای لە عێراقدا، هەروەها بوونی یەدەگی دارایی زەبەلاحی دەوڵەت لە ئەنجامی زیادبوونی بەرهەمهێنانی نەوت و گرانبوونی نرخی ئێستای لەو هۆکارانەن کە بەدیهێنانی ئەم گۆڕانکارییە چۆنایەتییەیان لە پەیوەندی سیاسەت و ئابووریدا خێراتر کرد. دیارە هەموو ئەمانە بەدەر لە فاکتەری ئاڵۆزی جیۆ سیاسی و ململانێی ئایدیۆلۆژیای ئایینی نیوان (سەدریـیەکان) و هێزەکانی (چوارچیوەی هاوئاهەنگی) و ململانێیان لەسەر دابەشکردنی سامان و دەسەڵات کە بە شیوازی جوراوجۆر بەردەوامن.

بنەمای کۆمەڵایەتی سەرمایە لە ناوخۆی هەر وڵاتیکدا لایەنی جیهانی هەیە و سەرمایەی ناوخۆیی پەیوەستە بە جوڵەی سەرمایەی جیهانییەوە، هەر لەم ڕاستایەشدا بورژوازی لە هێزی کۆمەڵایەتی جیهانی سەرمایە بەهرمەندە بەڕووی پرۆلیتاریادا و ئەمە لە کاتیکدا زیاتر دەر ئەکەوێت کە پرۆلیتاریا‌ بێەوێت سەرمایە بڕوخێنێ. ئەم پەیوەندییە بەیەکەوە گرێدراو و لێکئاڵێنراوە جیهانیـیە لە بواری ململانێی سەرمایەی نێو بازاڕی جیهانیدا خۆی بەرجەستە ئەکاتەوە و ڕەنگدانەوەی خۆی لە سیاسەت و ململانێی جیۆ سیاسی و ستراتیژی و شەڕەکاندا دەردەخات.

خەسڵەتی چینایەتی کرێکاری لە خەباتی شۆڕشگێڕانەدا
لەژیر سایەی ئەو هەلومەرج و گۆڕانکاریە ئابوری و کۆمەڵایەتیانەدا، ئێستا چینی کرێکار و جەماوەری هەژار و پەراوێزخراو ڕووبەڕووی کاریگەرییەکانی دابەزینی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی بوونەتەوە، بەتایبەتی لەم دواییانەدا، و کاریگەریـیە ئابووریـیەکانی گەندەڵی و سەرمایەداری نیولیبرال لەسەر داڕمانی ئاستی ژیان و گوزەرانی بە پێست و خوێنیانەوە ئەیچێژن. هەر بۆیە بەناچاری ئەبێ بە سەروکاری هەوڵەکانی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو و ڕۆڵی پارە و قاچاخ و سپیکردنەوەی پارەوە بن و لە ڕۆڵیان بكۆڵننەوە لەناو ئابووری سەرمایەداری و کاریگەریـیەکانیان لەسەر ژیانیان.

سەرەڕای هەموو بانگەشەکانی بۆرژوازی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئابووری سەرمایەداری لە ڕووی حیساباتی قازانج و زەرەر و تێچووی بەرهەمهێنان و کۆنسێپت و هاوکێشە بیرکارییەکانی دیکەی ئابووری و ئاڵۆزییەکانی پاکێج و مۆدێلی دارایی و بابەتی تەکنیکی دیکە، ئاشکرایە کە ئابووریی سیاسی لە دواشیکردنەوەدا هەر لە جیگەی خۆیەتی و پەیوەستە بە خەباتی چینایەتی لەناو فۆرماسیۆنی ئابووری-کۆمەڵایەتی سەرمایەداری لە هەر وڵاتێکدا لە ئاستی جیهاندا.

هاوسەنگی هێزی چینایەتی لە نێوان پرۆلیتاریا و بۆرژوازی فاکتەر و هۆکارێکی گرنگە بۆ دیاریکردنی باری ئابووری و گوزەرانی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان. هەر لەم ڕاستیەدا، ئاشکرایە کە سیاسەتە نیولیبراڵییەکان بە هۆی کارامەتربوونیان لە بواری گەشەسەندنی ئابووری و پڕوپاگەندە درۆینەکانی لەم چەشنە کە لەلایەن بۆرژوازی جیهانییەوە بڵاوکرایەوە و ئێستاش دەوترێتەوە، نەهاتۆتە ئاراوە، بەڵکو لە ئەنجامی قەیرانی سەرمایە و سیستەمی سەرمایەداری جیهانی لە ناوەڕاستی ‌‌هەفتاکانی سەدی پێشووەوە و لە بەرژەوەندی بەهێزکردنی کەڵەکەبوونی سەرمایەدا گیراونەتەبەر. لە عێراقدا لە لایەن دەسەڵاتی ئەمریکا و هێزەکانی ڕژێمەوە سەپێندراوە، بەو پێیەی سیاسەتێکی ئابوری دارێژراوە بۆ سەپاندنی مۆدێلێکی دیاریکراوی ئابووری لە سەرمایەداریدا.

گۆڕینی هاوسەنگی ‌هێزی چینایەتی نیوان کرێکاران و بۆرژوازی دەسەڵاتدار بە قازانجی یەکەمیان کەفیلە بە وەڵامدانەوەی ئەو نەهامەتی و وێرانکارییەی سەرمایەداریی نیولیبراڵە کە بەسەر چینی کرێکاردا سەپاندوویەتی. جێبەجێکردنی سیاسەتە نیولیبراڵییەکان و سەپاندنی بەسەر کرێکاران و زەحمەتکێشاندا لەگەڵ ئاڕاستەکردنی گورزی یەک لە دوای یەک لە دژی خەباتی یەکگرتووی چینایەتی کرێکاران و جەماوەری هەژار بووە و هەمیشەش هەروا دەبێت، ئەم هێرشە ڕێکخراوانەی بۆرژوازی تەنیا بە خۆڕاگری و پێداگری زیاتر لەسەر بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە چینایەتییە سەربەخۆکانی کرێکاران و یەکخستن و پتەوکردنی ڕیزەکانی خەباتیان دژی چینی دەسەڵاتدار وەڵام دەدرێتەوە. و ئەمە کاریگەری لەسەر گۆڕێنی ڕەوەندی ئابووری بە قازانجی چینی کرێکار و بێبەشان دەبیت و لە بەرژەوەندیان ئەشکێنێتەوە، بەدەر لە زەبەلاحی هێزی بۆرژوازی دەسەڵاتدار.

هەریەک لە دوو چینە کۆمەڵایەتییە سەرەکییەکەی کۆمەڵگەی سەرمایەداری، بۆرژوازی و پرۆلیتاریا، بەدیلێکی ئابووری جیاوازیان هەیە. بەدیلی پرۆلیتاریا سۆسیالیستی جیهانی بریتییە لە ڕووخاندنی سەرمایە، هەڵوەشاندنەوەی خاوەندارێتی تایبەتی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و كۆمۆنیکەشن، ڕزگارکردنی کاری کۆمەڵایەتی لەو فۆرمە سنووردارەی کە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا وەک سەرمایە دەیگرێتەبەر و گێڕانەوەی بەرهەمی هێزی کاری کرێکاران بۆ بەرهەمهێنەرانی ڕاستەوخۆ و ئازاد لە چوارچێوەی میکانیزمەکانی کۆمەڵگایەکدا کە لەسەر بنەمای ئازادی تاک و یەکسانی ئابووری نێوان تاکەکان دامەزراوە.

ڕوونی زیاتر لە پەیوەندی نێوان چین و توێژەکان لە عێراق و پەرەسەندنی جەمسەرگیری چینایەتی لەسەر بنەما و زەمینەی گۆڕانکارییە ئابووری و کۆمەڵایەتییە نیولیبراڵەکانی سەرمایەداری دوو دەیەی ڕابردوو، و هەروەها توندوتیژتربوونەوەی دژایەتیی بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشان و زۆرینەی جەماوەر لەبەرامبەر چینی بۆرژوازی و هێز و ڕەوت و حزبە ناسیۆنالیستی و ئیسلامییە دەسەڵاتدارەکانیدا، بێگۆمان کاریگەری لەسەر تایبەتمەندییەکانی خەباتی سیاسی شۆڕشگێڕانە لە کۆمەڵگادا بە گشتی دادەنێت.

ئیتر ناکری لاوانی شۆڕشگێر لە خولگەی سیاسەت و گۆڕانکارییە سەرەوەیـیە (فەوقی) سیاسییەکاندا بمێننەوە، تەنانەت ئەگەر ڕادیکاڵیش بن، و خەباتیان دابراو بێت لە ململانێی نێوان چین و توێژەکان لە وڵاتدا. هەر لەم ڕاستایەشدا ئیتر ناکرێ بەبێ بەرگری و بەرجەستەکردنەوەی، سەربەخۆیی چینایەتییان وەک گەنجانی کرێکار و بەشێک لە چینێکی کۆمەڵایەتی کە بەدیلی سۆسیالیستی خۆی هەیە، خەباتیان بەرەوپێش نەبەن. بەهەمان شێوە، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنان و ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش لە خەباتی چینایەتی خۆیاندا و لە خەباتیاندا دژ بەو ستەم و چەوساندنەوەیەی کە بەسەر ژناندا سەپێنراوە، دەبێ سەربەخۆیی چینایەتی خۆیان وەک ژنانی کرێکار و بەشێک لە خەباتێکی کۆمەڵایەتی و چینایەتی سۆسیالیستی زامن بکات بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بێت.

پەرەسەندنی خەباتی چینایەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان کە ناوەستێ لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا، و هەر گۆڕانکارییەکی جددی لە هاوسەنگی هێز لە بەرامبەر بۆرژوازی دەسەڵاتداردا بە قازانجی ئەوان و سەپاندنی چاکسازی ئابووری و کۆمەڵایەتی بەسەریدا، ڕێگا بۆ گەشەسەندنی زیاتری خەباتی ڕزگاریخوازانە و ئاسۆ و بەدیلی ڕەوتی سۆسیالیستی لەناو ڕیزەکانی جەماوەری کرێکاراندا دەکاتەوە.

هەر لەم ڕیگەیەوە ئاسۆی سۆسیالیستی پرۆلیتاری و بزوتنەوەی سۆشیالیستی ئەم چینە ئەتوانی سەرمەشق و پێشەنگی مارشی ڕزگاریخوازانەی ڕیزی بەرینی هەموو جەماوەری بێبەش و ئازادیخوازن بێت بۆ ڕزگاری و خۆش گوزەرانی و یەکسانی و دەرچوون لەم بنبەستەی کە کۆمەڵگە دەرگیری بووە لە ژیردەستی کەپیتالیزم و نوێنەرە ئیسلامی و قومیـیەکانی.

٨-٢-٢٠٢٣




فەلسەفەی ئەرەبی-ئیسلامی.. گێرت هێندریش.. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

نوێپلاتۆنییە مەزنەکانى خۆرهەڵات: ئەلفارابى و ئیبن سینا

فەلسەفەى ئەرەبى-ئیسلامى لە کۆتایى سەدەى نۆیەمى زایینیدا دێتە نێو قۆناغێکى نوێوە. ئێستا سەردەمى وەرگێڕانەکان تا ڕادەیەکی زۆر کۆتایى پێهێنرا بوو و فەلسەفە لەسەر بناغەی ئەو بابەتە وەرگێڕراوانە ئەدگارێکی سەربەخۆی وەرگرت: ئێستا هەوڵ دەدرا بەرهەمەکانی وەرگرتنی (ڕێسەپسیۆنى) ئەنتیکە ڕێکبخرێن و بە توخمە پێوارەییەکانى ئایین تێکهەڵکێش بکرێن. فەلسەفەى پێشین بەزۆریى ناتەواو بوو، جا گەرچى لە هەندێک ڕەوشی تایبەتیدا پرشنگدار بوو و هاوشێوەى ئایینى شێوەوەرگر هەستى بەدووداگەڕانێک بێدار دەکاتەوە، وەلێ فەلسەفەى دواى ئەو بە پێچەوانەوە دەرچەیەکی یەکانەیی هەیە. ئەم دەرچەیە وایدادەنێت کە هزرى پلاتۆن و ئەڕیستۆتێلیس لە پرنسیپدا یەکدەگرنەوە، ئەوەش بە فۆرمولەکراوى لە نوێپلاتۆنیزمدا دەبینێتەوە. نوێپلاتۆنیزم گریمانەی “یەک”ى (ئەلئەحەدی – و) سەرەتایی دەکات وەک بنەڕەتی جیهان، وەلێ ئەم تێزە هاوکات پنتى گەیاندنە بە ئایینى سروشیانەى ئیسلام و دەرفەت بۆ هێنانەگۆڕێی یەکێتییەک لە نێوان مەئریفەی فەلسەفەیی – کە بەڕێی ئاوەزەوە چێدەبێت – و ڕاستییەکانی ئاییندا – کە مرۆڤ وەک ئەزەلی لێیان تێدەگات – دەڕەخسێنێت. جێی سەرنجە ئێستا فەلسەفە بەم هەوڵە کامیلبوونى تاکەکەسییانەی مرۆڤ کە بە یاریدەی ئاوەز بەدیدەهێنرێت، وەک لەبرییەک دادەنێت بۆ “شێوازى ژیانى” (واتا بۆ “سیرە”ی) ترادیسیۆنیانەى پەیامهێن و لایەنگرەکانى کە وەک نموونە و پێوەر بۆ هەموو ئیمانداران دانرابوو و باڵادەستانی ئایینی پێشەنگی بوون. ئەوە بێ هۆ نییە کە ڕازى یەکێک لە نووسینەکانى خۆى ناو دەنێت “سیرە فەلسەفییە”، واتا شێوازى ژیانى فەلسەفەیی. ڕازى بەم نووسینە خۆى ئاگامەندانە لەو کۆنسێپتە دەپچڕێنێت کە گۆیا مرۆڤ ژیانێکى سەرکەوتووی پێبەدیدەهێنرێت گەر شوێن باڵادەستانی ئایینی بکەوێت، نەخێر، ڕازی لەبریى ئەوە هومانیزمێکى تاکەکەسی بە ڕێبەرایەتیی ئاوەز دەخوازێت. ئەم داواکارییە بوو بەهۆی ڕەخنەی توندی زانایانى ئایینی کە خۆیان بە پارێزەر و ڕاڤەکەرى “کۆنسێپتى سیرە” لە ڕۆشنایى ئایینى سروشییەوە دادەنا. جگە لەوە فەلسەفەى ئەرەبى-ئیسلامى سەرجەمی مەئریفە زانستییەکانى سەردەمەکەى بەکارهێنا، کەواتە نزیکەى پانتاییەکى ئێنسیکلۆپێدییانەى هەبوو، لەمەشدا دەگەڕێتەوە بۆ زەخیرەیەکى سەرچاوەى فەلسەفەیى و زانستیی زۆر دەوڵەمەندتر لەو زەخیرەیە کە لە ئەوروپاى کریستیانیدا هەبوو. فەلسەفە و زانست بەردەوام لەنێو چێوەى دامەزراوەکانى فێرکارى و توێژینەوەدا دەگۆڕران، بۆ نموونە لە “بەیت ئەلحیکمە”، وەلێ بەتایبەتى لەو جێیانە کە لایەنگرانى بەدەسەڵات و دەوڵەمەند دەیانپاراستن.
بێگومان فەلسەفەى ئەرەبى-ئیسلامى پەرچەکرداریشە لەسەر دۆخگۆڕییەکانى سەردەم. هەر لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین هەوڵى فارابى و ئیبن سینا، وەک نوێنەرە مەزنەکانى ئەو فەلسەفەیە، تا ڕادەیەک پابەند بە کەشى دۆخگۆڕیوى جیهانى ئیسلامییەوە ڕوونبکەینەوە: ئەوان هەوڵیان دا بۆ ئەوەی نوێپلاتۆنیانە ڕاڤەی فەلسەفەى ئەڕیستۆتێلى بکەن و بەم شێوەیە چارەیەک بۆ دەلاقەی سەرهەڵداوى نێوان هزرى ڕاسیۆنال و ئیمانى سروشى بدۆزنەوە. جیهانى “ئیسلامى” هەمیشە پتر گەلان و کولتوورانى دیکەى لە خۆ دەگرت، کشانى گەیشت بە ڕادەیەک کە ئیدی لە ئەوروپاوە بەقووڵی تا نێو ئاسیاو و ئەفریکا بڕی دەکرد، بەم ڕێیەشەوە توخمى ئەرەبی هەمیشە کەمتر دەبووەوە. گەرچی گەلانى دیکە و کولتوورە تایبەتییەکانیان بەئیسلامی کرابوون، سەرەڕای ئەوە هەمیشە پتر رۆڵى گرنگیان دەگێڕا. جگە لەوە هۆى پەرەسەندنى واتاى زانایانى ئایین، واتا ئولەماکان، کە لە دەستەبژێرانی شارییەوە پێگەیشتبوون و پەیوەندیشیان هێشتا هەر بەچڕی بەو دەستەبژێرانەوە مابووەوە، دەگەڕێتەوە بۆ لاوازبوونى دەوڵەتى خەلافەت. سەردەمى مەزنە دەوڵەتێکى ئەرەبى-ئیسلامى بە سەنتەرێکەوە کە بەڕوونى پێناسە کرابێت، لە ڕووى سیاسییەوە کۆتایى پێهات و دەوڵەتانى ناوچەیى جێیان گرتەوە. هەروەها کۆچى پەرەسەندووى گەلە تورکییەکان کە مەزنە دەوڵەتى ئەرەبى-ئیسلامییان لە ناوچە کەنارییەکانەوە ناسەقامگیر کردبوو، رۆڵى خۆی لە لاوازکردنى دەوڵەتى خەلافەتدا گێڕا. ئەوجا جیهانى ئەرەبى-ئیسلامى لە ڕووى ئابوورى-جڤاکیشەوە بەنێو پرۆسەیەکى دۆخگۆڕیدا تێپەڕى. ئەو دەوڵەتانە کە بە جیابوونەوە لە خەلافەتەکەى بەغداد سەریان هەڵدا، بەزۆریى پشتیان بە سوپاى دەرەبەگان دەبەست؛ ئەوان مافى بەکارهێنانى زەوییان بۆ کشتیارى دەبەخشی تاکو بەو ڕێیەوە موچەی سەربازان و فەرماندەکانیان، هەروەها کارمەندانى بەڕێوەبەرایەتى، دابین بکەن، ئەمەش توێژى کشتیارە سەربەخۆکانی لاواز کرد، هەروەها کاریگەرییەکى ئەوتۆى نواند کە ئابووریی شارییانەى ڕووکردووە پارە و بازرگانى گوڕ ڕووەو دەرەبەگایەتى بسێنێت. تا ڕادەیەکى زۆر ئابووریى کشتیاریانەى گوزەراندابینکەر جێى ئابووریى پێشینى بازرگانى و مانوفاکتورى گرتەوە، بەمەش کۆتایى بە گۆڕانیک هێنا کە پاش چەند سەدەیەک لە ئەوروپا، لە شارەکانى ئیتالیا و فلاندریادا، بوو بە ڕێخۆشکەر بۆ سەرهەڵدانى جڤاکی بۆرژوازى-سەرمایەگەرى. بێگومان لە کۆنتێکستى ئیسلامیدا هەمیشە سەرلەنوێ سەردەمانى گەشانەوەى ناوچەیى دەهاتنەوە گۆڕێ کە تەنانەت واتاى ئابوورییان هەبوو، وەلێ مۆرکى ئەو سەردەمە بەگشتى بریتی بوو لە تەنگژەیەکى ئابوورى و جڤاکى و سیاسى کە هەروەها لە ڕەوشە هەنووکەییە سەختبۆوەکانى دێباتى هزریشدا خۆی نواند. سەرهەڵدانی بەردەوام بەهێزتربووی ئۆرتۆدۆکسییەکى ئایینى و لەتەکیدا کاریگەریی جڤاکییانەی زۆرتری نوێنەرەکانی، پتر فەزاى ئازادیان بۆ زانستەکان و فەلسەفە تەسککردەوە.

ئەلفارابى

ژیانى ئەبو نەسر محەمەد ئیبن تەرهان ئیبن ئوزلوغ ئەلفارابى (نزیکەى 870 تا نزیکەی 951) وێنەى ئەم گۆڕانانە دەداتەوە. ڕەچەڵەکى فارابى نەدەگەڕایەوە بۆ سەنتەرەکانى جیهانى ئیسلامى: بۆ بەغداد یان لایەنی کەم بۆ وڵاتى کولتووریى دێرینی فارس، بەڵکو دەگەڕایەوە بۆ ئەوپەڕى چێوەى ناوچەى دەسەڵاداریى ئیسلامى. ئەو لە فاراب هاتە جیهانەوە کە دەکەوتە سەر کەنارەکانى ڕوبارى سیر دەریا لە باکورى ڕۆژئاواى تەشکەند لە کازاخستانى ئەمڕۆ. باوکى فارابی ئەفسەرى میرنشینی سامانییەکان بوو کە هۆزە تورکییەکانى کارلوک و ئۆگوزى لەوێ نیشتەجێ کردبوو و ئەوانیش لەباتی ئەوە دەبوو وڵاتەکە لە هێرشى گەلە دەشتەکییەکان بپارێزن. پێدەچێت باوکى فارابى بە ڕەچەڵەک بگەڕێتەوە بۆ دانیشتوانى تورکڕەگەزى ئەو وڵاتە و یەکەم کەسى خانەوادەکەى بووبێت کە بڕواى بە ئیسلام هێنابێت. زمانى دایکی فارابى دیالێکتێکى تورکى بوو، ئەو هەروەها زمانى فارسیشى دەزانى. ئەو درەنگتر فێرى زمانى ئەرەبى بوو کە زمانى باڵاى دەوڵەتە ئیسلامییەکان و هاوکات زمانى فەلسەفە و زانستەکان بوو. فارابى سەرەتاى سەدەى دەیەم ڕۆیشت بۆ بەغداد و حەرران و بوو بە فێرخوازى زانایانى کریستیانی، بۆ نموونە یوحەننا ئیبن حەیلان (910 مردووە) و (بەگوێرەى هەندێک سەرچاوە) ئەبو بیشر ماتتا ئیبن یونیس (940 مردووە). جگە لەوە فارابى وەک پزیشک پێگەیەنرا، وەلێ بە پێچەوانەى ڕازى و ئیبن سیناوە هەرگیز ئەم پیشەیەى پراکتیزە نەکرد، چونکە پزیشکی بە دیدی ئەو “پیشەى دەستى” بوو، بۆیە وەک زانستێک بۆ توێژینەوە لە ڕاستى نەیدەبینی. تەنیا تیۆریى پەتى توانای بە مرۆڤ دەدا لە ڕاستی بتوێژێتەوە. ئەمە بە هەمان شێوە موزیکیشى دەگرتەوە. گەرچى فارابى بە موزیکییەکى ئاستباڵا دادەنرا، لەم بوارەشدا بە نووسینى “کتێبى مەزن لەبارەی موزیک” وەک یەکێک لە واتادارترین تیۆریارانى موزیک لە جیهانى ئیسلامیدا دەرکەوت، سەرەڕای ئەوە توانستەکانى خۆى نەکرد بە پیشە. فارابى بەگشتى لە بەغداد ژیانێکى سادە و دوورەپەرێزی بەسەربرد، بۆیە هیچ سەرچاوەیەکى هاوچەرخى یان درەنگتر زانیاریی زۆری سەبارەت بە ژیانى ئەو نییە. وەک دەگێڕرێتەوە، ئەو گوزەرانی خۆی وەک پاسەوانى باخچەیەک دابین کردووە، ئەم کارەشى گۆیا هەڵبژاردووە، چونکە کاری شەوانە دەرفەتی بۆ ڕەخساندووە کە بپەرژێتە سەر هزرین بەئارامی. ئەم جۆرە چیرۆکانە تێڕوانینێکى ئەوتۆیان سەبارەت بە فارابى هێنایە گۆڕێ کە گۆیا ئەو دانایەکى سادە و پشتکردووە جیهان بووە و ڕێى نەداوە بخزێنرێتە نێو ناکۆکییە جڤاکییەکانى سەردەمەکەیەوە. وەلێ ئەوەی ڕاستی بێت فەلسەفەى فارابى زۆر ڕوونتر لە فەلسەفەى پێشین ئاوێنەى وەرچەرخانە جڤاکییەکانە.

لە سەدەی دەیەمدا بۆ یەکەم جار بەفراوانی دانوستانی ئەوە کرا کە داخۆ کولتووری گریکی، کەواتە کولتوورێکی “نامۆ”، چیی پێ بێت بیدات بە کولتووری ئیسلامی و داخۆ ئەو کولتوورە لادان نەبێت لە ئیسلامی پاکژ کە گەرەکە ترۆپکی کولتووری مرۆڤایەتی بێت. ئەم گرنگیدانە نوێیە بە “پاکژێتی” و “خاڵسێتی” ی ئیسلام پەرچەکردارە لەسەر تەنگژەی بەردەوامی سیاسی و جڤاکییانەی دەوڵەتی خەلافەت. خەلیفە بوو بوو بە بووکەسەماکەرەی فەرماندە سەربازی و خانەوادە بەگزادییەکان، بەوەش ئەو، وەک پارێزەری ئیمانی پەتی، لە چاوی موسڵماناندا مافی ڕێبەریکردنی ئوممەی ئیسلامیی لەدەستدابوو. “گەڕانەوە بۆ ڕیشەکان” (واتا بۆ ئاییندارییەکی خاڵس) وەک بناغەی زاڵبوون بەسەر تەنگژەیەکی جڤاکیدا، لەو کاتە بەدوواوە تا ئەمڕۆ وەک کۆنستانێکی (نەگۆڕێکی) مێژووی ئیسلامی ماوەتەوە. گەڕانەوەکە لە سەدەی دەیەمدا ئاماژە بۆ پەڕگەیەک دەدات لە نێوان دوو بەرەدا: کولتوورێکی زانین کە هاوکات بۆ هزرینی فەلەسەفەییش کراوەیە، هەروەها پەرچەکردارێکی جڤاکی-سیاسی وەک هەڕەشەیەک لەسەر کەلاخستنی فەلسەفە.

ئەوە هیچ جێى سوڕمان نییە کە فارابى بەغدادى بەجێهێشت و لە جێى دی کەوتە گەڕان بۆ چاودێری و دەستى پارێزەرى دەسەڵاتدارێک، ئەوەشی لە ئالێپۆ (حەلەب) لاى سەیف ئەلدەولە بینییەوە کە دەسەڵاتدارى دەوڵەتى ئەرەبیى حەمدانییەکان بوو. ئەم دەسەڵاتدارە لەنێو کەشێکى کراوەدا بۆ هونەر و زانست هەندێک لە بەواتاترین زانا و هەڵبەستڤانانی لە دەورى خۆى کۆکردەوە، فارابیش یەکێک بوو لەوان. کاتێک فارابى ساڵى 950 یان 951 مرد، وەک دەگۆترێت، سەیف ئەلدەولە مەرگگۆتارى ناشتنەکەى لە دیمەشق خوێندەوە. وەلێ هیچ گومانى تێدا نییە کە نوێنەرانى ئولەما خۆیان بەئاشکرا لە ناشتنى ئەو بەدوور گرت. پاش مەرگى فارابى شتێکى هاوشێوەى “فێرگە”یەکى فەلسەفەکەى هاتە ئاراوە و لە نێویدا بەتایبەتى ئەرەبە کریستیانییەکان چالاک بوون، ئەوەش بە چەشنێک کە هەر یەکەیان بەجیا و بە دەرخستنی خۆیی کەوتە داڕشتن و پتر گۆڕاندان بە هزرى فارابی. هەندێکی ئەو زانایانە بریتى بوون لە یەحیا ئیبن ئادى (893-974)، ئەبو سولەیمان ئەلسیجیستانى (913-988)، یوسف ئەلئامرى (992 مردووە)، هەروەها ئەبو حەیان ئەلتەوحیدى (نزیکەى 925-1021). ئەم زانایانە خۆیان لەسەر بناغەى فەلسەفەى فارابى بە فیزیک و لۆگیک، تیۆریى مەئریفە یان تیۆریی زەینەوە خەریک دەکرد.

پێکەوەگرێدانى مێتافیزیک و ئێتیکى سیاسى

بەرهەمە فەلسەفەییەکەى فارابى پەرچەکردارێکى ڕاستەوخۆ بوو لەسەر دۆخگۆڕییەکانى سەردەمەکەى. لەبەر ئەم هۆیە دەشێت ئەو بە یەکەمین هزرڤانى ئەرەبى-ئیسلامى دابنرێت کە ئاگامەندانە ڕاڤەیەکى نوێپلاتۆنییانەى جیهان بە فۆرمولەکردنى تیۆرییەکى سیاسییەوە گرێدەدات. کاتێک مێتافیزیک و تیۆریى ئێتیکیانەى سیاسى لاى فەیلەسوفانى پێشین بەپاڵ یەکدییەوە بوون و سیستەماتیکییانە پێکەوە گرێنەدرابوون، ئەوا بە پێچەوانەوە لاى فارابى یەکێتییەک پێکدەهێنن و دەچنە نێو یەکدییەوە. فارابى تەقەلایەکى زۆرى دا بۆ ئەوەى سەرلەنوێ بە فەیلەسوفە کلاسیکییەکانى گریکدا بچێتەوە، پێدەچێت تەنانەت خۆی بۆ ئەم مەبەستە هەندێک تێکستى وەرگێڕابێتەوە. بە هەر حاڵ، فارابى بەشێکى زۆرى نووسینەکانى ئەڕیستۆتێلیس و زۆرینەى دیالۆگەکانى پلاتۆنى دەناسى. لە یەکێکى نووسینە سەرەکییەکانیدا بە ناونیشانى “فەلسەفەى پلاتۆن و ئەڕیستۆتێلیس”، هەردوو فەیلەسوفى کلاسیکى سەربارى جیاوازییەکانیان دادەڕێژێت بەبێ ئەوەى هەوڵ بدات جیاوازییەکانیان پێکەوە بسازێنێت. وەلێ فارابى لە بەشى ڕێبەرییەکەی ئەو نووسینەیدا نەک تەنیا جەخت لەوە دەکات کە کامیلکردنى مرۆڤ ئامانجى هاوبەشى هەردوو فەیلەسوفە، بەڵکو هاوکات سیستەمە فەلسەفەییەکەى خۆیشى وەک پردێک لە نێوان هەردوو فەیلەسوفى نموونەییدا بنیات دەنێت. لێرەدا دەبێت ڕەچاوی ڕەوشێکی گرنگ بکەین: ئەو کورتەیەی “ئێننێئادەکان”ى پلۆتین (IV-VI) کە لە چەرخى نێڤیندا وەک “تیۆلۆگیى ئەڕیستۆتێلیس” ناسرابوو، فارابی بە هەمان شێوە وەک کارێکی ئەڕیستۆتێلیس وەریدەگرێت. بەم ڕێیەوە ئیدی باری سەر یەکێتیى سیستەماتیکییانەى فەلسەفەى فارابى سووک دەبێت کە بریتییە لە: گەردوونناسى کە لە گەردوونى دەرەکیدا (ماکرۆکۆسمۆسدا) ڕێکخراوى گەردوون دادەڕێژێت، هەروەها تیۆریى زەین کە بەڕێیەوە ئەم ڕێکخراوەى گەردوون وەک شیاوى ناسین دەسەلمێنرێت، ئەوجا تیۆریى سیاسى کە کامیلێتیى ئەم ڕێکخراوەى گەردوون بەسەر شیمانەکانى جڤاکی مرۆڤدا بەکاردەبات. بە دیدى فارابى مێتافیزیک، گەردوونناسى، تیۆریى مەئریفە و سیاسەت، پەیوەندییەکى چڕیان بە یەکدییەوە هەیە، لێرەشدا پێناسەکەى ئەڕیستۆتێلیس بۆ مێتافیزیک وەک مەئریفەى بوونەوەر، دەرچەی هزرینی فارابییە. بوونى کردەکییانەی شتەکان، واتا ناسینی سروشتى ئۆبژێکتیڤییانەى شتەکان، بریتییە لە ئەرک و شیمانەى مرۆڤ. ئەمە واتایەکى ئەوتۆ دەگەیەنێت کە مەئریفەى بوونەوەر هەروەها شیمانەى ڕێنومایی بۆ مرۆڤ لە خۆ دەگرێت. واتای ئەم تێڕوانینە بە دەرئەنجاماندنێکى ئاوەژوو بریتییە لە: مرۆڤى سەر چەوتەڕێ یان کردارنوێن لە نەزانییەوە، ڕێبەر و ڕاوێژکەرێکى نالەبارە بۆ جڤاک. کەواتە کامیلکردنى مەئریفەى خۆیى، سەروەری بەسەر بەکارهێنانى ئاوەزدا، پێشمەرجى ڕێکخراوێکى سەرگرتووى جڤاکین. هەر بەم شێوەیە تیۆریى “دەوڵەتى چاک” لە تیۆریى مەئریفەى ڕاستییەوە سەرهەڵدەدات، بە پێچەوانەشەوە تیۆریى سیاسى وەک تیۆریى دەوڵەت بریتییە لە تەکمیلەکردنى مێتافیزیک. کەواتە فەلسەفە سیاسییەکەى فارابى نەک تەنیا دەیەوێت فەلسەفەى تیۆرییانە و پراکتیکى پێکەوەبلکێنێت، بەڵکو هەروەها دەیەوێت تێیان بپەڕێنێت. ئەمە لە گرنگترین نووسینەکانیدا ئاشکرا دەبێت کە سێ دانەن: “کیتاب تەحسیل ئەلسەئادە” (کتێب لەبارەى گەیشتن بە بەختیارى)، “ئاراء ئەهل ئەلمەدینە ئەلفازیلە” (تێڕوانینەکانى هاوڵاتیانى شارى فەزیلەمەند – بەکورتى: “مەدینە”)، هەروەها “ئەلسیاسە ئەلمەدەنییە” (لەبارەى بەڕێوەبردنى دەوڵەت – بەکورتى: “سیاسەت”).

بە تێڕوانینى فارابى مرۆڤ دەتوانێت ئاوەزمەندانە ڕێکخراوى سیاسى بنیاتبنێت، ئەویش چونکە خودی جیهان ڕێکخراوە و ئاوەز دەتوانێت لێی تێبگات. ئەم ڕێکخراوە بەندە بە پێشبینیی گەردووندیدییەکی جیۆسەنترییەوە کە تێیدا کایەکانى ئاسمان (مانگ، خۆر، پلانێتەکان) لەسەر هێڵى چەسپیو بە دەورى زەمیندا دەسووڕێنەوە. ئەڕیستۆتێلیس گۆتبووى، کایەکان (سفێرەکان) لە لایەن بزوێنەرانەوە دەبزوێنرێن، پاشان فەیلەسوفانى موسڵمان ئەم بزوێنەرانەیان ناو نا “ئینتەلیگێنسەکان”. وەلێ ئێستا فارابى ئەم گەردوونناسییە ئاسان دەکاتەوە، ئەویش بە وەرگرتنى ڕاڤەى نوێپلاتۆنیانەى خودی گەردوونناسییەکە: یەکەم بزووتن لە لایەن یەکەم بزوێنەرەوە، واتا لە لایەن “یەک”ـە (ئەلئەحەدە – و) سەرەتاییەکەى پلۆتینەوە، واتا لە لایەن خوداوە دەهێنرێتە گۆڕێ. ئەوجا لە خوداوە کە هۆشى پەتییە، کەواتە زەینە (ئینتەلێکتە)، هۆش بۆ کایەکەى دی “دەڕژێت”، لەوێشەوە بەردەوام دەبێت بۆ نێو کایەکەى دی. بێگومان ئەم زەینە سەربارى ڕژانى هەمیشە هەر هەمان زەین دەمێنێتەوە. ئاوەزى ڕەهاى (ئەبسولوتی) خودا جیاوازییەکى توخمیى (زوبستانسیەلی) لە ئاوەزى مرۆڤ نییە، بەڵکو جیاوازییەکەى کردەکییە (ئەکتوێلە). ئەمەش بەواتای: کاتێک دەروونى خودا هەمیشە هەر هۆشى پەتییە، ئەوا دەروونى مرۆڤ دەبێت بە پێچەوانەوە بۆ ئاوەزمەندێتیى خۆى تێبکۆشێت. کاتێک ئاوەزى مرۆڤ خۆى بەکردەکی (ئەکتوالیزە) دەکات، لێرەشەوە توانا بۆ ناسینی ڕێکخراوی گەردوون و بەمەش بۆ ناسینی خودى خۆی وەردەگرێت، ئیدی لەم ڕەوتەدا خۆى لە لێرەبوونە ماتەرییە پەتییەکەى بەر دەدات و دەگات بە ژیانێک لەنێو تێڕامان و داناییدا. لێرەدا پێویستە ڕەچاوی دوو تایبەتمەندی بکەین کە فارابى دەیانخاتە سەر نەخشەى ڕژانەکەی پلۆتین: گەرچی پرۆسەى ڕژان لە هۆش-دەروونى پەتییەوە ڕەوتێکی “بەرەو ژێر”ی هەیە، وەلێ گەر لێرەبوونی ماتەریانە نەبایە، ئەوسا ئەم هۆشە یان ئەم زەینە نەیدەتوانى خۆى بەرجەستە بکات. فارابى لە نووسینەکەیدا بە ناونیشانى “لەبارەى زەین” دەبێژێت: “نەشیاوە زەینى چالاک پرنسیپى سەرجەم شتە هەبووەکان بگرێتەوە، چونکە ئەو خۆى بۆ چالاکییەکەى پێویستی بە هەبوونى کەرەسەیەکە، هەروەها پێویستی بە نەبوونی ئاستەنگێکە، کەواتە لەنێو سروشتى ئەودا هێزى کافى نییە کە وا بکات سەرجەمی شتەکان کامیل ببن” (al-Farabi، 1892، 78). لەم ڕوانگەیەوە دەبێت یەکەم بزوێنەر، وەک یەکەم هۆکار، دوو پرنسیپ لەنێو خۆیدا یەک بخات: ئەو نەک تەنیا دەبێت هۆش-دەروون یان زەینى پەتى بێت، بەڵکو هەروەها دەبێت پرنسیپى کەرەسە لە خۆ بگرێت. کەواتە یەکەم هۆکار کە خودایە، تەنیا ئەوەکەیەکی هۆشەکى نییە بەبێ هیچ پەیوەندییەک بە ماتەرییەوە، واتا بەو ماتەرییەوە کە لاى کندى هێمای خراپە بوو، هێمای نا-هۆشەکێتى بوو.
دووەم تایبەتمەندیى فارابى بریتییە لە پەیوەندیى مرۆڤ و زەینى ئەو بە زەینى ڕەهاوە، یان بە زەینى خوداوە. نەخشەی نوێپلاتۆنیانەى ڕژان هەمیشە وایدادەنا کە ڕژانى “یەک-ی سەرەتایی”، یان ڕژانى خودا، بەرەو پلەکانی ژێرەوە دەڕوات و لە دوایەمین پلەشدا مرۆڤ و زەینى ئەو خۆیان دەبیننەوە. لەم تێڕوانینەوە دەرفەت ڕەخسا بۆ دەرئەنجاماندنی سەروەرى و کامیلێتیى زەینى خودا. وەلێ فارابى ئەم بەڵگەهێنانەوەیە هەڵدەگێڕێتەوە: پرۆسەى ڕژان کەمبوونەوەى زەین نییە لە پلەیەکەوە بۆ پلەیەکى دی، بەڵکو ئەدگارێکە کە پێگونجاو دراوە بە هەر پلەیەک و هەر فۆرمێکى بوون: “هەبووی بەرجەستەیی لە ئەوەوە ڕێکخستن وەردەگرێت و هەر هەبوویەک، بەگوێرەی پلەکەی، کارایی ڕاستینەى خۆی لە بووندا دەنوێنێت. جگە لەوە ئەو بەدادە و دادپەروەرییەکەشى بەگوێرەی گەوهەری خۆیەتی” (al-Farabi، 1985، 26). هەروەها پێگەی تایبەتی زەینى مرۆڤیش بەو ڕێیەوە ڕووندەبێتەوە کە پرۆسەى ڕژان بە دادپەروەرى و خۆشەویستیى خودا بنیاتنراوە. هەموو مرۆڤێک “لە سروشتەوە، هەر لە سەرەتاوە”، زەینى پێدراوە، زەینیش بەگوێرەی کرۆکى ئامادەیە بۆ “ناسینی ئەدگارانی تایبەتى بابەتەکانی زەین” (das Intelligible)” (هەمان سەرچاوەی پێشوو، لا 69). وەلێ بابەتەکانی زەین هۆشەکێتیى پەتین، ئەوجا بەو ڕێیەوە کە زەینى مرۆڤ لە توانایدایە یەک-ی سەرەتایی یان خودایەتی بناسێت، ئیدی لە هۆشی پەتیی خودا نزیک دەکەوێتەوە، جا گەرچى بە پێچەوانەی خوداوە ناتوانێت بوون بئافرێنێت. لە بنەڕەتدا هەموو مرۆڤێک ئەم توانستەى ئاوەزى پێدراوە، بێگومان هێندە نەبێت کە تەنیا فەلسەفە باڵاترین پلەى ڕاستینەى مەئریفەیە. ئەوجا گەر هاتوو فەیلەسوفێک هاوکات پەیامهێن بێت، ئەوسا دەتوانێت مەئریفە فەلسەفەییەکان کە بەڕێى ئاوەزەوە بەدییهێناون، بە توانستى ئەندێشەوە گرێبدات تاکو ئیدی بە لێچواندن و ئانالۆگى و سیمبۆل بەو کەسانەشیان ڕابگەیەنێت کە فەیلەسوف نین. ئەمەش هیچی دیکە نییە جگە لە سروش، ئاخر سروش مەئریفەى ئاوەزە کە ڕەوانبێژیانە بە کەسانی دی گەیەنراوە. فارابى لە “مەدینە”دا دەنووسێت:
“گەر زەینى ئافرێنەر لە هەردوو بەشى هێزى هزرینیدا، واتا لە هەردوو بەشى تیۆرى و پراکتیکیدا، ئەوجا پاشان لە هێزى پێشبینییدا، کارایی وەربگرێت، ئەوسا ئەم مرۆڤە کەسێکی سروش وەرگرە، ئەوەش خوداى مەزن و پەروەردگارە کە بە یاریدەی زەینى ئافرێنەر سروشى بۆ دەنێرێت. (…) ئەوسا ئیدی مرۆڤەکە لەو زەینە ناچالاکەوە بە یاریدەی ڕژان دەبێت بە دانایەک، بە فەیلەسوفێک، بە لایەنگرێکى تەکامول، وەلێ مرۆڤەکە هەروەها بەو ئەوەکەیە کە لە ئەوەوە (خوداوە – و) بەسەر هێزى پێشبینیی خۆیدا ڕژاوە، پەیامهێنێکە، بەئاگاهێنێکە سەبارەت بەوە کە لە هاتندایە، هەروەها ڕاگەیەنەرێکە سەبارەت بەوە کە چۆن تاکە شتەکان هەنووکە لەنێو بووندان. بەڵێ مرۆڤەکە لەنێو بوونێکدایە کە دەتوانێت تێیدا خودایەتى بهزرێنێت” (هەمان سەرچاوەی پێشوو، لا 93).
کەواتە پەیامى خودایانەى سروش بەگوێرەی کرۆکی تەنیا مەئریفەى ئاوەزە کە فەلسەفە پێیدەگات. ئەمەش بەواتای، ئایینى وەک سروش نێرراو هیچى دیکە جگە لە فەلسەفە لە خۆ ناگرێت، وەلێ هێندە نەبێت کە سروش بۆ نا-فەیلەسوفانیش دەرووی گەیشتن بە ئاوەزى پەتى دەکاتەوە. فارابى هاوکات دەبێژێت کە هاوشێوەییەک هەیە لە نێوان جۆرە جیاوازەکانى مەئریفەى ئاوەز لاى مرۆڤ و فۆرمەکانى زەیندا کە بەڕێى ڕژانى خوداییەوە کاریگەرى لەسەر گەردوون دەنوێنن. لەم ڕوانگەیەوە مرۆڤ “گەردوونێکى بچووک”ـە (Marmura) کە تێیدا هارمۆنى و ڕاسیۆنالێتیى گەردوون دیاردەداتەوە.

دەوڵەتى ئیدیال و فەیلەسوفەکان

تەواو وەک زەروورەیەکی لۆگیکی دەبێت هارمۆنیى جیهانى ئاوەزمەند هەروەها لە پێکەوەژیانى مرۆڤاندا، کەواتە لە دەوڵەتدا، وێنەبداتەوە. هەر تاکە مرۆڤێک کە خودا ئاوەزی پێداوە، گەرەکە تێبکۆشێت بۆ گەیشتن بە کایەى “هۆشەکێتیى کردەکى (ئەکتوێل)”، واتا بە کایەى ئاوەزى پەتى، چونکە هەروەها کایەى ئازادیى پەتى و خوددیاریکردن و باڵاترین بەختیارى شیاو بەتەواوى لەم کایەیەدایە. ئەمە لە هزرى فارابیدا بۆیە زەروورەیەکی لۆگیکیشە، چونکە ئاوەزى پەتى ئاوەزى خودایە و ئەوجا دەبێت کە چە ئەوەکەیەک لە خودا ئازادتر و بەختیارتر بێت. بێگومان ئاشکرایە مرۆڤان توانستى جیاوازیان لە یەکدی هەیە، بۆیە ئەوە بیرۆکەیەکی ئاوەزی پراکتیکییە کاتێک مرۆڤان خۆیان بە بوونەوەری جڤاکی دادەنێن. فارابى، هاوشێوەى ئەڕیستۆتێلیس، مرۆڤ وەک سۆۆن پۆلیتیکۆن (بوونەوەرى جڤاکی – و) دەبینێت: مرۆڤ بڕیار بۆ جڤاک دەدات، چونکە ئەوە ئاوەزمەندانەیە. هاوکات ئاوەز هەمیشە واتاى مەئریفەى ڕاستى دەگەیەنێت، ئەمەش بۆ فارابى تەنیا دەشێت مەئریفەی ڕێکخراوی بوون بێت. کەواتە ڕێکخراوى “چاک”ى جڤاک ى مرۆڤ لاسایى ڕێکخراوى “چاک”ى گەردوون دەکاتەوە، کەواتە دەوڵەتى ئیدیال (نموونەیى) لاسایى بونیادى گەردوون دەکاتەوە کە بێگومان بونیادێکی هیرارشییانەیە: یەک-ى سەرەتایى، واتا خودایەتى، لە ترۆپکی هیرارشییەکەدایە و تەنیا بە ڕژانى ئەو شیمانەکانى (die Potentiale) تاکە پلەکان دەبن بە کردەکی (ئەکتوالیزە دەبن). فارابى تەواو بەم شێوەیە لە ڕێکخراوى سیاسیى نێو دەوڵەت تێدەگات: لە ترۆپکى دەوڵەتدا پاشا-فەیلەسوفێک خۆى دەبینێتەوە (بە ئەرەبى: ڕەئیس، کەواتە سەرۆکێک، ڕێبەرێک) کە هاوکات پەیامهێنە، چونکە تەنیا بەم شێوەیە گەرەنتى دەدرێت کە سەروەر تەنیا پێڕەوی مەئریفەکانی ئاوەز بکات و بتوانێت ئەم مەئریفانە لە فۆرمێکى ئەوتۆدا ڕابگەیەنێت کە تەنانەت نا-فەیلەسوفانیش لێیان تێبگەن.
کەواتە ئایین و فەلسەفە دژبەرى یەکدى نین، یان ڕاڤەى بەیەک نەسازى (کۆنترێری) جیهان نین، بەڵکو لە کۆتاییدا هەمان مەبەستیان هەیە، بۆیە فارابى دەتوانێت ڕێبەرى دەوڵەت ناو بنێت “فەیلەسوف” و هاوکات “ئیمام”، واتا ڕێبەرێکى ئایینى. سەرباری ئەوە فارابى هیچ گومانێک لەسەر ئەوە ناهێڵێتەوە کە ئایین و پەیامهێنى تەنیا لاساییکردنەوەی مەئریفە فەلسەفەییەکانن، واتا مەئریفە ئاوەزمەندانەکان، بێگومان لاساییەک کە بە شێوازە سیمبۆلییەکانى یان ئاسانکەرەوەکانى داڕشتن ئەنجام دەدرێت. ئەوجا لەبەر ئەوەى شێوازەکانى داڕشتن بە زمانى ڕەوانبێژی دەدرێنەوە و ئەم زمانەش لە کولتوورێکەوە بۆ یەکێکى دیکە جیاوازە، ئیدی ئایینە جیاوازەکانیش سەرهەڵدەدەن. بێگومان لەمەدا نەک ئەوە جێی سەرنجە کە ڕەنگە سەرجەمی ئایینەکان هەمان هزرى کرۆکى لە خۆ بگرن و تەنیا بە سیمبۆلى جیاواز گەیەنرابن، بەڵکو ئەوە جێی سەرنجە کە هەموو ئایینێک تەنیا گۆزارەی سیمبۆلییانەى ڕێکخراوێکى ئاوەزە کە فەلسەفە سەربەخۆ بنیاتی ناوە. کەواتە لای فارابی فەلسەفە پێشتریی لە ڕاستییەکانى ئیمان هەیە، ئەمەش نەک لە مەغزایەکى ناوەرۆکیدا (ئاخر فەلسەفە و ئایین بە هەمان ڕاستییەوە خەریکن)، بەڵکو لە مەغزایەکى ئێپیستێمۆلۆگییانەدا: لەبەر ئەوەى ڕێکخراوى جیهان ئاوەزى پەتییە، ئەوا مەئریفەی گونجاوی جیهان تەنیا بەڕێى ئاوەزەوە دەشێت. هەر لێرەوە ئەو دەربڕینەش لەبارەى “ڕاستیى جووتەنى” ڕوون دەبێتەوە کە دەدرێتە پاڵ هەندێک بەشى فەلسەفەى ئیسلامى و هەروەها هەندێک بەشى فەلسەفەى چەرخى نێڤینى کریستیانى.

لە بنەڕەتدا بە تێگەى “ڕاستیى جووتەنى” جیاوازیى نێوان ڕوانگەى فەلسەفەیى و تیۆلۆگییانە دەردەبڕرێت. ئەوە کە فەلسەفە باوەڕ دەکات وەک “ڕاست” ناسیبێتى، پێدەچێت لە ڕوانگەیەکى تیۆلۆگییەوە هەڵە بێت (و بە پێچەوانەشەوە). وەلێ ئەم تێڕوانینە فارابى و فەیلەسوفە مەزنەکانى کولتوورى ئیسلامى کە پاش ئەو هاتن، ناگرێتەوە: گەرچی هەرگیز ناشێت ڕوانگەى ئیمان و ڕوانگەى فەلسەفە دژبێژیی یەکدی بکەن، سەرباری ئەوە فەلسەفە پێشتریى هەیە، چونکە ئەو ئەرگومێنتانە دەخاتەوە کە شیاوى تێگەیشتنن، ئەوە لە کاتێکدا کە ڕاستیى ئایینى خۆی لە پشتى شیفرە و سیمبۆلانەوە حەشار دەدات. بۆیە دەبێت سەروەرى دەوڵەتێکى فەزیلەمەند سەرەتا فەیلەسوف بێت تاکو پاشان بتوانێت وەک پەیامهێن ڕاستى بگەیەنێت.

ڕێبەرى دەوڵەت بە دیدی فارابى سەرجەم فەزیلەکان لە خۆیدا یەکدەخات: فەزیلەی تیۆرییانە کە لە مەئریفەی زانستییانەى جیهاندا خویا دەبێت؛ فەزیلەی هۆشەکى کە دەرفەت دەڕەخسێنێت مەئریفەی زانستى لە کرداردا بەگەڕبخرێت؛ فەزیلەی مۆرالى کە توانا بە ڕەئیس دەدات ژیانى خۆى و تەقەلادانى تەنیا پابەند بە کاتێگۆرییەکانى ئێتیکەوە ئاڕاستە بدات؛ لە کۆتاییدا فەزیلەی پراکتیکى کە نەک تەنیا حوکمڕانییەکەی بەداد و دانا دەکات، بەڵکو هەروەها توانستى بۆ پەروەردەکردنی ئەندامانى دەوڵەت پێدەدات. بێگومان فارابى دەزانێت کە ڕەئیسێکى بەو چەشنە، یان ئیدیالى دانایەک، بەزەحمەت دەبینرێتەوە، بۆیە واى بەچاک دادەنێت کە لە ڕەوشە نادیارەکاندا ڕێبەرایەتیى دەوڵەت بدرێتە دەست ژمارەیەکى فرەى کەسان وەک لەوەی دەسەڵاتدارێکى بێتوانا دابنرێت:
“گەر پیاوێک نەبێت کە تێیدا هەموو ئەم مەرجانە بەدیهاتبن، بەڵکو دوو پیاو هەبن کە یەکێکیان دانا بێت و لە ئەوى دووەمیاندا مەرجەکانى دیکە بەدیهاتبن، ئەوا هەردووکیان ڕێبەرى شارن. وەلێ گەر ئەم مەرجانە تەنیا بەپەرشى لەنێو کۆمەڵەیەکدا ببینرێنەوە، (…)، ئەوا هەموویان پێکەوە چاکترین ڕێبەران پێکدەهێنن” (Al-Farabi 1985, 97)
لێرەدا مەبەستى فارابى بە هیچ شێوەیەک ڕێکخراوێکى دێموکراتى نییە، ئەمەش پەیوەست بە دەوڵەتە نا-فەزیلەمەندەکانەوە ڕووندەکاتەوە و لە نێویاندا بەئاشکرا دەسەڵاتدارییە دێسپۆتى و دێمۆکراتییەکان دادەنێت. لە دەسەڵاتداریی دێسپۆتیدا بەرژەوەندییەکانى تاکە مرۆڤێک چواندنی ڕەهایان هەیە، جا گەرچى ئەو مرۆڤە تەنیا گرنگى بە سوودى تایبەتى خۆى دەدات و نە مەئریفەی فەلسەفەیی و نە بەهرەى پەیامهێنییانەى هەیە. بە پێچەوانەشەوە دانیشتوان لە دێمۆکراتیدا تەنیا بۆ ئازادى تێدەکۆشن، ئەوە بە چەشنێک “کە ئیدی هەر یەکێک ئەوە ئەنجام دەدات کە خۆى دەیەوێت” (هەمان سەرچاوە، 99)، بەمەش مانەوەى جڤاک دەخاتە مەترسییەوە. وەلێ دەسەڵاتداریى پەیامهێنانى ناڕاستینە، بەسەهوودانانی سوودى ماتەریانە بە فەزیلە، یان بەرپاکاریى جەنگ و دەردى ناوبانگ، نموونەن بۆ “دەوڵەتانى گەمژەیى و بەدکاری”. ئەوجا گەرەکە ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە تێڕوانینی دەوڵەت لای فارابى جیاوازە لە تێڕوانینی فەیلەسوفانی پێشەنگی ئەنتیکەش. بۆ نموونە پلاتۆن پۆڵیسى گریکیى وەک زەمینەى ئیدێى دەوڵەت دانابوو، کەواتە هەمیشە لە مۆدێلى شارەدەوڵەتێکى بەئاشکرا سنووردارکراوەوە دەردەچوو. بێگومان فارابیش لە “مەدینە” دەدوێت کە وشە ئەرەبییەکەى شارە، وەلێ ئەو لە یەکگرتنى کۆی شارەکان بۆ سەرجەمێک دەهزرێت. تەنیا کاتێک دانیشتوان دەتوانن بە کامیلێتى بگەن، گەر “ژمارەیەکى زۆرى کۆمەڵان” یەکبگرن کە لە سەرئەنجامدا ئوممەیەک وەک “کۆمەڵەى فەزیلەمەند” سەرهەڵدەدات (هەمان سەرچاوە، 54). ئەوها دەنوێنێت هەروەک ئەمە گەڕانەوە بێت بۆ ئیدیالەکانى سەردەمى سەرەتاى ئیسلام و بەمەش بۆ هێزى پێوارەیی ئایین، وەلێ دەتوانین پتر وەک پەرچەکردار لەسەر تەنگژەى جیهانى ئیسلامى ڕاڤەی بکەین کە لە سەردەمى فارابیدا قووڵ بووبۆوە. داوەشانى مەزنە دەوڵەت بۆ کەرتە دەوڵەتانى جەنگگێڕ لە دژى یەکدى، وەک بەڵگەیەک بۆ ئەو تێزە دەردەکەوت کە دەبێژێت، جڤاکێکى فەزیلەمەند تەنیا لەنێو پەیوەندییەکى فراوانتردا شیاوى بەدیهێنانە. ئەوجا گەر بۆ پاڵ ئەمە ئاوەزگەراییە توند جەختلێکراوەکەی فارابى بەهەند وەربگرین، ئەوسا ناشێت تێگەى “ئوممەت ئەلفازیلە” هاوتاى “کۆمەڵەى فەزیلەمەندی ئیمانداران” دابنرێت، بە پێچەوانەوە دەشێت هاوتاى “کۆمەڵەى فەزیلەمەندی” دەوڵەتى فەیلەسوفان بێت. وەلێ فارابى، بە پێچەوانەى پلاتۆن، گەرەنتیى مانەوەی ئەم کۆمەڵە فەزیلەمەندە تەنیا لە هاوکاریى نێویەکییانەى هەموواندا دەبینێت کە پێکڕا بەگوێرەی فەزیلە کردار دەنوێنن، کەواتە لە کۆتاییدا لەنێو دەوڵەتێکى گشتگیری جیهانیدا دەیبینێت.

مێژووى کاریگەریى ئیدیالى فارابییانەى دەوڵەت

جێی سەرنجە کە کاریگەریی فارابى کەمتر لە تیۆرییە سیاسییەکەیدا بوو، بەڵکو پتر لە پێکەوەگرێدانى مێتافیزیک / کۆسمۆلۆگى و پراکسیسى ژیاندا بوو. ئەو کامیلبوونى هۆشەکییانەی بە ئامانجى کۆششى مرۆڤ دانا و هاوکات زەینى چالاکى ڕێکخراوى کۆسمۆلۆگییانەى لکاند بە جیهانى ماتەرییەوە، بەمەش شتێکى زیندوو و واتامەندى بە نەخشەی ئەبستراکتى ڕژان بەخشى. گەر دەوڵەتێک بتوانێت هێندە چاک بێت و بەو ڕێیەوە دەرفەت بۆ هاوڵاتیانى بڕەخسێت کە کارایی لە هۆشاندنى لێرەبوونی خۆیاندا وەربگرن، ئەوسا تێکۆشین بۆ دانایى تەنیا بریسکانەوەی ڕێکخراوى گەردوونییانەى خودا نابێت، ئەوسا تەنیا کامیلکردنى مۆرالییانەى هەر تاکەکەسێک نابێت، بەڵکو هەروەها بریتیش دەبێت لە چاککردنى ژینجیهان. فارابى لە “مەدینە” و “سیاسەت”دا خۆى هەروەها بۆ تێڕوانینى ئێشاتۆلۆگییانەى کۆنسێپتەکەی لەمەڕ دەوڵەت تەرخان دەکات. گەر پرسەکە بریتی بێت لە “دوایەمین شتەکان”، لە ئامانج و مەبەستى ژیانى مرۆڤ، ئەوسا ئەو مرۆڤە کە لە دەوڵەتێکى فەزیلەمەنددا دەژی، دەرفەتی هەیە خۆی هێندە بهۆشێنێت و لێرەبوونێکى ئەوتۆی مۆرالى بەڕێوەبەرێت، کە ئیدی دەروونى دوای مردنی لە لەشی جیادەبێتەوە تاکو لە بەختیارییەکى هۆشەکییانەى ئەبەدیدا بژی. وەلێ هاوڵاتیانى دەوڵەتێکى نامۆرالى ئەم هەلەیان بۆ ناڕەخسێت، بەڵکو پاش مەرگیان بە نەفرەتى ژانى ئەبەدی دەبن. بێگومان لەو دەوڵەتانەدا کە نەزانى سەروەرە، ناشێت هاوڵاتیانیان لە شکستیان بەرپرسیار بکرێن، چونکە ئەوان تەنیا کەرتێکى پرۆسەى ئەزەلییانەى سەرهەڵدان و لەناوچوونن، یان دەشێت بە بەختیاری بگەن گەر هاتوو خۆزگەى لێرەبوونێکى مۆرالییان هەبێت، سەرباری ئەوە بۆیان نالوێت ئەم لێرەبوونە لەژێر مەرجەکانى دەوڵەتەکەیاندا بژێنن. ئەم جۆرە بیرۆکانەن لە پابەندییاندا بە کۆسمۆلۆگییەکەى فارابییەوە کە دیسانەوە کاریگەرى لەسەر دێباتە نێوخۆیى-ئیسلامییەکان دەنوێنن.

دابەشبوونى ئیسلام بەسەر زۆرینەیەکى سوننى و کەمینەیەکى شیئیدا پێش سەردەمى فارابی ڕوویدابوو. جگە لەوە لەنێو ئەم دوو گرووپەشدا کەرتەگرووپى دى هاتنە ئاراوە، بەتایبەتى لەنێو شیئەکاندا. ئیسمائیلییەکان یەکێک بوون لەم کەرتەگرووپانەى نێو شیئیزم کە بەتایبەتى پەیوەندییان بە دەوڵەتى فاتیمییەکانەوە لە تونس هەبوو و لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتەشدا سەدەى یازدەیەم و دوازدەیەم لە میسر و سوریا بۆ ماوەیەک باڵادەست بوون.

وا دادەنرێت سەیف ئەلدەولە کە پشتیوانى فارابى بوو، لایەنگرى شیئیزمى ئیسمائیلی بووبێت و هەر لێرەشەوە کاریگەرى لەسەر فەلسەفەکەى چێبووبێت. وەلێ ئەوەى ڕاستی بێت زۆرینەى نووسینەکانى لە کاتى ژیانیدا لە بەغداد سەریانهەڵدا، بۆیە کاریگەرییەکە بە پێچەوانەوە بوو: ئیسمائیلییەکان توخمى کۆسمۆلۆگی و ئێشاتۆلۆگییەکەى فارابییان وەرگرت، ئەوەش سەرئەنجامێکى ئاسایی بوو، چونکە شیئیزم بەگشتى و ئیسمائیلییەکان بەتایبەتى وایان دادەنا کە پێشبینییەکانیان سەبارەت بە خەڵاس و کامیلبوون ئامانجى خودی ڕێکخراوى گەردوونن. هەر لەم پەیوەندییەدا زۆر جار ئاماژە بۆ نزیکیی نێوان ئیسلامى شیئی و ئایینى کریستیانی دراوە، وەلێ هەروەها لایەنى کەم پەیوەندییەکیش بە پێشبینییە گنۆستیکى و نوێپلاتۆنییەکانى دەمەو کۆتایى ئەنتیکەوە گرنگە. ئیسمائیلییەکان لەو بڕوایەدا لەتەک فەیلەسوفانی نوێپلاتۆنیدا یەک دەگرنەوە، کە ئەوانیش خەڵاسى مرۆڤان بەند دەکەن بە کامیلبوونیانەوە، هێندە نەبێت کە ئاوەزى مرۆڤیان وەک سنووردار دەبینى، بۆیە دەیان گۆت مرۆڤان پێویستیان بە ڕێبەرایەتیى پەیامهێنێک یان ئیمامێکە. سەربارى ئەوە هزرڤانانى ئیسمائیلى هەوڵیان دەدا ئاوەزمەندانە لە ڕێکخراوى گەردوون تێبگەن، لەم پەیوەندییەشدا گەرەکە یەکگرتنەوەیەکى سووڕهێنەر لەتەک نەخشەی ڕژاندا دەربخەین: ئیسمائیلییەکان پێڕەوی کۆسمۆلۆگیى نوێپلاتۆنییان دەکرد، بۆ نموونە لەو شێوەیەیدا کە لاى فارابى داڕێژراوە. “پردى نێوان فەلسەفە و ئایین” (HI, 226) کە بەم نەخشەیە ڕادەکێشرێت، پێگەى ئیمام و هەروەها ئیماندارانیش دەگرێتەوە. پێگەى ئیمام گەیاندنێکە لە نێوان: یەکەم زەین کە پەیامهێنە، و مرۆڤان کە وەک بوونەوەرى دەرووندار سەر بە ئاستى باڵاترى هۆشەکییانەى پەتین، وەلێ هاوکات تووشی جیهانى ناپاکژی سەرهەڵدان و لەناوچوون بوون. گەر مرۆڤ خۆى بەڕێى داناییەوە لە جیهانى ماتەری بەربدات، ئیدی بە دۆخى بەختەوەریى ئەبەدى شاد دەبێت. بێگومان ئێشاتۆلۆگیی ئیسمائیلی، بە پێچەوانەی قورئان و حەدیسەوە کە تەواو ڕەنگین و پڕژین وەسفی بەهەشت دەکەن، تەنیا سیمبۆلیانە، واتا وەک پرۆسەى هۆشاندن، لە بەهەشت تێدەگەیشت.

ئیخوان ئەلسەفای بەسڕە

هۆشاندن تەواو پراکتیکییانە واتای وەرگرتنی زانینیش دەگەیەنێت، وەک سەرئەنجامی ئەمەش “سێکتە” شیئییەکان بەرانبەر فەلسەفە و زانستەکان زۆر کراوەتر بوون لە ئولەما: لە زانایانی سوننەمەزەبی ئایین. تێکەڵبوونی فەلسەفەی نوێپلاتۆنی و ئەنتیکە و زانستە سروشتییەکان بە پێشبینییە ئایینی و ئێشاتۆلۆگییەکان ئەدگارێکی تایبەتی کولتووری شیئی-ئیسلامییە لەم سەردەمەدا. ئەمە بە نموونەی فێنۆمێنی “برایانی بێگەردی بەسرە” (ئیخوان ئەلسەفا) ڕووندەبێتەوە کە کۆمەڵەیەکی فەیلەسوفان و زانایانی سروشتی بوون. هاوکارانی ئەم کۆمەڵەیە دەمەو کۆتایی سەدەی دەیەمی زایینی لە شاری بەسرەی باشووری ئێراق دەژیان و پێدەچێت پێکرا پێڕەوی بیروباوەڕی ئیسمائیلییان کردبێت. نووسینە بەناوبانگەکەیان بە ناونیشانی “ڕەسائیل” داڕشتنێکی سەرنجڕاکێشی فەلسەفە (پێکەوە لەتەک لۆگیک و ئێتیکدا)، ماتماتیک و فیزیک، گەردوونناسی و تیۆریی زەین، لە خۆ دەگرێت. سەرجەمی ئەم بوارانە تێکەڵ دەبن بە ناوەرۆکە غەیبییەکانی (ئێسۆتێرییەکانی) ئەلخێمی، ئەسترۆلۆگی و ئەفسونگەری، ئەوجا هەروەها داڕشتنی ڕێبازی شیئییانەی (ئیسمائیلییانەی) ئیمامەت و ئێشاتۆلۆگی دێتە پاڵیان. ڕەنگە ئامانجی ئەوان کەمتر داڕشتنێکی ئێنسیکلۆپێدییانەی زانین بووبێت، چونکە داڕشتنی مەئریفە زانستییەکان لە زۆر بەشیدا رواڵەتییە و بە بیرۆکەی غەیبانی شێوێنراوە، نەخێر، پتر پێدەچێت ئامانجی ئیخوان بریتی بووبێت لە گەیاندنی پراکتیکییانەی پێشبینیی فارابییانە و نوێپلاتۆنیانە، لێرەشدا بێگومان ڕێگەی ڕووەو خەڵاس بەسەر مەئریفە و تێڕوانینی فەلسەفەییدا تێدەپەڕێت. کەواتە مەسەلەی ئەوان داڕشتنی دانایی بوو، وەلێ دانایی نەک وەک مەبەستێکی پێشتریپێدراو، بەڵکو وەک ڕێبەرییەک بۆ گەیشتن بە بەختەوەری و هەروەها بۆ گەیاندنی ڕێگەیەکی خەڵاس. ئەوجا پێشبینییەکی بڵاوی نێو ئیسمائیلییەکانیش سەر بەم مەسەلەیە بوو کە وای دادەنا، ئایینی پۆزەتیڤ بە ئیسلامیشەوە تەنیا خاوەنی ڕاستییەکی ڕێژەییە. تەنیا کاتێک مرۆڤ ناوکی قووڵتری ئەم ڕاستییە دەناسێت، گەر ئەو بە لێرەبوونێکی هۆشەکی بگات، بەمەش خۆی لە سەرجەم زەبر و فریودانەکانی ژیانی ماتەریەل بەربدات. لەم ڕوانگەیەوە نووسینی “ڕەسائیل” کەمتر نیشانەی هەڵوێستێکی تایبەتی ئیسمائیلی بوو، بەڵکو پتر هێڵێکی ترادیسیۆنی بوو کە لەکاتی ئەنتیکەوە بڕوای ئێشاتۆلۆگیانەی خەڵاسی بە پێشبینییە فەلسەفەیی و گەردوونناسیەکانەوە گرێ دەدا. باوەجو لەنێو بازنەی ئەم پێشبینییانەوە هەروەها “سێکتە” ئیسلامییەکانی زەیدییە شیئی و دروز و ئەلەوییەکان سەریانهەڵدا.

ئیبن سینا (ئاڤیسێنا)
...

سەرچاوە:
Geert Hendrich, Arabisch-Islamische Philosophie, Frankfurt / M 2005

گلۆساری وەرگێڕ

ئایینی پۆزەتیڤ (religio positiva): تێگەیشتنە لە ئایین وەک سروش و دامەزراوە، بە پێچەوانەی “ئایینی سروشتی” یان “ئایینی ئاوەز”ەوە وەک جیهانبینی کە سەربەخۆیە لە ئایینە ناونراو بە ئاسمانییەکان و دەشێت ببێت بە فۆرمی ژیانی تاکەکەسێک.
ئێشاتۆلۆگی: وشەیەکی گریکییە، بەواتای: پاشەڕۆژناسی کە بەندە بە ڕۆژی قیامەتەوە.
ئیسمائیلییەکان: (ئەلئیسمائیلییە)، شیئەی حەوت ئیمام، بە پێچەوانەی شیئەی دوازدە ئیمامەوە، کە وا باوەڕ دەکات گۆیا ئیسمائیل کە پێش جەئفەر ئەلسادیقی باوکی مرد، حەوتەمین ئیمامە، نەک موسا ئەلکازم کە دووەم کوڕی ئەلسادیق بوو.
گنۆستیک، زانینومای ئەو جەرەیانە هزری-ئایینییەی سەرەتای کریستیانەتی بوو کە جیهانی سەرمەدیی لە تێڕوانینی خوداوە ئەزموون دەکرد.
ئەلخێمی: خیمییا وشەیەکی گریکییە کە پاشان چووە نێو زمانی ئەرەبییەوە. ئەلخێمی لکێکی فەلسەفەی سروشت و دەرمانسازی بوو کە سەدەی حەڤدەیەم لە کیمیای مۆدێرن جیاکرایەوە، شێوازێکی هزرین بوو سەبارەت بە کارایی جیهان، ئامانجیشی ئەوە بوو کە کەرەسەکان لە یەکدی جیابکاتەوە یان گۆڕانیان بەسەردا بهێنێت، بۆ نموونە قوڕقوشم یان مێتالی دیکەی کەم بەها وەربگۆڕێت بۆ ئاڵتون.
ئەسترۆلۆگی: ڕێبازی ڕاڤەکردنی ڕووداوە زەمینییەکان بەگوێرەی هەڵکەوتەی ئەستێرەکان و ڕووداوەکانی نێویان.
زەیدییەکان (ئەلزەیدییە): باڵێکی شیئی بوون و خۆیان دەگەڕاندەوە بۆ زەیدی کوڕی ئەلی، کە نەوەی حسێنی کوڕی ئەلیی ئەبی تاڵیب بوو. زەید، بەگوێرەی گێڕانەوەکان، ساڵی 740 لە دەسەڵاتداریی ئەمەوییەکان یاخی بوو و تێیدا خۆیشی کوژرا.
زەینی چالاک: ئەم تێگەیەی ئەڕیستۆتێلیس کە تا ئێستا لە داڕشتنی هزری هەندێک فەیلەسوفی ئیسلامیدا بەردەوام ئاماژەی پێدەدرێتەوە، ڕوونکردنەوەی وردتری بۆ پتر لێتێگەیشتن گەرەکە.
ئەڕیستۆتێلیس سەرجەم جیهان و کەرتەکانی وەک زوبستانس (گەوهەر) دەبینێت، وەلێ جیاوازی دەکات لە نێوان یەکەم و دووەم گەوهەردا. یەکەم گەوهەر لە تاکەکاندا دەردەکەوێت، بۆ نموونە یەک تاکى مرۆڤ، وەلێ دووەم گەوهەر گشتییە و جۆر و ڕەگەزى یەکەم گەوهەر دیارى دەکات، بۆ نموونە: مرۆڤ، زیندەوەر. کەواتە گشتێتی / کرۆک / فۆرم کە ئامانجی توێژینەوەی زانستییە، لە لێرەبوونی تاکە شتەکاندا دەردەکەوێت، ئاخر لە نێوان تاکێتی و گشتێتیدا، کەرەسە و فۆرمدا، پەیوەندییەکی هۆئەنجامی (تێلیۆلۆگیانە) هەیە. لێرەشدا دەرککردن دەستپێکی پرۆسەی مەئریفەیە.
سەرەتا دەرککردن فۆرمێک بە هۆش (دەروون) دەناسێنێت کە لەنێو شتێکى جیهانى ماتەریدایە. ئێمە لێرەدا گشتێتییەکى سەرەتاییمان لەنێو هۆشدا هەیە کە بریتییە لە پێشبینییەکی سێنسی و ئەڕیستۆتێلیس ناوى دەنێت “فۆرمى سێنسى”. ئەوجا گەر ڕیزێک پێشبینیى هاوجۆر لەنێو یادەوەریماندا کۆببنەوە، ئەوسا لێوەیان پێشبینیى دیکە دەسازێنین و گشتێتییەکەیان بەرزترە لە گشتێتیی پێشبینییە سێنسییەکان. بۆ نموونە سەرەتا پێشبینیى ئاژەڵێکى تایبەتیمان هەیە کە ئەسپێکە. ئەم پێشبینییە بریتییە لە گشتێتییەک. گەر پاشان کۆمەڵێک پێشبینیى دیکەى لەم جۆرە کۆ ببنەوە، بۆ نموونە پێشبینیى ئەسپ، کەر، شێر، گورگ و هتد، ئیدی بەڕێی کارایی زەینەوە دەگەین بە پێشبینیى ئاژەڵ کە ئاستێکی باڵاى گشتێتیی هەیە و تەنانەت تەواو لە خودى تێگەى گشتێتى نزیک دەکەوێتەوە. ئەڕیستۆتێلیس ئەم پێشبینییە ناو دەنێت “تایبەتمەندیى زەینى”، وەلێ جارێ لە ناوەرۆکدا پێشبینییەکی سێنسییە و لەنێو دەروونى نزمى بمردایە. ئەمە بریتییە لە زەینی ناچالاک کە پاشان زەینى چالاک دەستى بەسەردا دەگرێت و لێوەى کرۆکی تێگەیى (ئیدیەل) دەردەکێشێت. بێگومان کرۆکی تێگەیی بەشیمانەیی (پۆتێنسیەل / هێزەکییانە) لەنێو پێشبینییەکاندایە کە ئاوەزی پەتی (نووس) دەیکات بە کردەکی (ئەکتوالیزەی دەکات)، ئاوەزیش هەمیشە لە خۆیەوە چالاک دەبێت، جا گەرچی بەبێ پێشبینییەکان ناهزرێت. لەم ڕوانگەیەوە ئاوەزی پەتى کە تێگەکان چێدەکات، خۆی پرنسیپێکى ئافرێنەرە و لەنێو خۆیەوە بەبێ کاریگەریى پێشبینییە ماتەرییەکان گۆڕان بە کرۆکی تێگەیى دەدات، چونکە هیچ شتێک پێی تێکەڵ نەبووە، بەڵکو سەربەخۆیە. هەر لەبەر ئەم هۆیەشە کە ئەڕیستۆتێلیس زەینی چالاک بە ئەزەلى و نەمر دادەنێت.




لە نێوان ئازاری دڵنیایی و ئازاری گوماندا لە شیعری ” تەم و مژ”ی محەمەد عومەر عوسماندا.. نووسینی/ عەتا قەرەداخی

” تەم و مژ” شیعرێکی محەمەد عومەرعوسمانە کە لە ساڵی ١٩٨٣ دا نووسیووێتی و لە لاپەڕە (٨٣-٨٧) ی دیوانەکەیدا کە بەناوی “لە غوربەتدا”یە بڵاوبووەتەوە. ئێمە پێشتر چەند جارێک لەسەر ئەزموونی شیعری ئەم شاعیرە دواوین و باسی ئەوەمان کردووە جیهانبینی شیعری ئەم شاعیرە بەگشتی لە چوارچێوەی ناونیشانی دیوانەکەیدا ( لە غوربەتدا )بەرجەستە دەبێت. کە ئەمەش بە زمانێکی روون و دوور لە تەم و مژ و بە ئاستێکی بەرز لەشیعریەت و بە رەهەندی قوڵی جیهانبینی ئینسانیەوە بەرجەستە دەکات.
” تەم و مژ” ناونیشانی ئەم دەقە شیعریەیە، کە لە راستیدا وەکو لەسەرەوە ئاماژەمان بۆ کرد، لە ئاستی زمانی شیعریدا نەک لەم دەقەدا بەڵکو لە سەرجەم شیعرەکانی ئەودا تەم و مژ بوونی نیە یان نابینرێت. بەڵام جیهانبینی قوڵ و فەلسەفیانەی دەقەکانی و بەکەرەستەکردنی چەندین توخم و رەگەزو هێمای جۆراوجۆر لە دەقەکانیدا و کردنیان بە پایەی بەرهەمهێنانی شیعرو شیعریەت لای ئەم شاعیرە دەشێت لە رووی پرسیاری دەقەکانی و جیهانبینیانەوە هەم تەم و مژ و هەم ئاڵۆزی دروست بکات، ئەویش بەهۆی مەودا قوڵی پرسیارو جیهانبینی فیکری و فەلسەفی دەقەکانیەوە. سەرباری ئاستێکی باڵا لە جوانی، بەرهەمهێنان و بەخشینی چێژێکی دەوڵەمەند بەخوێنەر لە ئاستی بینراوی دەقەکاندا، دەقەکانی وەکو کۆمەڵیک تابلۆی نەخشێنراو و سەرنجڕاکێش پێشکەش دەکات. جوانی دەقەکانی لە ئاستی بینراوداو بەرهەمهێنانی چێژی جوانی لە جوانی زمان و وێنەو میتافۆرو لێكچوون و رەگەزەکانی تری رەوانبێژی و مۆسیقای باڵای شیعریی دەقەکانی بەرهەم دەێت. سەرباری زمانی روونی دەقەکانی، گەیشتن بە ئاشکراکردن و دۆزینەوەی ئەو پرسیارە مەودا قوڵانەی کە دەقەکانی بەرزیان دەکاتەوە، دەشێت نەک هەر تەم و مژاوی و ئاڵۆز بێت، بەڵکو کارێکە بەبێ قوڵبوونەوەو شیکارکردن و هەڵکۆڵین دەست پێگەیشتنیان ئاسان نییە.
ئایا ” تەم و مژ” وەکو ناونیشان کۆکەرەوەی ئاستی بینراو و نەبینراوی دەقەکەیە، واتە کۆکەرەوەی ئاستی زمان و ئاستی دەلالی دەقەکەیە؟ هەڵبەت پرسیارو جیهانبینی دەقەکە لەم ئاستەیاندا ئاشکرا دەکرێت. رەنگە وەڵامدانەوەی خوێنەری ئاسایی بۆ ئاستی بینراوی دەقەکەو چێژ لێ وەرگرتنی وەڵامێکی روون بێت چونکە لە ئاستی زمانی یەکەم یان زمانی بینراوی دەقەکەدا تەم و مژ بوونی نیە. هەربۆیە دەشێت لەم لایەنەوە بگوترێت ئەم ناونیشانە دەربڕین نییە لەم دەقە. بەڵام دەشێت لە روانگەی ئاستی نەبینراوی دەقەکەوە بگوترێت بەڵێ ئەم ناونیشانە دەربڕی دەقەکەیەو لەم رووەشەوە دەکرێت ببێتە کلیل بۆ کردنەوەی دەرگای دەقەکەو شۆڕبوونەوە بۆ ئاستە نەبینراوەکانی و ئاشکراکردنی کۆدەکانی و دۆزینەوەی ماناو دەلالات و جیهانبینیەکەی. کەواتە لەم رووەوە ناتوانرێت بگوترێت ئەم ناونیشانە پەیوەندی نییە بە پێکهاتەی دەقەکەوە وەکو یەکەیەکی یەکگرتووی زمانی کە خاسێتی دەقبوون و دەقی زیندووی هەیە.
” تەم و مژ” کە نووسینی بەم شێوەیە دوو وشەیە و” تەمومژ” وشەیەکی لێکدراوەو لە هەردوو بارەکەدا وەکو یەکەیەکی زمانی دەلالەتی جێگیری هەیە کە بریتیە لە لێڵی، ناڕوونی، نائاشکرایی. ” تەمومژ” لە ئینجیلدا وێنەیەکە لەپێش دەرکەوتن یان ئاشکرابوونی رووداو یان دیاردەیەکی گەورەوە دێت. هەروەها ئەم زاراوەیە وەکو رووبەرێکی خۆڵەمێشی دادەنرێت لە نێوان راستی و ناڕاستی، یان لە نێوان دڵنیایی و نادڵنیاییدا سەبارەت بە داهاتوو. ” تەمومژ” لای براونینگی شاعیری دیاری قۆناغی رۆمانسی شیعری ئینگلیزی پێشهاتە بۆ مردن یان مردن و لەناوچوون دەنوێنێت. کەواتە بابزانین تا چەند دەلالەتی ئەم ناونیشانە لە پێکهاتەی دەقەکەدا دەبینرێت. دەقەکە بەم کۆپلەیە دەست پێدەکات:
من هاواری ملیۆن داری / بەر رەشەبای لەپەل کەوتوو-و هەڵوەریوم / من زایەڵەی ملیۆن مەلی../ لانە روخاو-و تەریوم / لە پەنجەرەی پایزێکی ئەبەدییەوە../ ئەڕوانمە دنیای تەم و / خوێنی رژاوی گەڵاکان / ئەڕوانمە چرای کوژاوەی ماڵەکان./
لە دەستپێکی ئەم دەقە شیعریەدا، کەسێک دەدوێت و بە راناوی کەسی یەکەمی تاک خۆی پێشکەش دەکات و لێرەوە خۆی بە خوێنەر دەناسێنێت. ئەم باسی پاڵەوانێتی و ئەو رووداوانە ناکات کە خۆی بکەرو دروستکەریان بووە. بەڵکو باسی ئەوە دەکات کە خۆی چییەو چی دەبینێت. ئەم خۆی وەکو دەنگ، یان هاوار دەناسێنێت، بەڵام دەنگ و هاواری کێ، یان دەنگ و هاواری چی؟ ئەم چەند وێنەیەکمان پێشکەش دەکات بۆ ئەوەی زەمینەیەک ئامادە بکات هەتا ئێمە وەکو خوێنەر یان بیسەر بۆ بینینی ئەو دیمەنە، یان بیستنی دەنگ و هاواری دەرئەنجامی ئەوەی روویداوە ئامادە بکات. ئەم وێنەی ملیۆن دارمان بۆ دەگرێت، کە رەشەبا خستوونی و هەڵی وەراندوون. دارەکان لە بەربەرەکانێی رەشەبادا بوون و بەئاسانی خۆیان نەداوە بەدەستەوە، تا سەرئەنجام رەشەبای بەهێز زاڵبووە بەسەریانداو شکاندوونیەتیەوەو ئێستا لە ئازارو ژانی شکاندنەوەو هەڵوەرین و کەوتندا دەناڵێنن. ئەم خۆی وەکو ئەو هاوارو ناڵینەی دارەکان پێشکەش دەکات کە ئازاری شکاندنەوەو کەوتن سەرچاوەکەیەتی.
جارێکی تر وێنەی ملیۆن مەل بەرجەستە دەکات، کە هیلانەکانیان نغرۆ بووەو ئێستا بێ لانەو ماڵن. مەلەکان لە ئازاری لانە وێرانی و سەرلێشیواوی و بێ ماڵیدا دەنگی بێزاری، دەنگی نزاو پاڕانەوە، بەرزدەکەنەوە. رەنگە بیانەوێت ئەم دەنگە بە شوێنێک بگات بەو ئومێدەی دەستگیرۆییان بکات. ئەم، ئەو دەنگەیە، ئەو زایەڵەیە کە مەلەکان بەرزی دەکەنەوە. لێرەدا لەم دوو وێنەیەدا دەردەکەوێت، کە ئەم وەکو دەنگ و هاواری ئەوانە خۆی پێشکەش دەکات، کە بەهەر شێوەیەک بێت سروشت، یان مرۆڤ غەدری لێکردوون. واتە ئەم دەنگ و هاواری ماف خوراوان و ماف زەوتکراوانە. لە لایەکی ترەوە ئەم خاسێتی مرۆڤ بەم رەگەزانەی سروشت، کە لێرەدا دارو مەلەکانن دەبەخشێت. دارەکان لەبەردەمی رەشەبادا ئازار دەچێژن، هاواریان لێ بەرزدەبێتەوە، کە ئەمەش خاسێتی مرۆڤە، یان بەگشتی خاسێتی زیندەوەرانە. بەخشینی خاسێتەکانی مرۆڤ بە رەگەزەکانی سروشت مانای بەرزکردنەوە، یان بەرزدانانی ئەم رەگەزانەیە بۆ ئاستی مرۆڤ، یان وەکو مرۆڤ. ئەمەش خاسێتێکی دیاری ئەزموونی شیعری ئەم شاعیرەیە، کە هەمان شێوەی مرۆڤ دەڕوانێتە رەگەزە نامرۆییەکانی سروشت، بەتایبەتی ئەو رەگەزانەی دەتوانن جوانی و بەهاکانی جوانی بەرهەم بهێنن.
ئەم لە کاتێکدا خۆی وەکو هاواری ملیۆن داری بەر رەشەباو وەکو زایەڵەی ملیۆن مەلی تەریوو پێشکەش دەکات، هیچ جوڵەیەک ناکات، بەڵکو لە شوێنی خۆیەوە دەڕوانێت، ئەویش لە پەنجەرەی پایزێکی ئەبەدیەوە دەڕوانێتە دنیای تەم و خوێنی رژاوی گەڵاکان و چرای کوژاوەی ماڵەکان. ئەم سێ شت دەبینێت کە هەرسێکیان فەزای جۆرێک لە تراژیدیا پێکدەهێنن. تەم یان تەمومژ هێمای لێڵی و ناڕوونی و نادڵنیایی و پێشهاتی مەرگە. خوێنی رژاو ئاماژە بۆ کوشتن دەکات. چرای کوژاوەی ماڵەکان دەلالەتی چۆڵی و نەبوونی ژیان و خامۆشی و وێرانەیی هەڵدەگرێت. ئەم سەیری ئەم دیمەنانە دەکات کە کارەسات نیشان دەدەن. لە کوێیشەوە دەڕوانێت، لە پەنجەرەی پایزێکی ئەبەدیەوە. بێگومان دیسان پایز دەلالەتی زەردبوون، بەرەو کۆتایی چوون و کەوتن و مردن هەڵدەگرێت. ئەم لە پەنجەرەی، یان لە روانگەی ئەم وەرزەوە دەڕوانێت و خاسێتی ئەبەدی یان هەتاهەتایی دەدات بە پایز. بەمانایەکی تر ئەم لە نێو ئەم دیمەنی هەتاهەتایی زەردبوون و بەرەو کۆتایی چوون و مردنەوە دەڕوانێتە ئەو دیمەنە خەماوی و تراژیدیانەی کە باسیان دەکات. هەروەک ئاشکرایە پایز نەک هەروەک وشە، یان وەکو دالێک، یان وەکو وەرزێکی بێ لایەن، بەڵکو پایز وەکو فەزای گشتی و وەکو رەگەزێکی بەرهەمهێنانی دەق و کەرەستەی بنیادنانی دەق بە هەموو ماناو دەلالاتەکانیەوە رەگەزێکی هەمیشە ئامادەیە لە ئەزموونی شیعری ئەم شاعیرەدا.
لە دەقەکەدا هاتووە:
ئیسماعیلێکم ئێستاکە..نەک چەقۆی ئیبراهیمی باوک../ چەقۆی دەستی دێوی غوربەت سەرم ئەبڕێ / چ فریشتەیەک ئەگاتە هانای زریکەی بەر لە مەرگ و سەربڕینم؟/ چ فریشتەیەک گیاندارێ ئەکاتە قۆچی قوربانیی ئەم غوربەتە؟/ ئەی خوای گەورە نایەتە دەنگ؟/ لە گەرووی کەنیسەکانا../ خنکاوە پەیامی عیساو زایەڵەی زەنگ / مەسیح هەر بە خاچەوەیە../ ئێسک و گۆشتی لەگەڵ تەختەو بزماری خاچ تێکەڵ بووە / خوێنی هەڵمی لێ هەڵئەسێ../ ئەی نابینن هەڵمی خوێنی../ چیاو دەشتی سوور کردووە؟ / هەوا بۆنی مەرگی لێ دێ../ مەرگ رەشەبای هەڵکردووە./
ئەم دەگەڕێتەوە بۆ ناو چیرۆک یان ئەفسانەی ئایینی و هەندێک لە دیمەنی ئەو چیرۆک و ئەفسانە ئایینیانە دەکاتە کەرەستەی بەرهەمهێنانی دەقەکەی و ئەو رەگەزانەش بەشداری دەکەن لە بەرهەمهێنانی شیعریەتی دەقەکەدا کە ئەوەش لە ئاستێکی تردا بەشداریکردنە لە بەرهەمهێنانی جیهانبینی دەقەکەدا. لە ئەفسانە ئایینیەکەدا خودا فەرمان بە حەزرەتی ئیبراهیم دەکات ئیسماعیلی کوڕی بکات بە قوربانی. ئیبراهیم بە فەرمانەکەی خودا رازی دەبێت و ئەوە بە کوڕەکەی دەگەیەنێت، کوڕەکەشی فەرمانی خوداو باوکی رەتناکاتەوەو ئامادە دەبێت بۆ ئەوەی بکرێتە قوربانی. لە ئاستی نەبینراودا دەلالەتی ناڕازیبوون بەم کارەی ئیبراهیم بەرهەم دێت، کە لە راستیدا کارێکی ناعەقڵانیەو تەنیا لە سنووری ئەفسانەدا جێگای دەبێتەوە، بەتایبەتی هەردوو رازیبوونەکە، رازیبوونی باوکێک بۆ ئەوەی کوڕەکەی سەرببڕێت. هەروەها رازیبوونی کوڕێک بەوەی باوکی سەری ببڕێت. سەرئەنجام کۆتایی ئەفسانەکە دەزانین کە گوێڕایەڵی باوک بۆ فەرمانی خوداو رازیبوونی کوڕ بە فەرمانی خوداو فەرمانی باوکی، دەبێتە هۆی بەخشینی ئیسماعیل و بەوەش لە سەربڕین رزگاری دەبێت.
ئەمی شاعیر باسی چەقۆیەکی ترسناکتر لە چەقۆی ئیبراهیمی باوک دەکات، کە ئەویش چەقۆی غوربەتە، کە ئەم غوربەت وەکو دێو باس دەکات. ئاشکرایە کە دێو هێمایە بۆ زیندەوەرێک یان ئاژەڵێکی ترسناک، کە زیاتر روویەکی ئەفسانەیی هەیە. ئەم چەقۆی دەستی ئەو هێزە ترسناکە سەری دەبڕێت، کە لە بەراورددا نیشانی دەدات ئازاری چەقۆی دەستی ئەم دێوی غوربەتە زۆر لە ئازاری چەقۆی ئیبراهیم پڕ ئازارترو ترسناکترە. لێرەدا ئەم راستەوخۆ پێمان دەڵێت کە غوربەت چ هێزێکی هەیەو چۆن ئازاری غوربەت لە هەموو ئازارێک ترسناکترەو نەک رۆح بە تەنیا بەڵکو جەستەی مرۆڤیش دەهاڕێت.
لە ئەفسانە ئایینیەکەدا خودا فەرمان بە فریشتە دەکات بەرانێک بخاتە بەردەم چەقۆکەی ئیبراهیمی باوکی. ئێستا ئەم خۆی دەچوێنێت بە ئیسماعیل، بەڵام ئیسماعیلی ژێر دەمی چەقۆی ئیبراهیم نا، بەڵکو ئیسماعیلی ژێر دەمی چەقۆی ئەو دێوی غوربەتەی کە باسی دەکات. ئێستا ئەم چاوەڕوانی ئەوەیە فریشتەیەک بێت و فریای ئەو بکەوێت بەر لەوەی سەرببڕرێت و بمرێت. هەر بۆیە دەپرسێت ئایا فریشتەیەک هەیە بێت و ئاژەڵێک بخاتە بەردەم چەقۆی دێوی ترسناکی غوربەت و بەمەش ئەم لە سەربڕین رزگاری ببێت؟ کەواتە ئەم نەک هەر چاوەڕوان دەکات فریشتەیەک، هێزێک، فریادڕەسێک بێت و لە دەمی چەقۆی دێوی غوربەت رزگاری بکات، بەڵکو تەنانەت ئەم دەپرسێت، ئایا خودا بەرامبەر هێزی ترسناکی غوربەت نایەتە دەنگ و ئەم لە هەڕەشەو ئازاری ئەو هێزە ترسناکە ناپارێزێت؟ واتە لە پشتی ئەو پرسیارەشەوە ئەو دەلالەتە بەرهەم دێت کە ئەم چاوەڕوانی ئەوەیە خودا بەدەنگ بێت و لەم بارە ناهەموارە رزگاری بکات.
ئەم چاوەڕوانی ئەوەیە خودا بە فریای بکەوێت، بەڵام ئەم رووبەڕووی جۆرێک لە بێ ئومیدی دەبێتەوەو لەوە تێدەگات خودا بێ باکە لە ئازارەکانی نەک هەر ئەم بەتەنیا، بەڵکو لە ئازاری هەموو بنیادەم . ئەم ئەوەی یاد دەکەوێتەوە کە عیسای کوڕی مریەم سەرباری ئەوەی پێغەمبەرو رەوانەکراوی خودا بوو، لە خاچدراو پەیامەکەی و دەنگی زەنگی کڵێساکانیش وەکو پەرستگای عیساو ئایینەکەی خنکێنران و ئێسک و گۆشتی تێکەڵاوی بزمارو تەختەی خاچ کران، کەچی خودا بەدەنگ نەهات. ئەم باسی تراژیدیای لە خاچدانی مەسیح دەکات بەو ترسناکیەو ناڕاستەوخۆ ئەم بارە ناهەموارەی غوربەتی خۆی دەچوێنێت بە کارەساتی لە خاچدانی مەسیح. ئەم باسی ئەوە دەکات کە خوێنی تێکەڵاوبووی مەسیح بە تەختەو بزماری لەخاچدان هەڵمی لێ هەڵدەسێت، واتە هێشتا ئەو لەخاچدانە نوێیەو خوێنەکەی سارد نەبۆتەوە، هەڵمی خوێنەکەیشی چیاو دەشت سوور دەکات. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت تاوانەکە هێندە گەورەیە مەترسی و کاریگەری تۆقێنەری و ئاستی ناحەقیبوونی هەموو دنیای گرتۆتەوە، بەجۆرێک لە هەموو شوێنێک بۆنی مەرگ دێت و مەرگ وەکو رەشەبا دێت و هەموو لایەک دەگرێتەوەو هیچ نابوێرێت. لێرەدا لە ئاستی قوڵی دەقەکەدا ئەوە دەردەکەوێت کە تاوانی لەخاچدانی مەسیح هێندە گەورەو ترسناکە سیماو روخساری ژیاندۆستی لەم گەردوونەدا خستووەتە بەردەم هەڕەشەوەو مەرگ بووەتە فەزای گشتی و هەڕەشە لە ژیان دەکات. لە بارودۆخێکی لەم جۆرەشدا خودا تەنیا سەیری کارەساتەکە دەکات و هیچ هەڵوێستێک وەرناگرێت و هەرگیز بەدەنگ نایەت. شاعیر ئەم رووداوە دەگێڕێتەوە بە مەبەستی قسەکردن لەسەر ئەو باری غوربەتەی کە تیایدایەو هەمان شێوەی چەقۆکەی ئیبراهیم هەڕەشە لە ژیانی ئەم دەکات، یان هەمان شێوەی لەخاچدانی مەسیح هەڕەشە لە کۆی ژیان دەکات، کەچی خودا بەدەنگ نایەت. ئەمەش بەجۆرێک دەبێتە هۆی بێ هیوابوونی ئەمی شاعیر لەوەی کەسێک، فریشتەیەک، رزگارکەرێک بە فریای بکەوێت.
بۆ جارێ خوا نایەتە دەنگ؟ / بۆ جارێ خوا نابێ بە رەنگ؟ / ئابڕوی مرێمیان بردو / وێنەکەی وا بە دیواری باڕو مەیخانەکانەوە / نوقمی ژەهری حەشیشە و توتن و تلیاکە../ گوڵێکی هەڵپروکاوە بەدەست لیکی شەمەزاریی و /نیگای بەدمەستەکانەوە./
ئەمی شاعیر بە بینینی دیمەنێکی تری ئەو رووداوە ناجۆرانەی کە بینیوونی، یان دەیانبینێت نیگەرانە. بەڵام بە ئەندازەی نیگەرانبوونی لە روودانی ئەو کارەساتە تراژیدییانە، لە بێدەنگی خوداو بێ باکیەکەی نیگەرانە. مەسیحی هەڵگری پەیامی ئەو بۆ مرۆڤایەتی سێ مێخە دەکێشرێتەوە، پەیامەکەی دەخنکێنرێت و زەنگی کەنیسە کە پەرستگای ئەو کپ دەکرێت، کەچی ئەو هەر بێدەنگە. ئەم چاوەڕوان دەکات خودا بێتە دەنگ و لە رووی بەدەنگ هاتن و رەتکردنەوەی ئاشکرای ئەو رووداوانەوە بوونی خۆی بنوێنێت، بوونێک کە وەکو رەنگ ئامادەبوونی خۆی لە بەرچاو و خەیاڵ و بیری مرۆڤایەتیدا ون نەکات و هەمیشەش وەکو وریاکەرەوەیەک لەبەرچاو و خەیاڵی مرۆڤایەتیدا بمێنێتەوە بۆ ئەوەی بوێری ئەوەیان نەبێت نەک دەست درێژی بکەنە سەر پیرۆزییەکان و بەهاکان بڕوخێنن، بەڵکو نەوێرن دەست درێژی بکەنە سەر یەکتریش.
ئەم دیمەنێکی تری ئازاربەخش دەخاتە روو ئەویش بۆ دوو مەبەست. یەکەمیان بۆ دەرخستنی ئەوەی کە خودا بێ باکە لەو هەموو کارە ناجۆرانەی کە روودەدەن. دووەمیان ئەوەیە مرۆڤ زۆربەی کات هەموو سنوورێک تێدەپەڕێنێت و گوێ بە هیچ یاساو رێساو نەریتێک نادات و خۆی دەداتە دەستی حەزو ئارەزووەکانی. دەشێت هەندێ جار ئەم حەزو ئارەزووانە بە ئاراستەی دروستکردن و بنیادنان بجوڵێن، بەڵام زۆر کاتی تریش خۆدانە دەستی ئەم حەزو ئارەزووانە دەبێتە هۆی شێواندن و ناشیرینکردن و وێرانکردن و لەناوبردن و لەناوچوون. ئەم یەکێک لەو سنووربەزاندنانە بە هەڵواسینی وێنەی مرێم ناودەبات بەسەر دیواری باڕو مەیخانەکانەوەو وای وێنا دەکات کە ئەوە ئابڕوو بردنی ئەوە، ئەوێک کە دایکی عیسایە. بە بۆچوونی ئەم مرێم دووجار سوکایەتی پێکراوە، یەکەمیان وەکو خۆی کە مرۆڤەو مێینەیەو دایکە تەنانەت دایکێک کە بە پاکیزەیی عیسای بووە، کە پێویستەو دەبێت لە هەر سێ رووەکەوە رێزی لێ بگیرێت. دووەمیان دایکی عیسایە یەکێک لەو چەند کەسە دەگمەنەی کە خودا پەیامی خۆی بۆ مرۆڤایەتی لە رێگای ئەوەوە رەوانە کردووە. ئێستا وێنەی ئەم کەسێتە کە لە روانگەی ئایینەوەو لە رونگەی مرۆڤایەتیشەوە دەبێ رێزی لێ بگیرێت و تەنانەت ئەگەر وێنەکەشی هەڵبواسرێت، دەبێت لە کڵێساو شوێنی خودا پەرستی و لە شوێنە پیرۆزەکاندا هەڵبواسرێت، کەچی ئێستا وێنەی ئەم بە دیواری باڕو مەیخانەکانەوە هەڵواسراوەو بەردەوام دووکەڵی جگەرەو بۆنی حەشیش و تلیاک دەکرێت بەسەریداو بەدمەستان لەژێر سایەی وێنەکەی ئەمدا چەندین رەفتاری نەشیاو دەکەن. دەشێ لەباری بەدمەستیشیاندا بەخەیاڵی پیس و چڵێسانەیانەوە بە چاوی ناپاکی و حەزی ئاژەڵانەیانەوە لێی بڕوانن. شاعیر لە دەقەکەدا ئەم وێنەیەمان بە شێوەیەکی هێندە کاریگەر بۆ بەرجەستە دەکات، دەشێت ئێمەی خوێنەر بکاتە هاوبەشی خۆی لە روانینداو هەمووان واهەست بکەین بەڵێ ئەوەی ئەو وەکو سوکایەتی کردن بە مرێم وێنای دەکات، جۆریکە لە سوکایەتی کردن بە هەمووان، بە هەموو مرۆڤایەتی. کەچی لە پای ئەو هەموو سوکایەتی و نادادپەروەرییەی کە لەم سەر زەمینەی خودادا دەکرێت، خودا بۆ تەنیا جارێکیش بەدەنگ نایەت و تواناو دەسەڵات و هێزی لەبن نەهاتووی خۆی نیشان نادات و بێ باکە لە هەموو ئەوانەی روودەدەن.
شاعیر دەڵێت: لەو رۆژەوە.. قابیل هابیلی برای کوشت / لەو رۆژەوە.. دەرگای شەهوەت کرایەوە../ دەرگا لە خوێن کەوتە سەر پشت / لەو رۆژەوە.. زەمین خوێنی.. / بەردو درەختی بەربووە / لەو رۆژەوە.. خاک بۆ پەیامێکی عیسا.. / ئاگر لە جەرگی بەربووە / عیسا تەمە، عیسا تەمە / گەرچی گەڕانەوەی خەونی هەزارەها رەش و رووت و/ دڵ روخاوی ژێر خەمە / کە قابیل تەرمی هابیلی لە کۆڵا بوو../ بۆ خوا قەلەڕەشی بۆ نارد؟ تا فێری کا چۆن بیکا بەژێر خۆڵەوە / چی ئەبوو گەر قابیل هەر تەرمی هابیلی بگرتایە بەکۆڵەوە؟
شاعیر جارێکی تر دەگەڕێتەوە بۆ ناو پانتایی مێژوو ئەفسانەو یەکەمین رووداوی رشتنی خوێنی مرۆڤ لەسەر زەوی دێنێتەوە یاد کە ئەویش کوشتنی برایە بەدەستی برا. قابیل و هابیل برابوون. قابیل خەریکی کشتوکاڵ بوو، هابیل مەڕو ماڵاتی بەخێودەکرد. بەپێی ئەوە لە سورەتی “المائدە” دا هاتووە، جووت برا بڕیار دەدەن قوربانی بۆ خودا بکەن. قابیل کە بڕوای لاواز دەبێت خراپترینی بەروبوومە کشتوکاڵیەکەی دەکات بە قوربانی. هابیل کە بڕوادارێکی بەهێز دەبێت، باشترین مەڕی ناو رانەکەی دەکات بە قوربانی. خودا قوربانیەکەی هابیل وەردەگرێت بەڵام قوربانیەکەی قابیل وەرناگرێت، چونکە قوربانی کەسێکی بڕوا لەق و لاوازە. ئەمە دەبێتە هۆی دروستبوونی رق و کینەی زۆری قابیل لە هابیلی برای و بڕیار دەدات براکەی بکوژێت. بە پێی ئەفاسەنەکە قابیل سەری هابیل لەسەر بەردێک دادەنێت و لەسەرەوە بەردێکی تری پیا دەکێشێت و دەیکوژێت. پاشان کە دەبینێت براکەیی کوشت، زۆر پەشیمان دەبێتەوەو نازانێت چی بکات و تەرمەکەی چی لێ بکات. بە ناچاری تەرمی براکەی لەکۆڵ دەکات و نازانێت چی لێ بکات. لەو کاتەدا خودا قەلەڕەشێک دەنێرێت کە کەلاکی قەلەڕەشێکی مردارەوەبووی بە کۆڵەوەیە. قەلەڕەشە زیندووەکە چاڵێک هەڵدەکەنێت و قەلەڕەشە مردارەوەبووەکەی تێدەخات و بەخۆڵ دایدەپۆشێت بۆ ئەوەی قابیلیش بەهەمان شێوە تەرمی براکەی بشارێتەوە. بەو جۆرەی قەلەڕەشەکە، قابیل چاڵێکی هەڵکەندو تەرمی هابیلی برایی تێدا شاردەوە. بەڵام بۆ هەتاهەتایە، قابیل پەشیمان بوو لەو کارەی و هەستیکرد ئەو یەکەم دۆڕاوە، چونکە دەستی چووە خوێنی براکەیی و بوو بە یەکەم پیاوکوژ لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. بێگومان لە روانگەی ئایینەوە کوشتن گەورەترین تاوانە. هەروەک لە هەمان سورەتدا هاتووە ئەوی کەسێک بەدەستی ئەنقەست بکوژێت وەکو ئەوە وایە هەموو مرۆڤایەتی کوشتبێت. دوای ئەم کارە نادروستەی قابیل تا دەمرێت بە ئازارەوە ژیان بەڕێداکات.
شاعیر ئەم یەکەم چیرۆکی تاوانی کوشتنە دەکاتە کەرەستەی بنیادنانی دەقەکەی و دەیەوێت پێمان بڵێت لەو رۆژەوە برا دەستی خۆیی بە خوێنی براکەی سوورکرد لەسەر غیرەکردنێکی ناڕەوا، کە دەشێت رەگوڕیشەکەی خواست و ویستی کاتیی یان دنیایی بووبێت، رۆحی مرۆڤایەتی بە توخم و رەگەزەکانی تاوان و ناپاکی بارگاوی بووە. ئەم پێیوایە یەکەم تاوانی کوشتن، مانای کردنەوەی دەرگای شەهوەتە، کە مەبەست لەوەش کردنەوەی دەرگای حەزو ئارەزووی دنیاییە. کەواتە لێرەدا لە ئاستی نەبینراوی دەقەکەدا ئەو دەلالەتە بەرهەم دێت، کە پاڵنەری سەرەکی هەموو تاوانێک لەم گەردوونەدا، کە کوشتنی هابیل یەکەمین تاوانی دیارە، هەموویان لەژێر کاریگەری پاڵنەری دنیاویستیدا بەهەموو رەهەندەکانیەوە روودەدەن. بە بارێکی تردا ئەو مرۆڤەی گەیشتووتە پلەی زاهید و دەستی لەم دنیا شۆردووەو هەموو حەزو ئارەزووە دنیاییەکانی خۆیی کوشتووە، هیج پاڵنەرێکی نییە بۆ ئەنجامدانی هیچ تاوانێک. ئەمەش لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا یەکدەگرێتەوە کە حەزو ئارەزووە دنیاییەکانی مرۆڤ وەکو بەشێک لە غەریزەی ئاژەڵی مرۆڤ سەیر دەکات. بێگومان ئەگەر غەریزە ئاژەڵیەکانی مرۆڤ بەسەر ویژدان، یان هوشیاری یان تەنانەت بەسەر غەریزە مرۆییەکانیدا باڵادەست بن، ئەوا رەفتاری باڵادەست لە مرۆڤدا دەبێتە رەفتاری دڕندانەو ئەوکاتەش هیچ بەربەست و رێگرییەک لەبەردەم تاوانکردندا نامێنێت.
ئەمی شاعیر هۆکاری هەموو ئەو تاوانانەی لە دوای کوشتنی هابیل لە لایەن قابیلەوە دەخاتە ئەستۆی قابیل و پێیوایە ئەم رچەشکێن بوو بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی فێری تاوانی کوشتن بکات. هەروەها ئەو سەرەتای تریش لەپاڵ ئەم تاوانەدا بۆ سەرهەڵدانی تاوان دیاری دەکات. ئەو باسی ئەوە دەکات لەو رۆژەوە دەرگای شەهوەت کراوەتەوە، خوێنڕشتن بووەتە کارێکی ئاسایی. ئەمەش مانای ئەوەیە لەو ساتەوە مرۆڤ خۆی دایە دەستی حەزو ئارەزووەکانی و بەجۆرێک بوو بە کۆیەلەی ئەو حەزو ئارەزووانە، ئیتر دەرگای تاوان و خوێنڕشتن کەوتە سەرپشت. ئەم پێیوایە نەک هەر خوێنی مرۆڤ لەم سەر زەویە دەڕژێت، بەڵکو درەخت و تەنانەت رەگەزی بێ گیانی وەکو بەردیش خوێنیان بەربووە. لێرەدا جارێکی تر خاسێتی زیندەوەر بە رەگەزە نازیندووەکانی لە جۆری بەرد دەبەخشرێت. واتە لە ئەنجامی یەکەم تاوانی کوشتن و کردنەوەی دەرگای حەزو ئارەزووە ئاژەڵیەکانی مرۆڤدا تاوان و خوێنڕشتن بووەتە دیاردەیەکی ئاسایی لەم گەردوونەدا.
ئاشکرایە پەیامی عیسا، سەرباری بنەماکانی خوداپەرستی و بڕوابوون بە جیهانێکی تر لە دوای مردن، پەیامی ئاشتی و برایەتی و راستگۆیی بوو. عیسا لە خاچ درا و ئامانجی سەرەکیش لە پشتی ئەم تاوانە نامرۆڤانە گەورەیەوە، لەناوبردنی پەیامەکەی عیسا بوو. خاک نیگەران بوو بۆ ئەوەی بەسەر عیساو پەیامەکەیدا هێنرا. ئەم وەها وەسفی ئەو تاوانە دەکات کە خاک ئاگر لە جەرگی بەربووە. ئەمەش وێناکردنی خاکە وەکو دایک و عیساو پەیامەکەشی وەکو نەوەی خاک، کە دایک بۆ لە دەستدانی نەوەکەی بە جەرگ سووتاو ناودەبرێت. ئەوەش قورسی ئازاربەخشی و گەورەیی تاوانەکە نیشان دەدات. ئەم لەو ساتەوە کە عیسا لە خاچ دراوە، وەکو تەم باسی عیسا دەکات، کە ئەمەش مانای ونبوون و لێڵی و نادیاری چارەنووسی ئەو و پەیامەکەیەتی. ئەو پەیامەی کە زۆرێک لە بێنەوایان و رەش و رووت و ئەوانەی لەژێر باری خەمدا دەناڵێنن، خەون بە زیندووبوونەوەی پەیامی ئاشتی و برایەتی و راستگۆیی عیساوە دەبینن.
ئەمی شاعیر سەبارەت بە یەکەمەمین تاوانی کوشتن ناڕاستەوخۆ باسی هەوڵێک دەکات بۆ شاردەنەوەی دەرئەنجامی ئەو تاوانەو ئاشکرا نەکردنی کە ئەویش ناشتنی تەرمی هابیلە. ئەم باسی ئەوە دەکات کاتێ کە قابیل تەرمی براکەی کە بەدەستی خۆی کوشتبووی لە کۆڵ دەکات و نازانێت چی لێ بکات، خودا قەلەڕەشێک وەکو رێنوماییەکەر بە قەلەڕەشێکی مردارەوەبووەوە دەنێرێت تا لەبەرچاوی قابیل لە ژێر گڵدا قەلەڕەشە مردارەوەبووەکە بشارێتەوە. ئەم پرسیار دەکات و دەڵێت ئایا بۆچی خودا ئەو رێنوماییکەرە بۆ قابیل دەنێرێت؟ لە کاتێکدا ئەو یەکەمین تاوانبارە بە کوشتن لە مێژووی مرۆڤایەتیدا و ئەو بەرپرسە لە هەموو تاوانی کوشتنەکانی دواتر. ئایا تاوانبارێکی لەم جۆرە بێ وێنە دەبێت لەو بارە ناهەموارەی تێیکەوتووە رزگار بکرێت؟ یان پێویستە بەجۆرێکی هێندە تووند سزا بدرێت کە کەسی تر بوێری ئەوەی نەبێت تاوانێکی تری لەو شێوەیە ئەنجام بدات؟ ئەگەر خودا ئەو قەلەڕەشەی بۆ قابیل نەناردایەو فێری نەکردایە چۆن تەرمەکە بشارێتەوەو خۆیی لێ رزگار بکات، ئەوا مانەوەی تەرمەکە بۆ هەتاهەتایە بە کۆڵی قابیلەوە وەکو نیشانەی تاوانکردن، گەورەترین سزا بوو بۆ ئەو. ئەگەری ئەوە هەبوو ئەگەر سزای لەکۆڵکردنی تەرمەکە بۆ هەتا هەتایە بەسەر قابیلدا بسەپێنرایە، ببوایەتە عیبرەت و دوای ئەو کەسی تر بوێری ئەوەی نەبوایە تاوانی کوشتن ئەنجام بدات. بەڵام وەکو دەبینرێت خودا قابیل لەو ڕوو زرەدیەی دنیا رزگار دەکات و سەرئەنجام لە بری ئەوەی مرۆڤ عیبرەت وەربگرێت و جارێکی تر بوێری ئەوە نەکات تاوانی کوشتن ئەنجام بدات، بەجۆریک ئەو ئاماژەی پێدەدرێت کە کوشتن کارێکی ئاساییە. لێرەدا لە ئاستی هەستپێکراو بەڵام نەبنراودا، جۆرێک لە ناڕەزایی لە ئاستی قوڵی دەقەکەدا بەرامبەر بە رزگارکردنی قابیل لەو بارە نیگەرانیەی تێیدابوو دەبینرێت. ئەمی شاعیر لایەنگری ئەوەیە کە نەدەبوو ئەو قەلەڕەشە بنێردرایە تا قابیل فێرنەبووایە تەرمەکە بشارێتەوەو بۆ هەمیشە بە کۆڵیەوە بوایە وەکو پەڵەی تاوان و ریسوایی و رووڕەشی، چونکە بە پێی تێڕوانینی هەموو ئایینە ئاسمانی و زەمینیەکان مرۆڤ شایانی کوشتن نییەو گەورەترین تاوانیش تاوانی کوشتنی مرۆڤە کە جێنشینی خودایە لەسەر زەوی.
بێگومان دەشێت ئەو پرسیارەی دەقەکە بەرزی دەکاتەوە ئەمە بێت: ئایا دەشێت کەسێک تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست ئەنجام بدات، کە وەکو گوتمان لە روانینی ئیسلامەوە وەکو ئەوە وایە هەموو مرۆڤایەتی بکوژێت، کەچی رێنوماییکەری بۆ بنێردرێت بۆ ئەوەی لەو بارە ناهەموارەی کە تێیکەوتووەو رەنگە رزگاربوونی ئەستەم بێت، رزگار بکرێت؟ لە پشتی ئەم روانینەوە کە دەقەکە بەرجەستەی دەکات، ئەو دەلالەتە بەرهەم دێت، کە یاساکانی ئەم گەردوونە سەرباری رێکخستنیان بەجۆرێکی گونجاو و پڕ لە هارمۆنی، بەڵام ناجۆری و نادادپەروەری زۆریان تێدایەو ئەو ناجۆری و نادادپەروەرییەش دەرهەق بە مرۆڤ دەکرێت، کە لەراستیدا دەبوو لەم گەردوونەدا هەموو جوڵەیەک لە بەرژەوەندی مرۆڤ و لە پێناوی سەروەری مرۆڤدا بووایە وەکو ژیرترین و پەرەسەندووترین بوونەوەرو وەکو نوێنەری خودا لەسەر زەوی.
لە دەقەکەدا هاتووە:
ئەی سەردەمی قەلەڕەش و کونەبەبوو../ من ئەمرم و لەناو دەریای دوودڵیی یا../ شەپۆلێکی دڵنیایی بۆچی مێشکم ناپژێنێ../ بەسەر تاشەبەردێکەوە؟ / شەپۆلێکم ئەسوتیم و نابمە هەڵم../ لە دارستانێ تاشەبەرد../ هەڵئەنوتێم و سۆز ئەکەم بە عەزرەت کەنارێکەوە / گشت گیانم لەت و پەت بووە / لەهەر چایخانەو شەقام و بن دارێکا../ پارچەیەک لە دڵم ونبووە / من یوسفم..یەعقوبیشم../ نیوەم لە بنی بیرایەو نیوەم ئەگری / کوانێ ئۆقرە؟.. کوانێ ئارام؟../ کراسی یوسف بۆ یەعقوب../ یەعقوبێکی ژێر هەرەس و ملیۆنێ زام./
شاعیر راستەوخۆ قسە لەگەڵ سەردەم، یان بارودۆخ دەکات و لە رێگای دانەپاڵی چەند خاسێتێکەوە دەیەوێت ناجۆری و خراپی سەردەمەکە نیشان بدات، بەڵام لە پشتەوە وەسفی سەردەمەکە ناکات، بەڵکو راستەوخۆ دەیدوێنێت و پێی دەڵێت تۆ سەردەمێکی خراپ و ناجۆریت. ئەوەش لە بەکارهێنانی هەردوو ناوی قەلەڕەش و کونەپەپوو-وە نیشان دەدات. قەلەڕەش هێمای کاولکاری و وێرانبوون و چۆڵەوانی و رووتکردنەوەیە لە هەموو سیمایەکی ژیان. هەروەها کونەپەپوو هێمای خراپەو بەدبەختی و هەواڵ و راگەیاندنی شەڕو کارەسات و نەهامەتیە. لە رێگای بەکارهێنانی ئەم هێما نادڵگیرانەوە، کە هەڵگری ماناو دەلالاتی کارەسات و لەناوچوونن، شاعیر بە کات، یان بەسەردەم دەڵێت تۆ کات و سەردەمێکی بارگاوی کراویت بە رەگەزەکانی کارەسات و مەرگدۆستی. واتە ئەو دەیەوێت بڵیت کە ئەو سەردەمەی دەقەکەی تیادا بەرهەمهاتووە، سەردەمێکی ناهەموارو تراژیدی بووە.
ئەم باسی ئەوە دەکات لەم سەردەمە ناجۆرەدا دەمرێت، بەڵام سەرباری ئەوەش ئەم لە بارێکی دوودڵیدایە، کە مەبەستی لە باری شلۆق و گومان و نادڵنیاییە. ئەوەش بێگومان وای لێ دەکات ئارام نەگرێت و هەمیشە نیگەران بێت و لەبەردەم ترسدا بێت. ئەم لەباری دوودڵیدا دەمرێت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە بە گومانەوە سەیری مردن و دوای مردن دەکات و شتێک نییە دڵنیای بکات و بیگەیەنێت بە دڵنیایی، یان بە زاراوەی ئایینی بیگەیەنێتە یەقین. چونکە ئاشکرایە گەیشتن بە یەقین مانای حەوانەو ئاسودەیی رۆحی و دەروونی. ئەم ئێستا خوازیاری ئەوەیە بگات بە دڵنیایی. هەربۆیە دەپرسێت بۆچی شەپۆلێکی دڵنیایی مێشکی ناپژێنێت. کە ئەم دەربڕینە دەشێت وەها لێکبدرێتەوە کە ئەم زۆر پەرۆشی دڵنیاییە، یان بە بارێکی تردا، دەخوازێت دڵیایی وەکو هێزێکی وێرانکەر یان وەکو هێزێکی یەکلاییکەرەوە لە مێشکیدا بتەقێتەوە. کە ئەوەش دەیگەیەنێت بە دڵنیایی، یان بە لوتکەی دڵنیایی، کە ئەویش یان دڵنیابوونە لە مردن و چارەنووسی دوای مردنی، یان دڵنیابوونە لە مردن و کۆتاییهاتنی هەموو شتێکە لە دوای مردن، .واتە گەیشتن بە یەقینی ئەوەی کە دوای مردن ژیانێکی ترو دنیایەکی تر هەیەو دەشێت ئەم بە ئومێدی ئەو ژیانەی تر بێت و لەبەرئەوەش گوێ بە مردن نەدات و وەکو دەستپێکی لەناوچوون و سڕینەوەی هەتاهەتایی سەیری نەکات، یان وەها لە مردن نەڕوانێت کە بریتیە لە گەیشتن بە یەقینی ئەوەی کە مردن دوا خاڵە کە ئەم بیگاتێ و دوای ئەو هیچ شتیکی تر نییە. بێگومان ئەم ئێستا لە گومانی نێوان ئەم دوو بۆچوونە، یان ئەم دوو لێکدانەوەدایەو تاکو ئێستا نەگەیشتووە بە هیچ کام لەو دوو یەقینە، کە بێگومان گەیشتن بەهەر کامێکیان بۆ ئەم رزگاربوونە لەو بارە شلۆقی و نیگەرانییەی کە تیایدایە. هەربۆیە دەخوازێت بگات بە ئاستی دڵنیایی بۆ ئەوەی ئارام بگرێت و بحەوێتەوە.
ئەم خۆی وەکو شەپۆلێک دەناسێنێت نەک خۆی بە شەپۆل بچوێنێت. باسی ئەوە دەکات کە دەسوتێت، بەڵام نابێت بە هەڵم. لە راستیدا هەموو ئەو شتانەی، یان هەموو ئەو مادانەی کە دەسوتێن، دەبن بە دوو جۆر پاشماوە، کە یەکێکیان دوکەڵەو پەرش و بڵاودەبێتەوەو سەرئەنجام هیچی نامینێتەوە. دووەمیان خەڵوزو سوتووە کە وەکو پاشماوە بەجێدەمێنن و دەشێت لەگەڵ رۆیشتنی کاتدا لەناوبچن، یان بگۆڕێن بۆ شتی تر چونکە ئاشکرایە لە رووی زانستیەوە مادە لەناو ناچێت، بەڵکو لە دۆخێکەوە یان لە شێوەیەکەوە دەگۆڕێت بۆ دۆخ یان شێوەیەکی تر. ئەم خۆی وەکو شەپۆلێک نیشان دەدات کە دەسووتێت. لە راستیدا شەپۆل خاسێتی ئاو یان خاسێتی دۆخی شلی مادەکانە، بە تایبەتی ئاوی دەریاو زەریاکان لە شوێنی خۆیاندا شەپۆل دەدەن. کە دۆخی مادەش ئەگەری ئەوەی هەیە بە دوو ئاراستە بگۆڕێت بەپێی بەرزبوونەوەو نزمبوونەوەی پلەی گەرمی. لەبەرزبوونەوەی پلەی گەرمیدا ئاو یان دۆخی شڵی دەگۆڕێت بۆ هەڵم. لە نزمبوونەوەی پلەی گەرمیدا ئاو دەگۆڕێت بۆ دۆخی رەقی، واتە دەبێتە سەهۆڵ. بەڵام ئەم دەسوتێت کەواتە پلەی گەرمی بەرزدەبێتەوەو بەوپێیەش دەبێ ببێتە هەڵم، بەڵام ئەو باسی دەرچوونی خۆی لە جوڵەی ئەم یاسا سروشتیە دەکات.
ئەم لەم بارودۆخە خراپەی کە تیایدایە باسی ئەوە دەکات وەکو شەپۆلێک دەسووتێت و بە نیگەرانیەوە بەسەر دارستانی تاشەبەرددا هەنگاودەنێت و هەڵدەنوتێت. دارستان لە لایەک هێمای چڕی و سەوزاییە و زەمینەیەکە بۆ شاردنەوەو حەشاردان و تەنانەت زەمینەیەکە بۆ ترس و دڵەڕواکێ و ونبوون. بەڵام ” دارستانێ تاشەبەرد” دەلالەتی وشکی و سەختی و ئاڵۆزی و نەبوونی ژیان و زیندەگانی و هەڵدێران و ملشکان و لەناوچوون هەڵدەگرێت. ئەم لەم بارە ناجۆرەی خۆیدا لە تاشەبەردی ئاڵۆزو سەخت هەڵدەنوتێت، جەستەی پارچە پارچە دەبێت، بەڵام لەوکاتەدا گۆرانی بە باڵای کەنارێکدا دەڵێت، یان خەون بەکەنارێکەوە دەبینێت. هیواخواستن لەو چرکەساتە ترسناکەی هەڵنوتاندا بە کەنارێکەوە دەلالەتی خەونبینن بەرزگاربوون و گەیشتن بە یەقین هەڵدەگرێت کە ئەویش گەیشتنە بە یەقینی بوونی ژیانێکی تر لە دوای مردنەکەی، یان گەیشتن بە یەقینی کۆتاییهاتنی هەموو شتێک لە مردندا. گەیشتن بە کەنار مانای گەیشتنە بە یەکێک لەو دوو یەقینە.
کاتێ ئەم لە تاشەبەرد هەڵدەنوتێ، لەت و پەت دەبێت و هەر پارچەیەکی دەکەوێتە شوێنێک و ناتوانێت بیاندۆزێتەوە. ئەم سەرباری ئەوەی باسی لەت و پەتبوونی گیانی دەکات، بەڵام گیان لە دەقەکەدا بە مانای جەستە و دەشێت بە مانای ژیانیش هاتبێت، چونکە ئەو باسی لەت و پەتبوونی گیانی و ونبوونی پارچەکانی دڵی دەکات، کاتێ باسی ئەوە دەکات لەهەر شوێنێک پارچەیەک لە دڵی ونبووە. دڵ بە مانای ژیان و بە مانای خۆشەویستیش دێت. بۆیە لێرەدا ئەوە دەردەکەوێت کە ئەم لە ئەنجامی مانەوە لەسەر خاڵی شلۆقی نێوان گومان و دڵنیایی، گیان و جەستەی لەت و پەت و پارچەپارچە دەبن و هەر پارچەیەکی لە شوێنێک ون دەبێت. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەمی قسەکەر لەپێناوی ئەوەی لەت و پەت نەبێت و ون نەبێت، دەیەوێت بگات بە یەقین، واتە دڵنیایی یان یەقین وەکو چارەسەر یان رزگاربوون لە دەستی ونبوون و لەناوچوون سەیر دەکات. لێرەدا ناڕاستەوخۆ لە ئاستی نەبینراوی دەقەکەدا ئەو دەلالەتە بەرهەم دێت کە گومان و مانەوە لەسەر هێڵی باریکی شلۆقی نێوان گومان و یەقین دەبێتە هۆی لەت و پەت بوون و ونبوون. کەواتە هەوڵی ئەم بۆ رزگاربوونە لە لەناوچوون. لەناوچوونێک کە ئەم واینیشان دەدات کە سەردەمی ناهەموارو نالەبار هێناویەتیە پێشەوەو ئەم خۆی چ وەکو تاکەکەس و چ وەکو نموونەیەک بۆ مرۆڤایەتی ناتوانێت لە هەژموونی مەترسیداری ئەو سەردەمە ناجۆرە دەربازبێت و بگات بە دڵنیایی. واتە نیگەرانی و ترسی ئەم تەنیا نیگەرانی و ترسی تاکەکەسیی خۆی نییە، بەڵکو ترس و نیگەرانیە لەو بارودۆخە ناهەموارەی جوڵەی گەردوون کە مرۆڤایەتی لەسەر هێڵی شلۆقی نێوان گومان و یەقین راگرتووەو ئەوەش بووەتە هۆی لەت و پەتبوون و ونبوونی.
شاعیر دەگەڕێتەوە بۆ ناو مێژوو، هەوڵدەدات لەو رووبەرەدا هاوشیوە بۆ خۆی بدۆزیتەوە. هەربۆیە دەمێک خۆی بە یوسف ناودەبات و دەمێک بە یەعقوب. مەبەست لەم خۆچواندنە بە باوک و کوڕێک کە هەریەکەیان بەجۆرێک قوربانیە بۆ ئەوەیە کە بڵێت ئازارو خەمەکانی دوو قوربانی لەخۆیدا کۆکردووەتەوە. یوسف کە لە لایەن براکانیەوە فڕێدەدرێتە بنی بیرەوەو یەعقوب کە کوڕی ئیسحاقی کوڕی ئیبراهیم خەلیلە قوربانی دیارنەمانی کوڕە هەر خۆشەویستەکەیەتی. پێشتریش ئیسماعیل کە مامی یەعقوبە بە فەرمانی خودا بڕیاربوو بکرێت بە قوربانی، بەڵام لەبەر گوێڕایەڵی خۆی و ئارامی و دانبەخۆداگرتنی باوکی، بەخشرا. یەعقوبی برازای ئیسماعیل و یوسفی کوڕی نموونەی تری دیاری قوربانین لە مێژوودا. بەڵام دیسان یوسف پاداشتی قوربانی بوونی وەردەگرێتەوەو دواجارو دوای فێڵ و ناپاکی براکانی دەبێتە عەزیزی میسر کە گەورەترین دەسەڵاتدارێتی لە دۆڵی نیل دادەمەزرێنێت لە دوای فیرعەونەکان. یوسف کوڕی یازدەهەمینی یەعقوب بوو، کە دوانزە کوڕی هەبوو. بەڵام یەعقوب ئەمی لە هەموویان خۆشتر دەویست. ئەوەش وایکردبوو براکانی ئیرەیی پێبەرن و رقییان لێی بێت. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بیخەنە بنی بیرەوەو کراسەکەی خوێناوی بکەن و بە باوکیان بڵین یوسف گورگ خواردوویەتی.بێگومان یوسفی قوربانی دواتر دەبێتە یەکیک لە کەسێتیە دیارەکانی مێژوو. ئەمەش بەجۆرێک وەکو ئەوە وایە هێزو دەسەلاتی خوداوەند پاداشتی بداتەوە لەپای ئەو ناپاکیەی براکانیلەگەڵیان کرد.
ئێستا شاعیر نیوەی یوسفە کە لە بنی بیردایەو براکانی رایانگەیاندووە کە گورگ خواردوویەتی. نیوەکەی تری یەعقوبە کە وێڵی دوای دۆزینەوەی کوڕەکەیەتی و دەشزانێت کە کوڕەکەی بە پیلانی کوڕەکانی تر سەرنگون کراوە. بۆیە یەعقوبیش لە ئازارێکی سەختدایە. ئازاری دیارنەمانی خۆشەویستترین کوڕی لە لایەک و هەستکردنی بە ناپاکی کوڕەکانی تری لە لایەکی ترەوە. ئێستا ئەمی شاعیر ئازاری ئەم دوو قوربانیەی پێکەوە لەخۆیدا کۆکردووەتەوە. سەرباری ئەوەش هێشتا بە دوای ئارامی و حەوانەوەدا دەگەڕێت. ئەم پێشتر خۆی وەکو یوسف و لە هەمان کاتدا وەکو یەعقوبیش دەناسێنێت، بەڵام ئێستا زیاتر خۆی دەخاتە شوێنی یەعقوب و ئازاری دیارنەمانی کوڕەکەی رۆحی دەکرۆژێت و بەدوای نیشانەیەکی دڵنیاییدا دەگەڕێت. وەکو ئاشکرایە براکانی یوسف کراسەکەی یوسف خوێناوی دەکەن و دەیکەن بە بەڵگە بۆ نیشاندانی ئەوەی کە براکەیان گورگ خواردویەتی. ئێستا یەعقوب بە دوای سۆراخی کوڕەکەیدا ئارامی لەبەربڕاوە. ئەو دەیەوێت لە چارەنووسی کوڕەکەی دڵنیابێت، تەنانەت ئەگەر چارەنووسێکی رەشیش بێت. واتە ئەو بەدوای دڵنیاییدا وێڵە، تەنانەت ئەگەر ئەو دڵنیاییە بە نەمانی کوڕەکەیشی بێت باشترە لەوەی لەو گومان و نیگەرانیەدا بمینێتەوە. بۆیە بینینی کراسی خوێناوی یوسف سەرباری ئەوەی کە گەورەترین کارەساتە بۆ ئەو، بەڵام هێشتا جۆرێک لە دڵنیایی پێدەبەخشێت بەڵام دڵنیاییەکی تفت وتاڵ و پڕ لە ئازار. لێرەداو لە پشتی ئەم بۆچوونەوە، دەقەکە لایەنگیری ئەوە دەکات کە گەیشتن بە دڵنیایی هەرچەندە دڵنیاییەکی پڕ لە ئازاریش بێت باشترە لە مانەوە لە باری گومان و نیگەرانی و چاوەڕوانیدا.
ئێستا بە ئاشکرا دیارە کە ئەم دەقە لەسەر بنەمای دووانەی گومان / دڵنیایی بنیادنراوە، کە ئەمەش بارێکی ئاشکراو باڵادەستە لە ژیانی مرۆڤدا. هەرچەندە گومان رێگایەکی دیارە بۆ ئاشکراکردن و بۆ دۆزینەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا بارێکی ناجێگیر و شلۆقە، هەموو ناجێگیریەکی دەروونی و رۆحی ئازاربەخشە. ئاشکرایە نەک هەر مرۆڤ بەڵکو کۆی زیندەوەران هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی لە ئازارچەشتن بەدووربن. هەر لەژێر کاریگەری ئەم هۆکارەدایە کە مرۆڤ وەکو پەرەسەندوترین بوونەوەر بەدوای دڵنیایدا دەگەڕێت، بەو ئومێدەی لەوباری نیگەرانی و گومانە دەربازبێت و ئەوەش ببێتە هۆی رزگارکردنی لە ئازاری رۆحی و دەروونی و ویژدانی. بەڵام گەیشتن بە دڵنیایی یەعقوب لەگەڵ خۆیدا ئازارێکی سەخت دەهێنێت، چونکە کراسی خوێناوی و قسەی کوڕەکانی دڵنیای دەکەن کە کوڕەکەی گورگ خواردوویەتی.
ئەم پێشتر ئازاری گومانکردن لە چارەنووسی کوڕەکەی رۆحی دەخوارد، بەڵام ئیستا ئازاری دڵنیابوون لە نەمانی کورەکەی و لەناوچوونی بەو شێوە تراژیدیە ئازاری دەدات. پێشتر ئازاری گومانی دەچەشت، بەڵام ئیستا ئازاری دڵنیابوون لە چارەنووسی کارەساتباری کوڕەکەی ئازاری پێ دەچێژێت. بەڵام ئەمەی دووەمیان ئومێدبڕە، بۆیە سەرباری سەختی ئازارەکە لەگەڵ رۆیشتنی کاتدا لە لایەک بەناچاری و لەلایەک بەهۆی خو و سروشتی راهاتنی مرۆڤەوە، لەگەڵ ئەو بارە رادێت. لێرەدا گەیشتن بە دڵنیایی، بەڵام دڵنیاییەکی پڕ ئازار شوێنی ئازاری گومانکردن دەگرێتەوەو دڵنیایی ئارامی پێدەدات، بەڵام ئارامیەکی پڕ لە ئازار.




ماركسیەتی پۆست مۆدێرنە، گەڕانەوەی ماركس بۆ كۆمەڵگە.. سمکۆ محەمەد

زیاتر لە 30 ساڵە فكر كەوتۆتە خزمەت كاپیتالیزمی هاوچەرخی دوای سۆڤیەت، لەدوای ئەزموون كردنی مۆدێرنەوە كە بونیادگەراكانی بەرهەمهێنا و ماركسیان وەكو پیاوێكی ئایدیۆلۆژیستی دۆگما پێناسە كرد، ئیدی دژەكانی بەهەموو ئایدیاكانەوە ئەم فەلسەفەیەیان لەبیری خەڵكدا بردە دەرەوە، تەنانەت لەنێو شانە حیزبیەكانیشدا هەوڵێك هەبوو بۆ ناشیرین كردنی ماركس و خودی ماتریالیزمی دیالیكتیك كە بەرلەوەی تیۆرێك بێت بۆ شۆڕشی كرێكاری، بەروحی فەلسەفەكە ناسراوە،بەڵام چونكە كڕۆكی فەلسەفەكە نەخوێنرابۆوە، بەناچار بەئایدیۆلۆژیای بەناو سۆسیالیزمی سۆڤیەتەوە گرێیاندا، بەڵام دوای ئەو زەمەنە و هاتنی پۆست مۆدێرنە كە لەگەڵ تەكنۆلۆژیای زیرەكدا كەوتنە ململانێ، بەوپێیەی كە مرۆڤ خەریكە خۆی نزیك دەكاتەوە لەسەنتەر، چونكە مرۆڤ پیشتر كەنارخراو،یان پەراوێزخرابوو لەسەنتەری بڕیاری سیاسی، تێگەیشتنەكە گۆڕا كە ئەم فەلسەفەیە دەبێ‌ سەرلەنوێ‌ بخوێنرێتەوە.

ئێستا بیرۆكەی نوێ‌ هەیە لەسەرتاسەری دونیا و بەتایبەتی ئەوروپا، بۆ خوێندنەوەیەكی جیاوازی فكری ماركس وەكو خۆی، من لەم سۆنگەیەوە گەرەكمە خوێنەری كورد ئاشنا بێت بۆ ئەو هەوڵە فكرییە جیهانیەی كە خەریكە جارێكی تر ئەم فكرە ئەزموون بكاتەوە لەنێو كایەی رۆشنبیری و كۆمەڵناسی و تەنانەت كارگێری و ئابوریش رەنگبداتەوە.
(بێرنارد ڤاسۆر) بیرمەند و چەپێكی فەڕانسییە، لەكتێبی (داهاتووی كۆمۆنیزدا) كە نزیكەی 10 ملیۆنی لێ چاپ كراوە و وەرگێردراوەتە سەر زۆربەی زمانەكانی دونیا و پڕفرۆشترین كتێبی ساڵی 2022 بووە، باس لەگەڕانەوەی بەهای فەلسەفە دەكات، بەتایبەتی تێزەكەی ماركس كە فەلسەفەیەكە بۆ پراكتیك كردن لەسەر زەمینی ژیاندا، چونكە دابڕانێكی راستەوخۆی لەگەڵ رابردووی فەلسەفەی كلاسیك درووست كردووە و تاكە فەلسەفەشە كە تەنها تیۆری نیە و لەسەر زەمینی واقیعە و زەمینەی پراكتیكی هەیە، بەوپێیەی كەئینسان دەتوانێ بەئیرادەی خۆی شۆڕش بەسەر ئەو سیستمەدا بكات كەلەژێر ناونیشانی كاپیتالیزم و كاپیتاڵیزمی هاوچەرخو دەرەنجامەكەشی ببینێ‌، بەڵام نەك وەكو ئەوەی لەسۆڤیەت بینیمان پراكتیك كراو و جگە لەسەرمایەداری دەوڵەتی شتێكی تری بەرهەمنەهێنا.
بێرنارد لەوچاوپێكەوتنەدا كە رۆژنامەی لۆمۆندی پاریسی لەگەڵیدا ئەنجامیداوە، جەخت لەو پێشنیارە دەكاتەوە كە لەكتێبەكەی باسی لەخوێندنەوەی هاوچەرخانە دەكات بۆ تیۆرەكەی ماركس، ئەو پێیوایە ئەم سەردەمە واتە لەدوای 2011 وە تەوژمێكی نوێی خوێندەواری فكر هاتووەتە ئاراوە و بەچاوێكی ترەوە ماركس دەخوێنرێتەوە، ئەوانەی كە رەخنەی لێدەگرن و ئەوانەش كە لایەنگری ئەو فكرەن، هەردوولا هاوڕان لەسەر ئەوەی ماركس زیندووە، بۆیە لەم چەند ساڵەی دواییدا، كتێبەكانی ماركس لەكتێبخانەكانی جیهاندا زۆرترین فرۆشی هەبووە، بەتایبەتی تێزەكانی لەسەر ئاین و ئەدەب و فەرهەنگ و دونیای دوو چینی و هتد، چونكە دەركەوت دونیای چینایەتی دە هێندە بەرامبەر بووە لەدوای روخانی سۆڤیەتەوە كە بەر لەو سیستمە دژایەتی ئەو فەلسەفەیە دەكرا، بەو پێیەی كە ئاشكرا بووە، ئەوە سیستمی سەرمایەدارییە دووچاری قەیرانی جۆراوجۆر دەبێتەوە، نەك خودی خەڵك یان كایە كۆمەڵایەتی و فەرهەنگيیەكان، بۆ نموونە هەموو ئەو ئەدەبیات و زمانەی كە لەمیدیا و لەكۆنفرانسە نێودەوڵەتی و لۆكاڵیەكانیشدا هەیە، زمان و ئەدەبیاتی ماركسە و لەژێر رۆشنایی ئەو فەلسەفەیە پرسیارەكان ئاراستەی سیستمی سەرمایەداری پۆست مۆدێرنە دەكرێت.

ماركس لەكتێبی كاپیتالیزمدا نووسیویەتی (قۆناغە یەك لەدوای یەكەكان ئەم گۆڕانكاریانەیان درووست كردووە، بۆیە دەتوانرێت هەنگاو بەهەنگاو بەهەمان زانست و وردبینی سرووشتیەوە، هەموو قۆناغێك بەپێی هەلومەرجی تایبەتی خۆی بخوێنرێتەوە و لێكدانەوەی بۆ بكرێت، چونكە شیكاری بۆ دۆخی هەر كۆمەڵگەیەك و سیستمەكەی لەئەنجامی شۆڕشی فەرهەنگیدا هۆشیاری بەرهەمدێنێ‌، خوێندنەوەی ئابوریش چەندین لقی جیاوازی هەیە، بۆ ئەمەش بیركەرەوەكان دەتوانن هاوكاری خەڵك بن)، ئەم قۆناغە كە بەردەوام سیستمی سەرمایەداری هاوچەرخی خستۆتە بەردەم قەیرانی هەمە جۆر، نموونەش جەنگی بایۆلۆژی وەكو هاتنی ڤایرۆسی كۆڕنا و ئاوڵەی مەیموون و جەنگی خۆراك كە دوای جەنگی روسیا و ئۆكرانیا سەریهەڵدا، دیمەنێكی ئەو فەزا دراماتیكییە ئابوریەیە كە ئامانجەكەی كەنارخستنەوەی كەرتی تایبەت و بەسەنتەر كردنەوەی سەرمایەی دەوڵەتە لەهەموو دونیادا، واتە جۆرێكی دیكەی ململانێی ناخۆ لەنێو سیستمەكە سەریهەڵداوە، بۆیە دەبێ‌ بەجۆرێكی تر تیۆرەكەی ماركس بخوێنرێتەوە.

ئەزموون كردنەوەی حەتمیەت

ئەو حەتمیەتە مێژووییەی كە ماركس بۆ سیستمی كاپیتاڵیزمی خستۆتە بژاردەیەكی تاڵەوە، حەتمییەتێكە كە خۆدەربازكردن لەدۆخەكە مەحاڵە، بەڵام ئەوەشی خستۆتە رو كە ناكرێ‌ بەهەمان ئەزموون و وانەی پێشووتر، مامەڵە لەتەك ئەم سیستمەدا بكرێ‌ كە خۆی گۆڕیوە، ئەلێرەوەیە كە دەركەوتووە ئەم سیستمە دەسەڵاتدارەی دونیا كە بەسەرمایە و زێدەباییەكی نوێ‌ و بەئامێركردنی مرۆڤی وەكو كاڵا بەكارهێناوە، لەبەرامبەر ئەوەی ماركس و كۆمۆنیزمی نوێ‌ و بەفكری نوێوە بووەتە رۆژەڤ، دەریخستووە كە ئینسان هیچ پێویست ناكات تاكو ئەبەد ئەم ئەزموونە دووبارە بكاتەوە كە زەمینەی بۆلانیكەمی خۆشگوزەرانی نەهێشتۆتەوە،جگە لەجەنگی جۆراو جۆری وەكو بەردەوامی قەیرانی تەندرووستی و درووستكردنی جۆرەها ڤایرۆس وەكو پەلەوەر و بەراز و تادەگاتە ڤایرۆسی كۆرۆنا و دواجاریش كۆلێرا و ئاوڵەی مەیمون و ڤایرۆسی دیكەش بەڕێوەن، هەموو ئەمانە لەسایەی قەیرانە چارەسەر نەكراوەكانی سیستمی سەرمایەداری بوونە بەمڵۆزم بەسەر ژیانی ئینسانەوە.

بۆیە ماركس لەپۆستمۆدێرنەشدا دەتوانێ‌ لەتێزەكانی خۆی سەبارەت بەسەربەخۆیی نەتەوەكان و دەوڵەت و سیاسەت بەزیندوو بهێڵێتەوە، چونكە وەها قسەی كردووە كە رێگری كردن لەفەزای سیاسی و مانەوەی نەتەوەی بندەست و سەردەست، جگە لەسۆسیالیزم هیچ سیستمێكی تر چارەسەری ناكات، ئەوەتا سەرمایەداری دوای 32 ساڵ سەركەوتنی بەسەر سۆڤیەتدا، هێشتا ئەو قەیرانانەی چارەسەر نەكردووە و تەنها بۆ ماوەیەكی كاتی نەبێ‌، هەروەك مانەوەیقەیرانی بەردەوامی سیاسی لەنێوان دەوڵەتە دژەكان و كێشەی ئۆكرانیا و روسیا، قەیرانی ئەتۆمی ئێران و كۆریای باكور، كێشەی بەردەوامی نەتەوە بندەستەكان وەكو كەیسێكی هەمیشەیی، هەروەها قەیرانی كەنداو و كێشەی یەمەن و سوریا و توركیا و لیبیا و لوبنان و مەغریب و جەزائیر و هتد، ئەمە جگەلەو هەژاری و نائەمنێتیە كۆمەڵایەتیەی كە سەرتاسەری ئامریكای لاتینی گرتۆتەوە، جگە لەو كوشتارە ناڕاستەوخۆیەی نێو ئامریكا كە هیچ میدیایەك لەدونیادا فۆكسی نەخراوەتە سەری و داتاكان وەكو خۆی بڵاوناكرێنەوە.
لەبارەی ئابوریشەوە قەیرانی نێوان كۆمپانیاكان و كێشەی گازو نەوت و ململانێی دراوە بەبەهاكان و قەیرانی گاز و كارەبا، هەروەها پیس بوونی ژینگە و بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر و هەژاری و قەیرانی ئاو و هتد، هەموو ئەمانە سەلماندویانە كە دەبێتفكر لەئێستادا بۆ چارەسەری ریشەیی بگەڕێت، ئەویش گەڕانەوەی ئەلتەرناتیڤەكەی ماركسە بۆ سیستمی ژیان لەهەموو كایەكاندا، چونكە ماركس لەكتێبی سەرمایەدا گوتوویەتی (كۆمۆنیزم لەسەرووی فەزای كۆمەڵایەتی كلاسیكییە كە ئینسان لەگەڵ قۆناغەكاندا پێی ئاشنا بووە، بۆیە بەكۆمۆنیزم نامۆیە)، ئەگەرنا لەو نامۆبوونە رزگاری دەبێت ئەگەر قۆناغەكان وەكو خۆی بخوێنێتەوە، چونكە ئەگەر كۆمۆنیزم و سۆسیالیزم وەهم بێت، ئەوا چەقبەستوویی و چارەسەر نەكردنی ریشەیی دوو چینی و پیس بوونی ژینگە، خراپتر نەبێ‌ باشتر نییە.

نامۆبوونی بەكۆمەڵ

ماركس كە باسی لە هەقیقەتی واقیعی كردووە، ئەوەی سەلماندووە كە ئەو فەزایەی هەیە تەنها ئایدیاكان خوڵقاندوویانە و قەناعەتیان بەخەڵك كردووە كە ئەم دونیایە و كاردانەوە ئابورییەكانی، واقیعێكی هاشا هەڵنەگرە و هیچ ئەلتەرناتیڤیكی تری نییە، بۆیە لەرووی سۆسیۆلۆژیەوە دەبێ‌ خوێندنەوەیەكی دیكە بۆ ئەو نامۆبوونە بەكۆمەڵەی جیهان بكەین كە چی لەپشتەوە راوەستاوە، ئایا تەنها ئاین و كولتووری جیاوازە؟، یان پچڕانی پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكانە كە تەكنۆلۆژیا هۆكارە سەرەكیەكەیەتی؟. یان دووبارە كردنەوەی ئەزموونی ژیانە بەفۆڕمێكی دیكە؟. یان زاڵ بوونی ئەو گوتارە خەیاڵییەیە كە بەهەشتی وەهمی درووست كردووە و ئینسانی ناچار كردووە قەناعەت بكات؟. هەموو ئەم فاكتەرانە پێشتریش هەبوون بۆ رێگری كردن لەپێشكەوتن، بەڵام فەلسەفە توانی شیكاریان بۆ بكات و كاریگەری لەسەر ئەو نۆرمە هەبێت كە هەقیقەتی جەوهەرە سیاسییەكەی ئاشكرا كردووە، بەڵام كە دژایەتی فەلسەفە كراوە وەكو كەرەستەیەك بۆ گۆڕانكاری، مانای ئەوە نییە ئینسان دەستەوستان دانیشتووە و بیریلە دەرچەیەكی نوێ‌ و هاوچەرخ نەكردۆتەوە.
بایەخدان بەو دۆخەی كە تەواوی ئینسانی نامۆ كردووە لەگەڵ خودی خۆی و تەكنۆلۆژیاو و تەنانەت سرووشتیش، دیاردەیەكە باڵی كێشاوە بەسەر تەواوی جیهاندا، واتە هیچ كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو لەگەڵ كۆمەڵگەیەكی دواكەوتوو، جیاوازیەكی ئەوتۆیان لەنێواندا نەماوە، تەنها لەرووی فۆرمەوە جیاوازن، دەنا وەكو یەك لەئاستی ژیانی خۆیان نامۆن، وەكو یەك دژی ئەو جیاوازییە بەردەوامەی ژیانن كە لەدرامایەكی تاهەتایی دەچێت و هەر رۆژەو دیمەنێكی تراژید كۆمیدی لێ بەخش دەكرێت.

كۆمەڵگەی پۆستمۆدێرن.

كۆمەڵگەی بەشەری نوێ‌ كە بەبێ‌ ویستی خۆی بووەتە كۆمەڵگەی ئۆنلاین، بەبێ‌ ئەوەی ئاگای لەخۆبێت خەریك دەستوپەنجە لەگەڵ ئەو فەزایە نەرم دەكات كە بەناوی پۆستمۆدێرنەوە دیاردەی سەیروسەمەرە درووست دەكات و فەزا دەخوڵقینێ‌، لەكاتێكدا ئەوە ئاشكرایە كە پۆستمۆدێرنیزم ئەو ئەگەرانەی گەورە كردۆتەوە كە بریتین لەو بیرۆكانەی كە لەژێر ناونیشانی (فرە شوناسی و گومان لەسەرد و خوێندنەوەی مێژوو و كێشەی زمان و ئاسانكردنی بونیادگەری،هەر بۆ پاڵپشتی كردن و گەڕانەوەی فەلەسەفەی ماركس بۆ نێو كۆمەڵگەی پۆست مۆدێرن، (فریدریك جایمسۆن)لەكتێبی پۆستمۆدێرنەدا تێزێكی بەناونیشانی 5 پێشنیاری هاوچەرخ بۆ ماركسیزم لەدوای دەیەی یەكەمی ساڵی 2000 بڵاوكردۆتەوە كە لەگۆڤاری (بدایات) ژمارە 5 ساڵی 2013 بڵاوكراوەتەوە، بەڵام دوای ئەوەی خوێندمەوە كە باسی كۆمەڵگەی پیشەسازی دەكات وەكو كۆمەڵگەیەكی ماندوو بەدوای ئەلتەرناتیڤ دا دەگەڕێت، هەروەها باسی تێكهەڵكێشانی ئەو فكرانە دەكات كە لەسەروەختی مۆدێرنەدا هاتن، ئەو پێیوایە كە مادام مەعریفە كۆمابوونی كولتوور و فەلسەفەی گەلانە، كەواتە دەتوانین ماركس تێكەڵ بەبیرۆكە نوێیەكانی پۆستمۆدێرنە بكەن، لێرەوە بۆم دەركەوت كە ئەوەی ماركسی خستبووە دەرەوەی بیری كۆمەڵگە و میتۆدی خوێندن و ناشیرین كردنی تیۆرەكە و پەراوێزخستنی لەنێو كتێبخانەكان، وەكو مەترسییەك بۆ سەر هەموو كایەكانی ژیان نیشان درابوو، بەتایبەتی ئاین و نەتەوە و دەوڵەت و كولتوور، ئەو خوێنەرانە بوونە كە بەپاڵپشتی هێزی سیاسی دەرەكی و بەپاڵپشتی هێزی دواكەوتووی كۆمەڵگە، ماركسیان وەكو كارتێكی دیكەی سیاسی كارپێكراو و دوژمنیان بۆ درووست كردووە،هەروەكو ئەوەی (جۆ مەكارس)سیناتۆری ئامریكی لەسەدەی رابردوو دژایەتی ئەم فەلسەفەیەی دەكرد و رێگری لەچاپ و بڵاوكردنەوەی ئەو تێزانە دەكرد كە ماركس پێشكەشی هیومانیزمی كردووە، هەروەها ئەو خوێنەر و نووسەرانەی سەركووت دەكرد كە لەژێر كاریگەری تێزەكانی ماركس بوون و بەرهەمیان هەبوو.

ئەو موناقەشە نوێیەی كە پشتگیری ماركس دەكات لەدونیای پۆستمۆدێرنەدا وەكو ئەلتەرناتیڤ تەماشا بكرێت، ئەوەیە كە پۆستمۆدێرنەكان بۆیان دەركەوت سەرمایەداری بەتەنها ناتوانێ‌ چارەنووسی خۆی دیاری بكات و كۆتایی بەقەیرانە جیاوازەكان بهێنێ‌، ناشتوانێ‌ بەرگری ئابوری لەخۆی و لەو فۆرمە ژیانە بكات كە جێكەوتەی كردووە و كردوویەتی بەواقیعێكی هەرزكراو، ناشتوانێ‌ فۆرمێكی جوان بەدیموكراسی و هەڵبژاردن بدات كە تاكە شانازی دوا بەرهەمی ئیستاتیكی سیاسی سیستمەكەیەتی و ریكڵامی بۆ دەكات، چونكە دەركەوتووە بەشداری سیاسی تەنها بەشداری نوێنەر نییە بۆ پارلەمان و ئەنجومەنی نوێنەران، بۆیە رێگەی بەهەموو دژەكان دا تاكو بەشداری سیاسی بكەن لەژێر ناونیشانی جیاوازی، بەتایبەتی ئەدیب و نووسەر سەركووت دەكرد، چونكە لەژێر كاریگەری تێزەكانی ماركس بوون، لەكاتێكدا مومكینە ئەم تێزە كەڵكی لێوەربگیرێت و جارێكی تر بخوێنرێتەوە.

خوێندنەوەیەكی ناڕاستەوخۆ

من لێرەدا بۆ ئەوەی جارێكی تر بەفكری نوێ‌ و بەعەقڵێكی سەردەمیانەوە ماركس بخوێنینەوە، چەند پێشنیارێك دەخەمە ڕوو.
پێشنیاری یەكەم: دەركەوت كە سەرمایەداری تەنها سیستمی بەرهەمهێنان نییە، بەڵكو دابەشكاری سیستمە لۆكاڵیەكانیش كەوتۆتە سەرشانی، ئەویش ئیدارەدانی سیاسەت و ئابوری هەمووئە وڵاتانەشە كە خۆیان خاوەنی كارێكتەری خۆیان نین، كەوابوو لەدوای پۆست مۆدێرنەوە سەرمایەداری بۆی دەركەوتووە كە هەموو كەلێنەكانی بۆ پڕناكرێتەوە، بەتایبەتی ئایدیای فكری، هەر بۆ نموونە لەدوای هاتنی كۆڤید 19 و كەرەنتینە كردنی تەواوی دونیا، چارەسەری بە سەنتەركردنی ئابوری پێنەكرا، تەنها شتێك كە كردی ئەویش درووست كردنی ململانێ بوو لەنێو كۆمپانیاكان، هەروەها ئەو جەنگە نادیارەش كۆتایی پێنەهاتكە پێی دەگوترێت جەنگی كۆتایی هەموو قۆناغەكان، كەوابوو دەبێت پڕۆژەی تیۆرەیەكی نوێ‌ كە چاوەڕوانكراو نییە پێشنیار بكرێت، ئەویش زەمینە خۆشكردنە بۆ چەپ و ماركسیەكان كە بەشدارییەكی هێمنانە و لۆژیكیانەی سیاسەت و ئابوری بكەن، تاكو رێگە لە كۆنترۆِڵ و قۆرخكاری بگرن لەبازاڕەكاندا، یان لەلیڤڵی ململانێ ئابوریەكان و كایەكانی دیكەشدا پشكیان هەبێت، ئەمە هەنگاوی یەكەمە بۆ نەهێشتنی ئەو جیاوازیە چینایەتیەی كە كۆمپانیاكان درووستیان كردووە و خودی سیستمی سەرمایەداری هاوچەرخ ناتوانێ‌ كۆنترۆڵی بكات.
پێشنیاری دووهەم: شیكردنەوەی تیۆری قەبوڵكردنی جیاوازی سیاسی و بەهاوڵاتی بوون و ململانێی سیاسی و دەوری هاوڵاتی لەیەكلایی كردنەوەی هێز لەرێگەی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، چونكە دەركەوت هەموو ئەو فەزایەی كە سیستمی سەرمایەداری خوڵقاندوویەتی، تەنها بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی خۆیەتی و هیچی تر، دەنا لەهیچ شوێنێكی دونیا بەدەنگی خەڵك هێز یەكلایی نەبۆتەوە و باڵانسی هێزیش رانەگیراوە، باشترین نموونەش ئەو دەوڵەتانەن كە لەدوای 6 مانگ لەدەنگدان دۆخی سیاسی سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت و دەسەڵاتیش دەستاو دەستی پێناكرێت، ئامریكا كە رابەرایەتی سەرماداری دەكات، بینیمان چۆن لەنێوان ترامپ و بایدن نزیكەی ساڵێكی پێچوو، دەسەڵات دەستاودەستی پێنەكرا، خەڵكیش بەناچار چوونەوە قاڵبی خۆیان و هیچ دەورێكیان نەبوو لەیەكلایی كردنەوەی باڵانسی هێز، هەروەها بەردەوامبوونی جەنگ لە رۆژهەڵات و بۆرما و ئەفغانستان و دواترینیش ئۆكراینا و روسیا بوو.

پێشنیاری سێهەم: هەڵوێست وەرگرتن لەبەرامبەر ئەم سیستمە نوێیەی كە ناومان ناوە سەرمایەداری هاوچەرخ، ئەوەیە كە بەپێچەوانەی رابردوو، میتۆد و پراكتیك پێكەوە لەژێر پەرچەمی شۆڕشی نوێ‌ مانیفێست بكەینەوە، بەتایبەتی نوێكردنەوە و شیكردنەوەی هەموو ئەو زاراوە و تێرمە ئابوری و سیاسییانە بەلۆژیكی ئێستا، هەروەها گرێدانی چەمكی ریفۆڕم بە شۆڕشی فكری دژ بە ئایدیۆلۆژیای حیزبی كە بەهەموو ستایلەكانیەوە ئەزموون كراو چارەسەری ژیانی نەكرد، بەتایبەتی كۆنترۆڵ كردنی كۆمەڵگە لەرێگەی ئاین و نەتەوە و دواجاریش سۆسیال دیموكرات كە وەهمی بۆ تەواوی كۆمەڵگەی بەشەری درووست كرد و شكستی هێنا.
شیكردنەوەی مەزنایەتی هێزی ئابوری و سیاسی و سەربازی و دیبلۆماسی دەوڵەتانی كۆڵۆنیالیستیبە سەر دەوڵەت و نەتەوە بندەستەكان، پێویستیەكی فكری و تیۆریە كە دەبێ‌ بەرمەبنای تیۆرەكانی ماركس جارێكی دیكە خوێندنەوەیان بۆ بكرێت، چونكە دەركەوت هیچ هێزێكی مەزن بوونی نییە ئەگەر كۆمپانیا و گروپی مافیای چەكفرۆشی و نەوت فرۆشی لەپشتەوە نەبێت، كەوابوو باشترین رێگە گەڕانەوەی فەلسەفەی ماركسە بەرێكخستنێكی دیكەوە، وەڵامی ئەو پرسانە بدەینەوە.
پێشنیاری چوارەم: لەوە تێگەیشتین كە روخانی یەكێتی سۆڤیەت نەبووە كۆتایی ململانێی نێوان ئامریكا و هاوپەیمانەكانی، لەگەڵ روسیای نوێ‌ و هاوپەیمانەكانی كە دەوڵەتی گەمارۆدرا و بێهێنن، لێرەوە بۆمان سەلمێنرا كە جەنگی گەرم و ساردی سەدەی رابردووش، لەسەر بنەمای سەرمایەداری و كۆمۆنیزم و سۆسیالیزم نەبوو، باشترین نموونەش گەش كردنی ئاگری جەنگی نێوان روسیا و ئۆكرانیابوو كە تەنگی بەرۆژئاوا هەڵچنیوە لەرووی ئابورییەوە، كەواتە ئەوەی بەناوی مافی و مرۆڤ و بازاڕی ئازاد و دیموكراسیەتیشەوە بانگەشەی بۆ دەكرا كە ئێستا رۆژئاوا خەریكە پاشەكشەی لێدەكات، تەنها وەكو ئەلتەرناتیڤی ئەو بیرۆكەیە بوو كە سەرمایەداری بەگشتی ترسیان لێی هەبوو.

پێكەولكاندنی هەردوو سیستمی سەرمایەداری و سۆسیالیزم بەمانا فراوانەكەی، باشترین بیرۆكەی پۆست مۆدێرنەیە كە بتوانێ‌ هەم سیستمەكە لەو تەنگەژەكانی ئابوری و سیاسی رزگار بكات، هەم بتوانێ‌ كۆمەڵگە دژەكان ئاشت بكاتەوە، هەم خەڵكی هان بدات كە رێگری بكەن لەو مەسرەفگەراییەیكە بۆتە باعیسی دەوڵەمەندبوونی هەرچی زیاتری كۆمپانیاكان، گرەوی ئەمەش لەوەدایە هەم بەهایەك بۆ كۆمەڵگەكان بگێڕنەوە، هەم كێشەی قەوارە دەوڵەتی نەتەوەیی و دەوڵەتی ساختەی درووستكراو چارەسەر بكەن كە لەدوای یەكێتی سۆڤیەتەوە ئەم مۆدێلە زیاتر پەڕەی سەند.

پێشنیاری پێنجەم: لەدوای هاتنی پۆست مۆدێرنە كە بەشێك لەبیرمەندانی وەكو هابرماس پێیانوایە تەواوكەری مۆدێرنەیە، ماركسیەت تیۆرەكەی بەشێوەیەكی پراكتیكی نوێ‌ لەدونیای سەرمایەداری هاوچەرخ پراكتیك كردووە، ئەویش بەسەر موفرەدەكانی ژیان لەنێو تەكنۆلۆژیا پراكتیك دەكرێت، بەتایبەتی رەخنەگرتن لەو كۆمپانیایانەی كە بەرهەمهێنەری تەكنۆلۆژیا و بەشت كردنی ئینسان كار دەكەن، باشترین رێگە چارەسەر ئەوەیە لەرێگەی پەروەردەوە منداڵ و گەنج فێر بكرێت كە تەكنۆلۆژیا تەنها بۆ بەدەستهێنانی داتایە، نەك بەشتكردن و بەكۆیلەكردنی ئینسان، تاكو بیر لەهیچ شتێكی تر نەكەنەوە، ئەم پەروەردەیە لەسەریەتی بەرەنگاوڕەنگی و كراوەیی و دوور لەئایدیای وشك،جارێكی تر خۆی پێناسە بكاتەوە و موقاشەی دواچارەنووسی ئینسان بكات.

گرینگی ئەم زیادكردنە رۆشنبیرییەی كە پەرچەكردارە بەسەر ماركسیزمی كلاسیكیدا، تەنها ئابوری نییە، بەڵكو مۆڕاڵیشە، هەروەها ململانێیە لەسەر گەرانەوەی بەها بۆ شتەكان كە كۆمپانیاكان لەرێگەی كاڵای ناپێویستەوە بەرهەمیهێناون و خەڵكیش بەو پێوەرە دژایەتی ماركسیزم دەكەن، كەوابو ئەم باڵانسە شمولی ئەو ئیمپریالیزمە ناكاتكە لەرێگەی هەناردەكردنی جەنگ و تێكشكاندنی موفرەدەی نوێ‌ بۆ نەهێشتنی بەهای ئینسانی كار دەكات كە بوارێكی رۆشنبیری فراوانی داگیر كردووە، واتە پێچەوانەكە لێرەدا ئەوەیە دژایەتی سیاسەتی موژدە بەخشی ئاینی و سیاسی نەكرێت، بەڵكو هۆكارەكانی گەڕانەوی ئەو بەهایانە بكرێت كە میتۆدێكی نوێ‌ بۆ خوێندن و بۆ پركردنەوەی ئەو بۆشاییەی كە لەنێو تەواوی كۆمەڵگەكان بۆتە دیاردە.

لەسەر بنەمای بەركاربەر كە مێژوویەكی هەیە لەگەڵ هاتنی سەرمایەداری كلاسیكدا دەست و پەنجەی لەگەڵ نەرم كراوە، هەروەها بۆتە ستایلێكی ژیان، بەتایبەتی مەسرەفگەرایی و بێ‌ بەهاكردنی هێزی كار و هێز و ئیرادەی تاك و گشت لەبەرامبەر هێزە ئابورەكەی بازاڕ، زیادكردنی بێكاری و مشەخۆری و كاری نەگونجا و كردنیان بە بابەتێكی باو، كاركردنی نوێ‌ ئەوەیە كە متۆدی بەراوردكاری جارێكی تر لەهەموو كایەكاندا كاری پێبكرێت، هەروەها پراكتیك كردنەوەی موناقەشە لەسەر ئیشكالیاتی سەرمایەداری پۆستمۆدێرنیزم لەگەڵ پلۆرالیزمی ئاینی و كۆمەڵایەتی، هەروەها گەڕانەوەی چینی ناوەندی كۆمەڵگە كە ئۆرستۆكراتیەكانە، وەكو چینێكی كارا بۆ ناو كۆمەڵگە و جومگە سەرەكیەكانی ئابوری و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و كولتووری و پەروەردەیی، بەمشێوەیە دەتوانین جارێكی تر فەلسەفەی ماركس بگەڕێنینەوە نێو كۆمەڵگە و لەسەر تەواوی كایەكانی تر تیۆریزەی بكەین.

لەكۆتایی تێزەكەیدا ماركس لە كاپیتالیزمدا نووسیویەتی (زۆر لایەن هەیە خاوەن باڵانسی جیاجیان، بەڵام ناتوانن لەبازنەی كەمدا تاوتوێ‌ بكرێن، هەركام لەبەشەكانی دیمۆگرافی و سۆسیۆلۆژیا و ئەنترۆپۆلۆژیا و سایكۆلۆژیا قسەیەكیان هەیە بۆ خۆیان، بەڵام سەرەنجام پاشكۆی ئابورین،بۆیە سەرمایەداری وەك واقیعەتێك كە دێتە ئاراوە، گەورە دەبێت و گەشە دەكات، پاشان هەر خۆی هەرەس دێنێت و دەمرێت، كتومت ئەم هەقیقەتە لەسرووشتدا هەیە، لەبوونەوەرە كۆمەڵایەتیەكان و تاكەكان و ئایدیاكان و دامەزراوەكانیدا بەدی دەكرێت). كەوابوو خۆ بەریالیزەكردن لەدواجاردا خۆ هەڵسەنگاندنە لەئاست قەیرانەكاندا.

سمکۆ محەمەد

————————————–

سەرچاوەكان
1: مابعد الحداثە، أو المنطق الثقافی لرأسمالیە ألمتاخرە. ترجمە بشیر السباعی. الحوار المتمدن.
2: د. عەبدلعەلی مقبل. ماركس كێ‌ بوو. وەرگێڕانی بۆ كوردی. مەجید مارابی و جواد حەیدەری. دەزگای ئایدیا 2020.
3: القومیە والاستعمار والادب . دیری: یوم میدانی، 1988. مجموعە من ثلاثة كتیبات یوم میدانی بقلم فریدریك جیمسون وتیری إیغلتون. ترجمە.ایدوارد سعید
4: زیاتر لەتلیاك. كۆمەڵێك تیزی ماركسی. وەرگێڕانی. بابان ئەنوەر و پێشرەو محەمەد و هێمن خالید. ناوەندی رۆشنبیری و هونەری ئەندێشە. 2018.
5: هینری لۆڤیفرە. سۆسیۆلۆژیای ماركس. وەرگێرانی. ئەرسەلان حەسەن. دەزگای ئایدیا. 2020.
6: تیری ئیگلتۆن. بۆچی ماركس لەسەر هەق بوو. وەرگێرانی پێشڕەو محەمەد. دەزگای ئایدیا. 2015.




نامۆیی و بێگانەیی لە خاکی ئێراندا.. ڕزگار حەمە ڕەشید

١

بۆ ئەوەی لەخزمەتی ئەم نوسینەدا بتوانین نامۆبوون بناسێنین، پێویستمان بەوە دەبێت هەندێک چەمکی تریش بخوازین و لەم چوارچێوەیەدا شرۆڤەیان بکەین و لەوێوە بەرەو ئامانجی کۆتایی نوسینەکە بڕۆین.

لە زۆربەی بەکارهێنانەکاندا، نامۆبوون وەک بێگانەیی باسدەکرێت، یان لە سادەترین پێناسەدا وەک جیابوونەوە و دابڕان یان وەک دابەشبوون دەناسێنرێت. ئێمە کاتێک لە شتێک جیا دەبینەوە ئیتر دەبینە نامۆ پێی.
لەمڕۆدا زیاتر خوومان بەوەوە گرتووە وشەی “نامۆبوون” بۆ وەسفکردنی ئەو هەستی دوورکەوتنەوەیە بەکار بێنین کە بەری دەکەوین، بۆ نموونە دوورکەوتنەوە لە خێزان و کۆمەڵگەکەمان، یان دوورکەوتنەوە لە جیهان بەگشتی. زۆرجار گوێمان لە خەڵک دەبێت کە دەڵێن هەست بە نامۆبوون دەکەن لەبەرامبەر کەسێک یان دامەزراوەیەک. لێرەشدا دیسانەوە هەستی جیابوونەوە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بوونی هەیە، لەبەر ئەوەی بیرۆکەکە ئەوەیە کە مرۆڤ هەست بە جیابوونەوە لە شتێک دەکات.

ئەگەر نامۆبوون بەمانای جۆرێک لە جیابوونەوە بێت، کەواتە پێچەوانەی نامۆبوون بریتییە لە ئاوێتە بوون . ئاوێتەبوون لەگەڵ خێزان یان ڕێکخراو یان کۆمەڵگە بە گشتی. بەم پێیە کاتێک کەسێک سەر بە یەکێک لەو شتانەیە، ئیتر نامۆ نییە، لانیکەم لەو پێوەندەدا. ئەمەش شوناسێکی تایبەتی دەبەخشێتە کەسەکە، وەک بڵێی، بەوە دەناسرێتەوە، سەر بەو خێزانەیە، یان لەو تیپەدا، لەو کۆمەڵەیەدا کار دەکات، سەر بە فڵان دەزگا یان ڕێکخراوە. ئەمانە هەریەکەو بە جۆرێک شوناسی کەسەکە دیاری دەکەن، پێبەپێی ئەوەش، ئەرک و پرنسیپەکانی دەستنیشان دەکەن. لەبەرامبەردا، کاتێک کەسەکە بە ڕۆڵی خۆی لەو چوارچێوە دیاریکراوەدا ناڕازی دەبێت، دەتوانێت ڕەتیان بکاتەوە و چیدی ڕۆڵیان تێدا نەبینێت. کاتێک هەستی نامۆبوونم هەیە، ناتوانم شانبەشانی چوارچێوەیەکی دیاریکراو خۆم بناسێنم و چیدی ئەو چوارچێوەیە ناتوانێت شوناسی من دەستنیشان بکات، بۆیە لەدەرەوەی ئەو چوارچێوەیەدا زیاتر هەست بە ئاسوودەیی دەکەم. بەڵام لەناو یان دەرەوەی ئەو جوارچێوەیەدا، مرۆڤ عەوداڵی ئەوەیە دانیپێدا بنرێت.

چەمکی ناسینەوە یان دانپێدانان”recognition” لەو چەمکە گرنگانەیە لەمڕۆدا گرنگییەکی زۆری پێدەدرێت. ئەم چەمکە پەیوەندی بەو شێوازەوە هەیە کە ئێمە وەک مرۆڤ، سیاسەتمەدار، یان ئەندامی کۆمەڵگەیەک تەماشای یەکتری پێ دەکەین.

وەک نامۆبوون، دانپێدانانیش کۆمەڵێک مانای جیاوازی هەیە کە دەتوانرێت لە چوارچێوەی جیاوازدا بەکار بهێنرێت. ڕەنگە لە سەرەتاییترین ئاستیدا بتوانین باس لە دانپێدانان بکەین وەک جۆرێک لە تێگەیشتن، بۆ نموونە کاتێک سەیری ئەو شتە زۆرانە دەکەین کە لە دونیادا دەبینرێن، یەکسەر دەتوانین جیاوازی نێوان مرۆڤ و شتەکانی تر یان مرۆڤ و بوونەوەرە زیندووەکانی تر دەستنیشان بکەین. بەم مانایە دەتوانین کەسێک وەک مرۆڤ بناسینەوە و دان بە مرۆڤبوونیدا بنێین.

یاخود داننان بە مافی دیاریکراوی کەسانیتردا، چونکە ئەگەر دان بە مافی کەسانیتردا نەنێین، پێشێلکارییەکان ئاسایی تێدەپەڕن، چونکە سنوورێک نامێنێت بۆ ناسینەوەی کەسانیتر. کەواتە ژیانی کۆمەڵایەتی خۆی، بە چەندین شێوازی جیاواز، وامان لێدەکات دان بە یەکتریدا بنێیین و یەکتر بناسینەوە. ئەگەر نەتوانین بەو شێوەیە دان بە بوون و کارەکتەر و مافەکانی یەکتردا بنێین، جۆری هەڵسوکەوتمان بەرامبەریان دەگۆڕێت، بۆ نموونە توندوتیژی و دیاردەکانی وەک ڕەگەزپەرستی و سێکسیزم یان زەبروزەنگی داگیرکەر بەسەر داگیرکراودا، خاوەن دەسەڵات بەسەر ژێردەستەکانیدا لە دانپێدانەنانی تەواوەتییەوە سەرچاوە دەگرن بە ماف و بوون و کارەکتەر و شوناسی کەسانیتر. وەک ئەوەی لەزۆربەی وڵاتانی دونیادا، لەسایەی کەپیتاڵیزم و لقوپۆپەکانییەوە دەیبینین، بەتایبەتیش لە ئێران و تورکیا و عێراق و سوریادا جگە لە پیادەکردنی هەموو جۆرەکانی زەبروزەنگ بەسەر تەواوی دانیشتواندا، بەشەوەیەکی توندتر بەسەر کوردە داگیرکراوەکاندا پیادە دەکرێن. ئەمەش ڕێگەیەکە بۆ دروستبوونی نامۆبوونێک کە وردە وردە ڕوخسارەکانی باس دەکەین.

دوای جەنگە جیهانییەکان، چەمکی “نامۆیی” گرنگییەکی زۆری پێدرا، لەزۆر بواری ئەدەبی و هونەری و فەلسەفی و دەروونیدا کاری لەسەر کرا. تا ڕاددەیەکی زۆر، هەموویان لەژێر کاریگەریی ئەو ئیشکردنە وردەی کارڵ مارکسدا بوون بۆ پێناسەکردنی نامۆبوون.

مارکس لە دەستنووسە ئابووری و فەلسەفییەکانی ١٨٤٤دا لە بەشێکدا لەژێر ناوی ‘نامۆبوونی کرێکاران”دا بەم شێوەیە مەبەستەکانی خۆی ڕوون دەکاتەوە: { لە ئابووری سیاسیی و زاراوەسازییەکەیدا، ئەوەمان پیشانداوە کە کرێکار تا ئاستی کاڵایەک نغرۆ دەبێت، لە ڕاستیدا دەبێتە نەهامەتبارترین کاڵا. نەهامەتیی کرێکار لە پەیوەندییەکی پێچەوانەدا وەستاوە لەگەڵ هێز و قەبارەی بەرهەمهێنانەکەی خۆیدا، کە ئەمە دەرەنجامی سروشتیی کێبڕکێی کەڵەکەبوونی سەرمایەیە لە چەند دەستێکدا، ئەمەش ترسناکترین جۆری قۆرخکارییە} ئەو باسی نامۆبوونی کرێکار دەکات لەبەرامبەر ئەو کاڵایەدا کە خۆی بەرهەمی دەهێنێت و ناتوانێت لە بەرهەمی کارەکەی خۆی بەهرەمەند بێت. بەپێی مارکس نامۆبوون لە کار بریتییە لە “کردنی کار بە شتێکی نامۆ بۆ کرێکار.”

بەهەرحاڵ، مانای ئەم وشەیە چەندین جار و بەپێی بەکارهێنانەکانی، گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. بەڵام دەشێت وەک ناساندنێکی درشت و فەلسەفی، هیگڵ وەک سەرچاوەیەکی سەرکی وەر بگرین کە پێش مارکس ئەم چەمکەی بەکار هێناوە. هیگڵ لە فینۆمینۆلۆژیای ڕۆحدا (١٨٠٧) زاراوەکانی نامۆبوون و بێگانەیی بەکار هێناوە بۆ ئاماژەدان بەوەی کە ڕۆح لە کایەی بابەتگەراییدا ( Objectivity) دەبێت بە شتێکی جیاواز لەخۆی. ئەم پرسیارە لەلای هیگڵیە چەپەکان و لای فیورباخیش لە کتێبی “کرۆکی مەسیحییەت” دا بەشێوەی جیا جیا دێتەوە بەر باس. فیورباخ لەو کتێبەدا باسی نامۆبوونی ئایینی دەکات، پێشبینیکردنی مرۆڤ بۆ خودی خۆی بە پێودانگی خودایەکی دروستکراو.
هەرچەندە چەمکی “نامۆبوون” تا ساڵانێکی زۆر نەبووە چەمکێکی سەرەکی هیچ کام لە بیرمەندەکانی سەدەی نۆزدە، بەڵام زۆربەیان بە گرنگییەوە لەسەری وەستاون. دواتر هۆرکهایمەر زاراوەی “ئانۆمی”بەکار هێنا بە مانای ناتەریب و شاز یان (شذوذ)، تا دەستنیشانی کۆمەڵێک دیاردە بکات کە بەهۆیانەوە ئەو نۆرم و یاسایانەی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتیی مەیسەر دەکەن، لەبەرامبەر درێژبوونەوەی سیستمی کاردا ڕووبەڕووی قەیران دەبنەوە. دوای مارکسیش چەندین بیریاری وەک هایدگەر و هێربەرت مارکۆز و ئێریک فرۆم و ڕێچکەی نا مارکسیی جان پۆڵ سارتەر تێزی جۆراوجۆریان لەبارەی نامۆبوون و بێگانەییەوە هێنایە بەر ڕۆشنایی گفتوگۆکانەوە. لە نامۆبوونی مرۆڤەوە بەرامبەر مەکینەکانی بەرهەمهێنان، نامۆبوونی کرێکار بەرامبەر بەرهەمی کار، نامۆبوونی تاک لەناو شیرازەی لێکترازاوی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، نامۆبوونی مرۆڤ لەبەرامبەر ئایین و خودا و سروشت و تەکنەلۆژیا و… لەبەرامبەر خودی خۆیدا.

لێرەشدا ئێمە دەمانەوێت هەڵوێستەیەک لەسەر نامۆبوونی دەستەبژێرێکی کۆمەڵگە بکەین لەبەرامبەر سیستمێکی فەرمانڕەوادا. بۆ ئەمەش دەستەبژێرێکی کۆمەڵگەی ئێران و سیستمی فەرمانڕەوایی ئەو وڵاتە دەکینە نموونە.

٢

وزەیەک لەناو دڵی کۆمەڵگەی ئێرانیدا دەگەشایەوە و بەچەندین شێوە و ڕوخسارەوە دەردەکەوت و دەدرەوشایەوە، ئەو وزەیە ساڵانێکی زۆرە لەدەرەوە خەفە دەکرێت و دەشاردرێتەوە و نکووڵیی لێدەکرێت، بەڵام لەناوەوە زیاتر خۆی دەخەمڵێنێت. وزەیەکە بەدرێژایی چەندین ساڵی ڕابردوو بەدەستی دەسەڵاتی پاشایی و دواتر دەسەڵاتی ئیسلامییەوە هەوڵی خنکاندنی دەدرێت و دەئاخنرێتە ناو ماڵە داخراوەکان و زیندانەکانەوە، خۆپیشاندان و ڕاپەڕینەکانی بە دڕندانەترین شێوە وەڵام دەدرێنەوە، کەچی ئەو سوود لە کەوتنەکانی خۆی وەردەگرێت و بە شێوازێکی پێگەیشتووتر دێتەوە بەرچاوان.

ناوەوە بۆ گەلانی ناو ئێران و ئەوانەش کە بە وڵاتانیتردا بڵاوبوونەتەوە بریتییە لە ناو ماڵەکان و ناو دەروونی خۆیان کە ڕۆژانە لە نامۆیی و بێگانەییەکی سەختدا دەژین و ئەو وزەیە پەروەردە دەکەن. نامۆیی بەرامبەر سیستمێک کە سەدان فەرسەخ لە خەون و بیرکردنەوە و ئاستی هۆشیاری ئەمان دوورە. ئەوانەی لەناو ئێراندا و لەناو خودی سیستمەکەدا ژیان بەسەر دەبەن، لە بەرامبەر ئەو سندووقە داخراوەی ئەقڵی ئەو سیستمە ستەمکارەدا ژیانێکی نهێنییان بۆ خۆیان دروستکردووە کە دەستی جەللادەکانی نەگاتێ. نەک تەنیا بە لەبارکردنی ژیانێکی ئازاد و مۆدێرن و کراوە بۆ خانەوادەکانیان لەناو ماڵەکانی خۆیاندا و لەپشتی دیوارەکانەوە، بەڵکو لەناو قووڵایی دەروونی خۆشیاندا هەموو ئەو دیوارانەیان شکاندووە کە لەدەرەوە، لەژیانی واقیعدا، لەدەوریان هەڵچنراون. ئەمان خۆیان بە میراتگر و درێژەپێدەری شارستانییەتێکی گەلێک دێرینتر دەزانن، شارستانییەتێک کە وێڕای ئەوەی بەناو مێژوویەکی پڕ لە شەڕ و کوشتار و ململانێی هەزاران ساڵەییدا تێپەڕیوە، بەڵام هەمیشە پێچەوانەی دەسەڵاتەکان، وزەیەکی داهێنەرانەی لەناو خۆیدا پەروەردە کردووە و پاراستوویەتی، وزەیەک کە تا ئەمڕۆ نەک تەنیا شانازیی، بەڵکو ڕێچکەیەکیشی پێبەخشیوە تا بەردەوام پێچەوانەی ئاراستە و خواستی دەسەڵاتەکان هەنگاو بنێت. ناوە مەزن و درەوشاوەکانی ناو دونیای هونەر و فەرهەنگ و ئەدەبی ئێرانیی سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن.
بەم هۆیەوە گەلانی ئێران لەناو نامۆیی و بێگانەییەکی سەختدا ژیان بەسەر دەبەن. وەک ئەو نامۆییەی لەناوەوە و دەرەوەی ژیانیاندا ڕوو دەدات – سیستمی داسەپیوو ژیانی ڕاستەقینەی خۆیان – ئاراستەی پێجەوانەی ئەوەی هەیە و دەبینرێت لەگەڵ ئەوەدا کە بەڕاستی هەیە و بەئاسانی نابینرێت.
“ئەم خوێندنەوەیە دەشێت لەزۆر شوێنیتری دونیادا کاربکات، بەتایبەتی لە خوێندنەوەی ژیانی ئەو گەنجانەدا کە ئازادانە لە شەقەی باڵ دەدەن و دوور دەفڕن، بەڵام لەناو ئەو سیستمە خنکێنەرەی باشووری کوردستاندا ژیان بەسەر دەبەن” .

دەرەوە ئاوێنەیەک نییە بۆ ئەوەی لە ناوەوە ڕوو دەدات. هەرگیز لەناو ئەو سیستمە تۆتالیتار و فاشییانەدا، ئایدیۆلۆژیای دەسەڵات نوێنەرایەتی ئایدیۆلۆژیا و فیکری باڵادەستی کۆمەڵگە ناکات “وەک ئەوەی مارکس بانگەشەی بۆ دەکرد”. دەشێ لەناو میدیا و ئەو جیهانە بەرچاوەدا کە زۆرتر دروستکراوو خۆپیشاندەرە، وا دەربکەوێت کە ڕاستییەکی باڵادەستە، بەڵام لەناو ژیانی واقیعیی تاکەکان و خێزانەکاندا ئەو ڕاستییە ڕوخسار پێدراوو ماکیاژکراوە کورت دەهێنێت. ڕاستەقینەیی ژیانی مرۆڤەکان لەناو وردەکارییەکانی ژیانی خۆیاندا دەبێتە پێوەر بۆ فەلسەفەی ژیانکردنیان.

لەوێدا کە پاسدارێک، ژەندرمەیەک، ئەمنێک، کۆماندۆیەک، زێرەڤانێک دەوەستێت و فۆرمێک لە ژیانکردن دەسەپێنێت بەسەر ڕووکەشی ژیانی مرۆڤەکاندا، هەر لەوێدا خەونی ژیانێکی جیاواز، ئازاد، لەناوەوەی ژیانی مرۆڤەکاندا چەکەرە دەکات.
نامۆیی و بێگانەیی لەژیانی ڕۆژانەی ژێردەستەکاندا دەبێتە داینەمۆی ئەندێشەیەک بۆ دروستکردنی ژیانێکی باشتر.
نامۆبوونی مرۆڤ لە کۆمەڵگەیەک و لەسایەی سیستمێکدا کە ژنان دادەپۆشێت و لە مرۆڤەوە دەیانکاتە کاڵا، بەشێوەیەکی سیستماتیک گەیشتە ئەو ڕاچەنینەی ئەمڕۆ کە گرنگترین دروشمی مێژوو بەرز دەکاتەوە:
ژن…ژیان…ئازادی

٣

پێشتر هەوڵماندا وێنەیەکی گشتی سەبارەت بە چەمکی نامۆبوون و بێگانەیی وە شوێنیان لەناو کۆمەڵگەکانی ئێراندا باس بکەین. لەم بەشەدا دەمانەوێت تیشکی قسەکردنەکانمان بخەینە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وەک بەشێک لە ڕاپەڕینەکانی ئێران باسی بکەین. لەم بەشەدا فۆکەسەکەمان نزیکتر دەکەینەوە و هەوڵدەدەین نامۆبوونی کوردەکان وەک داگیرکراوێک لەو نامۆبوونە گشتییەی ئێرانییەکان جیا بکەینەوە.
لەم بارەیەوە، وەک سەرەتایەکیش بۆ ڕاڤەکردنی ئەم پرسە، لە جیاوازی نامۆبوونی کۆڵۆنیانیاڵیست و کۆڵۆنیاڵیزەکراو (داگیرکەر و داگیرکراو) دەکۆڵینەوە. ڕاستە هەردوکیان (وەک هاوڵاتی) لەناو هەمان سیستەمی سەرکوتگەر و گەندەڵ و خۆسەپێندا ژیانێکی دوو ڕوو دەژین، ڕوویەکیان ئەو ژیانەیە کە سیستمەکە سەپاندوویەتی بەسەریاندا و ڕۆژانە بە ترس و تۆقاندن و کوشتن و زیندانیکردن ڕووبەری ئازادییەکانیان بچووکتر دەکاتەوە و زۆرتر دەیانخاتە ژێر ڕکێفی ئەو قامچییانەوە کە بەناوی مۆراڵ و پێودانگی کۆمەڵایەتی و دینیەوە کردوونیەتە یاسا، بەمەش مافی لێپێچینەوە و سزادانی کردۆتە پاساوێک بۆ سەرکورتکردنی هەر جۆرە دەرکەوتنێکی ناتەبا. ڕووی دووەمیش، ئەو ژیانەی مرۆڤەکانی ناو ئەو چورچێوە جوگرافییە لەناوەوەی خۆیاندا هەڵیدەگرن و پەروەردەی دەکەن و گەشەی پێدەدەن، ژیانێک کە زۆرجار لەگەڵ تەواوی ئەو شێوە ژیانکردنە باڵادەستەدا ناکۆکە و هەناسە ڕاستەقینەکانی خۆی دوور لەچاوی سیخوڕ و جەللادەکان دەدات. ناچارە عەشق و جوانی و سۆز و ڕوناکی و ئارەزوو تەنانەت خوداش لە شوێنە تاریکەکان و لەناو ڕەفە و ماڵە داخراوەکاندا بشارێتەوە ( لە شیعری ” روزگار غریبی ست، نازنین”ی شاملۆوە). بەڵام بۆ داگیرکراو، لەمەش دوورتر دەڕوات، جگە لە هەموو ئەوانە، ناچارە ناوو زمان و تەنانەت کەلتوور و شوناسی خۆشی بشارێتەوە، یان لە باشترین حاڵدا، بە تەماهی لەگەڵ کەلتوور و شوناس و زمان و ناوی داگیرکەردا خۆی پێناسە بکاتەوە و خۆی وەک پاشکۆی ئەو بناسێنێت و ددان بە ژێردەستەیی خۆیدا بنێت.

لەم ڕووەوە، ڕووبەرەکانی نامۆبوونی داگیرکراو زۆر لە ڕووبەرەکانی نامۆیی تاکەکانیتری ناو هەمان چوارچێوەی جوگرافی فراوانتر و بڕستلێبڕترە. ئەم وێنەیە لە هەموو شوێنە داگیرکراوەکانیتری سەر زەوەی هەمان ڕەنگ و هەمان کاریگەریی هەیە، بە هەندێک جیاوازییەوە کە پەیوەندی بە سیستمی بەڕەوەبردنی وڵاتەکەوە هەیە. بۆ نموونە داگیرکردنی ئەمەریکا و کەنەدا. لە کەنەدا یەکەم کارێک کە داگیرکەرە سپی پێستە ئەوروپاییەکان کردیان ئەوە بوو کە ڕەنگ و زمان و ئایینی خۆیان کردە ڕەنگ و زمان و ئایینی باڵا دەست. بەمەش، بەر لە خەڵکە ڕەسەنەکە (ئەوەی بە هیندییە سوورەکان ناسێنران و تا حەفتاکانیش هۆڵیوود بێشەرمانە هەمان تێرمی بەکار دەهێنا و ئەوانی وەک کێوی و “وەحشی” و دژە زانین و دژە مرۆڤ دەناساند) دەستیان بەسەر شێوەبیرکردنەوەی هەموو ئەو کەسانەیتریشدا گرت کە وەک ئەوان، بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی باشترو تا ببنە خاوەنی زەوی خۆیان، ڕوویان لەم وڵاتە تازە دۆزراوە چۆڵە دەکرد. هەنگاوی دووەمیشیان بریتی بوو لە سڕینەوەی تەواوی شوناسی خەڵکە ڕەسەنەکە. هەر لە زمان و کەلتووریانەوە تا باوەڕ و شێوە ژیانیان. بە هەموو شێوەیەک هەوڵی پاکتاوکردنیان درا، بەڵام ئەوان دوور لەچاوی سپییەکان ژیانی خۆیان دەژیان و وەچەیان دەخستەوە تا نەسڵەکەیان نەفەوتێت. بۆیە دوا چەکی کۆڵۆنیاڵیستەکان لە وڵاتێکی وەک کەنەدا ئەوە بوو کە منداڵەکانیان لێدەسەندن و دەیانخزاندنە خوێندنگە نیشتەجێ زۆرەملێکانەوە (residential school) تا بەتەواوی خڵتەی باوەڕ و زمان و کەلتوورەکەی خۆیانیان لێداماڵن (ئەم خوێندنگە نیشتەجێیانە لە ساڵی ١٨٨٠وە دەستیان پێکرد و تا کۆتاییەکانی سەدەی بیست بەردەوام بوون، لەم چەند ساڵەی دواییدا لەناو گۆڕەپانی ئەو خوێندنگەیانەدا تەرمی زیندەبەچالکراوی سەدان منداڵیان دۆزییەوە) دیارە هەر بەمەشەوە نەوەستان، لەو خوێندنگە نیشتەجێیانەدا کە کڵێسا دەیبردن بەڕێوە، هەموو جۆرەکانی زەبروزەنگیان لەسەر پیادە دەکردن، بە دەستدرێژی سێکسییشەوە. ئەمە دیوە قووڵەکەی نامۆبوونە. نامۆبوون بەرامبەر زمانی ئینگلیزی (فەرەنسی) کە هەرچەندە لەناویدا گەورەکران بەڵام هەرگیز نەبووە زمانی ئەوان، بەرامبەر بە وانە دینییەکان سەبارەت بۆ مۆراڵ و لێبوردەیی کەچی لەسەردەستی ئایینزادەکان ئەو هەموو زەبروزەنگ و دەستدرێژیانە کرایە سەریان.

بەم پێیە، نامۆبوون دەگاتە شوێنێک کە چیدی دیاردە نییە، یان شێوە ژیانێکی جیاواز نییە، بەڵکو خودی نامۆیی دەبێتە ڕیاڵیتی، دەبێتە ڕەچەڵەک و ڕەگی خۆی لە قووڵایی مرۆڤدا دادەکوتێت، دەبێتە نامۆبوونێکی ئەنتۆلۆژی کە تەواوی ژیانی مرۆڤ داگیر دەکات.

٤

لەم ڕووەوە ململانێی کوردانی ڕۆژهەڵاتیش وەک پارچەکانیتری کوردستان، بەرامبەر سڕینەوەی شوناس و کارەکتەر و بوونیان، لەلایەن دەوڵەتە داگیرکەرەکانەوە بە دڕندانترین شێوە وەڵامدراوەتەوە. جگە لە کوشتاری بەکۆمەڵ و زیندانیکردن و هەڵواسین و هەموو جۆرەکانیتری سەرکوت و ئازاردان و چەوساندنەوە، لەزۆر شوێن مافی قسەکردن و نوسینیشیان بە زمانی دایکیان لێ قەدەغەکراوە و لەسەری کوژراون و قەتڵوعام کراون.

لەبەرامبەریشدا، کاتێک کوردەکان بۆ مافەکانی خۆیان هاتنە دەنگ، ساڵانێکی زۆر لەلایەن کۆمەڵێک بنەماڵەو تاقمی چەکدارەوە نوێنەرایەتی دەکران. ساڵانێکی زۆر کوردی داگیرکراو بە دروشمەکانی “یا کوردستان یا نەمان” بەرگری لە مانەوەی خۆی دەکرد، لەم پێناوەدا هەزاران شەهیدیدا، بەڵام ئەزموونەکان بە گشتی و زۆر بەتایبەتیش ئەزموونی باشوور ئەوەی یەکلاکردەوە کە لەژێر ئەم دروشمەدا کوردستان بۆ بەرپرسە گەندەڵەکان و سەرکردە خۆوخاک فرۆشەکانە و نەمانیش بۆ قوربانییەکانە، دوژمنیش هاو خەبات و هاوبەرژەوەندی حیزبە بازرگانەکانە. (مەبەستم لە قوربانیی، جگە لە شەهیدەکان، هەموو ئەوانەشە کە هێشتا لەژیانێکی درۆیینەدا لەژێر سایەی بەرپرس و سەرکردە و سەرۆکە کوردە داگیرکەرەکاندا ژیان بەسەر دەبەن. مەبەستم لە ژیانێکی درۆیینە، پراکتیزەکردنی شێوازێکە لە “بوون” بەبێ بوونی مانایەکی ڕاستەقینەی ژیان، بەردەوامبوونێکی زۆرەملێیە لە جیهاندا، بەڵام بەبێ ژیانکردن).

جگە لەمە، ساڵانێکیش دروشمەکانی “یەکسانی و ئازادی” بوونە داینەمۆی بەردەوامبوون و کۆڵنەدان و بەرگری، ئەمەش، لای هەندێک لە گرووپە چەپەکان، بە ڕزگارکردنی سەراپای جیهان لەدەست سەرمایەداری و بەدیهێنانی ئازادی و یەکسانی بۆ سەرجەم مرۆڤایەتیی دێتە دی. کەچی ئەزموونەکان و زۆر بەتایبەتیش ئەزموونی ئەو بزووتنەوانەی بەناوی چەپ و مارکسیزم و کۆمۆنیزمەوە لە پارچەکانی کوردستان خۆیان نمایش دەکرد، نەک خۆیان بە خوێندنەوەی چەمکەکانەوە هیلاک نەدەکرد، بەڵکو هەرکەسێکیش بەو ئاراستەیەدا قسەی بکردایە ناتۆرەی “ڕۆشنفیکر” و “مەکتەبیی”یان دەخستە پاڵی. دوای ئەوەی حیزبی شیوعی شانبەشانی پاشەکشەی سۆڤێتی جاران لە ناوچەکەدا ئەستێرەی خەباتی پووکایەوە، ئەو بزووتنەوانەش کە بەناوی مارکسی – لینینی و کۆمۆنیزم و کۆمۆنیزمی کرێکارییەوە سەریان هەڵدا، نەیانتوانی شرۆڤەیەکی دروست بۆ بارودۆخی سیاسی ناوچەکە بکەن و ئایدیۆلۆژیاکەیان لەپەیوەند بە ململانێ ناوجەیی و جیهانییەکان پێشبخەن. تا کاتی ڕووخانی دیواری بەرلین و بلۆکی ڕۆژهەڵات بەشوەیەکی فەرمی (چونکە پێش ئەو بەروارەش دەمێک بوو لەناوەوە کرمێ ببوو)، بزووتنەوە سۆشیالیست و کۆمۆنیستەکان شێلگیرانە داکۆکییان لە شکست و هەڵەکانی سۆڤێت و تەنانەت چینیش دەکرد، چونکە وەک پشتوپەنایەکی بەهێز بۆ خۆیان و بزووتنەوەکەیان دەبینی، بەڵام لەدوای ئەو بەروارە، بەشێکی زۆریان وازیان هێنا و چیدی خۆیانیان بە پرسەکانی شۆڕش و شۆڕشی پرۆلیتارییەوە خەریک نەکرد، ئەوانەشی کۆڵیان نەدا، بەشێکی زۆریان لەبەرامبەر ئەو پرسیارەدا کە بۆچی سۆڤێت شکستی هێنا، شەرمنانە وەڵامیان دەدایەوە، کۆمۆنیستە کرێکارییەکانیش یەکدەنگ، ئەو وەڵامەی مەنسووری حیکمەتیان کردە قەڵغانی ڕووبوڕووبوونەوەی ئەو پرسە، ئەوەی ” له‌ کۆتایی ده‌یه‌ی بیست به‌دواوه‌ کۆمۆنیزم له‌ بنه‌ڕه‌تدا له‌ خه‌ت لایداوه‌. لێره‌ به‌دواوه‌ خودی مه‌سه‌له‌ی سۆڤیه‌ت له‌ ته‌نیشت مه‌سه‌له‌ی کاپیتاڵیزمه‌وه‌ به‌ شێوه‌ی گشتی، بووه‌ته‌ گیروگرفتێکی میحوه‌ری کۆمۆنیزمی ڕاسته‌قینه‌ی کرێکاریی. سه‌رنه‌که‌وتوویی تا ئێستای سۆشیالیزم وه‌ک ئامانجێک به‌رهه‌می ئه‌و ڕاستیه‌یه‌ که‌ ئه‌و تاکه‌ بزووتنه‌وه‌یه‌ی که‌ ده‌توانێت ئه‌م ئامانجه‌ به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نێ به‌هۆی به‌ میللی کردن و ده‌ست به‌سه‌ردا گیرانی شۆڕشی کرێکارییه‌وه‌ له‌ سۆڤیه‌ت دووچاری لاوازی و لێک دابڕان هات.‌ سۆشیالیزمی کرێکاریی تا ئه‌مڕۆ له‌ ژێر باری ته‌جروبه‌ی سۆڤیه‌تدا پشتی ڕاست نه‌کردۆته‌وه” مەنسور حیکمەت، مارکسیزم و جیهانی ئەمڕۆ.
هەڵسوڕاوەکانی ئەو بزووتنەوەیە، وێڕای هەر تێبینییەک لەسەر ئەو زمانە نامۆ و شەقوشڕەی لەنێو کوردی و فارسی و عەرەبی و چەند زاراوەیەکی تێکشکاوی ئینگلیزی و لاتینیدا دەخولایەوە و تا ئێستاش پاکیان نەکردۆتەوە، بەجۆرێک، نەک زمانی نوسین و قسەکردنەکانیان لە واقیع نزیکنەدەکردەوە، بەڵکو زۆر بە ئاسانی ئەندامەکانیان بەو زمانە دەناسرێنەوە کە پڕە لە هەڵەی وشەسازی و ڕێزمانیی، ئەمەش دابڕانێکی ئاشکرای دروستکردوو. لەوەش زیاتر، (جگە لەو ئەندامە سەرکردایەتییانەی وازیان هێناوە) بەدرێژایی ٣٥ ساڵ زیاتری ئەو بزووتنەوەیە لەسەردەمی ڕێکخراوەکانەوە و نزیکەی ٣٠ ساڵی دروستبوونی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراقەوە، تا ئێستا هەمان ڕابەرایەتی و سەرکردایەتی هەیە و ئەو ناوانەی لەو سەردەمەدا هەبوون، تا ئێستا هەر ئەوانن. زۆری لەسەر نەڕۆین، زۆربەی هەرەزۆریان کەوتنە ناو داوەکەی نەوشیروانەوە و لە ١٧ی شوبات دا بەشێک بوون لە نەوشیروانی و ئەسلامییەکان، کەوتنە ناو یارییەکانی ڕیفراندۆمی بارزانییەوە، کەوتنە ناو یارییەکانی دیموکراتییەوە و لە هەڵبژارنەکانی شارەوانیدا بەشدارییان کرد.

تێپەڕیین بەناو ئەو ئەزموونانەدا، کە ئیسلامیزم و ناسیۆنالیزم و فاشیزم یارییان تێدا دەکرد و کۆمۆنیستێکی گۆشەگیری بێ ئاسۆ و داخراو بەسەر خۆیدا لە کەنارەکانیدا بوو، دەشێت ئاراستەی تێگەیشتنەکان لە پێویستیی و حەتمییەتی بوونی حیزبەوە بگۆڕێت بۆ پێداویستی خۆبەڕێوەبردنی سەربەخۆ لە کۆمەڵگەیەکی ناحیزبیدا کە هەموو سیستمەکە، لە خوارەوە بۆ سەرەوە، لە گەڕەک و شوێنی کارەوە تا نوێنەرایەتیکردنی سەراسەریی، بەشێوەی هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی نوێنەرەکان، خۆی دامەزرێنێت.

ئەم خۆ ڕێکخستنەوە و خۆدروستکردنەوەیەی کە لە ڕووکەشدا خۆبەخۆ و عەفەوی دەردەکەوێت، ئەنجامی چنینێکی جاڵجاڵۆکەیی ناو ماڵەکان و ئیرادەی تاکەکانی ئەو کۆمەڵگەیە و کوردە داگیرکراوەکانە کە ساڵانێکە بەشەوەی جیاجیا خۆی دەردەخات و جاەبەجاریش گەشەکردووتر و پێگەیشتووتر دێتە پێشەوە. ڕۆژهەڵاتی کوردستان جگە لەوەی چەندین نوسەر و هونەرمەندی داهێنەری پێشکەش بە هەر چوار پارچەکە کردووە، جاڵجاڵۆکە ئاسا تەزووی شۆڕشێک دەهۆنێتەوە، کە ڕۆژ بەڕۆژ ڕۆشناییەکانی زیاتر بەدیار دەکەون، ئەوەتا دروشمی ژن…ژیان…ئازادی جێگەی دروشمە لەکارکەوتووەکانی گرتەوە و بووە دروشمێک نەک سەراپای کوردستان و ئێران، بەڵکو وردە وردە خەریکەهەموو جیهان دەتەنێت.

ڕزگار حەمە ڕەشید




ئه‌وكاته‌ی ئۆجا‌لان به‌ بووكچین گه‌شت.. نووسینی: دامیەن گرێبەر و شانن برینکات..

وه‌رگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: گۆران عه‌بدوڵڵا

تێبینی: ئەم نووسینە بەشێکە لە کتێبی: بونیادنانی ژیانی ئازاد، دیالۆگ لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان.

ئەم کتێبە لە کتێبخانەکانی کەرکوک و سلێمانی دەستدەکەوێت.

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن..




خڕۆشانی جەماوەری ئێران یان خڕۆشاندنی!.. حەسەن ڕازانی

(ئایا جەماوەرو خەڵکی ئێران خرۆشاوە یان خڕۆشێنراوە؟)

خەڵکی ئێران خڕۆشاوە، هاتۆتە سەر شەقامەکان، دەستی داوەتە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان، هیچ بستێک نەماوە پڕی نەکردبێت، هەر لە کووچەوە بیگرە تا کۆڵان. ڕژێمیش، وەک پیشەی هەمیشەیی، بێباکانەو بێ بەزەییانە لێدەدات، سەرکوت دەکات، دەکوژێت ، دەگرێت و زیندانی دەکات، لە مەیدانەکاندا بە ئاشکرایی پەت دەکاتە ملی ئازادی خوازان، هەڕەشە دەکات و هەنگاوی هەتا نان بڕینیش دەنێت.
خڕۆشانەکە ،وا دەردەکەوێت، زوربەی سێکتەروناوشارەکانیشی گرتبێتەوە. پرسیارێک، بە بڕوای من، دەبێ بکرێت ئەوەیە ئایا ئەمە خڕۆشان و ناڕەزایەتیە هی خەڵک خۆیەتی یان بە بەرنامەو پلانی دەرەوەی خۆیەوە خڕۆشێنراوەو هێنراوەتە سەر شەقامەکان و لە شوێنێکی ترەوە ئەو تەپڵی ناڕەزایەتییەی بۆ لێدەدرێت؟
کێیە خەڵک و جەماوەری خڕۆشاندووە؟ کام خەڵکەو کام جەماوەرەیە خڕۆشاوە یان خڕۆشێنراوە؟ ئایا ئەگەرخڕۆشان و ڕژانە سەر شەقامی خەڵک و جەماوەر بە شێوەی هەڕەمەکی بێت، پەرت و بڵاو بێت، ناڕێکخراوبێت، بێ بەرنامەو بێ پلان و بێ ئاسۆ بێت، دەبێ چی لێ شین ببێتەوە؟ ئایا ڕووخانی ئەم سیستەمە بە سیستەمێکی وەک خۆی یان لە خۆی خەراپتر چی دەگەێنێت؟ وەک چۆن ڕژێمی شاهنشاهییان بۆ ڕژێمی ئاخوندەکان کۆتایی پێهێنا. ئایا ڕۆڵی چینە هەرێ داپڕوکاوو زەحمەتکێشەکە لەو بێنەوبەرەیەدا چیە؟ ئەو چینەی کە هەمیشە دەبێتە زەخیرەو دەستەچیلەی تەواوی ئاڵووگۆڕەکان لە سیستەمەکانی حوکمڕانیدا وەک چۆن بۆ لادانی شا بە کارهێنران ئایا لە ئێستای وەلانانی ئاخوندەکانیشدا هەمان سیناریۆ دووبارە دەبێتەوە؟ یان وەک دەردەکەوێت بەشی ئەو چینە شۆڕشگێڕو زەحمەتکێشە لە کۆتاییدا هەر ئەو بەشە دەبێ کە پێشترهەیان بووە و لەوانەشە بەرەو خەراپتریش بچێت..وەک دەگوترێت زەمانی شا زۆر باشتر بووە لە زەمانی ئاخوندەکان. هەروەها مێژووی ئەو ناوچەیە شاهیدی درووستی ئەو بۆچوونەیە. ئایا بارو گوزەرانی چینی کرێکار چی لێ بەسەردێت؟ چەپ و کۆمۆنیستەکان کە خۆیان وەک نوێنەری ڕاستەقینەی کرێکاران نیشاندەدەن لەو کێشمە کێشەی نێو ئێستای ئێراندا چ ڕۆڵێک دەتوانن ببین و لە کوێی ئەم بێنەو بەرەیەدان؟ دەتوانن چی بۆ داهاتووی چینی کرێکار بکەن؟ ئایا دەبێ پێشبینی ئەوەیان لێبکرێت، کە وەک ڕابردوو، تەوژمی سیاسی لایەنێکی سیاسی پەلکێشکیان بکاتە ناو خۆی و بەکار بهێنرێن وەک ڕابردوو؟ وە لە کۆتاییشدا بە مایەپووچ و سفر بەدەست بمێننەوە؟ شۆڕشی ٧٩ی گەلانی ئێران شاهیدی درووستی ئەو بۆچوونەیە.
هەر بەدوای کوژرانی مەهسا ئەمینی لە ڕۆژی ١٦-٩-٢٠٢٢ خۆپیشاندان و خرۆشانی جەماوەری ئێران دەستی پێکرد. سەرەتا تەواوی شارەکانی کوردوستان و ئینجا زۆری نەبرد تەواوی قوڵایی ئێرانیشی گرتەوە. حکومەتی ئێران هەر لە سەرەتاوە ڕایگەیاند کە ئەوە دەستی دەرەکییەو هی خەڵکی ئێران خۆی نیە. بەشێکیش لە خەڵک پێیان وابوو هەروەک جارانی پێشوو کێبەرکێیئ نێو باڵەکانی ئاخوندەکانی ناوخۆی ئێران بێت. بەتایبەتی بۆی هەیە لە نێوان ڕیفۆرمیستەکان و ئاخوندە موحافزکارەکاندا بێت. هەندێکیش بەلای ئەمریکاو ناتۆدا دەڕۆییشتن و دەیان گوت فشاری ئەمریکاو ناتۆیە بۆ سەرئێران تا دەربارەی بابەتی ئەتۆمییەکە نەرمی بە ئێران بنوێنن لەگەڵ ئەمریکاو بە داخوازیەکانی ئەمریکاو ناتۆ ڕازی بێت.
بە بڕوای من، ئەو بۆچوونانە ڕاستییان تێدا هەیە. بەڵام لە هەموو ئەمانە ڕاستر بریتییە لە ڕق و توورەیی جەماوەری ئێران لە سیستەمی کۆماری ئیسلامی. جەماوەرو خەڵکی ئێران وا بۆ چەندین دەیە دەچێت کە بەدەستی ئەو سیستەمەوە دەناڵێنن . ئەو سیستەمە بە کۆماری پەت و سێدارە ناسراوە، خەڵکی ئێرانی لە ئەوپەڕی ژیانی کۆڵەمەرگی و خەفەقاندا ڕاگرتووە، بەتایبەتی بەشە کوردوستانیەکەی.
بۆیە دەبێ بڕوامان وابێ کە ئەوە خەڵکی ئێرانە بە گشتی و خەڵک و جەماوەری کوردوستانی ئێرانیشە بە تایبەتی کە بزووتوون و هاتوونەتە سەرشەقامەکان و داوای چاکسازی و خۆشکردنی ژیانیان دەکەن. هەندێک جارانیش واوەتر ڕۆییشتوون و داوای گۆرینی سیستەم و حکومەتیان کردووە. بەڵام هەموو جاران کۆماری ئیسلامی ئەو ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانانەی تێک شکاندوون و بە ئاگرو ئاسن ڕووبەڕوویان بووەتەوە. لەو نێوەشدا پەیوەندی ناجێگیرو توڕەیی جەماوەر لەگەڵ ئاخوندەکان وای لە جەماوەر کردووە کە نەک هەر بۆخۆی بخرۆشێ و دەست بداتە خۆپیشاندان و ناڕەزایی ، بەڵک و زۆر بە ئاسانیش دەبێتە نێچیرێک و دەهێنرێتە سەر شەقامەکان و بەرەو ناڕەزایەتی دەربرین دەبرێت و دەخرۆشێنرێت. باڵێکی سیاسی ناو ئاخوندەکان دەتوانێت بەو کارە هەڵسێ لە دژی باڵەکەی تر.
لەوەتی کۆماری ئیسلامی لەسەر کارە، دەماو دەم و ناوە ناوە ئەو جۆرە خۆپیشاندانانە کراون. جا هەندێک جاران تەواوی شارەکان و قوڵایی ئێران وبەشە کوردوستانیەکەشی گرتۆتەوە. هەندێک جارانیش هەندێک شار یان زۆر لۆکاڵی بووەو بێکاریگەر بووەو زوو خامۆش کراوە. هەندێک جاران درێژخایەن بوون وهەندێک جارانیش زۆر کورت خایەن . بۆ نمونە ڕاپڕینی بزووتنەوەی سەوز لە ٢٠٠٩. دوایش ناوبەناوەو بە پچڕ پچڕی لە ٢٠١٠ و ٢٠١١. ئینجا دیسان لە ٢٠١٧ ، ٢٠١٩ تا دەگاتە ئەمەی ئێستا کە تازەترینیانە کە لە ناوەڕاستی مانگی ٩ی ٢٠٢٢ وە دەستی پێکردووەو هێشتا هەربەردەوامە.
لە زوربەی ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانەدا خەڵک داوای خۆشکردنی ژیانیان کردوەو هەندێک جارانیش داوای گۆرینی حکومەت یان کاربەدەستێکیان کردووە. هەندێک جارانیش لێرەو لەوێ تاک و تەرا داوای لە ڕەگ و ڕیشەوە گۆڕینی سیستەمیان کردووە. هەموو جارەکانیش ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان سەرکوت کراون و بە ڕواڵەت بێدەنگ کراوون، بە ڵام لە ڕاستیداو خەڵک لە نێوخۆیدا هەرناڕازی بووە.
هەرچەندە ئێستا ناڕەزایەتی وخۆپیشاندانەکانی خەڵک و جەماوەری ئێرانیان لە سەرتاسەرییەوە بەرتەسک کردۆتەوەو گواستوویانەتەوە بەرەو کوردوستان. خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێرانیان لە قوڵایی شارەکانی ئێرانەوە بۆ شارە سەرسنوریەکانی کوردوستانی ئێرانیان پاڵپێوەناوە. کە ڕوونترو سادەتری بکەینەوە دەتوانین بڵێین خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی خەڵک و جەماوەری ئێرانیان لە هەموو ئێرانەوە گواستۆتەوە بۆ ناوچەیەکی دیاری کراوی بچووک و لە خەڵکی ئێرانەوە بۆ خەڵکی کوردوستان و لە گەلانی ئێرانەوە بۆ کوردەکان و جا ئینجا لە کوردەکانیشەوە بۆچەندین شتی تر.
دەگوترێت ئەمە نە خۆپئشاندانی خەڵک و گەلانی ئێرانەو نە هی گەلی کوردیشە. بەڵک و ئەمە هی جوداخوازان و نۆکەرانی بێگانەیە. دەگوترێت دەستی ڕۆژئاواو ئەمریکاو ئیسڕائیل و سەهیۆنیەت و کوفری لە پشتە. دەگوترێت ئەمە بۆ ئەوەیە تا ئێرانیش پڕبکەن لە پەشێوی و ئاژاوەو لە کۆتاییشدا ئێرانیش بە مەرەدی وەڵاتەکانی تری ناوچەکە بەرن لە وێنەی لیبیا، تونس، میسر، سوریاو ئەفغانستان و یەمەن و لوبنان.
کۆماری ئیسلامی ئێران پێی وا نیە ئەوە خەڵک و جەماوەری ئێرانە لە دژی سیستەمی ئاخوندی ڕاپەڕیوەو خڕۆشاوە، بەڵک و پێیان وایە کە ئەوە دەستی دەرەکی و ئیسڕائیل و ئەمریکاو ڕۆژئاوای کوفرە کە بە یارمەتی پڕۆکسەکانیان لە نزیک و ناوخۆ هەوڵی تێکدان و پەشێوی دەدەن لە ئێران. بۆیە هەرلە یەکەم هەنگاودا کە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی ئێران بەرەو کوردوستان هێنران و لۆکاڵی کرانەوە هەر لەو ساتەوە، بە بڕوای من، زەنگی یەکەم هەنگاوی خامۆشکرانی ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینی خەڵک لێدرا و لە لایەکی تریشەوە یەکەم ئاماژەی خڕۆشاندنی جەماوەر، نەک خڕۆشانی بە ویستی خۆی، وەدەرکەوت.
کۆماری ئیسلامی بەو پلانەی کە بە زەبری هێزی ئاگرو ئاسن تا ئێرەی هێناوەو سەرباری ئەمەش خۆپیشاندانەکان هەر بەردەوامییان هەیەو فشارەکانی خەڵکیش هەرچەندە بە ڕواڵەت لۆکاڵی بوونەتەوە بەڵام هێشتا لە ناوەڕۆکدا هەر سەرتاسەرییە. بۆیە ، بە بڕوای من، ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران بەو پلانەی دوو سێ مەبەستی پێکاوەو تێشیدا، وەک دەردەکەوێت، سەرکەوتوو بووە.
یەکەم : کاریگەریی و مەترسیی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی لەسەر دەسەڵاتی ئاخوندەکان بە گشتی و لەسەر چەق و ناوەندی دەسەڵات کە شارە گەورەکانی قوڵایی ئێرانە بە تایبەتی تاران بە تەواوی لاداوە یان هیچ نەبێ کەمی کردۆتەوە
دووەم: ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێستا خۆی دەست ئاوەڵاتر کردووە، لە ڕاستیشدا هەر وا دەردەکەوێت ، بەهانەی سەرکوت و خەفەقان و دەستبردن بۆ پەت و سێدارەی زۆرتر دەست کەوتووەو بەبەردەوامی ئەو زەخیرەیەیەشی دەستدەکەوێت و جێبەجێکردنیشی ئاسانتر بووە. هەروەها هێزی سەرکوتی جێبەجێکاری کەمتر پێویستەو تواناو لۆجستی کەمتریشی بۆ ئەو مەبەستە پێویستە .
سێهەم: ئێستا ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پێشوو زیاتر هەم سوود زیاتر دەبینێ و هەمیش زیاتر پەرە دەدا بە جیاوازی ڕەگەزیی، جیاوازی ئایینی و مەزهەبی، جیاوازی نەتەوەیی، جیاوازی شوێن و پێکهاتەی جوگرافی، جیاوازی زمان و ئەتەکێت و کەڵچەرو چەندین جیاوازی تر.. ئەمەش هاریکاری ئەو سیستەمە دەبێت تا زیاترکەلێن بخاتە نێوان خەڵکی ئێران و زیاتر خەڵکی ئێرانیش بێهێزو نایەکگرتوو دەکات و لەبەرامبەریشدا خۆی بەهێزو دەستکراوەتر دەمێنێتەوە.
کەواتە ئێستا، بە بڕوای من، خۆپیشاندانەکان خەریکە لەدەست خەڵک و ویستی خەڵک و بەرنامەی خەڵک بهێنرێنەدەر. وا بۆ پێنج مانگ دەچێت بەردەوامییان هەیە بەڵام هێشتا ناڕێکخراو دیارن و کاریگەریشیان تادێت بەرەو کەم بوونەوە دەچێت لەسەرکۆماری ئیسلامی و تەواوی سیستەمەکە. وا دەردەکەوێت کە چۆن خۆپیشاندان و مانگرتنەکانی مەیدانی تەحریری بەغدا و ١٧ی شوباتی بەردەرکی سەرای سلێمانی بە تێپەڕبوونی کات کپ کرانەوە بێ ئەوەی بگەن بە هیچ یەکێک لە ئامانجەکانیان ئەوانەی ئێرانیش هەر بەو مەرەدە دەڕۆن.
کاتێک کە دەگوترێت ڕژێمی کۆماری ئیسلامی هەردەڕووخێت و لە ناودەچێت دەبێ بزانرێ و بگوترێ کێ ئەو کارە دەکا؟ کێ و چ جیهەتێکی سیاسی مۆری گۆڕان و ڕووخان لە سیستەمەکە دەدا. هەموومان دەزانین هەموو سیستەم و ڕژێمێکی سیاسی بۆ هەتاسەر نامێنێتەوە، جا یان هەر خۆی دەڕواو دەڕووخێت ، کە ئەوەش شتی نالۆجیک و دەگمەنە یان دەرووخێنرێت و لەناو دەبرێت. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کێ ئەم کارەی کرد یان دەیکات، چ بەدیلێک جێگەی گرتەوە یان دەگرێتەوە؟
خەڵکی ئێران وانەی باشی لە دوێنێی خۆی وەرگرتووە. شۆڕشی ٧٩ی گەلانی ئێران کە چەپ و لیبڕاڵ و کۆمۆنیستەکان بەشی شێریان لە وەلانانی ڕژێمی شا بەردەکەوێت بەڵام بەشی ڕێویەکیشیان لە ئەنجامدا دەست نەکەوت. ئەمە خاڵە گرنگەکەیە کە دەبێ ئاگامان لێی بێت. ئەم مێژووە بە درێژایی خۆی پێمان دەڵێت خەڵک نەخرۆشابوو بەڵک و خرۆشێنرابوو، خەڵک ناخرۆشێت بەلک و دەبێ بخرۆشێنرێت. واتە لایەنێکی سیاسی و لە پشتی خەڵکەوە ئەو کارە ئەنجام دەدا. ئەوەی ئێرانیش هەروا دەردەچێت و لە هی شوێنەکانی تر بەدەر نیە. وا دەدەکەوێت کە لایەنێکی سیاسی هەیەو هەر ئەویش لە دەرەوەی ئیرادەو خواستی زۆرینەی خەڵکی ئێران کۆتاییەکە بەدەست دەهێنێت. سیستەمی ئاخوندەکان ئەو لایەنە سیاسییە بوون و لە دەرەوەی ئیرادەو خواستی زۆرینەی خەڵکی ئێران توانییان کۆتاییەکە بەدەست بێنن.
کە دەگوترێت ئاخووندەکان بە زەبری هێزو فڕوفێڵ و پاڵپشتی دەرەوە خۆیان سەپاند، ئەمە نابێتە جێی باس و بە بڕوای من هیچ گرنگیش نیە . بابەتی جێی باس و گرنگ ئەوەیە کە کێ دەڕوا یان لادەبرێت و لە کۆتاییشدا کێ هات یان کێ دێت؟ کێ ماندوو بووە نابێتە مەسەلەیەک کە گرنگی بمێنێت. واتە کێ حوکمی بەدەستەوە گرت یان چۆنی بەدەستەوە گرت مەسەلەیەکی ترە.
بابەتە سەرەکیەکە ئەوەیە کێ خرۆشاوە گرنگ نیە بە قەدەر ئەوەی کێ خرۆشاندوویەتی. ماشێنێک کە دەڕوا گرنگ نیە ، بەڵک و گرنگە بزانرێت چ مەکینەیەک ئەو ماشێنە دەبزوێنێت… خەڵکەکە ئێستا ماشێنەکەیەو بزوێنەرەکەش ئەو لایەن و باڵ و گرووپە سیاسییە کە ڕێکخراوەو لە پشتەوە خەڵکەکە دەبزوێنێت و ئاراستەشی دەکا. ماشێنی بێ مەکینە بوونی نیەو بشبێت ناجوڵێت و نابزوێت. بۆیە دەبێ خەڵک و جەماوەر ببزوێنرێت و بجوڵێنرێت…ئایا چەپ و کۆمۆنیست و لیبڕالەکان ئامادەن ببنە ئەو بزوێنەرو داینەمۆی جوڵاندنی خەڵکی ئێران و هەر خۆشیان کۆتاییەکەی بەدەستەوە بگرن و دیاری بکەن؟ یان دیسان دەیبزوێنن و دەیخرۆشێنن بەڵام گوێ نادەنە ئەوەی کۆتاییەکەی چ دەبێت و کێ مۆری خۆی لێدەدات؟ یاخود لێ دەگەڕێن بۆ چینێکی ئاخوندی تر یان ستایڵێکی تری شاهنشاهی ؟ بە بڕوای من داهاتوو وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە.
زووربەی دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتیی و دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی کە دەوڵەت و وەڵاتی ئیسرائیلی لێ بینیتەدەر زۆر بەکەمی توانیویانە بۆ ماوەیەکی درێژ سەقامگیری سیاسی بەخۆیانەوە ببینن. ئەمەش هەم ڕۆژگارو مێژوو سەلماندویەتی و هەم پێکهاتەی سیستەمە حوکمڕانیەکان بە شێوەیەک بنیاتنراوون کە بەشێکی ئەو ناسەقامگیرییە خۆیان ڕاستەوخۆ لێی بەرپرسن و بەشێکیشی دەوڵەتانی تری گەورەی جیهانی..
هەر کاتێک کە خەڵکی یەکێک لەو وەڵاتانە کەوتوونەتە سەرخۆو هەوڵی گۆڕانکاری ڕیشەییان دابێت کە لەبەرژەوەندی خەڵکی وەڵاتەکەدا بووبێت ئەوا لەولاوەو بە ئاشکراو بە نهێنی هەم بۆ خۆیان هەم لە ڕێگەی پڕۆکسیەکانیانەوە بزووتنەوەو جوڵانەوەو ناڕەزایەتیەکانی خەڵکیان بەلاڕێدا بردووەو خۆیان بە ویستی خۆیان ئاڵوگۆڕیان لەسیستەمەکەدا کردووە. هەموو جارێکیش بەهانەی ئەوەی ئەو سیستەمە دژی مافی مڕۆڤەو خەڵکی خۆی دەچەوسێنێتەوەو دیکتاتۆرەو دەیان شتی تریان ئەوەندەی کە خۆی بوونی هەیە هیندەی تریشیان لە بەر بەرژەوەندی سیاسی بۆ زیاد کردووە..
بزووتنەوەو پارتە سیاسیە ئۆپۆزسیۆنەکانی ناوخۆی وەڵاتەکەش بەرژەوەندی سیاسی خۆیان وای لێکردوون کە بچنە ناو بازنەی پلانی دەوڵەتە گەورەکەو بە هەمان تەپڵ هەڵپەڕێندراون. تەنانەت هەندێکیشیان خۆیان بەشێک بوون لەو پلان و ئەجیندایە و وەک پڕۆکسی کاریان کردوەو لەولاشەوە خۆڵیان کردۆتە چاوی خەڵکی وەڵاتەکەی خۆیان و وەک پاڵەوان و شۆڕشگێری وەڵات خۆیان بەخەڵک ناساندووە. ئا لێرەدایە کە دەڵێین خەڵک دەخرۆشێنرێت نەک دەخرۆشێ یان خڕۆشاوە.
ئەو دەوڵەتە گەورەو زلهێزانە هەرکە هەستیان بەوە کردووە خەڵک خەریکە گۆڕانکاری دەکات و سیستەمی حوکمڕانی خەریکە بە شێوەیەک بگۆڕێت کە لەبەرژەوەندی ئەواندا نابێت، دێن خۆیان لەناوخۆی وەڵاکە هەڵدەقورتێنن جا یان خۆیان ڕاستەوخۆ بەوکارە هەڵدەستن یان لە ڕێگەی پڕۆکسیەکانیانەوە ئەو کارە ئەنجام دەدەن. لەوبارەوە نموونە زۆرن. ئەو دەوڵەتە گەورانە ناوە ناوە لەبەرژەوەندی خۆیان ئاڵوگۆڕیان لە سیستەمی هەروەڵاتێکدا کردووە کە خۆیان ویستوویانە. یان هەر کە گەییشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە ئیتر ئەو سیستەمە کۆن بووە یان پیر بووەو توانای ئەوەی نەماوە کەڵک و سوودی بۆ ئەوان هەبێ پلانی ئاڵوگۆڕیان بۆداناوە . بۆیە هاتوون جێگرەوەیان ئامادەکردووەو هەموو جارێکیش جێگرەوەکان ئەوەندە دژە خەڵکی بوون کە خەڵک ئاواتی بە سیستەمی پێشی ئەو خواستووە. بەهاری عەڕەبی بە نموونە. هیچ وەڵاتێک لە تونسەوە بیگرە تا میسرو سوریاو تەنانەت عێڕاقیش، کە پێش بەهاری عەڕەبی و بە بەهانەیەکی تر سیستەمەکەیان بەگەلەکۆمەکی نێودەوڵەتی لەناوبردووە، نەتوانراوە سیستەمێک جێگیر بکرێت کە بۆ خەڵکی وەڵاتەکە لە هی پێش خۆی باشتر بێت..
بۆیە دەبێ خەڵک ئاگاداری مێژووی سیاسی دوێنێی خۆی بێت و دەنگی تەپڵی سیاسەتمەدارانی بەرژەوەندی خواز هەڵی نەپەڕێنێت.

حەسەن ڕازانی..٢٣-١-٢٠٢٣




بێدەنگی ئێمە (جارێکی تر) کوردەکان لە پاریس دەکوژێت.. کارۆل مان

وەرگێڕانی لە فەڕەنسییەوە: دیار عەزیز شەریف

نزیکەی دە ساڵ دوای تیرۆرکردنی سێ خەباتکاری کورد لە ٩ کانوونی دووەمی ٢٠١٣، هێرشێکی تازە لە پاریس کراوەتە سەر ناوەندی کولتووریی کوردی. هەر ئەوها بەسادەیی رووداوێکی رەگەزپەستانەیە؟ پێویستە ئەوەمان لەیاد بێت کە لە پەیوەست بە دۆسیەی تیرۆرکردنی هەر سێ خەباتکارە کوردەکە، ساکینە چانسیز، فیدان دۆغان، لەیلا شایلەمەز لە ٢٠١٣، دەسەڵاتی دادوەریی فەڕەنسی بەهیچ شێوەیەک لێپرسینەوەی لەگەڵ تورکیا نەکرد. لە پێشنیوەڕی ٢٣ دێسێمبەر، هێرشێک لە دژی سەنتەر ئەحمەد کایا لە شەقامی ئۆنگیێن لە پاریس ئەنجامدرا، جارێکی تر سێ کوردی دیکە لەنێویاندا کوژران، بەگوێرەی عەگید پۆلات وتەبێژی کۆنسەی دیموکراتیکی کورد لە فەڕەنسا، یەک لەوانەی گیانیان لە دەستداوە ژنێکە کە بەرپرسی بزوتنەوەی ژنانی کوردە. هێشتا ٦ لەوانەی برینداریش بوونە باری تەندروستییان ناجێگیرە.
لەگەڵ ئەوەشدا نە میدیا نە سیاسەتمەدارانی فەڕەنسا نایانەوێت بە روون و ئاشکرا دان بە سیما سیاسییە دیارەکەی ئەم تیرۆرکردنە سێ ئەوەندەییە دابنێن: میدیاکان (هەروەها میدیاپارت و لیبێش). تەنها ئەوە نەبێت کە رۆژنامەی لوموند دواجار لەسەر ماڵپەڕەکەی لە کاتژمێر ٢٢:١٨ بەشێک قسەکانی عەگید پۆلاتی دانا کە تێیدا داوای لە دەسەڵاتدارانی فەڕەنسی کردووە “واز لە دەست و پەنجە نەرمکردن لەگەڵ دەسەلاتدارانی تورکی و دڵخۆشکردنیان بهێنن کاتێک مەسەلەکە دێتە سەر ئاساییشی کوردەکان”، دەشڵێت ” دەسەڵاتدارانی فەڕەنسی دەبێ ئێمە لەخۆبگرن و ئەم یارییە گاڵتەجاڕییە بوەستێنن”. دیقەت بدەن چۆن لە کەناڵی فەڕەنسا ٢٤، لە کاتی پەخشی هەواڵەکان لە کاتژمێر ٨ ئێوارە وتارەکەی عەگید پۆلات رێک ئەو شوێنەی لێ قووتکرابوو کە تێیدا وتەبێژەکە خەریک بوو ئاماژە بەوە بدات تورکیا بەرپرسیارە لەم پرسە.
جێرارد دارمانینی وەزیری ناوەخۆ هەمان لێدوانی سەرۆک ماکرۆن دا کە ویستیان ئەم هێرشە بە نزیکەیی وەک رووداوێکی رەگەزپەرستانە بیبینن، زیاتر نا. بکوژەکە، خانەنشینێکی هێڵی شەمەندەفەر، وەک دەزانین تاوانبارێکی دووبارەبووەوەیە، ناسراو بووە بە هەوڵدانەکانی بۆ کوشتنی پەنابەران.
سەرنجبدەن ئەو ئازادکرابوو بەبێ ئەوەی ماوەی سزاکەی بەسەرببات کە بەهۆیەوە بەسەریدا سەپێنرابوو، ئەمەش ئەوە پیشان دەدات کە چەند بە بێبایەخییەوە لە هێرشە رەگەزپەرستییەکان دەڕوانرێت، هەر بەراست. هەموو ئەمانە بەسە بۆئەوەی دادوەری گشتی پاریس لۆرا بێکیوۆ رایبگەیەنێت: ” لە ئێستادا هیچ شتێک رێگە بە بوونی هەر جۆرە پەیوەندییەکی ئەم پیاوە بە بزوتنەوەیەکی ئایدیۆلۆژیی توندڕەو نادات”
ئەگەر حکومەت باسی “تاوانی قێزەون” دەکات ( بەدڵنیاییەوە هەر ئەوەندەشە کە دەیکات)، ئەوا سیاسییەکان پەلەدەکەن بۆ سوودوەرگرتن لە دۆخەکە لە بەرژەوەندی ئایدیۆلۆژیی خۆیان. بەم شێوەیە پارتی چەپی رادیکاڵ وەکو پارتی سۆسیالیست بەپەلە پارتی راستڕەوی توندڕەو تۆمەتباردەکەن- و دارمانین وەڵامی ئەوانی دایەوە کاتێک لەبەردەم کامێراکانی شەقامی ئۆنگییەن لیستێکی ئەو رێکخراوە راستڕەوانە دەکات کە لە ماوەی رابردوو هەڵیانوەشاوندوونەتەوە. بەلای پارتی راستڕەوی توندڕەویش، ئەمە بەدڵنیاییەوە بێباکی گشتگیرە، ” دڕندەیی گشتگیر” بەگوێرەی ئەریک زێمور کە خۆیشی لەژێر پرسیار دایە.
هەروەک لە فەڕەنسا، گرنگ نییە چ پرسێک بێت، گرنگ نییە چ تاوانێک روویدا بێت، شەڕێک یان تەنانەت کارەساتێکی سرووشتیش دەرفەتێک بووە بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکی و ململانێیەکانیان لەنێو ئەنجوومەنی نیشتیمانی- و وەرگرتنی بینەران و خوێنەرانیش بۆ گەمژەیی. لەم نێوەدا، ئێمە بەتەواوی کوردەکانمان لە بیرکردووە و بەتایبەتی لەو شەڕە دڕندە و بێبەزەییەی کە ئەردۆغان لە دژی ئەوانی بەرپاکردووە. سەرباری ئەوەش، پارتی راستڕەو تەنها ئاژاوەگێڕییەکانی کوردەکانی پاریسی لەبیر دەمێنێتەوە کە دژی پۆلیس ئەنجامیاندا بۆ دەربڕینی توڕەیی و پەستبوونی خۆیان لە دژی تێنەگەیشتنی بەرفراوانی سیاسییەکان کە بۆ جارێکی تر لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکانیان رادەکەن.
با بگەڕێینەوە بۆ واقیعە زۆر قێزەونترەکە. دەبێ ئەوەمان لەیاد بێت کە لە پەیوەست بە تیرۆرکردنی هەر سێ خەباتکارە کوردەکە، ساکینە چانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز لەگەڵ ئەوەی بەدواداچوونەکە گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ئەمە کردەیەکی تیرۆریستی بووە، کەچی دەسەڵاتی دادوەری فەڕەنسی بەهیچ شێوەیەک لێپرسینەوەی لەگەڵ تورکیا نەکرد. ئەنقەرا یەکسەر بێتاوان دەرچوو تەنانەت کاتێک لەبیریشمانە کە لەسایەی کچ و کوڕە شەڕڤانە کوردەکان بوو کە هەڕەشەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا توانرا کۆتایی پێبهێنرێت- لانی کەم تا ئێستا چونکە ئەم بزوتنەوەیە خەریکە بەهێزەوە دەگەڕێتەوە-ئەمەش بە پشتگیریی ناڕاستەوخۆ (یان لەوانەیە راستەوخۆ)ی تورکیا، دەبێ دان بەوەدا بنرێت، تورکیا پێشوەختە لە ساڵانی ٢٠١٥-٢٠١٦ ئەم دەبڵ یارییەی دەکرد.
میدیاکانی فەڕەنسی گاڵتە بە بابەتی ئەم پیاوە پیرە فرانکۆ-فەڕەنسییە بوغزاوییە دەکەن کە لە گەمژەیەکی کەنەفت دەچێت، ئەمە جێی گومان نییە. بەڵام دەبێ بەڕاستی تا ئەو شوێنە ساویلکە بین کە پێمانوابێت دەزگای هەواڵگریی تورکی بکوژێکی نموونەیی لەوێ هەڵنەبژاردبێت؟ تا تاوانێکی ئەوها تەواو. یان نزیک لەوە ئەنجامبدات.
ئەو پرسیارەی خۆی قووت دەکاتەوە ئەوەیە بزانرێت کە بۆچی فەڕەنسا و ( ئەوانی تر) دەیانەوێت تورکیا بپارێزن. ئایا ئەندامبوونی لە ناتۆ گەرەنتییەکە بۆ دەربازبوونی لە سزا؟ ئایا ئێمە لەوە دەترسین کە تورکیا هەزاران پەنابەرمان بۆ رەوانە بکات کە لەڕووی تیۆرییەوە لەسایەی پشتیوانی دارایی ئەوروپی لەوێ هێڵدراونەتەوە؟ ئایا ئێمە متمانە بەو سوڵتانە خۆبەزلزانە دەکەین کە بۆ هێنانەدی ئاشتی لەنێوان ئۆکرانیا و روسیا، وەکو جورج بەدزییەوە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر دەچێت، بەڵێنی سەرسوڕهێنەر و چەواشەکارانە لە هەموو شوێنێک دەدات و دڕۆنەکانیشی لەوێ بوەستێ؟ کەچی خولەکێک دواتر بۆچوونی خۆی دەگۆڕێت.
هەسارەی زەوی پێدەچێت لە ئێستادا کەوتبێتە ژێر هەژموونی تەماعەکانی نیو-فاشیزم، تەنانەت تۆتالیتاریەتیش. لەنێوانی پوتین، خامەنی و ئەردۆغان، ئێمە لێی دەخۆین…
ئەگەر رای گشتی بەتوندی لە دژی ئەو دەستدرێژییە تاوانکارییانە بێتە دەنگ کە سەرکردەکان لە مۆسکۆ و تاران ئەنجامی دەدەن، ئەوا کاتی ئەوە هاتووە هەمان شت لە دژی ئەنقەراش بکرێت. ئەوەی ئەمڕۆ لە شەقامی ئۆنگێین روویدا ئەوە تەنها سەری شاخێکی سەهۆڵینە کە پێشوەختە بەدەرکەوتووە. ئێمە هەموو شتێک لە دەست دەدەین ئەگەربێتو بەردەوام بین لە دەستپێوەگرتن بەم بێدەنگییە تاوانکارییە.

• کارۆل مان سۆسیۆلۆژیستی بواری کێشەی جێندەری و ململانێی چەکدارییە، بەڕێوەبەری دامەزراوەی “ژنان لەنێو جەنگ”ە؛ ئەو کۆمەڵناس و مرۆڤدۆستە بە رەچەڵەک فەڕەنسییە وەک دۆستێکی نزیکی ئەزموونی رۆژئاڤا و پرسی کوردە بەگشتی.

سەرچاوە:

https://blogs.mediapart.fr/carol-mann/blog/241222/silence-tue-encore-des-kurdes-paris

کارۆڵ مان



ژیان و مردن لە فیلمێکی دوو خولەکیدا.. حه يده رعه بدولره حمان

کورتە فیلمێکی دوو خولەکی سینەماکار( فەرزین کەریم) م بینی، کە سیناریۆکەی باس لەهەوڵی خۆ کوشتنی ئافرەتێک دەکات، بەخۆهەڵواسین بەپانکەی ژوورەکەیدا.
داخەکەم فیلمەکە تایتڵەکەی دیار نیەو هیچ شوناسێکی نیە، تەنانەت ناوی دەرهێنەرو سیناریۆ نووس و وێنەگرو ئەکتەریشی لەسەر نیە، بەڵام فیلمەکە، ناچاری ئەوەت دەکا بەئاسانی بەسەریدا ڕانەبووری و هەڵوەستە لەسەر زۆر لەلایەنە هونەرییەکانی بکەیت.
پرسی خۆ کوشتنی ئافرەتان لەکۆمەڵگای کوردی دا پرسێکی نوێ نیە، بەڵام شێوازی خستنەڕوو چارەسەر کردنی جیاوازە.
نازانم فیلمەکە کەی بەبەرهەم هاتووە، بەڵام ئەوە دەزانم کە بە بەراورد لەگەڵ زۆر لەو فیلمانەی لەو چەند ساڵانەی دواییدا دەربارەی توندوتیژی دژی ئافرەتان بە بەرهەم هاتوون، فیلمێکی جیاوازەو فۆرمێکی هونەریی بەپێزی هەیە چ لەڕووی ئایدۆلۆژی و هزرییەوە، چ لەڕووی هونەرییەوە.
فیلمەکە خەسڵەتەکانی کورتە فیلمی بەخۆیەوە هەڵگرتووەو لەماوەی دوو خولەکدا، زۆرێک لە ئامانجەکانی دەپێکێنێ.
بۆیە دەرهێنەر پێویستی بەدەسەڵاتێکی هونەری چڕ هەیە لە بواری کورتە فیلمدا، تا بتوانێ ئەو دوو خولەکە بەشێوەیەک تەوزیف بکات، ئامانجەکانی خۆی و گوتاری فیلمەکە بە یەکەوە بگەیەنێت.
هەروا فیلمەکە بەزمانێکی درامی و ستاتیکی ئەوتۆ بەرجەستە بکات، لەڕووی فۆرمەوە چێژ ببەخشێت، هەمیش بیرۆکەو فەلسەفەی فیلمەکە وەک پێویست بەرجەستە بکات ، سەرجەم ڕەگەزە هونەری و ئایدۆژییەکانی لەسیناریۆی فیلمەکەدا چڕ کاتەوە.
بەگشتی هەست بەوە دەکەیت، دەرهێنەر خۆی دوورە پەرێز ڕاگرتووە لەوەی ئاراستەی سیناریۆکەی بەئاراستەیەکی ڕێکلام کردن ، یا پرسێکی بازرگانی ببات، بەڵکو هەوڵی ئەوەی داوە گوتاری فیلمەکە لەچوارچیوەیەکی تەسکەوە بپەڕێنتەوە بۆ فەزایەکی مرۆیی و کۆمەڵایەتی گەورەتر لەخۆی .
هەموو ڕەگەزو پێکهاتەکانی لە
سیناریۆ
وێنەگرتن
نواندن
موزیک
ئاوێتەی یەکتر بکات، بۆ دروست کردنی وێنەیەکی درامی وروژێنەرو سەرنج ڕاکێش، تا بەهەر چوار ڕەگەز گوتارێکی دیاری کراو بگەیننە بینەر، کە پەیوەستە بەکێشەی کۆمەڵگایێکی گیرودە خواردوو بەکۆمەڵێ دەردو مەینەت دەرهەق بە ئافرەت.
سیناریۆی فیلمەکە لە گرتەی یەکەمدا بەکورتی و لەوێنەیەکی درامی دا ئەو ژنە لەبەردەم ئاوێنەیەکی تڵخ و تەم و مژ لەسەر هەڵنیشتوو نیشان دەدا، کاتێ دەیەوێ ئەو تەموو مژە لەسەر ڕوویاندا لابەرێ و وێنەی هەڵبزڕکاوی خۆی تێدا ببینی، کە گوزارشت لەژیانی پڕ لە ئەشکەنجەو ئازارەکانی دەکات.
لە دیمەنی دووەمدا
ئامادەکردنی ئامرازەکانی خۆ هەڵواسین دەبینین ، بەڵام ئەکتەرەکە وێڕای ئەو توانا سروشتی و ناتەقلیدیەی هەیەتی ، دەرهێنەر ئەو ئەتمۆسفیرەی بۆ نەڕەخساندووە ئەو دیمەنە ڕەهیب و ترسناکە هاوسەنگ بڕوێنێ لەڕووی سایکۆلۆژیەوە ئامادەکارییەک بکات بۆ ئەوەی بینەر بەقوڵی بەناو ڕووداوەکەدا قوڵ بێتەوە، یا ترسێک بەرامبەر بەکاری خۆ کوشتن بیگرێ کە تێیدا دەبوا دیقەتی دەرهێنەر بۆ موزیک و ڕەنگ زێتر بوایە.
دەرهێنەر لەسەر دوو خاڵی بنەڕەتی وەستاوە:
یەکێکیان ئازارەکانی مردن
دووهەمیان بەراورد بوون لەگەڵ گەڕانەوەی ژیان وتام و چێژەکانی.
هەردوو حاڵەتیشی بەچەند دیمەنێکی درامی کاریگەر بەرجەستە کردووە، لەوانە:
پەلەقاژەی ژنەکەو هەوڵدانی بۆ خۆ رزگار کردن لەدەست مردن
بەهەمان وێنەی پەلەقاژەی ماسیەکە و هەوڵدانی بۆ هەناسە دان
ژنەکە کە لەئەنجامی هەناسە لێبڕانی خۆی لەئازاری ڕوح کێشانی ماسیەکەش دەگا، دوو حاڵەتی لەیەک چوون بۆ پەیوەست بوون بە ژیان، بەڵام دەرهێنەر بۆشاییەکی بئ پاساوی بۆ پرسیارێکی بەجێ ماوی بینەر بەجێ هێشتووە، کاتێ دەپرسی فاکتەری خۆ رزگارکردنی ژنەکە چی بوو لەخنکان؟ یان دەرهێنەر بۆچی خۆی لەنیشاندانی چۆنیەتی خۆ رزگارکردنی ژنەکە شاردەوە؟
لەدیمەنی سێیەمدا ئەومنداڵانەی لەگۆڕەپانەکەدا چاوەڕوانی گەڕانەوەی تۆپەکەیان دەکەن، بۆ ئەوەی بەردەوامی بەیاریەکەی خۆیان بدەن،
هێمای دەست پێکردنەوەی سەرەتایەکی ترە بۆ ژیان .
بەڵام دەرهێنەر دەسەڵاتی بەسەر ئەوەدا نەشکاوە دیمەنێک دروست بکات بۆ ئەو تۆپەی لە پەنجەرەی دەرەوە دێتە ژوورو ئەو حەوزە ئاوە دەشکێنێ کە ماسیەکانی تێدایە، چونکە بینەر پرسیاری ئەوە دەکات کە شتێکی نەبینی حەوزەکە بشکێنێ.
پاشان ئەو منداڵانە بۆ چاوەڕوانی گەڕانەوەی تۆپەکەیان دەکرد، ئەگەر تۆپەکەیان نەکەوتبێتە ئەو ژوورەو حەوزەکەی نەشکاندبێ ؟
هەموو ئەو دیمەنانە لەسیناریۆکە لەسەری باز دراون و دەرهێنەر نەیتوانیووە چارەسەریان بکات ، بۆیە بۆشاییەکان بە ڕوونی دەردەکەون.
بەڵام بەگشتی هەر سێ وێنە ئەو فەلسەفەیە دەچەسپێنێ کە هەمیشە ژیان لە مردن جوانترە.
مرۆڤ بۆ ئەوەی بژیت، ناکرێ خۆی ڕادەستی نەهامەتیەکانی ژیان بکات هەتا هەلێکی تر بەدەستەوە مابێت بۆ ژیان.
لەفیلمەکەدا دەر هێنەر بە فۆرمێکی هونەری و درامی ئامانجەکانی خۆی گەیاندۆتە بینەر، کە ئەویش نەفرەت کردنە لەدیاردەی خۆ کوشتن بۆ رزگار بوون لەئازارەکانی بەدەست کۆمەڵگاو ڕێگری کردن لەبەدی هێنانی ئاواتەکانی.
گرنگترین کارێکیش لای من ئەوەیە کە دەرهێنەر نەیویستووە بە تراژیدیایەکی تاڵ ئەنجامەکە بەجێ بێڵێ، بەڵکو بەدیدێکی لۆژیکی، ئەنجامێکی مرۆیی دروست فێری بینەر دەکات کە ژیان شایەستەی ئەوەیە بۆی بژی و جوانیەکانی ببینی.




ئاڵوگۆڕی کولتوری یان کەلاخستن و تواندنەوە و داسەپاندنی کولتوری.. مەحمود چاوەش

مەبەست لەم نووسینە شیکارێکە بۆ تێگەی (چەمكی) ئاکولتوراتسیۆن (Akkulturation). ڕەگی ئەم وشەیە لە لاتینیەوە وەرگیراوە و واتای بردن بۆ نێو کولتووری خۆیی دەگەیەنێت. ئەم تێگەیە پێناسەیەکی دیاریکراوی نییە، لێ چەند دەستەواژەیەكی لەخۆگرتووە، کە فرە مانا و ئاڵۆزن، پێکهاتەکانی لە ناوەڕۆکی دەستەواژەکەدا بەئاشکرا دەرناکەون. ناوەڕۆکەکانیان گەلێك مەبەست یان باشتر بڵێین ستراتیجیی جیاواز لەخۆدەگرن. هەندێ جار بە ئاڵوگۆڕی کولتووری پێناسە دەکرێت، بە مانای هاوردنە ناو کولتوورەوە، واتە پێکهاتە کولتورییەکان دەبنە ئاڵوگۆڕی کولتووری و سودێکی دوولایەنە بە هەردوو کولتوورە جیاوازەکە دەبەخشن (یان ئەم ئاڵوگۆڕە لە نێوان چەند کولتوورێکی جیاوازدا ئەنجامدەن). گەلێك لە کولتوورەکان نەزدیکی یەکدیبوون و کاریگەری دوولایەنەیان هەبووە و ئاڵوگۆڕی کولتووریان بەسەردا هاتووە و بەردەوامیش دەیانبێت. ئەم تێکەڵە کولتوورییە لە ڕاستیدا سوود بە ناوەڕۆکی کولتوورەکان دەگەیەنێت. تاك یان گروپێک، تەنانەت ئێتنییەك دەتوانێت خۆی لەگەڵ ئەم پێکهاتە کولتوورییانەدا بگونجێنێت و بشیانکاتە بەشێک لە شێوازی ژیانی کولتووری خۆیی. بەم شێوەیە دەتوانین ئاکولتوراتسیۆن وەک بەتێگەکردنی (بەچەمککردنی) ڕەوشێکی نێومرۆڤی بناسێنین.
ئەم تێگەیە لە لایەن گەلێك زاناوە شیکار کراوە. هەندێك لە زانایانی ئێتنۆلۆژی، وەك ڕیشارد تورنڤاڵد (1)، ئەم ئاڵوگۆڕە کولتوورییە وەک پڕۆسەیەکی فێربوون دەنرخێنن، لەتەك ئەم ئاڵوگۆڕەشدا کارەکتەری کەسی یان گروپێک لە گۆڕانێکی هەمیشەیی و بەردەوامدان. ئاکولتوراتسیۆن لێرەدا بە مانای چۆڕاندنە ناو یان بردنە ناو کولتووری خانەخوێی دێت. ئاماژەکردن بەم وشەیە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ پڕۆسەی خۆگونجاندن یان خۆسازدانی تاکێك یان گروپێكی کۆمەڵایەتی لەنێو کولتوورێکی نامۆدا یان سازاندنی تاکێك یان گروپێك بە داب و ترادیسۆنی کولتوورەکەی خۆی، کە هەندێجار هەنگاودەنێت بەرەو کەلاخستنی کولتووری (مارگینالیزەکردن)ی کولتوورییانەی تاکەکەس یان گروپێك. ئەمەش جۆرێك لە دوورەپەرێزی دەگەیەنێت، بۆ نموونە خێڵەکیزەکردنی تاکەکەس لەنێو جوڵانەوەیەکی خێڵەکیدا (ئەندامبوون لە نێو خێڵێکی تایبەتیدا، کە ئەندامەکانیان لەنێو خێڵدا لەقاڵب دەدەن هەر بە جۆرێک لە دورەپەرێزی و کەلاخستنی کولتووری دەنرخێندرێت. ئاکولتوراتسیۆن سەرجەمی بەها کولتوورییەکان لەخۆدەگرێت، ئەمەش لە ڕونیگای بەهاکولتوورییەکانی (ئەخلاقخوازی) وەك نەریت و ڕەفتاری ئاکاری، نرخاندن، ڕەوشت، زمان، ئایین/باوەڕ و تەکنەلۆژیا.
ئاکولتوراتسیۆن فرەمانایە و لە هەر بوارێکی زانستیشدا یان تێگەی زانستیدا پێناسەی جیاوازی بۆ دەکرێت. بەشێوەیەکی گشتی لە بوارە زانستییەکانی سۆسیۆلۆژی (Soziologie) و هاوتا بەرامبەر پسیکۆلۆژی (Psychologie) و پێداگۆگی (Pädagogik)دا بەهای زیاتری لەخۆگرتووە، ئەوە بە بەراورد لەتەك زانستەکانی تردا. لە زانستەکانی ئەنترۆپۆلۆژی (Anthropologie) و ئێتنۆلۆژی (Ethnologie)دا ئەم زاراوەیە بە ئاڵوگۆڕی کولتووری و ڕووبەڕووبوونەوە یان بەیەکگەیشتنی دوو کولتووری جیاواز بە یەکتر دادەنرێت، کە لەم بوارەدا ئاڵوگۆڕە کولتوورییەکان بەشێوەیەکی پۆزەتیڤ دەنرخێندرێن، نمونەی ئەم ئاڵوگۆڕەش پەنابەرانی دەڤەری ئێمەیە لە ئەوروپا و وڵاتانی تردا، کە بە شێوازێکی ئیندیڤیدوێڵ لە پڕۆسەی فێربوندا خۆیان لە گەلێك لایەنی هزری و کۆمەڵایەتییەوە پێگەیاندووە.
گەر لە لایەنی دروونناسی کۆمەڵایەتییەوە (سۆسیالپسیکۆلۆژییەوە) بڕوانینە ئەم تێگەیە، ناسراوترین و بەناوبانگترین زانا لەم بوارەدا جۆن ڤیدەپ بێرییە. لە ئەنجامی توێژینەوەکانی جۆن ڤیدەپ بێری (John Widdup Berry)(2) چوار ستراتێژی بۆ ئەم تێگەیە بەدەست دەهێنین، کە تێیاندا کولتووری زاڵ و زۆرجار زۆرینە بەرامبەر کولتووری کەمینە و ژێردەست ئاڵوگۆڕە کولتوورییەکان هاوسەنگ و یەکسان مامەڵەیان لەتەکدا ناکرێت، زیاتر کەلاخستنی کولتووری و هەندێجار ڕووە و سنوری تواندنەوەی کولتووری تێیدا بەئەنجام دەگەیەنرێن: جۆن بێری ستراتیجیەکان بەم شێوەیەی خوارەوە ڕووندەکاتەوە:

  1. خۆگونجاندنی کولتووری (Integration)، واتە پێکهاتە کولتوورییەکانی خانەخوێ دەپارێزرێن و پەیوەندییەکان لەتەك کولتوورە زاڵەکەشدا دەهێڵرێنەوە.
  2. دابڕین یان وەدەرنانی کولتووری (Segregation)، واتە پێکهاتە کولتوورییەکانی خانەخوێ دەهێڵرێنەوە و پەیوەندی بە کولتوورە زاڵەکەوە نەفی دەکرێت. ئاڵوگۆڕ لەتەك کولتوورە زاڵەکەدا بەئەنجام ناگەیەنرێت.
  3. تواندنەوەی کولتووری، هاوشێوەیاندن بەخۆ یان وەرگۆڕینی کەسێتی (Assimilation)، واتە دەستبەرداربوونی پێکهاتە کولتوورییەکانی خانەخوێ و ئاڵوگۆڕ لەتەك کولتوورە زاڵەکەدا بە شێوەیەکی ئەوتۆ بەردەوام دەبێت، کە کولتووری خۆیی لە کولتوورە زاڵەکەدا دەتوێنرێتەوە. ئەم پڕۆسەیە بەشێوەیەکی زۆردارەکی و هەندێجار بە شێوەیەکی ڕەگەزپەرستیانە بەئەنجام دەگەیەنرێت. مێژووی کورد لێوانلێو پڕە لە هەوڵەکانی پڕۆسەی تواندنەوەی کولتووری لەلایەن کولتوورە زاڵەکانی ئەرەبی، فارسی و تورکی، کە ئەمانیش بە کولتوری خێڵەکی سوننەتیی ئیسلامەوە پەیوەندیداربوون و بەردەوامیشن.
  4. کەلاخستن، وەدەرنان یان وەلاوەنانی کولتووری (Marginalisierung)، ئەرکەکانی کولتووری خانەخوێ بەئەنجام دەگەیەنرێن و زۆر بەکەمی پەیوەنیی لەتەك کولتوورە زاڵەکەدا ڕوودەدات، ڕەنگە ئەم ستراتیژییە بە گێتۆکردنیش / لەبازنەدان ناوزەد بکرێت.
    ئەمە چوار ستراتیجییەکەی جۆن ڤیدەپ بێریە، کە لە تەواوی جیهاندا لە توێژینەوە سۆسیۆلۆژی و زانستەکانی تردا بەکار دەهێنرێن و سودیان زۆر لێوەرگیراوە
    بێگومان پێناسەی ئەم تێگەیە لە ڕوانگەی زانستەکانی تریشەوە کراوە و بۆتە بەشێکی دانەبڕاو لە مێژووی کۆچبەری و گۆڕانە کەسییەکاندا، کە هەندێجار بۆتە هۆکاری گۆڕانکاری تەواوی کەسی و ونکردنی کەسایەتی لە ئەنجامی پڕۆسەی ئاڵوگۆڕە کولتوورییەکانەوە.
    ئەم نووسیندا زیاتر گرنگی بە ستراتیژیی ژمارە 3 و 4 دەدات، کە سەپاندن و تواندنەوە و کەلاخستی کلتوری لەخۆدەگرن.
    جا کە کولتوورەکان ئاڵوگۆرێکی دروست لەتەك یەکدا بەئەنجام نەگەیەنن و ببنە کولتووری زۆرەملێیی، کولتووری زۆرداری و چەوساندنەوە، سڕینەوەی کەسایەتی تاکەکەنی کۆمەڵگەیەك، تواندنەوەی بەزۆری نەریت و پێشبینی بەهایی و ئەخڵاقخوازی کەمینەیەك، ببێتە سڕینەوەی زەمینەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی گروپێك، ببنە بەزۆر هێنانە سەر بیروبڕواکانی کولتووری زاڵ بە دیانەتەکانیشیانەوە، ئیدی جێگە بۆ ستراتیجی ژمارە 1 و 2 نامێنێتەوە، هەروەها نە ئاڵوگۆڕی کولتووری مەبەستدار و ئارەزودار، نە سودی هەمەلایەنەی کولتووری بەرپادەبن. مێژووی کۆلۆنیالیزم نمونەیەکی ئاشکرای سڕینەوەی کولتوورین لەلایەن کۆلۆنیالیستەکانەوە. فرانتس فانۆن (3) ئەم دیاردەیە بە تەختەنووسی پۆلەکانی فێرگە دەچوێنێت، کە هەموو نووسینەکانی سەری سڕاونەتەوە. فانۆن دەبێژێت، کاتێك کۆلۆنیالیستەکان ئەو وڵاتانەی کۆلۆنەیان کردوون و دواجار بەجێیان هێشتون، وەك تەختەنوسینە خاڵییەکان لە هەموو بەهایەکی مرۆڤی و مرۆڤدۆستی بێبەرکراون. فانۆن وشەی تابولاڕازا (tabula rasa) بۆ ئەم دیاردەیە بەکاردەهێنێت، بەواتای تەختەنوسێك، کە هەموو وشەکانی سەری تەواو سڕدراونەتەوە. فانۆن پێی وابووە، کە هێزە کۆلۆنیەکان هەموو کولتووری خانەخوێی ئەو وڵاتانەیان وەك نوسینی سەر تەختەنوسەکان سڕیوەتەوە.
    گرفتی ئەم تێگەیە لە ناوەڕۆکە مێژوییەکەیدایە، کە بە گەلەك شێواز و بایەخدانی جیاوازیش ڕوون دەکرێتەوە. بە ئاڵوگۆڕی کولتووریەوە، یان هاوردنە ناو کولتووری خۆیی، هەندێک ڕەهەندی سیاسی و ئابوری و لە هەمان کاتدا کۆمەڵایەتیشی پێوە لکێندراوە، بۆ لایەنێك لە کولتورەکان (کولتوری زاڵ و زۆرینە) سوودبەخش و ئاسانکارییە، بۆ لایەنێکی تریش (کولتووری ژێردەست و کەمینە) زیانبەخش و پڕ ناکۆکییە. بێگومان لەم پنتەدا لە ستراتیجی چوارەمی ئەم ئاڵوگۆڕە دەدوێین، کە بە کەلاخستن یان ڕونتر لە تواندنەوەی کولتوریدا خۆ دەبینێتەوە. سودبەخشەکە لایەنی کولتورە زاڵەکەیە و زیانبەخشیش کولتوری کەمینە و ژێردەست و ڕەچاونەکراوە.

داسەپاندنی کولتووری

داسەپانی کولتووری هەمیشە لە ئەنجامی جەنگ و هێرشکردنەکاندا بەئەنجام دەگەیەنرێت، ئەوەش لە لایەن گەلێك یان دەوڵەتێکەوە بۆ سەر گەلێکی تر، کە لە بواری دەسەڵات و لۆگیستییەوە لاواز یان کەمینە بوون. ئەم دیاردەیە ئیتر بە ئاڵوگۆڕی کولتوری ناوزەدناکرێت، لێ زۆرێک لە ڕەهەندی سیاسی و ئابوری و تەنانەت کۆمەڵایەتیش لەخۆدەگرێت. بۆ لایەنێك سودبەخش و بۆ لایەنەکەی تر زیانبەخش. گەر ئەم ستراتیجییە لە مێژووی دەڤەری ئێمەدا شیکار بکەین، زۆر ڕوون و ئاشکرایە، کە داسەپاندنی کولتوری لە ئەنجامی هێرشەکانی بەرفراوانکردنی ئیسلامی لە لایەن ئەرەبەکانەوە بۆ سەر هەموو ناوچەکانی ئێمە بە ئاشکرا ستراتیجی هێرشبەران بووە. لەم شاڵاوەنەدا زۆرینەی ئەو شارانەی دەستیان بەسەدا دەگیرا، بێبەرەنگاربوونەوە و هەندێ جاریش بە جەنگ و ڕووبەڕووبونەوەدا ڕادەستی هێرشبەران کراونەتەوە. ئەم هێرشانەش بە شێوازی سیستماتیکی و پڕ وێرانکاری و خوێنڕشتن و زۆرداری ڕویانداوە. بۆ نمونە زۆرینەی زەردەشتییەکان لە ئێران، بەتایبەتی لە ناوچەکانی یەزد، کرمان و تاران ئاوارەکراون و بە شێوەیەکی سیستەماتیکی شوێنەواریان پێهەڵگیراوە. بەر لە پڕۆسەی بەرفرانبوونی ئیسلام لەو ناوچانەدا زۆرینەی دانیشتوانەکەیان زەردەشتی بوون و لە دەرئەنجامی چەوساندنەوە و بەزۆر دەرپەڕاندنیان لە لایەن هێرشبەرانەوە گەیشتۆتە ئاستێك، کە ئێستا نزیکەی 30 هەزار لە باوەڕدارانی زەردەشتی لەو نارچانەدا نیشتەجێ ماون.
خاڵێکی گرنگ لەم پنتەدا نامۆبوونی دانیشتوانی ئەو ناوچانە بووە، بەتایبەتی نامۆبوونی تاکی کورد یان تاکی گەلانی تر بە خودی خۆی و کولتورەکەی، کە لە کۆتاییدا لە لایەن هەر سێ گەلی ئەرەب و فارس و تورکەوە کەلاخراون و کولتوری خۆیان بەسەریاندا داسەپاندوون. گەر ئەمە بە کەلاخستنی کلتوری ناوزەد نەکەین، چما لە وڵاتێکی وەك تورکیادا تەنانەت زمانی دایکی ملیۆنان مرۆڤی کورد قەدەغە کراوە. ئەم دیاردەیە، کە بەشێوەیەکی سیستەماتیکی کاری تێدا کراوە، بۆتە هۆکاری شێواندنی کولتوورەکانی ئەو دەڤەرە، کە لە کولتووری کوردیدا زۆر بە ئاشکرا ڕەنگدەداتەوە. دیارە باسکردنی ئەم دیاردەیە لە لایەنی نووسەرانی کوردیشەوە هەڵسەنگێنراون. بۆ نمونە گەر نووسەر شێرزاد حەسەن باس لەو تێکدان و “خەساندن”ە کولتورییەکان بکات، لە جێگەی خۆیدایە، کە لە کتێبی “کارگەکانی تابووت”دا بەڕوونی باسی ئەم کێشەیەی کردووە. ئەو دەبێژێت:”… لەوەیش کوشندەتر ئەوەیە کە کولتووری هەزار ساڵەی عەرەبی و فارس و تورکی بە هەموو ئەو ستەم و سڕینەوە و خەساندنە ڕۆحییەی کە سواری کولتووری ئێمە بووە و ئێستا نەوەستاوە لەو ئەتککردنە و شێواندنە بەردەوامەدا، کە ئێمە بە بەرنامە و پڕۆگرام وەك وانەیەکی پیرۆز دەیخوێنین”(3)
بێگومان ئەم ڕوونکردنەوەیەی نووسەر لەتەك ستراتیجی سێ و چواری جۆن ڤیدەپ بێرییدا دەگونجێت، لێ لە ئەنجامی ئەم پرۆسەیەدا نامۆبوون بەرامبەر کولتوری خۆیی بەپرۆگرامکراوە. ئەم پرۆسەی ستراتیجیی کەلاخستن و تواندنەوە کولتورییە مرۆڤی کوردیش، تاکی کوردی بەرەو نامۆبوونێکی هەمیشەیی بردووە و دەشیبات، نامۆبوون لە خۆ، لە کولتوری خانەخوێ، تەنانەت زۆرجار لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیشدا. ئەلێکسەندەر دێمانت (Alexander Demandt)(4) لە نووسینی “وەرگرتنێکی ئاشتیخوازانە”دا لەژێر ناونیشانی “چی لەپاش جەنگ دەمێنێتەوە” دەنوسێت: “دەوڵەمەندکردن و فراوانکردنی کولتوری لەو ساتەدا لە ڕێگەی جەنگەوە دەبێتە جێگەی سەرنج، گەر گەلانی بەڕێوەبەری جەنگەکە لە ئاستی شارستانێتیدا ناهاوسەنگ و جیاوازبن … زۆرینەی ئەرەبەکان لە سەردەمی محەمەددا کەسانی کۆچەری (بەدەوی) بیابانەکان بوون. لەپاش داگیرکردن و زەوتکردنی ناوچەکانی میزۆپۆتامیا، فارس، سوریا و میسر کولتوورە پێشکەوتوکانی ئەوانیان بۆ خۆیان وەرگرتووە و پەرەیان پێداون. بۆ نمونە کەسانی ڕابەر و ڕێنماییکاری دەوری هارونە ڕەشید ئەرەب نەبوون، بەڵکو کەسانی فارس بوون وەك وەزیری گەورەی خۆی بەناوی جەعفەری بارمەکید”(5). لێرەدا زۆر بە ئاشکرا بۆمان ڕوندەبێتەوە، کە ئەرەبەکانی سەردەمی هێرشەکانی بەرفراوانکردنی ئیسلام کولتوورەکانی ئەو دەڤەرەیان بۆ سودی خۆیان وەرگرتووە و کردویانەتە بەشێکی دانەبڕاوی کولتووری خۆیان.

کەلاخستنی کولتووری

ئەوە کە لەم ستراتیجییەدا گرنگە، لایەنە دەروونیەکانی تاك، گروپ یان ئێتنیەکانە، کە بەشێوەیەکی کەسی یان دەستەجەمعی دیاردەدەن و لە بوارەکانی سۆسیال-کولتووری و سۆسیال-پسیکۆلۆژیدا دەپەرچێنەوە. کەلاخستنی کولتووری لە لایەن کولتووری زاڵ و زۆرینەوە کاریگەریی نێگەتیڤی هەیە لەسەر تاك، گروپ و هەندێجار لەسەر ئێتنییەکانیش، کە لە بەشدارییە کولتوورییەکاندا بەلاوە دەنرێن و گرنگیی ناوەڕۆكی کولتووری هاوبەش لەدەست دەدەن، لێرەشدا ئەوان بە شێوەیەکی ئارەزومەندانە یان بەهۆی پەستانێکی دەرەکییەوە کەلاخراون. لە مێژووی کۆچبەراندا ئەم ستراتیژییە یان دیاردەیە زۆر بەئاشکرا لە وڵاتانی ئەوروپیدا دەبینین، کە هەندێك لە کۆچبەرانی کولتوورەکانی وڵاتانی تر لە کولتوورێکی هۆمۆگێندا (هاوکولتووریدا) دەژین، وەك گێتۆی ئەفریقیەکان لە فەرەنسا و چەند وڵاتێکی تردا، یان چاینا تاون لە ئەمەریکا. ئەم جۆرە لە ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی، بەتایبەتی لەو وڵاتانەدا کە پەنابەران لە هەموو جیهانەوە ڕویان تێکردون، بۆتە دیاردەیەکی چەقبەستوی کولتووری. کەلاخستنی کولتووری گەلەك لایەنی خۆیی و کۆلێکتیڤی هەیە، زۆرینەیان بە هۆکاری ڕاسیستی و ڕەگەزپەرستیەوە دێنە نێو کولتوورەکانەوە، بۆ نمونە کەلاخستنی کولتووری ڕشپێستەکان لە ئەوروپادا یان لە گەلێك شارە مێترۆپۆلەکانی جیهاندا. کەلاخستنی کولتووری لە زۆرینەی سیستەمە سیاسییەکانی جیهان جیانابێتەوە، وەك کەلاخستنی کولتووری کوردی لە تورکیادا، یان کەلاخستنی کولتووریی ئۆیگورەکانی چین لە لایەن دەسەڵاتدارانی ڕژێمی چینیەوە.
گەر بە شێوەیەکی وردتر لەم ستراتیجیی کەلاخستنی کولتوورییە بڕوانین، ئەو ڕاستیە دێتە پێش چاومان، کە هێرشبەرانی دەسەڵاتە بەهێزەکان و داگیرکەران، لێرەدا زیاتر مەبەست لە هێرشبەرانی سەر کوردستانە، لە هیچ ڕۆژگارێکدا پرسیان بە گەلی کورد یان گەلانی تری ئەو دەڤەرە نەکردووە، کە ئایا دەتوانن سنوری وڵاتەکەیان تێپەڕێنن و هاوسەنگیەکی کولتووری پێشنیاز بکەن. ئەوان بە مێتۆدی زۆرەملێ و کوشتار هێرشیان کردووەتە سەر ئەو ناوچانە و خستویاننەتە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە، کولتوورە زاڵەکەی خۆیان بەزۆرەکی سەپاندووە بەسەر دانیشتوانی ناوچەکەدا و نەك تەنیا لە هەوڵی ئەوەدا بوون، کولتووری ژێردەستە کەلا بخەن، بەڵکو شێواز و ناوەڕۆکی کولتوورەکەشیان شێواندووە. ئیسلامییە سیاسییەکان تاکو ئێستاش درۆی ئەوە بە گەلی کورد دەفرۆشن کە گۆیا کورد بە ڕێگەیەکی ئارەزومەندانە کولتووری ئەرەبی-ئیسلامیی وەرگرتووە، کەواتە لەو ڕوانگەیەوە بە شێوەیەکی ڕەزامەندانە بووە. باسی ئەو هەموو هێرش و تاوانانە ناکەن، کە دانیشتوانی ناوچەکەیان قەتڵوعام کردووە. ئەم دیاردەیە دەمانخاتە بەردەم ستراتیجی دووەم، واتا: تواندنەوەی مەبەستخوازانەی کولتووری کوردی و کولتووری ئەو ناوچانە. کولتوورە زاڵەکانی ئەرەبی و فارسی و تورکی لە هەمان کاتدا کولتووری نامۆ بوون بە دانیشتوانی ئەو ناوچانەی داگیریان کردوون و لە سەرئەنجامیشدا ڕێگەی ئاڵوگۆڕی کولتووری تا ڕادەیەکی زۆر ڕووی نەداوە، بەڵکو ئەوان زیاتر سودمەندی کولتوورەکانی ئەو دەڤەرە بوون. ئاخر ئاڵوگۆڕی کولتووری بە پرۆسەیەکی ئارەزومەندانە و ئازادانە دێتە گۆڕێ، نەك لەژێر پەستان و زۆرەملێ و زەبروزەنگدا. لە هەر چوار ستراتیجیەکانی ئاڵوگۆڕی کولتووریدا زیاتر دوو ستراتیجی زاڵبوون، کە بریتین لە کەلاخستن و تواندنەوەی کولتوورەکان، و گەورەترین زیانیان بە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری و جەندەری ناوچەکە گەیاندووە. بەتورکبوون و فارسبوون و ئەرەببوون سەلمێنەری ئەو ستراتیجیانەن، کە دەشێت بە لاقەکردنی کولتووری ناوزەدیان بکەین. پڕاکتیکی ئەم ستراتیجیانەش بەهانەی ئەوەیان بۆ هێنراوەتەوە کە گۆیا ئێمە هەموو خوشك و برای موسوڵمانین و جیاوازیمان نییە لە تەقواکردنماندا بۆ ئایینەکەمان. ئەمەش دەتوانین بە کولتووری خۆسەپێنەر و خۆبەزلزان ناوزەد بکەین، پێچەوانەکەشی ئاڵوگۆڕی ئارەزومەندانەی هەردوو لایەنەکەیە.
دەتوانین بڵێین سەپاندنی کولتووری و کەلاخستنی کولتووری کەمینە لە هەموو کاتێکدا پێچەوانەکەی ڕاست بووە، لێ ڕەوشەکە کاریگەرییەکی نێگەتیڤی لەسەر داب و خەسڵەت و کارەکتەری تاکێك، گروپێك یان ئێتنییەك نواندووە و گۆڕانێکی نەرێنیی ئاوەڵاکردووە.

مەحمود چاوەش

———————————————

پەراوێز

  1. ڕیشارد تۆرنڤاڵد (لە 18.09.1869 دا لە ڤێنا لەدایك بووە، لە 19.01.1954 دا لە بەرلین کۆچی دووایی کردووە) گەلناسێکی ئەڵمانی و بە ڕەچەڵەك نەمساوی بووە.
  2. جۆن ڤیدەپ بێری لە ساڵی 1939 لە شاری مۆنتریاڵ/کەنەدا لەدایکبووە و پڕۆفیسۆری زانستی دەروونناسی و توێژەری کۆچبەرییە. مامۆستایە لە زانکۆی کینگستن/کەنەدا. گەلێك توێژینەوەی لەسەر تێگەی (Akkulturation) کردووە و سەرەتاکانی ئەم بابەتەی هێژاندووە.
  3. Franz Fanon: Die Verdammten dieser Erde, Rowohlt Taschenbuch Verlag GmbH, Hamburg Mai 1969.
    فرانس فانۆن لە 20.07.1925 لە فۆرت دێفرانس لە مارتینیک لەدایک بووە، لە 06.12.1961 لە ماریلاند کۆچی دوایە کردووە. نووسەر و سیاسەتمەدار و دوکتۆری دەروونناس بووە. لە شۆڕشی جەزائیردا بەشداری کردووە و لە بەرەی شۆڕسەکەدا بەرەنگاری دژی کۆلۆنی فەرەنسی کردووە. چارەسەری گەلێک لە نەخۆشییە دەروونییەکانی ڕەشپێستەکەنی کردووە و تۆێژینەوەی لە بارەیانەوە بڵاوکردۆتەوە. فانۆن خۆی کەسێکی ڕەشپێست بووە و لە نزیکەوە ئاگاداری ئازاری دەروونی ڕەشپێستەکان بووە.
  4. شێرزاد حەسەن: کارگەکانی تابووت. مرۆڤ، ئەو گیاندارەی کە نازانێت بژی (کتێبی تێڕمان)، ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، زنجیرەی کتێب 278، چاپی یەکەم، ساڵی 2019، لاپەڕە 45.
  5. لە ئینسکۆپیدیاوە وەرگیراوە. دێمانت لە 06.06.1937 دا لە ماربۆرگ لەدایك بووە، مێژوونووسێکی ئەڵمانییە، کە لەسەر مێژووی کۆن، بەتایبەتی لەسەر مێژووی کولتووری ڕۆمەکان نوسیوە. لە ساڵانی 1974 بۆ 2005 وە پڕۆفیسۆری مێژوو بووە لە فاکولتی فریدریش ماینێکەی زانکۆی بەرلین.
مەحمود چاوەش



  جیل یان نەسڵیZ.. نادر خەلیلی

  

جارێ پێش هەر چەشنە باسێک، ئەبێت لە سەر یەک بابەتی زۆر جەوهەری و جیدی بوەستین. کە بریتییە لەوەی کە هیچ دیاردەئێکی گەردوونی بوونی نییە کە لە وەستاندا بێت و هیچ گۆڕانێکی بە سەردا نەیت. هەروا کە هیراکلیتۆس پێش ٣٠٠٠ ساڵ ئەڵێت: تەواوی گەردوون تووشی قەیرانە و هیچ شتێک سۆباتی نییە و وەستانی بۆ بەدی ناکرێت و ئیزافە دەکات کە نابێت دووجار پێ بخەیتە ناو ڕووبارێکەوە! بۆچی؟ لە بەر ئەوەی کە جاری دووهەم هەم خۆت و هەم ڕووبارەکەو هەم کات و تەواو دیاردەکان گۆڕانیان بە سەردا هاتووە و ئەو ڕووبارەی جاری دووهەم، ڕووبارە پێشووەکە نیە و تەنانەت خۆتیش گۆڕاویت. هەر بەمپێیە ئاشکرایە کە مرۆڤیش وەکوو دیاردەئیکی گەردوونی و هەر وەها کۆمەڵگەکەی، گۆڕانیان بە سەردا دێت و ئەمە حاشاهەڵنەگرە. کە وا بێت ئەبێ قبووڵ بکەین کە نەسڵ یان جیلی پێشووتر لە گەڵ نەسڵی تازەتری ئەمڕۆدا، جێاوازییان هەبێت. کە جێاوازییەکانی نێوانیان لە دەیان بابەتەوە سەر هەڵئەدات.

پێناسەی نەسڵی زید

لە ٢٦ حەرفی ئینگلیسیدا، پیتەیZ ئاخرین پیتەیە. بۆیە نەسڵی  Z,بەمناوە بەناوبانگە، کە واتە جێا لە ئاڵفاکان، نەسڵی ئاخرینی کۆمەڵگەیە و لە تەواو کۆمەڵگەکاندا بوونیان هەیە. ڕوانگەی ئەم نەسڵە لە زۆربەی هەرە زۆری ڕەهەندەکاندا لە گەڵ نەسڵی پێشووتردا، جیاوازی هەیە.

لە خۆپیشاندانەکانی دووای کوشتنی ژینا ئەمینی لە شاری تاران، بە دەستی هێزی نیزامی کۆماری ئیسلامی، هەر وا کە لە سەر خاکەکەی لە کاتی نێشتندا نووسرابوو: «ژینا گیان تۆ نامری، ناوت ئەبێتە ڕەمز». وە بە ڕاستیش هەروا بوو. بەس هاو نەسڵەکانی ژینا یانێ نەسڵی  Z بوون کە قورسترین ئەرکەکانیان لە خۆپیشاندان وجووڵەکاندا لە ئەستۆ بووە. خاڵێکی زۆر جەوهەری لە شێوازی کارکردنی ئەم جیلە لە گەڵ پێشووترەکاندا، ئەوەیە کە لە تەواو بوارەکاندا، شێوازێکی نوێگەرایانەیان هێناوەتە ئاراوە. بۆ وێنە ئەگەر نەسڵی ئێمە یانێ Xەکان ، مانمان دەگرت. شێوازی مانگرتنی ئێمە بەمجۆرە بوو کە لە شوێنێکی دیاریکراودا دادەنیشتین و ئیعلامی مانگرتنەکەمان دەکرد و هەر لە دەستپێکی مانگرتنەکەوە تاکوو ئاخر، یان سروودمان ئەخوێند، یان دەرگیری قسەو باس ئەبووین لە گەڵ خەڵکانیتردا و جێا لەوە کارێکیترمان نەدەکرد _ کە چی نەسڵی  زید، ئیعلامی مانگرتن دەکات لە شارەکاندا و هەر لە بەیانی تاکوو نیوەڕۆ دووکانەکان و بازاڕەکان دادەخرێن و بە دووای ئەوەدا ئیتر مانگرتنەکە تەواو ئەبێت و دەڕۆنە ناو شەقام بۆ خۆپیشاندان وئەنجامدانی جووڵە سیاسیەکان و لە گەڵ هێزەکانی ڕژیم دەرگیر ئەبن!

بەمپێیە هەر لەو خاڵەی سەرەوە کە ئاماژەی پێدرا یانێ مانگرتن، دەبینین کە شێوازی کاری ئەم نەسڵە بە تەواوی ساختار شکێنە و باکی لەوەی نییە کە تۆ چ تەعبیر و تەفسیرێکت هەیە لە مانگرتن! کە واتە شێوازی کارکردنی ئەم جیلە بە ڕاستی مودیڕنە.

جیلی  X هەزارەکان

جیلیX یان هەزارەکان، کە بڕێک کەس بە جیلی لە بیر کراو بانگهشتیان ئەکەن، بەو جیلەی دەوترێت کە لە نێوان ساڵەکانی ١٩٦٥ زایینی تاکوو ١٩٨٠ بە دونیا هاتوون. ئەم جیلە ئێستە تەمەنی پیری خۆیان بە سەر ئەبەن و باپیرەکان ودایە پیرەکانی ئەمڕۆیان پێکهێناوە. لەگەڵ جیهانی ئینتەرنیتدا زۆر بەکەمی ئاشناییان هەیە یان ئەبێت بڵێین کە لە گەڵ ئینترنیتدا نامۆن. بۆیە لەم بوارەدا زۆرجار تووشی سەرلێشێواوی و نەزانمکاری ئەبن. بەڵام لە لائێکیترەوە ئەم جیلە بە شێوازێک لە گەڵ بزووتنەوە سیاسییەکانی قەڕنی ٢٠دا تێکەڵ بوون. لە لێکۆڵینەوێ لێژنەئێکی زانستی تەکنۆلۆجیایی لە وڵاتی بریتانیا وە لە ساڵی٢٠٩ دا و بەپێ دەرئەنجامی لێۆڵینەوەکەیان، ڕوو بە خەڵکان گوتیان: ئەوکەسانەی کە نەتووانن لە ئەم ساڵەدا تاکوو پێنچ ساڵیتر بە ئینتەرنیت ئی مەیل و نامە بنووسن بۆ ئیدارەکان یان پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان و نەتووانن وڵامی نامە دیجیتاڵییەکان بدەنەوە، لەوکاتەدا یانێ پێنج ساڵی دوواترکە دەبێتە ساڵی ٢٠١٤ بە مرۆڤێکی «بێ سەواد» بە ئەژمار دێن!ئەگەر تەنانەت خاوەنی بڕوانامەی زانکۆ بن لە هەر بوارێکدا. هەر لەمخاڵەدا بە ڕوونی دەردەکەوێت کە جیهانی دیجیتاڵی یان ئینتەرنیتی تاکوو چ ڕادەئێک گرنگە و هەروا کە ژاک دەریدا دەڵێت: «لە داهاتووی نزیکدا وسەرهەڵدانی جیلە نوێەکان، چیتر شەڕی تۆپ و دەبابە نامێنێت و شەڕە هەرە گرینگەکانی نێوان دەسەڵاتدارانی حکوومەتەکان ئەکەوێتە ناو بەرەی جیهانی دیجیتاڵی». _ ئەمڕۆش بە ڕوونی دیارە کە جیهانی نیت و سافتوێرەکان لە هەموو کەرت و بوارەکاندا حازرن و تەنانەت سیستەمی سەلاجەکان یان ماشینەکان یان هەر چەشنە سیستەمی خزمەتگۆزاری لە گەڵ سافتوێرەکان و کامپیوتردا تێکەڵاوییەکی سەرەنجڕاکێشی هەیە و کۆنترۆڵی دیاردە تەکنۆلۆجیەکان و هەموو بابەتەکان لە ناو کۆمەڵگە وخودی جیهانی زانستی دەکات! وەکوو وێنە دەتووانین ئاماژە بدەین بە جەیمز ویب و چۆنییەتی درووستکردنەکەی لە هەر بەشێک. بۆ وێنە درووستکردنی ئاوێنەکەی کە چەندە بەهێز و حەساس و دەقیقە کە هەر دوو دیواودیوی ئەو ئاوێنەیە لە گەڵ سەرما و گەرمائێکی دژ بە یەکدا مقاومە. بۆ ئەوەی کە لە تەیفی مادوونی سووردا جەیمز ویب بتووانێ کار بکات و تێکنەشکێت، ئەبێت خودی تەلیسکۆپەکە لە سەرمائێکی زۆردا کە دەگات بە  ٢٢٠ – دەرەجەی سانتیگراد، موقاوم بێت و خەلەلێکی تێنەکەوێت و هەروەها بەرگری بکرێت لە تیشکی خۆرەتاو و مانگ و زەوی، بۆیە ڕووئێکی سپەری جەیمزویب لە خۆرەتاو و مانگ و زەوییە کە جێگربووە لە نوقتەئێکی زۆر تایبەتدا کە بە نوقتەی لاگرانژی خورەتاو دەناسرێت. هەڵبەت لە پێناسەی جەیمز ویب زۆر بابەتی وردتر و حەساستر هەن وەکوو ئەو ٥ ڕەسمەی کە ناردیە خوارەوە بۆ زەوی و پیشان ئەدات کە زنجیرە کێوەکانی ئەوپەڕی گەردوون خۆیان چەندین هەزارساڵی تیشکی بەرزن! و بە دەوریاندا گەلەکسییەکان دەسووڕێنەوە، کە لێرەدا پێویست بە نووسینی ئەوانەمان نیە و بەس بۆ نموونەئیک لە چۆنییەتی تەکنۆلۆژیای سەردەم یان مودیڕن و کاریگەری ئینترنیت، بەو دیاردەیە ئاماژە درا.

جیلی Y

بەو جیلەی دەوترێت کە لە نێوان ساڵەکانی ١٩٨١ تاکوو ١٩٩٦ لە دایک بوون. (١٣٦٠ تاکوو ١٣٧٢ خۆرەتاوی _ شەمسی) کە لە ئێراندا بە دەیە شەستییەکان بە ناوبانگن. ئەم جیلە یان نەسڵە ئەوەڵین گروپەکانن کە لە گەڵ دیاردە ئەوەڵینەکانی کامپیوتردا ئاشنا بوون. تەلیفۆنە موبایلەکانی ئەو سەردەمە هەر زۆر زل و کامپیوترەکان بە خاتری تیشکی ایکسێک کە هەیان بوو، چاوی بینەریان زوو ماندوو دەکرد، لە حاڵێکدا کەمپیوترەکانی نوێتر و ئەمڕۆیە لە سلیکۆن و ماتریاڵی زۆر باشتر پێکهاتن کە زیانی بۆ چاوی مرۆڤ زۆر زۆر کەمترە و دەکرێت دەیان سەعات لە سەر بەرنامە و پڕۆژەکان یان خوێندنی دیجیتاڵی کار بکرێت. هەروا کە نوسخەکانی ویندەوزەکان یەک بە دووای یەکدا دەهاتە ناو کۆمەڵگە، سافتوێرەکانیش گۆڕانکارییەکی هەرە سەیریان بە سەردا هات و هەزاران ئەپی جۆراوجۆر بڵاو بووەوە. هەروا کە دەزانین لە جیهانی ستاتیکا بە گشتی و کلتوور و مووسیقا، کاریگەرییەکی زۆر قورسیان کرد. بۆ وێنە بۆ پەیدا کردنی نۆتی «لاێ کۆرۆن، یان نۆتی سی بیمۆل»، لە دەزگای مووسیقای کلاسیکی شووردا، بە ساڵەها گوێگرتن لە نۆتەکان و بە تەجرووبەی خودی گوێ مرۆڤ یان سازلێدەر، ئەو نۆتە ئەدۆزرایەوە. بەڵام ئاپی مووسیقایی جۆراوجۆر بە هاسانی و لە کۆتاترین کاتدا، نۆتی مەسەلەن لای کۆرۆنت بۆ ڵێدەدات و خۆت ئامێرەکەت لە سەر ئەو دەرەجە و خواستە تایبەتمەندە، کۆک دەکەیت _ دەی ئەمە لە گەڵ کارو شێوازی پێشووتردا یەک دنیا جێاوازی هەیە!چ لە باری کەیفییەتی کارەکەوە چ لە باری کات و زەمانەوە و ماندوو نەبوونت بۆ کۆککردنی ئامێرەکە!

تەنیا ئەوە نییە و لە هەزارانلاوە ئینترنێت لە سەر ئیدارەکان و کۆمپانییەکان و سیستەمی درووست کردن(بەدیهێنان ) ئاپەکان و سافتوێرەکان و کامپیوترەکان کاریگەری ڕاستەوخۆیان کرد بۆ وێنە ئەنجامدانی کاروباری بانکی لە ڕێگای ئاپێکی زۆر ساکارەوە، بێ ئەوەی پێویست بکات خۆت وەکوو فیزیکاڵ بڕۆی بۆ بانک. ئەو شتەی کە جیلی  X و Y,  تووشی بوون. کە دەبینین لە جیلی ئەلفادا حەتمەن گۆڕانکاری قورستر بە سەر دیاردەکاندا دێت!

جیلی ئالفا igene

پیتەی «ئای» لە پێش وشەکەدا، ئاماژەیە بە ئینترنێت بۆ ئەم جیلە.

هەروا کە دیارە پیتەی Z  ئاخرین پیتە لە ٢٦ پیتەکەی زمانی ئینگلیسیە بەڵام بە دوای ئەم جیلەشدا دەتوانین بە جیل یان نەسڵی ئالفا ئاماژە بدەین کە لە زمانی یۆنانیدا یەکەمین پیتەیە، کە بەمپێیە بازنەی جیلەکان درێژەی پێدەدرێت. نەسڵی ئالفا تازەترین مرۆڤەکانن لە ناو کۆمەڵگەدا کە لە ساڵەکانی ٢٠١٠ بە دوواوە لە دایک بوون_ گەرچی ئەم جیلە زۆر گەنجن و تەمەنیان زۆر کەمە و خەریکی خوێندنن بەڵام هەر لە کاتی بە دوونیا هاتنیان، ڕاستەوخۆ لە گەڵ جیهانی دیجیتاڵدا تێکەڵاوێییەکی هەرە زۆریان هەیە و تەنانەت لە خوێندنگەکانیان بەشێکی زۆری دەرس و وانەکان لە ڕێگای نیتەوە دەڕواتە پێشەوە! بۆیە وەکوو جیلی پێشوی خۆیان یانێ جیلی   Z  نین کە لە کاتی میرمینداڵی خۆیاندا دەرگیری تەقینەوەی جیهانی دیجیتاڵ بوون. بەڵکوو هەر لە سەردەمی لە دایکبوونیاندا بەو جیهانە ئاشنا و دەرگیرن کە ئەمە خۆی وێناێک درووست دەکات لە مێشکی لێکۆڵەر کە ئەو جیهانە و جیلی بە دوای ئەواندا دەبێت خاوەنی چ تایبەتمەندییەک بێت؟! کە واتە ئاڵ و گۆڕییەکانی دیاردەکان و کۆمەڵگە و چەمک و بابەتەکان، لە هەموو بوارێکەوە دەبینین چەندە خێرا و سەریعن کە ئەگەر لێدابڕابیت، ژیانت چەندە گران دەبێت!_ هەر لە ئەوەڵەوە ئەمگۆڕانکارییەی گەردوونیمان بە گرینگترین و هۆە سەرەکییەکەی جەوهەری سرووشت و گەردوون پێناسە کرد تاکوو ئەمبابەتە ڕوون بێت کە بە ڕاستی لە نێوان جیلەکانی پێشووتر و جیلی زید، وەها جێاوازییەکی حاشاهەڵنەگر بوونی هەیە، هەر بۆیە هەڵسووکەوتی ئەم جیلانە بەرانبەر بە یەکتری وهیزرەکانیان لە دیاردەکانی ناو کۆمەڵگە وەکوو حکوومەت و دەوڵەت و هەر ئۆرگانێکیتر زۆر فەرقیان هەیە!

ئەگەر جیلی پێشووتر لەگەڵ دەسەڵاتەکاندا بە شێوازێکی سازشکارانە و کۆنسەرواتیڤ، هەڵسووکەوت دەکات، جیلی نوێ بەو قەناعەتە گەشتووە کە ئەمجۆرە هەڵسووکەوتە، تەنیا گیانبەخشە بە سیستەمە دژ بە تاک و مرۆڤ و کۆمەڵگەکان، بۆیە هیچ بۆی تابۆ نییە کە ساختاری بەرهەمەکان و بۆچوونەکان و هیزرەکان و کردەوەکان، بە تەواوی بخاتە ژێر، خانەی گومان و لە خۆیشیدا ئەو گۆمانەی لا نەماوە و بە شێوازی دیکۆنستراکشێنی دەریدایی دەڕواتە پێشەوە وئەو فینۆمنانەی کە هان لە هەر قاڵبێکدا و بە زیانی تاک و کۆمەڵگە پێناسەی دەکات، ئەوانە دەڕۆخێنت و لە ڕۆخاندنیاندا بە جیدی خەریکی خۆ ڕێکخستن و کاری هەمە لایەنەیە لە گەڵ هاو جیلەکانی خۆیاندا. لە شێوازی هیزر یان تیزی دیکۆنستراکشندا، پێویست ناکات تەواو دیاردەکان لە بناخەوە تووشی ڕۆخان بکەیت، بەڵام هەر دیاردەئێک کە داکۆکی ناکات لە واقیع و ڕاستی، دەبێت بە شێوازی دیکۆنستراکشێن بیڕۆخێنیت و سەر لەنوێ درووستی بکەیتەوە_ ئیتر ئەو پێکهاتەیە یان دیاردەیە، لە چ بەرەئێکە یان پەیوەستە بە چ چەمکێکەوە، دەکرێت بخرێتە ژێر دیکۆنستراکشنەوە بە مەبەستی دوبارە و سەر لە نوێ دروست کردنی زانستییانەی ئەو فینۆمنە_ ئیتر ئەتوانێت لە ستاتیکا خۆی ببینێتەوە( هەر وا کە جیلی زید لەم بوارەدا ساختارەکانی شکاندووە) یان بۆ وێنە لە بواری میعماری یان ئەدەب و زمان یان فەلسەفە و هیزرەکان… بە هەر کات ئەو شێوازە دەتوانێت خۆی لە تەواو کەرت و بابەتەکان ببینێتەوە و کارا بێت. بەڵام جەخت دەکەمەوە سەر ئەوەی کە ئەگەر پێکهاتەئێک درووست بێت، ناکرێت ئەو پێکهاتەیە بخرێتە ژێر دیکۆنستراکشن. بەڵام ئەگەر پێت سەلمێندراوە یان بەو قەناعەتە گەشتویت کە بۆ وێنە دەسەڵاتی باشووری کوردستان، دەسەڵاتێکی گەندەڵە و دژ بە مرۆڤ و کۆمەڵگەیە، تەنیا چارە بەکار هێنانی هیزری دیکۆنستراکشێنی دریداییە. هەڵبەت بە تێگەیشتنی من! _ بۆیە لەمجۆرە بیرکردنەوەدا، چیتر ڕیفۆرم چارەسەری حەلکردنی کێشەکان نییە و خواست، خواستێکی مرۆڤانەیە. نەک بە دەستخستنی دەسەڵات و پلەو وپارە و شوهرەت و …هتد، کە دەبێتە درێژەپێدانی هەر ئەو سیستەمە فیکرییەی کە لە ڕاستیدا خەسێندراوە و هانای جووڵەی نییە! و ئیرادەشی بۆ جووڵە و ڕێکخستن و ئاراستەکردن لێسەندراوە! جیلی زید بەرانبەر بە تەواو ئەم چەمکانە وشیار و ژیرە و لە وردەی کار و بابەتەکان بە جووانی تێدەگات بۆیە لە کرداردا و مەیدانی عەمەلدا، زۆر کارایە و لە کارەکان وپڕۆژە و بەرنامەکانیدا زۆر جیدیە.

هیچ جێگای گۆمانێک لەوەدا نییە کە جیلی زید، لە تەجروبەو کارکردی جیلەکانی پێشوتریش کەڵک وەر ئەگرێت، بەڵام هەر هیزرێک و هەر شێوازە کارێک یان هەر دیاردەئێک دەخاتە ژێر لێکۆڵینەوەی ورد و جیدی و کوێرکوێرانە قبووڵیان ناکات! بۆیە پێشتریش بە هیزری دیکۆنستراکشن ئاماژە درا کە چۆنیەتی شێوازی کارکردنی ئەوان، بە ڕوونی دیار بێت.

کەسانێکیش بە هەر هۆئێکەوە جیلی زید بە جیلێک پێناسە دەکەن کە گوایە ئانارشیستن!

هەرچەند بڕێک لە کردەوەکان ئەوان بە تایبەت لە خۆپیشاندانەکاندا، دەڕواتە خانەی ئانارشیسمەوە، لە چەند ڕەهەندەوە لە ئانارشیسمی زانستیانە و شێوازی میخائیل باکۆنین زۆر نزیکن، بەڵام هێشتا ناکرێت ئەو جیلە بە جیلێکی ئانارشیستی پێناسە بکرێت. هەر ئەوەی کە کار و کردەوە و هیزرەکانی ئەم جیلە لەگەڵ کەسانیتر و جیلەکانی پێشووتردا ڕێک نییە، نابێتە هۆی ئەوەی کە بە ئانارشیسم پێناسە بکرێن. بەڵام هەر لێرەدا ئەتوانم بڵێم کە هیزرەکان و چۆنییەتی ڕێکخستن و ئاراستەکردن بە کۆمەڵگە و بە گشتی بڕێک لە شێوازی کارەکانیان وەکوو کردەوە ساختارشکێنەکانیان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، زۆر بە ئانارشیسمەوە نزیکایەتی هەیە. گەرچی ئەوەش دەزانم کە جیلی ئەلفا تەنانەت بەم قسەش گاڵتە دەکات و پێدەکەنێت و لە ڕاستیشدا مافی ڕەوای ئەوانە کە تەواو هیزر و تێگەیشتنەکان بخەنە خانەی گۆمان و تەنانەت گاڵتەوە. لە بەر ئەوەی کە لە گەردووندا هیچ دیاردەئێک بوونی نییە کە تووشی قەیران و گۆڕان نەبێت و بەدیهاتنی فینۆمنە تازەکان، شتێکە کە پەیوەستە بە جەوهەری خودی گەردوونەوە. هەر بۆیە ئێمەش کە ڕەخنە لە کاربەدەستە پیرەکانی حکومەتەکان و دەسەڵاتەکان دەگرین، هیزرەکانی ئێمە و ئەوانیش ناکرێت لە یەکخاڵدا کۆ بکرێنەوە و بە یەک دیاردە و هیزر پێناسە بکرێن. چونکی لە نێوان ئێمە و ئەواندا جێاوازی لە پۆلۆتۆنەوە تاکوو زەوییە! دەی هەر بەم پێیە جێاوازی ئەم جیلە لەگەڵ کەسانیتردا، لە باری زانستی و فەلسەفییەوە شتێکی ڕوون و حاشاهەڵنەگرە! بۆیە ئەگەر برتراند راسل دەڵێت: لە ١٠٠٠ ساڵی داهاتووشدا ڕوانگەی واقیع، ئەو شتەیە کە کۆن نابێت! لاێ ئێمەش داکۆکیکردن لە واقیع ئەو شتەیە کە دەرگیرمان ئەکات لەگەڵ دەیان دیاردەی سەیر و سەمەر کە جاروایە دەبێتە هۆی خەمی ئێمە و جاریش وایە دەبێتە هۆی پێکەنینمان. بۆ وێنە ئێمە پێکەنینمان دێت بەوەی کە خەڵکانێک بەس فیکر لەوە دەکەنەوە کە فڵان کاربەدەستی دەسەڵاتی باشوور، ئایا لەگەڵ خانمێکدا ڕەسم یان فیلمی سیکسی هەبووە یان نا؟! _ بۆ ئێمەمانان تەحلیلی لیبەرالیسمی ئیقتسادی لە باشوور و عیراقدا و چۆنییەتی خوڵقاندنی بناخەیی کارەساتەکان و ئەرتەشی بێکارەکان و سیستەمی پریڤاتکردنی کەرتی خزمەتگۆزارییەکان وەکوو سیستەمی پیزشکی و سیستەمی پەروەدە و خوێندگە گرنگترە تاکوو ئەو ئاگاهییە بدەینە تاک و کۆمەڵگە کە ئاشنا بن بە هۆی سەرەکی و بناخەیی ڕووداوو کارەساتەکان!

تابۆی سیکس ئەگەر بۆ جیلی کلاسیک زۆر تۆخ و دەگمەنە! بۆ جیلی زید و ئەلفا، بەس مایەی پێکەنین و گاڵتەیە! دیاردەکانی لیزبییەن و کوڕ خوازەکان( پەلکە زێڕینە) کە بۆ ئیسلامییەکان و بە تەواوی ئۆرودوگای میتافیزیا(باوەڕمەندبوون بە هیزری ئەفلاتوونی-ئایدیالیزم-ڕەشنالیسم یان عەقڵانییەت) و  جیلە پێشووەکان، گرنگە و دژ بەوان هەڵسووکەوت دەکەن، بۆ جیلی زید شتێکی زۆر ئاساییە کە لە ڕوانگەی زانستییەوە، لە تەواو کۆمەڵگەکاندا بوونیان هەیە، بە کوردیشەوە لە هەر چووارپارچەکەی_ لەبەر ئەوەی کە کوردیش وەکوو کۆمەڵگەی کوردستانی، لە کۆمەڵگەی جیهانی دانەبڕاوە و لەباری سرووشتییەوە، ئەو شتانە لەناو کوردیشدا بوونی هەیە و حاشاهەڵنەگرە_ لەمبارەوە و بۆ سەلماندنی ڕاستی بابەتەکە دەتوانین ئاماژە بدەین بە «تیۆریای باڵی پەپوولە» ‌کە دەڵێت: ئەگەر پەپوولەئێک لە شاری پیکەن، پێتەختی چین( ساینا) هەستێتەوەو باڵ لێبدات، بەعید نییە ئەگەر ئەوباڵ لێدانە ببێتە هۆی گۆڕینی کەش وهەوا و لە شاری نیۆیۆرکدا تۆفانێک درووست بکات _ کە پیشاندەری ئەوەیە کە تەواو دیاردەکانی سرووشت و گەردوون پێکەوە گرێدراون یان هاوپەیوەستن و لێک جێا نین. بۆیە لە سەر یەکتریش کاریگەرییان هەیە. کە بەمپێیە ناتوانین کۆمەڵگەی کوردستانی لە گەڵ کۆمەڵگەکانیتردا بە بێ پەیوەندی و جێا پێناسە بکەین. کە هەر لەمخاڵەدا دەتووانین ئاماژە بدەین بەوەی کە ئەو کاتەی باس لە کۆمەڵگەی جیهانی دەکرێت، لە ڕاستیدا لە کۆمەڵگەی جیهانی مرۆڤەکان باس دەکرێت کە هاو کێشەن و هاو چارەن و لە پەیوەندیدان و لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا لە سەر یەکتری کاریگەرن بە تایبەت ئەمڕۆکە کۆمەڵگەی جیهانی بە گۆندێکی چکۆلە پێناسە دەکرێت!_ بەدیهاتنی وایرۆسی کۆرۆنا خۆی وێنائێکە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە چۆن تەواو جیهانی گرتەوە! ئەگەر ئەو پەوەندییەی نێو مرۆڤەکانی جیهان نەبێت، کاریگەرییەکانیشیان لە سەر یەکتری لا ئەچێت بەڵام لە ڕاستیدا کۆمەڵگەکانی جیهان پێکەوە گرێدراون. هەرچەند ئەوە دەوڵەت و حوکومەتەکان(بە تایبەت سیستەمی سەرمایە) کە لە باری جۆگرافییەوە سنووربەندییان کردووە وهەر ئەوەش لە بەشێکی جیهان یانێ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەروپی لاچووە و سنوورەکان مانای خۆیان لە دەستداوە هەر بۆیە بە تێگەیشتنی من لە داهاتووی نە زۆر دووردا، سنوورەکانی نێوان کوردستانی گشتیش لەو چووار پارچەیەدا لا ئەچێت!

چۆنیەتی کارکردنی نەسڵی زید

خاڵێکیتری زۆر سەرەنجڕاکێش ئەوەیە کە نەسڵی زید، بەردەوام تاکتیکەکانی خۆیان ئەگۆڕن!

تاکتیکەکانی نەسڵی ئێمە بۆ دۆژمن، زۆر ڕوون و ئاشکرا بوو. بۆیە هەر پێشتریش دوژمن دەیزانی کە ئێمە خەریکی چ بەرنامەئێکین بە وێنە بۆ ڕۆژانی داهاتوو! بەڵام شێوازی ئەم جیلە نوێیە بە جۆرێکە کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی تووشی سەرلێشێواوی و نەزانم کاری کردووە. هەر بۆیە لە سەرکوتکردنی خەڵکیش بە شێوازی کۆنتر، سەرکەوتوو نەبوو. بەڵام بە شێوازی شەلم کوێرم ناپارێزم، تەقەی لە خۆپیشاندەران کردووە و جار وایە کەسانێکی کووشتووە کە لە خۆپیشانداندا نەبوون! وەکوو تەقە کردن لە ماشینی بنەماڵەی  کیان پیر فەڵەک، ئە منداڵەی  کە بە خودای  ڕەنگین کەمان، بە ناوبانگ بوو. هەر وەها دەیان کەسیتر. گەرچی دەستبەجێ ئەبێت ئاماژە بدەین بەوەی کە هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی چەندینجاریش لە ڕووی پلان و بەرنامەوە، کەسانێکیان لە نەسڵی زید لە شەقامەکاندا کوشت کە ئەوانە وەکوو لیدەر و ڕێکخەر بوون لە خۆپیشاندانەکاندا وەکوو سارینا ئیسماعیلزادە و حەدیس نەجەفی و…هتد.

هەروا کە پێشتر ئاماژەی پێدرا، نەسڵی زید لە زۆربەی هەرە زۆری بوارەکاندا، کەرت و چەمک و دیاردەکانی گۆڕیوە. یەکێک لەو چەمکانەی کە دەستی بردووە بۆ گۆڕینی، چۆنیەتی سیستەمی فەرهەنگی مووسیقایە. کە نەسڵی پێشووتر تاکوو هەر ئەم ساتە وەختەش سەرقاڵە بە گوێگرتن لە مووسیقای سوننەتی یان کلاسیک وەکوو شەجەریان و شارام نازری و کامکارەکان و …هتد. نەسڵی زید تەواو ئەو فەرهەنگەی ئاوەژوو کردووە و نەک هەر گوێگری وەها مووسیقائێک نییە، بەڵکوو هەستاوە بە ڕەخنەگرتنێکی زۆر تووند و زانستیانە لەو بابەتەوە. بۆ وێنە ئەوان گوێ ئەدەن بە گرووپی ( ولشدگان) کە مووسیقای ئەم گرووپە، هەر نۆتەکانی پێشووترە و مەسەلەن لە دەزگای ماهووردا یان سێ گادا، ئیجرا ئەبن، بەڵام جۆری ڕیتمەکە گۆڕانی بە سەردا هاتووە و لە لائێکیترەوە بە تەواوی تیکستەکان و شیعری گۆرانییەکان، گاڵتەکردنە بە فیکری کلاسیکی و ڕەخنەگرتنی تووندە لە ناوەڕۆکی شیعرە کلاسیکەکان، بە شێوازی شاد و شاناز و شۆخی و گاڵتە وگەپەوە! کە بەمجۆرە کارەکانیان بە گۆێ بیسەر زۆر بە باشی دەنیشێت. من لە ماڵپەڕی فەلسەفە و ئەندیشە ٢ بەش لە کارەکانی ئەم گرووپەم دابەزاندووە و ئەتووانن لەوێ خۆتان بیبینن و گۆێبگرن. جێا لەمانە نەسڵی زید گوێگری مووسیقای جیهانی ئینگلیسییە و بەردەوام گوێگری گرنگترین گۆرانیبێژانی ئەو جیهانەن. دیاریشە کە لەم مووسیقایە، هیچ شتێک نامۆ یان تابۆ نییە! گۆرانیبێژەکانی ئەم بوارە لەم زمانەدا، باس لە چەندین دیاردە و ڕووداوی سرووشتی لە نێوان مرۆڤەکان و خۆشەویستەکان و دڵدارەکان دەکەن و بۆ وێنە بۆ ئەوان بە هیچشێوەئێک باسکردن لە سیکس لە گۆرانییەکەدا تابۆ نییە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە لە مووسیقای کلاسیکی ئێرانیدا، ڕۆیشتنە ناو ئەو بابەتانەوە بە تەواوی بڤەیە و نەک هەر سانسۆر و ڕێگری دەکرێت کە لە باری یاسای وڵاتەکەوە، ئەکەوێتە خانەی دژ بە ئەخلاق و ئیسلامەوە، بۆیە بە تەواوی قەدەخەیە! بەڵام نەسڵی زید دەست ئەبات بۆ هەر ئەو بوارانەی کە لەلایەن دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە قەدەغە کراوە و بەمشێوەیە و هەر وا کە خۆشیان دەڵێن: ئەمجۆرە کارانە و شکاندنی ساختار وپێکهاتەکان، ئەبێتە هۆی ئەوەی کە ئادرنالینی ئەوان ئازاد بێت کە هەر ئەمە خۆی چێژێکی سەرەنجڕاکێشیان پێ ئەدات!

تەنیا ئەوە نییە و بۆ ئازادکردنی ئادرناڵین لە لەشدا، ئەوان هەڵدەستن بە ئەنجامدانی گەلێک کاری خەتەرناک و ترسیشیان لەوەی نییە کە گیانیان لەو حەرەکەتەدا لە دەست بدەن! هەر وا کە زیندوویاد سارینا ئیسماعیلزادە(١٦ ساڵ تەمەنی بوو)، دەقیقەن باس لەم خاڵەدەکات لە کاناڵە یوتیووبەکەی خۆیدا. ئەمەش خۆی بووەتە هۆی سەرلێشێواوی زیاتری فەرماندەکانی هێزی سەربازی و نیزامی و سەرکوتکەرانی ڕژیم. لە بەر ئەوەی کە چەندین گرتەی ویدۆیی هەیە لە خۆپیشاندانەکاندا، کە کەسانێک بە بێ هیچ چەک یان تەنانەت هیچ شتێک، بەس بە دەستی خاڵییەوە، دەڕۆنە بەرانبەر هێزە سەرکوتکەرەکان و پێیان دەڵێین: فەرموو تەقە بکە! لە گرتەئێکدا کەسێک لە خۆپیشاندەران هەر بە دەستی خاڵی لەبەرانبەر چەکدارەکەی ڕژیمەوە دەوەستێت و بەردەوام ئەم دێرە دووپات ئەکاتەوە کە: تەقە بکە! ئەگەر ئەتووانی تەقە بکە! _ ئەو پاسدارە دەڕواتە دوواوە…. ئەم هەر دەڕواتە پێشەوە و پێ دەڵێت: تەقە بکە، بزانم چەندە مرۆڤی؟! ئەویش تەقەی لێدەکات و ئەو خۆپیشاندەرە دەکوژرێت!

نەسڵی ئێمە وەها نەبووین. لە جووڵەو دەرگیرییەکاندا تێماندەکۆشا کە گیانی خۆمان و دۆستەکانیترمان بپارێزین و هاوکات شەڕیشمان دەکرد… بەڵام ناچارم بە شتێک  دوبارە ئاماژە بدەم کە ڕەنگە زۆر کەس پێیان باش نەبێت، بەڵام بە قەوڵ برتراند ڕاسل: بەردەوام تێبکۆشە لە واقیع داکۆکی بکەیت و هەرگیز مەهێڵە کە هیچ ئایدیالۆژێکێک بەرگریت لێبکات لە نووسین یان بەیانی واقیعەکان. سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی و جیلەکەی ئێمە، بە ڕاستی نەمانتووانی ئەم کۆمارە سەخیفە لە ناو بەرین… ئەم جیلە تەنانەت کەوتە ناو داوەکانی سەرمایەی ئیسلامی و نەخشەکانی کۆماری ئیسلامی! کە خۆی بوو بە هۆی بەهێزبوونی ئەو کۆمارە دژ بە مرۆڤ و کۆمەڵگەیە. مەسەلەن لە ڕێگای بڕوا بە ئەوەی کە دەکرێت کۆماری ئیسلامی ئیسڵاحات یان ڕیفۆرمی تێدا بکرێت. هەر ئەم تێگەیشتنە کاڵفامییەی بڕوا بە ڕیفۆرم لەم کۆمارەدا، بوو بە هۆی درێژە پێدانی ئەم سیستەمە خەتەرناکە کە ئەمڕۆ ئیتر سیما و ڕوومەتەکەی بۆ هەمووان ئاشکرایە کە چەندە دژ بە مرۆڤ و مرۆڤایەتی و خواستەکانی تاک وکۆمەڵگەیە.

 ئەبێت قبووڵ بکرێت کە هەر ئەم نەسڵەیە کە لە کاتی لە سێدارەدانی چەندین کەسەی ناو شارەکان ( جێا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان) خەڵک دەڕۆیشتن و لە شوێنی ئەو سێدارە کردنەدا، کۆ دەبوونەوە و توویان دەشکاند و بۆیان وەکوو بینینی فیلمێک بوو! _ یان لە ساڵانی پێشووتردا کە کەسانێکیان بەردباران دەکرد و هەر خودی ئەو خەڵکە و ئەو جیلە بوون کە بەردەکانیان دەهاویشت بە سەر ئەو مرۆڤە بەدبەختەی کە لە چاڵ کرابوو! _ پێشتر چەندین لۆری بەردیان لەو گەڕەکەدا دەڕژاند و بەردیان بۆ خەڵک ئامادە دەکرد تاکوو دەستووری قورعانەکەیان یانێ  «ئەمر بە مەعرووف و نەهی لە مونکر»، ئەنجام بدرێت! کە ئەو مەلایە، حوکمی بەردبارانەکەی دەوتەوە، لە هەزارلاوە هاونەسڵەکانی ئێمە بوون کە بەردیان دەهاویشت وەکوو باران بە سەر ئەو مرۆڤەوە! گەرچی هەرگیز وەها ڕووداو یان کارەساتێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە نەچوو. من لە خاترمە تەنیا یەکجار لە ساڵی ١٣٦٠دا بە دووای شەڕی ٢٤ ڕۆژەی سنەی سوور، دوو کەس کە عارەقیان خواربووەوە، هێنا ناو وەسەتی شار بۆ ئەوەی کە حوکمی ئیسلامی حەد کە ٧٥ زەربەی شەلاخ بوو لە بەرچاو خەڵکەوە ئیجرا بکرێت. دەقیقەن لەو کاتەدا شار خرۆشا و هەر لەوێ دەستمان کرد بە خۆپیشاندان و هێرشبردنە سەری پاسدارەکان. کە لە ئاکامدا بە تەقەی پاسدارەکان، ژنێک بریندار بوو_ ئەوە یەکمجار وە ئاخرینجار بوو کە کۆماری ئیسلامی ویستی لە ڕۆژهەڵاتدا لە بەر چاوی خەڵکەوە، تاکەکانی ناو کۆمەڵگە شەلاخ لێبدات و «حوکمی حەد» ئیجرا بکات. بۆیە نەسڵی پێشووتری زید لە ڕۆژهەڵاتدا بە نیسبەتی تەواو شارەکانیتری ئێراندا، خاوەنی هەڵویست و جێگە و پێگەی خۆی بوو. هەر بۆیە کە نەسڵی زیدی ڕۆژهەڵات، هەر ئیستەش تاقانە سەنگەرێکە کە درێژە ئەدات بە خەباتی خۆی. لە بەر ئەوەی کە جیلی زیدی مودیڕنی ئەمڕۆی ڕۆژهەڵات، ڕۆڵەکانی ئێمەن. کچ و کوڕانی ئێمەن و لە فەرهەنگی ئێمەدا گەورە بوون_ هەر چەند تەنانەت ئەم بابەتەش ڕەها و موتڵەق نییە و هەر لە ڕۆژهەڵاتیش هێشتا لە هاونەسڵەکانی ئێمە کەسانێک هەن کە نان بە بایەخی ڕۆژ دەخۆن و لە هێزی سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامی ترسیان هەیە. بەڵام ڕێک لەمکاتەدا نەسڵی زیدی ڕۆژهەڵات نەک هەر ترسی نییە کە تەنانەت لە گیانی خۆیشی لایداوە بۆ بەدیهێنانی ئازادی و بایەخە ڕەسەنەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگە و تێڕوانینی بە ژیان وژینایەتی، بە شێوازێک کە زۆر سەخت لە گەڵ جیلە پێشووەکاندا دێتەوە. کە هەر ئەمەش ئەبێتە هۆی جێا بوونەوەی جیلەکان لە یەکتر کە هەر لە پاراگرافی یەکەمدا و سەبارەت بە هیراکلیتۆس گوتمان: گۆڕان و گۆڕانکاری لە دیاردەکانی ناو گەردووندا شتێکی حاشا هەڵنەگرە.

نەسڵی پێشتری زید، ئارام و کۆنسەرواتیڤ بار هاتووە _ زۆر لە گەڵ سیستەمی دژ بە تاک و کۆمەڵگە، سازیش دەکات_ زوو دەکەوێتە نێو داوەکانی لیبەرالیسمی نوێ_ زۆر ترسنۆکە و بە ڕاستی لە ئیرادە  وخواستی ئازادی بەتاڵە _ خشتە ئەوەڵینەکانی ئەرتەشی بێکارەکانە و بەردەوام ترسی لە دەستدانی کاری خۆیە، هەر بۆیە لە تێکشکاندنی مانگرتنەکاندا هاریکاری دەسەڵات دەکات _ بەشداری کردنی لە خۆپیشاندانەکان زۆر لاواز و کاڵە و دوودڵیشە لە سەر بابەتەکان _ زۆر بە سەریعی دەکەوێتە جیهانی وەهم و خەیاڵی ئایدیالیزمیەوە_ بەرانبەر بە دەسەڵات خۆشباوەڕە و هۆمیدی چاکسازی هەیە بە دەستی خودی دەسەڵات ( ڕیفۆرم ) کە بە تەواوی میتافیزیاییە و ئاکامەکەی دژ بە تاک و کۆمەڵگەیە. کۆماری ئیسلامی لە بەر ئەوەی کە بە باشی ئەم جیلە دەناسێت و خواستە کانی دەزانێت و بە جیهانە فەرهەنگییە لاوازەکەی ئاشنایە کە زۆرجار بە ناردنی قشقەڕە جووانەکان( پرستوهای ڕژیم) لە باری سیکسیەوە، دەیانخاتە ناو داو. وە نەخشەکانی خۆی دەباتە پێشەوە. ئەو ژنانەش کە بەو شێوازە بۆ کۆماری ئیسلامی کار دەکەن، پێشتر بە دەستی کاربەدەستانی وەزارەتی ئیتڵاعات لە سەریان کار کراوە و فیریان کردوون کە چۆن بەرنامەکانیان ببەنە پێشەوە! _ ئەم دیاردەیەش دەگەڕێتەوە بۆ خواستی دەسەڵات و بە گشتی چۆنییەتی فامی سەرمایەی جیهانی کە بە بورژوازی بە ناوبانگە. ئەگینا مرۆڤ لە باری سرووشتییەوە بە پێ سروشتەوە، ئەبێت خاوێن و پاک بێت و بۆ پارە و کورسی و دەسەڵات دەست بە هەر کارێک نەبات (فەلسەفەی موراڵ). لێرەدا من دەکەومە بیر ئەفلاتوون کە لە تیزی تەزەکاردا دەڵێت: «زانیارییەکان و هیزرەکان پێشتر لە مرۆڤدا بوونیان هەبووە، کە بە دونیا دێت و وردە وردە فێری شتان ئەبێت،  ئەو شتانە وە بیری دێتەوەو ئەوانە پێشترلە جیهانی موسۆڵیدا بوونیان هەبووە»!

کە بەمپێیە ئەکرێت بڵین کە لە ڕوانگەی ئەفلاتوونەوە، ئەگەر کەسێک هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی خراپەئێکەوە، ئەوە لە ڕوی زانیاری و ئاگاهییەوە نەبووە _ ئەو لە کاتی ئەنجامدانی ئەو خراپەیە، ئاگای( زانیاری- شناخت- ناسین)ی نەبووە و لە ڕوی نەزانییەوە ئەو کارەی کردووە!! دەی ئەگەر ئەمە دروست بێت واتە  ئەو حاکمەی کە حوکمی دەسبەسەر کردنی ئەو دوو میرمنداڵەی کە تەمەنیان لە خوارەوەی هەژدەساڵدایە یانێ عەبدوڵا هیوا فاتیح و سابیر ئەحمەد، کە تەنیا لە خۆپیشانداندا بەشدارییان کردووە و لە ٨-١١-٢٠٢٢دا لە گەرمیانی باشووری کوردستان و بە دووای دوو ساڵدا، سزای چوارساڵ زیندانی بە سەر هەر یەکەیان داسەپاندووە، لە ڕوی نەزانی و نەبونی زانیاریدا، وەهای کردووە! ئەو حاکمە و ئەو دەسەڵاتە بە پێ هیزری ئەفلاتوونی، خەتای نەکردووە و کارەکەی درووستە! _ دەی نەسڵی زید، وەها تێگەیشتنێکی کاڵفامانە و وەها کردەوەئێکی قیزەونی لا قبووڵ نییە و بە تەواو بوونیەوە، لە بەرانبەریدا دەوەستێتەوە.

بابەتێکیتر ئەوەیە کە بڕێک لە ڕووناکبیرانی چەمکی فەلسەفەی سیاسی ئەفەرموون: دابەش کردنی جیلەکان و دەرخستنی جێاوازییەکانی نێوان ئەو جیلانە کارێکی نازانستیانەیە! ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەو ڕووناکبیرانە هەر لە خاڵی یەکەمدا گرفتی میتافیزییان هەیە لە بەر ئەوەی کە چاوی خۆیان و گۆێ خۆیان سەبارەت بە گۆڕانی بەردەوامی فینۆمنەکانی گەردوونی کەڕ و کوێر کردووە! خۆشیان ئەزانن کە جیلی پێشووتر بۆ وێنە هەر نەیزانیوە کە ئینترنیت میوە یان بەرەی چ دارێکە! لە حاڵێکدا نەسڵی زید لە گەڵ جیهانی پێشکەوتووخوازی تەکنۆلۆجیای سەردەمدا تێکەڵاوە و هەر لە کاتی بە دونیا هاتنیدا لە گەڵ ئەو جیهانە زۆر سەریعە دەرگیر بووە و لە گەڵ دیاردە جۆراوجۆرەکان و ڕووداوەکانی کۆمەڵگەی جیهانی و تەنانەت جیهانی گەردوونی و یۆنیورساڵی نەک نامۆ نییە کە زۆریش ئاشنایە. دەی هەر لەمخاڵەدا چۆن دەکرێت ئەم دوو جیلە وەکوو یەک پێناسە بکرێت؟ ئایا جێاوازییەکان وەکوو ڕۆژی ڕوون لە برچاو نین؟! ئایا چۆنییەتی هەڵسوکەوتی ئەم دووانە لە گەڵ یەکتریدا خاوەنی دەیان و بگرە سەدان جێاوازی نییە! ئەساسەن کام بۆچوون و هیزری جیلی زید لە گەڵ جیلی پێشووتردا یەکئەگرنەوە؟! ئەگەر وا بێت بۆچی زۆربەی ئەو جیلە دەڵێن کە لەو کاتەی بە ئامانجەکانیان بگەن و شۆڕشەکە سەر ئەخەن، هەر حەتمەن ناوی فامیلی خۆیان دەگۆڕن؟! بەو خواستەی کە بە تەواوی لە یادگارەکانی جیلی پێشووتر دابڕابێتن!! یانێ ئەم ڕادەی تووڕەیی و ئەستەمەی کە لەم جیلەی زید کراوە، بۆچی نابیندرێت و بە ڕوونی ناکەوێتە بەرچاو؟ بۆچی بەرگرییان لێدەکرێت لە کارەکانیان و پڕۆژەکانیان؟

 کێ بەرگرییان لێدەکات؟

ئایا جێا لە دەسەڵاتی میتافیزیایی کۆماری ئیسلامی و جیلی پێشووتر یانێ دایک و باوک و براو خۆشکانی سەر بە جیلی پێشووتر، کەسێکیتر هەیە کە حوکمی وەستان و بێ دەسەڵاتی و لاوازی و سازشیان بە سەردا دەسەپێنێت؟ و داوایان لێئەکات کە هێندە ڕادیکاڵ مەبن و تەنانەت بە شێوازی خۆیان بەندیان دەکەن و ڕێگرییان لێدەکەن؟! ئەمانە جێاوازی نین، واتە چین؟ تکایە بۆمانی ڕوون بکەنەوە. ئێوە کە لە بناخەوە لە گەڵ سیستەم و دەسەڵاتی دژ بە مرۆڤ و مرۆڤایەتی ڕاهاتوون و تەنانەت بە ئاشکرا و بە نهێنی حاشا لە گۆڕانکاری گەردیلە و گەردوون ئەکەن. ڕوونی بکەنەوە کە خاڵی هاوبەشی ئەم دوو دیاردە کۆمەڵاتییە چیە؟ ئەوەی کە نەسڵی ئێمە مرۆڤین و ئەوانیش مرۆڤن؟ _ بڕواتان هەبێت کە جیلی زید گۆمانیان هەیە لە مرۆڤ بوونی ئێمە! لە بەر ئەوەی کە ئەوان ئەتووانن بڵێین کە: ئێوە چۆن ئەم دونیا و کۆمەڵگە و سیستەمەتان بۆ ئێمە ڕەخساندووە؟ چۆن بە خۆتان ئیزنتان داوە کە وەها دۆخێک بۆ ئێمە بڕەخسنێنن؟!  بۆچی دەگەڕان بە دووای تاڵی مووی ئیمام خومەینی لە نێو قورعاندا؟ چۆن و لە بەر چی ئەو هەموو ئیمامزادەتان درووست کرد و دەیان پەرەستن و لە ڕۆژانی تاسووعاو عاشوورا گریاون و دەگرین و هەر ئیستەش لە شارەکانەوە هەموو سالێک بە ڕێ دەکەون و بە پێ دەڕۆن بۆ کەربەلا و زیارەتی ئیمام حسێن؟ یان خود چۆن ئێوە ئەتووانن قبووڵ بفەرمون کە هەزاران مرۆڤی ئازادیخواز لە زیندانەکاندا ئیعدام بکرێن و هیچ هەڵویستێکتان نەبێت؟! ئێمە ئەم هەموو پارادۆکسە چۆن لە مێشکی خۆمان حەل بکەین؟ چاوەکەم ئێمە لە ئێوە دابڕاوین و لە ڕاستیشدا لە ڕووی جەوهەری گەردوونییەوە دابڕاوین و هەر بۆیە دەڵین لە دوواڕۆژی سەرکەوتن بە سەر ئەم دەسەڵاتە دژ بە مرۆڤە، تەنانەت ناوی فامیلی خۆمان دەگۆڕین کە بۆ ڕۆڵەکانی داهاتوو بڵین و ئاشکرابکەین کە چیمان لە دەستی ئێوە کێشا و چۆن بە دیل گیراین و بۆچی لە ئێوە بێزارین؟_ ئێوەی کە دەتانبینی لە ناو شارەکاندا گرووپ گرووپ خەڵکیان بە جەرسەقیل لە سێدارە دەدا و ئێوە تەواشاتان ئەکرد!! بەڵێ ئاشکرایە و حاشاهەڵنەگرە کە لە جیلی ئێوەش کەسانێکتان تێکۆشەر بوون و سەدان ئازارتان بینی و کەسانێکتان تێکۆشان کە ئەم دەسەڵاتە پیس و پۆخڵە دابڕۆخێنن، بەڵام نەک هەمووتان… چەند لە سەدێکی زۆر کەمتان لە ڕاستی و درووستی و ئازادی داکۆکیتان کرد، قسەکەی ئێمە لە سەر ئەو کەسانە نیە کە دەیان و سەدانیان لەو تێکۆشانەدا گیانی خۆیان فیدا کرد، بەڵکوو قسەی ئێمە ڕوو بە زۆربەی هەرە زۆری جیلەکەی ئێوەیە کە ڕاستییەکان و واقیعتان، چەواشە دەبینی و هەر ئێستەش بە چەواشەوە دەیبینن و ددان بە هەبوون و روودانی واقیعەکان دا نانێن! بۆیە لە نێوان ئێمە و ئێوەدا جێاوازییەکی زۆر قووڵ هەیە. وە ناشتوانن حاشای ئەوە بکەن کە بەس جیلی ئێوە بوو کە دەنگی دا بە کۆماری ئیسلامی و ئەم بارو دۆخەتان بۆ ئێمە ڕەخساند. نا. ناتووانن حاشای لێبکەن. ئێستەش ئێمە ئیزن بە خۆمان نادەین کە ئێوە دادگاهی بکەین، بەڵام داواکارین کە لە پرخە پرخی خەونە ڕاسپوتینییەکانتان هەستن و لانیکەم ڕێگری لە ئێمە بۆ بەرەو پێشخستنی خۆپیشاندان و خەبات و شۆڕشەکەمان مەکەن. ڕاستە ڕوبەڕو بوونەوە لە گەڵ واقیعدا هاسان نییە! بەڵام ئیرادەتان هەبێت و واقیع قبووڵ بکەن!

