کێ لە شۆڕش دەترسێت؟.. ڕزگار عومەر

ناسنامەی کتێب
ناوی کتێب : کۆمۆنیستەکان لە شۆرش دەترسن
بابەت: چوار چاوپێکەوتن
نووسەر : ژان پۆل سارتەر
وەرگێڕان : شوان ئەحمەد
لە چ زمانێك وەرگێڕان کراوەو سەرچاوەکەی : ئاماژەی پێ نەدراوە لەلایەن وەرگێڕو لەلایەن خاوەنی بڵاوکراوە (ڕێکخراوی ئازادبوون)
چاپخانەی: کاردۆ
تیراژ: ٥٠٠ دانە
نرخ: ٤٠٠٠ دینار
نۆبەتی چاپ: چاپی یەکەم- ٢٠٢٣

ئەم کتێبە لە زۆر ڕوو گرنگی خۆی هەیە، ڕوویەکیان هێزی بزواندنی کۆمەڵایەتی ” گەنج” ڕۆڵێك کە گەنجان لە سیاسەت بیبینن، ڕووەکەیتری بریتیە لە ڕەخنەی فەیلەسوفێکی گرنگی وەکو سارتەر کە تەنیا وەکو فەیلەسوف بەشداری نەکردووە لە شۆرشی ١٩٦٨ فەڕەنسا بەڵکو خۆیشی چالاکوانێکی بەر لە شۆرش و دوای شکتی شۆرش بوو.
بیروڕاکانی لەم چاوپێکەوتنانە بەیان کراون زادەی ئەزموونی مەیدانیی شۆڕشەکەو ئەو چوارچێوە مێژوییەی جیهانە کە لەو سەردەمی (١٩٦٨) زاڵ بوو بەسەر بارودۆخی سیاسی و ستراتیژی دونیا بە تایبەتی ئەوروپا لە ژێر سایەی هەردوو جەمسەری سۆڤیەت و ئەمریکا.
بۆ تێگەیشتن لەم کتێبەو لە شۆرشی ١٩٦٨ لە فەڕەنسا ئەبێ ڕەگەزە سەرەکیەکانی پێك هاتەی دونیای ئەو سەردەمە بخەینە ڕوو.لە نێو دونیای ئەو سەردەمەدا جیهان لە نێو شەپۆڵێك ڕووداوی گەورەدا خۆی پێناسە دەکرد بە تایبەت بۆ لە ڕووی سیاسی و دووبارە پەیدابوونەوەی ” ئومێد” بۆ بزوتنەوەی چەپ کە ئەو دەمە هەژموونی نەك تەنیا بەسەر بزوتنەوەی چینی کرێکارو توێژەکانیتر هەبوو بەڵکو ببووە پەرچەمی سیاسی جیهان بینی بزوتنەوەی خوێندکاران نەك تەنیا لەفەرەنسا بەڵکو لە زۆربەی ئەو ووڵاتانەی بەرەنگاری گەورە لە ئارادابوو.
یەکێك لە خاسیەتە گرنگەکانی ئەم شۆڕشە، بە تایبەتی لە کانونی بەڕێوەبردنیدا بریتی بوو لە یاخی بوونێکی وورد نەك تەنیا دژ بە سیستەمی کاپیتالیزم ، بەڵکو یاخی بوونیش بوو لەو بلۆکە مێژوویەی کە شوناسی چەپی لە ئاستی دونیادا مۆنۆپۆل کردبوو. لە سەر ئاستی نێو نەتەوییدا و لە زنجیرە ڕووداوە مێژوویەکانی بەر لە شۆڕش، ڕووداوێکی گرنگ ڕووی دا لە تێك شکاندنی تابوویەکی گەورە کە بریتی بوو لە :- ڕاپۆرتی خرۆشۆف دژ بە جۆری دەسەڵاتدارێتی ستالین لە ساڵی ١٩٥٦ دا لە پاش مردنی ستالین. ئەم ڕاپۆرتە کە لە سێنتەری ئەو فۆرمە لە کۆمۆنیزمی سەدەی بیست بڵاوکرایەوە، درزێکی خستە نێو ئەو دیوارە بیروکراسیەی کە نەیدەهێشت نەوەیەکی نوێ لە گەنجانی کۆمۆنیست سەر لە نوێ بنیاتی ئەلتەرناتیڤی کۆمۆنیستی بکەنەوە لە دیدگاو لە پراکتیسدا. دوای ڕاپۆرتەکەی خرۆشۆف دوو جۆر لە مامەڵە هەبوو لە گەڵ ئەم ڕاپۆرتەدا،دونیای سەرمایەداری لە بلۆکی ڕۆژئاوا کردی بە کەرەستەیەکی پڕوپاگەندەی شەڕی سارد دژ بە کۆمۆنیزم ، مامەڵەیەکیتریش بریتی بوو لە قۆستنەوەی ئەم دەرفەتە بۆ بەرژوەندی کۆمۆنیزم .
بەشی زۆری بەرەنگاریەکانی خوێندکاران وبزوتنەوەی کرێکاری لەسەرەتای شەستەکانادا هەڵوێستی فەرمییان بریتی بوو لە تازەکردنەوەو دەوڵەمەند کردنی کۆمۆنیزم و موتوربە کردنی بە تێڕوانینی تازە و ئاکشنی جەریئانە نەك تەنیا لە ئاستی نێوخۆیی وڵاتەکاندا، بەڵکو لەسەرئاستی نێونەتەوەییشدا و ئەو کێشەو گرفتانەی کە بوعدی جیهانایان هەبوو چەشنی؛ قەیرانە ئابوریەکان، شەڕەکان وەکو شەڕی ڤێتنام، خەباتی گەلانی ژێردەستەی کۆلۆنیالیزم بۆ سەربەخۆیی هتد.
تێڕوانینی دیدی سیاسی ئەو بزوتنەوەیەی شۆڕشی فەرەنسای بەرپا کرد،سەرەڕای ئەوەی هەرەمێکی پتەوی سیاسی نەبوو بەڵام بۆچونیان لەبەرامبەر هەموو ئەو مەسەلانەی لەسەرەوە ئاماژەیان پێکرا زۆر ڕوون ئاشکرابوو. بزوتنەوەی دژی شەڕ کە لە ئەمریکاش تەشەنەی کردبوو ڕاڕا نەبوو لە وەستانەوە دژ بە شەڕی ڤێتنام و خانە کردنی وەکو شەڕێکی ئیمپیریالیستی و دژە ئازادی. لەبەرامبەر خەبات بۆ سەربەخۆیی گەلانی ژێر دەستەش؛ ئەم بزوتنەوەیە یەك دیدی زۆر ڕوونی هەبوو کە داوای کشانەوەی دەسبەجێ ی سوپای ووڵاتانی خۆیان دەکرد لەو ووڵاتانەو پشتگیری شۆڕشیان دەکرد.کاتێکیش ئەم شۆڕشانە سەرکەوتنیان بە دەست هێنا، ڕاستەوخۆ بوون بە مۆتیڤێکیتری مەعنەوی بۆ ئەم بزوتنەوەیە نەك تەنیا لە فەرەنسا بەڵکو لە شارە سەرەکیەکانی ئەم سەرو ئەوسەری دونیا وەکو بلفاست و بەرلین و مارلبۆرن ومەکسیکۆ.
چەند مانگێك بەر لە دەستپێکی شۆڕشی ساڵی ١٩٦٨ لە فەرەنسا ، بزوتنەوەی خوێندکاران لە مانگی ١ و ٢ ی هەمان ساڵ لە شاری بەرلین کۆنگرەیەکی نێو نەتەوەییان بەست بۆ ئاڵ وگۆڕ کردن و ئارایشت دانی هەڵوێست و ساغ بوونەوە لەسەر چەندین پرسی گرنگی ئەو سەردەمە. گرنگترین پرسەکانی ئەو کۆنگرەیە ڕۆڵی گرێ دانی خەباتی کرێکاران و بزوتنەوەی خوێندکاران لە دروست کردنی گۆڕانکاری چییە ؟ هەلوێست بەرامبەر شۆڕشی ڤێتنام ، ڕۆڵی ” توندو تیژی ” لە شۆڕشدا لە ئەجێندای گەرمی ئەو کۆنگرەیە بوو، ڕاستەوخۆش دوای ئەو کۆنگرەیە بوو کە خوێندکاران یەکەم جار لە ئیتاڵیا ئاکشنی گەورەی سەرتاسەریان بەڕێوەبرد.
شۆڕشی ١٩٦٨ لە فەرەنسا تەنیا بۆ چەپی نوێ گرنگی نەبوو وەکو ” دەرفەت و ئومێد ” بەڵکو بۆ دوو ڕەقیبی جیهانیش سەرئێشەیەکی مێژوویی گەورە بوو. ئەم دوو ڕەقیبە؛- کە لە لایەك سەرجەم ووڵاتانی دونیای کاپیتالیزم دەگرێتەوە، لە لایەکیتریش ئەو بلۆکەی لە ژێر شوناسی کۆمۆنیزمی سەدەی بیست هەبوو ( قوتبی سۆڤیەت) دەگرێتەوە .
هەردوولا دڵەڕاوکێی زۆریان هەبوو دژ بەو شۆڕشە و لەلای ئەوان گرنگی ئەو شۆڕشە وەکو “هەڕەشە ” ی ڕاستەوخۆ ئەژمارکرا هەم لە دونیای لیبرال هەم لە دونیای بیروکراسی کۆمۆنیزمی سەدەی بیست. ئەمەش یەکێك لە هۆکارە سەرەکیەکانی شکست پێهێنانی شۆڕشەکە بوو.
هەردوو قوتب جۆرێك لە هەڵوێستی نەنوسراویان یان نافەرمیان هەبوو لەوەی کە ئەم شۆڕشە نابێ سەرکەوێ. حیزبی شیوعی فەرەنسی لە ڕویی مێژوویەوە تا ئێستا بەوە تاوانبار دەکرێ کە لە پاڵ فاکتەکانی توندوتیژی سیستەمی عورفی و سەربازی ئەو دەمەی فەرەنسادا، ئەویش ڕۆڵی هەبوو لە ئارایشت دانی مەیدانیی ئەم ڕێکەوتنە جیهانیەی دژ بە شۆڕش.
ئەو حیزبە، ئەو دەمی یەكێك بوو لە حیزبە هەرە گەورەکانی فەرەنسا و زۆربەی سەندیکاو یەکێتیە کرێکاریەکان لە ژێر نفوزو هەژموونی ئەودابوون.ڕۆژنامەی ڕۆژانەو هەفتانەو چەندین چاپخانەی کتێب و بڵاوکراویتری لە ژێر دەستا بوو. ئەندامانی حیزب لە ژێرەوە ڕۆژانە تێکەڵی شۆرش بوون، بەڵام چەندین سەرچاوەی مێژوویی ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕێبەرایەتی ئەم حیزبە بە فشاری سۆڤیەت لەسەرەوە بە نهێنی لەگەڵ حکومەتی دیگۆڵ خەریکی سەودا بوون بۆ کۆتایی پێهێنانی شۆڕش .
ئەمە لە کاتێك بوو کە لە ڕۆژانی کۆتایی ئایاری ١٩٦٨ مانگرتنی گشتی کرێکاران وجوتیاران قوتابیان وفەرمانبەرانی دەوڵەت گەیشتە ئەوپەڕی خۆی و یەکەم جار بوو لە مێژوویی جیهان ١٠ ملیۆن کەس لە مانگرتنی گشتی ووڵاتێك بەشدار بن. حکومەتی دیگۆڵ ئۆفەری زیادکردنی لەسەدا بیستی خستە بەردەم سەندیکا ڕیفۆرمیستەکانی کرێکاران کە بەشێك ڕازی نەبوون و بەشێك لەوان ڕازی بوون و بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە با مانگرتن بوەستێ چونکە ئەمە مەرجی دیگۆل بوو.
دیگۆڵ پێشنیاری ئەوەی کردبوو بۆ حیزبی شیوعی فەرەنسی کە ئەم شەڕە لە هەڵبژاردن ساغ بکرێتەوەو ئەوان لە هەڵبژاردن پشکی زۆرتری دەسەڵاتیان بەردەکەوێ. حیزبی شیوعی خۆشی متمانەی تەواوی بەوە هەبوو کە لە هەڵبژاردن دەنگی زۆرینە دەهێنێت. ئەم ” دڵنیایە ” مەرجدارە بریتی بوو لە کۆتایی پێهێنانی مانگرتن و شۆڕش .
چەند سەرچاوەیەکی حیزبی شیوعی فەرەنسی ئەم هەلوێستەی خۆیان وەکو بەرگە گرتن لە خوێن ڕشتن و شەڕی ناوخۆلە قەڵەم دەدەن و ئەوان لەو باوەڕەبوون کە ئەزموونی ئیسپانیا لە فەرەنساش دووبارە دەبوو، بزوتنەوەی چەپ وکرێکاران خەڵتانی خوێن دەکران و بەرەی ڕاستیش بە دەسکەوتی باشتر سەردەکەوت، هەندێك لێکدانەوە ئەم هەڵوێستە بە عەقلانی لە قەلەم دەدەن و هەندێکیش بە سات و سەودا بە شۆڕش.
ڕاستە شۆڕشی فەرەنسای ١٩٦٨ تەمەنی لە هی کۆمۆنەی پاریس لە ساڵی ١٨٧١ دا کەمتر بوو، ڕاستە ئەویش چەشنی کۆمۆنە سەرکوت کرا و بە زەبروزەنگی سیستەم کۆتایی پێهات، بەڵام لە ڕووی پرنسیب و مێژوودا فاکتی ” دەرفەت و ئومێد ” ی هێشتا بە زیندوویی ماوەتەوەو درێژەی هەیە! تەنانەت زۆربەی ڕەخنەگرانی باڵی چەپ لە ئەمڕۆدا هەمکاریی نێوان بزوتنەوەی ئەمڕۆی خوێندکاران و کرێکارانی ساڵی ٢٠١٨ لە ئەمڕۆی فەرەنسادا وەکو کلتورو ڕۆحی ئەم شۆڕشە پێناسە دەکەن. هەر لەبەر ئەمەشە سەرۆکی ئێستای فەرەنسا ماکرۆن بانگەوازی ئەوەی دەکرد کە دەوڵەت بە فەرمی یادی ئەم شۆڕشە بکاتەوە! دیارە نەك وەك لە ئامێزگرتنی ئامانجەکانی ئەو شۆرشە، بەڵکو وەکو چەند ئەنجامگیریەکی ” ئازادی ” تاکە کەسی بە تێگەیشتنە لیبرالیەکەی، بۆ دزین و تاڵان کردنی بەها سەرەکیەکانی ئەم شۆڕشە.
لە ساڵی ١٩٦٨ لە فەرەنسا ؛ تەنیا کارگەکان لە لایەن کرێکاران و فەرمانبەران داگیر نەکرا، بەڵکو پرسی ” خۆبەڕێوەبردنی ” کارگەو دام ودەزگاکان لە لایەن چینی کرێکارەوە وەکو پرسێکی ئیداری شۆڕش خرایە ڕوو، تەنانەت چەند ڕۆژێك بەر لەسەرکوت کردنی یەکجارەکی شۆڕش چەندین کارگەو دامەزراوە لە لایەن خۆیانەوە بەڕێوە دەبران .
لە ١٩٦٨ی فەرەنسادا؛ یەکەم جار بوو لە مێژووی مۆدێرنە ” زانکۆ ” لە ئاستێکی مەیدانی بەربڵاودا بێتە دەرەوە لە دیکۆڕی ئەریستۆکراتی ئەکادیمی بەتاڵ. زانکۆکان داگیرکران لە لایەن خوێندکارانەوە، ڕۆژانە دەیان سمیناری فیکری و فەلسەفی و سیاسی بەڕێوە دەچوو. پرسی سەرەکی ئەم بزوتنەوەیە لە زانکۆ تەنیا ئەوە نەبوو کە ڕۆڵی چەپ لە زانکۆ چیە ؟ بەڵکو پرسیارێکی قوڵتربوو، پرسیارەکە ئەوەبوو چۆن دەکرێ زانکۆ ببێتە کەرستەی دروست کردنی گۆڕانکاری ڕیشەیی و شۆڕشگێڕانە لە کۆمەڵگە؟
هەمان ئەم پرسیارە سەرەکیە دەبێ وگرنگە چەپ لە ئەمڕۆدا لە خۆی بکات ! نەك تەنیا وەکو ئەوەی کە گروپێکی گەورەی کاریگەری کۆمەڵایەتی چەشنی ” گەنجان” لە زانکۆکانن، بەڵکو وەکو ئامادە کردنی دۆخی هاوچەشنی ئەم شۆڕشە لە بواری هەمکاریی چینایەتی و پێشڕەوایەتی. چونکە ڕابەرانی بزوتنەوەی کرێکاری لەو سەردەمە لە پاڵ ڕەگەزی چەپ بوون، ڕۆشنبیری وبیرتیژی سیاسیەوە، لە ڕووی دیمۆگرافیای کۆمەڵایەتیەوەش بەشی زۆریان ” یاخی” بوون و ” گەنج” بوون کۆیانی دەکردەوە.




گۆڤاری زمان و زار ژمارە ١١

بۆ خوێندنەوەی ژمارە ١١ی گۆڤاری زمان و زار کلیکی ئێرەبکەن..