جیلی زید لە باشووری کوردستان

لە باشووری کوردستانیش، بە داخەوە نەسڵی زید بە شێوازێکی سەردەمیانە و مودیڕن فام نەکراوە. لەوێش هەر ئەم کێشەگەلە بوونی هەیە و دەسەڵاتی دوو بنەماڵە بووەتە هۆی خەساندنی بەشی هەرە زۆری کۆمەڵگە. لەم بەشەی کوردستانێک کە زنجیر کراوە، دەیان دیاردە و ڕووداوی سەیر و سەمەرە ڕوویانداوە و جیلی کلاسیک نەک هەر ئیرادەی لێ سەندێندراوە، بەڵکوو لە هەموو خراپتر خەسێندراویشە! خواستی دەسەڵاتی ئەو حوکمڕانییە وەکوو وایرۆسێک لە ناو خەڵکانێکی زۆردا ژیان بە سەر ئەبات. خۆ جیلی زید ئەو دەسەڵاتە گەندەڵەی درووست نەکرد! جیلی زید هەر بوونی نەبوو کە خەڵکانی ئەو سەردەمە خۆیان دەنگیان دا بە ئەو حیزبانە و دوو دەستی دەسەڵاتیان لە ناو سینی زێڕیندا پێشکەشکردن! _ کەسانێکی دڵسۆز و ژیر و هۆشیار دەستیان کرد بە جووڵەو تێکۆشان گۆڕانێک لە بەرژەوەندی کۆمەڵگەدا بە دی بکەن، بەڵام ئەوانە کەوتنە بەر هەڕەشەو و گۆڕەشەی دەسەڵات و حیزبەکان و بەشێکیان هەڵاتن بۆ هەندەران و بەشێکیان خانەنشین بوون و بێ دەرەتان داکەوتن و بەشێکیان بە تەواوی لەو تێکۆشانەدا لە ناو چوون. کە ئەمانە چەند لە سەدی خەڵک بوون؟بە ڕاستی  زۆر کەم بوون. بۆ وێنە ئەو قەڵەمبەدەستانە کە بە ڕەهەندییەکان بەناوبانگن و تێکۆشان کە لە ڕێگای قەڵەمەکانیانەوە و لە چاپدانی کتێب و مەقالەو گۆڤار، کۆمەڵگە وشیار بکەنەوە، بەڵام هەر ئەوانیش پەرتەوازە بوون و نەیانتوانی بە شێوازێکی جیدی و کارا، دەسەڵاتی دژ بە خەڵک بگۆڕن. کە دەبینین لە باشووری کوردستان، ئەو دەسەڵاتە هەر ماوەتەوە و نەک هەر گۆڕانکاری نەکراوە کە بارودۆخەکە لە ساڵانی پێشووتر زۆر خراپتر بووە! بۆ وێنەی بەرچاو، باشووری کوردستان بە دوو زۆنی سەوز و زەرد دابەشکراوە و لە هەرکامیان بە شێوازی جۆراوجۆر نەک هەر سەروەت و سامانی ئەو وڵاتە ئەبەن کە تەنانەت دژ بە مانا ڕەسەنەکانی مرۆڤ وەستاون_ هەر هێندە دیار و ئاشکرایە کە سایرۆنەکانی کوردستانی باشوور، لە ڕۆژی ڕووناکدا لە خەڵک دزی دەکەن. وە تەواو کارەکانیشیان لە فیلتەری یاساکانی خۆیاندا دەڕواتە پێشەوە! بە ڕاستیش سایرۆن ئەو دزە زۆر زیرەکەیە کە لە ئۆستوورەکانی یۆنانی کۆندا بە دزێکی زۆر زیرەک بە ناوبانگ بووە، بە جۆرێک کە کەس نەیزانیوە بە چۆنیەتی دزی کردنی سایرۆن_ ئێستە سایرۆنەکانی کوردستان لەوانەیە دەرس بە سایرۆنی یۆنانی بدەن! لە بەر ئەوەی کە بۆ وێنە هەر پڕۆگرامی لاپەڕەی سپی و پریڤاتکردنەوەی زۆربەی هەرە زۆری ئۆرگانە کۆمەڵاتییەکان و خزمەتگۆزارییەکان کە پریڤاتکراون. وەکوو زانکۆەکان و خوێندگە_ سیستەمی پیزشکی _یان سیستەمی پەروەردە و لەو لاوە سیستەمی دادپەروەری! _ دەی پرسیار ئەوەیە کە ئەو گەنجەی کە پارەی نیە و ژیانی زۆر بە سەختی دەڕواتە پێشەوە، چۆن ئەتوانێت پارەی دەرسەکان و زانکۆەکە بدات، ڕێک لەوەش ئاگادارە کە بە دووای تەواوکردنی زانکۆەکەی، کاریشی دەست ناکەوێت و دەکەوێتە ناو ئەرتەشی بێکارەکان؟! یان ئەو کەسەی کە نەخۆشە و لە بەر پریڤاتبوونی سیستەمی پیزشکی توانای ئەوەی نیە کە پارەی دوکتۆر و دەرمانەکان بدات! خۆ ئەمە حوکمی ڕاستەوخۆی کوشتنی تاکەکان و مرۆڤەکانە! جیلی زید، ئاگاداری تەواو ئەم بارودۆخ و کارەساتەیە بۆیە وەکوو مارێکی بریندار لە باشووردا خەریکە هەر لوول دەخوات و تووڕەبوونی لەوەدایە کە چۆن دەکرێت وەها ژیانێک بۆ ئەو کۆمەڵگەیە دەستەبەر بکرێت کە لە ناویدا مرۆڤ خاوەنی هیچ پێگە و بایەخێک نیە!

زۆربەی هەرە زۆری کۆمەڵگە و جیلی پێشووتر لە دامەزراندنی ئەو دەسەڵاتە هاریکار بوون! کە سیمای واقیع و خواستی دەسەڵاتی سەرمایە و دەسەڵاتی گەندەڵی لۆکاڵی دەرکەوت و مانگ لە پشت هەورەکان هاتە دەرەوە، کەسانێکیان وەکوو ڕۆشنبیری لایەنگری بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگە قەڵەمەکانیان خستە گەڕ. وەکوو ڕەهەندییەکان کە پێشتر ئاماژەیان پێدرا_ بەڵام ئەوانیش پەرتەوازە بوون! و نەیانتووانی کارێک ببەنە پێشەوە. بۆچی؟ وڵام بەو پرسیارە نادرێتەوە مەگەر ئەوەی کە بەدواداچوونێکی زانستیانە لە سەری بکرێت. بە هەر چۆنێک بێت خۆ دەسەڵات بە بێ چالاکی و تێکۆشان بۆ بەقای خۆی دانانیشێت. ئەویش تێئەکۆشێت کە دانەدانە ئەو مرۆڤانەی کە ژیر و ئازادیخوازن لە ناو بەرێت. بۆیە دەبینین بەشێک لە قەڵەمەکان بە هێزی سەرمایە و پارە دەسێنێت یان خود قەڵەمەکانیان دەخاتە گیرفانی نووسەرەکانەوە بێ ئەوەی کە یەک دێر لە سەر ئازادی و واقیعی بارودۆخی ژیانی خەڵک لەو قەڵەمەوە بێتە دەرەوە!_بەمپێیە کۆنترۆڵی دەزگای چاپەمەنی دەگرێتە دەستەوە. تەنانەت پارەی تایبەت تەرخان ئەکات کە لێژنەئێک بچن بۆ هەندەران و لەوێ، لە گەڵ نووسەراندا دانیشتن دەکەن تاکوو قەڵەمەکانیان لە خزمەتی دەسەڵاتدا بکەوێتە گەڕ کە لەمڕێگاوە خەڵک بگەمژێنن و بە واتای دەقیقی فەلسەفی زۆرتربیان خەسێنن _ بەڵێ دەسەڵات بە تەواو هێزی خۆیەوە خەریکی خەساندنی تاک و کۆمەڵگەیە. ئەساسەن وشەی تاک لە باشووری کوردستاندا خاوەنی هیچ پێگەئێک نییە! هیچ مانائێکی نییە! هیچ جێگەئێکی نییە! کە تاک لە ماناکانی بەتاڵ بووەوە، خودی کۆمەڵگەش لە ماناکانی و لە بایەخەکانی بەتاڵ ئەبێتەوە.

دەسەڵات لە باشووردا وەها دۆخێکت بۆ ساز دەکات کە لە پانتۆمیمیش سەیرترە! وەک وێنا، پارلیمانێکت بۆ درووست ئەکات کە سیمای یاسا و ومودیڕنیتەی پیشان بدات! بەڵام هەر ئەو پارلمانە دەکرێت بە تلەفۆنێک بۆ ماوەئێکی دوور و درێژ دابخرێت! ئەمە سیما مودیڕنەکەیە!! ئێنجا ئەندامەکانی ئەو پارلمانە، کەسیان لە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵک نەبێت!! بۆچی؟ چونکی لە سیستەمی دەنگداندا تەنانەت دەکرێت دەنگەکان بکڕدرێن و بفرۆشرێن!! وەکوو بازاڕی قەسابەکان یان وەکوو سفرەکەی پیرەمێردی خینزر پینزری لە بەبووی کوێردا_ جیلی زید لە وەها بارودۆخێکدا دێتە دی. کە تەواشای دەوروبەری خۆی دەکات دەبینێت بە ڕاستی و تەنانەت لەم دەورەی مودیڕن و پەسا مودیڕنەدا، هیچ شتێک لە سەر جێ خۆی نییە و هەموو گاڵتە جاڕییەکی زۆر خەمگینە بە سەر ئەو خەڵکەوە. بۆیە دڵسارد ئەبێت و تووشی ڕۆژمەرگی دەبێت_ هەزارانی ئەو جیلە زانکۆی تەواوکردووە بەڵام کاری دەست نەکەوتووە! چۆن دڵسارد نەبێت؟ هەرچی بەراوەردی خۆی دەکات لەم خاکە و دەڕوانێتە هاو نەسڵەکەی خۆی لە وڵاتانیتر، دۆڵێک دەبینێت کە بە هەزاران هەزار لۆری زەبەلەح پڕ نابێتەوە! بۆیە ڕوو دەکات لە هەندەران و بەشێکیان دەبێتە خۆراکی ماسییەکانی دەریای ئیژە و بەشێکیان کە دەگەنە ئۆروپا دەبنە سەرباز و هێزی سەرمایە_ زۆر سەیرە ئەوەی کە بەشێکیان کە زانکۆیان تەواو کردووە بە هۆمیدی ئەوەی کە لە کۆمپانیائیکدا کارێکیان وە دەست کەوێت دەست دەکەن بە کارکردنی بێ پارە و لە باری زەمانەوە نادیار، بەو هیوایە کە لە داهاتوودا لەوێ کاریان پێ بدرێت! بەشێکی هەرە زۆریشیان دەکەونە ناو ئەرتەشی بێکارەکانی سەرمایە کە زریانێکی زۆر خەترناکە و مارکس بە شێوازێکی زۆر جوان ئەو دیاردەیە پیشان ئەدات. هەر بۆیە نیزامی سەرمایە پێویستی بە بەدیهێنانی ئەو ئەرتەشە بێکارەیە و بۆ دوا ڕۆژ کاری تایبەتی پێیە! و وەکوو گورزێکی گرانە دژ بە سرووشتی مرۆڤ و جێگەو پێگەی تاک و کۆمەڵگە_ هەر لەم ڕێگەو چەندین شێوازیترەوە  وەکوو پریڤاتیزە کردنی دەزگا خزمەتگۆزارییەکان و ئۆرگانەکایتر، دەبێتە هۆی لەناوچوونی شیرازەی فەرهەنگ وبەمجۆرە خودی کۆمەڵگە تێک ئەدات و ئەبێتە هۆی سەرهەڵدانی سەدان ڕووداوی هیزری و کلتووری کاڵ و کوشتن و بڕین و ئیهانەکردن بە ژنان و تێکدانی زیاتری پێکهاتەی تاک و تەواو کۆمەڵگەکە.

جیلی زید لە باشووری کوردستان لە خۆی ئەپرسێت کە هۆی سەرەکی ئەم هەموو کارەساتە چیە؟ چۆن دەبێت ئەم هەموو بێکاری و بێ پارەیی و شێواندنی پێکهاتەی خاو وخێزان و بنەماڵە و ڕوودانی دەیان و سەدان شتی ناو کۆمەڵگەکە بەمشێوەیە بێت و کەسیش ئیرادەی جووڵەی نەبێت؟ و دەسەڵات بە سەریدا بەمشێوەیە حوکمڕانی بکات؟! بە دووای وڵامەکاندا دەگەڕێت، لە حاڵێکدا هێزی کەمە و دەبینێت کە هەر جووڵەئێکی ئەویش ها لە ژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتدا_ بە ڕوونی پارادۆکسەکانی کۆمەڵگەی خۆی لە گەڵ کۆمەڵگەکانیتردا دەبینێت بەڵام چارەسەرکردنەکەی لا هاسان نیە! بۆیە لە ناو خۆیا دەشکێتەوە_ کات کە دەڕوات دەقیقتر دەبێت و بە خۆی ئەڵێت: قبووڵکردنی ئەم باروودۆخە بەم شێوەیە کارێکی زۆر زۆر سەختە و بۆ من ناکرێت چونکی دەبینم دژ بە واقیعە. بۆیە دەبێت هەستمە سەر پێ و هەبوونی خۆم بسەلمێنم و ڕووڕەشی دەسەڵات بخەمە بەرچاو. ئەمە ئەرکی مێژوویی سەر شانی منە_ من ناتووانم وەکوو جیلی پێشووتر پشت بکەم لە واقیعەکان! من ئەبێت شەو و ڕۆژی خۆم و ژیانی خۆم درووست بکەم_ بۆیە زانیومە چیتر شتێکم نییە کە لە دەستی بەم، کە واتە هیچ ڕێگائیک نییە جێا لەوەی کە دەبێت بە تەواو بوونمەوە بەرانبەر بەم دەسەڵاتە دژ بە مرۆڤ و کۆمەڵگەیە بوەستم. ئیتر ئەگەر گیانیشم لە دەستدا، زۆر گرنگ نیە لە بەر ئەوەی کە لانیکەم بەرانبەر بە واقیع و مرۆڤەکانی داهاتوو شەرمەزار نابم. بەمپێیە ناچارم خۆم ڕێک بخەم بۆ بەدیهێنانی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی ڕاستەقینە.

نەسڵی Z    بە زمانێکی زۆر ڕووناک بە خۆی و بە ئێمە ئەڵێت: کە دادەنیشم و خۆم لە گەڵ هاونەسڵەکانیتری خۆمدا لە وڵاتەکانی ئۆرووپا هەڵئەسەنگێنم دەبینم ئەو مێشکی بەوە سەرقاڵ نیە کە خواردنم نیە یان کارم نیە و ئاخۆ داهاتووم چی ئەبێت؟! خواردن و کار و خوێندن و داهاتووی ڕوونە، بۆیە یەکسەر دەست دەکات بە پلان داڕشتن بۆ داهاتووی دوور و زۆر باشتر لەوەی ئیستە هەیەتی_ ئەو ها لە ڕادەئێکی بەرزترەوە_ من بە پێچەوانەوە مێشکم سەرقاڵە بە بەرهەمهێنانی خواردنی ڕۆژانەوە و هیچ وێنائێکی ڕووناکم لە بەر دیدی خۆم نییە بۆ داهاتوو، بۆیە لەم سیستەمی هیرەمیەدا  لە قاتی خواری خوار دەرگیری شتە ئاسایی و بەیسیکەکانم، کە بەمپێیە ناتووانم داهاتووی باش بە دی بکەم بۆ خۆم، بۆیە خەمسارد و بێ هۆمیدم! هەر بۆیە پەنا ئەبمە سەر بڕێک یاری ئینترنتی و دەیان سەعات خۆم بەوجۆرە سەرقاڵ ئەکەم تاکوو خۆم لە واقیعە تاڵەکان دوور بخەمەوە! ئەمە خۆشییەکانی منە کە هەر زوو لە ناو ئەچن و جیهانێکی خەیاڵی دوور لە واقیعە! بۆیە ناتووانم داهێنەر بم. جووڵەیان لێم بڕیوە! لە دەیانلاوە بە دەستی باوک و دایک و کەس وکارەوە بە دیلی گیراوم و دەرگیری فەرهەنگێکی زۆر دوواکەوتووانەم کە دەسەڵاتێکی بێ رۆحمی لە پشتە و خۆشم ئەزانم کە دەبێ ئەو دەسەڵاتە بڕۆخێنم و فەرهەنگەکەش بگۆڕم…! بۆیە بەردەوام بەرۆکی خۆم دەگرم و لە گەڵ خۆمدا شەڕ دەکەم کە ڕێگاچارەی ڕاستەقینە و چارەسەری کێشەکان بدۆزمەوە.

ئیتر بۆیە ئازادکردنی ئادرناڵین بۆم باشترینی خۆشییەکانە و لە ڕێگای خەتەرکردنەوە، هەڵدەستم بە ئەنجامدانی ئەو کارانەی کە ئادرناڵینم ئازاد بکەم و تەنانەت لە گیانی خۆیشم لا ئەدەم!!هەر شتێک خەتەرێکی تێدا بێت بۆ من بەدیکردنی شادی و شانازیە!بۆیە شەپۆلە ساردەکانی دەریای ئیژەش بۆم ئاساییە و دەشزانم کە ڕیسکی مردنی تێدایە. ئەگەر هەڵدەستم بە ڕێکخستن و خۆپیشاندان، تەنیا بەم هۆانەیە کە پێشتر قسەم بۆ کردی. بەڵام بە هەرکات ئەرکی سەرشانی منە کە ژیان و داهاتووی خۆم دەستنیشان بکەم، ئەویش بە هەر شێوازێک بێت.

دیاردەی ڕێبەری و نەسڵی  Z

تاکوو ئەم نوقتەیە بە ڕوونی دیارە کە نەسڵی زید، بارودۆخ و هیزرەکانی خۆی سەبارەت بە دیاردەی ڕێبەری، بە دەقیقی ڕوون کردووتەوە و بە هیچشێوەئێک ڕێبەری تاکەکەسی کۆمەڵگەی لا قبووڵ نییە- کە هەر ئەمخاڵە زۆر بە هیزری ئانارشیستی نزیکە. هەرواش کە بۆ خەڵکان ڕوون بوەتەوە لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵات و بە گشتی ئێران لەم ماوەیەدا، نەسڵی زید خاوەنی هیچ فینۆمنێکی ڕێبەری نەبووە ونییە! بۆیە کۆماری ئیسلامی و هێزی سەرکوتکەر، لەم بابەتەوە سەری لێشێواوە و هەر چی بە دوای لیدەرەکاندا دەگەڕێت، شتێک نادۆزێتەوە! _ لە ڕاستیدا شتێک کە بوونی نییە، دۆزینەوەشی کارێکی بە تەواوی بێدەرەتانە!

شێوازی کارکردنیان بەو جۆرەی کە بەرچاوە، زۆر ڕەمزی و ئاڵۆزە. ڕەنگە زۆرێک لە مرۆڤەکانی ناو کۆمەڵگەی زید، خۆشیان ئاگاداری ئەوە نین کە لە چ کاتێک یان لە کام نوقتەی جوگرافیدا کۆبوونەوە و خۆپیشاندان یان هەر کردەوەئێکیتر دەڕواتە پێشەوە. بەڵام زۆر سەریع ئاگادار ئەبنەوە کە بەرنامەکان چین و کردارەکان و ئاکسیۆنەکان دەبێت چۆن بڕواتە خانەی کردارەوە! لەمبوارەدا بەوجۆرەی من تێگەیشتووم لە شێوازی کارەکانیان لە پێوەندییەکاندا، ئەوان خاوەنی جۆرێک زمانی نهێنی و ڕەمزین کە سەردەرهاوردن لەو زمانە کارێکی هاسان نییە. بۆ وێنە لە پەیامەکانیاندا بە یەکتری لە بڕێک وشە و پیتە کەڵک وەردەگرن کە بارهەڵگری تایبەتمەندییەکی دیاریکراوە و ئەگەر بە گوێ من و کەسانیتردا بێت، ڕەنگە هەر نەزانین باس لە چی دەکرێت! بۆیە دەتووانین بڵێین کە ئەم جیلە خۆی بۆ خۆی زمانێکی تایبەت بە خۆی درووستکردووە کە پێویست بووە. بۆ ئەوەی کە هێزی سەرکوتگەر و وەزارەتی ئیتڵاعاتی ڕژیم لەو زمان و پەیامە تێنەگات وە هەم لە لائێکیترەوە ببێتە هۆی سەرلێشێواوی زۆرتری کاربەدەستان و پەرتەوازەکردنیان لە شوێنە جێا جێاکانی ناو شارەکاندا. بەو مەبەستەی کە بتوانن زۆرترین و کاراترین خەڵک لەو نوقتە تایبەتمەندەوە کۆ بکەنەوە. لە سەردەمی ئێمە وکاری نهێنی لەمبابەتە، لە خاترمە من خۆم لە گەڵ هاوڕێیەکانمدا بە شێوازی نووسین بە ئاوی پێواز لە سەر لاپەڕەئێکی چکۆلە کە دوواتر ئەو کەسەی پەیامەکەی بە دست دەگەیشت، دەیخستە سەر شەمعێک یان گەرمای چرائێک و بەمجۆرە، وشەکان و دێرەکان دەردەکەوتن! وە هەر هێندە پەیام و ناوەڕۆکی بابەتەکە دەگەشتە دەستمان دەمانسووتاند و ئەو لاپەڕەیە لەناو دەچوو! تاکوو نەگاتە دەستی هێزەکانی نهێنی ڕژیم! ئیستە جیلی زید کە وەها شتێک ئەخوێنێتەوە، بزەئێک دەکەوێتە سەر لێوی و ناحەقی نییە! لە بەر ئەوەی کە ئێمە هەر هێندەمان لێدەزانی! تەکنۆلۆجیای ئێمە هەر هێندە هێزی بوو. شەونامەکان و بانگهێشت کردنەکان ونووسینەکان بە ڕاستی دەیان خەتەری بۆمان دەڕەخساند بۆیە ئەو هەموو یارانەمان لێ کوژران و ئیعدام کران. بەراوەرد کردنی هەر ئەم وێنایە لەگەڵ شێوازی ڕەمزی تیکستەکانی جیلی زید، خۆی دەرخستنی جیهانێکە کە لە دەیانلاوە جێاوازییان هەیە.

هەر بەمپێیە و لەم بەراوەردکردنەدا، چۆنییەتی و کەیفییەتی چالاکییەکانی ئێمە و ئەم جیلە نوێیە، هەر حەتمەن خاوەنی جێگەو پێگەی خۆیە کە تایبەتمەندە بەو دەورەو ئەم دەورەوە. هەروا کە پێشتر وتمان، ئێستە زەمانێکە کە جیهانی دیجیتاڵی بە خێرایی و تووندییەکی هەرە زۆرەوە دەڕواتە پێشەوە و چەمک و کردەوەکان، ئێستە زۆرتر دیجیتاڵین و هاسانتر و سەریعترن و زۆریش کاران. لە سەر دەمی ئێمەدا ناچار بووین بۆ بڕێک بابەت وەکوو بەڕێ کردنی کتێبێک لە شارێک بۆ شارێکیتر، نەک هەر ناچار بووین ڕیسک و خەتەرەکان قبووڵ بکەین کە بەڕاستی هەر بەمبۆنەوە کەسانێکی زۆرمان لێگیران و کەوتنە زیندانەوە و لە بزووتنەوەکە دابڕان یان کوژران و لەناو چوون_ کەچی ئێستە بە پێچەوانەوە تۆ ئەتوانیت بیست کتێب و زۆر زیاتریش بە یارمەتی تەنیا یەک ئاپ یان سافتوێر بنێریت بۆ دۆستەکەت، بێ ئەوەی کە خەتەری گرتن و کوشتنی تێدا بێت. ئەگەر دیققەت بکەن، لەو کاتانەی کە پاسدارەکان دەڕۆن بۆ گرتنی کەسێک لە ماڵ و شوێنێکدا، ئەوەڵین کارێک کە دەکەن دەسبە سەردا گرتنی کامپیوتری ئەو ماڵەیە. خۆ دیارە بۆچی وە بە چ مەبەستێک وەها کارێک دەکرێت!

زامەکان و خواستەکانی ئێمە وجیلی زید لە خاڵێکدا هاوبەشە.

پێش ئەوەی کە ئەم بابەتە بوروژێنم ناچارم جەختبکەمەوە لە سەر ئەمخاڵەی کە ئەگەر بە جیلی ئێمە ئیشارەدەکەم، مەبەست تەواوی ئەو جیلە یان نەسڵە نییە، بەڵکوو بەشێکە لەو نەسڵە کە بەشێوازی کارا و جیدی ژیانی خۆی تەرخانکرد بۆ بەدیهێنانی ئازادی و ژیانێکی باش بۆ تاک و کۆمەڵگە_ بەشێکیترمان بە ڕاستی بە هۆی جۆراوجۆرەوە نەهاتە ناو ڕیزی چالاکی و بەرخۆدان بۆ خەڵک. کە بەمپێیە ئەشێ مەبەستەکە ڕوون بێت.

ئێمەش زانیاریمان بوو لە سەر ڕووداوەکان وە بەپێ جەوهەری وجوودی خۆمانەوە، لەگەڵ حیزب یان ڕێکخراوەجۆراوجۆرەکاندا دابەشبووین کە لەوانە و زۆر پێشتر لە شۆڕشی ١٣٥٧ هەتاوی و دژ بە شای ئێران، بۆ وێنە من و چەند دۆست و مامۆستای خوێندگەمان لەگەڵ ئیتحادییەی کۆمۆنیستەکان کە بە سەربدارەکان بەناوبانگن هاوکاریمان دەکرد. و دواتر چووینە ناو ڕیزەکانی پێشمەرگە لە کۆمەڵەدا( هەڵبەت ئێستە ساڵەهای ساڵە کە من سەربەخۆم و ئەندامی هیچ حیزبێک نیم) لەیادم ناچێت کە لە ساڵی ١٣٦٠ هەتاوی، یانێ ڕێک سێ ساڵ بە دووای ڕۆخانی ڕژیمی شاهی، دوو کچیان لە شاری سنە ئیعدام کرد و پەیکەرەکانیان ناردەوە بۆ بنەماڵەکانیان.( بە داخەوە ناوەکانیانم لە خاتر نەماوە) لە کاتی شۆردنی ئەو کچانە لە ژووری تایبەتی مردوشۆرخانەکەدا لە مزگەوتی پیرمحەمەدی شاری سنە، لە پڕا ئەو خانمە تەمەندارەی کە ئەرکی شۆردنی پەیکەرەکانی بوو، بە پەلە هات بۆ لاێ من کە لە ناو خەڵکەکەدا بووم و وتی: کاکە گیان من سەوادم نییە، جل و بەرگی هەردووکیانم دەرهێناوە بەڵام دیارە لە سەر پێستیان شتهائێک نووسراوە کە نازانم چییە! تکایە تۆ وەرە و تەواشایان بکە و بزانە چی نووسراوە؟!

ئیستە کە ئەم خاترە تاڵە دەنووسمەوە، ناتووانم بەرگری بکەم لە ڕژانی فرمیسکی هەر دو چاوەکانم._ بەهەرکات من ڕۆیشتمە ناو ژوورەکەوە و دوو سێ خانمیتریش هاتن و گلەئییان کرد کە ئەو کوڕە چۆن دەبێ و بۆچی چووەتە ژوورەکەوە؟! کە ئەو خانمە پێشوەکە بۆیانی باسکرد کە شتێکی وایە و من پێویستم بە نادرە. ئەوانیش وتیان دەی باشە. داوامکردلێیان کە تکایە ئاگاتان بێت و کۆنترۆڵی بەردرگاکەبکەن تاکوو کەس نەزانێت چی ڕوویداوە. بە پەلە قەڵەم و کاغەزێکم حازر کرد و تەواو دێر و ئەو ناوانەی کە لە سەر پێستی یەکتری نووسیبوویان، نووسیمەوە و لە ژوورەکە هاتمە دەرەوە_ ئەو دوو کچە ئازادیخوازە دڵسۆزە لە سەر پێستی یەکتری چیان نووسیبوو؟

دیارە بە دووای ئەوەی کە لە کاربەدەستانی بەندیخانەکەوە حوکمی ئیعدامەکانیان پێدرابوو، بە جێا جێا تەجاوزیان بە هەر دووکیان کردبوو. ئێنجا شەوی پێش ئەوەی ئیعدام بکرێن، هەردووکیان خستبووە یەک سلوولەوە_ هەر لەوێش ئەمان بە نۆرە ڕووت ببوون و هەر کامیان بەسەرهاتەکەیان لە سەر پێستی ئەویتر نووسیبوو. ناوی چەند کەسیان نووسیبوو لە بەرپرسان وپاسدارەکان کە لە ئەشکەنجەکردنی زیندانییەکانی  نێو زیندانەکە و تەجاوزکردنیان بە کچانێک کە بڕیار درابوو بە ئیعدامکردنیان. هەمووانیش ئەزانن کە بە پێ دەستوورەکانی ئیسلام گوایە ناکرێت کچێک ئیعدام بێت مەگەر ئەوەی کە گۆڕابێت یان کرابێت بە ژن( یانێ پەردەی بیکارەتیان نابێ هەبێت، ئەگینا دەڕۆنە بەهەشەتەوە!)  لە بەراوەردی تیکستەکاندا هەر دوکیان وەکوو یەک  ئەو گۆزارشتەیان نووسیبوو! من هەر هێندە زانیارییەکانی ئەوانم لە سەر کاغەز نووسی، دەستبەجێ بە ڕێکەوتم بۆ لاێ هەڤاڵانی خۆم کە لە گەڕەکێکیتردا بوون وبەرپرس بوون لە پێوەندییەکاندا. لەوان داوامکرد کە ئەو نووسراوەیە بە زووترینکات بگەێننە دەستی پێشمەرگە_ بە دووای ٢ ڕۆژدا ئەو نووسراوەیە و ڕاپۆرتەکە لە ڕادیۆی کۆمەڵە خوێندرایەوە و لە ماوەی دوو حەفتەدا هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە وەکوو چالاکییەکی تایبەت بەو بابەتەوە هاتنە ناو شار و چەند کەس لەو پاسدارانەیان لەو شەڕەدا کوشت و یەک دووانیشیان لێ بە دیلی و زیندوو گرت کە دوواجار ئیعدام کران و تەواو ئەو بابەتەیان بۆ خەڵک بەیان کرد لە ڕادیۆەکەدا. تا ئەو جێگەی لە خاترمە چەند کەسێک لە لیستی ناوەکانی سەر پێستی ئەو گیانبەختکردوانە کە لەو ئۆپراسیۆنەدا ڕزگار ببوون، دواتر لە چالاکییەکانی پێشمەرگەدا، کوژران…

لاموایە ئێستە بە ڕوونی دیارە کە ئێمەی جیلی پێشووتر و جیلی زید، لە زۆر چەمک  وەکوو خواستی ئازادی و زامەکاندا، هەروەک وێنا تاڵەکەی سەرەوە هاو بەشین! ئەگەرچی بەشێک لە جیلی ئێمە لە ناو دەسەڵاتی دژ بە خەڵکدا، بە شێوازێکی خراپ توایەوە. یان خانەنشین بوون و سەبارەت بە ڕووداوەکانی ناو کۆمەڵگە نەک هەر کارا نین، بەڵکوو لەوە خراپتر بە جۆرێک لە جۆران یاریدەری دەسەڵاتن یان تێکەڵاوی دەسەڵاتن کە خۆی مایەی شەرمەزارییە، هەرچەند هۆەکانی دیار و ڕوونە. بۆ وێنە بەشێکی هەرە زۆریان بە ڕاستی کەوتنە ناو فیکری ژیانی ساکار و کارکردن، کە بەمشێوەیە هەر ئەوانیش بوونە سەربازەکانی سەرمایە و مانەوەی دەسەڵات. بەڵام بەشێکیشمان بە جیدی لەگەڵ خەڵکدا بووین و هەین وە بەرانبەر بە دۆخی تاک و کۆمەڵگە کەمتەرخەم نین و بە ئێستەشیەوە هەر تێدەکۆشین کە لەگەڵ جیلی نوێدا هاریکار و یاریدەر بین. درووستە لە چەندین ڕەهەندەوە گرفتی ئایدیۆلۆژیا بوو بە تەنگەنە و ڕێگر لەوەی کە بە شێوازی زانستی و درووست کاریگەر بین لە خواستەکانی تاک و خەڵک بۆ ئازادی و ژیانێکی باش، بەڵام بێ هیواش نین و بە پێ توواناکانمان هەر تێدەکۆشین… گەرچی ئەشزانین کە هێشتا هەڵەمان هەیە و بەشێکمان تووشی وەهمین و لەو ڕێگاوە ڕەهاگەر و موتڵەقگەراین و هەر لەو ڕێگاوە دبینە ڕێگر لە بەردەم جیلی نوێدا، بەڵام لە لائێکیترەوە دەزانین کە ئەگەر فەزای دیالۆگ بخوڵقێنین و بتووانین لە هیزرە ئایدیال و خورافەییەکان لابدەین و لەگەڵ ئەم جیلە نوێیەدا هاوکاربین، حەتمەن لێکەوتەو کاردانەوەی درووستی لێدەردێت بۆ ژیانی کۆمەڵگەی داهاتوو.

هەر لەمخاڵەی سەرەوە بە بێ ئەوەی کە هیچ ئاماژەئێک درابێت بە هیزری سیکولاری فەلسەفی و سیاسی، ڕوون دیارە کە لایەنگرانی ڕاستەقینەی مرۆڤەکان و کۆمەڵگە، لە ناخی دڵەوە داخوازی بەدیهێنانی سیستەمێکی سیکولارن لە ناو کۆمەڵگەکەیاندا_ جا ئێستە و هەر لەمخاڵەدا ئێمە دابەش دەبین بە سەر دوو هیزر لە یەک چەمکدا سەبارەت بە خودی سیکولاریسم! بەشێکمان کە زۆرتر هان لە ناو حیزبەکاندا، لە سیکولاریسمی سیاسی داکۆکی دەکەن و تەنیا باس لە جێا بوونەوەی دین و ئاین لە دەسەڵاتی سیاسی یان حکومەت دەکەن_ کەسانێک وەکوو من لە سکولاری فەلسەفی داکۆکی دەکەین کە شێوازی کارکردن و هیزر و کردەوەی ئەمجۆرە مرۆڤانە زۆر لە جیلی  Zنزیکە. هەر ئەو رووداوەی ئیعدامکردنی ئەو دوو کچە ئازادیخوازە دەگەڕێتەوە بەس بۆ  خواست و چەمکی سیکولاریسمی فەلسەفی نەک سیاسی_ من لە جێگایەکیترو لە مەقالەئێکی زۆر کۆندا بە ناوی «سکولاریسمی سیاسی یان فەلسەفی؟». بە وردی هەردوو دیوی ئەم چەمکەم وروژاندووە کە هەم بە زمانی فارسی نووسراوە و هەم کوردی و لە ماڵپەڕەکاندا هێشتا بوونی هەیە. وە هەر وەها لە کتێبی جێاوزییەکاندا بە وردی لە سەر ئەم چەمکە نووسیومە. لێرەدا تەنیا بە خاتر و فیکری خوێنەران دێنمەوە کە ئەو ڕووداوەی لە سەروترەوە سەبارەت بە ساڵی ١٣٦٠ لە شاری سنە و تەجاوز کردن بەو دووکچە چالاکوانە و هۆەکانی و چۆنیەتی ئیعدامکردنیان و دەیان ڕووداوی هاوشێوە چ لە ڕۆژهەڵات و چ لە باشووری کوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ فامی دەقیقترو چۆنییەتی خواستی سکولاریسمی فەلسەفی لە لایەن کەسانێک وەکوو ساحیبی ئەم قەڵەمەوە.لێرەدا هەر هێندە ئاماژە ئەدەم بەوەی کە سکولاریسمی سیاسی، منداڵ و پەروەردەی سکولاری فەلسەفییە و گەرچی خاڵی هاوبەشیان هەیە بەڵام ئەم دوانە زۆر لێک جێاوازن!

 بەس هێشتا ئەم پرسیارە بە هێزێکی سەیرەوە قوتدەبێتەوە کە بۆ خواستی ئازادی و ئەو هاریکاریە زەروور و  پێویستەی نێوان نەسڵی ئێمەو نەسڵی Z، چۆن دەکرێت لە ڕەهاگەری و میتافیزیا دوورەپەرێز بین تاکوو بگەینە خواستی ئازادی و ژیانی باش و ئاواتە جووانەکان بۆ مرۆڤی تاک و کۆمەڵگەی داهاتوو؟

نادر خەلیلی




هه‌ڵویستی شیوعییه‌ت له‌باره‌ی له‌شفرۆشی.. سەلام عەبدوڵڵا

له‌ 1848تا نووسینی ئه‌م وتاره‌، دنیابینی بۆرژوازی و ئاینیه‌كان به‌ ئیسلامێكانه‌وه‌، تۆمه‌تی به‌ڕه‌ڵایی، له‌شفرۆشی، بێڕه‌وشتی و”خۆشه‌ویستی ئازاد” ده‌خه‌‌نه‌ ئه‌ستۆی بیروباوه‌ڕی شیوعییه‌كان، به‌ڵام راستییه‌كه‌ی ئه‌وانن ئه‌ندازیار و زه‌مینه‌خۆشكه‌رن بۆ له‌شفرۆشی به‌چه‌ندین شێوه‌ و بیانوو و فه‌رمان: به‌ گوێره‌ راپۆرتی(Fodation Scelles) له‌سه‌ر ئاستی جیهان 160ملیارد ئۆیرۆ له‌ كاری له‌شفرۆشی ده‌ستكه‌وتووه‌. هه‌روا له‌ راپۆرتی(Global Report on Trafficking in person 2018)كه‌ له‌ 2019 له‌ ڤین بڵاوكرایه‌وه‌: له‌ 24هه‌زار حاڵه‌ت به‌ به‌ڵگه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ بازرگانی به‌ مرۆڤ ساڵی2016 له‌ 142 وڵات و سته‌مكاری جنسی 59% و 34% كاركردنی زۆره‌ملێ ‌پێكده‌هێنن. به‌رفراوانی له‌شفرۆشی به‌خۆی سیستێمی سه‌رمایه‌داری پیاوسالار كوردستانیشی گرته‌وه.
له‌ساڵی 2002حكومه‌تی(سۆسیالدیموكرات و سه‌وزه‌كان)ی‌ ئه‌ڵمانیا یاسای له‌شفرۆشیان ده‌ركرد و به‌(پیشه‌یه‌ك وه‌ك پیشه‌كانیتر) راگه‌یاند. له‌ ئه‌ڵمانیا نزیكه‌ی 500000هه‌زار ژن له‌ بواری له‌شفرۆشی كارده‌كه‌ن و 70-8-% بریتین له‌ كۆچبه‌رانی ژن به‌تایبه‌تی له‌ وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ئۆروپا. پاشان ئه‌منستی ئینترناسیول له‌ 2015 خه‌ڵكیان توڕه‌كرد كاتی رایانگه‌یاند كه ده‌یانه‌وێت له‌داهاتوودا كاربكه‌ن بۆ یاساییكردنی له‌شفرۆشی له‌ جیهان.‌
سه‌رمایه‌داری پیاوسالاری جیهانگیر، ئه‌مجاره‌یان به‌ رێگای به‌رنامه‌ی لیبڕالیزمی نوێوه‌، نه‌ك هه‌ر ئه‌ڵمانیا وه‌ك شیوعی و چه‌یه‌كان ناویان لێناوه‌(ده‌وڵه‌تی گه‌واده‌كان‌)، به‌ڵكو باڵی گه‌وادی به‌سه‌ر هه‌موو وڵاتانیش كێشراوه‌. سیستێمی ده‌سه‌ڵاتی گه‌وادی”خوێڕیترین قاره‌مانی پیاوسالاری” ژێرده‌سته‌یی ژنی له‌شفرۆشی، جیهانگیركرد‌.
ئێستا لێره‌ش و له‌ هه‌موو وڵاته‌ ئیسلامییه‌كان له‌پاڵ جۆره‌ فره‌كانی له‌شفرۆشی ئاشكرا و نهێنی ناوخۆیی و(به‌ناو ئاینه‌وه‌ نزیكه‌ی 24جۆر هاوسه‌رگیری”حه‌ڵال” كراوه ‌. له‌شفرۆشی له‌ دنیا وه‌ك هه‌ر كاڵایه‌كیتری پڕ قازانج، هاورده‌ده‌كرێن وله‌ خزمه‌تی سیستێم و حزبه‌ پیاوسالاره‌كانه‌.
ئایا هه‌ڵویستی بیرمه‌نده‌ تیئۆری، سیاسی و یاسایی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ شیوعییه‌كان چییه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌؟
ئه‌لكسه‌نده‌ر كۆلنتای(به‌رپرسی حكومه‌تی سۆڤێت بۆ به‌گژداچوونی له‌شفرۆشی، هاوكاری لینین و وه‌زیری كۆمه‌ڵایه‌تی) وه‌ك رابه‌ڕێكی گه‌وره‌ی ژنانی شیوعی دنیا له‌ كتێبی(ژنی نوێ، لاپه‌ڕه‌ی29) ده‌ڵێ: به‌ڵام سایكلۆژی ئینسانی تووشى تێگچوونی گه‌وره‌ش ده‌بێت له‌ ئه‌نجامی روویتر له‌ رووه‌كانی په‌یوه‌ندی جنسی، مه‌به‌ستم له‌شفرۆشیه‌. “ئایا له‌وه‌ ترسناكتر و ناشرینتر هه‌یه‌ له‌وه‌ی كرده‌ی خۆشه‌ویستی دابه‌زێت بۆ ئاستی زەلیلی و پیشەگەریدا؟”
با هه‌موو دیارده‌كانی نه‌هامه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ په‌یوه‌ندیان هه‌یه‌ به‌ له‌شفرۆشی و ئازاری جه‌سته‌یی و نه‌خۆشی و تێكچوون و بۆگه‌نبوونی ره‌گه‌ز‌ بخه‌ینه‌لاوه‌و ته‌نها له‌لای كێشه‌ی كاریگه‌ری له‌شفرۆشی راوه‌ستین له‌سه‌ر سایكلۆژیای ئینسانی. هیچ شتێك نیه‌ روح بكوژێت و وشكی بكات وه‌ك كڕینی له‌شفرۆش یان فرۆشتنی ‌زۆره‌ملێ. له‌شفرۆشی خۆشه‌ویستی له‌ دڵان ده‌كوژێنێته‌وه‌.)

ئێمه‌ له‌شفرۆشی له‌ناو ده‌به‌ین!
به‌درێژایی ده‌سه‌ڵات، یاسا و به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و سه‌رمایه‌داری و ئاینه‌كان هه‌ر ماوه‌ته‌وه‌ و درێژه‌ی هه‌بوه‌ ونموونه‌ نهێنییه‌كانیشی زۆر و به‌رفراوانتر و ترسناكتر بووه‌‌.
دیسان شوعی و چه‌په‌كان به‌ره‌ی دژایه‌تی بازرگانی سه‌رمایه‌داری به‌ له‌شفرۆشی ده‌ستپێكرد:
له‌ بانگه‌وازێكی حزبی شیوعی ئه‌ڵمانیا(DKP) له‌ 28. ئۆگۆست 2015هاتووه‌:
له‌شفرۆشی پاش بازرگانی به‌ چه‌ك و مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان زۆرترین قازانجی هه‌یه‌، به‌ڵام له‌شفرۆشه‌كان به‌ده‌گمه‌ن‌ به‌شیان له‌و قازانجه‌ هه‌یه‌، به‌ڵكو به‌ر گه‌واد و بازرگانان به‌ مرۆڤ. به‌ كورتییه‌كه‌ی ئه‌و پیاوانه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر نزیكه‌ی 500000له‌شفرۆشه‌وه‌ هه‌یه‌ ده‌چه‌وسێننه‌وه‌و مامه‌ڵه‌ی به‌دیان له‌گه‌ل ده‌كه‌ن.
مانشێتی ئه‌م نووسراوه‌یه ئه‌مه‌یه‌: ‌پێویسته‌ له‌شفرۆشی قه‌ده‌غه‌ بكرێت.
له‌ بانگه‌وازی پارتی چه‌پی ئه‌ڵمانیا به‌ ناوی(له‌پێناو جیهانێك به‌ بێ له‌شفرۆشی) هاتووه‌:
ئه‌ڵمانیا بووه‌ به‌ بۆردێلی(قه‌حپه‌خانه‌)ئۆروپا. له‌م ماوه‌یه‌ كه‌ وڵاتانی دراوسێ كارده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌شفرۆشی و بازرگانی به‌ مرۆڤ سنوورداركردنی، لای ئێمه‌ بۆ قازانجخوازان بێسووركراوه‌ و پشكی شێر كه‌وتۆته‌ ده‌ستی رێكخرانی قه‌حپه‌خانه‌كان، گه‌واد و بازرگانان به‌ مرۆڤ(…). ئێمه‌ داواده‌كه‌ین:

  • لابردنی تاوانباركردن و چه‌وسانه‌وه‌ی له‌شفرۆشان: سزادانی پاره‌، نابێ رێوشوێنی زۆره‌ملێ دژی له‌شفرۆشان به‌كاربهێنرێت. هه‌ڵوه‌شاندنی باجی سێكس.
  • قه‌ده‌غه‌كردنی(قه‌حپه‌خانه‌) و گه‌واده‌كان
  • قه‌ده‌غه‌كردنی كڕینی سێكس وه‌ك مۆدێلی سویدی.
    … هتد)
    به‌ بڕوای ئه‌م حزبه‌: له‌شفرۆشی: 1- توندوتیژی ده‌روونیه‌. 2- توندوتیژی جه‌سته‌ییه‌. 3- توندوتیژی سێكسی پیاوانه‌. 4- بازرگانی به‌ مرۆڤ و له‌شفرۆشی دوو رووی یه‌ك دراون.
    له‌لای خۆیه‌وه‌ كلارا زێتكین له‌م باره‌یه‌وه‌ وتی:(لەشفرۆشەکان دووجار قوربانی بەدبەختی کۆمەڵگەی بۆرژوازین، جارێك وه‌م قوربانی سیستەمی موڵکایەتی تایبه‌ت به‌نەفرەتبوو و دواتر قوربانی دووڕوویی ئەخلاقی نەفرەت لێکراویان.)
    تاكژنی به‌بێ هاوڕێتی خۆشه‌ویستی و یه‌كترناسینی كچ و كوڕ له‌ نزیكه‌وه‌ و به‌سكردن به‌(علی سوننه‌ت الله و رسوله‌) یه‌‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی كویلایه‌تی، له‌ده‌ستدانی كه‌سایه‌ت و خود و له‌شفرۆشی: مه‌عقوله‌ كچ و كوڕێك ده‌خه‌نه‌ باوش یه‌كتری به‌ بێ هیچ یه‌كترناسینێك؟
    وەک ئەنگڵس دەڵێت: (تاکژنی و له‌شفرۆشی، ژێرخستنی جه‌سته‌یی ژنانه له‌ مێژووی جیهان‌….لەشفرۆشی، هەرچەندە دژ بەیەکن، بەڵام دژایەتییەکی دانەبڕاوە، جەمسەری هەمان نەزمی کۆمەڵایەتین worum wissenschaft1 له‌ 2007, Arbeiterbewegung und Prostitution).
    له‌باره‌ی هه‌مان بابه‌ت بیبل(بیرمه‌ندی شیوعی)لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا له‌ كتێبی(ژن و سۆسیالیزم) دەنووسێت: (لەشفرۆشی هەروەك پۆلیس، سوپای، کەنیسە و چینی سەرمایەداری دەبێتە دامه‌‌زراویه‌كی کۆمەڵایەتی پێویستی کۆمەڵگای بۆرژوازی).
    هه‌روایشه‌: له‌پاڵ قه‌حپه‌خانه‌كان سه‌رتاپای بازاڕی میدیای بۆرژوازی پڕاوپڕه‌ له‌ ریكلام، گۆڤار، ڤیدیو و فیلمی و كچه‌ مۆدێلی سێكسی به‌ قیزه‌وه‌نترین شێوه‌كانیشی تا ده‌گاته‌ پیشه‌سازی سێكسی پلاستیكی و زۆرییتریش له‌ فه‌نتازیای ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوای پیاوسالار تاوانبار.
    كۆلۆنتای له‌ 1921 وتی: فۆرمه‌ جیاوازه‌كانی له‌شفرۆشی له‌ه كۆمه‌ڵگه‌ی بۆرژوازی له‌ كۆماری كرێكارانماندا به‌رده‌وام به‌ره‌و كه‌مبوون ده‌ڕوات. ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌لای ئێمه‌ مه‌حكومه‌ به‌ له‌ناوچوون…ژنان ته‌نها له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كاركردنی سو‌دمه‌ند رزگارده‌بن. ئێمه‌ له‌شفرۆشی مه‌حكومده‌كه‌ین، نه‌ك وه‌ك تاوانێكی بێڕه‌و‌شتی‌، به‌ڵكو وه‌ك پێشێلكردنی(ئه‌ركی گشتی كاركردن.).
    بانگه‌شه‌ی ره‌وشتی باڵه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی بۆژوا و ئاینه‌ پیاوسالاره‌كان وه‌ك رابردوویان هیچ له‌ سته‌مكاری دژ به‌ ژن كه‌م ناكاته‌وه‌. ئه‌وه‌ نموونه‌ی ژنانی شیوعی و چه‌په‌ چاره‌نووسی ئازادیان گردۆته‌ ده‌ستی خۆیان و به‌ خه‌باتی چینایه‌تی و هه‌ر به‌ رابه‌رابه‌تی خۆشیان لێره‌ و له‌ هه‌موو شوێنێك مرۆڤایه‌تی له‌ دڕندایه‌تی له‌شفرۆشی رزگارده‌كات و كه‌رامه‌تیش بۆ پیاوانده‌گه‌ڕێننه‌وه‌.



لە ناوی کارڵ پۆپەرەوە بەرەو فەلسەفەکەی.. کاروان عومەر کاکەسوور

پێشەکی:
لە بەرهەمەکانی پێشوومدا چەند جارێ ئاماژەم بە فەلسەفەی (کارڵ پۆپەر) کردووە. بۆ نموونە لەو گفتوگۆیەی (گۆران عەبدولڵا)ی بەڕێوەبەری (دەنگەکان) لەبارەی (کارڵ مارکس)ـەوە لەگەڵیدا کردووم، گوتوومە: {(کارڵ پۆپه‌ر) ئایدیۆلۆجیاکانی به‌ دوژمنی کۆمه‌ڵگەی کراوه‌ زانیون‌، به‌وه‌ی ئه‌وان هه‌ڵگری حه‌قیقه‌تی ڕه‌هان و ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ ڕه‌هایه‌ش به ‌زۆر و له‌ ڕێگای زه‌بروزه‌نگه‌وه‌ به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگەکاندا ده‌سه‌پێنن، وه‌ک له‌ کتێبی (کۆمه‌ڵگەی کراوه‌ و دوژمنانی)دا ده‌یبینین. (پۆپه‌ر) ڕه‌خنه‌ی توند له‌ فه‌لسه‌فه‌ی مێژووگه‌رایی ده‌گرێت، که بە شێوە‌یه‌کی کۆنکریتی مه‌به‌ستی فه‌لسه‌فه‌ی (پلاتۆن)، (هیگڵ) و‌ (مارکس)ـه‌. واته‌ ئه‌و فه‌لسه‌فانه‌ی وا له‌ مێژوو ده‌ڕوانن، که‌ ڕه‌وتێکی ڕێک و ڕاسته‌ و له‌ژێر زه‌بری حه‌تمیه‌تدایە‌، به‌و مانایه‌ی هه‌ر ده‌بێت به‌پێی ئه‌و پێشبینییه‌ی ئه‌وان بچێته‌ پێشه‌وه‌. له‌ کتێبی (هه‌ژاریی مێژووگەرایی)دا ئه‌و پێشبینییانه‌ به‌ خورافه‌ ده‌زانێت و پێی وایه‌ ناکرێت نه‌ له‌سه‌ر ئاستی عەقڵ و نه‌ له‌سه‌ر ئاستی زانستدا پێشبینیی چۆنیه‌تیی ڕه‌وتی مێژوو بکرێت، به‌و پێیه‌ی مێژووی مرۆڤایه‌تی له‌ لایه‌ک پێوه‌ندیی به‌ خێراییی گه‌شه‌کردنی مه‌عریفه‌وه‌ هه‌یه‌ و له‌ لایه‌کی دیکه‌یش مه‌حاڵه‌ نه‌ له‌ ڕێگای زانست و نه‌ له‌ ڕێگای عەقڵه‌وه‌ پێشبینیی ئه‌وه‌ بکرێت، که‌ مه‌عریفه‌ی زانستیی مرۆڤ له‌ ئایینده‌دا چۆن گه‌شه‌ ده‌کات}. لە شوێنێکی دیکەی هەمان گفتوگۆدا ئاماژە بەوە دەکەم، کە {ئێمه‌ نه‌مانده‌توانی ڕه‌خنه‌ی ڕه‌خنه‌گرێکی وه‌کو (کارڵ پۆپه‌ر) به‌ هه‌ند هه‌ڵبگرین و ناومان لێ ده‌نا ڕه‌خنه‌گری بۆرجوازی}.

مەبەست لەو ڕۆژگارەی سەردەمی بەعسە، کە کۆمەڵێک لاوی یاخی بووین و فەلسەفەی (مارکس) کۆی دەکردینەوە. هەر بە ڕاستی خۆم لەو ڕۆژگارەدا (پۆپەر)م ناسی، کە دەمویست بزانم ئەو ڕەخنەگرەی (مارکس) چیی نووسیوە و چۆن تیۆرییەکانی داڕشتوون. لە گفتوگۆکاندا بەردەوام ناوی دەهات و هەوڵ دەدرا بەرپەرچی ڕەخنەکانی بدرێتەوە، بگرە دەمانگوت ئەو کۆمەڵگە کراوەیەی دەیهێنێتە بەر چاو، هەر ئەو یۆتۆپیایانەیە، کە (مارکس) خۆی ڕەخنەی توندی لێ گرتوون. بۆ نموونە ئەو شەوەم لە بیرە، کە لەگەڵ کۆمەڵێک فێرخوازی دیکەی چەپی زانکۆی مووسڵ لە ماڵی فێرخوازان (student houses)دا بە سەر برد و بەشداریم لەو گفتوگۆیەدا کرد، کە لەبارەی (مارکس)ـەوە کرا. وەک هەمیشە ناوی (پۆپەر)یش هات. یەکێ لەو هاوڕێیانە لە کاتی گفتوگۆکەدا تێبینییەکانی خۆی لەسەر کاغەزێکدا دەنووسینەوە، بەو مەبەستەی ئەو دەمەی نۆرەی دێت، لە بیری نەچنەوە و بە چاکی دەریانببڕێت. ئینجا چونکێ هەر لە قۆناغی سەرەتایییەوە بە عەرەبی خوێندبووی، بەو زمانە تۆماری دەکردن. ئەوەی تەنیشتی ملی ڕادەکێشێت و دەیانخوێنێتەوە. وا ڕێک دەکەوێت لە پێش ئەوەوە قسە بکات. دەڵێت: (کارڵ بووبووز ڕەخنەی زۆری لە مارکس گرتووە). واتە (پۆپەر)ی لێ دەبێتە (بووبووز). بۆمان دەرکەوت ئەو برادەرە یەکەمجارە ناوی (پۆپەر) دەبیستێت، ئەویش بە هەڵە.

لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا نووسەر و ڕەخنەگرە میلـلییەکان بەردەوام کۆمەڵێک چەمکیان فڕێ داون و ناوی زۆر فیلۆسۆفیان هێناون، بێ ئەوەی ئاگایییەکی ئەوتۆیان لە بارەیانەوە هەبێت، کە خۆم لە ڕێی پرسیارەوە ڕووبەڕووی هەندێکیان بوومەتەوە. نوێترین بەرهەمم، گوتارێکە لە ژێر ناونیشانی (ڕەخنەگری میلـلی و پەزپەزەی چەمکی خوێنەر)دا بڵاو کراوەتەوە.
لەم ڕۆژانەدا هاوڕێیەکم دەقی گوتوبێژێکی (ئارام کاکەی فەلاح)ی بۆ ناردووم، کە وەک ئەوەی پێی ڕاهاتووە بە زمانی میلـلی، ئەو زمانەی ڕۆژانە خەڵک لە ناوەندە کۆمەڵایەتییەکاندا پێی دەدوێن، چەند شتێکی لەبارەی نووسینەوە گوتووە. ناوی کۆمەڵێک نووسەر و فیلۆسۆفی هێناون، کە یەکێکیان (پۆپەر)ـە. لێیان پرسیوە چ کتێبێک بۆچوونی گۆڕیوە. ناوی ئەوی لە پاڵ سێ نووسەری دیکەدا هێناوە. لێرەدا پەرەگرافەکەی وەک خۆی دەنووسینەوە:
(کۆمەڵگای کراوە و دوژمنەکانی- کارڵ پۆپەر کە ساڵی 1945 نووسیوێتی لە دوو بەشی کتێبێکی گەورەدا کە ڕەخنەی گرنگ لە فیکری پڵاتۆن و هیگڵ و مارکس دەگرێ بۆ پێکهێنانی سیستمێک بۆ کۆمەڵگا و چۆن ئەم بیرە گەورانەش لە نووسینەکانیاندا کۆمەڵگای کراوەیان کردووەتە دەرەوە، زۆر شت لەو کتێبەوە فێر بووم).

بۆ کەسێک کەمێک ئاگای لە فیکری (پۆپەر) بێت، دەزانێت نووسەری ئەم وشانە شتێکی ئەوتۆی لەو بارەیەوە نەگوتووە. با بۆ ئەو پەرەگرافە بگەڕێینەوە، کە من لە سەرەتای ئەم نووسینەمدا لەو گفتوگۆیەی خۆمەوە وەرمگرت، کە دە ساڵ لەمەبەر لە (دەنگەکان)دا بڵاو کراوەتەوە و دواتریش لەگەڵ گفتوگۆی کۆمەڵێک نووسەری تر لە شێوەی کتێبدا چاپ کراوە. ئەمڕۆ لەوە ئاسانتر نییە هەر کەسێک ئەم چەند وشەیەی لەبارەی (پۆپەر) و چەمکی (کۆمەڵگەی کراوە)وە دەست بکەون: (ڕەخنەی گرنگ لە فیکری پڵاتۆن و هیگڵ و مارکس دەگرێ). چاکە، بەڵام دوای ئەوە چیی دیکە هەیە؟ ئایا ئەو پەرەگرافەی بە دروستی داڕشتووەتەوە؟ نووسیویەتی: (بۆ پێکهێنانی سیستمێک بۆ کۆمەڵگا و چۆن ئەم بیرە گەورانەش لە نووسینەکانیاندا کۆمەڵگای کراوەیان کردووەتە دەرەوە). (پێکهێنانی سیستمێک بۆ کۆمەڵگا)؟ (پۆپەر) ئەوەی کردووە؟ ئەوە زمانی نووسینە؟ (چۆن ئەم بیرە گەورانەش لە نووسینەکانیاندا کۆمەڵگای کراوەیان کردووەتە دەرەوە)؟ ئەوە دەربڕینی نووسەرێکە، ئاگای لە (پۆپەر) و ئەو فیلۆسۆفانەی تر بێت، کە لەم گوتوبێژەدا ناوی هێناون؟ گوتوویەتی: (زۆر شت لەو کتێبەوە فێر بووم). ئایا وایە؟
لەم نووسینەمدا تەوەرەیەک بۆ ناساندنی فەلسەفەی (پۆپەر) تەرخان دەکەم و دواتر بۆ ئەم پەرەگرافە دەگەڕێمەوە، بەڵام ئێستا پێم خۆشە ئەوە بڵێمەوە، کە هەمیشە لە ڕووبەڕووبوونەی فیکری میلـلیدا دوو ڕێگە دەگرمە بەر. یەکەمیان، لە ئاستی بابەتەکەدا هەندێ پرسیار دەورووژێنم. وا پێویست دەکات پەنا بۆ ڕەگەزی پارۆدی ببەم. واتە گاڵتە بەو بیرۆکە ڕووکەشانە دەکەم، کە هەن. دیارە مەبەست لە نووسینی نووسەرە، نەوەک نووسەر خۆی، لە کاتێکدا هەر فیکرێک، ئینجا هیی سەرۆکی حیزبە، یان هیی سەرۆکی دەستگەیەکی کولتووری، هیی ڕۆماننووسی بەناوبانگە، یان هیی شاعیری ناسراو، بۆ ئەوەیە بکرێتە بابەتی نوکتە و پێکەنین. ئەوەی لە لای من نەکراوە و ناکرێت، گۆڕینی بوونی مرۆڤە بۆ بابەت، کە پێشتریش گوتوومە ئەوەی بوونی کەسێک دەکاتە بابەت، هاوکات بەوە ڕازییە بوونی خۆیشی بۆ بابەت بگۆڕێت. (ئەوەتە لێرەیشدا جەختم لێ کردەوە). دووەم، هەوڵ دەدەم ئەو چەمکانەی فڕێ دراون، کە زۆرینەی کات بۆ فریودانی خوێنەرە، دروستتر بۆ فریودانی جەماوەرە، هەڵبگرمەوە و لە ڕێی دایەلۆگەوە ڕەهەندەکانیان دەربخەم. مەبەست لە دایەلۆگ، بەسەرکردنەوەی ئەو کەناڵە فیکرییانەیە، کە لەو بارەیەوە دواون. دەمەوێت بڵێم چۆن ئەو چەمکانەی لە کاتێکدا کۆمەڵێک ڕەگیان لەناو فەلسەفەدا هەن و کۆمەڵێک بیرمەندیش پێوەیانەوە خەریک بوون، لە لای ڕەخنەگری میلـلی، یان نووسەری میلـلی دەچنە ئاستی میلـلی و بە زمانی ڕۆژانە وەسف دەکرێن.

لێرەدا بیرەوەرییەکی منداڵیم دەگێڕمەوە:

سەرەتای حەفتاکانە و تەمەنم شەش ساڵە. لەسەر شەقامی شەستمەتری بە پۆلێک یاریکەر دەگەم، کە بە شۆرت و فانێلاوە ڕا دەکەن. ژنێک دەبینم، لە ژنێکی دیکە دەپرسێت، کە لە بەردەرگەی خۆیاندا وەستاوە، ئاخۆ ئەوانە کێن و چی دەکەن. ئەو بەم شێوەیە وەڵام دەداتەوە: یاریکەرن (لاعیبن). ئەگەر دەیانبینی لە تەلەڤیزیۆنیشدا چۆن گۆڵ دەکەن!
ژنی یەکەم مستێک بە سینگیدا دەکێشێت و بە خەمبارییەوە دەڵێت: هەی کوێراییم دابێت! هەی بمرم! وای نەمێنم!
هەندێک نووسەر و ڕەخنەگری میلـلی بێ ئەوەی بزانن ئەو چەمکانە چین و چۆن کاریان پێ کراوە، وەسفیان دەکەن و دەیانەوێت وامان پێشان بدەن، کە خۆیان پێوە ماندوو کردوون و بۆ هەر یەکێکیان چەند کتێبێکیان خوێندوونەتەوە. ئایا ئێمە ئەگەر بۆ بەرهەمەکانی (ئارام کاکەی فەلاح) بگەڕێینەوە، هەم ئەوەی لە بواری ئەدەبی گێڕانەوەدا نووسیونی، هەم گوتوبێژ و هەم گوتارەکانی، ئاماژەیەکی کاڵیش دەبینین، کە دەریبخات ئەو نووسەرە پێوەندیی بە خوێندنەوەی فەلسەفەوە هەیە؟ پاشکۆی کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەلۆگێکی بەردەوام)م بۆ بابەتێکی ئەو تەرخان کردووە و خوێنەر دەتوانێت بۆی بگەڕێتەوە. ئەو پرسیارانەم لە لا نەدەورووژان، ئەگەر پێشتر بەو زمانە ڕۆژانەیییەی نەنووسیبووایە.
وەک گوترا دواتر بۆ ئەو پەرەگرافە دەگەڕێینەوە.

  • * * *
    کارڵ پۆپەر فیلۆسۆفی عەقڵ

    ئەو فیلۆسۆفی عەقڵە، بگرە بە یەکێک لە فیلۆسۆفە دیارەکانی عەقڵ دادەنرێت لە سەدەی بیستەمدا، کە (92) ساڵی تێدا ژییا، بەڵام لەو بوارەیشدا ڕێگەیەکی تایبەت دەگرێتە بەر و فەلسەفەیەکی تایبەتیش دادەمەزرێنێت، بە ڕادەیەک لە هیچ کۆمەڵناسێکی دیکە ناچێت. (پۆپەر) نەک هەر مەبەستی نییە لە ڕێی توێژینەوەی زانستییەوە بە حەقیقەتی ڕەها بگات، بەڵکوو دەیەوێت ئەوەیش دەربخات، کە هەر عەقڵانیەتێکی زانستی بەرهەمی مێژوویەکی دیاریکراوە، بۆیە ناکرێت لە سەردەمێکی دیکەدا پەنای بۆ ببرێت، بەوەی زانین لە پەرەسەندنی بەردەوام و خێرادایە، کە ئەو گۆڕانکارییانە وامان لێ دەکەن گومان بە پێشڕۆی خۆمان بزانین و هەمیشە تیۆرییەکان بخەینە بەردەم تاقیکردنەوەی سەختەوە، ئاخۆ دەردەچن، یان دەکەون؟ ئەوە هەر تاقیکردنەوەکانن پەرە بە تیۆرییەکان دەدەن و دەیانخەنە ئاستی بەرزترەوە، بێ ئەوەی بهێڵن بگەنە خاڵی کۆتایی، تا خۆیان بە حەقیقەتی ڕەها دابنێن. بەم شێوەیە تیۆرییەکان کاتێ دەتوانن درێژە بە خۆیان بدەن، کە لە تاقیکردنەوە بەردەوامەکان دەردەچن، دەنا لە کەڵک دەکەون و بە هیچ پاساوێک ناتوانرێت ژیانیان بە بەردا بکرێتەوە. ئەم پرۆسێسە ناوی پووچەڵکردنەوە، یان ڕەتکردنەوە، یان بەدرۆخستنەوە (Falsifiability)ـەیە، کە ڕاستییەکەی مەبەست لە بوونی توانای بەدرۆخستنەوەیە و پێوەرە بۆ ئەوەی چی زانستی و چی نازانستییە. دواتر بەشێکی تایبەتی بۆ تەرخان دەکەین.
    دەکرێت بگوترێت (پۆپەر) مێتۆدێکی ڕەخنەییی تایبەت بە خۆی لە فەلسەفەی زانستدا دەگرێتە بەر، کە لەسەر پرینسیپی عەقڵانیەت دامەزراوە و لەوەدا بەرجەستەیە، ئایا چی ڕووی لە کرانەوەیییە و چی داخراوی بەرهەم دێنێت؟ بە مانایەکی دی، زانین (مەعریفە)ی زانستی لەو زانینە جودا دەکاتەوە، کە نەیتوانیوە بەو تاقیکردنەوانەدا تێبپەڕێت، تا زانستێتیی خۆی دەربخات.
    پرسیاری (پۆپەر) ئەوە نییە، ئاخۆ زانین سەرچاوەکەی عەقڵە، یان هەستەکان، بەڵکوو ئەوەیە، ئایا دروستە، یان نادروست؟ زانستییە، یان نازانستی؟ لە ڕێی لۆجیکی دۆزینەوەی زانستی (The Logic of Scientific Discovery)یەوە دژی هەر لۆجیکێک دەوەستێتەوە، کە مەبەستیەتی بە شێوەی نازانستی پاساو بۆ ڕاستیی تیۆرییەکان بێنێتەوە. ئەو دەیەوێت بەو پێوەرە ڕاستگۆیانە بگات، کە بۆ عەقڵانیەت و زانست دەست دەدەن. ئینجا بەوەدا مێژووی مرۆڤایەتی بە شێوەیەکی سەیر دەکەوێتە ژێر کاریگەریی پەرەسەندنی زانینەوە، ئەوە سەختە چۆنیەتیی گەشەکردنی ئەو زانینە بیهێنینە بەر چاو، لە کاتێکدا سروشتی زانین وایە، لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێکی قووڵتر گەشە دەکات، بێ ئەوەی بوەستێت، بۆیە هەر پێشبینییەکی ئاییندە لەم ڕووەوە کورت دەهێنێت و هیی ئەوە نییە پشتی پێ ببەسترێت. کاتێکیش ڕێگەکانی گەشەکردنی زانین نازانین، ئەوە حەتمیەتی مێژوویی (historical determinism) جۆرێکە لە خورافە، بگرە تێگەیشتنێکی تیۆلۆجییە و ئەویش بە هەمان شێوەی حەقیقەتی ڕەها دەداتە دواوە. ئەو ئەگەر بە گشتی دژی حەتمیەتە، ئەوە لە بەرانبەردا ناحەتمیەت (indeterminism) دەخاتە ڕوو، کە زانینی زانستییانە دەیخوازێت، بەوەی زانینی زانستی پێویستە خاوەنی خەسڵەتی نزیکەیی بێت، نەوەک ڕەهایی، بگرە لەوەیش دوورتر دەچێت و بەردەمی بە کراوەیی جێ دەهێڵێت، تا هیچ شتێک ڕێ لە گەشەکردنی نەگرێت. وەک لە کتێبی (هەژاریی مێژووگەرایی: The Poverty of Historicism)دا پێی لەسەر دادەگرێت، کە مێژوو دەستنیشان ناکرێت. واتە سنووری بۆ دانانرێت و ڕێ نادات پێشبینی بۆ ئاییندە بکەین. لە کتێبی (کۆمەڵگەی کراوە و دوژمانانی)دا ڕەخنەی توند لە چەمکی حەتمیەت (determinism) دەگرێت، کە لە فەلسەفەی (پلاتۆ)، (هیگڵ)، (مارکس) و هیی دیکەدا بە زەقی دەبینرێت و بە مێژووگەرایی (historicism)یەوە گرێ دراوە. واتە مێژوو بە هێڵی ڕێکدا دەڕوات و قۆناغەکان بەپێی ئەو پێشبینییە دەبڕێت، بۆی کراوە. (پۆپەر) پێی وایە ئەمە دژی خوێندنەوەی ڕەخنەیییانەیە و ئەوانە دەیانەوێت بە شێوەیەک مێژوو ببینن، تەنیا بە یەک شێواز دەچێتە پێشەوە. دواتر بۆ ئەم چەمکە دەگەڕێینەوە و قسەی زیاتری لێوە دەکەین، کە بەشێکی گرنگی فەلسەفەی (پۆپەر)ی لەسەر دامەزراوە.

    ئەو بەوەدا فیلۆسۆفی ئەنتیگەوهەرگەرا (anti-essentialism)یە، نەوەک گەوهەرگەرا (essentialism)، ئەوە چەمکەکان ناخاتە ناو چوارچێوەی دیاریکراوەوە، تا لە گەوهەریان بکۆڵێتەوە، بەڵکوو لە ڕووی ئەرک و ئامانجەوە لێیان دەڕوانێت. لە کتێبی (گریمانەکان و پووچەڵکردنەوەکان: گەشەی زانستی زانین: Conjectures and Refutations: The Growth of Scientific Knowledge)دا دەڵێت گەوهەرگەرا وا لە دنیای ئاسایی (ordinary world) دەڕوانێت، کە تەنیا ڕووخسارە و لە پشتیەوە دنیای ڕاستینە (real world) دەدۆزرێتەوە. ڕەگی گەوهەرگەرا بۆ (ئەرستۆ) دەگەڕێنێتەوە، کە پێی وایە ئەم ئاڕاستەیە بەرپرسیارە لەوەی زانستی کۆمەڵایەتی بە بەراورد لەگەڵ زانستی فیزیادا گەشەی نەکردووە. بەم شێوەیە چەمکە کۆمەڵایەتییەکانی وەک خێزان، کۆمەڵگە، نەتەوە، دەوڵەت و زۆری دیکە لە لای ئەو لەو شوێنەوە گرنگن، کە چ کارێک لە تاک دەکەن و بە چ ئەنجامێکی دەگەیەنن. واتە ئامانجی زانستی کۆمەڵایەتی توێژینەوەی دیاردەی کۆمەڵایەتییە.
    پۆپەر و کێشەی ئیندەکشن (The Problem of Induction)
    ئیندەکشن واتە سەرنجدانی توێژەر لە دیاردە و ڕووداو، بەو مەبەستەی لە ڕێیانەوە بە ئەنجامێک بگات. لەو ئەنجامەوە تیۆرییەک دادەمەزرێنێت و بە هۆیەوە هەوڵی توێژینەوەی ئەو شتانە دەدات، تا چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە. بە مانایەکی دی، لەو بەشە سەرنجدراوانەوە گشتێک پێک دەهێنێت. بەکورتی خوێندنەوەی گشت بە هۆی ئەو ئەنجامە تایبەتەی توێژەر لە ڕێی سەرنج و ئەزموون (observation and experiment)ـەوە بە دەستی هێناوە. وەک لە سەرەتای کتێبی (لۆجیکی دۆزینەوەی زانستی)دا دەڵێت بەو بەئەنجامگەیاندن (inference)ـە دەگوترێت ئیندەکتیڤ (inductive)، کاتێ لە باری کەسێتیی (singular statements)ـەوە گوازرایەوە، کە هەندێجار باری تایبەت (particular’ statements)یشی پێ دەگوترێت، وەک ئەوەی ئەنجامی سەرنج و ئەزموون لە ئاستی بابەتە گشتییەکاندا لە شێوەی گریمان (hypotheses) و تیۆری دەردەخات.

    دیدەکتیڤ (deductive) پێچەوانەی ئیندەکشن لە گشتەوە بۆ تایبەت ئاڕاستەیە، بەو مانایەی ئەو ئەنجامەی پێی دەگەین، لە پێوەرێکی لۆجیکییەوە هاتووە و کەمتر گشتییە لەو پێشەکییە گەورەیەی، کە لێیەوە دەرچووبووین. دیدەکتیڤ ناوەرۆکی ئاڕاستەی فەلسەفەی عەقڵ (rationalism) پێک دەهێنێت، لە کاتێکدا ئیندەکتیڤ هیی ئاڕاستەی فەلسەفەی ئەزموونگەریی (empiricism)ـە. (پۆپەر) ڕەخنەی توند لە دووەمیان دەگرێت و بە ڕێی تایبەتی خۆی دیدەکتیڤ پەسەند دەکات. ئەگەرچی سەرنج و ئەزموون بە تەواوی دوور ناخاتەوە، بەڵام بە سەرەکییان نازانێت، بەڵکوو بە شێوەیەک لێیان دەڕوانێت، کە یارمەتیدەرن لەوەی تیۆرییەکان تۆکمەتر بکەن. پێی وایە پرینسیپی ئیندەکشن (induction principle) نایەوێت یاسا گشتییەکان لە بەرچاو بگرێت، بەڵکوو دووریان دەخاتەوە. بەکورتی کێشەی ئیندەکشن، ئەوەیە، کە ئاییندە وەک ئێستا دەبینێت و وای دادەنێت هەمان ئەو بارودۆخەی لەم ئێستایەدا هەیە، لە ئاییندەیشدا دەمێنێت، لە کاتێکدا زانینی مرۆڤ لە گۆڕاندایە، کە مانای وایە بارودۆخ نەگۆڕ نییە. وەک لە کتێبی (لۆجیکی دۆزینەوەی زانستی)دا ئاماژە بە (نیوتن) و (ئاینیشتاین) دەکات، کە هەردووکیان لە بواری فیزیادا تیۆرییان داڕشتووە، بەڵام لە دوو بارودۆخی جیاوازدا. ئەوەی دووەمیان لە بواری کێشکردندا ئەوەی یەکەمیانی کردە گریمانەیەکی ڕووت. دەگوترا خۆر لە بیستوچوار سەعاتدا جارێک هەڵدێت و ئاوا دەبێت، کەچی دەرکەوت ئەو خۆرە لە زەریای بەستەڵەکی باکووردا لە نیوەی شەودا دەردەکەوێت. دەگوترا ئەنجامی تێکڕای بوونەوەران مردنە، کەچی دەرکەوت بەکتریا نامرێت، بەڵکوو لە شێوەی دابەشبووندا زۆر دەبێت.
    ڕاستییەکەی (داڤید هیۆم) پێشتر بە چڕی خۆی لە قەرەی ئیندەکشن داوە و لەم ڕووەوە دوو کێشەی دیاری کردوون: یەکەم، کێشەی لۆجیکی و دووەم، کێشەی سایکۆلۆجی. یەکەمیان لەوەدا خۆی دەبینێتەوە، کە پێی وایە هەمان ئەو ڕووداوانەی ئەمڕۆ دووبارە دەبنەوە و ئێمە سەرنجیان دەدەینێ، لە ئاییندەیشدا ئەو سیستەمی دووبارەبوونەوەیەی خۆیان دەپارێزن، لە کاتێکدا ئەمە تەنیا باوەڕی ئێمەیە و لەسەر بنەمای خوو (habits)، یان ڕاهاتن (customs) دامەزراوە. واتە پەنابردن بۆ پرینسیپی یەکێتیی سروشت (principle of Uniformity of Nature)، بەو مانایەی یاسا و میکانیزمەکانی سروشت ئێستا چۆنن، لە ڕابردوودا هەر وا بوون و لە ئاییندەیشدا هەر وا دەمێنێنەوە، هەڵەیەکی لۆجیکییە و بە بەڵگەی بازنەیی (circular argument) ناسراوە. مەبەست ئەوەیە بۆ ئەوەی ڕاستێتیی شتێک بسەلمێنێت، لە ناو خۆیدا بەڵگەی بۆ دەهێنێتەوە. بۆ نموونە ئەم دەرمانە باشە، چونکە لەسەر پاکەتەکەیدا وا نووسراوە. کێشەی دووەمیان، کە سایکۆلۆجییە، (هیۆم) بۆ پرینسیپی پێوەندگەرایی (principles of association)ی دەگەڕێنێتەوە. وا ڕاهاتووین شتەکان پێکەوە دەبەستینەوە. لەبەر ئەوە نا پرسینسپی هۆکار دەیخوازێت، بەڵکوو لەبەر ئەوەی پێی ڕاهاتووین. ناکرێت بەبێ دووکەڵ، بیر لە ئاگر بکەینەوە، کە (هیوم) پێی وایە لێرەدا خەسڵەتی عەقڵ ونە. واتە دۆخی هۆکاری (causation) بریتییە لەو ڕاهاتنە هزرییەی، کە بەرهەمی پێکبەستنەوەیە، دەنا هیچ ڕاستییەکی ئۆنتۆلۆجیی لە پشتەوە نییە. بەم شێوەیە هەر مەعریفەیەک لەم هۆکارییەوە سەرچاوە بگرێت، دوورە لەوەی خاوەنی خەسڵەتی حەقیقەت بێت. ئەو فیلۆسۆفەی سەدەی هەژدەم ئەوە نییە بڵێت ئەزموون هەر بە هیچ شێوەیەک لە پێکهێنانی بیرۆکەکانماندا گرنگ نییە، بەڵام ئایا کاریگەرییە هەستییەکان (sense impressions)، کە ئەزموونی خۆمانیان لەسەر دادەمەزرێنین، تەنیا وێنەی هزریی ئەو شتانەن، دەیانبینین و حەقیقەت نانوێنن، یان هەر زانینی ڕاستی پێشان دەدەن؟ ئایا دەکرێت ئەو دۆخە ئەزموونکراوانە بەسەر ئەوانەیشدا بگشتێنین، کە هێشتا ئەزموون نەکراون؟ نەخێر، لە ڕووی لۆجیکییەوە ناکرێت، چونکە شتەکان زۆرینەی کات پێکەوە نەبەستراونەتەوە، مەگەر ئەوانەی لە ڕێی دووبارەکردنەوەوە پێیان ڕاهاتووین، بۆیە (هیۆم) لە ڕووی لۆجیکییەوە ئیندەکشن دەداتە دواوە و تەنیا لە ڕووی سایکۆلۆجییەوە دەیهێڵێتەوە، کە بە هۆشیاریی کەسێتیمانەوە بەندە. هەرچی (پۆپەر)ـە لە ڕووی ئەپستمۆلۆجییەوە، واتە لە ڕووی تیۆریی زانینەوە ڕەخنەی لێ دەگرێت، کە هاوکات ئەوەی (هیۆم)یش بە ناعەقڵانی (irrational) دادەنێت.

    (پۆپەر) لەم ڕووەوە سوود لە بۆچوونەکانی (هیۆم) دەبینێت و پەرەیان پێ دەدات، کە یەکەم فیلۆسۆفە گومانی لە پرینسیپی ئیندەکشن کردبێت، بەڵام ڕەخنەی توندیشی لێ دەگرێت، بەوەی لە ئاستی سایکۆلۆجیدا دەیهێڵێتەوە.
    دەکرێت بگوترێت لە لای (پۆپەر) مێتۆدی زانستی بە پلەی یەکەم پشت بە گریمان دەبەستێت، نەوەک بە سەرنج و ئەزموون، چونکە ئەوەی ڕێمان دەدات ڕاستی و چەوتیی شتەکان دەربخەین، گریمانەیە، بەوەی هەر تیۆرییەک کاتێ وەک زانست دەناسرێت، کە توانای هەبێت بخرێتە بەر تاقیکردنەوەوە، بێ ئەوەی خۆی لە دەست بدات. ساتێ دەگوترێت گریمانە، واتە ئێمە بۆ سەلماندنی ڕاستیی تیۆرییەک ڕێگەیەکی دیاریکراومان نییە، بەڵکوو لە دۆخی دۆزینەوەی ڕێی گونجاوداین، کە دەشێ زیاتر لە تیۆرییەک بدۆزینەوە، لە کاتێکدا ئەوانەی پشت بە ئیندەکشن دەبەستن، پێیان وایە تیۆریی زانستی، ئەوەیە، لە ڕووی ئەزموونەوە دەرکەوتووە، زانستییە، کە بە بڕوای (پۆپەر) ئەوانە دەرگە لە بەردەم کرانەوەی زانست دادەخەن و ڕێ نادەن قسەی دیکەی لێوە بکرێت. ئەزموون دەتوانێت لایەکی ئەو شتەمان پێشان بدات، بەڵام لاکانی دیکە دەشارێتەوە. واتە ئەگەر بێژمار بەڵگەمان دەست کەوت و سەلمێنرا لایەکی ئەم تیۆرییە دروستە، هێشتا لاکانی دیکە وەک خۆیان ماونەتەوە و نەسەلمێنراون. وەک لە سەرەتای کتێبی (لۆجیکی دۆزینەوەی زانستی)دا نموونە بە مەلی قوڵینگ (swan) دێنێتەوە، کە دەگوترێت هەموویان سپین، بەڵام کاتێک ڕەنگێکی دیکەمان دەست دەکەوێت، ئەوە تێکڕای ئەو بەڵگانەی بۆ ئەوە دەهێنرانەوە، گۆیە تەنیا قوڵینگی سپی هەیە، بەو دانەیە پووچ دەبێتەوە. بەکورتی هەزار قوڵینگی سپی ناتوانن بیسەلمێنن سەرجەم قوڵینگەکان سپین، بەڵام یەک قوڵینگی ڕەش دەتوانێت (یاسای گشت قوڵینگەکان سپین) بە درۆ بخاتەوە. پێی وایە لەم دۆخەدا پێویستە تیۆریست هەوڵ بدات تیۆرییەکەی بە لاوە بنێت (disprove) لە جیاتیی ئەوەی بیەوێت بەردەوام بیسەلـمێنێت. لەو ڕووەوە دەڵێت زانست یارمەتیمان دەدات وردەوردە (progressively) لە حەقیقەت نزیک ببینەوە، بەڵام هەرگیز ناتوانین دڵنیا ببین بە ڕاڤەی کۆتایی (final explanation) گەیشتووین.
    پۆپەر و پرینسیپی پووچەڵکردنەوە، یان بەدرۆخستنەوە (Falsifiability)

    لە سەرەوە کەموزۆر ڕوانینی (پۆپەر)مان لە مەڕ تیۆریی زانستییەوە دەرخست، بەڵام لەم بەشەدا هەوڵ دەدەین وردتر لەبارەی ئەو میکانیزمانەوە بدوێین، کە ئەو لە پێکهێنانی تیۆریدا لە بەرچاویان دەگرێت. کاتێ دەڵێین تیۆری، ئەوە هاوکات ئاماژە بە کێشەیەک، یان چەند کێشەیەک هەیە، بەوەی تیۆرییەکان لە پێناوی ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکان دادەمەزرێن، تا چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزنەوە. لە لای (پۆپەر) شتەکە سەیر و تایبەت دێتە بەر چاو. پێشتر گوترا ئاڕاستەی ئیندەکشن مەبەستیەتی لە ڕێی سەرنج و ئەزموونەوە ڕاستێتیی تیۆرییەک بسەلمێنێت، کە لەم ڕووەوە بەردەوام بەڵگەی بۆ دێنێتەوە. بە مانایەکی دی، ڕێیەکی پۆزەتیڤ دەگرێتە بەر و پشت بە پرینسیپی بەدروستزانین (verification) دەبەستێت، لە کاتێکدا (پۆپەر) نایەوێت ئەو بەڵگانە بدۆزێتەوە، کە تیۆرییەکە بە دروست دەزانن، بەڵکوو بە دوای ئەوانەدا دەگەڕێت، توانایان هەیە بە درۆی بخەنەوە. تا ئەودەمەی نەیدۆزیونەتەوە، ئەوە تیۆرییەکە زانستییە و بە دروست دادەنرێت. هەر تیۆرییەک ئەو پرینسیپە هەڵنەگرێت و نەتوانێت پێشبینیی ئەوە بکات ڕۆژگارێک بە درۆ دەخرێتەوە، مانای وایە نازانستییە. واتە بوونی ئەگەرەکانی بەدرۆخستنەوە (Potential falsifiers) تیۆریی زانستی لە هیی نازانستی جودا دەکەنەوە. وەک دەبینین بە شێوەی نەگەتیڤ مامەڵە دەکات، تا نەگاتە یەقین، بەڵکوو بەردەوام لەناو گریمانەدا بمێنێتەوە، چونکێ هیچ سەرچاوەیەک بە جێگەی بڕوای تەواو نازانێت، تا زانینی لێ وەربگرێت. وەک پێشتر گوترا ئەو سەرنج و ئەزموون بە تەواوی بە لاوە نانێت، بەڵکوو بەپێی پێویست و وەک ڕەگەزی یارمەتیدەر بۆ تۆکمەکردنی تیۆری پەنایان بۆ دەبات. واتە عەقڵ و ئەزموون پێکڕا بە سەرچاوەی زانین دەزانێت، بەڵام دەست لە گومان و ڕەخنە هەڵناگرێت. ئەوەی پرینسیپی بەدرۆخستنەوەی پەسەند کرد، زانستە و ئەوەی نەیکرد، مێتافیزیکە. دەکرێت بگوترێت بەدرۆخستنەوە، یان پووچەڵکردنەوە (Falsifiability) سنووری نێوان زانست و نازانست، یان زانست و مێتافیزیکا دیاری دەکات. وەک گوترا لە دژی پرینسیپی بەدروستزانین (verification) دەوەستێتەوە. ڕاستییەکەی بیرمەندانی ئاڕاستەی پۆزیتیڤیزمی لۆجیکی (Logical positivism)، کە دواتر ناویان بۆ ئەزموونگەراییی لۆجیکی (Logical empiricism) گۆڕا، لە بیستەکان و سییەکان لە نەمسا و ئەڵمانیادا چالاک بوون، پشتیان بەو پرینسیپە دەبەست. ئەوانی ئەندامی بازنەی ڤییەنا (Vienna Circle) وا لە زانینی زانستییان دەڕوانی، کە بریتییە لە کۆمەڵێک گشتاندنی ئەزمونییانە (empirical generalization). واتە چەند شێواز و سیستەمێکن، لە بارودۆخی جۆراوجۆردا دووبارە دەبنەوە و بە ڕێگەی ماتماتیکی، گرافیکی، یان سیمبۆلی وەسف دەکرێن. بە مانایەکی دی، یاساکانیان بەپێی لۆجیکی بەدروستزانین لە پوختەی پێکهاتە بەشییەکانەوە، کە بە پرۆسێسی کەڵەکەبووندا تێپەڕیون، وەردەگرن، بەو مانایەی ڕەزامەندی، یان جەختکردنەوە (confirmability)ی زۆریان بە دەست هێناون. لێرەدا پشت بە سەرنج (observation) دەبەستن، کە تێیدا هەستەکان ڕۆڵ دەبینن و بایەخیش بە پێوان (measurement) دەدەن. ئەوان بەوەدا توند پێ لەسەر مانای شت دادەگرن، ئەو ڕەزامەندی و جەختکردنەوەیە بە گرنگ دەزانن. دەیانگوت هیچ دەربڕینێک دروست نییە، ئەگەر بە پرۆسێسی بەدروستزانیندا تێنەپەڕێت، بەو مانایەی پێویستە بزانرێت، ئاخۆ دروستە، یان نا، کە هەر ئەوەیشیان بە پێوەری زانستی و نازانستی، لۆجیکی و نالۆجیکی دەزانی. واتە مانای ڕەهای شتیان دەخستە سەرووی هەر بابەتێکی دیکەوە. بۆ ئەو مەبەستەیش پەنایان بۆ ڕاڤەی زمانی زانست دەبرد، کە کاریگەریی کتێبی (نامەی لۆجیکی فەلسەفی: Tractatus Logico-Philosophicus)ی (لودڤیگ ڤیتگینیشتاین)یان بەسەرەوە بوو، لەوەی ئەو دەڵێت ئامانجی فەلسەفە بریتییە لە ڕوونکردنەوەی لۆجیکی بیرۆکەکان، بەو مانایەی فەلسەفە پراکتیکە، نەوەک تیۆری، کە ڕوونکردنەوەی لۆجیکی مانای بیرۆکەکان هاوکات ڕوونکردنەوەی بابەتە فەلسەفییەکانە. (پۆپەر) کتێبی (لۆجیکی دۆزینەوەی زانستی)ی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوانە تەرخان کردووە و پێی وایە ئەرکی فەلسەفە نە ڕاڤەکردنی لوغزەکانی زمانە و نە ڕوونکردنەوەی دەربڕین و دەستەواژەکانیشیەتی، بەڵکوو ئەرکەکەی گەڕانە بە دوای تیۆرییە دروستەکان. ڕاستە (پۆپەر) ڕۆژگارێک بە شێوەیەک لە شێوەکان لەو ئاڕاستەیەوە نزیک بووە، بە تایبەتی خۆی بە هاوڕێی (هێربەرت فیگل)، (ڤیکتۆر کرافت)، (فریدرێک وەیزمان) و (کورت جیودل)ی ئەندامانی زانیوە، بەڵام بەوەدا ئەو ئاڕاستەیە وا لە زانست دەڕوانێت، ڕەهایە، ئەوە لەگەڵی ڕێک ناکەوێت، لە کاتێکدا ئەو پێی وایە زانست هەمیشە پێویستی بە گەشەکردن هەیە و ناگاتە خاڵی کۆتایی، بۆیە گریمانە و قەبڵاندن (guessing) خەسڵەتی زانستی ڕاستینەن. لە گوتاری زانست وەک بەدرۆخستنەوە (Science as Falsification)دا، کە پێشتر لە کۆرسێکدا پێشکەشی کردووە و لە (1963) لەگەڵ چەند گوتاری دیکە لە کتێبی (گریمانەکان و پووچەڵکردنەوەکان: گەشەی زانستی زانین)دا چاپ کراوە، دەڵێت لە پاییزی (1919)ـەوە ویستوویەتی ڕووبەڕووی ئەو گرفتە ببێتەوە: (کەی دەکرێت تیۆرییەک وەک زانستی پۆلێن بکرێت؟: When should a theory be ranked as scientific?)، یان (ئایا پێوەرێک بۆ خەسڵەتی زانستییانە و پایەی تیۆرییەک هەیە؟: “Is there a criterion for the scientific character or status of a theory?). دەڵێت ئەوەی ئەوسا تووشی نیگەرانیی کردووە، ئەوە نەبووە، ئاخۆ (کەی تیۆرییەک دروستە؟)، یان (کەی تیۆرییەک پەسەندکراوە؟)، بەڵکوو ئەو پرسیارانەی سەرەوەن، کە لەوێوە ڕەخنەی لە ئیندەکشن گرتووە و هەوڵی داوە تیۆریی زانستی لە هیی نازانستی جودا بکاتەوە. لە کتێبی (ئەفسانەی چوارچێوە: The Myth of the Framework)دا، کە دوا بەرهەمیەتی و تێیدا باس لەو تاوانانە دەکات، بە هۆی بوونی باوەڕی ڕەهاوە ڕووبەڕووی داهێنەرانی زانست بوونەتەوە و هاوکات پێ لەسەر بایەخی زانست دادەگرێت، کە چۆن لە ڕێی ڕەخنەوە بەرپەرچی هەموو جۆرە ئەفسانەیەکی داوەتەوە. لەوێدا دەڵێت: (ئێمە ئەگەر تیۆرییەکەمان تاقی کردەوە و دەرمانخست چەوتە، پێویستە دیاری بکەین چ بەشێک لەو بەشانەی پێکیان هێناوە، لە سەرنەکەوتنەکەیدا بەرپرسیارە). بەم پێیە ئێمە لە ڕێی بەدرۆخستنەوەوە زانینمان پێش دەخەین، کاتێ لە کێشە کۆنەکانەوە بەرەو کێشە نوێیەکان دەچین، بەو مانایەی لە هەڵەکانمانەوە فێر دەبین و ئەوەیشە هێزی بەردەوامیمان پێ دەبەخشێت).

    (پۆپەر) لە ڕێی ئەم چوار هێمایەوە بۆچوونی خۆی دەخاتە ڕوو: (P1 » TT » EE » P2.). (P) واتە کێشە (problem). (TT) کورتکراوەی تیۆریی کاتی (tentative theory)یە. (EE)ی بە مانای بنەبڕکردنی هەڵە (error-elimination) دێت، کە ڕاستییەکەی واتای هەوڵە بۆ نەهێشتنی هەڵە ( stands for ’attempted’ error-elimination)، بە تایبەتی لە ڕێی گفتوگۆی ڕەخنەیییەوە. مەبەست لە (P2) دانانی کێشەیەکی نوێیە، کە پێویستە چارەسەری نوێیشی بۆ بدۆزرێتەوە. بەکورتی مەبەست لەوەیە چۆن زانین گەشە دەکات و لە وەستان ناکەوێت. پێچەوانەی ئاڕاستەی ئەزموونگەراییی لۆجیکی، کە وای دەبینێت ڕەوتی زانست بریتییە لە کەڵەکەبوون، ئەو پێی وایە شۆڕشگێڕییە، بەو مانایەی پێشکەوتنی زانست تیۆرییەک دەخاتە شوێنی یەکێکی ترەوە و ئامانجیشی نزیکبوونەوەیە لە حەقیقەت. نزیکبوونەوە، نەوەک گەیشتن. واتە گەڕانی بەردەوام بە دوای ئەو تیۆرییانەی پتر لەگەڵ واقیعدا دەگونجێن و دەتوانن گۆڕانی تێدا بکەن. لێرەوەیە پێ لەسەر زانینی بابەتییانە (Objective knowledge) دادەگرێت، کە لەسەر بنەمای قەبڵاندن دادەمەزرێت و ڕێ دەدات بخرێتە بەردەم تاقیکردنەوەوە. زمان تێیدا خاڵی گەوهەرییە، بەوەی زانین تەنیا کاتێ لە بواری خودەوە بۆ بواری بابەتی دەگوازرێتەوە، کە لە شێوەی زمان دادەڕێژرێتەوە، بە مەرجێ تاقیکردنەوە و ڕەخنە لەو پرۆسێسەدا چالاک ببن. پێی وایە لەم ڕووەوە (کانت)ی فیلۆسۆف یەکەمجار پێی لەسەر بابەتێتی بابەتی زانستی داگرتووە، کە ئەوەیش پێوەندییەکی پتەوی بە دامەزراندنی تیۆرییەوە هەیە، لە ڕێی گریمان و بابەتی گشتی (universal statements)یەوە، لە کاتێکدا (پۆپەر) لە کتێبی (لۆجیکی دۆزینەوەی زانستی)دا دەڵێت خۆی بە شێوەیەکی جیاواز چەمکی بابەتی (objective) و تایبەتی (‘subjective)ی لە هیی (کانت) بە کار دەهێنێت. لە لای (کانت) وشەی (تایبەتی) ئاماژەیە بۆ ئەوەی، کە زانینی زانستی پێویستە پاساوی هەبێت (justifiable) و تەواو لە هەوەس (whim)ی کەس سەربەخۆ بێت. پاساو پێویستە بابەتی بێت، ئەگەر لەسەر ئاستی پرینسیپدا بگونجێت لەلایەن کەسەوە ئەزموون بکرێت و لێی تێبگەیشترێت. (کانت) دەنووسێت: (ئەگەر شتێک ڕاست بوو) لە لای هەر کەسێک بە گوێرەی ئەو بیرۆکەیەی هەیەتی، ئەوە بنەماکەی بابەتی و تەواوە. (پۆپەر) هەر لێرەدا دەڵێت بەڵام تیۆریی زانستی هەرگیز بە تەواوی قەبووڵی ناکات پاساوی بۆ بهێنرێتەوە و بەدروستزانین (verifiable)ی بۆ بکرێت، بەڵکوو تەنیا تاقیکردنەوە دەخوازێت.

    (پۆپەر) لەم ڕووەوە پشت بە تیۆریی هەوڵ و هەڵە (trial and error) دەبەستێت، کە پێشتر (ئێدوارد تۆرەندایک: Edward Lee Thorndike)ی دەروونناس لە بواری سایکۆلۆجیای پەروەردەیی (Educational psychology)دا پەنای بۆ بردووە. مەبەست ئەوەیە چۆن بوونەوەر لە ڕێی هەڵەکانیەوە فێر دەبێت چارەسەر بدۆزێتەوە. پرۆسێسێکە، دەکەوێتە پێش سەرنجەوە، بەوەی هەر کاتێ هەستمان کرد هەڵەیەک هەیە، هەوڵێکی تر دەدەین، تا هیی ڕاست دەدۆزینەوە. لێرەدا سوودی لە هەڵبژاردنی سروشتی (natural selection)ی (چارلز داروین)یش بینیوە، کە چەمکێکی بنەڕەتییە لە تیۆریی پەرەسەندندا و مەبەستی ئەوەیە سروشت پەنا بۆ کرداری هەڵبژاردن دەبات، تا لە ڕێی بۆماوەوە ئەوانە بهێڵێتەوە، کە لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا توانای خۆگونجانیان هەیە و هاوکات ئەوانەی لەم خەسڵەتە بێبەشن، بە لاوەیان دەنێت. لەمەوە بوونەوەر دۆخێک جێ دەهێڵێت و دەچێتە دۆخێکی باڵاترەوە. لە کتێبی (گەڕان بە دوای جیهانێکی باشتردا: In Search of a Better World)دا دەنووسێت: (بەپێی داروینیزم بوونەوەر لە ڕێی هەڵبژاردنی سروشتییەوە خۆی لەگەڵ ژینگەکەیدا دەگونجێنێت، کە ئەوەمان فێر دەکات ڕۆڵی بوونەوەر لەم پرۆسێسەدا نەگەتیڤە، بەڵام لێرەدا ئەوەی زۆر گرنگ دێتە بەر چاوم، ئەوەیە، کە بوونەوەر لە ژیانێکی باشتر دەگەڕێت. بەم شێوەیە داهێنان دەکات و ڕێکخستنێکی نوێ لە ژینگەدا دێنێتە دی). (پۆپەر) بە هەمان شێوە لە پرینسیپی هەوڵ و هەڵەدا ئەوە دەبینێت، کە تیۆرییە گونجاوەکان دەمێنێنەوە و گەشە دەکەن. پێی وایە لەمەدا هەم مرۆڤ و هەم ئاژەڵ هاوبەشن، بەوەی لە ئەمیبای یەکخانەوە بیگرە تا مرۆڤی بەرزترین ئۆرگانیزم پەنای بۆ دەبەن. ئەمیان بە شێوەی میکانیکی و ئەویان بە شێوەی هۆشیاری. بەوەدا مرۆڤ خاوەنی زمانە، ئەو زانینەی خۆی بابەتییانە و لە شێوەی بیردۆزە دادەڕێژێت. لەو گوتارەی ناوی ناوە (دایەلکتیک چییە؟)، پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، کە لە ڕێی (هەوڵ و هەڵە)وە بیری مرۆڤایەتی گەشە دەکات، بۆیە هەر کاتێ ئەو دۆخە ونە، ئەوە تیۆرییەکان بە شێوەی دۆگمایانە پارێزگاری لە مانەوەی خۆیان دەکەن.

    (پۆپەر) لە بواری زانینی بابەتییانە (Objective knowledge)دا باسی سێ جیهان دێنێتە گۆڕێ و مەبەستیش لە ڕێگەی پەرەسەندن (evolutionary approach)ـە، بەو مانایەی زانینیش وێنەی بوونەوەر بە پرۆسێسی هەڵبژاردنی سروشتیدا تێدەپەڕێت، کە ڕاستییەکەیشی لە بەرهەمە درەنگەکانی ئەو فیلۆسۆفەیە. سێ جیهانەکە ئەمانەن:
    جیهانی یەکەم، جیهانی شتی ماددی (physical objects)یە، کە ئەوانەن، هەستیان پێ دەکرێت، چ زیندوو و چ بێگیان. جیهانی دووەم، ئەزموونی خودی (subjective experiences)یە، کە لایەنی هەست و نەست دەگرێتەوە. لە پاڵ هەست و سۆزدا، کرداری عەقڵییش سەر بەم دنیایەیە. دەکرێت بگوترێت لایەنی سایکۆلۆجیایە. جیهانی سێیەم، هیی فیکرە، بەو مانایەی بەرهەمی مرۆڤە و ڕەگەزی زمانی تێدا دەردەکەوێت. داهێنانی هونەری، ئەدەبی، فەلسەفی، زانستی، مۆڕاڵی و زۆری دیکە لەم دنیایەدا سەر هەڵدەدەن و گەشە دەکەن. جیهانی کولتوورە. ئەو سێ جیهانە نەک سنووری کۆنکریتبەندییان لە نێواندا نییە، بەڵکوو بەسەر یەکیشدا کراوەن و ئەمیان کار لەویان دەکات. جیهانی دووەم ئەڵقەی پێکبەستنەوەی جیهانی یەکەم و جیهانی سێیەمە، بەو مانایەی جیهانی خودە، کە لە ڕێی هەست و عەقڵەوە جیهانی یەکەمی ناسیوە و هەر خۆیشی جیهانی سێیەمی بە پێکهاتەی جیهانی یەکەم ئەفراندووە. لە جیهانی یەکەمدا مرۆڤ ڕووبەڕووی کێشەکان دەبێتەوە و بە سروشتی خۆی بە دوای چارەسەردا دەگەڕێت، کە لێرەوە بۆ جیهانی دووەم دەپەڕێتەوە، کە جیهانی ئەزموونی خودی (subjective experiences)یە. ئەو ئەزموونە بەردەوام گەورە دەبێت، مادام پاڵی پێوە دەنێت لە حەقیقەت نزیک ببێتەوە. هۆشیاریی زیاتر پەیدا دەکات و دەبێتە خاوەنی یادەوەریی تایبەتی خۆی. ئینجا جیهانی سێیەم دەردەکەوێت، کە تێیدا لە ڕێی زمانەوە تیۆری دادەڕێژێت و بە هۆیەوە ڕووبەڕووی جیهانی ماددی، واتە ڕووبەڕووی جیهانی یەکەم دەبێتەوە.
    (پۆپەر) تیۆریی زانستیی لە شێوەی هیی (ئاینیشتاین) لە هیی کۆمەڵایەتیی (مارکس) بە نموونە و هیی سایکۆلۆجیی (فرۆید) و (ئەدلەر) بە نموونە جودا دەکاتەوە، کە ئەوەی (ئاینیشتاین) دەخرێتە بەر تاقیکردنەوەوە، بەڵام هیی ئەوانەی دی نا. دەشێ ململانێی کۆمەڵگە لە چینایەتییەوە سەرچاوە نەگرێت، یان فڵان کێشە دەروونی نەبێت، بەڵام بەوەدا ناخرێنە بەردەمی ئەو تاقیکردنەوەیەوە، ئەوە سەختە بە لاوە بنرێن، بەوەی هەمیشە لایەنگرانیان پاساویان بۆ دێننەوە. دەروونشیکاری (psychoanalysis) لە لای (پۆپەر) زانست نییە، با لە ئاستی فرەواندا کاری پێ بکرێت و لایەنگرانیشی زۆر بن. تیۆریی (ئاینیشتاین) لەگەڵ ماددەدا مامەڵە دەکات، کە ڕووناکایییە، بۆیە ئاسانە بخرێتە بەردەم تاقیکردنەوەوە و ئەنجامەکەی ببینیت، یان ڕاستی و ناڕاستیی تیۆریی ڕێژەیی بسەلمێنرێت. کاتێ دەڵێت تیشک لار دەبێتەوە، ئەگەر بە تەنێکی قورسدا بڕوات، زانست سەلماندوویەتی، کە دروست بۆی چووە، لە کاتێکدا بابەتی فەلسەفەی کۆمەڵایەتی و هیی تیۆریی سایکۆلۆجی ماددە نییە، بەڵکوو مۆڕاڵە، کە ڕێگرن لەوەی تاقی بکرێنەوە. هەر ئەوە وا لە (پۆپەر) دەکات بە نازانستییان لە قەڵەم بدات. ئەوانە دەتوانن خۆیان لەگەڵ بارودۆخەکاندا بگونجێنن و درێژە بە ژیانیان بدەن. پێیان دەکرێت وەهم لە لای مرۆڤ دروست بکەن و هەر بەو وەهمەیشەوە لێیان بڕوانن. هەندێک لەو تیۆرییانە کاتێ لە تاقیکردنەوەدا کورت دەهێنن، هێشتا لایەنگرانیان بەرگرییان لێ دەکەن و هەوڵ دەدەن هەندێک گریمانەی یارمەتیدەریان بۆ دابنێن، یان بە شێوازی وا ڕاڤەیان بکەنەوە، کە بە لاوە نەنرێن. ئەوە بە فێڵی کۆنەخوازانە (conventionalist twist) ناو دەبات. ئەو سەرەڕای سەرسامیی بە تیۆریی (پەرەسەندن)ی (داروین)، کە دەڵێت تیۆرییەکی بەهێزە، بەڵام هێشتا پێی وایە چوارچێوەیەکی مێتافیزیکیی هەیە و ناکرێت بڕوا بێنین بە شێوەی زانستی پەرەسەندنی لێک داوەتەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا بە پرینسیپی مانەوە بۆ گونجاوترینەکان (survival of the fittest) سەرسامە، بەوەی دەکرێت لێیەوە بڕوانینە تیۆرییەکان، تا بزانین کامیان زیاتر بەرگەی تاقیکردنەوەکان دەگرێت و پتر مانەوەی خۆی دەسەلمێنێت. ڕاستییەکەی (پۆپەر) بەو مەبەستەی زانست لە نازانست جودا بکاتەوە، هەمیشە دڵڕەقانە لە تیۆرییەکان دەڕوانێت.

    ئەگەر (پۆپەر) ڕەخنەی توند لە (پلاتۆ) دەگرێت و پێی وایە بیرۆکەکانی (سۆکرات)ی شێواندووە، بگرە ناپاکیی لە فێرکارییەکانی کردووە، ئەوە لایەنگرێتیی خۆی بۆ (سۆکرات) ناشارێتەوە، بە تایبەتی لەوەدا، کە ڕوانینێکی زانستییانەی بۆ زانین هەیە و پێی وایە هەموو زانینەکەی لەوەدا کۆ دەبێتەوە، دەزانێت نەزانە. واتە بەردەوام پێویستی بە گەڕان، لێکدانەوە و فێربوون هەیە. ئەوە هەر ئەوەیە (پۆپەر)یش پێی لەسەر دادەگرێت و لەو تێگەیشتنەوە دەیەوێت تیۆرییەکان هەمیشە تاقی بکرێنەوە و هەرگیز بە خاڵی کۆتایی نەگەن. ئایدیۆلۆجیاکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کلیلی زانینی گەردوونیان دۆزیوەتەوە و چارەسەری هەموو گرفتەکانیان لە لایە، لە کاتێکدا ڕێ نادەن بخرێنە بەردەم تاقیکردنەوەوە. بەر لەوەی نەمسا جێ بهێڵێت و ڕوو لە نیوزلاند بکات و دواییش لە لەندەن بگیرسێتەوە، بە هۆی نەدارییەوە لە دارتاشخانەیەکدا کاری دەکرد. دەڵێت هێندەی لە (وەستا ئۆلبێرت)ـەوە فێری تیۆریی زانین بووە، لە هیچ یەکێ لە مامۆستاکانی تری فێر نەبووە، لە کاتێکدا ڕۆڵەی خانەوادەیەکی ڕۆشنبیری ئۆرستۆکراتی بووە، کە هەم دایکی و هەم باوکی بە کەسانی ئەکادیمی و هونەردۆست دادەنران. ئەو وەستایە وای کردووە هەست بکات شاگردی (سۆکرات)ـە. ئەوەی (سۆکرات) دەڵێت پێویستە مرۆڤی دەوڵەتدار، واتە ئەوەی لە سیاسەتدا کار دەکات، زانا بێت، وای لێک دەداتەوە، کە دەبێت ددان بەوەدا بنێت هیچ نازانێت. (پۆپەر) لە پێشەکیی کتێبی (ئەفسانەی چوارچێوە: The Myth of the Framework)دا دەنووسێت: (خۆمم بە پسپۆر دانەناوە، نە لە زانست و نە لە فەلسەفەیشدا، بەڵام بە درێژاییی تەمەنم هەوڵی ڕاستیم داوە شتێک لەم دنیایە بگەم، کە تێیدا دەژین. باوەڕم وایە زانینی زانستی و عەقڵانیەتی مرۆڤایەتی، کە هەمیشە ئەو زانینە بەرهەم دێنن، هەمیشە هیی ئەوەن بکەونە هەڵەوە). ئەو بەردەوام پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت زانین فریومان نەدات و بەردەوام چاومان لە ئاستی هەڵەدا کراوە بێت. هەر لەو کتێبەدا دەڵێت: (دەکرێت من هەڵە بم و دەشێ تۆ ڕاست بیت. بە هەوڵدان زیاتر لە حەقیقەت نزیک دەبینەوە). ئینجا ئاماژە بەوە دەدات، کە لە ساڵی (1945) ئەو دوو دێڕەی بە هێڵی لار لە کتێبی (کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنانی)دا نووسیوە. ئەوە دەڵێت، بەڵام لە بیریەتی، کە نابێت هەرگیز بە حەقیقەت بگەین. ئینجا ئاماژە بەوە دەکات، کە ڕەخنەگرانی ئەو کتێبە هیچ کاتێ نەیانویستووە ئەو دوو دێڕە ببینن، بەڵکوو هەندێکیان گوتوویانە ئەو کتێبە خاڵییە لە ڕەوشت، یان لە تیۆریزەی ڕەوشت. هەندێکیشیان دەڵێن ئەو کتێبە دۆگماتیزمی هێناوە.
    لە کتێبی (گەڕان بە دوای جیهانێکی باشتردا)دا ڕەخنە لە چەمکی ڕێژەیی (Relativism)یش دەگرێت و پێی وایە ناپاکییە لە ئاستی حەقیقەت و مرۆڤایەتی (betrayal of reason and of humanity)دا، بگرە یەکێکە لەو تاوانانەی ڕۆشنبیران کردوویانن، کە مانای حەقیقەت و مانای یەقینیان تێکەڵ کردووە. هەر لە کتێبەدا خۆی وا دەناسێنێت، کە کەسێکی عەقڵانییە و باوەڕی بە عەقڵی مرۆڤایەتی هەیە. ئەگەر خۆی بە دوایین عەقڵانی دەزانێت، کە پاشماوەکەی مابێتەوە، ئەوە مەبەستی ئەوەیە بە ئاسانترین ڕێگەی زمان دەدوێت، وەک ئەوەی مامۆستای مەزن (بێرتراند راسێل) پێی دەدوا، چونکێ ئامانجی سادەییی زمان، ڕۆشنگەرییە، نەوەک پاوانخوازی. هەر لەو کتێبەدا
    لەگەڵ ئەوەیشدا زمانی (پۆپەر) ئەگەر سادەیە، وەک خۆی دەڵێت، مانای وا نییە ڕووکەشە، بەڵکوو بەوەدا بە مەبەستی ڕەخنەیەکی توند ڕۆ دەچێتە ناو بوارەکانی فەلسەفە، سایکۆلۆجیا، مێژوو، فیزیا، بایۆلۆجیا و ئەوانەی دیکەوە، ئەوە ئەم زمانە ئاستی زانراو جێ دەهێڵێت، بۆیە تێگەیشتنی بابەتەکانی، وردبوونەوەی قووڵ دەخوازێت. هەندێک لەگەڵ (گاستۆن باشولار)ی فیلۆسۆفی فرانسیدا بەراوردی دەکەن، بەوەی ئەویش فیلۆسۆفی عەقڵە، بەڵام من لە ڕێی خوێندنەوەی بەرهەمەکانیەوە (پۆول ڕیکۆر)م هاتووەتە بەر چاو، کە ئەویش بە شێوەیەکی چڕ مێژووی زانینی مرۆڤایەتی لە گریکەوە تا سەردەمەکەی بە سەر کردووەتەوە. دیارە ڕێگە و ئامانجی هەر یەکەیان لە هیی ئەوەی تریان جیاوازن.

    پۆپەر و ڕەخنە لە مێژووگەرایی

    لە بەشەکانی پێشوودا بە شێوەیەک لە شێوەکان بینیمان (پۆپەر) ددان بە ڕاستێتیی فەلسەفەی (پلاتۆ)، (هیگڵ) و (مارکس) دانانێت، بەوەی هەر یەکەی بە ڕێی خۆی پێی وایە ئەو یاسایانەی دۆزیونەتەوە، کە مێژوو دەبزووێنن و بەرەو ئەنجامی دیاریکراو (certain outcomes) ئاڕاستەی دەکەن. لە دیدی ئەودا یاساکانی مێژوو لە هیی سروشت (laws of nature) جیاوازن و ڕوانینێکی لەم شێوەیەی هیی ئەوان لەسەر بنەمای دۆگماتیزم دامەزراوە، کە هەموو شتێک ڕەها دەبینێت، بگرە ملکەچی حەتمیەتە مێتافیزیکییەکانیان دەکات. ئەوان باوەڕیان وایە، کە دەکرێت هاوشێوەی بواری سروشتی لە بواری کۆمەڵایەتیدا پێشبینی بکرێت و بە ڕوونی بێتە دی، لە کاتێکدا (پۆپەر) بە توندی لە دژی ئەو باوەڕەدا دەوەستێتەوە، بۆیە دەیەوێت جینیالۆجیا بۆ فیکری سیاسیی هەر یەک لەو فیلۆسۆفانە بکات، کە ئەوە پێوەستە بە ڕەخنەی توند، بە مەبەستی هەڵتەکاندنی پایەی تیۆرییەکانیان. لە سەرەتای کتێبی (هەژاریی مێژووگەرایی)دا دەنووسێت باوەڕهێنان بە چارەنووسی مێژوو، خورافەی ڕووت (sheer superstition)ـە، کە ناکرێت بە ڕێی زانستی و عەقڵی ڕەوتی مێژووی مرۆڤایەتی پێشبینی بکرێت. بۆ نموونە لە دیدی (مارکس)دا دەتوانیت پێشبینیی شۆڕشی سۆشالیستی بکەیت، وەک ئەوەی لە زانستی ئەسترۆنۆمیی نیوتنی (Newtonian Astronomy)دا پێشبینیی خۆرگیران و مانگیران دەکرێت. ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە بە زانستی ساختە (pseudoscience) دادەنێت، کە تۆتالیتاریانیزم هان دەدات دەست بەسەر کۆمەڵگەدا بگرێت و تاکەکان بچەوسێنێتەوە. ئەو کتێبەی پێشکەش بە سەرجەم مرۆڤی جیهان کردووە، کە بوونەتە قوربانیی باوەڕی کۆمۆنیزم و فاشیزم. هەر لە پێشەکییەکەدا دەڵێت چەمکی ناباوی مێژوگەرایی (هیسترۆسیزم) خۆی دایهێناوە، تا بتوانێت لە ڕێیەوە ئەوەی پێ دەرببڕێت، کە مەبەستیەتی.
    لەو کتێبەدا (پلاتۆ) بە باوکی ئەو باوەڕە میلیتاریستییە مۆدێرنە دادەنێت، کە نازیزمی ئەڵمانیا، فاشیزمی ئیتاڵیا، میلیتاریزمی ژاپۆن، ستالینزمی سۆڤیەتی پێ دەناسرێتەوە. ئەو فیلۆسۆفەی گریک لە پێناوی پاراستن و هێشتنەوەی دەوڵەتدا قوربانی بە تاک دەدات، کە ئەو تێگەیشتنە ناوەرۆکی ئایدیۆلۆجیای تۆتالیتاریانیزم پێک دەهێنێت. لە کۆمارەکەیدا پاشا فیلۆسۆفەکان دەخاتە سەرەوە، کە بە هۆی سەربازی دەستەبژێر و بە یارمەتیی چینی فرەوانی کرێکاران دەپارێزرێن. ئەوانی هەمووشتزان لەو جیهانە ئایدیالەدا لە یاساکانی کۆمەڵگە دەزانن و هەر خۆیشیان پلانی سیاسەت دادەڕێژن. لێرەدا زانین بەرهەمی سروشت و کۆمەڵگە نییە، بەڵکوو بە بوونەوەری ئایدیالییەوە پێوەستە، کە لە دنیای ڕووت (ئەبستراکت)، واتە دنیای ئایدیالی ئەبەدیدا هەیە. بەپێی تیۆریی شێوەکان (theory of forms) شتەکانی دنیای مەتێریەل و هەستەکان لە گۆڕاندان، بەڵام لە دنیای ئایدیالدا وەک خۆیان پارێزراون، چونکێ ئەوەیان دنیای ڕاستینەیە و ئەوانەی دنیای هەستپێکراو وێنەی لاساییکەرەوەی ئەوانن. لەم دنیایەدا پێویستە تاک دەست لە ئازادیی خۆی هەڵبگرێت و ملکەچی سەرۆکەکانی ببێت، دەنا ئارەزووە نەگریسەکانی، کە بە کۆکردنەوەی سامان و دەستەڵاتەوە پێوەستن، ململانێیان لێ دەکەوێتەوە و دەبێتە هۆی نەمانی کۆمەڵگە. بەم شێوەیە (پلاتۆ) بەو ڕوانینە بەرزگەرایییە خوداوەندییەی دژایەتیی ڕوونی خۆی بۆ بیرکردنەوەی ئازادیی تاک ڕادەگەیەنێت و بە ڕەوای دەزانێت تاکەکان بخرێنە ژێر چاودێرییەوە، کە لە دیدی (پۆپەر)دا (پلاتۆ) نایەوێت ئەندامانی چینی ژێرەوە بگۆڕێن، بەڵکوو دەیەوێت هەر لەم دۆخەدا بمێنێنەوە، کە بەم شێوەیە مێژوو ملکەچی یاسای پۆڵاین دەکات، بە جۆرێک مرۆڤ لە سایەیدا زەلیل ببێت. پێی وایە شتەکان چەسپاو و ڕاستین، کە هیچ گومان هەڵناگرن. هەر لەو کتێبەدا، واتە لە (کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنانی)دا پرسیاری (پێویستە کێ فەرمانڕەوایی بکات؟)ی (پلاتۆ) بۆ {چۆن دەتوانین دامودەستگەی سیاسی بە شێوەیەک ڕێک بخەین، کە ڕێ لە فەرمانڕەوا بەدەکان، یان فەرمانڕەوا دەستەپاچەکان (incompetent rulers) بگرین، زیانی زۆر بگەیەنن؟} دەگۆڕێت.

    (پۆپەر) کاتێ دەگاتە لای (هیگڵ)، ڕەخنەکانی توندتر دەبن، کە لە کتێبی (کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنانی)دا پێی وایە نوێنەرایەتیی ئەڵقەی ونبوو (missing link)ی نێوان (پلاتۆ) و فۆرمی مۆدێرنی تۆتالیتاریانیزم دەکات. زۆرینەی تۆتالیتاریەنە نوێیەکان (modern totalitarians) نازانن بۆچوونیان بۆ (پلاتۆ) دەگەڕێتەوە، بەڵام گەلێکیشیان دەزانن قەرزداری (هیگڵ)ن. بەم شێوەیە (هیگڵ) بە باوکی ئەو باوەڕە نەتەوەیییەیە دادەنێت، کە دواتر تۆتالیتاریانیزمی لێ بەرهەم دێت. گوتەگەلی وەک (گەل تەنیا بەوە خودی خۆی دروست دەکات، کاتێ جەنگ لە دژی گەلێکی دیدا هەڵدەگیرسێنێت)، (بیری گەلان ئەوپەڕی دەربڕینی خۆی لە دەوڵەتدا دەبینێتەوە، کە لە سەرووی هەموو ڕەوشت و دادپەروەرییەکەوەیە)، (تاک تەنیا ئامێرێکە لە خزمەتکردنی دەوڵەتی نیشتمانیدا)، (نکووڵی ناکرێت جەنگ لە پەرەسەندنی مرۆڤدا گرنگە) و هیی دیکەی لەم شێوەیە ڕۆڵی بەرچاویان لە هەردوو جەنگی گێتیدا بینیوە. ئەوانە بە شێوەیەک (پۆپەر) تووڕە دەکەن، کە لە (هیگڵ)دا مەترسیی گەورە ببینێت.

    (هیگڵ) پێی وایە ڕووداوە مێژوویییەکان ئامانجیان لە پشتەوەیە، ئامانجی عەقڵانی (rational aim)، کە عەقڵی گشتگیر هەڵیاندەسووڕێنێت. عەقڵی گشتگیر خواوەندە و دەستەڵاتی تەواوی بەسەر ئەو ڕووداوانەدا هەیە، بۆیە چاکە و خراپە وەک یەک بەشداری لە بزوواندنی ڕەوتی مێژوودا دەکەن، لە کاتێکدا کارەکتەرەکانیش بە چاک و بە خراپیانەوە لەلایەن ئەو عەقڵە گشتگیرەوە ڕۆڵیان پێ دراوە. مێژوو بە شانۆی تراجیدی دەزانێت، نەوەک بە شانۆی بەختیاری، بەڵام هاوکات وای دەبینێت هەموو ئەو ڕووداوە تراجیدییانە بە ئاڕاستەی ئازادیدا دەجووڵێن. هەر لە سەرەتای کتێبی (فەلسەفەی مێژوو)دا ڕایدەگەیەنێت، کە مێژووی جیهان شتێک نییە، جگە لە پەرەسەندنی هۆشیاریی پێوەست بە ئازادییەوە. مێژوو بۆ ئەوە دەچێتە پێشەوە، تا بە ئازادیی زیاتر بگات. ئەو ڕووداوانە ئەگەرچی بۆ‌ ماوەیەک وەک فاکتەری نەگەتیڤ لە مێژوودا دەردەکەون، بەڵام دواجار ڕۆڵ لە جووڵاندنی ڕەوتی ئەو مێژووەدا دەبینن و هۆشیاری دێننە ئاراوە، بۆیە پێی وایە مێژوو بوونەوەرێکە و گیانی لە بەرە، کە ئەو گیانە لە لایەک ئازادییەکەیەتی و لە لایەکی دیکەیش تێگەیشتنی ئەوە بۆ ئەو ئازادییە. بەم شێوەیە ڕەوتی مێژوو بەرەو ئازادیی زیاترە، کە هەر ئەم ڕووداوە تراجیدییانەن ئەو ڕەوتە درێژە پێ دەدەن، بەڵام بەوە‌دا مێژوو گیانلەبەرە، تووشی وەستان، لادان، لێژی و هەورازی دێت، کە وەک گوترا لەوانەوە هۆشیاریی خۆی بە دەست دەهێنێت. دیارە ئەو تێگەیشتنەی (هیگڵ) دواتر بە گشتی دەکەوێتە بەر ڕەخنە، بەوەی سەروەریی (بیری مێژوو) بەسەر بیرکردنەوەی مرۆڤی هاوچەرخدا کۆمۆنیزم و فاشیزمی بەرهەم هێنا، یەکەمیان وەک لایەنی عەقڵ و دووەمیان وەک لایەنی ناعەقڵ، بەڵام ڕەخنەی (پۆپەر) لەوەدا چڕ دەبێتەوە، کە ئەو ڕۆڵی گەورەی لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵگەی داخراودا بینیوە، بەوەی پێی وایە دەوڵەت هەموو شتێکە و تاک هیچ نییە. تاک هەم لە ڕووی ماددی و هەم لە ڕووی ڕۆحییەوە قەرزداری دەوڵەتە، بۆیە نابێت هیچ ڕەخنەیەک لەو خوداوەندە بگرێت، مادام ئەو ڕەخنەیە وەک ئەوە وایە ناتەواوێک لە تەواوێکی گرتبێت. ئەوە دەوڵەتە تاک و هەموو شتێکی دیکە لە خۆی دەگرێت، نەوەک تاک بێت دەوڵەت لە خۆی بگرێت. تاک بەو ملکەچییەی بەشداری لە بەدیهێنانی دادپەروەریدا دەکات، کە بە شێوەیەکی ڕەها لە دەوڵەتدا بەرجەستەیە. (پۆپەر) بەشی پانزدەی کتێبی (گریمانەکان و پووچەڵکردنەوەکان: گەشەی زانستی زانین)ی بۆ چەمکی دایەلەکتیک تەرخان کردووە و لە ژێر چوار ناونیشانی وەک (دایەلەکتیک چییە؟: What is Dialectic?)، (ڕوونکردنەوەی دایەلەکتیک: Dialectic Explained)، (دایەلەکتیکی هیگڵییانە: Hegelian Dialectic) و (دایەلەکتیک پاش هیگڵ: Dialectic After Hegel)دا تاوتوێی دەکات. لەوێدا هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی سێکوچکەی دایەلەکتیک (dialectic triad) دەدات و بە داخراوی دەزانێت، کە لەسەر بنەمای تێز (thesis)، دژەتێز (antithesis) و ئەنجام، یان (synthesis) دامەزراوە. سەرەتا بیرۆکەیەک، یان بیردۆزێک، یان جووڵەیەک هەیە، کە پێی دەگوترێت تێز و زۆرینەی کات دژەکەی بەرهەم دێنێت، چونکێ وەک نزیکەی هەموو شتەکانی دیکەی دنیا خاوەنی بەهای سنووردارە و خاڵی لاوازی هەیە، کە ئەوەیان بە دژەتێز ناسراوە، چونکێ دژی ئەو تێزەیە. ململانێی ئەو دووانە بە ئەنجامێک دەگات، بەو مانایەی ددان بە بەهای یەکتردا دەنێن و دەست لە سنووردارکردنی یەکتر هەڵدەگرن. بەم شێوەیە هەردووکیان لە ڕایەڵێکی دیکەدا یەک دەگرن، تا لەگەڵ دژەتێزێکی دیکەدا بکەونە ململانێیەوە. لەم ڕوانگەیەوە زانست و زانین بەپێی ئەو پرینسیپە گەشە دەکەن. لێرەوە ڕوانینی بۆ مێژوو لەوەدا بەرجەستە دەبێت، کە هەر قۆناغێکی نوێ لە ڕێی ئەو ململانێیەوە دێتە دی، کە بەرهەمی دژایەتی و ڕەتکردنەوەی قۆناغی پێشووە. مێژووی جیهان بریتییە لە دەرخستنی ئەوەی بە ڕۆح ناسراوە، کە لە ڕێی دایەلەکتیکەوە بەرهەم دێت. وەک گوترا (هیگڵ) پێی وایە مێژوو چارەنووسێکی حەتمی (predetermined)ی هەیە و تێکڕای مرۆڤایەتی هەر لە سەرەتاوە بەرەو ئەو چارەنووسە بە ڕێوەیە. لێرەدا دوو خاڵی بنەڕەتی هەن: یەکەم، ململانێیەک، کە زنجیرەیەک قۆناغ دەبڕێت. دووەم، هەر ڕووداوێک هۆکاری هەیە. واتە ئەو دوو خاڵە ناوەرۆکی حەتمیەتی مێژوو پێک دەهێنن. ڕەگەزەکانیشی دەوڵەت، جەنگ و پاڵەوانی مەزنن. ڕەوشتی بەرزی تاک لەوەدایە لە پێناوی سەروەریی دەوڵەتدا بجەنگێت و پاڵەوانبازێتیی نموونەییی خۆی پێشان بدات. لە بەشی (دایەلەکتیکی هیگڵییانە)دا دەڵێت فەلسەفەی (هیگڵ) تایبەتە بە شوناس، کە بە فەلسەفەی شوناسی عەقڵ و ڕاستینە (philosophy of the identity of reason and reality) ناسراوە، یان ئەگەر کورت بکرێتەوە، دەبێتە فەلسەفەی شوناس (philosophy of identity)، کە دەڵێت عەقڵ دنیایە (the mind is the world)، بەوەی مەعقووڵ ڕاستییە، چونکێ ڕاستینە و عەقڵ هاوڕێکن (the reasonable is the real; because reality and reason are identical). واتە فیکر بە حەقیقەتەوە پێوەست دەکات. هەر شتێ فیکر نەبێت، حەقیقەتیش نییە و ئەوەی فیکر دەرک بە قووڵایییەکەی ناکات، دەکەوێتە دەرەوەی بواری ئەپستمۆلۆجییەوە. بە مانایەکی دی، پێی وایە، ئەوەی فیکرییە واقیعییشە، ئەوەی واقیعییە فیکرییشە. بەم شێوەیە حەقیقەت خەسڵەتی کۆتایییانەی هەیە و ڕۆحیش، کە هاوواتای عەقڵە، سەرچاوەی هەموو حەقیقەتەکانە. ئەو ڕوانینەی (هیگڵ) لە چەمکی دەوڵەتدا ڕەنگ دەداتەوە، کە بەرژەوەندیی بەش بە لاوە دەنێت و بەرژوەندیی کۆ دەخاتە سەروی هەموو شتێکەوە. ئەوە وا دەکات (پۆپەر) بە تۆتالیتاریەنی بزانێت، بەوەی شوناسی تاکەکان لەناو ئەو گشتەدا دەشارێتەوە.

    (پۆپەر) لە کتێبی (کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنانی)دا پشتگیریی خۆی بۆ (شۆپنهاوەر) دەردەخات، کاتێ گوتوویەتی (هیگڵ) (لە پیاوێكی فریودەر زیاتر، شتێکی دی نییە، کە توانیویەتی نەوەیەک بە تەواوی بشێوێنێت). خۆیشی بەوە تۆمەتباری دەکات، کە مرۆڤێکی بێباکە و لە پێناوی خزمەتکردنی (فریدرێکی سێیەم)دا، ویژدانی خۆیی فرۆشتووە. شۆڕشگێڕیش نییە، بەڵکوو چەوسێنەرە. دەسا ئەگەر ئەنجامی فەلسەفە وێرانکەرەکەی نەبووایە، هەر بە شایەنی ئەوەی نەدەزانی لێی بکۆڵێتەوە، کە ئەوە وای لێ دەکات بپرسێت چەند ئاسانە قەشمەرێک ببێە دروستکەری مێژوو (how easily a clown may be a ‘maker of history’).
    ئەمجارەیان ڕەخنەی (پۆپەر) ئاڕاستەی (مارکس) دەکرێت. فەلسەفەی ئەو لەوەدا بەرجەستەیە، کە سەرمایەداری قۆناغێکە و دەبێت وەک قۆناغەکانی پێش خۆی تێبپەڕێنرێت، چونکێ لە سایەیدا دۆخی کرێکار ڕۆژبەڕۆژ خراپتر دەبێت، بۆیە بەم شێوەیە ڕووخانی خۆی لە کۆڵ کردووە. واتە مێژوو بەپێی پرینسیپی حەتمیەت هەر بەو شتانە دەگات، کە زانینی مرۆڤ پێشبینییان دەکات، لە کاتێکدا (پۆپەر) پێی وایە ڕەوتی مێژوو بە شێوەی بەرچاو دەکەوێتە ژێر کاریگەریی زانینمانەوە. بەوەدا ناتوانین پێشبینیی ئەوە بکەین ئەو زانینەمان بە کوێ دەگات و چەند گەشە دەکات، ئەوە سەختە پێشبینیی مێژوویشمان بکەین. کۆمەڵگەی داخراویش بەرهەمی ئەم تێگەیشتنەیە، کە ڕاستییەکەی ئەو کۆمەڵگەیە لە بوونەوەرێکی ئۆرگانیکی بایۆلۆجی دەچێت و تا ڕادەیەکی زۆریش تیۆریی ئۆرگانی، یان تیۆریی بایۆلۆجیی دەوڵەت (organic theory of the state)ی لەسەر جێبەجێ دەبێت. بەم شێوەیە کۆمەڵگەی داخراو لە مێگەل، یان خێڵ دەچێت، بەوەی یەکەیەکی نیمچە ئۆرگانیکە و ئەندامانی بە شێوەی نیمچەبایۆلۆجی پێک بەستراونەتەوە. لە دیدی (پۆپەر)دا (مارکس) یەکێکە لە دوژمنەکانی کۆمەڵگەی کراوە، نەک تەنیا لەبەر ئەوەی باوەڕی بە حەتمیەتی مێژوو هەیە، بەڵکوو لەبەر ئەوەیش عەقڵی ژمارەیەکی زۆر مرۆڤی خستووەتە خزمەتی بیرۆکەی پێشبینیی ئاییندەوە، گۆیە ڕێگەیەکی زانستییانەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان. لەبەر ئەوەیشە پەنا بۆ شۆڕش دەبات، لە کاتێکدا لای (پۆپەر) شۆڕش ئاشووب و گێرەشێوێنی دەهێنێت. (پۆپەر) خۆی باوەڕی بە گۆڕانی هێواش هەیە. پێی وایە (مارکس) لە لایەک یۆتۆپیا دادەمەزرێنێت، بەوەی مژدەی کۆمەڵگەیەک دەدات، تێیدا جیاوازیی چینایەتی نەماوە و مرۆڤەکان یەکسان دەژین، لە لایەکی دی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا دەسەپێنێت، کە بینرا چ ستەمێکی گەورە لە ژێر ئەو ناوەدا لە مرۆڤ کرا. کەواتە تیۆرییەکی گشتگیرییانەی مێژووە. لە کتێبی (کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنانی)دا دەگاتە ئەوەی بڵێت پێویست ناکات لێکدانەوەی (مارکس) بۆ مەتێریەلیزمی دایەلەکتیک بە هەند وەربگرین، بەڵکوو دەکرێت وا لێی بڕوانین پێشنیازێکی بەهادارە و لەوەدا یارمەتیمان دەدات، کاتێ لە شتەکان دەڕوانین، بزانین ئەوانە پاشخانی ئابوورییان هەیە. لەگەڵ ئەوەیشدا ئەو ڕەخنەیەی لە (مارکس)ی دەگرێت، بە بەراورد لەگەڵ ئەوەی (هیگڵ)دا، سووکترە، بەوەی ددانی پێدا دەنێت، (مارکس) لە پێناوی مرۆڤی چەوساوەدا کاری کردووە و ئەوەیش لە بەرچاو دەگرێت، کە ڕاڤەی ئەو بۆ کۆمەڵگەی سەدەی نۆزدەم، بایەخدارە، بگرە هەوڵی داوە پەنا بۆ مێتۆدی عەقڵانی ببات.

    ڕەخنەی توندی (پۆپەر) لە ئاڕاستەی مێژووگەرایی لە سنووری ئەو سێ فیلۆسۆفەدا ناوەستێت، بەڵکوو بۆ هەموو ئەو ئاڕاستانەیش دەپەڕێتەوە، کە ئەوان تێیدا کاریگەرن. لێرەوەیە (فێرگەی فرانکفۆرت)یش پڕیشکی ئەو ڕەخنەیەی بەر دەکەوێت، بەوەی هەر لە سەرەتاوە بە (هیگڵ) و (مارکس) سەرسامن. بۆ نموونە لە کۆنگرەی کۆمەڵناسانی ئەڵمان لە ساڵی (1961)دا بەشدار دەبێت و ڕووبەڕووی (تیۆدۆر ئادۆرنۆ)ی هیگڵی و مارکسی دەبێتەوە. لە کتێبی (ناکۆکی پۆزیڤیستەکان لە کۆمەڵناسیی ئەڵماندا: The Positivist Dispute in German Sociology)دا، کە لەم ناوانە: (تیۆدۆر ئادۆرنۆ، هانس ئەلبێرت، ڕالف داریندرۆف، یۆرگن هابرماس، هارالد پیلۆت و کارڵ ر. پۆپەر) پێک هاتووە و (گلین ئەدێی: Glyn Adey) و (داڤید فریسبی: David Frisby) بۆ ئینگلیزی وەریانگێڕاوە، (پۆپەر) باس لەو ڕووبەڕووبوونەوەیەی خۆی و ئەندامانی ئەو فێرگەیە دەکات. دەڵێت تێزی خۆی بە شێوەیەک داڕشتووە، کە سەخت بووە هیگڵی و مارکسییەکی وەک (ئادۆرنۆ) پەسەندی بکات. ڕاستییەکەیشی ڕەخنەی لە دایەلەکتیک گرتووە. کار بەوە گەیشتووە (ڕالف داریندرۆف)ی کۆمەڵناس نائومێدیی خۆی ڕابگەیەنێت، کە دوو تەوەرەی دژبەیەکی بواری کۆمەڵناسیی لەم کۆنگرەیەدا بانگهێشت کردووە و ئەم ململانێیە ئایدیۆلۆجییەی لێ کەوتووەتەوە. (پۆپەر) خۆی بەشی سێیەمی کتێبی (ئەفسانەی چوارچێوە)، کە ناوی ناوە (عەقڵ یان شۆڕش) بۆ ئەو باسە تەرخان دەکات. دەڵێت دەمەوێت مێژووی ئەو کتێبە و ناونیشانە فریودەرەکەی بگێڕمەوە. ساڵی (1960) بە مەبەستی گفتوگۆ لەبارەی (لۆجیکی زانستی کۆمەڵایەتی)یەوە بانگهێشت دەکرێت. پێی ڕادەگەیەنرێت (ئادۆرنۆ)ی پرۆفیسۆری فرانکفۆرتی لەبارەی باسەکەی ئەوەوە قسەی دەبێت. ئەوە بوو وەک پێشتر گوترا لە (1961)دا بەشدار دەبێت. دیارە پێویست نییە ئێمە لێرەدا هەموو ئەو شتانە بنووسینەوە، کە (پۆپەر) دەیانگێڕێتەوە، چونکێ باسێکی سەربەخۆی دەوێت، بەڵام گرنگە بگوترێت، کە ئەم دەڵێت هەوڵی داوە باسەکەی بە بەڵگەی تۆکمە بخاتە ڕوو، بە شێوەیەک ئەوێکی هیگڵی و مارکسی نەتوانێت پەسەندی بکات، لە کاتێکدا ئەم، واتە (پۆپەر) بەهایەکی گەورەی بۆ ئەندامانی فێرگەی فرانکفۆرت لە چەشنی (ئادۆرنۆ)، (هۆرکهایمەر)، (هابرماس) و ئەوانەی دی دانەناوە، بەڵکوو تەنیا ویستوویەتی لە بواری سیاسەتدا ئاوڕیان لێ بداتەوە. هەر لەوێدا (هابرماس) هێرش دەکاتە سەر (پۆپەر) و بە فیلۆسۆفێکی پۆزیتیڤیستی دادەنێت، کە لەگەڵ ئەوەدایە دۆخەکە بەم شێوەیە بمێنێتەوە، بە مەرجێ (پۆپەر) خۆی لە کتێبی (کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنانی)دا ڕەخنەی توندی لە پۆزیتیڤیزم گرتووە و فەلسەفەی (هیگڵ)ی لە ژێردا ناونووس کردووە. وەک گوترا پێی وایە ناونیشانی کتێبەکە، (ناکۆکی پۆزیڤیستەکان لە کۆمەڵناسیی ئەڵماندا)، فریودەرانەیە.

    پۆپەر و کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنانی

    هەموو ئەوانەی لەم بەشانەی سەرەوەدا گوتران، لەبارەی کۆمەڵگەی کراوە و کۆمەڵگەی داخراوەوەن. واتە بۆچوونی (پۆپەر) لەبارەی ئەو دوو چەمکەوە تەنیا بریتی نییە لەو کتێبەی ناوی ناوە (کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنانی)، کە لە ساڵی (1945)دا چاپی کردووە، بەڵکوو سەرجەم بەرهەمەکانی، بە گفتوگۆکانیشیەوە تایبەتن بەو دوو چەمکە. مەبەستیەتی لە ڕێی ئەو کتێبەوە چارەسەر بۆ لیبرالیزم بدۆزێتەوە، کە ئەودەم بە هۆی سەرکەوتنی کۆمۆنیزم، نازیزم و فاشیزم کەوتبووە بەر هەڕەشە. ئەو کۆمەڵگەی کراوە وا دێنێتە بەر چاوی، کە ڕووبەرێکی ئازادە و تێیدا تاک ناکرێتە قوربانیی ئایدیۆلۆجیای تۆتالیتاریانیزم، بەڵکوو هەموو ئازادن و دەتوانن ڕەخنە لە هەر دامودەستگەیەکی دەوڵەت بگرن. ئەوان مافی پرسیار و ڕەخنەیان هەیە. ڕێیان دراوە هەر دەستەڵاتێک بدەنە دواوە، ئینجا ئەو دەستەڵاتە بە میرات ماوەتەوە، یان لە ڕێی پرۆسێسی سیاسییەوە هاتووە. بەوەدا پانتاییەکی فرەوانی بۆ ڕەخنە جێ هێشتووە، کۆمەڵگەیەکی دینامیکییە، بەو مانایەی لە ڕێی پرینسیپی هەوڵ و هەڵەوە گەشە دەکات. گۆڕانەکەی سروشتییە و بە شێوەی هێواش ڕوو دەدات. بە مانایەکی دی، گۆڕانکاریی ڕیشەیی دەداتە دواوە. شۆڕش و کودەتاکان لەم کۆمەڵگەیەدا شوێنیان نییە، بەوەی تەنیا ئاشووب و گێرەشێوێنی دەهێنن، وەک چۆن لە ئاستی ئاڕاستە ڕەگەزپەرستییەکانیشدا بەرگری دەکات. واتە باوەڕی بە ئەندازەی پارچەپارچەی کۆمەڵایەتی (Piecemeal social engineering) هەیە، بەو مانایەی ڕێفۆرمی دامودەستگەکانی کۆمەڵگە لە ڕێی پلانەوە بکرێت، زانست پشتیوانیی بکات و ڕەخنە تێیدا چالاک بببیت، پێچەوانەی ئەندازەی گشتگیرییانەی کۆمەڵایەتی (holistic social engineering)، کە دەیەوێت بە زۆر و خێرا دامودەستگە کۆمەڵایەتییەکان بگۆڕێت، کە پێی وایە ڕێیەکی یۆتۆپییانەیە و هەڵەی گەورەی لێ دەکەوێتەوە. لە کۆمەڵگەی کراوەدا هیچ پێشبینییەک لەسەر بنەمای تیۆرییە نازانستییەکان بۆ ئاییندە ناکرێت. لەو کتێبەدا بەرگری لە بنەماکانی دیمۆکراتیزم و لیبرالیزم کراوە، کە زەمینە بۆ گۆڕانکاریی هێواش خۆش دەکەن و ڕێگرن لە خوێنڕشتن. کۆمەڵگەی کراوە وەک کۆمەڵگەی داخراو نییە، تەنیا یەک بۆچوون تێیدا زاڵ ببێت، بەڵکوو گفتوگۆ لەبارەی هەموو کێشەکانەوە دەکرێت و هەوڵی چارەسەرکردنیان دەدرێت، کە ئەمە هەر خۆی توانای تاکەکان دەتەقێنێتەوە و داهێنانی لێ دەکەوێتەوە.

  • * * *
    لەم نووسینەدا مەبەستمان نەبووە ئەوە دەربخەین، ئاخۆ ئەو ڕەخنانەی (پۆپەر) ئاڕاستەی فیلۆسۆفانی دیکەی کردوون، دروستن، یان نادروست، لە کاتێکدا کەم نین، ئەوانەی ڕەخنەی توندیان لە فەلسەفەکەی گرتووە، بەڵام ئێمە لێرەدا بە لای ئەو باسەدا نەچووین، بەڵکوو مەبەستی سەرەکیمان ناساندنی فیکری ئەو بووە، تەنانەت نەمانویستووە وەک توێژینەوەیەکی فەلسەفەکەی بیخەینە ڕوو. هەوڵی ناساندیمان داوە، تا لەوێوە بڕوانینە ئەو پەرەگرافەی (ئارام کاکەی فەلاح) و بزانین، ئاخۆ کەموزۆر پێوەندیی بەو فەلسەفەیەوە هەیە. ئەگەر لە ئاییندەدا پێویستی کرد، بە خۆشحاڵییەوە بۆی دەگەڕێینەوە. خاڵێکی دیکە گرنگە، هەڵوێستەی لەسەر بکرێت، کە ئەویش، ئەوەیە، (پۆپەر) لە ڕووی پرینسیپی پووچەڵکردنەوە، یان بەدرۆخستنەوەوە لەو فیلۆسۆفانەی ڕوانیوە، دەنا سەرسامیی خۆی بە ئاشکرا، یان بە ئاماژە بۆ هەر یەکێکیان دەربڕیوە. سروشتی فەلسەفە وایە، کە ئاڕاستەی قووڵ و جیاواز لە فیکری مرۆڤایەتیدا پێک دەهێنێت، بە ڕادەیەک ئاڕاستەکان چەند دژی یەک بن، هێشتا بەشداریی ئەو ئاڕاستە جیاوازانە دەمێنێن و لە کۆنتێکستی دیکەدا دەردەکەونەوە. بۆ نموونە فەلسەفەی فیلۆسۆفێکی وەک (مارکس) دوای ڕەخنەکانی (پۆپەر)یش هێشتا توانای خۆی لە دەست نەداوە. تا ئەمڕۆیش (هیگڵ) بە هێزێکی گەورەوە لەناو فیکری فیلۆسۆفانی دیکەدا ئامادەیە. ئەوە بۆ (فرۆید)، (ئەدلەر)، (ئادۆرنۆ) و ئەوانەی دیکەیش هەر دروستە. ئەوە فیکری میلـلی و زمانی میلـلین ناتوانن شتێکی جیاواز لەوەی هەیە، دەرببڕن. ئێمە ئەگەر جاروبار نموونەیان لێ دەهێنینەوە و لەسەریان هەڵوێستە دەکەین، لەبەر ئەوەیە بوونەتە بەشێک لە کەلتووری بیرکردنەوەی گشتی، دەنا لەبەر ئەوە نییە ئاڕاستەی جیاوازن و لە ڕێی هەوڵەوە پێ گەیشتوون. بەو مەبەستەیش ڕووبەڕوویان دەبینەوە، تا نەک خۆیان، بەڵکوو ئەو دۆخەیش تێبپەڕێنین، کە ڕایگرتوون. (ئارام کاکەی فەلاح) وێنەی زۆرینەی نووسەرە میلـلییەکانی دیکە ئەوانەی گوتوون، کە هەر کەسێکی تریش، بێ ئەوەی وەک ڕۆشنبیر خۆی ناساندبێت، دەتوانێت بیانڵێت، بەڵام بەوەدا دامودەستگەی کۆمەڵایەتیی لە شێوەی گۆڤار، ڕۆژنامە، تیڤی و هیی دیکە هەن و ئەو وشە ڕووکەشانە دادەڕێژنەوە، کە هەمان قسەی خەڵکی ئاسایین، بەو مەبەستەی وەک شتی جیاواز پێشانیان بدەن، ئەوە دەکرێت لە ڕێی مێتۆدی پرسیارەوە ڕووبەڕووی خۆیان و ئەو دامودەستگە کۆمەڵایەتییانەیش ببینەوە، کە برەویان پێ دەدەن. لەم نێوەدا نووسەری و میلـلی و ڕەخنەگری میلـلی هاوپەیمانێتییان پێک هێناوە، تا لە لایەک یەکتر لە ئاستی ڕەخنەدا بپارێزن و لە لایەکی دی بە یەکدا هەڵبڵێن. دیارە تۆ کاتێ دەتەوێت شتی ڕووکەش تێبپەڕێنیت، ئەوە بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەو ڕووکەشییە لە زمان و مێتۆتدا ڕەنگ دەداتەوە، بەڵام مادام دەست لە ویستی تێپەڕاندن هەڵناگریت، ئەوە بوارێک دەڕەخسێنیت بۆ گوتنی شتی جیاواز، بە مەرجێ ئەو چەمکانە هەڵبگریتەوە، کە فڕێ دراون، بەو مەبەستەی لە ڕێی دایەلۆگەوە ڕایەڵەکانیان بدۆزیتەوە و ڕەهەندەکانیان دەربخەیت، بە شێوەیەک نەهێڵیت ئەو نووسەرە فڕێدەرە (thrower) بۆ هەمان ئاستت بباتەوە، بەو مانایەی ئەو تەنیا کاتێ بتوانێت بۆ ئەو چەمکە بگەڕێتەوە، کە بیەوێت ئەوەی تۆ تێبپەڕێنێت، نەوەک ئەوەی خۆی پاتە بکاتەوە. لێرەدا من خۆمم لە ئاستی تێکستێکدا بینیوەتەوە، کە نووسەرەکەی بە هەمان زمانی خەڵک، بەڵام فریودەرانە دەیەوێت پێم بڵێت (پۆپەر)ی نەک ناسیوە، بەڵکوو فەلسەفەکەی ئەو لە پاڵ هیی فیلۆسۆفانی دیکەدا زۆر شتی فێر کردووە، لە کاتێکدا ئەوەی نایبینین، ئەو فیلۆسۆفە و کاریگەریی فەلسەفەکەیەتی. ئەگەر لە ماوەی ئەو سێ دەیەی ڕابردوودا فەلسەفەی (پۆپەر) بووبووایەتە ئاڕاستەیەک لە ئاڕاستەکانی فیکری ئێمە، ئایا ئەمڕۆ کاریگەرییەکەیمان نەک لەسەر ئاستی نووسین، بەڵکوو لەسەر ئاستی واقیعیشدا نەدەبینی؟ ئایا خوێندنەوەی فەلسەفەی (پۆپەر) وامان لێ ناکات دەست لە فڕێدانی چەمک هەڵبگرین؟ ئایا ڕێگر نییە لەوەی بە ئاسانی بۆچوونی نووسەرانمان بەسەردا تێبپەڕێت؟ ئایا دەهێڵێت دەست بە خورافەوە بگرین، لە کاتێکدا دنیای نووسینمانی داپۆشیوە؟ ئایا نووسینی ئەو نووسەرە بەناوبانگ و دیارانە کاتێ دەخرێنە بەردەمی تاقیکردنەوەوە، دەردەچن؟ ئایا بەشێکی زۆری نووسینی ئەوانە لە ماوەی سی ساڵدا کاریگەرییەکی ئەوتۆیان بەسەر عەقڵی ئێمەدا جێ هێشتووە؟ لە کاتێکدا (پۆپەر) لە ڕێی ڕەخنەی عەقڵانییەوە ڕووبەڕووی سەرجەم فیکری فەلسەفی بە گشتی و ئاڕاستەی مێژووگەرایی بەتایبەتی دەبێتەوە، کە لە (پلاتۆ)، (هیگڵ)، (مارکس) و ئەوانەی دیکەدا بەرجەستەیە، ئایا لەو سێ دەیەیەدا فیکری ڕەخنەیی لەناو نووسینماندا دەرکەوتووە؟ ئایا ئەو گومانە چڕەی (پۆپەر)، کە دەگاتە ئەوەی تیۆریی سایکۆلۆجیی (فرۆید)، (ئەدلەر) و ئەوانەی دیکە بە نازانستی بزانێت، وای لە ئێمە کردووە پرسیار لەو تێگەیشتنەی نووسەرانمان بکەین، ئاخۆ داهێنەرانەیە وەک بانگەشەی بۆ دەکەن، یان هەمان فیکریی میلـلییە و بەو چەمکە فڕێدراوانە ڕازێنراوەتەوە؟ ئایا بە گشتی لە لای ڕۆشنبیری ئێمە هەوڵی دامەزراندنی کۆمەڵگەی کراوە هەیە؟ ئایا بەشێکی زۆریان دوای پڕۆژەی سیاسەتمەداران، یان فەرمانڕەوا دەستەپاچەکان (incompetent rulers) بە دەربڕینی (پۆپەر)، نەکەوتوون؟

    لێرەدا بۆ پرسیارەکانی تەوەرەی یەکەمم دەگەڕێمەوە و هەندێکی دیکەیشیان دەخەمە پاڵ. ئەگەر (ئارام کاکەی فەلاح) بە ڕاستی ئەو نووسەر و فیلۆسۆفانە دەناسێت و بەرهەمەکانی خوێندوونەتەوە، بۆچی هێشتا زمانی نووسینەکانی هێندە سادەن؟ لەبەر چی کاریگەریی بۆچوونی ئەو نووسەرانەی بەسەرەوە نابینین؟ ئایا تازەبەتازە دەڵێت فڵان ڕۆمانم خوێندووەتەوە و گریاندوومی؟ کوا ڕەخنەی عەقڵانیی (پۆپەر) و کوا شەپۆلی گومانی؟ وەک لە سەرەتادا گوترا ئایا ئەگەر بۆ بەرهەمەکانی بەر لەم گوتوبێژەی بگەڕێینەوە، هیچ ئاماژەیەک دەبینین، کە پێشانی بدات ئەو خوێنەری فەلسەفە بە گشتی و هیی (پۆپەر)ـە بە تایبەتی؟ ئایا خوێنەری سەرەتاییش لە خوێندنەوەی چیرۆکەکانی ئەودا تووشی بەربەست دەبێت، یان وەک هەر تێکستێکی دیکەی فۆلکلۆری لێیان تێدەگات؟ ئایا دەتوانم وەک خوێنەرێک داوای لێ بکەم بە ئارەزووی خۆی یەکێ لەو نووسەر و فیلۆسۆفانە هەڵببژێرێت و چەند دێڕێکیان لە بارەوە بنووسێت؟
    لێیان پرسیوە: (تایبەتمەندییە باشەکانی پیاوان کامانەن؟) ئەمە وەڵامەکەیەتی: {پیاوان تایبەتمەندیی باشەیان زۆر کەمە و لای من پیاو بوونەوەرێکی زۆر مشەخۆر و خۆویست (ئەنانی) و نەگبەتە، هەرچی نەگبەتیی ئەم گۆی زەوییەیە هی پیاوانە و تەواو دونیای خۆرهەڵاتیان داگیر و ناخۆش کردووە، بەڵام بەختەوەرە ئەو کەسەی باوکێکی باش، یان بە ڕێکەوت مێردێکی باش، یان برایەکی باشی هەیە، ئەوەیان شتێکە ئینسان ناتوانێ لە کەسی بسەنێت. وەک یانسیب وایە}.
    دوای ئەوە وەڵامی پرسیاری (تایبەتمەندییە باشەکانی ژنان کامانەن؟) دەداتەوە و دەڵێت: (ڕاستت بوێ ئەم دونیایە ژن ڕایگرتووە، بە جوانی و میهرەبانی و ناسکیی خۆیەوە هەموومانی بەم دونیایەوە بەستووەتەوە، گەر ژن نەبووایە دونیا دەبووە چایخانەیەکی گەورەی پڕ لە دووکەڵ و قیژەقیژ).

    وەک پێشتر گوترا گوتوویەتی زۆر شت لە کتێبی (کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنەکانی)ی (کارڵ پۆپەر)ەوە فێر بووە، لە کاتێکدا ئەوانەی گوتوون، بە مەرجێ کەسێ چەند دێڕێکی ئەو فیلۆسۆفەی خوێندبێتەوە، قوڵینگەکانی دەناسێت و دەزانێت ئەوە پێچەوانەی فەلسەفەی ئەوە. وەک گوترا (پۆپەر) بەشی زۆری تەمەنی بۆ تێکشکاندنی پرینسیپی ئیندەکشن تەرخان کرد. ئەو نووسەرەی ئێمە لە چ ڕێیەکەوە بۆی دەرکەوت ژن و پیاو بەو خەسڵەتانە دەناسرێنەوە؟ لە ڕێی سەرنج و ئەزموونەوە، کە تێکڕای ڕەخنەی (پۆپەر) لەوانەیە. وەک گوترا ئەو دووانە شتی سەرەکی نین لە پێکهێنانی تیۆریدا، بەڵکوو تەنیا یارمەتیدەرن. لە قۆناغی ئامادەییدا ئەوەمان دەزانی، چونکێ ئەلفبێی فەلسەفەی ئەو فیلۆسۆفەیە. کوا گریمان و قەبڵاندن؟ کوا پرینسیپی هەوڵ و هەڵە؟ چەمکی پووچەڵکردنەوە، یان بەدرۆخستنەوە بۆچی دیار نییە؟ ئەگەر یەک ژنمان دۆزییەوە وەک پیاو بە لای دووکەڵ و قیژەقیژدا چوو، ئەودەم ئەو گریمانەیەی تێک دەشکێت و هەڵناستێتەوە، هەتا ئەگەر بێژمار پیاوی تر بە نموونە بێنێتەوە. گوتمان (پۆپەر) نموونە بە مەلی قوڵینگ دێنێتەوە، کە دەگوترێت هەموویان سپین، بەڵام کاتێک ڕەنگێکی دیکەمان دەست دەکەوێت، ئەوە تێکڕای ئەو بەڵگانەی بۆ ئەوە دەهێنرانەوە، گۆیە تەنیا قوڵینگی سپی هەیە، بەو دانەیە پووچ دەبێتەوە. بەکورتی هەزار قوڵینگی سپی ناتوانن بیسەلمێنن سەرجەم قوڵینگەکان سپین، بەڵام یەک قوڵینگی ڕەش دەتوانێت (یاسای گشت قوڵینگەکان سپین) بە درۆ بخاتەوە، یان پووچەڵ بکاتەوە.

    دابەشکردنی ژن و پیاو بۆ دوو بەرەی جیاوازی دژبەیەک، پێوەندیی بە دوالیزمەوە هەیە، کە هەر دەبێت شتەکان لە یەک جودا بکاتەوە، تا بە ئاسانی سەری لێیان دەربچێت و وەسفیان بکات. ئایا هەموو ئەو خەسڵەتە خراپانەی داونیەتیە پاڵ پیاو، ناکرێت لە هەندێک ژنیشدا هەبن، بە لاکەی دیکەیشدا ناکرێت هەموو ئەو خەسڵەتانەی بۆ ژنی ڕیز کردوون، لە هەندێک پیاویشدا دەربکەون؟ ئەم گوتانە نوێ نین، بەڵکوو بەردەوام لە ئاستی میلـلیدا گوتراوە ژنان خراپ و پیاوان باشن، یان پیاوان بەد و ژنان چاکن. من خۆم زیاتر لە جارێک گوتوومە ژن لە دنیای مندا هەموو ئەو شتانەی لە دەست دێت، کە پیاوی پێ دەناسرێتەوە. وەک پیاو دەتوانن تاوان بکەن و وەک پیاویش نەیکەن. ئەگەر ژنان و پیاوان بەو شێوەیەیەن، لە تێگەیشتنی گشتیی میلـلیدا هەیە و (ئارام کاکەی فەلاح)یش لێی وەرگرتووە، مانای وایە هیچ ویستێکی خۆیانی تێدا نییە، کە ئاوان، بەڵکوو هەر لە ئەزەلەوە وا هاتوون. ئەوە نەک هەر بەرگریکردن نییە لە ژن، بەڵکوو کەمکردنەوەی بەهایشیەتی. من کاتێ بە ڕاستی دژی کوشتنم، کە توانای ئەوەم هەیە بیشکوژم. واتە هەردوو هەڵبژاردەم لە بەردەمدان و خۆم یەکێکیان هەڵدەبژێرم، دەنا کاتێ سەرچاوەیەک پێی گوتووم نابێت بکوژم، یان توانای ئەوەم نییە بکوژم، یان نامەوێت ڕووبەڕووی سزا ببمەوە، بۆیە ناکوژم، ئەوە من کۆیلەم و ئەوەی دەیکەم، تەعبیر نییە لە ویست (will)م. (سۆرێن کیەرکەگۆرد)ی فیلۆسۆف و تیۆلۆجن (Theologian) ئەوە لە ڕێی هه‌ردوو چه‌مکی (ڕه‌وشت) و (نیگه‌رانی)یه‌وه‌ لێک دەداتەوە. پێی وایه‌ ئه‌وه‌ی شێوازی ژیانی تاک دیاری ده‌کات، هه‌ڵسوکه‌وتیه‌تی‌، که‌ هه‌ر ئه‌مه‌یشه‌ ده‌یخاته‌ به‌رده‌می هه‌ڵبژاردنی ئه‌وه‌ی ده‌یه‌‌وێت. به‌م شێوه‌یه‌ بڕیاردان له‌ لایه‌ک پێوه‌ندیی به‌ ڕه‌زامه‌ندیی خود (self-gratifying) و له‌ لایه‌کی دیکه‌‌ به‌ ڕه‌وشت (Ethical)ـه‌وه‌ هه‌یه‌. واتە تاک خاوه‌نی ئازادیی ته‌واوه‌ له‌وه‌ی‌ چی هه‌ڵده‌بژێرێت، که‌ هه‌ر ئه‌وه‌یشه‌ بڕیاره‌کانی‌ دیاری ده‌کات، به‌ڵام ئه‌وه‌‌ هاوکات له‌گه‌ڵ خۆیدا نیگه‌رانی ده‌هێنێت. وه‌ختێ که‌سێک له‌سه‌ر لووتکه‌ی شاخێکدا ده‌وه‌ستێت و بۆ خواری خواره‌وه‌ ده‌ڕوانێت، دوو جۆر ترسی لا دروست ده‌بن، ترس له‌ که‌وتن و ترس له‌وه‌ی هۆکارێک پاڵی پێوه‌ بنێت خۆی هه‌ڵبدات. ترسی دووه‌میان له‌وه‌وه‌ دێته‌ کایه‌وه‌، که‌ ئازادیی ته‌واوی هه‌یه‌ چی هه‌ڵببژێرێت. واته‌ خۆی هه‌ڵبدات، یان نا؟ خۆی ئه‌و بڕیاره‌ ده‌دات و یه‌کێکیان هه‌ڵده‌بژێرێت، که‌ ناوی (سه‌ره‌سووڕه‌ی، یان ماخۆلانی ئازادی: dizziness of freedom)ی لێ ده‌نێت، به‌وه‌ی دوودڵه‌ کامیان هه‌ڵببژێرێت. واته‌ تاک بوونێکی مۆڕاڵیی هه‌یه‌. پێی وایە نیگەرانی حەقیەتی ئازادییە، بەو مانایەی نیگەرانی بەو شتەوە پێوەستە، کە مرۆڤ دەیکات. لێرەدا تەنیا ئەو خواری خوارەوەیە نییە نیگەرانیی بۆ دەهێنێت، بەڵکوو چاوی خۆیشیەتی. با وای دابنێین لە خوارەوە ناڕوانێت. کەواتە سەرەسووڕێ کاتێ دروست دەبێت، کە مرۆڤ ئەگەرەکانی خۆی دەبینێت. لەو سەرەسووڕێیەدا ئازادی دادەبەزێت و هەر لەم کاتەیشدا هەموو شتێک ڕوو دەدات. کاتێ ئازادی بەرز دەبێتەوە، بۆی دەردەکەوێت گوناهبارە. مرۆڤ لە دۆخی نیگەرانیدا بە شێوەیەکی دووفاقییانە گوناهـ دەکات. بە مانایەکی دی، لە کاتی لەهۆشچووندا دەست بۆ گوناهـ دەبات.

    (ئه‌لبێرت کامیۆ) لە سەرەتای کتێبی (مرۆڤی یاخی)دا لەبارەی ڕۆمانی (به‌رزایییە‌کانی وێزه‌رینگ)ی (ئیمیلی برۆنتی)یەوە دەنووسێت: (هیسکلیف ئاماده‌یه‌ له ‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی کاترینی خۆشه‌ویستیدا هه‌ر که‌سێکی گێتی بکوژێت، بێ ئه‌وه‌ی له‌ خۆی بپرسێت ئاخۆ ئه‌و کوشتنه‌ ڕه‌وایه‌، یان بیه‌وێت به‌ پاڵپشتی تیۆرییه‌که‌وه‌ پاساوی بۆ بهێنێته‌وه‌). ڕاستییەکەی (هیسکلیف: Heathcliff) ده‌یه‌وێت له‌ ڕێی هاوسه‌رگیریی له‌گه‌ڵ (ئیزابێلا لینتۆن)ـه‌وه‌ خۆی و خانه‌واده‌که‌ی تێک بشکێنێت، به‌و مه‌به‌سته‌ی تۆڵه‌ له‌ (ئێدگارد لینتۆن)ی برای بکاته‌وه‌، که ئێستا مێردی‌ (کاترین ئیرنشۆ)ی خۆشه‌ویستیه‌تی و هه‌ر له‌ منداڵییشه‌وه‌ پێکه‌وه له‌ ماڵێکدا‌ گه‌وره‌ بوون، به‌وه‌ی (میسته‌ر ئیرنشۆ)ی باوکی (کاترین) کاتێ زانیویه‌تی (هیسکلیف) منداڵێکی بێکه‌سه‌، یان فڕێدراوە‌ و له‌ شه‌قامه‌کانی لیڤه‌رپوولدا ده‌سووڕێته‌وه‌، هه‌ڵیگرتووه‌ته‌وه‌‌ و وه‌ک دیاری بۆ هاوسه‌ره‌که‌ی هێناوه‌ته‌وه‌. لێرەدا (کامیۆ) بەرگری لە کوشتن ناکات، بەڵکوو دەیەوێت ئەوە پێشان بدات، کاتێ ئێمە تیۆرییەکمان لە بەرچاو گرتووە و ئەو تیۆرییە فەرمانمان پێ دەکات، چی بکەین و چی نەکەین، ئازادیمان لە دەست داوە. بۆ ئەوەی تۆ خەسڵەتی مۆڕاڵی بدەیتە پاڵ کەسێک، وەک ئەوەی (ئارام کاکەی فەلاح) کردوویەتی، ئەوە سەرچاوەت لە بەرچاو گرتووە و پێوەرەکانت لەو سەرچاوەیە هێناون. باشە و خراپە تەنیا لە ڕێگەی پێوەرەوە دەستنیشان دەکرێن، کە سەرجەم بەرهەمە فەلسەفییەکانی (نیتشە) بریتین لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو سەرچاوە و پێوەرانە. بەگشتی فەلسەفە لانی کەم لەوەوە دژی هەموو دابەشکردنێک وەستاوەتەوە، بەوەی لە هەر دابەشکردنێکدا کۆمەڵێک مانا لە پێناوی دەستەڵاتدا دەکوژرێن، تا حەقیقەتی چەسپاوی ئەو دەستەڵاتە بمێنێتەوە. ئەو پرۆسێسی جوداکردنەوەیە دەیەوێت هەموو شتێک ئاسان بکاتەوە و بە خێرایی بە ئەنجامێک بگات، کە پێشتر لای جەماوەر زانراوە. لە ئەفۆریسمی پێنجی کتێبی یەکەمی (مرۆڤی قاڵبوو لە مرۆڤایەتیدا: Human, All Too Human)، لە ژێر ناونیشانی (خراپتێگەیشتنی خەون)دا دەنووسێت: (مرۆڤی شارستانیەتە سەرەتایییە زبرەکان وای دەزانی لە خەوندا دنیای دووەمی ڕاستی دەدۆزێتەوە. ڕێک ئێرە بنکەی سەرجەم مێتافیزیکایە. بەبێ خەون نەدەکرا مرۆڤ پاساو بۆ دابەشکردنی جیهان بدۆزێتەوە. جوداکردنەوەی ڕۆح و جەستەیش هەر پێوەندیی بەم ڕاڤە کۆنەی خەونەوە هەیە).

    لە بەرهەمەکانی پێشوومدا بۆ نموونە لە کتێبی (کوشتنی فیل و پاراستنی دووکانی شووشەوات)دا هەوڵم داوە بە وردی لەو بارەیەوە بنووسم، بۆیە نامەوێت لێرەدا بۆچوونەکان پاتە بکەمەوە.
    تۆ لەم هەڵسەنگاندنەدا تەنیا ئەوانە سنووردار ناکەیت، کە هەڵیاندەسەنگێنیت، بەڵکوو ئازادیی لە خۆیشت دەستێنیتەوە و بەو سەرچاوەیەی دەدەیت، وا پێوەرەکانت لێ هەڵهێنجاون. ئەو پرۆسێسی جوداکردنەوەیە دەیەوێت هەموو شتێک ئاسان بکاتەوە و بە خێرایی بە ئەنجامێک بگات، کە پێشتر لای جەماوەر زانراوە. (ژنەکان بێگەرد و پیاوەکان بەدن)، بەرهەمی ئەو دابەشکارییەیە و تێیدا پێوەر خراوەتە گەڕ، کە نەک لە ئاستی میلـلیمان دوور ناخەنەوە، بەڵکوو پتر بەوێمان گرێ دەدەنەوە.
    ئەم گوتوبێژەی (ئارام کاکەی فەلاح) دەربڕینێکی سادەی فیکری میلـلییە، با ناوی کۆمەڵێک فیلۆسۆف و نووسەریشی تێدا هاتبن. ئەوەی دەڵێت، گۆیە پیاوان (خۆرهەڵاتیان داگیر و ناخۆش کردووە)، هەمان هەڵەی لۆجیکییە و فیکری میلـلی سەپاندوویەتی، هەمان دابەشکارییە و بە مەبەستی ئاسانکردنەوە، پەنای بۆ برراوە، دەنا ئایا نموونەی ئەو پیاوانە لە خۆرئاوایش نین؟ دابەشکردنی دنیا بەسەر خۆرهەڵات و خۆرئاوادا، بەو مەبەستەی یەکێکیان بەرز بکەیتەوە و ئەوەی دیکەیان نەوی، ئەو هەڵە لۆجیکییەیە، کە بە (جەختکردنەوەی لایەنگرانە: confirmation bias) ناسراوە. واتە پێشتر بڕیارەکە دراوە و سەرچاوە لە بەرچاو گیراوە.

    یەکێ لەو پرسیارانەی لێ کراون، لەبارەی ڕەنگەوەیە، کە حەزی لە کامیانە. ئەمە وەڵامەکەیەتی: (من هەموو ڕەنگەکانم پێ جوانە، بەڵام لە ناویاندا گەر هەر دەبێ یەکێکیان هەڵبژێرم، ئەوا شەکەری هەڵدەبژێرم). یان پرسیاری: (زیاد لە هەر شتێک ڕقت لە چییە؟)، وەڵامەکەی: (لە درۆ)یە.
    لە سەرەتای هەشتاکاندا بەرنامەیەکی تیڤی هەبوو، کە دەچووە ماڵان و کۆمەڵێک پرسیاری لە خەڵک دەکرد. دووانیان ئەوانە بوون، وا لەم نووسەرەی ئێمە کراون و هەمان وەڵامی ئەوانیشی داونەتەوە. جیاوازەکە لەوەدایە، ئەوان ناوی یەک نووسەر و فیلۆسۆفیان نەدەهێنا. لە بیرمە بینەران بە گشتی ڕەخنەیان لەو بەرنامەیە دەگرت و دەیانپرسی: (ئەرێ ئەو پرسیارانە نەسووانەوە؟).

    دیارە من نەمدەویست لەسەر ئەم وەڵامانەی دواییدا بوەستم، ئەگەر ناوی ئەو هەموو نووسەر و فیلۆسۆفەی لە گوتوبێژەکەیدا نەهێنابوونایە، چونکێ ئەم زمانەی لەگەڵ زمانی بەرهەمەکانی پێشوویدا ڕێک دێتەوە. ئایا مرۆڤ بەو مەبەستەی وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە، پێویستی بە خوێندنەوە دەبێت؟ ئایا نووسەری ئەم گوتانە، (پۆپەر) و فیلۆسۆفانی دیکەی ناسیون؟ بۆ خوێنەرێکی فەلسەفە سەختە بڵێت من بە فڵان فیلۆسۆف سەرسامم و لە فەلسەفەکەی ئەوەوە فێر بووم. ئاڕاستە فەلسەفییەکان چەند دژی یەکیش بن، هێشتا پێوەندییان پێکەوە هەیە، بەوەی فەلسەفە لە ڕێی دایەلۆگ لەگەڵ ئەوانەی ترەوە دادەمەزرێت. (پۆپەر) هەر خۆی ئەوەی کردووە. وەک بینیمان کۆمەڵێک فیلۆسۆف و نووسەری بوارە جیاوازەکان، هەم هیی پێش خۆی و هەم هاوچەرخەکانی لە پێکهێنانی فەلسەفەکەیدا بەشدارن، با ڕەخنەی توندیشی لێ گرتبن. من لەو ناگەم، ئەگەر هاوکات لەگەڵ ئەوانیشدا ئەو پێوەندییە دایەلۆگییەم نەبێت. ئێمە لە دایەلۆگی فەلسەفییەوە فێر دەبین، نەوەک لە فیلۆسۆفێکی دیاریکراو.

سەرچاوەکان:

  • Popper, Karl R. The Open Society and Its Enemies, Complete: Volumes I and II, Fifth edition (revised) 1966.
  • Popper, Karl, The Logic of Scientific Discovery, Routledge classics London and New York, 2002
  • Popper, Karl R., Conjectures & Refutations, Growth of Scientific Knowledge, Karl R. Popper, 1962.
  • Popper, Karl, The Poverty of Historicism, ARK PAPERBACKS, London and New York
  • Popper, Karl, The Myth of the Framework: In Defence of Science and Rationality, Edited by M. A. Notturno, Routledge London and New York, 1995.
  • Popper, Karl, In Search of a Better World: Lectures and Essays from Thirty Years, 1995.
  • Adorno, Theodor W.; et al. The Positivist Dispute in German Sociology, translated by Glyn Adey and David Frisby. London: Heinemann, 1977.
  • Brandt, Frithiof, Søren Kierkegaard, 1813-1855; HIS LIFE – His Works, (Danes of the Present and Past), Copenhagen, 1963.
  • Camus Albert, The Rebel, translated by Anthony Bower WITH A FOREWORD BY SIR HERBERT READ , Penguin Modern Classics, 1982.
  • Nietzsche, Friedrich, Human, All Too Human, Part I, translation of Helen Zimmern with an introduction by J. M. Kennedy, T.N. Foulis (13 & 15 Frederick Street, Edinburgh and London 1910.



ئێمه و جه‌نده‌ر و ئیسلام..3.. سەلام عەبدوڵڵا

به‌شی سێهه‌م

له‌راستیدا جه‌نده‌ر له‌ دیبه‌تی هیچ ره‌وتێكی فێمنستی‌ ده‌ستی پێنه‌كردووه‌، به‌ڵكو له‌ 1963له‌لایه‌ن ده‌روونناسی ئه‌مریكی (Robert stollerوه‌ ده‌ستیپێكردووه‌(نووسه‌رانی جێنده‌ر به‌نادرووستی بۆ حه‌فتاكان ده‌یگه‌ڕێنه‌وه‌ و نووسه‌ر لیلی الرفاعی له‌ وتاری-مفاهیم جندریه‌- ده‌یگه‌ڕێنێته‌وه‌ ئان ئوكلی)و مه‌به‌ستی له‌ جه‌نده‌ر(‌تایبه‌تمه‌ندی تاك‌ وه‌ك ئه‌نجامی بنیاتنانی كۆمه‌ڵایه‌تی). ره‌وتێكی فێمنستی ئه‌م زاراوه‌كه‌ی به‌ وته‌كه‌ی سیمۆن دی بوڤوار گرێدا كه‌ ده‌ڵێ(ژن وه‌ك ژن له‌دایك نابێ). ئه‌م چه‌مكه‌ سته‌مكاری دژ به‌ ژنان به‌(كلتوور) و شوناس ده‌زانن و بۆ بنه‌مایه‌كی فه‌لسه‌فی‌ به‌رزی كرده‌وه‌‌‌ و پرسی فه‌لسه‌فه‌ی ماركسی و خه‌باتی چینایه‌تی و یه‌كگرتنی چینی كرێكار دژ به‌ سه‌رمایه‌ و پیاوسالاری له‌ پێناو دامه‌زراندنی سۆسیالیزم، پشتگوێ خست.
ره‌وتی جه‌نده‌ر به‌شێوه‌ی ئۆرۆسێنتریست و ره‌گه‌زپه‌ره‌ستانه‌ پرسه‌كه‌یان ده‌خه‌نه‌ روو و پێیان وایه‌ ژێرده‌سته‌یی ژن بۆ پیاو(wo-man….Hu-man)ه و ئه‌كه‌ر(man)بسڕێته‌وه‌ كه‌سایه‌تی ژن نامینێ و ئیدی ده‌بێ هه‌موو ژنانی دونیا گوێڕایه‌ڵیان بن‌. ئه‌م به‌ڕێزانه‌ وا ده‌زانن هه‌موو دنیا به‌ زمانی ئه‌نگلیزی قسه‌ ده‌كه‌ن! ئه‌ی نازانم(ژن یان مرأه‌ یا زن، ئه‌رواد)یش هه‌یه‌ بۆ مێیینه‌ و بۆ نێرینه‌(پیاو، رجل، ئه‌ركه‌ك و مرد)هه‌یه‌؟
یاریكردنی به‌ زمان لایه‌نێكی تری جه‌نده‌ره.
له‌ جه‌نده‌ر(جۆری ره‌گه‌ز) باس له‌‌(رۆڵی ره‌گه‌زی) ده‌كه‌ن و پرسیارده‌كه‌ن : مه‌به‌ست له‌ ره‌گه‌ز لایه‌نی بیلۆگ(مه‌به‌ست ئه‌ندامی زاوزێ)یه‌ یان ره‌گه‌ز(سرووشت و كلتووره‌)؟
لێره‌وه‌ بۆ ره‌فتارو بۆچوون و نه‌ریت و دابه‌شكردنی ئه‌ركه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌ دنیابینی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و سه‌رمایه‌داری به‌ چاوی(جه‌سته‌، سۆز، لاواز، سێكس…هتد)ی ژن و(عه‌قڵ، ده‌سه‌ڵات، ئازا…هتد)بۆ پیاو ببینن كه‌ جێگای دژایه‌تی و نه‌فره‌تی سۆسیالیسته‌كانه‌ و رۆڵی كار و به‌رهه‌مهێنان ره‌ش ده‌كه‌نه‌وه‌ و له‌بریدا سه‌رخان له‌ شوێنیان داده‌نێن. Buttler Judithده‌ڵێ: (ئه‌نه‌تۆمی، بیۆلۆگی، سرووشتناسی به‌ خۆیشمه‌وه‌ ته‌نها زمانه‌ و كاریگه‌ری دیسكۆسه‌) و هه‌روا: (هه‌مووی كلتووره‌، هه‌مووی زمانه‌-هه‌مووی بیره(فكر). ‌سه‌رچاوه‌: Yola Kipcak، Marxismus vs. Queer Theory ) و شوێنی سۆسیالیزم ده‌سڕنه‌وه‌و ده‌یده‌ن به‌(فێمینیزم) له‌سایه‌ی سه‌رمایه‌داری!
كاتێ تاتشه‌ر سه‌رۆكی بریتانیا بوو، هاوكات پارێزه‌ری له‌نده‌نیش ژنێك بوو و له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی شاژن ئه‌لیزابێت، به‌ڵام خه‌رجی دایكپارێزی و خزمه‌تكردنی مناڵ و ژنه‌ بێكاره‌كان و مافه‌كانی تری ژنان كورت كرانه‌وه‌: ژن له‌ خزمه‌تی سه‌رمایه‌. بیرمه‌نده‌كانی ئه‌م ره‌وته‌ له‌ فێمێنیزم نه‌ك فێمێنیزمه‌ ماركسیسته‌كان(هه‌موو ژنه‌كان به‌یه‌ك شێوه‌ بیرناكه‌نه‌وه و سه‌ر به‌ یه‌ك چین نین‌ وه‌ك چۆن پێاوان به‌یه‌ك شێوه‌ بیرناكه‌نه‌وه‌ و سه‌ر به‌ یه‌ك چین نین) پێیان وایه‌ به‌بێ تێگه‌یشتن له‌ جه‌نده‌ر، ناتوانرێت له‌ سته‌می ره‌گه‌زی و ئازادیان تێبگه‌ین و تازه‌ به‌ تازه‌ هاتوون جیاوازی ژن و پیاو و رۆڵی كۆمه‌ڵایه‌كان و تێڕوانینی رۆشنبییری و پیشه‌ییه‌كانی هه‌ر لایه‌كیان بۆمان روونده‌كه‌ن و ئه‌م پرسیاره‌ ده‌ورووژێنن(بۆچی ئافره‌تان له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا ژێرده‌سته‌؟)و(په‌یوه‌ندی ره‌گه‌ز و ده‌سه‌ڵات چۆنه‌ و چۆن رێكی ده‌خاته‌وه‌؟)و(بڕیاره‌ سیاسییه‌كان چ كاریگه‌رییه‌كیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ژن و پیاو)و(ئایا ژنان له‌ رووی یاساییه‌وه‌ یه‌كسانن؟)
به‌ ئاشكرا به‌ر‌ژه‌وه‌ندی تایبه‌ت دژ به‌ خه‌باتی ژنانی سۆسیالییست له‌پشت ئه‌م ره‌وته‌وته‌یه‌. ئه‌ پرسیار و وڵامه‌كانی سه‌رتاپای ئه‌ده‌بی سۆسیالیستی گردۆته‌وه‌. ئه‌م دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ راستی و خه‌باتی ژنانی شیوعی گواهیده‌رن و دوا نووسینی(من ژنه‌ و مرۆڤم Eve Mitshell- I am Woman…and a Human) نموونه‌یه‌كی نوێیه‌.
دوو كه‌س ناكۆك نابن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ رۆڵ و بیر و كاری ژن و پیاو مرۆیین و له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تیدا به‌نده‌ به‌ خودی مرۆڤ و زاڵبوونی پیاو له‌سه‌ر ژن وه‌ك سیستێم پاش درووستبوونی كاڵا، موڵكایه‌تی تایبه‌ت، ناكۆكی چینه‌كان دابه‌شكردنی كار له‌لایه‌ن پیاوه‌وه‌ دیاری كرا. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م هاوكێشه‌یه‌ هه‌ڵوه‌شێنینه‌وه‌، شیوعییه‌كان بۆ مافی یه‌كسانی ژن و پیاو خه‌بات ده‌كه‌ن‌ له‌ بنیاتنانی سۆسیالیزم و په‌روه‌رده‌ و كۆمه‌ڵناسی سۆسیالیستی،‌ واته‌ كاری ژن له‌ناو ماڵ ده‌كه‌ن به‌ كاری كۆمه‌ڵگا(چێشلێنان و په‌روه‌رده‌ی مناڵ و پاككردن و شوشتن)و به‌(‌كاری ره‌وه‌زی) رێكیده‌خه‌ن و له‌ئاستیدا ژن و پیاو له‌ ئه‌نجامدانیان وه‌ك یه‌ك به‌رپرسیارن و له‌گه‌لیدا جیاوازی ره‌گه‌زی له‌ناو ده‌برێت. رۆزا لركسمبۆرگ له‌باره‌ی ژنانی بۆرژوا ده‌ڵێ: زۆرێك له‌و ژنانه‌ كه‌ وه‌ك جه‌نگاوه‌ر دڕ له‌دژی(ئیمتیازاتی نێرینه‌) ده‌جه‌نگن وه‌ك به‌رخ له‌ كه‌مپی كۆنه‌په‌ره‌ست و ئاینی ده‌ڕۆن، ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ر مافی ده‌نگدانیان پێدرا). ئه‌م وته‌یه‌ دووباره‌ رێكخراوه‌كانی ژنانی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتمان به‌بیرده‌خه‌نه‌وه‌ وه‌ك ئۆڵبرایت و هیلاری كلنتۆن و ژنه‌ به‌رپرسه‌كانی ده‌زگا جاسووسی و بازرگانانی نه‌وت و گاز …هتد.
ئه‌م ره‌وته‌ له‌ئاست ئیدۆلۆژی ئیدیالیسته‌، له‌ئاستی سیاسه‌ت دژ به‌ سۆسیالیزمه‌ و له‌ خزمه‌تی سه‌رمایه‌ و موڵكایه‌تی تایبه‌ته‌ و ده‌یانه‌وێ شوێن بزووتنه‌وه‌ی ژنانی شیوعی بگرنه‌وه‌.

  • ئايا مناڵهێنان به‌شێكه‌ له‌ ژێرخان یان سه‌رخانی كۆمه‌ڵگه‌؟
  • ئايا كاری ناو ماڵ ته‌نها(به‌های به‌كاربردن)یان(به‌های ئاڵوگۆڕی(هێزی كار)یش؟
  • ره‌گی چه‌وساندنه‌وه‌ی ژنان له‌ بیولۆژیا و ناكۆكی ژن و پیاوه‌‌ یان دابه‌شكردنی كار و هۆكاره‌ ماددی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان؟
  • ئایا به‌بێ ده‌ستگرتنی ژنان به‌سه‌ر ئامراز و كه‌ره‌سته‌كانی به‌رهه‌مهێنان ده‌توانن ئازادبن؟
  • ئایا سه‌رمایه‌داری ته‌نها ژن له‌ بواری كار و كرێی كار ده‌چه‌وسێنێته‌وه‌ چونكه‌ ژنن؟
  • ئایا سیستێمی سه‌رمایه‌داری ته‌نها سوود وه‌رده‌گرێت له‌ كاری ناوماڵ یان پیاویش؟
  • هه‌ر پیاوسالاری ژن ده‌چه‌وسێنێته‌وه‌ یان سه‌رمایه‌داریش؟
  • چه‌وسانه‌وه‌ی ژنان به‌شێوه‌ی جیاواز وه‌ك ئیدلۆژیای‌ پیاوسالاری له‌ بواری مناڵهێنان و جنس و په‌روه‌رده‌ی مناڵه‌ و ته‌نها له‌ بازاڕ چینایه‌تیه‌؟
  • بنه‌مای ماددی پیاوسالاری له‌ باڵاده‌ستی پیاوان به‌سه‌ر هێزی كاری ژنان به‌ گشتی؟
  • ئێمه‌ له‌ به‌رامبه‌ر(سه‌رمایه‌داری پیاوسالار)ین یان(پیاوسالاری سه‌رمایه‌داری)ین؟
    و ده‌یان پرسیاریتر كه‌ ده‌بێ ببن به‌ بابه‌تی گفتوگۆ و باسی ناو كۆمه‌ڵ و ماسمیدیا، نه‌ك ئه‌و جنێوفرشی و ئه‌خلاقفرشتنه‌ سووك و جاهیلانانه‌.
    به‌ بڕوای ماركس و ئه‌نگلس: یه‌كه‌م دابه‌شكردنی كار له‌نێوان ژن و پیاو له‌پێناو به‌رهه‌مه‌هێنانی مناڵ بوو) و له‌ درێژه‌ی ئه‌م بۆچوونه‌ ده‌ڵێن: ده‌ركه‌وتنی یه‌كه‌م ناكۆكی چینایه‌تی له‌ مێژوو رێكده‌كه‌وێت له‌گه‌ل تاك هاوسه‌رى و یه‌كه‌م چه‌وساندنه‌وه‌ی چینایه‌تی و كوێلایه‌تی ره‌گه‌زی ژنه‌ له‌لایه‌ن ره‌گه‌زی پیاو. تاك هاوسه‌ری پێشكه‌وتنێكی مێژوویی گه‌وره‌ بوو، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا له‌پاڵ كوێلایه‌تی و سه‌روه‌تی تایبه‌تدا.، ئه‌و قۆناغه‌ هێشتا تا ئیمڕۆ هه‌ر درێژه‌ی هه‌یه‌ كه‌ مانای وایه‌ هه‌ر پێشكه‌وتنێك پاشكه‌وتنێكی رێژه‌ییه‌ و گه‌شه‌سه‌ندن و پێشكه‌وتنی هه‌ندێك به‌ ئازاری تر و سه‌ركوتكرنی ئه‌وی تره‌- بنه‌چه‌ی خێزان و موڵكایه‌تی تایبه‌ت و ده‌وڵه‌ت، لاپه‌ڕه‌ی 82)

به‌ڵام له‌ زۆربه‌ی نووسین و راگه‌یاندنه‌كانی جه‌نده‌رییه‌كان به‌ئاراسته‌یه‌كی تر ده‌ڕۆن: زاراوه‌ی(شوناس) بووه‌ به‌ سحری لێدوان و نووسینه‌كانیان و وه‌ك توتی ده‌یڵێن و ده‌یڵێنه‌وه‌. ئه‌مه‌ ره‌خنه‌ و خیتابی پۆستمدێره‌نه‌یه‌ دژ به‌ ماركسیزم، چونكه: 1-‌ ماركسییه‌كان جه‌خت له‌سه‌ر(گشت- توتالیتی)ده‌كه‌ن، تێڕوانینی چینایه‌تی. 2- بڕوا ناكه‌ن كه‌ زمان واقیع پیشان بدات، به‌ڵكو واقع درووستده‌كات. لێره‌وه‌ رووی ئیدیالیستان ده‌رده‌خه‌ن: دڵنیانین كه‌ حه‌قیقه‌تی ماددی بوونی هه‌بێت!
له‌ جیهانی ئیسلام و زۆر شوێنی دنیاش نموونه‌ی شێوه‌ی كۆتایی خێزانی رۆمانییان وه‌رگرت(خێزانی تاك). ئه‌نگلس له‌ هه‌مان سه‌رچاوه‌ روونی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ وشه‌ی(Familia) له‌ ئه‌صڵدا مانای نموونه‌ی به‌رزی بۆرژوازی بچووكى بێبایه‌خی هاوچه‌رخ نه‌بوو كه‌ سۆز و شه‌ڕ و ئاژاوه‌ی ناوماڵ له‌خۆی كۆكردۆته‌وه‌. سه‌ره‌تا لای رۆمانییه‌كان مانای خێزانی ژنی و پیاو و مناڵ نه‌بوو، به‌ڵكو ته‌نها مانای كوێله بوو. وشه‌ی‌(Famulus)واته‌ كوێیله‌ی ناوماڵ و وشه‌ی(Familia) كۆمه‌ڵێك كۆیله‌ كه‌ تایبه‌تن به‌ پیاوێك(ئه‌نگلس، هه‌مان سه‌رچاوه‌، لاپه‌ڕه‌ی 71و72 به‌ زمانی عه‌ره‌بی).
ئه‌نگلس به‌ سوودوه‌رگرتن له‌ نوسوینه‌كانی باسی خێزان ده‌كات له‌ میتۆدۆلۆژیای ئه‌غرق كه‌ چۆن له‌و سه‌رده‌مه‌ خواوه‌نده‌كان ئازادی و رێز و حورمه‌تیان هه‌بوو، به‌ڵام ژنان له‌سه‌رده‌می پاڵه‌وانییه‌تی پله‌وپایه‌یه‌كی بێبایه‌خی هه‌بوو به‌هۆی باڵاده‌ستی پیاو و كێبركێی كه‌نیزه‌كان. هۆمیرۆس له‌ رووداوه‌كانی ئه‌لیازه‌، باسی ژن ده‌كات(كچه‌ دیله‌كان له‌ خزمه‌ت ئاره‌زووی جنسی سه‌ركه‌وتووان بوون و به‌ گوێره‌ی پله‌وپایه‌یان، پله‌داره‌ سه‌ربازییه‌كان جوانترین كه‌نیزه‌یان هه‌ڵده‌بژارد و هه‌موو رووداوه‌كانی ئه‌لیازه‌ له‌باره‌ی ململانێی ئه‌خیل و ئه‌غنه‌موون بوو بۆ ده‌ستكه‌وتنی كه‌نیزه‌یه‌ك). هه‌مان ئه‌م ره‌فتاره‌ پاوسالارییه‌ پاش هه‌زاران ساڵ له‌لایه‌ن داعش و به‌عس و هێزه‌كانی ناتۆ له‌ ئه‌فغانستان و وڵاتانی تر دووباره‌ ده‌نه‌وه.
رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌ سیمینار و كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌كانیان له‌گه‌ل خه‌ڵك و نووسینه‌كانیان قه‌ت باسی فێمیساید له‌لایه‌ن سه‌ربازه‌كانی ناتۆ و له‌ناو سیستێمی سه‌رمایه‌داری‌ وڵاته‌كانیان ناكه‌ن.
باسی یه‌كسانی ژن و پیاوه ده‌كه‌ن‌؟ كه‌س هه‌یه‌ نه‌زانێ تێڕوانینی شیوعی كه‌متر له‌ مافی یه‌كسانی ژن و پیاو قبووڵ ناكا و له‌ ره‌گه‌وه‌ دژ به‌ شۆفێنستی پیاوسالاریه‌(به‌ ده‌یان و هه‌زاران رابه‌ری سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌كادیمی ژن له‌سه‌ر ئاستی دنیا هه‌یه‌: نه‌زیهه‌ دلێمی یه‌كه‌م وه‌زیر له‌ مێژووی عیراق، ادیلا بانكهۆرست دامه‌زرێنه‌ری حزبی شیوعی ئوسترالیا، ئه‌شره‌ف ده‌هقانی سه‌رۆكی چریكه‌های فیدائی خه‌ڵك ئێران، ئۆلریكا ماینهوف دامه‌زرێنه‌ری سوپای سوور له‌ ئه‌ڵمانیا و له‌ناو زیندان تیرۆكرا….هتد. كه‌س هه‌یه‌ نه‌زانێ شیوعییه‌كان له‌ پێشی پێشه‌وه‌ی مافی یه‌كسانی ژن و پیاون؟ كه‌س هه‌یه‌ نه‌زانێ شیوعییه‌كان له‌پێشه‌وه‌ی خه‌باتن دژ به‌ شۆفێنستی پیاوسالاری؟ به‌ڵێ بۆ مافی یه‌كسانی ژن و پیاو له‌ هه‌موو رووییه‌كه‌وه‌و هه‌ر به‌ رابه‌رایه‌تی ژخودی ژنانی شیوعی!
‌ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی جه‌نده‌ر(مافی یه‌كسانی ژن و پیاوه‌) له‌ مێژوو و بۆ ئێستا، بۆچی له‌م باره‌یه‌وه‌ پێگه‌ و هه‌ڵویست و ئه‌ده‌بیات و خه‌باتی شوعییه‌تیان‌ په‌راوێزخستووه‌؟ رێك وه‌ك یادی 8ی مارس: پێش چه‌ند ساڵێك ئه‌مه‌شیان تاپۆكرد له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و رۆڵی ژنانی شیوعیان سڕیه‌وه‌!




شۆڕشەکان بۆ سەردەمی ئێستا چیمان پێدەڵێن؟.. نەجمەدین فارس حەسەن

چەمک و مەهامی شۆڕش، بەپێی ڕەوتی مێژوو، جگە لەوەی تێگەشتن وخواستی جیاوازی بەپێی سەردەمەکانی دیاریکراوە ،خواست و وویستی گۆڕانی جیاوازیشی لە خۆگرتووە.یان سپاردویەتیە دەست گروپێکی تر ، هەمان هەستی چینایەتی وبەرژەوەندخوازی و خۆپەرستی ڕابردوویان هەبووە. سەرەتای دروست بوونی ناڕەزایەتی و شۆڕش، بۆ سەرەتای دروست بونی فرماسیۆنی کۆمەڵایەتی چینایەتی دەگەڕێتەوە . لەبەر ئەوەی هەموو کردارێکی بە ئازارو نایەکسان، پەرچەکردارێکی دژوو پێچەوانەی هەبووە و هەیە. ئەمەش گۆڕانی لەڕووی چۆنایەتی و چەندایەتییەوە بەدوای خۆیدا هێناوە. سەردەمی کۆنی گۆڕیوە بۆ سەردەمی نوێ،وپەیوەندی کۆمەڵایەتی و ئابووری نوێی بەرهەم هانیووە. گۆڕانی ماددیی مێژوو ، چەند فرماسیۆنێکی ئابووری کۆمەڵایەتی جیاوازی بەرهەم هێناوە، تا گەشتووەتە ئێستای سەرمایەداری . کرداری چەوساوەکان و ململانێی چینایەتی لە ناو پرۆسەی بەرهەم هێنان و شۆڕشەوە کارەکتەری دروست بوونی هەلومەرجی نوێیە،بەردەوامیش دەبێت تا سیستەمی جیاوازی چینایەتی کۆتاییان دێت.
هۆکاری جیاواز جیاواز ئاگری شۆڕشیان هەڵگیرساندووە لە مێژوودا،هۆکارەکانیش بەپێی سەردەمە جیاوازەکان دەگۆڕێت، بەڵام داخوازی بۆ یەکسانی وماف و ئازادیەکان ،خاڵی هاوبەشی هەموو شۆڕشەکان بووە. بەپێی بڕواو بۆچونی زۆرێک لەبیرمەندانی مێژووە جیاوازەکان و بەپێی سەردەمەکانیان ،ڕوودانی شۆڕش بۆ چەند هۆکارێک دەستنیشان دەکەن،ولێکدانەوەی جیاوازیان بۆکردووە.
بیروبڕواجیاوازەکان لەمێژوودا لە بارەی ڕودانی شۆڕشەوە:
ئەفلاتون ٤٠٠ساڵ پێش زایین، بڕوای وایە، کاتێک مرۆڤ ڕووبەڕووی چەوسانەوە وئازاری برسێتی وسەرماو چەندین جۆری ئازاردان دەبێتەوە، ئەگەرسزایەکی ڕەوابوو ،ئەوا بەڕووی دەسەڵاتدا شۆڕش بەرپاناکات ،بەڵام ئەگەر زانی قوربانی دەستی زۆرداریە، ئەوا بەتووڕەییەکی پڕاوپڕ لە هەڵچون وداچون شۆڕش بەرپادەکات، تێدەکۆشێت لە پێناوی ئەوەی خۆی پێی دادپەروەرانەیە. هەموو ناڕەحەتیەکان تەحەمول دەکات تا سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت……….
بەپێی بڕوای ئەرستۆ کە خوێندکاری ئەفلاتون بووە، لە هەموو جۆرەکانی حکومەت ودەسەڵاتەکاندا(ئۆلیگارشی ،دیموکراسی ، ئەرستۆکراسی ،….) ، مرۆڤەکان شۆڕش بەرپائەکەن لەپێناوی بەدەستهێنانی یەکسانیدا. لەیۆنانی کۆندا بەرزکردنەوەی پەرچەمی ئازادی و یەکسانی داخوازی چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگای یۆنانیەکان بووە.
لەدوای ئەو سەردەمە سەردەمی ئیسلام دێت، بڕواوبۆچونەکان لە ئیسلامدا لەمەڕ شۆڕش ، هەر هاتنە دەرەوەیەک لەماڵ ،خۆپیشاندان و ڕژانە سەر شەقامەکان و مەیدانەکانی شار،بەمانای دەربڕینی توڕەیی ونەمانی سەبروپشودرێژی و بەرگەگرتن دێت. بەڵام لەبەرئەوەی ئاینی ئیسلام خۆی بەکۆتا ئاینی ئاسمانی دەزانێت، هەر هەڵسوکەوتێک کە دژ بە حوکم ودەسەڵاتی خەلیفەی مسوڵمانان بکرێت بە ناشەرعی و بەدژی ڕاسپاردەکانی خوای لەقەڵەم دەدەن، و دژی دەوەستنەوەو وەڵامی داخوازیەکانی خەڵک نادەنەوە، وەکو ئەوەی لەمێژووی ئەودەسەڵاتانەی خەلافەتەکانی ئیسلامدا ڕوویان داوە.

بیریارانی سەدەی حەڤدەو سەدەکانی دواتر تێڕوانینەکانیان جۆراو جۆرن. بۆ نمونە ،لەلای جۆن لۆک، مافی بەرەنگاری و شۆڕش،بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە ، کە دەسەڵاتدار بەشێوەیەکی ناشەرعی بڕیاری مانەوەی دەدات و جێبەجێ دەکات . واتە ئەگەر دەسەڵات شەرعیەتی هەبوو ، پێویست ناکات شۆڕش بەڕویاندا بەرپابکرێت هەتا ئەگەر دڕندەش بێت. شەرعیەت پێدان بەهۆی دەنگی خەڵکەوە دروست دەبێت، وە مەرج نیە هەموو شەرعیەت پێدانێک ڕاست و دروستی و عەدالەتی دەسەڵات پێشان بدات .
باکۆنین ،بڕوای وایە ،کۆتایهێنان بە داگیرکاری وکۆمەڵگای چەوسێنەر، لەڕێگەی تێکۆشانی شۆڕشگێڕانەوە دەبێت،وە کۆتایی نایەت ئەگەر هەموو سەرکردایەتیەکان لە ناوەندەکاندا هەڵنەوەشێتەوە. شۆڕش ،هاندانی هەموو شارێک و هەموو گوندێک و هەموو کۆمۆنەکانە ، بە بەرپاکردنی جەنگەتایبەتیەکانی خۆیان. لەسەر مرۆڤەکان پێویستە ،کەبێجگەلە بەرەنگاریکردنی سوپا کە خاوەنی یەک سەرکردایەتییە،شۆڕش بە هەڵچونە سۆزداریە شۆڕشگێڕانەکە ئەبێتە سەرکەوتنێکی چەسپاوو بێگوومان کردن. ئەم بۆچونەی باکۆنین ، پشت نابەستێت بە کردەیەکی دیاری کراوی سازدراوی ئامانج ڕوون. کاری خودبەخودی وبەرهەمێکی نادیارو بێ ئامانجی گۆڕینی کۆمەڵگای سەرمایەداریە بەپەیوەندیەکی کۆمەڵایەتی نادیار، ئەمەش بیروکرداری ئانارکیستەکانە، لەهەر کوێیەک بن.
بەبڕوای مارکس ، جیاواز لە بۆچونەکانی پێشتر، کاتێک شۆڕش وادەی هات، چینی کرێکار شۆڕش بەرپادەکات، بەرژەوەندی کۆمەڵگای شۆڕشگێڕ(بەمانای ئەرک و ئامانجی ڕەوتی ماددی مێژوویی چینی کرێکاربۆ گۆڕانی مێژوویی کۆمەڵگای سەرمایەداری بۆ سۆسیالیزمی زانستی) ئەکات بەسەرچاوەی خۆی لەوکاتانەدا، هەموو ئەو پێوویستیە ماددیانە بەرجەستەو دابین دەکات ، کە لە پێناوی چالاکی شۆڕشدایە، بۆلە ناوبردنی دوژمنەکانی، وە هەموو ئەو سازاندن وپێویستیانە لەبەرچاو دەگرێت،کە پێوویستیەکانی ئەو تێکۆشانە پڕدەکاتەوە، بەرەنجامی کارەکانی پاڵی پێوەدەنێت بۆ بەکارهێنانی دوورترین و ووردترین بیرووبۆچونی خزمەتکار بەشۆڕش، وەئەمەش ناچێتە سەر بابەتی توێژینەوەیەکی تێووری لە هەمان کاتدا.

دروستترین بۆچوون بۆ بە ئەنجام گەیاندنی شۆڕش لەم سەردەمەی ئێستادا،بۆچوونی مارکسە ،لەبەر ئەوەی وەڵامدەرەوەیەکی گشتگیری بۆ سەرکەوتنی شۆڕش بەئاڕاستەی ڕەوتی ماددی مێژوویی بەرجەستەدەکات لە کۆمەڵگاکاندا، ئالیەتی سەرکەوتنی بەڕوونی پێشانداوە ، دژبوونی خۆی بۆ کاری خۆبەخۆی و بێ بەرنامەی لە سەرکەوتنی شۆڕشدا پێشانداوە. سەرکەوتنی شۆڕشەکان بەندە بە سازاندن وبەرجەستەکردنی پێویستیەکانی هەڵسوڕانی و ئامانجی ڕوون ، بەرجەستەکردنی گۆڕانکاریە لە سیستەمی چەوسێنەرانەی پەیوەندی کارو سەرمایە،وپەیوەندی کۆمەڵایەتی و سیاسی سیستەمی سەرمایەداری . گۆڕانی دەمووچاوێک بەدەمووچاوێکی تر لە هەمان سیستەمدا،شۆڕش نیە، واتای بەرپاکردنی شۆڕش لە سیستەمی سەرمایەداریدا، بەرجەستەکردنی گۆڕانی پەیوەندی ئابووری کۆمەڵایەتی و سیاسی چینایەتیە ،بەکۆمەڵگایەکی ئابووری کۆمەڵایەتی بێ چین و توێژە کۆمەڵایەتیەکان .
شۆڕشەجیاوازەکان وئەنجامەکانیان لەمێژوودا: ئەوانەی لەڕابردوودا بەشۆڕش ناویان هاتووە، هەندێکیان شۆڕشن بەواتای گۆڕانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی ئابووری، هەندێکیشیان ماک و ناوەڕۆکی شۆڕشیان پێوە نیە، لەبەرئەوەی گۆڕانی بنەمای ئابووری کۆمەڵایەتی تیایدا ڕونەداوە.
یەکێک لەو جوڵانەوانە، ڕوداوی ساڵی ١٢١٥زی ئینگلترایە، ناڕەزایەتی و جوڵانەوەی ئەرستۆکراتەکان بوو دژی مەلیک جۆن. داوایان دەکرد پاشا دان بنێت بە مافی خەڵکیشدا، مەبەستیش لێی زیاتر فراوانکردنی دەسەڵاتی ئەرستۆکراتەکان بوو،وە ئەنجامیشیاندا. واتا سیستەم نەگۆڕا ، بەرژەوەندی چینێک سەنتەری جوڵانەوەکە بوو لەناو هەمان فرماسیۆنی سیاسی ئابووری کۆمەڵایەتیدا، ئەمەش گۆڕانی شۆڕشی کۆمەڵایەتی ئابووری نیە.
لەمێژوودا چەندین شۆڕشی زانستی هەیە، توانیویانە سەرجەمی تێڕوانینەکانی ڕابردوو بەباری ڕووی ڕاستی خۆیدا بگۆڕن. یەکێک لەو شۆڕشە گرنگانە ،شۆڕشی کۆپەرنیکۆس(١٤٧٣-١٥٤٣)زی بوو، بەوەی کە هێنانەخوارەوەی ووتەکان بوو لە ئاسمانەوە بۆ سەر زەوی، ئەوەش بەدەرخستنی ئەو زانستەی کە خۆر بریتیە لە سەنتەر و ناوەندی کۆمەڵەی خۆر، زەوی ئەو ناوەندە نیە، ئەو تێووریە گەورەترین شۆڕش بوو لە مێژووی زانست و فەلەک ناسیدا.
جووڵانەوەکانی کرۆمۆیڵ١٦٦٦ز ،دوای لە ناوبردنی پەرلەمان، لە ئینگلترادا دەسەڵاتێکی دیکتاتۆریانەی دامەزراند، پێچەوانەی گەڕانەوەی پاشایەتی و لەناوبردن و دەرکردنی خێزانی ستیوارت و گوێزانەوەی دەسەڵاتی پاشایەتی بۆ ولیام و ماری ساڵی ١٦٨٨ز. ئەم جۆرەش لە جوڵانەوانە، نەیتوانیوە پەیوەندی ئابووری سیاسی کۆمەڵایەتی بگۆڕێت،ئەم جوڵانەوانەو گۆڕانی سەروچاو، ناچێتە خانەی شۆڕشەوە هەرچەندە لە مێژوودا بەشۆڕش ناوی هاتبێت.
جۆرێکی تری ناونانی جوڵانەوەکان بەشۆڕش، ناوزەدکردنی شۆڕشی ١٧٧٦زی ئەمریکایە. ئەم جوڵانەوەیەی خاوەن سەرمایەو زەویوو زارو کۆیلەکان بوو ،دژی هەمان چین بوو لە ناو دەسەڵات ودەوڵەتی پاشایەتی ئینگلترادا .ئەم جوڵانەوەیە نەیتوانی باری گرانی ژیانی کۆیلەداری کۆیلەکان لە ئەمریکادا بگۆڕێت. ئەو جوڵانەوەیە نەبووە هۆکاری گۆڕینی فرماسیۆنی کۆمەڵایەتی ،بە فرماسیۆنێکی تر. بەڵکو کۆیلەداری بەردەوام بوو هەتا هەموواری سیازدەی دەستووری ئەمریکا لە ساڵی ١٨٦٥ز. ئەمەش نەیتوانی لەسەر ئەرزی واقع کۆتایی بە کۆیلەیەتی بهێنێت، تەنها مرەکەبی سەرکاغەز بوو. ئەم جووڵانەوەیە ناتوانیت بەشۆڕشی کۆمەڵایەتی بیچوێنی،تەنها وەکو ڕزگاری نیشتمانی چاولێدەکرێت، واتا تەنها ڕزگاری خاوەن زەوی و سەرمایەکان بوو لەژێر چنگی باج و خەراجی دەوڵەتی پاشایەتی ئینگلیز ، هەتا لە دواتریشدا دەوڵەتی کۆمارییانیش دامەزراندبێت.

لەو شۆڕشانەی کە فرماسیۆنی کۆمەڵایەتی گۆڕی، شۆڕشی ساڵی ١٧٨٩زی فەڕەنسی بوو، شۆڕشی بۆرژوازی بوو،وەهەڵگری گۆڕانی فکری وئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی بوو. گۆڕانی بنەڕەتی دروستکرد لە پەیوەندی ئابووری کۆمەڵایەتی وسیاسی ،پەیوەندیەکی نوێی چینایەتی سەرمایەداریانەی هێنایە ئاراوە، سەرکەوتنی چینی ناوەند بوو بەسەر پاشاو ئەرستۆکراتەکاندا، کۆتاییان بەکۆیلەی کشتوکاڵیدا هێنا، سیستەمی سیاسی و ئابووری وکۆمەڵایەتی سەرمایەدارانەی چەسپاند ،هەروەها بەشۆڕشی نیشتمانی و دێموکراسی دیاری دەکرێت. بەڵام شۆڕشی ١٨٤٨زی فەڕەنسا، بەشداری پرۆلیتاریا بوو ، ئەمەش سەرەتای دەستپێکی ڕووبەڕووبونەوەی سەرمایەداران و پرۆلیتاریا بوو، شێوەیەکی شۆڕشی کۆمەڵایەتی لە خۆگرتبوو ،هەرچەند پرۆلیتاریا سەرکەوتنی یەکجارەکی بەدەست نەهێنا،و کۆماری دووەمی بۆرژوازی فەڕەنسای بەرجەستە کرد، بەڵام بوو بە چاوگێک بۆ شۆڕشەکانی تری ئەورووپا ، وبەرجەستەکردنی بەشێک لە مافەکانی مرۆڤی بە شێوەیەکی ڕێکوپێکتر بەیان کردوو شیعاری ئازادی وبرایەتی و دادوەری بەیان دەکرد .ئەم شۆڕشەش زۆرتر لایەنداری مرۆڤانەو کۆمەڵایەتیانەی پێشان دەدات.شۆڕشی ١٧٨٩زی شکڵی شۆڕشێکی گەلیانەی لەخۆگرتبوو بەکاریگەری وهاندانی بیری بۆرژوازیانەی بۆرژوازی.بەڵام ئەوەی ١٨٤٨زی ململانێیەکی چینایەتیانەی لەخۆگرتبوو.
بەڵام جیاواز لە شۆڕشەکانی تر، لەسەردەمی هاتنە ئارای سەرمایەداری شۆڕشێکی چینایەتی پرۆلیتاریای فەڕەنسی ساڵی ١٨٧١زی بوو، بەکۆمۆنەی پاریس ناسراوە ، تەمەنی لە نێوان ١٨ئازار بۆ ٢٨ئایار ی ١٨٧١زی درێژەی کێشا، یەکەم حکومەتی شۆڕشگێڕی چینی کرێکار بوو. لەوکاتەدا ئەم شۆڕشەش نەبووە گۆڕانکاری و گوێزانەوەی سیستەمی سەرمایەداری بۆ سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم، ئەگەر ئەمەش بەهۆکاری کەمی تەمەنی و فرەیی لە ڕاوبۆچونی جیاوازی ناو کۆمۆنارەکان ، ولەلایەکی تریش گەمارۆو پیلان گێڕانی دەوڵەتانی ئەوروپا دژی کۆمۆنەی پاریس لەترسی لەدەستدانی دەسەڵاتی خۆیان،تەمەنێکی کورتی بەڕێکرد. بەڵام وەرچەرخانێکی گەورەی لەسەر ئاستی ئەوروپاو جیهان خوڵقاند، بووە هۆکاری ئەوەی وڵاتانی ئەوروپا باشتر مامەڵە لەگەڵ کرێکاراندا بکەن لەڕووی ماف وکرێکانیانەوە.
شۆڕشی ئۆکیۆبەری ١٩١٧زی ڕوسیا ،ئەمیش بەیەکێک لەو شۆڕسانە هەژماردەکرێت،دوا سەنگەری دەرەبەگایەتی و کۆیلەی کشتوکاڵی لە ئەوروپادا تێکشکاند و لە جێگەی سیستەمی پاتریارکی وکشتوکاڵی ،سیستەمی سەرمایەداری دەوڵەتی دامەزراند، ئابوریەکی پیشەسازی و کشتوکاڵی و سەربازی پێشکەوتووی خستە جێگەی ئابووری کشتووکاڵی وسیستەمی پاتریارکی ڕابردوو. ئەم شۆڕشە لەگەڵ ئەوەی بە شۆڕشی سۆسیالیستی ناویان دەبرد، بەڵام هیچ بنەمایەکی ئابووری کۆمەڵایەتی سۆسیالیستی پێوە دیارنەبوو ودانەمەزراند. دەسەڵاتی پاتریارکی کشتوکاڵی گۆڕی بۆ دەسەڵاتی گروپێکی حیزبی وسەربازی بەدسپلین و ڕێکخراو. هەرچیەک بوو بێت ، تەنها سۆسیالیزم نەبووە ،و ئابووری کۆمەڵایەتی و سیاسی دەوڵەت کەوتووەتە چنگی گروپێکی سیاسی و سەربازی حیزبیەوە.لەگەڵ ئەوەشدا ئەم شۆڕشە بە پاڵنەری ئەوەی شۆڕشێکی سۆسیالیستی بووە ،کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر شۆڕشەکانی ئەوروپا وئەوروپای ڕۆژهەڵات و ئاسیاو ئەمریکای لاتیندا هەبووە ، لە بەشێکی بیرکردنەوەی سیاسی و دامەزراندنی سیستەمی سەرمایەداری دەوڵەتی چین و کوبادا ڕەنگیداوەتەوە بەشێوەیەکی بەرچاو.

شۆڕشی ساڵی ١٩٥٤زی چین،گۆڕانی کۆمەڵگایەکی دابەشبووی چەند چین وتوێژێکی کۆمەڵایەتی وئابووری دواکەوتوو بووبوو.ئەوانەش خاوەندارانی زەوی وزار،و چینێکی کۆمپرادۆر لە دێهاتەکان کە وابەستەی سەرمایەی بێگانەی دەرەوەی ،و ووردەبۆرژوازی کە نوێنەرایەتی خاوەن زەوییە کشتوکاڵیەکان ،وپیشەسازییە دەستیەکان و توێژێکی بچوکی ڕۆشنبیرو خوێندەوارەکانی دەکرد ،ئەمەش توێژێکی گەورەی کۆمەڵگای پێکدەهانی . وە شەریحەیەکی تری کۆمەڵگای چین بریتی بوون لە چەشنەکانی پرۆلیتاریا، کە پێکدەهاتن لە زۆرینەیەکی جوتیارانی کشتوکاڵی خاوەنانی زەوییە بچوکەکان ،وجوتیارە هەژارەکان، وخاوەنانی پیشەسازی دەستی و،کرێکارانی شوێنە پیشەسازییەکان ،وفرۆشیارە گەڕۆکەکان. چینی پرۆلیتاری پیشەسازیش بەپێی کۆمەڵگای چین ژمارەکەیان کەمترە. شۆڕشی چین ئەم پەیوەندیە ئابووری کۆمەڵایەتی سیاسیەی گۆڕی بە کۆمەڵگایەک کە سەرچاوە ئابووریەکانی خستە دەستی دەوڵەتەوەو ، سەرکردەکانی دەوڵەتیش ،ئەوانەبوون کە ئەندامانی حیزبی شوعی چین بوون ،وەکو یەکێتی سۆڤیەت. هەروەها شۆڕشی ١٩٥٩زی کوباش ،وەکو چین پێکهاتەی کۆمەڵایەتیان بریتی بوون لە خاوەن زەویەکان ،و بۆرژوازی کۆمپرادۆری وابەستە بە سەرمایەی ئەمریکیەوە، ئەمانە دەسەڵاتیان بەدەستەوە بوو. شۆڕشی کوباش وەکو شۆڕشەکانی چین و ڕوسیا، نەیانتوانی کۆمەڵگایەکی ئابووری کۆمەڵایەتی بێ چین وتوێژەکۆمەڵایەتیەکان دامەزرێنن. هەرسێ شۆڕشەکەو ئەوانەی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، گۆڕانی سیستەمی کۆمەڵایەتی ئابووری سیاسی سەرمایەداری ،نەگۆڕی بە سیستەمێکی ئابووری کۆمەڵایەتی بێ چین و چەوسانەوە. تەنها گۆڕینی سەرمایەداری بازاڕی ئازاد بوو بە سەرمایەداری دەوڵەتی، شۆڕشی سۆسیالیستی نەبوو وەکو هەندێک لە بیریارانی بۆرژوازی ولیبراڵی بەیانیان دەکرد.
بەپێی بڕوای هەندێک لە نووسەرە بۆرژوازی و نیشتمانییەکان، کودەتاکانی کە ڕوویانداوە لە کیشوەرەکانی ئاسیاو ئەفریقیا دا ،بە شۆڕش ناویان بردوون. وەکو کودەتای ٢٣یولیو١٩٥٢زی میسر دژی پاشایەتی. هەروەها کودەتای ١٤تەموز١٩٥٨زی عێراق دژی پاشایەتی . وەکودەتای بەعسیەکانی سوریا لە ساڵی ١٩٦٣زی دژی دەرەبەگایەتی. هەروەها کودەتای ١٧-٣٠تەموزی ١٩٦٨زی بەعسیەکانی عێراق، دژی سیستەمی کۆماری عبدلڕەحمان عارف. هەموو ئەم کودەتایانەو ئەوانەشی کە ناومان نەبردوون، نەیان توانیووە سیستەمی کۆمەڵایەتی ئابووری بگۆڕن، بەسیستەمێکی بێ چین و چەوسانەوەو بێ کاری بەکرێ.لەسەردەمی سەرمایەداریدا شۆڕش کاتێک پایەو مانای دەبێت کە گۆڕانی بنەڕەتی بکات لە پێکهاتەی ئابووری کۆمەڵایەتی چینایەتی بە کۆمەڵگایەکی بێ چین و چەوسانەوە، بەداخەوە ئەمەش هەتا ئێستا ڕوینەداوە.
ناونانی جوڵانەوە و خۆپیشاندانەکانی باکوری کیشوەری ئەفریقا ، بەشۆڕشی بەهاری عەرەبی ، ناوو ناونیشانێکی هەڵەیە و ماکی گۆڕانی ڕیشەیی پەیوەندیەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی هەڵنەگرتبوو وە بەرجەستەی نەکرد لە کۆمەڵگاکانیاندا. بنەڕەتی ناوی بەهاری عەرەبی دەگەڕێتەوە و ئیلهامی لە شۆڕشەکانی بەهاری ١٨٤٨زی ئەوروپاوە وەرگرتبوو،یان پێیان بڕیبوو. ئەمانەش نەیان توانی سیستەمی سەرمایەداری بگۆڕن بە سیستەمێکی شایستە بەژیانێکی سەردەمیانەی ، بێ چەوسانەوەو کاری بەکرێ بۆ مرۆڤەکان. هەر جووڵانەوەیەک و خۆپیشاندانێک، گۆڕینی دەمووچاوو مانەوەی هەمان سیستەمی ڕابردوو لە خۆبگرێت،لە ئێستای سیستەمی سەرمایەداری، ماناو دەلالەتی ڕوودانی شۆڕش لەدەست دەدات.

خۆپشاندانەکانی ئێران لەبەر ڕۆشنایی شۆڕشەکانی ڕابردودا:
لە ڕوانگەی ئەو شۆڕشانەی لە ڕابردوودا ڕویانداوە، باسێکی کوورت لە ناوەڕۆکی جوڵانەوەو خۆپیشاندانەکانی ئێران دەکەین. ئەوەی دەگەڕێتەوە سەر جوڵانەوەکان و خۆپیشاندانەکانی ئێران و پلاتفۆڕمی (ژن- ژیان- ئازادی ) ، پەرچەمێکی ڕیفۆرمیستی و فمینیستانەی ناگشتگیرە، نەیتوانیووە دەربڕی ناوەڕۆکی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی گشتگیری هەمەلایەن بێت ولەخۆبگرێت ، هەرچەندە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای ئێران بەشداری تێدابکەن. هێزەکانی خەڵک لە دەرەوەو ناوەوەی ئێران ،هێشتا نازانن بەڕوونی چیان دەوێت و لەدواتردا چی دادەمەزرێنن، پەیوەندیە کۆمەڵایەتی وئابووریەکان چی بەسەردێنن. لەئێستای سەرمایەداریدا، هەر گۆڕانێک کە سیستەم لە بنەڕەتەوە هەڵنەتەکێنێت، و سیستەمێکی ئابووری کۆمەڵایەتی بێچین دانەمەزرێت لە جێگایدا،ناچێتە خانەی شۆڕش و شۆڕشگێڕیەوە. لەخۆوە هەر جوڵانەوەیەک و خۆپیشاندانێک بە شۆڕش بزانرێت دەکەوینە هەڵەیەکی گەورەوە، هەروەکو ئەوەی بانگەوازدەکرێت بۆ پشتیوانی کردن ولەگەڵمان بن لەشۆڕشی ئێراندا، بڕواش بە ڕێکخراوی چینایەتی نەبێت ، بانێکە ودووهەوا. لەگەڵ بوون واتای ڕێکخراوبوونە ،کۆبوونەوەیە لە چوارچێوەی ئامانجێکدا . بیرکردنەوەو گرنگیدان بە کاری خودبەخود، هەمان ئەو بیرکردنەوەیە کە بۆ خۆپیشاندانەکانی ئێران بیردەکرێتەوە،هەمان بیرووبۆچونە کە هەیەجانی سۆزوعاتیفە ئەکاتە ئامانجی سەرکەوتنی شۆڕش ، هەمان بۆچوونی ئانارکیانەی باکۆنینیان هەیە. ئەمەش سەرکەوتنی شۆڕش بە خوا ئەسپێرێت. لەلایەکی تر کۆمەڵێک لە بێ ئامانجی و ناڕوونی خۆپیشاندانەکانی ئێران ، بەرگی کوردایەتی دەکات بەبەردا، لەبەرئەوەی ئاگری ئەو خۆپیشاندانانە، بە پریشکی گیان لەدەستدانی کچێکی کورد خۆش بوو.لەلایەکی تر کۆمەڵێک ئاڵای شاهنشاهی ڕابردووی ئێران بەرزەکەنەوە. ئەم ڕاکێشان ڕاکێشانە، بەڵگەی ئەوەیە کە یەکگرتوویەکی کۆمەڵایەتی چینایەتی لەسەر ئاستی کۆمەڵگای ئێران بوونی نیە ،خۆپیشاندانەکان ئامانجی ڕوونی سەرتاسەری شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی ئابوورییان نیە. ئەو بۆچوونەی کە لەپێشتردا بەیانمان کرد بۆ سەرکەوتنی شۆڕش گرنگی گەورەو گەرەنتی سەرکەوتن دەکات. لەبەر ئەوەی خۆپیشاندانەکانی ئێران لاشەیەکی بێ سەرە ، لەهەرکاتێکدا بێت دەکەوێتە چاڵێکەوەو سەردەنێتەوە. لەبەرئەوە لەسەر کۆمۆنیستە زانستیەکان پێویستە پەرە نەدەن بەکاری خودبەخودیانە و داڵدەی سۆزدارییانەیان بۆ هیچ خۆپیشاندان و جوڵانەوەیەک بڕوای پێنەهێنن و نەبێت، هەرجوڵانەوەو خۆپیشاندانێک ئامانجدار بکەن بەئاڕاستەی هەڵوەشانەوەی سیستەمی سەرمایەداری و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی بێچین و چەوسانەوەی مرۆڤ لەبەرچاوبگرن ئامانجمان بێت .لاشەیەک چاوی نەبێت ومێشکی نەبێت ناتوانێت بەئاڕاستەی دروست ڕێبکات. مارکس دەڵێت،تێکۆشان دژی سەرمایەداری، بەشێوەیەکی سەردەمیانەو لە سنورێکی باڵاترداو بەبایەخێکی ترەوە، تێکۆشانی کرێکاری کرێگرتەیە دژی سیستەمی بۆرژوازی(سیستەمی سەرمایەداری لیبراڵی)،ئاوات وئارەزوی شۆڕشی سۆسیالیستی نوێ(زانستی) بریتیە لەسەرکەوتنی پرۆلیتاریا بەسەر بۆرژوازیدا.ڕێکخستنی کۆمەڵگایە بەشێوەیەک کە هەموو جیاوازیە چینایەتیەکان لەناوببات. وەکو ئەوانەی کە لە ڕابردوودا بە شۆڕش ناویان بردوو ئەوئەرکەشی جێبەجێنەکرد. ئەوەی ئێستا لە ئێران دەگوزەرێت ، خۆپیشاندەران هەڵگری شیعاری بۆرژوازین کە خۆی لە ناو (ژن – ژیان – ئازادی) مەڵاسداوە. ئازادی فۆڕمی بیرکردنەوەی شۆڕشی بۆرژوازی فەڕەنسی بوو، وە بیریارانی لیبراڵی دایان ڕشتووەو پێیدەناسرێتەوە، ئازادی لە لای لیبرالیزم ،هەڵسوکەوتی ئازادانەی مرۆڤە بە بەهاکانی بۆرژوازی و سەرمایەداریەوەو ، خۆی لەئازادی خاوەندارێتیدا دەبینێتەوە.
ئەو وتەیەی مارکس دەکەم بەکۆتا تێڕوانین لە بارەی شۆڕش لە سەردەمی سەرمایەداریدا،دەڵێت: کۆمۆنیزم لە هەموو بزووتنەوەکانی ڕابردوو هەتا ئێستا جیاوازترە، ئەوەیە کە هەموو پەیوەندیەکانی بەرهەم هێنان وهەڵسووکەوتەکانی ڕابردوو ژێرەوژوور دەکات، هەموو مەلوومەرجە مەرجدارە سروشتیەکانی ڕابردوو، کە بەرهەم هاتووی ڕابردووی مرۆڤن هەتائێستا،داماڵراوە لەشێوە سروشتیەکەی و خراوەتە ژێرچنگی دەسەڵاتداران، بەهوشیاریەوە چارەسەری دەکات.

١٩کانونی یەکەم٢٠٢٢

—————————————————-
سەرچاوەکان:
١-افلاطون :جمهوریة،دار الوفاء لدنیا لطباعة والنشر.
٢-ارسطو :السیاسة ،منشورات الجمل.
٣-آنجلس: آلباکونینیة فی آلعمل،دار الفارابی.
٤-جون لوک:فی الحکم المدنی،اللجنة الدولیة لترجمة الروائع.
٥-حنە ارنیدت:رآی فی الثورات،الهیئة العامة لقصور الثقافة.
٦-عبدالرضا الطعان:مفهوم الثورة،دار المعرفة.
٧-مارکس،آنجلس: الایدیولوجیة الالمانیة،دار دمشق.
٨-مارکس:النظال الطبقی فی فرنسا من ١٨٤٨الی ١٨٥٠،دارالتقدم.
٩-مارکس: الحرب الاهلیة فی فرنسا، دارالتقدم.
١٠-الموسوعة السیاسیة، مفهوم الثورة،




سمکۆ محەمەد لە تەوەرەی (كورد لە سیڤەرەوە بۆ لۆزان).. دیمانە: ئاودیر نەسرەدین.. بەشی سێیەم و کۆتایی

بەشی سێیەم
كورد پێویستی بە سیستمێكی عەلمانی و دادپەروەر هەیە. نەك دیموكراسی

لەم دیمانەیەدا سمكۆ محەمەد نوسەر و رۆژنامەنووس كە بەشداری تەوەری (كورد لە سیڤەرەوە بۆ لۆزان)ی كردووە، باس لە سایكۆلۆژیای هێز و قەوارە سیاسیەكانی كوردستان و كەیسەكانی هاوشێوەی كورد لە دنیادا دەكات، رۆڵی وڵاتانی زلهێز لە یەكلاییكردنەوەی ئەم پرسانە روندەكاتەوە و هاوكات ئاماژە بە شوناسی نەتەوەیی و پرسی زمان دەكات و ئەمەش بە كارتێكی لاواز بۆ داواكردنی سەربەخۆ بوون ناو دەبات، سمكۆ محەمەد بۆچوونی وایە كە خەباتی مەدەنی بەوردبینی و هێمنی و دان بەخۆداگرتن دەكرێت، بەڵام كورد بەخەسڵەت خاوەنی ئەم سایكۆلۆژیایە نییە، هەر لە درێژەی ئەم دیمانەیەدا سمكۆ بیركردنەوە لە لەگۆڕینی بەرەی خەبات لە كوردستانەوە بۆ ناوەندەكان هەڵدەسەنگێنێت و گرنگی خاوەندارییەتیكردنی سیستمێكی نمونەیی بۆ دۆزی كورد روندەكاتەوە.
ديمانة: ئاودير نةسرةدين
خەباتی مەدەنی بەوردبینی، هێمنی و دان بەخۆداگرتن دەكرێت، كورد بەخەسڵەت خاوەنی ئەم سایكۆلۆژیایە نییە
پێویستیمان بەسیستمێكی عەلمانی و دادپەروەری هەیە نەك دیموكراسی، چونكە دیموكراسی چەمكێكی زۆر شمولیە و پێناسەیەكی تەواوی نییە
كورد ناتوانێ لەچەقی سەنتەری دەسەڵات نزیك بێتەوە و رەگوڕیشە دابكوتێت و جەنگەكە لەكەناری خۆیەوە بگوازێتەوە بۆ سەنتەر، دیسان دووبارەی دەكەمەوە، ئەمە گرێدراوە بە ستراتیژی قوڵەوە كە كوردەكان هەڵگری ئەم عەقڵیەتە نین
ئەگەر كورد خۆی خاوەنی سیستمی نموونەیی خۆی بوو لەگەڵ دونیای هاوچەرخ و جێگەی خۆی كردەوە، ئەوكات لەلایەن هێز و دەوڵەتانی زلهێزەوە كەیسەكەی لەبەرچاو دەگیرێت و رەنگە قەبوڵ بكرێت.
بیركردنەوە لەگۆڕینی بەرەی جەنگ لەگۆڕەپانی كوردستانەوە بۆ گۆڕەپانێكی تری دوژمن، ئەم بیركردنەوەیە لەلای كورد لەمێژە رەتكراوەتەوە.

لەگەڵ نزیكبوونەوە لە سەد ساڵەی لۆزان باس لە هەڵوەشاندنەوەی دەكرێت، بەتایەبتی لەلایەن توركیاوە، ئەمەش بەمانای داگیركردنەوەی رۆژئاوای كوردستان و باشووری كوردستان لێكدەدرێتەوە. ئایا كورد لەبەردەم دۆخێكی لەم شێوەیەدایە؟
مەسەلەی هێنانە كایەی سەد ساڵەی رێكەوتننامەی لۆزان، ئەوەی كە رۆژئاوای كوردستان وەكو واقیع تەماشا بكرێت یان خەیاڵی كوردەكان، مەسەلەیەكە تەنها لەژێر كۆنترۆڵی توركەكاندا نییە، بەڵكو مەیدانەكە هەم ئێران و هەم روسیا و هەم خودی سوریا و ئامریكاش لەوێن، ئەمە جگە لەوەی فەرانسی و بەریتانیەكان بەشێكی زۆر لەو فەزایە بەدەستی ئەوانە چۆن مامەڵە لەتەك ئەو قەوارەیەدا دەكەن، بەڵام لەهەمووی نیگەتیڤتر ئەوەیە كە هەمان ئەزموونی حوكمڕانی ئیداری و سیاسی باشوور تاقیكرایەوە، چونكە دۆخە سیاسیەكە دابەشی سەر دوو رەنگ و سیاسەت بووە، ئەنەكەسە و پەیەدە كە هەریەكەیان هێزێكی سیاسی ئاراستەیان دەكات و بوونە بەدژی یەكتر.
وڵاتانی رۆژئاوا هەمیشە داوا لە كوردەكان دەكەن لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە رێكبكەون كە بەسەریاندا دابەش كراون، ئەنقەرە، دیمەشق، تاران و بەغدا تاچەند ئەم ئامادەییەیان تێدایە؟
من پێموایە ئەو تێڕوانینە زۆر واقیعیانەتر و كردەیی ترە، چونكە دەبێ ئەوە بزانین لەدوای هەزارەی سێهەم و هاتنی جیهانگیریەوە كە بەئامریكایی دونیا ناوزەد دەكرێت، سیاسەتی پراگماتیزم لەهەمو كایەكانی ژیاندا رەنگیدایەوە، ئەمە بۆ رۆژئاوا ناچاری بوو كە ملكەچی ئەو سیاسەتە بكات و ببێتە پاشكۆی ناڕاستەوخۆی ئامریكا.
لەدوای مێژویەكی چەندین سەدەیی تێگەیشتین كە رۆژئاوا ئامادە نییە بەرژەوەندی خۆی پشتگوێ بخات و لەپێناو سەربەخۆیی نەتەوەیەك ئەو دەوڵەتانە پەراوێز بخات، هەروەها لەبارەی چارەسەری مەسەلەی میللی كوردیدا، دەبێ لەوە تێبگەین لەدوای مێژویەكی چەندین سەدەیی تێگەیشتین كە رۆژئاوا ئامادە نییە بەرژەوەندی خۆی پشتگوێ بخات و لەپێناو سەربەخۆیی نەتەوەیەك ئەو دەوڵەتانە پەراوێز بخات، لەكاتێكدا هەموو ئەوەیان لەلا مەعلومە كە ئێران و سوریا و عێراق دەوڵەمەندن بەنەوت، توركیا پاشترین دەروەزایە بۆ ئامریكا و بۆ رۆژئاواش، ئەمە جگە لەوەی كەیسی نەتەوە بەرێكەوتن لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی چارەسەر دەكرێت، نەك بەهێزی چەكداری و شۆڕشگێری كلاسیكی، چونكە دەوڵەت دەبێ لەسەر دەستی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش و ئەنجومەنی ئابوری رۆژئاوا و دەوڵەتانی زلهێز و پیشەسازی بێت، بۆ ئەمەش دەبێ لەجنێف بەكۆی گشتی دەنگی ئەندامان رێبكەون لەسەر ئەوەی كوردەكان ئەو خاكەی هەیانە دەبێتە دەوڵەت و دەبێت ببێتە خاوەن ئابوری و پوڵ و ئاڵا و دیبلۆماسیەت و سیاسدەی خۆی بێت، ئەگەرنا باشترین رێگەیە كە مەسەلەی میللی هەر شوێنێك بێت لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی چارەسەر بكرێت، ئەگەر چارەسەرەكە كاتیش بێت و بەشێك لەكێشەكان بەهەڵواسراوی بمێنێتەوە، هەروەك ئەوەی لەساڵی 1970 لەرێكەوتنی ئازار بڕیاری لەسەر درا، بەمەرجێك كوردەكان داوا بكەن لەژێر چاودێری ئامریكا و بەریتانیا و رۆژئاوا و روسیا بێت رێكەوتنەكە، هەروەها نەبن بەرێگر لەبەردەم سیاسەتی پراكماتیزمی دونیای سەرمایەداری كە ئامریكا پێش هەموو دەوڵەتان خاوەنی بیرۆكەكەیە و كاری پێدەكات و بڕوای پێی هەیە. لەدەروەی ئەم رێگە چارەیە بەگۆڕینی سیستم لەدیكتاتۆریەتەوە بۆ دیموكراسی وەهمی و بۆ فیدرالی و هتد، تەنها قسەی سەر زارەكیە، ئەگەرنا خۆ لەدوای 2003 ەوە ناوی كورد چووە دەستووری عێراقیەوە، كەچی مادەی 58 لەپڕێكدا بوو بەمادەی 140 و ملیارەها دۆلاری پێوەخورا و هیچی بۆ كورد نەبوو، بەپێچەوانەوە نیوەی زیاتری خاكەكەی لەدەستدا، ئەوەش مەعلومە كە لەدەستدانی ئەو ناواچانەی پێی دەگوترێت كێشە لەسەرەكان، بەریتانیەكان لەپشتیەوە راوەستابوون، نەك دەوڵەتانی هەرێمایەتی بەتەنها، یان ئەوەی كە رەخنە لە سیاسەتی كوردی دەگیرێت، ئەوانە هەموو قسەی ناو كتێب و میدیاكانن، لەمەیدانی واقیعیدا، رێكەوتن لەگەڵ ناوەنددا باشترین چارەسەرە.
بۆچوونێك هەیە پێیوایە بۆ ئەوەی دەوڵەت دروست بكەیت، پێویستت بە دیكتاتۆریان تاك حزب هەیە. دیموكراسی و فرەحزبی دەتوانێت دەوڵەت دروست بكات، یان تاك هێزی ؟
ئەم بۆچوونە نیگەتیڤە و لەشكست و بێ ئومێدیەوە سەرچاوەی گرتووە، بەپێچەوانەوە پێویستیمان بەسیستمێكی عەلمانی و دادپەروەری هەیە نەك دیموكراسی، چونكە دیموكراسی چەمكێكی زۆر شمولیە و پێناسەیەكی تەواوی نییە و هەموو دەوڵەتێك و قەوارەیەك دەتوانێ ئەو ناوە لەخۆی بنێ، بۆ نموونە خۆ ئامریكا و رۆژئاوا و روسیا و هەموو دونیا لەدوای روخانی یەكێتی شورەوی بوون بەهەڵگری ئەو دروشمانەی وەكو دیموكراسی و مافی مرۆڤ و بازاڕی ئازاد، بەڵام ئەمە تەنها زلهێزەكان دەیانزانی بۆچی ئەم بانگەشەیە دەكەن، نەك نەتەوە ژێر دەست و دەوڵەتە بێ دەسەڵاتەكانی دونیا كە پاشكۆی زلهێزەكانن، بۆیە لەژێر ئەو ناونیشانە دەتوانرێ لەگەڵ عەرەب و فارس و توركیش رێكمان بخەن و سیستمەكە دیموكراسی بێت، بەڵام ئەمە كێشەكە جارێكی تر دوا دەخات بۆ كاتێكی نادیار، بەڵام كە كورد خۆی خاوەنی سیستمی نموونەیی خۆی بوو لەگەڵ دونیای هاوچەرخ جێگەی خۆی كردەوە، ئەوكات لەلایەن هێز و دەوڵەتانی زلهێزەوە كەیسەكەی لەبەرچاو دەگیرێت و رەنگە قەبوڵ بكرێت.
بۆچی كوردلە هەرچوارپارچەی كوردستان نەیتوانیوە پایتەختەكان كۆنترۆڵ بكات، وەك ئەوەی عەلەوییەكان لە سوریا كردوویانە؟ ئەمە تاچەند پەیوەندی بە نەبوونی ئامانج و خەونی گەورەوە هەیە؟
بەرگری كردن قورسە و پێویستی بەجەنگی رۆشنبیری هەیە، واتە بیركردنەوە لەگۆڕینی بەرەی جەنگ لەگۆڕەپانی كوردستانەوە بۆ گۆڕەپانێكی تری دوژمن، ئەم بیركردنەوەیە لەلای كورد لەمێژە رەتكراوەتەوە، كوردەكان رۆشنبیریان هەیە، بەتایبەتی رۆشنبیری سیاسی، بەڵام كێشەكە ئەوەیە بەرگری كردن لەرۆشنبیری سیاسی گرینگترە لە خودی رۆشنبیری، واتە ئەزموون گرینگ نییە، بەقەد ئەوەی وانە وەرگرتن لەئەزموون گرینگترە، بۆیە كورد ناتوانێ لەچەقی سەنتەری دەسەڵات نزیك بێتەوە و رەگوڕیشە دابكوتێت و جەنگەكە لەكەناری خۆیەوە بگوازێتەوە بۆ سەنتەر، دیسان دووبارەی دەكەمەوە، ئەمە گرێدراوە بە ستراتیژی قوڵەوە كە كوردەكان هەڵگری ئەم عەقڵیەتە نین.
بەشێكی تر لەجەنگی رۆشنبیری ئەوەیە كە خەبات بگوازرێتەوە بۆ دیبلۆماسیەت و سیاسەتی ئابوری و یاسایی و دەستووری، كوردەكان لێرەوە دەبێ هەست بەوە بكەن كە بۆچی ئەوان ناتوانن لەدانوستانەكاندا براوەبن، هەمیشە ئەوەی بەخوێن بەدەستیان كەوتووە لە دانوستانەكان دەیدۆڕێنن یان شكست دەهێن، چونكە دانوستان شێوازێكی هونەری خەباتی مەدەنیە، خەباتی مەدەنی بەوردبینی و هێمنی و دان بەخۆداگرتن دەكرێت، كورد بەخەسڵەت خاوەنی ئەم سایكۆلۆژیایە نییە (مەبەست لە سایكۆلۆژیا چێژوەرگرتنە لە دەسەڵات)، كورد زوو گەرم دەبێت و حەماس دەیگرێت، هەر زووش دادەمركێتەوە و هەناسەی سوار دەبێت و بەرگە ناگرێت، واتە سەبری نییە، دانوسیتانیش ئارامی و دانبەخۆداگرتنی دەوێ، ئێمە شاهیدی چەندین دانوستانین كە سەرەتا ناوەند چەند ملكەچی داواكاریەكانە، دواتر چونكە كورد سەبری ئەوەی نییە كاری دیبلۆماسی بكات و ئەو ملكەچ بوونە بخاتە نێو كایەكانی دیكەوە، بەناچاری كە توڕە دەبێت و پاشەكشە دەكات، لەدانوستانەكاندا شكست دەهێنێت. ئەمە هۆكاری سەرەكی نەبوونی رۆشنبیری سیاسیە كە كوردەكان ئەو كولتوورەیان نییە و دوژمنەكانیش ئەمە باش دەزانن كە كورد خاوەنی چ سایكۆلۆژیایەكە چ وەكو ژیانی كۆمەڵایەتی و چ وەكو سیاسەت.

—————————

بەشەکانی تر:

بەشی یەکەم…

بەشی دووەم…




قوتابخانەی میلیتۆس یەکەم قوتابخانەی فەلسەفە لە مێژوودا.. دڵشاد کاوانی

قوتابخانەی میلیتۆس یەکەم قوتابخانەی فەلسەفە لە مێژوودا لە لێوار خاکەکانی ئاسیا و ئەوڕوپا سەری هەڵدا

پێشەکی

قووتابخانەی میلیۆتس وەک کۆنترین قووتابخانەی فەلسەفی ڕۆژئاوایی لە مێژووی فەلسەفەدا ناوی هاتووە، لە ئەنادۆڵ و لە ناو وڵاتی تورکیای ئێستا و لەژێر هەژموونی فەرمانڕەوایەتی یۆنانی کۆندا، کە به فەلسەفەی پێش سوقراتی بە فەلسەفەی یۆنانی و فەلسەفەی ناسراوە. قوتابخانەکانی سەردەمی سوقرات کە لە ژێر کاریگەریی میلیۆتس دابوون. لە ئەورووپای کۆندا فەیلەسووفەکانی پێش سوقراتیان بە فەیلەسووفی فیزیکی یان سروشتی ناو دەبرد.
پرس و کۆڵینەوەکانیان لەسەر سروشت و کۆمەڵگا و ئەخلاق و ئایینی، دەکرد، ھەوڵیان دەدا بنەڕەتی ڕوونکردنەوەکانیان لەسەر پرەنسیپی سروشتییەوە بێ، نەک کردەوەی خواکان. بۆ ئەوان جیھان کۆسمۆس بوو، واتە شتێکی ڕێکوپێک کە لە ڕێگای لە ڕێگەی لێپرسینەوەی ئەقڵانییەت جیهان شیاوی تێگەیشتنە.
فەلسەفەی میلیتۆس لە سەدەی شەشەمی پێش زایینەوە لەسەر دەستی سێ کەس لە خەڵکی شاری میلیتۆسەوە بونیادنرا: تالیس و ئاناکسیماندرۆس و ئاناکسیمینیس. ھەر سێکیان دەیانویست کۆتایی جیھان دەسنیشان بکەن، ئەو ماکە سەرەتایییە دیاری بکەن کە ھەموو شتەکانی تری لێ دروست بووە. پێکهاتەی بوون بە لای تالیسەوە ئاو و بە لای ئاناکسیماندرۆسەوە ئاپەیرۆن ( هەمیشەیی) و بە لای ئاناکسیمینیسەوە ھەوا بوو.

-تالیس مەڵتی یەکەم فەیلەسووفی مێژووی فەلسەفە.

تالیس لەدایکبووی ساڵەکانی ٥٤٨ یان ٥٤٥ی پێش زایینە. لەساڵەکانی لە ساڵەکانی ٦٢٤ یان ٦٢٣ مردووە. زانای ماتماتیک و ئەستێرەناس و فەیلەسووفێکی پێش سوقراتیی خەڵکی شاری میلیتۆس لە ئاسیای بچووک بوو (کە ئێستا کەوتۆتە ناو وڵاتی تورکیا). بووە. تالیس یەکێکە لە حەوت فەیلەسووفانی یۆنانیە. زۆرێک لە مێژوونووسان به یەکەم فەیلەسووفی جیهانی مرۆڤایەتی دادەنێن. بەرچاوترینیان ئەرەستۆ، بە یەکەم فەیلەسووفی یۆنانی دەیناسێنێت، گریمانە ئەگەر واش نەبێت، لە باری مێژوویییەوە ئەو بە یەکەم کەس دادەنرێت لە کولتووری ڕۆژاواییدا کە پرژابێتە سەر فەلسەفەی زانستی.
تالیس بەوە ناسراوە کە بەکارھێنانی ئەفسانەکانی بۆ ڕاڤەی جیھان و گەردوون بە لاوەنا، وەک ئەوەی لە زانستی ئەمڕۆدا دەکرێت، دیاردە و شتە سروشتییەکانی بە گریمانە و تیۆریی سروشتخوازانە ڕاڤە کرد. ھەموو فەیلەسووفانی پێش سوقرات بۆ ڕوونکردنەوەی سروشت کەوتنە شوێن گریمانەکانی تالیسەوە. ئەوانیش ڕێک وەک تالیس لە جیاتیی ئەوە دەستەودامێنی ئەفسانەکان بن، پێیان وابوو کە تاقە جەوھەرێک لە ھەموو شتێکدا ھەیە و سروشت لەوەوە دێت. ئەرەستۆ دەڵێ: ئەو جەوھەرە بە لای تالیسەوە ئاو بووە.

لە بیرکاریدا، تالیس زانستی ئەندازەی بەکار ھێناوە بۆ پێوانەکردنی بەرزی ھەرەمەکانی مسر و دووری کەشتییەکان لە کەناری دەریاوە. ھەروەھا ناسراوە بە یەکەم کەس کە دۆزینەوەیەکی بیرکاری درابێتە پاڵ.
پێش تالیس ئایۆنیەکان پێیان وابوو کە هەموو شتێک لەلایەن خوداوەندەکانەوە پلانی بۆ دانراوە و کۆنترۆڵ دەکرێت. تالیس لەبری ئەوەی لە ڕێگەی خوداوەندەکانەوە لە فۆڕمی مرۆڤدا دیاردە سروشتییەکان ڕوون بکاتەوە، هەوڵیدا لە ڕێگەی چاودێریکردنەوە ڕاستییەکان بەدەستبهێنێت. ڕەنگە هەنگاوی یەکەمی لە پێکهاتنی بیری زانستیدا هەڵگرتبێت… ئەو حەزی لەوە بوو بزانێت کە مادەی بنەڕەتی و بنەمای هەموو شتێک چییە؛ ئەو بە ڕوونکردنەوە ئەفسانەییەکان ڕازی نەبوو. لێکۆڵینەوەی لە کاریگەرییەکانی ئاو لەسەر سروشت کردووە. لە ئەنجامی تێبینی و لێکدانەوە زیرەکەکاندا، بیرۆکەیەکی سەبارەت بە بیرۆکەی بنەڕەتی هەموو شتێک لە سروشتدا هێنایە ئاراوە. بەو پێیەی تالیس بیروڕاکانی نەنووسیوە، لە ڕێگەی ئەرستۆوە زانیاریمان لەسەر دەست دەکەوێت کە بە یەکێک لە سەرچاوە جێی متمانەکانی فەلسەفەی کۆن دادەنرێت. لە ئەنجامی ئەم لێکۆڵینەوەیەدا، ئەرستۆ تالیس ڕایانگەیاندووە کە لای تالیس مەڵتی “ئاو جەوهەری هەموو شتێکە و هەموو شتێک لە ئاوەوە دەست پێدەکات”. ئەمەش دوای ئەو گەشتە دەساڵیەی کە بۆ وڵاتی میسری کۆن کردی، کە لێکۆڵینەوەی لە هەڵکشان و داکشانی بۆ ئاوی نیل کرد، چەندین جیاوازی سرووشتی و زیندەوەری تازەی له نیل دۆزییەوە، کە لە ماوەی ڕابردووی نیل نەبوون، لە نوێوە سەریانهەڵدەدا. ڕەنگە ئەمڕۆ پێمان وابێت ئەم بیرۆکەیە هەڵەیە. بەڵام ئەو “هەنگاوی یەکەم”ی تاڵس، ئەو گەڕانە بەدوای “جەوهەر”دا، هەم وەک باوکی فەلسەفە گەرەنتی دەکرد و هەم ئەوانەی دوای ئەو هاتبوون زیاتر لێکۆڵینەوەیان لە کێشەکە کرد، هەموو ڕێگاکەیان بردە خوارەوە بۆ ئەتۆم.

-قووتابییەکانی ئەم قووتابخانەیە کێ بوون.

فەیلەسوفەکانی وەک ئەناکسیماندرۆس و ئەناکسیمێنێس کە دوای تالیس هاتن، هەروەها میلیتۆس بوون. لە ڕاستیدا ئەم بیرمەندانە یەکەمین نوێنەری یەکەمین قوتابخانەی فەلسەفەی ناسراون لە مێژوودا…
وەک یەکەم قوتابخانەی فەلسەفە لە مێژوودا لە شاری میلیتۆس لە ڕۆژئاوای ئەنادۆڵ دامەزرا. ئەم قوتابخانەیە بە یەکەم ناوەندی فەلسەفەی یۆنانی کۆن دادەنرێت. تالیس و ئەناکسیماندرۆس و ئەناکسیمێنێس فەیلەسوفێک بوون کە نەریتی بیرکردنەوەی قوتابخانەی میلیتۆسیان پێکهێنا کە بە قوتابخانەی ئایۆنیش ناسراوە.

تەنانەت ئەگەر حەزت لە فەلسەفە نەبێت، ڕەنگە لە ڕێگەی ئەو تیۆرییە بیرکارییانەی کە ناوی ئەویان لەسەرە، تاڵس بناسیت. دوای پشکنینی ئاو، تاڵس گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ئاوەکە نەمردووە، بەڵکو لەبری ئەوە مادەیەکی ژیانبەخشە کە دەتوانێت هەر فۆرمێک وەربگرێت و بگاتە هەموو شوێنێک. هاوکات لەگەڵ چاودێریکردنی ئاوەکە، لێکۆڵینەوەی لە کەشوهەوا و ئاسمانیش کردووە. توێژینەوەی لەسەر دۆزینەوەی ئاراستە لەلایەن ئەستێرەکان و ڕاکێشانی موگناتیسی و هتد ئەنجامداوە و تیۆری بازنە و گۆشەی پەرەپێداوە. تالێسی میلیتۆس جگە لەوەی فەیلەسوف بووە، بیرکار و فەلەکناس و “یەکەم ئەندازیاری ئاو” بووە.

ئەناکساندرۆس دووەم فەیلەسووفی قوتابخانەی میلیتۆس

دووەم فەیلەسوفی قوتابخانەی میلیتۆس لە دوای تالێس ئەناکساندرۆس بوو کە ئەویش خەڵکی میلیتۆس بوو.ئاناکسیمینیس ناسراو بە ئاناکسیمینیسی میلیتۆسی
ھەر وەک ئاناکسیماندرۆس و تالیس، ئەمیش بە دوای دەستنیشانکردنی ئەو تاقانە واقیعە شاراوە و بنەڕەتییەوە بوو کە پیان ئەوت ئارخێ و لایان وا بوو کە ھەموو شتەکانی ناو ئەم دنیایەی لێ دروست بووە. ھەر ئەوەی کە بە لای تالیسەوە «ئاو» و بە لای ئاناکسیماندرۆسەوە جەوھەرێکی بێسنوور یا ئاپەیرۆن بوو، ئاناکسیمینیس ئەیوت «ھەوا» یە. ئەو تیۆریی مامۆستاکانی خۆی دا بە دواوەوە و وتی ھەموو شت لە سروشتدا لە ھەوا (یا ھەڵم یا مژ) دروست بووە. ئاگر ھەوای ناسکەوبووە، ئاو و خاکیش ھەوای خەسەوبوون. هەرچەندە ئێمە زۆر شت لەبارەی ژیانی ئەوەوە نازانین، بەڵام بەرهەمەکانی دەزانین. چونکە ئەناکسیماندەر بە پێچەوانەی تالیسەوە فەیلەسوفێک بوو کە پێشەنگ بوو لە نەریتی نووسینی بیرۆکەکانی. ئەناکسیماندرۆس، فەیلەسوف و سروشتناسێکی سروشتی، لەسەر بنەمای تێبینییەکانی پەرەی بە بۆچوونەکانی خۆی داوە. بە واتایەکی تر، ئەو لایەنی بینراوی سروشت لەبری توخمە نەبینراو و خەیاڵییەکان، لایەنگری دەکرد. هەروەها ئەو بیرۆکەیەی قبوڵ کرد کە ژیان لە ئاوەوە دەستی پێکردووە، کە لە سەردەمێکدا هەموو شوێنەکان لە ژێر ئاودا بوون و زەوی سەرهەڵدەدات لەگەڵ پاشەکشەی ئاوەکە بە تێپەڕبوونی کات؛ پێشنیاری کرد کە ژیان کە لە ئاوەوە دەستی پێکردووە لەسەر وشکانی بەردەوام بێت. کاتژمێری خۆری داهێنا، لێکۆڵینەوەی لە مانگ و خۆرگیران و هۆکارەکانی بوومەلەرزە کرد. هەروەها ئەناکسیماندرۆس ئەو جیاوازییەی هەبوو کە یەکەم کەس بووە کە هەوڵی نەخشەی جیهانی و مۆدێلی گەردوونی داوە. ئەو پێی وابوو کە دونیا سلندەرێکە لە پانییەکەی گەورەترە، هەروەها ناوەندی گەردوونە.
ئاناکسیماندرۆس ( لەدایکبووی ٦١٠ – مردووی ٥٤٦ی پێش زایین) فەیلەسووفێکی پێشسوقراتیی خەڵکی شاری میلیتۆسی ئایۆنیا بوو کە ئەمڕۆ لە ناو تورکیادایە. ئاناکسیماندرۆس سەر بە قوتابخانەی میلیتۆسی و شاگردی تالیس بوو. دوای تالیس خۆی بوو بە دووەم مامۆستای ئەو قوتابخانەیە و ئاناکسیمینیس و پیتاگۆراس بوون بە شاگردی.زانیاری لەبارەی ژیان و کارەکانییەوە کەمە. وەکوو ئەوەی بەڵگە مێژوویییەکان باسی دەکەن، ئەو یەکەم فەیلەسووفێکە کە لێکۆڵینەوەکانی نووسیوەتەوە، گەرچی تەنیا بەشێک لە بەرھەمەکانی ماونەتەوە. پاش مەرگی، لە بەڵگەکانی مێژوودا شتگەلێک لەبارەیەوە دەدۆزرێتەوە کە تا ڕادەیەک دیمەنی ئەو پیاوە دەر دەخەن.

ئاناکسیماندرۆس بە یەکێ لە لایەنگرە سەرەتایییەکانی زانست دەژمێردرێ و ھەوڵی دەدا بە چاولێکردن و ڕوانین گەردوون شرۆڤە بکات. ئەو دەیگوت ھەر وەک چۆن یاساکان حاکمن لە کۆمەڵگادا، لە سروشتیشدا یاساکان زاڵن، وە ھەر شتێ کە ھاوسەنگیی سروشت بترازێنێ بڕ ناکات.

وەک زۆرێ لە ھزرڤانانی سەردەمی خۆی، فەلسەفەی ئاناکسیماندرۆس لقوپۆپی زۆرە. لە ئەستێرەناسیدا تێکۆشا میکانیکی تەنە ئاسمانییەکان لە پێوەند لەگەل زەویدا شرۆڤە بکات. لە فیزیکدا، گریمانەکەی کە دەیگوت بێسنوور (یا ئاپەیرۆن) سەرچاوکەی ھەموو شتە فەلسەفەی یۆنانی برد بەرەو ترازێکی نوێ لە دەرھەستاندنی تێگەیشتەکانەوە. نەخشەی جیھانیشی کێشا کە گەلێ جوگرافیای خستە پێشەوە.

ئەناکسیمێنێس کە دوا فەیلەسوفی قوتابخانەی میلیتۆس

، لەدایکبووی ٥٨٦ – مردووی ٥٢٦ی پێش زایین) فەیلەسووفێکی یۆنانی کۆن بوو. ھی سەردەمی پێش سوقرات، کە لە نیوەی دووەمی سەدەی شەشەمی پێش زاییندا چالاک بووە. لە کارەکانی ھیچ نەماوە و، بەم بۆنەوە وردەکارییەکان لەبارەی ژیانییەوە ناڕوون و لێڵە. ئەوەی کە ئەمڕۆ لەبارەی ئایدیا و فەلسەفەکەیەوە زانراوە بەھۆی تێبینییەکانی ئەرەستوو و دیکەی نووسەرانی مێژووی فەلسەفەی یۆنانەوەیە.ئاناکسیمینیس زۆرتر بەوە ناسراو و بەناوبانگە کە دۆستی کەمتەمەن یا قوتابیی ئاناکسیماندرۆس بووە. ئاناکسیماندرۆسیش خۆی قوتابیی تالیس بووە و، ئەم سێ کەسە پێکەوە ئەو قوتابخانە فیکرییە پێک دێنن کە بە قوتابخانەی میلیتۆسی ناوی دەر کردووە و وەکوو سەرچاوکەی فەلسفەی ڕۆژاوایی چاوی لێ ئەکرێت.
هەروەها میلیتۆس بوو. ئەو دەیگوت گەردوون لە ڕێگەی فۆڕمی جیاوازەوە هاتۆتە ئاراوە. هەروەها یەکەم فەیلەسوف بوو کە سەرنجی لەسەر چەمکی ماددە دا. هەروەها دواتر ئەناکسیمێنێس چوار توخمە بنەڕەتییەکەی قبوڵ کردنگان یەکەم کەس بوو کە لێکۆڵینەوەی لە هەوا و ئاو و زەوی و ئاگر کرد.

هێرڵکلیتۆس و کاریگەری قووتابخانەی میلیتۆس

هێراکلیتۆس، فەیلەسوفێکی ئەفسیان/ئایۆنییە و لە شارێک کە دوور نییە لە میلیتۆسەوە لەدایک بووە و گەورە بووە، بەهۆی شێوازی نووسینی بێدەنگ و ڕەخنەگرانە لە سەردەمی کۆن بە “هێراکلیتۆسی تاریک” ناسراوە. ئەو ئاماژەی بەوەدا کە گەردوون لە دۆخێکی بەردەوامی گۆڕانکاریدایە. هیراکلیتۆس لەژێر کاریگەری قووتابخانەی ملیتۆسەوە سەرچاوەی گرت. ھێراکلیتوس ؛ ٥٣٥ ھەتا ٤٧٥ی پێش زاینن) فەیلەسووفێکی یۆنانیی خەڵکی شاری ئێفێسوس لە یۆنیا بوو کە وەکوو کاریگەرترین فەیلەسووفی سەردەمی پێش سوقرات ناوی لێ دەبرێت. ئەو شازادەی ئێفێسوس بوو و مەشیا ببوای بە فەرمانڕەوای ئێفێسوس، بەڵام پلەوپایەکەی جێ ھێشت بۆ براکەی. ڕقی بوو لە ھاوشارییەکانی و سووکی دەکردن. تەنانەت ھۆمەر و فیساگۆرسی لە ڕەخنە و سووکایەتی بێبەش نەدەکرد و بڕوای وا بوو کە دەبێ ھۆمەر لە نێوان لاپەڕەکانی کتێب دەربھێنرێت و لێی بدرێت. ھەر بە ھۆی ئەم ڕق و بێزارییەی لە خەڵک، نیشتمانی جێ ھێشبوو و لە دەشت و کێوان دەژیا. لەو ماوەیەشدا گیا کێویلەی کردبوو بە بژیو و ئەمەش وای لێ کرد تووشی نەخۆشیی زگاوسان (ئیستیسقا) بێت و، ھەر ئەوەش کوشتی.

ھێراکلیتوس ڕاوەستاوی و پێوەجێیی لە جیھاندا ڕەت دەکردەوە و پێی وا بوو کە ھەموو شت ڕەوان و لە حاڵی گۆڕانە، ئەمە قسەی ئەوە کە «کەس ناتوانێت دوو جار پێ بخاتە ناو یەک ڕووبارەوە». وێڕای گۆڕان و ڕەوانییەک کە ھێراکلیتوس بڕوای وا بوو لە گشت شتەکاندا ھەیە، ئەو لۆگۆسی بە تەنیا شتی نەگۆڕی جیھان دەزانی. لیکۆڵەران پیان وایە ھێراکلیتوس مەبەستی لە لۆگۆس «یاسای زاڵ بە سەر جیھانەوە» یە. یاسایەک کە دژایەتی، بەرچاوترین تایبەتمەندییەتی. شەڕ و ململانێی نێوان دژبەران تاقە ڕاستەقینە و دادپەروەری جیھانییە.

-قووتابخانەی میلیتۆس و حەوت ڕەگەزەکەی گەردوون.

بێگومان فەیلەسوفەکانی میلیتۆس تەنیا لەمانەدا سنووردار نەبوون. هەروەها لە دوای قوتابخانەی ئایۆنی، لوسیپوس و دیمۆکریتۆسی میلیتۆس لە یەکەم توخمدا لێکۆڵینەوەیان لەسەر کرد کە جەوهەری هەموو شتەکان پێکدەهێنێت و پێشنیاریان کرد کە ئەو چوار توخمەی کە بە بنەڕەتی دادەنرێت- هەوا، ئاو، زەوی و ئاگر- دەتوانرێت دابەش بکرێت بۆ یەکە بچووکەکان. ئەوان ئەو بیرۆکەیەیان پێشنیار کرد کە ماددە لە تەنۆلکەی زۆر بچووک و دابەشنەکراو پێکهاتووە و ناوی ‘ئەتۆم’یان بەم تەنۆلکانە ناوە کە بە واتای ‘لەناونەچوو’ دێت. بەم شێوەیە لوسیپوس و دیموکریتس بوونە هۆی ئەوەی کە ئێستا بە “ئەتۆمناسەکان” ناسراون. بە بڕوای ئەتۆمناسەکان هەموو شتێک لە گەردووندا لە ئەتۆمی بچووک پێکهاتووە کە هەستەکان هەستیان پێ ناکەن و ناتوانرێت زیاتر بشکێنرێن. ئەتۆمەکان بێشومار بوون و بە بۆشایی ئاسماندا دەجووڵان. نزیکەی ٢٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر ئەتۆمناسەکان دڵنیابوون لەوەی کە بنەمایەکی نوێ بۆ زانست زیاد دەکرێت کە بناغەی فیزیای ئەمڕۆیە.

-قوتابخانەی میلتۆس سەرچاوەی بیرۆکەی زانستی
سەرهەڵدانی ئەتۆم،

لە کۆتاییەکانی ١٨٠٠ و ناوەڕاستی ١٩٠٠دا دەرکەوت کە ئەتۆم بچووکترین تەنۆلکە نییە، بەڵکو ئەتۆم لە ئەلکترۆن و پرۆتۆن و نیوترۆن پێکهاتووە کە پێیان دەوترێت تەنۆلکەی ژێر ئەتۆمی. لە مێشکی مرۆڤەکانی جیهانی فیزیادا، “پێم سەیرە ئایا ئەم تەنۆلکە ژێر ئەتۆمیانەش دەتوانرێت دابەش بکرێن؟” پرسیارێکی نوێ هاتۆتە ئاراوە. فیزیازانەکان بە حەز و وروژاندنێکی زۆرەوە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد. دوای ماوەیەک تاقیکردنەوەکان سوودیان هەبوو و دەرکەوت تەنانەت بچووکترین پرۆتۆن و نیوترۆنەکانیش لە پێکهاتەی ئەتۆمەکەدا لەناونەچوون. ئەمڕۆ کە باس لە ئەتۆمەکان دەکەین مەبەستمان “کوارک و لێپتۆن”ە و ئێستا پرسیار دەکەین “ئایا کوارک و لێپتۆنەکان خراپ دەبن، یان تەنۆلکەی بچووکتر هەن؟” پرسیارێکی نوێ هاتۆتە ئاراوە کە زانایانی فیزیا وروژێنێت.

-قوتابخانەی میلیتۆس و دۆزینەوەی ماددە.

سەرگەرمییە زانستییەکانی مرۆڤ ٦٠٠ ساڵ لەمەوبەر لەم خاکانەدا بە ئارەزووی دۆزینەوە و ڕوونکردنەوەی سروشتی ماددە دەستیپێکرد. هەروەها تالیس، یەکەم فەیلەسوفی کۆن کە لەم خاکانەدا گەورە بووە، دژی ئەفسانە وەستاوە و هەوڵیداوە بە زانستی چاودێریکردن دیاردە سروشتییەکان ڕوون بکاتەوە. بەم شێوەیە بیرکردنەوە کوالیتییەکی فیکری و زانستی بەدەست دەهێنێت؛ ئەفسانە وازی لێ هێنراوە. ئەم ڕوانگە نوێیە کە تەواو پێچەوانەی یەکترە، ڕێگەی بۆ هێنانەکایەی تیۆری نوێ بۆ تێگەیشتنی مرۆڤ لە گەردوون کردەوە.

-قووتابخانەی میلیتۆس و کاریگەری لەسەر زانست.

فەیلەسوفانی ئەنادۆڵ لە قوتابخانەی میلیتۆس لە ڕۆژئاوای ئەنادۆڵ هەوڵیان دا بە چاودێریکردنی سروشت گەردوون ڕوون بکەنەوە. بۆیە میڵتۆس، وەک ئێستا پێی دەوترێت، ناوی ناوەندی زانستی وەرگرتووە. “چی ماددە پێکدەهێنێت و ئایا دەتوانرێت ماددە دابەش بکرێت بۆ بچووکترین بەشەکانی؟” پرسیارەکە گۆڕا بۆ سەرگەرمی و ڕێگای بۆ زانستی چالاک خۆش کرد. فەیلەسوفەکان لەم پرۆسەیەدا کە لە تالیسەوە دەست پێدەکات و لە ڕێگەی لوسیپوسەوە بەردەوام دەبێت، لەسەر بنەمای ڕاستییەکان وەک پێشەنگەکانی زانست ناسراون. لێکۆڵینەوە و تیۆرییەکانی گالیلۆ و نیوتن و ئەنیشتاین و زانایانی دیکە ئیلهام و ڕێنمایی بوون، فەیلەسوفەکانی ئەنادۆڵ ڕۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە گۆڕینی چارەنووسی هەموو مرۆڤایەتیدا.

-سەرەئەنجام.
له دەرنجامی ڕووانینمان بۆ یەکەم سەرهەڵدانی ڕامان و قووڵبوونەوە لە چەمکە بوونییەکان بۆچی لە لێوار خاکەکانی دوو کشوەر و نێوەندی ڕۆژەهەڵات و ڕۆژئاوا وەک یەکەم قوتابخانەی فەلسەفیی و تێفکرینی بیرۆکەی زانیستی و لەسەر ئەم خاکە سەرهەڵدەدات ڕۆژانێک سەرخاکی یۆنانی بوو، ئێستاش پاڵی داوەتەوە ڕۆژهەڵات و نێو وڵاتێکی ئاسایی نیوە ئەوڕۆپایی زۆر ڕوونە لەلایەک لە ڕۆژهەڵات و ئاسایی دوور، ئایینە فەلسەفییەکانی کۆنۆفۆشیۆس و بوزایی و لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین ئاینی میتڕایی و زەردەشتی. لە ڕۆژئاوا و ناوەندی ڕۆم و گریک نۆ خواکانی هونەر و ئەفسانەکانی یۆنان. لەولاشەوە شارستانییەتی میسری کۆن. پاڵنەری جووڵاندنی بیری مرۆڤایەتی بوو، بەمەش پەڕینەوەی پردی تەڕوادە و بەیەک گەیشتنی دووشارستانییەتی ڕۆژهەڵات و تێکەڵبوونی بە ڕۆژئاوا، سنووری جیپۆلۆتیکی ناوەڕاستی کردە نێوەندی جووڵانی بیر و هزری مرۆڤایەتی. دەکرێت قووتابخانەی میلیتۆس وەک، قووتابخانەیەکی ڕۆژئاوایی و مووتربەکراوی ڕۆژهەڵاتی لەجوگرافیایی سەر خاکێکی یەکلای نەکراوە، لێی بڕوواندرێت.




تڕاژیدیای گوێزانەوە لە شیعری ژیان لە موسافیرخانەدا.. لێکۆڵینەوە: عەلی شێخ عومەر

گەر تێشووی دەق لە ڕێگای گومانەوە، نهێنی گەشتێکی یەقینی هەڵگرتبێ، بییەوێت بگات بە ویستگەیەک، وەرگر ئاڵودەی پرسیارێ بکات، ئایا تا چ ئاستێ نووسینی شیعر و ئەدەب لە ژیانەوە نزیکن! ئایا هەردووکیان بە جۆرێک لە جۆرەکان بە دوای نەمریدا ناگەڕێن! ئایا نووسین دەرخەی مانەوەی یەقین نییە! سڕکردن و تیمارکردنی ئازارەکانی گومان نییە، سیحری ونبوونێکی کارامەش نییە، دۆزینەوەی خود نیشتەجێبوونی لەنێو پێدراوەکانی دەق دا، ئایا ئەزموونی کردنەوەی سەرجەم ئەو دەرگاو دەروازانەنین کە بنووس بە دەقەوە گرێدەدات! ئایا لە دەنگی سادەی دەقەوە ئاوێزانی سەدایی ئالۆزو ڕۆحی دووەمی نووسەر نابین، یان لە هاوسەرگیری شیعر سەفەردا، لەنێو کردەی ڕێککەوتنی نێوان نووسەرو وەرگردا، ناکەوینە نێو دەرهاویشتەکانی یەقین و گومان، ژیان و مردن، بیرۆکەی هەڵگرتنی تێشووی سەفەرێک لە مووسافرخانەی ژیاندا، لە وێنەیەکدا ڕەتووش ناکرێت، لە دوالیزمەی هاودژەکاندا تڕاژیدیای گوێزانەوە لە شوێنەوە بۆ ناشوێن، لە وێنەوە بۆ ئاوێنە، فشارێک ناخاتە سەر فاکتەرەکانی ئاسۆی بوون، لەنێو سروشت و خەون دا، تێڕامان و قەیرانی هاوکێشەیەک دروستناکات، هەڵبەت پێداچوونەوەی خەون و بەرجەستەکردنی لە داکەوتەکانی بەردەست دا، مونتاج کردنی فاکتەکانی ژیانە، زەقکردنەوەی ڕێساکانی مردنە، لەنێو خود دا وێنە و ڕەنگدانەوەی خۆی دەبێت، ئایا نمایشکردنی وێنە لەنێو ئاوێنەدا، بەسە بۆ ناساندنی خودی شاعیر، کاتێ هیچگەرای ژیان وەک سەفەرێک، ڕێگای ئەوەی لێدەگرێت خود بە نەمری لەنێو دەقدا ببینێت، هەڵاتن لە پرسیارەکانی جێگیربوون لەنێو دەقی شیعر و شوێندا، دەتوانێ لە ناشوێندا وەڵامی پرسیارەکانی گومان بداتەوە، بۆ دەژین ئەی بۆ دەمرین، بۆ دەنووسین، لە زیندگیدا هەمیشە حەزدەکەین هەوێنی بۆشاییەکانی سەفر بگرینەوە، خۆمان بنووسینەوە، بیرۆکەی سەرەکی سەفەرکردن، گەر خۆ جیاکردنەوە نەبێت لەوانی تر، ئەءا گەشتێکە بۆ خۆ دۆزینەوەی وێنەیەک، زیاتر لەو وێنیەیەی لە ئاوێنەی گەشتەکەیدا، خۆمان بەدی دەکەین، شیعری “ژیان لە موسافیرخانەدا”1، شیعرێکی نایابی “موحسین ئاوارە” یە، ئەم شیعرە لە نۆ کۆپلە پێکهاتووە، هەر لە ناونیشانەکەیەوە، بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لەتەک ژیاندا دەکات، ئاماژە بە خەسڵەتی بێ لایەنی شوێندەکات، پابەندنەبوونی خود بەپێی بنەماکانی هاوشێوەبوون، دەکاتە جەمسەری جیاوازی لە تێڕوانیندا، جووڵەی ڕاستەوخۆی خود بە ئاڕاستەی شوێن دەبێتە ڕەهەندێکی زیندوو، لە بیرەوەری شاعیر و لە زمانی شیعریدا شوێنی خۆی دەگرێت، زمانی شیعری خۆی لە خۆیدا، لەنێو زمانی سواوی ڕۆژانەدا گەشتێکە، پارادۆکسێ لە دژی دەستەمۆکردنی شوێن لە دۆگما دا فەراهەمدەکات، ژیان لە موسافیرخانە دا پۆلینکردنی شوێنە، دەرخەی وێنەیەکی تری شوێنە، لە جوگرافیایی خۆیدا دەتوانێ ئاسەوار و تێڕوانین و سنووری دەقی شیعری ئاسایی تێپەڕێنێ، کێشەی سنووری دەقی شیعری، سنووری وێنەی خود و ئاوێنە پێکەوە ببەستێ، گوێنەدانی خود بۆ سروشتی سەفەر، خۆ نەبینینی جیاواز، جۆرێک نییە لە مردن، گیرسانەوە بە هەستێکەوە، بە تاقە شوێنێکەوە، لێکەوتەی چ پەرچەکردارێ لە گووتاری شیعری “موحسین ئاوارە”دا فەراهەمدەکات، چۆن چۆنی لەنێو تێکستدا ئەو فێگەرانە دەخاتە سەرپشت، کە خۆی تێدا شاردووەتەوە، بەڕیزە پەیوەندییەکی دەلالیەوە دەورووخولی ئەو وێنانە دەدات، کە مانا لە ناوەڕۆک، پرسیار لە وەڵام، بنیاد لە هەڵوەشاندنەوە بەرهەمدەهێنێ، بۆ داگەڕان بە نێو دنیای شیعری “ژیان لە موسافیرخانە”دا هەر لە ناونیشانەکەیەوە، لەنێو کردەی ڕێکەوتنی نێوان نووسەرو وەرگردا، ئامبازی ئاخنینی کلیلی کردنەوەی دەروازەکانی دەق دەبین، بەرکەوتنێ لەنێوان دوو شتی جیاوازدا دەکەین، لە پتەوکردنی پەیوەندییەکدا، یەکتر تەواودەکەن، ڕەنگدانەوەی ژیان وەک بگۆڕێ، لە شوێنێکدا هاوشان لە تەکیدا دەگۆڕێ، هیچ مۆرک و پابەندبوون و شووناسێک هەڵناگرێ، نە خاوەن پێشگرێکە، نە پاشگرێک لە دوای خۆی بە جێدەهێڵێت، موسافرخانە چیرۆکی درزێکە، هەوێنی گومانێک، ڕیرەوی ناجێگیرییەک دەخاتە ڕیزی بوونێکەوە، لە دیاردەی نامۆبووندا، ناتوانێ لە خودی شاعیردا تێزی دڵنەوایی دروستبکات، هەمیشە هەستێکی جیاکەرەوە هەیە، پەیامداری لە کارڕایی گەشت، ژیان لە مردن، دنیای واقیع لە خەیاڵ جیادەکاتەوە، لە ناونیشانەکەوە، درک بەوە جیاکارییە نێوان واقیع و خەیاڵ دەکەین، کاروان عومەرکاکە سوور لە شوێنێکدا دەڵێت “ناونیشان خاڵی جیاکردنەوەی نێوان واقیع و خەیاڵە”2 دژوار نییە بۆ پێشچاوخستن، جێگرتنی دەق، ئاماژە بە دەستبژێری چەند کۆپلەیەک بکەین، هەر لە سەرەتاوە شاعیر بەم جۆرە دەرگای دەقە شیعرییەکەیمان بۆ واڵا دەکات، دەڵێت:

ژیانێک بۆ ڕەوت و سەفر
چراکەی داگیرساوە
بە بەهارستانی ویستگە و بازگەکاندا تێپەڕ دەبێ
تا لە دوا بازگەی مەرگەساتەکەدا
چراکەی لێ وەردەگرن و دەیکوژێننەوە
لە تاریکی وەردەپێچن و دەینێرنەوە ! !

بە شێوازێکی ئەبستراکت، دوور لە دیاردەکانی نەرسیسی شاعیرانە، هاوشان لەتەک دنیایی ڕیالیزمدا، “موحسین ئاوارە”ی شاعیر وەک ئاماژەیەک باس لە دۆخی مرۆڤ دەکات، لە کێشانی وێنەیەکی خۆیدا، ناتوانێ خۆی لەو وێنەیە جیاکاتەوە، کە لە ئاوێنەی بێهودەییدا دەدرەوشێتەوە، جیاکارییەکی وەها بەهێز لەنێوان گەشتەکەی و کۆتاییەکانی ژیاندا نابینێ، بیرکردنەوەی شاعیر بوونێکی بریندارە، ئەزموونی ئەم برینداربوونە لە ئاست پێوەرەکانی سەقامگیری و جێگیربووندا، درزێک لەتەک ژیاندا دروستدەکات، لە وێنەیەکدا پارادۆکسێ لەتەک ئەو هێزە پەیدا دەکات، کە لە دوو دیوی یەک دیاردەدا، هەوێنی ترس و گومانێک لە داگیرسان و کوژاندنەوەی ئەو چرایەدا دەگرێتەوە، لە یەک کاتدا هەم هێمایە بۆ بەردەوامی مانەوەوەی ژیان، هەم بۆ کوژاندنەوە، هەموو هەبوونێک تۆی نەبوونی خۆی هەڵدەگرێت، زەقکردنەوەی کێشەکە، خۆی لە هاوشێوەبوونێکی ئەو وێنەیەدا دەبینێ، بەم کردەیەش شاعیر لێکچواندنێ لەنێوان ڕۆحی خۆی و چراکەدا دەستبەردەکات، لە هەمان کاتدا، شاعیر لە بارودۆخێکی دەروونیدا، بە چەمکی ڕیاڵی “لاکان”ی گوزارشت لە داکەوتێک دەکات، هەڵبەت سیستەمی “لاکان”ی بەم جۆرە باس لە ڕیاڵ دەکات و دەڵێت “ڕیاڵ ئەو جێگایەیە، کە نە خەیاڵ، نە ئاماژە، نە زمان، نە دەسەڵات تێدا ئیشناکەن”3، ئێمە لێرەدا لە بەردەم سیستەمێکین بژاردەی تێدا نییە، ساتە خۆشەکان تەمەن، وەرزە کورتە سەوزەکەی سروشت، کە لە بەهاردا خۆی نمایشدەکات، وەک حەزو بگۆڕێک، بە ناچاری دەبێ لەنێو لەمپەڕو ویستگە نەگۆڕەکان دا تێپەڕێت، لە پڕکردنەوەی درزی نەگۆڕەکاندا، بازگە نموونەیەکی گونجاوە بۆ شکستهێنان، هەڵبەت زنجیرەی پچڕانی خۆشییەکان هەمە ڕەنگن، هەمیشە لە سنوورێکدا جێگیرنین، لە گەمەی شاردنەوەو گەڕاندا، لە کۆتایی چاوشارکێی مردن و ژیاندا، ڕزگاری نابێ، لە کۆتایی دوا بازگەدا، دەستپێشخەری دوا ئەجیندای ڕادەستبوونی زۆرەملێ دەستپێدەکات، ڕادەستبوون بە گوێزانەوەی وێنەی زیندووەوە بۆ ئاوێنەی مردوو، لە ڕووناکییەوە بۆ تاریکی، لە داگیرسانەوە بۆ کوژاندنەوە، جوڵانەوە لە ژیان دا، لە ویستگەی یەکەمی گەشتەکەیەوە کارەساتی پەکخستنی بگۆڕەکانە لەنێو نەگۆڕەکان، کوشتنی دنیایی خۆشییەکانە لەنێو چاوەڕوانییەک، لە پڕ لە دوا بازگەدا لێت دەسەنرێتەوە، لێسەندنەوەی چاوەروانی لێسەندنەوەی هیوایە، جێگیربوونییەتی لە جەستەی ڕیاڵ دا، دەرکردنی ڕۆحی خەیاڵە، بە مردن کۆتایی دێ کە لە پەڕگەی یاخبوونەوە لەناوکۆی سیستەمێکی داخراوی ڕادەستبوون دا دەجوڵێتەوە، لە جوڵاندنەوەی مردندا، ژیان دەوەستێ، گومان نامێنێ، چاوەڕوانی کۆتایی پێدێ، سڕینەوەی وێنەی خود لەنێو ئاوێنەی بێهوودەییدا دەبێتە درزێک، ژیان لە مردن، یاخیبوون لە چاوەڕوانی، ویستگە لە بازگە جیادەکاتەوە، لەنێو ئەم جیابوونەوەیەدا، شاعیر بە جۆرێکی پاسیڤ، ئاماژە بە ستراکتۆری دەقە شیعرییەکەی دەدات، لە کۆپلەیەکی دیکەی هۆنراوەکەیدا، لە دەروشاندنەوەی گۆشەنیگایەکی شاعیرانەوە لە بەرانبەر ژیاندا، پەیامە بەرزەکەی ئەدەب ئاشکرا دەکات، دەڵێت:

ڕۆژێ دێ و .
(ئەو) بە دوامدا ڕادەکا و هاوار دەکات
ئاوڕێکم لێ بەرەوە
دەفتەری بیرەوەریت لە لای من جێماوە
کەچی من
بەسەر باڵی سیمرخی تیژ ڕەوی مەرگەوە
تیژ تیژ تێدەپەرم
کاتێ زانی ناگاتە من و منی لێ بزر بووە
بێهودە و نائومێد دەگەڕێتەوە
ئەوە کێ یە؟ !
(ژیان)
دەرخەی کرۆکی ئەدەبی لە ڕووبەرێکدا لەنگەردەگرێ، تایبەتمەندی تاک لە وێنئارای ڕاستینەیەک نیشاندەدات، کە پێکهاتەی ئەدەب جومگەکانی هاوشێوەبوون، پارادۆکسێ لەتەک دامەزراوەکانی دەرەوەی خۆیدا دروستدەکات، شاعیر سیلەی ئەم پێدراوە دەکاتە دەرچەی بیرۆکەو هەستی جیاواز، لە کردەیەکی گرتنەخۆیدا، قسەکردن و داگەڕان لەسەر دۆخی مرۆڤدا دەکات، لە دنیادا گرنگی دەقی ئەدەبی، بە تایبەت شیعر، لەوەدایە، شاعیران بۆ گەیاندنی پەیامەکەیان ناتوانن ڕووداوەکانی واقیع وەک خۆیان بگێڕنەوە، بەم پێودانە “موحسین ئاوارە” لە هەڵڕژانێکی هەمەکیدا، پەنا دەباتە بەر ڕەگەزەکانی خەیاڵ و فانتازیا، هەر لێرەوە، شاعیر لە گێڕانەوەی تێڕوانینی بۆ واقیعی ژیان، لە ڕیگای منی بکەرەوە پێداگری لەسەر ئەگەری ئەدەبێک دەکات، گومانەکانی ترسی مردن، هەستە سادەکانی نێو واقیع بچووک دەکاتەوە، خۆیی پێی گەورە دەبێ، لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە، بەرکەوتنێک لەتەک هەستە سادەکانییدا ڕەتدەکاتەوە، لە شوێنێک دا بە لاپرەسەنییکەوە پێدراوەکانی واقیع بەجێدەهێڵێ، ئاوێزانی دنیا بەرفراوانەکەی جەوهەری ئەدەب دەبێت، هەر سەبارەت بەم بۆچوونە “بەختیار عەلی” لە شوێنێکدا دەڵێت “جەوهەری ئەدەب وەک شوێنێک کە تێیدا هەستە سادەکان، ڕەهەندە ڕاستەوخۆ و پێدراوەکەی واقیع بە جێدەهێڵین”4، هەڵبەت لەنێوان ئێستای دەق و ئایندەی ڕۆژێ دێ، ئەو بۆشاییە لەنێودەبات کە هەرگیز منی شاعیر، بە ئەوی ترەوە نالکێنێ، هەرچەندە وێنەی من بوون، هیچ نییە، جگە لە گەڕانەوە و تەماشاکردنی ئەو ئاوێنەیی ئەویتر لە یادەوەریەکانیدا مانایەک هەڵدەگرێ، ئەمی شاعیر بێ سڕینەوەی ئەو مانایەی لە بیرەوەریدا ئەرشیفکراوە، ناتوانی لە ئاست نەرسیسی شاعیریدا خۆی بەسەرکەوتوو بەدیکات، ئەم خۆبینینەی منی شاعیر، لە ئاست نسکۆو پێدراوەکانی بێهوودەی ئەوی ژیان دا لادانێکە لە چەمکی یەک ڕەهەندی ماناو و خوێندنەوە، کە ئەمی شاعیر بە ئەوی واقیعەوە گرێدەدات، نە پەڕینەوە، نە بازدانی تێدایە، گوزارشتکردن لە ناسینی ئەوی دۆگما، گەڕانەوە نییە بۆ ئاشتەوایی و بەرکەوتن، بەڵکو هاوتەریبێکە، دەرخستنی یاخیبوونێکی بوونەگەراییە، پاراستنی شووناس و دۆزی مانەوەیە، ڕادەستنەبوونی ئەدەبە، بە جۆرێک شاعیر لە ڕێگای خەیاڵ و فانتازیا دا، بریاری ئەوە دەدات، خۆی لە دەست وپەیوەندییەکانی واقیعی ئەوی ژیان ڕزگاربکات، پێادەکردنی خەیاڵ، نزیکبوونەوە لە خود، ئاوێتەبوون لە دنیای شیعرو توانەوە لەنێو ئیستێتیکا، دوورکەوتنەوەو پچڕاندنە لە ڕایەڵە دزیوەکانی ئەوی ژیان، هەستی پێشگری گۆشەگیری گووتاری یاخیبوونە لە ئەوی پاشگری ژیان، ئەم پێشگرو پاشگرە لە ململانییەکی هاوتەریبدان، هیچ کات بەیەک ناگەن، وێناکردنی ئەوی ژیان، بە ڕاناوی کەسی یەکەمی تاکی نائامادە، لە چەمکی فانتازیادا فاکتەرێکی گونجاوە بۆ کرانەوەی ئاسۆکانی دەق بەڕووی وەرگردا، لە ڕیچکەی چەمکی فانتازیاوە شاعیر پەیوەندییەکانی بە ئەوی ژیان و شتەکانەوە دەگۆڕێت، لە گرتەیەکدا حزوری منی قسەکەری شاعیر، بەر لە خوێندنەوەی هۆنراوەکە، بوونی نییە، ئەوە کردەی خوێندنەوەی وەرگرە، منێکی نۆیی شایستە بە ئەدەب فەراهەمدەکات، منێک کە لە چەقگەرایی دەسەڵات و ئەزموونی هەستە سادەکانی ئەوی نائامادە دا خۆی ڕزگاردەکات، کە چیتر ئەمی شاعیر نابزوێنێ، بەرکەوتنی لەتەکدا ناکات، گوێ لە هاوارەکانی ناگرێ، ئاوڕی لێناداتەوە، هەرچەندە گووتاری شیعری پێ لە حەقیقەتی نەهێنی دەفتەری بیرەوەریەکان دەنێ، کە وەک شایەد حاڵ و بەڵگەیەک لای ئەوی نائامادە لە دنیایەک بەجێماوە، کە هیچ ڕەهەندی تازەی پێ نییە، وێنەی شیعری بگەیەنێتە ئەندێشەو سۆز، هەڵچوون لە خوڵقاندنی وێنەیەکی نوێدا، جیابوونەوەو جیاوازییەکی تۆکمە هەیە بە دیوێک لەنێوان تێڕوانینی منی شاعیر لە داڕشتنەوەی دونیا بە شێوەیەکی دیکە، بە دیوێکی تر دەرخستنی حەقیقەتی ئەوی ژیانە، لە درککردنی ئەو جیاوازییە، نەبوونی هاوسەنگی لەنێوانیاندا، شاعیر پەنا بۆ باڵندەیەکی ئەفسانی دەبات، سیمرخ دەکاتە هێمایەکی ئەکتیف، تەژی بە ئومێد، بە نەمری، لە کۆدەنگی پێشبڕکێیەکی هەستییدا، ڕوونان لە پیادەکردنی فانتازیا، دەتوانێ گریمانەی پێشوەختی ماهییەتی شیعری سەرخات، دژوارە ئەوی ژیان پێی بگات، دنیایی ئەدەب وەک واقیعی ژیان شکست و خرتوخاو نییە، تێڕوانینی سادەنییە، بۆیە لە چوارچێوەی فانتازیادا، تێکەڵی دنیای ئەدەب دەبێت، کە هاوشێوەبوون لەتەک پێدراوەکانی دونیایی دەرەوەدا، دروستناکات، وەک نووسەرێکی کارامە، یاخی، لە ڕیساکانی ژیان نارەزاییە، شاعیر لە ڕێگای وێناکردنی هەست و خەیاڵەوە، ئاوێتەی دەقە شیعرییەکەی بووە، لەنێویدا دەژی، لەم کۆپلەیەدا، “موحسین ئاوارە” پێچەوانەی کۆپلەکەی پێشوو، ئەو بەدحاڵیبوونە ڕاستدەکاتەوە، دەتوانێ وێنەی نەرسیسی خۆی لە ئاوێنەی بێهوودەیی جیاکاتەوە، تیژرەو بەسەر ئاستانەکانی مەرگدا تێپەڕێ، سنووری شاردنەوەو گەڕان، ونبوون ودۆزینەوەی ئەو گەمەیە، ببەزێنێ کە لە ژێر ڕیساکانی یەک ئاسماندا بۆی کێشراوە، چیتر تێزی شیعربوون لە تەنگەژەیی گیربووندا ناسرەوێ، بەڵکو لە دەرهەستەکی فانتازیدا، بەسەر باڵی سیمرخەوە سیمرخ ئاسا، لە مردن و سووتانی خۆیدا، سەر لەنوێ زیندوو دەبێتەوە بە نەمری دەمێنێتەوە، نووسینی هەر دەقێکی ئەدەبی، دەرهاویشتەی مردنی واقیعێکی ژیانە، نەمری لە دووی خۆی بەجێدەهێڵێت، باڵابوون و فراوانکردنی ئاسۆکانی دیدەی شیعریی، بانگەشەی پۆلینکردنی بەهرەی منی شاعیرە، گەشەسەندنێکی ناوەخنی خودە، دەروشانەوەی منێکی لێدەکەوێتەوە کە چیتر نایەوێت، ئەوی ژیان، لە ئاوێنەی بێهوودەیی دا بدۆزێتەوە، نە دەیناسێت، نەپێیدەگات، ئەوە جێهێشتن و جیاکردنەوەی ئەو وێنەیەی ژیانە، کە لەتەک وێنەی نەرسیسی خود دا لە دنیایی شیعردا یەکنایەتەوە، کە لە دەسپێک و کۆتایی کۆپلە شیعریەکەیدا، بە هەژاری، بە سادە تێڕوانین لەنێو دوو کەوانەدا، بە مردن و بە ڕەهەندەکانی بێئومیدی داخراون، ناتوانن خۆیان لە فانتازیا و ئەدەبی ڕاستەقینەدا زیندووبکەنەوە، بۆیە شاعیر چیتر نایاناسێت، دەکەونە دەرەوەی بازنەی فانتازیا، لەتەک خەیاڵدا لێکەوتن ئەنجام نادات، لەنێو دوو کەوانەدا دیاریدەکات، بە سەرسووڕمانەوە دەڵێت ئەوە کێیە ژیانە، بەرپرسی شاعیر لە پرسی چیگووتن و جوانگووتندا، لە گەشتە شیعرییەکەیدا لە دیمەنێکی ناوازەدا، بە چاوگێڕانەوەیەکی نێو موسافیرخانە، لە ڕیچکەی لادانی واتاییەوە، لە گرتەیەکدا ئەدگارەکانی لێکچواندن و خواستن دستبەردەکات، دەڵێت:
قفڵی داخراو، بە کلیل دەڵێ
وەرە بخزیوە نێو گیانمەوە
بسوورێ بە نێو بەنی هەناومەوە
با رووناکی بگەڕێتەوە ئەو ژوورەی لە تاریکی ترساوە
پاڵکەوتووانی هەڵسنەوە سەر پێ
چیتر باویشک نەدەن لە نێو جێ
ئەی ئەوانەی دۆستی چرا و گوڵ و خۆرن
ئێوە لەگەڵ تاوان و بەدگۆیدا ناجۆرن !!
گەر وێنەی ئەدەب، شیعر بە تایبەت، ڕەنگدانەوەی وێنەی ئەوی ژیان بێت لە منی شاعیردا، دڵەڕاوکێ و بێهودەیی لێبکەوێتەوە، مانەوەی ژیان بەم شێوەیە لە خود دا یەکنایەتەوە، نە لەتەک ناسنامەی شیعرەکەو ناونیشانەکەی، نە لەگەڵ چەمکی گشت و سەفەرکردندا، سەفەرکردن داخراو نییە لە شوێنێکدا، بەڵکو پرۆسەی گەڕان و گۆڕین و کرانەوەیە بە ڕووی دنیا دا، ئەزموونی تازەیەی دەوێت، خۆ تەکاندنە لە گەردو تۆزی ڕابردوو، خۆپاککردنەوەیی دەروونە، ئیلهامە، تیمارکردنی نەرسیسی بریندارە، “موحسین ئاوارە” زیرەکانە لە ڕێگای “خوازەی ژیرییەوە” مامڵەی لەگەڵدا دەکات، “خوازەی ژیرەیی” هەر وەک عبدولعەزیز عەتیق دەڵێت “بریتییە لە دانەپاڵی کار، یان هەرشتێکی دی کە هاوتای کارەکە بێت، جگە لەوەی بۆی دانراوە”5، خۆنووساندنی شاعیر بەم سیلەنیگایەوە، پێدزێکی لەبارە بۆ گوزارشتکردن، لەو ئاخاوتنەی کە دەتوانێ ئەو واتا باوانە تێپەڕێنێ کە پێی ناسراون، مانایەکی دیکە بخاتە سەر واتاکە کە هەڵگری وشە بەکارهێنراوەکەیە، لە وێنەیەکدا بە کردەی دانەپاڵ لە بەکارهێنانی خوازە بەپەیوەندی ئامێری، وشەی قفڵ بەکاردەهێنێ، قفڵ بنڕێژی هێمای نیشانکەرێکە”دالە” ئاماژە بە بنیادی جوومگەکانی گووتاری هۆنراوەی داخراو دەکات، بە دیوێک قفڵ وەک نیشانکەرێک وێنەی خۆیەتی، نەرسیس و بەهرەی شیعری بە نیشانکراوی”مەدلول” نەبێ کە کلیلە ناتوانێ خۆی لە وێنەکە جیاکاتەوە، بە دیوێکی تر، بە بەکارهێنانی کلیل، گومان بە یەقینەوە پەیوەستدەکات، گووتاری هۆنراوەکەی بە ئاخنینی کلیل لەنێو قفڵ دا دەکاتەوە، کلیل وەک نیشانکراوێک بانگەشەی کارکردنێکی ئەکتیڤی خەیاڵ و فانتازیایە، پەڕینەوەیە لە واقیعی داخراو، بۆ خەیاڵ و خەونی بەربڵاو، ئەوە قفڵی داخراوی واقیعە، ئاخاوتن لەتەک کلیلی ڕزگارکەری خەیاڵ دەکات، ئەوە خودی دەقە، گوزارشت لە تەنیایی خۆی دەکات، وێنەی خۆی لە ئاوێنەی واقیع جیادەکاتەوە، بە کلیل دەڵێت وەرە ناو منی شاعیرەوە، تا لە ئەوی تر جیابمەوە، پۆلگرتنی ئومێد لە ئێستای زەمەنی نووسینی شیعردا، بەرخوازێکە، هێشتا نە هاتووەتە دی، ئەگەری شوێنێک لە بۆشاییەکانی دەقدا فەراهەمدەکات، دەروشانەوەی خەیاڵ دەکاتە بزوێنەری گەڕانەوەی ئومێدێک کە لەچوارچێوەی فاکتێک دا، ڕووناکی دەبەخشێت، لەنێو نەستی شاعیردا یەقدەداتەوە، گووتاری ئەوی دیی هەڵدەگرێ، کە پێشتر ئامبازی تاریکی بووە، سڵی لێکردووە، نائارامی پێ بەخشییوە، تاریکی ترس و نارەحەتییە، شاعیر لە کرانەوەیەکی بژوێنەردا، وەک نووسەرێک، لەنێو کردەی نووسیندا، بەدیوێک بیر لە پێگەی خۆیدەکاتەوە، ووریا دەبێتەوە، بەدیوێکی دیکە، بیر لە بەشێک دەکاتەوە کە موسافیری نێو دەقی سەرکەوتوو نین، بێئاگان لە سەفرەکەی نووسەر، بە حسێبی وەرگر، بنووس داوای ووریابوونەوەو هۆشیاریان لێدەکات، دەق شوێنی ئەوەی تێدا نییە، تێیدا بخەویت یان باوێشک بدەیت، لە کۆتایی دەستبژێرێک دا، ئەو وەرگرانە، بۆشاییە تاریکەکانی واقیع بە خەیاڵ و فانتازیا پڕدەکەنەوە، بە کاریگەری تەمەڵی و پاشکۆکانی، گەشتی سەفرەکەی ئەدەب، لە ڕێساکانی نووسەر، وەرگرو دەق تێکنادەن، لەنێو خودی هۆشیارییەوە، ئاشق و مەئشوقی سروشت و ڕووناکی و خۆرن، کە هەردووکیان بە جووتە دوو دیوی یەک دونیان، کە لەتەک تاریکی و ناپاکی دا یەکنایتەوە، کاتێ بەم ڕێچکەیە لە ڕێگای دەقەوە وەرگر ئاگادار دەکاتەوە، لە گومانەوە دەیانپەڕێنێتەوە بۆ یەقین، لە تاریکییەوە بۆ ڕووناکی، لە داخرانی دەقەوە بۆ کرانەوە، لە تاک ڕەهەندییەوە بۆ فرە ڕەهەندی، پەیگیری وەرگر بەم ڕێرەوە، پارادۆکسێ لەتەک چەمکی تێنەگەیشتن لە دەقدا دروستدەکات، کە شاعیربە تاوان و بەدگۆیی دەیخوێنێتەوە.

ئابی 2022

——————————
ژێدەرەکان
1 ـ موحسین ئاوارە ـ عەترێکەو لەنەوەی گوڵخانە ـ چاپخانەی ڕۆژهەڵات ـ هەولێرـ ساڵ 2019 ـ لاپەڕە 12
2 ـ کاروان عومەر کاکەسوور، دواڕۆژ کاکەسوورـ سوارەکان بە قاچاغ بووکیان گواستەوە (ڕۆمان) ـ چاپخانەی ڕۆشنبیری ـ هەولێرـ ساڵ 2011 ـ لاپەڕە 9
3 ـ بەختیار عەلی ـ جوانییەکانی ناڕێکی ـ چاپخانەی تاران ـ چاپی یەکەم ـ ناوەندی ڕۆشنبیری ئەندێشە ـ سلێمانی ـ لاپەڕە 89
4 ـ بەختیار عەلی ـ زنجیرەکانی دۆنکیشۆت ـ چاپخانەی ئەڵوەن ـ چاپی یەکەم ـ ناوەندی ڕۆشنبیری ڕهەند ـ سلێمانی ـ لاپەڕە 154
5 ـ ئیدریس مەحەمەد رەزا ـ وێنەی شیعری لە دیوانی “تەمەن”ی ئەحمەد مەحەمەد داـ چاپخانەی چوارچرا ـ چاپی یەکەم ـ هەولێرـ سال 2021 ـ لاپەڕ 98




فەلسەفەی ئیسلامی لە سەرەتاوە تا سەردەم.. ئولریش ڕودۆلف

ئولریش ڕودۆلف
کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە


سێیەم پرۆژە: ئەبو ناسر ئەلفارابى

پرۆگرامەکەى ڕازى بوێرانە بوو و تێڕوانینی نوێى بۆ فەلسەفە ئاوەڵا کرد. کندى کارایی فەلسەفەی وەک خزمەتکارى دۆگم دیاری کرد، وەلێ ئێستا هەڵسەنگاندنەکە وەرچەرخێنرا و گۆترا کە فەلسەفە بەسەر هەموو هزرێکی ئایینییانە ئیلهامپێدراودا باڵادەستە و هەروەها تاکە ڕێگەی ناسینى ڕاستییە. سەرەڕای ئەوە هەردوو کۆنسێپتە تیۆرییەکە لایەنێکى هاوبەشیان هەبوو: هەردووکیان کێماسی بناغەڕشتنێکی ئەوتۆیان هەبوو کە مێتۆدیانە تەواو تۆکمە بێت بۆ ساغکردنەوە دوورهاوێژەکانیان. ئاخر نە کندى و نە ڕازى کۆنسێپتێکى گشتگیرى هێرمینیۆتیکییان نەخستە بەردەم کە لێوەى خویا ببووایە، داخۆ مۆرکی تایبەتى مەئریفەی فەلسەفەیى لە بنەڕەتدا چی بێت و داخۆ چە پەیوەندییەکى بە فۆرمەکانى دیکەى هزر و تێگەیشتنەوە (سروش، تیۆلۆگى، یاساناسى و هتد) هەبێت کە ئەوانیش هاوشێوەی ئەو داواکارییان بۆ ڕاستى بەرز کردۆتەوە.
سەرەتا ئەبو ناسر ئەلفارابى (870-950) ئەم جۆرە پرسیارە بناغەییانەى هێنایە بەر باس. بێگومان ئەمیش هاوشێوەى ڕازى جەختی لە باڵادەستیى فەلسەفە کرد، وەلێ هەروەها ڕێگەى بۆ ئەوەش دۆزییەوە کە نەک تەنیا ئەو تێڕوانینە وەک گریمانە بچەسپێنێت، بەڵکو هەروەها بناغەی بڕێژێت، ئەوەش بە هزرینی قووڵ لە شیمانە جیاوازەکانى مەئریفەی مرۆڤ. جگە لەوە کارکردنى فارابیش لە سەردەمێکدا بوو کە هێشتا هەر بەرهەمگەلى ئەنتیکە بۆ ئەرەبى وەردەگێڕران، بەڵێ تەنانەت خۆى لەم پرۆسەیەدا بەشداریى کرد، چونکە چەند ساڵێکى زۆرى لەنێو ئەڵقەیەکى هزرڤانانى بەغدادیدا بەسەر برد (و زۆرینەیان کریست بوون، لەوانە یوحەننا ئیبن حەیلان و ئەبو بیشر مەتتا)، کە تێکستى فەلسەفەییان (ئێستا بەئاسایی لە سریانییەوە) وەردەگێڕا و بەقووڵى دانوستان دەکرد. باوەجو ئێستا پێگەی فارابى پەیوەند بە میراتەکەى ئەنتیکەوە چیدى هاوشێوەى پێگەى فەیلەسوفانى پێش خۆى نەبوو، چونکە ئەوان، وەک بینیمان، هەر یەکەیان تەنیا کەرتی تایبەتیى ئەو میراتە فراوانەی ناسى بوو (کندى بەتایبەتى تاکە کاری ئەڕیستۆتێلى و نوێپلاتۆنی، ڕازیش خوێندنەوەى پلاتۆن ی لای پزیشکەکان ناسیبوو). وەلێ ئێستا فارابى بە پێچەوانەی ئەوانەوە چاوی بە سەرجەمى ئەو میراتەدا دەخشاند کە بە ئەرەبى لە بەردەستدا بوو، ئەوەش کۆتێکستێکی (کۆرپوسێکى) فراوانى نووسین بوو: لە ڕاستیدا سەرجەم ئەڕیستۆتێلیس و ڕاڤەگەلی نووسینەکانی کە ئالێکساندەرى ئەفرۆدیسیاسى، پۆرفیریۆس، تێمیستیۆس، ئاممۆنیۆس، یۆهانس فیلۆپۆنۆس و کەسانى دیکە ئەنجامیان دابوون؛ ئەوجا هەڵبژاردەیەکی پلاتۆن کە زۆر جار شوێنکەوتووەکانی لە ئەنتیکەى دەمەو کۆتاییدا گەیاندبوویان؛ پاشان نوێپلاتۆنیکا کە پێشتر ناومان برد، لێرەشدا بەتایبەتى “تیۆلۆگیى ئەڕیستۆتێلیس”؛ جگە لەوە ژمارەیەکى فرە تاکە نووسین، لەوانە (Placita Philosophorum) ى ئاێتیوس و زۆری دیکەش. ئەوە بوو ئیدی فارابى دەرفەتی بۆ ڕەخسا خۆی لەسەر ئەم بناغەیە ئامادە بکات تاکو کۆنسێپتێکی فەلسەفەیى خۆیى بخاتە بەردەم کە سیستەماتیکێتییەکەی لە سەرجەمی دەستپێکە تیۆرییەکانى پێش خۆی تێپەڕبکات و بەهێزتریش لەوان کاریگەری لەسەر گۆڕانى پتری فەلسەفە بنوێنێت.
نووسینە لۆگیکییەکانى ئەڕیستۆتێلیس (کە ناونرابوون ‘ئۆرگانۆن’ و لە ئەنتیکەی دەمەو کۆتاییەوە لەتەک ‘ڕێتۆریک’ و ‘پۆئێتیک’دا دەخوێنرایەوە) دەرچەی ئەو فەلسەفەیە بوون. فارابى بینیی کە لەم نووسینانەدا نەک تەنیا بونیادى هزرى مرۆڤ بەگونجاوی شرۆڤەکراوە، بەڵکو هەروەها وەسفکردنی ئەو فۆرمە جیاوازانەى ئەرگومێنتهێنانەوەشی ناسی کە هەموو مرۆڤێکی هزرکردوو دەتوانێت بەکاریان بهێنێت. بە دیدی فارابى سێ نووسینە ئاوەڵاکەرەکەى ئەو کۆتێکستە یەکەم ئەرک ئەنجام دەدەن و خۆیان بەدووی یەکدا بە تێگە (کاتێگۆرییەکان)، بڕیار (هێرمینیۆتیک) و دەرئەنجامگیرییەوە، واتا سیلۆگیزمەوە، خەریک دەکەن. ئەڕیستۆتێلیس سیلۆگیزمى بە تاکە فۆرمێکى چواندووى دەرئەنجامگیری دانابوو (یەکەم ئانالیتیکەکان)؛ ئەوجا دووەم ئەرک لە بەشەکانى دیکەى ‘ئۆرگانۆن’دا چارەسەر کرابوو. ئاخر، وەک فارابی دەبێژێت، ئەڕیستۆتێلیس لەم بەشانەدا ئەو جۆرە جیاوازانەى سیلۆگیزمى ڕوونکردۆتەوە کە بۆ ئێمە شیاوى پێکهێنانن و بریتین لە: دەرئەنجامگیریى دێمۆنستراتیڤ (واتا بەڵگە) کە لە پێشدانراوى مسۆگەرکراوەوە ئەنجامێکى نەشیاوى دژبێژیکردن دەخاتەوە (دووەم ئانالیتیکەکان)؛ دەرئەنجامگیریى دیالێکتیکى کە لە پێشدانراوى بەئاوەزداچووەوە، واتا ڕەوایانە لە پێشدانراوى بڕواپێکراوەوە دەردەچێت و زۆر جار بە لەگەڵ و لەدژى دانوستاندنێک گۆڕان دەبینێت (تۆپیک)؛ دەرئەنجامگیریى چەوت کە تێیدا پێشدانراوى ناڕوون و هەڵەى لۆگیکییانە بەکاردەهێنرێن (دژبێژیى سۆفیستییانە)؛ دەرئەنجامگیریى ڕەوانبێژییانە کە گەرەکە بڕوا بە کەسانی ڕووتێکردوو بهێنێت و لەبەر ئەم هۆیەش لە بۆچوونى بەگشتى سەروەرەوە دەردەچێت (ڕێتۆریک)؛ ئەوجا لە کۆتاییدا دەرئەنجامگیریى پۆئێتییانە (ئەڕیستۆتێلیس ئەمیانی نەسەلماندوە) کە ئامانجەکەى ئەوەیە، لەنێو بیستەران یان خوێنەراندا پێشبینییەکى تایبەتى بهێنێتە گۆڕێ تاکو پاشان بتوانن لەو پێشبینییەوە دەرئەنجامێکى خوازراو دەربکێشن (پۆئێتیک).
هەموو ئەم جۆرانەى دەرئەنجامگیری (جگە لە دەرئەنجامگیریى چەوت) بۆ فارابى بریتین لە فۆرمى زانینى مرۆڤ و دەرخەری ئەو شێوازە جیایانەن کە تێیاندا هزرینی ئاوەزمەندانەی ئێمە توانای خۆدەربڕینی هەیە. سەرەڕای ئەوە فارابى نابێژێت کە ئەو لە خوێندنەوەى تێکستەکانى ئەڕیستۆتێلیسدا تەنیا فێرى ئەوە بووبێت، بەڵکو هەنگاوێکى دى دەنێت و دەبێژێت، هەر جۆرێکی دەرئەنجامگیری کە لە ‘ئۆرگانۆن’دا شرۆڤە دەکرێت، بە جۆرێکى تایبەتیى زانست دەگونجێت، ئەمەش دەرفەتی بۆ دەڕەخسێنێت تاکو سیستەماتیکییانە میراتە جیاوازەکانى زانین (بە گەڕاندنەوەیان بۆ ‘ئۆرگانۆن’) پێکەوە بلکێنێت و هاوکات (بە دانانیان لەپاڵ بەشى جیاوازى ‘ئۆرگانۆن’دا) چۆنێتییانە لە یەکدی جیایان بکاتەوە. هەر بەم پۆلاندنانەی فارابیدا خویا دەبێت کە جیاوازیکردنەکانى ئەو لە کۆتاییدا بە بنیاتنانی هیرارشییەک تەواو دەبن: دەرئەنجامگیریى دێمۆنستراتیڤ وەک تاکە دەرئەنجامگیرییەکی بەتوانا بۆ سەلماندنى ڕستە بەگشتى چواندووەکان، لە لایەن فارابییەوە بۆ فەلسەفە تەرخان دەکرێت، وەلێ دەرئەنجامگیریى دیالێکتیکى کە هەمیشە تەنیا بەشێکى مرۆڤان (لایەنگرانى ئایینێک، دانیشتوانى ناوچەى زمانێک) پێشدانراوەکانى دەناسێنن، وەک مۆرکى زانستە تایبەتییەکان دادەنێت (تیۆلۆگى، یاساناسى، زمانناسى و هتد)؛ لە کۆتاییدا دەرئەنجامگیرییە ڕێتۆریکى و پۆئێتیکییەکان بە هیچ شێوەیەک ناتوانن بناغەى زانست بڕێژن، چونکە ئایین کایەى بەکاربردنى ئەم دەرئەنجامگیرییانەیە، واتا، بە بەرجەستەیی ببێژین، کایەکەیان بریتییە لە تێکستى سروش کە گەرەکە، بە یاریدەى پێشبینیى هەڵبەستڤانیانە و نموونەى بڕواپێهێنی ڕەوانبێژی، مرۆڤان بەرەو ڕاستی بەرێت.
فارابى بەم تێزە ‘ئۆرگانۆن’ى هێنایە نێو جەرگەى دانوستاندنەکەوە و لە ئێستا بەدوواوە مەرجێک دانرا: کێ بییەوێت خۆی بەکارامەیی لەبارەی پرسیارەکانى فەلسەفە (درەنگتریش گۆترا: کێ بییەوێت خۆی بەکارامەیی لەبارەی پرسیارەکانى تیۆلۆگى و یاساناسی (شەریئە)) دەرببڕێت، دەبێت ئەم کۆتێکستە بناسێت. با جارێ لەم جێیەدا تێبینییەک سەبارەت بە گۆڕانەکانی ئایندە بدەین: ئەم داواکارییە بوو بە دەستپێکی خەریکبوونێکى چڕى چەندسەد ساڵى بە لۆگیکى ئەڕیستۆتێلیسەوە. بێگومان فارابى تەنیا پشتئەستوور نەبوو بەو تاکە ئەرگومێنتە کە دەتوانین وەک ئەرگومێنتێکى تیۆریى زانست دیاریى بکەین، بەڵکو بۆ مسۆگەرکردنى تێزەکەى خۆى لەمەڕ هیرارشیی فۆرمەکانى زانین، بەڵگەهێنانەوەیەکی دیکەی دایە پاڵ ئەرگومێنتەکە، وەلێ ئەمە ئێستا لە ڕوانگەیەکى مێژووییەوە. بەڵگەهێنانەوەکە لە کتێبەکەی ئەودایە بە ناونیشانى “گەردیلەکان”، کە تێیدا لەپاڵ هەندێک لێهزرینى دیکەى ڕەسەندا هەروەها کۆنسێپتێکی سەرنجراکێشى مێژوو دەخاتە بەردەم. ئەم کۆنسێپتە گەرەکە پێشانى بدات کە چۆن مرۆڤان لە ڕەوتى گۆڕانیاندا، بە جیاوازیکردن و چاکترکردنی بەردەوامی توانستە هزرمەندییەکانیان (ئینتەلەکتوێلییەکانیان)، فۆرمە جیاکانى زانینیان هێناوە گۆڕێ.
بە گۆتەى فارابى، گۆڕانى زمان سەرەتای پرۆسەکەیە. زمان هاتە ئاراوە، چونکە مروڤان لەسەر چۆنێتیى دیاریکردنى بابەتان و ڕەوشانى تایبەتى ڕێککەوتن. بەدووی ئەوەدا شیمانە جیاوازەکان بۆ بەکارهێنانى زمان ئاشکرا کران: مرۆڤ هەڵبەستى لە پەخشان، پەخشانى سادەى لە ڕەوانبێژى و هەردووکیانى لە گراماتیک کە ئێستا بۆ ڕێکخستنى فۆرمە گۆڕانپێدراوەکانى زمان داڕێژرابوو، جیاکردەوە. پاشان مرۆڤ پەرەى بە بابەتى زانست دا. ئێستا بەشە زانستییەکان سەریانهەڵدا و لە نێویاندا توانستى هزرمەندانەی دیکەش گۆڕان پێدران: سەرەتا ماتماتیک و فیزیک هاتنەئاراوە و تێیاندا پرسیار لەبارەى بناغەکان دانرا؛ بەدووی ئەواندا دیالێکتیک گۆڕانپێدرا کە فۆرمێکى باڵاترى ئەرگومێنتهێنانەوەى دامەزراند؛ پاشان پلاتۆن کە لە مێتۆدى دیالێکتیکیدا بەتواناترین بوو، پۆلیتیکی هێنایە نێوانەوە؛ وەلێ ئەڕیستۆتێلیس، تەنیا ئەو، توانیى بۆڕى پلاتۆن بداتەوە و هزرینى زانستى تەواو بکات. ئاخر ئەم لە ‘ئۆرگانۆن’ەکەی خۆی و بەتایبەتى لە ‘دووەم ئانالیتیکەکان’یدا پێشانى دا کە مرۆڤ نەک تەنیا دەتوانێت بەرگرى لە ڕەوشێک بکات، بەڵکو هەروەها دەتوانێت ئەو ڕەوشە بەبێ شیمانەى ڕەتکردنەوەی بسەلمێنێت. وەلێ ئەم مێتۆدە کراوە نییە لە بەردەم هەموواندا، بۆیە مرۆڤان دواى ئەڕیستۆتێلیس پێویستیان بە ڕێگەیەکى دیکەى ئاسانتر بۆ گەیشتن بە ڕاستى هەبوو. ئەم ڕێگەیە لە لایەن ئایینەوە، بە بەرجەستەیی ببێژین، بەڕێى پەیامهێنانەوە بە مرۆڤان بەخشرا. پەیامهێنان بۆ دەربڕینەکانی خۆیان پشت بە تێگەى گشتگیر (یونیڤێرسال – و) و بەڵگەی ئاپۆدیکتى نابەستن، بەڵکو دەگەڕێنەوە بۆ فۆرمە کۆنتر و هاوکات ڕۆشنترەکانى ئەرگومێنتهێنانەوە (بەتایبەتى بۆ هەڵبەست و ڕەوانبێژى)، تاکو ئیدی بەو شێوەیە ڕێبەرى لایەنگرانی خۆیان ڕووەو تێڕوانینى ڕاست بکەن.
بەمەش ئیدی دابەشبوونی رۆڵەکان جەختلێکراوتر دەربڕرا. ئێستا چیدی نەدەشیا ئایین ئەو جێیە بێت کە تێیدا بناغەی ڕاستى بڕێژرێت یان تەنانەت بسەلمێنرێت. نەخێر، ئەرکی پەیامهێنان بڵاوکردنەوەی ڕاستییە لەنێو هەموو ئەو مرۆڤانەدا کە تواناى سەلماندنیان نییە، بۆ ئەم مەبەستەش دەستوێژى ئەوتۆى دەربڕین بەکاردەهێنن کە هەموو یەکێک لێیان تێدەگات. ئانالۆگى و سیمبۆل و لێچواندن سەر بەو دەستوێژانەن. ئاخر، وەک چۆن لە جێیەکى کتێبەکەدا لەبارەى “گەردیلەکان” هاتووە، “ئایین … دەستوێژێکە بۆ فێرکردنى کۆمەڵى فراوان لەو پرسە تیۆرى و پراکتیکییانەدا کە پێشتر لە فەلسەفەدا هەڵهێنجراون، فێرکردنەکەش بە چەشنێکە کە بە بڕواپێهێنان (= ڕەوانبێژى) یان بە هێنانەئارای پێشبینی (= هەڵبەست) یان بەڕێى هەردووکیانەوە دەرفەتی تێگەیشتنی ئاسان بۆ مرۆڤان دەڕەخسێنرێت”.
ڕاستى (بێگومان هەمان تاکە ڕاستى نەک ڕاستیى جووتەنى کە هەندێک جار دەدرێتە پاڵ فارابی) تەنیا بەڕێى فەلسەفەوە دەسەلمێنرێت. فەلسەفە گوزارشتەکانى خۆى بە تاکە لێچواندن و سیمبۆل ڕوون ناکاتەوە، بەڵکو لە گشتێتیى تێگەدا پێشانیان دەدات، هەر بۆیە فەلسەفە زانستێکى بەشەکی (پارتیکولار) نییە کە ئیدی تەنیا لە ناوچەیەکى زمانیى یان کولتووریدا شیاوی ناساندن بێت (هاوشێوەی گراماتیک، تیۆلۆگى و هتد)، بەڵکو زانستێکى گشتگیرە (یونیڤێرساڵە) کە لە هەموو جێیەک چواندنى هەیە. بێگومان فەلسەفە لە سەراپاى جیهاندا ئەنجام نادرێت، چونکە، وەک فارابى دەبێژێت، هەمیشە ژمارەیەکى کەمى مرۆڤ دەتوانێت لێى تێبگات و پتر گۆڕانى پێبدات. ئەمە سەرەتا لە وڵاتی گریک ڕووى دا؛ لەوێ پلاتۆن و ئەڕیستۆتێلیس کاریگەر بوون و کارئاسانییە کرۆکییەکانیان ئەنجام دا. پاشان جێگرەوەکانیان درێژەیان بە دابی فەلسەفە دا، لێرەشدا قورساییە جیۆگرافییەکە لە ڕەوتى کاتدا گواستییەوە بۆ ئالێکساندریا. وەلێ ماوەیەکە چیدى لەوێش نافەلسەفێنرێت، بەڵکو فەلسەفە وێستگەیەکی دیکەى هەیە: فەلسەفە، وەک فارابى دەبێژێت و لێرەشدا زانیاریى مێژوویى و مەبەستى ڕەوایەتیدان بە خۆی پێکەوە گرێ دەدات، “لە ئالێکساندریاوە بۆ بەغداد” گواستوویەتییەوە و لە نێوەندی جیهانى ئیسلامیدا نیشتمانێکى نوێى دۆزیوەتەوە.
فارابى ئەوها بڕوا بە خۆ بوو توانیی کایەکانى دیکەى فەلسەفە پابەند بە هەمان گریمانەوە (پرێمیسەوە) گۆڕان پێبدات. ئەم کایانە لە داڕشتنەکەى ئەودا سەرجەمێک پێکدەهێنن، وەلێ سەرجەمێک کە بەئاشکرا داخوازییە بەرزکراوەکەی فارابى پێشان دەدات: ئەو سەرجەمە یەکەم “سیستەم”ى فەلسەفەییە بە زمانى ئەرەبى. بنەڕەتی سیستەمەکە بریتییە لە ئیدێى ڕێکخراوى هیرارشیانە کە لەسەر سێ ئاست وێکچووانە خۆی دەبینێتەوە: لەنێو گەردووندا، لەنێو تاکە مرۆڤدا، هەروەها لەنێو جڤاکی دەوڵەتیدا کە لە نێوان هەردووکیاندا رۆڵى نێوەندیار وەردەگرێت و فارابى واتاکەى هێندە بەرز دەنرخاند، کە ئیدی بەرهەمە سەرەکییەکەى خۆى ناو نا “پرنسیپگەلى تێڕوانینەکانى دانیشتوانى دەوڵەتى فازیل”.
ڕێکخراوى گەردوونى لە خوداوە دەکەوێتەوە. فارابى تەواو ئەڕیستۆتێلییانە ڕاڤەى خودا دەکات: خودا هۆشى کامیلە کە خودى خۆى دەهزرێنێت. وەلێ فارابى هاوکات بە پێچەوانەى ئەڕیستۆتێلیسەوە دەبێژێت، کە هزرینى خودایی تەنیا پەرچاوە (ڕێفلەکسیڤ) نییە، بەڵکو هەروەها بەبەرهەمە (پرۆدوکتیڤە). لە خوداوە هەر لە ئەزەلەوە زەینێک دێتەئاراوە کە هزرینى ڕوو لە دوو ئۆبژێکت دەکات و وەک سەرئەنجامی ئەوەش دوو کاریگەریى هەیە: زەینەکە خودا دەناسێت و بەو هۆیەوە شیمانە بۆ هاتنەئاراى زەینێکى دیکە دێتەگۆڕێ، وەلێ ئەو هەروەها خودى خۆى دەناسێت و وەک سەرئەنجامى ئەوەش دوایەمین کایەى بێئەستێرەى ئاسمانى سەرهەڵدەدات. ئەوجا ئەم ڕووداوە دووبارە دەبێتەوە، تا ئیدی ڕیزێکى پێکهاتوو لە دە زەین دێتەگۆڕێ. ئەم ڕیزە دەرفەت بۆ فارابى دەڕەخسێنێت تاکو سەرجەم کایەکانى ئاسمان کە لە گەردووندیدیى پتۆلێمیۆسیدا وەک پێشمەرج دانرابوون (لەپاڵ کایەى بێئەستێرەدا ئەستێرە سرەوتووەکان، پاشان ساتورن، یوپیتەر، مەریخ، خۆر، ڤێنوس، مێرکور، مانگ، هەن)، بداتە پاڵ زەینێکى گەردوونى (بێگومان بێجگە لە یەکەم زەینى “پەتى”). ئەم کایانە ناڕاستەوخۆ بوون بەهۆی سەرهەڵدانى جیهان (کە فارابی بە هەرە ئەزەلى (نەئافرێنراو – و) و زەروورى دایدەنێت). ئەوجا بزووتنی بازنەییانەی کایەکان و ئەو هێزانە کە لە ڕەوتی بزووتنەکاندا بەردران، بوون بەهۆى دروستبوونى ماتەرییەک لە کایەی ژێرووى مانگدا. وەلێ دەیەم زەین هۆکارى ڕاستەوخۆى جیهانەکەمانە، چونکە ئەم زەینە فۆرمى بە ماتەریی بێفۆرم دا و لەوە بەدوواوە هێشتا هەر ڕووداوەکانى سەر زەمین بەڕێوە دەبات؛ دەیەم زەین بەتایبەتى ڕێبەرى مەئریفەی ئێمەیە، لەبەر ئەم هۆیەش فارابى وەک هاوچووی زەینی چالاکى ئەڕیستۆتێلیس دایدەنێت.
هیرارشیی توانستەکانى تاکە مرۆڤ هاوشێوەى هیرارشیی گەردوونە. فارابى وەسفی ئەمیش دەکات، وەلێ تێڕوانینى یان کۆنسێپتى نوێ ناهێنێتە نێوانەوە، بەڵکو خۆی بنەڕەتییانە بەو جیاوازیکردنە باوانەوە گرێ دەدات کە لە نێوان توانستە جیاوازەکانى دەروون (زەین، هێزى پێشبینى، زاکیرە و هتد) و ئۆرگانەکانى لەشدا ئەنجام دەدرێن. لێرەدا ئەو زۆرترین ئاگامەندى بە زەین دەدات کە ڕێبەرایەتیى سەرجەم توانستەکانى دیکە دەکات. فارابى لە نووسینێکی تایبەتدا (بەناونیشانى ‘لەبارەى زەین’ یان هەروەها ‘لەبارەى هزر’) لە زەین دەتوێژێتەوە و نووسینەکەش بۆیە جێی سەرنجە، چونکە ئەمیش سەرلەنوێ تێڕوانینی ڕۆشن لەبارەى ئاستە جیاوازەکانى زمان و فۆرمەکانى ئەرگومێنتهێنانەوەی مرۆڤان لە خۆ دەگرێت (بەکارهێنانى وشەى “هزر” لە ڕووی فەلسەفەیی و تیۆلۆگییانە و گشتییەوە، و هتد). وەلێ فارابى لە کرۆکدا پەیڕەوی تیۆریى زەین لاى کندى دەکات، چونکە هاوشێوەی کندی دەبێژێت کە پەیوەند بە پرۆسەى هزرینەوە چوار لایەن شیاوى جیاکردنەوەن و (بە وەرگۆڕینى یان بە قووڵکردنەوەى ئەو چوار پلەیە کە کندى جیاوازیی کردبوون) بریتین لە: زەینى شیمانەیى / هێزەکی (پۆتێنسیەل)، واتا توانستى هزرینی تایبەت بە سەرجەم مرۆڤان؛ زەینى کردەکی (ئەکتوێل) کە شارەزای پرنسیپگەلى زانستەکانە و لە شتە ماتەرییەکانەوە فۆرمەکانى کرۆکی گشتاندووە (ئەبستراکت کردووە)؛ زەینى بەدیهێنراو کە باڵاترین پلەى مەئریفەی مرۆڤە، هەروەها مرۆڤ لەسەر ئەم زەینە وەک زەمینە لە بوونە (Wesenheit) جیاکراوەکان (بۆ نموونە زەینە ئاسمانییەکان) تێدەگات و هۆکارەکانى بوون دەناسێت؛ ئەوجا لە کۆتاییدا زەینى چالاک کە وەک پێشتر بینیمان وەک هاوچووى دەیەمین زەینى گەردوونى دایدەنێت. زەینى چالاک مەئریفە بە دەروونمان دەبەخشێت هەروەک چۆن خۆر تیشک دەپەخشێنێت، هاوکات گفتى بەختیاریى مرۆڤ لەنێو ئەودایە، چونکە ڕێ دەدات کە دەروونەکان، دوای گەیشتنیان بە پلەى زەینى بەدیهێنراو، لەتەک ئەو خۆیدا یەکبگرن (بێگومان بۆ ئەمە، وەک چۆن هەر ئێستا لە خوارەوە دەیبینین، پێشمەرجى سیاسى هەیە).
ئەم دوایەمین پنتە دەپەڕێتەوە بەرەو تێڕوانینەکانى فارابى لەمەڕ جڤاکی دەوڵەتى، چونکە، بە پێشبینیى ئەو، بڕیاردان سەبارەت بەوە کە داخۆ ئێمە توانای گەیشتنمان بە بەختیارى هەبێت، بەچڕی بەندە بەو دەوڵەتەوە کە ئێمە تێیدا دەژین. فارابى وەک هۆى ئەمە سەرلەنوێ لێچواندنێکی بابەتی دادەنێت: جڤاکیش ڕێکخراوێکى هیرارشیانەیە (و فارابى بەکورتى وەسفی چینەکانی دەکات). وەلێ تەنیا گەر هاتوو ئەم ڕێکخراوە هیرارشییە لە لایەن بێهاوتاترین بەشییەوە بەڕێوە ببرێت، ئیدی جڤاک سەردەگرێت. چۆن خودا ڕێبەری گەردوونە، هەروەها چۆن زەین ڕێبەری تاکە مرۆڤە، بە هەمان شێوە دەبێت دەوڵەت ڕێبەرێکى هەبێت کە لە دانایى و فەزیلەدا لە هەموو ئەوانی دیکە تێپەڕ بکات. وەلێ ئەم داواکارییە بەتایبەتى دامەزرێنەرى دەوڵەت دەگرێتەوە کە گەرەکە – لە ڕەوشێکی ئیدیالدا – هاوکات بریتی بێت لە فەیلەسوف (وەک چۆن پلاتۆن داواى کردبوو) و پەیامهێن (وەک چۆن جیهانى ئیسلامى ئەزموونی کردبوو). ئەو وەک فەیلەسوف خاوەنى باڵاترین زانین و مەئریفەی تێگەیى پەتییە، ئەو وەک پەیامهێن لەتوانایدایە ئەم مەئریفەیە بە دانیشتوانى دەوڵەت بگەیەنێت، ئەوەش بەو ڕێیەوە کە زانینى خۆى بە وێنەى هەڵبەستڤانی و لێچواندنى ڕەوانبێژییانە دەپۆشێت. گەر ئەم ڕەوشە لەئارادا بێت، ئیدی هاوڵاتیان ئەزموونى ڕاستى دەکەن و ژیانێکى بەداد بەڕێوە دەبەن. ئەوان بەم شێوازە زەینی شیمانەییان بەکردەکی دەکەن و دەتوانن هیوای شادبوونیان بە بەختیاریى ئەبەدی هەبێت. وەلێ ئەو ڕێگەچارەیە کە فارابى لە هەموو ڕەوشەکانى دیکەدا دەری دەخات، کەمتر هیوابەخشە، چونکە گەر سەروەرێکى بێمۆرال ڕێبەری دەوڵەت بێت، ئەوسا مەترسیی ئەوە سەرهەڵدەدات کە هاوڵاتیانیش بێمۆرالیان لێدەربچێت و سزاى ئەبەدی بهێننە سەر خۆیان. هەروەها گەر لە دەوڵەتدا نەزانیى تەواوەتی سەروەر بێت، ئەوسا هیچ کەس زەینە شیمانەییەکەى خۆی بەکردەکی ناکات، بەڵێ دەبێت هەمووان ڕەچاوی ئەوە بکەن کە دەروونەکانیان پاش مەرگ لەناوبچن.