قەیرانی ناسنامە و تەنگژەی ناسیۆنالیزم لە کوردستان.. ستیڤان شەمزینی

ئەگەر خۆمان رووبەڕووی پرسیارێکی لەم جۆرە بکەینەوە: داخۆ لە مپەرەکانی بەردەم ناسیۆنالیزمی کوردیی چین؟. خۆی لە خۆیدا ئەم پرسیارە کێشە ئامێزە، راستتر وایە بڵێین فاکتۆرەکانی دروستنەبوون و نەخەمڵینی ناسیۆنالیزمی کوردیی چین؟، بۆچی بزووتنەوەی (نەتەوەیی) کورد یان بزووتنەوەی کوردایەتی نەیتوانیوە کڵێشەیەکی ناسیۆنالیستی بە خۆی ببەخشێت؟ بەڵام پرسیارەکە لە فۆرمی یەکەمدا بەو جۆرە داڕێژراوە وەک بڵێی کورد ناسیۆنالیزمێکی ھەبووبێت و ئێستا ئاستەنگ و قەیرانی تووش بووبێت، سرووشتی قەیران وایە دەکەوێتە دوای شتەکانەوە نەک پێشیان، ئەگەریش قسە لەسەر لەمپەرەکانە، پێموایە کاتەکە درەنگترە لەوەی ئێمە گفتوگۆی بێزەنتی لەبارەوە بکەین، بەو پێیەی لەناو جیھانێکی گۆڕاوداین، ئێمە لەبەردەم کۆمەڵێک ئاڵنگاریی گەورەداین لە ئاستی دنیادا، لە نموونەی گەڕانەوەی مۆتەکەی جەنگ و قەیرانی خۆراک و کێشەی ئاوی شیرین و ھەڕەشە ئیکۆلۆژییەکان (ژینگە)، لە سەرو ھەموو ئەمانەشەوە براوینەتە نێو جیھانێکەوە بەم زووانە دەکەوێتە ژێر رکێفی ژیریی دەستکردەوە، داھاتوو بەرەو ئەو وێستگەیە دەڕوات ئەم زیرەکییە پاشگری (دەستکرد یان پیشەسازیی) لە خۆی بکاتەوە، ببێتە تاکە ھۆشی رەسەن و ھەڵسوڕێنەری جیھان. لەو چەند مانگەی پێشوودا مژۆڵی ئەوە بووم چەند برووسکە شیعرێک بنووسم لە شێوەی ئەفۆریزمدا لە یەکێکیاندا نووسیم (ئایندە ئەوەندەی بۆ رۆبۆتە بۆ مرۆڤ نییە). ھێشتا رۆبۆتەکان توانای بۆنکردنیان نییە و دەکرێت لەلایەن مرۆڤەوە بەرزەفت بکرێن، بەڵام ئایا ئەمە تا سەر بەم شێوەیە دەبێت؟ بێگوومان نەخێر. رۆژێک دێت مرۆڤایەتی دەکەوێتە بەردەم مێردەزمە راستەقینەکەوە، رۆبۆت دەبێتە سەرداری و لە بری خۆی ھەموو چشتێکی بۆ ھەڵدەبژێرێت و ئەوەی پێی دەڵێن (ویستی ئازاد) دەبێتە سەراب، ھەنووکە زیرەکی دەستکرد لە ئافراندنی بوونەوەرێکی تری جیا لە مرۆڤە کە ھۆشی بەخۆی بێت و دروستتر بیر بکاتەوە، ئێمە چیمان پێ دەکرێت لەگەڵ ئەو عەقڵە ئەبستراکتەی کە دەبێتە فەرمانڕەوا؟، ئەوسا بەزەییمان بەخۆماندا دێتەوە کە سەردەمی دەسەڵاتی مرۆڤ بەسەر مرۆڤدا ناوبنێنین (رۆژگاری زێڕین) مادام ئەم عەقڵە ھەر لە ئێستاوە توانای ئەوەی ھەیە بڕگەی دەیەمی سەمفۆنیای بیتھۆڤن بەوپەڕی کوالێتییەوە تەواو بکات. تا ئەو راددەی مستەفا سلێمان خاوەنی کۆمپانیای (Deep Mind) بۆ پەرەپێدانی زیرەکی دەستکرد پار ساڵ لە کاتی بڵاوکردنەوەی کتێبەکەیدا (شەپۆلی داھاتوو- the coming wave ) کە یەکێک بوو لە پڕ فرۆشترین کتێبی ساڵی ٢٠٢٣ بەر پێشەکییەکی زۆر جیاواز و تایبەت دەکەوین لە ئامادەکردنی کرۆنۆلۆژییەکی تایبەت بە گەشەسەندنی شارستانی و تەکنۆلۆژیی، لەوێدا بلیمەتی نووسەرەکەی بە تەواوەتی دەردەکەوێت پێش ئەوەی ئاشکرای بکات تەنانەت خودی ئەم پێشەکییەش لەلایەن ژیری دەستکردەوە ھاتووەتە نووسین. ئەمەش وای لە نووسەری کتێبی شۆڕشی پیشەسازیی چوارەم- ٢٠١٤ (کلاس شواب) کرد لە پاش نۆ ساڵ بڵێت ئەوەی من وەک ئەگەرێکی دوورتر و خەیاڵی زانستی پێشبینیم دەکرد ئەمڕۆ ھاتووەتە دی و فاکتێکی راستەقینەیە.
ئەگەر بگەڕێینەوە سەر کرۆکی تەوەری سەرەکی، کورد بەدرێژایی مێژوویەکی بەرین و دوور و درێژ بەھۆکارگەلێکی زۆر کە لەم پانتاییەدا بواری ژماردنیمان نییە، گەلێکی دابەشبوو بووە بەسەر ھۆز و عێڵەکاندا، ئەگەر بە باندۆری یوڤاڵ نوح ھەراری قسە بکەین و دەقاودەق تێزەکەی لە ھەمبەر جیاوازیی نەتەوە و خێڵ پیادە بکەین بەسەر دۆخی کوردییدا، ئەوەی پێی دەوترێت نەتەوەی کورد زۆر تازەیە، بەو پێیەی کۆبوونەوەی خەڵک لە چواردەوری یەکتری تەنانەت لەو شوێنە بە ھەڵەناونراوانەشدا بە شار، لەسەر بناغەی یەکتر ناسین و پەیوەندیی خوێن بووە، خێڵ بە تەنیا پەیوەندییە خوێنییەکان ناگرێتەوە، بەڵکو ھێمایەکە بۆ ئەو گروپە کۆمەڵایەتییە چەند سەد کەسییانە لە پێش شۆڕشی کشتوکاڵیی لە دەوری یەکتر جەم دەبوونەوە، ئەم قۆناغەش پێڤاژۆی ژیانی سرووشتییە، کە مەدەنیەت بە مانای ئەرستۆییەکەی یان پەیمانی کۆمەڵایەتی بە مانا رۆسۆییەکەی لە ئارادا نەبووە. بەم ھۆکارە کوردبوون بریتی نەبووە لە پەیوەستبوون (ئینتما) بۆ نەتەوە ھێندەی پەیوەستبوون بووە بۆ خێڵ، لە چوارچێوە ھەرە گەورەکەشیدا بۆ ھۆز یان ناوچە و میرنشینێکی دیاریکراو، کوردبوون دیاردەیەکی تازەیە، لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەوە دەستپێدەکات کە بە (لە دایکبوونی نەتەوەیەک) ناوزەد دەکرێت، بەڵام لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە وردە وردە لەنێو نوخبەدا گەشە دەکات، لەگەڵ سەرھەڵدان و شۆڕشەکانی کورددا، بە تایبەت لە بزووتنەوەی ئەیلوول و شۆڕشی نوێ لە باشوور، لە رۆژھەڵات و باکووریش لە ھەشتاکانەوە، کوردبوون دەچێتە قۆناغێکی باڵاترەوە، بەو ھۆکارەی بۆ یەکەمین جار کۆی نەتەوەی کورد لە چوارچێوەی ئەو شۆڕشانەدا (سەرباری ھەر رەخنەیەک) جۆرێک لە ئاوێتەبوون لەنێویاندا دروست دەبێت، چیتر ناسنامەی ناوچەیی و خێڵەکی ناتوانێت بەسەر ناسنامەی کوردبووندا زاڵ بێت، لێ بەداخەوە لەم سی ساڵەی رابردوودا مەوداکە تەسکتر بووەتەوە بە بنەماڵەییکردن و ھۆزگەرایی و بە ناوچەییکردن جێگەی کوردبوونی گرتووەتەوە بە تایبەت لە باشووری کوردستان. لەگەڵ ئەمەشدا ھێشتا کورد بە مانا مودێرنەکەی خاوەنی ناسیۆنالیزم نییە، ئەوەی بە ناسیۆنالیزمی کوردیی ناو دەبرێت تا ئەمڕۆش بیرێکی ھەمەکی نەبووە ئەوەندەی ئایدیایەکی نوخبەوییە و وەرنەگەڕاوەتەوە سەر بەستێنە کۆمەڵایەتییەکە، لێرەدا ناچارین کەوانەیەک بکەینەوە ئاماژە بەو ئایدیا کاڵ و کزە بکەین لە مەم و زینی ئەحمەدی خانیدا بکەین کە ئەگەر پێش رسکانی ناسیۆنالیزمی ئەوروپی نەکەوێت، بێگومان ھاوکاتی بووە، بەڵام ئایا ئەم ئایدیا پەرەی پێدرا یان نا؟ کاری من و تۆ ئەوەیە بپرسین بیرۆکەکەی ئەحمەدی خانی بۆچی ناسیۆنالیزمی بەرھەم نەھێنا؟. خۆ ئەگەر دیقەت لە پاشگری (سازیی) پاش چەمکەکانی نیشتمانسازیی، نەتەوەسازیی یان دەوڵەت نەتەوە بدەین ھاوواتای شێلان و سازکردنی شتێکە لە مەتریاڵێکی خاو کە خۆی پێشتر بە شێوە سرووشتییەکەی لە ئارادایە، بەڵام ھیچ کڵێشەسازییەکی نییە. لێرەوە دەلاقەیەک بە ڕووی پرسێکی گەلەک گرنگدا دەکرێتەوە، نەتەوە لە رێگەی ھۆشیاریی ناوەکیی گەلێکەوە دێتە ئارا، ناسیۆنالیزم دروست دەکرێت نەک بۆت دروست بکەن، وەک چۆن زیاد لە بیست دەوڵەت بۆ عەرەب دروستکرا و پاشان وا ھێدی ھێدی و یەک یەک ھەڵیاندەوەشێننەوە. جارێکی دیکەش بیرتان دەخەمە پڕۆژەکەی خانی لە سەدەی حەڤدەدا (مەم و زین) دەکرا پێشبخرێت و بکرێتە ھەوێنی ناسیۆنالیزمێک بۆ کورد، بیھێننە بەرچاو گۆتە مەموزینی بینووسیبا و ئەحمەدی خانیش فاوست یان ژانەکانی ڤارتە!!. لە کاتێکدا ئەحمەدی خانی (١٦٥١-١٧٠٦) مەم و زینی لە ساڵی ١٦٩٢ نووسیووە، بەڵام یۆھان گۆتە (١٧٤٩-١٨٣٢) بەرگی یەکەمی (فاوست)ی لە ساڵی ١٨٠٨ و بەرگی دووەمی لە ساڵی ١٨٣١ بڵاوکردووەتەوە، ئەگەر بەراووردێکی مێژوویی بکەین مەم و زین ١١٦ ساڵ پێش بەرگی یەکەمی فاوست کەوتووە. ئۆربیلی لە ساڵی ١٩٣٨دا مەم و زین لە ئاستی (جەنگاوەر لە پێستی پڵنگدا) رووستاولی بۆ گورجییەکان و (شانامە)ی فیردەوسی بۆ فارسەکان دەنرخێنێت.
ناسیۆنالیزم دەرھاویشتەی سەردەمی دوای رێنسانس (ھەستانەوە)ی ئەوروپییە، کۆرپەی شۆڕشی پیشەسازییە، دروست ئەو کاتەی جۆن لۆک و ھۆبز و ئەو بیریارانەی پاش ئەوان کەوتن، جەخت لەسەر گرنگی دەوڵەت دەکەنەوە، ئەمەش ھێڵێکە لە (سینیکا) لە سەدەی یەکەمی زاینییەوە درێژ دەبێتەوە. کرۆکی ئایدیای ئەوان لە بارەی دەوڵەتەوە بریتییە لە راگرتنی باڵانسی نێوان خەڵک و فەرمانڕەوایی، ئەویش لە رێگەی پەیمانێکی کۆمەڵایەتییەوە، ئەمە بە شێوەیەکی سەرەکی بابەتی فەیلەسووفانی دوای رێنسانس بووە، بە تایبەتتر دەتوانین چاوێک بە کتێبی (لیڤیاسان))ی ھۆبزدا بخشینێنەوە. ئەمەش لە دوای شۆڕشی فەڕەنسییەوە بووە بە ئایدیایەکی نوێتر و خۆی لە پڕۆژەی ناسیۆنالیزم (دەوڵەت نەتەوە)دا فۆرمۆڵە کرد. لەگەڵ ئەوەشدا ناکرێت باز بدەین، ئەوە ئەم بیرەی پێشخست بریتی بوو لە ژورنالیزم (رۆژنامەوانی)، کەچی رۆژنامەوانی کوردیی بە نزیکەیی سێ سەدەیەک لە مێژووی رۆژنامەوانی جیھانی دواکەوت!، ئەمە دۆزێکە بۆ خۆی شایانی لێ وردبوونەوەی زیاترە، چوونکە ئەو ھۆشیارییە فیکرییە لە رۆژنامەکانەوە پەرەی پێدرا. ئیدی دەوڵەت نەتەوەکان لە وڵاتانی خۆرئاوایی لە دامێنی ئەم ھۆشیارییەوە بوونە فاکت. لێ خودی دەوڵەت لە مانا دێرین و مودێرنەکەیدا زادەی پێڤاژۆیەکی پێشکەوتنی شارستانییە و لە پێچێکی مێژووی پەیدا بووە و رۆڵی وەرگرتووە، دەشێ سەردەمی پووکانەوەشی ھەبێت کە زۆر دوور نییە لە ئێستادا بە تایبەت بەھۆی گەشەکردنی تەکنۆلۆژییەوە. نابێت ئەوەش لە بیر بکەین ناسیۆنالیزم ھەمیشە دەوڵەتی دروست نەکردووە، بۆ نموونە لە کۆمەڵگە فرە نەتەوە و کولتوورەکاندا لە نموونەی ئەمەریکا یان تورکیا سەرکردەیەک دەوڵەتێکی بەھێزیان بنیات ناوە، تەنانەت وڵاتانی عەرەبی ھێندەی ناسیۆنالیزم دەگەی لێدان نیو ئەوەندە خزمەتی نەکردن، چوونکە داستانی ناسیۆنالیزمی عەرەبی دیاردەیەک بوو لە زانکۆکانی بەیرووت و سۆربۆن دروستکرا، زۆرینەی ئەوەی ئەمڕۆ پێی دەگووترێت دەوڵەتانی عەرەبی بە بڕیار یان پێش دەرکەوتنی ناسیۆنالیزمی عەرەبی رۆنران بە پێی ئەو دیزاینە سیاسیی و ئابوورییانەی ئیمپریالیزم و وڵاتانی زلھێزی دەیانخواست.
وەک خۆم لەبری ناسیۆنالیزم زیاتر بڕوام بە (کوردبوون)ە کە لە جەبرێکی سرووشتییەوە بیگوازینەوە بۆ کڵێشەیەکی فیکریی و فەلسەفیی، ئەوەش بە پاڵپشت و لەسەر بنچینەی شارستانی بونیاد دەنرێت، بۆ نموونە شارستانێتی سۆمەری بناغەیەکی پتەوە و دەتوانین بۆی بگەڕێینەوە و لەوێوە دەستپێبکەین لە سۆنگەی ئەوەی ئێمە تاکە میراتگری راستەقینەیانین. پێویستە پێش ھەر کارێک بە ئەفسانە و داستان و کەلەپوور و مێژووماندا بچینەوە، لەوێوە دەتوانین لەجیاتی ناسیۆنالیزمێکی بەربەریی خۆرئاوایی، بیرێکی کوردیی پوختەکراوی مرۆڤدۆستانە ھەڵھێنجین. ئەوەی مەبەستی ئەزە جیایە لە تیۆریزەکانی ئۆجەلان کە بە گەڕانەوە بۆ شارستانییە دیرۆکییەکانی میزۆپۆتامیا ھەمووان لە خوانێکدا کۆ دەکاتەوە، بەڵام لەم خوانەدا کورد لەلای خوارەوە و لەسەر پاپووچە شڕی تورک و فارس و عەرەب دانیشتووە. باس لەوە دەکەم کورد یان باپیرانمان لە مێژوودا رۆڵێکی بەرجەستە و کارایان ھەبووە لە خستنە سەر پێ و شێوەپێدانی شارستانێتیدا ھەبووە، ئەمە سەرمایەیەکی ڤێرجواڵ و پۆتنسیاڵێکی ھەرە گەورەیە لە پشتمانەوە وەک وتم بۆ تێپەڕاندنی (کوردبوون) لە بابەتێکی دیتێرمینیستییەوە بۆ بیرێکی پوختی کوردیی کە تێیدا مرۆی کورد ھەست بە ترانسێندێنتاڵێتی (شکۆمەندیی) خۆی بکات. پرسیارەکە ئەوەیە کورد ئەمە بۆ ناکات؟. ھەرچەند سەردەھێنم و دەبەم بەرسڤێکم نییە. ئاخر بۆچی دیموکراسی لە دەوڵەت شارێکی وەک ئەسیناوە کە ھێندەی گەڕەکێکی سنە یان سلێمانی ئێستا نەدەبوو کە نە کۆیلە نە ژن مافی بەشدارییان تێیدا نەبوو، تەنیا بۆ پیاوە ئازاد و خانەدانەکان دروستکرابوو، دەبێتە ئیدیاڵ و سیستمێکی یونیڤرساڵ؟ ئەی بۆچی ئێمە کە بەڵگە مێژووییەکان نیشانیداوین ھەزاران ساڵ بەر لە ئەسینییەکان سیستمی کارگێڕیی و یاسایی تۆکمەتر و باشترمان ھەبووە بۆی نەگەڕێینەوە و نەیبووژێنینەوە؟.جیا لەوە سەدەی نۆزدە لەبەرچاو بگرن ھۆلیۆد گوندێکی بچووکی نەناسراو بوو، ئەی ئێستا چی؟ بۆچی ھیچمان ھەیە و بۆ ماوەتەوە لە دەرەوەی شێوازی پەسەندی ھۆلیۆدیی؟. ھۆکاری ئەمە ھەرچییەک بێت پێموایە سووچی خۆمانە کە خەریکە ئەسیمیلە بووین. بە جۆرێک تووشی ئەلیناسیۆن (بەخۆنامۆبوون) کراوین پێمانوایە تا کاروانەکەی ئێمە لە عەجەم نەگەڕێتەوە ئێمە داڕنراوەکانی شارستانین. ئەحمەد موختار جاف لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا لە دێڕە شیعرێکدا دەنووسێت: (لە خەو ھەڵسن درەنگە میللەتی کورد خەو زەرەرتانە). دوای نەوەد ساڵێک ھێشتا پێناچێت میللەتی کورد لە خەو ھەستابێت، بەتایبەت دەسەڵات بە دەسەڵاتی رۆشنبیرییەوە خوازیارە (میللەت) ھەر لەو خەوە قووڵەدا بمێنێتەوە، لە بری ھۆشیاریی راستەقینە خراوەتە دەریای زڕە ھۆشیارییەوە. لە زنجیرە درامای (یاریی تەختە پادشاییەکان)دا کاتێک، رۆب پرسیار لە کاتلین دەکات: (بۆچی کەسێک ھەیە دەیەوێت بران بکوژێت؟) لە کاتێکدا ئەو منداڵێکی لاوازی خەوتووە!. کاتلین لە وەڵامدا پێی دەڵێت دەتوانین لە پرسیارەکە وەڵامەکە وەربگریتەوە، ئەوسا رۆب بە تۆنێکی لەسەرخۆتر دەڵێت: (کەسێک ھەیە لەوە دەترسێت بران لە خەو ھەستێت), کورد (بران)ێکی ھەزاران ساڵەی خەو لێ کەوتووە و وەک بڵێی تووشی ئەلزەھایمەر بووبێت، رابردووی خۆی بیر نایەتەوە.
نەگبەتییەکە ئەوەیە ھێشتا خەڵکانێکمان لە ئاستی دەستەبژێردا پێیانوایە ئێمە بە ھۆی سەلاحەدینی ئەیوبییەوە (لێرەدا وەک فیگۆرێکی دیرۆکیی سەیری دەکەین) سزا و نەفرەتی رۆژئاواییەکانمان بەسەردا سەپێنراوە، وەک بڵێی ناسیۆنالیزمیش کاڵایەکی تری ناو سیستمی بەرخۆریی بێت و بایکۆتیان کردبین، نەخێر وا دەھزرێم ناسیۆنالیزم لە تێڕوانینی میللەتێکەوە سەرچاوە دەگرێت لە بەرامبەر خۆیدا، ئایدیایەکە لە ئاوەزی دەستەبژێرێکەوە دەپەڕێتەوە بۆ ئیرادەیەکی کۆلێکتیڤ، ئەو ئارگۆمێنتەی ھەردەم سەلاحەدین دەکاتە بیانووی بێبەشکردنی کورد لە دەوڵەت نەتەوە ھیچ نیازێکی ئیمپریالیستی و کۆلۆنیالیستیانەی مرۆڤی (سپی) رۆژئاوایی خۆ بەسەردارزان نابینێت، خۆ ئەگەر وابوایە داگیرکردنی ھیندستان بە تایبەت لە سەردەمی ڤیکتۆرییدا چۆن پاساو دەدرێتەوە؟ ئەی قڕکردن و لە ریشە دەرھێنانی دانیشتوانی رەسەنی پێست رەشی ئوسترالی بۆچی؟، ئەی دەستبەسەراگرتن و ئاپارتاید و تاڵانکردنی ئەفەریکا لە پێناوی ئەوروپای پاش ھەردوو جەنگە جیھانییەکە چۆن پاساو دەدرێتەوە؟. ئێمە خۆمان کارمان نەکردووە لە بواری مرۆڤسازییدا، دەنا لە بری ناسیۆنالیزمێکی لەبەرگیراوەی خۆرئاوایی کۆلۆنیالیستی، لەسەر شارستانێتی دێرینی میزۆپۆتامیا دەمانتوانی نموونەیەکی پێشکەوتووتر و ئیستاتیکیتری پێشکەش بکەین، بە تایبەت ئێمەی کورد میراتێکی دەوڵەمەندیی مێژوویی ھاوکارمان بوو،ئەوەی لە شارستانی سۆمەریی بەجێماوە بە پێی ھەموو بەڵگە دیرۆکییەکان تەنیا کوردە، تەنانەت بنەچەی زمانی کوردیی بۆ پانزە ھەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، بە نزیکەیش پێنج ھەزار و چەند ساڵێک نووسینی مێخی لەلایەن باوانی کوردەوە (سۆمەرییەکان) داھێنراوە کە زمانی کوردە دەشتەکییەکان بووە، شۆڕشی یەکەم (شۆڕشی کشتوکاڵی بە ناولێنانی ئالڤین تۆفلەر) لە وڵاتی دوو زێوە دەستیپێکردووە کە بناغەی پێشکەوتنی شارستانێتی مرۆڤایەتی بووە، ئەمەش ئەو کوردانەی لە چیاکانی زاگرۆسەوە دابەزینە دەشتاییەکان نەک رۆڵی سەرەکیان تێدا بینیوە، بەڵکو شۆڕشێک بوو لەسەر دەستی ئەوان دەستی پێکرد. کورد ئەم مێژووە لە پشتی خۆیەوە نابینێت، مرۆی کورد کراوەتە رۆبۆتێکی ئەبستراکتی بێ مێژوو و شارستانی و کولتوور بەدەر لە گرێی ستۆکھۆڵم، بێ ویست و ئیرادەش کراوە، شتێکی بۆ نەماوەتەوە بۆ شانازیی پێوەکردن، بەپێچەوانەوە ھار و سەرشێت کراوە بەرامبەر بە بوونی خۆی، وەھا تێگەیەندراوە ھەمیشە گرێی (گازلایتنیگ)ی ھەبووە کە ئەوەش لە شانۆنامەیەکە وەرگیراوە لە ساڵی ١٩٣٨دا نووسراوە، چۆن ھاوژینێک ئیرادە و ویستی ژنەکەی تێکدەشکێنێت تەنانەت وای لێدەکات بێ دوودڵی بڕوا بە بێ توانایی و دەستەوەستانی و تەنانەت شێتبوونی خۆی بھێنێت. کورد ناتوانێت بە ناسیۆنالیزمێکی ھاوردەکراوی رۆنراو لە ئاوەزی ھەژموونگەرانەی خۆرئاوایی یان لەبەرگرتنەوەی شۆڤێنیزمی دەوڵەتانی دەوروبەری خۆی پێناسە بکاتەوە، پێشنۆرەترین کارێک بیکات خۆ رزگارکردنێتی لە ھەژموونی کولتووریی و سیاسیی نەتەوەکانی تر، وەک ئاشکراشە کرۆکی تێزی ھەژموون یان ھەژموونی کولتووریی لای گرامشی لەوەدا چڕ دەبێتەوە پێشمەرجی بەرزەفتی ھەر تاک و کۆمەڵگەیەک دەستبەسەراگرتنی کولتوور و ئەندێشەیە لەم رێگەیەوە دەستبەراگرتنی ھەموو شتێک ئاسانترە لەوەی بیری لێ دەکرایەوە.
پێم خۆشە ئاماژەش بۆ ئەوە بکەم (کوردایەتی) کەلەپوورێکی کۆنە و وەڵامدەرەوەی ئەوسا و ئێستای کۆمەڵگەی کوردیی نەبووە!. پێموایە کوردایەتی کە لە پەنجاکانی سەدەی پێشوووە کەوتە ناو ئەدەبیاتی سیاسیی کوردییەوە و پتر چەمکێکی (کاژیک)ییانە بوو، بە تازەیی کۆن ببوو!، چوونکە ئەم کۆنسێپتە تیۆریزە نەکرابوو لەسەر کێشی عروبە و وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر شەپۆلی سۆشیالیستی ئەو سەردەمە گەڵاڵە کرابوو، ھەر بۆیە مانایەکی چەمکایەتی نەبوو، پتر وەک دەستەواژەیەکی میللی خۆی چەسپاند. تا ئێستاش بۆ کەس روون نییە کوردایەتی چییە؟ پێناسەی ئەم چەمکە چییە لە رووی تیۆرییەوە، تەنانەت بوڵتنی (کاژیکنامە) نەیتوانیوە وەڵامێکی پڕ بە پێستی ئەوە بداتەوە، ھەر کاژیکنامە بۆ خۆی ھێندەی ریاکسیۆن بوو لە بەرامبەر ھەژموونی فیکریی چەپی ئەو کاتدا، تیۆریزەیەکی نوێ نەبوو جگە لەو نیشتمانپەروەرییە کلاسیکییەی لە حاجی قادرەوە تا بە ئەمڕۆ دەگات ھیچی تری نەخراوەتە سەر. لە کۆتایشدا کوردایەتی نەیتوانی ناسیۆنالیزمی کوردیی بونیاد بنێت، لێرەدا دەبێت کەوانەیەک بکەینەوە و بێژین ناسیۆنالیزم وەک ئەوەی ھەیە چ وەک چەمک چ وەک پراکتیس سرووشتکرد نییە بەڵکو بونیادنراوێکی دنیای مودێرنە کە بونیادگەرایی و بیرمەندە پۆست مودێرنیستەکان رەتی دەکەنەوە، بەڵام ئەمە مانای وانییە ھەر بونیادنراوێک لە خۆیدا باش یان خراپە، بەڵکو دەکەوێتەوە سەر ناوەڕۆکی ئۆبژەکە خۆی. ئەگەر بڕیارە ھەموو بونیادنراوێک یان ناسرووشتییەک خراپ بێت ھێشتاش دەبوو مرۆڤ لە ئەشکەوتەکەی پلاتۆ نەھاتبایەتە دەرێ. ھەر خودی شارستانی لە شۆڕشی کشتوکاڵیی و داھێنانی نووسینەوە تا دەگاتە سەر ژیریی دەستکرد و کوانتۆم فیزیک لادانن لە رێسا سرووشتییەکانی ژیان. بۆیە مەرج نییە ھەرچی بونیادنراوێک ھەیە رەت بکەینەوە، بەڵام بە وردبوونەوە لە ئەنجامی ناسیۆنالیزم کە چەقەکەی ئەوروپا بوو جگە لە ئاوشڤیتز و ستەمکاریی چیتری لێکەوتەوە؟ با لەملاوە یوڤاڵ نوا ھەرارییەکی (جوو)ش ھەبێت جوانییەکانی ناسیۆنالیزممان پێ نیشان بدات!. لێرەدا مارکس ئاسا چۆن ھیگڵی ھەڵگێڕایەوە، منیش ژێستێکی لەو چەشنە لەگەڵ جەمال نەبەز دەکەم کە لە ھەوڵێکی بنبەست و ناکامدا ویستی تیۆریزەی ئەوە بکات کوردایەتی نە ناسیۆنالیزمە لە کڵێشە رۆژئاواییەکەیدا نە بیری نەتەوەچێتییە رۆژھەڵاتییەکەیە بەو فۆرمەی لە رۆژھەڵاتی نێویندا بوونی ھەیە، ئەو بێ ئەوەی بە ئارگۆمێنت بۆمان بسەلمێنێت بیری نەتەوەیی کوردیی چییە، کتێبە بچووکەکەی کۆتایی پێدێت، لە روانگەی ئەزەوە ئێمە دەبێت بچینەوە سەر ئەم کتێبە بۆ ئەوەی پارادایمێکی تر بە کوردبوون ببەخشین، واتە کوردبوون لە جەبرێکی سرووشتکردەوە بگۆڕین بە بۆ شتێکی سەرتر کە بارگاوییکردنێتی بە کولتوور و شارستانێتی، چوونکە کوردبوون لە خۆیدا پێدراوێکی ئەبستراکتە، توخمە سەرخانییەکانی وەک سیاسەت (لای ئەرستۆش مرۆڤ نابێتە مرۆڤ بێ سیاسەت) و رۆشنبیریی و شارستانێتی و کولتوور، مانا بە کوردبوون دەبەخشن.
بۆ من ئاشکرایە ھێشتاش لە شێوەی کلاسیکییەکەی خۆیدا تەماشای پرسی ناسیۆنالیزم دەکەین, وەک وتم جیھان لە بەردەم زنجیرەیەک ئاڵنگاریی مەزندایە یەکێک لەوانەش زیرەکیی دەستکرد و پێشکەوتنی خورافیانەی تەکنۆلۆژیایە کە رێی پێ ناگیرێت, لێکەوتەکانی ئەمە لەسەر ئاستی دنیا ھەموو کۆنسێپتێکی سیاسیی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بردووەتە پێڤاژۆی پۆست- پۆستەوە، ئێمە لە دەروازەی جیھانێکدا نین، بەڵکو لە ناو ئەو جیھانەداین چووەتە پۆست پۆست مودێرنەوە، لە بەستێنی پۆست ناسیۆنالیزمدایە، لە زەمەنی پۆست کۆلۆنیالیزم و نیولیبرالیزمیشدایە. لەگەڵمدا سەرنج بدەن بیسمارک کاتێک مژۆڵی یەکخستنەوە میرنشینە ناکۆکەکانی ئەڵمانیا بوو، چۆن ھاوکاتە لەگەڵ ھەڵوەشانەوە و داڕمانی یەک لە دوای یەکی میرنشینە کوردییەکاندا؟. ئەو سەردەمەی ناسیونالیزم لە ھەڕەتی گەنجی و گوڕی خۆیدا بوو جگە لە دەستەبژێک کۆی کورد سەرقاڵی شۆڕش بوو لە پێناوی ئایندا دەتوانین شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لەم رووەوە بکەینە نموونە، ھەنووکەش ناسیۆنالیزم کە لرخەلرخی سەرەمەرگێتی تازە بە تازە کورد دەیەوێت دروستی بکات!. ئەمە جیاوازییەکەیە و لێرەوە و لەسەر چەرپای ئەم نەخۆشخانەیە بەم بەرەبەیانە بە خۆیەوە سەرقاڵی کردووم و کڵافەی بیرکردنەوەی ئاڵۆزکاندووم. دوا جار جیھان ھیچی لێ نەماوەتەوە جگە لە بازاڕ، بە جۆرێک ئەگەر میلتۆن فریدمان ١٩١٢-٢٠٠٦ کە بە گەورەترین و کاریگەرترین ئابووریناسی دژەی کینزیی و تیۆریسیۆنی ھەرە کارای نیولیبرالیزم ناسرابوو بکەوێتە باری تراوماوە کە چۆن کاڵا و بازاڕگەرایی تاکە فەرمانڕەوای دنیایە!. بۆ نا ئەگەر لەم ھەلومەرجە نوێیەدا ناسیۆنالیزم ببێتە حکایەت؟ بۆچی نا ئەگەر لە بری ناسیۆنالیزم بیر لە ئەڵتەرناتیڤێکی تر بۆ کورد بکەینەوە؟!، بۆچی نا ئەگەر دەستەبژێری ئێمە لە بری رۆژئاوا بۆ شارستانێتی دێرینی کوردەواری بگەڕێتەوە؟. رەنگە ئەمە شێوازێکی سوکراتیانە بێت لە پرسیارکردن، بەڵام پرسیارگەلێکی لۆژیکیی و رەوان. خودی خۆم پێموایە ژیریی دەستکرد کۆتایی بە چاخی بیرکرنەوەی مرۆیی دەھێنێت, چیدی ئێمە نین ئایدیا و بیرۆکە بەرھەم دەھێنین، بەڵکو لە قۆناغی گواستنەوە و رادەستکردنی ئاوەزی مرۆییمانداین بەو ژیرییە دەستکردە. نەک ھەر ئێمەی کورد بگرە تەواوی جیھان فڕێدراوەتە کونێکی رەشی گەردوونەوە ئەوسەریمان لێ دیار نییە. تۆ ھەست بەوە ناکەیت ھەر ئەم چرکەساتە و بێ ئاگا لە خۆمان لەنێو جەنگی جیھانی سێیەمداین؟! بەڵام دیارە پارادایمی جەنگ لە ریشەوە گۆڕاوە. درۆنێک لەباتی لاپاڵم بھاوێت زیرەکانە ئامانجی خۆی دەپێکێت, ئەمە بێجگە لەوەی بەرەی شەڕ ھەر لە ئۆکرانیاوە تا غەززە درێژبووەتەوە، وڵاتانی تری وەک سوێد و ئەڵمانیاش لە خۆ ئامادەکردندان بۆ جەنگ، زۆرینەی دەوڵەتانی جیھان لە خۆ پڕچەککردندان، بەوەش بازاڕی چەکفرۆشیی گەرمتر بووە، ئەمەش ئارەزووی ئەو نیو لیبرالیزمە کێوییەیە لەوە دەرچووە پێی بگوترێت نیولیبرایزم، کە دروشمەکەی بریتی بوو بازاڕ پێش ھەر شتێک.
جارێکی تر پێداگریی لەسەر ئەوە دەکەم ناسیۆنالیزم تەنیا ئەندێشەی بەشێک لە دەستەبژێری رووناکبیری کورد بووە، نەک بووبێتە بزافێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتی. ئەمە لەلایەک و لەسەرێکی تریشەوە سەردەمێک ئیدیاڵی مودێرنیزاسیۆنی کۆمەڵی فیوداڵی کوردیی و بیرۆکەی (پێشکەوتن)، کە لە دوا دەرئەنجامدا دەبێتە مایەی ئازادیی و خۆشگوزەرانی. مێشکی نەوەی یەکەمی دەستەبژێری کوردی لە چارەگی یەکەمی سەدەی بیستەمدا گرتبوو، لە ژێر کاریگەریی تێڕوانینی دەستەبژێردا جەماوەر ھەموو تامەزرۆ و داواکاریی ژیانێکی رۆژئاواییانەیان ھەبوو، لانیکەم ئەوروپا ببووە نموونەی ئیدیاڵ، کەچی لە سایەی دەستەبژێری سیاسیی و رۆشنبیریی چارەگی یەکەمی سەدەی بیست و یەکدا مێشکی مرۆڤی کورد مۆبیلیزە کراوە و بە ئاڕاستەی سەرسامی و تامەزرۆیی بۆ نموونەکانی وەک کۆماری ئیسلامی ئێران و شانشینەکانی کەنداو ھاندراوە. رۆشنبیری ئێمە لە روانگەی خۆرئاواوە یان راستتر بڵێم وەک رۆژھەڵاتناسێک سەیری کۆمەڵگەی کوردیی دەکات، نەک بە میتۆدە زانستییەکانی رۆژئاوا ئەنالیزی کۆمەڵگەکەی بکات. کاتی خۆی فۆکۆ دووچاری گرفتی ئەوە ببوو چۆن رۆژئاوا بخوێنێتەوە؟ لەبەرئەوەی نارۆژئاواییەکان جگە لە سەرسامی و پیاھەڵدان یان رەتکردنەوە و کینەسازیی، ھیچی تریان بە شێوەیەکی زانستی و میتۆدیی لە بارەی رۆژئاوا نەوتبوو و نەنووسییوو. فۆکۆ ھاتە سەر ئەو قەناعەتی دەبێت بە پێی ھەڵگێڕانەوە کارەکە ئەنجام بدات، وەک چۆن دەست دەخەیتە ناو دەستکێشێک و دیوی ناوەوەی دەھێنیتە دەرەوە, ئێمەش بۆ دیاگنۆسی کۆمەڵگەی خۆمان دەتوانین کەڵک لە وەھا کارێک وەربگرین. ئەمە بە چی دەکرێت؟ پێموایە ھیچ رێگەیەک لە بەردەمدا نییە جگە لە ناسینی کۆمەڵگە بەشێوەیەکی فرە رەھەند. رۆشنبیری کورد لە نێوان دوو جیھانبینی دژیەکی وەک رافیع تەھتاوی و سەیدقوتبدا، دنیابینی سێیەمی لێ بووەتە ئەستەم. رافیع رفاعە تەھتاوی ١٨٠١-١٨٧٣ لە ناو کولتووری رۆژئاواییدا ئەسیمیلە ببوو، زۆر رۆمانسیانە سەیری ئەوروپای دەکرد بە تایبەت لە کتێبە پاریسییەکەیدا (تخلیێ الإبریز فی تلخیێ باریز -١٨٣٤) تەنیا چاوی پێشکەوتن و تازەگەریی ئەوروپیی دەبینی کە ئایدیاڵەکە بۆ لاساییکردنەوە و کۆپیکردن و گواستنەوەی بۆ خۆرھەڵات و بەشەکانی تری جیھان، دوای زیاتر لە سەدەیەک سەیدقوتب (١٩٠٦-١٩٦٦) لە ئەمەریکا دەگەڕێتەوە، لە زنجیرە کتێبێکدا دیسکۆرسێک دەھێنێتە گۆڕێ لە راستای رق و قێزلێھاتنەوە لە جیھانی رۆژئاوا، ئەگەرچی لە نێوان تەھتاوی و سەیدقوتبدا وەک دوو رۆڵەی میسریی، کەسانی چەشنی جەمالەدین ئەفغانی ١٨٣٨-١٨٩٧ شاگردەکەی (محەمەد عەبدە: ١٨٤٩-١٩٠٥) ھەبوون، وێڕای ئەوەی ئەوان دوو موسڵمانی پابەند بوون، ھێندە سەرسام و ھۆگری شارستانی خۆرئاوایی و مودێرنێتە ببوون، ھەوڵێکی شکستخواردوویان دەستپێکرد بۆ مودێرنیزاسیۆن و کرانەوە و ریفۆرمی ئاینی لە جیھانی ئیسلامیدا، ئەوان بوون بە سەرمەشقی رێنسانێکی ئیسلامی ھەرەسھێنراو بە تایبەت بە ھۆی ناپاکی محەمەد رەشید رەزاوە لە کەلەپووری ریفۆرمیستی عەبدەی مامۆستای، لە بەرامبەردا پەرەی بە تیۆرییەکی تری ئیسلامیی دا کە بوو بە ھەوێنی کۆمەڵەی برایان (ئیخوان)، تا بە ئەمڕۆش دەگات ئەگەرچی دەنگی کۆنەپارێزان زاڵترە، بەڵام دیسکۆرسی رۆشنبیریی لە جیھانی عەرەبی و ئیسلامیدا بەسەر ئەو دنیابینییەدا زاڵە لە سەرەتاوە باسمان کرد، رۆشنبیریی کوردیش لە تەڵزگەی ئەم دوو کاتیگۆرییەدا (لاسایی و قێز) گینگڵ دەخوات و ناتوانێت دیسکۆرسێکی کوردیی لە نێوان پەرستن و نەفرەت لە ژیاری خۆرئاوایی بکاتە رێڕەوی بیرکردنەوە و بیری کوردیی.
بۆ پرسی ناسیۆنالیزمیش کورد تاکو بە ئێستا دەگات خەریکی لەبەرگرتنەوەی پارادایمە خۆرئاواییەکەی ناسیۆنالیزمە، پێموایە لە بری بونیادنانی ناسیۆنالیزمێکی کوێر کاری ئێمە ئەوەیە دەوڵەتی ھاونیشتمانی دروست بکەین لەسەر بنەمای کوردبوون کە مەودا بکاتەوە بۆ پێکەوەژیانی خەڵکانی تری ناکورد لە چەشنی ئەو پێکھاتە نەتەوەییانەی زۆر لە مێژە لەگەڵماندا دەژین و ژیاون. ئەمەش جووینەوەی تێزەکەی یۆرگن ھابرماس نییە، چوونکە ئەو پێیوایە جیھانگەرایی ئەم رەوشە بۆ دروستبوونی دەوڵەتی ھاونیشتمانی یان ھاووڵاتی جیھانی دەڕەخسێنێت، بە پێچەوانەوە وایدەبینم گلوبالیزەیشن (جیھانگەرایی) روویەکی ئابووری پەتی ھەبوو بۆ فەراھەمکردنی دەستی کاری ھەرزان و بردنی کۆمپانیا فرە ڕەگەز و مۆنۆپۆڵەکان بۆ ھەر لایەکی گێتی، ئەوەی لە ھزری یەکێکی وەکوو مندایە دروستکردنی مۆدێلێکی کوردیی نیشتمانە کە لە ھیچ کوێ نموونەی نەبێت، ئەمەشم لە نامیلکەی (دووبارە پێناسەکردنی کوردبوون)دا شیتەڵ و شرۆڤە کردووە لە ساڵی ٢٠٢٠دا. لەو نامیلەکەیدا جەختم لەوە کردووەتەوە دەبێت کوردبوون ببێتە شێوازی ژیان، دیقەت بدەن تەلارسازیی کوردیی چی بەسەرھاتووە؟ وەک لە وتاری (شاری شووشەیی و کولتووری خۆڵەمێشی)دا ئاماژەم پێکردووە چۆن دیزاینی وڵاتانی کەنداو بووە بە ئایکۆن و زاراوەی بە (دوبەی)یکردنی کوردستان بووە بە قسەی سەر زاران. پێموایە کورد نابێت لاسایی کەس بکاتەوە جگە لە خۆی.
رەنگە خەڵکانێک ھەبن بانگەشە بۆ گەڕانەوەی ناسیۆنالیزم بکەن لە ئەوروپاوە، ئەگەر ئەم بانگەشەیە کتومت وابێت، دیسانەوە ھەر جەخت لەسەر رۆنانی شارستانییەتێکی کوردیی دەکەمەوە لەسەر بنەمای (کوردبوون). وەلێ بە دیتنی خۆم ئەوەی نھۆ لە ئەوروپا لە گەشانەوە و بووژانەوەدایە تەنیا ناسیۆنالیزمێک نییە لە شێوە نەریتییەکەیدا کە پایەکانی خۆی لەسەر لەناوبردن و ئەسیمیلەی گەلانی تر راگرتبوو، تەنانەت فۆرمێک نییە لە فۆرمەکانی ئەنتی سیمتیزم (دژە جوو). بەریانی دژە بێگانە و پەنابەریی لێ دەربکەین، بە گشتیی ئەم رەوتە کە بەراستڕەوی توندڕۆ یان پۆپۆلیزمی رادیکاڵ ناوبانگی رۆشتووە، پەرچەرکردارە بەرامبەر چەندین شت لە نموونەی ئەو فراوانبوونەوە ھۆکیزمییەی لە پرسی جێندەریزمدا خەریکە ئەوروپا دادەپۆشێت، ھاوکات گەڕانەوەشە بۆ بەھا خۆرئاوایی و مەسیحییەکان و رۆڵ پێدانەوەی خێزان و پیاوبوون و ژن بوون و دایکایەتی و باوکایەتی کە ئێستا لە ژێر ھەڕەشەی (ئێل جی بی تی- لیسبەین، گەی، بیسێسکوال، ترانس جێندەر)دایە کە بووە بە ئایدۆلۆژیایەکی نوێی سەرشێتانەی سەردەم. سەیر بکەن جۆرجیا میلۆنی سەرۆک وەزیرانی ئێستای ئیتاڵیا بە چ دیسکۆرسێکەوە جڵەوی فەرمانڕەوایی گرتە دەست؟. کەواتە ئەم بادانەوەیە بە لای راستڕەوییدا تەنیا بادانەوە نییە بەلای ناسیۆنالیزمدا لە کڵێشە کلاسیکییەکەیدا، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ بنچینەی شارستانی خۆرئاوایی (یۆنانی- مەسیحی) و ئەو بەھایانەی لەو شارستانێتییەدا باڵادەست بوون، نکۆڵی لەوەش ناکرێت یەکێک لە ئامانجەکانیشی نیو ناسیۆنالیزمێکە لەگەڵ رۆحی سەدەی بیست و یەکدا تەبا بێتەوە، پرسی گەڕانەوەی سەروەریی ھەر دەوڵەتێکی ئەوروپاییە بە جیا، ئەو سەروەرییەی سەدەیەک پێش ئێستا بیرمەندێکی نازی وەکو کارڵ شمیت پێوەی سەرقاڵ ببوو.
قسەی کۆتاییم ئەوەیە بە روون و راشکاویی دژی ناسیۆنالیزمم (وەک دیاردەیەکی تایبەت بە ژیاری خۆرئاوا) چوونکە لە دیسپۆتیزم (ستەمکاریی) زیاتر چیتری بەرھەم نەھێنا، ھەروەک چۆن دژی سۆسیالیزمی بنیاتنراوم ھەر لە سۆڤێتەوە تا ئیمپریالیزمی نوێی چین، ھەر لە لە لینینەوە تا گورباتچۆڤ. من خۆم بە کوردێکی چەپ دەزانم نەک چەپێکی کورد (تکایە ورد دیقەت لەو دەربڕینە بدەن). ئەو چەپەی لە مێشکمدایە ماخۆلانێتی فۆرمێکی تەواو کوردییە و لە خزمەتی کوردستاندایە، ھەمان ئەو مۆدێلەیە چینی دوای ماوتسی تۆنگی کرد بەو زەبەلاحە ئابووری و سیاسییەی ئەمڕۆ، کەچی بە داخەوە بەھۆی نەخۆشییەکەمەوە تیۆریزەکردنی زۆر سست و خاو دەڕواتە پێشەوە (پێنج سەد لاپەڕەیەکم تیۆریزە کردووە وەک رەشنووسی یەکەم، بەڵام کارەکە ھێشتا نیوەیە). ئەو تیۆریزەیە دۆکترینێکە ئەگەر وەک خۆی پراکتیس بکرێت بە دەوڵەتی کوردستان دەستپێدەکات، بە بەھێزیی کوردستان لە پێگەی جەمسەرێکی نوێی جیھان کۆتایی پێدێت. پێشتریش بە درێژایی کتێبی (شارستانی کۆلاپس- ٢٠٢٢) لە دوو توێی ٦٦٠ لاپەڕەدا ئەو مۆدێلە چەپەی بە تاکی تەنیا بیرم لێ کردووەتەوە، بە خێرایی ئەنالیز کراوە، لەوێشدا وەک بەشدارییەکی سەرەتایی بەشێکی کتێبەکە تەرخان کراوە بۆ بەرگریی لە (کوردبوون). خوێنەر خۆی دەتوانێت بگەڕێتەوە سەری.