سەرچاوە:
Ulrich Rudolph: Islamische Philosophie. Von den Anfängen bis zur Gegenwart. München 2004

تێبینیی وەرگێڕ

ئەم وەرگێڕانانە کە بەدووی یەکدا بڵاودەکرێنەوە، دەگەڕێنەوە بۆ نزیکەی پازدە ساڵ لەمەوبەر بۆ “فێرخوازان”ی بەشی فەلسەفەی زانکۆی ڕاپەڕین.

فەرهەنگۆک
ئاپۆدیکتى: یەکلاییکەرەوە، نەشیاوی هەڵوەشاندنەوە، بەدەرکەری بەرپەرچ
ئانالۆگی: هاوشێوەیی
دێمۆنستراتیڤ: بورهان
هێرمینیۆتیک: زانستی ڕاڤەکردنی تێکست و تێگەیشتن.
پتۆلێمیۆس: (100-160)، پێدەچێت لە ئێجیپت (میسر)، ئالێکساندریا، ژیابێت. لە گەردووندیدییەکەیدا زەمین بە سرەوتوویی لە نێوەندی گەردووندایە. لە دەرەوەی کایەی زەمین و چوار توخمەکەی ژێرووی مانگدا کایە هەڵگرەکانی پلانێتەکان دێن، ئەوجا کایەی نادیار کە دەرەکیتیرینە و شوێنی خودایە.
پێشدانراو: بە لاتینی “پرێمیس”، واتا گریمانەیەک کە دەسەلمێنرێت، یان لە دوو پێشدانراو بە هەبوونی تێگەیەکی نێوانییانەوە دەرئەنجامێک دەردەکێشرێت (بڕوانە سیلۆگیزم)
سیلۆگیزم: زانستی قیاس. گەر دوو پێشدانراو تێگەیەکی نێوانییان هەبێت، دەشێت لێوەیان دەرئەنجامێک بەدیبهێنرێت، بۆ نموونە: “هەموو چۆلەکەکان بزێون”، “هەندێک مەل چۆلەکەن”، کەواتە: “هەندێک مەل بزێون”.




کۆبوونەوەکانی لوتکەی کەش و هەوا چارەسەری گرفتی ژینگە ناکەن*.. زاهیر باهیر

سەرمایەداران و سیاسییەکان و دەوڵەتمەداران لە دانانی پلان و پڕۆگرامی گەمژاندنی گەلەکەیاندا زۆر زیرەکن. بۆ ئەمەش بەگوێرەی گرفتەکان و گەورەیی و بچوکییان کار لەسەر ئەو پلانانە دەکەن. کۆبوونەوەکانی لوتکەی کەش و هەواش یەکێكە لەو پلانانە بەڵام نەك هەر هاوکاری کەمکردنەوەی پیسی ژینگە ناکات بەڵکو خودی پرۆسەکە و کۆبونەوەی ئەو هەموو کەسە پیسخۆر و پیسڕەفتارانە لەو وڵاتەدا، ژینگە ئەوەندەی دیکە پیس دەکات.
کۆبوونەوەی ئەمساڵ لە ڕۆژی 06/11 کە بیستوحەوتەمین جارە، دا لە شاری شەرم ئەلشێخ، میسر، بە بەشداری زیاتر لە 44 هەزار کەس کە لە 176 وڵاتەوەن و نزیکەی 140 لە سەرۆکانی ئەو وڵاتانە دەستیپێکرد و نزیکەی دوو هەفتەی خایاند. هاوکاتیش زیاتر لە لایەن 630 لۆبیچی کۆمپانیا و پیشەسازییە سەرەکییەکانەوە دەوریان گیرا و دەیانەوێت کارایی خۆیان بۆ بەرژەوەندی ئەو کۆمپانیانەی کە نوێنەرایەتیان دەکەن لەسەر بەشداربوانی کۆبونەوەکە دابنێین.
ئەوەی کە حوکم دەکات، ئەوەی فرمان دەدات، ئەوەی لە پشتی حوکمرانی و دەسەڵاتەوەیە کۆمپانیا گەورەکانن بە هەمو جۆرێکیانەوە، ملیۆنەر و ملیاردەرەکانن هەر ئەمانیشن کە ڕۆڵی سەرەکییان لە پیسکردن و ژەهراویکردنی ژینگەدا هەیە، هەر ئەمانن هۆکاری وشکەساڵی و لافاو و تۆفان و زریان و گەرمای لە رادەبەدەری هاوینان کە لە زۆر شوێندا دەبێتە هۆی ئاگرکەوتنەوە و لە دەستدانی زۆر زیندەوەر بە مرۆڤیشەوە و سوتانی دارستان و جەنگەڵەکانیش.
ئەوە ڕاستیە کە هەموو ئەم زاتانە لەژێر فشاری خەڵک و گروپەکانی دۆستی ژینگە و بەرگری لە کەش و هەوا دەیانەوێت هاوسەنگییەك لە نێوانی پاراستن و پاکی ژینگە و بزنسدا، بە واتایەکی دیکە لە نێوانی ژینگە و زیاتری پارە و قازانج و سەرمایەدا بکەن، بەڵام کۆبوونەوەکانی پێشتر و بڕیارەکانی حیزبانی حاکم و ڕاگەیاندنەکانی کۆمپانیاکان و سەرمایەداران سەبارەت بە هەڵکشانی پشکی قازانج و سەرمایەیان جگە لە پیسترکردنی زیاتری ژینگە و وێرانکردنی، پێچەوانەیەکمان ناداتە دەست . تێگەیشتنی ئەمەش ئاسانە : بزنس لغاو ناکرێت ، سەرمایە و سامان سنوری نییە و ڕاناگیرێت، هاوسەنگی لە نێوانی بزنس و ژینگەدا نییە و ناکرێت و بە دوو ئاراستەی دژ بەیەك دەڕۆن و بۆ هەمیشەش لەیەکدی دوور دەکەونەوە.
بێ گومان زۆربەی زۆری کۆمپانیاکان و سامانداران و سەرمایەداران ئەوروپی و ئەمەریکی و کەنەدەیی و هیندی و چینین کە ئەم کارەساتە بۆ خەڵکی دەخولقێنن. بەڵام ئەوەی ئاشکرایە کە کارەساتەکە بەسەر وڵاتانی دەرەوەی خۆیان دەهێنن زیاتر لە خۆیان.
با داتاکان خۆیان بدوێن:.
داتا نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تا ساڵی 2030 ساڵانە نزیکەی 2 تریلۆن دۆلار (1.75 تریلۆن پاوەند) پێویست دەبێت بۆ یارمەتیدانی وڵاتانی ئابووری دواکەوتوو بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازی کاربۆن و ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی تێکچوونی کەش و هەو. ئەو پارە نەختینەیە پێویست دەبێت بۆ ئەوەی وڵاتانی هەژار بتوانن لە سووتەمەنی بەردینی (Fossil fuel ) دوور بکەونەوە و وەبەرهێنان لە وزەی نوێبوونەوە و تەکنەلۆژیای تری کەمکاربۆن بکەن و ڕووبەڕووی کاریگەرییەکانی کەش و هەوای ناجۆر و توند ببنەوە. ئەمە ڕاپۆرتێکە کە بە هاوبەشی لەلایەن حکومەتی بەریتانیا و میسرەوە ڕاسپێردرا بوو تاکو لە لوتکەی کەش وهەوای نەتەوە یەکگرتووەکانی Cop27 پێشکەش بکرێت .
ئەم بڕە پارەیە زەروورە بۆ گەشەی ئابوورییەك کە لەسەر بناخەی کەمی کاربۆن و یارمەتیدەر دەبێت بۆ دەرهێنانی ملیارەها کەس لە هەژاری و ڕەخساندنی هەلی کار و کەمکردنەوەی دەردانی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن. هەروەها بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ کاریگەرییەکانی قەیرانی کەش و هەوا، بۆ نموونە لە ڕێگەی دروستکردنی ژێرخانی بەهێزتر و پاراستنی وەک دیواری دەریا و سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە.
تەواوی کیشوەری ئەفریقا بەرپرسیارە لە کەمتر لە 4%ی دەردانی گازی ژەهراوی مێژوویی جیهانی، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکی ئەفریقا قورسایی قەیرانی کەش وهەوا لە ئەستۆ دەگرن. ئەمە زیانێکی گەورەیە بە کۆمەڵی ئەو وڵاتانە و ئابوورییان.

زاهیر باهیر
نوڤەمبەری 2022
سەرمایەداران و سیاسییەکان و دەوڵەتمەداران لە دانانی پلان و پڕۆگرامی گەمژاندنی گەلەکەیاندا زۆر زیرەکن. بۆ ئەمەش بەگوێرەی گرفتەکان و گەورەیی و بچوکییان کار لەسەر ئەو پلانانە دەکەن. کۆبوونەوەکانی لوتکەی کەش و هەواش یەکێكە لەو پلانانە بەڵام نەك هەر هاوکاری کەمکردنەوەی پیسی ژینگە ناکات بەڵکو خودی پرۆسەکە و کۆبونەوەی ئەو هەموو کەسە پیسخۆر و پیسڕەفتارانە لەو وڵاتەدا، ژینگە ئەوەندەی دیکە پیس دەکات.
کۆبوونەوەی ئەمساڵ لە ڕۆژی 06/11 کە بیستوحەوتەمین جارە، دا لە شاری شەرم ئەلشێخ، میسر، بە بەشداری زیاتر لە 44 هەزار کەس کە لە 176 وڵاتەوەن و نزیکەی 140 لە سەرۆکانی ئەو وڵاتانە دەستیپێکرد و نزیکەی دوو هەفتەی خایاند. هاوکاتیش زیاتر لە لایەن 630 لۆبیچی کۆمپانیا و پیشەسازییە سەرەکییەکانەوە دەوریان گیرا و دەیانەوێت کارایی خۆیان بۆ بەرژەوەندی ئەو کۆمپانیانەی کە نوێنەرایەتیان دەکەن لەسەر بەشداربوانی کۆبونەوەکە دابنێین.
ئەوەی کە حوکم دەکات، ئەوەی فرمان دەدات، ئەوەی لە پشتی حوکمرانی و دەسەڵاتەوەیە کۆمپانیا گەورەکانن بە هەمو جۆرێکیانەوە، ملیۆنەر و ملیاردەرەکانن هەر ئەمانیشن کە ڕۆڵی سەرەکییان لە پیسکردن و ژەهراویکردنی ژینگەدا هەیە، هەر ئەمانن هۆکاری وشکەساڵی و لافاو و تۆفان و زریان و گەرمای لە رادەبەدەری هاوینان کە لە زۆر شوێندا دەبێتە هۆی ئاگرکەوتنەوە و لە دەستدانی زۆر زیندەوەر بە مرۆڤیشەوە و سوتانی دارستان و جەنگەڵەکانیش.
ئەوە ڕاستیە کە هەموو ئەم زاتانە لەژێر فشاری خەڵک و گروپەکانی دۆستی ژینگە و بەرگری لە کەش و هەوا دەیانەوێت هاوسەنگییەك لە نێوانی پاراستن و پاکی ژینگە و بزنسدا، بە واتایەکی دیکە لە نێوانی ژینگە و زیاتری پارە و قازانج و سەرمایەدا بکەن، بەڵام کۆبوونەوەکانی پێشتر و بڕیارەکانی حیزبانی حاکم و ڕاگەیاندنەکانی کۆمپانیاکان و سەرمایەداران سەبارەت بە هەڵکشانی پشکی قازانج و سەرمایەیان جگە لە پیسترکردنی زیاتری ژینگە و وێرانکردنی، پێچەوانەیەکمان ناداتە دەست . تێگەیشتنی ئەمەش ئاسانە : بزنس لغاو ناکرێت ، سەرمایە و سامان سنوری نییە و ڕاناگیرێت، هاوسەنگی لە نێوانی بزنس و ژینگەدا نییە و ناکرێت و بە دوو ئاراستەی دژ بەیەك دەڕۆن و بۆ هەمیشەش لەیەکدی دوور دەکەونەوە.
بێ گومان زۆربەی زۆری کۆمپانیاکان و سامانداران و سەرمایەداران ئەوروپی و ئەمەریکی و کەنەدەیی و هیندی و چینین کە ئەم کارەساتە بۆ خەڵکی دەخولقێنن. بەڵام ئەوەی ئاشکرایە کە کارەساتەکە بەسەر وڵاتانی دەرەوەی خۆیان دەهێنن زیاتر لە خۆیان.
با داتاکان خۆیان بدوێن:.
داتا نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تا ساڵی 2030 ساڵانە نزیکەی 2 تریلۆن دۆلار (1.75 تریلۆن پاوەند) پێویست دەبێت بۆ یارمەتیدانی وڵاتانی ئابووری دواکەوتوو بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازی کاربۆن و ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی تێکچوونی کەش و هەو. ئەو پارە نەختینەیە پێویست دەبێت بۆ ئەوەی وڵاتانی هەژار بتوانن لە سووتەمەنی بەردینی (Fossil fuel ) دوور بکەونەوە و وەبەرهێنان لە وزەی نوێبوونەوە و تەکنەلۆژیای تری کەمکاربۆن بکەن و ڕووبەڕووی کاریگەرییەکانی کەش و هەوای ناجۆر و توند ببنەوە. ئەمە ڕاپۆرتێکە کە بە هاوبەشی لەلایەن حکومەتی بەریتانیا و میسرەوە ڕاسپێردرا بوو تاکو لە لوتکەی کەش وهەوای نەتەوە یەکگرتووەکانی Cop27 پێشکەش بکرێت .
ئەم بڕە پارەیە زەروورە بۆ گەشەی ئابوورییەك کە لەسەر بناخەی کەمی کاربۆن و یارمەتیدەر دەبێت بۆ دەرهێنانی ملیارەها کەس لە هەژاری و ڕەخساندنی هەلی کار و کەمکردنەوەی دەردانی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن. هەروەها بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ کاریگەرییەکانی قەیرانی کەش و هەوا، بۆ نموونە لە ڕێگەی دروستکردنی ژێرخانی بەهێزتر و پاراستنی وەک دیواری دەریا و سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە.
تەواوی کیشوەری ئەفریقا بەرپرسیارە لە کەمتر لە 4%ی دەردانی گازی ژەهراوی مێژوویی جیهانی، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکی ئەفریقا قورسایی قەیرانی کەش وهەوا لە ئەستۆ دەگرن. ئەمە زیانێکی گەورەیە بە کۆمەڵی ئەو وڵاتانە و ئابوورییان.

زاهیر باهیر
نوڤەمبەری 2022
سەرمایەداران و سیاسییەکان و دەوڵەتمەداران لە دانانی پلان و پڕۆگرامی گەمژاندنی گەلەکەیاندا زۆر زیرەکن. بۆ ئەمەش بەگوێرەی گرفتەکان و گەورەیی و بچوکییان کار لەسەر ئەو پلانانە دەکەن. کۆبوونەوەکانی لوتکەی کەش و هەواش یەکێكە لەو پلانانە بەڵام نەك هەر هاوکاری کەمکردنەوەی پیسی ژینگە ناکات بەڵکو خودی پرۆسەکە و کۆبونەوەی ئەو هەموو کەسە پیسخۆر و پیسڕەفتارانە لەو وڵاتەدا، ژینگە ئەوەندەی دیکە پیس دەکات.
کۆبوونەوەی ئەمساڵ لە ڕۆژی 06/11 کە بیستوحەوتەمین جارە، دا لە شاری شەرم ئەلشێخ، میسر، بە بەشداری زیاتر لە 44 هەزار کەس کە لە 176 وڵاتەوەن و نزیکەی 140 لە سەرۆکانی ئەو وڵاتانە دەستیپێکرد و نزیکەی دوو هەفتەی خایاند. هاوکاتیش زیاتر لە لایەن 630 لۆبیچی کۆمپانیا و پیشەسازییە سەرەکییەکانەوە دەوریان گیرا و دەیانەوێت کارایی خۆیان بۆ بەرژەوەندی ئەو کۆمپانیانەی کە نوێنەرایەتیان دەکەن لەسەر بەشداربوانی کۆبونەوەکە دابنێین.
ئەوەی کە حوکم دەکات، ئەوەی فرمان دەدات، ئەوەی لە پشتی حوکمرانی و دەسەڵاتەوەیە کۆمپانیا گەورەکانن بە هەمو جۆرێکیانەوە، ملیۆنەر و ملیاردەرەکانن هەر ئەمانیشن کە ڕۆڵی سەرەکییان لە پیسکردن و ژەهراویکردنی ژینگەدا هەیە، هەر ئەمانن هۆکاری وشکەساڵی و لافاو و تۆفان و زریان و گەرمای لە رادەبەدەری هاوینان کە لە زۆر شوێندا دەبێتە هۆی ئاگرکەوتنەوە و لە دەستدانی زۆر زیندەوەر بە مرۆڤیشەوە و سوتانی دارستان و جەنگەڵەکانیش.
ئەوە ڕاستیە کە هەموو ئەم زاتانە لەژێر فشاری خەڵک و گروپەکانی دۆستی ژینگە و بەرگری لە کەش و هەوا دەیانەوێت هاوسەنگییەك لە نێوانی پاراستن و پاکی ژینگە و بزنسدا، بە واتایەکی دیکە لە نێوانی ژینگە و زیاتری پارە و قازانج و سەرمایەدا بکەن، بەڵام کۆبوونەوەکانی پێشتر و بڕیارەکانی حیزبانی حاکم و ڕاگەیاندنەکانی کۆمپانیاکان و سەرمایەداران سەبارەت بە هەڵکشانی پشکی قازانج و سەرمایەیان جگە لە پیسترکردنی زیاتری ژینگە و وێرانکردنی، پێچەوانەیەکمان ناداتە دەست . تێگەیشتنی ئەمەش ئاسانە : بزنس لغاو ناکرێت ، سەرمایە و سامان سنوری نییە و ڕاناگیرێت، هاوسەنگی لە نێوانی بزنس و ژینگەدا نییە و ناکرێت و بە دوو ئاراستەی دژ بەیەك دەڕۆن و بۆ هەمیشەش لەیەکدی دوور دەکەونەوە.
بێ گومان زۆربەی زۆری کۆمپانیاکان و سامانداران و سەرمایەداران ئەوروپی و ئەمەریکی و کەنەدەیی و هیندی و چینین کە ئەم کارەساتە بۆ خەڵکی دەخولقێنن. بەڵام ئەوەی ئاشکرایە کە کارەساتەکە بەسەر وڵاتانی دەرەوەی خۆیان دەهێنن زیاتر لە خۆیان.
با داتاکان خۆیان بدوێن:.
داتا نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تا ساڵی 2030 ساڵانە نزیکەی 2 تریلۆن دۆلار (1.75 تریلۆن پاوەند) پێویست دەبێت بۆ یارمەتیدانی وڵاتانی ئابووری دواکەوتوو بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازی کاربۆن و ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی تێکچوونی کەش و هەو. ئەو پارە نەختینەیە پێویست دەبێت بۆ ئەوەی وڵاتانی هەژار بتوانن لە سووتەمەنی بەردینی (Fossil fuel ) دوور بکەونەوە و وەبەرهێنان لە وزەی نوێبوونەوە و تەکنەلۆژیای تری کەمکاربۆن بکەن و ڕووبەڕووی کاریگەرییەکانی کەش و هەوای ناجۆر و توند ببنەوە. ئەمە ڕاپۆرتێکە کە بە هاوبەشی لەلایەن حکومەتی بەریتانیا و میسرەوە ڕاسپێردرا بوو تاکو لە لوتکەی کەش وهەوای نەتەوە یەکگرتووەکانی Cop27 پێشکەش بکرێت .
ئەم بڕە پارەیە زەروورە بۆ گەشەی ئابوورییەك کە لەسەر بناخەی کەمی کاربۆن و یارمەتیدەر دەبێت بۆ دەرهێنانی ملیارەها کەس لە هەژاری و ڕەخساندنی هەلی کار و کەمکردنەوەی دەردانی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن. هەروەها بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ کاریگەرییەکانی قەیرانی کەش و هەوا، بۆ نموونە لە ڕێگەی دروستکردنی ژێرخانی بەهێزتر و پاراستنی وەک دیواری دەریا و سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە.
تەواوی کیشوەری ئەفریقا بەرپرسیارە لە کەمتر لە 4%ی دەردانی گازی ژەهراوی مێژوویی جیهانی، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکی ئەفریقا قورسایی قەیرانی کەش وهەوا لە ئەستۆ دەگرن. ئەمە زیانێکی گەورەیە بە کۆمەڵی ئەو وڵاتانە و ئابوورییان.

بە هۆی گۆڕان و خراپی کەش و هەواوە لە سەرانسەری ئەفریقا، پێشبینی دەکرێت کەمیی ئاو لەم دەیەدا تا 700 ملیۆن کەس ئاوارە بکات و150 ملیۆن کەسی لە ئەفریقا خستۆتە بەردەم مەترسی برسێتییەکی زۆرەوە.
قۆڕنی ئەفریقا ( The Horn of Africa ) خراپترین وشکەساڵی لە ماوەی 40 ساڵدا بەخۆیەوە دەبینێت، زیاتر لە 50 ملیۆن کەس بەدەست برسێتیەوە دەناڵێنن، دڵنیا نین لە کوێوە ژەمی داهاتوویان دێت. سەرباری ئەوەش 116 ملیۆن ئەفریقی لەم دەیەیەدا ڕووبەڕووی مەترسی توندی خراپی کەش و هەوا دەبنەوە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکانەوە.
فرۆشتنی شوێنە سروشتییەکان کە خەڵکە ئەسڵییەکەی لێدەژین بە پارەیەکی ڕەمزی یا هەر وەکو خەڵاتیی بە کۆمپانیا گەوەرە بێیانەکان یاخود ساماندارانی نێوخۆ، خەڵکەکەی وڵاتی کینیای توشی نەگبەتی گەورە کردۆتەوە. هەر بۆ نموونە پرۆژەی کێڵگەی بای دەریاچەی تورکانە لە باکووری کینیا لەسەر خاکی خەڵکە ئەسڵییەکەی دروستکراوە دوای ئەوەی 40 هەزار دۆنم زەوی ڕادەستی کۆمەڵەیەکی وەبەرهێنەران کرا بەبێ ئەوەی ڕاوێژ بە کۆمەڵگە شوانکارییە ئەسڵییەکەی بکرێت کە بۆ سەدان ساڵ – ئەگەر هەزاران ساڵ نەبێت – بە شێوەیەکی بەردەوام لەسەر زەوییەکە ژیاون و کشتوکاڵیان کردووە. ئەم پرۆژەیە، پرۆژەی نوێکردنەوەی وزە گەورەترین پڕۆژەی ئەفریقایە، بووەتە هۆی کۆچی زۆرەملێ، ململانێ، توندوتیژیی جێندەری، نائاسایشی ئاو و خۆراک و هەروەها تێکچوونی نەریتی کولتووری و زمان بەهۆی لێشاوی کرێکارانی بیناسازییەوە.
ئەمەی کە دەکرێت تەنها گواستنەوە بەرەو پێشەوەچوون نییە، ئەمە “دەستبەسەرداگرتنی زەوییە” جۆن تینگۆی تەمەن 47 ساڵ لە بزووتنەوەی خەڵکە ئەسڵییەکە بۆ پێشخستنی ئاشتی و گۆڕینی کاریگەری ململانێکان لە باکووری کینیا وای وت ” ئەگەر تۆ مافە سەرەتاییەکانی خەڵک پێشێل بکەیت و کۆمەڵگاکان هیچ سوودێکی لێنەبینن، هەرگیز ناتوانرێت دادپەروەرانە بێت.”
سەرمایەدارانی ئەفریقا و زۆرێك لە دەسەڵاتداران لارییان نییە بەوەی کە کۆمپانیاکانی گاز و نەوت لەوێ دەست بەکاری پشکنین و دەرهێنانی نەوت و غاز دەکەن ، چونکە ئەوان دەڵێن کە ئەو پارەیە پێویستە بۆ چارەسەری نەخۆشی و فراوانکردنی خەستەخانە و زیادکردنی ژمارەیان، هەروەها بۆ کردنەوەی قوتابخانە و نەهێڵانی نەخوێندەواری. لە بەرانبەر ئەمەدا زۆرێک لە شارەزایان و چالاکوانانی کەش وهەوای ئەفریقا دژی فراوانبوونی گاز لەم کیشوەرەدا قسە دەکەن. ئەوان دەڵێن پێناچێت هەژارانی ئەفریقا هیچ سوودێک لەم غازە ببینن، کە پێدەچێت لەلایەن کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکانەوە هەناردە بکرێت بۆ دەرەوەی وڵات بۆ بەرزترین نرخ، قازانجەکانیش دەگوازرێنەوە بۆ دەستەبژێرانی وڵاتەکان. هاوپەیمانییەك کە لە دەیان گروپی کەشوهەوای ئەفریقا پێکهاتووە لە نامەیەکی کراوەدا لە چوارچێوەی هەڵمەتێکدا بە ناوی “Don’t Gas Africa” نووسیویەتی: “هەنگاونان بۆ غاز لە ئەفریقا مەترسیدار و کورتبینییە”.
وڵاتێکی دیکە لە ئەفریقا کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆیە کە خۆی نزیکەی سێ دەیە لە جەنگ و ململانێی سەختدا بوە و بەرگەی گرتووە ، لەو وڵاتەدا ساڵانە تا پێنج هەزار منداڵ دەبنە سەرباز. ئەمە نەبێت ئەم وڵاتە هەژار بێت، بەڵکو وڵاتێکە پڕە لە کانزای بێئەندازە و چارەسەری کەش و هەوای داهێنەرانە. دووەم گەورەترین دارستانە باراناوییەکانی جیهان دوای بەرازیل و ئەندەنوسیا ئەوێیە. کۆگایەکی گەورەی کۆبالت، مس و ئەلەمنیۆمی تێدایە – ئەوانە ئەو کانزایانەن کە پێویستن بۆ گۆڕانکارییە سەرەکییەکان کە پێویستمانە بۆ وزەی نوێبووەوە و ئابووری دیجیتاڵی. دارستان و جەنگەڵەکانی کۆنگۆ توانای هەڵمژینی نزیکەی 1.2 ملیار تەن دووەم ئۆکسیدی کاربۆنیان لە ساڵێکدا هەیە کە دەکاتە لابردنی لە 4%ی دەردانی گازی ژەهراوی جیهانی.

لە پاکستان لە سەرەتای ئەمساڵدا، لافاوێکی توند سێیەکی تەواوی وڵاتەکەی ژێرئاو خست و زیاتر لە هەزار و 700 کەسی کوشت. بانکی نێودەوڵەتی کۆی زیانەکانی ئابووری بە هۆی ئەوەوە مەزەندە دەکات بە زیاتر لە 30 ملیار دۆلار (26 ملیار پاوەند) . هەروەها ئاوەدانکردنەوەشی 16 ملیار دۆلاری دیکەی تێدەچێت. ئەمە لە کاتێکدا کە ئەم وڵاتە تەنها بە 0.3%ی دەردانی گازی ژەهراوی جیهانی بەشداری کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەک کینیا و سۆماڵ، ناچارە بە ڕێژەی ئەو گازە گەرمخایەنانەی کە لەلایەن وڵاتانی دیکەوە بەرەڵای دەکەن پارەبدات . لەمەش زیاتر، ئەم وڵاتانەی کە ئاوا باجی سەرەکی وڵاتانی پیشەسازی پێشکەوتوو دەدەن سەرچاوەیان نییە بۆ ئەوەی پارەی ئەو زیانانە بدەن کە بەسەریاندا دەسەپێنرێت.
بەڵام کاتێک ئەڵمانیا لە ساڵی 2021دا تووشی لافاوێکی ترسناک بوو، حکومەت توانی دەستبەجێ 30 ملیار یورۆ ( 26 ملیار پاوەند) تەرخان بکات بۆ ئەوەی پارە بدات بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ئەو شارۆچکە و ژێرخانانەی کە بەهۆی لافاوەکەوە لەناوچوون. کەچی وڵاتی پاکستان ناچار بووە پشت بە بانگەوازێکی فریاگوزاری نەتەوە یەکگرتووەکان ببەستێت کە تەنها بڕی لە 34% پارەی بۆ دابین دەکرێت. مۆزەمبیق ناچار بوو قەرزێکی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی وەربگرێت بۆ ئەوەی یارمەتی بدات لە پێدانی پارەی چاکبوونەوە لە دوای زریانەکەی ‘ ئیدای ‘ ساڵی 2019، ئەمەش وڵاتەکەی زیاتر پاڵنا بەرەو خراپتر بە ناڕەحەتی قەرزەکانیەوە کە لە بەرزبوونەودایە.

سەرۆکوەزیرانی پاکستان، شێهباز شەریف کە بەشداری لە کۆبونەوەکەدا کرد سەرەڕای داتاکانی سەرەوە ئاماژەی بەوەشکردووە” لافاوە کارەساتبارەکان کاریگەرییان لەسەر 33 ملیۆن کەس هەبووە، کە زۆرینەیان ژن و منداڵەکانمان بوون. بارانبارینەکە حەوت جار زیاتر لە تێکڕای بارینی بارانی پێشتر بووە کە لە باشوووردا باریون. ئێمە هەوڵێکی زۆرمان دا بەڵام هێشتا لافاوەکان ئەوەندە گەورە و تووڕە بوون زیاتر لە 8,000 کیلۆمەتر ڕێگا کانزاییەکانیان هەڵتەکاند و زیانیان زیاتر بە 3,000 کیلۆمەتر هێڵی شەمەندەفەرەکانمان گەیاند. هەروەها 4 ملیۆن دۆنم زەوی بەرهەمهێنەریان شۆردەوە، پاکستانیان وێران کرد” وتنی ئەمانە، دانیشتوانی هۆڵەکەی سڕ و بێ دەنگی کرد.
بەشێکی زۆری ئەم هەژارییە لە دەرەقەت نەهاتنی کارەساتە سروشتییەکانن، میراتی دەرهێنانی کانزا بەهادارەکانن و تاڵانکردنی کۆلۆنیالیزمن کە لەلایەن وڵاتانی دەوڵەمەندەوە وایکردووە وڵاتانی وەک پاکستان، کینیا و مۆزەمبیق بێ سەرچاوەی پێویست بتوانن لە بەرامبەر گۆڕانی توندی کەش و هەوادا ڕوبەڕو ببنەوە. لە کاتێکیشدا ئەم وڵاتانە پارەی چارەسەرکردنی ئەنجامکارییەکانی ڕووداوە توندەکانی کەش وهەوایان نییە، بۆیە هیوایەکی کەم هەیە بۆ ئەم وڵاتانە تاکو لە چەند دەیەی داهاتوودا بژین.

وەکو لە سەرەتادا پەنجەم بۆ ڕاکیشا دروستکردنی ئەم کارەساتانە دەستکردن نەك خواکرد، دەستکردی کۆمپانیا گەورەکانن، سامانداران و سەرمایەدارانن. بێ گومان زۆرێك لە بزنسەکان لە بچوکیانەوە بۆ گەورەیان تا دەگاتە گواستنەوەی میوە و خواردەمەنییەکانمان بە ترێلە و بە پاپۆڕ و بە فڕۆکە لە وڵاتانی دوورەدەستی وەکو ئەمەریکای لاتین و ئەفەریقا و خۆرهەڵاتی ناوین و ئەوانی دیکە، ڕۆڵی سەرەکییان لە پیسبوون و ژەهراویبوونی ژینگەدا هەیە. من لێرەدا تەنها ئاماژە بە سێ دانە لەو بزنسە گەورانە دەدەم :

یەك: کۆمپانیا گەورەکانی وەکو نەوت و غاز :

کۆمپانیاکانی نەوت و گاز پلانیان بۆ گەشەکردنی سووتەمەنی بەردینی ‘ترسناک’، هەیە ڕاپۆرتێك نیشانیدەدات توێژینەوەکانی کە لە لوتکەی کەش و هەوای Cop27 بڵاوکراونەتەوە دەریدەخەن پلانەکان بەختی هێشتنەوەی گەرمبوونی جیهان بۆ پلەی 1.5ی سەدیی پووچەڵ دەکەنەوە.
شیکارییەکی نوێش دەریخستووە کۆمپانیاکانی نەوت و گاز پلانیان هەیە بۆ فراوانکردنی وەبەرهێنانیان بە شێوەیەکی ترسناک کە لە ئەنجامدا ئەگەر ئەوە سەربگرێت 115 ملیار تەن دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دەردەدەنە دەرەوە. ئەمەش هاوتایە بەدەردانی زیاتر لە 24 ساڵ گازی ژەهراوی لە ئەمریکا. ڕاپۆرتەکە دەریخستووە کە بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەموو کۆمپانیاکانی نەوت و گاز پلانیان هەیە بۆ ئیستغلالکردنی زیاتری سووتەمەنی بەردینی، کە لە ساڵی 2020 وە 160 ملیار دۆلاریان بۆ گەڕان بەدوایدا خەرج کردووە.
هەر لەو کۆبونەوەیەدا بڵاوکرایەوە، کە سەرکردەکان ئاگادارکراونەتەوە کە کەمکردنەوە و پەلەکردن لە دەردانی کاربۆن پێویستە بۆ ئەوەی کارەساتی کەش و هەوا ڕوونەدات. بەڵام لەو توێژینەوەیەدا دەرکەوتووە کە 655 لە کۆی 685 ( لە سەدا 96) ی کۆمپانیاکانی گەڕان و بەرهەمهێنان پلانی فراوانکردنیان هەیە، کە لە ساڵی 2021 وە بە ڕێژەی لە سەدا 20 زیادیکردووە.
ڕاپۆرتێکی نوێی هاوکاریکردن لە زیان و خەساراتەکان دەریخستووە کە لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2022دا، تەنها بە شەش کۆمپانیای سووتەمەنی بەردینیی، پارەی پێویستیان بەدەستهێناوە بۆ دابینکردنی کۆی تێچووی کەش و هەوای خراپ و ڕووداوەکانی پەیوەست بە کەش و هەوا لە وڵاتانی تازەپێگەیشتووی جیهان [ لە ڕوی پیشەسازییەوە] – و لە سەر و ئەوەشەوە نزیکەی 70 ملیار دۆلار (61 ملیار پاوەند) قازانجی نەختینەیان بۆ دەمێنێتەوە. تەنانەت سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کردووە باجی داهات لەسەر کۆمپانیا زەبەلاحەکانی سووتەمەنی بەردینیی بۆ قەرەبووکردنەوەی زیان و خەساراتەکان دانرێت.

بە گوێرەی شیکارییەکانی گروپی ژینگەپارێزی ئەڵمانی Urgewald کە لەسەر بنەمای بنکەیەکی زانیارییە، توێژینەوەکەی لەسەر ئاستی کۆمپانیاکانە کە بەرپرسیارن لە 95%ی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لە جیهاندا. داتاکانی ئەو شیکارییە هەڵسەنگاندنی ئەوە دەکەن کە ئایا چالاکییەکانی کۆمپانیایەک هاوتەریبن لەگەڵ سیناریۆی دەردانی گازی ژەهراوی لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە کە پاك و پلە سفر بێت لەو گازە ژەهراییە . فیۆنا هاوک لە گروپی Urgewald دەڵێت: “ئەنجامی حیساباتەکانمان بەڕاستی ترسناکە: پلانەکانی فراوانکردنی کورتخایەنی کۆمپانیاکانی نەوت و گاز لەگەڵ دەردانی گازی ژەهراوی پاکدا بە پلەی سفر ناگونجێت کە لەلایەن ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی نێودەوڵەتییەوە پێشکەش کراوە.”.. “هێشتنەوەی ئەم سەرچاوانەی نەوت و گاز لە زەویدا کەمترین شتە بۆ ئەوەی چارەسەری دۆخە خراپەکە بکرێت کەبەدەستهێنانی پلەی گەرمی 1.5 سەدیی بێت.”
ئەو پلانانەی کەش و هەوا کە لەلایەن زۆرێک لە کۆمپانیاکانی نەوت و گازەوە بڵاوکراونەتەوە، لەلایەن ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە کۆبوونەوەی Cop27 ڕۆژی سێشەممە، 15/11 ، سەرزەنشت کران. . ئەو وتی : ” ئەوەی پێیان دەوترێت ‘بەڵێنی پلەی سفر’ لە پاککردنەوەی ژینگە لە و گازە ژەهراوییە کە بەرهەمە سەرەکییەکانی [خەڵوز، نەوت، گاز] لە خۆیانی دەگرن ، هەسارەکەمان ژەهراوی دەکەن، ڕاست نییە. بەکارهێنانی بەڵێنی ساختەی پلەی‘سفر’ لە پاککردنوەی ژینگەدا بۆ داپۆشینی فراوانبوونی گەورەی سووتەمەنی بەردینی، جێگەی سەرزەنشتکردنە. ئەم پەردەپۆشکردنە ژەهراوییە دەتوانێت جیهانەکەمان بەرە و خراپی کەش وهەوا پاڵبنێت”.

دوو: پیشەسازیی سەیارە و سەیارە دروستکردن:

داخوازی زۆر لەسەر سەیارە و بوونی خودی سەیارە وەکو زەروورەیەکی سەرەکی بە تایبەت لە کاتێکدا کە منداڵت هەبیت و لە شارۆچکەیەکدا بیت کە ئامرازە گشتییەکانی گواستنەوەی وەکو پاس و میترۆ و قیتار وەکو پێویسیت نەبێت ، یاخود کار و شوێنیی ئیشت دوورەدەست بێت.
گەورەترین کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل لە جیهاندا پلانیان کردووە بۆ دروستکردنی 400 ملیۆن ئۆتۆمبێلی زیاتر، کە لەگەڵ هاتنە خوارەوەی پلەی گەرمی بۆ 1.5 سەدییدا نایەتەوە. لەوانە تۆیۆتا و ڤۆڵکسواگن و هۆندا/کیا لەسەر ڕێڕەوی دروستکردنی ئۆتۆمبێلی بەنزین و گازۆیل بەردەوام دەبێت .
توێژەرانی زانکۆی تەکنەلۆژیای سیدنی (UTS) و زانکۆی زانستە کارپێکراوەکانی پیشەسازی لە بێرگیش گلادباخ و گرینپیسی،Greenpeace ، ئەڵمانیا ، بەراوردیان کردووە بەو ڕێژەیەی کە جیهان پێویستی بە وەرگرتنی ئۆتۆمبێلی دەردانی گازی ژەهراوی بە پلەی سفر هەیە لەگەڵ ئەو ڕێژەیەی کە کۆمپانیا گەورەکانی ئۆتۆمبێل پلانیان بۆ داناوە و مۆدێلی جۆراوجۆر بەرهەم دەهێنن جیاوازە.

لە ڕاپۆرتی ئەو توێژینەوەیەدا هاتووە: “بودجەی کاربۆنی 53 Gt ڕێگە بە فرۆشتنی 315 ملیۆن ئۆتۆمبێلی دیکەی ICE [بزوێنەری سووتانی ناوخۆیی] تا ساڵی 2022.دەدات” هەر لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش پشتراستکراوەتەوە “ لە هەمان کاتدا پێشبینیکراوە کە فرۆشتنی سەیارەی کە بە بزوێنەری سوتانی ناوخۆیی کاردەکات لە نێوان لانیکەم 645 ملیۆن بۆ 778 ملیۆن ئۆتۆمبێلدایە. ئەمەش زیادبوونی 105% بۆ 147% بە فرۆشتنی سەیارەیەکە کە لەگەڵ 1.5 پلەی سەدیدا دەگونجێت”.

سێ: ئاژەڵداریی و پیشەسازی گۆشت و شیرەمەنییەکان:

ئاژەڵداری و کێڵگەکانی، farms ، سەرچاوەیەکی دیکەی دانەوەی غازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنن و ڕۆڵی گەورەیان هەیە لەسەر گەرمکردنی زەوی و پیسکردنی ژینگە ئەمە جگە لەوەی کە پانتاییەکی گەورەی فراوان بەکاردەهێنرێت بۆ بەخێوکردنیان.
بەخێوکردنی ئاژەڵ، کە توێژینەوەیەکی ئەم دواییە لە گۆڤاری Sustainability دەیخەمڵێنێت، لە نێوان 16.5% بۆ 28%ی هەموو پیسبوونی گازی گەرمخایەنی ، ” دووەم ئۆکسیدی کاربۆن”، پێکدەهێنێت. مەودای بەرفراوانی ئەم ژمارانە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەم بابەتە چەندە خراپ پشتگوێ خراوە. وەک لە هەمان توێژینەوەدا دەردەکەوێت، ئەو ئامارە فەرمییە (14.5%)، کە لەلایەن ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، بە ڕوونی هەڵەیە، هەموو کەسێکیش لەو بوارەدا دەیزانێت، لەگەڵ ئەوەشدا کەم هەوڵی نوێکردنەوەی دراوە.
لە ماوەی 20 ساڵدا تا 2018 بەکارهێنانی گۆشت لە جیهاندا بە ڕێژەی 08% زیادی کردووە. توێژینەوەیەک لە کتێبی ‘ سیاسەتی کەش و هەوادا’ مەزەندە دەکات کە تا ساڵی 2030 ئەو گازە گەرمخایەنە لە بەخێوکردنی ئاژەڵدا، دەکرێت کە نیوەی تەواوی بودجەی کاربۆنی جیهان بۆ ئەوە بەکاربهێنین ئەگەر بمانەوێت خۆمان لە بەرزبوونەوەی زیاتر لە پلەی 1.5 ی گەرمبوونی جیهانی بەدوور بگرین.
کارایی پیسکردنی ژینگە بەم هۆکارە تەنانەت گەر لە ئێستاشدا ڕێگری لێبکرێت هێشتا بۆ ماوەیەکی دوورو و درێژ کارایی خۆی هەر دەمێنێت.
شیکارییەکی جیهانی هەر لەو بوارەدا بە داتاوە دەریدەخات کە تەنانەت ئەگەر ئەمڕۆ پیسبوونی گازی گەرمخایەن لە هەموو کەرتێکی دیکەدا نەهێڵرێت، تا ساڵی 2100 بەرهەمهێنانی خۆراک بەپێی ڕێڕەوی ئێستای، بودجەی جیهانی کاربۆن دوو سێ هێندە زیاتر دەشکێنێت و دەبێت زیاتر پارە بۆ ئەو مەبەستە تەرخان بکرێت. ئەمەش بە شێوەیەکی بەرچاو بەهۆی بەخێوکردنی ئاژەڵییەوەیە کە 57%ی گازە گەرمکەرەوەکانی سیستەمی خۆراک پێکدەهێنێت، هەرچەندە تەنها 18%ی کالۆریەکان دابین دەکات. چونکە بەخێوکردنی ئاژەڵ گەورەترین سەرچاوەی دروستکردنی غازی میسانە، CH4 ، لە جیهاندا کە بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە دەردەچێت.
پڕۆفیسۆر جۆرج مۆنبیت وانەبێژی زانکۆ، خاوەنبەرنامەی ژینگە لە تی ڤی دا هەروەها ڕێکخەری کەمپەینی گەورە بۆ بەرگریی لە ژینگە کە چەند دەیەیەکە لەو بوارەدا چالاکی دەکات و خاوەنی جەندەها کتێبە دەڵێت ” هێزی کولتووری کەرتی ئاژەڵداریی زۆر لە هێزی ئابوورییەکەی زیاترە ، چونکە پەیوەندیمان بە خۆراکەوە زیاتر کەسییە تاکو پەیوەندیمان بە سەرچاوەی وزەوە. زۆربەی سووتەمەنی بەردینی لە دوورەوە بەکاردەهێنرێت بۆ نموونە کاتێک کارەبا بەکاردەهێنین، کە گڵۆپەکان دادەگیرسێن بیر لەوە ناکەینەوە کە لە کوێوە هاتووە، بەڵام سەبارەت بەو خواردنانەی دەیخۆین بیرکردنەوە و هەستێکی زۆر دەکەین.”

ئەنجامگیریی:
بێ گومان ئەوەی سەرەوە سەرەتایەکی زۆر کورتە لەسەر پرسێکی ئێکجار گەورە و بە بایاخ کە هەزاران کتێب و وتاری لەسەر نوسراوە بێ لە کۆڕ و بەرنامە و تاقیکردنەوەی بە کرداریی . لەگەڵ ئەوەشدا بە گوێرەی داتاکانی سەرەوە دەکرێت زۆر شت بسەلمێنرێت یا هەر هیچ نەبێت هەلی بیرکردنەوەمان پێدەدات کە تێفکرینێك لە پەیوەستبوونەوەی خراپیبوونی ژینگە و سروشت لەتەك کۆمپانیا زەبەلاحەکان و سیستەمی هەنووکەییدا. ئەمەش بە ئاسانی نیشانی دەدات کە گرێدانەوەیەك لە نێوانی گەرمبوونی زەوی و کارەساتەکانی کە کەش و هەوای خراپ دەیهێنن ئاشکرایە.
لەگەڵ ئەو هەموو وردەکاری و ئامارانەدا لەسەر ڕۆلی کۆمپانیاکان کە ڕۆلی سەرەکییان لەو بارەیەوە هەیە بەڵام ڕۆلی تاکیش هەم لە پیسکردن و هەم لە ڕێگرتن لێی و کەمکردنەوەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بە ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەو خۆ، هەیە. ئەمەش هەر لە پیسنەکرنی ژینگە و کاری زۆر بچوكی وەکو کردنی دوشێکی کورت بەئاوی شلەتێن، کوڵاندنی ئاو لە کترییەكدا بە قەدەر ئەوەی کە دەتەوێت، زۆر گەرمنەکردنی ماڵ و کەمتر بەکارهێنانی ئامرازەکانی فێنککردنەوە، دانەگیرسانی گڵۆپ لە کاتی ناپێویستدا، بەکارنەهێنانیی سەیارە مەگەر لە کاتی زەرووریدا، کەمکردنەوەی سەفەر بە سەیارە و دەیەها کاری بچوکی دیکە تا دەگاتە وازهێنان لە گۆشت بە هەموو چەشنەکانییەوە. ئەمانە هەمویان ڕۆڵی خۆیان هەیە وێڕای ئەوەی کارێکی بچوکیشن . کەواتە مرۆڤەکانیش وەكو تاك لە ڕەفتار و کرداری ڕۆژانەیان و شوێنی نیشتەجێبوون و کارکردنیان بە ڕۆلی خۆیان دەتوانن و دەکرێت کە کارایی ئەرێیانەی خۆیان لەسەر ئەم پرسە گەوەرەیە دابنێن.
ئەو شیکردنەوە و داتایانە پێمان دەڵێن کە هەندێك لە بەشداربووانی خودی کۆبوونەوەکە خۆیان بە گومانن کە لەم جۆرە کۆبوونەوانەدا چارەسەری ئەو کێشە گەورەیە بکرێت. ئەویش لەبەر ئەوەی :
یەك: ئەزموونی کۆبونەوەی ساڵی 2009 لە کۆپنهاگن-یان هەیە کە بڕیار بوو ساڵانە 100 ملیار پاوەند یارمەتی وڵاتانی هەژار بدرێت ، بەڵام نەدرا. لە کۆبونەوەی Cop26 کە پارەکە، 2021 ، لە شاری گلاسکۆی بریتانیا گیرا و چەندەها بڕیاری زۆری تێدا درا و بەڵام هەندێکیان یا جێ بە جێنەکران یاخود زۆر کەمیان کران.
هەر بۆ نموونە بریتانیا کە ڕازی بوو بە بەرنامە و بڕیارەکانی لوتکەی ساڵی پار کەچی ژێر بەژێری دەوڵەت نزیکەی 100 مۆڵەتی داوە بە کاری پشکنین و شەقکردن و هەڵکۆڵینی زەوی بۆ گەڕان بەدوای نەوت و غازدا. قسەش لەسەر ئەوە هەیە کە کانی خەڵوزی ‘ کامبریا’ بکاتەوە لەبەر ئەوەی کە ڕەنگە ئەم زستانە بریتانیا گرفتی کارەبای هەبێت . ئەمە لە کاتێکدا ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە ساڵی 2021دا ڕایگەیاندبوو کە هیچ پڕۆژەیەکی نوێی سووتەمەنی بەردینی ناتوانێت لە ساڵی 2022 بەرەو پێشەوە بچێت واتە گەشەتر بکات ئەگەر جیهان ڕووبەڕووی گەرمبوونی جیهانی و خراپتربوونی کاریگەرییەکانی لەسەر ملیارەها کەس ببێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە لە بریتانیا ساڵانە بڕێك لە بودجە تەرخان دەکرا بۆ وڵاتانی هەژار . بەڵام ڕیشی سوناك کە وەزیری دارایی بوو ئەو بڕە پارەیەی لە کاتی پەتای کۆرۆنادا کە لە سەدا 0.7 ی داهاتی نیشتمانی بوو، هێنایە خوارەوە بۆ لە سەدا 0.5 .
ئەڵمانیاش لەگەڵ ئەوەی کە هەوڵێکی ئێکجار زۆری داوە کە وڵات لە سەرچاوەی وزەی کانە خەڵوزەکان و سێنتەرە نوەوەییەکان ڕزگار بکات و هەڵیانی پەساردووە ، بەڵام بە هۆی جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیاوە کە گوایە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی کارەبا ڕەنگە پەنا بەرێتەوە بۆ بەکارهێنای سەرچاوەی خەڵوز لە وزەدا.
دوو: هەر لە سەرەتای گرتنی لوتکەدا، هەندێك لە بەشداربووان کە بە جددی دەیانەوێت شتێك بکرێت کەمتر هیوایان هەبوو بەوەی کە کۆبوونەوەکە ئەو مەبەستەی کە بۆی ئەنجام دراوە بپێکێت.
هەر بۆ نموونە، Alok Sharma ی پەڕلەمانتاری بریتانیا کە پارساڵ دانرا بە سەرۆکی Cop26 لە گلاسگۆ نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە چارەسەری کەش و هەوا لە کۆبوونەوەکەدا. ئەو وتی ” ئەوانەمان کە هاتووین بۆ میسر بۆ ئەوەی پلەی گەرمی 1.5سەدیی بە زیندووی بهێڵینەوە و ڕێز لەوە بگرین کە هەر یەکێکمان لە گلاسکۆ لەسەری ڕێککەوتبووین، ئێستا ناچار بووین بێ وەستان شەڕ بکەین بۆ ئەوەی ئەوە ڕابگرین، بۆ ئەوەی لەسەر یەکێک لە دەستکەوتە سەرەکییەکانی گلاسکۆ کار بکەین بنیاتی بنێین، ئەویش بانگەوازکردنە بۆ لایەنەکان بۆ بەسەرکردنەوە و بەهێزکردنی پلانی نیشتمانی خۆیان سەبارەت بە دەردانی گازی ژەهراوی”.

هەر ئاواش وایل ئەبولمەگد، دیپلۆماتکاری میسری بەرپرسی بەڕێوەبردنی دانوستانەکان لە کۆبونەوەی ئەم لوتکەیەدا وتی: “بەیاننامە و بەڵێنی سیاسی لەبەردەم کامێراکاندا دەدرێت، بەڵام لە ژوورەکانی دانوستانەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ بۆ دژایەتیکردنی. ئەم [هەڵوێستە ئەرێنییە بە ئاشکرا] بەهایان نابێت تا وەرنەگێڕدرێنە ژوورەکانی دانوستان و تا ئێستاش وا نەبووە”.
عەبولمەگد وتی: “ناتوانین بەردەوام بین لەسەر ڕێگای دژایەتیی”، جیابوونەوە لە نێوان ئەوەی لە کایەی گشتیدا ڕوودەدات و ئەوەی لە ژوورەکانی دانوستاندا ڕوودەدات ناتوانێت بەردەوام بێت. پێویستە هەموومان ڕۆحی سازش نیشان بدەین”.
ئەو بەردەوام بوو لە قسەکانی وتی ” پێشکەوتن لە بواری دارایی کەش و هەوا کلیلە. بەڵێن بە وڵاتانی تازەپێگەیشتو دراوە کە لە ساڵی 2020 وە ساڵانە 100 ملیار دۆلار دابین بکرێت، تاکو یارمەتیان لە کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی و گونجاندن لەگەڵ کاریگەرییەکانی کەش وهەوای توند بدات، بەڵام هێشتا ئەو بەڵێنە جێبەجێ نەکراوە. ئەو 100 ملیار دۆلارە تەنانەت لە بەشێکی کەمی ئەو بڕە پارەیەی کە پێویستە نزیک نابێتەوە، ئەو ژمارانە لە تریلیۆنەکاندان ، لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەستبوون بەوەوە زۆر گرنگە و سروشتێکی ڕەمزییە، نیشاندانی متمانە و دروستکردنی متمانەیە.”

هەر لەو بارەیەوە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە چاوپێکەوتنێکدا لە سەروبەندی دانوستانەکاندا ڕایگەیاند کە کەلێنێك لە نێوان وڵاتە دەوڵەمەندەکان کە بوونەتە هۆی قەیرانی کەش و هەوا و شکستهێنایان لە کەمکردنەوەی دەردانی گازی گەرمخانەیی لەسەر هەژاران، کە بەدەست کاریگەری و کەمی سەرچاوەی دارایی بۆ پاراستنی خۆیان دەناڵێنن .
لە لایەکی دیکەوە سەرۆکی شاندی Cop27ی گرینپیس ئینتەرناشناڵ، یاب سانۆ، قسەکانی ڕەنگدانەوەی بێزاری گشتی بوو کە وتی: “سەرۆکایەتی Cop27 کە پێداگریی لەسەر کانزاکان دەکات سەبارەت بە دۆزەخی کەش و هەوا، کەچی لە سەرەتادا نەیتوانی تەنانەت باسی سووتەمەنی بەردینی بکات، ڕەشنووسی دەقەکە دەستبەرداربوونە لە بەرپرسیارێتی بۆ ئەو مەرامەی کە زۆرێک لە وڵاتان دەریانبڕیوە کە دەبینن کە لانی کەم نەوت و گاز و خەڵوز بۆ قۆناغێك زیاد دەکرێت. کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بەو ئینکارییە بهێنرێت، دەبێت تەمەنی سووتەمەنی بەردینی بەخێرایی کۆتایی پێبهێنرێت”.
ئەمانە هەمووی لە کۆبونەوەی لوتکەدا وترا کە هەر لەو دانیشتنەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە 55 کۆمپانیا لە سەرانسەری میسردا بەدوای سەرچاوە نوێیەکانی نەوت و گازدا دەگەڕێن.

سێ: وڵاتانی پیشەسازی پێشکەوتوو کە هۆکاری ئەم کارەساتانەن ئامادە نین بە گوێرەی بەرنامەی ‘ قەرەبووکردنەوەی زیان و زەرەرکردن یاخود زیان و خەسارە / وێرانکردن’ ، Loss and Damage ، برۆن واتە ئامادە بن کە قەرەبووی ئەو زیانانە بکەنەوە بۆ وڵاتانێکی هەژار کە بەشێکی زۆر کەمی دانەوەی غازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنیان بەردەکەوێت . لە مەش زیاتر بۆ ئەوەی بەربەستی ئەم کارەساتانە بکرێت پیویستە ساڵانە تا ساڵی 2030 دوو تریلۆن دۆلار بخرێتە لاوە بۆ هاوکاری و کۆمەكی ئەو وڵاتانە. بە بێ بوونی ئەم یارمەتی قەرەبووکردنەوەیە ئەو وڵاتانە ناچارن داوای قەرز لە صندوقی دراوی نێودەوڵەتی بکەن کە ئەو قەرزەش پابەندە بە مەجی زۆر قورسەوە کە وڵاتەکە هەژارتر دەکات، کە لە بارێکی ئاواشدا دەبێت ئەوانیش بیر لە دانەوەی قەرزەکە بکەنەوە زیاتر لەوەی لە هەوڵی بەربەستکردنی کارەساتەکانی کە کە ش و هەوای خراپ بۆیان دەهێنێت ببن.
پاش مشتومڕ و دەستشکانەوەی زۆر ڕۆژی هەینی، 17 ی مانگ، یەکێتی ئەوروپا ئامادەیی سەبارەت بە قەرەبووکردنەوەی وڵاتانی هەژاری لێقەوماو دەربڕی بەڵام مەرجداری کردووە. دەشیانەوێت پشکنین و لێکۆڵینەوەیەکی زۆری ئەو وڵاتە لێقاومانە بکەن ئەمە ساڵێکی لانی کەم دەوێت ، سندوقێک کە لە ماوەی دوو ساڵدا بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەروەها بژاردەی دامەزراندنی کۆمیسیۆنێک کە بزانێت ئایا دەتوانێت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دامەزراوە داراییەکانی دیکەی ئێستا وەک بانکی نێودەوڵەتی کاربکات.
لەگەڵ ئەوەشدا یەکێک لە دانوستانکارانی G77 کە داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت، سەرسام نەبوو بە پێشنیارەکەی یەکێتی ئەوروپا و وتی “هەوڵێکی پێشبینیکراوی یەکێتی ئەوروپایە بۆ تێکدانی گروپی جی 77 لە گفتوگۆکاندا. بێگومان، ئەوە پێشکەوتنێک نییە. ئەوان تەنیا هەڵوێستی دانوستانکاری ڕەسەنی خۆیان دووبارە دەکەنەوە بۆ ئەوەی لای بەشداربووان وەک سازشێک دەربکەوێت لە کاتێکدا زۆر باش دەزانن کە سازش نییە. بە تەواوی ناڕاستگۆییە”
هەتا دواساتی تەواوبوونی کۆبونەوەکە کە شەمە شەوەکەی،19 ی مانگ، ئەمەریکا و چین ئامادە نەبوون پابەندی پێشنیارەکەی یەکێتی ئەوروپا بن کە لە کاتێکدا وەکو چۆن دوو دەوڵەتی سەرەکی پیشەسازی جیهانن، هەر ئاواش دوو وڵاتی سەرەکین لە پیسکردنی ژینگە و ژەهراویکردنیا. دوای بەردەوامیدانی دانیشتنەکە کە 40 سەعات لە وەختی خۆی زیاتری برد لە بەرەبەیانی یەکشەمەدا ئەوانیش بە جۆرێك لە جۆرەکان رازی بوون، بەڵام ئەوە دیار نییە کەی ئەو پارەیە دەدرێت و کێ دەیدات و بە کێ دەدرێت.
چوار: لە کۆبونەوەکەدا بە هیچ شێوەیەك ئاژەڵداریی و کێڵگەکانی کە ئاژەڵیان تێدا بەخێو دەکرێت کە هۆکاری بەشێكی زۆری گەرمکردنی زەوین بە دانەوەی غازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن هەر ووکو پێشتر باسم کرد لە بەرنامەی کۆبوونەوەی لوتکەکەدا نەبوو. بزنسی نەوت و غازی کۆمپانیا گەورەکان گەرچی قسەی لەسەر کراوە بەڵام نەتوانراوە کە ناچاربکرێن لە دەرهێنانی بەرهەمەکانیاندا تەکەنەلۆجیای بێ لایەن واتە کە کارایی خراپی لەسەر ژینگە دانەنێت پەیڕەو بکەن . ئەمە لە کاتێکدا کە نرخی غاز بەرزە کەچی هەر بە تەنها پێنج کۆمپانیای سەرەکی نەوت و گاز تا ئێستا لەمساڵدا زیاتر لە 170 ملیار دۆلار قازانجیان کردووە.
پێنج: سێ لەو وڵاتانەی کە کارایی خراپیان لەسەر ژینگە هەیە کە ڕوسیا و چین و هیندستانن، سەرۆکەکانیان بەشدارییان نەکرد. لە بارێکی ئاوادا نوێنەرەکانیان ئەگەر ڕازیش بووبێتن بەو بریارانە ، ڕەنگە کۆتا بڕیار نەبێت لە لایەن ئەوانەوە بۆیە گریمانی هەڵوەشاندنەوە یاخود دواکەوتنی هەیە.
شەش: دواقسە و بۆچوونی هەندێك لە کەسایەتییەکان سەبارەت بە کارایی کۆبونەوەکە: بە پێویستی دەزانم ڕاگەیاندنی چەند کەسێك لەوانە کە خۆیان بە دۆستی ژینگە دەزانن و کەسانی دیارن، لەسەر ئەنجامگیرییەکانی ئەم کۆبونەوەیە بخەمە بەردەستی خوێنەر.
ئەلۆك شارمەی پەڕلەمانتاری بریتانیا و کۆنە سەرۆکی لوتکەی 26 ی پارەکە، ڕای وایە کە بەڵێننامەکانیان لاوازن و شەڕەکە لەسەر مانەوەیە بەو پابەندبوونەیان کە لە گلاسکۆ لەسەری ڕێکەوتوون. ئەو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە و دەڵێت “ لەم کۆبوونەوەدا وەرگرتنی ئاستی دەردانی گازی ژەهراوی لە ساڵی 2025، وەک زانست پێمان دەڵێت پێویستە، بەڵام لەم دەقەدا [تێکست] نییە. بەدواداچوونی ڕوون لەسەر قۆناغ بە قۆناغی کەمکردنەوە و دابەزاندنی خەڵوز لەم دەقەدا نییە. پابەندبوونێکی قۆناغ بە قۆناغ بۆ لەناوبردنی هەموو سووتەمەنی بەردینیی، لەم دەقەدا نییە. قەرەبووکردنەوەی خەسارەکان زەرووییە هەروەها بڕی کەمکردنەوەی دەردانی ئەو غازە لەبری وەستانی لە ئاستێکدا. ئەگەر ئاوا نەکەین ئەمە وەکو كڕینی جلی نوێ وایە بۆ دراوسێ لە دوای تەماشاکردنی خانووکانیان کە دەسوتێن ، چونکە دەنکە شقارتە گڕدراوەکەت لە دەست کەوتۆتە خوارەوە”

ماری ڕۆبنسن، سەرۆکی گروپی سەرکردە پیرەکانی پێشووی جیهان، کۆنە سەرۆکی پێشووی ئێرلەندا و دووجار نوێنەری کەش و هەوای نەتەوە یەکگرتووەکان، وتی: “جیهان لە لێواری کارەساتی کەش و هەوادایە. پێشکەوتنەکان لەسەر [کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی] زۆر خاو بووە. ئێمە لە لێواری جیهانێکی وزەی پاکداین، بەڵام تەنها ئەگەر سەرکردەکانی جی 20 لە ئاست بەرپرسیارێتیەکانیاندا بژین و قسەکانیان بپارێزن و ئیرادەیان بەهێز بکەن. ئەرکەکە لەسەر ئەوانە”
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا و وتی: “هەسارەکەمان هێشتا لە ژووری فریاکەوتندایە. پێویستە ئێستا بە شێوەیەکی بەرچاو دەردانی گازی ژەهراوی کەم بکەینەوە – و ئەمە پرسێکە کە ئەم لوتکەیە باسی نەکردووە. جیهان هێشتا پێویستی بە بازدانێکی زەبەلاح هەیە لەسەر تەماحی کەش و هەوا”.
لۆڕێنس توبیانا، یەکێک لە ئەندزیارانی ڕێککەوتنی کەش وهەوای پاریسی ساڵی 2015، کە ئێستا بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دامەزراوەی کەش و هەوای ئەوروپایە ئاماژەی بەوە کردووە، “کاریگەری پیشەسازی سووتەمەنی بەردینیی لە سەرانسەری وڵاتەکەدا دەرکەوتووە”… “ئەم کۆبونەوەیە پێداویستییەکانی لە دەوروبەری ئەو وڵاتانە لاواز کردووە کە بەڵێنی نوێ و گەورەتریان لەبارەی کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوییەوە داوە. لە دەقی [گرێبەستەکەدا] هیچ باسێک لە کۆتاییهێنان بە قۆناغ بە قۆناغی سووتەمەنی بەردینی نەکراوە، و ئاماژەیەکی کەم بە ئامانجی گەیشتن بە پلەی گەرمی 1.5 سەدیی کراوە”. ئەو وتیشی ” سەرۆکایەتی میسر دەقێکی خستە بەردەست کە بە ڕوونی دەوڵەتە پترۆ نەوت و گازەکان و پیشەسازییەکانی سووتەمەنی بەردینی دەپارێزێت کە ئەم ڕەوتە ناتوانێ ساڵی داهاتوو لە ئیمارات بەردەوام بێت”.
ئێد میلیباند، شادۆ سکرتێری گۆڕانی کەشوهەوا و دابەزینی پلەی گەرمی بۆ سفرە لە حیزبی لەیبەر بە پەرلەمانتارانی ڕاگەیاندووە کە ” Cop27 شکستی هێنا لە پرسە سەرەکییەکەی هێشتنەوەی گەرمبوونی جیهانی بۆ تەنها 1.5یسەدیی لە سەرووی ئاستی پیشەسازییەوە”

لە بەشداریکردنی دانەوەی وەڵامی پرسیارەکاندا وتی ” پێویستە ڕوون بین، لەسەر پرسە چارەنووسسازەکەی هاتنەخوارەی پلەی گەرمی بۆ 1.5 پلە، ئەم لوتکەیە شکستی هێنا. ئێمە لە ئێستاوە کاریگەرییە کارەساتبارەکانی یەک پلەی گەرمبوونەوە دەبین هاوکاتیش لەبری ئەوەی ڕووبەڕووی ئەم قەیرانە ببنەوە، زۆرێک لە سەرکردەکان یاری دەکەن لە کاتێکدا جیهان دەسوتێت، سەرەنجامی ئەوەش بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئێمە لە ئێستادا لەسەر ڕێڕەوی گەرمبوونێکی کارەساتباری 2.8 پلەین”
هەروەها وتیشی ” پێویستە ڕاستیەکان بڵێین. ئەگەر کارێکی جیاواز و خێرا نەکەین، میراتێکی ترسناک بەجێدەهێڵیین. بەم پاشخانەوە هیچ وڵاتێک ناتوانێت پشتی خۆی بخورێنێت هەر وەکو هەر وڵاتێک کە خۆی بە پێشەنگی کەش و هەوا دەزانێت، بەرپرسیارێتی و دەرفەتێکمان لەبەردەمدایە بۆ دانانی پلانێکی خێرا لە ساڵی داهاتوودا و دەسەڵاتی ئەخلاقیمان لە دانوستانەکاندا پەیوەستە بەوەوە.”

…………………
*نوسینی ئەم وتارە بەرهەمی خوێندنەوەی زیاتر لە 20 وتار و توێژینەوەیە. بە پێویستم نەزانی لە دامێنی وتارەکەوە ئاماژەیان پێبکەم ، بەڵام هەر خوێنەرێك بە گومانە لە ئامار و بەڵگەکان دەتوانێت لە مێسنجەرەوە یاخود بە ئیمەیل ئاگادارم بکاتەوە تاکو هەندێك لەو سەرچاوانەی بۆ بنێرم.

زاهیر باهیر
نوڤەمبەری 2022




ڕەخنەگری میلـلی و پەزپەزەی چەمکی خوێنەر.. کاروان عومەر کاکەسوور

لە دوو هاوڕێی جیاوازەوە پەرەگرافێکم پێ گەیشتووە، کە هیی نووسینێکی (ئارام سدیق)ـە و لەبارەی (چەمکی خوێنەر)ـەوەیە. ئەگەرچی لە لام سەیر نییە، ئەو ڕەخنەگرە بە زمانی میلـلی، ئەو زمانەی ڕۆژانە خەڵک لە ناوەندە کۆمەڵایەتییەکاندا بە کاری دێنن، لەبارەی چەمکەکانەوە بدوێت، کە هەر خۆم هەوڵم داوە لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەلۆگێکی بەردەوام)دا هەموو ئەو چەمکانە هەڵبگرمەوە و ئاستە شاراوەکانیان دەربخەم، کە ئەو فڕێی داون، بەڵام بەوەدا هێشتا بەردەوامە، بگرە دەستی لەوە هەڵنەگرتووە بە پێوەری چاکە و خراپە، کە ناوم ناوە (پێوەری چوخ)، نووسەران هەڵبسەنگێنێت، تا بەمیان بڵێت داهێنەری مەزن و ئەویان بە مایەپووچ بزانێت، بۆیە بە پێویستی دەزانم وەک خوێنەرێک لەسەر ئەم پەرەگرافەیشیدا هەڵوێستە بکەم و هاوکات لە دیدگەی خۆمەوە باسێک لەبارەی (چەمکی خوێنەر)ـەوە بنووسم. دیارە لە بەرهەمەکانی پێشوویشمدا ئەو چەمکە ڕووبەڕووم بووەتەوە و دەتوانم بڵێم لە ڕێی دایەلۆگ لەگەڵ کۆمەڵێک سەرچاوەی گرنگەوە لێوەی دواوم، بە تایبەتی لە کتێبی (کوشتنی فیل و پاراستنی دووکانی شووشەوات)دا، کە دەبێتە پاڵپشتی ئەم بابەتەیشم.

سەرەتا با پەرەگرافەکەی (سدیق) وەک خۆی بنووسینەوە:

{بێگومان پۆلێنکردنی خوێنەر، یەکێکە لە سەختترین پۆلێنەکان، بەو پێیەی خوێنەر بوونەوەرێکە سەختە لە ژێر چەتری چەند پێناسەیەکدا کۆ بکرێنەوە، بەڵام لە ڕووە گشتییەکەیەوە و بە وردبوونەوە لە سیمای دەرەوەیان دەتوانین بۆ سێ شێوە پۆلێنیان بکەین، کە ئەوانیش ئەمانەن: یەکەم ”خوێنەری کاتی”. دووەم ”خوێنەری پچڕ پچڕ” (ڕاگوزەر). سێیەم ”خوێنەری هەمیشەیی”.}.

لە ژێرەوە ناوی خۆی نووسیوە و ئاماژەی بەوە داوە، گۆیە لە وتارێکیەوە وەرگیراوە.

هەوڵ دەدەم لەم ڕووەوە نووسینەکەم بۆ دوو تەوەرە دابەش بکەم. لە تەوەرەی یەکەمدا ناوەرۆکی پەرەگرافەکە بە هەمان زمانی کۆمەڵایەتی لێک دەدەمەوە. واتە زمانی منیش لێرەدا سادەیە و بۆ ئەوەیە لایەنە پێکەنیناوییەکەی پێشان بدرێت. لە تەوەرەی دووەمدا، کە بنەڕەتییە و پێشتریش گوترا باسێک لەبارەی (چەمکی خوێنەر)ـەوە دەنووسم. مەبەستمە بڵێم چۆن ئەو چەمکەی لە کاتێکدا کۆمەڵێک ڕەگی لەناو فەلسەفەدا هەن و کۆمەڵێک بیرمەندیش پێوەی خەریک بوون، لە لای ڕەخنەگری میلـلی دەچێتە ئاستی میلـلی و بە زمانی ڕۆژانە وەسف دەکرێت.

لێرەدا دەمەوێت بڵێم وشەی (پەزپەزە)م لە جیاتیی وشەی (کۆمیدیا) لە ناونیشانەکەدا نووسیوە. لە سەرەتا و ناوەڕاستی هەشتاکاندا کۆمەڵێک هاوڕێ بووین، لە (پارکی ڕووناکی)دا کۆ دەبووینەوە، گۆیە خەریکی خوێندنی کتێبی فێرگەین، بەڵام زیاتر کاتمان بە گفتوگۆوە دەبردە سەر. (هۆشەنگ وەزیری)، (سائیب ئەکرەم)، (فەتحی کەریم)، (ئازاد ئەحمەد)، (کاروان کۆیی) و هیی تر ڕۆژانە دەهاتن. هەندێجار دەنگی بەرزمان ئەوانەی دیکەی بێزار دەکرد. ئێوارەیەک یەکێ لە باخەوانەکان تووڕە بوو: (ئەو پەزپەزەیەتان لە چییە؟ خۆیشتان نازان چی دەڵێن). لەمەوە کاتێ یەکێکمان بەبێ هیچ زانیارییەک بۆچوونی دەردەبڕی، ئەوانەی دیکە پێیان دەگوت: (پەزپەزەیە)، یان (واز لە پەزپەزە بێنە!) و هیی دیکە.

*    *    *    *

تەوەرەی یەکەم:

(سدیق) نووسیویەتی: (بێگومان پۆلێنکردنی خوێنەر، یەکێکە لە سەختترین پۆلێنەکان).

ئایا لە توێژینەوەدا وشەی (بێگومان) بایەخی هەیە؟ ئایا ناکرێت گومان پێشڕۆ بێت، تا لە زانراوەوە بەرەو نەزانراو ئاڕاستە ببێت؟ (سدیق) پێشتریش گوتوویەتی پرسیار گرنگ نییە و ئەوەی پرسیار بکات، مایەپووچ دەبێت، وەک لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەلۆگێکی بەردەوام)دا باسم کردووە و لەو بارەیەوە بەشێکی تایبەتم نووسیوە. ئایا بووە نووسەرێک پرسیاری لە لا بێنرخ بێت و لەبارەی (چەمکی خوێنەر)یشەوە بدوێت؟ بەڵێ، ئەگەر بەو زمانە بنووسێت. دواتر لە تەوەرەی دووەمدا پێشانی دەدەین ئەو چەمکە چ شەڕێکی بە فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزان فرۆشتووە، کە لێرەدا خراوەتە ئاستی شمەک و هەڕاج کراوە.

دەڵێت: (پۆلێنکردنی خوێنەر، یەکێکە لە سەختترین پۆلێنەکان).

جارێ با بڵێین پۆلێنکردن لە فیکری ڕەخنەییدا شوێنی نییە. پۆستمۆدێرنیزم سنووری نێوان ژانرەکانی سڕییەوە و هەموو بنەماکانی تێک شکاندن، کە لەمەوە پۆلێن هێندەی دیکە هێزی لە دەست دا. وەک (جاک دێریدا) پێی وایە تێکستەکان بە شێوەک بە یەکدا ڕۆ چوون، شتەکە لەوە دەرچووە ماناکانیان دەستنیشان بکرێن. چەمکی دەقئاوێزان (intentionality)یش هەر لێرەوە هاتووەتە کایەوە و گەشەی کردووە. (مۆریس بلانشۆ) وا لە چەمکی (ژانری ئەدەبی) دەڕوانێت، کە بەتاڵە و ناتوانێت هیچ کاریگەرییەکی هەبێت، بەو مانایەی پۆلێن پێوەندیی بە پێکهاتەی تێکستەوە نییە. مادام ناواخنی تێکست خاوەنی بونیادی تایبەتی خۆیەتی، ئەوە توخمی ڕەتکردنەوەی پۆلێنکردنی هەڵگرتووە و وەریناگرێت، چونکێ هیی دەرەوەیە.

 ئایا  سەیر نییە تۆ پێشتر ناوی کۆمەڵێک لەو فیلۆسۆفانەت هێنابن، کە دژی پۆلێنکارین، لەولایشەوە ئەو چەمکە زەق بکەیتەوە، بێ ئەوەی هیچ لە بارەیەوە بڵێیت؟ شتی سەیرتر لەوەدایە، کە ئەوەی لێرەدا پۆلێن دەکرێت، ژانری ئەدەبی نییە، بەڵکوو خوێنەرە. دواتر دەگوترێت سەیرەکەی لە کوێدایە. من هەر لەو کتێبەی خۆمدا یەک بەشم بۆ ئەو باسە تەرخان کردووە. بۆچوونی کۆمەڵێک فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزم هێناوەتەوە، بە تایبەتی هیی (ڕۆلان بارت)، کە (سدیق) خۆی چەند جارێک ناوی هێناوە، بێ ئەوەی دوو دێڕی گرنگی لەو بارەیەوە نووسیبێت، بگرە بە پێچەوانەوە شتی هێندە سەیری گوتووە، دەتهێنێتە پێکەنین. (ئەگەر وا نییە، با بێتە دەنگ!)… ڕەخنەدۆزی ئەمەریکی، (جۆناتان کولەر: Jonathan Culler) لە کتێبی (بارت: پێشەکییەکی زۆرکورت: Barthes: A Very Short Introduction)دا دەڵێت: (بەشێکی زۆری کارەکانی بارت ڕەنگاوڕەنگ و خاوەنی شێوازی ناوازەن. هەڵگری تایبەتمەندێتیی دەگمەنن و دەکەونە دەرەوەی سنووری ژانرەکانەوە). (بارت) خۆیشی لە وەڵامی پرسیارێکدا، کە پێوەندیی بە سیستەمی کتێبخانەوە هەیە، بەوەی نازانرێت بەرهەمەکانی بخەنە چ خانەیەکەوە، بگرە هەیانە لە زیاتر لە خانەیەک دانراوە؛ شتی نزیک لەوانەی گوتوون. گفتوگۆکە لە پاڵ کۆمەڵێک گفتوگۆی دیکەی لە کتێبی ( Roland Barthes: The Grain of the Voice, Interviews 1962–1980)دا بڵاو کراوەتەوە. پرسیارەکە بەم شێوەیەیە: (سەرنجم داوە کتێبەکانت لە یەک شوێنی کتێبخانەدا نمایش ناکرێن، بەڵکوو لە شوێنی جۆراوجۆر دانراون، وەک زمانەوانی، فەلسەفە، کۆمەڵناسی، ئەدەب و هیی دیکە. ئایا ئەو پۆلێنە ئالۆزکاوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە شێوازی لەیەکنزیکردنەوەی بابەتەکان دەگریتە بەر؟)… بە (بەڵێ) وەڵام دەداتەوە و ئاماژە بە (ژان پۆول سارتەر) دەکات، بەوەی ئەویش فیلۆسۆف، ڕەخنەدۆز، شانۆنامەنووس، گوتارنووس و هیی دیکە بووە.

من لە (سدیق) دەپرسم، ئاخۆ دەتوانێت لەبارەی پۆلێنکارییەوە چەند دێڕێک بنووسێت، تا بزانین چۆنی لێ تێگەیشتووە؟ دەکرێت لانی کەم بە هاوڕێیەکی نزیکی خۆی بڵێت مەبەستی لەو وشەیە چییە؟ ئایا لێرەدا هیچ شتێکی لەو بارەیەوە گوتووە؟ ئایا تەنانەت لە ئاستی ڕستەسازییشدا دروست دەریبڕیوە؟

(پۆلێنکردنی خوێنەر، یەکێکە لە سەختترین پۆلێنەکان). ئێمە وشەیەکمان هەیە، ناوی (پۆلێن)ـە و دەمانەوێت پێناسەی بکەین. ئایا دەکرێت بڵێین (پۆلێن پۆلێن)ـە؟ نەدەکرا بیگوتبووایە (یەکێکە لە سەختترین کارەکان)، یان لانی کەم بینووسیبووایە (پۆلێنکردنی خوێنەر لە پۆلێنکردنی هەر شتێکی دیکە سەختترە)؟ بەوەدا ئاوەڵناوی (سەخت)ی داوەتە پاڵ، مانای وایە دەیزانێت، بۆیە هیوادارم پێمانی بڵێت. نازانم بۆچی لێی شاردووینەتەوە! پۆلێنکاری پێوەندیی بە سیستەمی ڕێکخستنی کتێبخانەوە هەیە. چ کتێبێک لە کوێ دابنرێت و چ ژمارەیەکی پێ بدرێت؟ بۆ ئەوانەی قاڵب و کڵێشە لە بەرچاو دەگرن، دەشێ گرنگ بێت بزانن شیعر چۆن بنووسرێت و ڕۆمان لە چەند وشە پێک بێت، دەنا وەک گوترا لای ڕەخنەدۆزانی جیاوازی، کە ڕەخنەیان لە شوناس گرتووە، سنووری ژانرەکان کاڵ بووەتەوە و ئەمیان لەویان وەردەگرێت. هەم لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەلۆگێکی بەردەوام) و هەم لەو گفتوگۆیەی (شاخەوان سدیق) لەگەڵیدا کردووم و لە ژێر ناونیشانی (ڕۆمان لە تاکدەنگەوە بۆ فرەدەنگ)دا چاپ کراوە، هەوڵم داوە بە وردی لەو باسە بدوێم.

ئینجا (سدیق) نووسیویەتی: (خوێنەر بوونەوەرێکە سەختە لە ژێر چەتری چەند پێناسەیەکدا کۆ بکرێنەوە). کاتێ دەگوترێت (خوێنەر بوونەوەرێکە)، واتە تاکە، بۆیە (کۆ بکرێنەوە) هەڵەیە. پێویستە سەرتاپێی وشەکان دابڕێژرێنەوە، تا سروشتی خۆیان لە دەست نەدەن، بە مەرجێ هەتا بۆ سروشتی خۆیشیان بگەڕێنەوە، هێشتا لە ڕووی تێگەیشتنی ڕەخنەیییەوە پرسیارمان دەمێنێت. تۆ ڕەخنەگر بیت و کۆمەڵێک کتێبت چاپ کردبن، ئینجا بێیت و خوێنەر بە (بوونەوەر) بزانیت، بۆ من پێکەنیناوییە، کە وەک دواتر دەبینین هەر بە ڕاستی بە بوونەوەری زانیوە و بە شێوەی مۆرفۆلۆجی بینیویەتی. بوونەوەر واتە (Organism)، کە مرۆڤ، ئاژەڵ، ڕووەک و هیی دیکە دەگرێتەوە. لێرەدا مەبەستی مرۆڤە. ئەوەتە نووسیویەتی: (بەڵام لە ڕووە گشتییەکەیەوە و بە وردبوونەوە لە سیمای دەرەوەیان دەتوانین بۆ سێ شێوە پۆلێنیان بکەین).

لە فەلسەفەدا چەمک واتە لایەنی نادیاری شت، کە بێسنوورە و لە بێژمار ئاڕاستە پێک دێت. ئایا بۆ نموونە چەمکی (دەستەڵات) لای (فۆکۆ) بریتییە لەو کەرەستانەی حوکمیان پێ دەکرێت؟ (سدیق) خوێنەری لە مرۆڤدا بەرجەستە کردووە. واتە ئەوانە بە شێوەی فیزیکی هەن و کتێب بە دەستەوە دەگرن، کە دەتوانیت بیانژمێریت. ئینجا وشەگەلی وەک (لە ڕووە گشتییەکەیەوە و بە وردبوونەوە لە سیمای دەرەوەیان) تەنیا بە مەبەستی فریودانی خوێنەر نا، بەڵکوو فریودانی جەماوەر ڕیز کراون، دەنا هیچ ئەرکێکیان لە ئەستۆدا نییە. دەسا ئەگەر هەیانە، خۆزگە دەهات و لەو بارەیەوە بۆمان دەدوا! با بزانین ئەو سێ شێوەیە چین، کە پۆلێنی کردوون: {یەکەم ”خوێنەری کاتی”. دووەم ”خوێنەری پچڕ پچڕ” (ڕاگوزەر). سێیەم ”خوێنەری هەمیشەیی”}.

دەیگوت پۆلێنکردنیان کارێکی سەختە، کەچی دەبینین هەر زۆر ئاسانە. ئەرێ مرۆڤ بەو مەبەستەی ئەم پەرەگرافە، بگرە هەزاران پەرەگرافی لەم شێوەیە بنووسێت، پێویستی بە وردبوونەوە هەیە؟ بۆیە دەپرسم، چونکە نووسیویەتی: (بە وردبوونەوە لە سیمای دەرەوەیان). وردبوونەوەی بۆ چییە؟ هەر کەسێکت بینی، کتێبی پێیە، خوێنەرە و ئەوەی پێی نییە، فت. ئەوەی زووزوو بە دەستیەوە دەگرێت و دەیهێنێتە قەرەباڵغی، ”خوێنەری هەمیشەیی”یە، ئەوەی ناوەناوە هەڵیدەگرێت، ”خوێنەری پچڕ پچڕ” (ڕاگوزەر) و ئەوەی کەمجار پێی دەبینرێت، ”خوێنەری کاتی”یە.

ئایا لە پەنجاکاندا خاوەنی کتێبخانەیەک نا، بەڵکوو خەڵووزفرۆشەکەی بەرانبەری، یان نانەواکەی تەنیشتی نەیدەتوانی بەو ئەنجامە بگات، کە هەندێک کەس بە شێوەی کاتی کتێب دەکڕن، هەندێک جاروبار و هەندێکیش بەردەوام؟ یەکێ لە خەسڵەتەکانی ڕەخنەی میلـلی، ئەوەیە، کە تۆ دەتوانیت لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا بۆ هەر شتێکی دیکەی بە کار بهێنیت. لە پەنجاکان دوور ناکەوینەوە و پیاوێکی هەژار دێنینە بەر چاومان، کە دەیەوێت نۆکاو بفرۆشێت. دەچێتە گەڕەکەکەی ئەوبەر و سەرنج لەو نۆکاوفرۆشەی ئەوێ دەدات. بۆ ماڵەوە دەگەڕێتەوە و بە هاوسەری دەڵێت: {بێگومان پۆلێنکردنی نۆکخۆر، یەکێکە لە سەختترین پۆلێنەکان، بەو پێیەی نۆکخۆر بوونەوەرێکە سەختە لە ژێر چەتری چەند پێناسەیەکدا کۆ بکرێنەوە، بەڵام لە ڕووە گشتییەکەیەوە و بە وردبوونەوە لە سیمای دەرەوەیان دەتوانین بۆ سێ شێوە پۆلێنیان بکەین، کە ئەوانیش ئەمانەن: یەکەم ”نۆکخۆری کاتی”. دووەم ”نۆکخۆری پچڕ پچڕ” (ڕاگوزەر). سێیەم ”نۆکخۆری هەمیشەیی”.}.

ئایا هاوسەری لێی ناپرسێت: (بۆچی، گیانەکەم، تۆ بەبێ ئەوەیش ئەمەت نەدەزانی؟)؟ ڕەنگە ئەو پیاوە هەر بە سروشتی خۆی زمانی کوردی بزانێت و ئەو هەڵانە نەکات، کە (سدیق) کردوونی. بۆ نموونە وشەی (پچڕپچڕ) وەک ئەو لە یەک جودا ناکاتەوە، مادام ئاوەڵناوە. هەروەها ئەو پێشەکییە ناڵێت، کە وەک بینیمان یەک ئەرکی لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵکوو تەنیا بۆ فریودان نووسراوە. خۆزگە ئەوانەی بەو پەرەگرافە سەرسامن، وەک هاوسەری نۆکاوفرۆش لێیان دەپرسی، ئەرێ تۆ شتێکت گوتووە، ئێمە نەیزانین؟  ئایا وشەی (پچڕپچڕ: intermittent) لە شێوەی ناو، یان ئاوەڵناودا بە کار دێت؟ دەگوترێت: (مام پچڕپچڕ لە دەرگەی دا)؟ (منداڵێکی پچڕپچڕە و لە دایکە پچڕپچڕەکەی دەچێت)؟ (کتێبە پچڕپچڕەکە دەنگی داوەتەوە و بە دڵی خەڵکە). تا ئێستا نەمزانیوە بەندبێژێک گوتبێتی: (جاران پیاوێکی درێژ بووم، ئێستا هەر وەک تۆپ خڕم… کەوتوومەتە بەر شەقی یاری پچڕپچڕم. فش نابمەوە بە هیچ کەس، چونکە تا بڵێی پڕم). ئەرێ (پچڕپچڕ) هاوواتای (ڕاگوزەر: transient)ـە؟

من لەو کەسانە نیم سنوور بۆ زمان و دەربڕین دادەنێن، بەڵام ئەگەر بەم شێوەیە لەسەر گرفتی زمانەوانیدا دەوەستم، ئەوە تەنیا دەمەوێت پێشانی بدەم ئەم تێگەیشتنە تا چ ئەندازەیەک ڕووکەشە و چۆنیش ڕێ بە خۆی دەدات لەبارەی ئەو چەمکانەوە زانیاریی ساختە بخاتە ڕوو. زمانی ئەم نووسینە لە پێناوی (شت) لە سروشتی خۆی دوور کەوتووەتەوە، بەڵام زمانی ئەو نۆکاوفرۆشە بەوەدا پێوەندیی بە (ژیان)ـەوە هەیە، سروشتی خۆی لە دەست نەداوە. زانیاریی هەڵەی نۆکاوفرۆشەکەمان هیچ زیانێک ناگەیەنێت، بەڵام زانیاریی هەڵەی ئەم نووسینە بیرکردنەوە بە لاڕێدا دەبات.

ئایا (سدیق) تا ئێستا ناوی چەمکێکی هێناوە، کە ئێمە خۆمان پێشتر باسمان لێوە نەکردبێت؟ فیکری یەک فیلۆسۆف، یان هیی ڕەخنەدۆزێکی ئەدەبیی پێ ناساندووین، بڵێین ئەوە یەکەمجارە لە بارەیەوە دەخوێنینەوە؟ ئایا بەو زمانە میلـلییەی هەر ئەوانە ناڵێتەوە، کە خۆمان پێشتر نووسیومانن؟ دیارە دوای ئەوەی لە ناوەرۆکیانی بەتاڵ کردوون. دوای ئەوەی لە ئاوی میلـلییان هەڵدەکێشێت، ئینجا بۆمانی دێنێتەوە. دەکرا ئەو وەک ڕەخنەدۆزانی دی هەم چەند کتێبێکی گرنگی لە زمانەکانی دیکەوە وەربگێڕابوونایە و هەم ورد لەبارەی کۆمەڵێک چەمکەوە بینووسیایە، کەچی ئەوەتە نەیتوانیوە بە زمانی خۆی پەرەگرافێکی هێندە ڕووکەش دابڕێژێت!

ئەوە یەک پەرەگرافە لەو گوتارەی. ئایا لە خۆی ڕادەبینێت تەواوی گوتارەکەم بۆ بنێرێت، تا بەم شێوەیە بیخوێنمەوە؟

ئێستا دوو پرسیاری زۆر سادە دەکەین، کە تەواو لە ئاستی پەرەگرافەکەدان: ئایا مەرجە هەر کەسێک زۆر کتێب بکڕێت، خوێنەرێکی قووڵ بێت؟ بە لاکەی دیکەیشدا ئایا ناشێ کەسانێک کەم بخوێننەوە، بەڵام خاوەنی تێگەیشتنی زیندوو و فرەوان بن؟ ئەرێ مەرجە ئەوانەی لە دەرەوە کتێبیان پێ نابینرێت، لە ماڵەوە نەیانبێت و نەخوێننەوە؟ ئایا زۆریی ژمارەی کتێب گرنگە، یان جۆری ئەو کتێبانەی دەخوێنرێنەوە؟ ئەوە هەڵەی لۆجیکییە و بە (Style over Substance Fallacy) ناسراوە. واتە هەڵەی لۆجیکیی زاڵکردنی شێوە بەسەر ناوەرۆکدا. ئەو کاتەیە، کە ڕووخساری بریقەداری شت فریومان دەدات. مرۆڤی ئێمە بێ ئەوەی وەک (سدیق) بانگەشەی ئەوە بکات (هایدیگەر) و فیلۆسۆفانی تری ناسیون، خۆی لەو هەڵە لۆجیکییە دوور گرتووە و گوتوویەتی: (هەر شتێک بدرەوشێتەوە، مەرج نییە زێڕ بێت). لە کتێبی منداڵیمدا نووسیومە بە مەبەستی فریودانی باوکم، بەردەوام کتێبی فێرگەم بە دەستەوە گرتووە، بێ ئەوەی هەر بیخوێنمەوە، کە ئەوەم بە شێوەیەکی دی لە چیرۆکی (جیهان لە فنجانی قاوە)یشدا بە کار هێناوە. ئایا گوتار و کتێبی ئەو هەموو فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزەی لە بەرهەمەکانیدا ناوی هێناون، بوونەتە هۆی ئەوەی ئەم پەرەگرافە نەنووسێت؟ ئەرێ ئەگەر چوار دێڕی یەکێ لەو فیلۆسۆفانەی خوێندبێتەوە، ئەم پرسیارانە دەورووژێنێت؟ کوا کاریگەریی ئەو کتێبە کوردییانەی، کە پێی گوتووین داهێنانی مەزنن؟ ئایا نەیخوێندوونەتەوە، یان ئەوانیش لە هەمان ئاستی تێگەیشتنی خۆیدا نووسراون؟ با بڵێین دروست بۆی چووە و ئەو سێ شێوە خوێنەرەمان هەن. دەیەوێت چی بەو ئەنجامە بکات؟ ئەوە کێیە، پێویستی بە زانینی ئەم ئەنجامەیە؟ هەر بە ڕاستی گرنگە ئێمە ئەوە بزانین؟ ئەگەر وایە، سیخوڕانی ڕێژیمە سەرکوتکەرەکان لە پێش هەموومانەوە داهێنەرن، بەوەی دەیانەوێت بزانن کێ چی و چەند دەخوێنێتەوە.

لەو ماوەیەدا هەندێک خوێنەری ئاسایی کۆمەڵێک نووسین و ڤیدیۆی نووسەرانیان هەر بە مەبەستی پێکەنین بۆ ناردووم. هەندێکیان هیی (ئارام سدیق) و سێ دانەیان هیی (ئارام کاکەی فەلاح)ن، کە ئەگەر پێیان خۆشە بزانن ئەو بابەتانە چین، ئامادەم پێیان بڵێم. یەکێکیان ئەم پەرەگرافەیە، کە ئەوەتە قسەی لێوە دەکەین. هیی نووسەرانی دیکەیشیان ناردووە. ڕەنگە هەندێک نەزانن ئەمڕۆ لەلایەن خوێنەری وریا و چاوکراوەوە ئەو بابەتانەی، خۆیان پێیان وایە داهێنانی مەزنن، وەک نوکتە سەرنجیان دەدرێتێ و بۆ یەکتری دەنێرن. بۆ نموونە (دلێر سەلیم) ئەوە نزیکەی دوو دەیەیە خەریکی ئەم کارەیە. دیارە مەبەست لە نووسینی نووسەرە، نەوەک نووسەر خۆی، لە کاتێکدا هەر فیکرێک، ئینجا هیی سەرۆکی حیزبە، یان هیی سەرۆکی دەستگەیەکی کولتووری، هیی ڕۆماننووسی بەناوبانگە، یان هیی شاعیری ناسراو، بۆ ئەوەیە بکرێتە بابەتی نوکتە و پێکەنین. ئەوەی لە لای من نەکراوە و ناکرێت، گۆڕینی بوونی مرۆڤە بۆ بابەت، کە پێشتریش گوتوومە ئەوەی بوونی کەسێک دەکاتە بابەت، هاوکات بەوە ڕازییە بوونی خۆیشی بۆ بابەت بگۆڕێت.

ئایا بۆچوونی ئەو ڕەخنەگرە میلـلییە گرنگە، چ کاتێ پێتدا هەڵدەڵێت و چ کاتێ دەتشکێنێت؟ ئایا ئەو نووسەرانەی بە داهێنەری زانیون، هەر بە ڕاستی داهێنەرن؟ ئایا بەو تێگەیشتنەی هەندێک نووسەری وای وەک داهێنەر پێ نەناساندووین، کە بەرهەمەکانیان بۆ خوێنەری سەرەتاییش سادەن؟

(حسێن عارف) لە سەرەتای حەفتاکاندا چەند گوتارێکی لەبارەی شەپۆلی هۆشەوە نووسیون و کتێبێکی وەک (شەپۆلی هۆش لە ڕۆمانی نوێدا)ی (ڕۆبێرت هەمفری)ی بە خوێنەر ناساندووە، کە تا ئەمڕۆیش ئەو کتێبە بایەخی خۆی لە دەست نەداوە. پاش پەنجاودوو ساڵ (ئارام سدیق) بەم زمانە لەبارەی (چەمکی خوێنەر)ـەوە دەدوێت! هەر لە سەرەتای حەفتاکاندا ئەدەبی ڕوانگە و گرووپی کفری چاو هەڵدێنن و لە بەرانبەریاندا کۆمەڵێک گوتاری ڕەخنەیی دەنووسرێن، کە بە هەموو سادەییی خۆیان، دەکرا ببنە سەرەتای گرنگ بۆ دامەزراندنی فیکری ڕەخنەیی، کەچی ئەوەتە (سدیق) لە دوای نیو سەدە و بە زمانی میلـلی، بگرە لە خوار زمانی ڕۆژانەی خەڵکیشەوە دەنووسێت! (حەمید عەزیز) لە ساڵی (1979)دا کتێبی (سەرەتایەک لە فەلسەفەی کلاسیکی یۆنان)ی چاپ کردووە، کە نزیکەی دە ساڵ پێشتر وەک زنجیرەگوتار لە ڕۆژنامەی (هاوکاری)دا بڵاو کراوەتەوە.

ئەگەر بۆ ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەو سەردەمە بگەڕێینەوە، کۆمەڵێک ڕیپۆرتاجمان بەر چاو دەکەون، کە بۆ ئەوە کراون، ئاخۆ کتێب چەند دەفرۆشێت و چەند جۆر خوێنەر هەن. لە خۆم ڕادەبینم بڵێم لەوەی (سدیق) جوانتر نووسراون، کە وەک توێژینەوەی ئەدەبی بڵاوی کردووەتەوە.

فیلمێکی کۆمیدیی میسری هەیە، ناوی (دۆکتۆر فەرەحات)ـە و (فەوزی جەزایرلی) ڕۆڵەکە دەبینێت. دەرهێنەری ئیتاڵی، (تۆگۆ میزراحی) لە ناوەڕاستی سییەکاندا دەریهێناوە، کە باس لە پیاوێکی هەژارە و بە هەڵە لە هۆتێلێکدا وەک وەرگێڕ وەردەگیرێت، لە کاتێکدا بەپێی لێکدانەوەی هاوسەری وشەی (ترجمان: وەرگێڕ) واتە قاپشۆر و خۆیشی هەر وا تێگەیشتووە. (دۆکتۆر حیلمی)یش لە لەندەن دەگەڕێتەوە و لەو هۆتێلە دادەبەزێت. داهێنانی زۆری لە بواری پزیشکیدا کردووە و ڕۆژنامەنووسان دەیانەوێت بیدوێنن، لە کاتێکدا دەزانن بە دزی گەڕاوەتەوە و بە ناوێکی خوازراویش لە هۆتێل دابەزیوە، بۆیە دەڵێن دیارە ئەو پیاوە سەیرەی ناوی (فەرەحات)ـە، لەو زیاتر، کەسی دی نییە. گفتوگۆی لەگەڵدا دەکەن و ئەویش وەڵامی سەیریان دەداتەوە، بەوەی هیچ شتێک لەبارەی پزیشکییەوە نازانێت و هاوسەریشی پێی گوتووە بۆ ئەوەی وەک قاپشۆر لەو هۆتێلەدا وەربگیرێت، پێویستە هەر شتێکی لێ دەپرسن، بڵێت دەزانێت و وەڵام بداتەوە. (دۆکتۆر حیلمی) بۆی دەردەکەوێت ئەو پیاوە بە شێوەیەکی زۆر پێکەنیناوی هەڵسوکەوت دەکات. ئینجا لە دوورەوە پێوەندیی دڵداریی لەگەڵ کچێکدا بەستووە، لە کاتێکدا لە لای ڕوون نییە، ئاخۆ کچە لە دڵەوەیەتی، یان لەبەر ناوبانگ و سامانەکەی دەیەوێت ببێتە هاوسەری. وای بە چاک دەزانێت ئەو پیاوە دەشتەکییە هەژارە لە جیاتیی خۆی بنێرێت، بەو مەبەستەی تاقیی بکاتەوە. هەر بە ڕاستی باوکی کچە پێی ڕازییە و خەڵکیش تەنیا لەبەر ئەوەی، گۆیە پزیشکە و خاوەنی سامانە، ڕێزی لێ دەگرن، بگرە سەرسامیی خۆیان لە ئاستی گوتە ساکارەکانیدا دەردەبڕن، لە کاتێکدا کچەکە هەست بە نائومێدی دەکات.

دیارە نامەوێت لەوە زیاتر لەبارەی فیلمەکەوە بدوێم، بەڵام مەبەستمە بڵێم، کە ئەمڕۆ لەناو دنیای نووسینماندا نموونەی ئەم (دۆکتۆر فەرەحات)انە زۆرن. جیاوازیی نێوان (دۆکتۆر فەرەحات)ی فیلمەکە و ئەوانەی خۆمان، ئەوەیە، کە ئەم بێ ئەوەی ویستبێتی، ئەو ڕۆڵەی پێ دراوە، لە کاتێکدا ئەوانەی ئێرە بە ئارەزووی خۆیان پێی گەیشتوون. (فەرەحات) کاتێ وەک وەرگێڕ وەردەگیرێت و بە ڕێکەوت لە هەندێک هەڵوێست ڕزگاری دەبێت، دەڵێت: (من وام دەزانی پیشەی وەرگێڕی زۆر سەختە، کەچی دەرکەوت تا بڵێی ئاسانە). بە ڕاستی ئەمڕۆ نووسین هێندە ئاسان بووە، کە ساڵانە دەتوانیت بە زمانی ڕۆژانەی خەڵک چەند کتێبێک بنووسیت و کەسانێکی زۆریش، وەک ئەوانەی بە گوتەکانی (دۆکتۆر فەرەحات) سەرسام بوون، پێیان سەرسام ببن. ناوەناوەیش بڵاوکردنەوەی پەرەگرافی لەم شێوەیە پێویستە. کۆمەڵێک لایک و کۆمێنتی جەماوەر بە دەست دەهێنیت و دەبیتە ناوێکی دیار. تۆیش کاتێ ڕووبەڕووی ئەم تێگەیشتنە دەبیتەوە، بە ناچاری دەبێت لەو ئاستەدا بدوێیت. ئایا دەکرێت چاو لەم نووسینانە بپۆشین، کە زانیاریی ساختە دەگەیەنن؟

*  *  *

تەوەرەی دووەم:

تیۆریی خوێنەر/وەرگر لە ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی بیستەم لە فێرگەی کۆنستانس (Constance School)ی ئەڵمانیای خۆرئاوادا چاو هەڵدێنێت، کە (هانس ڕۆبێرت یاوس: Hans Robert Jauss) و (ڤۆلفگانگ ئایزەر: Wolfgang Iser) وەک دوو ڕەخنەدۆز و تیۆریستی ئەدەبی ڕۆڵی گەورە لە پێکهێنانیدا دەبینن. یەکەمیان بایەخی بە ئێستاتیکای وەرگر (aesthetic of reception) و دووەمیان بە خوێنەری ناوەکی (implied-reader) داوە. ئەم دووانە و ئەوانەی تریش، کە دواتر ناویان دەهێنرێت، ئەگەر لە هەندێک ڕووەوە جیاواز بن، ئەوە لە گەوهەردا لەسەر ئەوە کۆکن، کە دەبێت خوێنەر بەهای پێ بدرێت و ئەو بەهایانەیشی بۆ بگەڕێنرێنەوە، پێشتر لەسەر حیسابی نووسەر، بگرە لەسەر حیسابی تێکستیشدا لێی سەندراونەتەوە.

پێویستە هەر لە سەرەتاوە بگوترێت ئێمە بە گشتی باسی چەمکی خوێنەر دەکەین و کەمتر ڕۆ دەچینە قووڵاییی تیۆرییەکانەوە، کە وەک پێشتر گوترا مەبەستمانە بە پلەی یەکەم ئەوە پێشان بدەین ئەم چەمکە چ قورسایییەکی لە لای فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزان هەیە، لە کاتێکدا ڕەخنەگری میلـلی تا ئاستی زمانی تێگەیشتنی ڕۆژانەی خەڵک، بگرە خوارتریشی دابەزاندووە. خۆ ئەگەر پێویستی کرد بە تایبەت لەبارەی هەر یەکێ لەو تیۆرییانەوە قسەی زیاتر بکەین، ئەوە لە ئاییندەدا بە خۆشحاڵییەوە بۆ باسێکی لەم شێوەیە دەگەڕێینەوە. وەک گوترا پێشتریش لەو بارەیەوە کارمان کردووە.

بەوەدا ئەو تیۆرییە، یان دروستتر ئەو تیۆرییانە لە کتوپڕێکدا نەهاتوون، بەڵکوو لە کۆمەڵێک سەرچاوەی گەورەوە هەڵقوڵاون، ئەوە ناکرێت ئەگەر بە کورتییش بێت، ئاوڕیان لێ نەدەینەوە. ڕاستییەکەیشی وا پێویست دەکات تیشک بخەینە سەر بەشێک لەو سەرچاوانە، تا پتر قووڵاییی چەمکەکەمان بۆ دەربکەوێت.

ئەو چەمکە هەر لە سەردەمی فەلسەفەی یۆنانیدا ئاماژەی پێ دراوە، بە تایبەتی لە لای (ئەریستۆ)، کە هەرسێ توخمی تێکست، نووسەر و وەرگری باس کردوون، لە کاتێکدا ڕۆڵی هەر یەکەیانی دەرخستووە. پێی وایە شاعیر لە لایەک بە حەقیقەت و واقیعەوە پێوەستە و لە لایەکی دی بە وەرگرەوە. ئەو لە کتێبی (هونەری شیعر)، لە چوارچێوەی شیعری شانۆییدا، کە پێوەستە بە تراجیدیا و کۆمیدیاوە، بایەخ بە چەمکی وەرگر و ئێستاتیکای وەرگر لە وەرگرتنی تێکست دەدات، بەوەی بینەرانی شانۆ ڕۆڵی گرنگ لە تاوتوێکردنی کاری هونەریدا دەبینن. لەچاوکردنەوە (Imitation) لایەنی دەروونی دەگرێتە خۆی، کە ورووژاندن و ناکاوی (Surprise) دەهێنێت. ئەوانە لە شێوەی ترس (fear) و بەزەیی (pity)دا دەردەکەون. بەوەدا ئەرکی شیعر ئەوە نییە واقیع ڕێک وەک ئەوەی هەیە، بگوازێتەوە، لێرەدا ناچاوەڕوانکراوی (unexpected)ی لێ دەکەوێتەوە، کە بە ورووژان و سەرسامییەوە پێوەستە. واتە بایەخ بە لایەنی چێژ دەدات، بەوەی لە ئێستاتیکادا بەرجەستەیە. لەبارەی ترجیدیاوە دەڵێت کۆتاییی دڵخۆشکەر (happy ending) دڵخۆشمان ناکات، بەو مانایەی وەرگر زیاتر بە ڕووداوی چاوەڕواننەکراو دەورووژێت و چێژ دەبینێت.

لانی کەم لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە تا ئەمڕۆ فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزان ئاوڕیان لەو چەمکە، چەمکی خوێنەر داوەتەوە و پێوەی خەریکن. (سارتەر) لە کتێبی (ئەدەب چییە؟)دا هەوڵی داوە بە شێوازی خۆی لە چەمکی خوێندنەوە بکۆڵێتەوە و دەپرسێت بۆچی دەنووسین؟ دەڵێت پرۆسێسی خوێندنەوە وا دەکات کاری ئەدەبی بێتە کایەوە. واتە بە هاوکاریی نووسەر و خوێنەر بەرهەم دێت. ناکرێت ئەوە لە بیر خۆمان ببەینەوە، کە بە گشتی ڕێبازە فەلسەفییەکان لە کۆتاییی سەدەی نۆزدەمەوە زەمینەیان بۆ دەرکەوتنەوەی خۆش کرد و وردەوردە دەستەڵاتی نووسەر خرایە ژێر پرسیارەوە، کە لە زمانی ئینگلیزیدا وشەی نووسەر (Author) بە وشەی دەستەڵات (Authority)ـەوە پێوەستە. بۆ نموونە لە بیرۆکەی (مەرگی خواوەند)ی (فریدرێک نیتشە)وە بیرۆکەی (مەرگی نووسەر) لە لای (ڕۆلان بارت) و (مێشێل فۆکۆ) دێتە کایەوە، کە (بارت) لە (مەرگی نووسەر)دا دەڵێت پێویستە لەدایکبوونی خوێنەر لەسەر حیسابی مەرگی نووسەر بێت. لە کتێبی (چێژی تێکست)دا پێی لەسەر دادەگرێت، کە خوێنەر لە جیاتیی ئەوەی ببێتە بەکاربەری تێکست، دەبێتە بەشدارێکی چالاک لە بەرهەمهێنانیدا. پێوەندییەکەی بە تێکستەوە وەک پێوەندیی دڵدارە بە دڵبەرەکەیەوە. (بارت) بەم شێوەیە خۆی وەک خوێنەر پێناسە دەکات: (من عاشقی زمانم، کەواتە عیشقی خۆم بۆ نووسراو ڕادەگەیەنم). خوێنەر لە ڕێگەی چێژەوە یاخی دەبێت و لە یاسا دەردەچێت، بەوەی خاوەنی خوێندنەوەیەکی جیاوازە. بۆیە چێژ دەبینێت، چونکە تاکە و خاوەنی جەستەی خۆیەتی. لە کتێبی (ڕەخنە و حەقیقەت)دا پێی وایە ئەوە تەنیا خوێندنەوەیە شەیدای کاری ئەدەبییە و پێوەندیی شەهوەتئامێزی لەگەڵ دادەمەزرێنێت. کاتێ دەخوێنینەوە، مانای وایە شەهوەتمان بۆ کاری هونەری بزوواوە. هەروەها دەڵێت نووسین بنەبڕکردنی هەموو دەنگ و سەرچاوەیەکە، ئەو بێلایەنییەیە، ئەو پێکهاتە و پێچ (oblique)ـەیە، کە خودە چالاکەکانمانی تێدا وێڵ دەبن. ئەو ڕەشایی و سپێتییەیە، کە هەموو شوناسێکی تێدا ون دەبێت، لە شوناسی ئەو جەستەیەوە دەست پێ دەکات، کە دەنووسێت. مەبەستی ئەوەیە ئێمە نازانین کێیە لەناو تێکستدا، واتە لەو شوێنە بێلایەنەدا دەدوێت. پێشتر هەم (ستیفان مالارمێ) و هەم (پۆول ڤالێری)یش بە شێوەیەک لە شێوەکان (دانەر)، یان (نووسەر)یان بە گرنگ نەزانیوە. (فۆکۆ) خۆی (بوونی زمان) دەخاتە پێش (existential primacy of language) مرۆڤەوە، بەو مانایەی زمان لە مرۆڤدا دەدوێت، بۆیە لە ڕاڤەکردنی چەمکدا، گەڕانەوە بۆ نووسەر بە پێویست نازانێت، بەوەی لەناو تۆڕی فرەوانی چەمکەکاندا ئەو مرۆڤە هەر ونە. ئەوە چەمکەکانیشن (خود)یان پێک هێناوە، نەوەک (خود) ئەوانەی دروست کردبن، کە (بارت) جەخت دەکاتەوە هەر تێکستێک لە کۆمەڵێک تێکستی دی وەرگیراوە، بۆیە لەوەی دوور دەخاتەوە بە پێوەری ڕەوشت بخوێنرێتەوە، لە کاتێکدا بکەرەکەی بە لاوە نراوە. واتە لەگەڵ ئەوەدا نییە بگوترێت، ئاخۆ ڕاستە، یان درۆیە، کە ئەوەیشە وا دەکات تێکست لە نووسەر داببڕێنرێت و توانای ئەوەی هەبێت دەقئاوێزان (intentionality) پێک بهێنێت. بەردەوام پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، کە مەرگی نووسەر، واتە لەدایکبوونی خوێنەر. مەبەستی ئەوەیە کاتێ نووسین بە هیی نووسەر دەزانین، ئەوە سنووری بۆ دادەنێین و مانای کۆتاییی پێ دەدەین. لێرەدا بایەخ بە کرانەوەییی تێکست دەدات، بەو مانایەی ئەو تێکستە نەکرێتە ڕووبەرێک بۆ حوکمی ڕەها و ئاڕاستەکان لە خاڵێکدا کۆتایییان نەیەت، بۆ ئەوەی خوێندنەوە ببێتە کارێکی داهێنەرانە و بەشداریی خوێنەر لەو پرۆسێسەدا دەربکەوێت. (هیچ حەقیقەتێکی بابەتی و خودی بۆ خوێندنەوە نین، بەڵکوو تەنیا حەقیقەتێکی یاریکەر هەیە). ئەو حەقیقەتە یاریکەرە چەسپاو نییە و لە جووڵەدایە، کە دەکرێت هەر خوێنەرێک بە شێوازی خۆی لێکی بداتەوە. ئەو حەقیقەتە یاریکەرە یارمەتیمان دەدات دوالیزمەکان تێبپەڕێنین.

(جیل دولووز) بە شێوازی خۆی ڕەخنە لە دەستەڵاتی نووسەر دەگرێت، کە لە شێوازی نووسینی کلاسیکدا بەرجەستەیە، بەوەی شێوەیەکی چەسپاو و تاکڕەهەندە. لە کتێبی (هەزار بان: A Thousand Plateaus)دا، کە بە هاوکاریی (فلێکس گواتاری) نووسیویەتی، هەوڵ دەدات لە ڕێی چەمکی  ڕایزۆم (rhizome)وە، دروستتر لە ڕێی (نووسینی  ڕایزۆمییانە: rhizomatic writing)ـەوە ڕووبەڕووی لۆجیکی درەخت ببێتەوە. ( ڕایزۆم، یان ڕایزەم، یانیش ڕیزوم، ڕووەکێکە لەسەر زەویدا دەردەکەوێت و ڕەگی نییە). پێیان وایە دوالیزمی درەخت/ڕەگ لە دنیا و نووسینیشدا ڕەنگی داوەتەوە. نووسین وەک درەخت سەرەتایەکی هەیە و دەگاتە کۆتایی. درەخت خاوەنی ڕەگ، لق، گەڵا و بەرهەمە. نووسینی کلاسیک وەک خۆیان ناوی دەنێن، لاساییکردنەوەی درەختە. لە درەختدا ڕەگ هەیە و لە نووسیندا گرفت. درەخت لە ڕێی لق و گەڵاکانیەوە بڵاو دەبێتەوە، نووسینیش بە هۆی ڕاڤەکانیەوە. درەخت بەر دەگرێت و نووسینیش ئەنجام بە دەست دێنێت. بەم شێوەیە (دولووز) و (گواتاری) دەیانەوێت ئەو لۆجیکە تێک بشکێنن، کە تەنیا چەسپاوی و وەستان بەرهەم دێنێتەوە. سەرجەم بوارەکانی بایۆلۆجی، سیاسی، ئابووری و ئەوانەی دیکەیش بەپێی ئەو لۆجیکەی درەخت بە ڕێوە دەچن، لە کاتێکدا شتەکە لە سروشتدا جیاوازە، بەوەی سروشت پێچەوانەی فیکر، ڕێی ئەو دوالیزمە نادات، تێیدا کار بکات، لە کاتێکدا خاوەنی خەسڵەتی دینامیکییە. درەخت شێوەیەکی دیاریکراوی هەیە، کە شاقووڵییە، بەڵام  ڕایزۆم ئاسۆیییانە دەکشێت و قووڵاییی نییە، بەڵکوو لەسەر زەویدا بڵاو دەبێتەوە. واتە هیچ شتێک ناشارێتەوە، کە مەبەستی (دولووز) و (گواتاری) مێتافیزیکە. ناونیشانی کتێبەکەیش (هەزار بان)، یان (هەزار ڕوو)ـە.  ڕایزۆم خاوەنی پرینسیپی گەیاندن و جۆراوجۆری (Principles of connection and heterogeneity)یە، بەو مانایەی پێویستە شتەکان (چەمکەکان) جیاواز و هەمەڕەنگ بن، بۆیە پێچەوانەی درەخت بە هەموو لایەکدا دەجووڵێت و لقی جۆراجۆری لێ دەبێتەوە. کتێب تەواو بووە و داخراوە، لە کاتێکدا  ڕایزۆم بەردەوامە و بەسەر هەموو ئاڕاستەکاندا کراوەیە، کە هەر خاڵێکی دەگریت، پێوەندیی بە خاڵێکی تریەوە هەیە و هەر خاڵێکی ئێرە بە خاڵێکی ئەوێ دەگاتەوە، بۆیە پێچەوانەی درەخت سەنترالیزمی تێدا ونە. ڕایزۆم ئەگەر لە خاڵێکدا بپچڕێت، دەست پێ دەکاتەوە، کە ئەو خەسڵەتە لە درەختدا نییە. بەم شێوەیە پێچەوانەی درەخت، لە بەردەم هەر گۆڕانکارییەکدا کراوەیە و ڕێ دەدات دەستکاریی بکەیت. ئەوان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخی مۆدێرنیزم، کە لەسەر بنەمای بیری دژبەیەک (Binary thinking) دامەزراوە، ڕێی  ڕایزۆمییانە (rhizomatic approach) دەگرنە بەر، بەوەی شتەکان هەموو کاتێ پێوەندیی  ڕایزۆمییانە (Rhizomatically interconnected)یان پێکەوە هەیە و ئاماژە بە هەمەڕەنگی دەدەن. ئەوە لە لایەک وەستانەوەیە لە دژی پرینسیپی هۆکار و ئەنجام، کە لە درەختدا بەرجەستەیە، بەوەی سەرەتا و کۆتاییی هەن، لە لایەکی دیکە بەلاوەنانی سیستەمی کرۆنۆلۆجییە، بەو مانایەی کولتوور بەرەو ئامانجی دیاریکراو ناچێتە پێشەوە، بەڵکوو کۆچەرییانە ڕێ دەگرێت. ئەو تێگەیشتنە، کە مەبەستیەتی شێوازی نووسین بگۆڕێت و دەرگەکانی بەسەر دەرەوەدا بکاتەوە، مانای دەرکەوتنی خوێندنەوەی جیاواز و بەشداریی خوێنەرە لە کاری هونەریدا. نووسەر و خوێنەر پێوەندیی ڕایزۆمییانەیان پێکەوە هەیە. نووسینی ڕایزۆمییانە جووڵەیەکی ڕوواڵاییانە (arbitrary)یە و ئامانجی دیاریکراوی نییە، وەک چۆن خوێندنەوەی  ڕایزۆمییانە ئازادە و گوێ بە هیچ یاسایەک نادات.

سەرەڕای ئەو بایەخە گەورەیەی (بارت) و ئەوانەی دی بە خوێنەری دەدەن، کەچی هێشتا لای تیۆریستانی تیۆریی وەرگر (reception theory) کەمە، بەوەی زیاتر بۆ تێکست ئاڕاستە کراوە. لێرەوە کۆمەڵێک ڕەخنەدۆزی وەک (هانز ڕۆبێرت یاوس)، (ولفگانگ ئایزەر)، (ئومبێرتۆ ئیکۆ)، (جاک ڕیفاتێر) و هیی دیکە پێوەی خەریک دەبن و لەم ڕووەوە چەند چەمکی وەک (خوێنەری ناوەکی)، (خوێنەری نموونەیی)، (خوێنەری باڵا)، (خوێنەری ڕاستی) و زۆری تر دێنە کایەوە. هەر لەم نێوەدا ناکرێت چەمکی هەڵوەشاندنەوەی (جاک دێریدا) فەرامۆش بکەین، کە ئەو فیلۆسۆفە بە شێوازی خۆی بایەخ بۆ خوێنەر دەگەڕێنێتەوە. هەر ئەوەی ڕەخنە لە مێتافیزیکای ئامادە (metaphysics of presence)، یان (سەنترالیزمی عەقڵ) (Logocentrism) دەگرێت، مانای وایە مەبەستی تێکشکاندنی دەنگی نووسەرە، تا دەنگی خوێنەر دەربکەوێت. پێی وایە هەمیشە لە ئاستی تێکستەکاندا ڕووبەڕووی دوالیزمە دژەکان (Binary Oppositions) دەبینەوە، وەک ڕۆح/ جەستە، عەقڵ/ ناعەقڵ، قسە/ نووسین، گەرم/ سارد، ڕەش/ سپی، ژیان/ مردن، چاک/ خراپ، جوان/ ناشیرین و زۆری تر، کە مێتافیزیکا لەو ڕێگەیەوە مانای پێشوەختی خۆی دەسەپێنێت، مانایەک، وا خۆی دەردەخات قەوارەیەکی یەکگرتوو (Coherent) و هاوتوخم (Homogeneous)ی هەیە و بووەتە سەنترالی عەقڵ، دواجار لە شێوەی حەقیقەتێکی نەگۆڕدا دەردەکەوێت. لەم دیدگەیەوە نووسەر/خوێنەر وەک دوالیزم سەیر کراون و دووەم لە ڕێی یەکەمەوە بە بیر هاتووەتەوە، بەڵام بە پلەیەکی نزمتر، کە تێکشکاندنی ئەو سەنترالیتییەی نووسەر، گەڕاندنەوەی بەهایە بۆ خوێنەر. لە کتێبی (نووسین و جیاوازی)دا بە شێوازی خۆی جەخت لە چەمکی یاری دەکاتەوە، بەو مانایەی یاری بۆ خودی خۆی دەگەڕێتەوە، کە یاریی بەردەوامی ماناکان سڕینەوەی سنووری نێوان چەمکەکان و دەرکەوتنی ڕاڤەکانە، تا لەوێوە هەر ڕاڤەیەک بتوانێت تێکستەکە بە شێوەی خۆی پێک بهێنێتەوە (reshaping). پێی وایە (هیچ شتێک لە دەرەوەی تێکستدا نییە)، بەو مانایەی تێکست لە هەموو سەرچاوەکانی دەرەوەی خۆی دابڕاوە. پڕە لە دژایەتی، دوورە لەوەی چەسپاو بێت و هیچ چەق (سەنترال)ێکیشی تێدا نییە. بەم شێوەیە کراوەیە و بە خاڵی کۆتایی ناگات، کە هەر خوێنەرێک بە ڕێگەی خۆی دەیخوێنێتەوە. واتە ئەوە خوێنەرە مانا بە تێکست دەبەخشێت و هەر ئەویشە مانای جیاواز بەرهەم دەهێنێت. لە ڕێی یاریی بێکۆتایی (infinite play)یەوە ڕاڤە بێکۆتایی (infinite interpretations)ـەکان دێنە دی و نادیار (absence) دەردەکەوێتەوە، بەوەی ئەو پرۆسێسە کارلێکی نێوان دیار و نادیار پێک دەهێنێت.

تەوژمە ڕەخنەیییەکانی پۆستمۆدێرنیزم بە گشتی و پۆستسترەکچرالیزم بە تایبەتی وەک هەڵوەشانەوە (deconstruction)، هێرمۆنتیکا (hermeneutics)، ئاماژەناسی (semiology) و تیۆریی وەرگر (reception theory) بایەخیان بە وەرگر، یان خوێنەر داوە.

تیۆریستانی تیۆریی وەرگر بە گشتی ئەو بۆچوونەیان بە لاوە نا، کە پێی وایە تێکستی ئەدەبی ڕەنگدانەوەی ژێرخانە، بەو مانایەی بونیادی تێکست لەگەڵ بونیادی کۆمەڵایەتیدا هاوڕێکە. ئەو تێگەیشتنە بایەخ بە ژیاننامەی نووسەر دەدات و مەبەستیەتی لە بارودۆخی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی بکۆڵێتەوە. بە مانایەکی دی، ڕەهەندی ئامانجداری (teleological dimension) بایەخی یەکەمی هەیە، کە دەیەوێت هونەر بە بارودۆخی کۆمەڵایەتییەوە گرێ بدات و هەر لەوێیشەوە لێکی بداتەوە.

*  *  *  *

ئێستا دەگەینە ئەوەی بڵێین تیۆری، یان تیۆرییەکانی وەرگر لە خوێندنەوە، پێداچوونەوە و ڕەخنەی بۆچوونەکانی پێشووی ئەو ئاڕاستە ئەدەبی و فەلسەفییانەوە هاتوونەتە کایەوە و گەشەیان کردووە. دەکرێت لەم ڕووەوە ئاماژە بە هەندێک سەرچاوەی دیکەیش بکەین:

فۆرمالیستەکانی ڕووس ئیلهامبەخشی ئەو تیۆرییانەن. ئەوان لە چارەکی یەکەمی سەدەی بیستەمدا دەرکەوتن. بەوەدا پێیان وایە ئەدەب بەرهەمێکی سەربەخۆیە (Autonomous Product)، ئەوە شێوە بایەخی بەرچاوی هەیە و هەموو کاریگەرییە دەرەکییەکان بە لاوە دەنێن، بەوەی ئەوانە بە ناوەرۆکەوە پێوەستن، لە کاتێکدا ئەوان ناوەرۆک دەدەنە دواوە. واتە فاکتەری مێژوو، کۆمەڵایەتی، ئابووری، سایکۆلۆجی و ئەوانەی دیکە بە گرنگ نازانن، بۆیە دژی ئەو تیۆرییە وەستانەوە، کە (جۆرج لۆکاچ) نوێنەرایەتیی دەکرد و وا لە ئەدەبی دەڕوانی، ڕەنگدانەوەی واقیعە. ئەوە دەخەنە ڕوو، کە مێژووی شێوازە ئەدەبییەکان لە مێژووی واقیعەوە دەگوازرێتەوە. واتە ئەو ئاستە چییە، شێوەی هونەر پێی گەیشتووە؟ نەوەک ئەو هونەرە چۆن دامەزراوە؟ بەم شێوەیە لە لای ئەوان ئەدەب هیچ پەیامێکی کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆجیی نییە. هەر لەم دیدگەیەوە چۆنیەتیی پارچەپارچەکردنی ڕووداو و داڕشتنەوەی لە ئاستی هونەریدا گرنگە، نەوەک خودی ڕووداوەکە خۆی. لێرەوە بایەخی خۆیان ئاڕاستەی ئەو بابەتانە کرد، کە بە بونیاد و زمانەوانی (Linguistics)یەوە پێوەستن، تا گەیشتنە ئەوەی زمانی ڕۆژانە تێک بشکێنن و بیخەنە ئاستێکی دیکەی جیاوازەوە. دیارە هەر بایەخێک بە وردەکارییەکانی زمان، هاوکات بایەخە بە شیعریەتیش. بەم شێوەیە فۆرمالیستە ڕووسەکان بایەخیان بە تێکست دا، کە دواتر لای (بارت) و ئەوانەی تر ئەو بایەخە زیاتر کرا، تیۆریستانی تیۆریی وەرگریش سوودیان لەو ئەزموونانە وەرگرت.

فینۆمینۆلۆجیای (هۆسێرل) سەرچاوەیەکی دیکەی گرنگی تیۆریی خوێنەرە. فینۆمینۆلۆجیا واتە ئەوەی ڕاستەوخۆ لە هەستدا دەردەکەوێت. تەنیا ئینتیوشن (حەدەس) هەیە، نە بیرکردنەوە لە ئارادایە و نە حوکم. لێکدانەوەی واقیع وەک ئەوەی لە هۆشیاریی ئێمەدا دەردەکەوێت، بەڵام هەر هۆشیارییەک بریتییە لە هۆشیاری لەبارەی شتێکەوە. کاتێ بیر دەکەمەوە، ئەوە بیرم لەم دۆخەدا ئاماژە بە شتێک دەدات. واتە پێوەندییەکی ناوەکی لەنێوان پرۆسێسی بیرکردنەوە و بابەتی بیرکردنەوەدا هەیە، بەو مانایەی هەستی من بە شێوەی نەگەتیڤ شتەکانی دەرەوەم تۆمار ناکات، بەڵکوو وێنەیان دەکێشێت. کەواتە زانینی ئەو شتانە لەوەوە دێتە کایەوە، کە بەر هەستم دەکەون. ئەو شتانە بوونەتە دیاردە و کاریان تێ کردووم. ئەو هۆشیارییە لە لای ئەو هەمیشە مەبەستگەرا (ئینتێنشنالیتی: intentionality)یە، بەوەی ڕووی لە بابەت (object)ـە. بەم شێوەیە مەبەستگەرایی واتە گۆڕینی دیاردە دەرەکییەکان بۆ بابەتی مەبەستدار، بەو مانایەی بابەت تەنیا بە بڕی مەبەستی هۆشیاری دەردەکەوێت و لە ڕێی کرداری هۆشەکییەوە بۆ ئەو بابەتە ئاڕاستە دەبێت، کە مەبەستە. لێرەوە چەمکی ترانسێندەنتەل (transcendental) دەردەکەوێت، کە مانا لە هەستدا بە شێوەی بێگەرد پێک دێت. واتە کاتێ لە دنیای ماتێریەلی دەرەکییەوە بۆ دنیای بێگەردی ناوەوە دەپەڕێتەوە. ئەو مانایە تایبەتە بە تاک و خەسڵەتەکانیشی هەر تایبەتن بەو تاکە، بە ڕادەیەک هیچ شتێکی دەرەکی لە بەرچاو ناگیرێت. بەم شێوەیە ترانسێندەنتەل وا دەکات بابەتی هەستپێکراو (object perceived) لەو شتانە دوور بخرێتەوە، کە پێوەی پێوەستن، بەو واتایەی تێگەیشتنی دیاردە ملکەچی توانای خودی و هەستی بێگەردی تاکە. واتە ڕوانین لە خودەوە بۆ بابەت، بەو مانایەی لە دەرەوەی چوارچێوەی خودزانین (self-perceived)دا نە هیچ زانین و تێگەیشتنێکی بابەتییانە و نە هیچ دیاردەیەک لە ئارادایە. هەر مانایەک پوختەی تێگەیشتنی بێگەردی ئەو تاکەیە، کە وەک گوترا ئەمە بە ترانسێندەنتەل ناو دەبات.

پێویستە بگوترێت فینۆمینۆلۆجیا هەر لە بنەڕەتەوە لە ڕەخنەگرتن لە کۆجیتۆی (دیکارت)ـەوە سەری هەڵدا، کە (هۆسێرل) پێی وایە داخراوە و لە بەرانبەردا پێ لەسەر هۆشیاریی مەبەستگەرا دادەگرێت. کاتێ باس لە هۆشیارییە، وەک ئەوەیە باس لە خودیش بێت، کە پێی وایە لە زانستەکانی ئەمڕۆدا ئەو خودە لە بیر کراوە. ئەمە بۆ نووسەری ئەدەبی گرنگە. ئەوە مێتۆدی ڕەخنەیە لە مەعریفە. لێرەوە ئەو هۆشیارییە سروشتییە وێنە بەرهەم دەهێنێت، کە (هۆسێرل) بە فەنتازیا ناوی دەبات و خەیاڵێکی ئازادانەیە، بۆیە ئەو دیاردەیە زیاتر بەو مانایەیە، کە لە خەیاڵدا پێک دێت، نەوەک لە ئاستی فیزیکدا، بە مەرجێ ئەویش دەگرێتەوە. گەڕانەوە بۆ سەرەتا و بنەمای مەعریفە، کە لێرەدا بە شێوەیەک لە شێوەکان بە هەڵگێڕانەوەی بەهای (نیتشە) دەگاتەوە. کەواتە فینۆمینۆلۆجیا لە ڕێی هۆشیاری و ئەزموونی مرۆڤەوە ئەوەی هەیە، دەخوێنێتەوە، بێ ئەوەی پەنا بۆ دەرەوە ببات. بەم شێوەیە فینۆمینۆلۆجیا پێچەوانەی زانستی سروشتی و بەشێکی زۆری زانستی کۆمەڵایەتییش ڕاڤەی خۆی لە خودەوە دەست پێ دەکات و بۆ دنیای دەرەوە ئاڕاستە دەبێت، نەوەک لە دنیای دەرەوەوە بەرەو خود بچێت. ڕاستییەکەی پێشتریش گوترا وەک کاردانەوەیەک لە دژی فەلسەفەی عەقڵ هاتە کایەوە، کە دەیویست حەقیقەتی ڕەها دابمەزرێنێت. بەپێچەوانەوە هەوڵی دا حەقیقەت لەو ڕەهایییە دابماڵێت و بە شێوەی ڕێژەیی مامەڵە لەگەڵ شتەکاندا بکات، کە لێرەوە ئەدەب بە سروشتی خۆی لەگەڵیدا ڕێک دەکەوێت. پێی وایە زانینی تەواوی جیهان بەوە نایەتە دی، هەوڵ بدرێت شتەکان لە دەرەوەی خوددا ڕاڤە بکرێن، بەڵکوو بەوە دەبێت خود خۆی شی بکرێتەوە، کە ئەو جیهان دەناسێت.

ناکرێت باس لە فینۆمینۆلۆجیای (هۆسێرل) بکەین، ئەگەر هاوکات بۆچوونەکانی (ڕۆمان ئینگاردن)ی لە بەرچاو نەگرین. ئەوەی لەم ڕووەوە (ئینگاردن) لە (هۆسێرل)ی تێدەپەڕێنێت، ئەوەیە، کە بایەخ بە ئۆنتۆلۆجیای فینۆمینۆلۆجی دەدات و ڕوو لە فەلسەفەی هونەر دەکات، بەو مانایەی دیاردەی هونەری مرۆڤ بە دنیای واقیعەوە گرێ دەدات، تا لەوێ ئامانجەکانی بێنێتە دی. وەک چۆن لە دیدی (هۆسێرل)دا فینۆمینۆلۆجیا مرۆڤ بە گەردوون دەبەستێتەوە، بە مەرجێ دەرەوە بریتی نییە لە شتگەل و واقیعێکی ئامادەکراو، (ئینگاردن)یش پێی وایە کاتێ لە هەر دیاردەیەک دەکۆڵینەوە، پێویستە لە هەموو ئەو شتانەی دوور بخەینەوە، کە پێوەی پێوەستن. واتە بەلاوەنانی ئەو بۆچوونانەی پێشوەخت لەو بارەیەوە هەمانن. ئەوە ڕوانینێکی ئێستاتیکییانەیە بۆ کاری هونەری. ڕەخنە لە (هۆسێرل) دەگرێت لەوەی پێوەندیی بە ئایدیالیزمی ترانسێندەنتەل (Transcendental idealism)ـەوە هەیە، کە پێی وایە مەرج نییە فینۆمینۆلۆجیا هەر بە ئایدیالیزمی ترانسێندەنتەل بگات. لەم ڕووەوە هەوڵ دەدات بۆچوونەکانی (هۆسێرل) تێبپەڕێنێت، کە لەو تێپەڕاندنەدا دۆخی هەندێک لەو چەمکانە دەگۆڕێت، بەوەی پێی وایە ئەو تێگەیشتنی دروستی بۆیان نەبووە. بەر لە هەرچی ئەو ترانسێندەنتەلەی (هۆسێرل) دەخاتە ئاستی پراکتیزەی کاری ئەدەبییەوە، کە ئەوەیان بریتییە لە کارلێکی نێوان بونیادی تێکست و کرداری تێگەیشتن. ئەو دوالیزمەی واقیع و ئایدیال لە ڕاڤەی مەعریفەدا دەداتە دواوە. لەم نێوەدا چوار چین دەردەخات: یەکەم، دەنگی وشە. دووەم، مانای وشە. سێیەم، ئەو شتانەی تێکست نوێنەرایەتییان دەکات. چوارەم، نەخشەگەرایی. (ئینگاردن) هەر لە سییەکانەوە بایەخ بە پێوەندیی نێوان تێکست و خوێنەر دەدات، کە پێی وایە مادام تێکست وەک پڕۆژەیەکی ئاماژەیی و جوانکاری بە تەواوی لە نووسەرەوە نایەت، ئەوە خوێندنەوە، (خوێندنەوەی چالاکی مەبەستە)، دەتوانێت بۆشایییەکانی پڕ بکاتەوە. واتە ئەوە خوێنەرە مانا بە تێکست دەبەخشێت، بەوەی لەسەر شێوازی خۆی هەوڵی پڕکردنەوەی بۆشایییەکان دەدات و لەو ڕێیەوە کاری هونەری پێک دەهێنێت.

لە فینۆمینۆلۆجیادا فیکر و بوونی دیاردەی شت پێک دەبەسترێنەوە، بەو مانایەی خود و بابەت لە ڕێی دایەلۆگەوە کار لە یەک دەکەن، بە ڕادەیەک نەتوانرێت ئەمیان لەویان جودا بکرێتەوە، کە ئەمە زەمینە بۆ لەدایکبوونی مانا خۆش دەکات. ئەوە هەمان پرۆسێسی خوێندنەوەی تێکستە لەلایەن خوێنەرەوە، کە لە ڕێی تێگەیشتن و ڕاڤەوە مانای نوێ بەرهەم دێنێت. لەو نێوەدا ئێستاتیکا دەردەکەوێت. خوێندنەوە بەو مانایەی خود و تێکست لە بابەتدا یەک دەگرن، تا تێگەیشتن و ڕاڤە لە دایک ببن.

هێرمۆنتیکای (هانز جۆرج گادامێر)یش سەرچاوەیەکی دیکەی گرنگی تیۆریی خوێنەرە. لە دیدی ئەو فیلۆسۆفەدا هێرمۆنتیکا بریتییە لە تێگەیشتن و ڕاڤەی مانا. لەو ڕێیەوە بایەخی مێژوو لە بەرچاو دەگرێت، بەوەی بەرهەمهێنانەوەی مانا و دامەزراندنی مانا دەگرێتە خۆی. لەم ڕووەوە چەمکی پێکبەستنەوەی ئاسۆیی (Fusion of horizons) بە کار دەهێنێت، تا ئەوە پێشان بدات تێگەیشتن توانای هەیە ڕابردوو و ئێستا پێک ببەستێتەوە، بگرە بیانکاتە یەک، چونکێ بەبێ ڕابردوو ئێستا نایەتە کایەوە، ئەوە ئێستایشە وا دەکات ڕابردوو هەبێت. بەم شێوەیە (ئێستا) دۆخی خۆی جێ دەهێڵێت و بە (ڕابردوو) دەگات، بگرە بەها بەو (ئێستا)یە دەبەخشێت، تا تێگەیشتن دروست ببێت. لەنێوان گەیەنەر و وەرگردا ئەو تێگەیشتنە بە ڕوونی دەردەکەوێت. بە هەمان شێوە خوێنەر لە خوێندنەوەی تێکستدا ئەو تێگەیشتنە پێک دەهێنێت، کە وەک گوترا بە (پێکبەستنەوەی ئاسۆیی) ناوی دەبات. لەو پرۆسێسە هاوبەشەدا خوێنەر مانا بە تێکست دەبەخشێت و تێکست مانا بە خوێنەر دەگەیەنێت. جەخت لەسەر خودی خوێنەر دەکاتەوە وەک هێزێکی کاریگەر لە تێگەیشتن و ڕاڤەکردنی مانادا. تێگەیشتن کردارێکی مێژوویییانەیە و بە درێژاییی کات پێوەندیی دایەلۆگییانەی تێکستەکان لە خۆی دەگرێت. لێرەدا بایەخی (گادامێر) بە مێژوو لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، کە پێی وایە تێگەیشتنی هەر فاکتێک، بەستراوەتەوە بەو ئەنجامانەی لێیەوە هاتوون، چونکێ مێژووی ئەو ڕاڤە و ئاماژە تایبەتانەی بە ڕووداوێک، یان بە کارێکەوە پێوەستن، توانامان پێ دەبەخشێت وەک ڕاستییەک و بە شێوەی جیاواز لەوەی هاوچەرخەکان لێی تێگەیشتوون، لێی تێبگەین، کە خاوەنی خەسڵەتی فرەمانایییە. ئەوە کەی؟ کاتێ کارەکە تەواو بووە و بووەتە ڕابردوو. لێرەدا ئەزموونی ژیانی تایبەتی تاک بڕیار دەدات چۆن هەست بە بابەتەکانی دەرەوەی بکات. بەم شێوەیە مێژووی ئەو تاکە لەو تێگەیشتنەدا ڕۆڵی هەیە، کە ئەو ئەزموونەی بۆ پێک هێناوە. هەر مانایەک پابەندی هەڵوێستی مێژوویییانەی ئەو کەسەیە، کە کرداری ڕاڤەی کارەکە دەگرێتە ئەستۆ، بەوەی هەر ڕاڤەیەکی ئەدەبی ڕابردوو، لە دایەلۆگی نێوان ڕابردوو و ئێستاوە هەڵدەقوڵێت. بەم شێوەیە ڕاڤە توانای هەیە ڕابردوو ملکەچی تێگەیشتنی تایبەتی خود بکات، بەوەی ئەو خودە پێوەندیی بە ڕابردووەوە نەپچڕاوە و تێگەیشتنی ئەو ڕابردووەیش تەنیا لە ڕێی فاکتەکانی ئەم ئێستایەوە بە دەست دێت.

ئەو تێگەیشتنەی (گادامێر) بۆ مێژوو بووە یەکێک لە کۆڵەگەکانی تیۆریی وەرگر/خوێنەر. تیۆریستانی ئەو تیۆرییە، بە تایبەتی (یاوس) بایەخی مێژوو لە بەرچاو دەگرن. ئەگەر سترەکچرالیزم گرنگیی بە هاوکاتی (synchronicity) دەدا و لەوێوە دەیڕوانییە زمان، بەوەی هەموو فاکتەرێکی دەرەوەی تێکستی بە لاوە دەنا، گۆیە ڕایەڵی پێوەندییەکانی ناوەوەی تێکست خۆیان حەقیقەتی خۆیان دادەمەزرێنن، بێ ئەوەی پەنا بۆ هیچ سەرچاوەیەک ببەن، ئەوە تیۆریی وەرگر/خوێنەر مێژوو بە پێکهاتەیەکی گرنگی ئەو پێوەندییە دادەنێت، بەوەی هەم نووسەر و هەم خوێنەر دەگەنەوە تێکستەکانی پێشوو، کە بە هەمان ڕەگەزی ئەدەبییەوە پێوەستن. پێویستە لێرەدا بگوترێت تیۆریی وەرگر وەستانەوەیە لە دژی حوکمی بابەتییانە و پێشوەختەی مێژوو، کە هەر کاتێ ئەو تێگەیشتنە خودییە دەردەکەوێت، حوکمەکانی مێژوو هێزی خۆیان لە دەست دەدەن و ئەو پێوەندییەی نێوان ئەدەب و مێژوو گۆڕانی بەسەردا دێت، بگرە دەچێتە دۆخێکی دیکەی جیاوازەوە. (یاوس) چەمکی (ئاسۆ) لە (گادامێر) وەردەگرێت و وشەی (چاوەڕوانی)ی دەخاتە پاڵ، تا ببێتە (ئاسۆی چاوەڕوانی). بەم شێوەیە چەمکی ئاسۆی چاوەڕوانی (Horizon of Expectation) واتە ئەو کاریگەرییەی کاری ئەدەبی لە لای خوێنەری جێ دەهێڵێت. کارلێکی نێوان تێکست و خوێنەر لە لای (یاوس) مەرجی سەرەکییە بۆ بەرهەمهێنانی مانا، بۆیە وا پێویست دەکات هەم نووسەر و هەم خوێنەر خاوەنی خەیاڵی بەپیت و ئاگاییی فرەوان بن. لێرەدا مەبەست مانای کڵێشەدار و ئامادە نییە، بەڵکوو جەختکردنەوەیە لەسەر ئەوەی تێکست بتوانێت خەیاڵی خوێنەر ببزووێنێت و بیخاتە ئاستی دینامیکییەوە. خوێندنەوەکانیش بەپێی کات و شوێن گۆڕانیان بەسەردا دێت. تێکست هەیە لە سەردەمی خۆیدا سەرنجڕاکێش نەبووە، بەڵام لە کات و شوێنی تردا پێچەوانە کەوتووەتەوە. پێی وایە تێکستی ڕوون ناتوانێت سەرنجی خوێنەر ڕابکێشێت و بەرهەمدار نابێت. پێویستە کاری ئەدەبی بتوانێت ئاستی تێگەیشتنی خوێنەر هەڵبکشێنێت و وای لێ بکات بەو ڕووبەرانە بگات، کە پێشتر پێیان نەگەیشتبوو. بەوەدا لایەنی کۆمەڵایەتی، کولتووری، ئایدیۆلۆجی و سۆمبۆلیی کۆمەڵگە لە پێکهێنانی تێکستدا بەشدارن، ئەوە تێیدا ڕەنگ دەدەنەوە و دەچنە باری ڕاڤەی دیکەوە، بۆیە ئەو پێکگەیشتنەی نووسەر و خوێنەر لە تێکستدا توانای گۆڕانکاریی هەیە. (ئایزەر) پێی وایە ئەو کاریگەریی (effect)ـە گرنگە، کە تێکست لە لای خوێنەری جێ دەهێڵێت. واتە لە دەروونی خوێنەردا چ گۆڕانێک بەرپا دەکات. بەوەدا ئەو خوێنەرە ئەزموونی ئەدەبیی هەیە، ئەوە کاتێ بەر تێکست دەکەوێت، شتی نوێ دێتە کایەوە. خوێنەری زیرەکی ڕەخنەدۆز دوای خوێندنەوەی تێکستێکی قووڵ ئاستی ئێستای جێ دەهێڵێت و دەگاتە ئاستێکی تر، وەک چۆن هەر ئەو پێوەندییە ئاستی تێگەیشتنی نووسەر بەرز دەکاتەوە. لێرەدا مەبەست لەو کارە ئەدەبییەیە، کە سەرسامی دەهێنێت، ئەو شتانە دەڵێت، کە نوێن، تا وەرگر بخەنە دۆخی ڕاچەنینەوە، بگرە پێویستە نائومێدی بۆ ئەو وەرگرە بهێنێت. (لە حەفتاکانەوە تا ئەمڕۆ بیستوومانە و دەیبیستین چۆن ڕەخنەگری میلـلی دەڵێت نووسەر قسەی ناو دڵی منی کردووە، بۆیە بەرهەمەکەی داهێنانێکی گەورەیە، لە کاتێکدا ڕەخنەدۆزان دەڵێن پێویستە کاری ئەدەبی نائومێدی بۆ خوێنەر بهێنێت).

(فێرگەی فرانکفۆرت)یش کەموزۆر کاریگەریی بەسەر تیۆریی وەرگرەوە هەیە. بۆ نموونە سوودی لە ئێستاتیکای نەگەتیڤی (تیۆدۆر و. ئادۆرنۆ) (The Negative Aesthetics of Adorno) وەرگرتووە، کە دژی هەموو مانایەکی ئامادەیە و پشتگیری لە سەربەخۆییی هونەر دەکات، بەوەی پێی وایە تا ئەو کاتەی هونەر ملکەچی یاسا باوەکان نییە و خاوەنی یاساکانی خۆیەتی، زیندووە و توانای هەیە لە ڕێی ڕەخنەوە بە گژ عەقڵی ئامێرگەرا (instrumental mind)دا بچێتەوە. بەم شێوەیە هونەری نەگەتیڤ هەر ساتێ دەستی لە سەربەخۆییی خۆی هەڵگرت، ئەوە دەبێتە بەشێک لە میکانیزمی ئەو کۆمەڵگەیەی لەسەر ئەوە دامەزراوە چۆن هەموو شتێک بۆ شمەک بگۆڕێت، وەک چۆن کاتێ بەسەر خۆیشیدا دادەخرێت، دەشێ دیسان لەو دامودەستگەیانەدا بتوێتەوە و بکەوێتە ژێر ڕکێفی بازاڕەوە، بۆیە لە دژی ئەو تێگەیشتنە دەوەستێتەوە، کە لەسەر ئەوە دامەزراوە، گۆیە هونەر تەنیا ڕەنگدانەوەیەکی کاڵی واقیعە، بەڵکوو پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، کە هونەر پێویستە ئەو شتە دابهێنێت، پێشتر نەبووە و دەبێت پێوەندیی خۆی لەگەڵ هەموو ئەو شتانەدا ببڕێت، کە هەن، بەو مانایەی واقیعێکی دی دروست بکات، تێیدا ئازاد ببێت، نەوەک نامۆ. ئەو لەگەڵ دامەزراندنی فەلسەفەیەکی هونەرییانەیە، کە لە دژی مێتافیزیکادا بجەنگێت، وەک ئەوەی (نیتشە) لە دژیدا جەنگا، لە کاتێکدا ئەوەی (نیتشە) بە هونەری دەزانێت. ڕەخنەی ئەو لە شوناس و هەموو بیرکردنەوەیەکی شوناسییانەیە (identity thinking)، بەو مانایەی هونەر پابەندی شوناس نییە، بەڵکوو خاوەنی خەسڵەتێکی ناشوناسییانە (non-identity)یە، بۆیە حەقیقەتی ڕەها بەرهەم ناهێنێت، بەڵکوو هەمیشە مەودایەک لەنێوان مرۆڤ و شتەکاندا جێ دەهێڵێت.

ئینجا بەوەدا تیۆرییەکە بە شێوەیەک لە شێوەکان دەگاتەوە تیۆریی گەیاندن، ئەوە کاریگەریی ئەو فێرگەیە لێرەیشدا دەردەکەوێت، بەوەی ڕەخنەدۆزانی توانیویانە تیۆریی ڕەخنەیی دابمەزرێنن، کە هەر لەناویدا تیۆریی کرداری گەیاندن (The Theory of Communicative Action) چاوی هەڵهێناوە، بە تایبەتی لە لای (یۆرگن هابرماس)، کە ویستوویەتی لەو ڕێیەوە ڕووبەڕووی عەقڵی ئامێرگەرا ببێتەوە و لە بەرانبەردا عەقڵێک لەسەر بنەمای گەیاندن و پێوەندیی ڕەخنەیییانە دابمەزرێنێت، تا توانای هەبێت لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا لێکتێگەیشتنی عەقڵانی پەرە پێ بدات.

لە لایەکی دیکەوە ناکرێت کاریگەریی فەلسەفەی (نیتشە) بەسەر تێکڕای ئاڕاستە ئەدەبییەکانی سەدەی بیستەم و بیستویەکەم لە بیر بکەین، کە تیۆریی وەرگریش لەو کاریگەرییە بە دەر نییە. ڕەخنەی ئەو فیلۆسۆفە لە حەقیقەت، کە پێوەستە بە چەمکی هەڵگێڕانەوەی بەها (Transvaluation) و جینیالۆجیای ڕەوشتەوە، ڕوانینێکی دیکەی بۆ هونەر هێنایە کایەوە، چونکێ کاتێ حەقیقەت تێک دەشكێت، ژیان بە فرەوانییەکەی دەردەکەوێت. لە کتێبی (جینیالۆجیای ڕەوشت: On the Genealogy of Morality)دا ڕەخنە لە سیستەمی ڕەوشتی باو دەگرێت، کە نەک هەر لە وەهمدا نغرۆ بووە، بەڵکوو شێواوە و لە بنەمای ڕەسەنی خۆی دوور خراوەتەوە. لەم ڕووەوە دەنووسێت: ئێمە پێویستمان بە ڕەخنەی بەهاکانی ڕەوشت (moral values)ـە و بەر لە هەر شتێکیش پێویستە لێیان بکۆڵینەوە. ئەمەیش ئەوە دەخوازێت لەو هەلومەرج و بارودۆخانە بگەین، کە تێیاندا گەورە بوون. واتە جینیالۆجیا پرسیارە لە خودی بەها، کە لەو ڕێیەوە نەک خۆی، بەڵکوو ئەوانەیش تێک دەشکێنرێن، کە ڕایان گرتووە و هێشتوویانەتەوە. لە ڕێی هونەرەوە ڕووبەڕووی دۆخی مۆدێرنیتی دەبێتەوە و تێیدەپەڕێنێت، کە ئەوەیە ناهێڵێت مەعریفەی عەقڵانی دەست بەسەر غەریزەماندا بگرێت. ئەو دەیویست لە هونەردا حەقیقەت بدۆزێتەوە، نەوەک لە زانستدا، چونکێ ئەو حەقیقەتەی هونەر پێکی دەهێنێت، هیی ژیانە و بێسنوورە، پێچەوانەی هیی زانست، کە سنووردارە و ناتوانێت ڕووخسار تێبپەڕێنێت، تا بۆ ئەودیوی ئەو ڕووخسارە بپەڕێتەوە، بەوەی زانست هەر ئەو کارە دەکات، کە مێتافیزیکایش کردوویەتی و وەک ئەو ملکەچی پرینسیپی ئایدیالیزمە. بەم شێوەیە هونەر لاساییکردنەوەی سروشت نییە، بگرە لاساییی هیچ شتێک ناکاتەوە، بەڵکوو چالاکییەکی مێتافیزیکییە و سروشت تێدەپەڕێنێت. پێی وایە هونەر بریتییە لە هێزی دایۆنایسز (Dionysus) و جوانیی ئەپۆلۆ (Apollon). دایۆنایسز، کە سۆمبۆلی خۆشی و نەشوە (ecstasy)یە، توانای سەما و چێژبینینی هەیە، بەوەی ئازادە و ژیان بە قووڵی دەردەبڕێت، بۆیە خاوەنی هێزی نوێبوونەوەی بەردەوامە و نامرێت. ئەو وزەیەیە، کە مرۆڤ و مرۆڤ، مرۆڤ و سروشت پێک دەگەیەنێتەوە. هەر ئەویشە لە عەدەم (Nothingness)مان دوور دەخاتەوە و تەنیا لە ڕێی هونەریشەوە دەکرێت جیهان ڕاڤە بکەین، دەنا هەر ڕاڤەیەکی دیکەی ناهونەری، بێکەڵکە. لەمەوە هونەر بە جەستەوە پێوەست دەکات، بەوەی توانای هەیە مانای ڕاستینە و بێگەرد لە خۆی بگرێت، وەک چۆن لە دەستی دێت حەقیقەت دەربخات، بۆیە پێ لەسەر لایەنی فیزیۆلۆجی دادەگرێت، بەو مانایەی بڕوای بە دوالیزمی جەستە/ڕۆح نییە، بگرە پێی وایە دایۆنایسز فیلۆسۆفێکە و خۆی بە شاگردی دادەنێت. دایۆنایسز نوێنەری گێرەشێوێنی، ناڕێکی، ناهاوسەنگی، ناشێوە، تەوژمی ژیانێکی سەختە، لە کاتێکدا ئەپۆلۆ هونەری شێوەسازی، ڕوونی، ڕووناکی، پێشبینی، میوزیک و پێوەری تێدا بەرجەستەن، کە (نیتشە) ئارامی و عەقڵی تێدا دەبینێت.

گەشەکردنی هونەر پێوەستە بە دوالیزمی دایۆنیسز و ئەپۆلۆوە، کە ئەو دوو غەریزە جیاوازەی لە سروشتەوە هەڵقوڵاون، شانبەشانی یەک دەچنە پێشێ و لە ململانێدان. واتە بەرزکردنەوەی غەریزە و ژیان لە پێناوی پاراستنی جۆرەکە. بە یەکگرتنی ئەو دوو غەریزە جیاوازە، هونەری باڵا لە دایک دەبێت، کە ئەوە دەربڕینی قووڵاییی تراجیدیایە. تیکەڵبوونی پیاوەتیی زبری ئەمیان و ژنێتیی هێمنی ئەویانە. ئەپۆلۆ دەتوانێت ئەو شتانەی دایۆنایسز لە شێوەی جواندا دەربخات، بەوەی هونەرمەندی شێوەسازە. ئەمەیە هێز بە هونەر دەدات، تا بەهای جوانی بە شتە ناشیرین و بەدڕەوشتەکانیش ببەخشێت، وەک لە کتێبی (لەدایکبوونی تراجیدیا)دا دەڵێت. هەر لەوێدا ئەوە دەردەبڕێت، کە مەگەر تەنیا وەک دیاردەیەکی جوانیناسییانە پاساو بۆ ڕەوایەتیی هەتاهەتایەی بوون و جیهان بێنینەوە. (it is only as an aesthetic phenomenon that existence and the world are eternally justified). واتە ئەو جوانییە وامان لێ دەکات چاو لەو هەموو ناشیرینییەی دنیا بپۆشین، لە کاتێکدا جوانی پێویستی بەوە نییە پاساوی بۆ بهێنرێتەوە.

پێی وایە ئەو چێژە مێتافیزیکییەی لە تراجیدیادا هەستی پێ دەکەین، حیکمەتی غەریزەی ناهۆشیاریییانە (unconscious)ی دایۆنیسیەتە و بۆ زمانی وێنە گۆڕاوە. ئەوە لە ویست (Will)دا بەرجەستەیە، کە دەیەوێت لە پێناوی ئاسوودەییماندا خۆی لە ناو ببات. ئینجا ئەپۆلۆ، بەوەدا نوێنەری هونەری شێوەسازییە و لایەنی جوانکاری لە خۆی دەگرێت، لە ڕێی ئەو جوانییەیەوە بەسەر ناخۆشییەکانی ژیانماندا زاڵ دەبێت، کە لە لای (نیتشە) ژیان دەکەوێتە سەرووی حەقیقەت و هەر شتێکی دیکەیشەوە. لە بەشی (354)ی لەژێر ناونیشانی (زیرەکیی جۆرەکان: genius of the species) لە کتێبی (زانستی هۆژی: The Gay Science)دا دەڵێت هۆشیاری تەنیا لەژێر فشاری پێویستیی بۆ گەیاندن (the need for communication)دا گەشە دەکات. سەرەتا ئەو هۆشیارییە پێویست و بەسوود نییە، تا ئەو کاتەی دەچێتە نێو پێوەندیی مرۆڤەکانەوە، بە تایبەتی لەنێوان ئەوانەی فەرمان دەردەکەن و ئەوانەی بە جێی دەهێنن (those who commanded and those who obeyed). هۆشیاری بەپێی ڕادەی ئەو پێویستییە گەشە دەکات. واتە هۆشیاری تەنیا بۆ پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکانە، بەوەی لەو ڕێیەوە هەستی دڵنیاییی بۆ دابین دەبێت. هەر لێرەیشەوە زمان هاتووەتە دی، بەوەی زمان ئەو ڕووبەرەیە، کە مێتافیزیکا تێیدا دەردەکەوێت وا دەکات مانا ئەزەلیەتی خۆی بپارێزێت. واتە مێتافیزیکا مەبەستیەتی شوناس و تاکڕەهەندیی مانا لەسەر حیسابی جیاوازی، درێژە پێ بدات. بەم شێوەیە هۆشیاری بە ژیانەوە پێوەست دەکات و لەو پێناوەدا ڕووبەڕووی حەقیقەت دەبێتەوە. بنەمای حەقیقەت بۆشە، بەوەی تا ئەو کاتە درێژەی دەبێت، کە سوود بە ژیان دەگەیەنێت. کاتێ حەقیقەت بە ژیانەوە پێوەست دەکەین، ئەوە ئەو حەقیقەتە لە پێناوی خۆیدا حەقیقەتە، نەوەک لە پێناوی شتی تردا، کە سوود خۆی دەخزێنێتە ناویەوە. پێی وایە حەقیقەت لە وەهم زیاتر شتێکی دی نییە، بەڵام ئێمە لە بیرمان چووەتەوە، کە بەم شێوەیەیە. بەو مەبەستەی ئەوەمان بۆ دەربکەوێت، پێویستە پەنا بۆ جینیالۆجیای بەهاکان ببەین.

ئایا ڕوانینی (هایدیگەر) بە تایبەتی ئەوەی پێوەندیی بە (کاری هونەری)یەوە هەیە، یەکێک نییە لەو سەرچاوانەی، تیۆریی وەرگریان لێ هەڵقوڵاوە؟ بەوەدا هەوڵم داوە لە هەردوو کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەلۆگێکی بەردەوام) و (کوشتنی فیل و پاراستنی دووکانی شووشەوات)دا بە وردی لەو بارەیەوە بدوێم، بۆیە لێرەدا بە پێویستی نازانم باس لە کاریگەریی ئەو فیلۆسۆفە بکەم بە گشتی لەسەر تیۆرییەکانی ئەدەب و بە تایبەتی لەسەر تیۆریییەکانی خوێنەردا.

وەک سەرنج دەدەین تیۆریستانی تیۆریی وەرگر هەوڵیان داوە هەموو ئەو تەوژمە ئەدەبی و فەلسەفییانە بەسەر بکەنەوە، تا لە داڕشتنەوەی تیۆرییەکەدا بیانخەنە ڕوو. بەم شێوەیە ئەو تیۆرییە لە لایەک ڕەخنەیییە و بۆچوونەکان دەداتە دواوە، لە لایەکی دی لێیان وەردەگرێت، بەو مەبەستەی ڕوانگەیەکی تۆکمە، بەڵام ڕوون دابمەزرێنێت. مەبەستیەتی لەوێوە بڕوانێتە هەموو ڕەهەندەکانی ئەو چەمکە و هەوڵ بدات گۆڕانی گەورەی بەسەردا بهێنێت.

بەم شێوەیە ئەو خوێنەرەی پێشتر، (واتە پێش دەرکەوتنی ئاڕاستە فەلسەفی و ئەدەبییەکانی نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەم، کە بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوامییان هەیە و کاریگەرییان لە تیۆرییەکانی وەرگردا بەرجەستەن) لە دەرەوە بوو و تەنیا پەیامی پێ دەگەیشت، ئێستا لە ناوەوەیە و وردەکارییەکان دەبینێت. هەوڵی تێگەیشتن دەدات، لێکدانەوە دەکات و بۆچوون دەردەبڕێت، کە ئەوە بە (realization) ناسراوە، بەو مانایەی خوێنەر لەو ڕێیەوە لایەنی ئیستاتیکیی تێکست دەگرێتە ئەستۆ (aesthetic)، لە کاتێکدا ئەوەی نووسەر لایەنی هونەرییە (artistic). واتە خوێنەر لەسەر هەردوو ئاستی تیۆری و پراکتیدا چالاکە. هەموو ئەو خرۆشان، چێژبینین، هەڵچوون، سەرسامی و ئەوانەی دیکە، کە لای خوێنەر دروست دەبن، خۆیان لە لایەنی ئێستاتیکادا دەبیننەوە. بەم شێوەیە خوێنەر جەخت لەسەر ماناکانی نووسەر ناکاتەوە، بەڵکوو خۆی مانا دادەمەزرێنێت، بگرە تێکست وەک گوتارێکی گەیاندن (communication) هەر خۆی لەناو هۆشیاریی خوێنەردا هەڵدەچنرێت. بە مانایەکی دی، کاری ئەدەبی تەنیا ساتێ بە دەست دێت، کە بەر زانینی خوێنەر دەکەوێت، چونکێ ژیان کاتێ دەخزێتە نێو کاری ئەدەبییەوە، کە دەبێتە بابەتی تێگەیشتن. (یاوس) ناو لەمە دەنێت ئێستاتیکای وەرگر (aesthetic of reception)، بەوەی ئەو خوێنەرە لە دیدگەی خۆیەوە کاری ئەدەبی دادەڕێژێتەوە. واتە بەرهەمهێنانەوەی تێکست (text reproduction) بە شێوەیەکی جیاواز، کە دوورە لە خواستی نووسەر. دەسا نووسەر هەر خۆی خوێنەرە، خوێنەری تێکستەکانی پێشووە، کە سەر بە هەمان توخمن. دەکرێت بگوترێت لایەنی هونەری، کە نووسەر نوێنەریەتی، بریتییە لە بونیادی زمانەوانی، مانای شاراوە، ئاماژە مەعریفی و ئایدیۆلۆجیاکان، لە کاتێکدا لایەنی ئیستاتیکی، ئەوەی خوێنەر دەگرێتەوە، خۆی لە خوێندنەوە، ڕاڤە و پڕکردنەوەی بۆشایییەکاندا دەبینێتەوە، کە دەتوانێت تێکست لە دۆخی ڕووتەوە بباتە دۆخی هەستپێکراوەوە، بەوەی هەم بینین و هەم هۆش لەو پرۆسێسەدا بە کار دەهێنێت. واتە چەمکی خوێندنەوە فرەڕەهەندە، کە ڕەهەندەکانی دەروونی، کۆمەڵایەتی، ئێستاتیکی، جەستەیی و زۆری دی لە خۆی دەگرێت. بەم شێوەیە خوێندنەوە جۆرێکە لە نووسینەوەی دەق و هەر ئەویشە بەرهەمهێنانەکەی واڵا دەکات. خوێنەر لەناو تێکستدا دوو ڕۆڵ دەبینێت، ڕۆڵی خوێنەر و ڕۆڵی نووسەر، نووسەرێکی جیاواز لە نووسەری پێشوو، هاوکات دەبێتە خوێنەرێکی جیاوازیش لەوەی هەبوو. دیارە لێرەدا هۆشیاریی خوێنەر ڕۆڵی هەیە لەوەدا پێوەندی بە چ تێکستێکەوە بکات، چۆن ئاماژەکان بخوێنێتەوە و چییان لێ پێک بهێنێت. واتە پرۆسێسی هەڵبژاردن، گەڕان و هەڵکۆڵین دەگرێتە ئەستۆ. خوێندنەوە واتە خود، تێکستیش واتە بابەت. یەکگرتنی خود و بابەت (خوێندنەوە و تێکست) ڕاڤە بەرهەم دێنێت.

نووسەری داهێنەر بە سروشتی خۆی پێی خۆشە بەر خوێنەری نموونەیی بکەوێت، ئەو خوێنەرەی (ئیکۆ) هیوای بۆ دەخوازێت، کە تواناکەی لە هیی نووسەر کەمتر نییە و خاوەنی ئەزموونی گەورەیە. دەگەینە ئەوەی بڵێین لەو پرۆسێسی گەیاندن (communication process)ـەدا پاشخانی کۆمەڵایەتی و کولتووریی خوێنەر و تێکست ئامادە دەبن و بەر یەک دەکەون، تا ڕەهەندی مێژوویی دەربکەوێت، بەو مانایەی ڕابردوو و ئێستا لە هەمان ئاسۆدا پێک دەگەنەوە. لەناو تێکستدا نووسەر وەک ڕابردوو و خوێنەر وەک ئاییندە بەر یەک دەکەون، کە ئەو بەریەککەوتنە سڕینەوەی نێوان دۆخەکانی کاتە. لێرەدا مێژوو بە مانای ڕووداوی زنجیرەیی نایەت، بەڵکوو بریتییە لە بەسەرکردنەوەی تێکستە جۆراوجۆرەکان. ئەو نووسەرەی تێکستێک بەرهەم دەهێنێت، خوێنەری کۆمەڵێک تێکستی دیکەیشە، وەک چۆن ئەو خوێنەرەی دەخوێنێتەوە، ئەزموونی لەگەڵ چەند خوێندنەوەی دیکەدا هەیە. لەم ڕووەوە (یاوس) پێی وایە ئەزموونە ئێستاتیکییەکانی ڕابردوو دەتوانن ببنە پاڵپشت بۆ نەوەکانی دواتر و دەوڵەمەندیان بکەن. واتە ئەو خوێنەرە لە یەک گۆشەنیگاوە ناڕوانێت، بەڵکوو لە چەند لایەکەوە سەرنجی دەداتێ، بۆیە توانای هەیە لە ڕێی ڕاڤەوە بە ئەنجامی جۆراوجۆریش بگات. لەبەر ئەوەیشە ئەوەی بە دەست دێت، کاری ئەدەبییە، کە تێپەڕاندنی ئاستی تێکستە. واتە ئەوەی لەنێوان هەردوو تەوەرەی هونەری و ئێستاتیکادا بەرهەم دێت، کاری ئەدەبییە، کە لە تێکست ترازاوە، بەو مانایەی لەگەڵ تێکست و دەرکەوتەکانی هاوڕێک نییە، بۆیە کاری ئەدەبی بە شێوەیەکی دینامیکییانە ئاستێکی دیکەی نێوان هەردوو تەوەرەکە پێک دەهێنێت. تێکستی فرەئاڕاستە هەر جارێ خوێنەری ڕەخنەدۆزی بەر بکەوێت، تازە دەبێتەوە و پتر لە ئاستی خوێندنەوەدا خۆی دەکاتەوە، کە ئەو ئازادییەی خوێنەر لەو فرەئاڕاستەیییەوە دێتە کایەوە. خوێنەری ئازاد مانای ئازاد بەرهەم دێنێت، کە ئەو مانا ئازادە توانای جووڵەی هەیە و لە دۆخێکدا قەتیس نابێت، بەڵکوو لە هەر کات و شوێنێکدا خۆی نوێ دەکاتەوە. وەک گوترا لە کاری هونەریدا تەنیا نووسەر نییە داهێنەرە، بەڵکوو خوێنەریشە. بە مانایەکی دی، تێکست بەو ئەندازەیەی کەناڵێکە بۆ دەرخستنی تواناکانی نووسەر، ڕووبەرێکیشە بۆ دەرکەوتنی بەهرەی خوێنەری ڕەخنەدۆز، کە لەو بەریەککەوتنەدا تواناکان بەر یەک دەکەون و تەقینەوە گەورەکە دروست دەکەن. ئینجا تێکشکانی قاڵب و کڵێشەکان لە لایەک و کاڵبوونەوەی سنووری نێوان ژانرەکان لە لایەکی دیکەوە وایان کرد خوێنەر پتر ئازادی بە دەست بێنێت لەوەی چۆن تێکست بخوێنێتەوە و چۆنیش مانای لێ پێک بهێنێت.

دەگەینە ئەوەی بپرسین چ تێکستێک دەتوانێت خوێنەر لە دەرەوە بهێنێتە ناوەوەی خۆی؟ ئەو تێکستەی خاوەنی نهێنییە، نەوەک ئەو تێکستەی ڕوونە. چ خوێنەرێک دەرەوە جێ دەهێڵێت و بەرەو ناوەوە دێت؟ ئەو خوێنەرەی توانای دۆزینەوەی نهێنیی هەیە. دەکرێت بەم شێوەیە دایبڕێژینەوە: ئەو تێکستەی ئاستی زانراوی تێپەڕاندووە و چووەتە ئاستی ئاماژەوە، ڕێ بە خوێنەری داهێنەر دەدات مانای جیاواز و فرەڕەهەند بدۆزێتەوە. نە تێکستی سادە دەتوانێت خوێنەری داهێنەر ببزووێنێت و نە تێکستی قووڵیش سەرنجی خوێنەری سادە ڕادەکێشێت. بەلاوەنانی مەبەستگەرایی لای تیۆریستانی تیۆریی وەرگر واتە گۆڕینی دەستەڵاتی نووسەر بە دەستەڵاتی خوێنەر، بەو مانایەی دەکرێت ڕاڤەی جیاواز بۆ تێکست بکرێت. هەر تێکستێک ئەوە هەڵدەگرێت لە گۆشەنیگای جیاوازەوە لێی بڕوانرێت و مانای جیاوازی تێدا بدۆزرێتەوە. (ئیکۆ) ئەوە دەخاتە ڕوو، کە تێکست هەموو شتێک ناڵێت، بۆیە خوێنەری نموونەیی ئەو شتانە دەدۆزێتەوە، کە نەگوتراون، بەوەی هەر ئەوانەیشن توانایان هەیە کارلێکەکە بێننە دی. بە بڕوای (ڕیفاتێر) پرۆسێسی گەیاندن، کە لەنێوان تێکست و خوێنەردا دەردەکەوێت، هەمان ئەوەیان نییە، کە لە پرۆسێسی گەیاندنی ئاساییدا هەیە. گەیشتنی خوێنەر بە تێکستی ئەدەبی هەر خۆی ئەزموونی شتێکی تاقانەیە، کە ئەمە ئەنجامە سەرەکییەکەی شێوازە. شێواز بۆ خوێنەر لە ڕێی ناڕێزمان (ungrammaticalities)ەوە دەردەکەوێت. واتە تێکست لە شێوەی کۆد و ئاماژەدایە و خوێنەر خۆی دەیاندۆزێتەوە، کە ئەوە ڕێگەی لەدایکبوونی شێوازە. ئەوە یاساکانی ڕێزمان نین شێواز دێننە کایەوە، بەڵکوو ئەو بیرۆکانەن بە ناڕاستەوخۆیی لەو تێکستەدا شوێنیان هەیە. (ئایزەر)یش پێی وایە هەر تێکستێک شیوازێکی خوێندنەوەی تایبەت بە خۆی دەخوازێت.

دەکرێت بگوترێت تیۆریی وەرگر بایەخی خۆی ئاڕاستەی چوار تەوەرە دەکات: یەکەم، نووسەر وەک بەرهەمهێنەری تێکست. دووەم، وەرگر وەک ئەوەی لەو بەرهەمەدا بەشدار دەبێت. سێیەم، ژینگە وەک ئەوەی بواری کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئایدیۆلۆجی دەگرێتە خۆی. چوارەم، مێژوو وەک ئەوەی توانای پێکبەستنەوەی هەموو توخمەکانی هەیە و دەتوانێت بەرەو تێگەیشتن و ڕاڤە ئاڕاستەیان بکات، کە لەوێوە کاری هونەری پێک دێت، بەو مانایەی تێپەڕاندنی ئاستی تێکستە.

خوێنەری ڕەخنەدۆز، یان خوێنەری ڕاڤەکەر خۆی نە بە لایەنەگر و نە بە دژی نووسەر دەزانێت. دەستەڵاتی خوێنەریش لێرەوە دێتە کایەوە، کە ئەو تێکستە ئاستی زانراوی تێپەڕاندووە و مانای جیاوازی لە خۆی گرتووە. بە دەربڕینێکی دی، خوێنەر کاتێ ڕووبەڕووی تێکست دەبێتەوە، پەنا بۆ تواناکانی خۆی دەبات، تا مانا شاراوەکان لێک بداتەوە. بەم شێوەیە مەبەستی گەیەنەر و وەرگر بە ناچاری لە یەک دەترازێن، مادام مانا شاراوەکان هەم زیاتر لە خوێنەرێک دەهێننە گۆڕێ و هەم کۆمەڵێک ئاڕاستەی جیاوازیشیان لێ دەبێتەوە. شێوازی دەستەڵاتەکەیش دەگۆڕێت، کە ئەگەر پێشتر لە سەرەوە بۆ خوارەوە بوو، واتە لە نووسەرەوە بۆ خوێنەر دادەبەزی، ئێستا ئەو هەرەمە تێک شکاوە. هیچ سەنترالیتییەک نەماوە، بەڵکوو کۆمەڵێک ئاڕاستەی بێسنوور هەن. بەرزی و نزمی سڕاونەتەوە و ڕاڤەکان ئازادانە دەجووڵێنەوە. ڕێ بە خۆم دەدەم بڵێم تێکستی کراوە توانای هەیە خوێنەر و نووسەر پێکەوە کۆ بکاتەوە، تا هەم جیاوازی و هەم ڕێککەوتنەکانیان بخەنە ڕوو. زۆریی خوێنەر ناهێڵێت تێکست چەسپاو بێت، بەڵکوو دەیخاتە ئاستی بەردەوامی و دینامیکییەوە، کە ئەوە پێدانی ژیانە بە تێکست. وەک ڕەخنەدۆزی کەنەدی (نۆترۆپ فرای: Northrop Frye) پێی وایە ئەدەب دوو جۆر هێز دەخوازێت، یەکەمیان، خوڵقاندنی لەلایەن نووسەر و دووەمیان، تێگەیشتنی لەلایەن خوێنەرەوە. هەر (فرای) پێ لەسەر چەمکی (ترازان: displacement) دادەگرێت، کە تەکنیکێکە و بۆ ئەوەیە دڵنیامان بکاتەوە خوێنەری ئەفسانە و فەنتاسیا پەیامی دروستی چیرۆکی پێ گەیشتووە. بە مانایەکی دی، ترازاندن بە ڕاستی دێتە کایەوە، کاتێ خوێنەر لە جیاتیی بەشێکی ئایدیۆلۆجی (partial ideology)، کۆخەیاڵ (complete fiction)ی بە دەست هێناوە.

*  *  *  *

ئێستا لێرەوە بۆ تەوەرەی یەکەم دەگەڕێینەوە و دەپرسین: ئایا ئەوانەی (ئارام سدیق) و زۆرینەی ڕەخنەگرە میلـلییەکانی دیکە لەبارەی چەمکەکان بە گشتی و چەمکی خوێنەرەوە بە تایبەتی، دەیانڵێن، لە ڕێی دایەلۆگەوە هاتوون، (دایەلۆگ لەگەڵ ئەو سەرچاوانەوە)، یان تەنیا وەرگرتنی چەمکەکانە بە هۆی هەستەوە، تا بۆ ئاستی میلـلییان بگەڕێننەوە و لەوێدا بە زمانی ڕۆژانەی خەڵک وەسفیان بکەن؟ ئایا سەختە ئەوان بزانن چەمکێک هەیە و ناوی (خوێنەر)ـە، یان هەر شتێکی دیکەیە؟ ئایا لەوە ئاسانتر هەیە بەم زمانە کۆمەڵێک کتێب لە ماوەیەکی کورتدا بنووسن؟ ئەرێ سەختە ناوی بێژمار فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆز ڕیز بکەن، بێ ئەوەی ویستبێتیان لێیان تێبگەن؟ ئایا بەبێ دایەلۆگ لەگەڵ ئەو سەرچاوانە، دەکرێت ئێمە ئەدەبی داهێنەرانە بنووسین؟ ئەو پرسیارەی تەوەرەی یەکەمیش دووبارە دەکەینەوە: ئایا ئەو ناوانەی ڕەخنەگری میلـلی زەقی کردوونەتەوە، لە کاتێکدا وەک خۆیان بە هەمان زمانی جەماوەر دەنووسن، داهێنەرن؟ ئایا کاتێ ڕەخنەگری میلـلی دەڵێت فڵان چەمک زۆر سەختە، بێ ئەوەی بە چەند وشەیەک لێوەی بدوێت، فریودان نییە؟ ئەرێ ئەوانە کەی لەبارەی ئەو چەمکانەوە دەنووسن؟ بۆ نموونە کەی نۆرەی چەمکی (پۆلێن) دێت و ئێمەی خوێنەر دەزانین هەر بە ڕاستی کارێکی سەختە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ئەو ڕەخنەگرە ڕووبەڕووی بووەتەوە؟

بەگشتی نووسین لە لای ڕەخنەگری میلـلی ڕیچوەڵە و تێیدا ئەوە گرنگ نییە، ئاخۆ زانین پێوەندیی بە بەهای ژیانەوە هەیە، یان نا، بەڵکوو گرنگە ئەو شتانە دووبارە بکاتەوە، کە هەن. بۆ نموونە کاتێ گوتەیەکی (هایدیگەر)ی لە شوێنێکدا بەر چاو دەکەوێت و بۆ ناو گوتارێکی دەگوازێتەوە، هەست بە دڵنیایی و ئارامی دەکات، هەتا ئەگەر لە مەبەستی گوتەکەیش نەگەیشتبێت، یان هەر لە بنەڕەتەوە ئەو گوتەیە هیی سەرچاوەی حەوت و هەشت بێت، بە ڕادەیەک خودی ئەو نووسەرەی لێیشی وەرگرتووە، شتێکی ئەوتۆ لە بارەیەوە نەزانێت. هێندەی بەسە، کە زانیویەتی (هایدیگەر) فیلۆسۆفێکی مەزنە. ئینجا ئەو گوتەیە چ گۆڕانکارییەک لە هۆشیاریی ئەودا دێنێتە کایەوە و چیی نوێ بۆ ناو ژیانی دەهێنێت؟ ئەوانە هێشتا نەبوونەتە پرسیار.

ڕەنگە بپرسرێت، ئاخۆ پەرەگرافێک دەتوانێت بابەتێکی لەم شێوەیەت پێ بنووسێت. ڕاستییەکەی پێشتر وەڵامی ئەم پرسیارەم داوەتەوە و ئێستایش دەیڵێمەوە، کاتێ لە بەردەم چەمکداین، هیچ سنوورێکمان نییە، ئایا بە چەند وشە لەو بارەیەوە دەدوێین و چ مێتۆدێک دەگرینە بەر. هیچ چەمکێک تەواو نەبووە، بەوەی نە سەرەتایان هەیە و نە کۆتایی، بەڵکوو هەر یەکەی خۆی لە بەردەم ڕاڤەی بێپسانەوەدا دەکاتەوە، بە تایبەتی کاتێ ئێمە ئارەزووی ڕاڤەمان لە دەست نەداوە. ڕۆژانە لە ناوەندە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ماڵ، فێرگە، کۆڵان، بازاڕ و ئەوانەی دیکەدا چەمکی خوێنەر دەبیستین، کە شتێکی سەیر نییە ڕەخنەگری میلـلییش وەک هەر کەسێکی دیکە بیزانێت و چەند وشەیەکی سادە لە نووسینەوەیدا بە کار بهێنێت، بەڵام هەر هێندە بەو ئاستەی ڕازی نەبووین و ویستمان بە دوای ئاست و ڕەهەندی دیکەیدا بگەڕێین، ئەوە ئێمە لە زانراوەوە و بەرەو نەزانراو دەچین و لەوێدا بە زمانێکی دی، بە تێگەیشتنێکی تر و بە ڕوانینێکی دیکەی جیاوازەوە دەدوێین. لەم نووسینەمدا هەوڵم داوە بڵێم (ئارام سدیق) ئەوانەی گوتوون، کە هەر کەسێکی دیکەی کۆمەڵگە، بێ ئەوەی خۆی وەک نووسەر ناساندبێت، دەیانزانێت، بەڵام ئەوانەی نەگوتوون، وا من لێرەدا پێشانم داون. لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەلۆگێکی بەردەوام)دا نووسیومە: {خەڵکی ئاسایی هەم بەر لە (ئەریستۆ) و هەم دوای ئەویش ڕۆژانە باسی ئاو، خاک، ئاگر و هەوایان کردووە، بەڵام ئایا وەک ئەو لێیان ورد بوونەتەوە و توانیویانە بەو شێوەیە قووڵایییان ببینن؟ ئەو شتانەی فیلۆسۆفەکان لە بارەیانەوە دەنووسن و مانای نوێیان تێدا دەدۆزنەوە، هەر ئەوانەن، کە خەڵکی تریش دەیانناسن، بۆیە ئەوە ناوی شتەکان نییە، بەڵکوو ئەو مانا نوێیانەن، کە لێیانەوە بەرهەم دێن، زمان و تێگەیشتنی کەسێک لە هیی کەسێکی تر جودا دەکەنەوە}. ئەو چەمکانەی (ئەریستۆ) لێکی داونەتەوە، تا ئەمڕۆیش بە شێوەی جیاوازتر ڕاڤە دەکرێن، بێ ئەوەی تەواو ببن. پێناسەی فەلسەفە لە لای من بریتییە لەو جووڵەیەی بە هێزی پرسیار لە (زانین)مانـەوە دەستی پێ دەکەین، تا بەرەو ڕووبەری (نەزانین)مان ببات. لێرەوە ئێمە بەو شتانە دەگەین، کە پێشتر نەماندەزانین. ئەو پرۆسێسە بێپسانەوەیە و ناگاتە ئەنجامێک، بەڵکوو بەردەوام ئەو (نەزانین)ـە بۆ (زانین) دەگۆڕێت، بێ ئەوەی ڕووی لە (نەزانین) وەربگێڕێت. من لەم ڕوانگەیەوە دەڕوانمە چەمکی خوێنەر و هەر چەمکێکی دیکەیش.

نووسەرێکی بەتەمەن دەچێتە کتێبخانەیەکی گەورە و باسکەکانی لە یەک گرێ دەدات، تا بڕوانێتە قووڵاییی کتێبخانەکەوە. بە وێنەگرێکی شارەزایشی گوتووە، وێنەیەکی بگرێت، بە مەرجێ زۆرترین کتێبی لەگەڵ دەربچووێنێت. هەر بە ڕاستی وێنەگرەکە دەتوانێت وێنەیەکی لەم شێوەیەی بۆ بگرێت. ئەم وێنەیە بەتاڵ دەبێتەوە، کاتێ ئەو نووسەرە دەستەکانی لە یەک دەکاتەوە و بۆ یەکەمجار لە ژیانیدا کتێبێکیان پێ دەگرێت، تا بە چاوێکی جیاواز بیخوێنێتەوە. دەسا ئەگەر لە کتێبخانەکە هاتە دەرێ و کتێبی بە دەستەوە نەگرت، ئەوە لە ژێر وێنەکەدا دەنووسێت: (من نووسەرێکی داهێنەری مەزنم و ئەوانەی دی چاویان پێم هەڵنایەت).

ئەمڕۆ زۆرن ئەو وێنانەی پێشان دەدرێن و شتیان لە ژێردا دەنووسرێت.




ڕۆژی جیهانی فەلسەفە: ڕۆژێک پڕ لە پرسیار و گومان.. ئازاد حەمە

لەناو جەرگەی مەزنييدا گومانێک دەبينم
René Char ڕۆنێ شار

1. فراوانکردنی ڕووبەری فەلسەفەکردن. لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانی فەلسەفەدا دەخوازم هێما بۆ ئەوە بکەم، کە لە جیهانی ئێستاماندا گوماندەکەم بەئاسانی هەل و مەرجی فڕاوانکردنی ڕووبەری فەلسەفەکردن بێتەئاراوە، کار لەسەر پرسە سەرەکییە هاوچەرخەکان بکرێت، فەلسەفە بکرێت بە بابەتی گفتوگۆی نێوان کولتوورەکان. ئەم گومانەم بەری تەسکبوونەوەی پرسیار و خودی گومانیشە لەم چرکەساتە ئاستەنگاوییەی حەزی بە چارەی فەلسەفە نییە. حەیف لە ئێستایەکدا دەژین ڕق لە فەلسەفە ئامادەیە. بەڵام گرنگە ئەوەش بزانین، کە فراوانکردنی ڕووبەری فەلسەفەکردن پێویستییەکی ڕۆشنگەریی نیشتیمانیی و جیهانییە. ئەمە دەستپێکی گۆڕانیشە لە پەروەردە و فێربوون، ئەو دەستپێکەی سەرزەوی هەمووی تێکڕا زۆرترین پێویستی پێیەتی. فێربوونی فەلسەفە و وتنەوەی فەلسەفە بەرپرسیارییەکی گشتی مرۆڤە و سەرەتاشە بۆ پێکەوە ڕووبەڕووبوونەوەی پرسە بنەڕەتییە سەردەمییەکان و بۆ تێگەیشتنێکی باشتریش لە جیهان.
ڕووبەری فەلسەفەکردن فراواننابێت تا ڕووبەری ئازادی فراواننەبێت. لەو شوێنەش، کە ئازادی بوونی نییە فەلسەفە بێ شوێنە. ئەو فەلسەفەیەی لە کۆمەڵگەی نائازاد و گەندەڵ دا هەیە نافەلسەفەیە. ئێستا نافەلسەفە لە زۆر جێگا جێگایەکی بۆخۆی دابینکردووە. باشە بۆ دەبێت جێگایەک لە کۆمەڵگە، لەناو ژیان، بۆ فەلسەفە هەبێت؟ لەبەرئەوەی لەڕێگای فەلسەفەوە دەشێت کار لەسەر تەشەنەسەندن و نەشونمای شیکردنەوە و توێژینەوەی پرسیارە چارەنوسسازەکان بکرێت. فەلسەفە دەکارێت ئەمە بکات، چونکە کاری لێخوردبوونەوەیە لە تاک و کۆ، لە بوون و کەتواری ئەم تاک و کۆیە.
داواکان لە فەلسەفە زۆرن. داواکان، کە هیوان هەموو دەخوازن فەلسەفە ئەم داوایانە بهێنێتەکایەوە. هەموو دەخوازن فەلسەفە سەرلەبەری گۆی زەوی بەرەو باشە بگۆڕێت. باشەی لەم جۆرە، کە یەکسانی، ئازادی و ماف لەخۆدەگرێت هەر هەموو ئەمانە هێزی خۆیان لە فەلسەفەوە وەردەگرن. بەڵام هێنانەدی ئەم داوایانە، هیوایانە، کاری بەردەوام و هاوبەشی دەوێت.

2. فەلسەفە چیپێدەکرێت؟. لە ئێستادا زۆرێک دەپرسن: فەلسەفە چیپێدەکرێت؟ لێ ئێمە دەپرسین : فەلسەفە چیپێبکرێت؟ ئەو شتە چییە فەلسەفە دەبێت بیکات؟ وەکیتریش فەلسەفە چیپێدەکرێت و چیپێبکرێت هەر لەسەر ئەوە وەستاوە، کە فەلسەفە کێیە تا ئەم داوایەی لێبکرێت؟ فەلسەفە خۆمانین، ئەوانەنن، کە بیردەکەنەوە. فەلسەفە ئەو شێوازەیە، کە بۆ بیرکردنەوە دەگیرێتەبەر. ئەڵبەتە فەلسەفە لە هەرە شێوازە دیار و دانسقەکانی بیرکردنەوەشە. بەهۆی فەلسەفەوە دەگەین بەو زانینەی نییمانە. ئەم زانینە چیپێدەکرێت؟ دەمانبات بەرەو تێگەیشتن. تێگەیشتن لەوەی تا هەنووکە لێیتێنەگەیشتووین. ئەم تێگەیشتنەش خاڵی وەرچەرخانی ئێمەیە لە شتێک هێشتا نییە، کە دەشکرێت ئەوە ڕۆشنگەرییبێت، کە دواتر لەمیانە بیرکردنەوەکانەوە دێتەکایەوە.
ڕۆشنگەریی چرکەی لەدایکبوونی عەقڵە لای تاک/ لای گشت منێک. لێرەوە دەشێت بپرسین: لە ئێستادا شیاویی لەبەردەم ئاڵوگۆڕی میراتی فەلسەفیدا ماوە؟ مرۆڤەکان باوەڕیان بەم پرینسیپە مرۆییە ماوە؟ ئەم شیاویی و باوەڕە پێویستە مابێت. بیرکردنەوە لە جیهان، ئەمە دەبێت کۆمانبکاتەوە. پاش ئەم بیرکردنەوەیە ئەدی کاری سەرەکی فەلسەفە چییە؟ ڕەنگە یەک لەو کارانە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری گشتی بێت. ئەمە ئەرکی یەک کۆمەڵگە و یەک کولتوور یان شارستانی نییە، ئەمە بەرپرسیارییەکی ڕەوشتی مرۆیی گشت سەرزەوییە.
سەرباری ئەوە، شوێنی فەلسەفە تەنیا هۆڵی زانکۆکان نییە، پرسیارە فەلسەفییەکان هەر لەنێو مامۆستا و خوێندکاران نەشونما ناکات. فەلسەفە، کە مافی هەموانی بەسەرەوەیە بەهۆیەوە دەکارین ئەو کێشانە بخەینە ژێر پرسیارەوە، کە ئەمڕۆ جیهان ڕووبەڕووی دەبێتەوە، ئەمەش بەزۆری لەبەرئەوەی، فەلسەفە بەشدارە لە پەرەپێدانی تێگەیشتن لەو بنەما و بەهایانەی ڕێنمایی کردار و بڕیارەکانمان دەکەن.

3. خەمی ئێستای فەلسەفە ئەو پرسانەیە، کە ڕووبەڕووی جیهانی هاوچەرخ دەبنەوە. ئەو کێشانەی کە ڕووبەڕووی جیهان دەبێتەوە کێشەگەلێکی کۆن و هاوچەرخیشن. وەکیتریش لە وشەدانی فەلسەفەدا خۆمان لەناو زۆرێک واتای فەلسەفییدا (ڕاستیی، ڕەوشت، هاوڵاتیببون، لێبووردن، ڕێزلەیەکترگرتن، دادپەروەریی،….) دەبینینەوە، کە گرنگن بۆ هەڵکشانی ئاستی تێگەیشتنی ڕۆژانەی ئێمە لە خۆمان و دەورووبەرمان.
فەلسەفە تەنیا دیاردەیەکی ڕوناکبیریی یان ڕۆشنگەریی نییە دیسیپلینیشە، ئەمەو فەلسەفە تەقەلایەکی پراکتیکی ڕۆژانەشە، کە دەکارێت کۆمەڵگاکان بگۆڕێت و کولتوورەکان لەیەکتر نزیکبکاتەوە. واتە، فەلسەفە یارمەتیدەرە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئاسوودەتر و ڕێزدارتر. بەم شێوەیە فەلسەفە وا دەکات بتوانرێت لە بەربەست و ئاستەنگە گەورەکانی هاوچەرخ تێبگەین و بە دروستکردنی هەلومەرجی هزریی بۆ گۆڕانکاری وەڵامیان بدرێتەوە.
لەو پرسانەی، کە ڕووبەڕووی جیهانی هاوچەرخ دەبنەوە بابەتی ڕەوشتە، کە دەتوانێت بابەتگەلێکی تریش لەخۆبگرێت، وەک: ڕێز، ئاکار، تێرۆر، گەندەڵی، ماف. بۆ ئەوەی ئەمە بکرێت پێویستمان بەوەیە، کە زوو زوو پێناسەی فەلسەفە بکرێتەوە. ئەوەش ڕوونبکرێتەوە، کە ئەرک و ئامانجی بنەڕەتی فەلسەفە چییە و دەخوازێتیش چی بۆ مرۆڤ بکات. ئەمەش بە پلەی یەکەم پێویستە بۆ مناڵان و دواتر بۆ لاوان بکرێت. لاوان، کە کەوتوونەتە ژێر فشاری کۆمەڵگەیەکی بەرخۆری دژە بەها و جیهانگیرییەکی پەرت و بۆشەوە پێویستییەکی زۆریان بە خوێندنەوەی فەلسەفەی کلاسیک و هاوچەرخ هەیە.
سەرئەنجام، ئەو پرسانەی، کە ڕووبەڕووی جیهانی هاوچەرخ دەبنەوە خەمی ئێستای فەلسەفەن و گرنگە وا لە فەلسەفە بکەن خۆی لە عەوام نزیکبکاتەوە. ئەمە ڕێگایەکیشە بۆ لە بەدەستەبژێرخستنی فەلسەفە و تیشک خستنە سەر گرنگی دیدگا ڕەخنەییەکانیشی.

4. فەلسەفە واتە بیرکردنەوە لە هەنووکە. فەلسەفە هەنووکەی خۆی هەیە. لەو کاتەی، یان سەردەمەی، فەلسەفە ئامادەیە ئەو کاتە، یان سەردەمە، هەنووکەی فەلسەفەیە. فەلسەفە، کە لە هەنووکەی خۆی دورکەوتەوە فەلسەفە نییە. فەلسەفە چاودێرە بەسەر هەنووکەی خۆیەوە. هەنووکە ناشێت لە ژێرکۆنترۆڵی فەلسەفە دەرچێت. ئەو دەمەی فەلسەفە بە ڕاڤەی هەنووکە ناوێرێت ئەوە نەک هەر فەلسەفە نییە، بگرە بیریش لەو هەنووکەیەدا بوونی نییە. هەنووکەکان جۆراوجۆرن، لێ فەلسەفە هەمانە. فەلسەفە لە دەمی دەرکەوتنیەوە دیارە ئامانج و ئەرکی چییە، هەنووکەش، کە دەگۆڕدرێت فەلسەفە لەم گۆڕانە حاڵییە.
گشت ئەوەی لای سەرەوە وترا، بەرەو ئەو تەماشاکردنەمان دەبات، کە نزیکبوونەوەی فەلسەفە لە هەنووکە مەرجە. ئەمە بە ئاسانی نایەتە دی. بیرکردنەوە لە کردارەکانمان سەرەتای گۆڕینی بیرکردنەوەکانمانە بۆ کردار. گشت هەنووکەیەک لەژێر کاریگەریی کردارەکانە. هەنووکە بۆی هەیە کردارەکانمان بخاتەژێرپرسیارەوە. خودی هەنووکەش گومانیلێدەکرێت بەرهەمی کاتی خۆی نەبێت.

5. فەلسەفە وادەکات تێگەیشتنی قوڵت هەبێت. ئەو دەمەی فەلسەفەکردن لە کەسێکدا چرۆدەکات تێگەیشتنی قوڵ زاڵدەبێت. تێگەیشتنی قوڵ لەگەڵ تێگەیشتنی سادە و لاواز دا یەکناگرێتەوە. تێگەیشتنی قوڵ پێویستی بە بیرکردنەوەی زۆر و بەردەوامە. بیرکردنەوەش مەشق و ڕاهێنانی جۆراوجۆری پێویستە. لە تێگەیشتنی قوڵ دا ئاسۆکانی تێڕامان بەرین و کراوەن. لەوێندەرێ فەلسەفە توانای تێپەڕاندن و بڕینی سنورەکانی لەنێوان زانستە جیاوازەکانیش دا هەیە. ئەوەی فەلسەفە لەتەک یەک زانست(دیسیپلین)دا یەکانگیرنابێت ئەمە یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی فەلسەفە. فەلسەفە بە چییەتی بیرکردنەوە دەستپێدەکات و بە پەروەردەکردنی تێگەیشتن کۆتاییدێت.
زۆر جار بۆ زۆرێک پرسیارەکانی فەلسەفە خۆیان لە ناسادەیی دەدەن. ئەمە ڕاستە و بەشێکیشە لە سروشتی فەلسەفە. بەپێی ئەوەی پرسیارەکانی فەلسەفە سەرساممان دەکەن بیرکردنەوەی وروژێنەریش دەسازێنن. بوون بە فەیلەسوف، نزیکبوونەوە لە فەلسەفە، ڕۆڵی فەلسەفە لە خۆشگوزەرانی مرۆیی و لە هێنانەدی ئاشتیخوازی و….، گشت ئەمانە و گەلێک بیرکردنەوەی تریش وروژاندنێک لەخۆدا بەرجەستەدەکەن، کە ئەوەمان پێدەڵێن هزر و تێگەیشتنی مرۆڤ و ڕۆشنبیرییەکەی لەتەک دەرکەوتنی فەلسەفەدا نەشونمایکردووە.

6. فەلسەفە لە سەردەمی خێرایی ئەلێکترۆنی دا لەژێرپرسیاردایە. دەمی هەنووکەمان دەمی زێدەڕۆییە لە خێرایی. رەچەڵەکی خێرایی، کە بۆ شۆرشە زانستییەکان دەگەڕێتەوە بەم ڕۆژەیان گەیاندین. واتە، ئەوەی ئەم خێراییەی هێنایەکایەوە مەکینە هایدرۆلی و میکانیکی و ئەلکترۆنییەکان بوو. ئەم خێراییە ڕەفتارەکانی مرۆڤی ئەم دەمەی بەجۆرێک گۆڕیووە، کە رووداوەکان، دیاردەکان خێرا تێپەڕن. جیهانی تازە لە هەناویدا هەڵاوگۆڕان و ڕیکخستنێکی بەردەوام لە خۆدەگرێت و ئەمەش ئەو خێراییە دروستدەکات مرۆڤایەتی کاریپێدەکات. ئەم جیهانە دژی وەستان و سستییە، لە گۆڕان و گەیاندن و گوازتنەوەی بەردەوامی خێرادایە. ئەمە وایکردووە جوڵە وەک جاران نەبێت.
جوڵەی ئێمە لەژێر فشاری خێرایی بووتە بەشێک لە ئێمە. جوڵەکانمان نۆرماڵ نییە. لە گشت جێگایەک ئەم جۆرە جوڵەیە ئامادەیە و مەحکومیشیکراوین بە جوڵە: لە بانق، لە ژوری نوستن، لە کاتی خۆشتن، لەناو شەمەندەفەر، لە…. . هاوکات ئەم جوڵەیەی ئێستا هەیە، کە بەرهەمی خێراییە، خێرایی دیگیتاڵی و سابیریانیCyber جوڵەیەکی سانا و بێ لایەن نییە. تەماشا سێبەری خێرایی لەناو گشت چالاکییەکانماندا بوونی هەیە: هاوڕێیەتی، وەرزش، خوێندن و فێربوون، سێکس، سەما، نانخوادن و….. هتد. هەر ئەم جوڵەیە ئەوەشمان پێدەڵێت، کە ئەو شتەی خێرا دەگۆڕێت لە جێگەی خۆی نامێنێت و چییەتیشی دەگۆڕدرێت. خێرایی دیدی ئێمەی بۆ جیهان گۆڕیوە و کاریگەریشی لەسەر پەروەردە، ئابوری، جیۆسیاسی و ژینگە بەجێهێشتووە.
سەرئەنجام، فەلسەفە لەناو ئەم خێراییەدا سست تێدەپەڕێت و فریای خستنەژێرپرسیار و گومانی دیاردە سایبیریانییەکان (فێمینیزمی سایبیریانیCyberfeminism، تاوان و دزی سایبیریانیCybercrime، سێکس و ئەوینداری سایبیریانی،……)ناکەوێت. فەلسەفە، کە شوێنێکی شیاو و گونجاوە بۆ بیرکردنەوە لە تەنگوچەڵەمە ڕەوشتیی و سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان، پێویستی بەسەرلەنوێ چالاککردنەوە و وەگەڕخستنەوەیە بۆ شیکارکردن و ڕوونکردنەوەی چەمکە سەرەکییە فەلسەفییەکان(ڕاستی، ڕێزلەیەکترگرتن، وەفاداریی، ئەمەک، ئاکار،….).

7. زەفەربردنی فەلسەفە بە دەروونشیکاریی لە دوورمەودادا دەرئەنجامی پۆزەتیڤی دەبێت. فەلسەفە بە بیرکردنەوە(تێهزرین) یەکسانە نەک شیکارکردنی ڕەفتار، بیرکردنەوەش لەسەر بیرکردنەوە گەشە بە بوونی فەلسەفە دەدات. بیرکردنەوە لە چییەتی فەلسەفە بیرکردنەوەشە لە چییەتی ئێمەی بەرهەمهێنەری فەلسەفە. ئەمە، کە بە دەروونشیکاریی ناکرێت ناسنامەیەکی هزریی لەناو دیسیپلینەکانی تر بۆ فەلسەفە دادەتاشیت.

سەرباری ئەوە، دوا کارکردنەکانی پۆلێک لە بیریارانی فەڕەنسی لەم چەند ساڵەی دواییدا بەرەو ئەو تێزەی بردوون، کە کاتی ئەوە هاتووە فەلسەفە دەسەڵاتی شیکاریی لە دەروونناسی وەربگرێتەوە. دەروونناسی ئەم دەسەڵاتەی بە خراپ بەکاربرد: خەمۆکی، بێزاریی، تەنیایی، دابڕان لە خودی خۆ و دواتر لە ئەویتریش وەک خۆیان ماونەتەوە و کەچی دەروونشیکاریی پێیوایە هەر بەردەوام و سەرکەوتووە. بەم تێزەی بیریارانی فەڕەنسی دەگەینە ئەو تێگەیشتنە، کە دەروونناسی پاشەکشەی پێبکرێت لە چارەسەرکردنی مرۆڤ.

هەندێك واتا هەن (سۆزداریی، هاوڕێیەتی، بەختەوەریی، خودگەرایی، خۆشەویستیی و…) تایبەتمەندی گەردووناوی خۆیان هەیە. ئەم تایبەتمەندییە فەلسەفە بەشێوازی خۆی كاری لەسەر دەكات. وەکیتر، هەر ئەوەشە وادەکات فەلسەفە زەفەر بە دەسەڵاتی شیکاریی دەروونناسی بەرێت. دووبارە شیکردنەوەی فەلسەفییانەی ئەم واتایەنەش هیوایەک بەوانە دەبەخشیت قوربانی دەستی دەروونناسی هاوچەرخن
زۆربەمان دەزانین، کە لەگەڵ تاڵیس، یەکەم هزرەڤانی یۆنانی لە سەدەی شەشی پێش زایین، فەلسەفە بووە دەروازەی پاراستنی ڕۆحی ڕوناکبیریی مرۆڤ. هەر لەو دەمەوە لەو شتانەی لە چییەتی فەلسەفەدا پەنهانکرا قسەکردن بوو لە واتاگەلێکی وەک: ڕاستی، هاوڕێیەتی، ئاشتی. وەک بەرپرسیارییەکی فەلسەفیی، لێ دیسیپلینەکانی تر( بەتایبەت دەروونناسی و دواتر سیاسەت، کۆمەڵناسی) بەشێک لەم واتایانەیان خستەژێرڕکێڤی خۆیانەوە و بە شێوازی خۆیان تێۆریزەیان بەسەرەوەکرد.

8. لە ڕۆژی جیهانی فەلسەفەدا مەرگی فەلسەفە جارێکیتر مایەپووچدەبێتەوە. لەم ڕۆژەدا مەرگی فەلسەفە سەرلەنوێ دەبێتەوە بە بابەت. خودی ڕۆژەکە وەبیرهێنانەوەی گرنگیی فەلسەفەیە، پرسیاریشە لەسەر ڕەچەڵەکی فەلسەفە و دانپێدانان بە ئایدیای بەرەوپێشبردنی لێبوردەیی و ئاشتی، کە داوای توانامان لێدەکەن لە فەلسەفە. بۆیە مەرگی فەلسەفە یەکناگرێتەوە لەگەڵ دۆزی ڕەوشتیی و مرۆیی سەردەم و مەرگی شتێکیشە لە خۆمان پێکهاتووە. فەلسەفە تا بەم جۆرەی ئێستا دروستبووە زۆرێک سەدە و دەڤەر و کولتوور و فەیلەسوف کارییان بۆکردووە. بۆیە فەلسەفە هەر ئێرەیی نییە، ئەوێیشە و خەڵکی گشت جێگا و شارستانییەتێکیشە.
لەبەرئەوە لەناوچوونی فەلسەفە لەناوچوونی ئەو شتەیە، کە هاوبەشە. شتە هاوبەشەکان بە ئاسانی لەناوناچن. نەک هەر لەبەرئەوەی لەخۆڕا دروستنەبوون، لەبەرئەوەش، کە فاکتەری بنچینەیی کاری لە دروستبوون و پەرەسەندنییاندا کردووە. وەکیتریش ئەو شتە هاوبەشانەی هۆکاری دروستبوونی فەلسەفەن تا هەنووکە هەن: جەنگ، ڕەوشت، ماف، ئەوین، دادپەروەریی، سەرباری ئەوانە مرۆڤ. ڕەگەزی مرۆڤ، کە تا هەنووکە ماوە پێویستی بە فەلسەفەیە وەک بیر. ئەم مرۆڤە ڕۆژانە بەریەککەوتنی هەیە لەتەک شەڕ، درۆ، هەڵە، گەندەڵی، بێ وەفایی، نیگەرانیی و….. بۆیە مرۆڤ بێ فەلسەفە ناشێت هەڵبکات و مەرگی فەلسەفەش لە ئێستای مرۆڤایەتییەوە دوورە.

9. خوێندنی فەلسەفە لە گشت قۆناغەکان پێویستییە. فەلسەفە بنەچەی خۆی هەیە، دێرینترین زانینە و زانینی زانینەکانیشە، کە فەیلەسوفەکان هەر زوو جەختیان لە دەگمەنی ئەم بنەچەیە کردووەتەوە. شوێنی فەلسەفە لە پەروەردەدا بە خوێندنی فەلسەفە لە گشت قۆناغەکانی خوێندن جێگا بۆ خۆی دابیندەکات. خوێندنی فەلسەفە و شوێنی فەلسەفە لە پەروەردەدا جگەلەوەی دەرفەتێکی ناوازەیە بۆ چرۆکردنی تێگەیشتن لە فرە کولتوری، هاوڵاتیبوون و ئازادی بریتیشە لە خوێندنی بیر و هیوایەکیشە لەبەردەم سەرلەنوێ بوژاندنەوەی فەلسەفەدا.

خوێندنی فەلسەفە مەشقکردنیشە لەسەر بوونی فەلسەفە بە بابەتی چارەسەر بۆ کێشە و کەموکوڕییەکان. فەلسەفە، کە قوتارماندەکات لە بیرنەکردنەوە، لێهاتوومان دەکات لە زاڵبوون بەسەر نیگارانی و کاتە قەیراناوییەکاندا. خوێندنی بیر لە گشت قۆناغەکانی خوێندن سەرەتای حاڵیبوونی خودە (قوتابییە) لە خودی خۆی، لە کردار و گشت ئاکارەکانی. ئەمە تەنیا ئەو کاتە دەکرێت، کە فەلسەفە دەبێت بە یەکێک لە مادەکانی قۆناغی بنەڕەتی. خوێندنی فەلسەفە پێش قۆناغی زانکۆ سەرەتای زاڵبوونی قوتابییە بەسەر تەحەدیات و ئەستەمەکان.
خوێندن و فێربوون لە بنەڕەتی بێ فەلسەفە بنەڕەتی دەکات بە شوێنێک بۆ بیرنەکردنەوە، شوێنێک کە زانین تیایدا ناخرێتەژێرپرسیارەوە. فەلسەفە لە قۆناغی بنەڕەتی دا هەر پەیوەندی نێوان زانین و پسپۆرییەکان ڕێکناخات، خودی زانینیش تۆکمە و پرسیارئامێزدەکات، لێ بەبازاڕیکردنی پەروەردە زیانێکی زۆر لە فەلسەفەی خوێندن دەدات. فێربوونی فەلسەفەش لەناو کێبڕکێیەکانی بازاڕ لەگەڵ پەروەردە خودی کردەی فیربوون دوچاری گرفتی گەورەی ڕەوشتی دەکات. هاوکات ئاشناکردنی مناڵ بە فەلسەفە ئاشنابوونیەتی بە پرسیار و وەڵام، بەس ئەمە هەرگیز نایەتەدی تا فەلسەفە نەخرێتە ناو پرۆگرامی خوێندنی دایەنگە، باخچەی مناڵان و بنەڕەتییەوە.

10.فەلسەفە لە وشەدانی فەلسەفیی ئێمەدا كارەساتبارە. ڕوو نییە لە ڕوناکبیریی ئێمەدا فەلسەفە لە چاوەنواڕی چیبدایە. ئەمەش بەزۆری لەبەرئەوەی، کە فەلسەفە لە نێوەندی سیاسیی و ئەکادێمیی ئێمە ونە. لە ئێستادا دۆزینەوەی فەلسەفە لەو سێ نێوەندە گرنگەدا خۆی لە ئەستەمیی دەدات. ئەوەی دەبینرێتەوە زۆر شتە، لێ فەلسەفە نییە. واتە ڕوناکبیریی هەیە، لێ بێ فەلسەفەیە. نێوەندی سیاسیی و ئەکادێمیی هەیە، کەچی زۆر نا فەلسەفییە، دوورە لە فەلسەفە، خۆی لە فەلسەفە دەدزێتەوە. وەکیتر فەلسەفە لەناو خەڵکی و سۆسیال میدیاش نادیار و ناکاریگەرە.
سەرئەنجام، فەلسەفە ونە، ئەمەش ترۆپکی گومانی ئێمەیە لە وتاربێژیی و بڵندگۆیی رۆمان و شیعری سەردەمی نوێ کوردیمان. فەلسەفە پێویستە لەناو ئێمەدا بدۆزرێتەوە. ونبوونی فەلسەفە، هەڵاوێشتن و توڕدانی فەلسەفە بە زیانی گشت مرۆڤایەتی دەکەوێتەوە، نەک هەر ئێمە. چونکە چەکەرەکردنی فەلسەفە لە گشت نێوەندەکانی ژیانی مرۆڤی سەردەم ،قوتارمان دەکات لە بنەبڕکردنی نەفامی. تەنیا بە فەلسەفە، بە فەلسەفەیەکی کراوە و نەترس، نەفامی و هاوشێوەکانی، بێدادی و تێرۆر، گەندەڵی، بنەبڕدەکرێت.
بەشێك لە ئێمە پێویستە بپرسێت دوای ئەو تێكشكانانەی، کە هاتەسەر كۆمۆنیزم و ناسیۆنالیزم، ئێستاش کە ئەو دوو ئیزمism ە بە ئیسلامی سیاسیی پڕدەکرێتەوە هەمان تێكشكان بەرهەم نایەتەوە؟ ئاییندەی فەلسەفە ئەو دەمە دەبێت چۆن بێت؟

11.دوا وتە: گرنگی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی. فەلسەفە بۆ دامرکاندنەوەی نیگارانییەکان نییە. بەپێچەوانەوە فەلسەفە نیگارانییەکانی مرۆڤ وەک کێشە دەبینێت و بەدوای چارەسەریانەوەیە. ئەمەشە جەوهەری جیاکردنەوەی فەلسەفە لە دەروونشیکاریی. فەلسەفە بەدوای داناییەوەیە، لێ جیهانی ئێستا لەژێر زەبری هەژاری، نەداری، نایەکسانی خەریکە دانایی خۆی لەدەستدەدات، خەریکە گاڵتە بە دانایی و وشەدانی ئەم واتایەش دەکات. لەبەرئەوە دروستکردنی ژینگەی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لە زۆر ڕوەوە کاتیهاتووە.
باشە لە هەل و مەرجێکی وادا چی لە نیگەرانییەکانی زانست بکەین؟ فەلسەفە چی لەو بارەیەوە پێیە بۆ وتن؟ فەلسەفە چاودێری ڕەوشتییە بەسەر زانستەوە. پشتگیریی لە زانست دەکات تا ئەو شوێنەی مرۆیی و ئاکارییە. فەلسەفە لە خودی خۆیدا بریتییە لە ئارەزومەندیەکی خۆییانە و تاکییانە، نەک زۆرەملێیانە. فەلسەفە دوژمنی زۆرەمڵێیی و ستەمە. بۆیە تا ئێستا بابەتی ئاشتی هەمیشەیی بابەتێکی هەستیارە بۆ گفتوگۆکردنێکی فەلسەفییانەی بەردەوام.
بەم جۆرە “فەلسەفە وەک دیسیپلینێک هاندەری بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و سەربەخۆیە و دەتوانێت بەشداری بکات لە تێگەیشتنێکی باشتر لە جیهان و چەسپاندنی بناغە ڕاستەقینەکانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و لێبوردەیی”. ئەمە دروشم نییە، بەڵکو ماهیەتی ڕاستەقینەی فەلسەفەیە. جیهانی پر کارەساتباری ئێستامان پێویستیەکی زۆری بە فەلسەفەیە، بەو شتەی فێربوونی ژیان دێنێتەدی. داخ و جه‌خار کردەی فەلسەفەکردن و فەلسەفاندن لە دەڤەری ئێمە بە ئاسانی نایەتە سەرپێ. لەم شوێنە ناپسپۆڕ لە فەلسەفە داگیرکەری بواری فەلسەفەیە! پشتکردنی کۆلێجەکان لە فەلسەفەوتنەوە زیانی لە گەیاندنی فەلسەفە بۆ زۆرینە داوە. وەکیتر، لە زانکۆکانی هەرێم غەدرێکی زۆر لە فەلسەفە دەکرێت و ناپسپۆر لە فەلسەفە وانەی فەلسەفە دەڵێتەوە و ئەمەش هزر و تێگەیشتنی فەلسەفیی لەو شوێنەدا خستووەتە گیانەڵاوە. بۆیە ڕۆژی جیهانی فەلسەفە لە وەها دەڤەرێک وەک گشت ڕۆژێک تەماشادەکرێت.

سەرنج: یۆنسکۆ لە ساڵی 2002 وە رۆژێکی بۆ فەلسەفە تەرخانکردووە، کە دەکەوێتە سێهەمین پێنجشەمەی مانگی نۆڤەمبەرەوە(مانگی یانزە).




دوا مانیفێستی من.. شێرزاد حەسەن

‘دەسپێکی درامای راپەڕین و تراژیدیایەکی نەبڕاوە’

+دوای سڵاڤ و رێز .. بە بێ زێدەڕۆیی لە دوای چەند ساڵێکی کەم و لە ناوەراستی نەوەدەکان و گەرمەی دڵگەرمی و جۆش و خرۆشی ‘راپەڕین’ی خەڵکانی باشووری کوردستان/١٩٩١، کە لە میانەی ئەو رۆژگارەدا و لە پەراوێزی ئازادییەکی داپۆشراو بە تەم و مژ و ئاراستەکراو بەهرەمەند بووین، پەیدابوونی کەناڵەکانی راگەیاندن و ماس-میدیایەکی سەرەتایی و سادە و کەم ئەزموون و فشۆڵ، کە وایکرد هەر حیزب و گروپ و کەسانێکی دەسترۆیشتوو و هەم دەستەڵاتدار کەوتنە راگەیاندنی بیر و بۆچوونەکانی خۆیان سەبارەت بە خودی راپەڕین و ئاکام و دەرهاوێشتە و جوانییەکی زۆر و زەوەند کە زێدەڕۆیی تێدا بوو، بەڵام بە کەمترین پەردە هەڵدانەوە لەسەر ناشیرینییەکانی ئەو رۆژگارە و لە پاڵ شآردنەوە کەموکورتییەکانی، لەسەر ئاستی رامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی، لەوساوە تاوەکو ئێستا و بەردەوام هەفتانە و مانگانە کە دەکا پتر لە (٢٥) بیست و پێنج ساڵی رەبەق؛ جۆرەها کەس پەلاماریان داوم و هەراسانیان کردووم، لەسەر ئاستی زارەکی و راگوزەری و رۆحی و هەم تۆمارکراو بە دەنگ و بە نووسین، بە تایبەتی دوای پەیدابوونی تێکنۆلۆژیای کۆمیونیکاسیۆن و پەیوەندگیری و ڕایەڵەکان و پردی پەیوەندی ئاسانی ‘دیجیتاڵ’ ، بە ناوی راستەقینەی خۆیانەوە بووبێت یان خوازراو و نادیار، کە هەندێکیان بانگخواز و ئەندامی کارا و دەستڕۆیشتووی حیزبە ئیسلامییەکان بوون تا دەگات بە هەرزەکارانی مەزهەبزەدە و فەریکە دیندار، هاوکات غەیرە ئیسلامیشی تێدەکەوێت، جا چ خۆیان بە چەپگەرا یان ڕاستڕەو بزانن، یان فەریکە ناسیونالیستی دەمارگیر بووبن، کە دیارە رەخنەی من پتر لەو حیزبانە بووە کە خۆیان بە سێکیولار/ عەلمانی و ناسیونالیست و دایک و باوکی نەتەوەگەری و کوردایەتی زانیوە، یان ئۆپۆزسیۆنی خەونفرۆش و چەواشەکار، کە بە رەهایی جێگەی پرسیار و گومانی من بوون، بگرە سەرچاوەی مەینەتی بوون و شکستی خەونی ‘راپەرین’یان تۆمار کردووە، لەسەر ئاستی رامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی…هتد.


زۆرینەیان کەسانی داخ لە دڵ و ناحەز بە بیرکردنەوەی من کە سەر بە چین و توێژ و ئایدیۆلۆژیا و مەزهەبی جیاواز بوون، هەندێکیان بێلایەن کە سەر بە هیچ گروپ و حیزبێکی سیاسی نین، بەڵام ناحەز و دژن بە وتار و نووسین و ئەدەبیات و دیبەیت و لێدوانەکانی من بوون، کە سەبارەت بە گرفت و ئاریشەکانی رامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و کایە جیاوازەکان بوون، کە هەر هەمووی پەیوەست بوون بە چالاکی مرۆیی لەسەر ئاستی هەر هەموو کایەکاندا، کە بەردەوام لە رێگەی کەناڵەکانی ماس-میدیای دیجیتاڵ و تۆڕی کۆمەڵایەتی و ئامرازەکانی کۆمیونیکاسیۆن جنێوی سووک و هەڕەشە و گوڕەشە دەنێرن کە گوایە من سەر بە تابووری پێنجەمم و کەسێکی نەتەوەپەرست نیم وەک ئەوان تا ئەندازەی ناساندنم وەک کەسێکی نا-نیشتمانپەروەر، هاوکات ژمارەیەکی بەرچاو لە مەزهەبزەدکان من بە خودانەناس و بە دژی ئایینی ‘ئیسلام’ و تێکدەری بونیادی کۆمەڵایەتی دەناسێنن، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کامە ئیسلام؟ ئیسلامەکەی ‘ئیبن حەنبەل، یان “ئیبن تەیمییە” یان “ئیبن ئەلقەییم”، یان “فارابی” و “ئیبن روشد”، یان ‘حەلاج’ و ‘سەهرەوەردی’ یان رێبازی ‘وەهابیزم’؟ سەرزەنشتی ئەوەم دەکەن کە ئەوە منم سڵ ناکەمەوە لە درکاندنی روانین و بڕواکانی خۆم کە گوایە هەست و نەستی موسڵمانان بریندار دەکەم، کە من وای دەبینم کە هەق نییە ئەوان ئەوەندە قیچکە تەنگ و دڕدۆنگ بن، ناکرێت ئیمانیان وا تەنکۆڵە و لەرزۆک بێت، بەڵکو ئەوەیان پێچەوانەکەی راستە کە ئەوان هەست و نەستی من بریندار دەکەن کە بێ پرسیار و گومان داگیرکەرانی خۆیان دەپەرستن!


  • بڕواداری کوێرانە:
    ئینجا لەبەرچی؟ ئاخر ئەوان کە خودایەکی مەزن و پێغەمبەرێکی خاتەم و ‘قورئان’ێکی تەقەت هەڵگیراویان هەیە کە لە ئەزەلەوە لە )لەوحی مەحفوز- اللوح المحفوظ -/ تۆمارێکی تەقەت پارێزراو( بووە. ئەگەر ئەوان ئایین و ئیمانێکی وا تۆکمەیان هەبێت کە ژمارەکە لە ملیارێک و نیو تێپەڕیکردووە. ئاخۆ چۆن بە چەند گومان و پرسیارێکی من شلوێ و شێلوو دەبن و دەمارگیرانە بەرپەرچی من دەدەنەوە، نەک بە دیالۆگ، بەڵکو بە زمانی تانە و تەشەر و ناو و ناتۆرە بەخشینەوە، ئەوەیان جۆرە زمانێکە کە هی گفتوگۆ نییە!
    ئەوان هەقە لە خۆیان بپرسن کە ئەگەر خودی سروشتی داهێنەر و خوڵقێنەر یان “خودا” خۆی منی دروست کردبێت و ئاوەز و دەماغێکی پێبەخشیوم و رێگای داوم بیر بکەمەوە و قسان بکەم و تا هەنووکە خودی “زاتی ئیلاهی” نەهاتووە دەمم دابخات و کەڕولاڵم بکات یان بمکوژێت و مەحفم بکاتەوە، کە ئەم رستە و دەستەواژانە، لە پاڵ تەغارێک لە ئەدەبیاتی سووکایەتی پێکردن کە هی سەر زاری ناحەزەکانی منە کە بێشومارە، کە من بە ناحەزیان نازانم، بەڵگەش ئەوەیە کە من تاوەکو ئێستاکێ بە یەک رستەش بە هەمان زمان و مێتۆد کاردانەوەی نەرێنی و نێگەتیڤم نەبووە، بەڵکو خودی کتێبەکانم و کۆڕ و سێمینار و دیبەیت و ئەم مانیفێستەم بۆ خۆی وەڵامێکی شارستانییە کە دوای (٣١/ سیی و یەک) ساڵ هەراسانکردن کە بە جۆرەها شێوە لەکەدارم دەکەن، کەواتە ناکرێت رستەیەکم بۆ ئەوان نەبێت، خۆ ئەگەر بە زمانی لۆژیک و خوێندەارانە، وەڵامی ئەم مانیفێستەم بدەنەوە، ئەوسا منیش قسە و گوزارشتی خۆم دەبێت!

هەڵبەتە نەوەیەکیش پەیدا بوون کە بە هەزارەهایە و زمانی عەرەبی نازانن و هەر بە سیڵەی رەحم و هاوخوێنی و وەک میراتگری داپیران و باپیران موسڵمانن، کە هیچ هونەرێکی تێدا نییە، بێجگە لە فاکتەری مێژوویی، فاکتەری جوگرافیاش هەن کە دەستیان هەیە لە دەستنیشانکردنی مەزهەب و ئایین و ئایدیۆلۆژیای هەر تاکە کەسێک لەسەر زەمین، کە ئەگەر لە هەرێمی “تبێت/ تەیبت ” لە دایک بوونایە، دەبوون بە ‘بوودیست’ و “گواتما بوودا”یان بە پێغەمبەری خۆیان دەزانی، “دالای لاما”ش بە رەهبەری دینی و رۆحانی، یانژی خوانەناس و نادیندار دەبوون کە لە هەر حەوت کێشوەرەکەدا هەن و بە ملیۆنەهایە کە هیچ ئایینێکیان نییە، بە خۆڕسک یان بە هەڵبژاردنی خۆیان هیچ ئایین و مەزهەبێک ناخوازن، یاسا و رێساش پشتگیریان لێدەکات، کە لە هەندێك کۆمەڵگا و وڵاتدا رێژەکە دەگاتە پەنجا دەر سەدی کۆی وڵاتەکە، چ زۆر و چ کەم، ، بیر لەوە بکەنەوە کە بیرمەند و نووسەر و مێژووناسێکی وەک “یوڤان نوح هەراری” بڕوای وایە کە مرۆڤ بەر لە ( ٧٠٠٠٠/ هەفتا هەزار ساڵ) لەمەوبەر زمانی پژاوە و هێدی هێدی فێری زمان بووە، رێک هەر وەک منداڵێکی پێڕەوگە، ، کەواتە لە دێر زەماندا بۆ هەزارەها ساڵ مەردمگەل هیچ ئایینێکی نەبووە و نەناسیوە و بە بێ کتێبی پیرۆز و ئاسمانی ژیاوە، بە بەڵگەی ئەوەی هەر سێ ئایینە ئاسمانییەکە تەمەنیان لە چوار هەزار و سەد و هەفتا و دوو زیاتر نەبووە، بە گوێرەی زانیارییە بڵاوکراوەکان کە دیارە خودی مێژوو بەروار و ژمارەی جیاوازمان دەداتێ کە لە پێنج هەزار ساڵ تێپەڕ ناکات، کەواتە خودی یەزدان و پەیامبەرەکان و هەر سێ کتێبە بەناو ئاسمانییەکان بوونێک و مەخلووقاتی زمانەوانین و بەس!.

هەڵبەتە ژمارەیەکی بێشوماریش هەن لە خەڵکی خۆمان کە ناشزانن ناوەرۆکی ئەو ئایینەی کە ئەوان پەیڕەوی لێدەکەن لە چی دەدەوێت، هەموو تێگەیشتنەکەی ئەوان لەسەر زاری ژمارەیەک لە پیاوانی مەزهەبزەدە و شێخ و مەلا و کەهەنوت و حاخام و قەشە و کاهین و ئاخوندەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، کە لەسەر مینبەرەکانەوە بە فەرمی و نافەرمی خۆیان بە وتەبێژ و پارێزەر و زمانحاڵی ‘خودا’ دەزانن بێ ئەوەی بتوانن بێنە پای دیالۆگ و لۆژیک و گفتوگۆیەکی زانستی و شارستانیانە.


+مەرگی دیالۆگ:
هەڵبەتە ئەمن بە درێژایی ژیانم وەڵامی تەکفیر و تەخوین و تەجریم و تەجریح و هەڕەشە و گوڕەشەی ئەو مەردمگەلەم نەداوەتەوە کە مەزهەبزەدە بن یان ئایدیۆلۆژیستی توندڕەو کە دەکرێت ناسیونالیستی بێ پەیام بن، یان خۆ بە چەپگەرا و ڕاستڕەو، چونکە هیچ جوانی و رێزێکی تێدا نابینم بۆ دیالۆگێکی کراوە، کە بە گشتی دیبەیت و دەمەتەقێی شارستانی بۆ هەزارەها بۆتە مەحاڵ کە دەتوانم ناوی بنێم ‘مەرگی دیالۆگ’ دەنێو ئەم دەڤەرەی خۆمان و زۆربەی وڵاتانی ‘خۆرهەڵاتی ناوەراست’؛ نە لەناو خانەوادە و ماڵ و نە لە مەکتەب و نە لە مزگەوت و نە لەنێو حیزبە چەپڕەو و راستڕەو و مەزهەبگەراکانیشدا دیبەیت و گفتوگۆی بەرهەمهێن دەگمەنە؛ دیالۆگێک بە مەرجی رێزگرتن لە جیاوازییەکان ئەستەم بووە، کە دیالۆگیش نەما؛ جەنگ و ناکۆکی نامرۆیانە و کینەبازی جێگەی دەگرێتەوە کە ئاکامەکەی ئەم کوشتارگا و قەسابخانەیە بەرپا دەبێت کە ‘رەشهەڵاتی ناوەراست-ی’ لە خوێن و ئارەقە و فرمێسک گەوزاندووە، لەو لاوە “دەریای سپی ناوەراست” بۆتە گۆڕستانی گەنجانی سەرهەڵگرتوو کە کۆچ و ڕەوێکی بێ وچان بەردەوامە کە من ناوی دەنێم “دەریای سووری ناوەراست” کە لە دێرزەمانەوە لە ئاسمان و سەرزەمینی ئەم جوگرافیایە خوێنبارانە و وشکی ناکاتەوە!


پێویستە ئەو راستییەش بدرکێنم کە پارادۆکس و موفارەقە و تەوسەکە لەوەدایە کە ئێمەی کوردگەل بە بێ خوێندنەوەی مێژووی سەرهەڵدانی ئیسلام و هۆکارەکانی؛ ئەم ئایینەمان وەکو خۆی وەرگرتووە کە کۆی ئەدەبیاتی دینی و میراتەکە زادەی مێژووە، بە ژمارە کەمن ئەوانەی کە بە چاوێکی رەخنەگرانە و عەقڵانییەوە شەن و کەویان بۆ کردبێت، بەلکو پشتاوپشت و نەوە دوای نەوە وەک میراتێکی پیرۆز پێشوازیان لێکردووە و بە ‘دۆگماتیزم’ کۆتایی هاتووە کە دەکا وشکە بڕواداری و سەهۆڵبەندانی عەقیدەیی بنبەست.
لێرەدا من نێونیگا و روانینی “ئیبن راوەندی: ٨٢٧-٩١١”ی زایینی بە نموونە دێنمەوە کە بیرمەندێکی رەخنەگر و سەرسەخت بووە، کە چەندەها جاریش لەسەر زمانی بیرمەند و نووسەرانی دیکەشدا دووبارە و دە بارە کراوەتەوە، کە دەفەرمووێت، ” ئەگەر ئەم ‘قورئان’ە بە زمانی کوردی بهاتبایەتە خوارەوە، مەحاڵ بوو یەک عەرەب-زمان ئامادە بووایە موسڵمان بێت و پێشوازی لێبکردایە!” دیارە هەمان رەتکردنەوە بۆ فارس و تورکەکانیش راستە کە خودی کتێبە پیرۆزی و ئاسمانییەکە فەرامۆش دەکرا> گەر بە زمانی کوردی بووایە!
کە دیارە لەودیو ئەم قسەیەوە دونیایەک راز و نیازی تێدایە کە پڕە لە تانە و تەشەر و لاقرتێ و کاڵفامی بۆ ئێمەی کورد، کە بە هەق دەبوو ئێمە خۆمان خاوەنی ئەو گومانەی ”ئیبن راوەندی” بووینایە یان هەمان پرسیارمان لە خۆمان بکردایە کە بیرمەندێکی ناودار بەلاش بە ئێمەی بەخشیوە، دیارە زانای شیعە مەزهەب: ‘دکتۆر ئەحمەد قوبانچی’ هەمان رازی’ئیبن رەواندی’ دەدرکێنێت و پێداگیری لەوە دەکات کە ئەم وەک عەرەبێک بۆی هەیە وەکو خۆی وەریبگرێت، بەڵام بۆ ئێمەی کوردی نیشانەی پرسیار و سەرسامی داناوە بۆ تێفکرتین!
لە ڕاستیدا قورئان خۆی دان دەنێت بە تێڕوانینەکەی “ابن الرواندی” وەك لە ئایەتی (١٩٨-١٩٩) سورەتی “الشعراء” هاتووە!


“زاڵبوونی ناعەقڵانی و پاشەکشێی تێفکرین”

  • ئەمن بڕوام بە وتە دروستەکەی فەیلەسووفی ئەلمانی “کارل مارکس: ١٨١٨-١٨٨٣” هەیە کە ناوەرۆکەکەی شیدەکەمەوە کە دەڵێت: پێشمەرجی هەر هەموو رەخنەیەک سەبارەت بە هەر ئایدیا و بەهایەک و کایە و چالاکییەکی مرۆییانە بێت، ناچێتە خانەی رەخنەگرتنەوە، ئەگەر لە رەخنەکاری ئایینەوە دەست پێنەکات.”
    دیارە مەبەست لە رەخنەگرتن بە تەنها زەقکردنەوەی دیوە نێگەتیڤ و دزێوەکان و خراپییەکەی نییە کە دەکرێت بە زەقی دیار و ئاشکرا بووبن، یان پەنهان و حەشاردراو، بەڵکو رەخنەگرتن واتا هەڵسەنگاندن و شیکاری عەقلانی و دەرخستنی دیوە پۆزەتیڤ و درەوشاوە و جوانییەکانی و هەم ناجۆر و کرێت و خەسڵەتە کوشندەکانی هەر کایە و بەها و چالاکی و بونیادێکی فیکری و مەزهەبگەرایی بێت. کە دیارە لای منیش ئەم پێشمەرجەی “مارکس” زێدە پەسندە چونکە خودی ئایین وەک کایەی تێفکرین زادەی توێژنەوە و تەئویل و تەفسیرێکە کە بە تەنها “خودا” و “پێغەمبەرەکان” کایەیان تێدا نەکردووە، بەڵکو بۆ ماوەی هەزارەها ساڵ ژمارەیەکی بێ شومار لە پیاوان و نێرگەل و نیرەوز سەرگەرمی راڤە و توێژینەوە و شیکاری بوون و شەنوکەویان تێدا کردووە، کە هەندێکیان بەو نیاز و مەرامە کاریان تێداکردووە کە بە رۆحێکی داخراو و دۆگماتیک و نێرانە و ئایدیۆلۆژستانە روانین و خواستی خۆیان جێگیر کردووە، نەک تێڕامانێکی مرۆڤپەروەرانە، بەڵکو لە بەرژەوەندی خودی نێرینە شکاوەتەوە..نەک مێینە، کە خودی گومانی من لەوەدایە کە زۆرینەیان نێرینە بوون تا ئەندازەی خۆپەرستی و خۆویستیی و نارسیست-بوون و خودئەڤینی، هەرەوەها هەندێکجار لە سوودمەندی و بەرژوەندی خەلیفەکان و سوڵتانەکان و میرزادەکان و پادشاکاندا دایانشکاندۆتەوە، ئەم گومانە بۆ هەر سێ ئایینە ئاسمانییەکە ڕەوایە، بە روانینی من کرۆکی کارەساتێکی گەورەیە کە لەودیو ئەو هەموو پیاوانە کە سەرگەرمی تەئویل و تەفسیر و شیکاری بوون، زۆر کەم و بە دەگمەن ژنانێک دەبینین کە شان بە شانی پیاوەکان کایەیان دەنێو کتێبە ئاسمانییەکاندا کردبێت، گەر بەشدارییەکی کەم و کورتیشیان کردبێت، بایەخی پێنەدراوە و فەرامۆش کراون!
    لە هەمووی خراپتر ئەوەیە کە پیاوان و هەم ژنان خۆیان لەم هەقیقەتە تاڵە نەبان و خامۆش دەکەن و هەم لە دێر زەمانەوە کردوویانە، گوایە جێگەی گونجاو بۆ ژنان و کچان ناو ماڵەکانی خۆیانە و بەس، کە ئەوەش وایکرد ژنان لە داهێنان و تێفکرین و چالاکییە مرۆییەکان دوور بن، کە بە بۆچوونی من کۆی ئەدەبیاتی ئایینی و یاسا و رێسا و لێکدانەوەکانی لە بەرژەوەندی پیاوانی خۆپەرست و خۆسەپێن و زاڵدا بوون، بە بیانووی ئەوەی کە ژنان کاڵفام و کەم عەقڵ و هەم دوورە دین و ئیمانن، کە بووە مایەی ئەوەی خانمان نەتوانن لە ناو زانست و ماریفەت و فیکر و ئاییندا کایە بکەن و راڤە و شرۆڤەی تایبەت بە خۆیان هەبێت.
    بە درێژایی پتر لە چوار هەزار ساڵی رابردوودا. بە گشتی نێرینە ئاسوودە نەبووە باس لەم نایەکسانی و بێدادی و ئەو رەگەزپەرستی و جیاکارییە بکرێت لەسەر ئاستی چینایەتی و مەزهەبی و هەم جێندەریی، بە تایبەتیش لە “ڕەشهەڵاتی ناوەراست”، کە بۆ من ئەوەیان زادەی تڕۆکردن و دەرکردنی کۆی ژنان و مێینەیە لە مێژوودا کە بە تەنها پیاوان قۆرغیان کردووە و بە کەڵەگایی رەفتاری تێدا دەکەن، کە هاوکات دیسکۆرس و گوتاری نێرینەسالاری زاڵ دەکەن کە ئەوەیان ئەوپەڕی نامرۆیی و ناشارستانییە، جێگەی گومان و پرسیارە کە سەر لەبەری مێژوو میراتەکەی لەسەر نێرینە تاپۆ کراوە و هی پیاوەکانە.. نەک هی ژنان، بە تایبەتی لە ناوئاخنی کایەی ئایین و سیاسەت و سەرمایەگوزاریدا بە بێ هاوبەش و قاندڕ و رکابەر !

+میراتێکی پیرۆز یان عەمبارەپۆ؟
هەڵبەتە میراتێکی فیکری و فەلسەفی هەبووە کە لە لۆژیک و ئاوەزداری و عەقڵزەدەیی سەرشار بووە، بەڵام ئەوەی کە هەنووکە زاڵە و هەم دەچێتەوە سەر میراتی فیکری ‘ ئەبو حامید غەزالی: ١٠٥٨-١١١١’ و ‘ئیبن تەیمییە: ١٢٦٣-١٣٢٨’ و ‘ئیبن ئەلقەییم: ١٢٩٢-١٣٥٠’ ، بە واتا پێچەوانەکەی دەبینین کە کۆمەڵیک بزافی وەک ‘ئیخوانییەکان’ و ‘قاعیدە’ و ‘بۆکۆ حەرام’ و ‘داعش’ و ‘تاڵیبان’ و ‘سەییافەکانی فلیپین’ و ‘ئەنسار الاسلام’ و ‘جەیشی شەباب’ی خوڵقاند کە خاوەنی سەدەها سەرچاوەی کوشندە و ترسناکن کە تا هەنووکە پەرەی پێدەدرێت، بە بێ گومان و پرسیار؛ نموونەی سەرانی ترسناکترین رێبازی “وەهابیزم” و “ئیخوانیزم”ی بەرەی توندڕەو نەک میانڕەو، کە پەیڕەوکەرانی ئەو دوو زاتەی سەرەوەن کە بوون بە مایەی فەزایەکی تاریکستان ئاسا لە نێو دونیای عەرەبی و ئیسلامی و سەرانسەری جیهاندا، کە تا هەنووکەش بەردەوامە کە بە تەحریم و تەجریمکردنی عەقڵ و تێفکرینی بوێرانە کۆتایی هاتووە.


هەڵبەتە هەر ئایدیۆلۆژستێک خۆی پیرۆز کرد بە دۆگماتیزم و خوێنباران کۆتایی دێت کە لە ئەزموونی شۆرشی ئۆکتۆبەری “١٩١٧”دا و لە “سۆڤییەت/ یەکێتی شۆرەوی” دەریاچەی خوێنی بەرپاکرد، بە واتا چ بە ناوی ‘ناسیۆنالیزم’ بووبێت یان ‘نازیزم’ و ‘فاشیزم’ و کۆمۆنیزم و وەهابیزم: ئاکامەکانی مەرگەسات و بەدبەختی بووە بۆ مرۆڤایەتی. کەواتە ئایدیۆلۆژیا چ ئاسمانی بێت یان دونیایی بە خۆپیرۆزکردن جێگیر بووە کە بێجگە لە مەرگەسات و تراژیدیا هیچ بەرهەمێکی دیکەی نەبووە و نابێت، کە ئەوەیان شاڕەگی گومان و پرسیاری منە بە درێژایی نیو سەدەی تەمەنی خۆم، کەواتە ئێمە لە هەنووکەدا بە جەستە لە سەدەی بیست و دوو ـدا دەژین، بەڵام بە ‘عەقڵ’ و رۆح و تێڕوانین بۆ کۆی میراتی تیۆلۆژی و ئایینداری تاوەکو ئێستاکێ سەدەی سێزدەی زایینیمان تێپەڕنەکردووە و تیایدا دەژین، کەواتە ئێمە هەشت سەدە لە دواوەین، بە بێ گومان و پرسیار؛ نموونەی سەرانی ترسناکترین رێبازی “وەهابیزم” و “ئیخوانیزم”ی بەرەی توندڕەو و تەکفیری و قیتالی، نەک دیندارانی میانڕەو و بڕوادار بە ئاشتی و خۆشەویستی و فرە مەزهەب و فرە کولتووری تا ئەندازەی لێبوردەگی رەهایی، کە بە داخەوە لە کوردستان و ‘رۆژهەڵاتی ناوەراست’ دەبن بە کەمینە گەر وا بڕوات، لە ئاکامدا فەزایەکی تاریکستان ئاسا لە نێو دونیای عەرەبی و ئیسلامی و بەشێکێ بەربەرینی جوگرافیای جیهاندا بەرپا دەبێت!
پارادۆکس و موفارەقە و تەوس و تەڵزگەکە لەوەدایە کە ئەمن بە رەوای دەبینم ملیارێک و نیو موسڵمان هەن لەسەر زەمین، بەڵام لە نێو ئەو ملیارەهایە، ژمارەیەکی بەرچاو هەن لە خەڵکانی خۆمان و کورد-زبان کە بەرگەی ئەوە ناگرن هیچ پرسیار و گومانێکمان هەبێت، کە لە ناو ئەدەبیاتی هەر ئاینێکدا، بە ئیسلامیشەوە، پانتاییەکی بەربەرین هەیە بۆ گومان و پرسیار و رەخنەکاری، هاوکاتیش پێیان ئەستەمە کە رەخنەگری بڕێكی ئەم کولتوور و میراتەی باب و باپیران بین کە بڕێکی کەم یان زۆری ئەو میراتە هەم دەستکردی مەردمگەلێکی نێرینەن، نەک یەزدان، کە هەمدیس جێگەی هەڵوەستە و گومان و پرسیاری من و خەڵکانی دیکەن، بە واتا بڕێکی کەم و زۆری ئەو میراتە شایستەی هەڵوەشاندنەوە و مایەی سەر لە نوێ بونیاتنانەوەیە، کە تیایدا دین/ ئایین کە بۆتە بەشێکی تۆکمە و قەبە دەنێو ژیانی کۆمەڵایەتی و کۆبەندی کولتوورەکەمان کە بە ناهەق پیرۆزکراون تاوەکو ئەندازەی نەهێشتنی تێفکرین و تێرامان و تەڵاقدانی عەقڵ!


  • ئەفسانەی هەقیقەتی رەها:
    روانین و لێکدانەوەی منیش زادەی ئاوەز و عەقڵ و تێفکرین و تێڕامانێکی منە بۆ دین و دونیای لای خۆمان کە بایی ئەوەندەش هۆش و گۆشم هەیە کە ‘هەقیقەت’ی رەها لای من نییە و هەرگیز بە تەنها بۆ خۆمی قۆرغ ناکەم، چونکە من بڕوام بە “یەقین” و “تەلقین” و “نەقل” و تاکڕەویانەی هەقیقەتپەرستی رەها نییە کە دەگاتە ‘دۆگما’ و وشکە باوەڕداری و ئیمانێکی کوێرانە، کە سەهۆڵبەندانی عەقیدەیی لێ دەخوڵقێت کە ئیمانێکی تاریکپەرستانە بە دوای خۆیدا دەهێنێت، کە بە ناوی پیرۆزکردنەوە تەکفیری “عەقڵ” دەکات و تیفکرین و رەخنەکاری بنەبڕ دەکەن!
    مەرجە ئەو بەهەشت-نشینانە بزانن کە خودی ‘خودا’ی ئیسلام ئامادە بووە کە سەرگەرمی گفتوگۆ و دیالۆگ بێت، روو بە روو بەرامبەر بە “ئیبلیس”ی یاخی کە ملکەچی خودا نەبووە بۆ کڕنۆشبردن و سوژدەبردن بۆ “ئادەم”، چونکە بە بڕوای ‘ئیبلیس’ سوژدەبردن و کڕنۆش تەنها بۆ ‘خودا’ی تاک و تەنیا رەوایە و بەس، بەڵام لە روانگەی ‘ئیبلیس’ەوە کڕنۆش بردن بۆ ‘ئادەم’ شیرک بووە، واتا دروستکردنی هاوبەشێک لەتەک یەزدان، بەڵام لە قۆناغی یەکەمدا سزاکەی سەر ‘ئیبلیس’ دۆزەخ و کوشتن نەبووە بە فەرمانی خواهانە، بەڵکو سزاکەی بۆ ئەو کاتەیە کە ‘قیامەت’ رادەبێت، بەڵکو هاوکاتیش خودا دەکەوێتە گفتوگۆ و دیالۆگێکی درێژخایەن، بگرە وەک خەڵقەندە و دوژمن و قاندڕی خۆی دەمی ‘ئیبلیس’ داناخات، بەڵکو بە رێزەوە ‘ئیبلیس’ دەدوێنێت و گوێی بۆ رادەدێرێت کە رێک وەک ئەوەی کە هاوکووف و هاوشانی خۆی بێت. بەهەرحاڵ سزاکەی “ئیبلیس” کە قسەی ‘باری تەبارەک وەتەعالا’ی شکاندووە، بە تەنها ئەوەیە کە لە ‘دیوانی ئیلاهی’ بێبەری دەکرێت و نازناوی ‘عەزازیل’ی لێدەسەندرێتەوە. بگرە یەزدان ‘ئیبلیس”ی سەربەست و رەها کردووە لەوەی کە لە فریودان و لە خشتەبردنی مەردمگەل تا هەنووکەشی لەگەڵدا بێت بەردەوامە.

هاوکات خودی ‘خودا’ گەڵیک بە میهر و رێز و شکۆمەندییەوە مامەڵە لەتەک ‘ئیبلیس’دا دەکات، کە من لەم سەردەمە تازەیەدا پێچەوانەکەی دەبینم کە بە سەدەها لە جەنگاوەرانی ئاسمان یان بەندەکانی ‘خودا’م بینیوە کە لە سۆنگەی گوناهی زۆر سادەی خەڵکێکی بێچارە؛ بە ناوی ‘خودا’وە قورسترین سزای ئەو کەسانەیان داوە کە دەبوو چاوەڕوانی قیامەت بوونایە کە بزانن خودی ‘خودا’ لە نێو دادگا باڵاکەی خۆیدا دەیانبەخشێت یان سزایان دەدات؟ بە بەڵگەی ئەوەی گوایە ئێمە لەم دونیایەدا لە تاقیکردنەوەیەکی بەردوامداین بە درێژایی تەمەن و زەمان!
دیسانەوە بە هەمان پێوودانگ گەر ئاوڕ لە ‘نەخێر’ و هەڵگەڕانەوەی ‘ئادەم’ و ‘حەوا’ بدەینەوە بەرامبەر بە ‘خودا’ کە رێنمایی کردوون کە لە “درەختی نەمری” یان “درەختی ژیان” یان هی ‘ماریفەت و زانین’ و هەم ناسراو بە ‘درەختە حەرامکراوەکە’ نزیک نەبنەوە و نەیخۆن، بەڵام خواردیان و سزاکەیان بەرگ داماڵێن و وەدەرنانیان بوو لە بەهەشت و فڕێدانیان بۆ سەر زەوی و بەس، نەک کوشتن و لە دۆزخ توندکردن!
ئەگەر خودا دەنێو هەر سێ ئایینە ئیبراهیم-ییەکەدا، بە تەنها خودای بڕوادارەکان بێت، ئاخۆ خودای بێ دین و غەیرە دینەکان لە کوێ بێت؟ یاخود ئایا بەر لە پەیدابوونی هەر سێ ئایینە ‘ئیبراهیم’ییەکەدا بە ملیۆنەها لە مەردمگەل مردن و نەمان، بێ ئەوەی “خودا” و پێغەمبەرەکان و ‘تەورات’ و ‘ئینجیل’ و ‘قورئان’ بناسن: ئاخۆ ئەوانە دەچن بۆ دۆزەخ یان بەهەشت؟ یان بێبەش دەبن لە هەردووکیان؟ یان وەک گیاندارەکانی ناو سروشت کە جۆرەهان و دەمرن بەبێ بینینی ‘قیامەت’ و دادگای باڵای ئاسمان؟ کە بۆ من مایەی پرسیار و گومانێکی کوشندە و سەرەخۆرەیە کە هەتا گەر سەری خۆیشم بێت. هەر بە راست تۆ بڵێیت من ئەوەندە ترسناک و ئاوقات و بەرباد بم کە بتوانم ئایینی ئیسلام هەڵبوەشێنمەوە کە پتر لە چواردە سەدەیە ڕەگوریشە دادەکوتێت؟


“پێداگۆکی ستەمدیدە
و
جێگۆڕکێی چەوسێنەر و قوربانی”

  • منێک کە بۆ دەیەها ساڵ کادرێکی پەرەوەردە بووم و و بڕوام وایە کە وانەی یەکەم و ئەرکی پەروەردەکاری رەسەن و تازەگەر ئەوەیە کە لە ”قۆناغی خوێندنی ناوەندی”ییەوە دەست پێبکەین بەوەی کە کچان و کوڕانی نەوجەوانی خۆمان وەک نەوەیەکی نوێ و ڕاچەنیو فێری ئەوە بکەین کە ئێمەی کوردگەل بۆ هەزارەها ساڵە داگیرکراوین لە لایەن چەندەها نەتەوەی جیاوازەوە، بگرە لەسەر ئاستی دونیادا بە خاک و خەڵکەوە بووین بە موستەعمەرە و کۆلۆنیالێکی نێونەتەوەیی و جیهانگیری و گلۆبال، چ بە ناوی ‘خودا’وە بووبێت یان گەمەی چەپەڵی سیاسەتی نێودەوڵەتی کە لە پەیمانی “لۆزان”ەوە بە خەڵک و خاکەوە لە خاچ درواین و چوارمێخەمان کێشراوە، یانژی ستەمدیدە و بندەستی چوار وڵاتی بە ناو موسلمان و خوداناس بەسەرماندا زاڵن، کە سنوورمان لەگەڵ هەر هەموویاندا سنووری خوێناوی بووە، کەچی قسەکردن بە زمانی دایک بۆ ئێمە بە رەوا نابینن، پێچەوانەی ئەم ئایەتە رەفتار دەکەن کە دەژنەوێت، “يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن ذَكَرٍ وَأُنثَىٰ وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا ۚ إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ ۚ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ: سورەتی الحجرات/ ئایەتی: ١٣”.
    کەواتە ئەوان دژی ‘خودا’ی خۆیان دەوەستنەوە کە لەبری ئەوەی سەرگەرمی یەکتری ناسین بین بەو مانایەی کە لە ئاشتیەوانیدا بژین و پێکەوە هەڵبکەین، کەچی بە درێژایی مێژوو دەستیان لە کوشتن و قڕکردنی ئێمە هەڵنەگرتووە و هەم ئاگر و ئاسن و کیمیاییمان بەسەردا دەبارێنن و بەردەوامیشن، کەواتە مادامەکێ بە ملیۆنەها لە خەڵکانی ئەم چوار وڵاتە بارباریستە بە نیازی چوونە ‘بەهەشتن’، دیسانەوە من دۆزەخێک هەڵدەبژێرم بۆ خۆم کە لە چاو ئەو چوار دۆزەخەی ‘عێراق’ و ‘تورکیا’ و ‘ئێران’ و ‘سوریا’ ئەهوەنتر و خەفەترە، چوار وڵاتی فاشیست، ئەمن پێم رەواترە دۆزەخەکەی ئاسمان هەڵبژێرم کە دڵنیام ئاگرەکەی بێ سوێتر بێت لە جەهەننەمی ئەم چوار هاوسێ شۆڤێنیست و بارباریستە!
    ئێمە لە ناوەکانی خۆمانەوە تاوەکو ناوەرۆک و سەر پەڕەی رۆح و مۆخمان داگیر کراوین، پرۆسەی داگیرکاری و ئاکام و دەرئەنجامە زۆر خراپ و کوشندەکانی وانەی یەکەمی پەرەوەردەناس و فەیلەسووفی بەرازیلی “پاولۆ فرێری: ١٩٢١-١٩٩٧”ییە کە فێری کردووم بە عەقلێکی پاک و رەخنەگرانەوە لە مێژووی داگیرکاری ئەوانیدیکە بەسەر خۆماندا ورد ببمەوە و لێی بکۆڵمەوە بۆ سەر لە نوێ خۆبونیاتنان و رابوون و خۆ رزگارکردن لە دۆخی کۆیلەبوونێکی مێژوویی، هەستانەوە و خۆتەکاندن لەم گۆڕستانەی کە دوژمنەکان بۆ ئێمەیان دروست کردووە. لە رێگەی کتێبە دانسقەکەی “پاولۆ فرێریری” بە ناوی “پێداگۆگی ستەمدیدە” پتر ئاشنا بووم بە مێژووی ستەم و چەوساندنەوەی نەبڕاوە و درێژخایەن، کە تیایدا بە قووڵی ئاماژە بەوە دەدات کە ستەمدیدە و ستەمکار بۆ هەمیشە جێگۆڕکێ دەکەن، چونکە رۆحی داگیرکاری لە لای هەردووکیان پتەوە و بنەبڕ نەکراوە تا هەنووکە، بە تایبەتی لە “ڕۆژهەڵاتی ناوەراست” ئەم جێگۆڕکێیەی نێوان قوربانی و جەللاد، سەردار و کۆیلە، سەردەستە و بندەست، بەردەوامە و وا زووش کۆتایی نەهاتووە و نایەت!

  • پارسەنگی نێوان زیان و قازانج:
    کۆی مێژووی سەرەتای سەرهەڵدانی ئیسلام کە عەرەبی بیابان-نشینن پێوەی دەنازن، کە بوون بە خاوەنی میراتێک کە لە بەرژوەندی شۆڤێنیزمی مەزهەبی و هەم فاشیزمی میلیتاری و عەسکەرتاری و پان-عەرەبیزم بە ئاکام گەیشتووە، کە هەزار و چوار سەد ساڵ پترە بەو رۆحە جەنگاوەری و خوێنخۆری و ئەتکەر و بارباریستە کوردگەل و نەتەوەکانی دیکە دەچەوسێننەوە، ئەوەی بۆ من سەیر و سەمەرەیە و هەم هێدمەگرتیم دەکات ئەوەیە کە ماقووڵ نییە داگیرکەر و چەوسێنەری خۆمان بە ناوی ئاسمانەوە لێمانبخوڕن و ملکەچمان بکەن، کەچی پرسیار و گومانێکمان نەبێت بۆ ماوەی چواردە سەدە؟ لەوەش کوشندەتر وەک بەرخ و کاوڕ چەقۆی جەللاد و قەسابەکەی خۆمان بلێسینەوە بەر لە سەر بڕینمان، کەچی بانگەشەی ئەوە بکەین کە ئێمە لە ئاگرپەرستی رزگار کراوین و ئازاد بووین!
    کەواتە پێشمەرجی پەروەردە و فێرکردن هەر لە وانەی یەکەمەوە تا دوا وانە پێویستییەکی هەمیشەییە کە مەرجە بە درێژایی ژیانمان کۆشش بۆ ئەوە بکەین کە خوێندنەوە و هەڵكۆڵین و پشکنین سەبارەت بەوە بێت کە ئێمە لە ساڵی “٦٤٤-زایینی”ی و لەسەردەمی خەلیفەی دووەم ‘عومەری کوڕی خەتاب’ و بە سەرکردایەتی ‘خالیدی کوڕی وەلید’ داگیر کراوین لەسەر ئاستی رۆحی و رەوانی و فیزیکی کە بە داگیرکردنی ‘مێشک’ و مێژوومان قفڵ و جێگیر بووە؟ کە من بڕوام وابوو کە دەکرێت بە دزییەوە بێت یان بە ئاشکرا، مەرج بوو کوردگەل لە نێو هەموو دونیادا سەدەها سەنتەر و ناوەندی فەرهەنگی و فیکری و ستراتیژی هەبووایە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە و شیکاری و راڤەی ئەوە بکەن کە ئاخۆ ئێمە لە داگیرکردنی “عەرەب” و “فارس” و ” تورک” و زاڵبوونی هەژموونی هەمە لایەنەی ئەوان بەسەر ئێمەدا؛ ئایا چیمان بردۆتەوە و قازانجی ئەو داگیرکارییەی هەرێمی و جیهانگیرییە چی بوون لەسەر ئاستی مێژوویی و رامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کۆبەندی کەلەپور و کولتووری ئێمە؟ خۆ ئەگەر دەرچوو قازانجێکی زۆر و زەوەندمان کردووە، ئەوسا ناکرێت بسرەوین و مەرجە کە لەوەش بکۆڵینەوە ئاخۆ لە دەرئەنجامی ئەو داگیرکردنە سەرومڕە و کۆگیرییەی عەرەب و عەجەم و تورکە تۆڕانییەکان چیمان لە کیس چووە؟ ئاخۆ ئێمەی کوردگەل چیمان دۆڕاندووە و چ زیانێکی قەبە و کوشندەمان لێکەوتووە لەسەر ئاستی ئینسانی و نەتەوایەتی لە دێر زەمانەوە تاوەکو ئێستاکێ؟ لە ئاکامدا بەراوردی نێوان بردنەوە و دۆڕانەکان بکەین، قازانج و زیانەکان لەسەر هەر هەموو ئاست و رەهەندەکان، بۆ زانینی بەرز و نزمی پارسەنگی زیانەکان لە بەرامبەر قازانجەکان، ئەوسا ئیدی دەکرێت خۆخوێندنەوەکی رەخنەگرانە و راشناڵ و سەرتاپاگیر بکەین و بیر لە چەشنە رابوون و خۆبونیادنانێک بکەینەوە سەر لە نوێ، سەر و مڕ بۆ خۆمان و نەوەی داهاتوو، ئەوەی مایەی غەمناگییە کە بە هەزارەها لە خەڵکی هەر چوار پارچەی کوردستان کەوتوونەتە نێو ‘رۆژئاوا’ و بگرە لە نێو هەر حەوت کێشوەرەکان بوونمان هەیە، کەچی لەسەر ئاستی رامیاری/سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فیکری و فەرهەنگی “لۆبی”ییەکی راستەقینەمان نییە لەسەر خوان و سفرەی تەبایی و تفاقی و هاوتوخمی و هاوخوێنی یەکدی بگرینەوە.. ئەفسووس!

  • نیشتمان لە نێوان خانەخوێ و کرێچی:
    مەرجە بپرسین: بۆچی و لەسەر چی و چۆن بووین بە کۆیلە و کرێچی و کرێگرتەی سەر خاکی خۆمان؟ بۆچی دوژمنانی داگیرکەر بوون بە خانەخوێ و سەرداری ئێمە؟ بە چ زمانێک و ئامرازێک و بیانوویەک و ئامانجێک وایانکرد داگیرکەرانی خۆمان بپەرستین و هیچ گومان و پرسیارێکمان نەبێت، گەرچی خەڵکێکی زۆر دەنێو کوردگەل هەن کە روویان لە ئاسمانە و دەستەونەزەر نزا دەکەن و دەپاڕێنەوە و دەگرین کە تاوەکو ئاسمان بەزەیی هەبێت و دەریچەێکمان لێبکاتەوە، کە لەسەر زەمین دۆزەخی هەمیشەیی بۆ ئێمە هەڵایساوە و خۆمان و خاکەکەمان بووینەتە سووتماک و قەرەبرووت؟ بە راست ئێمەی کوردگەل رۆڵمان هەبووە لە میانەی پرۆسەی بە کۆیلەبوونی خۆمان؟ ‘هەر بۆ نموونە: تاکە عاریفی گەورەی کورد، شێخی ئیشراق سەهرەوەردی: ١١٥٥-١١٩١’ کە خەریک بووە ناوبانگی جیهانی ئیسلامی بتەنێتەوە، کە تەمەنی تەنها سی و شەش بەهار بووە، کەچی لەولاوە “سەلاحەدینی ئەیوبی” بە فیت و گوشار و گەلەکۆمەکی ‘یەکێتی مەلاکانی’ ئەو رۆژگارە دوور و دێرینە کە ‘سەهرەوەردی’یان بە وێڵ و لە رێلادەر گوناهبار ناساندووە، ئیدی فەرمان دەکات بە “زاهیر شا”ی کوڕی کە لە لە ساڵی ‘١١٩١’ لە شاری ‘حەلەب’ بیکوژێت، گەرچی ‘زاهیرشا’ زۆر بە نیگەرانی و نابەدڵ ئەم فەرمانە جێبەجێ دەکات، چونکە دەزانێت نەخشە و پلانی کۆمەڵێک ئاییندار و ئاخوند و مەلای ناحاڵی و بەغیل و کینەباز تەڵەیان بۆ داناوەتەوە، ئیدی لە قەڵای ‘حەلەب’ دەخرێتە ناو زیندانەوە، رێگەی دەدەن کە جۆری مەرگی خۆی هەڵبژێرێت، کە شکۆمەندانە خۆی مەرگێکی دوور لە زەبروزەنگ هەڵدەبژێرێت کە ئەویش بێبەشیکردنی بوو لە نان و ئاو تا گیان سپاردن!
    سەرەرای ئەوەش.. لە مانگی گەلاوێژی ساڵی (١٩٢٣)دا و لە سەروبەندی هاوپەیمانی “لۆزان”دا وڵاتانی سوپەر پاوەر و زلهێزەکانی دونیا، دوای جەنگی جیهانگیری دووەم، بە کۆدەنگ ئێمەیان بە خاک و خەڵکەوە لە خاچدا، بە پلان و ئەندازەسازی و نەخشە و پیلانی زلهێزەکان توانیان ژیانی ئێمە لەسەر ئاستی رامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و مەزهەبزەدەیی و فەرهەنگییەوە بە کلکی چوار وڵاتی فاشیست و داگیرکەر ببەستنەوە، بەوە کۆتایی هات کە سمیان پێوەنا کە ئێمە ببین بە سواڵکەر و دەرۆزەکەرانی سەرزەمین بۆ تۆزێک خڵتە و پڵتەی سەربەستی کە تا هەنووکە لێی بەهرەمەند نەبووین؟ یان هەتیوەکانی ژێر دەواری دڕاو و هەلاهەلای رژێمە بارباریست و وەحشیەتگەری وڵاتانی دراوسێ کە هەر هەموویان خۆیان بە جەنگاوەرانی ئاسمان و خودا و ئایینەکەی دەزانن.. کە وا نییە؟

“کارل مارکس” بڕوای وایە کە “ستەمی رۆژهەڵاتیی” ستەمێکە کە وێنەی نییە لە توندوتیژی و وەحشییەتگەری لەسەر ئاستی رامیاری و کۆمەڵایەتی کە تا هەنووکەش ئەو روانینەی ‘مارکس’ بەردەوام و بەرجەستەیە. کە ئەمن لە رۆحی داگیرکاری و دڕندانەی ئەو چوار وڵاتەدا دەیبینمەوە کە بە ئاگر و ئاسن ئێمە لێدەخوڕن: تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا کە بەوەوە دەنازن کە خۆیان بە دەوڵەتی تیۆلۆژی و ئایینپەروەر و موسڵمان لە قەڵەم دەدەن کە خراپترین چوار ولاتانی دونیان لەسەر هەموو ئاستەکاندا کە داتا و ئاماری ساڵانە دەیسەلمێنن کە شتێک نییە دەنێو ئەم چوار وڵاتە کە ناوی مافی مرۆڤ بێت، نەک دەرهەق بە ئێمەی کوردگەل، بگرە بۆ ناوخۆی وڵاتەکانیش کە تیایدا جۆرەها شێوازی ستەم و نایەکسانی و چەوسانەوە تیایدا کردە و ئاکتێکی رۆژانەیە، هەڵبەتە لە پاڵ ئەو چوار وڵاتەی سەرەوە؛ مەرجە ئاماژە بە حوکمڕانی دکتاتۆریانەی ئەفغانستان و پاکستان و سودان و سعودییەی عەرەبی و بەنگلادێش بدەین کە دۆزەخێکیان بۆ خەڵکانی خۆیان ئاگر داوە!


” لە خاچدانی کوردگەل بە خەڵک و خاکەوە”

  • هاوکات ئەوەشمان لە یاد نەچێت کە لەسەر دەستی “جۆزێف ستالین ـ ی دکتاتۆر: ١٨٧٨-١٩٥٣” کە بەڵێن بوو لە دوای شۆرشی ‘ئۆکتۆبەر’ قەوارەیەکیش بە ناوی “کوردستانی سوور” بۆ کوردگەل دابمەزرێنن، لە بری ئەم بەڵێنە خەونئامێزە بۆ کوردانی نیشتەجێ لە ژێر ئیمپراتۆرییەتی “روسیا”یی کە گوایە “یەکێتی شۆرەویی/ سۆڤییەتی” بڕوای بە ئازادی کەمینەیی نەتەوەکان هەیە، کەچی بە ‘کونفەیەکون’ “ستالین”ی ستەمکار کوردەکانی بەسەر نۆ لەتە کۆماری دیکە دابەش کرد کە یەکەمین جێلەقکردن و “ئەنفال”ی ئەو رۆژگارە بووە، لە کاتێکدا “شیوعییەکان”ی لای خۆمان، بەو کەسانەشەوە کە بۆ خوێندن یان گەشتیاری و بازرگانی دەچوونە ئەوێندەرێ، زۆرینەیان بێ هەرڵاوێردکردن، وەک ئەوە وابوو کە لە سەفەری “فیردەوس” و جەنناتی نەعیم گەڕابێتنەوە.. جەخار و ئەفسووس و هەزار مخابن!

ئەم گومان و دڵەراوکێ و پرسیارانەی سەرەوە بۆ هەر خانەوادە و ماڵبات و تیرە و هۆز و خێڵ و مەزهەبدار و نەتەوەیەک پێویستە و پێشمەرجی زیندووییەتی هەر خەڵک و نەتەوەیەکە کە ئێمەی کوردگەل، لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە، لە بواری پەروەردەدا تا هەنووکە ئەو پرسیارەمان لە خۆمان نەکردووە، گەرچی بێ قەوارەیی و دابەشکردن و لکاندنی ئێمە بە چوار وڵاتی زاڵ و خۆسەپێن و فاشیست-رەفتار فاکتەرێکی راستەقینە و کوشندە بووە، ئاخۆ ئێمە ئەو پرسیارەمان لە خۆمان کردووە و دەیزانین؟ بەڵام وەک نەخشە و پلانێکی ستراتیژیک و دوور مەودا کارمان بۆ نەکردووە لەسەر ئاستی رامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی، بە تایبەتی لە کوردستان-ی باشووردا کە گوایە ئازادین، کە دیارە کە خاوەنی قەوارەی خۆمان نەبین و هاوکاتیش دەوڵەتداری چوار وڵاتی فشۆڵ و سێنترالیست و ستەمکار جڵەومان بکەن، ئەستەمە لە هەنووکەدا و تا دەورانێکی درێژخایەن بتوانین لەم دۆخە تراژیک و دراماتیکە دەربچین!
ئایا بۆچی نەتەوەیەکی چل ملیۆنی بە درێژایی مێژووی رۆحی بەرگری و خوێنباران و بەرخۆدان و ململانێکار نەگەیشتووین بە ‘داری ئازادی؟’ سەرباری بەردەوامبوونی چەوساندنەوەی ئێمە و شكستی دراماتیک و تراژیکی شۆڕشەکانمان و هەڵواسین و کوشتن و زیندانیکردنی رابەرەکانمان، بێجگە لە تاراوگەنشینی هەزارەهای بەرزەدەماغ و شۆڕشگێڕ، کەچی تاوەکو ئێستاکێ پلان و نەخشەیەکی سیاسی و ستراتیژی و لۆبییەکی یەکگرتوومان نییە لەسەر ئاستی رامیاری و ئابووری و کۆمەڵاییەتی و فەرهەنگیی، کە هیچ نەبێت وانەیەک و پەندێک لە تێكۆشانی خەڵکانی ‘جوولەکە’ وەربگرین کە وەک ئێمە خاوەنی مێژوویەکی خوێناوی بوون، بەڵام توانیان وەک “قەقنەس” لە ناو خۆڵەمێشی خۆیاندا زیندوو ببنەوە.
بۆ ئێمەی پەراوێزخراو و دەرکراو لە مێژوودا کە لە کۆتایی ساڵی (٢٠٢٣)دا دەکەوینەوە ناو بازنە و سەر یادی پەیماننامەی “لۆزان”ی شووم و بەدیوم کە لە بەرواری (٢٤/٧/١٩٢٣)دا بووین بە قوربانی و وەک بەرخەکەی “ئیبراهیم” پێغەمبەر سەر بڕاین و خوراین. گوایە دەوڵەتە سەرکەوتووەکانی دوای ‘یەکەمین جەنگی جیهانگیریی’ بە چاکیان زانیوە، بێجگە لە کوردگەل، زۆرینەی نەتەوەکانی دیکەی “ڕەشهەڵاتی ناوەراست” شایستەی قەوارەیەکی سیاسی خۆیان بن، بێجگە لە ئێمە کە وەک (یەسوعی مەسیح) بە خەڵک و خاکەوە لە خاچ دراین و چارەنووسی ئێمە بە فەرامۆشییەکی کوشندە و خوێناوی سپێردرا کە تا هەنووکەش بەردەوامە!

  • لەژێر سێبەری شمشێردا:
    “رەجەب تەیب ئێردۆغان”یش کە خۆی بە جەنگاوەری ئاسمان و ئیسلام و خوداناس دەزانێت، هەم خەونی ئەوەی هەیە کە ببێت بە سەردار و رابەری “ئیخوانییەکان”ی نێو جیهانی ئیسلامیی، هاوکاتیش مرخی لەوە خۆشکردووە کە دیسانەوە لە رێگەی “فتوحات و غەزەوات”ەوە کە چلۆن بەشێکی لە کوردستانی “رۆژئاوا” و “باشوور”ی داگیر کردووە، گوایە وەک خۆی رایگەیاندووە و سەرانی ژمارەیەک لە حیزبە ئیسلامییەکان و چەندین کارەکتەری دەستەڵاتدار و سیاسەتباز کە خۆیان بە باوک و دایکی کوردایەتی و نەتەوەگەری دەزانن، کە بڕیاربەدەستی لای خۆمانن، هاوسۆزی لەتەک ئەم فاشیست بارباریستە دەنوێننن، گوایە بە موبارەکەی ‘خودا’ و دونیا، لە خەونی ئەوەدایە کە ‘ئیمپراتۆرییەتی عوسمانلی’ دێرین و لە دەستچوو لەسەر دەستی ئەم زیندوو بکرێتەوە و خودی خۆیشی ببێت بە ئیمپراتۆری ‘عوسمانلی تازە و نوو’، هەموومان ئەو رۆژگارەمان لە یادە کە بە بەرچاوی هەموو دونیای دوون و خەوتووەوە، دەنێو هەر حەوت کێشوەرەکاندا، هاواری کرد ئێمە بەرەو “عەفرین” دەچین، هەر وەک چلۆن باوک و باپیرانمان دەچوون بۆ “فتوحات و غەزەوات”، بە واتا وانەی یەکەمی ئەوان داگیرکردنی خەڵک و خاکی دیکە بوون کە کوردگەل تیایدا زۆرینە بوون، لە دێر زەمانەوە تا هەنووکە، هەر هەمان کات و سات ‘موفتی’ دەوڵەتی تورکیا فەرمان دەردەکات کە لە شەوی داگیرکارییەکانی ‘عەفرین’ و شارۆچکە و گوندەکانی دیکەدا، مەرجی ئیمان و خوداناسییە کە هەر هەموو مەلاکانی مزگەوتەکان و هەر خوێندەوارێک ‘سورەتی فەتح’ بخوێنن و سەرگەرمی سەڵەوات و سوبحانەڵلا بن.
    کەچی هاوزەمان “الشیخ یوسف القرضاوی ” زانای ناوداری ئیخوانییەکان و سەرۆکی یەکێتی جیهانی زانایانی ئیسلام لە ساڵی “٢٠١٦”دا و لە کۆنگرەی یەکێتییە خامۆش و سەرکزەکەی گوتی، ” ئەوە ‘ئێردۆغان’ە کە خەمی میللەتی ئیسلامی لە ئەستۆ گرتووە و “اللە” و پێغەمبەر و جبرائیل و ئیماندارانی چاكەخواز و فریشتەکان پشتیوانی لە ‘ئێردۆغان’ دەکەن و ئاماژەی بە ئایەتی چوارەمی سوورەتی “التحریم” کرد کە دەڵێت:
    {فَإِنَّ اللَّهَ هُوَ مَوْلاهُ وَجِبْرِيلُ وَصَالِحُ الْمُؤْمِنِينَ وَالْمَلائِكَةُ بَعْدَ ذَلِكَ ظَهِيرٌ.} ئەوەیان لە کاتێكدا بوو کە کوڕان و کچانی شەڕڤانگەلی “رۆژئاوای کوردستان” شەڕی داعشیان دەکرد و بەرگریان لە خاکی ڕزگارکراوی کوردستان دەکرد. بەڵام ئەوەیان چ مۆڕاڵ و ویژدانێکە کە چوار وڵاتی موسلمان بە موبارەک-بایی خۆیان و موبارەکەکردنی زلهێزەکانی دونیاوە بۆ هەتاهەتایە لە خاچمان بدەن، لەولاوەش ‘خودا’ و ئاسمان و فریشتەکانی خامۆش و بێباکانە سەیری کاولکاری و خوێنباران و مەرگی هەزارەها دەکەن و نقە ناکەن ؟

بیرمەندی ئانگلۆ-ئایرش”جۆناثان سویفت:١٦٦٧-١٧٤٥” دەڵێت: “ئێمـە بڕی ئەوەندە زۆر و زەوەند ئایینمان هەیە کە بۆ هەمیشە کینەباز بین و رقمان لە یەکتری ببێتەوە، بەڵام هەرگیز بایی ئەوەندە دین و ئایینمان نەبووە کە یەکتریمان خۆشبوێت!”
ئەو روانینەی ‘جۆناثان سویفت’ مێژوویەکی دێرینی هەبووە لە “رۆژئاوا”دا بۆ ماوەی چەندەها سەدە، کە هەنووکە دەنێو ‘ڕۆژهەڵاتی ناوەراست’ و دونیای ئێمەدا تا ئێستاش لە برەودایە و خوێنبارانەکەش زەریای خوێنی بەرپاکردووە و هەر هەموومان مەلەی تێدا دەکەین!
“ئێردۆغان”ێک کە بە هەزارەها لە موسڵمانانی رۆژهەڵاتی ناوەراست، بە کوردیشەوە، هەن کە ئەم چنگ خوێناوییە بە نموونەی باڵای خۆیان دەزانن، بێ ئەوەی تەماشا بکەن کە ئێمە خاوەن چ دیرۆکێک و چارەنووسێکین کە تا هەنووکەش بەسەر خاچەوەین و خوێنمان لێدەچۆڕێت، گوایە چاوەڕوانی دونیای دوون و بێ مۆڕالین کە لەو خاچەوە دامانبگرنە خوارێ کە داروبارەکەی لە تەختە و درەختەکانی خۆمان ئەو خاچەیان بۆ ئێمە دروستکردووە!

  • هەڵوەشاندنەوەی دادگای باڵا:
    پرسیاری کوشندەی من ئەوەیە کە ئەگەر “خودا” دادگاییەکی باڵای خۆی هەیە لە ئاسمانێ کە لە قیامەتێ و سەروەختی ‘حەشر و نەشر’ دادگایی هەموومان دەکات، مەڕ بە پێی خۆی و بزن بە پێی خۆی بە قەنارەوە هەڵدەواسرێت، دەی.. کەواتە ئەم سەدەها دادگا و داواکاری گشتییە چین و کێن کە بە هەزارەهایە و بە ناوی ‘خودا’و ئاسمانەوە لەسەر زەمین دایانمەزراندووە؟ ئەو هەزارەها و ملیۆنەهایە چلۆن وەکالەتی عام و خاسیان لە ‘خودا’ وەرگرتووە؟ کەنگی و لە کێندەرێ و بە چ هەق و مافێک؟ ئەوەی ئەوان دەیکەن رێک هەڵوەشاندنەوەی دادگای باڵای “یەزدان”ی خۆیانە لە ئاسمان و لەسەرزەمین!
    لە باری دەروونگەرایی و سایکۆلۆژییەوە ئەمن وای دەبینم کە ئەوانەی بە درێژایی مێژوو، بە ناوی خوداوە، خاک و خەڵکەکان پێکەوە تاڵان دەکەن و هەم دەکوژن و ئەتکی کچان و ژنان دەکەن، تەڕ و وشک بەیەکەوە دەسووتێنن، هۆشیار بن یان بێئاگا و غافڵگیر، خۆیان لێ بووەتە ‘خودا’ یان خەلیفە و سێبەری خودا، بە ئەندازەیەک کە واهیمەیەکیان هەیە کە مادامەکێ تەنها “خودا” خۆی دەتوانێت ژیان و زیندوێتی بە ئێمە ببەخشێت، هەمدیس هەر خودا خۆی دەتوانێت بمانباتەوە و بمانمرێنێت، کە دیارە بە بڕوای ئەوانی خوداناس بێجگە لە زاتی ئیلاهی کەسێکی دیکە نییە و ناتوانێت ژیان ببەخشێت و مەرگ بسەپێنێت، بەڵام گەر وابێت.. کە گوایە مرۆڤی رەسەن و دیندار و بڕوادار خەلیفەی خودایە لەسەر زەمین کە بە ئایەت سەلمێندراوە، کەواتە جەنگاوەرانی ‘قاعیدە’ و ‘بۆکۆ حەرام’ و ‘تاڵیبان’ و ‘سەییافەکانی فلیپین’ و ‘ داعش’ و سەدەها گروپی دیکەی جیهادیست و تەکفیری و قیتالی دەخوازن لەسەر ئەم ئەستێرەیە رۆڵی “خودا” ببینن، کوشتن و بڕین بۆ ئەوانی دەردەدار و سایکۆپات تیماری برینەکانی خۆیانە کە زۆریان هەستی نوقسانی و کەمبوودی و گرگنی وایکردووە ئەو وەهمەیان هەبێت کە بە هەق خۆیان عابد و بنیادەمگەلێکی ئاسایی نین، بەڵکو خۆیان لێ بۆتە سێبەر و داربەدەستی ‘خودا’، کە مادامەکێ پیشەسازی مەرگ و کارگە و ئاشی ئەوان بە خوێن دەگەڕێت بۆ ئەوانی جەنگاوەری ئاسمان، ئەمەیان رێک قەرەبووکردنەوەی هەر هەموو ئەو شکست و نشوستی و ستەم و چەوساندنەوە و تێکشکان و هەر دۆڕانێکە کە لە بواری رامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فیکری و رۆحییەوە بە درێژایی ژیانی خۆیان جەنگەوەرانی ئاسمان چەشتوویانە، دیارە فاکتەر و هۆکاری دیکەی دەروون-بیماری دیکەش زۆرن بۆ وەهمی “خۆ-بە خودا-زان” کە لێرەدا جێگەی نابێتەوە بیانژمێرم. بۆ هەمیشە هێزی وێرانکردن و شەڕانگێزی هاوشانە بەو زەمان و تەمەنەی کە تیایدا خۆش و باش نەژیاوین و بگرە ستەمدیدە و چەوساوە و ئازارچەشتوو بووین، هەر هەمان ئەم دۆخە نالەبارە و تەنگژەباری رۆح و رەوانی وایکرد بە تەنها بە خوێنرشتن و خوێنخواردن جەنگاوەرەکانی بڕوادار و خاوەنی ئیمانی فاڵسۆ و عەمبارەپۆ و ساختە ئۆرگازم بن بۆ هەتا هەتایە!

ئەو راستییەی کە من درکاندوومە، ئەوان کە خۆیان بە جەنگاوەرانی ‘یەزدان’ دەزانن، نەک نکۆڵی لێناکەن، بگرە شانازی پێوە دەکەن، بۆ نموونە “ئیبن قەییم” بە کتێبێک ئەم راستییە دەسەلمێنێت بە ناوونیشانی {اعلام الموقعین عن رب العالمین}. بە واتا کەسانێک هەن کە خۆیان بە موفتی و ولایەتی فەقیهی و هەم مۆڵەت پێدراو دەزانن کە گوایە لە لایەن یەزدان و پێغەمبەر-وە وەریانگرتووە و دەتوانن لە بری “خودا” مۆر و واژۆی خۆیان لەسەر هەر بڕیارێکی خراپ و خوێناوی بدەن، کەچی واهیمەی ئەوەشیان هەبێت کە ئاسمان خەڵات و دیاری و پاداشتی خێریان دەداتەوە. کەواتە ئەرکی پیرۆزی هەر هەموو ئاییندارانی رەسەن و ئاشتیخواز ئەوەیە کە ئەو ‘خودا’یە لە چنگی خوێناوی ئەو جەنگاوەرانە بستێننەوە کە بە هەق ئابڕووی ئاسمان و سەرزەمینیان بردووە!


  • بەرزەخی نێوان دۆزەخ و بەهەشت:
    ئەمن لە کۆتایی ئەم مانیفێستەدا بۆ هەمووان دوا راز و نیازی خۆم رادەگەێنم و دەدرکێنم، گەر ئێمە لە قیامەتێ و ئاخیر زەماندا، چ بەهەشت-نشین بین و چ دۆزەخ-نشین بین، من حەزمە زیندوو ببمەوە و دادگایی بکرێم و جا بە دۆزەخ-نشین بم یان لەسەر بەرزەخەکە چاوەڕوان بم کە لەسەر پردی ‘سیڕات’دا بە کام لادا دەکەوم: جەههەننەم یان فیردەوس، وەلی ئەگەر لە دادگاکەی ‘باری تەعالان’ ماف و هەقی ئەوەم هەبێت لە بەرامبە ‘زاتی ئیلاهی’ چەند راز و نیازێک بگۆڕمەوە و بیدرکێنم، ئەوسا چەند راستییەکی گەڵێک تاڵ و کوشندە هەن کە ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی خۆمان هەگیزاوهەرگیز حەزیان نەکردووە لە منی ببیستن، گەرچی خۆیان بە خوداناس دەزانی، چونکە پڕبوو لە گومان و پرسیار و سکاڵای جەرگبڕ و بگرە دادگایی تۆپی زەمان و ئاسمان، خۆ گەر ئاسمانیش گوێی لێنەگرتم و بە دۆزەخی گەیاندم، ئەوسا دەزانم کە ئیدی ناچارم لەگەڵ دۆزەخدا هەڵبکەم و ئاشنا بم بە ئاگر و سووتانەکەی، ئاخر سەیر نییە.. چونکە من سەر بە خانەوادە و گەڕەکێک و شار و وڵاتێک و نەتەوەیەکم کە لە ناو جەهەننەمدا ژیاین و زیندەگیمان گوزەراند، کە وا مەزەندە دەکەم کە چەندە ئەستەمە کە دوای بینینی هەزارەها دۆزەخی سەرزەمین؛ ئاخۆ رەوای هەقە دیسانەوە و سەر لە نوێ بچینەوە دۆزەخ؟ گەر وا بوو، من دەبم بە سەرقافلەچی کاروانی هاودەم و هاوکووفی خۆم لە نێو کوردگەل، یان پاسەوان و پاشکۆی کاروانسەرای روو لە دۆزەخ، کە شکۆمەندانە رووەو دۆزەخی هەڵایساو بە بەرگی بڵێسە و ئاگرەوە رێدەکەین و چش لە ‘سەڕسەڕ- صَرْصَرٍ’ و ‘زەمهەریر- زمهرير’ و ‘زقوم- الزقوم’، چونکە نە بەهەشت بەو شێوەیەی کە وەسفکراوە بە درێژایی مێژوو: جێگەی خۆشحاڵی منە و نە دۆزەخیش جێگەی نیگەرانی و ترس و تۆقاندنی منە.. هەرگیزاوهەرگیز!
    دوا راز و نیازی من نیگەرانی و حەسرەتێکە لە دڵمدایە کە سەبارەت بە تکا و رێنمایی ‘پلکە زارێ-ی’ دایکم بووە کە دەیخواست ئاگام لە ئیمان و دینەکەم بێت بەو نیازەی من و ئەو لە ‘بەهەشت’دا یەکتری بگرینەوە، وەڵامی کورت و هەمیشەیی من بۆ دایکم ئەوە بووە کە دەمگوت، “هۆ.. دایە گیان.. خۆ دۆزەخیش هەر ماڵی خودایە وەک بەهەشتەکەی.. دەی چما وا نییە؟!”
    لە وەڵامدا غەمناک و لێوبەبارانە و بە قەهرەوە دەیگوت، ” ئەشهەدوو رۆڵە گیان.. بەڵام دڵی من وا ناڵێت!”
    چەندە دراماتیک و کوشندە بوو کە دڵی دایکم دەشکاند کە بۆ هەمیشە لە دۆخی وادا دەدایە پڕمەی گریان، رێک وەک ئەوە وابوو کە من و ئەو چارەنووسمان وا بێت کە لە دووڕیانێکدا گیرمان خواردبێت، کە بەرزەخی نێوان دۆزەخ و بەهەشت بووبێت کە ئیدی دەبوو جیاببینەوە، دروست وا بوو، دڵی دایک ئەوە ناخوازێت کە جگەرگۆشەکەی دۆزەخ-نشین بێت!”
    بۆ هەمیشەش دڵنیای دەکردمەوە و دەیگوت کە ئەم دەزانێت من لەتەک ئەودا، لە بەهەشت پێکەوە دەبین، چونکە دەیگوت کە ئەمن لە خوێنێکی پاک خوڵقاوم، کە مەبەستی یەکەمین خوێن بینین و وەستانی سوڕی مانگانەی خۆی بووبێت، بە واتا نەباڵق بووە کە بەشوو دراوە.. ئیدی من زادەی یەکەمین داڕسانی خوێنی پاکی ئەو بووبم کە بە ملیۆنەها لە ژنان و پیاوانی ئێمە بە خوێنێکی پیسی دەزانن، بۆ هەمیشە “زارێ”ی دایکم متمانەی هەبووە بەوەی کە “یەزدان” بە گشتی تەماشای هەموو دڵەکان دەکات، بە تایبەتیش تەماشای دڵی دایکەکان.. خۆ هەر دەبێت واش بێت!
  • هاوینی/٢٠٢٢/ باشووری کوردستان
  • سەرنجێک: بەر لە بڵاوکردنەوەی دوا پاکنووسی ئەم مانیفێستەم، هەر لە سەر و بەندی سەرەتای ئەمساڵدا بوو کە نیوەی ئەم مانیفێستەم بڵاوکردەوە، بەڵام هەستمکرد کە ماوییەتی بەرکەماڵ و تێری بکەم و کۆی تێرامان و تێفکرینی خۆم بخەمە ڕوو، کە لە بنەڕەتدا راگەیاندنی راز و نیاز و وەڵامێکی منە بۆ کۆی ئەو هەرا و زەنا و گۆبەندەی کە لە سەرەتای ئەمساڵدا بەرپابوو سەبارەت بە نێونیگا و روانینی من بۆ بونیاتنانی پەروەردەیەکی تازەبابەت و مرۆڤدۆست و بەدەر لە ئایدیۆلۆژیای گەمژەکار و چەواشەکار بە ناوی رامیاری بێت یان مەزهەبزەدەیی، هاوکاتیش وەڵام و باگۆی ئەو فشارەیە کە مەزهەبزەدە توندڕەوەکان دەرهەق بە من پیادەی دەکەن بە ئامراز و و شێواز و زمانێک کە هیچ لۆژیک و ئاوەز و ئەتەکێتێکی تێدا نییە!



نەخێر، نەژادپەرستیی ناتوانێت کەس رزگار بکات و مەرگخوازییش شایستەی کەواندنە.. د. سەڵاحەدین ئەحمەد شێرزاد

نەخێر، نەژادپەرستیی ناتوانێت کەس رزگار بکات و مەرگخوازییش شایستەی کەواندنە: دەربارەی بەدباوەڕەیی و فەتواگەریی حدکاوییەکان لە هەمبەر رۆشنگەریی و بە خەڵکدا رابینین

د. سەڵاحەدین ئەحمەد شێرزاد

لە ووتارێکی کورتدا بە ناونیشانی ”نەژادپەرستیی ناتوانێت کەس ئازاد بکات: سپاردنی پێشمەرگە بە رابووردوو، کۆتاییهێنان بە شۆڤێنیزم، و رێگرتن لە بەرهەمهێنانەوەی فاشیزم” کە ٢٩ی ئۆکتۆبەر لە دەنگەکان بڵاوبووەوە لەسەر چەند کێشەیەکی بەیەکەوە گرێدراو وەستاوم:

١- کێشەی ناکەساندنی ملیۆنەها ئینسان و کورتکردنەوەیان لە یەک ووشەدا ( واتا ”کورد”) و گشتاندنی ئەو وێنەیە لە رێگەی گوتارێکی نوخبەویی نەژادپەرستدا؛

٢- خۆ بە خاوەنکردنی ئەو هێما کورتکراوەیە و دووبارە نەفیکردنی ئیرادەی سیاسیی و توانستی عەقڵانیی و پێوانەی ویژدانیی ملیۆنەها تاکەکەسی کوردی بێناو و بێڕوخسار و بێدەنگ؛

٣- موقەدەسکردنی پیشەسازیی مەرگ لە رێگای موقەدەسکردنی پێشمەرگایەتییەوە؛ و

٤- بێبایەخکردنی ژیانی ئینسانی پەراوێزخراو و بەختکردنی وەکو قۆچی قوربانیی؛

٥- دروستکردنی مەترسییەکی وجودیی لەسەر هەمەڕەنگیی داهێنەرانەی شارسستانیی و فرەڕەنگیی فەرهەنگیی لە رۆژهەڵات.

ووتارەکە هیچ مافێکی خەڵکی کوردستانی نەخستووەتە بەر گومانگەریی، بەڵکو بە پێچەوانەوە داکۆکیکردنە لە مافە ئینسانیی و سیاسییەکانی خەڵکی کوردستان و شوێنەکانی دیکە لە ئێران. مەرجی هەرە بنەڕەتیی بۆ پشتیوانیکردن لەو مافانە ئەوەیە کە هەموو هەوڵێکی بەڕەعییەتکردن رەتبکرێتەوە، جا هەر گرووپێک بن ئەوانەی کە ماندێتی ئەوەیان بە خۆیان داوە کە بە ناوی خەڵکەوە قسە بکەن. باوەڕبوون بە سەروەریی هەر میللەتێک پێش ئەوەی هەر شتێکی دیکە بێت پێڕابینینە. پێڕابینین پێش ئەوەی هەر شتێک بێت ئەوەیە کە بەناوی پێڕابینراوانەوە قسە نەکرێت. کەواتە، ئەوانەی بە ناوی میللەتێکەوە قسە دەکەن، جا قسەکەیان هەر شتێک بێت، لە ریزی یەکەمی پێشێلکارانی بنەمای سەروەرییەوەن لە پەیوەند بەو میللەتە. ئەم راستییە فەلسەفییە دەتوانێ شەرحی حاڵی فاشیزم بکات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ماوەی سەد ساڵی رابووردوودا.

ووتارەکە چەندین جار بە راشکاویی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بابەتی رەخنەکە نوخبەگەلێکن کە وەکو زمانحاڵی خەڵکێک دەدوێن کە لە راستییدا پێڕانەبینراون و ژین و گیان بێنرخکراون لە دیدگای خودی ئەو نوخبانەوە. ئەو نوخبانە رۆژانە مومارەسەی دەسەڵات دەکەن بە شێوەیەکی دژە-دیموکراتیک و سەرکوتگەر. هەڵبەت چەمکی دەسەڵات تەنیا هێزی توندوتیژیی ناگرێتەوە، بەڵکو کایەیەکی سەرەکیی دەسەڵات بەرهەمهێنانی نوخبەوەییانەی زانیارییە و دەسەڵاتگەریی لە دەرکەوتەیەکی هەرە سەرەکییدا دیاردەیەکی زمانەوانییە کە لە بونیادی گوتاردا خویا دەبێت. بگرە توندوتیژییش بە تەنیا ئاماژە نییە بۆ گورزی فیزیکیی، بەڵکو توندوتیژیی زۆرتر لە ئاستی مەعنەوییدا نکۆڵیی لە ئینسانییەتی پەراوێزخراوان دەکات، جا بە ناوی ڕقەوە بێت یان بە ناوی خۆشەویستییەوە، بە ناوی ئاینەوە بێت یان بە ناوی زانستەوە، بە بیانووی ئاسایشیی نەتەوەییەوە بێت یان بە بیانووی رزگاریی نیشتمانییەوە.

بە کورتی: بە ناوی میللەتێکەوە قسەکردن نکۆڵیکردنە تەنانەت لە گریمانەی سەروەریی و لە هەمان کاتدا ئینکارکردنێکی راستەوخۆی توانای عەقڵیی کەسەکانی سەر بەو میللەتەیە کە گوایە دیفاعی لێدەکرێت. ئەوەی کە بە ناوی خەڵکەوە قسە دەکات هەر بەو کردەوەیە مافی خەڵک لە پەیوەند بە تەعبیرکردن لە ئیرادەی سیاسیی خۆیان پێشێل دەکات. لەبەر ئەوە، ئەو گوتارە باوە نەژادگەرە ئیهانەکردنە بە هەموو چەمکێکی سەروەریی و سەربەخۆیی. پاشان، ئەو گوتارە زادەی جیهانبینییەکە کە گوتاری خومەینیزمیشی بەرهەم هێناوە. بەڵێ، ئەو گوتارە زادەی فاشیزمە، لە هەردوو رووی تیۆریی و عەمەلییەوە.

لە ووتاری ” نەژادپەرستیی ناتوانێت کەس رزگار بکات” ووشەی ناسیۆنالیزم نەهاتووە، و هۆکارەکەش ئەوەیە کە ئەو نوخبانە ناسیۆنالیست نیین و هەرگیز نەیانتوانیووە ناسیۆنالیست بن و ئێستاش هیچ پڕۆژەیەکی دەوڵەتداریی و دەوڵەتمەدارییان نییە. هەموو جووڵانەوەیەکی ناسیۆنالیست شایستەی لێکدانەوەی سەربەخۆیە، و دەشێت هەندێک جووڵانەوە شایستەی پشتیوانییش بن. هۆی ئەوەی کە لە ووتارەکەدا ئەو نوخبانەی کە باس کراون بە ناسیۆنالیست ناوزەد نەکراون ئەوەیە کە خەسڵەتەکانی ناسیۆنالیزمیان نییە. ناسیۆنالیزم، باش بێت یان خراپ، پرۆژەی هەیە. ئەو نوخبانە هیچ پرۆژەیەکیان نییە. ئەو پەڕی ئەوەیە کە هەندێکیان (نوخبە سیاسییەکەیان) ناسیۆنالیستی ئێرانی بن. ئەوەش نایانکات بە ناسیۆنالیستێکی باش. بەڵام لەناو ناسیۆنالیستە ئێرانییەکانیشدا، ئەو نوخبە کوردانە لە راستییدا بە گومانەوە سەیر دەکرێن. وەکو دیکەش بە راشکاوی دژایەتی خۆیان لەگەڵ هەموو هێزێکی پێشکەوتوخوازدا، بە تایبەتیی لە کوردستان، دەردەبڕن. بە کورتی دەربارەی ناسیۆنالیزم و ئەو نوخبە کوردانە تەنیا ئەوەندە هەیە کە لێرەدا شایانی تۆمارکردن بێت: ئەوان، لە باشتریین حاڵەتدا، ناسیۆنالیستی درۆزنی ئێرانیین. لە واقیعیشدا، وەکو لە دژایەتیکردنیاندا بۆ هەموو چەپایەتییەک روونە، هاوسۆزی ناسیۆنالیستە هەرە فاشیستە فارسەکانن. کەواتە لە بنەڕەتدا نەژادپەرستییەکەیان پەیوەندیی بە رزگارییخوازیی نەتەوەییەوە نییە بەڵکو پەردەپۆشکردنێکی نەستییانەی رق-لە-کورد بوونە و بەو پێیەش تەماهیکردنە لەگەڵ فاشیزمدا.

مافایایەک (کە لە راستییشدا ووشەی مافیای لێوە وەگیراوە) لە سنووری سیسیلیادا چالاکە و زۆربەی ئەندامەکانی سیسیلیین. با فاشیزمی ئیتالییش دەسەڵاتی رۆمی بە دەست بێت، ئەمە مانای ئەوە نییە ئەو مافیایە لە بەرژەوەندی خەڵکی سیسیلیادا دەخەبتێ. بە پێچەوانەوە، ئەمە مانای ئەوەیە سیسیلیا تووشی بەڵایەک بووە کە بەڵای مافیاگەرییە. مافیا نە جووڵانەوەیە نە حیزب، بەڵکو رێکخراوێکی نیمچە نهێنی و نیمچە ئاشکرایە و دەبێ بە بەربەست بۆ گەشەکردنی ئامرازەکانی ئیرادەی سیاسیی و مەترسیی لەسەر هەل و مەرجی ژیان و سەلامەتیی خەڵکی ئەو ناوچەیەی کە تیایدا چالاکە. مافیا داوای دەوڵەت ناکات، بەڵکو وەکو بەدیلی دەوڵەت خۆی دەسەپێنێت بەسەر خەڵکی مەدەنیی بێدیفاعدا. مافیاگەرێتیی کارەساتبارترە لەو شوێنانەدا کە خودی دەوڵەت یان تەواو لاوازە یان لە ژێر کۆنترۆڵی هێزێکی رەگەزپەرست یان مەزهەبیی یان فاشیستدایە. ئەو نوخبانەش کە من باسیان دەکەم، هیچ ستراتیجێک یان ئامانجێکیان نییە کە لە سەر تەوەری دەوڵەتداریی و رێزگرتن لە دامەزراوەی گشتیی و دابەشکردنی دەسەڵاتی سیاسیی دروستبووبێت. بە پێچەوانەوە، کەمتریین رێز لە ئیرادەی سیاسیی و دامەزراوە مەدەنییە جیاوازەکانی خەڵکی کوردستان ناگرن. بەڵگە بۆ ئەمە ئەوەیە کە بەبێ دوودڵیی بەناوی هەموو دانیشتوانی کوردستانەوە قسە دەکەن، و لەو گوتارە خۆسەپێنەرەشدا، ”کورد” هەمیشە رۆڵی مێیینەیەکی بێتوانا و نوقسانی پێدراوە. ئەم کێشەیەی دوایی جۆرێکە لە پیاوسالاریی کە نازییەکان بێئاگایانە پەیڕەویان دەکرد. بۆ وێنە، هیتلەر لە کاتێکدا خۆی بە ویژدان و عەقڵی ئاڵمان دەزانی وەکو مێینەش ناوی خەڵکی دەبرد. کێشەی نەژادپەرستەکان زۆرتر کێشەی لیبیدۆیە نەک کێشەی ناعەدالەتیی و ستەمی نەتەوەیی. بڕوانە ”کوردستان” چۆن هەمیشە سیفەتی مێینەی دەدرێتێ لە تەشبیهکاریی زمانە شیعرییەکانی ئەو نوخبە کوردانەدا. لە هەمان کاتدا خۆیان رۆڵی ئابڕوپارێز و بەرگریکەری قارەمان و لە مەرگ نەترساو وەردەگرن. لە دەرئەنجامدا، ئەوانەی کە دەدرێن بە کوشت، قەت دەنگیان نابیسترێت، ئەوانەشی کە هەموو شتێک دەڵێن بە ناوەی نیشتمان و خەڵکەوە لە دەرەوەی هەموو خەتەرێکی راستەوخۆدا ژیان رادەبوێرن.

بەڵێ، پێشمەرگایەتی بەڵایەکە دەبێ رێگەی لێبگیردرێت

ئەمەی خوارەوە ئەو دوو رستەیەیە کە نوخبە پڕۆکسییەکان هەڵایان لەسەر ناوەتەوە کە گوایە سەڵاحەدین ئەحمەد نووسیوێتی سەردەمی دەوڵەت بەسەر چووە:

پێشمەرگە، ئەگەر بەزوویی تەقاوت نەکرێت، دەبێت بە یەک دانە دەعبای وەها کە لە جێی فەرهەنگی کوردەواریی کەوتن و مافیاگەرێتیی و کولتوری ئابڕوتکاندن دروست دەکات لە رۆژهەڵات. ئەو حیزبانەش کە شەرعییەتیان لە پێشمەرگایەتییەوە وەرگرتووە جۆرە بەڵایەکی وەهان کە دەتوانن لە ئایندەدا وێنەی دەوڵەتی سەرکوتگەری بەسەرچوو لە یادەوەریی گشتییدا بکەن بە بابەتی شیعری نوستالجیک.

ئەمە پێمان دەڵێ پێشمەرگایەتی، ئەگەر رێگەی لێنەگیردرێت، لە ئایندەدا مافیاگەرێتییەکی وەها بەرپا دەکات کە خەڵکی بێدیفاعی کوردستان خۆزگە بە رۆژگاری تاریکی دەوڵەتی سەردەمی جمهوریی ئیسلامیی بخوازن. پێویست بە ووتن ناکات کە خۆزگە خواستن بە سەردەمێکی ئاوها بەو واتایە هاتووە کە ئاماژە بێت بە رەوشێکی تەواو تراژیدیی (ئەوەندە خراپ کە خراپتریینەکەی ئەمڕۆ لە چاویا جێگای نۆستالجیا بێت). واتا، ”دەوڵەتی سەرکوتگەری بەسەرچوو” ئاماژەیە بە جمهوریی ئیسلامیی، بەڵام پڕۆکسییەکان بە بێ ئیقتیباسکردنی رەستەکانی من، ئەرکی خوێندنەوە و شەرحکردن و رێبەریی ئەخلاقییان گرتووەتە ئەستۆی خۆیان کە بە خەڵک بڵێن کە گوایە سەڵاحەدین ئەحمەدی چەپ پێیوایە کە سەردەمی دەوڵەت بەسەرچووە و کوردستانییەکان توانستی خۆبەڕێوەبردنیان نییە و هتد.

لەوەش سەیرتر ئەوەیە کە هەر ئەوانەی کە ئاستی خوێندنەوەیان ئەوندە پەرێشانە، لە پەشێوییدا بێئاگایانە خۆیان دەکەن بە نموونەی حاشاهەڵنەگری یەک بە یەکی ئەو هەڵانەی کە ووتارەکە رەخنەیان دەکات. هەر لە کورتکردنەوەی ئیرادەی دانیشتوانی کوردستانەوە تاوەکو خۆبەزمانحاڵکردنی ”کورد” مورەتەب هەلاکەتی هزریی بەیان دەکەن لە ئیمتیحانێکدا کە کەس زۆری لێ نەکردوون کە بیدەن. وەکو لە ئیمتیحانەکەشدا دەکەون، دەرفەت لە کیس نادەن کە هەم رەخنەی ووتارەکە بەسەر خۆیاندا بهێنن و هەم بکەونەوە سەفسەتەی شوڤێنیستەوە.

سەڵاحەدین ئەحمەد، بە قەولی ئەم خۆ بە پان-کوردستانی زانانە، لە رۆژهەڵات تێناگات. بۆ؟ تەنیا لەبەر ئەوەی خەڵکی ئەوێندەر نییە. کەم گریمانە هەیە بەو شێوە بێشەرمە ناوچەگەر (و لەبەر ئەوە، شۆڤێنیستیش) بێت. لێدوانێک کە گریمانەی لەم جەشنە دادەمزرێنێ بۆ ئەوە دەشێت کە وەکو نموونە لە کتێبی مەنهەجییدا دەربارەی شۆڤێنیزم بە کاربهێنرێت. لە تەمەنی خۆمدا، لایەن و کەسانی شۆڤێنیست و فاشیست، جنێویان پێداوم، تەهدیدیان کردووم، ناچاری مەنفایان کردووم، و چەند جارێکیش زیندانیان کردووم، بەڵام هەرگیز نەمبیستووە پێم بگوترێت لەبەر ئەوەی تۆ خەڵکی فڵان شوێن نییت، لێی تێناگەیت، لە کاتێکدا زۆربەی هەرە زۆری نووسینەکانم بە سێ زمان (جگە لەوانەی کە تەرجەمەکراون) لەسەر رەگەزپەرستییە هەر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە تا ئەوروپا و ئەمریکاکان. دوا ووتارم بە ئینگلیزیی لە سەر خەسڵەتە فاشیستەکانی ناسیۆنالیزمی روس و هاپەیمانانی ناتۆیە. بەڵام، بۆ نموونە، کەس نەیووتووە لەبەر ئەوەی تۆ روس نییت، لە روسیا تێناگەی.

هەڵبەت ئاگاداری هەموو ئەو شتانە نییم کە لە سەر ووتاری ”نەژادپەرستیی ناتوانێت کەس رزگار بکات” بڵاوکراوەتەوە، بەڵام دەزانم هەمووشیان سەر بە هۆسە و پەلامەرە فەتواگەرییەکە نیین. بەڵکو چەند کەسێەک بە بایەخەوە هەوڵییان داوە کە لە ووتارەکە تێبگەن یان سەرنجی لەبارەوە بدەن، گەرچی خوێندنەوەکەشیان ورد و دروست نەبێ. ئەوەی کە مەبەستمە ئەم تێبینیانەی لەسەر بنووسم، پەلامار و هۆسەکەیە کە خەتێکی دیاریکراوی نوخبە قەڵسبووەکان لە شپرزەییدا دروستیان کردووە. بەڵام نە ناوەکان دیارن نە تێکستێکیان بەرهەمهێناوە کە سنوری پڕوپاگەندە و سەفسەتە تێپەڕێنێت. ئەوەی کە روونە تەنیا ئەوەیە کە سەرچاوەی زۆربەی هەڵمەتە فەتواگەرییەکە پڕۆکسییەکانی حیزبی دێموکراتە. حدکاوییەکان و لە حدکاچووەکان و پرۆکسییەکانی دیکە زۆر سەهوون ئەگەر وەها بزانن تیرۆریزمی گەلەکۆمەکیی و تاکتیکی ژێرزەمینیی مافییاگەرێتی تێکستەکە لە شوێنی خۆیدا دەکوژێت.

لە روانگەی پرۆکسییەکانی حیزبی دێموکراتەوە (ئەگەر ئەوە شیاو بێت کە بگوتڕێ پرۆکسی روانگەی هەیە) سەڵاحەدین ئەحمەد پێشینەو و شارەزایی پێویستی نییە کە لەسەر رۆژهەڵاتی کوردستان قسە بکات. داخۆ حیزبی دێموکرات چییە کە دەسەڵاتی ئیجازەدان و ئیجازەنەدانی ئەکادیمیبوون و کوردبوون و شێخبوون و شەهیدبوون و هەناسەدانی هەبێت. ئەم هێزە چییە کە سوپایەک لە پرۆکسیی و دەمەتەقێنووسی بندیواری هەیە بۆ ئەوەی لە رۆژهەڵات خۆی وەکو هەڵگری بەیداخی سەربەخۆیی و بونیادنەری دەوڵەت بناسێنێت لە کاتێکدا کە هەموو کردەوەکانی ئەوەمان پێدەڵێن کە تێگەیشتنێکی نییە بۆ رێزگرتن لە بنەما فەلسەفییەکانی سەربەخۆیی و سەروەریی. جگە لەوەش، لەسەر ئاستە هەرە رووکەشییەکەش، حدکا یەک لێدوانی نییە کە جەخت لە وویستی سەربەخۆبوون بکاتەوە. شانازیی هەرە مەزن و سەرچاوەی رەوایەتیی بەخۆدانی ئەم هێزە ئەوەیە کە ”شەهیدی” داوە، ئەمەش دەکاتە ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆر کوڕ و کچی بەدبەختی خانەوادەی بەدبەختی بە کوشت داوە. لە پێناو چییدا؟ کامەیە ئەو ئامانجە رزگاریخوازەی کە گوایە ئەو هەموو مەرگە تەبریر دەکات؟ بەڵێ جمهوری ئیسلامیی لەو کوشتارە بەرپرسیارە، بەڵام عەقڵییەتێک کە خۆ بە کوشدان تەشجیع دەکات و ئەژدیهاکانی زوحاکی ئەم سەردەمەی ئێران بە خوێنی کوڕ و کچی بەدبەختی ووڵاتەکەی خۆی ئاسودە دەکات عەقڵییەتێک نییە کە بتوانێت رزگارییخواز بێت یان بزانێت ئازادی چ جۆرە راستییەکی فەلسەفییە و چ جۆرە مەرجێکی ژینگەی کۆمەڵایەتییە. نوخبەیەک کە مەرگ پیرۆز بکات بە ناوی شەهادەتەوە و بە خۆشی بڵێت سێکیولار، هەم هەمەجییە هەم دووڕوو.

حدکا نە دیموکراتە نە کوردستانییە، بەڵام ئێرانییەکی درۆزنە

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) نە دیموکراتە نە کوردستانییە. حدکا ئێرانییە بەڵام ئێرانییەکی بەدباوەڕ. لە هیچ دۆکیومێنتێکی حدکادا داکۆکی لە سەربەخۆیی نەکراوە. کەوایە، هۆی چییە کە وەکو هێزێکی سەربەخۆییخواز ناوی دەرکردووە؟ بە پێچەوانەوە هەموو دۆکیومێنت و لێدوانە رەسمییەکانی دەسەڵاتی یەکەمی حدکا جەخت لەسەر ئێرانییبوونی حدکا و خەڵکی رۆژهەڵات دەکەنەوە. هەڵبەت هەچەند دەسەڵاتی یەکەمی حدکا رییایی بۆ شاپەرستەکان بکەن، پان-ئێرانییە فارسەکان متمانە بە حدکا ناکەن، بەڵام ئەوە تەنیا لە دووفاقیی حدکاوەیە نەک لە کوردسدتانییبوونێوە. کەوایە، بۆ دەبێ خەڵک بە قسەی نوخبە پڕۆکسییەکانی حدکا و حدکاوییەکان و لە حدکاچووەکان باوەڕ بکەن کە گوایە سەربەرخۆییخوازن؟ یەکەم بەدیهییەت ئەمەیە: ئەوانەی لەبەدباوەڕییدا دەژیین، ناشێت جێگای باوەڕی هیچ ئینسانێکی هۆشیار بن.

هێزێک کە کەمتریین گرنگیی بە ژین و خۆشگوزەرانیی دانیشتوانی کوردستان نادات، چۆنە کە لە کاتێکدا کە گەڕەکێکیشی بەدەستەوە نییە، سوپایەک شەقاوە و دەمکوتکەر و فەتواچیی هەیە؟ بۆ ئەوەی لەم رەوشە ناجۆرە تێبگەین دەبێ پێکهاتە سەرەکییەکانی هێزی حدکا شییبکەینەوە، گەر بە کورتییش بێت.

حدکا مەخلوقێکی شێواو خولقە، بەڵام دەرهاویشتەی ژینگەیەکی پڕ لە ستەم و بێئومێدیی و بەدبەختییە، ئەگینا نابێت بە جێهیوای ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی دڵپاک و خۆنەویست. هێزێکە لەسەر ژانی کوردێکی زۆری بێچارە دەژی و گەشە دەکات. ئەوانەی کە لە مەداری کاریگەریی ئەم بوونەوەرە دان دەکرێت دابەش بکرێن بەسەر چوار گرووپدا. دوو گرووپیان نوخبەن، دوو کرووپەکەی دەکەیان قوربانیی فریودراو. گرووپی دووەم بەشێکی راستەوخۆ نیین لە تەشکیلاتی حدکا، بەڵام وەکو پڕۆکسیی حدکا کاریگەریی دروست دەکەن. گرووپی چوارەمیش بەشێک نیین لە حدکا بەڵام دەکەونە بەر کاریگەریی حدکا و حدکاوییەکان.

١- گرووپی یەکەم بێگومان ئەوانەن کە حدکا بەڕێوە دەبەن. ئەمانە لەسەرەوەی هەرەمی دەسەڵاتی رەسمیی بونیادەکەن و بڕیاردەری سەرەکیین. شتێکن بە بێ ئەوەی شتێک بن. شکی تێدا نییە کە ئەمانە نوخبەیەکی دەسەڵاتدار و دەسەڵاتگەرن لە سنوری هێزێکی چەکداردا کە لەسەر بەرهەمی کاری کوردی مەدەنیی و لەسەر حیسابی سەلامەتیی خەڵکی گوندنشیین دەژی.

٢- گرووپی دووەم ئەوانەن کە راستەوخۆ خۆیان بە حدکا ناناسێنن بەڵام بەشێکی سەرەکیین لە دەسەڵاتی نوخبەویی حدکا. ئەم گروپە بە رەسمیی ئەندامی حدکاش نەبن، حدکاویین. گرووپی حدکاوییەکان لەو نەژادپەرستانە پێکهاتووە کە رای گشتیی دروست دەکەن.. لەو کاریگەرییە مەعنەوییەدا درێژە بەو لێڵییە زیهنییە دەدەن کە تیایدا خەڵکی بێچارە لە حدکادا بەڵێنی کوردستانێکی ئازاد ببینن.

٣- گرووپی سێیەم زۆرینەی پێشمەرگەکانی حدکان. ئەوانەن کە لە بێهیوایی دەربازبوون لەو هەموو بەدبەختیی و زوڵم و بێچارەییەی کە ئەزمونیان کردووە، خۆیان و میللەتەکەیان گرێداوە بە خەونێکەوە کە ناویان لێناوە حدکا. زۆربەی ئەمانە رۆمانسیین، نییەت پاکن، خۆنەویستن، بەڵام بەدەم خەوەوە رێدەکەن. دەشێت زۆربەیان قەت بەخەبەر نەیەن. ئەم گرووپە چەندە دڵپاکن، ئەوەندە جێگای مەترسیین، چونکە دەشێت دەسەڵاتی حدکا هەر شتێکیان پێبکات بە ناوی نیشتمانپەروەریی و کوردپەروەرییەوە. ئەو بەشەیان کە دەمێنێتەوە و نادرێت بە کوشت، لە قۆناغی داهاتوودا دەبن بە ئامرازی کوشتن و بڕینی ئەو کوردە بێچارانەی کە دەسەڵاتی حدکا وەکو مەڕوماڵاتی خۆی تەماشایان دەکات.

٤- گرووپی چوارەم ئەو خەڵکە بێچارەیەن کە هەردوو قۆڵی دەسەڵاتی حدکا (واتا نوخبەکان، واتا گرووپی یەکەم و گرووپی دووەم) بەردەوام بەختیان دەکەن و لەگەڵ هەموو کارەساتێکیشدا سەرمایەی رەمزیی حدکا زیاتر دەبێت.

نوخبەکان هیچ پلانێکیان نییە جگە لەوەی کە رەوشێکی وەها بهێننە کایەوە کە خەڵکی رۆژهەڵات هیچ پەنایەکیان نەمێنێت. ئەوەی بفەوتێت دەفەوتێت ، ئەوەشی کە نەمرێت ناچار دەکرێت لەبەر پەلاماری سوپا و هێزی چەکداری دیکەی سەر بە تاران دەست لە شار و شارەداریی و گوند و ئاوەدانیی هەڵگرن و روو لە شاخەکان بکەن. نوخبە نەژادپەرستەکان هیچ کێشەیەکییان نییە لەگەڵ چارەنووسێکی ئاوهادا بۆ خەڵکی بە ناو دیفاع لێکراو.

بە پێی زیهنییەتی حدکاوییەکان، ئەگەر من ئەمەم بۆ کێشە بێت، ئەوا دژایەتی مەسەلەی کوردم کردووە. ئەوە زیهنێتێکی فەتواچیی سەرکوتگەرە کە بەو جۆرە دەخوێنێتەوە و حوکم دەدات و خۆی دەکات بە چاوساغی خەڵک. ئەگەر سبەینێ بۆی بلوێ بچێتە هەر شارێکەوە دەیکات بە گەوەڕێک بۆ حوکمی هەرە قەشمەرەکان و جەهەنەمێک بۆ زۆرینە. ئەم شتانە تەنیا بۆ حدکا نا، بەڵکو بۆ ووردە هێزە رەجعییەکانی دیەکەش دروستن کە لە کوردستاندا چالاکن. هەڵبەت مەبەست لێرەدا باشور نییە، چونکە باشور دەمێکە بووە بە جەهەنەم بۆ زۆرینەی بێدەنگکراو و تەویلەیەک بۆ حوکمی شەقاوە و قەشمەرەکان. لەوێش، سەرلەبەیانی کارەساتەکە بە دەمکوتکردن و راستڕەویی دەستی پێکرد. لەوێش پێشمەرگایەتی موقەدەس بوو هەتا سەرتاپای هاووڵاتیبوون و شارستانیبوونی لە هەموو حورمەتێک داماڵی. لەوێش پڕۆکسییەکان کاری ئیبتیزالکردنی هەموو شتێکی فەرهەنگیی و بیریارییان لە ئەستۆ گرت. ئەمە لە چەند رۆژێکدا رووینەدا، بەڵکو ساڵانی پێچوو. فاشیزم لەوێش فاشیزمی پرۆکسییەکان بوو، کێشەی لیبیدۆی خەفێنراو و رق-لە-کورد-بوون بوو، و بە شەرتی کوردایەتی دەرخواردی زۆرینەیەکی ستەمدیدە درا. ئەمئێستا خەڵک هەیە لە حەیبەت ئەو عەزابەدا کە تێیدا دەژیین خۆزگە بە رۆژگاری دەوڵەتی بەسەرچووی بەعس دەخوازن. کامانەن ئەو بلییمەتانەی حدكا كە گوایە پڕۆژەیەکی جیاوازییان هەیە بۆ رۆژهەڵات؟ شاعیرانی پێشمەرگایەتی جگە لە شعورفرۆشی و مەرگپەرستیی و بەدباوەڕیی و جڵقی دروشمبازیی چی دیکەیان پێشکەش کردووە تا بکرێن بە زمانحاڵی رۆژهەڵات؟

فەتوا لە دژی رەخنە و ترسی نوخبەکان لە بیرکردنەوەی خەڵک

لە نووسینی ووتاری ”نەژداپەرستیی ناتوانێت کەس رزگار بکات” پێشببینی ئەوەم دەکرد کە زۆر کەس پێی قەڵس ببن. سروشتی دیدگای نوێ وایە کە شێلگیرانە بەر نەفرەت بکەوێت. فەرهەنگی فەتواگەریی ریشەی قووڵ و دەرکەوتەی فرەڕوخساری هەیە لە کۆمەڵگە زۆرینە موسوڵمانەکاندا. نوخبەکان نایەنەوێ خەڵکی ئاسایی بۆ خۆی بڕیار بدات، بەڵکو دەیانەوێ باوکئاسا باش و خراپ، حەڵاڵ و حەرام، بۆ میللەتەکانیان دیاریی بکەن. ئەوەی کە بەرچاوم کەوتبێ، پەلاماردەرەکان تەنانەت دەستیان تێنەچووە کە هاوپێچی ووتارەکەش دانەن چونکە نایانەوێت خوێنەر بۆ خۆی ووتارەکە بخوێنێتەوە، چونکە سروشتی فەتوا وەهایە کە کاردانەوەیەکە بۆ رێگەگرتن لە بیرکردنەوەی سەربەخۆ. ئەگەر لە دیدگای گرووپە خۆماڵییە سەردەستەکاندا تێکستێک خەتەر بێت، فەتواچییەکان دەیانەوێ بە پەلە بە نەفرەتی بکەن پێش ئەوەی تێکستەکە دەرفەتی هەبێت پرسیارکردن لە رژێمی باوی بیرنەکردنەوە بڵاوبکاتەوە. فەتواکان لە کاردانەوەیاندا بەرانبەر بە تێکستێک کە پرسیارهێنەر و گومان وورووژێنەر بێت، کە گۆمی مەنگی گوتاری باو بشەڵەقێنێ، بە تەبیعەت دەکەونە ناکۆکییەکی زاتییەوە. موفتییەکانی رژێمی بیرنەکردنەوە کە کاریان لەسەر بە عەوامکردن وەستاوە لەلایەکەوە پێمان دەڵێن کە تێکستەکە هیچ بایەخێکی نییە و لە لایەکی دیکەوە و لە هەمان کاتدا بە شپرزەیی فەتوای حەرامدن و کفراندن و حەقیرکردنی لەسەر دەردەکەن. ئەم شەڕە شەڕی نێوان ئیبن تەیمییەکان و ئیبن روشدەکانە، شەڕی نێوان خورافە و زانستە، پەلاماری موجاهیدە مێشک قورمیشکراوەکانی عەقیدەتە لە دژی بیریارێک کە زات بکات لە بیرکردنەوەدا سەربەخۆ بێت.

زۆر لە پێش خومەینییەوە فەتواگەریی دژی بیری ئازاد و داهێنانی پرسیارهێن هەبووە. ئەمڕۆ، لە زۆر هێزی دەرەوەی بازنە مەزهەبییەکانیشدا فەتواگەریی نەریتێکی جێگرتووە گەرچی هەندێک لەو هێزانەی کە پیادەی دەکەن بە روواڵەت سێکولار بن و تەنانەت (بە لێکدانەوەی خۆیان) لە سەنگەری دژە خومەینیزم و وەهاببیزمیشدا بن. جیهانبینیی فەتواگەر توانای خوێندنەوەی شتێکی نییە کە دەستکاری چوارچێوەی چەمکسازیی و ماناکان و گوتارەکان بکات، بەڵام هەست بەو جۆرە تێکستە دەکات کە خەتەرن بۆ چوارچێوە باوەکان، و هەر بۆیەش پاسەوانانی رژێمی گوتاری باوی ناو جڤات ناتوانن ئەو جۆرە تێکستە فەرامۆش بکەن گەرچی ئەگەر بۆیان بکرێت قەدەغەی دەکەن، دەیسوتێنن، و رەنگە نووسەرەکەشی بسووتێنن. بۆیە ناوی دەبەن بۆ ئەوەی بڵێن گرنگ نییە، و دەڵێن گرنگ نییە بۆ ئەوەی ناوی نەبەن. لەگەڵ ناوبردندا، خەتاباری دەکەن، و لەگەڵ خەتاباکرندا پەلاماری کەسایەتی نووسەرەکە دەدەن. پەیامەکەیان لە یەک شتدا کورت دەبێتەوە: ئەم نووسەرە ”دوژمنی گەلە” ( بیرهێنانەوە: شانۆگەرییەکەی ئیبسن بەو ناونیشانە).

یەکێک لە خەسڵەتەکانی نەژادپەرستیی خۆ-بەکەم-زانییە، یەکێک لە نیشانەکانی خۆ-بەکەم-زانینیش لێرەدا دەردەکەوێ: مادام سەڵاحەدین ئەحمەد کوردە، یەکسەر گومان دەخرێتە سەر شارەزاییەکانیشی. وەلێ، کێشەیەک هەیە! سەڵاحەدین ئەحمەد خۆی بڕوانامەی ئەکادیمیی بەخۆی نەداوە، وەکو جەماعەتی تەکێکانی نەژادپەرستیی، بەڵکو زانکۆکانی رۆژئاوا ئاوهایان ناساندووە. ئەمە وای کردووە قەیرانی هەندێک لە پەلاماردەران سەختتر ببێت. هەندێکیشیان نەفرەتیان لەو زانکۆیەش کردووە کە سەڵاحەدین ئەحمەد دەرسی تێیدا دەڵێتەوە. ئەگەر نووسەرەکە کورد نەبوایە، ئەوا هەر چۆنێک پەلاماریش بدرایە، مۆڵەت و کرێدێنشیاڵەکانی نەدەبوونە جێگای مشت و مڕ و نەدەخرانە ژێر گومانەوە. ئەمەیە پەیوەندی قووڵی نێوان نەژادپەرستیی و خۆبەکەمزانیین. واتا، نەژادپەرستیی لە راستییدا دەمامکێکی سایکۆلۆجییە بۆ شاردنەوەی خۆبەکەمزانیینی خودی نەژادپەرست لەگەڵ خۆیدا.

هەموو ئەم قەیرانە لەوەوە دێتە کایەوە کە کەسێک زاتی کردووە کە باس لەوە بکات کە ژیانی ئینسانەکان و رێزگرتن لە ئیرادەی سەربەخۆی کەس و جڤات و میللەتەکان و دانهێنان بە توانای عەقڵیی و مەدەنیی و سیاسییاندا زەرورەتە نەک تەقدیسی چەکداریی و گوتاری مەرگەساتبار و مەرگپەرستیی خاک و خوێن. قودسییەتی پێشمەرگە لە پێشخستنی مەرگەوە سەرچاوەی گرتووە. عەقیدەتێکیش ئەوەندە ژیانی بۆ هەرزان بێت و ئەوەندە قەڵس ببێت بە بیستنی دەنگێک کە بەرگریی لە ژیانی ستەمدیدەکان بکات هی ئەوەیە هەواڵەی مێژوو بکرێت. ئەگەر قەرار بێت پێشمەرگایەتی کوردایەتی پێناسە بکات، ئەوا کوردایەتی نەک هەر ناتوانێت رزگارییخواز بێت، بەڵکو ناشتوانێت نە بیر بێت نە پڕۆژەیەکی سیاسیی. ئەگەر کوردایەتییەک قودسییەت بە مەرگەوە ببەستێت، ئەوا کوردایەتییەک نییە کە تاک و جڤات و کۆمەڵگەی کوردی پێ شایستەی ژیان بێت چ جا ژیانێکی بە کەرامەت و سەربەست. ئەم زاتانەش کە گوایە پاسەوانی کوردایەتیین، نەک رزگارییخواز بەڵکو گۆستاپۆن، نەک لە بەرانبەر هیچ هێزێکی سەرکوتگەر و داگیرکەردا بەڵکو لە بەرانبەر بەدبەختەکانی ووڵاتی خۆیاندا.

لە کۆمەڵگەدا جگە لە ژیانی ئینسان وەکو تاکەکەسی ئازاد قودسییەتدان بە هەر شتێک، پیشەیەک، ناونیشانێک، باوەڕێک، رەمزێک یان هێزێک و سەپاندنی بەسەر جڤاتێکدا وەکو موقەدەس کارێکە لە دژی رۆشنگەریی و بەو پێیەش لە دژی رزگاریی راستەقینە. دەبێ پێشمەرگایەتیی لە قودسییەت بخرێت پێش ئەوەی گیانی مقاوەمەت و مەدەنییەت لە رۆژهەڵات بکوژێت و ئەزموونی رۆشنگەریی لە بەین ببات. ئەم ووتەیە بە ئاشکرا دژی پڕۆژەیەکی دیاریکراوە نەک دژی و مافی کوردان بۆ رزگاریی. بە پێچەوانەوە، ئەساسەن تێزەکە تێزێکی رزگارییخوازە، بەڵام نوخبەکان لەسەر ئەوە راهاتوون کە کوردبوون یەکسان بکەن بە خۆیان، و هەر دیدگایەک ناکۆک بێت لەگەڵ باوەڕی خۆیان، بە دژە-کورد ناوزەدی دەکەن. یەکێک لە فێڵە لەمێژیینەکانی هێزە پاشکەوتخوازەکان ئەوەیە کە ”ئەگەر دوامان نەکەوی کەواتە لە دژی پرسی عادیلانەی نەتەوەکەمانی.” ئەم کردەوەیە بەخاینکردنە، واتا بە خاین ناوزەدکردن، و وەکو توخمی گوتار، یەک شتە لەگەڵ فەتواگەرییدا. کردەوەیەکە لە دژی هوشیاریی و لە باوەڕ نەبوون بە توانستی خەڵکەوە سەرچاوەی گرتووە. چونکە لە دیدگای نوخبەکاندا خەڵک وەکو نوقسان دەبیندرێت، تەنانەت یەک ووتاری بە راستیی رەخنەیی دەتوانێت بیانخاتە رەوشی شپرزەیی و پەشێوییەوە. ئەگەر تێکستێک بڵاوبووەوە، نوخبەکان ماکینەی فەتوادان دەخەنە کار نەبا تێکستەکە خەڵک لە خشتە ببات.

نەخێر، نەژادپەرستیی ناتوانێت کەس رزگار بکات. نەخێر ئەمە مانای ئەوە نییە مەسەلەی رزگاریی نیشتمانیی بێبایەخە و هەموو دەوڵەت-نەتەوەکان و هەموو ستەمکار و ستەمدیدەکان وەکو یەکن. بەڵکو مانای ئەوەیە خەڵکی ستەمدیدە شایستەی ئەوە نیین کە وەکو نوقسان سەیر بکرێن؛ مانای ئەوەیە نەژادپەرستەکان لە راستییدا میللەتی بەناو دیفاع لێکراویان پێ بەشەر نییە. بۆ ووردەکاریی ئەم تێڕوانینە، خوێنەر بانگهێشت دەکەم کە بە خۆی ووتاری ئاماژەبۆکراو بخوێنێتەوە و بە خۆی تەفسیری بکات.

زوو یا درەنگ، سەردەمی مورشیدەکان و پاسەوانەکانی موقەدەس و پۆلیسەکانی ئەخلاقی جەمعیی دەبێ کۆتایی بێت و سەردەمی دانهێنان بە ئینساندا وەکو تاکە کەسی خاوەن ماف و کەرامەت و ئازادی بیرکردنەوە دەستپێ بکات. نابێت نوخبەکان بەردەوام موڵەتی زمانحاڵبوونی نەتەوەیی و دەسەڵاتی بەرهەمێنانی حەقیقەتیان پێ بدرێت. دەبێ پەراوێزخراوان پێشەنگ بن بۆ رۆشنگەریی نەک بکرێن بە موستەزعەفینێکی بەناو دیفاع لێکرا و لە راستیدا تەعدالێکراو. با خومەینییە بچوکەکانی ئەمڕۆ را نەیەن لەسەر ئەوەی تێکستەکانمان بۆ تەفسیر بکەن و باش و خراپمان بۆ دیارییبکەن، ئەگینا سەردەمی موفتی و خومەینییەکان لە هەڵقەی داهاتووی ئەم مێژووە نائینسانییەدا درێژە دەکێشێ و ئینسان بێبایەختر دەکرێ. رزگاریی پێویستی بە موفەتیشی ویژدانی گشتیی و پۆلیسی بیر و مەزارگەی ئەولیا نییە، بەڵکو پێویستی بە لە کارخستنی رژێمێکی کۆمەڵایەتییە کە تیایدا ئینسان تەنیا وەکو بەختکراو رێزی لێدەگیردرێ و مان و نەمانیش تەنیا سەرقافڵەکان بڕیاری لەسەر دەدەن.