کۆتایی ٢٠٢٣

ستیڤان شەمزینی




کورتە چیرۆک\ وەجاخکوێر.. نووسینی: ئامانج شێروانی

لە فڕۆکەخانەکە دەرچوو، و بۆ لای بنکەی زانیارییەکە ڕۆیشت و پرسیاری شوێنی وەستانی تەکسییەکانی لێ کرد. کەوتە نێو گێژاوی ئەندێشان و بزەی هاتێ، ئەوە چەند ساڵێک دەبێت بە کوردیی لەگەڵ کەس نەدواوە. سەیرێکی دواوەی کرد، و چاوی کەوتە سەر چاوەکانی لیۆنی کوڕی. بە دەستی چەپی ئاماژەی بۆ کرد تاوەکوو بێت بۆ لای. بە فەڕەنسییەکی تێکشکاو پێی گوت: (ئەوە وڵاتەکەمە – c’est ma pays). لیۆنی دە ساڵان کەوتە قاقای پێکەنین و هەڵە زمانەوانییەکەی باوکی چاک کردەوە. ئاسۆی باوکیشی سوور سوور هەڵگەڕا، و بەڕووگرژییەکەوە ئاماژەی پێدا تاوەکوو بەرەو شوێنی تەکسییەکان بڕۆن.
جانتاکانیان خستە ناو پاشەڵی تەکسییەکە و بازیان دایە ناوی. هەرچەندە ئەوە هەژدە ساڵە باری خۆی تێکنایە و لە فەڕەنسا گیرساوەتەوە، کەچی ئەوە یەکەمین جارە دەگەڕێتەوە کوردستان. خۆ ئەو جارەش داینەنابوو بگەڕێتەوە، ئەگەر نەخۆشییەکەی دایکی نەبووایە. هەموو جارێک کە دایکی لێی دەپرسی:‌ (ئەرێ ڕۆڵە بۆ نایەیتەوە؟ من و باوکت لەو ژیانەی تەنها تۆمان هەیە)، ئاسۆش دەکەوتە بیانوو هێنانەوە، یان دەیگوت کاری هەیە، یان لیۆنی کوڕی خوێندنی هەیە و ناتوانێت قوتابخانە بەجێ بهێڵێت، یان هەر بیانوویەکی تری لەم بابەتەی دەهێناوە.
وەک بڵێی بیەوێت شتێک بۆ کوڕەکەی بسەلمێنێت، کە دەگەیشتە هەر چوارڕیانێک، هەر باڵەخانەیەک، هەر قوتابخانەیەک، هەر دوکانێک کە دەیناسییەوە، ئاوڕێکی پشتەوەی دەدایەوە، و بە فەڕەنسییە شکاوەکەیەوە بۆ لیۆنی باس دەکرد. (ئەو باڵەخانەیە کاتی خۆی بنکەی لاوان بوو، من و جوانەمەرگ زۆر جاران بۆ شانۆگەریی دەچووینە ئەوێ)، (ئەو چوارڕیانە پێشتر زۆر بچووکتر بوو، ئێستا فراوانیان کردووە)، (ئەو باخچەیەی دەبینی؟‌ چەند جارێک لەوێ تۆپتۆپێنم کردووە). لیۆنیش بێ‌ ئەوەی هێدفۆنەکەی لە سەری بکاتەوە، سەری خۆی دەلەقاند، و جارجارەش (ئم)ێکی دەکرد.
لەپێش نەخۆشخانەی (هیوا بۆ چارەسەریی شێرپەنجە) وەستان، و جانتایەکانیان هێنایە خوارەوە. بەرەو ژووری ژمارە حەوت کەوتنە ڕێ. براژنەکەی لە داڵانەکەدا بینی کە لەپێش ژوورەکەی دایکی دانیشتبوو. لەدوای جوانەمەرگ و باوکی، براژنەکەی تاکە چاودێری ئەو دایکە بەستەزمانەی بوو. لە براژنەکەی زانیی کە پزیشکەکان لەو باوەڕە دان کە هەر چەند ڕۆژێکە و مەرگ دەبێتە مێوانی دایکی. ئەوە چەند ساڵێکە، نیازی ئەوەی هەبووە کە هاوینی دابێت سەردانی دایکی بکات، بەڵام هەر ساڵە و ڕێگرێکی هاتووەتە پێش. ئەوێ ساڵێ، کاردۆی ئامۆزای ژنی دەهێنا. ساڵەکەی پێش ئەویش، ئاووهەوا گەلێک خۆش بوو، دڵی نەدەهات ئەوێ بۆ کوردستان بەجێ بهێڵێت.
دایکی کە چاوی بە ئاسۆ و لیۆنی کوڕی کەوت، زەردەخەنەیەکی کەوتە سەر لێوانی، بانگی کردن بۆ لای خۆی. ئاسۆ دەستی ماچ کرد، و لیۆنی کوڕی پێ ناساند. دایکی داوای لە لیۆن کرد تاوەکوو بێت لە تەنیشتی دابنیشێت. ئاسۆ بەشەرمێکەوە پێی گوت: (ببوورە دایە گیان، بەڵام لیۆن کوردی نازانێت). دایکی بە سەرسوڕمانێکەوە سەیری ئاسۆی کرد، ئاهێکی هەڵکێشا. دواتر، بە دەستەکانی ئاماژەی بە لیۆن دا، تاوەکوو بێتە لای، لەسەر سەرینەکە دابنیشێت. لیۆن هاتە لای، و چاوەکانی خستە سەر چاوەکانی داپیرەی. بۆ ماوەیەکی درێژ بەو شێوەیە مانەوە، و هیچیان هیچ شتێکیان نەگوت کە ئەوەی تر تێی بگات.

ئامانج شێروانی




لە یادی 45 ــەمین ساڵرۆژی بوونی دەوڵەتی ئێران بە کۆماری ئیسلامی ئێران.. ئاوات ئەسعەدی

پاش هەڵاتنی شای ئێران بە ماوەیەک و، لە 30 و 31 ئازاری ساڵی 1979، ئایەتوڵڵا خومەینی و دەسەڵاتدارانی تازەی ئێران ڕیفرەندومێکیان بۆ شێوەی حوکمڕانی وڵاتەکە ئەنجامدا. مەبەست لەم هەنگاوەیان ئەوەبوو، ئەو سیستەمە تازەیەی پاش روخانی شا دایانمەزراندبوو بە ناوی “دەوڵەتی کاتیی شۆڕشی ئیسلامی”، بەو رێفرەندومە شەرعیەتی بۆ مسۆگەر بکەن.
کاغەزەکانی دەنگدان دوان بوون: یەکێکیان رەنگەکەی سەوزبوو بۆ “بەڵێ”، ئەوی تریان زەرد بوو بۆ “نەخێر”. لە هەردووکیشیان نوسرابوو بۆ “گۆڕینی رژێمی رابوردوو بە کۆماری ئیسلامی”. ئاکامی ئەم دەنگدانە “روون بوو”. بە پێی هەواڵە رەسمیەکان رێژەی دەنگدەران بۆ “بەڵێ” پتر لە 98٪ بوو. رێژەی دەنگدەرانی “نە”یش زۆر لە خوار لە 1٪ ەوە بوو. تێکڕا 20.147.855 کەس دەنگیان بە کۆماری ئیسلامی دا، بەرامبەر بە تەنیا 140.996 دژەدەنگ.
دەنگدانەکە “نهێنی” نەبوو، کە ئەمەش کۆڵەکەیەکەی پرۆسەی دەنگدانی ئازادە. لایەنگرانی ئایەتوڵڵا خومەینی، کە پتر لە هەر لایەنێکی دیکە خاوەنی دەسەڵات بوون، ئەیانزانی، کێ بە “بەڵێ” و کێ بە “نە” دەنگ ئەدات.
بەهەرحاڵ، لەو رۆژگارەدا، کە گەلانی ئێران مەستی روخانی دیکتاتۆریەتی محەمەد رەزا شا بوون، وایاندەزانی، دەگەنە سیسەتەمێکی سیاسی ئیسلامی نوێ، کە “بەختەوەری”ــان بۆ بێنێت. جا لەبەر ئەوەی زۆرینەی خەڵکەکە موسڵمانبون و موسڵمانن، ئەبوو ئەم چەمکی ئیسلامیە زۆر پەسەند بووبێت لایان.
ئەمجا ئەگەر وشەی “کۆمار” ی چەمکێکی باش بووبێت لە ئاستی رژێمی دیکتاتۆریەتی شادا، ئەوا وا پێئەچێت، کە ئەو دەمە بیر لە ئاکامە درێژخایەنەکانی چەمکی “ئیسلامی” نەکرابێتەوە. تەنانەت لە یادی سیەمین ساڵرۆژی ئەو ریفرەندومەدا، ئەبولحەسەن بەنی سەدر، کە یەکەم سەرۆک کۆماری ئێران بوو و، هاوکارێکی نزیکی خومەینی بوو لە پاریس و، کاری وەرگێڕانی لەکاتی گفتوگۆکان لەگەڵ میدیاکاندا بۆ ئەکرد، بە BBC ی ووت، کە تا ڕۆژی ڕیفرەندومەکەش هیچ کەسێک بچوکترین بیرۆکەی نەبوو، لەوەی، کە خومەینی مەبەستی لەو دەستەواژەی “کۆماری ئیسلامی” چی بووە.
ئەگەر وابێت، ئەوا زۆرینەی گەلانی ئێران لەوە تێ نەئەگەیشتن، کە دەسەڵاتی ئیسلامی رێبازێکی سەرتاپای سیاسەتی دیکتاتۆریەتە و زەوتکردنی بڕێکی زۆری شێوە ئازادیەکانی مرۆڤ لە خۆ ئەگرێت.
بێگومان زۆر دەمێکە ئەو بەختەوەریەی گەلانی ئێران چاوەروانی بوون، بەتەواوی لە گۆڕنراوە.
بۆ نموونە: لە رووی ئابووریەوە پارەی ئەو وڵاتە لە هەفتاکانی سەدەی رابوردوو زۆر بە نرخ بوو. هەر دۆلارێکی ئەمریکی بایی 70 ریالی ئێرانی بوو. ئەمڕۆ هەر دۆلارێکی ئەمریکی بەرامبەر 42.047,50 ریالی ئێرانیە. ئەم داشکانەی پارەی ئێرانی لەوەیە گەورەترین شکستی پارە بێت لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.
گەورەترین گورزیش لە ئازادیە سەرەتاییەکانی ژنان و کچان درا، کاتێ کە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا، مافی راستەقینەی “مرۆڤبوون”ـیان لێ سەنرایەوە. بە پێی قانونی ئیسلامی دەنگی شایەتیدانی ئافرەتی ئەو وڵاتە لە دادگاکاندا، کرا بە نیو دەنگ. لەمەش بترازێت بە زۆر و بە توندو تیژی “حجابی ئیسلامی” کرایە قانون بەسەریاندا.
بڕێکی ئافرەتانی ئێران لەسەرەتاوە کەوتنە خۆیان و ڕژانە سەر شەقامەکان لەگەڵ ئازادیخوازوهاوبیرەکانیان، بۆ گێڕانەوەی ئازادیە سەرەتاییەکانیان، کە لە قانوونی ئیسلامیدا لەڕوانگەی ئەوانەوە پێشێلکرابوو. بەڵام کار لەکار ترازابوو و، ولایەتی فەقێ هی ئەوە نەبوو، گوێ بۆ داواکانی “نیومرۆڤەکان” شل بکات. نەک ئەمەش، بەڵکو کەوتە وێزەیان بە بەکارهێنانی توندوتیژی بۆ سەرکوتکردنی داواکانیان.
ئەوەی شوێنی سەرنجە، کە خۆپیشاندانەکانی پێراری گەلانی ئێران دژی سیستەمی ولایەتی فەقێ، پاش کوشتنی ژینا مەهسا ئەمینی لە 16 ی ئەیلوولی 2022، نەک هەر سەرکوتکرا، بەڵکو لەلایەن گەلانی دیکەی ناوچەکەوە بە هیچ شێوەیەک ئاوڕی لێ نەدرایەوە و پشتیوانی لێ نەکرا. هۆکاری ئەم فەرامۆش کردنە راستیەکی تفت و تاڵە: هێشتا زۆرینەی گەلانی موسڵمانی ناوچەکە، نە لە مەترسی کۆماری ئیسلامی حاڵی بوونە، نە لەوە تێگەیشتونە، کە ئەو سیستەمە ئیسلامیەی ئێران، کە واپێ ئەچێت بەشێکی زۆری گەلانی موسڵمان خەونی پێوە بینین، زۆرینەی گەلانی ئێران 45 ساڵە بە دەستیەوە ئەناڵێنن.
راستە، کە بە پێی ویستی زۆرینەی خەڵک دەکرێت و دەتوانرێت کۆمارێکی ئیسلامی لە هەر وڵاتێکا، کە زۆرینەی موسڵمان بێت، ڕابگەیەندرێت. بەڵام مەحاڵە “دیموکراسیەتی ئیسلامی” مەبەستی دابینکردنی مافی گشتی مرۆڤ بێت. هەر بۆیەش مەحاڵە ئەو شێوە سیستەمە سوودمەند بێت بۆ تێکڕای ئەندامانی کۆمەڵگا.
لەهەمان کاتدا ئەم پرسیارەش دێتە پێشەوە: ئایا ئەبێت هەمیشەو بۆ تاهەتایی ئەنجامی دەنگدانێکی نەوەکانی پێشوو لە پرۆسیەکی سیاسیدا بەسەر نەوە تازەکانیشدا و بەبەکارهێنانی توندو تیژی بسەپێندرێت؟
ولایەتی فەقێ زۆر دەمێکە وەڵامی ئەم پرسیارەی بە “بەڵێ” داوەتەوە.