لە دەرئەنجامدا، دەربارەی ئەوانەی کە خۆیان وەکو پاسەوانی مەسەلەی کورد دەناسێنن بەڵام سەبر و سەلیقەی خوێندنەوەی دوو سێ لاپەڕەیان نییە و هەموو شتێک لایان دووبارەبوونەوەی شتێکی ترە کە پێشتر گوایە بیستوویانە یان زانیویانە، هەمان پرسیاری سەرەکیی دێتە پێشەوە: ئەگەر لە گواستنەوەی ناوەڕۆکی تێکستێکی کوردییدا ئەوەندە کۆڵەوار بن، داخۆ چی بەڵایەکن بۆ ئەو میللەتەی کە بە ناوێوە دەدوێن و گوایە نوێنەرایەتی ئیرادەی نەتەوەیی دەکەن؟




نەژادپەرستیی ناتوانێت کەس ئازاد بکات:.. سەڵاحەدین ئەحمەد

نەژادپەرستیی ناتوانێت کەس ئازاد بکات: سپاردنی پێشمەرگە بە رابووردوو، کۆتاییهێنان بە شۆڤێنیزم، و رێگرتن لە بەرهەمهێنانەوەی فاشیزم.

سەڵاحەدین ئەحمەد
پرۆفیسۆر لە بەشی زمان و ئەدەبە هاوچەرخەکان – بە سەردانیی-
یونیەن کۆلێج
سکەنەکتیدی، نیویۆرک

کاتێک کوردپەروەریی دەبێت بە بەڵا بۆ کوردە پەراوێزخراوەکان

کاردانەوەیەک کە لە دژی شۆڤێنیزمی گرووپێکی سەردەست شۆڤێنیزمی گرووپێکی دیکە دروست بکات رەوشی نائازادی بۆ زۆرینەی پەراوێزخراو خراپتر دەکات. هەر هێزێک کە نەژادپەرستییەک بکات بە بەهانە بۆ هاندانی نەژادپەرستییەکی دیکە هێزێکە هەم خزمەت بە جیهانبینیی گرووپە سەردەستەکان دەکات هەم رەوشی ژیان بۆ پەراوێزخراوان خراپتر دەکات. گشتگیرکردنی دوالیزمی تاوان و قوربانی لە سەر بنەمای خوێن (وەکو نەتەوەپەرستیی) یان لە سەر بنەمای مەزهەب نیشانەی تەماهیکردنە ، نەک دژایەتیکردن، لەگەڵ پڕۆژەیەکی ئیمپریالیستدا. نوخبە خۆبەزلزانەکان بە ناوی ناسنامەی قوربانییەوە توندوتیژیی دەشیعرێنن بەڵام لە پشت ئەو دەمامکە زمانەوانییەوە بوونەوەرێک هەیە کە خاڵییە لە هەموو خەمێکی گشتیی و لە هەموو توانایەک بۆ هەستکردن بە کێشەی راستەقینەی ئینسانی راستەقینە لە ژیانی راستەقینەی رۆژانەدا. جیهانبینیی شۆڤێنیزم گیرۆدەی وێنەیەکی بونیادنراوی ئینسانە نەک ئینسانێک کە لە راستییدا هەیە و هەناسە دەدات و رۆژانە رووبەڕووە لەگەڵ رەوشی دیارییکراودا لە پەیوەند بە هەموو شتێک، هەر لە پەیداکردنی ژەمێکی خواردنەوە بۆ هەموو ئەو شتانەی دیکە کە پێویستن بۆ ئەوەی وەکو زیندەوەرێک و هۆشمەدێک ماڵێکی لە جیهاندا هەبێت. بە ناوی رزگارکردنی نەتەوەی بندەستەوە زۆر جار نوخبەکان ئیجازەیەکی ئەخلاقیی وەها بە خۆیان دەبەخشن کە بە بێ یەک و دوو بە ناوی هەموانێکی بەتاککراوەوە بدوێن. لە گوتارە هەرە ئەخلاقیی و ئەمەکدارەکانیاندا ئەو شتانەی کە دیفاعیان لێت دەکرێت بوونیان نییە لە دەرەوەی خەیاڵی شۆڤێنیزمدا، هەر شتێکیش کە بوونی هەیە لە جیهاندا نەک هەر دیفاعی لێ ناکرێت بەڵکوو هەمیشە بەخت دەکرێت. لە دەرئەنجامدا مۆڵەتێک کە کەس بە نوخبەکانی نەداوە پەراوێزخراوەکان لە رەوشی دژواری ناعەدالەتیی کۆمەڵایەتییەوە دەبات بۆ رەوشی قوربانیی رووت، لە شەڕێکی نابەرابەری رەوشێکەوە بۆ رەوشی شەڕێکی خۆکوژانە، لە جیهانێکەوە کە تێیدا بەرگریی لە ژیان دەکرێت لە دژی دامەزراوەی توندوتیژیی بۆ جیهانێک کە تێیدا کوشتن دەبێت بە یاسای کۆمەڵایەتیی و پیشەسازی مەرگ بە شانازییەکی ئەخلاقیی. بە کورتیی، نوخبە شۆڤێنیستەکان شەڕ لە دژی یەکتری ناکەن بەڵکوو پرۆژەی یەکتری تەواو دەکەن، و هەر بەو پێیەش پەراوێزخراوان لە قوربانیی رێژەیی ژیانەوە دەکەن بە قوربانیی موتڵەقی مەرگ.

ئەمڕۆ بەڵای هەرە گەورەی خەڵکی کوردستان ئەو نوخبانەن کە بە زمانی هەموانێکی بەتاککراوەوە خەریکن کۆمەڵگەیەکی ریشەداری مێژوویی و جیهانێکی شارستانیی فرە ناسنامە لەبەریەک هەڵبوەشێننەوە و لە جێگایدا جیهانێک دروست بکەن کە پانتاییەک دەبێت بۆ ناسنامەی پاراوی خوێن و جەنگی بەربەرییانەی هەموان دژی هەموان. لە دوای کوشتنی مەهسا ژینا ئەمینی بە دەستی پۆلیسی ئەخلاقیی رژێمی جمهوریی ئیسلامیی ئێران، رۆژانە جگە لە ئازادیخوازانی کوردستان، ئازادیخوازان لە تاران، ئەسفەهان، عەبادان، کرمان، زاهیدان، یەزد، مەشهەد، ئەردەبیل، کەرەج، و دەیان شاری دیکە لە سەرانسەری ئێراندا رووبەڕووی دامەزراوە سەرکوتگەرەکانی رژێمی مەزهەبیی و رەگەزپەرستی خامەنائی دەبنەوە. تاکو ئێستا سەدان قوربانیی هەن و رۆژانە ژینای دیکە لە نێو دەچێ، بەڵام ئەو نەژادپەرستانەی کە کوردبوون لە لایان تالێهاتنێکی گرێئامێز و وڕێنەیەکی پڕ لە کینەیە دەیانەوێت وای پیشان بدەن کە فارسان یەک قەبیلەن و هەمویان دژەکوردن و کوردانیش یەک خانەوادەی سەرگەردانی پێکهاتوو لە منداڵ و ژنی بێدەسڵاتی حەوجەت بە فیگەری باوکێک-پیاوێک کە ناموسیان بپارێزێت و رێگای رزگارییان پیشان بدات. لە هەمووی خراپتر ئەوەیە کە ئەم نەژادپەرستانە، وەکو نەژادپەرستەکانی هەر شوێنێکی تر، ئەوەیان بۆ کێشە نییە چی بەسەر هاونیشتمانییەکانیاندا دێت لە دەرئەنجامی دروستکردنی دوژمنایەتیی رەگەزپەرستییدا لەگەڵ دەیان میللەتی خاوەن ناسنامە و زمانی دیکە کە لە کوردستان و دەوروبەری کوردستان دەژین. تەنانەت بۆیان گرنگ نییە چی بەسەر هەر تاکەکەس و ماڵ و جڤاتێکدا دێت جا ناسنامەی زمانیی و فەرهەنگیی یان باوەڕی ئاینییان هەر چییەک بێت. ئامادەن بە ناوی کوردبوونەوە بچڕانی فەرهەنگیی و کۆمەڵایەتیی و سیاسیی دروست بکەن لەگەڵ لوڕەکان و بەختیارییەکان و دەیان قووڵایی دیمۆگرافیکی دیکە کە ئاوێتەی یەکترییبن و بەیەکەوە سەرچاوەی هەمەڕەنگیی شارستانیی و فەرهەنگیی بێوێنەن. نەژادپەرستەکان دەیانەوێت ئاشوبێکی ڕەچەڵەکگەر بەرپا بکەن و ئەوەیان بۆ گرنگ نییە کە خەڵکی بەناو-دیفاع-لێکراو چییان بەسەر دێت لە ئاوەها سیناریۆیەکدا. بەبەلقاکردن یان بەعێراقکردنی ئێران دەبێتە هۆی ئەوەی کە لە جێی دۆستایەتی هەموان بۆ هەموان شەڕی هەموان دژی هەموان بەرپا ببێت و هەموانیش تێیدا دۆڕاو بن. دروستکردنی هەڵدێری لەو جەشنە ئاسانە، بەڵام ئەگەر روویدا ئەوا وێرانەیی بە دوای وێرانییدا دەهێنێت و کارەساتەکان ئەسەریان بۆ ئەبەد دەمێنێ.

هەندێک لە نەژادپەرستەکانی باشووریش، بێخەم لە سەدان ژینای هەرێمی بندەستی قەبیلە و مافیا، دیسان دەماری کوردایەتییان بزوواوە، ئەمجارەیان لە بەدبەختیی رۆژهەڵاتدایە. ئەمە لە کاتێکدایە کە جگە لە ژیناکانی هەرێمیش، بە هەزاران پەنابەری خەڵکی رۆئاڤا و رۆژهەڵات لەسەر شەقام و لە ناو بازاڕ و لە کەمپە تەلبەندکراوەکاندان و نەک هەر کۆمەک ناکرێن بەڵکوو رۆژانە غەدریشیان لێ دەکرێت لە لایەن خودی ئەم رەگەزپەرستانەوە. زۆربەی شەنگالییەکان ئێستاش لە رەوشی نائینسانییدا دەژیین لە کاتێکدا هەر ئەوانەی کە سەر و دڵییان دەگیردرێت ئەگەر شەنگالییەک خۆی بە کورد نەزانێت دەیانتوانی لانی کەم ئەوەندە بکەن بۆ شەنگالییەکان کە پۆلۆنییەکان بۆ ئۆکرانییەکانی دەکەن. بە جیابوونەوەی رەگەزیی کەمتر رازی نیین، بەڵام بۆ گەشت کە دەچن بۆ ئێران یان تورکیا، ئاستەمە رۆژێک لە پاوا یان سەرپێڵی زەهاو، لە مێردین یان دێرسیم، بەسەر ببەن یان خۆیان فێری یەک رستەی هەورامی، کرمانجی، یان زازاکی بکەن. گوایە ویژدانییان بۆ شۆڕشی ژن-ژیان-ئازادی جووڵاوە، بەڵام ئەمڕۆ، لە سایەی پڕۆژە کێوییەکەی پاڵەوانانی نەتەوەپەرستییەوە، ژنان و کچان لە باشور رۆژانە لە مەترسیی تیرۆری کۆمەڵایەتیی و هەڕەشەی کوشتندا دەژین.

گەورەتریین مەترسیی سیاسیی لەسەر دانیشتووانی هەر ناوچەیەک نەژادپەرستانی ئەو ناوچەیەن. ئەگەر بێتوو راستڕەوە فاشیلەکانی نەژادپەرستیی بۆیان بلوێت شەڕی رەگەزیی بەرپا بکەن، لە جێی ئەوەی کە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان هاوخاوەنی هەموو شارێکی ئێران بن و هاوپشتیوانی ئازادیخوازانی هەموو شوێنێکی ئێران بن، لە باشتریین حاڵەتدا دیسان دەبێت پەنا بۆ ئەشکەوتەکان ببەنەوە لە کاتێکدا لەو دیوی سنوورەکانەوە نوخبە خۆبەباوکزانەکان بەردەوام دەبن لە شیعراندنی کوردستانێک کە خودی خۆیان و هاوشێوە شۆڤێنیستەکانیان کردوویانە بە جەهەنەم. وەکو ئەوەی خۆڕسکانە و لە یەک کاتدا لە خزمەتی جمهوریی ئیسلامیی و فاشیستە ئارییستەکان و کەمالیستەکاندا بن، شۆڤێنیستە نەژادپەرستەکان بەناوی کوردایەتییەوە خەریکن ئەم شۆڕشەی ئێستای ئێران بە زۆر بکەن بە شەڕی رەگەزیی، شەڕێک کە ئەگەر بقەومێ، جگە لە چەند قەشمەرێکی هەلپەرست، هەموو لایەک تێیدا دۆڕاو دەبێت و لە هەمووانیش خراپتر بەسەر خەڵکە هەرە چەوساوە و بێدیفاعەکانی کوردستاندا دێت.

ستەملێکراوانی کوردستان و لوڕستان و بەلوچستان و عەرەبستان و خوراسان و ئازەربایجانی غەربیی و ناوچەکانی ناوەڕاستی ئێران بە بێ هاوسۆزیی و هاوپشتیی یەکتریی ئاسۆیەکی رزگارییان نییە. شۆڤینیستە کوردەکان زۆرتریین خزمەت بە هێزە نەژادپەرست و مەزهەبییە سەردەستەکان دەکەن و زۆرتریین زیان بە خەڵکی ناوچە پەراوێزخراوەکان دەگەینن. هیچ شتێک نییە ئەو راستییە بگۆڕێت کە دەبێت کورد و فارس و تورک و عەرەب و ئازەریی و تورکمەن و ئەرمەن و بەلوچ و چەرکەس و جوو و دانیشتووانی دیکەی ناوچەکە بەیەکەوە بژیین. کوردستان بەشێک نییە لە مەریخ و هیچ نوشتە و دوعایەکیش نایکات بە بەشێک لە سەرزەمینێکی دیکە. باشتریین شت کە نوخبەکانی تاراوگە و ناوخۆ بیکەن ئەوەیە ئیرادە و توانای فەرهەنگیی و هزریی خەڵکی چەوساوە بەکەم وەرنەگرن و دەست لەو تەسەورە هەڵبگرن کە گوایە خەڵکی کوردستان پێویستییان بە شوانێتی جەنابییانە. دونیای سەرکوتگەریی سیاسیی، کولتوری تیرۆر، و نامۆرڤکرند لە سەرەتادا لەوەوە دەست پێدەکات کە نوخبەکان بە ناوی ملیۆنان ئینسانەوە قسە دەکەن، وەکو ئەوەی ماندەیتێکی ئەخلاقیی یان میتافیزیکییان هەبێت، وەکو ئەوەی میللەتەکەیان تەنیا هەندێ منداڵی نوقسان یان مەڕوماڵات یان کەرەستەی خاوی بەرهەمهێنانی مەرگ بن.

پێشمەرگە هیچ وەزیفەیەکی مێژوویی نەماوە و پێویستە خانەنشین بکرێت

ئەو بوونەوەرەی کە پێی دەگوترێت پێشمەرگە هیچ وەزیفەیەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقیی نەماوە. پێشمەرگایەتیی نە بەهرەیە، نە پیشەیە، نە زەروورەت. پڕۆژەیەکە کە زۆر جار لە رابووردووشدا بووەتە هۆی توندووتیژیی زیاتر دژی پەراوێزخراوانی بێدیفاع. بەرگریی راستەقینە لە دانیشگە و بیمارستان و کارگە و کێڵگەکاندا روودەدات لەسەر دەستی ئەوانەی کە بەرخودان دەکەن لە دژی رەوایەتیی چەک و لە دژی گوتارێک کە تێیدا هەمیشە ئەو شتانەی کە هەن و دەبێت ببن بەخت دەکرێن لە پێناو ئەو شتانەی کە نیین و نابن و نابێت ببن. شۆڕشێک کە بۆ ژیان و بۆ ئازادی بێت شۆڕشێکە دژی ئەو جیهان و سیستەمە کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقییەی کە تێیدا هەموو شتێک کە پەیوەندی بە ئینسان و ژیانی ئینسانەوە هەیە بەخت دەکرێت لە پێناو شتانێکدا کە تەنیا لە چوارچێوەی وەهم یان ناعەقڵانییەت یان وەحشیگەرییدا دەتوانن هەبن. شۆڕشێک کە ژیان تێیدا بەهایەکە لەسەر و هەموو بەهاکانەوە شۆڕشێکە دژی عەقڵییەت و دەسەڵات و ئەخلاقی چەکداریی و هەروەها دژی ئەو رەوشانەی کە توندووتیژیی بەرهەمدەهێنن و ئەو پڕۆژانەی کە وێنەی چەکدار دەکەن بە وێنەی قارەمان و ئەو هێزانەی کە دەسەڵاتی چەک دەسەپێنن بەسەر ئەوانەدا کە مەفروزە هەموو دەسەڵاتێک هی خۆیان بێت و بۆ خۆیان بێت.

دروشمی خاک و خوێن یەکێ لە دروشمە مێژووییەکانی فاشیزمە و هەمیشە ئینسان وەکو مەڕ دەکات بە قوربانیی هەندێ دەستەواژەی پوچی نێو جیهانبینییەکی پوچگەرا. پێشمەرگە کارەکتەرێکە کە لە بنەڕەتدا لە سەر بنەمای خاک و خوێن بونادنراوە. وەکو پڕۆژەش رەوایەتییەکی رەوایەتیی فەلسەفەیەکی دیاریکراوی ئازادی نییە، بەڵکوو بە تەواوی و بەتەنیا پەیوەستە بە ناڕەوایەتیی پڕۆژەیەکی دیکەی توندوتیژییەوە کە توندوتیژیی دەوڵەت-نەتەوەکانی ناوچەکەیە. وەکو بزووتنەوە، پێشمەرگایەتیی پەرە بە هیچ جۆرە دیدگایەک نادات کە لە جێگای توندوتیژیی فەلسەفەیەکی دیکەی کۆمەڵایەتیی بەرهەمبهێنێت یان لە جێگای شۆڤێنیزم کرانەوە بە رووی هەمەڕەنگییدا بەرپا بکات یان ئامانجێکی هەبێت لە دەرەوەی بەرهەمهێنانەوەی سەپاندنی پەیوەندییەکان و پەیوەندییەکانی سەپاندن.

پێشمەرگە، ئەگەر بەزوویی تەقاوت نەکرێت، دەبێت بە یەک دانە دەعبای وەها کە لە جێی فەرهەنگی کوردەواریی کەوتن و مافیاگەرێتیی و کولتوری ئابڕوتکاندن دروست دەکات لە رۆژهەڵات. ئەو حیزبانەش کە شەرعییەتیان لە پێشمەرگایەتییەوە وەرگرتووە جۆرە بەڵایەکی وەهان کە دەتوانن لە ئایندەدا وێنەی دەوڵەتی سەرکوتگەری بەسەرچوو لە یادەوەریی گشتییدا بکەن بە بابەتی شیعری نوستالجیک. ئەمڕۆ خۆشبەختانە لوڕبوون و بەختیارییبوون و لەکبوون و کوردبوون و دەیان دەنگ و ڕەنگی دیکە لە یەک سەمفۆنیادا ئاوێتەی یەکتریین و لە تەونی یەک نەخشی بێسنوور سەرسووڕهێندا بەڵێنێکی بێهاوتای ژیانن لەسەر ئەم هەسارەیە. رووخاندنی رژێمی جمهوریی ئیسلامیی گرنگە لەبەر خاتری پاراستنی، نەک بۆ لەناوبردنی، ئەو پانۆراما بێئەندازە دەوڵەمەندە کە هەموو دەرکەوتەیەکی لە دەرەوەی پەوەندییەکانی چەوساندنەوە شەبەنگێکی کەماڵە نەک تەنیا بۆ هاونیشتمانییەکان و هاوسێکانیان لە ناوچەکەدا بەڵکوو بۆ شارستانییەت بە گشتیی. چ غەدرێکە ئەو فەزای فرەدەنگیی و هەمەڕەنگییە بە دەستی چەند خۆ بەزلزانێکی لە راستییدا خۆبەکەمزانی شۆڤێنیست بۆ ئەبەد وێران بکرێت و لە جێگایدا بە ناوی نەتەوەی پاراو و خاکی پیرۆزی خوێن لە سەر رژاودا جەنگەڵێک لە چەکداریی دروستبکرێت؟

کێ بۆی دەکرێت کوردبوون لە لوڕبوون جیابکاتەوە بەبێ ئەوەی کوردبوون کورت بکاتەوە بۆ تایفەگەریی و تایفەگەرییش بۆ وەحشیگەریی؟ بۆ دەبێت کرمانشانییەک ناچار بکرێت یان کورد بێت یان ئێرانیی؟ نەژادپەرستەکان پێیان وایە کە خەڵکی ئیلام تەنیا بۆ ئەوەی لە فەزایەکی زیهنیی تەسککراوی کوردبوون بێبەش نەبن دەبێت دەست لە هەموو میللەتانی دیکەی ئێران هەڵگرن. بۆ دەبێت بەختییارییەکان بکرێن بە دوژنمی کوردەکان لە سنە و ئازەرییەکان بکرێن بە دوژمنی کوردەکان لە ورمێ لە پێناو پڕۆژەیەکی خێڵگەردا کە نە توانیوێتی نە دەتوانێت بنەمایەکی زانستیی، ستراتیجیی، و تەنانەت عەسکەرییشی هەبێت؟ ئەگەر کوردبوون لەو هەموو قووڵاییە دیمۆگرافیی و جوگرافیی و فەرهەنگیی و مێژووییە بکرێت، کوا شایستەی ئەوەیە کە جێگای شانازیی ئینسانی هۆشیار بێت؟ تەنیا بەلاهەتێکی بێسنوور دەتوانێت بێشەرمانە ناسنامەی کوردبوون بە ناوی دژایەتییکردنی نەژادپەرستیی فارسییەوە بسپرێت بە عەقیدەی نەژادپەرستیی کوردیی.

ئەوانەی کە بە ناوی کوردبوونەوە نەژادپەرستیی هەڵدێننەوە گرێی هەرە قووڵییان گرێی رق-لە-خۆبوونە. هەر ئەو کەسایەتییانە ئامادەن لەگەڵ هێزە هەرە فاشیستە نەتەوەییەکانی دیکەدا سازش بکەن بۆ لەنێوبردنی هەر هێزێکی دیکەی کوردستانەکەی خۆیان بە راست و چەپەوە. نەژادپەرستیی بەچواردەوردا فاشیزم بونیاد دەنێ، و فاشیزمیش حەماقەت دەکات بە دیکتاتۆری ژینگەی کۆمەڵایەتیی.

هیوایەک ئەگەر هەبێت لەو ئاسۆیەدایە کە فێربین داکۆکیی لە مافی دەنگدەربڕینی ئەوانە بکەین کە بێدەنگکراون و راستگۆیانە بەرگریی لەوانە بکەین کە لە زمان و فەرهەنگدا جیاوازن جا هەرچەندێک نزیک یان دوور، کەم یان زۆر بن. لە جیاتی ئەوەی بە زمانی کوردی دوژمنایەتی لەگەڵ دەرەوەدا و بە زمانی بێگانەش سازش لە گەڵ فاشیزمی نەتەوەپەرستی دیکەدا بکرێت، دەبێت بە هەموو زمانێک لە هەموو فاشیزمێک بدرێت. دواجار فاشیزمێک کە بە ناوی میللەتی ستەمدیدەوە کینە دژی میللەتێکی دیکە بڵاو دەکاتەوە لە فاشیزمێک باشتر نییە کە بە ناوی باڵایی ڕەگەزییەوە میللەتانی دیکە سەرکوت دەکات. فاشیزم ئەگەر لە تافی گەراییدا رێگەی لێنەگیردرێ، سەری هەرە زولملێکراوەکان دەخوات و جیهانیش بۆ رزگاربوانی جینۆساید بەرتەسکتر دەکات.

ئەوانەی کە گوایە بەس مافی کوردیان لەلا گرنگە لە راستییدا بەس کورد بە بەشەر نازانن، چونکە لە قووڵاییدا خودی خۆیان بە بەشەر نازانن. ئەمە لە ئەتواری رۆژانەیاندا بە روونی دەردەکەوێ. بڕوانە لەتەک هاونیشتمانییەکی کورددا چەندە بێحورمەتیی دەنوێنن و بە پێچەوانەشەوە لە گەڵ بییانییەکدا چۆن خەجاڵەتیی لە نێوچاوانیان دەتکێ.

هەر بۆیەش سەیر نییە ئەو نەژادپەرستانەی کە خۆیان وەها تێگەیاندووە کە بۆ کوردبوون دەژین و دەمرن لە راستییدا رقێکی بێوێنەیان لە هەموو شتێکە کە پەیوەندیی بە چەپەوە هەبێت و دڵییان هەمیشە بۆ راستڕەوە هەرە فاشیستەکان لێدەدات بە فاشیستە سپییەکانەوە. لەسەر ئاستی کەسایەتیی، فاشیزم لە ناو دەرونێکدا گەشە دەکات کە لە قووڵاییدا خۆی بە بێدەسەڵات و بێفەڕ دەزانێت و لەهەمان کاتیشدا هۆگری دەسەڵاتداران و سەردەستانە. هەموو بێدەسەڵاتێک وەکو ئاوێنەیەک وایە بۆی کە تێیدا وێنەی خودی خەفێنراو خویا دەبێت. لەبەر ئەوە، ئەم کەسایەتییە کاردانەوەیەکی توندوتیژی نەستیی هەیە لە بەرانبەر هەموو بێدەسەڵات و پەراوێزخراوێکدا، و لە هەمان کاتیشدا ماسۆشییانە هۆگری سەردەست و زۆردار و دڕندەیە.

فاشیزم حەماقەتێکی نوخبەوییە و بەڵایەکی رووت بۆ پەراوێزخراوان

بابەتی رقی هەموو فاشیستێک پەراوزخراوانه. کەسایەتی فاشیست رقی لە پەراوێزخراوانی هەموو کۆمەڵگەیەکە و لەهەمووشیان زیاتر لەو پەراوێزخراوانەی کە بە زمانی خۆی دەدوێن.

فاشیزم جۆرە زەهرێکی زیندەوەرییە کە لە حەماقەتدا گەشە دەکات، بۆیە فاشیزم کە دەبێت بە بزووتنەوەی سیاسیی، بە پلەی یەکەم سەرقاڵی بڵاوکردنەوە حەماقەت دەبێت. فاشیزم هەموو دەرفەتێک بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەی رووداووە مێژوویی و رۆژانەییەکان وەکو بەڵگە نمایش بکات بۆ سەلماندنی ئەوەی کە جیهان جیهانی رەگەز و مەزهەب و مومارەسەکردنی هێزە و هیچ تر. غەریب نییە کە لە ناو نەژادپەرست و راستڕەوەکاندا بیریارە فاشیستەکان بە عیشقەوە سەیر دەکرێن. کورتکردنەوەی جیهان بۆ ”ئێمە و ئەوان” رێگایەکی کورت و ئاسانە بۆ خەفەکردنی بووچگەرایی و بێبەهایی و گۆڕینەوەیان بە ناسنامەیەکی زۆر زەلامی گشتیی. ئەوەی کە ئەندامانی بزووتنەوەیەکی فاشیست بەیەکەوە کۆدەکاتەوە خۆشەویستیی نییە بۆ یەکتری یان بۆ هاونیشتمانییەکانییان، بەڵکوو ڕقی هاوبەشە لە دژی پەراوێزخراوان، واتا دژی هەموو بکەرێکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی کە خودی راستەقینە و خەفێنراو بوورووژێنێت. فاشیزم، بۆیە، بزووتنەوەیەکە لە دژی حەقیقەت هەم بە دیوی ناوەوەی تاکەکەسییدا، هەم بە دیوی ناوەوەیی جڤاکییدا، و هەم بە دیوی دەرەوەی کۆمەڵگەییشدا.

بۆ دژایەتیکردنێکی ئاوەها توندی حەقیقەت، بەرهەمهێنانەوەی حەماقەت وەکو پەتا مەرجی هەرە جەوهەرییە. حەماقەتی ئاوهاش، کە ووڕێنەکردنی سیاسیی وەکو پەتا بڵاودەکاتەوە، کەشێکە بۆ تەشەنەکردنی فاشیزم لە فەزای گشییدا. فاشیزم، بۆیە، لە بەدوژمنکردنی هاوسێی بێگانەوە دەست پێ دەکات، بە لەنێوبردنی چەپەکاندا تێدەپەڕێ، و بە خاینکردنی یەک لە دوای یەکی ”خوشک و براکانی نەتەوە” تەواو دەبێت. ئەگەر سەرکەوتوو بێت، لە جێگای نیشتمانێکی ئازاد بۆ هەموان، جەهەنەمێک بۆ هەموان بونیاد دەنێ.

شتێک نییە ناوی نیشتمانی ئازاد بێت بە بێ هاونیشتمانیی ئازاد. ئەوە بوونی زۆرینەیەکە لە ئینسانی ئازاد کە دەتوانێت نیشتمانی ئازاد دروست بکات، نیشتمانێک نەک تەنیا بۆ خۆجێییەکان بەڵکوو بۆ ئەو پەنابەر و کۆچەبەرانەش کە نیشتمانەکانیان کراوە بە جەهەنەم لە ژێر سایەی نەژادپەرستیی و مەزەهەبگەرایی و شێوازی جۆرا و جۆری فاشیزمدا.

با دروست نەبێت کوردستانێک کە تێیدا چەک جێگای عەقڵ بگرێتەوە و دیسانەوە ئەشکەوت ببێت بە پەناگە. سەلامەت نەبن ئەوانەی کە کوردە بێدیفاعەکان دەکەن بە سووتەمەنی، و هاوزۆیی نێوان قوربانییان دەکەن بە دوژمنایەتیی، و کوردستان دەکەن بە گۆڕەپانی قەڵەمبازیی چەندیین هێزو دەوڵەتی فاشیست تەنیا بۆ ئەوەی جیابوونەوە فاشیلەکەیان بپارێزن. ئەوانەی کە هەزاران ژینا لە پەنا دەستی خۆیاندا نابینن و قەڵسیش دەبن بە هەموو هاوسۆزییەک لەنێوان قوربانییەکاندا هەرگا دەرفەتییان بۆ هەڵکەوت بۆ سەرکوتکردنی قوربانییە کوردەکان لە بەربەرییەتدا دەبن بە بوونەوەری بەسیجیی.

لە رزگارکەرەکان کوردەکان پێویستە رزگارییان بێت. ئەو رزگارکەرانەش کە خێریان تێدا بێت دەست هەڵدەگرن لە نووخبەگەرایی و بگرە رزگاربوونی خۆیان لە بندەستیی لە پێشەوایی هاونیشتمانییە ئازادیخوازەکاندا دەبینن نەک بە پێچەوانەوە. لە یەکە کۆمەڵگەییەکاندا، وەکو خێزان و تایفە و عەشیرەت و تیرە و هتد، خودی پارێزەری ئابڕوو گەورەتریین مەترسییە لەسەر کەرامەت و سەلامەتیی بێدەنگکراوەکان. لەسەر ئاستی سیاسیی، خودی دامەزراوە سیاسییەکان گەورەتریین مەترسیین لەسەر ئەمنییەت و ژیانی زۆرینەی هاونیشتمانییە پەراوێزخراوەکان. وەکو فیگەری باوک، نوخبەی نەتەوەپەرست نە توانای قەدرگرتنی ژیانی کەسەکانی هەیە نە متمانەی بە توانا هزرییەکانیان هەیە. لە هەر کوێکیشدا پەرواێزخراوێک ببێت بە قوربانیی لە پای سیاسەتی یان عەقڵییەتی نوخبەویی، نوخبەکان نەک هەر تووشی شەرمەزاریی نابن بەڵکوو مەرگی ئەو پەراوێزخراوەش دەکەن بە سەرمایەی ئەخلاقیی بۆ زیاتر رەوایەتییدان بە خۆیان وەکو ویژدان و هۆش و زمانحاڵی کۆمەڵگە. ئەو نوخبانە لە دەرئەنجامدا تا بێت زیاتر مافی سەربەخۆیی و ئازادی لە هەموو ئەندامانی کۆمەڵگەکەی خۆیان زەوت دەکەن و تا بێت زیاتر فرەیی کۆمەڵایەتیی و تاکەکەسیی ناو کۆ لە یەک بوونەوەری خەیاڵییدا کورت دەکەنەوە، بوونەوەرێک کە زیاتر وێنەی مێینەیەکی بێتوانا و نوقسان و جێبەزییە لە خەیاڵی باوکسالاری نوخبەوییدا. رزگارکەرەکان، بۆیە، نوێنەری دەسەڵاتێکی ئەخلاقیی سەرکوتگەری ناوخۆیین کە دەبێت بڕوخێندرێت بۆ ئەوەی رزگاربوونی ئینسانەکان مومکین بێت.

ژیناکوژان زۆرن؛ هەندێکیان فارسن، کوردن، تورکن، عەرەبن، هتد. ژیناکان زۆترن؛ تیایاندایە فارسە، کوردە، تورکە، عەرەبە، هتد. رزگارکەرەکان زۆر نیین بەڵام دەنگیان زۆر بەرزە. ئەم فەریادڕەسانە چونکە خۆیان بە ویژدانی گشتیی دەزانن، بەڵان بۆ سەربەخۆیی تاکەکەس و ئازادی سیاسیی و یەکسانی کۆمەڵایەتیی. تا رژێمە ئەخلاقییەکەیان مابێت، تاکەکەس لە ناوچەکەدا ناتوانێت لە دایک ببێت وەکو خاوەن ماف. تاکو تاکەکەسیش وەکو خاوەن ماف لە دایک نەبێت، ئیرادەی کەس و گرووپ و جڤات و میللەت و چینە زۆرلێکراوەکان لە هیچ قەبارەیەکی سیاسییدا بواری خۆدەربڕینیان پێ نادرێت.

شۆڕشی ژن-ژیان-ئازادی شتێک نییە کە پێویستی بە فیگەری باوکی نەتەوە و برای نەتەوەیی هەبێت، بەڵکوو شۆڕشێکە لە دژی هەموو باوکە نەتەوەییەکان و هەموو برایەتییە نەژادپەرستەکان. ئەمەش کە ئێستا روودەدات سەرەتایە نەک کۆتایی. بۆ ئەوەی سەرکوتگەریی جارێکی دیکە سەرکەوتوو نەبێت وەکو چل و سێ ساڵی رابووردوو لە ئێراندا، رزگارکەرەکان دەبێت پەرناوەردە بکرێن بۆ ئەوەی فێربکرێن کە رێز لە ویژدان و عەقڵ و ئیرادەی سیاسیی ستەمدیدەکان بگرن و ئەوندەش بە ناوی ژنی کوردەوە نەدوێن چونکە خودی پرسەکە پرسی لابردنی دەسەڵاتی وەلی ئەمرە. شۆڕشی ئەمڕۆی هەموو ناوچەکە شۆڕشێکە لە دژی ئەوانەی کە بە ناوی ئابڕووی گشتییەوە خۆیان کردووە بە پۆلیسی ئەخلاقیی و شکاندن و کوشتنی ئینسانیان کردووە بە پیشەی پیرۆزیان.




ئێران: لە ڕاپەڕینێك زیاتر!.. عدنان کریم

هێزە ئیسلامیەکانی ئێران بەڕابەریی ئایەتوڵڵا خومەینی لەخۆوە نەیانتوانی بەئاسانی سواری شەپۆلی شۆڕشی ساڵی ١٩٥٧ ی ئێران ببن. نەفرەتی گشتیی خەڵك لە ڕژیمی شای ئەو سەردەمە، پایگای تاڕادەیەك بەهێزی ئایەتوڵڵاکانی ئەوکاتە لە کۆمەڵگای ئێران، ڕەخنەنەکردنی ئەو ڕەوتە دینیە لەلایەن هێزە دیموکرات و چەپەکانەوە لە دوو ساڵی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران ٧٧-٧٩ و ستراتیجیەتی هەموو پێکەوە و دەس لەناو دەست بۆ ڕووخاندنی شا وزۆر هۆکاری تری هاوچەشن توانیان ژینگەیەکی سیاسیی گونجاو بەرهەم بهێنن کە لەئاکامدا لە مناڵدانی شۆڕشی ئەو کاتەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران لەدایك بوو. هەربۆیە لە ڕیفراندۆمی ساڵی ١٩٨٠ دا %98 ی بەشداربووانی ڕیفراندۆمێك کە بۆ هەڵبژاردنی جۆری سیستمی سیاسی ڕێکخرا، دەنگیان دا بە بژاردەی کۆماری ئیسلامی.
ڕاپەڕینی سەراسەریی ئێستای گەلانی، بەمانایەك لە ماناکان، لەناوەڕۆکی خۆیدا بۆ ڕاستکردنەوەیەکی درەنگ وەختی ئەو هەڵە مێژووییەیە. خومەینی بەهاوکاریی هێزەکانی وەکوو بەرەی میللی و نەهزەتی ئازادی و تەیفێك کەسایەتیی نیمچە لیبرالی وەکوو کەریم سنجابی و حەسەنی بەنی سەدرو مەهدی بازرگان و سادقی قوتب زادە، کە سەرانی ڕەوتی نیشتیمانی – لیبرالی ئەو سەردەمەبوون، توانی پایەکانی نیزامێکی فاشیی دینی لە ئێراندا دابمەزرێنێ. بەڵام ئەوە هەڵەیەکی مێژوویی گەورەیە گەر پێمان وابێ تەنها دیماگۆجیەتی ئایەتوڵڵاکان و دەستگرۆیی لیبرالەکان و دەستەپاچەیی و گومڕایی چەپەکان و دەستسووککردنی ڕۆژئاوا بوو کە بواری گونجاویان ڕەخساند بۆ ئەو وەرچەرخانە مێژووییە و تێپەڕاندنی ئەو تراجیدیە سیاسیە تالە کە ئاکامەکەی دامەزراندنی ( جمهوریی ئیسلامیی ئێران ) ی لێکەوتەوە وەکوو نیزامێکی سیاسی کە لەسەر بناغەی دەستووریی ( ویلایەتی فەقیه ) و هەژموونیی ئایەتوڵڵاکانی ئەو وڵاتە و جێبەجێکردنی حوکمی شەریعەتی ئیسلامی ڕاوەستاوە.
کاریگەریە قووڵەکانی ٤٣ ساڵ دەسەڵاتی ئەم (جمهوری)ە نەك تەنها گێڕانەوەی ئێران بوو وەکوو وڵاتێکی خاوەن ڕابوردووی شارستانی و پایگایەکی ڕۆشنبیری بۆ دواوە، بەڵکوو پریشکی ئەم ( غەفڵەتە مێژوویی ) یەی بەسەر گەلانی ئێراندا تێپەڕی هەر زوو سنوورەکانی ئەو وڵاتەی بەزاند و ئاخوندەکانی جمهوری ئیسلامی زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە و قەیرانە سیاسی و ئابووریەکانی ناوچەکەیان کرد بە شانۆی ناردنە دەرەوەی ئەو ( فاشیزمە ئیسلامی ) یەی کە هەموو توانا ئابووری و جیۆپۆلیتیکی و شارستانی و بەها مێژوویەکانی ئێرانی لەو کارزارە دا خستەگەڕ و زۆریش سەرکەوتوو بوو تیایدا.
پێئەچێ ٤٣ ساڵ لە حوکمڕانیی ئیسلامیەکان لە ئێراندا نەیانتوانیبێ میزاج و عەقڵیەت و فەرهەنگی ژیاندۆستی و ئازادیخوازی و پێشکەوتنپەروەری و ئاواتی دەسگەیشتن بە جیهانێکی شکۆفا و سەردەمیانە لەناو خەڵکی ئێراندا بچەپێنن وخەفەی بکەن. کوشتن و زیندان، سەپاندنی زۆرەملێی جیاوازیی جێندەری و حوکمی شەریعەت، دەسەڵاتی دەیان دامودەزگای سەرکوت و خەفەقان و …. تاد، شکستیان هێنا لە وەرچەرخاندنی ئاراستەی خواست و ڕەوڕەوەی شارستانی و فەرهەنگیی گەلانی ئێران. ڕاستە لەسەرەوە و بەڕواڵەت دەسەڵاتێکی ئیسلامیی خاوەن ئەجیندای سەدەکانی ناوەڕاست لەو ٤٣ ساڵەدا لەسەرکار بووە بەڵام لەولاشەوە تەفاعولاتی شۆڕشگێڕانە و ئازادیخوازانە و یەکسانیخوازیی ملیۆنەها مرۆڤی ئێرانی لەناو ئەو مەنجەڵی ئیستیبداد و ستەمە هەمەلایەنەیەدا لە کوڵان و تەفاعول و ئامادەسازیەکی بێوێنەدا بووە وبۆ ڕۆژێك گەڕاوە کە تای تەرازوو بە قازانجی ئەوان بگۆڕێت.
خەڵکی شۆڕشگێڕی ئێران لەم ڕاپەڕینەدا دژایەتیی خۆیان لەگەڵ جەوهەریترین بونیادەکانی ئەم ڕژیمە ئاینیە فاشیەدا ڕاگەیاندووە. ئەوان نەخوازیاری ئیسلاحی ڕژیمی ئێستان نە لایەنگری ئەم باڵ و ئەو باڵی دەسەڵات. ئەوە جیاوازیی چۆنایەتیی سەرەکیی ئەم ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕانەیەی ئێستایە لەگەڵ بزووتنەوەکانی سەوزەکان یا بزووتنەوەی داخوازیی خەڵکی لەسالی ٢٠١٩دا. بەومانایە بە جیاواز لە هەموو قۆناغەکانی پێشووتر، ئەم ڕاپەڕینە بەرهەمی گەشەی کەڵەکەبووی خودجۆشی هۆشیاریی فەرهەنگی و سیاسیی زۆربەی کۆمەڵگای ئێران و بەتایبەتی ئیلیتی لاوانی وڵاتە بە تایبەتیش بەو ڕۆڵە مێژوویی و دەگمەنەی کە ژنانی ئێران ئەیگێڕن.
جۆر و ناوەڕۆکی ئەو خودئاگاهیە سنووری نەتەوە و ئاین و مەزهەبەکان و ناوچە جوگرافیەکانی وڵاتەکە تێئەپەڕێنێت.هەر بۆ نموونە کوردی ئێرانی خواستەکانی لە بواری ستەمی نەتەوەیی و دژایەتیی شۆفینیزمدا ناخاتە بەرانبەر هیچ پێکهاتە و گەلێکی تری ئێران بەڵکوو سۆراغی ئەو ئامانجانەی لەڕێگەی ڕووخاندنی ڕژیمی ئێستا و خەباتی هاوبەش ویەکگرتووی خۆی لەگەڵ گەلانی تری ئێراندا ئەکات بۆ بەدیهێنانی ئازادی و دیموکراسی و فرەیی و یەکسانی لەهەموو ئێراندا.
سروشتی خودجۆشی بزووتنەوەی گەورەی جەماوەریی ئێستای ئێران بەو مانایە نیە کە ڕەوت و باوەڕی فکری و سیاسی و مەیل و ئاراستەی کۆمەڵایەتی و چینایەتی تیایدا نیە بەڵکوو بوونی ئەو ئاراستە و بیروباوەڕانە دیاردەیەکی زیندوو و پۆزەتیف و بەدیهیە. خودجۆشی و سروشتی بوونی ئەم بزووتنەوە سەرتاسەریە بەو مانایەیە کە دروستکراوی هیچ هێز و حیزب و ڕێکخراوێکی ناوخۆ یا ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی دەرەوە نیە بە چەپ و ناوەڕاست و سەنتەرەوە. دروشم و بانگەواز و سیمای سیاسی و فکریی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕە ئەسیلە لە کتێبەکان و بەرنامەی حیزبەکان و وەڵامدانەوە بە داواکاریی هێزە سیاسیە تەقلیدیەکانەوە دەرنەکێشراوە بەڵکوو ڕەنگدانەوەی خودهۆشیاریی خەڵك بەگشتی و چالاکوانانی ناو شار و وڵاتەکە و تەفاعولی زیندووی ئەوان و تاقیکردنەوەی ساڵەهای ساڵ خەبات و بەرەنگاریی ئەوانە لە ناوەوە. هیچ یەك لە شێوازەکانی خەبات و داخوازی و تەکتیکەکان و هونەری خەباتگێڕی لەجەرگەی ئەم بزووتنەوەیەدا لە دونیای کتیب و بەرنامەکانەوە سەری دەرنەهێناوە و بگرە ئەساڵەتەکەی لەوەوەیە کە ڕەنگدانەوە و بەرهەمی دەستوپەنجە نەرمکردنی ڕابەرانی فیعلیی ناودڵی ڕاپەڕینەکەیە بە سابیقەی سیاسی و عەمەلیانەوە. ئەو قسەیە بەومانایە نیە کە بەرنامە و هۆشیاری و فکر و تیۆری کەم بایەخە یاخود لای ئەو چالاکوانانە جێگەیەکی نیە بەرڵکوو بەو مانایەیە کە گشت ئەو پێویستیانە بە پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆ بە ئیمکانات و تواناییەکانی خودی بزووتنەوە شۆڕشگێڕەکەوە گرێدراوە و ڕاستی و دروستی هەریەکەیان بە پێوانەی پێویستیەکانی ئەو بزووتنەوەیە پێوانە ئەکرێت.
جگە لەوانەش گرێ و پرسیاری وەکوو ڕابەری و ڕێکخستن وهەروەها چاوەڕوانی و سۆراغکردنی ئەو جۆرە مەسەلانە بە عەینەکی میتۆدی سواوی کلاسیکی و ئایدیۆلۆجی ڕەنگبێ تووشی جۆرێك لەگومڕاییمان بکات. بزووتنەوەیەك بەو تایبەتمەندیانەوە، خۆی بەستەری دەرکەوتن و خەمڵاندن و بەهێزبوون و دەرکەوتنی چەندین شێوازە لە ڕێکخستی سروشتیی وا کە لە تەفاعولاتی ئەم کردە شۆڕشگێڕە گەورە و کەم وێنەیەوە سەردەردێنێت کە سەرچاوەی سەرەکی بەڵام نەك تەنهای هۆشیاریەکەی، خودی بۆتەی ئەم ڕاپەڕینەی ئێستایە.
لەلایەکی ترەوە کۆسەرنجی تێکۆشەرانی شۆڕشگێڕی ئێستای ناوخۆی ئێران چەقبەستووە لەسەر دروشمێکی سەنتراڵ کە بریتیە لە ڕووخانی ڕژیم بەهەموو بونیاد و ڕیشە و دام و دەزگاکانیەوە. ڕاستەر کە ڕووخانی ڕژیمی ئێستا دەرگا ئەخاتە سەرپشت لەسەر ململانێیەکی دوورودرێژ سەبارەت بە کێشە قووڵەکان و مەسەلە ستراتیجیەکانی کۆمەڵگای ئێران، بەڵام ئەو بەستەرە دیموکراتیکەی کە ڕووخانی ڕژیم بەدەسەتی خودی خەڵك و بەشێوەی شۆڕشگێڕانە فەراهەمی دێنێت، و مانەوە و درێژەی حوزوری خەڵك لەدوای ڕووخانی خەڵکیش زامن ئەکات و بەوجۆرەش ڕێئەگرێ لە دووبارەبوونەوەی ئەو سیستمە حیزبۆکراتیەی کە لەسەر بنەمای نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبی وتایفی لە عێراقی دوای ٢٠٠٣ دا ( بۆ نموونە ) ، سەریان دەرهێنا.
ڕەوتی تا ئێستای ڕاپەڕینی ئێران پاکژی و خاوێنیی خۆی پاراستووە لە زۆرێك لە خەوش ودەردەکانی بزووتنەوە سیاسیە کلاسیکیە جەماوەریەکانی ناوچەکە بەتایبەتی ئەوانەی ناسراون بەبەهاری عەرەبی. یەکگرتوویی ئەوان، یەك ئامانجیان، گیانی هاوخەباتی و هاوچارەنووسیی هاوبەشیان، یەکسانی و برایەتیەك کە لەناو پێکهاتە ئەسنی و ناوچەییە جۆراوجۆرەکاندا سەری دەرهێناوە، بەتەنگەوەهاتنی یەکتری و هاوپشتیی نێوانیان، بەشداریی فراوان و کەم وێنەی ژنانی هۆشیاری ئێران لە ڕیزی پێشەوەدا، ئازایەتی و جەسووریان لەبەرانبەر ڕژیمی هار و دیکتاتۆری ئیسلامیدا و خۆدوورگرتن لەهەموو جۆرە دەمارگرژی و ناتەباییەکی نەتەوەیی و ناوچەیی، یا پێداگریی بێمانای فکری یا سیاسی، خۆدوورگرتن لە پاڵەوانبازیی ئایدیۆلۆجی و بەرزەفڕیی بێناوەڕۆکی سیاسی و دەیان دیاردەی پرشنگداری تر، ئومێدی سەرکەوتن لەم قۆناغی یەکەمەدا، کە شتێک نیە جگە لەڕووخانی ڕژیم، بەهێزتر و ئاسۆدارتر ئەکەن.
گرەوکردن لەسەر سەرکەوتنی ئەم ڕاپەڕینە لە ئێراندا لەوێدایە کە چۆن پان و بەرینتر ئەبێتەوە لە جوغرافیای هەموو ئێراندا. لەگرەوی ئەوەدایە کە چەند بەشەجۆراوجۆرەکانی تری کۆمەڵگای ئێران پێوەی پەیوەست ئەبن و ئەبن بە مایەی هێز و وزەیەکی فراوانتر. سەرکەوتن لەئاسۆی قووڵکردنەوەی زیاتری گیانی خەبات و تێکۆشانی هاوبەش و یەکپارچەی گەلانی ئێراندایە. لە ڕێزگرتنی جیاوازیەکان و چەسپاندنی مافی هەموو گەلانی وڵاتەکە و یەکسانیی نێوانیان وبنەبڕکردنی ئاکامەکانی سیاسەتی شۆفینیی ڕژیم و ڕەوتە دژی خەڵکیەکان و جێخستنی شوناسی دەوڵەتی هاوڵاتی و بنیاتنانانەوەی پەیوەندیی نێوان هەموو هاوڵاتیانی ئێران و دەسەڵات لەسەر بناغەی ئەرك و ماف وەکوو کۆنتراکتی نێوان دەوڵەت و خەڵکدایە. یەکسانیی جێبدەری و مافی تەواوی ژنان بەشێکی دانەبڕاو و پێوەرێکی گرنگیشە بۆ بەرجەستەکردنەوەی ڕەوت و ماناکانی سەرکەوتن و ماهیەتی دەسەڵاتی داهاتووش. جێگیرکردنی خواستی دادی کۆمەڵایەتی و چاری هەژاری و نادادیی جینایەتی وەکوو نەخشەی ئاڵای ڕاپەڕینی ئێستا، زامنی ئەوەیە هەنگاوێکی باش لەسەرکەوتن نزیك ببنەوە. خەڵکی شۆڕشگێڕی ئێران بەم ڕاپەڕینەیان دەنگی خۆیان بەرزکردەوە لەدژی هەر جۆرە سیستمێکی سیاسی کەلەسەر بناغەی نەتەوەیی یا ئاینی دامەزرابێت.
لەکۆتاییدا نابێ ئەوەش لەیاد ببەینەوە کە هەرچۆن دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا سەرەتای وەرچەرخانێکی نێگەتیف و کارەساتباربوو لە ئاستی ناوچەکە و جیهاندا و بەتایبەتیش ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوینی تووشی دەیان کێشەی دینی و مەزهەبی و ململانێی تەسك و کۆنەپەرست کرد و ئاراستەی دەیان مەسەلەی وەکوو فەلەستین و بەرگریی لەلوبناندا ئاوەژووکردەوە و ناوەڕۆکیانی لێخن کرد و بەگشتی دەستێوەردانەکان و درێژکردنەوەی کلکی لەناوچەکەدا گەورەترین کارەساتی بەدواداهات، بەهەمان شێوە ڕووخاندنی لەپرۆسەیەکی سالمی شۆڕشگێرانە و لەخوارەوە و بەدەستی خودی خەڵکی شۆڕشگێڕ و هۆشیاری خەڵك، ئەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە گۆڕینی ئاراستەی سیاسەت و خەبات وبەو جۆرەش تیكۆشانی خەڵکی ناوچەکەش بەرەو ڕەوتێکی ئازادیخواز و مەدەنی ئاراستەبکات.
بە ڕووخانی شۆڕشگێڕانەی ( جمهوریی ئیسلامی ) یەکێك لەکۆڵەکەکانی ئیسلامی سیاسی وەکوو بزووتنەوەیەکی فاشی لە جیهان و ناوچەکەدا هەرەس دێنێت و پایگای ئیسلامی سیاسیش بەگشتی لاوازتر و ناپایەدارتر دەبێت.هەر بۆیە ئەمڕۆ ئێران بەوەرچەرخانێکی گەورەی جارەنووسسازدا تێئەپەڕێ. سروشتی ئەو جووڵانەوە شۆڕشگێڕە، بووە بە ئەڵقەی مەرکەزیی لە پرۆسەی شۆڕشگێری و خەباتی ئازادیخوازانەی ناوچەکە. لەم ڕووەوە، تەرخانکردنی هەموو تواناکان بۆ سەرخستنی ئەو بزووتنەوەیە و پاڵپێوەنانی بەرەو ترۆپکی شۆڕشێکی سەرتاسەری کە ئێران لە سەنگەری دەستێوەردانی کۆنەپەرستانە و قەڵای فاشیزمی ئیسلامیەوە بگۆڕێت بۆ چرای شۆڕش و پەناگای مەدەنیەت و ئازادیخوازی لەناوچەکە و جیهاندا، ئەرکی لەپێشەوەی هەموو کەس و بزووتنەوەیەکی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕە.

ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢




سەرەتای فەلسەفەی سیستەماتیکی لە ئیسلامدا.. وەرگێڕانی: کاوە جەلال

3- سەرەتای فەلسەفەی سیستەماتیکی لە ئیسلامدا
ئەلکندی و ئەلڕازی

گێرت ‌‌هێندریش

فەلسەفاندنی سیستەماتیکی سەرەتا ئەو واتایەی دەگەیاند کە هزرڤانان دەگەڕانەوە بۆ سیستەمە فەلسەفەییە هەبووەکان، واتا بۆ فەلسەفەی مەزنی ئەنتیکە و ئەنتیکەی دەمەو کۆتایی (درەنگ): بۆ پلاتۆن، ئەڕیستۆتێلیس و نوێپلاتۆنییەکان. وەلێ فەلسەفاندنی سیستەماتیکی ئەو واتایەش دەگەیەنێت کە فەیلەسوفە ئیسلامییەکان لە لایەنی خۆیانەوە دەستیاندایە هەڵبەستنی “سیستەم”ی فەلسەفەیی لە پێناوی ڕوونکردنەوەی جیهاندا، سیستەمەکانیش تا ڕادەی شیان کاریان لە هەموو بوارەکانی هزرینی فەلسەفەییدا کرد (لایەنی کەم ئەو زانستانەش کە ئەمڕۆ ناو دەنرێن زانستە سروشتییەکان، لە بنەڕەتەوە سەر بەو بوارانە بوون). لەم ڕەوتەدا توخمگەلی جیاوازی نموونە پێشەنگەکانی ئەنتیکە ڕژانە نێو سیستەمەکانەوە و بوون بە پاڵهێز بۆ سەرهەڵدانی تێڕوانینێکی ئۆتۆنۆمی جیهان. بەڵێ فەلسەفەی ئەرەبی-ئیسلامی لە قۆناغە “کلاسیکی”یەکەیدا بە هیچ شێوەیەک لاساییگەرا نییە. بێگومان فەلسەفەی کریستیانیی ئەوروپاش هەمان ڕەوتی لە نموونە پێشەنگەکانەوە ڕووەو سیستەمی فەلسەفەیی خۆی گرتە بەر. سەرەڕای ئەوە گەرەکە هەردوو فەلسەفەی ناوبراو سۆسیۆلۆگییانە تەواو جیاواز دیاری بکرێن. لە ئەوروپا نزیکی لە توێژی پیاوانی ئایین شەقڵی بە فەلسەفاندن دابوو. فەلسەفە بەشێکی تیۆلۆگی بوو، فەیلەسوفانیش رۆحانییەکانی ئایین بوون، سەرەتاش بەتایبەتی کەشیش بوون. بۆیە لە کۆنتێکستی ئەوروپیدا بۆ یەکەم جار لە چەرخی ناڤینی دەمەو کۆتایی و ڕێنیسانسدا “فەیلەسوف” وەک مامۆستا و زانای سەربەخۆ دیاردەدات. بە پێچەوانەشەوە زانایان لە کۆنتێکستی ئیسلامیدا سەر بە مەدرەسەی جیاواز بوون و بواری کارکردنیان بەتایبەتی “پراکتیکی” بوو. بەڵێ زۆرینەی فەیلەسوفە “مەزنەکان”ی ئیسلام لە فێرگە پزیشکییەکاندا پێگەیەنران، ناوبانگیشیان تا ڕادەیەک دەگەڕێتەوە بۆ زانینی پزیشکییان. فێرگە پزیشکییەکان نەک تەنیا نێوەندی فێرکردنی مەئریفەی پزیشکی بوون، بەڵکو زۆرتر لەوەش سەرجەم کانۆنی زانینی ناسراوی ئەو دەمەیان بە فێرخوازان دەگەیاند و بواری تەواو جیاوازی لە خۆ گرتبوو: “زانستە سروشتییەکان”، ئەستێرەناسی، ماتماتیک، فەلسەفە و لۆگیک، قورئانناسی و یاسای (شەریئەی) ئیسلامی. هەر بەگوێرەی ئەم بوارانەش گرنگیدانی زانستیانەی زانا ئەرەبی-ئیسلامییەکان گشتگیر بوو. بەدەگمەن زانایەکیان تێدا بوو کە تەنیا لە یەک بواری زانیندا دەرکەوتبێت. بێگومان هاوکات گەرەکە ئاماژە بۆ فێرگەی دیکەش بدەین کە هەمان زانینی گشتگیریان دەگەیاند، بۆ نموونە بەیت ئەلحیکمە، فێرگەکانی وەرگێڕان، هەروەها سەرەتا فێرگەکانی قورئان و شەریئە.

3-1 ئەلکندی و هزری نوێپلاتۆنی
شارەزایی گشتگیر لە سەرجەم زانستەکاندا هەروەها ئەدگاری یەکەم فەیلەسوفی مەزنی ئەرەبی-ئیسلامی بوو. ئەبو یوسف یەئقوب ئیبن ئیسحاق ئەلکندی نزیکەی ساڵی 800 لە کوفەی باشوری ئێراق هاتە جیهانەوە. باوکی لەوێ پارێزگاری دەوڵەتی ئەباسی بوو. ئەلکندی بە ڕەچەڵەک سەر بە حەزرەمۆتی باشووری ئەرەبستان و هۆزی کیندە بوو، هەر بۆیە ناونراوە “ئەلکندی”. ئەو تەنانەت لە سەردەمی ژیانیدا وەک “فەیلەسوفی ئەرەبەکان” ناوبانگی دەرکردبوو، لە ڕاستیشدا بۆ ماوەیەکی درێژخایەن هەر تاکە فەیلەسوفی بەواتای ڕەچەڵەک ئەرەب مایەوە. ئێمە هیچ شتێک لەبارەی پێگەیاندنی فێرگەیی ئەو نازانین، وەلێ زانیاریمان لەبارەی سەرئەنجامی پێگەیاندنەکەی هەیە: “فەهرەست”ی ئەلنەدیم کە لە سەدەی دەیەمدا نووسراوە و کۆکراوەیەکی هەموو نووسینەکانە لەکاتی محەمەدەوە، ناوی 240 بەرهەمی کندی دەبات. بێگومان ئەم لیستە گۆتاری بچووک و نامەش لە خۆ دەگرێت، وەلێ فرەجۆریی ئەو بابەتانە کە کندی کاری تێدا کردوون، بەتایبەتی سەرنجڕاکێشە: فەلسەفە، تیۆلۆگی، لۆگیک، ئەستێرەناسی، ئەلخێمی، ژمێرە، ئەندازە و موزیک.
بەرهەمێکی بەواتا کە لەنێو ئەم بڕەی بابەتەکانی کندیدا ماوەتەوە، نووسینێکە بە ناونیشانی “لەبارەی یەکەم فەلسەفە” کە پێشکەشی خەلیفە ئەلمەئمونی (842 مردووە) کردووە. کندی پەیوەندییەکی تایبەتیی بەو خەلیفەیەوە هەبوو: بوو بە ڕاوێژکاری متمانەپێکراوی ئەو و مامۆستای کوڕەکەی بە ناوی ئەحمەد. ئەو هەروەها بوو بە ڕاوێژکاری ئەلواتیق (847 مردووە) کە وەک خەلیفە جێی مەئمونی گرتەوە. وەلێ لە سەردەمی دەسەڵاتداریی خەلیفە ئەلموتەوەکیلدا (861 مردووە) دووچاری دەسیسەیەکی نێو کۆشک بوو و دوای ئەوەی بەو هۆیەوە بەر غەزەبی خەلیفە کەوت، ئیدی بەغدادی بەجێهێشت. کندی ساڵی 873، پێدەچێت هەژارکەوتوو و بێزار، کۆچی دوایی کرد. ئێمە بێگومان دەتوانین ئەم ڕوداوانە پەیوەند بکەین بە کەشی هۆشەکیی گۆڕراوی ئەو سەردەمەوە: خەلیفە ئەلموتەوەکیل “میحنە”ی خەلیفە ئەلمەئمونی هەڵوەشاندەوە و بیروباوەڕی موئتەزیلەیی ڕەتکردەوە، هەروەها تێزی ئەزەلییەتی قورئانی کرد بە دۆگمی فەرمی. ئەوە بوو ئیدی بەو ڕێیەوە ئۆرتۆدۆکسیی سوننی خۆی بەسەر موئتەزیلەدا سەپاند، کە هەروەها کندیش بە یەکێک لە لایەنگرانی دادەنرا. لە کۆتاییدا تەنیا ئەو ناوبانگە بۆ کندی مایەوە کە وەک زانا و بەتایبەتی وەک فەیلەسوف پێی گەیشتبوو. بە هەر حاڵ، ئێمە لای کندی بۆ یەکەم جار بەو پێکەوەگرێدانەی هزری ئەڕیستۆتێلیس و نوێپلاتۆنی دەگەین کە بۆ فەلسەفەی ئەرەبی-ئیسلامی زۆر بەواتا بوو، یان بە شێوەیەکی دی ببێژین: دەگەین بە ئەڕیستۆتێلیسی نوێپلاتۆنیانە ڕاڤەکراو. لەم جێیەدا گرنگە کەمێک بەرەو پاش بگەڕێینەوە تاکو واتای ئەم هزرە پێشان بدەین. ئاخر فەلسەفاندنی نوێپلاتۆنی نامۆ دەنوێنێت بە ئاگایی “مۆدێرن”ی ئێمە، جا گەر تەنانەت نەبێژین وەک بێواتا دیار دەدات: لەو فەلسەفاندنەدا ئاخافتن هەیە لەبارەی “کایەکانی مانگ”، لەبارەی “ڕژان” (ئێماناسیۆن)ی زەین لە کایەیەکەوە بۆ یەکێکی دی، ئەمەش پتر لە ڕێبازی غەیبانییەت دەچێت نەک لە فەلسەفە.

هزری نوێپلاتۆنی

نوێپلاتۆنیزم یەکێکە لە دوایەمینی ئەو بەرنامە مەزنە فەلسەفەییانەی ئەنتیکە کە دەیانەوێت جیهان وەک سەرجەم ڕوونبکەنەوە و دیاریبکەن. ئەوجا فەلسەفەکان لە ڕووی پێکهاتەیانەوە چەند جیاوازیش بن لە یەکدی، هێشتا هەر هەموویان لەژێر ڕکێفی پارادیگمای ئۆنتۆلۆگیدان، واتا ئەو ئاڕاستەیەی فەلسەفاندن کە لەبارەی بوون دەپرسێت، کەواتە دەپرسێت، داخۆ چی ئەوەکەیەک، شتێک، ڕەوشێک، بە ئەوەکەیی خۆی بکات. پەیوەند بەم پرسیارەوە هەموو فەیلەسوفانی ئەنتیکە لەوەدا هاوڕا بوون کە ئەم “بوون”ە (بە گریکی “ئۆن / Ón”)، کە کرۆکی (ئێسێنسی) شتەکانە، دەبێت چۆنێتییەکی جیاوازی لە لێرەبوونی (وجودی) ماتەرییانەی خۆی هەبێت. بەم شێوەیە هزرینی ئۆنتۆلۆگییانە لە لێرەبوونی کۆنکرێتی شت دوورمان دەخاتەوە و دەمانبات بەرەو هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە “کرۆک”ی شتەکان، لە “بوون”یان. بەمەش ئیدی فەلسەفە “مەئریفەی زانستیانەی ڕاستی”یە، واتا مەئریفەی پێکهاتەی ڕاستینەی بوونە – وەک چۆن ئەڕیستۆتێلیس دەبێژێت (مێتافیزیک، 933b، 20). ئەمە بێگومان نەک تەنیا سەرجەمێتیی جیهان و گەردوون لە خۆ دەگرێت و بەو ڕێیەوەشەوە دەبێت بە ڕوونکردنەوەی گەردوونناسییانەی جیهان، بەڵکو هەروەها پرسیاریش لەبارەی کرۆکی ڕێکخراوی جیهان، لەبارەی ئامانج (بە گریکی: تێلۆس) و مەغزاکەی لە خۆ دەگرێت. بۆیە فەلسەفاندنی ئۆنتۆلۆگییانە هەمیشە لە سەرئەنجامدا دەگات بە پرسیار لەبارەی پێکهاتەی ڕاستی و بوونی “پەتی”، بەمەش هەروەها دەگات بە پرسیار لەبارەی “هەرە یەکەمین بنەڕەت” (Urgrund) ی سەرجەم بوون. هەر بەگوێرەی ئەمەش وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە کە لەبارەی بوون کراوە، چەند پلەیەکی یان چەند مەرتەبەیەکی پێکهاتەی شتێک وەک سەرئەنجام لەتەک خۆیدا دەهێنێت: لە ئێکزیستێنسیا (existentia)ی پەتییەوە، واتا لە ئەوەکە-بوونەوە ڕووەو ئێسێنسیا (essentia)ی یان ڕووەو چی-بوون ی ئەوەکەیەک / شتێک.

پلاتۆن بوونی پەتیی وەک ئیدێ (ئایدۆس / eidos) دیاری کرد. بە تێروانینی ئەو ئەرکی فەلسەفە هەڵچوون بوو لە ئاستی بۆچوونی (دۆکسای / doxa) پەتی و دیاردەی سێنسییەوە ڕووەو ئاستی مەئریفەی (ئێپیستێمەی / episteme) فۆرمەکانی بوونی ڕاستینە: ڕووەو خودی ڕاستینە و چاکە و جوانێتیی پەتی، کە دوایەمین ترۆپکی ئەنجامییانەی بریتییە لە “یەک” (ئەلئەحەد). وەلێ مایەی سەرنجە کە مەئریفەی بوون لەم ڕێبازەی ئیدێکانی پلاتۆندا یادهێنانەوەیە (ئانامنێزیس / anamnesis)، واتا: کاتێک دەروونی ئاوارەکراو بۆ نێو لەش خۆی سیستەماتیکییانە یان “زانستییانە” بە کرۆکی بوونەوە خەریک دەکات، لەم ڕەوتەدا دەگەڕێتەوە بۆ ئێکزیستێنسی پێشینەیی خۆی بەر لە ئاوارەکردنی بۆ نێو لەش، واتا بۆ ئەو ڕەوشە دەگەڕێتەوە کە دەیتوانی “بە چاوی هۆش” ڕاستەوخۆ لە ئیدێکان بڕوانێت. کەواتە کاتێک سێنسەکانمان شتێکمان لەبارەی جیهانی دەرەوە پێدەگەیەنن بەبێ ئەوەی هەرگیز پێمان ببێژن کە داخۆ کرۆکی، ئێسێنسی، بوونی جیهان چی بێت، ئیدی لێرەوە ئەو دەرئەنجامە دەکەوێتەوە کە دەبێت مەئریفەی بوون سەرەتا لەنێو ئێمەدا وەنەوزی دابێت. لەم ڕوانگەیەوە ڕەوتی مەئریفەی فەلسەفە لە جیهانی بەرجەستەیی دوورمان دەخاتەوە و دەمانبات ڕووەو “ڕوانین”ی (نەزەری) هۆشەکییانەی پەتی لە جیهان. بێگومان ئەم ڕوانینە هۆشەکییە پەتییە تایبەتە تەنیا بە کەمینەیەکی دانایان.
شاگردە مەزنەکەی پلاتۆن، ئەڕیستۆتێلیس، بە پێچەوانەوە وای دادەنێت کە ئاگایی مرۆڤ بەجەختی دەتوانێت ڕێگەی ڕووەو مەئریفەی بوون، ڕووەو ڕاستی، بگرێتە بەر. گەر فەلسەفە زانستی گشتێتی یان هینی بنەڕەت و هۆکارەکان بێت، بەمەش لە کۆتاییدا زانستی کرۆکی شتەکان و بوون بێت، ئەوا دەبێت سیستەماتیکی بێت، لێرەشەوە دەبێت شیاوی فێرکردن بێت و هەموو یەکێک لێی تێبگات. بۆیە ئەڕیستۆتێلیس لۆگیکییانە ڕێگەی مەئریفە لە دەرککردنی سێنسییانەی شتەکانەوە دەگرێتە بەر، لێرەشەوە ئیدی زانست وەک لای پلاتۆن “یادهێنانەوە” نییە، بەڵکو ئەزموونە. ئەڕیستۆتێلیس هەر بەگوێرەی ئەم تێڕوانینە بایەخێکی زۆر دەدات بە مێتۆدناسیی ڕێگەکردنەوە ڕووەو گۆزارە ئەزموونییەکان و هەروەها بە بناغەڕشتنی دەرئەنجاماندن (سیلۆگیزم / زانستی قیاس – و). فەلسەفە وەک زانستی بنەڕەت و هۆکاری بوونەوەر هەروەها دەمانبات ڕووەو پرسیار لەبارەی “یەکەمین” بنەڕەت و هۆکارەکان. ئەمە ئەڕیستۆتێلیس ناچار دەکات کایەی زانستەکانی ئەزموون جێبهێڵێت، کە ئیدی ئەویش هاوشێوەی پلاتۆن دەگات بە کایەی کرۆکە “ناماتەریەلەکان”ی (هۆشەکییەکانی – و) بوون. لێرەدا ئاوەزمەندانە دەبێت کە مرۆڤ ‘پاش’ مەئریفەی جیهانی فیزیکی یان جیهانی شیاوی دەرککردنی سێنسی، کار لەم پرسیارەدا بکات. لەبەر ئەم هۆیە بوو کە ئالێکساندەری ئافرۆدیسیاسی، کە لە سەدەی دوومی پێش زایینیدا خەریکی توێژینەوە بوو لە ئەڕیستۆتێلیس، پرسیارەکەی ناو نا “مێتا تا فیزیکا”: “پاش فیزیک” (لێرەوە وشەی “مێتافیزیک” سەریهەڵدا). کێشەکە لێرەدا خەریکبوونە بە یەکەمین پرنسیپی بوونەوە کە مرۆڤ لۆگیکییانە بەنێو زنجیرەیەکی هۆ و ئەنجامدا پێی دەگات. ئەڕیستۆتێلیس ئەم یەکەمین پرنسیپەی ناو نا “بزوێنەر نەبزواو” (لە: Metaphysik, 1012) و چوونیەک داینا بە پرنسیپی خودایەتی. پرنسیپەکە لە هزری تایستیی سەردەمانی درەنگتردا بوو بە “بزوێنەری نەبزۆک” کە چوونیەک بوو بە خودای کەسەکییانەی ئافرێنەر.

لێرەوە ڕووندەبێتەوە کە بۆچی پلاتۆنیزم و فەلسەفەی ئەڕیستۆتێلی توانییان بچنە پەیوەندییەکی چڕەوە لەتەک ئایینە مۆنۆتایستییە جیهانییەکاندا: تیۆلۆگەکانی جوویەتی و کریستیانەتی و ئیسلام لەوەدا یەکدەگرنەوە کە پێکڕا دەگەڕێنەوە بۆ ڕوونکردنەوە فەلسەفەییەکانی جیهان لە ئەنتیکەدا. ڕێبازی ئیدێکانی پلاتۆن ڕاستێتیی پەتی، واتا بوون، دەباتە نێو کایەیەکی ناماتەرییەوە کە مرۆڤ تەنیا بە “لێڕوانینی / نەزەری” دەروون پێی دەگات. ئەم ڕێبازە شوێنێک بۆ ئیمان دەسازێنێت. هەروەها ئەڕیستۆتێلیس دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی “یەکەم بزوێنەر”ی خودایی هاوکات وەک کەرتی ڕێکخراوێکی سەرجەم بوونەوەران دیاربدات، ڕێکخراوێک کە دەشێت سیستەماتیکییانە ئاوەڵا بکرێت و بەمەش ئاوەز پەی پێببات. هەر بەم شێوەیە دەتوانین وای دابنێین کە خودا جیهانی مەغزامەندانە ڕێکخستووە و مرۆڤیش دەتوانێت بە ئاوەز لێی تێبگات، ئەویش چونکە خودا خۆی ئاوەزی پەتییە. لێرە ئێستا شوێنێک بۆ مرۆڤ وەک بوونەوەری ئاوەزمەند دەهێنرێتە گۆڕێ. ئەوجا کاتێک فەلسەفەی چەرخی ناڤین کەوتە دەمەقاڵەی بەتینەوە لەبارەی کرۆکی ئاوەز پەیوەند بە کرۆکی خودا و ئیمانەوە، لێرەدا درزی سەرهەڵداوی نێوان فەیلەسوفان بەزۆریی لەوەدا بوو کە هەر لایەنەیان جەختی لە میراتەکەی پلاتۆن یان ئەڕیستۆتێلیس دەکرد. لە کۆنتێکستی ئیسلامییانە و کریستیانییانەی چەرڤی ناڤیندا تەنیا ژمارەیەکی کەمی فەیلەسوفان بە پرسیارە ڕادیکال و تێزەکانیان چوونە دەرەوەی هزرینی ئۆنتۆلۆگییانە، لێرەشەوە ڕێیان خۆش کرد بۆ شوێنگرتنەوەی ئەو جۆرە هزرینە ناوبراوە. سەرەتا لە فەلسەفەی ئەرەبی-ئیسلامیدا بەڕوونی جەخت دەکرا لە میراتی نوێپلاتۆنی.
نوێپلاتۆنیزم لە ئەنتیکەى دەمەو کۆتاییدا (درەنگدا) دوایەمین هەوڵێک بوو بۆ ئەوەی هزرى پلاتۆنى و ئەڕیستۆتێلى بە شێوەیەکى سیستەماتیکى و لەسەر پرنسیپى یەکانە پێکەوە بگونجێنرێن. لێرەدا هەروەها فەلسەفەی دیکەش کە لەژێر کاریگەریی هزرڤانانی مەزنی گریگیدا بوون، وەک ستۆئایکی و گنۆستیکییەکان کە پاڵهێزی خۆیان نارد، ڕژانە نێو نوێپلاتۆنیزمەوە. ئەوجا گەرچى پلۆتین (205-270) دامەزرێنەرى نوێپلاتۆنیزم نییە، وەلێ بە یەکەمین و گرنگترین نوێنەرى دادەنرێت. پلۆتین، خۆگرێداو بە پلاتۆنەوە، ئەم تێڕوانینە ڕادەگەیەنێت: بوونى “پەتى” تەواو هۆشەکییە، بوونێکی بەدەرە لە ماتەری، ئەوجا گەرچی مرۆڤ لە دەروونی خۆیدا پەیوەندیی بەو بوونەوە هەیە، سەرەڕای ئەوە تەنیا بەناڕۆشنی هەستی پێدەکات، تەنیا “هەناسە”یەکى ئەو بوونە ئاگامەندانە دەناسێتەوە. پلۆتین لە خۆى دەپرسێت کە داخۆ چۆن ئەم کێماسەی مەئریفەی پەتى ڕوون بکرێتەوە، لێرەشدا سەرەتا بۆی خویا دەبێت کە جیهانى ماتەریانەی ئەزموونکردنمان لەژێر ڕکێفى سەرهەڵدان و لەناوچووندایە (فانییە)، بە پێچەوانەشەوە گەردوون و ڕێکخراوییەکەى (گریکەکان لە کۆسمۆس دەدوان) هەمیشەیین. گەردوون لێرەبوون و ڕێکخراویى خۆى وەک سەرجەم دەپارێزێت، جا گەرچى کەرتەکانى تایبەتن بە لەناوچوون. لەم تێڕوانینەوە دوو دەرئەنجام بۆ پلۆتین دەکەونەوە: یەکەم، ئەوە کە نافانی و ئەزەلییە، دەبێت هاوشێوەى ئەوە کە فانی و کاتەکییە، شوێنێکى چەسپى لەنێو ئەم ڕێکخراوەدا هەبێت؛ دووەم، دەبێت نافانی چۆنێتییەکى دیکەی، واتا باڵاترى لە ئەوە هەبێت کە فانییە. بەم شێوەیە دوو ئەدگاری نوێپلاتۆنیزم کە سەرەتا بە لێڕوانینێکى رواڵەتی وەک “نافەلسەفەیى” و ئێسۆتێریکییانەی پەرۆشمەند بۆمان دەردەکەون، چە وەک زانستى جددى و چە وەک بەشێکى دابی فەلسەفاندنى پلاتۆنى-ئەڕیستۆتێلى ڕووندەبنەوە.

ڕێکخراوی “جیهان” کۆسمۆلۆگیانەیە، گشتگیرە، هەروەها “پلە”ییە لە بوونی نافانی و پەتییەوە بەرەو ژێر ڕووەو لێرەبوونی فانی کە تەنیا ماتەریانەیە. بەم ڕێیەوە لە فەلسەفەی نوێپلاتۆنیدا ئاخافتن لەبارەی “کایە” کۆسمۆلۆگییەکان واتای فەلسەفەیی وەردەگرێت. ڕێکخراوی ماکرۆکۆسمۆس پێکەوە لەتەک ڕێکخراوە نافانییەکانی ئەستێرەکانیدا، بەرەو ژێر ڕووەو جیهانی بگۆڕ کە ئێمە لەسەری دەبزوێین، لەو ڕێکخراوەدا وێنەدەدرێتەوە کە ئێمە خۆمان وەک بوونەوەری هزرڤان لەژێر ڕکێفیداین. لێرەبوونی ماتەریانەی جەستەییمان بریتییە لە پلە فانییە نزمترینەکەی بوون، بە پێچەوانەشەوە ئاوەزمان یان هۆش ئاڕاستەیەکی ڕووەو بوونی نافانیی پەتی وەرگرتووە.

تێڕوانینی ڕێکخراوی گەردوون کە کایەى جیاواز لە خۆ دەگرێت، دەگەڕێتەوە بۆ فەلسەفەى سروشت ی گریکى لە قۆناغی کلاسیکییدا، وەلێ بەتایبەتى بۆ ئەڕیستۆتێلیس، کە هێڵی سووڕانەوەی بۆ پلانێتەکان دانا، واتا کایەى (سفێری) تایبەتی دانا کە پلانێتەکان لەسەریان دەبزوێن. ئەڕیستۆتێلیس بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم بزووتنە وای گریمانە کرد کە “سفێرگەلى هاوکێش” هەن و کاریگەری لەسەر یەکدى دەنوێنن. وەلێ بەگوێرەی ئەم گریمانەیە دەبوو سەرجەم بزووتنەکانى پلانێتەکان لە کۆتاییدا بگەڕێنەوە بۆ دەرەکیترین کایە کە خۆیشى لە لایەن “بزوێنەرى نەبزۆکەوە” بزوێنرابوو، هێندە نەبێت کە نەدەشیا ئەم بزواندنە میکانیکییانە بەربخرێت، چونکە دەبوو “یەکەم بزوێنەر” فۆرمێکى ناماتەریانەی (هۆشەکییانەى – و) هەبێت کە ئیدی لە لایەنى خۆیەوە نەبێتەوە بە کەرتى پەیوەندییەکى هۆ-ئەنجام. کەواتە ئایا بە چە ڕێیەکەوە بزووتنەکە هێنرایە گۆڕێ؟ نوێپلاتۆنیزم وەڵامێکى سەرنجڕاکێشى ئەم پرسیارەی دایەوە: ئەوە بەڕێى خودى “ژیان”ـەوە، بە گریکى بەڕێی پسیهێ-وە (psyché) ڕووی دا، واتا بەرێی ئەوەوە کە ئێمە بۆ دەروون وەریدەگێڕین. کەواتە “زیندە” یان “دەروون” لە باڵاترین کایەوە پلە بە پلە دەڕژێتە خوارەوە. ئەم ڕژانە ناودەنرێت “ئێماناسیۆن” (Emanation). لەم ڕوانگەیەوە یەکەم بنەڕەتی سەرجەم بوون خۆى لەسەر باڵاترین پلەکەى ڕێکخراوى گەردوون دەبینێتەوە. ئەم یەکەم بنەڕەتە دەبێت لە ڕووى چۆنێتییەوە ئەوەکەیەکی تەواو جیاواز بێت لە پلە نزمترەکانى بوون، بۆیە ئێمە کە وەک مرۆڤ بە پلەى ماتەرییانەی بوونەوە گرێدراوین و پلەیەکى نزمترە، تەنیا بە شیفرە (Chiffre) دەتوانین ئەو یەکەم بنەڕەتەی بوون دیارى بکەین: وەک “یەک-ى هەرە سەرەتایى”، ئەویش چونکە شیاوی دابەشاندن نییە بەسەر کەرتگەلی دیکەدا و هەروەها لەژێر ڕکێفى هیچ دۆخگۆڕییەکدا نییە؛ یان ئێمە ئەو وەک “ئەبسولوت” (لێجیابۆوە) دیاری دەکەین، چونکە ئەو گشتگیرە و بەمەش لە توانستى سنووردارى هزرمان جیابۆتەوە. “یەک-ى هەرە سەرەتایى” خۆی لە خۆیدا شتێکى سەرجیهانییە، ترانسسێندێنتە، بۆیە لەخۆڕا نییە کە نوێپلاتۆنیزم خوازەی “تیشک”ی بۆ بەکاردەهێنێت: یەک-ى هەرە سەرەتایى بریتییە لە تیشکى پەتى کە ئێمەى مرۆڤ کوێر دەکات. وەلێ پلۆتین هەروەها یەک-ى هەرە سەرەتایى ناو دەنا “بابە”، بەمەش نزیک دەبینەوە لە ڕاڤەکردنی تایستییانەى هەرە یەکی سەرەتایی وەک خودایەکى کەسەکى.

بەدووى یەکەم بناغەى بووندا بینایەکى پلەیى شۆڕدەبێتەوە تا دەگات بە لێرەبوونى “تاریک”: لێرەبوونى ماتەرییانەی پەتی.
کایەى یەکەمی “خودایانە”ى تیشک لە کایەکەی دیکەدا وەک هۆشى پەتى (نووس / nus)، یان وەک هزری ڕەها، دیاردەدات. هۆشى پەتی، هزرى ئیدێ پەتییەکانی سەرجەم بوون بەرجەستە دەکات. ئیدێ پەتییەکان لە پێناوی بەماتەریکردنى خۆیاندا دەڕژێنە نێو زیندەوە، واتا نێو دەروونى جیهانەوە. بەم شێوەیە یەک-ى هەرە سەرەتایى، بە نێوەندیاریی هۆش، خۆی بەزیندوویى لەنێو دەروونى جیهاندا پێشان دەدات. کەواتە خودا، یان یەک-ى هەرە سەرەتایى، سێبارە لەنێو جیهاندایە: وەک تیشکی پەتى و ڕەها (ئەبسولوت)؛ وەک هۆش کە ئیدێ پەتییەکان بەرجەستە دەکات؛ هەروەها وەک دەروونى ژیانخەرەوەی جیهان. ئەم بنەڕەتە دەرفەتی بۆ تیۆلۆگیى کریستیانەتى ڕەخساند کە بە بڕوا بنەماییەکەی خۆی لەمەڕ سێ-یەکانە زۆر بەچاکی لەتەک نوێپلاتۆنیزمدا یەکبگرێتەوە. بە هەر حاڵ، پاشان ڕەوتى پلەکان بەرەو خوارتر شۆڕ دەبێتەوە تا دەگات بە ماتەریى نەفۆرمێنراو. پلۆتین ئەم ماتەرییە نەفۆرمێنراوە هاوچوو دادەنێت بە تاریکیى ڕەها و خراپە. ئا لێرەدا مۆدێلێکی هزرینی گنۆسیس تێکەڵ بە فەلسەفەی نوێپلاتۆنی دەبێت. “گنۆسیس” (کە بە گریکی واژەیەک بوو بۆ “مەئریفە”) بە دیدی کلێمێنس ی ئالێکساندریایی (150 تا نزیکەی 215) مەئریفەی خودا بوو بەپاڵ کرداری پابەندی ئیمانی کریستیانییەوە. وەلێ گنۆسیس هەروەها واتای هەڵوێستێکی ئایینی-فەلسەفەیی دەگەیەنێت کە لە ئەنتیکەی ڕۆمیدا هاتە ئاراوە و دەیویست بەڕێی “ڕوانینی / نەزەر”ی میستیکییەوە بە خودا بگات نەک بەڕێی مەئریفەی ئاوەزمەندانەوە. بەمەش گنۆسیس دەبێت بە شێوەیەکی “زانینی نهێنی” کە تەنیا موختاران دەتوانن پێی بگەن. لایەنی هاوبەشی سەرجەم ڕێبازە گنۆستیکییەکان بریتی بوو لە دوالیزمی چاکە و خراپە کە تێیدا چاکە وەک خودایەتی و هۆشەکێتیى پەتى، وەلێ خراپە وەک ماتەری و ئارەزووەکان کە خودی ماتەری وروژێنیان بوو، دیاری دەکران. بێگومان مرۆڤ پابەندی هەردووکیانە، سەرەڕای ئەوە دەبێت بۆ خەڵاس (ڕزگاربوون) لە لەشى ماتەریانەی گوناهبار تێبکۆشێت. ئەوجا نوێپلاتۆنیزمیش تێڕوانینێکى هاوشێوەى هەیە: ئامانجى مرۆڤ جیابوونەوەیە لە لەشەکێتیی خۆی – لەشەکێتی کە “تاریکی” و “خراپەى” ڕێکخراوى بوون بەرجەستە دەکات. وەلێ ئێستا کۆسمۆلۆگیى نوێپلاتۆنى ڕەوتى پلەکان هەڵدەگێڕێتەوە، ئەمەش جێی سەرنجە، چونکە لێرەدا دەتوانین کۆسمۆلۆگییەکە بە تێلیۆلۆگى (هۆئەنجامناسی) دابنێین، ئەویش چونکە ئامانجێک (تێلۆس-ێک) بۆ مرۆڤ و جیهان دادەنێت. ئاخر چۆن هەر کایەیەک دەڕژێتە نێو هەر فۆرمێکی نزمترى بوونەوە، مرۆڤیش بە هەمان شێوە دەتوانێت ڕێگەى بەرەڤاژ بگرێتە بەر: بەهێزى ئاوەزى بۆی دەلوێت خۆى لە لەشەکێتییەکەى و بەمەش لە خراپەی نێو لەشی ئازاد بکات و بگات بە ڕوانین لە یەک (ئەلئەحەد): لە خودایەتى. وەلێ ئەم تێپەڕکردنە لە جیهانی ماتەری بە هیچ شێوەیەک لاى نوێپلاتۆنییەکان هەڵپەچێتییەکى جەمبوو (ئیسۆتێرى) نییە، بەڵکو زۆرانێکە لە پێناوی زانیندا، بێگومان زۆرانێک کە بە ئەڕیستۆتێلیس مەشقی پێکراوە: بریتییە لە فەلسەفە وەک زانستى تەواوەتی، هێندە نەبێت کە لە کۆتاییدا (جیاواز لە ئەڕیستۆتێلیس) ئاماژەیەکى هێور ڕووەو لێرەبوونی “بزوێنەرێکى نەبزۆک” خۆی نابینێتەوە، بەڵکو ئەزموونێکی میستیکی (تەسەوفی) لەو کۆتاییەیدایە، یان ڕوانین لە خودا هەیە کە مرۆڤ تەنیا بە پشتکردنە جیهان و بە زوهد پێیدەگات.
نوێپلاتۆنیزم وەک بەرنامەیەکی سیستەماتیکییانەى مەزنى ڕوونکردنەوەى جیهان دەردەکەوێت کە خۆی بە فەلسەفاندنى پلاتۆنی و ئەڕیستۆتێلییەوە گرێ دەدات، وەلێ هاوکات توخمگەلى دوالیزمێکى مێتافیزیکى و مۆرالى لە خۆ دەگرێت، دوالیزمێک کە دەبێت بە دوژمنکاریى لەش و وەرگرتنی شێوازی ژیانى زاهید (ئاسکێزى) و ئەزموونى میستیکی. بەتەواوەتی ئا لێرەدا بوو گرنگیدانە تایبەتییەکەى فەیلەسوفانی ئەرەبی-ئیسلامى بە نوێپلاتۆنیزم. ئاخر نوێپلاتۆنیزم شیاوی وەرگرتن بوو چە وەک بەردەوامیپێدان و چە وەک دەرخستەی چارەسەر بۆ ئەو دانوستاندنانەی تیۆلۆگیى سەرەتای ئیسلامی و موتەکەللیمونەکان کە سەبارەت بە کرۆکى خودا و ئافرێنراوەکەى، هەروەها سەبارەت بە پەیوەندیى مرۆڤ و زەینى مرۆڤ بە کرۆکى خوداوە، بەردەخران. وەلێ جێی سەرنجە کە “ترۆپک”ى ڕێکخراوە کۆسمۆلۆگییە نوێپلاتۆنیزمییەکەى جیهان لە دیدى ئیسلامییەوە پڕکێشە بوو، چونکە زۆر دەشیا ئەو ترۆپکە چە وەک هێمای سێ-یەکانەى کریستیانەتی و چە پانتایستییانە راڤە بکرێت، بەمەش خودا قادیرە ئافرێنەرەکەى قورئان بهیچێنرێت (نەفی بکرێت). لێرەوە چەند پرسیارێک سەریانهەڵدا و هیچ نەبێت یەکەمین هزرڤانە سیستەماتیکییە مەزنەکانى فەلسەفەى ئەرەبى-ئیسلامى کاریان تێدا کردن: ئایا چۆن ڕژانى یەک-ى هەرە سەرەتایى، واتا خودایەتى، بۆ پلەکەى دی ڕوودەدات و ئەوجا بە پێچەوانەشەوە ئایا چۆن ئێمە لە هەنگاوی هۆشى مرۆڤ ڕووەو “نەزەر / ڕوانین” لە ڕەهایەتی (ئەلموتڵەق) تێبگەین؟

مێتافیزیک و تیۆریى زەین لاى ئەلکندى

کندى بەهێزتر لە فەیلەسوفانى پاش خۆى هەوڵ بۆ بەیەکگەیاندنی پەیامى قورئانى و فەلسەفەى گریکی دەدات. ئەو لەنێو فەیلەسوفانی بەواتای ئیسلامیدا تاکە فەیلەسوفێکە کە تێڕوانینى ئەڕیستۆتێلیس سەبارەت بە ئەزەلییەتى جیهان ڕەتدەکاتەوە و ئافراندنێک لە هیچەوە (ئێکس نیهیلۆ / ex nihilo) وەردەگرێت، چونکە تەنیا ئەم تێڕوانینە بە خودا ئافرێنەرەکەى قورئان دەگونجێت. بێگومان ئەم خۆزگەیەی کندی بۆ یەکێتیى نێوان ئیمان و ڕوونکردنەوەى فەلسەفەییانەى جیهان ناگەڕێتەوە بۆ ناچارییەک بەرانبەر زانا ئۆرتۆدۆکسەکانى ئایین، هەروەها هەڵوێستێکى هەلبازانە نییە بەرانبەر ئەوان، بەڵکو نیشانەى ئیماندارییەکى قووڵە. جگە لەوە کندی زۆر بەبایەخەوە دەیویست سیستەماتیکییانە ئیدێگەلی فەلسەفەیی دیاری بکات، ئەمەش تەنیا بەوەدا نابینرێت کە هەوڵی دا ژمارەیەکی زۆر فەیلەسوفی گریکی بۆ ئەرەبی وەربگێڕرێن، بەڵکو هەروەها ڕێبەرییەکەشی بۆ نووسینی “لەبارەی یەکەم فەلسەفە” هەواڵێکمان لەو بارەوەیە پێڕادەگەیەنێت. ئاخر ئەو لەم نووسینەیدا گەڤی خوێنەر دەکات کە “لە هەر سەرچاوەیەکی خوازراوەوە، جا گەر تەنانەت هینی نەوەکانی ڕابوردوو و گەلانی دیکە بێت”، تێڕوانین هەڵبهێنجێت. بە دیدی ئەو فەلسەفە بریتییە لە “ناسینى سروشتى ڕاستینەى شتەکان تا ڕادەی بڕکردنی توانای مرۆڤ بۆ ئەو ناسینە”، هەروەها نابێت هیچ ئاستەنگێک لە بەردەم ئەو مەبەستەدا هەبێت(1). باوەجو، وەک کندی دەبێژێت، فەلسەفە لە سەرئەنجامدا هەر بەو تێڕوانینە دەگات کە پێشتر پەیامەکەى قورئان گەیاندوویەتى، ئەمەش هەروەها یەک-ى هەرە سەرەتایى، واتا خودایەتى، دەگرێتەوە. بێگومان کندى لێرەدا تەنیا پێی دەکرێت ئاماژە بۆ ئەوە بدات کە ئاوەزى مرۆڤ لە توانایدا نییە هیچ لەبارەى کرۆکى خودا ببێژێت، لەم تێڕوانینەشدا پەیڕەوی هزرڤانە نوێپلاتۆنییەکانى کریستیانەتیى سەرەتا دەکات کە گۆتبوویان، ئاخافتن لەبارەى خودا کارێکی نەشیاوە. ئەم شێوازەی ڕاڤەکردن کە لە مێژووى فەلسەفەدا ناونراوە “تیۆلۆگیى نێگەتیڤ”، فەیلەسوفانى ئایندە ڕەتیان کردەوە، چونکە بە دیدی ئەوان دەرفەت بە وەڵامدانەوەی پرسیارە فەلسەفەییەکان نادات.
کندى زۆرتر بە تیۆرییەکەی خۆی لەمەڕ زەین کاریگەریى لەسەر فەلسەفەى ئیسلامى نواند. ئەو لێرەدا هەرەمى پلەییانەى بوون کە لە نوێپلاتۆنیزمدا گۆڕان پێدراوە، هەڵدەگێڕێتەوە، واتا لەژێرەوە بەرەو ژوور دەڕوات. دەرچەی پرسیارەکەى کندى لەم پەیوەندییەدا ئەمەیە: ئایا چۆن زەینى مرۆڤ کە پابەندی ماتەرییە، دەتوانێت بە هۆشى پەتى (نووس) بگات؟ کاتى خۆى ئەڕیستۆتێلیس جیاوازیى کردبوو لە نێوان دوو فۆرمى زەیندا (De anima III, 430a): زەینى چالاک (intellectus agens / activus) و زەینى ناچالاک یان موئاناتاوی (intellectus passivus). زەینى چالاک بریتییە لە چالاکیى کرۆکى و مەئریفە دەخاتەوە، بە پێچەوانەشەوە زەینى ناچالاک تەنیا وەرگرە (rezeptiv)، واتا تۆمارکەرە و بە جیهانى ماتەرییەوە گرێدراوە. وەلێ، وەک کورت فلاش دەبێژێت، ئەم کۆنسێپتە پەیوەند بە ئەڕیستۆتێلیسی زاناى ئەزموونەوە نەک تەنیا “گوزارشتێکى سووڕهێنەرە”، بەڵکو هەروەها پرسیاریش سەبارەت بە کرۆکى زەینى چالاک دەخاتەوە: ئایا زەینى چالاک نزیکەى زەینێکى خوداییە، ئەویش چونکە تەنیا بەهۆى چالاک-بوون-ییەوە “خودى خۆیەتى”؟ کندى ئەم جیاوازیکردنەى ئەڕیستۆتێلیس لە نێوان زەینى چالاک و زەینى ناچالاکدا دەهێنێتە نێو فەلسەفەى ئیسلامییەوە، هاوکات دەیەوێت خۆى لە کێشەى کۆنسێپتەکەی ئەڕیستۆتێلس لابدات، ئەویش بەوە، کە تێگەى زەین پتر ورد دەکاتەوە و پلەی دیکە وەک نێوەندیار لە نێوان زەینى چالاک و ناچالاکدا دادەنێت: “یەکەمیان زەینی چالاکە؛ دووەمیان زەینێکە کە شیمانەییە / هێزەکییە (پۆتێنسیەلە) و لەنێو دەرووندایە؛ سێیەمیان وەرگۆڕینى ڕەوشە شیمانەییەکەى نێو دەروونە بۆ ڕەوشی کردەکی (ئەکتوالێتى)؛ چوارەمیان زەینێکە کە دەتوانین لەبارەى ببێژین: ئەو خۆی بەیان کردووە” (al-Kindi, 1950, 353).
کەواتە زەینى چالاک لاى کندى هەمیشە وەک باڵاترین پرنسیپ لەنێو شتەکاندا ئامادەیە، هەروەک ببێژین، ئەم زەینە ئاوەزی پەتییە، ئاوەزی تیۆرییانەیە، یان بریتییە لە نووس. زەینى چالاک ئاڕاستەیەک ڕووەو جیهانى هۆشەکى (ئینتەلیگیبل) وەردەگرێت، واتا ڕووەو ئەو جیهانە کە دەبێت بەگوێرەی پارادیگماى ئۆنتۆلۆگیانە وەک کرۆکى گشتى، وەک فۆرمى پەتیى بوونەوەر (2)، لێی تێبگەین. بە شێوەیەکی دی ببێژین: زەینى چالاک “لە دەرەوە” دێت و کاریگەری لەسەر زەینى مرۆڤ دەنوێنێت، واتا سەرەتا کار دەکاتە سەر پلەى دووەم. ئەم پلەیە دەرووندارە، دەروونیش (psyché) بۆ فەیلەسوفە ئەرەبییەکان هەروەها واتاى “ژیان”ى دەگەیاند. دەروون “وەک کرۆک یەک-ە؛ گەوهەرى دەروون هاوشێوەی گەوهەرى خودایە، هەر وەک چۆن تیشکى خۆر هاوشێوەی خۆرە” (, 2731950al-Kindi ). کەواتە لەنێو دەرووندا بەشیمانەیى / هێزەکییانە زەینى پەتى، چالاک، دانراوە. ئەوجا سێیەم پلەى هزر پەیوەندییەک لە نێوان هەردووکیاندا دەهێنێتە گۆڕێ، واتا لە نێوان کایەى زەینى چالاکى دانراوی نێو دەروون و کایەى زیندەدا، واتا کایەى بزواو و پابەندی سروشتدا. ئەوجا کندى فۆرمێکى دیکەى زەین دەداتە پاڵ سەرئەنجامى ئەم پەیوەندییەى نێوان زەینى پەتى و کایەى زیندە، کە بریتییە لە بەیانبوونی پەیوەندییەکە. ئێمە بەڕێی بەیانبوونی پەیوەندییەکەوە دەتوانین ئەو زانینە هۆشەکییە بناسینەوە کە خۆى لەنێو جیهانى بەرجەستەیی شیاوی دەرککردندا دەبینێتەوە. کندی لەسەر ئەم پلەیەی زەین زانستەکان و فەلسەفە یان پەیامهێنی دادەنێت. بێگومان کندی بەم مۆدێلە هێشتا هەر وەڵامى ئەو پرسیارە ناداتەوە کە داخۆ چۆن دوایی پەڕینەوەکە لە مەئریفەی سێنسییەوە ڕووەو مەئریفەی هۆشەکى ڕووبدات. ئەو پەرە بە پلەکانى زەین دەدات، وەلێ کارێکی بەم چەشنە هیچ لە پاڵیەکیی زەینەکان ناگۆڕێت گەر هاتوو ڕووننەکرێتەوە کە داخۆ چۆن خودی پلەکان بتوانن لە یەکدییەوە بێنەگۆڕێ. ئێمە دەتوانین هۆی دەلاقەکان کە لەنێو فەلسەفە سیستەماتیکییەکەى کندیدان، بۆ ئەوە بگەڕێنینەوە کە بەرهەمەکەی ناتەواو بە ئێمە گەیەنراوە. وەلێ هەروەها دەتوانین ڕەوایانە گومانی ئەوە لەو هزرڤانە مەزنە بکەین، کە ئەو ئاگامەندانە وەڵامدانەوەى فەلسەفەییانەى هەندێک پرسیارى بۆ خاترى وەڵامدانەوەیەکى ئایینى پشتگوێ خستووە.

3-2 ئەلڕازی و گومانگەرایی فەلسەفەیی
(بڕوانە هەمان ماڵپەڕ – و)

پەراوێز

(1) سیتاتەکە وەرگیراوە لە وەرگێڕانەکەی:
Watt/Marmura 1985, 331, Vgl. al-Kindi 1950, 82 ff.
(2) بەم تێگەیەدا جیاوازیی نێوان پارادیگمای ئۆنتۆلۆگیانە و پارادیگمای نوێسەردەم-مۆدێرنی مێنتالیستی ڕوودەبێتەوە: کانت تەنیا ئەو بابەتانە ناودەنێت “ئینتەلیگیبل” (هۆشەکی، دەرسێنسی) کە “تەنیا بە زەین شیاوی پێشبینیکردنن و هیچ کامێکی لێڕوانینەکانمان ناتوانێت ڕوویان تێبکات” (Prolegomena zu einer jeden künftigen Metaphysik, § 34 Anm.). کەواتە بابەتەکان “کرۆکی هۆشەکین” (Gedankendinge) کە ئاوەزمان بنیاتیان دەنێت بۆ ئەوەی بتوانین گۆزارە لەبارەی دەرککردنە سێنسییەکان دەرببڕین (وەک: پرنسیپی کاوساڵێتی، یان زەروورەی کردار (die Imperative) لە مۆرالدا). بە پێچەوانەشەوە فەلسەفاندنی ئۆنتۆلۆگیانە ئا لێرەدا شوێنی مەئریفەی “ڕەها” و ڕاستییەکان بەسەر کرۆکی جیهانەوە دەبینێت.

سەرچاوە
Geert Hendrich, Arabisch-Islamische Philosophie, Frankfurt / M 2005

تێبینیی وەرگێڕ
ئەم وەرگێڕانانە کە بەدووی یەکدا بڵاودەکرێنەوە، دەگەڕێنەوە بۆ نزیکەی پازدە ساڵ لەمەوبەر بۆ “فێرخوازان”ی بەشی فەلسەفەی زانکۆی ڕاپەڕین.

فەرهەنگۆک

بۆچوون: لای پلاتۆن نزمترین پلەی مەئریفەیە و تەنانەت دەکەوێتە ژێر مەئریفەی دەرککردنی ڕاستەوخۆی بابەتەوە. کە من دەبێژم “بە بۆچوونی من ئەمە ئەوهایە”، لێرەدا من تەنیا وای بۆ دەچم کە ڕەوشەکە ئەوهابێت، وەلێ من هیچ لەبارەی نازانم.
پارادیگما: نموزەج، نمونەیی، مۆدێلی ڕوونکردنەوە، شێوازێکی مەئریفەیی.
ترانسسێندێنت: دەرجیهان، لەوبەر توانستی مەئریفەی مرۆڤەوە.
ترانسسێندێنتکردن: تێپەڕاندن لە کایەی سێنسی، کایەی شیاوی دەرککردن و ناسین؛ هەڵزنان ڕووەو کایەی هۆشەکێتی.
تیۆلۆگی: زانستی توێژەرەوە لە خودا / خودایەتی و کرۆکی ئەو.
تێلیۆلۆگی: زانستی هۆئەنجامی، واتا گریمانە دەکات کە جیهان لە پەیوەندیی هۆئەنجامیدایە؛ هەردووکیان پابەندی یەکدین: هۆ وەک کاریگەری، ئەنجام وەک سەرهەڵداو لەو کاریگەرییەوە.
ڕوانین (نەزەر)ی میستیکی: ئەزموونی نهێنیئامێزی دیتەنییانەی خودا (بۆ نموونە لە تەسەوفی ئیسلامیدا).
ستۆئایک: ستۆئا مەدرەسەیەکی فەلسەفەیی گریکی بوو دوای ئەڕیستۆتێلیس (بەگشتی دوای قۆناغی کلاسیکی). مەدرەسەکە بەتایبەتی ئێتیکی (ئەخلاقناسی) بوو و ڕوونی دەکردەوە کە چۆن مرۆڤ یەکگرتۆوە لەتەک “خۆی” و “سروشت”دا بژی، هاوکات لەدژی سۆزەکانی کارا بێت تاکو بەو مەئریفەیە بگات. ستۆئایکییەکان خۆیان هەروەها لە سیاسەت بەدوور دەگرت.
سیلۆگیزم: زانستی قیاس، دەرئەنجاماندن. لە دوو پێشدانراوەوە (پرێمیسەوە) کە تێگەیەکی نێوانییان هەبێت، بەزەرووری دەرئەنجامێک دەکەوێتەوە: “سۆکرات مرۆڤە”، “مرۆڤ بمرە”، کەواتە: “سۆکرات بمرە”. سۆکرات لە پێشدانراوی یەکەمدا بکەرە (سەبژێکتە)، مرۆڤ پرێدیکاتە (مەحمولە)؛ مرۆڤ لە پێشدانراوی دووەمدا بکەرە، بمر پرێدیکاتە؛ مرۆڤ لە هەردوو پێشدانراوەکەدا تێگەی نێوانییە.
سێنسی: مەحسوس، ئەوە کە بەڕێی سێنسەکانەوە (چاو، گوێ، لووت، هتد) چێدەبێت.
سێ-یەکانە: تیۆلۆگیی کریستیانەتی جەخت لە سێ یەکانە، یان لە سێ-یەکانەیەک دەکات کە بریتین لە: خودا جارێک وەک “بابە”ی ئاسمان کە مرۆڤان دەپارێزێت، جارێک وەک “کوڕ” (ئیسا)، واتا خودا هاتۆتە نێو مرۆڤەوە، ئەوجا خودا جارێکی دی وەک “هۆشی / گیانی پیرۆز” کە هەمیشە لەنێو کریستیانییەکاندا ئامادەگیی هەیە.
کرۆکی هۆشەکی، یان شتی هۆشەکی / بیرۆکەیی لای کانت بریتین لە “ئیدێکان” کە ئاوەز خۆی بەناچاری دەیانهێنێتە ئاراوە، هەروەها “شت لە خۆدا”.
کلاسیکی: سەر بە کلاس (پۆل)ی یەکەم، هەمیشە چواندوو، هەمیشە هەنووکەیی. کە دەگۆترێت سۆفۆکلێس کلاسیکە، یان بووە بە کلاسیک، مەبەست لەوەیە کە دراماکانی ئەو هەرگیز کۆن نابن. کلاسیک جیاوازە لە “تەقلیدی”، بۆ نموونە مرۆڤ ناتوانێت ببێژێت: “فڵان کلاسیکییە”، “ئەو پارتانە کلاسیکین”.
گنۆستیک: واتا مەئریفە، کۆناوێک بوو بۆ ئەو ئاڕاستانەی کریستیانەتیی سەرەتا لە سەدەی دووەم تا سێیەم کە ئیمانی کریستیانییان بە هەندێک هزری ئەنتیکەوە گرێ دەدا؛ ئەوان دەیانویست بە مەئریفەی خودی خۆ (خودناسین) و جیهانبینیەکی دوالیستی (هۆش و ماتەری) بەهای لەشەکێتی بەرانبەر هۆشەکێتی تا بشێت کەمبکەنەوە، تاکو ئیدی مرۆڤ بەو ڕێیەوە خەڵاسی خۆیی بەدیبهێنێت.
ماکرۆکۆسمۆس: “مەزنە گەردوون”، واتا گەردوونی دەرەکی بە پێچەوانەی میکرۆکۆسکۆس، واتا گچکە گەردوون کە لە ناخی مرۆڤدا شیاوی سەرهەڵدانە.
مۆنۆتایزم: ناساندنی خودایەکی “تاک” و “گشتگیر”، وەک لە ئایینەکانی جوویەتی و کریستیانەتی و ئیسلامدا.
میحنە: بریتی بوو لە “ئینکڤیزیسیۆن”ی ئەباسییەکان کە خەلیفە ئەلمەئمون ساڵی 833 داینا و هەموو کەسێکی ناچار دەکرد پابەندی ڕێبازی دەوڵەت بێت. دەوڵەت دەیسەپاند کە “قورئان دانراوی مرۆڤە” (“خەلق ئەلقورئان”)، بە پێچەوانەی پیاوانی ئایین کە قورئانیان بە پەیڤی ئەڵلا دادەنا. بەتایبەتی موئتەزیلەییەکان جەختیان لە قورئان دەکرد وەک مەخلوق.
مێنتالیزم: مێنتال بەواتای “کایەی هۆش”. مێنتالیزم لە فەلسەفەدا (هەروەها پسیکۆلۆگیدا) گریمانەی سروشتێکی هۆشەکییانەی مرۆڤ دەکات بەپاڵ سروشتی بیۆلۆگییانەی ئەوەوە. سروشتی هۆشەکی خۆی لە زمانێکی گشتگیری هزریندا دەخەمڵێنێت، ئەوە سەربەخۆ لە سروشتە ماتەریالیستییەکەی مرۆڤ (لە نیۆرۆلۆگی).
نووس: ئاوەزی پەتی، یان هۆشی پەتی ی تێکەڵنەبوو بە هەر ڕەوشێکی سێنسی، هەستەکی و ئەندێشەیی.
ئۆڕتۆدۆکسی: پابەندی بە بنەما چواندن پێدراوەکانی ئیدیۆلۆگییەک یان ئایینێکەوە.
ئەزەلی: نەئافرێنراو، هەمیشە هەبوو. بۆ نموونە گەردوونێکی نەئافرێنراو لە لایەن خودایەکەوە. ئەمە تێڕوانینی ئەڕیستۆتێلیس بوو و لەتەکیدا فارابی، ئیبن سینا و ئیبن ڕوشد هاوڕا بوون.
ئیدێ: وێنەی هۆشەکی.
ئێسۆتێریک: هەموو ڕێبازە میستیکییەکان (نهێنیئامێزەکان) دەگرێتەوە، وەک تەسەوف، کە دەیانەوێت بەنهێنی، مێتافیزکییانە، بە مەئریفەی خودی خۆ بگەن. ئامانجیان لێرەدا بریتییە لە “ڕیالیزەکردنی خودی خۆ” (تەحقیق ئەلزات).




شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” لەنێوان رەوتە شۆڕشگێڕییەکان و دژەشۆڕشییەکاندا.. دیار سیروان بیلال

-١-
دوای بەرپابوونی شۆڕشی ئازادیی گەلی کورد و گەلان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا، لەناوەخۆ و دەرەوەدا، تەنانەت لەئاستی کوردستان، خۆرهەڵاتی ناوین و جیهانیشدا، هەڵوێست و کاردانەوە، گفتوگۆ و رەخنەی زۆری لەگەڵ خۆیدا هێناوە، چ بە لایەنگیری و پشتیوانی لە شۆڕشەکە و چ بە دژایەتیکردن و رەشکردنی ئەم شۆڕشە. لەهەردوو باردا ئەمە سەرچاوەی خۆی لە راستینەی ئەم شۆڕشەدا وەردەگرێت، کە شۆڕشێکی نوێیە و بە درووشم و پارادایم(جیهانبینی)ێکی نوێ و بە بەرنامە و ئامانجێکی نوێوە سەریهەڵداوە. بۆیە دەبێت ئەم هەڵوێست و کاردانەوە دژ بەیەکانە لەسەرەتای ئەم شۆڕشەوە بە ئاسایی و “دیالیکتیکی شۆڕش” ببینرێت. چونکە گفتوگۆ سەبارەت بە راستینەی ئەم شۆڕشە بەشێکە لە خودی ئەرکی شۆڕشگێڕییانەی شۆڕشەکە خۆی. ئەگەر شۆڕشێک پانتاییەک بۆ هەڵوێست و کاردانەوەی دژبەیەک، گفتوگۆ و رەخنەی هەمەلایەنە پێشنەخات، ئەوا دیارە خودی شۆڕشەکە نە نوێیە و نە خاوەن کاریگەرییشە و نە شۆڕشیشە.
لەم ماوەیەدا؛ لەدەرەوەی خودی شۆڕشگێڕان و رەوتە شۆڕشگێڕییەکەدا، هەڵوێست و کاردانەوە و گفتوگۆ و رەخنەگەلێک سەبارەت بە خودی درووشمە بنچینەییەکەی شۆڕشەکە “ژن، ژیان، ئازادی” لەئارا دایە. هەم سەبارەت بە سەرچاوەی ئەم درووشمە و هەمیش ناواخن و ناوەڕۆکی درووشمەکە بۆتە رۆژەڤی سەرەکییان. هەندێک دژ بەو درووشمەن و خوازیارن بێناوەڕۆکی بکەن یان بیگۆڕن یاخود چەواشەی بکەن، هەندێکیش پەسندی دەکەن و بە درووشمی هەرەگونجاوی شۆڕشگێڕیی دەبینن. هەندێکی تریش بەهی خۆیانی دەزانن – وەک لەم ماوەیەدا خالید عەزیزی لە لێدوانێکدا رایگەیاند کە ئەم درووشمە هی حزبەکەیانە- و بێ ئەوەی پێشتر ئەم درووشمەیان گووتبێتەوە و بەرزکردبێتەوە، تەنانەت یەک دێڕیشیان لەسەر ئەم درووشمە نووسیبێت یان گووتبێت، یاخود بە کرداریی کاریان بۆ کردبێت. بێگومان، ئەمە لەکاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە سەرچاوەی ئیلهام وەرگرتن و داڕێژەری ئەم درووشمە دیارە و لە ساڵانێکی زۆردا کاری بۆ کراوە تا فۆرمیلی کۆتایی خۆی لە سێ دەستەواژەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا وەرگرتووە و بۆتە پارادایم و بەرنامە و ئامانجی رەوتێکی شۆڕشگێڕیی کوردستانی و جیهانی. هەروەها بەر لەوەی لە رۆژهەڵات و ئێراندا ببێتە درووشم و پارادایم و بەرنامە و ئامانجی شۆڕش، پێشتر لە نێو ئەدەبیاتی فیکری رێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان و تەڤگەری ئازادی پەکەکەدا بووە بە درووشم و پارادایم و بەرنامە و ئامانجی تێکۆشان. زۆر بە ڕوونیش وەک درووشمێک لە باکوور و رۆژئاوای کوردستاندا، زیاتر لە سی ساڵە لە ئەدەبیاتی ئەم تەڤگەرە و لە بۆنە و چالاکییەکانی گەلدا بەرزکراوەتەوە و کاری لەسەر کراوە. بۆیە سەرچاوەکەی و مێژووی سەرهەڵدانی ئەم درووشمە زۆر روونە. بەڵام ئەوەی روون نییە و دەبێت رەخنە و گفتوگۆی لەبارەیەوە بکرێت، ئەوەیە کە؛ هەڵوێست و کاردانەوە و گفتوگۆ و رەخنەکانی دژ بەم درووشمە، بۆچی و چۆن و لەکوێوە سەرچاوە دەگرن؟ بۆچی دەخوازرێت نکۆڵی لە سەرچاوەی لەدایکبوونی درووشمەکە بکرێت؟ کێن ئەوانەی ئەم نکۆڵیکارییە دەکەن؟ بە چ مەبەستێک دەیکەن؟
لەم وتارەدا؛ هەوڵدەدەین سەبارەت بەم پرسیارانە و خودی شۆڕشەکە بۆچوون و شرۆڤەکارییەک بکەین.

-٢-
هەر شۆڕشێک کە لەبەرامبەر بە هەر سیستەم و رژێمێک بەرپا دەبێت، لەگەڵ خۆیدا دژەشۆڕشی خۆیشی دەردەخات. رەنگبێ زۆر جار دژەشۆڕش وەک رەوتێک یان چەند رەوتێک خۆی نمایش بکات. ئەمە دیالیکتیکی شۆڕشە. هەر شۆڕشێک پارادیمێکی خۆی هەیە و بەو پارادایمە بەرنامەی کاری شۆڕشگێڕیی خۆی دادەڕێژێت و بەرەو ئامانجەکانی دەڕوات. رەوتەکانی دژەشۆڕشیش رێک بەپێچەوانەی رەوتی شۆڕشگێڕییەوە خاوەن پارادایمێک و بەرنامە و ئامانجگەلێکی جیاوازی خۆیانن دژ بەو شۆڕشە. زۆر جار ئەو سیستەمەی شۆڕشی لەبەرامبەردا بەرپاکراوە، رەوتەکانی دژەشۆڕش بەشێوەیەک لە شێوەکان دەچنەوە سەنگەری ئەو سیستەمە شۆڕش لەسەرکراوەدا و لە بەرژەوەندییەکانی ئەو سیستەمەدا سەنگەر لە رەوتە شۆڕشگێڕییەکە دەگرن. ئەمەش بەچەند قۆناخێکی بەناویەکداچوودا ئەنجام دەدرێت؛ سەرەتا، کە بەرپابوونی شۆڕشەکە لە قۆناخی سەرەتایی دایە، رەوتە دژەشۆڕشییەکان خۆیان وەک نوێنەری رەوتە شۆڕشگێڕییەکە نیشان دەدەن و بۆ نمایشکردنی ئەمەش یەکسەر دەست بۆ ئامرازە قەباکانی توندوتیژییەکان و زەبروزەنگ دەبەن، ئەمە لەکاتێکدا شۆڕشی بەرپابوو، زەبروزەنگ و توندوتیژیی نەخستۆتە بەرنامەی کاری خۆیەوە و لەپارادایمەکەیشدا شوێنی پێنەداوە. بەڵام رەوتە دژەشۆڕشییەکان لەپێناو زوو گرتنەدەستی دەسەڵات و باڵادەستبوون بەسەر رەوتە شۆڕشگێڕییەکەدا، پەنا وەبەر ئاسانترین و بەردەستترین ئامراز دەبەن، کە زەبروزەنگ و توندوتیژییە، بەم شێوەیە دەیانەوێت سواری شەپۆڵە شۆڕشگێڕییەکەی گەل و کۆمەڵگەکان ببن و پێشەنگایەتی رەوتە شۆڕشگێڕییەکە بخەنە ژێر رکێفی خۆیانەوە و خۆیان بەخاوەنی شۆڕشەکە و درووشم و پارادایم و بەرنامەی شۆڕشەکە دەبینن.
بەڵام کاتێک ئەمەیان بۆ نەچووە سەر، هەوڵدەدەن، لە رێگای جۆرێک لە “شەڕی تایبەت”ەوە پڕوپاگەندە دژ بە رەوتە شۆڕشگێڕییەکە بکەن، هەوڵدەدەن درووشمەکانی شۆڕشەکە بگۆڕن، یان چەواشەی بکەن و بیشێوێنن، سوکایەتی و تەشهیر بە پێشەنگەکان و هێزەکانی نێو رەوتە شۆڕشگێڕییەکە بکەن. دواجار کە ئەمەیشیان بۆ نەچووەسەر، ئەوا بە ئاشکرایی سەنگەر لە شۆڕشە بەرپابووەکە دەگرن و لەهەوڵی شکستپێهێنانی شۆڕشەکەدا، یان بەلاڕێدابردنیدا دەبن.
ئەوەی جێی تێڕامانە؛ کاتێک کە شۆڕشەکە بەرەو سەرکەوتن دەڕوات و سیستەمە باڵادەستەکەی رووخاندووە، بەڵام هێشتا سیستەمی خۆیشی ئاوانەکردووە، واتا لە دۆخی بێ سیستەمیدا کە دۆخێکی گێژاودارە، ئەو رەوتە دژەشۆڕشیانە هەوڵدەدەن شۆڕشەکە بدزن و دەستەکەوتەکانی قۆرخ بکەن. واتا لەهەوڵی زەوتکردنی بەرهەمەکانی شۆڕشدا دەبن. یەکەم هەنگاویشیان دژ بە هەموو پێشەنگان و هێزە شۆڕشگێڕییەکان رادەوەستن و هەوڵدەدەن، بێکاریگەریان بکەن، بیانکڕن، بیانکوژن، دەربەدەر و وڵاتبەدەریان بکەن و بە دووژمنی شۆڕشە بەرپابووەکە ناوزەدیان بکەن.
ئەمەی لەسەرەوە باسم کرد، لە زۆربەی شۆڕشە مەزنەکانی مێژووی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا روویداوە، جا لەم ململانێیەدا؛ یان رەوتە شۆڕشگێرییەکان سەردەکەون، یاخود رەوتە دژە شۆڕشییەکان، سەردەکەون. لە شۆڕشە ئایینییەکاندا، لە شۆڕشە چینایەتی و رزگاریخوازییەکاندا، لە شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکاندا، گەلێک نموونەمان لەم رووەوە هەیە، بەمەش یان شۆڕشەکان ئەنجامی ئەرێنی زۆر مەزن بەدەستدەهێنن و دونیایەکی نوێ و باشتر، سیستەمێکی نوێ بونیاد دەنێن، یاخود رەوتە دژە شۆڕشییەکان مەرگەسات و کارەساتی زۆر خوێناوی و جەرگبڕ بەسەر شۆڕشگێڕان و گەل و کۆمەڵگە راپەڕیوەکەدا دێنن. رەنگبێ لە نموونەی ئەمەدا؛ لە زۆربەی شۆڕشە ئایینییەکاندا ببینین. هەروەها لە شۆڕشی فەڕەنسای ساڵانی 1789-1799 ، لە شۆڕشی ئۆکتۆبەری رووسیای ١٩١٧دا و لە سەرجەم شۆڕشە سۆسیالیستییە چینایەتییەکان و رزگاریخوازەکانی گەلاندا، ببینین. بەرچاوترین نموونەش لە خۆرهەڵاتی ناویندا؛ شۆڕشی گەلانی ئێرانی ساڵی ١٩٧٩ بوو، کە لەلایەن رەوتی کۆنسەرڤاتیڤی مەزهەبگەرای شیعەگەرای نەتەوەپەرستەوە خۆی بەسەر رەوتە شۆڕشگێڕییەکانی گەلانی ئێراندا زاڵ کرد و شۆڕشەکەی دزی و زەوتی کرد و هەموو رەوتە شۆڕشگێڕییەکانی ئەوکاتەی لەناوبرد و وڵاتبەدەر و پەرشوبڵاوەی پێکردن و کۆمارێکی ستەمکاری تیۆکراتی توندوتیژکاری دامەزراند. هەروەها دەکرێ نموونەی تریش بێنینەوە، راپەڕینی گەلانی باکوور و خۆرهەڵاتی ناوین لە ساڵانی ٢٠١٠-٢٠١٢ی ئەو وڵاتانە ببینین کە بەناوی “بەهاری عەرەبی”یەوە بوو و هەر زوو بەرهەمی ئەو راپەڕینانەیان لە گەلان دزی و هەمان سیستەم بە دەموچاوی جیاوازترەوە هاتنەوە سەر دەسەڵات…

-٣-
ئێستا کە شۆڕشێکی ئازادی تری گەلانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا، بەپێشەنگایەتی ژنان و گەنجان، بەرپا بووە، بە پارادایم و بەرنامەیەکی پووختی شۆڕشگێڕیی و بە ئامانجی گۆڕینی ریشەییانەی ئەقڵییەت و سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی کولتووری و رەهەندەکانی تری ژیانی ئەو گەلانە، لەسەرپێیە و رۆژ بە رۆژ و هەنگاو بە هەنگاو فراوانتر و قووڵتر دەبێتەوە و تەنگی بە سیستەمە دەسەڵاتدارەکەی ئێران هەڵچنیوە، رێک لە دۆخێکی وەهادا؛ رەوتەکانی دژە شۆڕشیش، چ لەناو ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا، چ لەدەرەوەیدا، خەریکن بەو هەنگاوانەی باسمان لێیانەوە کرد، هەوڵدەدەن، خۆ بەخاوەنی ئەو شۆڕشە بزانن، لەهەمانکاتدا هەوڵدەدەن ئاراستە راستەقینەکەی شۆڕشەکە بگۆڕن و بەلاڕێیدا ببەن، دەستیان بە تەشهیرکردن و ناوزڕاندنی پێشەنگان و هێزە شۆڕشگێڕییەکانی کردووە. لەهەمووی سەرنجڕاکێشتر؛ هەوڵدەدەن درووشمی بنچینەیی شۆڕشەکە کە “ژن، ژیان، ئازادی”یە، بێواتای بکەن و لەناوەڕۆکی خۆی بەتاڵبکەنەوە، بیگۆڕن و درووشمگەلێکی دیکەی بخەنە شوێنی، یان چەواشەی بکەن و واتای دیکەی لێباربکەن. هەروەها هەوڵدەدەن لەسەر بنەمای دەمارگیری ئایینی، ئایینزایی، نەتەوەپەرستی، شۆڕشەکە پارچە بکەن و وای نیشان بدەن کە ئەم شۆڕشە تەنیا هی یەک گەلە، دژ بە گەلانی تر..!!
بێگومان؛ ئەم درووشمە “ژن، ژیان، ئازادی” درووشمێکی رووت و رووکەشی و بێ ناوەڕۆک و بێ بنەما و بێ سەرچاوە نییە، بەڵکو لە بنچینەدا درووشمێکی فەلسەفی، فیکری، کولتووری، کۆمەڵایەتی، ئیکۆلۆژیی و سیاسییە. لە ناواخنی فەلسەفەی پارادایمێکدا لەدایکبووە، گوزارشتێکی پووخت و جەوهەریانەی ئەو پارادایمەیە کە لێیەوە دەرهاتووە. ئەم درووشمە دژەتێز(ئانتی تێز)ی سەرجەم ئەو درووشمانەیە کە پێشتر لە شۆڕشەکانی پێشخۆی هاتوون و بەرزکراونەتەوە.
با سەرەتا بزانین پارادایمی ئەم شۆڕشە چییە و چ بەرنامەیەکی هەیە و بە چ ئامانجێک بەرپا بووە:
لە درووشمە بنچینەییەکەیەوە “ژن، ژیان، ئازادی” تێدەگەین کە ئەم شۆڕشە بەرپابووەی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بە پارادایمێکی نوێوە دەستی بۆ دێرینیترین، قورستترین و بنچینەییترین کێشە بردووە کە کێشەی ماف و ئازادیی ژنە و سەرچاوەی بنەڕەتی کۆی کێشەکانی تری مرۆڤایەتییە. ژن لەم درووشمەدا، ئۆبژەیەک نییە، بەڵکو سۆبژەیە، هەم لەدۆخی ئۆبژەییکراویدا رزگارکراوە، کارەکتەرێکی کارا و چالاکە و کاڵا و ئامڕازێک نییە، هەمیش وەک سۆبژەیەک گەوهەری شۆڕشەکەی پێکهێناوە، کە ئەگەر “ژن” وەک سۆبژەیەک نەبێت، واتا بە ناسنامە، ئیرادە، کەسێتی، سەرچاوەی ئافراندن و داهێنان و بوونی کۆمەڵگە نەبێت، ئەوا نە “ژیان” واتای هەیە و نە “ئازادی”یش. بۆیە ژن لەم درووشمەدا هەم سۆبژەی بنچینەیی پارادایمەکەیە و هەمیش پێشەنگی بەجێهێنانی ئەو پارادایمەی شۆڕشە، کە لەگەڵ خۆیدا بەرنامە و ئامانجەکانی ئەو پارادایمە شۆڕشگێڕییەش دادەڕێژرێت.
کێشەی ماف و ئازادیی ژن کێشەی بنچینەیی و هەرەدێرینی خودی کۆمەڵگەیە، بۆیە تا ژن ئازاد نەبێت و بە مافەکانی نەگات، کۆمەڵگەش بە ماف و ئازادییەکانی ناگات. بەهۆی دەرکەوتن و باڵادەستبوونی ئەقڵییەتی پیاوسالارییەوە، کە لەگەڵ خۆیدا سیستەمی پلەداریی، بەدوایشیدا سیستەمی دەسەڵاتخوازیی و دەوڵەتگەرایی لێیەوە پەیدا بووە، زیاتر لە پێنج تا حەوت هەزار ساڵە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی خستۆتە ناو کێشە و قەیران و گێژاوەوە. بۆیە تا کێشەی ماف و ئازادییەکانی ژن چارەسەر نەبێت، هیچ کێشە و قەیران و گێژاوێکی کۆمەڵگەش چارەسەر نابن، واتا کێشەکانی تری ژیان و ئازادییش چارەسەر نابن. بۆیە ژن لەم شۆڕشەدا خودی پێشەنگ و کارەکتەرە شۆڕشگێڕییەکە و رەوتە شۆڕشگێڕییەکەیە.
لەبەرئەوەی پەیوەندییەکی دیالیکتیکی ناوخۆیی لەنێوان هەر سێ پێکهاتەکەی درووشمی شۆڕشەکە “ژن، ژیان، ئازادی”دا هەیە، بەبێ یەکتر واتادار نابن و تەواوکاریی یەکترن. بۆیە لەمیانەی ئەو پەیوەندییە دیالیکتیکییە ناوخۆییەوە تێدەگەین کە؛ ژیان و ئازادی بەهەموو رەهەندەکانیانەوە، پابەندە بە خودی ماف و ئازادییەکانی ژنەوە. بەبێ هەبوونی ماف، ناسنامە، ئیرادە و ئازادییەکانی ژنان، هیچ واتایەک بۆ چەمکەکانی ژیان و ئازادییش نامێنێتەوە. بەبێ ئازادیی ژن هیچ کێشەیەکی چینایەتی، نەتەوایەتی، ئیکۆلۆژیی و کێشەکانی تری کۆمەڵگە چارەسەر نابن. دەوڵەت و هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و دەوڵەت-نەتەوە و دەوڵەت-ئایینگەرا و مەزەهەبگەراکانی خۆرهەڵاتی ناوین لەبەر ئەوەی خاوەنی ئەقڵییەت و پارادایمی پیاوسالاریین و دەسەڵاتخوازی پاوانکار و دەوڵەتگەرای ستەمکارن، لەمیانەی بێناسنامەکردن و بێمافکردن و بێئیرادەکردنی ژنەوە، هەم ژیانیان بێ واتاکردووە و کردوویانەتە دۆزەخێکی سەر رووی زەمین بۆ مرۆڤەکان و کۆمەڵگەکان، هەمیش ئازادییان لەناواخن و جەوهەری خۆی دەرخستووە و بێ ناوەڕۆکیان کردووە. بەمەش توانیویانە بەسەر کۆمەڵگە و گەلاندا زاڵ و باڵادەست بن. کەواتە هەر شۆڕشێک کە دژ بەو سیستەمانە و پارادایمە دژەژن و دژەژیان و دژە ئازادییە بەرپاببێت، ناچارە و دەبێت بە دژەپارادایمێکی ئەو سیستەمانەوە شۆڕش بەرپا بکات، لێرەوە، تێدەگەین کە درووشمی “ژن، ژیان، ئازادی” گەوهەر و ناوەڕۆکی گوزارشتبوونی ئەو پارادایمەیە کە دژە سیستەمی باڵادەستە لە کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوین و جیهانیشدا. ئەم پارادایمەش پارادایمی مۆدێرنیتەی دیموکراتییە، کە لەسەر بنەمای ئازادی ژن، کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی ئیکۆلۆژی و ئابووریی هەرەوەزکاریی، خۆی بونیادناوە. بۆیە دەبینین کە ئەم درووشمە وەک تۆپەڵێکی ئاگرین، بە کوردستان و ناوچەکە و جیهاندا تا دێت فراوانتر و گەورەتر دەبێت و هەڵگرانی ئەم درووشمە بە پارادایمێکی نوێوە تێکۆشانی ئازادی بەڕێوە دەبەن. چونکە مۆدێرنیتەی دیموکراتی هەم دژ بە سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییە، هەمیش دژ بە دەوڵەت-نەتەوە، دەوڵەت-ئایینگەرا و دەوڵەت-ئایینزاگەراکانە. بۆیە درووشمی “ژن، ژیان، ئازادی” درووشمێکی دژەتێزی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و دەوڵەت-نەتەوە و ئایینگەرا و ئایینزاگەراکانە.
ئەم درووشمە؛ کە لەلایەکەوە بەرهەمی پەنجا ساڵ تێکۆشانی فەلسەفی، فیکری، کۆمەڵایەتی، کولتووری، سیاسی و گەریلایی و شەڕڤانانی تەڤگەری ئازادیی پەکەکە و رێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلانە- بەتایبەتی بەرهەمی تێکۆشانی خودی ژنانی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕە- تا دوا فۆرمیلی خۆی وەرگرتووە، بە چەندین قۆناخی یەکتر تەواوکاردا تێپەڕیوە، دواجار لە فۆرمیلەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا گوزارشتی لە خۆی کردووە. لەلایەکی تریشەوە رەگ و ریشەیەکی مێژوویی زۆر قووڵتر لەو پەنجا ساڵەی تێکۆشاندا هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای بەکۆمەڵگەبوونی رەوەمرۆڤەکان لەسەردەمی چاخی بەردینی نوێ (نیۆلۆتیک)، بەدوایدا تێکۆشانی بەردەوامی هەزاران ساڵەی ژن و کۆمەڵگە سرووشتییەکان دژ بە ئەقڵییەتی پیاوسالاری-دەسەڵاتگەرا-دەوڵەتگەراکانەوە، بۆ ئەوەی جەوهەری کۆمەڵگەبوونی خۆیان لەدەست نەدەن، کە ئافرێنەرێتی و پیرۆزی ژن، ژیان و ئازادییە، خۆیان پاراستووە و بەرگرییان لە خۆیان کردووە. بەڵام لەم پەنجا ساڵەی دواییدا، بەتایبەتتر لەو سی ساڵەی رابردوودا، ئەم تێکۆشان و بەرگرییکردنە لە ژن و ژیان و ئازادی- بە پێشەنگایەتی خودی ژنان- گەیشتۆتە ئاستی پارادایمێکی ئازادیی ژن و کۆمەڵگە و گەلان، کە ژنی کورد و گەلی کورد تێیدا رۆڵی پێشەنگایەتییان بینیوە. ئەوەی ئەمڕۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران روودەدات، گوزارشتێکی قووڵ و بەردەوامیی ئەم تێکۆشانەیە.

-٤-
ئەگەر بەراوردێکی پانۆڕامایی ئەم درووشمە شۆڕشگێڕییە “ژن، ژیان، ئازادی” بکەین لەگەڵ چەند درووشمێکی تری شۆڕشە مەزنەکانی تری مێژوو، ئەوا بەڕوونی دەبینین کە چەندە درووشمێکی هەمەلایەن و گشتگیر و جیهانییانەیە، خۆی بە هیچ ئایینێک، ئایینزایەک، چینێک، گەل و نەتەوەیەکەوە سنووردار نەکردووە، بەڵکو سەرجەم رەهەندە فراوانەکانی ژیانی مرۆڤ و کۆمەڵگەکانی لەخۆوە گرتووە. درووشمی “ژن، ژیان، ئازادی” بە بەراورد لەگەڵ درووشمی “برایەتی، یەکسانی، ئازادی”ی شۆڕشی فەڕەنسا، کە تەنیا سێ رەهەندی وەرگرتووە کە برایەتی و یەکسانی و ئازادی نێوان کۆمەڵگەی فەڕەنسی بوو، کە دواتر کاریگەری بەسەر کۆی مرۆڤایەتیش دادەنێت، بەڵام شوێن و پێگەی ژن لەم درووشمەدا بوونی نییە، رەهەندەکانی تری ژیان کە دادپەروەری و ئاشتی و بەیەکەوەژیانی ناسنامە جیاوازەکان و ئیکۆلۆژیایە پشتگوێخستووە. هەڵبەتە هەر زوو شۆڕشی فەڕەنسا لەلایەن بۆرژواکانەوە، کە خاوەن ئەقڵییەتێکی پیاوسالار و دەسەڵاتگەرا و دەوڵەتگەرا بوون، بەلاڕێدا بردرا و شۆڕشگێڕانی خەڵتانی خوێن کران و ئیمپراتۆرییەتی فەڕەنسی- ناپلیۆنی لێکەوتەوە و ئەمەش داگیرکردنی وڵاتانی تری لە ئەوروپا و ئەفریقیای بەدوادا هات.
هەرچی درووشمی “کرێکارانی جیهان یەکبگرن”ی شۆڕش و جوڵانەوە سۆسیالیستی و کۆمۆنیستییەکانی کۆتایی سەدەی نۆزدە و کۆی سەدەی بیستەمیشە، دەبینین کە تەنیا رەهەندە چینایەتییەکەی ململانێی نێوان چینی دەسەڵاتداری بۆرژوا و کۆی چینە ژێردەست و چەوساوەکانی بە بنەما وەرگرتووە. لەکاتێکدا رەگی چەوسانەوە و ژێردەستەیی چینەکان، سەرەتا بە چەوسانەوە و ژێردەستەکردنی ژن دەستیپێکردووە، وەک رێبەر ئۆجەلان دەڵێت؛ “ژن دێرینترین نەتەوەی کۆلۆنیاڵیکراوە”. هەروەها ئەم درووشمە و درووشمە پەیوەستدارەکانی تری، وەک “نان، کار، ئازادی” زیاتر درووشمگەلێکی دەستەبەرکردنی لایەنی ماددیی و ئابووریین، نەک مەعنەوی و رەهەندەکانی تری ژیان.
بێگومان لەمێژوودا؛ گەلێک درووشمی تری شۆڕشەکان هەن، کە دەکرێ درووشمی “ژن، ژیان، ئازادی” لەگەڵ ئەو درووشمانەدا بەراوردکاریی بکرێن و دەرئەنجامی گرنگی لێیەوە دەربخرێت.

-٥-
لێرەدا گرنگە کە سەبارەت بە سرووشت و راستینەی ئەم شۆڕشە شرۆڤەیەک بکەین، تا بتوانین لە سرووشت و راستینەی درووشمەکەیشی تێبگەین.
شۆڕشی ئازادیی”ژن، ژیان، ئازادی” شۆڕشێکی نوێیە، نوێیە لە درووشمەکەی، پارادایمەکەی، بەرنامە و ئامانجەکەی، هەروەها لە پێشەنگەکانی و لە شێوازی بەکرداریکردنیدا، بەمەش جیای دەکاتەوە لە سەرجەم شۆڕشەکانی تری پێشخۆی لە ئێران و خۆرهەڵاتی ناوین و جیهاندا. ئەم شۆڕشە، بلێسەکەی لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بووە و سەرجەم ئێرانی گرتۆتەوە. پێش ئەوەی لە رۆژهەڵات کڵپە بسەنێت، پێشتر لە باکوور و رۆژئاوای کوردستانەوە سەریهەڵداوە و تا ئێستاش بەردەوامە. بە واتایەکی تر؛ ئەم شۆڕشە هەم درێژکراوە و هەمیش تەواوکاریی شۆڕشە فراوانەکەی کوردستانە کە لە باکوور و رۆژئاوای کوردستاندا بەرپابووە و فراوان بووە و بەکاریگەریی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی باکوور و رۆژئاوا، رۆژهەڵاتیش شۆڕشی خۆی بەرپا کردووە و کاریگەریی بەسەر هەموو گەلانی ئێراندا کردووە. بەڵام لەهەمانکاتدا ئەم شۆڕشە خاوەن تایبەتمەندێتی خۆشیەتی و راستینە و سرووشتی خۆی هەیە. واتە کۆپیکراو نییە، بەڵکو درێژەپێدەر و تەواوکارە، لەهەمانکاتیشدا خۆی شۆڕشێکە و بەهۆی ئەوەی لە جوگرافیا و کۆمەڵگەگەلێکی جیاوازدا، سەریهەڵداوە، راستینە و سرووشتی خۆیشی هەیە و دەبێت ببینرێت.
ئەم شۆڕشە لەمیانەی درووشمەکەیەوە، هەروەها بەشداربوونی ژنان و سەرجەم گەلان لەم شۆڕشەدا، ئەوەمان پێدەڵێت کە؛ لەسەر هەمان پارادایمی ئازادیی و بەیەکەوەژیانی دیموکراتیانەی شۆڕشی ئازادیی لە باکوور و رۆژئاوی کوردستان و باکوور-رۆژهەڵاتی سوریا بەرپا بووە. بێگومان ئەم پارادایمە ئازادیخوازییە وەک جولانەوەیەکی شۆڕشگێڕییش لە باشووری کوردستاندا لەنێو تێکۆشانی سەخت و دژواردایە. واتا لەرووی زیهنی و رۆحی چالاکوانێتیدا ئیلهام بەخش بووە بۆ شۆڕشی ئازادیی رۆژهەڵات و ئێران. ئەمە بەو واتایە نایەت کە ئەم شۆڕشە راستەوخۆ و بە ئۆرگانی لەلایەن باکوور یان رۆژئاواوە بەڕێوەدەچێت، بەڵکو رەوتە شۆڕشگێڕییەکەی ئەم شۆڕشە خۆی شۆڕشەکەی خۆی بەڕێوە دەبات، ئەوانەی رۆژانە لە گۆڕەپانەکە دان و لەبەرەنگاربوونەوەی سەخت و دژواردان و سات بە سات گیان و ژیان دەبەخشن ئەوانەن کە پێشەنگی راستەقینەی خودی شۆڕشەکەن. بەڵام بەهەمان ئەقڵییەت و پارادایمی شۆڕشگێڕانەوە. بۆیە ئەم شۆڕشە چەندە لەرووی درووشم، ناوەرۆک، پارادایم، بەرنامە و ئامانجەکانی خۆی لە شۆڕشی باکوور-رۆژئاوا دەچێت، بەهەمان شێوەش خۆی تایبەتمەندێتی و راستینەی خۆی هەیە و لەڕووی تێکۆشانی کرداریی و شێوازی چالاکییەکانیەوە تەواو مۆرکی خۆی و تایبەتمەندێتی خۆی هەیە. واتە ئەگەر سەرچاوەی ئەم شۆڕشە لە “باکوور، رۆژئاوا، رۆژهەڵات” لەڕووی زیهنی و پارادایمییەوە یەکیش بن، بەڵام هەر یەکێک لەو رەوتە شۆڕشگێڕییانە بەگوێرەی جوگرافیا و مێژووی وڵاتەکەیان، کۆمەڵگەکانیان، واقیعی سیستەمی دەسەڵاتدار و سیستەمی کۆمەڵایەتی باوی سەر وڵات و کۆمەڵگەکەی خۆیاندا، بوونەتە خاوەن تایبەتمەندێتی و سرووشتی خۆیان. ئەمە راستینەیەکی بەرچاوی شۆڕشەکەی ئێستای رۆژهەڵات و ئێرانە.
لەوانەیە بۆچوونێکی وەهاش هەبێت کە چۆن و کوا کاریگەرییەکانی شۆڕشەکانی باکوور و رۆژئاوا بەسەر ئەم شۆڕشەی رۆژهەڵات و ئێرانەوە هەیە؟ لێرەدا، ئەگەر چەند نموونەیەک لە رووداوە مێژووییەکانەوە لەو بیست و چوار ساڵەی رابردوودا بێنینەوە رەنگبێ باشتر لەو بەریەککەوتن و کاریگەرییەی رۆژهەڵات لەگەڵ باکوور و رۆژئاوا ببینن. لە ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩دا کاتێک کە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی دژ بە رێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەکەکە و گەلی کورد بەڕێوەچوو، دەیانهەزار لە خەڵکی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و تەنانەت لە زانکۆکانی تارانیشەوە، دژ بەو پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییە راپەڕین و خۆپیشاندانی زۆر مەزن و شکۆمەندانەیان کرد، هەر بەهۆی ئەم راپەڕین و خۆپیشاندانانەوە دەیان شەهیدیان بەخشی و سەدان و هەزارانیان بریندار بوون و دەستگیر کران، هەر بەمەش نەوەستا لەوکاتەوە تا ئێستا هەزاران کچ و کوڕی رۆژهەڵات بەشداریی ریزەکانی پەکەکە بوون، ئێستاش بوونەتە خاوەن رێکخستنی فراوانی خۆیان (پژاک و کۆدار) لە رۆژهەڵات و ئێراندا. هەروەها لە زیندانە دۆزەخییەکانی ئێران و رۆژهەڵاتدا چەندین شۆڕشگێڕی چالاکوان بەهەمان پارادایم و درووشمەوە بەرخۆدانیان کرد و تا دوا هەناسەیان بچووکترین سازشیان لە باوەڕیی و پارادایمەکەی خۆیان نەکرد.
هەروەها لەکاتی بەرپابوونی شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان و بەدوایشیدا هێرشکردنی داعش و تورکیا بۆ سەر کۆبانێ و عەفرین و گرێسپی و سەرێکانی، خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و لە تارانیش بەدەیان هەزاریان خۆپیشاندانی زۆر بە شکۆیان بۆ پشتیوانی لە رۆژئاوا و خەڵکەکەی و شۆڕشەکەی کرد. ئەمەو دەیان و سەدان نموونەی تر پێمان دەڵێن کە؛ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و تاڕادەیەکیش لە کۆی ئێرانیش، بەتایبەتی لەنێو خوێندکاران، گەنجان و ژناندا کاریگەرییەکی بەرچاوی شۆڕشی ئازادی کوردستان لە باکوور-رۆژئاوا هەیە و بە ئیلهام وەرگرتن لەم شۆڕشە ئەوانیش شۆڕشی خۆیان بەرپاکردووە و بەهەمان درووشم و پارادایمەوە لە شۆڕش دان. بێگومان کاریگەرییەکانی کەناڵە تیڤییە ئازادیخوازەکان، میدیای دیژیتاڵ رۆڵێکی گرنگیان لەم هۆشیاربوونەوەیەی گەلی کورد و گەلانی ئێران و تێگەیشتن و کاریگەربوون بەو پارادایم و شۆڕشەی ئازادی لە باکوور-رۆژئاوا هەیە.
یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی راستینە و سرووشتی ئەم شۆڕشە ئەوەیە کە تەنیا شۆڕشێکی سیاسی رووت نییە و تەنیا بەرامبەر خودی دەسەڵاتە ستەمکارەکەی ئێرانیش نییە، بەڵکو ئەم شۆڕشە، هەرچەندە هێشتا هەموو تایبەتمەندێتی و سرووشتەکەی بەتەواوی دەرنەکەوتووە، بەڵام لە درووشمە بنچینەییەکە و درووشمەکانی تریدا دەردەکەوێت کە ئەم شۆڕشە لەبنەمادا:
1. شۆڕشێکی زیهنی-فیکرییە، رێنیسانس و رۆشنگەرییەکی نوێیە دژ بەو زیهنییەتە باڵادەستەی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا باڵادەستە و دژەژن و دژەژیان و دژەئازادییە. واتا دژ بە سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە، دەوڵەت-ئایینگەرا-مەزهەبگەرایە.
2. شۆڕشێکی کولتوورییە، دژ بەو کولتوورە باڵادەستەیە کەوا هەزاران ساڵە بەسەر مرۆڤ و کۆمەڵگەکانی رۆژهەڵات و ئێران و خۆرهەڵاتی ناویندا داسەپێنراوە، ئەو کولتوورە باڵادەستە کولتوورێکی دژەژن، دژە ژیان، دژە ئازادییە.
3. شۆڕشێکی کۆمەڵایەتییە، دژ بەو دۆخە کۆمەڵایەتییەی کەوا تاک و کۆمەڵگەکانی رۆژهەڵات و ئێرانی تێدا چەپێندراوە و سەرکوتکراوە، کە تێیدا زەمینەی ئازادی، یەکسانی، کار، دادپەروەری، ژیانێکی بەشکۆی دادپەروەر و یەکسان و ئازاد، بەیەکەوەژیانی دیموکراتیانە و ئاشتەوایانەی تا دواڕادە نەهێشتووە.
4. شۆڕشێکی ئیکۆلۆژییە، کە دژ بەو دۆخە داسەپێنراوەیە کە ژینگەی سرووشتی و کۆمەڵایەتی وێران کردووە و زەمینەی ژیانی نەهێشتووە.
5. شۆڕشێکی سیاسییە، دژ بەو سیستەمە سیاسییەی کەوا زیاتر لە چل ساڵە، لەمیانەی دزین و زەوتکردنی شۆڕشی ئازادی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩دا بەرپاببوو، هاتۆتە سەر دەسەڵات و بە ئاگر و ئاسن سەرکوتی ژنان و گەلی کورد و گەلانی تری ئێرانی کردووە. دژ بەو گەندەڵییەی دەسەڵاتە ستەمکارەیە کە رۆڵەکانی ئەم گەلانە، لەسەر دەرکەوتنی چەند تاڵە قژێکی ژنان، لەسەر بەرەنگاربوونەوەی ئەم دەسەڵاتە، بەناوی خوا و ویلایەتی فەقیهی خۆکردنە جێگری خواوە، دەکوژرێن، لەسێدارە دەدرێن، دەخرێنە کونجی زیندانەکانەوە. ئەم دەسەڵاتە تیۆکراتە خۆسەپێنە، گەلی کورد و گەلانی تری ئێرانی غەرقی هەژاری، بێکاری، ئاڵوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، تەشەنەپێدانی دەمارگیریی ئایینی، ئایینزایی، نەتەوەپەرستی کردووە.
بۆیە ئەم شۆڕشە کە زیاتر لە مانگێکە بەرپابووە، رۆژ بە رۆژ سرووشت و تایبەتمەندێتییەکانی دەردەکەوێتەڕوو، بەر لەهەموو شتێک شۆڕشێکی زیهنی، کولتووری، کۆمەڵایەتی، ئیکۆلۆژیی، ئینجا سیاسییە. هەرچەندە ئێستا زیاتر لایەنە سیاسییەکەی بەرچاوە، ئەمە لەبەر ئەوەیە کە سیستەمی دەسەڵاتداریی ئێران، لەخۆیدا گوزارشت و نوێنەرایەتی لە هەموو ئەو سیستەمە زیهنی، کولتووری، کۆمەڵایەتی، ئیکۆلۆژی و سیاسییە دەکات کە گەلی کورد و گەلانی ئێران لەدژیدا راپەڕیون و شۆڕشیان بەرپا کردووە. ئەمەش راستە و هەڵە نییە، چونکە رووخاندنی ئەم سیستەمە سیاسییە دەسەڵاتدارەی ئێستای ئێران، رێگە لەبەردەم رووخاندنی کۆی سیستەمە زیهنی و کولتووری و کۆمەڵایەتییە باڵادەستەکە دەکاتەوە و قۆناخێکی نوێ و زەمینەیەکی نوێ لەبەردەم ئاواکردن و بونیادنانی سیستەمێکی زیهنی، کولتووری، کۆمەڵایەتی و ئیکۆلۆژی و سیاسی نوێ و ئازاد و دیموکراتیانە دەکاتەوە و دەکرێ لەمیانەی سیستەمێکی کۆنفیدراڵی دیموکراتییدا گەلی کورد و گەلانی تری ئێران، ببنە خاوەن خۆبەڕێوەبەرێتی دیموکراتیانەی خۆیان و لەسەر بنەمای بەیەکەوەژیانی ئازاد و دیموکراتیانەدا لەسەردەمێکی نوێدا شکۆمەندانە بژین.
یەکێک لە تایبەتمەندێتییەکانی ئەم شۆڕشە ئەوەیە کە لەهیچ شۆڕشێکی تری مێژوویی گەلان ناچێت. بەڵام لەسرووشت و تایبەتمەندێتی و ئاستی کاریگەرییەکانیدا لە ناوخۆی ئێران و ناوچەکە و جیهاندا، زۆر لە شۆڕشی پاریسی ١٩٦٨ی خوێندکاران دەچێت. چونکە شۆڕشی پاریسیش ئەوەندەی شۆڕشێکی زیهنی، کولتووری، کۆمەڵایەتی بوو، ئەوەندە سیاسی نەبوو. هەرچەندە دواتر کاریگەریی سیاسیی زۆریشی بەسەر سیستەمی سیاسی ئەوروپا و جیهانیشدا هەبوو. ئەم شۆڕشەش کە تەنیا شۆڕشێکی خوێندکاران نییە، بەڵکو شۆڕشی ژنان و گەنجان و گەلان و خەڵکە هەژار و بێکارەکەیە، لەنزیک مەودا و دوورمەودادا، کاریگەرییەکی چۆنایەتی زۆر بەسەر گەلانی خۆرهەڵاتی ناوین و جیهاندا دەکات. هەر لە ئێستاوە ئاماژە گرنگەکانی ئەم کاریگەرییە دەبینین.
کەواتە ئەم شۆڕشە، شۆڕشێکی دژە دەسەڵاتی، دژە دەوڵەتگەراییە. واتە ئەم شۆڕشە لەوەدا ناوەستێت کە تەنیا سیستەمە سیاسییە دەسەڵاتدارە باڵادەستەکە بگۆڕێت، بەڵکو بەئامانجی گۆڕین و وەرچەرخاندنی کۆی سیستەمی زیهنی، کولتووری و کۆمەڵایەتیی باڵادەستی سەر رۆژهەڵات و ئێران بەرپابووە و بەڕێوە دەچێت.
لەکاتێکدا، کە ژنان و گەنجانی کورد و گەلان پێشەنگایەتی ئەم شۆڕشە دەکەن و بە درووشمی هاوبەش لە مەیدانەکان دان، ئەمە بۆخۆی بەڵگە و سەلمێنەری ئەوەیە کە ئەم شۆڕشە لەبنچینەدا بژاری بەیەکەوەژیانی ئازاد و دیموکراتیانەی گەلانی کردۆتە بژاری خۆی بۆ داهاتوو، تا ئێستا گەلانی راپەڕیو نەک هەر دژ بەیەکتر نین، بەڵکو بەیەکەوەن و خەونی بەیەکەوەژیانی ئازاد و دیموکراتیانەیان هەیە و خۆ بەدوور دەگرن لە هەموو جۆرە دەمارگیرییەکی ئایینی، ئایینزایی، ئەتنیکی و نەتەوەیی. ئەمەش یەکێکە لە خاڵە هەرە درەوشاوە جیاوازەکانی ئەم شۆڕشە.

-٦-
وەکو باسمان کرد؛ لەبەرامبەر ئەم شۆڕشەدا کۆمەڵێک رەوتی دژە شۆڕشەکەش هەر لە ئێستاوە ئاماژەکانی دەبینرێن. وەکو دەبینین؛ هاوکات لەگەڵ دژایەتیکردنی رژێمی ئێران بۆ ئەم شۆڕشە، لەدەرەوەی رژێمیش رەوتگەلێکی دژەشۆڕشیش کاران و لەهەوڵی دژایەتیکردنی ئەم شۆڕشەن، بەو رێگا و رێبازانەی کە لەسەرەوە باسمان کردن. وەکو دەبینین؛ هۆکاری دژایەتیکردنی ئەم شۆڕشە لەلایەن رژێمی ئێرانەوە دیارە کە بۆ مەرگی ئەم رژێمە بەرپابووە، بۆیە بەئاگر و ئاسن، بەهەموو شێوازێکی سەرکوتکردن لەهەوڵی سەرکوتکردنی ئەم شۆڕشە دایە. بەڵام دیارە ناتوانێت لەم سەرکوتکردنەیدا سەربکەوێت. ئیدی رژێمی ئێران، هەروەها ژنان و گەلانیش ناچنەوە دۆخی پێش ئەم شۆڕشە. لەنزیک مەودا، یان ماوەیەکی کەمخایەندا ئەو رژێمە چیتر ناتوانێت بەردەوام بێت و وەکو رابردوو پاوانی دەسەڵات، ژن و ژیان و ئازادیی گەلی کورد و گەلان بکات.
بەڵام لەدەرەوەی رژێم، ئەو رەوتانە کێن و چین کە دژەشۆڕشن و هەر لە ئێستاوە، راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، دەستیان بە دژایەتیکردنی ئەم شۆڕشی ئازادییە کردووە؟. دەکرێ ئەو رەوتانە لەچەند خاڵێکدا پۆلین بکەین:
1. سەرجەم رەوتە ئیسلامییەکان- بە رەوتی سەلەفی و ئیخوانییەوە- بە بیانووی لەچک فڕێدان و لەئایین دەرچوون، پەراوێزخستنی دەسەڵاتی پیاوسالاری بەسەر ژنەوە، دژ بەم شۆڕشی ئازادییەن. ئێستا تەنیا لە قۆناخی دژەپڕوپاگەندە دان دژ بەو شۆڕشە، فەتوا دەدەن و هەڕەشە دەکەن. بەڵام لەوانەیە لە قۆناخەکانی تردا راستەوخۆ بکەونە دژایەتیکردنی ئەم شۆڕشە و بەکردارییش لە جموجۆڵ دابن. ئەمە هەر تەنیا لە رۆژهەڵات و ئێران نا، تەنانەت لە باشووریشدا ئەو رەوتانە دژایەتی و ترسی خۆیان لەم شۆڕشە نەشاردۆتەوە.
2. سەرجەم هێز و لایەنە نەتەوەپەرستەکان و پانئێرانیستەکان و شاپەرستەکان، دژ بەو شۆڕشە لە نێو دژەپڕوپاگەندە و لێدوانی سەیر دان لەسەر درووشمی شۆڕشەکە و هەر لە ئێستاوە لەهەوڵی دزین و زەوتکردنی شۆڕشەکە دان. ئەوانە هەوڵدەدەن لەرێگەی زلدەوڵەتەکانی رۆژئاواوە، پشتیوانی بەدەستبێنن و لەدوای رووخانی رژێمی ئێستادا، ئەوان دەسەڵات بگرنە دەست. ئەمە لەکاتێکدا، ئەو هێز و لایەنانە، لەڕووی ئەقڵییەت و سیاسەتەوە، بەقەد یەک گەرد، جیاوازییان لەگەڵ رژێمی ئێستای ئێراندا نییە.
3. هێز و لایەنە میللیگەرا و نەتەوەپەرستە سەرەتایی و کلاسیکییەکانی کوردیش، هەم لە باشوور و هەمیش لە رۆژهەڵات، هەر لە ئێستاوە لەرێگەی دژایەتیکردنی درووشمە سەرەکییەکەی شۆڕشەکەوە، یان چەواشەکردن و بێواتاکردنی درووشمەکەوە، لەهەوڵی بەلاڕێدابردن و پارچەکردنی شۆڕشەکە دان. لەمەش سەرنجڕاکێشتر؛ دەیانەوێت ئەم شۆڕشە سەرتاپاگیرییەی ئێران تەنیا لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا قەتیس بهێڵنەوە و سنوورداری بکەن. هەوڵدەدەن لەرێگەی بەکارهێنانی چەک و توندوتیژییەوە دەستوەردان لە شۆڕشەکە بکەن. بێ ئەوەی بتوانن کەمترین بەرگری رەوای ئەم گەلە راپەڕیوە بکەن. ئەم هێز و لایەنە کوردیانە، هەوڵدەدەن ئامانجەکانی ئەم شۆڕشە تەنیا لە ئامانجە سیاسییە دەسەڵاتخوازییەکەی خۆیاندا بخنکێنن. ئەمە لەکاتێکدا، ئەم شۆڕشە تەنیا بە ئامانجی سیاسی و زۆر بەتایبەتیش بە ئامانجی دەسەڵاتخوازیی و دەوڵەتگەرایی بەرپا نەبووە. وەکو باسمان کرد شۆڕشێکی زیهنی، کولتووری، کۆمەڵایەتی و ئینجا سیاسیی سەرجەم ژنان و گەلانی ئێرانە. ئەگەرنا ئەوا ژنان و گەلانی تری دەرەوەی کورد بەشداریان تێدا نەدەکرد. بێگومان ئەمە بەو واتایە نایەت هێزە کوردییەکان لەم شۆڕشەدا بەشدار نین، یان خاوەن بەرنامەی تایبەتی هاوبەش و ستراتیژی هاوبەش نەبن بۆ گەلەکەی خۆیان، بەڵام دەبێت بۆ گەلانی تریش و سەرجەم ئێرانیش بەرنامە و ستراتیژیان هەبێت. چونکە نە گەلی کورد بەبێ گەلانی تر بە ماف و ئازادییە نەتەوەییەکانی دەگات، نە گەلانی تریش بەبێ کورد بە ماف و ئازادییەکانیان دەگەن. بۆیە، پێویست دەکات هێز و لایەنە کوردییەکان، بەرچاو روون بن و زەبر لە رۆح و فیکر و پارادایم و بەرنامە و ئامانجە گشتییەکانی ئەم شۆڕشە نەدەن. لەهەمانکاتدا، پێویست دەکات ببنە خاوەن ستراتیژ و بەرنامەیەکی دیموکراتیخوازیی و ئازادیخوازی روون و کۆنکرێتی ئەوتۆ کە لەگەڵ رۆح و فیکری شۆڕشەکەدا تەبا و یەکانگیر بێت. ئەگەرنا، بەم ئەقڵییەت و بۆچوونە سیاسییە بەرتەسکەی خۆیانەوە، بەر لەهەموو شتێک شۆڕشەکە پارچە پارچە دەکەن و دواجار گەلی کورد بەتەنیا لە گۆڕەپانەکەدا دەهێڵنەوە. بەمەش رژێمی ئێران بە ئاسانی دەتوانێت بەسەر گەلانی شۆڕشگێڕ و راپەڕیودا زاڵ ببێت و ئینجا بکەوێتە سەرکوتکردنی گەلی کوردیش.
4. گروپە چەپە دۆگما و کلاسیکییەکانیش هەوڵدەدەن ئەم شۆڕشە لە بۆتەی چینایەتیدا لە قاڵپ بدەن. بەمەش هەوڵ دەدەن، لەبری درووشمی “ژن، ژیان، ئازادی” درووشمگەلێکی وەک “نان، کار، ئازادی، یان حکومەتی بەرابەری” ببێتە درووشمی شۆڕشەکە. ئەمە لەکاتێکدا ژنان، گەنجان و گەلی کورد و گەلانی تری راپەڕیو، خۆیان و بە فیکر و ئیرادە و خواستی خۆیان درووشمی “ژن، ژیان، ئازادی”یان هەڵبژاردووە، نەک لایەنێکی سیاسی دیاریکراو، بە پژاکیشەوە. ئەمە لەکاتێکدا ئەم شۆڕشە زۆر لە شۆڕشێکی چینایەتی فراوانتر و گەورەترە. چونکە ژنان و گەلان، هاوکات لەگەڵ ئەوەی کێشەی نان و کار و ئازادییان هەیە، بەڵام لەم کێشانە قووڵتر کێشەی ماف و ئازادیی و ژیانی ئازاد و بەکەرامەتیان هەیە، بێبەریکراون لە هەموو دەرفەتێکی ژیانی ئازاد، لەسەرووی هەموویانەوە ژنان و گەنجان و گەلانی کورد و بەلوچ و ئازەری و عەرەب و گەلانی تری ئێران. واتە ئەم شۆڕشە تەنیا شۆڕشی چینی کرێکار نییە، بەڵکو هی هەموو چین و گەلە ژێردەستەکان و بەتایبەتیش رەگەزی چەوساوەی ژنە. بۆیە بەرلەهەموویان، ژنان راپەڕین و پێشەنگایەتی ئەم شۆڕشەیان کرد، لەنێو گەلانیشدا گەلی کورد پێشەنگایەتی ئەم شۆڕشەی کردووە، بێگومان چینە هەژار و بێکار و کرێکارەکەش لەنێو شەپۆڵەکانی ئەم شۆڕشەدا جێگە و پێگەیەکی گرنگیان گرتووە، بەڵام هەر ژنانن کە پێشەنگی ئەم شۆڕشەن. بۆیە پێویست دەکات ئەم گروپ و رەوتە چەپ و سۆسیالیست و کۆمۆنیستانە، ئەقڵییەت و بەرنامەی کاری سیاسیی خۆیان لەگەڵ راستینەی ئەم شۆڕشە، لەگەڵ رۆح و فیکری ئەم شۆڕشەدا تەبا و یەکانگیر بکەن، بەمەش دەتوانن رۆڵێکی زۆر کارا و مەزن ببینن لە سەرکەوتنی ئەم شۆڕشەدا.
5. دەوڵەتانی ناوچەکە (بەتایبەتی تورکیا و ئێراق و حکومەتی هەرێمیش) و دەوڵەتانی رۆژئاوا (ئەمریکا و ئەوروپا)ش هەر لە ئێستاوە، بە سەرسوڕمانی و شۆکەوە لە گەورەیی و رادیکاڵبوونی ئەم شۆڕشە دەڕوانن. تورکیا سەرکوتی ئەو خۆپیشاندانانەی کرد کە بۆ پشتیوانی لە شۆڕشەکە کران. هەڵبەتە، بەهۆی ئەوەی دەوڵەتانی رۆژئاوا، کێشە و ناکۆکیان لەگەڵ رژێمی ئێراندا هەیە، بۆیە رووکەشانە پشتیوانی لەم شۆڕشەی گەلان دەکەن، بەڵام لە دوور مەودادا، رەنگبێ هەوڵبدەن، هاوشێوەی دزینی بەرهەمی راپەڕینی بەهاری عەرەبی، بەرهەمی ئەم شۆڕشەش بدزن و رادەستی ئەو هێز و لایەنانەیان بکەن کە بەرژەوەندییەکانیان دەپارێزێت. بۆیە هەر لە ئێستاوە، پێویستە، ئیرادەی ئازاد و سەربەخۆی شۆڕشەکە هەر لەدەست ژنان و گەلی کورد و گەلانی تردا بمێنێتەوە و رادەستی هیچ هێز و لایەن و دەوڵەتێکی نەکات و بەرژەوەندیی خۆیان لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانی تری هێز و لایەن و دەوڵەتەکاندا دابنێن.
رەنگبێ رەوتی تریش هەبن، ئێستا یان لە داهاتوودا دژبەرێتی خۆیان بۆ ئەم شۆڕشە بخەنەڕوو. بەڵام ئەوانەی لە سەرەوە باسمان کردن، سەرەکیترین ئەو رەوتانەن کە هەر لە ئێستاوە، راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، دژ بە درووشمەکەن، کە گوزارشت لە رۆح و فیکر و پارادایم و بەرنامە و ئامانجەکانی شۆڕشەکە دەکات.

-٧-
لەکۆتاییدا؛ دەخوازم بڵێم؛ ئەم شۆڕشە لەیەککاتدا لەهەناوی خۆیدا رێنیسانس و رۆشنگەرییەکی مەزنی بۆ کوردستان، ئێران، خۆرهەڵاتی ناوین و جیهان هەڵگرتووە، کە بەهیچ شێوەیەک قۆناخی پێش ئەم شۆڕشە و قۆناخی دوای ئەم شۆڕشە هەرگیز وەک یەک نابن. ئەمە سەرەتای وەرچەرخانێکی زیهنی، کولتووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی مەزنە لە کوردستان و ئێران و خۆرهەڵاتی ناوین و جیهاندا. کاریگەرییەکانی ئەم شۆڕشە هەر لە ئێستاوە بەدیار کەوتووە و گەلێک بیرمەند و فەیلەسوف و رۆشنبیر و چالاکوان و هونەرمەند لەئاستی کوردستان و ئێران و ناوچەکە و جیهانیشدا بەم شۆڕشە کاریگەر بوون و دەڵێن؛ “دەبێت لە ئێوەوە، واتا لە ژنانی پێشەنگ و گەلی کورد و گەلانی ئێرانەوە فێر ببین و لێتان تێبگەین”. ئەمە بۆخۆی جیهانیبوونی ئەم درووشمە و خودی شۆڕشەکە دەخاتەڕوو.
ئەم شۆڕشە هەر لە ئێستاوە سەرکەوتووە لەوەی چ درووشمێکی بنچینەیی هەڵبژێرێت بۆخۆی و بە چ پارادایم و بەرنامە و ئامانجێکەوە دەستپێبکات و فراوان ببێت. ئەوەی ماوەتەوە چۆن بتوانێت لەسەر راستەڕێی خۆی بەردەوام ببێت و بە ئامانجە نزیک مەودا و دوور مەوداکانی بگات. بۆیە پشتیوانیکردنی ئەم شۆڕشە تا سەردەکەوێت، ئەرکێکی بنچینەیی ئەخلاقی، مەبدەئی و ئینسانی هەموو ئازادیخوازێکە. بەڕادەی گرنگیی ناسین و تێگەیشتن لە رۆح و فیکری ئەم شۆڕشە، ناسین و تێگەیشتن لە رەوتە دژەشۆڕشەکانی ئەم شۆڕشەش گرنگ و پێویستە. بێگومان هەموو شۆڕشێک بە لە بەرپابوونیدا سەردەکەوێت. واتا چۆن و کەی و کێ و بەچ شێوازێک دەستپێدەکات و بەهەمان شێوە بەردەوام دەبێت و تا بە سەرکەوتن دەگات لەسەر راستەڕێی خۆی دەڕوات. شۆڕشیش وەک مانگەو سەرلەئێوارەکەیەوە دیارە، واتا هەر لە سەرەتاکەیەوە دیارە کە بەرەو کوێ دەچێت و چیدەکات و چۆنی دەکات و کێ دەیکات.




کورتکردنەوەی ڕۆمان.. کاروان عومەر کاکەسوور

دەکرێت بەم پرسیارە سادەیە دەست پێ بکەین: ئایا ڕۆمان کورت دەکرێتەوە؟ ئەم پرسیارە لانی کەم دوو پرسیاری دیکە بە دوای خۆیدا دەهێنێت: یەکەم، چ جۆرە ڕۆمانێک کورت دەکرێتەوە؟ دووەم، کێ ڕۆمان کورت دەکاتەوە؟ ئەو (کێ)یە ئاماژە نییە بۆ کەس، بەڵکوو ئاماژەیە بۆ جۆرێکی دیاریکراوی تێگەیشتن.

لانی کەم لە (دۆستەیەڤسکی)یەوە تا ئەمڕۆ دوو جۆر ڕۆمان هەن: ڕۆمانی تاکدەنگ (homophony) و ڕۆمانی فرەدەنگ (polyphony). تا دەرکەوتنی چەمکی ڕۆمانی فرەدەنگ لەلایەن (میکایل باختین)ـەوە، شتێکمان نییە بە ناوی ڕۆمانی تاکدەنگ، بەڵکوو ڕۆمان ناوێکی گشتییە و هەر تێکستێک دەگرێتەوە، کە لە شێوەی گێڕانەوەدا نووسراوە و سنووری چیرۆکی درێژی تێپەڕاندووە. لەم نێوەدا (دۆنکیشۆت)ی (میگێل دی سێرڤانتس)، (سێ سوارچاکەکە)ی (ئەلیکساندەر دۆماس)، (ئۆلیڤەر تویست)ی (چارڵز دیکینز)، (مۆبی دیک)ی (هێرمان مێرڤڵ)، (تۆم سۆیەر)ی (مارک توەین) نموونەی زەقی ڕۆمانن. (باختین) لە ڕێی خوێندنەوەی ڕۆمانەکانی (دۆستەیەڤسکی)یەوە چەمکی فرەدەنگی، یان پۆلیفۆنی دادەهێنێت و خەسڵەتەکانی دەردەخات، کە دواتر ئەو چەمکە لەلایەن ڕەخنەدۆزانی دیکەوە پتر بایەخی پێ دەدرێت و زیاتری لە بارەوە دەنووسرێت. واتە ڕۆمانەکانی (دۆستەیەڤسکی) لەگەڵ ئەوەیشدا فرەدەنگن، بەڵام تا (باختین) لە ڕووی تیۆرییەوە تایبەتمەندییەکانی دەرنەخستن، هەر بە ناوە گشتییەکەی ڕۆمان دەناسرانەوە.

کاتێ ئاماژە بەم دوو جۆرە دەدەین، ئەوە هاوکات لە بیریشمانە، کە نە سنووری کۆنکریتبەندیان لە نێواندایە و نە هیچ پێوەرێکی دیاریکراویش هەیە، تا بۆ ناسینەوەیان بیخەینە کار، بەڵکوو دەکرێت بێژمار جۆری ڕۆمان هەبن، بە ڕادەیەک هەر ڕۆمانێک چەندیش سادە بێت، جۆرێکی تایبەتی تاکدەنگ لە خۆی بگرێت. هەر ڕۆماننووسێکی داهێنەریش لەسەر شێوازی خۆی ڕۆمانی فرەدەنگ دەنووسێت.

*    *    *

ڕۆمانی تاکدەنگ لە پێناوی بیرۆکەیەکی دیاریکراودا دەنووسرێت، کە هەموو توخمەکانی وەک کارەکتەر، ڕووداو، گفتوگۆ، زمان، شێوازی گێڕانەوە و ئایدیۆلۆجیا بە دەوری ئەو بیرۆکەیەدا دەخولێنەوە. ڤیبێژەر (نارەتەر)ێکی هەمووشتزان تێکڕای ئەوانە هەڵدەسووڕێنێت. بە مانایەکی دی، یەک بیرۆکەی سەرەکی هەیە و ئەو بیرۆکەیش بە ڕوونی ئاماژە بە نووسەر دەدات. واتە نووسەر بابەتێکی دیاریکراو زەق دەکاتەوە و هەر لە سەرەتاوە دەزانێت بە کوێ دەگات. بەم شێوەیە نووسین نابێتە کەناڵی بیرکردنەوەی جیاواز و بە گومان بارگاوی ناکرێت، تا هۆشیاریی نووسەر بسووتێنێت و بەردەوام هیی دیکەی لێ بەرهەم بهێنێت، بەڵکوو نەخشەڕێگەی لە بەردەمدایە و دوای دەکەوێت. لەم جۆرە ڕۆمانەدا کارەکتەری سەرەکی و ناسەرەکی هەن، تەنانەت بە شێوەی هەرەمی کارەکتەرەکان ڕیز دەکرێن. کارەکتەری یەکەم، دووەم، سێیەم، چوارەم و هتد. کارەکتەری یەکەم لە دووەم و دووەم لە سێیەم و سێیەم لە چوارەم بە گرنگتر دادەنرێت و دەنگی نووسەریش بەسەر تێکڕایاندا زاڵە، بگرە هەر خۆی تاکە دەنگی ڕۆمانەکەیە. لێرەدا زۆریی دەرکەوتنی کارەکتەر لە بەرچاو دەگیرێت، نەوەک ئەو کارەکتەرە چ جیاوازییەک دەهێنێت و چۆن کاریگەریی خۆی دەردەخات.

دەکرێت بگوترێت خەسڵەتی زەقی ڕۆمانی تاکدەنگ، دەنگی نووسەرە، کە دەستەڵاتی بێسنووری هەیە، بۆیە تێکشکاندنی ئەو دەستەڵاتە زەمینە بۆ دەرکەوتنی دەنگی کارەکتەرەکان خۆش دەکات. لەم ڕووەوە (داڤید لۆج) لەو بەشەی لە ژێر ناونیشانی (نووسەری مشەخۆر: The Intrusive Author) لە کتێبی (هونەری ڕۆمان: دەرخستنی لە تێکستی کلاسیک و مۆدێرندا)دا نووسیویەتی، دەڵێت: لە سەرەتای ئەم سەدەیەوە (مەبەستی سەدەی بیستەمە) دەنگی نووسەر بووە شتێکی نەخوازراو (disfavour)، بەوەی بانگەشەی جۆرێکی دەستەڵات دەکات، کە وەک خوداوەندێکی هەمووشتزان (a God-like omniscience) وایە، لە کاتێکدا سەردەمەکەمان، کە خاوەنی خەسڵەتی گومان و ڕێژەیییە، ناهێڵێت ئەو دەستەڵاتە بە هیچ کەسێک بدرێت، بۆیە لە ڕۆمانی مۆدێرندا دەنگی نووسەر کپ دەکرێت، بگرە بە لاوە دەنرێت.

کاتێ دەستەڵاتی ڕەها لە نووسەر دەستێنرێتەوە و بە کارەکتەرەکان دەدرێت، بێ ئەوەی یەکێکیان لەوەی دیکەی پتر بەر بکەوێت، دۆخەکەیش بە سروشتی خۆی لە تاکدەنگی (homophonic)یەوە بۆ فرەدەنگی (polyphonic) دەگۆڕێت. ئەوەی (لۆج) دەیڵێت، لە بەرهەمەکانی (دۆستەیەڤسکی)دا بە ڕوونی دەرکەوتووە و لە توێژینەوەکانی (باختین)یشدا وەک تیۆرییەکی کاریگەر دامەزراوە. 

دیارە کاتێ باسی ڕۆمانی پۆلیفۆنی لە لای (دۆستەیەڤسکی) دەکەین، ناکرێت بڵێین پێشتر بە هیچ شێوەیەک ئەو شێوازە نەبووە، بەڵکوو مەبەستمانە بڵێین لەسەر دەستی ئەودا چاکتر پێ دەگات، دەنا ڕەخنەدۆزان بۆ نموونە لە بەرهەمەکانی (ژان ژاک ڕۆسۆ)دا، کە سەدەیەک پێشتر ژیاوە، فرەدەنگی دەبینن، بە تایبەتی لە ڕۆمانی (جوولی، یان هێلۆیزی نوێدا)، کە بە شێوەی نامەئامێز (ئەپیستۆلەری) باس لە دڵدارییەکی قەدەغەکراو دەکات. ئەو شێوازەی (ڕۆسۆ)، واتە ئەوەی (هێلۆیزی نوێ)، لە سەدەی هەژدەدا کاریگەرییەکەی دەردەکەوێت. وەک (داڤید لۆج) لەو بەشەی لە ژێر ناونیشانی (ڕۆمانی نامەئامێز: The Epistolary Novel) لە هەمان کتێبی ناوبراودا نووسیویەتی، دەڵێت (ساموێل ڕیچاردسەن) هەردوو ڕۆمانی (پامیلا: 1741) و (کلاریسا: 1747)ی پێ دەنووسێت.

*    *    *

لە ڕۆمانی فرەدەنگدا ئەو هەرەمە تێک دەشکێت، کە نووسەری ڕۆمانی تاکدەنگ خۆیی لە سەرەوەی داناوە لەوێوە هەموو توخمەکان هەڵدەسووڕێنێت. بەم شێوەیە کارەکتەرەکان ئازادن و بۆچوونی دژبەیەک دەردەبڕن. کات و شوێن دەچنە ئاستی ئاماژەوە. واتە بایەخی گەورە بە کرۆنۆتۆپ (Chronotope) دەدرێت، کە وەک (تۆدۆرۆڤ) لە کتێبی (میکایل باختین و پرینسیپی گفتوگۆ)دا دەڵێت لە لای (باختین) کرۆنۆتۆپ بریتییە لە شوێنکات و بە شێوەیەک لە شێوەکان بە تیۆریی ڕێژەییی (ئاینیشاتین) دەگاتەوە، بۆیە ئەو شۆڕشەی (دۆستەیەڤسکی) لە بواری ڕۆماندا کردوویەتی، بەو شۆڕشە بەراورد دەکات، کە (ئاینیشتاین) لە بواری فیزیادا هەڵیگیرساندووە. ئەو گرفتانەی (دۆستەیەڤسکی) ڕووبەڕوویان بووەتەوە، زۆر لەوانە ئاڵۆزترن، کە لە ڕۆمانی تاکدەنگ (homophonic)، یان  ڕۆمانی مۆنۆلۆگیک (monologic)دا هەن، بەو پێیەی جیهانی (ئاینیشتاین) زۆر لە جیهانی (نیوتن) ئاڵۆزترە.

لێرەدا (تۆدۆرۆڤ) لەسەر ئەم تێگەیشتنەی (باختین)دا دەوەستێت، بەوەی ڕۆمانی فرەدەنگ هیی دنیایەکی جیاوازترە لەو دنیایەی ڕۆمانی تاکدەنگ. دەکرێت بڵێین ئەو گرفتانەی ڕۆماننووسانی وەک (ڤێرجینا ولف)، (جیمس جۆیس)، (مارسێل پرۆست)، (ولیام فۆکنەر)، (فرانز کافکا) و دواتریش (ئالان ڕۆب گرێ)، (ئایرێس مەردۆک)، (گوینتەر گراس)، (ئومبێرتۆ ئیکۆ)، (مێلان کۆندێرا) و زۆری دیکە ڕووبەڕووی بوونەتەوە، ئاڵۆزترن لەوانەی (دیکینز)، (بەلزاک)، (ڤیکتۆر هیگۆ) و ئەوانەی دی مامەڵەیان لەگەڵدا کردوون، بۆیە دەبینین شێوازی دەربڕین و تەکنیکەکانی گێڕانەوە گۆڕانی گەورەیان بەسەردا هاتوون. زمانیش ئاستێکی دیکەی هەیە، چونکێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دنیایەکی هەمەڕەنگ و هەمەئاڕاستە، زمان بەردەوام پێویستی بە هێزی دیکە هەیە. وەک (تۆدۆرۆڤ) لە کتێبی ناوبراودا پێی وایە ئەو بایەخی تایبەتی بە زمان داوە، کە ئەو بایەخە گۆکردن (utterance)یش دەگرێتەوە. واتە گۆکردنی مرۆڤانە لە لایەک بەرهەمی کارلێکی زمانە و لە لایەکی دی ڕایەڵی ئەو گۆکردنە (context of the utterance) بۆ مێژوو دەگەڕێتەوە. لە گۆکردندا گفتوگۆگەرایی (dialogism) دێتە کایەوە. بە مانایەکی دی، دەقئاوێزان (Intertextual) بەرهەمی ئەو گۆکردنەیە. سەرجەم شتەکان ناویان هەیە و هیچ وشەیەک نییە، بە کار نەهێنرێت. هەر چەمکێک چ بە مەبەست و چ بێمەبەست بریتییە لە گفتوگۆ لەگەڵ چەمکەکانی پێشوودا، کە بە هەمان بابەتەوە پێوەستن. هەروەها لەگەڵ ئەو چەمکانەی لە دوای دێن، یان پێشبینی کراون. وەک گوترا لایەنێکی ئەو گۆکردنە بۆ مێژوو دەگەڕێتەوە. واتە مێژوو دەردەبڕێت.

بەم پێیە هەر دەنگێک کاتێ لەلایەن خەڵکەوە گۆ دەکرێت، چ بە دەم و چ بە نووسین، لە توانایدایە ڕۆ بچێتە ناو قووڵاییی کۆمەڵگە و لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا بەر دەنگەکانی تر بکەوێت، کە لێرەدا جیاوازی و هەمەڕەنگی دێنە کایەوە. لەبەر ئەوەیشە ڕۆمان لە لای باختین دەبێتە شێوەیەک لە شێوەکانی ئەنترۆپۆلۆجیا. بوونی مرۆڤ بوونێکە لە گۆڕاندایە. واتە خەسڵەتی هەمەڕەنگی (heterogeneous)ی هەیە و ناکرێت کورت بکرێتەوە، بەڵکوو ئەو بوونە تەنیا لە دۆخی گفتوگۆدا بەرجەستەیە. لە گفتوگۆدا بوون دەردەکەوێت و لە بووندا ئەوەی تر دەدۆزرێتەوە، بەو مانایەی تا ئەو ساتەی گفتوگۆ بەردەوام ببێت، بوونی مرۆڤ پتر دەچیتە ئاستی جیاوازی و هەمەڕەنگییەوە.

ئەگەر ڕۆمانی فرەدەنگ لە لای (باختین) پشت بە گۆکردن دەبەستێت، ئەوە ئەو گۆکردنە کاتێ کاریگەریی هەیە، کە کارەکتەرەکان ئازادن و نووسەر سەرکوتیان ناکات. واتە ئەو گۆکردنە هیی کەسی سەربەخۆیە و بیرۆکەی جیاوازی لێ بار کراوە، بەو مانایەی ئەو جیاوازییانە بەر یەک دەکەون و شتی نوێ بە دەستەوە دەدەن، کە زمان توانای هەیە بە وردی ململانێی کۆمەڵایەتی دەرببڕێت و هەموو ئەو گۆڕانکارییانە دەربخات، کۆمەڵگە پێیاندا تێدەپەڕێت. وەک گوترا گفتوگۆ بەرهەمی ئەو گۆکردنەیە و تێیدا مرۆڤ نەک تەنیا جەستەی، بەڵکوو ڕۆحیشی بە کار دەهێنێت. زوبان، لێو، چاو، دەستەکان و ئەوانەی دیکەیش لەو پرۆسێسەدا بەشدار دەبن. پرسیاریش هەر لێرەدا دێتە کایەوە. مادام هەر کەسێک بۆچوونی جیاوازی هەیە، ئەوە لە ڕێی ئەو گفتوگۆیەوە دەیانخاتە ڕوو، بەو مەبەستەی لەوانەی دیکە بگات. بە مانایەکی دی، گفتوگۆ بزوێنەری پرسیارە، کە لە ڕێی پرسیارەوە هەم ئەو ئاسمان (سپەیس)ـە گەورەتر دەبێت و هەم زمانی دەربڕینی کارەکتەرەکان پتر قووڵ دەبێتەوە.

*    *    *

ڕۆمان بەوەدا خاوەنی خەسڵەتی شلکی (flexibility)یە، توانیویەتی لەگەڵ سەرجەم بوارەکانی فەلسەفە، سایکۆلۆجیا، سۆسیۆلۆجیا، ئەنترۆپۆلۆجیا و هیی دیکەدا بکەوێتە گفتوگۆوە و لەگەڵ بوارەکانی وەک شیعر، شانۆ، هونەری شێوەکاری، میوزیک، میتۆلۆژیا و ئەوانەی دیکەیشدا پێوەندی ببەستێت، بە ڕادەیەک هەم شوێنی هەموویان لە لای خۆی بکاتەوە و هەم لە لای سەرجەمیشیان شوێنی پێ بدرێت. ئەو فرەدەنگییە بەرهەمی ئەو شلکییەیەتی. بەم شێوەیە ڕەخنەدۆزان لە ڕێی چەمکەکانی وەک دەقئاوێزان (ئەنتەرتێکستواڵیتی)، کەرنەڤاڵ، کرۆنۆتۆپ، ئاسمان، پارۆدی، شێوازگەرایی (Stylisation)، لەتلەتی (Fragmentation)، فرەڕەگی (Hybridization) و هیی دیکەوە ڕۆمانی فرەدەنگی دەناسنەوە و ئاستەکانی لێک دەدەنەوە.

ئاڕاستە فیکری و فەلسەفییەکان بە تایبەت لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەمەوە ڕێگەخۆشکەر بوون بۆ لەدایکبوونی ئەدەبی فرەدەنگ، کە بەرهەمەکانی هەر یەک لە (کارل مارکس)، (فرێردریک نیتشە)، (سیگمۆند فرۆید) و دواتر (هێنری برگسۆن)، (مارتین هایدیگەر)، (گاستۆن باشولار) و ئەوانەی دیکە لەو فرەیییەدا بەشدارن. بۆ نموونە کاریگەریی فەلسەفەی (نیتشە) بەسەر ڕۆمانی فردەنگەوە بە ڕوونی دیارە، کە من خۆم لەو گفتوگۆیەی (شاخەوان سدیق) لەگەڵیدا کردووم و لە ژێر ناونیشانی (ڕۆمان لە تاکدەنگەوە بۆ فرەدەنگ)دا چاپ کراوە، فرەدەنگیم بۆ ئەوێ گەڕاندووەتەوە، بەوەی ڕەخنەی دڵڕەقانەی ئەو فیلۆسۆفە لە مێتافیزیکا، وای کردووە چەمکەکان تێک بشکێن و هەر یەکەی کۆمەڵێک ئاڕاستەی دیکەی لێ ببنەوە. بە مانایەکی دی،  چەمکی هەڵگێڕانەوەی بەها (Transvaluation) بەر لە هەرچی وەستانەوەیە لە ئاستی حەقیقەتدا. کاتێ حەقیقەت تێک دەشكێت، ژیان بە فرەوانییەکەی دەردەکەوێت. کتێبی (جینیالۆجیای ڕەوشت: On the Genealogy of Morality) سێ ساڵ بەر لە دەستپێکی سەدەی بیستەمدا چاپ کراوە و تێیدا ڕەخنە لە سیستەمی ڕەوشتی باو دەگرێت، کە نەک هەر لە وەهمدا نغرۆ بووە، بەڵکوو شێواوە و لە بنەمای ڕەسەنی خۆی دوور خراوەتەوە. لەم ڕووەوە دەنووسێت: ئێمە پێویستمان بە ڕەخنەی بەهاکانی ڕەوشت (moral values)ـە و بەر لە هەر شتێکیش پێویستە لێیان بکۆڵینەوە. ئەمەیش ئەوە دەخوازێت لەو هەلومەرج و بارودۆخانە بگەین، کە تێیاندا گەورە بوون. واتە جینیالۆجیا پرسیارە لە خودی بەها، کە لەو ڕێیەوە نەک خۆی، بەڵکوو ئەوانەیش تێک دەشکێنرێن، کە ڕایان گرتووە و هێشتوویانەتەوە. لە پارچەی (62)ی کتێبی (زانستی هۆژی) لە ژێر ناونیشانی (ئەوەیە مرۆڤ: Ecce Homo)دا دەنووسێت: (بەڵێ، من دەزانم لە کوێوە هاتووم. هەمیشە وەک بڵێسە تینووم. خۆم دەخۆمەوە و دەدرەوشێمەوە. ڕووناک دەبێتەوە، هەر شتێ دەیهێنمە بەر چاو. ئەوەی جێی دەهێڵم، خۆڵەمێشە. من هەر بە دڵنیایی بڵێسەم). واتە مرۆڤی یاخی، کە لە لای ئەو بە مرۆڤی باڵا ناسراوە، لە ڕێی ئەو بەها ساختانەوە خۆی نابینێت، بەڵکوو وەک بڵێسەی ئاگر وایە، کە خۆراکی خۆی لە خودی خۆی وەردەگرێت و هەر بەوەیش دەدرەوشێتەوە. بەردەوامە و ئامانجی دیاریکراوی نییە.

*    *    *

پێوەری بەها بەو دابەشکارییەوە پێوەستە، کە دنیا دەکاتە بەشی چاکە و بەشی خراپە، جوان و ناشیرین، بەرز و نزم… هتد. لێرەدا ڕەوشت، دابونەریت، ئایین و شتی دیکە ڕۆڵ لەو دابەشکاری و دامەزراندنی ئەو هەرەمەدا دەبینن. جینیالۆجیا، کە هەم ڕەخنەیە و هەم لێکدانەوەی ئۆنتۆلۆجی، ئەو دابەشکارییە تێک دەشکێنێت و بەهاکان بە شێوەی دیکەی جیاواز ڕێک دەخاتەوە. بە مانایەکی دی، لە ڕێی ڕەخنەوە ماسکەکان، وەهمەکان و چینە پیرۆزەکان لا دەدرێن و بنەماکانی ئەو بەهایانە دەدۆزرێنەوە، کە ئەو پرۆسێسە بە سروشتی خۆی کرانەوەیییە. لێرەوەیە ئەو زمانەی بە جینیالۆجیاوە پێوەستە، زمانێکی ترازاوە و حەقیقەتی ناسراوی شتەکان دەرنابڕێت، بەڵکوو بەو هێزەی هەیەتی، حەقیقەتەکان تێک دەشکێنێت، تا لە ڕێی ئاماژەوە بدوێت، کە ناکرێت لە شتی دیاریکراودا بەرجەستەی بکەین.

چەمکی (مەرگی خوداوەند)یش هەر لەمەوە چاو هەڵدێنێت، کە مەبەست لەو خوداوەندە نییە، لە خەیاڵی مرۆڤی باوەڕداردایە، بەڵکوو زۆر لەوە فرەوانترە، بە ڕادەیەک ئەو مەرگە لە بەردەوامیی خۆی نەکەوتووە. وەک (جیل دولووز) لە کتێبی (نیتشە و فەلسەفە)دا پێی وایە {مەرگی خواوەند، یاخود (خوداوەند مرد) بابەتێکی تیۆری نییە، بەڵکوو بابەتێکی درامیی (dramatic proposition)ـە زۆر بە چاکی، بگرە فرەیییە، بەوەی ناکرێت خوداوەند بکرێتە ئامانجی زانینێکی پێکەوەبەستراو (synthetic knowledge)، ئەگەر مەرگی تێ نەئاخنرێت. کاتێ خوداوەند دەمرێت، هەمیشە کۆمەڵێک جۆری مردنیش دەمرن}، کە ئەو گوتەیەی دوایییانی لە کتێبی (زەردەشت ئاوا دوا)وە وەرگرتووە: (When gods die, they always die many sorts of death). کۆمەڵێک مردن دەمرن و لە بەرانبەردا کۆمەڵێک ژیان لە دایک دەبن. مەرگی خوداوەند واتە مەرگی هەموو ئەو بەهایانەی پێوەی پێوەست بوون. بەکورتی مەرگی ڕەوشتی کریستیانیتییە، کە بە داخراوی و سنوورداری دەناسرێنەوە، تا لەوێوە ئەو بەهایانە لە دایک ببن، توانای بەردەوامی و نوێبوونەوەیان هەیە. ئەو بیرۆکەیە دەبێتە پرۆبلەماتیکێکی گەورەی فەلسەفی و بە مێژووی فیکردا تێدەپەڕێت، کە ئەدەب و هونەریش دەگرێتەوە. (مارتین هایدیگەر) دەیباتە ناو مێتافیزیکا و مەرگی کات ڕادەگەیەنێت. (مێشێل فۆکۆ) مەرگی مرۆڤ، (ڕۆڵان بارت) مەرگی نووسەر و (جاک دێریدا) مەرگی قسە. (واڵتەر بینیامێن)یش هەر زوو جاڕی مەرگی هونەری سەردەمی عەقڵی ئامێرگەرای دا. ڕێبازە هونەری و ئەدەبییەکان لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە، لە دادائی و سوریالییەوە تا ئەمڕۆ مەرگی ئەو شێوازە ڕاستەوخۆیەیان ڕاگەیاند، کە تێیدا زمان یەکسان دەکرا بە شت، تا ئاماژەکان لە دایک ببن و لەمەوە هیچ تێگەیشتنێک نەتوانێت ماناکان بخاتە ناو چوارچێوەوە. لە لایەکی دیکەوە (مەرگی خوداوەند) مەرگی سێنترالیزمیشە، کە لەسەر دوالیزمەکاندا خۆی جێگیر کردووە، بەو مانایەی نموونەیەکی باڵا و سەرەکی هەیە، کە تێکڕای زانین و چالاکییەکان بە دەوریدا دەخولێنەوە. ئەو نموونە باڵایە وەک هێزێکی مێتافیزیکی مەبەستیەتی زمان سنووردار بکات و ماناکان بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. بەم شێوەیە زمان تەنیا ئەوە دەردەبڕێت، کە ئەو نموونە باڵایە دەیەوێت. لێرەدا نووسەر ڕۆڵی بانگخوازی ئایینی (preacher) دەبینێت و ئەرکی خوێنەر تەنیا وەرگرتنی ئەو پەیامانەیە، لە دەمی ئەو بانگخوازەوە دەردەچن. لێی تێدەگات، چونکێ زانراون و پێشتر بیستوونی. دەکرێت بگوترێت زمان زیندانێکە و تێیدا ماناکان بەپێی یاساکانی خۆی هەڵدەسووڕێنێت، لە کاتێکدا بە شکاندنی زیندانەکە، ماناکان ئازاد دەبن و لێکدانەوەی جیاوازجیاواز هەڵدەگرن. ئەو تێگەیشتنە هێزێکی گەورە بە ئەدەب و هونەر دەبەخشێت و تەقینەوەی گەورەیان تێدا بەرپا دەکات، وەک چۆن خودی فەلسەفە وزەیەکی لەبننەهاتوو لە ئەدەب و هونەر وەردەگرێت، بە ڕادەیەک سنووری نێوانیان کاڵ بووەتەوە. ئەمڕۆ هەر ڕۆماننووسێکی داهێنەر فیلۆسۆفێک و هەر فیلۆسۆفێکیش ڕۆماننووسێکی فرەدەنگە. (کامۆ)، (ئایرێس مەردۆک)، (ئۆمبێرتۆ ئیکۆ)، (مێلان کۆندێرا) و زۆری دیکە بەو ئەندازەیەی ڕۆماننووسن، فیلۆسۆفیشن.

بایەخی جەستەیش هەر لە تێکشکاندنی ئەو سێترالیتییەدا خۆی دەسەپێنێت، کە پێشتر بە هۆی میراتی (پلاتۆ) و (دێکارت)ـەوە بە لاوە نرابوو. لە لای ئەو بە هێزێکی گەورەوە دەردەکەوێتەوە. دواتر (مۆریس مێرلۆپۆنتی) و (فۆکۆ)یش بە شێوازی خۆیان ڕووبەڕووی ئەو چەمکە دەبنەوە، بگرە دەبێتە بابەتێکی گرنگی فەلسەفی و لە ئەدەب و هونەری ئەو چەند دەیەی ڕابردوو بە ئێستایشەوە شوێنی گرنگ دەگرێت. بایەخی (نیتشە) بە جەستە و بە هونەری سەمای ئەو جەستەیە، کردنەوەی دەنگەکانی ئەو جەستەیەیە وەک لە زمانی (زەردەشت)ـەوە دەریدەبڕێت: (جەستە بریتییە لە کۆمەڵێک ئامێری هاوبەشی عەقڵ. بۆ ئەوەی باوەڕی پێ بهێنم، پێویستە سەماکەر بێت). جەستەی سەماکەر جەستەیەکی ئازادە و توانای بەرهەمهێنانی ئاماژەی جیاوازجیاوازی هەیە، کە دەستەڵاتی هیچ تیۆرییەک ناتوانێت سنوورداری بکات و چوارچێوەی بۆ دابڕێژێت. بە مانایەکی دی، جەستەی بەهێز توانای بەرگریی هەیە و ڕێ نادات کورت بکرێتەوە.

 (نیتشە) تێکڕای ئەو تێگەیشتنانە قڵپ دەکاتەوە، کە پێشتر لەبارەی جەستەوە خرابوونە ڕوو، تا ئەو چەمکە لە ژێر دەستەڵاتی مەعریفەی زانستیدا دەربهێنێت و بە ژیانەوە گرێی بداتەوە، کە بەوەدا ژیان هەمەڕەنگ و هەمەئاڕاستەیە، جەستە دەبێتە کۆمەڵێک کەناڵی دەربڕین.

*    *    *

دەکرێت تێکڕای فەلسەفەی (نیتشە) لە کرانەوەییدا بەرجەستە بکەین، بەوەی ڕەخنەی ئەو لە مێتافیزیکا تەنیا کۆمەڵێک چەمکی وەک حەقیقەت، جەستە، مۆراڵ، بەها، زمان، کات و هیی دیکە ناگرێتەوە، بەڵکوو سەرجەم فەلسەفە لە (سۆکرات)ـەوە بۆ (دێکارت) و لەوێوە تا (کانت)، (هیگڵ) و ئەوانەی تر دەکەونە بەر زەبری ئەو ڕەخنەیە و تێک دەشکێنرێن، کە تێکشکاندن لە فەلسەفەدا هاوواتای کرانەوەیە. مێژووی فەلسەفە بریتییە لە پرۆسێسی تێکشکان و کرانەوە. لە ژێر زەبری ئەو ڕەخنەیەدا چەمکە جیاوازەکانی وەک مرۆڤی باڵا، گەڕانەوەی هەمیشەیی، نیهلیزم، ویستی هێز، ئێرەیی، هزری مێگەل (herd mentality) و زۆری دیکە ڕەوتی فەلسەفەیان گۆڕی و دەیان کەناڵی دیکەیان کردەوە، کە ئەدەب بە گشتی و ڕۆمان بە تایبەتی لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەدا توانیویەتی گفتوگۆی کاریگەر دابمەزرێنێت.

ئەو ڕەخنەیەی (نیتشە) لە سەدەی بیستەمدا ئاڕاستەی جۆراوجۆری لێ دەبنەوە، کە هەر یەک لە فیلۆسۆفانی وەک (هایدیگەر)، (ئادۆرنۆ)، (فۆکۆ)، (دولووز)، (دێریدا)، (لیوتار) و زۆری تر فەلسەفەی جیاوازیی خۆیان دادەمەزرێنن. بەم شێوەیە (فەلسەفەی جیاوازی) دەبێتە ناونیشانێکی فرەوان بۆ سەرجەم ئەو فەلسەفانەی ڕەخنە لە دۆخی مۆدێرنیتی دەگرن و تا ئەمڕۆ درێژەی هەیە. دەرکەوتنی چەمکی (جیاوازی) بە هۆی ڕەخنەگرتن لە چەمکی (شوناس)ـەوە سەری هەڵدا، کە ئەوەیان ناوەرۆکی مۆدێرنیتییە. ئەدەب بە گشتی و ڕۆمانی فرەدەنگ بە تایبەتی توانیویەتی هاوئاهەنگی لەگەڵ هەموو ئەوانەدا بکات و ئەو هەرەمە تێک بشکێنێت، کە ڕۆماننووسی تاکدەنگ پەنای بۆ بردووە. بەوەدا ڕۆمانی فرەدەنگ ڕەگی لەناو هەموو کایەکاندا هەیە، بەرگەی ئەو هێزە دەرەکییانە دەگرێت، کە مەبەستیانە بیخەنە چوارچێوەوە و لە یەک گۆشەنیگاوە بیخوێننەوە. بە مانایەکی دی، لە ڕۆمانی فرەدەنگدا هەرەم ون دەبێت.

ئەو هەرەمە بەپێی پرینسیپی پێوەری بەهاکان دامەزراوە، کە دوالیزمی چاکە و خراپە نەخشاندوویەتی. چی پەسەندە و چی ناپەسەند؟ کارەکتەری چاکەخواز لایەنگری چاکە و کارەکتەری خراپەکار نوێنەری بەها ناپەسەندەکانە، کە وەک گوترا کاتێ ئەو بەهایانە جینیالۆجیایان بۆ دەکرێت، خودی هەرەمەکە هەرەس دێنێت، تا بە شێوەیەکی جیاواز ڕێک بخرێتەوە. لەمەوە چاکە چاکە و خراپە خراپە نییە. وەک گوترا ئەو کرانەوەیییەی (نیتشە) لە فیکری دوای خۆیدا کاریگەریی گەورەی دەبێت، کە ڕۆمانی فرەدەنگ تێیدا گەشەی کردووە. بۆ نموونە لە لای (فۆکۆ) چەمکی ئارکیۆلۆجیا دەردەکەوێت، کە ڕستەی (ئارکیۆلۆجیایەکی زانستە مرۆیییەکان: An archaeology of the human sciences) وەک ناونیشانێکی لۆکاڵی بۆ کتێبی (وشەکان و شتەکان) دادەنێت و لێیەوە بە شێوەیەکی دیکەی جیاواز چەمکگەلی وەک (شێتی)، (سێکسواڵیتی)، (زمان)، (مەرگ)، (ئەشکەنجە)، (زیندان) و زۆری دیکە دەخوێنێتەوە. پێی وایە لە سەدەی نۆزدەوە پێوەر لە ڕێی دەستەڵاتە وردەکانەوە خرایە گەڕ، بەو مانایەی وەک شێوەیەکی چاودێری خۆی سەپاند. واتە خرایە ناو چوارچێوەی پەروەردەی کۆمەڵایەتییەوە، تا جەستە ملکەچی دامودەستگەکان بکات، کە لێرەدا پاداشت و سزا دەرکەوتن. ئەگەر لە کۆمەڵگە کلاسیکییەکاندا یاسا ئەو پاداشت و سزایەی جێبەجێ دەکرد، ئەوە لە کۆمەڵگە مۆدێرنەکاندا پێوەری بەهاکان شوێنی ئەو یاسایە دەگرێتەوە، بەوەی چی لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا ڕێی پێ دراوە و چی قەدەغەیە. لەمەوە بەو دوالیزمی (چاکە و خراپە)یە هەموو کردار و هەڵسوکەوتێکیان لێک دەدرێتەوە. چی ئەمیانە و چی ئەویان؟ کامیان پەسەند و کامیان ناپەسەندە؟ یاسای نووسراو دەتوانێت ئەوانە سزا بدات، کە بەپێی فڵان بەند لایان داوە، بەڵام هەرچی پێوەری بەهاکانە، ڕۆ دەچێتە ناو وردەکارییەکانی تاک و مەبەستیەتی بوونی داگیر بکات. لەمەوە ئەو پێوەرە دەچێتە ناو دامودەستگەی زانین (مەعریفی)ییەوە، کە ئەرکی ئەو دامودەستگایانە بریتییە لە برەودان بەو بەهایانە و بە حەقیقەتەوە پێوەستیان دەکەن، تا لەو ڕێیەوە هەر شتێکی دیکەی لەو پێوەرە جیاوازە، بدەنە دواوە. واتە ئەو پێوەرە شوناس دروست دەکات و ئەو شوناسە بۆ سەرکوت دەخرێتە گەڕ.

*    *    *

ڕۆمانی فرەدەنگ لەناو ئەو ئەتمۆسفێرەدا ڕووبەڕووی ئەو پێوەرانە دەبێتەوە، کە بۆ بەهاکان دانراون. بەوەدا توانای داهێنانی ڕێگە و تەکنیکی نوێی هەیە، ئەوە هەڵکۆڵین بۆ ئەو بەهایانە دەکات و ئاستە شاراوەکانیان دەردەخات، بە ڕادەیەک ئەوەی دەردەخرێت ئاستی ترازاوی بەهاکانە، نەوەک ئاستە زانراوەکانیان. لەم نێوەدا دەنگی جۆراوجۆر و ئاڕاستەی جۆراوجۆر لە بونیادی ڕۆماندا دەردەکەون. بەم شێوەیە ڤیبێژەری هەمووشتزان بە سروشتی خۆی گوم دەبێت، کە کۆڵەگەی پشتی ڕۆمانی تاکدەنگە، بگرە وەک گوترا خواوەندیەتی، چونکە سەرچاوەکانی زانیاری گۆڕاون. وەک (جیل دۆلۆز)  لە هەمان کتێبی ناوبراودا دەڵێت (نیتشە) لەسەر شێوازی (فرۆید) پێی وایە {هۆشیاری ناوچەی من (ئیگۆ) دەگرێتەوە، کە دنیای دەرەوە کاریگەریی لەسەر دادەنێت}. بەم شێوەیە هەر کارەکتەرێک خاوەنی (من)ی خۆیەتی و ئەو سێنتراڵیتییە کاریگەریی نامێنێت. لەمەیشەوە نووسەری تاکدەنگ، کە شوێنی خوداوەندی گرتووەتەوە، دەمرێت و ژیان بە کارەکتەرە جیاوازەکان دەبەخشرێت. مردنی نووسەری تاکدەنگ، واتە مەرگی بەها و ڕەوشتە باوەکان، تا کارەکتەرە جیاوازەکان بە ڕەوشتی جیاواز و بەهای جیاوازەوە شوێنی بگرنەوە.  هەر لێرەوە لایەنی ڕۆحی ئەو بایەخەی نامێنێت، مادام کارەکتەر لە ڕێی جەستەیەوە پێوەندی بە واقیعەوە دەکات، بگرە جەستە دەبێتە زمانی کارەکتەر. وەک پێشتر گوترا جەستە ڕێ نادات کورتی بکەنەوە، بۆیە جەستەی ڕۆمانی فرەدەنگ بەرەو نەزانراو ئاڕاستەیە و ژیان بە فرەوانییەکەی دەردەبڕێت، نەوەک شتێکی زانراوی دیاریکراو، تا کورت بکرێتەوە.

ئاڕاستەی (نیتشە) و هیی ئەوانەی تریش وایان کرد ئەدەب بە گشتی و ڕۆمان بە تایبەتی پشت لە ڕاستەوخۆیی بکات و بەرەو نەزانراو مل بنێت، بێ ئەوەی هیچ ئامانجێکی دیاریکراوی هەبێت، کە هەر لێرەدا وێنە شوێنی وشەی گرتەوە. واتە بۆ لێکدانەوەی تێکستی ڕۆمانی فرەدەنگ، ناکرێت وشەیەک بگرین، تا جارێک لەگەڵ وشەکانی بەردەمی و جارێک لەگەڵ ئەوانەی دواوەیدا پێوەستی بکەین، بەو مەبەستەی مانایەکی دیاریکراوی لێ پێک بهێنین، بەڵکوو وێنەکان هەن، کە ناتەواو و تێکشکاون، بە ڕادەیەک هەر خوێنەرێک دەتوانێت لەسەر شێوازی خۆی پێکیان ببەستێتەوە. ڕاستییەکەی چەمکی خوێنەر بە مانا جیاوازەکانیەوە لێرەدا لە دایک بووە و پێ گەیشتووە، کە لەم شەشت حەفتا ساڵەی ڕابردوودا کۆمەڵێک تیۆریستی داهێنەر کاریان لەسەر کردووە و لە کرانەوەییی ڕۆماندا ڕۆڵی گرنگیان بینیوە. دەکرێت بگوترێت خودی ئەو تێکستە ڕێگرە لەوەی خوێنەر بە شێوەی ڕاستەوخۆ بیخوێنێتەوە و مانای ئامادەکراوی لێ وەربگرێت. ئایا بۆ نموونە بەرهەمەکانی (جیمس جۆیس) ڕێی خوێنەر دەدەن بە شێوازی وشەبەوشە بیانخوێنێتەوە و تێیاندا ئەو مانا زانراوەی بە دوایاندا دەگەڕێت، بدۆزێتەوە؟ هەمان شت بۆ ڕۆمانەکانی (ئەندرێ جید)، (ئەلبێر کامۆ)، (کامیلۆ خۆزیە تێلا)،  (خۆزیە سەراماگوای)، (تۆنی مۆریسۆن) و زۆری دیکەیش دروستە. هەموو ئەو تەکنیک و فێڵانەی ڕۆمان لە (جۆیس)ـەوە تا ئەمڕۆ دایهێناون، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێوەری بەها بووە، کە ئەوانە وایان کردووە زمان فرەڕەهەند، بگرە ئاڵۆز ببێت و بە ئاسانی خۆی بە دەستەوە نەدات.

 ئەگەر ڕەخنەدۆزان ڕۆمانی پۆستمۆدێرن، یان ڕۆمانی فرەدەنگ بە پەشێوی (Turbulent) ناو دەبەن، مەبەستیان ئەوەیە لە کۆمەڵێک ئاڕاستەی جیاواز پێک هاتووە و ناکرێت گرێچنێک پێکەوەیان گرێ بدات. ئەو پەشێوییە بەرهەمی ئەو گومان و دڵەڕاوکێیەی مرۆڤی ئەمڕۆیە، کە لە جیهانێکی هەمەئاڕاستەدا دەژی و ڕووبەڕووی گرفتە ئاڵۆزەکان دەبێتەوە، بە ڕادەیەک زیاتر لە ڕەهەندێکی هەیە. هیچ ئاڕاستەیەک، هیچ هێڵێک، هیچ بیرۆکەیەک و هیچ وێنەیەک ناتوانێت لەناو ئەو پەشێوییەدا بە زەقی دەربکەوێت و ئەوانەی دیکە بسڕێتەوە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە هەر ئاڕاستەیەک گومان دەخاتە ئاڕاستەیەکی دیکەوە، هەر هێڵێک هێڵێکی دیکە تێک دەشکێنێت، هەر بیرۆکەیەک بیرۆکەیەکی دیکە ناتەواو پێشان دەدات و هەر وێنەیەک وێنەیەکی دیکە لەتلەت دەکات. بەم شێوەیە ڕۆمانی فرەدەنگ، فرەڕەنگ، فرەئاڕاستە، فرەوێنە و فرەڕوو کورت ناکرێتەوە. کام ئاڕاستەیە، کام هێڵە، کام بیرۆکەیە، کام وێنەیە کورت بکرێتەوە؟ وەک (داڤید لۆج) لە کتێبی ناوبراودا جەخت لەسەر هێزی ڕۆمان دەکاتەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ حوکمی مێژوودا.

*    *    *

کورتکردنەوە تایبەتە بە ڕۆمانی تاکدەنگ، کە جۆرێکی سادەیە. بە زمانی ڕاستەوخۆ نووسراوە و تێیدا هۆشیاریی نووسەر لەسەر هێڵێکی ڕاستدا بە هۆشیاریی خوێنەر دەگاتەوە. بەهاکان هەڵکۆڵینیان بۆ نەکراوە، بەڵکوو بە هەمان قاڵب داڕێژراونەتەوە، چینەکانی سەریان لا نەدراون و دەستەڵاتەکانیان پارێزراون. خوێنەر بە ئاسانی دەیانناسێتەوە، بەوەی لەگەڵیان گەورە بووە و هێندەی نووسەریان لە بارەوە دەزانێت، بۆیە هەم دەتوانێت کورتیان بکاتەوە و هەم گوتەیان لێ وەربگرێت، کە ئەگەر بە دیدی ڕەخنەیییانە هەر کام لەو گوتانە بخوێنیتەوە، وەک پێشتر گوتوومە و کردوومە، لە سادەیی و ڕووکەشی بەولاوە، هیچی دی نابینیت. هەر لەبەر ئەوەیشە ئەو جەماوەرە لێیان تێگەیشتووە و هێندە پێیان سەرسامە. ئەمڕۆ ڕۆمانەکە دەرچووەوە و سبەی کورت کراوەتەوە، دەیان گوتەی لێ وەرگیراون و بێژمار خەڵک سەرسامییان لە ئاستدا دەربڕیوە.

لە پێشەوە لە لای (نیتشە) گوترا ئەو زمانەی بە جینیالۆجیاوە پێوەستە، زمانێکی ترازاوە و حەقیقەتی ناسراوی شتەکان دەرنابڕێت، بەڵکوو بەو هێزەی هەیەتی، حەقیقەتەکان تێک دەشکێنێت، تا لە ڕێی ئاماژەوە بدوێت، کە ناکرێت لە شتی دیاریکراودا بەرجەستەی بکەین، لە کاتێکدا زمانی ڕۆمانی تاکدەنگ زمانێکی ناسراوی ڕۆژانەیە و ڕاستەوخۆ حەقیقەتی زانراوی شتەکان دەردەبڕێت، کە پێشتر جەماوەر ناسیویەتی. ڕۆمانی تاکدەنگ بابەتە زەقەکانی وەک شۆڕش، زیندان، ڕاونان، کۆچ و شتی دیکەی لەم بابەتە دەورووژێنێت و بە هەمان زمانی جەماوەر دەیانگوازێتەوە، لە کاتێکدا ڕۆمانی فرەدەنگ ئەو بابەتانە کاڵ دەکاتەوە، تا ڕووناکی بخاتە سەر وردەکارییە بەلاوەنراوەکانیان. واتە دیوە شاراوەکانیان دەردەخات و بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لە کۆمەڵێک وێنەی جیاوازدا پێشانیان دەداتەوە، بۆیە ڕۆماننووسی تاکدەنگ ڕاستەوخۆ ڕووی لە جەماوەرە و هیی فرەدەنگ گفتوگۆ لەگەڵ خوێنەری جیاواز دادەمەزرێنێت. ئەوەی لە لە لای (فۆکۆ) بینیمان، کە پێی وایە پێوەری بەهاکان لە ڕێی دەستەڵاتە وردەکانەوە خراوەتە گەڕ و وەک شێوەیەکی چاودێری خۆی سەپاندووە، تا جەستە بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و ڕووبەڕووی سزای بکاتەوە، ئەوە لە ڕۆمانی فرەدەنگدا دەردەکەوێت، بەوەی شتە زەقەکان بە لاوە دەنێت و شتە وردەکان لێک دەداتەوە. لەمەوە ڕۆ دەچێتە ناو کەناڵەکانی پەروەردەی کۆمەڵایەتی (socialization) لە چەشنی خێزان، فێرگە، حیزب، پەرستگە، بنکەی کەلتووری و ئەوانەی دیکە، تا نهێنییەکانیان دەربخات. ئەوە پێوەری بەهاکانە، کە دەستەڵاتەکان پاڵپشتین، ئەو بابەتانەی زەق کردوونەتەوە و ڕۆماننووسی سادەنووسیان پێ فریو دەدات، تا وێنەی دەرەوەیان بگرێت و لە ڕێی وەسفەوە چینی دیکەیان بخاتە سەر. ڕۆماننووسی فرەدەنگ پێچەوانەی ڕۆماننووسی تاکدەنگ وا لە دەستەڵات ناڕوانێت، لە شوێنی دیاریکراودا هەیە و بە زەقی دەردەکەوێت، بەڵکوو وەک (فۆکۆ) و (دولووز) لە گفتوگۆی (ڕۆشنبیر و دەستەڵات)دا پێی لەسەر دادەگرن لە هەموو شوێنێکدا بەرجەستەیە. یەکەمیان دەڵێت: (دەستەڵات تەنیا خۆی لە سانسۆرێکی ڕووندا مانیفێست ناکات، بەڵکوو بە قووڵی و لێزانانە ڕۆ دەچێتە نێو تەواوی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە، بگرە خودی ڕۆشنبیران دەبنە بەشێکی ئەم دەستەڵاتە). هەرچی دووەمیانە پێی وایە (ئەوە هەر زیندانییەکان نین وەک منداڵ مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، بەڵکوو منداڵیش وەک زیندانی لێی دەڕوانرێت. منداڵ منداڵییەک بە سەر دەبات، کە هیی خۆی نییە. بەم پێیە ناکرێت نکووڵی لەوە بکەین، کە فێرگە وەک زیندان وایە. خۆ ڕاستییەکەی کارگە هەر زۆر لە زیندان دەچێت). (ڕۆڵان بارت)یش هەر لەم ڕووەوە دەنووسێت: (دەستەڵات ئەمڕۆ لە زیاتر لە میکانیزمێکدا ئامادەیە و بە ناسکی ئاڵوێری کۆمەڵایەتی لە دەوڵەت و لە لای چینە کۆمەڵایەتییەکاندا هەڵدەسووڕێنێت، بەڵام بە هەمان شێوە لە مۆدێلەکان، بۆچوونە باوەکان، فێستیڤاڵەکان، یارییەکان، یانە وەرزشییەکان، هەواڵەکان، پێوەندییە تایبەتەکانی خێزان، تەنانەت لە لای بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانیشدا دەردەکەوێت). لە ڕێی خوێندنەوەی ئەو سێ بیرمەندەدا دەگەینە ئەوەی بڵێین ناکرێت ڕۆماننووس بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی دەستەڵات ببێتەوە، لە بابەتە زەقەکاندا پێشانی بدات، ئەو بابەتانەی سۆزی جەماوەر دەورووژێنن، کە لەم دۆخەدا زمان شێوەی ڕاستەوخۆ وەردەگرێت، بەڵکوو پێویستە ڕۆ بچێتە ناو شتە وردەکانەوە، کە ئەو ڕۆچوونە تەنیا گۆڕینی ئاڕاستەی ڕەخنە نییە، بەڵکوو گۆڕینی سیستەمی زمانیشە. واتە گۆڕینە لە وشەی ڕووتەوە بۆ ئاماژە. گۆڕینە لە جەختکردنەوەی مانای پێشوەختەوە بۆ بەرهەمهێنانی مانای نوێ و کراوە.

*    *    *

ڕۆماننووس لە ڕۆمانی تاکدەنگدا پشت بە چەمکێکی زەق  دەدات و دژی چەمکێکی دیکەی زەق دەوەستێتەوە. بۆ نموونە وا خۆی دەردەخات لایەنگری ئازادییە و دژی چەوسانەوەیە، لە کاتێکدا ئەو چەمکە زەقانە هەر خۆیان لە ژێر گومانی گەورەدان و دەبێت هەڵبوەشرێنەوە، تا ڕەهەندی دیکە وەربگرن و ئاڕاستەی تری نەزانراویان لێ ببنەوە. چۆن دڵنیا ببین ئەوەی ئەو بە ئازادیی دەزانێت، ئازادییە و ئەوەی بە چەوسانەوەی دادەنێت، چەوسانەوەیە؟ ڕۆماننووسی ڕۆمانی فرەدەنگ بە شێوەیەکی دیکەی جیاواز لە هەموو ئەو چەمکانە دەڕوانێت. با وای دابنێین ئەو چەمکانە کۆمەڵێک درەختن و بە شێوەی بازنەیی ڕوێنراون. منداڵێک لەناو بازنەکەدا یاری دەکات، بەڵام یاسای یارییەکە ئەوەیە، ئەگەر جەستەی بەر هەر یەکێ لەم درەختانە بکەوێت، دەدۆڕێت و یارییەکە کۆتاییی دێت. گوتمان هەموو درەختەکان وەک یەک کۆتاییی بە یارییەکە دەهێنن و نەمانگوت درەختێکی دیاریکراو. کەواتە بۆ ئەوەی یارییەکە بەردەوام ببێت، هەمیشە لەم ناوەڕاستەدا هەڵدەبەزێتەوە. ئەو بۆشایییە مەودای داهێنانی ڕۆماننووسە، کە مانای ئەوە نییە چەمکەکانیش نابینێت. دەیانبینێت، بەڵام بە گومانی زۆرەوە. ئەگەر درەختەکان نەبوونایە، منداڵەکە نەیدەتوانی یارییەکە بکات، وەک چۆن بەبێ ئەو چەمکانە ڕۆماننووس ناتوانێت بنووسێت. لەم دۆخەدا یاریی منداڵەکە تێپەڕاندنی ئاستی زانراوی درەختەکانە، وەک چۆن نووسینی ڕۆمانی فرەدەنگ تێپەڕاندنی ئاستی ناسراوی چەمکەکانە. کاتێک چەمکەکان بە زەقی لە لای ڕۆماننووسی تاکدەنگ هەن، ئەوە یاریی تێپەڕاندن لە ئارادا نییە، بەڵکوو لایەنگری پێشوەختی ئەمیانە و دژی ئەویان وەستاوەتەوە.

*    *    *

ڕۆمانی فرەدەنگ لە بێژمار چیرۆکی وردوردی جیاواز پێک دێت، کە بە دەربڕینی (دولووز) هاوڕەگن، بەڵام لە یەک جیاوازن، بە ڕادەیەک ناکرێت چیرۆکێک بەسەر ئەوەی دیکەیاندا زاڵ بکەیت، بەڵام لە ڕۆمانی تاکدەنگدا گوتەی ئامادەکراو هەن و بە زمانی ڕۆژانە دەربڕراون، کە وەک یەقین لە دەمی نووسەرەوە دەردەچن و بە خوێنەر دەگەن.  لە ڕۆمانی فرەدەنگدا کۆمەڵێک ڤیبێژەری جیاواز دەردەکەون و هیچ یەکێکیان جێگەی باوەڕی تەواو نییە، بەوەی دەکرێت بە هەڵەدا بچن، یان تەنیا دیوێکی ئەو بابەتە ببینن، کە دەیگێڕنەوە، یان نەتوانن بە دروستی بیگڕێنەوە، یاخود هەر شتێکی دیکە، ئەوە خوێنەر بە گومانەوە لە هەموویان دەڕوانێت و بە لێکدانەوەی خۆی وێنەیەکی گشتی لە سەرجەمیان پێک دەهێنێت، لە کاتێکدا ڕۆمانی تاکدەنگ، دەنگی نووسەری بەسەردا زاڵە، دروستتر تەنیا دەنگی نووسەری تێدا دەبیسترێت، کە هەمان دەنگی زانراوی جەماوەرە، بۆیە ئەو خوێنەرە بەبێ هیچ گومانێک باوەڕی پێ دەکات و لێی وەردەگرێت. بەپێی پرینسیپی (سەرەتا، ناوەڕاست و کۆتایی) داڕێژراون و پرینسیپی (هۆکار و ئەنجام) هەڵیاندەسووڕێنێت، کە فەلسەفە لانی کەم لە (نیتشە)وە ڕووبەڕووی ئەو دوو پرینسیپە بووەتەوە و هەوڵی تێکشکاندنی داون. جەماوەر لەو ڕۆمانەدا ئەوە دەدۆزێتەوە، کە بە دوایدا گەڕاوە. شاگەشکە دەبێت و دەتوانێت لە بەری بکات، یان بە دەربڕینی (هێنری برگسۆن) ڕاستەوخۆ دەچێتە یادەوەریی عادەتی (habits memory)ی ئەو جەماوەرەوە و بە ئاسانی دەیڵێتەوە. ڕەخنەگری میلـلییش، کە خاوەنی توانایەکی سنووردارە و لەسەر هەمان هێڵدا هەم بە ڕۆماننووسی تاکدەنگ و هەم بە جەماوەری ئەو ڕۆماننووسە دەگاتەوە، بە هەمان زمانی ڕۆژانە پێیدا هەڵدەڵێت. ڕۆمانەکە کورت دەکاتەوە، بەوەی لەسەر یەک بیرۆکەی زانراو دامەزراوە و بۆ کورتکردنەوە ئامادەیە، تا لەوێوە وەک داهێنانێکی مەزن پێشانی بدات. ئایا هەمان ڕەخنەگری میلـلی دەتوانێت ڕۆمانی یەکێ لەو ڕۆماننووسە فرەدەنگانەی ئاماژەیان پێ درا، کورت بکاتەوە؟ دیارە لێرەدا بە شێوەی ڕەها ناڵێین ڕۆمانی فرەدەنگ گوتەی لێ وەرناگیرێت، بەڵکوو دەڵێین کورت ناکرێتەوە و ئەو گوتانەی ڕەخنەدۆزانیش لێی وەردەگرن، زەق و زانراو نین، بەڵکوو لە ئاستی ئاماژەدان، لە کاتێکدا جەماوەر هەم دەتوانێت ڕۆمانی تاکدەنگی ڕۆماننووسە جەماوەرییەکان کورت بکاتەوە و هەم گوتەیشیان لێ وەربگرێت. ڕەخنەگری میلـلی جاڕی مۆیبەلایزەیشن بۆ نووسەری ڕۆمانی تاکدەنگ دەدات، تا جەماوەری بۆ کۆ بکاتەوە و بەرهەمەکانی بکڕن. بۆ ئەم مەبەستە مێدیای حیزبی و ناحیزبیی لە پێناودا دەخاتە گەڕ. بەم شێوەیە ڕۆمانی مەزن ئەوەیە، ئەو جەماوەرە زیاترین ژمارەی لێ کڕیوە و زۆرترین گوتەی لێ وەرگرتووە. ئەوەی ئەمڕۆ ڕۆمان هەڵدەسەنگێنێت، جەماوەرە، کە ڕۆمانی ڕۆماننووسی تاکدەنگ خۆی ڕێی داون هەڵیبسەنگێنن. لە گوتاری (لە ڕەخنەگر کێیەوە بۆ ڕەخنە چییە)دا هەوڵم داوە ئەوە پێشان بدەم، کە هەڵسەنگاندن بریتییە لە گۆڕینی نووسەر لە سەبجەیکتەوە بۆ ئۆبجەیکت. واتە نووسەر بە هۆی بەرهەمەکەیەوە دەکرێتە بابەتێک بۆ هەڵسەنگاندن. هەموو تواناکانی لێ دەسەنرێنەوە و لەم ساتەوە خاوەنی زمان نییە. ڕۆماننووسی تاکدەنگ هیچ کێشەیەکی لەگەڵ ئەو هەڵسەنگاندنەدا نییە، بگرە هەوڵی زۆر دەدات ئەو جەماوەرە هەڵیبسەنگێنن.

————

بۆ نووسینی ئەم بابەتە، گفتوگۆ لەگەڵ ئەم کەناڵانەدا کراوە:

 _ Lodge, David, The Art of Fiction, London, Penguin, 1992.

 _ Todorov, Tzvetan, Mikhail Bakhtin The Dialogical Principle, Translated by Wlad Godish, Manchester University Press, 1984.

_   Nietzsche, Friedrich- On the Genealogy of Morals, Translated by Carol Diethe, Edited by Keith Ansell-Pearson, Cambridge Texts in the History of Political Thought, 2007.

_  Deleuze, Gilles, Nietzsche and Philosophy, Translated by Hugh Tomlinson, Continuum, LONDON – NEW YORK, 2002.

 _ Foucault, Michel, The Order of Things, An archaeology of the human sciences, A translation of Les Mots et les choses, VINTAGE BOOKS, A Division of Random House, Inc. New York, 1994.

_ Intellectuals and power: A conversation between Michel Foucault and Gilles Deleuze. Available at:

https://libcom.org/article/intellectuals-and-power-conversation-between-michel-foucault-and-gilles-deleuze

_ بارت، رولان: درس السيميولوجيا، ترجمة: عبد السلام بنعبد العالي، تقدیم: عبد الفتاح کیلیطو، دار توبقال للنشر، الدار البيضاء، الطبعة الثالثة، ١٩٩٣.

 _ ڕۆمان لە تاکدەنگەوە بۆ فرەدەنگ، گفتوگۆی شاخەوان سدیق لەگەڵ کاروان عومەر کاکەسووردا.

_ کاکەسوور، کاروان عومەر، کوشتنی فیل و پاراستنی دووکانی شووشەوات. (کتێبی ئەلیکترۆنی).

_ کاکەسوور، کاروان عومەر، ڕاگەردان، پاشکۆی بەرهەمەکانم. (پێشەکییەکەی).

_ کاکەسوور، کاروان عومەر، لە (ڕەخنەگر کێیە)وە بۆ (ڕەخنە چییە). (لە وەڵامی پرسیاری تەوەرەی ژنەفتندا).




یەکەم پرۆژە: ئەبو یەئقوب ئەلکندى.. ئولریش ڕودۆلف.. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

  

نەشیاوە ئەم سەرەتایانە لە ناوى ئەبو یەئقوب ئەلکندى (نزیکەى 800-870) جیا بکرێنەوە. کندى لە لایەن هاوچەرخانییەوە ناو دەنرا “فەیلەسوفى ئەرەبەکان”، لێرەشدا مەبەستیان لەوە بوو کە کندى بە زمانى ئەرەبى بەشدارییەکى بەواتاى لە هێنانەئاراى زانستی فەلسەفەییدا کردووە. جگە لەوە کندى خۆى دیاردەیەکى سەرنجڕاکێش بوو. بە هەر حاڵ سەرچاوەکان دەگێڕنەوە کە ئەو ژیانێکى خۆشگوزەرانی بەسەربردووە. ئەو، وەک کوڕى خانەوادەیەکى دەسەڵاتدارى ئەرەبیى باشوور، سەرەتا لە کوفە دەستى بە خوێندن کرد (باوکى لەوێ پۆستى پارێزگارى هەبوو)، پاشان لە بەسرا، ئەوجا لە کۆتاییدا چەند ساڵێکى درێژخایەنى لە بەغداد لە کۆشکى خەلیفەدا بەسەر برد (بە ڕوداوێکى کورتخایەنەوە کە وەک دۆگۆترێت گۆیا بەر غەزەبی خەلیفە کەوتووە).

ژیان لە گەورەشارى بەغداد ئەو سوودەى هەبوو کە کندى ڕاستەوخۆ گۆڕانى خێراى زانستە جیاوازەکانی ئەزموون دەکرد. هەر بابەتێک لە پایتەخت بۆ ئەرەبى وەربگێڕرایە، ئەو وەرى دەگرت و پاشان هێندەى نەدەخایاند دەستی دەکرد بە کارکردن لەو بابەتەدا. لێرەوە کۆبەرهەمێکى فراوانى زانستى سەریهەڵدا: نووسین لەبارەی ئەستێرەناسى و ئەسترۆلۆگى، ئۆپتیک و ماتماتیک، موزیک و پزیشکى، فۆنێتیک و ئەلخێمى. بە پێشکەشکردنەکانى سەر ئەم تێکستانەدا خویا دەبێت کە تێکستەکان ئاڕاستەى بەرپرسانى جیاوازى پەروەردەى نوێ کراون (خەلیفەکان، پزیشکان و هەڵبەستڤانان). بۆیە دەتوانین کندى ناو بنێین زانایەکى یونیڤێرساڵ. ئەو گرنگیى بە سەرجەمی ئەو زانستانە دەدا کە لەو سەردەمەی ئەودا لە سەرچاوەکانى ئەنتیکەوە وەرگیران، هەروەها کۆششی بەرپرسیارانەی ئەو رۆڵێکى بەرچاوى لەوەدا گێڕا کە زانستەکان لە جیهانى ئیسلامیدا بمێننەوە و پتر گۆڕانیان پێبدرێت. هاوکات ڕەوایە کە کندى ناو بنێین فەیلەسوف، چونکە سەربارى فراوانیى بەرهەمەکەى، هێشتا هەر فەلسەفە لەنێویدا زاڵ بوو، ئەمەش لە دوو ڕووەوە: یەکەم، لە مەغزایەکى فراواندا، زۆرینەى بەشە زانستییەکان کە کندى پێوەی خەریکبوو، بەگوێرەى تێگەیشتنى ئەو خۆى (و هەروەها بەگوێرەی دابی ئەڕیستۆتێلی) سەر بە فەلسەفە بوون؛ دووەم، لە مەغزایەکى تەسکدا، کندى بە چەند نووسینێک کۆتایی بە بەرهەمەکەى هێنا کە بەتەواوى بۆ بابەتى فەلسەفەیى تەرخان کرا بوون، ئەوەش هاوکات بەو مەبەستە کە ڕێنوما و ئامانجی هاوبەش بە دیراسە زانستییەکانى بدەن.

بێگومان کندی بۆ نووسینى ئەو جۆرە تێکستانە پێویستی بە شارەزایى فەلسەفەیى بوو، بەدەستهێنانی شارەزاییەکانیش لەو ساڵانەدا کە کندى بۆ بەغداد هات (واتا پێش 830)، هێندە ئاسان نەبوو، چونکە ئەو دەمە تەنیا ژمارەیەکى کەم بەرهەمى فەلسەفەیى بۆ ئەرەبى وەرگێڕرابوون (پێدەچێت تەنیا ئێتیکى باو، لۆگیکى گۆزارە و هەندێک بەشى فەلسەفەى سروشتى ئەڕیستۆتێلیس). بۆیە یەکەم هەنگاوى کندى ئەوە بوو کە زەمینەى لێهزرینەکانى خۆی فراوان بکات، بۆ ئەم مەبەستەش پەیوەندیی کرد بە چەند وەرگێڕێکەوە کە لە دەوروبەرى کۆشکی خەلیفە چالاک بوون و ڕایسپاردن تاکو نووسینى دیکە پەیدا بکەن و بۆى وەربگێڕن بۆ ئەرەبى. ناتوانین هەموو ئەو بابەتانە بەوردى دیاری بکەین کە بەم شێوازە تا ناوەڕاستى سەدەى نۆیەم وەرگێڕران. وەلێ ئێمە دەتوانین تا ڕادەیەک بەجەختى پێشانی بدەین کە کام تێکستانە لەو سەردەمەدا لە پێشخانى گرنگیپێداندا بوون و بە کۆششی تایبەتی کاریان تێدا دەکرا. لە نێو تێکستەکاندا ئەمانە هەبوون: نووسینە فەلسەفەیى-سروشتییەکانى ئەڕیستۆتێلیس، ئەوە بێگومان گەر پێشتر نەناسرابووبێتن (“مێتەریۆلۆگى“، “لەبارەى ئاسمان“)، هەروەها “مێتافیزیک” و “لەبارەى دەروون“، ئەوجا چەند بەرهەمێکى پلاتۆن کە لە نێویاندا بەبێ هیچ گومانێک “تیمایۆس” و “سیمپۆزیوم” هەبوون، ڕەنگە هەروەها دیالۆگی دیکەى ئەو، وەک “فائێدۆ” و “سۆفیستێس“. جگە لەوە کندى بەتایبەتى ئەو تێکستانەى ناسى کە لە ئەنتیکەى دەمەو کۆتاییدا سەریان هەڵدا بوو. لەم ڕەوشەدا دەبێت حساب بۆ وەرگرتنێکى فراوان بکەین، ئەمەش لە ڕاڤەکەرانى سەرەتاى ئەڕیستۆتێلیسەوە (لەوانە ئالێکساندەرى ئافرۆدیسیاس) بڕى دەکرد تا دەگەیشت بە شوێنکەوتە کریستیانییەکانیان (لەوانە یۆهانس فیلۆپۆنۆس). بێگومان هەر لەم پەیوەندییەدا نوێپلاتۆنییەکان، بەتایبەتی پلۆتین و پرۆکلۆس، یەکجار گرنگ بوون و کاریگەریی زۆریان لەسەر کندی نواند. ئەوجا دەبێت ئەوەش ببێژین کە کندى هزرى ئەوانى لە نووسینە ئۆریجینالەکەیدا نەناسى، نەخێر، نووسینەکانی بەردەمی بریتی نەبوون لە کارە ئۆریجینالە گریکییەکانى ئەوان بە وەرگێڕراوی بۆ ئەرەبی، بەڵکو کارتێداکردنى دیکە و پارافراز بوون کە تا ئەمڕۆ ڕەچەڵەکیان ساغ نەکراوەتەوە. لەم نووسینانەدا هەندێک بەشى “ئیننێئادەکان”ى پلۆتین، “ئینستیتوتسیۆ تیۆلۆگیکا”ى پرۆکلۆس، ڕاڤەکرابوونەوە، ئەوەش لە ڕوانگەیەکی مۆنۆتایستیی پابەندەوە بەو تێڕوانینەی ئافراندنەوە کە لە نووسراوە پیرۆزەکاندا داڕێژراوە. لێرەدا جێی سەرنجە کە ئەو نووسینە ناوبراوانە بە هینى ئەڕیستۆتێلیس دانرابوون (نووسینە بەناوبەنگەکەی “تیۆلۆگیى ئەڕیستۆتێلیس“، هەروەها “نووسراو لەبارەى هۆکارەکان” (Liber de Causis) و زۆرى دیکە).

کندى لە خستنەگەڕی ئەم پرۆگرامە بەرفراوانەى وەرگێڕاندا رۆڵێکی تەواو چالاکی گێڕا: ئەو نەک تەنیا تێکستە جیاوازەکانى بۆ کارتێداکردن هەڵدەبژارد، بەڵکو هەروەها ئەو بابەتە وەرگێڕراوانەشی لە ڕووی زمانەوە چاک دەکرد کە دەخرانە بەردەمی؛ جگە لەوە کندی ناساندنێکی دیکەی پێبڕا، کە بەو پێیە ئەو واژە فەلسەفەییەکانی لە ئەرەبیدا چەسپاندووە. نووسینەکەى بە ناونیشانى “لەبارەى پێناسە و ڕاڤەى شتەکان” یەکەم هەوڵ بوو بۆ ئەوەی گەنجی وشە زانستییە نوێکان کە مرۆڤ بۆ دانەوەى واژە گریکییەکان پێویستى بوو، پوخت بکاتەوە و وەک پێوەر بچەسپێنێت. باوەجو کندى تەنیا هاندەر و سوودوەرگری ئەو چالاکییە چڕەی وەرگێڕان نەبوو کە لە دەوری خۆی کارا بوو، بەڵکو پێدەچێت تەنانەت قوربانیشی بوو بێت. ئاخر کاتێک ئەو خەریکی نووسینی فەلسەفەیی بوو، بەردەوام گۆڕان بەسەر بناغەی هزرینیدا دەهات، بەردەوام تێکستى نوێ بە هێنانەنێوانی پرسیارى دیکە و دەستپێکی دیکەى چارەسەرکردنەوە دەناسران، ئەویش لە لایەنی خۆیەوە زۆر جار ناچار دەبوو پێشبینییەکانى نوێ بکاتەوە و بەو وروژێن و سەرچاوانە ئیزافەیان بکات کە پێشتر دەستی پێیان نەدەگەیشت.

ئەمە بەتایبەتى لەو نووسینەدا خویا دەبێت کە دەتوانین ناوی بنێین بەرهەمە سەرەکییەکەى کندی: گۆتارێکی تا ڕادەیەک بەرفراوان لەبارەى مێتافیزیک (بە ناونیشانی “لەبارەى یەکەم فەلسەفە“). نووسینەکە بەگوێرەی ئەو داڕشتنە کە بە ئێمە گەیەنراوە، لە چوار بەش پێکدێت و بەشەکان نەک تەنیا لە ڕووى بابەتییەوە، بەڵکو هەروەها لە پاشخانی فەلسەفەییانەوە زۆر جیاواز بنیاتنراون.

کندى لە بەشی یەکەمدا دەخوازێت چێوەى توێژینەوەکە بچەسپێنێت. بە دیدی ئەو ئەرکى فەیلەسوف گەڕانە بەدووى ڕاستیدا، واتا گەرەکە ئامانجی ئەو گەڕان بێت بەدووى هۆکارەکانی فۆرم و ماتەری، بزووتن و مەبەستى شتەکاندا. ئەمە هەڵبەتە مێتافیزیکى ئەڕیستۆتێلیسمان دەهێنێتەوە یاد کە لە تێکستەکەی کندیشدا بەفراوانى بەکار دەهێنرێت و تەنانەت ناوبەناو سیتاتی (ئیقتیباسی) لێوەردەگیرێت.

وەلێ ڕوانگەی کندی لە بەشى دووەمدا دەگۆڕرێت. ئێستا ئەو خۆی بە جیهانەکەمانەوە خەریک دەکات، لێرەشدا وای دادەنێت کە فراوانیی جیهان بێدوایەکى نییە، بەڵکو دوایەکییانە کشاوە. کندى سەرەتا ئەم دوایەکێتییە بۆ فەزا گریمانە دەکات، لێرەشدا سەرلەنوێ خۆى بە ئەڕیستۆتێلیسەوە گرێ دەداتەوە، وەلێ ئێستا بەتایبەتى نووسینەکەى ئەو بە ناونیشانی “لەبارەى ئاسمان” وەک دەرچەى لێهزرینەکانى وەردەگرێت. سەرەڕای ئەوە کندى هەنگاوێک لە ئەڕیستۆتێلیس تێپەڕ دەکات و دەبێژێت، کە جیهانەکەمان لە ڕووى کاتیشەوە دوایەکییە، واتا گەردوون دەستپێکێکی کاتەکیى هەیە، ئەمەش پێچەوانەی تێڕوانینەکانى ئەڕیستۆتێلیسە، بۆیە ئێستا هانا بۆ ئەرگومێنتەکانى یۆهانس فیلۆپۆنۆس دەبات.

کندى لە بەشى سێیەمدا هەوڵ دەدات لێرەبوونی (وجودی) خودا بسەلمێنێت، لێرەشدا ئەرگومێنتێک وەک بناغە دادەنێت کە لە زۆرێتیى شتە بەرجەستەکانى شیاوى دەرککردنەوە لێرەبوونی یەک-ى بنەرەتی دەرئەنجامێنێت. وەلێ ئەمە واتایەکى ئەوتۆ دەگەیەنێت کە زەمینەى پەرچاندنەکانی کندی سەرلەنوێ گۆڕانی بەسەردا هاتووە، چونکە ئەوە کە لێرەدا ڕوون دەکرێتەوە، نە بە ئەڕیستۆتێلیس و نە بە یۆهانس فیلیپۆنۆس دەگونجێت، بەڵکو شیاوی گونجاندنە بە تێکستەکانى پرۆکلۆسى نوێپلاتۆنی.

تێڕوانینەکانى پرۆکلۆس هەروەها چوارەم بەشى نووسینەکە دیارى دەکەن. ئێستا کندى هەوڵ دەدات وەسفی خودا بکات، لێرەشدا گۆڕان بە تیۆلۆگییەکى نێگەتیڤ دەدات کە تەواو لەژێر کاریگەریى نوێپلاتۆنیزمى درەنگدایە. وەلێ ئەم تیۆلۆگییە تێکستەکە تەواو ناکات، بەڵکو لە کۆتاییدا هزرى کندی بۆ دوا جار وەردەچەرخێت. ئێستا کندى دەبێژێت، کە خوداى دوور و نەشیاوى ناسین گەردوونى لە ئەزەلییەتەوە نەخستۆتەوە، بەڵکو لە هیچەوە لە کاتدا ئافراندوویەتی. لێرەدا کندى دۆگمە ئایینییەکەى ئافراندن لە هیچەوە دەناسێنێت.

ئەمانە پێکڕا بەڵگەن کە کندى مامەڵەیەکى وردى لەتەک سەرچاوەکانیدا کردووە. ئەو، هاوشێوەى زۆر هزرڤانى کریستیانى لە ئەنتیکەى دەمەو کۆتاییدا، هەوڵى دەدا کە گەلێک کۆنسێپتى فەلسەفەیى و ستراتیژیى ئەرگومێنتهێنانەوە تا ڕادەى شیان پەیوەند بکات بە بڕوا ئایینییەکانى خۆیەوە. ئەمەش، وەک بینیمان، چواندنی بۆ کارە سەرەکییە مێتافیزیکییەکەى ئەو هەیە، وەلێ هەروەها چواندنى بۆ نووسینە بچووکەکانیشى هەیە. ئەو کۆنسێپتە فەلسەفەیى و ستراتیژیانەى ئەرگومێنتهێنانەوە دەرفەتیان بۆ ڕەخساند کە پرسیارى تایبەتى لە کایەکانى دیکەى فەلسەفەوە (فیزیک، پسیکۆلۆگى، ئێتیک و هتد) بهێنێتە بەر باس و بۆ هەر یەکەیان ڕوانگەى خۆى دەرببڕێت.

گەر مەسەلەکە بریتى بووایە لە بابەتەکانى فەلسەفەى سروشت، ئەوا هەڵوێستى کندى تەواو ئەڕیستۆتێلییانە بوو. ئەمە بۆ نموونە لەم توێژینەوانەی ئەودا خویا دەبێت: “لەبارەى هۆى سەیرورە و لەناوچوون“، یان “داڕشتنى ئەو هەقیقەتە کە سروشتى کایەکانى ئاسمان لە سروشتى چوار توخمەکە جیاوازە“. هەردوو نووسینەکە بەزۆری پشت بەم نووسینانەى ئەڕیستۆتێلیس دەبەستن: “لەبارەى سەیرورە و لەناوچوون” و “لەبارەى ئاسمان“. وەلێ ڕەوشەکە لە پرسیارەکانى پسیکۆلۆگى و ئێتیکدا جیاوازە. کندى ئێستا خۆی بەڕوونى لەنێو دابى پلاتۆندا دەبینێتەوە، لێرەشدا تاکە توخمى ڕێبازەکەی تەنانەت هەندێک جەرەیانى جیاوازى پلاتۆنیزم دەپەرچێنن (وەک: کۆنسێپتی داخراویى لە پلاتۆنیزمى قۆناغى ناوەڕاستدا؛ ڕاڤەیەکى پلاتۆنیزەکەرى نووسینی “لەبارەى دەروون” لە ئەنتیکەى دەمەو کۆتاییدا؛ ئەوجا نیۆپلاتۆنیکاى ئەرەبى، بۆ نموونە “تیۆلۆگیى ئەڕیستۆتێلیس“).

وەلێ کندی، سەربارى پابەندی بە نووسراوەکانى بەردەمییەوە، ڕێگەیەکیشى بۆ تێڕوانینەکانی خۆی دۆزییەوە. ئەمە بەتایبەتى لەو گوتارەدا ئاشکرا دەبێت کە بە ناونیشانى “لەبارەى زەین” نووسیوێتی. نووسینەکە لە چەند پەڕەیەکى کەم پێکهاتووە، وەلێ ئەوپەڕى کاریگەر بوو. ئەم گوتارەش بە بابەتێکى کلاسیکییەوە خەریکە، هەروەها ئەمجارەش لە گەیاندنى فێرگەییانەى ئەڕیستۆتێلیزمەوە. وەلێ هەر بەم تێکستەدا دەبینرێت کە کندى نەک تەنیا توانیویەتى وەستایانە مامەڵە لەتەک ئاستی هەنووکەیی زانستە گەیەنراوەکەدا بکات، بەڵکو خۆیشى بەشدارییەکی ڕەسەنی لە بنیاتنانی فەلسەفەدا کردووە.

ئەو پرسیارە کە بۆ دانوستاندن لە بەردەمدا بوو، بەگشتى ناسراوە: پرسیارەکە ڕووى دەکردە ئەو کێشەیە کە داخۆ مەبەستى ئەڕیستۆتێلیس لە جیاوازیکردنى نێوان زەینێکى ناچالاک و زەینێکى چالاکدا (نووسینى “لەبارەى دەروون“، بەشى سێیەم، 5) چى بووبێت. ڕاڤەکەرانى ئەڕیستۆتێلیس لە ئەنتیکەى دەمەو کۆتاییدا، لەوانە ئالێکساندەرى ئەفرۆدیسى، تێمیستیۆس و یۆهانس فیلۆپۆنۆس، خۆیان بەم کێشەیەوە خەریک کردبوو بەبێ ئەوەی بە هاوڕاییەک بگەن. کندى پێشنیارەکانى ئەوانى بۆ چارەسەرکردنى کێشەکە دەناسى، سەرەڕای ئەوە ڕێگەیەکی خۆیى بۆ ڕاڤەکردنی دەربڕینەکەی ئەڕیستۆتێلیس هەڵبژارد. کندى لێرەدا دوو نوێکاریى ئەنجام دا کە بوون بە پێوەر بۆ سەرجەم دانوستاندنەکانى ئایندە لەبارەى پرسیارەکە: لە لایەک زەینى چالاک کە لە نووسینى “لەبارەى دەروون“دا دیارى کراوە، لە ڕۆشنایى نوێپلاتۆنیزمەوە ڕوون دەکاتەوە. کندى دەبێژێت، زەینى چالاک هۆکار و پرنسیپى گشتگیری (یونیڤێرساڵێ) سەرجەم زەینەکانە، بەمەش کندی بناغەیەک بۆ ئەو شتاندنە / بابەتاندنە (هیپۆزتازکردنە) دەچەسپێنێت کە درەنگتر لاى فارابى دەیبینین. وەلێ کندى لە لایەکى دى هەوڵ دەدات وردتر لە زانایانى پێش خۆى وەسفى ڕوداوی هزرین بکات، لێرەشدا ئەو یەکەم نووسەرە کە گریمانەى سێ پلەى مەئریفەى هۆشەکی لەنێو تاکە دەروونەکاندا دەکات و بریتین لە: 1) زەینى هێزەکى / شیمانەیى (پۆتێنسیەل)، واتا توانستى مروڤ بۆ هزرین؛ 2) زەینى بەکردەکیکراو (ئەکتوالیزەکراو) یان بەدیهێنراو کە فێرى زانین (بۆ نموونە فێری هونەرى نووسین) بووە، وەلێ هەنووکە بەکاریناهێنێت (ئێستا نانووسێت)؛ 3) زەینى دیار کە هەنووکە زانینی بەدیهێنراو بەکاردەهێنێت و بەم شێوەیە خۆى بۆ دەرەوە بەیان دەدات.

گۆتاری “لەبارەى زەین” بوو بە مایەى ناوبانگێکی نەمر بۆ کندی. ئەم نووسینە نەک تەنیا لە لایەن زۆر نووسەرى جیهانى ئیسلامییەوە خوێنرایەوە، بەڵکو هەروەها لە چەرخى ناڤینى لاتینیشدا بە گرینگیپێدانێکى زۆرەوە وەرگیرا. ئەوجا نابێت ئەم پرسەش لەیادبکەین: تێزێکى دی کە کندى بڕوای پێی هەبوو، بۆ ماوەیەکى درێژخایەن (لایەنى کەم لە ناوچەى کولتووری ئیسلامیدا) بە ناوى ئەوەوە گرێدرابوو. لێرەدا مەبەستمان لە هەڵوێستى ئەوە بەرانبەر ئایین. کندی لەم هەڵوێستەدا زەمینەیەکى ئێپێستیمۆلۆگیانەی نێوکۆیى بۆ مەئریفەى فەلسەفەیى و زانینی دەرئەنجامێنراو لە سروشەوە دانانێت، بەڵکو هەردووکیان سووک و ئاسان بەپاڵ یەکدییەوە دەهێڵێتەوە، یان گەر ڕەوشی ناکۆک لە نێوانیاندا هەبێت، پێشتریی بە ئایین دەدات.

پێشتر نموونەیەکى ئەم هەڵوێستەمان بینى. مەبەست لەو هەقیقەتەیە کە کندى، لە کۆتایى نووسینەکەیدا لەبارەى مێتافیزیک، تیۆریى ئافراندن لە هیچەوە دەهێنێتە بەر باس بەبێ ئەوەی بەوردی ڕوونی بکاتەوە (بێگومان ئەم تیۆرییەى لە جێیەکى دیکەدا فراوانتر ڕوونکردەوە). لەپاڵ ئەمەدا دەتوانین نموونەى دیکە بۆ پاڵیەکیى بڕوا باوە ئایینى و فەلسەفەییەکان بهێنینەوە: بڕوابوون بە زیندووبوونەوەى لەش (کە بە تیۆریى دەروون لاى پلاتۆن ناگونجێت)؛ هەوڵدان بۆ تەفسیرى قورئان کە هەوڵێکی بەتوانای وردە، وەلێ ناسیستەماتیکییە (واتا نووسینىڕوونکردنەوەی فڕێدانى دەرەکیترین جەستە (ى ئاسمان)”، کە بریتییە لە تەفسیرى سورەتى 55، ئایەتى 6)؛ یان ئەو ئیئتیرافەى کندى، کە بەو پێیە فەلسەفە هەمیشە هەنگاو بە هەنگاو لە ڕاستى نزیک دەکەوێتەوە، وەلێ پەیامهێنەکان زانینێکى کامیل و ئەزەلییان پێدەدرێت (چونکە زانینەکە خوداییە).

بەهۆی ئەو دەربڕینانەوە هەوڵ درا کندى لە تیۆلۆگیى ئیسلامى نزیک بخرێتەوە، لێرەشدا بەتایبەتى دوو ئەرگومێنت هێنرانەوە: گۆترا کە کندی ڕەچاوى دۆگمى ئیسلامى دەکات و ئەوەش لە زۆر دەربڕینى ئەودا هەستی پێدەکرێت؛ هەروەها ئەو تیۆلۆگانە کە کندى پەیوەندیى پێیانەوە هەبوو (بەتایبەتى مەدرەسەی موئتەزیلە)، لە لایەنى خۆیانەوە ئەوپەڕى ئاوەزگەرایانە ئەرگومێنتیان دەهێنایەوە و بەوەش لە هزرینى فەلسەفەیى نزیک دەکەوتنەوە. ئەم دوو ئەرگومێنتە ڕاستن، وەلێ ناشێت لێوەیان پابەندییەک وەک دەرئەنجام دەربکێشرێت، چونکە سەربارى هەموو نێوکۆییەک لە بابەت و پرسە پێویستەکاندا کە مرۆڤ پێوەیان خەریک دەبوو، هێشتا هەر ڕێگەکانى مەئریفە کە کندى و موئتەزیلەکان گرتیاننە بەر، لە پرسە کرۆکییەکاندا جیاواز بوون. هەر لایەنە خاوەنى دابی هزرى و سەرچاوە و نموونەى خۆى بوو، هەر لایەنە تێگەى خۆیى هەبوو و گۆڕانى بە مێتۆدى خۆیى دا. بۆیە ڕەوا نییە کندى بە کەسێکى نزیک لە تیۆلۆگیى ئیسلامى دابنرێت. کندى فەیلەسوف بوو، هاوچەرخەکانى و فەیلەسوفانى پاش خۆى ئەویان بە فەیلەسوف دادەنا – جا گەرچى فەیلەسوف بوو بە تایبەتمەندییەکەوە: ئەو فەلسەفەى خستە خزمەتى دۆگمى ئیسلامییەوە.

سەرچاوە

Ulrich Rudolph: Islamische Philosophie. München 2004

فەرهەنگۆک

مۆناتایستی: مۆنۆتایزم ڕێبازێکی فەلسەفەیی یان ئایینییە کە یەک خودا بە بنەڕەتی جیهان و ژیان دادەنێت. مۆنۆتایست کەسێکە کە بەگوێرەی ئەم ڕێبازە دەهزرێت.

پارافراز: تێکستی فەیلەسوفێک یان زانایەکی دی بە زمانی خۆ بدرێتەوە.

شتاندن: (یان بابەتاندن) بریتییە لە هیپۆزتازکردن، واتا ئەوەکەیەکی تێگەیی یان ئەبستراکت ئەدگاری شت یان بابەتی پێدەدرێت. ئەمە دەشێت پەیوەند بە خودایەتیشەوە ئەنجام بدرێت.

تیۆلۆگیى نێگەتیڤ: (theologia negativa) وەڵامدانەوەی بڕوای ئایینی بە یاریدەی فەلسەفە و ئاوەز. کاتێک “تیۆلۆگیی سروشتی” جەخت لە مەئریفەی ئۆبژێکتیڤی و شیمانەی سەلماندنی خودا دەکات، ئەوا تیۆلۆگیی نێگەتیڤ بە پێچەوانەوە ئەو تێڕوانینە ڕەتدەکاتەوە و سەرجەمی ئەو ناو و ئەدگارانە کە بە خودا دەنرێن، نەفی دەکات، کە ئیدی خودایەتی دەبێت بە “هیچ / نەبوون”ێکی نەشیاوی پێشبییکردن و دیاریکردن لەوبەر جیهانەوە. بڕوانە:

Universal-Lexikon. Negative Theologie.

https://universal_lexikon.de-academic.com




ژینا، مەرگێک بە ووزەیەکی گەورەوە.. ئەحمەد ڕەسوڵ

خۆپیشاندانەکان و دروشمبازیی کامپنشیینان

زۆرینەمان ئەو دەستەواژەیەمان بیستووە کە دەڵێت فەلسەفاندن واتا فێربوونی ئەوەی چۆن بژیین، بەڵام ڕێک لە پێچەوانەی ئەمەدا سیسرۆ یان سیسرۆن “فەیلەسوف و وتاربێژی گەورەی ڕۆمانیی ١٠٦ پ.ز. – ٤٣ پ.ز.” لەبارەی فەلسەفە و مەرگەوە دەستەواژەیەکی سەرنجڕاکێشی هەیە، دەڵێت: “فەلسەفاندن ئەوەیە فێر ببیت چۆن بمریت” هەرچەندە لە ڕواڵەتدا ئەم دوو دەستەواژەیە لەبارەی فەلسەفەوە پێچەوانەن بەڵکو لە ناواخندا هەمان شتمان پێذەڵێن. ئەگەر فەلسەفە ئەوە بێت فێرببین چۆن بژیین هەڵبەت ئەوەش فێر دەبین چۆن بمرین. سیسرۆن لە دەستەواژەیەکی سەرنجڕاکێشی دیکەیدا دەڵێت: “با مردن ژیانت بگۆڕێت” بە واتای ئەوەی کە مرۆڤ نەوەکو لە ژیاندابوونی گۆڕانکاری بسازێنێت ڕووداو دروستکەر بێت و کاریگەی بەسەر تاک و گروپە کۆمەڵایەتییەکانەوە و کۆمەڵگاوە بە گشتی دابنێت، بەڵکو مردنیشی گۆڕانکاری و ڕووداو بێت هەم بۆ خودی خۆی و هەم بۆ ئەوانیدیکەش. مەرگێک کە مێژوو دروستبکات یان وەرچەرخان دروست بکات لە نێو مێژوودا.

ئەوەی ئێمە بەرەوڕووی بووینەتەوە مەرگێکە بەبێ بیرلێکردنەوە و بەبێ فەلسەفاندن. هێزی ئەم مەرگە و ئەو ووزەیەی دەیخاتە نێو جڤات و مێژووەوە لە بەرائەت و پاکیییەکی بێئەندازە لەلایەکەوە و زوڵم و ناحەقییەکی بێئەندازە لەلایەکیترەوە سەرچاوە دەگرێت. ژینا ئەمینیی، مەرگی بوونێکی پڕ لە بەرائەت و مەرگێکی هێندە ستەمگەرانە و بە زوڵمێکی هێندە گەورەوە، لە مێژوودا دەنگدانەوە و تێپەڕینی بە نێو زەمەن و شوێندا ناکۆتا و ئەبەدییە.

خۆپیشاندانی ئازایانە و ئازادییخوازانەی خەڵکی کوردستان و تەواوی گەلانی ئێران دژ بە کۆماری کۆنەپەرستیی دژە مرۆڤ و دژە ئازادیی سێدارەی ئێران، سەرباری ڕەوایەتیی و حەققانییەتی بێئەملا و ئەولای، بۆ هەر ئینسانێکی داکۆکییکار لە ئازادیی و دادپەروەریی و وەکیەکیی مرۆڤەکان، پشتگیریی و هاوسۆزیی دەربڕین لە تەکییدا بێچەندوچوونە.

خەڵکی کوردستان و گەلانی دیکەی ئێران نە دەرگیرن بە شەڕێکی قەومیی و نە شەڕێکی مەزهەبیی. بەڵکو لە شەڕێکی ڕاستەوخۆدان دژ بە سەرانی بازرگانانی مەوادی موخەدیر و مەزهەب لە سەرەوەی هەڕەمی دەسەڵاتدارێتیی جمهوریی سێدارەی ئیسلامیی و دەستوپێوەندەکانیان. هاوبەشیی و هاوچارەنووسیی خەڵکی کوردستان و گەلانی ئێران وەکو ئاوی کانیاوەکانی کوێستانەکانی کوردستان ڕوون و وەکو خۆری نیوەڕۆ ڕۆشنە.
ئەوانەی دەیانەوێت ئاسۆی ئەم هاوبەشیی و هاوچارەنووسییە لێڵ و تاریک بکەن بە دروشمبازیی ناسیۆنالیستیی و شۆڤێنیی نەوەکو هاودەرد و هاوخەمی خەڵکی کوردستان نیین و بە بەرژەوەندیی ڕاستەقینەی خەڵک ناکۆکن، بەڵکو هێندەی کۆماری شەللاق و سێدارە دژ بە ئازادیی، ژیان و بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان و گەلانی دیکەی ئێرانن.
گرنگە خەڵکی هۆشیار و ئازای کوردستانی ئێران لەسەرووی هوتافاتی کۆنەپەرستانە و چەواشەکارانەی قەومیی شۆڤێنییانەی بەشێک لە تاقمە سیاسییە چەکدارە پڵاوخۆر و ویسکییخۆرەوە کامپنشینەکان جێگەبگرن. هەروەک گرنگە بە شیعاراتی سیاسیی ئەو حزب و گروپانەش فریو نەخۆن کە بەیاننامە و نەخشەڕێگای ڕاپەڕین و ۺۆڕش دەخەنە بەردەمی خەڵکی کوردستان و بە دەستەواژەگەلی لەبابەت “چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان” دەستپێدەکات.
هەموو ئەو کۆمەڵە و گروپە سیاسییە لە ڕواڵەتدا جیاوازانە، نەوەکو خۆشخەیاڵن بە دەستگرتن بەسەر “بە ئەگەرێک” شۆڕش و ڕاپەڕینی بەئاکام گەیشتووی خەڵکی کوردستان و جێگە و ڕێگە سازکردن بۆ خۆیان لەسەرەوەی کۆمەڵگا و مامەڵەکردنی خەڵک وەکو ڕەشەخەڵک، عەوام و ڕەعیەت و سەپاندنی ژێردەستەیی و ژیانێکی نە ئازاد و شکۆمەندانە و نە خۆشگوزەرانانەش بەسەریاندا و لە بەرامبەردا خۆیان ژیانێکی شاهانە و ئەریستۆکراتیک، بگرە هەر ئێستا لەم ڕۆژگاری کامپنشینییەیاندا سەرانی زل و سەرەوەی ئەو حزبانە لە ژیانێکی ئەریستۆکراتیی هەر لە خواردن، خواردنەوە و پۆشاکی گرانبەها و گەشتە ڤی ئای پییەکانیان بۆ ووڵاتانی خۆرئاوا و ماڵ و خانەوادەشیان هەمانشێوە بەڵام لە مامەڵەیەکی سەردار و کۆیلە ئاسادان لەگەڵ خودی ئەو چەکدارانەی کە پاسەوانیی دەکەن لە خۆیان و ژیانە خۆشگوزەرانەکەیان و کامپ و شۆڕشە کامپنشیینییەکەیان و ئەو پێشمەرگانەیان “بە قەولی خۆیان” لە بێپارەیی و بێئاسۆیی کۆمەڵایەتیی و بەڵکو لە برسێتییدا ڕاگرتووە تا ڕاددەی ئەوەی کە تەنها صەمونە ڕەقە و شۆربایەکی نیسکێنە لەگەڵ بڕێک پووڵ کە بەشی جگەرەکانیان دەکا و ناکا. ئەم پێکهاتە و مامەڵە ئەریستۆکراتیک و عەقڵییەتە شێخایەتیی و ئاغاواتییە وێنەیەکی ڕۆشن بە هەرکەسێک کە لانیکەمی ئاگایی و سەرنجدانی هەبێت لە شێوازی بەڕێوەبردن و دەسەڵاتدارێتییان پیشاندەدا ئەگەر لە ئاییندەدا شتێک لە دەسەڵات و هەژموونیان بەسەر خەڵکدا هەبێت.
هەروەها گرنگە خەڵکی ڕاپەڕیو و خۆپیشاندەر نەکەونە ژێر کاریگەریی گوتاری پفدراوی لەلایەک زوڕناژەنە ناسازەکانی کەناڵە نەوتییەکان و خزمەتکارەکانی دەسەڵاتدارێتییە خێڵەکیی، ئاغاواتییە تاڵانچییەکەی کوردایەتی لە هەرێمی کوردستان لە پەیوەند بە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی کوردستانەوە کە ناسیۆنالیزمێک دەڕشێنەوە لە فاشیزمێکی ڕووت زێدەتر چیدیکە نییە، لەلایەکی دیکەشەوە، ئەمە سەرباری بووقی دڕاوی ئەو دەیان و بگرە سەدان بڕوانامەدارانەی خەڵکی کوردستانی عێراق و کوردستانی ئێران و نیشتەجێی وڵاتانی خۆراوا “ئەمریکا، کانەدا و ئەوروپا” و ئوستڕالیا کە لە مووچەی قەبەی بندیواریی دەسەڵاتدارێتییە کلیپتۆکراسییە ئۆلیگارشییەکەی کوردایەتیی مشەخۆرن و دەلەوەڕێن و لەبەرامبەردا سەرقاڵ بە حەقارەت و تەحقیریی ناسیۆنالیستیین.
خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە فراوانەکانی خەڵکی کوردستانی ئێران جگە لە ڕەوایەتیی و بەرحەقبوونیان، لە ئەگەری بەئاکام گەیشتنیان گرنگە خەڵک فۆڕمێکی بەڕێوەبردنی کۆمەڵایەتیی لەبەرچاوبگرن کە لێوە بەرهەمهێنانی ستەم و بێمافیی و پلەبەندیی هاونیشتمانییان و مشەخۆربوون و بەئاغابوونی دەستە و تاقمێک یان چەند دەستە و تاقمێک بەسەر خەڵکەوە، ئەگەرێکی هەرە لاواز بێت، هەروەها بونیادنانی باشترین پەیوەندی لەسەر هەموو ئاستەکان لەگەڵ تەواوی گەلانی دیکەی ئێران.
نە حزب و گروپە کامپنشیینەکان و نە کەڕەنا دەنگ نەشازە خزمەتکارەکانی دەسەڵاتدارێتییە ئاغاواتییەکەی هەرێم و نە بڕوانامەدارەکانی نیشتەجێی ئەوروپا و ئەمریکا بۆیان نییە ڕێگە چارە و نەخشە و پلان بخەنە بەردەمی ئێوە و فۆڕمی ئایندەی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگاتان بۆ بخەنە ڕوو، هەڵبەت منیش وەکو نووسەری ئەم نووسینە نە ڕێگە بە خۆم ئەدەم و نە ئەو مافەشم هەیە بەدیل و پلاتفۆڕمی سیاسیی و ئیداریی بۆ بەڕێوەبردن بخەمە بەردەمتان.
ئەوە ئێوەن خۆتان لە ڕووبەڕووبوونەوەدان لەگەڵ ئاگر و ئاسنی سوپای کۆماری ئیسلامیی و ئەوە ئێوەن بە خوێنی خۆتان و قوربانییدانی خۆتان ئەگەرێک بۆ باشترکردنی ژیانتان دەسازێنن. ئەوە ئێوە خۆتانن لەگەڵ ووردەکارییەکانی ژیانی پڕ لە قەساوەت و هەژارانەی خۆتان دەرگیرن. ئەوە ئێوەن لەگەڵ ستەم و نادادیی و ڕەشەکوژیی دەسەڵاتداران بەرەوڕوون.
لەبەر هەموو ئەوانە، هەر ئێوەش بۆتان هەیە بیربکەنەوە و گفتوگۆ بکەن و شێوازێک لە بەڕێوەبردنی جڤاتتیانە بۆ ئاییندەی خۆتان و منداڵەکانتان هەڵبژێرن کە ئەگەری لێوە فەرامەهەمبوونی ژیانێکی باشتر، شارستانییتر و دادپەروانەتر ئەگەرێکی بەهێز بێت.
هەموو خۆپیشاندانە جەماوەرییە فراوانەکان لە هەموو شار و ووڵاتێک لە دنیادا دژ بە هەر دەسەڵاتدارێک و هەر دەسەڵاتدارێتییەک کە بەبێچەندوچوون ڕەوا و حەقخوازانەن لەسەر بنەمای ئەو ئارگیومێنتەی هەر دەسەڵاتدارێک و هەر دەسەڵاتدارێتییەک بەرمەبنای کاتیگۆرییە کۆمەڵایەتیی و دابەشبوونە چینایەتیی و بونیادە خۆسەپێنیی و هەژموونگەرەکەی دەکەونە خانەی دژەحق و خەڵکیش جا کۆی گروپ و توێژە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگا بن پێکەوە یان توێژێک و چێنێک وە یان چەند چین و توێژێکی کۆمەڵایەتیی پێکەوە لە ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانیاندا لە بەرامبەر هەر دەسەڵاتدارێک و دەسەڵاتدارێتییەکدا لە خانەی حەقخوازانن، کۆمەڵێک ئەگەر و شەیمانە بەڕوویاندا کراوەیە، هەروەک چۆن لە بەرئەنجامی پێکدادان و ململانێی هێزەکان و سەنگی هێزەکان و ئەگەرەکان، هەمیشە ئەگەرێکیان ڕوودەدات و ئەو ڕووداو و گۆڕانکارییانەی کە دواتر دین بەو ئاڕاستەیەدا دەڕۆن کە ئەگەرەکە هەڵگریێتیی. خۆپیشاندانەکانی شارەکانی کوردستانی ئێرانیش، بە ئەگەرێکی دیکە ئەگەر لە هەمان دۆخی ئێستای خەڵکدا کۆتاییان بێت، هێشتا سەرکەوتنێکی گەورە و قۆناغێکی نوێ دەبێت لە پەیوەندی نێوان خەڵک و دەسەڵاتداران و دەسەڵاتدارێتییەکەیاندا. سەرکەوتن لە پاشەکشەپێکردنی دەسەڵاتدارێتیی و دەسەڵاتداران لە هێرشە بەردەوامەکانیان بۆ سەر ئازادیی، ژیان و گوزەرانی خەڵک ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتییش بێت، ئەمە سەرباری پیشاندانی خواستە کۆمەڵایەتتیە فراوانەکەی خەڵکی کوردستان بۆ ئازادیی و ژیانێکی شکۆمەندانە و بەرجەستەبوونی ئیرادە و هێزی دەستەجەمعیی خەڵک.

ئەحمەد ڕەسوڵ




لیستێک لە تاوانەکانی دەسەڵاتی پاشایەتی-مۆنارکی ئیمبپراتۆری بەریتانیا لەژێر هەژموونی شاژنە ئێلیزابێسدا.. کەژاڵ حەمەڕەشید

نەخشەکەی کیشوەری ئەفریقا پێمان ئەڵیت کە دەسەڵاتی پاشایەتی بەریتانیا (مۆنارکی) لە هەر ووڵاتێکی ئەو کیشوەرەدا چاوی بڕیوەتە بەنرخترین سەروەت و سامانی سروشی ئەو ووڵاتانە.، هەر لە ئاڵتون و نەوت و مس، ئەلۆمنیۆم، ئەڵماس، گازی سرووشتی، ئاسن، پەموو، هەتا دەگات بە قاوە، چا، خووری و سامانە سرووشتیەکانی تر. بۆ بەدەستهێنانی ئەو سامانە گرانبەهایانە پرۆسەی خوێناوی لە هێرش و داگیرکاری (کۆلۆنیالی) بەڕێخست کە قووربانیەکانی گیانی ملیۆنان مرۆڤ بووە بێجگە لە تۆمارکردنی مێژوویەکی پڕ تراجیدیاو تراوما لە ژیانی لایەک لە دانیشتوانی گۆی زەوی.
دزی و تاڵانی ئینگلیزەکان لە ووڵاتی هندستان لە نێوان ١٧٦٥-١٩٣٨ مەزەندەکراوە بە ٤٥ ترلێۆن پاوەند. ئەوەندەیان تاڵانی کردبوو هیندیەکان بە زمانی خۆیان پێیان دەووتن (تاڵانچی-Looter) تا وای لێهات ووشەی Looter چوە ناو زمانی ئینگلیزیەوە.
هەر لە ساڵانی داگیرکاری هندستاندا ساڵی ١٩٤٣ بە سیاسەتی تینوو برسیکردن لەبەشی ڕۆژهاڵاتی هندستان کە بەنگلادیشی ئێستایە، نزیک بە 2.1 بۆ 3.8ملیۆن بەنگالی گیانیان لەدەستدا.
تەنها نازیەکان نەبوون کە کەمپی قڕکردن-کۆمەڵکوژیان درووستکردبوو، ئینگلیزەکانیش لە کینیاو باشووری ئەفریقا لەو کەمپانەیان درووستکرد بوو.
شاژنە ئێلیزابێس تەمەنی ٢٥ ساڵ بوو کە بەریتانیا جەنگێکی وەحشیانەی بەرامبەر کینیا بەرپاکرد لەپێناو پاراستنی ئەو سیستمە ڕاسستیەدا کەلەوێ دایان مەزراندبوو. سەدان هەزار کەس لە خەڵکی ڕەشپێستی کینیا ڕاپێچی کەمپەکانی قڕکردن و توانەوە-(کۆنسێنترەیشن کەمپ) کردو لەناویان بردن، لەو دەمەدا کە چەرچڵ سەرەک وەزیرانی بەریتانیا بوو دەیوت کینیا خاکەکەی بەپیت و دەوڵەمەندە دەبێت هەر بۆ سپی پێست بێت.
ساڵی ١٩٥٢ شاژن ئێلیزابێش سەردانی کینیای کرد، شەش مانگ دواتر ئۆپەراسیۆنی کۆمەڵکوژی و سەرکوتکردنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانی کینیا کە بە بزووتنەوەی (ماو ماو Mau Mau) ناسرابوو و لەدژی داگیرکاری بەریتانیا سەریهاڵدابوو دەستیپێکرد. لەو قەتڵوعامەدا ٩٠،٠٠٠کەس لەسێدارەدران، سەدان هەزار بۆمب بەکارهێنرا، ٤٢٠،٠٠٠ کەسی کینیا بەر تۆپباران کەوتن، ملیۆن و نیوێک خرانە کەمپەکانی قڕکردن-لەناوبردن.
هەروەها لەباشووری ئەفریقا کەمپی قڕکردنیان درووستکرد لە دەورانی جەنگی ناسراو بە جەنگی بۆر،-Bore War لەویدا کە دانیشتوانی باشووری ئەفریقا لەدژی ئیمپریالیزمی بەریتانی دەجەنگان.
ئەم گۆمی خوێن و جینۆسایدانە ئامانجەکەی داگیرکاری و دزینی سامانە بەنرخەکانی ئەو ووڵاتانە بوو.
ئەڵماس/دایمۆندی کۆهینور گرانبەهاترین ئەڵماسە لە جیهاندا. ئەو ئەڵماسە عەیارە ١٠٩یە کێشی ٢١.٦ گرامە پێکهاتەیەکی سەرەکی تاجەکەی سەری شاژنەو لە ئەفریقاوە دزراوە،
هەروەها نقێم/لوئلوئە بەنرخەکەی تاجەکەی سەری شاژن عەیاری ٥٣٠ لە ئەفریقاوە هێنراوە/دزراوەو بە ئەستێرە گەروەکەی ئەفریقا ناسراوە، نرخەکەی مەزەندەدەکرێت بە ٤٠٠ ملیۆن دۆلار.
کاتێکیش کۆلایەتی هەڵوەشایەوە لە ١٨٣٤دا، لەجیاتی قەرەبووکردنەوەی کۆیلەکان، لەبڕیارێکی شەرمهێنەردا بەریتانیا ٢٠ملیۆن پاوەند قەرەبوو ئەدات بە خاوەن کۆیلەکان بۆ قەرەبووکردنەوەی لەدەست چوونی دامودەزگاکانیان.
هەر لەسەردەمی شاژندا، ١٩٤٨-١٩٦٠ ئینگلیزەکان جەنگ و هێرشیان دەستپێکرد بۆسەر ووڵاتی(Malaya یان مالی) بەئامانجی تاڵانکردنی کانزاکانی وەک مس، تەنەکە، لاستیک، و ..هتد. بۆ ئەم مەبەستە گازی ژەهراوی (ئۆرەنج ئەیجنت) یان لەئاسمانەوە ڕشت بەسەر خەڵکەکەدا و لەئەنجامدا زیاتر لە ملیۆن کەس گیانیان لەدەستدا. دواتر ئەمریکاش وانەی لەم کارەی بەریتانیا وەرگرت و هەمان تەکنیکی کوشندەی بەرامبەر گەلی ڤێتنام بەکارهێنا.
لە ساڵی ١٩٥٠-١٩٥٣ زیاد لە ٨٠،٠٠٠ سەربازی بەریتانی نێردران بۆ کۆریا بۆ یارمەتیدانی سوپای ئەمریکا لە قەتڵوعامکردنی نزیک بە ٤ ملیۆن کەسدا.
١٩٥٣ کاتێک گەیانا لە پرۆسەیەکی دیمۆکراتیدا سەرۆکی خۆی هەڵبژارد، بەریتانیا بەفەرمانی چەرچڵ ئەو حکومەتە هەڵبژێردراوەی ڕاماڵی و سووپاو کەشتی جەنگی لەوێ دامەزراندو کاری تەوای دامەزراوەکانی گەیانای ڕاگرت و هەوڵی سەربەخۆیی ئەو ووڵاتەی لەبەین برد.
١٩ی ئۆگەستی ساڵی ١٩٥٣ بەریتانیا ڕابەرایەتی کۆدەتاکەی ئێرانی کرد بۆ لابردنی دکتۆر محەمەد موسەدەق کە لە پرۆسەیەکی دیموکراتیدا هەڵبژێردرا وەک سەرەک وەزیران، ئامانج لەم کودەتایە لەبەینبردنی دۆخی دیموکراسی و بوژانەوەی ڕژێمی شاهنشایی ئێران بوو.
١٩٦٢-١٩٧٠ جەنگێکی ڕانەگەیەندراو/نهێنی لە یەمەن هەڵگیرساندبوو کە ٢٠٠،٠٠٠ قوربانی لێکەوتەوە. ئێستاش بەریتانیا چەک دەدات بە سعودیەو هانی ئەدات و چاودێری هێرش و بۆردومانەکانی سعودیە دەکات بۆسەر یەمەن.
پەرلەمانی باریتانیا لەدەورانی تونی بلێردا ڕەزامەندیدا بەبڕیاری هێرشکردنە سەر عێراق کە بوەهۆی کوژرانی سەدان هەزار کەس و دواتریش بوە هۆکاری سەرهاڵدانی داعش.
بەریتانیا ڕۆڵی سەرەکی بینیوە لە دابەشکردنی کوردستان و لە پەیمانەکانی لۆزان و سایکس بیکۆداو ئێستاشی لەسەر بێت بەریتانیا ڕۆڵی گەورەی هەیە لە هێشتنەوەی گەلی کورد لەو دۆخە ئاڵۆزەداو هەروەها لە بەربەست دانان لەبەردەم شۆڕشەکانی ئازادیخوازی کورداو دەستگرتن و پاڵپشتیکردنی تورکیا لەبەرامبەر شۆڕشی ڕۆژئاڤادا.
ئەوەش ئەزانین کە لە دەورانی داگیرکردنی عێراق لەلایەن بەریتانیاوە لەدوای جەنگی جیھانی یەکەم بۆ ماوەی چەندین ساڵ گەلانی عێراق بەکوردو عەرەب و نەتەوەو پێکهاتەکانی ترەوە قووربانی گەورەی ئەو داگیرکاریەبوون و لەو ماوەیەدا سامانی بەنرخی نەوتی عێراقیان بەتاڵان دەبرد.
لەئێستاشدا بەریتانیا ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت لە ناتۆدا و لە بەڕێوەبردنی ئەو جەنگ و تاوانانەی دژ بە مرۆڤایەتی دەکرێت لە لیبیا و فەلەستین وعێراق و سوریاو ئەفگانستان و ڕۆژهاڵاتی ناوەڕاست بەگشتی .
ئەتوانین بڵێین کە ئیمبراتۆریەتی بەریتانیا و مۆنارکیەکانی فراوانترین شێوازی داگیرکاریان بەڕێخستوە لە مێژوودا زیاتر لەهەر دەسەڵاتداریەکیتر بۆ بەهێزکردن و سەقامگیرکردنی هەژموونی سپی پێست و چەوسانەوەو لەناوبردنی ئەوانی تر.
شاژنی بەریتانیا کۆچی دوایی کرد بێئەوەی داوای لێبووردن بکات لەو گەلانەی جیهان کە تاوانی دزی وتاڵانی و داگیرکاری و کۆمەڵکوژی و توانەوەو جینۆسایدی بەرامبەریان ئەنجامداوە. شاژن مردوو هەرگیز پەشیمان نەبوو وە شەرمەزار نەبوو لەو هەموو تاوانەی کە خێزانەکەیی ئەنجامیان داوەو ئەوانەش کە لە حوکمرڕانی خۆیدا ئەنجامدراون.
ئەکرێت ئەنجامدەرانی تاوانە گەورەکان بەم شێوەیە لە ئاسوودەییدا سەربنێنەوەو دادگاو لیپێچینەوە نەبینن و، جیهانیش بەشەهامەتەوە بەڕێیان بکات؟

تێبینی,
لەکاتێکدا کە نوێنەرانی کۆلۆنیالیزم و سەرمایەی خەریکی مەراسیم گێڕانن بۆ مردنی ساژن ، لەلایەکی تر شەپۆلێکی نارەزایەتی لە دژی مێژووە خوێناویەکەی خێزانی مۆنارکی و جێگرتنەوەی خێرا بە کوڕەکەی شازن و بەردەوامی سیستمی پاشایەتی لە ئارادایە.

——————————————–
سەرچاوەی ئەم زانیاریانە چەندین پەیج و ئەکاونتی تویتەرو یوتیوبن کە بەشێکن لەو شەپۆلی ناڕەزایەتیانە.
-کتێبی (. A People’s History of the British Empire The Bloodstained Never Dried) by John Newsinger, بە فراوانی باسی ئەو مێژووە خوێناویانەی ئیمپراتۆری بەریتانیا دەکات.




ئەلڕازى و گومانگەرایى فەلسەفەیى.. گێرت ‌هێندریش- کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

 

ئەوە کە پێشتر گۆتمان (واتا پشتگوێخستنى وەڵامدانەوەى پرسیارە فەلسەفەییەکان بۆ خاترى وەڵامدانەوەى ئایینى کە لاى کندى بینیمان – و) دووەم سیستەماتیکییە مەزنەکەى سەدەى نۆیەم ناگرێتەوە: ئەبوبەکر محەمەد ئیبن زەکەرییا ئەلڕازى. ئەم وەک گومانگەرا و ڕەخنەگرێکى ناوداری ئایین دەیگۆت کە فەلسەفە پێشتریی لە ئایین هەیە. وەلێ پەیوەند بە ئەمیشەوە تەنیا چەند بەشێکى بەرهەمە فەلسەفەییەکەیمان پێگەیشتووە، بۆیە داڕشتنێکى سەرجەمییانەى بەرهەمەکەى زەحمەتە. ڕازى هەروەها لە لایەن چەرخى ناڤینى لاتینییەوە دەرککرا، بێگومان سەرەتا نەک وەک فەیلەسوف، بەڵکو وەک پزیشک. ئەو لە ئەوروپا کە بە ناوی “ڕازێس” ناسرا بوو، ڕیزێک نووسینى پزیشکیى بەجێهێشت و ئەمڕۆ پتر لە پەنجا دانەیان ماونەتەوە. ئەم نووسینانە نەک تەنیا پوختەى تێکستى گریکى و ئەرەبین، بەڵکو بەتایبەتى توێژینەوەى مەیدانیى پزیشکین و ڕازى پەیوەندی کردوون بە گۆزارەی تیۆریانەوە، لێرەشدا گۆزارەکانی خۆی ڕەخنەییانە یان بە ڕاستاندن ڕاڤە کردووە. هەر بەم شێوەیە ڕازی تەنانەت ڕەخنە ئاڕاستەی مەزنترین ناسێنراوە پزیشکییەکەی چەرخی ناڤینیش دەکات، واتا گالن، کە پزیشک و فەیلەسوفێکی گریکی-ڕۆمی بوو (129-199). بەرهەمە سەرەکییە پزیشکییەکانی ئەو بریتی بوون لە: ئێنسیکلۆپێدیای “ئەلجامیع ئەلکەبیر” (کۆبەرهەمی گشتگیر)، ئەوجا “ئەلحاوی فی ئەلتوب” (دەفری پزیشکی)، هەڵبژاردەیەکی ئەم نووسینەش ساڵی 1279 لە سیسیلیا بە ناونیشانی “کتێبی پاراستن” (Liber Continens) بۆ لاتینی وەرگێڕرا و ساڵی 1486 لە برێشا (Brescia) بە چاپکراوی بڵاوکرایەوە. ئەوجا لە سەدەی هەژدەیەمدا کتێبەکەی ڕازی کە لەبارەی نەخۆشییە درمییەکان (“لەبارەی ئاوڵە و سورێژە”) نووسیبووی، لە ئێنگلاند بڵاوکرایەوە، ئەوە بێگومان وەک کەرەسەیەک بۆ ئەو ناکۆکییە کە سەبارەت بە شیمانەی کوتانی پاراستن لە ئاوڵە سەریهەڵدابوو. تێکستەکانی ڕازی بەدێژایی چەرخی ناڤین لەپاڵ زانا کلاسیکەکانی ئەنتیکە و “کانۆن ی پزیشکی”یەکەی ئیبن سینادا گرنگترین نووسراوی ناسێنراوی بواری پزیشکی بوون. ڕازی سەر بەو هزرڤانانە بوو کە لە زانستە سروشتییەکان و پزیشکیدا پتر پشتیان بە توێژینەوەی ئەمپیری (تەجریبی) دەبەست نەک زانایانی ناسێنراوی پێش خۆیان وەک دەرچەی هزرین دابنێن. ئەمەش چۆنێتییەکی باڵای بە نووسینەکانی ئەو دەدا و هەر بەو هۆیەشەوە گەلێک بەرز دەنرخێنران. وەلێ هەر خودی ئەو هەڵوێستەی ڕازی لە لایەکی دیکەوە بوو بە مایەی تانوتدان لێی، کە گۆیا ئەو “ئازادانە تێڕوانینەکانی خۆی دەهزرێنێت” و نەک تەنیا پسپۆرە ناسێنراوەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە، بەڵکو لە کۆتاییدا سەرجەمی ناسێنراوانیش (ئۆتۆرێتییەکان). ئێمە ئا لێرەدا گەیشتووین بە واتای فەلسەفەیی ڕازی.

  زەکەرییا ئەلڕازى خەڵکى “ڕاى” بوو، ناوچەیەک کە دەکەوێتە باشوورى تارانەوە و تەنیا چەند کیلۆمەترێک لێوەى دوورە. کەواتە ڕازى یەکەم فەیلەسوفى بەواتاى ڕەچەڵەک فارسییە، لێ بۆ ئەو ئەرەبى زمانى زانست بوو و شوێنى کارکردنى سەرەکیشى بەغداد بوو، کە لە سەدەى نۆیەمدا سەنتەرى جیهانى ئیسلامی بوو. ئێمە زۆر کەم لەبارەى ژیانى ڕازى دەزانین: ئەو ساڵى 865 هاتە جیهانەوە، لە ڕاى سەرجەم کانۆنی (پرنسیپی – و) بەشە زانستییە ناسراوەکانى ئەو سەردەمەى خوێند. پێدەچێت ئەو سەرەتا وەک توێژەرێکى ئەمپیرى خۆی بە کیمیاوە خەریک کردبێت کە بە ئەرەبی ناودەنرا “ئەلخیمیا”. ئێمە پێویستە لە لایەک لە “ئەلخیمیا” ڕاڤەیەکى خوازەیی-تەسەوفییانەى کاردانەوە کیمیاییەکان تێبگەین، لە لایەکى دى، لە مەغزایەکى مۆدێرندا، وەک هەوڵدان بۆ پشکنینی سیستەماتیکییانەی پێکهاتەى ماتەرى لێی تێبگەین. هەردووکیان لە زانستى ئەرەبى-ئیسلامیدا تێکەڵ دەبن. ئەمە هەروەها ڕازیش دەگرێتەوە. ڕازى وەک پزیشک گواستییەوە بۆ بەغداد و لەوێ ڕابەرایەتیى دروستکردنى نەخۆشخانەیەکى کرد، کە پێدەچێت هەر خۆی پاشان بووبێت بە بەڕێوەبەرى. ئەو لە کۆتایى ژیانیدا کوێر بوو و ساڵى 925 یان 932 مرد. ئەلبیرونى لەبارەى ناوبانگى ڕازى وەک پزیشک دەگێڕێتەوە: “ئەو لە هونەری چارەسەرکردندا بە ناوبانگێکى بڵند گەیشت؛ پاشا مەزنەکان داوایان دەکرد، بەدوویاندا دەنارد و ڕێزیان لێدەنا؛ ئەو بەردەوام بە ئەوپەڕى پەرۆشەوە خەریکی دیراسە بوو” (Albiruni, 1991, 148). بێگومان فەیلەسوفە کلاسیکییەکانیش سەر بە لێتوێژینەوەکانى ڕازی بوون و لێرەشدا وەک نووسەرێکى زۆر ڕەخنەیى و هەروەها زۆر بەبەرهەم دەرکەوت. بەداخەوە زۆرینەى بەرهەمە فەلسەفەییەکانى بزر بوون. ئێمە بڕێکى زۆرى هزرى ئەو لە داڕشتنى نووسەرانى دیکەوە دەناسین، لێرەشدا هەڵوێستی ڕەتکەرەوەیان بەرانبەر ڕازى ئەو مەترسییە لەتەک خۆیدا دەهێنێت کە بڕێکى زۆرى بیرۆکەکانی تەنیا بەتەزویرکراوى بە ئێمە گەیەنرابن.(1)

فەلسەفەى ڕازى بەتایبەتى پشت بە ئەتۆمیستە گریکییەکان، واتا دێمۆکریت و ئێپیکور دەبەستێت، لێ هەروەها بە “تیمایۆس”ى پلاتۆن. بێگومان ڕازى ئەم دیالۆگەى پلاتۆن لە پوختەکراوەکەى “گالن”دا دەناسێت. ئەو لەم خەریکبوونانەوە گۆڕان دەدات بە کۆسمۆلۆگى و ئێتیک و ڕەخنەى ئایین. هەرسێکیان لاى ئەو پەیوەندییان بە یەکدییەوە هەیە و شێوەیەکى سیستەمى فەلسەفەیى دەخەنەوە. ڕازى سەرەتا لە پێنج پرنسیپى ئەزەلییەوە دەردەچێت: ماتەری، فەزا، کات، دەروونى گەردوونى و ئافرێنەر (خولقێنەر). ئەلبیرونى ئەم دەستپێکەى ڕازى بەم چەشنە پوخت دەکاتەوە:

“هەر پێنجیان (واتا پێنج پرنسیپە ئەزەلییەکە) پێشمەرجى زەروورین بۆ هەر شتێک کە هەیە. ئەوە کە لە بوونەوەردا بە سێنسەکان دەرک دەکرێت، بریتییە لە “هیولە” (کەرەسە – و) (2) کە بەڕێى ئاوێتەبوونەوە فۆرمى وەرگرتووە، ئەوجا لەبەر ئەوەى هیولە لە فەزادایە، ئەوا دەبێت فەزایەک هەبێت. ئەو ڕەوشە جیاوازانە کە ماتەری موئایەشەیان دەکات، بەزەرووری بەندن بە کاتەوە، چونکە هەندێک (ى ڕەوشەکان) زووتر و ئەوانى دیکەیان درەنگترن. هەروەها مرۆڤ بەڕێى کاتەوە لەبارەى ئەزەلیبوون و سەرهەڵداویى، هەروەها لەبارەی زووتر و درەنگتر و هاوکاتێتى دەزانێت. بۆیە دەبێت (کات) هەبێت. لەنێو بوونەوەردا زیندە هەیە، کەواتە دەبێت دەروون (گیان – و) هەبێت، لەنێو ئەوانیشدا زیندەى ئەوتۆ هەن کە ئاوەزمەندن. هەروەها ئافراندن باڵاترین کامیلکردنە، کەواتە بەزەرووری ئافرێنەرێکی دانا و زانا و کامیلکەر هەیە کە ڕژانى ئاوەز لە خودى خۆیەوە بۆ چاککردن (ى مرۆڤ) دەشێنێت” (رازى، رازى ئەلفەلسەفییە، بەیروت، 1982، 195(3))

کاتێک ڕازى لە “هیولە” دەدوێت، لێرەدا ئەوها دەنوێنێت هەروەک ئەو خۆی گرێ بدات بە تێڕوانینی ماتەرییەوە لای ئەڕیستۆتێلیس. وەلێ ئەم ماتەرییە لە ڕاستیدا هەمیشە “ئاوێتەیە”، بێگومان ئاوێتەیەکی پێکهاتووە لە ئەتۆم. کەواتە ماتەری ئەوها نییە کە ئەڕیستۆتێلیس گریمانەى دەکات، واتا ماتەری شیاوى کەرتاندن نییە تا بێدوایەکى، بەڵکو لە بچووکترینی گەردیلەکانیدا بریتییە لە “ئەتۆمۆس” (بەگریکى واتا “نەشیاوى کەرتاندن”). ئێستاش ئافراندنی خودایی هیچی دیکە نییە جگە لە ڕێکخستنی ئەم ئەتۆمانە و بەم ڕێیەشەوە گەردوونى ماتەرییانە (ماتەریەل) دەسازێنێت. کاتێک ئەتۆمەکان ئەزەلین (نەئافرێنراون – و)، بە پێچەوانەوە فۆرمەکەیان تەنیا سەرئەنجامى کردارێکى ئافرێنەرانەیە. کەواتە ئافراندنەکەی خوداش کردارێکە لە کاتدا. ڕازى لێرەدا خۆی بە “تیمایۆس”ى پلاتۆنەوە گرێ دەدات: لە “تیمایۆس”دا دەمیورگى (وەستای – و) ئەفسانەیى، واتا ئافرێنەرەکەى جیهان، گەردوون بە یەک دەگەیەنێت، بێگومان ئەو گەردوونە کە لە بنەڕەتدا کردەکێتییەکی پەتیى ماتەریانە بوو و وەک ئەوەش نە فۆرم و نە دەروونى هەبوو. وەلێ ماتەری بە پێکەوەلکاندنی دەبێت بە سەرجەمێک و “نادیارەکە”ى بوون، واتا دەروونى جیهان یان ئیدێکان، بۆ نێو خۆی وەردەگرێت. (4)

تیۆریی ئەتۆم، وەک سەرئەنجامی ئەمەش تیۆریی جیهانى ماتەریی ئافرێنراو، خودادیدیى ڕازى دیارى دەکەن. سەرەتا بونیادى ئەتۆمى لە لایەنی خۆیەوە ئەزەلییە، ئەوجا خودای ئافرێنەری جیهان ئەو بونیادە ئەتۆمییە وەک سەرجەمێکى ڕێکخراوى پڕمەغزا دەسازێنێت؛ خودا دەروونى پێدەدات، ئەم دەروونەش بریتییە لە ئاوەزى پەتى. گەر خودا لە زەروورەیەکەوە بۆ ئەم ڕێکخستنە ناچار بکرابایە، ئەوسا ئەو چیدى خودا نەدەبوو، بەڵکو تەنیا هۆکارێک دەبوو لە کاتدا؛ ئەوسا دەبوو خودی ئەم هۆکارە دوایەکى بووایە و هەروەها هۆکاری هەبووایە. لەبەر ئەم هۆیە دەبێت خودا تەنیا بە خواستی خۆی گەردوونى وەک ماتەریی ڕێکخراو ئافراندبێت. ڕازى ئەم کردارەى ئافراندن وەک نیشانەى خۆشەویستى و چاکیى خودا دەبینێت. خودا لە بەزەیی خۆیەوە جیهانى ناڕێکخراوى ئەتۆمى دەبووژێنێتەوە، ئەوجا بە ڕژاندنى ناخەکیترین کرۆکى خۆی شیمانەیەک بەم ژیانە دەدات کە لەنێو مرۆڤدا خۆى سەرلەنوێ لە فۆرمى ماتەری جیا بکاتەوە و خۆى لەتەک خودادا بهاوشێوەێنێت. کەواتە توانستى ئاوەز لاى مرۆڤ نیشانەیەکە بۆ خۆشەویستیى خودا، لێرەشدا ڕازى سەرلەنوێ پشت بە “تیمایۆس”ى پلاتۆن (30a) دەبەستێتەوە. ڕازى درێژە بەو ئافراندنەی جیهان دەدات کە لە “تیمایۆس”دا داڕێژراوە، ئەویش کاتێک جیهان وەک دوایەکى (کۆتامەند) دیارى دەکات. کۆتایى جیهانى ئافرێنراو لەو ساتەدایە کە دەروون دەگەڕێتەوە بۆ دۆخە سەرچاوەییەکەى هۆشەکێتیى پەتى، واتە “بۆ لاى خودا دێت”. لەبەر ئەم هۆیە ئەرکى مرۆڤان ئەوەیە کە خۆیان بە یاریدەی فەلسەفە بهۆشێنن و بەوەش خۆیان لە ماتەری جیا بکەنەوە.

لێرەوە پرسیارێک سەرهەڵدەدات: گەر دەروونى هۆشەکى ی ئازادکراو لە ماتەری، باشترینى سەرجەم ڕەوشە شیاوەکان بێت، ئیدی ئایا لەبەر چە هۆیەک خودا لێرەبوونى (وجودی) ماتەرییانەی ئافراند؟ پەیوەست بەم پرسیارەوە ئەبو حاتەم ئەلڕازى (932 مردووە) دانوستاندنێکی نێوان خۆى و زەکەریا ئەلڕازی دەگێڕێتەوە (al-Munazarat, ar-Razi 1982, 291-316). بەم پێیە وەڵامى ڕازى پەیوەند بەم پرسیارەوە ئەوە بووە، کە گرێدانێک لە نێوان دەروون و ماتەریدا خۆزگەى خودا بووە، ئەویش تاکو دەرفەتێک بە دەروونى توانامەند بۆ ژیری (vernunftbegabt) بدات کە پەیوەند بە قەدەری خۆیەوە ئازادانە ئیختیارێک بکات. ئاخر دەروونێک کە ئازادانە کردار بنوێنێت، باشترە لە دەروونێکی جڵەوگیراو. ئا لێرەدا گەردووندیدیى ڕازى دەچێتە نێو ئێتیکەکەیەوە. مرۆڤ بوونەوەرێکى دەرووندار و ئاوەزمەندە، بۆیە هەروەها بوونەوەرێکى ئازادە. ئەو بە کردارى ئافراندنی خودا داواى لێکراوە کە خۆى فۆرمى لێرەبوونى دیارى بکات. ئەو بێگومان دەتوانێت بە کایەى ماتەرییەوە پابەند بمێنێتەوە، وەلێ ئەو لەم ڕەوشەدا ناتوانێت بە لێرەبوونێکى ڕاستینە بگات؛ ئەو هەروەها دەتوانێت بەڕێى هۆشەکێتیى خۆیەوە هەڵزنێت بەرەو فۆرمێکى باڵاترى لێرەبوون، کە ئیدی ڕزگاری دەبێت لە مەزنەگوناهى پێکەوەگرێدانەکەی ماتەری و هۆش. بێگومان ئەم مەزنەگوناهە لەو شێوەیەدا نییە کە لە تێڕوانینى بیبلیانە و قورئانیدا جەختی لێدەکرێت، واتا “دواى” ئافراندن سەرهەڵنادات، هەروەها بەند نییە بە گوناهى خودى مرۆڤەوە (ئادەم و حەواوە – و)، بەڵکو لەنێو خودى کردارى ئافراندنی خودادایە. پێدەچێت هەروەک خودا بییەوێت نەهێشتنی ئەو گوناهە کە ئەو خۆى لە ئافراندنی جیهاندا کردوویەتى، بۆ مرۆڤ جێبهێڵێت. نەهێشتنی گوناهەکە، هاوشێوەى نوێپلاتۆنیزم، بە بزووتنێکى هەڵچوو دەشێت، کەواتە ئەمیش پشت دەکاتە فۆرمى ماتەرییانەی یان فۆرمى زەمینیانەى لێرەبوون، هێندە نەبێت کە ئەم بە پێچەوانەى نوێپلاتۆنیزمەوە بەبێڕێزى لە لێرەبوونى ماتەرییانە ناڕوانێت. ڕازى لە نووسینە گەیەنراوەکەیدا بە ناونیشانى “شێوازى ژیانى فەلسەفەیی” (ئەلسیرە ئەلفەلسەفییە، 97-112) بەرگرى لە خۆی دەکات وەک کەسێک کە پابەندی نموونەى کەسی “دانا” بووە، ئەم دانایەش بە دیدی ئەو لە سۆکراتێسدا بەرجەستە بووە. ئێمە بێگومان لێرە سۆکراتێسى ترادیسیۆنى ئەرەبیمان هەیە کە تێکەڵکراوە بە مۆرکەکانى دیۆگینێسى سینۆپەیى: هەروەها سۆکراتێسەکەى ڕازیش لەنێو کووپەیەکدا و تەنانەت هەندێک جار لە بیابانێکدا دەژى (5). پاشان، وەک ڕازی دەبێژێت، سۆکراتێس واز لەم شێوازە ئاسکێزییەی (زاهیدییەی) ژیان دەهێنێت تاکو خۆى بۆ فەلسەفە تەرخان بکات، ئەم فەلسەفەیەش هەروەها واتاى دانایى پراکتیکییانەى ژیان دەگەیەنێت، چونکە سۆکراتێس دەچێتە پەیوەندیی هاوسەرییەوە، زارۆک دروست دەکات، چێژ لە خۆراکى بەتام وەردەگرێت و (بە ڕێژەیەکى کەمتریش) لە شەراب، جگە لەوە وەک هاوڵاتى فرمانەکانى خۆى بەجێدەگەیەنێت، ئەویش کاتێک لەدژى دوژمنانى شارەکەى دەجەنگێت. کەواتە دوژمنایەتیکردنی پەتیى لەش و ئەوجا ئاسکێز (زوهد) ڕێگەیەک نین ڕووەو لێرەبوونێکى هۆشەکییانەى باڵاتر، بە پێچەوانەوە تەقەلادانى فەلسەفەیی ئەو ڕێگەیە پێکدەهێنێت، بێگومان تەقەلادانێک کە گەرچی دەیەوێت خۆى لە لەش جیابکاتەوە، سەرەڕای ئەوە نابێت لەتەک لەشدا بکەوێتە ناکۆکییەوە، بەڵکو گەرەکە ڕێگەیەکى نێوانى بگرێتە بەر.

ئەم تێڕوانینە هەروەها لەتەک تێڕوانینێکی ڕازیى پزیشکدا یەکدەگرێتەوە کە ئەو سەبارەت بە پەیوەندییەکانى موئاناتی ئۆرگانى و پسیکۆیی هەیەتی. کاتێک گالن، لەتەک ئەویشدا ژمارەیەکى زۆری شوێنکەوتووانی لە چەرخى ناڤیندا، بڕوایان وا بوو کە ڕەوشی پسیکۆ بەندە بە ساغیى لەشەوە، ئەوا ڕازى خۆگرێداو بە ڕەچاوى مەیدانیانەى نەخۆشخانەییەوە ئەم ڕوانگەیە هەڵدەگێڕێتەوە: پسیکۆ دەشێت مایەى نەخۆشکەوتنى لەش بێت یان نیشانەی نەخۆشیی لا دیاربهێنێت، بەبێ ئەوەى لێرەدا نەخۆشییەکى ڕاستینەى ئۆرگانى لەگۆڕێ بێت. بەم شێوەیە بیرۆکەی نەخۆشکەوتنى پسیکۆسۆماتى (پسیکۆ-لەشەکی) دێتە ئاراوە و بەتەواوى لە لایەن پزیشکیى ئەرەبى-ئیسلامییەوە وەردەگیرێت. بۆ نموونە پزیشکە ئیسلامییەکان هەوڵیان دەدا کە تا ڕادەى شیان بە ئانامنێزەیەکی تەواوەتی و گشتگیر هۆکارى “دەروونیانە”ى سەرجەم نیشانەکانی نەخۆشی بدۆزنەوە. کەواتە بۆ ڕازى ڕووکردنە هۆشەکێتی گرنگترە لە پشتکردنە لەشەکێتى. ئەم هەڵوێستە بۆ کەسی “دانا” کە نموونە و ئیدیالى ڕازییە، واتایەکی ئەوتۆ دەگەیەنێت کە ئەو خۆى وەک بەرپرسیار دەبینێت “لە چاکێتیى بێسنوور و کۆششکردن بۆ خاتری پێشکەوتنى سەرجەم مرۆڤان”: “ئەو ژیانە کە فەیلەسوفە مەزنەکانى ڕابردوو بەڕێوەیان بردووە، دەشێت بە چەند وشەیەکى کەم دیارى بکرێت: ژیانی بەو چەشنە بەدادییە بەرانبەر سەرجەم مرۆڤان” (Zit. Nach Jockel, 131, 1981). ئێمە، وەک بوونەوەری ئاوەزمەند، خاوەنی ئازادین بۆ وەرگرتنی ئەو هەڵوێستە، وەلێ ئێمە هاوکات بانگکراوین بۆ ئەوەی خۆمان بەڕێى فەلسەفەوە کامیل بکەین. بە هەر حاڵ، ئاوەز میدیەمەکەیە چە بۆ خەڵاسی کەسى خۆ و چە بۆ بەڕێوەبردنى ژیانێکى چاک و بەداد. هەروەها ڕازى لێرەشدا ڕەهەندی بەگەڕخستنەکەى کارکردن بە ئاوەز دەبینێت، ڕەهەندەکەش بەشێکە لە پلانى خودایانەى ئافراندن:

“ئافرێنەر زەینی پێداین تاکو بەڕێیەوە هەر پێشکەوتنێک بەدیبهێنین کە گەرەکە بەگوێرەی جۆری خۆمان و ئەودنیاش دەرگیری بین. ئەوە مەزنترین چاکەی ئافرێنەرە لەتەک ئێمەدا، هیچ شتێکیش پڕبەهاتر نییە لە مشورخواردنی ئەو بۆ پێشکەتن و سوودی ئیمە. […] ئێمە بە یاریدەی زەین لە شتی ئەوتۆی نامۆ و ئەوبەرەکی تێگەیشتووین کە پێشتر نهێنی و لێمان شارراوە بوون. ئێمە بە یاریدەی زەین ڕووبەری زەمین و ئاسمانمان ناسی، یان بارستایی خۆر و مانگ و ئەستێرەکان، دووری و بزووتنیان. تەنانەت بە یاریدەی زەین گەیشتین بە مەئریفەی ئەو مەزنە، هینی ئافرێنەرمان، ئەوەش شکۆمەندترین بوو کە ئێمە هەوڵی گەیشتمان پێی دەدا و سوودمەنترین دەستکەوتیشمان بوو. […] کە ئەمە بێت بەها و پلە، نرخاندن و واتای زەین، ئیدی هەقە لە پێگەی باڵای خۆی داینەگرین یان بە هەر شێوازێک ڕسوای نەکەین، بەڵکو لە هەموو دۆزەکاندا ڕاوێژی پێبکەین، ڕێزی بگرین و پشتی پێببەستین، ئەویش بەوە کە دۆزەکانمان بەگوێرەی فەرمانی ئەو بەڕێوەبەرین و هەر بەگوێرەی فەرمانی ئەویش کۆتاییان پێبهێنین.” (هەمان سەرچاوەی پێشوو، لا 129 بەدوواوە)

کەواتە بە دیدی ڕازى نەک خودا، نەک پەیڤى خودا کە لە نووسراوێکى سروشیدا تۆمارکراوە، پێوەری گەرەکی بایەخپێدانە لە لایەن مرۆڤەوە، بەڵکو بڕیارى ئاوەزی خۆیی ئۆتۆنۆم پێوەرە. هەر بەگوێرەی ئەم بنەمایە ڕازى هەڵوێستێکی ڕەخنەیى، بەڵێ ڕەتکەرەوە بەرانبەر ئایینە سروشییەکان وەردەگرێت. بە بڕواى ئەو پەیامهێنى (پێغەمبەرایەتی) شتێکى ناپێویستە، چونکە مرۆڤ تەنیا بە کۆششى فەلسەفەیی خۆی، واتا بە کۆششى هۆشەکى، دەتوانێت خەڵاسی خۆیی بەدیبهێنێت. سەرجەمی مرۆڤان دەتوانن ئەم ڕێگەیە بگرنە بەر. ڕازى بەم تێڕوانینە یەکسانگەرییە بەئاشکرا لە سەرجەم فەیلەسوفانی دیکەی ئەرەبى-ئیسلامی جیا دەبێتەوە، کە گەر تەنانەت جەختیان لە باڵادەستییەکەی جیهاندیدیى فەلسەفەیى-ئاوەزمەندانە کردبێت، هێشتا هەر هەموویان نزیکەى بە یەک دەنگ دەیانگۆت کە پەیامهێنی، وەک ڕێبازێکی دانایى، پێویستە بۆ گەلی سادە. جگە لەوە ڕازى تێڕوانینێکی ڕەخنەیی سەبارەت بە خودى ئایینیش هەیە. ئەو دەبێژێت کە نەشیاوە خودایەکى میهرەبان و بەداد هەرگیز پەیامى خۆى بۆ گەلێکى “هەڵبژێرراو” (ئەلموختار) بنێرێت. گەر هەر یەکەى ئایینەکانى یەهودى و کریستیانی و ئیسلام بەرانبەر یەکدى جەخت لە بەربژێریی خۆی بکات، ئەوا لەو ڕاگەیاندنەدا بڕوایەکی چەوت خویا دەبێت کە تەنیا ناکۆکى و جەنگی لێدەکەوێتەوە. هەر بەگوێرەی ئەم تێڕوانینەش پەیامهێنانى هەر یەکەى ئایینەکان گومانی ئەوەیان لێدەکرێت کە خۆیان تەنیا لە تەماحى دەسەڵات و لەخۆباییبوونەوە بە پەیامهێنى خودا دانابێت، کە ئیدی بەو ڕێیەوە مرۆڤانیان فریوداوە و خستویاننەتە نێو ناکۆکیى بێواتاوە. ڕەنگە گۆتەی “سێ فریودەرەکە” (De tribus impostoribus) کە لەبارەی موسا، ئیسا و محەمەد دەربڕراوە و لە چەرخى ناڤینى کریستیانی و هەروەها ئیسلامیشدا بڵاوبوو، ڕاستەوخۆ بۆ ڕازى بگەڕێتەوە، جا گەرچى هیچ کتێبێکى ئەو لەم بارەیەوە بە ئێمە نەگەیەنراوە.(6) لە سەدەکانى ئایندەدا تەنانەت زانایانى ڕەخنەیى و واتامەندى فەلسەفەى ئیسلامى خۆیان بە تووڕەییەکی زۆر کەم شارراوە لەبارەی ڕازى دەردەبڕن، ئەمەش پێشانى دەدات، کە ڕەخنەى ئەو لە ئایین بەڕاستى بنەڕەتى و ڕیشەیى بوو. سەبارەت بەمە ئەلبیرونى تێبینى دەدات:

“ئەو لە ڕووى ئایینەوە نەک تەنیا بەوە ڕازی بوو کە سەرکەشانە ئایین پیشتگوێ بخات یان بێدەنگانە وەلاوەی بنێت، بەڵکو ئەو تەنانەت دەستی دایە تەوسگرتنە ئایین و بە بەرهەمى خێو و شەیتانی دەدەنا. […] مرۆڤ دەتوانێت ڕاستاندنى ئەم دەربڕینانەم لە کۆتایى کتێبەکەیدا لەبارەى پەیامهێنى ببینێت، کە ئەو تێیدا ئابڕوبەرانە لەبارەى پیاوانى شایانی ستایشکردن دەدوێت. ڕووهەڵماڵراوییەکى بەم چەشنەش بێئەدەبییە” (ئەلبیرونى، 1991، 146).

ئەم دەربڕینە گەلێک بەواتایە بۆ نرخاندنى قۆناغى “کلاسیکى”ى کولتوورى ئەرەبى-ئیسلامى، ئەویش چونکە ڕازى دەیتوانى تێڕوانینى ئەوها ڕادیکالی هەبێت بەبێ ئەوەى لەتەک نوێنەرانى ئۆرتۆدۆکسیى ئایینیدا یان دەسەڵاتى دەوڵەتدا بکەوێتە ناکۆکییەکەوە. ئەمە سەرلەنوێ نیشانەیەکە بۆ کەشى لیبەرالى هۆشەکى کە لە چەرخى ناڤینى ئیسلامیدا لایەنى کەم تا ڕادەیەک سەروەر بوو. وەلێ ئەوە تێگەیشتنێکی سەهوو دەبێت گەر ڕوانگەیەکى ئاتێئیستى (ئیلحاد) بدرێتە پاڵ ڕازى. لە ڕاستیدا ڕەخنەى ئەو لە ئایین تا ئەو ڕادەیە ئایینییە، کە خوداى ئافرێنەری میهرەبان نەک تەنیا جیهانى ماتەری ى لە پەیوەندیدا بە هۆش و دەروونەوە ئافراندووە، بەڵکو ئەو بە ڕژانى خۆی دەرفەت بۆ مرۆڤ دەڕەخسێنێت کە ببێت بە بوونەوەرى هۆشمەند. وەلێ خوداکەى ڕازى خوداى فەیلەسوفەکانە، نەک خوداى کتێبە پیرۆز و دۆگمە ئایینییەکان. بەتایبەتى بەم خوادیدییە ئاوەز لاى ئەو پێشتری وەردەگرێت. ئەمە و جەختکردنە زۆرجارییەکەى ڕازى لە بەرپرسیاریى مرۆڤ بۆ کردارى بەداد و چاک، دەیکەن بە هومانیستێکى مەزنى فەلسەفەى چەرخى ناڤین.

     ڕەخنەى ئایین لای ڕازى هەڵوێستێکی بێهاوتا نەبوو لە مێژووى هزرى ئەرەبى-ئیسلامیدا  – وەک چۆن زۆر جار نووسینە ئەوروپییەکان جەختی لێدەکەن. ئیبن ئەلڕەوەندى (نزیکەى 910 مردووە)، کە پێدەچێت خەڵکى وڵاتى فارس بووبێت، لە ڕازى ڕادیکالتر بوو. ئەو سەرەتا سەر بە نێوەندى موئتەزیلە بوو، هەروەها تیۆلۆگێکى ناسێنراو و ڕێزلێگیراو بوو. وەلێ پێدەچێت کە بیروباوەڕە موئتەزیلەییەکان نەیانتوانى بێت تینوێتیى ئەو بۆ زانین بشکێنن و وەڵامى پرسیارە ڕیشەییەکانى بدەنەوە. کۆششى تیۆلۆگى-فەلسەفەیى ئیبن ئەلڕەوەندی لە کۆتاییدا گەیشت بە ڕەخنەیەکى ڕادیکالى ئایین، وەلێ ئەوە بە چەشنێک کە ئیدی نەک تەنیا پەیامهێنیى وەک شتێکى زیادە دەبینی، بەڵکو تەنانەت قورئانى بە “پەرجو”ى سروشى خودایی دانەدەنا، بە پێچەوانەوە دەیگۆت کە قورئان تەنیا هەوڵێکى ئەدەبییە لەنێو کولتوورى ئەرەبیدا. “پەرجو” بۆ ئیبن ئەلرەوەندى هیچى دیکە نەبوو جگە لە “وەهم” یان فریودان. ئەو هەروەها سەرجەمى ئەو دۆگمە ئایینییانەى ڕەتدەکردەوە کە بە ئاوەز بەڵگەیان بۆ نەدەهێنرایەوە، لێرەشدا بە بڕواى ئەو زۆرینەى دۆگمە ئایینییەکان بەدەر بوون لە بەڵگەهێنانەوەی ئاوەز. کەواتە هیچ جێى سوڕمان نییە کە ئەلڕەوەندى لە چاوى موسڵمانانی ئیمانداردا زەندیقێکى پڕمەترسى بوو، وەک سەرئەنجامى ئەمەش بەرهەمە فەلسەفییەکەى، بەهێزتر لەوەى ڕازى، بەر نالێبوردەیى و هۆشی ئینکاری سەردەمى پاش خۆى کەوت: ئێمە تێڕوانینە فەلسەفەییەکانى ئەلڕەوەندى زۆر ناتەواو لە داڕشتنەکانى دەستى سێیەمەوە دەناسین، داڕشتنەکانیش تەواو هێرشبەر و دوژمنانەن، بۆیە ناتوانین بەوردی لەبارەى فەلسەفەى ئەلڕەوەندى بدوێین. ناوبانگى ئەو تەنیا وەک ڕەخنەگرێکى ڕادیکالى ئایین ماوەتەوە. باوەجو ڕەخنەى ئایین زۆر دەرخراوتر وەک لە فەلسەفەدا لاى هەڵبەستڤانان دەبینرێت. ئەبو نەواس (753-811) گاڵتەجاڕێکى ساتیری بوو لە دژى هەموو شێوەیەکی دۆگماتیزم و دوژمنایەتیکردنی حەزەکان. سرودەکانى سەبارەت بە خۆشەویستى و شەراب بەناوبانگن. هەروەها بە نموونەى ئەبو ئەلا ئەلمەئەری (975-1058) دەگەین بە هەڵبەستی هزریی فەلسەفەیى. ئەو لە هەڵبەستەکانیدا وێنەى پەیامهێنانى ئایینە جیهانییەکان، واتا وێنەی “سێ فریودەرەکە”، گرێ دەدات بە ئاشکراکردنی ئەو ڕەوشەوە کە چۆن ئایین کراوە بە ئامرازی سیاسی: “ئەو مەزهەبە جیاوازانە کە تەفرەقە لە نێوانتاندا چێدەکەن / تەنیا هەڵبەستراون بۆ مسۆگەرکردنی دەسەڵاتی دەسەڵاتداران” (Zitiert nach Jockel 1981, 169).

 پەراوێز

(1) بڵاوکراوەیەکی بەرهەمە کەمەکانی ئەو کە بە ئێمە گەیشتوون، هەروەها هەواڵنامەکانی سەردەمانی درەنگتر لەبارەی فەلسەفەکەی لە ساڵی 1939دا بە ناونیشانی “ڕەسائیل فەلسەفییە / Opera Philosophica” بە ئەرەبی لە بەردەستدان.

(2) “ئەلهەیولا” بەئەرەبیکردنی “هیولە”ی گریکییە؛ لێرە نەک تەنیا بۆ ماتەریی بەرجەستە بەکارهێنراوە، بەڵکو لەکاتی ئەڕیستۆتێلیسەوە ئەم واتایەش دەگەیەنێت: “شیاو بۆ فۆرمپێدان”، کەواتە: شیمانەی فۆرم لە پەیوەندیدا بە کردەکێتییەوە.

(3) لە: ئەلبیرونی، فی ئەلقودەما ئەلخەمسە (“لەبارەی پێنج پرنسیپە ئەزەلییەکە“)، 191-216.

(4) هەروەها ئەم بەشەی کۆسمۆلۆگییەکەی ڕازیمان وەک هەواڵ لە دەستی دووەمەوە پێگەیشتووە، لە لایەن ناسڕی خوسرەو: “لەبارەی دەروون و کۆسمۆس” (بڕوانە ئەڵڕازی 1982، 282-290).

(5) پزیشک و زانا ئیبن جولجول ی کۆردۆبەیی (944-994) زۆر جوان ئەم وێنەیەی لە وەسفکردنی سۆکراتێسدا داڕشتووە. بڕوانە: Fleischhammer 1991, 139f..

(6) پێدەچێت سەرای کایزەر فریدریشی دووەم کە سەر بە خانەوادەی شتاوفەکان بوو، ئەم ڕەخنەیەی ئایینی بە چەرخی ناڤینی لاتینی ناساندبێت. ئەم کایزەرە لە نیوەی یەکەمی سەدەی سیازدەدا پەیوەندییەکی چڕی بە جیهانی ئیسلامییەوە هەبوو، هەروەها ناسرابوو بە کراوەیی و لێبوردەیی بەرانبەر کولتووری ئیسلامی. بۆ یەکەم جار ساڵی 1562 ناوی کتێبێک بە هەمان ناونیشانەوە هاتووە، یەکەم داڕشتنە چاپکراوەکەی ساڵی 1688. ڕەخنەیەکی ئایین کە ساڵی 1719 بە زمانی فەڕەنسی نووسراوە، تەنیا بە ناونیشانەکەی لەتەک ڕەشنووسە ئەرەبییەکەدا یەکدەگرێتەوە.

سەرچاوە:

Geert Hendrich, Arabisch-Islamische Philosophie, Frankfurt / M 2005

فەرهەنگۆک

ئانامنێزە: یادهێنانەوەی مێژووی نەخۆشییەکانی پێشین

پسیکۆسۆماتی: (پسیکۆ، واتا ژیانی ناخەکی، سۆماتی، واتا لەشەکی) ئەو نەخۆشیانەن کە هۆکارەکانیان بەتەواوی ئۆرگانیانە ڕوونناکرێنەوە. پسیکۆسۆماتیک ڕێبازێکی “سەرجەمیانە”ی چارەسەرکردنی نەخۆشییە.




رەهەندییە ئینشانووس و نەرجسییەکان: شێتخانەی نەژادیی.. کامیار سابیر

لێرەدا کە جەخت لە رەهەندییەکان ئەکرێتەوە، ئەمانە گرووپێک بوون وەکو ئاردی ناو دڕک، تەرتە و وەرتە بوون، بەشێکیان بوون بە موبایەعەچیی دەسەڵاتی سیاسیی و موهەڕیجانە، هەلاهلهێلە بۆ پادشای دەوڵەتە کوردییەکەی موخابەراتی تورکیا لێئەدەن، بەشێکیان، خەریکی فەلسەفە و رۆمان و بابەتی شیعریین، بەشێکیشیان، خەریکی تەخویینکردنی هەموو ئەوانەن کە رەخنە لە بۆچوونە نەژادیی و نەتەوەییەکانیان ئەگرن، ئەمانەی دوایی، رەخنەگرانیان، زۆر نەرجسییانە بە ئینشانووس لە قەڵەم ئەدەن، بەڵام تێکستەکانی خۆیان، لەگەڵ تێکستی نووسەرە راستەوخۆکانی دەسەڵاتدا نا، بەڵکو لەگەڵ ئەوانەی لە مێدیای سێبەر و سۆشیاڵ مێدیادا ئەنووسن، نەک هەر پارچە و بورغویان بۆ یەکتر ئەبێت، بەڵکو، وەکو ئەجێندای سیاسیی، وەکو حیقدی نەژادیی و قیین و غوبن لە ( جیۆگرافیای عێراق و پێکهاتەکانی)، رێکوڕەوان، لە رووی ستراتیژیی و تاکتیکییەوە، خزمەتی ئەو پرۆژە موخابەراتییە تورکییە ئەکەن کە بە پرۆژەی سەربەخۆیی ئابووریی، دەستی پێکرد و بە داعش و ریفراندۆم، ویستیان، بە مۆری لکاندنەوەی ویلایەتی موصڵ بە تورکیاوە( هەرێمی کوردستانی عێراق بە کەرکوکیشەوە)، لاشەی عێراقی عەرەبیی( بە قەولی رەهەندییەکان) هەڵبدڕن و ریخۆڵەکانی عێراق، وەکو مارمارۆکە، بە دۆی دەوڵەتی کوردییەوە، بخۆن.

ئەم شێتخانە نەژادییە لە ژێر ناوی ئەکادیمییبووندا کە زۆر بە خۆیاندا هەڵئەدەن و سەنای خۆیان ئەکەن، بەڵام ئاستی ثەقافیی و مەعریفییان، ئاستی فیکری سیاسییان، رێک لە ئاستی ئەو رەیعخۆر و بندیوارانەی مێدیا سێبەرەکانی دەسەڵات و ئەوانەدایە کە ئەیانویست بە بەردانەوەی ئاوی بەنداوەکان، بەغداد نغرۆ بکەن و یان ئێستا دوعا ئەکەن شەڕێکی ناوخۆیی شیعە و شیعە روو بدات و لافاوی خوێن، عێراق رابماڵێت! دەی ئەم رەهەندییە نەرجسییانەیش، تەمەننا ئەکەن عێراق هەڵوەشێتەوە و بەردەوام باسی ئەوە ئەکەن کە عێراق شوناسی نییە و نابێتە وڵات، تەنانەت زۆرتریش ئەڕۆن و ئومێدەوارن ئێرانیش هەڵوەشێتەوە، تا بە کامی دڵە نەخۆشە نەژادییەکەی خۆیان بگەن و دەوڵەتی کوردیی مورتەزیقەی سەر بە تورکیا، بە چاوی خۆیان ببینن! ئەم نووسەرە رەهەندییانە، دێن دیکۆرات و زەخرەفە بۆ تەئەمولاتە سیاسیی و خۆزگە ئایدیۆلۆژییەکانیان، بەوە ئەهێننەوە کە کوردایەتیی، وەکو شوناسێکی کولتووریی کورد، سەیر ئەکەن و لەبەرامبەر ئەو بۆچوونەدا، دایئەنێنن کە پێیانوایە عوروبە، بە مەعنای هەوییەی گەلی عەرەب و زمانی عەرەبیی و مێژوو و کولتووری عەرەبیی، دێت. مێژوونووسانی عەرەب، عەبدولعەزیز ئەلدوریی و محەمەد عابد ئەلجابریی…تاد، کە مێژووی عوروبە، بۆ پێش سەردەمی ئیسلامیش ئەگێڕنەوە، لەگەڵ قەومییەی عەرەبییدا، جیایان ئەکەنەوە. دیارە ئەم تێگەیشتنە ئیشکالییاتی سیاسیی، مێژوویی، کولتووریی و ستراکتۆرییشی هەیە، بەڵام ڤێرژنە کوردییەکەی ئەم جۆرە عوروبە کولتووریییەی ئەو نووسەرە عەرەبانە، باسی ئەکەن، کوردایەتیی ناگەیەنێت بەڵکو کوردەوارییەکەی خۆمان ئەگەیەنێت!

لە واقیعدا، چەمکی”کوردایەتیی”، رێک ناسیۆنالیزمە عەرەبیی و ناسیۆنالیزمە تورکییەکەیە، بەڵام بە ڤێرژنی کوردیی، پێشتر بە درێژیی لەگەڵ”هونەر تۆفیق”دا، لە توێژیینەوەیەکدا باسی ئەوەمان بە وردیی کردووە کە لە رووی مێژوویی و سیاسیی، کولتووریی و ئایدیۆلۆژییەوە، کوردایەتیی، کۆپی و پەیستی ” القومیة العربیة”یە و قەومییەی عەرەبییش( ناسیۆنالیزمی عەرەبیی)، مۆتیڤەکەی لە ناسیۆنالیزمی تورکییەوە، کەوتە بواری پراکتیکەوە، بە دڵنیاییشەوە، ناسیۆنالیزمە تورکییەکەیش، بە تایبەتیی لەسەروبەندی داغانبوونی ئیمپراتۆریای عوثمانییدا، سوود و ئیلهامی لە هەردوو ڤێرژنە فڕانسیی و ئاڵمانییەکەی ناسیۆنالیزمی ئەوروپیی، وەرگرتووە. بە لەبری دانان، حرکة القومیة الکردیة، لەبەرامبەر حرکة القومیة العربیة دا شاخیان لەیەک گییر کردووە و دواتر القومیة الکردیة( ناسیۆنالیزمی کوردیی)، بە جەڕاندنی کوردیی، “الکردیة” بووە بە کوردییەت، کوردییەتیش، جەڕاندنی زیاتری بەخۆیەوە دیوە و بە کوردایەتیی( کوردایەتی) جێکەوت بووە. بە کورتیی و پوختیی، کوردایەتیی رەگێکی سیاسیی، ئایدیۆلۆژیی و فیکریی هەیە و لە دوورونزیکەوە، پێوەندیی بە جڤاکە کولتووریی و زمانیی و کۆمەڵایەتییەکەی “کوردەواریی”ەوە نییە، هەروەها پێوەندیشی بە ئۆنتۆڵۆژیای کوردبوونەوە نییە. بەیەک رستە، کوردایەتیی، رێک پۆتێنشیاڵی( پۆتێنسیاڵ) ناسیۆنالیزمی کوردییە و زیاتریش ناسیۆنالیزمە نەژادییەکەیە، لە دە ساڵی رابردوویشدا، بە حوکمی ئەوەی ماڵی بارزانیی، کونترۆڵی حکومەتداریی و دەسەڵاتیان کردووە، لەگەڵ بوعدە طائیفییەکەی ئەردۆغان و سوننەکانی عێراق( بە تایبەتیی عوروبییە بەعثییەکان)دا، ئاوێزانیان کردووە، زیاتر رەهەندێکی طائیفیی وەرگرتووە.

ستێریۆتایپی کوردایەتیی، ئەم رەهەندییە نەژادیی و نەرجسیی و ئینشانووسانە، یان بە زمانی خاکیی، کڵێشەییبوون و دەقگرتن بە خووی سیاسیی و غوبنی ئایدیۆلۆژیی کوردایەتییەوە، ئەوەندە دوور رەتاندوونی بۆ ناو جەنگڵستانی ئایدیۆلۆژیی و وەهمی سیاسیی شاعیرانە، بە کاڵیی و بە کوڵاویی، لەبری کوردایەتیی، کوردبوون، تەوظیف ئەکەن. ئەم سیستەمە فۆنەتیکیی و زمان جەڕاندن و فێڵە زمانیی و کەیدە سیاسییە بەرجەستەیە، جۆرێکە لە ناز و کولانەوەی زامە شیعرییەکانی ئەو دونیا هەواجیسەی کوردایەتیی، لە روویان نایەت، باسی کوردایەتیی بکەن، چونکە ئەزانن ئەوەندە هەڵشەپێنراوە و راستەوخۆیش بە ناسیۆنالیزمە تاڵانیی و چەتەگەریی و عەمالەتە ئیقلیمییەکەی بنەماڵە سیاسییەکانی کوردستانی عێراقەوە، شەتەک دراوە، دێن گەمەی زمانیی، شیعریی، ئەدەبیی و کلاواتی ئەکادیمیی ئەکەن و بە لەبری دانان، کوردبوون لەبری نەهجە نەژادییەکەی کوردایەتیی، تەبەنیی و تەجەلا ئەکەن.