ئاوات ئەسعەدی




(٨)ی مارسی ٢٠٢٤، چالێنجەکان و ئاسۆکانی خەباتی ڕزگاریخوازی ژنان لە ناوچەکەدا.. شیرین عەبدوڵڵا

سیستەمی سەرمایەداری لە ئێستادا بە یەکێک لە گەورەترین و قووڵترین قەیرانە مێژووییەکانیدا تێدەپەڕێت. پێدەچێت لە ئێستادا یەکێک لە سەنتەرەکانی ئەم قەیرانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا چڕبوبێتەوە و ژنان زۆرترین پشکی لێکەوتەکانی ئەم قەیرانە لە ئەستۆ دەگرن.
ئێمە شاهیدی یەکێک لە وەحشیترین کۆمەڵکوژییەکانی مێژووین، کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لەبەردەم چاو و گوێی مرۆڤایەتیدا دەگوزەرێت، کە بریتیە لە پێنج مانگ شەڕی جینۆسایدی غەززە. تاوانی ترسناک و دڕندەیی و دەستدرێژی بەکۆمەڵ لە سودان ڕوودەدات بە پەردەپۆشی تەواوەتی میدیاکان. هەروەها ناتوانین چاوپۆشی بکەین لەوەی کە لە ناوچە ناکۆکەکانی دەوروبەر لە زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکەدا ڕوودەدەن.
پێویستمان بە تێڕوانینێکی زۆر ورد نیـیە بۆ ئەوەی بزانین کە شەڕ و برسێتی و پەتا و لافاو و پیسبوونی ژینگە بوونەتە بەشێک لە دیاردەکانی ژیانی ئاسایی زۆرینەی ڕەهای خەڵک، ئەمانە هەمووی نیشانەکانی ئەم قەیرانە خنکێنەرەن لە ژێر سایەی سەرمایەداری و میلیتاریزمەکەی و سیاسەتە ئابوورییە نیولیبراڵییەکانی کە هیچ چارەسەرێک پێشکەش ناکەن جگە لە سەپاندنی هەژاری زیاتر، نایەکسانی، بێکاری، و تێچووی زۆری ژیان و لەناوبردنی ژینگە بۆ دەستەبەرکردنی قازانجەکانی. ئەمە دیمەن و باکگراوندی (٨)ی مارس (ئازار)ی ئەمساڵە.
ئەمانە، لەگەڵ زاڵبوونی دەسەڵاتە ئیستبدادی و سەرکوتگەر و پیاوسالارە دژ بە ژنانەکان لە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەدا.
سەرمایەداری بارگرانی قەیرانەکانی دەخاتە سەر شانی ژنان و پەنابەران و باقی گروپە پەراوێزخراوەکانی کۆمەڵگا، کە دەستیان لە دروستکردنی ئەم قەیرانانەدا نیـیە، بە ئیستغلالکردنیان وەک سوپای یەدەک (احتیاط) و سەرچاوەی کاری هەرزان و سەخت و ناجێگیر هەر کاتێک کە بازاڕ پێویستی پێیان بێت، و پاشان دەرکردنیان لە کار لە کاتی قەیرانەکاندا و هەرکاتێک پێویستی بازاڕ کۆتایی هات.
لە کاتی قەیرانەکانی سەرمایەداریدا، چینی دەسەڵاتدار و نوێنەرانی دەرفەتەکە دەقۆزنەوە بۆ لێسەندنەوەی ئەو دەستکەوت و مافانەی کە توێژە چەوساوەکان، لە ڕێگەی خەباتی سەخت و خوێناوی خۆیانەوە بە درێژایی دەیان ساڵ بەدەستیان هێناوە، بە بیانووی “بەرژەوەندی ووڵات”، “ئاسایشی نەتەوەیی” و “دوژمنی دەرەکی” هتد.. بە کەمکردنەوەی خزمەتگوزارییە گشتیەکانی وەک پەروەردە، تەندروستی، گواستنەوە و نیشتەجێبوون، بۆیە بێکاری زیاد دەکات، بۆ ژنان ئەستەم دەبێت بتوانن کێبڕکێ لەسەر ئەو کارە کەمانە بکەن کە لە بازاڕی کاردا بەردەستن، و ناچارن ڕازی بن بە بارودۆخی کارکردن و کرێی نزمتر، یان بەتەواوی بازاڕی کار بەجێبهێڵن و لە ماڵەوە بمێنێتەوە بۆ بەخێوکردنی منداڵ و بەساڵاچووان و خاوەن پێداویستیەکانی ناو خێزان کە بەهۆی بڕینی خزمەتگوزارییەکانەوە لەلایەن دەوڵەتەوە پشتگوێ خراون.
قەیرانەکان زۆر لەسەر دۆخی تەندروستی (جەستەیی و دەروونی) ژناندا ڕەنگدەداتەوە، بەو پێیەی پیاوانی خێزان لە کۆمەڵگەی پیاوسالاریدا ئەولەویەتیان هەیە لەسەردانی پزیشک و تێچووی چارەسەرکردن و خۆراک و پەروەردە… هتد وە گەورەترین پشکیان لە داهاتی کەمی خێزانەکە بەردەکەوێت. زۆرجار لێکۆڵینەوە دەخوێنینەوە و دەبیستین کە ئاماژە بەوە دەکەن کە ژنان بە ڕێژەیەکی زیاتر لە پیاوان تووشی نەخۆشیی دەروونی دەبن، بەڵام زۆرینەی ئەم توێژینەوانە ڕۆڵی ئەو کۆمەڵگە پیاوسالارە پشتگوێ دەخەن کە تێیدا ئەم بارودۆخانە لەنێو ئەو ژنانەدا سەرهەڵدەدەن کە جگە لە هەژاری و پەراوێزخستن، بەدەست هەڵاواردن و توندوتیژی سێکسی و خێزانیەوە دەناڵێنن. سەرەڕای گرنگی دەستنیشانکردنی دەروونی لە حاڵەتە تاکەکاندا، پێویستە فراوانتر بیر بکەینەوە و ئەو سیستەمە ستەمکاریانە هەڵبوەشێنینەوە کە هەموومان نەخۆش دەخەن.
بیرۆکەی بەکۆیلەکردنی ژنان لە داهێنانی سەرمایەداری نەبووە، ئەو شکستە مێژووییەی ژن کە ئەنگڵس باسی دەکات، زۆر پێش سەرمایەداری ڕوویداوە و دیاردەیەکی خۆبەخۆ بووە لە ئەنجامی دابەشکردنی خۆبەخۆیی کار و خاوەندارێتی ئامرازەکانی بژێوی لە خێزاندا، بەڵام سەرمایەداری داهێنەریی لە بەرهەمهێنانەوەی و شارەزابوون لە بە کاڵاکردنی ژندا بووە، بە خستنەگەڕی ماشێنێکی میدیایی و سیستمێکی فیکری و کۆمەڵایەتی کۆنەپەرست و پیاوسالارەوە، وەک یاساکانی هاوسەرگیری، تەڵاق، صیغە، میرات، لەباربردنی منداڵ.. سەرمایەداری هەموو لایەنەکانی ژیان دەقۆزێتەوە بۆ دۆزینەوەی بازاڕێک بۆ کاڵاکانی و بەدەستهێنانی قازانج، تەنانەت هونەر و ئەدەب و هەستی مرۆڤی وەک ڕۆژی دایک و ڤالانتاین و ئارەزووی منداڵبوون و زۆر شتی تر، هەموویان لە ناوەڕۆکی ئینسانی خۆیان بەتاڵ دەکرێنەوە و دەکرێن بە کاڵا و بەکاردێن بۆ پڕکردنەوەی حسابی بانکی سەرمایەدارەکان.
هەموو ئەم دیاردانە لەم ساڵانەدا لە وڵاتانی ناوچەکەدا بەخێرایی تەشەنە دەکەن، وەک دەبینین بوژانەوەی کەرتی تایبەت و سەدان قوتابخانە و نەخۆشخانەی ئەهلی کە زۆربەی زۆری خەڵک دەرەقەتی تێچوەکانی نایەت، لەسەر حیسابی بڕینی بودجەی کەرتی گشتی و تێکچوونی خزمەتگوزارییەکان تیاییاندا، و سەدان کلینیکی جوانکاری و ڕیکلام بۆ “بەرهەمەکانیان” و هاندانی ژنانی گەنج (هەروەها کوڕانیش) بۆ تێکدانی جەستەیان و نەشتەرگەری جۆراوجۆر. هەموو بۆنە و جەژنە باوەکان دەبنە فشارێکی ئابووری گەورە لەسەر ملیۆنەها کرێکار و زەحمەتکێش کە لە ژێر فشاری کۆمپانیاکانی ڕیکلام و میدیادا ناچارن بەشێکی بەرچاو لەو داهاتەیان کە لە بنەڕەتدا کەمیشە، بۆ دیاری بۆ ئازیزانیان خەرج بکەن، و دەرگیری بارێکی قورستر دەبن لەوەی کە لە توانایاندابێت. گەورەترین سوودمەند سەرمایەداران و بانکە نێودەوڵەتییەکانە.
لە هەمان کاتدا کە بارودۆخی توێژە چەوساوەکان، و لە سەروشیانەوە ژنان، بەرەو خراپتر دەچێت، سامانی سەرمایەدارەکان زیاتر دەبێت و سەروەت و سامان زیاتر و زیاتر لە دەستی گروپێکی بچووکدا دەمێنێتەوە کە سود لە دۆخە قەیراناویەکان و نەهامەتی ملیۆنان کەس دەبینن لە پێناو قازانج لە ڕێگەی بازرگانی چەک و دەرمان و کەرەستەی پزیشکی و خۆراک و باقی پێداویستیەکانی کۆمەڵگا، بە پشتیوانی تەواوی دەوڵەتان و ڕژێمە بۆرژوازییە دەسەڵاتدارەکان. سەرمایەداری لە هەر شوێنێک بێت، دەرفەتێک دەدۆزێتەوە بۆ چنینەوەی قازانجی زیاتر بە هەر شێوەیەک بێت، وە گرنگی بەوە نادات ملیۆنەها کەس تووشی داهاتوویەکی نادیار ببێت، لەپێناو ڕزگارکردنی بانک و ملیاردێرەکان.
ئەوەش زانراوە کە سیستەمی سەرمایەداری هەموو قەیرانەکانی دەقۆزێتەوە بۆ داسەپاندنی پاشەکشەی ماددی و مەعنەوی بەسەر زۆربەی جەماوەردا و هەرچەند قەیرانەکە توندتر بێت، هێرشی کۆنەپەرستانە بەهێزتر و توندتر دەبێت، پشکی ژنانیش زیاتر دەبێت.
ئەوەی ژنان لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمە پیاو سالار و ئیستبدادیەکانی وڵاتانی ناوچەکە پێش ئەم شەڕ و ململانێیانە دەیان ناڵاند بەدەستیەوە، ئێستا چەندین جار زیادی کردووە. ئەوەی بەسەر ژنانی غەززە و سوداندا دێت، تاوانە و قابیلی بێدەنگی نیـیە، بەڵام ئەوەی لە ناوچەکانی دیکەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا بەتایبەت لە دوای شکستی شۆڕشەکانی ساڵی (٢٠١١) لە میسر و تونس، زەنگی مەترسی پاشەکشەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەدەن، بەڵام هاوتەریب لەگەڵ ئەم قەیرانە و ئەم هێرشە دوژمنکارانەیە، توانای شۆڕشگێڕانە و نیشانەکانی بەرەنگاربوونەوەی ژنانی ئازادیخواز و تەحەدای ئەم هەلومەرجە نەهامەتبارە لە گەشەکردندایە.
کەمپەینەکانی حیجابکردنی کچانی گەنج لە بەناو “فێستیڤاڵی تاجی زێڕین”ی ساڵانە و لەم بابەتە، کە بە توندی لەلایەن دەسەڵاتەکانی ئیسلامی سیاسی ناوچەکەوە پشتیوانی مالی (تەمویل) دەکرێن، شتێک نیـیە جگە لە دیاردەکانی ئەم هێرشە لە دژی ژنان به ئامانجی مسۆگەرکردنی تەسلیمی فیکری و جەستەیی نەوەکانی داهاتوو و ئامادەکردنیان بۆ قبوڵکردنی هەژموونی پیاو و ئایدۆلۆژیای دژە ژن و بەم شێوەیە بەکۆیلە کردنیان.
ئازارەکانی ژنانی ناوچەکە لە ژێر دەسەڵاتی نیزامە پیاوسالارییە کۆنەپەرستەکاندا، و باڵادەستی و زیندووکردنەوەی یاسا و نەریتە پاتریارکی و خێڵەکیەکان، ئەو زەمینانەن کە تاوانەکانی کوشتن و توندوتیژی و بازرگانیکردن و هاوسەرگیریی منداڵان و فرەژنی و بێبەشکردن لە مافەکانی جیابوونەوە، میرات و چاودێری منداڵ.. ڕۆژانە ئەنجام دەدرێن.
لە ناوجەرگەی ئەم سیناریۆیە و دیمەنە تاریکەدا و سەرەڕای هێرشی توندی سەرمایەداری و سیستمە کۆنەپەرستەکانی بۆ سەر ژنان و چینی کرێکار، ناتوانین دەرکەوتەکانی ڕەخنە و بێدەنگ نەبوون لە بەرامبەر هەموو ئەوەی کە کۆنەپەرست و سەدەی ناوەڕاستییە پشتگوێ بخەین، و هەستێکی گەشەسەندوو بۆ بەرەوپێشچوونی نیشانەکانی بزووتنەوەیەکی یاخیبوونی ژنانی فراوان لە ئاسۆدایە، بە تایبەت لە نێو ژنانی گەنجدا.
چەڵێنج (تەحەدا) و هاوپشتی نێودەوڵەتی و ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینەکان لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان ڕوو لە زیادبوونن، بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی ژنان لە دەیەی ڕابردوودا بووژانەوەیەکی بەخۆیەوە بینی، لە ڕێگەی بزووتنەوەکانی وەک (می توو- منیش) (٢٠١٧) کە تیشکی خستە سەر پرسی هەراسانکردن و زیادبوونی هۆشیاری کۆمەڵایەتی بە دەرکەوتەکانی ئازاردانی سێکسی و پێشێلکاری لەلایەن خاوەن دەسەڵات و سەلمێندرا لە دوای ئەمڕۆوە ناکرێت ئەم کردەوانە وەک “ناچار” قبوڵ بکرێن، ململانێکان بۆ مافی زاوزێ و لەباربردنی منداڵ لە زۆر ووڵاتانی جیهان بەردەوامە.
هەروەها وەک ئاشکرایە، کوشتنی (ژینا /مەهسا ئەمینی) لەسەر دەستی پۆلیسی ئەخلاق لە ئێران لە ئەیلوولی (٢٠٢٢ دا) بووە هۆی ئەو ڕاپەڕینە بەرفراوانەی کە زۆربەی شار شارۆچکەکانی ئێرانی گرتەوە، و بە هاوپشتیـیەکی نێونەتەوایەتی فراوانەوە. ئەم ڕاپەڕینەی کە بە دژی ستەم لە سەر ژنان و حیجابی زۆرەملێ سەری هەڵدا، بە خێرایی بووە ڕاپەڕینێکی سیاسی و جەماوەری بە دژی هەژاری و بێکاری و سەرکوتی سیاسی و فەرهەنگی سیستەمی سەرمایەداری و ڕژێمە سیاسیە ئیسلامیەکەی لە ئێراندا.
ئەم بزووتنەوانە لە ماوەیەکی کورتدا ڕەهەندی جیهانییان وەرگرت و بە بڕوای من گرنگیدان بە هاوپشتی نێونەتەوایەتی لە نێوان ژنان و بە تایبەت ژنانی چینی کرێکار و خەڵکی هەژار، یەکێکە لە بابەتە جەوهەریەکانی خەباتی ئێمە لەم قۆناغەدا.
پەتای کۆرۆنا هۆشیارییەکی لەزیاد بووندای دروستکردووە سەبارەت بە نایەکسانی و جۆرە جیاوازەکانی و چۆن نەخۆشی و تەندروستی پلەبەندییەکی کۆمەڵایەتی پەیڕەو دەکەن: تا باری کۆمەڵایەتی و ئابووری نزمتر بێت، باری تەندروستی و میانگینی (موعەدەلی) تەمەن خراپتر دەبێت.
ڕەنگە بڵێین بارودۆخی ژنان لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ماف و ئازادییەکانیان زۆر باشترە لە وڵاتانی ناوچەکە وەک عێراق و سوریا و سعودیە و پاکستان و ئێران و ئەوانی تر و ئەمەش بەتەواوی ڕاستە، بەڵام ئەو دەستکەوتانەی کە ژنان لەم وڵاتانەدا بەدەستیانهێناوە بەردەوام نین و هەمیشە هەڕەشەی لێسەندنەوەیان لەسەرە، هەر وەک چۆن بینیمنان لە کەیسی (ڕۆ- دژی واید) لە ئەمریکا کاتێک دادگای باڵا بڕیاریدا یاسای منداڵ لەباربردنی کە بۆ ماوەی (٥٠) ساڵ بەکار بوو، لە هاوینی (٢٠٢٢) دا هەڵبوەشێنێتەوە.
بزووتنەوەی کرێکاری و ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕییەکان بەبێ ڕۆڵگێڕانی کاریگەر و چالاکانەی بزووتنەوەی ژنانی ئازادیخوازی ڕادیکاڵ ناتوانن بە ئامانجەکانیان بگەن. ماوەیەکی یەکجار زۆرە ژنان لە کاریگەری چالاکانە لە سیاسەت و بڕیاردان لە جیهانی پیاوسالاری سیاسەتدا دوور خراونەتەوە، بەتایبەتی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، بەڵام کاتی ئەوە هاتووە ئەم هاوکێشەیە بگۆڕدرێت و ژنان گوتاری (خیطابی) ڕزگاریخوازانەی خۆیان بەرز بکەنەوە، بۆ ئەوەی ئەو هێزە گەورە شارراوەیەی کە لە بزووتنەوەی ژناندا هەیە، ئازاد بکرێت لەپێناو گۆڕانکاری ڕیشەیی و هەڵوەشاندنەوەی ئەو هەموو شێوازە پیاوسالاری و کۆنەپەرستانەیەی چەندین سەدەیەی بۆمان ماوەتەوە. نەک هەر ئەوە، بەڵکو دەتوانێ سەرەتایەک بێت بۆ ڕزگارکردنی هەموو کۆمەڵگە لە هەموو جۆرەکانی ئیستغلال و هەڵاواردن.

٢-٣-٢٠٢٣

شیرین عەبدوڵڵا




بـۆ منداڵان/ ئۆپەرێتی: نەورۆز و مامەیارە.. نووسینی: عەلی حەمەڕەشید

کۆمەڵێک منداڵ و مێرمنداڵی کوڕ و کچی تەمەن (٧بۆ١٤) ساڵان، جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگی کوردییان لەبەردایە، خۆیان ئامادە کردووە دەچن بۆ گردی مامەیارە تا بەشداری ئاهەنگی یادی نەورۆز بکەن، کە بۆنەیەکی خۆشی نەتەوایەتییە. مامۆستا (ژیان)، ئۆپەرێتێکی گۆرانیی ئامێزی بۆ ئامادەکردوون و هەموویان تێیدا بەشدارن. دایکی (لاوین و شکۆ)، یاپراخی گەڵامێوی بۆ ئامادەکردبوون، دایکی (ئاریان)، کووبە و دایکی (باسۆ)، شفتە و ئەوانی تریش میوە و چەرەساتییان ئامادە کردوە. کەوتنەڕێ بەرەو گردی مامەیارە، کە مامۆستا ( ژیان) بەوشێوەیە ئەوانی بینی وتی:
ئەرێ منداڵینە ئەوە چییە؟ دەڵێی دەچن بۆ سەیران؟ بیرتان چووە ئێمە دەچین ئۆپەرێتێک پێشکەش بە ئامادەبووان دەکەین؟
لاوین: (بەپێکەنینەوە)، مامۆستا گیان ئەی لە ڕۆژێکی وا خۆشدا سەیران نەکەین کەی سەیران بکەین؟
شکۆ: ڕاستە نەورۆزە و ئێمەش بەشداری ئەو بۆنە خۆشە دەکەین.
مامۆستا: دەی زۆر چاکە بابڕۆین، بەڵکو تا نزیکبوونەوەی کاتی ئاهەنگەکە پرۆڤەیەک بکەین. ‌پێشەنگ: مامۆستا گیان، تۆ هەمیشە ویستووتە بەچالاکیی نوێ و جوان بەشداری یادی نەورۆز بکەین.
ئاریان: ئێمەش حەزدەکەین کە گەورە بووین کەسێکی چالاک و خۆشەویستی وەکو تۆ دەربچین. مامۆستا: سوپاستان دەکەم گوڵەکانم، دڵنیابن مرۆڤ بە هەوڵ و ماندووبوونی خۆی هەر چییەکی بووێت پێی دەگات.
شکۆ: مامۆستا گیان ئێمە ئەو کاتانە دڵخۆشین کەتۆ دێیت و پرۆڤەی چالاکییەکی نوێمان پێ دەکەیت. پێکەوە ڕۆیشتن تا لای سنەوبەرەکان و چوونە ژێر ئەو کەپرۆکەیەی کە بۆیان ئامادە کرابوو ، کەلوپەلەکانیان داناو لەگەڵ مامۆستادا کەوتنە پرۆڤەکردن، چونکە هێشتا خەڵکێکی زۆر نەگەیشتبوون. بەخۆشییەوە خێرا پرۆڤەکەیان تەواوکرد، مامۆستا زۆری پێخۆشبوو، چونکە زۆر بەجوانی نمایشییان دەکرد. ئیتر دووانیان لەژێر کەپرۆکەکە بەدیار خواردنەکانیانەوە مانەوە و ئەوانیش کاتی نمایشکردنی چالاکییەکەیان هاتبوو. هێندەیان زانی بانگییان کردن، ئیتر لەگەڵ مامۆستادا چوونە سەر سەکۆی(ستەیج) تەختەی شانۆکە، مامۆستا هەر یەکێکیانی لە شوێنی تایبەتی خۆی داناو چەند ڕێنماییەکی کردن. ئیتر لەگۆشەیەکەوە وەستا و پێیوتن دەست پێبکەن و هەر لەوێشەوە چاودێری دەکردن.
ئاریان: چەند ئاسوودە و دڵخۆشم کە دەبینم هەموان هاتوون بۆ گردی مامەیارە و یادی نەورۆز دەکەنەوە. ئازاد: دڵنیام کە ڕۆحی پیرەمێردیش ئاسوودە دەبێت کەوا ڕۆڵەکانی لەو شوێنەدا، کە ساڵانی زوو یادی نەورۆزی تێدا کردۆتەوە، ئەوانیش ئاهەنگ سازدەکەن و یادی دەکەنەوە.
باسۆ:
شێوەی گـــردی مامـــــەیـارە…..لام خۆشترین شوێنی شارە
باش بزانن کـــە ئەم جێیە…..پیرەمێردی گــــەورەی لێیە
مرۆڤێک بــوو مەرد و دڵسۆز…..بۆ ئاهـــەنگ و یادی نەورۆز ئاریان:
مامــــەیـارە مامـــــەیـارە….. لام جـوانترین شوێنی شـارە پیرەمێردی نــاوداری کـــورد…..ناســـراوە لای درشت و ورد وەکو نەریتێک لـــــە مێژە…..ئەو ئــــەم یادەی کـــردۆتەوە (ئەمڕۆژی ســــاڵی تازەیە)….کەســـەرەتای ئــەو شیعرەیە پیرەمێرد نووسی بــۆ نەورۆز….(دیلان)یش بەدەنگی پڕسـۆز
هێندەیتر چێــــــژی پێداوە …..لـەســـــەرزارە تاکوردماوە
بەدڵخــۆشی دەڵێم نەورۆز….. لە هەمـــــوولایەکتان پیرۆز
ئازاد:
مامــــەیـارە مامـــــەیـارە….لە نـــەورۆزدا پرشنگــدارە پیرەمێرد ئــــەو مرۆڤــەیە…..ئێستا ڕۆحــی ئاسـوودەیە
کـە دەبینێت ڕۆڵەکــــــانی…..وا بــەخۆشیی و شـادومـانی
ئـاوا یادی دەکــــــەنەوە….بەشـــادی و زەردەخــەنەوە
کۆرس:
لەنەورۆزدا گشت ئاسوودەین…..بەشداری ئەو یادە دەکــەین تێکەڵ دەبن هەموو دەنگێک…..دەبن بەیەک هەمــوو ڕەنگێک وەکــــــو چیــا بەهێز دەبن….. دژی زۆردار ڕادەوەســـتن مامــــەیـارە مامـــــەیـارە….. لە لای هەمــوان شکـــۆدارە خـۆزگە خـۆزگە مامـــەیارە…..کـــە جوانترین شوێنی شــارە دەیانکرد بە سەیرانگای شار….پڕ چیمەن و گــــوڵ و گوڵــزار ئەوســـا دەبوو بەجێی پشوو….هەمــوو کـــات ڕازاوە دەبــوو منداڵیش بۆ یـــــــاریکردن….بۆ خۆشیی و کــات بەسەر بردن بۆی دەهاتن لـــەگشت لاوە….یاری بکـــــــەن بە خــولیاوە خۆزگەی ئێمە ڕوون و دیارە….لــە ســـــەیرانگای مامەیــارە هۆڵێکی گەورە و ڕەنگاوڕەنگ….بۆ ســـازدانی کۆڕ و ئاهەنگ لــــە ناویدا بنیات دەنـــــرا…..بـــە پیرەمێرد ناوزەد دەکــرا
تا شاعیران و نووســــــەران….هــونەرمەندان، شێوەکــاران ڕۆژانە ســـــەردانی بکـــەن….چـــالاکیی تیا ئەنجـام بدەن ئەوســــا ڕۆحی پاک و جوانی….پیرەمێــــردی سلێمـــــانی لەگردەکــــەی مامــــــەیارە…..ئاســوودە دەبـــوو بەو کارە بۆیـــــە دەڵێین مامـــــەیارە…..ئەوکـــاتە زۆر جوانتر دیارە لەگشت لایەکی کوردستان…..دێن سەردانی دەکەن هەمووان
شکۆ:
یــــادی نەورۆز لێرە جیایە…..چێژ و خـــــۆشیی زۆری تیایە گەورە و بچوک بەیەکــەوە…..دێن و یــــادی دەکـــــەنەوە مامەیارە و نەورۆز هەر دوو …..بـــۆ پیرەمێرد بــوون بە مێژوو جێی شــانازیی سلێمانیین….هێمای خــــۆڕاگریی و جوانیین خۆزگە بۆ ســـاڵی داهاتوو….مامــــەیارە ئــــاوا دەبـــــوو
وەکو گوندێکی گەشتیاریی ….بۆ چــــالاکی و کـــۆڕ و یاری
ناوی پیرەمێرد لـــەو ناوە…..زۆر بەجـــــوانی دەدرەوشاوە لێرەدا کۆتایی بە چالاکییەکە دێت و منداڵەکان دەیکەن بە چەپڵە ڕێزان و مامۆستا ژیانش دێت بۆ لای منداڵەکان و یەک یەک ماچییان دەکات و سەرو چڵە نێرگزێکیشییان پێشکەش دەکات…

نووسینی: عەلی حەمەڕەشید




رۆژی جیهـانی کـتـێـبی منـداڵان.. رەزا شـوان

رۆژی سێـشەممە (٢/ نیسان/٢٠٢٤) یای (٥٧) ەمین ساڵـڕۆژی دامەزرانـدنی (رۆژی جیهـانی کـتـێبی منـداڵان)ە. هەموو ساڵـێک لە رۆژی (٢/ نیسان) دا، بەم بـۆنەیەوە، لە سەرانسەری جیهانـدا، لە قـوتابخـانەکان و لە کـتێـبخـانەکانە گـشتی و تابەتییەکـان و لە مەڵبەندە رۆشنبیرییەکانی منـداڵاندا، بە سپـۆنسەری دەستەی رێکخـراوەی نێـودەوڵەتی کـتێـب بۆ لاوان (ئـیـبی) کە بارەگـای، لە لەنـدەن لە بەریتـانیایە، بـە فـەرمی ئاهـەنـگی شایستە و چالاکییی هەمەجـورەی رۆشنبیری و هـونەری بەڕێوەدەبـرێـت. ئەم رۆژەش وەک رێـزگـرتـن و پێـزانـینە، بە بـۆنـەی یـادی جـەژنی لەدایکـبوونی کـەڵـەنـووسـەر و شاعـیری بەنـاوبانـگی دانیـمارکی (هـانـز کریستـیان ئەنـدەرسـۆن: ٢/ نیسان/ ١٨٠٥ـ ٤/ ئـاب/ ١٨٧٥) کە بە (بـاوکی چـیـرۆکە ئەفـسانەییـەکـان لـە جـیهـان) دا، داەنـراوە. خـاوەنی زیـاتر لە (١٥٠) کـتێبی چـیرۆکی فانتازیای چاپکـراوە. کە بۆ ئـەو سەردەمە ژمـارەیەکی پێـوانـەیی بـوو. لە چـێرۆکەکانی: جـلـوبەرگی تـازەی ئیـمـپراتـۆر، پەرییـە بچکۆلەی دەریا، پێڵاوی سوور، کچۆڵە شقارتە فـرۆشەکە، بێچوە مراوییەکی ناشیرین، بولبول، تۆمالیزا، شاژنی بەفـر، دوا خەونی پیرەدار بەڕووەکە، داری سەروو،… هـتد.
(گـێلا لـێبمان) ی نووسەر و رۆژنـامەنووسی ئەڵمانی، ئەو پێشنیاری رۆژی جیهـانی کتێبی منداڵانی کرد. لە لایەن رێکخراوی نێودەوڵەتی کـتێب بۆ لاوان، کە رێخراوێکی خـۆبەخـشی سـوود نەویسـتە، پێشنـیارەکەیـان پەسەنـدکـرد. لە سـاڵی (١٩٦٧) دا، بـڕیاریان دا کە رۆژی (٢/ نیسان) هەمـوو ساڵێک، کـە هـاوڕۆژ و هاومانگە لەگەڵ یادی رۆژی لەدایکبوونی هانز کریستان ئەندەرسۆن، بکرێت بە رۆی جیهانی کـتێبی منداڵان لە هەموو جیهاندا. بۆ یەکەم جاریس رۆژی جیهانی کتێبی منداڵان لە سویرا سازکـرا. لەو ساڵەوە تا ئەمـڕۆ، ساڵانە وڵاتێک لە وڵاتانی جیهان رادەسپـێرێـت، بۆ سـازکـردنی ئـاهـەنـگی سـەرەکی و چـالاکـیی هـەمـەجـۆرەی پەیـوەسـت بـەم رۆژە.
هەموو ساڵێکیش پۆستەرێکی تایبەتی و دروشمێکی پەیـوەنـد بەم رۆژەوە، لەلایەن ئـەو دەوڵەتە میـوانـدارەوە هەڵـدەبـژێـرێـت. ساڵی پـار (٢٠٢٣) لە وڵاتی (یـۆنـان) بەڕێـوەچـوو، لەژێـر دروشـمی”مـن کـتـێــبـم: بـمـخـوێـنـەوە”.
ئەمساڵ (٢٠٢٤) لەلایەن وڵاتی (ژاپـۆن) ەوە رێکـدەخـرێـت. نووسەرێـکی ناسراوی بواری ئەدەبیاتی منداڵان لە ژاپـۆن، لەم رۆژەدا پەیامێک بەم بۆنەیەوە دەنـووسێت و ئاراسـتەی هەمـوو منـداڵانی جـیهـان دەکـات. داوایـان لـێـدەکات، کە ببـن بە هـاوڕێی هـەمیشەی کـتێب و هـۆگری خوێنـدنەوەبـبن. وێنەکـێشێکی بەناوبانگی ژاپـۆنیش لە بـواری وێنەکێشانی کتێبی منـداڵان، پۆستەرێکی پەیـوەندیدار بەم رۆژەوە دەکێشێت و دەبێـتە لـۆگۆی رۆژی جیهـانی کتێبی منداڵان بۆ سـاڵی (٢٠٢٤). گەلێ چالاکیش لەم رۆژەدا ئەنجـام دەدرێـن، وەک: پـشـبـڕکی نـووسـین لە ژانـرەکـانی ئەدەبی منـداڵان، کـردنەوە پێشانگای تابلـۆی کێشراوی منـداڵان، راگەیـانـدنی خـەڵاتی کـتێب، دیمـانە لەگەڵ نووسەرانی منداڵان، پێشکەشکـردنی کـتێب بە منـداڵان، چالاکـیی رۆشنبـیری لەلایەن منداڵانەوە. وۆرکشـۆپ و کۆڕ و سیمینار دەربارەی کتێب و ئەدەبی منداڵان.
سەردانی بەشی منداڵان لە کـتێبخـانە گـشتییەکاندا. خوێنـدنەوەی کـتێبی چـیرۆک بە دەنگەوە. باسکردنی ژیان و نووسینەکانی هانز ئەندەرسۆن و نووسەرانی تر،..هتد.
هەروەهـا لە زۆربـەی قـوتـابخـانە بنەڕەتییەکـان و لە کـتێـبخانە گـشتییەکانـدا، یادی رۆژی جیهانی کـتێب بەرز ڕادەگیرێـت. چالاکیی رۆشـنبیری و ئەدەبی و خوێنـدنەوە رێکـدەخرێن. کە مامۆستاکان و قـوتابیەکان و چیرۆکخوانەکان بەشدارییان تێادەکەن.
هەندێک لە کـتێـبفـرۆشەکانیش لەم رۆژەدا، داشکاندن بۆ کـتێبەکانی منـداڵان دەکەن.
مەبەست و گرنگییەکانی رۆژی جیهانی کـتێـبی منـداڵان چـین؟
بێگومان زۆربەی ئەو زانست و زانیارییانەی کە دەیانزانین، لە کێبەوە فێریان بووین و وەرمـان گـرتـوون. کـتێب گـرنگـترین هـۆکاری رۆشـنبـیری و زرنگی و زۆرزانـیـمـانە.

(تـۆمـاس جـیـفـرسـۆن) دەڵـێت:” مـن نـاتـوانـم بەبـێ کـتـێـب بـژیـم”.
(هـێنری میللەر) دەڵێت:”کتێب تەنیا هـاوڕێ نییە بەڵکو هـاوڕێشمان بۆ دروستدەکات”.
(لـیـنی هـێـنری) یـش دەڵـێـت:”تـۆ فـێردەبـیـت.. چـونکە تـۆ کـتـێـب دەخـوێـنـیـتـەوە”.

کـتێب رۆڵـێگی گرنگ و گەورەی هـەیە لە گەشەکردن و پەروەردەکردن و لە راهـێنانی ئەقـڵ و دەروون و لە زاخاودانی هـۆش و بیر و هەستی منداڵان. رۆژی جیهانی کتێبی منـداڵان دەیەوێـت، سـوودەکانی خـوێنـدنەوەی کـتـێـب، بە بیـری منـداڵان بهـێـنـێـتەوە:
١ـ رۆژی جیهانی کتێبی منداڵان، هـانـدانی منـداڵانە بۆ زیاتر خوێندنەوە. ئەرکی دایکان و باوکان و مامۆستایانە، کە هـانی منـداڵان و قـوتابییەکانیان بـدەن، کە ببن بە هـاوڕێ هەمیـشەی کـتێـب و هـۆگری خوێنـدنەوە ببن و خووی پێـوەبگـرن، هـەمـوو رۆژێکیان رۆژی کـتێب بێت. خوێنـدنەوە ببێت بە کولتـوور و بە پێویستییەکی ژیـانی رۆژانەیـان.