ئەم تێکەڵکردنەی کوردبوون و کوردایەتیی، دوو جۆرە، یەکەمیان ئەوەیە بە نەزانیی و خاکەسەرایی ئەکرێ کە لە نەهجی سیاسییدا، جەهالەتی واضیح( conspicuously ignorant)ی پێئەگوترێ. دووەمیان، بە عەمدەن و بە ئەنقەست و بە ساختەچییەتیی ئەیکەن، لە روویان نایەت، داکۆکیی لە هەیبەت و مێژووی پڕ لە فەشەل و پڕ لە عەمالەتی ئیقلیمیی کوردایەتیی بکەن، تەنانەت جورئەت ناکەن خاوەندارییەتیی لە ناسیۆنالیزمی کوردایەتییش، بکەن، چونکە ئەوەندە مێژوویەکی ناشیریینی هەیە و هاوکات ئەوەندە بەر رەخنە دراوە، وەهمێکی سیاسیی، کولتووریی و زمانییان داهێناوە( دیارە ئیلهامیان لە تەوظیفی کوردبوونەکەی ئۆجەلان وەرگرتووە)، دێن تەجسیدی کوردایەتیی و ناسیۆنالیزمە نەژادیی وسوننییگەراییەکە، لە ژێر ساباتی کوردبووندا، ئیستیبیانی کڕووزانەوە و خۆخواردنەوەی بۆ ئەکەن.

ئەم رەهەندییە مێنتاڵ شاعیرییانە، غەم و هەمی ئەوەیانە کە ناسیۆنالیزمی کوردیی، بە دڵنیاییەوە لای ئەوان کوردایەتیی و لە ژێر زەبری رەخنەی فیکریی و سیاسییدا، ئەیکەن بە کوردبوون، جا ئەم کوردبوونەی ئەوان تەوظیفی سیاسیی بۆ ئەکەن، جۆرێکە لە درۆودەلەسە ( falsity) لەگەڵ گەلی کورد و لەگەڵ ناخی خۆیشیاندا، ئەیکەن. هاوکات، حەماسەتی نەژادییان هەیە کە ئەم کوردایەتییە، دەوڵەتۆکەیەکیان بۆ دروست بکات! ئەندەرسن لە جڤاکە وێنەکراوەکاندا( ئێدیتی ١٩٩١)، رەخنەی توند لەو بۆچوونەی ئێرنست گێڵنەر ئەگرێ کە پێیوایە فیکری ناسیۆنالیزم، نەتەوە دروست ئەکات، ئەندەرسن ئەمە نەک هەر بە هەڵەیەکی سیاسیی و زانیاریی چەواشە و ئیرادەگەریی ئایدیۆلۆژیی ئەخوێنێتەوە، بەڵکو ئەو داهێنان و دروستکردنی نەتەوەیەی گێڵنەر، جەختی لێئەکاتەوە، ئەندەرسن بە درۆودەلەسە( falsity) ئەیچوێنێ و پێیوایە کە نەتەوەکان، جڤاکی وێنەکراون و لە سیستەمێکی کولتووریی و کۆمەڵایەتییدا، ئۆقرە ئەگرن و بەرفراوان ئەبنەوە، هەروەکو چۆن پێیوایە کە ناسیۆنالیزم بە درۆ و ساختە، ناتوانێ نەتەوە دروست بکات، بەڵکو بە خەیاڵکراویی( وێنەکراویی) و بە کارکردی سیاسیی ئەنجام ئەدرێت، هەروەها جڤاکەکان، بە پڕوپاگەندەی رەسەنایەتیی و درۆودەلەسەی ناسیۆنالیستیی، چێ ناکرێن ( Anderson, 1991:6). لێرەدا ئەکرێ بگوترێ زۆربەی نەژادیی و طائیفیی و نەتەوەییەکانی کورد، لەگەڵ بۆچوونەکەی گێڵنەردا، یەک ئەگرنەوە، بە تایبەتیی ئەوانەی کوردایەتیی و ناسیۆنالیزمی نەژادیی، مەغز و ئاگایی سیاسییانی، قوفڵ داوە. ئەم رەهەندییە ئینشانووسە نەژادییە مێنتاڵ ئەدییبانەش، ئەیانەوێ طاغوتێک، عەمیلێک یان مەرجەعێکی وەهمیی، موستەعمەرەیەکی کوردییان بۆ دروست بکات بەس ناوەکەی کوردیی بێت و بۆن و بەرامەی دەوڵەتۆکەیەکی نەتەوەیی بدات، ئیتر نۆستاڵژیا و ئۆخژنی نەژادییان، ئەحەسێتەوە.

ئەمەی سەرەوە، بەشی دووەم بوو لە ” ئایا لەسەر کوردبوون، دوژمنایەتیی کورد ئەکرێ؟ چۆن تێزەکەی ئارێنت، فاشیزمی کوردیی بەرهەم ئەهێنێت؟”

درێژەی هەیە..
کامیار سابیر




گرفتەکانی مێژووناسی و مێژوونووسینی ڕووداوەکان-2-.. مەحمود چاوش

بەشی دووهەم

تێڕامانێک لەسەر نوسینەکەی یۆهانس لێپسیۆس

ئازار تایبەتمەندییەکی کەسییە، هەر مرۆڤێک بە شێوەیەکی خۆیی (ئیندیڤیدوێڵ) ئازارەکانی هەستپێدەکات. ئازار جۆری زۆرە، هەندێکیان تەندی / فیزیکی و هەندێکی تریان دەروونین. دیارە ئاژالەکانیش بێبەشنین لە ئازارەکان. ئازار ستونی تین و سەختێتی خۆی هەیە، هەندێجار بە هەمیشەیی لە تەنماندا دەمێننەوە و بەدرێژایی ژیانمان هاوڕێگامانن.
هەندێک ئازار هەن، کە لە چوارچێوە و سنورەکانی کەسی تێدەپەڕن و شێوەی گەلەکی (دەستەجەمعی) لەخۆدەگرن، ئازارێکن کە وابەستەی ئێستاو هەندێجار ڕابردووشمانن. ئازارەکانی ڕابردووش ڕەنگە بە “ئازاری مێژوو”یی ناوزەدبکرێن، لێ بەسەرهاتێکن، کە گروپێک، بیروبارەڕێک، دیانەتێک یان گەلێک بەشێوەی کۆلێکتیڤ لەخۆیانی دەگرن. مەبەستی ئەم نووسینەش جۆری ئازارەکانی بەدەنی نین، زیاتر باس لە ئازاری هەندێک لە ڕووداوە مێژووییەکان دەکەن، کە دەستەجەمعین و بوونەتە ئازارێکی کڕۆنی (هەمیشەلەخۆگر). لێرەدا جێی خۆیەتی ئەو پرسیارە لەخۆمان بکەین، داخۆ ئازار لەتەک مێژوودا لە چ پیوەندییەکدا بێت. مێژوو هەندێجار ئازارلەخۆگرە، ڕووداوەکانی جەرگبڕن، هۆکارەکانی نادیارو فاکتەکانی سەرەوژووکراون. پێداچونەوەی هەندێ ڕووداوی مێژوویی ئازارێکی دەروونی و تەزوویەکی ساردە، کە بەجەستەماندا تێدەپەڕن. بۆیە گرنگە بەشوێن فاکتە زانستییەکانیاندا بگەڕێین. ڕەنگە گەر ئەم دیاردەیە بە “ئازاری مێژوویی” بناسێنین، لەشوێنی خۆیدابێت. هەموو ڕوودارێکی مێژوویی هۆکاری خۆی هەیە، پێشبینییەکانی / باکڕاوندەکانی هەندێجار دیار و هەندێجار شاراوەن، شوێنەوار و پاشماوەکانیان لەناوبراون. ئەم خەسڵەتەش دەبێتە هۆی ئەوەی، نەتوانین لەچاوگەکانیان شێوەیەک لە فاکتی زانستی هەڵهێنجین، لێ فاکتەکانیان دزراون، ڕاستییەکانیان ئاوەژووکراون.
لەم بەشەدا تەنها باس لەڕوودا و ساتە پڕئازار و سەختەکانی مێژوو ناکەین، بەڵکە لەخۆهەڵبەستی (ئیدعا) و بێفاکتی زانستییانەی ڕووداوەکان دەکەین، کە لەلایەن بەناو “مێژووناس”انەوە هەڵبەستراو و ئاوەژووکراونەتەوە، لێ هەڵگێڕانەوەی ڕووی ڕاستی ڕووداوەکان
لەخۆیاندا پڕئازارن، مەبەست لە ئازاری مێژووە. بەهانەی جەنگ و تەنگژە جۆراوجۆرەکانی ڕابووردوو بەڵگەیەکی زیندون لەبێویژدانی بەناو نووسەران / مێژوونووسانی ئەم ڕووداوانە. نموونەیەکی زیندوو و لەبیرنەکراوی ڕوداوەکانی یەکەم جەنگی جیهانی و کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان دەکرێتە جێی باس و هەوڵدەدرێت لە ڕوانگەی مێژوونوس و قەشەی ئەڵمانی “یۆهانس لێپسیوس”1 ەوە شیکاربکرێت. لەبەر گرنگی ئەو کتێبەی2، کە لەسەر ئەم ڕووداوە مێژووییە نوسیویەتی، جێگای سەرنجە لەناوەڕۆکی شیکارەکەی قوڵتر بڕوانین. ئەم باسەش، کە تەنها پەیوەندی بە ڕووداوەکانی کۆمەڵکوژی ئەرمەنییە مەسیحییەکانی دەورانی یەکەم جەنگی جیهانییەوە هەیە، ئاوێنەیەکی هەموو ئەو ڕووداوە مێژووییە پڕ ئازارانەن، کە ئێمەی کوردیش لە کارەساتە پڕ ئازارەکانی مێژودا چێشتومانن. ئەم نووسینە توێژینەوەیەکی زانستی ڕووداوە مێژووییەکە نیە، بەڵکو هەڵهێنجانی بیروڕاکانی نووسەری کتێبەکەیە و بەو شێوەیەی کە نووسەر باسیان دەکات دەخرێتە بەردەم خۆێنەرانی کوردزمان. گرنگی کتێبەکەی لێپسیۆس لەوەدا نییە، کە تەنها باس لە ڕوداوەکانی ئەو کارەساتە دەکات، بەڵکو زیاتر لەوەدایە، کە نووسەر خۆی لە کات و شوێنی هەندێک لە ڕووداوەکاندا ئامادە بووە و لە هەندێکیانیشی زۆر لە نزیکەوە ئاگادار بووە. ئەمەش جۆرێک لە نرخی مێژوویی دەداتە ئەم کتێبە. بێگومان هەندێک لە بیروڕاو شیکارەکانی لێپسیۆس بۆ ئەم ڕووداوانە و باس لە دەوری هەنێک لایەنی بەشداربوو لەم چوارچێوەیەدا بابەتیانە نین و بێبەرن لە فاکتی مێژوویی.
مەبەست لەم نووسینە ئەو ڕوونکردنەوەیەیە، کە نووسینەوەی بەشێک لە مێژووی کورد، جا گەر لەلایەن ڕۆژهەڵاتناسە ئەوروپییەکانەوە یان لەلایەن مێژوونووسانی ئیسلامەوە ڕاڤەکرابێتن، مەرج نییە لە خانەی توێژینەوە و شیکاری زانستیانەدا کاتێگۆری بکرێن. زۆرێک لەم مێژوونووسانە، بە ئەرەبی ئیسلامی، یان فارس و تورکە ئیسلامیەکانیشەوە، بێ چاوگی زانستیانە لەسەر بابەتی مێژووی کورد و ڕووداوەکانی شیکاریان کردووە. گەلێک هۆکاریان بە ئارەزومەندانە پەڕاندووە، ڕق و کینە و مەرامی سیاسیان پێوە لکاندووە. ئەم کتێبەش لەهەندێ جێگەدا بێبەر نیە لە بەرهەمی جۆرێک لە ڕق و کینەش دەربارەی نووسینەوەی مێژووی ئەو دەمەی ڕووداوەکان.

جێگای خۆیەتی لەڕوانگەی ئەم کتێبەوە پێناسەیەکی “کوشتار” بکەین، کە تەواوی ڕووداوەکاندا باس دەکرێن. کوشتار یان کۆـکوژی، کوشتنی بەدەستەجەمعی، لەناوبردن و سڕینەوەی گروپێک، ئێتنیەک، یان هەڵگرانی باوەڕێک، لەلایەن دەستەیەکی دەسەڵاتدارەوە، کە سنوورەکانی دادپەروەری و مرۆڤپەروەری دەبەزێنێنن. یەکێک لە خەسڵەتەکانی کوشتار، کۆـکوژی، ئەوەیە، کە لە هاوکێشەیەکی نایەکسان و پێچەوانەییدایە، زۆرکوشتن ـ زووکوشتن، بەواتای زۆر بکوژە ـ زوو بیکوژە. ئەم هاوکێشەیە لێوانلێو بۆ “کۆمەڵکوژی” ئەرمەنە مەسیحییەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپڕاتۆریەتی عەسمانی دەگونجێت. خەسڵەتێکی تری کۆـکوژی سڕینەوەی زۆرینەی شوێنەوارەکانی ئەم ڕووداوانە و بەزوو ئەنجامدانیان بووە. مێژووی قەتڵوعامەکانی هێرشی “فتوحاتی ئیسلامی” (بەرفراوانکردن/بەرفراوانبوون) و داگیرکردنی بەشێکی زۆری وڵاتان و خاکی غەیرە ئیسلام نموونەیەکی زیندوی ئەم ڕوونکردنەوەیەن.
لەکاتێکدا نووسینەکانی لێپسیۆس دەخۆنێنینەوە، زۆر بەئاشکرا بۆمان ڕوندەبێتەوە، کەئەم مێژوونوسە لەکاتی نووسینی ڕووداوەکانی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان ئازارێکی کەسی بەرجەستە بووە، ئاخر یۆهانس لێپسیوس باس لە بێویژدانترین و دڵڕەقترین سیستەمێک دەکات، کە ڕووداوەکان بە ئارەزوو و بەرژەوەندییاکانی خۆی و بەدرۆ و ئاوەژوکراو دەهۆنێتەوە، باس لە ڕۆڵی دووڕوییانە و بەرژەوەندلەخۆگری وڵاتانی ئەوروپی مەسیحی دەکاتەوە، کەلەپێش چاویاندا ملیۆن و نیوێک ئەرمەنی و کەمایەتیەکانی سەر بە ئیمپڕاتۆرییەتی عەسمانی و دوای ئەوانیش کۆمەڵکوژکراون. کاربەدەستانی ئەوکاتەی ئیمپڕاتۆری عوسمانی و دام و دەزگای سوڵتان عەبدولحەمیدی ٢ ، لەپاشدا مێژوونوسان و نووسەرانی تورک ڕاستی ڕووداوەکان بە هەڵگێڕانەوەیی و نادیار و تەنها لە بەرژەوەندی سوڵتاندا تۆماریان کردوون، کە لێپسیوس بە فڕوفیشاڵ و درۆ و بێبنەمای زانستی ناویان دەبات. لێپسیوس لەم بارەوە دەنووسێت: “بکەرانی کۆمەڵکوژییەکە لەلایەن فەرمانبەرانی سوپاو سیڤیلەوە (مەبەست لە دانیشتوانی ئەوکاتەی تورک خۆیەتی، وەرگێڕ) جێبەجێکراون/ بەئەنجامگەیەندراون، کەدەستیان زیاتر بەسەر هەشت فەرمانداریدا درێژەی کێشابوو. بەڕادەیەکی زۆر لەکاولکردن و ڕاووڕووت / غارەتگەری، لەپالیشیاندا بەزۆره ملێهێنان بۆ سەر ئایینی ئیسلامی گەلێکی ئەرمەنی مەسیحی بەئەنجام گەیەندران. گەر مرۆڤ بیرتیژانە بڕوانێت باس لە جەنگێکی کراوە (ڕووبەڕوو) ناکرێت، بەڵکو باس لە جێبەجێکردنی بکوژوببڕی و ڕاو و ڕووت، کە پەلاماردانەکانی بەنهێنی بمێنێتەوە و شوێنپەنجەیان بەزوترین کات لەسەر شوێنی ڕووداوەکان بسڕدرێنەوە، کارێک بەئەندازەیەکی باڵا لە تێکشکاندن و دوواوەبینی / وریایی و کارامەیی لە ڕێکخستندا دەخوازێت. ئەمە جیاوازە لە بزواندنی جەنگێک (جەنگێکی کراوە و ڕووبەڕوو). مرۆڤ دەبێت ئەوەش بدرکێنێت، کە بکەران و بەرهەمهێنەرانی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان بێشەک (بێگومان) بەڵگەیەکی ڕەونەقدار و بریسکەدار لە تواناکانیان دەخەنە بەر دەستمان، بەڵگەیەک، کە تەنانەت لە مێژووی ئیمپڕاتۆری تورکی خۆشیدا بەدەگمەن ئەو دێوەزمە بەدو نەگریسەی تێدا بەکارهێنراوە.”3 ئەمە ڕاستیەکی مێژووییە بۆ ئەو ڕووداوانەی پێش 126 ساڵ بەر لە ئێستا نوسراونەتەوە. جێگای سەرسوڕمان نییە، کە لەم تێکستەدا باس لە لەناوبردنی شوێنەواری ڕووداوەکان دەکرێت، کە لە سەرجەم مێژووی ئیسلام و ئیمپڕاتۆریەتەکانیدا شوێنەواری ڕووداوەکان بە شێوەیەکی زۆر خێرا بەلاوەبراون و بۆ هەمیشە سڕدراونەتەوە. ئەم تایبەتمەندێتییە لە هەناوی سەرجەم مێژووی ئەو دەڤەرەی ئێمە، بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشەوە، بونەتە هۆکاری ئەوەی مێژووی ئەو ناوچانە بێبەربن لە بنەما زانستییەکان و فاکتە مێژووییەکان، ئاخر چۆن بتوانین لە ڕاستییەکانی ئەو ڕوداوانە تێبگەیەن، گەر شوێنەوارەکانیشیان سڕدرابووبێتنەوە یان پاش چەند مانگێک بە تەزویر باسکرابێتن. لێپسیۆس باس لەساختەبازی و تەزویری ڕووداوەکان لەلایەن مێدیاکانی تورکەوە دەکات و بەتەوسەوە دەنوسێت: “بەڵێ، سوپاسگوزاری بۆ کاریگەری مێدیاکان لە ساختەبازی (تەزویر) بۆ نێو بیروڕا فەرمیەکاندا بوونە هۆکاری ئەوەی، ڕاستییەکان (ڕاستی ڕووداوەکان، وەرگێڕ) پاش چەند مانگێک ئاشکرا بکرێن”4. واتە بەدوای کوشتارەکاندا بە چەند مانگێک. ئەمە گرفت و لەهەمانکاتدا ئازارەکانی مێژووی ڕووداوەکانە. لەبەر نەبوونی فاکتە مێژووییەکان ڕەنگە تەواوی بەرفراوانکردنی/بەرفراوانبوونی ئیسلام لە هێرشەکانی بەناوی “فتوحاتی ئیسلامی”یەوە هەمان دیاردەی لە سڕێنەوەی شوێنەوارەکانیان لەخۆگرتبێت.

بکەرانی ڕووداوەکانی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان
خاڵێکی پڕگرفت و گرنگی تر لەم باسەدا بکەرەکانی ڕووداوەکانن، کە لەلایەن کاربەدەستانی ئەو کاتەوە بەهۆکاری جیاواز و نادیار ئاوەژوو باسکراون. لێپسیۆس باس لە ترسی کاربەدەستانی ئەوکاتەی دەوڵەتی عوسمانی لەسەر سنوورەکانی ڕوسیادا دەکات، کە زۆرینەی دانیشتوانەکانیان ئەرمەنی بوون، وە بەوە تاوانبار کراون، کە هەمئاهەنگیان لەگەڵ ڕوسیادا کردبێت، بەڵام وەڵامی کۆکوژی ملیۆن و نیوێک لە دانیشتوانی سیڤیڵی ئەرمەنی لەو ناوچانەدا ناداتەوە.
بکەرانی ڕاستەقینەی کۆمەڵکوژییەکان بەپلەی یەکەم بەفەرمانی سوتانی عەسمانی، سوڵتان عەبدولحەمیدی ٢، بەئەنجام گەیەندراون، دانیشتوانی سیڤیلی تورکیش، کە پڕ ڕکینە بوون بەرامبەر ئەرمەنییە مەسیحییەکان، بەشداری ڕاوستەوخۆی کۆمەڵکوژییەکەیان کردووە. مەلا بەنێو دیندارەکانی ئەو دەمەش لە منارەی مزگەوتەکانەوە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکانە مەسیحییەکانیان حەڵال کردووە و هاندەری زۆرینەی کۆمەڵکوژییەکان بوون. یۆهانس لێپسیۆس لەم کتێبەدا بە وردی باس لەم بەشداربوونە دەکات. کە مەخابن کوردەکانیش بە فڕوفێڵی سوڵتان و فەرمانبەرانی ئیمپڕاتۆرییەتی عەسمانی و بەرژەوەندییە کەسییەکانیان هەڵخەڵەتێنراون و لە هەندێ ناوچەدا بەشداری کۆمەڵکوژییەکەیان کردووە.
لێپسیۆس دەنووسێت: “کارێکی زۆر ڕون و ئاشکرایە، فەرمەنبەرانی جەنگی و سیڤیڵیش لەئامادەکردن و بەرپابوون و جێبەجێکردنی ئەم کۆمەڵکوژییەدا سەرجەمی کارەکانیان بەدەستەوە بووە.ئەو هەموو تاوان و ڕیسواکردن و شوورەیی و ئەتککردنە (نووسەر مەبەستی لە لاقەکرنیشە) بەتەنها لەلایەن دانیشتوان سیڤئڵەوە بەئەنجام نەدەگەیەنران، بێ فەرمان و فریودانی خەڵکەکە بۆ ئەم تاوانانە و زانیاریپێدانیان، ئەمانەن بوونەتە هۆکاری ئەو سزادانانەی لە پاشدا ڕوویاندا. ئەمە ئاشکرایە بۆ هەموو کەسێک، کە چاوێک بە ڕاستیەکاندا بخشێنێت”4
لێپسیۆس زۆر بەڕونی و ئاشکرا لە لاپەڕە 45 دا باس لە بەئیسلامکردنی زۆرەملێیی مەسیحیە ئەرمەناکان لە لایەن فەرمانبەرانی تورکەوە دەکات. ئەرمەنیەکان لەژێر کاریگەری ئەشکەنجە و زۆرەملێ کراونەتە موسوڵمان، ئەو ئەرمەنیانەی نەچونەتە سەر ئایینی ئیسلام، لەشوێنی خۆیاندا کوژراون یان بەندکراون، بەزۆر واژویان پێکراوە، هێرشیان کراوەتەسەر، ئەم هەموو تاوانە بەرامبەر گەلێکی مەسیحی ئاشتیخواز لە چوارچێوەی ئیمپڕاتپریەتی عوسمانیدا بوونەتە ئازارێکی بێوێنەی ویژدانی نوسەرێکی وەک لێپسیۆس، کە لە لاپەڕەی 92 دا بە ڕونی و بە شێوازێکی تەوسەوە دەریدەبڕێت، کە نیوملیۆن ئەرمەنی بێبەشکران لە سامان، لە خانوبەرەیان، لە دانەوێڵە وئەمبارەکانیان، لە جلوبەرگ و سەرجێگە و بژێوی ڕۆژانەیان، نێردران بۆ برسێتی و مردن، ئەم کارەساتانە بێبەربوون لە بەزەیی و ویژدانێک، کە لەلایەن کاربەدەستانەوە نەجوڵاوە، ئەو هەموو مرۆڤە ڕەوانەی مردن و کۆکوژی بکرێت؟ ئەمە پرسیارەکەی لێپسیۆسە، کە ئاڕاستەی وڵاتانی مەسیحی ئەوروپای دەکات و جارجار بە شێوازی سەرزەنشت و هەندێجار بە توڕەبوون و هەیەجانێکی دەروونییەوە سكاڵای قوربانییەکانی ئەرمەن دەخاتە بەردەمیان.
لێپسیۆس جارێکی تر بەڕوونی باسی بکەرانی کۆمەڵکوژیەکە دەکات: “هەرکەسێک بابەتی ئێمەی بە هۆشیاری/هۆشمەندی خوێندبێتەوە، زۆر بەخێرا بەو دەرئەنجامە دەگات، کە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان جگە لە ڕێنمایێکی کارگێڕی، کە لەلایەن سوڵتان و دەوڵەتی ناوەندییەوە فەرمانی پێدرابوو، بەئەنجام گەیەندراوە. ناچارییە لێرەدا بەڵگەکان بۆ هەموو ئەو کەسانەی جێگای باوەڕپێکراون هەنارد بکەین، کە زۆر ئاسانە لە ڕاستییەکان تێبگەن.”5
دیارە لێپسیۆس ڕەخنەکانی لەدژی وڵاتە ئەوروپیە مەسیحییەکان و پەرچدانەوەکانیان بەرامبەر ڕووداوەکان لە نووسینەکەدا بە ئاشکرا ڕوندەکاتەوە:”موسوڵمانێک دەڵێت، ئیمەی موسڵمانە محەمەدییەکان دەبینە لم (چقڵ) لەچاوی جیهاندا. سوڵتان ڕێگەدەدات، هەموو ئەرمەنەکان کۆکوژبکرێن، ئەوروپاش جورئەتی ئەوەی نیە، تەنانەت پەنجەیەکیش هەڵبڕت.”6
لە کەپیتڵی 10دا لەژێر ناونیشانی “ئەنجامەکانی ئەم بەسەرهاتە بەدوای خۆیدا چیدێنێ” لێپسیۆس باس لە کاریگەرییەکانی ئەم کۆمەڵکوژییە بۆ دانیشتوانی تورکی دێهاتنشینەکان و تەنانەت هەرێمەکانی تری ژێر دەسەڵاتی ئیمپڕاتۆریەتی عەسمانی دەکات و دەنوسێت:”لە گوندەکاندا جوتیارەکان سکاڵای ئەوەیان دەکرد، ئەو شمەکانەی کە پێشتر لە بازرگانە ئەرمەنییەکانەوە بە نرخێکی هەرزان دەکڕی، کە بە ناوچەکەدا گەشتیان دەکرد. ئێستا بە ئەرک و ماندوبوونێکی زۆر و بە نرخێکی سێ یان چوار هەند بەدەست دێنن. ئەمەش دەرئەنجامەکانی ئەو سیستەمە ئابوریە دەڕوخاوەی ئەو ساتەمان بۆ ڕوندەکاتەوە.7
لێپسیۆس ئەمە بە “دەرەنجامی بەرەڵایی ئابوری” ناوزەد دەکات.

خوێنڕێژیەکان لە ڕوانگەی هەواڵنامەی (ڕاپۆرتی) دیپلۆماتە ئەوروپییەکانەوە
هەر لەهەمان کتێبدا باس هەندێک ڕاپۆرتی لەدیپلۆماتە ئەوروپییەکان وەک خۆیان نووسراونەتەوە و وەک نمونە خراونەتە بەر دەم خوێنەر، لەهەمان کاتدا ئەم ڕاپۆرتانە بۆ کاربەدەستانی وڵاتەکانیان هەنارد کردووە. یەکێک لەو هەواڵنامانە لە لایەن “گێرهارد هێنری فیتزماوریس”8ی بەریتانیەوە، جێگری کۆنسوڵی ئەوکاتە بووە لە تورکیا و باس لە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان لە شاری عورفە دەکات، کە لە 16.03.1896 دا نوسیویەتی:”ڕون و ئاشکرایە، کەهەموو پلانی کۆمەڵکوژیەکەی عورفە لە سەنتەری فەرماندارێتی حکومەتی سوڵتانەوە فەرمانی پێدراوە”.هەروەها دەنوسێت:” ئاشکراکردن و فاکتەکانی ئەم ڕاپۆرتە لەسەر کۆمەڵکوژییەکەی عورفە ئامادەکراون، بەشێوەیەکی گەلەک سەخت قورسایی دەخاتە سەر حکومەتی عوسمانی، وە منیش بەرپرسیاریەتێکی تاوانلەخۆگر دەخەمە ئەستۆم ئەم کارە لە ڕاپۆرتێکی فەرمیدا یاداشت بکەم (تۆماربکەم). هەرچەندە ئەو سیستەمە فریودەر و تۆقێندەرەی، کە لەلایەن بەڕێوبەرایەتی تورکەوە بەکاردەهێنرێت، فاکتەکان بەڕوونی و ئاشکرا بخەنە بەردەست، هەروەک لەلایەن دادگای باڵای ئەوروپیەوە دەخوازرێت. من توانیم لە پاش هەوڵێکی زۆر زانیاریەکانم وردبین و کارامە لە بێژەنگ بدەم. بەشێکی زۆریانم لە چاوگە محەمەدییەکانەوە هەڵهێنجاوە(بەدەستگەیشتووە) یان لەلایەن دەسەڵاتدارەکانیانەوە دانیان پێدانراوە.9 لێپسیۆس باسی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان لەلایەن سەربازانی سوڵتان و دانیشتوانی ناوچەی زێڵێ Zileh دەکات، کەلەپاش هێرشکردنە سەر ئەرمەنەکان و کوشتنیان بەکۆمەڵ، تەواوی سامان و شمەکی دوکانەکانیان لەلایەن دانیشتوانە تورکەکان و سەربازەکانەوە تاڵان دەکرێن، بەبەهانەی ئەوەی، کە سەروەت و سامانیان موڵکی سوڵتانە. بەم شێوەیە هەنگاو بە هەنگاو ناوچەکانی تورکیا لە ئەرمەنەکان چۆڵدەکەن و سامانیشیان بەتاڵان دەبرێن. جێگای باسە، کە بەشدارنی ئەم تاڵان و کۆمەڵکوژییە لەلایەن موسوڵمانە تورکەکانی ناوچەکەوە بەئەنجام گەیەندراون، لێ خوێنی ئەرمەنی و مەسیحی و سامانیان حەڵاڵی ئەمانن. لە زۆرینەی هێرشەکاندا ژنە تورکەکان بە هەلهەلە هاوشانی مێردو کوڕەکانیان بەشداریان کردووە و مەلای مزگەوتەکانیش پێشتر خۆێنی ئەرمەنەکانیان لە منارەی مزگەوتەکانەوە حەڵاڵ کردووە. لەهەمان ڕاپۆرتدا بەم شێوەیە باس لە بکەرانی تاوانەکان دەکات:”لەدوای ئەنجامدانی ئەم هەموو وەحشەتگەرییە، فەرمانداری شارەکە بەدەنگی بەرز بە بکەرانی ڕووداوەکە دەڵێت، چالاک و بەکاربن، دەست لە کوشتار و تاڵان و دوعاکردن بۆ سوڵتان هەڵمەگرن.”10
جێگری قونسوڵی بەریتانی دەنوسێت:”ئەرمەنەکان بەکەسانی لەیاسالادراو دەبینرێن، تەنانەت لە ڕوانگەی محەمدییەکانەوە لەو سنورەش تێدەپەڕێت، کە ئەرمەنبوون جۆرێکە لە تاوانکاری سەرمایە.”11
لە لاپەڕەکانی 207 و 227 دا باس لەو ڕاپۆرتانە دەکرێت، کە بەچاودیتوەکان (شایەد عەیانەکان) بەچاوی خۆیان ڕووداوەکانیان دیتووە و هەندێکجار بەشداری ڕووداوەکانیش بوون ڕاپۆرتەکان بەزۆری لەسەر ئەم بابەتانەن:
ـ بەزۆرکردنە ئیسلامی ئەرمەنەکان، بەتایبەتی قەشەکانیان بۆ سەر ئایینی ئیسلام
ـ وێرانکردنی سەدەها کەنیسەی شار و دێهاتەکان و کردنیان بە مزگەوت
ـ لاقەکردن و سوکایەتی بە ژن و کچی خیزانە ئەرمەنییەکان
ـ تاڵانکردنی سامان و زەوی و دوکان و ماڵی زۆرینەی ئەرمەنەکان
ـ کوشتنی هەزاران مرۆڤی بێتاوان و بێبەشداربوو لەم هێرشە یەکلایەنەدا، بەتایبەتی منداڵ و ژنان و کەسانی بەساڵداچوودا
ـ بێدادگا تاوانباردردنی هەزاران مرۆڤی بێتاوان و بەشدارنەبوو، زیندانکردنیان بەتۆمەتی جیاوازەوە.
ئەمەش بەو مانایە دێت، لە سیاسەتی تورکی عوسمانی و لاوە تورکەکانیش سڕینەوەی تەواوی میلەتێکی مەسیحی ئاشتیخواز بووە لەسەر زەوی باوانیان.
لەکۆتایدا دەنوسێت:”ئەمە ئەو بابەتانەن، کە ئێمە دەبێت مۆڕالانە بەرپرسیاریان بینەوە، پەنا بە خودا کە هێزە (دەسەڵاتە) ئەوروپییەکان لەداهاتویەکی نزیکدا ڕێگەچارەیەرێک بدۆزنەوە، سەرەڕای هەموو گیروگرفتەکان، کارەساتی ئەرمەنەکان بەزوویی کۆتایی پێبهێنن.”12
مەخابن کوردەکانیش بە فڕوفێڵی سوڵتان و فەرمانبەرانی ئیمپڕاتۆرییەتی عەسمانی و بەرژەوەندییە کەسییەکانیان هەڵخەڵەتێنراون و لە هەندێ ناوچەدا بەشداری کۆمەڵکوژییەکەیان کردووە. بۆ ئەوەی ویژدانمان بەرامبەر مێژوو هەمیشە زیندو بهێڵینەوە، دەبێت فاکتە مێژووییەکان وەک خۆیان بخەینە بەردەستی نەوەکانی داهاتوومان، کەئەوەش بەشداربوونی هەندێک لە خێڵ و عەشیرەتە کوردەکانی ئەو کاتە و بەشداری “سوارەکانی حەمیدی” بوون لەم کۆمەڵکوژییەدا، کە دەبنە بەشێک لە مێژووی گەلەکەمان.
ڕەنگە لێچواندنی ئەم باسانە لەگەلێک ڕووداوەکانی مێژووی کورددا پێکبێننەوە و هەمان ئازاری دەستەجەمعی هەردوو گەلی ئەرمەن و کوردا ئاوێتەبن . مەخابن مێژوونووسانی ڕووداوەکانی ئێمەی کوردیش لە زۆرینەی سەرچاوەکانەوە، بەتایبەتی فارسی و ئەرەبی، تورکی، تەنانەت بیانیەکانیشەوە گەلەک جار بە نادیار و ئاوەژووکراوە وەسف کراون.
بەداخەوە لە ڕوانگەی ئەم کتێبەشەوە ناتوانین بەڵگەکانی ئەم نووسەرەش لە خانەی مێژووناساندا کاتێگۆری بکەین، لێ ئەم کتێبەش جۆرێک لە لایەندارێتی و نابابەتیانەی پێوەدیارە، بەتایبەتی لە باسی بەشداری کوردەکان و قەرگیسیەکان لەم کۆمەڵکوژییەدا، کە بە شیوەیەکی گشتی تاوان دەخاتە سەر کوردەکان، نەک لەسەر سوارەکانی حەمیدی، کەلەژێر فەرمانی سوڵتاندا هەندێ کوشتاریان ئەنجام داوە.پەیڤ و کڕۆکی نووسینەکە گەلەک کەلێنی زانستی و فاکتی مێژوویی لەخۆگرتووە، بەتایبەتی لایەندارێتی بۆ مەسیحیەکان. کەمایەتی و گەلەکانی نێو دەوڵەتی عوسمانی هەندێجار بەشێوەیەکی زۆر نێگەتیڤ باسکراون، کە ئەوان فەرماندارێتی و بکەرانی سەرەکی کۆمەڵکوژییەکە نەبوون. ئەمەش بێبەرە لە لێچون و وەرگرتنی بیروڕاکانی لایەنەکانی تر، کە بەداخەوە لە نرخی کتێبەکە دادەبەزێنێت. ڕاستە ڕووداوەکان وەک کارەسات و واقعێکی تاڵلەخۆگری گەلی مەسیحی ئەرمەن باسدەکرێن، بەتایبەتی خەڵکی بێتاوانی سیڤیل و مناڵ و ژن و پیرساڵان، بەڵام هۆکاری سەرەکی و بەشداربوونی وڵاتە ئەوروپیەکان و ڕۆڵی ئەوان لەم کارەساتەدا بە شێوەیەکی ڕوون باسناکرێن. بەشێوەیەکی بابەتی و فاکتی زانستیانە بەکارنەهێنراوە، ئاوڕدانەوەیەک لە ڕۆڵی ڕوسیا لەسەر ئەو سنورانەی، کە ئەرمەنەکان نیشتەجێی بوون. کورد بەشێوەیەکی گشتی تاوانبار دەکات، کە لەهەمان کاتدا، کوردەکان ژیانی زۆرێک لە ئەرمەنەکان ڕزگار دەکەن و هەردوو گەل هاوکار و هاوڕەنجی چەوساندنەوەی دەوڵەتی عەسمانی بوون. ڕەنگە هۆکاری ئەم لایەندارێتیەی نووسەر بۆ کاروفەرمانی نووسەو بگەڕێتەوە وەک قەشەیەک و مژدەبەرێکی ئەڵمانی. دیارە لێپسیۆس ڕووداوەکانی بە چاویلگەی مەسیحیانە، نەک زانستیانە و ڕەخنەلەخۆگرانە هەڵسەنگاندووە. لایەن و بیروڕاکانی تری بەلاوە خستووە، جەختی تەنها لەسەر ئەوە لایەنە کردووە، کەخۆی باوەڕی پێیبووە یان بۆیان باسکردووە یان بەنووسین بۆیان ناردووە.

——————————————

  1. یۆهانس لێپسیۆس لە 15.12.1858 لەدایک بووە، لە 03.02.1926 دا کۆچی دوایی کردووە. تیۆلۆگێکی پڕۆتێستانت و ڕۆژهەڵاتناسێکی (ئۆرێنتالیست)ی باش بووە، بەتایبەتی لەسەر مێژووی گەلی ئەرمەنی. لە ساڵی 1880 دا دوکتۆرای لەبەشی فەلسەفەدا بەدەستهێناوە و لەکۆتاییدا سەرقاڵی دراساتی تیۆلۆگی (زانستی خوداناسی) بووە. ئەندامی دامەزرێنەری “پەیامبەرانی مەسیحی ڕۆژهەڵاتناسانی ئەڵمانیا” بووە. لە نزیکەوە و بە شێوەیەکی زانستی توێژینەوەی لەسەر جێنۆسایدی ئەرمەنەکان لە تورکیادا کردووە.
  2. Lepsius J.: Armenien und Europa. Eine Anklage-Schrift wider die christlichen Großmächte und ein Aufruf an das christliche Deutschland Berlin Westend 1896. ئەرمێنیا و ئەوروپا. سکاڵانامەیەک دژی وڵاتە زلهێزە مەسیحییەکان و بانگەوازێک (جاڕنامەیەک) ئاڕاستەی ئەڵمانیای مەسیحی.
  3. Lepsius J.: Armenien und Europa. Eine Anklage-Schrift wider die christlichen Großmächte und ein Aufruf an das christliche Deutschland Berlin Westend 1896. ئەرمێنیا و ئەوروپا. سکاڵانامەیەک دژی وڵاتە زلهێزە مەسیحییەکان و بانگەوازێک (جاڕنامەیەک) ئاڕاستەی ئەڵمانیای مەسیحی.، لاپەڕە 45،46
  4. هەمان سەرچاوە لاپەڕە 124
  5. هەمان سەرچاوە لاپەڕە 46
  6. هەمان سەرچاوە لاپەڕە 96
  7. هەمان سەرچاوە لاپەڕە 122
  8. هەمان سەرچاوە لاپەڕە 122-124
  9. هەمان سەرچاوە لاپەڕە 150-151
  10. هەمان سەرچاوە لاپەڕە 147
  11. هەمان سەرچاوە لاپەڕە 207
  12. هەمان سەرچاوە لاپەڕە 207



رۆمانی ( گۆشەگيری ) خوێندنەوەيەک لە بن تريفەی مانگە شەو و شەپۆلە نەرمەکانی زنە-5-.. سەردار جاف


{ بەشی پێنجەم و کۆتایی }

کات و شوێن
کات کەرەستەيەکی ماتريالی نييە بيبينين و بيگرين، يان بۆنی بکەين، يان تامی بکەين، لە ناوەوەی هەر يەکێکمان پانتاییەکی گەورەی قۆرخکردووەو سڵی لێدەکەيەنەوە و دەترسين، زۆرجاريش گوێمان لەوە بووە کە لێرەو لەوێ دەوترێت ” کات نەيبڕی دەتبرێ ” بۆ چەمکە شمولييەکەی رەنگە وا نەبێ جونکە لە کۆتاييدا هەر کاتە دەمانبڕێت، وەلێ بۆ مەيسەربوونی کارێ بۆ کاتێکی دياريکراو دەشێ زۆر لە خۆت بکەيت و بەر لە کاتی دياريکراو بەرهەمەکەت بە دەست بێنيت. کات ژنێکی هێندە شۆخ و شەنگ و بێوێنەيە هەموو زيندەوەرێک ئاشقی بووە تەنانەت لای ئاژەڵەکانيش، ئەوە نييە لە ئەو فيلمە کورتانەی لە سەر ئاژەل نيشان دەدرێت لە زۆربەی هەموو زۆرياندا دەگوترێت ” ململانێ لە پێناو مانەوە “. کەواتە کات ئەو ژنە شۆخەيە هيچ کامێکمان لە خەونيشدا ئەو جمالييەتەی ژنەکەمان نەديوە. ئاشقين و دەستمان لێی بەر نابێت و لێی دەترسين. هەندێکی ديکە بە ديکتاتۆر دەيشوبهێنين کە بە سەر هەر هەموودا زاڵە و دەسەڵاتێکی رەهای هەيە و تەنيا خۆيشی دەمێنێتەوە، تەماشا لە ” ئيفلاتون ” و ئەرستۆ ” وە تا بە کانت و هايدگر و بۆ ئيمڕۆيش شۆڕ دەبێتەوە، باسکردنی کات کۆتایی پێنەهاتووە و کۆتاييشی پێنايەت، ئەوانەی ژيانيان جێهێشت و دوا ماڵئاواييان کرد، مردن و کات هەر نەمرد و وەک خۆی ماوەتەوە و وا ئێمەيەکی زۆر زۆر بچوکيش باسی دەکەين و نابڕێتەوە.
کات توخمێکی سەرەکی رۆمانە وەک کەسايەتييەکان و شوێن، پانتاييەکی بەرفراوان هەم لە خودی رۆمانەکە و هەميش لە زهنی خوێنەر دەخوڵقێنێت، چەمکێکی بەرفراوانی هەيە و پێويستە رۆماننووس هەر زوو خوێنەر ئاشنای سەردەمی رووداوەکانی رۆمانەکە بکات، ئەگەر لای ئێمە ئاشنا بوون بە کات بە سادەیی ديقەت بدرێ و وا بە ساناييش لێی تێبگەين، ئەوا لای بيرمەندان و فەيلەسوفان چەمکێکی قووڵ و پانتایی و فەزايەکی هێجگار زۆری هەيە.رۆمان بۆ خۆی هونەری کاتە، واتا کات ئێستاتيکا بە رۆمان دەدات بە جۆرێک کە خوێنەر پڕ جێژ دەکات، کاتێک کە خوێنەر ئاشنای کاتەکە بوو ئيدی لە ئێستای خۆی ون دەبێت و دەچێتە ئەوکاتی رووداوەکان و بە ئامان دامانيش دەسبەرداری خوێندنەوە نابێت، با لێرەوە رۆچينە نێو رۆمانەکە سەبارەت بە کات، کاتێک خوێنەر دەخزێتە نێو رۆمانەکە ئەوەی عەوداڵی دەکات و لە سۆراغی بێت زەمەنی رووداوەکانی رۆمانەکەيە، زۆرێک لە سەر ئەوە کۆکن کە کات لە رۆماندا سێ ئاراستەی هەيە، ” زەمەنی رووداوەکان، زەمەنی نووسينی رۆمانەکە، کاتی خوێندنەوەی رۆمانەکە” بيروبۆچون و ديدگای بەرفراوانتريش لەم بارەوە هەن ، کە هەم هونەريانە و هەميش زانستيانە لێی دەدوێن، پێمان وايە ئەوەندەی لای خوێنەر گرينگە زەمەنی رووداوەکان بزانێت، هێندە لای گرينگ نييە کە بزانێت کەی نووسراوە، ئەو کاتەيشی دەيخوێنێتەوە لای ئێمە ئەوە کاتی ناوەوەی مرۆڤە هەستی پێناکات، جونکێ خۆی لە ناو کاتەکەيە. نووسەر لە لاپەڕە (١٨) شتێکمان بە گوێدا دەچرپێنێ دەربارەی کات ؛ (( ئەمە هەموو تێگەيشتنی سوزی بوو بۆ چيڕۆکە پڕ تراژيديەکەی راکردنی ڤێسنا لە دەست جەنگ و ماڵوێرانی کوشتنی بە کۆمەڵ . ئەمە تێگەيشتنی سوزی بوو کە هەموو جارێک ڤێسنای دەخستە گريان،ل ١٨ )) نووسەر لە چەند شوێنی ديکە باس لەوە دەکات کە ڤێسنا لە يۆگسلافيای کۆنەوە هەڵهاتووە، لێرەدا بيرمان بەرەو دونيای شەر و ئاژاوەکانی ئەم وڵاتە دەبات، کە لە ساڵانی ١٩٩١ بۆ ٢٠٠٢ درێژەی کێشا، وەلێ لوتکە و گەرمی شەڕەکان لە نێوان ١٩٩١ بۆ ١٩٩٥ بوو، ئەمە کاتی هەڵاتنی ڤێسنايە وەلێ ئەوان لە سەردەمێکی تردان، جارێکی تر کە دێتەوە سەر زەمەن ئاڵۆسکاوی تری دەکات کە دەڵێ ؛ (( لە کۆنەوە ناوی لە ليستی پۆليسی تاواندا هەبوو، لە زەمەنی حکومەتی ” هيلمۆت کۆڵ “وە، کە بە زەمەنی “مارکی ئەڵمانی” دەناسرێت، ناوی لە مەخفەرەکانی پۆليسی بەرلين و فرانکفۆرت و ميونشن و تەنانەت هامبۆرگيش هەبوو، ل ٣٧)) بە هەڵە نەچووبم ” هيلمۆت کؤڵ” لە حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە تا کۆتایی نەوەتەکان پێنج جار هاتۆتە دەسەڵاتەوە، هەر دەگەڕێين و لە سۆراغی سەردەمەکەين، : (( بە رای زۆرێک لە پيشەوەرانی گۆشتی سوور، تەنها دراوێکی نوێی وەک يۆرۆ، بازاڕی ئەڵمانی و کرێی کرێکاری خۆماڵی تێکنەدا، نەخێر….ل ٤٥)). بۆ يەکەمجار يۆرۆ لە ١ / ١ / ٢٠٠٢ کەوتە بازاڕەکانەوە، ئێستا شتێکمان بۆ ساغبۆوە لە زەمەنەکە، بيرمان نەچێت کە هەر بەشێک لە بەشەکانی (( دوو مێينەکە / کۆڵانی قەيسەر / ئيگۆيەکی دوور؛ جاکۆمۆ کازانۆڤا / ئەنۆبيس )) کە چوار بەشی رۆمانەکەن، هەست بە جياوازی کاتەکانی رووداوەکانيان دەکرێت، ئەوەی گوتمان لە بەشی يەکەمدايە، پێويستە بۆ خوێنەر لە بری نووسەر ماوەکە شيبکەينەوە” ماوەی رووداوەکانی رۆمانەکە” کە لە دوا بەش و لە ” ئەنۆبيس ” سەفەر دەکات بۆ قاهيرە ناراستەوخۆ کاتەکەمان پێ دەڵێ؛ (( لە فڕۆکەخانەی قاهيرە توانی لە دە خولەکدا ڤيزە وەربگرێت و لە گەڵ يەکەم تاکسيدا خۆی کرد بە جەنجاڵی قاهيرەدا، لە تاکسييەکەدا، شۆڤێرەکە باسی ئەوەی بۆ کرد ئيخوانەکان هەموو گەشتياری بيانيان بە گسکی ئيمانی مورشيدی ئەعلا راوناوە، ل ٢٢٥)) ئێستا زەمەنی ئيخوانەکانە کە دەکەوێتە نێوان ( ٢٤ ی يونيوی ٢٠١٢ ) بۆ ( ٣ ی يوليوی ٢٠١٣ ) ، بەم پێيە ئێمە دوای ٢٢٤ لاپەڕە خوێندنەوە لە بەش و لايەنێکی زەمەنی رووداوەکانی رۆمانەکە بە جۆرێک لە جۆرەکانی زەمەنی ناوەکی ئاشنا بووين. ئێمە دەمانەوێ بە سادەیی لە رۆماندا لە کات تێبگەين جونکە رۆمان شيعر نييە بۆ دەستەبژێر بنووسرێت، (( دەگوترێت لێرەدا دوو پرسياری بنەڕەتی سەر هەڵدەدات، دەکارێ لە بارەی کاتەوە بيانسەپێنيت، يەکەميان ئەوەيە کە ؛ کات چييە، دووهەميشيان ؛ چۆن کات پێوانە دەکەين، پرسياری يەکەم پەيوەستە بە فەيلەسوفەکان و دووهەميشيان بە فيزيککاران و زانايانەوە، زۆرينە پێيان وايە پرسياری يەکەم بێوەڵام دەمێنێتەوە، لە بەر دژواری و سەختی خەياڵکردن لێی، ” سانت ئۆگستن ” لە دانپێدانانەکانيدا دەڵێ؛ ئەگەر کەس پرسيارم لێ نەکات کات چييە ئەوا دەزانم، وەلێ گەر ويستم بۆ پرسيارکەرێ شرۆڤەی بکەم، ئەوا نازانم))٢٣. کەواتە کات شرۆڤەکردنێکی سەخت و قووڵی هەيە، کاتێک دێينە سەر ئەوەی چۆن کات پێوانە بکەين، ئەوا گۆشەگيری لەم بيرە فەلسەفييەمان دەئاڵێنێ، وەک سەرپێيش ديقەتی بدەين ئەوا هێشتا زەمەنی رۆمانەکەمان نەدۆزيوەتەوە، (( ‘ کانت ‘ جەخت لەوە دەکاتەوە کات چەمکێکی ئەمپێريا نييە لە ئەزموونەوە وەرگيرا بێت، جونکێ لەگەڵبوون هاوشێوەی بە دوای يەکبووندايە، هەستی پێناکەيت ئەگەر بنەمايەک بۆ کات دانەنێيت، بەم جۆرە خەياڵکردنی شتێک لە چوارچێوەی ئەم مەرجەدا بە تەنها توانایی هەيە، کات پێشينە بە دەستدراوێکە، لە بەر ئەوە دەکارێ تەنها پێشبينی دياردەکان بکەين کە چاودێری دەکەين، بەم شێوە دەتوانين خەياڵکردنی دياردەکان رەشبکەينەوە، وەلێ ناتوانين کات بسڕينەوە کە بۆ خۆی پيشينەيەکە ” بوونی هەيە ” ، لە بەر ئەوە هەڵدەستين بە تێگەيشتنی دياردەکان، لە سەر ئەگەری کاتە لە پێشينەکان، توانای پرنسيپە يەقينييە پەيوەندييەکانی کات دادەمەزرێت، کات جگە لە تەنها رەهەندێک هيچی ديکەی نييە، کاتەکان جياوازن پێکەوە نين وەلێ بۆ خۆيان بە دوای يەکەوە دێن )) ٢٤. لێرەدا ئەوەمان بۆ ساغ دەبێتەوە کە نووسەر خۆی نەيتوانيوە بە زنجيرە گرێمان بدا بە کاتەوە لێ گەڕاوە ئێمە بۆ خۆمان لەو سۆراغەدا بين، نموونەيش لە بەر دەست هەن، لەم دوو هەڵە مێژووەی ناو رۆمانەکەوە؛ (( جاری يەکەم لە دوای شکستی کۆماری مهاباد بوو لە ساڵی ١٩٤٦ کە ژەنڕاڵ مەلا موستەفای گەنج بەرەو مەنفای سۆڤيەتی کۆچی کرد و جاری دووهەميش بە پيری لە ساڵی ١٩٧٥ بەرەو مەنفای ئەمريکا کۆچئ کرد ل ١٢٣))، راستە کۆماری ديموکراتی کوردستان لە ١٩٤٦ دامەزرا و هەر لە هەمان ساڵ رووخا، وەلێ مستەفا بارزانی لە ١٨ / ٦ / ١٩٤٧ ئاوارەی يەکێتی شوورەوی بوو، جاری دووهەميش مستەفا بارزانی ١٩٧٥ ئاوارەی ئامريکا نەبوو، وەلێ شۆڕشەکە لە ١٩٧٥ بە پيلانێکی نێو دەوڵەتی شکستی هێنا دەنا بۆ خۆی ئەگەر هەڵە نەبم لە ١٩٧٦ بەرەو ئامريکا رۆيشتووە.

قسەيەکی باوی ئەفلاتۆن هەيە دەڵێ؛ (( هەموو قۆناغێک لە رووداوێکی پێشووەوە بۆ رووداوێکی دادێ دەڕوات )). ئێمە وای دەبينين لەم رووانگەوە رووداوەکان بە تێپەڕبوونی هەموو قۆناغەکان بە هەموو کايەکانييەوە پێکەوە گرێدراون، کەوابوو هەموو ئەو جيرۆک و رووداوانەی ناو رۆمانێک پێکەوە گرێدراو و پەيوەست بە يەکن و بە جۆرێ لە جۆرەکان رايەڵەی پەيوەندي نێوانيان بە هێزە.

شوێن
لە گەڵ ئەوەی توخمێکی سەرەکی و گرينگی رۆمانە، هاوکات جێ بايەخی بيرمەندان و رەخنەگران و خودی رۆماننووسانيشە، ئیدی چەند نووسەر کاريگەريانە وەسفی بکات، ئەوا لای خوێنەر رەهەندێکی دەروونی و هێماگەلێکی توند و کاريگەرتر بە قووڵایی ناخی هزر و بيريدا دەگەيەنێت، ئەوە دەکەوێتەوە سەر پانتایی بير و هزری نووسەر کە بە عەقڵانيەتێکی ئەوتۆ بێتەگۆ خوێنەر لە گەڵ رۆمانەکە بکاتە يەک جەستە. ئێمە ئەگەر بێتو بە وردی شرۆڤەی کات لە گۆشەگيريدا بکەين ئەوا ئەوەندەی تا ئێستا نووسيومانە زۆر زۆر کەمن تەنها ئەگەر بۆ شوێنی بنووسين، ئێمە هاتووين زۆر بە کورتی بەرکوڵ و بەرچاو روونييەک لە هەمبەر هەمەلايەنی ئەم رۆمانە بخەينە بەر ديدی خوێنەر، هەرچەندە دڵنياين لايەنی زۆری رۆمانەکەيش فەرامۆش دەکەين، چونکە مرۆڤی ئەمرۆ بە داخەوە حەوسەڵەی ئەوەيشی نييە لە تۆڕە کۆمەڵايەتييەکان لايکێک بۆ هاوڕێکەی بکات، چ جای بێتە سەر ئەم درێژکردنەوەی شرۆڤەيە.
هەر تاکێکی ئاسایی لە هەر شوێنێک بێت بايەخ بە شوێنی خۆی دەدات، ئيديۆمی کورديش هەيە دەڵێ ؛ (( بزن بۆ شەوێ جێگای خۆی خۆش دەکا ))، کەواتە شوێن بۆ هەموو زيندەوەرێک گرينگی هەيە، ئیدی جوان و پاک راگرتنی شوێنيش وەک ئەوەيە نووسەر بە جوانی و سەليقەييەوە تەوزيفی شوێنەکەمان بۆ بکات، ديقەت بدە، سەبارەت بە ئەو لايەنە باوەی لە کوردستەندا هەيە، باسی گەلانی ديکە ناکەين رەنگە زۆر لە پاشتريش هەبن، وەلی بە دڵنياييەوە زۆر پێشکەوتووتر هەيە، کاتێک پياوی ماڵ دێتەوە ناوماڵ بە سەر يەکەوە شێواوە هاواری لێهەڵدەستێ کە بۆچی ناوماڵەکە وا لەوتاو و پيس و پۆخڵە، ئەگەر لە ئەوروپايش بيت کە دێيتەوە بە نەرمی ئەو پرسيارە بە ديوێکی ديکە دەکەيت و خودی خۆتيش هاوکار دەبی لە رێکخستنەوەی ماڵەکە، ئەميش بەڵگەيەکی ديکەيە کە شوێن لای هەر تاکێکمان جێ بايەخی خۆی هەيە.
ئێمە پێويستمان بەوە هەيە نووسەر نەشارەزایی ئێمە بکا بە ئاشنا بوونێکی تەواوی ئەو شوێنانەی رووداوەکانی تێدا روو دەدەن، کۆڵانی خوار و خێچ کە جێ مشتومڕی سوزی و ڤێسنايە، لە رووی تەوزيفکردنييەوە ناتەواو و و هەژارە، زۆر شۆڕنابينە نێو ژانرەکەوە، کۆڵانی قەيسەريش کە پاژی سێيەمی رۆمانەکە هەر بە ناوی کۆڵانی قەيسەرەوەيە بە هوردی بۆ مان شيناکاتەوە، با بزانين چۆن لێی دەدوێ، لە لاپەڕەی يەکەمی کۆڵانی قەيسەر دەڵێ؛ (( لە سەر سووچی کۆڵانەکەی تر راوەستابوو کە بە ” کۆڵانی قەيسەر ” ناسرابوو،ڵ ٨٧)) پاشان و دوای چەند دێرێک لەمە دەڵێ (( مامە عەزە لە سەرەتای ” کۆڵانی قەيسەر ” وەستابوو، کە بە کايسەر گاسە “Kaiser Gasse ” ناسراوە، ئەو کۆڵانەی تەنيشت فراون گاسەوەيە ” Frauen Gasse ” کە مانای کۆڵانی ژنان دەگەيەنێت، ئەم کۆڵانەيش بە پێچێکی بچوک دەچۆوە سەر ” خانەی ژمارە چل و حەوت ” کە ئەويش لەشفرۆشخانەيەکی يان بڵێين بۆردێلۆيەکی گەورە بوو، بۆ ماوەی بيست و چوار کاتژمێر لە بەردەم پياوە ئازادە ………. کراوەبوو، لە سەرێکی ترەوە دەچووە سەر ئەو کۆڵانەی ڤێسنا ناوی نابوو ” کۆڵانە خوارەکە” کە ئەويش دواجار دەکەوتە سەر شەقامە سەرەکيەکە.ل٨٧ )). پێمانوايە بۆ رۆمانێکی ئاوا ئەم دەستنيشآنکردنەی کۆڵانی قەيسەر نەمازە کە بەش يان پاژێکی تايبەتی رۆمانەکەی وەرگرتووە هەم کەمە هەميش لای خوێنەر ناڕونە، دوای چەند لاپەڕەيەک گۆڕەپانی فردريکيشی بۆ زياد دەکات؛ (( سنوورەکانی ئەم وڵاتە توند و داخراو بوون، ئەو لەو زەمەنەوە، ئەم هاتوچۆی کۆڵانی قەيسەر و کۆڵانی ژنان و گۆڕەپانی فردريکی چواردە” Friedrich der Vierzehnte ” دەکات.ل ٩٩)) بابزانين دواتر چی دبێژێت، ؛ (( ئەم هەموو خەمە وردانەی تێدا تەقاندبۆوە و لە سەر سوچی کۆڵانی قەيسەر چەقی بەستبوو، کە بە نێوی قەيسەرە شکۆدارەکانەوە ناونرابوو، کە راستييەکەی کۆڵانی شکۆ نەبوو. ل ١٣٤ )) خوێنەر پێويستی بە ئەوەيە هەر لە سەرەتاوە بە وردی هەم ئەم کۆڵانە و هەميش کۆڵانی خوار و خێچ و هەميش ئەو پانتاييە بەرفراوانەی سێ کيشوەر ئەوە دەهێنێ لە رۆمانێکی وادا دە لاپەڕەيەکی بۆ تەرخان بکەی (( شوێن لە ڕۆماندا گرينگييەکی زۆر داگير دەکات، نەک لە بەر ئەوی توخمێکی هونەریيە، يان شوێنی ئەو رووداوانەيە کە تێيدا روودەدەن، و کەسايەتييەکان تێيدا جوڵە دەکەن، بەڵکو لە هەندێ کاری ناوازەدا بۆ کەشێک دەگۆڕدرێت هەموو توخمەکانی رۆمانی تێدا بەرجەستە دەبێت، بە رووداگەل و کەسايەتييەکانەوە، و ئەو پەيوەنديانەی لە نێوانياندا هەيە، ئەو پانتاييە دەڕەخسێنێت کە کاری تێدا دەکات، و بيروبؤچوونی خۆی تێدا دەردەبڕێت، خودی خۆی دەبێتە هاوکارێک بۆ گەشەکردنی بونياتی رۆمانەکە، و هەڵگری ديدگای پاڵەوانەکە، و نوێنەرايەتی و تێڕوانينی دانەريش دەکات، بەم جۆرە شوێن وەک پارچە کۆتاڵێک نييە سەبارەت بە تابلۆيەک، بەڵکو ئەو پانتايەيە کە لە تابلؤکەدا دەيخوڵقێنێت )) ٢٤. ئەم سەرچاوەيش بۆ زێتر بەرچاوڕوونی خوێنەرانی ئەم شرۆڤەيە هێنامانەوە.

کەسايەتييەکان و گفتوگۆ
ئەگەر نەڵێين تەواوی بنەما سەرەکييەکانی رۆمان هەر هەموو پێکەوە گرێدراون ئەوا جگە لە نێو رۆمانيش ژيانی ئاسایی مرۆڤ خۆی لە خۆيدا گرێدراوێکی بتەو بەهێزی (( کات و شوێن بۆ کەس و گفتوگۆ )) هەرگيز بێدابڕان نابن.کەسايەتيش وەک هەر توخمێک لە توخمەکان بە بۆچوونی ئێمە نەبوونی کەسايەتی لە رۆماندا وەک ئەوەيە زەوی کەسی لە سەر نەژی، ئەمە بۆ رۆمانە ئەفسانەييەکانيش راستدەکەوێتەوە، لەوێش لەبری مرۆڤ زيندەوەر يان بێگيان کەسايەتييەکانن، کەسايەتی بۆ خۆی سەر بە چيرۆکەکەيە نەک بە وتار، رۆماننووس گەرەکە هەر لە رستەی يەکەمەوە ئاماژە بەسيمای کەسايەتی و کێشمەکێش و رەوتی نێو رۆمانەکە بدات، نووسەر هاتووە لايەنی دووەمی ئەنجام داوە، وەلی ئەو کەسايەتييانە رۆڵی ناوەنديان لە رۆمانەکەدا هەيە، واتا ئەو کەسايەتييانە نين پاڵەوانی سەرەکی بن. کاتێکيش خوێنەر بە پاڵەوان ئاشنا دەبێت، لە چوارچێوەی ئەودا وەک لوغزێک شاردراوەتەوە، ئەمە پێدەچی هەمان ئەو ڕێچکەی کافکا بێت کە لە کەسايەتی ” کۆشک ” دا بە پيتی ” کاف ” باسی دەکات، هەرچەندە کافکايش لەم کارەيدا داهێنانی نەکردووە وەلێ لە ناو کۆمەڵی ئاوروپایی وەرگرتووە، بە دەستکارييەوە، ئەمە رێچکەيەکی هاوچەرخی ئەدەبە، لە هەمانکات ناکرێ خوێنەر لە قوڵایی کەسەکان تێ نەگات، لەوانە ئێمە ” ئەو ” لەم رۆمانەدا بە کەسايەتييەکی سووڕاو دەبينين وەک رووەکانی؛ کەلتوور و داب و نەريتی رۆژهەڵاتی، پاشان هەڵگەڕانەوە و لە دونيای گاڵتەجاڕی خۆيدا ريسوای دەکات، وەک لە سەفەرەکەی قاهيرەيدا دەردەکەوێت، ديوێکی ديکەيش هەڵگەڕانەوە بۆ کەسێکی هەوەسبازی سيکسی کە لە گۆمەڵگای خۆی وانەبووە، ” وايش بوو بێت وەک ئاوروپا بە ئاشکرا نەبووە” ،(( کەسايەتی رۆمان لای هەندێک لە رەخنەگرە فەڕەنسييە هاوچەرخەکان ، هەروەک ، کەسايەتی سينما؛ يان شانۆييە، لە دونيای ئەندێشە دانابڕێت، کە بە بەنرخی دەزانيت، لە زيندەوەران و شتەکان تێيدا، ناکرێ کەسايەتييەک لە هزرماندا بوونی هەبێت، وەک ئەوەی هەسارەيەکی دی بێت، بەڵکو پەيوەستە بە سيستماتيکێک ، بە هۆيەوە، تەنها ئەو بە هەموو رەهەندەکانييەوە لە ناوماندا دەژی )) ٢٥. ديسانەوە لە رۆمان کەسايەتی رووکەش يان بڵێين خەسڵەت جێگير هەيە، ئەم دوو ديوە کەسايەتييە چەند رەهەندێکيان هەيە؛(( رەهەندی دەرەکی، رەهەندی ناوەکی” دەروونی ” ، رەهەندی کۆمەڵايەتی، رەهەندی فيکری )) دوای خوێندنەوە هەست بە غيابی بەشێک لەم رەهەندانە دەکەين.
گفتوگۆ بەشێکی هەرە گرينگی نێو چيرۆکە بێ گفتوگۆ تەواوی رۆمانەکە لە جيهانی لوغز دەسووڕێتەوە، تەنانەت لە چيرۆک و فيلمە ئەفسانەييەکانيش دەبينين ئاژەڵەکان لە گەڵ يەکدی گفتوگۆ دەکەن، ئەم گفتوگۆيانەيش لە ناو چيرۆک و نۆڤێلت و رۆماندا سێ جۆريان هەيە؛ (( گێڕانەوە، راستەوخۆ يان ” بەدوای يەک ” ، خودی )) ، لە رۆمانی گۆشەگيريدا ئيسماعيل حەمەئەمين جۆری يەکەميانی پێڕەو کردووە، لە ڕێی گفتوگۆکانی کەسايەتييەکانەوە خوێنەر ئاشنای خودی کەسايەتييەکان و نهێنييەکانيان تا دەگاتە خەسڵەت و ئاکار و بيرکردنەوەکانيان دەبێت، هەر گفتوگۆ کێشەکان ئاڵۆز دەکات و دەيگەيەنێتە ترۆپکی پڵۆتەکە” الحبکة ” هەر ئەويش دايدەمرکێنێتەوە و بەرچاوڕوونييەک دەداتە خوێنەر و ئاوەزی بەئاڵۆسکاوی جێناهێلێت، هەروەها فاکتەرێکی گرينگە بۆ چارەسەرکردنی لايەنی مێژوویی رۆمانەکە و بە سانایی چارەسەری دەکات، فاکتەرێکی ديکەی کۆکردنەوەی زانيارييەکانە بۆ گەياندنی بە خوێنەر، کاتێک خوێنەر ئەو هەموو گێڕانەوەيە دەخوێنێتەوە دووچاری وەڕسبوون و بێزاری دەبێت کە نۆبەتی گفتوگۆ دێت مێشکی پشوويەک دەدات و هەناسەيەکی درێژەدانی خوێندنەوە هەڵدەکێشێ هەندێ جار دەگاتە ئەو ئاستەی وەک ئەوە بێ کە هيچ ناخوێنێتەوە ئەمە لە کاتێک ڕوودەدات کە خوێنەر بە جۆرێ ئاوێتەی رۆمانەکە بووە دەيەوێت هەرچی زووترە بە دەرئەنجام بگات، کارێکی گرينگ لايەنی سۆزدارييە کە ئەويش هەر لەم رێگايەوە جارەسەر دەکرێت، لە کاتێکدا زۆربەی ئەوانەی بايەخ بە لايەنی هونەری دەدەن هەستێکی ترس و دڵەڕاوکێ ختوکەيان دەدات، بۆيە فەزای سۆز و پێکەنين و گريان غيابی دەبێت، هەڵبەت مەبەستمانە ئەم حاڵەتانە لای خوێنەر بخوڵقێنێت، من لێرەدا بۆ گۆشەگيری هيچ ناڵێم چونکە هەر تاکێک لەوەی رۆمانەکەی خوێندبێتەوە بە ئاشکرا هەست بە لايەنی لاوازی دەکات،
لە ڕووی گفتوگۆوە ئەوەی سەرنجی ئێمەی راکێشا بێت، بە هەق دەموودوويەکی نێو رۆمان و واقيعيانەی نێو کۆمەڵ بێت، ئەوەی لە نێوان ڤێسنا و سوزی هەر لە سەرەتاوە روو دەدات، دواييش ئەو گفتوگۆيەی لە ” کۆڵانی قەيسەر” هەست پێدەکەين ، لە ؛ “ئێگۆيەکی دوور؛ جاکۆمۆ کازانۆڤا” نووسەر هەندێ ساردبوونەوە يان بێزاری پێوە دەرکەوتووە، وەلێ لە “ئەنۆبيس ” دا، هێندەی باکگراون دەبينرێ هێندە واقيعی رۆمانەکە و گفتوگۆ نابينين.
دەرئەنجام….
سەرباری هەموو ئەو تێبينيانەمان بە گيانێکەوە مامەڵەمان لە گەڵ رۆمانەکە کردووە کە دوورونزيک پەيوەندی بە ناسين و نە ناسينی نووسەرەوە نييە، برای ئازيزمان کاک ئيسماعيل حەمەئەمين نووسەرێکی ديار و خاوەن قەڵەم و رێچکەی تايبەتی خۆيەتی، لايەنە باشەکانی رۆمانەکە هەر کەسێک رۆمانەکەی خوێندبێتەوە هەستی پێکردووە ئێمەيش هەروەها دەستخۆشانەی لێدەکەين، بە هيوای سەرکەوتن و بەردەوامی. لە دوماهيشدا ئەم چەند خاڵە دەخەمەڕوو؛
١ – دەکرا ئەم رۆمانە چوار رۆمان بوايە لە بری يەک رۆمان، ئێمە لای خۆمانەوە ئەو خەسڵەتانەی تێدا دەبينين، وەک چۆن ” نەجيب مەحفوز ” سييانەی هەيە، با ئيسماعيل حەمەئەمينيش جوارانەی هەبايە، ناڵێين چوارينە با نەچێتە خانەی شيعرەوە، دەکرا لەو چوار رۆمانەدا چارەسەری تەواوی کەموکورتييەکانی بکردايە و ئەو پەلەپرووزێيەيشی پێوە ديار نەدەبوو.
٢ – ئەگەر نووسەر بۆ جێ پێگەيەکی پێوانەیی کار دەکات، کە ئەوە خواست و ماندووبوونی هەموو تاکێکە هەر يەک لە بوارەکەی خۆيدا، ئەوا بەڕای ئێمە رۆمانەکە لە چوارچێوەی” هاوڕەگەزخوازی” دا بووايە، سنوورێکی تری دەگرت و لە دەرگايەکی تری دەدا، هەر جەندە لێرە زۆرزۆر بەکەمی باسی لێوە کردووە.
٣ – لە کات و شوێن و سەردەم و گێڕانەوەی باکگراون، گەڕانەوە بۆ رابردوو خوێنەری تووشاری وەڕسبوون کردووە، نووسەر بە کارزانی و لێزانانەی خۆی دەيتوانی ئەم حاڵەتانە چارەسەر بکات.
٤ – دووکاری گرينگ لە رۆمانەکە لە بيرکراون کە لە ناوەوەيش بە کورتی باسمان لێوەکرد، ئەويش لايەنی سۆزە، هەموو رۆمانەکەمان خوێندەوە نەگرياين نە پێکەنيين، کەسێکی گرژ و مۆن لە ناو غەريزە هيچ و پوچەکانمان پەنگمان دەخواردەوە و هيچی تر. لە عەوداڵی ئەو دەربازبوونەيش بووين لەو دونيا ئاڵۆسکاوەی بۆی خوڵقاندين و نەگەيشتينە دەرئەنجام.
ئەوەی ماوە لە يەک دێردا بڵێين: ئەوەی باسمان کردن بەکورتی و پوختی بوو، جا يا راستەوخۆ يا ناراستەوخۆ لێی دوواين.
بمێنن بە خۆشی و ماندووم کردن …..

——————————————————————–

ئەو سەرچاوانەی سوودم لێوەرگرتوون ؛
1 – خەونی نووسين لە روانگەی هەشت نووسەری هاوچەرخەوە / لە فارسييەوە دڵشاد خۆشناو / دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم – ٢٠٢٠.
2 – رۆمانی گۆشەگيری / ئيسماعيل حەمە ئەمين – پرۆژەی کولتور بە هاوکاری ناوەندی کەپر/ ٢٠٢٠.
3 – أنطولوجيا اللغة عند مارتن هيدجر – أبراهيم أحمد ، أستاذ جامعة مستغانم – الجزائر/ الدار العربية للعلوم الناشرون – منشورات الأختلاف – ٢٠٠٨.
4 – شۆبنهاوەر الفلسفة و العزلة / عبدالرحمن کيبش / سايتی ASJP لە رۆژی ٣٠ / ١٢ / ٢٠١٣
5 – هەمان سەرچاوەی پێشوو .
6 – أشکالية الوجود و التقنية عند مارتن هيدجر- أبراهيم أحمد – منشورات الأختلاف – الدار العربية للعلوم – ناشرون، الجزائر – ٢٠٠٦
7 – الحلقة المفقودة، الکشف عن أصل البشري الأول – کۆلين تادج – و – جوش يونج – ترجمة مروة هاشم – منشورات الکلمة – أبوظبي – الأمارات ٢٠١١
8 – فەرهەنگی زاراوەکانی ئەدەب و زانستە مرۆڤايەتييەکان – د . نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد . لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، ٢٠١٥
9 – هەمان سەرچاوە…
10 – هەمان سەرچاوە.
11 – بنية الشکل الروائي – الفضاء ، الزمن ، الشخصية – حسن بحراني / المرکز الثقافي العربي – بيروت ١٩٩٠
12 – هەمان سەرچاوە
13 – فێرجينيا وۆڵف – بێرنارد بلاکستون – دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، لە فارسييەوە ناهيد رۆستەمی/ ٢٠٢٠
14 – خەونی نووسين، لە روانگەی هەشت نووسەری هاوچەرخەوە / لە فارسييەوە دڵشاد خۆشناو.دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم – ٢٠٢٠
15 – فێرجينيا وؤلف – بێرنارد بلاکستون – دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، لە فارسييەوە ناهيد رۆستەمی- ٢٠٢٠
16 – جينالوجيا التراث ، الأصول التراثية، للهوية الثقافية، علي أسعد وطفة ، موقع watfa.net في ٧ / ٣ / ٢٠٢١.
17 – الرواية بين الأيديولوجيا والفن، الرواية الأردنية أنموذجا/ د . حنين أبراهيم معالي / عمان- الأردن، الان ،
18 – الرواية السياسية و التخيل السياسي / بقلم جميل حمداوی ، ديوان العرب . ١١ / ٣ / ٢٠٠٧
19 هل يمکن تحييد الأيديولوجيا عن ملامح النص الروائي / يوسف المحيميد / جريدة الشرق الأوسط / الملاحق- ثقافة / ١٢ / ٢ / ٢٠١٧
٢١- الحبکة و أنواعها في الرواية – نهضة الشريفي – موقع أشراقات قرآنية / ليوم ٢٢ / ١ / ٢٠٢٠ ، والمسندة الی ” في النقد الأدبي الحديث’ ١٣٣
٢٢ – هەمان سەرچاوەی پێشوو .
٢٣ / المکان والزمان لدی کانط / بقلم مثنی حامد / مجلة الکلمة اللندنية العدد ٤٣ في نوڤمبر ٢٠١٠ .

٢٤ – جمالية المکان في الرواية / بقلم ، أحمد زياد محبک – ديوان العرب الألکترونية، ٦ / ٦ /٢٠٠٥
٢٥ – في نظرية الرواية / بحث في تقنيات السرد / د. عبدالملک مرتاض – المجلس الوطني للثقافة والفنون والآداب / الکويت . ١٩٩٨
• عەبدولباقی يوسف / رۆماننووس و ئەديبی کورد – ١٩٦٤ لە هەسەکە لە دايک بووە، لە سەر ئاستی وڵاتانی عارەبی نووسەرێکی ديار و بەرچاوە. دەيان بەرهەمی چاپکراوە، هەر لە رۆمان و چيرۆک و توێژينەوە.
• پی. دی . جێمز، يەکێکە لە بەرجەستەترين و خۆشەويستترين نووسەرانی بەريتانيا، ئەو ماوەيەکی زۆر بە ( شاژنی تاوان ) ناسراوە، و بە پێشڕەوی رۆماننووسەکانی دەقی پۆليشی دەژمێردرێت، ساڵی ١٩٢٠ لە ئۆکسفۆرد لە دايک بووە ، لە تەمەنی ٤٢ ساڵيدا لە ١٩٦٢ يەکەمين رۆمانی خۆی بە ناوی” دەموچاوی داپۆشە” بڵاو کردۆتەوە.

———————-

بۆ خوێندنەوەی بەشەکانی تر کلیکی لینکەکانی خوارەوە بکەن..

بەشی یەکەم…

بەشی دووەم…

بەشی سێیەم…

بەشی چووارەم…




باومگارتن.. کاوە جەلال

١- پوختەی ژیاننامە
ئالێکساندەر گۆتلیب باومگارتن ١٧/٦/١٧١٤ وەک پێنجەم کوڕی خانەوادەکەی لە بەرلین هاتە جیهانەوە. باوکی، یاکۆب باومگارتن، قەشە بوو، دایکی، ڕۆزینا ئێلیزابێت، سێ ساڵ دوای زایینی ئالێکساندەر جیهانی بەجێهێشت، پێنج ساڵ دوای ئەویش باوکی. ئالێکساندەر لە لایەن نەنکییەوە بەخێو کرا؛ ساڵی ١٧٢٧ لەتەک براکانیدا گواستییەوە بۆ شاری هالە تاکو لەوێ بەردەوامی بە خوێندن بدات. باومگارتن ساڵی ١٧٣٠ لە زانستگەی هالە وەرگیرا و دەستی کرد بە خوێندنی تیۆلۆگی، فیلۆلۆگیی کلاسیکی، پۆئێتیک و ڕێتۆریک، کە ساڵی ١٧٣٥ تەواوی کرد و بڕوانامەی ماگیستەری پێدرا، پاشان دوای نیو ساڵ بە توێژینەوەیەکی فەلسەفەیی دکتۆرا (“چەند مەرجێکی هەڵبەست”) مۆڵەتی فێرکاریی پێدرا. باومگارتن ساڵی ١٧٣٧ بوو بە پرۆفیسۆری بێکورسی، هەر لەم کاتانەشدا تووشی نەخۆشیی سیل بوو. سەرباری دوورکەوتنەوە و وەرگرتنی مۆڵەتی نەخۆشی، ساڵی ١٧٣٩ بەرهەمە سەرەکییەکەی بە ناونیشانی “مێتافیزیکا” بڵاوکرایەوە و ساڵی ١٧٤٠ بوو بە پرۆفیسۆری خاوەن کورسی بۆ “دانایی جیهانی و زانستە جوانەکان” لە فرانکفورتی سەر ڕوباری ئۆدەر. ساڵی ١٧٥٠ بەشی یەکەمی نووسینە بەناوبانگەکەی بە ناونیشانی “ئائێستێتیکا” بڵاوکرایەوە. گەرچی تەندروستیی باومگارتن بەردەوام پتر بەرەو خراپی دەڕۆیشت، سەرەڕای ئەوە بەردەوام لە بەشی دووەمی “ئائێستێتیکا”دا کاری دەکرد، کە ساڵی ١٧٥٨ بڵاوکرایەوە. ئەم نووسینە بەتەواونەکراوی مایەوە. باومگارتن ٢٧/٥/١٧٦٢ جیهانی بەجێهێشت. ئەو بە نازناوی “کەشفکەری ئێستێتیک” چووە نێو مێژووی فەلسەفەوە.

٢- باری سێنسێتی بەسەر هونەرەوە

ئایا هونەر چییە؟ ئەمە پرسیارێکی فەلسەفەییە کە باومگارتن دەیکات. پۆئێتیکەکان وەک ڕێبازی هۆنینەوە خۆیان بە ڕێساکانی هێنانەئارای کاری هونەرییەوە خەریک دەکرد، واتا داخۆ چۆن هۆنراوەکە (هەڵبەست، چیرۆک، ڕۆمان، موزیک) چاک بێت. لێ کاتێک باومگارتن دەپرسێت “هونەر چییە؟”، پرسیارەکەی ڕوودەکاتە چییەتیی بوونەوەری هونەر، بەمەش ئەو ڕاستەوخۆ دەکەوێتە بەردەم کێشەی سێنسێتی، چونکە سێنسەکان (حەواسەکان) رۆڵێکی کرۆکی لە هونەردا دەگێڕن. ئێمە بە سێنس دەچێژین، واتا، بە زمانی باومگارتن، توانستی بڕیاردانمان هەیە. گوێ لە چێژتندا بڕیار بەسەر دەنگدا دەدات، ئەوە بە وەرگرتنی یان ڕەتکردنەوەی، کەواتە گوێ دەنگی ساز و نەساز، لەبار و بەد، لە یەکدی جیادەکاتەوە. هەروەها چاو وێنەیەک وەرناگرێت کە بە حساب هینی مرۆڤە، وەلێ پتر لە مەیمون دەچێت. یان لە هەڵبەستدا زرنگەی ساز پێوەرە بۆ کێشی بەیت: “گەر بڕگەی درێژ یان کورتی وشە بە چەشنێک تێکەڵبکرێن کە ئیدی حەزی گوێ چێببێت، ئەوسا بێژتنەکە خاوەنی کێشی بەیتە” (ئائێستێتیکا، پەرەگرافی ١٠١). ئەم بڕیاردانەی سێنسەکان بناغەیە بۆ ڕاستێتی یان چەوتێتی لە هونەردا.
سەرەتا پرسیارێکی فەلسەفەیی لەم پەیوەندییەدا ئەوەیە، کە گەر بابەتێک لە چێژەوە، لە توانستی بڕیاردانەوە، سەرهەڵبدات، ئایا ئەو بابەتە شایانی ئەوەیە کە فەلسەفە خۆی پێوە خەریک بکات؟ ئاخر مەئریفەی فەلسەفەیی تێگەییە، کەواتە خاوەنی گشتێتییە و بۆ نموونە لە بڕیارێکی لۆگیکیی بەم چەشنەدا دێتە دەربڕین: “مرۆڤ بمرە”. سێنسێتی بە پێچەوانەوە تایبەتییە، یان دەرککردنە سێنسییەکان پابەند بە شتی تاکی نێو فەزاوە (ڕاومەوە) سەرهەڵدەدەن. ئەم هەقیقەتەی سێنسێتی لەکاتی پلاتۆنەوە بارێکی قورس بوو بەسەر هونەرەوە. ئاخر هونەر بە دیدی پلاتۆن لە هەژانی ناخەکییەوە دێتەگۆڕێ و ئامانجیشی هەژاندنە. ئەمەش پڕمەترسییە، چونکە هونەرمەند بۆ نموونە وێنەی کورسییەک دەسازێنێت کە دارتاش بە تەختە دروستی کردووە. وەلێ کاتێک دارتاش، پێش ئەنجامدانی ئەو کارە، لەنێو هۆشی خۆیدا لە ئیدێی (واتا لە وێنەی هۆشەکیی) کورسیی ڕوانیوە و پاشان بە کەرەسە (تەختە) لاسایی کردۆتەوە، ئەوا هونەرمەند تەنیا بەو کورسییەی دارتاشەکە دەهەژێت و بە بۆیە لاسایی دەکاتەوە، واتا ئەم ڕووناکاتە “ئیدێ” سەرمەدییەکان، یان لەم پەیوەندییەی ئێرەدا ڕووناکاتە ئیدێی کورسی، بەڵکو پابەندی شتەکانە کە بگۆڕ و تایبەتن بە لەناوچوون. کەواتە لەبەر ئەوەی هونەرمەندان بە دیدی پلاتۆن گرنگی بە “ئیدێ” نادەن، ئەوجا بە کارەکانیان: بە وێنە و پەیکەرە جوانەکانیان، بە هۆنینەوەی ناخهەژێنەر، لە هەمووشیان ستەمتر بە تەمسیلکردن لەسەر شانۆ کە بەڕێیەوە دەمانهێننە پێکەنین یان دەمانخەنە گریان، لە جیهانی ئیدێ دوورمان دەخەنەوە. ئەم گومانە لە سێنسێتی بە درێژایی مێژووی فەلسەفە باڵادەست مایەوە.
باومگارتن سەرەتا ناچارە ئەم بارە بەسەر سێنسێتییەوە، واتا بێتواناییەکەی بۆ مەئریفە، لابەرێت، بۆ ئەم مەبەستەش مۆنادۆلۆگییەکەی لایبنیتس وەردەگرێت و ئەوجا لێرەوە گۆڕان بە ئێستێتیک دەدات وەک لکێکی سەربەخۆی فەلسەفە، یان وەک تیۆرییەکی مەئریفە.

٢-١ مۆنادۆلۆگیی لایبنیتس

پێش لایبنیتس لە فەلسەفەی ڕاسیۆنالیستیدا (واتا هزرینی ئاوەزییانەی مەبەستمەنددا) کە دێکارت بناغەی ڕشت، سێنسەکان وەک نەگونجاو بۆ مەئریفە دادەنران، چونکە زۆر جار بەهەڵەماندا دەبەن. چاو شتێکی ڕەش و دووری بزۆک بە گۆلک دادەنێت، کەچی کاتێک لێی نزیک دەکەوێتەوە دەبینێت کە ئەوە مرۆڤێکی ڕەشپۆشە. بە پێچەوانەشەوە لە ڕاسیۆنالیزمدا گریمانە دەکرا کە ئاوەز بە دیاریکردنی گشتێتییە هەردەم چواندووەکان مەئریفەی ڕاستینەی بوونی هەر شتێکمان پێبدات. سێنسەکان لێرەدا تەنیا رۆڵی نێوەندیار وەردەگرن، ئەویش کاتێک بە دەرککردن پێشبینیی ناڕوون و نائاشکرا لە هۆشی مرۆڤدا دەهێننە گۆڕێ، ئەوجا زەین کاریان تێدا دەکات و تاک تاک ڕوون و ئاشکراییان پێدەدات. لەم ڕەوشەدا زەین و جیهانی ماتەری هیچ پەیوەندییەکیان بە یەکدییەوە نییە. بەم شێوەیە دەلاقەیەک لە نێوان هزر و سێنسێتیدا، لێرەشەوە: لە نێوان دەروون و لەشدا، ئاوەڵا دەبێت، چونکە لەش بە سێنسەکانیشەوە سەر بە جیهانی ماتەرییە. لایبنیتس بە پێچەوانەی ئەم شێوەیەی بنیاتنانی مەئریفەوە کە لە گشتێتییەکانی ماتماتیکەوە دەردەچێت، گریمانەیەکی مێتافیزیکی دادەنێت تاکو ڕێ لە دوالیزمی هزر و سێنسێتی بگرێت، ئەوجا لەو گریمانەیەوە هزرینی خۆی ئاوەڵا دەکات.
لایبنیتس وەک دەرچەی هزرین گریمانەی گەوهەرێکی (زوبستانسێکی)، یان بوونێکی هۆشەکیی سادەی نەشیاوی دابەشاندن و لەناوچوون دەکات، کە ئەتۆمی جیهانی کردەکییە و ناوی دەنێت “مۆناد” (بە گریکی: “مۆناس”، واتا “یەکانە”). مۆنادەکان یەکەم بنەڕەتن و گریمانەکردنیشیان لەم شێوەیەدا ئەو واتایە دەگەیەنێت کە چیدی ناشێت پرسیار سەبارەت بە هۆکاری هاتنەئارای ئەوان بکرێت، واتا ناشێت بە هزرین زنجیرەیەکی هۆکار-ئەنجام تا بێدوایەکی ببرێت. مۆنادەکان دەرچەن. لێرەدا گەرەکە ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە لایبنیتس لە شرۆڤەی جیهانی کردەکییەوە (فاکتییەوە) دەگات بەوە کە مۆنادەکان وەک بنەڕەت بچەسپێنێت. ئاخر لەم جیهانەدا تەنیا ماتەری هەیە، لێ ماتەری هەردەم “ئاوێتە”یە، واتا کشاوە، لێرەشدا ئاشکرایە کە هەموو ئاوێتەیەک لە کەرتی “سادە”ی نەکشاو پێکدێت، واتا ئەگرێگاتێکە (کۆمەڵەیەکی پێکهاتووە) لەو ئەتۆمە سادانە. کەواتە دەبێت بە ئاوەز گریمانەی ئەو مۆنادانە وەک ئەتۆمی جیهان بکەین (ئەتۆمیزم).
بێگومان مۆنادەکان ئەزەلی نین، بەڵکو یەکەم مۆناد (گەوهەر)، واتا خودا، لە “هیچ”ەوە ئافراندوونی. خودا پێش کرداری ئافراندن چەند پێشبینییەکی جیاوازی سەبارەت بە جیهانێکی ئافرێنراو هەبوو، ئەوجا لەبەر ئەوەی خودا بەڕەهایی چاکە و تەنیا چاکەی دەوێت، ئەوا لەنێو پێشبینییەکانیدا بڕیار بۆ چاکترینیان دەدات، واتا جیهانێکی ڕێکخراو و هارمۆنییانەی مۆنادی دەئافرێنێت، ئەوجا وەک بناغەی سازاندنی ئەم جیهانە چاکەی ئێمە دایدەنێت (کەواتە لە نێویدا هیچ جێیەک بۆ خراپە / شەیتان تەرخان نەکراوە).
ڕێکخراویی جیهانی کردەکی، پێکهاتەی کەتوارەکەمان، دەگەڕێتەوە بۆ ڕێکخراوی هارمۆنییانەی مۆنادەکان، چونکە ئەم جیهانە دەرهاویشتەی ئەوانە، بەو هۆیەشەوە کاراییەکی ڕێکخراوی وەرگرتووە و سەرجەم ڕوودانەکانی نێوی یاسامەند و مەبەستمەندن. لەم ڕوانگەیەوە مۆنادەکان، وەک ئافرێنراو، ئافرێنەریی ئافرێنەریان لە خۆ گرتووە، واتا لاسایی بنەڕەتە ئافرێنەرییەکانی یەکەم مۆناد دەکەنەوە و بەمەش لە لایەنی خۆیانەوە دەبن بە ئافرێنەر. هاوکات هەر مۆنادێک کرۆکیانە ئەوە دەژێنێت کە بە هەمان شێوە هەر مۆنادێکی دی سەربەخۆ لە ئەو دەیژێنێت، هەر لەبەر ئەم هۆیەشە کە ئەوان پێکرا خۆیان لە هارمۆنیدا دەبیننەوە، بێگومان بەبێ ئەوەی هیچ پەیوەندییەک لە نێوانیاندا هەبێت. ئێمە خۆمان دەتوانین لە جیهاندا ببینین کە هیچ شتێکی نێو سروشت لە یەکێکی دیکە ناچێت، ئەمەش بۆ ئەو هەقیقەتە دەگەڕێتەوە کە لێرەبوونی (وجودی) بە خۆ تایبەتی هەر مۆنادێک جیاوازە لە لێرەبوونی هەر یەکێکی دی، وەلێ لە سەرئەنجامی نێوچالاکییەکەیاندا، یان هینی کاریگەریی نێویەکییاندا، بۆ ئێمە ئەوها دەنوێنێت کە هەروەک ئەوان پەیوەندییان بە یەکدییەوە هەبێت، جا گەرچی لە بنەڕەتدا ئەوها نییە.
ڕێکخراوی جیهان هەروەها لەش و دەروونی مرۆڤیش لەخۆدەگرێت، بۆیە پێشبینییە سێنسییەکان و مەئریفەی ئاوەزمەندانەی مرۆڤ سەر بە هەمان ڕێکخراوی جیهانن (بە پێچەوانەی دێکارت کە وەک جودا لە یەک دایاندەنێت). گۆڕانی بەردەوامی مۆنادەکان بنەڕەتی گۆڕانە پسیکۆفیزیکییەکانی ئێمەن. لێرەدا دەگەین بە تێگەی دەرککردن لای لایبنیتس کە ناوی دەنێت “پێرسەپسیۆن” و هاوکات لە “ئاپپێرسەپسیۆن” جیای دەکاتەوە.
پێرسەپسیۆن (دەرککردن) لای لایبنیتس “وروژان” نییە وەک سەرئەنجام، بەڵکو ناوەرۆکی یان وێنەی دەرککردنە. ئێمە بە سێنسەکانمان دەرکی ئەو جیهانە دەکەین کە دەرهاویشتەی مۆنادەکانە. لایبنیتس لێرەدا لە “دەرککردنی بچووک” دەدوێت، واتا لە شعورەکان کە هەستپێنەکراو لەنێو ئێمەدا دێنە ئاراوە. شعورەکان پێشبینیی دیارینەکراون، شێواون. لێ ئاپپێرسەپسیۆن ئاگاییە لەبارەی ناوەرۆکەکانی دەرککردن. ئێمە لە ڕەوشی ئەم ئاگاییەدا مەئریفەی پەرچاوەی ناوەرۆکەکەی دەرککردنمان هەیە، کە مەئریفەیەکی پێکهاتەییە و بەو ڕێیەوە دێتەئاراوە، کە ئێمە ناوەرۆکە دەرککراوەکە بە ئاگالێبوون و یادهێنانەوە دیاری دەکەین و پاشان دەبێت بە هینی خۆمان، چونکە لەنێو پەیوەندیی ئاگاییدا پۆلاندوومانە. کەواتە شعورەکان پێش-پلەی دەرککردنی ئاگامەندن، کە ئێمە پاشان لە کارایی نێویەکییاندا لێیان بەئاگادێین. بە دیدی لایبنیتس ڕووداوی جەستەیی و دەروونی جودا لە یەک لەگۆڕێ نین (وەک لای دێکارت)، بەڵکو هاوڕەون، ئەوان لە یەکدی سەربەخۆن و هاوکات بەپاڵ یەکدییەوەن.
ئێمە بە ئاوەز لەبارەی بنەڕەتی مۆنادیانەی جیهان دەزانین، کەواتە توانستی مەئریفەمان هەیە، جا مەئریفەمان پەیوەند بێت بە کێشە تێگەیی و ماتماتیکییەکانەوە یان بە تەجروبەی زانستییەوە، وەلێ ئێمە هەروەها دەرککردنی سێنسیمان هەیە کە ئەمیش مەئریفەیە، چونکە دەرککردنی ئەو جیهانەیە کە مۆنادییانە بنیاتنراوە، هێندە نەبێت کە ئێمە پەیوەند بە هەردووکیانەوە تەنیا پلەی جیای ڕوون و ئاشکراییمان لە مەئریفەدا هەیە. ئاخر ئاوەز و سێنسەکان مۆنادییانە بنیاتنراون. لەم ڕوانگەیەوە نەک تەنیا مەئریفەی ئاوەزمەندانەی کامیل مەئریفەی “ڕاستینە”یە، بەڵکو هەروەها پێشبینییەکانی جیهانیش کە بە دەرککردنی سێنسیانەی جیهان چێدەبن، پێشبینیی “ڕاستینە”ن، ئەوە سەرباری ناکامیلی و ناڕۆشنی و شێواوییان. ئاوەز کە پێدەزانێت، هەروەها سێنسەکان کە دەرکی شتەکانی نێو جیهانی کردەکی دەکەن، لەو “هارمۆنییە”دا پێکەوەگرێدراون کە خودا لە سەرەتاوە چەسپاندویەتی. مۆنادەکان لاسایی یەکەم مۆناد دەکەنەوە و لەم ڕەوتەشدا بەچاکی گەردوون دەخەنەوە. کەواتە پێشبینی لە پەیوەندییەکی سروشتیدایە لەتەک هەر ئەوەکەیەکدا کە پێشبینی دەکرێت.

٢-٢ ئێستێتیکی باومگارتن

باومگارتن بە وەرگرتنی مێتافیزیکی لایبنیتس دەرفەتی بۆ دەڕەخسێت کە ببێژێت، چیدی پێویست نییە گومان لە توانستی سێنسەکان بۆ مەئریفە بکەین، هاوکات پێویستە زانستێکی مەئریفەی سێنسی گۆڕان پێبدرێت کە ناوی دەنێت “ئێستێتیک”.
بێگومان لە فەلسەفەدا جەخت لە یەک باڵاترین فۆرمى مەئریفە دەکرێت کە “تێگەیی”ە و لە بڕیارێکی (حوکمێکی) لۆگیکییانەی بەم چەشنەدا بەرجەستە دەبێت: “بازنە خولگەییە”، ئەم مەئریفەیەش پابەندی زەینە و لێی جیانابێتەوە. بە پێچەوانەشەوە ئێستێتیک وەک تیۆرییەکی مەئریفە بەو بابەتانەوە خەریکە کە سێنسین (مەحسوسن) و بەوەش شیاوی دەرککردنن. باومگارتن بۆ جیاکردنەوەی ئێستێتیک لە مەئریفەی تێگەیی، ناوی دەنێت تیۆریی مەئریفەی پلە نزم.
گەر سێنسێتى بەگشتی وەک بەتوانا بۆ مەئریفە دابنرێت، ئەوا دەبێت ئەو سێنسێتییەش کە خۆى بۆ هۆشى جوان ئاوەڵا دەکات، ناو بنرێت مەئریفە. ئاخر “هزرینى جوان”یش کە سپۆنتان (عەفەوییانە) دێتەگۆڕێ، توانستێکى بڕیارە (Urteilskraft) و تێیدا توانستى وێنا و ژیری، زاکیرە و شعور و هزر یەکدەگرن. هەموو بڕیاردانێک دوو لایەن لە خۆ دەگرێت: توانستێکى سێنسی و توانستێکى زەینی (ئینتەلەکتوێلی)؛ یەکەمیان چێژە، دووەمیان لۆگیکە (ئەمە لە خوارەوە ڕووندەبێتەوە). ئەم دوو توخمە بۆ باومگارتن بناغەى ئێستێتیکن وەک تیۆریى مەئریفە.
ئێمە گەرەکە لای باومگارتن ڕەچاوی ئێستێتیکی ڕسکاوی ناخەکی و بەدیهێنراو بکەین. ڕەوشەکانی شێوەی یەکەم بریتین لە: دەرککردن، ئەندێشە، بەهرەی سروشتی، زاکیرە، بەهرەی هەڵبەستڤانی، بەهرەی چێژی چاک؛ لێ ئێستێتیکی بەدیهێنراو (فێربوو) ڕاهێنانە بە توانستە ڕسکاوەکان. ئێمە لێرەدا هاوکات دەبینین کە لە ئێستێتیکی باومگارتندا جارێ هەردوو لایەنی پرۆدوکسیۆن (بەرهەمهێنان) و ڕێسێپسیۆن (وەرگرتن) سەربەخۆ لە یەک دانەنراون، بە واتایەکی دی، جوانێتی تەنیا پرسی هونەرمەند نییە، بەڵکو هینی وەرگریشە و ئێستێتیکەکەی باومگارتن بەبێ جیاکردنەوەیان پێوەیان خەریکە.
بۆ تێگەیشتنی نزیکتر لە “هزرینی جوان” گەرەکە بڕوانین کە چۆن باومگارتن پێناسەی جوانێتی دەکات. ئەو لێرەدا دوو تێز دەچەسپێنێت: جوان ئەوەیە کە لای مرۆڤ سەرسووڕمان دەخاتەوە، لێ هاوکات جوان ئەوەیە کە کامیلە. ئێمە لێرەدا مێتافیزیکی جوانێتیمان هەیە کە باومگارتن پابەند بە تیۆریی ئافراندنەوە (خولقاندنەوە) ئاوەڵای دەکات: چێژ بڕیاردانی ئێستێتیکییە بەسەر “کامیلێتی”ی بابەتەکەدا، بۆیە پێویستە مرۆڤ، کارێک بڕیار بەسەر شتێکدا وەک “جوان” دەدات، ئاگای لەوە بێت کە داخۆ بڕیارەکە ڕاستە یان هەڵەیە. گەر من بەڕێى سێنسەکانمەوە (چاو، گوێ) بڕیار بدەم، پەیوەندم بە چێژەوە، لێ بۆ ئەوەی بڕیارەکەم ئێستێتیکى بێت، نابێت بەپەلە بڕیار بدەم و لێرەشەوە دەرفەت بۆ هاتنەئارای هەڵە بڕەخسێنم. باومگارتن هەر لەم پەیوەندییەدا جەخت لە بنەڕەتێکی دیکە دەکات: نابێت چێژەکە گەندەڵ بێت. چۆن کرداری ئافراندن لای خودا هاوکات مەئریفە و کردارە، بە هەمان شێوە “هزرینى جوان”یش هاوکات مەئریفە و کردارە و جیهان ئێستێتیکییانە پێشان دەدات. پێشاندانی ئێستێتیکییانەی جیهان لە توانستی بڕیاربەسەردادانەوە سەرهەڵدەدات، کەواتە پێشاندانەکە گشتێتیی هەیە، هێندە نەبێت کە لێرە ئاڕاستەیەک ڕووەو شعور و هەست وەردەگرێت. لەم ڕوانگەیەوە گەرەکە جیهان لە پێشبینیکردنى خۆییدا بەگوێرەی هەقیقەتەکەی دیاربدات، واتا لە کامیلێتییەکەیدا، لەم پەیوەندییەشدا ڕێکخستن و هارمۆنى بە هەمەجۆرێتیى جیاواز دەدرێت.
کەواتە بابەتەکان هەروا ئاسان دیاردەی پەتی و سەربەخۆ نین، بەڵکو لە دیاردانیاندا ئاماژە بۆ ئەو شتە دەدەن کە ئەوان بەڕێیەوە دیاردەدەن – بۆ مۆناد. لەم ڕوانگەیەوە چێژ، یان بە زمانی باومگارتن: توانستی بڕیاردان، تایبەتمەندیی هەرکەس نییە، بەڵکو هینی پسپۆرە وەک تاکە دادوەری هونەر، واتا کەسێتییەک کە پەروەردەیەکی (پرۆسەیەکی فێربوونی) تایبەتیی هەیە: ئەو خاوەنی توانستێکى پێگەییوی بڕیاربەسەردادان و چێژێکى پاڵێوراوە، هەروەها چێژێکی ناسک یان ورد، کە ئیدی کاتێک ئەو بڕیار بەسەر جوانێتیدا دەدات، بڕیاردانەکەی بەسەر هەر شعورێکدا نییە کە سێنسەکان هێناویانەتە ئاراوە، بەڵکو بڕیار بەسەر هەست بۆ جوانێتیدا دەدات. لەم هەستەدا تەواوی بابەتەکە دەرکپێدەکرێت، ئەوجا کاتێک پسپۆر بڕیاردەدات: “ئەمە جوانە”، لێرەدا ئەو تەواوی بابەتە بەدیهێنراوەکە دەناسێت. بۆیە ئێستێتیکی باومگارتن تایبەتە بە سەبژێکت: لە هەموو سەبژێکتێکدا جیهان وێنە دەدرێتەوە، یان: بابەتەکان کە تایبەتن بە بڕیاری چێژ، سەرلەنوێ لە مەئریفەدا پێشبینى دەکرێنەوە (وێنادەکرێنەوە)، جا گەرچی ئەوە بە شێوەی جیاواز: بەرهەمهێنەرانە یان وەرگرانە.
چێژ ڕەچاوى کامیلێتیى جیهان وەک جیهانی جوان دیاردەر دەکات. لە جیهاندا شتەکان بەدووی یەکدا دێن تاکو شکۆی خودا دەربخەن. چۆن تیۆلۆگیى ئافراندن لە مەئریفەی خودادا گەرەنتییەک بۆ سەیرورەی جیهان دەبینێت، بە هەمان شێوە باومگارتن لە توانستى بڕیارداندا (چێژدا) بناغەى هێنانەئاراى کاری هونەرى دەبینێت. پرۆسەی هۆنینەوە هەمیشە ڕوونیی پتر و پتری گشتگیر (ئێکستێنزیڤ) دەخاتەوە، ئەوجا لە کۆتاییدا پێشانی دەدات کە ئەم جیهانە بەڕاستی (بەگوێرەی گریمانەکەی لایبنیتس) پێکهاتەیەکی هارمۆنیانەی باڵاترین کامیلێتیی شیاوە، واتا: چاکترینی سەرجەم جیهانە شیاوەکان. هونەر چاو بۆ کامیلێتیی جیهان دەکاتەوە.
بەم شێوەیە هونەر دەبێت بە لاسایی، چونکە باومگارتن ئافراندنی هونەری پابەند دەکات بە کرداری ئافراندنی خوداوە. هەردوو ئافرێنەر، خودا و هونەرمەند، ئەوجا ئافرێنراوەکانیان، لە پەیوەندییەکی ڕێژەییدان: خودا، وەک گشتگیر و مەزنترین، خۆی لە سەرووی مرۆڤەوە، کەواتە لە سەرووی هونەرمەندەوە دەبینێتەوە، بۆیە جیهانی ئافرێنراوی خودا دەبێت بە پێشنموونەی ئافراندنەکانی هونەرمەند: ئەو لاسایی جیهان، سروشت، دەکاتەوە، بێگومان نەک ئەو سروشتە کە کردەکییانە، وەک دیاردەی فاکتی، لەگۆڕێیە، بەڵکو هونەر لاسایی پێشبینییەکی سروشتە لە کامیلێتی و هارمۆنیدا، کەواتە هینی ئەو سروشتەیە کە بنەڕەتی سروشتی فاکتییە: “سروشت و هەڵبەستڤان شتی هاوشێوە دەهێننە ئاراوە، هەر لەبەر ئەم هۆیەشە کە هەڵبەست لاسایی سروشتە” (پەرەگراف ١١٠).
هەڵبەستڤان بە مەئریفەی ورد و هونەری، وردتر و ڕۆشنتر پێشبینیی ئەو سروشتە هارمۆنییە دەکاتەوە کە خودا ئافراندوویەتی، بۆیە باومگارتن پێناسەی هەڵبەست دەکات وەک “بێژتنی کامیلی سێنسی”، بێژتنیش تەنیا کاتێک کامیلە، گەر هاتوو توخمەکانی تەقەلا بدەن بۆ ئەوەی بە مەئریفەی پێشبینییە سێنسییەکان بگەن (پەرەگرافی ٧). جوانی، جا لە لایەن هەڵبەستڤان، وێنەساز یان موزیکسازەوە بهزرێنرێت، سەرئەنجامی پەیوەندییەکی هارمۆنییە، هینی پێکەوەسازیی (کۆنسێنسوسی) پێشبینییەکان لەنێو یەکدیدا و هەروەها هینی دەستوێژەکانیش کە بۆ گوزارشتکردنی ئەوان بەکاردەهێنرێن. گەرچی هونەرمەند ئازادییەکی تایبەتیی هەیە، سەرەڕای ئەوە ناچارە پابەندی یاساکان بێت تاکو بەڕێیانەوە لە ڕاستیی مێتافیزیکی نزیکبکەوێتەوە.
لێرەدا ڕوونتر ئەدگارێکی کرۆکییانەی ئێستێتیکەکەی باومگارتن دەبینین: هەر شتێک ئێستێتیکییانە چەوت بێت، لە هونەردا جێی نابێتەوە. هەر شتێک سێنسەکان تووڕە بکات و بەو هۆیەشەوە نەتوانن قبووڵی بکەن، چەوتە. سەری ئەسپ بە ملی مرۆڤ ناگونجێت – ئێستێتیکی باومگارتن قبووڵی ناکات. هەر لەم ڕوانگەیەوە هەڵبەستڤانێک ناتوانێت ببێژێت: “سەرمای زستان ناخم گەرم دادێنێت چونکە هینی نیشتمانەکەمە”. ئاخر لێرەدا کاراییەکی پێکڤەیی سێنس و لۆگیک (شعور و زەین) لەگۆڕێ نییە. هونەر نابێت لە بنەڕەتی جوانێتی و چاکە و ڕاستێتی دووربکەوێتەوە، بە شێوەیەکی دی ببێژین، هونەر دەبێت خۆی بەدوور بگرێت لە ناکامیلێتی ی مەئریفەی سێنسی کە بۆ باومگارتن واتای ناشرینی دەگەیەنێت.
لە بنەڕەتدا ئەوە ڕۆمانتیکییەکان بوون کە دوای باومگارتن ناشرینیان ‌هێنایە نێو ئێستێتیکەوە. بۆ نموونە فریدریش شلێگل لەدژی تێڕوانینی “چاکە، ڕاستێتی و جوانێتی” لای باومگارتن دەبێژێت، گەر ئەرکی هونەر ئەوە بێت کە “نەزرەی ڕەها” بگەیەنێت، ئەوا ناشێت کایەی هونەر تەنیا جوانی بێت، چونکە ڕەهایەتی (ئەلموتڵەق) پرۆژە پێچەوانەکەش لە خۆ دەگرێت، واتا: خراپە، نالەباری، ناکامیلێتی، وێرانەیی، بەکورتی: ناشرینی. بێگومان گەرەکە لێرەدا ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە باومگارتن لاریی لە هزراندنی یان داڕشتنی ناشرینی نییە گەر هاتوو بە جوانی ڕووبدات، وەلێ بە دیدی ئەو هزراندنی ناشرینی بەناشرینی لە دەرەوەی هونەرە، ئاخر، وەک پێشتر پێشانمان دا، ناکامیلێتیی مەئریفەی سێنسی بۆ ئەو واتای ناشرینی دەگەیەنێت، ئەمەش بەندە بە مێتافیزیکی جوانێتییەوە لای ئەو.
بە هەر حاڵ، هەوڵەکەی باومگارتن بۆ دانانی هونەر لەنێو چێوەی تیۆرییەکی مەئریفەی سێنسیدا کاریگەریی لەسەر سیستەمە ئێستێتیکییەکانی سەدەم هەژدەیەم نواند. ئەو بوو بە پاڵهێزێکی ڕۆشناییەکان. مرۆڤ لە ڕۆشناییەکاندا دەیویست بە داڕشتنی جوانێتی لە زانستدا و بە بەرجەستەکردنی لە هونەردا، “توانستە” لەیەک جوداکانی ئاوەز و سێنسێتی یەکبخات، تاکو بەو ڕێیەوە کاریگەری لەسەر مرۆڤ بنوێنێت بۆ ئەوەی ببێت بە ئێستێتیکی. هەروەها ئێستێتیکی باومگارتن لە ئیدیالیزمی ئەڵمانیدا بوو بە بنەڕەتێک بۆ کارکردنی هەر یەک لە کانت و شێلینگ و هێگل: ئەمان، بەگوێرەی مێتۆدی هزرینی خۆییان، خۆ گرێداو بە باومگارتنەوە پرسەکانی ئێستێتیکیان بە دیارهێنانی جیاوازی تایبەت پتر ئاوەڵا کرد. بۆ نموونە کانت بەڕێزەوە باومگارتنی ناو نا “شارەزایەکی بلیمەت لەنێو مێتافیزیکییەکاندا”، لێ ئەو مێتافیزیکی جوانێتیی ڕەتکردەوە. بە دیدی کانت جوانێتی هیچ بایەخێکی مێتافیزیکیی نییە و تەنیا بەندە بە خودی سەبژێکتەوە. بابەتی بڕیارى ئێستێتیکی (واتا بڕیارى چێژ) بریتییە لە هەست، هەستیش لە لایەنى خۆیەوە کاریگەری لەسەر هاتنەئارای مەبەستى سەبژێکتیڤى دەنوێنێت، کە ڕاستەوخۆ (واتا بەبێ تێگە) پڕحەزانە شعورى پێدەکرێت. جوانێتی مەئریفەمان پێناگەیەنێت، چونکە جوانێتی بەرهەمی گەمەی ئازادی هێزەکانی مەئریفەیە، واتا هینی توانستی وێناکردن و زەین. ئاخر گەر تێگە نەبێت، مەئریفەش نابێت.

——————————–
سەرچاوەکان:
بە کوردی:
ئانێماری گێتمان زیفەرت: ڕێبەرییەک بۆ ئێستێتیک. لە ئەڵمانییەوە: کاوە جەلال. چاپی دووەم. کوردڕاوم ٢٠٢٢.
بە ئەڵمانی:

Baumgarten, Alexander Gottlieb: Ästhetik. Hamburg 2007.
Hauskeller, Michael: Alexander Gottlieb Baumgarten. In: Klassiker der Kunstphilosophie, hg. Stefan Majetschak, München,2005.
Leibniz, Gottfried Wilhelm: Monadologie. Stuttgart 1994.
Ursula Franke, Baumgartens Erfindung der Ästhetik, Münster 2018
Metzler Philosophen Lexikon. Spektrum.de




11ی ئۆكتۆبه‌ری كه‌ركوك, 11ی سه‌پته‌مبه‌ری كوردستان بوو… عه‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

ئۆپه‌راسیۆنی لێدانی نه‌وتی كه‌ركوك یان فه‌تحی یه‌ك, یه‌كه‌م ئۆپه‌راسیۆن بوو ئێرانییه‌كان له‌ ناوخۆی عێراق به‌ هاوكاری پێشمه‌رگه‌ی ینك ئه‌نجامیاندا، یه‌كه‌م جار بوو ئێرانییه‌كان له‌ گه‌ڵ لایه‌نێكی عێراقی و كوردی له‌ناو خاكی عێراق ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش ئه‌نجام بده‌ن, پێشتر فه‌جری دوو له‌ سنووری حاجی ئۆمه‌ران ئه‌نجام درابوو, لێ فه‌تحی یه‌ك له‌ قوڵایی 180 كیلۆمه‌ری خاكی عێراق و به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ستیارترین پڕۆژه‌ی ئابووری عێراق كه‌ كۆمپانیای نه‌وت و گازه‌ ئه‌نجامدرا, له‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌ هێزی هاوكاریكه‌ر كه‌ ی ن ك ه‌, ده‌بێته‌ هێزێكی هێرش كه‌ر له‌ بری ره‌سه‌د و چاوساغی وه‌ك له‌ فه‌جری دوو پارتی-حسك ئه‌نجامیان دا, له‌ فه‌تحی یه‌كه‌وه‌ ئیتر هێنانی پاسدار وه‌ك كاری قۆنته‌راتی بۆ ینك, پدك, حسك, حیزبواڵله‌و بزووتنه‌ه‌ی ئیسلامی لێ دێت, ته‌نانه‌ت مه‌جلس ئه‌علاو ده‌عوه‌ش ده‌چنه‌ ناو ئه‌و قۆنته‌راته‌وه‌ له‌ سنوری قه‌ڵه‌مڕه‌وی لایه‌نه‌ كوردییه‌كانه‌وه‌, كوردستان وه‌ك شاری بێ ساحێبی لێ دێت, به‌ پانی و درێژی كوردستان پاسدار ده‌سوڕێنه‌وه‌, سیخوڕی ده‌كه‌ن, خه‌ڵكه‌ كڕن, تۆڕی جاسوسی دروست ده‌كه‌ن.

بۆ قه‌رارگای ره‌مه‌زان

له‌ دوای ئۆپه‌راسیۆنی فه‌جری دوو به‌ هاوبه‌شی پارتی, گرنگی ئه‌م ته‌رزه‌ جه‌نگه‌ هاوبه‌شانه‌ له‌ گه‌ڵ هێزه‌كانی كوردی عێراق بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌ركه‌وت, كه‌ له‌ هێرشه‌كانی به‌ بنبه‌ست گه‌یشتبوو, كه‌مترین زیان زۆرترین ده‌ستكه‌وت, بۆیه‌ بڕیاری كردنه‌وه‌ی ناوه‌ندێك بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنی ئه‌م ته‌رزه‌ جه‌نگه‌ ده‌ده‌ن.

له‌ رێكه‌وتی3 23-10-198به‌ فه‌رمانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای به‌رگری ئێرانی ئایه‌تولا خامنه‌ئی ره‌زامه‌ندی درا بۆ دروستكردنی باره‌گایه‌ك بۆ جێبه‌جێكردنی ئۆپه‌راسیۆنه‌ سنوور به‌زێنه‌كان, له‌ مانگی ره‌مه‌زانی ساڵی 1962 یه‌كه‌م فه‌رمانی فه‌رمانده‌یی بۆ مورته‌زا ره‌زایی ده‌رچوو بۆ دامه‌زراندنی قه‌رارگایه‌ك بۆ مه‌به‌ستی ئاماژه‌ پێدراو, بۆیه‌ به‌ ناوی قه‌رارگای ره‌مه‌زان ناونرا, چونكه‌ له‌ مانگی ره‌مه‌زان بڕیاری پێكهێنانی درا, ئه‌م قه‌رارگایه‌ ئه‌ركی رێكخستن و ئه‌نجامدانی چالاكی هاوبه‌ش بوو له‌ناو عێراق به‌ هاوبه‌شی لایه‌نه‌ كوردی و عێراقییه‌كان.‌عملیات فتح ۱؛ عملیاتی در عمق خاک عراق‌

نه‌بوونی متمانه‌ به‌ ینك

به‌ وته‌ی پاسداران ئه‌و هێزانه‌ی ئێران بۆ ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی فه‌تحی یه‌ك ده‌یانویست بچنه‌ ناو عێراقه‌وه‌ دوو كێشه‌یان هه‌بوو: یه‌كێكیان متمانه‌یان به‌ پێشمه‌رگه‌ی ی ن ك نه‌بوو, چونكه‌ یه‌كێتی بۆ ئێرانییه‌كان به‌و كه‌سانه‌ ناسرا بوون كه‌ له‌ هه‌ر ساتێكدا به‌ ئاراسته‌یه‌كدا ده‌ڕۆن, به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆیانه‌وه‌ن، پێشتر له‌گه‌ڵ سه‌دامدا ئاشت بوونه‌ته‌وه‌و رێك كه‌وتوونه‌, وه‌ چه‌ند جارێك له‌ دژی كۆماری ئیسلامی ئێران شه‌ڕیان كردبوو.
به‌ڵام ئێستا ی ن ك نوێنه‌ریان ناردووه‌ بۆ ئێران, ئاماده‌یی خۆیان بۆ یاوه‌ری كۆماری ئیسلامی له‌ دژی ڕژێمی به‌عس ڕاگه‌یاندبوو بۆ ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش, به‌هه‌مان رێگای پارتیدا رۆیشتن.
مجله امتداد ێ‌بان 1387، شماره 34
عملیات چریکی در قلب عراق;نبرد کرکوک به روایت فرمانده عملیات
كه‌واته‌ ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی فه‌تحی یه‌ك پێشنیاری ی ن ك بووه‌, كه‌ركووكی له‌ سه‌ر سینییه‌ك زێڕین پێشكه‌ش كۆماری ئیسلامی ئێران كردووه‌, ماوه‌ته‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی گریمانه‌ بزانین كێ ئه‌ندازیاری ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ بووه‌ سه‌ره‌تا؟, وه‌ كێ بووه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی په‌یامه‌كه‌ی گه‌یاندووه‌ به‌ ئێرانییه‌كان؟.

ینك چۆن چیرۆكی په‌یوه‌ندییه‌كه‌ ده‌گێڕنه‌وه‌؟

هه‌رچه‌نده‌ پێشتر خواستی ی ن ك بۆ په‌یوه‌ندی له‌ گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران ره‌تكراوه‌ته‌وه‌, ته‌نانه‌ت ئاماده‌ی گفتوگۆش نه‌بوونه‌ له‌ گه‌ڵ ینك, به‌ڵام چاوی ئێرانییه‌كان له‌ سه‌ر فه‌تحی یه‌ك وا ده‌كات, خۆیان عه‌وداڵی په‌یوه‌ندی بن”نه‌وشیروان به‌ بیری هێنایه‌وه‌ ” كه‌ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئێراندا هه‌ڵگیرساو ئێمه‌ وه‌فدێكمان نارد بۆ لای ئێوه‌ قبوڵتان نه‌كرد” – ل149-مام جه‌لال دیداری ته‌مه‌ن – ئاماده‌كردنی سه‌لاح ره‌شید-چاپی یه‌كه‌م 2017 چاپخانه‌ی كارۆ.
فه‌ره‌یدون عه‌بدالقادر یه‌كێك له‌ كه‌سه‌ نزیكه‌كانی ئه‌وكاتی خه‌تی نه‌وشیروان مسته‌فا و هاوكات نزیك له‌ ئێران, ئاوا چیرۆكی یه‌كه‌م په‌یوه‌ندی له‌ گه‌ڵ ئێرانمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌” تا رۆژێكیان لێپرسراوێكی ئێرانی به‌ ناوی مسته‌وفی له‌ گه‌ڵ سلێمانی قه‌ساب هاتن و گفتوگۆی راسته‌وخۆو جدییان له‌ گه‌ڵ یه‌كێتی كرد, مام جه‌لال و كاك نه‌وشیروان به‌ راستگۆیی و به‌ رۆشنی قسه‌یان له‌گه‌ڵ كرد و ترسی ئه‌وه‌یان لا ره‌وانه‌وه‌, كه‌ گه‌رم بوونی په‌یوه‌ندی ئێران له‌ گه‌ڵ یه‌كێتی, وا له‌ یه‌كێتی ناكات, كه‌ وه‌ك تاكتیك و كارتێكی گوشار بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ عیراق به‌كاری بهێنێ! ( سلێمان قه‌ساب و خاڵه‌ حاجی) , هه‌ردوو له‌ حسك رۆڵی باشیان هه‌بوو له‌ هاندانی ئه‌و لێپرسراوانه‌ی كۆماری ئیسلامیی ئێران, بۆ به‌رده‌وام بوونی سه‌ردانه‌كانیان بۆ لای یه‌كێتی! هاوكات قه‌ناعه‌ته‌كانی (نه‌وشیروان) یش, بۆ سوود وه‌رگرتنی ته‌واو له‌ شه‌ڕی (ئێران-عێراق), له‌ دژی صدام و رژێمه‌كه‌ی, ده‌وری هه‌بوو له‌ خۆشكردنی زه‌مینه‌ی له‌بار بۆ زیاتر په‌یوه‌ندی كردن له‌گه‌ڵ ئێران! “.ل 529-530 هه‌ڵۆ سوره‌كانی قه‌ندیل فه‌ره‌یدون عه‌بدوالقادر چاپی دووه‌م 2020”.
به‌ڕێز نه‌وشیروان مسته‌فا له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت:” له‌و ماوه‌یه‌دا چه‌ند كه‌س له‌ به‌رپرسه‌كانی یه‌كێتی: له‌ سه‌ره‌تادا دلێری سه‌ید مه‌جید و دوای ئه‌و د.فوئاد مه‌عسوم ، ئازاد هه‌ورامی، جه‌بار فه‌رمان، دارای شێح جه‌لالی حه‌فید، ڕه‌فعه‌ت عه‌بدالڕه‌حمان، عه‌لی بچكۆڵ، شێردڵ حه‌وێزی، جه‌لال عه‌بدوالقادر به‌ كۆمه‌ڵ و به‌جیا سه‌ردانی ئێرانیان كرد له‌سه‌رده‌شت، ورمێ،كرماشان له‌ گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستی ئێرانی له‌ ئیتڵاعات و سوپای پاسداران دانیشتن – خولانه‌وه‌ له‌ناو بازنه‌دا دیوی ناوه‌وه‌ی ڕوداوه‌كانی كوردستانی عێراق1984-1988 نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین چاپی دووه‌م 1999-ل”103.
“له‌ ناو ئه‌واندا دو سه‌ردان گرنگییان هه‌بو، كاریان له‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی ئێران و یه‌كێتی كرد یه‌كه‌میان، سلێمان قه‌ساب، كه‌ یه‌كێ له‌ كادره‌كانی حسك بو، یه‌كێ له‌ كاربه‌ده‌ستانی ئیتڵاعاتی له‌ گه‌ڵ خۆی هێنا.هه‌م گفتوگۆی سیاسی له‌گه‌ڵ كرا؟و هه‌م خۆیشی حه‌زی كرد گه‌شتێكی خێرابه‌ هه‌ندێ ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی دا بكا. له‌ یه‌كێ له‌و گفتوگۆیانه‌ی له‌ نێوان ئه‌م و هه‌ندێ له‌ ئه‌ندامانی م س كرا، ئه‌م نوێنه‌ره‌ قسه‌یه‌كی كردو وتی:((ئێوه‌ تازه‌ گفتوگۆتان؟له‌گه‌ڵ عێراق بڕیوه‌، زه‌مان چیه‌ ئه‌م پێوه‌ندیه‌ی له‌ گه‌ڵ ئێرانی دروسه‌ی په‌كه‌ن، به‌كاری ناهێنن بۆ؟ئه‌وه‌ی هه‌ڵوێستتان به‌هێز بكا له‌ گفتوگۆی داهوتان دا له‌گه‌ڵ عێراق؟))ل104.
“دوای ئه‌میش وه‌فدێكی كه‌سی هات، تێكه‌ڵاو بو له‌ نوێنه‌ری چه‌ند وه‌زاره‌ت و ده‌زگای جیا جیای ئێرانی. وه‌كو دوای ده‌ركه‌وت سه‌رۆكی وه‌فده‌كه‌یان، سه‌رۆكی ده‌زگای ئیتڵاعاتی سوپا بو. خولانه‌وه‌ له‌ناو بازنه‌دا دیوی ناوه‌وه‌ی ڕوداوه‌كانی كوردستانی عێراق1984-1988 نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین چاپی دووه‌م 1999- ل 105.

بیرۆكه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی فه‌تحی یه‌ك

سه‌باره‌ت به‌ بیرۆكه‌ی لێدانی نه‌وته‌كه‌ی كه‌ركوك فه‌ره‌یدون عه‌بدوالقادر ده‌ڵێت: “نه‌وشیروان, نه‌خشه‌ی په‌لاماردانی بیره‌ نه‌وته‌كان له‌ مێشكی دا بوو, ئه‌وه‌ش گه‌وره‌ترین دان رۆكردن و چه‌شه‌ كردن بوو بۆ لێپرسراوه‌ ئێرانییه‌كان, به‌ تایبه‌تی ئه‌و شانده‌ی ئێران, كه‌ سه‌ردار وه‌حیدی له‌ گه‌ڵیان هاتبوو!” وه‌حیدی ماوه‌یه‌ك لێپرسراوی ئیتڵاعاتی سوپاو ماوه‌یه‌كیش فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی پیاده‌رۆی سوپای پاسدارانی ئێران بوو”.ل 529-530 هه‌ڵۆ سوره‌كانی قه‌ندیل فه‌ره‌یدون عه‌بدوالقادر چاپی دووه‌م 2020″.
سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی فه‌تحی یه‌ك نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌ڵێت:”یه‌كێ له‌و كارانه‌ی كه‌ ئێرانیه‌كان به‌ لایانه‌وه‌ گرنگ بو بكرێ لێدانی دامه‌زراوه‌كانی نه‌وتی كه‌ركوك بو. له‌ نزیك كه‌ركوك به‌ ته‌نیا هێزی یه‌كێتی لێ بو. هێزه‌كانی یه‌كێتی ئه‌یانتوانی بگه‌نه‌ ناو بیره‌كانی نه‌وت و ، بگه‌نه‌ نزیك دامه‌زراوه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی”.
“ئێمه‌ خۆمان چه‌ند ساڵێ بو بیرمان له‌ لێدان و تێكدانی كردبووه‌و زانیاری زۆرمان له‌سه‌ر كۆكردبوه‌وه‌، به‌ڵام جێبه‌جێكردنی له‌ توانای ئێمه‌دا نه‌بو، به‌ تایبه‌ت چه‌ك و تفاقی جه‌نگیی ئێمه‌ زۆر ساده‌و دواكه‌وتو بو بۆ ئه‌نجامدانی كارێكی له‌و بابه‌ته‌، به‌ كه‌ڵك و كاریگه‌ر نه‌بو. خولانه‌وه‌ له‌ناو بازنه‌دا دیوی ناوه‌وه‌ی ڕوداوه‌كانی كوردستانی عێراق1984-1988 نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین چاپی دووه‌م 1999-ل106”.
“سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی له‌به‌ر گرنگی كاره‌كه‌، دانان و جێبه‌جێكردنی پلانی هه‌موو چالاكیه‌كه‌یان به‌ من سپاردو، من ڕۆژانه‌ ئه‌بو خه‌رێكی ورده‌كاری پلانه‌كه‌ بم. ئێرانیه‌كان ئه‌م كاره‌یان به‌لاوه‌ زۆر گرنگ بو، ته‌نانه‌ت به‌ مه‌رجی جدی بونی یه‌كێتی له‌ شه‌ڕی عێراق و ، هاوكاری پاشه‌ڕۆژیان دانابو. خولانه‌وه‌ له‌ناو بازنه‌دا دیوی ناوه‌وه‌ی ڕوداوه‌كانی كوردستانی عێراق1984-1988 نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین چاپی دووه‌م 1999 ل 107”.

نرخ بۆ سه‌ری پاسداره‌كان دیاریكرابوو

ئێرانییه‌كان ده‌ڵێن ویستمان بچین له‌گه‌ڵ كه‌سێكدا هاوشان شه‌ڕ بكه‌ین كه‌ له‌ دژی ئێمه‌ پێشتر شه‌ڕی كردبوو, ئه‌وه‌ حاڵه‌تێكی ده‌روونی زۆر سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی ده‌ویست. ئه‌مه‌ یه‌كه‌م تایبه‌تمه‌ندی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ بوو؛ بۆیه‌ ده‌بوایه‌ ئه‌و برایانه‌ی كه‌ ده‌چوونه‌ ناو خاكی عێراق متمانه‌یان پێیان بكردایه‌ و بچنه‌ قووڵایی خاكی عێراق و ئۆپه‌راسیۆنێكی وا گه‌وره‌یان له‌ كه‌ركوك ئه‌نجامدابا, بۆ ماوه‌ی 45 رۆژ له‌ ناوخۆی عێراقدا مانه‌وه‌ .
ئه‌وكات نه‌مانزانی كه‌ عێراق له‌و رۆژه‌دا به‌خشینێكی بۆ سه‌ری هه‌موو ئێرانییه‌كی سه‌ر به‌ رژێمی ئێران دانابوو. ئه‌و كات دوو سه‌د هه‌زار دیناری بۆ سه‌ری هه‌ر ئێرانییه‌ك دانابوو، هه‌ر دینارێك یه‌كسان بوو به‌ ٦٨ تومان!.
مجله امتداد ێ‌بان 1387، شماره 34
عملیات چریکی در قلب عراق;نبرد کرکوک به روایت فرمانده عملیات

گواستنه‌وه‌ی پێداویستی ئۆپه‌راسیۆنی فه‌تحی دوو

گواستنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه‌ له‌ سه‌ر سنووری ئێرانه‌وه‌ بۆ كه‌ركووك, یه‌كێكه‌ له‌ لایه‌نه‌ گرنگه‌كانی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌, له‌مه‌شدا له‌ قه‌باره‌ی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی هاتوو جیاوازی ئامار هه‌یه‌, وه‌لێ به‌ هه‌مووه‌وه‌ ده‌توانرێت زیانیاری نزیك به‌ ده‌ست بهێنرێت.
” له‌ ماوه‌ی ده‌ شه‌ودا زیاتر له‌ 3 هه‌زار بار له‌ سه‌ر سنووری ئێرانه‌وه‌, له‌ باره‌گایه‌كی پاسداران له‌ نێوان بانه‌و سه‌رده‌شت, به‌ ده‌روازه‌ی سه‌فره‌و زه‌نوون ی نزیك ماوه‌ت هاتنه‌ ناو عێراقه‌وه‌، له‌ چه‌كی قورس هاوه‌نی 120 ملم و كاتیۆشا و چه‌كی مام ناوه‌ندی و سوك و ته‌قه‌مه‌نی, 3000 گوله‌ی هاوه‌ن و هه‌زاران رۆكێتی كاتیۆشاو ژماره‌یه‌كی زۆر رۆكێتی ئاڕ پی جی و گوله‌ی دۆشكاو تفه‌نگ و خۆراك و پێداویستی پزیشكی, هه‌ر شه‌وێك ٣٠٠ باری هێستر پێداویستیه‌كانی ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌یان له‌و ڕێگایه‌وه‌ ده‌برده‌ ناو خاكی عێراقه‌وه‌”.

مجله امتداد ێ‌بان 1387، شماره 34
عملیات چریکی در قلب عراق;نبرد کرکوک به روایت فرمانده عملیات

” 150 تۆن کەرەستەی سەربازی و 300 ئۆپەراتۆری سوپای پاسداران لە ئێرانەوە لە پشت هێڵەکانی دوژمنەوە گواسترانەوە بۆ کەرکوک, لە ئۆپەراسیۆنێکی شاراوەدا کە ماوەی 40 ڕۆژ بەردەوام بوو. كه‌ره‌سته‌كان بەم شێوەیە بوون: 1500 كڵاشینكۆف, 40 بی كه‌ی سی , 15 دۆشكه‌, 60 ئاڕ پی جی , 3هاوه‌نی 120 ملم , 2 هاوه‌نی 81 ملم, 1500 گوله‌ی هاوه‌نی 120 ملم, 1000 گوله‌ی هاوه‌نی 81 ملم, 500 گوله‌ی هاوه‌نی 60 ملم, 7354 رۆكێتی ئار پی جی, 500 گوله‌ی تفه‌نگی 60 ملم, 2000 گوله‌ی تفه‌نگی 107 ملم, 21500 گوله‌ی كڵاشینكۆف, 10000 گوله‌ی بی كه‌ی سی, 12000 گوله‌ی دۆشكه‌.
https://en.wikipedia.org/wiki/Operation_Fath_1
به‌ڕێز نه‌وشیروان مسته‌فا له‌م باره‌وه‌ ده‌نوسێت: گوێزانه‌وه‌ی تفاقی جه‌نگی ئه‌و تفاقه‌ی بۆ ئه‌م كاره‌ پێویست بو له‌ :10هاوه‌نی 120ملم، 4كاتێۆشا، 45ته‌ن گولله‌ی هاوه‌ن و كاتیۆشا، چه‌ند دانه‌یه‌ك سامی 7ی دژی فڕۆكه‌، چه‌ند دانه‌یه‌ك ساروخی دژ تانك و، هه‌ندێ فیشه‌كی كڵاشینكۆف. ئه‌مانه‌ پێشتر ، به‌ سه‌رپه‌رشتی جه‌بار فه‌رمان له‌ زه‌رده‌كانیه‌وه‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ به‌ كۆڵی ئێسترگوێزرابونه‌وه‌ بۆ دۆڵی جافه‌تی. گوێزانه‌وه‌ی كارێكی یه‌كجار دژوارو سه‌خت بو. ئه‌بو جارێك له‌ زه‌رده‌كانی بار بكرێ و له‌سه‌ر چه‌می كه‌ڵوێ دابگیرێ و به‌ گوریس له‌ ڕوبار بپه‌ڕێته‌وه‌، جارێكی تریش له‌ ئێستر بار بكرێ تا ئه‌گه‌یشته‌ یه‌كێ له‌ عه‌ماره‌كانی دۆڵی جافه‌تی و له‌ ئه‌شكه‌وته‌كانی گوێزه‌ڵه‌و یاخسه‌مه‌ر و هه‌ڵه‌دن ئه‌شاردرانه‌وه‌. خولانه‌وه‌ له‌ناو بازنه‌دا دیوی ناوه‌وه‌ی ڕوداوه‌كانی كوردستانی عێراق1984-1988 نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین چاپی دووه‌م 1999-ل 108-109

دووجار گومان له‌ ئه‌نجامدانی چالاكی

پێش ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ به‌ چه‌ند رۆژێك, نه‌وشیروان مسته‌فا فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنی ینك دوو دڵ ده‌بێت له‌ جێبه‌جێكردنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌, به‌هۆی ئه‌وه‌ی گومانی هه‌بووه‌ له‌وه‌ی هه‌واڵی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ دزه‌ی كردبێت بۆ حكومه‌تی عێراقی, داوا ده‌كات ئۆپه‌راسیۆنی ئه‌لته‌رناتیف جێبه‌جێ بكه‌ن له‌ دوكان” ئه‌وه‌ جێبه‌جێ بكرابایا له‌ لێدانی سه‌دی دوكان, كاره‌سات بوو بۆ كورد, هه‌رچه‌نده‌ له‌ فه‌تحی دوودا ئه‌نجامیان دا به‌لام نه‌یانتوانی سه‌ده‌كه‌ بڕوخێنن, ئه‌وه‌ی ئێرانییه‌كان بلاویان كرده‌وه‌ زۆر درۆ بوو”, وه‌لێ فه‌رمانده‌ی قه‌رارگای ره‌مه‌زان له‌ كرماشان مكوڕ ده‌بێت له‌ جێبه‌جێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی فه‌تحی 1 و لێدانی نه‌وتی كه‌ركوك, ئه‌وان ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌ به‌ گرنگ و پارویه‌كی چه‌ور ده‌زانن, رۆژی یه‌ك شه‌مه‌ رێكه‌وتی 5-10-1986 له‌ رێگای نوێنه‌رایه‌تی قه‌رارگای ره‌مه‌زانه‌وه‌ له‌ گوندی یاخسه‌مه‌ر ئه‌م په‌یامه‌ ده‌گه‌یه‌ننه‌ ده‌ستی به‌ڕێز نه‌وشیروان مسته‌فا: ((مگمئن باشید دشمن متوجه نشده است. شما به خدا اعتماد کنید تردید به خود راه ندهید. بدون فوت وقت و با سرعت و دقت و قاگعیت بر تمامی اهداف حمله ببرید و قلب امام و امت و روح شهدا را شاد کنید. همه منتڤرند. مبادا که در اراده خلل ناپژیر شما که متکی به اراده‌ی خداست، سستی پیش ێ‌ید.)).

فتح یک؛ عملیات چریکی سپاه در کرکوک در سال ۶۵

هه‌موو شتێك بۆ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ ئاماده‌كرابوو, كاتێك شه‌وی 10-10-1986 هه‌واڵێك له‌ لایه‌ن ی ن ك ه‌وه‌ ده‌درێت به‌ ئێرانییه‌كان كه‌ دوژمن سه‌ر به‌رزاییه‌كانی گرتووه‌و هێزی زیاتری كۆكردۆته‌وه‌, له‌و جیگایه‌ی بڕیار وابوو چه‌كه‌كانی لێ دامه‌زرێنن, به‌لام ئێرانییه‌كان پێداگرییان كردبوو له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌, ئێرانییه‌كان ده‌گێڕنه‌وه‌ ده‌ڵێن كورده‌كان ترسابوون.
پێی ده‌چێت ی ن ك له‌سه‌ره‌تاوه‌ خۆیان ده‌ست پێَشخه‌ریان كردبوو بۆ ئه‌م چالاكییه‌, كه‌چی له‌ دوو هه‌فته‌ی پێش ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ ساردییان نواندووه‌ بۆ ئه‌نجام نه‌دانی, وه‌لێ ئێرانییه‌كان مكوڕ بوونه‌.
مجله امتداد ێ‌بان 1387، شماره 34
عملیات چریکی در قلب عراق;نبرد کرکوک به روایت فرمانده عملیات

ناڕه‌زایه‌تی له‌ناو ینك؟

فه‌ره‌یدون عه‌بدالقاددر له‌ یاداشته‌كانیدا ده‌ڵێت: كه‌ باسی لێدانی بیره‌ نه‌وته‌كانی كه‌ركوك كه‌وته‌ ناو گفتوگۆكانه‌وه‌, رۆژێكیان له‌ ماڵی خۆمان له‌ كانی مستفای چۆخماخ كۆبونه‌وه‌یه‌كی مه‌كته‌بی سیاسی كرا بۆ باس له‌ هاوكاری له‌گه‌ڵ ئێرانداو مه‌سه‌له‌ی لێدانی بره‌ نه‌وته‌كانی كه‌ركووك! زۆر لایه‌ن و ئه‌نجامی ئه‌و چالاكیییه‌ له‌ روی سلبی و ئیجابییه‌وه‌ خرایه‌ روو, مشتومڕی زۆری له‌سه‌ر كرا! كاك كۆسره‌ت , ناڕازی بوو, پێ باش نه‌بوو, چونكه‌ پێی وابوو ئه‌وه‌ كێشمان ده‌كات بۆ باریكه‌ رێی پێچاو پێچی وا, كه‌ ناتوانین بزانین كاردانه‌وه‌ی سه‌دام حوسێن, چۆن چه‌ند ده‌بێت و به‌ كوێ ده‌گات! مشت و مڕه‌كان گه‌رم و توند بوون, كۆسره‌ت زویر بوو چوه‌ ده‌ره‌وه‌, ناچار شوێنی كه‌وتم و به‌ زۆر رازیم كرد بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناو كۆبونه‌وه‌كه‌! – ل 530 هه‌ڵۆ سوره‌كانی قه‌ندیل فه‌ره‌یدون عه‌بدوالقادر چاپی دووه‌م 2020.
ئه‌وكات كۆسره‌ت ره‌سول كه‌سێكی به‌هێز بوو له‌ناو ینك و قسه‌كانی جێكه‌وته‌ بوون, پێی ده‌چێت ناڕه‌زایه‌تی توند له‌ناو ینك دژ به‌م چالاكییه‌ هه‌بووبێت, پێشبینییه‌كه‌شیان راست ده‌رچوو, هه‌رچه‌نده‌ دواتر 4 تیپی سه‌ر به‌ ناوچه‌ی هژمۆنیای كۆسره‌ت به‌شداری ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌یان كرد”93,85,86,87″, وه‌ خۆشی سه‌رپه‌رشتی فه‌تحی چواری كرد.
ته‌نانه‌ت له‌ ئاستی خواره‌وه‌ش ناڕه‌زایه‌تی دژ به‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ هه‌بوو, وه‌لێ ناڕه‌زایه‌تییه‌كان نه‌گه‌یشتنه‌ ئاستی هه‌ڵوێستی به‌ره‌و رووبوونه‌وه‌, رێباز ئاوا باسی هه‌ڵوێستی خۆی له‌سه‌ر ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ ده‌كات” سه‌یرێكی كاك م كرد ووتم به‌ ڕاستیته‌ له‌ كه‌ركوك ده‌ده‌ین…ووتی بۆ، هه‌مووی ده‌سووتێنین عێراق به‌ تێپه‌ڕی ناتوانێ ئه‌و خه‌ساره‌ته‌ پڕ بكاته‌وه‌….؟ دیسان پێم ووت ئه‌دی میلله‌تی خۆمان، باشه‌ ئه‌و گوندانه‌، باشه‌ خه‌ڵكه‌كه‌، حكومه‌ت دڕنده‌یه‌ هه‌رچی له‌ ده‌ستی بێت ده‌یكات….ووتی تۆ هه‌ر دژی ئێرانی ئه‌گینا ئه‌وه‌ كارێكی زۆر كرنگه‌…..ووتم ڕاسته‌ كارێكی زۆر گرنگه‌ به‌ڵام قوڕمساغانه‌ نازانن تۆپ به‌كار بهێنن، هه‌ر عه‌یب دارمان ده‌كه‌ن و ته‌نها میلله‌ته‌كه‌مان باری خراپی به‌سه‌ر دێ….ووتی باشه‌ كاكه‌ واز له‌و قسه‌ هه‌له‌ق و مه‌له‌قانه‌ بێنه‌ بڕۆوه‌ لای ده‌شتی هه‌ولێر به‌ڵام لای كه‌س باسی نه‌كه‌ی چونكه‌ كه‌س نازانێ – قه‌ندیل به‌غدای هه‌ژاند به‌شی دووه‌م نووسینی ڕێباز چاپی دووه‌م 2008چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند- ل 382″.
به‌لام ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییانه‌ نه‌چووه‌نه‌ باری جێبه‌جێكردنه‌وه‌, ناڕازییان له‌ بواری پراتیكدا بوونه‌ باسكی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان و گوێیان له‌ ماڵوێرانی خه‌ڵكی كوردستان نه‌گرت.

فه‌تحه‌كان؟

ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی فه‌تح, 10 ئۆپه‌راسیۆنی زنجیریه‌یی بوو به‌ هاوبه‌شی سوپای پاسداران له‌ گه‌ڵ ینك, پدك, حیزبوڵا, ده‌عوه‌, مه‌جلس ئه‌علا ئه‌نجامدران” بۆ حسك یه‌كلا نه‌بوومه‌ته‌وه‌, چونكه‌ زۆربه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان سایده‌ ئێرانییه‌كان دیارییان نه‌كردووه‌ به‌ هاوكاری كام لایه‌نی كوردی ئه‌نجامیان داوه‌”, ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنانه‌ له‌ رێكه‌وتی 11-10-1986 له‌ شاری كه‌ركوك به‌ فه‌تحی 1 ده‌ستی پێكرد, به‌ لێدانی نه‌وته‌كه‌ی شاری كه‌ركووك, به‌ ئۆپه‌راسیۆنی فه‌تحی 10 له‌ رێكه‌وتی 4-9-1987 له‌ ناوچه‌ی سیده‌كان كۆتایی هات , به‌ زنجیره‌ی فه‌تحه‌كان له‌ گه‌ڵ ینك ده‌ستپێكرا, له‌ گه‌ڵ حیزبوڵا و مه‌جلس ئه‌علا كۆتایی پێهات, كۆی گشتی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی فه‌تح 328 رۆژ به‌رده‌وام بووه‌.
فه‌تحی دوو له‌ ناوچه‌ی دوكان, به‌ناو وێرانكردنی دامه‌زراوه‌كانی سه‌دی دوكان له‌ رێكه‌وتی 25-11-1986 له‌ لایه‌ن ینك و ئێرانه‌وه‌ ئه‌نجامدرا.
ئۆپه‌راسیۆمی فه‌تحی سێ له‌ رێكه‌وتی 30-10-1986 ئه‌نجامدرا, له‌ 300 كیلۆمه‌تری خاكی عێراق له‌ ناوچه‌ی زاخۆ, په‌لاماری باره‌گای له‌شكری 38 و گه‌راجی گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی زاخۆ, به‌ هاوكاری پارتی ئه‌نجامدرا.
ئۆپه‌راسیۆنی فه‌تحی چوار له‌ رێكه‌وتی 11-2-1987 ئه‌نجامدرا له‌ ناوچه‌ی ره‌واندز- دیانا, له‌ قولایی 70 كیلۆمه‌تری عێراق, ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ بریتی بوو له‌ په‌لاماردانی باره‌گاكانی سوپای عێراق له‌ خه‌لیفان, ره‌واندز و سدیق, ناوه‌ندی پۆلیس و كاره‌بای ره‌واندز و مایكرۆییه‌كه‌ی چیای كۆڕه‌ك.
رێباز ئاوا باسی ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌ ده‌كات”بڕیاردرا شه‌وی ده‌ له‌سه‌ر یانزه‌ی شوباتی 1987چالاكی گرتنی چیای كۆڕه‌ك و فه‌وجی ئاكۆیان و ڕه‌بیه‌كانی ده‌وروبه‌ر ئه‌نجام بدرێ به‌یانی هه‌موو كه‌سێك وای پێشبینی ده‌كرد كه‌ دوا بخرێ له‌ به‌ر به‌فرو باران.
ئێرانییه‌كان پێیان داگرت بیرم كرده‌و ووتم خۆتان ماندوو مه‌كه‌ن ئه‌وان نیازیان نییه‌ هیچ بكه‌ن ته‌نیا مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌یه‌ له‌ یادی سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی ئێران چالاكییه‌ك بكه‌ن. چه‌ند تۆپێكیان له‌ كوڕه‌ك گرت به‌ڵام هیچی شوێنی خۆی نه‌پێكا. ل398.قه‌ندیل به‌غدای هه‌ژاند به‌شی دووه‌م نووسینی ڕێباز چاپی دووه‌م 2008چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند.” كه‌چی مام غه‌فور له‌ یاداشته‌كانیدا له‌ ل 258 بۆ 260 وا باسی ئه‌م چالاكییه‌ ده‌كات ئێرانی تێدا نه‌بێت و ئۆپه‌راسیۆنێك نه‌بێت له‌ یادی شۆڕشی به‌ناو كۆماری ئیسلامی ئێران, هاوكات به‌شداری فه‌تحی یه‌كیشی كردووه‌ له‌ كرداردا, وه‌لێ له‌ یاداشته‌كه‌ی ئاماژه‌ی پێ نه‌داوه‌؟, له‌ بیره‌وه‌رییه‌كانی له‌وه‌ته‌ی هه‌م پێشمه‌رگه‌م ئاماژه‌ی پێ نه‌داوه‌”.
ئۆپه‌راسیۆنی فه‌تحی پێنج له‌ رێكه‌وتی 14-4-1987 ئه‌نجامدرا, له‌ ناوچه‌ی چوارتا و ماوه‌ت, هاوكات له‌ گه‌ڵ ئۆپه‌راسیۆنی كه‌ربه‌لای10 ئه‌نجامدرا.
ئۆپه‌راسیۆنی فه‌تحی شه‌ش له‌ رێكه‌وتی 17-6-1987 ئه‌نجامدرا, پارتی و حیزبواڵله‌ و حیزبی ده‌عوه‌, له‌ ناوچه‌ی میرگه‌سور -دیانا ئه‌نجامیان داق.
ئۆپه‌راسیۆنی فه‌تحی حه‌وت له‌ رێكه‌وتی 28-6-1987 ئه‌نجامدرا, به‌ دروشمی یا فاتیمه‌ زه‌هرا له‌ ناوچه‌ی سه‌ید سادق و شانه‌ده‌ری و هه‌ڵه‌بجه‌ و كانی پانكه‌, شاری سه‌ید سادق ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرا بۆ ماوه‌ی 4 كاتژمێر, پارتی و ئێران پێكه‌وه‌ ئه‌نجامیان دا.
ئۆپه‌راسیۆنی فه‌تحی هه‌شت له‌ رێكه‌وتی 19-7-1987 ئه‌نجامدرا, له‌ ناوچه‌ی ئه‌تروشی شاری دهۆك, به‌ به‌شداری یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌ڕێوه‌ چوو.
ئۆپه‌راسیۆنی فه‌تحی نۆ له‌ رێكه‌وتی 31-7-1987ئه‌نجامدرا, له‌ ناوچه‌ی سه‌ید سادق هه‌ڵه‌بجه‌ خورماڵ, به‌ دروشمی یا ره‌سواڵله‌, بۆ ماوه‌ی پێنج رۆژ به‌رده‌وام بوو.
ئۆپه‌راسیۆنی فه‌تحی ده‌ له‌ رێكه‌وتی 4-9- 1987 ئه‌نجامدرا, له‌ ناوچه‌ی سیده‌كان به‌ڕێوه‌ چوو, به‌ دروشمی یا ئه‌با عه‌بدولا حوسێن, حیزبواڵله‌ و مه‌جلس ئه‌علا هاوكاری ئێران بوون.

فه‌تحی یه‌ك گه‌وره‌ترین كاری هاوبه‌ش

ئێرانیه‌كان پێیان وایه‌ ئۆپه‌راسیۆنی فه‌تحی یه‌ك گه‌وره‌ترین سه‌كۆی هاوكاری نێوان قه‌رارگای ڕه‌مه‌زان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بوو تا ئه‌و ڕۆژه‌ی ئه‌نجامدرا له‌ رێكه‌وتی 11-10-1987, ته‌نانه‌ت له‌ گه‌ڵ هه‌موو هێزه‌كان, وه‌ كاریگه‌رترینی ناو فه‌تحه‌كانیش بوو.
بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره‌ هاوبه‌شه‌, دوو یه‌كه‌ی سوپای پاسدارانی ئیسلامی دزه‌یان كرده‌ باكوور و باشووری كه‌ركوك و به‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ ڕێكخستنه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان.
https://www.isna.ir/news/97072011106/%D9%85%D8%B1%D9%88%D8%B1%DB%8C-%D8%A8%D8%B1-%D8%B9%D9%85%D9%84%DB%8C%D8%A7%D8%AA-%D9%81%D8%AA%D8%AD-%DB%B1
ئه‌وان باوه‌ڕیان وایه‌ كه‌ سوپای پاسداران ماوه‌یه‌كی زۆره‌ له‌گه‌ڵ گروپه‌ نه‌یاره‌كانی به‌عس له‌ كوردستانی عێراق هاوكاری كردبوو بۆ دامه‌زراندنی پێگه‌ له‌ باكووری عێراق. پێش ئه‌مه‌ ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش ئه‌نجامدرابوو، به‌ڵام ده‌كرێت ئۆپه‌راسیۆنی فه‌تح ١ به‌ گرنگترین هاوكاری نێوان هه‌ردوولا هه‌ژمار بكرێت.
http://www.aviny.com/occasion/enghelab_jang/defaemoghaddas/93/amaliat/zamini/fath-1/fath.aspx
رێكه‌وتنی كۆماری ئیسلامی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دژبه‌ری ڕژێمی به‌عس، وه‌ك یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، ئایه‌توڵڵا حه‌كیم و… . .، بووه‌ هۆی زیادبوونی چالاكی هه‌واڵگری قه‌رارگای ڕه‌مه‌زان له‌ كوردستانی عێراق و داڕشتنی زنجیره‌یه‌ك ئۆپه‌راسیۆنی فه‌تح و هاوبه‌شی دیكه‌. ئه‌م هاوكاری و په‌یوه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌ زه‌مینه‌سازی بۆ دروستكردنی بنكه‌یه‌كی تاكتیكی له‌ قووڵایی خاكی عێراق دانا، له‌ ناوچه‌یه‌كدا كه‌ سوپای عێراق به‌ ناوچه‌یه‌كی ئه‌منی ده‌زانی، تا ٢٠٠ كیلۆمه‌تر له‌ قووڵایی خاكی عێراق.
له‌ كۆتاییدا باره‌گای ناوه‌ندی خاته‌م ئه‌لئه‌نبیا به‌رپرسه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی سنوور به‌زاندن له‌ لایه‌ن قه‌رارگای ره‌مه‌زانه‌وه‌” واتا هه‌موو ئۆپه‌راسیۆنه‌كان له‌ لایه‌ن قه‌رارگای ره‌مه‌زانه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی كراون” به‌ دوو مه‌رج, یه‌كه‌م: ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنانه‌ له‌ شێوه‌ی زنجیره‌یه‌ك ئۆپه‌راسیۆنی فه‌تحدا ئه‌نجام بدرێن, دووه‌م: لایه‌نه‌ كوردییه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی عێراق ئاسایشی ئه‌و ناوچانه‌ مسۆگه‌ر بكه‌ن كه‌ چه‌كدارانی ئێرانی تێدا ئاماده‌ ده‌بن.عملیات فتح ۱؛ عملیاتی در عمق خاک عراق
نه‌وشیروان مسته‌فا سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامی نه‌خشه‌كان ده‌ڵێت”پاش لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی زۆر له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی عه‌سكه‌ری و له‌سه‌ر ئه‌رزی چالاكیه‌كه‌ و پاش گفتوگۆی زۆر دورو درێژی به‌رپرسه‌كانی یه‌كێتی و ئێران، ئێرانیه‌كان پلانه‌كه‌یان به‌وه‌ ساخ كرده‌وه‌ كه‌ چه‌ند هاوه‌نێكی12ملم و چه‌ند كاتێۆشایه‌ك ببرێته‌ نزیك مه‌یدانی ده‌رهێنانی نه‌وته‌كه‌و به‌و ئاگر باران بكرێ وتێك بدرێ. هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو – ل 108″.
رێباز ئاوا باسی چۆنیه‌تی نه‌خشه‌ داڕشتنی چالاكییه‌كه‌ ده‌كات”له‌ سه‌ره‌تای مانگی هه‌شتی 1986به‌ بروسكه‌ ئاگادار ی من و كاك سه‌فینیان كرد بچین بۆ سنووری تیپی 21ی كه‌ركوك بۆ ناوچه‌ی شێح بزێنی دیار بوو كاك سه‌فین نه‌هات، من به‌ به‌ ته‌نیا په‌ڕیمه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌یاره‌یه‌كی تیپی 21ی كه‌ركوك چوینه‌ لای كاك كۆسره‌ت و كاك عه‌لی بچكۆل كه‌ سه‌یرم كرد شه‌ش پاسداریش له‌وێ بوون پاش نان خواردن كاك كۆسره‌ت به‌ درێژی قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردم. له‌گه‌ڵ پاسداره‌كان به‌ڕێكه‌وتین ئێواره‌ له‌ گوندی بیناتی نانمان خوارد دره‌نگی شه‌و له‌ چیای كانی دومبه‌ڵان ئاودیو بووین چوینه‌ نزیك كۆمپانیای نه‌وتی كه‌ركوك به‌ جیهازێكی مۆدێرن وێنه‌یان گرت، زۆر شوێنێكی خه‌ته‌ر بوو هیچ ڕه‌بییه‌كی دوژمن 30مه‌تر نێوانیان زیاتر نه‌بوو شه‌وێ دره‌نگ له‌ كه‌ڵوڕ له‌ ده‌ره‌وه‌ی گونده‌كه‌ نان و ماستاومان خوارد به‌یانی هاتینه‌وه‌ شێح بزێنی كه‌ بۆم ساغ بۆوه‌ ئه‌وه‌ نه‌خشه‌ی لێدانی كه‌ركوكه‌ له‌ گه‌ڵ برایه‌كی هاوسه‌نگه‌رو خۆشه‌ویستم ئه‌م قسانه‌م كرد. هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ل382.

قازانجی كۆماری ئیسلامی ئێران

ئێرانییه‌كان پێیان وایه‌و فه‌تحی یه‌كه‌م گه‌وره‌ترین شه‌ڕی پارتیزانی بوو له‌ جیهاندا, هاوكات سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ بوو به‌ بێ زیان, له‌و كاره‌ سه‌ربازییه‌ كه‌ هه‌رایه‌كی زۆری نایه‌وه‌ له‌ راستیدا زیانه‌كان وا نه‌بوون, ته‌نها 3 بریندار هه‌بوو له‌ لایه‌ن كۆماری ئیسلامییه‌وه‌ و به‌لام پێشمه‌رگه‌ به‌شداربووه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن ئێرانییه‌كان ته‌نها چه‌ند كه‌سێكیان به‌ ماتۆڕه‌وه‌ به‌شداریان كردووه‌, هه‌لاو هات و هاواره‌كه‌یان هه‌موو درۆ بووه‌و ته‌نها بۆ ماڵوێرانی كورد بوو.
دوای گرتنی فاو له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌, عێراق له‌ داموده‌زگا نه‌وتییه‌كانی ئێرانیدا, وه‌ك ستراتیجیه‌تی نوێ له‌ جه‌نگدا. لێدانی نه‌وتی كه‌ركوك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌, ئێران ده‌یه‌ویست لانی كه‌م عێراق دوو سوپا بهێنێته‌وه‌ بۆ كوردستان, واتا ئێرانییه‌كان به‌م چالاكییه‌ به‌ به‌ردێك دوو چۆله‌كه‌یان ده‌كوشت, له‌ لایه‌كه‌وه‌ لێدانی شاده‌ماری ئابووری عێراق, وه‌ هاتنه‌وه‌ی سوپا بۆ كوردستان ئه‌مه‌ش ماڵوێرانی بوو بۆ خه‌ڵكی كوردستان وه‌ سوك كردنی به‌ره‌ی جه‌نگ بوو بۆ ئێرانییه‌كان.
مجله امتداد ێ‌بان 1387، شماره 34
عملیات چریکی در قلب عراق;نبرد کرکوک به روایت فرمانده عملیات
له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ كاتی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ به‌ قازانجی كۆماری ئیسلامی و بازاڕی نه‌وت بوو”هه‌رچی ئێرانیش بو، له‌م چالاكیه‌و ، له‌م هه‌راو هوریا ئیعلامیه‌ مه‌به‌ستێكی سیاسی هه‌بو. له‌و كاته‌دا كۆبونه‌وه‌ی ئۆپێك هه‌بو ، ئه‌یه‌ویست هه‌ندێ له‌ داواكانی خۆی بسه‌پێنێ به‌وه‌ی تێیان بگه‌یه‌نێ هه‌ر كات بیه‌وێ ئه‌توانێ زه‌ره‌ر له‌ نه‌وت عێراق بداو، به‌وه‌ پشێوی بخاته‌ بازاڕی جیهانیی نه‌وته‌وه‌. خولانه‌وه‌ له‌ناو بازنه‌دا دیوی ناوه‌وه‌ی ڕوداوه‌كانی كوردستانی عێراق1984-1988 نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین چاپی دووه‌م 1999ل112″.

فه‌تحی یه‌ك لای ئێرانییه‌كان

به‌ پێی سه‌رچاوه‌ ئێرانییه‌كان ئۆپه‌راسیۆنی فه‌تحی یه‌ك یان ئۆپه‌راسیۆنی یه‌كگرتن, به‌ فه‌رمانده‌یی سوپای پاسداران به‌ڕێوه‌ چوو, دوو رۆژی خایاند, 11 و 12ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 198. به‌ پێی راگه‌یاندنه‌كانی ئێرانی تیایدا نزیك 600 كه‌س له‌ هێزه‌كانی عێراقی كوژرا.
https://fa.wikipedia.org/wiki/%D8%B9%D9%85%D9%84%DB%8C%D8%A7%D8%AA_%D9%81%D8%AA%D8%AD_%DB%B1
فه‌رمانده‌ و سه‌ركرده‌كانی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ بریتی بوو له‌ یه‌حیا ڕه‌حیم سه‌فه‌وی (جێگری فه‌رمانده‌ی سوپای پاسداران) محه‌مه‌د-باقر زۆڵقادر (فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنی سوپای پاسداران), جه‌لال تاڵه‌بانی (سه‌رۆكی یه‌كێتی) و نه‌وشیروان مسته‌فا (فه‌رمانده‌ی پێشمه‌رگه‌ی ئۆپه‌راسیۆن), ئامانجی سه‌ره‌كی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ لێدانی نه‌وتی كه‌ركوك بووه‌, 130 چه‌كداری قه‌رارگای ره‌مه‌زان و 2000 پێشمه‌رگه‌ی ینك ” 13 تیپی ینك -21,23, 25, 51, 53, 55, 57, 93,85, 86, 87, تیپی مه‌ڵبه‌ندی یه‌ك و دوو. https://en.wikipedia.org/wiki/Operation_Fath_1″ كاره‌كه‌یان ئه‌نجامدا له‌ قوڵایی 180 كم ی ناو خاكی عێراق.
به‌ پێی دابه‌شكاری و ناونانی به‌ره‌كان لای كۆماری ئیسلامی ئێران, ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ له‌دوو به‌ره‌ پێك هاتووه‌, به‌در ناوی به‌ره‌ی شوان-ساڵه‌یی كه‌ركووك, به‌ره‌ی خه‌نده‌ق ناوی به‌ره‌ی جه‌به‌ل بۆر- جه‌مبور بووه‌, دوو قۆڵ له‌ جه‌مبورو جه‌به‌ڵ بۆر, 3 قۆڵیش له‌ بان ساڵه‌یی – شوان تا مه‌خمور و هه‌ولێر كه‌ركووك. ئیشكردن به‌ راجیمه‌و هاوه‌نی 120 ملم و چه‌كه‌ قورسه‌كان دیكه‌ به‌ پاسداره‌كان سپێردراوه‌, كه‌ تیایدا 4 راجیمه‌, 3 هاوه‌نی 120 ملم به‌كار هاتوون, 2000 گوله‌ نراوه‌ به‌ هێزه‌كانی عێراقه‌وه‌, گرتنی ره‌بایه‌كانی كانی دومه‌لان كه‌ركوك و نانه‌وه‌ی بۆسه‌ به‌ پێشمه‌رگه‌ی ینك سپێردراوه‌.
له‌ قۆڵی شوان – ساڵه‌یی تۆپه‌كان له‌ نێوان گونده‌كانی سۆنه‌ گۆلی و سه‌قزلی داندران, ته‌نها ره‌سه‌ده‌كانی ئێرانی بوون, به‌شی زۆری تیپه‌كانی پێشمه‌رگه‌ یه‌ده‌ك بوون, ته‌نها چه‌ند تیپێك به‌ پراتیك به‌شدار بوون له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌.
ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ كه‌ركوك, پردێ, دوز و قادر كه‌ره‌م مه‌خمور, دیبه‌گه‌ و هه‌ولێری گرتۆته‌وه‌, سه‌رباری رێگای هاتنی چه‌ك و كه‌سه‌كان, ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ به‌ دروشمی زه‌ینه‌بی گه‌وره‌ ده‌ستی پێكردووه‌, لێ پێش 48 كاتژمێر هه‌ندێك هێز نێردراوه‌ته‌ ناوچه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان بۆ چاودێریكردنی بارودۆخه‌كه‌.
به‌ پێی راگه‌یاندنه‌كانی ئێرانی له‌ میانی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ له‌14 ناوه‌ند دراوه‌ له‌وانه‌ ” پاڵاوگه‌ی كه‌ركوك, یه‌كه‌ی ژماره‌ یه‌كی ده‌رهێنانی نه‌وت, وێستگه‌ی كاره‌بای به‌شێك له‌ شار, لێدانی بنكه‌ی 3 موشه‌كی زه‌وی ئاسمان, لێدانی رێكخراوی موجاهدینی خه‌لقی ئێران له‌ قه‌ڵای حه‌سار, غازو نه‌وتی جه‌مبور وه‌ جه‌به‌ل بۆرو شۆراو, لێدانی باره‌گای فه‌یله‌قی یه‌ك و سه‌ربازگه‌ی داره‌مان, لێدانی ئه‌رێلی سیخوڕی گوندی سه‌قزلی, وه‌ گرتنی 20 ره‌بایه‌ له‌ لایه‌ن پێشمه‌رگه‌كانی ینك له‌ كانی دومه‌لان, لێدانی وێستگه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ری كه‌ركوك, لێدانی سینی مایكروه‌یفی ته‌له‌فزیۆنی, لێدانی چه‌ند ناوه‌ندێكی سه‌ربازی دی”.
https://www.iribnews.ir/fa/news/2855677/%D9%81%D8%AA%D8%AD-%DB%8C%DA%A9-%D8%B9%D9%85%D9%84%DB%8C%D8%A7%D8%AA-%DA%86%D8%B1%DB%8C%DA%A9%DB%8C-%D8%B3%D9%BE%D8%A7%D9%87-%D8%AF%D8%B1-%DA%A9%D8%B1%DA%A9%D9%88%DA%A9-%D8%AF%D8%B1-%D8%B3%D8%A7%D9%84-%DB%B6%DB%B5
هاوكات به‌ پێی راگه‌یاندنه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ میانی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ كۆپته‌رێكی دوژمن خراوه‌ته‌ خواره‌وه‌-
http://birjand.irib.ir/-/%D8%B9%D9%85%D9%84%DB%8C%D8%A7%D8%AA-%D9%81%D8%AA-24
له‌ ئه‌نجامی ئۆپه‌راسیۆنی لێدانی نه‌وتی كه‌ركوك 60%ی توانای به‌رهه‌می نه‌وتی كه‌ركوكی له‌ناودراوه‌ –
https://www.tasnimnews.com/fa/news/1396/07/19/1542818/%D8%B9%D9%85%D9%84%DB%8C%D8%A7%D8%AA-%D9%88%DB%8C%DA%98%D9%87-%D9%86%DB%8C%D8%B1%D9%88%D9%87%D8%A7%DB%8C-%D8%B3%D9%BE%D8%A7%D9%87-%D8%AF%D8%B1-%D8%B9%D9%85%D9%82-%D8%AE%D8%A7%DA%A9-%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82-%D8%A8%D8%A7-%D9%87%D9%85%DA%A9%D8%A7%D8%B1%DB%8C-%D8%AC%D9%84%D8%A7%D9%84-%D8%B7%D8%A7%D9%84%D8%A8%D8%A7%D9%86%DB%8C-%D9%86%D9%82%D8%B4%D9%87-%D9%88-%D8%AA%D8%B5%D8%A7%D9%88%DB%8C%D8%B1
ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ به‌ یه‌ك شه‌و ئه‌نجامدراوه‌, كۆتایی كاته‌كانی شه‌وی 11ی مانگ و سه‌ره‌تای شه‌وی 12ی مانگ , لێ كه‌ كۆماری ئیسلامی ئێران رایده‌گه‌یه‌نێت دوو رۆژ به‌رده‌وام بووه‌, به‌و مانایه‌یه‌ ئۆپه‌راسیۆنێكی به‌رفراوان و كۆنترۆڵی ناوچه‌كه‌یان كردووه‌و له‌ شوێنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ ماونه‌ته‌وه‌ ئه‌و ماوه‌یه‌, نه‌ك ته‌نها 3:30 كاتژمێر به‌رده‌وام بووبێت و دواتر به‌ په‌له‌ هه‌ڵهاتبێتن, ته‌نانه‌ت بڕیاریان دا ئه‌گه‌ر چه‌كه‌كانیان پێ ده‌رباز نه‌كرا به‌جێیان بهێڵن, چونكه‌ دنیا به‌ره‌و روناك بونه‌وه‌ ده‌چوو, ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ تا كاتژمێری 5:30 ی به‌یانی رۆژی 12 ی مانگ به‌رده‌وام بووه‌ , مانه‌وه‌ له‌و جێگایه‌ مه‌رگی هه‌مووان بووه‌.
ئۆپه‌راسیۆنی فه‌تحی یه‌ك لای ینك

كۆماری ئیسلامی ئێران بێ مانا ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌و ئه‌نجامه‌كانی گه‌وره‌ كرده‌وه‌, كه‌ ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری هه‌بوو له‌ هه‌مبه‌ر كاردانه‌وه‌ی رژێمی عێراق و سزادانی هه‌موو گه‌لی كورددا, ئه‌گه‌ر له‌ ئۆپه‌راسیۆنی فه‌جری دوو” حاجی ئۆمه‌ران ئێران -پارتی” ته‌نها بارزانییه‌كان به‌ دڕندانه‌ترین شێوه‌ سزا دران, ئێستا هه‌موو كوردستان كه‌وته‌ به‌ر لێپرسینه‌وه‌و سه‌ره‌تا گونده‌كانی شوان -ساڵه‌یی ده‌شتی هه‌ولێر و قه‌لاسێوكا, بزانین به‌رپرسانی ینك چۆن باسی ئه‌م روداوه‌ ده‌گێڕنه‌وه‌, هه‌رچه‌نده‌ سه‌رۆكی ینك له‌ یاداوه‌رییه‌كانی باسی هیچ روداوێكی تاڵ ناكات, كه‌ راسته‌وخۆ گرێدراون به‌ خۆیه‌وه‌.

به‌ڕێز نه‌وشیروان مسته‌فا ئاوا باسی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ ده‌كات”پلانه‌كه‌ به‌م جۆره‌ی خواره‌وه‌ دانرا:
1-هێزێك به‌ سه‌ركردایه‌تی شه‌وكه‌تی حاجی موشیر ئاگر بارانی زه‌مبور بكه‌ن.
2-هێزێكی تر به‌ سه‌ركردایه‌تی ئازاد حه‌مه‌ غه‌ریب ئاگر باران جه‌به‌ڵ بۆر بكه‌ن.
3-هێزێكی تر كه‌ هێزی سه‌ره‌كی و هه‌ره‌ گه‌وره‌ی یه‌كێتی بو، به‌ سه‌ر په‌رشتی خۆم، ئاگر بارانی بابه‌گوڕ گوڕ بكه‌ن.
3-هاوزه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی ئه‌م 3هێرشه‌دا ، په‌لاماری داووده‌زگاكانێ به‌عس له‌ناۆ چه‌ندین شارو ئۆردوگا و شوێنی دیاردا بدرێ. سه‌رچاوه‌ی پێشوو ل 108-109″.
” كاتی جێبه‌جێكردن دیاری كرا. ئازادو شه‌وكه‌ت هه‌ریه‌كه‌یان به‌شی خۆی به‌ شه‌و له‌ لۆری باركردو به‌ دابان دا بردیان بۆ خڕی زێویه‌ و په‌ڕاندیانه‌وه‌ نزیك شوێنی كاره‌كانی خۆیان. ئێمه‌یش به‌شی خۆمان، كه‌ له‌ هی هه‌ردوكیان زۆرتر بو، به‌ 32 تراكتۆرو 4 لۆری له‌ خڕی زێویه‌ و گرده‌بۆره‌وه‌ گوزایه‌وه‌ كه‌ڵه‌شێره‌و ڕۆژی دوایی بردمانه‌ گوندی مۆڕخوارده‌ دانا. دوری مۆڕخوارده‌ له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ له‌ 40كلم كه‌متربو. سه‌رچاوه‌ی پێشوو ل 109″.
” ئینجا تاقم تاقم هێزه‌كانمان به‌ڕێ كرد هه‌ریه‌كه‌یان بۆ ئه‌نجامدانی كاره‌كه‌ی خۆی و ، ئێمه‌یش ئێواره‌كه‌ی سه‌ركه‌وتینه‌ سه‌ر خاڵخاڵان بۆ ئه‌وه‌ی له‌ دوره‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی ڕوداوه‌كان بكه‌ین. له‌ سه‌عات 12ی نیوه‌شه‌ودا ئاگاداری هه‌مو قۆڵه‌كان كرا: (چرا هه‌ڵكه‌ن!)كه‌ نیشانه‌ی ده‌ست پێكردن بو. سه‌رچاوه‌ی پێشوو ل 109″.
رێباز باسی رۆڵی هێزه‌كانی ینك له‌ هه‌ولێر ده‌كات له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌” بۆ ئه‌وه‌ی دوژمن نه‌توانێ له‌ كاتی ئه‌نجامدان ئه‌و چالاكیه‌ مه‌زنه‌ هێز به‌ هاناێ كه‌ركوك ببات به‌ تایبه‌تی هێزه‌كانی فه‌یله‌قی پێنج كه‌ باره‌گای له‌ هه‌ولێر بوو باقی تیپه‌كانی 85,86,87,91‌ بۆ مشاغه‌له‌ كردنی هێزه‌كانی دوژمن ته‌رخان كرا. ڕۆژی 9- 10 كاك كۆسره‌ت گه‌یشته‌ لامان له‌ گوندی بانه‌ قه‌ڵات ئه‌و هێزانه‌مان دابه‌ش كرد بۆ مشاغه‌ڵه‌ كردنی هێزه‌كانی ڕژێم بۆ ئه‌و شوێنانه‌: 1-گوێڕ 2-دیبه‌گه‌ 3-قوشته‌په‌ 4-ناو هه‌ولێر”.
“پاش نان خواردنی ئێواره‌ چوینه‌ سه‌ر دێده‌وان هه‌موو شوێنێك دیار بوو، ئاگری نه‌وتی كه‌ركوك بڵێسه‌ی هه‌ڵده‌ستا، دنیا كش و مات بوو تا كاتژمێر 1ی به‌یانی ڕۆژی 10-10له‌ هه‌موو لایه‌ك ته‌قه‌ ده‌ستی پێكرد، تۆپه‌كان كه‌وتنه‌ كار پاش ماوه‌یه‌ك، ئاگر شه‌ریكه‌ی كه‌ركوك كوژایه‌و، هاوزه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌ست پێكردنی تۆپ باران فڕۆكه‌كانی شه‌ڕكه‌ر و كۆپته‌ر به‌ ئاسمانی ناوچه‌كه‌ ده‌سوڕانه‌وه‌ به‌ ته‌نویر ناوچه‌كه‌یان ڕووناك كرده‌وه‌ چه‌ند كاتژمێرێك، تۆپ باران به‌رده‌وام بوو پاش ئه‌و ماوه‌یه‌ دنیا كش و مات بوو، ئاگر له‌ شه‌ریكه‌ هه‌ڵنه‌ستا كه‌واته‌ چالاكیه‌كه‌ وه‌ك پێویست سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو. سه‌رچاوه‌ی پێشوو ل388 “.

راستی زیانه‌كان عێراق له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌

ئه‌و 3:30 كاتژمێره‌ی 11 له‌سه‌ر 12ی مانگی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 1986 ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی تێدا ئه‌نجامدرا, هاولاتیانی كه‌ركوك هه‌موو بڵاچه‌ی ئاگره‌كه‌یان بینی, ده‌نگی راجیمه‌و هاوه‌نه‌كان بیسترا, شریقه‌ی بیكه‌ی سی هات, خرمژنی گوله‌ چوو به‌ ئاسمانا, وه‌لێ جگه‌ له‌و زیانانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی ینك له‌ گرتنی زنجیره‌ ره‌بایه‌كان له‌ كورده‌ میله‌وه‌ بۆ سه‌ر خاسه‌ و دانانی بۆسه‌ له‌ كه‌لی سێكانی له‌ لایه‌ن پ م كه‌رتی یه‌كی ساڵه‌ییه‌وه‌ كه‌ 20بۆ 30 سه‌ربازی عێراقی تێدا كوژران, لێدانه‌كان دی هه‌موو ره‌مزی بوو, ئه‌ویش سێ شه‌هیدیان بۆی داو یه‌كێك له‌ ره‌بایه‌كانیان له‌سه‌ر خاسه‌یان بۆ نه‌گیرا, له‌ ئه‌رێله‌كه‌ی سه‌قزلی هه‌ر نه‌درا, له‌و سه‌ربازگه‌یه‌ی كه‌ موجاهدینی تێدا بوو, چه‌ند گوله‌یه‌كی پێوه‌ نرا به‌لام كاریگه‌ری نه‌بوو بێ زیان بوو, هه‌رچه‌نده‌ ئێرانییه‌كان كردیانه‌ هه‌را گوایه‌ باره‌گای مونافقینیان وێران كردووه‌ و كۆتاییان پیچیان هێناوه‌, ئه‌وه‌ی وتیان درۆ بوو, دوو سێ شوێنێك له‌ كۆمپانیای نه‌وت گڕی گرت به‌ڵام زوو چاره‌سه‌ر كرا, شه‌وی دواتر واتا 12ی ئۆكتۆبه‌ر رۆشنایی ئاگرله‌ ئاسمانی كه‌ركووك هه‌ر نه‌ما, ته‌نانه‌ت شه‌وی یه‌كه‌م زۆریه‌ی ئاگره‌كه‌ كۆنترۆڵ كران, ژماره‌ی كوژراوه‌كانیش له‌ 600 كه‌سه‌كه‌ی دیاریكراوه‌, سفری كۆتایی زۆر به‌ زێده‌وه‌ زیاده‌, كه‌متر له‌ 50 كوژراو هه‌بوو, پێشمه‌رگه‌یه‌ك به‌شداربوو گێڕایه‌وه‌ ئه‌گه‌ر زیانه‌كانی عێراق هه‌موو ئاوا ئێران سه‌رژمێرییان بكات ده‌بڕی ئه‌وه‌یه‌ هیچی نه‌كردووه‌, ئه‌وه‌نده‌ درۆی كرد له‌ فه‌تحی یه‌ك باوه‌ڕ به‌ هه‌ڵاكانی نه‌ما.
پێشمه‌رگه‌ دوای چالاكییه‌كه‌ به‌ دوو ئاراسته‌ پاشه‌كشه‌یان كرد, ناو شوان تۆمار و گورگان و ده‌شتی هه‌ولێر شه‌یتان و سێگردكان. له‌ كاتی هێرشی ده‌یان كۆپته‌ر بۆ سه‌ر گوندی شه‌یتان له‌ ده‌شتی هه‌ولێر, كاكۆ په‌ڵكانه‌یی گوله‌ی ئار پیجی پێیدا ته‌قییه‌وه‌ گیانی به‌خت كرد.
فه‌رمانده‌كانی ئۆپه‌راسیۆن له‌ بان خاڵخالانه‌وه‌ به‌ دووری نزیك 50 كیلۆمه‌تر به‌ دووربین و بێته‌ل چاودێری و سه‌ركردایه‌تی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌یان ده‌كرد, رۆژی دواتر گه‌یشتنه‌ سور قاوشان, ده‌یان هه‌زار كه‌س و سه‌دان پێشمه‌رگه‌یان له‌ دوای خۆیانه‌وه‌ له‌و ده‌شت و هه‌ڵه‌تانه‌ی كه‌ركوك له‌ رۆژێكی زۆر مه‌ترسیداردا جێ هێشت بۆ به‌عسی فاشیست, بۆ خۆشیان رۆژێكی ئارامیان له‌ چه‌می رێزان برده‌ سه‌ر.

مه‌حمود سه‌نگاوی ئاوا باسی قۆڵی جه‌به‌ڵ بۆر- جه‌مبور ده‌كات

مه‌حمود سه‌نگاوی وه‌ك سه‌رتیپی 57 سه‌گرمه‌و به‌شدارێكی چالاكی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌, له‌ یاداشته‌كانیدا ئاوا, چالاكی ئه‌و شه‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌” رۆژی 6-10-1986له‌ لایه‌ن مه‌ڵبه‌نده‌وه‌ ئاگادار كراینه‌وه‌ كۆببینه‌وه‌ بۆ ئه‌نجامدانی چالاكییه‌كی گه‌وره‌, بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ چوومه‌ دێی مێولی و سه‌ردانی كاك ئازاد سه‌گرمه‌م كردو ئه‌و له‌ سه‌ركردایه‌تی گه‌ڕابوه‌وه‌, له‌ شێوه‌و شوێنی چالاكییه‌كه‌ ئاگاداری كردمه‌وه‌ كه‌ هه‌ندێك له‌ ئه‌ركه‌كان به‌و سپێردرابوو.
له‌ سه‌ركردایه‌تییه‌وه‌ ته‌قه‌مه‌نییه‌ك زۆر به‌ تراكتۆر گوێزرابووه‌وه‌ سنووری تیپی 25ی خاڵخاڵان, به‌شه‌كه‌ی مه‌ڵبه‌ندی یه‌ك به‌ سه‌رپه‌رشتی كاك عادل شكور و مام ساڵه‌ح گۆڕی ئه‌سپی له‌ به‌ری هه‌مه‌وه‌ند له‌ لایه‌ن كاك رۆسته‌م و كاك حه‌مه‌ڕه‌ش بۆ سنووری تیپی 57ی سه‌گرمه‌ گوێزرایه‌وه‌, هه‌ندێ پسپۆڕی ئێرانیش درایه‌ ده‌ستمان.
رۆژی 8-10-1986 گه‌یشتینه‌ قه‌یتول و هه‌ڕێنه‌, چاوه‌ڕوانی گه‌یشتنی چه‌كه‌كان بووین, له‌ شوێنێكدا پسپۆڕه‌كانمان دانا, خۆمان چووین بۆ ناوچه‌ی هه‌مه‌وه‌ند, رۆژی 10-10-1986له‌ دێی خاڵدان چاومان به‌ كاك شه‌وكه‌ت و كاك رۆسته‌م و مام ساڵه‌ح گۆڕی ئه‌سپی كه‌وت.
ئێمه‌ چاوه‌ڕوان نه‌بووین ئه‌وكاره‌ به‌ په‌له‌ ئه‌نجام بدرێ, كه‌چی كاتژمێری چواری پاش نیوه‌ڕۆ له‌ لایه‌ن كاك نه‌وشیروانه‌وه‌ برووسكه‌مان بۆ كرا كه‌ هه‌ر ئه‌مشه‌و ئه‌بێ چالاكییه‌ك بكرێ, كاك شه‌وكه‌ت داوای دواخستنی كرد چونكه‌ هێزه‌كانی مه‌ڵبه‌ندی یه‌ك فریاناكه‌ون, به‌ڵام كاك نه‌وشیروان وه‌ڵامی دایه‌وه‌: ئه‌بێت هه‌ر ئه‌مشه‌و ئه‌نجام بدرێ ئه‌گه‌ر ئه‌مشه‌و نه‌كرێ دیاره‌ ناتانه‌وێ ئه‌نجامی بده‌ن.
من به‌ كاك شه‌وكه‌تم وت: كام لامان پێ ئه‌سپێرن ئه‌نجامی ئه‌ده‌ین, ئه‌و ئه‌مه‌ی زۆر پێ چاك بوو, به‌شی خۆمان چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیمان جیاكرده‌وه‌ كه‌ بریتی بوو له‌ دوانزه‌ ته‌ن قومبه‌له‌ی 120 ملم و یه‌ك كاتیۆشای 12 دانه‌یی, كاتژمێر 5ی ئێواره‌ كه‌ دنیا تاریك بوو, له‌ خاڵدانه‌وه‌ چووینه‌ قه‌یتوول, له‌وێ كاتیۆشاكه‌م ته‌سلیمی ده‌ستی كاك دلێر جاف و حاجی حه‌بیبی تۆپچی كرد كه‌ بچینه‌ دێی تۆپخانه‌ی زه‌مبووور له‌وێ دابمه‌زرێن تاكو هه‌موو هێزه‌كه‌ ئه‌گات. ئه‌وان رۆیشتن و ئێمه‌ش به‌ دوایانا, زۆر دره‌نگ بوو كاتژمێر 3ی شه‌و له‌و شوێنه‌ی دیاریكرابوو ده‌ستمان كرده‌ لێدانی كۆمپانیای نه‌وتی زه‌مبوور بۆ ماوه‌ی یه‌ك كاتژمێر, گڕو بڵێسه‌ له‌ نه‌وته‌كه‌ به‌رز بوه‌وه‌ و به‌ری ئاسمانی گرت و ئه‌و ناوه‌ی كرده‌ رۆژی روناك. هه‌موو نیشانه‌كانمان به‌ باشی پێكاو به‌ به‌رچاومانه‌وه‌ ئه‌سووتان, دوژمن لای خۆیه‌وه‌ به‌ چه‌كه‌ دژی ئاسمانییه‌كانی ناوجه‌رگه‌ی ئاسمانی سوور كرده‌وه‌.
زیانه‌كانی دوژمن له‌و قۆڵه‌وه‌ به‌ 70% مه‌زه‌نده‌ ده‌كرا دوای ئه‌نجامدانی كاره‌كه‌ خۆمان كۆكرده‌وه‌و به‌ دوانزه‌ ئۆتۆمۆبێل گه‌ڕاینه‌وه‌, له‌و كاته‌دا هه‌ندێك فڕۆكه‌ی گه‌وره‌ی دوژمن هاتنه‌ سه‌رمان بۆ لێدانمان, به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی بێینه‌ ده‌ست فڕۆكه‌یه‌كیان له‌ خۆیه‌وه‌ به‌ر بووه‌ خواره‌وه‌و گڕی گرت و سووتا بێ ئه‌وه‌ی ته‌قه‌ی لێبكرێ. له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ماندا لاماندایه‌ دێی قیرچه‌ زۆر ماندوو بووین, چووینه‌ ماڵێك له‌ گه‌ڵ پسپۆرێكی ئێرانیدا كه‌ له‌ گه‌ڵماندا بوون, ته‌ماشا ئه‌كه‌ین وێنه‌ی هایده‌و مه‌هه‌ستی كه‌ دوو گۆرانیبێژی ئێرانین به‌ نیوه‌ رووتی هه‌ڵواسرابوو, ئێرانییه‌كان ئه‌یان روانییه‌ وێنه‌كان و سه‌ریان با ده‌داو ئینجا یه‌كێكیان ووتی: ئه‌مه‌ وێنه‌ قاحپه‌كان ئێمه‌ن له‌ هه‌موو دنیادا بڵاو بوونه‌ته‌وه‌.. هه‌رچه‌نده‌ من له‌ گه‌ڵ ئه‌و قسه‌یه‌دا نه‌بووم, مه‌رج نییه‌ ئه‌و قسه‌یه‌یان له‌ ناخه‌وه‌ كردبێ .
ئه‌م چالاكییه‌ی ئێمه‌ به‌شێكی بچووكی داستانێكی گه‌وره‌ بووبه‌ناوی داستانی نه‌وتی كه‌ركوك كه‌ كاره‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی له‌ قۆڵی كه‌ركوكه‌وه‌ بوو, به‌ هێزێكی زۆره‌وه‌ به‌ پێی نه‌خشه‌یه‌كی گونجاو تۆپبارانی خه‌ستی جه‌وه‌ڵ بۆرو كه‌یوان كرا, بڕی چل ته‌ن ته‌قه‌مه‌نی قورسی لێدرا, له‌ چه‌ند لایه‌كیشه‌وه‌ په‌لاماری هێزه‌كانی دوژمن درا, بۆسه‌یان بۆ دانرابوو, زیانێكی زۆر له‌ دوژمن كه‌وت له‌ رووی ئابوورییه‌وه‌ كه‌ به‌ ته‌قدیر 30% بوو, جگه‌ له‌وه‌ له‌ رووی سه‌ربازییه‌وه‌ هێزێكی زۆری له‌ پێكدادانه‌كه‌دا كوژران.
ئه‌م چالاكییه‌ ده‌نگێكی زۆری دایه‌وه‌ و به‌عسی شپرزه‌ كرد, چونكه‌ چالاكییه‌كه‌ زۆر گه‌وره‌و كه‌م وێنه‌و له‌ قوڵایی ده‌سه‌لاتی پڕ له‌ دڕك و داڵی ته‌نراو به‌ هێزی سوپایی متمانه‌ پێكراو ئه‌نجامدرا بێ ئه‌وه‌ی دوژمن هه‌ست به‌ هیچ جۆره‌ جمووجۆڵێكی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی گواستنه‌وه‌و هه‌ڵس و كه‌وتی هێزی پێشمه‌رگه‌ بكات بۆ ئه‌و سنووره‌ دوورو گرنگه‌.
یه‌كه‌م ده‌نگ و باسی ئه‌و چالاكییه‌ له‌ رادیۆی تارانه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌ و ده‌وری ی ن ك ی فه‌رامۆشكردو شته‌كه‌ی كرده‌ هی خۆیان كه‌ له‌ حه‌قیقه‌تدا وانه‌بوو نه‌خشه‌و هێزی سه‌ره‌كی ئه‌نجامده‌ری چالاكییه‌كه‌ ی ن ك بوو, پسپۆره‌كان هی ئێران بوونو بۆیه‌ ناڕه‌زایه‌تی ئاراسته‌ی ئێران كرا, ئه‌وه‌بوو له‌ ده‌نگ و باسی داهاتوودا داڕشته‌ی راگه‌یاندنه‌كه‌ گۆڕاو ده‌وری ی ن ك تیا باسكرا – بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌نگاوی , مه‌حمود سه‌نگاوی,چاپی دووه‌م -2005 چاپخانه‌ی: ده‌زگای چه‌پ و په‌خشی حه‌مدی ل189-192.
ئه‌و فڕۆكه‌یه‌ی به‌ رێكه‌وت كه‌وته‌ خواره‌وه‌, وه‌ك ئاماژه‌مان پێدا پێشتر, له‌ راگه‌یاندنه‌كانی ئێران وه‌ك به‌ به‌شێك له‌ چالاكییه‌كه‌ دراوه‌ته‌ قه‌ڵه‌م.

له‌م ئۆپه‌راسیۆنانه‌ ئێران هه‌میشه‌ به‌دوای نه‌یارانییه‌وه‌ بووه‌

له‌ هه‌موو ئه‌و كرداره‌ سه‌ربازیانه‌ی ئێران له‌ ناو عێراق ئه‌نجامی داون, هه‌میشه‌ چاوێكی له‌سه‌ر ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بووه‌ به‌ كوردو ئێرانییه‌وه‌, له‌ ئۆپه‌راسیۆنی فه‌جری دووی حاجی ئۆمه‌ران لێدانی حیزبی دیموكرات به‌شێك بوو له‌ ستراتیجیه‌تی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌, له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ سه‌دان رۆژهه‌لاتی له‌ گوردانی شوان و سوپای رزگاری و په‌نابه‌رانی ئێرانی تێ چوون, پێشمه‌رگه‌كانی دیموكراتیش به‌ رێكه‌وت رزگاریان بوو.
له‌ ئۆپه‌راسیۆنی فه‌تحی یه‌كیش لێدانی موجاهدین خه‌لق به‌شێك بووه‌ له‌ ستراتیجیه‌تی كاره‌كه‌, له‌ناو به‌رنامه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌دا بووه‌, كه‌ زیانیان پێ نه‌گه‌یووه‌, به‌هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ی سه‌ربازگه‌كه‌یان و قایمی و هێزی ناو سه‌ربازگه‌كه‌وه‌ بووه‌, ئه‌مه‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی خراپ بووه‌ بۆ تێكدانی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌م رێكخراوه‌, تا گه‌یشته‌ ئه‌و جێگا خراپه‌ی پێی گه‌یشت.
پێشمه‌رگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵه‌ بۆمی گێڕایه‌وه‌, دوای فه‌تحی یه‌ك رۆژێك ده‌سته‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ی ینك, هه‌ندێك پاسداریان هێنابووه‌ ناو باره‌گاكانمان له‌ مالومه‌, كه‌ زانیمان پاسدارن رێگه‌مان نه‌دا بێنه‌ ژوره‌وه‌, په‌یوه‌ندی ینك له‌گه‌ڵ ئێران گه‌یشته‌ ئه‌و ئاسته‌ مه‌ترسیداره‌, له‌ كاتێك كۆمه‌ڵه‌و دیموكرات پێشتر هه‌موو شتێكی خۆیان له‌گه‌ڵ ینك به‌ش ده‌كرد.

مه‌سعود بارزانی چۆن باسی فه‌تحی یه‌ك ده‌كات

مه‌سعود بارزانی كه‌ بۆ خۆی له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كاندا ده‌ستپێشخه‌ر بووه‌, داهیچنه‌ری ئه‌وجۆره‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌یه‌, له‌ یاداشته‌كانیدا ئاوا باسی فه‌تحی یه‌ك ده‌كات, دواتر پارته‌كه‌ی ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ فه‌تحه‌كانی داهاتوو” له‌ 11-10-1986دا, هێزێكی سوپای پاسدارانی ئێران به‌ هاوكاریی پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی و له‌ ژێر ناونیشانی هێرشی فه‌تحی یه‌ك دا, به‌رنامه‌یه‌كیان دانا بۆ لێدانی نه‌وتی كه‌ركووك. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌, رێككه‌وتنێك له‌ نێوان یه‌كێتی و سوپای پاسداران ئیمزا كرا له‌سه‌ر :

  • یه‌كێتی هه‌موو ئاسانكارییه‌ك بكات ئه‌و هێزه‌ی پاسداران بكاته‌ ئه‌و ئامانجه‌ی بۆیان دیاری كراوه‌.
  • -له‌ به‌رامبه‌ردا ئێران هه‌موو ئاسانكارییه‌ك بۆ یه‌كێتی بكات و به‌ بای هاوكارییان بكات.
    200 پاسدار به‌ فه‌رمانده‌یی براده‌ر شه‌فه‌ق و چه‌ند فه‌رمانده‌یه‌كی تر به‌ ناوه‌كانی ( سادق مه‌حسوڵی, غوڵام پاكڕووح, براده‌ر بۆیاقچی و براده‌ر نادری), به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ئه‌م هێزانه‌ی یه‌كێتی :
    تیپی 21 به‌ فه‌رمانده‌یی سیروان.
    تیپی 25 به‌ فه‌رمانده‌یی مه‌لا ئاراس
    تیپی كۆیه‌ به‌ فه‌رمانده‌یی مه‌لا برایم
    تپی 87 ی قه‌ره‌چووغ به‌ فه‌رمانده‌یی سه‌فین.
    بۆ ئۆپه‌راسیرنه‌كه‌ ئه‌م چه‌كانه‌یان دا به‌ هێزه‌كانی یه‌كێتی : 1500 كڵاشینكۆف, 30000 فیشه‌ك,40 بی كه‌ی سی, 1000 فیشه‌ك , 15 دۆشكه‌ 15000 فیشه‌ك , 7 ئاڕپی جی 50 قازیفه‌, 3 هاوه‌نی 120 ملم و 1500 گوله‌, دوو هاوه‌نی 81 ملم و 1000 گوله‌) .
    هێرشه‌كه‌ به‌ناوی فه‌تحی 1 كرا – بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد – به‌رگی چواره‌م 1975-1990 شۆڕشی گوڵان- ل 211,212.

ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی فه‌تح و نه‌سر؟

به‌ڕێز نه‌وشیروان مسته‌فا ئاوا باسی جیاوازی نێوان ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی فه‌تح و نه‌سر ده‌كات, كه‌ 19 ئۆپه‌راسیۆن بوون 16یان له‌ كوردستان ئه‌نجامدران “فه‌تح و نه‌سر ئه‌م عه‌مه‌لیاته‌ كه‌ ئێرانیه‌كان ناویان لێ نا:((عه‌مه‌لیاتی فه‌تحی یه‌ك))سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی هاوكاری جه‌نگیی ئێران و یه‌كێتی بو، عه‌مه‌لیاته‌كانی تریشیان ناو نا فه‌تحی 1و2و3و….هتد. له‌گه‌ڵ پارتی یش هه‌ندێ عه‌مه‌لیاتی هاوبه‌شیان كرد بۆ ناویان نابو عه‌مه‌لیاتی نه‌سری 1و2و3…..هتد.هه‌ر به‌م دو ناوه‌وه‌ ئه‌و بنكانه‌ی پاسداران كه‌ ئیشه‌كانی یه‌كێتیان له‌ ئێران دا ئه‌نجام ده‌دا ناویان نابون قه‌رارگای فه‌تح و ، ئه‌وانه‌ی ئیشه‌كانی پارتییان ئه‌نجام ئه‌دا ناویان نابون قه‌رارگای نه‌سر ل112-خولانه‌وه‌ له‌ناو بازنه‌دا دیوی ناوه‌وه‌ی ڕوداوه‌كانی كوردستانی عێراق1984-1988 نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین چاپی دووه‌م 1999”.
له‌ راستیدا نه‌ هه‌موو ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی فه‌تح ینك كردی, وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م به‌ هه‌ر ده‌یان داو 3 و 7 پارتی ئه‌نجامیان دا, نه‌سریش 9 زنجیره‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ له‌ نێوان 14-4-1987 بۆ 22-11-1987 ئه‌نجامدران, 6یان له‌ كوردستان به‌ڕێوه‌ چوون, ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنانه‌ی ینك به‌ناوی نه‌سر ئه‌نجامیانی دا 4 و 5 , 8 , واتا نیوه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی نه‌سره‌ له‌ كوردستان, زۆر زیاتره‌ له‌ به‌شداری پارتی, ئه‌گه‌ر پارتی هه‌ر تێدا بێت.
نه‌سری 1 له‌ چوارتا, 7یش له‌ قه‌لادزێ ئه‌نجام دراون, لێ دیار نییه‌ چ لایه‌نێكی كوردی له‌گه‌ڵدا بووه‌, نه‌سری 2 و 6 له‌ به‌رامبه‌ر به‌دره‌ ئه‌نجام دراون له‌ مه‌یمك, 3 له‌ دهله‌ران ئه‌ویش ده‌كه‌وێته‌ ناوه‌ڕاستی عێراقه‌وه‌, نه‌سری 9 ش له‌ناوچه‌ی حاجی ئۆمه‌ران ئه‌نجامدراوه‌, لایه‌نی به‌شداربوو دیار نییه‌. بۆیه‌ ئه‌و زانیارییه‌ ته‌واو هه‌ڵه‌یه‌, بۆ كردنه‌وه‌ی دوو قه‌رارگا به‌ناوی فه‌تح و نه‌سر بۆ ینك و پدك, زانیاری ته‌واوم نییه‌, وه‌لێ به‌ پێی پرسینه‌كان نا دروسته‌, ده‌شێت له‌ناو قه‌رارگای ره‌مه‌زان ژوریان بۆ كرابێته‌وه‌؟؟, وه‌ك ئاماژه‌م پیچی دا فه‌تحه‌كان و ئۆپه‌راسیۆنه‌كان دواتر له‌ ژیچر فه‌رمانده‌یی قه‌رارگای ره‌مه‌زان به‌ڕێوه‌ چوونه‌.

ئیتڵاعات بۆ پارتی: ئێوه‌ تا شاره‌زوورمان ده‌به‌ن ینك تا كه‌ركووك و به‌غدا

شاكر شیرازی ناسراوه‌ به‌ باوه‌ شاكر شیرازی, كاكه‌یییه‌و خه‌ڵكی دێٍی مێخاسی خانه‌قینه‌, كۆنه‌ پێشمه‌رگه‌ی پارتییه‌, ده‌ڵێت له‌و كاته‌ مه‌سئول عیلاقاته‌كان پارتی ناویان مه‌لا عومه‌ری لق و مه‌لا عومه‌ری سورێن بوو له‌ بانه‌, ئه‌مانه‌ فارسیان نازانی, ئازاد قه‌ره‌داغی و حه‌میده‌ فه‌نی به‌رپرسی لقی 4 باوه‌ شاكریان نارد بۆ هاوكارییان له‌ رووی زمانه‌وه‌, چونكه‌ من فارسییه‌كه‌م زۆر باش بوو, سه‌عید شیرازی مه‌سئول ئیتڵاعاتی بانه‌ بوو, رۆژێك وتی مام جه‌لال دێت پێشوازی بكه‌ین, روی له‌ ئێمه‌ كرد و وتی: ئێوه‌ باوتان نه‌ماوه‌, تا شاره‌زور ئێمه‌تان ده‌برد به‌لام مام جه‌لال تا كه‌ركوك و به‌غدا ئه‌مان بات, له‌ ئێوه‌ باشتره‌ بینیتان ئێمه‌یان برد بۆ كه‌ركوك؟.

سه‌رانی ینك بۆ ئه‌زموونیان بۆ له‌ جینۆسایدكردنی بارزانییه‌كان وه‌رنه‌گرت؟

هه‌ڤاڵ كوێستانی له‌ په‌رتووكی ئه‌و رۆژانه‌ی نیشتمان هی هه‌مووان بوو ده‌نووسێت” له‌ گۆڤاری الگلیعه‌ العربیه‌ ژماره‌ 52ی مانگی ئابی 1984, مام جه‌لال وتویه‌تی:” سه‌دام حه‌كه‌مه‌ و دوژمن نییه‌”, بارزانییه‌كان دووجار خائینن, جارێكیان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دژی كوردی ئێران شه‌ڕ ده‌كه‌ن, جاره‌كه‌ی كه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێش پاسدارانی ئێرانی ده‌كه‌ون و دژ به‌ سوپای عێراقی شه‌ڕ ده‌كه‌ن” ل 350-351 .
مام جه‌لال: سه‌باره‌ت به‌وه‌ی بارزانیه‌كان, وه‌ڵامده‌داته‌وه‌و ده‌ڵێت: ئه‌من نه‌مگوتووه‌ بارزانیه‌كان, گووتوومه‌ كوڕانی بارزانی- ل 351 – ئه‌و رۆژانه‌ی نیشتمان هی هه‌مووان بوو – هه‌ڤاڵ كوێستانی -سلێمانی 2017- چاپخانه‌ی كارۆ.
مام جه‌لال پێش پاسداركه‌وتن و شه‌ڕ كردن له‌ گه‌ڵ سوپای عێراق به‌ خیانه‌ت ده‌زانێت, دوای خۆی جوڕِِی پارتی دایه‌وه‌ و له‌و جۆره‌ خیانه‌ته‌ هه‌موویانی ره‌ت دا, پارتی و حسك فه‌جری دوویان كرد, ئه‌و فه‌جری ده‌, پارتی فه‌تحی 3 و 8 ی كرد, ئه‌و نه‌سری 4 و 5 و 7, كه‌ربه‌لاو بیت الموقه‌ده‌س و چه‌ندین فه‌تحیشی بخه‌ره‌ سه‌ریان.
پارتی ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر سنوور شه‌ڕی هاوبه‌شی كرد, ئه‌و 150 كیلۆمه‌تر له‌ قوڵای عێراق و پاسداری برده‌ بن كه‌ركووك.
بگره‌ به‌ڕێز مام جه‌لال تاڵه‌بانی له‌وه‌ش زیاتر ڕۆیی , به‌وه‌ی سه‌دام حسێنی به‌ ناوبژی كه‌ر ناو برد نه‌ك دوژمنی كورد, ئه‌مه‌ی له‌ كاتی خۆی له‌ گۆڤاری (الگلیعه‌ العربیه‌) ڕاگه‌یاند, هه‌ر له‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا ئه‌وه‌ش ڕاگه‌یه‌ندرا سوپای عێراق سوپای نیشتمانه‌ , نابێت له‌ دواوه‌ خه‌نجه‌ری ژه‌هراوی لێ بوه‌شێنرێت .
به‌ گوێره‌ی هه‌مان میتۆد و بۆچوون , ئه‌م مانگی هه‌نگوینیه‌ی نێوان هه‌ردوولا ( ینك – ئێران ) نه‌ك خه‌نجه‌ر, بگره‌ ڕم بوو له‌ پشته‌وه‌ له‌ سوپای عێراق وه‌شێنرا: له‌ ساڵی 1986 لایه‌نه‌كه‌ی به‌ڕێز تاڵه‌بانی ڕێككه‌وتننامه‌ی ڕه‌سمی سیاسی و سه‌ربازی له‌گه‌ڵ تاراندا به‌ست- جینۆساید له‌ عێراقدا و په‌لاماری ئه‌نفال بۆ سه‌ر كورد , وه‌رگێڕانی سیامه‌ند موفتی زاده‌ , چاپخانه‌ی خاك ل54 .
به‌ڕێز نه‌وشیروان مسته‌فا, كه‌ یه‌كێك بوو له‌ كه‌سایه‌تییه‌ گرنگه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ی ن ك, له‌ په‌رتووكی په‌نجه‌كان یه‌كتری ئه‌شكێنن له‌ دیوی ناوه‌وه‌ی ڕوداوه‌كانی كوردستانی عێراق (1979-1983), ده‌رباره‌ی ئه‌م كاره‌ساته‌ و هۆكاره‌كانی نوسیوویه‌: ” گیرانی بارزانییه‌كان ئه‌وكاته‌ی ناوچه‌ی حاجی هۆمه‌ران بوو بوو به‌ مه‌یدانی گه‌رمی جه‌نگی عێراق – ئێران بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و سه‌رانی پدك به‌ ئاشكرا هاوكارییان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئێران ئه‌كرد دژی جه‌یشی عێراقی. كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگ و باسی عێراق و هێزه‌كانی و, چاوساغی و ڕێبه‌ری هێزه‌كانی ئێران و , هێنان و بردنی دێده‌وانی تۆپخانه‌ی ئێران ئه‌مه‌ به‌شێكی كه‌می ئه‌و هاوكارییه‌ ئاشكرایه‌ بو. له‌ هێرشه‌كانیش دا ئه‌وان وه‌كو هێزی یارمه‌تیده‌ر و خه‌ریككه‌ر و لێدانی پشته‌وه‌ به‌شدار ئه‌بوون (( په‌نجه‌كان یه‌كتری ئه‌شكێنن, له‌ دیوی ناوه‌وه‌ی ڕوداوه‌كانی كوردستانی عێراق 1979-1983 ل321, نه‌وشیروان مسته‌فا )), كه‌چی ئه‌مان دواتر خۆیان بوونه‌ هێرش به‌ر نه‌ك خه‌ریككه‌ر.
به‌ڕێزی به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر بۆچونه‌كه‌ی و ده‌نووسێت:” به‌شدار بونی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و هێزه‌كانیان له‌ هێرشه‌كانی ناوچه‌ی حاجی هۆمه‌ران دا, له‌ لای صه‌دام جگه‌ له‌وه‌ی به‌ خیانه‌تی نیشتمانی دا ئه‌نرا, بۆ خۆیشی به‌ خیانه‌ت و ده‌سبڕین و فێڵ لێكردن ئه‌ژمارد”.
لێره‌دا نه‌وشیروان مسته‌فا ته‌ئكید ده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی پارتی به‌شداری شه‌ڕی حاجی هۆمه‌رانی كردووه‌و ئه‌و هاوكارییه‌ی پارتی له‌گه‌ڵ ئێران لای به‌ڕێزی خیانه‌ت بووه‌, كه‌چی دوایی خۆی هه‌مان ته‌رز به‌ زیاتریشه‌وه‌ دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌, ته‌نانه‌ت داهێنانی تێدا ده‌كات؟.
كێشه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌ پرۆسه‌ی دادگاییكردنی تاوانبارانی جینۆسایدی بارزانی و ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌ سه‌رانی به‌عس هه‌مان وته‌كانی به‌ڕێزان تاڵه‌بانی و مسته‌فایان دووباره‌ ده‌كرده‌وه‌, وه‌لێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ناو قه‌فه‌س بوون وه‌ ئێران حوكمڕانی عێراق بوو, بۆیه‌ وته‌كانیان به‌ هه‌ند وه‌رنه‌گیرا, جینۆسایدی كورد په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به‌و هه‌موو ئۆپه‌راسیۆنه‌وه‌ هه‌بوو به‌ هاوكاری ئێران ئه‌نجامدران.

بردنی خه‌ڵك به‌ره‌و مه‌رگ

ئه‌و شه‌وه‌ی ئاسمانی كه‌ركووك كرا به‌ فواره‌ی ئاگر, گڕی نه‌وتی باوه‌گوڕگوڕ كه‌وته‌ به‌ر گڕ, بۆنی كڕۆزه‌ی سوتانی جه‌سته‌ی مرۆڤه‌كان له‌ ناو لادێكانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌وه‌ ده‌هات, تارمایی مه‌رگ ئه‌و ناوه‌ی داگرت, ئازاره‌كانی گه‌یشته‌ سه‌ر تخوبی مه‌رگ, شه‌وێكی زۆر ترسناك بوو, سه‌ره‌تایه‌كی مه‌ترسیدار بوو, له‌و چركه‌ ساته‌وه‌ هه‌موو شت له‌ كوردستان گۆڕا, سه‌ره‌تای گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌ بوو بۆ خه‌ڵكی كوردستان, خاڵی ده‌ستپێكی له‌ناو چوونی نه‌ته‌وه‌یه‌ك بوو, له‌حزه‌ی تێكه‌ڵ بوون و ئاوێزانی مه‌رگ بوو له‌گه‌ڵ ژیان, مان له‌گه‌ڵ فه‌وتان, شین له‌گه‌ڵ شادی.
له‌ ناوه‌ڕاستی هه‌شتاكان به‌ دواوه‌, به‌شێك له‌ پارته‌ كوردستانییه‌كان شه‌ڕی كۆنه‌په‌رستانه‌ی ئێران – عێراقیان هێنایه‌ ناو خاكی كوردستانه‌وه‌, ئاوێزانی خه‌باتی چه‌كداری كوردیان كرد, ئه‌نجامه‌كه‌ی گه‌یشت به‌ سوتاندنی خاك و خه‌ڵكی كوردستان له‌ به‌رداشی ئه‌و جه‌نگه‌ نه‌گریسه‌.
ئه‌م چالاكییه‌ هاوه‌به‌شانه‌, چه‌ورترین و به‌له‌زترین تیكه‌ بوون, خرانه‌ ناو مشتی فاشییه‌كان به‌غداوه‌, هه‌لی زێڕین بوو زه‌مینه‌ی بۆیان خۆشكرا, بۆ په‌له‌كردن له‌ جێبه‌جێكردنی نه‌خشه‌ شۆفینییه‌كانیان, كه‌ به‌ ساڵان بیریان له‌ ئه‌نجامدانی ده‌كرده‌وه‌ و به‌دوای هه‌لێكدا ده‌گه‌ڕان بۆ جێبه‌جێردنی, ئه‌و جه‌نگه‌ هێنایه‌ ناو به‌رنامه‌ی ڕۆژه‌ڤه‌وه‌.
رژێم له‌ وێرانكردنی زنجیره‌ گوندی سه‌ر سنوور و هه‌رێمه‌كانی نه‌وت و ته‌عریب و ناوچه‌ گه‌رمه‌كانی جه‌نگ و تیربارانكردنی گروپ تێی نه‌ده‌په‌ڕاند, ئه‌م ته‌رزه‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ هه‌موو كوردستانی به‌ خه‌ڵك و خاكه‌وه‌ له‌ به‌رداشی خۆیدا سوتاند.
له‌ سه‌ره‌تای شوباتی ساڵی 1985, پێشمه‌رگه‌كانی ینك له‌ هه‌مان ناوچه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی فه‌تحی 1ساڵه‌یی, ئۆپه‌راسیۆنێكی سامناكی پڕتاوانیان به‌رامبه‌ر به‌ هاوولاتیانی ته‌عریبی گوندی گورزه‌یی ئه‌نجامدا” 53 كه‌س له‌ پیاو وو ژن و منداڵ و پیرو په‌ككه‌وته‌ كوژران”, وه‌لێ كاردانه‌وه‌ی به‌عس ته‌نها گرتنی ده‌یان هاووڵاتی سڤیل بوو, له‌ سه‌ربازگه‌ی خالید هێشتیانیانه‌وه‌, دواتر ئازادیانی كرد, زیانی گیانی فه‌تحی 1 كه‌متر بوو له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌, وه‌لێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێران به‌شێك بوو له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌, حكومه‌ت كاردانه‌وه‌ی زۆر توندی هه‌بوو كه‌ كوردستانی گۆڕی.
رێباز ده‌ڵێ”حكومه‌تی عێراق ده‌یزانی ینك دۆستی ئێران نی یه‌ بۆیه‌ هێزه‌كانی خۆی زۆر سه‌رقاڵ نه‌ده‌كرد بۆ گرتنه‌وه‌ی هه‌ندێ شوێن كه‌ ده‌بووه‌ مایه‌ی زه‌ره‌رو زیانی زۆر بۆ خۆی كه‌چی په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ ئێران گرێ دا ناچار بوو هه‌ندێ هێز له‌ ناوچه‌ گرنگه‌كانی شه‌ڕی عێراق -ئێرا بگوازێته‌وه‌ كوردستان و په‌له‌ی كرد له‌ گرتنه‌وه‌ی سنووره‌كان وه‌ بووه‌ هۆی شه‌ڕێكی ڕووبه‌ڕوو له‌گه‌ڵ هێزی پێشمه‌رگه‌ كه‌ به‌ ڕاستی قازانجی نه‌بوو- قه‌ندیل به‌غدای هه‌ژاند به‌شی دووه‌م نووسینی ڕێباز چاپی دووه‌م 2008چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند ل381″.
كاتێك گڕی بابه‌گوڕ گوڕ ده‌بینێت به‌ كاتیۆشاو خومپاره‌ی ئێران گڕ ده‌گرێت ئه‌وجا ده‌ڵێت”له‌وێ بیرم كرده‌وه‌ ووتم ڕژێم ئه‌و تۆڵه‌یه‌ له‌ جووتیاره‌ هه‌ژاره‌كان داكاته‌وه‌، گونده‌كانیان،ده‌سوتێنی ، خوڵكه‌كه‌شی ئاواره‌و ده‌ربه‌ده‌ر داكا-قه‌ندیل به‌غدای هه‌ژاند به‌شی دووه‌م نووسینی ڕێباز چاپی دووه‌م 2008چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند ل388″.
ینك دوای 3 ساڵ و 50 رۆژ دێن هه‌مان ژه‌هری فه‌جری دوو له‌ فه‌تحی یه‌ك ده‌رخواردی گه‌له‌كه‌یان ده‌ده‌نه‌وه‌, كه‌ پێشتر راسته‌وخۆ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ خۆیان كرابوو, ده‌ست بۆ ئۆپه‌راسیۆنی له‌م چه‌شنه‌ نه‌به‌ن. حكومه‌تی عێراقی سه‌ركردایه‌تی ینك ی ئاگادار كردبوه‌وه‌ له‌ ده‌ست تێكه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ ئێران.
” شێخ محه‌مه‌د سه‌رگه‌ڵویی سه‌ركرده‌و پێشمه‌رگه‌ی دێرین بۆ ئێن ئاڕتی: دوای تێكچونی مفاوه‌زات سه‌دام حسێن براده‌رێكی نارد بۆلای من بۆ سه‌رگه‌ڵو پێكه‌وه‌ چوین بۆ یاخسه‌مه‌ر بۆ لای مام جه‌لال ، به‌ مام جه‌لال وت سه‌دام حسێن سه‌لامت لێده‌كات وتویه‌تی ئه‌وه‌ شه‌ڕ ده‌ستپێده‌كه‌ینه‌وه‌، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ سوپای پاسداران شه‌ڕمان بكه‌ن یان خه‌بیری ئێرانی بێنن ئه‌وا به‌ كیمیاوی لێتان ده‌ده‌ین له‌ هه‌ر كوێیه‌ به‌ چه‌كی ته‌قلیدیش لێمان بده‌ن ئێمه‌ به‌ كیمیاوی لێتان ده‌ده‌ین، مام جه‌لال وتی درۆده‌كه‌ن عێراق نه‌ كیمیاوی هه‌یه‌ نه‌ ئه‌توانێت. سه‌ركردایه‌تی زۆر به‌روونی ئه‌یزانی كه‌ ئه‌گه‌ر سوپای پاسداران بهێنێت سه‌دام به‌ كیمیاوی لێیمان ده‌دات، چونكه‌ سه‌دام زۆر به‌روونی ئه‌و په‌یامه‌ی ناردبوو.”.
ڕێباز زۆر ڕاستگۆیانه‌ ده‌ستنیشانی هۆكاره‌كانی قڕكردن و ئه‌نفالكردنی گه‌له‌كه‌مان ده‌كات, ده‌یباته‌وه‌ سه‌ر ئه‌م هۆكارانه‌ : 1- سروشتی دڕندانه‌ی به‌عس . 2- هاوكاری هه‌ندێك حیزب له‌گه‌ڵ ئێران .3- چالاكی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ئێران و كردنی كوردستان به‌ به‌ره‌ی شه‌ڕی عێراق – ئێران .4- كاروكرده‌وه‌ی هه‌ندێك له‌ لێپرسراوان له‌ قه‌به‌كردنی زیانه‌كان “.
ده‌ڵێن شكست هه‌تیووه‌ باوكی نییه‌, به‌ڵام سه‌ركه‌وتن هه‌موو كه‌س خۆی ده‌كات به‌ خاوه‌ندی, فه‌ره‌یدون عه‌بدالقادر ده‌یه‌وێت خۆی له‌ رۆڵی له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ بدزێته‌وه‌, گوایه‌ راسته‌وخۆ رۆڵی نه‌بووه‌, نازانێت رۆڵی ئه‌و زۆر گه‌وره‌تر بوووه‌ له‌ رۆڵی جه‌نگاوه‌ره‌كان له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی كه‌ركوك و هه‌ڵه‌بجه‌, هێنانی ئێرانییه‌كان و رێكخستنی په‌یوه‌ندییه‌كان گرنگتره‌ له‌ به‌شداری كردن له‌ جه‌نگ”من له‌و چالاكییه‌دا ده‌وری راسته‌وخۆم نه‌بوو, ته‌نها رێكخستنی په‌یوه‌ندی و بینینی ئێرانییه‌كان بوو, بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌و گرفتێگه‌ر بێته‌ پێش, واته‌ كاری هاوئاهه‌نگی سیاسی و چاره‌سه‌ری كێشه‌كان كه‌وتبووه‌ سه‌ر ئه‌ستۆی من! هه‌ڵۆ سوره‌كانی قه‌ندیل فه‌ره‌یدون عه‌بدوالقادر چاپی دووه‌م 2020-ل 532.

دوای فه‌تح كاردانه‌وه‌ی به‌عس

له‌ ساڵی 1985 حه‌مزه‌ زوبێدی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی نیشتمانی پارتی به‌عس كرا به‌ سه‌رۆكی بیرۆی باكووری پارتی به‌عس, فه‌رمانی پێ درا له‌ شه‌ش مانگدا كۆنترۆڵی ناوچه‌كه‌ بكات, به‌ڵام ناوبراو به‌ دوو شه‌ش مانگی ئه‌ركه‌كه‌ی پێ ئه‌نجام نه‌درا, روداوه‌ گه‌رمه‌كانی كوردستان و شه‌ڕه‌ هاوبه‌شه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ گه‌ڵ ئێران و نه‌توانینی چاره‌سه‌ر له‌ لایه‌ن محه‌مه‌د حه‌مزه‌وه‌ زه‌مینه‌ی خۆش كرد بۆ هاتنی عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید.
تا ئێستا سزاكان زۆرینه‌یان په‌یوه‌ند بوون به‌ پێشمه‌رگه‌و بنه‌ماڵه‌كانیانه‌وه‌, لێره‌وه‌ قۆناغێكی دیكه‌ی مه‌ترسیدار به‌ ئاراسته‌ی جینۆسایدكردن ده‌ست پێده‌كات, ده‌ستنیشان كردنه‌كان هاووڵاتیانی سڤیل ئه‌و به‌شه‌ی كۆمه‌ڵگا ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ هیچ ئه‌ندامێكی خێزانه‌كانیشیان په‌یوه‌ندییان به‌ چالاكی سیاسی و سه‌ربازییه‌وه‌ نییه‌.
دوای شكسته‌كه‌ی حه‌مزه‌ زوبێدی, له‌ رێكه‌وتی 18-3-1987 ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش و سه‌ركردایه‌تی نیشتمانی پارتی به‌عس كۆبونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌ش به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌دام حوسێن ئه‌نجام ده‌ده‌ن, له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ بڕیاری 160 ده‌رده‌كه‌ن, بڕیاری ژماره‌ 160ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆرش و سه‌ركردایه‌تی نیشتمانی حیزبی به‌عس به‌ فه‌رمی له‌ رێكه‌وتی 29-3-1987 ده‌رچوو, تیایدا عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید كرا به‌ به‌رپرسی حیزبی و ئه‌منی و سه‌ربازی ره‌های ته‌واوی ناوچه‌ كورد نشینه‌كان و باكوری عێراق ” موسڵ, كه‌ركوك, دیاله‌, سه‌لاحه‌دین, هه‌ولێر, سلێمانی, دهۆك” و هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی بڕیاردان و جێبه‌جێكردنی پێدرا.
هه‌مان رۆژی ده‌رچوونی بڕیاری 160, له‌ رێكه‌وتی 29-3-1987به‌ نووسراوی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار- سكرتێر بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هه‌واڵگری سه‌ربازی گشتی به‌ ژماره‌ 965 ده‌رچوو, بڕیاری به‌كار هێنانی چه‌كی كیمیاوی ” عیتاد خاص” به‌رامبه‌ر هاووڵاتیانی كوردستان درا, له‌ رێكه‌وتی 15-4-1987 له‌ گونده‌كانی هه‌ڵه‌دن و چاڵاوه‌و سه‌رگه‌ڵو به‌رگه‌ڵو خرایه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌, رۆژی دواتریش له‌ بالیسان و شێخ وه‌سانان.
دوو هه‌فته‌ دوای چالاك كردنی بڕیاری 160, یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین تاوانه‌كان به‌ چه‌كی كیمیاوی ئه‌نجامدرا به‌رامبه‌ر به‌ هاوولاتیانی گوندی بالیسان له‌ ناوچه‌ی خۆشناوه‌تی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر, ” باره‌گای پاسدار له‌ گونده‌كه‌ بوو, ده‌ڵێن ژماره‌یه‌كیشیان كوژراون به‌ چه‌كی كیمیاوی, له‌ مانگی فیبریوه‌ری فه‌تحی 3 یان له‌ چیای كوڕه‌ك و ره‌واندز ئه‌نجام دابوو”.
هه‌رچه‌ند به‌ فه‌رمی بڕیاری ژیان سه‌ندنه‌وه‌ له‌ برینداران سێ هه‌فته‌ دوای ئه‌و تاوانه‌ ده‌رچوو, به‌ڵام بریندارانی چه‌كی كیمیاوی بالیسان و شێخ وه‌سانان كۆمه‌ڵكوژ كران, به‌مه‌ش تاوانه‌كان پێش فه‌رمانه‌كانی خۆشیان كه‌وتن.
هاوكات هێشتا مه‌ره‌كه‌بی سه‌ر كاغه‌زی بڕیاری پێشوو وشك نه‌ببوه‌وه‌, رێكه‌وتی 21-4-1987 بۆ 20-5-1987 دیاریكرا بۆ راگواستنی سه‌رجه‌م لادێ ده‌ستنیشانكراوه‌كانی كوردستان بۆ ئۆردوگا زۆره‌ ملێكان, به‌ دوایدا بڕیاردرا تاكو رێكه‌وتی 21-6-1987 ته‌واوی لادێكانی كوردستان بڕوخێنرێت, له‌ به‌هاری ساڵی 1987 دا 711 گوند روخێنران, كه‌ 219 گوندیان له‌ پارێزگای هه‌ولێر, 122 یان له‌ گه‌رمیان, 320 گوند له‌ پارێزگای سلێمانی, 50 گوندیان له‌ ده‌ڤه‌ری بادینان بوون.

له‌ رێكه‌وتی 20-6-1987دا, بیرۆی باكووری پارتی به‌عس, كۆبونه‌وه‌یه‌ك ده‌كات, له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا بڕیارێك ده‌دات, ژیانی گه‌لێك به‌ ته‌واوی ده‌گۆرێت, ئه‌ویش بڕیاری ژماره‌ 4008 بوو, ئه‌م بڕیاره‌ مانفیستۆی جینۆسایدی گه‌لی كوردستان بوو, سه‌ره‌تایه‌كه‌ بۆ ده‌ستپێكی جینۆسایدكردنی خه‌ڵكی كوردستان به‌شێوه‌ی سسته‌ماتیك و نه‌خشه‌ بۆ داڕێژراو, كوشت و بڕو ده‌ركردن خرایه‌ چوارچێوه‌ی بڕیاری فه‌رمییه‌وه‌. به‌ پێی بڕیاره‌كه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و گوندانه‌ی تاكو رێكه‌وتی 22-6-1987 ده‌ستیان لێ نه‌درابوو ده‌بێت بڕوخێنرێن, هه‌موو ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان بكرێنه‌ ناوچه‌ی قه‌ده‌غه‌كراو, گوندی قه‌ده‌غه‌كراو هه‌موو ئه‌و گوندانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازیدا بوو له‌وكاته‌دا, رژێم ته‌نها شارو به‌شێك له‌ رێگاكانی به‌ده‌سته‌وه‌ مابوو, له‌ روی ئاسایشه‌وه‌ نابێت ئه‌و ناوچانه‌ هیچ مرۆڤ و ئاژه‌ڵێكی تێدا بمێنێت و ژیانی تێدا یاساغ كرا, هاتو چۆو كشتوكاڵی تێدا قه‌ده‌غه‌ كرا, هێزی ئاسمانی چاودێری زه‌وییه‌ كشتوكاڵیه‌كان و رێگاكانی به‌ چڕی ده‌كرد, ئه‌وه‌ی به‌ربكه‌وتایه‌ ژیانی لێ ده‌سه‌نده‌وه‌, سیاسه‌تی زه‌وی سوتاندن په‌یڕه‌و كرا, هێزه‌كان ده‌ستكراوه‌ كران بۆ كوشتنی خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ له‌ زه‌وی و ئاسمانه‌وه‌, بڕیاره‌كه‌ هه‌وڵدانێك بوو بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین ژماره‌یان لێ بكوژرێت, به‌ تفه‌نگ یان تۆپ یان رۆكێت وه‌ یاخود له‌ ئاسمانه‌وه‌, به‌ چه‌كی ئاسایی یان هیشۆیی و كیمیاوی, یان له‌ كاتی ده‌ستگیركردندا له‌سه‌ر رێگاو بانه‌كان یان له‌ هێرشه‌كاندا بۆ ناوچه‌كانیان گوله‌ باران بكرێن, ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نیان له‌ نێوان 15 ساڵ بۆ 70 ساڵ بوو, بڕیاردرا له‌ سێداره‌ بدرێن بێ دادگاییكردن, ده‌ستنیشان كران بۆ له‌ناو بردن, بێ ئه‌وه‌ی یه‌ك كه‌سیان لێ دادگایی بكرێت, به‌مه‌ش دۆسیه‌كانیان نه‌چووه‌ خانه‌ی یاسای تاوانه‌وه‌, توانای هیچ داكۆكیكردنێكی یاساییان له‌ خۆیان نه‌بوو, وه‌ زۆربه‌ی ده‌ستكه‌وته‌كان كه‌ به‌ده‌ست ده‌هێنران له‌ سه‌روه‌ت و سامان بۆ فه‌وجی جاشه‌كان و هێزه‌كانی حكومه‌تی عێراقی بوون به‌ پێی بڕیاره‌كه‌, هێزه‌كان عێراق به‌ ته‌واوی ده‌ستكراوه‌ كران بۆ فه‌رهودو تاڵانی, به‌ تایبه‌ت فه‌وجه‌كانی جاشه‌كان, كه‌ ئه‌وان دواتر ناوی ئه‌نفالیان لێ نا. به‌ پێی بڕیاری 4008 ته‌قه‌كردن ئازاد بوو بۆ به‌ئه‌نقه‌ست كوشتنی هاووڵاتیان, خاڵی حه‌وت له‌ بڕیاری 4008, جاشه‌كانی سه‌رپشك كرد له‌ تاڵانكردن” هه‌موو ئه‌و شتومه‌كانه‌ی كه‌وا فه‌وجه‌كانی به‌رگری نیشتمانی جه‌نگاوه‌ره‌كانیان ده‌ستیان ده‌كه‌وێت بۆ خۆیان ده‌بێت, ته‌نها چه‌كه‌ قورسه‌كان و چه‌كی ئه‌سناد و چه‌كی مام ناوه‌ندی نه‌بێت چه‌كه‌ سوكه‌كان بۆ خۆیان ده‌بێت, ئێمه‌ی لێ ئاگادار بكه‌نه‌وه‌و ته‌نها ژماره‌كانیان تۆمار بكه‌ن. پێویسته‌ له‌سه‌ر فه‌رمانده‌ی جحافله‌كان چالاك بن و بۆ ئاگاداركردنه‌وه‌ی هه‌موو موسته‌شاره‌كان و فه‌رمانده‌ی سرییه‌كان و مه‌فره‌زه‌كانیان, وه‌ به‌ وردی ئێمه‌ ئاگادار بكرێینه‌وه‌ له‌ چالاكییه‌كانی فه‌وجه‌كانی به‌رگری نیشتمانی”.

له‌ 22-7-1983 ه‌وه‌ بۆ 6-9-1988

له‌و ماوه‌یه‌دا پارتی, یه‌كێتی, حسك, حیزبوڵا و بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی تا ده‌عوه‌و مه‌جلس ئه‌علا ده‌یان كاری هاوبه‌شیان له‌ گه‌ڵ ئێرانییه‌كان له‌ پانتایی كوردستان له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ بۆ زاخۆ ئه‌نجامدا, پاسدار به‌ ئاشكرا له‌ گونده‌كان ده‌بینران, ده‌عوه‌و مه‌جلس ئه‌علا باره‌گایان له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ دانا, به‌مه‌ش بزاڤی چه‌كداری كوردستان بووه‌ لێكرێدراوی ئێران, له‌ كاتێكدا رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ژێر داگیركاریدا ده‌یناڵاند.
ئه‌م جه‌نگه‌ هاوبه‌شانه‌ بیانووی دایه‌ ده‌سته‌وه‌ له‌و ماوه‌یه‌ 3 كرده‌ی جینۆساید به‌رامبه‌ر به‌ گه‌له‌كه‌مان ئه‌نجامدرا” جینۆسایدی بارزانییه‌كان, ئه‌نفالو كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌”.
ئه‌و مێژووه‌ نابێت لێی رابكردرێت, پێویسته‌ خوێندنه‌وه‌ی دروستی بۆ بكرێت, راستییه‌كان ئاشكرا بكرێن, دان به‌ هه‌ڵه‌كان بنرێت و داوای لێبوردن پێشكه‌ش به‌ قوربانیان بكرێت.
له‌ كۆتاییدا ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی به‌شداری ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنانه‌یان كردووه‌, له‌ یاداشته‌كانیان ئاماژه‌ی پێ ناده‌ن, راستییه‌كان ده‌رناخه‌ن, راستیه‌ان بڵاو ناكه‌نه‌وه‌ , خه‌تای سیاسی ده‌كه‌ن, ئه‌وانه‌شی بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه‌, به‌شێكه‌ له‌ ده‌رخستنی راستییه‌كان, وه‌لێ ده‌بێت دان به‌ هه‌ڵه‌كانیان بنێن و داوای لێبوردن بكه‌ن له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی بوونه‌ قوربانی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانیان.




ئەبوبەکر ئەلڕازى… ئولریش ڕودۆلف… لە ئەڵمانییەوە کاوە جەلال

ماوەیەکى کورت دواى مەرگى کندى دەرکەوت کە پێویستە لە کولتوورى ئیسلامیشدا فەلسەفە و تیۆلۆگیى لە یەکدى جیابکرێنەوە. با کندى ڕێزى لە کارى تیۆلۆگەکان گرتبێت؛ با تیۆلۆگەکانى سەردەمى کندى جەختیان لە ڕاسیۆنالێتیى خۆیان کردبێت، یان تەنانەت گرنگییان بە دیالێکتیکى ئەڕیستۆتێلیس (تۆپیک) و هەندێک کۆنسێپتى تایبەتى فەلسەفەى سروشتى ئەنتیکە دابێت، سەرەڕای ئەوە دوای چەند دە ساڵێکى کەم ڕوانگەى هەڵوێستنوێنەکان گۆڕرا: لەو میانە ڕیالیستییەوە کە لە نێوان هەردوو زانستەکەدا هەبوو، میانەگیرییەکى ئاگامەند هاتە گۆڕێ، ئەوجا هێندەى نەخایاند شێوەى بەرەگەرایى وەرگرت.
هۆکانى ئەم گۆڕانە هەمەلایەنین و بە چەند دێڕێک پوخت ناکرێنەوە. وەلێ سەربارى ئەوە دەتوانین ببێژین، ئەم گرژبوونەوەیەى پەیوەندییەکان کە دەتوانین لە وەرچەرخانى سەدەى نۆیەم بۆ سەدەى دەیەمدا ڕەچاوی بکەین، لە لایەن نوێنەرانى هەردوو بەرەوە دەردەچوو. کاتێک تیۆلۆگەکان ماوەیەکى درێژخایەن ئامادە بوون بە جیاوازترین پاڵهێزە هۆشەکییەکان (بێگومان بە میراتەکەى ئەنتیکەشەوە) کار بکەن، ئەوا ئێستا بە پێچەوانەوە جەختیان لە پێوارەیى ترادیسیۆنى ئیسلامی دەکرد. لەم هەڵوێستەدا ئەلئەشئەرى (935 مردووە) و ئەلماتوریدى (944 مردووە) بەشدار بوون و بەشداریکردنەکەیان بوو بە پاڵهێزێکى ئاڕاستەدەر ڕووەو ئایندە. بێگومان ئەمان پشتیان نەکردە بەکارهێنانى بەڵگەهێنانەوەى ئاوەزمەندانە، وەلێ دەیان گۆت کە دەبێت هەموو دۆگمێگ لە قورئانەوە یان لە ترادیسیۆنى پەیامهێنەوە (واتا لە سوننەوە) بناغەی بڕێژرێت (ئەلئەشئەرى) یان مسۆگەر بکرێت (ئەلموتاریدى). بەمەش ئەوان ئەو چێوەیەى تێڕوانیان گۆڕى کە لە نێویدا مەزەنەگەراییە تیۆلۆگییەکان دەبزوان، هەروەها مشورى ئەوەیشیان خوارد کە تیۆلۆگییەکى “سوننی”ى پابەند بە ترادیسیۆنەوە پێشتری وەربگرێت. بە پێچەوانەشەوە فەیلەسوفەکان ئامانجى تەواو جیاوازیان هەبوو. لێرەدا ڕەوشێکی سوودمەند بۆ ئەوان لەوەدا بوو کە تەنانەت پاش مەرگى کندی هێشتا هەر بەردەوام تێکستى دیکە لە گریکى و سریانییەوە بۆ ئەرەبى وەردەگێڕران، ئەمەش بناغەى لێهزرینەکانى ئەوانى چاکتر کرد، وەلێ هەروەها بوو بەهۆیەک بۆ بەرزکردنەوەى ڕادەى داواکارییەکانیشیان کە لەم لێهزرینانەوە وەک دەرئەنجام دەردەکێشران. فەیلەسوفەکان چیدى بەند نەبوون بەو گریمانەیەوە کە گۆیا فەلسەفە گەرەکە (بەگوێرەی تێروانینەکەی کندی) ئەرگومێنت و مۆدێلەکانى ڕوونکردنەوە بخاتە خزمەتى دۆگمى ئیسلامییەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئێستا دەیان گۆت کە فەلسەفە دەبێت خۆى لە سەرجەم پێشمەرجە ئایینییەکان ئازاد بکات و شوێن بیردۆز و مێتۆدەکانى خۆى بکەوێت، هەر بەم شوێنکەوتنەش تەقەلا بۆ زانینى سەربەخۆى ڕاستى بدات.
داواکارییەکەى ئەبوبەکر ئەلڕازى (865-925 یان 932) بەم چەشنە بوو. ئێمە لەتەک ڕازیدا بە یەکەم هزرڤانى ناوچەى کولتوورى ئیسلامى دەگەین کە بەتەواوی داواى ئوتۆنۆمیى فەلسەفەى دەکرد. ڕازى لە بنەڕەتدا پزیشک بوو و لەم سیفەتەیشیدا پێزانینى گەورەى پێبڕا. بەدیهێنانە (نەجاحە) مەیدانییەکانى لە بوارى پزیشکیدا شتایش کران. نووسینەکانى سەبارەت بە بابەتە پزیشکییەکان پێوەرى نوێیان دانا. ئەم نووسینانەى ڕازى نەک تەنیا زانینى ترادیسیۆنیى گریکەکان (و هەروەها هیندیش)یان لە فۆرمێکى نموونەیدا پوخت کردەوە، بەڵکو هاوکات بە شارەزایى فرە پەرەیان پێدا و لەبەر ئەم هۆیەش بەدرێژایى چەند سەدەیەک وەک بناغەى پێگەیاندنى پزیشکان بەکاردەهێنران. وەلێ مەسەلەکە پەیوەست بە نووسینەکانى دیکەى ڕازییەوە لە بوارى پرسیارە فەلسەفەییەکاندا جیاواز بوو. ئەم نووسینە فەلسەفەییانە نە لە لایەن هاوچەرخانییەوە وەرگیران و نە لە سەردەمانى پاش ڕازى خۆیدا ناسێنران، بە پێچەوانەوە، لەبرى ئەوە لە گشت لایەکەوە ڕەتکرانەوە، بەڵێ تەنانەت پەرچەکردارى تووڕە ئاڕاستەیان کرا کە ئیدی لە سەرئەنجامدا ڕازى وەک زەندیقێک ناوبانگى پەیدا کرد.
سەرجەم بەرهەمەکەى رازى، بەهۆى ئەو جۆرە بڕیاردانەوە بەسەر نووسینە فەلسەفەییەکانیدا، بەناباشى گەیەنراوە. گەر شتێکى ئەم بەرهەمە مابێتەوە، ئەوا تەنیا تێکستى کورت و فراگمێنتن، کە ڕەسەنێتیان هەمیشە جەخت نییە. بۆیە ئێمە بەزۆری بەندین بە دەربڕینى نووسەرانى سەردەمانى درەنگترەوە. ئەمەش لە حاڵەتى ڕازیدا بەتایبەتى نالەبارە، چونکە سەرجەم نووسەرانى پاش خۆى دەیانویست دژبێژیى تێڕوانینەکانى بکەن و لێرەشەوە تێڕوانینەکانى ئەویان تیژتر پێشان دەدا لەوەى کە خۆیان لە ڕاستیدا چۆن بوون. سەرەڕاى ئەوە دەتوانین بنەڕەتەکانی هزرى ڕازى (بە ڕەچاوکردنى ئەو ئاگادارکردنەوە نابراوانەى سەرەوە) هەڵبەستینەوە. ئەمەش لایەنى کەم سێ کایەبابەت دەگرێتەوە، کە پێدەچێت ڕازى بەتایبەتى گرنگیى پێیان دابێت: مێتافیزیک (کە پرسیارەکانى ڕێبازی پرنسیپەکان و کۆسمۆلۆگى پێکەوە گرێدەدات)؛ تیۆریى مەئریفە (کە لەنێو کۆنتێکستەکەیدا هاوکات تێڕوانینەکانى ئەو لەبارەى پەیامهێنى لەگۆڕێن)؛ لە کۆتاییدا تێڕوانینەکانى ئەو سەبارەت بە ئێتیک کە لە لایەن خوێنەرانییەوە ئاسانتر وەرگیران و لەبەر ئەم هۆیەش لەنێو تێکستە ماوەکانى ئەودا بەباشترین شێوە دۆکومێنت کراون.
هزرینی نائاسایی ڕازى بەتایبەتى لە لێهزرینە مێتافیزیکییەکانیدا خویا دەبێت. ڕازى لەو باوەڕەدایە کە بتوانێت بوونى ئافرێنراو (خولقێنراو) نەک بۆ یەک تاکە پرنسیپ، بەڵکو بۆ پێنج پرنسیپ بگەڕێنێتەوە: لەپاڵ خودادا (کە بە زەینى / ئینتەلەکتی کامیلی دادەنێت)، کات و فەزا، دەروونى گەردوونى و ماتەرییەکى بێبونیادى لە ئەتۆم پێکهاتوو هیچ سەرەتایەکیان نییە (واتا نەئافرێنراون – و). ڕازى دەبێژێت، ئەم پێنج پرنسیپە لە سەرچاوەدا لە یەکدى جیا بوون و هیچ پەیوەندییەکیان بەیەکەوە نەبووە، وەلێ پاشان ڕووداوێک قەوما کە پرۆسەیەکى پڕئەنجام و تا ئەمڕۆ نەبڕاوەی لێکەوتەوە، ڕووداوەکەش ئەوە بوو کە دەروون هەوڵى دا فۆرم بە ماتەری بدات و لەتەکیدا یەک بگرێت. وەلێ ئەم هەوڵەى دەروون بەهۆى بەرهەڵستیى ماتەرییەوە شکستی هێنا، بۆیە خودا، دوای ئەوەی بەزەیی بەو هەوڵە شکستهێناوانەى دەرووندا هاتەوە، دەستى نایە نێو پرۆسەکەوە، ئەویش بەوە کە جیهانەکەمانى ئافراند و بەمەش دەرفەتى بۆ دەروون ڕەخساند بچێتە نێو ماتەرییە فۆرمپێدراوەکانەوە. پاشان گەردیلەکانى دەروون کە لەو کاتە بەدوواوە لەنێو جیهانى ماتەریدا بوون، خودا بەشداریکردنى لە زەینى خۆیدا پێبەخشین. ئێمە بە یاریدەى ئەم بەشداریکردنە لە زەینى خودادا دەتوانین ڕەچەڵەکى خۆمان و تایبەتمەندکراویمان بناسین، چونکە زەین پێشانمان دەدات کە دەروونەکانمان بە هیچ شێوەیەک بە لەشەکان ناگونجێن، بەڵکو دەبێت سەرلەنوێ بگەڕێنەوە بۆ سەرچاوەى خۆیان. ڕێگەى گەڕانەوە ڕووەو ئەو سەرچاوەیە بەسەر زانین و کردارى دروستدا تێدەپەڕێت. هەموو یەکێک لە ئێمە دەتوانێت ئەم ڕێگەیە بگرێتە بەر، چونکە سەرجەمی مرۆڤان هێندە زەینیان هەیە کە ئیدی بەڕێیەوە دەتوانن دەروونیان ڕزگار بکەن. هەر ئەوەندەى ئەم ئەرکە بەدیهێنرا، ئیدی جیهانى ئافرێنراو لەناودەچێت و دۆخى سەرەتایى سەرلەنوێ دادەمەزرێنرێتەوە. بەدووى ئەوەشدا ئیدی دەروونى گەردوونى چاک کراوەتەوە: وەک دۆخە سەرچاوەییەکەى خۆى لێهاتۆتەوە، بێگومان ئێستا هێندە نەبێت کە دەروون بە بڕى ئەو مەئریفەیە دەوڵەمەندتر بووە کە ئەو تایبەت نییە بە یەکگرتن لەتەک ماتەریدا.
ئەم ئەفسانەیە کە ڕازى لێى دەدوێت، زۆر جار ڕاڤە کراوە، لێرەشدا مرۆڤ دروست ئاماژەى بۆ پەیوەندیى ڕازی بە فەلسەفە دێرینەکانەوە داوە: بە پلاتۆنیزمەوە، ئەمەش لە کۆنسێپتى دەمیورگ (وەستا = خودا / و) و دەربڕینەکانى ڕازیدا سەبارەت بە ڕێگەکەى دەروون ڕوون دەبێتەوە؛ ئەوجا ئەنتى ئەڕیستۆتێلیزم کە دیاریکەرى دەربڕینەکانى ڕازییە لەبارەى فیزیک (واتا لەبارەى کاتى ڕەها، فەزاى ڕەها پێکەوە لەتەک بۆشاییدا، ئەتۆمیزم)؛ ئەوجا لە کۆتاییدا نزیکیى ڕازى لە مەزەنە کۆسمۆلۆگییەکان کە مرۆڤ لە ئایینە جیاوازەکانى ئەنتیکەى دەمەو کۆتاییەوە، پێش هەمووشیان مانیشێئیزم، دەیان ناسێت. سەرەڕای ئەوە ئەفسانەکەی ڕازی، جا گەرچی نزیکە لە ترادیسیۆنە هزرییە دێرینەکان، هێشتا هەر لە خزمەتى فەلسەفەیەکى نوێدایە. بێگومان ڕازى ئەو کۆنسێپتە ناوبراوانە دەپەرچێنێت، وەلێ ئەو بەتایبەتی بەکاریان دەهێنێت تاکو لە خەریکبوونییەوە لەتەکیاندا گۆڕان بە تێڕوانینەکانى خۆى بدات، ئەم تێڕوانینانەشى لە ڕەوتى داڕشتنەکانیدا دەردەکەون. ڕازى لەم تێڕوانینانەیدا گریمانەى سێ تەوەرە بۆ ڕوودانى جیهان دەکات: خودایەک، کە لە زانینى سەروەر و میهرەبانییەوە کردار دەنوێنێت؛ یەکگرتنەوەى مەرجە فیزیکییە پێشتر هەبوو و لە خودا سەربەخۆکان (ئەزەلییەتى کات و فەزا و ماتەری)؛ ئەوجا لە کۆتاییدا دەروونى چوست کە تەقەلا بۆ کامیلێتى دەدات و مێژووە بگۆڕەکەى هاوکات مێژووى جیهان و مرۆڤ پێکدەهێنێت.
ئێمە گەرەکە لێرەدا ڕەچاوى ئەوە بکەین کە پرۆسەى کامیلبوونى دەروون لە لایەن زەینەوە ڕابەرایەتى دەکرێت. ئەمە دەمان بات بۆ تێماکەی دیکە: واتا بۆ تیۆریى مەئریفە، کە ئەمیش لەنێو لێهزرینەکانى ڕازیدا پێگەیەکى گرنگ وەردەگرێت. ڕازى لێرەش وەک هزرڤانێکى ناترادیسیۆنى دەردەکەوێت، چونکە ئەو جیاواز لە فەیلەسوفەکانى پێش خۆى (کندى) و پاش خۆى (فارابى، ئیبن سینا، ئیبن روشد) لە خەریکبوونیدا بەم کێشەیەوە دەربڕینەکانى ئەڕیستۆتێلیس لەبارەى زەینى چالاک و زەینى ناچالاک ناکات بە دەرچە، بە پێچەوانەوە، ڕازى دەیەوێت بەتایبەتى پنتێکى دیکە دیارى بکات. ئەم پنتە خۆى لەو بڕوا پێشاندراوەدا دەبینێتەوە کە هەموو مرۆڤێک تەنیا بە یاریدەى زەین، کە خودا پێى بەخشیوە، دەتوانێت بە زانین بگات و خۆى فرمانەکانى بەگونجاوى لە جیهاندا ئەنجام بدات. ئەم بنەمایە لە یەکەم لێوردبوونەوەدا وەک گەشبین دەردەکەوێت، لێ لە بنەڕەتدا ئەوها نییە، چونکە ڕازى زۆر چاک ڕەچاوى شیمانەى شکستهێنان دەکات، بەڵێ ئەو تەنانەت بۆ ئەو شکستە پێشبینیى سزایەکیش دەکات، چونکە، بە دیدی ئەو، کێ ژیانى خۆى بۆ زانین و ئەو کردارە دروستە کە لەو زانینەوە وەک سەرئەنجام دەکەوێتەوە، بەگەڕ نەخات، دەبێت حساب بۆ ئەوە بکات کە جارێکى دى وەک زیندەوەرێکى پلە نزمتر لەدایکبێتەوە. سەرەڕای ئەوە لەم ڕەوشەشدا هێشتا هەر تەنیا هیوایەک بۆ کۆتاییەکى باش دەمێنێتەوە، چونکە ئەو کەسە لەم دۆخە نوێیەشدا تەنیا هەلێکى بۆ هەڵدەکەوێت تاکو هەڵەکانى ڕاست بکاتەوە و لە پرۆسەى هەڵچوونى دەرووندا بەشدارى بکات. ئێستا بەمە ساغ دەبێتەوە کە سەرجەم مرۆڤان، لە هەر کاتێکدا بێت، هێزە زەینییەکەیان بەگەڕ دەخەن و دەروونیان ئازاد دەکەن.
بێگومان دەشێت ئەم بڕوایەش بگەڕێنرێتەوە بۆ هەندێک پێشبینیی ئەنتیکە. ئەم بڕوایەى رازى، بەهێزتر لە لێهزرینە کۆسمۆلۆگییەکانى پێشین، دەمان بات بۆ پلاتۆنیزم، ئەمەش جێى سووڕمان نییە. ئاخر ڕازى پزیشک بوو، ئەو بەچوستى نووسینە دوور پەلهاویشتووەکانى گالنى دیراسە کرد (لەم نووسینانە تا کۆتایى سەدەى نۆیەم پتر لە سەد دانە بۆ ئەرەبى وەرگێڕرابوون). بێگومان گالن تەنیا بەوە نەناسرا بوو کە ئەو دەروازەیەکى فراوانى فەلسەفەیى هێنایە نێو پەروەردەى پزیشکییەوە، بەڵکو ئەو هاوکات لایەنگرێکى پلاتۆنیزم بوو و تەنانەت توێژینەوەیەکی (لەپاڵ هەندێکى دیکەدا) نووسى کە تێیدا بە وەستایەتییەکى فێرکارییانە پێوەرى خوێندنەوە پلاتۆنییەکانى پوخت کردەوە.
وەلێ ڕازى لێرەشدا هەمان هەڵوێستە بنەماییەکەى خۆى وەردەگرێتەوە: ئەو نەک تەنیا ئەو موڵکە فێرکارییەى بەبێ دەستکارى وەرنەگرت، بەڵکو هەروەها خستییە نێو کۆنتێکستێکى نوێوە. مۆرکى ئەم پەیوەندییە نوێیەى کێشەکە لەوەدا بوو، کە ئێستا زانینى ئاوەزمەندانە زانینێکى هاڤرکێکەرى بۆ پەیدا بوو، ئەمەش ئەو زانینە بوو کە ڕووى دەکردە سروشى (وەحی) خودایەتى. ڕازى، پابەند بە تیۆریی مەئریفەکەیەوە، بەتوندى داواکارییەکانى ئەو زانینە ڕەتدەکاتەوە، چونکە ئەو لەو بڕوایەدایە، کە خوداى میهرەبان و بەداد توانستى زانینى بە سەرجەم مرۆڤان بەخشیوە، لەبەر ئەم هۆیە، بە دیدی ڕازى، نەشیاوە کەسانى تاک زانینێکى دیکەى تایبەتى سروشییان (وەحیان) لە لایەن خوداوە بۆ بێت. دەرئەنجامێکى ئەم بڕوایە ئەوەیە کە پەیامهێن وجودی نییە. بەڵێ، زۆرتر لەوەش: کێ ببێژێت کە گۆیا خاوەنى کاریزماى (واتا بەخشراوى) پەیامهێنییە (موسا، ئیسا، محەمەد)، دەبێت ئەو کەسە هیچی دیکە نەبێت جگە لە فریودەرێک. ئەو مرۆڤە وەک فریودەر پەیڕەوى سروشێک دەکات کە ئەو لە بنەڕەتدا بە هیچ شێوەیەک وەک سروش بۆى نەهاتووە، ئەوجا ئەو کەسە لە پشتى خۆیەوە کۆمەڵێک کەسى گۆیا ئیمتیاز پێدراو کۆ دەکاتەوە، ئەم کۆمەڵەش هیچ کارێکى باشترى لێناوەشێتەوە جگە لەوەى لەدژى کومەڵەکانى دی، کە ئەوانیش بە هەمان شێوە واى دادەنێن خاوەنى ڕاستیى سروشییانە بن، جەنگ بگێڕێت.
ئەم جۆرە دەربڕینانەى ڕازى وایان کرد کە زۆر هاوچەرخی ئەو بە زەندیقێکى خودانەناسی دابنێن. ئەمەش بێگومان ڕوونە لەنێو کۆمەڵگەیەکدا کە تەنیا لە یەک پەیامهێنەوە ئاڕاستە وەردەگرێت. سەرباری ئەوە تۆمەتەکان بە هیچ شێوەیەک مەبەستی خۆیان نەدەپێکا. ئاخر مەبەستى ڕازى ئەوە نەبوو کە هەبوونی یان واتاى خودا بخاتە ژێر پرسیارەوە. بەگوێرەى ئەوە کە ئێمە تا ئێستا بینیمان، ڕازى دەیویست خودا وەک گەرەنتییەکى تاک و ڕاستەوخۆ بۆ خەڵاسی (ڕزگاریى) سەرجەم مرۆڤان دیارى بکات. ئەم ڕەهەندە چە مێتافیزیک و چە تیۆریى مەئریفەکەی ئەوى تەنی بوو، ئەمەشمان جارێکى دى بۆ دەردەکەویتەوە، گەر ڕوو بکەینە تێڕوانینە ئێتیکییەکانى ئەو.
ڕوانگەکانى ڕازى لە کایەى ئێتیکدا کەمتر هەژێنەر و شێوێنەر بوون. ڕەنگە لەمەدا بێت هۆى مانەوەى ئەو دوو توێژینەوەیە کە ڕازى لەسەر ئەم تێمایە نووسینى (“پزیشکیى هۆشەکى” و “شێوە ژیانى (سیرەى) فەلسەفەیى”). ڕازى لە یەکەم توێژینەوەیاندا ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن دەشێت دەروون بە پەروەردە ڕەوشتمەند بکرێت. لەم پەروەردەیەدا دوو لایەن رۆڵ دەگێڕن: بەرهەڵستیکردنى سۆزەکان و هەروەها متمانەکردن بەوە، کە ئەوە زەینى مرۆڤە پێوەرى ڕاست بۆ سەرجەم کردار و چێژەکان دادەنێت. توێژینەوەی دووەم، کە پێدەچێت ڕازى ماوەیەکى کورت پێش مەرگى خۆى نووسیبێتى، زۆر مۆرکى کەسیی لە خۆ دەگرێت. ڕازى لەم نووسینەیدا لەدژى ڕەخنەگران بەرگرى لە خۆى دەکات. پێدەچێت ئەو ڕەخنەگرانە لۆمەى رازییان کردبێت کە گۆیا ئەو ژیانى بەڕەوشتى (بەتایبەتى ژیانی ئاسکێزیى (زاهیدی)) بۆ مرۆڤانى دیکە ڕاگەیاندووە، وەلێ ئەو خۆى لە ژیانیدا بەگەڕى نەخستووە.
وەڵامى رازى بۆ ئەم لۆمانە (ئەمەش بە ناونیشانى توێژینەوەکەدا دەردەکەوێت) بریتییە لە “شێوە ژیانى فەلسەفەیى”. ڕازى لێرەدا بەدەورى فیگورى سۆکراتێسدا دەسووڕێتەوە، کە وەک نموونەى مرۆڤى زانەر و بەڕەوشت پێشبینیى دەکات. بە دیدی رازى هەروەها سۆکراتێس ناچار بوو سەرەتا خۆى بۆ ئەم چۆنێتییانەى زانین و ڕەوشت پێبگەیەنێت. ئاخر سۆکراتێس لە گەنجێتیدا زۆر یەکلایەنی بیرى لە ژیانێکى ئاسکێزى (زاهید) و دوورەپەرێز کردبۆوە (ئەمە بە ڕاڤە کینییەکەى فیگورى سۆکراتێس دەگونجێت)، لێ سۆکراتێش درەنگتر ئەم هەڵوێستەى خۆى گۆڕى، چونکە ئێستا وەک پیاوێکى کامڵ فێر بوو بوو خۆى بەو داواکارییانە بگونجێنێت کە پێویستە مرۆڤێک بۆ خۆى بەرزیان بکاتەوە (ئەمیان بە ڕاڤەى پلاتۆنییانەى سۆکراتێس و پرۆگرامە فەلسەفەییەکەى ڕازى خۆی دەگونجێت). داواکارییەکان بریتین لەمانە: گەڕان بەدووى زانیندا؛ کردارى بەداد؛ هەبوونى بەزەیى بۆ کەسانى دی؛ سەنگاندنى پڕمەغزاى (ئەمدنیایى و ئەودنیایى) چێژەکان؛ متمانەکردن بە خودایەکى میهرەبان؛ هەروەها ئەو بڕوایە کە ئێمە دەروونمان بە یاریدەی زانین و ڕەوشت ئازاد دەکەین و دواى مەرگمان بەرەو ڕووى ژیانێکى بەختیار دەڕۆین.

Ulrich Rudolph، Islamische Philosophie، München 2004




بەشداری پارتی لە شەڕی حاجی ئۆمەران لە نێوان مەسعود بارزانی و سەید كاكە!-3-… عەلی مەحمود محەمەد

تەنانەت كەناڵەكانی راگەیاندنی ئێرانیش هەموو دوبارەی دەكەنەوە كە پارتی شەریكە ئۆپەراسیۆنی سەركەوتووی فەجری دوو بووە, بە پێچەوانەی زۆرینەوە, مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەو كات و ئێستا, هاشا لەوە دەكات بەشداری راستەوخۆی ئۆپەراسیۆنی فەجری دوویان كردبێت, وەلێ هەر خۆشی دان بەوەدا دەنێت كە ئاگاداری پەلامارەكە بوونە و هەماهەنگییان لە دوو قۆڵەوە بە قازانجی ئۆپەراسیۆنی فەجری دوو و كۆماری ئیسلامی ئێران كردووە, لە بەرەی قەسرێ ناودەشت و سیدەكان, گرنتیان داوەتە كۆماری ئیسلامی ئێران لەم دوو قۆڵەوە بێخەم بن و دەیان پارێزن لە مەترسی پەلاماری سوپای عێراق, ئەوەی كەمترین هوشیاری كاری سەربازی هەبێت دەزانێت هەر ئەوەندە هەماهەنگی و بەشدارییە لە پرۆسەی جەنگ, بۆ هێرشی هێزێك بۆ ناو خاكێی ولاتێكی دیكە پاراستنی هێرش بەران لە دوو قۆڵ لە كۆی سێ قوڵ زۆر زیاتریشە لە بەشداریكردن, هێزی پەلاماردەر لە قولایی 16 كم دەورەدراوە بە هێزی وڵاتی هێرش بۆكراو كە لەوكاتەدا لە لوتكەی بەهێزی خۆیدا بوو.
هەندێك لە بەشداربووانی ئەوكاتی بەرەی ناودەشت پێیان وایە بەشێك بوونە لە بەرەی شەڕەكە ئەگەر لە ئۆپەراسیۆنی حاجی ئۆمەران تاكە كەسێكیش بەشداری نەكردبێت, بەڵكە هاوكات و هاوتەنیشت بەرەیەكی دیكەیان كردۆتەوە لە مێژووی نوێی كورددا بە شەڕی قەندیلی دوو ناسراوە, بەڵام ساغبۆتەوە پارتی وەك چاوساغ و رێنیشاندەری كردووە لە حاجی ئۆمەران و هێزەكانی ئێرانی بردۆتە ناو قولایی خاكی عێراقەوە , بە قولایی 10 میل بۆ پشت سەنگەرەكانی حكومەتی عێراق لە بەرەی حاجی ئۆمەران و 24 كاتژمێر زووتر بەشداری ئۆپەراسیۆنەكەی كردووە, دیارە بارزانی ئەمەش بە بەشداری لە جەنگ نازانێت, چونكە فیشەكی تێدا نەتەقێنراوە, لە رووی سەربازییەوە كارەساتی خولقاندووە بۆ هێزەكانی عێراقی, هەموو دەزانین هێزەكانی پارتی لە روی چەك و مرۆییەوە لەوكاتە لە ئاستی ئۆپەراسیۆنێكی وادا نەبووە, ئەوەی هەیبووە شارەزایی و ناسینی خەڵكی ناوچەكە و زانیاری هەواڵگری بووە, شارەزایانە ئەمانەی بەكار هێناوە وەك راگەیاندنەكانی ئێرانی ئاماژەی پێ دەدەن.
بارزانی لە یاداوەرەكانیدا دەنووسێت “بە مەبەستی كەمكردنەوەی گوشار لەسەر بەرەكانی ناوەڕاست و باشوور, ئێران بڕیاری دا بەرەیەكی نوێ لە میحوەری حاجی ئۆمەران بكاتەوە لە ژێر ناونیشانی ( وەلفەجری دوو), بۆ ئەم مەبەستەش پلانی گرتنی بەرزاییەكانی حاجی ئۆمەرانی داڕشت, بە پێی پلانەكە هێزەكەیان تا گەڵاڵە دادەبەزین بە مەبەستی كردنەوەی رێی قەسرێ بۆ ناودەشت.
سەرهەنگ شیرازی و موحسین رەزایی سەردانی خانێیان كرد, بە مەبەستی باس و گفتوگۆ لەسەر پلانەكەیان و داوای چاوپێكەوتنی منیان كرد. لەبەشێكی دیدارەكەدا داوای بەشداری پێشمەرگەیان لە هێرشەكەدا كرد, لە وەڵامدا بۆم روون كردنەوە كە پێشمەرگە ناتوانێت راستەوخۆ بەشداری لە هێرشەكەدا بكات, چونكە هێزی گەورە, ئیمكاناتی پێویست و ئەزموونی شەڕی سەربازیی گەورەمان نییە, شەڕی ئێمە شەڕی پارتیزانییە.
پێشم گوتن, ئێمە هێز دەنێرین بۆ ناوچەی ناودەشت و بەمەش ئێوە لە لایەكی بەرەی شەڕ دڵنیا دەبن و بۆ ئێمەش دەرگایەكی گەورە بەرەو ناوچەكانی رەواندز و قەڵادزێ دەكرێتەوە و ……, لە لای بەرەی رۆژئاواش, واتا لای سیدەكان, هێزمان هەیە و هەر هەڕەشەو مەترسییەك لەو دوو رێیەوە بۆتان بێت, پێشمەرگە بەریان پێ دەگرێت و رووبەروویان دەبێتەوە, چونكە دیار بوو مەترسیی ئەوەیان هەبوو لە دوو لاوە هێرشیان بكرێتە سەر, بۆیە بەم وەڵامەی من زۆر خۆشحاڵ بوون. هەروەها پێم گوتن كە بۆ ناوچەی ناودەشت لە رووی لۆجستیكەوە زۆر دوورەو كاتێكی باشی پێویستە تا رێی قەسرێ دەكرێتەوە, بۆیە ئەگەر ئێوە لە رووی گواستنەوەی بریندارو گەیاندنی پێویستییەكان بە هێلیكۆپتەر یارمەتیمان نەدەن, بە مانای ئەوەیە لەو بەرەیە تووشی كارەسات دەبین.
بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ هەموو لایەنەكانی بەرەی جود قسەمان كرد, لە مەكتەبی سیاسی پارتیش كۆبوونەوە كرا, هەموویان پێیان خۆش بوو هێزی جوود بچێتە ناوچەی ناودەشت. بڕیار بوو ئەگەر یەكێتیش رێی پێگرتن, لەسەر ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە پێشمەرگەكانی حشع و حسك لە بەهاری 1983 كردبووی, تۆڵەی خۆیان لە یەكێتی بكەنەوە, كە دەیان پێشمەرگەی دیلی لێ شەهید كردبوون. لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار درا كە كاك ئیدریس لە لایەن جودەوە سەرپەرشتی هێرشەكە بكات” لێرەدا ئایا بارزانی ئەنجامی كۆبوونەوەی خۆی لە گەڵ ئێرانییەكان بۆ لایەنەكانی بەرەی جود باس كردووە؟؟”.
لەسەر وردەكاری پلانەكە, ناكۆكی كەوتە نێوان ژمارەیەك بەرپرسی سوپای پاسداران و جەیشی ئێرانەوە, كە نا كامڵ و لە خۆبایی بوون. كەسێكیان بەناوی رەبیعی گوتی: هەزاران پاسدار شەهید بێت بۆتان گرنگ نییە, بەڵام ناتانەوێت پێشمەرگەیەك خوێنی لێ بێت. منیش بە توندی وەڵامم دایەوە, دواتر هەمووو رەخنەی توندیان لە رەبیعی گرت. بەشداربوانی كۆبونەوەكە بریتی بوون لە سەرهەنگ ستاری, نوێنەری جەیش, سەرهەنگ جەلالی, نوێنەری لەشكری 64ی ورمێ و ئیستەكی, نوێنەری سوپای پاسداران).
رۆژی 20-7-1983, هێرشی ئێران بۆ بەرزاییەكانی باكوور و باشوور و رۆژئاوای حاجی ئۆمەران دەستی پێكرد. سەرەتا لە زۆر شوێن سەركەوتنی بە پەلەیان بە دەست هێنا و بەرزاییەكانیان گرت, بەڵام لەناو خودی حاجی ئۆمەران و شەقامەكانی بۆ دەربەند, عێراق بەرگرییەكی توندی كرد, بەڵام دوای شەڕێكی قورس حاجی ئۆمەران تا رایات و بەرزاییەكانی بەتەواوی كەوتنە دەست ئێران. دوای گرتنی ناوچەكە هەر زوو ناوی شوێنەكانیان گۆڕی و ناوی خۆیان لەسەر دانا, كە من بەم كارەیان نیگەران بووم و لە كۆبوونەوەی رۆژی 30-7-1983 لەگەڵ شیرازی و موحسین رەزایی ناڕەزایەتییەكی توندم نیشان دا, داوام لێ كردن رێنمایی و ئامۆژگاری بە هێزەكانیان بدەن واز لەم كارەیان بێنن و بە كردەوەش كردیان. ئێران نەیتوانی لە رایات بچێتە خوارتر, بەهۆی ئەم شەڕەوە خەڵكێكی زۆر لە ناوچەكە ئاوارە بوون . بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد – بەرگی چوارەم 1975-1990 شۆڕشی گوڵان – ل 202, 203, 204″.
پێی دەچێت پارتی و ئێران بۆ ئۆپەراسیۆنەكە ژووری عەمەلیاتی هاوبەشیان پێك هێنابێت, دەنا كۆبوونەوە دوای كۆبوونەوە چۆن وا بە سانایی و زویی رێكدەخرێت؟؟, ئەگەر پارتی بەشدار نییە چ پێویست دەكات بەم هەموو كۆبونەوانە, لە لایەكی دییەوە ئەو مێژووەی بارزانی دیاریكردووە بۆ كۆبونەوەی دووەم و ناڕەزایی دەربڕین بۆ گۆڕینی ناوی شوێنەكان لە لایەن ئێرانەوە هەڵەیە, راستە لە 20ی یۆلی ئێرانینیەكان و پارتی بەناو هێزەكانی بەعسدا 24 كاتژمێر زووتر چوونەتە پشت بەرەی شەڕەوە, لێ هێشتا تەقە دەستی پێ نەكردووە, شوێنەكان هەموو بەدەست عێراقەوەن, لە كاتژمێری یەكەمی هەینی رێكەوتی 22-7-1983 شەڕ دەستی پێكردووە, بۆ گۆڕینی ناوی شوێنەكانیش كەوتۆتە دوای رێكەوتی دەستپێكی ئۆپەراسیۆنەكەوە, بۆیە ئەو كۆبونەوەیە دوای ئەو مێژووە ئەنجام دراوە كە بارزانی ئاماژەی پێی داوە لە یاداشتەكەیدا.
لە هەمان كاتدا ئەگەر بەشدار نین لە ئۆپەراسیۆنەكە, پێویست بە ناڕەزایەتی دەكات لە گۆڕینی ناوی تەنانەت چیاكانیش؟.
“هێزەكانی ئێران لە لایەن شیرازی و موحسین رەزاییەوە فەرماندەیی دەكران, هێزەكانی عێراقیش لە لایەن فەریق روكن , نەعمە حوسێن فارس ئەلمحیاوی, فەرماندەی فەیلەقی پێنجەوە سەرپەرشتیی دەكران. سەددام خۆیشی سەردانی دیانای كردبوو, لەم شەڕە عێراق چەكی كیمیایی بەكار هێنا.
لە بەرەی ناودەشتیش كە هێزەكانمان چەندین جار كەوتنە بەر هێرش و پەلاماری فڕۆكە و هێلیكۆپتەرەكانی عێراق, ئێران بە هیچ شێوەیەك هاوكاریی نەكردین. لە رۆژی 6ی ئاب هێزەكانمان بە چڕی بۆردومان كران و دوو پێشمەرگە شەهید بوون و سێیش بریندار بوون . بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد – بەرگی چوارەم 1975-1990 شۆڕشی گوڵان- ل 205″. بارزانی ئاماژە بەوە ناكات, هێزەكانی ئەوان كێ فەرماندەیی دەكرد؟, شوێنی فەرماندەییەكە كوێ بوو؟.
” هەرچەندە شكستەكەی سەددام بەرانبەر بە ئێران, شكستێكی گەورە نەبوو, بەڵام كردی بە بیانوو بۆ تاوانە مێژووییەكەی بەرانبەر بە بارزانییەكان و لە رۆژی 31 تەمووزی 1983 دا هەشت هەزار كەسی بارزانی لە تەمەنی 12 تا 90 ساڵان جینۆساید كرا. بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد – بەرگی چوارەم 1975-1990 شۆڕشی گوڵان-ل 206.”.
لەوكاتەدا كە ئێرانییەكان لە فەجری یەك لە باشوور بە سەخی تێك شكابوون, سوپای ئێران دەهێنرێتە پشت جەبهەوە بە قەولی ئێرانییەكان, پانتاییەكی 380 كم چوارگۆشە لەو ناوچە سەختە داگیر دەكرێت, زیاتر لە 4000 كوژراو بریندار و سەدان دیل دەدرێت, تەرزێكی نوێ لە جەنگ لەناو خاكی عێراق دادەهێنرێت, بە قازانجی كۆماری ئیسلامی ئێرانو بە بروای كاك مەسعود بارزانی شكستێكی گەورە نەبووە؟, هەرچەندە هیچ بهانەیەك بۆ جینۆسایدكردنی ئەو بارزانییە سڤیلانە نەبووە, هیچ رۆڵێكیان لەو ئۆپەراسیۆنەدا نەبووە, ئەوەی كرا بڕیاری مەرگی دەرەوەی پرۆسەی دادگاو جینۆسایدێكی عیار 24 بوو.
دیارە بارزانی ئاگای لەوە نییە لەم شەڕەدا داهێنانی كردووە, بەوەی جەنگی ئێران عێراقی هێناوەتە ناو خاكی عێراقەوە, بە تایبەتیش ناو كوردستانەوە, بۆتە ماڵوێرانی بۆ ناوچەیەكی بەرفراوان لانی كەم 43 گوند و شارە دێ , بووە سەرەتایەك بوو بۆ وێرانكردنی كوردستان و سوتاندنی لە ئاگری جەنگی كۆنەپەرستانەی ئێران عێراقدا. بەو كارەی هێزە چەكدارەكانی لە خەبات بۆ رزگاری نەتەوەیی كردۆتە هێزێكی ئاراستەكراو لە لایەن ئێرانەوە.
بارزانی دەزانێت ئەمەی ئەو دەیكات ئینكاركردنە لە بەشداری لە جەنگێك بۆتە هۆكاری تاوانێكی مەزن, ئیتر قوربانییەكان چی ئەو بن گرنگ نییە, بۆ مرۆڤایەتی, گرنگ هەڵەی ئەو هۆكار بووە بۆ تاوانەكە و پێویستە دان بە راستییەكاندا بنێت و داوای لێبوردن لە قوربانییەكان وخەڵكی ناوچەكەو هەموو زیان لێكەوتووانی ئۆپەراسیۆنەكە بكات و بە سامانی پارتەكەی قەرەبووی مادییان بكاتەوە, وە تەواوی دۆكۆمێنتەكانی تایبەت بە ئۆپەراسیۆنەكەو زانیارییەكانی ئاشكرا بكات, كاتێكیش دوای سێ بۆ پێنج ساڵ هەمان پرۆسەو كار چەندین جار دووبارە دەكاتەوە, ئەمجارە لە گەڵ ینك و حسیك و بزووتنەوەی ئیسلامی و حیزبوڵاكان, دەربڕی ئەوەیە ژیانی خەڵكیان بۆ گرنگ نەبووەو قوماریان بە چارەنووسی گەلەوە كردووەو پەندیان لەو شكستە گەورەیە وەرنەگرتووە.

سەید كاكە پارتی بەشداری كردووە؟

سەید كاكە یەكێك لە فەرماندە مەیدانییەكانی ئەوكاتی حسك و ئەندامی سەركردایەتی پێشووی پارتی دیموكراتی كوردستان لە یاداشتەكانیدا دەنووسێت”…. حیزب “مەبەستی حسیك ە”منیان نارد بۆ ناوچەی حەسارۆست هەرێمی 9ی باڵەكمان لەوێ بوو ئەحمەد فەقێ رەش بەرپرسیان بوو ماڵ و منداڵی لەوێ بوون, كە چووم بارودۆخەكە زۆر باش بوو چەند شەڕێكمان لەگەڵ رژێم كرد. هەر لەو كاتەدا ئێران هێرشی كردە سەر ناوچەی حاجی ئۆمەران ئێمە لەسەر شاخی بەردبووك بووین تەماشای ئەو شەڕەمان دەكرد چونكە شاخی بەردبووك لە ناوچەی چۆمان و حاجی ئۆمەران و رایات و ئازادی و زینوێی لێ دیاربوو سوپای عێراق زۆر بەرهەڵستیان نەكرد حاجی ئۆمەران و زیوێ و خەلان و ئازادی و رایات لە لایەن ئێران گیران و پارتی 50 پێشمەرگەیەكیان لە گەڵ بەشی ئێران بوو تەنیا بۆ شارەزایی هاتبوون و شەڕیان نەدەكرد, بەلام هەندێك چەكی هەردوو لایان ” عێراق و ئێران” یان بۆ خۆیان كۆكردەوە و زۆر كەس لە پاش گرتنی حاجی ئۆمەران و ناوچەكە پڕوپاگەندەیان دەكرد دەیانگوت پارتی دەوری باشی هەبوو. ل 344-345 بیرەوەری پێشمەرگەیەك – سەید كاكە- چاپی چوارەم 2020.
سەید كاكە وەك شایەد حاڵێك و بینەرێكی هێرشەكە دان بەوەدا دەنێت كە پارتی بەشداری شەڕەكەی كردووە وەك شارەزاو چاو ساغ, وە دەستكەوتیشیان هەبووە.
لە روی سەربازییەوە شارەزاو چاوساغی رۆڵی كاراترە لە بەشداری سەربازی نە شارەزا بە تایبەت لە ناوچەیەكی سەختی وەك حاجی ئۆمەران, بۆ ئێرانییەكان ئەو شارەزایانە رۆڵی زیاتر لە سەدان جاری نا شارەزاكانیان بینیووە لە ئۆپەراسیۆنەكە.
ئەگەر پارتی بە یەك كەسیش بەشداری ئۆپەراسیۆنەكەی كردبێت, هاتبێتە ناو سنووری گۆڕەپانی ئۆپەراسیۆنەكەوە, وە كارێكی دیاری كراوی لە بەرژەوەندی لایەكی شەڕكەرەكان بینیبێت ئەوا بەشداری ئۆپەراسیۆنەكەی كردووە لە رووی پراتیكەوە.
كۆماری ئیسلامی لە جەنگدا شەپۆڵَی مرۆیی لە پەلامارەكانی بەكار دەهێنا بۆ تەقاندنەوەی كێڵگەی مینەكان و بڕینی سەنگەرەكانی پێشەوەی سوپای عێراقی, هێزی زۆر بوو وە پێویستی بە چەكداری پارتی نەبوو لە بەرەی جەنگ, بۆ ئەو ئەوە گرنگ بوو ئەو چاوساغانە 24 كاتژمێر زووتر, هێزەكانیانیان بردە پشت سەنگەرەكانی پێشەوەی سوپای عێراق و ئامادە كران بۆ چركە ساتی هاواركردنی ئەلاهو ئەكبەر و راگەیاندنی سەركەوتن, لە رووی سەربازییەوە ئەوە گەورەترین كار بووە لە مەودای ئۆپەراسیۆنەكە كرابێت, خودی ئێرانییەكانیش لە لێدوان و نووسینەكانیان ئەو دەست راكێشانە بە سەركەوتنی ئۆپەراسیۆنەكە دەزانن.

ئەی پرۆفیسۆر عەلی تەتەر چی دەڵێت؟

بە پێی ئاماژەی دكتۆر عەلی تەتەر پارێزگاری ئێستای شاری دهۆك بێت لە وتارێك بەناوی ” حكومەتی عێراق و جینۆسایدی بارزانییەكان”
https://www.facebook.com/photo.php?fbid=397558890345662&set=a.168423243259229.26111.165422603559293&type=1&relevant_count=1 “كە لەساڵی 2013 لە ژمارە 940ی گۆڤاری گوڵان بڵاوی كردۆتەوە, پارتی بەشداری ئەو شەڕەی نەكردووە, ئەو هەڵوێستەكەی لە وتەی پێشووتری بارزانی وەرگرتووە, نەك ئەنجامی لێكۆڵینەوەو شیكاری پرۆفیسۆرێك بێت لێكۆڵینەوە لە روداوێكی مێژوویی بكات بۆتە هۆكاری كردەیەكی جینۆساید, ئەو دەنووسێت” مەسعود بارزانی دەڵێت:” ساڵی ١٩٨٣ ئێمە لە شەڕی حاجی ئۆمەران بەو شێوەیەی كە حكومەتی عێراق باسی لێدەكرد بەشداریمان لەو شەڕەدا نەكردبوو، هێزەكانمان لە ناوچەی (ناودەشت) بوون و بەرەی شەڕی ئێمە لەگەڵ ئەوان جیاواز بوو و ورژاندنی بەشداری پارتی دیموكراتی كوردستان لە جەنگدا، تەنیا بیانوویەك بوو بۆ لەناوبردنی بارزانییەكان.«”لێرە پرۆفیسۆر تەتەر وەك شایەدحاڵێك قسە ناكات راستییەكان دەربخات, بەڵكە وەك داكۆكیەرێك بەرگری لە وتەی سەرۆكەكەی دەكات.
بە وتەی دكتۆر عەلی تەتەر بەڕێز مەسعود بارزانی ساڵی دواتریش دوبارە نكۆڵی لە بەشدارییكردنیان لە فەجری دوو كردۆتەوە, كە دواتر فەتحیشی بۆ زیادكرا “مسعود بارزانی لە پاییزی ١٩٨٤ لە وەلامی پرسیارێكی گۆڤاری (ئەلحوریە)دا كە ئایا ئەوان لە گرتنی حاجی ئۆمەران هاوكاری ئێرانیان كردبوو؟ لە وەلامدا وتبووی: ئێران هێزێكی زۆری مرۆڤی هەبوو و پێویستی بە هێزی ئەوان نەدەكردو ئەو قسانەی كە لەسەر زاری سەدام حوسێن بلاوببووەوە تەنیا بیانووییەك بوو بۆ بێسەروشوێنكردنی بارزانییەكان. “.

بەڵگەیەكی دی كاك دكتۆر تەتەر بۆ بەشدارینەكردنیان ئەوەیە” هەتا حكومەتی ئێران بەڕێوەبردنی ئەم ناوچەیەی نەدابووە دەست پارتی، لە كاتێكدا كە ناوچە و دەوروبەری لە ژێر كاریگەری پارتیدا بوون، بەڵكو بەڕێوەبەرایەتیەكەی دابووە دەست هێزەكانی حزبی دەعوەی ئیسلامی.”, ئەم بەڵگەیەش بۆ پرۆفیسۆرێكی یاریدەدەر زۆر لاوازە, قوتابی من بوایە سفرم دەدا پێی, خۆ دواتر لە هەڵەبجەش ئێران هەر وای لێیان كردەوە, ئێران تەنها وەك مقاش و كرێگرتە ئەوانی بەكار دەهێنا, نەك بیانكات بە شەریك و حوكمڕان و سەرداری ناوچەكانیان, لەوەش زیاتر بەعس بە بەعسی خۆی ناوی چیاو بەرزاییەكانی ناگۆڕی, كەچی ئێران لە یەكەم چركەی داگیركردندا ناوی دەوروبەری حاجی ئۆمەرانی كردە شەهید سەدر.

ناودەشت خۆ لە بەتلیس نییە, بە چاو شەڕەكە ئەبیننن ئەگەر لە بەرزاییەكانی گابەڵەك و سەری پایەو زینوێی گەز گەزەوە سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنەكە كرا بێت, لێ جەنابی پرۆفیسۆر نە ئاگای لە جوگرافیایە, نە مێژوو, نە شارەزای كاری سەربازیشە, لە هەمووشی خراپتر میتۆدی زانستی لێكۆڵینەوە نازانێت یان پەیڕەوی نەكردووە لە لێكۆڵینەوەكەی بۆ گەیشتن بە راستییەكان نەك بەرگریكردن لە سەرۆكەكەی.
لە كۆتاییدا پێویستە راستییەكان ئاشكرا بكرێن,نكۆڵی لە حەقیقەت نەكرێت, دان بە هەڵەكاندا بنرێت و لە یاداشتەكاندا راستییەكان بووترێت وە قەرەبووی مادی و مەعنەوی قوربانیانی فەجری دوو بكرێتەوە.

ماویەتی…




كوردو تێوە گلان بە جەنگی عێراق ئێرانەوە-1-…عەلی مەحموود محەمەد

بەشی یەكەم

بەهۆی جەنگی ئێران – عێراقەوە دەرفەت رەخسا بۆ حكومەتی عێراقی پەلاماری دڕندانەی كوردستان بدات, بە بەهانەی تێوە گلانی بە جەنگەوەی پارتی, یەكێتی, حسك, بزووتنەوەی ئیسلامی, حیزبواڵلە بەهەردوو باڵەكەیەوە, بە هێنانی پاسدار بۆ ناوەوەی باشووری كوردستان, لە ئێرانیش جەنگەكە رێگای بۆ سەركوتی گەلانی ئێران و ئۆپۆزسیۆن خۆشتر كرد.
ئەم هێزانە جەنگەكەیان بە نیعمەت دەزانی و دروشمیان گەرمكردن و درێژەدان بە جەنگ بوو, نەبووە هێزێكی سیاسی پشتیوانی لە جەنگ بكات كە روباری خوێنی لە بەر دەڕۆیی, لێ ئەمان نزاو تكایان درێژەدان بە جەنگ و هەڵسانی لافاوی خوێن بوو.
هەموو جەنگێكیش ئەنجامەكەی كۆتاییە, كە جەنگی ئێران-عێراق كۆتایی هات, بەهۆی تێوە گلانیان بە جەنگەكەوە, كوردستانێكی ویچرانكراوو تەعریبكراو, گەلێكی قڕكراوو زیندانیكراو لە ئۆردوگاكان, بزووتنەوەیەكی چەكداری هەرەسهاتوو مایەوە.

فەجری دوو راهێنان بۆ جینۆسایدی كورد

ئۆپەراسیۆنی فەجری دوو واتا ئۆپەراسیۆنی حاجی ئۆمەران بووە سەرمەشقی جەنگە هاوبەشەكان, رۆڵی راهێنان و ئەزموونی گێڕا بۆ ئەو جۆرە تەرزە لە چاوساغی و جەنگی هاوبەش, چ بۆ شەڕی هاوبەشی ئەم لایەنانە لە گەڵ ئێران, وە كاردانەوەی عێراق لە هەمبەر جەنگە هاوبەشەكان و دەست نەپاراستن لە خەڵك لە بەرامبەری, كە بە دوایدا كوشتاری بارزانییەكان لە لایەن بەعسەوە هات, كە رۆڵی راهێنان بینی بۆ كۆمەڵكوژی خەڵكی كوردستان لە ئەنفال و هەڵەبجە و روخاندنی لادێكان و سڕینەوەی شوێنەواری ژیان لە دەرەوەی شارەكان.
لە كۆدا ئەم لایەنانەی ئاماژەمان بە ناوەكانیان دا, ژمارەیەك شەڕی هاوبەشیان كرد شان بە شانی سوپای پاسداران هەمووی ماڵوێرانی بوو بۆ خەڵك, ناسراوترینیان ئۆپەراسیۆنەكانی فەجری 2, كەربەلا 10, فەتحی 5, نصر 4 , نەسری 5, نصر 7, نصر 8, بیت المقدس 2 , بیت المقدس 4 و فەجری 4, والفجر10, زەفەری 7, …… بوو.
رێكەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستان-پدك لە گەڵ ئێران بۆ ئەنجامدانی كاری سەربازی هاوبەش لەناو جوگرافیای عیراقدا لە ئۆپەراسیۆنی فەجری دوو, یەكەمین داهێنان و رێكەوتنی پارتێكی كوردی باشوور بوو لە گەڵ ئێران بۆ شەڕی هاوبەش, داهێنانی بەهانە بەدەستەوەدان بوو بۆ جینۆسایدكردنی گەلەكەمان لە لایەن بەعسی فاشیستەوە.

فەجری دوو كەی؟

فەجری دوو بە پێی عێراق لە 22-07-1983, وە بە پێی ئێرانییەكان لە 20-7-1983 ئەنجامدرا, جیاوازییەكەش لەوەدایەو لە دوا چركەكانی شەوی 20ی مانگەوە هێزەكانی ئێران و پارتی دزەیان كردە پشت هێزەكانی عێراقەوە, لە چركەكەكانی یەكەمی 22ی مانگ جەنگ دەستی پێكرد.
كاتی ئۆپەراسیۆنەكە پاش شەڕی قەڕناقاو پشت ئاشان و دەركردنی لایەنەكانی بەرەی جود”پارتی,شیوعی,حسیك,پاسۆك” لە ناوچەكانی كەركوك و گەرمیان و زۆرینەی ناوچەكانی سلێمانی و هەولێر, هاوكاری لۆجیستیكی حكومەتی عێراقی هات.
دوای 2 ساڵ لە فەجری دوو, ینك و سۆسیالست و حزب و اڵلە و بزووتنەوەی ئیسلامیش هاتنە ناو هەمان گەمەوە, بەم تەرزە پەیماننامەیە یارییان بە چارەنووسی كوردەوە كرد, كوردیان كردە شەریكە دۆڕانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە جەنگی كۆنەپەرستانەی ئێران -عێراق, دوای قوناغەكانی ئەنفال و كیمیابارانەكان لە 6ی ئەیلولی 1988 دا دەست بە تاڵ و دۆڕاو لێی دەرچوون, ئەوەی بۆیان مایەوە مانگانە تمەنێك و بارەگایەك لە سونێ و قاسمە رەش و زێوەو كارتی گەڕان بۆ شارەكانی ئێران بوو.
ئەوان بەم جەنگە هاوبەشانەیان نزیك 10%ی هاوڵاتیانی كوردستان و 2451 لادێیان بە جینۆسایدكردن و وێرانكردن دا, دەریاچەیەك خوێن و جیهانێك وێرانكارییان دورییەوە لەو شەڕە هاوبەشانە, هاوكات بزاڤی چەكداری كوردیان وەك بزاڤێكی كرێ گرتە بە جیهان ناساند.
بە هێنانی سوپای ئێران لە 29-7-1996 بۆسەر كۆیەو هێنانەوەی سوپای عێراق لە 31ی ئاب و 16ی ئۆكتۆبەر و چاوساغی بۆ سوپای توركیا, سەلماندیانەوە هەمان تاكتیك تێكەڵ بە خوێنیان بووەو بۆتە ستراتیژی كاریان و بەردەوامی هەیەو لە داهاتووشدا بەردەوام دەبێت, بەردەوام گەلی كورد لە هەڵدێرو ماڵوێرانییەكەوە بۆ یەكی دی دەبەن.

ئەمەریكا كۆدی جیهازەكانیانی لابوو؟

لە كاتێكدا راگەیاندەكانی جیهان غەرقی هەواڵی دەریای خوینی جەنگی ئێران-عێراق ببوون, رێگا گرتن لە پەرەسەندنی پان ئیسلامیزمی كۆماری ئیسلامی شەرق و غەربی یەكخستبوو, كۆمەلكوژی كوردان ببوە جەنگێكی لەبیركراو, بە بەرچاوی كەشتیە ئاسمانیەكانەوە, كە دەرزی لەسەر زەوی دەبینن و كۆنترۆڵی هەموو جیهازەكانی سەربازی و سیخوڕییان كردبوو, لەو ساتەی كوردستان خاپورو خەڵكەكەشی قەسابی دەكران رۆژانە تەنها لە ئۆپەراسیۆنی ئەنفالدا 924 كەس كۆمەڵكوژ دەكرا, لەناو ئەو دەریای خوێنەدا كەس گوێبیستی نوزەی ئەم قڕكردن و كاولكارییە گشتگیرە نابوو, كۆمەڵكوژی كورد ببووە هۆلۆكۆستی نوێ, بێ هەواڵ ئەنجام دەدرا, ئەمجارە كراینە قوربانی سەرانی پدك وینك و سۆسیالست و بزووتنەوەی ئیسلامی و حیزبواڵلەكان, چونكە گلاندمانیانە جەنگێكی پیسی دۆڕاوەوە, كەچی دوای راپەڕین لە بڕی سزادانیان خودی قوربانیانیش لە ریزە دورو درێژەكان وەستان تا دەنگیان پێبدەنەوە, تەسكیەیانیان كردنەوە, كەوتنەوە لێستنەوەی ئەو چەقۆیەی سەریانی لە جەستەیان جیا كردبوەوە.
ئێران و عیراق لە پاڵ وڵاتانی زلهێز لەو وڵاتانە بون كۆدی كریبتۆی سویسریان بەكار دەهێنا لە پەیوەندییە نهێنییە ناوخۆییەكانیان, كە لە لایەن سیای ئەمەریكیەوە كۆدەكە دەشكێنرا, وەك لەو ئابڕوچونەی سەرەتا 2020 لە كەناڵەكانی راگەیاندنی سویسرا ئاشكرا كرا, بۆیە هەمووان ئاگاداری تەواوی كوردۆسایدی كورد بوون.

دۆڕاین

ئێمە لە هەموو ئەو جەنگانە لە هەموو رویەكەوە دۆڕاوین, بۆیە دەبێت زیاتر بگەڕێین بە دوای ئەو خاڵەدا كە تێیدا بووە هۆی دۆڕانمان, دەبێت گومان بخەینە سەر رابردوو, بە پراتیك و كارەكتەرەكانیەوە, چونكە رابردوو بە تایبەت ساڵانی بزاڤی چەكداری, مێژوییەكە پڕە لە دۆڕان, با ئەو مێژووە بنووسرێنەوە كە دۆڕاوەكان دەینووسنەوە نەك براوەكان, چونكە ئەم تۆمەتبارانە دۆڕانی خۆشیان بە بردنەوە دەزانن و مێژووی براوەمان پێ نیشان دەدەن, خۆیانیش دەكەن بە خاوەندی راپەڕین و كۆڕەو روخانی سەدام.
سەرانی كورد توانای باشی خۆ كوێر و كەڕ و لاڵكردنیان هەیە, كاتێك نۆرەی دۆران و هەڵەو تاوانەكان خۆیان باس دەكرێت, دەبنە نەتەوەییخواز و دادپەروەر و هەزار و یەك پاساو بۆ شكست و دۆڕانەكانیان دەهێننەوە, ئەوان وەك مێگەلە مەڕ سەیری گەل دەكەن خۆشیان وەك شوان رەفتار دەكەن, هەر كاتێك بیانەوێت بماندەنە دەم گەلە گورگەوە, دەبێت رازی بین و گورگبونی ئەوانیش ئاشكرا نەكەین. لە هەر قۆناغێكدا گورگیەكەیان دڕندەترو پڕ لە خیانەتر دەبێت, بە دەستاو دەستكردنی فەرمانڕەوایی لە لایەن نەوەكانیانەوە یەكجاری بۆنی بۆگەنییان چۆتە كەشكەلانی ئاسمان.
یاداوەری درۆینە

ئەمانە لە مێژوو دەترسێن, یاداوەرییەكانیان, پاككراوە لە تاوان و شكستەكانیان, دەیانەوێت لە رێگای كرێگرتەكانیانەوە مێژوییەكی دیمان پێ نیشان بدەن, شەڕە هاوبەشەكانی حاجی ئۆمەران و هەڵەبجە و كەركوك و …..وەك شەڕی سەركەوتن و رزگاری وێنا بكەن, نەك كرێگرتەیی و قوماركرن بە چارەنووسی گەل.
هێرشی هاوبەشی پارتی وئێران بۆ ناوچەی حاجی ئۆمەران و گردمەند لەساڵی 1983 دا لای كۆماری ئیسلامی ئێران بە فەجری دوو ناسێنراوە, بە یەكەم نموونەی ئەنجامدانی شەڕی هاوبەشی پارتە كوردییەكان لە گەڵ ئێران دژ بە سوپای عێراق دێتە ژماردن, لێرەوە ئەم تەرزو شێوە هاوكارییە سەربازی سیاسییە, دەبێت بە تەرزو مۆدێلێكی كارو خەباتی بەشێك زۆری لە لایەنە كوردییەكانی دیكەی باشوور و ئیلهامی لێ وەردەگرن ” ینك, پارتی, سۆسیالست, حزب اڵلە, بزووتنەوەی ئیسلامی”, پێنج ساڵی پڕِ لە دۆران و شكست و ماڵوێرانی بەردەوام دەبێت, لە پشت پەرتووكە سورەكان و ئاڵاكانی كوردستانەوە دەست لە گەڵ پاسدار تێكەڵ دەكرا و پرۆژەی شەری هاوبەشیان دادەڕشت, لێرەوە بوونە ویڵی ڕێگای پەیوەندییەكانیان لە گەڵ ئێران, وایان دەنواند بەخت یاریان بووەو رێوی بەرەو پیرییانەوە چووە, دڵیان بەوە خۆش بوو, ئێران كاری هاوبەشیان لەگەڵ دەكات, چەند دۆشكەیەكیان دەداتێ, دیارە ئەم جۆرە چالاكییە هۆكاری كردنەوەی دەرگایەكیش بوو بۆ سەرانیان تا بگەن بە ئیمتیازات و سەفەركردن, ئەم شەڕە هاوبەشانەی دوو دەرگایان لێدەبوەوە, دەرگای گەل بۆ جهەنەم , بۆ سەرانی خۆشیان كردنەوەی دەرگایەكی بەختەوەری و ئیمتیازات.

پەند وەرنەگرتن لە هەرەسی ساڵی 1975

ئەمانە بە پشت بەستن بە ئێران دەیانەویست ببنە هێزی یەكەم و چوار مشقی لەسەر باڵادەستی لە كوردستان دابنیشن, ینك وپدك خولیای بوون بە یەكەم هَێز بوون لە كوردستان, بەردەوام لەمێشكیان خولی دەخوارد, بۆ گەیشتن پێی دەست تێكەڵ كردن لە گەڵ شەیتانەكانی كورد ئاسایی بوو بە لایانەوە, پاش ئەوەی چەكیان لە ئێران وەرگرت ئومێدیان باڵای دەكرد, پەندیان لە هەرەسی ساڵی 1975 وەرنەگرت, ئێران بووە قیبلەنامای كاریان, زیاتر وەك داردەستێكی ئێران خۆیان دەنواند نەك هێزێكی كوردستانی, رابردویان دوبارە دەكردەوە” لە یاداشتەكانی موكەرەم تالەبانی وا هاتووە: دوا كوبونەوەی نوێنەری بارزانی لەگەل حكومەتی ناوەندی لە بەهاری 1974 كە منیش تێدا بەشدار بووم، سەروكی شاندی بەعس كە سەدام بوو، بەم شێوەیە دەستی بە قسەكانی خۆی كرد، پێویستە ئێوە ( مەبەستی پارتی بوو) پەیوەندیەكانتان لەگەل ئیران بپچرێنن و سنورەكان بەرامبەر ئیران داخەن. كاك سامی عەبدولرحمانیش كە سەروكی شاندی پارتی بووە بەم شێوەیە وەلامی دایەوە: بارزانی پەیوەندیەكانی خۆی لەگەل ئیران بە پەیوەندیەكانی لەگەل بەغداد ناگۆرێتەوە!! سەدامیش بە سەرسورمانەوە وەلامی دایەوە. ئەگەر ئێوە پەیوەندیتان لەگەل ئیران بە پەیوەندی لەگەل بەغدا ناگورنەوە، چ داوایەكتان لە ئێمە هەیە و بەردەوامی گفتوگۆ چ مانایەكی هەیە! ئێوە لە ئێستاوە خۆتان بە بەشێك لە عیراق نازانن، ئەوەش لە دەرەوەی ناوەرۆكی یاساكانی ئوتۆنومیە. كۆبونەوەكە بەبێ ئەنجام كوتایی هات و شەر لە كوردستان دەستی پێكرد.”, ئەوەی پەند لە رابردوو وەرنەگرێت داهاتووشی نییە, بۆیە ئێستا زیاتر كەوتنە باوەشی ئێران و توركیاوە, ئەوان زیاتر ئێرانی و توركیاین لەوەی كوردستانی و عێراقی بن.

ژەهرەكەیان پێ نۆش كردین

بە بێ ئەوەی گوێی پێ بدەن بەوەی دەست راكێشانی ولاتێكی وەك ئێران لەو كاتە بە بۆچوونی عێراق و گەلی كوردیشەوە خیانەت كارییە لە گەل بە دوو بۆچوونی جیاوە, لای فاشیەكان كە لە جەنگی مان و نەماندا بوون لە گەڵ ئێراندا, كاری سەربازی هاوبەش گەلی بەرەو چارەنووسێكی ڕەش برد, بەم كارەشیان كەوتنە ناو تەڵەی ئێرانەوە چارەنووسیان تێكەڵ بوو, بە پێچەوانەی شەپۆڵی جیهان سەبارەت بە ئێران, گەلیان لە گەڵ خۆیان بەرەو دۆزەخ برد, كاتێك خومەینی پیاڵە ژەهركەی نۆش كرد, كوردیش لە پێك لێدانی ژەهردا لە گەڵیدا هاوبەش بوو بە سایەی ئەوانەوە, چونكە چارەنووسیان پێكەوە گرێ درابوو, لە یادمان نەچێت, دووبارە كردنەوەی ژەهر نۆشی گەلانیشیان پێ خواردینەوە”…. زۆربەی‌ جینۆسایدەكان لەكاتی قەیرانەكاندا رودەدەن وەكو جەنگ. هەڵوەشانەوەی‌ دەوڵەت, شۆرش. و ئەنجامدەرانیشی‌ قوربانیەكان تاوانبار دەكەن لەسەرهەڵدانی‌ ئەو قەیرانانەدا. هەروەها حكومەتی‌ وڵاتانی‌ دیكەش ڕەنگە دەستێوەردەن یاخود بێدەنگ بن لەئاست جینۆساید لەوڵاتیكی‌ تردا وەیا پشتگیری‌ لە ئەنجامدەرانی‌ بكەن بەڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەپێی‌ ئەوەندەی‌ لە توانایاندا هەبێت.”هیڤاڵ هیلان وەرگێڕانی‌: نەریمان عەلی‌-ئەم لێكۆڵینەوەیە پێشكەشكراوە بۆ بەدەستهێنانی‌ دیبلۆم لە خوێندنی‌ یاسادا (لەزانكۆی‌ ئۆكلاند نۆڤەمبەر 2000)”.

پێش فەجری دووو ئەزموون لە گەڵ ئێران

پێش ئۆپەراسیۆنی فەجری دوو, پارتی دیموكراتی كوردستان ((عێراق)) زۆر جەنگی هاوبەشی شان بە شانی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران دژ بە پێشمەرگەی كوردستانی خۆرهەڵات (بە تایبەت دیموكرات و كۆمەڵە) ئەنجام دابوو, لەگرتنەوەی زۆر دەڤەر و شار و شارۆچكەی وەك شاری شنۆ كە رۆڵی سەرەكی تێدا گێرابوو, نموونەیەكی سەركەوتووی لە كاری سەربازی -سیاسی هاوبەشی خستبووە سەر سفرەی بۆگەنی كۆماری ئیسلامی ئێران.
لە بەرەی لەناوخۆی رۆژهەڵاتی كوردستان, لە مانگەكانی پێش شەڕی حاجی ئۆمەران, شەڕە هاوبەشەكان لە ناوچەی شنۆو مەرگەوەڕ ئەنجامدرابوو, ئەم هاوپەیمانییە بۆیان پەیماننامەی فاوست بوو ( لەو پەیماننامەیە فاوست روحی خۆی بەشەیتان فرۆشت), بەلام فاوستەكانی ئیمە دوایی بوون بەدو و سێ و چوار وپێنج, نەك تەنها ڕوحی خۆیان بەڵكە جەستەی هەموو گەلیان بەشەیتانە ڕیشنە دِرندەكەی ئەودیو سنوور فرۆشت, بەم كارەشیان بوونە دیلی پەیوەندییەكانیان لە گەڵ ئێران, تاكتیكی ماڵویرانكەر سەدان هەزار كەسی كردە قوربانی, یرۆسەكە پێنج دانە ساڵ و مانگێك و پانزە رۆژی خایاند, بەم كارە ناشرینەشیان دۆزی رەوای دژ بە ستەمی نەتەوایەتی كوردیان لە جەنگی كۆنە پەرستانەی عێراق ئێران خنكاندو شەڵاڵی خوێنیان كرد, ڕەوایەتی گیانی بزووتنەوەی دژ بە ستەمی نەتەوەییان تیایدا كوشت و ناشرینیان كرد, ئەگەر كەمۆكەیەك پێشتر جوانیان تێدا هێشتبێتەوە, بە پەیوەندییە گوماناویەكانیان و پێش پاسدار كەوتنیان هەموو سیمایەكی ئامانجداریان تێدا كوشت.
ئەم جەنگە هاوبەشانە دەستپێكی خۆكوژی بە كۆمەڵی ( خێڵێك دواتر گەلێك ) ی لێكەوتەوە, هەرچەندە پارتی بۆ خۆی هاشا لەوە دەكات, لەو شەڕە (( حاجی ئۆمەران )) بەشدار بوو بێت و پێش بە سوپای پاسداران كەوتبێت و چاوساغی بۆیان كردبێت بە درێژی دێینە سەری, بەڵام بۆ خۆی تاوانەكە بەو بەهانەیەو بەو ناوەوە ئەنجامدراو لەژێر ئەو كارە خۆی شاردەوە, بەعس تاوانبارە, چونكە هیچ بەهانەیەك بۆ ئەنجامدانی تاوان قەبوڵ نییە, لێ ڕەتكردنەوەكانی پارتیش لاوازە, لە بەرامبەردا زۆر ئەزموون وەرنەگرتن لە تاوانی جینۆسایدی بارزانییەكان سەرچاوە ئاماژە دەدەن بەوەی ئەو كارە سەربازییە هاوبەشە بەرفراوانە ئەنجامدراوە, تاڵی لەوەدایە هەمان پارتی سیاسی دوای 3 ساڵ لەو كارەساتەی هاشا لە ڕۆڵی خۆی دەكات تیایدا, دێت هەمان تاكتیك جارێكی تر هەڵدەبژێرێتەوە و پیادەی دەكاتەوە, جارێكی دیكە بە ئاشكرا بە شێوەی بەرفاوانتر و بەربڵاوتر و ئاشكراتر و بەبەرچاوی خەڵكی كوردستانەوە دووبارەی دەكاتەوە” پارتی لە فەتحی سێ لە هێرش بۆ سەر گەراجی نەوتی زاخۆ و فەتحی هەشت لە ناوچەی ئەتروش بە تەنها دوبارەی كردەوە, لە هەڵەبجەش هاوبەشیكرد لە ئۆپەراسیۆنەكانی فەجری 10 و زەفەری 7″, ئەگەر پێشتر ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان وەك فەجری دوو لە سەرسنوورەكان بوو, ئێستا لە ناو شارەكان و خەڵكی كوردستانە, پاسدار بە ئاشكرا لە گوندەكان دەسوڕانەوە, ئەزموون لە فەجری دوو وەرناگرێت, فەجری 10 دوبارە دەكاتەوە؟؟, هەرچەندە لە دوا ساتەكانی نزیك لە هێرشەكە” هەڵەبجە” ناڕەزایەتی لە نێو سەركردایەتی پارتیدا بەرز بوەوە, لە ترسی دوبارە بونەوەی روداوەكەی حاجی هۆمەران و كارەساتی بارزانییەكان, وەلێ هەر كراو بوونە برا بچوك لە شەراكەتەكە”كۆمەڵكوژی كورد لە جەنگی ئێران -عێراقدا, عادیل سدیق عەلی, ل260-261 .”.
دەبینین ئەزموون لە دڕندانەترین پەرچەكرداری تا ئەو دەمی ڕژێم وەرناگرترێت بەرامبەر بە گەلەكەی تەنانەت كەسە نزیكەكانی سەرۆكەكانی قوربانی بوون, لە داهاتوو دێت زنجیرەیەك چالاكی سەربازی هاوبەش, لەگەڵ هێزەكانی ئێرانی دژ بە سوپای عێراق بە ئاشكرا و لە قولایی وڵاتدا لە زاخۆوە بۆ هەڵەبجە ئەنجام دەداتەوە, بە درێژایی 459 كم, بەم كارەشیان بوونە پۆلیسی ئیران لە كوردستان, وەلێ مەخفەرەكەیان لە ئێران بوو, لەو دیوەوە نەخشەیان بۆ دادەڕێژرا, لەم دیو كوردیان دەكردە سوتەمەنی نەخشەكانیان, بەم شێوەیە بەشداربووانی شەڕە هاوبەشەكان هەموویان بەشدارن لە مێژوویەكی هاوبەش لێ هەتیوی بێ باوك تا ئێستا دانی پێدا نانێن.

بۆچی حاجی ئۆمەران هەڵبژێردرا ؟

ئۆپەراسیۆنی حاجی ئۆمەران بۆ هەریەكە لە پارتی دیموكراتی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران گرنگی تایبەتی خۆی هەبوو, بۆ ئێرانیەكان لە پاڵ سەركەوتنە سەربازییەكە بەسەر عێراقدا, هاوكات دەروازەیەكیش بوو بۆ ئەوەی كوردستان بكاتە بەشێك لە جەنگەكە و بەرەی جەنگەكە بەرفراوان بكاتەوە كە خاوەند هێزێكی زۆری مرۆیی بوو, بەرفراوانكردنەوەی بەرەی جەنگ لە بەرژەوەندی بوو, هاوكات دەیانویست لە رێگەی ئەم ئۆپەراسیۆنەوە بەسەر نەیارەكانیدا لە هێزە كوردییە رۆژهەڵاتیەكان سەركەوێت, كە بارەگاكانیان لەو ناوچانە بوو, ناوچەیەكی بەرزایی ستراتیژی دەیتوانی لەوێوە جوڵەی هێزەكانی دیموكرات و كۆمەڵە لە ناوچەكانی پیرنشار و شنۆو …. كۆنترۆڵ بكات و بارەگاكانی پشت بەرەیان پێ چۆڵ بكات و سنووری چالاكیەكانیان بەرتەسك بكاتەوە,كەواتە بۆ ئێران سەركەوتنەكە دوولایەنە بوو هەم بەسەر عێراق و هەم بەسەر كورددا. هاوزەمان ئێران پێویستی بەسەركەوتنێكی لەم چەشنە هەبوو, كە 104 رۆژ لەوە پێش لە 10ی ئەپرێلی 2003, لە فەجری یەكدا لەناوچەی دیزفول تووشی تێكشكانێكی كەمەر شكێن ببووەوە لە هەمبەر هێزەكانی عێراق, زیانە مرۆییەكانی سێ هێندەی زیانەكانی سوپای عێراق بوو, چوو بۆ سەركەوتن تا بەسرا لە بەغدا داببڕێت, كەچی نە یا اللە ی دەستپێكی شەڕەكە و نە تەم و تومانی ئەو بهارەی زەلكاوەكانی عەمارە فریای نەكەوت, فڕۆكە مەرگ هێنەرەكانی عێراق درەوی سوپاكەیان كرد لەو بیابان و زەنكاوە پان و بەرینە, فەجری یەك بووە یەكێك لە گەورەترین شكستەكانی سوپای ئێران لەماوەی 8 ساڵەی شەڕی عێراق ئێراندا.
ئامانجی فەجری 2 بۆ ئێرانیەكان وەك خۆیان ئاماژەی پێ دەدەن لەم خاڵانەدا خۆی دەبینێتەوە: ” لێدانی دژ بە شۆرش” حدكا”, 2- بەهیز كردنی كوردە موسڵمانەكانی عێراق وەك خۆیان دەڵێن, مەبەستی هاوكارانی لە هێزە كوردییەكان لەو كاتدا كە پارتی دیموكراتی كوردستانە, 3-زەمینە خۆشكردن بۆ ئەنجامدانی شەر لەناو خاكی عێراق, 4- پاراستنی شاری پیرانشار لە هەر جۆرە پەلامارێك, 5-خۆشكردنی زەمینە بۆ لێدانی چاڵە نەوتیەكانی كەركووك ” مروری بر عملیات والفجر ۲
https://www.magiran.com/article/1156413 , لە هەمووشی گرنگتر بۆ ئەو چركە ساتە ساڕێژكردنەوەی برینی شكستی فەجری یەك بوو, لە پێناو بەرز كردنەوەی ورەی سوپا شكست خواردووەكەی.

ئێران چی دەڵێت لەسەر بەشدار بووانی فەجری دوو؟

پەلامارە دوو هەفتەییەكەی فەجری دوو پێویستی كۆماری ئیسلامی بوو, بۆ كۆتایی هاتنی هاتووچۆی پێشمەرگەكانی كۆمەڵەو دیموكرات بۆ ناوەوەی رۆژهەلاتی كوردستان و تۆڵەكردنەوەی شكستی فەجری یەك و شكستی پەلامارەكانی باشووری عێراق و بەرینكردنەوەی بەرەی جەنگ.
بۆ ئاگاداربوون بزانین چی لەسەر ئەم ئۆپەراسیۆنە نووسراوەو چۆن بووەو زەرەرو زیانەكانیان چەند بووە, وە رۆڵی پارتی و قەبارەی هێزەكەی چەند بووە لە ئۆپەراسیۆنەكە, ئەوەی لە حاجی ئۆمەران ئێران كردویەتی لە داگیركردن و گۆڕینی ناوی شوێنەكان دواتر لە هەڵەبجەش دووبارەی كردۆتەوە:
پێشتر شەڕ و پێكدادان لەنێوان هێزەكانی عێراق و ئێران لە بەرەی باشوور بەرەو چەقبەستوویی رۆیی, ئێران نەیتوانی هیچ دەستكەوتێكی سەربازی بە دەست بهێنێت. هێزەكانی ئێران چەندین جار هێرشی شەپۆلی مرۆیییان لە زەلكاوەكان و بیابانەكانی باشوور ئەنجامدا، وەلێ هێزەكانی عێراق شكستیان بە هەموو شەپۆڵە مرۆییەكانی ئێران هێنا, كە ئێران لەو سەرو بەندە ژمارەی دانیشتووانی سێ جار ژمارەی دانیشتووانی عێراق زیاتریش بوو, بەلام پارتی دەرگایەكی گرنگی سەربازی بۆ ئێران بەڵام ماڵوێرانكەر بۆ خەڵكی كوردستان كردەوە , دەرفەتی گواستنەوەی جەنگی بۆ كوردستان خۆش كرد و زەمینەی ساز كرد, ئێران بێ شەپۆڵی مرۆیی و تەقاندنەوەی كێڵگە بەرینەكانی مین سنوورەكان ببڕێت و بێتە ناو عێراقەوە.
ئامانجی سەرەكی ئەم ئەركە دەستپێكی میحوەری حاج عومران بوو كە لەسەر سنوور هەڵكەوتووە و بە زەوییەكی شاخاوی دەورە دراوە. پێشمەرگەكانی پارتی دێموكراتی كوردستانی عێراق بە لە بەرچاوگرتنی شارەزاییان لە ناوچەكەو پەیوەندییان لە گەڵ خەڵكەكەی سەرمایەیەكی گەورەیان بۆ ئێرانییە هێرش بەرەكان دروست كردو توانیان بیان بەنە پشت بەرەی عێراقییەكانەوە.
لە میانی ئۆپەراسیۆنەكە ئێران 284 كوژراوو 487 بریندار و 134 بێسەرو شوێنی هەبوو, وێڕای زیانی مادی. بەڵام عێراق زیانەكانی زیاتر بوو “4000 كوژراو یان بریندار , 164 دیل, هاوكات 5 فرۆكەی جەنگی و 8 كۆپتەری بەردرانەوە, 40 تانك 45 ئۆتۆمۆبیلی سەربازی تێك شكێنراون , وە 20 تانك و 12 تۆپ و 50 ئۆتۆمۆبیلی سەربازی و دەیان پارچە چەكی دی دەستكەوتی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی بوونە.
https://en.wikipedia.org/wiki/Operation_Dawn_2#cite_note-2
زۆربەی سەرچاوەكان ئاماژە بەوە دەدەن كە فەجری دوو هێزی چەكداری كۆماری ئیسلامی ئێران و پارتی دیموكراتی كوردستان بە هاوبەشی ئەنجامیان داوە لە رێكەوتی 20-7-1973 تا 4-8-1983, تیایدا 390 كیلۆمەتر چوارگۆشە لە خاكی عێراق داگیر كرا, لەم ئۆپەراسیۆنەكە 1000 پێشمەرگەی پارتی بەشداری كردووە:
https://en.wikipedia.org/wiki/Operation_Dawn_2

“هێزەكانی ئێران لە رێگای چاوساغەكانیەوە دزەی كردە ناو عێراقەوە بە قوڵایی 16 كیلۆمەتر و دەستی بەسەر زۆر چیا و سەربازگەو 43 گونددا گرت, لەناویاندا بارەگای سەركردایەتی حدكا, بە پێی بۆچون ئێرانییەكان ناوچەكە لە روی ستراتیجیەوە گرنگی نەبوو, بەڵام ئۆپۆزسیۆنی كوردی رۆژهەڵاتی لاواز كرد, هاوكات لەو ناوچەیە حكومەتی عێراقی لە دەربەدەری دامەزراند, بەدوای ئەم شەڕە دوو روداو رویاندا, رێكەوتنی عێراق لە گەڵ توركیاو واژۆكردنی پەیمانی ئەمنی هاوبەش, رێكەوتنی ی ن ك لە گەڵ بەغدا-http://www.moqatel.com/openshare/Behoth/Siasia2/IranIraqAr/sec14.doc_cvt.htm”.

“لە 29ی تیرماهی 1362 “20-7-1983” لە میحوەری پیرانشار- حاجی ئۆمەران لە لایەن هێزە چەكدارەكانی ئێران و هێزەكانی كوردی عێراقەوە هێرش ئەنجامدرا, بە دروشمی یا ئەڵا , یا ئەڵا, یا ئەڵا و بەناوی فەجری 2, لە ژێر سەركردایەتیەكی هاوبەشدا, لە ئەنجامی شەڕەكە سەربازگەی تەمەر چین و سەربازگەی حاجی ئۆمەران, گومرگی سنور, وە چەندین چیای بەرزی وەك كۆدۆ 3000 مەتری و گردمەند2519 مەتری و ئازادی 3700 مەتری و چەندین شارە دێی وەك رایات و ئازادی و زینیوێ و , مەمی خەلان و …. دەستیان بەسەردا گیرا . لە ئۆپەراسیۆنەكە 24 گوردانی هاوبەش پاسدارو سوپا لە بەرەی ئێرانەوە بەشدارییان كرد, كە 17یان لە هەرێمی فارسەوە هاتبوون-
https://what.sapp.ir/emtedad_fars/1532093192345b36c2bcDOEc-%D8%AE%D8%A7%D9%86%D9%87-%D8%B4%D8%B1%DB%8C%D8%AD-%D8%A8%D8%B1%D8%A7%DB%8C-%D9%86%D9%85%DB%8C-%D9%86%DA%AF%D8%A7%D9%87″.
“فەجری 2 ناوی ئەو شەڕە هاوبەشەیە, كە هێزەكانی ئێران بە هاوكاری كوردەكانی عێراق” لەوكاتە هەر پدك بوو”ئەنجامیاندا, تیایدا توانرا بەرزاییەكانی 2519, 2120, 1970,2062 و 80 رەبایە, 200 كیلۆمەتر چوار گۆشەو 60 تانك و 150 زرێپۆش بگرترێت و هاوكات بووە هۆی 4000 كوژراوو برینداری عێراقی, 510 دیل و خستنە خوارەوەی 9 فرۆكەو زیانێكی زۆری مادی دی بە سوپای عێراقی گەیشت,.
هێرشی دوو هەفتەیی ئێران و پارتی دیموكرات بۆسەر ناوچەی حاجی ئۆمەران لە 20ی تەموز و گرتنی هەردوو چیای كۆدۆ و گردە مەندیل و ئازادی و كۆمەڵێك چیای بەرزی دیكە، هەروەها ناوچەكانی شیوەڕەش، ماوەتان، حاجی ئۆمەران، خەلان، زینوێ، ئالانە، ئازادی، بابكراوە، رایات، رەشەمێ، گوندە ژێر و گەلە ژێرو بەشێوەی گشتی ئێران 43 گوند و شارە گوندی داگیركرد. لە هێرشی هاوبەشی سوپای ئێرانی و كوردەكان, 390 كیلۆمەتر دووجار لەخاكی عێراق ئازاد كراوە https://fa.wikipedia.org/wiki/%D8%B9%D9%85%D9%84%DB%8C%D8%A7%D8%AA_%D9%88%D8%A7%D9%84%D9%81%D8%AC%D8%B1_%DB%B2″.
فەجری دوو نەك نەبووە دابینكردنی ناوچەی نفوز بۆ پارتی, بەلچكە قازانج سەری مایەی خوارد, بووە كاولكردنی ناوچەكە, تەنها ئێران گۆڵی خۆی كرد.
پاش شكستی ئێران لە فەجری یەك, بانگەشەی ئەوە كرا كە توانای هێرشی نەماوە, بۆیە ئێران پێویستی بە سەركەوتنێك هەبوو, بەم ئۆپەراسیۆنە بە دەستی هێنا. لەم ئۆپەراسیۆنە هێزێكی بچووك بەكار هێنرا, زیانی كەم كرا و مسۆگەركردنی سەركەوتنی ئۆپەراسیۆنەكە كرا.
لە حاج عۆمران لە سەرەتای شەڕەوە هیچ جموجۆڵێك لەلایەن ئێرانەوە لەم قۆڵەوە نەكرابوو, بەم ئۆپەراسیۆنە ناوچەكە هێنرایە ناو جەنگەوە. پێش هێرشەكە بە 24 كاتژمێر زووتر, دزە كرایە پشت سەنگەرەكانی عێراق, ئەم كارە عێراقییەكانی توڕە كردو ئەمەی خستە ئەستۆی پارتی.
دوای گرتنی ناوچەكە, ئێرانییەكان سەربازگەی حاجی ئۆمەرانیان ناونا حمزە سید الشهدا و بەرزاییەكانی حاجی ئۆمەرانیشیان گۆڕی بۆ “شەهید سەدر”.
لەو كاتە لەتیف نسەیف جاسم، وەزیری ئەوكاتی راگەیاندنی عێراقی رایگەیاند كە زلهێزێكی جیهانی و هەروەها حیزبی شیوعی عێراقی” دروشمی راوەستانی دەست بەجێی جەنگی ئێران و عێراق بوو لەو كاتەدا, یان بەشداری حشع ی لە قەندیلی دووی بە بەشداری لە فەجری دوو زانیووە, یاخود لە خۆیەوە ئەم لێدوانەی داوە, حشع هیچ شەڕێكی هاوبەشی لە تەك ئێرانییەكان نەكردووە” لە ئۆپەراسیۆنی فەجر 2 یارمەتی هێزەكانی ئێرانیان داوە. ڕاستەوخۆ دوای سەركەوتنی ئێران لە ئۆپەراسیۆنەكە، ڕادیۆی لەندەن رایگەیاند كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەركێكی لەسەرە بۆ بەكارهێنانی هێز, ئێران ناچار بكەن كۆتایی بە جەنگەكە بهێنێت. هەروەها ڕادیۆی ڕیاز لە سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەكانی لە پاریسەوە رایگەیاند تاران بەردەوامە لە كڕینی چەك لە تەلئەبیب بۆ درێژەدان بە جەنگ.
https://www.hamshahrionline.ir/news/1430/%D8%A2%D8%B4%D9%86%D8%A7%DB%8C%DB%8C-%D8%A8%D8%A7-%D8%B9%D9%85%D9%84%DB%8C%D8%A7%D8%AA-%D9%88%D8%A7%D9%84%D9%81%D8%AC%D8%B1-%DB%B2
بەم شێوەیە بینیمان فەجری دوو كاردانەوەی جیهانی بوو, بەمەش پارتی بە دەستی خۆی بەنزینی كرد بەسەر خۆی و گەلدا.
ئۆپەراسیۆنەكە كاتژمێر 12ی شەو بە دروشمی “یا الله یا الله یا الله” دەستی پێكرد, لەم ئۆپەراسیۆنەدا ١٦ كەتیبەی سوپای پاسداران و شەش كەتیبەی پیادە و یەك كەتیبەی میكانیكی سوپا بەشدارییان كرد. لە میانی ئۆپەراسیۆنەكە حوجەتول ئیسلام مستەفا ڕادانی پوورو زەبیحوڵڵا ئەسیزادە فەرماندەی لیوای ١٨ی غەدیر كوژران:
https://www.imna.ir/news/589467/%D9%88%D8%A7%D9%84%D9%81%D8%AC%D8%B1-%DB%B2-%D8%B6%D8%B1%D8%A8%D9%87-%D9%85%D9%87%D9%84%DA%A9-%D8%A8%D9%87-%DA%AF%D8%B1%D9%88%D9%87%DA%A9-%D9%87%D8%A7%DB%8C-%D8%B6%D8%AF%D8%A7%D9%86%D9%82%D9%84%D8%A7%D8%A8
بەشێك لە هێزەكانی ئێران ٢٤ كاتژمێر پێش دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكە جوڵەیان كردە پشت هێزەكانی عێراقەوە. لە جەنگەكە هێزەكانی ئێران پێك هاتبوون بوون لە 24 كەتیبەی پیادە و میكانیكی, وە هێزەكانی عێراق بریتی بوون لە ٣٦ كەتیبەی پیادە و كۆماندۆ. ژمارەی كوژراوەكانی عێراق لە ئۆپەراسیۆنەكە ٤١٦٤ كەس بوو:
http://www.aviny.com/Occasion/enghelab_jang/defaemoghaddas/93/amaliat/zamini/valfajr-2/valfajr.aspx?%D8%B9%D9%85%D9%84%DB%8C%D8%A7%D8%AA-%D9%88%D8%A7%D9%84%D9%81%D8%AC%D8%B1-2
http://www.aviny.com/Occasion/enghelab_jang/defaemoghaddas/93/amaliat/zamini/valfajr-2/valfajr.aspx?%D8%B9%D9%85%D9%84%DB%8C%D8%A7%D8%AA-%D9%88%D8%A7%D9%84%D9%81%D8%AC%D8%B1-2

لە تۆڵەی ئەم هێرشە هاوبەشە, سەرباری ئەوەی 5 رۆژ مابوو ئۆپەراسیۆنەكە كۆتایی بێت, بەعس كەوتە بێسەروشێنكرردنی بارزانییەكانی قوشتەپە, هاوكات دەرگای جهەنەمی بەكارهێنانی چەكی كیمیاویشی بۆ یەكەمجار لە كوردستان كردەوە”بە گازی خەردەل 100 كەس لە سوپای ئێران و كوردە هاوپەیمانەكانی پێوە بوون, بە هۆی بێ ئەزموونییەوە گازی كیمیاوی سوپای عێراقیشی لە مەرگ بێبەری نەكرد –
https://ar.wikipedia.org/wiki/%D8%A8%D8%B1%D9%86%D8%A7%D9%85%D8%AC_%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82_%D9%84%D9%84%D8%A3%D8%B3%D9%84%D8%AD%D8%A9_%D8%A7%D9%84%D9%83%D9%8A%D9%85%D8%A7%D9%88%D9%8A%D8%A9 “.

ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی فەجری دوو
ئۆپەراسیۆنەكە بۆ ئێرانییەكان لە 20ی یۆلی 1983 و بۆ عێراقییەكان لە 22ی یۆلی 1983 دەستی پێكردووە, پارتی چاوساغی بۆ هێزەكانی ئێران كردووەو دەستی سوپای ئێرانی راكێشاوەتە پشت سەنگەرەكانی عێراقەوە بە قولایی 16 كیلۆمەتر, بەهۆی جەنگەكەوە 43 شارۆچكەو گوند وێران بووەو كراونەتە گۆڕەپانی جەنگ, 200 بۆ 390 كیلۆمەتر چوارگۆشە خاك لە لایەن ئێرانەوە داگیركراوە.
كۆماری ئیسلامی لە یەكەم چركەی هاتنە ناوەوەی دەستی كردووە بە گۆڕینی ناوی شوێنەكان كە بەعس ئەوەی نەكرد لە رابردوو. ئامانجێكی جەنگەكە لێدانی كۆمەڵەو دیموكرات بوو لە ناوچەكە كە لەو كات و ساتە دوژمنی هاوبەشی ئێران و پارتی بوون, بارەگاكانیان هێنابووە ئەم دیو سنوور و لەوپەڕی چالاكی سەربازی خۆیاندا بوون.
لە جەرگەی ئۆپەراسیۆنەكە بەعسی فاشی كەوتە شوێنبزر كردنی هاوولاتییە سڤیلە بارزانییەكانی قوشتەپە و بەحركەو …… . پارتی دیموكراتی كوردستان بە هێزێكی هەزار كەسییەوە بەشداری ئۆپەراسیۆنەكەی كردووە.
دوای فەجری دوو, ئێرانییەكان دوو ئۆپەراسیۆنی دیكەیان لە هەمان ناوچە ئەنجام دایەوە, كەربەلای 2 لە دوی سەپتەمبەری 1986, وە كەربەلای 7 لە رێكەوتی 4ی ئازاری 1987, لێ لەبەر ئەوەی هێزی كوردی نەگلابوونە ئۆپەراسیۆنەكەوە بۆیە بەعس كاردانەوەی نەبوو بەرامبەر بە خەڵك.
بۆ زانیاریش هیچ ئۆپەراسیۆنێك هاوبەش یان تەنهای ئێرانییەكان لە كوردستان, ناوی كوردی یان ناوی جێگاو شارێكی كوردستانی هەڵنەگرتووە.
لە كۆتادا بۆمان دەردەكەوێت پارتە بەشداربووەكانی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان لەگەڵ ئێران لای چەوتی مێژوویان گرتووە لەو كاتە, بۆیە پێویستە دان بە هەڵەكانی خۆیان بنێن و زانیاری تەواو بدەنە خەڵكی و داوای لێبوردن لە خەڵك بكەن و لە سامانی سەركردەو پارتەكانیان قەرەبووی هاولاتیانی ئەو ناوچانە بكەنەوە.

ماویەتی…




دواهەمین هەناری دونیا ترشترین هەناری دونیا… ئیدریس موستەفا

ئەم بابەتە نوسینێکی رەخنەیی منە لەسەر رۆمانی “دواهەمین هەناری دونیا”ی بەختیار عەلی. بۆ یەکەم جارە رۆمانی بەختیار عەلی بخوێنمەوە ئەویش دوای ئەوەی بیستم ئەم رۆمانە وەرگێڕدراوەتە سەر هەندێ زمانی بیانی لەوانە ئەڵمانی. من تەنها وەک خوێنەرێک، خوێندنەوەی خۆم بۆ ئەو رۆمانە بە جەندان رەخنەی جۆراوجۆردەخەمە روو. لەمەشدا پشت بەو تیئۆریە ئەدەبیە دەبەستم کە رێگە بە خوێنەر دەدات دەق هەڵبسەنگێنی و رەخنەی لێبگرێ. ئەو تیئۆریە پێی دەوترێ (Reader-Response Criticism). لەبەر دوورودرێژی بابەتەکە بڕیارمداوە لەمەودوا بە جەند بەشێک بڵاوی بکەمەوە. ئەو رۆمانە دەکرێ لە زۆر رووی ئەدەبی ترەوە وەک زمان بە نموونە رەخنەی توندی لێ بگیرێ بەڵام من لە هەندی باری فکری و چەمکخوازی کۆمەڵایەتی و سیاسیەوە رەخنەکانم دەخەمە روو. بە یارمەتی هەندێ قوتابخانە و تیئۆری ئەدەبی و چەمکی فکری دید و بۆچوونەکانم بەیان دەکەم. لەوانە تیئۆری رەخنەگرانەی رەگەزی (Critical Race Theory) یاخود سۆسیۆلۆجیای فەرق و جوداخوازی، فیمینیزم، جەندەر، مارکسیزم، ستراکچراڵیزم، دیراسەی کەلتورەکان و میژوو وەک چەمکێک…. هتد

بەشی یەکەم: ناوچەگەرێتی یاخود لەکەدارکردنی گەرمیانی
لەم بەشەدا باس لە بابەتی ناوچەگەرێتی دەکەم کە ئەسەرەکەی بە ئاشکرا لەم رۆمانەدا دەردەکەوێ، بەڵام گرفتەکە لەوەدایە ناتوانی بە دیاریکراوی لە کام قوتابخانە و تئیۆری ئەدەبی یاخود چەمکی فکریەوە لێی دەڕوانی چونکە باسی ناوچەگرێتی بەوشێوەیەی لە وڵاتی ئێمەدا هەیە و بەو شێوەیەی نوسەر نوسیوێتی کەمێک ئەستەمە رێچکەیەکی ئەدەبی بدۆزیتەوە تاکو رەخنەکانی خۆتی لەسەر بونیاد بنێی، ئەمە جگە لەوەی خوێنەرگەلی نەتەوەکانی دی چۆن لێی تێبگەن بەو رادەیەی ئێمە دەیزانین. فەرق و جودایی لە نێوان کەسەکانی یەک کۆمەڵگە خاوەنی یەک زوبان و یەک رەگەز و یەک ناسنامە و یەک خاکن چەندان رەهەندی فکری و سیاسی و سایکۆلۆجی لە خۆی دەگرێ. بۆ نموونە ئەو جیاوازیەی لە نیوان ناوجەی سلێمانی و ناوچەی گەرمیان دەکرێ لە رێگەی کاراکتەرەکانی نێو ئەم رۆمانەوە زۆر بێ پەردە و ئاشکرایە، بە رادەیەک خودی نوسەر و رۆمانەکەی دەخاتە ژێر پرسیاری ئەخلاقی و رۆسنبیریەوە.
گەرمیانیەکان بەتابیەت خەڵکی کەرکوک و دەوروبەری بەهۆی پێشینیەکی دژواری بارودۆخی سیاسیەوە کە هەموان دەیزانین یان دەرکراون یاخود ناوچەکانی خۆیان جێهێشتووە و بەرەو شارەکانی تری وڵات کۆچیان کردووە لەوانە سلێمانی و هەولێر. کاتێکیش دێنە شارەکانی تر دەست دەبەن بۆ هەر کار و وەزیفەیەک ژیانی خۆیانی پێ بەڕێ بکەن. هەر خودی نوسەر تەوزیفی هەردوو کاراکەترەکەی جوان کردووە کاتێک گەرمیانەکە بە پۆلیسێکی دادەنێ و سڵێمانی مەزنی مەسئولی حزبی بە پیاو مەعقوڵی شار، دیارە مەبەست لە شار سلێمانیە، ناودەبات. بەڵام، لێرەوە گرفت و کێشە ئەخلاقیەکان سەرهەڵدەدەن.