٢ـ هـاوسـۆزی و خەیـاڵی خوێنـدنەوەی کـتێـب، منـداڵان رووبـەڕوی ئاسـۆیەکی نـوێ دەکاتەوە. خەیاڵ و کـنجکاوی منداڵان دەورووژێنێـت و فـراونتر دەبن. هانیان دەدات و فـێری بەهـا جـوانەکانیان دەکـات. بە شـتی نـوێ ئاشـنایان دەکات. کاریگەریی ئەرێنی ئـەدەبی لەسـەر منـداڵان گـەشـەدەکـات. ورەی منـداڵان بـەرزتـر دەکـاتـەوە و بـاری دەروونیان باشتر دەکات. ئارەزووی گەڕان بە دوای جیهانی دەوربەریان بکەن. فـێری بیـرکـردنەوە و داهـێـنانیـان دەکـات. هـەمـوو ئەمـانە، کارامـەیی بنـەڕەتین کە رێگایان پێـدەدات، گەشـەبـکەن و بـبـنە گـەورەسـاڵانی هـۆشـیار و زیـرەک و مـیهـرەبـان.
٣ـ خوێندنەوەی کتێب، یارمەتیی منداڵان دەدات بۆ بەرزکردنەوەی توانی وشەسازی، لە رێکەی خوێندنەوەوە، بـڕی ئەو زاراوانەی کە منـداڵان بەکاریان دەهـێنن، زۆرتـردەبن.
٤ـ خوێنـدنەوە راهـێنانێکی گرنگە، بۆ مێشک، زاخاوی بیر و هـۆشیان دەدات. مێشک سەرقـاڵ دەکات. رایـدەهـێنێـت بـۆ ئـەوەی بتـوانێـت پەیـوەنـدییـە دەمـارییەکـانئ باشـتر دروسـت بکات. بە تایبەتیـش کـتێـبی وێنەیی رەنـگاوڕەنـگ، زیـاتر گەشـە بە مێـشکی منـداڵانی بچـووک دەکـات.
٥ـ رۆژی جیهانی کتێبی منداڵان، هاندانی بڵاوکردنەوەی کتێبی کوالیتی بەرزی منداڵانە، بە تایبەتیش لە وڵاتـانی تازەپـێگەیشتوو. پاڵـپشتیکـردنە لەو کەسانەی پەیـوەنـدییان بە منـداڵان و بە ئەدبیـاتی منـداڵانەوە هـەیە.
٦ـ رۆژی جیهـانی کـتێبی منـداڵان، رۆژێکی ئیـلهـامبـەخـش و هاندانی هـۆشـیارییە، بۆ خۆشـەویستی خـوێنـدنەوە و سەرنجـڕاکـێـشان بۆ کـتێـبی منـداڵان و بـۆ رۆڵی بـەرزی نووسەرانی ئەدەبیاتی منـداڵان.
٧ـ رۆژی جیهانی کتێبی منداڵان هاندانە بۆ لیکۆڵینەوە و تۆژینەوەی زانستی پەیوەست، بە منـداڵان و بە ئەدەبیاتی منـداڵان. بۆ بانـگەشـەکـردن بۆ کـتـێـبە نـوێیەکـانی منـداڵان.
٨ـ لە زۆر لە قوتابخـانەکانی وڵاتانـدا، لە رۆژی جیهـانی کـتێـبی منـداڵان. هەنـدێک لە منـداڵانی خـوێنەرانی کـتێـبە وێنەییەکـانی منـداڵان، شـێوازی جـلـوبـەرگی پاڵـەوان یان کارەکتەرەکـانی کـتـێـبە دڵخـوازەکـانیان لەبەردەکـەن و وێنەیـان پێـوەدەگـرن.
٩ـ لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە، خوێندنەوە بۆ چێژوەرگرتن، گەورەترین نیشاندەری سەرکەوتنە لە ژیانی ئەمـڕۆ و داهاتوودا. بەداخەوە کە خوێنـدەواری نەخوێندەوارمان زۆرن. تەنهـا بە بـوونی کـتـێـبخـانەیەک لە ماڵەکـانتـانـدا نـابـن بە خـوێنـەری راسـتی.
زۆری ژمارەی کتێب لە کتێبخانەکانتاندا، پێوەرنین بۆ ئەوەی خوێنەربیت، بەڵکو چەند کتێبت خوێندۆتەوە و سـوودت لێـوەرگـرتـوون، خـووگـرتن بە خوێنـدنەوەوە پێـوەرن.
(جـۆزێـف برودسکای) دەڵـێت:”ئەو تاوانەی کە لە سوتانـدنی کـتێب مەتـرسیدارتـرە، نەخـوێنـدنەوەیـەتی”.
١٠ـ کـتێـبی باش، بـڕوا و متمانەبەخـۆبـوون و هـیوا و گەشــینی و ئازایەتی ئەدەبی
بە منـداڵانی خوێنـەر دەبەخـشـێـت. دەبـن بە کەسـایەتیی هـاوسەنـگی سەرکـەوتـوو.
ئەوانە و چەنـدیـن سـوودی تـر، لە ئامـانجـەکانی رۆژی جیهـانی کـتێـبی منـداڵانـە.
دایکان و باوکانی دلـۆڤـانی کورد، مامۆسـتایانی دڵسـۆز و خـۆڕاگـر. هـەرچەنـدە کە کوردستانی نیشــتـمانی پیـرۆزمـان، رووبـەرووی کـۆمـەڵـێک کـێشە و نەهـامـەتی و نەبـوونی و سەختی ژیـان و گوزەران بـووتەوە. بەڵام بۆ دەبێت منـداڵە بێنازەکانمان باجی شکـستییەکانی دەسەڵاتـدارانی نابەڵـەدی دەسەڵات قـورخکردووی کوردسـتان بدەنەوە؟ لە چـێژ و لە خۆشیییەکانی ژیانی منـداڵییان بێەشبن؟ گوناه و تاوانی کێیە؟
ئایا زۆربەی دایکان و باوکانی کوردستان، پارەی ئەوە لە گـیرفـانیاندا هەیە، کە لە رۆژی جیهـانی کـتێـبی منـداڵان، کـتێـب و گۆڤـاری جـوان بۆ منـداڵەکانیان بکـڕن و پـێـشکەشـیان بـکەن؟ ئـۆبـاڵی ئـەم منـداڵە بێـنازانـەمـان، لە ئەسـتۆی کـێ دایـە؟؟
رەزا شـوان
دوبـەی: ٢٠٢٤




تێکەڵاو.. شیعری نەوزاد بەندی

کە دوکاندارەکە پێم ئەڵێ :
(مام حاجی ) !
لە پڕ تاسێک ئەمباتەوە و
دڵم له خۆم دا ئەمێنێ ..
من هێشتا حەوت ساڵانم و
لەو ساوە چاوەڕێم باوکم
پاسکیلێکی دوو تایەم لە لای یوسفی عەبەکە ،
بۆ بێنێتەوە ..
بڵێی
چاوەڕوانی پاسکیل ، ئەوەندە دوور و درێژ بێ ؟!
هێشتا لە ناوەندی کاوەم ،
چاوەڕێم سەڵاحی فەڕاش ،
کارتی نمرەکان دابەش کا و
یەکی نیو دیناری بەینێ ..
لە هەورەبانەکە ، هێشتا ،
چاوەڕوانم
دوا دڵۆپی
ئای چەندم خۆش ئەوێکەی ناسڕ ،
لە تەسجیلی مارکەی ناشناڵ ،
بۆ تەسجیلی مارکەی سانکیو ،
لە کاسێتی ئۆرجیناڵی
ماڵی خالیدی بازرگان ،
بۆ کاسێتێکی بەتاڵی ماڵی خۆمان ،
بگوازرێتەوە ..قەیناکا گەر دەنگی ماسی فرۆش و بانگی عەسریش ،
تێکەڵی دەنگی ناسڕ بێ ..
( نرخی کاسێتی ئۆرجیناڵ : یەک دینار و ..
نرخی کاسێتی بەتاڵیش : حەوت پەنجایی ! )
ئاخر ئیتر مام حاجی چی ؟

٭ ٭ ٭

تۆ ،
ئەی پۆڕە خوراوەکە !
برنجە گەرم کراوەکە ..!
ئەی چا و قاوە هەزار جار کەپر کردووەکە ..!
هەمووی خەیاڵ بوون،
هەر هەمووی ..
ڕۆمیۆ و جولێت ..
شیرین و فەرهاد ..مەم و زین..
سوودی نییە ،
ئەگەر لەناو فڕۆکەیشا ،
یەک ببینین ..!
لەو سەری دنیایش دابەزین ،
سوودی نییە !

٭ ٭ ٭

ئەوەندە چاودێری ووردی
خستبووە سەر کیژۆڵەکەی ،
ووتی : بابە !
واملێهاتووە
شویش بکەم ،
مێردم لێم نزیک بێتەوە ،
تەلەفۆنت بۆ ئەکەم و
ئەقیژێنم :
خێرا..باوە ،
فریام کەوە ! ..
ساعدوني
HELP .. HELP

٭ ٭ ٭

کۆیلایەتیی گەیشتە ئاستێ ،
بڵێن موچە ڕەنگە بدرێ ،
ئەیکەن بەهەڵپەڕکێ و سەما ،
یا ڕەببی خوا بتانبڕێ !

٭ ٭ ٭

کە تەنیا بووی ، بە تەنیا بووم ،
کە یەکمان دی ،
تەنیاتر بووی ، تەنیاتر بووم ..
ئەمجارە یەکتر جێبێڵین ،
تەنیایی هەردووکمان ئەکوژێ !!

٭ ٭ ٭

کاتێ بە ماڵ و مناڵەوە گەشت ئەکەی ، وەک ئەوە وایە ڕەشەبایەک خانۆکەتانی لەگەڵ خۆی
هەڵگرتبێ .. و
لە جێیەکی تر داینابێ ..

٭ ٭ ٭

ٚئێمە کە ئازاری هەموو گیاندار و
درەخت و بێگیانێک ئەدەین بەبێ هۆ ، ئامادەیشین ، کام دیکتاتۆرە خوێڕییە
بێ و هەرچۆنێک کە بیەوێ ، ئازارمان با ..

٭ ٭ ٭
کۆشکەکەت چەند گەورە و جوان بێ ،
چەند ژوورێکی تیایە ، تایبەت
بە میز کردن ! ..
عەترەکەت چەند شاهانە بێ ،
تۆزێکی تر خۆت وون ئەکەی ،
ئەچی بۆ ژووری میزکردن ..!

٭ ٭ ٭
زیاد لە ڕادەی پێویست ،
ماڵەکانی خۆتان پاک دەکەنەوە و ..
لە حەیوان خراپتریش ، شەقام و شوێنە گشتییەکان پیس دەکەنەوە ..
ئەمە لە دەروونزانیدا ، شیزۆفرینیایە و ..
لە ئاییندا پێی ئەوترێ : نیفاق ..

٭ ٭ ٭

جاران نووسەرێک بمردایە ، دەستنووسەکانیان ساغ دەکردەوە وپێشەکییان بۆ ئەنووسی ، ئێستا هێشتا زیندوویت ، دەستنووسەکانت ئەدزن .

٭ ٭ ٭

ژیان تامی نوقوڵی ترش و شیرینی ئەبەخشی ،
کاتێ قارسی پانتۆڵەکانمان دادەدایەوە و
ئوتومان ئەکردن ..
چەند خەتێکی کاڵ و تۆخی بەجێ دەهێشت ..
ئاخر باڵامان بەرز ئەبوو ..!

٭ ‌ ٭ ٭
من ئێستایش ،
کە دەزووی کۆلارەیەک ئەپچڕێ ،
چوار کۆڵان بە دوایدا ئەگەڕێم ..

٭ ٭ ٭
ئەم کۆمەڵگایه هی ئەوەیە
یەک ڕۆژی تێدا بژیت و
جێی بهێڵیت ..

٭ ٭ ٭

سبەینێیش لای سەمونخانەی سان فڕانسیسکۆ ..
یان لەبەردەم دۆندرمە فرۆشی ئیسپانیا ..
لە تەنیشت سەروپێخانەی بۆینس ئایرس ..
لە بەرامبەر کڵاش فرۆشی ئەستەمبوڵ ..
پشت سەرتاشخانەکەی پاریس ..
لای بایعیی لەندنەوە ..!
گەر بتبینم ،
هاوکێشەکان هیچ ناگۆڕێن ..
هەر وەک خۆیان ئەمێننەوە ..

٭ ٭ ٭

لێکدانەوەی ووشەکان :
تا دوا دڵۆپ خوێن بۆ نیشتمان = تا دوا دڵۆپ نەوت بۆ گیرفان .




کاریگەری پارە لەسەر بوونیادی کۆمەڵایەتی ژیان لە شیعری (ئەگەر)ی جەماڵ شارباژێڕیدا(١).. نووسینی: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

دەقی شیعری(ئەگەر)
ئەگەر کوڕە ئاغایەکی بە زەبری قاسە پڕ ئەبووم
ئەگەر لە بەگزادەیەکی چەورخۆری دەنگ گڕ ئەبوم
ئەگەر لە بازرگانێکی دیوەخان گەرم و گوڕ ئەبوم
ئەگەر بەڕێوەبەرێکی دەست ڕۆیشتووی دەست بڕ ئەبوم
ئەگەر خزمی ڕێ گرێکی بە دەسەڵات و دڕ ئەبوم
ئەگەر لە قاچاخچییەکی سینی بەر بۆسیخوڕ ئەبوم
***
ئەوا نەوەک هەر حەزت کرد کچم بەیتێ
بەڵکو کڕنوشیشت ئەبرد بۆ سێبەرم..
وەکو تانجی دوام ئەکەوتی تا بمگەیتێ
ئاغام ..بەگم..قوربان..گەورەم..تاجی سەرم!
من نۆکەرم!(٢)

دەسەڵاتی پارە و کاریگەری لەسەر بوونیادی کۆمەڵایەتی
مارکس دەڵێت (پارە گەورەترین ڕۆڵی لە دیاریکردنی ڕەوتی مێژوودا هەیە.)(٣) ئەم دیاریکردنەی ڕەوتی مێژوو، دیاریکردنی ڕەوتی ململانێ کۆمەڵایەتییەکانی نێوان چینەکانە. پارە کە لە پرۆسەی بەرهەمهێنان و ئاڵوگۆڕدا ڕوحی بەرهەم و کاڵایە. ئیتر بەهای پارە ئەو بەهایەیە کە لە توانایدایە کاریگەری بەسەر پەیوەندییەکان و هەست و نەریت و تەنانەت مەعریفە و زانستیش دابنێت. هێزێک کە دراو یان پارە هەیەتی لە بەهاکەیەتی. بەهای پارە بەهای ماددییە و لەژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگەدا هەستی پێدەکرێت و کاریگەرییەکەی بەسەر سەرجەم جومگە و پێکهاتەکانی ژیانەوە دەبینرێت. کاریگەری هێزی پارە لە کۆمەڵگەی بۆرژوازی، کاریگەری دەبێت لەسەر کلتوور و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان. بۆیە دەبینین پارە لە کۆمەڵگەی بۆرژوازی نەک هەر ئیش لەسەر هاوکێشە سادەکانی ئابووری و بەرهەمهێنان دادەنێت، بەڵکو بەگژ مەحاڵەکاندا دەچێتەوە و هاوکێشەی ژیان دەگۆڕێت و مۆری خۆی لە دروستکردنی کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکانیش دەدات. بۆیە دەبینین لە کۆمەڵگەی بۆرژوازی پارە پردی نێوان ئینسانەکان و بەرجەستەکەرەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە. بێهۆ نییە دەبینین کە پارە جێی پەیوەندییە گەرموگووڕە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان مرۆڤەکانی گرتۆتەوە. شاعیریش هاتووە ئیش لەسەر ئەم هێزەی پارە دەکات و واقیعییانە وێنای دەکات. بە وردبوونەوە لە شیعری (ئەگەر) ی جەماڵ شارباژێڕی کە لە دوو کۆپڵەی سەرەکی پێکهاتووە، ئەو دیمەنە دەبینین کە شاعیر لەزمانی کەسی یەکەمەوە زۆر بەڕوونی ئەو پەیامە کۆمەڵایەتییە وێنا دەکات کە کۆمەڵگە گیرۆدەیەتی. پەیامی ناسینی دۆخ و باری سایکۆلۆژی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردستان. شاعیر سکاڵانامەی گەنجێکمان بۆ وێنا دەکات کە لەبەر ئەوەی هەژارە و کوڕی ئاغا و بەگزادە و بەڕێوەبەر و بازرگان و دەستبڕ و دز نییە، کەس ئامادە نییە بیکاتە زاوای خۆی كچی خۆی بداتێ. چی وای لە کۆمەڵگە کردووە ئەم هەڵوێستەی بەرامبەر بە کوڕێکی هەژار هەبێت؟ دەوڵەمەندخوازی چ پەرچوویەکە کە خەڵک لە ئاستییا نەرم و دڵباشە و تەسلیمی دەبێت؟ پێوانەی هەژاری و دەوڵەمەندی لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری لەسەر چ بنەمایەکە؟ ڕۆڵی موڵکایەتی تایبەتی و پارە لە دروستکردنی ئەم دۆخەدا چییە؟ مێژووی نووسینی ئەم شیعرە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٦٧ی زاینی کە کۆمەڵگەی کوردستان کۆمەڵگەیەکی چینایەتی سەرمایەدارییە. لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریش هەمیشە لێکدژییەک بوونی هەیە لەنێوان بەرژەوەندی چینەکان. ئەوەی لە شیعرەکەدا ئاغا و بەگ و بازرگان و بەڕێوەبەری دەستبڕ و بەگزادە و ڕێگری بەدەسەڵات و قاچاخچی سینی بەر بۆ سیخوڕی بەیەکەوە بەستووەتەوە، پارە و دەسەڵاتی پارەیە. بە خوێندنەوەی کۆپڵەی یەکەم وەک (هۆکار) ئەوە دەردەکەوێت کە ئەگەر ئەو کوڕە هەژارە گەنجە هێزی پارەی لە پشت بێت، ئەوا وەک (ئەنجام) دەتوانێت ژن بێنێت و تەنانەت وەک سەرگەورە و جەنتڵمان دوای بکەون و ببنە نۆکەری. مارکس دەڵێت (پارە وەفاداری دەگۆڕێت بۆ خیانەت، عەشق دەکاتە ڕق، ڕق بە عەشق، فەزیلەت بە ڕەزیلەت، خزمەتکار بە ئاغا و ئاغا بە خزمەتکار، دەبەنگیی بە زیرەکی و زیرەکی بە دەبەنگی.)(٤) ئەم سیحرەی پارە لە سیستەمی سەرمایەداریدا هێندە بەهێزە کە سنوورەکانی چینەکان دەبڕێت و نەک هەر بەرجەستەکەرەوەی بەرژەوەندییە چینایەتییەکانە، بەڵکو ڕۆڵی گرنگ لە شێوەپێدانی سایکۆلۆژییەتی ئینسانەکان و چینەکان دەگێڕێت. هێزی پارە بەجۆرێکە لەتوانایدایە هاوکێشە کۆمەڵایەتییەکان هەڵگێڕێتەوە.
ئەوا نەوەک هەر حەزت کرد کچم بەیتێ
بەڵکو کڕنوشیشت ئەبرد بۆ سێبەرم..
وەکو تانجی دوام ئەکەوتی تا بمگەیتێ
ئاغام ..بەگم..قوربان..گەورەم..تاجی سەرم!
من نۆکەرم.(٥)
هەڵگێڕانەوەی ژیانی کوڕە هەژارێک بە تاجی سەر تەنها و تەنها لە توانای هێزی پارەدایە. ئەوە ڕاستە پارە دەتوانێت خوشگوزەرانی کاتیی دەستەبەر بکات، بەڵام هەرگیز ناتوانێت ئاسوودەیی هەمیشەیی بنیاد بنێت. پارە دەتوانێت ببێتە ئەو دەسەڵاتەی کە بوونیادی کۆمەڵایەتی مرۆڤەکان بگۆڕێت و خەسڵەتە کۆمەڵایەتییەکان ئاوەژوو بکاتەوە. پارە دەتوانێت دۆخی مۆڕاڵی ئینسانەکان پێچەوانە بکاتەوە، یان وەک مارکس دەڵێت ( پارە هەموو سیفاتە بەشەرییەکان پێچەوانە دەکاتەوە.) (٦) بەرجەستەکردن و وێناکردنی دۆخی سایکۆڵۆژی مرۆڤەکان لەدەرەوەی یاساکانی ململانێی چینایەتییەوە یان لەدەرەوەی بەرژەوەندی چینایەتییەوە لە دەقی ئەدەبیدا ناتوانێت خزمەت بە خەسڵەتی شۆڕشگێرانەی مرۆڤەکان بکات لە ئاڵوگۆڕە بنەڕەتییەکانی ژیاندا. بلیخانۆف دەڵێت(هونەرمەند حوکم بەسەر شتدا نادات، بەڵکو وێنەی شت ئەگرێ)(٧) هەر بۆیەشە جەماڵ شارباژێڕی وێنای دۆخێکی بۆ کردووین کەجێی قێزلێبوونەوەیە. دەستبردن بۆ وەها بابەتێک و کردنی بە ناوەڕۆکی دەقێکی ئەدەبیی، خۆی ئاماژەی خوێندنەوەی و تێگەیشتنی شاعیرە بۆ دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری و تەنانەت سیاسی کۆمەڵگەش. بەمجۆرە پێموایە جەماڵ شارباژێڕی لەئاستانەی نووسینی ئەم دەقەکدا ئەوەمان پێدەڵێت کە:
یەک : شاعیر خاوەن تێگەیشتنی خۆیەتی بۆ کۆمەڵگە و دەبێت ئەدیبان و نووسەران خۆیان لەناو کۆمەڵگەدا ببیننەوە و بەشداری کارایان هەبێت لە دەست خستنە سەر کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگە و ئینجا هەوڵدان بۆ گۆڕینی ژیان.
دوو : نووسەر و ئەدیب دەبێت و دەتوانن ئەو کێشە کۆمەڵایەتی و ئابوورییانە لە دەقەکانیاندا وێنا بکەن و دەقە ئەدەبیی و هونەرەرییەکانیان ئاوێنەی واقیعی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی کۆمەڵگە بن.
(دەسەڵاتی پارە هەمیشە و بەدرێژایی مێژوو لە وزەی مرۆڤ بەدەر بووە.)(٨)ئەوە دەسەڵاتی پارەیە ئینسانی ژێردەستە کردووە و دووچاری چەوسانەوەی کردووە. جەنگین دژ بە دەسەڵاتی پارە و موڵکایەتی تایبەتی لە کۆمەڵگەی بۆرژوازی جەنگینە دژ بە بەرژەوەندی تایبەتی دەستڕۆیشتووان و ستەمکاران. ئەمەش وا دەکات کە دەسەڵاتدارانی بۆرژوازی بەهەموو توانایانەوە نەهێڵن ئەو دژایەتیکردنە هەروا بە ئاسانی تێپەڕێت و هەڵدەستن بە ئەنجامدانی گەلێ دژەکرداری کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی. جەماڵ شارباژێڕی شاعیر لەم شیعرەدا نایەت پارە و دەسەڵاتی پارە ڕەت بکاتەوە. ئەو داخی ئەوەی هەیە کە ئەو دەسەڵاتەی نییە. ئەمە خاڵی جیاکەرەوەی شۆڕشگێڕییەتی دەق و بەرهەمی ئەدەبییە. بۆیە جەماڵ شارباژێڕی لەم دەقەدا ئاماژەیەکی گرنگمان نیشان دەدات کە وێناکردنی ئەم ئاماژەیە تا بڵێی جێی بایەخە و بەبڕوای من کرێدتی شیعریی جەماڵ شارباژێڕی چەند هەنگاو دەباتە سەرەوە، بەڵام ناتوانێت پەساپۆڕتی شۆڕشگێڕبوونی پێببەخشێت.