هەموو ئەو کاراکتەرانەی لەو رۆمانەدا ناویان دەهێنرێت ئاماژە بە ناسنامەی ناوچەێتیان ناکرێ تەنها یەک کاراکتەر نەبێت ئەویش پۆلیسە شەقوەشێنەکەی عەرەبانچیەکان و دەستفرۆشەکانی شاری سلێمانیە ” مەلیک دولبەری گەرمیانیەکی سەرسەختی ژنحیز. ژنەکەی دەبرد بۆ مەسئولەکان.” لا ١٥٦ لە بەرامبەردا کەسێتیەکی تری شاری سلێمانی هەیە کە باوکی محمدی دڵشوشەیە. محمدی دڵشوشە ” کوڕی یەکێک لە پیاوە ناسراوەکانی شارە، سڵێمانی مەزن. ئەو پیاوەی لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشەوە لە ژێرەوەڕا ئەمینداری نهێنیە ترسناک و گەورەکانی ئەو شارەیە.” لا٢٢ لەم دوو وەسفەدا رەهەندی ئەو فەرق و جوداییە دەبینی کە لە نیوان دوو ناوچەی کوردستانی باشرودا دەکرێ ئەویش ناوچەی سێمانی و ناوچەی گەرمیانە. بزانە ئەو روحی سلێمانچیتیانە لە کوێدا خۆی مەڵاسداوە. لە لایەک چ وەسفێکی ئیجابی کابرای سلێمانی، سڵیمانی مەزن، دەکات بەوەی مێژوویەکی پڕ شۆڕ و شەوق و پێگەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی بەرزی دەداتێ. لە لایەکیتر، کابرایەکی گەرمیانی دەهێنێ و دەورێکی نابووت و پیسی دەداتێ بە سەرسەخت ناوی دەبات. سەرسەخت گەر دایبتاشین و مانایەکی ئەرێنی لێ پەیدابکەین ئەوا نوسەر لێرەدا بە مانایەکی قوڵی پڕ لە تەوهین و ئیهانە بە مرۆڤی گەرمیانی بەکاری هێناوە گوایە گەرمیانی توڕە و کەلەپوتن و هێز و بازوو هەموو شتێکە لە لای ئەوان. لەمەش واوەتر لەسەر ئاستی شەخسی و خێزانی و کۆمەڵایەتی لەکەداری دەکات و ژنەکەی بە حیز و خۆیش بە گەواد ناوزەد دەکات. نوسەر لێرەدا توشی گرفتێکی مەنتقی بووە. باشە کەسێک گەر ژنەکەی بەرێ بۆ بەرپرسی گرنگی گەورەی حزبەکان و وەزارەتەکان واز لەو کارە تاقەت پروکێنە پۆلیسیە ناهێنێ کە دەست پان بکاتەوە لە جەند منداڵێکی دەستفرۆش تاکو شتێکی بدەنێ. لەو هەریمەی ئێمە، وەک هەموان دەزانن، ئەوەی گەوادی لەوجۆرە بۆ مەسئولە گەورەکان و وەزیرەکان بکات بە تایبەت ژنی خۆی ببات بۆیان ئایا نانی ناکەوێتە رۆنەوە و ناشبێت بە یەکێک لە دەوڵەمەندەکانی شار!.
وەک گوتمان لەگەڵ ئەوەی گەرمیانیەکە وەک درەندەیەک نیشان دەدات بە کوشتنی سەریاسی پالەوانە گەنجەکەی، لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتیش لەکەداری دەکات بەوەی ژنەکەی حیزە و ژنەکەی دەبات بۆ مەسئولەکان؛ لە بەرامبەردا سڵیمانی مەزن هەیە پیاوی مەعقوڵی شارە، شاری سلێمانی، و مەسئولە و لە چاوتروکانێکدا دوو کچت بۆ خانەنشین دەکات و دەیان نێرێت بۆ شوێنێک کە خۆیان هەڵی دەبژێرن تەنها لەبەرئەوەی دڵی کوڕە مردووەکەی شاد بکات، بە قەولی خۆی، بەوەی سەردانی گۆرەکەی بکەن جار ناجارێ. تۆ سەیری ئەم پیاوە ناودارەی شارەکە بکەن: مەسئولە، کوڕەکەی لە کوشکێکدا داناوە، دوو خانمی گەنج خانەنشین دەکات، ئەو سیاسەتی لێدان و کوشت و بڕەی لە مندالانی هەژار دەدرێت لەسەر شەقامەکانی شارەکەی ئەو پیاوە گەورەیەدا لە دارودەستەی ئەمەوە دەردەچێت کەچی ئەم پیاوی ناسراوی شارە و مەلیک دولبەری کارمەندی ئاسایش و پۆلیس دڕەندەیە، کەلەپوت و منداڵکوژە و نەک هەر ئەمەش ژنحیزە و مندالانی دەستفرۆش هاواری لێدەکەن ژنحیز چونکە “هەموان دەزانن مەلیک دولبەر ژنەکەی خۆی دەبات بەرپرسێکی گرنگی دەفتەری سیاسی و کاربەدەستێکی گەورەی وەزارەت.” لا ١٥٦ دواتر دەگەرێمەوە سەر وشەی “ژنحیز” و چ رەهەندێکی فکری و ئەخلاقی بە دواوەیە، بەڵام من دەپرسم باشە نوسەر بۆ ناڵێت شارباژێریەکی ژنحیز، شارەزووریەکی ژنحیز، پێنجوێنیەکی ژنحیز، پشدەریەکی ژنحیز یاخود سلێمانیەکی ژنحیز؟!

هەڵبژاردنی گەرمیانیەک لە لایەن نوسەرەوە و بەرجەستە کردنی لە کاراکتەرێکی ئاوهادا رێکەوت نیە. لیرەدا ناچمە سەر ئەو فاکتەرە مێژویی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگیانەی کە روحی ناوچەگەرێتی لە سلێمانی دروست کردووە؛ بەڵکو راستەوخۆ دەچمە سەر ئەو واقعی سلێمانچێتیەی کە لەو شارەدا هەیە و بۆچی لە عەقڵیەتی رۆشنبیری و سیاسیکانیدا بەرجەستەیە هەر وەک چۆن لە نیو بەشێکی زۆری ئەو خەڵکانە خۆیان بە ئەهلی شارەکە یاخود رەسەنی شارەکە ناودەبەن. ئەو شارە وەک شارەکانی دی کوردستان چەندان شاعر و هونەرمەند و نوسەری پێگەینادووە و شایانەی ریز و ستایشە بەڵام نەک بکرێ بە شانازیەک و بەسەر شوێنەکانی تردا رایبدەن. سلیمانچێتی لە بەرامبەر ناوچە و شارەکانی تردا بە تایبەت گەرمیان و بە دیاریکراوی ناوچەی کەرکوک شتێکی بەڵگەنەویستە. ناوچەگەرێتی جگە لەوەی لە روحێکی شانازی و خۆ بە موهیم زانیەوە دێت، بۆخۆی دەرئەنجامی فەرهەنگ نزمی و خەڵەفاوی رۆشنبیری و تەنانەت گرفتی دەروونیشە. لە باری تیئۆریەوە دەخزێتە نێو بیروکرداری شۆفێنستیانەوە کە رەگەزێک یاخود جۆرێک لە خەڵک بە گرنگ تەماشابکرێ و ئەوانی تر بە کەم و جاهیل و بودەڵ. هەولێر نموونەیەکی زیندووە کە رۆژانە دەکەوێتە بەر توانج و تەلاری ناوجەگەرێتی. تەنانەت لە نیو حزبێکیشدا لەسەر ئاستی باڵادا دەبینین سلێمانچێتی چۆن دەوری خۆی دەگیڕێ لە هاوسەنگی نیوان کەسەکان و هیزەکاندا. تێگەیشتن لم کێشەیە لە سەر ئاستی جیهان چەند چەمک و تیئۆریەکی هێنایەدەر لەوانە تیئۆری رەخنەگرانەی رەگەزجودایی (کریتیکاڵ رەیس تیئۆری) کە نەک ەهر رادەوەستێتەوە دژ بە رەگەزپەرستێتی رەش پیست و نەتەوە بوومییەکانی هەردوو کیشوەری ئەمریکای باکور و باشور بەڵکو بەرامبەر جوداخوازێتی ناوجەیی خەڵکانی ئاسیایی و ئەمریکای لاتینیش.

لە سەر ئاستی رۆشنبیری ئێمە شاهیدی دەرکەوتنی رەوتێکی رۆشنبیرین وەک رەهەندیەکان و بازنیەکی رۆشنبیریش بە دەوریاندا کە سلێمانچێتی لە نوسین و بەرخوردەکان و ئەسەرێکی تەواوی هەیە. ئەم رەوتە تەواوکەرە لەگەڵ عەقڵێکی سیاسیدا کە پێی وایە خەڵکانی کەرکوک و ناوجە دابراوەکانی تر دەبێ سلێمانی بە جێبهێڵن و بڕۆنەوە شوێنی خۆیان چونکە شارەکەیان ناخۆش کردووە! کێ هەیە گوێی لەم قسانە نەبووبێ گەر بۆ مانگێک لەو شارەدا ژیابێت. سەرباری ئەو سێ دەیەی خەڵکانی گەرمیانی لەو شارەدا دوو سێ نەوەیان لی دروست بووە بیری سلێمانچێتی هەر هەیە و لە برەودایە. شاری شاران، شارە حەیاتەکە یان پایتەختی رۆشنبیری چەند تێرمێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و رۆشنبیرین لەو ئاراستەیەدا. لێرەدا دەمەوێ ئەوە بڵێم من باس لە رەوتێکی شۆفێنی ناوچەگەرێتی دەکەم نەک تەعمیمی بکەم بەسەر هەموو خەڵکی ەئو شارەدا. جا ترسناکیەکە لەوەدایە ئەو رەتە لە عەقڵی سیاسیەکان و قەلەم و هزری رۆشنبیریەکاندا خراپ بەرجەستە بووە. بەختیار عەلی خۆی و رۆمانەکەی نمونەیەکی زیندووی ئەو عەقڵی سلێمانچێتی و رق هاتنەوەیە لە گەرمیانی. بۆیە دەلێم بەختیار خۆی چونکە لیرەدا ئەستەمە نوسەر لە دەق جیابکەیتەوە بگرە لە دەقێکی ئاوهادا بەرجەستەیی نوسەر و دەق مۆری تاپۆی رەش تۆخترە. لە شوێنیکی تردا دێمەوە سەر پەیوەندی نوسەر و دەق.

بەشی دووەم: چەمکی عەشقی ئەفلاتونی
ئەم رۆمانە لە رووی زمانەوانیەوە پرە لە هەڵە، هەورەها ائستی وێژەیی نوسینی رۆمانەکە لاوازە و لێرەدا من ناچمە سەر ئەو بابەتە، چونکە ئەوەی من لە دواهەمین هەناری دونیادا دەیبینم هەر بەتەنها هەندی هەڵەی بەکارهێنانی وشە نیە بەڵکو هەڵەی بەکارهێنانی چەمکە، چەمکی عەشقی ئەفلاتونی دژوار (ل٢٢) واتە لەم رۆمانەدا نەک هەر شوشە شکاوە بەڵکو وا رەزدەسوتێ. ئەو عەشقەی موحەمەدی دڵشوشەیەی نوسەر بەو تۆخی و سۆزداری و خوێناویەی باسی دەکات و ناوی لێ دەنێ عەشقی ئەفلاتونی، پەیوەندی بە ئەفلاتون و ئەوینی ئەفلاتونیەوە نیە بەڵکو تەواو خۆشەویستیەکی سۆزداریە، رۆمانسیە. عەشقی ئەفلاتونی کە خودی ئەفلاتون ئاگای لێ نەبووە ناوی لێ نراوە، گەر وەک پێناسە باوەکەی باسی بکەین ئەوا دوورە لە هەر سۆزداری و دڵداری و خۆشەویستی ناکامیەوە بەڵکو وەک ئەوەی دوای ئەفلاتون خۆی نوسراوە عەشقی ئەفلاتونی بریتیە لە عەشق بۆ زانین و حیکمەت و بەها خێرخوازیەکان. چەمکی عەشقی ئەفلاتونی یەکەمجار لە لایەن ئەدیب و ئەکادیمیستی ئیتالیەوە، فارسیلیۆ فینۆچی، لە سەدەی پانزەدا بەکارهێنرا و ئەویش لەویدا باس لەوەدەکات کە عەشقی ئەفلاتونی عەشقێکی روحیە و دوورە لەهەر هەستێکی سۆزداری و سەکسی و جەستەیی و لەش و لارەوە. دیارە ئینکاری لەوەناکرێ ئەم چەمکە دواتر بەکارهات بەڵام ئایا چۆن و تا جەند لە راستیەوە نزیکە.

ئەرکی نوسەرە چەمکی هەڵە بە خوێنەرانی نەناسێنێ چەندە باو بێت چونکە تۆ بە رۆمان مێژوویەکی تەدوین کراو دەنوسیتەوە کە پرە لە زانیاری و رووداو و بیروباوەڕ و پەیوەندیە رەنگاڵەییەکانی کۆمەڵەگەیەکی دیاریکراو. بۆ وەسفی کەسێتی محمەدی دڵشوشە چەندان وشە و چەمکی تر هەبوون کە ئیشی من نیە بە نوسەر بڵێم ئەوەیان دابنێ بەڵکو شارەزایی نوسەر دەبێ خۆی ئەو شتانە بدۆزێتەوە. ئەو وشانەی نوسەر ریزی کردوون لە وەسفی محمدی دڵشوشەدا(عيشقی ناکام و خۆشەویستی ناکام و پرچی درێژ و ….هتد.) ئەو کەسێتیەی لە ئیوارەیەکی عەشقاویدا دەچێتە بەردەم ماڵی کچێک و پێی دەلێ کە من تۆم خۆش دەوێ لە کاتێکدا کچەکە رەتی دەکاتەوە و پێشنیاری خوشک بوونی بۆ دەکات، کەچی ئەم هەر ئینکاری دەکات لەوەی یەکیک لە کچەکان کە ناوی لاولای سپیە هەر دەبێ خۆشی بوێت، بگرە هەرەشەیەکی سۆزئامێز دەکات بەوەی پێیان دەلێت ” شتی وانیە، ئێوە خوشکی من نین، من بە هەموو تۆفاندا هاتوم تا حەز لە یەکیکتان بکەم. من باران ناردومی تا لاولاوم خۆش بوێت.” لا٢٣ . ئەمە جگە لە ئەوپەڕی رۆمانسیەت و زۆردارەکی سۆزداری و شێتگیری سۆزی و هەستێکی کوێرانە هیچی تر نیە. دژواری وەک نوسەر ناوی لێ دەنێت عەشقێکی ئەفلاتونی دژوار، ئەوە نیە گەر لە مانا باوەکەی ئەوینی ئەفلاتونیشەوە لیوەی بڕوانی.
یەک شتێکی تر لە پەیوەند بەم جەمکەوە دەمەوێ بیڵێم ئەوەیە کە عەشق و ئەوین یان عەشق و خۆشەویستی دوو شتی جیاوازن چ وەک وشە و چ وەک مانا و چ ئەوەی لەوێدا بەکارهێنراوە و خراوەتە پێش وشەی ئەفلاتون. لە زمانی ئینگلیزی و عەرەبی و ئیتالیەکەشیدا (لۆڤ، حب، ئامۆر یان ئامۆرێ) بە خۆشەویستی ئەفلاتونی یان ئەوینی ئەفلاتونی باس کراوە نەک عەشقی ئەفلاتونی. من لێرەدا ناچمە وێزەی ئەو جیاوازیانەی نێوان عەشق و ئەوین بەڵکو هەر ئەوە دەلێم کە لە جیاتی عەشقی ئەفلاتونی دەبوو ئەوینی ئەفلاتونی بوایە لەبەر رۆشنایی ئەو خالانەی باسم کردن.

بەشی سێیەم: کۆنەپەرستی و خورافات…
لەم رۆمانەدا بە ئاشکرا دەقی ئاینی و کۆنەپەرستی و پڕ لە خورافات نەک هەر دەبینرێ بەڵکو برەوی پێ دەدرێ و تئیۆریزەش دەکرێ. دیارە تیئۆریزە کردنەکە لەسەر بنەمایەکی مێژوویی بابەتی یاخود زانستی نیە بەڵکو تەنها لەسەر کەلتور و نەریتێکی کەڵەکەبووی بۆماوەییە کە سەدن ساڵە لە نێو زۆرێک لە کۆمەڵگەکاندا پەیرەو دەکرێ کە ئاین و خورافات و کۆنپەرستیە کەلتوریەکەی بەوپەڕی هێزەوە لە پشتیەوە وەستاوە. لە لاپەرە ٨٦ پاڵەوانی رۆمانەکە، موزەفەری سوبحەدەم،دەڵێ “شتەکان وەهان، حیکمەتێک هەیە من بیستویەک ساڵە دیلم.. حیکمەتێک هەیە من لێرەم… حیکمەتێک هەیە من و تۆ لەم شوێنەدا یەکدەگرین.”. لە بیروباوەڕی ئاینیدا بۆ نموونە ئیسلام لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، باوەڕهێنان بە قەدەر یەکیکە لەو روکنە پایەییانەی عەقیدەی ئاینی لەسەر بونیاتنراوە و بە دیاریکراوی لە ئیسلامدا یەکیکە لەو شەش عەقیدەیەی ئاینی ئیسلام ریزی کردووە. شەش عەقیدەکە باوەڕهێنانە بە: خوا، فریشتەکان، کتێبە ئاسمانیەکان، پەیامبەرەکان، ئەو دونیا، قەدەر.

قەدەر ئەوەیە کە خودا خۆی پێشوەختە هەموو چارەنوسەکانی لە تەوێڵەکان نوسیوە و ئەوەی ئەوەی بەسەر سروشت و گەردوندا دێت هەمووی لە نەخشە پێشوەختەکانی خودایە و ئەمەش بۆ خۆی حیکمەتێکی تیدایە. لە گێرانەوەیکی تردا کە نوسەر خۆیەتی، لە تەئەمول کردنێکدایە دەڵێت “من پێم وایە ئەو منداڵانەی زوو دەمرن ئولفەتێکی قوڵتریان بە ئاسمانەوە هەیە.” لا١٣٧ باوەڕهێنان بە ئاسمان و جیاوازکردنی روحی منداڵ لە مردندا و پێدانی ئولفەتی قوڵ بەو مردنە داڕشتنێکی ئەدەبی نیە بەڵکو هەڵە تێگەیشتنێک و بەکارهێنانێکی نالۆجیکی و دوور لە هەر گوزارشتێکی عەقڵانیە بۆ مردن و منداڵ مردن. هەر سەبارەت بە مردن لە لاپەرە ١٦٣ دەلێت ” من پێم شتێکی قەشەنگە مرۆڤە بیر لە شوێنی مردنی خۆی بکاتەوە، مافی ئەوەی هەبێت ئەو جێگایە هەڵبژێرێت، مافی ئەوەی هەبێت نەیەوێت لەگەڵ سەدان هەزار مردووی تردا بیخەنە گۆڕستانەوە.” مرۆڤ حەز لە شوێنی مردنی خۆی بکات و کوێی دەوێ لەوێ بنێژرێ دیدێکی کۆنەپاریزی و بگرە گاڵتەجاڕیشە و دوورە لە هەر مەنتقێکی مادیەوە. رەگەی مێژوویی دید و هەڵوێست وەرگرتن و تەداروکات لە ناشتنی مرۆڤ بۆ ناوچاڵێک، خەرافی و سۆزداریە و پشتی بە هیچ ئاوەزێکی زاهیدی و بابەتی و زانستی وەها نەبەستووە تاکو بڵێن ناشتن پیرۆزە. ئەوەی هەیە لە بارەی مردنەوە ئەو بیر و عادات و خورافەتە ئاینی و کۆمەڵایەتیە کۆنەویستیەیە کە لەسەر مردن و گۆڕ هەیە. لە دێرۆکی مرۆڤدا و تەنانەت لە ئێستاشدا سوتاندن و سپاردنی لەش بە ئاو یاخود بە خۆڵ کردنی لەشی مرۆڤ مانایەکی تیدایە بەڵام لە نآشتندا بەتایبەت کە ئاین بیڕازێنێتەوە بە دەق و حەدیسەکانی خۆی جگە لە نەزانی و کۆنەپەرستیەک هیچی دیکە نیە. سوتاندنی مردوو یاخود بە خۆڵکردنی وەک ئەوەی ئێستا لە زۆر ولاتی دەرەوەدا ئەنجام دەدرێ هەندێ تێروانینی مادی و بابەتی تێدایە کە لێرەدا بواری ئەوەم نیە باسی بکەم؛ بەڵام برەودان بە کەلتوری مردن و گۆڕ دیاریکردن بە: رفاندنی منداڵێکی فیشەک پێکراو و خوێن لەبەر رۆیی بۆ بن دارێک یان جێاگیەکی دوور بوایە و شەرعیەتدان پێی گوایە خواستی خۆیەتی…. ئەمە جگە لە خورافاتێک و پیرۆزکردنی مردن بەو شیوە خورافاتە هیچی دی نیە. هەڵاتن لە دەسەڵاتدارێتی ناعەدالەتی تەندروستی شار و پەنابردنە بەر پەناگەی مردن بەو شیوەیە هەمان ئەو وێنەیام پێ نیشان دەدات کاتێک دەسەڵتدارێتی کوردی بنەبست بوو لەوەی وەڵام بە باری سیاسی و روحی کۆمەڵگەی کوردی بداتەوە ئیسلامیەکان خۆیان پیداکرد و ئەڵتەرناتیڤی سیاسی و کۆنەپەرستی کەلتوری خۆیان هێنایە نێو زهنی خەڵکەوە و هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ جەمکی مردن لە لایەن نوسەرەوە لەو تەلیسمە بابەتیەوە سەرچآوەدەگرێ. لە رووی هونەریەوە مردن و گیان کێشانی مێردمنداڵێکی لانەواز، سەریاسی سوبحەدەم، بە دەردەسەری و ترسەوە لە شەوێکی تاریک و تنۆکدا و خستنە خەتەریاتی گیانی چەندان هاوڕێ و کەسی ترەوە جگە لە راکێشانی سۆزی خوێنەر بەلای رۆمانەکەدا هیچ حیکەمتێکی تری تێدا نابینرێ.

هەر لە پەیوەند بە مردنی سەریاسەوە و پیرۆزکردنی کردنی گۆڕەکەی و ئەو پەنهانییەی لە ژیانی سەریاسدایە دوو ناوی تر دێنە پێشێ ئەوانیش ئادەم مەرجانی کۆمۆنیست و ژینۆی مەخمەڵی کە ئیسلامیە. لەگەڵ ئەوەی ئەم دوانە هەردووکیان هاوڕێی نێزیکی سەریاسن و هەردووک وەک یەک لە ژیان و مردنی سەریاس دا بوونیان هەیە، کەچی لە گێڕانەوەدا نوسەر بایەخێکی ئەوتۆ بە ئادەم مەرجان نادات چونکە کۆمۆنیستە بەڵام گێرانەوەی چیرۆکێکی درێژ دەداتە ژینۆی مەخمەڵی ئیسلامی کە تێیدا شەرحی بیروباوەڕی ئیسلامیانەی خۆی بکات لە پەیوەند بە شەوی مردن و ناشتنی سەریاسەوە. بۆچێ؟ چونکە ناسنامەی ئاینی ژینۆی مەخمەڵی یارمەتیدەرێکی باشە بۆ گێڕانەوەی ساتەکانی مردن. هەردوو لاپەرەکانی ١٦٤ و ١٦٥ هەمووی قسەکانی ژینۆن. باسکردنی ئادەم مەرجانی کۆمۆنیست لە یەک دوو دیمەن و لە زمانی دوو کەسەوە باس دەکرێ بە یەک دوو وشە و هیچی تر لە کاتێکدا ژینۆی موسڵمان دوو لاپەڕەی بۆ تەرخان دەکرێ لە لایەن نوسەرەوە. ئەمە رێکەوت نیە و لە بابی هونەریەوە نیە بەڵکو لە ئایدیا و هەڵوێستی خودی نوسەرەوەیە کە دەیەوێ بایەخ بەو چەمک و کایانە بدات کە ئامادە و حازربەدەستن و زووتر دێن بەدەستەوە بۆ ئیشکردن و حونەرکردن تێیدا وەک ئاین و تەداروکاتەکانی تری کەلتوری ئاینی وەک مردن و ناشتن. گەر لە بابی سیاسیەوە تەماشای چەمکی مردن بکەین بەوەی کێ ئارەزووی لە کوێیە با لەوێ بنێژرێ، ئەوا شەرعیەت دانێکی تەواوە بە مردن و گۆڕەکانی سەرکردە و خێزانە حزبی و سیاسیەکانی لای خۆمان. لەسەر ئاستی جیهانیش داکۆکی کردنە لەو گۆڕستانانەی بۆ پیاوە ماوەقوڵەکان یان ئینسانە گەورەکان. گۆڕستانی پێغ لاشێس لە فەرەنسا یەکێکە لەو رەمزانەی نەک هەر کەلتوری مردن برەو پیدەدا بگرە جیاکاریەکی چێنایەتی رەنگ پێدەداتەوە کە دوای مردنیش جیاوازی لە نیوان ئینسانەکاندا دەکات. ئەو مرۆڤەی لەبەر ژیان یاخود رێکەوتی ژیان ئەوەی پێ نەبەخشی ببی بە کەسێکی ناودار و هەر بە سادەیی و سانایی خۆی مایەوە و ماڵ و منداڵی گوناهیان چیە باوکیان یا دایکیان لەو گۆڕستانە بە ناوبانگانەدا نانێژرێن یاخود ئەو ملیۆنان مرۆڤەی جینۆسایدکران و لە مەرگەساتی جۆراوجۆردا مردن و فریای ئەوە نەکەوتن بە دڵی خۆیان و لە شوێنی دڵخوازی خۆیان بە “قەشەنگی” بنێژرێن.

بەشی چوارەم: نابوت کردنی چەمکی سیاسەت و شۆڕش
لە باس کردنی چەمکی سیاسەتدا نوسەر رێک دەکەوێتە نێو ئەو بەرەی عەوامەی کە پێیان وایە سیاسەت هەمووی درۆیە، پیسی و چڵپاوە، تاقمێکی حزبی و سەرکردە و بنەمالەی دەسەڵاتداری چەکدار خاوەنی سیاسەتن. دەسەڵاتداران لە گشت شوێنێکی ئەم دونیایە و بە تایبەت لە ناوچەکەی ئێمە تێڕوانینی ئاوها بە پارە دەکڕن و بگرە خۆشیان بە چەندان شێواز و رێگای جۆراوجۆر برەوی پێدەدەن تاکو خەڵک هیچ ئامادەییەکی نەبێ لە کاری سیاسیدا و ئەوەبکەنە عەقڵ کە سیاسەت تەنها ماڵی ئەوانەیە دەسەڵاتیان بەدەستە یان لە حزب و چکداریەوە تێوەگلاون. گەر ئاوڕێک لە سەرهەڵدانی چەمکی سیاسی بدەینەوە دەبینین کە دەسەلاتدارەکان سواری ملی سیاسەت بوون و بەکاریان هێنا بۆ خۆیان، چونکە دەسەلاتدارێتی پێش سیاسەت هەبووە و سیاسەت لەگەڵ دەرکەوتنی شار و بۆ بەڕێوەبردنی شار هاتە ئاراوە و هەر خودی رەگەی وشەکە و چەمکەکەی لەوێوە هاتووە. بۆیە سیاسەت لە بنەرەتدا هی خەڵکی شارە و ئەوان بزوێنەر و کاراکتەری سەرەکیەکەین بەڵام مانا راستەقینیەکەی خۆی لە دەست دەدا کاتێک دەستبژێرێک لە چینی دەسەلاتدار و هێزی جەکدار و بنەمالەکان دەستی بەسەردا دەگرن و دەیکەنە مۆرکی هەمیشەیی خۆیان و لە تەوێڵی خۆیانی دەدەن.
بەدبەختیەکە ئەوەیە نوسەر و رۆشنبیر بێن و ببنە تیئۆریسیەنی ئەم عەقڵیەتە، عەقڵیەتی رق هاتنەوە لە سیاسەت، هەر وەک چۆن لە چەند شوێنێکی دواهەمین هەناری دونیادا رەنگ دەداتەوە . بۆ نموونە لە لاپەڕە ٥٧، یاقوبی سنەوبەر یاخود سەرۆک بە موزەفەری سوبحەدەمی هاوڕێی گیانی بە گیانی سیاسی دەڵێت نەمدەویست “بتهێنمەوە بۆ ئێرە، بۆ ناو سیاسەت، بۆ ناو پیسی و چڵپاوی ژیانی رۆژانە.” لە لایەکی تر ئێمە بەرەو روی قسەیەکی تر دەبینەوە کە قسەوباس زۆر هەڵدەگرێ. بۆ نموونە هەر لە لاپەڕە ٥٧ دا بە یاقوبی سنەوبەر بە موزەفەر دەڵێت “تۆ زێڕێکی دەگمەنی رۆژە پاکەکانیت” بۆیە نەمویستووە “بتهێنمەوە بۆ ئێرە، بۆ ناو سایسەت، بۆ ناو پیسی و چڵپاوی ژیانی رۆژانە.” رۆژگاری پاک و زێڕێن و دەگمەن یانی چی! ئایا لە چ دەورانێکدا سیاسەت لە وڵاتی ئێمە بەتایبەت سیاسەت کردن لە شاخ، رۆژگاری پاک و بێگەردی هەبووە؟! بگرە لە کام ولاتانی تری دونیا سیاسەت پاک و بێگەردی هەبووە. کام وێستگە هەیە لە مێژووی سیاسی ولاتی ئێمەدا پاک و بێگەرد بە تایبەت رۆژگاری زێڕین بێت!
من وەک خوێنەریک نەک هەر گرفتم لەگەڵ تێگەیشتنی چەمکەکاندا هەیە بەڵکو خودی وشەکان هێند ناحەز و کرچ و کاڵن و مانایەکی ئەوتۆ نادەن بەدەستەوە. بۆ نموونە: پێدەچێ، بە پێی تەمەنی موزەفەر و رووداوی گرتنەکەی بێت نوسەر باسی کۆتایی دەیەی حەفتاکان و بەرەبەیانی ساڵی هەشتاکان بێت. ئەو دەورەیە یەکێک لە پیسترین و نابوتترین رۆژگارەکانی دەورەی سیاسی بوو لە وڵاتی ئێمە دەست پێکرد و بگرە بنەمای کارەساتگەلێکی نەبڕاوە بوو بەسەر میللەتی کورددا کە ئێستاش بەردەوامی هەیە و کارەساتباوراوترین شت کە ئەو دەورەیە هێنای لەگەڵ خۆیدا بۆ رۆژگاری ئێستە کاڵ بوونەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و بیزاربوون و نابوتبوونی نیشتمان لە لای خەڵکەی، ئەو ناسنامە نەتەوەییەی مرۆی کورد دەهاڕێ لەوەتەی چاوی هەڵهێناوە. ئایا “رۆژگاری پاک و زێڕینە” ئەوەیە سەرکردە و بەرپرسیی جاسوسی ناوچەیی و جیهانی و مافیایی بهێنێتە دەر و خەڵکانی دڵپاک و سادە و دڵسۆزی ناو شار و ژیانی هەزاران جوتیار و گوندەکانیان بکاتە قوربانی و خۆڵەمێش بۆ سیاسەتە نامۆراڵیەکانی خۆی. لەسەر ئاستی حزبی و سیاسیش ئەو دەورەیە بە پیلانگێڕی و پاکتاوی ناوخۆیی حزبی و شەڕی فەوتاندنی گروپەکان دەستی پێکرد کە لە مێژووی سیاسی کوردا وێنەی کەمە.
شتێکی سەیرتر ئەوەیە لەو رۆمانەدا لە هەندێ شوێن وشەگەلی وەک شۆڕش و سەرکەوتنی شۆڕش بەکاردەهێنرێت کەچی لە شوێنێکی تردا، لا ١٠٤، شۆڕش بە درۆیەکی گەورە لە قەڵەم دەدات. کام شۆڕش؟ ئەگەر مەبەست لەوەیە لە کوردستانی باشور روویدا ئەوە بە هیچ شێوەیەک شۆرش نەبووە، بەلام لێرەدا چەمکی شؤرش لە ژێر هەڕەشەدایە و هۆکارەکەش ئەوەیە نوسەر بێ ئومێد بووە ، کەچی لە لا ٥٢ هەر خۆی باس لە سەرکەوتنی شۆڕش دەکات کاتێک باس لە سڵێمانی مەزن باوکی محمەدی دڵشووشە دەکات، دەلێ ” ئەو پیاوەی لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشەوە لە ژێرەوەرا ئەمینداری نهێنیە گەورە و ترسناکەکانی ئەو شارەیە.” هێندە دژبەیەکی هەیە لە باس کردن یاخود فەوزایەک و هەرایەک لە بیرکردنەوە و دیدی نوسەردا هەیە سەبارەت بە شۆڕش و سیاسەت کە ئەمسەر و ئەوسەری دیار نیە. گریمان شۆڕش سەرکەوت بەڵام کام سەرکەوتنی شۆڕش؟ ئەوەی لە کۆتایی حەفتاکانەوە سەری دەرهێنا و بووە بەڵا و نەگبەتی بۆ ئەو وڵاتە جوڵانەوەیەکی سیاسی چەکداری بووە و پەیوەندی بە شۆڕش و مافی گەلێکەوە نەبووە ئەمە چ لە باری واقعی و مێژووییەوە وادەرچوو هەروەها لە باری تیئۆریشەوە هیچ بنەمایەک و جیهانبینیەکی شۆڕش و خەباتی گەلێکی تێدا بەرجەستە نەبوو بوو.

بەشی پێنجەم: تاڵکردنی ژن لە هەنارە ترشەکەی بەختیار عەلیدا
فیمینیزم ئەو قوتابخانە فکری و ئەدەبیەیە کە جێگەیەکی ئێجگار باڵای هەیە لە لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی بابەتە ئەدەبیەکاندا. کاری سەرەکی فیمینزم لە دونیای ئەدەبیاتدا باس و خواسی بابەتیانەیە لەسەر جێگەورێگەی کچ و ژن لە کۆمەڵگەدا. رەخنەی سەرکی فیمینیزم لە کارە ئەدەبیەکان ئەوەیە گەر هۆکاری هەل و مەرجە ئابوری و کەلتوری و فەرهەنگیەکان فەرامۆش بکات. ئەو فەرامۆشیەی لە خوێندنەوەی رۆمانی دواهەمین هەناری دونیادا دەیبینین. لە بری ئەوەی ببینین ئافرەت چ قوربانیەکی ئەو سیستەمە سیاسیە ئابوریە ناعەدالەتخوازیەیە کەچی دەبیبین وەک عەیبەیەک یان شەرمێکی کۆمەڵایەتی پیشان دەدرێت. کاتێک ژێرخانی ئەو عەیبەکاریەی ئافرەت نەبینرێت، نابیناییەک لە تێڕوانیەکان دروست دەبێت و کەلتوروفەرهەنگی کۆنپەرستی و پیاوساری لێ بەرهەم دەهێنرێت. سۆزانی و ژنە خراپەکان (لا٢٠٣)، ژنحیزەکان (لا١٥٦) ئەو چەند چەمک و وشەگەلەن کە لە رۆمانەکەی بەختیار عەلیدا بەرچاو دەکەون. ئاساییە گەر لە زمانی کارەکتەرەکانەوە بێتە دەر بەڵام لە زاری نوسەر خۆیەوە بێنە دەر یاخود ئەو پاڵەوانەی تەمسیلی خۆی دەکات ئەوا رۆمانەکەی دەکەوێتە بەر رەخنەی جدی لە لایەن قوتابخانەی فیمینیستیەوە. بۆ نموونە باس لە خراپی مەسئولەکان دەکات لە بێ رەوشتی ئافرەتەوە، کاتێک مەسئولەکان دیار نەبن ئەوا “لە دەوری ماڵی ژنە سۆزانی و خراپەکان کۆبوونەتەوە.”(لا٢٠٣) یاخود بۆ ئەوەی بەرپرسێکی پۆلیسی خراپی وەک مەلیک دولبەر پیشان بدات لە ریگەی سووکردنی ژنەکەیەوە دەیناسێنێ بە خوێنەر بەوەی کە “گەرمیانیەکی سەرسەخت بوو.” ژنحیز بوو، ژنەکەی دەبرد بۆ مەسئولەکان: (لا١٥٦)
کاتێک ئافرەت وەک مرۆڤێک ناچار دەکرێت لەشفرۆشی بکاتە ئیشیک وەک هەر کارێکی تر لەو سیستەمەدا هەیە، لەشفرۆشیەکەی هەر بە تەنها لە یەکەیەکی قەڵبی ئابوری دا نامێنێتەوە بەلکو دەبێتە مۆرکێکی کۆمەڵایەتی خراپ لە نیوجەوانی ئافرەتەکە دەدرێت و وشەگەلی وەک سۆزانی و ژنحیز و ئافرەتی خراپی لێدەکەوێتەوە. دیارە لێرەدا ئەو پیاوانەشی مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە کارانە دەکەن قوربانیەکن، و لەبەرئەوەی جەندەریان جیاوازە وشەگەلی وەک گەواد بەکاردەبرێت بۆیان. لە ورانگەی بابەتی فیمینزمەوە “مەلیک دولبەری گەرمیانی ژنحیز”، وەک بەختیار دەڵێ، قوربانی ئەو بارودۆخە نالەبارە ئابوریە سیاسیەیە. سۆزانی و گەواد دوو قوربانی مۆراڵی ئەو دونیایەن کە ناعەدالەتی تا بیناقاقای مرۆڤەکانی کۆمەڵگە هاتووە بەهۆی ئەو سیستەمە سیاسیەی کە پیاوماقولی شاری وەک سڵێمانی مەزن و سەرۆک یاقوبی سنەوبەر سەرکدرایەتی دەکەن.

دواهەمین هەناری دونیا ترشترین هەناری دونیا
بەشی شەشەم: نوسینەوەی واقع وەک ئەوەی نوسەر دەیەوێت یاخود وەک ئەوەی کە هەیە.
ئەمە یەکەم رۆمانە ببینم کە نوسەر بە دڵخوازی خۆی شتەکانی نێو واقعی کۆمەڵگەیەک بە دڵی خۆی بنوسێتەوە نەک وەک ئەوەی کە هەیە. لە ناوی کاراکتەرەکان، لە حیواراتی نێوان کاراکتەرەکان، دەستکاری کردنی کەلتوری قسەکردن، تا دەگات بە دەستەواژەی هەڵە. ئێمە هەموومان خەڵکی ئەو وڵاتەین بەتایبەت لە سلێمانی زۆر ژیاوین و ئەو ناوانەی لەو رۆمانەدا هەن نەک هەر زۆر سەیرن بەڵکو غەریبیشن چونکە ناوی ئاوها نین وەک لەویدا دارێژراوە. هیچ رۆمانێک، ئەوەندەی من ئاگاداربم، نەمدیوە ناو و ناودارێتی کاراکتەرەکان بە دڵی خۆی دروست بکات یاخود بە پیتی لێکدراوی دڵخوازی خۆی دابنێ بەڵکو ئەوەی لە واقعدا هەیە بەتایبەت لەقەب و ناوونیشان ئاوها نوسیویانەتەوە. پاشان هەموو ناوەکان لەقەبێکیان پێوەیە کە ئەمە بۆخۆی ناسازیەکی داوە بە رۆمانەکە کە نەتوانی چێژی ئەدەبی لێ بکەی بە تایبەت زمانی نوسینی رۆمانەکە زمانێکی سەرفی سلێمانچیانەی دوور لە ئەدەب و وێژەیی ئەو نوسەر و ئەدیبانەیە کە لە شاری سلێمانیدا هەڵکوتوون هەمیشەش وەک ئەستێرەیکی پرشنگداری نەکوژاوە دەمێننەوە. گریمان ناوەکان هەموویان هەن لە کۆمەلگەی ئێمەدا بەڵام ئەستەمە هەموویان لە یەک شوێندا کۆببنەوە. ئایا ناوی بەو شێوەیە لە کوێی کوردستاندا هەیە بە تایبەی هەموویان بە کۆمەڵ لە یەک شویندا هەبن: ئادەم مەرجان، ژینۆی مەخمەڵی، نەدیمی شازادە، سەریاسی سوبحەدەم، مەلیک دولبەر، یاقوبی سنەوبەر، شادەریای سپی، ….هتد.

ئەم شیوازە لە ناودروستکردن ئەو دیاردە سەیرەی باشوری کوردستانی خۆمانم دێتەوە کە هەندێ کاراکتەری سیاسی بە تایبەت ئەوانەی بە خۆیان دەڵێن “ئۆپۆزسیۆن” لە ئەسڵدا ناوەکانیان عەرەبی بووە، کردوویانن بە کوردیەکی پەتی کەچی پڕوپاگەندەی ئیخوانیزمچێتی و کۆنەپەرستی ئاینی پێدەکەن. بۆ نموونە کابرا ناوی فتاح بووە ناوی خۆی کردووە بە رێبین، لە کاتێکدا ئەو دەمەی ناوی فەتاح بوو ئیدیعای مەدەنیەت و پێشکەوتووخوازی دەکرد بەڵام کە ناوی خۆی گۆڕیوە بە ناوێکی تازەی کوردانە خەریکی ئیدیعای کۆنەپەرستی ئاینیە و فەرهەنگی کوردەواری پێ وێران دەکات. ئەم دیاردەیە پێش ئەوەی بەختیار عەلی بیسەپێنێ بەسەر خوێنەردا گوایە ناوی جوان و کوردین، نابودیەکەیمان لە ئەزمونە سیاسیەکەیدا دیت. فەرج فۆدەی گەورە نوسەری میسری پێی وایە کە: سەپاندنی ئەخلاقی جوان بەزۆرەکی کۆمەڵگەیەکی جوانی لێ بەرهەم نایات بەڵکو کۆمەڵگەیەکی مونافیق. ئەم قسەیەی فۆدە بنەمایەکی بابەتی هەیە و من لەم سونگەیەوە بەرجەستەی دەکەم بەسەر ئەو دیاردەی ناوە دروستکراوانەی نێو رۆمانەکەی بەختیار و دەلێم خزاندنی ناوی خوازراو و دروستکراوی بە کۆمەڵ لە ناوهێنانی کاراکتەری ئەدەبیدا نەک هەر بەرهەمەکە دەڕازینێتەوە بەلکو ناحەزی دەکات و ناسازی دەکات. هەروەک چۆن باسمان لە دووروویی کاراکتەرە سیاسیەکان کرد لە بارەی دژایەتی ناوەکانیان لەگەڵ پەیامەکانیان، لەم رۆمانەشدا هەمان تاس و حەمام دروست بۆتەوە. بەختیار ناوی کوردی پەتی دەهێنێ کەچی پەیامی کۆنەپەرستیان لێوە بڵاودەکاتەوە. لە بەشی سێهەمی ئەم نوسینە بە ناوی (کۆنەپەرستی و خورافات) ئاماژەیەکی تەواوە بەم بابەتە.
حیواراتەکان… شوێنگەی کۆمەڵایەتی کەسەکان ئاستی ئاخاوتن و رۆشنبیریان دەردەخات. ئەستەمە کارەکتەری نەخوێدنەوار و بێ خانە و لانە کە هیچ یەکێکیان حەرفێکیان نەخوێندۆتەوە یاخود کۆلکە خوێنەواریەکیان هەیە کەچی ئەو گفتوگۆیەی ئەوان دەیکەن هێند لە ئاستێکی بەرزدان کە زۆر دژ دەکەوێتەوە لەگەڵ بارە کۆمەڵایەتیەکەیاندا. لێرەدا مەبەستم لە ئاستی تێەگیشتن نیە بەڵکو لە ئاستی لەباقەتی قسەکردنەوەیە. چونکە دەکرێ کەسێکی عەوام زۆر تێگەیشتووتر و عاقڵتر بێ لە هەزاران رۆشبیر و ئەکادیمی و نوسەر بەڵام ئاستی گفتوگۆکردن شتێکی ترە. گفتوگۆی نێوان یاقوبی سنەوبەر و موزەفەری سوبحەدەم نەک هێندە لە ئاستێکی بەرزدایە کە هیچ سیاسیەکی کورد بەوەی رۆیشتوون و ماویشن لە ئاستی بالایی ئەوگفتوگۆیانەدا نین بەڵکو لە هەندێ بڕگەدا قوڵبوونێکی ئینسانی وەهای تیدایە کە مرۆڤ سەرسام دەبێ ئایا ئەوانە دوو ئەدیب، دوو قوتابی فەلسەفەن یان دوو کەسی سیاسین. دەکری لە کادرەکانی خوارەوە کەسانی بە توانا هەبووبێ بەڵام لە ئاستی سەرکردەێتیاندا کام سەرکردەی کورد رۆشنبیر و بیرمەند بووە و کامیان دڵ و ویژدانیان بۆ هاوڕێیەتی لێیداوە و رێزیان لە یەکتر گرتووە وەک لە دەمی یاقوبی سنەوبەرەوە دەیبیستی. لە دیمەنێکی تردا، ئەو گفتوگۆیەی لە نیوان رۆژنامەنوسەکە و سەریاس دەکرێت، لا ١١٥، بەڕیوە دەچێ لە شەوێکی بەرئاگرداندا لەوە دەچێ سەریاس قوباییەکی زیرەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی بێت. دەکرێ را و بۆچوونی واقعی و جوانی هەبێت بەڵام بەو ئاستە بەرزە لە بەکارهێنای وشە و رستە و جەدەلیەتی گفتوگۆکە ئەستەمە گەنجێکی بێ بەخت و بێ کەس ئاوها بدوێ. ئایا لە کام رۆمانی دونیادا دیاردەی ئاوها دەبینرێ، ئەمە کارێکی ئارەزومەندانە نیە تاکو نوسەر خۆی بخوازێ وابێ. حیواراتی ناو چیرۆک و رۆمانەکان ئەوە نیە کە نوسەر بە دڵخوازی خۆی موناقەشە بۆ کەسەکان دیاری بکات بەڵکو ئەوە پێگەی کۆمەلایەتی و رۆشنبیریانە جۆرێتی بوونی ئاستی گفتوگۆ دەردەخات. لە چەندان بڕگەی تردا ئەم جۆرە لە گفتوگۆی قوڵ دەبینرێ کە لەوە تێپەڕیوە وەک کاک بەختیار دەیەوێ قەناعەتمان پێ بکات کە “هەندێ کەس دەتوانن خۆیان خۆیان پەروەردەبکەن!! لا٢٣٦.
لەم بەشەدا من شەڕی وشەی ریزمانی ناکەم نەڵکو باس لە رێک کردنەوە و دانانەوەی مانای وشەکان دەکەم. لە کەلتوری قسەکردنی کاراکتەرەکاندا نوسەر دیسانەوە ئیرادەی خۆی فەرز دەکات و ئەو وشانەی لە کەلتوری کۆمەڵگەی کوردیدا بەکاردین ئەم ئاوها ناکات واتە واقع نانوسیت وەک ئەوەی هەیە بەڵکو ئەوەی خۆی حەزی پیدەکات بینوسێتەوە. بۆ نموونە لە زمانی کوردیدا، هەروەها لە زۆرێک لە زمانەکانی تریشدا، هەمێشە وشەی قوربان بەکارهاتووە بۆ کەسێک ڕیزی لێبگری یاخود پایەی کۆمەڵایەتی و مادیەکی شتێکی تر بێت لە ناو کوردا هەر گوتراوە قوربان، نەوتراوە گەورەم بەتایبەت گەر کەسەکان لە یەک تەمەن و یەک چینبەندی کۆمەڵایەتیدابن. بۆ نموونە هاوڕێ هاوتەمەن و هاوپیشەکانی سەریاس بە سەریاس دەلێن سەریاسی گەورەمان. دیارە لێرەدا دەتەوێ سەریاس و کەسێتیەکەی ببەستێتەوە بە کەسێتی باوکی کە سەرۆک یاقوبی سنەوبەرە گوایە سیفەتی رابەرایەتی تیداهەیە. یاخود، کاتێک موزەفەری سوبحەدەم وەک کابرایەکی بە تەمەنی ریش سپی بۆ یەکەم جار کچەکان، دوو کچی گەنج، دەبینێ و دەچێتە سەرگۆڕەکەی سەریاس دەست بە گریان دەکات، کچەکان پێی دەلێن “موزەفەری سوبحەدەم تۆ ئازاری دەدەیت.. بێدەنگ بە موزەفەری سوبحەدەم.. بێدەنگ بە.” لا١٧٤. یاخود لە لاپەرە ١٩٨ بە “پیری بەدبەخت موزەفەری سەبحەدەم” گازی دەکەن. لە کوردەواریدا عادەتەن لەو حاڵەتەدا دەبێ بڵێن کاک موزەفەر نەک موزەفەر بە تەنها. لادانی وشەی وەک “کاک” یان “خانم، خاتوون، دادە” دەستکاری کردنی کەلتوری زمانە کەیە کە لە پشت ئەم وشانەوە چەمکی کۆمەڵایەتی خۆی مەڵاسداوە مانای رێزی تێدا رەنگدەداتەوە هەرچەندە رەگەی ئەو وشانەوە لە کویوە هاتبن. بانگکردنی ناوی کەسەکان بێ گوێدانە تەمەن زۆرتر لە کەلتوری رۆژئاواییدا هەیە و کۆپی کردنی ئەو کەلتورە بۆ ناو زمان و ئاخاوتنی کوردی بەو رێەگەیە نەزانیە. ئیستاش دەبینین لە میدیا کوردیەکاندا کە بە بێ لکاندنی وشەیەک لەگەڵ یەکدیدا هەست دەکەی دروستکراویەک یان ناسازیەک هەیە لە ئاواز و رشتەی قسەکردنەکانیاندا. من کاتێک سەیری کەناڵە کوردیەکان بە تایبەت هەواڵیەکان دەکەم و دەبینم بە ناوی رووتی خۆیانەوە یەکتری گاز دەکەن، ناسازیە و بگرە بێ ئەدەبیەک دەبینم.
هەندی دەستەواژە هەیە کاتێک بەکاردێت راستەوخۆ نەک هەر مانا رێزمانیەکەی دەبینیت کە جیاوازە بەڵکو دەستەواژە هەیە مانای جیوگرافی ناوچەیەک و ولاتێک دەستنیشان دەکات هەر وەک چۆن ناوی مەلیک دولبەری گەرمیانی پێناسەی ناوچەیەکی دیاریکراوی جوگرافی بۆ کردین. بۆ نموونە لە لاپەڕە ١٥٦ دەستەواژەی “دەفتەری سیاسی” بەکاردەهێنێت کاتێک باسی پۆلیسە گەرمیانەکە دەکات و دەلێت ” هەموان دەزانن کە مەلیک دولبەر ژنەکەی خۆی دەبات بۆ بەرپرسێکی گرنگی دەفتەری سیاسی و کاربەدەستێکی گەورەی وەزارەت.” دەفتەری سیاسی لە سەداسەد دەستەواژەیەکە تەنها و تەنها کوردانی رۆژهەڵات بەکاری دەهێنن و ئەوانیش لە فارسیەکەوە وەریانگرتووە و بە هیچ شێوەیەک لە کوردستانی باشور بەکارنایات و لە بری ئەوە “مەکتەبی سیاسی” هەیە و تەواو، تەنانەی خودی کۆمۆنیستە کرێکاریەکانی دەیەی نەوەدەکان کە راستەوخۆ لە ژێر کارکردی سیاسی و فکری کۆمینیستی ئێراندا بوون ئەو دەستەواژەیان بەکار نەدەهێنا و گەر بەکاریش هاتبا نەبوو بە وشەیەکی باوی ناوخەڵک لە کوردستانی باشور. کاتێک خوێنەر ئەو دەفەری سیاسیە دەبینێت وادەزانێ ژنەکەی دەبات بۆ زڕگوێز کە مەقەڕی کۆمەڵەی رۆژهەڵاتی لێیە نەک بۆ مەکتەبی سیاسی حزبێک لە سلێمانی. ئەمە شتێک نیە بڵێی من وشەیەکی نوێ یان دەستەواژەیەکی تازە دەهێنمە نێو نوسینەکەمەوە بەڵکو رۆمان خەسلەتی خۆی هەیە کە وشەکان و دەستەواژەکان نەک هەر هەموو دووراییە فکری و سیاسی و ئەخلاقیەکان دیاری دەکەن بگرە تخوبە جوگرافیەکانیش دیاری دەکەن.

بەشی حەوتەم: خوێنەری رۆژئاوایی
وەرگیڕانی بابەت بۆ سەر زمانی جیهانی، ئەوروپایی، هەرگیز بە مانای گرنگی بوون و بەهیزبوونی ئەو بابەتە نیە بە تایبەت لە بواری چیرۆک و رۆماندا. چیرۆک وەک بابەتی سیاسی و ئابوری و لێکۆڵینەوەی زانستی و سایکۆلۆژی رووت نیە بۆیە هەلبژاردنی ئاسانترە بۆ خوێندنەوە و خوێنەری رۆژئاوایی بە دوای بابەتی لەو جۆرەن. دیارە، ئەمە سیفاتێکی هاوبەشی خوێنەرە لە هەموو جیهاندا بەڵام خەسڵەتێک کە لە خوێنەری رۆژئاواییدا هەیە ئەوەیە کە زۆر شەیدای ئەو چیرۆکانەن لە دەرەوەی دونیای خۆیانەوە دێن. ئەو چیرۆکانەی خەڵکانی تر بە داماو و گوناه نیشان دەدا، چونکە ئەم خۆی لە شوێنێکی باشترە و کاتێک سەرگەردانی خەڵکانی دونیای تر دەخوێنێتەوە بەزەیی پێیاندا دێتەوە و زۆر لە ژیان و وڵاتەکەی رازیە. هەر بابەتێک بازنەی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیان واتە دەوڵەتەکانیان بخاتە بەرباس و خواسەوە یان رەخنەوە کەمتر بەلایدا دەچن بەتایبەت گەر نوسەرەکە لە فەزای خۆیاندا نەبێ. ئەو چیرۆکانەشی مەتەڵ ئامیزن وەک ئەم سێ مەدالیای هەنار و سەریاسەی لە دواهەمین هەناری دونیادا هەیە زیدەتر سەرنج رادەکیشن یاخود خەڵکانێک هەن بیانخوێننەوە. خوێنەر لە دونیای رۆژئاوادا زۆرن بەڵام خوێنەری بە ئاگا و هۆشیاریان ئێجگار کەمە وەک چۆن لە هەموو دونیادا هەر وایە. رۆمانی دواهەمین هەناری دونیا ئەو چیرۆکەیە خوێنەری رۆژئاوایی ئەزیەت نادات بەڵکو هەبوونی بونی سێ منداڵی مەلۆتکە و هەر سێکیان بە یەک ناوەوە ناونرابن و سێ مەدالیای هاوچەشن نهێنی هەڵقەی دۆزینەوەی ئەو مەتەڵە بێت ئەوا دڵخۆشیەک بە خوێنەر دەدات بۆ خوێندنەوەی تا کۆتایی بەتایبەت ئەوەی کە ماوە دەبرێت بۆ رۆژئاوا بۆ جارەسەر. دوایین دیمەنی رۆمانەکە رۆژئاوا بە فریادرەس دادەنێ بۆیە خوێنەرێکی رۆژئاوایی ختوکەی دێت بە خوێندەوەی رۆمانی ئوها و دەبێتە جێگەی ستایش و پیاهەڵدانیان. ئەگەرنا، گەر ئەو رۆمانە کە هەمووی گفتوگۆی سیاسی و وشەی قەبە و زلن دەیتوانی باسی لەوەش بکردایە گەر بە ئاماژەیەکیش بوایە، کە ئەوە تەکنۆلۆجیای سەربازی و فرۆشتنی جەکەکانی وڵاتانی غەربیە کە حکومەتە بە زەبرەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بەهێز دەکات تاکو پەلاماری میللەتی ژێردەست بدەن، بەڵام ئەو رۆمانە لە بری ئەمە وەک گوتم، رێگای غەرب بە رێگای جارەسەر و بە فریاکەوتنی مندالە بۆردومانکراوەکانی جەنگ دادەنێت.
خاڵێکی تر بە پێویستی دەزانم ئاماژەی پێ بدەم ئەوەیە دلخۆش بوون یاخود بە گرنگی وەرگرتنی ئەوەی کە رۆمانە کوردیەکان وەربگێڕدرێنە سەر زمانانی ئەوروپایی لەو مەیلە لە خۆ بە کەمیەوە دێت کە دنیای ئیمپریالیزمی رۆژئاوایی لە نیو هزر و دڵی مرۆڤەکانی (الشعوب المقهورة)دا دروست کردووە گوایە ئەدەبەکەمان دەچێتە ئاستێکی باڵاتر گەر بێتوو وەربگێڕدرێتە سەر زوبانانی ئەوروپایی. ئەم جۆرە لە هزر و مۆراڵی خۆ بە کەم زانین یاخود بە نزم زانین لە نیو عەرەب و میللەتەکانی تریشدا هەیە. بۆ نموونە. عومەر شەریف یاخود جەمیل راتب کە بە زمانی فەرەنسی و ئینگلیزی دەوریان بینیوە لە فیلمە ئەوروپاییەکاندا ئیدی لە سینەمای میسری و بینەرەکانیدا بە پلەیەکی تر سەیر دەکران لە کاتێکدا هیچینا ئەوەندەی عادل ئیمام یان ئەحمەد زەکی دەور و فیلمی گرنگیان نەبوو.




گەشەسەندنی ڕۆڵی ئەخلاق لە جیهانی مۆدێرندا… توێژینەوەی: دڵشاد کاوانی

تیۆرییە ئەخلاقییەکان لە فەلسەفەی ڕۆژئاوایی مۆدێرن

پێشەکی

سەدەی بیستەم سەدەی گەشەسەندنی خێرای زانست و تەکنەلۆجیا و گۆڕانکاری چۆنایایەتی لە بەرهەمهێنان و لە هەمان کاتدا بوو. کێشە جیهانییەکان وەک هەڕەشەی شەڕی ئەتۆمی، کێشەی ئیکۆلۆژی و دیمۆگرافی. لە لایەک ئەمڕۆ دەتوانین باس لە قەیرانی ئایدیاکانی عەقڵانییەت بکەین، لە لایەکی دیکەوە عەقڵانییەتی زیادەڕۆیی و یەکلایەنە و تەکنەلۆجیای هۆشیاری. قەیرانی گشتی کولتوور و خواستی هاوئاهەنگی و باشترکردنی جیهان و ڕۆحی تاک لە گەڕانەکانی ئەخلاقیدا ڕەنگ دەداتەوە.

ئەم بابەتە تیشک دەخاتە سەر هەندێک لە بەشدارییەکانی تیۆری ئەخلاقی مۆدێرن کە لە سەدەی بیستەمدا ڕوویانداوە. ئەم تەوەرە گرنگە چونکە گەشەسەندنی مێژوو تاڕادەیەکی زۆر بەو بۆچوون و ئایدیایانە دیاری دەکرێت کە زاڵن بەسەر کۆمەڵگەدا. ئەخلاق یەکێکە لەو توخمانەی کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر گەشەکردنیان هەیە. بۆ ئەوەی مرۆڤ لە داهاتوودا هەڵبژاردەی ئەخلاقی خۆی بکات، پێویستە ئەو بنەما ئەخلاقییە بنەڕەتیانە بزانین کە لە ڕابردوودا پەرەیان پێدراوە.

مەبەست لێی لێکۆڵینەوەیە لە دیدگای ئەخلاقی و فەلسەفی بیرمەندە بەناوبانگەکانی سەدەی بیستەم.

1- تیۆری ئەخلاقی فریدیش نیچە.

پێدەچێت ڕەوتی مێژوو لە سەدەی نۆزدە و بیستەمدا بە تەواوی بناغەکانی فەلسەفەی کلاسیکی مرۆڤی ڕەت کردبێتەوە، چونکە عەقڵ و زانست هەرچەندە سەرکەوتنی خۆیان لە دامەزراوەکەکان و ژیانی مرۆڤ سەلماندووە بەڵام هێشتا لاوازی خۆیان لە زانین و ژێردەستەیی هێزە سروشتییەکان، دەرباز نەکردووە، بە تێگەیشتنی فەلسەفەی کۆن، باوەڕبوون بە پێکهاتەی سروشتی جیهان و بزووتنەوەی بە ئاراستەی ئایدیا پێشکەوتنخوازەکان، عەقڵانییەتی مرۆڤ و جیهانی شارستانیەت و کولتوور، لە مەیلی مرۆڤدایە. وەلێ پرۆسەی مێژوویی ئەوان نەسەلمێنراو بوون. بۆیە پێویست بوو ڕێگە و ئامرازی نوێ پێشنیار بکرێت بۆ بەدیهێنانی ئەم بۆچوون و ڕوانینانە یان ئاشکراکردنی سروشتی وەهمییان بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤایەتی لە تەماح و چڵێسی و بێ هیوای و بێهودەییەی کە هەبوو.

هاتنی فەلسەفەی ژیانی نیچە کۆتایی “هەڵسەنگاندنی هەموو بەهاکان”ی فەلسەفە و کولتوور و ئەخلاقی ڕابردوو بوو.

نیچە بە دروستی ئەركی بەئاگاهێنانەوەی مرۆڤایەتی و ڕەواندنەوەی خەونەكانی دەبینی و بەرەو حاڵەتی قەیران و شكست برد. ئەمەش پێویستی بە ئامرازی زۆرەملێ هەبوو کە توانای وەستاندن و شۆککردنی خەڵکیان هەبێت. بۆیە نیچە لەسەر لێدوانی گازگر، پێداچوونەوەی توند، پارادۆکسی فەلسەفی و ژاوەژاوی تێگەیشتن، دانوستان ناکات. ئەو بەرهەمەکانی بە “قوتابخانەی بوێری” و ڕەتکردنەوەی ڕاستەقینە دەزانێت، و خۆی بە فەیلەسوفێکی ڕاستەقینەی “وروژێنەر”، “ڕاستییە ترسناکەکان”ە، کە “بتەکان” لەناو دەبات، لە بەها و بیرۆکە نەریتییەکان تێدەگات و ڕوونی دەکاتەوە، کە ڕەگ و ڕیشەیان لە لاوازی زانست دا نییە، بەڵکوو لە سەرووی هەموویانەوە لە ترسنۆکی و فڕوفێڵی مرۆڤدایە.!

زۆرجار خۆی بە “یەکەم سێکسیست”، “بێ ئایین”ی ڕاستەقینە، “دژە مەسیح”، “ئەهریمەنێکی مێژوویی جیهان”، “دینامیت” ناودەبات، کە بۆ تەقاندنەوەی تاڵاوی ئایدیا جێگیرەکان داڕێژراوە.

نیچە بۆ بیرۆکە ئاساییەکانی هۆشیاری کولتووری، بۆ “بەهاکان”ی شارستانیەت و کولتوور – ئایین، ئەخلاق، زانست، بۆ تێگەیشتن لە جەوهەری ڕاستەقینەی بوون- پێویستی غەریزەیی ژیان بۆ خۆ دووپاتکردنەوە. ئەو ژیان وەک بڵاوکردنەوەی هێزە ئاژاوەگێڕەکانی سروشتی ئاژاوەگێڕ و ناڕێک و پێکی بوون، ڕژێمێک کە لە هیچ شوێنێکەوە سەرچاوە ناگرێت و ئاراستەی هیچ شوێنێک ناکات، گوێڕایەڵی هێمنی بنەمایەکی ئۆرگیستی و بە تەواوی بێبەشە لە هیچ سیفەت و هەڵسەنگاندنێکی ئەخلاقی. نیچێ لە کولتوری کۆندا خۆشی خوداوەندی شەراب، ئاهەنگگێڕانی بوێرانە و بەختەوەریی دیۆنیسۆسی بە نیشانەی هەستی هێز و دەسەڵاتی مرۆڤ دەزانی، خۆشی شادی و تیرۆر، بە نیشانەی ئازادی و تێکەڵبوونی تەواو بە ژیان دەزانێت لەگەڵ سروشت.

بەڵام لە وزەی ژیاندا سروشتییە کە لە سەرقاڵبوونیدا بە هەوراز و نشێودا تێپەڕێت، فۆرمەکانی ژیان دروست دەکات و لەناو دەبات، خۆئاگاداری بەهێز دەکات و لاواز دەکات. بەگشتی ئەمە ململانێیەکی سەخت و بێ بەزەییە لە نێوان دەرکەوتە جیاوازەکانی ژیاندا، کە تایبەتمەندە بە بوونی “ئیرادەی ژیان” و “ئیرادەی دەسەڵات” لە دەرکەوتەکانی دیکەدا.

بەم پێیە، بە بڕوای نیچە، “ژیان لە بەرهەمی خۆیدا خۆبەدەستەوەدان، برینداربوون، داگیرکردنی بێگانە و لاوازەکان، ستەم و ستەمکاری، سەپاندنی فۆرمەکانی مرۆڤ، ئاسمیلەکردن و هەڵقۆستنەوەیە.”

هەڵقۆستنەوە، ستەمکاری، توندوتیژی دەرئەنجامی هەندێک کۆمەڵگەی ناتەواو و ناعەقڵانی نین، بەڵکوو دەرئەنجامی جەوهەری ژیانن، دەرئەنجامی ئیرادەی دەسەڵاتن، کە ئیرادەی ژیانە.

ئارەزووی بەهێز بۆ ژیان و دەسەڵات زاڵ دەبێت بەسەر ئیرادەی لاوازدا. ئەمە یاسای ژیانە، بەڵام دەکرێت لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا بشێوێنرێت.

یەکێکە لە دەرکەوتنە ناتەواوەکانی ژیان کە تێیدا مرۆڤ لە فێڵبازی و دووربینیدا لە ئاژەڵەکانی تر باڵاترە، بەڵام لە زیرەکیدا کەمترە. ناتوانێت بە تەواوی بە غەریزە ڕاستەوخۆکان بژی، گوێڕایەڵی یاسا دڕندەکان بێت، چونکە لەژێر کاریگەریی هۆشیاری و بیرۆکە چەواشەکارەکانی سەبارەت بە “ئامانجەکان” و “ئامانجەکانی”، ژیانی بە غەریزە لاواز دەبێت و خۆیشی دەگۆڕێت بۆ شکست، نەخۆشی. دڕندە.

هۆشیاری هەوڵ دەدات بۆ ئاسانکاری بۆ هێزی ژیانی عەقڵ، بۆ داڕشتن و ئاراستەکردنی ڕەوتی ژیان و ملکەچی بنەمای عەقڵ، کە بۆ خوداوەندی کۆن ئەپۆلۆ، مانای ژیانە ئەگەر سەرکەوتوو بێت. ماندوو دەبێت و ڕادەکات بۆ ئەوەی خۆی بکوژێت.

ژیانی گشتی ململانێی نێوان بنەماکانی دیۆنیسی و ئەپۆلۆنییە لە کولتووردا، یەکەمیان نوێنەرایەتی سەرکەوتنی غەریزەی ژیانی تەندروست دەکات، دووەمیان – سەردەمی کەمتەرخەمی کە لە ئەوروپادا پراکتیزە دەکرێت، واتە. لاوازبوونی ئیرادەی دەسەڵات کە بەرەو توندڕەوی دەگوازرایەوە، بووە هۆی زاڵبوونی بەها ناسروشتیەکان لە کولتوری ئەوروپیدا کە زیان بە سەرچاوەکانی ژیان دەگەیەنێت.

بە بڕوای نیچە، بەردی بناغەی خراپبوون و دابەزینی کولتوری ئەوروپی بناغەکانیەتی – ئەخلاقی مەسیحی خێرخوازی، ئاواتە بەرزەکانی عەقڵ و زانست، ئایدیاڵەکانی یەکسانی کۆمەڵایەتی، دیموکراسی، سۆسیالیزم و بەگشتی ڕێکخستنی ئایدیاڵی کۆمەڵگە لەسەر بنەمای دادپەروەری و عەقڵ. نیچە بە هەموو هێزی خۆیەوە هێرش دەکاتە سەر ئەم بەهاکانی مرۆڤگەرایی نەریتی و ئاراستەی ناسروشتی و سیمایەکی نیهیلیستی ئەوان نیشان دەدات. شوێنکەوتنیان مرۆڤایەتی لاواز دەکات و دەبێتە هۆی خۆ لەناوبردن لە ئارەزووی ژیان لەخۆڕا.

نیچە “ساختەکاریی پلە باڵاکان”ی لە بیرۆکەکانی ئەخلاق و عەقڵ و زانستی مەسیحیدا ناسی، کە بە درێژایی ژیانی بەردەوام ئیدانەی دەکرد و دروشمی “هەڵسەنگاندنی هەموو بەهاکان”ی پێشنیار کرد.

مەسیحییەت “نەخۆشییەکی توندی ئیرادە”یە و لە ترس و ئارەزووی نێوان هەڵگرانی بێهێزترین و لاوازترین ئیرادە بۆ ژیان سەرهەڵدەدات. لێرەوە پڕە لە ڕق و کینە. ژیانێکی تەندروست بەو باوەڕە دەمامک کراوە کە “ژیانی ئاسمانی تەواو” تەنها بۆ لەناوبردنی ئەم ژیانە زەمینییە بە ناوێکی باشتر داهێنراوە. هەموو کابوسەکانی مەسیحی نیشانەی لاوازی و هەژاری قووڵی ژیانی ئێستان، ئازار و لاوازی، بەجۆرێک مەسیحیەت خۆی لە ماددە هۆشبەرەکانی ئەگەرەکانی مرۆڤدا دەژی.

بەڵام، لە نائامادەگی دەرکەوتن، نەخۆشی ئامادەیی ژیان، مەسیحییەت، بۆ ئەوەی لەنێو بەهێز و دڕندەکاندا بمێنێتەوە، خۆی بە ئەخلاق ناساند و کۆتێکی بۆ بەهێز و خواپەرستان داهێنا. بە چاندنی بەها ئەخلاقییەکانی ئایینی مەسیحی، ژیانی نەخۆش کەسی تەندروست دەگرێت و لەناویان دەبات و ئایدیاڵە ڕاستەقینە و قووڵەکانی نکۆڵی خۆکردن، خۆبەختکردن، بەزەیی و خۆشەویستی بۆ دراوسێ بڵاودەبێتەوە.

ئەم جۆرە خێرخوازییە نەریتییە لەلایەن نیچەوە بەم شێوەیە لێکدەدرێتەوە “ئارەزووی نکۆڵی ژیان” هەستێکی شاراوەی لەناوچوونە، ئەوە وەک بنەمای دابەزین، زەلیلکردن وەرگیراوە. ئەخلاقی مەسیحی پێش هەموو شتێک قوربانیدانە، دەیەوێت لە کۆیلایەتی دەربچێت و بگەیەنێتە کۆیلەکانی، بۆ ئەمەش خودا دروست دەکات. باوەڕبوون بە خودا پێویستی بە قوربانیدانی ئاگایانە لە ئازادی و غرور و کەرامەت و خۆ زەلیلکردنی ئاشکرا و لە بەرامبەردا بەختەوەری ئاسمانی مرۆڤ هەیە.

نیچە زۆر نادیارانە یاری بە بنەما سەرەکییەکانی ئەخلاقی مەسیحی دەکات بە ئاشکراکردنی سروشتی دووڕوویی و فریودەرانی، گوتاری مەسیحی گونجاندووە “هەر کەسێک خۆی زەلیل بکات ئارەزووی بەرزبوونەوەی دەکات”.

باس لە خۆپەرستی و نەبوونی ئارەزوو دەکات، “بەدوای قازانج نەکردن”، وەک گەڵایەکی هەنجیری ئەخلاقی بۆ دەربڕینی لاوازی، دەڵێت “ئیتر نازانم چۆن سوودی خۆم بدۆزمەوە”.

هۆشیارییەک کە بەرگەی ئیرادەیەکی لاواز ناگرێت: “من بێسوود نیم”، لە ئەخلاقی مەسیحیدا شێوەی “هەموو شتێک بێسوودە، ئەم ژیانەش بێسوودە” دەگرێتەوە. بیرۆکەی پیرۆزی، چاندنی ئێش و ئازار، کاتێک کە بەهۆی لاوازی خۆیەوە مەحاڵە خۆت لێی بەدوور بگرێت، هەوڵدانە بۆ بەخشینی مانا بە بێمانایی ئازارەکە، چونکە باشترە لە بێمانای ڕەها. ناڕازیبوون تەنها زەلیلکردنی ڕۆحی مرۆڤە و بە لەناوبردنی ڕەگی ئارەزووی مرۆڤ تەنها دەتوانێت ژیان لەناو ببات.

نیچە نموونە بە ژنێک دێنێتەوە کە بەزەیی و خۆشەویستی بۆ دراوسێکە تەنها ڕێگایەکە بۆ ڕق لێبوونەوە لەخۆی، چونکە ئەمانە و فەزیلەتەکانی تر بەڕوونی زیانیان بۆ مێردەکەیان هەیە، بەڵام سوودیان هەیە، بۆیە بە دووڕووانە ستایشیان دەکرێت لەلایەن ئەو ڕکابەرانەوە کە دەیانەوێت مێردەکەیان بەوانەوە ببەستنەوە. یارمەتیدان. بۆیە نیچە فەرمووی: “ئەگەر فەزیلەتت هەیە قوربانیی ئەو فەزیلەتەیت!” لە کۆتاییدا گوتی: جگە لەوەش ئەخلاقی مەسیحی لە ڕێگەی ڕەحم و بەزەییەوە جێگەی خۆی دەداتە دەرکەوتنی بەهێزتری ژیان کە پێویستە بە شێوەیەکی دەستکرد لەناوببرێت.

بە بڕوای نیچە، شتێک کە لە ئەخلاقدا گرنگە هەمیشە “زوڵمی درێژخایەن” و دەربڕینی غەریزەی مەڕەکانە لە تاک دا.

هەرچەندە ئایین و ئەو ئەخلاقانەی کە بانگەشەی بۆ دەکات پێویست و بەسوودن بۆ ئەو خەڵکە نایاب و مەڕ و خەڵکە بەهێز و سەربەخۆیەی کە نوێنەرایەتی ڕەگەزی باڵادەست دەکەن، بەڵام هەموو ئەمانە زۆر دەبن. بەڵام دەتوانن ڕێگەی زیادە بەکاربهێنن بۆ باشتر زاڵبوون بەسەر مەڕەکەدا بەبێ ئەوەی خۆیان ببنە زیندانی ئەخلاقی لاواز. هاوکات لەگەڵ ئەم ئەخلاقە خراپەدا کە پێویستی بە قوربانیدانی مرۆڤە بۆ خودا، “ئەخلاقی” بەرزی دیکەش هەن کە خودا خۆی کردوویەتە قوربانی!

“بۆ ئەوەی بتوانین لە ڕووی ئەخلاقییەوە بژین، پێویستە خۆمان لە ئەخلاق ڕزگار بکەین!”
نیچە پێویستیی دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی “بەها ئەبەدیەکان” ڕاگەیاند، ڕەتکردنەوەی ئەخلاقی کۆیلەکان و گەڕاندنەوەی مافەکانی ژیان. ئەمە تەنیا لەبەردەستی ئاغاکاندایە، عەقڵی بەهێز و سەربەخۆ، خاوەن ئیرادەی نازاڵ، کە پێوەرێک لە بەهاکانی خۆیان هەیە و پێوەرێک لە ڕێز و سووکایەتی بە کەسانی دیکە بە خۆیان دەدەن. ئەوان شوڕشگێڕی ڕاستەقینەی ڕۆحن، کە بەدوای یەکگرتن لەگەڵ ئەوانی تردا ناگەڕێن، خووی “ڕێڕەوی دوور” و “ڕوانین بۆ خوارەوە” دەپارێزن. ئازادن لە دۆگمای ئەخلاقی ئاسایی، ئازادن لە زیندان و بێزارن لە هەموو گوتارێکی ئەخلاقی سەبارەت بە ئەرک، خۆپەرستی، پیرۆزی، چونکە خۆیان یاسای خۆیان دادەنێن.

ئەم “ئەخلاقی سەرەتاییە” ئەخلاقی دەسەڵات و خۆپەرستییە، کە “گرنگترین موڵکی ڕۆحی بەرزە”، کە نیچە لەو بڕوایە تێگەیشتووە کە “ئەو باوەڕە نەلەرزاوەی کە بوونەوەرێکی وەک ئێمە دەبێت بە سروشتی گوێڕایەڵی بێت و خۆی بکاتە قوربانی بوونەوەرەکانی دیکە “.

هەروەها ئەم ئەخلاقە هەندێک ئەرکی هەیە، بەڵام تەنها لە ڕووی جۆر و یەکسانی خۆیانەوە، لە پێوەندی لەگەڵ بوونەوەرەکانی ئاستی خوارەوەدا “دەتوانیت بەپێی بڕیاری خۆت ڕەفتار بکەیت، لە لایەن چاکە و خراپەوە”. نیچە بە سووکایەتییەوە تێبینی ئەمەی کرد کە “بۆ مرۆڤی ئاسایی شەقام لە هەموو کردارێکی پیاوێکی باڵادا، یاسای ئەخلاقی تۆ سەد هێندە پێشێل دەکرێت.”

نیچە بە ئاسانی و زیرەکانە مامەڵە لەگەڵ کێشەی “ئیرادەی ئازاد” دەکات کە ئەخلاقی پێشووتر تێکدەدات. هەر ئیرادەیەک دەربڕینی غەریزەی ژیانە و بەم پێیەش نە ئازادە و نە عەقڵانییە. ئێمە باسی ئیرادەی ئازاد ناکەین، بەڵکوو باسی ئیرادەیەکی بەهێز دەکەین، ئیرادەیەکی لاواز کە حوکم دەکات و فەرمان دەکات و بەرپرسیارێتی دەگرێتە ئەستۆ، گوێڕایەڵی دەبێت و جێبەجێی دەکات. یەکەمیان تا بەهێز بێت ئازادە، دووەمیان بە هەمان شێوە ئازاد نییە.

کەواتە ئەخلاقی ئازادی و کەرامەت تەنیا بۆ مرۆڤە باڵاکان بوونی هەیە، بۆ ئەوانی دیکەش تەنیا ئەخلاقی خۆبەدەستەوەدان و کۆیلایەتی خۆنمایشکردن بوونی هەیە، کە تیایدا غەریزەی لاوازکراوی ژیان نەک لە دەرەوە بەڵکوو لە ناوەوە ئازاد دەکرێت. ئەمەش وەک هێرشی خۆکوژییە.

نیچە بە مرۆڤدۆستی “زانستی” مامەڵەی لەگەڵ سۆسیالیست و دیموکراتە هاوبیرەکان دەکرد. وەک چۆن ناوی لێنابوون “کۆناتیکی برایانە”، وەک ئەخلاقی مەسیحی، یاسای سروشت پشتگوێ دەخەن، هەوڵدەدەن هەڵقۆستنەوە نەهێڵن، یەکسانی سروشتی مرۆڤەکان شکست دێنن و “بەختەوەری مەڕداری هاوبەشی کێڵگە سەوزەکان” دەسەپێنن. ئەمەش بە ناچاری هەمان دەرئەنجامی لێدەکەوێتەوە – لاوازبوون و دابەزینی مرۆڤایەتی، چونکە مرۆڤ هەمیشە لە خەبات و کێبڕکێ دا گەشە دەکات و یەکسانی وهەڵقۆستنەوەی هەلومەرجی پێویستن بۆ ژیان.

لە ئەخلاقی کۆمەڵگەیەکی سۆسیالیستیدا، ئیرادەی خودا جێگەی ئەو چاکە کۆمەڵایەتییە دەگرێتەوە کە لە مێژوو و چاکەی گشتییەوە سەرچاوە دەگرێت، لەلایەن حکومەتەوە دەپارێزرێت. لە هەمان كاتدا خواستی تاك هیچ مانایەكی نییە، بۆچی نیچە سۆسیالیزم بە برا بچوكی ڕەشبینی دەزانێت، حكومەت دەیەوێت كەسێك لە تاكەوە بگۆڕێت بۆ كیانێكی دەستەجەمعی. مرۆڤ بەڕاستی هەوڵدەدات مامەڵە لەگەڵ ئەمەدا بکات و تیرۆری دەوڵەتیش پابەندە بە چاندنی هەستی ڕاستگۆیانە و هۆشیاری و خۆبەزلزانینی کردارەکان.

لەم جۆرە ئەخلاقانەدا ئەوەی تاکێک جیا دەکاتەوە و بەرز دەکاتەوە لە سەرووی ئاستی گشتیەوە، لەلایەن هەمووانەوە دەترسێت، لەلایەن هەمووانەوە ئیدانە دەکرێت و سزا دەدرێت. دەوڵەت بە ڕێکخستنی هەمووان سیاسەتی یەکسانی پەیڕەو دەکات. ئاستێکی نزم، هەربۆیە فۆرمێکی دیموکراسی لە حکومەت، بە بڕوای نیچە، جۆرێکە لە چەقاندنەوە و بچووککردنەوەی مرۆڤ و بچووککردنەوەی بۆ مامناوەندی.

بەم پێیە فەلسەفەی نیچە جۆرێک بوو لە وەحی و حەوز. ئاوی سارد بۆ ئەخلاقی کلاسیکی نەریتی، ئاراستەکراو بەرەو ئایدیاڵە مرۆڤدۆستانەکان و پەرەسەندنی عەقڵ. بیرۆکەی ئەوەی کە “هیچ ڕێککەوتنێکی پێشوەختە دیاریکراو لە نێوان بەرەوپێشبردنی ڕاستی و چاکەی مرۆڤدا نییە” لە سەدەی بیستەمدا بووە یەکێک لە بەها ناوەندییەکانی فەلسەفە.

لە “فەلسەفەی ژیان”دا، بە سۆزەوە هەوڵی دەدا مرۆڤ وەک “بوونەوەرێک”، وەک ئۆبژەیەک و گەیشتن بە ئامانجگەلێک کە نامۆ بە خۆی، و بیرۆکەی “دروستکەر”ێک لەناو ببات کە تێیدا دروست بووە. بریكاری خۆڕایی. نیچە هەوڵیدا بیرۆکەی ئەخلاق وەک شوێنێکی ئازادی بخاتەڕوو، لە پابەندبوون و یاسا و قەدەغەکردنەکان کە پشت بە مرۆڤێک نابەستن، دوور لە خۆی و سەرکوتکردنی.

لە کارەکەیدا بەرگری لە زیندوویی و بەهای تاکایەتی کردووە، کە بە تێگەیشتنێکی نوێ لە مرۆڤایەتی گرێداوە، بەڵام بەم شێوەیە بە سوبژێکتیڤیەت و ڕێژەگەرایی بەها ئەخلاقییەکان، دژایەتیکردنی ئەخلاقی ئەرستۆکراتی “هەموو شتێک ڕێگەپێدراوە” و حەتمییەتی ئەخلاقییەکەی بۆ بوونەوەرەکانی خوارەوەیە.

نیچە توانی سروشتی ئەخلاقیی ڕێکخستنەوەی سۆسیالیستی کۆمەڵگە پێشبینی بکات و تیۆریزە بکات، بەڵام پەیوەندی ناوخۆیی “سیستەمی نوێی” خۆی بە سیستەمی کۆمەڵایەتی باڵادەستەوە نەبینی. بۆ نیچە، ماف و ئازادییە ئەخلاقییەکانی ئەو خەڵکەی کە هەڵیبژاردبوو، بە نەبوونی ماف و سەرکوتکردنی بێ بەزەییانەی پلێبییەکان، پارەی بۆ دەدرا. ئەخلاقی “سوپەرمانەکان” ئەخلاقێکی سەروو مرۆیی بوو، دوور بوو لە ئەرکی ئەخلاقی بەرامبەر بە مرۆڤایەتی و پڕ بوو لە سووکایەتیکردن بە بەها گشتگیرەکانی مرۆڤ.

یەکێک لەو پەیوەندیانە، کارەکتەر ئەوانی دیکە بەلایەکدا جێدەهێڵێت و بە وەرگیراوەکانی خۆی دەزانێت و لە هەمان کاتدا بنیاتنانی فەلسەفی ئاڵۆز دروست دەکات. فەلسەفەی ئایینی مۆدێرن لە ساڵانی دۆگمای مارکسیزم دا، هەر فەلسەفەیەکی ئایینی پەیوەست بە بێباوەڕی توندڕەوەوە، بە کاردانەوە هەژمار دەکرا. بێگومان ڕەخنەی ئەم نوێنەرانەیە لەسەر مارکسیزم.

(پەیمانی کۆن و نوێ) دەربڕینی خۆیان تەنیا لە ئایینی مەسیحیدا دۆزیەوە. لە داهاتوودا مەسیحییەت و بەها ئەخلاقییەکانی کتێبی پیرۆز وەک هەمان شت قبوڵ دەکرێن. ئەم بابەتە باس لە مێژووی زیاتری ئایینی مەسیحی و کەنیسەی مەسیحی ناکات.

2- فەلسەفەی ڕۆژئاوای سەدەی بیستەم لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا. بیری فەلسەفیی ئەوروپای ڕۆژئاوا خۆی لە قەیرانێکی قووڵدا بینیەوە.

فەلسەفەی ڕۆژئاوای لە سەدەی بیستەم لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا. وک بیری فەلسەفیی ئەوروپای ڕۆژئاوایی خۆی لە قەیرانێکی قووڵدا بینیەوە ئەم کاریگەرییەی تا وڵاتانی وەک لە مەکسیک و ئەمریکای لاتینیشی گرتەوە، بەبێ وەرگرتنی ڕاهێنانی پیشەیی گونجاو و تەنانەت ئەگەر ڕاستگۆ بین، بەبێ ئەوەی کتێبێک لەسەر ئەم بابەتانە بە قووڵی بخوێنیتەوە، پێکهاتەخوازان پێکهاتەگەرایی هەم وەک “میتۆدۆلۆژیا و فەلسەفە” پێناسە دەکەن. کتێبی سەرەکی ئەم بزووتنەوەیە “پێکهاتە و لێکۆڵینەوە و زانین” . نووسینی (ن.مولود) کە ڕابەری بەناوبانگی بزوتنەوەکەی لە فەرەنسا.

هەردوو کولتوور و هەندێک دابڕان لە هەردووکیان. دوای کۆتایی هێنان بە باسکردنی دوو نەریتی گەورەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، با دەرەنجامە سەرەکییەکانی پێویست بۆ مەبەستی ئەم کتێبە دەربکەین. ئەگەر ڕوو لە بیری فەلسەفی چینی بکەین، فەلسەفەی مۆدێرن دەتوانێت مۆدێلێکی تەواو جیاواز بۆ پەرەپێدانی گەمژە فەلسەفیەکان بدۆزێتەوە، کە گوتارێکی لێکەوتۆتەوە کە مۆدێلی ڕەسەن دەپارێزێت.

لەگەڵ زیادبوونی ئاڵۆزی جیهان، وابەستەیی یەکتری مرۆڤەکان لە کۆمەڵگەدا زیاد دەکات، ڕۆڵ و گرنگی بەها ئەخلاقییەکان زیاد دەکات، وەک یەکێتی، بەرپرسیارێتی، ڕاستگۆیی، متمانە، هاوکاری، هاوکاری یەکتری (مۆدێرنیتە)، هاوواتای بە کۆمەڵە. بەها ئەخلاقییەکان (پێویستی بە مانا، ناسینی کۆمەڵایەتی و ڕێزگرتن لە کەسانی دیکە، خۆئاگاداری داهێنەرانە و چالاکیی بەسوود لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە) وەک گرنگترین پێداویستی و پاڵنەر لە زیادبووندان. چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان مرۆڤی مۆدێرن (زانا، بەڕێوەبەر، خاوەنکار، پزیشک یان مامۆستا). هەر ئێستا لە ساڵانی حەفتاکان. لە سەدەی بیستەمدا، لە وڵاتانی پێشکەوتووی ڕۆژئاوا، ئاستێکی زۆر بەرزی ژیان، جۆرییەتی ژیانی خەڵک باشتر بوو، ئەمەش بووە هۆی گۆڕانکاری لە بەهاکاندا بۆ پێداویستییە دوای ماددی لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا، زۆر کەس هەستیان کرد پێویستی سوودگەیاندن بە خەڵک، بۆ نموونە هەستکردن بە قبوڵکردنی کەسانی دیکە. ئەم گۆڕانکارییە چۆنایەتییە بە گۆڕانی بەهای پۆستمۆدێرن ناسراوە.

ئەم گۆڕانکارییە کولتوورییە پۆستمۆدێرنە پەیوەندی بە ڕۆڵی ئەخلاقەوە هەیە لە ژیانی مرۆڤ و کۆمەڵایەتیدا، تێگەیشتن لە گرنگی گەشەپێدانی سەرمایەی کۆمەڵایەتی و دەستەبەرکردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی. نەزمی ئابووری (نەک تەنها لە چوارچێوەی تاک کۆمەڵگەکاندا، بەڵکوو بە گشتی مرۆڤایەتی)، ئەم مەیلانە لە سەردەمی ئێمەدا خەریکە بەهێزتر دەبن.

لە سەرەتای بیست و دووەمدا، لە پەیوەندی لەگەڵ پرۆسەکانی جیهانگیریدا، پەیوەندی و وابەستەیی خەڵک زیاد دەکات، هەروەها مەترسی و هەڕەشە و مەترسی نوێ دەردەکەون، بۆیە زۆرجار گرنگی ئەخلاق زیاتر دەبێت. جیهان لە گۆڕاندایە، بابەتی ئەخلاق دەگۆڕێت و فراوانتر دەبێت.

ئاراستەی گەشەکردنی خۆئاگایی تاکەکەسی ناوەندی ئەخلاقی مۆدێرنە بە هەموو فۆرمەکانییەوە (کۆمەڵایەتی، پراکتیکی، پیشەیی، ئیکۆلۆژی) لە سەردەمی ئەواندا بەهۆی گەشەسەندنی مێژوویی کولتوورە جیاوازەکانەوە، بەها و سیستەمی ڕێوڕەسمی خۆیان، ئەفسانە بەهۆی نەریت و داب و نەریتی سەرەکییەوە دروست بوون. بەها ئەخلاق و ئایینییەکانی کولتوورە جیاوازەکان لەگەڵ یەکتردا ناگونجێن، ئەمەش هۆکاری ململانێ و ململانێیە. ئەم دژایەتیانە دەتوانن سیمایەکی جیهانی وەربگرن، بەڵام جیهانی ناوەوەی مرۆڤ وەک گۆڕەپانی سەرەکی خەبات دەمێنێتەوە.

ئەخلاقی تیۆری، پراکتیکی، پیشەیی.
ئەخلاقی نەریتی لە دوو جۆر بوو ئایینی و فەلسەفی. ئەخلاقی ئایینی، بۆ نموونە ئەخلاقی مەسیحی لە شێوەی فەرمان و قەدەغەکردن و یاسا پراکتیکییەکانی ڕەفتار، ڕێوڕەسمەکان دەگرێتەوە (ڕۆژووبوون، ڕەچاوکردنی جەژن، ڕێوڕەسم و ڕێوڕەسمی جۆراوجۆر ساڵنامە، ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی ئاهەنگی هاوسەرگیری تاد….). هەروەها ئەخلاقی ئایینی بەشێکی تیۆری لەخۆدەگرێت کە دۆگما و فێرکاری و ئەفسانە و هێما و نەریت لەخۆدەگرێت. ئەخلاقی ئایینی مامەڵە لەگەڵ هەمان کێشەکانی ئەخلاقی فەلسەفیدا دەکات، بەڵام لە چوارچێوەی ئیماندا.

لە ڕاستیدا ئەخلاقی تیۆری لە کۆمەڵگەی دێرینی فەلسەفە وەک بوارێکی بیرکردنەوەی عەقڵانی جیهان و مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت. جیاوازی ئەخلاقی لەوەدایە کە بانگەشەی زانست دەکات. پارەدان، ئەوانەی. مرۆڤ دەبێت چۆن بکات (سەبارەت بە بەها ئەخلاقییەکان وەک ئامانجی بوون)، کۆمەڵگە دەبێت چی بێت، یاساکانی ڕەفتار (نۆرمەکان) چی بن.

ئەرستۆ لەوە تێگەیشتووە کە ئەخلاق لە بنەڕەتدا جیاوازە لە فیزیا یان بیرکاری. ئەخلاق زانیارییەکی تایبەتمەندە. سێ جۆری زانستی جیاکردەوە، تیۆری، پراکتیکی و ئەخلاقی.

مەعریفەی تیۆری (ئیپیستیم، یان “تێڕامان لە بیرۆکە ئەبەدییەکان”) وەسفی زانستەکانی وەک بیرکاری، فیزیا، بایۆلۆجی دەکات.

زانستی پراکتیکی (تەکنیک) لە شێوەی کارامەییدا دەردەکەوێت ( بیناکار دەزانێت چۆن خانوو دروست بکات، هونەرمەند دەزانێت چۆن نیگار بکێشێت، هونەرمەند دەزانێت چۆن هەست و سۆزی جیاواز دەرببڕێت، پیشەوان دەزانێت چۆن شت دروست بکات، کڵاوچن دەزانێت چۆن دروست بکات کڵاو دروست بکات… تا. زانینی ئەخلاقی (فرۆنێسیس) جۆرێکی تایبەتە لە زانین، کە ئەوەندەی پەیوەندی بە بەڵگەدۆزی یان لێهاتووییەوە نییە، بەڵکوو پەیوەندی بە هەڵوێستی ئەخلاقییەوە هەیە بەرامبەر بە مرۆڤەکانی دیکە، لەوانە ڕەفتاری دروست، ئەنجامدانی کردەوەی باش، بەزەیی و خێرخوازی. بۆ نموونە پارێزەر لەکاتی پێدانی سزادا، نەک تەنها بە زانینی تاوانەکە ڕێنمایی دەکرێت، بەڵکوو بە تێگەیشتن لە دۆخەکەش، بە تێگەیشتن لە توانای خۆخستنە شوێنی کەسێکی دیکە (تاوانبار و قوربانی و ئەوانی دیکە) ڕێنمایی دەکرێت. خەڵک، هەستکردن بە دادپەروەری، بەزەیی. ئەو دەزانێت چۆن کارێکی دروست بکات، واتە. ئەو تەنها زانیاری لەسەر ڕاستییەکان نییە بەڵکوو زانیاری لەسەر ئەخلاق و هۆشیاری بارودۆخیش هەیە.

بابەتی ئەخلاقی نەریتی بریتییە لە مرۆڤ وەک تاکێکی ئەخلاقی، کێشەکانی ململانێی نێوان چاکە و خراپە لە ڕۆح و فەزیلەت و ئەخلاقیدا. ئامانجی سەرەکی فەلسەفەی نەریتی ئەخلاق گەشەپێدانی خۆئاگاداری مرۆڤە، پێکهێنانی توانایەتی بۆ خۆباشکردنی ئەخلاقی و مەعنەوی. بەپێی ئەفسانە تەنانەت کۆنفۆشیۆسیش ئەگەر مرۆڤ وەک جەستەیەکی کولتووری و ئەخلاقی گەشە نەکات، ئەوا لە ئاژەڵەکان خراپتر دەبێت؛ لە پێوەندی لەگەڵ ئەم جۆرە کەسانەدا، دەوڵەت مافی ئەوەی هەیە توندترین سزاکان جێبەجێ بکات. بەم شێوەیە ئەخلاقی کۆنفۆشیۆس لە ئێستاوە شوێنێک بۆ دروستکردنی ڕێنماییەکانی ژیان و گەشەسەندنی ڕۆحی مانادار داناوە: هێڵی خوارەوە سزای دڕندانەی حەتمییە، هێڵی سەرەوە شەرەف، شکۆمەندی، بەرزکردنەوە.
ئەخلاقی نەریتی تەنیا تیۆری نەبوو، بەڵکوو لە سەرووی هەموویانەوە کاراکتەری نۆرماتیڤ (فەرمانبەخش)ی هەبوو، چونکە پشتڕاستکردنەوەی تیۆری بەهاکانی بوونی مرۆڤ لە هەمان کاتدا بوو لەگەڵ ڕەچەتە، ستانداردێکی ئەخلاقی، نۆرمێک، بۆ نموونە، کە گریمانە دەکرد بڵاوبوونەوەی پێناسەی تیۆری فەزیلەت؛ تیۆرییەکانی خێرخوازی بەشدارن لە فراوانبوونی خێرخوازی. بەهای چاکە بریتییە لە میهرەبان بوون، بەختەوەری – بەختەوەر بوون، خۆشەویستی – فێربوونی خۆشویستن و خۆشەویست بوون، دادپەروەری – لە بەکارهێنانی کردارییدا.

دۆزینەوە سەرەکییەکانی ئەخلاقی کولتووری لە بەرنامە فەرمییەکاندا باس دەکرێن. بەرنامەی وەک هێدۆنیزم، ئیودیمۆنیزم، کینیزم، عەقڵانیزم، ئەخلاقی ئەرک (ستۆیک، کانت)، ئەخلاقی خۆشەویستی و تادوایی هەیە. میهرەبانی، ئەخلاقی بەزەیی، شۆپۆنهاوەر ئەخلاقی سوودمەندی (سوودگەرایی)، ئەخلاقی قارەمانێتی، عەقڵ ئیگۆیزم (سوودگەرایی)، ئەخلاقی یاخیبوون (ل. تۆلستۆی، م. گاندی)، ئەخلاقی ڕێزگرتن لە ژیان (ئە.شڤایتزەر)، و چەندانی دیکە.

ئەخلاق بەڕێکەوت نییە. جۆرێکی تایبەتی مەعریفە لەلایەن فەلسەفەی پراکتیکی کانتەوە ناوی لێنراوە. ئەگەر عەقڵی تیۆری لە دژایەتی و دژایەتییەکاندا تێکەڵ بووبێت (وەک کانت دەڵێت ناتەواوییەکەی بەڵگەیە) ئەوا عەقڵی کردەیی بە ئاسانی ئەو دژایەتییانە چارەسەر دەکات، واتە گرنگیی ئیرادەی ئازاد و ئەبەدییەتی ڕۆح و بوونی دەناسێت. خودا وەک مەرجێکی پێویستە بۆ بوونی ئەخلاق.

بەڵام ئەخلاقی نەریتی جەستەیەکی بەرچاوی تیۆری لەخۆ گرتووە، کە بریتین لە مشتومڕ لەسەر بنەچە و جەوهەری ئەخلاق، فۆرم و سروشتی مێژوویی، ڕەچاوکردنی جیاوازییە ئەخلاقییەکان، ڕۆڵی لە کۆمەڵگە و ژیانی تاکدا، پێکهاتەی هۆشیاری ئەخلاقی. پۆلەکانی چاکە و خراپە، خۆشبەختی، ئەرک، دڵسۆزی، شەرەف، دادپەروەری، مانای ژیان. جیاوازی ئەخلاقی هەرگیز تەنیا تیۆری نەبووە، بەڵکوو هەمیشە پێکهاتەی تیۆری و پراکتیکی (نۆرماتیڤ) بە پێوەرێکی یەکسان لەخۆ گرتووە.

ئەخلاقی مۆدێرن ڕووبەڕووی دۆخێکی سەخت بووەتەوە کە تێیدا زۆرێک لە بەها ئەخلاقییە نەریتییەکان پێداچوونەوەیان بۆ کراوە. زۆرجار ئەو نەریتانەی کە بنەما ئەخلاقییە ڕەسەنەکان لە زۆر ڕووەوە تیایدا دەبینران، لەناو دەچوون. بۆ هۆکارێک پەیوەندییان لەدەست داوە. پرۆسەی جیهانی لە کۆمەڵگەدا لە گەشەکردندایە و گۆڕانی خێرای بەرهەمهێنان بۆ بەکارهێنانی بەکۆمەڵ. لە ئەنجامدا لە دۆخێکی پێچەوانەدا دۆخێک ڕوویدا کە بنەما ئەخلاقییەکان بە یەکسانی ڕەوا بوون، کەمتر لە عەقڵ دەرکەوتن. ئەمەش بە گوێرەی ئەی مەکینتایر، ئارگیومێنتە عەقڵانییەکان لە ئەخلاقدا بە شێوەیەکی سەرەکی بەکاردەهێنرێن بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو بەڵگانەی کە پێشتر ئەم ئارگیومێنتانەیان هێناوەتەوە.

ئەمەش لە لایەکەوە بووە هۆی گۆڕانکاری دژە نۆرماتیڤ لە ئەخلاقدا لە خواستی ڕاگەیاندنی کەسێک بە بابەتێکی تەواو و سەربەخۆی ستانداردە ئەخلاقییەکان، بۆ هەڵگرتنی هەموو بارگرانی بەرپرسیارێتی لەسەری کە بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەنجام دەدرێت. بڕیارەکان. مەیلی دژە نۆرماتیڤ لە بیرۆکەکانی ف. نیچە، بوونگەرایی، فەلسەفەی پۆستمۆدێرندا نوێنەرایەتی دەکرێت. لە لایەکی دیکەوە، ئەو ئارەزووی سنووردارکردنی بواری ئەخلاق بوو بۆ مەودای تاڕادەیەک تەسک لە بابەتەکانی پەیوەست بە داڕشتنی یاسا ئەخلاقییەکان بە تێگەیشتن لە تێگەیشتن لەو ئامانجانەی کە دەتوانن لەلایەن کەسانی چین و توێژە جیاوازەکانی ژیانەوە قبوڵ بکرێن. بوونی مرۆڤ، بیرۆکەی خۆ باشترکردن، لە ئەنجامدا پۆلی چاکە، کە بۆ ئەخلاق نەریتییە، لە بازنەی ئەخلاق دەرچووە و ئەم دووەمیان بە شێوەیەکی سەرەکی وەک یاسایەکی ئەخلاق دەستی بە گەشەکردن کردووە. هاوکات لەگەڵ ئەم ڕەوتەدا، پەرەسەندنی زیاتری بابەتی مافی مرۆڤ، هەوڵی نوێ دەدرێت بۆ بنیاتنانی ئەخلاق وەک چەمکێکی دادپەروەری، یەکێک لەو هەوڵانە لە کتێبی “تیۆری دادپەروەری”ی جەی ڕاولزدا خراوەتەڕوو.

دۆزینەوە زانستییە نوێیەکان و تەکنەلۆژیای نوێ پاڵنەرێکی گەورەیان بە پەرەپێدانی ئەخلاقی پراکتیکی بەخشی. لە سەدەی بیستەمدا. چەندین ڕێسای نوێی ئەخلاقی پیشەیی ئامادە کراون، ئەخلاقی بازرگانی، بایۆئەخلاقی، ئەخلاقی پیشەیی یاسایی، کرێکاری دارایی، میدیای گشتی و بابەتگەلی دیکە ئامادە کراون. زانایان، پزیشکان، فەیلەسوفەکان دەستیان کرد بە باسکردنی کێشەکانی وەک چاندنی ئەندامەکانی جەستە، ئیۆتانازیا، دروستکردنی ئاژەڵی گۆڕاو و کلۆنکردنی مرۆڤ. مرۆڤ زۆر زیاتر لە جاران هەستی بە بەرپرسیارێتیی خۆی کرد بۆ گەشەکردنی هەموو ژیان لەسەر زەوی و دەستی کرد بە باسکردنی ئەم کێشانە نەک تەنها لە ڕوانگەی مانەوەی خۆیەوە، بەڵکوو بە درککردن بە گرنگی ناوەوەی واقیع. واقیعی ژیان، لە بوون وەک خۆی (شڤایتزەر، واقیعی ئەخلاقی). ئەخلاقی پیشەیی وەک کۆدێکی ئەخلاق کاردەکات و لە ئاستی دروستکردنی بنەما ئەخلاقییەکان بۆ مرۆڤەکانی ئەم پیشەیە کاردەکات. ئەخلاقی پراکتیکی شوێنێکی بەرچاو پێکدەهێنێت. بەڵام بوارەکانی تریش هەن، ئەمەش ئەخلاقی کۆمپانیاکانە کە مۆڕاڵی و ئەو ڕێکخراوانەی کە جێبەجێی دەکەن بۆ ئەندامانی هەندێک کۆمپانیا دروست دەکرێن. هەروەها بواری ئەخلاقی پراکتیکی ئەو بوارەش دەگرێتەوە کە مامەڵە لەگەڵ نیگەرانییە گشتیەکانی سروشتی جیهانیدا دەکات. بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم هەڕەشانە، زانستی مرۆڤ پەرەی پێدەدرێت، هەروەها ڕێکاری دیموکراسی پەرەپێدەدرێت بۆ ئەوەی بڕیاری گشتی گرنگ بدرێت.

هەنگاوێکی گرنگ کە نوێنەرایەتی وەڵامدانەوەی دۆخی ئێستای گەشەسەندنی کۆمەڵگە دەکات، باسکردنی ئەخلاقە وەک دیالۆگێکی بەردەوام، بە ئامانجی پەرەپێدانی چارەسەرێک کە لەلایەن هەموو بەشداربووانەوە قبوڵ بکرێت. ئەمەش لە بەرهەمەکانی K.O. ئاپڵ، ج. هابەرماس، ڕ. ئەلێکسی و ئەوانی تر، ئەخلاقی گوتار لەسەر بنەمای دژە نۆرماتیزمە، هەوڵدەدات ڕێنمایی هاوبەش پەرەپێبدات کە مرۆڤەکان لە شەڕەکەدا یەکدەخات. هەڕەشە جیهانییەکان کە ڕووبەڕووی مرۆڤایەتی دەبێتەوە. ئەخلاقی ڕاوێژکاری وا گریمانە دەکات کە هەموو ئەو بڕیارانەی لە ڕووی گەشەسەندنی کۆمەڵگەوە دەدرێن، دەبێ دۆستانە بن. ئەم بڕیارانە لەلایەن خەڵکەوە بە ئارەزووی خۆیان دەدرێن، چونکە پێیان وایە لە بەرژەوەندی ئەواندایە، نەک لەبەر ئەوەی بەڵێنی شتێکیان پێدراوە یان لەبەر ئەوەی بە شتێک (بڕیاری ستراتیژی) شەرمەزار دەبن. بڕیاری پەیوەندیدار بەو مانایەیە کە بەرژەوەندییەکانی خەڵک سەرکوت ناکرێت، بەرژەوەندییەکانی ئەوانی دیکە لەدەست نادرێن و ئەو کەسانەی کە ئۆرگانە بەڕێوەبەرە مەبەستدارەکانن بە بەرژەوەندییەکانی خۆیان بە دەستکاریکردن ڕازی دەبن.

تایبەتمەندییەکی دیکەی ئەخلاقی مۆدێرن درێژبوونەوەی باوەڕپێنەکراوی کایەی گشتییە، واتە. ئەو شوێنانەی کە بەرژەوەندییەکان لەلایەن کۆمەڵێکی گەورەی خەڵکەوە نوێنەرایەتی دەکرێن، کاتێک کردارەکان لە ڕووی کامڵبوونی ئەنجامدانی هەندێک ئەرکی کۆمەڵایەتییەوە هەڵدەسەنگێندرێن، لەم بوارەدا ڕووبەڕووی چالاکی سیاسەتمەداران و سەرکردەکان دەبینەوە. پارتە سیاسییەکان، بەڕێوەبەرانی ئابووری، چارەسەری نێودەوڵەتی بە ئامرازەکانی ئەنجامدان، زۆرجار دەبینرێت کە ئەخلاقی نەریتی لەم بوارەدا کارپێنەکراوە، چونکە ڕوونە، بۆ نموونە، کە پارێزەر ناتوانێت وەک خۆی مامەڵە لەگەڵ داواکاری گشتی بکات. لە کاتی دادگاییکردنەکەدا وەک نەیار مامەڵە دەکەن.

بۆیە تیۆریستان پرسیارێک دەوروژێنن کە پەیوەندی بە پەسەندکردنی یاسایەکی دادپەروەرانەی یاری دیاریکراوەوە هەیە، تێگەیشتنێکی نوێ لە دادپەروەری، تێگەیشتنێکی نوێ لە دادپەروەری، لەوانەش هێنانە ناو چەمکی پرسەکانی دادپەروەری نێودەوڵەتی، هەڵوێستی نەوەکانی داهاتوو، هەڵوێست بەرامبەر بە ئاژەڵەکان، هەڵوێستەکە. هەڵوێستەکان بەرامبەر بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە لەدایکبوونەوە.

2-شوێنی ئەخلاق لە جیهانی مۆدێرن.
گواستنەوە لە داوای لێبوردنی سەرەکی ئەخلاقەوە بۆ ڕەخنەی سەرەکی تەنها بە هۆی باشتربوونی ئەخلاقەوە نەبوو، بەڵکوو پەیوەست بوو بە گۆڕینی شوێن و ڕۆڵی ئەخلاق لە کۆمەڵگەدا و لەم کاتەدا شتێک کە ڕوونی نەبوو بینرا. ئێمە باس لە گۆڕانکارییەکی مێژوویی بنەڕەتی دەکەین کە بووە هۆی گەیشتن بە ئاستێکی نوێی شارستانیەتی ئەوروپی بە گەشەسەندنی بێ وێنەی زانستی و تەکنەلۆژی و پیشەسازی و ئابووری. ئەم گۆڕانکارییە کە بە قووڵی تەواوی وێنەی ژیانی مێژوویی گۆڕی، تەنیا شوێنێکی نوێ نەبوو بۆ ئەخلاق لە کۆمەڵگەدا، بەڵکوو خۆی تا ڕادەیەکی زۆر دەرئەنجامی گۆڕانکارییە ئەخلاقییەکان بوو.

ئەخلاق بە شێوەیەکی باو وەک کۆمەڵێک فەزیلەت بیری لێدەکرێتەوە و تێدەگات، کە لە وێنەی مرۆڤی تەواودا کورت دەکرێتەوە، یان وەک کۆمەڵێک ڕەفتار کە ڕێکخستنی تەواوەتی ژیانی کۆمەڵایەتی دەخاتە ڕوو. ئەمانە دوو لایەنی یەکتر لە یەکتر لە ئەخلاق بوونی – کەسی، بابەتیی، کە سەرقاڵی ڕەسەنایەتی بوون. پێیان وابوو کە سوودی بۆ تاک و میللەت (کۆمەڵگە) یەک و یەک بوو. لە هەردوو حاڵەتەکەدا ئەخلاق وەک ڕەفتارێکی بابەتیی و بەرپرسیارانەی تاک تێدەگات، ڕێگای بەختەوەرییە، ئەمە، ئەگەر ورد بین، واقیعێکی ناوازەی ئەخلاقی ئەوروپییە. لە هەمان کاتدا ئەگەر بتوانرێت ئەو پرسیارە تیۆرییە سەرەکییە دابڕێنرێت کە ڕێگا سەرەکییەکانی ئەخلاق پێکدەهێنێت، ئەوا لەمانەی خوارەوەدا جێگیر دەکرێت: چالاکیی ئازاد و بەرپرسیارێتی تاکەکەسی مرۆڤ چییە، کە دەتوانێت فەزیلەتی ڕەها ببەخشێت. فۆرم، ڕاستەوخۆ بۆ بەدەستهێنانی سوودی خۆی، سنوور و ناوەڕۆکەکەی چییە. هەر ئەم جۆرە کردارەیە کە کامڵبوون لەگەڵ بەختەوەریدا تێکەڵ دەکات و پێی دەوترێت ئەخلاق چونکە مرۆڤ وەک وەستایەکی سەروەر دەمێنێتەوە. ئەو ئەوەندە بە شایستە دادەنرا، بە هەمان گرنگی هەموو هەوڵەکانی تری مرۆڤ مامەڵەی لەگەڵ دەکرا. ئەمە تا ئەو ڕادەیە ڕاستە کە زۆر پێش ئەوەی مۆر ئەم پرسیارە دابڕێژێت، لانیکەم لە دوای ئەرستۆوە، فەیلەسوفەکان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە ناتوانرێت چاکە جیا لە جەوهەرەکەی خۆی پێناسە بکرێت. کۆمەڵگە و ژیانی کۆمەڵایەتی (کولتووری) بە هەموو دەرکەوتەکانییەوە وەک سەکۆیەکی ئەخلاقی سەیر دەکرا (ئەمە گرنگە!) بە پێچەوانەی سروشت و بە پێچەوانەشەوە، وا بیر دەکرایەوە کە هەموو ژینگەکە بە ناوبژیوانی هۆشیاری ( زیرەکی، عەقڵ) بێت. پێکەوەژیان، لەوانە سیاسەت، ئابووری، پەیوەستە بە بڕیار، هەڵبژاردنی مرۆڤەکان، پێوانەکردنی فەزیلەتەکەیان. بۆیە جێگەی سەرسوڕمان نییە کە ئەخلاق بە شێوەیەکی بەرفراوان تێبگەین و هەموو شتێک دەگرێتەوە کە پەیوەندی بە سروشتی دووەمەوە هەیە، کە مرۆڤ خۆی دروستی کردووە و فەلسەفەی کۆمەڵایەتیش پێی دەوترێت فەلسەفەی ئەخلاقی، وەک کولتوورێک، تا ئەمڕۆش هەندێک جار ئەم ناوەی پاراستووە. بەکارهێنانی جیاوازی نێوان سروشت و کولتوور لەلایەن سۆفیستەکانەوە گرنگییەکی بنەڕەتی هەبوو بۆ پێکهاتن و گەشەکردنی ئەخلاق. ڕۆشنبیری بە پێوەری ئەخلاقی (ئەخلاقی) جیا دەکرێتەوە (کولتوور بە بڕوای سۆفیستەکان کایەی ئارەزوومەندانەیە، ئەو یاسا و داب و نەریتانە دەگرێتەوە کە مرۆڤەکان بە ئارەزوو و پەیوەندییەکانیان ڕێنمایی دەکرێت، و ئەوەی لەگەڵ شتەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەیکەن، بەڵام لە سروشتی فیزیکی ئەم شتانە بەدوای خۆیدا ناهێنێت). لەم ڕوانگەیەوە، کولتوور لە بنەڕەتدا، بە پێناسە، لە بابەتی ئەخلاقدا جێگیر بوو (بەتەواوی ئەم تێگەیشتنە بوو لە ئەخلاق لە دابەشکردنی فەلسەفی بەناوبانگی سێ بەشدا بەسەر لۆژیک و فیزیا و ئەخلاقدا، کە لە ئەکادیمیای ئەفلاتون دامەزرا، بەم پێیە هەموو شتە ناسروشتییەکان ئەخلاقین).
تێگەیشتنێکی وەها فراوان لە ئەخلاق تێگەیشتنێکی گونجاوی لە ئەزموونی مێژوویی هەبوو لە سەردەمێکدا کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە پەیوەندی و وابەستەیی کەسی دەچوو، هەر بۆیەش تایبەتمەندییە کەسییەکانی تاکەکان، ئەخلاقەکانیان، پێوەرەکانی فەزیلەتیان. ئەوان پێکهاتەی سەرەکی پشتگیریکەر بوون کە تەواوی بینای شارستانیەتیان بەرز کردەوە. لەم ڕووەوە دەتوانرێت ئاماژە بە دوو خاڵی ناسراو و بەڵگەدار بکرێت.
أ- ڕووداوی دراماتیک، دۆخی کاروباری کاراکتەری شەخسی ڕوونی هەبوو (بۆ نموونە چارەنووسی شەڕ بەندە بە ورەی سەرباز و فەرماندەکانەوە. ئاسوودە و ژیانێکی ئارام لە دەوڵەتدا – لەسەر فەرمانڕەوایەکی باش).
ب- ڕەفتاری خەڵک (لەوانەش ژینگەی بازرگانی) پابەند بوو بە یاسا و ڕێکەوتنە ئەخلاقییەکان کە لە ڕووی ئەخلاقییەوە پەسەند کراون (نموونەی تایبەتی ئەمە بریتین لە وۆرک شۆپەکانی سەدەی ناوەڕاست یان کۆدی دووانەی شوڕشگێڕان). ئەم گوتەیەی مارکس بەناوبانگە کە دەیگوت: ئاسنگەری با کۆمەڵگەیەک بەرهەم دەهێنێت کە سەرۆکێک بەڕێوەی دەبات و میلێکی هەڵم کۆمەڵگەیەک بەرهەم دەهێنێت کە سەرمایەدارێکی پیشەسازی بەڕێوەی دەبات. بە یارمەتی ئەم وێنەیە، بە ئاماژەدان بە سەرچاوەی ئەو قۆناغە مێژووییەی کە جێگەی سەرنجمانە، دەمەوێت ئەوە بڵێم کە میلەر لە ئاسنگەری بادا تەنها جۆرێکی تەواو جیاواز لە مرۆڤ نییە لە میلەر لە ئاسنگەری هەڵمدا. ئەمە زۆر ڕوون و سادەیە. مەبەستم جیاوازە – کاری میلەر لە ئاسنگەری بادا زیاتر وابەستەی سیفەتە ئەخلاقییەکانی کەسایەتی میلەرەکە دەبێت نەک کاری میلەرێک لە ئاسنگەری هەڵمدا. لە حاڵەتی یەکەمدا کاراکتەری ئەخلاقی میلەر (بۆ نموونە ئەگەر مەسیحییەکی باش بێت) لە لێهاتوویی پیشەیی ئەو کەمتر نییە، بەڵام لە حاڵەتی دووەمدا، گرنگییەکی لاوەکییان هەیە یان ڕەنگە بە هیچ شێوەیەک نەبینرێن.
کاتێک گەشەسەندنی کۆمەڵگە سیمای پرۆسەیەکی سروشتی-مێژوویی گرتە ئەستۆ و زانستە کۆمەڵایەتییەکان دەستیان کرد بە بەدەستهێنانی پێگەی زانستە کەسی (نافەلسەفییەکان)، دۆخەکە گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هات، کە تێیدا بەشە ئەکسیۆلۆجییەکە بێ بایەخ بوو و تەنانەت لەم بچووکییەشدا. ژیانی کۆمەڵگە وەک ڕێڕەوێکی پرۆسەی سروشتی کاتێک بە یاسای پێویست و حەتمی بەڕێوەدەچێت، بە نەخوازراو دەبینرێت. وەک چۆن فیزیا و کیمیا و بایۆلۆجی و زانستە سروشتییەکانی تر وردە وردە لە باوەشی فەلسەفەی سروشتی کشایەوە، بە هەمان شێوە ئابووری سیاسی و دەروونناسی کۆمەڵایەتی و زانستە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە دەستیان کرد بە کشانەوە لە باوەشی فەلسەفەی ئەخلاقی. لە پشت ئەمەوە، کۆمەڵگە لە شێوازی ژیانی ناوخۆیی و نەریتی ڕێکخراوەوە دەڕوات بۆ سیستەمی گەورە و ئاڵۆز (لە پیشەسازیدا – لە ڕێکخستنی وۆرکشۆپەوە بۆ بەرهەمهێنانی کارگە، لە سیاسەتدا – لە میرنشینە فیوداڵەکانەوە بۆ دەوڵەتە نەتەوەییەکان، لە ئابووریدا بۆ کشتوکاڵەوە بۆ پەیوەندییەکانی بازاڕ، لە گواستنەوە و ڕەشنووسی وزە بۆ ئۆتۆمبێلی میکانیکی، لە پەیوەندییە گشتییەکان دا، لە گفتوگۆی ساڵۆنەکانەوە بۆ میدیای گشتی…تاد).

گۆڕانکاری بنەڕەتی بەم شێوەیە بوو. بە لەبەرچاوگرتنی زۆر کەس، چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگە دەستیان کرد بە داڕشتن بەپێی یاسا پراکتیکییەکانی ڕەفتار، وەک پارامێتری بابەتیی خۆیان، بەڵام (بەو پێیەی بە وردی خەڵکێکی زۆرن) بەبێ گوێدانە ئیرادەیان. پەیوەندییە گشتییەکان دەستیان کرد بە بەدەستهێنانی کاراکتەری ماددی حەتمی – ئەوان بە لۆژیکی پەیوەندییە کەسییەکان و نەریتەکان کۆنتڕۆڵ نەدەکران، بەڵکوو بە لۆژیکی ژینگەی سوژە، کارکردنی کاریگەری ژینگەی چالاکیی بەکۆمەڵی پەیوەندیدار کۆنتڕۆڵ دەکران. ڕەفتاری کاری خەڵک چیتر لە تۆڕێکی ئاڵۆزی سیفەتە ڕۆحییەکانی گشتی و لە ڕووی ئەخلاقییەوە قبوڵکراو پێکهات نەبوو، بەڵکوو بە سوودی پراکتیکی دیکە دەکرا و کاریگەرتر بوو.

دەردەکەوێت، لەوەش نزیکترە، تا ئاستی ئۆتۆماتیکی، بێ کەسایەتی دەروونی، لە هێزی کاری مرۆڤەوە سەرهەڵدەدەن. جگە لەوەش چالاکی مرۆڤ وەک بەشێکی کۆنکرێتی سیستەمی کۆمەڵایەتی (کرێکار، خاوەنکار، ئەنجامدەر) نەک تەنیا جیاوازی ئەخلاقی لە بیری فەرهەنگیدا دەخوازێت، بەڵکوو توانای ئەنجامدانی کردارە بێ ئەخلاقیەکانیشی هەیە. ماکیاڤێلی لەم لایەنە مەترسیدارەی چالاکییەکانی حکومەتدا کۆڵییەوە و بە شێوەیەکی تیۆری سزای دا، نیشانیدا کە پیاو ناتوانێت سەروەرێکی باش بێت ئەگەر تاوانبارێکی ئەخلاقی نەبێت. ئە. سمیس دۆزینەوەیەکی هاوشێوەی لە بواری ئابووریدا ئەنجامدا. سەلماندی کە بازاڕ دەبێتە هۆی سەروەت و سامانی خەڵک، بەڵام نەک بە چاوتێبڕینی کارگە بازرگانییەکان، بەڵکوو بە پێچەوانەوە بە ئارەزووی خۆپەرستانەیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان (هەمان بیرۆکە، کە لە ڕستەی کۆمۆنیستیدا دەربڕدراوە، دەتوانرێت بدۆزرێتەوە). بە قسە بەناوبانگەکانی، ک. مارکس و ئێف. ئەنگڵس، کە چوونە ناو بۆرژوازیەوە. حیسابکردنی خۆشەویستی بۆ ئایینی پیرۆز، حەماسەت، و هەڵچوون هەستی تاکییەتی شکاند. لە کۆتاییدا کۆمەڵناسی، ئازادی تاک، پاڵنەری ئەخلاقی (خۆکوشتن، دزی، تووندوتیژی…تاد) وەک چۆن یاساکانی ژمارەیەکی زۆر وەک ساتەوەختی گشتی کۆمەڵگە سەیر دەکرێن، بە ڕیزێکی ڕێک و پێک ڕیز دەبن، بۆ نموونە چۆن مرۆڤ سپینۆزا لەبیر ناکات کە دەیگوت (ئەگەر بەردێک کە لەلایەن ئێمەوە فڕێدرایە، هۆشیاری هەبووایە بە ئازادی دەفڕێت). بە یەک وشە، کۆمەڵگەی مۆدێرن کە بە شێوەیەکی ئاڵۆز ڕێکخراوە و بێ کەسایەتییە، تایبەتمەندی ئەوەیە کە ڕەفتاری پیشەیی و بازرگانی تاکەکان کاراکتەری گشتییان وەک چینێکی کۆمەڵایەتی کەمتر لە کاراکتەری ئەخلاقی تاکەکەسی خۆیان دیاری دەکات. مرۆڤ لە ڕەفتاری کۆمەڵایەتیدا وەک هەڵگری ئەو ئەرک و ڕۆڵانەی کە بە لۆژیکی ئەو سیستەمەی کە تێیدا هاتووە پێیان سپێردراوە، کاردەکات. ناوچەکانی ئامادەیی کەسی کە گرنگییەکی ژیانییان هەیە پێی دەوترێت پەروەردەی ئەخلاقی و ئیرادە، خەریکە گرنگتر دەبن. زیادکردنی کۆمەڵایەتی چیتر ئەوەندە پشت بە ئەخلاقی تاکەکان نابەستێت، بەڵکوو پشت بە هەندێک لایەنی ڕێکخستنی سیستماتیکی (زانستی، عەقڵانی ڕێکخراو)ی کۆمەڵگە دەبەستێت. بەهای کۆمەڵایەتی مرۆڤ نەک تەنها بە سیفەتە ئەخلاقییە کەسییەکانی، بەڵکوو بە بەهای ئەخلاقی کۆی ئەو کارە گەورەیەی کە بەشداری تێدا دەکات، دیاری دەکرێت. ئەخلاق بە پلەی یەکەم دامەزراوەیی دەبێت، لەوێدا دەگوازرێتەوە بۆ ناوچە کارپێکراوەکان. بۆیەشە لە مۆدێرنتە دا زۆرجار لە فەیلەسوفانی ئەخلاقی کلاسیکدا کەم دەکرێتەوە.

  1. گەشەسەندنی ئەخلاقی: وەهم یان واقیع.
  2. لایەنگرانی گەشەسەندنی ئەخلاقی.
    بۆ ئەوەی لە سروشتی ژیانی ئەخلاقی مرۆڤ تێبگەین، گرنگە بزانین ئایا ئەخلاق لە ڕەوتی گەشەسەندنی مێژوویی کۆمەڵگەدا دەگۆڕێت یان بە شێوەیەکی کردەیی وەک خۆی دەمێنێتەوە؟. لە دونیای کۆندا بیرۆکەکان لەسەر پەرەسەندنی ئەخلاق سەریان هەڵدا. پرۆتاگۆراس، دیموکریتس، ئەفلاتون، لوکریۆس کارا ئەو بیرۆکەیەیان هەیە کە مرۆڤایەتی لە بەربەریزمەوە هاتووەتە دۆخی ئێستای خۆی. لە وتارەکەی ئەفلاتوندا مرۆڤەکان لە سەرەتادا دوژمنایەتی یەکتریان دەکرد (تەنانەت خوداوەندەکانیش دوژمنایەتی یەکتریان دەکرد!)، ناڕەوا مامەڵەیان دەکرد، بەڵام دوای تامکردنی هەموو ئەمانە، زۆرتر بە سوودیان زانی کە ڕێککەوتن. نادادپەروەری لەگەڵ یەکتر مەکەن و ئازار یەکدی مەدەن. ئەوە یاسا و ڕێککەوتنی هاوبەشە کە لەمەوە سەرچاوە دەگرێت. بە واتایەکی تر، لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەت، نەزمێکی دیاریکراو دامەزرا، دوژمنایەتی و زێدەڕۆیی هەڕەیی کەم بووەوە.

ئەمەش دەربڕینی خۆی لە بیرۆکە ئایینییەکاندا دۆزیەوە: ئەفلاتون کە لە هۆمەر و هیسیۆد ناڕازی بوو، بە سادەیی باسی ئەو خوداوەندانەی دەکرد کە دەوترێت نەک تەنها چاکە بەڵکوو خراپەش دەکەن. بە بڕوای ئەفلاتون چارەنووسی خوداوەندەکان تەنیا کردەوەی چاکە. بە یەک وشە، ئاگایی ئەخلاقی لە ئێستاوە بووەتە فاکتەرێکی کۆنکرێتی ژیان و کولتووری کۆمەڵایەتی.
بیرۆکەی هاوشێوە لەلایەن لوکریۆس کارۆسەوە لە شیعرەکەیدا لەسەر سروشتی شتەکان گیراوە، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ نه‌ك هه‌ر له‌ سه‌ره‌تادا خه‌ڵك نه‌یانزانیوه‌ چۆن ئاگر به‌كاربهێنێت، به‌ڵكوو به‌كارهێنانی باویان نه‌پاراستووه‌. بیرۆکەکانی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی لە سەردەمی ڕۆشنگەریدا گەشە و ناساندنی زیاتریان بەدەستهێنا. ئابووریناسە بەناوبانگەکە ئا. تورگۆت، لە وتارە بەناوبانگەکەیدا (دەستکەوتە بەردەوامەکانی عەقڵی مرۆڤ) ئاماژەی بەوە کردووە کە گەشەیەکی بەردەوامی عەقڵی مرۆڤ لە کۆمەڵگەدا هەیە، لەگەڵ نەرمبوونی زیادکردنەکان. مامۆستایەکی دیکە کۆندۆرسێت (١٧٤٣-١٨٩٤) ڕایگەیاند کە عەقڵی مرۆڤ توانای باشتربوونی بێ سنووری هەیە، داوای کرد کۆمەڵگەیەک بونیاد بنرێت کە ڕاستی و خۆشبەختی و فەزیلەت بە یەک زنجیرە بەیەکەوە ببەسترێتەوە. لە دڵەوە: گەشەکردن ناگەڕێتەوە دواوە! ڕوانگەیەکی گەشبینانە بۆ گەشەسەندنی ڕۆحی و ئەخلاقی کۆمەڵگە لەلایەن زۆرێک لە نوێنەرانی سۆسیالیزمی یۆتۆپی (ئۆین، سانت سیمۆن، فۆریەر و ئەوانی دیکە)، دیموکراتە شۆڕشگێڕەکان و مارکسیستەکانەوە هاوبەش بوو. لە کۆتایی سەدەی بیستەمەوە بیرۆکەی پرۆسەکە دەستی کرد بە لەدەستدانی کاریگەری خۆی لە بەشێکی دیاریکراوی کۆمەڵگەدا (لێرەدا بەرهەمەکانی شۆپنهاوەر، نیچە، سپێنگەر و …تاد) ڕۆڵیان هەبوو، بەڵام هێشتا دەتوانێت وابێت. بە وریاتر و زیرەکتر ناسراوە، بەڵام هێشتا بەشێکی بەرچاوە لە دانیشتووان.

باوەڕبوون بە پێشکەوتن تا ئێستاش بۆ زۆر کەس باو و ئاساییە. چ ئارگیومێنتێک بۆ ئەم تێڕوانینە بۆ مێژووی ئەخلاقی دەخەیتەڕوو؟ سەرەتا بەڵگەی پێشکەوتن لە بواری زانست و تەکنەلۆژیا و چەندین چالاکیی تری مرۆڤدا خراوەتەڕوو.
ئەخلاق وەک دەزگایەکی ڕێکخەر ناتوانێت لە لایەک بوەستێت، و دەبێت باشتر بکرێت و پەرەی پێبدرێت. شتێکی تر ئەوەیە کە گەشەسەندنی ئەخلاقی جیاوازی خۆی هەیە. ئەم جیاوازییە لە پلەی یەکەمدا ڕوون دەکرێتەوە، گەشەسەندنی ئەخلاق هەمان گەشەکردنی زانست و تەکنەلۆژیا نییە. داهێنانی لوکۆمۆتیڤی هەڵم یان کۆمپیوتەر هێشتا شۆڕشێکی ئەخلاقی نییە، بەڵکوو دەرکەوتنی فەزیلەتە. پێشکەوتنی ئەخلاقی خۆی بزووتنەوەیەک نییە بەرەو ڕاست، بەڵکوو بزووتنەوەیەکی ئاڵۆز و دژبەیەک لە پاشەکشەکردن و لادانە لە ئەخلاق دا، چینێکی تاڕادەیەک جێگیر، هەرچەندە تەنک، هەمیشەیی پۆستولاتەکان هەیە، ئەو ستۆکانەی کە دەگۆڕدرێن بۆ بێ بایەخ.

شتێکی سەرەکی کە دەگۆڕێت، پانتایی جێبەجێکردنیانە. بۆیە پێشتر تێبینیمان کردووە کە یاسای “مەکوژی” لە بنەڕەتدا تەنیا بۆ ئەندامانی ڕەگەزەکە جێبەجێ دەکرا، ئێستاش سیمایەکی گشتگیر و گشتگیری بەدەستهێناوە. فۆڕمی پێشکەشکردنیان لە گۆڕاندایە. لە بنەڕەتدا پۆستی نوێ زۆر بە دەگمەن دەردەکەون. شتێکی تر ئەخلاقە. لەم چینەدا گەشەسەندنی ژیانی ئەخلاقی زیاتر دیارە. وەک زۆرێک لە نووسەران پێشتر گوتوویانە کە (لە ڤل سۆلۆڤیۆڤەوە) دەست پێدەکات، ئەگەر بیرکردنەوەی ناوخۆیی وەربگرین، لە سەدەیەکەوە بۆ سەدە مرۆڤایەتی، کەرامەتی ئەخلاقی، پەیوەندی ڕاستەوخۆی نێوان مرۆڤەکان، کولتووری ئەخلاقی دەوڵەمەندە. لەلایەن V.L. سۆلۆڤیۆڤ، “لەگەڵ هاتنی دەوڵەت، گەشەسەندنی کولتوری ڕۆحی، پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان جیاواز دەبێت”. دەتوانم هەستی خراپ بەرامبەر بە کەسێکی دیاریکراو هەڵبگرم. بەڵام وەک چۆن لە سەرەتای مێژووی مرۆڤایەتیدا کرا، بە پێچەوانەوە، ڕەنگە بە جەخت کردنەوە لەسەر ڕێز و شکۆوە مامەڵەی لەگەڵ دەکەرێت. بەهەمان شێوە Vl. سۆلۆڤیۆڤ فەیلەسوفی ڕوسی لە بۆچونەکانی بەردەوام بوو، لە پەیوەندییەکانی نێوان گەلاندا، دوژمنایەتی یەکتر، بێمتمانەیی هەمیشە ناگاتە ئاستی شەڕ. جەنگەکان خۆیان، Vl. سۆلۆڤیۆڤ، “لە سەدەی بیستەمدا زیاتر لە شەڕێکی ئاسایی نێوان دوو سەرخۆش دەچوو نەک شەڕی دوو لایەنی پیشەسازیی جەنگ “. بە تایبەت دوای ڕووداوە خوێناوییەکانی سەدەی بیستەم، لە پرەنسیپدا بە قبوڵنەکراو، بێ ئەخلاق دادەنرێت.

هەرچەندە پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت شەڕە ناوخۆییەکان بە پلەی یەکەم گشتگیرنین وەلێ هێشتا لەسەر ڕووی زەوی هەرماون. ئەمە تەنها ئەوە دەڵێ مرۆڤەکان هەمیشە لە کردارەکانیاندا بە بنەما ئەخلاقییەکان ڕێنمایی ناکرێت.
باڵادەستی ئەخلاقی چەندین دەرکەوتنی دیکەی هەیە. بۆ نموونە بۆ چەندین سەدە نەخۆشە دەروونییەکان لە دۆخێکی بەرگە نەگیراودا دەهێڵرانەوە، لێیان دەدرا و بە زنجیر دەبەستران و بە پارەیەک بەر خەڵکی شارە بەرزەکان دەدران. تەنها لە کۆتایی سەدەی پازدەهەمدا بوو کە شێتەکان بەرزکرانەوە بۆ کەسانی نەخۆش و زنجیرەکانیان لابرا. وردە وردە جۆرەکانی سزای تاوانە جۆراوجۆرەکان نەرمتر کران. وەک پێشتر بینیمان سزای لە سێدارەدان لە جیهانی کۆندا زۆر باو بووە. جگە لەوەش سزای لە سێدارەدان نامرۆڤانەترین و ئازاربەخشترین شێوەی گرتووە.

“ئەگەر پیاوێک پیلانی نادادپەروەری دانا، بۆ نموونە ئەگەر بەنیازی ستەمکار بێت، و ئەگەر گرتیان، لەسەر تەختەیەک بزمار کوتی بکەن و چاوەکانی دەربێنن و بە هەموو جۆرە سزایەک بە تووندترین شێوە ئەشکەنجەی بدەن”. زۆرترین ئازار، تەنانەت وای لێبکەن بزانێت کە منداڵەکانی و هاوسەرەکەی چۆن ئازار دەچێژن، لە کۆتاییدا هەڵواسرا و لە ناو ئاگرێکی نزم دا سووتێندرا” ئەمە لە بەرهەمی گۆرگیای ئەفلاتوندا دەخوێنینەوە (ل473). لە سەدەکانی ناوەڕاستیشدا ئەشکەنجەی هاوشێوە ئەنجام دەدرا. لە ڕووسیا تا ئەو کاتەی کۆیلایەتی لە ساڵی ١٨٦١ هەڵوەشایەوە، کەسانی بە ڕەچەڵەک کەمتەرخەم بە ئاشکرا سزا دەدران. تەنانەت ژنانیش. لە N.A. ئەم دێڕانەی خوارەوەی شیعرەکەی نێکراسۆڤ بەبێ ئیرادە دێنە بەرچاو: دوێنێ کاتژمێر شەش چووە دەرەوە بۆ سێنایە؛ لەوێ ژنێک بە قامچیەوە، ژنێکی کۆڵبەری گەنج.ی دەدا.

بەڵام هۆشیاری یاسایی خەڵکی گشتی بە شیرینی جیا ناکرێتەوە. تا کۆتایی سەدەی بیستەم کۆمەڵکوژی دانیشتووان بە گومانەوە هەبوو. لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، ڕۆژنامە ڕۆژئاواییەکان نووسیویانە کە لە ڕووسیا خەڵکێکی زۆر بەشداربوون لە ئەشکەنجەدان و کوشتنی ژنێک کە گومانی ئەوەی لێدەکرا بە یارمەتی سێوێکی سیحراوی کوڕێک نەخۆش بکات.
لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا سزاکان سووکتر بوون، مرۆڤانەتر بوون و دەستی پێکرد کە تاوانبار کەسێکە و مافی وەرگرتنی کەرامەتی هەیە. زۆرێک لە وڵاتان سزای لە سێدارەدانیان هەڵوەشاندەوە. دۆخی ژیان و گوزەرانی زیندانیان زۆر باشتر بووە. بەداخەوە ئەم دووەمیان بە شێوەیەکی سەرەکی ئاماژەیە بۆ وڵاتانی پیشەسازیی و پێشکەوتوو نەوەک وڵاتانی جیهانی سێ.
دەکرێ بە ئەخلاقی سەدەی بیستەم ناوببەین وەڵامێکی فیکری بۆ کارەساتە کۆمەڵایەتییەکانی ئەم سەدەیە. دوو جەنگی جیهانی و ململانێی ناوچەیی، تۆتالیتاریزم و تیرۆر وامان لێدەکات بپرسین ئایا ئەخلاق دەتوانێت لە جیهانێکدا بوونی هەبێت کە کراوە بەڕووی چاکەدا؟ لە نێو ئەو تیۆرییە ئەخلاقییە جۆراوجۆرانەی کە لە سەدەی بیستەمدا پەرەیان سەندووە، تەنیا دوو تیۆری لەبەرچاو دەگرین. نوێنەرانیان نەک هەر مۆدێلی تیۆری ئەخلاقیان داڕشت، بەڵکوو دەرەنجامە نۆرماتیڤە پراکتیکییەکانیان لەوان نیشان دا.

یەکێکی تر لەوانەی کە کاریگەری زۆر بەرچاوی ئەخلاقی لەسەر گەشەسەندنی کولتوری ڕۆژئاوا هەبووە. ئەخلاقی بوونگەرایی (فەلسەفەی بوون). ئیگزستانسیالیستەکان فەیلەسوفی فەرەنسین. ج.پ سارتەر (١٩٠٥-١٩٨٠) گ.مارسێیل (١٨٨٩-١٩٧٣) ئا. کامۆ (١٩١٣-١٩٦٠)، فەیلەسوفی ئەڵمانی م. هایدگەر (١٨٨٩-١٩٧٦) ک. جاسپەرز (١٨٨٣-١٩٦٩) ئیگزیستانسیالیزم لە ئەوروپای ڕۆژئاوا لە قۆناغی نێوان دوو جەنگی جیهانیدا دامەزراوە. نوێنەران هەوڵیان دا هەندێک بەها پەرەپێبدەن کە ڕێگە بە مرۆڤ بدات لە پێگەی کەسێک لە دۆخی قەیراناویدا تێبگات و بە شێوەیەکی گونجاو لە دۆخی قەیران دەربچێت.

خاڵی دەستپێکی بوون ئەوەیە کە بوون پێش ماددە دەکەوێت، و فاکتەری دیاریکەرە. مرۆڤ سەرەتا دەژی، دەردەكەوێت، كار دەكات و تەنیا ئەو كاتە دیاری دەكرێت، واتە. تایبەتمەندی و پێناسەکان قبوڵ دەکات. یەکەم ئامادەیی بۆ ڕوونی داهاتوو و بۆشایی ناوەوە و چارەنووسی سەربەخۆ بوونی ڕاستەقینە، بوونە.

ئەو ئەخلاقی بوونگەرایی بە بنەمای ڕەفتاری ئەخلاقی مرۆڤ دەزانێت. مرۆڤ ئازادییە. ئازادی سیفەتێکی بنەڕەتی مرۆڤە. ئازادی لە بووندا – ئەمەش پێش هەموو شتێک ئازادی هۆشیارییە، ئازادی هەڵبژاردنی پێگەی ڕۆحی و ئەخلاقی تاک. هەموو ئەو فاکتەر و هۆکارانەی کە کار لەسەر مرۆڤ دەکەن، لەلایەن ئەوەوە ناوبژیوانن. مرۆڤ دەبێت بەردەوام هێڵێک یان هێڵێکی تری ڕەفتار هەڵبژێرێت، سەرنجی لەسەر هەندێک بەها و بیرۆکە بێت. بوونگەراکان بە وروژاندنی کێشەی ئازادی، بیریان لە بناغەی ئەخلاقی بنەڕەتی کردەوە. ئیگزستانسیالیستەکان بە دروستی جەخت لەوە دەکەنەوە کە ڕەفتاری مرۆڤ بە پلەی یەکەم لە لایەن هۆکارە دەرەکییەکانەوە نییە، بەڵکوو بە پاڵنەرە ناوخۆییەکانە و هەر مرۆڤێک لە ڕووی دەروونییەوە کاردانەوەی جیاوازی هەیە بەرامبەر بە دۆخێک یان دۆخێکی دیکە. زۆر شت پەیوەستە بە هەر کەسێکەوە، و نابێت مرۆڤ لە پەرەسەندنی نەرێنی ڕووداوەکاندا ئاماژە بە “بارودۆخەکان” بکات. مرۆڤەکان ئازادییان هەیە ئامانجی چالاکییەکانیان دیاری بکەن. یەک بۆ هەر قۆناغێکی مێژوویی دیاریکراو نییە، بەڵکوو بژاردەی زۆر، لە بەرامبەر دەرفەتی ڕاستەقینەدا، پەرەسەندنی ڕووداوەکان، لەوە کەمتر گرنگ نییە کە مرۆڤەکان ئازاد بن لە هەڵبژاردنی ئامرازەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان و ئەو کۆتایی و شێوازانەی کە لە کردارەکەدا هاتووە، لە ئێستاوە دۆخێکی دیاریکراو دروست دەکەن، کە دەست دەکات بە کاریگەریکردن لەسەر خۆی.

ئازادی پەیوەندییەکی نزیک بە بەرپرسیارێتی مرۆڤەوە هەیە. بەبێ ئازادی هیچ بەرپرسیارێتییەک نییە. ئەگەر مرۆڤ ئازاد نەبێت، ئەگەر بەردەوام بە کردارەکانی دیاریکرابێت، ئەگەر لەلایەن هەندێک بوونێکی ڕۆحی یان ماددییەوە دیاریکرابێت، ئەوا بە بڕوای بوونگەراییەکان بەرپرسیار نییە لە کردارەکانی، هەر بۆیەش سوژەیەکی ئەخلاقی نییە. پەیوەندییەکان، جگە لەوەش تاکێک کە ئیرادەی ئازاد بەکارناهێنێت، نکۆڵی ئازادی دەکات و لە ئەنجامدا جۆرییەتی سەرەکی مرۆڤ لەدەست دەدات و دەگۆڕێت بۆ شتێکی ماددی سادە. بە واتایەکی تر تاکێکی وا جۆرییەتی بوونی ڕاستەقینەی لە دەست داوە و ناکرێ بە مانا ڕاستەقینەکەی وشەکە بە مرۆڤ هەژمار بکرێت.

بەڵام ژیانی ڕاستەقینە نیشان دەدات کە بۆ زۆر کەس بوونی ڕاستەقینە دەتوانێت بارگرانییەکی بەرگە نەگیراو بێت. ئاخر ئازادی پێویستی بە ئازادی و بوێری لە مرۆڤ هەیە، ئەمەش بە واتای بەرپرسیارێتی ئەو هەڵبژاردنەیە کە مانا بە داهاتوو دەبەخشێت، کە دیاری دەکات جیهانی دوور چی دەبێت. هەر ئەم بارودۆخانەن کە ئەو ترس و دڵەڕاوکێیە میتافیزیکییە ناخۆشانە دروست دەکەن، دڵەڕاوکێی بەردەوام کە مرۆڤ دەباتە پێشەوە و کایەی “بوونی نەناسراو” دروست دەکات.

ئەخلاقی بوونخوازی پێویستی بە ڕەتکردنەوەی هەموو جۆرەکانی کۆلێکتیڤیزم هەیە. پێویستە لە نالەبارترین بارودۆخی بێ ئومێدی و نائومێدیدا بژیت، بە ئاگادارییەکی ڕوون لە تەنیایی و وازهێنان، ئازادی و بەرپرسیارێتی، بێمانایی و نەهامەتی بوونی خۆی، و هێز و ورە بدۆزیتەوە.

ئەخلاقی بوونگەرایی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ستۆیسیزمدا گەشە دەکات: دەرئەنجامی سەرلێشێواوی و نائومێدی ئەخلاقی مرۆڤ، لەدەستدانی کەرامەت و هێزی ڕۆح، بێمانای ژیانی مرۆڤ و ململانێی ئەخلاقی عەقڵمان نییە. بۆ دۆزینەوەی ئاسایشی تێدا، بەڵام دەرئەنجامی نائومێدی لەم هیوایانە. مرۆڤ تا ئەو کاتەی بیەوێت و هیوای ئەوەی هەبێت کارەکەی سەرکەوتوو بێت، شکست دەهێنێت و دەکەوێتە نائومێدیەوە، چونکە شێوازی ژیان لە دەسەڵاتی ئەودا نییە. ئەوە پەیوەست نییە بەوەی مرۆڤ دەتوانێت بچێتە ناو چ جۆرە بارودۆخێکەوە، بەڵکوو چۆنیەتی لێی دەردەچێت بە تەواوی پەیوەستە بەوەوە.

لە نێو تیۆرییە ئەخلاقییەکانی سەدەی بیست و یەک دا. پێویستە گرنگی بە “ئەخلاقی توندوتیژی” بدرێت. هەموو ئەخلاقێک گرنگی نکۆڵی توندوتیژی دەناسێت. توندوتیژی شێوازێکی ناکاریگەرە بە ئەنقەست بۆ چارەسەرکردنی هەر کێشەیەک چونکە دەبێتە هۆی توندوتیژی تۆڵەسەندنەوە. نەک پۆپۆلیزمی ناتوندوتیژ، بەڵکوو کردەوەی ناتوندوتیژی تایبەت (دانیشتن، خۆپیشاندان، مانگرتن لە خواردن، بڵاوکردنەوەی تراکت و بڵاوکردنەوەی میدیایی بۆ بەرزکردنەوەی پێگەی خۆیان، نەیارانی ناتوندوتیژ دەیان تاکتیکی لەو جۆرەیان پەرەپێداوە). تەنها کەسانی بەهێز و بوێر دەتوانن ئەم جۆرە کردارانە ئەنجام بدەن، توانایان هەبێت، بەهۆی بیروباوەڕە دروستەکانیانەوە، نەک پاشەکشە بکەن. هۆکاری توندوتیژی خۆشەویستی دوژمنان و ڕەوشتێکی باشی هەیە ئیمانە بەوان. دوژمنان دەبێ لەگەڵیان بگەنە ڕێکەوتن بە قینات پێکردنیان بە هەڵە و ناکارامەیی و بێ ئەخلاقی بە میتۆدی بەهێز. “ئەخلاقی توندوتیژ” ئەخلاق وەک لاوازییەک نابینێت، بەڵکوو وەک هێزی مرۆڤێک، توانای گەیشتن بە ئامانجەکان دەبینێت.

لە سەدەی بیستەمدا. ئەی شوایزەر، دامەزرێنەری ئەخلاقێکی گەشەسەندووی ڕێزگرتن لە ژیان. بە بەهای ئەخلاقی هەموو فۆرمەکانی ژیان ناودەبات. بەڵام دۆخی هەڵبژاردنی ئەخلاقی قبوڵ دەکات. ئەگەر مرۆڤ بە ئەخلاقی ڕێزگرتن لە ژیان ڕێنوێنی بکات، ئەوا تەنها لەبەر پێویستی زیان بە ژیان دەگەیەنێت و لەناو دەبات و هەرگیز بە بێ مەبەست. بەڵام لەو شوێنانەی کە ئازادی هەڵبژاردن هەیە، مرۆڤ شوێنێکی دەوێت بۆ یارمەتیدانی ژیان و دوورکەوتنەوە لە ئازار و وێرانکاری. شوایزەر خراپە ڕەتدەکاتەوە.

سەرچاوەکان

  1. ئەرستۆ، ئەخلاقی نیکۆماخی // ئەرستۆ. لە چوار بەرگدا کاردەکات. T.4. م: میسۆ 1984
  2. I. Kant بنەماکانی میتافیزیکی ئەخلاقی // Kant I. Sobr. ئۆپ لە ٨ بەرگدا. T. 4. م: چۆرۆ، 1994.
  3. ئاپڵ کەی ئۆ. گۆڕانکاری فەلسەفی. وەڵام: لۆگۆس، ٢٠٠١.
  4. هوسێنۆڤ ئە.ئە. پێغەمبەر و بیرمەندە گەورەکان. وانەی ئەخلاقی لە موسا تا ئەمڕۆ. مۆسکۆ: ڤێچێ، ٢٠٠٩.
  5. گوسێنۆڤ ئەی ئەی. ئاپرێسیان ئاڕ جی. ئەخلاق م.: گارداریکی، ٢٠٠٠.
  6. مەکینتایر ئەی دوای فەزیلەت. وەڵام: پڕۆژەی پەروەردەیی؛ ئیکاتێرینبێرگ: کتێبی بازرگانی، ٢٠٠٠.
  7. ڕازین ئە.ڤ. ئەخلاق M.: INFRA-M، 2012.
  8. هابەرماس یو.ئاگایی ئەخلاقی و تیۆری پراکتیکی. لەگەڵ ئەو کورە. شەقام پترسبۆرگ: نوکا، ٢٠٠٠.



بەخەبەرهاتن لە ناقۆڵاییەکانی رۆمان… ئیدریس مستەفا

ئاگاسا کریستی بە نموونە

“ئەوەی کتێبێک دەکات بە رۆمان خەیاڵ پڵاوی نوسەر و وشەزانی و وێژەیی زان و هەر بە تەنها ئەزمونە شەخسیەکان نیە بەڵکو ئەو بابەتەیە کە لەو رۆمانەدا نمایش دەکرێ. رۆمان چیرۆکی درێژ و رووداوەکانی دنیای خەیاڵ و ئارایشت نیە. رۆمان دەچێت ئەودیو بابەتە هەستیار و رووداوە مەزنەکانەوە جا چ ئاینی، شووناسی، نەتەوەیی، چینایەتی، کوشتارگەلی، دڵداری ..هتد بابەتگەلێک کە لە دەرگای رابردوومانی داوە و نەڕۆیشتووە و لەبەردەم دەرگاکانمان هەڵکورماوە و چاوەڕێی قسە و گێڕانەوە و هەڵوێستی ئیمەیە.”

رۆمان و چیرۆک لە یەک بازنەی ئەدبی و تارادەیەک ژانرێکی ئەدەبیدا دەخولێنەوە بەڵام جیاوازیەکی بنەڕەتیان هەیە. سەربردەی سەرهەلدانی رۆمان لەگەڵ چیرۆکدا زەمان و مەکانیان و ئەرک و تەداروکاتی ئەدەبیان جیاوازە. رۆمان لەگەڵ دنیای نوێی سەرمایەداری و دەرکەوتنی چینی بورجوازیدا دەرکەوت لە کاتێکدا چیرۆک هی سەردەمە کۆنەکانی پێش ئەوە. رۆمان چیرۆکی درێژ نیە تاکو خەیاڵ پڵاوی و مەتەڵ و رووداوی دروستکراو و کۆتایی خۆش یان حەزین بێت؛ بەڵکو رۆمان شوێنی رووداوە گەورەکانە، ئەو رووداوانەی کۆمەڵگە و مرۆڤایەتی دەهەژێنن لەگەڵ خۆیاندا. رۆمان تێوەخنینی هەندێ چیرۆک نیە بەلکو کۆکراوەی کۆمەڵی رووداوی مێژوویی چارەنوسسازە یاخود ژیانی کەسێک و دوان و سیان و دەیان و سەدان کەسە کە چارەنوسی کۆمەڵەگەیەک و مرۆڤایەتی لەگەڵ خۆیدا دەنەخشێنێ و هەموو سنورە شەخسی و خێزانی و کۆمەڵایەتی و ئاینی و فەرهەنگی و سۆزداری و مۆراڵیەکان دەبڕێت و دەیەوێ ئەو حەقیقەتە بگەێنێ کە وەک خۆی هەبووە یان هەیە. دیارە توانایی نوسەر لەوەدایە بە ئاستە زمانی و وێژەییەکەی و خەیاڵە فراوانەکانی چێژی ئەدەبی بە رۆمان دەدات تاکو خوێنەر لەگەڵ مێژوویەک چ دوور یا نزیک یاخود ئیستاکانێدا دەستپەنجە نەرم بکات. دڵی رۆمان لەو خاسیەتە قوڵە مێژووییەوە لێدەدات کە هانمان دەدات “لێکۆڵینەوە لەسەر رابردوو بکەین گەر دەمانەوێ بەرەوە ئایندە بڕۆین” وەک کۆنفیوشس دەڵێت.
زۆرن ئەو جیرۆکە درێژانەی ناوی رۆمانیان لێ نراوە و لە ئاستە جیهانیەکەشیدا ئاوها نوسراوە. ئەو رۆمان و کتێبانەی کە ناووناوبانگێکی جیهانی لە خۆ دەگرن بە تایبەت لە سەدەی رابردووەوە تاکو ئیستا هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕێتەوە کە: یەکەم؛ دەرفەتی مێژوویی لە ئاکامی بۆشاییەکەوە دروست دەبێ و هەندێ نوسەر بۆیان هەڵدەکەوێ دەرکەون وەک چۆن هەندێ سیاسی و پاڵەوانی سەربازی و ئاینی دەردەکەون لە بوارێکی مێژوویی دیاریکراودا. مێژوو پڕیەتی لەم بابەتانە. دووەم؛ یاخود دەزگایەکی دەوڵەتی یان دەسەڵاتدارێتی لە پشتەوەیە جا ئەو دەزگایە چ دەوڵەت/سەرۆکی وڵات یان حزبی دەسەلاتدار بێت یان سیخوڕی بیت یاخود رۆشنبیری بێت. خودی نوسەرەکە و نوسینەکانی وا لەو دەزگایانە دەکات بچنە پاڵی یان نا. ئەمە لە دۆخێکدا دروست دەبێت کە نە خوێنەری هۆشیار هەس و نە نوسەری باش بەڵکو ئەوە دەردەکەوێت کە هەموو توانا دارایی و پانتاییە میدیاییەکانی بۆ دەخرێتە گەڕ و ئیتر نوسەر دەبێتە فەیلەسوف و رۆماننوسی و شاعیر و لێکۆڵەر و یەک دنیا هەوادار و دەروێش دروست دەبن بۆی بە ناوی خوێنەرەوە. سێیەم؛ ئەو رۆمان و کتێبانە زۆر کەم کە خۆیان بە هەوڵ و توانایی و راستگۆییەکانی خۆیان دەرکەوتوون و پەیامێکیان گەیاندووە، بەلام کە دەرکەوتوون ئیتر ون نەبوون و هەمیشە بە زیندویی ماونەتەوە. هەموو رۆمانە بە ناوبانگەکانی دنیا، بەناوبانگ مەبەستم لەوەی رووداو و کەسێتیە بەناوبانگەکانی دنیایەک و کۆمەڵگەیەکی لە خۆ گرتووە کە چارەنوسی مرۆڤایەتی تێدا ساغ بۆتەوەبە باشی یان مەحف بۆتەوە بە خراپی، یاخود بەرەو ئایندەی نادیار چوون. رۆمانووس و شاعیر و نوسەری زۆر هەن چ لە ئاستە ناوچەییەکەی و چ جیهانییەکەی کە مۆراڵ و ویژدان و بیر و هزریان هاوتایە لەگەل نوسین و کتێبەکانیان.
ئاگاسا کریستی…
بۆ نموونە چیرۆکە پۆلیسیەکانی ئاگاسا کریستی. دروستکرنی رووداوێک و کۆکردنەوەی هەندێ کاراکتەر بە دەوریدا و دانانی مەتەڵێک لەو نێوەدا و موحەیەرکردنی خوێنەر بە دوای ئەوەی کێ هەڵی دەهێنێ، ئەوە رۆمان نیە بەڵکو چیرۆکی درێژە یاخود کەیسێکی پۆلیسی لێۆڵەرەوەیە یا هەر ناوێکی تری لێ دەنێی لێی نێ. ئاگاسا کریستی خەیاڵی خۆی بەکارهێناوە لە نوسینی کتێبەکانیدا و هەموو کتێبەکانیش یەک مەتەڵن بەڵام رێگا و شێواز و جۆری جودا جودا. هەر ئەم مەتەڵی بوونەشە کە وای لە سیستەمێکی خوێندن کرد لە هەرێمی ئۆنتاریۆی کەنەدا کە رۆمانێکی کۆ بکەنەوە و لە سیستەمی پەروەردە و خوێندنی هەرێمەکە وەدەری نێن چونکە لەویدا نەک هەلە بەڵکو شەکر شکاندنی تیدایە سەبارەت بە بینین و جیاواز نیشاندانی مرۆڤەکان. هەرێمی ئۆنتاریۆی کەنەدا گەورەترین هەرێمی کەنەدایە لە ناو دە هەرێمی تردا کە نزیکەی نیوەی دانیشتوانی گشت وڵاتەکەی تیدایە و زیاتر لە سەدا پەنجای داهاتی ولاتەکەشی لیوە بەرهەم دێت، و لێرەوەش بە سەنتەری سیاسی هەموو کەنەدا دادەنرێت بەتایبەت کە خودی پایتەختی ولات لە ناو ئەم هەرێمدایە. وەک سیستەمی پەروەردە و خوێندنیش پلەی یەکەمی هەیە بەتایبەت کۆمەڵێ زانکۆی تێدایە کە ئاستێکی نەک هەر کەنەدی بەڵکو کیشوەری ئەمریکا و جیهانێش هەیە لەوانە زانکۆی تۆرۆنتۆ. بەهەرحاڵ،
لەگەڵ دەرکەوتنی نەوەیەکی نوێ لە خوێندن و خوێندکار و سیستەمی خوێندن کە هزری رەخنەیی لەگەڵ خۆیدا بەرجەستە دەکات لەهەر دەورەیەکی پێشووتر، ساڵانە یاخود هەر دەورەیە کتێبێک دەچێتە ژێر پرسیارگەلێکی رەخنەییەوە. رۆمانی “کاتێک هەموو شتێک ون بوو” ساڵی ١٩٣٩ بڵاودەبێتەوە و بە یەکێک لە پڕ فرۆشترین رۆمانەکانی ئاگاسا کریستی دادەنرێت. لەو دەمەوە تاکو ئیستا ملیۆنان جار خوێندراوەتەوە لە لایەن خەڵکانی ئەکادیمیست و رەخنەگر و دەزگای تایبەت و ..هتد بەڵام کەس نەچووەتە سەر ئەو خاڵەی کە تەواوی دیدی ئاگاسا کریستی و رۆمانەکە دەخەنە ژێر رەخنەی نەوەی نوێ و دنیای نوێوە کە دەیانەوێ ئایندەیەکی دی و جیاوازتر لەوەی هەبووە دامەزرێنن. ئەو رۆمانە بە ئەنتی سەمیتیزیم واتە دژەجوویی لە قەڵەم دراوە. لەوێدا لە وەسفی کاراکەتەرێکدا بە ناوی مستەر مۆریس پێناسەی دەکات بە “پیاوە بچۆلە جووەکە” یان کوڕە جووەکە” یاخود “لێو ئەستورێکی جولەکەیی.” ئەمانە وەسف نین بە تەنها بەڵکو ئەمانە عەقڵیەتی جیاکارین، رەگەزپەرستین، کە ئەوانی دی بە کەم دەبینن بۆیە بە بچوک پێناسەیان دەکەن.
ئەم جۆرە عەقڵیەتانە لە کارنامەی رۆماننوسە دیارەکانی تریشدا هەن. من تەنها ئاماژە بە دوان دەدەم، فیتۆر هۆگۆ دەدەم لە ئەوروپا و بەختیار عەلیش لە کوردستان. بۆ نموونە ڤیکتۆر هۆگۆ کە خاوەنی بەناوبانگترین رۆمانی بێ نەوایان و نۆتردامی پاریس بە ئاشکرا و بێ شەرم دەڵێت ئیمەی فەرەنسی دەبێ بچین ئەفریقیاییەکان داگیر بکەین و خەڵەککەی فێری شارستانیەت بکەین. دیارە پاوانخوازی و تاڵانچێتی کۆڵۆنیاڵیزم لای هۆگۆ بریتی بووە لە شارستانیەت. لە کوردستان بەختیار عەلی لە “رۆمانی” دواهەمین هەناری دونیاکەیدا لە زاری خۆیەوە بە کاراکتەرێکی گەرمیانی دەڵێ ژنحیز و گەواد. لە نێو هەموو ئەو کاراکتەرانەی لە ناو رۆمانەکەیدا هەن کە تێیدایە سەرکردەی داوێن پیس و مرۆڤکوژ بووە بەلام بە شۆڕشگێر ناویان دەبات جونکە خەڵکی سلێمانی و ناوچەی سلێمانین یەک وشەی کاڵیان پێ ناڵی لە کاتێکدا گەرمیانیەک کە قوربانی سیاسەتی نێوان بەعس و هیزی کوردیە و لە تاو داد و بێ دادی ژیانی قورس و غەریبی بووە بە پۆلیس کەچی ژنەکەی بێ ئەخلاق دەکات و دەڵێ گەرمیانیەکی ژنحیز بوو. گەواد بوو ژنەکەی دەبرد بۆ مەسئولەکان. ئەم وشە و وەسفانە لە زاری ئەکتەرێکەوە فڕی نەدرا بەڵکو لە زاری خودی نوسەرەوەیە کە هۆکارەکەش بیر و ئەخلاقی سلێمانچێتی نوسەرە کە ئەو رقە کۆمەڵایەتیەی هەندێ سلێمانچێتیەکان هەیانە بەرامبەر بە ناوچەکانی تر لەوانە گەرمیان ئەو بەرجەستەی دەکات لە کاراکتەرێکی ناو رۆمانەکەیدا. وەک چۆن رۆژگار هاتە پێشەوە بۆ هۆگۆ و ئاگاسا ئاوهاش رۆژگارێک دێتە پێشێ کە خەڵک کتێبەکەی بەختیار عەلی توڕ هەڵبدەنە دەرەوەی کتێبخانە و دنیای خوێندنەوەیان.
ئەوانەی سەرەوە لەو چەند چیرۆک و ناوانەدا ئاماژەم پێکرد لە دنیای رۆمان و رۆماننوسیندا زۆر کەم دەردەکەون چونکە دنیای رۆمان و رۆماننوسین میواندارێتی شتگەل و رووداوە گەورەکانە کە چەندە بچوکیش بێت مێژوویەکی نەخشاندووە لەگەڵ خۆیدا کە ئایندەی بیر و کردارمان دیاری دەکات. بۆ نموونە رۆمانی “دوایین پیاوی دادوەر” کە ساڵی پەنجاکان لە لایەن رۆماننوسی فەرەنسیەوە نوسراوە باس لە رووداوێکی مێژوویی هەزاران ساڵە دەکات کە چۆن ئیستاش مرۆڤ دەبێتە قوربانی هزرێک کە تەمەنەکەی هەزاران ساڵ کۆنە بەڵام هەر ماوە و کاریگەرە، کاریگەر بە مانا ترسناکەکەی. کوشتنی مرۆڤی جوو لە لایەن ئەوروپی و ئاینزا کریستیانەکانەوە لەوەتەی مێژوو هەیە بەردەوامە و هەر دووبارە دەبێتەوە بێ ئەوەی مرۆڤ بەخۆیدا بچێتەوە بۆ ئەو شەرمە کەچی هەر دەورەیک لە تەوێڵی خۆی دەداتەوە. لە کوردستانێش، رۆمانی “نیشتمانی سارا” و “خەمی مەستوورە” ئەو دوو رۆمانەن کە لە دڵی مێژوویی ئێمە دەدا و ئەو رووداوە جەرگبڕ و فەرمۆشکراوانەمان بۆ دەخاتەوە بەردەست کە نەدەبوو بێ ئاگا بین لێی یاخود نابێ بۆ چرکەیەک لە یادی بکەین. رۆمانی “مەدام بۆڤاری”ی گۆستاڤ فلۆبێر و “ئانا کارنینا”ی لیۆ تۆڵستۆی دوو نموونەی بەرجەستەی دنیای چینایەتین کە مۆرکی ژیانی نوێی مرۆڤەکان دیاری دەکات. ئەو دنیا چینایەتیەی لە هەر کونج و کەلەبەرێکی ئەم دنیایەدا بوونی هەیە و بونیادی هەموو کۆمەڵگەکانی لەسەر دەڕوا لەهەر ولاتێکی و نیشتمانێکی ئەم جیهانەی ئێمەدا هەن. ئەمە رەگەزی زیندووێتی ئەو دوو رۆمانە دەسەلمێنی. دیارە رۆمان زۆرن لە بواری تردا ئاماژەی پێ بدرێ بەڵام من تەنها ئەم جەند نموونەیەم هێناوەتەوە بۆ پشتیوانی باسەکەم.




فەلسەفەی بیرکردنەوە لە سەردەمی نوێ دا… نووسینی: دڵشاد کاوانی

بیرکردنەوەی بابەتییانە و پێویستییەکانی بیری فەلسەفی

نووسینی: دڵشاد کاوانی

“کورد ئەو گەلەی بیرناکاتەوە”

فەلسەفە و سەردەمی نوێ بیرۆکەی سەرەکی نووسینەکەم و تێڕامانە لە فەلسەفەی بابەتیی و بیرکردنەوە بابەتییانەیە یاخود پێچەوانەکەی بیرکردنەوەی بەپەلەکاری لەسەردەمی ئێستا دا. لەوانەیە هەمووان پرسیار بکەن، چۆن بیرکردنەوە لە ئێستادا بەپەلە دەبێت؟ چونکە بیرکردنەوەمان لە هیچدا ناوەستێت.
لە مەراسیمێکی دەرچوونی قوتابیانی ئەڵمانی لە زانکۆی بەرلین لە ساڵی ١٨١٨دا، هیگڵ گوتی؛ کاتێک هەموو ئەمانە بەدواداچوونیان بۆ کرا، پرۆسەی بیرکردنەوە دەست پێ دەکاتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی سەرەتایی خۆی. بەڵام ئاوەدانی نەتەوەی ئەڵمانیا پەیوەستە بەوەی کە لە بیرکردنەوەدا چەندە بەرز دەبێتەوە.
پێموایە لە ماوەی ٧٠ ساڵی گەشەسەندنی بیردا، زۆر تیۆری و بیرۆکەی بیانی لە نەتەوە ڕۆژئاواییەکان فێربووین، بەتایبەتی لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردووی لە گەشەسەندنێکی خێرادا ئێمە تەواوکارمان لەسەر ڕووکەش بیرکردنەوەی نابابەتیی کرد. کاتی ئەوە هاتووە بیرکردنەوەی سەرەیی فڕێی بدەین و بۆ قووڵبوونەوەی بیرکردنەوە بڕۆینە پێشەوە. لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا هایدیگەر وتی؛ تەنیا کاتێک بۆی دەردەکەوێت کە خراپترین دوژمنی عەقڵە دەتوانێت جارێکی دیکە دەست پێبکاتەوە. بەڕای من دوای پەرەسەندن لەم ساڵانەی دواییدا، دەبێت ئەرکی بیرکردنەوە بخرێتەڕوو، دەبێت زۆر بە وردی ئەنجام و کارتێکردنەکانی بخرێتەڕوو.

ڕەنگە هۆکارێک بێت کە بۆچی بە خراپی کار لەسەر بیرکردنەوە دەکەین. “ئەگەر نەخوێنیتەوە و بیر نەکەیتەوە، سەرت لێ شێواوە و ناتوانیت ڕێگەی خۆت بدۆزیتەوە”. ڕاستە لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا زۆر شت فێربووینە، بەڵام ناتوانین بڵێین بەڕاستی دەستمان بە بیرکردنەوە کردووە. تەنانەت لە چینی دەستەبژێریش دا ئەم ئاریشە، زۆر تۆخە نووسەر دەنووسێت و ناخوێنێتەوە، بیرناکاتەوە، خوێنەر بە هۆی زۆر خوێندنەوە لە دەق ڕۆناچێت و کاتی بیرکردنەوە لە خۆی نییە، مامۆستای زانکۆ بە بینین و فێرکردنی خوێندکارەکانی سەرقاڵ بووە، هەموو ڕۆژێک لە خەو هەڵدەستێت و ڕادەکات بۆ کتێبخانە یان تاقیگە و وانە گووتنەوە، دەپرسم تۆ هەموو ڕۆژێک ئەوەندە سەرقاڵیت، کەواتە کەی بیر دەکەیتەوە؟ ئەوە ڕاستە. من پێم وایە بیرکردنەوە زۆر گرنگە و لە سەردەمی ئێمەدا دەبێت ئەرکی بیرکردنەوە زۆر بە جددی وەربگیرێت.

لەوانەیە بپرسن: بیرکردنەوە چییە؟ من پێم وایە لانیکەم دوو پێوەر هەیە بۆ ئەوەی بیر بکەینەوە:
یەکەم: دەبێت نووقم بین لە واقیعدا، چونکە ئەرکی بیرکردنەوە هەمیشە نووقم کردنی خۆمانە لە واقیعدا.
دووەم: دەبێت خۆت بڕیاری خۆت بدەیت.
جارێک شۆپنهاور گوتی: “ئەگەر کتێبی کەسێکی تر بخوێنیتەوە و خۆت بیر نەکەیتەوە، ئەوا مێشکت دەبێتە ناوەندی بیرکردنەوەی کەسێکی تر”. چینییە کۆنەکان دەیانگوت: “ئەسپێکی هەژار باشترە لەوەی بەهیچ شێوەیەک ئەسپ نەبێت”. هەر بۆیە دەڵێم کاتێک زۆر شت لە پرۆسەی گەشەسەندن فێربووین، دەبێت ئەرکی بیرکردنەوە ڕوون بکەینەوە. فەلسەفە بابەتی بیرکردنەوە و بیرکردنەوەش بابەتی بەپەلەیە. دوای ئەوەی لە ساڵانی ١٩٢١ تا ٢٠٢١ نزیکەی لە سەدەیەک دا زنجیرەیەک ڕووداوی مێژوویی گەورەمان بەسەر برد، بەڵام چیمان دەست کەوت تەنیا کارمان گێڕانەوەی مێژووەکەیەتی بەڵکوو نایزانین درووستیش بیگێڕینەوە، یاخود ئاوێتە بوون و بەباتەبوونی بیرکردنەوەیەتی، دەبێت بە شێوەیەکی زۆر ڕوون و پوخت ئەم بابەتە بخەینەڕوو. مەرجی بیرکردنەوە ئەوەیە کە خۆت لە واقیعدا نووقم بکەیت و شتێک لەبارەی خۆتەوە بڵێیت و لێکی بدەیتەوە.

ڕەنگە هەندێک بیر لەوە بکەنەوە “ئەم شتەی پێی دەوترێت فەلسەفە ئەوەندە نهێنییە، یان تێنەگەیشتنە لەبیرکردنەوە، کە فەلسەفە ئەوەندە دوورە لە واقیع”. بۆیە بە پێویستم زانی وتارێک لەسەر “فەلسەفە و سەردەمی نوێ دا” بۆ خوێنەری کورد بنووسم لە ڕاستیدا پەیوەندی نێوان فەلسەفە و سەردەمی ئێمە زۆر نزیکە. زۆرێک لەو فەیلەسوفانەی کە دەیانناسین پێدەچێت لە ناو بیرکردنەوەی بەردەوامدا بژین، هەمیشە بە گۆشەگیری بیر دەکەنەوە. زۆر ئاشنان بۆ ئێمە، چیرۆکگەلێکی زۆری لەبارەیانەوە دەزانین. بۆ نموونە سوکرات فەیلەسوفێکی بێدەنگی نائاسایی بوو؛ هەمان شت بۆ دیکارتیش دەگونجێت کە لە تەنیایی دا بە قووڵی بیر دەکاتەوە و دواتر دێتە سەر بێدەنگییان هەروەها پێداویستییەکان تەنانەت خواردن و خواردنەوەشیان جیاوازن. سوکرات لە سەرمای تاڵدا بیر دەکاتەوە و هەمیشە شەوانە بە بێدەنگی لەسەر سەهۆڵەکە مێدیتەیشن دەکات. بە پێچەوانەی دیکارتەوە دەبێت لە ژوورێکی زۆر گەرمدا لەسەر بەتانییەک دابنیشێت و مێدیتەیشن بکات. بۆیە دیکارت وەک “بیرکردنەوە لەناو فڕن” تۆمارکرا.
دواتر فەیلەسوفی بەریتانی (بێتراند ڕوسیل) لێكۆڵینەوەیەكی تایبەتی لەم بابەتە كرد و پشتڕاستی كردەوە كە ئەو شتەی پێی دەگوترێت “كورە” لە ڕاستیدا ماڵێكی گەرم بووە بە زمانی هۆڵەندی ئەمە باوبووە بۆ زەمینەسازی بیرکردنەوە. ڕەنگە ئێمە بیر لە فەیلەسوفەکان بکەینەوە کە لە واقیع دابڕاون، بەڵام هیگڵ خاڵێکی زۆر ڕوونی خستەڕوو: “فەلسەفەی ڕاستەقینە دەبێت جەوهەری ڕۆحی سەردەم بێت”. بە سادەیی هاتە بەرچاومان. فەیلەسوفەکان لە ڕاستیدا نزیکترین کەسن لە واقیعەوە. بێگومان ئێمە لێرەدا باسی فەیلەسوفە ڕاستەقینەکان دەکەین، بۆ نموونە دیکارت وەربگرە و یەکەم حوکمی بێدەنگییەکەی بریتی بوو لە “پێموایە، بۆیە من بوونیم”، کە دیکارت بە یەکەم بنەمای فەلسەفە ناوی بردووە، کە تاکە متمانەپێکراوترین بنەمایە. ئەم بنەمایە مانای چییە؟ لەم جۆرە ڕووانینە ئێستا لە جیهان دا زۆر باوە، تەنیا شێوە و بەرگی گۆڕاوە و دەزگە و ڕێکلامە بەناوبانگەکانی ڕۆژئاوا دەستەواژەکەی دەگۆڕن، بریکارەکانی خانووبەرە دەڵێن “من لە ماڵەوە دەمێنمەوە، بۆیە بوونم هەیە”، بەرهەمهێنەرانی مۆسیقاش دەڵێن “گوێ دەگرم، بۆیە هەست بە بوونم دەکەم”. لە وڵاتی خۆشمان ڕێکلام بۆ چایی گۆشت و بەرهەمە قتووبەندییەکان و کاڵا و کەل و پەل دەکرێت تەنانەت ئاسوودەیی و هەست بەبوونکردن لە دایبی و سانتییەکی ژنانەش دەبیننەوە، لە ڕووی یاسایی و سیاسییەوە ئەم جۆرە بانگێشە و لۆبیانە بۆ یاساکانی وەک بەرنگاربوونەوەی توندووتیژی خێزنی و پڕۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردنەوە دەڵێن: دەچم بۆسەر سندووقەکانی دەنگدان منیش دەنگم هەیە. کەواتە هەم، گەر ئەمە بیرکردنەوەی پەلەکاری بێت، لە بەرامبەردا بیرکردنەوەی بابەتیی کە دیکارت گوتی: من بیردەکەمەوە، بۆیە من بوونیم هەیە. بێگومان ئەم بنەمایە دەتوانرێت بە شێوەیەکی زۆر فەلسەفی ڕوون بکرێتەوە. بەڵام ئەوەی ئێمە دەیزانین ئەوەیە کە دیکارت یەکەم کەس بووە کە بە حوکمێکی لەو شێوەیە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی بیری فکری ئازادی ڕاگەیاند، دوای ئەزموونکردنی تاریکی درێژخایەنی سەدەکانی ناوەڕاست. ئەوە دەزانین بنەمای سەدەی ناوەڕاست کتێبی ئیجیلی پیرۆز و دەسەڵاتی ئایین بوو، بەڵام دیکارت یەکەم کەس بوو کە ڕایگەیاند کە بیری فیکری باڵاترین دەسەڵاتی هەیە و بەم شێوەیەش فەلسەفەی ڕۆژئاوایی مۆدێرن دەستی پێکرد.
ئێمە هێشتا چێژ لە دەستکەوتە کولتوورییە بێکۆتاکان وەردەگرین کە ئەو بەدەستی هێناوە. دەتوانین بڵێین فەلسەفەی دیکارت بەسەرچووە؟ ئایا تەنها لەناو “فڕن”دا بیری کردەوە؟ بێگومان نەخێر. فەیلەسوفێکی تر کە دەمەوێت نموونەی کانت بێنمەوە، پێدەچێت فەلسەفەی ئەو قورسترین و تەنانەت قورسترینیش بێت لە فەلسەفەی هیگڵ. میللەتێک کە جەختێکی زۆر لەسەر فەلسەفەی ئەڵمانی بکاتەوە، بێگومان دوای بڵاوبوونەوەی کتێبی ڕەخنەی عەقڵی پاک، تەنانەت لە ژوورەکانی خانماندا، مرۆڤ دەیتوانی هەندێک لە “ڕەخنە لە عەقڵی پاک” بدۆزێتەوە، کە بە دڵنیاییەوە نەیانتوانی خوێندنەوەی تەواوی بۆ بکەن. کتێبەکەی کانت سەختە بە ئاسانی و بێ بیرکردنەوەیەکی جەوهەری بەدەست بهێنرێت. کانت لەم کتێبەدا، ڕەخنەیەک لە عەقڵی پاک چی دەڵێت؟ ئایا پەیوەندی بە زەمانەوە هەیە؟ ئه‌گه‌ر ئه‌زموونی به‌ریتانیا به‌تایبه‌ت گومانه‌كه‌ی هیوم په‌ره‌ پێ بده‌ین بۆ دانانی بناغه‌ی كۆی سیسته‌می مه‌عریفی مرۆڤ و له‌ناوبردنی، ئه‌وە متمانه‌ی خه‌ڵك به‌ عه‌قڵ به‌ بنه‌مای تاقیكردنه‌وه‌ ده‌برێته‌ سه‌ر زه‌وی، ئه‌گه‌ر ئێمە پێمان وایە ئەم جۆرە بزووتنەوەی فریاگوزارییە یەکێکە لە گرنگترین بناغەکانی کولتوری مۆدێرن، دەتوانین بڵێین فەلسەفەی کانت هیچ پەیوەندییەکی بە واقیعەوە نییە؟ ئەوە ناتوانین بڵێین نەخێر.

بۆیە من دەڵێم فەلسەفە بابەتی بیرکردنەوەیە، بیرکردنەوە لە ئێستادا ئەرکێکی زۆر گرنگە، پەیوەندییەکی نزیکی بە سەردەمی ئێمەوە هەیە، پەیوەندییەکی نزیکی بە چینی مۆدێرن و پۆستمۆدێرنتە و ئەنتی پۆست مۆدێرنتەوە هەیە. چونکە دەبێت کاری بیرکردنەوە لە شونێک دەست پێبکات، بەڵام نابێت لە شوێنێک بوەستێت، ئەمە یەکسانە بە گەمەژەیی و مەڕبوونی مرۆڤ. ئەمڕۆ ئێمە باسی فەلسەفەی بیرکردنەوە دەکەین، چونکە تەمەنمان ئەم داواکارییەی بۆ ئێمە کردووە. ئەمە وەرچەرخانێکی زۆر گرنگە لە ڕێگەی گەنجبوونەوەی بیری گەلان نوێ دەبنەوە، کەچی سەرەتایە بۆ بیرکردنەوەی ئێمە. کاتێک بیرکردنەوە دەست پێدەکات، دووبارەی دەکەمەوە کە بیرکردنەوە دەبێت نووقم بێتە ناو واقیعەوە و ببێتە “خۆبوون”.

لو شیانگ شان یەکەم کەس بوو لە مێژووی بازرگانی ڕۆژهەڵاتی دا دەستەواژەی “بازرگانی تایبەت بە خۆت” داڕشت. گوتی: ڕۆحەکە بخەرە ناوەوە و کارێکی تایبەت بە خۆت هەبێت. ئەو دوو بنەمایەی کە من پێشنیارم کردووە، دەبێ لە نزیکەوە پێکەوە گرێبدرێن و “خاوەن کردنی کاروبارەکانی خۆت” دەشێت ئارەزوومەندانە بێت، بەڵام هەرگیز ناکرێت بیرکردنەوەیەکی ئارەزوومەندانە نەبێت و بیرکردنەوەش دەبێت پێشمەرجێک بێت بۆ نوقمبوون لە واقیعدا.

لە سەرەوە بەوردی ئاماژەم بە مەبەستی وتارەکەم کردووە. بۆیە لە خوارەوە دەمەوێت باس لە سێ خاڵی سەرەکی بکەم: یەکەم: فەلسەفە و شێوازی ڕەخنە.
دووەم: نوقمبوون لە واقیعی کۆمەڵایەتی د ا.
سێیەم: ڕێگەی گەنج بوونەوەی بیری گەل.

  1. فەلسەفە و شێوازەکانی ڕەخنە

سەرەتا باسی فەلسەفە و شێوازی ڕەخنە دەکەم. بەڕای من گرنگترین شت بۆ بیرکردنەوەی مۆدێرن ئەوەیە کە بەڕاستی لەڕێگەی میتۆدێکی ڕەخنەگرانەوە خۆمان بخەینە ناو واقیعە کۆمەڵایەتییەکانی چینی مۆدێرن. هەموومان مانای وشەی “فەلسەفە” دەزانین. بنەڕەتیترین مانای فەلسەفە بریتییە لە، “خۆشویستنی حیکمەت”. لە وشەی فەلسەفیادا فیلۆ بە واتای “ماچکردن” و “خۆشەویستی” و “گەیشتن” دێت و سۆفیا بە واتای “حیکمەت” دێت.
هەموومان کتێبێکی ناسراو بە ناوی جیهانی سۆفیا دەناسین، کە تێیدا وشەکە بە واتای دونیای فەلسەفەکردن دەگوترێت. کەچی زانکۆی فودان “مانگی فەلسەفە”ی هەیە، بەڵام لە پەیمانگای فەلسەفەی “جەژنی سۆفیا”ی هەیە. مانای فەلسەفە لێرەدا کۆنترین و سەرەتاییترین ماناکەیەتی، “خۆشەویستی حیکمەت”. کەواتە “حیکمەت” بەڕاستی چییە؟ ئێستا بۆ ئێمە ئەستەمە لەو وشەیە تێبگەین. ئێستا شتێکمان هەیە پێی دەگوترێت “دابەشکردنی عەقڵ”. گوایە ئەوە زانیارییە هاوکێشەیەکی بیرکاریی و فیزیکییە و . دابەشکردنی زیرەکی ستاندارد ١٠٠یە و دەشێت دابەشکردنی زیرەکی زۆربەی دانیشتوون لە ١٣٠ کەمتر نەبێت، یاخود هەرخۆی ٧٪ یان ١٢٪ ڕێژەی بنەڕەتی بێت. بەڵام لێرەدا دابەشبوونی عەقڵ و ئەو حیکمەتەی لە فەلسەفەدا دەربڕدراوە، یەک شت نین. سەرەتاییترین “خۆشەویستی حیکمەت”ی فەلسەفی ئاماژەیە بۆ سەرەتاییترین و قووڵترین بنەماکان کە هەندێک لە گرنگترین کولتوورەکانی “سەردەمی کۆن” لە مامەڵەکردن لەگەڵ پەیوەندییەکانی جیهاندا لەگەڵ خۆیاندا دایاننابوو، بە بڕوای گەورە فەیلەسوفی ئەڵمانی کارل جاسپەرز. ئێمە تا ئەمڕۆش ئەم بنەمایانەمان بەکارهێناوە. مرۆڤایەتی لە ڕەوتی گەشەسەندنیدا بەردەوام ڕووبەڕووی هەندێک تەحەدای جددی دەبێتەوە، تەنانەت هەندێکیان تەحەدای ئەوانیش دەکەن. لەم جۆرە کاتانەدا مرۆڤ هەمیشە هێزی ڕۆحی لەو سەرەتاییترین حیکمەتە دەوێت. بۆیە زۆرێک لە زانکۆکانی دەرەوە فاکەڵتی خوێندنی کلاسیکیان هەیە، بەڵکوو فاکەڵتی فەلسەفە و زانستە مرۆییەکانمان پیشەی هاوشێوەیان هەیە. وەک چۆن دەبێت فەلسەفەی ئەفلاتون و ئەرستۆ بخوێنینەوە بۆ ئەوەی لە فەلسەفەی ڕۆژئاوا تێبگەین، بە هەمان شێوە کوردیش هەر دەبێت پەیوەندی بەو حیکمەتە سەرەتاییەوە هەبێت بۆ بیرکردنەوە لە کێشەکانی و چارەسەرکردنی کێشەکان، ئەمەش دەکرێت بنچینە و بنەگەی تێگەیشتنی لە ڕێگەی فەلسەفەی ئیشڕاقی و عیڕفانییەکانەوەبێت وەک سەرەتا . بەڵام ئەم حیکمەتە لە بنەڕەتدا جیاوازە لەو زانستەی کە ئەمڕۆ باسی دەکەین.

ڕەنگە هەمووان فیلمی “کۆنت مۆنتی کریستو”یان بینیبێت. چیرۆکی فیلمەکە باس لە پاڵەوانی فیلمەکە دەکات بەناوی ئێدمۆند دانتێس کە ئەشکەنجە دەدرێت و فڕێدەدرێتە زیندان و نازانێت بۆچی زیندانی دەکرێت. دانتێس زۆر بە سەختی فێر دەبێت و زۆر بە خێرایی فێر دەبێت. مەزەندە دەکرێت کە زیرەکییەکەی لە سەرووی ١٤٠ بێت. ڕۆژێکیان گەورەکەی لێی پرسی بیری لێ بکەرەوە بەڕاستی کێ گۆشەگیری کردی و خستیتیە ناو ئەم دۆخە سەختە دانتێس لە وەڵامدا گوتی: من بیرم لەمەنەکردۆتەوە. گەورەکەی پێی دەڵێت: لە ڕاستیدا زۆر سادەیە: کێ زۆرترین سوودی هەیە لە گۆشەگیریکردنت؟ لەو ساتەدا مێشکی دانتێس دەکرێتەوە، لەو کاتەدا فاریای ئێلدەر یەکێک لە بەناوبانگترین وشەکان دەخاتە ڕوو: “خوێندەواربوون هەمان شت نییە لەگەڵ ژیربوون”. کەواتە فەلسەفە بە واتای خۆشەویستی حیکمەت دێت و هەرچەندە حیکمەت لێرە لە ئێمە دوورە، بەڵام هێشتا سەرەتا و کۆتایی بیری فەلسەفییە. دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو جۆرە حیکمەتە و بەدوای چارەسەردا بگەڕێین.
یەکێکی تر لە فۆرمەکانی سەرەکی فەلسەفە میتافیزیکە. لە ڕۆژئاوا دەتوانین فەلسەفەی ئەم پرۆسەیە لە ئەفلاتونەوە تا هێگل بە “میتافیزیک” یان ئەفلاتونیزم سەیر بکەین. ئەم فەلسەفەیە جیهانی بەسەر جیهانی سۆزداری و جیهانی زاڵدا دابەش کرد، جیهانی زاڵیشی بە خاوەنی سوود و دەسەڵاتی حوکمڕانی زانی. چیرۆکێکی زۆر بەناوبانگ لە مێژووی فەلسەفەدا هەیە، فەیلەسوفی یۆنانی دیموکرات. نەک هەر فەیلەسوفێکی گەورەیە، بەڵکوو سروشتناسێکی گەورەیە. دیموکراتەکان و سوکرات و ئەفلاتون بە هاوچەرخ دادەنران، ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ سەردەمی گەشەسەندنی میتافیزیکی یۆنانی. لە لایەکەوە دیموکراتەکان فەلسەفین و جیهانی زاڵ بە واقیعی دەزانن. بەڵام لە لایەکی دیکەوە دیموکراتەکان وەک زانایەکی سروشتی پێیان وایە دیاردە ئەزموونییەکان، واتە دیاردە سۆزدارییەکان، گرنگییەکی زۆریان هەیە و بەهایەکی زۆریان بۆ مرۆڤایەتی هەیە. بۆیە دەچێتە ناو ململانێیەکی قووڵەوە. ناتوانین بە خەیاڵماندا بێت کە توندی چەوتی یۆنانیەکانی ئەو سەردەمە چەندە. ئەم جۆرە دژایەتی و ململانێیانە لە مێشکدا ئەوەندە توند بوون کە ڕۆژێک دیموکراتەکان چاویان کوێر کرد. بۆ چاو کوێر دەکات؟ چونکە لە مێشکیدا، تەنیا بەو کارە چاوی دڵی دەیتوانی کرۆکی شتەکان قووڵتر و ڕوونتر ببینێت. ئەم چیرۆکە کە بیستنی زۆر دڵتەزێنە، چیرۆکی فەلسەفە و میتافیزیکە. ئەوەی لێرەدا دەوترێت ئەوەیە کە جیهان بەسەر جیهانی سۆزداری و جیهانی زاڵدا دابەش بووە و جیهانی زاڵیش خاوەنی سوود و واقیعییە. بە سادەیی هەموو دیاردە سۆزدارییەکان شتێکی ڕووکەشن و لە پشت دیاردە سۆزدارییەکانەوە جیهانێکی واقیعی لە دەرەوەی هەست و سۆز هەیە و ئەم جۆرە جیهانە جیهانی حەقیقەتە.

بێگومان فەلسەفەی ڕۆژهەڵاتی بەتایبەتی کۆنفۆشیۆسی چینی بەتەواوی تێگەیشتنی لە فەلسەفەی ڕۆژئاوایی جیاوازە، لە فەلسەفەی کۆنفۆشیۆس بە هەمان شێوە. “فیزیا”، و “فیزیای (فەرمی)”. هەیە، “بێ فۆرم ڕێگای ڕاستە، فۆرم ئامرازە”، بەڵام لە نەریتی فەلسەفی چینی دا، ئەو دووانە بە شێوەیەکی دانەبڕاو بەیەکەوە گرێدراون، بەوپێیەی فەلسەفەی چینی جیاوازە لە فەلسەفەی ڕۆژئاوا، فەلسەفەی ڕۆژئاوا بە ڕوونی جیاوازی دەکات لە نێوان میتافیزیکدا و فیزیا و سنووری جیهان و تەنیا حەقیقەت. واتە لە جیهانی بێ فۆڕمی میتافیزیک دا. چینیەکان بە “ڕێگەی ڕاست” (daw) قسە دەکەن، “دا” چییە؟ ئەوە کارە شایستە و شایستەیەیە کە ئەنجام بدرێت، و دەبێت بەوەوە کۆتایی پێبێت. لێرەدا هەندێک کێشە لە وەرگێڕانەکان دا بۆ زمانەکانی نەتەوەکان هەیە.
بەکورتی، سەرەتاییترین شێوەی فەلسەفە بریتییە لە “خۆشەویستی حیکمەت” و فۆڕمی دووەم کە بنەڕەتیترین و بەتایبەتی پێشکەوتووترینی لە ڕۆژئاوادا، میتافیزیکە.

دوای هیگڵ، میتافیزیک ڕووبەڕووی چەندین سەختی بووەوە، کە زۆربەیان کێشەیان هەبوو. ئێمە لە ئێستادا زۆر باس لە چارەنووسی داهاتووی میتافیزیک ناکەین. بەڵام بەرهەمێکی تری میتافیزیک هەیە، کە تا ئێستاش پارێزراوە و بۆ جیهانی مۆدێرن زۆر گرنگە و ئەویش میتۆدی ڕەخنەیە، واتە شێوازی بیرکردنەوە، لە سەردەمی شۆڕشی گەورەی فەرهەنگی دا هەمیشە ڕەخنەمان لەوانی تر دەگرت. بەڵام بەڕاستی مانای فەلسەفی ڕەسەنی وشەکە چییە؟ سادەترینیان ڕوونکردنەوەی پێشمەرجەکان و دانانی سنوورەکانە.

بۆ یەکەمجار لە مێژووی فەلسەفەدا ئەو فەیلەسوفەی کە بە شێوەیەکی سیستماتیک ئەم شێوازە بیرکردنەوەیەی بە “ڕەخنەگرتن” لێکدایەوە، کانتی ئەڵمانی بوو. ئێمە دەزانین کە کانت کتێبی وەک ڕەخنە لە عەقڵی پاک، ڕەخنە لە عەقڵی پراکتیکی و ڕەخنە لە حوکمدان نووسیوە و ئێمە ئەم سێ کتێبە بە “سێ ڕەخنەی سەرەکی” کورت دەکەینەوە. فەلسەفەی ئەم فەیلەسوفە زەبەلاحە لەگەڵ فەلسەفەی فیشەردا تێکەڵ دەکرێت و پێی دەگوترێت “فەلسەفەی ڕەخنە”. کانت بەڕاستی دەیویست چی بکات لە “فەلسەفەی ڕەخنە”ی خۆی؟ بە سادەیی ویستوییەتی پێشمەرجەکان ڕوون بکاتەوە و سنوورەکان دابنێت. ئەو پرسیارەی کە کانت دەیکات ئەوەیە: چۆن دەکرێت حوکمدانی گریمانەی زگماکی وەک بنەڕەتیترین شێوەی حوکمدان کە زانینی مرۆڤی مۆدێرن پێکدەهێنێت؟ بێگومان ئێمە پێشتر باسمان لە پاشخانی مێژوویی و ئایدیۆلۆژیی پرسیارەکەی کانت کردووە. لەگەڵ پەرەسەندنی ئەزموون و گومانی توندڕەوی هیوم، کانت بەدوای ئەرکێکی ڕزگارکردندا دەگەڕا لەکاتێکدا قووڵتر لە زانستی مرۆڤ دا هەڵدەکۆڵیەوە. بۆیە پرسیاری کرد: چۆن دەکرێت حوکمی زگماکی هەبێت؟ پرسیارەکە ئەوەیە، مانای حوکمدانی پەیوەندی زگماکی کانت چییە و بەم پێیەش “پێشمەرجی پێشمەرج”، کە ئێمە هەوڵ دەدەین بارودۆخی هەمیشەیی زانینمان بخەینە ژێر پرسیارەوە؟ لە هەمان کاتدا کانت پرسی: ئایا سنوورێک بۆ ئەم زانستە هەیە؟ ئەگەر سنوورێک هەبێت، ئەوا سنوورەکە لە کوێیە؟. دەزانین هەموو فەلسەفەی کانت دەتوانرێت لە یەک ڕستەدا کورت بکرێتەوە: بۆیە فەلسەفەی ڕەخنەی کانت جگە لە “ڕوونکردنەوەی پێشمەرجەکان و دیاریکردنی سنوورەکان” هیچی دیکەی نەکردووە.

بەڕای من بیرکردنەوەی فەلسەفی ڕۆژگاری ئێمە دەبێ پێش هەموو شتێک ئەرکی ڕەخنە لە ئەستۆ بگرێت. بۆ وا دەڵێم؟ “ڕوونکردنەوەی پێشمەرجەکان و دانانی سنوورەکان” ڕەنگە یەکەم هەنگاو بێت بۆ دەستپێکردنی بیرکردنەوەمان. ئاماژەی بەوەشکردووە، “بیرکردنەوەی ئازاد چییە؟ “بیرکردنەوەی ئازاد مەرجێکی پێشوەختەیە بۆ قبوڵنەکردنی ئەو بیرۆکانەی کە تاقی نەکراونەتەوە.” سەرنج بدەن کە هیگڵ “ڕوونکردنەوەی پێشمەرجەکان و دانانی سنوورەکان”ی بە بنەڕەتیترین پێداویستی بیرکردنەوەی ئازاد زانیوە. بیرکردنەوەی ئازاد مەرجێکی پێشوەختەیە بۆ قبوڵنەکردنی ئەو بیرۆکانەی کە تاقی نەکراونەتەوە. زۆر شت لەمڕۆدا پێدەچێت بەو شێوەیە بێت کە دەبوو بێت، بێگومان و تەنانەت پیرۆزیش بێت، لە ڕوانگەی ئەمڕۆی ئێمەوە. بەڵام بیرکردنەوەی ئازاد پێویستی بە ڕوونکردنەوەی پێشمەرجەکانی ئەم جۆرە شتانە هەیە، هەروەها دیاریکردنی سنوورەکانی.

دوای کانت، ڕێگای بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بە خێرایی پەرەی سەند. کانت “سێ ڕەخنەگری گەورە”ی نووسیوە، دواتر فەیلەسوفەکانی وەک ویلهێلم دیلتی، ڕەخنەی عەقڵی مێژوویی نووسیوە، سارتەریش ڕەخنەی عەقڵی دیالێکتیکی نووسیوە، باسی بارودۆخی سەردەمی مارکس ناکەین. شتراوس کارەکەی بە “ڕەخنەی مێژوویی” ناوبردووە و ڕەنگە باوەر زۆر لێی دەرنەچووبێت، ڕەخنە لە ڕەخنە”. لەمانە بەڕاستی هەندێکیان سەیر و سەمەرەن. بەڵام لەم شتانەدا بیرۆکەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان هەیە، کە بنەمای شتێکی دیاریکراو یان کێشەیەکی دیاریکراوە. ڕۆحێک کە بەدوای مەرجەکاندا دەگەڕێت. بۆیە من دەڵێم، هیگڵ ڕاستی کردبوو. شتەکە چەند جوان بێت، بیرۆکەکە چەندە سەرنجڕاکێش بێت، دەبێت پێشمەرجەکانی بپشکنیت. ئەگینا ناچار دەبیت بیربکەیتەوە و ئەم بیرکردنەوەیەی تۆش بیرکردنەوەی ئازاد نییە.

لە سەرەوە باسمان لە کۆمەڵێک تیۆر کردووە، لە خوارەوەش بە نموونە بۆ ڕای گشتی ڕوون دەکەمەوە کە ڕەخنە چییە.

ئابووری سیاسی پێکهاتەیەکی گرنگی تیۆری مارکسیزمە. بەڵام پێموانییە باوەڕی مارکس زانستێکی هەبێت بەناوی “ئابووری سیاسی”، بەڵکوو “ڕەخنەیەک بوو لە ئابووری سیاسی” گرت. ئێمە دەزانین کە مارکس پێشەکییەکی بۆ “ڕەخنەگرتن لە ئابووری سیاسی” نووسیوە، هەندێک دەستنووسی لەسەر ئابووری سیاسی لابردووە و بەرهەمی “سەرمایە”ی تەواو کردووە. ناونیشانی کتێبەکە بە ناوی سەرمایە “ڕەخنەگرتن لە ئابووری سیاسی” بوو. ئەم “ڕەخنە”یە چی دەکات؟ زۆر سادەیە. بنەمای ئابووری سیاسی کلاسیک و ئەو پەیوەندییە ئابوورییە مۆدێرنانەی کە دەریدەبڕن چییە؟ لە کوێیە سنوورەکە؟ “سەرمایە” وەڵامی ئەم دوو پرسیارەیە. دوای پێشکەوتنی سەرەتایی لە ئابووری سیاسی دا، بە بەشداری ویلیام پێتی و کوین، ئابووری سیاسی کلاسیکی بە دەستی ئادەم سمیس و ریکاردۆ دروست بوو و تەواو بوو. ئابووری سیاسی کلاسیکی تەواوکراو سیستەمێکی زۆر تەواو و بێ کەموکوڕییە و تەنانەت دەتوانرێت کتێبی خوێندن لەسەر بنەمای ئەم سیستەمە پەرەی پێبدرێت. ئەم کتێبە چۆن دێتە ئاراوە؟ بەزۆری لە دوو کەسەوە دەست پێدەکات. بۆچی لە دوو کەسەوە دەست پێبکەیت؟ چونکە دەکرێت ئاڵوگۆڕ لە نێوان دوو کەسدا بکرێت، ئاڵوگۆڕکردن یەکێکە لە گرنگترین پۆلەکان لە بواری ئابووریدا. دیسان یەکێک لەو دوو پیاوە ڕاوچی بوو و ئەوی تریان ماسیگر بوو. بۆچی یەکێکیان ڕاوچییە و ئەوی دیکەیان ماسیگرە؟ چونکە، بۆ یەکێک، ئەو پیشەیەی کە تێیدان دەبێت جیاواز بێت و ئەگەر پیشەکەیان وەک یەک بێت، ئەوا جێگرەوەی نابێت؛ یەکێکی تریان ئەوەیە کە دەبێت مرۆڤی سروشتی بن. ئێستا سەیری ئەوە دەکەین کە چۆن شتەکان بەڕێوەدەچن. ماسیگرێک، ڕاوچییەک؛ ڕاوچیەکان هەموو ڕۆژێک پۆڕێک ڕاو دەکەن، ماسیگرەکانیش ڕۆژانە ماسی دەگرن. ڕاوچیەکە ڕۆژانە لە خواردنی پۆڕ بێزار دەبێت، ماسیگرەکەش هەموو ڕۆژێک ماسی دەخوات و لە ماسیەکە دەردەچێت. یەکێک لەم رۆژانە راوچی لەناکاو ماسی تەواو دەبێت و ماسیگرەکە لەناکاو حەز دەکات تامی گۆشتی پۆڕەکە بکات، چی بکات؟ سەیرکەن. بەم شێوەیە ئاڵوگۆڕەکە دەست پێدەکات. شارەزایانی ئابوری بۆیان دەردەکەوێت کە مرۆڤەکان هەرگیز بە ئارەزووی خۆیان ناگۆڕنەوە، بە شێوازێکی دیاریکراو ئاڵوگۆڕ دەکەن، بە ڕێژەیەکی دیاریکراو، بۆ نموونە مرۆڤەکان ٣ ماسی بە ١ پۆڕ دەگۆڕنەوە، بۆیە ٦ ماسی بە ٢ پۆڕ و ٩ ماسی بە ٣ پۆڕ. بۆیە ئابووریناسان دەپرسن: بۆچی بەو ڕێژەیە ئاڵوگۆڕ دەکەن؟ توێژینەوەکانیان دەریانخستووە کە بەشێکی هاوبەش هەیە کە دەتوانرێت لە نێوان ٣ پۆڕ و ٩ ماسیدا ئاڵوگۆڕ بکرێت. ئەمە چییە؟ ئابووریناسان لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەوە بۆیان دەرکەوتووە کە ئەمە کاری ئەبستراکتە. بۆیە کاری ئەبستراکت ٣ پۆڕ و کاری ئەبستراکت ٩ ماسی یەکسانن یان وەک یەکن. ئەم دۆزینەوە گەورەیە لە شتێکدا کورت دەکرێتەوە کە پێی دەگوترێت “ئاڵوگۆڕی بەهای یەکسان”. تا ئێستا، ئەوەندە باش و سەرکەتووە، بەڵام مارکس لێرەدا کێشەیەکی دۆزیەوە. ڕەخنەی مارکس لە ئابووری سیاسی یەکێک لە بنەڕەتترین پرسەکان دەوروژێنێت. وەک مارکس دەڵێت “ئەو دوو کەسە هەرگیز یەک ڕاوچی و یەک ماسیگر نین، بەڵکو دوو سەرمایەداری سەردەمی ئێمە نین.” ئێمە لەسەرەتاوە گوتمان ئەم دووانە چ جۆرە مرۆڤێکن؟ ئەوان مرۆڤی سەرەتایین لە دۆخی سروشتیدا. ڕاوچییەکی سەرەتایی سروشتی و ماسیگرێکی سەرەتایی سروشتی چۆن کارلێک لەگەڵ یەکتر دەکەن؟ کاتێک ڕاوچییەکی زۆر سادە و ڕاوکردنی پۆڕ دەیەوێت ماسی بخوات، دەچێتە دوای ماسیگرەکە و ماسیگرەکە پێی دەڵێت “چەندت ماسی دەوێت بخۆ”. ماسیگرەکە دەچێتە لای ڕاوچیەکە و دەڵێت: “دەمەوێت پۆڕەکە بخۆم”، ڕاوچییەکە پێی دەڵێت: “ئەمە پۆڕەکە، چەندت دەوێت بیبە”. بێگومان ناتوانین کۆمەڵگای سەرەتایی بەو شێوەیە ڕۆمانسی وەسف بکەین. ئەوەی سەرەوە تەنها کاتێک ڕوودەدات کە ماسییەکی زۆریان هەبێت و پۆڕێکی زۆریان هەبێت. ئەی ئەگەر تەنها نیوەی ماسیەکان لە نێوانیاندا مابا؟ چی روودەدات؟ شەڕ لە نێوانیاندا ڕوودەدات، کۆمەڵکوژی ڕوودەدات. یاسای جەنگەڵ ئاماژەیە بۆ دەسەڵات. لە هەر حاڵەتێکدا، خەڵکی سەرەتایی خۆیان بە بێکارییەوە دەدەن و لە ڕێگەی کۆمەڵکوژییەوە تاڵان دەکەن و هەرگیز لە ژێر “یاسای ئاڵوگۆڕی یەکسان”دا پەیوەندی ناکەن. بەم شێوەیە مارکس چیرۆکی ڕاوچی و ماسیگر دەگێڕێتەوە بۆ چیرۆکەکانی ڕۆبنسنی سەدەی ١٨. بە هەمان شێوە کەمێک خەیاڵییە. ئێمە ئێستا تێگەیشتنێکی ڕوونمان لەم بارەیەوە هەیە. پێشمەرجەکان بۆ ئاڵوگۆڕی بەهای یەکسان چین؟ پێشمەرجی ئاڵوگۆڕی بەها ئەوەیە کە بەرهەمهێنانی کاڵاکان تا ڕادەیەکی دیاریکراو گەشەی کردبێت و بەرهەمەکەش بووبێتە کاڵا. تەنیا کاڵاکان کاری ئەبستراکت لەخۆدەگرن. ئێمە ئاماژە بە کاڵا دەکەین وەک بەهای کاڵا، کاری ئەبستراکتی مرۆڤ، واتە کاری بە کۆمەڵ. تەنیا لە حاڵەتێکی لەو جۆرەدا، بەم مەرجە پێشوەختە، یاسای ئاڵوگۆڕی بەهای یەکسان دەتوانێت کاری پێبکرێت. چۆن دەتوانێت لە دۆخێکی سەرەتاییدا وا بێت؟ نەخێر. ئەمەش پێی دەوترێت “پێش مەرجدارکردن”. هەروەها ڕوونکردنەوەی پێشمەرجەکە دەبێتە هۆی ئەوەی کە پێشمەرجەکە دەبێت سنووردارکردنی مێژوویی هەبێت. ئەوەی بێکۆتایە هیچ سنوورێک نییە و ئەوەی مەرجدارە دەبێت سنوورێکی هەبێت.

کەواتە کێشەی ئابووریناسە سیاسییە کلاسیکییەکان لە کوێیە؟ بە بڕوای مارکس، ئەوان لەوە تێگەیشتوون کە شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری سەردەمی ئەوان بە شێوەیەکی سروشتی دروست بووە، بۆیە هەرگیز ناگۆڕێت. ئەوە کارە شایستە و شایستەیە کە ئەنجام بدرێت، و دەبێت بەوەوە کۆتایی پێبێت.

یاسای مێژوو چییە؟ هەموو شتێک سەرچاوەیەکی مێژوویی هەیە، سەرەتایەکی مێژوویی هەیە؛ دەبێت گەشە بکات و هێز بەدەست بهێنێت؛ و بە هەمان شێوە لاواز دەبێت و دواجار نامێنێت. ئەم بیرۆکە مەزنە لەلایەن ڕەخنەی مێژوویی هیگڵەوە خراوەتەڕوو. قبوڵکردنی ئەم بیرۆکەیە ئاسان نییە. بۆ نموونە ئێمە بەزۆری باسی دیموکراسی دەکەین چونکە دیموکراسی شتێکی باشە. کەواتە ئایا جیاوازی هەیە لە نێوان دیموکراسی لە ساڵی ١٧٨٩ و دیموکراسی ئێستا کاتێک ئۆباما وەک یەکەمین ڕەشپێست لە خولی پێشوو دا بۆ سەرۆکایەتی کۆماری ئەمریکا لە ڕابردوو خۆی کاندید کرد؟ له مێژوو دا بووبە یەکەمین سەرۆکی ڕەشپێست، جیاوازییەکەی زۆر گەورەیە. هەموو شتێک مێژوویەکی هەیە، ئێمەش بە سەختی قبوڵکردنی هەیە. ئێمە پێمان وابوو لە ڕابردوودا ئەوەندە کەموکوڕی هەبووە کە سنووردارکردنیان هەیە، بۆیە ناچار بوون نەمێنن. بەڵام کاتێک باس لە کاتەکانی خۆمان دەکەین، شتەکان دەگۆڕدرێن و پێمان وایە هەموو شتێک لە سەردەمی ئێمەدا دەتوانێت بەبێ سنوور پەرەبسێنێت. ئایا لە مێژووی جیهاندا ئەمە ڕوویداوە؟ بێگومان نەخێر.
بۆیە ڕەنگە بنەماکانی ڕەخنە و یاسای مێژوویی کاریگەریی قووڵیان لەسەر بیرکردنەوەی هاوچەرخ هەبێت. بنەڕەتیترین و سادەترین بنەمای بریتییە لە ڕوونکردنەوەی پێشمەرجەکان و دانانی سنوورەکان.

2- نوقمبوون لە واقیعی کۆمەڵایەتیدا

رەنگە هەمووان وا بیربکەنەوە کە پێویست ناکات باسی “نقومبوون لە واقیعی کۆمەڵایەتیدا” بکرێت، چونکە پێت وایە زۆر باش لە واقیعەکە تێدەگەیت و هەر کە چاوەکانت کردەوە دەتوانیت واقیعەکە ببینیت. ئەگەر وایە، باسکردن لە “نقومبوون لە واقیعی کۆمەڵایەتی دا” چییە؟ ئەوەی من مەبەستم لەوەیە ئەوەیە کە ئەو بیرکردنەوە ڕەخنەییەی کە تازە باسمان کرد دەتوانێت بە زنجیرەیەک قۆناغدا تێپەڕێت و دواتر بە خودی واقیعی کۆمەڵایەتییەوە ببەسترێتەوە. هەرگیز نابێت وا دابنێین کە واقیع تەنها کاتێک دەبینرێت کە چاوەکانمان بکەینەوە و جەوهەرەکەی بە ئاسانی ئاشکرا بێت. ئەوە هیگڵ بوو کە بۆ یەکەمجار جەوهەری واقیعی ئاشکرا کرد. گادامەر لە کتێبی (بناغە فەلسەفییەکانی سەدەی بیستەم)دا دەنووسێت: ئێمە هێشتا لەناو ئەو واقیعە کۆمەڵایەتییەدا دەژین کە ئەو ئاشکرای کردووە”. گەورەترین مەترسی کە لە ئێستادا ڕووبەڕووی دەبینەوە “بیرکردنەوەی سوبژێکتیڤ و بیرکردنەوەی ڕووکەشیەتی”. “بیرکردنەوەی ڕووکەش” چییە؟ هیگڵ ئاماژە بەوە دەکات کە بیرکردنەوەی ڕووکەش “وەک عەقڵێک کە توانای عەقڵکردنی لە نێوان شتەکاندا هەیە، هەرگیز قووڵ ناچێتە ناو خودی ئۆبژەکەوە، بەڵکو لە بنەما گشتییەکە تێدەگات، دەتوانێت ئەو بنەمایە بۆ هەر ناوەڕۆکێک بەکاربهێنێت”. ئەمە بیرکردنەوەی ڕووکەشە. هیگڵ بەم بیرۆکە سوبژێکتیڤە “بیرکردنەوەی ڕووکەش” بۆ ماوەی تەمەنێک خەباتی کرد. ئێمە لە خوێندنەوەی کتێبەکانی هیگڵەوە دەزانین کە لە نیوەی یەکەمی کارەکانیدا باسی بیرۆکەکانی دەکات، لە نیوەکەی تریشدا لەگەڵ بیرکردنەوەی ڕووکەشی بیری جۆراوجۆری سوبژێکتیڤ دا ململانێ دەکات. هیگڵ ئەم بیرکردنەوە ڕووکەشییە بە “بیری سوبژێکتیڤ” ناوبردووە، خۆیشی بە “بیری بابەتیی” و “بیری ڕەها” ناوبردووە. چونکە تەنها کاتێک مرۆڤ دەتوانێت دەمی خۆی بکاتەوە بۆ ئەوەی پێی دەوترێت “واقیع”. لێرەدا پێویستە جیاوازی بکەین لە نێوان چەمکی گشتی واقیع و چەمکی واقیعی ڕاستەقینە. ڕەنگە هەندێکتان کە دانیشتوون سەرقاڵی فەلسەفە بن، ئێمەش دەبێت جیاوازی بکەین لە نێوان واقیع و واقیعدا. واقیع واتای چییە؟ ئەوەی کە ئێمە لێرەین ئاماژەیە بۆ جیهانێک کە ڕاستەوخۆ بە هەستەکانمانەوە دیارە. کەواتە ڕاستەقینە چییە؟ بە پێی پێناسەی هیگڵ، واقیع ئاماژەیە بۆ حاڵەتی پێکەوەژیان لەگەڵ نەبوون. بوونێک کە تەنیا بوونی نییە، بەڵکوو لەگەڵ جەوهەرەکەیدا یەکدەگرێتەوە، واقیعە. جەوهەرەکە بریتییە لە دەربڕینی حەتمی لە ئەگەری ڕوودانی ڕووداوێکدان ئاماژەیە بۆ شتەکان. بەڵام زانستە کۆمەڵایەتییەکانی ئێستامان، هەروەها تێگەیشتنی گشتیمان، جیاوازی لە نێوان واقیع و واقیعدا ناکەن، بەڵکوو ئەو دووانە بە یەک دەزانن، دەگەنە ئەو بڕوایەی کە واقیع بوونەوەرێکی نەبڕاوە. بەو مانایە ئەگەری ئەوە هەیە ویژدانێکی ڕوونمان نەبووبێت. بەڵام تەنانەت ڕاستییەکان ئەوەندە سادە نین کە وا دیارە. هەمیشە شتگەلێکی وەک “لێرەدا ڕاستییەکە” و “با لێرە دەربچین” دەڵێین. واقیع چییە؟ با نموونەیەک وەربگرم، هەمووتان دەتوانن درک بەوە بکەن کە “ڕاستییەکان”، بەتایبەتی مێژووییەکان، هەرگیز ئەوەندە سادە نین کە ئێمە بیری لێدەکەینەوە.

لەم دواییانەدا کتێبێک بڵاوکرایەوە کە هەم لە گۆڤارێکی ئەدەبی و هەم لە ڕۆمانێکی مێژوویی دەچوو، بە ناونیشانی “خۆری سوور چۆن هەڵدێت” کە تیایدا باس لە بزووتنەوەی ڕاستکردنەوەی ستایل لە یانان کراوە. مامۆستایەکی بەشی مێژوو زۆر بە پەرۆش بوو بە بینینی کتێبەکە، چونکە کۆمەڵێک مادەی مێژوویی زۆری تێدابوو کە پێشتر نەبینرابوو، هەروەها کۆمەڵێک “ڕاستی مێژوویی” نوێ. بۆیە ئەم مامۆستایە لە بەشی مێژوو کتێبەکەی پێشنیار کرد بۆ مامۆستایەکی بەشی فەلسەفە چونکە تۆمارە مێژووییە نوێیەکانی ناو کتێبەکە زۆر پەرۆشی کرد. دیارە مامۆستای مێژوو بە پەرۆشەوە پرسیاری لە مامۆستای فەلسەفە کردبوو کە ڕای چییە لەسەر کتێبەکە؟ “ئەم کتێبە کتێبێکە کە مێژووی درۆ دروست دەکات بە بەکارهێنانی هەموو وردەکارییە مێژووییە ڕاستەقینەکان.” ئەمە ئەو وەڵامەیە کە مامۆستای فەلسەفە دایەوە. ئەمە چییە هایدیگەر پێشتر گوتبووی: “دەکرێت بە بەکارهێنانی هەموو وردەکارییە وردەکانی مێژوو مێژوویەکی درۆ دروست بکرێت”. “دروستکردنی مێژووی درۆ لە وردەکارییە مێژووییە ڕاستەقینەکانەوە” بەڕاستی چییە؟ با هەموو ڕووداوە مێژووییەکانی ناو کتێبێکی دیاریکراو بە ڕاست و ڕاست لە قەڵەم بدەین. بەڵام ڕەنگدانەوەی واقیعی مێژوویی نییە. لە حاڵەتێکی وادا مێژووی درۆ لە وردەکاری مێژوویی ڕاستەقینە دروست دەکرێت. با بگەڕێینەوە بۆ کتێبی پێشوو. با سەرەتا وا دابنێین کە هەموو ئەو شتانەی لە کتێبەکەدا ڕوویانداوە بەڕاستی ڕوویانداوە: ئایا هیچ شتێک هەبووە لەو کاتەدا دەکرا بەسەر یەکتردا بێت؟ ئایا خەڵک یەکتریان تیرۆر نەکرد؟ ئایا ئامرازە جۆراوجۆرەکان بەکارناهێنرێن؟ ئەو جۆرە حاڵەتانەی کە لە کتێبەکەدا نووسراون بەڕاستی بوونیان هەبووە. بەڵام وەک هیگڵ دەڵێت، “شارەزایی عەقڵ چییە؟ لە پرۆسەی بەجێگەیاندنی ئەرکەکەیدا، عەقڵ لە ڕێگەی کارەکتەرە جیاوازەکان و بیرکردنەوە جیاوازەکان و ململانێکانی نێوانیانەوە ئەرکی مێژووی جیهان تەواو دەکات.» ئەمەش پێی دەوترێت “شارەزایی دەروون”. ئەگەرنا هەموو مێژوو بە هیچ شێوەیەک گرینگی نادات، بێ تام دەبێت. له‌ پرۆسه‌كه‌دا ڕه‌نگه‌ شێوازی بیركردنه‌وه‌ی جیاواز هه‌بێت و هه‌روه‌ها ته‌ڵه‌ی جیاواز هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌م شێوه‌انه‌ به‌ده‌ست دێت هیچ كات ئیراده‌ی تاكێكی دیاریكراوه‌، به‌ڵكو ئه‌ركی مێژووی جیهانه‌. ئەمە زاڵبوونی عەقڵە. عەقڵ ئەوەندە فێڵبازە کە ڕاستەوخۆ ئەرکی خۆی تەواو ناکات، بەڵکوو ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی بیری جیاوازی خەڵک و ململانێی ناکۆکی نێوانیانەوە ئەرکی خودی عەقڵ تەواو دەکات. كەواتە، ئەگەر ئەو كتێبەی ئێستا باسی دەكەین تەنیا راستییە مێژووییەكانی تێدایە، تەنیا ئەو وردەكارییە راستەقینانەی ڕوویانداوە راست بن و رەنگدانەوەی واقیعی مێژوویی نین، ئەوا ئەو كتێبە بە بەكارهێنانی هەموو وردەكارییە راستەقینەكانی مێژوو و هەڵبەستنی مێژووی ساختە هەڵبەستراوە. لەوانەیە بپرسن: ئەو واقیعە مێژووییە چییە کە تۆ بەدوایدا دەگەڕێیت؟ بەکورتی ئەم واقیعە مێژووییە بەم شێوەیەی خوارەوەیە: کۆمۆنیستەکانی چین ئامادەکارییە ئایدیۆلۆژی و سیاسی و ڕێکخراوەییەکانیان بۆ داگیرکردنی جیهان لە ڕێگەی بزووتنەوەی چاکسازیی ئەوکاتی شێوازی یانان تەواو کرد. رێک ئەمە شێوازی حوکمڕانی ئەو وڵاتەیە کە لە رووسیا بەکاری هێناوە. ئەگەر وردەکارییە ڕاستەقینەکانی مێژوو لەبری ئەوەی ئاشکرای بکەن، ئەم واقیعە مێژووییە بشارنەوە، ئەوا “دروستکردنی مێژوویەکی ساختە دەبێت بە بەکارهێنانی هەموو وردەکارییە ڕاستەقینەکانی مێژوو”.

بۆیە نابێت “گەڕان بەدوای حەقیقەتدا لە ڕاستییەکان” ئەوەندە بە سوکی وەربگرین، کە هەموو شتێک کە بە چاومان دەیبینین ڕاستی نەبێت، واقیع نییە؛ بینینی واقیع ئاسان نییە، پێویستە بیرکردنەوەی فەلسەفی هەبێت، شێوازی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی هەبێت، واقیع ببینیت.

“بەدوای ڕاستی لە ڕاستی” واتای چییە؟ واتە نوقمبوونە ناو واقیعی کۆمەڵایەتی چین؟ یەکێک لەو شتانەی کە دەبێت بیڵێم ئەوەیە کە گرنگە واقیعەکە ببینین. لەم ڕووەوە هیگڵ و مارکس شایەنی زۆرترین سەرنجن لەلایەن لێکۆڵینەوەکەمانەوە. هایدگەر باس لە فەلسەفەی مارکس دەکات و ڕەخنە لە تیۆری بوونی مارکس دەگرێت. بە بڕوای هایدگەر مارکس لە تیۆری بووندا هاوشێوەی نیچەیە و لە بنەڕەتدا ئەو دوو فەیلەسوفە یەکسانن. بەڵام لەڕووی فەلسەفەی مێژووەوە مارکس خاوەنی قازانجێکی ڕەهایە. دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەم، سڵاو دیگەر یەکێک لە بەناوبانگترین نامە درێژەکانی نووسیوە، بە ناونیشانی “نامەکان لەسەر مرۆڤایەتی”. هایدیگەر لەو نامەیەدا دەنووسێت: کەواتە لە سەرووی هەموو مێژوونووسەکانەوەیە. بە بڕوای من نە هوسێرل و نە سارتەر نەگەیشتنە ئەو قووڵاییەی کە مارکس پێی گەیشتووە. تەنها ئەو کەسانەی کە گەیشتوونەتە ئەو قووڵاییە دەتوانن پەیوەندی لەگەڵ مارکسدا بکەن”. ئەم ڕستانە لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا نووسراون و لەو کاتەدا ماناکەی زۆر جددی بوو. چونکە هایدگەر کە پێشەنگێکی بواری دیاردەکان بوو، لە هەوڵی نەهێشتنی دیاردەی ئێپیستمۆلۆژیدا بوو کە یەکێک بوو لە گرنگترین ڕەوتە فەلسەفییەکانی سەدەی بیستەم، بە یەک وشە بە گوتنی مامۆستاکەی، ئێدمۆند هوسێرل، “بەس نییە بۆ مارکس”. .” لێرەدا هایدگەر باسی کێی دیکە دەکات کە “بەس نییە بۆ مارکس”؟ سارتەر کە پێشەنگی فەلسەفەی بوونگەرایی فەرەنسی بوو، لە ڕووی ناوبانگەوە لە هایدگەر کەمتر نەبوو. کەواتە قسەکانی هایدگەر زۆر جددی بوون.

بەکورتی، ئەرکی بیرکردنەوەمان دەبێت بە نوقم کردنی خۆمان لە واقیعی چیندا لە ڕێگەی ڕێبازی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەوە تەواو بێت. کێشەی سەرەکی زانستە کۆمەڵایەتییەکانمان ئەوەیە کە بیرکردنەوەمان لە بیرکردنەوەی ڕووکەشدا سنووردارە و بە قووڵی لە واقیعی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵایەتی ناوخۆیی قووڵ ناکاتەوە. بەڕای من لەڕووی سەرکەوتنی سیاسی سی ساڵەی باشورەوە، لانیکەم کەسێک لە وڵاتەکەمان دەیانتوانی خەڵاتی نۆبڵ لە بوارە جیاوازەکان بەدەستبهێنن، بەدەر لە ڕێگریی سیاسیی و نێودەوڵەتییەوە، بەڵام ئەوە ڕووی نەداوە. هێشتا زۆر شت ماوە بۆ ئەوەی زانستە کۆمەڵایەتییەکانمان بەڕاستی خۆیان لە واقیعی کۆمەڵایەتی دا نووقم بکەن. تا ئامادەییی داهێنانبن، بەم مانایە دەبێت فەلسەفە لە ئەرکی قووڵتر لە واقیعە کۆمەڵایەتییەکانی کورد لە ڕێگەی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی تائێستا نەچەسپاوە.

3- ڕێگای زیندووبوونی بیرکردنەوەی کورد یان سەرەتایەک بۆ بیرکردنەوە.

بەڕای من ڕێگەی گەنجبوونەوەی نەتەوەی کورد پەیوەندییەکی نزیکی بە دەستپێکردنی ئەم ئەرکە بیرکردنەوە هەیە. ڕاستگۆیانە ئەگەر بڕیارە ٥٠ ساڵی تر وەک دراوسێکانمان بین، ئەوا ٢٠٠ ساڵی تر وەک ڕۆژئاوا دەبین، گەر بابەتییانە بیربکەینەوە و لە بڕی ڤێلا و شەقام و قومارخانە و مەلاها و تاوەر، زانکۆی گەندە و قوتابخانە ئەهلییە بێ سەر و بەرەکان ، خەریکی بوونیادی تاکی بیرکەرەوە بین ڕۆژێک دێت ئەگەر ئێمەی کورد پلانمان هەبێت، بیربکەینەوە و ئاستی مەعریفەمان بەرز بێت، لە مۆدێل و ئەستێرە ناسراوەکانی سۆشیال میدیا دووربکەونەوە، دووربن لە میدیای سیاسی و هەژموونەکەیان، نەکەونە ژێر ئیرهابی فکریی فکری نەتەوەیی و تووندئاژۆیی ئایینی، کە ئەمانە هۆکاری سەرەکی گەمژەبوونی کۆمەڵەگەکەمانن. ئەوا ئامۆژگاری من ئەوەیە، خەمی ئەوە مەخۆن دەسەڵاتی ستەمکاری لادەچێت یان نا، هەمووان بیر بکەنەوە، دەردی کوشەندەی ئێمە بیرنەکردنەوەیە، بۆیە فەلسەفە بخوێنن، پێویست ناکات ئێمە لەژێر پلانێکدا بیربکەینەوە، پلانێک هەیە بۆ پیلانێکی لەو جۆرە، تەنها دەبێت ئەوە بکەین، تەنها دەبێت بیر هاوردە بکەین و بەکاری بهێنین، تەنها دەبێت پشتیان پێ ببەستین! بەڵام ئەگەر ڕێگەی خۆمانمان هەبێت، ئەوا دەبێت لە خاڵێکی ڕەخنەیی دیاریکراودا ڕوو لە بیرکردنەوە بکەین. دیسانەوە نوقمبوون لە واقیعدا پێویستی بەوەیە کە تۆ ناوازە بیت.

تێبینی من ئەوەیە کە واقیعی ئێستا یەکەم ئەرکی مۆدێرنیزاسیۆنی پێبەخشیوین، دووەم ئەرکی پێدانی ئەم ئەرکەمان لە ژێر هەلومەرجی جیاوازی نەتەوەیی و نەریتی کولتووری جیاوازدا. ئەگەر ڕێگەی خۆمان نەبێت، ئەرکی خۆمان نییە، ئەوا پێویست بە بیرکردنەوە ناکات. بەڵام بەڕای من ئەمە لە ئێستادا ڕوودەدات، دووبارە ڕوودەداتەوە. ئینگلیس گوتی: ئەگەر میللەتێک بیەوێت سەرکردایەتی جیهان بکات، نابێت یەک خولەک بیرکردنەوەی تیۆری لەدەست بدات. کەواتە، لە لایەکەوە پێویستە لە ڕێگەی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەوە لە سنوورە مێژووییەکانی کولتوری مۆدێرن تێبگەین، لە لایەکی دیکەشەوە پێویستە قووڵتر بچینە ناو واقیعە کۆمەڵایەتییەکانی چینی مۆدێرن و لەسەر ئەزموونی چینی مۆدێرن بنیات بنێین. ئەمە ئەرکی سەرەکی بیرکردنەوەی فەلسەفی ئێمەیە. بۆ وا دەڵێین؟ چونکە لەم بابەتەدا ناتوانین پشت بە کەسانی تر ببەستین، دەبێت بۆ خۆمان بخوێنین و ڕەخنە بگرین و بیربکەینەوە. مەحاڵە ئێمە بە گەڕانەوە بۆ نەریتێکی تەواو پاک، کە جۆرێکە لە فانتازیا، ئەم ئەرکە بە ئەنجام بگەیەنین. هه‌ندێک له‌ نه‌ریتخوازه‌کانیش پاڵپشت بۆ ئه‌مه‌ ده‌که‌ن که‌ ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی مێژووه‌؛ بەڵام ئەگەر هەمووتان پێتان وایە مۆدێرنیزاسیۆنی ئێمە تەواو بەریتانییە یان هاوشێوەی ئەمەریکایە، ئەوە خەونێکیشە، مەحاڵە ئێمە بە ڕۆژئاواییکردنی تەواوەتی ئەم ئەرکە بە ئەنجام بگەیەنین، چونکە پێشمەرجەکانمان جیاوازن. کەواتە دەبێت ڕێگای ئێمە بۆ مۆدێرنیزاسیۆن ڕێبازێکی ناوازە بێت. بەم شێوەیە ئەرکی فەلسەفە و بیریش دەخرێتەڕوو. داواکارییەکان لەسەر بیرکردنەوەی فەلسەفی لەم کاتەدا زۆر بەرزن. ئێستا کاتێک باس لە خوێندنی زانست دەکرێت، هەمووان خەونی ئەوەن کە لە باشترین زانکۆکانی ئەمریکا یان ئەوروپا بخوێنن. بەڵام پێم وایە باڵاترین مەرج بۆ زانستی ئێمە ئەوەیە کە کێشەکانی بیری کوردی و ئەزموونی بیرکردنەوەی خۆماڵی دابڕێژین بە ئاشکراکردنی واقیعی کۆمەڵایەتی ناوخۆیی. بەم مانایە پێویستە پێشمەرجەکانی بیرکردنەوەی خۆمان لەبەرچاو بگرین و پێشمەرجەکانمان بۆ ڕۆژئاوا جیاوازن.

لە خوارەوە بە کورتی باس لە ڕێگای گەنجبوونەوەی نەتەوەی کورد دەکەم. پێم وایە ڕەنگە پێویست بێت ئایدیالی بەرزترمان هەبێت. ئەگەر ڕێگەکەمان ڕێبازێک بێت کە کاراکتەری هەبێت، ئەوا لەوانەیە ئەو سیفەتە شتێکی گرنگی مێژوویی جیهانی هەبێت. ئامانجمان نابێت تەنها ڕیزبەندیکردن بێت لە نێو گەلانی جیهاندا، بەڵکو ڕەنگە دەست بە ئەرکێکی نوێی مێژووی جیهانیش بکەین. زاراوەی “مێژووی جیهان” وەک لێرەدا بەکارهاتووە بەو مانایەی کە هیگڵ بەکاری هێناوە بەکارهاتووە. هیگڵ زاراوەی “کەسایەتی مێژوویی جیهانی” بەکارهێناوە. ” کەسایەتی مێژوویی جیهانی” چییە؟ بۆ نموونە ئەسکەندەری مەزن و قەیسەر و ناپلیۆن کەسایەتی مێژوویی جیهانن. جۆرێکی دیکەش “نەتەوەی مێژوویی جیهانی”ە. “نەتەوەی مێژوویی جیهانی” چییە؟ ئەو نەتەوەیەی کە لە بەرامبەردا ئەرکی مێژووی جیهان دەگرێتە ئەستۆ، دەبێتە نەتەوەی مێژوویی جیهانی. هیگڵ دەنووسێت: خۆری مێژوو لە ڕۆژهەڵاتەوە هەڵهاتووە، هەروەک چۆن خۆری سروشت هەڵهاتووە. هەر بۆیە یەکەم نەتەوەی مێژوویی جیهانی نەتەوەی ئێمەین. پاشان بەرەو ڕۆژئاوا دەڕوات و بە هیندستان و میسر و پاریس و یۆنان و ڕۆمادا تێدەپەڕێت و لە کۆتاییدا لە جیهانی ئەڵمانیادا دەوستێت. هیگڵ نووسیویەتی: خۆری مێژووی جیهان لە ئاسمانی پروسدا وەستاوە. بێگومان هیگڵ نەینووسیوە لەسەر ئەوەی دواتر چی ڕوودەدات، چونکە نووسیویەتی “پشیلەی خوداوەندی حیکمەت تەنها کاتێک دەفڕێت کە گوگوم دەکەوێت”، بەو بۆچوونەی کە ئایندە هەرگیز ئۆبژەی عەقڵ نەبووە، بەڵکو ئۆبژەی هیوا و و ترسە. بۆیە نووسیویەتی “خۆری مێژووی جیهان لە ئاسمانی پرۆسدا وەستاوە”.

بە بڕوای من نەتەوەی بیرکەرەوەی کورد نەک هەر وەک نەتەوەیەکی مۆدێرن و بەهێز لە ڕێگەی گەنجبوونەوە لە نێو گەلانی جیهاندا ڕیزبەندی دەکات، بەڵکوو ڕەنگە ڕۆڵێکی نوێ لە مێژووی جیهاندا بگرێتە ئەستۆ. بێگومان کەس ناتوانێت گەرەنتی ئەوە بدات کە لە داهاتوودا ئەمە ڕووبدات. هۆکاری سەرەکی ئەمەش ئەوەیە کە مەحاڵە ئێمە ئەو ڕێگەیە بڕۆین کە ڕۆژاواییەکان پێشتر دایانناوە. دەبێت بە شێوازی خۆمان گرێیەکی چالاک هەبێت و ئەگەری زۆرە ئەم گرێ چالاکە جۆرێک لە گرنگی مێژوویی جیهانی هەبێت. هەندێک جار لێیان پرسیووم بۆچی ئەوەندە باوەڕتان بە گەلی کورد هەیە بەڵام باوڕت بە نەتەوایەتی نییە؟ لەوانەیە بپرسیت. ئەگەر ڕاستگۆ بم، کاتێک لە ئێستادا سەیری هەموو جیهان دەکەم، وا دیارە تەنها لە نەتەوەی کوردا هیوابڕاوی هەیە. ئەوە ڕاستە- ئەمە پەیوەندی بە منەوە نییە، بەڵکوو لە ئەنجامی شۆڕشە شکستخواردووەکان و سیستەمی ڕێبەرایەتی و خراپ ئیدارەدانی هەڕەیی و نادادی کۆمەڵایەتی و فەرمانڕەوایەتی خۆپەسندەوە هەیە. ئەوەی پەیوەندی بە منەوە هەیە، بیرکردنەوەی بابەتییانەی نەتەوەیەکە نەک بیری نەتەوەیی.

یەکەم: کوردەکان یەکێکن لە گەلە زیندووەکانی ئەمڕۆی جیهان، کە لەناونەچوون. من ئەم زیندوومانەوە بە گرنگترین فاکتەر دەزانم. تایبەتمەندییەکی هاوبەشی هەموو کولتوورەکان، کە لە لوتکەی شارستانییەتەکانەوە لە لێواری داڕماندان، ڕزگاری بووە. ئەوەیە کە بیرناکەینەوە کە زیندوویییان بە توندی کەم دەبێتەوە. جێگەی سەرسوڕمانە کە نەتەوەی کورد بۆ چەندین ساڵە زیندوویی خۆی پاراستووە.

دووەم: کوردەکان تامەزرۆترین نەتەوەی جیهانن لەمڕۆدا. ئەم خاڵە زۆر ڕوونە. با سەیری خوێندکارەکانمان بکەین، دەیانەوێت هەموو زمانێک بزانن، جگە لە زمانی خۆیان نەبێت، با سەیری هەموو میللەت بکەین. ئەوان زۆر تامەزرۆی فێربوونن، شتێکی سەرسوڕهێنەرە. جەنگیزخان کیشوەری ئۆراسیای گرتەوە، بەڵام شوێنەوارە کولتوورییەکانی کەم و زۆر بوون. بەڵام کاتێک ئەڵمانییە دڕندەکان هاتنە جیهانی ڕۆمانی، تووشی شۆک و شۆک بوون بە کولتوری ڕۆمانی، و ناچار بوون فێربن و بە گوتەی شاعیری ئەڵمانی هێنری هاین “ئەڵمانییە دڕندەکان بە وێنەی خێرخوازی مەریەم ملکەچ بوون”. واتە بوون بە مەسیحی. بۆیە گرنگ نییە تەنیا بیت یان کێوی. تا کورد خۆی ڕادەستی کلتووری دیکە نەدەکرد و درێژەی بە زمان و کەلەپور و شوناسی خۆی دەدا هەزاران ساڵ لە ژێر دەستی داگیرکەران بە زیندوویی مایەوە، بەڵام بە سی ساڵی فەرمانڕەوایەتی خۆماڵی دەستەمۆ و هاوردەی بیرکردنەوەی ڕۆژئاوایی، ڕەنگە تەمەنی ئەم نەتەوەیە حەفتا ساڵی دیکە نەکێشێت، هەر بەڕاستی شارەکانی دەبێتە دوبەی و ئەستەمبۆڵ ، نەوەک شاری کوردنشین، ئەمەش لە سیستەم و شەقام و کۆڵان و کلتوور و هونەر و جل و بەرگ و زمانەوە دیارە، لەوە کوشندەتر ئەوەیە بەناوی پێشکەوتن شانازیی بە توانەوەی خۆت وەک نەتەوەیەک بکەیت، ئەمەیە بیرکردنەوەی پەلەکاری.

سێیەم: بەخشندەیی و ئارامیی دەروونی نەتەوەی کورد. لەوانەیە هەمووان پرسیار بکەن: ئایا میللەتەکەمان بەخشندەیە؟ با پێتان بڵێم – نەتەوەی کورد زۆر بەخشندەیە، بەخشندەترین نەتەوەی جیهانە لەمڕۆدا. ئەوەی من باسی دەکەم بەخشندەیی دەروونییە. سەیری مامەڵەی کورد بکەن لەگەڵ داگیرکەرانی ، تورک و عەرەب و فارس، بە درێژایی مێژوو و لەهەبمەر کوشتن بڕین و گرتن و هێزێکی کوردی تووندڕەو و تیرۆریستی وەک کاردانەوە درووست نەبووە، بگرە لێبوردەیی هێندە زۆرە تا ئاستی گێلییەتی و دەستخستنە نێودەستی دووژمنانی. لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا فەیلەسوفی ئینگلیز ڕوسیل چوو بۆ وڵاتی چین و لەو ماوەیەدا یەکێک لە کتێبەکانی نووسی، بە ناونیشانی کێشەی چین (وتاری ڕوسیل لە چین). ڕوسیل لە کتێبەکەدا دەنووسێت: ئێمە خۆمان بە بەخشندە دەزانین، لە ڕاستیدا ئێمە تەنها کەمێک لە باوباپیرانمان بەخشندەترین. بەڵام بە بەراورد لەگەڵ چینییەکان، تەنانەت نازانین بەخشندەیی چییە”. بەخشندەیی لێرەدا لەسەر ڕۆح چڕکراوەتەوە کە خاڵێکی زۆر گرنگە.
کانت یەکێک لە کتێبەکانی بە ناوی ئاشتی هەمیشەیی نووسیوە کە گەشەسەندنی مێژوو لە سەردەمی دواتردا دەیسەلمێنێت کە بیرۆکەی کانت بۆ ئاشتی تەنیا فیکری بووە. هەرچەندە ئێمە ڕێزێکی زۆرمان بۆ بیرۆکەکانی کانت هەیە، بەڵام لە ئێستادا با سەیری جیهان بکەین. جەنگ، ململانێ، داگیرکاری تیرۆر … پێموایە لە کۆتاییدا بەخشندەیی گەر بیرکردنەوەی لەگەڵ بێت و حیکمەتی لێبوردەیی بە دڵنیاییەوە گرنگییەکی مێژوویی جیهانی دەبێت. ئەگەر جیهان ئاشتی بووێت، ئەوا دەبێت فێری حیکمەتی بەخشندەیی کورد وەربگرێت. مرۆڤی مۆدێرن چۆن دەبێت لەگەڵ یەکتردا بژیێت؟ بە بڕوای تۆینبی، گەورەترین مێژوونووسی سەدەی بیستەم، “ئێستا مرۆڤەکان تادێت لەسەر ڕێگای مردنی بەکۆمەڵن … دەبێت جیهان فێری حیکمەتی بەخشندەیی بێت. پێویستە نەک تەنها لە حیکمەتی فەلسەفی بەڵکوو لە حیکمەتی سیاسیش بکۆڵرێتەوە”. تۆینبی بە بەتاڵی ئەو قسەیەی نەکردووە.

بێگومان ئەوەی من لە سەرەوە دەیڵێم تەنها بۆ ڕوونکردنەوەی یەک ئەگەرە. جێی مشتومڕە، ڕۆژێ دێت دەبێتە گرفتێکی سەرەکی کە گەلێک خۆی بیرناکاتەوە، بگرە لە سادەترین شتەوە تا قورسترینیان کە لە ماددە سەرخۆشکەرەکانی هەڵبژێردراو و تام و چێژ لە چێشتخانەی تورکی و سووری و هوتێل و یانەی شەوانەی و جل و بەرگ و کەل و پەل و پێداویستی هاوردە و تا خوێندن و پەروەردە و مەعریفە و داڕێژەرانی پلانی سیاسی و ئابووری و بازرگانی عەقڵی بیانی بەڕێوەدەبەن و ئەنجامەکانی داهێنەرییەکەی نەک هەر بریتین لە جێگیرنەکردنی بیرکردنەوەی نەتەوەی کورد وەک نەتەوەیەکی مۆدێرن و بەهێز لەسەر ڕێگەی گەنجبوونەوەی دابێت، بەڵکوو سڕینەوەی تەواوی عەقڵی نەتەوەی کوردە لە ناو نەتەوەکانی دیکە مێژوویی جیهانی گەڵێک نەتەوەی بەمشێوەیەی لە نابردوون و بوون بەکەمینە و بەتەواوی لەناوچوون و تەنیا وەک ناوێک لە مێژوو مانەوە. هەروەها لەوانەیە ئەم وتارەم مانایەکی فەلسەفی بەهێزی هەبێت. بێگومان لێرەدا هیچ پشتڕاستکردنەوە و پشتڕاستنەکردنەوەیەک نەبووە و ئەوەی من دەیڵێم تەنها ئەگەرێکە؛ بەڵام ئەگەرێکی بەهێز. من وەک ئەرکێک بینیم، تاقیکردنەوەیەکە بۆ نەتەوەی کورد. لێرەدا هیچ شتێک پێشوەختە دیاری نەکراوە، بەڵام لە پرۆسەی بیرکردنەوە و گەڕاندا، ئەمە ئامانجە، ئەم ئەگەرە، ئەگەری ئەوەی هەیە کە ڕوونتر و بەهێزتر بێت، گەلێک گەر بیرنەکاتەوە، بەئاسانی لەناودەچێت.




نەوەستان لە کەناردا… رانانی بەکر ئەحمەد بۆ کتێبی کۆمۆنیزمی نوێ

ناوی کتێب: کۆمۆنیزمی نوی، لیکۆلینەوەیەک سەبارەت بە حزب و دەولەت و کێشەکانی کۆمۆنیزمی سەردەم
چاپخانەی کارۆ

سالێ چاپ: 2020
ژمارەی سپاردن: 1457
نووسەر: ئاسۆ کەمال

ڕانانی : بەکر ئەحمەد
2022-07-01

لە یادکردنەوەی مەراسیمەکانی یەکی ئایاری شاری یۆتۆبۆری سویددا، گۆڕەپانی “یان تۆرێت”، جیگایەکی تایبەتی هەیە. بەشێک لەو چەپەی کە لە باری فکرییەوە خۆی لە سوشیال دیموکراتی جیاکردۆتەوە، لەگەڵ چەپی خۆرهەڵاتی ناوەراست و گۆشە جیاوازەکانی دیکەی دنیادا، بە خۆیان و مێز و میکرۆفۆن و چادرەکانیانەوە شوێنێکی هەمیشەییان لەم گۆرەپانەدا داگیرکردووە.
لە کاتی بەڕێکەوتنی ریزی خۆپیشاندانەکاندا، زۆربەی زۆری لایەنگرانی ئەم ڕێکخراوانە، لە پاش پێچانەوەی مێز و چادرەکانیان، لە سوچێکی شەقامەکەدا دەوەستان و سەیری ڕێپێوانی سەندیکالیست و حزبەکانی دیکەیان دەکرد. بۆچی کەس تێکەڵ بەم خۆپێشاندانانە نەدەبوو: نەچوونە ژێرپەرچەمی بزووتنەوەی تر وپاراستنی بێگەردی ئایدئۆلۆژی گرووپی خۆ، لەسەر هەموو شتێکی ترەوە بوو. ئەمڕۆ زۆر کەس دەتوانێ ئەم روونکردنەوە یەکدێڕییە بە بێ هیچ دوودڵییەک بخاتە سەر کاغەز.
یەکێك لەو دیمەنانەی کە لە پەیوەند بەم مەراسیمانەی یەکی ئایاری ئەم گۆڕەپانەدایە و لە یادەووەری من و بەشێکی زۆری هاوڕیکانمدایە لە شاری یۆتۆبۆری، دیمەنی دوو پیرەمێردی هەشتا ساڵەیە کە لە ماوەی چەند ساڵێکدا لە پشت مێزێکی بچکۆلە و میکرۆفۆنێکی دەستییەوە، ئەو بەیاننامە گڕدارانەیان دەخوێندەوە کە دژی سەرمایەداری بوون لە رۆژی یەکی ئایاردا.
ترسی گەورەی بەشێک لەو هاوڕێ قۆشمەچییانەی خۆشمان ئەوە بوو کە مەترسی دڵوەستانی یەکێک لە پیرەمێردەکان هەمیشە لە ئارادابوو کاتێک بەیاننامەکەی خۆیان بە تووندی دەخوێندەوە. سەیر ئەوە بوو، دوای تەواوبوونی خوێندنەوەی بەیاننامەکە، مێزو کورسییەکەیان دەپێچایەوە و دەڕۆیشتن. لە دوای سێ یادکردنەوەی یەکی ئایاردا ، هەواڵێک لە ئامادەبونی ئەوان نەما. دەکرێ کۆچی دواییان کردبێ و یان نەخۆشکەوتبێتن. یان هیوادارم کەسێک هۆکاری ونبوونی ئەم پیرەمێردە سەرسەختانەی بە جۆرێکی تر لابێت و لە ڕوونکردنەوەی سیناریۆ ڕەشەکانی من باشتر بێت.

ئایا ئامادەیی چەپ لە عیراق و کوردستاندا لەمڕۆدا نزیکایەتییەکی هەیە بە دۆخی ئەم دوو کۆمۆنیستە سویدیەوەی کە خۆشیان لەبیریان چووبووەوە بۆچی ڕێکخراوێکیان هەیە و چ کاریگەرییەکیان لە هاوکێشەکانی دەسەلاتدا هەبووە کە بە جیا لە “ئیسپات وجود”ێکی رۆتینیانە لە یەکی ئایارو هەندێک بۆنەی تردا، بۆیان گرنگ نییە بزانن لە کوێی ڕووداوەکاندا ڕاوەستاوون.؟
ئایا چەپ لەمڕۆی کوردستان و عێراقدا بە شوێن پاراستنی دەرودووکانێکەوە نییە کە ڕۆژگارێک دروستکراوە و لەمڕۆدا وەک شوناسێکی سیاسی و ئایدیۆلۆژی ئەندامەکانی سەیری دەکرێت و هیچ جێگایەکی لە ئیعرابی سیاسی کۆمەلگادا نییە؟

وەڵامی ئەم پرسیارەی سەرەوە کە چەپ لە عێراق و کوردستاندا بە جیا لە ئیسپات وجودێکی ڕۆتینیانە لە هەندێک موناسەبات و بەیاننامەڕەشکردنەوەدا ڕۆڵێکی دیکەی نییە، بە مانای بروابوون بەوەی کە گرفتێک لە ئارادایەو دەکرێ بە شوێن وەلامەوە بیت.
پێتوایە هیچ گرفتێک لە ئارادا نییە و ئەم چالاکییانەی کە رۆتینی ئەنجامدەدرێت بەشێک لە کاروچالاکی گروپی خۆیە، دەکرێ سەدان ساڵی دیکە بەردەوام بێت و لە باشترین حالەتیشدا دەکرێ وەک چیرۆکی ونبوونی پێرەمێردەکانی گۆرەپانی “یان تۆرییەت”ی یۆتۆبۆری کۆتایی پێ بێت.
بەلام بۆ “ئاسۆ کەماڵ”، نووسەری کتێبی (کۆمۆنیزمی نوێ)، لێکۆڵینەوەیەک سەبارەت بە حیزب و دەوڵەت و کێشەکانی کۆمۆنیزمی سەردەم، وەلام بە پرسیارەکانی سەرەوە کە چەپ لە ئەزمەدایە و دەکرێ گەران بەشوێن ڕێگاچارە جۆراوجۆرەکاندا ، کۆششیکی گرنگ بێت، دەبێتە کتێبێکی قەوارە 400 پەرەیی و بە بەکارهێنانی سەدان سەرچاوەی کلاسیکی مارکسیستی کۆن و تازە بە شوێن سۆراغی ئەم پرسیارەوەیە: “پاسیڤیزمی چەپ و بیرۆکەی نوێ سەبارەت حزب و رێکخراوبوونی کریکاری تا وەڵامێک بەو کێشانەی رووبەڕووی بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆمیستیی بوونەتەوە بدرێتەوە”
یان بە مانایەکی تر:” چ تێگەیشتنێک لە حزب ، ئێمەی کردۆتە بتێک کە پاسیڤانە لە پەراوێزی کۆمەلگادا قەرارمان گرتووە؟ بۆ ئەمە پێویست بوو حزب لەو بتە چەقبەستووە لە تێگەیشتنی خۆماندا ڕزگاربکەین و پەیوەندی نێوان کۆمۆنیزم و چینی کرێکار و خەباتی چینایەتی و حزب و پرۆسەی میژوویی شکڵگرتنی حزب وەک ستراکتۆری چینی کریکار بناسین”.
بۆ ئاسۆ کەماڵ ، بەشێکی گەورە لە پرسیاری ئەم ئەزمەیەی کە درێژەی هەیە، لە تێروانینی ئەم بزووتنەوەدایە بۆ حزب و پەیوەندی نێوان حزب و چیندا خۆی دەردەخات . بە تایبەت لە رێکخستنی کریکاراندا.
کتێبی کۆمۆنیزمی نوێ، گەرانێکی قوڵی ڕەخنەگرانەیە بە مێژووی سوشیالیزمی دەوڵەتی سەدەی بیست دا و ئاوڕدانەوەیەکی چاوتیژانەیە بە پرۆسەی پەیوەندی نێوان کار و خەباتی چینی کریکار و دروستکردنی رێکخراو و ئەحزابی سیاسیدا. ڕاوەستانێکی بە ئاگاهانەیە لەبەرانبەر تاقیکردنەوەکانی چینی کرێکاردا لە سۆڤێت دا و دەرخستنی گۆشەنیگای تازەترە لە پەیوەند بەو جەدەلە سیاسییە هەمیشەییەی کە شکستی شۆڕش لە ئۆکتۆبەری ڕوسیادا دروستی دەکات.
بەشێکی گرنگی ئەو رەخنانەی لە تاقیکردنەوەی مۆدێلی سۆڤێتی کە لە ئاستی نێونەتەوایەتیدا گیراون لەسەر ئامادەیی بیرۆکراتیزمە لە دەسەلاتی سیاسی بەلشەفییەکاندا، ئاسۆ کەمال لە کتێبی کۆمۆنیزمی نوێدا، جەدەلی بیرۆکراتیزم و سەرنجدان لێی لە ئاستێکی بالاتری سیاسی و تێگەیشتنێکی رادیکالانەتردا باس دەکات کە جێگای بەرزنرخاندنە.

بە بڕوای من، ناونیشانی کتێبەکە : لێکۆڵینەوەیەک سەبارەت بە حزب و دەولەت و کێشەکانی کۆمۆنیزمی سەردەم ، خوێنەر دەخاتە سەر خەیاڵی وەلامدانەوەیەکی فراوان بەم گرفتانە لە ئاست جوگرافیایایەکی گەورەی نێونەتەوایەتیدا. وەک ئەوەی کە گرفتی پەیوەندی نێوان حزب و چینی کرێکار بەو مۆدێلەی کە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتەکانی ژێر دەسەلاتی دیکتاتۆریدا بە زەقی هەستی پێدەکرێ هەمان گرفت بێت لە ئەمریکا و بەشێکی زۆری ئەوروپادا. یان وەک ئەوەی لەکەناردابوونی چەپ لە ئەوروپادا هەمان دەردێک بێت کە لە عێراقدا چەپ بە دەستییەوە گیری خواردووە. ئەم تێروانینە کێشمان دەکاتە ناو ئەو پرسیارەی کە ئایا چوارچێوەی ڵێکۆڵینەوەکە کوێیە؟ ئەوەی کە دەبێ سنوورداربکرێت و تیشکێکی گەورەی نەخرێتە سەر کامەیە. ئەمە دەکرێ ئەو تێبینیە بێت کە لە بواری لێکؤڵینەوەی زانستیدا دەبێ لە بەرچاو بگیرێ. بە تایبەت لە کاتێکدا کە بەشێکی گەورەی لێکۆڵینەوەکە لە تاقیکردنەوەی کۆمۆنیستەکانی کوردستان و عێراقە لە پەیوەند بە پرسیارەکانی حزب و ڕیکخستنی کریکاریدا.

ئاسۆ کەمال، خۆی ئەکتیڤیستێکی سیاسیە کە دەست بە داوێنی لێکۆڵینەوەی زانستیەوە دەگرێت تا وەلام بەو پرسیارانە بداتەوە کە بزووتنەوەکەی ئەوی لە چەقبەستنێکی هەمیشەیدا ڕاگرتووە ، هەر بۆیەش لە هەندێک جیگای لێکۆلێنەوەکەدادەنگی منی لێکۆڵەرەوە دەدرێتە دەست دەنگی منی ئەکتیڤیست و ئەو ئۆبژێکتیڤیتییە زانستییەی لە ڕەچاوکردنی نووسینی زانستیدا دەبێ ڕەچاو بکرێت کاڵ دەبێتەوە. ئەم نموونە کورتەی خوارەوە دەکرێ لە هەندێک شوێنی دیکەی نووسینەکەدا ببینرێت:” چ تێگەیشتنێک لە حزب ، ئێمەی کردۆتە بتێک کە پاسیڤانە لە پەراوێزی کۆمەلگادا قەرارمان گرتووە؟ بۆ ئەمە پێویست بوو حزب لەو بتە چەقبەستووە لە تێگەیشتنی خۆماندا ڕزگاربکەین”
خالێکی دیکە کە دەکرێ جێگای سەرنج بێت ئەوەیە کە گەرانەوەی چەپە بۆ کلاسیکیاتە گرنگەکانی مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکس لە پەیوەند بە پرسیارەکانی رێکخستن و حزبایەتیدا لە زەمەنی گلۆبازیزەیشن و سەرمایەداری ئەمڕۆدا. بە تایبەت لەکاتێکدا تیۆریەکانی ئیدارە و بەڕیوەبردن لە ئاستە زانستییەکەیدا و لە ناو جومگە گرنگەکانی زانستە جۆراوجۆرەکاندا ، سەدەها مۆدێلی رێکخستنمان پێشکەشدەکات کە دەکرێ لە پەیوەند بە پرسیارەکانی رێکخستندا کەڵکی لێوەربگیرێت. ئایا بەێوەبردنی مایکرۆسۆفت و ئەپڵ و تۆیۆتا لە بازاڕێکی گڵۆباڵدا و بەو هەموو کەرت و لق وپۆپانەویە دەکڕی جێگای سەرنج بێت. تاقیکردنەوەی گەریلاکانی چیاپاس لە مەکسیک و بەکارهێنانی ئەو فرسەتانەی “نیتوۆرک”ەکانی ئەمڕۆی سەرمایەداری نموونەیەکی سادەیە.

بە بڕوای من کتێبی کۆمۆنیزمی نوێ شایەنی خوێندنەوەیەکی قوڵترە، نەک هەر بۆ کەسانێک کە بە شووێن پرسیارەکانی سیاسەت و رێکخستنی سۆشیالیستییەوەن، بەلکو زانیاریەکانی ناو کتێبەکە گەڵێک گرنگن و کەسانێک کە بەشوین تێروانێکی مەتریالیستانەی ئەمڕۆییەوەن بۆ بەشێکی گرنگی ڕووداوەکانی سەدەی نۆزدە و بێست کە تا ئیستاش کاریگەری ڕۆژانەیان لەسەر ڕووداوەکانی عێراق و کوردستان هەیە ، دەکرێ خوێندنەوەیەکی زۆر بەسوود بێت.
بەڵام خاڵێک کە ناکرێ چاوپۆشی لێبکرێت ئەوەیە کە بۆچی کتێبخانەی کوردی لەئاستی ئیلیتە کولتورییەکەیدا نووزەیەکی لێدەرنایەت بۆ ئاوڕدانەوە لە کارێک کە بەڕاستی شایەنی ئەوەیە لە بەرانبەریدا رابوەستیت. من بە جیا لە کولتوری ئاوڕدانەوە لە بەرهەمی دۆست و هاوڕی نزیکەکانی خۆ لە بازنەی مەدح و سەنایەکی یەکترگەورەکردندا و رەنگە ئایدۆلۆژیەکانی کە دەکرێ ئەم کتێبەی پێ مۆربکرێت هیچ هۆکارێکی دیکە نابینمەوە.
بەلام بۆ بزووتنەوەیەکی سیاسی کە بەشێکی گەورەی رەخنەکانی ئەم کتێبە ئاراستەی ئەوانە ، مەبەست لە حزب و گروپە جیاوازەکانی کۆمۆنیزمی کرێکارییە لەعێراق و ئێراندا، بێدەنگییەکە سەد هێندەی تر کوشندەترە.
بەلام بەرلەوەی ئینسان جێگایەکی گەورە یان ىچووک بۆ ئەم بێدەنگییەی چەپ تەرخان بکات لەبەرانبەر ئەم کتێبەدا کە بەشێکی گەورەی ڕەخنەکە رووی دەمی لەوانە، هەستدەکرێت ئەو دۆخەی لە ناو چەپی کوردستانی عێراقدا و ئێراندا دەگوزەرێ وەک ئەزمەیەک سەیر ناکرێت و ئینسان رازییە بە درێژەپێدانی ئەو ڕەوتەی کە لە کۆتایی هەشتاکانەوە گرتوویەتە بەری و لە باشترین حالەتەکانیدا، حزبی کردۆتە چەترێک کە لە پرسی مردنی کادر و ئەندامەکانییدا یان یادەوەرییە کرێکاری و حزبیە نێونەتەوایەتیەکاندا وەک یادەوەرییەکی جاویدان، وەک نوستالژیایەک بە دەوریدا کۆببنەوە. دۆخێک کە لە ڕەوتەکانی دیکەی ناو چەپی عێراقدا بە زەقی دیارە و ئەو چەپە نوێیەی کە بڕیاربوو بە ڕەخنە لەم ترادیسیۆنە سیاسی و ئایدیۆلۆژیە سنوورەکانی خۆی ڕابگەێنێ، لە ئێستایدا لە ناو هەمان کولتور و ترادیسیۆنی هێزیكی سیاسی سونەتیدا بە تەواوەتی گیریکردوە و بە لەکەناردابوونی خۆی ڕازییە .




زۆڵە ژورنالیست… ئازاد حەمە

(((پێشکەشە بە خانمە ژورنالیست شیرین ئەبو عەقلە و هاوشێوەکانی، کە یەکلابووەوە بە گولەی ئیسرائیلییەکان کوژراوە)))

دەستپێک: زۆڵەکان بەرهەمی داڕمانی ڕەوشتیین

لەم سەرەتایەوە زۆر بەڕاشکاوی دەڵێم، زۆڵە ژورنالیستەکان بەرهەمی داڕمان(کۆلاپس)ی ڕەوشتیی کۆمەڵگەی ئێمەن و میدیای سێبەریش دایکی ڕاستەقینەی زۆڵە ژورنالیستەکانە. ئەم جۆرە، یان چەشنە(کاتیگۆری) لە ژورنالیست لە زۆر کۆمەڵگەدا هەن و دەکرێت کۆمەڵگە گەندەڵەکان بە شوێنی سەرەکی زۆڵە ژورنالیستەکان لەقەڵەمبدرێت.
لە کۆمەڵگە گەندەڵەکان، ئەڵبەتە لە کۆمەڵکە زۆرداریی و سەربازیی و دیکتاتۆرەکانیشدا، کە لەوێندەرێ زۆڵە ژورنالیستەکان بازاڕیان گەرمە، سیاسەت دووفاقانە کاردەکات. ئەمەش گرفتارئامێزیی و بێ مافیی بۆ مرۆڤەکان دێنێت.
سەرباری ئەوەی وترا، لە دیدی سیاسیی و سۆسیۆ-ئابوورییەوە توێژەران لەسەر ئەوە کۆکن، کە کۆمەڵگە گەندەڵەکان کۆمەڵگەگەلێکی چەتەئامێز، مافیاگەرا و تاکڕەون. لەبەرئەوە ژینگەی ئەم جۆرە کۆمەڵگانە لەبارە بۆ هاتنەدونیای زۆڵە ژورنالیست و زۆڵەکانی بواری پێشەکانی تریش(داد، پەروەردە، تەندروستی، ڕوناکبیریی، ئەکادێمی).
هەرچی کۆمەڵگە نا-گەندەڵەکانە دیاردەکانی لەبنڕا جیاوازن. لە کۆمەڵگە نا-گەندەڵەکاندا زۆڵە ژورنالیستەکان جێگایان نابێتەوە. نەک هەر لەبەرئەوەی لەوێندەرێ هاریکاری مادی ناکرێن، مافی تاک پارێزراوە، یاسا سەروەرە و تەمەنی میدیای سێبەریش کورتە، لەبەرئەوەش، کە هاوڵاتیانی ئەو کۆمەڵگانەی بە گەندەڵی ئاشنانیین خاوەنی ئەو جۆرە ئاگایی و روناکبیرییەن، کە دەزانن کاریان بە میدیای سێبەر مەیسەرنابێت و کێشە سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکانیشیان لەژێرسایەی میدیای سێبەر وەک خۆی دەمێنێتەوە.
بە حوکمی ئەوەی زۆڵە ژورنالیستەکان لە کۆمەڵگە گەندەڵەکان دوانەییانە(دووفاقانە) کاردەکەن و پەیوەندیشیان بە کەسی یەکەم و دووەمی ناو حیزبەکان و بگرە سەرمایەدارەکانەوە بەهێزە بەردەوام پارێزراون.
لێرەوە بە پێویستم زانیوە لەڕێگای جۆرێک لە زۆڵەوە، زۆڵە ژورنالیست، قسە لە زۆڵگەرایی ناو کۆمەڵگەی نوێی خۆمان بکەم و دواتر بچمە ناخی وشەدانی ئەم چەشنە لە زۆڵ. تا ئەو دەمەی سیاسەتی هەڵە سەروەر بێت کۆمەڵگە بەردەوامدەبێت لە ناولێنانی ئەم جۆرە زۆڵە و زۆڵەکانی ناو پیشەکانی تریش بە لێهاتوو و هۆشیار.
ئەو نیازەی لەدووتۆێی ئەم باسە پوختەدا خوازیارم بیپێکم، ئاکاری سەمەرەی زۆڵەکانی نێوەندی ڕۆژنامەگەریی کوردییە. واتە، ئەوەی لەم کورتە نوسینە باسیدەکەم ئەو زۆڵە نییە بە زۆڵی لە دەرەوەی پەیوەندییەکی نایاسایی لەدایکدەبێت، بەڵکو ئەو زۆڵەیە لە ئامێزی خێزانێکی نۆرماڵ پەروەردەدەکرێت و وەکیتریش وەک کەسێکی زۆڵەشەیتانی بێباک و دژە بەها ڕەفتاردەکات.
لەمیانەی ئەم دەستپێکەشەوە دەپرسم: کێ زۆڵە ژورنالیستە؟ چۆن دەبیت بە زۆڵە ژورنالیست؟ ئایا زۆڵی جۆرێکە لە زیرەکیی؟ یان زۆڵی جۆرێک لە زرنگیی تایبەتی تیاپەنهانە؟ دەکرێت زۆڵ بیت و لە تەلەفزیۆنێک کاربکەیت؟ لەناو ستافی ڕوناکبیریی گۆڤار یان ژورناڵیک دا بیت؟ ئەمانە و چەندین پرسیار و تێڕامانی دی دەبنە هەوێنی قسەکردنەکانم.
کۆتا وتنی ئەم دەستپێکە ئەوەیە، کە داوادەکەم خوێنەری ئەم چەند دێڕە زۆڵە ژورنالیست لە ژورنالیستی ڕاستەقینە جیابکاتەوە و ئەندێشەی خۆی ڕادەستی زۆڵە ژورنالیست نەکات و هەواڵ و ڕووماڵەکانی بەهەندوەرنەگرێت و وەک دوژمنی وتنی ڕاستیش تەماشایبکات.

زۆڵگەردانی
ڕوونە، کە دەستەواژەی زۆڵ لە خودی خۆیدا نەختێک، بگرە زۆریش، سەمەرەیە، ئەو دەمەش، کە دەدرێتە پاڵ ژورنالیست ڕووبەری سەمەرەبوونەکە زیاتردەکات و لەوسەریشەوە خۆی پتر کاریگەر و سەرسامکەر نیشاندەدات. بەڵام زۆڵگەردانی وەک پاشاگەردانی نییە. پاشاگەردانی لەئاکامی بێ سەرۆکی و نەبوونی سەرکردەی ڕاستەقینەوە دەردەکەوێت و پشێویی و نائارامی دەکات بە بنەمای خۆی، هەرچی زۆڵگەردانییە لێرەدا بەو واتایە بەکاردێت، کە هەر زۆڵە و بۆخۆی دەژیت و دونیای خۆی بە ئارەزووی خۆی دروستدەکات.
بەپێی دەستوری زۆڵگەردانی بێت ڕاستگۆیی لە هەڵوەدا و تەرە دا دەژیت و زۆڵیش زۆڵی تر قوتدەدات و چارەنوسی زۆڵگەردانیش بەدەست زۆڵترینەوە دەبێت. ئەمە سەرباری ئەوەی زۆڵ لە دەمی زۆڵگەردانیدا یاری جیاواز و چاوەڕێنەکراو دەکات.
لەبەرئەوەی باسکرا، بۆ من نوسین لەسەر زۆڵە ژورنالیست پڕە لە تاسە و پەژارەیی. نوسین لەوبارەیەوە بۆ خۆشی و خەندە نییە. نوسینی لەم شێوەیە نوکتەئامێزی و خەندەئامێزی بەدوای خۆیدا ناهێنێت. بۆ من نوسین لەسەر بوونی زۆڵە ژورنالیست لە کۆمەڵگەی نوێی ئێمەدا مایەی سیس بوون و ژاکانی ئاکارە(موراڵە).
بوونی ئەم چەشنە لە ژورنالیست ئاماژەیە لەسەر یەکگرتنەوەی بێباکی لەتەک ناکامیدا. زۆڵە ژورنالیست ڕۆژانە بە پەناماندا تێدەپەڕیت و لەناو گەرمایی ژیان کەسیرەمان دەکات(کەسیرەبوون= گرژهەڵاتن لەسەرماندا).

کێ زۆڵە ژورنالیستە؟
پرسیاری هەرە بناغەیی ئەم نوسینە ئەمەیە: کێ زۆڵە ژورنالیستە؟ ئەوانەن، کە تەنیا لە خەونی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندان. ئەوانە سایکۆپاتی (دروونبیمار) psychopath ئێستاشمانن. زۆر بەدەگمەن زۆڵە ژورنالیستەکان زیانیان بەردەکەوێت. گەر تۆزقاڵە زیانێکیشیان بەرکەوێت ئەوا یان نەخشەیان بۆداناوە، یان بە ڕێکەوت بەریانکەوتووە، لێ ئەو دەمەش یەک نەخت زیانیان بەردەکەوێت قازانجێکی زۆر لەوە دەکەن. نموونەشمان لەسەر ئەوە زۆرە.
کێ زۆڵە ژورنالیستە؟ ئەوانەن، کە خەو بە تراجیدیاوە دەبینن. زۆڵە ژورنالیستەکان خوازیارن تراجیدیا ڕووبدات، تا بەهۆیەوە دەرکەون و بێنەگۆ. ئەوەی لەم حاڵەتەدا زۆڵە ژورنالیست لە ژورنالیستی ڕاستەقینە جیادەکاتەوە ئەوەیە، کە زۆڵە ژورنالیست لەسەر تراجیدیا و کارەساتی جەرگبڕ مشەخۆرە. ئیدی دوای ئەوە مانشێتی سۆزاوی و وروژێنەری زۆڵە ژورنالیست لە گشت لایەکەوە خۆی دەکات بە ئەندێشەماندا.
بەو جۆرە بێت کێ زۆڵە ژورنالیستە؟ زۆڵە ژورنالیستەکان ئەو جۆرەن، کە شەیدای مایکرۆفۆنن. لە کوێ تراجیدیایەک هەبێت لەوێندەرێ دەپەیڤن، کە دەشپەیڤن خۆیان وەک کۆتا مرۆڤدۆستی سەرزەمین نیشاندەدەن. ئەمەش لەبەرئەوەی زۆڵبوونەکەیان وایانلێدەکات پیشەکەیان لا بێ بەها و ناکاریگەر بێت.
ئاشکرایە، کە پیشەی ژورنالیستی شتێکی پڕمانا و بەرپرسیارئامێزییە، لێ زۆڵیەتی وادەکات پیشەی ژورنالیستی بە ئاقارێکی سەرلەبەر جیاوازدا بڕوات.
کێ زۆڵە ژورنالیستە؟ دەشێت ئەوانەبن، کە بەردەوام چەنەلێدەدەن و پێشیانوایە گشت ڕاستی وا لەبەرباخەڵی ئەواندا. وەکیتریش زۆڵە ژورنالیستەکان سۆفیستەکانی Sophist (سوفستاییەکانی یۆنانی کۆن) سەردەمی ئێستامانن و پرۆتۆگۆراس Protagoras و گۆرگیاس Gorgias یش بە شاگردی خۆیان نازانن. یاریکردن بە ڕاستی و وشەفرۆشی باشترین کاری زۆڵە ژورنالیستەکانە و لەگەڵ زاڵبوونی ئاکاری نیولیبرالیزمیش زۆڵە ژورنالیستی وەک پەتا لێرە و لەوێ دا بڵاوبووەتەوە.
ئەو شیاوییانەی وتاری سیاسیی نیولیبرالیزم خستوویەتە بەردەست زۆڵە ژورنالیستەکان لە دیرۆکی سەرمایەدارییەوە سەرچاوەدەگرێت. کۆمەڵگەی تازەش لە زۆر ڕووەوە قۆرت و چەوتیەکانی هەر لەم وتارەوە بەدەستهێناوە.
دیسانەوە دەپرسم: کێ زۆڵە ژورنالیستە؟ له‌ بنچینه‌دا، ئەمە ئەو کەسانە دەگرێتەوە، کە لە سەر هەموو شتێک و لە هەموو شوێنێک دەنووسن و لەکۆتایشدا هەستدەکەین هیچیان نەنووسیووە. زۆڵە ژورنالیستەکان زۆر دەنووسن و بێ پرینسیپانەش دەنووسن. نووسین لای ئەمانە وشەسازییەکی ڕۆژانەیە و تانە و پلار، تەشەرە و توانج بەهەندوەرناگرێت. نووسینی پووچ و سەرەڕۆ، یان ئەو جۆرە نووسینەی بێباکی و نابەرپرسیاریی بەرهەمدێنێت بەری بیری زۆڵە ژورنالیستەکانە.
سەرباری ئەوە، دەخوازم دووبارە بپرسمەوە کێ زۆڵە ژورنالیستە؟ ئەو جۆرەن لە ژورنالیست، کە ناهێمن و چەنەباز و پۆپۆلیستن. زۆڵە ژورنالیستەکان لە وتنا گەرم و زۆربڵێن. وا قسەدەکەن کە دایکی ڕاستیین، لێ دەمێکە ڕاستیی قوربانی دەستی ئەمانەیە و وەکیتریش خۆیان وەک گوناح و فریشتە نیشاندەدەن.
دەپرسمەوە کێ زۆڵە ژورنالیستە؟ ئەوانە زۆڵە ژورنالیستن، کە یاریزانن. یاری بە وشە، بە ڕاستی و بە ڕووداو دەکەن. ڕاستی بۆ ئەم جۆرە لە ژورنالیست بریتییە لە ڕیزکردنی وشە. ڕوداوەکانیش بۆ ئەمانە تا ئەو جێگایە مانادارە، کە خۆیان لە ناو مانشێتێکدا دەبیننەوە.
بەم جۆرە بێت بۆ دواجار دەپرسم: کێ زۆڵە ژورنالیستە؟ ئەوانەن، کە پارێزەری بێدادییەکانی کۆمەڵگەن، لەسەر خوانی سیاسی و دەوڵەمەندەکانی کوردستان باس لە کاری ڕۆژنامەوانیی خۆیان دەکەن. بگرە هەر زۆڵە ژورنالیستەکانیشن، کە ڕاستەوخۆ ژیانی هیچ سیاسی و دەوڵەمەندێک ناخەنە ژێرگومان و مەترسییەوە.
بەڵێ زۆڵە ژورنالیستەکان مانشێتە سەرنجڕاکێشەکان لە باخ و سەرمێزی خواردنەوەکان دەستنیشاندەکەن. تاساڵانێکیش لەمەوبەر ئاگام لێبوو، کە زۆڵە ژورنالیستەکان بابەتی مانشێتە گرنگەکانیان لە باخ و سەرمێزی خواردنەوە لەگەڵ سیاسیی و دەوڵەمەندەکان دادەڕشت. زۆرجار زۆڵە ژورنالیستەکان ناونیشانی مانشێتە هەستیارەکانیان بەدەم قاقا و نوکتەوە دەهۆنیەوە و بەجۆرێکیش ڕێزمانی مانشێتەکانیان دادەنا، کە نزیک بێت لە بەرژەوەندی سیاسیی و بازرگانەکان. بەجۆرێک ڕاستییەکانیان لە ناواخنی مانشێتەکانیان دەئاخنی، کە نە شیش بسوتێت نە کەباب.

ئەوەی زۆڵە ژورنالیست لە ژورنالیستی ڕاستەقینە جیادەکاتەوە
بوون بە زۆڵە ژورنالیست بەڕێکەوت نییە و کۆشش و تەقەلایەکی زۆر و بێ وچانی دەوێت. وەکیتر، گێلەکان نابنە زۆڵە ژورنالیست. ئەوانە دەبنە ئەمە، کە جۆرێک لە زرنگی و هۆشیاری تایبەتیان هەیە و بە بەرژەوەندییەکانیشیان ئاشنان. ئەمانە، زۆڵە ژورنالیستەکان، دەزانن چیدەکەن، لە کوێ چی دەڵێن و چۆنیشی دەڵێن. بۆیە ئەوەی زۆڵە ژورنالیست لە ژورنالیستی ڕاستەقینە جیادەکاتەوە زۆر شتە. لای خوارەوە هەندێکیان بەسەردەکەینەوە.
زۆڵە ژورنالیست بەردەوام هەیە و لە هەموو شوێنێکیشدا دەردەکەوێت. ئێستا لێرەیە، لە سلێمانییە و تاوێکیتر لە بادینانە. سبەی لە هەولێرە و دواتر لە هەڵەبجەیە. گشت شوێنێک دەکات بێ ئەوەی دووچاری مەترسی ببێتەوە. ئەوەش، کە وادەکات دووچاری هێچ کێشەیەک نەبێتەوە تایبەتمەندییە سۆفیستییەکەیەتی. ئەمەو ئەم جۆرە زۆڵە جارجارە لەو جەولانە خەو بە ڕووبەڕووبونەوە و پەلاماردانێکیشەوە دەبینێت. ناوبراو مردووی شوێنە گشتی و قەرەباڵغەکانە، نەک تەنیا لەبەرئەوەی کارەکەی ئەوەی لێداوادەکات، لەبەرئەوەش، کە سایکۆلۆجیای زۆڵایەتی لە ناخی زۆڵە ژورنالیستدا کارایە.
زۆڵە ژورنالیست بۆ ئەوەی هەبێت و بەردەوامبێت پێویستی بە دراما و داستانە. پێویستی بە درێژدادڕی و کاوێژسازییە. بەواتایەکیتر، ئەم جۆرە ژورنالیستە لەسەر قەیرانەکانی ئێمە دەژیت. تا قەیران هەبێت ئەو مانشێتی وروژێنەر و یاریئامێزانە دادەڕێژێت.
هەرچی ژورنالیستی ڕاستەقینەیە، کە بوونی لە کۆمەڵگەی ئێمە و هاوشێوەکانی خەریکە دەبێتە شتێکی دانسقە و دەگمەن، ژیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە. بۆ ژورنالیستی ڕاستەقینە وتنی ڕاستی سەروی گشت وتنەکانە. هاوکات ئەم جۆرە ژورنالیستە لە خۆڕا ناپەیڤێت، کە دەشپەیڤێت ڕاستی لە ناڕاستی جیادەکاتەوە و خۆی لای سیاسی و دەوڵەمەند ناشریندەکات. ئەمەو ئەم شێوە ژورنالیستە مات و خەمبارە و کارەکانی، کە بریتیین لە بەدواچوون و یەکلاکردنەوە، دوور لە سۆز و ڕاگرتنی بەڵانس ئەنجامدەدات.
لەوەی باسکرا سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە، کە ژورنالیستی ڕاستەقینە بێباک و قۆشمەچی نییە. ئامادەیە سەری خۆی لەپێناو گەیشتن بە وەڵام بۆ پرسیارێکی هەستیار دانێت. ژورنالیستی ڕاستەقینە، ڕێک بە پێچەوانەی زۆڵە ژورنالیست، هۆگری کارەکەیەتی و لە بنەچەی کارەکەشی واحاڵییە، کە ئەرکێکی ئاکاریی(موڕالیی) لەسەرە و قەرزێکی ڕەوشتیشی لەئەستۆدایە.
وێڕای ئەوە، ژورنالیستی ڕاستەقینە بە سەلیقەوە لە سەختگیرییە ژورنالیستییەکان دێتەدەرێ و بەکارامایشەوە دژوێژ (پارادۆکس)ەکان شیکاردەکات. ڕچەشكێنی ژورنالیستی ڕاستەقینە ئەوکاتانە دەردەکەوێت، کە گورزێکی سامناک لە بەرژەوەندییەکانی دەسەڵات دەدات و چاوپۆشیش ناکات لە بی مافییەکان.

زۆڵە ژورنالیستەکان بەرهەمی میدیای سێبەرن
سەری باس و بنی باسی زۆڵە ژورنالیستەکان میدیای سێبەرە و هەر خۆشیان زووزوو دەمانکەن بە دوژمنی ئەم جۆرە میدیایە. لەبەرئەوەی میدیای سێبەر بەخێوکەر و دروستکەری زۆڵە ژورنالیستەکانە بەردەوام قاچێکیان لەناو ئەم میدیایەدایە. بەدڵنیاییەوە میدیای سێبەر ئەو چەشنە لە ژورنالیست دروستدەکات، کە دەزانێت کێکە گەورەکە لە کوێیە. بۆ زۆڵە ژورنالیستەکان کێکە گەورەکە وا لەناو میدیای غەیرە سێبەر. باشە بۆ؟
لەبەرئەوەی ئەم جۆرە ژورنالیستانە کەسانێکی دەبەنگ و ناوریا نیین، ئەو نەختە کێکەیان بەلاوە مەبەست نییە لە دەڤەری میدیای سێبەردایە. ئەمانە چاک لەوە حاڵیین مانەوەیان لە زۆنی میدیای سێبەر شتێکی کاتیی، یارییەکی دۆڕاو و بی گەرانتییە، بۆیە زۆڵە ژورنالیستەکان گشت بوونی خۆیان و تەکنەلۆژیا زۆڵاویەکەیان لە بەرگێکی تردا لەناو میدیای غەیرەسێبەر دەخەنەگەڕ.
بەزمەکە لەوەدایە، ئەو ماوەیەی زۆڵە ژورنالیستەکان لەناو میدیای سێبەر بەسەریانبردووە، بە جۆرێکی تر بە ئێمەی دەفرۆشنەوە و وەک قۆناغێکی زێڕینی خۆشیان تەماشیدەکەن؛ گوایە لەوێندەرێ کاری دەگمەن و تایبەتییان کردووە. وێڕای ئەوە، ئەوەندەی لە شەڕی نێوان زۆڵە ژورنالیستەکانەوە فێری ڕاستیبێژی دەبین و بە شاراوەکان ئاشنادەبین ئەوەندە لە شەڕی نێوان زۆڵە ژورنالیستەکان و ژورنالیستە ڕاستەقینەکانەوە شت فێرنابین. شەڕی نێوان زۆڵە ژورنالیستەکان شەڕە لەپێناوی پلەوپایەی ناو ڕاگەیاندن و دابەشکردنی کێکی داهاتوو، نزیکبوونەوە لە سیاسی و سەرمایەدارەکان و چەندین دیاردەیتر.

زۆڵە ژورنالیست کەسایەتییەکی سایکۆپاتی(دروونبیمار) هەیە
بە بی گومانەوە، هێما بۆ ئەوە دەکەین، کە زۆڵە ژورنالیست کەسایەتییەکی سایکۆپاتی psychopath (دەروونبیمار) شی هەیە. کەسی سایکۆپات کەسێکی دەروونناساغی بێ سۆز و ئاکار لادەرە. تابڵێیت درۆزن و هەڵخەڵەتێنەر و ڕەفتار ترازاوە. لەوە سەمەرەتر کەسی سایکۆپات هەست بە ناموردای و تێکشکانی خۆی ناکات. ئەگەرچی زیرەکییەکی ڕووکەشیشی هەیە، لێ خۆپەرستییەکەی، کە لە لوتکەدایە، ئەوەی لێتێکدەدات. سەرباری ئەوە، ئەم جۆرە کەسە بێ شەرمە و توانای دادوەری ڕاستەقینەی نییە و بەردەوامیش لە خەمی خۆی دایە.
کەوابێت ئەوەی لای سەرەوە سەبارەت بە کەسایەتی سایکۆپات وترا لە زۆر ڕووەوە لە زۆڵە ژورنالیستیش دا بەدیدەکرێت. زۆڵە ژورنالیست ئەو دەروونبیمارەیە ناشێت پشتی پێببەسترێت. کەسی لەم جۆرە بەرامبەر بە کێشەکانی کۆمەڵگە بێباکە و خەو بە بەسەرهات و ئاشوبەوە دەببینێت.
زۆڵە ژورنالیست هەرگیز ژیانی، بەرژەوەندییەکانی، ناخاتە بەر مەترسیی و جۆرە هەڕەشەیەکەوە، کە بێدەرەتانی بکات. ئەمە ئەو کەسەشە، کە ناخوازێت موغامەرە بکات و بۆئەوەی دەرفەتی ئەوەشی بۆ دروستبێت لەبەردەم مایکرۆفۆن دا قسەبکات و دلۆڤانی خۆی بۆ سیاسیی و سەرمایەدارەکانی کۆمەڵگە نیشانبدات بێباکانە گومان لە ئاکاری ژورنالیستی ڕاستەقینە دەکات.

زۆڵە ژورنالیست دوژمنی ڕاستییە
کاری ژورنالیستی کارێکی لێوڕێژە لە گەڕان بەدوای گەواهی و بەڵگە، لە خستنەڕووی پڕنۆ(دەلیل) و ساغکردنەوەی ڕاستییەکان. ئەمە بۆ زۆڵە ژورنالیست بەجۆرێکی ترە. لەبەرئەوەی ئەو دوژمنی ڕاستییە بکوژی سەرەکی دادیشە. بەم شێوەیە بێت، ئەوەی ناوبراو تێیناگات، یاخود ناخوازێت تێیبگات، ڕاستییە. بەڵام زۆڵە ژورنالیست بۆ ئەوەی هەبێت و بەرژەوەندییەکانیشی پارێزراوبێت لە هیچەوە ڕاستی دروستدەکات. کێشەی ئەم جۆرە لە ڕاستی ئەوەیە، کە کەس پێویستی پێی نییە. ڕاستییەک بەرهەمی هیچیی بێت ناڕاستییە و دژی تاکەکانی کۆمەڵگەشە.
ڕاستییەک لە منداڵدانی هیچییەوە بێتەکایەوە دژە بەهاو و بەدفەڕ و بەدنیهادە. بۆیشە کۆمەڵگەی گەندەڵ بەهەشتی زۆڵە ژورنالیست و دۆزەخی ژورنالیستی ڕاستەقینەیە. لە سۆنگەی ئەم لایەنەشەوە بەوە دەگەین، کە بیر و ڕەفتاری زۆڵەکانی ناو ژورنالیستی ئەمڕۆمان شیرازەی کۆمەڵگەیان لەبەر یەک هەڵوەشاندووەتەوە.
زۆڵەکان لە ئێستادا، لە کۆمەڵگەی تازەی کوردی دا، زۆر و زەبەندەن، ژمارەیەکی بێ شومار لە زۆڵ لە نێوەندە هەستیارە جیاجیاکانی کۆمەڵگەدا کاری خۆیان دەکەن و کاریگەریی زۆڵانەی خۆشیان ڕۆژانە لەو نێوەندانەدا دادەنێن.
لێرەدا هیچ دور ناڕۆم گەر بلێم: ژمارەیەکی بێ شومار زۆڵمان لە پەرلەمان، لە وەزارەتەکان، لە زانکۆکان، لە سەنتەرەکانی ڕوناکبیری، لە پەروەردە و لە تەندروستیدا هەیە. زۆرێکیش لەمانە ژورنالیست و میدیای تایبەت بە خۆیان هەیە. ئەم زۆڵانە تێکدەری ڕیشاڵی کۆمەڵگەن و لە داڕمان و گەندەڵکردنیشی بەرپرسیارن.
بەبێگومانە دەڵێم: لەژێر سایەی زۆڵەکان، زۆڵەژیرەکان، نەک هەر سیاسەت، پەروەردە، فێربوون و کردی ڕوناکبییریی بی بەها و قێزەوەنکراوە، ئەوەش قێزەوەنکراوە، کە پێیدەڵێن کاری ژورنالیستی و گەیاندنی هەواڵ و زانیاریی.

چۆن لە زۆڵە ژورنالیست ڕزگارمان بێت؟
ئەوەی كه هەمیشه، بۆ زۆرێک، لێرەدا جێگای پرسیاره ئەوەیه، کە زۆڵە ژورنالیست خۆی بەرهەمی خۆیەتی، یان لەدەرەوەی خودی خۆیەوە دێتەکایەوە؟ لە دەستپێکدا جەختمانلیکرد، کە زۆڵەکان بەرهەمی داڕمانی ڕەوشتیی کۆمەڵگەی ئێمەن. بەم جۆرە، بە چاککردنی ئەم ڕەوشتە ڕزگارمان دەبێت لەم جۆرە زۆڵە.
بە نەمانی ڕیشاڵی گەندەڵی لە کۆمەڵگە ڕزگارمان دەبێت لە ئاکاری زۆڵە ژورنالیستەکان. کەواتە تا ئەو دەمەی ئەم چەشنە کۆمەڵگەیە کۆمەڵگەی ئێمەبێت پێویستمان بەوەیە گوێ لە زۆڵە ژورنالیستەکان نەگرین، ئەوەی ئەوان بە ڕاستی دەزانن ئێمە گومانیلێبکەین، بۆچوون و تێگەیشتنەکانیان ڕەتبکەینەوە و باوەڕیپێنەکەین، تا پێماندەکرێت خوێنەر و گوێگریان نەبین، ئەوان بە سەرچاوەی ڕاستی و زانیاریش نەزانین.
بەو جۆرە بێت، کوشتنی رۆحیی زۆڵە ژورنالیستەکان لەوێوە دەستپێدەکات، کە هەردەم پێیانبوترێت “”تۆ بێ لایەن نییت و من بۆچونەکانتم لا بەهەند نییە””.
دوا وتن
پێشتریش (لە باسێک بەناوی “زۆڵ و زۆڵناسی، زۆڵەکانی نێوەندی سیاسی، ڕوناکبیری و ئەکادێمی””) وتوومە، زۆڵ ئەو کەسەیە دەستی لە شێواندنی شیرازەی کۆمەڵایەتی و مرۆڤدۆستی لە کۆمەڵگەی نوێی ئێمەدا هەیە. وەکیتر، دەشخوازم بڵێم لەڕێگای فەلسەفەوە، وەک ئەرکێکی ڕەوشتی، لای سەرەوە ڕۆچوومە ناو قسەکردن لە زۆڵە ژورنالیست و بە دیاردەیەکی گەمار، پیس و چەپەڵی ناو کۆمەڵگەی تازەی کوردیشم لەقەڵەمدا.
سەرباری ئەوە، کۆمەڵگەی کوردی ئێستای ئێمە، کە وەک گشت کۆمەلگاکان لەژێر فشاری سۆسیال میدیایە، لێوانلێو نییە لە زۆڵە ژورنالیست. کۆمەڵگەی میدیایی ئێمە ژورنالیستی بەئەمەک و مرۆڤدۆستی زۆری بەخۆوە دیووە، لێ دەشناڵێنێت بەدەست ئەو نەختە زۆڵە ژورنالیستەوە، کە لە گشت شوێنێکی هەرێمدا ڕێکەوتدەکرێن.
تێگەیشتن لە زۆڵە ژورنالیست داوای ئەوەمان لێدەکات لەو بونیادە حاڵیببین، کە ئەم چەشنە ژورنالیستە دروستدەکات. بونیادی سیاسی و کۆمەڵایەتیمان توانایەکی ئەفسانەیی لە دروستکردنی ئەم جۆرە ژورنالیستانە هەبووە. ئەمەش مێژووەکەی بۆ پاش ڕاپەرین دەگەڕێتەوە و لەگەڵ گشت قەیران و تەنگژەیەکی سیاسی و ئابوورییش چاک تەشەنەی کردووە.
بەواتەیکیتر، زۆڵە ژورنالیستەکان لەم ساڵانەی دواییدا، بەهۆی قوڵبوونەوەی ئازارە کۆمەڵایەتی-ئابووری و سیاسییەکانی تاکی کوردەوە، توانیویانە لەناو پانتاییەکی بەریندا کارابن. لەبەرئەوە پێویستە بەسەلیقەوە، نەک بێباکانە، لەوە حاڵیبین، کە کارایی زۆڵە ژورنالیست لە کۆمەڵگەی ئەم دوو دەیەی دواییدا زادەی چ هەل و مەرجێکە.
گومانیناوێت، کۆمەڵگەی کوردی ئێستای ئێمە خاوەنی پۆلێک ژورنالیستی بێدەنگ و بەمروەتە، لێ لە هەمان کاتدا و لەژێرسایەی زۆڵە ژورنالیستەکان دۆزی ژورنالیستیمان تابڵێیت ماندوو و ناساغە و هەواڵ و زانیاری بێ نرخ و هەرزان، کە بەرهەمی زۆڵە ژورنالیستەکانە، ڕۆژانە گەمارۆماندەدات.
سەرئەنجام ئەوەش دەڵێم: ڕۆژانە چەندین دیمەنی زۆر و زەبەند لەناو شار، لە شوێنە گشتییەکان، لەناو سۆسیال میدیا، لە دامەزراوەکاندا بەدیدەکەین، کە پێماندەڵێن ئێرە شوێنی ڕاستەقینەی زۆڵییە. گرفتەکە لێرەدا لەوەدایە، کە ئەو شوێنانە لەزیادبووندان و خۆشیان بۆ ناو گشت کایە ناسک و هەستیارەکانی کۆمەڵگە و ژیان شۆرکردووەتەوە.
زۆڵەکانی ئەو کایە هەستیارانە ئەو وێنەیە لە ئەندێشەماندا بەرجەستەدەکەن، کە زۆڵی ژیرییەکی تایبەت بە خۆی هەیە. واتە زۆڵ دەبەنگ نییە. ئەمەش داوای ئەوەمان لێدەکات لە زۆڵناسی بکۆڵینەوە و لە دۆزی زۆڵ و زۆڵیەتیش بڕامێین، کە لێوانلێوە لە بێ ڕەوشتی. ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی، کە کۆمەڵگەی ئێمە بەدەست ئەم زۆڵانەوە دەناڵێنێت. زۆڵەکان کۆمەڵگەی ئێمەیان کردووەتە كەلاوە و بەرامبەر بە ئاییندەشمان بی خەمن.

سەرنج: ئەم باسە تەواوکەری ئەو باسەیە پێشتر ، لە ڕێکەوتی 2021-11-11 لە ماڵپەری ئاوینە و دواتر لە دەنگەکان بەناوی(زۆڵ و زۆڵناسی، زۆڵەکانی نێوەندی سیاسی، ڕوناکبیری و ئەکادێمی) بڵاوکرایەوە.




کە تاوانبار نەزار خەزرەجی لە دانیمارک بوو… شاخەوان قادر شۆڕش

٢٥/٦/٢٠٢٢ و لە ١٦/٧/٢٠٢٢ دا نوێکراوەتەوە
شاخەوان قادر شۆڕش

بەرایی

لەم وتارەدا هەوڵ دەدرێت بەرچاوڕوونیەک لەسەر هاتنی تاوانبار نەزار خەزرەجی بۆ دانیمارک و چاودێری ئەو لەلایەن پۆلیس و ئەگەری دادگاییکردنی بخرێتەڕوو. هەروەها وەزارەتی داد و پۆلیسی دانیمارک چیان کرد و کێ بوون ئەو لایەنە کوردی و عەرەبیانەی بەرگریان لێکرد، وە چۆن ڕایکرد و ئێستا لە کوێیە. هەروەها ڕۆڵی کوردانی دانیمارک و هەندەران لە هەوڵەکانیان بۆ بەدادگاییگەیاندنی تۆمەتبار دەخەینەڕوو. بێگومان ئەوەی لێرەدا نووسراوە هەموو زانیاریەکان نین، بەڵام بەپێی توانا زانیاری گونجاو کۆکراوەتەوە کە دەتوانێ وابکات تیشکێکی گونجاو بخاتەسەر بابەتەکە.
هاتنی تاوانبار نەزار خەزرەجی بۆ دانیمارک
لە هێرشە سەربازیەکانی ئەنفالدا کە لە رۆژی ٢٣ی مانگی دوو تا ڕۆژی ٦ی مانگی نۆی ساڵی ١٩٨٨ درێژەی کێشا، تاوانەکانی جەنگ، تاوان دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی گەلکوژی (ژینۆساید/جینۆساید) ئەنجام دران. تاوانی ئەنفال وەکو تاوانی گەلکوژی لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراقەوە لە ساڵی ٢٠٠٧ دا ناسێندرا، ئەوانەی بەشداری ڕاستەوخۆیان لە ئەنجامدانی تاوانەکەدا کردووە، یا بەجۆرێ لە جۆرەکانی هاوکاریان لە ئەنجامدانی تاوانەکان کردووە دەبێ بگیرێن و بدرێنە دادگا، وە بەپێی ئاست و قەوارەی تاوانەکان بەپێی بڕیارەکانی یاسای تایبەتی دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراقی ساڵی ٢٠٠٥، یا یاسا نێونەتەوەیی و کۆنڤەنسیۆنی گەلکوژی ژنێڤ ساڵی ١٩٤٨ و ١٩٥١ وەکو لە دادگای نێونەتەوەیی بۆ تاوانکاریەکان ICC لە شاری های پەیڕەو دەکرێت، سزایان بۆ دیار بکرێت.
نەزار عەبدولکەریم فەیسەل خەزرەجی بە پلەی فەریق روکن لە سوپای ڕژێمی بەعسدا، کە گەلێ بەرپرسیاریی سەربازی پێسپێردراوە لەوانە فەرماندەی فرقە و سەرۆکی ئەرکان لە سوپادا لە سەردەمی ڕژێمی بەعس و لە نیوەی دووەمی ٨٠ کان و لەکاتی تێکدان و ڕاگواستنی گوند و شارۆچکەکاندا، تێکدانی گەڕەکی کانی ئاشقان لە شاری هەڵەبجەدا و کۆمەڵکوژی دەیان کەسی شارەکە لە ساڵی ١٩٨٧ دا، وە لەکاتی کیمابارانی دێهاتەکانی کوردستان لە ساڵی ١٩٨٧ دا، هەروەها لە هێرشەکانی تاوانی گەلکوژی ئەنفالدا لە ساڵی ١٩٨٨ دا بەشداری ڕاستەوخۆی هەبووە. لەدوای شکانی سوپای ئێراق لە شەڕی کوێتدا لە سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی شیعەکانی خوارووی ئێراقدا لە بەهاری ساڵی ١٩٩١ دا بەشداری ڕاستەوخۆی هەبووە. وەکو فەرماندەیەکی بەرپرس لە بڕیارەکان ناوی لە بەڵگەنامەکانی ڕژێمی بەعسدا هەیە. لەسەر تاوانی گەلکوژی ئەنفال بەپێی بڕیاری ژمارە ف٢/١٤٤٥ ڕێککەوتی ١٨/١٢/٢٠٠٥ نەزار خەزرەجی لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراقەوە داواکراوە و بڕیاری گرتنی دەردەچێت. نەزار خەزرەجی بۆخۆی لە دیدارێکی تەلەڤزیۆنیدا لەبەرنامەی “وفی روایة اخری” لە کەنالی “التلفزیون العربی” لە رۆژی ٣/٥/٢٠٢٢ دا دەڵێت ڕاستەوخۆ بەشداربووە لە ئەنفالەکانی یەک، دوو و سێ و ئەنفالی کۆتایی لە ساڵی ١٩٨٨ دا. دوای جەنگی داگیرکردنی کوێت لەلایەن سەرۆکی ڕووخاوی ئێراق سەدام حوسێنەوە لە پۆستە بەرزەکانی سوپا دووردەخرێتەوە، پەڕاوێز دەکرێت و دەخرێتە ژێر چاودێری. لە مانگی مارسی ساڵی ١٩٩٦ دا لەهەوڵیکدا ڕادەکات و دێتە کوردستانی ژێر دەسەڵاتی بەرەی زەردی ژێر فەرمانڕەوایی پارتی دیموکراتی کوردستان. لەوێ ماوەتەوە و سەردانی ئەملاوئەولای کردووە. دوایی لە ڕێگەی زاخۆوە ڕەوانەی تورکیا دەکرێت و پاشان دەچێتە عەمان پایەتەختی وڵاتی ئوردن. خەزرەجی پەیوەندی لەگەڵ دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا سی ئای ئەی CIAدا هەبووە، بەڵام کەی پەیوەندیەکەی دەستپێکردووە ڕوون نییە. بەپێی هەندێ سەرچاوە کە لە ئێراق بووە پەیوەندی پێیانەوە کرووە. بەپێی ئەو زانیارانەی کە یاکۆپ تۆپسو Jacob Topsøe لە ڕۆژنامەی ئینفۆرمەشیۆن Information دا بڵاویکردۆتەوە، بەپێی گوتنی ڕۆبەرت بێر Robert Baer کە لە ٩٠ کاندا سەرۆکی ئۆپەراسیۆنەکانی سی ئا ئەی CIA بوو لە کوردستانی ئێراقدا، ئەوکاتەی کە نەزار خەزرەجی لە ئێراق بوو، یەکێ لەو کەسانە بووە کە داندراوە لە ئەگەری ڕووخانی سەدام حوسێندا سەرۆکایەتی بگرێتەدەست، بەڵام ئەو خۆی لەوە ئاگادار نەبووە کە چ ڕۆڵێکی پێدەدرێت. لەنامەیەکدا کە لە ئەپریلی ١٩٩٦ دا بۆ سەرۆکی سی ئای ئەی ڕۆبەرت ڕیتچەر Robert Richer ی نووسیووە ئاماژە بە پەیوەندی ئەو دەکات و هەروەها دوای هەڵاتنیشی بۆ دەرەوەی ئێراق ئاماژەی بۆ دەکرێت، بەمجۆرە پەیوەندی بەردەوامی لەگەڵ سی ئای ئەی دا هەبووە. خەزرەجی لە نەخشە و پلانێکی تایبەتدا لەژێر ناوی “البرج البابل” دا نووسراوە، ئەو لە ٤٢ لاپەرەدا بە وردی پلانی چۆنیەتی ڕاکێشانی ئەفسەرە ناڕازیەکان و کۆکردنەوەیان بۆ ئەنجامدانی کودەتایەک لە دژی دیکتاتۆر سەدام حوسێن دا گوزارشت کردووە ( DR online, 2/2-2007).
بەپێی گوتنی خۆی لە چاوپێکەتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی” العربی” دا دەڵێت، کە لە ئوردن بوو لەسەر بانگهێشتی جەلال تاڵەبانی چۆتە بریتانیا و لای جەلال تاڵەبانی و فوئاد مەعسوم بۆ ماوەی هەفتەیەک ماوەتەوە و هەمیشە بەیەکەوە بوون. هەروەها هوشیار زێباری لەسەر داوای مەسعود بارزانی بانگهێشتی کردووە و سێ ڕۆژ لەگەڵ ئەواندا ماوەتەوە و زۆریان ڕێز لێگرتووە .
نەزار خەزرەجی لە مانگی ژولای ١٩٩٩ دا دێتە وڵاتی دانیمارک و داوای مافی پەنابەرێتی دەکات، بەڵام داواکەی ڕەتدەکرێتەوە، لەبەرئەوەی ئەو سەرۆکی سوپا بووە و گومانی لێدەکرێت کەوا لە کاتی هێرشەکانی سوپای ئێراق بۆسەر کوردستان لە ساڵی ١٩٨٨ دا بەشداری لە ئەنجامدانی تاوان دژ بە مرۆڤایەتی هەبووبێت. وەکو دوو ساڵ دواتر لە هەواڵی ڕۆژانەی وەزارەتی دادەوە لە ٣/١٠/٢٠٠١ دا هاتووە فەرمانگەی بەڕێوەبەریی پەنابەران Udlændingestyrelsen هۆکاری گونجاویان هەیە و وایدەبینن کەوا خەزرەجی بەرپرسیاریی لە تاوانەکانی ئەنفالدا هەبووە. دوای ئەوە جۆرێك لە مافی “مانەوە تا ڕەوانکردنەوە”ی پێدەدرێت لەژێرناوی tålt ophold واتە مانەوەی تا ناردنەوەی بۆ وڵاتی خۆی یا وڵاتێکی دیکەی ئارام بێ ئەوەی مەترسی لەسەر ژیانی دروست ببێت. چونکە لەئەگەری ڕەتکردنەوەی مافی پەنابەرێتیدا بەپێی کۆنڤەنسیۆنی مافەکانی مرۆڤ دانیمارک ناتوانی کەسێک بۆ شوێنێک یا وڵاتی خۆی ڕەوان بکاتەوە ئەگەربێتوو ئەوکەسە لەکاتی گەڕانەوەیدا مەترسی لەسەر ژیانیدا دروست ببێت. هەروەها لەبەر ئەوەی دانیمارک ڕێکەوتنی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی سەبارەت بە گەڕاندنەوەی پەنابەران نەبوو، دانیمارک نەیدەتوانی ڕەوانی هیچ وڵاتێکی عەرەبی بکاتەوە. بەپێی ئەو بڕیارە خەزرەجی بۆی هەبوو بۆ وڵاتێک بچێت ئەگەر ڤیزای پێ بدرێت. دوای ڕەتکردنەوەی مافی پەنابەرێتی، نەزار خەزرەجی ڕایدەگەیەنێت کە نایەوێت لە دانیمارکدا بمێنێتەوە، بەڵکو دەیەوێ بڕوا بۆ وڵاتێکی عەرەبی و لەوڵاتێکی عەرەبیدا بژیت. خەزرەجی پەیوەندی بە بالوێزخانەی سعودیای عەرەبی لە لەندەن دەکات و داوای ڤیزایان لێدەکات، باڵوێزخانەی سعودیا بەڵێنی ڤیزای پێدەدەن. لە ١٨ی ئۆتۆبەری ١٩٩٩ دا داوا لە بەڕێوەبەریی کۆچبەرانی دانیمارک دەکات ڤیزاپاسی بۆ بکەن بۆ ئەوەی بتوانێ بۆ وڵاتی سعودیا بچێت. دووبارە لەڕێگەی پارێزەرەکەیەوە ئانەس جۆسیفسن Anders Josefsen داوا لە بەرێوەبەریی پۆلیس دەکات پەلە لە دەرکردنی ڤیزاپاسەکە بکەن.
لە ٣٠ سەپتەمبەری ٢٠٠١ دا میدیای دانیمارکی لە بوونی فەرماندەیەکی پلە باڵای سەربە سوپای ئێراق لە دانیمارک ئاگادار دەبنەوە و بەشوێنی ژیانی دەزانن. بەر لەوە کوردەکانی خوێندگەی زمان دەیناسنەوە، ئامادەنابن لەگەڵ ئەودا زمان بخوێنن، وە گوشار دەخەنە سەر خوێندگە و شارەوانی شارەکە کە دەریکەن . دەکرێ لەم ڕێگەیەوە بۆ میدیای دانیمارکی ئاشکرابووبێت. شوێنی ژیانی نەزار خەزرەجی لەگەڵ خێزانەکەی لە شاری سۆرۆ (سۆغو) Sorø لە شوقەیەکدا بە ناونیشانی Frederiksbergvej 40 2. tv. دەبێت. ئەو پێزانینەی میدیاکان دەبێتە هۆی هەڵکردنی شەپۆڵێکی گەورەی سیاسی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن و پارتە چەپەکان دژ بە وەزیری دادی دانیمارک کە ئەوسا فرانک یەنسن Frank Jensen بوو کە سەربە پارتی سۆسیال دیموکرات بوو. وەکو دواتر دەرکەوت بەپێی رۆژنامەی یولاند پۆستن Jylland Posten )٢٣/٣/٢٠٠٣( دەزگای بەڕێوەبەریی پەنابەران ڕێگەی مانەوەی بە خەزرەجی لەژێرناوی “مانەوە تا ڕەوانکردنەوە” داوە بێ ئەوەی هیچ یەکێک لە پۆلیس، هەواڵگری بەرگری یا وەزارەتی داد لێی ئاگادار بن. کە بەوە دەزاندرێت ڕەخنەی تووند ئاراستەی وەزیری دادی ئەوسا فرانک یەنسن Frank Jensen دەکرێت. بەڵام دوای ئەوەش بارەکە وەکو خۆی دەمێنێتەوە و خەزرەجی هەر لەشوێنی خۆیدا دەمێنێتەوە و” چاودێریکردنی” لەلایەن پۆلیسەوە درێژەی پێدەدرێت.
رۆژنامە سەرەکیەکانی وەکو پۆلیتیکن Politikken، یولاندپۆستن Jylland Posten، ئینفۆرمەشیۆن Information، ئێکسترا بلازت Ekstra Bladdet ، بی تی BT و ڕۆژنامەکانی دیکە و رۆژنامەی ناوچەییەکان و هەروەها هەردوو کەناڵی تەلەڤزیۆنی دی ئار DR و تیڤی توو TV2 لەسەر خەزرەجی و ئەگەری بەشداری خەزرەجی لە کۆمەڵکوژی کوردەکان لە کوردستانی ئێراقدا لەساڵی ١٩٨٨ دا بەکورتی دەنووسن و گوزارشت دەکەن.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی داد لە ڕۆژی ٣/١٠/٢٠٠١دا هۆکاری لێکۆڵینەوە لە کەیسی خەزرەجی دەست پێدەکات کاتێ لەلایەن فەرمانگەی بەرێوەبەریی پەنابەرانەوە Udlændingestyrelsen لە ڕۆژی ١٧/٨/٢٠٠١ دا کەیسەکە بۆ داواکاری گشتی دانیمارک دەنێردرێت بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە ئەگەری بوونی کەیسێکی تاوانکاریی کە ئایا خەزرەجی لە تاونکاریەکاندا تاوانی ئەنجامداوە یا نا، چونکە وەکو لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە “ئەوان هۆکاری تەواو گونجاویان هەیە لەوەی کەوا وای بۆ بچن کە خەزرەجی بەرپرسیاریی لەتاوانکاریەکانی شاڵاوەکانی ئەنفالدا هەبووە”. داواکاری گشتی وڵات Rigsadvokaten بەناوی هێنینگ فۆدە Henning Fode (١٩٩٥-٢٠٠٧) لە ڕۆژی ٣/١٠/٢٠٠١ دا وەزیری ناوخۆ فرانک یەنسن ئاگاداردەکاتەوە کە لە لێکۆڵینەوەی کەیسەکە تەواو بووە و دەکرێ لێرە لە دانیمارکدا کەیسی تاوانکاریی دژ بە سەرۆکی ئەرکانی سوپا نەزار خەزرەجی بکرێتەوە. هەروەها ئاگاداری کردۆتەوە کەوا کەیسەکە هەر لە ڕۆژی ٣/١٠/٢٠٠١ دا لەلایەن داواکاری گشتیەوە بۆ پارێزەری دەوڵەت/داواکاری گشتی بۆ شیلاند ناردووە بە مەبەستی ئەوەی کەیسەکە لەلایەن پۆلیسەوە لێکۆڵینەوەی لێبکرێت. بێگومان جێگەی پرسیارە کەوا بۆچی دوای دوو ساڵ ئەوجا کەیسەکە بۆ داواکاری گشتی نێردراوە، لە کاتێکدا فەرمانگەی بەڕێوەبەریی پەنابەران گومانی بەهێزی لە بەرپرسیاریی خەزرەجی لە تاوانەکانی ئەنفالدا هەبووە، وەکو لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە.
ئەگەرچی لە ڕۆژنامەکاندا ئەوە نەنووسراوە بەڵام هۆی لێکۆڵینەوەی داواکاری گشتی لە کەیسی خەزرەجی لە ڕۆژی ٣ی مانگدا پەیوەندی زۆری هەیە بە تەقینەوەی هەواڵەکە لە ٣٠/٩/٢٠٠١ دا کە بووەهۆی تەوژمێکی سیاسی پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن دژ بە حکومەت و وەزیری داد. ئەگەر گوشارە سیاسیەکە نەبووایە، لەوانەیە داواکاری گشتی پەلەی نەدەکرد و درەنگتر کەیسەکەی بۆ پۆلیس دەنارد. بۆ دانیمارک کەیسی تاوانبار خەزرەجی کەیسێکی گەورە و نائاسایی بوو. گوشاری سیاسی لەکەیسی ئەوها گرنگدا کاریگەریی یەکلاکەرەوەی هەیە کە حکومەت و بەتایبەتی وەزیری داد ناچاری وەڵام و جووڵە دەکەن. وەکو سێ ڕۆژ دوای هەڵمەتە سیاسیەکە لەڕێککەوتی ٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٠١ دا لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەسەر کەیسەکە ڕادەگەیەندرێت بەمەبەستی ئەوەی لە فاکت و ڕاستیەکانی کەیسەکە بگەن و بزانن ئایا دەکرێ ئەو بەڵگە و بنەمایانە بەدەست بهێنن کە وادەکات بتوانن تۆمەتی بەشداریی لە تاوانی جەنگ و تاوان دژ بە مرۆڤایەتی دژ بە سەرکردەی پێشووی ئەرکانی سوپای بەعس نەزار خەزرەجی بەرزکەنەوە و بەمجۆرە بیدەنە دادگا.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی داد لە ڕۆژی ٢٢/٥/٢٠٠٢ ئەوسا لە ڕێککەوتی ١٧/٤/٢٠٠٢ دا دەزگایەک بەناوی داواکاری دەوڵەت بۆ تاوانە نێونەتەوەییە تایبەتەکان (SAIS) Statsadvokatur for Særlige Internationale Straffesager, بۆ ماوەیەکی کاتی دامەزرا، ئەرکی ئەو دەزگایە تاوانە گەورە نێونەتەوەییەکانی دەرەوەی وڵاتی دانیمارک بوو. ئەوسا ١٦ کەیس لەبەردەستیان بوو. لەوێدا بێرگیتە ڤێستبێرگ Vestberg Birgitte وەکو پارێزەری دەوڵەت/داواکاری گشتی بۆ کەیسی تاوانە نێونەتەوەییەکان لە رۆژی ١/٦/٢٠٠٢ داندرا، ئەو دەبوایە لێکۆڵینەوە لەو کەس و کەیسانە لەم چوارچێوەیەدا بکات، ئەوسا کەیسی تاوانبار نەزار خەزرەجی کەیسی لەپێش و گرنگی ئەو دەزگایە بوو.
داواکاری گشتی بۆ هەرێمی شیلاند بێرگیتە ڤێستبێرگ Birgitte Vestberg ئاگاداری ئەوەبوو کەوا سعودیا بەڵێنی ڤیزای بە خەزرەجی داوە و خەزرەجی دەتوانێ وڵات بەجێبهێلێت هەر ساتێکدا ڤیزاپاسی بۆ بکرێت، واتە بەرلەوەی بڕیاری گرتنی تەواوی بۆ دەرچێت. ئەوەش گوشاری لەسەر دەزگای SAIS دروستکردبوو و تاکو پەلە لە کەیسەکە بکەن.
لە ١٢ ئۆکتۆبەری ٢٠٠١ دا پۆلیسی شاری رینگ ستیز (غینگ ستز) Ringsted لێپرسینەوە لە نەزار خەزرەجی دەکات و لەهەمان کاتدا دەستەیەک پۆلیس دەوری شوێنی ژیانی نەزار خەزرەجی لە شاری سوغۆ دا دەگرن. دوای ٦ دەمژمێر لەلایەن دادگای شاری سۆرۆ Sorø لێپرسینەوەی دەستوریی لەگەڵدا دەکرێت و بەپێی بڕیاری دادگای شاری سوغۆ لەماڵەکەی خۆیدا دەخرێتە ژێر چاودێری پۆلیس. دادگابەئاماژە بە تاوانەکانی جەنگ بەپێی ڕێککەوتنامەی ژنێڤ ماددەی ١٤٦ و ١٤٧ هەروەها پێشێلی یاساکانی سزای دانیمارکی لە پەرەگرافی ٢٣٧، ٢٤٥، ٢٤٦ و ٢٥٠ کەیسی سزای بۆ دەکاتەوە، بەڵام نەزار خەزرەجی بێتاوانی خۆی ڕادەگەیەنێت. کەیسی خەزرەجی لەلایەن پۆلیسەوە کەوتە ژێر لێکۆڵینەوە. بەپێی گوتنی پارێزەری دەوڵەت بێرگیتە ڤێستبێرگ ئەوان یەک ساڵیان بۆ خۆیان تەرخانکردبوو بۆ لێکۆڵینەوە و بەدەستهێنانی بەڵگە و دەکومێنت بۆ بەرزکردنەوەی تۆمەت دژ بە نەزار خەزرەجی (پۆلیتیکن ٢٥/٣/٢٠٠٣). واتە کەیسی خەزرەجی لای پۆلیس بوو و لەژێر لێكۆڵینەوەدا بوو، خەریکی بەڵگە کۆکردنەوە بوون لەسەر تۆمەتبار، لەئەگەری بوونی کەیسی تاوانباریدا پۆلیس تۆمەت بەرەوڕووی تۆمەتباردا بەرزدەکاتەوە و دەینێرێت بۆ دادگا.
پارێزەرەکەی خەزرەجی سکاڵا دژی بڕیاری چاودێریەکەی تۆمار دەکات و کەیسەکە دەدرێتە دادگای پێداچوونەوە “دادگای ڕۆژهەڵاتی وڵات” ئوسترە لانسغات Østre Landsret، کە دادگایەکی پێداچوونەوەیە بە بڕیاری دادگای شارەکانی بەشی ڕۆژهەڵاتی وڵات. لە ٢٩ی نۆڤەنبەری ٢٠٠٢ دا سێ دادوەر لە دادگای ئوسترە لانسغات Østre Landsret بڕیاری چاودێریی تاوانبار نەزارخەزرەجی و قەدەغەی دەرچوونی لە دانیمارک درێژ دەکەنەوە، بەمجۆرە دادگاکە بڕیاری دادگای شاری سوغۆ جێگیردەکاتەوە. بەپێی گوتنی پارێزەری دەوڵەت بێرگیتە ڤێستبێرگ بۆیە ڕاستەوخۆ نەخرایە زیندان لەبەرئەوەی نووسراوی تۆمەتەبارییەکەی ئامادەنەبوو و لەژێر ئامادەکردندا بوو، ئەگینا ئەو دەیخواست لەزینداندا بێت.
لەبەر ئەوەی نەزار خەزرەجی هەستی بە هەڕەشە لەسەر ژیانی کردووە و ئەوەشی لە لایەن پۆلیس و دادگادا ئاماژە پێداوە، لەلایەکیتر لەبەر گرنگیی ئەو سەرۆکسوپا ڕاکردووە، بڕیاری چاودێریەکە بەم شیوەیە بوو: ڕۆژانە پۆلیسێکی شاری غینگ ستیز تەلەفۆنی بۆ خەزرەجی دەکرد و لە هەواڵ و بارودۆخ و مەترسیەکانی دەپرسی، وە نەزار خەزرەجی دەبوایە رۆژانی دووشەمە، چوارشەمە و هەینی لەنێوان دەمژمێر ٩ و ١٢ دا لەماڵ بێت و پۆلیسێک دەهاتە لای. ڕۆژانەش لەلایەن پۆلیسەوە پەیوەندی تەلەفۆنی پێوە دەکرا. دیارە دادگای شاری سۆرۆ داوای لە پۆلیس کردبوو بیخەنە ژێر چاودێری و ڕێگەی ڕاکردنی لێ بگرن، بەڵام ئەوەی کرا دەکرێ بڵێین پاسەوانی و پاراستنی ئەو بوو و تاڕادەیەک ئازاد بوو لە جووڵە و گەڕان. چونکە خەزرەجی جگە لەو کاتانەی بۆی دیارکرابوو دەیتوانی لە ماڵەکەی دەرچێت و بڕوات. بەپێی گوتنی ئەفسەری پۆلیس یەنس پیتەر گلێروپ Jens Peter Glerup کە ئەرکی زەنگ لێدانەکەی هەبوو، ئەو تەلەفۆنی بۆ کردووە، وە ئەگەر ژنەکەشی “لەتیفە” لە جیاتی خەزرەجی وەڵامی بدابایەوە و بیگوتبا کە خەزرەجی بار و تەندروستی باشە و هیچ مەترسیەک نییە ئاسایی پەسندکراوە، چونکە بۆ یەنس پیتەر گرنگ بووە کە دڵنیابێت لەوەی بارودۆخەکە باشە و ئەو لەوێیە و هیچی بەسەر نەهاتووە. وەکو ئەوە ئەرکی یەنس پیتەر بووە. هەروەها خەزرەجی خۆی لە ڕۆژانی دیاریکراودا نەچۆتە لای پۆلیس چونکە وەکو لە ڕاپۆرتی داواکاری گشتیدا هاتووە “نەیانویستووە زیاد لەپێویست ماندووی کەن”، بۆیە لەجیاتی ئەوە پۆلیسێک هاتۆتە لای. هەروەها پۆلیس نەیویستووە خەزرەجی “هەراسان بکات” لەو کاتانەی ئەو خەوتووە. ژنەکەی خەزرەجی لەتیفە لە مانگی دیسەمبەردا گەشت دەکات بۆ وڵاتی سعودیا و هیچ بەربەستێک لەلایەن پۆلیسەوە نابینێت چونکە ئەو سکالای لەسەر نەبووە، هەروەها پۆلیس کوڕەکانی خەزرەجی “محەمەد و ئەحمەد” ناخەنە ژێر چاودێری و گوێ لە تەلەفۆنەکانی ئەوان ناگرن. لەکاتێکدا ئەوان چاڵاکانە زەنگ بۆ ئەملاوئەولا لێدەدەن.
ئەوسا لە ساڵەکانی ٢٠٠٠ – ٢٠٠٢ ئەمەریکا بەگەرمی خەریکی هێز کۆکردنەوە بوو دژ بە رژێمی بەعسی ئێراق و مەبەستی ڕووخاندنی دیکتاتۆر سەدام حوسێنی هەبوو، لەلایەن میدیای جیهانی و دانیمارکیەوە دیدار لەگەڵ خەزرەجیدا دەکرێت و سەبارەت بە ئەگەری بەشداری ئەو لە ڕووخاندنی دیکتاتۆر سەدام حوسێندا لەگەڵی دەدوێن. لە دیدارێک لەگەڵ یولان پۆستندا Jylland Posten خەزرەجی ئامادەیی خۆی بۆ سەرپەرشتی سوپا دژ بە سەرۆکی دیکتاتۆری ئێراق ڕادەگەیەنێت و دەڵیت “دەمەوێ بەگەڕێمەوە ئێراق و دەتوانم وەکو پێشوو سەرپەرشتی سوپا بکەم و بوونم لەوێ وادەکات بەشێ لەسوپا لە دژی سەدام حوسێندا هەڵگەڕێنمەوە”. خەزرەجی خۆی زۆر بە دەسەڵات و توانا وێنە دەکات بەجۆرێک ئەو خۆی وەکو “شێرێک لە قەفەزدا” دەبینێت وەکو بۆ BBC باسکردبوو. گوتبووی “خەڵک لە ئێراقدا چاوەڕیی منن بەڵام ناتوانم هیچ بکەم چونکە دانیمارک ڕێگەم نادات بڕۆم”. هەروەها ڕەتی بێتاوانی خۆی دووپاتدەکردەوە و دەیگوت ئەگەر تاوانباربم چۆن “سەرکردە کوردەکان” پشتگیریم دەکەن.
بەپێی ڕۆژنامەی دانیمارکی یولاند پۆستن (ڕێککەوتی ٢٠/١١/٢٠٠٢) لە ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ١٩/١١/٢٠٠٢ دا ئەمەریکا بەفەرمی پشتگیری خۆی بۆ دادگاییکردنی نەزار خەزرەجی دەخاتەڕوو، وە ئاماژە بەگرنگی کۆکردنەوەی بەڵگە و دۆکومێنت سەبارەت بە پێشێلکاری و تاوانەکانی ڕژێمی بەعس دەکات. بەپێی زانیاریەکانی رۆژنامەی یولاند پۆستن لەئەگەری ڕووخاندنی سەدام حوسێندا ئەمەریکا بیری لە هیچ پۆستێکی گرنگ بۆ نەزار خەزرەجی نەکردۆتەوە. لەڕاستیدا ئەوە ئاماژە بوو بەوەی کەوا خەزرەجی ئەو گرنگیەی پێشووی لای ئەمەریکایەکان نەمابوو.
بەپێی بیرۆی هەواڵەکان ڕیتزاو Ritzau چەند هەفتەیەک بەر لە ڕاکردنەکەی خەزرەجی، پارێزەری دەوڵەت لە ئەگەری ڕاکردنی خەزرەجی ئاگادار دەکرێتەوە، هەروەها پێشتر لە ڕێککەوتی ٤/٢/٢٠٠٣دا لەلایەن چاڵاکوانانی کورد لە دانیمارکدا ئەم مەترسیە بە ئۆفسی پارێزەری دەوڵەت گەیەندراوە . بەڵام ئەوە نابێتەهۆی تووندکردنی چاودێری لەسەر ماڵەکەی خەزرەجیدا. بەپێی گوتن و تێبینی یەکێک لە درواسێکانی خەزرەجی بەناوی یان کۆلدینگ Jan Colding، کە ماڵەکەی لەبەرامبەری ئەو بووە و پۆلیس بۆ چاودێری بەکاریان هێناوە، چەند هەفتەیەک بەر لە بزربوونەکەی هەست بە چاودێری پۆلیس بەشێوەیەکی ئەوتۆ ناکرێت. بەهەمان شێوە نەمانی چاودێری دەبێتە جێگەی تێڕامانی چەند دراوسێیەکی دیکەش.
وەکو بڵاوکراوەتەوە لە” ١٧ی مارسی ٢٠٠٣ ” دا نەزار خەزرەجی لەماڵەکەیدا دەردەچێت و بێسەر و شوێن ون دەبێت. ئەو “ڕۆژە” کوڕەکەی هەواڵی بزربوونی باوکی بە پۆلیس دەگەیەنێت. بەڵام لە راستیدا خەزرەجی چەند ڕۆژێک پێشتر لە دانیمارک دەرچوو بوو. ونبوونی نەزار خەزرەجی پرسیار و گومان دروست دەکەن و ڕەخنە لە حکومەت و وەزیری دادی ئەو کاتە لێنە ئیسپەرسن Lene Espersen کە سەر بە پارتی کۆنسێرڤەتیڤ بوو دەگیرێت. داواکاری گشتی بێرگیتە ڤێستبێرگ Birgitte Vestberg دەڵێت ئەو چاوەڕوانی ئەوەی لە خەزرەجی کردووە کەوا “ڕیز لە بڕیاری دادگا دەگرێت و ناڕوات”.
لە ٢١ی ئازاری ٢٠٠٣ دا ڕۆژنامەی یولاند پۆستن Jyllands-Posten بڵاویدەکاتەوە کەوا نەزار خەزرەجی و هەشت لە ئەفسەرانی کۆنی ئێراقی ئێستا لە ئێراقدان. لە ٢٢ی ئازاردا ڕۆژنامەی بی تی BT بڵاویدەکاتەوە کەوا ڕاکردنی خەزرەجی لەلایەن سی ئای ئەی CIA ـەوە ڕێکخراوە. لە ١٦ی ئەپریلدا رۆژنامەی شەرقولئەوسەت دەرچوونی ژن و کوڕەکانی خەزرەجی لە دانیمارک بڵاودەکاتەوە.
ڕەوەندی کوردی و چاڵاکیەکانیان لە کەیسی نەزار خەزرەجیدا
ئاشکرابوونی خەزرەجی لە ٣٠/٩/٢٠٠١ دا ڕەوەندی کوردی و ئێراقی لە دانیمارکدا دەجووڵێنێت، کۆمەڵەی کوردی لە شاری ڕۆسکیلە (غۆسکیلە) Roskilde و کۆمەڵەی دیکە بیریان لە خۆپیشاندان کردۆتەوە، خۆپیشاندان لەبەردەم پەرلەمانی دانیمارک لە ٤/١٠/٢٠٠١ دا لەلایەن کۆمەڵەی کوردی غۆسکیلەوە ئەنجام دەدرێت و نامەیەک لەلایەن نەوزاد مارفەوە دەدرێتە پەرلەمان. بەپێی ئەو ئەرشیفەی لای نەوزاد مارفە لە کۆبوونەوەیەکدا هەندێ لە کوردەکانی دانیمارک بە بەشداری ١٤ کەس لە ڕۆژی ٢٨/١٠/ ٢٠٠١ دا “کۆمیتەی خستنەگەڕی هەوڵەکان بۆ دادگاییکردنی تاوانبار نەزار خەزرەجی – دانیمارک” دامەزرا. بەپێی نووسراوەکە بەر لە کۆبوونەوەی دروستبوونی کۆمیتەکە نوێنەری کۆمەڵەی کوردی لە شاری ڤایلە Vejle ئاسۆ کاکەیی ئاماژە بەوە دەکات کەوا نامەی بۆ وەزیری داد ناردووە، هەروەها دەرسیم دیبەگەیی و کرمانج شەوکەت ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەوانیش سکالایان لە دژی خەزرەجی تۆمارکردووە. سکاڵای دەرسیم دیبەگەیی لە رۆژی ٣/١٠/٢٠٠١ دا ناردراوە، هەروەها لەڕۆژی ٦/١٠/٢٠٠١ دا پێنج کەس بەناوەکانی جەعفەر عەبدوڵڵا نەسروڵڵا، فوئاد حەمە فەرەج نانەوا، کرمانج شەوکەت عەبدولڕەحمان، لەمیعە عەبولە عومەر و دەرسیم ڕەحمان فەرحان چوونەتە نووسینگەی پارێزەر بیۆن ئێلمکویست Bjørn Elmquist و ئەویان کردۆتە پارێزەری خۆیان بۆ ئەوەی سکاڵاکانیان بگەیەنێتە پۆلیس .
کۆمیتەکە بەمەبەستی کۆکردنەوەی دۆکۆمێنت، پەیداکردنی دیتەر و سکاڵاکار هەروەها پەیوەندی بە ڕۆژنامە و پۆلیس و دادگا کەسایەتییە سیاسیەکان و پەرلەمان و حکومەتی دانیمارکی بەشێوەیەکی ڕێکخراوەیی دامەزرا. کۆمیتەکە دوو لیژنە پێک دەهێنێت، یەکەم لیژنە لیژنەی کۆکردنەوەی زانیاری لەلایەنە کوردیەکان لە کوردستان و لەدەرەوەی وڵات بە دەرسیم دیبەگەیی و ئەحمەد عەزیز دەسپێردرێت. لیژنەی دووەم لیژنەی پەیوەندیەکان لەگەڵ دانیمارکی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە نەوزاد مارف، مریەم شکاک، کرمانج شەوکەت و فەهمی عەبدولحەمید دەسپێردرێت.
دواتر کەسانی دیکەش دێنە ناو کۆمیتەکە لەوانە گۆران هەڵەبجەیی و منیش بووم بە ئەندام لە کۆمیتەکە، بێگومان کەسانی دیکەی خۆبەخش هاوکاری کۆمیتەکەیان بەجۆرێ لە جۆرەکان کردووە کەلێرەدا ناویان نەنووسراوە. گۆران هەڵەبجەیی ئەرکی ڕاگەیاندنی لە ئەستۆدا بوو، وەکو لە یەکێک لە لێپرسینەوەکانی خەزرەجی لە دادگادا لەدوای تەوابوونی و هاتنەدەرەوەی لەدادگادا لە ١٧/١/٢٠٠٢دا، چەند پرسیارێک ئاراستەی نەزار خەزرەجی دەکات. ڤیدیۆکلیپەکە ئێستاش لە یوتوپدا YouTubeهەیە. کۆمیتەکە سەربەخۆ و خۆبەخشانە بوو و هیچ لایەنێکی سیاسی لەپشتی دروستکردنیدا نەبوو.
دوای دامەزراندنی کۆمیتەکە، دەستەی بەرگری لە شاری کەرکوک کەلەلایەن ئەحمەد عەزیزەوە سەرپەرشتی دەکرا، لە نزیکەوە هاوکاری کردووە، هەروەها ڕێکخراوی ناوه‌ندی هه‌ڵه‌بجه‌ دژ به‌ ئه‌نفالکردن و ژینۆسایدی گه‌لی کورد (چاک) هاتە پاڵ هەوڵەکانی بەدادگاییگەیاندنی نەزار خەزرەجی و هاوکاری کرد و بەشداریی لە چاڵاکیەکاندا هەبوو. دیارە هەوڵەکانی بەدادگاییگەیاندنی تاوانبار خەزرەجی لە دانیمارک بووە هاندەرێک و کاریگەری هەبوو لە دروستبوونی ڕێکخراوی چاکدا کە چەندین ساڵ دواتر ڕۆڵی گرنگ و بەرچاوی لە کەیسەکانی گەلکوژیدا لەئاستی ناوخۆیی و جیهاندا لە ئاستی جیاجیادا هەبوو لەوانە هەوڵەکانی چاک لە کاتی دادگاییکردنی بازرگانی هۆڵاندی فرانس ڤان ئەنرات، ناساندی تاوانی ئەنفال لە پەرلەمانی سوید وەکو تاوانی گەلکوژی، ڕێکخستن یا بەشداری لە دەیان کۆڕ و سمینار و بۆنەی گرنگدا کە تایبەت بە تاوانی گەلکوژی سازدەکران هتد. چاک هاوکاربوو لەو خۆپیشاندانە گەورەیەی کە بەبۆنەی یادی هەڵەبجە بۆ کوردانی تاراوگە لە بەردەم شارەوانی کۆپنهاگن لە ١٦/٣/٢٠٠٢ دا سازکرا ، کە لەو کاتدا بابەتی خەزرەجی بابەتێکی گرنگی ڕۆژ بوو و بۆیەش خۆپیشاندانەکە لە کۆپنهاگن سازکرا و هەوڵدرا زۆرترین کەس لەوێ کۆبکرێتەوە و خۆپیشاندانێکی گەورەی کوردان ساز بکرێت. جێگەی بیرخستنەوەیە ڕەوەندی کوردی وەکو پێویست بەدەنگ خۆپیشاندانەکەوە نەهاتن، ژمارەی ئامادەبووان هەزار کەس نەدەبوو. بۆیە خۆپیشاندانەکە ئەو سەرکەوتنەی بەدەست نەهێنا کە دەخوازرا.
دوای ئەوە سکاڵای دیکەش دژ بە خەزرەجی تۆمار دەکرێت لەوانە سکاڵای خەلیل محمەد ڕەشید لە وڵاتی سویدەوە لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٠١ دا تۆمار دەکرێت. دەکرێ سکاڵای دیکەش هەبن کە لێرەدا نەنووسراون. جگەلەوە رێکخراوی کوردی لە نەرویژ، سوید، ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا، کەنەدا، ئەمەریکا و ئوسترالیا و شوێنی دیکە هاوکاری خۆیان بەنامە یا لەڕێگەی هاوکاری ڕاستەوخۆوە یا بەشێوەی دیکە بۆ کۆمیتەکە دەربڕیووە. کەسانی خۆبەخش لەوڵاتانی دیکەوە وەکو هۆڵاند و سویسرا و ئەڵمانیا هەوڵیانداوە یا هاوکاریان پێشانداوە و نامەیان ناردووە. لەڕێگەی ڕێکخراوی ئەمنستیەوە پشتگیری پرۆسەی دادگاییکردنەکە کراوە، بۆنمونە هیوا ناسیح وەکو ئەندامی ئەمنستی لە وڵاتی سویسرا لەم ڕێگەیەوە ئەمسنتی هیناوەتە ناو بابەتەکە و پشتگیری دادگاییەکەی کردووە. لە ڕۆژنامەکاندا لەسەر تاوانەکانی خەزرەجی نووسراوە یا وەڵامی ئەوانە دراوەتەوە کەوا بەرگریان لە خەزرەجی کردووە. لەوانە د. جەبار قادر لەژێر ناوی ئارام زندیدا وتاری لە رۆژنامەی زەمان و شەرقولئەوسەتدا بڵاوکردەوە، جگەلەوە گەواهیشی لەسەر تاوانەکانی خەزرەجی دایە پۆلیس.
هەروەها لە ڕێگەی ئەنتەرنێت و سۆسیال میدیاوە کە ئەوسا پاڵتۆڵک Paltalkهەڕمێنی هەبوو، لە پاڵتۆلکدا کۆڕ و کۆبوونەوە و چاڵاکی بەردەوام لەسەر تاوانبار نەزار خەزرەجیدا هەبوو، بەتایبەتی لە “ژووری پێشکەوتووخوازاندا” کە عەلی مەحمود و قادر نادر و هاوڕێیانیان بەڕێوەیان دەبرد، شەوانە کۆڕ و کۆبوونەوە و گوفتوگۆ و دیبات هەبوو، نووسەران و چاڵاکوان و کەسانی شارەزا لە کورد و عەرەب یا خەڵکی دیکە یا دیتەرانی تاوانکاریەکان بەچڕی بەشداریان کردووە. زیاتر لە ساڵێک کۆڕ و کۆبوونەوە لەسەر خەزرەجی و تاوانەکانی، کۆبوونەوە و دیبات سازکران.
جگەلە سازکردنی خۆپیشاندان بۆ ڕەوەندی کوردی و ئێراقی لە شارەکانی دانیمارک، سازدانی دیدار لەگەڵ ڕۆژنامە و تەلەڤزیۆنی دانیمارکی، کۆمیتەکە دەبێتە هۆی ئەوەی لەلایەنی جیاجیاوە پەیوەندی پێوەبکرێت و دەکومێنتی گرنگی وەکو گوتن و گوزارشتی ئەفسەر و کەسانی دیکە بەدەست دەگات. کۆمیتەکە هەرچی لێدوان و گوزارشتی دیتەران بەزمانی عەرەبی دەستی دەکەوێت دەیکاتە دانیمارکی و بۆ پۆلیس و داواکاری گشتی و وەزارەتی داد دەینێرێت. جگەلەوە بەڵگەی تاوانکاریەکانیان بۆ ڕۆژنامەکانیش ناردووە.
کۆمیتەکە هەر بەڵگەیەکی سەردەمی ڕژێمی بەعس لەکاتی ئەنجامدانی تاوانکاریەکاندا یا گوزارشتێکی دیتەران یا بەشدارانی دەستکەوتووە لەپێشدا زوو بۆ پۆلیسی ڕینگ ستز (غینگ ستز) Ringsted زیاتر بۆ دوو کەس ناردراوە بەناوەکانی ئەریک هالد Erik Hald و بێنی فرێدریکسن Benny Frederiksen، هەروەها ناونیشان و شوێنی ئەو کەسانەی کە هاتوونەتەپێش و ویستوویانە بئاخڤن و گوزارشت لە بەشداریی تاوانبار بدەن بۆ پۆلیس دیارکردووە و داوای لە پۆلیس کردووە کە بچن دیدار لەگەڵ ئەو کەسانە بکەن. لەوانە کەسانی گرنگی سەر بە سوپا لە وڵاتی ئوردن هەبوون. هەندێ لە دیتەرانی تاوانکاریەکان کە پێشتر لە سوپادا بوون و عەرەب بوون ئامادەیی خۆیان بۆ گوتن و گوزارشت لە ڕووداوەکان و سەڵماندنی بەشداریی خەزرەجی لە تاوانەکاندا خستەڕوو.
بەپێی ئەو ئەرشیفەی کە نەوزاد مارف لای خۆی پاراستوویەتی یەکەم نامەی کۆمەڵەی کوردی لە شاری ڕۆسکیلە (غۆسکیلە) Roskilde بە زمانی دانیمارکی لە ڕێکەوتی ٤/١٠/٢٠٠١ بۆ پەرلەمان و حکومەت ناردراوە کەلەلایەن نەوزاد مارفەوە نووسراوە، کە پەیوەستدارە بە خۆپیشاندانەکەی بەردەم پەرلەمان لەهەمان ڕۆژدا. دوای دروستکردنی کۆمیتەکە بەناوی کۆمیتە و دەرسیم دیبەگەیی نامە بۆ سەرۆکی پۆلیسی شاری ڕینگ ستیز لە ڕێکەوتی ٢٨/١/٢٠٠٢ دەنێردرێت و تیایدا چۆنیەتی بەشداریی تاوانبار نەزار خەزرەجی لەتاوانی گەلکوژی ئەنفالدا لە چەند خاڵێکدا ئاماژەیان بۆ دەکرێت. سەبارەت بە ئاماژە بە بەڵگەکانی بەشداریی تاوانبار لە تاوانەکەدا چەند نامەیەکی تر لە ساڵی ٢٠٠٢ دا بۆ پۆلیسی ڕینگ ستیز نێردراوە. کەسی پەیوەندیکەر لەنێوان کۆمیتە و دامەزراوە دانیمارکیەکاندا نەوزاد مارف بوو وەکو بۆ ئەو لیژنەیە دیارکرابوو، بەڵام دەرسیم دیبەگەییش پەیوەندی چاڵاکانەی هەبووە و دەکومێنت و نامەی ناردووە. نامەیەکی زۆر لەلایەن نەوازد مارفەوە نێردراون یا وەرگیراون. جگەلە پۆلیس و وەزارەتی داد، کۆمیتەکە نامەی بۆ یەکە بە یەکەی ئەندامانی پەرلەمان ناردووە. دیارە نامەی دیکە یا پەیوەندی دیکەش لەلایەن ئەندامانی کۆمیتەکە کە لە هەمان لیژنەدا کاریان کردووە دەکرێ هەبووبێت کە ئێستا لەو ئەرشیفەی بەردەستدا نین.
کۆمیتەکە لە مانگی مارسی ساڵی ٢٠٠٢ دا پەیوەندی بە پارێزەر بیۆن ئێلمکویست Bjørn Elmquist دەکات، ئەویش لە ٨ی مارسی ٢٠٠٢ دا نامە بۆ پۆلیسی غینگ ستز دەنێرێت و داوادەکات تۆمەت بەرەوڕووی تاوانبار نەزار خەزرەجی بەرزکرێتەوە، هەروەها پۆلیس بچێتە وڵاتی ئوردن گوزارشت لە چەند کەسێکی گرنگی سەر بە سوپای ئێراق لەوێ وەربگرێت، کە بەڵێنیان داوا گوزارشت بدەن. ئەو نامەیە دوای ئەوە دێت کە بێ ڕوونکردنەوەی گونجاو ئەو گەشتەی پۆلیس بۆ وەرگرتنی گوزارشت لە ئەفسەرێکی دیاری کۆنی سوپای ئێراق کە دیتەری ڕووداوەکان بووە، هەڵدەوەشێندرێتەوە. پارێزەر بیۆن ئێلمکویست خۆی لە نامەکەیدا کە بۆ پۆلیسی ناردووە، ئاماژە بەوە دەکات کە کوردەکان لە پایزی ٢٠٠١ دا پەیوەندیان پێوە کردووە و داوای هاوکاریان لێکردووە، بەڵام نامەی پێشتر لەم ڕێککەوتەی ئاماژەی بۆ کرا لە ئەرشیفەکەدا نییە.

نامەکانی بەرگری لە نەزار خەزرەجی
لەکاتی بڕیاری چاودێریرکردنی نەزار خەزرەجیدا چەند نامەیەکی بەرگری لە خەزرەجی لەلایەن لایەنە کوردی و عەرەبیەکانەوە بۆ وەزارەتی دادی دانیمارکی لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠١ ساڵی ٢٠٠٢ دا دەنێردرێت. نامەکانی پشتگیری و پاکانەی لایەنە کوردیەکان:
1. نامەی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان جەلال تاڵەبانی، ڕێککەوت ٢٨/١١/٢٠٠٢: لەنامەکەدا جەلال تاڵەبانی خۆی وەکو دیتەرێک دەخاتەڕوو و بەرگری لە سەرۆکی ئەرکانی سوپا ژەنەرال نەزار خەزرەجی دەکات، وەکو دیتەر گوزارشت دەدات و دەنووسێت “ئەو لە گەنجایەتیەوە کەسێکی نیشتیمانی بوو، کە بووە بەعسی سەر بە باڵی چەپ بوو دژی باڵەکەی سەدام حوسێن بوو، کە کرایە سەرۆکی ئەرکانی سوپا پەیوەندی لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانیەوە هەبوو و کۆبوونەتەوە و زانیاری هەواڵگریان سەبارەت بە چاڵاکیەکانی سەرکردایەتی و سەدام حوسێن گۆڕیوەتەوە. لەیەکێک لە سەردانەکانی جەلال تاڵەبانی بۆ بەشی سەرۆکایەتی فەیلەقی یەک داوای لە خەزرەجی کردووە کەوا وەکو ئەفسەرێکی نیشتیمانی دژی ڕژێم ناوی جەلال تاڵەبانی لای خۆی تۆمارکات. ئەو ژوورێکی تایبەتی بۆ کۆبوونەوەیان سازکرد بەمەبەستی یەکخستنی چاڵاکیەکانیان لە دژی دیکتاتۆردا. بەپێی باشترین زانیاری جەلال تاڵەبانی، ژەنەڕال خەزرەجی خۆی بەشداری نەکردووە و فەرمانی نەداوە نە لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا نە لە کیمیابارانی هەڵەبجەدا. فەرمانەکە ڕاستەوخۆ لەلایەنی سەرۆکی هێزە چەکدارەکان و عەلی حەسەن مەجیدەوە بوو”. لە خاڵی کۆتاییدا دەنووسێت “بەڕای تایبەتی خۆم ڕژێمی ئێراق هانی پەکەکە و کوردە ئێراقیەکانی دی داوە، ئەوانەی کە کاریگەری تراژیدیای هەڵەبجەیان بەسەرەوەیە و بێئاگان لە پەیوەندی نێوان ژەنەڕال خەزرەجی و ی.ن.ک دا، هەڵمەت لە دژیدا بەرپاکەن. ئەو تۆمەتانەی کە بەتایبەتی لە دوای ئاشکرابوونی ژەنەڕال نەزار خەزرەجی وەکو سەرۆکی داهاتووی ئێراق دەرکەوتووە، دروستکراوە و هیچ بەڵگە و بنەمایەکیان نییە”.
2. نامەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ڕێککەوت١٠/١٠/٢٠٠١: نامەکە لەلایەن ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی دەرەوە د. فوئاد مەعسوم نوسراوە، “لەنامەکەدا هاتووە فەریقی یەکەمی ڕوکن نەزار خەزرەجی کەسایەتیەکی سەربازی و نیشتیمانی درەوشاوەی ناسراوە، بەپێی زانیارەکانیان بەشداری لە کیمیابارانی هەڵەبجە و شاڵاوەکانی ئەنفالدا نەبووە، ناسراوە بەوەی کە دژی تاوانەکانی جەنگ بووە، کەسایەتییەکی خاوەن ڕێز و تەقدیرە”.
3. نامەی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕێککەوت ١٠/١٠/٢٠٠١: نامەکە لەلایەن بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوە دڵشاد میران نووسراوە، لەنامەکەدا هاتووە “کە ژەنەڕال خەزرەجی لە ساڵی ١٩٩٦ـەوە لەئێراق ڕایکردو بە کوردستاندا ڕەت بوو، ئەو کەسێکی دانپێندراوی ناسراوی سیاسیە و پەیوەندی دۆستانەی لەگەڵ پارتە کوردیەکان و ئۆپۆزیسیۆنی ئێراقیدا هەیە، ئەو لە تاوانەکانی ساڵی ١٩٨٨ دا بێتاوانە، تاوانەکە لەلایەن سەرۆکی ئێراق سەدام حوسێن و عەلی حەسەن مەجیدەوە ئەنجامدراوە. هەوڵی دادگاییکردنی ئەو دەبێتە ناوزڕاندنی ژەنەڕال خەزرەجی و خزمەت بە سەدام حوسێن دەکات و وادەکات کەسانی دیکە نەوێرن ڕابکەن و بێنە ناو ئۆپۆزیسیۆنی ئێراقی. وە هیوادارە ئەو گەواهیدانە سروشتی تۆمەتەکان یەکلاکاتەوە”.
4. نامەی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان، ژمارە ٨١٤ لە ڕێککەوت ١٦/٣/٢٠٠١ (ساڵەکە بەهەڵە نووسراوە، ساڵەکە ٢٠٠٢ بوو): نامەکە لەلایەن بەپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوە ئیحسان عەبدولعەزیز نووسراوە. لە نامەکەدا هاتووە کەوا “فەریقی روکنی یەکەم سەرۆکی ئەرکانی پێشووی سوپای ئێراق دۆستی بزوتنەوە ئیسلامی کوردستانە و سومعەیەکی باشی لەنێو جەماوەری کوردستاندا هەیە، بزوتنەوە شاهێدی زیندووی شاری هەڵەبجەیە و پێشڕەو و سەرۆکیان شێخ عەلی عەبدولعەزیز دژی تاوانەکانی ڕژێمی ئێراق لە نەتەوەیەکگرتووەکاندا شاهێدە، دڵنیایان دەکاتەوە کەوا سەدام حوسێن و عەلی حەسەن مەجید ئەوان لە تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە و تاوانەکانی ئەنفال بەرپرسیارن. دڵنیایان دەکاتەوە کەوا بەڕێز خەزرەجی بێتاوانە لەم دوو تاوانە، ئەو هاووڵاتیەکی شەریفە و هەر کە دەرفەتی دەستکەوت دژی سەدام و ڕژێمەکەی وەستایەوە و هەموو پلە و پایەکانی خۆی جێهێشت، وە داوادەکات کەوا ژیانی ئەو و خێزانەکەی بپارێزن چونکە ڕژێمی ئێراق ڕژێمێکی ئیرهابیە گرنگی بە مافەکانی مرۆڤ نادات”.
5. بەپێی سەرچاوەیەک مەسعود بارزانی و هەروەها ئیحسان مەلا عەلی نامەی تایبەتی بەرگریان بۆ خەزرەجی ناردووە. (ئەم نامانەم نەدیووە، بێگومان لەئەگەری پەیداکردنی نامەکاندا ئەوانیش دەخەینەبەرچاو).

نامە و بەرگری لەلایەن لایەنە عەرەبیەکانەوە:
1. بەپێی ڕۆژنامەی پۆلیتیکن نامەیەک کەلەلایەن ٧ لە کەسی سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی واژوو کراوە. ئەوانە کە کۆنە بەعسی بوون و پلەی وەزیر و مامۆستای زانکۆ و فەرماندەیی سەربازیان لەنێو ڕژێمدا هەبووە نامەی پاکانەیان بۆ وەزارەتی دادی دانیمارکی لە ڕێککەوتی ٦/١٠/٢٠٠٢ دا نارد و ئەوسا لە ڕۆژنامەی زەمانی عەرەبیشدا بڵاوکراوەتەوە، ناوی کەسەکان وەکو لە رۆژنامەی پۆلتیکینی دانیمارکی بڵاوکراوەتەوە: ١. عبد الجانی الراوی ٢. هیشام الشاوی ٣. فارس حسین (یەکێ لەتاوانبارە سەرەکیەکانی ئەنفال، سەرۆکی فەیلەقی پێنج لەکاتی ئەنفالەکاندا کە ئێستا لە وڵاتی نەمسا دەژی) ٤. عادل الجبوری ٥. د. حسین الجبوری ٦. وسام السمیدعی ٧. عبدالسلام المیاحی. بەپێی ئەو نامەیەی لای دەرسیم دیبەگەیی هەیە ئەوانە ٨ کەسن. ناوی سعدون الدلیمی لەگەڵدایە. لەنامەکەدا بەرگری لە بێتاوانی خەزرەجی لە تاوانەکانی هەڵەبجە و ئەنفال دەکەن، وەکو کەسێکی نیشتیمانپەروەر و دڵسۆز و خاوەن کەسایەتی پێناسەی دەکەن و کە دژی ڕژێم وەستاوەتەوە، هەروەها پێیانوایە کەوا موخابەراتی ئێراقی لەپشتی ئەو هەڵمەتەن کە دەیانەوێ ناوی خەزرەجی بزڕێنن هتد. هەروەها ئاماژە بە پشتگیری سەرکردە کوردەکان لە خەزرەجی دەکەن و وەکو بەڵگەی بێتاوانی ئەو ئاماژەی بۆ دەکەن.
من لە ٢٥/١٠/٢٠٠١دا لە وتارێکدا لەژێر ناوی “تاوانباری جەنگ بۆ دادگا” کە لەرۆژنامەی پۆلیتیکندا بڵاوکرایەوە جگە لە ئاماژە بە شداریی خەزرەجی لە تاوانەکانی سوپای ئێراق و بەتایبەتی لە تاوانی گەلکوژی ئەنفالدا، پێویستبوونی دادگاییکردنی ئەو تاوانبارەم بەکورتی ڕوونکردەوە، ڕەتی بانگاشەی نامەی ٧ کەسە ئێراقیەکەم کردەوە.
2. نامەی سڵاح عومەر عەلی سکرتێری تجمع الوفاق الوطني الدیمقراطي العراقي بە ڕێککەوتی ٨/١٠/٢٠٠١ نووسراوە.
3. گروپی جمعیة الحقوقیین العراقیین بەیانێک بڵاودەکەنەوە و بەرگری لە نەزار خەزرەجی دەکەن. ڕۆژنامەی زەمان لە ڕێککەوتی ٣٠/١١/٢٠٠٢ دا بڵاویکردۆتەوە. ئەوانە ئاماژە بە پشتگیری سەرکردە کوردەکان لە کەیسی خەزرەجی دەکەن و ئاماژە بەوە دەکەن کە خەزرەجی چەکی کیمایی دژی کوردەکان بەکار نەهێناوە و بێتاوانە وەکو ئەو سەرۆکی تەقلیدی ئەرکانی سوپا بووە و فەرمانی ڕاستەوخۆ لە دەست ئەودا نەبووە. لە نامەکەدا ئاماژە بە مانەوەی خەرەزجی لای سەرکردایەتی پارتە کوردیەکان بۆ ماوەی سێ مانگ دەکەن و وەکو بەڵگەی بێتاوانی ئەو بەکاری دەهێنن.
دەکرێ نامەی دیکە هەبن کە لەو ئەرشیفەکەدا نین یا بڵاونەکراونەتەوە. ئەو نامانە هەندێکیان لە ڕۆژنامە و تەلەڤزیۆنەکانی دانیمارکیدا ئاماژەیان پێدرا یا بڵاویش کرانەوە. هەروەها لە رۆژنامە عەرەبیەکاندا وەکو رۆژنامەی زەمان بڵاوکراونەتەوە یا ئاماژەیان پێدراوە. من جارێک بەناوی کۆمیتە داوای هەموو بەلگە و دەکومێنتەکانم لە وەزارەتی داد کرد، دوای دوو سێ هەفتە ئەوەی بەپێی یاسا ڕێگەی پێدەدرا بۆیان ناردم، منیش بۆ دەرسیم دیبەگەییم نارد.
لەبەرامبەر ئەم نامانەدا کۆمیتەی خستنەگەڕی هەوڵەکان بۆ دادگاییکردنی تاوانبار نەزار خەزرەجی پەرچەکرداری هەبوو، بەیانیان بڵاوکردۆتەوە و نامەیان بۆ پۆلیس و وەزارەتی داد لەمبارەیە ناردووە، هەروەها نامەی تایبەتی بۆ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕێککەوتی ١٧/١٠/٢٠٠٢ دا ناردووە و داوای لێکردوون دەست تێکەڵی پرۆسەی دادگاییەکە نەکەن. هەروەها لەهەمان ڕێککەوتدا نامەی تایبەت بۆ پەرلەمانی کوردستان نێردراوە و هەمان داوای لێکراوە و داواکراوە نامەیەک لەپەرلەمانی کوردستانەوە بۆ وەزارەتی داد بنێرن و جەخت لە سەربەخۆیی پرۆسەی دادگاییەکە بکەن و لەئەگەری سەڵماندنی تاوانباریی خەزرەجیدا پشتگیری خۆیان بۆ بڕیارەکە و سزاکەی ڕابگەیەنن.
سەبارەت بەنامەکانی کەسایەتی و لایەنەکانی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن داواکاری گشتی بۆ هەرێمی شیلاند بێرگیتە ڤێستبێرگ Birgitte Vestberg جەختی لەسەر سەربەخۆیی و بێلایەنی دەزگای لێکۆڵینەوەی کەیسەکە کردوەوە و گوتی “ئەو نامانە گوزارشت لە هەڵوێستی سیاسی دەکەن و هیچ کاریگەریان بۆسەر لێکۆڵینەوەی ئەوان نابێت”.
نەزار خەزرەجی کە لە ئێراق ڕایکرد و پەیوەندی بە CIA و ئۆپۆزیسیۆنی ئێراقیەوە هەبوو، کە لەدانیمارک بوو دژی سەرۆکی دیکتاتۆری پێشووی ئێراق سەدام حوسێن دەدوا و دانی بە کۆمەڵکوژی کوردان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دەنا وەکو لە دیدار و چاوپێکەتنەکانیدا هەیە، بەڵام لە چاوپێکەوتنەکەی ئەم دواییەی لە ٣/٥/٢٠٢٢ دا کە خەزرەجی ناوی هێزەکانی پێشمەرگە وەکو “متمرد و مخرب” و دەهێنێت و نکۆڵی لە بوونی کۆمەڵکوژی خەڵکی سڤیل لە هێرشەکانی ئەنفال لە ساڵی ١٩٨٨ دا دەکات. لەو چاوپێکەتنەدا وەکو بەرپرسێکی سەربازیی ڕژێمی بەعس بەرگری لە هێرشەکانی ئەنفال دەکات. وەزارەتی کاروباری شەهیدان دژی ئەم گوتنانە بەیانێک لە ڕۆژی ١٠/٥/٢٠٢٢ دا دەردەکات و داوای گرتن و دادگاییکردنی دەکات. دووبارە بەپێی گۆڕانی بەرژەوەندییە سیاسیەکان و لەژێر گوشاری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و سۆسیال میدیا ئەم کاردانەوەیە ڕوویدا. بەڵام ئایا حکومەتی هەرێم هیچی لە گوڵ گرانتر بە سەرۆک و شێخی ئیمارات گووتووە؟ بەپێچەوانەوە بەپێی هەواڵی ڕۆژی ١٤/٦/٢٠٢٢ کە لە شەفەق نیوزدا بڵاوکراوەتەوە، پێشوازی لە کۆنسوڵی ئیماراتی عەرەبی “ئەحمد دحاری” کراوە و بەلێنی دروستکردنی کۆنسوڵێکی هاوبەشیان بەمەبەستی فروانکردنی چاڵاکییە ئابووریەکانی نێوان هەردوو حکومەتدا داوە.

دوای ڕاکردنی خەزرەجی چی کرا؟
وەکو پێشتر ئاماژەمان بۆکرد، چەند هەفتەیەک بەر لە بزربوونی خەزرەجی چاودێریەکی ئەوتۆ نەمابوو، ئەوەبوو ئەو لە ١٧/٣/٢٠٠٣دا واتە ڕۆژی دوای لێدانی ئێراق لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی هەواڵی ڕۆیشتنی بە پۆلیس دەگەیەندرێت. بەپێی هەندێ سەرچاوە لەوانە ڕۆژنامەی بی تی BT خەزرەجی یارمەتی دراوە و هاوکاری کراوە، هەروەکو ئاماژەی بۆ دەکەن لەلایەن سی ئای ئەی CIA ئەمەریکاوە هاوکاری کراوە و بردوویانە بۆ ئێراق، وەکو ڕۆژنامەی یولاند پۆستن لە رۆژی ٢١/٣/٢٠٠٣دا بلاویکردەوە کەوا خەزرەجی لەگەڵ هەندێ لە ئەفسەرانی پێشوو لە ئێراق بووە. واپێدەچی یارمەتی و هاوکاریکردنی خەزرەجی لە دانیمارکدا بێ هاوکاری پۆلیسی نهێنی دانیمارک نەبووە. بەڵام پارێزەری دەوڵەت گوتی “هیچمان لەمبارەیەوە نەدۆزیوەتەوە” ، هەروەها حکومەتی ئەمەریکا “بێئاگایی” خۆی لە شوێنی یا بزربوونی خەزرەجی بە وەزارەتی دادی دانیمارکی گەیاند (پۆلیکتیکن ٢٤/٣/٢٠٠٣).
لە وتارێکی ڕۆژنامەی پۆلیتیکن Politiken کە لە رۆژی ١٠/٤/٢٠٠٣دا بڵاوکراوەتەوە دەنووسرێت کەوا دەزگای هەواڵگری پۆلیس بەخەستی لە ڕووداوی دەمژمێرەکانی دوای بزربوونی خەزرەجی تێوەگڵاوە و پەیوەندی چڕ و پڕ لەبارێکی بێسەروبەردا لەنێوان بەشەکانی پۆلیسدا هەبووە. بەپێی ڕوونکردنەوەی سەرۆکی پۆلیسی وڵات Rigspolitichefen خەزرەجی چەند رۆژێک پێش ڕاگەیاندنی ونبوونەکەی ڕۆیشتووە، بۆیە هەوڵەکانی کۆنتڕۆل لە سنورەکاندا لەرۆژی ئاشکرابوونی ڕاکردنەکەی بێ سوود و واتا بوو. لەگەڵ ئەوەشدا پۆلیسی “غینگ ستیز” چەند دەستەیەکی بە سەگی پۆلیسیەوە بۆ پشکنین ڕەوان کرد. پۆلیسی هەواڵگری و وڵات ڕوونکردنەوەی زیاتریان سەبارەت بە ونبوونی نەزار خەزرەجی نەدا. لە پەرلەماندا لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن هەموو ڕەخەنیان لە پۆلیس دەگرت و لە ناڕێکی و بێسەروبەریی پەیوەندیەکانی نێوان بەشەکانی پۆلیس بەگلەیی بوون. وەزیری داد لێنە ئێسپەرسن Lene Espersen کە سەربە پارتی کۆنسێرڤەتیڤ بوو، دانی بە بێسەروبەری بارەکەدا نا و تێگەیشتنی خۆی بۆ ڕەخنەکان پیشاندا. سەرۆکی وەزیرانی دانیمارک ئانەس فۆ ڕاسمۆسن Anders Fogh Rasmussen کە سەر بە پارتی ڤێنستغا (لیبراڵ) بوو “پەرێشانی” لە ونبوونی خەزرەجیدا دەردەبڕێ و ئاماژەی بە ناڕازیبوونی خۆی لە بارەکەدا دەکات.
دوای ڕاکردنی خەزرەجی لە دانیمارک، ناوی خەزرەجی دەدرێتە ئەنتەرپۆل (پۆلیسی نێونەتەوەیی Interpol) و ڕادەگەیەندرێت کەوا بیگرن و بیگێڕنەوە دانیمارک. بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی پۆلیتیکنن(٢٤/٣/٢٠٠٣) داواکاری گشتی بێرگیتە ڤێستبەرگ دەڵێ “پێیان وایە دەزانن لە چ وڵاتێکدایە و خەریکی دانوستانن لەگەڵ ئەو وڵاتە”. بەڵام ناوی هیچ وڵاتێک ناهێنێت بەڵام ئاماژە بە وڵاتێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکات. دانیمارک ڕێکەوتنی ڕادەستکردنی لەگەڵ هیچ وڵاتێکی عەرەبیدا نەبوو، بۆیە پرۆسەی ڕادەستکردنی کەسێک لەو وڵاتانەوە خۆی لە خۆیدا ئاڵۆز بوو. هەروەها پارێزەری وڵات ڕایدەگەیەنێت کەوا داوا لە دادگای شاری سۆرۆ Sorø دەکات بڕیاری زیندانی نەزار خەرەجی بدەن، تاکو خەزرەجی نەتوانێ بە ئازادی بسوڕێتەوە، “ئەگەر” دەستیان لێگیربێتەوە (پۆلیتیکن ٢٤/٣/٢٠٠٣). ڕۆژی دواتر دادگای شاری سوغۆ بڕیاری دەستبەسەری نەزار خەزرەجی لە بزریدا بۆ ماوەی چوار هەفتە ڕادەگەیەنێت. دادگا ڕەتیکردەوە کە بڕیاری زیندانیکردن “بێ دیارکردنی کات” بدات، چونکە دادگا “لای ڕوون نییە کە ئایا ئەو لە دەرەوەی وڵاتە یا لە دانیمارکە، یا ئایا ئەو ئارەزوومەندا لە دانیمارک هەڵاتووە” (پۆلیتیکن ٢٥/٣/٢٠٠٣).
خەزرەجی چۆن ڕایکرد ئەوها ڕۆیی و نەگەڕایەوە دانیمارک. لە چەند هەفتەی دوای ڕاکردنەکەی خەزرەجی گەلێ لەهەواڵەکانی ڕۆژنامەکان ئاماژەیان بە وڵاتی سعودیا یا کوێت یا ئیمارت دەکرد وەکو شوێنی گەیشتنی ئەو. دوای ئەوە هەواڵەکان چوون بەلایەکی دیکەدا و گرنگی بابەتەکەش وەکو پێشوو نەما. حەوت ساڵ دواتر لە رۆژی ٧/١٢/٢٠١٠ ڕۆژنامەی بی تی BT بڵاویدەکاتەوە کەوا نەزار خەزرەجی لە شارێکە بەناوی “عین الحسین” بەدووری ١٠٠ کیلۆمەتر لە شاری دوبەی پایەتەختی وڵاتی ئیماراتدا. سەبارەت بە بوونی ئەو لە وڵاتی ئیمارت و هەوڵەکانی دانیمارک بۆ ڕادەستکردنەوەی پارێزەری دەوڵەت بێرگیتە ڤێستبێرگ دەڵێ “ئێمە دەزانین ئەو لە کوێیە، بەڵام ئەو وڵاتەی ئەوی لێیە بەهیچ شێوەیەک ئامادەی هاوکاری نییە”.
ژۆرنالیست یاکۆب تۆپسو Jacob Topsøe کە لەسەرەتاوە بەدوای خەزرەجیەوە بووە و زۆر زانیاری لەسەر ئاشکرا کردووە، لە هەواڵێکی ئۆنلاینی تۆپسو میدیا topsoemedier.dk کە لە مانگی یەکی ٢٠٢٢ دا نوێکراوەتەوە ئاماژە بەوە دەکات کەوا چیتر ئەنتەرپۆل Interpol بەدوای نەزار خەزرەجیدا ناگەڕێت، چونکە ناوی لەلیستی ئەنتەرپۆل دەرهێندراوە. لابردنی ناوی ئەو هاوکاتە لەگەڵ هاتنی سەرۆکی نوێی ئەنتەرپۆل لە ٢٥/١١/٢٠٢١دا کە لەهەمان وڵاتدا دەژی کە خەزرەجی تێدا دەژی.
سەبارەت بەوەی ئایا کەیسەکەی لە دانیمارکدا کراوەیە یا نا، ئایا حکومەتی دانیمارک هیچ ئومێدێکی بە ڕادەستکردنەوەی خەزرەجی ماوە، ئایا چی سەبارەت بە لابردنی ناو خەزرەجی لە لیستی ئەنتەرپۆلدا دەزانن و چ کاریگەریەکی بۆسەر کەیسەکە هەیە، پارێزەری دەوڵەت بۆ کەیسە تایبەتە نێونەتەوەیەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەداوە.
سەرۆکی نوێی ئەنتەرپۆل کەسێکی ئیماراتییە بەناوی ئەحمەد ناسر ڕایسی Ahmed Naser Al-Raisi کە بەرلەوە لە ساڵی ٢٠١٥ ـەوە وەزیری ناوخۆی ئیمارات بووە، کەسێکە لەلایەن ڕیكخراوی مافەکانی مرۆڤەوە لەسەر ئازاردان و پێشێلکاریی ڕەخنەی لەسەرە. ١٩ ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لەوانە ڕیكخراوی مافەکانی مرۆڤی جیهانی دژی ئەوە وەستان کە بکرێتە سەرۆکی ئەنتەرپۆل. سێ ئەندام پەرلەمانی ئەڵمانی و ٣٥ ئەندام پەرلەمانی فەرەنسی دژی بوون و هەوڵیاندا هەڵنەبژێردرێت. لابردنی ناوی ئەو گەورە ئەنفالچییە لەلایەن کێوە پێشنیار کراوە و کێ بە ئەحمەد ناسری گوتووە ناوەکەی لابدات، هیچ زانیاریەک ئاشکرا نەکراوە و نازانین. ئایا ئەمەریکا بووە؟ یا ئایا لەلایەن سەرانی دەسەڵاتی کوردی یا ئێراقیەوە ئەو داوایە کراوە؟ وەکو ئەوان پێشتر بەرگریان لێکرد و پاکانەیان بۆیکرد، وە پەیوەندی باشیان لەگەڵ سەرۆکی ئیمارات و گەورە بازرگانەکانی ئەوێ هەیە. یا دەکرێ لەلایەن خودی سەرۆکی ئیماراتەوە بێت، کە خۆی کۆمەڵێ لەکۆنە ئەفسەرە بەعسیەکانی وەکو محەمەد سەعید سەعاف و ناجی صبری هاوشێوەی ئەوانی پەناداوە و دەیانپارێزێت. چەند لایەنێک بەرژەوەندیان لەوەدایە و ئەگەرەکان کراوەن. دواڕۆژ وڵامی ئەوەشمان بەئەگەری زۆر دەداتەوە.

دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان یا حکومەتی ئێراق چیان بۆ ڕادەستکردنی نەزار خەزرەجی کردووە؟
بەپێی بڕیاری ژمارە ف٢/١٤٤٥ ڕێککەوتی ١٨/١٢/٢٠٠٥ نەزار خەزرەجی لەگەڵ ٢٣ ئەفسەر وبەرپرسی دیکەی پلەباڵا لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراقەوە داواکراوە و بڕیاری گرتنی دەرچووە. لەم بڕیارەدا ناوەی نەزار خەزرەجی یەکەم ناوە لە لیستەکەدا. بەمجۆرە ئەو داواکراو بوو. دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراق لیستێکی تایبەت کە ناوی ٤٢٣ کەسی تێدایە لە ڕێککەوتی ٢٠/٥/٢٠٠٧ دا بڵاودەکاتەوە لەم لیستەدا ناوی ئەو لادراوە. هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەمبارەیەوە نەدراوە. لە لیستەکەدا هەندێ ناو لادراون، هەروەها ناوی بەشێ لە بەشدارانی گەلکوژی لەلیستەکەدا نەنووسراون. شایانی بیرخستنەوەیە ئەو گەورە بەرپرسانەی ڕژێمی بەعس کە گیران و درانە دادگا ژمارەیان زۆر کەم بوو، وەکو لە سەر تاوانی ئەنفال ٧ کەس درانە دادگا، لەسەر تاوانی هەڵەبجە ٥ کەس کە چواریان ئەوانە بوون کەلەسەر ئەنفال دادگاییکران، لەسەر تاوانی کۆمەڵکوژی کوردانی فەیلی ١٦ کەس درانە دادگا کە دووانیان ئەوانەبوون کەلەسەر ئەنفال و هەڵەبجە درانە دادگا، لەسەر کۆمەڵکوژی بارزانیەکان ٦ کەس بوون دووانیان ئەوانە بوون کە لەسەر تاوانی کوردانی فەیلی درانەدادگا. واتە هەموو ئەوانەی درانە دادگا ٢٦ کەس بوون. بەمجۆرە بەسەدان کەس لە تۆمەتباران هەرگیز نەگیران و نەدرانە دادگا. دیارە بەشداربووانی تاوانەکانی هەڵەبجە و ئەنفال لە ئێراق و کوردستان وە لە وڵاتانی دەرەوەدا هەن. کۆمەڵێک کۆنە فەرماندە و ئەفسەری سەربازی لە ئیماراتن و لەوێ پەنادراون و دەژین. بەپێی زانیاریەکان نەزار خەزرەجی لە ئیمارت لە شاری ئەلعین دەژیت. هیچ هەوڵێکی بەکردەوەی کۆنکرێتی لەلایەن دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ڕادەستکردنی خەزرەجی تاساڵی ٢٠٢١ نەدراوە. دوای دیدارەکەی لە ٣/٥/٢٠٢٢ دا وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان لەڕێککەوتی ١٠/٥/٢٠٢٢ دا لە بەیانێکدا “داوای” گرتنی دەکات، بەڵام بەکردەوە و کۆنکریتی هیچ نەبیندراوە. بەپێچەوانەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئیماراتی عەرەبی بەهێزتر کردووە، نەشبیستراوە لە دوا دیداریان لەگەڵ کۆنسوڵی ئیماراتدا ئەم بابەتە باسکرابێت. بەهەمان شێوە نەبیستراوە حکومەتی ئێراق داوای ڕادەستکردنی ئەوی کردبێت.
جێگەی بیرخستنەوەیە کەوا زۆر لە بەشدارانی شاڵاوەکانی ئەنفال یا کۆمەڵکوژیەکانی دیکە وەکو سەرۆکجاشەکان و فەرماندە و ئەفسەرانی کۆنی بەعس لە کوردستاندا هەن، ئەوانە پەنادراون و دەسەڵات دژی دادگاییکردنیانە. بۆنمونە کە عیزەت دووری جێگری سەدام حوسێنی دیکتاتۆر لە ئێراق مرد. گوترا لە هەولێر بوو! واتە ١٨ ساڵ دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس هەر لە ئێراق بوو و لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە پەنادرابوو. جگەلەوانەی پەنادراون و پارێزراون، ئەفسەری فرۆکەوان تاریق ڕەمەزان کە لە سلێمانی گیرا و تۆمەتباربوو بە بەشداریی لە کیمیابارانی هەڵەبجە، لەلایەن ئاسایشی سلێمانی بوو، بەفەرمانی جەلال تاڵەبانی لە ٢٨/١٠/٢٠٠٧ دا ئازاد کرا، هەروەها وەفیق عجیل سامەرائی لە ساڵی ٢٠٠٧ دا لە سلێمانی گیرا، بەڵام بێتاوانی ڕاگەیەندرا و جەلال تاڵەبانی ئازادیکرد. هەرچەندە بڕیارەکە لەلایەن پارێزەر د. عەبدولڕەحمان حاجی شەعبان زێباری (ئەندام لە لیژنەی بەرگری لە قوربانیانی ئەنفال لە دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراقدا) لیژنەی بەرگری لە قوربانیان لە نوسینگەی دادگا لە هەولێر تەمیزکرا، پەیوەندی بە دادگای بەغداوە دەکرێ و لە دادگای بەغداوە بڕیاری گرتنی وەفیق سامەڕائی دەردەچێت. لە نێو ئێراقیشدا لە شارە عەرەبیەکاندا بەشداربووانی تاوانی گەلکوژی ئەنفال و هەڵەبجە یا تاوانکاریەکانی دیکە هەن، بەڵام دەسەڵات بەلایانەوە نەچووە.
لەڕاستیدا ئەگەرێکی دوورە چاوەڕوان بکرێت کەوا دەسەڵاتدارانی ئێستای هەرێمی کوردستان بچن داوا لە شێخ و حکومەتی ئیمارات بکەن ئەم تاوانبارەیان ڕادەست بکات. سەرانی هەردوو پارتی سەرەکی باشوری کوردستان ی.ن.ک و پ.د.ک پەیوەندی باشیان لەگەڵ خەزرەجیدا هەبووە، لەڕێگەی زاخۆوە بۆ دەرەوە بەڕێکرا، دواتر هەردوولا بانگهێشتیان کردووە و خزمەتیان کردووە، وەکو ئاماژەمان بۆکرد کە لە دانیمارک بوو هەردوولا بەرگریان لێکرد.
بەپێی گوتنی پارێزەر د. عەبدولڕەحمان زێباری بە پێی ماددەی ١٣٤ لە دەستوری ئێراقدا کە لەساڵی ٢٠٠٥ دا پەسندکراوە، دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراق تا کۆتاییهێنان بەکارەکانی بەردەوام دەبێت. هیچ بڕیارێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی دادگا لەلایەن پەرلەمان یا حکومەتی ئێراق دەرنەچووە. بەڵام لەڕێککەوتی ٢٨/٦/٢٠١١دا سەرۆکی دادگا لە ڕاگەیاندراوێکدا کۆتایی کارەکانی “دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراق” لە بەغدا ڕادەگەیەنێت. بەپێی گوتنی پارێزەر ئەیاد کاکەیی دادگاکە خراوەتەسەر دادگای تاوانی ناوەندی، وە دادگای لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی جەنگ و دژ بە مرۆڤایەتی و گەلکوژی ماوە، بۆیە دادگا سکاڵا لەمبارەیەوە وەردەگرێت، دوای لێکۆڵینەوە لە سکاڵا ڕەوانەی دادگای ناوەندی دەکات. بەکردەوە دوای ڕاگەیاندنی کۆتاییهێنان بە کاری دادگا لە ساڵی ٢٠١١ دا دادگایی تاوانبارانی تاوانکاریەکانی تاوانی جەنگ یا دژ بە مرۆڤایەتی یا گەلکوژی ئەنفال نەکراوە و پرۆسەکە تاڕادەیەکی زۆر وەستاوە.

باری ئێستا و ئەگەری گرتنی خەزرەجی
تاکو ساڵی ٢٠١٠ پارێزەری دەوڵەت بیرگیتە ڤێستبێرگ ئاماژەی بەوا دابوو کەوا ئەوان دەخوازن بگیرێت و بیهێننەوە دانیمارک. کەیسەکەی کراوەبوو تا ئەو ساتەی ئەوان پێیانوابێ دەکرێ بگیرێت و بیدەنە دادگا. سەبارەت بە دانیمارک و ئەگەری تۆمەتبارکردنی بە تاوانی جەنگ و دژ بە مرۆڤایەتی یا گەلکوژی، ئەو تا لە دانیمارک بوو کەیسی بۆ کرابۆوە و لەژێر لێکۆڵینەوەدا بوو، کەیسەکەی هەر لای پۆلیس بوو، بەمجۆرە کەیسی تۆمەتباریی لەسەر دروست نەکرابوو و بۆ دادگا نەنێردرابوو، بۆیە تۆمەتی لەسەر تاونەکان لەدژدا بەرزنەکرابووە، وە ئەگەر ئەو لە دانیمارک نەبێت ناتواندرێ تۆمەتی لەدژدا بەرزکرێتەوە و لەسەر ئەم بنچینەیە بدرێتە دادگا، وەکو بێرتە فێستبێرگ لە ساڵی ٢٠١٠ دا ئاماژەی بۆکردبوو.
ئەو لەلایەن داگای باڵاشەوە سەرەتا داواکرابوو، بەڵام دادگاکە نەما و کەیسەکانی لێکۆڵینەوە هێندراونەتەوە سەر دادگای ناوەندی لە بەغدا، لەمبارەیەوە دادگا تەواو سستە. بەپێی زانیاریەکانی بەردەست نە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و نە دەسەڵاتی بەغدا هیچ جووڵەیەکیان لەمبارەیەوە نییە. ئایا چ وڵاتێک مافی یەکەمی هەیە لە کەیسەکەدا، ئەوا بێگومان حکومەتی ئێراق لەپێشترە لە دانیمارک وەکو نەزار خەزرەجی هاوڵاتی ئێراقە و دەتوانێ داوای ڕادەستکردنی بکات ئەگەر بیهەوێ، دیارە ئەگەر ئیمارات ڕەتی ڕادەستکردنەوەی بکاتەوە، ئەوا ئێراقیش هیچی ئەوتۆی بۆ ناکرێت.
دوای ئەوەی ناوی نەزار خەزرەجی لە لیستی ئینتەرپۆل دەرهێندراوە شانسی گرتن و گەڕاندنەوەی بۆ دانیمارک زۆر لاوازترە لە پێشوو ئەوە ئەگەر تروسکاییەک هەبووبێت. جگەلەوەی لەبیرمان نەچێت خەزرەجی مافی جێنشینی لە دانیمارکدا پێنەدرابوو و داوای پەنابەری ئەو ڕەتکرابۆوە.

بەکورتی
نەزار خەزرەجی بەشداری لە تاوانی گەلکوژی ئەنفالدا کردووە و تاوانبارە، دادگا دەتوانێ سزاکەی بەپێی گەورەیی و ئاستی تاوانەکانی دیار بکات. لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراقەوە سەرەتا ناوی لە ڕیزی داواکراواندا هەبوو، بەڵام لەلیستی دواتردا ناوی لادراوە. خەزرەجی پەیوەندی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێراقی و لایەنە کوردیەکان هەبوو بەرلەوەی لە ئێراق دەرچێت. بەهەمان شێوە پەیوەندی لەگەڵ سی ئای ئەی CIA ئەمەریکادا هەبوو.
لە ساڵی ١٩٩٩ دێتە دانیمارک و داوای مافی پەنابەری دەکات، داواکەی ڕەتدەکرێتەوە و بڕیاری “مانەوە تا دەرکردنی” دەدرێت. نزیکەی دوو ساڵ لە وڵاتی دانیمارک بوو بێ ئەوەی هیچی لەسەر بگوترێت و بنووسرێت. لە ٣٠/٩/٢٠٠١ دا میدیای دانیمارکی بە بوونی ئەو وەکو بەرپرسێکی گەورەی سوپای بەعس دەزانن و هەواڵەکە دەتەقێتەوە، شەپۆڵێکی سیاسی ئاراستەی حکومەت و وەزیری داد دەستپێدەکات، لە ٣/١٠/٢٠٠١ دا داواکاری گشتی ئاگاداری وەزارەتی داد دەکاتەوە کە دەکرێ لە دانیمارکدا کەیسی لە دژدا بکرێتەوە و بڕیاری کردنەوەی کەیس لەسەر خەرزرەجی دەردەکات و دەخرێتە ژێر چاودێری. بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی داد لە ڕێککەوتی ٢٧/٨/٢٠٠١ دا دۆسیەی خەزرەجی لەلایەن فەرمانگەی بەڕێوەبەریی پەنابەرانەوە بۆ داواکاری گشتی ناردرابوو، لەبەر ئەوەی بەڕێوەبەریی پەنابەریی هۆکاری گونجاویان هەبووە لەوەی کە وای ببینن کەوا خەزرەجی بەرپرسیاریی لە تاوانکاریەکانی تاوانی گەلکوژی ئەنفالدا هەبووە. جێگەی پرسیارە لەبەرچی دوای نزیکەی دوو ساڵ ئەوجا کەیسەکە بۆ داواکاری گشتی دەنێرن! دەکرێ ئەم بابەتە لەلایەن دەزگای پۆلیسی نهێنی دانیمارکیەوە PET (دەکرێ بە ئاگاداری سی ئای ئەی CIA) پەردەپۆش کرابێت. هیچ زانیاریەکمان لەمبارەیەوە لەبەردەستدا نییە.
دادگای شاری سۆرۆ Sorø ئەو شارەی ئەو لێی دەژیا بڕیاری چاودێری خەزرەجی دەدات و قەدەغەی ڕۆیشتنی بۆ دەرەوەی دانیمارک دەکات. بەڵام چاودێری خەزرەجی لە دانیمارک وەکو پاراستن و پارێزگاری ئەو بوو، وە خەزرەجی ئازاد بووە لە چوونە دەر و گەڕاندا تەنها لەرۆژانی دووشەمە، چوارشەمە و هەینیدا لەنێوان دەمژمێر ٩ و ١٢ دا پێویست بوو لەماڵ بێت و پۆلیسێک دەهاتە لای.
ڕەوەندی کوردی لە دانیمارک لە ٤/١٠/٢٠٠١دا خۆپیشاندان لە بەردەم پەرلەماندا دەکەن و داوای دادگاییکردنی تاوانبار نەزار خەزرەجی دەکەن. لە ٢٨/١٠/٢٠٠١ دا “کۆمیتەی خستنەگەڕی هەوڵەکان بۆ دادگاییکردنی تاوانبار نەزار خەزرەجی – دانیمارک” پێدەهێنن. کۆمیتەکە هەرچی دەکومێنتی لەسەر بەشداری نەزار خەزرەجی لە تاوانی گەلکوژی ئەنفالدا دەستدەکەوێت بۆ پۆلیس و وەزارەتی داد و رۆژنامەکان دەنێرێت. نامە بۆ ئەندامانی پەرلەمان دەنێرێت. دیتەر و سکاڵاکار کۆدەکاتەوە و بە دەزگای لێکۆڵینەوەی پۆلیس و پارێزەری دەوڵەتیان دەگەیەنێت. زۆر کۆمەڵەی کوردی و کەسایەتی کوردی و ئێراقی هاوکاری کۆمیتەکە دەکەن.
لایەنە کوردیەکان وەکو ی.ن.ک، پ.دک و بزوتنەوەی ئیسلامی نامەی بەرگری لە تاوانبار نەزار خەزرەجی بۆ وەزارەتی داد دەنێرن. پێ لەسەر بێتاوانی ئەودا دادەگرن. جەلال تاڵەبانی نامەی تایبەت دەنێرێت. گوتن لەنامەی تایبەتی مەسعود بارزانی دەکرێت. کەسایەتی و لایەنی عەرەبیش نامەی بەرگری دەنێرن. ئەوانە کە لەبەرژەوەندی سیاسیاندا نەبوو خەزرەجی بگیرێت و بدرێتە دادگا، خەزرەجی وەکو بێتاوان دەبینن و هەڵمەتی بەدادگاییگەیاندەکە بە پیلان و دەستی ڕژێمی بەعس دەبینن.
خەزرەجی بە چەند ڕۆژێک بەر لە ڕاگەیاندنی هەواڵی ڕۆیشتی لە دانیمارک لە ١٧/٣/٢٠٠٣ دا بەپێی ڕۆژنامەی BT بەهاوکاری سی ئای ئەی CIA وڵاتی دانیمارکی جێهێشتووە. ئەو تا لە دانیمارک بوو کەیسەکەی لەژێر لیکۆڵینەوەی پۆلیس و داواکاری گشتی دابوو و ڕەوانی دادگا نەکرابوو. بۆیە تۆمەتی تاوانباریی لە دژدا بەرزنەکرابۆوە. ئێستا کە ئەو لەدانیمارک نییە بەپێی یاسا ناتواندرێ تۆمەتی لە دژدا بەرزبکرێتەوە.
بەپێی زانیاریەکان خەزرەجی لە وڵاتی ئیمارت لە شاری ئەلعەین دەژیت، بەڵام ئیمارات بەهیچ شێوەیەک ئامادە نەبووە هاوکاری دانیمارک لە ڕادەستکردنیدا بکات. تاکو ساڵی ٢٠١٠ دانیمارک ئومێدی بە گرتن و ڕادەستکردنی هەبوو و کەیسەکەی کراوەبوو. بەڵام ئەوە هەرگیز ڕووی نەدا.
کۆمەڵێ تاوانبار لە تاوانی کوشتار و کۆمەڵکوژیەکانی سەردەمی ڕژێمی بەعس لە وڵاتی ئیمارتدا دەژین. سەبارەت بە خەزرەجی، حکومەتی هەرێم کە خۆی بە نوێنەری قوربانیانی تاوانی گەلکوژی ئەنفال دەزانێت، هیچ هەوڵیکی بۆ گرتن و ڕادەستکردنی خەزرەجی نەداوە. ئەوان پێشتر بەرگریان لێکردووە. دیارە لە چاوپێکەوتنەکەی ئەم دواییەی لە ٣/٥/٢٠٢٢ دا کە خەزرەجی ناوی هێزەکانی پێشمەرگە وەکو “متمرد و مخرب” و دەهێنێت و نکۆڵی لە بوونی کۆمەڵکوژی خەڵکی سڤیل لە هێرشەکانی ئەنفال لە ساڵی ١٩٨٨ دا دەکات، دوای گوشاری سۆسیال میدیا و ڕەخنە لە حکومەتی هەرێم و وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بەیانێک لە دژی لێدوانەکانی نەزار خەزرجی دەردەکات، بە ئاماژە بە بڕیاری دادگا لە ساڵی ٢٠٠٥ دا داوای گرتن و ڕادەستکردنی دەکات. وەزارەتی شەهیدان نەزار خەزرەجی وەکو “تاوانباری سەرەکی” ناوزەد دەکات. دیارە لە هەرێمی فیدرالی کوردستاندا تۆمەتبار زۆرن بەڵام لەلایەن وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانەوە بەیان لە دژیاندا دەرناکرێت و داوای گرتنیان ناکرێت. لەلایەکیتر لەلایەن دەسەڵاتی بەڕێوەبردن یا سەرکردایەتی هەردوو حزبی سەرەکی کوردستانەوە هیچ کاردانەوەیەک دژ بە خەزرەجی نەبیندراوە.
خەزرەجی مافی جێنیشینی لە دانیمارکدا نەبوو. ئەگەر ڕەگەزنامەی دانیمارکی هەبووایە لەسەر دانیمارک بوو بیهێنێتەوە و بیداتە دادگا، وەکو بۆنموونە سەبارەت بە ئەندامانی ڕێکخراوی تیرۆرسیتی ئیسلامی داعش کرا. بەڵام ئەو بارە لە ئارادا نییە. جگەلەوەی کە وەکو پەنابەر هاتە دانیمارک و خرایە ژێر چاودێریی چونکە گومانی تاوانباریی لە تاوانی گەلکوژیدا لێدەکرا، هیچ پەیوەندیەکی دیکەی بە دانیمارکەوە نییە. خەزرەجی هاوڵاتی ئێراقە و دەوڵەتی ئێراق دەتوانێ ئەوە بکات ئەگەر بیهەوێت. بەڵام ئەگەر ئیمارات دژی ڕادەستکردن بووەستێت ئێراق هیچی بۆ ناکرێت.
دوای ئەوەی کەسێکی ئیماراتی دەبێتە سەرۆکی ئەنتەرپۆل لە ٢٥/١١/٢٠٢١دا ناوی خەزرەجی لە لیستی داواکراوانی ئەنتەرپۆل دەردەهێندرێت، بۆیە چیتر پۆلیس بەدوایدا ناگەڕێن. بەواتایەکیتر ئێستا ئەو دەتوانێ بەئازادی بسوڕێتەوە. بۆیە ئێستا ئەگەری گرتن و ڕادەستکردنی خەزرەجی زۆر لاوازە.
پێویستە بگوترێت کەوا ڕاستە تاوانبار خەزرەجی تائێستا نەگیرا و نەدرایە دادگا، بەڵام هەوڵ و کۆششی کوردانی دانیمارک و هەندەران بوو وایکرد، وەکو بکەر و تاوانبارێکی سەرەکی تاوانی گەلکوژی ئەنفال لەسەر ئاستی جیهانیدا بناسرێت. هەروەها ئەو هەڵمەتەی دژی خەزرەجی کاریگەری هەبوو لەسەر ئەوەی ئەمەریکاییەکان پەڕاوێزی بکەن و گرنگی زیاتری پێنەدەن. لەبیرمان نەچێت نەزار خەزرەجی خەونی جێگرتنەوەی سەدامی هەبوو و لەلایەن هەندێ لە میدیاکان و لایەنی ئۆپۆزیسیۆنەوە ئەوها سەیری دەکرا، بەڵام هەوڵ و کۆششی کوردانی هەندەران و کوردستان وە کەسوکاری قوربانیان ئەو خەونەی ئەویان لەباربرد.

تەواو

سوپاس بۆ بەڕێزان:
کاک نەوزاد مارف کە ئەرشیفەکەی خۆی بۆ ناردم.
کاک عەلی مەحمود کە لە هەندێ زانیاری ئاگاداری کردمەوە و هەندێ بەڵگەنامەی بۆ ناردم.
کاک گۆران هەڵەبجەیی کە لەهەندێ زانیاری ئاگاداری کردمەوە.

سەرچاوە و پەڕاوێز
شهادة رئيس أركان الجيش العراقي السابق نزار الخزرجي في حلقة جديدة من #وفيروايةأخرى،التلفزيون العربي‎:
https://www.facebook.com/AlarabyTelevision/videos/366640198845882
نامەی تایبەتی جەلال تاڵەبانی کە بۆ بەرگری لە نەزار خەزرەجی ناردووە بەسوپاسەوە لەلاپەڕەی فەیسبوکی کاک دەرسیم دیبەگەیی وەرگیراوە.
Den irakiske hærchef arbejdede for CIA 2. FEB 2007 OPDATERET 3. FEB 2007, https://www.dr.dk/nyheder/indland/den-irakiske-haerchef-arbejdede-cia
Efterforskning af irakisk hærchef er slut, Torsdag d. 18. december 2003, kl. 14.00 Opdateret torsdag d. 18. december 2003, kl. 22.47, Kilder: https://www.berlingske.dk/samfund/efterforskning-af-irakisk-haerchef-er-slut
Hærchefen fra Sorø (opdateret januar 2022!), https://topsoemedier.dk/erfaring/nicher/#haerchef
Historien om en bebudet flugt af Charlotte Aagaard og Jacob Topsøe, 15. februar 2007, https://www.information.dk/2007/07/historien-bebudet-flugt
Her gemmer hærchefen fra Sorø sig af Søren Mortensen, BT, 7. dec. 2010 – 0:38 | Opdateret 19. sep. 2012 – 21:28
Ahmed Naser Al-Raisi: https://en.wikipedia.org/wiki/Ahmed_Naser_Al-Raisi

هەندێ لە سەرچاوەکان ڕاستەوخۆ لە وتارەکەدا ئاماژەیان بۆ کراوە.
ناوی هەموو سەرچاوەکان لێرەدا نەنووسراون.

شاخەوان قادر شۆڕش




ئاگاتا کریستیی و عیراق… ئەردەڵان عەبدوڵڵا

ئاگاتا کریستی یەکێکە لە رۆماننووسە ناودارەکانی بەریتانیا و جیهان، لە ساڵی 1890 لە باشووری بەریتانیا لەدایک بووەو لەساڵی 1976 کۆچی دواییکردووە. ئەو بە دایکی رۆمانی پۆلیسی دادەنرێت و خاوەنی 66 رۆمانی پۆلیسییە و 14 کۆمەڵە چیرۆکی بڵاوکردۆتەوە، بۆ زۆربەی زمانەکانی جیهانی کارەکانی وەرگێڕاوەو لە تەواوی جیهاندا کتێبەکانی ژمارەی پێوانەییان تێپەڕاندووە سەرو 2 ملیارد نوسخە لە کتێبەکانی چاپ و بڵاکراونەتەوە، بەمشێوەیەش دەبێتە یەکەمین نووسەری جیهان لەرووی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبەکان.

ئاگاتا کریستیی و عیراق
ئەوەی مایەی سەرنجە ئەم ژنە رۆمانووسە بەریتانییە پەیوەندییەکی ئێجگار تایبەتی هەبووە لەگەڵ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتیی و عیراق بەتایبەتی. لێرە دووەم مێردی دەناسێت و لێرەشەوە یەکێک لە چیرۆکە خۆشەویستییەکانی دەستپێدەکات. ئاگاتا کریستی لە ژیانیدا دوو رۆمانی لەبارەی عیراقەوە نووسیوە، یەکەمیان بەناونیشانی تاوانێک لە میزۆپۆتامیا Murder in Mesopotamia کە لە ساڵی 1936 دا بڵاویکردۆتەوە، یەکێکە لە رۆمانە ناسراوەکانی لە جیهاندا و کراویشە بە فیلم. زۆرجاریش ئەم رۆمانە بە ناونیشانی ” تاوانێک لە عیراق” وەرگێڕاوە بۆ زمانی عەرەبی. دووەمین رۆمانیشی بەناونیشانی دیدارێک لە بەغداد They Came to Baghdad کە لە ساڵی 1951 دا بڵاویکردۆتەوە، ئەمیش یەکێکە لە رۆمانە جوانەکانیی.

پەیوەندی شەخسی
ئاگاتا کریستیی پەیوەندییەکی تایبەتی بە عیراقەوە هەبووە. ساڵی 1928 لەمێردی یەکەمی جیا دەبێتەوە، پاشان ساڵی 1929 سەردانی عیراق دەکات و دەچێتە ناوچەی ئوری مێژوویی، کەلەو کاتەدا لەلایەن شوێنەوارناسی بەریتانیا لیۆنارد ویلی سەرپەرشتی دەکرێت. لەو ماوەیە لەوێ دەبێت، لیۆنارد ویلی داوا لە ماکس مالوان شوێنەوارناس دەکات، کە هاورێیەتی ئاگاتا کریستی بکات و شوێنە گرنگەکانی عیراقی پێ بناسێت، لێرەشەوە چیرۆکێکی خۆشەویستی لە نێوان کریستیی ئەم شوێنەوارناسەدا پەیدا دەبێت. پاشان ساڵی 1930 ماکس مالوان دەچێتە لەندەن و ئاگا کریستی دەخوازێت. پاشان لەگەڵ مێردە نوێکەیەدا دەگەڕێتەوە بۆ عیراق و زۆر شوێنی ئەم وڵاتە دەبینێت و هەر لە باشوورەوە بۆ باکوور، ماوەیەکی زۆریش لە دەورووبەری شاری موسڵ دەمێنێتەوە.
پاشان ساڵی 1931 و 1932 دەستدەکرێت بە پشكنین بەدوای شوێنەواری عیراق لە شاری موسڵ، لەوکاتەدا ئاگاتا کریستی لەگەل مێردەکەی دەبێت و هاوکاری دەکات و زۆرجار پارچە شوێنەوارەکان پاک دەکاتەوە یان فۆتۆیان دەگرێت. پاشان دووبارە ساڵی 1933 و 1934 دێتەوە عیراق، ماوەیەکی زۆریش لەگەل مێردەکەی دەبێت لەناوچەی ” تل عربجیة” . پاشان ساڵی 1947 ماکس مالوانی مێردی دەبێتە بەرێوەبەری قوتابخانەی بەریتانی بۆ شوێنەوار لە عیراق، کە سەرپەرشتی هەموو تیمەکانی گەڕان و پشكنین بەدوای شوێنەواری عیراق دەکات، بەتایبەتی هەڵمەتی پشکنین بەدوای شوێنەواری ناوچەی نەمورد کە لە ساڵی 1948 ەوە تاوەکو 1958 ی خایاند.
ئەم پەیوەندییە رۆحییە، کاری کردۆتە سەر ئەم ژنە، دەتوانم بڵێم کاریگەریییەکی باشی هەبووە، بۆیە توانیویەتی دوو رۆمانی جوان بەناوی عیراقەوە بنووسێت.

رۆمانی تاوانێک لە عیراق
لەماوەی پێشوودا چاوم کەوت بە رۆمانی ” تاوانێک لە عیراق” کە بەزمانی عەرەبی خوێندمەوە، لێرەدا پێمخۆشە کورتەیەک لەبارەی ئەم رۆمانەوە بنووسم، هەرچەندە تەواوی کەسایەتی ناو رۆمانەکە ئەوروپیی و ئەمریکین بەڵام لە هەندێک شوێندا تێڕوانینی خۆی لەبارەی گەل و وڵاتی عیراقەوە دەڕبڕیوە.

کورتەی رۆمانەکە
ئامی لیتەران سیستەرێکی بەریتانییە کە لە بەغدا کار دەکات، پاشان لەسەر داوای دکتۆر ئیریک لایدنەر کە شوێنەوارناسێکی سویدیە، لە ناوچەی موسڵ کار دەکات و بەدوای شوێنەوارەکانی عیراقدا دەگەڕێت. ژنەکەی “لویز” بەدەست کۆمەڵێک کێشەی دەروونییەوە دەناڵێنێت، بۆیەدا داوا لە ئامی دەکات کە بێت ئاگاداری لویزی ژنی بێت. لویز پێش 15 ساڵ شووی بە پیاوێکی ئەڵمانی کردووە بەناوی فریدریک بۆسنەر، ئەم پیاوە لە کاتی جەنگی یەکەمی جیهانیدا لە ئەمریکا ژیاوەو لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کاریکردووە، بەڵام پاشان ئاشكرا دەبێت کە سیخوری بۆ دەزگای هەواڵگری ئەڵمانیا دەکات، بۆیە دەستگیر دەکرێت و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەردەچێت و وەکو خائین حسابی بۆ دەکرێت. بەڵام بۆسنەر لە زیندان رادەکات و پاشان لە روودای نێوان دوو شەمەندەفەردا، لاشەیەک دەدۆزنەوەو کە ناسانەمەکی ئەوی لەسەرە.
لویز لەماوەی ئەو چەند ساڵەی پێشوودا هەمیشە نامەی هەڕەشە ئامێزی لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە پێدەگات، ئەو کەسە هەڕەشەی ئەوەی لێدەکات، ئەگەر شوو بکات، ئەوا دەیکوژێت. ئەمەش لویز تووشی حاڵەتێکی دەروونی خراپ دەکات. بەڵام پێش دوو ساڵ شوو دەکات بەم شوێنەوارناسە سویدییە، لەوکاتەوە ئیتر نامە هەڕەشە ئامێزەکان نەماون، بەڵام ماوەیەکە دووبارە ئەو نامانەی بەدەست دەگاتەوە.
پاش هاتنی ئامی بە هەفتەیەک لویز دەکوژرێت، ئەمەش بەهۆی بەکارهێنانی پارچەیەک بەردی گەورەی مێژووییەوە، ئەم کوشتنەش دەبێتە لوغز و نهێنییەکی گەورەو تەواوی ئەو کەسانەی دەورووبەری لویز هەن تاوانبار دەکرێن یان گوومانیان دەخرێتە سەر.
بەڵام پاشان لەلایەن پزیشكی توێکارییەوە” دکتۆر رایلی” کاتەکەی کوشتنەکە دیاری دەکرێت، لەهەمووشی گرنگتر لەوکاتەدا کۆمیساری ناوداری بەلجیکی ” هیرکیول بوارو” لە عیراق دەبێت، کە هاوڕێی دکتۆر ” رایلی” یە. جێگەی ئاماژەیە ئەم کۆمیسارە لە زۆربەی رۆمانەکانی ئاگاتا کریستیدا بوونی هەیە. بوارو دەستدەکات بە پشکنین و لێکۆڵینەوەو دواتریش دەتوانێت تاوانبارەکە بدۆزێتەوە.
سەرەتای گومانەکان بەو شێوەیە دەستپێدەکات، کاتێک مەدام جۆنسۆن کە هاوکاری دکتۆر لایندەرە ، دەڵێت ئەو شەوەی کە تاوانەکەی تێدا ئەنجام درا ، من گوێم لە دەنگی هاوارێک بوو لە ژوورەکەی لویز، ئەمەش دەبێتە سەرەداوێکی گرنگ بۆ دۆزینەوەی تاوانبارەکە. بەڵام لەپاش ئەوەی مەراسیمی بەخاک سپاردنی لویز تەواو دەکرێت، بۆ شەوەکەی جۆنسۆنیش دەکوژرێت. ئەمەش لەرێگەی ژەهراویکردنییەوە لەرێگەی گۆزەی ئاوەکەیەوە. بەڵام ئەو شەوە ئامی گوێی لە دەنگی جۆنسۆن دەبێت، کە هاوارا دەکات: پەنچەرەکە پەنچەرەکە.واتە کەسێک لە پەنچەرەکەوە هاتۆتە ژوورەوە ئەمی ژەهراویخوارد کردووە.
لێرەوە ئامی زۆر دەترسێت بەڵام کۆمیسار بوارو ئارامی دەکاتەوەو دەستدەکات بە پشکنین و دواجار تاوانباری سەرەکی دەەدۆزێتەوە کەئەویش مێردەکەی لویزە. بۆسنەری مێردی پێشووی، لەکاتی رووداوەکانی شەمەندەفەرەکە لەناو ڤارگۆنەکەدا ناسنامەی شوێنەوارنسێکی سویدی بەناوی دکتۆر لایندەر دەدزێت و ناسنامەکەی خۆی دەخاتە سەر لاشەکەی ئەو. پاشان لەرێگەی نامەوە هەڕەشە لە لویزی ژنی دەکات و دواتر پاش چەندین ساڵ لەرێگەی گۆڕینی ناسنامەکە و شێوازی دەمووچاوی، دووبارە لویز دەهێنێتەوە و کەسیش نازانێت کە ئەوە بۆسنەرە. بەڵام پاشان کاتێک بۆسنەر دێتە عیراقەوە، هەست دەکات کە ژنەکەی مەیلی بۆ لای شوێنەوارناسێکی هاوکاری ئەمریکی بەناوی ‘ ریشارد کاری” هەیە. بۆیە ئێرەیی زۆر دەبێت و دووبارە دەستدەکاتەوە بەنووسینی نامەی هەڕەشە ئامێز و دواجاریش هەر خۆی دەیکوژێت و هەر ئەویش جۆنسۆن دەکوژێت کە پێشتر هاوکاری بووە،چونکە ترسی ئەوەی هەیە کە جۆنسۆن ئاشکرای کردبێت.

شێوازی نووسین
ئەم رۆمانە زیاتر لە بیۆگرافییەوە نزیکە، رۆمانەکە لەلایەن ئامی لایتەرانەوە دەنووسرێت و ئەو دەبێتە گێڕەوەڕ. وەکو خۆشی لە پێشەکی رۆمانەکەدا دەڵێت، کە ئەو لە رووی شێوازی نووسینەوە کێشەی هەبووەو بەلاشیەوە نووسین کارێکی زەحمەت بووە.
ئاگاتا کریستی هەوڵیداوە وەکو هەموو رۆمانەکانی تری بە زمانێکی ئاسان قسە لەگەڵ خوێنەر بکات، ئەمەش بە پشت بەستن بە رەگەزە گرنگەکانی رۆمانی پۆلیسی، لەوانە: ” کتوپڕ، دروستکردنی رووداو، کەسایەتی، کات و شوێن، دیالۆگ، مۆنۆلۆگ، گرێی ئەدەبی” لەهەمووشی گرنگتر دووبارە لەم رۆمانەشدا پشکنەری ناسراو ” هیرکیول بوارو ” تێدایە، کە لە بەشێکی زۆری رۆمانەکانیدا ئەم کۆمیسارە بوونی هەیە و بۆتە یەکێک لە هێماکانی رۆمانەکانی کریستی. هەروەها ئەوەی مایەی سەرنجە کە لە کۆتایی رۆمانەکەدا بەشێوەیەکی کتوپڕ تاوانبارەکە دەدۆزێتەوە کە دەبێتە مایەی سەرنجی خوێنەران.

عیراق
وەکو پێشتریش وتم کە لەم رۆمانەدا تەواوی کەسایەتیی ناو رۆمانەکە ئەوروپیی و ئەمریکین، کەسایەتی عیراقی کەمی تێدایە و رۆڵی لاوەکیان هەیە، بەڵام وەکو شوێن، عیراق دەبێتە مەیدانی سەرەکی رۆمانەکە. بەتایبەتی شارەکانی بەغدا و موسڵ و کەرکوک . لە کاتی باسکردنی شاری بەغدا و حوسینییەوە، تێڕوانینیکی باشی نییە لەبارەی عیراقەوە.
لەکاتی باسکردنی بەغدادا بەمشێوەیە دەنووسێت:
بەغدا ئەو شارە خەیاڵییەی کە ئێمە لە رێگەی چیرۆکەکانی هەزارو یەک شەوە لە ئەندێشەی خۆماندا دروستمانکردووە، بەڵام وێنە هەقیقەیەکەی تەواو دوورە لە راستییەوە. راستە ئەم شارە لەسەر ئاوی دیجلەیە و جوانییەکی پی بەخشیووە، بەڵام کاتێک میجەر کلس بردمی بۆ ناو بازاڕەکە، زۆر ناخۆشبوو، دوکانەکانی هیچ جوانییەکیان پێوە دیار نییە. دوکانی مسگرەکان ژاوەژاوێکی زۆریان دروستکردووەو من تەواو بێزار بووم لەو دەنگە ناخۆشانە.

پاشانیش کاتێک باسی شاری حوسینییە دەکات دەڵێت:
لە دوورەوە شارەکە جوان دیار بوو، بەڵام کاتێک چووینە ناوەوە زۆر ناخۆش و پیس و پۆخڵ بوو.

دوا قسە:
راستە ئاگا کریستی بۆچوونێکی باشی نەبووە بەرامبەر شارو شارۆچکە و تەنانەت خەڵکی عیراقیش، ئەویش وەکو زۆربەی بەریتانییەکان بیری کردۆتەوە، کە وەکو د،عەلی وەردی دەڵێت: لەسەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا، بەغدا بەلای ئینگلیزەکانەوە گوزارشتی لە گوندێکی گەورە دەکرد لە چاو لەندەندا. بەڵام ئەوەی گرنگە کە ئەم وڵاتە بۆتە ئیلهمابەخش بۆیی و دوو رۆمانی جوانی بەناوی ئەم وڵاتەوە نووسیوە.
لەهەمووی گرنگتر عیراق سەردەمانێک بەتایبەتی لەسەردەمی بەریتانیدا کۆمەڵێک نووسەر و بیرمەندی جیهان سەردانیان کردووەو مایەی گرنگی پێدانیان بووە، بەڵام بەداخەوە ئێستا ئەو گرنگی پێدانەی جارانی نەماوە، لەمەشدا رەوشە سیاسییەکە هۆکاری سەرەکییە.

سەرچاوە:
اجاثا کریستي. الجریمة في العراق. مرکز العربي للنشر بالاسکندریة. مصر.
محسن حسين .أجاثا كريستي وعلاقتها بالعراق. www.azzaman.com




ئەمەریكاو ئەمەریكای لاتین… عەلی مەحمود محەمەد

لە كەمتر نیو سەدەی رابردوودا, ئەگەر كودەتا ناڕاستەوخۆكان هەژمار نەكەین, وەك كودەتاكانی بەرازیل و پاراگوای ….., یان كودەتا شكست خواردووەكەی یانزەی ئەبرێلی 2002ی فەنزوێلا, ئەوا هێزە راستگەراكان چوار كودەتایان بە هاوكاری سوپاو ولاتە یەكگرتووەكان ئەمەریكا بە نوێژی نیوەڕۆ بەناوی ئازادی و دیموكراسییەوە لە ولاتانی ئەمەریكای لاتین ئەنجامداوە. ” شیلی 1973, پیرۆ 1992و هندۆراس 2009, پۆلیڤیا2019″, وێڕای 638 جار هەوڵی تیرۆركردنی فیدل كاسترۆ درا لە چوار چێوەی بانگەوازی جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤدا, وە سەپاندنی 60 ساڵ ئابلوقەی ئابووری, سەرباری كودەتا یاساییەكان لە چەندین وڵاتی دی كە دێینە سەریان.
ئەگەر دەیەی نەوەتەكان دەیەی شكستی بەناو كۆمۆنیزم بوبێت لە ئەوروپای رۆژهەلات, پارتە كۆمۆنیستەكانی وەك مۆز تواندەوە, هەموو كەوتنە ژێر دیوارە روخاوەكەی بەرلینەوە, شكستێكی وایان خوارد ,بە ئێستاشەوە دوای سێ دەیە ,تا هەنووكە چەپ و كۆمۆنیزم لەو وڵاتانە هەناسەی لێبرَاوە, جگە لە روسیاو مۆڵداڤیا.
بە پێچەوانەوە سەرەتای هەزارە, ولاتانی ئەمەریكای لاتین وڵاتە تاقانەكەی كوبایان لە غەریبایەتی ناو دەریاكانی كاریبی رزگار كرد لە دەست قرشەكانی پنتاگۆن, دیارە كوباش بەرگەی بێ وێنەی گرت, بەسەر شەڕی نەرم و رەقی سەرمایەداری سەركەوت, بە گیرفانی بەتاڵەوە توانی تۆوی خۆی لە كیشوەرەكە بچێنێت, سەرەتا لە ساڵی 1998 لە فەنزوێلاوە شنە باكە هەڵیكرد, لە ساڵی 2001 گەیشتە هایتی, لە 2003 ئەرجەنتین و بەرازیل و 2005 ئۆرۆگوای, 2006 پۆلیڤیاو 2006 هندۆراس و 2007 ئیكوادۆر, 2008 پاراگوای, 2009 سلفادۆر, بەشێوەی گشتی شەپۆڵەكە پێچەوانەی مەزهەبی جیمس مۆنرۆ سەرۆكی پێنجەمی ئەمەریكا لە ساڵی 1823 بوو هەڵیكرد, كە 199 ساڵ لەمەوپێش بنەماكەی لەسەر بنچینەی كردنی ئەمەریكای لاتین بە باخچەی پشتەوەی ماڵی ئەمەریكا داڕێژراوە.
ئەمەریكای لاتین و كاریبی باخچەیەكی بە بەرەكەت بووە بۆ ئەمەریكا, لە نێوان ساڵەكانی 1925-1929دا, وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ساڵانە 200 ملیۆن دۆلاری وەبەرهێنان كردووە لە وڵاتانی ئەمەریكای لاتین, لە بەرامبەردا ساڵانە300 ملیۆن دۆلار قازانجیان دەستكەوت بووە, قازانجەكان 150% ی سەرمایەگوزاریەكە بووە, نەوتی فەنزویلا و كانەكانی پۆلیڤیا و شیلی و سامانی كوبا ئامانجی چاوچنۆكی ئەمەریكا بوو لە مێژوودا .
لە 233 ساڵی رابردوودا, هەر لە هەڵبژاردنی جۆرج واشنتۆنەوە لە ساڵی 1789, ئەمەریكا تەنها 16 ساڵ لە مێژووی خۆیدا بە ئاشتی تێی پەڕاندووە, وڵاتێكە تایبەتمەندی وایە لەگەڵ ئاشتی هەڵناكات, ولیام بلۆم فەرمانبەری پێشوو لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دەڵێت: لە ساڵی 1945 ەوە ئەمەریكا 50 حكومەتی روخاندووە, بەشی زۆری لە ئەمەریكای لاتین بووە.
ساڵی 1969و دوای شەڕی 1967, دكتاتۆری پاراگوای ئەلفریدۆ سترۆنسەر”3-11-1912 بۆ 16-8-2006 ” رازی بوو 60 هەزار فەڵەستینی لە كەرتی رۆژئاواوە بچنە ولاتەكەی بە مەرجێك شیوعی نەبن.
ناوبراو لە 15-8-1954 ەوە بۆ 3-2-1989 سەرۆكی ولات بوو, بە كودەتا هاتە سەر حوكم بە كودەتاش لابردرا.
لەسەردەمی دەسەلاتیدا 20814 كەس دور خرایەوە, 19862 زیندانیكران, 18772 كەسیان ئەشكەنجە دران, 425 كەس بێسەروشوێنن, كۆی گشتی 128076 كەس قوربانی دەستی رژێمەكەی بوون.
ئەمەش بەشێك بوو لە نەخشەی كۆندۆر لە ولاتانی ئەرجەنتین ,شیلی , ئۆرۆگوای, پاراگوای, بەرازیل و پۆلیڤیا, دواتر ئیكوادۆرو پیرۆش پەیوەست بوون پێوەی, لە لایەن حكومەتە دكتاتۆرییە سەربازیەكان بۆ لێدان و قەلاچۆكردنی چەپ بە پشتیوانی سەربازی و تەكنیكی ئەمەریكا و فەرەنسا پیادە كرا, لە ساڵی 1968 بۆ 1989 بەردەوام بوو, 50000 بۆ 90000 كەس تیایدا كوژرا, 30000 كەس بێسەروشوێنكران ,400000 كەس زیندانی و ئەشكەنجە كران, دوای روخانی دیواری بەرلین و نەمانی مەترسی چەپ هەڵوەشایەوە 1.
ئەمەریكا بەردەوام لە رێگەی كۆنتراكانیەوە دەستی خستۆتە ناو كاروباری ولاتەكان بۆ لێدانی چەپ, لە سلفادۆرەوە بگرە تا كۆنتراكانی نیكاراگوا بۆ چەكدارە تاوانكارەكانی كۆڵۆمبیا, ساڵی 1962 دوو ساڵ پێش ئەوەی فارك دەست بە كاری چەكداری بكات, كۆڵۆنێڵی ئەمەریكی ویلیام یاربۆرۆ لە میانی سەردانی كۆڵۆمبیای دا, پێشنیاری دروستكردنی تیمی مەرگی كرد بۆ بنەبڕكردنی جوتیارە شیوعییەكان لە كۆڵۆمبیا.
لە ساڵی 1963 ژەنەراڵ ئەلبەرتۆ رویزۆ نۆفۆوا, كە لە شەڕی كۆریا بەشداری كردبوو, پێشنیاری دروستكردنی دەستەی چەكداری مەدەنی كرد بۆ شەڕی شیوعییەكان لەناو كۆمەڵگاكانیان.
لە نێوان ساڵانی 2002 بۆ 2010 لەو كاتەی ئۆریبی و ژەنەراڵ ماریۆ مۆنتا كە ئەمەریكا راهێنانی پێكردبوو, زیاتر لە 10000 خەڵكی سڤیلیان كوشت, زۆرجار قوربانیەكان بەرگی گەریلایان دەكردە بەریان دوای كوشنتنیان 2.
سەیر بكەن حكومەتی مەكسیك دەستی بەسەر 18091 چەكی ئەمەریكی گرتووە لە نێوان ” 1-1-2021 بۆ 18-11-2021″ دا , ساڵانە نیوملیۆن چەك لە ئەمەریكاوە دەچێتە ناو مەكسیكەوە.
ساڵانە تاوانكاران 3,9 ملیۆن تاوان لە مەكسیك ئەنجام دەدەن, 70%ی چەكەكانیان ئەمەریكین 3, بەم شێوەیە لە خزمەت كارتێلەكانی چەك مەكسیك كراوە بە بەرەیەكی جەنگی بەرفراوان.
سەیر كەن ئەمەریكا لە رێكەوتی 20-12-1989 پەنەمای داگیر كرد, بە هێزێكی 25000 سەربازییەوە بە بەهانەی دەستگیركردنی سەرۆكی ولات مانۆیل ئەنتۆنیۆ نۆرینگا, وەلێ لە ناوەڕۆكدا پەیوەندی بە دەستگرتن بەسەر نۆكەندی پەناماو هەڵوەشاندنەوەی كۆنتراكتی پەنەما- یابانەوە بوو, بۆ ئەوەی رێگا لە ژاپۆن بگرێت ببێتە هێزێكی جیهانی, ئامەریكا دۆست ناناسێت.
ئەوەی شایانی باسە دوای ئەوەی فەرەنسا شكستی هێنا لە دروستكردنی نۆكەندی پەنەما 1881 – 1894, كۆنگرێسی ئەمەریكا لە یۆنی 1902 مافی بە سەرۆك رۆزفێڵت دا نۆ كەندەكە بكڕێتەوە لە فەرەنسا , لەوكاتە نۆكەندەكە دەكەوتە ناو سنوری كۆڵۆمبیا, پەرلەمانی كۆڵۆمبیا بڕیاری دا نەیفرۆشێت بە ئەمەریكا, بۆیە ئەمەریكا بە هاوكاری بۆرجوازی ناوچەی نۆكەندەكە, بە بەهانەی كردنەوەی نۆكەندەكە لە نیكاراگوا, خۆیان لە كۆڵۆمبیا جیاكردەوە, ئەمەریكاش سوپای پشتیوانی بۆیان ناردو پەنامای لە كۆڵۆمبیا جیاكردەوە, بەمەش مافی بەڕێوەبردنی نۆكەندەكەی بەدەست هێنا”4.
لە دوای دوو هەزارەوە یەكەم كاردانەوەی ئەمەریكا بۆ كاركردن بە باوەڕی مۆنرۆ لە فەنزوێلاوە دەستی پێكرد, بەلام خۆشەویستی شافێز لە ناو هەژارانی وڵاتەكەی كودەتاكەی هەرەس پێ هێنا, لە ساڵی 2004 سەرۆكی هایتی جان برتران ئاریستید”كاهین و لاهوتی ئازادی بەخشی چەپ, لە یەكەم هەڵبژاردنی دیموكراسی لە هایتی لە ساڵی 1991 بە رێژەی 67% هەڵبژێردرا” كودەتای بەسەردا كرا, ئەمەریكی و فەرەنسیەكان رفاندیان, لە وڵات دوریان خستەوە, ئێستا لە باشووری ئەفریقا پەنابەرە.
5 ساڵ دوای هایتی, نۆرەی هندۆراس هات, سەرۆك مانۆیل زیلایا كە لەسەر پارتی لیبراڵ كاندید بوو, بەڵام چووبووە ریزی شافێزەوە, كودەتای بەسەردا كراو بۆ دۆمێنیكان پەنابەر ئاسا دیپۆرت كرا.
لە پاراگوای كودەتا لە بەرگی یاسادا ئەنجامدرا, قەشەیەكی دیكەی چەپ بەناوی فرناندۆ لۆگۆ میندیز لە 22ی یۆنی 2012 لە دەسەلات دور خرایەوەوە, لە ساڵی 2016 ەش دیلما رۆسێف لە بەرازیل كودەتای نەرمی بەسەردا كرا, گرتنی سەرۆك لۆلا لە سەرو بەندی هەڵبژاردنەكانی بەرازیل لە ساڵی 2018 دا دور خستنەوەی لە پرۆسەی هەڵبژاردن كودەتایەكی دیكە بوو لەبەرگێكی یایسایدا, كودەتای لینین مۆرینۆ لە ئیكودادۆر كودەتایەكی ناوخۆیی بوو, بۆ هەڵگرتنی قەدەغە لەسەر كۆمپانیاكانی نەوتی ئەمەریكاو رادەستكردنی جولیان ئەسانج و دەركردنی لە باڵوێزخانەی ئیكوادۆر لە لەندەن كە پەنایان دابوو.
تەنانەت پەلاماری وڵاتە پەمبەییەكان شێوازی بەرەییشی بەخۆوە گرت, بۆ لێدان و بەرەو روبونەوەیان گروپی لیما ساڵی 2017 دژ بە فەنزوێلا دامەزرا, كە چەپ لە پیرۆ سەركەوت, هاوپەیمانییەتیەكە لە لیماوە هەڵوەشایەوە, مانەوەی بووە گاڵتە جاڕی, رێكەوتی 28-12-2021 وەزیری دەرەوەی پیرۆ پێشوازی كرد لە باڵوێزی تازەی حكومەتی فەنزوێلا.
كریستینا فرناندیز سەرۆكی پێشووی ئەرجەنتین و جێگیری سەرۆكی ئێستا باسی كودەتای یاسایی دەكات ئەمەریكا لە ولاتانی ئەمەریكای لاتین لە بری كودەتای سەربازی ئەنجامی دەدات, بەشێكی ئەوانەی ئاماژەمان پێیان دا دەچنە ئەو چوارچێوەیەوە.
ئەمریكا هەمیشە دژی جێبەجێكردنی هەموو بەرنامەیەكی سۆشیالیستی و نیشتمانییە لە ناوچەكە, لێ مێژووی ئەمەریكای لاتین لەو جێگایە ناوەستێت كە ئەمەریكا خوازیارێتی, تەنانەت سەردەمی ترامپ هەموو هەنگاوێك بۆ كەرتی گشتی بە كۆمۆنیزم دەزانی, تەنانەت هەندیك وڵاتی وەك دانماركیشی خستبووە ئەو بەرەیەوە .
تا خەبات بۆ دادپەروەری زیاترو كەمكردنەوەی نا یەكسانی كەرامەتی هاوولاتیانی رەسەن و ئەفریقییەكان, ژنان بەردەوام بێت و خەون بۆ گۆڕانكاری درێژەی دەبێت, وەك لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ساڵانی 2020 و 2021 دەبینین, لە 12 هەڵبژاردن چەپەكان 11ەی دەبەنەوە.




حەقیقەت لە نێوان ڕێژەیی و ڕەها دا… دڵشاد کاوانی

حەقیقەت و تایبەتمەندیەکانی لە ڕووانیینی ماددەگەرایی و ماتریالستیی دا.

حەقیقەت و ڕاستی بە گشتی، واتا حەقیقەتی ڕەها و حەقیقەتی ڕێژەیی لە تێگەیشتن و بانگێشەکردنی مرۆڤەکان دا گەورەترین ئاریشەیە کە بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی لە پێش ئاگایی مرۆڤ دا بە نەزانراوی ماوەتەوە. بۆیە حەقیقەت سەختترین چەمکی فەلسەفییە، کە تا ئێستا لەسەر ڕێژەیی بوون و ڕەهایی، مرۆڤاییەتی هاوسازنین، هەر ئەمەش وای کردووە، فەیلەسووفان و بیریاران بۆچوونی جودایان هەبێت، زۆرترین مشتوومڕی لەبارەیەوە کراوە. لەم شیکارییە دا لە ڕووانگەی ماتریالستییەوە شیکردنەوەی لە نێوان ڕەهایی و ڕێژەیی بوونی دەکەین.

1- حەقیقەت چییە؟

حەقیقەت ئەو زانستەیە کە لەگەڵ ئەو شتەدا یەکدەگرێتەوە کە ڕەنگ دەداتەوە و بە پراکتیک تاقی دەکرێتەوە.

حەقیقەت بەرهەمی پرۆسەی هەستکردن بە جیهانە مرۆییە. بۆیە حەقیقەتیش بە پێی ئەم هۆکارانەی خوارەوە هەنگاو بە هەنگاو دروست دەبێت و پەرەی پێدەدرێت:

  • گەشەکردنی شتە بابەتییەکان؛
  • مێژوویی – مەرجە تایبەتەکانی تێگەیشتن؛
  • چالاکی پراکتیکی و چالاکیی مەعریفی مرۆڤ.

بەمجۆرە بەهۆی گۆڕانی چەندین فاکتەرەوە، ڕەنگە “زانیارییەک” ئەمڕۆ بە ڕاستی ناوببرێت، بەڵام لە داهاتوودا ڕەنگە ڕاستی نەبێت.بێدەنگی مردوو، وێنەیەکی سادە و کاڵ بێ مەیل، بێ جووڵە. له داهاتوو دەکەوێتە جووڵەکردن.

2- تایبەتمەندییەکانی حەقیقەت

هەموو ڕاستییەکان بابەتییەت و ڕێژەیی و ڕەهای و کۆنکرێتییان هەیە.

  • بابەتییەتی حەقیقەت ئەوەیە بڵێین: گونجانی مەعریفە و واقیعی بابەتیی؛ سەربەخۆ لە ئیرادەی بابەتیی.

بۆ نموونە ڕێکەوتنی نێوان چەمکی “زەوی گۆییە نەک چوارگۆشە” لەگەڵ واقیعی بابەتیی یەکدەگرێتەوە؛ پشت بەو چەمکە نەریتییە نابەستێت کە هەزاران ساڵ پێش رێنێسانس بوونی هەبووە.

  • تایبەتمەندی حەقیقەت ئەوەیە بڵێین: مەرجداری هەر مەعریفەیەک، ڕەنگدانەوەی شتەکان لە ڕووی فەزا، کات، گۆشەی ڕەنگدانەوەی،…).

حەقیقەت کۆنکرێتە چونکە ئەو ئۆبژەی کە حەقیقەت ڕەنگ دەداتەوە هەمیشە بە شێوەیەکی کۆنکرێتی بوونی هەیە، لە ژێر هەلومەرج و هەلومەرجێکی دیاریکراودا لەگەڵ پەیوەندییە تایبەتەکاندا.

بۆ نموونە هەموو قسەیەکی تیۆرمی لە زانستەکاندا هەندێک مەرجی لەگەڵدایە بۆ دڵنیابوون لە وردییەکەی: “لە سنووری تەختەکەدا، کۆی گۆشەکانی ناوەوەی سێگۆشەیەک ٢ ڕاستە؛ ئاو لە پلەی گەرمی 100 پلەی سەدی بە ئاوی پاک و پەستانی دەکوڵێت.

  • ڕێژەیی و ڕەهای حەقیقەت ئەوەیە کە بڵێین: هەر حەقیقەتێک لە سنوورێکی دیاریکراودا بەتەواوی ڕاستە، و لە دەرەوەی ئەو سنوورەش، ڕەنگە ڕاست نەبێت؛ لە لایەکی دیکەوە هەر ڕاستییەک، لە هەندێک بارودۆخدا، تەنیا بەشێک لە واقیعی بابەتیی ڕەنگ دەداتەوە.

بۆ نموونە لە سنووری تەختەدا (بە کێشانی سفر)، کۆی گۆشەکانی ناوەوەی سێگۆشەیەکی ڕەها یەکسانە بە ٢ چوارگۆشە (ڕەها)، بەڵام ئەگەر ئەو مەرجە بگۆڕدرێت (بە کێشکردن جگە لە سفر)، ئەوا ئەو تیۆرمە چیتر نییە ڕاستە (ڕێژەیی)، پێویستە بە تیۆرمێکی نوێ تەواو بکرێت (پەرەپێدانی پرۆسەیەکی مەعریفی وردە وردە بۆ ڕاستییەکی تەواوتر – ڕاستییەکی ڕەها).

  • ڕاستی ڕێژەیی و ڕاستی ڕەها

ڕاستی ڕێژەیی بریتییە لە زانینێک کە بە وردی ڕەنگدانەوەی واقیعی بابەتیانە بەڵام ناتەواو و ناتەواو و پێویستی بە تەواوکردن و ڕێکخستن هەیە لە گەشەکردنی زیاتری تێگەیشتندا.

لە ڕاستییەکی ڕێژەییدا ڕەنگدانەوەی واقیعی بابەتیی تەنیا لە هەندێک لایەن و بەشێکدا سنووردارە و بەهۆی بارودۆخی مێژووییەوە سنووردارە.

بۆ نموونە ئەم دوو قسەیەی خوارەوە هەردووکیان ڕاستن، بەڵام تەنیا ڕاستییە ڕێژەییەکان: (١) سروشتی ڕووناکی تایبەتمەندی شەپۆلی هەیە؛ (٢) سروشتی ڕووناکی سیمایەکی تەنۆلکەیی هەیە. لەسەر بنەمای ئەم دوو ڕاستییە دەتوانرێت بچینە سەر قسەیەکی تەواوتر: ڕووناکی سروشتێکی دووانەی هەیە وەک شەپۆل و تەنۆلکە.

حەقیقەتی ڕەها زانینی تەواو و تەواوەتی جیهانی بابەتییە.

لە ڕوانگەی ماتریالیزمی دیالێکتیکەوە، بە سروشتی خۆی، بیری مرۆڤ دەتوانێت ڕاستی ڕەهامان بۆ دابین بکات و دابین دەکات کە تەنیا کۆی گشتی ڕاستییە ڕێژەییەکانە.

هەر قۆناغێکی پەرەسەندنی زانست تەنۆلکەی نوێ بۆ ئەو کۆی گشتی حەقیقەتی ڕەها زیاد دەکات، بەڵام سنووری ڕاستی هەموو تیۆرمە زانستییەکان ڕێژەیین، هەندێک جار فراوان دەبن، هەندێک جار بچووک دەبنەوە، بەپێی گەشەی مەعریفە.

پەیوەندی دیالێکتیکی نێوان حەقیقەتی ڕەها و ڕاستی ڕێژەیی:.

ڕاستی ڕەها و ڕاستی ڕێژەیی هەردووکیان ڕاستی بابەتین. کاتێک دان بە حەقیقەتدا دەنێین وەک بابەتی، وەک یەکێتییەک لە نێوان دوو ئاستی ڕەها و ڕێژەیی، ئەوەش مانای ئەوەیە کە حەقیقەت کۆنکرێتە.

  • حەقیقەتی ڕێژەیی هەمیشە توخمگەلێکی تێدایە کە حەقیقەتی ڕەهایە. حەقیقەتی ڕەها لە ڕاستییە ڕێژەییەکان دروست دەبێت، کە بە ڕاستییە ڕێژەییەکان تەواو دەکرێت.

– جیاوازی نێوان حەقیقەتی ڕەها و ڕاستی ڕێژەیی لە سروشتی ئەواندا نییە بەڵکو لە ڕادەی گونجانیاندایە لەگەڵ ئۆبژەی ڕەنگدانەوەیدا. ئاست یان سنووری نێوانیان هەمیشە بوونی هەیە بەڵام بەردەوام دەسڕدرێتەوە و دادەمەزرێت.

3- پێوەری حەقیقەت لە پراکتیکییە.

پراکتیک تاکە پێوەرە بۆ حەقیقەت. تەنها لە ڕێگەی پراکتیکەوە و لەسەر بنەمای پراکتیک دەتوانین جیاوازی بکەین لە نێوان ڕاستی و هەڵەدا.

– پراکتیک ڕۆڵێکی وەهای هەیە، چونکە سوودی “گشتگیری”ی هەیە و واقیعی ڕاستەوخۆیە. لە ئەنجامدا پراکتیک دەتوانێت زانین “ماددی” بکات، زانین بگۆڕێت بۆ ئۆبژەی دیاریکراو و سۆزداری لە جیهانی بابەتیدا.

ستانداردە پراکتیکییەکان هەم ڕەها و هەم ڕێژەیین. بە ڕەهایی لەبەر ئەوەی پراکتیک تاکە پێوەرە. بەڕێژەیی لەبەر ئەوەی پراکتیک هەمیشە لە گۆڕان و گەشەکردندایە، بۆیە پێویستە تەواوکەر و پەرەپێدانی زانستی پێشووتر بکرێت.




یاسای ئێستای هەڵبژاردنی كوردستان یەكێكە لە باشترینی جیهان… عەلی مەحمود محەمەد

لە سەروبەندی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم ئەوەی بیوتایە سەرۆكی هەرێم راستەوخۆ هەڵبژێردرێت بۆیان كفرێكی گەورە بوو, لە كاتێكدا سستەمە چاكەكانی جیهان ئەوانەن كە پەرلەمانین و سەرۆك راستەوخۆ هەڵدەبژێردرێت تێیدا, دواتر هەر ئەوانەی سوكایەتیان بە رای جیاواز دەكرد دەنگی دەنگدەرانیان بردە پەرلەمانەوەو لەسەر سینییەك زێڕینین پێشكەش پارتیان كرد, وەك بینیمان بەڕێز نێچیرڤان بەرزانی بە 82%ی دەنگەكان بووە سەرۆكی هەرێم, لە رێگەیەكی دیكەوە دەنگەكانیان بە پارتی فرۆشت, وا نەبوایە بۆ كاندیدی پارتی هێنانەوەی پەنجاو یەك لە سەد لە دوو خولیشدا ئەستەم بوو نەك 82%.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە دەسەڵاتی زۆر زیاترە لە سەرۆكەكانی فینلەندا, نەمسا, پورتوگال, زۆرینەی وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات كە بە هەڵبژاردنی راستەوخۆ دەگەن بە پۆستەكە لە چوارچێوەی سستەمی پەرلەمانیدا, تەنانەت لە سەرۆكی باشوری ئەفریقا كە بە سستەمی سەرۆكایەتی ناسراوە, تیایدا سەرۆك لەناو پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت, لێ پەرلەمان مافی گۆڕینی هەیە كەی خواستی بێت, وەك چۆن یاكوب زۆمای لە 15ی فیبریوەری 2018 لەسەر كورسیەكەی لادا, كە سەركردایەتی پارتەكەی دوو خول بۆ سەركەوتن كرد, تیایدا توانی” 69,69% و 65,90% ” دەنگەكان بهێنێتەوە.
ئەو ترسەی هەمان بوو لە سستەمە پەرلەمانیەكەی برادەران, كە بە نەڕەو دروشمەوە نەك بە عەقڵەوە بانگەشەیان بۆی دەكرد, تەخوینی نەیارانی فكری خۆیانیان دەكرد, خۆشیان جاهیل بوون بینینیان تەنها بەرپێی خۆیان بوو, گفتوگۆ لە گەڵ جاهیلدا خۆكوژییە, هەڵبژاردنی سەرۆك بوو لەناو پەرلەمان, پەیوەندی بە ئازادی و دیموكراسی و چاكسازی و حكومەتی یاساكەوە نەبوو كە ئیدعایان دەكرد, بەڵكە پەیوەندی بەوەوە هەبوو دەنگی پەرلەمانتارەكانیان لە هۆڵی پەرلەماندا مەزاد بكەن و لە بەرامبەریدا شتێك وەربگرن, ئاخر ئەوان ناتوانن دەنگی بنكە و دەنگدەر راستەوخۆ هەڕاج بكەن, ساناترین رێگا دەنگی پەرلەمانتارانە بۆ فرۆشتن وەك كردیان, ئەم قسەیەم پێنج سەڵ لەمەوپێش وتووە, لەسەریشی جوێن باران كرام.
لە جیهان 45 وڵاتی كۆماری پەرلەمانی هەیە (زۆرێك لە وڵاتانی ئەوروپا لەم تەرزەن) , لێرەدا سەرۆكی وڵات بە دوو جۆر دیاری دەكرێت, بەشێك راستەوخۆ لەناو خەڵك هەڵدەبژێردرێت كە زۆرینەن و باشترین و دیموكراسیترینیانن تەنانەت لە چاو سستەمەكانی دیكەی هەڵبژاردنیشەوە, بەشی دووەمیان لەناو پەرلەمان هەڵدەبژێردرێن, بە هەردوولایانەوە كەمتر لە 25%ی وڵاتانی جیهان پێك دەهێنن.
ئەوەی ئەمانە بیری لێدەكەنەوە بەرژەوەندی هەنووكەییە نەك پرۆژە بۆ جێكەوتنی دیموكراسی و نوێنەرایەتی زۆرینە و دیموكراسیەت و قازانجی داهاتووی پرۆسەی سیاسی, ئەم هەڵپەی گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنەش بەو ئاقارەیا ئەنجامەكەی دەڕوات, دواتر وەك وتەنی زۆریان دەبێت كاڵەك بە ئەژنۆ بشكێنن, چونكە ئەنجام زیانی بۆ پەزەكانیان دەبێت.
دوو خاڵ جێگای سەرنجە ئاماژەی پێ بدەین, لە لایەك ئەوان خەڵكی كوردستان بە دواكەوتوو دەزانن, پێیان وایە كوردستان لە ئاست ئەو یاسایە نییە كە هەیە, لە كاتێكدا خەڵكی كوردستان هوشیاری زۆر لە پێش پارتە سیاسیەكانەوەیە, وە پێیان وایە گۆڕینی یاساكە ئەگەری زیادكردنی كورسی لێدەكرێت, لە كاتێكدا پێشەنگی سیاسی بیر لە دوارۆژ و كۆی پرۆسەكە دەكاتەوە نەك بەرژەوەندی هەنووكەیی كە لەوەشدا ئەگەری هەیە پێشبینییەكەیان پێچەوانە دەكەوێتەوە, بە تایبەت بۆ پارتە مام ناوەندییەكان” یەكگرتوو, نەوەی نوێ, كۆمەڵ, گۆڕان, لیستە نوێكان وا دێن”, چونكە لە ئەساسدا پارتی لەگەڵ سستەمی بازنەیی خۆ هەڵبژاردنی تاك بووە ” دیداری تەمەن- ل240″.

یاسای هەڵبژاردنی كوردستان

یاسای هەڵبژاردنی كوردستان رێژەیی یەك بازنەیی كراوەی زێدەی بەهێزە,لە جیهاندا 80 وڵات پەیڕەو لە سستەمی هەڵبژاردنی رێژەیی دەكەن, یەك بازنەیی كراوەی بێسنوور, یان چەند هەرێمی”كوردستان هەرێمێكە بۆ خۆی”, یاخود رێژەیی بە سنوور بۆ چوونە پەرلەمان”نموونە سستەمی هەڵبژاردنی ئیسرائیل هەموو وڵات وەك هۆڵەندا یەك بازنەیە لیچ رێژەی 3,25% دیاریكراوە بۆ چوونە پەرلەمان”, كاتی خۆی كە ئەم یاسایە دوای هەمووارەكان چەسپیووە, لەگەڵ بەشداری پێكردنی كۆتاكان زیاتر مۆركی تاڵەبانی پێوە دیار بووەو خواستی بووەو خۆزگەی بۆ هەموواری یەكەم یاسای هەڵبژاردن خواستووە “مام جەلال دیداری تەمەن -بەشی دووەم ل232-233 “, كەچی ئێستا كوڕەكانی دەیانەوێت بیگۆڕن.
یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان وەك ئاماژەمان پێی دا یەك بازنەییەو رێژەیەك بۆ چوونە ناو پەرلەمان دیاری نەكراوە, ماوەی بەهێز كۆتا كورسییەكان دەبەن, نموونەی ئەم یاسایەو یاسای هەڵبژاردنی وڵاتی هۆڵەنداو كرواتیا و ئەنگۆلا(داخراوە), ئەروبا(باقی ئەقوا نییە), زۆر وڵاتی دیكەیە بە دیاریكردنی هێنانی رێژەی لانی كەم بۆ چوونە ناو پەرلەمان, نەك وەك ئەوەی پەرلەمانتار ع م وتی ئەم سستەمە باوی نەماوە, بەڵكە پێچەوانەكەی تەواو راستە جیهان بەرەو ئەو دەڕوات, چونكە ئەو سستەمە دیموكراسیترینیانە, نوێنەری زۆرینەی زۆری بەشداربووانی دەنگدان دەچێتە پەرلەمانەوە, ئەو خۆی ئاگای لە جیهان نییە…….. لەم یاسایە نوێنەری زۆرترین بۆچوونە سیاسییەكان دەچێتە پەرلەمانەوە, كەمترین دەنگ دەفەوتێت و بێ نوێنەر دەبن لە چوارچێوەی دەنگدەراندا ( هەرچەندە لە پرۆسەی سیاسیدا رۆژ بە رۆژ متمانە بە سستەمی پەرلەمانی لاواز دەبێت و رێژەكانی دەنگدان دادەكشێن روو لە خوار, من لایەنگری سستەمی دیموكراسی راستەوخۆم), لەو وڵاتانەی بازنەكانی هەڵبژاردنیش لەسەر بنچینەی هەرێمەكان دابەش كراوە لە سستەمی بازنەیی نەك شارو قەزاو ناحیە.

بەراوردێك لە نێوان دوو نموونە لە باوترین سستەمەكانی هەڵبژاردنی جیهان

دەمەوێت بۆ بەرچاو رونی زیاتر دوو نموونە لەسەر سستەمی رێژەیی یەك بازنەو بازنەیی زۆر بازنە بهێنمەوە, ئەوجا بەراوردێكیان بكەین, لە دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی هۆڵەندا كە بە باشترین سستەمی هەڵبژاردنی جیهان دێتە ژماردن, تەنها نوێنەری 1,99%ی دەنگدەران بیچ بەش بوونە لە نوێنەرایەتی و نمایندەیان نەچۆتە پەرلەمانەوە, لە كۆی 37 پارتی بەشداربوو وە هیچ هاوپەیمانیەتییەك دروست نەكراوە, لە پرۆسەكە 17یان بوونەتە خاوەند كورسی پەرلەمان, لە بەرامبەردا نوێنەری 98,1%ی دەنگدەران لە ناو پەرلەمانن, لە كاتێك رێژەی لانی كەمی دەنگ هێنان 0,67% داندراوە بۆ چوونە پەرلەمان, لە كوردستان ئەو رێژەیەش دیاری نەكراوە.
نموونەكەی دی هەڵبژاردن لە سستەمی بازنەیی هەر لەو وڵاتانەی بە پیتی ه ن وەردەگرین كە ئەویش هیندستانە, لە هیندستان لە هەڵبژاردنی 19-5-2019 نرخی كورسیەك لە كۆدا 888هەزار دەنگ بوو, وەلێ بۆ پارتی دەسەڵاتدار بهاراتا جاناتا 756029 دەنگ بوو, پارتی ناوبراو 2229076879 دەنگی هێناوەتەوە دەكاتە 37,30%ی دەنگەكان و 303 كورسی بردووە, بۆ 10 پارتی هاوپەیمانیشی لە هاوپەیمانی نیشتمانی دیموكراتی كە 30 كورسیان بردووە نرخی كورسییەك هەر وا بووە, كەچی پارتی كۆنگرەی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆن 119,495,214 دەنگی هێناوەتەوە كە دەاتە 19,46% ی دەنگەكان تەنها 52 كورسی بردووە , هەر كورسییەك بۆ ئەو 2297984 دەنگ وەستاوە, ئەویش هاوپەیمانی یەكگرتووی پیشكەوتنخوازی پێك هێناوەو بە هەموویانەوە 110 كورسیان بردۆتەوە, 9 پارتی ناو هاوپەیمانیەتیەكە چوونەتە پەرلەمانەوە بۆ ئەوانیش نرخی كورسییەك هەر وایە, نرخی كورسییەك بۆ پارتی كۆنگرەو هاوپەیمانەكانی 3,4 جاری نرخی كورسی پارتی بهاراتا جاناتا بووە.
لە هەڵبژاردنەكە كۆی گشتی 5 هاوپەیمانی بۆ هەڵبژاردنەكە پێك هێنراوە, زیاتر لە 75%ی پارتەكان ئەگەر هاوپەیمانیان پێك نەهێنایە ناچوونە پەرلەمانەوە. لە هەمان هەڵبژاردن حیزبی شیوعی ماركسی 10744908 دەنگی هێناوەتەوە 3 كورسی بردووە, بیوجۆ جاناتا دیل 10174021 دەنگی هێناوەتەوە 12 كورسی بردووە بەهۆی هاوپەیمانیەتی لە گەڵ بهاراتا جاناتاوە , كۆنگرەی نەتەوەیی جامۆ كشمیر 280356 دەنگی هێناوەتەوە 3 كورسی بردووە, چونكە هاوپەیمانی پێك هێناوەو نرخی كورسی لە هەرێمەكەیان و زۆری كاندید هۆكار بوونە بۆ دەرچوونی, لە بەرامبەردا پارتی راشتریا جاناتا دال 6632247 دەنگی هێناوەتەوە نە چۆتە پەرلەمانەوە, دەبینین نا دادی زۆر لە سستەمەكە هەیە .
بە گشتی زیاتر لە 50 ملیۆن دەنگی لیستە بچوكەكان كە لە بان 609 پارتی سیاسی بوونە هیچ نوێنەرێكیان نەچۆتە پەرلەمانەوە .
بەم خوێندنەوە سەرەتاییە بۆ هەروو ئەزموونی هۆڵەنداو هیندستان دەتوانین جیاوازی دادپەروەری یاسای هەڵبژاردن لە هەردوو وڵات بەراورد بكەین.

سستەمی هەڵبژاردنی كوردستان پێویستی بە گۆڕین هەیە؟؟

یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان یاسایەكە بە ئیمتیاز دیموكراسییە لە چوارچێوەی سستەمی سیاسی باودا, ژمارەیەكی كەم بۆچوونی سیاسی و پارت و لیست بێ نوێنەر دەمێننەوە, ژمارەیەكی كەمی دەنگی دەنگدەر بێ نوێنەر دەبن لە پرۆسەكە, بۆیە بە بڕوای من وەك یاسا لە چوارچێوەی كایەی سیاسی پەرلەمانیدا باشترینە لە جیهان, وەلێ وەك جێبەجێكردن خراپترینیانە, كە خراپ جێبەجێ دەكرێت, چارەسەر گۆڕینی یاساكە نییە بەڵكە چاككردنی خراپییەكانە و تەشخیسكردنی دروستی نەخۆشییەكەیە.
وەك وتم یاساكە لە چوارچێوەی كایەی سیاسی پەرلەمانیدا چاكترینە, بە هەمواركردنی یاساكە خراپتر دەبێت, تا بازنەكان بچووكتر بكرێنەوە, شانسی هێزە كۆنەكان لە ئاغاو دەرەبەگ و كوڕە موستەشارو دەوڵەمەند و پارتی دەسەڵاتدار خاوەند دەزگای راگەیاندنی زەبلاح و …..زیاتر دەبێت, وە ململانێ توندتر دەبێتەوە, فشارو دەنگ كڕین و گرژی و گزی زیاترو توندتر دەبێت, هەنگاوێكیشە بۆ سەركەوتنی نەوەی موستەشارەكان, بۆیە باشترە خراپییەكان پرۆسەكە پڕ كرێتەوە نەك باشەكەش بگۆڕدرێت دەرگا لە بەردەم خەڵكی عەوام دابخرێت لە بەشداری سیاسی.
گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنی كوردستان لە بەرژەوەندی زۆرینەی حیزبەكان بە مام ناوەندییەكانیشەوە نییە,كە ئەحمەقانە دوای هەلاكە كەوتوونە, سیاسەتی كەری دێزە چارەنووسی هەر مەرگە. گۆڕینی ئەم یاسا گورزێكیشە لە پرۆسەی سیاسی بۆ نەوەكانی داهاتوو, ئەستەم دەبێت بۆ لیست و پارتی نوێ بتوانن بچنە پەرلەمانەوە, دەرگای گۆڕانی سیاسی لە رێگای هەڵبژاردنەوە دادەخات.
ئەگەر ئاراستەكان روو لە پارتی بێت, ئەوا ئەو 31 ساڵ لەمەوپێش شەڕی لەسەر سەپاندنی سستەمی بازنەیی ئەنگلۆ ئەمەریكی كردووەو سانایە بگەڕێتەوە سەری.
لە كۆتادا ینك و پدك سستەمی بازنەییان دەوێت, بە تایبەت پارتی لە 1991ەوە ئەوە خواستی بووە, ئەوكات ئەنجام وەك ئەمەریكاو بەریتانیا و زۆرینەی ولاتانی كۆمۆنۆلس ” 58 وڵات بازنەیین, نموونەی هیندستانمان هێنایەوە”پایەی دوو حیزبی دەچەسپێت لە كوردستان, پرۆسەی سیاسی ستۆپ دەكات و دەرگا لەبەردەم هێزەكانی دیكە دادەخرێت.
جیا لەوانەش هێزی خاوەند پرنسیبی باوەڕ تەنها بیر لە بەرژەوەندی خۆی ناكاتەوە, بەڵكە پێشكەوتنی پرۆسەیەكی بۆ گرنگە, ئاراستەی روو لە داهاتووە.

ئەدی چی بكرێت؟

بۆ چارەسەركردنی كێشەی هەڵبژاردنی كوردستان كێشەی دیكەی زۆری هەیە وایكردووە هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان ببێتە خراپترین هەڵبژاردن لە جیهان, تەواو پێچەوانەی یاسای هەڵبژاردنەكەی, كۆمەڵێك هەنگاو هەیە پێویستە بنرێت بۆ چارەسەركردنیان, وەك ئاماری نوێی دەنگدەران و پاككردنەوەی لیستی دەنگدەران لەناوی مردووان, دروستكردنی لیستی دەنگدەرانی پێكهاتەكان بۆ كۆتاكان, دیاریكردنی لانی زۆری خەرجیەكانی هەڵبژاردن و دیاریكردنی سەرچاوەی پارەكان و ئاستی بەخششەكان ناوخۆو راگەیاندنی ناوەكانیان, قەدەغەی بەخششی بێگانە, قەدەغەی تەمویلی ولاتانی دەوروبەر, سزادانی توندی لیستەكان بۆ ئەنجامدانی جموجۆڵ لە رۆژی دەنگدان لە ناو شوێنەكانی دەنگدان و دەرەوەی, سزادانی قورسی پارتەكان لە بەرامبەر دەنگ كڕین بە بێبەشكردنیان لە كورسی ئەو ناوچانە, چاودێری وردی پرۆسەی دەنگدان و ژماردن و راگەیاندنی…….هتد, دەشێت دەیان خاڵ دیاریبكرێن بۆ رێگا گرتن لە ساختەكاری و دەنگ كڕین و لاوازكردنی رۆڵی ولاتانی بیانی لە كاریگەرییان لەسەر ئاراستەی دەنگدنەكان و لاواز كردنی رۆڵی پارە لە هەڵبژاردنەكاندا .
لە كۆتاییدا دەڵێم پارتی و یەكێتی دژی هەمواری یاسای هەڵبژاردن نین, هەموواركردنەوە تەڵەیەكە ناویانەتەوە تا كەموكوڕییەكان دیكەی پێ بشارنەوە, ئەوان لە كۆتادا ئارەزوویانە كوردستان بكەنە 100 بازنەی هەڵبژاردن.
ئەم زانیاریانە ببینن:
https://en.wikipedia.org/wiki/2021_Dutch_general_election
https://en.wikipedia.org/wiki/2019_Indian_general_election
http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10406




خودا لەنێوان ئەزموون و باوەڕ-2-… دڵشاد کاونی

بەشی دووەم

گەلێ جاران لەسەر پرسە فەلسەفی بوونییەکان دا نووسەر و بیرمەندانی ڕۆژهەڵات تەنیا دەرچەیێکی تێگەیشتنی بوونی لە ڕێگای فەیلەسووفان و ئەزموونگەراکان و بوونگەرایی ڕۆژئاوا دا بەڕووی فکر و هزر دا دەکەنەوە، کەچی لە پاڵ ئەوە، ڕۆڵ و بایەخی ئەوە کەم دەکەنەوە کە ڕۆژهەڵات و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لانەکەی ئایین و پرسە بوونییەکان بوون، لە ڕێگەی ئایین و باوەڕی جودا و ئیشراق و مەعریفەی عیرفان و پرسە بوونییەکان بووە، ، ڕۆژئاوا و فەیلەسووفەکانیان لە پێش گریکەوە تاهاتنی ڕێنسانس و ڕۆشەنگەرایی هەر بەم تێز و پرسانەیان شەن و کێوی هزری خۆیان دەکردەوە. بۆیە له بارەی تێگەیشتن لە بوونی خودا لە نێوان ئەزموونی و باوەڕ دا تێگەشتنم ڕۆژهەڵاتییانە بۆ باسەکە.

سەرەتا:.
چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتیەکانی ئایین و جیهانبینی
ناتوانرێت بنەماکانی جیهانبینی و پرسەکانی لە ژێر رۆشنایی ئەو مەعریفەی کە تەنیا لە رێگەی هەست و ئەزموونەوە بەدەست هاتوون، دەستنیشان بکرێت. چونکە ئەم جۆرە بابەتانە لە دەرەوەی بازنەی مەعریفە ئەزموونییەکانن و هیچ مەعریفەیەکی ئەزموونی ناتوانێت لێدوانی ئەرێنی یان نەرێنی لەسەر ئەم بابەتە بدات. بۆ نموونە بوونی خودا بە تاقیکردنەوەی تاقیگەیی ناتوانرێت بسەلمێنرێت یان پووچەڵ بکرێتەوە.

پێشەکی:.
مرۆڤ هەرکاتێک هەوڵی ئاشنابوون بە بیروباوەڕە بنەڕەتییەکانی ئایینی ڕاستەقینە دەدات، سەرەتا دەبێت ڕووبەڕووی ئەو پرسیارە ببێتەوە، چۆن و بە چ شێوەیەک دەتوانرێت ناسنامەی بنەڕەتی ڕاستەقینە بناسرێت؟ لە بنەڕەتدا ڕێگاکان بۆ ئاشنابوون بە جیهانی بوون چین؟ کام لەمانە هەڵبژێردرێت بۆ ئەوەی ئاگاداری ناسنامە بین؟

بەشی ئێپیستمۆلۆژی بەرپرسیارە لە گفتوگۆ و پێداچوونەوەی ستراتیژی و قووڵ بەم بابەتە. ئەم بەشەی فەلسەفە باس لە شوناسە جیاوازەکانی مرۆڤەکان دەکات و بەهاکانیان دیاری دەکات. کاتێک باس لە باسکردنی هەموو ئەوانە دەکرێت، زۆر لە ئامانجەکەمان تێدەپەڕین. کەواتە باسەکەمان بە ئاماژەدان بە پرسە پێویستەکان جێگەی ڕەزامەندی دەبێت. بەڵام ئەم پرسانە لە شوێنی گونجاودا بە وردی تاوتوێ دەکرێن و پێداچوونەوەیان بۆ دەکرێت

جۆرەکانی پەیوەندی:.
لە ڕوانگەیەکەوە دەتوانرێت شوناس دابەش بکرێت بەسەر چوار بەشدا.

1- زانینی ئەزموونی و زانستی (بە مانا زاراوەی تایبەت): ئەم جۆرە مەعریفەیە لە ڕێگەی تێگەیشتنی هەستەوە بەدەست دێت. بەڵام زیرەکیش ڕۆڵی هەیە لە ئەبستراکت و گشتاندنی تێگەیشتنە هەستیارەکاندا. هەوەک مەعریفەی ئەزموونی و زانستی لە دیسیپلینە زانستییەکانی وەک فیزیا و کیمیا و بایۆلۆجیدا بەکاردێت.

2- شوناسی هزری:
ئەم جۆرە شوناسە لە ڕێگەی تێگەیشتنی ئەبستراکت شێوە دەگرێت و زیرەکی ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لەم شوناسەدا. بەڵام هەندێک شت کە زیرەکن و دەتوانرێت تاقی بکرێتەوە، دەتوانرێت وەک سەرچاوەی بیرۆکە یان بەڵێنی عەقڵ بەکاربهێنرێت. لۆژیک و فەلسەفە و بیرکاری،سەر بە پێشەکین.

3- شوناسی ئایینی:
ئەم جۆرە شوناسە دوو قاتە. ئەم جۆرە زانیاریانە لەسەر بنەمای زانیاری پێشوەختە لەسەر سەرچاوەی متمانەپێکراو و لە وەسفەکانی گێڕەرەوەی متمانەپێکراوەوە بەدەست دەهێنرێت. شوناس هەموو ئەو شتانە دەگرێتەوە کە پەیڕەوانی هەموو ئایینەکان بە پشت بەستن بە لێدوانی رابەرانی ئاینییەکان وەریدەگرن. هەندێک جار متمانەپێکراوی ئەم جۆرە کەسانە زیاترە لە کەسانی هەستیاری و تاقیکراوی.

  1. ناسینەوەی ڕاستەوخۆی هەستکردن:
    ئەم جۆرە ناسینەوەیە وەک هەموو ناسینەوەکانی پێشوو نییە و پەیوەندی بە بوونێکی هەستپێکراوی دروستەوە هەیە بەبێ ئەوەی هیچ ئامرازێکی هەستکردن و شێوە لە مێشکەوە سەرهەڵبدات. لەم جۆرە شوناسەدا بوار بۆ هەڵە نییە. بەڵام ئەوەی کە بە شێوەیەکی باو بە مەعریفەی هەستیاری و ڕۆحی ڕاستەوخۆ وەسف دەکرێت، لە ڕاستیدا لێکدانەوەیەکی دەروونی کێشراوە بۆ مەعریفە کە بێ کەموکوڕی نییە.

جۆرەکانی جیهانبینی:.
دەتوانرێت جیهانبینییەکان بە پشتبەستن بەو پۆلانەی پەیوەندییەکان کە پێشتر دابەشکراون هاوبەش بکرێت:

1- جیهانبینی زانستی: واتە مرۆڤ لەسەر بنەمای مەعریفەی هەستکردن و ئەزموونی ئاگایە لە بوون بە گشتی.

2- جیهانبینی فەلسەفی: کە بە لۆژیک و هەوڵی فیکری بەدەست دێت.

3- جیهانبینی ئایینی: کە بە متمانە کردن بە سەرکردە ئاینییەکان و قبوڵکردنی لێدوانەکانیان بەدەست دێت.

4- جیهانبینی ئەرفانی یان مەعنەوی: کە لە ڕێگەی داهێنان و تێگەیشتن و ڕێبازی رازییەوە بەدەست دێت.

ئێستا با بزانین ئایا بەڕاستی دەتوانرێت ئەم چوار کێشە بنەڕەتییەی جیهانبینی چارەسەر بکرێت؟ دەمێنێتەوە بزانین ئایا پرسی وردبینی و پێشینەی هیچ کامیان دێتە بەرچاو یان نا.

ڕەخنە و ئاماژەدان بە هەڵە:.
پەیوەندی هەستیاری و ئەزموونی لە سنووری ناوەڕۆکی ماددی و سروشتیدا کاریگەرە. لە ئەنجامدا ڕوونە کە ناتوانرێت بنەماکانی جیهانبینی و پرسە پەیوەندیدارەکان لە ژێر ڕۆشنایی ئەو مادەیەی کە تەنیا لە ڕێگەی ئەزموونەوە بەدەست هاتوون، دەستنیشان بکرێت. ئەمەش لەبەرئەوەی ئەم جۆرە بابەتانە لە دەرەوەی بازنەی مەعریفە ئەزموونییەکانن و هیچ زانینێکی ئەزموونی ناتوانێت لێدوانی ئەرێنی یان نەرێنی لەسەر ئەم جۆرە بابەتانە بدات. بۆ نموونە مەحاڵە بوونی خودا بسەلمێنرێت یان پووچەڵ بکرێتەوە لە ڕێگەی تاقیکردنەوە تاقیگەییەکانەوە (خوای گەورە لەم جۆرە بیرۆکانە بمانپارێزێت). چونکە دەستی ئەزموونی هەستکردن ئەوەندە بچووکە کە توانای دەست لێدانی کایەی سەروو سروشتی نییە، و ناتوانێت هیچ شتێک لە دەرەوەی سنووری سوژە ماددییەکەی بسەلمێنێت یان پووچەڵ بکاتەوە.

بۆیە جیهانبینی ئەزموونی و زانستی (جیهانبینی بە مانا تەکنیکییەکە، کە پێشتر باسمان کرد) جگە لە سەرابێک هیچی تر نییە. کەواتە بە مانای ڕاستەقینە ناتوانرێت پێی بڵێین جیهانبینی بەڵام لە سەرووی هەموو شتێکەوە دەتوانرێت پێی بڵێین ‘ناسنامەی ماددی. هەروەها ئەم جۆرە ناسیاوانە توانای وەڵامدانەوەی پرسیارە بنەڕەتییەکانی جیهانبینیان نییە.

بەڵام ئەو ناسینانەی کە لە ڕێگەی ئایینەوە بەدەست دەهێنرێن (وەک پێشتر باسمان کرد) دوو قاتن و دەبێت پێشتر پشت بە سەرچاوە یان سەرچاوەکانیان ببەستن. واتە مرۆڤ دەبێت سەرەتا دڵنیا بێت لە وەرگرتنی پێغەمبەرایەتی؛ ئەوکات قسەکانی بە ڕەوا دادەنرێت. بەڵام پێش هەموو شتێک دەبێت بوونی نێرەری پەیامەکە بسەلمێنین، واتە خودای گەورە. ڕوونە کە بوونی ڕەسەنی نێرەری پەیامەکە و پێغەمبەرایەتی هەڵگری پەیامەکە بەو پێیە بە بەڵگەنامەی وشەیی ناسەلمێنرێت. بۆ نموونە ناتوانرێت بڵێین کە قورئان دەڵێت “خودا بوونی هەیە”، بوونی ئەو سەلمێنراوە. بەڵام کاتێک بوونی خودا سەلمێندرا و ناسنامەی پێغەمبەری ئیسلام و ڕەسەنایەتی قورئان سەلمێندرا، دەتوانرێت بیروباوەڕی بچووکی تر جێگیر بکرێت. بە هەمان شێوە ڕەنگە سنووردارکردنی کاریگەر لەلایەن پەیامنێرانی متمانەپێکراو و سەرچاوەی متمانەپێکراوەوە پەسەند بکرێت. بەڵام بیروباوەڕە بنەڕەتییەکان سەرەتا دەبێت بە جۆرێکی تر چارەسەر بکرێن. بۆیە تەنانەت ناسیاوانی ئایینیش بێتوانانن لە چارەسەرکردنی پرسە بنەڕەتییەکانی جیهانبینی. بەڵام سەبارەت بە شێوازی عەرفانی و ئێشراقبی (اشراقى) لێدوان زۆرن:

یەکەم: جیهانبینی جۆرێکە لە ئاشنابوون، کە لە مانا (دەروونییەکان)ی مێشکەوە شێوە وەردەگرێت. بەڵام لە حاڵەتی ئینتێزیدا، هیچ شوێنێک بۆ ئەو دوو تێگەیشتنەی مێشک نییە. کەواتە گێڕانەوەی ئەم جۆرە مانایانە بۆ ئینتێزی جگە لە بێباکی و ناونانی هیچی تر نییە.

دووەم: لێکدانەوەی ئینتێزی و وەسفکردنیان لە جەستەی زمان و مانادا بەندە بە کارامەیی دەروونی تایبەتەوە، کە بەبێ هەوڵی فیکری درێژخایەن و شیکاری فەلسەفی مەحاڵە. ئەوانەی ئەزموونی لەو شێوەیەیان نییە لە ڕاستیدا هەمان وشە و دەربڕین بەکاردەهێنن کە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی لادان و بەلاڕێدابردن.

سێیەم: ئەوەی لە راستیدا لە رێگەی ئینتێزیەوە داهێنراوە، وێنە و وەسفە خەیاڵیەکانە کە لە مێشکدا کێشراون و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا کەموکوڕی هەیە تەنانەت بۆ ئەو کەسەی کە خۆناسینی هەیە.

چواره‌م: ئه‌و واقیعانه‌ی كه‌ مێشك لێدانیان به‌ جیهانبینی ناسراوه‌؛ بۆ ئەوەی بگەینە ئەو شتە، ساڵ لە دوای ساڵ پێویستە ئەرفانی سەدانە. وە ئەم پرۆسەیە بە قووڵی بەدەست هێنراوە (کە ناسیاوەکانی ڕاستەقینە لەخۆدەگرێت) پەیوەستە بە پەسەندکردن و بنەما تیۆری و بنەماکانی جیهانبینی. بۆیە چارەسەری ئەم پرسانە لە سەرەتای سادانادا حەتمییە. وە لە دوا قۆناغی ئەم پرۆسەیەدا ناسینی ئینتێلێکتیڤ بەدەست دێت. لە بنەڕەتدا عەرفانی ڕاستەقینە تەنها ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە دەتوانن بە خۆبەزلزانین ڕێگای کۆیلایەتی بۆ دروستکەری گەورە بگرن. وە ئەم جۆرە هەوڵانە بەندە بە زانینی پەروەردگار و بەندایەتی و گوێڕایەڵییەکەیەوە.

بڕیار
لەم باسەی سەرەوە دەتوانین بەو ئەنجامە بگەین کە تاکە ڕێگای کراوە بۆ ئەوانەی بەدوای چارەسەردا دەگەڕێن بۆ پرسە بنەڕەتییەکانی جیهانبینی، ڕێگای عەقڵ و تێگەیشتنی هزرییە. لە ئەنجامدا لە ژێر رۆشنایی ئەمەدا، جیهانبینی فەلسەفی جیهانبینی راستەقینەیە. بەڵام پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە سنووردارکردنی چارەسەری ئەو پرسانەی کە باس کراون بە شێوەیەکی فیکری و زانینی جیهانبینی فەلسەفی بە تاکە جیهانبینی، بەو مانایە نییە کە هەموو پرسە فەلسەفیەکان دەبێ چارەسەر بکرێن بۆ ئەوەی جیهانبینییەکی دروست بەدەست بهێنرێت. بەڵکو چارەسەر بۆ چەند پرسێکی فەلسەفی سادە کە نزیکە لە خۆ ناسینەوە بەسە بۆ سەلماندنی بوونی خودا (کە بە بنەڕەتیترین پرس لە جیهانبینیدا دادەنرێت). بەڵام بۆ ئەوەی شارەزایی لەم جۆرە پرسانەدا بەدەست بهێنین و بتوانین وەڵامی هەموو جۆرە کێشە و دووڕیانێک بدەنەوە، پێویستە پێداچوونەوەی فەلسەفی زیاتر بێت. دیسان سنووردارکردنی ناسیاوی مانادار بۆ ئاشنایە هزریەکان بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتییەکان بەو مانایە نییە کە شتی ناسراوی دیکە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە بەکار نەهێنرێت. بەڵکو لە حاڵەتی زۆربەی خسنتەگەڕی فیکریدا دەتوانرێت زانینی ڕاستەوخۆ، مەعریفەی هەستکردن و ئەزموونی وەک بەڵێنێک بەکاربهێنرێت. بۆ نموونە دەتوانرێت شوناسی ئایینی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی قۆناغی دووەم و پرسە ئایینییە بچووکەکان بەکاربهێنرێت و ئەمانەش لەسەر بنەمای ناوەڕۆکی کتێب و پەیڕەوکاری (سەرچاوەی باوەرداری ئایین) بسەلمێنرێن. لە کۆتاییدا مرۆڤ دوای گەیشتن بە دنیابینی و ئایدۆلۆژیای دروست، بە قۆناغەکانی بەدواداچوونی قووڵی مەعنەویدا تێدەپەڕێت: مرۆڤ دەگاتە ئاستی وەحی و چاودێری (ئینتۆیشن) و زۆربەی ئەو شتانەی کە بە ڕافەی فیکریی دەسەلمێندرێن، بەبێ یارمەتی چەمک و جووڵە مێشکییەکان دەتوانرێت بەدی بهێنرێت.

دڵشاد کاونی. شەقڵاوە.




“بوونی خوا لە فەلسەفەی بوونگەرایی”-1-… دڵشاد کاوانی

بەشی یەکەم
دڵشاد کاوانی. شەقڵاوە.

چەند ڕێگەیەک هەیە بۆ سەلماندنی بوونی خودایەکی گەورە. ئەم (ڕێگایانە) لە کتێبەکانی فەلسەفە، لە لاهووت، لە شرۆڤە جۆراوجۆرەکانی ئاینییەکان و هەروەها لە کتێبە ئاسمانییەکاندا ئاماژەیان پێکراوە. ئەم بۆچوونانە لە ڕوانگەی جیاوازەوە دژ بە یەکن. بۆ نموونە لە هەندێک حاڵەتدا بابەتە هەستیار و ئەزموونییەکان وەک بەڵێن بەکارهێنراون کە لە حاڵەتەکانی تردا بابەتی تەنیا فیکری بەکارهێنراوە. دیسانەوە هەندێک ڕاستەوخۆ هەوڵ دەدەن بوونی پەروەردگارێکی ژیر بسەلمێنن لەو شوێنانەی کە ئەوانی تر هەوڵ دەدەن تەنها یەک بوون دامەزرێنن کە بوونی وابەستەی هیچ بوونێکی تر نەبێت (واتە بوونی نەبوو) و چینێکی تری لە جەستەدا وێنا بکەن بۆ ئەوەی تایبەتمەندییەکانی دەستنیشان بکەن.

فەیلەسوف و زانایانی تیۆلۆژی بۆ سەلماندنی بوونی خودا، چەندین ئارگیومێنتی بێشوماریان هێناوەتە ئاراوە، کە لە فەلسەفە و ئیلاهیاتدا بە وردی باسی لێوە کراوە. ئێمە ئەو بەڵگانە هەڵدەبژێرین و ڕوونی دەکەینەوە کە پێویستیان بە ڕۆڵێکی تاڕادەیەک بچووکە و ڕاستەوخۆیە. بەڵام پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەم بەڵگەیە بوونی خودا تەنیا لە ژێر ناونیشانی “بوونی حەتمی”دا دەسەلمێنێت واتە کەسێک کە بوونی جەوهەری بێت و پشت بە هیچ بەخشەرێکی بوون نابەستێت، سیفاتی ئاماژە (لصفة السلبية). دەبێت بە ئارگیومێنتێکی تر بسەلمێنرێت، نموونەی سیفەتە ئاماژە بە بەڵێ بریتین لە زانین، وزە، نموونەی سیفاتە ‘ناڕوونەکان’ بریتین لە بێ جەستەیی، نەک تەنها لە شوێنێک و کاتێکی دیاریکراودا سنووردار بکرێت.

ناوەڕۆکی بەڵگەکان

ماددە وجودییەکان، (بەپێی عەقڵ) یان بوونێکی حەتمییە یان بوونی ئەگەرین و هیچ ماددەیەکی بوونگەرایی ناتوانرێت لەڕووی فیکرییەوە لەم دوو چەمکە بەدەر بکرێت. هەموو شتە بوونگەراییەکان ناتوانن ئەگەری بن. چونکە، بوونی ئەگەری پەیوەستە بە هۆکارەوە. کەواتە ئەگەر هەموو هۆکارەکان ئەگەری بوونیان هەبێت، ئەوا دەبێت هەر هۆکارێک وابەستەی ئەوی دیکە بێت. لە ئەنجامدا هیچ شتێکی هەبوو هەرگیز بەدی نایەت. بە واتایەکی تر بەردەوامی هۆکارەکان مەحاڵە. بۆیە هۆکارەکانی شتە هەبووەکان بەردەوام دەبنە هۆی سوژەیەکی هەبوو، کە خۆی دەرئەنجامی ماددە هەبووەکانی تر نییە، واتە کە بوونێکی حەتمی دەبێت. ئه‌م به‌ڵگه‌یه‌ به‌ڵگه‌یه‌كی ساده‌یه‌ بۆ بوونی خودا، كه‌ به‌ چه‌ند به‌ڵێنێكی هزری پاك له‌ قاڵب داوه‌ و وابه‌ست نییه‌ به‌ هیچ جۆره‌ مه‌عریفه‌یه‌كی تێگه‌یشتن و ئه‌زموونی. بەڵام بەو پێیەی لەم بەڵگەیەدا زاراوە و چەمکی فەلسەفی بەکارهاتووە، حەتمییە ڕۆشنایی بخرێتە سەر هەموو ئەو بەڵێن و زاراوانەی کە لە ڕێگەیانەوە بەڵگەی ناوبراو شێوەی گرتووە.

ئەگەر و حەتمی

هەموو بەڵێنێک (هەرچەندە سادە بێت) لانیکەم لە دوو واتای بنەڕەتی پێکدێت، ئەوانیش مەبەست و پێشبینی. بۆ نموونە لە بەڵێنی ‘سوریا ئوجال’دا “سوریا” مەبەستە و “ئوجوال” پێشگرە و بەڵێنەکە درەوشاوەیی بۆ خۆر دەسەلمێنێت.

سەلماندنی پێشبینییەک بۆ مەبەستێک ناتوانێت بەدەربێت لەو سێ مەرجە. یان مەحاڵە، بۆ نموونە “٣لە ٤ گەورەترە” یان حەتمییە، وەک: “نیوەی ٤ ٢”، ١٢ یان نە مەحاڵە یان حەتمی، واتە ئەگەری هەیە، بۆ نموونە خۆر وایە لەسەر سەرمان.

بە زاراوەی لۆژیکی، لە حاڵەتی یەکەمدا دەوترێت پەیوەندیی بەڵێن مەحاڵە ، لە حاڵەتی دووەمدا بە پەیوەندیی بەڵێن پێی دەوترێت “حەتمی (پێویستی)” یان لە حاڵەتی سێیەمدا، پەیوەندیی بەڵێن ئەوەیە پێی دەوترێت “ئەگەر” (امكان) (بە مانایەکی تایبەت).

فەلسەفە مامەڵە لەگەڵ پرسە بوونییەکان دەکات. شتە مەحاڵەکان هەرگیز ڕاستەقینە نابن (بۆیە باسکردنی ئەم بابەتە لە فەلسەفەدا جێگیر نییە). لە ئەنجامدا فەلسەفە پرسە وجودییەکانی بەسەر دوو بەشدا دابەش کردووە، بوونی حەتمی و بوونی ئەگەری لەسەر بنەمای زیرەکی.

بوونی حەتمی واتە شتە هەبووەکە بە خۆی بوونی هەیە و بۆ بوونی خۆی پشت بە هیچ شتێکی دیکەی هەبوو نابەستێت. لە ئەنجامدا ئەم جۆرە بوونە بە سروشتی هەمیشەیی و هەمیشەیی دەبێت. چونکە، نەبوونی شتێک لە خاڵێکدا بەو مانایەیە کە بوونەکەی بە خۆی نییە و بۆ ئەوەی مرۆڤ بێتە بوون دەبێت پشت بە بوونەوەرێکی دیکە ببەستێت کە بوونی ئەو مەرج و هۆکارە (بوونی) وە لە غیابیدا بوونی نییە.

بوونی ئەگەری ئەوەیە کە بە خۆی بوونی نییە و بۆ بوونی مرۆڤ دەبێت پشت بە هەندێک بوونی دیکە ببەستێت. ئەم پۆلێنکردنەی بوون لەسەر بنەمای عەقڵ کراوە و بە هۆکارێکی باش بوونی مەحاڵ نکۆڵی لێدەکات. بەڵام هیچ ڕێنمایییەک نییە کە کام لەم دوو پۆلە (بوونی حەتمی و بوونی ئەگەری) بوونەوەری ڕاستەقینە دەگرێتەوە. بە واتایەکی تر دەکرێ بە سێ شێوە لەم بابەتە تێبگەین. بۆ نموونە.

یەکەم: هەموو بوونێک بوونێکی حەتمییە.
دووەم: هەموو بوونێک بوونێکی مومکینە.
سێیەم: هەندێکیان بوونێکی حەتمین و هەندێکیان بوونی ئەگەرین.

لە چەمکی یەکەم و سێیەمدا ‘بوونی حەتمی’ بوونی هەیە. کەواتە ئەو تێڕوانینەی کە “هەموو بوونێک مومکینە یان مەحاڵە”، دەبێ بابەتی باسکردن بێت (دووەم)، هەروەها چەمکی “بوونی حەتمی” لە کۆتاییدا بە نەهێشتنی ئەم چەمکە جێگیر دەبێت، هەرچەندە یەکێتییەکەی و سیفاتەکانی دیکەش جێگیرن بەڵگەکان دەبێ پشتیان پێ ببەسترێت.

بۆیە بۆ ئەوەی بیرۆکەی دووەم ڕەت بکرێتەوە، دەبێت بەڵێنێکی دیکە بە بەڵگەکانی ئاماژەپێکراوەوە ببەسترێتەوە. و واتە ‘هەموو بوونێک مەحاڵە کە بوونێکی مومکین بێت. بەڵام ئەم بەڵێنە خۆبەخۆ نییە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش دەبێت بەم شێوەیە بسەلمێنرێت و جێگیر بکرێت:

بوونی ئەگەری پەیوەستە بە هۆکارەوە و بەردەوامی بێکۆتایی هۆکارەکەش مەحاڵە. بۆیە هۆکارەکان دەبێت لە بەردەوامییاندا بگەنە بوونێک کە وابەستەی هۆکارەکە نەبێت. وە ئەوەش ‘بوونی حەتمی’یە. کەواتە هەموو بوونێک بوونێکی مومکین نییە. وە لێرەوە بابەتێکی دیکەی فەلسەفی دەست پێدەکات، کە پێویستی بە ڕوونکردنەوە هەیە.

هۆکار و کاریگەری

ئەگەر سوژەیەکی بوونگەرایی وابەستەی سوژەیەکی دیکەی هەبوو بێت و بوونی وابەستەی بوونی سوژەیەکی دیکە بێت، ئەوا لە زاراوەی فەلسەفیدا بوونی وابەستە پێی دەوترێت کردار (معلول) و ئەوی دیکەش پێی دەوترێت هۆکار بەڵام ڕەنگە هۆکار هەمیشە وابەستە نەبێت، بەڵام ڕەنگە ‘هۆکار’ خۆی وابەستە بێت و کردارێکی هەندێک بوونێکی تر بێت. ئەگەر وابەستەیی و وابەستەیی هیچ هۆکارێک نەبێت (بە هەر هۆکارێکی تر)، ئەوا دەتوانرێت ئەو هۆکارە ناوببرێت هۆکاری ڕەها و هۆکاری تەواو ناوابەستە.

تا ئێستا فێری زاراوەی فەلسەفیی هۆکار و کاریگەری و پێناسەکردنیان بووین. ئێستا پێویستە ئەو بەڵێنە ڕوون بکەینەوە کە ‘هەموو بوونی ئەگەری پەیوەستە بە عەقڵەوە’.

لە ژێر ڕۆشنایی ڕستەی ‘بوونی ئەگەری ناتوانێت بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بێتە بوون’ دەتوانرێت بڵێین بوونی وابەستەی بوونی هەر بابەتێک یان ماددەیەکی دیکەی هەبووە کە فۆڕمی ڕاستەقینەی گرتووە. چونکە ئەم قسەیە (قضية) خۆبەخۆیە کە هەموو پێشبینییەک (محمول) کە بۆ مەبەست (سوبژێکت) لەبەرچاو دەگیرێت یان بە خۆی (سوبژێکتیڤ) یان لەلایەن کەسێکی ترەوە یان بە عەقڵ (بەشێوەیەکی ڕاگوزەر) بوونی هەیە. بۆ نموونە تەنێک یان خۆی ڕووناک دەبێتەوە یان بە ڕووناکی شتێکی تر ڕووناک دەبێتەوە. هەموو شتێک بە خۆی یان بە شتێکی تر (ڕۆن) ڕۆن دەکرێت. ئایا مەحاڵە شتێک بە شێوەیەکی خۆجێی ڕووناک نەکرێتەوە یان ڕۆن نەکرێت، یان بە شتێکی تر ڕۆن نەکرێت یان ڕووناک نەکرێتەوە (لە حاڵەتی ئەوەی دوو سیفات سیفاتی نەبوون یان سەپێنراو بن)؟

کەواتە بوون بۆ هەر مەبەستێک (سوبژێکت) دەسەلمێندرێت کە بوونگەرایی یان زاڵ بێت و کاتێک بە نائاگایی بوونی نەبێت، زاڵ حەتمییە. لە ئەنجامدا هەموو بوونێکی مومکین کە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بە سیفەتی وجودی بەخشراو نین، هەموو بوونێک بە یارمەتی هەندێک بوونێکی تر دێتە بوون و وەک ئەرکی خۆی (ملوول) سەیر دەکرێت.

بەڵام بە بڕوای زۆر کەس مانای ڕاستەقینەی هۆکارگەرایی ئەوەیە کە هەموو بوونێک بەندە بە هۆکارەوە و لەسەر ئەم بنەمایە ئەو کێشەیە سەرهەڵدەدات کە بۆ خودا هۆکارێکیش دەبێت لەبەرچاو بگیرێت! بەڵام لەبیریان چووە کە ئامانج (سوبژێکت)ی یاسای هۆکار بوونی ڕەها و خۆبوون نییە بەڵکو مەبەست (سووژە)ەکەی ‘بوونی ئەگەری’ و کردارە. واتە هەموو بوونێکی وابەستە یان زاڵ هۆکارە بەردەوامی بێکۆتایی هۆکارەکان مەحاڵە.
دوا بەڵێن کە بۆ سەلماندنی ئەمە بەکارهاتووە ئەوەیە کە بەردەوامی هۆکارەکان بە ناچاری لە بوونێکی وەهادا کۆتایی دێت کە ئەو بوونە کاری (مەعلول)ی هیچ هۆکارێکی ترن. هیچ شتێک ڕوونادات.
بۆیە خودی بوونی بوونەوەرە ڕاستەقینەکان دەیسەلمێنێت کە بوونێکی حەتمی (واجب الوجود) بوونی هەیە.

درێژەی هەیە….




تاک و کۆمەڵگەی عیراق لە دیدی عەلی وەردییەوە… ئەردەڵان عەبدوڵڵا

دکتۆر عەلی وەردی بیرمەند و کۆمەڵناس و مێژوونوسێکی دیاری عیراق و گێتی عەرەبییە. زۆربەی مێژوونوس و کۆمەڵناسانی عیراق و جیهانیش لەو باوەڕەدان کە هیچ کەسێک هێندەی عەلی وردی کۆمەڵگەی عیراقی نەناسیوە. عەلی وەردی لە ساڵی 1913 لە بەغدا لە دایک بووەو لەساڵی 1995 لە بەغدا کۆچی دواییکردووە. زانکۆ و پلەی ئەکادیمی لە ئەمریکا خوێندووەو خاوەنی کۆمەڵێک کتێبی گرنگە لەوانە ” کەسایەتی تاکی عیراقی، چەپكێک لە مێژوویی کۆمەڵناسی عیراق، گاڵتەجاری عەقڵی مرۆڤایەتی،واعیزەکانی سوڵتان” کۆمەڵێک بەرهەمی تر. ئەو خاوەنی دیدێکی تەواوی جیاوازە بۆ تاک و کۆمەڵگەی عیراقی، ئەمەش لە بەشێکی زۆری کتێبەکانیدا بەروونی دەریخستووە.
لەماوەی پێشوودا چاوم بە دیدارێکی زۆر تایبەتی کەوت کە ئەویش لەگەڵ نووسەری عیراقی حەمید مەتبەعی سازیکردووە، ئەمەش لەکتێبێکدا بەناونیشانی ” عەلی وەردی داکۆکی لە خۆی دەکات” کە لەلایەن وەرگێڕی هێژا. د. نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد کراوەتە کوردی و دەزگای رۆشنبیری جەمال عیرفان چاپی کردووە.
لەم کتێبەدا عەلی وەردی تێڕوانینی خۆی لەسەر کۆمەڵێک مەسەلە باسکردووە لەوانە: کەسایەتیی و کۆمەڵگەی عیراقیی، زانست ، ئەدەبی کۆن و نوێ، شۆڕش، مێژوو. کۆمەڵێک بابەتی تریش. لەهەمووشی گرنگتر، وەڵامی ئەو رەخنانە دەداتەوە کە لە بۆچوونەکانی دەگیرێت. زۆرجار لەرێگەی دیدارێکەوە، مرۆڤ دەتوانێت تێڕوانینی کەسی بەرامبەر بزانێت، بەتایبەتی ئەگەر کەسێکی شارەزا ئەم دیدارە بکات. ئێمەش لەرێگەی ئەم کتێبەوە بە بەشێکی بیروبۆچوونی عەلی وەردی ئاشنا دەبین.

زانست
لەم کتێبەدا قسەوباسی زۆری تێدایە لەبارەی زانست و ئەدەب و نووسین. کاتێک حەمید مەتبەعی پرسیاری ئەوەی لێدەکات کە بۆچی ئێستا دژی بۆچوونەکانی سەلام موسای رووناکبیری میسری دەوەستێتەوە لەکاتێکدا سەلامە موسا وەسفی کارەکانی ئەوی کردووە . وەردی لە وەڵامدا دەڵێت:
“لە زانستدا مەسەلەی وەفایی و بێ وەفایی بوونی نییە، بواری وەفا لە پەیوەندییە شەخسییەکاندا بوونی هەیە. ئەگەر زانست لەسەر بنەمای وەفای شەخسی کاری بکردایە، ئەوا پێش نەدەکەوت. “
شۆڕش و مێژوو
عەلی وەردی تێڕوانینی تایبەت بە خۆی هەیە لەبارەی مێژوو و شۆڕشەوە، کە زۆرجار بەدڵی ئەو کەسانە نەبووە کە خۆیان بە شۆڕشگێر و خەباتگێر دادەنێن. لەمبارەیەوە دەڵێت:
“مێژوو بریتییە لە زنجیریەک شۆڕشی بەدوای یەکداهاتوو، ئەوەی لەسەردەمێکی دیاریکراودا شۆڕشگێر و پێشكەوتنخواز بووە، دەشێت لە قۆناغی دواتردا کۆنەپەرست بێت. ل26”

مرۆڤ
لەبارەی مرۆڤیشەوە دیدێکی تەواو جیاوازی هەیە، بەتایبەتی ئەوەی کە پەیوەندیی بە کەسایەتیی و رۆڵی کۆمەڵگە لەسەر تاک هەیە. لەمبارەیەوە کۆمەڵێک بۆچوونی تایبەتی هەیە .
مرۆڤ بە گشتی ” هەقی”ی خۆش ناوێ، بەڵکو ” من” ی خۆش دەوێ، ئەو کاتێک باسی هەق دەکات کە لەگەڵ ” من” دا بگونجێت. خۆ ئەگەر ” هەق” و ” من” جیاواز بوون، ئەوا مرۆڤ بە دوای ” من” دا دەڕوا و هەقی لەبیر دەچێتەوە…ل72
گرفتی مرۆڤ ئەوەیە خۆی دەستی لە دروستکردنی کەسێتی خۆیدا نییە لە چوارچێوەیەکی زۆر دیارییکراودا نەبێت. ئەو وا دەزانێت دەتوانێ خۆی خۆی دروست بکات،بەڵام بە هەڵەدا چووە. نازانێ خۆی دروستکراوە، دروستکەر نییە،،،ل 86
عەقڵ زاڵ نییە بەسەر سروشتی مرۆییدا، بەڵکو سروشتی مرۆیی زاڵە بەسەر عەقڵدا و هەڵیدەسوڕێنێ. کاتێک مرۆڤ رەفتارێکی دیاریکراو دەگرێتە بەر، یان باوەڕ بە بیروباوەڕێک دەهێنێت، ئەو وادەزانێت ئەمە بە ئیرادەی خۆیی و بە هەڵبژاردنی ئازادانە و بیرکردنەوەی خۆی ئەمەی کردووە، ئەو نازانێت لە پشتی رەفتارەکەی یان بۆچوونەکەیدا چەندین فاکتەر هەیە،ئەو فاکتەرانەش کار دەکەنە سەر بیرکردنەوەی بێئەوەی پێی بزانێت،،ل 106

هەموومان شێتین
هەر لەبارەی سروشتی مرۆییەوە، عەلی وەردی قسەی زیاتری هەیە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە ژیریی و شێتییەوە هەیە. لەمبارەیەوە دەڵێت:
زانستی نوێ دەڵێ ، ئێمە هەموومان شێتین، بەڵام بە ڕێژە و پلەی جیاجیا، بەڕێژەی زۆر یان کەم. هیچ کەسێک لە دنیادا سەد لە سەد عاقڵ نییە.ئەمە مانای ئەوەیە ئێمە هەموومان لە رەفتارو بیرکردنەوەکانماندا ملکەچی ئەو فاکتەرانەین کە کارمان تێدەکەن و ئێمە نایزانین، یاخود هەستی پێ ناکەین، بەڵام ئەو کەسانەی خودا شانسی پێ بەخشیون دەتوانن رەفتارو بیرکردنەوەیان کۆنتڕۆڵ بکەن، بە جۆرێک رێگە نادەن پاڵنەرە نەستییەکان کاریان تێبکات،،،ل 110

هەموومان بێ ئابڕووین

خاڵێکی تر کە مایەی سەرنجم بوو، تێڕوانینییەتی بۆ مەسەلەی “ئابڕوو”، لەمەشدا بەهەمانشێوەی مەسەلەی شێتی، پێی وایە ئەمەش رێژەییە.
زاناکان پێمان دەڵێن ئێمە هەموومان، بە جۆرێ لە جۆرەکان بێ ئابڕووین، وەک چۆن ئێمە هەموومان شێتین بە رێژەی جیاجیا ، ئاواش هەموومان بێئابڕووین بە ڕێژەی جیاواز. کەسێک خاڵی بێت لە بێئابڕوویی وەکو ئەو کەسە وایە سەد دەر سەد عاقڵ بێت. یان بەتەواوەتی کامڵ بێت و هیچ کەموکورتی نەبێت.کەسی واش لەهەموو دونیادا بوونی نییە…ل113 .

کاریگەری کۆمەڵ و خەونی موگناتیزی
عەلی وەردی زۆر باوەڕی بە کاریگەری کۆمەڵ بەسەر تاکەوە هەیە، بەتایبەتی لەکاتی جەنگ و ئاژاوەگێڕیدا. ئەمەش زیاتر بە پشت بە بەستن بە تێزەکانی فەیلەسوفی فەرەنسی گۆستاڤ لۆپۆن.
وەردی لەمبارەیەوە دەڵێت:
مرۆڤ دەکەوێتە ژێر کاریگەری ئەو خەواندنەی لە رێگەی هوتافلێدان یان گوتاری زایەڵەداری سەرکردەکانی ئاژاوەچییانەوە، کۆنتڕۆڵ دەکرێت. ئەوان دونیای بۆ پڕ دەکەن لە وەهم و زۆر پێوەنان، ئەویش باوەڕ بە هەموو قسەکانیان دەکات و بەپێی فەرمانی ئەوان دەجووڵێتەوە. کاتێک لە دواییدا ئەو خەواندنەی لەسەر دەرەوێتەوە، پێی سەیرە ئەو کارانەی کردووەو سەری لە کردەوەکانی خۆی سوڕ دەمێنێ، وا دەزانێ خەون بووە. ،،،
نابێ ئەوەمان لەیاد بچێت کە سروشتی ئاژاوەگێڕی تەنها لەو کەسانەدا نییە کە بەکردەوە بەشداری دەکەن، بەڵکو لەوانەیە ئەو کەسانەش بگرێتەوە کە بەدڵ و بە زمان لەگەڵیدان،،،ل116

سیستمی کۆمەڵایەتی
هەمیشە جۆری ئەو سیستمەی کە کۆمەڵگەکان بەرێوە دەبات، مایەی مشتومڕ و نیقاشی گەورەی نێوان فەیلەسوفان و بیرمەندانی جیهان بووە. لەو کاتەشدا کە عەلی وەردی ژیاوە، جیهان لە نێوان دوو فیکرە یان فەلسەفە دابەشبووە، فەلسەفەی کۆمۆنیستی روسیا، فەلسەفەی لیبڕاڵیی ئەمریکا. بەڵام عەلی وەردی خاوەنی تێروانینی خۆی بووە. ئەو پێی وایە هیچ سیستمێکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئیداری کامڵ نییە و بەدەر نییە لە کەمووکورتی.

لەمبارەیەوە دەڵێت:
مرۆڤ بە سروشتی خۆی ناتەواوە، مرۆڤ توانای ئەوەی نییە سیستمێکی کامڵ دامەزرێنێت کە هەموو خەڵکی رازی بکات،،، مادام ” من” تەوەری کەسێتی مرۆڤە، کەواتە مرۆڤ هیچ شتێک قایلی ناکات، تەنانەت ئەگەر بچێتە بەهەشتیشەوە، هەرچەند شتێکی دەست بکەوێت، هەوڵ بۆ شتێکی تر دەدات. ل193

عیراق لە سەردەمی عوسمانیدا
عیراقیش وەکو هەموو شوێنەکانی تری ژێردەستەی دەوڵەتی تورکی عوسمانی، لەوپەڕی دواکەوتوویی رەوشی خراپدا بووە. وەردی زۆر بەجوانی لە کتێبەکانیدا، باسی ئەو رەوشە خراپەی عیراق دەکات لەسایەی تورکدا. لێرەشدا دووبارە جەخت لەم خاڵە دەکاتەوەو دەڵێت:
عیراق لە چەرخی عوسمانیدا لە بارودۆخێکی کۆمەڵایەتی وادا دەگوزەرا، لە رووی دواکەوتنی شارستانی و برسێتی و نەخۆشی، هەر لە بارودۆخی سەدەکانی ناوەڕاست دەچوو. فەیسەڵی یەکەم هات و هەوڵی دا عیراق لە نەهامەتی رزگار بکات، لەم پێناوەدا زۆر تێکۆشا، بەڵام بەر لەوادەی خۆی مرد، ئەمەش بەدبەختی عیراق بوو،،،ل 152

گۆڕانکاری لە کۆمەلگەی عیراق
لەلایەکی ترەوە عەلی وەردی بەحوکمی ئەوەی شارەزایی زۆر باشی مێژووی عیراقە، ئاگاداری قۆناغە گرنگەکانی کۆمەڵگەی عیراقییە، بەتایبەتی لەسەرەتاکانی سەدەی بیستەم و هاتنی ئینگلیز و کرانەوەی بەرووی جیهان، کە ئەمەش گۆڕانکاری گەورەی لە کۆمەڵگەی عیراقیی کرد، لەهەمانکاتیشدا رووبەروی کۆمەڵێک کێشەی کردووە.
لەمبارەیەوە دەڵێت:
لەسەرەتای سەدەی بیستمەدا واعیزێک پەیدابوو داوای دەکرد کەس شەمەندەفەر بەکارنەهێنێت بۆهاتووچو، ئەو وتی: ئێوە واز لە گوێدرێژی خودا دەهێنن و سواری شەمەندەفەری کافران دەبن؟ بێگومان کەس بە گوێی ئەو قسەیەی نەکرد، خەڵکی بەبێ دوودڵی شەمەندەفەریان بۆ سەفەر بەکاردەهێنا،،124

نووسین پیشەیە
عەلی وەردی خاوەنی دیدێکی تەواو تایبەت بووە بۆ ئەدەب و نووسین، کە زۆرجار بەدڵی زۆرینەی ئەدیبان و نووسەرانی عیراق نەبووە، ئەو پێی وایە ئەدەبێکی کامڵ و باڵا بوونی نییە، پێشی وایە نووسین پیشەیە وەکو هەموو پیشەکانی تر. لەبارەی ئەدەبیشەوە بۆچوونی تەواو جیاوازی هەیە و لەمبارەیەوە دەڵێت:

لە واقعدا لەرووی سروشتی مرۆییەوە، جیاوازی نییە لە نێوان ئاسنگەر و ئەدیب، جیاوازی دیاری ئەمان لەو جیاوازییەدایە کە لەسەرێك هەریەکەیان لەهەلومەرجێکی جیاواز پێگەیشتوون، لەسەرێکی تر ئەو بەهرە زەینییە کە خودا پێی بەخشیوە، دەشێت تاک بەبەهرەیەکی زەینی وا لەدایک بێت کە رێگەی بۆ خۆش بکات ببێ بە ئەدیب، پاشان لە بارودۆخێکدا بژی یارمەتیدەر یان هاندەربێت بۆ ئەو کارە ، بۆیە لەوانەیە ببێ بە ئەدیبێکی دیارو بەناوبانگ، بەڵام گرفتی ئەو تاکە ئەوەیە، کاتێک دەگاتە پایەیەکی دیار، لە خۆبایی دەبێت و وا دەزانێ خۆی خۆی دروستکردووە، ئەو بەهرە زەینییەی بیر دەچێتەوە کە خودا پێی بەخشیوە، هەروەکو ئەو هەلومەرجەشی بیر دەچێتەوە کە یارمەتی داوە، ئەگەر ئەو شتە نەبوایە لەوانەیە ببوایە بە ئاسنگەر یان ببوایە بە حەماڵ و یان ببوایە بە سواڵکەر. ل35

ئەدەبی کۆن و نوێ
لەبارەی جیاوازی نێوان ئەدەبی کۆن و نوێشەوە بۆچوونێکی جیاوازی هەیەو دەڵێت:
لە کۆندا ئەدیب گوێی بە کەس نەدەدا و تەنها دەیویست رەزامەندی سوڵتان بە دەستبێنێت، چونکە سوڵتان دەتوانێت شاعیر بۆ بڵندترین پایە بەرز بکاتەوە، هەروەکو دەشتوانێ بۆ نزمترین ئاست دایبەزێنێت، بەڵام ئەدیبی نوێ چاو دەبڕێتەوە میللەت، میللەتیش بە سروشتی خۆی ئارەزووی ئەوەی نییە شاعیرەکە ستایشی بکات، وەکو ئەوەی لە رابردوودا لە بەرامبەر سوڵتان دەیکرد. میللەت تاکەکەس نییە حەز بکات ئیگۆی خۆی ” من ی خۆ بەرز بکاتەوە، بەڵکو ژمارەیەکی زۆری گرووپ و تاکەکەسن داوا لە ئەدیب دەکەن لە تێگەیشتنی ئەم دنیایەی تیایدا دەژین سوودیان پێ بگەیەنێت.

بەداخەوە ئەمڕۆ لە عیراق و تاڕادەیەک زۆربەی وڵاتانی جیهانیش، زۆرکەم نووسەران دەتوانن بە بەرهەمەکانیان بژین، ئەمەش زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە فرۆشی کتێب کەم بۆتەوە، ئەمەش وا لە نووسەران دەکات، کە بۆ بژێوی ژیانیان پشت بە سەرچاوەیەکی تری بژێوی بگەڕێن. ئەمەش یەکێکە لە مەترسییە گەورەکان کە رووبەروی دونیای نووسین و مەعریفەی ئێستامان دەبێتەوە.

شاعیرانی تاکسی ئامێز
لەلایەکی ترەوە عەلی وەردی بۆچوونی زۆر تایبەتی بەرامبەر بە شیعر و شاعیران هەبووە، بەتایبەتی ئەوەی کە پەیوەندی بە شاعیرانی کلاسیکی عەرەبەوە هەیە بۆ نموونە موتەنەبی. ئەمەش بۆتە مایەی نیگەرانی زۆرێک لە نووسەران و ئەدیبانی عیراقی و گێتی عەرەبی. لەم کتێبەشدا بە ووردی ئەم دیدگایەی باس کردووە. لەهەمووی گرنگتر باسی ” شاعیرانی تاکسی ئامێز” دەکات، لێرەدا زۆر بەجوانی ئەم دەستەواژەییەی شیکردۆتەوەو دەڵێت:
“من رێز و حورمەت و شکۆیەکی زۆرم بۆ شاعیری پابەند-مولتەزیم هەیە، بەڵام شاعیری نامولتەزیم ئەوەی من حەز دەکەم ناوی بنێم شاعیری ” تاکسی ئامێز” ، ئەوا من قینم لێ دەبێتەوەو رقم لە هەموو ئەو کەسانە دەبێتەوە کە ئەو رێچکەیە دەگرن. شاعیرانی تاکسی ئامێز، ئەوانەن کە ستایشی سوڵتانەکانیان کردووەوە هەقیان بە ناهەق و ناهەقیان بەهەق زانیوە، بەپێی ئەو خەڵات و پاداشتەی لە سوڵتانەوە وەریان گرتووە.”
هەربۆیە ئەو بۆچوونێکی تەواو پێچەوانەی بەرامبەر بە شاعیری گەورەی عەرەب موتەنەبی هەیە، زۆرکەسیش بە دوژمنی موتەنەبی دادەنێن. هەرچەندە ئەو تەنها دەڵێت:
“موتەنەبی ساتیشی حاکمی میسری کافوری ئیخشیدی کرد و دوایش زەمی کرد، ئەو بۆیە ستایشی کرد، چونکە تەماحی لە پاداشتەکانی هەبوو، بەڵام کە پاداشتی لێ بڕا، ئیتر زەمی کرد.پێشتریش بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی ستایشی حاکمی سوریا سیف الدوله الحمداني کردووەو لە دوایشدا زەمی کردووە، رەخنەگران چاوپۆشی لەم لایەنەی شیعری موتەنەبی دەکەن، تەنها دەڕواننە لایەنی هونەری و شیعرەکە، ل31”

دوا قسە
بە دڵنییایەوە لەم کتێبەدا قسەوباسی زۆری تێدایە هەمووشیان قسەی تایبەت و گرنگ و جوانن، ئەم کتێبە هاوکاری زۆرمان دەکات بۆ تێگەیشتن لەبەشێکی بۆچوونەکانی عەلی وەردی لەبارەی مرۆڤ، تاک، کۆمەڵگەی عیراقی و جیهانی.
لێرەدا جێگەی خۆیەتی کە دەستخۆشیی لە برای هێژامان کاک نەوزاد بکەین، هیوای کاری جوانتری بۆ دەخوازین.




گرامشی فەیلەسوفێکی شۆڕشگێر… ئەردەڵان عەبدوڵڵا

ئیتالیا خاوەنی شارستانییەتێکی زۆر گەورەیە، لانکەی زۆرێک لە فەیلەسوف و زانا و هونەرمەندی مەزنی جیهانە، کە جێ پەنچەیان بەسەر مێژووی مرۆڤایەتییەوە دیارە، یەکێکیش لەو فەیلەسوف و کەسایەتییە مەزنانەش ئەنتۆنیۆ گرامشییە. ئەم پیاوە مەزنە لە یەک کاتدا، فەیلەسوف، شۆڕشگێڕ، رۆژنامەنووس، نووسەر و چالاکوانێکی مەدەنی ئێجگار گەورە بووە. داکۆکیکارێکی مەزن بووە لە مافی چینی کرێکاران و زەحمەتکێشان، لە هەمووشی گرنگتر شۆڕشگێڕێکی مەزن بووە لە دژی رژێمی فاشیستی ئیتالیا، هەر لە پێناوی ئەم بەها جوانانەشدا زیاتر لە دە ساڵ زیندانیکراوە دواجاریش کاتێک ئازاد کرا، هێندە ئازار و ئەشكەنجەیاندابوو، گیانی پاکی لەدەستداوە.
کاتێک دادوەرەکە بڕیاری زیندانیکردنی بۆ دەرکرد رایگەیاند: ئەوا بۆ ماوەی 20 ساڵ ئەم عەقڵەمان راگرت.” بەڵام وەکو نووسەرێکی ئەڵمانی دەڵێت: ئەو عەقڵە نەک هەر رانەگیرا، بەڵکو هەتاوەکو ئێستاش چالاکە.
گرامشی خاوەنی دیدگایەکی ئێجگار تایبەتە و تیۆری خۆی هەیە لە بارەی کەلتور، رۆڵی رۆشنبیر لەناو کۆمەڵگەدا، هەروەها بۆچوونێکی رەخنەگرانەی هەیە بەرامبەر بە تێڕوانینی خۆرئاوایی بۆ جیهان و کە خۆی لە فیکری سەنتڕاڵیزمی خۆرئاوایی دەبینێتەوە. جگە لە کۆمەڵێک تێڕوانینی تایبەتی لە بارەی یەکێتی سۆڤیەت، فاشیزم، سیستمی سەرمایەداری، پارتی شۆڕشگێر، خەباتی مەدەنی و سیاسیی، دەوڵەت، ئەدەب و هونەر، کۆمەڵێک بابەتی گرنگی تر.
لێرەدا هەوڵ دەدەم تیشکێک بخەمە سەر ژیان و فیکری ئەم کەڵە فەیلەسوفە و کەمێک بە خوێنەرانی ئازیزی کوردی ئاشنا بکەم.

منداڵێکی هەژار
Antonio Gramsci ئەنتۆنیۆ گرامشی لە 22 یانوەری 1891 لە دوورگەی سەردینیای ئیتالیا لەدایک بووەو لە 27 ئەپریلی 1937 لە رۆمای پایتەختی ئیتالیا کۆچی دواییکردووە. ئەنتۆنیۆ سەر بە کەمە نەتەوەی Arbëresh ئاربیرێش کە کەمە نەتەوەیەکی ئەلبانین لە باشووری ئیتالیا دەژین. لە بنەچەدا بنەماڵەی گرامشی خەڵکی ئیتالیا نین و لە ئەلبانیاوە هاتوون، باپیرە گەورەی بە خۆیی بنەماڵەکەیەوە لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەوە ئەلبانیای بەجێهێشتووە هاتوون بۆ شاری ناپۆلی باشووری ئیتالیا. ناوی گرامشیش لە ناوی شاری ” Gramsci گرامش” ی ئەلبانییەوە هاتووە، کە شارۆچکەیەکی بچووکە دەکەوێتە ناوەڕاستی ئەلبانیاوە.
گرامشی لە تەمەنی 3 ساڵیدا بە دەستی کچە خزمەتکارێکییانەوە دەکەوێتە خوارەوەو پشتی ئازاری زۆری پێ دەگات و ئەمەش هەتا کۆتایی ژیانی کاریگەری گەورەی بەسەر جەستەیەوە بەجێهێشت. بەهۆی ئەمەوە تووشی پشتئێشەی زۆر بووە، لەبەرئەوە نەیتوانییوە زۆر یاری لەگەڵ منداڵانی هاوتەمەنی خۆیدا بکات. پاشانیش وایکردووە کە لە رووی گەشەی جەستەییەوە زۆر پێشنەکەوێت و باڵا کورت و پشت کۆم بێت.
لە رووی ئابووریشەوە سەرەتا رەوشی ژیانیان ئاساییی بووە، باوکی کارمەندێکی ئاساییی حکومی بووە، بەڵام پاشئەوەی ساڵی 1898 باوکی بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی پۆستی حکومی لە کارەکەی لا دەبرێت و زیندانی دەکرێت، رەوشی بنەماڵەکەیان لە روویی داراییەوە تێکدەچێت. هەرئەمەش وا دەکات کە لە رەوشێکی زۆر خراپی داراییدا خوێندن تەواو بکات، پاشان بۆ تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ، بەرەو شاری تورینۆی باکووری ئیتالیا دەڕوات و لێرەشەوە تێکەڵی ژیانی سیاسیی و فکرییی ئیتالیا و ئەوروپا دەبێت.

سەرەتای تێکەڵبوون لەگەڵ سیاسەت و فیکردا
ساڵی 1921 لەرێگەی ستێپێندیۆمێکەوە” دەستگیرۆییەکی خوێندنەوە” دەتوانێت لە زانکۆی تورینۆ بەشی ئاداب بخوێنێت. ئەمەش دەرگایەکی گەورەی فیکریی و سیاسیی و رۆشنبیریی بەرووی گرامشی گەنجدا دەکاتەوە. هەرچەندە وەکو خۆی پاشتر باسی دەکات، لە رووی بژێوییی ژیانەوە، زۆر رەوشی ژیانی خراپ بووەو هەژاریی و برسێتی زۆری چەشتووە. بەڵام زانکۆ و شاری تۆرینۆ دەرگایەکی فراوانی جمووجۆڵی سیاسیی و رۆژنامەگەریی و فیکری بۆ دەکەنەوە.
لەو ساڵانەدا لە تەواوی ئیتالیادا بزووتنەوەی کرێکاریی و چەپەکان زۆر بەهێزبوون، گرامشی زوو تێکەڵی ئەم بزووتنەوەیە بوو. لە ساڵی 1917 لە ئیتالیاش راپەرینی گەورەی کرێکاری دەستیپێکرد، لە شارەکانی باکووردا بزووتنەوەی شورایی لە ناو کارگەکان دروستبوو، کە گرامشی زۆر داکۆکی لێدەکرد. ئەو لەو باوەڕەدا بوو کە لێرەش هاوشێوەی روسیا، شۆڕشێكی کرێکاری روو دەدات و کۆتایی بە سیستمی سەرمایەداری دەهێنرێت و سیستمی سۆشیالیستی هاوشێوەی روسیا دروست دەکرێت، بەڵام وا دەرنەچوو.
گرامشی لە ساڵی 1919 دەبێتە سەرنووسەری رۆژنامەی سیستمی نوێOrdine Nuovo، لێرەدا زیاتر داکۆکی لە مافی کرێکاران دەکات و بەشێکی زۆری بۆچوونەکانی خۆی دەخاتەڕوو. پاشان دەچێتە ناو ریزەکانی پارتی سۆشیالیستی ئیتالیا، دواتریش لە ساڵی 1921 دەبێتە ئەندامی دامەزرێنەری پارتی کۆمۆنیستی ئیتالیا وەکو سکرتێری گشتی حزبیش هەڵدەبژێرێت.

بۆچوونە فیکرییەکانی
بۆئەوەی لە فیکر و فەلسەفەی گرامشی تێبگەین، هەردوو رەگەزی ” کات و شوێن” هاوکاری باشـمان دەکەن. ئەو لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا ژیاوە، ئیتالیاش یەکێك بووە لە زلهێزەکانی ئەوکاتی جیهان و کاریگەری گەورەی بەسەر ئەوروپا و جیهانیشەوە هەبووە. لەوکاتەشدا جیهان بەدەست کۆمەڵێک کێشەی گەورەوە دەیناڵاند، زلهێزەکانی جیهان لە جەنگ و ململانێی سەختدا بوون. بیری سۆشیالیزم و چەپگەرایی لە تەواوی ئەوروپا و جیهاندا زاڵ بووە، لە بەرامبەریشدا فیکری فاشیزم و ناسیۆنالیزم و تۆتالیتاریزم زۆر بەهێز بوو، لە ئیتالیا فاشیزمەکان دەسەڵاتیان گرتبووە دەست، لە روسیاش بۆلشەفییەکان دەسەڵاتیان گرتبووە دەست و سیستمی سۆشیالیستیان دامەزراند بوو. ئیتالیاش خۆی لەناو گێژاوێکی گەورەدا دەبینییەوە، هێزە چەپ و راستڕەوەکان لە جەنگ و ململانێی سەختدا بوون. هەموو ئەمانە کاریگەری گەورەیان بەسەر فیکر و دونیابینی گرامشیی هەبووە.
ئەو جگە لە جمووجۆڵی سیاسیی، لە بواری نووسین و فیکر و فەلسەفیشدا، داهێنانی گەورەی کردووە. بەشێکی زۆری فیکر و فەلسەفەکەشی لە زینداندا نووسیوە کە بە ‘ دەفتەرەکانی زیندان” ناودەبرێن و خۆیان لە 32 دەفتەر دەبیننەوە نزیکەی 3 هەزار لاپەڕەن. لەم دەفتەرانەدا باسی کۆمەڵێک مەسەلەی گرنگی کردووە لەوانە” رۆڵی رۆشنبیر لەناو کۆمەڵگەدا، هەژموونی دەوڵەت و کەلتووری سەرمایەداری، رەخنە لە فیکری سەنتڕالیزمی کەلتووری ئەوروپی. سیستمی دەوڵەت، کۆمەڵی مەدەنی، خەباتی سەندیکایی، دژایەتیکردنی فیکری فاشیزم، شۆڕشی روسیا، کێشەکانی ئیتالیا و ئەوروپا. مەسەلەی شۆرش و خەباتی چینایەتی،،، ” کۆمەڵێک مەسەلەی تر.
لێرەدا هەوڵ دەدەم، تیشکێک بخەمە سەر بۆچوونە فیکرییەکانی ئەم کەڵە نووسەرە.

خەبات لە دژی فاشیزم
بەشێکی گرنگی خەباتی سیاسی گرامشی بریتییە لە خەبات لە دژی سیستم و فیکری فاشیزم، ئەو چ بە قەڵەم یان بە چالاکی مەدەنی دژی رژێمی فاشیزمی مۆسۆلۆینی دەوەستێتەوە، بۆیە لە ساڵی 1924 بۆ 1926 چەندجارێک دەستگیر دەکرێت پاشانیش لە ساڵی 1926 بە تەواوەتی زیندانی دەکرێت و هەتاوەکو ساڵی 1937 لە زیندانی فاشیستەکان دەبێت. لە زیندانیش زۆر ئەشکەنجە دەدرێت، هەربۆیە کاتێکیش ئازادی دەکەن، لە پاش ماوەیەکی کەم بەهۆی نەخۆشییەوە گیان لە دەستدەدات.
ئەو لەرێگەی نووسینەکانییەوە، دڕندەیی و نامرۆیی فیکری فاشیزمی خستۆتەڕوو،بەشێک لەکارە فیکرییەکانی بۆ دژایەتیکردنی فیکری فاشیستی تەرخانکردووە. لەهەمانکاتیشدا پێشبینی بەو کارەساتە گەورانە کردووە کە رووبەڕوی ئیتالیا دەبێتەوە بەهۆی رژێمی فاشیستی ئیتالییەوەو بەسەرۆکایەتی مۆسۆلینی.

دوو جۆر رۆشنبیر
گرامشی پێناسەیەکی تایبەتی بۆ رۆشنبیر کردووە کە تاڕادەیەک جیاوازە لە بۆچوونی فەیلەسوفانی پێش خۆی. لەهەمانکاتیشدا هەتاوەکو ئەمڕۆش بە یەکێک لە پێناسە گرنگەکان دادەنرێت کە بۆ رۆشنبیر کرابێت. بە بڕوای گرامشی دوو جۆر رۆشنبیر هەیە، یەکەمیان رۆشنبیری تەقلیدیی، ئەمەش ئەو جۆرە رۆشنبیرانە دەگرێتەوە، کە خۆیان لە جەماوەری گشتی خەڵکی بەدوور دەگرن و زیاتر خۆیان بە نوخبەیەک دادەنێن و بە چاوێکی کەمەوە سەیری ئەوانی تر دەکەن و خۆیان لە قەرەی کێشەکانی ناو کۆمەڵ نادەن.
جۆری دووەمی رۆشنبیر ئەوانەیە، کە گرامشی ناوی ” رۆشنبیری ئۆرگانی” لێناون. ئەمانە ئەو رۆشنبیرانە دەگرێتەوە کە خۆیان بە بەشێک لە کۆمەڵگەکەیان دادەنێن و هەڵگری ئازار و مەینتەییەکانی گەلەکەیانن و داکۆکی لەمافەکانیان دەکەن. لەهەمانکاتیشدا ئەو رۆشنبیرانە دەبنە رابەری بزووتنەوە جەماوەریی و شۆڕشگێڕییەکان و هەوڵی رێکخستنی خەڵکی دەدەن، لە هەمووشی گرنگتر هەوڵ دەدەن چینی جووتیار و کرێکاران لە یەکتری نزیک بکەنەوە. هەروەها ئەرکی سەرەکیشیان هۆشیارکردنەوەو رۆشنبیرکردنی چینی کرێکاران و زەحمەتکێشان دەبێت و هەوڵدان بۆ دژایەتییکردنی هەژموونی کەلتووری سەرمایەداریە.
لەمەدا گرامشی پێی وایە کە رۆشنبیری ئۆرگانی دەبێت وەکو سەربازێک لە دژی هەژموونی سەرمایەداری بوەستێتەوەو نەهێڵێت ئەو هەژموونە بەسەر تەواوی خەڵکیدا بسەپێت، کە زۆرجاریش ئەم هەژموونە لە رێگەی دەزگاکانی دەوڵەت و میدیاکانەوە دەبێت. بۆیە ئەو پێی وایە دەبێت رۆڵی کۆمەڵی مەدەنی بەهێز بکرێت لەمەشدا رۆشنبیر رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت.

هەژموونگەرایی کەلتوری
خاڵێکی گرنگی تری فیکری گرامشی پەیوەندی بە مەسەلەی هەژموونگەرایی کەلتوری بەگشتی و سەرمایەداریی بەتایبەتی هەیە. ئەم خاڵە زۆر گرنگە کە گرامشی باسیکردووە پێشتر بیرمەندانی تری چەپ بەو شێوەیە گرگنگیان پێ نەداوە. مەسەلەی هەژموونگەراییش دەبێتە خاڵێکی سەرەکی بیرکردنەوەیی و پانتایی باش لە کار و بەرهەمەکانی بۆ تەرخان دەکات. جێگەی ئاماژەیە مەسەلەی هەژموونگەرایی لەرێگەی گرامشییەوە، دەبێتە بابەتێکی گرنگی فەلسەفەی جیهان و لەپاش ئەو کۆمەڵێک فەیلەسوف و بیرمەندی جیهان خۆیان پێوەی خەریک دەکەن و شڕۆڤەی دەکەن.

چەمکی هەژموونگەرایی بەشێکی زۆری کارەکانی گرامشی داگیرکردووەو هیچ فەیلەسوفێک بەو شێوە چڕوپڕییە قسەی لەمبارەوە نەکردووە، بەتایبەتی هەژموونی کەلتوری. ئەمەش رێگەی بۆ زۆر فەیلەسوفی تری جیهان کردەوە، کە لەمبارەیەوە کار بکەن ، بۆ نموونە ئێدوارد سەعید لە کتێبەکانی “خۆرهەڵاتناسیی، ئیمپریالیزم و کەلتور”، لە ژێر کاریگەری تێزەکانی گرامشی ئەم کتێبانەی نووسیوە، کە بە یەکێک لە کارە گرنگەکانی ئێدوارد سەعید دادەنرێت.
گرامشی پێی وایە کە سەرمایەداری توانییوەتی تاڕادەیەکی زۆر هەژموونی کەلتوری خۆی بەسەر تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەدا بسەپێنێت. هەربۆیە بۆ رووبەڕوبونەوەی ئەم هەژموونە داوا دەکات کە گرنگی زۆر بە رۆشنبیرکردنی چینی کرێکار و جووتیار بدرێت، ئەمەش ئەرکی سەرەکی رۆشنبیرە کە ئەو بە رۆشنبیری ئۆرگانی ناوی دەبات، لە پاشانیش ئەرکی پارتێکی شۆڕشگێرییە. جێگەی ئاماژەیە لە سەرەتاکانی شۆڕشی روسیدا زۆر باوەڕی بە یەکێتی سۆڤیەتیی بوو، پێی وابوو کە ئەم شۆڕشە توانیوویەتی چینێکی کرێکاری رۆشبنبیر و هۆشیاری روسی پێ بگەیەنێت، هەرچەندە پاشان بۆچوونی دەگۆڕێت.

فیکری سەنتڕاڵیزمی ئەوروپی
خاڵێکی گرنگی تری تێڕوانینی گرامشی پەیوەندی بە رەخنەگرتنە لە فیکری خۆرئاوایی، کە ئەمەش یەکێکە لە داهێنانە فیکرییە گەورەکانی. ئەو پێی وایە ئەو فیکرە باوەی کە ئەوروپا بە سەنتڕاڵی جیهان دادەنێت و تەواوی کەلتورەکانی جیهانیش بە چاوێکی کەمەوە سەیر دەکات، بۆچوونێکی تەواو هەڵەیە، چونکە کەلتور و شارستانییەکانی تری جیهانیش، هیچیان لە کەلتور و شارستانی ئەوروپا کەمتر نییە و پێویستە رێزیش لەوان بگیرێت، چونکە رۆڵیان لە پێشخستنی شارستانی مرۆڤایەتی هەبووە. گرامشی یەکەمین کەس بووە کە بەو شێوە راستەوخۆییە ئەم رەخنەیە لە فیکری خۆرئاوایی باو بگرێت، ئەمەش خۆی لە خۆیدا شۆڕشێکی گەورە بووە. ئەو رەخنانەی گرامشیش دەرگایەکی زۆر باشی کردەوە بۆ زۆر فەیلەسوفی تری ئەوروپایی، کە گرنگی بە کەلتورەکانی تری جیهان بددەن یەکێکیش لەوانە فەیلسوفی ناوداری فەرەنسی لیڤی شتراوس، کە بە یەکێک لە باوکەکانی رەوتی بونیاتگەراکان دادەنرێت، راستە ئەو لە رووی فیکرییەوە دوورە لە گرامشی و بەرەی راستی هەڵبژاردووە، بەڵام لەمبارەیەوە ستایشی تێڕوانییەکانی گرامشی دەکات. جگەلەوەش کۆمەڵێک فەیلەسوف و بیرمەندی تری خۆرئاوایی هەمان رێچکەی ئەویان گرتووە لە پێش هەموویانەوە” جۆمسکی و ئێدراورد سەعید، رۆبێرت کۆکس”

دەوڵەت و کۆمەڵی مەدەنی
گرامشی پێی وابوو کە دەوڵەت ئامڕازێکە بۆ سەرکووتکردنی خەڵکی، لەمەشدا تاڕادەیەک بۆچوونی لە ئەنارشیستەکانەوە نزیک بوو بەتایبەتی ” باکۆنین”، هەربۆیە زۆر دژی چەمکی تەقلیدی دەوڵەت بوو، کە تەنها خۆی لە هێزە ڕەقەکانی دەوڵەت دەبینێتەوە.
گرامشی دەسەڵات دەکات بە دوو بەشەوە . یەکەمیان ناوی لێناوە” کۆمەڵی سیاسی” کە خۆی لە دەزگا سەرکوتکەرەکانی دەوڵەت دەبینێتەوە لە پێش هەموویانەوە” پۆلیس، هێزە ئەمنییەکان، زیندان، سوپا، یاسا” کە ئەمەش زیاتر دەوڵەتی ستەمکار دەگرێتەوە، لێرەدا دەوڵەت رۆڵێکی خراپ لەناو کۆمەڵگەدا دەبینێت و بەرەو دواکەوتن و کارەساتی دەبات.
دووەمیان ” کۆمەڵی مەدەنی” کە ئەمەش زیاتر هێزە سیاسیی و ئابوورییەکان دەگرێتەوە. لێرەدا بە پێچەوانەی کۆمەڵی سیاسییەوە، دەبێت لە رێگەی رەزامەندییەوە خەڵکی بۆلای خۆت رابکێشێت. لە لایەکی ترەوە گرامشی پێی وایە، ئەوە کۆمەڵی مەدەنییە کە دەتوانێت رێگە لە ستەمی دەوڵەتی بگرێت و نەهێڵێت دەوڵەت لەلایەن چینێکەوە بۆ چەوساندنەوەی چینێکی تر بەکاربهێنرێت. هەربۆیە هەمیشە داکۆکی لە کۆمەڵی مەدەنی دەکرد، کە ئەمەش زیاتر لە پارتی سیاسیی شۆڕشگێر و سەندیکاکان و چالاکی مەدەنیی و سیاسی دەگرێتەوە.
لە لایەکی ترەوە گرامشی پێی وابوو ئەوە پارتی شۆڕشگێرە کە دەتوانێت ببێتە رێگر لە ستەمی دەوڵەتیی و دیکتاتۆریی، هەرئەویشە دەتوانێت چینی کرێکاران و جووتیاران رزگار بکات و شۆڕش بکات، بەڵام لەمەشدا دووبارە پانتایی زۆری بۆ دیموکراسی و ئازادی ڕادەربڕینی ناو حزب داناوە. گرامشی دژی ئەو فۆرمە حزبیە بوو، کە ستالین پێڕەوی دەکرد، کە زیاتر فۆرمێکی دیکتاتۆری بوو.

گرامشی و فیکری مارکسیی
گرامشی یەکێکە لە فەیلەسوف و بیرمەندە مەزنەکانی چەپی ئیتالیا و جیهان. ئەو خاوەنی رێچکەی فیکری خۆی بوو، بە هەموو شێوەیەک دژی دۆگماتیزم و پەرستنی شەخسی بوو تەنانەت مارکسیش. لە ساڵی 1918 وتارێک لەمبارەیەوە دەنووسێت و دەڵێت: مارکس شایستەی پەرستن نییە، ئەو مەسیح نییە. هەروەها بەشێکی زۆری فیکر و فەلسەفەکەشی قابیلی گۆڕانکارییە جگە لە رستە بەناوبانگەکەی نەبێت ” ئەی کرێکارانی جیهان یەک بگرن”،جگە لەمە هەموو فیکری مارکسی شایستەی ئەوەیە کە گۆڕانکاری تێدا بکرێت و رەخنەی لێ بگیڕێت.
ئەو فیکری مارکسی بەسەر سێ بەشدا دابەشکردبوو: 1/ ئابووری سیاسی. 2/ زانستی سیاسیی.3/ فەلسەفە.

رەخنە لە یەکێتیی سۆڤیەت
سەرەتا گرامشی یەکێک بووە لە هەوادارە سەرسەختەکانی شۆڕشی روسیی و پارتی بۆلشەفی روسیا، لەهەمانکاتیشدا لینینیش بە فیکری گرامشی سەرسام بووە. لە هاوینی ساڵی 1920 لەکاتی کۆنگرەی دووەمی رێکخراوی ئەنتەرناسیۆنالی سێهەمدا، گرامشی راپۆرتێکی بەناوی ” لەپێناو نوێکردنەوەی پارتی سۆشیالیستی” نووسی. کاتێک لینین راپۆرتەکەی بینی، زۆر بەلایەوە باشبوو، زۆریش پشتگیری بۆچوونەکانی گرامشی کردووە. بەڵام پاشان بە نەمانی لینین، گرامشی بۆچوونی گۆڕا، بەتایبەتی لەپاش هاتنە سەرکاری ستالین. ئەو پێی وایە ستالین هەموو کۆمەڵی مەدەنی لەناوبردووەو تەنها پشت بە کۆمەڵی سیاسی دەبەستێت کە خۆی لە هێزی رەقی دەوڵەت دەبینێتەوە کە ئەوانیش ” دەزگا ئەمنیی و هەواڵگرییەکان، پۆلیس، سوپا،یاسا و داگا” دەبینێتەوە. لەهەمانکاتیشدا هیچ بوارێکی بۆ کاری کۆمەڵی مەدەنی نەهێشتۆتەوە. هەر ئەم رەخنانەشی وایکرد کە تۆمەتی ترۆتسکیزمی بخرێتە پاڵ.

دەرەنجام
گرامشی دووبارە پێناسەیەکی نوێی بۆ رۆڵی رۆشنبیر و پەیوندی بە کۆمەڵگەوە کردەوە، ئەو لەیەککاتدا کەسێکی سیاسەتمەدار، بیرمەند، چالاکوانێکی سیاسیی و مەدەنیی بوو، هیچ سنوورێکی بۆ چالاکییە فیکرییەکانی دانەنا و خۆی لەناو کتێبخانەیەکدا زیندانی نەکرد. هەروەها ئەو توانی لە رێگەی رەخنەکانییەوە لە فیکری سەنتڕالیزمی خۆرئاوایی و هەژموونگەرایی، دەرگا بۆ زۆر فەیلەسوف و بیرمەندی تر بکاتەوە کە لەسەر هەمان رێچکە، داهێنانی باش بکەن. لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە، ئێمە لە ژیانی گرامشی فێری ئەوە دەبین، کە چەندە رژێمەکان دیکتاتۆر و ستەمکار بن، بەڵام ناتوانن فیکر و فەلسەفە لەناوبەرن.
بەدڵنیاییەوە گرامشی یەکێكە لە فەیلەسوفە دیارەکانی جیهان و کاریگەری تیۆرییەکانی بەسەر تەواوی جیهاندا هەیە. قسەکردنیش لەبارەی ئەم کەڵە فەیلەسوفەی جیهانەوە، زۆری دەوێت، من تەنها پێناسەیەکی خێرام بۆ فیکر و خەبات و ژیانی کردووە، بەو هیوایەی لە داهاتوودا شتی زیاتری لەبارەوە بنووسم.

——————————————————————–

سەرچاوەکان:
1/ سيار الجميل. مفهوم المثقف عند غرامشي. /www.almadasupplements.net
2/ سعد محمد رحيم.غرامشي والهيمنة الثقافية. /www.almadasupplements.net
3/ مصطفى شلش. غرامشي في زمن المظاهرات. /www.almadasupplements.net
4/ . . www.marx21.de.ANTONIO GRAMSCI: DAS HIRN FUNKTIONIERTE WEITER




دۆڕان هەر دۆڕان دەهێنێت… کاوە جەلال

دۆڕان دازناندن و لێڵبوونی پێشچاو دەهێنێت، بۆیە دۆڕاوانی کۆڵنەدەری سیاسی توانستی بیناکردنیان نییە. بێگومان بەبێ ڕەچاوکردنی کردەکێتی ناتوانین تا ڕادەی شیان لە پرۆسەی دۆڕان نزیک بکەوینەوە.

سەرەڕۆیی هەوەسی چەکداری و زیتکردنەوەی “گەلەکۆمەکێ” کە ناوی “پارت”ی پێدا هەڵدەواسرێت، “ڕێکخستن” نییە، چونکە ڕێكخراو دامەزراوەیە و لە نێویدا هەر ئەندامێک / بەکرەیەک کارایی بزواندن و پێشڤەبردنی وەردەگرێت. ڕێکخستن لە بنەڕەتدا پرۆژەی نێو جڤاکی مۆدێرنە کە تێیدا تاکەکەسان، بەئاگاهاتوو لە کەرامەتی مرۆڤی و پێداویستیی سۆسیال و رۆڵی تاک لە ژیانی سیاسیدا، مەبەستمەندانە هەڵوێست وەردەگرن، خۆیان ڕێکدەخەن، بەمەش دامەزراوە دەهێننە گۆڕێ. بێگومان ئەمە ڕەوشێکی ئیدیال نییە، کەواتە بەدەر نییە لە ناکۆکیی نێوکەسیی. لە گەلەکۆمەکێدا بە پێچەوانەوە هەڵوەستانی بونیادنەری تاکەکان لەگۆڕێ نییە، بەڵکو ناسیاری و هاوسۆزیی نێویەکی هەن، بۆیە لە نێویدا هەنگاونانی سۆزمەند و هەستەکی باڵادەستی وەردەگرێت، لێرە ئاوەزی پراکتیکی (وەک چۆن بۆ نموونە لەکاتی پەڕینەوە بە شەقامێکدا لە مەترسیی سەر ژیان دەمانپارێزێت) دەشێت کەم یان زۆر ژیانپارێز بێت، یان بەرژەوەندیی خۆیی دابینبکات.

لە گەلەکۆمەکێدا کە دامەزراوە نییە، هەر کەسێک خۆی مەبەستە، ئەوجا گەلەکۆمەکێکەران پێکڕا بە تەکنیکی لە دەرەوە وەرگیراوی ڕێکخستن بەسەر خوارەوەی خۆیاندا زیتی دەکەنەوە، بەتایبەتی بەسەر گەنجانی ناسەلاردا کە ناخیان سۆزمەندانە بۆ ڕەوشە سیاسییەکەی گەلەکەیان وروژاوە. گەلەکۆمەکێکەران کە بەدەرن لە ئاوەزی تیۆرییانە، هیچ ڕێبازێکیان نییە، بەڵێ ڕێباز بە دەروونی ئەوان نامۆیە، ئاخر ڕێباز، بەگوێرەی “هەنبانە بۆرینە”، “ڕێگەی ناسراو”ە، وەک ئەوەش ئامانجی پێناسەکراوی هەیە و پلانی گەیشتن پێی دانراوە. ئێمە دەتوانین ڕێباز وەک تێگە کوردییەکەی ستراتیژی دابنێین.

لەم ڕوانگەیەوە گەلەکۆمەکێی بێڕێباز، هەر ئەوەندەی بەنێو ژیانی جڤاکدا زیتکرایەوە، لەتەک خۆیدا چەندین دەروو بۆ هەڵپەی پێگەگرتن ئاوەڵا دەکات و فاکتەرێکی کاریگەرە بۆ دۆڕان، چونکە ئەم ڕەوشە، گرێدراو بە ڕەوشە ناوبراوەکەی سەرەڕۆیی هەوەسی چەکداری و بێڕێبازییەوە، بەدپەیوەندی لە کایەی سیاسیدا دەخاتەوە: سەرەڕۆیان کە لە گەلەکۆمەکێدا خۆمەبەستن، هەموو پلان و تاکتیکیان ئاڕاستەی پێگەگرتن یان لەپێگەلابردن (درەنگتر پۆستگرتن یان لەپۆستلابردن) دەکەن. پرسی پۆست لە هەلی هەڵکەوتووی سیاسیی دامەزراوەییدا دێتە نێو جەرگەی چالاکبوونە سیاسییەکانەوە و تەنانەت دەبێت بە بەدنەریتی سیاسی. ئاخر لە هەڵپە سیاسییەکاندا کە پاڵهێزی پسیکۆییان هەیە، بەرژەوەندییەکی گشتی وەک ئامانجی سیاسی لەگۆڕێ نییە، ئەویش چونکە سەرەڕۆیانی دۆڕاو کە بەتایبەتی تێهەڵدراوەکانی کۆتایی هەشتاکانن، ناتوانن لە هەقیقەتی پسیکۆییانەی خۆیان و پیاوانی بندەستیانەوە گشت-بین بن، هاوکات توانستی بیناکردنیان هەبێت.

بێگومان ڕووداوی دۆڕان تەنیا ئەوە نییە کە گرووپێک لە شەڕدا دەیدۆڕێنێت، واتا دەرەقەتی گرووپی بەرانبەری نادات و ئەوجا دەشێت بێئابڕووانە ببێژێت: “خۆ مارەیی دایکمم لەسەر ئەم شاخە دانەناوە، ئەم نا یەکێکی دی”! (ئەوە گۆیا شەڕی پارتیزانی دەکات!). دۆڕانی گەلەکۆمەکێکەران هەروەها بریتیشە لە: کوژران و لەداردانی لەڕادەبەدەر زۆری گەنجان، وێرانبوونی گوند و ڕاگواستنی گوندنشینان، سووتاندنی ڕەز و باخ، تەقاندنەوەی کانی، فرۆشتنی کچان بە مەلهاکان، تێکدانی مێژووی شارەکان، لە هەمووشیان ستەمتر: ژاربارانی شار و ناوچان یان کۆمەڵکوژی. بە شێوەی کۆنکرێت بڕوانین، پرۆسەی دۆڕان لای کوردەکانی ئێراق لە 1961 بەدوواوە، بەسەر ئاشبەتاڵ و تێهەڵدانە بەهێزترینەکەی کۆتایی هەشتاکان و ماوە مێژووییەکەی دوای ڕاپەڕیندا، تا هەنووکە درێژدەبێتەوە، چونکە خۆدەوڵەمەندکردن و تەنینەوەی هەژاری، کۆچکردنی گەنجان و خانەواندان بۆ هەندەران، شەڕی نێویەکی، تەقاندنەوەی ناکۆکی لە پێناوی پۆستدا، تێکدانی ژیانی ئابووری و نەریتی زانستی-سوننەتییانەی زانکۆکان، پێکڕا سەر بە دۆڕانەکانی تێهەڵدراوانی سنگدەرپەڕیون.

لەبەر ئەوەی ئێمە دۆڕان دوای دۆڕانمان هەیە، ئەوا بەمە هەروەها ناڕاستەوخۆ گۆتومانە کە “هەرێم” بەرهەمی سەرکەوتن نییە، یان ئەوە نییە کە دۆڕاوەکان درۆزنانە وەک “بەرهەمی خوێنی شەهیدان” پێیدا هەڵدەدەن، واتا گۆڕانێکمان نییە کە هەنگاو بە هەنگاو ناوچە بە ناوچەی ڕزگار کردبێت و هاتبێتە نێو شارەکانەوە، ئەوجا پرۆگرامی سیاسیی خۆی لەنێو پێکرای جڤاکدا خستبێتە بواری پراکسیسەوە. نەخێر، هەرێم بەهۆی جەنگی کەنداو و هێنانی بێگانان و خۆگرێدان پێیانەوە، کەواتە سەرلەنوێ بە خۆفرۆشی باوی دەسەڵاتگەرایان، “زیتکرایەوە”. لەم ڕوانگەیەوە “هەرێمی کوردستان زۆڵێکی سیاسییە“. بەڵی ستەمتر لەوەش، “هەرێم” وەک زۆڵی سیاسی تا ئەمڕۆ نەیتوانیوە ڕیشە دابکوتێت، بەڵکو لە سەرەتای زیتکردنەوەیەوە جۆلانە دەکات، لە نێوەندی ئەو جۆلانەکردنەشدا خواست و داواکاری بۆ “پۆست و پارە و سێکس” پێشترییان هەیە. ئاغاکانی دۆڕاوان چەندین جار بەئاشکرا ئەم هەقیقەتەیان داوە بە ڕووی ئەوانی نۆکەریاندا.

دۆڕانی بەردەوام کۆتایشی هەیە کە دوا-دۆڕانە. ئەوە بێگومان مایەی خۆشحاڵی نییە، چونکە دۆڕانی سیاسی دەشێت نەهامەتیی بۆ جڤاک، تەنانەت دەشێت کارەساتی لێبکەوێتەوە، هاوکات – ئەمەش زۆر شیاوە بەهۆی بێئابڕووییەوە – دۆڕاوان وەک بەرزەکی بانان بۆی دەربچن. بۆیە ئەو پرسیارە بەکراوەیی دەمێنێتەوە کە داخۆ ئەو زۆڵە سیاسییە سەرباری نا-جۆرێتییەکەی هێشتا هەر بەهۆی ڕەوشی کوردانەوە باشتر نەبێت لە لەناوچوونی و هەرچۆنێک بێت هەوڵ بۆ چاککردنی بدرێت. وەلێ کێشەکە لێرەدا ئەوەیە کە زۆڵی سیاسی وەک نا-جۆر چاک ناکرێت، چونکە ئەو بێڕیشەیە و بە حەواوە جۆلانە دەکات، ئەوجا باوک دەیدات بە کوڕ، ئەویش وەک بەدخوو و پێنەگەیشتوو و چڵێس ناتوانێت جۆلانەکردنی بگیرسێنێتەوە، بەڵکو گوڕی پێدەدات.

سەرباری هەموو شتێک، دوا-دۆڕان هیچ نەبێت شیمانەی دەستپێکردنەوە لەتەک خۆیدا دەهێنێت، هاوکات ڕەنگە بۆ هەمیشە لە مۆتەکەی “کوردایەتیی ڕیال” ڕزگارمان بێت کە هەرگیز هیچ پەیوەندییەکی بە کوردایەتییە(کە)وە وەک ناسیۆنالیزم نەبووە، نەخێر ئەو بە ڕەوانبێژی تەنیا خۆی پێوە باداوە، بەو ناوەوە بازرگانیی کردووە. ئاخر ناسیۆنالیزم “جۆر”ە، وەک ئەوەش دەشێت وەربگیرێت یان ڕەتبکرێتەوە.

بێگومان بەبێ پرسیاری ئێتیکی (ئەخلاقناسی) کورتهێن دەبین. ئاخر کردنی ئەو پرسیارە زۆر گرنگ و ڕۆشناییدەرە کە داخۆ دۆڕاوەکان چە پەرچەکردارێک لەسەر دوا-دۆڕانی خۆیان بنوێنن. ئێمە دوای 1991 بینیمان کە دۆڕاوەکان، تێهەڵدراوەکان، هەروەک نە با و نە بۆرانیان دیبێت، دەستیان بەسەر ژیانی سیاسیدا گرت، ئەوە تەنانەت بە سنگی دەرپەڕیوەوە!! ئەوەندە بێئابڕوو بوون!! لەم ڕوانگەیەوە پەشیمانی و دانیشتن، خۆکوشتن وەک سەرئەنجامی قبووڵنەکردنی ئەو نەهامەتیانە کە بەسەر خەڵک و وڵاتیاندا هێناوە، لە ئەوانی دۆڕاو ناوەشێتەوە. ئەوان ویژدانیان پووکاوەتەوە، ئاخر هەر ئەوەندەی “ئاڵۆشی دەسەڵات” وروژا، تا مەرگ دانامرکێتەوە گەر هاتوو “لە دەرەوە” دانەمرکێنرێتەوە.

گومانی تێدا نییە کە واژەی “ئاڵۆش” سێکسوێلییە، بە پێچەوانەی دەستەواژەی “شەیدایی بۆ دەسەڵات” کە دەشێت پسیکۆلۆگییانە، یان تەنانەت هۆزانی بێت. وەلێ واژەی “ئاڵۆش” گونجاوترە، چونکە دەسەڵات و سێکس دوو دیوی ڕەوشەکەن. مرۆڤ با لەو هەموو “کچ کوونکردن” و دەستبردنە زۆرەکییە بۆ کەرامەتی ژنانی نێو فەرمانگە و بارەگا بەناو حیزبییەکان بروانێت کە دۆڕاوەکان دوای گەڕانەوەیان بۆ نێو شارەکان ئەنجامیاندان! ئەوە بێگومان وەک درێژکراوەی دەستبردن بۆ کەرامەتی کەیبانووی گوند!




ئامانج له‌فیلمی ئه‌زموونی شه‌وكه‌ت ئه‌مین دا… حه‌یده‌ر عه‌بدولڕحمان

زۆربه‌ی فیلمه‌كانی شه‌وكه‌وت ئه‌مین بۆ فیستیڤاڵه‌ جیهانیه‌كان به‌رهه‌م ده‌هێندرین ، بۆیه‌ شه‌وكه‌ت ناوێكی دیاره‌ له‌و ده‌رهێنه‌رانه‌ی كه‌ شوێنی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ له‌ نێو ده‌رهێنه‌رانی ئاسیا.
دوا فیلمیشی) ئه‌زموون (Te Axam كه‌ له‌ به‌رهه‌مهێنانی محه‌مه‌د ئه‌كتاشه‌، له‌لایه‌ن شه‌وكه‌ت ئه‌مین و سیناریۆی محه‌مه‌د ره‌زا جه‌وهه‌ری نووسراوه‌.
هه‌ر سێ‌ وڵاتی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌ڵمانیاو قه‌ته‌ر وهه‌ردوو كۆمپانیای (میتۆس فیلم ) و ( مه‌ستی فیلم) به‌شدارییان له‌به‌رهه‌مهێنانی فیلمه‌كه‌دا كردووه‌.
فیلمه‌كه‌ باس له‌ كۆمه‌ڵێ‌ بازرگان ده‌كات له‌ رێگه‌ی غه‌ش و به‌كارهێنانی مۆبایل و بلوتوسه‌وه‌
بازرگانی به‌پرسیاره‌كانی ئه‌زموونی به‌كه‌لۆربا ده‌كه‌ن و به‌هێزی پاره‌، ماندوو بوونو شه‌ونخونی كۆمه‌ڵێ‌ قوتابی به‌توانا ده‌دزن و له‌شوێنی ئه‌واندا قوتابیه‌ بێ‌ تواناكان شوێنیان ده‌گرنه‌وه‌ .
له‌نێوانیاندا قوتابیه‌كی هه‌ژار (رۆژین ) به‌هاكاری خوشكه‌كه‌ی و فروشتنی خشڵه‌كه‌ی، به‌ئاواتی گه‌ یشتن به‌زانكۆو زامن كردنی ئاینده‌یه‌كی زامن به‌شداری له‌و تاوانه‌ ده‌كات، به‌ڵام له‌ئه‌نجامدا ده‌ستگیر ده‌كرێت و خۆی و خوشكه‌كه‌ی روو به‌رووی چاره‌نووسێكی ره‌ش ده‌بنه‌وه‌.
وه‌زیفه‌ی سینه‌ما وه‌زیفه‌یه‌كی هه‌مه‌ لایه‌نه‌یه‌، به‌ڵام له‌بنه‌ڕه‌تدا له‌هه‌ر جه‌مسه‌ریكدا بۆی بچیت هه‌ر فیلمێك ئامانجێكی دیاری كراوی خۆی هه‌یه‌ و ده‌یه‌وێت په‌یامێك بگه‌یه‌نێت، به‌ڵام له‌ره‌سه‌ندا خزمه‌تێك پێشكه‌ش به‌كۆمه‌ڵگاو به‌مرۆڤایه‌تی ده‌كات.
له‌و پێودانگه‌وه‌ ئه‌و پرسیاره‌ی من ده‌مه‌وێت بپرسم ئه‌وه‌یه‌، ئاخۆ ئه‌و فه‌لسه‌فه‌و ئامانجه‌ی فیلمی (ئه‌زموون) هه‌ڵی ده‌گرێت چیه‌؟
چه‌ندیش ئه‌و ئامانجه‌ له‌خستنه‌ رووی دیارده‌یه‌كی كاتی وه‌ك غه‌ش كردن له‌و فیستیفاڵه‌ جیهانیانه‌دا خزمه‌تێكی به‌نه‌ته‌وه‌، یا نیشتمانی ئێمه‌ی كورد ده‌كات؟
ئایا به‌هۆی گوتاری ئه‌و فیلمه‌ ده‌مانه‌وێت بڵێین گه‌لۆ ئێمه‌ی كورد گه‌لێكی غه‌شاشین و بازرگانی به‌زانست و مه‌عریفه‌و بڕوا نامه‌ كانمانه‌وه‌ ده‌كه‌ین ؟
نه‌وه‌كانمان كه‌ به‌رپرسیاریه‌تی ئاینده‌ی ئه‌و گه‌له‌ هه‌ڵده‌گرن ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌سه‌ر بناغه‌یه‌كی پووچه‌ڵی خورافات په‌روه‌رده‌ ده‌كرێن، به‌ هیوای نوشته‌و جادو نزاوه‌ روو له‌هۆڵه‌كانی ئه‌زموون ده‌كه‌ن؟
مامۆستاكانمان ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نی خۆیان بۆ پێگه‌یاندنی نه‌وه‌كانمان ته‌رخان كردووه‌، وا به‌ ئاسانی ویژدانی خۆیان ده‌فرۆشن و بۆ كه‌مێ‌ پاره‌ به‌شداری له‌تاوانێكی گه‌وره‌ی نیشتمانیدا ده‌كه‌ن؟
ئایا ئه‌م دیارده‌ كاتیه‌ قێزه‌وه‌نه‌ شوناسی ئه‌و گه‌له‌یه‌ كه‌ له‌ جیهاندا وه‌ك گه‌لێكی ئازادیخوازو جه‌زره‌
دراو ناسراوه‌و خاوه‌نی سه‌دان كاره‌سات و روداوی جه‌رگ بڕی نه‌ته‌وه‌یی، ته‌ژی له‌كولتوورێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی پڕ له‌داستانی قاره‌مانیه‌تی و مێژوویه‌كی پڕ له‌ سه‌روه‌ریه‌ ؟
له‌نێو هه‌موو ئه‌وانه‌دا ئێمه‌ هیچمان نه‌بوو له‌و فیستڤاڵانه‌دا نیشانی بده‌ین ته‌نیا دیارده‌یه‌ك نه‌بێ‌ خۆمان و نه‌ته‌وكه‌مانی پێ‌ سووك بكه‌ین و گه‌لانی دنیا به‌نه‌زانی و جه‌هاله‌تی خۆمان بخه‌ینه‌ پێكه‌نین؟
له‌وه‌ سه‌یرتر ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌پاره‌ی خۆی فیلمێك به‌به‌رهه‌م دێنێ‌ بۆ سوكایه‌تی پێ‌ كردنی خۆی، چونكه‌ ئه‌و تاوانه‌ له‌ژیّر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ودا ده‌كرێت، تاوانباره‌ گیراوه‌كانیش له‌ژیّر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ودا دوای چه‌ند ساتێك ده‌ستگیر كردن ئازاد ده‌كرێن و قوتابخانه‌یه‌ك ده‌كه‌نه‌ ماركێتێكی توركی بۆ بازرگانی.
بۆیه‌ خه‌ڵكی له‌و فیستیڤاڵانه‌دا بۆی هه‌یه‌ بپرسێ‌ ئه‌وه‌ ئه‌و یاسایه‌یه‌ كه‌ ئه‌و حكومه‌ته‌ی پێ‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت ؟
سینه‌ما گواستنه‌وه‌ی مێژوویه‌ك، واقعێك نیه‌ وه‌ك خۆی، به‌ڵكو به‌رجسته‌ كردنی واقێكی جوانتر له‌ خۆیه‌تی.
هه‌میشه‌ سینه‌ما وه‌ك كارتێك به‌كار دێت بۆ ململانێی سیاسی و ئایینی و ئایدۆلۆژی گه‌لان، چونكه‌ ئه‌و كاریگه‌ریه‌ی سینه‌ما دروستی ده‌كات، له‌سه‌ر ئایدۆلۆژیه‌تی گه‌لان ، له‌هه‌موو كارتێكی تر كاریگرتره‌ .
لیبیا سه‌رمایه‌كی خه‌یاڵی خسته‌ به‌رده‌م مسته‌فا عه‌قاد، بۆ به‌رهه‌م هێنانی فیلمی (عومه‌ر موختار) چونكه‌ ده‌یزانی رۆژێ‌ دێ‌ له‌رێگه‌ی ئه‌و فیلمه‌وه‌ لیبیا به‌وڵاتی عومه‌ر موختاره‌وه‌ ده‌ناسرێته‌وه‌.
تا ئێستاش زۆربه‌ی ئه‌و فیلمه‌ ئاینیه‌ دیارانه‌ی به‌رهه‌م هاتوون چه‌شنی ( پیاوانی ئه‌نجلۆس ، یوسفی راستگۆ ، موسا پێغه‌مبه‌ر ) به‌سه‌رپه‌رشتی كردن و بودجه‌ی تایبه‌تی ( خامه‌نه‌ئی) به‌رهه‌م دێت، چونكه‌ خامه‌نه‌ئی ده‌زانێ‌ چۆن به‌سینه‌ما شه‌ڕی وڵاتانی تر ده‌كا .
مایكل مۆر ـ ی ده‌رهێنه‌ری ئه‌مریكی له‌دوا رۆژانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مریكا، فیلمی ( 11 فه‌هره‌نهایت ) ی بۆ لێدانی (جۆرج بۆش) نمایش كرد، له‌هه‌مان كاتدا به‌ڕاوێژی كۆنگریسی ئه‌مریكا داوا له‌ جانۆ رۆژبه‌یانی كرا فیلمێك له‌سه‌ر كۆمه‌ڵكوژی كورد به‌رهه‌م بهێنێ‌.
توركیا به‌ ده‌یان فیلمی دژ به‌ نه‌یارانی خۆی به‌رهه‌م هێناوه‌و چ تاوان و تیرۆرو ره‌ش كوژی هه‌یه‌ خستویه‌تیه‌ سه‌ر ئه‌ستوی ئه‌وان، بۆ شێواندن و ناشیرین كردنیان،

سیناریۆ دوو باره‌كان:
جگه‌ له‌وانه‌ش چه‌ند پرسێكی هونه‌ری تریش له‌فیلمه‌كه‌دا هه‌ن مایه‌ی سه‌رنجه‌:
ده‌رهێنه‌ر وای كردووه‌ (رۆژین) دوای ده‌ستگیر كردنی له‌ئه‌زموونه‌كه‌ و بێهوده‌ بوونی هه‌وڵی مامۆستاكه‌ی بۆتاقیكردنه‌وه‌، به‌ناكامی له‌هۆڵی تاقیكردنه‌وه‌ ده‌رده‌چێتو ده‌چێته‌ سه‌ر پردێك ده‌وه‌ستێ‌ ، به‌ڵام دوای هه‌وڵێكی زۆر بۆ دۆزینه‌وه‌ی سۆراغی نابێ‌، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گیه‌نێت كه‌ رۆژین له‌پرده‌كه‌وه‌ خۆی هه‌ڵداوه‌ته‌وه‌ خواره‌وه‌و خنكاوه‌.
له‌ دیمه‌نێكی تردا به‌هه‌مان سیناریۆ خوشكی (رۆژین) و هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌چنه‌ سه‌یران، ئه‌ویش ده‌چێته‌ سه‌ر ده‌ریا به‌هه‌مان سیناریۆی خۆ كوشتنه‌كه‌ی رۆژین له‌سه‌ر ده‌ریاكه‌ ده‌وه‌ستێ‌، به‌و شێوه‌یه‌ی بینه‌ر هه‌ست بكا خۆی ده‌كوژێ‌ و دیمه‌نه‌كه‌ به‌ جێ‌ دێڵێ‌ .
ده‌رهێنه‌ر سیناریۆی خۆ كوشتنی هه‌ردوكیانی به‌یه‌ك فۆرم دووباره‌ كردۆته‌وه‌و هیچ چێژێكی بۆ دیمه‌نه‌كه‌ نه‌هێشتۆته‌وه‌.
پاشان بینه‌ر هه‌ردوو خۆ كوشتن به‌زێده‌ رۆیی ده‌زانێ‌، جگه‌ له‌وه‌ی كاری سینه‌ماش نیه‌ چاره‌سه‌رێكی جوانتری لا نه‌بێت جگه‌ له‌خۆ كوشتن نه‌بێت.
هه‌ر كات سینه‌ما واقعێكی تاڵی وه‌ك خۆی نیشاندا، به‌مانا ده‌سته‌ پاچه‌یه‌ له‌به‌رجه‌سته‌ كردنی وه‌زیفه‌ راسته‌قینه‌كانی سینه‌ما.
هه‌روا ده‌رهێنه‌ر له‌هه‌ندێ‌ دیمه‌نی تردا به‌سه‌ر هه‌ندێ‌ دیمه‌نی ناوازه‌دا باز ده‌دا، وه‌ك ئه‌وه‌ی هاوسه‌ری شیلان (حوسێن حه‌سه‌ن) كاتێ‌ هه‌ست به‌ ناوازه‌ی هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌كات ، ده‌چێته‌ بازاڕ ده‌مانچه‌ بكڕێت، بینه‌ر پێشبینی ئه‌وه‌ ده‌كات ئه‌و بۆیه‌ ده‌مانچه‌ی كڕیوه‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی پێ‌ بكوژێت ، كه‌چی دواتر ده‌رده‌كه‌وێ‌ كه‌ دیمه‌نی كڕینی ده‌مانچه‌كه‌ دیمه‌نێكی زێده‌یه‌و هیچ سوودێكی نه‌بووه‌ .
له‌ دیمه‌نێكی تردا هه‌ر هاوسه‌ری خوشكی رۆژین هه‌ڵده‌كوتێته‌ سه‌ری و له‌كه‌شو هه‌وایه‌كی گرژدا ده‌یه‌وێت به‌زۆر و به‌راكێشان كچه‌كه‌ی خۆی له‌دایكی بستێنێته‌وه‌و ئه‌ویش رایده‌كێشێ‌، كه‌چی بێ‌ ئه‌وه‌ی هیچ دیمه‌نێكی هێور بوونه‌وه‌و چاكبوونه‌وه‌ هه‌بێت ، دیمه‌نی چوونه‌ سه‌یرانی پیاوه‌كه‌و ژنه‌كه‌و مناڵه‌كه‌ دێت له‌ولوكێشنه‌ ژنه‌كه‌ ده‌چێته‌ سه‌ر ده‌ریا بۆ خۆ كوشتن ، جگه‌ له‌و دژایه‌تیه‌ی دروست بووه‌ له‌ئه‌تمۆسفیری دیمه‌نه‌كه‌، چونكه‌ گونجاو نیه‌ كه‌سێك له‌ حاله‌تێكی ئارامی وه‌ك سه‌یران كه‌سێك له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی خوشكی خنكاوه‌ له‌كاتی سه‌یران كردندا خۆی بكوژێ‌.
ئه‌كته‌ره‌كان به‌ گشتی به‌تایبه‌ت شوان عه‌توف ،نیگار عوسمان، ئاڤان جه‌مال ، ڤانیا سالار،حسین حه‌سه‌ن، سولاف حه‌مه‌ غه‌ریب، حه‌مه‌ رشید هه‌ره‌س ، هوشیار زیرو نیروه‌یی ، كاوه‌ قا در، رۆڵێكی به‌رچاویان بینی.




فینومینۆلۆژیای هوسڕڵ.. ئەوسن حەسەن… وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: ئەردەڵان عەبدوڵڵا

پاشئەوەی ململانێی فەلسەفی لە نێوان ” خودێتی و بابەتی بوون” دا توندتر بوو، ئەو ململانێیەی کە لە سەردەمی رێنانسازەوە دەستیپێکرد و هەتاوەکو سەرەتای سەدەی بیستەم بەردەوام بوو. هەتا ئادمۆند هۆسڕڵ فەیلەسوفی چیکی پەیدا بوو . ئەو کۆتایی بەم ململانێ توندە هێنا و دەستیکرد بە یەکبوونی هەردوو پڕەنسیبەکە کە بریتی بوو لە: پڕەنسیبی ئەزمونگەرایی و عەقڵانیی. هەوڵدان بۆ یەکبوونی هەردوو پڕەنسیپەکە لە یەک پڕەنسیپ، کە چوارچێوەیەکی زانستی هەبێت و لە فەلسەفەشەوە نزیک بێت و رێچکەکەشی بەرەو سەنتەری ئاوەزی مرۆڤ بەرێت و تێیدا لێکۆڵینەوە لە بارەی کاردانەوەکانی هەستی مرۆڤ لە بارەی جیهانی دەرەکیی و شتەکانی دەوروبەری بکات.
لە هەمانکاتیشدا هەوڵیدا کە فەلسەفە بکاتە زانستێکی گشتگیری راست و دروست و ببێتە بنەمایەک بۆ هەموو مەعریفە و زانستەکانی تر، ئەمەش بە پشتبەستن بەو پەیوەندییە مێژووییەی لە نێوان فەلسەفە و زانستدا هەیە، فەلسەفە کە وێنەیەکی مەبەستداری گشتگیریی هەیە و زانستیش کە دەرەنجامی یەقیقینی هەیە، هەردووکیشیان کاریگەری گەورەیان لەسەر مێژوو و داهاتووی مرۆڤایەتی هەیە.

دەکرێت مەعریفە بکرێتە دوو لقەوە:
یەکەم: مەعریفەی کەڵەکە بوو
ئەم جۆرە مەعریفەیەش ” فەلسەف و هونەر و ئەدەب” دەگرێتەوە، ئەمانە دەکرێت لە هەموو سەردەم مێژووییە جیاوازەکاندا، فیکرەکانیان دووبارە بکرێنەوەو لە یەکترییەوە نزیک بێت. هەندێکجاریش دەکرێت داهێنان بکرێت لە رووی شێواز و ئامڕاز و رێگەچارەکان، ئەمەش بە پێی ئەو سەردەمەی کە تێیدا دەژین.

دووەم: مەعریفەی نا کەڵەکە بوو
ئەم جۆرە مەعریفەیەش زیاتر زانست و داهێنانە زانستییەکان دەگرێتەوە، کە “تازەکە” ئەوەی پێش خۆی لەناو دەبات، ئەمەش زیاتر ئەو مەعریفە نوێیانە دەگرێتەوە کە پێشتر نەمانزانییوەو ئاگامان لێیان نەبووە، لەمەدا ناکرێت ئەو داهێنانە نوێیانە کە لەلایەن زاناکانەوە ئاشكرا کراوە، جارێکی تر لە سەردەمانی تردا دووبارە بێتەوە، چونکە ئەو داهێنانە زانستیانە تەنها یەکجارەو ناکرێت دووبارە بکرێنەوە.

ئایا فەلسەفە کۆتایی پێهاتووە؟
ئەگەر هەموو مەسەلەکانی فیکری مرۆڤایەتی، فەیلەسوف و بیرمەندەکان لە ماوەی هەزاران ساڵ قسەوباس و لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە کردبێت، بە جۆرێک هیچ دیاردەیەکیان نەهێشتۆتەوە بە بێ ئەوەی قسەی لە بارەوە نەکەن یان لێکۆڵینەوەی ووردی لە بارەوە نەکەن. هیچ هزرێکیش بە بێ لێکۆڵینەوە نییە، هەروەها هیچ کێشەیەکیش بەبێ چارەسەر نییە، جا گەورە بێت یان بچووک، مرۆیی بێت یان سروشتی. لێرەدا بۆمان هەیە بپرسین: ئایا چی نوێ هەیە کە دەکرێت بخرێتە سەر توراسی فەلسەفی؟ ئایا بەراستی سەردەمی فەلسەفەدان و داهێنانی بابەتی نوێ لە بواری فەلسەفەدا کۆتایی پێهاتووە؟
ئێستا زەحمەتە بابەتی نوێ لە بواری فەلسەفەدا زیاد بکرێت، بەشێوەیەک لە تەواوی سەردەمەکانی پێشوودا، لە فیکری فەلسەفییدا تەواوی بابەتەکان کۆتاییان پێهاتووە و لەلایەن فەیلەسوف و بیرمەندەکانەوە. هەموو بابەتەکان باسکراون و قسەیان لەبارەوە کراوە. ئەوەی دەکرێت کە لە بواری فەلسەفەدا زیاد بکرێت، رێگەچارەو شێوازی نوێی دروستکردنی پڕەنسیبی نوێیە، چونکە فەلسەفاندان بۆتە هەقیقەت و واقعێک لە فەلسەفەی مۆدێرندا.

فینۆمینۆلۆژیا و کاریگەرییەکانی تری هۆسرڵ
دەکرێت فەلسەفەی هۆسڕڵ پێش فینۆمینۆلۆژیابکرێتە سێ قۆناغەوە:
1/ زانستی ژمێریاریی
2/ زانستی لۆژیک ” منطق”
3/ زانستی دەروونناسیی” سایکۆلۆژی”
تەنها بەمشێوەیەش دەتوانین لە گەشەسەندنی فیکریی و فەلسەفی هۆسرڵ پێش فینۆمینۆلۆژیا تێبگەین.

سەرەتا لە قۆناغی ماتماتیکیدا گرنگی زۆری بە کردەی دەروونی دەدات بە مانا پراکتیزەکردنەکەی، پاشان واز لەم قۆناغە دەهێنێت و هەموو گرنگییەکی دەچێت بۆ مەعریفە، کە دەتوانین بە قۆناغی مەعریفەی هۆسڕڵ ناوی بەرین، لەم قۆناغەشدا هۆسڕڵ لە مانای سەرەکیی و هەقیقی مەعریفە تێدەگات، لەهەمانکاتیشدا درک بە بەهای شتەکان دەکات.
لە قۆناغی ” سایکۆلۆژی” زانستی دەروونشیکاری فینۆمینۆلۆژیدا، هۆسڕڵ دووانەیەکی لە نێوان منی ئەزمونوگەرایی و منی باڵادا، تۆڕی مەعریفەی باڵای دروستکرد بوو، هەروەها سنووری ئەزموونگەراییشی فراوانتر کرد بۆ ماهیەتی باڵا، کە هەموو رووداو و بوونەکان بگرێتەوە.

مێژووی چەمکی فینومینولۆژیا
دووبارە گەڕانەوە بۆ فینومینولۆژیا و پێش ئەوەی هۆشیاریی و زانینی هۆسڕڵ لە بارەی فینۆمینۆلژیا گەشە بکات و بیکاتە پڕەنسیپ و فیکری بنەڕەتی خۆی، دیارە بە ماوەیەکی زۆر پێش هۆسڕڵیش وشەی فینۆمینۆلۆژیا بوونی هەبووە و لە لایەن خەڵکی ترەوە بەکارهێنراوەو چەندین مانای جیاوازی هەبووە. لەمبارەیەوە لالاند مێژووی بەکارهێنانی ئەم وشەیە بە هەموو ماناکانییەوە شیکردۆتەوەو پێی وایە کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1764 دا وەکو تیۆرییەک دەرکەوتووە، ئەمەش ناونیشانی فەسڵێکی کتێبێکی نوێی لاپمیر ئارگانون بووە. لە پاش لامپێریش، کانت هەمان چەمکی لە زۆر بەرهەمەکانیدا بەکارهێناوە گرنگترینیان لە کتێبی ” رەخنە لە عەقلی پەتی” کە لە ساڵی 1780 دا نووسیویەتیی و بە یەکێک لە کتێبە گرنگ و ناسراوەکانی کانت دەژمێردێت.
لەپاش کانتیش هیگل هات و هەمان وشەی بەکارهێنا بەڵام بە مانایەکی جیاواز تر، ئەمەش بۆ یەکێک لە کتێبە گرنگەکانی دانا کە ئەویش کتێبی ” فینۆمینۆلۆژیای رۆح” بوو کە لە ساڵی 1807 دا چاپ و بڵاویکردەوە. لە پاش ئەویش هاملتون لەوانەکانیدا لە بارەی زانستی دەروونناسی و لۆژیک و میتافیزیک بەکاریهێنا. لە ساڵی 1869 دا، هەمان وشە لە کتێبێکی هارتمان بەکارهێنرا ئەوش کتێبی ” فینۆمینۆلۆژیا و ویژدانی ئەخلاقیی”. هەمان وشەش لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەدا لەبەرهەمەکانی هەردوو فەیلەسووفی فەرەنسی رافیسۆن و ئێمیل بەکارهێنراوە.
فینۆمینۆلۆژیا لە زانستی زمانەوانیدا بەوە ناسراوە، کە زانستی دیاردەکانە یان لە دیاردەکان دەکۆڵێتەوە، کە ئەوانیش بریتین لە شتەکانی دەرووبەری مرۆڤ، یان ئەو رووداوانەی کە گوزارشت لە هەستێکی پەتی دەکەن و دەبننە بابەتێکیش بۆ دەرک پێکردن و پاشانیش دەبنە کۆڵەکەی بنەڕەتی بۆ مەعریفە. فینۆمینۆلۆژیا لای هۆسڕڵ زانستی سەرەتا و بنەمای راستییەکانە، کە هەموو مەرجەکانی مەعریفە و زانستی لەسەر بونیات دەنرێت. سەرەتاش لە هەستێکی پاکوبێگەرد دەستپێدەکات و سەربەخۆشە و دووریشە لە هەموو شرۆڤەکارییەکی ماهیەتی شتەکان.
هۆسڕڵ دەیویست لە فەلسەفەدا ململانێی پڕەنسیبی نێوانی میتافیزیکیی و ریالیزم خۆی بە دووربگرێت، چونکە ئەو وایکرد کە فینۆمینۆلۆژیا ببێتە پڕەنسیبێک بۆ هەموو زانستێکی گشتی و ببێتە وەسفێکی باڵاش بۆئەوەی جیهانی دەرەکیی وەڵامی جیهانی خودێتی بداتەوە، بۆئەوەی هەموو شتەکانی ناخی بەشێوەیەکی راستەوخۆ ئاشكرا بکات و دەرکیش بە ماهیەتی هەموو هەستێکیش بکات.

سێ کۆڵەکەی فینۆمینۆلۆژیای هۆسڕڵ
فینۆمینۆلۆژیای لای هۆسڕڵ لە سەر سێ کۆڵەکەی سەرەکی دامەزراوە، کە ئەوانیش بریتین لە : ماهیەتی شتەکان. هەڵپەساردنی حوکمدانی شتەکان “ئیپۆخییەت” منی باڵا.
هۆسڕڵ فیکرەی ماهیەتی بەرجەستەکراوی لە ئەفلاتون وەرگرت، بەڵام فیکرەی وێنە و شتی هەستپێکراوی رەتکردەوە، ئەو پێی وابوو کە ماهیەتی شتەکان لە درکی راستەوخۆی شتەکان و عەقڵەوە دروست دەبێت، بەشێوەیەک لایەنی دەرەکی شتەکان بریتییە لە ماهیەتیان، لێرەدا ماهیەتی شتەکان، هەقیقەتی بابەتی شتەکانن، بەتایبەتیی کاتێک گوزارشت لە سیمایەکی تایبەتی هەستیی بکات. کێشەی سەرەکی لای هۆسڕڵ بریتی بوو لە شرۆڤەکردنی چۆنێتی هۆشیاریی بەو هەقیقەتان و پیشاندانیان وەکو مەبەستی کرۆکی شتەکان.

ئیپۆخییەت Epoche
هۆسڕڵ پڕەنسیبی گوماناویی دیکارتی بەکاردەهێنا لە بواری چەمکی ئیپۆخیەت ئەو زۆر سەرسام بوو بە مەنهەجیەتی دیکارت سەبارەت بە دانانی یاسا و رێسا و بنەماکانی یەقینی بۆ مەعریفە،ئەمەش لە رێگەی پشتبەستن بە پڕەنسیبی گومانکردن لە جیهانی دەرەکی و هەموو ئەو بوونە ماتڕیاڵانەی کە تێیدایە و دانانی جیهانی دەرەکیش لە نێوان دوو کەوانەدا. بەڵام هۆسڕڵ دژی کوجیتۆی دیکارتی دەوەستێتەوە کە ئەویش گوزارشت لە وتە بەناوبانگەکەی دیکارت دەکات کاتێک وتی: “من بیر دەکەمەوە ، کەواتە من هەم.” چونکە هۆسڕڵ هەمیشە دەیوسیت فیکر لە هەموو شتێک جیابکاتەوەو بوونێکی سەربەخۆی هەبێت، چونکە پێی وابوو کە فیکر بەرەوە شتێک هەنگاو دەنێت، بەمشێوەیەش کوجیوتی دیکارت لەم حاڵەتەدا دەبێت بەم شێوەیە بووترێت: من بیر لە شتێک دەکەمەوە.

منی باڵا
ئەوەی پەیوەستە بە چەمکی ” منی باڵا”ەوە هەموو ئەو هەقیقەتەی کە لەگەڵ خۆی هەڵیگرتووە، هۆسڕڵ ئەم چەمکەی لە فەیلەسوفی ئەڵمانی لایپتز وەرگرتووە،بەڵام بەشێوەیەکەی سەربەخۆ و لە فیکری میتافیزیکی و گونجاندنی لەگەڵ فیکری لاهووتی دابڕیووە .

جیاوازی نێوان منی باڵای کانت و هۆسڕڵ
لێرەدا گرنگە کە جیاوازی لە نێوان منی باڵای” ئیگۆی ترانسدنتاڵی” لای کانت و منی باڵای هۆسڕڵ بکەین. لە لای کانت منی باڵا بەکاردێت بۆ هەموو ئەو شتانەی کە پێشتر وتراوەو زەرووری بوون بۆ هەموو مەعریفەیەک یان ئەزموونێکی بەرجەستەکراو. مەعریفە لای کانت پەیوەستە بە هەموو تێڕوانینەکانی پێشووتر و جیاوازیشە لە هەموو شتێکی هەستپێکراو کە دەرفەتی لەدایکبوونی ئەزمونێکی نوێ دەدات، بەم شێوەیەش عەقڵ دەبێتە یاسایەکی سروشتیی، ئەگەرچی ئەو شتێكی ناوخۆییشە.
بەڵام منی باڵا لای هۆسڕڵ بەکاردێت بۆ هەموو ئەو کارانەی کە منی باڵای پێی هەڵدەستێت، بەشێوەیەک کە وەکو شتێكی یەقینی پێشوەختە دەردەکەوێت، ئەمەش پاش دوورکەوتنەوە لە جیهانی هەستپێکراویی دەرەکیی و گەڕانەوە بۆ ناو جیهانی هەسپێکراوی ناوخۆیی، ئەمەش بەبێ ئەوەی عەقڵ هیچ رۆڵێکی سەرکردایەتی هەبێت لە سروشتدا.

دابەشکردنی دیاردەکان
هۆسڕڵ دیاردەکان بۆ دوو بەش دابەش دەکات:
دیاردە سروشتییەکان: ئەمەش هەموو ئەوانە دەگرێتەوە کە لە رووی دەرەکی شتەکانەوە دەردەکەون و لە رێگەی هەستەکانیشەوە، مرۆڤ هەستیان پێ دەکات و پاشان ئەمانە دەبنە بابەتی مەعریفەی عەقڵی.
دیاردە عەقڵییەکان: ئەمەش هەموو ئەوانە دەگرێتەوە کە لە هەستی مرۆڤەوە دەردەچن لە بارەی رووداوە عەقڵیی و دەروونیی و ناوخۆییەکان، ئەمانەش لە رێگەی چاودێریکردن و هەستی ناوەخیییەوە دەردەکەون.

بەمشێوەیە دیاردە لای هۆسڕڵ خۆی لە خۆیدا هەر شتەکان و رووداوە گۆڕاوەکان لە جیهانی هەسپێکراودا دەگرێتەوەو هەموو ئەو گۆڕانکاریی و گەشەسەندنانەشی کە بەسەریدا دێت. بەشێوەیەک کە مرۆڤ ناتوانێت بیریبکەوێتەوەو هەستی پێبکات و خەیاڵی بکات، ئەمانەش دواتر لە عەقڵدا دەگۆڕدرێن بۆ بوونی بەرجەستەکراویی یەقینی، ئەمەش لەرێگەی وەڵامدانەوەی هەستی باڵا یان ئەوەی کە پێی دەڵێین فینۆمینۆلۆژیا.
جێگەی ئاماژەیە هۆسڕڵ دەیویست پڕەنسیبی دیاردەناسی بەسەر تەواوی زانست و مەعریفەکانی تریشدا پراکتیزە بکات، بەشێوەیەک کە فینۆمینۆلۆژیا ببێتە زانستێکی تەواو دروست و ببێتە بنەمایەکیش بۆ هەموو مەعریفە و زانستێک.

چەمکی مەبەست و هەستی مەبەستدار
بنەما فیکری مەبەستداریی دەگەڕێتەوە بۆ فەلسەفەی پەروەردەیی سەدەکانی ناوەڕاست، ” مەبەست” یش لای ئەوان، هەموو ئەو کردارانە دەگرێتەوە کە عەقڵ دەیکات بۆئەوەی لە بابەتێک بگات و هەستی پێبکات.
برنتانۆ باشتر چەمکی ” مەبەستداریی” شیکردۆتەوەو پێی وایە کە ئەم چەمکە لەسەر بنەمای ئەوە دروستبووە کە هەستە ناوخۆییەکان بەرامبەر بە بابەتە دەرەکییەکان بگوازێتەوە، پێشی وایە کە هەموو ئەزموونێک لایەنێكی دەروونی تێدایە کە ئەویش خۆی لە کردار و لایەنی بابەتی شتێک دەبینێتەوە، هەریەکەشیان بەرەو ئاڕاستەیەکی دەڕۆن و لە کۆتاییشدا یەکتری تەواو دەکەن.
جێگەی ئاماژەیە بۆچوونەکانی برنتانۆ کاریگەری گەورەو راستەوخۆیی لەسەر دروستکردنی چەمکی فینۆمینۆلۆژیای هۆسڕڵ هەبووە، نابێت ئەوەشمان لەیادبچێت کە هۆسڕڵ خوێندکاری ئەو بووە لەسەر دەستی ئەو فێری فەلسەفە بووەو بەشداری زۆربەی وانەکانی کردووە کە لە ساڵانی 1884 بۆ 1886 لە زانکۆ وتوییەتییەوە.
چەمکی ” مەبەستداری” لای هۆسڕڵ لەوەدا کورتکراوەتەوە، کە هەموو ئەو شتانەی کە لە جیهانی دەرەکی بوونیان هەیە، بۆئەوە دروستبوون تاوەکو هەست تێیانبگات و بەمشێوەیەش کردار و بابەتەکە یەکتر تەواو دەکەن و دەبنە یەک شت.
باشترین مەبەستداریش بۆ هەست برتییە لە کردار و بابەتێک کە دەرکی پێ بکەیت، هەموو کردارێک لە کردارەکانی هەستێک، بەرەو بابەتێکی جیاواز هەنگاو دەنێت، پێدەچێت ئەو بابەتە شتێکی ماتریاڵ بێت، یان پێدەچێت ماهیەتێکی عەقڵی بێت، یان پێدەچێت دەرەنجامی هەڵچوونێک یان خەیاڵێک و بیرکردنەوەیەک بێت.

دوو جۆر هەست
هەست لای هۆسڕڵ لەکاتی بەستنەوەی بە چەمکی ” مەبەستداری” دەکرێتە دوو جۆر: هەستی بێ لایەن و هەستی موجەرەد.
هەستی بێلایەن: ئەو جۆرە هەستەیە کە هێشتا دەستی نەکردووە بە شڕۆڤەکردنی مەبەستی نێوان بابەت و کردار.
هەستی موجەرەد: ئەو جۆرە هەستەیە کە راستەوخۆ دەستدەکات بە شرۆڤەکردن و شیکردنەوەی پڕۆسەی دەرەکی مەبەستداریی لە زۆربەی دیاردە مەعریفییەکاندا لەوانە” یادکردنەوە، خەیاڵکردن، ویست و حەزەکان” ئەمەش بە ئامانجی کەشفکردنی کرداری مەبەستدار و بابەتەکەی.
مەبەستی کردار، هەقیقەت و سەرەکیی و بنچینە دەگرێتەوە، لەکاتێکدا مەبەستی بابەت خۆی لەخۆیدا هەقیقەت نییە، بەڵکو پەیوەستە بەوەوە، بۆ نموونە کاتێک دارێکی سێوی بەرهەمدار و جوان دەبینیت، لەمەشدا دەبینین پڕۆسەی دەرککردن بە دارەکە ، لەرێگەی کارێکی مەبەستدارەوە کراوە کە ئەویش لە ناوەڕۆکیدا واقعێکی هەقیقییە، دواتر دەستدەکەین بە دروستکردنی بابەتێکی مەبەستدار لەناو هەستماندا کە ئەویش ” دارێکی دەرک پێکراوە” کە خۆی بە تەنها هیچ هەقیقەتێکی سەرەکیی ” بنەڕەتی” نییە، بەڵکو دەرەنجامی کردارێکی مەبەسەتدار دروستبووە، ئەمەش لەبەرئەوەی بابەتی مەبەستدار، لەگۆڕانی بەردەوامدایە، بەڵام پاشان بە هۆی کردارێکی دەرکپێکراوەوە یەکدەگرێتەوە.
ئەو یەکگرتنەوەیەی پێشووی نێوان کرداری مەبەستدار و بابەتەکەی، دەبێتە هۆی دروستبوونی سیمایەکی تری مەبەستداریی کە ئەویش بریتییە لە پڕۆسەیەکی چاودێریکردنی بەردەوام کە تێیدا، هەست بە هەموو کردارە دەرەکپێکراوەکان دەکەیت و ئامادەشە بۆ وەرگرتنی بابەتە دەرەکییەکانی تر.

فینۆمینۆلۆژیا و سایکۆلۆژیەتی
ئەگەر فینۆمینۆلۆژیا گرنگی بە هەموو ئاگاهییەک لەبارەی دیاردەو شتەکانەوە بدات، ئەوا هەموو چالاکییەکی ئاوەز و یادگەش بەشێکە لەم ئاگاهیی و ڕێچکەکەی، لێرەدا رووبەروی پرسیارێک دەبینەوە، ئەگەر سایکۆلۆژی، لێکۆڵینەوە لە بارەی ئاگاهیی شتەکان و رێگەی دەرککردنیان بکات، ئایا فیننۆمینۆلۆژیاش ناچێتە چوارچێوەی مەعریفەی سایکۆلۆژییەتەوە؟
سایکۆلۆژیەتی مەعریفە گرنگی بە حاڵەتە مەعریفییەکان دەدات و وەکو حاڵەتێکی عەقڵانی دایاندەنێت و ئەمانەش پەیوەستن بە ئەرک و سلوکیاتی ئاوەزی مرۆڤەوە، بەڵام فینۆمینۆلۆژیا هیچ گرنگی بەو حاڵەتە عەقڵیی و زیهنییە نادات کە لەگەڵ پرۆسە مەعریفییەکەدا دروست دەبێت، بەڵکو تەنها گرنگی بەو ئامادەکارییە مەعریفیانە دەدات، کە لەناو ناخی مرۆڤدا بوونیان هەیە، ئەوانەی کە دەتوانن مەعریفەی یەقیقنی دروست بکەن. ئەم ئامادەکارییانەش هیچ سایکۆلۆژیی نین بەڵکو پەیوەندییان بە ئاگاهیی تایبەتییەوە هەیە پێش ئەوەی پەیوەندییان بە ئەزمنوونی پراکتیزەکراوەوە هەبێت.
لەبەرئەوە دەبینین کە هۆسڕڵ رەخنە ئاڕاستەی هەردوو پڕەنسیپی ئەزموونگەرایی و میتافیزیکی دەکات کە لەو سەرمەدەی ئەودا زۆر باویان هەبووە. هەربۆیە لەکاتی خوێندنی سایکۆلۆژیەتدا، هەوڵی ئەوەی دەدا کە سایکۆلۆژیەتی ماهیەتی دروست بکات، کە گرنگی بە لێکۆڵینەوە لەبارەی هەستەوە دەدات لە چوارچێوەی وێنە مەبەستدارییەکەی، هەروەها ڕۆڵیشی لە پڕۆسەی دەرککردندا دەربخات. هەروەها گرنگیش بە کاری دەرککردنەوە بدات لە جیاتی ئەوەی خۆی بە ناوەڕۆكی دەرککردنەوە خەریک بکات.
سایکۆلۆژیەت زیاتر گرنگی بە ” منی باڵا” دەدات، لە جیاتی ئەوەی گرنگی بە ” منی ئەزموونگەرایی گۆڕاو” بدات، کە ئەویش بەشێکە لە جیهانێکی گۆڕدراو. هۆسڕڵ لە کتێبەکەیدا ” تێڕامانە دیکارتییەکان” دا باس لە چۆنێتی گۆڕینی منی دەروونی بۆ منی باڵا دەکات، ئەوەش لەرێگەی پڕۆسەی راگرتنی حوکمدانەوە، کە تێیدا منی دەروونی خۆی لە بەرامبەر خودی موجەرەدییەوە دەبینێتەوە.

رەخنە لە فینۆمینۆلۆژیای هۆسرڵ
میکانیزمی سەرەکی کە هۆسرڵ بەکاریهێناوە بۆ ئەوەی بگاتە هەقیقەتی یەقینی بریتییە، لە تێڕامانی عەقڵی خودێتی”، کە فیکر لە ناوخۆیدا رەنگدانەوەی خۆی تێدا دەکات، بۆئەوەی خۆی بخاتە ناو ئەملاوئەولای هەستی باڵاوە، هەروەها هەستیش بە هەقیقەتە ماتڕیاڵە شاراوەکانیش بکات. مادام ئەم میکانیزمەش سیمایەکی خودێتی هەیە و کەسیش ناتوانێت مومارەسەی بکات جگە لە خاوەنەکەی نەبێت، لەبەرئەوە زەحمەتە بۆ خەڵکانی تر بتوانن لێکۆڵینەوە لەبارەی راستیی و دروستی ئەو دەرەنجامانە بکەن کە هۆسرڵ پێی گەیشتووە. لەبەرئەوەی کە میکانیزمەکانی تەواو جیاوازە لە میکانیزمەکانی پێشوو، تەنانەت ئەگەر هەمان رێچکەی تێڕامانیش بەکاربهێنن بۆئەوەی بچنە ناو قووڵایی خودێتییانەوە، ئەوا ئەوان دەرەنجامی تریان دەستدەکەوێت، کە تەواو جیاوازە لەو دەرەنجامەی هۆسرڵ، ئەمەش بەهۆی جیاوازی خودێتی مرۆڤەکانەوە.
دیارە هۆسرڵ تیۆرییە فینۆمینۆلۆژییە قوورسەکەی خۆی پێڕەو کردووە لە دەرهێنانی ماهیەتی هەندێک شتی ئاسان وەکو : “خانو، دار” ئەمانەش بە سروشتی خۆیان شتێکن کە بنەمایەکی راگیر و نەگۆڕیان هەیە و ئاسانیش دەرکیان پێ دەکرێت و فۆرمەکانیشیان لەرووی دەرەوە، بوونی ماتڕیاڵیان، ئاسان دەردەکەوێت، بەڵام باشە حاڵەتەکە چۆن دەبێت ئەگەر ئێمە بچین لێکۆلینەوە لە بارەی دیاردەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی ئاڵۆزەوە بکەین، کە واقیعێکی زیندوویان هەیە و هەمیشەش لە گۆڕانی بەردەوامدان؟.
لەبەرئەوە بەهیچ شێوەیەک ناتوانین فینۆمینۆلۆژیا وەکو زانست دایبنێین، هەروەها لە شێوەی زانستیش نییە، بەڵکو لقێکی فەلسەفی دروستکراوە لە بواری مەعریفەدا، هەروەها ناشتوانرێت بخرێتە ژێر لێکۆڵینەوەی زانستی و هەڵسەنگاندنی ئەزموونییەوە، ئەوەش بەهۆی سروشتە فەردانیەت” تاکگەرایی” و پێکهاتە خودێتییەکەوە.
لەگەڵ هەموو ئەو هەوڵە فەلسەفیانەشی کە هۆسرڵ لەم بوارەدا دای بۆئەوەی بتوانێت هەردوو پڕەنسیپی میتافیزیکی و سروشتی لە یەک پڕەنسیپدا کۆبکاتەوە، بەڵام هەموو هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ دروستکردنی ئەم پڕەنسیبە یان رێچکە فیکرییە کە پشت بە زانست و مەعریفە دەبەستێت، هەموویان شكستیان هێنا. ئەمەش بەهۆی ئەو مەیلە میتافیزیکیە توندڕەوی کە لە فیکری هۆسرڵ دا هەبوو. بەتایبەتی ئەوەی کە پەیوەندی بە ئەزموونی باڵا و” من” و بڕوابوونی تەواویشی بەوەی کە هەقیقەت و یەقینی رەها لێرەوە سەرچاوە دەگرێت. بەمەش رۆڵی دەرەکی پشتگوێ دەخات، کە لەسەر بنەمای گۆڕانی بەردەوام دروستبووە.
جێگەی ئاماژەی هۆسرڵ خۆشی دان بە ئەستەمی ئەزموونی باڵاوە ناوە، هەرچەندە نکووڵی لە میتافیزیکیەتی فەلەسەفەکەی کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا فەلسەفەکەی تەنها وەکو لقێكی جیا لە تێڕامانە عەقڵیی و هەستییەکان دادەنرێت.
هۆسرڵ پێی وابوو کە لقێکی نوێی لە فەلسەفەدا دروستکردووە، هەروەها رێچکەیەکی فیکری تایبەتیشی دروستکردووە کە عەقڵ لە هەموو کەلەپوور و وەهمەکانی بەردەمی رزگار دەکات، ئەمەش لە رێگەی تێکەڵکردن و ئاوێتەبوونی فەلسەفە کۆنەکان و مۆدێرنەکان لە یەک فۆرمدا. بەڵام پاشتر ئەم فۆرمە لەسەردەستی خوێدنکارەکانی هۆسرڵ لەناودەچێت، بەتایبەتی ئەوانەی کە بزووتنەوەی فەلسەفی بوونگەراییان داهێنا، کە تەوەری سەرەکیان ئازادی مرۆڤ و ئارەزووەکانی بوو لەم جیهانەدا.
جێگەی ئاماژەی زۆربەی فەیلەسوفەکانی بوونگەرایی، داڕمانی دەروونی مرۆڤایەتیی و نائارامی و پشێوییان بینوە، کە هەردوو جەنگە جیهانییەکە خوڵقاندبووی کە لە سەرەتا و نیوەی سەدەی بیستەمدا روویدا، ئەوان نەیانتوانی ئەو ناکۆکییە گەورەیە ببینین، کە لە نێوان خودی ئینسانیی و ترسی جیهانی دەرەکی هەیە، چونکە لە لای ئەوان جیهانی دەرەکی هیچ نییە جگە لە عەدەم نەبێت.

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: ئەردەڵان عەبدوڵڵا

سەرچاوە:
www. Middle east online.com. الفينومينولوجيا عند هوسرل




شیعر و شاعیریی و خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ به‌رهه‌مه‌ شیعری “به‌ره‌واژ”ی نارین ڕۆسته‌م-١-… سۆران محه‌مه‌ده‌سووره‌

-1-
یه‌كه‌م: شیعر و شاعیریی

ا
ژانری شیعر ئەمڕۆ لە هەر ژانرێکی تر نزیکە لە تاک، لە ڕووحی تاک گەرا دادەنێت و دەی ئەنجنێت. شیعر وا لە شاعیر دەکات تەواو بیرکەرەوەی خۆی بێت. ئەو ژانرەیە کە بەردەوام تۆفان بەسەر خۆیدا دادەکات و بەردەوامیش پڕووشکە ئاگرینەکانی بەسەر کێڵگەی ئەو كه‌توارەدا پەرش دەکاتەوە کە تێیدا دەژێت، هەر بۆیەشە شیعر ئەو ژانرەیە کە خۆی دەکوڵێنێت بۆ خۆی، ئەو ژانرەیە کە هه‌رده‌م له‌نێو درووستكردنی مه‌ته‌ڵدایه‌. بۆیه‌ شیعر مه‌ته‌ڵی مرۆڤه‌‌.
شاعیر نانووسێت بۆ ئەوەی ستایش و دەستخۆشیی وەربگرێت، بەڵكوو دەنووسێت بۆ ئەوه‌ی شێتی خۆی پێ فرچک بدات. شاعیر مینا مەلۆتکەیه‌کی بەزۆر لەشیر گیراوە و لەمەمکان تارێندراوە. بۆیەشە تا دەمرێت ئەم شیرە، ئەم بێڕووحییەی، كه‌ دیوه‌كه‌ی تری ژیانه‌ و شاعیر له‌گه‌ڵی له‌ كێبڕكێدایه‌، نەک وەک گەورەبوون، بەڵکوو وەک فڕێدراو، فڕێدراو بۆ ژیان نەک فڕێدراو بۆ بێزراو لە ژیان، دەیبینێت. بۆیە هەمیشە بەدوای ئه‌وه‌یە كه‌ لەو ژیانەدا لە هەر وێنە و چرکەساتێک، تامەزرۆی مەمکەمژەیەکی لێبکات، بەڵام نەک مەمکەمژەیەکی وشک، بەڵکوو مەمکه‌ژینێكی مه‌ته‌ڵاویی. بۆیه‌ شیعر ده‌بێت هه‌ر ئه‌و شته‌ بێت كه‌ لە مەرگەوە دێت، نەک لە ڕووناکیی، چون ڕووناکیی ئامانجەکەیەتی. بە مانایه‌كی تر بۆ شیعر، ده‌بێت له‌ تارییکایی و مەرگدا بۆی بگەڕێین. هەر ئەمەشە وادەکات شەیدای چنگکردنی جوانیی شیعر بین. چییه‌تیی جوانیی و نه‌مربوونیشی نادۆزرێته‌وه‌. هەموو شتێک بە دۆزینەوە و پێگەیشتنی، جادووەکەی بەتاڵ دەبێتەوە، شیعر ئه‌و ژانره‌ تاقانه‌یه‌یه‌‌ كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌وه‌ خۆی ده‌ژێنێت و‌ شاعیریش ته‌نێ به‌زمان دەهێنێت و وێنا ده‌كات. چونكه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌ستی شاعیری به‌رده‌كه‌وێت، شێوه نییه‌، به‌ڵكوو ڕووحی شیعره‌، هه‌ر بۆیه‌شه‌ سیلان یێژێت: “شیعر پەیوەندی بەدەستلێدانەوە هەیە”. (شێخانی. 2017: 297) ئه‌وه‌ی ده‌ستی لێده‌درێت، ئه‌و شیعره‌یه‌ كه‌ تا سه‌ر ئێسكان نا، به‌ڵكوو به‌نێو ڕووحی خۆیدا بردوویه‌تییه‌ خواره‌وه‌. ئا ئه‌مه‌یه‌ گه‌وهه‌ر و جادووی ئه‌م ژانره‌‌.
شاعیر زاندنی ئه‌و هەوڵدانەیه‌ بۆ ده‌ستلێدان، ده‌ستلێدان هاوكاته‌ به‌ زاندنی شاعیر و كه‌وتنه‌ نێو ژیانه‌وه‌‌، چونكه‌ مرۆڤ ناتوانێت له‌ ڕووحی خودایان و دڵبلندیی خۆی غه‌یانه‌ت بكات. له‌ ڕێگه‌ی شیعره‌وه‌ “كردنه‌وه‌” ده‌كه‌وێته‌ مانای خۆی، كه‌واته‌ شیعر كردنه‌وه‌یه‌، كردنه‌وه‌ی ده‌رچه‌یه‌كه‌ به‌ڕووی ئه‌و ژیانه‌دا، كه‌ ئێمه‌ تێیدا له‌ ته‌قه‌ڵا داین بۆ ئه‌وه‌ی ژیان بژێنین. له‌نێو پانتایی نووسینیشدا هه‌ر شیعر ئه‌و ئه‌ركه‌ی وه‌ئه‌ستۆ گرتووه‌. بۆیه‌ ئه‌مه‌ ئه‌ركێكی خودایانه‌یه‌. بەڵام ئاخۆ هەوڵدان و نووسین دەبێت بەرەو كوێی ئاسووده‌یی ئه‌و ژیانه‌مان به‌رێت كه‌ ده‌مانه‌وێت بیژێنین؟ ئه‌مه‌ پرسیارێكه‌ كه‌ شاعیر به‌جێی ده‌هێڵێت و لێده‌گه‌ڕێت ئه‌وه‌ی كه‌ زایێندراوه‌، ڕیسی گه‌وهه‌ری خۆی بێت.
شیعر واده‌كات بێپسانه‌وه‌ شاعیر، شاعیر بێت، چونکە شاعیر هه‌ڵگیراوه‌ی شیعره‌ و دەیکاتە منداڵی دمدمیی، کە هەردەم بێماڵە و ئاواییی شەیتانی وەک ئەو ناگرێتە خۆی. بۆ؟ چونکە ناکرێت منداڵی پرۆمیسۆس و دیۆنیسۆس بیت و ئاوایی لەبارت بەرێت. كه‌وایه‌ شاعیر ئه‌مڕۆ به‌رپرسیاره‌ له‌ ژیاندنی ئه‌و ژیانه‌ی كه‌ ده‌مانه‌وێت تێیدا ڕابمێنین و بیژێنین. شاعیر ئه‌و مرۆڤه‌یه‌ كه‌ هه‌وڵده‌دات، ده‌ست بۆ ئه‌و مه‌ته‌ڵ/ هه‌ڵنه‌هێنراوه‌یه‌ به‌رێت، كه‌ شیعر و ژیانه‌. كه‌وایه‌ شیعر و ژیان یه‌ك واتان. چونكه‌‌ شیعر هه‌رده‌م وه‌ك منداڵێك، كه‌ ئاوایی‌ نه‌یگرتووه‌ته‌ خۆی سرك و بێپسانه‌وه،‌ لاسارانه‌ ژیان ده‌ژێنێت. به‌بێ شیعر مرۆڤ كه‌رتێكی داگیركراوه‌ له‌لایه‌ن شته‌كانی ده‌وروبه‌ریه‌وه‌. وه‌ك له‌ دیمانه‌كه‌ی نێو به‌ره‌واژدا، شاعیر نموونه‌ی كوپه‌ شیرێك له‌ ژیانی منداڵییدا دێنێته‌وه‌ و ده‌ڵێت: “شاعیر به‌ كوپێكی پڕه‌وه‌ ده‌ست ده‌كات به‌ نووسین، ده‌بێ له‌وه‌ به‌ئاگا بێت تا ده‌گاته‌ لای خوێنه‌ر، به‌تاڵ نه‌بێته‌وه‌.” (ڕۆسته‌م. 2021: 60)

ب
مرۆڤ به‌ كه‌وتنه‌ نێو ژیانیه‌وه‌ بە لەدایکبوونیەوە تووشهات و سەرگەردان بوو، هه‌ر بۆیه‌شه‌ تا ئێستاش پرسیارەکانی ئەو مرۆڤە هاڕدراوە، فڕێدراو و نەفرەتلێکراوە، هەمان پرسیاری سەرەتای ئەفسانەکانە، پرسیاری گێلگامێشە، لێرە چیدەکات؟ تەبای کێیە؟ مردن چییە و ژیان چییە؟ دەگەڕێت بەدوای ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە، کە ئاخۆ دەکرێ نەمریی بەدەست بهێنین؟ مرۆڤ چییە و دەکرێ واوەتر لەو مرۆڤە بڕۆین و فانیی نەبین؟ ئاخۆ ئه‌و مرۆڤه‌ كێیه‌ كه‌ ده‌پرسێت و مه‌ته‌ڵ هه‌ڵده‌هێننێت و داده‌هێنێت؟
ئه‌م مرۆڤه‌ جگه‌ له‌ شاعیر كه‌سێكی دیكه‌ نییه‌. چونكه‌ شیعر، لە لەدایکبوونی یه‌كجاره‌كیی هەڵدەگەڕێتەوە. بۆ؟ بۆ ئه‌وەی لەدایکبوونەوە بکاتە سووڕی نوێبوونەوە. بۆیە گۆڕانی زمانیش، ڕیتم و سیستەمێکی وه‌ها لە خۆیدا بەرهەمهێناوەتەوە، بۆچی؟ بۆ ئەوەی هەمیشە مرۆڤی نوێ، چاخ و سەردەمی نوێ بە جیهانێک ببەخشێت، که‌ مایل به‌ ترازانه‌. لەوڕا، زمانی مرۆڤ زمانێکی شیعریی سەرشێتە و بەهیچ ڕاستایییەکدا پێهەڵنایێنێت ئەگەر لەگەڵ خۆی ڕاپێچی نەکات. هه‌رچه‌نده‌ پرسار له‌لای زۆر له‌ مرۆڤه‌كان هه‌یه‌، ئه‌مه‌ شتێكی غه‌ریبه‌ و غه‌ریب نییه‌. بۆ؟ غه‌ریبه‌ به‌وه‌ی كه‌ منداڵیی هه‌ر كه‌سێك شاعیرێك تێیدا جێماوه‌، به‌ڵام خۆڕانه‌هێنراو و له‌خۆنه‌گه‌یشتوو. غه‌ریب نییه، چونكه‌ شیعر منداڵیی‌ شاعیره‌كه‌ی خۆی نه‌كوشتووه‌، هه‌ڵی گرتووه‌ته‌وه‌ و ڕۆژ و ساڵان بێپسانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ژیان له‌ په‌یوه‌ندیی ده‌ستلێداندا هێشتوویه‌تییه‌وه‌‌، دەستپێکی ئەم هەنگاوەش لەگەڵ چارەنووس بەرانبەرکێییی و زۆرانبازیییە، دەستپێکێک، کە نە پادشایی و هێز، نە ئەنکیدۆ”هاوەڵ” و نە کۆمەڵگە لێی دەستەبەر ناکرێت، بەڵکوو ئەوەی دەکرێ سەبوورییەک بەم مرۆڤ/منداڵه‌ سەراسیمەیە بداتەوە؛ شیعره‌، كه‌وایه‌ شیعر به‌ له‌دایكبوونه‌وه‌ ده‌ژێت، له‌كوێدا له‌دایكبوون نه‌بووه‌ پرسی شاعیر، له‌وێدا منداڵیی شاعیرێكی جێماوه‌، ده‌بێته‌ شتێكی غه‌ریب، كه‌یش له‌دایكبوونه‌وه‌ بووه‌ سووڕی ژیانی به‌رده‌وامیی شاعیر، له‌وێدا منداڵیی شاعیرێك هه‌یه‌، كه‌ به‌رده‌وام له‌ په‌یوه‌ندیی ده‌ستلێدان به‌ژیاندنه‌وه‌ ده‌ژێت. كه‌وایه‌ شیعر دەتوانێت مرۆڤ لە لەدایکبوونه‌ چارەنووسخودایییه‌كه‌ی بستێنێتەوە و لە ڕێگەیەوە خەون و پرسیارەکانی خۆی بخزێنێتە نێو ژیان و ببێته‌ دیوی ئه‌ودیوی ژیانی هه‌ره‌وه‌ز‌یی‌، لێره‌وه‌یه‌ كه‌ “شیعر عیله‌تێكی ترسناكه‌” (هاو. 2016: 65).
ئەمڕۆ به‌ناو شاعیرانمان خەریکی هەڵقوڕاندنی ژیانی تێکڕایین، واتە بەهیچ شێوەیەک ناتوانن لەنێو بازاڕی قسەی سوواو، تۆڕە خەسێنەرەکان بێنە دەرەوە، ئه‌مه‌ش واده‌كات له‌دایكبوونه‌وه‌ نه‌بێته‌ پرسی شیعریییان، كه‌ ئه‌مه‌ش ڕوونه‌دات، ئه‌وه‌ شیعر وه‌ك له‌دایكبوون خۆی بێبه‌ریی ده‌كات له‌و مرۆڤه‌، كه‌ گه‌ره‌كیه‌تی نانه‌زگێنیی به‌ شیعره‌وه‌ بكات. گه‌وهه‌ری‌ “شیعر ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ ده‌كۆشێت بێپسانه‌وه‌ خۆی له‌ شته‌كانی دیكه‌ جوودا بكاته‌وه‌” (كارسون. 1397: 64)، شیعر بازاڕی بژێویی نییه‌، كه‌چی بازاڕی ئەوان بازاڕی هه‌ره‌وه‌زیییه‌.
له‌و ده‌مه‌ی شیعر ده‌بێته‌ ستاندنەوەی ڕووحی هه‌ره‌وه‌زییی‌ لە شاعیر، چونكه‌ شیعر هەڵگۆزینی زمانە، بۆ ماڵە ئەبەدییەکەی شاعیر، ئه‌وه‌ ڕێك شاعیر هه‌مان چاره‌نووسی ئۆدیپۆستی پێده‌بڕێت. چاره‌نووسێك كه‌ له‌منداڵییدا به‌ په‌یوه‌ندیی به‌ ده‌ستلێدانه‌وه‌ به‌ ژیان مه‌راییكراوه‌ و منداڵیی شاعیریش، ئەو مرۆڤە ژیاندۆست و مەیللەژیانەیە، کە بەم بەدبەختیی و بێپەنایییەی، مینا کەسێکە، کەسێک بەم هەموو ترس و دڵەڕاوکێیەی، ئەوا ده‌یانه‌وێت دنیایەکه‌ی خۆیانی بەڕوودا بکەنەوە، کە لێی بێبه‌ریییه‌؛ ژیانێكی ناشاعیرانه‌، ژیانی ناشاعیرانه‌ واته‌ دابڕانی هه‌میشه‌یی مرۆڤ/شاعیر له‌ پرسیاری منداڵیی خۆی له‌ ژیان و دونیا. به‌ڵام شاعیر بۆیه‌ به‌رنه‌فره‌تكه‌وتووه‌، چونكه‌ شەیدایە، شەیدای ژیان و بێندانێکە بەڕێگەوە/ به‌ هه‌رده‌م له‌دایكوونه‌وه‌ مەیلی بکات، بەڵام هەردەم لە دەستپێڕانەگەیشتندا بێت، بۆیه‌ هه‌رده‌م شاعیر دووره‌ له‌ په‌ناگه‌ی ئه‌وانی تر -بازاڕ و هه‌ره‌وه‌زیی-. ئه‌و بۆ به‌رده‌وام ژیاندنه‌وه‌، ده‌بێت ده‌نگی خۆی به‌سه‌ر ژیان و گوێی دونیاوه‌ زایه‌ڵه‌دار بكات.
شاعیر ئەم مرۆڤه‌ دانەسەکناو، ڕێلەبەر و بێنوانووەیه‌، کە هەردەم بانگەشەی نوێبوونەوە، جیاوازنووسین، کاژ فڕەدانێک دەکات و دواجاریش لەسەر هیچ تەنافێکی نمایش نییە، بەشێوەیەک دەکرێ بڵێین: ئەو شاعیرە ئەو کەسە نییە، کەچاوەڕێی ئەوەی لێبکرێت، ڕێبازێک، یان ڕێبەرێکی هەقیقەتدۆزەرمان پێبناسێنێت و پێمان بێژێت، ئەوە منم، کە دەرگەتان بۆ دەشکێنم، نا. به‌ڵكوو ئه‌و منداڵییه‌ گه‌وره‌بووه‌یه‌ كه‌ چاره‌نووسی نه‌مریی شیعر چاوی به‌زه‌یی لێستاندوونه‌ته‌وه‌. هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ ئه‌م په‌یوه‌ندیییه‌ی شیعر و شاعیریی، له‌گه‌ڵ شیعر و منداڵیی ئۆدیپۆست لێكگرێده‌دات.

ج
بە خوێندنەوەی بەرهەمه‌یلی ئەمڕۆی شیعری کوردیی، له‌لای دوو لایه‌ن ده‌گیرسێینه‌وه‌‌، له‌ لایه‌نی یه‌كه‌م تێدەگەین کە تێگەیشتنێکی زۆر سوواو و مردوویی بۆ شیعر هەیە، تێگەیشتنێکە دەتوانین بە هەڵاتن لە شیعر یان مردووشۆریی ناوی بێنین. ئەم مردووشۆریییەی شیعری کوردیی لەخۆوەرپێچانه‌وه‌ی لایەنی بازاڕیی و لایه‌نی هەڵگرتنەوەیه‌. بۆیه‌ تێگەیشت بۆ شیعر، تێگه‌یشتنێكی هه‌ره‌وه‌زییه‌ و لە گەوهەر یان چییەتی شیعر دەسڵەمێتەوە. شیعری ئەم قۆناغەی کە بە شیعری گەنج ناوی ده‌هێنرێت، بەشێکی هەرەزۆری بریتیی شنگێڕیی و نووزانەوە و هاوكات مردووشۆریی، كه‌ به‌جێگه‌یاندنی وه‌سیه‌تنامه‌ی هه‌مان نه‌ریتی باو، هه‌مان ڕیتم، شێوه‌ و زمانی شاعیرانی باوه‌، كه‌ ساڵانێكه‌ تاقه‌تمان له‌م به‌رده‌وامنووسینی ئه‌م لایه‌نه‌ چووه‌.
هه‌ڵبه‌ت له‌ته‌ك ئه‌م لایه‌نه‌دا، كه‌ به‌ هه‌ڵاتن له‌ شیعر ناومان هێنا، لایه‌نێكی تر خوویایه‌، كه‌ به‌ له‌دایكبوونه‌وه‌ ژیان ده‌ژێنن. ئێمه‌ لێره‌دا ئاماژه‌ به‌و ناو و به‌رهه‌مانه‌ ناده‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ بۆ به‌رهه‌مه‌كان ببێته‌ سه‌رباس، نه‌ك ناوهێنانیان، بۆیه‌ ئێمه‌ لێره‌دا ته‌نێ ئه‌م به‌رهه‌مه‌ شیعرییه‌ی “نارین رۆسته‌م” به‌ر چاو ده‌خه‌ین و له‌م نووسینه‌ماندا ده‌په‌ڕژێینه‌ سه‌ری.
بەرهەمی شیعریی باش هەمیشە ئەو بەختەم پێدەدات کە بیری لێبکەمەوە، بخوێنمەوە و بنووسم. ئەم بەرهەمە شیعرە “بەرەواژ” بەرهەمێکی شیعریییە و نۆ شیعر و گفتوگۆیەکی لەخۆگرتووە. بەرهەمێکە بە قەبارە گچکە و بە باڵای شیعر دەوڵەمەند و تێر. ئەم بەرهەمە ساڵی 2021 چاپ بووە و لە بڵاوکراوەکانی نووسیارە.
ئەوەی لەم بەرهەمەدا “به‌ره‌واژ” دەیینین غروورگرتنی شاعیرێکە بەدەم تۆفانی دڵڕەقیی سەردەم، کە هەم ناسکیی خۆی وەک شاعیرێکی باو دەکوژێت و هەم تێگەیشتنیشی بۆ شیعر دەباتەوە لاڕێیەک کە زۆربەی شاعیرانی ئەمڕۆ پەنای لێدەگرن. بۆیە خوێندنەوەی شیعر و به‌ره‌واژ، کڵاوڕۆژنەیەکە بۆ ژیانی تاریککراوی خۆمان. ژیان، کە لەمێژساڵە بە دەنگوباس، مەکینە، مۆبایل، مێکیاژ، بوودەڵەبوون، فیلمی توورکیی و مردووشۆرییمان گۆڕیوەتەوە.
شیعره‌كانی نێو ئه‌م به‌هه‌مه‌ له‌نێو واقیعی ژیاندان، به‌ڵام نه‌ك به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ. ئه‌گه‌ر له‌ شیعره‌كان ورد نه‌بینه‌وه‌ و به‌سه‌ریاندا تێبپه‌ڕین، ئه‌وه‌ به‌ر ئه‌م واقیعه‌ ناكه‌وین، چونكه‌ ئه‌م واقیعه‌ به‌رگێكی سووریالیی له‌خۆیدا وه‌رپێچاوه‌. هاوكات سووریالیی و واقیع تێیدا وایكردووه‌، كه‌ شیعره‌كان له‌نێو مه‌ترسیی ڕۆژی ڕه‌شدا، ترس و دڵه‌ڕاوكێ، یان تراژیكۆمیدی بن. بۆیه‌ دنیایه‌كی سارد و بزربوون، ترس و گرمۆڵه‌بوون بووه‌ته‌ كه‌شی شیعره‌كان. بۆیه‌شه‌ ده‌بینین هه‌ندێكجار ته‌نانه‌ت گرۆتێسك “عه‌جیب و غه‌ریب” ئاوقای خوێنه‌ر ده‌بێت و بینه‌قاقای ده‌گرێت.
ئه‌گه‌ر بێت و باسی ئه‌و ده‌نگانه‌ی شیعری كوردیی بكه‌ین، كه‌ ده‌كه‌ونه‌ نێو ڕێبازی سووریالیزمه‌وه‌، ئه‌وه‌ به‌گشتیی ده‌نگێكی نێر ده‌بیسترێت، بۆیه‌ نارین ڕۆسته‌م یه‌كێكه‌ له‌و شاعیرانه‌ی كه‌ بكوژ، یان كه‌لێنی ئه‌م ده‌نگه‌ گشتییه‌ی نێره‌‌، هه‌رچه‌نده‌ خۆی وه‌ك ده‌نگێكی ژن ئینكاریی ده‌كات، چونكه‌ شیعر ڕه‌گه‌زی نییه‌. له‌ شیعری “شه‌ره‌پشیله‌”دا، كه‌ خاوه‌ن فۆڕم و ته‌كنیكێكی جوان، ناوه‌رۆكێكی قووڵه‌ ده‌ڵێت:
“له‌ كن عه‌ریزه‌نووسی ناسنامه‌
كه‌ قه‌ڵه‌م گه‌یشته‌ سه‌ر ڕه‌گه‌ز
سه‌ره‌وخوارم كرده‌وه‌،
فرمێسكێكی لێ كه‌وت:
نییه‌تی.
ده‌ركراین.” (هه‌مان: 30)
ئه‌م كۆپله‌یه‌ چه‌ند لێكدانه‌وه‌یه‌ك هه‌ڵده‌گرێت، كه‌ ده‌كرێت ئه‌م كۆپله‌یه‌ لێدان بێت‌ له‌ جیاوازیی ژن و پیاو، هاوكات لێدان بێت‌ له‌و جیاوازییه‌ی كه‌ له‌نێو دونیای ڕۆشنبیری كوردییدا به‌نێوی خانمه‌نووسه‌ر سه‌ری هه‌ڵداوه‌. سه‌رباری ئه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ له‌وه‌ ده‌گرێت ئه‌گه‌ر جیاوازیی ڕه‌گه‌زیی هه‌بێت، ئه‌وه‌ ڕه‌گه‌زی سێیه‌م، یان با بڵێین “نێره‌مووك” له‌سه‌ر ناسنامه‌كه‌ی ده‌بێ چی بنووسرێت! كه‌ ناشنووسرێت.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ش ئه‌و جیاكارییه‌ی ژنه‌شاعیر به‌هه‌ند وه‌ربگرین، ئه‌وه‌ ده‌بینین بابه‌تی شیعره‌كانی ئه‌و خانمه‌شاعیرانه‌ زۆر لێكنزیكه‌، دڵداریی به‌شه‌ هاوبه‌شه‌كه‌یه‌تی یان هه‌ر له‌ بابه‌تی كچێنیی، عاده‌بوون و شه‌وی بووكێنییدا ماوه‌ته‌وه‌‌. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر په‌ڕیبێته‌وه‌ بۆ بابه‌تی نیشتیمانیی و ئازادیی ئه‌وه‌ جه‌لاد و چه‌وسێنه‌ره‌وه‌ هه‌ر ته‌نیا داگیركه‌ره‌، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ به‌ره‌واژدا ئازادیی، جه‌لاد و داگیركه‌ر ده‌سه‌ڵاتی خۆیه‌كییه‌، بابه‌ته‌كانی كچێنیی، عاده‌بوون و فێمێنیستبوون له‌گۆڕێدا نییه‌، ته‌نیا ده‌نگێكی شیعریی هه‌یه‌، ده‌نگێك كه‌ به‌ ئاره‌زوو بۆ ژیان بارگاویی كراوه‌. بۆیه‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ی به‌ره‌واژ یه‌كڕاست له‌نێو شیعردایت، له‌نێو شیعردابوون له‌نێو ژیاندابوونه‌. سوودوه‌رگرتنیشی له‌ سووریالیزم، یان سووریالیزم بوونی، ئه‌وه‌ له‌پێناو خزمه‌تكردن و نوێخوازییدا قووچ ده‌بێته‌وه‌، “گۆران”ی شاعیر هه‌رچه‌نده‌ كه‌ خۆی شیعری سووریالیزمی نه‌نووسیووه‌، به‌ڵام بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كردووه‌، كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب تازه‌بكرێته‌وه‌ ئه‌وه‌ سووریالیزم ده‌بێته‌ هۆی ئه‌م لایه‌نه‌ گرینگه‌ی ئه‌ده‌ب‌. (پیرباڵ. 2021: 129) هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و جیاكارییه‌ ڕه‌گه‌زیییه‌ بكه‌ین، ئه‌وه‌ “نارین” وه‌ك یه‌كه‌م شاعیر له‌ به‌ستێنی ئه‌ده‌بی سووریالیزمی كوردییدا ده‌گیرسێته‌وه‌. هه‌ر بۆیه‌شه‌ ئەم بەرهەمه‌ هەر لە پزدانیدا، شاعیرێك/منداڵێکی کونجکاویی و زیت، چاوەکانی دە دنیای دوێنێ، ئەمڕۆ و بەیانی بڕیوە.
ئه‌م منداڵه‌ی كه‌ لەنێو ئازار، ساردیی و دڵڕەقییدا لەدایکبووە، بەڵام نایەوێت نە خۆی لێنەبان بکات و نە خۆیشی تێدا سووڕگووم بکات، بەڵکوو دەیەوێت لە ساتەوەختەکانی سەردەمەکەی تێبگات، ئەو تێنوویەتیییەی هەیە بۆ تێگەیشتن، واتای ئەوە نادات کە دەزانین بەڵکوو واتای ئەوە دەدات لێی تێبگەین، ئەمەش وادەکات لە مەرگەسات، ئاڵۆزیی و دڵساردیی ئاوازی سەردەمی خۆت وەخۆ بکەویت و دەنگێک بخەیتە گوێچکەی سەرگەردانیی، خەمساردیی و نەبانیی ئەوانی دیکە، خودی ئەمەش تێگەیشتنە لە شیعر.
خاڵێكی سرنجراكێشی دیكه‌ به‌ به‌راورد به‌ شاعیرانی تر ڕابوردووه‌، بە ئەمەکبوون بەرانبەر ڕابوردوو لە شیعردا، نمەککردنی ژیانە. شاعیر لەهەر کەسێکی تر بەتەنگەوەترە بۆ بیرکردنەوە لە ڕابوردووی خۆی، چونكه‌ بیرکردنەوە لە ڕابردوو خۆتێگەیاندنه‌ له‌‌ ئێستا، خۆته‌یارکردن و خه‌مڵاندنی داهاتووه‌. هه‌ر بۆیه‌ ژیانی ڕابوردوو، له‌لای شاعیر گرینگییه‌كی زۆری پێدراوه‌، به‌ڵام نه‌بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا و داهاتوو بووه‌ستێنێت، فه‌رامۆش بكات، ئه‌مه‌ش به‌ هه‌بوونی ڕه‌خنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسیی دۆخ و ژینگه‌ی سه‌رده‌م، به‌تایبه‌تیی له‌ شیعره‌كانی “شه‌ڕه‌پشیله‌، ئێكسپایه‌ر و بووكه‌ڵه‌ی سووپه‌رمان تاد دا.

دووه‌م: ئه‌شكه‌وته‌كه‌ی نارین ڕۆسته‌م
“بووكه‌ڵه‌ی سووپه‌رمان” وه‌ك نموونه‌
هه‌ر منداڵێكی كورد، له‌ خه‌یاڵدانیدا سووپه‌رمانێك هه‌یه‌، ده‌یه‌وێت هه‌رده‌م به‌هانای دیترانه‌وه‌ بچێت، ببه‌خشێت و جیهان له‌ده‌ستی شه‌یتان ڕزگار بكات، به‌ڵام منداڵه‌ سووپه‌رمانه‌كه‌ی شیعری “بووكه‌ڵه‌ی سووپه‌رمان” سووپه‌رمانێكی تێكشاو‌ و شكستخواردووه‌، به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ سووپه‌رمان بانمرۆڤ و شكستنه‌هێنه‌ره‌‌.
“جامخانه‌ به‌ تۆپێكی فووتبۆڵ زرمه‌ی لێ هه‌ستا،
بووكه‌ڵه‌یه‌كی سووپه‌رمان ده‌رپه‌ڕی.

به‌سه‌ر كێڵگه‌یه‌كی وشكدا ده‌فڕێت
هه‌ور ده‌گوشێت، برووسكه‌یه‌ك فڕێ ده‌دات و
هیچ نابارێت.” (هه‌مان، 20)
شاعیر، تێڕوانینێكی ڕه‌شبینانه‌ی بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی و دونیای كوردیی هه‌یه‌، له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر سووپه‌رمانیش بیت، سووپه‌رمانێكی شكستخواردوویت‌ و ده‌رنابه‌یت،‌ هه‌ر بۆیه‌شه‌ شاعیر سوود له‌ وشه‌ی بووكه‌ڵه‌ وه‌رده‌گرێت و ده‌یخاته‌ پێش وشه‌ی سووپه‌رمانه‌وه‌. به‌ مانایه‌كی تر، ئه‌گه‌ر بیبه‌ستینه‌وه‌ به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی، ئه‌وه‌ ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ به‌و دۆخه‌ جێگیر و نه‌زۆكه‌ ڕازییه‌، پرسیاری نییه‌ و ناشیه‌وێت كه‌سێك پرسیاری لێبكات، چونكه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ باوه‌ڕی به‌وه‌ هێناوه‌، كه‌ ناتوانێت و ناشیه‌وێت بگۆڕێت.
“زیندانێكی نهێنی ده‌دۆزێته‌وه‌،
گوریس هه‌ڵده‌دات
زیندانییه‌كان ده‌یكه‌ن به‌ جۆلانه‌.” (هه‌مان، 20)
له‌م كۆپله‌ی سه‌ره‌وه‌دا، ده‌بینین كه‌ سووپه‌رمان په‌تێك بۆ زیندانییه‌كان هه‌ڵده‌دات، به‌ڵام زیندانییه‌كان له‌ خه‌ون و بیری ئازادییدا نین، بۆیه‌ په‌ته‌كه‌ ده‌كه‌نه‌ جۆلانه. ئه‌گه‌ر به‌راوردی بكه‌ین به‌ شكه‌وتی پلاتۆن، ئه‌وه‌ له‌ شكه‌وته‌كه‌ی پلاتۆدا كه‌سه‌كان زنجیركراون و ناتوانن ڕوو وه‌ربچه‌رخێنن، واته‌ بیركردنه‌وه‌ و زانینیان نییه‌، یان كۆنتڕۆڵكراوه‌، به‌ڵام له‌ زیندانه‌كه‌ی نێو شیعری “بووكه‌ڵه‌ی سووپه‌رمان”دا زیندانیه‌كان زنجیرنه‌كراون، واته‌ ده‌توانن بیربكه‌نه‌وه‌، كه‌چی له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا نایانه‌وێت به‌ره‌و ڕووناكیی، به‌ره‌و زانین بڕۆن، ئه‌مه‌ گوزارشتێكی ئه‌مڕۆییی دۆخی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردییه‌‌، كه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر نییه‌ و خۆی ده‌ستبه‌سه‌ر كردووه‌، كه‌واته‌ ده‌ستبه‌سه‌ریی هه‌قیقه‌تی ئه‌وه‌. كه‌واته‌ ئه‌م زیندانیانه‌ له‌نێو ئه‌م هه‌قیقه‌ته‌دا كه‌ ئه‌گه‌ر تاڵیش بێت، هه‌ر بۆی شیرینه‌، خۆشخه‌یاڵتره‌، چونكه‌ مه‌حكوومه‌ به‌ خۆده‌ستبه‌سه‌ریی، به‌وه‌ی كه‌ زانینێكی هه‌یه‌ كه‌ قه‌ده‌ریه‌تی‌ له‌ زینداندا بژێت. هه‌ر بۆیه‌شه‌ ئه‌م سووپه‌رمانه‌ له‌وه‌ها كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا ده‌بێته‌ بووكه‌ڵه‌، هه‌رچه‌ند ئه‌گه‌ر هه‌ور بگوشێت و برووسكه‌ش بهاوێژێت، ئه‌وه‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی وشك هه‌یه‌ و هیچ دڵۆپێك نابارێت، هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر بیبه‌ستینه‌وه‌ به‌ كورده‌وه‌، ئه‌گه‌رنا ئه‌م ڕه‌شبینییه‌ گشتییه‌ و تایبه‌ت نه‌كراوه‌ به‌ كورد، به‌ڵام ئێمه‌ ده‌توانین ده‌رك به‌وه‌ بكه‌ین، كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی داڕووخاو، ملكه‌چبووی نێو خوڕافیات و وه‌همه‌، ده‌ستبه‌سه‌ره‌ به‌ وه‌هم و دابونه‌ریت.

“له‌ قاوه‌خانه‌كان…
به‌ ڕه‌حه‌تی قاوه‌ ده‌ڕژێننه‌ ده‌می پێكه‌نینه‌وه‌،
نه‌وه‌ك بخه‌وێت:
ده‌یخواته‌وه‌ و هێڵنج ده‌دات
سووپه‌رمان، په‌تۆیه‌كی پێدا ده‌دات.
له‌ناو جامخانه‌ شكاوه‌كه‌ ده‌نیشێته‌وه‌،
پارچه‌شووشه‌یه‌ك هه‌ڵده‌گرێ
قۆڵی هه‌ڵده‌كات، ده‌ماری نییه‌.” (هه‌مان: 20)
ئه‌وه‌تا به‌ ڕه‌حه‌تیی قاوه‌ ده‌ڕژێننه‌ ده‌می پێكه‌نینه‌وه‌، كه‌ نه‌خه‌وێت، كه‌چی هێڵنج ده‌دات، پێكه‌نینیش نه‌ك سارد و وشك، به‌ڵكوو سووپه‌رمانیش ده‌سته‌وه‌ستان ده‌بێت، قۆلی خۆی بۆ خۆكوژیی هه‌ڵده‌كات، به‌ڵام چیبكات، سووپه‌رمانه‌كه‌مان بووكه‌ڵه‌یه‌ك زیاتر نییه‌ تا ده‌ماری هه‌بن.

ماویه‌تی…




گوتاری شیعری لای (د. وریا عومەر ئەمین)… غازی حەسەن

ناونیشانی لێکۆڵینەوە (گوتاری شیعریی الی د. وریا عومەر ئەمین).
ڕێبازی لێکۆڵینەوە
شیکردنەوەیەکی وەسفییە، گوتاری دەقی شیعری شی دەکاتەوە. ئەم لێکۆڵینەوەیە
هەولێکە بۆ بەستنەوەی زمان و دەق و گوتار بەیەکەوە.
بایەخی ئەم لێکۆڵینەوە لەوەدایە لایەنێکی پراکتیکی شیکردنەوەی دەقی شیعریی و
چۆنیەتی بەرهەمهێنانی گوتاری شیعریی بەرجەستە دەکات و کار لەسەر ئەرکی زمان
لەبەرهەمهێنانی دەق و گوتاری شیعریی دەکات.

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن…




رۆشنبیری کورد لە ناو دوکەڵ و ئاگردا.. ئیدریس مستەفا

نوسینێک لەسەر رۆمانی “کچانی دوکەڵ و ئاگر”ی ئاڤا هۆما

“زمان و شیوازی نوسین و ئاستی وێژەیی ئەو شتانەن کە ئارایشتی رۆمان دەکەن، بەڵام ئەو تێگەیشتن و چەمک و دەستەواژانەی لە سەر گرفت و کێشە و رووداوەکان دەردەبڕدرێن کرۆکی رۆمان پێکدەهێنن.”

ساڵی ٢٠٢٠، کاتێک رۆمانی “کچانی دوکەڵ و ئاگر”ی ئاڤا هۆما بڵاوبۆیەوە یەکسەر کڕیم و وەک هەر کوردێکی تر خۆشحاڵ بووم کە کجە کوردێک بە زمانی ئینگلیزی رۆمانێکی لەسەر کورد نووسیوە. دوای ئەوەی خوێندمەوە هەندێ تێبینی و رەخنەم لە لا دروست بوون. هەر ئەو دەم ویستم شتێکی لەسەر بنوسم بەڵام وازم لێهێنا و گوتم با پەلەی لێنەکەم و بە کاوەخۆ جارێکی تر دەیخوێنمەوە. دیارە لێرەدا بە هیچ شیوەیەک مەبەستم شکاندنی نوسەر یاخود رۆمانەکەی نیە بەڵکو وەک خوێنەرێک ئەوەی بەرچآوم کەوتووە و جیگەی رەخنەمە ئەوەم نوسیوە و بەس. ئەم رۆمانە دوای ماوەیەک وەرگێڕدرایە سەر زمانی کوردی و لە نێو خوێنەران و چاپەمەنی کوردیدا پێشوازیەکی بێ ئەندازەی لێکرا کە تا ئیستاش ستایش کردنی بەردەوامە لە لایەن میدیا و نوسەرانی فەیسبوک و هەندێ کەسانی سیاسی و چەند قەڵەم بەدەستێکی ترەوە. هەر ئەو پێشوازی و ستایشە بێ وێنەیە وەهای لێکردم کە دەبێ جارێکی دیکە بیخوێنمەوە بەڵام ئەمجارە دەبێ بە کوردی کردنەکەی بخوێنمەوە ئینجا بە تەواوی قسەی خۆمی لەسەر بکەم. لێرەدا دەمەوێ زۆر سوپاسی کاک شەفیقی حاجی خدر وەرگێڕی کوردی رۆمانەکە بکەم کە توانیتی بە زوویی بیگەێنێتە دەستم چونکە بەهۆی دووریەوە زەحمەت بوو لەو ماوەیەدا بە دەست من بگات کە دەمویست.

پێشبار: دەمەوێ ئاماژە بەوەبدەم کە رۆمانەکە چونکە لەسەر رووداوێکی سیاسی و بابەگەلێکی سیاسی ترە بۆیە نوسینەکەی منیش زۆرتر سیاسی-ئەدەبیە وەک لەوەی بە تەنها ئەدەبی بێ وبەس. میدیا و چاپەمەنی و بەشێکی لە خوێنەران و رۆشنبیران پێشوازیەکی لەم رۆمانە کرد و ستایشێکی بێ وێنەیان پیاهەڵدا بەو رادەیەی کە بە شاکار و سەفیری ئەدەبی کوردی ناوبرا لە دەرەوەی وڵات. ئەمە بۆخۆی بەڵگەی نەبوونی هزرێکی رەخنەگرانەیە لە نیوەندی رۆشنبیری کوردیدا چونکە کاتێک بە وردی ئەو رۆمانە دەخوێنیتەوە تێدەگەی بیری نوسەری ئەو کتێبە قوڵ نیە و رووکەشیانە لەسەر چەندان بابەتی سیاسی و رۆژگاری رابردوو و ئیستە دەدوێ. تەنانەت کاتێک ناونیشانی رۆمانەکە و بەرگەکەی دەبینی و بە تەواوی لە خوێندنەوەی دەبیتەوە ئەو پرسیارەت لە لا دروست دەبێ ئایا ئەم رۆمانە شایەنی ئەو هەموو پیاهەڵدان و پێشوازیە بوو؟ بۆ من و بۆ زۆریک و بگرە بۆ ئەوانەشی کە ستایشیان کردووە ئەو پرسیارە دەبێ بکرێ ئایا ئەو رۆمانە گەر بە زمانی ئینگلیزی نەنوسرایە و نوسەرەکەی ژن نەبوایە ئایا ئەو بایەخەی پی دەدرا؟ هزری رەخنەگرانە نابێ گوێ بە جێندەری نوسەر یاخود لە ژیر ناوی فیمینیزم و دەرکەوتنی خامەی ژنانی نووسەر لە نیو ئەدەبیاتی کوردیدا ئەو خەوش و تێگەیشتنە رووکەشیانە نەبینێت کە لەو رۆماەندا هەیە. مەسەلەی فیمینیزم لەوەدا نیە ژن نوسەر بێ بەلکو لە بەرهەمەکەدایە، ئاخۆ ئەو بەرهەمە چەند و چۆن لە ژن و مەسەلەی ژن دەڕوانێ جا نوسەر مێ بێ یان نێر، هەر ئەمەش کرۆکی فیمینیزمە. بابەتەکەی نێوی ئەو رۆمانە رەنگ بێ بۆ خوێنەری رۆژئاوایی شتێکی نوێ بێت بەڵام بۆ خوێنەری کورد ئەوەندە هەناو سووتێن نیە نەک لەبەر ئەوەی رووداوەکانی ناوی گرنگ نین بەڵکو هەر یەک لە ئێمەی کورد یان لە ناو بابەتی ناخهەژێنتردا بووینە یاخود لەبەرچاومان روویداوە یان بەلایەنی کەمەوە بیستومانەوە و دەستوپەنجەمان لەگەڵدا نەرمکردووە. لە لایەکی ترەوە، ئەو رۆمانە رۆچووە لە هەندێ بابەتدا کە تەواوی بەرهەمەکە دەخاتە ژێر مەنگەنەی رەخنەگەلێکەوە کە ئەستەمە ئەو رۆمانە شایەنی ئەو لایەق پیدانە بێت.

“نەوەی میللەتانی سەرکوتکراو مۆراڵیان خراپ دەبێت.” ئیبن خەلدون
ئێمەی کورد لە لایەنێکی زۆریدا دەکەوینە بەر ئەو تئیۆریە گرنگەی ئیبن خەلدونەوە. ئەو تیۆریانە دروستن کە یاخی بوون و راپەڕین و شؤڕش بە یەکێک لە تایبەتمەندێتیەکانی میللەتی ژێر دەست دادەنێن، بەڵام کاتێک ئەو یاخی بوون و شؤڕشە نەیانگەێنێت بە ئاسۆی خۆی بەهەر هۆیەکەوە بێت ئەوا ئەو میللەتە هەر بە ژێر دەستەیی دەمێنێتەوە. لەو پرۆسە دوودرێژە ژێردەستەییەدا ئیرادەەیەکی ئەوتۆی سەربەخۆی خۆی نامێنێ و بواری هەر داهێنانێکی خودی خۆی لە دەست دەدا و بۆ ئەوەی بگات بە ئاستێک بەوانی تر دەبێ وەک ئەوان بکات و چاوی لەو رێگایانە بێت ئەوان ئاویان پێدا رشتووە. پێی وایە میللەتی سەردەست لە خۆیان لە پێشترن گەر بیەوێ بە لای هەر داهێنان و عەقڵ و کارێکی بەرهەمهێنانەدا بەتایبەت فەرهەنگی و ئەدەبیدا بچێ ئەوا زۆرتر لاسایی میللەتی سەردەست دەکاتەوە.
دیارە ئەمە بەو مانایە نیە کە نەوەی میللەتی ژێر دەست ئەوە چارەنوسەکەیەتی و ئیدی ئەوە حەتمیە، نا، بەڵکو داهێنان هەولدان و ماندووبوون و شەیدایی دەوێ و بەشێکی زۆر لە نەوە بن دەستەکان دەیانەوێ بگەن بە پلەیەک لە ناوبانگ دەرکردن وەک ئەوانی سەردەست و لەم راستایەشەوە لاسایی کردنەوە بەڵام بە چەندان شێوازی فێڵاوی و زۆرزانیانە جێگەی کاری داهێنانی خودی یان خۆماڵیانە دەگرێتەوە و ئەوەی لەو نێوەدا چانس بەم دەرکەوتوانە دەدات خوێنەری ئاست نزم و کەم ئەزمون و نارۆشنبیری میللەتە بن دەستەکەیە کە ئەوانیش وەک تینویەک بۆ قومێک ئاو حەز دەکەن نوسەرەکانیان ناوبانگ دەربکا و بەرهەمەکانیان وەربگێدرێتە سەر زمانانی تر و بە هەر نرخێک بێت دەستی پیوە دەگرن لەگەڵ ئەوەی هەندێکیان بشزانن ئەوانە زۆرتر نوسەری کۆپی و نەقڵن وەک لە داهێنان.
کاتێک فارس و تورک و عەرەب لە ژیر کاریگەری فەرهەنگ و کەلتوری رۆژئاوادابن ئاخۆ کورد دەبێ لە ج دۆخێکی لاسایی کردنەوەدا بیت. لەم سۆنگەیەوە هەم نوسەر و هەم نێوەندەکەش مۆراڵیان تێکدەچێ و لاسایی کردنەوەی ئەوانی دی بە گرنگ و گەورە دەزانن. دیارە لێرەدا باس لە کاریگەری ناکەم چونکە کاریگەری داهینانەکان بەرهەم دەهێنێ؛ بەلکو باس لە لاسایی کردنەوە دەکەم ئەویش وەک وشەیەک و مانایەکی ئاسایی نا بەڵکو وەک چەمکێک کە داهێنان دەگۆڕدرێ بە نەقڵ، مۆراڵ و شتەکانی ئەوانی دی بە بەرز و گرنگ و خۆتیش بە نزم و کەم بایەخ تەماشا بکەی. لێرەدا داهێنان لە بواری ئەدەبیدا کەمتر بوونی دەبێ و کۆپی و نەقڵکردن دەبێتە خووی ئەدەبی. زۆربەی بەشەکانی ئەم نوسینەم لەبەر رەنگدانەوەی ئەم تئیۆرییەی ئیبن خەلدونە.

پەنابردن بۆ ستایشی نوسەرانی دی
لە پشتی بەرگی رۆمانەکەی ئاڤا هومادا هەندێ کەسانی دیاری دنیای ئەکادیمی و سیاسی کوردی و فارسی و ئینگلیزی ستایشی بەرهەمەکەیان کردووە. نوسینی کورتە پەرەگرافێک یاخود چەند دێڕێک لە لایەن کەسانێکی دیارەوە لەسەر بەرگی دواوی کتێبێک یاخود لە لاپەرەکانی ئەوەڵی کتێبێک تارادەیەک باوە لە نێوەندە سیاسی و رۆشنبیریەکاندا بەڵام لەسەر رۆمان کەمتر ئەو عادەتە هەیە بەتایبەتی رۆمانێک کە بە شاکار ناوببرێ زۆر پێویستی بەوانی تر نیە لە بەرگەکەی شتی لەسەر بنوسن. مەبەستەکەش سێ هۆکارە: یەکێکیان بە نرخی بەرهەمەکە؛ دووەمیان تێگەیشتنی تیژپەڕیانە بۆ ئەو کتێبە و زۆر جاران بەهۆی شتێکی ئاوهاوە خوێنەر بڕیار لەسەر کڕینی کتێبەکە دەدات؛ لێرەوە ئێمە دەچین بۆ هۆکاری سێهەم کە مەبەست لە نوسینی کەسێکی ناودار لەسەر بەرگی کتیبەکە فرۆشیاری زیاتری بە دوادا دێت. ئەم ئەخلاقیاتە زیاتر لە خاوەن چاپەمەنی و کتێبفرۆشە جیهانیەکانەوە برەوی پێدراوە بەڵام لە نێو کۆمەڵگەیەکی وەک ئێمەدا تەنها مەبەست لێی خۆدەرخستن و خۆهەڵکێشانە. پەنابردن بۆ ئەوەی نوسەرانی ناودار یاخود ناوی دونیای سیاست بهێنی و شایەدی لەسەر باشی رۆمانەکەی بدەن بەوەی دوو سێ دێڕیکت بۆ بنوسن، بە رواڵەت دیارە شتێکی گرنگ بێت بەڵام لە ناوەڕۆکدا مانایەکی پێچەوانە تری دەبێ. متمانە بەخشین بە رۆمانەکەت لە رێگەی کەسانی دیکەوە بەڵکو قورساییەک ببەخشێ بە کتێبەکە و خوێنەرانێش پێی سەرسام بن جۆرێکە لە گرفتی مۆراڵی نوسین. تەکلیفکردن لە کەسانی ناودار بەوەی شتێک لەسەر دوا پەرەی بەرگی کتێبەکەت بنوسن و ئینجا بڵاوبکرێتەوە ئەوە هەمان ئەو زەلیلیە کە ئیبن خەلدون دەیڵی و من ئیقتیباسی ئەوەی لێدەکەم کە نەوەی بندەست ئەوەندەی بە دوای ناودەرکردنەوەیە ئەوەندە بە دوای داهێنانەوە یاخود بەرهەمێکی دانسقەوە نیە. ئەگەرنا ، کتێبی باش خۆی باڵ دەگرێ و پیویستی بە دەستەکانی تر نیە بچنە ژێر باڵی بۆ فڕین. تەنها ئەو بەرهەمانە بە دوای هەڵکێشان و ستایشەوەن کە گومانی داهێنانی لێدەکرێت وەک ئەوەی لەم پەرەگرافەی دادێ ئاماژەی پێ دەدەم.

کچانی دوکەڵ و ئاگر یان کچانی دوکەڵ و ئێسکوپروسک
ساڵی ٢٠١١ ژنە نوسەری ئەمریکی، لەینی تایلۆر، رۆمانێکی نوسی بە ناوی “کچی دوکەڵ و ئێسکوپروسک.” کچانی دوکەڵ و ئیسکوپروسک رۆمانێکی سێیینەیە کە بەرگی دووەمی ساڵی ٢٠١٢ و بەرگی سێیەمی ساڵی ٢٠١٤ بڵاوبۆیەوە. بڕیاربوو بکرێ بە فیلم بەڵام تاکو ئێستا ئەو پرۆژەیە هەر وا ماوەتەوە. بەهەرحاڵ، رۆمانی خانمە ئەمریکیە: وەکو شوێن ئەو رۆمانە لە هەمان وڵات و کیشوەر بڵاوبۆتەوە کە ئاڤا هۆمای لێدەژی؛ بە هەمان زمان کە ئینگلیزیە نوسراوە؛ و لە هەمان ئەو ساڵەدا هاتۆتە پەخش کردن کە ئاڤا هۆما دەست دەکات بە نوسینی رۆمانەکەی چونکە وەک خۆی لە جاوپێکەوتنێکی دەنگی ئەمریکادا دەڵێ دە سال بەو رۆمانەوە خەریک بووە هەرچەندە رۆژئاڤا کە روحی رومانەکە و تایتڵ و وێنەی بەرگەکەی و پاڵەوانی سەرەکیەکانی بەو هەوایە دەژین کە لە دەلاقەی ئەویوە دیت، ئەو کاتە بوونی نەبووە کە ئاڤا هۆما دەستی بە نوسینی رۆمانەکەی کردووە. خوێندەوەی ئەو رۆمانەی خاتوو لەینی تایلۆر لە لایەن حاڤا هۆماوە شتێکی حاشا هەڵنەگرە چونکە هەمان دونیای ئەدەبی و رۆمانە و لە هەمووشی گرنگتر ژنە نوسەرێکە کە ئاڤا هۆما باش ئاگای لە نوسەرە ژنەکانی ئەمریکا و کەنەدا هەیە. من خوێنەرێک و چاودێرێکی ئاسایی دونیای چیرۆک و ئەدەبم کە دەزانم رۆمانێکی ئاوها بەو شێوەیە هەیە، تۆ بڵێی ئاڤا هۆما کە خۆی لە نیوەندەکەدایە، وەک کورد دەڵێن خۆی لە ناو ئاشەکەدایە، ئاگای لەو رۆمانە و ساڵەکەی و ناوەکەی و سکێچیەکانی ناوەوەی نەبێت؟

رۆمانی کچانی دوکەڵ و ئێسکوپروسک سەر بە ژانرێکی ئەدەبی فانتازیایە کە رووداوەکانی لەسەر خەیاڵ بونیاد نراوە و کاراکتەرەکانیشی خەیاڵین و زۆرتر لە چیرۆک و ئەفسانەی خەیاڵی یاخود خەیاڵی زانستی ئێستە دەچن. سەرباری جیاوازی ژانرە ئەدەبیەکە کەچی سکێچیە سەرەکیەکان و تایتڵ و تەنانەت ناوی کاراکتەریش رەنگی داوەتەوە لە رۆمانەکەی ئاڤا هۆمادا. رووداوەکانی ناو رۆمانە ئەمریکیەکە بریتین لە هەمان کێشمەکێش و شەڕ و ململانێیانەی کە لە رۆمانەکەی ئاڤا هۆمادا دەچنە پێشەوە بەڵام مرۆڤ لە لایەک و بونەوەری جانەوەر ئاسا و فریشتە لە لایەکی تر. کاراکتەرەکان لە یەک دەوربەری تەمەندا دەسوڕێنەوە. یەکێک لە پاڵەوانەکانی رۆمانی “کچی دوکەڵ و ئێسکوپروسک” ناوی کارۆیە و حەڤدە ساڵە و خوێندکارە لە بواری هونەردا و خولیای هونەریی هەیە بەڵام دەکەوێتە نیو گێژاوی شەڕ و هەراوە. بە هەمان شێوە لە رۆمانەکەی ئاڤا هۆمادا خولیای پاڵەوان بواری هونەریە ، و یەکێک لە پاڵەوانە سەرەکیەکانیش ناوی کارۆیە. هەڵوێستەکە لێرەدایە: ناونیشان هەمان ناونیشان، رووداوەکان لەیەکچوون، خولیا کان هەمان خولیان و بگرە ناوی پاڵەوانیش یەکە و رۆمانی کچانی دوکەڵ و ئێسکوپروسک دە ساڵ پێش ئێستا نوسراوە و رۆمانی کچانی دوکەڵ و ئاگریش وەک نوسەر خۆی دەڵێ دە ساڵی پێچووە تاکو نوسینەکەی تەواو بووە واتە ئاڤا هۆما لەو سالەوە دەستی بە نوسینی (کچانی دوکەڵ و ئاگر) کردووە کە رۆمانەکەی لەینی تایلۆر(کچانی دوکەڵ و ئێسکوپروسک)ی تێدا نوسراوە، زمان هەمان زمانی ئینگلیزی و وڵات هەمان وڵات. پرسیار ئەمەیە: ئایا ئەمە گەر نەقڵ و کۆپی کردنی بەرهەمی کەسێکی تر نەبێ ئەی چیە؟ خۆزگە بمتوانیابەیە بوارێک یاخود چوارچێوەیەک بدۆزمەوە بۆ بەراوردکاریەک و تا لەوێوە بە تئۆری ئەدەبی بەراوردکاری شتیکی لەسەر بڵێین بەڵام نەوەی میللەتی سەرکوتکراو هەرچەندە ئەو نەوەیە لە دەرەوە بژی هێندەی بە دوای لاسایی کردنەوە و هەڵگرتنەوەی شتی ئەوانی دی دایە ئەوەندە بە دوای داهێنانی خۆیەوە نیە. دیارە ئەم نەخۆشیە زۆرێک لە رۆماننوسەکانی ئێمەی گرتۆتەوە و لێرەدا نامەوێ ناویان بهێنم ، بەڵام نەوەی نوێ چ لە کوردستان و چ لە دەرەوە بە تایبەتر ئەوانەی لە جیهانیێکی ئازادی دوور لە ژیان و چەمکی بندەستی و سەردەستی لە دایک دەبن یاخود گەورەدەبن دەبی ئاسان لەوە تێبگەن کە هەوڵدان و شەیدا بوون بۆ نوسینی داهێنەرانە و کەسێتیەکی ئەدەبی تەنها رێگەیە بۆ لە دایک بوونی بەرهەمی راستەقینەی خۆیان و شکاندنی ئەو کەمەربەندیە تئیۆریەی ئیبن خەلدون.

تێکشکانی دیالەکتیک لە ناوهێنانی رۆمانەکەدا
هەور دروست دەبێ، گرمە و هەورە تریشقە پەیدا دەبێ ئینجا باران دەبارێ. ئەم پلە یەک لە دوای یەکانە دیالەکتیکی سروشتیانەی پرۆسەی چۆنێتی باران بارینە بۆیە گەر کەسێک بیەوێ بڵی باران پێش هەورە گرمە دێت ئەوا پێچەوانەی یاسا زانستی فیزیکی سروشت قسەدەکات کە بێ شک ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە. کاتێک خانمە ئەمریکیەکە ناوی رۆمانەکەی خۆی دەنێ کچانی دوکەڵ و ئیسکوپروسک لەو یاسا دیالەکتیکیە تێدەگات کە دوکەڵ دووەم هەنگاوی دوای ئاگرە و ئیسکوپروسکیش سێیەم هەنگاوی ئەو یاسا فیزیکیەیە. واتە ئاگر دەکەوێتەوە و دواتر دوکەڵی لێ پەیدا دەبێ و ئیسکوپروسکەیش ئەنجامی ئاگرودوکەڵەکەن. بەڵام، ئاڤا هۆما چونکە تایتڵی رۆمانەکەی هەڵگرتۆتەوە و ویستویەتی جەمالیەتێک بە ناوی رۆمانەکەی بدات بە بێ ئەوەی ئاگای لەوە بێت کە دیالەکتیکی سروشتی تێکشکاندووە لە ناوهێنانی رۆمانەکەیدا (دوکەڵ و ئاگر) بەوەی دوکەڵی پێش ئاگر خستووە لە کاتێکد ئاگر ئینجا دوکەڵ، هەر کات ئاگر کوژایەوە دوکەڵی لێ پەیدادەبێ.

ناکۆکی تایتڵ و بەرگ لەگەڵ ناوەڕۆکدا
کاتێک خوێنەر ناونیشانی رۆمانەکە و پۆستەری سەر بەرگەکەی دەبینی راستەوخۆ هزر و هەستی بۆە ئەوە دەجێ کە ئەم بەرهەمە چیرۆکی کچان و ژنانی شەڕڤانانی رۆژئاڤایە لە کاتێکدا زەمینەی هەموو رووداوەکان ئێران و کەنەدایە و بۆ چرکەیەکیش و بستێک چیە لە زەمینەی ئەو رۆمانە نە لە رۆژئاڤا و نە لە قەندیل و نە لە هەرێمی کوردستانە و سێ لەسەر چواری شوێن لە رۆمانەکەدا ئێران و بەشەکەی تری کەنەدایە وەک شوێن. بەرگە کوردیەکەی وێنەی ئافرەتێکی جلک لەبەر کوردی چەک بە دەستە و بەرگە ئینگلیزکەشی، کە من هەمە، ئافرەتێک و وێنەی شاری خاپورکراوی کۆبانی تێدا نەخشینراوە، ئەم دوو شتە یەکسەر بۆ کێشەی رۆژئاڤا و نەبەردی کچان و ژنانی رۆژئاڤا نیشان دەدایت دژ بە هێزی چەکدارانی داعشی ئیسلامی. مەبەست لە پشت ئەم تایتڵ و بەرگەوە ئەوەیە کە خوێنەر رابکێشێ بەلای خۆیدا بە تایەبت خوێنەری ئینگلیزی چونکە شەڕی کچانی رۆژئاڤا بەرامبەر داعش دەنگدانەوەیەکی جیهانی لێکەوتەوە کە هاوسۆزی و پشتیوانیەکی بێ وێنەی جیهانی بە دوای خۆیدا بەدوای خۆیدا هێنا. وەک پێشتر ئاماژەم پێدا ناوەڕۆکی ئەو رۆمانە پێچوانەیە لەگەڵ تایتڵ و بەرگەکەیدا چونکە خوێەنر چاوەڕ ئەوەیە کە سەرگوزشتەی کۆمەڵی کچی مەیدانی جەنگی رۆژئاڤا و ئەو زەمینە و دیمەنە ئاگر و دوکەڵاویەی کە جیهان رۆژانە دەیانبینی لە شاشەی تەلەفزیۆنەکان و تۆڕە کۆمەڵایتیە جیهانیەکانەوە. لە ناو رۆمانەکەدا باس لە خۆسووتاندنی کچان و ژنان دەکات بەڵام ئەوە دیاردەیەکە کە لە ناو کۆمەڵگەی ئێرانی و کوردستانی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاسیشدا هەیە و لە رۆمانەکەشدا وەک کێشەی سەرەکی رۆمانەکە باس نەکراوە بۆیە ناتوانرێ ئەو خالە بکرێتە ناوونانیشانی کتێبەکە.
ناولێنانی لەم شێوەیە هەر لە دوورەوە پەیامێکی نەرێیی دەنێرێ سەبارەت بەوەی وڵاتانی وەک ئێمە و مانان هەمووی شەڕ و ئاژاواەیە بەتایبەت زەمینەی رووداوەکان لە ئێرانە چونکە بۆ خوینەری دەرەوە یاخود ئینگلیز یەک قازانجێکی تێدایە کە رووداوەکە لە ئێران روودەدا و ئێرانیش وڵاتێکی نابود بووە لەسەر ئاستی جیهانی رۆژئاوا و چ خوێنەر و چ ئەکادیمیستی دەرەوەش ئەوەی لە راگەیاندنی وڵاتەکەیەوە وەریگرتووە و سیاسەتی ولاتەکەیان چیە سەبارەت بە ئێران کە چەندە وڵاتێکی دڕەندەیە دژ بە ژن و دیموکراسی و مافی مرۆڤ جا هەر بابەتێک لەم بارەیەوە جێگەی پێشوازیەکی گەرم دەبێت. لە بەشەکانی تردا ئاماژەی زیاتر بەم خاڵە دەدەم. خاڵیکی تر هەر سەبارەت بە بەرگی کتێبەکە ئەوەیە کە زۆرتر سەبارەت بە شلێری کاراکتەرە کە پاڵەوانێکی پلە خوارەوەی ناو رۆمانەکەیە و دەبێتە شەڕوانێکی رۆژئاڤا و جار ناجاری ناوی دەهێنرێ ئەگەرنا، لەیلا پاڵەوانی سەرەکی رۆمانەکە و پنتی سەرەکی هەموو رووداوەکانە.

بەرهەمی ئەدەبی یان گوتاری سیاسی
یەکێک لەو خاسیەتانەی رۆمانی پێ دەناسرێتەوە خاڵی بوونێتی لەوەی بە راستەوخۆ بە زمانێکی سیاسیانە قسان بکات. ئەم رۆمانە بە گشتی و بە دیاریکراوی لە چەند شوێنێکدا لە زمانی نوسەرەوە نەک گفتوگۆکانی نێوان کاراکتەرەکانەوە گوتاری سیاسی لاگیری دەدات کە بۆخۆی ماکی رۆمان بوون کاڵ دەکاتەوە و دەجێتە سەنگەری نوسینەوەی گوتاری سیاسی. بۆ نموونە نوسەر دەبێ کامێرەوانێک بێ و تەناه وینەکان بگرێ و بگوازێتەوە بۆ خوێنەر نەک بە پێناسەی سیاسی بدات لەسەر شتەکان. دیارە کامیروانێکی کورد جیاوازی هەیە لەگەڵ کامیرەوانێکی رژێم چونکە کامێراکوردەکە لایەنە کوردەواریەکە و پەلامار و سەرکوتەکە نیشان دەدات و ئەم راگواستنەوەیە بۆخۆی شتەکان بە خوێنەر دەڵێ بێ ئەوەی هیچ رایەک و وەسفێکی سیاسی بدەیت لەسەر کەس و رژێم و رووداوەکان ئەگەرنا ئەوا لە شەوق و زەوقی چیرۆک نوسین کەم دەکاتەوە. بەکارهێنانی دەستەواژەی وەک (پاسداری ریش پیس) هیچ زەروور نیە چونکە خودی وشەی پاسدار مانای سەرکوت و پەلامار و شەڕ دەگەێنێ. بەردەوام دەبێت لەم دەسەتەواژانە و دەڵێ، لا٤٦٤، “ئاخر دەمەویست بە شکۆوە بمرم نەوەک دەستی هەیتەیەکی پیسی کۆماری ئیسلامی یان دزێک.” کەچی لە لایەکی تر، لا ١٩٢، گلەییان لێدەکات بەوەی بێ رەحمن، وەک ئەوەی هەستی رەحمیان هەبووبێ، کە تەواو تامی وێژە لە دەقەکەدا نامێنێ “هەر لە گۆترەش پاسدارە بێڕەحمەکانی ئێرانی تەقەیان.” لە لاپەرە ١٧٧ دەڵێ “پاسدار بە پاڵپشتی تانک و فڕۆکەوە کوشتاریان لە کورد کرد. کورد بە تەنیا مایەوە، لە سەر ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتی فەرامۆش کرا.” ئەمە جگە لە بەیاننامەیەکی سیاسی پارتێک هیچ مۆرکێکی ئەدەبی پێوە نیە. لە گوتاری سیاسی لە دژە رژێمەوە دەگۆڕدرێ بە بزواندنی هەستی نەتەوەیی کاتێک لە لا پەڕە ٣٩٣دا دەلێ “ڕۆژێکیش دێ دزەکان دیواری زیندانەکە دەڕوخێنن و قوتابییەکانیش ڕێگەیان دەدرێ بە ئاشکرا مێژووی کورد بخوێنن. لەیلاش بەهێز دەبێ.” لە یەک دوو شوێنی تریشدا، وەک سرودی ئەی رەقیب، کار لەسەر بزواندنی ئەم هەستە نەتەوەییە دەکات کە لە دونیای ئێستادا و لە گوتاری نەتەوەییشدا بە گشتی و لە باشوری کوردستان بە تایبەتی لە ژێر پرسیار و مەنگەنەی فەنابووندایە. نوسەر ئەوەندە ئەم خاڵەی بۆ گرنگە سرودی ئەی رەقیبی بە کوردی لاتینی نوسیوە لە ناو دەقە ئینگلیزیەکەدا کە ئەمە مانای سووربوونی ئەوە لەسەر ئەو گوتار و بزواندنی هەستە نەتەوەییە کە لە مانای وێژەیی بەرهەمەکەی کەم کردۆتەوە ئەمە جگە لەوەی ئاست نزمی هزری ناو رۆمانەکە دەگەێنێ. بەڵام لە بەشەکانی تردا ئەم گوتارە سیاسیە نەتەوەیی نیشتمانیەی ئیهمال, وێڵ, دەکات و ئەو بزواندنی هەستە نەتەوەییە دەکات بە قوربانی بزواندنی هەستێکی تر لە وڵاتێکی تر کاتێک دیمەنی سروشتی و خانوو و شەقام و ئاستە تەکنۆلۆجیەکەی دەبینێ.

ئایا ئێمە نەتەوەیەکی ژنکوژین؟
لە لاپەڕە (١٧١)دا دەڵێت “”من و تۆ قوربانیی دەستی شێتایەتیی نەتەوەیەکین، کە سزای ژنایەتی و هونەر دەدا و ڕێزیش لە دز و بکوژان دەگرێت.” لێرەدا گەر بیوتایە ئێمە قوربانی دەستی شێتایەتی رژێمێکین یان حوکمەتێکن ئەوە دیاریکراو بوو کە مەبەستەکە ئاماژە پێکراوە بەڵام کە دەلێت ئێمە قوربانی دەستی شێتایەتی نەتەوەیەکین ئەوە بە واتای نەتەوەی کورد دێت. گەر مەبەستەکە نەتەوەی فارسیش بێت ئەوا هیچ جیاوازیەک ناکات چونکە فەرهەنگ و کەلتوری نەتەوەی کورد و فارس نزیکن لەیەکەوە بۆ ئافرەت و مەسەلەی ئافرەت بوون. لە کۆپیە ئینلیزیەکەشدا سەیری ئەو وشەیەم کرد هەر ریک وشەی نەتەوەی داناوە. پێش ئەوەی لەسەر ئەم دێرە قسە بکەین ئەم پێشبارە پێویستە بۆ باشتر تێگەیشتن لە مەبەستەکەمان.
پیاوسالاری بیری باوی ناو هەموو کۆمەڵگەیەکە هەر لە رۆژهەڵاتەوە تاکو رۆژئاوا، بەڵام ئاستی ئەو پیاوسالاریە و ئەو یاسا و رێسیانەی لە وڵاتەکاندا چەند و چۆنە ئەوە رێژەکەی لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵەگەیەکی تر دەگۆڕێت. نەتەوەی کورد و هەر نەتەوەیەکی تر نەتەوەیەکی ژنکوژ نیە و وەک هەر کۆمەڵگەیەکی تری دنیا پیاوسالاری و مەیلی کۆنەپەرستی تێدا هەیە بەڵام ئەوە هێزە سیاسی و ئادیۆلۆجیەکانن کە دیاردەی کوشتن دەبەنە رێژەیەکی باڵا و ترسناک. هیزە کوردیەکان چ لە شاخ و چ لە شار ئەو پیاوسالاری و کۆنەپەرستیەیان بەرجەستە کرد لە سیاسەتی خۆیاندا بۆ بەرژەوەندیە سیاسی و حزبیەکانی خۆیان. نەتەوەی کورد و هەر نەتەوەیەکی تر نەتەوەیەکی ژنکوژ نیە و وەک هەر کۆمەڵگەیەکی تری دنیا پیاوسالاری و مەیلی کۆنەپەرستی تێدا هەیە بەڵام ئەوە هێزە سیاسی و ئادیۆلۆجیەکانن کە دیاردەی کوشتن دەبەنە رێژەیەکی باڵا و ترسناک. هیزە کوردیەکان چ لە شاخ و چ لە شار ئەو پیاوسالاری و کۆنەپەرستیەیان بەرجەستە کرد لە سیاسەتی خۆیاندا بۆ بەرژەوەندیە سیاسی و حزبیەکانی خۆیان. هێزە سیاسیە کوردیەکانی هەرێم چ ئەوسا و چ ئێستاش بەکارهێنانی ژن و رسواکردنیان و تەنانەت کوشتنی ژنیان لە پێناو سوڵحێکی عەشایەریدا یاخود بۆ بەرژەوەندیە سیاسی و حزبی و شەخسی خۆیان ئەنجامدەدا.

کۆمەڵگە رۆژئاواییەکان کە نموونەی بەرجەستەی مافەکانی ئافرەتان و ئازادیە شەخسیەکانن لە دونیای ئێستای ئێمەدا، پیاوسالاری تێیدا زاڵە لە هەندێ ئاستی فەرهەنگی و سەکسی و سیاسیشدا. ژنان کە مێرد دەکەن راستەوخۆ ناوی سێیەم یاخود لەقەبی مێردەکانیان دەکرێ بە ناویانەوە هەرچەندە کەسەکان ئازادن لەوەی ئەمە رەت بکەنەوە و ناوی خۆیان بەکاربهێنن بەڵام مەسەلەی موڵکایەتی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاینی زۆرتر بە لایەنی یەکەمدا دەیشکێنێتەوە. ژنان کەمترین بەختیان هەیە بۆ بوون بە سەرۆک کۆمار یاخود سەرک وەزیران بە تایبەت لە کیشوەری ئەمریکای باکور (کەنەدا و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا) خودی ئۆڤا هۆما لەوێ دەژی. بە درێژایی مێژووی ئەو دوو وڵاتە تاکو ئەم ساتەی من ئەم نوسینەی تیدا دەنوسم یەک ئافرەت نە لە ئەمریکا بووە بە سەرۆک و نە لە کەنەداش بوونە بە سەرک وەزیران. لە کەنەدا یەک جار ژنێک بە ناوی “کیم کامبڵ” بۆ ماوەی چوار مانگ بوو بە سەرۆک وەزیران ئەویش لە دەرئەنجامی کێشەیەکی سیاسی ناوخۆی پارتەکەی لە ناو پەرلەماندا و دەشزانرا کە چوار مانگ بوار ماوە بۆ هەڵبژاردنێکی تر. لەگەڵ ئەوەی خەڵکی کەنەدا زۆر لێی رازی بوون بەڵام دەنگی نەهێنایەوە خۆی هەڵبژێرێتەوە بۆ سەرۆکی پارتەکەی و لەوێوە ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران.

تێگەیشتن لە مەسەلەی پێشێلکردنی مافەکانی ئافرەتان لە ئاستە جیهانیەکەیەوە مانا پەیدا دەکات و خودی ناوچەکەی ئێمەش لەو ئاستەوە مانایەکی دروست پەیدا دەکات سەبارەت بە توندوتیژی دژ بە ژنان. (تێبینیەک بچوک، پێش ئەوەی ئەم باسە ئاماریە پێشکەش بکەم جیاوازی ژمارەی دانیشتوان لەبەرچآو دەگرم بەڵام ئەسڵی مەسەلەکە کوشتنی ژنانە و کاتێکیش کرۆکی بابەتێک هاتە سەر کوشتن ئەوا رێژەی دانیشتوان دەبێ پلە دوو.) لە تازەترین راپۆرتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەمەڕ توندوتیژی ژنانەوە ئەوەیە کە لە هەر سێ ئافرەتێک لە جیهاندا یەکێکیان لە رویی جەستەییەوە لە لایەن مێردەکەیەوە یان هاوسەرینەکەیەوە لێی دەدرێ و توندوتیژی سەکسی بەرامبەر دەکرێ. هەروەها راپۆرتەکە دەڵێ توندوتیژی نێوخۆیی وڵاتەکان زۆرن و ژمێریاریەکی بەرچاو و ورد لەبەردەستدا نین تاکو بە ژمارە بیخەنە روو. پرسیار ئەوەیە ئایا لەو سێ ژنەی کە یەکێکیان توندوتیژی جەستەیی و سەکسی دەرهەق دەکرێ تۆ بڵێی کۆمەڵەگە رۆژئاواییەکانی تێدا نەبێ. تەنها لە وڵاتی کەنەدا، بە پێی سەرچآوەی رەسمی دەزگای ژمێریاری وڵاتی فدراڵی کەنەدا، کە لە ساڵی ٢٠٢١دا لە ٪٤٤ واتە لەهەر دە ژنێک چواریان بەرەو رووی توندوتیژی سەکسی و فیزیکی و تۆقاندنی سایکۆلۆجی و بێ رێزی رەگەزی بوونەتەوە لە لایەن هاوسەر و هاوڕێ پیاوەکانیانەوە. لە ئەمریکا لە هەر چوار ژنێک یەکێکیان بەرەو رووی ئەو دۆخە دەبێتەوە کە لەوەی کەنەدا ئاماژەم پێکرد.
سەبارەت بە کوشتن، تەنها لە ماوەی ٣٦ رۆژدا لە وڵاتی کەنەدا لە یەکی مانگی چواری ٢٠٢٠ ەوە تاکو ناوەراستی مانگی پێنجی هەمان ساڵ ١١ کچ و ژن کوژراون بە دەستی پیاو، بەڵام لە هەریمی کوردستان “بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مارسی ٢٠٢٠ هەتا مارسی ٢٠٢١، لانیکەم ٢٩ ژن لە شارە جیاجیاکانی کوردستان کوژراون کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ٥ حاڵەت واتە ١٧٪ کەمی کردووە.”
میدیاکانی کەنەدا رۆژانە دیار نەمان و کوشتنی کچان و ژنانی نەتەوە بومیەکان (هندیە سوورەکان) بڵاو دەکەنەوە.

لە نێوان ساڵانی ١٩٨٢ تاکو ٢٠١٢ زیاتر لە چوار هەزار ژن و کچی نەتەوە بومیەکان کوژراون. هەر لەو ماوەیەدا بیست هەزار و سێ سەد و سیانزە کەس (٢٠٣١٣) کەس کوژراون یان خۆیان کوشتووە کە رێژەی لە ٣٢٪یان ژنانن. دیاردەی خۆکوشتن لە کەنەدا: لە ساڵی ٢٠١٨ دا لە کەنەدا ٥٨٠٠ حالەتی خۆکوشتنی هەبووە لە نیو گەنجاندا کە زۆربەیان لە رەگەزی مێینە بوون. لە شارۆچکەی وودستۆک لە ساڵی ٢٠١٦دا لە ماوەی چوار مانگدا گەیشتە ٥ کچی گەنجی تەمەن شانزە ساڵ و ژمارەکە خەریک بوو دەڕۆیشتە سەرووتر و پێشتریش شاری سارنیای دراوسێی توشی حالەتێکی ئاوها سەیر ببوون بەتایبەت شارەکە بە یەکێک لە شارە وەزع باشە ئابوریەکان دادەنرێت. ئەم حاڵەتە شێوانێکی لە کۆمەڵەگەی کەنەدیدا دروست کرد و هۆکارە کۆمەڵایەتیە دوورەپەرێزیەکان و سۆشیال میدیا و باری تەندروستی و سایکۆلۆجی دەوری هەبووە لەم حاڵەتی خۆکوشتنانەدا. لە ئەمریکا، بە پێی سەرچآوەی رەسمی وڵاتی ئەمریکا کە لینکەکەیم لەم نوسینەدا داگرتووە. لەو ساڵەوەی ئاڤا هۆما دەستی کردووە بە نوسینی ئەم رۆمانەی تا تەوابوونی ٢٠١٠- ٢٠٢٠ ژمارەی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان بەرەو سەرەوە چووە. تەنها لە ساڵی ٢٠١٩ لە ئەمریکا ١٨٣٢ ژن کوژراون. لە ساڵی ٢٠١٩ دا ژمارەی خۆکوشتن لە ئەمریکا گەیشتۆتە ٤٧٥١١ کەس کە رێژە زۆرەکەی بەر رەگەزی مێینە دەکەوێت. ئەم هەواڵ و ئامارانە رۆژانە و مانگانە و سالانە بڵاودەبنەوە گەر بە پێی لۆجیکی نوسەر بێت لە رۆمانەکەدا ئەوا هەموو نەتەوەکان دەبێ ژنکوژبن نەک هەر نەتەوەی کورد یان فارس. بۆیە تێگەیشتن لە ەمسەلەی خۆکوشتن و کوشتنی ژنان و هەروەها پیاوانیش بەو شێوە روکەشی و قەتعیە لێک نادرێتەوە و دەبێ خوێندنەوەی بابەتیانە و قوڵی بۆ بکرێت.

دیارە من لێرەدا ئەوە بە سفر ناکەمەوە کە ژنان لە کەنەدا و ولاتانی تری رۆژئاوا لە کۆمەڵی مافی سەرەکی و گرنگدا بەهرەمەندن و قانونێک هەیە داکۆکیان لیدەکات لەبەرامبەر ئەخلاقیاتی توندوتیژیدا، بەڵام بەو مانایە نیە گەر بتەوێ لای خۆمان وەک دۆزەخێک بۆ ژنان پێناسە بکەی و ئێرە وەک بەهەشت، چونکە لە بەشەکانی دادێ بە ئاشکرا داچەمینەوە بۆ دنیای رۆژئاوا لە لایەن نوسەرەوە دەبێتە زەلیلیەک کە پاڵەوانی رۆمانەکەی، لەیلا، تێدا دەگەوزێ.

لە کۆمەڵگە رۆژهەڵاتیەکانی خۆمان دیارە رێژەی پیاوسالاریەکە زۆر بەرزە بەڵام هێشتا بەو رادەیە نیە کە ژنکوشتن ئاسایی بێت. نە لە قانونی هیچ وڵاتێکی رۆژهەڵاتی و نە لە تێکستی ئاینیدا و نە لە فەرهەنگی کۆمەڵایەتی و هزری مرۆڤەکانیشدا ژنکوشتن کارێکی ئەوەندە رێگەپێدراو نیە و بگرە لە هەموو رووکیەوە حوکمی تاوانبارێتی بوون دەدرێ بەسەر بکەرەکەیدا؛ بەڵام ئایا تا چەند بکەر دەگیرێ و تا چەند حوکم دەدرێ و تا چەند کۆمەڵگە قبوڵی دەکەنەوە ئەوە مەسەلەیەکی ترە. لەگەڵ ئەوەشدا ژنکوشتن دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیش نیە و بریتیە لە پەرجەکردارێکی کۆنەپەرستێتی و پیاوسالارانەی بەرامبەر ئافرەت ئەنجام دەدرێ.
گەر بە دیاریکراوی قسە لەسەر خۆکوشتنی ژنان بکەین ئەوا نوسەر دەبوو سەیرێکی دونیای رۆژئاوای بکردایە کە ئایا خۆکوشتنی ژنان لەوێ چۆنە. باسکردنی خۆکوشتنی ژنان لە وڵاتانی خۆمان و هانابردن بۆ یارمەتی لە وڵاتانی رۆژئاوا و کارکردن لە خوێنەری رۆژئاوایی بەوەی وڵاتی ئێمە وڵاتی خۆکوشنتنی ژنانە یاخود ئێمە نەتەوەی ژن کوژین ئەوپەڕی بەیبردنێکی لاوازانە و بگرە هەزیلانەشە. گەر سەیری ژمێریاری خۆکوشتنی مرۆڤ بە گشتی لە رۆژئاوا و ژنان بە تایبەتی بۆت دەردەکەوێ کە ئەو دیاردەیە لە هەموو ولاتانی دنیا بوونی هەیە و وڵاتانی رۆژئاوا بەتایبەت ئەمریکا بەرزترین رێژەی خۆکوشتنی تێدایە هەروەک چۆن بەرزترین رێژەی ژنکوشتنی تیدایە. بۆ نموونە لە ئەمریکا، تەنها لە ساڵی٢٠١٨ کە سەنتەری کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیەکان و پێشگیریکردنی یاخود بەرگرتن بڵاوی کردۆتەوە، رێژەی نزیک بە ٤٩ هەزار کەس بە هەموو تەمەنەکانەوە خۆیان وکشتووە و لەو رێژەیەدا ژمارەی خۆکوشتنی ژنان کە لە تەمەنی دە ساڵیە تێیدا یە تاکو حەفتاوپێنچ ساڵی، نزیکە ١٢ هەزار دەبێت. بەرێووەبەرایەتی ئامار لە وڵاتی کەنەدا رایگەیاند کە تەنها لە ساڵی دا٢٠١٣ رێژەی خۆکوشتنی کچان و ژنان گەیشتۆتە ١٠١٣. لەوانەبێ ژمارەی دانێشوتانی وڵاتەکان شتێک بگۆڕێ بەڵام لێرەدا قسە لەسەر وڵات و میللەتانە وەک فەرهەنگ و عەقڵی پیاوسالاری نەک مەزندی دیموگرافی. خاڵێکی تر کە گرنگە ئاماژەی پێ بدەم خودی سیستەمەکەیە. سیستەمی سەرمایەداری لەەهر کوێیەکی ئەم دنیایەد بێت سیستەمێکی جیاوازخوازە و ئەم جیاوازی کردنەش پەلی هاویشتووە بۆ هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە و ژیانی مرۆڤەکان و ژنانیش لەم نیوەدا زۆرترین بەش مەینەتیەکانی ئەو سیستەمەیان بەردەکەوێ. بەڵام بە وجودی کۆمەڵی یاسا و رێسای قانونی کە لە دەستوری وڵاتدا چەسپاوە و بەهیزی جوڵانەوەی ژنان زۆرانبازیەکی باش لە مەیداندا هەیە لە بەرامبەر ئەو فەرهەنگە پیاوسالاری و سیستەمە ناڕێکیەی وڵاتەکەدا.

خوێنەری رۆژئاوایی و کوشتن و خۆکوشتنی ژنان لای ئێمە
کاتێک خوێنەری رۆژئاوایی ئەو وتەیە دەخوێنێتەوە هەم بێ تاقەت دەبێ و هەم دڵخۆشیش دەبێ. وەک مرۆڤێک پێی ناخۆشە کە گوێ بیستی ژن کوشتن ببێ لە هەمان کاتدا بەوە دڵخۆش دەبێ کە ژنانی وڵاتانی تر دەیانەوێ پەنا بهێننە بەر وڵاتانی رۆژئاوا وەک دوایین مەنزڵگەی رزگاربوونیان لە کاتێکدا ئەوەی لە بیردەجێ ریژەی کوشتن و خۆکوشتن لە ولاتەکەی خۆی زۆر دۆخی باشتر نیە. دیارە ئەو روحی رۆژئاواییە خۆ بە زلزانیە ئەوە لە بیری خوێنەرەکە دەباتەوە کە لە ولاتەکەی خۆیدا دۆخی ژنان زۆر باش نیە لە حاست ئەو بارە قانونی و پێشکەوتنە شارستانی و بارە ئازادیە شەخسیەی بۆ ژنان فەراهەم کراوە. بەهەرحاڵ، نوسەر دەیەوێ لێرەدا پۆرتی کەلتوری نەتەوەیی خۆی بشکێنێ تەنها لەبەر ئەسەف خواردنێکی خوێنەری رۆژئاواییدا گوایە دنیای ئێمە دنیای کوشتنی ژنانە لە بەرامبەردا دنیای رۆژئاوا دنیای خاڵیە لە توندوتیژی ژنان. هەر بەم وتەیەی نوسەر کەتوتۆتە دژایەتیەکی ترەوە. ژیانی شلێر وەک کچێک لەو کچ و ژنە شەڕڤانانەی رۆژئاڤا نمونەیەکی بەرجەستەیە کە ئافرەت چ جێگە و رێگەیەکی گەورە و گرنگی هەیە لە نیو نەتەوەکەی خۆیدا کەچی لەولاوە ناوی نەتەوەکەی بە ژنکوژ دەزڕێنێ. هەر خودی چوارچێووەی رۆمانەکەی بە تایتڵ و بەرگ و چیرۆکەکانیەوە ئەوە نیشان دەدەن ئافرەت کرۆکی هەر جوڵەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەدەبی و ژیانەوە هەستانەوەیە.

داچەمینەوە بۆ دنیای رۆژئاوا
یەکەم: لەیلا بە کچی دوکەڵ و ئاگر دادەنرێت کە بە مانای بەرخودان و تێکۆشان دێت بەڵام بەشێوەیەک دەڕوخێ بە کارۆ دەڵێ “کارۆ، من ناتوانم لەم وڵاتە بمێنمەوە. وەنەبێ هەر لەبەر ئەوەبێ کە ڕەنگە لە هەر ساتێکدا شتێکم بەسەربێنن، نا. سوکوئاسان ناتوانم زیاتر بمێنمەوە، بەرگە ناگرم. هیچ شتێک بێرەوە نامبەستێتەوە. لەوەتەی هەم هەروا بووم، بەڵم جاران بیانوێکم هەبوو بۆ بەرگەگرتن، ئێستا بە دڵساردییەوە دەمەوێ لێی دەرچم. دەمەوێ بڕۆم، هەر کوێیەک بێ، تەنیا ئێرە نەبێ.” (لا٤٤٠) بۆیە بە ئاسانی رایەکەی کارۆ پەسەند دەکات کە نەچێتە هەریمی کوردستان یاخود نەڕوات بۆ لای شلێری کچە شەڕڤان و کۆچ بکات بۆ وڵاتی کەنەدا. کاتێکیش دێتە کەنەدا هێندە سەرسام دەبێ بە سروشت و خانوو و رێگەوبان و ئاستی تەکنۆلۆجیای کەنەدا تەواو شاگەشکە دەبێت. ئەوە راستە دیمەنی سروشتی و بینا و کۆشک و تەلار و ئاستی تەکنۆلۆجی وڵاتێک کاریگەری دادەنێ لەسەر کەسێک کە تازە دێتە وڵاتێکەوە بەڵام بەو رادەیەی لەیلا و لەو ئاستەوەی کە لەیلا کچێکی سادە و ساکار نیە و لە وڵاتێکیشەوە نەهاتووە کە شارستانیەتەکەی ئێجگار لە خوارەوە بێت تاکو وای لێبکات دەم داچەقێنی بەرامبەر بە خانوویەک یان رێڕەوی شەمەندەنەفەرێک یاخود کردنەوەی دەرگایەک و بە مەتەڵیش لە قەلەمیان بدات و بڵێ “تەنانەت کردنەوەی دەرگاکانیش مەتەڵێک بوون بۆ خۆی؛ ئاخر لە ئێران وا ڕاهاتبووین هەر لە لایەکەوە بچینە ژوور، بۆیە لێرەش کاتێ دەگەمە بەردەم دەرگایەک، خۆڕسکانە ڕایدەکێشم لە جیاتی ئەوەی پاڵی پێوە بنێم.” (لا٥٢٥)
کاتێکیش ڕێگای خێرامان بڕی و گەیشتینە شارە سەرنجڕاکێشەکە، پێستی ئەوانەی لە دەرەوە بە پیادە دەرۆیشتن سەرسامیان کردم. هەندێ لە ژنان مینیژۆپیان لەبەر بوو،هەندێکیشیان لەچکیان کردبوو. هەندێک لە پیاوان بۆیناباخیان بەستبوو، هەندێکیش تەنیا کراس. دیمەنەکە هەروەک ئەو فیلمانەی هۆلیود وابوو، ئەوانەی لە مەریوانەوە دیبوونم. لێ ئەم جارەیان خۆم لە ناو فیلمەکەدا بوم.”

لە شوێنێکی تردا “ئێمە گەیشتینە خانوویەکی کەشخەی پەنجەرە گە ورە لە نۆرس یۆرک. هەوڵمدا سەرسامیم بشارمەوە، دیکۆری خانووەکە و ڕاخستنەکەی بە شێواز و مۆبیلیاتێکی ناوازەی بە چەشنێک بوو، جارێکیان لە کۆشکی دوایین شای ئێرانم بینیبوو.”
هەر ئەم هۆیەشە وای لێدەکات زوو رابێت لەگەڵ کەنەدادا و هەموو خەمی رابردووی بڕەوێنێتەوە و بڵێ “دەکرێ خۆگونجاندن فریادڕەسی ژیان بێ.” یاخود بڵێ “گونجاندن و ئەهلیبوون. پێتوابوو ئەمانە بزمارن لەتابوتی داهێنان دەدرێن و بکوژی پرسنین. خۆ ئەگەر هێزی لەگەڵڕاهاتن نەبووایە، دەمێک بوو لەپەلوپۆکەوتبووم.” (لا٥٢٥) کاتێک خوێنەری رۆژئاوایی یا کەنەدی کە شتێکی وادەخوینەوە تەزووی خۆشی بە لەشیاندا دێت کە خەڵکی تازەهاتوو بەتایبەت رۆژهەڵاتی ناوەارستی ئاوها ستایشی ولاتەکەیان بکات چونکە تێڕوانینی ئەوان بۆ ئێمە ئەوەیە کە ئێمە لە جیگایەکی وێرانەوە هاتووین و شایەنی بەزەیین. دیارە لێرەدا من نەهی لەسەر مافی هاوڵاتی بوون و رێزگرتنی ئەندامبوونی هەر کەس لەو کۆمەلەگەیدا ناکەم، بەڵکو من ئاماژە بەو خالە دەدەم هەر کات مەسەلە بێتە سەر جیاوازی یان بەراوردکاری وڵاتەکان و شارستانیەتەکان ئەوا ئێمە وڵاتی شەڕ و ئاژاوەین و شارستانیەتێکی دواکەوتوومان هەیە بە چآو ئەوانەوە.
دووەم: ئەو گفتوگۆ سیاسیانەی لەیلا لە کەنەدا لەگەڵ کاراکتەرەکانی تردا ئەنجامی دەدات
داچەمینیەوەیەکی تەواوە بۆ عەقڵی رۆژئاوا. کاتێک خوێنەری رۆژئاوایی زۆر کەیف خۆش دەبن بەوەی گوێ لە چیرۆکی مەرگەساتاوی ئێمەبگرن کە بەسەرماندا هاتووە و وڵاتەکانی ئەوانمان بە دوایین مەنزڵگەی خۆمان داناوە وەک جێگەیەکی فریادڕەسی ئێمە. واتە وڵاتانی ئێمە هەردەم شەڕوشۆڕی تێدایە و جێگەی ژیان نیە و ژیانی ئارام و خۆشگوزەران لە وڵاتانەکانی ئەواندایە؛ لە کاتێکدا ئەوەی بەسەر ئێمەدا هاتووە گەر هەمووی نەبێ ئەوا زۆربەی زۆری لەژێر سەری حکومەت و دەوڵەتەکانی ئەواندایە.

ستایش کردنی هەرێمی کوردستان
ئەم پەرەگرافە زۆر بە رەخنەیەکی سیاسی دەنوسم جونکە ستایشەکانی ئاڤا هۆما بۆ هەرێمی کوردستان وادەخوازێت. ئاڤا هۆما لە رۆمانەکەیدا لە لاپەڕەکانی (١٣٩، ٤٣٢، ٤٤٦، ٤٤٩) ستایشی هەرێمی کوردستان دەکات بەوەی کە هەرێمێکی گەشەکردووە، روو لەگەشە و سەلامتترە لە چآو وڵاتێكی وەک ئێرانەوە.
هەرێمی گەشەکردوو، روو لە گەشە: بۆ هەر کەس ئەوە ئاشکرایە کە هەرێمی کوردستان یاخود باشوری کوردستان یەکیک لە هەرە دەسەڵاتدارێتیە خراپ و گەندەڵەکانی نەک هەر کوردستان و ناوچەکە بەڵکو جیهانیشە. تەنها گەر باری ئابوریەکەی سەیر بکەی ئاخۆ لە وڵاتێکدا سەلکە تورێک، دەسکێک سەوزە، یان تەماتەیەک نەڕوێنرێ یاخود کارگەکان نەبووبن بە شوێنی بەرهەمهێنانی پیشەسازی نەخرێتە بازاڕەوە و نەبن بە یەكیک لە پایەی ئابوری وڵات ئاخۆ گەشەی چ دەبێ هەبێ. دیارە خەڵک و جوتیار هەن و دەتوانن ئەو پایە ئابوریە کشتوکاڵیە وەک گوڵ بگەشێننەوە بەڵام سیستەمی سیاسی دەسەڵاتدارێتیەی کە ئاڤا هەموو زۆر ستایشی دەکات زۆربەی بەرهەمە کشتوکاڵیەکانی وڵاتانی وەک ئێران و تورکیا دەهێنی چونکە بازارەکە هی خۆیانە و قازانجی خۆیانی تێدایە لەو هاوکێشەیە. ئێستا لە کوردستان خەڵک خۆیان خەریکی گەشانندنەوەی هەندێ بواری ئابوری هەن بەڵام یان رێگریان بۆ دروست دەکرێ یاخود بەختی بازاڕیان کەمترە بەهۆی نزمی نرخ لەسەر شتومەکی دەرەوە. دیارە ئەم باسە زۆر ئاسانە و هەموو تاکێکی کۆمەڵ شتی لە بارەوە دەزانن.
لە مێژووی سی و یەک ساڵەی دەسەڵاتدارێتی ئەو ولاتە هەریم یەکێک لە خراپترین بارودۆخی ئابوری وڵاتی تێپەڕاندووە و ئەوەی تێیدا گەشەی کردووە تەنها گرفان و بازاڕی کۆمەڵێ مافیای ئابوریین و پرۆژەکانیان جگە لە دروستکردنی کۆمەڵی باڵەخانی بەرز و مۆڵی گەورە و هەندێ کەناڵی سەتەلایتی هونەری و ئاینی کە یەکەمیان بەرەڵایی و دەبەنگی بەرهەم دەهێنێ و دووەمیشیان تەنها کۆنەپەرستی و رق و کینە بڵاودەکاتەوە، هیچی ترنیە. محەمەد حەسەنێن هەیکەل (١٩٢٣-٢٠١٦) یەکیک لە گەورە نوسەر و جاودێرە سیاسیە بە تواناکانی میسر و ولاتانی عەرەبی و رۆهەڵاتی ناوەآرستیش کە خاوەنی جەندان کتێبی گرنگە لەبارەی عێراقی دوای سەدام حسێنەوە دەڵێت “ئەوانەی حوکمی عێراق دەکەن (بێگومان هەرێمی کوردستانیشی تێدایە) دوورونزیک پەیوەندیان بە ئیدارەکردنی وڵات و سیاسەت و ئابوریەوە نیە بەڵکو کۆمەڵی تاڵانکەرن و وڵات وەک بانکێک دەبینن لەسەری دەژین.”

گەر لە ئاستە فەلسەفیە سیاسیەکەیدا باسی بکەین شێوەی حوکمڕانی لە کوردستان (کلیپتۆکراسی)یە. پرۆفیسۆر جەیمس شارمان لە زانکۆی کامبریچ دەڵێ کلیپتۆکراسی جۆرێکە لە حوکمڕانی کە سەرکردە سیاسیەکانی ئەو وڵاتە خەریکی دزی کردنن لە خەزێنەی وڵاتەکە. بۆ هەر جاودێرێکی سیاسی و رۆشنبیرێک و نوسەرێک دەزانێ کە لە هەرێمی کوردستاندا لە ماوەی سێ دەیەدا تەنها کلیپتۆکراسەکان حوکمیان کردووە و هیچ پرۆژەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی لە ئارادا نەبووە و نیە و تەنها پرۆژە هەبێ کوشتنی هەر مەیل و روحێک و کەلتورێکی نەتەوەیی و نیشتمانیە. واتە مانای “گەشە و روو لە گەشە” نەک هەر لە سەر ئەرزی واقع بوونی نیە بەڵکو لە بیروهزری مرۆڤی کوردیشدا سڕآوەتەوە. لە ئاستە سیاسیە کۆمەڵایەتیەکەیدا بەو جۆرە حوکمڕانیە لە ولات دەوترێ مافیای سیاسی یاخو مافیای ئیداری و ماڵی و هەر دوو هێزە دەسەلاتدارەکە و ئەوانی تریش جگە لەم پێناسە سیاسیە کۆمەڵایەتیە شایانی هیچ ناولێنانێکی تر نین.
لەساڵانی دووهەزارودەیەکان پرسیار لە ئابوری ناسی بە توانای رۆژهەڵاتی کوردستان کە ناوی “بایەزی مەردۆخی”یە دەکەن کە لێکۆڵێنەوەیەک پێشکەش بکات سەبارەت بە باری ئابوری هەرێمی کوردستان. دوای گەڕان و لێکۆلێنەوەیەکی ورد سەبارەت بەو تەنگژە ئابوریەی هەرێم و ئەو داهاتەی دەست هەرێم دەکەوێ گوتبووی: ئەو داهات و پارەیەی دەسەڵاتدار و حکومەت و دەوڵەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران لە شەڕی چاڵدیڕانەوە، ١٥١٤، تاکو ئەو ساڵەی ئەو باسەکەی تێدا کردووە، حسابی بکەی هەمووی بایی ئەو چەند ساڵە کە دەسەڵاتی هەریم لە ماوەی دەسەلاتی خۆیدا دەستی کەوتووە؛ واتە داهاتی ٥٠٠ پێنچ سەد ساڵ بەرمابەر بە داهاتێکی بیست سی ساڵی و ئینجاکەش جیاوازیە چینایەتیە ماڵیەکان لە هەرێم لەوپەڕی چڵەپۆپەدایە کە لە هیچ شوێنێکی ئەم دنیایەدا نمونەی نیە. هەر خودی ئەو تەنگژە ئابوریەی وڵات هەر لە تاڵانکاری لە سەدا نەوەدی سامانی وڵات و رێژەی بێکاری و هەژاری و کۆچی بە کۆمەڵی ژن و منداڵ و گەنج و پیر بەرەو هەندەران ئەوە نیشان دەدەن کە نەک گەشەی ئابوری هەیە بەڵکو هەڕەشەی ئابوری هەیە لەو هەرێمەدا.
دیارە هۆکارێکی شەخسی نوسەر لە پشت ئەم ستایشەی هەرێمەوە هەیە. لەم دەیەی دواییدا شەپۆلێکی بە وروژمی ستایشکردنی هەریمی کوردستان لە نێو خەڵکە ئاساییەکە و کەسە سیاسی و نێوەندە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکردووە. وەک خەڵکە ئاساییەکەی هەست و سۆزە نەتەوایەتیە کوردیەکەیە و بەتایبەت لە دوای راگەیاندن و ریفراندۆم بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە (پ د ک). وەک نیوەند سیاسیەکانیان، پەیوەندیە ناجێگیریەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لێ نزیکبوونەوەیەکی لە نیوان دەسەڵاتدارێتی لە هەولێر و هێزی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان دروستکرد. ئاڤا هۆما خۆی وەک کوردێکی رۆژهەڵات و کۆنە-پیشەگەرێکیش لە کەناڵێکی میدیایی شاری هەولێر و ئەو باکگراوندە شەخسی و خێزانی و کۆمەڵایەتیەشی تییدا دەژی ئەو ستایشە دەکات کە خەڵک و هێزە سیاسیەکانیان دەیکات. واتە ئاڤا هۆما لێرەدا زۆرتر لە ژێر کاریگەریەکی شەخسی و سیاسی و رەوتی باو و دوور لە تێگەیشتنێکی بابەتی ستایشی هەرێم دەکات. لێرەدایە کە نوسەر کەسێتی خۆی ون دەکات و دەبێ بە گوتاردەر و ستایشکەر و پروپاگەندەکەرێکی سیاسی کە تەواوی رۆمانەکەی دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
سەلامەتترین هەرێم: خاڵی تر کە هەر لەو لاپەرانەی سەرەوە هاتووە گوایە هەرێم شوێنێکی زۆر سەلامەتە بۆ ژیان بە تایبەت ژیانی چالاکی سیاسی و بگرە سەلامتترە لەو وڵاتەی ئەوی لێیە واتە ئێران و لەیلای پاڵەوان پێێ خۆشە لە ژێر دەسەڵاتێکی کوردیدا بژی باشترە. لە راستیدا ئەم تێڕوانینە نەک هەر ئێجگار ساویلکانەیە و زۆرتر لە دیدی جورناڵیستە رۆژئاواییەکان دەجێت کە شتەکان زۆر بە روکەشی دەبینن بەڵکو نادروستیشە. چۆن؟ ئایا کەس هەیە شەڕی هەردوو هێزە جەکداریەکەی یەکێتی و پارتی لە بیر نەبێ کە زیاتر لە دە ساڵ وڵاتیان بە شەڕی خۆیانەوە گەوزانی خوێن کرد. ئایا هیچ کەس لە ناوجەی زەرد و سەوز دەتوانن بڤەیەک بکەن لەسەر سەرانی هەردوو بنەماڵەکە. ئاڤا هۆما خۆی خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵاتە با بگەڕێ و پرسیار بکات و لێکۆڵینەوەیەک بکات کە ژمارەی تیرۆرکردنی پێشمەرگەکانی کوردانی رۆژهەڵات بە کۆمەڵە و دیموکرایتەوە چەندە لە ژیر سایەی دەسەڵاتدارێتی هەرێمدا. ئایا ئاڤا هۆما دەزانێ کە بۆردومانکردنی زڕگوێز و کۆیە بۆتە شوێنی یاری کردن و رمبازێنی تۆپبباران کردنەکانی جیمهوری ئیسلامی. لە لایەکی تر، بە پێی چەندان راپۆرتی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و گشت رێکخراوە مەدەنی و پیشەیی و کۆمەڵایتیەکانی تر هەریمی کوردستان سەلامەت نیە بۆ خەڵکانێک گەر بیانەوێ چالاکی سیاسی بکەن یاخود داوای مافی ژیانی خۆیان بکەن وەک نارەزایەتیەکانی مامۆستایان ئەوا نەک هەر سزای ئیداری بەڵکو زیندانەکان و تەنانەت کوشتنیش چاوەڕییانە. بەڵێ ئەو هەرێمە سەلامەتە بۆ هەر کەسێک گەر بیەوێ فزە نەکات و ئەو دۆخە قبوڵ بکات یاخود ستایشی دەسەڵاتەکەی بکات.
لێرەدا دەمەوێ بێمەوە سەر بابەتی ژنکوشتن. ئەم هێزە کوردیانەی کە ئێستا دەسەڵاتی ئەو هەریمە کوردیە دەکەن بوونە سەرچآوەی ئەخلاقیات و بیروباوەڕی پیاوسالاری و لەوەتەی ئەوان هەن شتێک نیە بە ناوی مافی ئافرەت و رێزگرتن لە کەسێتی ئافرەت. زەمینەی کۆمەڵگەی کوردی زەمینەیەکی مەدەنیخوازە و چەندان ئافرەتی بەرهەمدەهێنا کە بەشداری “شۆڕشەکانیان” بکات چ نهێنی و چ ئاشکرا کەچی ئەو ژنانە هەراسان دەکران و بەرەو رووی هەمو وجۆرە کردەیەکی بێ ناموسی دەبوونەوە لە ناو ئەو هێزانەدا. لە دوای راپەڕینەوە تاکو ئێستا چەندان ژن بە دەستی ئەم هیزە کوردیانە کوژراون و بوونە قوربانی پیلانەکانیان دژ بە یەکتری. لە ناوەراستی ساڵانی نەوەدەکاندا شەپۆلێک لە کوشتنی ژنان دەستی پێکرد لە ژێر ناوی شەرەف و جاسوسی بۆ حکومەتی بەعس لە کاتێکدا هەموو هیزە کوردیەکان لە سەرەوە تاخوارەوەیان پەیوەندیان لەگەڵ بەعسدا هەبووە بە پێی ئەو نوسین و کتێب و دۆکیومێنتانەی خۆیان لە سەر یەکدی بڵاویان کردۆتەوە. کوردستان ئێستا لەهەر کات زیاتر ناسەلامەتترین شوێنە بۆ کچان و ژنان. ئەو بارودۆخە ناهەموارە ئابوری و سیاسەتە خراپانەی ئەو هێزە کوردیانە کچان و ژنان کوردیان لەبەردەم چەندان جۆری هەڕەشەی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و جەستەییدا راگرتووە. بە روانین لە مێژووی کۆمەڵگەی کوردی بۆت دەردەکەوێ کە بەهۆی سیاسەتی خراپی ئەو هێزە کوردیانەوە بارودۆخی کچان و ژنان گەیشتوۆتە ئەوپەڕی باری نالەباری و بێ رێزی و بێ دادی و بێ مافی کە خودی رێکخراوە ژنانیەکانی کوردستان ئاماریان هەیە لەو بارەیەوە. کچان و ژنان لەلایەک فەرهەنگی ئاینی ئئیخوانی و وەهابی کردویانە بە ئەسیری لەچک و حجاب؛ لە لایەکی تریش بۆتە بوکەشوشەیەکی سەکسی دەستی کەناڵە تیڤیەکان و کارە وەهمیەکانی کچانی مۆدێل و گۆرانی بێژ کە بە پارەی ئەو هێزانە دەڕواتە رێوە. ئەم دۆخەی کە هەیە بەرهەمی ئەو هێزە کوردیانەن کە ئاڤا هۆما ستایشیان دەکا بەوەی هەرێمەکەیان گەشە پێکردووە.

کان ئاوەکان یان کانی نەوتەکان؟: لە لاپەڕە ٥٤٤دا دەڵێ “سەدام حسێن کانیاوەکانی چیمەنتۆ رێژ کرد تا خەڵکەکە لە بێ ئاوی بمرن.” ئەوەندەی بەو بابەتە بگەرێتەوە و زۆر جێگەی قسەوباس بێ سەدام حسێن کانیاو و سەرچآوە نەوتیەکانی چیمەنتۆڕێژ کرد ئەویش لەبەر جەند هۆیەک لەوانە: مەسەلەی ئاسایشی نیشتمانی، بە عەقڵی رژێمی بەعس، کە ئەو ناوچانەی دوورە دەستن و نەتوانرێ دەستی دەوڵەتیان پێ بگات واباشترە سەری بنرێتەوە. هۆیەکی تر، هۆی ئابوری بوو کە عێراق نەیدەویست هەموو سامانی نەوتی خۆی دەربهێنێ چونکە لە لایەک نرخی نەوت هەرزان دەبوو لە لایەکی تریش ئەمە دژە بەرژەوەندیەکی دروست دەکرد لەگەڵ رێخراوی ئەواپیکدا کە عێراق ئەندامێک بوو وە ئیستەش ئەندامێکە لەو رێکخراوە کە یەکێک لە بەندەکانی ئەوەیە ئاستی رێژەی بەرهەمهێنان دەبێ بە پێی ئەو خاڵانە بێت کە لە دەستوری رێکخراوەکە واژۆی لەسەر کراوە. واتە هیچ دەولەتێکی ئەندام لە ئەواپیک ناتوانێ سەربەخۆیان رێژەی دەرهێنانی نەوت بەرزبکاتەوە و دەبێ پەیوەست بێ بە رێکەتتنامەی ئەواپیکەوە. دیارە هەندێ جار سەرەڕۆیی روو دەدات لە ناو دەوڵەتەکانی ئەواپێکدا بەڵام ئەوە هەندێ حالەتە و ستراتیجیەت ئەوەیە کە ئەندامان دەبێ پێوەی پەیوەست ببن. دەوڵەتی عێراق ئەو دەم واتە ساڵانی هەشتاکان تەنها دوو ناوچەی گەورەی هەبوو کە نەوتی لێ دەردەهێنا ئەوانیش ناوچەی کەرکوک و بەسرە بوو و هەر بەم دوو ناوچەیەش ئابوری وڵاتی تارادەیەک باش و تێچووونی دوو شەڕی گەورە و ژیانی دکتاتۆری خۆی و خانەوادەکەشی پێ بەڕێوەدەبرد. ئێستا بیرە نەوتەکان ژمارەیان دە قات زۆرتر بووە بەڵام لەگەڵیشیدا دکتاتۆرەکان و دەستوپێوەندەکانیشیان دەیان و سەدان جار زیاتر بوون. لەگەڵ هەموو ئەو سەرچاوە نەوتی و سامانە سروشتیەی کە لە هەرێمکەەدا هەیە نەک هەر ناتوانرێ گوزەرانی خەڵکی هەرێمەکەی پێ بەڕێوەببرێ و لە هەرێمەکەدا ژیان رۆژ بە رۆژ تاڵتر دەبێ بەڵکو خەڵکی هەرێمەکەیان توشی قەرزێکی نێودەوڵەتیش کردووە. ئیتر نازانم نوسەر چۆن چۆنی باس لە هەرێمی گەشەکردوو یاخود هەرێمی روو لە گەشە دەکات.

مانەوەی لەیلا دوای رۆیشتنی کارۆ
ئێران بە هەموو پێوودانگە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانیشی بە وڵاتێکی پۆلیسی ناودەبرێ و خاوەنی یەکێک لە ەبهێزترین دەزگا هەواڵگریەکانە و بە پلەیەک کە خەڵک هەواڵگری بەسەر یەکەوە دەکەن لە ماڵ بۆ ئەو ماڵ و لەم گەرەک بۆ ئەو گەڕەک و شارە و شاریش. دروستکردنی حالەتێکی ئاوها لە نیو کۆمەڵگەدا سیاسەتێکی ئاسایی هەر دەسەلاتێکی پۆلیسیە و لە مێژووشدا و ئێساتاش وێنەی زۆرە و خۆشـمان ژیاوین لەو دۆخە پڕ ترس و نائارامیەدا. کاتێک کارۆ لەیلا بەجێ دەهێڵێ و لە خانوویەکی گەورەی جۆڵدا و لە ناو گەڕەکێکی دانیشتوانی وەک کۆمەڵگەی ئێرانیدا نیشتەجێی دەکات بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک لە کاتێکدا پێشتر ناوی هەیە لە لای پۆلیس و بانگکراوە کە بچی بۆ لێکۆڵینەوە ئاخۆ چۆن ئەو هەموو ماوەیەی بە بێ هیچ تەنگ و چەلەمەیەک بەڕێکرد. ئایا ئەستەم نیە کچێک خۆی بە تەنها لە خانوویەکدا بێ و رۆژانە یاخود هەفتانە بچێ بۆ بازاڕی و پیاسەکردن دەرودراوسێ چاودێری نەکەن یاخود هیچی لە بارەوە پرسیار نەکەن. ئایا پۆلیس و ئیتڵاعاتی ئێرانی ئەوەندە بە ئاسانی دەست بەرداری کچێک دەبێ کە باوکی زیندانی سیاسی بووە و براکەی لەسەر سیاسەت تازەگی لە سێدارە دراوە. ئایا هیچ بە دواییدا نایەن دوای ئەوەی پۆلیس پێی دەلێن خۆت بێی بۆ لامان باشترە ئەگەرنا خۆمان دێین دەتبەین. ئایا ئاوها بە ئاسانی لەیلا ساڵ و نیوێک ژیا لە خانوویەکی قاووباغڵەمە واتە سەربەخۆ، و نە پۆلیس و نە ئیتڵاعات و نە دەرودراوسێ و موختاری گەڕەک واتە هەواڵگری گەڕەک هیچی لە بارەوە نەزانی و دواتر بە ئاسانی لە رێگەی فڕۆکەخانەی تارانەوە سەفەری وڵاتی دەرەوە بکات بۆ یەکەم جار؟؟؟؟ ئەم پرسیارانە گۆمان لە گێڕانەوەیەک دەکات کە خەیاڵێک بە رەوانی دروستی کردبێ.

وەرگرتنی خەڵات
یەکیک لەو خالانەی بایەخی پیدەدرێ و ئەم رۆمانەی پێ هەڵدەکێشرێ گوایە خەڵاتێکی ئینگلیزی وەرگرتووە بە ناوی (ناتلیس). ناتلیس بوک یەکێکە لەو خەڵاتانەی لە وڵاتی ئەمریکا دەدرێت لە چەند بوارێکی نوسینی کتیبدا و چیرۆک و رۆمانیش یەکیکە لەو بابەتانە. نوسەرەکان بەرهەمەکانی خۆیان دەنێرن و لەو دەزگایە کەسێک یان دوو سێ کەس خەریکی خوێندنەوەی دەبن نەک لێکۆڵینەوەی، چونکە لێکۆلینەوە کاری خەڵکانی ئەکادیمی شارەزایە و لەم ولاتانەش کەسێک کە لە بوارێکدا تایبەت نەبوو خۆی نادات لە قەرەی بابەتێک کە هێ ئەو نەبێ. ناتلیس دابەش کراوە بەسەر دوو گروپدا ئەوانیش براوە ئاڵتونیەکان و براوە زیویەکان یاخود (ئەی و بی) ئنگلیزی. خەڵاتەکەی ئاڤا هۆما کەوتۆتە پلەبەندی دووهەمەوە کە زیویە. ئەم دابەشکردن و پلەبەندیە بۆخۆی سیاسەتێکی جیاخوازی و جیاکاریانەیە (دسکریمینەیشن بە ئینگلیزیەکەی) لە نێوان بەرهەمەکانی ئەو نوسەرانەدا کە خۆیان کتێبەکانیان دەنێرن. دیارە خەڵات پێدان هەرگیز بە مانای گرنگی و باشی و پڕ بایەخی کتێب نیە. ئەوە دروستە گەر خەڵات بە لایەنێکیدا گرنگ بێ و جێگەی خۆشحاڵی بێ ئەوا بە لایەنێکی سەرەکی تریدا بە مانای شاکار بوونی بەرهەم نیە بە هیچ کلۆجیک، بگرە ئەو نوسەرانەی زۆرتر خەڵات وەردەگرن شتێک هەیە لە پشتیەوەیە وەک کورد دەڵێ ئەم ماستە موویەکی تیایە. خەڵاتە جیهانیەکان هەموویان لە ژیر پرسیاری مۆراڵی و پرۆفیشناڵیدان لەوانە خەڵاتی نۆبڵ و ئۆسکار و تەواوی خەڵاتە رۆژئاواییەکان و رۆژهەڵاتیەکانێش چونکە هەموویان لە یەک رەگەزدا بەشدارن ئەویش دوو فاقەیی و رەگەزپەرستی یان ئیرۆسەنتریکە.

خەڵات لە دنیای رۆژئاوا نادرێ بە بەرهەمێک گەر ناحەز یان دژ بێت بە سیاسەتی رەسمی رۆژئاوا یاخود رەخنەگرێکی قوڵ بێت بە دونیای رۆژئاوا. گلەیی و گازەندە گرفتێک نیە وەک لەم رۆمانەی ئاڤا هۆمادا دەیبینین کاتێک گلەیی لەوەدەکات کە کەنەدا ئەندامی پەیمانی ناتۆیە و تورکیاش وەک ئەندامێکی ناتۆ کورد دەکوژێ. سیاسەتی دژە کۆماری جمهوری ئیسلامی یەکیکە لە سیاسەتە رەسمیەکانی دەولەتانی رۆژئاوا و سیاسەتی دەولەتیش دەبێ بە عەقڵێک و مۆراڵێک و هەموو شتە ئینسانی و هەڵسەنگاندنی بەرهەمە ئەدەبی و هونەری و سیاسیەکان لەوێوە سەرچآوە دەگرن و رۆمانەکەی ئاڤا هۆماش دژ بە ئێرانی جمهوری ئیسلامیە بۆیە خەلات وەردەگرێ. گەر ئەم رۆمانە رەخنەگری جدی رۆژئاوا بوایە بەو مانایەی فایلەکانی رۆژیاوا هەڵبداتەوە کە رۆژئاوا لە پشت هاتنە سەرکاری “خومەینی و ئاخوندەکانی ئێرانەوە بوون کە دۆکیومێنتەکان هاواردەکەن بۆ ئەم راستیە ئەوا هەرگیز نەک هەر خەڵات بگرە هەرگیز ئەو چەند دێرە لە ستایشی بۆ نەدەنوسرا لە بەرگی کتێبەکەیدا لە لایەن ئینگلیزەکانەوە چ ئەدیب و چ سیاسی. پاشان، لەو ولاتانەی ئەو خەلاتانەی لێ دەدرێ بە نوسەرێک گوایە بەرهەمەکی ئینسان دۆستە یاخود داکۆکەری کێشەیەکی ئینسانی یان ژینگە ئەوا ئەو وڵاتانە خۆیان سەرچاوەی هەموو ئەو مەینەتیانەن کە کاراکترەکانی ناو ئەو رۆمان و چیرۆکانە پێوەی دەتلێنەوە. دروستکردنی هەندێ دەزگا بە ناوی خەڵات و هونەر و ئەدەبیاتەوە جگە لە نەخشەیەکی مەبەستداری سیاسەتی وڵاتەکە هیچی تر نیە. تاکو ئیستا هێج یەکێک لەو رۆمان و چیرۆکانە یاخود ئەو کتێبانە خەڵاتیان وەرنەگرتووە کە رەخنەیان لە سیاسەت و دژەمرۆڤانەیی ولاتەکانیان گرتبێ. وەک تەرەفی ئێمە، تەنها ئەو کتێبانە خەلات وەردەگرن کە مەینتیەکانی خۆیان تەنها وەک بەرهەمی دەسەڵاتە ناوخۆییەکانی خۆیان دەبینن و جیهانێکیش هەیە کە رووی تێدەکەن بۆ رزگاربوون و ئارامی ئەویش رۆژئاوایە. بۆ نموونە، ساڵی ٢٠١٠ کتێبێک نوسرا بە ناوی “دەست تێکەڵاوی حکومەتی بەریتانیا لەگەڵ ئیسلامی توندڕو” ناوی نوسەرەکە مارک کێرتس”ە.
ئەم کتێبە بە بەڵگەوە باس لە پەیوەندی مێژوویی یەک سەدەیی بەریتانیا و ئیسلامیەکان دەکات کە چۆن بەریتانیا و دواتر ئەمریکا ئیخوان و ئیسلامیەکانی تری دروست کردووە و ئیستاش پشتیوانیان لێدەکەن. ئەم کتێبە نەک ەهر خەڵات نەکرا بەڵکو حموکەتی بەریتانی رێگەی گرت لەوەی بڵاوببێتەوە و فشاری دانا لەسەر چاپەمەنیەکان کە بۆی جاپ نەکەن. ئەوە بوو دواتر کەسێک لەسەر حسابی خۆی چاپی کرد و بڵاوی کردەوە بەڵام یەک میدیای رەسمی وڵاتان باسیان نەکرد یاخود بایەخێکی ئەوتۆیان پێ نەدا لەگەڵ ئەوەی وەرگێڕدرایە سەر جەندان زمان. نعوم چومسکی یەکێکە لەوانەی کە جونکە هەمیشە رەخنەگرە لە سیاسەتی دەولەتەکەی نەک هەر خەڵات وەرباگرێ بەڵکو لە لایەن میدیای رەسمیەوە یاخود مەین ستریم میدیاوە نیچ کات گفتوگۆی لەگەڵ ناکرێ. هەرچەندە ئەم پێوسیتی بە خەڵات نیە و چومسکی بۆخۆی خاوەن شەخسیەتێکە کە هەموو میدیا رەسمیەکانی ولاتانی غەربی بە لایەک و خۆی بە تەنها بە لایەکی تر. دیارە ناوی تر زۆرن و کە نوسینەکانیان هەمووی دەربارەی ناعەدالەتی و سیاسەتی دژە ئینسانیانەی وڵاتە رۆژئاواییەکانە کەچی هیچ خەڵات ناکرێن.
دیارە لە رابردوودا زۆر لەو خەڵاتانە لە لایەن نوسەر و بەرهەمهێنەرەکانەوە رەتکراوەتەوە هەر لە خەڵاتی نۆبڵەوە تادەگات بە ئۆسکار و ئەوانی تر. لێرەدا ئاماژە بە یەکێکە لەو خەڵاتە “گەورانەی” دنیای هونەر دەدەم لە ئەمریکا بە ناوی خەڵاتی ئۆسکار کە ساكانە دەدرێت. لە دوو سێ ساڵی رابردوو زۆربەی زۆری ئەکتەر و هونەرمەند و کەسێتیە رەشەکان بایکۆتیان کرد و بە خەڵاتێکی سپی پێستیان لە قەلەمدا. دیارە پێشتریش خەڵکانی تر مەحکومیان کردووە و تەنانەت بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە نەچوون وەک ئەکتەر و هونەرمەندی دیار و بەناوبانگی دنیای فلیم و سینەما و شانۆ “مارلۆن براندۆ” لەسەر فلیمە بە ناوبانگەکەی (العراب) ساڵی ١٩٧٢. رەتکردنەوەی خەلاتەکەشی وەک ناڕەزاییەک بوو لە بەرامبەر ئەو فلیمانەی هۆڵی یود کە نەتەوە بومیەکان “هندیە سورەکان” بە شێوەیەکی دڕەندە و ناشیرین پیشان دەدات. لەسەر ئاستی هونەریش ئەم خەلاتە جیهانیانە گرفتی هەڵسەنگاندنی هونەریان هەیە کە پرۆفشناڵێتیان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

یەک نموونە لەم بارەیەوە باس دەکەم. رۆمانی “خانمە بچوکەکان”ی لویس مەی ئاڵکۆت کرا بە فلیم و ساڵی ٢٠١٩ بڵاوکرایەوە و ناوبانگێکی زۆری پەیداکرد کە باس لە دەورانی مێژوویی سەدەی نۆزدە دەکات. دوای ئەوەی خەڵاتی ئوۆسکاری پێدرا کەوتە بەر رەخنەیەکی زۆری رەخنەگران و بینەران بەوەی لە دوو دیمەنی فلیمەکەدا بوتڵی ئاوی پلاستیکی و میتاڵ لەتەک ئەکتەرەکانەوە دانرابوون. ئەم هەڵە سادە و گرنگە و نەبینینی لەلایەن لیژنەی سەرپەرشتیاری ئۆسکارەوە گوایە ئەندامانی لیژنە هەموویان پرۆفیشناڵی ئەکادیمی و هونەرین بە عەیب و عارێکی ئۆسکار لە قەلم درا. دیارە ئەمە یەکجار نیە کە شتی ئاوها روودەدات بەڵام پەیامەکە ئەوەیە مەرج نیە ئەوەی خەڵات وەربگرێ باشە و ئەوەی وەری نەگرێ باش نیە.

لە دواییدا،
لەو رۆمانەدا چەندان چەمک و وشە و باس و خواسی ناسازی تێدایە کە باس زۆر هەڵدەگرن لەوانە چەمکی پێشمەرگە و رەهەندە مەرگدۆستی و دژە ژیاندۆستی و رەگە سیاسی و کۆمەڵایەتی و حزبی و نەتەوەیی و چینایەتیەکانی کە نوسەر زۆر روکەشانە و کلاسکیانە و لەسەر بنەمای هەست و سۆزێکی نەتەوەییانە وو دوور لە عەقڵیەتێکی رەخنەگرانەوە باسی ئەو وشەیە و ئەو چەمکەکەی کردووە. ئەم باسە هی شوێنێکی تایبەتترە و بۆ ئەم رۆمانە هەر ئەوەندە نوسینە بەسە دەربارەی.

—————————————————-

سەرچاوەکان:

کوشتنی ژن لە کەنەدا
https://www.bwss.org/eleven-cases-of-gender-based-violence-resulted-in-deaths-in-past-36-days-in-canada/
لە هەرێمی کوردستانhttps://hengaw.net/so/news
کوشتنی ژنانی نەیتیڤ
https://www.thecanadianencyclopedia.ca/en/article/missing-and-murdered-indigenous-women-and-girls-in-canada
https://www.rcmp-grc.gc.ca/en/missing-and-murdered-aboriginal-women-national-operational-overview
ژن کوشتن لە ئەمریکا
https://www.statista.com/statistics/327462/women-murdered-by-men-united-states/
خۆکوشتنی ژانان لە کەنەدا

https://www.suicideinfo.ca/resource/women-and-suicide/

خۆکوستنی لە ئەمریکا
2016, United States: Suicide Injury Deaths and Rates per 100,000. (All Races, Both Sexes, All Ages)”. Retrieved March 3, 2018
https://www.cdc.gov/injury/wisqars/index.html
کلیپتۆکراسی
https://www.cam.ac.uk/kleptocracy
خکوشتنی گەنجان لە کەنەدا
https://www.thestar.com/news/investigations/2018/09/14/youth-suicide-is-like-a-cancer-experts-warn.html




بزووتنەوەی قوتابخانەی یەکشەممانی سۆشیالیستی.. ئامادەکردن و وەرگێڕان: عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ)

سەرەتا و سەرهەڵدان

قوتابخانەی یەکشەممانی ئەرسەدۆکسی مەسیحییەت کە لەلایەن کڵێسا و قەشەکانەوە لەسەرەتای سەدەی نۆزدەهەم لە ئەوروپا و جیهانی دەرەوەی ئەوروپا بەڕێوە دەبران، لە کارنامەی خۆیاندا جگە لە وانەکانی ئەخلاق لەگۆشەنیگای ئایینەوە، منداڵانیان فێری هەندێک نووسین و خوێندنەوە و ماتماتیکیش دەکرد. وەک وەڵامێک بەو کەموکوڕییە بەرچاوەی کە قوتابخانەی یەکشەممانی ئەرسەدۆکس هەیانبوو و هەروەها وەک زەمینەی مەشقپێکردنی منداڵانی سۆشیالیستەکان و پێویستی ڕێکخستن و نیشاندانی سیستماتیکانە لە تێڕوانین و دیدگای سۆشیالیزم بۆ فێربوونی بیرۆکە و بنەماکانی پەروەردەی سۆشیالیزم بۆ منداڵانی سۆشیالیستەکان، ئەم بزووتنەوەیە چینایەتییە هاتە ئاراوە. سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم، شانشینی یەکگرتوو، شاهیدی لەدایکبوونی بزووتنەوەیەکی گرنگ بەڵام نەناسراو بوو لە مێژووی چینی کرێکاری بەریتانیا، ئەویش سەرهەڵدانی بزووتنەوەی قوتابخانەی یەکشەممانەیە کە تایبەت بوو بە وتنەوەی بەهاکانی سۆشیالیزم. نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەم، بەتایبەت لە دەیەی سییەکان قوتابخانەی یەکشەممانی مەسیحییەت کۆمەڵێ دەرفەتی دەستەبەر کرد بۆ وتنەوەی وانە بە منداڵانی خێزانە کرێکارەکان. بیرۆکەی قوتابخانەی یەکشەممانی سۆشیالیستی لەسەر دەستی هەڵسوڕاوە شارتییەکان(٢) ڕۆبەرت ئۆون، ماری گرەی، کە ئەندامانی فیدراسیۆنی سۆشیال دیموکرات(١) بوون لە باترسی لە لەندەن، هاتە دامەزراندن، کە سەرەتا تەنها بۆ وانە وتنەوە بوو بە منداڵانی کرێکارانی مانگرتووی بەندەر لە بەشی ئیست ئێند، لە لەندەن. (٣)

بەوپێیەی پەروەردەی ئەخلاقی ئاینیی بەهۆی ڕەگی مێژوویی ئایینی مەسیحییەت بنجی داکووتابوو، بزووتنەوەی  قوتابخانەی یەکشەممان لەبری وتنەوەی بەهاکانی ئایینی مەسیحییەت، کەوتە وتنەوەی بەهاکانی سۆشیالیزم. ئەم بزووتنەوەیە لەتێڕوانینەکانیدا خەسڵەتێکی نێونەتەوەیی و تەنانەت دژ بە جەنگیشی هەبوو. هەروەها بەپێچەوانەی قوتابخانە ئاساییەکانی تری زمانی ئینگلیزی، قوتابخانەکانی ئەم بزووتنەوە ڕادیکاڵە منداڵان بە چ زمانێک دەدوان، هەر بەو زمانەش وانەیان تیادا دەوترایەوە و بەبێ ڕەچاوکردنی پاشخانی ئەتنیکی و ئایینی، پێشوازی لە هەموو منداڵێک دەکرا. لە وڵاتێکی وەکو ئەمریکا وەکچۆن فیدراسیۆنی سۆشیالیستە فینلاندییەکان و هەنگارییەکان و ئۆکرانییەکان و لیتوانییەکان هەبوون، ئاواش لە قوتابخانەی یەکشەممان منداڵەکانیان بەزمانەکانی فینلەندی و هەنگاری و ئۆکرانی و لیتوانی وانەکانی سۆشیالیزمیان بەو زمانە زگماکەی خۆیان دەخوێند. (٤)منداڵانی کرێکارە سۆشیالیستەکانی نێو ئەو قوتابخانانە بە یاخیبووە دڵسۆزەکان، کچان و کوڕانی ئاڵای سوور، شۆڕشگێڕە بچکۆلەکان، شۆڕشگێرانی دواڕۆژ، سۆشیالیستە بچووکەکان، یاخیبووە سوورەکان، هاوڕێیانی نێو قوومات، ناو زەد دەکرد و ئەمانە ئەو ناوانە بوون کە لەو منداڵانە نرابوون. مایکڵ جەیمس لەڕانانی کتێبە بەبەها و مێژووییەکەی پرۆفیسۆر کینیت تەیتەلبامدا دەڵێت ” مێژوونووس و مامۆستا بۆرژوازییەکان ڕەنگە هەرگیز هیچ شتێکیان لەسەر ئەم هەوڵە پەروەردەییەی حیزبی سۆشیالیستی ئەمریکی نەبیستبێت، بەڵام ئەو دێت چیرۆکی پێداگری ئەو سۆشیالیستە خۆشەویست و خاوەن ویژدانانەمان بۆ دەگێڕێتەوە کە دەیانوسیت منداڵەکانیان لە ئایدیۆلۆجی سەرمایەداری ڕزگار بکەن.” (٥) لێرەوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە فەلسەفەی سەرهەڵدانی ئەم بزووتنەوەیە، چینایەتی و دژە سەرمایەدارییە. هەرچەندە ڕابەرانی ئەو بزووتنەوەیە دەیانویست لانی کەم لەڕێی پەروەردەیەکی سۆشیالیستانەوە دواڕۆژێکی ڕووناک دەستەبەر بکەن، بەڵام بەداخەوە ئەو بزووتنەوەیە لەو جەوهەرە گرنگەی سۆشیالیزمی زانستی بێئاگا بوو کە مارکس و ئەنگڵس هەر لەو سەردەمە خەریکی داڕشتنی بناغەکەی بوون. مارکس و ئەنگڵس هەردووک پێیانوابوو کە ململانێی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەکانی نێو گۆمەڵگە چینایەتین و لەنێو بردنی چەوسانەوە و ستەمی بۆرژوازی تەنها و تەنها لەڕێگەی بەرپاکردنی شۆڕشی سۆشیالیستی چینی کرێکارەوە مەیسەر دەبێت.

بنەماکان یان مانیفێست

مانیفێستی ئەم بزووتنەوە سۆشیالیستییە بریتییە لە دە خاڵ یان دە ئامۆژگاری کە وەک بنەمایەکی فێربوون ئێشی لەسەر کراوە. ئامۆژگارییە سۆشیالیستییەکان ئەمانەن :

١-هاوڕێیانی قوتابخانەکەت خۆش بوێت، چونکە دواتر ئەو هاوڕێیانە دەبنە هاوکارت لە ژیان.

٢-حەز بە فێربوون بکە، چونکە فێربوون خواردنی عەقڵە. سوپاسگوزاری مامۆستاکەت بکە وەک سوپاسگوزاری دایک و باوکت دەکەی.

٣-هەموو ڕۆژێکت بە ئەنجامدانی کرداری باش و کاری بەسوود، پیرۆز بکە.

٤-ڕێز لە پیاوچاکان بگرە، خۆش گوفتار بە لەگەڵ هەموو خەڵک و ملکەچی هیچ کەس مەبە.

٥-نە ڕقت لە کەس بێتەوە و نە زمانی خراپەکاری بەکار مەهێنە. تۆڵە لە کەس مەکەرەوە. بەرگری لە مافەکانت بکە و دژ بە ستەم بوەستەوە.

٦-ترسنۆک مەبە. هاوڕێی مرۆڤە بێتواناکان بە و دادپەروەریت خۆش بوێت.

٧-بیرت نەچێت هەموو شتێکی باش لەم سەر زەوییە بەرهەمی کارکردنە. کێ خۆشی لەو شتە باشانە ببینێت بێئەوەی کاری تیایاندا کردبێت؛ ئەوە پارووی کرێکاران دەدزێت.

٨-چاودێر بە و بیر لە دۆزینەوەی ڕاستی بکەرەوە. بڕوا بە هیچ شتێ مەکە کە پێچەوانەی ژیری بێت؛ نە خۆت و نە کەسی تریش فریو مەدە.

٩-پێتوانەبێت ئەوەی نیشتمانەکەی خۆی خۆش بوێت، دەبێت ڕقی لە میللەتانی تر ببێتەوە، یان ئاواتەخوازی جەنگ بێت، کە خودی جەنگ بریتییە لە پاشماوەکانی هەمەجییەت.

١٠-ئومێدی ئەو ڕۆژە بخوازە کە تەواوی ژنان و پیاوان هاونێشتمانی ئازادی یەک سەرزەمین بن و هەموو پێکەوە وکو خوشک و برا ژیانێکی پڕ لە ئاشتی و پرشنگدار بژێن.(٦)

ئەم ئامۆژگارییانە، یان بنەمایانەی کە وەک مانیفێستۆی ئەم بزووتنەوەیە ڕاگەیەنراوە، جگ لە لایەنە پەروەردەییەکەی کە دوورە لە هەر جۆرە تێروانینێکی نا ئینسانیی، لایەنێکی سۆسیۆلۆجیشی لەخۆ گرتووە کە منداڵان هەستی متمانەکردن بەخۆیان لا بەهێز دەبێت و کەسایەتییەکی بەتوانایان لێ بەرهەم دێنێت تا بتوانن لەدواڕۆژدا بەرپرسیارێتی ئاڵوگۆڕی مێژوویی گەورە لەئەستۆ بگرن. لێرەش نابێت ئەوە ڕەخنە نازانستی و دژە مارکسیستییە نادیدە بگرین کەپێیوایە منداڵانی کەمتر لە هەژدە ساڵ  نابێت بەهیج جۆرێک دەرگیری هیچ ئایدیۆلۆژییەک ببن و دەبێت خەریکی سەرگەرمی جیهانی منداڵانەی خۆیان بن. چونکە ئەم تێڕوانینە کۆنەپەرستە دەزانێت فەرهەنگی دژە ئینسانی بۆرژوازی چۆن گاریگەری لەسەر منداڵان و بیرکردنەوەی منداڵان دادەنێت، ئاواش دەیانەوێت بەو پاساوە ڕێگری لە سۆشیالیستەکان بکەن و نەهێڵن منداڵان بە ئایدیا و باوەڕی ئینسانییانە و پێشکەوتووخوازانە پەروەردە بکەن.

بەنێونەتەوەیی بوون

ئەگەر لە سەرەتادا ماری گرەی کاتێک دەستی بەم بزووتنەوەیە کرد تەنها منداڵێکی خۆی و منداڵێکی تری وەکو خوێندکار هەبوون. بەڵام دوای نزیک بە بیست ساڵ، ١٢٠ قوتابخانە لە بیست وڵاتدا دەستبەکار بووبوون. پێبەپێێ گەشە و پەرەسەندنی ئەم بزووتنەوەیە، جگە لە منداڵان؛ دایکان و باوکانیش دەستیان کرد بە چوون بۆ ئەو قوتابخانەیە بۆ فێربوونی بنەماکانی سۆشیالیزم. لە ساڵی ١٩٢١ ژمارەی بەشداربووی ئەم قوتابخانانە گەیشتە دوانزە هەزار و پێنجسەد کەس کە بەسەر نەوەد و شەش قوتابخانە بەپانتایی سکۆتڵاند و باکووری بەریتانیا و لەندەن. لە ئەمریکاش یەکەمین قوتابخانە لە یەکی ئازاری ساڵی ١٨٨٠ لە نیویۆرک هاتە دامەزراندن و ٣٠ خوێندکاری هەبوو. پاشان ویلایەتەکانی شیکاگۆ و فلادیلفیاشی گرتەوە. ساڵی ١٨٨٨ شەش مامۆستا و نزیک بە ١٥٠ قوتابی چوونە قوتابخانە سۆشیالیستەکان. حیزبی سۆشیالیستی ئەمریکی پشتیوانییەکی گەورەی ئەم بزووتنەوەی بوو و لە ماوەی بیست ساڵدا نزیک بە ١٠٠ قوتابخانەی لە ٦٤ شاری ٢٠ ویلایەت دامەزراند.(٧) نابێت ئەوە بە هەڵە بزانین کە تەواوی چالاکییەکانی بزووتنەوەی قوتابخانەی یەکشەممانی سۆشیالیستی بەریتانی، کاریگەری گەورەی هەبوو بەسەر بزووتنەوەکە لە ئەمریکا و تەنانەت بڵاوکراوە و ئەزموونەکانی هەڵسوڕاوانی بەریتانی لەلایەن هەڵسوڕاوانی ئەمریکاوە لەبەرچاو دەگیران. کرێکارانی قوتابخانەی یەکشەممانی سۆشیالیستی ئەمریکی گەشتی بەریتانیایان دەکرد و چاودێری چالاکییەکانی ئەو بزووتنەوە پەرسەندووەیان دەکرد و لەگەڕانەوەیاندا بۆ ئەمریکا؛ ئەنجامگیرییەکانیان دەخستە ڕوو.(٨)

ئەم بزووتنەوە چینایەتییە گەلێ ئەدیب و نووسەری پێوە پەیوەستبوون وەک ڕابینترانەت تاگوور، ئۆسکار وایەڵد، نیکۆڵای گۆگۆڵ و ئەبتۆن سینکلەیر. (٩) لەدەرەوەی بەریتانیا و ئەمریکاش ئەم بزووتنەوەیە پەرەی سەند و فراوانبوونی بەخۆیەوە بینی. بزووتنەوەی کرێکاری لە وڵاتەکانی ئوسترالیا و کەنەدا و نیوزیڵەند و هەنگاریا و بولگاریا و سویسراش توانیان دەرگاکانی خەباتی خۆیان لەسەر ئەم ئەزموونە گرنگ و مێژووییە بکەنەوە و سوودی لێ ببینن.

ئاستەنگەکان و دژەکردار

لەگەڵ بەرپاکردنی ئەم بزووتنەوە مەزنە چینایەتییە، هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ کۆمەڵێ ئاستەنگدا بەرەو ڕوو بۆوە؛ کە گرنگترینیان ئەمانەن:

یەک: کەمی کەلوپەلی خوێندن و وانە وتنەوە. ئەمەش هەر لە دابین کردنی جێگای گونجاو تا پەڕاو و کتێب و تەختەڕەش و پێنووس و .. تاد دەگرێتەوە کە کاریگەری نێگەتیڤی هەبوو بەسەر تەواوی پرۆسەی بزووتنەوەکە.

دوو: دەستکورتی و نەبوونی بودجەی تایبەت و دارایی شایستە تا ئەو بزووتنەوەیە بتوانێت ئامانجەکانی خۆی بپێکێت.

سێ: نەبوونی مامۆستای پێویست. ئەوانەی هەبوون زۆربەیان ژنانی خۆبەخش بوون و ئەوانیش شەش ڕۆژ لە قوتابخانەی ئاسایی وانەیان دەوتەوە و تەنها یەک ڕۆژیان لە هەفتە هەبوو وانەکانی سۆشیالیزم لە یەکشەممان بڵێنەوە و کات لەگەڵ خانەوادەکانیان بەسەر بەرن.

چوار: میتۆدەی بەرنامەڕێژی کاری بزووتنەوەکە ئەوە بوو کە دەبوایە سەرجەم مامۆستاکان لە شوێنێک کۆببنەوە تا پرۆگرامی خوێندنی وانەی داهاتوو ئامادە بکەن. ئەمەش ماندوبوونێکی زۆر و کاتێکی زۆری دەویست و کەشێکی تاقەتپروکێنی بۆ مامۆستاکان دروست کردبوو.

پێنج : وەکچۆن مارکس و سۆشیالیزم هێرشیان کراوەتە سەر، ئاواش ئەم قوتابخانانە کەوتنە بەر هێرشی دەسەڵاتدارانی بۆرژوازی. ساڵی ١٩٠٨ زە نیۆیۆرک تایمز؛ سکاڵای لەسەر قوتابخانەی بۆرۆ پارک تۆمار کرد بەبیانووی ئەوەی گوایە ئەو قوتابخانەیە ڕق و کینەی چینایەتی بڵاو دەکاتەوە.

شەش: پۆلیس وەک پارێزەری دەسەڵاتی سەرمایە، تەواوی خاوەن باڵەخانەکانی شارەکانی ئاگادار کردبۆوە کە باڵەخانەکانیان بە قوتابخانەکان نەدەن بەکرێ.

حەوت: لەنێو حیزبی سۆشیالیستیشدا ڕەخنەگرانێک پەیدا بوون و دەیانوت مارکس و ئەنگڵس پشتیوانی ئەو قوتابخانانەیان نەکردووە و ئەم بزووتنەوەیە زیاتر سۆزدارییە بۆ سۆشیالیزم و بزووتنەوەیەکی لاوازە.

هەشت: جەنگی جیهانی یەکەم و ململانێ ناوخۆییەکانی پەیوەست بەو جەنگە ماڵوێرانکەرە، زەربەیەکی گەورەی لە بزووتنەوەی قوتابخانەکانی یەکشەممانی سۆشیالیستی دا. دەسەڵاتدارانی سەرمایە ژمارەیەکی زۆری هەڵسوڕاوان و مامۆستایانی سۆشیالیستی خستە کونجی تاریکی زیندانەکان، یانیش ناچار بە خۆشاردنەوە کران.

نۆ: لەهەمووی ناخۆشتریش سەرباری بەرگریکردن و جەسارەت نواندنی هەڵسوڕاو و مامۆستا سۆشیالیستەکان، بەڵام لە خۆپیشاندان و نمایشەکاندا کەوتنە بەر لێدان و پەلاماری دەسەڵات و ئازاردانی جەستەیی.

ئیتر بەوجۆرە بۆرژوزی تەقەللای زۆریدا تا پاشەکشە بەو بزووتنەوە چینایەتییە بکات و لەم هەوڵەیدا توانی سەرکەوتنێکی تری مێژوویی بۆ خۆی تۆمار بکات ئەویش بەهۆی ناڕێکخراوبوون و دووربوونی چینی کرێکار لە سۆشیالیزم و مارکسیزم. جێی خۆیەتی لێرەدا دوا قسەی قوتابییەکی قوتابخانەی یەکشەممانی برۆکلین لە شاری نیویۆرک بخەینە بەرچاو کە بە باشترین شێوە گوزارشت لە جیاوازی نێوان بەهاکانی خوێندن لە هەرتک قوتابخانە ئاسایی و سۆشیالیستیەکاندا دەکات.” قوتابخانەی یەکشەممانی سۆشیالیستی گەلێ شتی فێر کردم کە هەرگیز لە قوتابخانەی گشتیدا فێریان نەدەبووم. فێربووم هەستی دروستم بەرامبەر بە هاوڕێکانم هەبێت. ئەگەر سۆشیالیزم مانای هەستکردن بە خۆشەویستی بێت بەرامبەر سەرجەم مرۆڤایەتی و ئارەزووی ئەوە بێت یارمەتی مرۆڤە دڵتەنگەکان بدەیت،بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەک تا لە داهاتوودا ئاسوودە و بەختیار بژێن، کەواتە من کەسێکی سۆشیالیستم.”(١٠)

ئەنجام

ئێستا دوای تێپەڕبوونی سەدەیەک بەسەر ئەم بزووتنەوەیە، ئەمڕۆ قوتابخانەی یەکشەممانی سۆشیالیستی بەڵگەیەکە لەسەر بەرفراوانبونی بزووتنەوەی چینی کرێکار و ڕۆڵی سەرەکی چەپ و سۆشیالیستەکانە لە ژیانی کۆمەڵگەی سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم لە ئەوروپا و ئەمریکا. ئەم قوتابخانەیە ڕەنگدانەوەی خواستی ڕوون و ئاشکرا بوو؛ بۆ ئەخلاقی سۆشیالیستی و پەیوەندی نێوان ڕێکخراوی سیاسی و پڕۆژەکانی کۆمەڵگە. ئەم بزووتنەوەیە سەرەتا گەرچی لە شارێک و لە تەنها دوو خوێندکارەوە دەستی پێکرد، بەڵام دواتر تەشەنەی کرد و زۆربەی شار و وڵاتە جیاجیاکانی گرتەوە و بوو بە بزووتنەوەیەکی بەهێز و تەنانەت سیاسی گرنگیش لە مێژووی بزووتنەوەی کرێکارانی جیهان. بزووتنەوەی قوتابخانەی یەکشەممانی سۆشیالیستی بەشێک بوو لە فەرهەنگی رادیکاڵی پەرەسەندوو کە جگە لەم بزووتنەوەیە، چەندین ڕۆژنامەی ڕۆژانە و یانە و کۆڕ و فیستیڤاڵ و نمایشی لەخۆ دەگرت. لەگەڵ پەرەسەندی زیاتری ئەم بزووتنەوەیە و هەروەها سەرباری بوونی چەندین ئاستەنگ و کێشەی تەکنیکی و دارایی، سەرمایەداران ترسیان لێنیشت و کەوتنە هێرش و سەرکوتی ئەم بزووتنەوەیە و سەرەنجام پاشەکشەیان بەو بزووتنەوەیە چینایەتییەی کرێکاران کرد.

——————————————-

ژێدەر و سەرچاوەکان

 (١)شارتییەکان بزووتنەوەیەکی چینی کرێکار بوو ساڵی ١٨٣٦ سەریهەڵدا و لەنێوان ساڵانی ١٨٣٨ تا ١٨٤٨ زۆر چالاک بوو. ئامانجی ئەم بزووتنەوەیە بەدەستهێنانی مافە سیاسییەکانی چینی کرێکار و ئۆتۆریتەی ئەو چینە بوو. شارتییەکان ناوی خۆیان لە پەیماننامەی خەڵکەوە وەرگرتووە و کە هەر شەش ئامانجە سەرەکییەکەی ئەو بزووتنەوەیەی تێدایە.

(٢)فیدراسیۆنی شۆسیال دیموکرات، یەکەمین حیزبی سیاسی سۆشیالیستییە لە بەریتانیا کە لە لایەن ه. م. هایندمان ەوە دامەزراوە و یەکەمین کۆبوونەوەی دامەزراندنی خۆی لە ٧ی حوزەیرانی ساڵی ١٨٨١ بەست و ئەوانەی پەیوەستبوون بەو حیزبە بریتیبوون لە ولیەم مۆریس، جۆرج لانسبێری، جەیمس کۆنۆڵی و ئیلیانۆر مارکس. بەڵام فریدریک ئەنجلس ڕەتی کردەوە پشتیوانی ئەم پرۆژەیەی هایندمان بکات.

(٣)مانگرتنی چەند هەزار کرێکاری بەندەر لە لەندەن لە هاوینی ساڵی ١٨٨٩ دەستی پێکرد لە ئەنجامی داخوازی کرێکاران بۆ باشترکردنی هەلومەرجی کارکردن و زیاد کردنی هەقدەست. هەرچەند ئەوکات تەنها ٥% سەدا پێنجی کرێکاران لە یەکێتییە کرێکارییەکان ڕێکخرا بوون، بێن تیڵێتی ڕابەر و هەڵسوڕاوی کرێکاریی توانی هەریەک لە جان بێرنس و ویڵ تۆرن و ئیلیانۆر مارکس و هایندمان و جەیمس هاردی و هێنری شامپەین بهێنێتە پشت ئەم مانگرتنە و بڵاوکراوەیەکی فەرمی یان نیمچە فەرمیش بەناوی زە لەیبر ئیلێکتەر وەک زمانحاڵی کۆمیتەی مانگرتن، بڵاو بکەنەوە.سەرەتا ٥٠٠ کرێکار ڕێپیواناین دەستپێکرد و دوایی پەرەی سەند بۆ بەندەرەکانی تر و بوون بە ٣٠٠٠ مانگرتوو. یەکێتییە کرێکارییەکانی ئوستراڵیا ٣٠٠٠ سی هەزار دۆلاریان نارد بۆ پاڵپشتی مانگرتنەکە و ئەمەش بوو بە هێز و گوڕێکی بەتین. دوای پێنج هەفتە مانگرتنەکە بە سەرکەوتن گەیشت و سەرجەم داخوازییەکانی کرێکاران بەدیهات. ئەم سەرکەوتنە بوو بە هەوێنی ئەوەی کە کرێکارانی بەریتانیا ڕوو لە ڕێکخراوبوون بکەن.

4&6&8-https://en.wikipedia.org/wiki/Socialist_Sunday_School

5&7&10-https://againstthecurrent.org/atc071/p1985/

9-https://www.currentaffairs.org/2020/08/the-past-and-future-of-the-socialist-sunday-school




زۆرایه‌تی و جاگلەر.. کاروان کاکه‌سوور

هه‌وڵێک بۆ لێکدانه‌وه‌ی سێکوچکه‌ی ڕۆشنبیر، ده‌سته‌ڵات و زۆرایه‌تی‌ له‌ دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه

سەرنج!
ئه‌م باسه ساڵی (2015) له‌ دوو سێمینار چ له‌ سوێد و چ له‌ دانمارکدا پێشکه‌ش کراوه‌. ڕاستییەکەی تەنیا خاڵە بنەڕەتییەکانی دیاری کرابوون، دەنا نەنووسرابووەوە. ساڵی دواتر لە (دەنگەکان)دا بڵاوم کردەوە. هاوڕێی ئازیزم (دلاوەر ڕەحیمی) وای پێ باش بوو دیسان بڵاو بکرێتەوە، بۆیە پێیدا چوومەوە و چەند پەراوێزێکم بۆ نووسیوە. پەراوێزەکانی پێشوویشم هێشتوونەتەوە. ئه‌وده‌م وشه‌ی (زۆرینه‌)م به‌ کار بردبوو، به‌ڵام هه‌ست ده‌که‌م (زۆرایه‌تی) دروستتره‌. وشەی (ڕەخنەگر)یش بۆ (ڕەخنەدۆز) گۆڕاوە. (04.12.2021)

بۆ درێژەی بابەت کلیکی ئێرەبکەن..




شیکردنەوەی شیکردنەوەیەک.. غازی حەسەن

مرۆڤ کە بەنێو زماندا شۆڕ دەبێتە، ئینجا دەزانێت خۆی تووشی چ دارستانێکی چڕ و ئاڵۆز و هەزار بەهەزار کردووە، زمان دەریایێکە سەدان جۆر زیندەوەری واتایی و شێواز و دەربڕین و گوزارشت و ئەرک و پراگماتیک و ڕەوانبێژی و مەبەست و لێکدانەوە و هێما و نیشانە و کردە و پەیام و فرەواتایی و دژە واتا و گوتاری.. تاد تێدایە. لەیەک وشەدا کە نووسەر دەیەوێت گوزارشت لەدۆخێکی تایبەت بەپێی دەوروبەرە تایبەتییەکەی بکات، لای خوێنەر ڕەنگە شیکردنەوە و مەبەست و واتای جیاواز دروست بکات، هەندێک جار خوێنەر جوانتر و باشتر لە دەقنووس شتەکان دەبینێت و شیان دەکاتەوە، لەنێو گوتاری دەقی نووسەرەکە گوتارێکی نوێتر بەرهم دەهێنێتەوە، هەندێک جاریش خوێنەر لەچوارچێوەی بیروڕاو وشیکردنەوەکانیدا دەقەکە دەشێوێنێت، بە ئاقارێکی جیاوازیدا دەبات.

لەم ماوەیەدا چەند جارێک ڕۆمانی (شیری مووسا)ی ڕۆماننووس (سابیر ڕەشید)م بەمەبەستی لێکۆڵینەوەیەکی زانستی لەبارەی جووەکانی کوردستان خوێندەوە، لەهەر جارێکدا شتی نوێتر و بیرۆکە و لێکدانەوەی پترم لا دروست بوو، تەنیا هەندێک بابەت و لێکۆڵینەوەشم لەبارەی ڕۆمانەکە خوێندەوە، هەندێکیان دژە بۆچوون و بیروڕا و شیکردنەوەی دژ بەیەکیان تێدا بوو. لەوانە ئایا ڕۆمانەکە مێژووییە، یان نا؟ لەیەک کورتە بابەتدا نووسەرێک لەشیکردنەوەکەیدا لەبوارێک پێی وایە مێژووییە و لەبوارێکی دیکەدا پێی وایە مێژوویی نییە.

لەشیکردنەوەیەکدا ئاماژە بەوە دەکرێت، کە ڕۆمانەکەی (سابیر ڕەشید) نموونەیەکی سەرکەوتووە بۆ (پێکەوەژیان) لە کوردستاندا، لەکاتێکدا ئەوەی من لە ڕۆمانەکەدا خوێندمەوە و هەستم پێکرد بەکردەوە باسی (پێکەوە نەژیان) لە کوردستان دەکات و گوتاری ڕۆمانەکە گوتارێکی ڕەخنەگرانەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیە لە کۆمەڵگای کوردستان و بەئیسلامکراوی کۆمەڵایەتی و سیستەمی پاشایەتی و دەسەڵاتی کوردی لە هەرێمی کوردستاندا. نەک هەر ئەوە تەنیا ناوی کارەکتەرەکانیش بە وردی دیقەتیان لێ نەدراوە و لە شیکردنەوە زانستییەکەدا ناوی کارەکتەرێک لەو کارەکتەرانە بەهەڵە بەکار دەهێنێتەوە.
ئەوانەی بڕیار لەبڵاوکردنەوەی بابەتێکی شیکاری وەکو ڕۆمانی(شیری مووسا) دەدەن، پێویستە بەلای کەمەوە ڕۆمانەکەیان خوێندبێتەوە، یان ئاگاداری هەندێک لایەن و بابەت و باسی ڕۆمانەکە و ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکە و شێوازی نووسین و گوتاری ڕۆمانەکە بن، ئەگەر نا دوور نییە ئەو شیکردنەوەی لەبارەی ڕۆمانەکە نووسراوە، بەئاراستەیەکی پێچەوانەی مەبەستی نێو ڕۆمانەکەدا بچێت.

وەکو ئاماژەم پێکرد، لەم دۆخەدا مرۆڤ ناچار دەبێت شیرکردنەوە بۆ خودی شیکردنەوەیەک بکات، هەڵەکان و هێلە گشتییەکانی نێو شیکردنەوەکە جارێکی دیکە شیکار بکاتەوە لەپێناو ساخکردنەوەی ئەو هەڵە فکری و بۆچوون و لێکدانەوانەی دەقەکە لە ئاراستەی سەرەکی و بنەڕەتی دوور دەخاتەوە. ئەوەی من لە ڕۆمانەکەی (سابیر ڕەشید) تێگەیشتم و درکم پێی کرد، ڕەخنەگرتنە لەلاوازیی و نەبوونی هەندێک لەبنەماکانی (پێکەوەژیان) لە کوردستاندا، بۆیە جووەکان وەکو پێکهاتەیەکی لەبیرکراوی بڤەی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و ئایینی تووشی ئازاردان و کوشتن و سوکایەتی و دەرکردن و دواتریش ڕاگواستنیان بەپێی بڕیاری حکوومەتی عێراقی لەکۆتایی چلەکانی سەدەی بیستەمدا لە عێراق و کوردستان بەرجەستە کراوە و ڕەگەزنامەیان لێ دەسێنرێتەوە و مولک و ماڵیان (فەرهود) دەکرێت و لەهەندێک بواردا دەکەونە بەر ڕقی دەمارگیریی ئایینی لەلایەن گروپی ئیسلامی لەنێو کۆمەڵگای عەرەبی و کوردیشدا. ئەمەش ڕێک ئاماژەیە بۆ ئەوەی بنەمای پێکەوەژیان لاوازە، یان نییە، نەک پێمان وابێت ڕۆمانەکە نموونەیەکی ڕاشکاوی (پێکەوە ژیانە). لەم ڕۆمانەدا جووەکان قوربانی زولمزۆری دەسەڵاتی دەرەبەگایەتی و دەستڕۆیشتووی بەگ و ئاغاکانی شەقڵاوەن. واتە جووەکان لەبەر جیاوازیی چینایەتی و ئایینی چەوسێنراونەتەوە، نەک رێزلێگیراوی بەیەکەوەژیانێکی یەکسان و ئارام.

ئەرکی هەمیشەیی خوێنەر، خوێندنەوەی هەمەلایەن و شۆڕبوونەوەیە بۆ نێو دێرە ئاڵۆزەکاندا، هەروەها گەڕانە بەدوای واتای نێو واتای پشتیی ڕستەکان و ئاشکراکردنی ئەو شتە نادیارانەی نووسەر وەکو کۆد و هێما و نیشانە و مەبەستی نادیار بەکاری هێناون. هەموو شیکردنەوەیەک شایانی شیکردنەوەی دیکەیە، یان دەکرێت بڵێین ئاساییە، خوێنەر لەکاتی خوێندنەوەی هەر دەقێکی شیکردنەوە و لێکدانەوەی دەقێکی دیاریکراودا، پێویستی بەشیکردنەوەی دیکە، یان لێکدانەوەی پێچەوانەی بیروبۆچوونی نێو دەقی شیکردنەوەکە هەبێت، بەڵام هەڵە تێگەیشتن لە (مەبەست و پەیام و گوتاری) دەق، پێویستە شیکردنەوە سەرلەنوێ هەڵتەکێنرێت و هەڵبوەشێنرێتەوە.

کاتێک (سابیر ڕەشید) وێنەیەکی خەیاڵی لەنێو دەقەکەی خۆی لەبارەی جووەکان و کریستانییەکان لە شەقڵاوە دروست دەکات، ئاغا و پیاوەکانی وەستایێکی کریستیان بە زیندوویی زیندەبەچاڵ دەکەن، چونکە کاریان بۆ ناکات و دواتریش (یۆنان)ی ڕۆشنبیر و هەڵگری فکری چەپخوازیی جوو، لەلایەن ئاغاکانەوە دەکوژرێت، ئەمە نیشانە و هێمایە بۆ ئەوەی (پێکەوەژیان) لە هەرێمی کوردستاندا بەهەر هۆکارێکی (کۆمەڵایەتی – چینایەتی)، یان (سیاسی – ئایینی) بێت لەقەیران دایە، جووەکان لەڕووی کۆمەڵایەتی دەچەوسێنرێنەوە و لەبەر نەریتی ئایینی سوکایەتیان پێ دەکرێت، تا دەگاتە حالەتی کوشتن لەبەر هۆکاری کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایدیۆلۆژی. لەکاتێکدا ئەم وێناکردن و ڕوودوانە دروستکراوی خەیاڵی خوودی (سابیر ڕەشید)ن نەک هەقیقەتێکی مێژوویی، کەچی کۆڵان و ژمارەیەک کارەکتەری نێو ڕووداوەکانی شەقڵاوە کارەکتەری هەقیقی و مێژوویین، بەو واتایەی (مێژوو تەوزیفکراوە) لەنێو دەقی ڕۆمانەکەدا.

شیکردنەوەی هەر شیکردنەوەیەک پەیوەستە بەدیدی ڕەخنەگرانەی خوێنەر، ڕەنگە هەر توێژەرێک کاتێک بابەتێک شی دەکاتەوە، لەگۆشەنیگایەکی جیاواز لە نووسەر و خوێنەرەکانی دیکەی دەقەکە، کێشەکان شی بکاتەوە، لەهەمان کاتیشدا خوێنەری شیکردنەوەکەش دەتوانێت لەگۆشەنیگایەکی جیاوازەوە دەقی شیکردنەوەی دەقی ڕۆمانەکە بخوێنێتەوە و بیروباوەڕی جیاوازی لەنێوان خودی (دەقەکە) و (شیکردنەوەکە) دەقەکەی لا دروست ببێت و بابەتەکان بەشێوەیەکی دیکە شی بکاتەوە، کە خاوەنی شیکردنەوە و ڕەخنەگری دەقەکە ڕێی پێ نەبردووە، یان لەڕوانگە و گۆشەنیگایەکی دیکەوە دیقەتی لێداوە.
خوێنەر پەیوەندییەکی فکری و دیدێکی نوێ لەنێوان (نووسەری دەق) و (توێژەر) دروست دەکاتەوە، خوێنەر بەدوای دروستکردنی واتایەکی نوێیە بۆ واتای واتا شیکراوەکان. بەواتایەکی دیکە (نووسەر واتایەکی تایبەتی مەبەستە) و (توێژەر واتایەکی نوێ لەنێو شیکردنەوەکانی بەرهەم دەهێنێت و لەواتای نێو دەقەکە دەڕوانێت) و (خوێنەریش واتایەکی دیکە لەئەنجامی خوێندنەوەی واتاکانی نێو دەقە شیکارییەکە، نەک دەقی ڕۆمانەکە بەرهەم دەهێنێت)، بەم جۆرە پرۆسەی بەرهەمهێنان و شیکردنەوەی واتا بەپێی ژمارە و توانا و وزەی خوێنەرەکان زیاد دەکات، یان دەگۆڕێت و ئاراستەی نوێ دروست دەکەن.

جارێکی دیکە دەگەڕێمەوە سەر (شیری مووسا)، کە نووسەر مێژووی وەکو کەرەستەیەکی زیندوو بۆ بەرهەمهێنانی گوتاری مێژوویی لەنێو ڕۆمانەکە بەکارهێناوە، مێژووی تێکەڵی خەیاڵ و خەیاڵاندنیشی لەپێناو وێناکردنێکی هونەریانەی بابەتەکان و ڕووداوەکان بەکارهێناوە، وێناکردنێکی خەیاڵئامێزی بەستراوە بەڕووداوە مێژووییەکانی لەبارەی جووەکان دروستکردووە. گوتارێکی ڕەخنەگرانەی ڕاشکاوە، یەکەم دەقی ڕۆمانی کوردییە، کە جووەکانی کردۆتە بابەتی سەرەکی و تاکو ئاستێکی بەرز ڕۆماننووس سودی لەبنەما سەرەکییەکانی بەکارهێنانی مێژوو و ئینجا هونەری نووسینی ڕۆمانی سەردەمیانە بەزمانێکی نزیک لەگێڕانەوەی ڕۆژنامەنووسی وەرگرتووە. ڕۆماننووس لەنێوان هونەری نووسینی ڕۆمان و بابەتە مێژووییەکاندا، کارەکتەر و ڕووداو و شوێن و ناو و کات و بەسەرهاتەکانی هەڵبژاردووە، ئەو بۆ نموونە لەتەنیا گوزارشتێکی کورتدا، کە ئاماژە بە (مەلا عەلی کۆمۆنیست) دەکات، دەمانگێڕێتەوە بۆ سەردەمانێک و مێژووێکی کۆمەڵایەتی – سیاسی و فکری کوردستان، کە ماوەیەک ژمارەیەکی زۆر لە مەلاکانی مزگەوت لە کوردستان پەیوەندییان بە حزبی شیوعی عێراق کردووە، واتە کەسێکی ئایینی و مەلایەکی موسڵمان دەچێتە ڕیزەکانی حزبێکی چەپی مارکسی و چینایەتی. ئەم گوزارشتە، کە تەنیا (چەند وشەیەکە) دەمانگێڕێتەوە بۆ دۆخێکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی فرە ڕەهەند و هەقیقی لەنێو کۆمەڵگای کوردستاندا. مەبەستم ئەوەیە خوێندنەوەی دەق، کارێکی ئاڵۆزە، لەهەمان کاتدا بیرکردنەوە لەدەقی شیکردنەوەی خودی دەقەکە کارێکی ئاڵۆزترە، چونکە هەندێک جار توێژەر ئاراستەی شیکردنەوە بە ئاقارێکدا دەبات، گریمانەی ئەوەی لێ دەکرێت باش لەمەبەست و گوتار و پەیامی دەقەکە نەگەیشتبێت، یان ئەو بەئاراستەیەکی جیاواز لەخودی دەقەکە شیکردنەوەی بۆ دەقەکە کردبێت، ئەم جۆرە شیکردنەوەیە شیکردنەوەی دیکە بەدوای خۆیدا دەهێنێت. گرنگی و پایە و بایەخی هەر دەقێکیش لەوەدایە چەندە خوێنەر بەئاگا دەهێنێتەوە، یان خوێنەر وا لێ دەکات پتر و قوڵتر بیر لەنێوەڕۆکی دەقەکە بکاتەوە. لە کردەوەدا ئەم پرۆسەیە پەیوەندی بە بەرهەمهێنانەوەی گوتاری گوتارەوەش هەیە.

غازی حەسەن




ڕه‌فزكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی هاوڕێیەتی؛ سارتەر و سارتەر.. نووسینی: هاوڕێ خالید

*فەلسەفە و مرۆڤ

بەرایی فەلسەفاندنی چەمکی (هاوڕێیەتی) (Friend ship) لە فۆرمە ته‌قلیدییه‌‌كه‌یدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەفلاتۆن. كاتێك لەسەر بنەمای چینەکان جۆری پەیوەندییە هاوڕێییەتییەکانی پۆلێن كرد. تیۆری ئه‌فلاتۆن (تاك له‌ پێاو گشت) جه‌خت له‌ ناوه‌ندییه‌تی سیسته‌م ده‌كاته‌وه‌ بە ئامانجی بەدیهێنانی چاكه‌ی گشتی و هارمۆنی. به‌م پێیه‌ رۆڵ و پێگه‌ی تاك و سروشتێكی ئامرازه‌كیی‌ و شوێنكه‌وته‌یی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ گشتیییه‌كانی هه‌یه‌. لەم چوارچێوەیەدا په‌یوه‌ندی (هاوڕێیەتی) ئه‌فلاتۆنی بەپێی تیۆری ئایدیاکان لەسەر بنەمای فەزیلەتە ئەخلاقی و مەعریفییەکان ڕێکخراوە. به‌پێی‌ سیسته‌می ئه‌فلاتۆن په‌یوه‌ندییه‌ هاوڕێیەتییه‌كان پابەندی چوارچێوه‌ و سنوری چینه‌كانە. بۆ نموونە بیرکرنەوەیەکی لەو جۆرەی هەیە کە پەیوەندی نێوان (زانا و نەزان) ناعەدالەتی لێدەکەوێتەوە چونکە ئەو دووانە خاوەن دوو فەزیلەت و ئاکاری جیاوازن. ئەم فۆرمه‌ ئایدیالیستییە ئه‌فلاتۆنییه؛‌ وه‌ك نه‌ریتێك له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌دا درێژدەبێتەوە تا سەردەمی هاوچەرخ و بەتایبەت دەرکەوتنی فەلسەفەی بوونخوازی..
له‌نیوه‌ی دوومی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵخلیسكانی پرۆژه‌ی ڕۆشنگه‌ری بۆ ناو مه‌یدانه‌ سه‌ربازییه‌كان، له‌لایه‌ن -منداڵه‌ ناڕەسەنەکەی فه‌لسه‌فه‌ – (سیاسه‌ت)، مرۆڤ كه‌وته‌ گۆمی خۆێناوی خۆیه‌وه‌. به‌مه‌ هه‌موو سیسته‌مه‌ واتاییه‌كان له‌ گۆ كه‌وتن. هیچ به‌هایه‌كی ئاكاری بۆ مرۆڤ نه‌مایه‌وه‌. شه‌پۆلی ناڕه‌زاییه‌ جەماوەرییەکان ڕوو له‌ هه‌ڵكشان بوو مرۆڤ خه‌ریك بوو له‌ هاواری خۆیدا ده‌خنكا. له‌م بارودۆخه‌دا بوونخوازی وەک هێزی له‌رینه‌وه‌ی ئه‌و دەنگانە دەرکەوت. نوێنەرەکان بە تیکەڵکردنی فەلسەفە و ئەدەب، (مرۆڤ) یان تا ئه‌وپه‌ڕی به‌رزكرده‌‌وه. بەمەش مرۆڤ له‌ ته‌ونی ئاڵۆزی سیسته‌می پێناسه‌كان كرایه‌وه‌ و پاشان كرایه‌ ناوه‌ندی بوونی خۆی و خرایه‌ ناوه‌ندی گه‌ردوون وه‌ك یه‌كه‌مین و دوا ئامانج پێناسه‌ كرایه‌وه‌. ئەمە به‌فه‌رمی یه‌كه‌م كۆتاییهێنان بوو به‌ سه‌رجه‌م پێناسه‌ و چیرۆكه‌ میتافیزیكییه‌ نه‌ریتییه‌كان بۆ مرۆڤ. لەم چوارچێوەیەدا بوونخوازی ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەری گێڕا، یەکێک لە دیارترین فەیلەسوفەکان سارتەرە، بە پڕۆژەی بنیاتنانەوەو پێناسەکرنەوەی مرۆڤ، مەرگی سەرجەم سیستەمە میتافیزیکی و ئایدۆلۆژییەکانی راگەیاند.

*ئۆنتۆلۆجیای مرۆڤ و سارتەری فەلسەفی
دیووی فه‌لسه‌فی سارتەر بە ڕەفزکردنەوەی لۆجیکی فەلسەفەی نەریتی (دیکارت -ئەفلاتۆن) دەستیپێکرد. پاشان لە ڕێگەی پرسیاری: ئەگەر من بوونم نەبێ کێ بیر دەکاتەوە؟ کۆجیتۆی دیکارتی ئیفلیج كرد و بوونە ئۆنتۆلۆجییەکەی لە کۆجیتۆی نوێدا پێشخست.. بە هەڵگێڕانەوەی کۆجیتۆ، سارته‌ر جەخت لە بنەمای ئەپریۆری بوونی (بوون پێش چییەتی) دەکاتەوە؛ واتا به‌ ده‌ستكاریكردنی لۆجیكی فه‌لسه‌فاندن بنەمای (لە پێشینەیی بابەتی بۆ لە پێشینەیی خود) گۆڕی. پشتبەستوو بەم بنەمایه‌، چوارچێوە تیۆرییەکەی لە پڕۆژەی بنیاتنانەوەی (مرۆڤ) بە جەختکردنەوە لە ڕەسەنییەتی (خود-ئیگۆ) بنیاتنا….. بەمشێوەیە دوای ئه‌وه‌ی سارته‌ر ڕاسته‌خۆ له‌ناو سەری دیکارتەوە دەستیپێده‌كات، ئاپارتمانی مێژووی داڕماند و دووباره‌ كۆجیتۆی فۆرمه‌له‌ کردەوە.
پڕۆژەی (مرۆڤ) ی سارته‌ر له‌سه‌ر دوو بنه‌ما بنیاتنراوه‌:

  1. له‌ كۆجیتۆی گه‌وره‌دا: (من هەم، کەواتا بیردەکەمەوە) سارته‌ر بوونه‌ ئۆنتۆلۆجییه‌كه‌ی مرۆڤ (بوون بۆ خۆ) پێشده‌خات. وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك بۆ بنیاتنانی كۆجیتۆی بچووك: “مرۆڤ بوونی پێش چییه‌تییه‌كه‌ی ده‌كه‌وێت”. بەمشێوەیە لە هەنگاوی یەکەمدا‌ بنەمایەکی بابەتی بۆ (فەلسەفەی خود) بنیاتنا.
  2. له‌ كۆجیتۆی بچووكدا: به (مرۆڤ مه‌حكومه‌ به‌ئازادی‌) سارته‌ر (میتافیزیكای ئازادی) دادەمەزرێنێت و جه‌خت له‌سه‌ر حه‌تمی بوونی “ئازادی ڕه‌ها” ده‌كاته‌وه‌. (من-خودییەتی تاک) پێناسه‌ ده‌كات به‌وه‌ی: (ئازادی پێشمه‌رجی بوونی منه‌) به‌مشێوه‌یه‌ مرۆڤ به‌ فەرمی بوو به‌ خاوه‌نی یه‌كه‌مین میتافیزیكای خۆی. به‌ دۆكترینی ئازادی سارته‌ر هه‌موو تۆڕ و ته‌ونه‌ میتافیزیكییه‌كانی له‌باریه‌ك پچڕاند…. تێزی “ئازادی ڕه‌ها” له‌ ڕێگه‌ی زنجیره‌یه‌ك چەمکەوه‌ شۆڕدەبێتەوە بۆ ناو سەرجەم کارە ئەدەبی و فەلسەفییەکانی و خۆی ده‌خزێنێته‌ بۆشایی نێوان (ئیگۆ و ئه‌ویتر) سروشتی بوونی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانه‌وه‌ دەردەکەوێت. وه‌كو: خۆشه‌ویستی، و هاوڕێیه‌تی و ترس و ڕەشبینی و هتد…

    *ئه‌نسرۆپۆلۆجیای سارته‌ر و په‌یوه‌ندی هاوڕێیەتی:
    مێژوونووسانی فەلسەفە ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن کە ڕه‌هه‌ندی ئه‌نسرۆپۆلۆجیی سارته‌ر لە ژێر کاریگەری تێزه‌كانی کارل ماركس دایە. به‌ڵام كه‌موكوڕییەک لەم تێگه‌یشتنه‌‌دا هه‌یه‌، چونكه‌ له‌ باسی په‌یوه‌ندییه‌كان و به‌دیاریكراوی چه‌مكی (هاوڕێیه‌تیی)، سارته‌ر به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز مامه‌ڵه‌ لەگەڵ ئەو چەمکە ده‌كات.
    لەو چرکەساتەی (ئیگۆ) ی مرۆڤ بەر (ئەویتر)ی ناو واقیع دەکەوێت، دیووی ئەنسرپۆلۆجیای سارتەر دەستپێدەکات. له‌وێدا سارته‌ر به‌ته‌واوی ده‌ستبه‌رداری ئه‌نسرۆپۆلۆجیای ماركس ده‌بێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ماكیاڤیللی.
    ئەگەر مرۆڤی باڵای نیتچەیی بریتي بێت لە هەڵکشان بەرەو (سوپەر ئیگۆ)، ئەوا مرۆڤی ڕەسەنی سارتەری بریتییە لە گه‌یشتن به‌ (خود- ئیگۆ) ی خۆ بەتەواوی.. گه‌یشتن به‌ خود بە واتای خۆ داماڵین له‌ سه‌رجه‌م ڕێسا‌كانی ئه‌و‌یتر(ئەوانیتر). به‌م واتایه‌ مرۆڤی رەسەنی سارتەر ئه‌وه‌یه‌ له‌ كه‌سایه‌تی (ئیگۆ) بەتەواوی به‌ر خودی خۆی دەکەوێت و بوونه‌ ڕه‌سه‌نه‌كه‌ی ده‌ردەخات. کە سارته‌ر ناوی ناوه‌ (بوون بۆ خۆ)..
    دوای ئەوەی لە کتێبی ٭بوون و نەبوون٭ دا سارتەر، پرسی (ئازادی) مرۆڤ بەتەواوی یەکلا دەکاتەوە، له‌ ڕێگه‌ی: (ئازادی پێشمه‌رجی بوونی منه‌.) مرۆڤ بەتەواوی لە هەموو سیستەمێکی ئاكاری دادەماڵێ و به ‌دامه‌زراندنی ئاكاری بوونخوازانه‌ی ده‌گه‌یه‌نێ و لەڕێگەی چەمکی (بەرپرسیارییەتی) و به‌ گوزارشتی ((ئازادی تا ئه‌وپه‌ڕی)) ده‌یخاته‌وه‌ به‌رده‌م (ئازادی) یەکانی خۆی. بەمشێوەیە تێزی “ئازادی ڕه‌ها” له‌ ڕێگه‌ی دەستەیەک چەمکەوه‌ شۆڕدەبێتەوە بۆ ناو سەرجەم کارە ئەدەبی و فەلسەفییەکانی و خۆی ده‌خزێنێته‌ بۆشایی نێوان (ئیگۆ و ئه‌ویتر) له‌ ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانه‌وه‌ سروشتی خۆی ده‌رده‌خات.

*سارته‌ر وه‌ك فه‌یله‌سوف و ڕه‌فزكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی هاوڕێیه‌تی:
به‌ر له‌ هه‌ر شتێك بوونخوازی فه‌لسه‌فه‌ی هه‌ڵوێسته‌، فه‌لسه‌فه‌ی به‌رزكردنه‌وه‌ی (نا) یه‌ به‌ ڕووی جیهانی ده‌ره‌وه‌ی ئیگۆدا. ڕه‌فزكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی هاوڕێیه‌تی له‌لایه‌ن سارته‌ر وه‌ك فه‌یله‌سوف، پشت ئه‌ستووره‌‌ به‌ تۆماری سه‌رنجه‌كانی تیۆری (سروشتی مرۆڤ)ی ماكیاڤیللی. سارته‌ر به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ماكیاڤیللی له‌گه‌ل په‌یوه‌ندی هاورێیه‌تی هه‌ردوو پارادایمی (ئەفلاتون-هیگڵ) و دیدگای ماركس و مارکسییەکان بەتەواوی رەتده‌كاته‌وه‌…

ئەنسرۆپۆلۆجیای ماکیاڤیللی
سیسته‌می بیركردنه‌وه‌ی ماكیاڤیللی و سه‌رجه‌م بۆچوونه‌ سیاسی و ئه‌نسرۆپۆلۆجییه‌كانی له‌سه‌ر بنه‌مای تۆماری سه‌رنجه‌ سایكۆلۆجییه‌كانی ئه‌و بۆ مرۆڤ بنیاتنراوه‌. به‌ تێگه‌یشتنی ماكیاڤیللی مرۆڤ: پاڵنەرێکی ناوەکی شەڕانگێز و هەلپەرستیان هەیە و بەگشتی دووڕوو درۆزن و چلێس و تەماحکارن. بەو پێیە خەڵک ملکەچی چاکەی گشتی نابن و هەرگیز کاری باش ناکەن ئەگەر هێزێک (بەواتای دەسەڵات) چاودێریان نەکات. ئەم خەسڵەتانە ڕێگرن بۆ ئەوەی دەوڵەت توانای بەحێهێنانی ویستەکانی کۆمەڵی هەبێ. لەبەرئەوە دەوڵەت ئازادە و پێویستی بە زاڵبوون بەسەر مەیلی خۆپەرستانەی خەڵکدا هەیە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە “چاکەی هاوبەش” پێچەوانەی مەیلی سروشتی مرۆڤە، کە ماکیاڤیللی بە دەسەڵاتی دەوڵەتەوە دەیبەستێتەوە. ئه‌م وێناكردنه‌ نێگه‌تیڤه‌ی ماكیاڤیللی بۆ مرۆڤ ڕوانگەی ئەنسۆپۆلۆجیای سیاسی ئەو بنیاتدەنێت، به‌شدارییه‌كی بنچینه‌یی له‌ بیناكردنی ‌ئه‌رگیومێنت و بیرۆكه‌ی سه‌ره‌كی تێزی “میر” ده‌كات، بۆ ئازادكردن و ده‌ستكراوه‌یی “میر”ی فلۆره‌نسا له‌ به‌كارهێنانی (لۆجیكی هێز) و به‌كارهێنانی ده‌سه‌لاته‌كانی به‌ ئامانجی ڕێكخستنه‌وه‌ی سیسته‌م.

سارتەر ئەم وێنە نێگەتیڤەی سروشتی مرۆڤ دەگوازێتەوە بۆ ناو پرۆسەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە تایبەتییەکانی وەک: هاوڕێیەتی و خۆشەویستی. لەسەر بنەمای ئەم تێبینییانە وایدەبینێت: کاتێک ئەویتر بە پاکێجێک پڕۆژەی بەژەوەندخوازانەی تایبەتی دێتە ناو بوونمانەوە و كاریگەری ده‌خاته‌ سه‌ر سنوری ئازادییه‌كانی (من) و سروشتی په‌یوه‌ندییه‌كان بە سیاسی ده‌كات، لە پەیوەندیی هاوڕێیەتییدا (ئیگۆ)ی من بەشێک لە ئازادییەکانی بوونی لەبەرامبەر ئەویتر لە دەستدەدات.. هه‌روه‌ك لە شانۆگەری دا هەڵوێستیکی تەواو نێگەتیڤ وەردەگرێت دەڵێت “دۆزەخی من ئەویترە”. ئەویتر لەلای سارتەر بریتییە لە هەمووی کە گوزارشتە لە (ئید) بە چەمکە فرۆیدییەکەی. بێگومان سارتەر بەو پێیەی کە (بوونخوازە و فینۆمینۆلۆجییە) ئەم هەڵوێستەی سارتەر بنەماکەی لە ئەزموونەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەمە وەک جۆرێک گلەیی و بەشێوەیەکی نێگەتیڤ ده‌ردەبڕێت. تا دواجار، بەتەواوی قەناعەتی شەخسی خۆی دەردەبڕێت بە گوزارشتی: (مرۆڤ تەنهایە). ڕه‌شبینی خۆی پێشانیدەدات و لەوە دڵنیامان دەکاتەوە کە هەرگیز ئەگەرێکی وا لە ئارادا نییە کە مرۆڤ لە پەیوەندی هاوڕێیەتیدا بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆی هەڵپەسێرێ…

دۆکترینی ئازادی و پرۆسەی هاوڕێبوون

سارتەر لە بوون و نەبووندا دەڵێت: “مرۆڤ بە ڕەهایی ئازادە” واتای تەواوی ئەم گوزارشتە ئەوەیە: مرۆڤ بە ڕاددەیەک ئازادە تا ئەوەی دەتوانێت تەواوی ئازادی خودی رەفزبکاتەوە. بەلام بۆ ڕەفزکردنەوەی ئازادی، دیسان پێویست بە ئازادی تەواو دەکات. بۆیە لە کۆتاییدا دەڵێت: “مرۆڤ مەحکومە بە ئازادی” و کەواتا مرۆڤ و ئازادی یەک شتن و “ئازادی جەوهەری مرۆڤە”. بە دیووە ئاکارییەکەیدا، پرەنسیپی ئازادی خود، یارمەتی مرۆڤ دەدات، تاوەکو بوونی ڕاستەقینەی خۆی دەربخات و پڕ ببیت لە بوونی خۆی و مرۆڤێکی یەک ڕوو و یەک کەسایەتی درووستدەکات.
لە ئاستی تیۆرییدا سارتەر هەموو ئایدۆلۆژیا و سیستەمێکی فیکری ڕەتدەکاتەوە کە فشار دەخاتەسەر سنوورەکانی ئیگۆ و مەودا و پانتاییەکانی ئازادیی تاکەکەسی دەبەزێنێت. لەوانە ئەفلاتۆن، مارکس، تەنانەت ماکیاڤیلیش و هتد….

  • ڕەفزکردنەوەی ئەفلاتۆن و ماکیاڤیلی
    سەرجەم بیرۆکەکانی ئەفلاتۆن و ماکیاڤیلی ڕێگرن لەبەردەم تاک بوون و دەرکەوتنی (ئیگۆ) لە بە خودی خۆی. (پرۆسەی ڕەفزکردنەوەی ئیگۆ) لە پێناو چاکەی گشتی (سیستەم) چەقی پڕۆژەی ئەم پارادایمە فیکرییانە پێکدەهێنێت. بۆیە دژایەتیکردنی ئیگۆ بۆ بە چۆکداهێنانی لەبەرامبەر ئەویتردا وەک دوا ئامانج شکۆدارە. بەم واتایە تێزی ئەم پارادایمانە ڕێگرن لەبەردەم راستەقینەی مرۆڤ و واتاکانی مرۆڤ بوون.
  • ڕەفزکردنەوەی دیدگای مارکس و مارکسییەکان
    ئەو دیووەی کە پەیوەندی بە مارکسەوە هەیە، کە پەیوەندی هاوڕێیانەی کرێکاران لە پێناو ئامانجێکی دیکەدا لە پێناو دەرچوون لە نامۆیی بەرامبەر ئەویتر بە پێویست دەزانێت. واتا ئامانجەکە لە پێناو خۆیدا نییە، بەڵکو لە پێناو ئامانجێکیترە. بەمەش خودی پەیوەندی هاوڕێیەتیی ئامرازی کۆکردنەوەی هێزێکی یەکگرتووە لە پنتێکدا، کە دواجار ئامانجی ڕزگار بوونە لە نامۆیی گشتی.
    ڕەخنەی سارتەر لە مارکس و مارکسییەکان ئەوەیە کە ئەمان تەنها لە ڕەهەندی (ئابووری) یەوە مرۆڤ پێناسە دەکەن. ئەمە لە کاتێکدا ڕەهەندی سایکۆلۆجیی مرۆڤ فرە ڕەهەندو قوڵە پێویستە باشتر لێی تێگەین. لەلایەکیتر مادام مرۆڤ پڕۆژەیەکی کراوەیە، کەواتە لە (چوون یان دەرچوون) لەهەر پەیوەندییەکدا لە هەر چرکەساتێدا بەتەواوی -ئازادە-. زۆرجار ئەمە لەلای چەپە ڕادیکاڵەکان بە تاوان و تۆمەتی خیانەت لێکدەدرێتەوە. سارتەر هەڵوێستی خۆی بەرامبەر ئەو دۆخە دەردەبڕێت پێی وایە: دەشێت بیرو بۆچوون و ئایدیاکانی هاورێیانی ڕۆژانی خەبات کردنمان بگۆڕین. ئەمە بەو پێیەی کە مرۆڤ خاوەن شعورەو بیردەکاتەوە.

سارتەر وەک هاوڕێ و ڕەفزکردنەوەی سارتەری فەیلەسوف

لە بەشی یەکەمدا سارتەر وەک فەیلەسوف، بە ڕەتکردنەوەی سەرجەم مۆدێل و پارادیمە فیکرییەکان داوای ئازادی تەواوەتی بۆ ئیگۆی تاکەکەس دەکات. بەشی دووەم بۆ تەواوکردنی واتای ڕاستەقینەی ئازادی سارتەر بە پرەنسیپی بەرپرسیاریەتی سەرجەم دیسپلین و هێزە مەعریفییەکان و گشت ئەو هۆکارانەی هەژموونی تاک لە ناوچەی (ئەویتر) دا فراوان دەکەن، ڕەتدەکاتەوە… بەو واتایەی کە میشیل فۆکۆ دەڵێت: (زانین هێزە.) ئەم هێزە و هێزەکانیتریش زۆرجار خۆیان دەخزێننە نێو پەیوەندییەکانی ئیگۆ و ئەویتر و سروشتی پەیوەندییەکان تێکدەدەن و کێشە و گرفت لەبەردەم ئازادییە تاکەکەسییەکان درووستدەکەن. زۆربەی جار هۆکاری ناکۆکیی و ململانێکان و درووستبوونی سەردەستەو ژێر دەستەی لێدەکەوێتەوە و دوو ئیگۆ بەرامبەر یەکتر رادەگرێت. کە ئەمە جەوهەری باسەکەیە. کەواتە سروشتی پەیوەندی هاوڕێیەتی بوونخوازانە چۆنە؟
دوای ئەوەی لە کتێبی (بوون و نەبوون) دا سارتەر ستایشی هاوڕێیەتی دەکات و دەڵێت: هاوڕێیەتی شتێکی شکۆدار و بەڕێزە، بەڵام ئەوەی هەندێکجار ئێمەی تووشی بێباوەڕی کردووە ئەو هەڵوێستە نەرێنیانەیە کە لە هەندێک “هاوڕێ” ەوە سەرچاوە دەگرێت، بەتایبەتی کاتی تەنگانە و نائارامییەکان، ئەمە وامان لێدەکات بە هاوڕێیەتی و دۆستایەتیمان تووشی هەستیاری ببین، کە ئەمەش جۆرێک لە بەدگومانی لە ئێمەدا دروستدەکات…….
بەم واتایە هاوڕێ ئەو کەسەیە کە یاوەری بوونمان دەکات، کاتێک کە ئێگۆ لەبەردەم ئەویتردا واتاکانی ڕەسەن بوونی لەدەستدەدات. یان کاتێک مەوداکانی ئازادی سنووردار دەکرێت، هاوڕێ ئەو کەسەیە: لەڕێگەی هەست و سۆزی دەروونی و خۆشەویستییەوە، بوونی هەڵدەکشێت و دەڕژێتە ناو بوونی ئێمەوە، جەخت لە بوونی ئەو کەلێن و بۆشاییە دەکاتەوە کە کەوتۆتە ناو بوونمانەوە، بەمەش هەم بوونی ئێمە تەواو دەکات و هەم واتاکانی هاوڕێیەتی و پرەنسیپی بەرپرسیاریی هاوڕێیانە بە ئاکت دەردەکەون. دوای ئەوەی ڕێگەی پرەنسیپی بەرپرسیارییەتی هاوڕێیەتی مافی هاتنە ناوبوونمان وەردەگرێت بۆ پاڵنان و سەرخستنەوەی بوونی گیربوومان بە ئامانجی دووبارە بەواتاکردنەوەی و گەیشتنەوەی ئێگۆ بە خودی خۆی….بەمشێوەیە هاوڕێیەتی پرۆسەیەکە و ڕەنگە چەند چرکەساتێکی کورتی زۆر خێرابێت زوو تێپەڕێت. هەڵوێست وەرگرتنە بەشێوەیەکی کاتی. بەمەش هاوڕێیەتی لە خۆیدا سروشتێکی سەنگینی هەیە و کاتێ کە ئەوانیتر ون دەبن، بوونی ئەو لە تەک ئێمەدا دەردەکەوێت.
هاوڕێکانمان ئەو کەسانەن کە بنەمای سیاسی و بەرژەوەندیی خودی لەبەرچاو ناگرن بۆ هاتنە ناو بوون یان ئازادییەکانی ئێمە لە پەیوەندی هاوڕێیەتییدا. بەم واتایە هاوڕێیەتی لە دیدی سارتەر پرۆسەی پەسندکردن و هەڵبژاردنی (ئیگۆ) ی ئەویترە، وەک خۆی بەتەواوی. هاوکات جەختکردنەوەو پڕکردنەوەی ئەو بەشەی بوونی ئێمەیە لە کاتی قەیرانەکاندا… کەواتا هاوڕێیەتی لە دیدی بوونخوازییدا، پرەنسیپی بەرپرسیارییەتیی وەک زەرورەرێکی ئەخلاقی بۆ پاراستنی بوون و ئازادییەکانی (ئیگۆ) ی ئەویتر پێشدەخات.
لە کۆتاییدا -سارتەر وەک هاوڕێ- خەفەتبارە بە لە دەستدانی هاوڕێیان وەک دەڵێت: “ئای چەندە بە ئازارە لەدەستدانی هاوڕێیان” بەم واتایە نکوڵیۆردنی سارتەر لە هاوڕێییەتی، بە ڕەهایی نییە، ئەو زۆر هاوڕێیانە دەردەکەوێت لە زۆر کاتدا بەڵام ئەو لەسەر بنەمای ئارادی ڕەها گریمانەکانی دەستپێدەکات داننان بە پەیوەندی هاوڕێیەتی، بە واتای خستنە ژێر بەرپرسیارییەتی دێت. بەڵام سارتەر نایەوێ بکەوێتە پارادۆکسێکی لەو شێوەیە، بۆیە هەڵوێسته خودییەکانی خۆی، پڕاورپڕن لە بەهای بەرزی ئەخلاقی، لەڕێگەی ڕەتکردنەوەی نۆبڵی 57 خۆی پڕ دەکات لە مرۆڤ بوون و هاوڕێیەتی و یاوەریکردنی مرۆڤ. دواجار تووندوتۆڵ هاوڕێیەتی بە مرۆڤ بوونەوە گرێدەدات.دەڵێت: هاوڕێیەتی پڕ بوونە ئەوەی بوونی خۆی پەراوێز خستووە ناتوانێت ببێ بە هاوڕێ.

نووسینی: هاوڕێ خالید




دەنگەکانی نێو بیرەوەرییەکانی موسا عەنتەر.. نووسینی: یوسف عزەدین

(دەنگی ئەقڵ؛ هێمن و خامۆشە)
“زیگمۆند فرۆید”

چ سەیرە گەورە بیرمەندو فەیلەسوفێکی بەنامێی وەک ئەڕستۆ، خوڵقێنەری پرسیارە پڕ ئیشکال و ورووژێنەری پارادۆکسە مەعریفییەکان، زۆر ڕاشکاوانەو بەزوبانێکی بێ گرێ و گۆڵ بڵێت؛ کۆیلەداری و بەکۆیلەکردنی ئەوانی دیکە لەپێداویستییە کۆمەڵایەتییەکانەو حەتمەن پاساوی بۆ ئەمەش لەو دۆگمایەوە سەرچاوە دەگرێت کەپێی وایە خەڵکانێک بەخانەدانی دێنە دنیاو خەڵکانیکی تریش بۆیە دێنە دنیا تا ببنە کۆیلەو مامەڵەیەکی هاوشێوەی ئاژەڵان یان بگرە لەوان کەمتریشیان لەگەڵ بکرێت.

خودی ئەو ئەڕستۆیەی کەبەیەکەمین ئوستاد ناسراوە، پێی وابووە شاڵاوە سەربازییە داگیرکارییەکانی خاوەن کۆیلەکان، بەتایبەتیش گریکەکان بۆ بەدەستهێنانی کۆیلە، شەرعی و ڕێگەپێدراوە؛ هەروەک چۆن ڕاوکردنی ئاژەڵان شەرعی و ڕێگەپێدراوە؟! چەمکی ئازادی لای ئەو بەواتای مانەوەی خاوەن کۆیلەکان لەدەسەڵاتی ڕەهایانداو هەروەها مانەوەی کۆیلەکانیش لەکۆیلەبوونیاندایە کەبەبۆچوونی ئەڕستۆ ئەوپەڕی چاکەکارییە کاتێک کۆیلەیەک دەکرێتە کۆیلەو بەمەش بەختیار دەبێت لەژیانێکی ئازادانەی تایبەت بەخۆیدا؛ چونکە ئەو تەنها بۆ ئەوە هاتۆتە دنیاوە، تا ببێتە کۆیلە. هەر بۆیە سەیر نییە، کاتێک دەزانین لەهەندێک جاراندا، ڕێژەی کۆیلەکان لەسەداهەشتای دانیشتووانی ئەسینای پێکهێناوە و جگە لەسیاسەتکردن و بەشداریکردن لەحوکم و دەسەڵاتدا کەقەدەغەبووە لێیان.. لەزۆرێک کاری جۆراوجۆدا بەکارهێنراون وبەڕای ئەڕستۆش باشترین جۆرەکانی کۆیلەش، لەڕەگەزە ئاسیایی و نەتەوەکانی تری جیاواز لەڕەگەزی گریکیدا هەڵدەکەون و هەموو ئەو ڕەگەز و توخمە مرۆڤە غەیرە گریکییانەشی بەبەڕبەڕ ناوبردووە!؟
باشترین نموونەیەکی زیندووش بۆ بەرجەستەبوون و پڕاکتیزەکردنی بیرۆکەی بەکۆیلەکردنی میللەتانی تر، لەخودی کارو کردەوەی داگیرکارییانەی، ئەسکەندەری مەکەدۆنی؛ شاگردەکەی ئەڕستۆدا دەبینینەوە .
بەسەرهاتی بەکۆیلەکردنی مرۆڤ و قۆناغی کۆیلەداری لەڕووی مێژووییەوە، زۆر پێش ئەسکەندەری مەکەدۆنی دەستیپێکردووەو پاش چەندین سەدەی یەک لەدوای یەکیش ئیدامەی هەبووەو لەهەمووشی سەرنجڕاکێشتر و تراژیدیتر، داهێنانێکی ئیبلیسیانەی مرۆڤ بووە، بۆ خەساندنی کۆیلەکان؛ نەک هەر هاوشێوەی ئاژەڵان، بەڵکو زۆر لەوانیش خراپتر!
سێ هەزار و پێنج سەد ساڵ پێش زایین، سیستمی کۆیلەداری لای سۆمەرییەکان لەمیزۆپۆتامیادا دەبینرێتەوەو پاشان ئاشوورییەکان یەکێک بوون لەو دەسەڵاتدارە دڵڕەقانەی بەنامێ بوون لەخەساندنی کۆیلەکانیاندا، هەروەها فیرعەونییەکان، چینییەکان و …!؟
پێناچێت بەدرێژایی مێژوو، هیچ حوکم و دەسەڵاتدارییەک بەخستنەگەڕی ئەقڵانییەت و جێ بەجێکردنی نەرم و نیانی، توانیبێتی درێژە بەتەمەنی حوکمی خۆی بدات و ڕەنگە ئەستەمیش بێت، دەسەڵاتێکی لەو چەشنە ڕاشکاوانە لەماوەیەکی زەمەنی بەرچاودا ببینرێتەوە!؟
ئیدی مێژووی کڕین و فرۆشتنی کۆیلەکان و بەکارهێنانیان بەدرێژایی مێژوو بەردەوام دەبێت، تا دەگاتە سەردەمی دەسەڵاتدارە ئەمەویی و عەباسیی و سەلجووقی و دواجار لای عوسمانییەکان لەشێوازێکی پەرەپێدراو و سیستەماتیکدا، دەبێتە دەزگەیەکی تایبەتی گرنگ لەحوکمداری سوڵتانە یەک لەدوای یەکەکاندا. ئەو منداڵە خەسێنراوانەی کەزۆربەیان لەلایەن باندەکانی ڕفاندن و خەساندنەوە دابین دەکران و پاش کڕینەوەیان لەلایەن کاربەدەستتانەوە، دوای چەندین جۆر مەشق پێکردن و شێوازی فێرکارییانە، تێکەڵ بەحاشیەی کۆشکی سوڵتان و شوێنە هەستیارەکان دەکران؛ بەتایبەتیش شوێنی تایبەتی مانەوەو گوزەرانی ژن و کەنیزەکەکانی سوڵتان و دەسەڵاتداران. حەتمەن لەزۆر کاروباری جۆراوجۆردا بەکاردەهێنران، لەوانە بەتاڵکردنەوەی ئارەزووە سێکسییە هۆمۆسێکچەڵەکانی سوڵتان و پایەدارەکانی دەوڵەت، تا دەگەیشتە کاروبارە موخابەراتی و سیاسی و سەربازییەکانیش، هەر بۆ نموونە سوڵتان مەحموود یەکێک لەکۆیلەخەسێنراوە باوەڕپێکراوەکانی خۆی گەیاندە بەرزترین پلەی سەربازی و کاروبارێکی زۆری دەوڵەتیی دایە دەست و پلەی پاشاشی پێ بەخشی.
ئەوەی مێژووشی خوێندبێتەوە، دەزانێت چۆن کافوری ئەخشیدی لەکۆیلەیەکی خەسێنراوەوە گەیشتە بەرزترین پلەکانی حوکم و دەسەڵاتدارێتی سەردەمەکەی خۆی.
تەنانەت لای خانەوادە چینییە هەژارەکان، لەسەردەمانی قۆناغی کۆیلەداری و حوکمی ئیمپراتۆرەکاندا، بەویستی خۆیان و بگرە بەکۆشش و هەوڵێکی زۆر منداڵێک یان چەند منداڵێکی نێرینەیان دەناردە کۆشک تاببێتە کۆیلەیەکی خەسێنراو، بێگومان بەهەمان شێوەش خانەوادە نەدارەکان منداڵی مێینەشیان دەنارد تا ببێتە کەنیزەک. جێگەی سەرنجە کاتێک لەسەرچاوە مێژووییەکاندا، ئاماژە بەبەکارهێنانی منداڵانی ڕەش پێستی کۆیلەی خەسێنراو لەخزمەتکردنی دێرو کڵێساکاندا کراوەو بەتایبەتیش ئەو شوێنە تایبەتانەی کەڕاهیبەکانی تێدا ماونەتەوە؟!
دکتۆرێکی فەڕەنسی بەناوی دکتۆر کڵۆت کەلەسەردەمی محەمەد عەلی پاشادا، لەنیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەیەمدا پزیشک و بەڕێوەبەری سێکتۆری تەندروستی بووە، لەکتێبێکی ناوازەو گرنگیدا کەپێشکەش بەخودی محەمەد عەلی پاشای کردووە؛ بەناوی ناساندن یان خستنەڕوویەکی تایبەت بەمیسر.. لەلایەن محەمەد مەسعودی کارمەندی وەزارەتی دەرەوەی میسریی لەنیوەی یەکەمی سەدەی بیستدا کراوەتە عەرەبی و لە ل٦٣٠ی کتێبەکەدا* دکتۆر کڵۆت، سەبارەت بەکردەی بەردەوامی خەساندن لەمیسردا دەنووسێت:
(لەئێستادا کردەی خەساندن تەنها لەمیسردا ماوەو ئێرە بۆتە سەرچاوەی ناردنی کۆیلە خەسێنراوەکان بۆ شوێنانی تری دنیا، هەردوو شاری ئەسیووت و جورجا تاقانەن لەمانەوەی ئەم کردەیە تێیاندا و کێش باوەڕدەکات؛ سەرانی ئەم کردەیە نەک هەر کۆمەڵیک مەسیحیین، بەڵکو پیاوانی ئەکلیرۆسی قیبتیین کەبوونەتە مایەی شەرمەزاری بۆ ئایین و پەڵەیەکی ڕەش بەتەوێڵی مرۆڤایەتییەوە…. ئەوانە ساڵانە ٣٠٠ کەس دەخەسێنن؛ بریتیین لەمنداڵانێک تەمەنیان لەمابەینی ٦-٩ ساڵاندایە….)
هەرەوەها دکتۆر کڵۆت لەهەمان سەرچاوەی ئاماژەپێکراوماندا دەڵێت:
( بەو پێیەی پێیان وایە پاییزان لەبارترین وەرزە بۆ خەساندن، لەپاییزدا دەخەسێنرێن و خەساندنیش تەنها بڕینەوەی ئەندامی نێرینە، چووک ناگرێتەوە، بەڵکو گەڵ و گونەکەشی لەبنڕا لەگەڵ دەبڕنەوەو بەخێرایی ڕۆنی قرچاوو دەکەن بەسەر شوێنی بڕینەوەکەدا… پاشان خەنەی تێدەگرن و ئینجا منداڵە ئەشکەنجەدراوەکە تا ئاست سەر ورگی لەنێو عەرددا دەنێژن و پاش بیست و چوار سەعات لەنێو عەردەکەی دەردەهێننەوەو شوێنی برینەکەی بەقووڕی ئەبلیزو ڕۆن چەور دەکەن.. بەم کردەیەش چواریەکی ئەو منداڵانەی دەخەسێنرێن دەمرن و ئەوانەی دەشمێنن، ژیانی لەوەو دوایان لەبێدەسەڵاتی و ئازاردا دەگوزەرێنن…)
بەسەرهاتی خەسێنراوەکان؛ سامناکترین بەسەرهاتێکی تراژیدییە کەدەلالەتێکی ڕوونە بۆ بێ سنووربوونی دڕندەیی هەموو ئەوانەی بەدرێژایی مێژووی ئەو کردەیە بەشداری ئەکتیڤ و ڕاستەوخۆیان کردووە و ئەوەی وایلێکردین ئەم کورتەپێشەکییەش بخەینەڕوو، بەشێکی کتێبی بیرەوەرییەکانم-ی موسا عەنتەرە**
لەبەشی (ئاغای حەرەم و سومبول ئاغا) لەلاپەڕە ٥١٩-٥٢٠دا هاتووە:
{خانی دایکی گەورە لەئیستانبووڵ، بازاڕێکی گەورەی کڕین و فرۆشتنی کۆیلە بوو، من خۆشم شوێنەکەم بینیووە، کاتی خۆیشی لەوێ، لەسەر سەکۆیەکی وەک سەکۆی شانۆگەری کۆیلەکانیان نمایش دەکرد، بەڵام ئەو کاتەی من بینیم کۆیلەی لێ نەدەفرۆشرا. ساڵی ١٩٢٣، کاتێک کۆشکی عەبدولمەجیدی دوایین سوڵتانی عوسمانی بێ خاوەن دەمێنێتەوەو پەرش و بڵاو دەبێ، دوای ئەوەی سوڵتان بەرەو ئەوروپا دەرکرا. کۆیلەکان بێ خاوەن مانەوە، ئەوسا لەکۆشک دوو جۆر کۆیلەو جارییەی ڕەش و سپی هەبوو. کۆیلە ڕەشەکان ئەوانە بوون کەلەئەفریقاوە بەدەستهاتبوون، بەڵام سپی پێستەکان ئەوانە بوون کەلەئەوروپاو قەفقاسیا هێنرابوونە ئیستانبووڵ، لەسەردەمەکانی کۆتایی دەسەڵاتدارێتی عوسمانی کۆیلە لەئەوروپاوە نەدەهێنران، بەڵکو زیاتر لەقەفقاسیاوە کۆیلە دەهات و زۆربەیان چەرکەس و جۆرجی بوون، چونکە خەڵکی وڵاتانی قەفقاس زۆر جوانن. تا ئەو ئاستەی لەوێ شوێنیان بۆ پێگەیاندنی کۆیلەکردبۆوە.. دەڵێن پیاوە دەوڵەمەندەکان بایی پێویستی خۆیان زیاتر، کەنیزەکی جوان جوانیان دەکڕی، هیچ یەکێکیشیان لە٢٠-٣٠ دانە کەمتریان نەدەکڕی، جگە لەو کەنیزەکانە ٢-٣ دانە کۆیلەی گەنجی قۆزیشیان دەکڕی، ئینجا ئەوانەیان بەیەکەوە جووت دەکردو ئەو منداڵانەی لەوانە دەکەوتنەوە، وەکو بەرخ دەیانفرۆشتن.

ساڵی ١٩٤١ کەهاتمە ئیستانبووڵ، ٣٥ دانە لەو کەنیزەک و کۆیلەو خەدەم و حەشەمانە لەژیان مابوون… ئەو کۆیلەو کەنیزەکانە کاتیك کۆشکی دوایین سوڵتانی عوسمانی نامێنێت، دەکەونە کوچەو کۆڵانەکان هەریەکەو لەلایەک بەسەدەقەو زەکاتی دەوڵەمەندەکان خۆیان بەژیانەوە هەڵواسیبوو… دەربارەی ئەو ژیانە کولەمەرگییەیان ڕۆژێک کاک فالیح ڕیفقی بەسەرهاتێکی ئاوای بۆ گێڕامەوە:
( ئەو قوڕبەسەرانە پەرێشان ببوون، چونکە کابرا لەنێو کۆشک گەورە بووە، بۆیە زۆربەیان کەسانی خوێندەوار و ڕۆشنبیر بوون، منیش ئێوارەیەک دۆخی ژیانیانم بۆ ئەتاتورک باسکرد، بەڵام ئەو لەگەڵ ئەوەی گوتی: “نانا شتی وا چۆن دەبێت” بەڵام بەڕووداوەکە نیگەران بوو، بۆیە فەرمانی دەرکرد تا داهاتی خانی گەورەی سیرکەجی ئیستانبووڵ بدرێتە ئەوان کەلەسوڵتانەکانەوە جێماوە، لەکادیکۆیش کۆشکێکی سوڵتانەکان هەیە، با هەموویان بەدرێژایی تەمەنیان لەوێ بژین، وەک دیاریشە کەسیان منداڵیان نییە، بۆیە کەمردن شوێنەکانیان دووبارە ڕادەستی دەوڵەت دەکرێتەوە. فەرمانەکەی ئەتاتورک دوای دەرچوونی جێبەجێکرا، بۆیە من بیرم دێ دوای ئەوە ژیانێکی ئیسراحەتیان بەسەربرد)….}
ئاشکرایە سەرتاپای کتێبی بیرەوەرییەکانی موسا عەنتەر شایانی هەڵوێستەکردن و لێخوردبوونەوەو تاوتوێکردن و لێکۆلینەوەیە؟! بەو شێوازە سادەوساکارە خۆڕسکەی لەگێڕانەوەی ڕووداوەکاندا، ڕاستگۆیانە ڕووبەڕووی دەیان پرسیاری ئەنتۆلۆژی و مێژوویی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و سایکۆلۆژیت دەکاتەوە! ئەم چەشنە لەنووسینەوەی بیرەوەری مەدرەسەیەکی بێ وێنەو تایبەتە، بەدڵنیایشەوە کەمن ئەوانەی توانیویانە ئاوا بەڕاشکاویی و ڕاستگۆیانە ئەوەی دەیانەوێت لەمیانی زنجیرە گێڕانەوەکانیانەوە بەرجەستەی بکەن. ئەمەش بەواتای ئەوە نایەت، کەهیچ بن دێڕو واتای شاراوەو پەنهان لەنێو کتێبی بیرەوەرییەکانی ئەو زاتەدا نییەو هەروا هەر چییەکی لەهەگبەدا بووە هەڵیڕشتووە. نەخێر وەک پێشتر ئاماژەم پێدا؛ ئەم چەشنە لەنووسینەوەی بیرەوەری مەدرەسەیەکی بێ وێنەو تایبەتە، واتە گێڕانەوەکانی تەنها ماتەڕیاڵێک نین بۆ دراماو فیلم و نێرەتیڤ و ڕۆمان و ژانرەکانی تری ئەدەب کەبێگوومان دەشێت لەو ڕووانەشەوە سوودی لێ وەربگیرێت و بکرێتە سەرچاوە. بەڵکو دەتوانین بڵێین ئەم پیاوە لەپشت ناونانی کتێبەکەی بەکتێبی بیرەوەرییەکانم و پێبەخشینی خەسڵەت و سیمایەکی ئەدەبی سادەو ساکار، ویستوویەتی جێگە بۆ نهێنییە مێژووییە گەورەکان بکاتەوە، لەوانە گەر خوێنەر لاپەڕە ٥٥٧ تا لاپەڕە ٥٥٩ی کتێبەکە بخوێنێتەوە، ڕاستی ئەو ئەرشیفکردن و درکاندنی زانیارییە تایبەت و نهێنییانەی بۆ دەردەکەوێت!؟
موسا عەنتەر پیاوی سەدەکەی خۆیەتی و یەکێکە لەو مەزنانەی کەناشێت لەداهاتوودا؛ بەبێ ناسین و ناساندن و کارکردن لەسەر تێڕوانینە فیکری و کلتووری و سیاسییەکانی، هەنگاوێکی ڕاست و دروست بنرێت!؟ ئەم پیاوە پێش ئەوەی بکوژرێت، زۆربەی ئەوەی ویستی گوتی؛ جا چ بەشێوازە ئۆڕێنتاڵەکەی کەکەسە نزیکەکانی لێی ئاگادارن و چ بەشێوازە نووسراوەکەشی وەک ئەم کتێبەی کەپێشتر بەتورکییەکەی خوێندبوومەوەو دواجاریش بەم وەرگێڕانە کوردییە جدی و جوانەی”محەمەد عزەدین” شادمان بووم.
جا هەر بۆیە وەک خۆم مەبەستم بوو، زیاتر هەڵوێستە لەسەر ئەو بەشە تایبەتەی بکەم کەتێیدا دوایین بەسەرهاتی تراژیدی کۆیلەو خەسێنراوەکانی عوسمانییەکانمان پێ دەناسێنێت!؟ بابەتێکی زۆر تایبەت و گرنگی مێژووییە، دەرکەیەکی کراوەی خوێندنەوەی ماجەڕای ڕووداوە مێژووییەکانە بەشێوەیەکی بابەتییانە، چونکە هەر لەپاڵ ئەم جۆرە شەرعیەتدانە بەبازرگانیکردن بەکۆیلەو مامەڵەپێکردنیانەوە لەقەڵەمڕەوی حوکمی عوسمانییەکاندا، لەهەمان کاتیشدا لەڕووی تەلارسازییانەوە وەک لەوتارێکی ساڵانێک لەمەوپێشمدا ئاماژەم پێدابوو، شوێن و جێگەهێلانەی باڵندەیان لەدیزاینی کۆشک و باڵەخانەکانیاندا جێکردۆتەوە.. یان دەشێت بڵێین مێژوو یەک ئاست و یەک ئاڕاستە نییەو دەتوانرێت لەزۆر ڕووی ترەوە بڕوانرێتە هەمان مێژووی ساڵانێکی دووردرێژی عوسمانییەکان!؟

جوانی نووسینەوەی مێژوو ئەوەیە لەڕک و کینەوە هەڵنەقووڵێت.. هەروەک چۆن موسا عەنتەر بەو پەڕی ئاگاییەوە سەرنجمان بۆ ئەو هەڵوێستە مێژووییەی ئەتاتورک ڕادەکێشێت و تێمان دەگەیەنێت ئەو وەک سەرۆکی دەوڵەتێک، لەئاست گرفتێکی پێشتر خووڵقێنراوی دەسەڵاتێکی پێشووتردا، دەستەوسان و خەم سارد نابێت و بەڵکو بەوپەڕی گرنگییەوە مشووری بۆ دەخوا. بۆیە پێویستە وەک خوێنەرێکی جدی بپرسین، بۆ موسا عەنتەر دەیەوێت ڕوویەکی تری ئەو زاتەمان پیشان بدات.. ڕاستە ئەوەی لەزاری فالیح ڕیفقییەوە دەیگێڕێتەوە، حەقیقەتێکی مێژووییە، بەڵام دەشیا خۆی لێ ببوێرێت و نەیگێڕێتەوە؟ بێگوومان ئەمە یەکێکە لەو پارادۆکسە جوانانەی گێڕانەوەکانی موسا عەنتەر و خوێنەری بەسەلیقەو جدی پەلکێشی دنیایەک پرسیار و هەڵدانەوەی سەرلەنوێی پەڕەکانی مێژوو دەکات!؟
هەروەک چۆن لێکۆڵەرێکی کاریگەری ئەڵمانی بەڕەگەز هیندی***، پسپۆڕ لەمێژووی عوسمانییەکاندا بەناوی سورەیا فاروقی، بەشێوازێکی نوێی لێکۆڵینەوەو وەدەرخستنی مێژووی ناڕەسمی و شاراوە، زۆر حەقیقەتی نوێی کەمتر ئاوڕلێدراوەی هێنایەڕوو، بەشێکی نهێنی کارکردنە مێژووییەکەشی پەیوەستبوو بەدەستبردنی بۆ ئەو بەڵگەو نووسین و نامانەی دیلە ڕۆژئاواییەکان نووسیبوویان کەتێیاندا هەیە پێش ئازادبوونی ساڵانێکی دوورودرێژی وەک دیلێک لەژێر سایەی دەسەڵاتی عوسمانییەکاندا بەسەربردبوو.

لەو سەرچاوانە نووسینەکانی دیلێکی ئەڵمانییە بەناوی میخائیل هیری(١٥٦٠-١٦٢٣) کەبۆ ماوەی دەساڵ وەک سەوڵ لێدەری پاپۆڕەکان ڕەتێندراوەتەوەو دەڵێت جارێکیان کاتێک خاوەنی ئەو پاپۆڕەی تێیدا وەک کۆیلەیەک کارمان تێیدا دەکرد، داوای لەکاپتنی پاپۆڕەکە کرد کەزیاتر بەقامچی پشتمان سوور بکاتەوەو تا دەست و بردبکەین و چالاک بین، کەچی لەوەڵامدا کاپتن بەگژیدا دەچێتەوەو دەڵێت ئەم گیراوو دیلانە پێویستیان بەخۆراکی زیاترە نەک لێدان و تەنانەت پێیدا هەڵدەشاخێت و دەڵێت؛ ئەوانیش وەک تۆ مرۆڤن و دەبێت وەک مرۆڤ مامەڵەیان لەگەڵدا بکەیت.. نەک وەک ئاژەڵ؟! بەپێی گێڕانەوەکەی میخائیل هیری دواجار کاتێک خاوەن پاپۆڕەکە دەبینێت، سەرجەم دیل و شاگردەکانی کاپتن پاڵپشتیی دەکەن، هیچی پێ ناکرێت و ئەمەو زۆر نموونەی کاریگەری مرۆڤ دۆستانەی ئینسانەکان، کەلێرەدا جێیان نابێتەوە.

شایانی باسە موسا عەنتەر لەسەرجەمی گێڕانەوەکانیدا، پێناچێت مەبەستی بووبێت خۆیمان لابکاتە پاڵەوان، بگرە مامەڵەیەکی ئەنتی هێرۆش لەگەڵ خۆیدا دەکات! بەتایبەت کاتێک دەبینین ئەو موسایەی چەند جارێک دەگیرێت و ئەشکەنجە دەدرێت، کەچی دواجار دەتوانێت لەگەڵ زۆرێک لەپیاوانی دەوڵەتدا هاوڕێ بێت و تەنانەت لەگەڵیشیان بخواتەوەو گاڵتەو گەپیشیان لەگەڵ بکات؟ یان لەکاتێکدا کەلەلایەن بەشێکی زۆری خەڵکە ئاسایی و کەسایەتییە ئاینییەکانەوە وەک کۆمۆنیستێک ناسراوە، کەچی دەتوانێت لەمیانی سەردان و بەسەرکردنەوەو دیدارەکانیدا لەکات و شوێنی پێویستدا وەک دیندارێک نوێژ بکات و بەشدار بێت لەمەراسیم و بۆنە ئاینییەکاندا.. لەهەمان کاتیشدا دەتوانێت تێکەڵ بەکەشی ئایینی جولەکەکان بێت و ببێتە پارچەیەک لەوان و جێ متمانەیان!؟ بۆیە دەتوانین بڵێین موسا عەنتەر ئاوێنەیەکی پێکهاتووە لەچەندین پارچەی شکاوی جیاجیای کۆکراوەو کەسێکە دەگات بەو ئاواتەی کەمەبەستی بووە؛ هاوشانی شێخ سەعیدی پیران و سەیدڕەزاو قازی محەمەد، دەبێتە ناوێکی نەمر!؟
پاش کوژرانیشی لەماڵەکەی خۆیداو بەرانبەر بەو دار چنارەی کەزۆری خۆشدەویست؛ خرایە ژێر خاک و هاوکات هەمان شوێنیش کرایە مۆزەخانەیەکی تایبەت بەوێنەو کتێب و کەلوپەلە تایبەتییەکانی و تەنانەت گۆرەوییە خوێناویەکانیشی وەک تابلۆو شایەتحاڵێک لەوێدا هەڵواسراون و گرنگترین وتەیەکی عەنتەریش لەکتێبەکەیدا سەبارەت بەکۆیلەکانە کەدەڵێت: ( بەبۆچوونی من، شەهیدی ڕاست و دروستی مرۆڤایەتیش ئەو کۆیلەو کەنیزەکانەن، ئەگەر نا ئەوانەی لەجەنگ خەڵک دەکوژن و دەکوژرێنەوە شەهید نینە؟!).

سەرچاوەکان
*https://www.kutubpdfbook.com/book/%D8%AA%D8%AD%D9%85%D9%8A%D9%84-%D9%83%D8%AA%D8%A7%D8%A8-%D9%84%D9%85%D8%AD%D8%A9-%D8%B9%D8%A7%D9%85%D8%A9-%D8%A5%D9%84%D9%89-%D9%85%D8%B5%D8%B1-%D8%A3-%D8%A8-%D9%83%D9%84%D9%88%D8%AA-%D8%A8%D9%83.html
**بیرەوەرییەکانم/موسا عەنتەر/ لەتورکییەوە محەمەد عزەدین/دەزگای فام٢٠٢١
*** https://alaalam.org/ar/society-and-culture-ar/item/445-622071216




فەلسەفەی خۆشەویستی: سێکس زەفەر بە خۆشەویستی دەبات!-6-.. ئازاد حەمە

بەشی شەشەم

دەستپێک: زەبری سێکس و نەرمی خۆشەویستی

سێکس غەدارە و خۆشەویستیش نەرمونیان. وەکیتر، خۆشەویستی خەریکە لەژێر زەبری سێکس وردە وردە ئاوا دەبێت. ئەمەش تا دڵ دەخوازێت خەمناکمان دەکات، چونکە لەناو ژیانی تازەی ئەستێرەی ئێستامان، لەهەر جێگایەکدا بین، خۆشەویستی کەوتووەتە ژێر چەپۆکی سێکسەوە. ئەم دیاردەیە یەکێکە لە ناساغترین دیاردەکانی شارستانی تەکنەلۆژیاوی هەنووکەمان. دوانەکان، جووتەکان، لە گشت شوێنێک سێکس پتر لە خۆشەویستی کۆیاندەکاتەوە؛ هەر سێکسیش خودی پێکەوەبوونەکە دادەڕمێنێت. زۆرێک بەدوای هۆکاردا دەگەڕێن و ئەمەش وادەکات خۆمان لەبەردەم شرۆڤەی جیاجیادا ببینینەوە، لێ شرۆڤەکارەکان بە شوێنگەلێکمان دەگەیێنن، کە هێشتا پێویستمان بە شرۆڤە و شیتەڵکاری تر و ترە.
چۆن بتوانین ڕوانین بۆ سێکس بگۆڕین؟ چۆن وابکەین سێکس جێی لەق بێت لەبەردەم خۆشەویستی دا؟ مەگەر ئەمە کاری فەلسەفە نییە؟ بەڵێ تا سەر ئێسقان ئەوە کاری فەلسەفەیە، کە ڕوانین بۆ سێکس بگۆڕێت و وا لە سێکسیش بکات لەبەردەم خۆشەویستی دا جێی لەق بێت. ئەمە تەنیا بە شرۆڤەکارییە فەلسەفییەکان نایەتەدی، دەبێت فەلسەفە کارە سەرەکییەکە بگرێتە ئەستۆ؛ کاری فەلسەفە گۆڕینی دیاردە ناساغەکانە، نەک شرۆڤەکردنیان.

لێرەوە، لەسەرەخۆ، پێدەنێینەناو مۆدێلێک لە شرۆڤەی فەلسەفییانە بۆ خۆشەویستی، ئەوەش ئەزموونی بیرکردنەوەی فەلسەفیی ئالان بادیوە. ڕوانینە تێر و تەسەلەکانی ئەم بیرمەندە دەکەین بە کۆڵەکەی شرۆڤەکارییە فەلسەفییەکەمان و پشتئەستووریش بەو ڕوانینانە دەگەین بە ئەنجامگەلێکی پێویست. باشە فەلسەفە، یان دەروونناسی دوا وتنمان لەمەڕ خۆشەویستی پێدەڵێت؟ ئالان بادیو چ فەلسەفەیەکمان سەبارەت بە خۆشەویستی بۆپێشنیاردەکات؟ لە ئەفلاتونەوە بۆ فرۆید و لاکان خۆمان بە قەرزاری چ هزرێکی فەلسەفی دەزانین؟
لەکۆتایدا دەخوازم بڵێم، کە خۆم بە قەرزاری فەلسەفیی ئالان بادیو دەزانم، کە لە ڕوانگەیەکی فەلسەفییەوە منی هەڵدایە ناو واتای خۆشەویستییەوە. فەلسەفاندنی خۆشەویستی ڕێگاچارەیە بۆ دەربازبوون لە غەدری سێکس، لە یارییەکانی شەهوەت و گەڕانەوە بۆ زێدی ڕاستەقینەی ئەڤینداری. لەسەر ئەو بناغەیە، بە پاڵپشتی بۆچوونێکی شیعرگەرائامێزی (ڕامبۆ) دەخوازم بێژم پێویستمان بە””سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی پێناسەیەکە بۆ ئەڤینداری””. بە هەڵکەوتیش نییە، کە بەندە و پێشرتریش بادیو و زۆرێکی تر کەوتوونەتە ژێر سیحری ئەو تێگەیشتنە نازدارەی ڕامبۆوە.
پوختەی ئەوەی وتمان، فەلسەفە دەبێت وابکات، کە دەربازمانبیت لە غەدری سێکس، بگەڕێینەوە بۆ زێدی خۆشەویستی (دڵخوازیی، ئەڤینداریی). لەوێشەوە، لەژێرسایەی خۆشەویستی وەک هزر، کار بۆ سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی تێگەیشتن بۆ خۆشەویستی بکەین.

ئالان بادیو و فەلسەفەی خۆشەویستی

ئالان بادیو لە “”بوون و ڕووداو””دا، کە یەکێکە لە کارە فەلسەفییە سەرەکییەکانی، کە بە ڕوناکبیر و هزرەڤانانی فەڕەنسی و ڕۆژئاوایی ناساند، لەوێ و لە كارەكانی دواتریشیدا بە وردی لەسەری تێزێکی خۆی دەوەستێت، ئەوەش بابەتی خۆشەویستییە. ئەڵبەتە، خۆشەویستی وەك یەكێك لە هەل و مەرجەكانی فەلسەفە. گومانیشی ناوێت فەلسەفە لەگەڵ دەركەوتنی قسەی خۆی لەسەر خۆشەویستی كردووە بۆیە لێرەدا هەوڵدەدەین زۆر بە پوختی خۆشەویستی لە دیدێكی فەلسەفییەوە گفتوگۆبكەین و لەسەر ڕوانینی بادیو بۆ واتای خۆشەویستی بوەستین و تێگەیشتنێكی فەلسەفی تایبەت بەم واتایە لە هزری ئەم فەیلەسووفە دەربهێنین و بیكەین بە جەمسەرێك لە جەمسەرەكانی توێژینەوە تایبەت بە دیاردەی خۆشەویستی. دیارە پێشتریش لە چەند نوسینێكماندا هێمامان بۆ تێگەیشتنی بادیو بۆ خۆشەویستی كردووە، بەڵام لەم نوسینەماندا زۆنی وتنەكانمان لەسەر هەندێك ئاستی باسنەكراو بەرباسدەخەین و واشدەكەین بینینەكانمان ئاڕاستەی تر وەرگرن و گەشتێكی فەلسەفی بن بۆ ناو دونیابینی فەلسەفی بادیو سەبارەت بە خۆشەویستی، سێكس و خود.
بۆ زۆربەی ئەوانەی لە هزری فەلسەفی بادیودا پسپۆڕن لەوە بەئاگان، كە بادیو لە سێ نوسین دا باس لە واتای خۆشەویستی، یان چییەتی خۆشەویستی دەكات. لە نوسینی:”مانیفێستی فەلسەفەManifeste pour la philosophie(1) “، خۆشەویستی چییە؟ Qu’est-ce que l’amour ?” (2)، “لە ستایشی خۆشەویستیدا” Éloge de l’amour (3).
بادیو لە نوسینی “مانیفێستی فەلسەفە”دا، كە لە ساڵی 1989 دا نوسیویەتی، ئەڵبەتە پێشتریش و لە بەرهەمە قەبەكەیدا، كە لە ساڵی 1988دا چاپیكردووە (بوون و ڕووداو) باس لەوە دەكات، كە خۆشەویستی لەگەڵ بیركاری (یان زانست)، هونەر (یان شیعر) و سیاسەت دروستكەری ڕاستی فەلسەفیین، یان ئەم چوارە بەو هەل و مەرجانە دەناسێنێت، كە فەلسەفە بەهۆیانەوە دێتەسازاندن. بەپێی ئەم هاوكێشە فەلسەفییە بادیوییانەیە بێت “خۆشەویستی بەرهەمهێنەری ڕاستییە، ڕاستی فەلسەفیی”. خۆشەویستی لە دیدی بادیو بریتی نییە لە ئەزموونی ئەوەیتر، بەڵكو لە “ئەزموونی جیهان، یان دۆزێك”. ئەو خۆشەویستیەی بادیو ستایشی دەكات ئەوا “دووان (جووتێك)پێكەوە دروستیدەكەن و بەرهەمی یەكگرتنەوەشیانە، كە ئەوەش لەلایەن خۆیەوە ڕووداوێك پێكدێنێت”. هاوكات بۆ ئەوەی بادیو خۆشەویستیمان بۆ ڕاڤەبكات پرسیارگەلێك وەك پیاو چییە؟ ژن چییە؟ دەوروژێنێت و خۆی وتەنیش” فەلسەفەی ڕۆژئاوا لە ئەفلاتونەوە تا نیچە هەوڵیداوە واتای ژن شرۆڤەبكات”(4).

بەرەو دامەزراندنەوەی فەلسەفەیەک تایبەت بە خۆشەویستی
فرۆید و لاکان

چیییەتی خۆشەویستی بۆ زۆربەی بیرمەندانی ڕۆژئاوا گرنگی خۆی هەبووە و ئەم گرنگیەش بەجۆرێك لە جۆرەكان قەرزاری ئەو وتنە فەلسەفیانەن ئەفلاتون لە دیالۆگی سیمپۆزیۆن (خوان، Symposion) بە ئامادەبوونی ئێرۆس (خواوەندی خۆشەویستی) و سوكرات لەو دیالۆگەدا، بەردەستمانی خستووە و ئەمەش وایكردووە لەو دەمەوە خۆشەویستی ببێت بە بابەتێكی مانادار بۆ فەلسەفە.
بادیو لە شرۆڤەكانی سەبارەت بە خۆشەویستی لە گەڕانەوەی بەردەوامدایە بۆ ئەفلاتون و لاكان. بادیو پێیوایە “تێۆری لاكان تایبەت بە خۆشەویستی هەمان دیدی فرۆید نییە”، یان لاكان سەبارەت بە بابەتی خۆشەویستی قەرزاری فرۆید نییە. بەپێی تێگەیشتنی فەلسەفی بادیو ئەوەی لاكان لەم ڕوەوە لە فرۆید جیادەكاتەوە ئەوەیە، كە “لاكان واتای خۆشەویستی و حەز بە زاراوەی فەلسەفی تێهەلكێشدەكات”. بۆیە بۆ بادیو “لاكان باشترین دەروازەیە بۆ تێگەیشتن لە خۆشەویستی”. ئەم ئامادەبوونەی خۆشەویستی لە هزری لاكان بۆ بادیو مانادارە و ڕێگایەكیشە بۆ لكانی فەلسەفە بە شیكردنەوەی دەروونییەوە. ئێمەش لەلایەن خۆمانەوە تا ڕادەیەكی زۆر پێمانوایە فەلسەفە و شیكردنەوەی دەروونی توانای سازدانی شرۆڤەكردنی قووڵییان سەبارەت بە خۆشەویستی پێییە.
ئاشكرایە خوێنەری بادیو و پسپۆڕ لە فەلسەفەی خۆشەویستی ئەم بیریارە فەڕنسییە، هەست بەوە دەكات، كە شیكردنەوەی دەروونی نەبووە بە یەكێك لە چوار هەل و مەرجەكەی دروستبونی فەلسەفە، بەڵام لەهەمان كاتیشدا بادیو لە نوسینەكانیدا بەبێ سلەمینەوە جەخت لەوە دەكات، كە “فرۆید و لاكان دوو فەیلەسووفی مەزنن و رۆڵێكی سەرەكیشیان لە سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی واتای خود دا دیووە”. ئەوەی بۆ بادیو تایبەت بە لاكان جێی تێڕامانە ئەوەیە”لاكان پێویستە وەك تێۆریزەكەری خۆشەویستی، نەك خود، یان هەوەس تەماشابكرێت”(5).
كەواتە بادیو بۆ پێكهێنانی چوارەم هەل و مەرجی دروستكردنی فەلسەفە لە تێۆری خۆشەویستی لاكان سوودمەندە. بادیو پێیوایە “هیچ تێۆرییەك هێندەی تێۆری لاكان سەبارەت بە خۆشەویستی كاریگەری نییە”. گومانیش ناكات، كە “لاكان لەو تێۆرییەیدا لەژێر كاریگەری دیالۆگی “خوان”ی ئەفلاتون نەبێت”(6). وەكی تریش بادیو بەخۆشی لەژێر كاریگەری هەمان دیالۆگە و بەم جۆرە بێت بادیو دووجاران لەژێركاریگەر دیالۆگی ناوبراوی ئەفلاتونە. لەلایەك لە ڕێگای لاكانەوە و لەلایەكی تر لە ڕێگای ئەو كاریگەرییەی ئەو دیالۆگە و ئەمجار سێستەمی فەلسەفی ئەفلاتون لەسەر هزری بادیو دایناوە. بۆیە لە نوسینی”مانیفێستی فەلسەفە” دا كاریگەری لاكان لەسەر تێۆری خۆشەویستی بادیو شتێكی بەرچاوییە.

فەلسەفە/ دەروونناسی لەمەڕ خۆشەویستی
لاکان/ بادیو

فەلسەفە یان دەروونناسی لەمەڕ خۆشەویستی زۆرترین شتمان لەسەر خۆشەویستی پیدەڵێت؟بادیو لەژێرسیحری دیدی لاكان بۆ خۆشەویستی دەڵێت: “لاكان فێریكردوین، کە خۆشەویستی خۆی لە””بوون”” لەرێگەی ژوانەوە نزدیكدەکاتەوە( واتە یەكدەگرنەوە)”. ئەم بۆچوونە لاكانییە ڕەنگدانەوەیەكی قووڵی لەسەر هزری فەلسەفی بادیو داكوتیوە و هەربۆیشە لەبەر ڕۆشنای ئەو بۆچوونە بادیو جەخت لەوە دەكات، كە لەلایەک “خۆشەویستی پەیوەندییە لەنێوان دووان ، لەلایەکیتر بەهەڵوەشانەوەی دەسەڵاتی تاكیش كۆتای دێت”(7).
بادیو گومان لەوە ناكات، كە”خۆشەویستی وێنەی ئەم تاكەی بەسەرەوە نەمێنێت، وەلی تێۆری خۆشەویستی لاكان كار لەسەر دەرخستەیەكی لۆژیكی دەكات، كە بریتییە لە پەیوەندی نێوان دوانەیەك.
تەنانەت لاكان واشیدەبینێت، كە” خۆشەویستی دەكارێت بەلەجیاتی پەیوەندیی سێكسی بكات و بۆ ئەوەش دەچێت حەسودییەكی سێكسیش لەپشت خۆشەویستیەوە هەر دەبێت”، بەڵام بادیو ئاوا تەماشای خۆشەویستی ناكات، کە دواتر دێینەوە سەری.
ماناداری تێۆری خۆشەویستی لاكان بۆ بادیو لەوەدایە، كە بادیو سەرنجێكی زۆر دەخاتە سەر “ڕۆلی دوان لە پێكهێنانی پەیوەندی خۆشەویستی و ئەو پەیوەندیەش لەم تێۆرییەدا سەبارەت بە خۆشەویستی هاوچەرخ و خۆشەویستی ڕێزئامێز ئامادەیە”. وەكیتریش بادیو گرنگی بەگشت ئەو پەیوەندیانەش دەدات دووانەیین، بۆ نموونە لە بواری سیاسیدا: پرۆلیتاریا و بۆرجوازی، بەڵام ئەم دووانەیە پەیوەندیەكی سیاسی دژ پێكدێنن(8).
بادیو باوەڕی بەوەشە ئەم جۆرە دووانانە دەتوانن لەڕێگای بیرێكی سیاسیەوە یەکبگرن و ناكۆكی نێوانیان نەمێنێت. هاوكات بادیو ئامۆژگاری ئەوەشمان دەكات، كە گشت دووانەكان (ژن و پیاو، پرۆلیتاریا و بۆرجوازی) پێویستە لەوە بكەون بابەتی بن. ئەمەش” بۆئەوەی ئەم دووانانە بتوانن پێكەوەكاربكەن و یان كۆكبن و بۆئەوەی ئەمەش بێتەدی پێویستیان بەوە دەبێت واز لە بەبابەتیبوونیان بهێنن”(9). ئەمەش جۆرە ڕێگایەكە لەلایەن بادیوەوە بۆ قووتكردنەوەی تێۆریەك تایبەت بە خود لە بواری خۆشەویستیدا.

فێمینیزم و بۆچوونی ئەفلاتونی بادیو بۆ خۆشەویستی

بادیو بەبێ دەنگی لە دوو نوسینیدا (مانیفێستی فەلسەفە، خۆشەویستی چییە؟) ڕەخنەی تێگەیشتنی فێمینیستەكان بۆ واتای ژن و خۆشەویستیش دەكات. كێشەی بادیو لەگەڵ فێمینیستەكان و داكۆكیكەران لە تێۆری كویر (شاز، ناجۆری) Queer یەكناگرێتەوە، چونكە بادیو باوەڕی بە بوونی دوانەییەكی جیایە (دوو ڕەگەزی لێكنەچوو) لە دروستكردنی پرۆسەی خۆشەویستی. بادیو دژایەتی فێمینیزم ناكات، بەڵام بەزۆری دژی ئەو جۆرە ئاراستە فێمینیزمییانەیە، كە پەیوەندی نێوان ژیندەرەكان تێكدەدەن. دڵنیاشین تێزی ناوبراوی بادیو تایبەت بە خۆشەویستی پێناچێت لە لای گەلێك لە فێمینیستەكانی ڕۆژئاوا پەسەندكراوبێت.
گرنگە هێما بۆئەوەش بكرێت، كە ئەو خۆشەویستیەی بادیو کاری لەسەر دەکات، کە لەئاكامی یەكگرتنەوەی دوو ناجۆر دروستدەبێت””رەگەزی ناپەیوەندی دروستدەكات”. هەروەها خۆشەویستی، كە”ڕووداوی یەكگرتنەوەی نێوان دووانە ئەزموونێكی بێپایان و تەواونەكراو جڵەودەكات”، بەڵام بادیو لەمڕوەوە زۆر جەخت لەوە دەكاتەوە، كە خۆشەویستی بریتییە لە”روودانی فرەییەكی بێناو، رووداوێك، كە لە دەرئەنجامی رەگەز (جنس)ە جیاكانەوە دروستدەبێت”(10).
بەم جۆرە بێت، خۆشەویستی، بریتییە لە پەیوەندی نێوان دوانەیەك. بناغەی ئەم دوانەیەش دوو رەگەزی (جنسی) جیا پێكیدێنن (پیاو و ژن)”. “ئەم دوو رەگەزەش خود پێكدێنن، یان لە خود پێكدێن”. ئەم یەكگرتنەوەیەی نێوان ئەم دوو رەگەزە “یەكگرتنەوەی نێوان دوو جەمسەری ناجۆرە: جەمسەری نێگەتیڤ و پۆزەتیڤ”. بەمشێوەیە “خۆشەویستی یەكگرتنەوەی نێوان دوو جەمسەری ناكۆكە: یەكێكیان ژنە، كە ناگشت پێكدێنێت و ئەوەیتر پیاوە، كە گشت ئەبەزێنێت”(11).

فەیلەسووفەكان نابێت لە خۆشەویستی بترسن

لێرەدا هێما بۆ ئەوەش دەكەین، كە بادیو لە شرۆڤەكردنە فەلسەفییەكانی تایبەت بە واتای خۆشەویستی بینینی خۆیمان سەبارەت بە سێكس و پەیوەندی ڕۆمانسیش بەرباسدەخات. بادیو ئەمەی لەو كارە تازانەیدا ئەنجامداوە لەم ساڵانەی دوایدا، بۆنموونە”لە ستایشی خۆشەویستیداÉloge de l’amour “(12)، نوسیونی. گرنگیدانی بادیو بە واتای خۆشەویستی لە پەرتووکی “لە ستایشی خۆشەویستیدا” ئاوڕدانەوەیەكی فەلسەفییانەی بێئەندازە جوانە و گفتوگۆ فەلسەفییەكانیشی سەبارەت بە خۆشەویستی بە قەرەی بینینە فەلسەفییەكانی ئەفلاتون، كێركەگۆر Kierkegaard، سیمۆن دۆ بۆڤوارSimone de Beauvoir، پرۆست Marcel Proustو لاكاندا تێدەپەڕێنێت و پەرچەكرداری فەلسەفی لێدەسازێنێت. هەر لەم كارە فەلسەفییەیدا بادیو واتاگەلێكی وەك سێكس، پەیوەندی و ڕۆمانس (هەقایەتی ئەوینداری) دەخاتە ژێرپرسیارەوە و ساموێل بێكێت Samuel Beckett یش بەنموونە لەسەر ئەو ئەدەبە دێنێتەوە، كە پراكتیزەی خۆشەویستی كردووە.
بادیو لە پەرتووکی ناوبراودا، كە بریتییە لە هەڤپەیڤینێك لەتەك نوسەر و ڕۆژنامەوانی لۆمۆندی فەڕەنسی نیكۆلا ترۆنگ Nicolas Trunong ، داكۆكی لە خۆشەویستی دەكات و لە سەرەتاوە تا كۆتای پەڕتووكەكە دەیەوێت بڵێت : “ستایشی خۆشەویستی گۆرانییەكە لەلایەن ئەو فەیلەسووفەوە دەچڕدرێت، كە وەك ئەفلاتون بیردەكاتەوە و پێ ماندەڵێت: ئەو كەسەی خۆشەویستیی وەك خاڵی دەستپێك وەرنەگرتووە هەرگیز لە سروشتی فەلسەفە تێناگات”(13).
هەر لەوێڕا ئامۆژگاری بادیو بۆ فەیلەسووفەكان ئەوەیە، كە” نابێت لە خۆشەویستی بترسن” و خۆشەویستیش بە سەرچڵی (موغامەرە) دەشوبهێنێت و داوای ئەوەش دەكات، كە خۆشەویستی مەرجە ڕیسكئامێز(سەرچڵئامێز) بێت. “خۆشەویستی بەبێ ڕیسك نەشیاوە. خۆشەویستی بێ ڕیسك وەك جەنگی بێ مردوو وایە”. بەم چەشنە بادیو قسە لە ناسانایەتی خۆشەویستی، لە چركە ئەستەمەكانی خۆشەویستی لە جیهانی هاوچەرخدا، دەكات. كەوابێت دەشێت بپرسین بۆ خۆشەویستی لە كۆمەڵگەی ئێستادا ئەستەمە؟ پێدەچێت بەپێی هزری فەلسەفیی بادیو ئەو دەمە خۆشەویستیكردن ئەستەم دەبێت، كە بە ئارەزووی سێكسی تێكەڵدەكرێت(14).
بەو بینینەی لای سەرەوە بادیو ئەو گومانەش هەڵدەوەشێنێتەوە، كە وایبۆدەچێت “خۆشەویستی بوونی نییە”، ئەمەش لەبەرئەوەی بادیو “مانای خۆشەویستی لە ئارەزووی سێسكسیدا گیرناكات”. سەرباری ئەوە، بادیو لەم نوسینەیدا باس لەو هەڕەشەیەش دەكات چاخی تازە لە خۆشەویستی دەیكات. بادیو خۆشەویستی سەردەمی ئێستاش وەك خۆشەویستییەكی بێ موغامەرە پێناسەدەكات. ئەمەو بەبۆچونی بادیو”خۆشەویستی لە ئێستادا لەژێر هەڕەشەی هێدۆنیزم (چێژگەری) Hedonismو لیبڕالیزمدایە” و ئەم دوو دیاردەیەش بە بەرپرسیار دەزانێت بەرامبەر بە گەشەی “سێكسگەرایی Sexuality و بەرخۆرییConsumerism و پێشیوایە سێكسگەرایی و بەرخۆریی لە خۆشەویستی و سۆز خاڵیین”(15).
لەبەرئەوەی خۆشەویستی لە هەنووكەدا لە تالووكەدایە بادیو لەم پەڕتووكەدا كارێكی زۆر بۆ دەربازكردنی خۆشەویستی لە كێشەكانی دەكات. بیریشمان نەچێت بۆ بادیو لە ئەمڕۆدا “خۆشەویستی بریتییە لە ململانێیەك لەودیو تەنیاییەوە، ململانێیەك لەگەڵ گشت شتێك، كە لە جیهاندا دەتوانێت بوون بجووڵێنێت”، بەڵام هاوكاتیش بادیو هێرشدەکاتە سەر ئەو جۆرە خۆشەویستییەی لە ماڵپەڕی دەیتینگDieting ە كاندا باوە(16). لە دیدی بادیو “ئەم جۆرە خۆشەویستییانە خۆشەویستی كۆمەڵگەی بەرخۆرین”. بۆیە لەبری ئەوە بادیو مەستی ئەو تێگەیشتنەی ڕامبۆ Rimbaud ی شاعیرە، كە دەڵێت:”خۆشەویستی پێویستی بە دووبارە دامەزراندنەوە هەیە”(17).
بەپێی تێگەیشتنەكانی بادیو لە پەرتووکی “”لە ستایشی خۆشەویستی دا”” بێت “خۆشەویستی یەك جارە و بۆ هەمیشەشە”. لەم بارەیەشەوە بادیو باس لە هەقایەتی خۆی دەكات، كە لەتەمەنی لاویدا ژنێكی خۆشویستووە، كە ئەوە یەكەم خۆشەویستی “ئەو” بووە و بۆ هەمیشەش لە یادی ماوەتەوە. لەبەرئەوە بادیو لە شوێنێكی هەمان پەڕتووك دا وتنێكی تویژەنەوەیەكی تری (تێۆری خود) دووپاتدەكاتەوە، كە بەم شێوەیەیە: “خۆشەویستی ئەو شتەیە دووبارە نایبینیتەوە”. لەوەش نكوڵیناكات، كە “خۆشەویستی بریتییە لە “ژیانکردنی خودی ژیان لە میانەی دوو دیدەوە”: ئەوەی خۆشەویستیدەكات و ئەوەی خۆشدەویسترێت”(18).
دروستكردنی ژیانیش بەپێی دیدی بادیو”لە میانەی دوانەوەیە نەك تاكەوە”. هەر تایبەت بەم لایەنە بۆ بادیو “پەیوەندی خۆشەویستی پێویستی بە دیدی فرە و هاوبەش هەیە”. كەواتە خۆشەویستی كەوتنە ناو ژیانی كەسێكی ترەوەیە، سوتانە بۆ ئەو ژیانە. شوێنی وتنە، بادیو دژی تێگەیشتنی ڕۆمانسییانەیە بۆ خۆشەویستی و دژی تێگەیشتنی كلاسیكانەشە بۆ هاوسەرگیریی. بەپێی دیدی فەلسەفییانەی بادیو “خۆشەویستی هەم ژوانە و هەمیش خوڵقاندن. واتە مرۆڤ لەناو خۆشەویستیدا كێشە چارەسەردەكات: پێكەوە ژیان، یان نەخێر، مناڵ دروستكردن، یان نەخێر…”. دیارە لە نهێنیدا، لە وتنێكی بێدەنگئامێزانەدا، بادیو حەزدەكات بێژێت: خۆشەویستی دەشێت بریتی بێت لە كردەی ڕووبەڕووبوونەوەش(19).

سێکس یان خۆشەویستی؟

بۆ بادیو “خۆشەویستی پێچەوانەی سێكسە”. هەربۆیشە بادیو زۆر ڕاستەوخۆ “گاڵتە بەو خۆشەویستییە دەكات لە ئێستادا لە پاریس هەیە و پێیوایە شتێكی خراپیشە، کە زۆربەی جووتەكان، دوانەکان، تەنیا پێنج ساڵێك پێكەوە دەژین و بەباوەڕی بادیو ئەمانە لە خۆشی خۆشەویستی ناگەن، بەس گشت شتێك لەسەر چێژی سێكسی دەزانن”(20). جگەلەوەی “عیشق، بەبۆچوونی بادیو، هەرگیز ناكڕدرێت، لێ سێكس، یان خودی چێژی سێكسی وەك ئەوە تەماشادەكات جەستە بەشمەك دەكات”.
سەرباری ئەوە، بادیو پیێ لەسەر ئەوەش دادەگرێت، كە “خۆشەویستی بەرهەمی ڕاستییەكە ئاماژەیە لەسەر ئەوەی ئەم خۆشەویستییە جێگری زانینە، زانینی ئەوانەی یەكتریان خۆشدەوێت”. بەواتایەكی روونتر، خۆشەویستی بەپێی دیتنی بادیو بریتییە لە “رووداوی یەكگرتنەوەی نێوان دوان (جووتێك) و بەرهەمهێنانی راستیی لەمەڕ ئەم دوانە-(جووتە)”(21).
پێشتریش وتمان، لاكان وایدەبینێت، كە” خۆشەویستی دەكارێت بەلەجیاتی پەیوەندیی سێكسی بكات و بۆ ئەوەش دەچێت حەسودییەكی سێكسیش لەپشت خۆشەویستیەوە هەر دەبێت”، بەڵام بادیو ئاوا تەماشای خۆشەویستی ناكات، کە دواتر دێینەوە سەری. چونكە بادیو خۆشەویستی وەك پرۆسەی یەكگرتنەوەی نێوان دوو دژە جەمسەر دەبینێت و ئەو شتەش ئەم دووانە دروستیدەكەن بە تاكێك دروستناكرێت. خودی پرۆسەكەش وەك دروستكەری ڕاستی دەبینێت. ئەم فەلسەفەیە ئەوەشمان پێدەڵێت، كە خۆشەویستی پرۆسەی دروستكردنی ڕاستیشە، “خۆشەویستی تەقەلایەكە بۆ ڕاستی”. بەمانایەكی تری فەلسەفی، بادیو، كە كار لەسەر دامەزراندنی خۆشەویستی دەكات ئەمە لەمیانەی بە ڕووداوكردنی خۆشەویستییەوە دەكات. هەروەها ئەوەش، كە خۆشەویستی سازێنەری ڕاستییە، ئەو ڕاستییەی بۆ دروستكردنی ڕاستی فەلسەفیی پێویستە.
ئەوەی تایبەت بە تێۆری لاكان لەبارەی خۆشەویستییەوە شوێنی تێڕامانە ئەوەیە بۆ لاكان “چێژی سێكسی لە خۆشەویستیدا شتێكی نارسیسیە (خۆپەرستانەیە) و پەیوەندی سێكسیش بوونی نییە”. بەم شێوەیە، لاكان مەیلی كەسەكان بۆ یەكتر لە ئارەزووی سێكسیدا بەرجەستەدەكات، هەرچی بەبۆچوونی بادیوە “ئارەزوو و خۆشەویستی هاو مەیل نیین، چونكە”ئارەزوو مەیلێكی فیتش Fetish ی (بەشتبوونی) هەیە، بەڵام خۆشەویستی مەیلی سووتان و لە ئامێزگرتنی تیایە”(22).
گشت ئەو ڕەخنانەی بادیو لە خۆشەویستی دەیگرێت بۆ زەمینەخۆشكردنە لە داكۆكیكردن لە خۆشەویستی.”داكۆكیكردن لە خۆشەویستی بەقەولی بادیو ئەمە ئەركی فەیلەسووفە”.”ئەم داكۆكی و بانگەشەكردنە بۆ سەرلەنوێ خوڵقاندنەوەی خۆشەویستی بەپێی فەلسەفەی بادیو بۆ لێدانی سیاسەتی ئەمڕۆ و بازاڕە”(23). بۆیە خۆشەویستی لە ڕوانگەی ئەم فەیلەسووفە فەڕەنسییەوە” بریتی نییە لەپەیمانی نێوان دوو نارسیست (خۆپەرست) Narcissist ، بەڵكو بریتییە لە پتر لەوە.
خۆشەویستی بریتییە لە دامەزراندن و بەشداریكردن لەودیو نارسیزمەوە”. واتە نارسیزم (خۆپەرستی)Narcissism ناچێتە خانەی خۆشەویستییەوە، وەلی زۆر ئەفسووس كۆمەڵگەی هاوچەرخ پڕە لەم جۆرە دیاردەیە (دیاردەی نارسیزم). بەپێی بینینی فەلسەفی بادیو “ئازادكردنی سێكسی كێشەكانی ناو خۆشەویستی وەك خۆی دەهێڵێتەوە”، بۆیە بادیو باوەڕی تەواوی بەوەیە، کە “سێكس پێویستە لە ڕەوشتگەری ئازادبكرێت”(24).
وێڕای ئەوە، بادیو پێشیوایە “كاتێك مرۆڤ سێكسییانە ئازاد دەبیت ناتوانی كێشەی خۆشەویستی چارەسەربكات”. هەروەها داكۆكی لەوەش دەكات، كە “چارەسەركردنی كێشەی بووناوی خۆشەویستی لە خۆشییە گەورەكانی ژیانە”(25). كەوابێت، ژیانی ڕاستەقینە ئەو ژیانەیە خۆشەویستی دابیندەكات. بەم جۆرە بێت، خۆشەویستیمان هەبوو سێكسیشمان هەیە، لێ بەتەنیا سێكس خۆشەویستی مسۆگەرناكات.

سەرئەنجام:

گەشتی شرۆڤەکاری فەلسەفە سەبارەت بە خۆشەویستی لەبن نایەت. لەبەرئەوەی خۆشەویستی کۆتای نایەت؛ فەلسەفەش بەهەمان شێوە. شرۆڤەکاری فەلسەفیی هیچ کات ئۆقرەناگرێت و هەر جارە و بە بیانوێكی ماقووڵ و هەستیارییەكی فەلسەفییەوە قسە لەسەر ئێمە دەکات؛ خۆشەویستیش ئێمەیە. فەلسەفە، کە مەشقكردنێكی هزرییە، و بە كارە فەلسەفییەكانی فەیلەسوفەکانیش بەردەوام دووچاری خورپەی فەلسەفیی و بیریاریی دەبین بۆیە فەلسەفە پێویستە كار لەسەر بەچۆكدادانی ئەو دید و بیرۆكانە بکات، کە زەفەر بە واتای خۆشەویستی دەبەن. خۆشەویستی خۆشییە، سەرەتای بەختەوەرییە هەر بەو هۆکارە ئەرکی فەلسەفە دووبارە شرۆڤەکردنەوەی خۆشەویستییە.
باس لە خۆشەویستی پێویستە گۆڕەپانی هزری بتەنێتەوە ئەگەرنا سێکس براوەیە. لەمیانەی ئەوەشەوە پێویستە هاوخەمی خۆمان بۆ ئەو كێشە و مەینەتییانە نیشاندەین، كە بەهۆی سێکەسەوە بەرۆكی ئێمەی، ئەم ئەستێرە سامناکەی ئێمەی، گرتووە، ئێمەیەک کە لەژێر زەبری تەکنەلۆژیای زانیاریی لاواز و بێچارەین.
سەرباری ئەوە، ئەوانەی لە هزری بادیو گفتوگۆئامێزی شكنابەن ناتوانن مەیلیان بۆ تێخوێندنەوەی كارە فەلسەفییەكانی هەبێت و خۆیان بە هاوهەڵوێستی ئەندێشە بەربڵاوەكانی بزانن. بەهۆکاری ئەوە، لەم نوسینە دا بۆ ئەوەی میكانیزمی هزری ئالان بادیو بەجۆرێک شرۆڤەبکەین، کە مۆدێلێك لە بیركردنەوەی فەلسەفی تر بخاتەڕوو ئاوڕمان لە هەندێک لە تێزە فەلسەفییەکانی دایەوە.
ئەڵبەتە، شانبەشانی فەلسەفە پێویستمان بەو ڕۆمانانەشە، لە شێوەی ئەنا کارینە Anna Kareninaی تۆلستۆی، ماستەر و مارگەرێتەی بوڵگاکۆف Bulgakovو خۆشەویستی لە زەمەنی کۆلێرەی مارکیز، سەرلەنوێ خۆشەویستیمان بۆ داڕێژنەوە.

ئازاد حەمە

———————————————————–

رفڕێنسەکان

  1. Alain Badiou. Manifest för filosofin & Vad är kärlek? Urval och introduktion: Dariush Moaven Doust. Översättning: Carin Franzén. Glänta produktion. 2005.
  2. Ibid.
  3. Alain Badiou. In Praise of Love. Translated by Peter Bush . Serpents Tail .2012.
  4. Alain Badiou. Manifest för filosofin & Vad är kärlek?
  5. Ibid.
  6. Ibid.
  7. Ibid.
  8. Alain Badiou. In Praise of Love.
  9. Ibid.
  10. Ibid.
  11. Ibid.
  12. Ibid.
  13. Ibid.
  14. Ibid.
  15. Ibid.
  16. Ibid.
  17. Ibid.
  18. Ibid.
  19. Ibid.
  20. Ibid.
  21. Ibid.
  22. Alain Badiou. Manifest för filosofin & Vad är kärlek?
  23. Alain Badiou. In Praise of Love.
  24. Ibid.
  25. Ibid.



هێگل.. فۆڵکەر شپییرلینگ.. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

ئایا کێ بە شێوەیەکى ئەبستراکت و کێ بە شێوەیەکى کۆنکرێت دەهزرێت؟
وشەى کۆنکرێت لە ژیانى ڕۆژانەدا واتاى ئەو شتە دەگەیەنێت کە لەنێو کردەکێتیی جەستەییدا بەردەستە، ئەوەیە کە لە جێیەکى تایبەتى لە کاتێکى تایبەتیدا هەیە، واتا: “ئەم تاکە شتە لێرە”. بە پێچەوانەشەوە، وەک باوە، ئەبستراکت شتێکە کە چیدى خۆى لەسەر زەمینەى لێڕوانین نابینێتەوە، شتێکە کە ڕەچاوى تایبەتێتییەکان ناکات، بەڵکو شتێکى تێگەییە، کەواتە شتێکی جیاوازە لە ڕیالێتى (کەتوار).
هێگل ئەم زمانە باوەی “زەینی سەلیمی مرۆڤ” بەتەواوی هەڵدەگێڕێتەوە. بۆ ئەو ئەبستراکت بریتییە لەو تاکە شتە کە هەنووکە دیارە، لێ کۆنکرێت پەیوەندیى شتى دیارە کە بەڕێی هزرەوە دیاریکراوە.
بۆ نموونە: قەتڵکەرێک دەبرێت بۆ دادگە. ئەو کەسە بۆ مرۆڤەکان کە لەوێ دەیبینن، هیچى دیکە نییە جگە لە قەتڵکەرێک. ئەمە بۆ هێگل واتای “هزرینى ئەبستراکت” دەگەیەنێت؛ لێرەدا لە مرۆڤێک لایەنێکى جیادەکرێتەوە و ئەوجا لە دەرکەوتنی ڕووکەشیانە و ئەگەری ساغکردنەوەی ڕووکەشییانەی ئەم لایەنەدا سەرجەم لایەنەکانى دیکە وەلاوە دەنرێن (بۆ نموونە پەروەردەى نالەبار، سوێی ئازاری بێدادی). “هزرینى کۆنکرێت” بە پێچەوانەوە ئەو واتایە دەگەیەنێت کە سەبارەت بەم پەیوەندییەى مێژووى ژیان پرسیار بکرێت، جا گەرچی زۆر شیاوە ئەم پرسە لە لایەنی زەینى سەلیمی مرۆڤەوە تانوتی ئەوەی لێبدرێت کە گۆیا مرۆڤ بەو ڕێیەوە دەیەوێت لەو بکوژە ببورێت.
کەواتە ئایا کێ بە شێوەیەکى ئەبستراکت، کێ بە شێوەیەکى کۆنکرێت دەهزرێت؟ وەڵامى هێگل بۆ ئەم پرسیارە بریتییە لە: مرۆڤى ناهۆشئاوەڵا نەک هۆشئاوەڵا (gebildet) بە شێوەیەکى ئەبستراکت دەهزرێت. کەسى ناهۆشئاوەڵا خەریکی درشتاندنە/لەقاڵبدانە، پابەندی فاکتە دیارەکانە و یەکسەر تێگەیەکى چەسپیان پێدەدات، لێ کەسى هۆشئاوەڵا بە پێچەوانەوە قووڵتر دەچێتە نێو مەسەلەکەوە، سەرجەمى کاکێشانێک لە تایبەتێتی و پەیوەندى و بزووتن دەبینێت، ئەو ڕازی نییە بە ساغکردنەوە ئەمپیرییەکان، واتا بەوە کە شتێک چۆنە، ئیدی هەر ئەوهایە. لێرەشدا فەلسەفە بە ئەندازەیەکی تایبەتی هزرینى کۆنکرێتە، هزرینى سەرجەم پەیوەندییەکانە لە زەروورەیاندا، هزرینى هەمەکێتیى (تۆتالێتیى) کۆنکرێتە.
ئامانجى هێگل بریتییە لە “مەئریفەی زانستیانەى ڕاستى”. لێ ڕاستى بۆ هێگل ئەوە نییە کە هەر وەک لێرە بابەتێک و لەوێ پێشبینییەکى ڕاستى ئەو بابەتە هەبێت. ڕاستى فاکت نییە، هەرگیز “شتێکى ئەبستراکت” نییە، بە پێچەوانەوە دەبێت لەبارەی ڕاستی بگۆترێت کە ئەو شتێکی زیندووە، شتێکى کۆنکرێتە، شتێکە کە بەردەوام لە گۆڕاندایە.
بۆ نموونە تۆوى ڕووەکێک کەرتى سەرجەمى ڕووەکێکە کە لە گۆڕاندایە (بە زمانی هێگل: بریتییە لە مۆمێنت)، ئەم تۆوە ڕاستییە، لێ جارێ سەرجەم ڕاستى نییە، بەڵکو ڕاستییەکەى لە ئاوەڵابوونی ڕووەکەکەدا دیاردەدات. شتێک ڕاستە، گەر هاتوو گەرەک بێت شتەکە ئەوە بێت (بەگوێرەى تایبەتمەندییە ئیدیالەکەى)، یان گەر ئەو شتە شیمانەکانى خۆى، توانستەکانى خۆى (یان وەک هێگل دەبێژێت): “تێگەکەى خۆى” ڕیالیزە بکات. ڕاستی شتێکى سرەوتوو نییە، بەڵکو پرۆسەى ڕیالیزەبوونە، ئەمەش پرۆسەیەکە کە سەرجەم بوون و سەرجەم هزر دەگرێتەوە، لێرەشدا ئەوە ئەرکى فەلسەفەیە کە ئەم فۆرمە دینامیکییەى ڕاستی ئاشکرا بکات، بیهزرێنێت و بەمەش بەرەو کۆتاییەکەى بەرێت. هێگل لێرەدا تێبینی دەدات: “باوەجو واتای قووڵتری (فەلسەفەیی) ڕاستی تا رادەیەک لە زمانی باوی ڕۆژانەشدا هەیە. بۆ نموونە مرۆ لەبارەی هەڤاڵێکی ‘ڕاستینە’ دەدوێت و مەبەستی لە هەڤاڵێکی ئەوتۆیە کە شێوازی ڕەفتارنواندنی بە تێگەی هەڤاڵێتی دەگونجێت؛ مرۆ هەروەها لەبارەی کارێکی هونەریی ‘ڕاستینە’ دەدوێت. پاشان ئیدی ناڕاستینە واتای خراپ، لە خۆدا نەگونجاو، دەگەیەنێت” (1).
هەموو شتە دوایەکییەکان شتێکی خراپ یان شتێکى ناڕاست لە خۆ دەگرن، چونکە ئەوان جارێ سەرجەم ڕاستیى کۆنکرێت نین. زەین (Verstand) هەقییەتى کاتێک تاکە شتەکان لە ڕەوشی ئەبستراکتیاندا دیارى دەکات، پێناسە دەکات، وەلێ: نابێت فەلسەفە لێرەدا بچەقێت، چونکە هەموو دیاریکردنێک (ئیدێتیفیکاسیۆنێک) کە زەین بەریدەخات، ئەوە بەدەر دەکات کە بابەتە دیاریکراوەکە لەپاڵ ڕەوشی دراوى خۆیدا هەیەتى. زەین ڕەچاوى پەیوەندییە کۆنکرێتەکان ناکات کە بەو بابەتە بنەڕەتین، بەڵکو تەواو بە دابڕێنراوى، تەواو بە ئەبستراکت، لە بابەتەکە دەڕوانێت. بۆیە فەلسەفە دەبێت لە هەموو دیاریکردنێکدا (ئیدێنتیفیکاسیۆنێکدا) ئەو تایبەتمەندییانەش بهزرێنێت کە لە دیاریکردنەکەدا ڕەچاو ناکرێن. ئەم دیارینەکراوە (نائیدێنتە) ڕەچاونەکراوە دژبێژییەک (تەناقوزێک) لەدژى ڕەهایەتیدان بەو ئەوەکەیە دەردەبڕێت کە گۆیا ئەو هەر هەموویەتی. بێگومان لێرەدا فەیلەسوفێک هەروا ئارەزوومەندانە لەم دژبێژییە ناهزرێت، بەڵکو لەنێو خودی شەتەکەدایە؛ دژبێژییەکە خۆی دەبینێتەوە لە گرژیی نێوان ئەوەکەی هەبوو و ئەوەکەی گەرەکی بووندا.
هێگل لە نێوان “زەین” و “ئاوەز”دا جیاوازى دەکات. زەین بریتییە لە هزرینى دیاریکەر (ئیدێنتیفیکاسیۆن)، بە پێچەوانەشەوە هزرینی فەلسەفەیی کە ڕەچاوى نائیدێنتی (دیارینەکراوی) نالەباریش دەکات، “هزرینى دیالێکتیکییانە”ى ئاوەزە. دیالێکتیک بەرهەڵستیکردنی ئاوەزە لەدژى چەسپاندنە دوایەکییەکانى زەین. ئاوەز ڕازی نابێت بە چەسپاندنی فاکتە ئەبستراکتەکان (ئەمە لە ڕوانگەی هێگلەوە)، واتا بەوە کە زەین گرنگییەکى زۆری پێدەدات. هێگل دەبێژێت: “خەباتى ئاوەز ڕوودەکاتە نەهێشتنى ئەو شتە کە زەین چەسپاندوویەتى” (2). دیالێکتیکی ئاوەز خۆی لە سەرووی “ئێسکی مردووی لۆگیک”ی زەینەوە دەبینێتەوە.
دیالێکتیک سەرەتا ڕەخنەیە لە هزرینى سنووردارى زەین، کە هەر لە سەرەتاوە دژبێژى وەک هەڵەى هزر بەدەر دەکات و پابەندی کڵێشەی یان-یان-ە. هێگل بەرپەرچی ئەم هزرینە دەداتەوە: “بەڕاستی لە هیچ کوێ، نە لە ئاسمان و نە لەسەر زەمین، نە لە جیهانی هۆشەکی و نە لە جیهانی سروشتیدا، یان-یان-ێکی ئەوها ئەبستراکت کە زەین جەختی لێ دەکات، لەگۆڕێ نییە. هەر شتێک کە بە هەر شێوەیەک هەیە، تەنیا شتی کۆنکرێتە و بەمەش لەنێو خۆیدا جیاوازیکراو و دژایەتیکراوە. شتەکان دوایەکین، چونکە لێرەبوونی ڕاستەوخۆیان بە چی-بوونی لە خۆدای ئەوان ناگونجێت.. […] ئەوە کە بەگشتی جیهان دەبزوێنێت، بریتییە لە نەسازی (تەناقوز)، ئەوەش قسەی پڕوپووچە گەر بگۆترێت کە نەسازی ڕێ نادات بهزرێنرێت” (3).
بیرۆکە بناغەییەکەى هێگل ئەمەیە: گشتجیهان، هەمەکێتیى بابەتە هۆشەکى و ماتەریەلەکان، ئاوەزمەندە، یان ئاوەزێک مۆرکى پێداوە کە جارێ لە خودى خۆى بەئاگا نییە، وەلێ هەوڵ بۆ خودناسین (بۆ مەئریفەی خودی خۆی – و) دەدات. ئاوەز لەنێو جیهاندایە، لە ناخی خۆیدا دەگەڕێت و کار لە پێناوى ناسینى خودى خۆیدا، لە پێناوى دۆزینەوەى خۆیدا دەکات. ئەو ئەوەکەیە کە هەموو شتێک کۆششی بۆ دەکات و وەک ئامانج ڕووى تێدەکات، بریتییە لە زانینى بە خۆ زان، بریتییە لە هۆش، لە ڕەها (ئەلموتڵەق)، لە کۆتایشدا بریتییە لە هۆشى ئاشکرا و لەخۆئاگامەند و تا بێدوایەکی ئافرێنەر. هێگل دەبێژێت: “هەر شتێک کە لە ئاسمان و لەسەر زەمین ڕوو دەدات، واتا ئەزەلییانە ڕوودەدات، هەروەها ژیانى خودا و هەر شتێکیش کە کاتەکییانە ئەنجام دەدرێت، تەنیا تەقەلادانن لە پێناوی ئەوەدا کە ئیدی هۆش خۆى بناسێت، خۆى ببەرجەستێنێت، خۆى بدۆزێتەوە، ببێت بە ئەوەکەیەک بۆ خودى خۆى، لەتەک خودى خۆیدا یەک بگرێت” (4). پرۆسەى ئەم خودناسینە پەرەسەندووەى هۆش بریتییە لە پرۆسەى مێژووى جیهان.
سەرەتا ڕەها (ئەلموتڵەق) لە خۆى بەئاگا نییە. ئەو دەبێت لەنێو خۆیەوە دەر-بکەوێت (بچێتە دەرەوە – و)، خۆى ببابەتێنێت، تاکو لەنێو خودئاگایى (Selbstbewusstsein) خۆیدا بە خۆى بگاتەوە، تاکو هەروەها ببێت بە ئەوەیەک “بۆ خۆ”ى، واتا ببێت بە ئەوە کە ئەو هەمیشە “لە خۆدا” هەر ئەوەیە. مەبەستی هەموو شتێک تەنیا گۆڕاندانە بە ئاوەز، تەواوکردنی (کامیلکردنی) هۆشە، یان تەواوکردنی جیهانە لە ڕێکخراویى و دەستووردارییەکەیدا.
مرۆڤ چالاکانە و بە موئاناتەوە لەم پرۆسە مەزنەدا بەشدارى دەکات (مێژووی جیهان). لێ پرسەکە لێرەدا خودى مرۆڤ نییە، هەروەها بە هیچ شێوەیەک بەختیاریى کەسەکییانەى ئەو نییە، بەڵکو بریتییە لە کردەکێتیی ڕاستینەى گشتێتى یان خودمەئریفەی لە تاکەکەس تێپەڕکردووی ئەو گشتێتییە. تاکە مرۆڤان لەنێو سەرجەمدا وەک “کوێر” وان و لە لایەن هۆشى ناخەکییەوە هان دەدرێن، واتا ئەو هۆشە ناخەکییە کە فێڵبازانە لە پشتیانەوە، وەلێ بەبێ ئەوەى ئەوان خۆیان هەر هەستى پێبکەن، بۆ “دوایەمین” ئامانجى خۆى کاریان پێدەکات و دەیانخاتە تێکۆشان. ڕەها مرۆڤان فریو دەدات، ئەویش بەوە کە وایان بۆ دەردەخات گۆیا ئەوان بەهۆى سۆزەکانیانەوە شوێن ئامانجی منگەراییانەى خۆیان کەوتوون. لەبەر ئەوەى مرۆڤان خۆیان بە زەینى سەلیمیانەوە ڕاگرتووە و کوێرانە باوەڕ بە ڕووکەشی چەسپاندنە ئەمپیرییەکان (واتا بە هزرینى ئەبستراکت) دەکەن، ئیدی بەم فێڵە فریو دەخۆن و هەر ئەوهاش شادیی خۆییان بەدیدەهێنن (فێڵى ئاوەز).
ڕەها لە بزووتنێکى سێجۆریدا گۆڕان دەبینێت: لە بناغەى لۆگیکییانەى کردەکێتییەوە بەسەر ئاوەزمەندیى سروشتى دەرەکیدا تا دەگات بە لەخۆتێگەیشتنى هۆش وەک هۆشى سەبژێکتیڤى و ئۆبژێکتیڤى و ڕەها. “لۆگیکێتی دەبێت بە سروشت و سروشت بە هۆش” (5). هێگل بەگوێرەی ئەمە فەلسەفەى خۆى بەسەر سێ لکدا دەبەشێنێت: لۆگیک، فەلسەفەى سروشت، فەلسەفەى هۆش.
پلەى یەکەم: ئیدێى خودایی هەر لە سەرەتاوە لۆگیکێتییە: بریتییە لە شێوەیەکى ئێسکى لۆگیکى، ڕاستیى ڕووتە بەبێ گۆشت، بەبێ ماتەری، بیرۆکە ئەزەلییە پەتییەکانى خودایە پێش ئەفراندنی جیهان (نابێت لە واتایەکى کاتەکیدا لە وشەى “پێش” تێبگەین، بەڵکو بیرۆکەکانى خودا وەک بناغەى لۆگیکی لە “پێش” جیهانەوەن)، ئەوان پێشجیهانى بێئاگاى نەخشەکانى بیناکردنن (“جیهانى سێبەرەکان”)، لێ لە خۆدا سرەوتوو نین، بەڵکو بە بزووتن و گینگل تەنراون.
پلەى دووەم: پرۆسە زیندووەکەى ڕەها سروشت وەک ئەویدییەکەى خۆى دادەنێت؛ “ئیدێى خودایی بڕیاردانیەتی بۆ ئەوە کە ئەم ئەویدییە لەنێو خۆیەوە دەربدات و سەرلەنوێ بۆ نێو خۆى وەریبگرێتەوە، تاکو ئەو خۆی بریتی بێت لە سەبژێکتیڤێتى و هۆش” (6). سروشت هۆشى لە خۆ نامۆبووە و لەوێدا بەردراوە؛ خودایەکى باکخوسییە (مەستە) کە ناتوانێت جڵەوى خۆى بگرێت و بێتەوە سەر خۆ، یان بە شێوەیەکی دیکە ببێژین: ئینتەلیگێنسى بەردێنراوە، هۆشى دیلکراوە. وەلێ ئیدێى خودایی بە بەردێنراوى نامێنێتەوە، ئاخر “بەردەکان دەقیژێنن و خۆیان بۆ بوون بە هۆش هەڵدەگرن” [1].
پلەى سێیەم: هۆش لەنێو سروشتەوە دەردەپەڕێت. هۆش، وەک “هۆشى سەبژێکتیڤى”، لە سەبژێکتیڤێتیى تاکەکەسدا خۆی دەکات بە ئاگایى ئازادیى خۆی [2]، وەک “هۆشى ئۆبژێکتیڤى” هەوڵ دەدات ئازادییە بەئاگالێهاتووەکەى خۆى لەنێو جیهانى ماف و مۆرالێتى و ئاکاردا (ئاکار خێزان و جڤاک و دەوڵەتى مەدەنى لە خۆ دەگرێت) ڕیالیزە بکات، وەک “هۆشى ڕەها” لە خودى خۆى تێدەگات و دەبێت بە زانینى زانەر لەبارەی ئازادیى خۆى، ئەویش بەوە، کاتێک ئەو لە هونەردا لە خۆى دەڕوانێت، لە ئاییندا بەدەم عیبادەتەوە پێشبینى دەکات، لە فەلسەفەشدا بەهزرین لێتێدەگات.
ئیدێى لۆگیکییانەى خودایى کە بە نەسازیى بەردەوامى ناخەکی، بە چقڵی کێماسی سەرجەم قۆناغەکانی گۆڕان پێشڤەدەبرێت، لەنێو هۆشى ڕەهادا لەتەک خۆیدا ئاشت دەبێتەوە. هەر شتێکى باڵاتر تەنیا بەو ڕێیەوە دێتە گۆڕێ، کە پلە نزمترەکانى گۆڕانى ئەو دەکەونە نەسازییەوە لەتەک داخوازییەکانى خۆیاندا، واتا نزمترەکە خۆی وەک نەسازى بۆ (بوون بە – و) بەرزترەکە هەڵدەگرێت (دیالێکتیک). ئیدێ لە هونەر و ئایین و فەلسەفەدا لەتەک سەرجەم فۆرمەکانى ئەویدیبوونى خۆیدا، واتا لەتەک سەرجەم فۆرمەکانى نامۆبوونى خۆیدا، ئاشت دەبێتەوە [3] و دەگات بە ڕەهایەتییەکى تەواوەتیتر لەو ڕەهایەتییە کە لە سەرەتاى پرۆسەکەدا هەیبوو [4]. ڕەها بوو بە ڕێسولتاتی (سەرئەنجامى) خودى خۆى.
بۆیە هێگل دەبێژێت: “ڕاستێتی سەرجەمە [5]، لێ سەرجەم ئەو کرۆکەیە کە خۆى بە گۆڕانى خودى خۆی تەواو دەکات. سەبارەت بە ڕەها گەرەکە بگۆترێت، کە ئەو لە کرۆکەوە سەرئەنجامە، کە ئەو جارێ لە کۆتاییدا ئەوەیە کە ئەو لە ڕاستیدا خۆى هەر ئەوەیە، ئەو بەگوێرەی سروشتى ئەوهایە کە بریتى بێت لە کردەکێتی، لە سەبژێکت یان لە بەخودیخۆبوون” (7).
فەلسەفەى هێگل دەخوازێت گۆڕانى سەرجەم (واتا دیالێکتیک) وێنەبداتەوە، ئەمە بە هەمان شێوەى یەکگرتنەوەى پنتى سەرەتا و کۆتایى (واتا سیستەم). فەلسەفەى هێگل هاوشێوەى گەردوون “گۆیی”ە و هیچ سەرەتا و کۆتاییەک ناناسێت. ڕەها خۆى کردووە بە هزرى هێگل و لەنێو ئەویشدا سەرلەنوێ خۆى دەناسێتەوە، ئێستا هۆش خۆى وەک هۆش دەناسێت. هێگل ڕەها دەهزرێنێت، وەلێ ئەوە تەنیا ڕەهایە کە خودى خۆى دەهزرێنێت – وەک هەمەکێتیى کۆنکرێت [6].
———————————————————

ڕوونکردنەوەى وەرگێڕ:

[1 لە پلەى دووەمدا ڕەها لەنێو پرۆسەى زیندوودایە؛ ڕەها لەنێو ئەم پرۆسە زیندووەدا سروشت لە دەرەوەی خۆی دروست دەکات؛ کەواتە سروشت ئەویدییەکە کە ئیدێى خودایی لەنێو خۆیەوە دەریدەدات و پاشان بۆ نێو خۆی وەریدەگرێتەوە. کەواتە سروشت خودنامۆبوونى ئیدێى خوداییە، باکخوسێکە (هێگل ئەم ناوەى لە میتۆلۆژیى گریکەوە وەرگرتووە)، واتا خودایەکى بەرەڵابووە. نامۆبوونى ئیدێى خودایی لە خۆى بەواتاى کە ئەو سست دەبێت، کەواتە دەبێت بە بەرد (دەبەردێت)، لێ ئەو بەم دۆخە بەردێنراوەى خۆى ڕازی نییە، بەڵکو هەوڵ دەدات تاکو خۆى بکات بە هۆش. ئێستا لەم دەرچوونەوە دەگەین بە پلەى سێیەم.
2] دیل بە هەوڵدان ئاگایی ئازادی بەدیدەهێنێت.
3] ئاشتبوونەوە لای هێگل بەواتای گونجانەوە بە خودی خۆ.
4] واتا لە سەرەتای پرۆسەی خودنامۆبووندا هەیبوو.
5] لای هێگل سەرجەم / هەمەکێتی ڕاستییە.
6] کەواتە هێگل تەنیا زمانحاڵی هۆشی ڕەهایە، وەک چۆن لە ئاینە ئاسمانییەکاندا دەگۆترێت کە پەیامهێنێک تەنیا پەیڤی خودایی ڕادەگەیەنێت.

کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

——————————————-

سەرچاوەکان
1) G. W. F. Hegel: Enzyklopädie der philosophischen Wissenschaften im Grundrisse, I. Teil, § 24, Zusatz 2; Theorie-Werkausgabe, Bd. 8, S. 86.
2) A. a. O. § 32, Zusatz; S. 99.
3) A. a. O., § 119, Zusatz 2; S. 246 f.
4) G. W. F. Hegel: Vorlesungen über die Geschichte der Philosophie, I; Theorie-Werkausgabe, Bd. 18, S. 42.
5) G. W. F. Hegel: Enzyklopädie der philosophischen Wissenschaften im Grundrisse, III. Teil, § 575; Theorie-Werkausgabe, Bd. 10, S. 393.
6) A. a. O., II Teil, § 247, Theorie-Werkausgabe, Bd. 9, S.24.
7) G. W. F. Hegel: Phänomenologie des Geistes, a. a. O., S. 24.

سەرچاوەی وەرگێڕان:
Volker Spierling: Kleine Geschichte der Philosophie. München 1992.




ئێستێتیكای خه‌یاڵ و دۆخگۆڕین له‌ كۆشیعری: (سه‌د و یه‌كشه‌وه‌‌)ی سه‌باح ڕه‌نجده‌ردا.. بۆتان جه‌لال

پێشه‌كی:

(خه‌یاڵ) ڕه‌گه‌زێكی بنچینه‌یی پێكهاته‌ی شیعره‌، شیعر و خه‌یاڵ ڕایه‌ڵێكی مه‌عریفی میتافیزیكیی ده‌یان گه‌یه‌نێته‌یه‌ك و پێكه‌وه‌یان ده‌به‌ستێته‌وه‌، بایه‌خی ئه‌م توخمه‌ هیچی كه‌متر نییه‌ له‌ توخمه‌كانی دیكه‌ی شیعر، وه‌ك: (ڕواڵه‌ت، ناوه‌رۆك، ڕیتم و له‌رینه‌وه‌ی مۆزیك، جیهانبینی، زمان، وێنه‌). نووسه‌ر و شاعیری بلیمه‌ت له‌ خه‌یاڵكردن و خه‌ونبینیدا لاپه‌ڕه‌ی تازه‌ له‌ خۆیاندا ده‌كه‌نه‌وه‌، بێ خه‌یاڵكردن و په‌نابردن بۆ مه‌ملكه‌ته‌كه‌ی مه‌حاڵه‌ شیعرنووسین و بیركردنه‌وه‌ له‌ ده‌ربڕینه‌ جوانه‌كانی شیعر و مه‌له‌كردن له‌ ئاسۆ بێكۆتاكه‌ی. شیعر، خه‌یاڵه‌، بێ خه‌یاڵكردن ژیان بوونی نییه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ژیاندا بمێنینه‌وه‌ و جوانتر و شكۆدارتری بكه‌ین، ده‌بێت خه‌یاڵه‌كانمان په‌روه‌رده‌بكه‌ین.
خه‌یاڵ جوگرافیا و سنووری هزر و ڕووبه‌ری هۆشیاری دیارنییه‌، بۆ هه‌موو شتێك ده‌چێت و به‌ هه‌موو كون و كه‌له‌به‌ره‌كانی گه‌ردوون و ژیاندا گوزه‌رده‌كات. شوێنپێی خۆی له‌سه‌ر لمی مێشك و خۆڵه‌مێشی ده‌روون و قوڕ و لیته‌ی كه‌نار ده‌ریای هه‌ست و نه‌ست جێده‌هێڵێت. خه‌یاڵ ئامێری وێنه‌گرتنه‌ و شاعیرانیش وێنه‌گری شاره‌زا و به‌ سه‌لیقه‌ن له‌ گرتنی گۆشه‌نیگا و دیمه‌نه‌كانی جووڵه‌ و بزاوته‌ خه‌یاڵییه‌كاندا، هارمۆنیای میتۆده‌ جیاجیاكان ده‌خه‌نه‌ سه‌ر شاشه‌ی بینین و نه‌ست و هه‌سته‌ ناهۆشیاره‌كانیان ده‌جووڵێنن و گه‌رم و به‌جۆشیان ده‌كه‌ن.
خه‌یاڵی ڕاسته‌قینه‌، به‌رهه‌مداره‌ و شكۆداری ده‌چنێته‌وه‌، خه‌یاڵی ساده‌ش، یان به‌ ساده‌یی ده‌مێنێـته‌وه‌، یان كۆرپه‌ی كه‌مئه‌ندامی لێده‌كه‌وێـته‌وه‌ و ناڕوونی و لێكپچڕایی دروستده‌بێت.
(ئه‌لبێرت ئه‌نیشتاین) گوتوویه‌تی: (ئه‌قڵ و لۆژیك له‌ – ئه‌لفه‌وه‌ بۆ بێ – و له‌ – بێ بۆ تێ – ت ده‌به‌ن، به‌ڵام خه‌یاڵ بۆ هه‌موو شوێنێكت ده‌بات)1. (فیدۆر دۆستویفسكی) گوتوویه‌تی: (واقیع و واقیعیه‌ت واتلێده‌كه‌ن هیچ شتێك دوور له‌ لووتی خۆت زیاتر نه‌بینیت، كه‌چی خه‌یاڵ ده‌تباته‌ هه‌موو شوێنێك به‌ ئاسمانه‌كانیشه‌وه‌)2. كه‌وابێت خه‌یاڵ ڕووبه‌ر و بنمیچ و نیشانكار (دال) و نیشانكراو (مه‌دلوول) نایگرێـته‌وه‌ و كرده‌یه‌كی بێ كۆتایییه‌. شاعیر بوونه‌وه‌رێكی ژیاندۆست و خه‌یاڵاوییه‌ و ناوه‌ندێكی له‌باره‌ بۆ وێناكردنی ژیاننووسینه‌وه‌، بۆیه‌ بۆ به‌هاری خه‌یاڵه‌كانیان ده‌چنه‌ ناو جه‌نگێكی درێژخایه‌ن و ململانێی ئازایانه‌ له‌به‌رگریكردن له‌ مانه‌وه‌ی خه‌یاڵه‌كانیان ده‌كه‌ن.
هه‌میشه‌ له‌ نێوان واقیع و خه‌یاڵ زه‌مینه‌یه‌ك هه‌یه‌ پێیده‌گوترێت (شیعری جوان، نهێنی – شیعر خۆی نهێنییه‌)، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستی بگاته‌ داهێنان و تواناڕۆشنیی، ده‌بێت خه‌یاڵ بكات و له‌ناو فه‌زای خه‌یاڵدا كه‌رسته‌كانی داهێنان بدۆزێته‌وه‌، چونكه‌ هه‌ر خه‌یاڵه‌ باڵی داهێنانی بۆ دروستده‌كات تا به‌رز و قووڵ بفڕێ و چاو له‌ قووڵایی ئاسماندا په‌لكه‌زێڕینه‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگی خه‌یاڵی بپێكێ و به‌ چه‌مكێك خه‌ون و خه‌ونبینیه‌وه‌ مژار و میتۆدی ژیانیان لێ بڕسكێنێت و كێڵگه‌ی سرووش و داهێنان به‌ تۆی خه‌یاڵ بچێنێت.
هه‌ر ده‌قێك فه‌زا و ڕه‌نگ و بۆن و ئێستێتیكای خه‌یاڵه‌كانی جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ ده‌قێكی دیكه‌دا و لێكدانه‌وه‌ی جیاوازیش هه‌ڵده‌گرێت. كاتێك بته‌وێت به‌ ده‌قێكی دیكه‌ به‌راوردی بكه‌یت، چونكه‌ ده‌قه‌كان خه‌یاڵن، خه‌یاڵیش له‌ سه‌رچاوه‌وه‌ به‌ جیاواز تیشكی داهێنانی لێوه‌ ده‌بریسكێته‌وه‌ و ده‌نێردرێته‌وه‌ بۆ ناوكی ده‌ق و ڕوواڵه‌ته‌كه‌ی پێ بارگاوی ده‌كرێت، بۆیه‌ (بۆرخێس) ده‌یگوت: ئه‌گه‌ر ده‌ق وه‌ها خوێندرایه‌وه،‌ كه‌ گفتوگۆی ئه‌قڵ ده‌كات ئه‌وه‌ بزانه‌ ئه‌و ده‌قه‌ (په‌خشان)ه‌، ئه‌گه‌ر وه‌هاش خوێندرایه‌وه‌ كه‌ دیالۆگی خه‌یاڵ دروستده‌كات، ئه‌و ده‌قه‌ (شیعر)ه‌ و پڕه‌ له‌ بزاوت و مانا و داهێنانه‌ ئێستێتیكییه‌كان3.

سروشت و ئێستێتیكای خه‌یاڵ له‌ ده‌قدا:

سروشتی خه‌یاڵ دوو جۆره‌، یه‌كه‌میان: خه‌یاڵێكی (داهێنه‌رانه‌یه‌) له‌ نهێنی مادده‌ هه‌ستكراو و ناهه‌ستكراوه‌كانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌. دووه‌میان: خه‌یاڵێكی (نووسراوه‌یه‌). دیمه‌نه‌كان له‌ یه‌كتری نزیكده‌كاته‌وه‌، پاشان وێنه‌یان ده‌گرێت. دواتر له‌ ئۆپه‌راسیۆنێكی ته‌واو مه‌عریفی ده‌یانخاته‌ چوارچێوه‌ی هزر و خه‌یاڵگه‌رایی، دوایی شاعیر كۆی وێنه‌كان له‌ناو چوارچێوه‌كه‌دا به‌ ڕوواڵه‌ت و جۆری جیاواز ڕزگاریان ده‌كات و به‌ شێوه‌ی وێنه‌ی شیعری ده‌یانهێنێته‌ ده‌ره‌وه‌.
له‌ كرده‌ی شیعرنووسیندا هه‌ر دوو چه‌شنی خه‌یاڵه‌كان زیانی نییه‌، خه‌یاڵ له‌ كرۆك و ناوكیدا گه‌ڕان و گه‌شتێكی شاراوه‌ی باری ناهه‌ستیی و ناهۆشیارییه‌ له‌ سات و كاتی نادیاردا، ئاماده‌ده‌بێت و كه‌شوهه‌وای زه‌ین خۆشده‌كات. زه‌مینه‌ بۆ جۆشدانی بیر و ئیحا ده‌گونجێنێت، خه‌یاڵ كه‌شفی شته‌ په‌نهانه‌كانی پشت تێفكرین و ڕووبه‌ره‌ فراوانه‌كانی بابه‌ته‌ ناهه‌ستیاره‌كانی ناو گفتوگۆ و ململانێی ئه‌قڵ و لۆژیكه‌.
كۆشیعری (سه‌د و یه‌كشه‌وه‌)ی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر ڕه‌سه‌نی بۆ شیعری پۆستمۆدێرنیزمی كوردی ده‌گێڕێته‌وه‌. تێیدا هه‌ر دوو جۆره‌ خه‌یاڵه‌كان هه‌ن، وه‌لێ خه‌یاڵی داهێنه‌رانه‌ی ڕووپێوێكی زیاتری داگیركردووه‌. ده‌سه‌ڵاتی خه‌ونبینیه‌كه‌ی زاڵه‌ به‌سه‌ر خه‌یاڵه‌ نووسراوه‌ ئاماده‌ییه‌كاندا.

(شار باخچه‌ی ئاژه‌ڵی دڕنده‌یه‌
بێ ئاگایه‌ له‌ ئازار و برین زیادده‌كات
دێمه‌ سه‌ر سینه‌ی شكۆمه‌ند و پڕ هاوارت
ئه‌ی گومه‌زی هه‌وێنی تاج و ڕه‌نگی دڵ
قومرییه‌ك له‌ناو چوارینه‌كانی باباتاهیر
تێر دانی ئه‌فسانه‌ی خوارد
به‌ناوچه‌وانی خانووه‌كه‌مان نیشته‌وه‌
سه‌رباڵی نان و ئاوه‌
له‌سه‌ر باڵدا ژیان
ئه‌ڵقه‌ی به‌ختی خه‌واڵووی حاجی قادری كۆیی ده‌سووڕێنێ
ئه‌رێ چاوی گای ناو سێرك ده‌بێته‌
لیستی ناو كتێبی كتێبخانه‌ی گشتی یان نا
چاو ناوده‌نێین ده‌شتی قوربانی
كه‌ هه‌میشه‌ لێوڕێژه‌ له‌ تاسه‌ی سه‌وزبوون و ده‌نگی خۆشی مام زۆراب) ل: 31

وێنه‌ی:

(شار باخچه‌ی ئاژه‌ڵی دڕنده‌یه‌
بێ ئاگایه‌ له‌ ئازار و برین زیاده‌كات) ل: 31

وێنه‌ی:

(قومرییه‌ك له‌ناو چوارینه‌كانی باباتاهیر
تێر دانی ئه‌فسانه‌ی خوارد
به‌ناوچه‌وانی خانووه‌كه‌مان نیشته‌وه‌) ل: 31

له‌ هه‌ر دوو وێنه‌ی سه‌ره‌وه‌دا نموونه‌ی خه‌یاڵی نووسراون، شاعیر زۆر ناچێته‌ قووڵایی خه‌یاڵه‌كانی و وێنه‌ ناهه‌ستییه‌كانی په‌رته‌وازه‌ی ناكات، به‌ ساده‌یی خه‌یاڵ ده‌نووسێته‌وه‌، ته‌نیا (شار) ده‌گوازرێته‌وه‌ ناو بوار و كایه‌ی خه‌یاڵێك، كه‌ بووه‌ته‌ (باخچه‌ی ئاژه‌ڵی دڕنده‌) و (قومری)یش له‌ناو چوارینه‌كانی (باباتاهیری هه‌مه‌دانی) دانی خواردووه‌، پاشان به‌ناوچه‌وانی ماڵه‌كه‌یان نیشتووه‌ته‌وه‌ و بووه‌ته‌ هۆی نووسینی شیعره‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی (حاجی قادری كۆیی) (به‌ختی خه‌واڵوو)، كه‌ هێمایه‌كی گه‌شی شیعری تاراوگه‌ و نه‌ته‌وه‌ییمانه‌.

وێنه‌ی:

(ئه‌رێ چاوی گای ناو سێرك ده‌بێته‌
لیستی ناو كتێبی كتێبخانه‌ی گشتی یان نا
چاو ناوده‌نێین ده‌شتی قوربانی
كه‌ هه‌میشه‌ لێوڕێژه‌ له‌ تاسه‌ی سه‌وزبوون و ده‌نگی خۆشی مام زۆراب) ل: 31

لێره‌ (چاوی گا) چه‌ندان وێنه‌ی جۆراوجۆری ته‌جریدی پێكهێناوه‌، خه‌یاڵه‌كانی ئاڵۆز و فره‌مانان، میتۆدی ئه‌فسانه‌ و هونه‌ری شێوه‌كاری و مێژووی پێكه‌وه‌ گرێداوه‌، بیرنراو و نه‌بینراو یه‌ك پێكهاته‌یان هه‌یه. بابه‌تی هه‌وێنكردنی چه‌ند مژارێك ئاشكراده‌كات، (چاوی گا) ڕه‌نگی ڕه‌شه،‌ گرێیداوه‌ به‌ مێوژه‌ ڕه‌شه‌ی مام زۆراب، له‌ چاوی گاوه‌ خه‌یاڵی فڕیوه‌ته‌ سه‌ر ڕۆژانی منداڵیی، كه‌ له‌ قوتابخانه‌ له‌ كتێبی ئه‌لفوبێی كوردی (ئیبراهیم ئه‌مین باڵدار) مێوژی مام زۆرابی خوێندووه‌. هه‌ر له‌م خه‌یاڵه‌ش چووه‌ته‌ لای هونه‌ری شێوه‌كاری وێنه‌ ته‌جریدییه‌كانی: (سلڤادۆر دالی) كه‌ له‌ چاوی گاوه‌ دیمه‌نی فره‌ مانایی و هاودژه‌ مانایی خوڵقاندووه، بووه‌ته‌مایه‌ی به‌كاربردن و به‌هه‌مهێنان‌. ڕه‌نگبێت شیعره‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی شاعیری عه‌ره‌ب: (علي بن الجهم)ی هاتبێته‌وه‌ یاد به ‌ناوی: (عیون المها)، ئه‌م شیعره‌ پڕیه‌تی له‌ ئه‌فسوون و نهێنی جوانی و فانتازیای خه‌یاڵێكی به‌ پیت و جیهانبینی ڕۆشن، ته‌نیا له‌ چوار دێره‌كانی كۆتایی ئه‌م شیعره‌، كه‌ نموونه‌ی خه‌یاڵێكی داهێنه‌رانه‌یه‌، (ده‌ق) واڵایه‌ بۆ شرۆڤه‌ و لێكدانه‌وه‌ی دیكه‌ش، كه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ ئایینده‌ ئاماژه‌ی كه‌شفه‌كانی بدات.
(بۆ پێكهاتنی وێنه‌ی شیعری The Poetic Image هه‌ر دوو ڕه‌گه‌زی زمان و خه‌یاڵ كارلێكێكی كیماگه‌رانه‌ له‌نێوانیاندا ده‌سازێت، له‌ ڕووبه‌ری ئاوێته‌بوونیاندا هزر (فیكر) ئاماده‌كاری پێشوه‌خته‌ی خۆی كردووه‌، بێ هزر هیچ وێنه‌یه‌ك له‌ خه‌یاڵدا دروست نابێت، بێ وێنه‌ش شیعر كامڵ نابێت، (زمان)یش هۆكاری به‌رجه‌سته‌كردنی وێنه‌كان له‌ئه‌ستۆده‌گرێت، ئه‌مه‌ش ئه‌و تیۆره‌یه‌ كه‌: (ئه‌رستۆ) له‌باره‌ی پێكهاته‌ی وێنه‌ی شیعری خستوویه‌تیه‌ به‌ر دیده‌:

وێنه‌ی شیعری هزر + زمان + خه‌یاڵ

وێنه‌ شیعرییه‌كان جه‌سته‌ و ڕۆح و جه‌وهه‌ری ده‌قن، هیچ كام له‌ ده‌قێك ڕه‌وایی و ته‌ندروستی بۆ ناگه‌ڕێته‌وه‌، مه‌گه‌ر له‌ بنیادیدا چه‌ند وێنه‌یه‌كی شیعریی جێگای خۆی نه‌كردبێته‌وه‌)4. ئه‌ركی خه‌یاڵ له‌ كاره‌ داهێنراوه‌كاندا ئه‌ركێكی ناوه‌ندگیره‌، به‌بێ گه‌رمكردنی خه‌یاڵ و جۆشدانی، هه‌سته‌ دیار و نادیاره‌كان ناچنه‌ ژێرباڵی دروستكردنی پیت و هێڵ، ئه‌مانیش شاعیری به‌ ئه‌زموون و فیكرڕۆشن زوو هه‌سته‌كانی ده‌بنه‌ هاوكار و پاڵپشت بۆ ڕاوكردنی خه‌یاڵه‌كانی.
مه‌زراندنی (ته‌وزیفكردنی) كلتووری كوردی له‌ ده‌قه‌ نوێخوازه‌كانی شیعری كوردی، ڕه‌هه‌ندی جیاجیای وه‌رگرتووه‌، له‌ شیعری: (كۆشك) به‌و خه‌ون و دیده‌ خه‌یاڵاوییانه‌یه‌وه‌ چووه‌ته‌ ناو كۆشك و چه‌ند پاژێك له‌ شیعره‌كه‌ی له‌ گفتوگۆی ناو كۆشكه‌وه‌ گواستووه‌ته‌وه‌:

(پیاوێك به‌ ناوی نالی چووه‌ كۆشكی میرنشینی بابان
كه‌س له‌وێ نه‌بوو
كه‌س له‌وێ نه‌مابوو
له‌ پێناوی خه‌ون بینینێك مایه‌وه‌
سه‌ری له‌ناو په‌نجه‌ره‌یه‌ك دانا و خه‌وت
به‌یانی وه‌ك هه‌موو به‌یانییه‌ ڕوو له‌ خێره‌كان
زوو له‌ خه‌و هه‌ستا
له‌سه‌ر گردی به‌رانبه‌ر كۆشك
دره‌ختی حه‌فت به‌ری ڕواند
به‌ سالمی گوت به‌ حه‌بیبه‌ بڵێ بمبوورێ زۆربه‌ی ژیانم
له‌ ڕوواندنی ئه‌و دره‌خته‌ به‌ختكرد و ئاوی حه‌فت جۆگه‌م هێنایه‌وه‌ سه‌ری
به‌چی ده‌چێ و ده‌بێـته‌ چی
كه‌ یاداشتی بزربوونی دوازده‌ سواره‌ی مه‌ریوان
له‌ توێكڵی میوه‌كانی نه‌نووسرێته‌وه‌
ده‌نا درۆیه‌ وشكی كه‌ن دره‌خت نییه‌) ل: 69

هه‌ڵچنینی هزری كلتووری (به‌شه‌ زیندووه‌كه‌ی) له‌ ئه‌ده‌بیاتی كوردیمان به‌ گشتی و له‌ شیعری كوردیمان به‌ تایبه‌تی، داهێنانی ئه‌مڕۆی نووسه‌ر و شاعیران نییه‌، ده‌مێكه‌ ئه‌و كردار و خولیایه‌ هه‌بووه‌، هه‌ر شاعیرێك به‌ جۆرێ وزه‌ی خۆی بۆ بڕستكردن و ڕه‌سه‌نگه‌رایی خستووه‌ته‌ ناو پرۆژه‌كه‌یه‌وه‌ و قسه‌یه‌كی لێكردووه‌.
ئه‌و ده‌قه‌، (كۆشك) به‌ دید و خه‌یاڵێكی ته‌واو جیاواز داڕێژراوه‌، لێره‌ شاعیر زمان و فۆرم و مه‌به‌سته‌ كلتوورییه‌كه‌ی به‌ چاودێرییه‌كی زۆره‌وه‌ خستووه‌ته‌ به‌ر خزمه‌تكردنی (مه‌به‌ست)، كه‌ ئامانجی شاعیر تێیدا جیاكاری بینینه‌ له‌ كلتووره‌ كۆن و تازه‌كانی میلله‌ته‌كه‌مان. له‌م ده‌قه‌دا ته‌جاوزی كاره‌ دیكۆمێنتاری و ئه‌رشیفییه‌كان كراوه‌، به‌ زمانی نوێ و جیهانبینی فراوان و فۆرمی پته‌و چوونه‌ته‌ خزمه‌ت كاراكردنی كلتوور و نیشانكاره‌كان ته‌واو دوورن له‌و مانا به‌خشییه‌ی نیشانكراوه‌كان به‌ ته‌مان لێیان نزیكببنه‌وه‌.
مه‌زراندنی كلتوور ته‌نیا شكۆداركردنی كلتووره‌كه‌ نییه‌، به‌ڵكو دنیایه‌ك مانابه‌خشی له‌ دیدگه‌مان ده‌خرۆشێنێت، واده‌كات به‌ چاوی فه‌لسه‌فیه‌وه‌ سه‌یری كه‌سایه‌تییه‌ كلتوورییه‌كانمان بكه‌ین و وانه‌ و واتای نوێیان لێوه‌ فێرببین. (نالی) و (حه‌بیبه‌) لێره‌ ته‌نیا دوو كه‌سایه‌تی نین، یه‌كیان شاعیر و ئه‌وی تریش دڵخوازه‌كه‌ی، ڕه‌هه‌نده‌ فه‌لسه‌فییه‌كانی په‌یوه‌ندی نێوانیان گرینگه‌، كه‌ دنیابینی و ژیاندۆستی و مرۆڤایه‌تییه‌.
چوست و چالاككردنی كایه‌ی ئه‌ندێشه‌ و جووڵاندنی به‌ هه‌موو لایه‌كدا ئه‌ركێكی دیكه‌ی خه‌یاڵه‌، بۆ ئه‌وه‌ی جووڵه‌ و هێزێكی دینامیكی به‌ هه‌ست و نه‌ست و زه‌ینه‌ دامركاوه‌ نیشتووه‌كانی ناو خولگه‌ی ئه‌ندێشه‌ ببه‌خشین، ده‌بێت خه‌یاڵ چالاك خۆی بنوێنێت و هه‌موو جۆره‌ هه‌سته‌كان بكه‌ونه‌ خۆیان، چونكه‌ خه‌یاڵ دیدگه‌ و بیره‌وه‌ری تیژتر ده‌كات. له‌ ڕێگای هه‌ستی بینین و گوێگرتن و ئاخافتنه‌وه‌ ناوه‌ندێك له‌ خه‌ون و خه‌یاڵ ڕه‌وایی به‌ ده‌روونڕۆشنی خود ده‌دات بچێته‌ ناو گه‌شتی چنینه‌وه‌ی خه‌یاڵ.
(پاسترناك) پێیوایه‌ له‌ بنچینه‌دا شاعیران لاڵن. توانای قسه‌كردنیان كه‌مه‌، له‌ ڕێگای گوێچكه‌ و چاوه‌كانیان وێنه‌ی خه‌یاڵه‌كانیان به‌رجه‌سته‌ ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ سروشتدا دووانه‌یه‌كی ناهۆشیاری و نامیتافیزیكی هاوبه‌ش فه‌راهه‌م ده‌كه‌ن، كه‌ كاری ئه‌وه‌بێت وه‌ك ماتۆڕ و دینه‌مۆیه‌ك هه‌میشه‌ هێز و وزه‌ بداته‌ سه‌رووی خۆی، كه‌ هه‌ست و ناهه‌سته‌ ئاماده‌كراوكانی خوده‌ جۆشێنه‌ره‌كه‌یه‌: 5

(وڵاتێك له‌ شه‌ڕێكدا كه‌ نامه‌ی
جه‌نگاوه‌ره‌كانی ده‌بووه‌ مێژووی ناونان له‌ ئاگرێك نه‌وه‌ك بكوژێته‌وه‌
قۆزاخه‌یه‌كی نه‌ترووكاوی برده‌وه‌ سووڕی ژیانی جه‌لالی میرزا كه‌ریم
له‌و به‌یانییه‌ ته‌واو بوو كه‌ برایه‌كان
كفنیان بۆ دره‌خته‌ مه‌ست و به‌رداره‌كانی هه‌ولێر ده‌بڕی
كفن له‌و كاته‌دا دوو ڕه‌نگ بوو
كفن له‌و كاته‌دا گیرفانی هه‌بوو
ئیدی هه‌وا له‌ ژووره‌كه‌یدا جێگۆڕكێی نه‌كرد) ل: 14

كاتێك هۆش و نه‌ست ته‌واو ده‌ڕه‌نجێن له‌ ده‌وروبه‌ریاندا، سۆزێكی ئه‌فسووناوی باڵی ده‌كێشی به‌سه‌ر سه‌رجه‌م كایه‌ مرۆییه‌كاندا فه‌رمانی بزاڤ و چوستكردنی ده‌دات. ناخ و خه‌یاڵ بۆ ئاماده‌بووان و به‌رهه‌مهێنانی په‌چه‌كردار، شاعیر چالاكانه‌ خه‌یاڵه‌كانی به‌سه‌ر چه‌ند پاژێك له‌ بابه‌تی ئه‌م ده‌قه‌ دابه‌شكردووه‌، هه‌ر له‌ كۆچكردنی (جه‌لالی میرزا كه‌ریم) له‌ هه‌ولێر و ئاشووبی شه‌ڕی ناوخۆ و دروستبوونی كه‌شوهه‌وایه‌كی نائارام و بێهووده‌یی و ژیان ڕاوه‌ستان و كاره‌ساته‌ جه‌رگبڕه‌كان، هه‌موویان گه‌شتی خه‌یاڵن به‌سه‌ر یه‌كه‌یه‌كه‌ی وێنه‌كانی ناو ئه‌م ده‌قه‌، كه‌ مۆركی شاعیرێكی خه‌یاڵ ده‌وڵه‌مه‌ندن، له‌ هه‌مان كاتدا كاردانه‌وه‌ن بۆ ئه‌و ڕووداوانه‌ی لایه‌كی هاوكێشه‌ی خه‌یاڵ ده‌گرنه‌وه‌.
چۆن خه‌یاڵ ئه‌و چركه‌ شیعرییانه‌ ده‌قۆزێته‌وه‌، كه‌ شاعیر تێیاندا په‌یوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وخۆی به‌ كارتێكردنی نێوانیانه‌وه‌ هه‌یه‌؟ فه‌زای خه‌یاڵ فراوانه‌ و چه‌ندان ته‌نی دره‌و‌شاوه‌ له‌سه‌ر شێوه‌ی گه‌ردیله‌ی خه‌یاڵه‌ بچووكه‌كان له‌و ناوه‌نده‌دا به‌ریه‌كده‌كه‌ون، له‌ ئه‌نجامی كۆی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاڕمۆنییه‌كانی ناهه‌ستی و ناهۆشیاری ناو كایه‌ی ده‌ق. چه‌ند چركه‌ شیعرییه‌كی ئاماده‌ (لحظة شعریة) ده‌ست شاعیر ده‌كه‌ون و خێرا هه‌سته‌كان بۆ ڕزگاركردنیان له‌و ناوه‌نده‌ خرۆشاوه‌دا ده‌یانخه‌مڵێنن، كه‌ جیوه‌ ئاسا هێنده‌ تیژ و سرك و خزن زوو له‌ناو زه‌یندا ده‌سته‌‌مۆ ده‌كرێن، ده‌بنه‌ ئه‌و وێنه‌ شیعرییانه‌ی كه‌ له‌ منداڵدانی خه‌یاڵه‌وه‌ پیتێندراون و به‌ شێوه‌ی كۆرپه‌ (وێنه‌ی شیعر) چاو بۆ ژیان ده‌ترووكێنن.
(تۆبۆفیلیا (Topophilia) ڕۆڵێكی خولگه‌یی و كۆششكار ده‌بینێت له‌ فراوانكردنی ڕووپێوی خه‌یاڵی ناو ده‌قه‌ خه‌ونبینه‌كان)6.

(به‌و نیازه‌ په‌نجه‌ره‌كه‌م كرده‌وه‌
با بێته‌ ماڵه‌كه‌مه‌وه‌ كه‌مانچه‌ بژه‌نێت
دره‌خت گۆرانیبێژ و خاووخێزانیش كۆرس
كه‌لوپه‌لیش گوێگر
ئه‌سته‌مه‌ له‌ ماڵێكدا ده‌نگ ئاواز نه‌ڕسكێنێت
كاتژمێری هه‌ڵواسراو
كات نه‌كاته‌ ئاده‌میزادێكی درۆزن و فریوده‌ره‌
مۆمم له‌ هه‌موو په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌كانی ماڵم داگیرساندووه‌ و گۆرانی ده‌ڵێم
سڵاو له‌ ئاڵای وڵاته‌كه‌م سێبه‌ره‌كانی تێكه‌ڵ نه‌كرد
به‌ختیار زێوه‌ر گوڵی سه‌ربه‌ستی له‌ ده‌ستی نزیك خسته‌وه‌
له‌ كۆڵانه‌كاندا بڵاوی كرده‌وه‌
دره‌نگ گه‌یشته‌ ماڵی خۆی
بۆنی تێدا نه‌ما) ل: 107

(كاتژمێر) ناونیشانی ئه‌و شیعره‌یه‌ هه‌ر به‌ مه‌به‌ست ئه‌م ناوه‌ی هه‌ڵبژاردووه‌، كه‌ هێمایه‌ بۆ كات (الزمن)، به‌ هه‌ر سێ جۆریه‌وه‌ ڕابردوو، ئێستا، ڕانه‌بردوو، ئه‌م شیعره‌ ناوه‌ر‌ۆكه‌كه‌ی دوو مژار ده‌پێكێت.
یه‌كه‌م: كات و ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ كاره‌كانی تێدا ئه‌نجامده‌درێت، یان ئه‌نجامدراوه‌، یان ئێستا كاریگه‌رییه‌كه‌ی ده‌رده‌كه‌وێت.
دووه‌م: غه‌ریبی و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ڕۆژانی ڕابردوو (الحنین الی الماضي). خه‌یاڵ په‌یوه‌سته‌ به‌ كات و كردار و شوێن، زۆرترین چه‌شنی خه‌یاڵێك، كه‌ شاعیران خولیا و هۆگری ببن، ئه‌و ڕووداوه‌ خۆش و ناخۆشانه‌یه‌ له‌ ڕابردوودا ڕوویانداوه‌ و كاریگه‌ری به‌سه‌ر زه‌ینی شاعیره‌كه‌ ماوه‌، له‌ شوێنێكدا به‌جێماوه‌ و وه‌ك كارێكی له‌ده‌ستچوو حه‌سره‌تی بۆ هه‌ڵده‌كێشێت.
شاعیر: (گوڵی سه‌ربه‌ستی)ی (به‌ختیار زێوه‌ر) ده‌كاته‌ پرسی خولگه‌یی و له‌وێوه‌ په‌ل بۆ بیرهێنانه‌وه‌ له‌ ڕێگای خه‌یاڵگه‌راییه‌ك، به‌سه‌ر ماڵێكی هونه‌ردۆست و ده‌نگی گۆرانیبێژان و خودی شاعیرێك، كه‌ خاوه‌ن شیعره‌‌كه‌یه‌ هێمای شیعری به‌رگریی و به‌رخودان و مانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌، ده‌هاوێژێت و بنیادی ده‌قه‌كه‌ی پێ دروستده‌كات.
دیمه‌نه‌ خه‌یاڵییه‌كان پێكه‌وه‌ گرێدراون و سه‌ربرده‌یه‌ك، له‌ شارێكی وه‌ك سلێمانی و له‌ زه‌مه‌نی (به‌ختیار زێوه‌ر) و بارودۆخی سیاسی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌، ئاهێك بۆ به‌سه‌رچوونی بۆنی خۆشی گوڵی سه‌ربه‌ستی ده‌كێشێت، كه‌ خاوه‌نه‌كه‌ی تێر بۆنی نه‌كرد، ئه‌و گوڵه‌ی هێمای ڕۆژی سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی نه‌ته‌وه‌ی كورده‌، بۆنی به‌سه‌ر هه‌موو كوچه‌ و كۆڵانه‌كانی شار پرژا، به‌ڵام شاعیر نه‌یتوانی به‌ دڵی خۆی بۆنی بكات، به‌ یادی ئه‌و شیعره‌ ڕۆژانی ئه‌مڕۆی باری سیاسی ده‌هێنێته‌ ناو گرته‌ و دیمه‌نی ئه‌مڕۆكه‌مان و به‌ تێكه‌ڵكێشییه‌ك مه‌به‌سته‌كه‌ی ده‌داته‌ خوێنه‌رانی.
شاعیری (سه‌د و یه‌كشه‌وه‌)‌ له‌ زۆرینه‌ی ده‌قه‌كانی ناو ئه‌م كۆشیعرییه‌دا به‌ هه‌ناسه‌ی غه‌ریبی و ئاخ هه‌ڵكێشان بۆ ڕابردوو ده‌قه‌كانی ڕه‌نگڕێژ به‌ نۆستالیژیا كردووه‌ و تێیدا له‌ به‌رجه‌سته‌كردنیان ڕه‌گاژۆبوونێكی هه‌ستیی و هۆشیاری ساغبووه‌ته‌وه‌.
چۆن خه‌یاڵ پێده‌گات و فشارده‌خاته‌ سه‌ر كرده‌ی چالاككردنی مێشك و ده‌رهاویشته‌كانی له‌ ڕوانگه‌ی زه‌ین و نه‌ست و حاڵه‌تی ناهۆشیارییدا، چ ڕۆڵێك وه‌رده‌گرێت؟
له‌ شیعری: (سوپاس) ئه‌و وێنه‌شیعرییانه‌ی له‌و ده‌قه‌دا هه‌ن پێمان ده‌ڵێن بوونی (ڕووداو) بۆ دروستبوونی (فشار) چه‌ند گرینگه،‌ كه‌ خه‌یاڵ له‌و كرداره‌دا چه‌شنی په‌ین و كیمیایه‌ بۆ به‌پیتكردنی زه‌وی و زۆربوونی به‌روبووم.

(باران له‌ ده‌رگای زه‌مین ده‌دا
گیای ڕووخۆش لێی ده‌كاته‌وه‌
كه‌روێشكێك ده‌چێته‌ نزیكی
سمێڵی له‌سه‌ر و پرچی ده‌سووێ
سوپاس بۆ نان و نمه‌كی خودا
به‌ دڵێك به‌ ڕێگاوه‌ ده‌ڕوات
كه‌ دڵ له‌ دڵدانی له‌دوا نییه‌) ل: 16

هێزی پاڵنه‌ری (ڕووداو)، فشار ده‌خاته‌ سه‌ر بیر و هۆش و ڕێكیان ده‌خات بۆ خۆهه‌ڵكوتانه‌ ناو بواری گه‌وره‌كردنی خه‌یاڵ و له‌ ئه‌نجامی ئه‌و ته‌وژم و فشارانه‌، خه‌یاڵ ده‌ته‌قێته‌وه‌، چونكه‌ له‌ دۆخی ئاسایی و چه‌قبه‌ستووییدا خه‌یاڵه‌كان به‌ر هۆش و نه‌ست و حاڵه‌ته‌ ناهۆشیاره‌كان ناكه‌ون، ده‌بێت به‌ریككه‌وتنێك ڕووبدات تا خه‌یاڵیش گورجوگۆڵ ببێت به‌ به‌ركار و فرمانی خۆی بكه‌وێت.
تا (باران له‌ ده‌رگای زه‌مینی نه‌دا) هیچ كردارێكی زه‌ینی له‌سه‌ر دروستبوونی وێنه‌ی دێری دووه‌م (گیای ڕووخۆش لێی ده‌كاته‌وه‌) دروستنه‌بوو، ڕووداو (باران) و (گیای ڕووخۆش) ئه‌و فشاره‌ش ده‌بێته‌ هۆكاری لێكردنه‌وه‌ی باران، پاشان خه‌یاڵ له‌ دێره‌كانی دواییدا فراوانتر و زنجیره‌یی پێكه‌وه‌ ده‌به‌سترێنه‌وه‌، بێ هۆكاری جووڵاندنی خه‌یاڵ، ده‌ق له‌ بنیادی ناوه‌وه‌ی خۆیدا ئه‌و سیستماتیكه‌ دراماییه‌ له‌ده‌ستده‌دات، كه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ (السرد) حاڵه‌تێكی پێویسته‌، یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی مانابه‌خشی له‌ ده‌قدا.
بنیادنانی ده‌ق، كرده‌یه‌كه‌ هه‌میشه‌ به‌ كراوه‌یی كۆتایی دێت، هیچ ڕسته‌یه‌ك له‌ناو وێنه‌ی شیعریی به‌ دانانی (نیهاد) بۆ (گوزاره‌)، یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌، مانای ته‌واوی نادات، ده‌كرێت ده‌ق به‌وه‌ بچووێنین پارچه‌یه‌كه‌ له‌ كریستاڵ، پارچه‌ی بچووكی دیكه‌ی لێ كه‌مبووه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ بۆ ناوه‌ندی ئه‌و بیرۆكه‌یه‌مان ده‌بات، كه‌ گوزارشته‌ شیعرییه‌كان ته‌واوببن، یه‌ده‌گی ده‌ربڕینه‌ په‌خشانییه‌كان ده‌ستپێده‌كه‌ن، واته‌: شیعر له‌ ده‌قی ئه‌ده‌بییدا به‌ ته‌نیا گوزارشتبڕ نییه‌، په‌خشان هاوكاری گوزارشت و ده‌ربڕینه‌كانی ده‌كات، بۆیه‌: (ت. س. ئیلیۆت) ده‌یگوت: (مه‌حاڵه‌ به‌ پڕی و به‌ ته‌واوی به‌ زمانی شیعر ئه‌و ده‌قه‌ بنووسم، كه‌ ده‌مه‌وێت ته‌واوی بكه‌م)7.
هه‌ر وه‌ختێك ده‌ق هێزی كرانه‌وه‌ی بۆ خرایه‌ سه‌ر پشت و سه‌ربه‌ستی خۆی له‌ گوزارشته‌ خه‌یاڵییه‌كان وه‌رگرت، شیعر وزه‌ی له‌ خه‌یاڵ پێده‌گات، خه‌یاڵ بۆ ته‌واوكردنی بنیادی چوارچێوه‌ی خستنه‌ناوه‌وه‌ی ده‌ق په‌نا بۆ (زمان) ده‌بات وه‌ك گوزارشت، جا به‌ شیعر بێت، یان په‌خشان، یان په‌خشانه‌ شیعر، له‌م حاڵه‌ته‌دا بازنه‌كانی خه‌یاڵ شه‌پۆلده‌ده‌ن و له‌گه‌ڵ میكانیزمی كارلێكردنی هه‌سته‌كان، گوزارشتیش ئه‌ڵقه‌ به‌دوای خۆی دروستده‌كات، تا بنیادی ده‌ق ده‌نووسرێته‌وه‌، چه‌ندان جار شاعیره‌كه‌ ئه‌ڵقه‌ گوزارشته‌كانی ده‌گۆڕێت، ڕووبه‌ری ده‌ق ده‌بێته‌ ئامێزگری چه‌ندان وێنه‌ی خه‌یاڵی ته‌واونه‌كراو.

(سوپاس و دروود بۆ ئازاره‌كانی ژیان
مرۆڤ دوای مردن
پێویستی به‌ چوونه‌ به‌هه‌شته‌
جۆگه‌له‌ بباته‌ بن دره‌ختی ئومێد و نه‌مری
میوه‌ له‌ شكۆمه‌ندی دوای زه‌رده‌خه‌نه‌ زیاتر نییه‌
خودایه‌ ئاگرێكم بۆ ده‌ستنیشان بكه‌
چاوی هه‌موو بینینه‌كان بنووسێت
دڵم ده‌توێنمه‌وه‌ و گوێڕایه‌ڵی ده‌بم
مردووه‌كان به‌ چ شێوه‌یه‌ك ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر زه‌وی) ل: 80

شاعیر خۆی له‌ پراگماتیكیی دوورده‌خاته‌وه‌، به‌دوای بازنه‌ یه‌ك به‌ناو ئه‌وی دیكه‌ چووه‌كان ده‌كه‌وێ، له‌هه‌ر وێنه‌یه‌كی شیعر وێنه‌یه‌كی دیكه‌ دروستده‌كاته‌وه‌، تا ده‌گاته‌ وێنه‌یه‌كی خه‌یاڵی گه‌وره‌تر، پێش ئه‌وه‌ی پشووبدات، سه‌رله‌نوێ خه‌یاڵی ده‌یباته‌وه‌ بۆ شوێنێكی دیكه.‌ له‌وێش بازنه‌ به‌ناویه‌كترچووكان ده‌كاته‌وه‌، تا كۆتایی ده‌ق ده‌بێته‌ خاوه‌نی چه‌ندان بازنه،‌ بێئه‌وه‌ی ده‌ق له‌ڕووی بنیادنانییه‌وه‌ ته‌واوببێ، جا له‌و پاژه‌ شیعرییه‌ی كه‌ ته‌واونه‌بووه،‌ بزانه‌ خه‌یاڵ چۆن بۆ شوێنێكی دیكه‌ و مه‌به‌ستی دیكه‌ی جیاوازی ده‌بات:

(كاكه‌ی فه‌للاح به‌ پشوویه‌كی ئارامه‌وه‌ له‌ سه‌نگه‌ردا هاته‌ده‌رێ
نه‌ختێك ڕاما و گۆڕه‌پانی به‌رده‌می كرده‌ به‌رده‌نوێژ
به‌ قووڵایی وێنه‌ ڕه‌ش و سپییه‌كانی خۆیدا هاتوچوو
قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی به‌ ئه‌سپایی له‌سه‌ر شووشه‌ی لامپا دانا
به‌ره‌و گۆڕ هه‌نگاوی خۆشكرد
گۆڕ سه‌نگه‌ری شۆڕشگێڕانه‌
نووسینه‌كانی ڕوومه‌تی كێلیش بزه‌ی واتادارن) ل: 80

ئه‌و كات شیعر شێوه‌ی خه‌یاڵی میكانیكی وه‌رده‌گرێت، ئه‌گه‌ر له‌ جووڵه‌كردنێكی هه‌میشه‌ییدا فۆرمه‌ڵه‌كرابێت، ده‌قی: (خه‌یاڵی میكانیكی) ئه‌و ده‌قانه‌ن به‌ هه‌موو لایه‌كدا نه‌ست و هه‌ستی ناهۆشیاری بڵاوه‌ پێده‌كه‌ن، چه‌ندان وێنه‌ی جۆراوجۆری خه‌یاڵ دروستده‌كه‌ن، پاشان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ چه‌قی مه‌به‌ست (ناوه‌رۆكی ده‌ق)، ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئه‌وه‌یه‌، ناوه‌رۆكێكی پان و به‌رینه‌، هیچ نیشانكار و نیشانكراوێكیش تێیدا جێگای نابێته‌وه‌، تانوپۆیه‌كن له‌ یه‌كتردا جیابوونه‌ته‌وه‌ و به‌دوای یه‌كتركێشكردن ناگه‌ڕێن، ته‌نیا خه‌یاڵبینییه‌ ده‌توانێت وزه‌ی شاعیر به‌ره‌و ئه‌و مه‌دایه‌ ببات، شاعیران تێیدا له‌ خولگه‌یه‌كی كراوه‌ی فره‌جه‌مسه‌ر مانا دروستده‌كه‌ن و ده‌یانخه‌نه‌ ناو به‌رگی خه‌یاڵی و په‌خشیانده‌كه‌ن.
ئه‌ندازه‌ی بنیادنانی ده‌ق لای: (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر) پلانداڕێژی پێشوه‌خته‌ی بۆ نه‌كراوه‌، ڕاسته‌وخۆ و سرووشئامێز ده‌چێته‌ ناو كه‌شوهه‌وای شیعر و دۆخ بۆ خۆشكردنی خه‌یاڵ ده‌ڕه‌خسێنێت، پشتبه‌ستن به‌و چركه‌ ئیلهامبه‌خشانه‌ی له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یبه‌ن بۆ ڕووبه‌ری سه‌رگه‌رمی و كه‌ڵكه‌ڵه‌بوون و خرۆشاندنی ناخ و هه‌ڵاویسانی هه‌سته‌كان، ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ك بارێكی پۆزه‌تیڤه‌، شاعیری قاڵبداڕێژی لێ په‌روه‌رده‌ نه‌بووه‌، شیعرنووسێكی حازربه‌ده‌ستی لێده‌رناچێت، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ بارێكی نێگه‌تیڤه‌، زۆرجار خه‌یاڵ ده‌یگه‌ڕێننه‌وه‌ ناو ئه‌و بواره‌ خه‌یاڵاوییه‌ی چه‌ند جارێكی دیكه‌ له‌ هه‌مان شوێندا وێنه‌ی نزیك به‌ وێنه‌كانی پێشووی لێچنیوه‌، بۆیه‌ فۆرمی هه‌ندێك له‌ خه‌یاڵه‌كانی به‌ یه‌كتری ده‌چن، هه‌مان مۆركی شیعری كۆنی پێوه‌ دیارده‌بێت. له‌ جیاتی: (كاكه‌ی فه‌للاح) هه‌ر ناوێكی دیكه‌شی دانابایه‌، هیچ له‌ وێنه‌ی خه‌یاڵه‌ شیعرییه‌كه‌ ناگۆڕێت. واته‌: (كاكه‌ی فه‌للاح) ده‌بێته‌ هه‌موو ناوه‌كان.
(خه‌یاڵی كراوه، وه‌ك‌ ده‌قی كراوه‌ (النص المفتوح) وایه‌، له‌و ساتانه‌ی شاعیر ده‌یه‌وێت كه‌رسته‌كانی بنیادی خه‌یاڵه‌ شیعرییه‌كانی به‌ كه‌رسته‌ی هونه‌ری دیكه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند بكات، په‌یوه‌ندیكردن و سنوورداركردنی سرووش و سۆزی ببه‌زێنێت و بچێته‌ ناو خولیا و حه‌ز و ویستێكی هونه‌ری شیعری تازه‌وه‌، خۆی بۆ ناو مێرگێكی سه‌وزتر و ته‌ڕتر بخزێنێت و چێژ بگۆڕێت، په‌نا بۆ پاشخانه‌ ڕۆشنبیرییه‌كه‌ی ده‌بات، ده‌بینین ده‌ست بۆ خه‌یاڵی میوزیكی و گۆرانیگوتن و تابلۆكێشان و شانۆگه‌ری و فیلمسازیی … تاد)8. ده‌بات، چه‌مكی مه‌عریفه‌گه‌راییه‌كه‌ی هاوكاری ده‌كات، به‌و كه‌رستانه‌ ده‌چێته‌ ناو خولگه‌ی خه‌یاڵی نوێ بۆ هێنانه‌كایه‌ی وێنه‌ی شیعری نوێ.
جار هه‌یه‌ هه‌ر یه‌ك له‌و هونه‌رانه‌ به‌ جیا سوودی لێوه‌رگرتووه‌ له‌ مه‌زراندنی شیعرێكیدا، جاریش هه‌یه‌ چه‌ند هونه‌رێك پێكه‌وه‌ له‌ دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌ خه‌یاڵییه‌كانیدا ئاوێته‌ی یه‌كتری ده‌كات، په‌لكه‌زێڕینه‌یه‌ك له‌ هونه‌ر له‌ شێوه‌ی خه‌یاڵی شیعری له‌ فه‌زای داهێنان و فانتازیادا پێكدێت. نموونه‌ له‌ شیعری: (دڵته‌نگی) ده‌بینین له‌ وێنه‌شیعری: (حه‌مدی) شاعیردا زۆر جوان په‌لده‌هاوێت بۆ: (كاوێس ئاغا)ی لاوكبێژ و له‌ دوو وێنه‌ی شیعر و هونه‌ری گۆرانی و لاوكبێژیدا تابلۆیه‌كی (وێژه‌یی-هونه‌ریی) ده‌خوڵقێنێت، ڕاسته‌ دوو وێنه‌ی خه‌یاڵی له‌ یه‌كتر جیان له‌ڕووی ناوه‌رۆكدا، به‌ڵام ده‌قێكی كراوه‌ی بۆ فه‌زای شیعره‌كه‌ ڕه‌خساندووه.‌ جێگای كه‌رسته‌ی هونه‌ریشی تێداببێته‌وه‌ و په‌نجه‌ره‌ی ده‌قه‌كه‌ی به‌سه‌ر پشته‌وه‌ واڵاكردووه‌.

(هه‌ر ڕێگایه‌ك وێڵبوونێكی به‌دواوه‌یه‌
وێڵیشه‌ ده‌تگه‌یه‌نێـته‌ قووڵایی گیان
دوای له‌دایكبوونی حه‌مدی
خوێن له‌ ناخی چڵ ڕژا
زه‌وی به‌ شه‌ونم ته‌ڕ بوو
ڕۆژ نیوه‌ی ته‌مه‌نی به ‌دیار زه‌ویه‌وه‌ ڕاده‌وستێت و داده‌مێنێت
شتێك بدزۆێته‌وه‌
نه‌یدۆزییه‌وه‌
له‌ ئاوابووندا دڵته‌نگییه‌كانی به‌دی ده‌كات
هه‌ر كێ دڵم بڕه‌نجێنێت
خانمی شیعر و هه‌ولێر و نه‌وای كوێستانان خاڵخاڵ ده‌ملاوێننه‌وه‌
كاوێس ئاغاش مۆڵه‌تم له‌ مه‌رگ بۆ وه‌رده‌گرێت
گوێ له‌ داستان ڕابگرم
شكۆی خودا له‌ ده‌وروپشتم ئاڵایه‌كه‌ هه‌ڵدراو
سێبه‌ری به‌سه‌ر برینی قوربانییه‌كاندا ده‌كێشێت
چاوی بێداری و نه‌سره‌وتن دنیای پیشاندام) ل: 90

له‌ چركه‌ی هۆشیاری و خۆلێكترازاندنی خه‌یاڵه‌كانی، ده‌چێته‌ باری ئاگایی و هه‌ستكردن به‌ ده‌وروبه‌ری، بۆ لاوانه‌وه‌ی خۆی له‌ هه‌ر گریمانه‌یه‌كی دڵشكاندنی، په‌نا بۆ شیعر و هه‌ولێر و كوێستانان خاڵخاڵ ده‌بات، (گاستۆن باشلار 1884 – 1962 له‌ بیردۆزه‌ی (فانتازیای شوێن)دا گوتوویه‌تی: (شوێن په‌یوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وخۆی باری سایكۆلۆژی و نووسه‌ر ده‌رده‌خات، ئه‌و شوێنه‌ی هه‌میشه‌ حه‌زده‌كات له‌ ناویدا به‌ خه‌یاڵ، یان له‌ ڕاستیدا بژیێت و هه‌میشه‌ فیكر و زه‌ینی له‌سه‌ره‌ و خۆشیده‌وێت) كه‌ (هه‌ولێر)ی شاری شاعیره‌، ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ دێت، خه‌یاڵ ڕووی ئاگایی و وشارییش ده‌یگرێته‌وه‌، هه‌موو خه‌یاڵێك ته‌نیا وه‌هم و سه‌رابێكی ته‌مومژاوی نییه‌، به‌ڵكو هۆكارێكی زیندووه‌ له‌ (تۆبۆفیلیا – Topophilia) كه‌ هه‌میشه‌ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌و جێگایانه‌ی له‌ ده‌روونتدا به‌ نه‌مری ده‌مێننه‌وه‌)9.
زمانی خه‌یاڵ له‌ ده‌قدا:

(مالارمێ) ده‌یگوت: (من به‌ قه‌ڵای پۆڵایینی (زمان)م، خۆم ده‌پارێزم. هه‌ر وه‌ختێك ژه‌نگوژار بنیشێت، گه‌ڕانه‌وه‌ش بۆ به‌كارهێنانی زمانی هۆز ده‌رگای قه‌ڵا پۆڵایینه‌كه‌مه‌)10. زمان له‌ناو كایه‌ی شیعردا ڕۆڵی هێز و دره‌وشانه‌وه‌ی داهێنان و هاوسه‌نگڕاگرتنی هه‌موو بنه‌ما و مه‌رجه‌كانی شیعر نماییشده‌كات، گرینگی و كاریگه‌رییه‌كه‌ی له‌ ده‌غده‌غه‌دانی خه‌یاڵدا فراوانتر و چوست و چالاكتر په‌ره‌ده‌ستێنێت، بۆیه‌ ورووژاندنی خه‌یاڵ، به‌هێزبوون و پاراوتركردنی زمانی لێوه‌ به‌ده‌ستدێت، به‌ ئه‌زموون سه‌لمێندراوه‌، تا زمان كاریگه‌رییه‌ پۆزه‌تیڤه‌كانی بكه‌ونه‌كار، شیعر توانای خۆنوێكردنه‌وه‌ی له‌ وشه‌ و ده‌سته‌واژه‌ و هێما و زانسته‌ زمانییه‌كان به‌ گشتی، ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌بێت و كاراتر دۆخ بۆ نه‌شونمای پێش و كارتێكردن له‌ نێوانیاندا گه‌رمتر ده‌بێت.
هه‌ر ده‌قێكی هونه‌ریی به‌ (شیعر)ه‌وه‌ش، دوو ئاست پێشكێشده‌كات.
یه‌كه‌م: ئاستی هه‌واڵبه‌خشی.
دووه‌م: ئاستی هێمابه‌خشی.
ئه‌وه‌ی دووه‌میان به ‌ناڕاسته‌وخۆ ڕووماڵی زمان ده‌كات، به‌رگێك له‌ ته‌م و دیده‌ ناڕۆشنی پیشانده‌دات. ئه‌و هێماگه‌راییه‌، شرۆڤه‌ و شیكردنه‌وه‌ی ده‌وێت، هه‌موو جارێك به‌ ئاسانی ناگه‌یته‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌ی بتوانیت كۆده‌كانی هێماكان بكه‌یته‌وه‌، سیحری سیحربازه‌كه‌ به‌تاڵ بكه‌یت، بۆیه‌ له‌ ده‌قی هێمابه‌خشی، خوێنه‌ر هه‌ندێكجار ڕه‌خنه‌گرانیش، دووچاری سه‌رئێشه‌ی ناتێگه‌یشتن له‌ مانای هێماكانی ناو وێنه‌ شیعرییه‌كان ده‌بن، بڕێكجاریش هێدمه‌ و به‌دحاڵییبوون ده‌گاته‌ دۆخی بێزاریی و ده‌ستهه‌ڵگرتن له‌ گه‌ڕان به‌دوای مانابه‌خشین، فڕێدانی سه‌رتاپای ده‌قه‌كه‌.
زمان له‌ ده‌قی: (سه‌د و یه‌كشه‌وه‌)‌دا، به‌ هیچ كڵۆجێك له‌سه‌ر شێوه‌ی زمانی هه‌واڵ دانه‌ڕێژراوه‌ و هیچ ڕسته‌یه‌ك خه‌به‌ر و هه‌واڵی له‌گه‌ڵ خۆی نه‌هێناوه‌، به‌ڵكو ده‌قێكی هێمابه‌خشی پڕاوپڕه‌ له‌ سه‌راسیمه‌ و سه‌رسوڕمان و ته‌مومژ و ڕه‌هه‌ندی ئاڵۆز ئاڵۆزی به‌ زه‌خره‌فه‌ هێما نه‌خشێندراون، خوێنه‌ر به‌ سانایی ناگه‌نه‌ مه‌رامیان به ‌ده‌ستكه‌وتنی ماناكان، مه‌گه‌ر خوێنه‌ری مه‌شقكردوو و زیره‌ك و ڕۆشنبیر نه‌بێت. وشه‌كان ساده‌ن، ڕسته‌كان دیارن، به‌ڵام كه‌ ده‌گاته‌ قۆناغی كامڵبوونی وێنه‌ی ‌شیعری، هێماكان ده‌بنه‌ له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م ڕوونیی و دوودیوی وێنه‌كان و جۆرێك له‌ ناڕوونیی له‌ كردنه‌وه‌ی كۆده‌كانی (هێما) قورسه‌كان دروستده‌بێت.
ئه‌مه‌ش خه‌سڵه‌ت و بنه‌مای شیعری نوێخوازی و ڕه‌هه‌نده‌ زمانه‌وانییه‌كانیه‌تی. (ئه‌دۆنیس) پێیوایه‌: (شیعر گه‌ڕان و ڕۆیشتنێكی هه‌میشه‌ییه‌ به‌ناو نادیاریدا)11. گه‌ڕان و كه‌شفكردنی شیعری هێماگه‌ر و پڕ سه‌رسوڕمان و نیگه‌رانی، پێویستی به‌ پاشخان و گه‌نجینه‌یه‌ك له‌ (خه‌ون) هه‌یه‌ تا سه‌فه‌ری ناو زمان و بنیادی ده‌قێكی هه‌ڵچنراو له‌ زمانی سه‌رده‌میانه‌ و جیهانبینی و تێڕوانینی تژی له‌ ڕه‌مز و به‌ها پێشكه‌وتووه‌كانی خه‌ونه‌ هاوچه‌رخه‌كان بكه‌یت.
له‌ناو ده‌قی سه‌ركه‌وتوودا، زمان له‌ خۆیدا كرده‌ی تێكدان و سه‌رله‌نوێ دروستكردنه‌وه‌ی زمانه‌كه‌یه‌تی، دۆزینه‌وه‌ی كانزای به‌ نرخ، گه‌ڕانی دوورودرێژی ناو خاك و خۆڵ و ژێر ده‌ریاكانی پێویسته‌، بۆیه‌ بۆ خوێنه‌ری ئاسایی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌مجۆره‌ ده‌قانه‌ ئه‌ركه‌ و هه‌ندێكجاریش قێزه‌و‌ن.
نموونه‌ی ئه‌و وێنه‌شیعرییانه‌ی خوێنه‌ری ئاسایی، یان ڕه‌نگبێ زۆرێك له‌ شاعیران و ڕه‌خنه‌گرانی ئاسایی نه‌توانن هه‌رچی بكه‌ن و چێژێك له‌ ماناكانی به‌ده‌ستبهێنن، نموونه‌:

(زینده‌وه‌رێك له‌ژێر زه‌وی هاته‌ده‌رێ
هه‌وایه‌كی پاراوی هه‌ڵمژی و به‌چاو نزایه‌كی نواند
سوپاس بۆ بۆنی خۆشی په‌ڕه‌سێلكه‌
نه‌یهێشت ئه‌ستێره‌ ته‌ماشای ئه‌و ئاده‌مییانه‌ بكات
درۆیان به‌ده‌میه‌وه‌ كردووه‌) ل: 103

تۆ به‌رانبه‌ر تابلۆیه‌كی ته‌جریدی ئاڵۆسكاو به‌ چه‌ندان ڕه‌نگی تۆخ و هێمای سه‌یر و هێڵ و سكێچی به‌ناویه‌كتربڕ وه‌ستاوی، ده‌بێت ئه‌و (زینده‌وه‌ر)ه‌ چی بێت له‌ژێر زه‌وی هاتووه‌ته‌ده‌رێ؟ باشه‌ بۆنی خۆشی (په‌ڕه‌سێلكه‌) چ په‌یوه‌ندی به‌وانه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ درۆیان له‌گه‌ڵ (ئه‌ستێره‌)دا كردووه‌؟ ئه‌م هه‌موو پرسیاره‌ ئاڵۆزانه‌، بێ وه‌ڵام له‌ مێشكی خوێنه‌ردا ده‌خولێنه‌وه‌، ناتوانن وێنه‌یه‌ك خه‌یاڵ بكه‌ن، كه‌ لێی نزیك بن و له‌ مانابه‌خشییه‌كه‌ی تێبگه‌ن.

(دڵشاد مه‌ریوانی زه‌نگوڵه‌یه‌كی به‌ ده‌رگای حه‌وشه‌وه ‌كرد
له‌سه‌ر پشتی ئاسنێكی سارد نووسی
هه‌بوو
نه‌بوو
هه‌یه‌ و نییه‌
تابووت ژوورێكی تاریكه‌
چاوم نوقاند و له‌ دڵی خۆمدا بۆ شوێنێكی دوورم ڕوانی
شوێنێك بای په‌ڵه‌ پرچی هه‌وری له‌سه‌ر ده‌موچاوی هه‌ڵدایه‌وه‌
كێڵگه‌ی گه‌نم گه‌وره‌بوو) ل: 99

ته‌نیا ئه‌وانه‌ی ئاگاداری چیرۆكی گرتن و زیندانیكردن و پاشان كپكوشتن و گۆڕغه‌ریبی: (دڵشاد مه‌ریوانی)ن، ده‌زانن ئه‌م چه‌ند وێنه‌یه‌ حه‌كایه‌تی له‌ناوچوون و قوربانیدانی شاعیره‌كه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌، ئه‌ویش له‌ كۆی مانای وێنه‌كان ده‌خوێندرێته‌وه‌، ئه‌گینا گه‌نج و خوێنه‌رێكی وه‌چه‌ی ئه‌مڕۆ، كه‌ شتێك له‌باره‌ی سه‌ركرده نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمان نازانن، چۆن له‌م ده‌قه‌ بگه‌ن. كاتێك ڕسته‌ و پاشان وێنه‌كان هێنده‌ ته‌جریدین زه‌ین و مێشك ماندووده‌كه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ به‌رانبه‌ر پارچه‌یه‌ك له‌ (وشه‌ی یه‌كتربڕ) دامابن و هێماكانیان پێ شیته‌ڵ نه‌كرێت.

له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌شدا، خۆ ده‌بێت ئه‌وه‌ی بیه‌وێت له‌ واقیعی شیعری نوێخواز حاڵیی بێت، ئه‌وه‌نده‌ش زانیاری هه‌بێت. خوێندنه‌وه‌ی ئه‌مجۆره‌ ده‌قانه‌، سه‌لیقه‌ و وریایی و مه‌عریفه‌گه‌راییه‌كی سه‌رتاپایی ده‌وێت: (شیمس هینی) گوتوویه‌تی: (خۆ شیعر ده‌بێت هه‌ندێك گرانی و ته‌مومژاویكردنی له‌گه‌ڵ بێت، خۆ شیعر خوێندنه‌وه‌ ڕۆیشتنێك نییه‌ له‌ بیابان، به‌ڵكو هه‌ڵزنانه‌ به‌سه‌ر لووتكه‌)12.
هه‌رگیز مه‌به‌ست له‌ دانانی (وشه‌) له‌ ڕسته‌ی شیعریی، مانابه‌خشی و چێژ و گوزارشتكردن نییه‌، به‌ڵكو به‌دوای ڕاستی و په‌نهانه‌كان، له‌ سیمای گشتی شیعره‌كانی شاعیری: (سه‌د و یه‌كشه‌وه‌)‌دا ده‌بیندرێت وه‌ك شاعیره‌ سوریالیسته‌كان مامه‌ڵه‌ی هزر و زمان و بنیادنانی شیعری ڕه‌چاوكردووه‌، فیكر و بابه‌تی گوزارشته‌ی ئازاد و زمانی قه‌تیس و كورتبڕی له‌ ڕسته‌ و ده‌ستگرتن به‌ زۆر به‌كارنه‌هێنانی وشه‌، لادان له‌ كلتووری سواو و گوێنه‌دان به‌ بنه‌ما و ڕه‌وشته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ بێ ماناكان و فڕێدانی پرسیار بۆ ناو فه‌زایه‌كی كراوه‌ی فره‌ ڕه‌هه‌ند و شیكاریی، بایه‌خدان به‌ ئازادییه‌ فیكرییه‌كان و نوێخوازگه‌رایی له‌ زمان و مۆدێلێكی نوێ له‌ داڕشتنی بنیادنانی چه‌مكی شیعریی و سه‌ركێشیی له‌ خه‌یاڵ و ڕه‌هاكردن له‌ خه‌ون و گه‌ڕانێكی بێوچان به‌دوای ڕاڤه‌ی تازه‌ بۆ شیعر و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ له‌و كۆنه‌ سیما سواوانه‌ی نیو سه‌ده‌یه‌ شیعری كوردی به‌ ناوی تازه‌گه‌رایی و هاوچه‌رخییه‌تی له‌ بنه‌مای هونه‌ریی شیعردا گۆڕه‌پانه‌كه‌یان قۆرخكردووه‌، ئه‌مه‌ش له‌خۆڕا ڕێچكه‌ ناگرێت و چه‌كه‌ره‌ش ناكات، به‌رهه‌میش به‌ده‌سته‌وه‌ نادات، ئه‌گه‌ر چه‌ند هۆكارێكی ده‌روونی و ڕامیاری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی بۆ ناو ئه‌و سه‌ركێشییه‌یان په‌لكێش نه‌كردبێت. كاتی خۆی: (ئه‌ندریێ بریتۆن) دامه‌زرێنه‌ری شیعری سوریالی له‌ ئه‌نجامی بێزاربوون له‌ هه‌موو شتێكی باوی جیهان، یاخی بوو، وه‌ك مه‌لێكی دیل له‌ قه‌فه‌س به ‌ده‌ست نائازادی و دیلی و كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی مرۆڤ، بڕیاریدا ئیراده‌ی به‌هێزبكات و وزه‌ و هێز له‌ سرووش وه‌ربگرێت و دژی قۆرخكاریی و لاساییكردنه‌وه‌ و پووچییه‌كانی ناو مێشكی مرۆڤی كۆن بجه‌نگێت و قه‌فه‌س بشكێنێت، فیكری ڕه‌ها و زمانی نوێ بپشكوێنێت، له‌ شیعری: (نه‌ترسان) گوزارشتێكی زۆر نزیك له‌م بۆچوونانه‌ی، كه‌ ده‌یه‌وێت وێنایان بكات، به‌ پاڵپشتی (زمان)ێكی نوێ شایسته‌ بۆ نوێنه‌رایه‌تی بۆچوونه‌كانی و سه‌ركه‌وتنی سه‌ركێشییه‌ پیرۆزه‌كه‌ی، كه‌ تا سه‌ر ئێسك باوه‌ڕی پێهێناوه‌ و له‌ خوێنیدا هه‌ڵایساوه‌:

(له‌سه‌ر یه‌ك له‌ ته‌خته‌كانی باخچه‌ی گشتی هه‌ولێر
كه‌شكۆڵی پێغه‌مبه‌رانم به‌جێهێشت
بۆ ئه‌وه‌ی وره‌ و هێز و توانا بده‌مه‌ پیاوێكی دڵشكاو
له‌ زه‌وی ڕه‌ق نه‌ترسێت
چه‌مێك بۆ به‌خێوكردنی ماسی و مه‌له‌ ڕژایه‌ به‌رماڵیان و پرسی
دوژمنان ڕۆیشتن
ئه‌دی براده‌رانی من له‌كوێن
ئه‌م پرسیاره‌ كه‌مێكی تری ماوه‌) ل: 105

ئه‌م شیعره‌ وه‌ك شیعره‌كانی دیكه‌ی، مانیفێستی خود ئاشكراكردنه‌، خودییه‌ك ڕوو له‌ ئاسۆ و به‌دوای ئاسۆ ده‌گه‌ڕێت و لێشی نادیار نییه‌، له‌ هه‌ر بارودۆخێكدا ئه‌گه‌ر زمان ئامانجی كه‌شف و دۆزینه‌وه‌ی به‌رگی نوێ و كه‌ناڵی نوێ و ڕایه‌ڵی به ‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستنه‌وه‌ی، داهێنانی هێنایه‌ ئاكام، ئه‌و زمانه‌ ده‌كه‌وێته‌ باری توندوتۆڵكردنی ڕه‌سه‌نایه‌تی و خۆجیاكردنه‌وه‌ش له‌ (لاسایی)، زمانی شیعری: (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر) هه‌م زمانێكی ته‌واو هاوچه‌رخ و ڕه‌گداكوته‌ره‌، هه‌م زمانێكی تایبه‌تمه‌نده‌، كه‌سی دیكه‌ له‌ شاعیران ناتوانن له‌م زمانه‌ دۆخگۆڕه‌ نزیكببنه‌وه‌. (زمان) بووه‌ته‌ پردی بنیادنانی جیهانبینی تێفكرین بۆ كلتوور و پیاده‌كردنی داهێنان و به‌كارهێنانی میتۆدی نوێ بۆ چالاكتركردنی هزر و هاوچه‌رخبوونی زمان.
مه‌به‌ست و ئامانجی شاعیر له‌مه‌دا ده‌یه‌وێت ڕواڵه‌تی نوێی داهێنه‌رانه‌ بۆ گوزارشتكردن له‌ ناوه‌وه‌ی زمانه‌ خۆجێییه‌كه‌یدا بدۆزێته‌وه‌ و نمایشی بكات، به‌و مانایه‌ نا، ته‌نیا جیاوازبێت له‌گه‌ڵ شاعیرانی دیكه‌، چونكه‌ ئه‌وانه‌ی ویستوویانه‌ له‌گه‌ڵ هاوپۆله‌كانیان له‌ شیعردا جیاوازییه‌ك بدۆزنه‌وه‌، جگه‌ له‌ (زمان) ده‌بێت پرۆژه‌ی مه‌عریفه‌گه‌راییه‌كی هێنده‌ ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌بێت ده‌رگای گفتوگۆی بۆ گۆڕینه‌وه‌ی كلتووره‌ جیاجیاكان كردبێته‌وه‌، ئاماده‌ش بێت له‌ شاعیرێكی: (ئاسایی) بگۆڕدرێت بۆ شاعیرێكی به‌: (ئه‌زموون)، كه‌ فشاره‌كانی سه‌ری كاری لێنكه‌ن و له‌ كۆششی داهێناندا به‌رده‌وام ده‌بێت. ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجمانه‌، (زمان) گرفتی سه‌ره‌كی خوێنه‌ری كۆشیعری: (سه‌د و یه‌كشه‌وه‌)‌یه‌، چونكه‌ شاعیر له‌ ئه‌نجامی مه‌زراندنی وشه‌ بۆ جێگای شیاویدا، جۆرێك له‌ ناڕوونی له‌ مانای وێنه‌كان دروستده‌بێت، هه‌ورێكی سپی له‌ چه‌شنی ته‌مومژ به‌سه‌ر كه‌ش و دۆخی (مانا)ی شیعره‌كه‌ كۆده‌بێته‌وه‌، به‌رجه‌سته‌كردنی وشه‌ له‌ ڕسته‌دا هه‌رگیز لای شاعیر به‌ ده‌ستی ئه‌نقه‌ست و گه‌مه‌كردن و زه‌خره‌فه‌كاری نه‌بووه‌، (به‌ڵكو گرینگی و ئه‌ركی وشه‌ له‌ شیعردا ئه‌وه‌یه‌ بنیادی ده‌ق پته‌و و تۆكمه‌ بكات، بزاڤی مانا له‌ ده‌وری زماندا چالاك ببێت)13.
(جان كۆهێن) گوتوویه‌تی: (زمانی ئاسایی یاسا و ڕێسای خۆی هه‌یه‌، كه‌ پابه‌نده‌ به‌ ئه‌زموونه‌ ده‌ره‌كییه‌كانه‌وه‌، كه‌چی زمانی شیعر ته‌واو پێچه‌وانه‌یه‌، پشت به‌ ئه‌زموونه‌ ناوه‌كییه‌كان (الباطنیة) ده‌به‌ستێت)14. به‌و لێكدانه‌وه‌یه‌ی (جان كۆهێن) بێت، زمان له‌ شیعردا مه‌مله‌كه‌تی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌، نوێنه‌ری له‌ ده‌ره‌وه‌ نییه‌ و خۆی هه‌موو شتێكه‌ و پرسیارگه‌لێكی نه‌ پراكتیكانه‌ و نه‌ تیۆریزانه‌شه‌، ده‌بێت هۆشمه‌ند به‌دوای سیما واتاییه‌كانی بگه‌ڕێت و ڕه‌وت بۆ تێگه‌یشتن بدۆزێته‌وه‌.
شیعر: په‌یوه‌ندییه‌كی ناوه‌ندی به‌ (زمان) هه‌یه،‌ كه‌ ئه‌مه‌یان ڕاستییه‌كه‌ ناكرێ گومانی بخه‌ینه‌سه‌ر، به‌ڵام هه‌ستیاری و ترسناكییه‌كه‌ی زیاتر له‌ ورووژاندنی (خه‌یاڵ)دا شاردراوه‌ته‌وه‌.

ئه‌نجام:

1- له‌ كۆشیعری (سه‌د و یه‌كشه‌وه‌)دا سێ میتافۆر له‌ خه‌یاڵگه‌رایی شاعیردا خه‌مڵێنراون:
أ‌- نموونه‌ی خه‌یاڵێكی مه‌عریفی و لۆژیكی.
ب‌- نموونه‌ی خه‌یاڵێكی تێڕاماناوی و خه‌ونبین.
ج- نموونه‌ی تێكه‌ڵاوبوونێكی هه‌ردوو نموونه‌ی سه‌ره‌وه‌، كاتێك تێڕوانینێك له‌ قووڵایی واقیعبینیدا هه‌ڵده‌هێنجێت.
2- (خه‌یاڵ) لای شاعیر ته‌نیا توخمێكی بنچینه‌یی پێكهاته‌ی شیعر نییه‌، (هه‌وێن)ی سه‌ره‌كی دروستبوونی شیعره‌كانیه‌تی، بێ خه‌یاڵكردن له‌ناو كایه‌ی شیعر دوورنه‌كه‌وتووه‌ته‌وه‌، ئه‌م حاڵه‌ته‌ ده‌گمه‌نه‌ له‌ناو شیعری نوێخوازی كوردیمان، كه‌ شاعیرێك هێنده‌ خه‌یاڵاوی تا ئه‌و سنووره‌ی خه‌یاڵی بووبێته‌ (هێما)ی شیعرنووسینی و هێماكانیش هه‌ڵگری شیكردنه‌وه‌ی ماناگه‌لێكی فراوان و ڕه‌هه‌ند و قووڵایی (ئاماژه‌)ی فره‌ جه‌مسه‌رن.
3- زمانی له‌پێناو فراوانكردنی كایه‌ی خه‌یاڵه‌كانی به‌ جۆرێك به‌كارهێناوه،‌ وه‌ك دووانه‌یه‌كی میتافیزیكی شانیان داوه‌ته‌ شانی یه‌ك بۆ سه‌ركه‌وتنی بنیادی ده‌ق له‌ فه‌زای ناهۆشیاریی و ناهه‌ستییدا، تا ئه‌وپه‌ڕی سنووری كامڵبوونێكی پڕ له‌ واتا و سه‌رسامیی و جوانیی.
4- پانتایی (خه‌یاڵ) هاوته‌ریب بووه‌ له‌گه‌ڵ هێزی (زمان) بۆ كاراكردن و هه‌مه‌جۆركردنی ڕایه‌ڵ و ڕه‌هه‌نده‌كانیان، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌توانم بڵێم: ئه‌م كۆشیعره‌ سه‌راسیمای خه‌یاڵی هێنده‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌، له‌ ئه‌ده‌بی كوردیمان نموونه‌ی شیعرێكی نوێخوازی زیندووه‌، ده‌كرێت توێژینه‌وه‌ و باس و خواسی زۆرتری له‌باره‌وه‌ بكرێت، هه‌روه‌ها كرانه‌ویه‌كی ڕه‌سه‌نه‌ به‌سه‌ر زمانی نوێگه‌ریدا.

كانوونی دووه‌می 2020 هه‌ولێر

په‌راوێزه‌كان:

1- جراف طولي، (أهمیة التخیل في الحیاة)، ڕۆژنامه‌ی مه‌ككه‌، ڕۆژی 18/ یه‌نایه‌ری/ 2018، ل10.
2- هه‌مان سه‌رچاوه‌.
3- محمد أبو زید، ڕۆژنامه‌ی (الشرق الأوسط)، ژ 14841، له‌ 17/ یۆلیۆ/2019.
4- بومالي حنان، (عبدالوهاب البیاتي و تجلیات الحداثة الشعریة)، ل14، ط1.
5- غاستون باشلار (جمالیات المكان) وه‌رگێڕانی غالب هلسا، خانه‌ی الجاحظ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌، به‌غدا 1980، ل136.
6- د. شاكر عبدالحمید، (الخیال من الكهف الی الواقع الأفتراضي)، عالم المعرفة، الكویت، ل182.
7- خیري منصور، (محمود درویش عودة الشعر الضال)، منبر ثقافي عربي، ڕۆژی 15/9/2019.
8- خزعل الماجدي، (العقل الشعري)، النالیا للدراسات والنشر، ل377.
9- د. شاكر عبدالحمید، (الخیال من الكهف الی الواقع الأفتراضي)، عالم المعرفة، الكویت، ل 182.
10- خیري منصور، (محمود درویش عودة الشعر الضال)، منبر ثقافي عربي، سایتی ئه‌لیكترۆنی www.alaraby.co.uk، ڕۆژی 15/9/2019.
11- سامي مهدي، أفق الحداثة وحداثة النمط، بغداد، ل166.
12- شاكر لعیبي، الشعر عند شیموس هیني، مجلة بین النهرین، العدد 124، ص57.
13- د. عبدالواحد لؤلؤة، (البحث عن معنی) دراسات نقدیة، المؤسسة العربیة، بیروت، ص112.
14- رشید أمدیون، (شعریة السؤال ودلالاته)، سایتی ئه‌لیكترۆنی www.alquds.co.uk، ڕۆژی 25/8/2019.

سه‌رچاوه‌كان:

1- دیوانی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، به‌رگی دووه‌م، ساڵی 2018، چاپخانه‌ی تاران، تاران.
2- غاستون باشلار (جمالیات المكان) وه‌رگێڕانی غالب هلسا، خانه‌ی الجاحظ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌، به‌غدا 1980.
3- خزعل الماجدي، (العقل الشعري)، النالیا للدراسات والنشر، سوریة.
4- د. شاكر عبدالحمید، (الخیال من الكهف الی الواقع الأفتراضي)، عالم المعرفة، الكویت.
5- جراف طولي، (أهمیة التخیل في الحیاة)، جریدة مكة.
6- محمد أبو زید، جریدة (الشرق الأوسط)، عدد 14841.
7- بومالي حنان، (عبدالوهاب البیاتي و تجلیات الحداثة الشعریة).
8- خیري منصور، (محمود درویش عودة الشعر الضال)، منبر ثقافي عربي، الموقع الإلكتروني www.alaraby.co.uk
9- سامي مهدي، أفق الحداثة وحداثة النمط، بغداد، ط1.
10- شاكر لعیبي، الشعر عند شیموس هیني، مجلة بین النهرین، العدد 124.
11- د. عبدالواحد لؤلؤة، (البحث عن معنی) دراسات نقدیة، المؤسسة العربیة، بیروت.
12- رشید أمدیون، (شعریة السؤال ودلالاته)، الموقع الإلكتروني www.alquds.co.uk




گفتوگۆی دەنگەکان لەگەڵ بەهزاد کەریمی.. لەیادی مقاوەمەتی خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات و بێهروز سلێمانی دا..

کوردستان لەناو شۆڕشی ئێران لە یادەوەری جیهاندۆستێکدا

بێهروز سلیمانی ناوێكە یەکسەر دێتە بەر گوێ کاتێك باس لە رۆڵی ئەو کەسایەتییە ئێرانیانە دەکرێت کە رۆڵیان هەبووە لە رووداوە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە شۆرشی ئێرانی ١٩٧٨-١٩٧٩.
ئەو یەكێک بووە لە نوێنەرانی شاندی کورد لە دانوستانەکان لەگەڵ دەسەڵاتی خومەینی دوو ساڵ بەر لەوەی لە بەرزترین نهۆمی شوقەکەیەوە لە تاران خۆی فڕێداتە خوارەوە و خودکوژی شۆڕشگێڕی لە بری تەسلیمبوون بە دوژمنەکانی هەڵبژێرێت.
بێهروز کادرێکی ڕێکخراوی چریکەکانی فیدایی گەلی ئێران بووە کە لەناو کورد بە (چریکەکان) ناسراوە. ئەو لە کوردستانی ئێراندا وەك کورد و کەسێك لەخۆیان ناساندویانە، بەڵام لەهەندێك باس و خواسی ئێستا وەك ئێرانییەك کە کورد نەبووە دەناسێنرێت، هەرچەندە خۆی لوڕ بووە و دواتر لە شاری سنە گەورە بووە و خوێندنی تەواو کردووە و وەك کوردیش خۆی ناساندووە.
لەم دیمانەیە لەگەڵ بەهزاد کەریمی بەرپرسی لقی کوردستانی ئەو سەردەمەی چریکەکان تیشك دەخەینە سەر رووداوەکان لە یادەوەرییەکانی خۆی و بێهروز سلیمانیەوە. ئاشنایەتی لەگەڵ ئەو رووداوانە گرنگە بۆ لێکۆڵینەوەی وردتر لە بوارەکانی ئەو قۆناغە مێژووییەی ئێران و کوردستان پیایدا تێپەڕبوون.
وەك ماڵپەرێ دەنگەکانیش سوپاس و پێزانین بۆ بەڕێز بەهزاد کەریمی دووپات دەکەینەوە کە کاتی تەرخانکرد بۆ هەڵدانەوەی چەند لاپەڕەیەکی گرنگ لەسەر ئەو مێژووە و بەشکردنی هەندێک لە یادەوەریەکانی خۆی لەگەڵ خوێنەرانی کورد:

دەنگەکان: وەك یەك لەو ئێرانییانەی کە دەوترێت کورد نەبوون و لەو سەردەمە لە کوردستاندا بوون، بێهروز سلیمانی ناوێکە دێتە سەر گۆ و بەر گوێکان دەکوێت کە باس لە رووداوەکانی کوردستان و ئێرانی ئەو سەردەمە دەکرێت. ئەو نوێنەرایەتی چ قۆناغێکی رەوتی چەپی دەکرد لە کوردستان و ئێران و ناوچەکە لەو سەردەمەدا؟

بەهزاد کەریمی: ئەگەر کەسێك بە شوێنی لەدایکبوونی و جیناتی پێناسە بکرێت ئەوە بێهروز سلێمانی کورد نەبوو و “ئێرانی بوو کە کورد نەبوو” وەك ئێوە دەڵێن، بەڵام پێناسەی دیکە هەیە. لە خانەوادەیەکی لوڕ لەدایك بووە، کە زۆر نزیکن لە کوردەوە، هەرچەندە لوڕ وەك گروپێكی ئیتنیکی دیکە دەناسرێن لە ئێران لەسەر بنەمای دیالیکت و شێوازی ژیان و مێژوویان.
ئەگەر بێهروز بە شوێنی نیشتەجێبوون و زمانی پێناسە بکەین، بەڵی ئەو کوردە و خەڵكی سنەیە. باوکی لە شاری بروجەردەوە کۆچی بۆ سنە کردووە، کە ٣٢٠ کم لە سنەوە دوورە. بۆیە ساڵانی خوێندنی لە سنە تەواو کرد. لە ساڵی ١٩٤٧ لەدایك بووە. خۆی وەك کوردیش دەناساند و خەڵكی سنەش هەر بەو شێوەیە وەك یەکێك لە خۆیان لێیان دەڕوانی.
سەرباری باکگراوندە لوڕ و کوردبوونەکەی، ئەو تەواوی ژیانی بۆ ئازادی کورد لە ئێران تەرخانکرد و لەو پێناوەشدا ژیانی لەدەستدا لە چوارچێوەی ئەو ڕاستییەی کە ئەو مارکسیست بوو، کۆمۆنیستێكی پێداگر و بڕوای بە ئینتەرناسیۆنالیسم هەبوو.
ئەوەندە بڕوای بە دۆزەکەی هەبوو، ئەگەر بیزانیایە لە هەر شوێنێکی جیهان تێکۆشانی ئەو بۆ چینی کرێکار دژ بە چەوساندنەوە و داپڵۆسین و ستەمکاری پێویستە، ئەو بێدودڵی و بە کاوەخو دەچووە ئەو شوێنە.
شایستەی ئەوەیە وەك تێکۆشەرێکی ماندوونەناسی چەپی شۆڕشگێر بناسرێت، کە شەڕی دژ بە نادادی دەکرد، بێگومان بە تێکۆشان دژ بە ستەمی نەتەوایەتی و بەرگریکردن لە مافی گەلی کورد.

دەنگەکان: چریکەکان یەك لە پاڵنەرە سەرەکیەکانی پشتی شۆرش بوون، بەوەی زۆر پێش هێزەکانی دیکە خەباتی چەکدارییان راگەیاند وەك تاکتیک و ستراتیژ دژ بە سیستەمی دەسەڵاتداری پاشایەتی. پلانی گروپەکە بۆ کوردستانی ئێران چی بوو دوای کەوتنی شا، بۆچی بێهروز بۆ ئەوێ نێردرا؟ دەمانەوێت لە تایبەتمەندی تێکۆشان لە کوردستان تێبگەین هەروەها توانا تایبەتەکانی بێهروز بۆ ئەو تێکۆشانە.

بەهزاد کەریمی: تێکۆشانی چەکداری چریکەکان، وەك رێکخراوێکی مارکسیستی شۆڕشگێر، هێڵێکی روونی هەبوو لەسەر مافی ئەو گەلانەی دووچاری ستەمی نەتەوایەتی هاتوون لە ئێران. لە دوای درووستبوون چریکەکان ئەدەبیاتیان لەسەر ئەم بابەتە بڵاوکردەوە و گرنگییەکی زۆر درایە گەلی کورد (لەسەردی شا وە)، بە تایبەتی مێژووی کورد و ترادسیۆنی تێکۆشانی چەکداری لەناویاندا.
حەوت ساڵ شەڕی چەکداری رادیکاڵانەی چریکەکان و ئەو قوربانیانەی ئەندامەکانی دەیاندا لە پێکدادانە چەکدارییەکانی ناو شارەکاندا، هاوسۆزییەکی زۆری بۆ رێکخراوەکە درووستکرد لەناو گەنجانی کورد، بەتایبەتی خوێندکارانی زانکۆ و مامۆستاکان، بە هەمانشێوە لەناو فەرمانبەر و کرێکارانیشدا. سەرباری ئەمە، چریکەکان لە کوردستان شانەی نهێنییان نەبوو، ئەوەی پێێ دەڵێن ‘خانەیێ تیامیی’، یان بڵێین یەکینەی گەریلایی (ناوشار).
چەند مانگێك بەر لە شۆرش بێهروز لە زیندان ئازادبوو دوای حەوت ساڵ بەندکردن و دەستبەجێ لە سنە شانەیەکی پێنج کەسی پێکهێنا بە دەستپێشخەری خۆی. ئینجا لە رێگای یەکێك لە ئەندامانی ئەم شانەیەوە پەیوەندیان لەگەڵ یەکینەیەکی گەریلایی (شار) لە تەبرێز درووستکرد.
بێگومان سەرکردایەتی چریکەکان هەمیشە دەیویست رێکخراوەکە لە کوردستان شوێنی هەبێت بەهۆی پێگەی ستراتیژی کوردستانەوە، کە دەیتوانی وەك ناوچەی لۆجیستیش بێت بۆ تێكۆشانی چەکداری لە تەواوی وڵات. لەسەر ئەم بنەمایە بڕیاردرا بنکەمان لە کوردستان دامەزرێنین و من بۆ ئەو کارە دیاریکرام، بەهۆی ئەوەی کەمێك سەروکارم لەگەڵ بابەتی پرسی کورد هەبوو.
ئەم کارە بە دوو مانگ بەرلەشۆڕش دەستمان بۆبرد، سەرەتا جێبەجێنەبوو بەهۆی خێرایی رووداوەکان. دواتر کە شۆڕش سەرکەوت رێکخراوەکە دەستیکرد بە کاری ئاشكرا و لە چەندین ناوچە ئۆفیسیان کردەوە لەوانەش کوردستان. من بە سەرۆکی لقی کوردستان دیاریکرام و دواتر لەگەڵ چەند گەریلایەك چووینە مەهاباد و لەوێ لقی کوردستانی چریکەکانمان دامەزراند لە شوباتی ١٩٨٠.
ئیدی بە هاوکاری هاوسۆزەکانمان بارەگای خۆمان درووستکرد و تابلۆی رێکخراوەکەمان لەسەر بارەگای مەهابد دانا بە ناوی: “رێکخراوی چریکەکانی فیدایی گەلی ئێران – لقی کوردستان”.
هەفتەیەك بەر لە کردنەوەی ئەو بارەگایە بێهروز و ئەندام و لایەنگرانی شانەکەی سنە ئۆفیسێكیان لە سنە کردەوە لەژێر ناوی ئۆفیسی لایەنگران، لەگەڵ کرانەوەیدا گەنجێکی زۆری بۆلای خۆی راکێشا. بێهروز سەرپەرشتی ئۆفیسەکەی دەکرد. بازنەی بزووتنەوەکە لە دەوری مافی نەتەوایەتی گەلی کورد تا دەهات مەزن دەبوو. دوای شۆڕش بووە بنکەیەکی شۆرشگێڕانەی چالاك.
لقی کوردستان زۆر پێویستی بە کادری ئەزموونداری سیاسی و سەربازی هەبوو، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باکوری کورسستانی ئێران کە زۆرتر لەژێر کاریگەری حیزبی دیموکرات بوو. ئەمە وایکرد زۆر لە کادرەکانی کورد نەبوون بنێرێنە کوردستان تا بتوانن لە شارە کوردییەکان لایەنگرەکان رێکبخەن.
لە سێ مانگی سەرەتای شۆڕشدا لانیکەم ٢٠ کادر کە کورد نەبوون نێردرانە کوردستان، زۆربەیان ئازەری بوون و نێردران بۆ ئەوەی ئەرکی شۆرشگێڕی ئەنجامبدەن بۆ پشتیوانیکردن لە گەلی کورد و هاوپشتی درووستبکەن. هەشت لەو کادرانە دواتر کوژران بەهۆی بەشداربوونیان لە تێكۆشانی کوردستان.
سەرکردایەتی لقی کوردستان هەر لەسەرەتاوە دەیویست هەتا دەکرێت خەڵكی رەسەنی ناوچەکە لە مەودایەکی کورتدا بچنە پێشەوە و کارەکان بگرنە دەست. درووشمـی ئێمە ئەمە بوو: ‘کوردان سەرکردایەتی کارەکان بکەن’. دواتر ئەمە بەردەست نەبوو بەهۆی رووداوە خێراکان لە کوردستان و ئێران کە چەندین بابەتیان درووستکرد کە زۆر قوڵترە بتوانین لە دیمانەیەکی ئاوادا باس بکرێن.

دەنگەکان: بێهروز ئەندامی دەستەی دانوستکاری کورد بوو لە دانیشتەنەکان لەگەڵ هێزەکانی سەر بە دەسەڵات لەو دانووستانانەی هاتنە کایەوە دوای پێکدادانە چەکدارییەکەی شاری سنە، ئەمەش خۆی پێگەی گرنگی چریکەکان دەردەخات لەناو کوردەکان و زۆربەی لایەنە بەرهەڵستکارە کوردیەکانی ئەو کاتە. باشە کوردەکان پێشوازییان دەکرد لە چریکەکان وەك رێکخراوێك کە لەگەڵ سیاسەتەکانیدا کۆکبوون، یاخود ئەوە رۆڵە سیاسی و عەسکەرێکەی بێهروز و کادیرەکانی تر بوو وایکردبوو رێکخراوەکە ئەو متمانە و رێزگرتنە خۆجێیە بۆخۆی بەدەستبهێنێت؟

بەهزاد کەریمی: شێوازی پەیکەری رێکخستنی لقی کوردستانی رێکخراوەکە جیاوازی هەبوو لە کارەکانی ئۆفیسەکەی سنە. یەکینەی سنە کە هەرچەندە لەژێر رکێفی لقی کوردستاندا بوو خاوەن زۆرترین ئەندام بوو بە بەروارد لەگەڵ هەموو یەکەکانی دیکەی لقی کوردستان. ئەندامەکانی ئەو ئۆفیسەی سنە بە سەرۆکایەتی بێهروز بریتیبوون لە هاوڕێیانی سنە و باشوری کوردستان (ئێران). بێهروز زۆر بە بەهێزی سەرکردایەتی ئەو یەکینەیەی دەکرد. ئەو نەك هەر سەرکردەیەیکی تژی لە کارامەیی رێکخراوەیی بوو، بەڵكو وەك شۆرشگێڕێکی میللی گەل لەناو شاری سنە دەناسرا.
جێگای خۆیەتی ئاماژە بەوە بکەم دوو بۆ سێ مانگ بەر لە شۆرشی ئێران چەندین بنکە درووستکرابوون لە سنە کە لە مزگەوتەکاندا کۆدەبوونەوە. ئەو بنکانە هێدی هێدی بوونە دەزگای گرنگ کە پاڵپشتی جەماوەرییان لێدەکرا و دواتر سەرکەوتن و توانیان شارەکە کۆنتڕۆڵ بکەن. ئەو بنکانە لەلایەن گروپە چەپڕەوەکان و ئەو لایەنانە درووستکران کە بەرگریکاربوون لە مافی نەتەوەیی کورد. لایەنگرانی چریکەکان رۆلی دیاریان هەبوو لەو بنکانەدا.
بێهروز کەسایەتیەکی دیاربوو کە پێشەنگانە ئامادە بوو لە ریزی پێشەوەی هەموو جوڵەیەكی ئەو بزووتنەوە جەماوەرییە لە سنە، جا ورە و ئەزموونە سیاسییەکەشی یاریدەدری بوون لەمەدا. کاتێك سوپا ویستی لەرێگای پیلانێکەوە لە تشرینی دووەمی ١٩٧٨ بانگەواز بکات بۆ خۆپیشاندان دوای پێکدادانی خەڵك و پۆلیس لە سەقز تا دیسان بە زبری توندوتیژی و فشار خەڵك چاوترسێن بکات، بێهروز یەك لەو رێكخەرانە بوو دەستبەجێ رووبەڕوی ئەو پلانە وەستانەوە و هەوڵی سوپایان پوچەڵ کردەوە.
ئەو بزوتنەوە جەماوەرییە کە لە بنکەکانەوە گەشەی کرد ئەنجوومەنی شاریان درووست کرد لە سنە لەسەر بنەمای ئەنجوومەنی گەڕەکەکان. هەر یەك لە ئەنجوومەنی گەڕەکەکان لە ١٠ ئەندامی هەلبژێردراو پێکهاتبوو کە دەستەیەك لە ٥٦٠ نوێنەر ئەوانیش ئەنجوومەنی شاریان لە سنە وەك باڵاترین دەسەڵات هەڵدەبژارد ، کە پێکهاتبوو لە ٢٥ ئەندام و رۆڵی پارێزگار و دیوانی سەرۆك شارەوانییان دەبینی.
ئەم گۆڕانکارییە بۆ دەزگاکانی دەسەڵاتی ناوەندی شتێك نەبوو بە ئاسانی قبوڵی بکەن، بەتایبەتی سوپا و هێزە ناوخۆییەکانی و هەمیشە کاردانەوەیان هەبوو لەسەر ئەو جۆرە پێشکەوتنانە. بێهروز بە یەك لە ٢٥ ئەندامەکەی ئەنجوومەنی دەسەڵاتی باڵای شار هەڵبژێررا و ئەوەش رۆڵی ئەوی وەك سەرکردەیەكی گەلی سنە کە لە خۆیان بوو یەکلاکردەوە.
دوای سەرکەوتنی شۆڕش ئەنجوومەنی شار رووبەڕووی بەرهەڵستکاری بووەوە لەلایەن هێزە ئیسلامیستە ناوخۆییەکان. یەکێك لەو هێزانە مەلایەك سەرکردایەتی دەکرد ناوی سەفداری بوو، کە نوێنەرایەتی دەسەڵاتی نوێی خومەینی دەکرد و زۆر دژی چەپەکان و راستڕەوە نیشتمانییەکانیش بوو، تەواو پشتی بەستبوو بە سوپا و بنکە سەربازییەکانیانەوە. لقێکی دیکە هەبوو بەناوی (قوتابخانەی قورئان) کە ئەحمەد موفتیزادە سەرکردایەتی دەکرد و بەلای ئیخوان موسلمیندا دەیشکاندەوە. موفتیزادە لەلایەك دژی سەفداری بوو لە لایەکی دیکەوە دژی چەپەکان و هێزە شۆڕشگێڕەکان بوو. ئەو هەڵوێستە پارادۆکسانەی موفتیزادە بووە هۆی چەند پێکدادانێكی جیاواز. لە لایەکەوە هەردوو باڵە ئیسلامیەکەی موفتیزادە و سەفداری کەوتنە ململانێەوە، لە لایەکی دیکەوە خەڵك رووبەڕووی موفتیزادە بوونەوە، خەڵک لە دژی ئەوانەش وەستانەوە کە هەواداری حکومەتی ناوەند بوون.
دواترە خۆپیشاندانیكی گەورەی جەماوەری رژایە سەر شەقامەکانی شاری سنە بە هیوای بەرخۆدانی نیشتمانیانە کەچی لایەنە سیاسییە جیاوازەکان لەناو خۆیاندا شەڕیان بوو لەسەر ئەوەی کێ دەبێت سەرکردایەتی ئەو هەستانە جەماوەرییە بکات. لەم رەوشەدا بوو سوپا هێزی نارد بۆ سەرکوتکردنی ئەوانەی لەدژی لایەنگرانی حکومەتی ناوەندی رژابوونە سەر شەقامەکان لەوێشەوە شەری خوێناوی سنە لە (17 ئازاری 1979) کڵپەی سەند .
کۆمسیۆنێکی کاتی شۆڕشگیڕ لەو کاتەدا درووستکرا کە بێهروز ئەندامی بوو.ئینجا بۆ ئەوەی بەربگرێت لە رووداوی نەخوازراوی دیکە لە دژی و کۆتایی بە جەنگ بهێنرێت لە کوردستان، حکومەتی ناوەندی شاندێکی باڵای ناردە کوردستان بۆ دانوستان کە پێکهاتبوون لە تالیقانی، رەفسنجانی، بەهەشتی، بەنی سەدر، سەباغیان، فروهەر و وەزیری ناوخۆ حاج سەید جەڤادی. لەو دانوستانانەدا لە وەفدی بەرامبەر بێهروز بووە نوێنەری چریکەکان وەك ئەندامی کۆمیتە حەوت کەسییەکەی شاری سنە بۆ دانوستدان. بەوشێوەیە بەشداری دانوستانەکانی کرد لەگەڵ شاندەکەی حکومەت.

دەنگەکان: کەی کوردستانی جێهێشت و چووە تاران؟ دەڵێن لەوێ بەردەوامیداوە بە کاری سیاسی و ژیانی تایبەتی خۆی بە شاراوەیی. دواتر لە کاتی جیابوونەوە (ئینشیقاقی) چریکەکان بۆ دوو باڵی زۆرینە و کەمینە بۆچی ئەو لەگەڵ باڵی زۆرینە بوو، لە کاتێكدا ئەوە باڵی کەمینەی چریکەکان بوو کە دەیویست لە کوردستاندا بمێنێتەوە و لەوێوە پەرە بدات بە تێکۆشانی چەکداری ؟ دەمانەوێت تێبگەین لەوەی چۆن ئەزموونەکانی پێشتری ئەو لە کوردستاندا لە پشت ئەو بڕیارەی دواتری بووە. بۆ چوونە ناو ئەو باڵەی هەبوونی چەکداری لە کوردستاندا رەت دەکردەوە. لەوانەیە چیدی بڕوای بە ڕاپەڕین لە کوردستانی ئێراندا نەمابێت و بێهیوابووبێت لە هێزە کوردیەکانی ئێران کە دوای شکستی سەربازی ئیدی پاڵیاندایە عێراقی سەدام حسێن؟

بەهزاد کەریمی:
بەر لەو چوونە بە نابەدڵییەی بۆ تاران (کە لەسەر داخوازی خۆی نەبووە) با تۆزێك بگەڕێینەوە دواوە. جەنگی سنە لە ئاداری ١٩٧٩ کۆتایی هات، بەڵام گرژی بەردەوام بوو لە نێوان دەسەڵاتە ئیسلامییەکە و کوردستانی تازە هەستاوە سەرپێ کە داوای ئۆتۆمۆنۆمی دەکرد. ئەو گرژیانە تا دەهات لێرە و لەوێ توندتر دەبوون لە کوردستان و کۆمەڵگە بەسەر دوو دوو بەرەدا دابەشبوو. قەیران و کێشەکان ئەوەندە قوڵبوون تەنانەت عەبدولرەحمان قاسملۆ[سەرۆکی حیزبی دیموکارت) نەیدەتوانی بچێتە کۆبوونەوە فەرمییەکانی حکومەت، کە ئەو هەلبژێردرابوو و بە ئەندامی کۆمیتەی نووسینەوەی دەستووری نویێ ئێران بۆ ئەوەی دەستورێکی نوێ لە جێێ ئەوەی شا دابنرێت.
دواتر لە ١٩ ئابی ١٩٧٩ خومەینی وەك رابەری دەسەڵاتی ئیسلامی ئێران فەرمانی تەواو داگیرکردنی کوردستانی دەرکرد. لەو کاتەدا هێزە شۆڕشگێرەکان و ناسیۆنالیستەکان [ لە کوردستان] دەبوو بکشینەوە بۆ سنووری عێراق. بێهروز زۆر بەنرخ و ئازایانە ئەو پاشەکشەیەی رێکخست. رۆڵێكی زۆر کاریگەریشی بینی لە بە نهێنی رێکخستنی هێڵەکانی بەرگری خەڵکی سنە و شارۆچکەکانی دیکە کە دەکەوتنە باشوری کوردستان (باشوری کوردستانی ئێران).
دوو مانگ دوای داگیرکردنی سنە، خومەینی فەرمانیکرد کە بچیتە لای دانیشتوانە مەزهەب سونەکان لە کوردستان. هێزەکانی بەرگریانکردبوو لەگەڕانەوەی شارەکان و بە کراوەیی دەستیاننکردەوە بە چالاکیەکانیان. هەروەها ئۆفیسی سنەی لقی کوردستانی چریکەکان بەو شێوەیە دەستیکردەوە بە کارەکانی. دوەرەیەکی تر لە دانوستانی نێوان تاران و نوێنەرانی کورد دەستیپێکردەوە لە مەهاباد.
هێزە بەرگریکارەکانی کورد پاشان هەستان بە هەڵبژاردنی وەفدی نوێنەرایەتی گەلی کورد، کە لەلایەن زانای ئاینی نیشتمانپەروەر و پێشکەوتووخواز شێخ عیزەدیین حوسێنی سەرکردایەتیکرا. وەفدەکە پێکهاتبوو لە سێ ئەندامی حیزبی دیموکرات، سێ ئەندامی کۆمەڵە و سێ ئەندامی لقی کوردستانی چریکەکان. وەفدی رژێم پێکهاتبوو لە سەباغیان و فروهەر و وابزانم چەماران لەناویاندا بوو. ئەم دانوستانە لە مەهاباد جیاواز بوو لەوەی پێشتر لە سنە کرا، کە لەسەر کۆتایی هاتنی جەنگ و بەڕێوەبەردنی سنە بوو. ئەمجارە باسەکان لەسەر ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان و چۆن ئەنجامدانی بوو لە ئێران.
دوای دوو دەورەی دانوستان نەگەیشتنە ئەنجام، شکستەکەش بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە، یەکەم رژێم خۆی دانی بە مافی کورد نەدەنا و کردەوەی خراپ لەلایەن دوژمانی کوردەوە ئەنجام دەدران لە تاران و لەناو وەفدەکەی نوێنەرایەتی دەسەڵاتی دەکرد. دووەم کۆمەڵێک داواکاری زۆر لەلایەن وەفدە کوردییەکەوە دەکرا لەکاتێکدا لەناو خۆیاندا ناکۆك بوون و نەگەیشتبوونە یەک ئامانج.
ئەوانە رێگەیان خۆشکرد بۆ ئەوەی دواتر کۆماری ئیسلامی دەستبکاتەوە بە هێرشکردن، ئەمجارە بۆ ئەوەی بەتەواوەتی کۆتایی بە بەرخۆدانەکان بێنێت لە کوردستان. بەنی سەدر کە سەرۆكی کۆمار بوو بە سوپای وت پوتەکانیان دانەکەنن تا ئاشتی لە کوردستان بەرقەرار دەبێت. ئیتر شەڕێکی درێژخایەنی خوێناوی کرا لە بەهاری ١٩٨٠.
بێهروز ئەندامی وەفدە کوردیەکە بوو. لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕ هێزە کوردییەکان چوونە گوندەوار و ناوچە سنوورییەکان، سەرکوتکردنی دەوڵەتیش بەردەوام بوو لە دژی ئەوانەی پارتیزانانە بەرگرییان دەکرد. بێهروز بەرپرسی رێکخستنی هێزەکان بوو لە ناوچەکانی باشوری کوردستان (لە ئێران). ئا لەو کاتەشدا بوو کە گۆڕانکاری گرنگ لەناو ریزەکانی رێکخراوی چریکەکاندا روویاندەدا.
رژێم بە سەرکردایەرتی خومەینی ئەم سیاسەتەی پەیڕەوکرد کە “دوای شا نۆرەی ئەمریکایە”. توندترین فۆرمی دژە ئەمریکایی خستە گەڕبۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆی لە دەوری ئەو دروشمە تۆکمە بکات و ئاسایشی دەسەڵاتی خۆی پارێزراوبێت. بۆ ئەوەش دەستیگرت بەسەر باڵوێزخانەی ئەمریکایی لە تاران و تەواوی وڵاتەکەی لە دەوری دروشمی “مردن بۆ ئەمریکا” کۆکردەوە. ئەمە جگە لە گەلی کورد کە دوای ئەو شەپۆلە دژە ئەمریکاییە نەکەوتن و بەردەوام بوون لە داوای خۆیان بۆ ئۆتۆنۆمی. ئیتر کوردەکان بە دەوڵەتیشیان وت نا بۆ ئەو سیاسەتە و خۆیان ئامادەکرد بۆ بەرەنگاربوونەوە دژ بە کۆماری ئیسلامی. دواتر چریکەکان دوو رێگایان لەبەردەمدا بوو: پشتیوانی هەڵویستی بەناو “دژە ئیمپریالیستی” رژێم بکەن یان بەردەوام بن لە سەر پێگەی دیموکراتیانە و شەڕکردن لە دژی رژێـم بۆ دۆزی سیاسەتی ئازاد.
دوای ماوەیەك لە کێشەی ناوخۆ بە داخەوە چریکەکان زۆربەیان پشتیوانی سیاسەتی بەناو “دژە ئیمپریالیزمی” رژێمیان کرد ، هەر بەهۆی تێگەشتنی کەمیش لە دیموکراسی دژی ئازادی سیاسی وەستانەوە و بەناو “یەکێتی دژ بە ئیمپریالیزمیان” کردە بەرنامەی سەرەکی سیاسییان. ئەم سیاسەتە و هەڵوێستی زۆرینە دژ بە خەباتی چەکداری رێگەخۆشکەر بوون بۆ روودانی جیابوونەوەکە. رێكخراوەکە بەسەر دوو باڵی “زۆرینە” و “کەمینە” دابەش بوو لە هاوینی ١٩٨٠. باڵی زۆرینە پشتیوانی رژێمیان کرد هەرچەندە رەخنەشیان لێی هەبوو. باڵی کەمینەش دژ بە رژێم وەستانەوە بە هەموو فۆرمێك، بە خەباتی چەکداریشەوە.
ئەم رەوشە کاریگەرییەکی قوڵی کردە سەر لقی کوردستانی چریکەکان و بووە هۆی چەند رووداوێکی تراژیدی لە مێژووی ئەو رێکخراوەدا. دوای ئەوەی باڵی زۆرینە بە بیرێکی ساکارەوە پشتیوانی رژێمیان کرد، لقی کوردستان لەوەش زیاتر دەستیان لە بەرگری بەردا و دژی بەرخۆدانی چەکداری وەستانەوە. ئەمەش کوردانی شۆك کرد و زۆر توڕەبوون لە رێکخراوەکە. لە ئەنجامدا لقی کوردستان (باڵی زۆرینە) لە دوو لاوە هێرشی دەکرایە سەر، لە لایەك بەهۆی سیاسەتی داپڵۆسینی رژێم کە باڵی زۆرینەی هەر وەك دوژمن تەماشا دەکرد، لە لایەکی دیکەوە لە لایەن هیزە کوردیەکانی بەرگرییان دەکرد وزۆر توڕەببوون لەو سیاسەتە و لەبەرامبەریدا دانیان بەخۆیاندا نەدەگرت.
ئەوەبوو لقی کوردستان هیچ بژاردەیەکی نەما جگە لەوەی کوردستان جێبهێڵێت و بۆ ماوەیەك ئەندامانی بنێرێتە بەشەکانی دیکەی وڵات، بەتایبەتی تاران و تەبرێز. ئەمە یەکێك لە خەمناکترین قۆناغەکانی ژیانی شۆڕشگێڕێکی وەك بێهروز بوو. ئەو خودی خۆی ببوە دوو کەرتەوە لەنێوان دڵ و مێشکیدا. سەرباری هەموو رەخنەکانی لە سیاسەتی گۆڕاوی چریکەکان، ئەو دژ بە جیابوونەوە و دابەشبوونی رێکخراوەکە بوو، بۆیە مایەوە لەناویدا (لەگەڵ باڵی زۆرینە).
جگە لەوەش گەیشتبووە ئەو بڕوایەی کە جەنگی کوردستان دژ بە کۆماری ئیسلامی بێئەنجامە. لەپەیوەند بە لایەنێکی شاردراوە لە پرسیارەکەتاندا، پێویستە ئەوە بڵێم کە بێهروز هەرگیز متمانەی لەدەستنەدابوو لە داکۆکیکردن لە مافی نەتەوەیی گەلی کورد. لە تارانیش دەستیکرد بە کارە سەختەکانی بۆ ئەوەی لقی کوردستان جێگەی خۆی بگرێتەوە و بەردەوامیدا بە خەباتی سیاسی بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی گەلی کورد.
هەندێكجار بۆچوونی زۆر توندی هەبوو لەسەر هێزە راستڕەوە کوردیەکان و پەیوەندیان بە رژێمی سەدام حسێنەوە لەکاتی جەنگی ئێران و عێراق، لە هەمانکاتیشدا بە قەد یەك گەردیلە سازشی بۆ رژێمی ئێران نەکرد. دواجار لە تشرینی یەکەمی ١٩٨٠ بێهروز سولەیمانی و چەند هاوڕییەکی دیکە رێکخراوی چریکەکان (باڵی زۆرینەشیان) جێهێشت، ئەوان بە گروپی ١٦ی ئازار ناسران.
بابەتی سەرەکی جیابوونەوەکەی ئەم باڵەی ئەوان ئەوە بوو باڵی زۆرینەی چریکەکان دەیویست لەگەڵ حزبی تودە (حزبی شیوعی ئێرانی سەر بە سۆڤیەت) یەکبگرێت، بێهروز تەواو دژی ئەوە بوو.
وەك من لە نزیکەوە ناسیومەوە و لەگەڵیدا لە پەیوەندیدا بووم تا رۆژی ئەو جیابوونەوەیە، خاڵی سەرەکی جیابوونەوەی لەوان بۆ بێهروز مامەڵەکردنەکە بوو لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا. لە راستیدا ئەو وەڵامی بۆ پرسیارەکانی خۆی نەدۆزییەوە تەنانەت لەو گروپەشدا کە جیابوونەوە (لە باڵی زۆرینە)، بەڵام هەر بە هێزەوە تا دوا ساتەکانی ژیانی درێژەیدا بە چالاکییەکانی هەرچەندە بەردەوام رەخنەشی هەبوو. ئەو لەو گروپە نوێیەدا راوێژکاری کۆمیتەی ناوەندی بوو، هەمان ئەو پۆستەی کە لە چریکەکاندا هەیبوو.

دەنگەکان: زۆربەی گروپە سیاسییەکان ئەو کاتە لیژنەی ئەمنی خۆیان هەبووە، هەندێکیشیان دەزانرێت کە لێپێچینەوەیان ئەنجام داوە، کەسانیکیش کە لەو سەرەمەدا ژیاون باس لەوە دەکەن تەنانەت گروپی سیاسی چەکدار هەبووە ئەو کەسانەیان کوشتووە کە بە هەڕەشەیان زانیون. ئایا راستە بێهروز لەو کردەوانەدا بەشداربووە. ئایا ئەندامی لیژنەی ئەمنی بووە بەر لە جیابوونەوەی هەردوو باڵەکەی چریکەکان؟ دەنگۆیەك هەیە کە لێپێچینەوەی لەگەڵ کەسیك کردووە و دانپیدانەکانی تۆمار کردووە و دواتر کوژراوە لەسەر ئەوەی خیانەتی لە رێکخراوەکە کردووە، لەسەر هەبوونی پەیوەندی بە موخابەراتی ئێران یان عێراق. باسەکان ناڕوونن ، بۆیە گرنگە تێگەیشتن هەبێت لەسەر ئەوەی لیژنە ئەمنییەکانی گروپە چەپەکان سەرقاڵی چی بوون. رەوشی ئەمنی بۆ ئەو گروپانە لەو سەردەمە چۆن بووە لە کوردستان، ئایا فوو لە چرای ژیانی کەسی بێتاوان کراوە یان ئەشکەنجە ئەنجامدرابێت لەلایەن گروپە چەپەکانەوە؟

بەهزاد کەریمی: یەکەم، لە تێکۆشانی چەکداریدا مردن و ژیان پرسێکی گرنگە. درووستکردنی یەکینەیەکی ئەمنی و پاراستن سروشتییە و حەتمیشە. هەر گروپێك کە ئەم فۆرمە لە خەبات دەگرێتە بەر و خۆی ناپارێزێت مانای وایە ئەو گروپە گاڵتەی بەخۆی دێت.
دەبێت بڵێم لقی کوردستان و ئۆفیسی سنە ئەوەندە سەرقاڵ بوون نەپەرژانە سەر ئەوەی یەکینەیەکی ئەمنی درووستبکەن، هەرچەندە بە هەستیاریەوە مامەڵەمان دەکرد و هەموومان ئاگاداری خۆمان بووین. بۆیە دەکرێت لێپێچینەوە کرابێت لەوانەی شکیان لێکرابێت کە بۆ دوژمن دزەیانکردبێتە رێکخراوەکەوە. ئەوەندەی من ئاگادارم بێهروز بەشدار نەبووە لە لەناوبردنی هیچ کەسێك. من هەموو ئەو جۆرە باسانە رەت دەکەمەوە.
لە شوباتی ١٩٧٩ تا شوباتی ١٩٨٠ من بەرپرسی لقی کوردستانی چریکەکان بووم بەر لەوەی بمنێرنە تاران، دوای ئەوە ئیتر راستەوخۆ بەشدار نەبووم لە کاروباری کوردستان. لەو ساڵەدا (کە بەرپرس بووم)، بێهروز لە چوارچێوەی پەیکەری رێکخراوەییدا کاری دەکرد و پابەند بوو پێی. ئەو راپۆرتەکانی بۆ من دەنارد لەسەر کارەکانی ئۆفیسی سنە و لقی کوردستان، بۆیە بڕواناکەم بابەتێکی هێندە گرنگ هەبووبێت لەژێر بەرپرسیارێتی ئەودا روویدابێت و منی لێ ئاگادار نەکردبێتەوە.
چەندین بابەتی سیاسی هەبوون لە نێوانماندا کە من و ئەو لەسەری ناکۆك بووین. من هەندێك سەرکێشم لێ بەدی دەکرد لە چالاکییەکانیدا و هۆشداریم پێدەدا لەو بارەیەوە، هەندێك جار هاوڕام بوو، هەندێكجاریش موناقەشەی دەکرد لەسەر ئەوەی کە ئەو راست دەکات. لێ بیرم نایەت هەرگیز بە پێچەوانەی بڕیارەکانی لقەکەوە کاری کردبێت، هەرکاتێكیش لق ئاگادری کردبێتەوە بڕیارێك بگۆرێت گۆڕیویەتی.
ئەو ساڵەی کە سەرۆکایەتی ئۆفیسی سنەی دەکرد بێهروز لە پێگەیەکدا بوو کە دەیتوانی بڕیاری زۆر بدات و سەرکردایەتی لقی کوردستان لە مەهاباد توانای نەبوو رایگرێت، بەڵام من گەواهی دەدەم کە هەرگیز پێشێلکاری ئەو پەیمانانەی نەکرد کە بە حزبەکەی دابوون یان سەرپێچی لە بڕیارەکانی حزبەکەی بکات.
سەرباری ئەمانە دەبێت دان بەوەدا بنێم کە شەش مانگی سەرەتای ١٩٨٠ لقی کوردستان لەژێر چەندین فشاری جۆراوجۆردا بوو، هەروەها توشی جۆرێك لە شڵەژان بوو لە سەرکردایەتیەکەیدا چونکە ئەندامەکانی تیرۆر دەکران و بە ئامانج دەگیران لەلایەن کەسانی “دەرەوە” و “ناوەوە”، دەکرێت رووداو هەبووبن کە بە چاوی دادوەری ئەمڕۆمان تەنیا لێکەوتەیان پەشیمانی و توڕەییە. بە هەرحاڵ رەوشی ئاڵۆزی ئەو سەردەمەش ناکرێت پشتگوێ بخرێت.

دەنگەکان: پەیوەندی نێوان چەپی کورد و چەپی ئێران زۆر لاوازبووە لەم چەند دەیەی رابردوودا بە بەراورد بەو کاتەی کە بێهروز سلیمانی لە کوردستان بوو. راستە ئەوە ٤٠ ساڵە لە ئێران چەپ بە گشتی لە پاشەکشەدایە و لەسەر پێی دواوەی وەستاوە بەهۆی داپڵۆسینی دەوڵەتەوە، بەڵام بۆچی پەیوەندی ئەو دوو لایەنە ئۆپۆزسیۆنە ساڵ بە ساڵ لە لاوازیدایە لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی توانیویەتی بنکەیەکی پتەوی پشتیوانی جەماوەی کورد بۆ خۆی درووست بکات. لێکدانەوەی ئێوە بۆ ئەم رەوشە چییە؟

بەهزاد کەریمی: راستە پەیوەندی نێوان چەپ و هێزە کوردیەکان لە هەموو روویەکەوە زیانی پێگەیشت و لە دوا ئاساتی لاوازیدایە. کاتێكی زۆریشی دەوێت بۆ چاککردنەوە و هێنانەوەی ئەو پەیوەندییە بۆسەر رێگەیەکی درووست، بەڵام من پێموانییە رژێم بنکەیەکی لەوشێوەیەی هەبێت.
لە ئێران نەک تەنیا چەپ، رێکخراوە کوردیەکانیی دیکەش کێشەی زۆر گەورەیان هەیە بەهۆی ستەمی رژێم و ناکۆکی ناوخۆییان. گرنگ ئەوەیە کەمەرشکێن نەکراون و ئێستاش هەموو لایەك هۆشیاربوونەتەوە لەسەر پێویستی هاوکاریکردنی یەکدی و تێگەیشتنی کۆمەڵگەکانیان.
من هەوڵ ئەدەم پەرداخەکە نیوە ببینم و هیواخوازم جارێکی دیکە پڕببێتەوە. ئینجا لاوازی ئەو پەیوەندییەش پەیوەست نییە بە ژیان و مانی کەسێکەوە، بە بێهروزیشەوە. ئەمە پرۆسیەکی گرنگە و پەیوەندی بە چەندین هۆکار و کاردانەوەی فراوانەوە هەبووە و هەیە، کە باسکردنیان لەدەرەوەی توانای ئەم دیمانە (کورتەدایە).
بزووتنەوەی کورد لە ئێران لە قۆناغێکی سەختدایە، بەڵام بەردەوامە چونکە رەگەکەی لەناو گەلی کوردایە ، لە ئێرانیشدا هیچ هێزێك نییە بە ئاستی چەپ بەرگری بکات لە مافە ڕەواکانی کورد.
گومان لەوەدا نییە کە کۆماری ئیسلامی ئێران هەبوونێکی سەربازی و ئەمنی بەهێزی هەیە لە کوردستان، بەردەوامیش لە هەوڵدایە کە کوردستان بکاتە بنکەیەکی سەرەکی خۆی لە رێگای هێزە ئیسلامییەکانەوە، ئەمە رابردووی هەیە کە دەکرێت ببینرێت. من پێموانییە کۆماری ئیسلامی سەرکەوتوو نەبووە لەوەی کە بنکەیەکی بەهێزی کوردی هەبێت.
شیکردنەوەی رەوشی ئێستای کوردستان کاتێكی زۆری دەوێت، کە ناکرێت لەم پرسیار و وەڵامانەدا شیبکرێتەوە کە تایبەتن بە کەسایەتی پایەبەرز بێهروز سلیمانی، جا با ئەم دیمانەیەمان بە چەند دێڕێك لەسەر ئەو کەسایەتییە کۆتایی پێ بێنین .
بێهروز سلیمانی زیندووە و سەرنجی ئێوەش وەك لێکۆڵەرەوانی کورد لەسەر ئەو خۆی بەڵگەی ئەوەیە.
بێهروز ئەستێرەیەکە لە ئاسمانی چەپی ئێران، یەکێك بوو لە بە ئەزموونترین و خۆنەویسترین رۆڵەکانی گەلی کورد، کە لە ١٠ تشرینی دووەمی ١٩٨١ کاتێك لەلایەن دوژمنەوە گەمارۆ دەدرێت، بە بەرچاوی هاوژینەکەی و منداڵەکانیەوە وەك پڵنگێك بۆ پەنجەرەی ماڵەکەی هەڵدێت و لە بەرزترین نهۆمەوە خۆی هەڵدەدات.
ئەو گیانی سپارد و دوژمن واقی ورما، ئەو نەیهێشت دوژمن پەی ببات بە تەنیا یەك زانیاری لەوانەی لە دڵیدا هەڵیگرتبوون.
هەروەك شاعیری گەورە ئەحمەدی شاملو لە شیعرێکیدا باسی دەکات، ئەو لە مردنی خۆی دڵنیا بوو بۆیە ساتی مردنی خۆی هەڵبژارد و خستییە سەر پاشخانی ژیانی شۆڕشگێری خۆی.
ئەو دەشیزانی ئەگەر دەستگیر بکرێت لە ژێر ئەشکەنجەدا تا دوا ڕادە هەوڵی شکاندنی دەدەن، تا ئەو ئاستەی نەتوانێت بۆ گولەبارانکردنی لە سەر پێیەکانی خۆی بوەستێت.
نهێنییەکانی خەڵك و هاوڕێ کانی لەگەڵ خۆیدا بردە ژێر گڵەوە، دوژمنیش شکستی خوارد لەوەی ئەو زانیاریانەی دەستبکەوێت.
بێهروز سلیمانی تەنیا منداڵی سنەی شارەکەی خۆی نەبوو. تەنانەت دەڕبڕینە کوردییەکەی دەڵێت “ئەی رۆڵەی گەلی کورد” یان لە ئیران دەڵێن “تێکۆشەری ئازادییەکانی گەلی ئێران” بەسنین بۆ ئەوەی پێناسەی بێهروز بکەن.
بێهروز سەر بە کەمپی جیهاندۆستی مرۆڤایەتی و ئازادی و دادپەروەری دنیا بوو. ئەو شا سولەیمانی ئازار و حەسەرتی کوردستانی شۆرشگێر بوو. با ساتێك خۆ بچەمێنن بۆ (یادێك لە) بێهروز سلیمانی.

بێهرۆز سلێمانی

ئەم دوو ڤیدیۆیەی خوارەوە بەشێکی کەمن لە مقاوەمەتی خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات بەتایبەت شاری سنە دژ بە سوپای کۆماری ئیسلامی، لەگەڵ کۆبونەوەی چریکەکان لەتاران. بۆ ئاگاداریتان ڤیدیۆکان کرتەی توندو تیژی لە خۆیدەگرێت.