شیعری (ئەگەر) و ئیشکالاتی هونەریی
ئەم شیعرە بەڕواڵەت سادە و بەناوەڕۆک بەپێز و دەوڵەمەندە، بە زمانێکی سادە و ڕەوان نووسراوە و گوزارشتی لە دەسەڵاتی پارە و کاریگەری لەسەر بوونیادی کۆمەڵایەتی ژیانی ئینسانەکان لە کۆمەڵکەی کوردستان کردووە. مەودای خەیاڵ تیایدا باڵا نییە. ڕێنووسەکەی بەپێوانەی ساڵی ١٩٨٣ خراپ نییە و باشیش نییە، دەڵێم باش نییە چونکە نەدەبوو لە دێڕێ یەکەم وشەی (ئەبووم) بە دوو واو و (ئەبووم)ەکانی دێرەکانی دوواتر بە یەک واو بنووسرێت. هەروەها نەدەبوو وشەی لۆکاڵی کە گرفتێکی گەورەش نییە لە دەقێکی وادا بەکار ببات، وەک وشەی ( بەیتێ) کە دەیتوانی بنووسێت (بدەیتێ). شاعیر لە کۆپڵەی دووەم دێڕی یەکەم دەڵێت (ئەوا نەوەک هەر حەزت کرد کچم بەیتێ) ئەم دێڕە لەڕووی داڕشتنیشەوە کەموکوڕی تێدایە. حەزت کرد ڕابردووە و دەبوایە ڕابردووی بەردەوام بووایە ( حەزت دەکرد). لەم شیعرەدا دووبارەبوونەوەی سەرەتای دێڕەکانی کۆپڵەی یەکەم بە وشەی (ئەگەر) و کۆتایی دێرەکان بە وشەی (ئەبووم)جوانییەکی بەخشیوەتە شیعرەکە. بۆیە ئەم دووبارە بوونەوەیە نەک خوێنەر تووشی وەڕسبوون ناکات، بەڵکو خوێنەر زیاتر هان دەدات بزانێت کۆتاییەکەی بەکوێ دەگات و چ ئەنجامێک دەداتە دەستەوە. وێنە سادەکانی کۆپلەی یەکەم هەر هەموویان لەڕێگەی ڕەگەزی(بەراوردکاریی)ەوە بوونیادنراون. بۆیە دەبینین فۆرم لەم دەقەدا هێندە سادەیە ناتوانێت پڕ بە پێستی ناوەڕۆکەکە بێت، یان باشتر بڵێم فۆڕمی شیعری (ئەگەر) لەئاست پەیامە کۆمەڵایەتییەکەیدا نییە.

سەرەنجام
دەقی شیعری(ئەگەر)ی جەماڵ شارباژێڕی گەرچی دەقێکی سادەیە و بەبۆچوونی من فۆرمی دەقەکە لەئاست ناوەڕۆکەکەیدا نییە و شاعیر دەیتوانی شیعرەکە بەهێزتر بنووسێت، بەڵام دەقی (ئەگەر) هەڵگری ناوەڕۆکێکی کۆمەڵایەتی و پەیامێکی چینایەتی گرنگە، کە وەک زەنگێکی وشیارکردنەوە لە کۆمەڵگەی کوردستان پەنجە دەخاتە سەر کاریگەری ‌هێزی پارە لەسەر ئینسانەکان و سایکۆلۆژییەتی کۆمەڵایەتییان. ئەو هێزەی کە نەک ئەمڕۆ لەسەرەتای هەزارەی سێیەمدا کۆتایی نەهاتووە، بەڵکو لە دەیەی شەستەکان زیاتر و کاریگەرتر مۆرکی خۆی لە ژیانی ئینسانەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا داوە، بە کۆمەڵگەی کوردستانیشەوە. هێزێک کە تا بمێنێت مرۆڤایەتی لە ستەم و چەوسانەوەی چینایەتی ڕزگاریان نابێت. جەماڵ شارباژێڕی شاعیر، جگە لە عەشقی کوردایەتی و ئافرەت، چەندین ئاوڕدانەوەی کۆمەڵایەتی تریشی خستۆتە سەر خەرمانی بەرهەمە ئەدەبییەکانی و کە بۆ خۆی بۆتە ئاماژەیەکی درەوشاوەن لەنێو جیهانی نووسینی ئەم شاعیرە.(٩)

نووسینی: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣

————————————————-

سەرچاوە و پەراوێزەکان :
(١)جەماڵ ئەمین عارف ناسراو بە جەماڵ شارباژێڕی شاعیر ( ١٩٤١ – ٢٠٢٣) لە کۆتایی دەیەی پەنجاکانی سەدەی بیستەمەوە دەست بە نووسینی شیعر دەکات و بۆ ماوەی زیاتر لە شەش دەیە لەنێو بزووتنەوی شیعری کوردیدا چالاکانە بەرهەمەکانی بڵاو دەکاتەوە. جەماڵ شاعیرێکی نەتەوەییە کە سەرتاپا شیعرەکانی بۆ مەسەلە و کێشەکانی نەتەوەی کورد تەرخان کردووە. کێشەی کورد و ئازادی نەتەوە تەوەری بنەڕەتی بوونیادی شیعرییە لای جەماڵ شارباژێڕی. ئەو وشەی کردە مەتارێز بۆ بەرگری لە نەتەوەی کورد. جەماڵ یەکێک بووە لە ئیمزاکەران بەیاننامەی ڕوانگە و هەورەها دامەزرێنەرانی دەستەی نوێخوازی روانگە بوو لەگەڵ هەریەک لە شێرکۆ بێکەس و جەلالی میرزا کەریم و حوسێن عارف و کاکە مەم بۆتانی. شاعیر تا ڕۆژی ژیانئاوایی وەفادار مایەوە بۆ ڕێباز و ڕەوتی شیعری ناسیونالیستی کوردی و لەڕێگەی دەقە شیعرییەکانییەوە تێکۆشا کێشەی خۆشەویستی و سیاسی تێکهەڵکێش بکات. جەماڵ شارباژێڕی لەموەی ژیانیدا ژمارەیەک کتێبی بەچاپ گەیاندووە. دواجار ئەم شاعیرە لە ١٠ ی مانگی تەممووزی ساڵی ٢٠٢٣ لە لەندەن بە نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن ژیانئاوایی لە شیعر و نووسین کرد و تەرمەکەی گەڕێنرایەوە کوردستان و لە قەزای چوارتا لە گۆڕستانی سەلیم بەگ بەخاک سپێردرا. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە سایتەکانی کوردیپیدیا و وێستگەنیوز https://www.kurdipedia.org/default.aspx?lng=1&q=201002210956443564
https://www.westganews.net/dreja.aspx?=hewal&jmara=126361&Jor=1

(٢)جەماڵ شارباژێڕی کۆشیعری (لەئەلبومی یادگارا) چاپخانەی ئۆفسێتی سەرکەوتن چاپی یەکەم ١٩٨٣ لاپەڕە ١٠. ڕێنووسی شیعرەکەم دەستکاری نەکردووە و وەکچۆن لە کتێبەکەدا هاتووە ئاوا نووسیومەتەوە.
(٣)Karl Marx and Fridrich Engels The Communist Manifesto, Oxford Worlds Classic, Oxford University Press USA 1992.
(٤)کارڵ مارکس دەسەڵاتی پارە لە کۆمەڵگەی بۆرژوازیدا وەرگێرانی لە ئەڵمانییەوە پێشڕەو محەمەد سایتی سبەی ٢١-٣-٢٠١٩
https://www.sbeiy.com/Details.aspx?jimare=11650
(٥)جەماڵ شارباژێڕی کۆشیعری (لەئەلبومی یادگارا) چاپخانەی ئۆفسێتی سەرکەوتن چاپی یەکەم ١٩٨٣ لاپەڕە ١٠.
(٦)کارل مارکس قوة المال في المجتمع البرجوازی ملخص بقلم اندریة فولکوف و ستیفن هیکس https://ar.atlassociety.org/session/karl-marx-the-power-of-money-in-bourgeois-society
(٧)جۆرج بلیخانوف الفن و التصور المادي للتاریخ ترجمە جورج طرابیشي دار الطلیعة للطباعة والنشر بیروت لبنان الطبعة الاولی ١٩٧٧ ص ١٩١.
(٨)جان فریفیل تێزەکانی مارکس – ئەنگڵس لەبارەی ئەدەب و هونەرەوە وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە فوئاد مەجید میسری لەبڵاوکراوەکانی ناوەندی توێژینەوە و هزریی شەهید ئارام چاپی یەکەم ٢٠١٩ لاپەرە ٤٨.
(٩)بۆ نموونە شیعری کرێکارم لە گۆڤاری ڕزگاری ژمارە ٥ ی ساڵی ١٩٦٩ لاپەڕە ٤٤ و ٤٥ و چەندین دەقی تر.




یادەوەریم لەگەڵ شیعری پەشێودا.. سەدیق سەعید ڕواندزی

لە كۆتایی هەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا، كاتێ قوتابی پۆلی پێنجەمی وێژەیی بووم، لە قوتابخانەی دواناوەندی ڕواندزی كوڕان، بۆ یەكەم جار پەشێو و شیعرەكانیم ناسی. ئەو كات لە ڕێگەی قوتابیەكی هاوڕێمەوە، كۆمەڵە شیعری ( شەو نییە خەونتان پێوە نەبینم و ڕۆژ نییە لێتان توورە نەبم ) بینی و خوێندەوە. بە ڕاستی شیعرەكانی زۆر كاریان لێ كردم و چێژێكی بێ سنوورم لە دنیای شیعری پەشێو وەرگرت. بە تایبەتیش شیعرەكانی (كاك و نیازێك هەڵوەری و لە دەستم دێ و نیازم وابوو) گەلێكی دیكەش. ئەو كاتیش، خۆم لە كەف و كوڵی عەشقێكی ڕۆمانسییانەی كچێك دەژیام، كە ئێستاش كاریگەریەتی ئەو ڕۆژانەم بە سەر ماوە، ئیدی ئەمە وایكرد شیعرە ڕۆمانسی و دڵدارییەكانی پەشێو، ئەوەندەی تر لە ڕووی هەست و سۆزی ڕۆمانسی و خۆشەویستییەوە، كارم لێ بكەن و لە نێو دەریای خۆشەویستیدا كەیلی زیاتری شیعرەكانی بم و شەوانی درێژی زستان، ژووان لەگەڵ شیعرەكانی ببەستم و بە خەونی داهاتووێكی جوانەوە دەژیام و خەونی ڕەنگاو ڕەنگم دەبینی. بەڵام ئەفسووس، ئەو ڕۆژگارە كۆتایی هات و ئێستا كاتێ ئاوڕ لەو ڕابردووە خەمگینە دەدەمەوە، هەستێكی دڵتەنگی قووڵ دامدەگرێت و خۆزگەی ئەوە دەخوازم، كە كات هەمیشە هێزی ئەوەی هەبووایە بگەڕێتەوە ڕابردوو. ڕەنگە ئەمانە و زۆر شتی تریش هۆكاری ئەوە بن، كە من ئێستاش هەر لە ڕابردوو دەژیم و نوستالۆژیایەكی گەورەم بۆ ڕابردوو هەیە و بڕوام وایە بۆ هەموومان ئەگەر جوانییەك و پیرۆزییەك و خۆشییەك هەبوو بێت، ئەوا لە ڕابردوو بە جێماوە و دەبێ بەردەوام بۆی بگەڕێینەوە، بۆ ئەوەی لە ئافاتی ژیانی ئەو سەردەمە دوور بكەوینەوە. لە پاڵ شیعرە ڕۆمانسییەكانی پەشێو، شیعرە نەتەوەیی و شۆڕشگێڕییەكانیشی كاریان لێ كردم، چونكە ئەو ڕۆژگارە، سەروبەندی دنیای خامۆشی و نەهامەتی دوای كارەساتی ئەنفالی گەلی كورد بە دەستی ڕژێمی شۆفێنی بەعس بوو. هەموو ئەمانە بە سەر یەكەوە، تاسەی ئەوەیان نەشكاندم كە تەنها شیعرەكان بخوێنمەوە، بەڵكو بڕیارمدا سەرجەم شیعرەكانی ئەو كۆمەڵە شیعرە، بەدەست لە تێنووسێكدا بنووسمەوە ئێستاش ئەو تێنووسەم و وەكو یادگارییەكی جوان و پڕ بەها، هاوشێوەی ئەڵماسێكی بە نرخ ماوە و لە كتێبخانەكەمدا هەڵم گرتووە، كە لە دوو توێی كتێبەكەمدا، چەند لاپەڕەیەكی بە دەست نووسراوی ئەو شیعرانە دەبینن.

                پێرستی شیعرەكان كە لە تێنووسەكەدا بە دەست نووسیومەتەوە.

بێگومان ئەو سەردەمیش شیعرەكانی پەشێو، قەدەغە و یاساغ بوون، بۆیە ئەمە زۆرتر ریسكێك بوو بە ژیانەوە لە پێناو پەشێو و شیعرەكانی كردم. بەم جۆرە، پەیوەندی من و شیعرەكانی پەشێو دەستی پێ كرد. ساڵانی دواتر، كاتێ لە پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایان لە هەولێر وەرگیرام، هاوڕێكانم دەزانن هەر لە ژێر كاریگەریەتی ئەو عشقەدا، دیوارەكانی ژووری بەشە ناوخۆیەكەم بە شیعرەكانی پەشێو ڕازاندەوە. ڕۆژان هاتن و ڕۆژان تێپەڕین، ئەو عیشقە و ئەو شیعرانە لەگەڵم ژیان و ئەوەندەی تر، ئاشنای پەشێویان كردم و تامەزرۆی بینینیم دەكرد. من تاسەی بینینی پەشێوم وەك شاعیرێكی دیار، هەر لە خەون و خەیاڵ دابوو، خۆشبەختانە ئەو خەونە بووە ڕاستی و كاتێ گەلی كورد لەو بەشەی كوردستاندا ڕاپەڕینی بەرپا كرد، پەشێویش گەڕایەوە كوردستان و بە بێركۆت شاد بووەوە و زنجیرە كۆرێكی ئەدەبی لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان ئەنجامدا. لەو سۆنگەیەشەوە، هاوڕێیانی گۆڤاری قەڵا لە ڕواندز، كە هەموویان شەیدای شیعری پەشێو بوون و خۆشیان شاعیر و نووسەر بوون و گۆڤاری قەڵایان دەردەكرد، كۆڕێكی شیعریان بۆ پەشێو لە مانگی نیسانی ساڵی 1992 دا، لە گۆڕەپانی قوتابخانەی پاشای گەورە ساز كرد. منی خوێنەر و شەیدای شیعری پەشێو، كاتێ بۆ یەكەم جار پەشێوم لە نزیكەوە لە نێو ئاپۆڕایەكی گەورەی جەماوەری بینی، شاگەشگە بووم بە دیتنی و لە خۆشیان نێو چاوانی ئەو شاعیرە نەتەوەیی و كورد و بە هەڵوێستەم ماچ كردوو چاوانم پڕ لە فرمێسك بوون. پەشێو، تا ئێستاش یەكێكە لەو شاعیرە خۆشەویستانەی، بەشێكی زۆری شیعرەكانیم ئەزبەر كردووە و شیعرەكانی دەخوێنمەوە. پەشێو لە ڕێزی شاعیرە دیار و كوردستانییەكانی ئێمەیە. ئەوەی پەشێو لە بەشێكی زۆری شاعیرانی تری ئێمە جیا دەكاتەوە ئەوەیە، كە هەر تەنها شیعر نانووسێت، بەڵكو شاعیرانەش دەژیت و ئاكاری شیعرییانە لە ژیانیدا پەیڕە و دەكات. بە ئێستاشەوە، پەشێو لە سەنگەری چینی چەوساوە، هەژار و بێ دەرەتانی ئێمە دایە و خۆی و شیعرەكانی داكۆكیكەرێكی سەر سەختی مرۆڤ و مرۆڤایەتین. پەشێو، هیچ كاتێك ئامادە نەبوو خۆی و شیعرەكانی، قەڵەم و هەڵوێستەكانی، بخاتە سەنگەری دەسەڵات و گەندەڵًكاران و شیعر بۆ ئەو بە ناو شۆڕشگێڕانە بنووسێت، كە تا دوێنی خەونیان بە ئازادی كوردستانەوە دەبینی، كەچی ئێستا نەك خۆیان، بەڵكو هەفت پشتیشیان لە بەرهەمی بە ناو ئەو ڕاپەڕین و شۆڕشە دەخۆن و پێشمەرگەیەكی ئەو ڕۆژگارەش، لانەیەكی نییە تێیدا بژیت. پەشێو، خەونی بە كوردستانێكی یەكسان و ئازادیخواز، كە مرۆڤ شكۆمەندا تیایدا بژیت دەبینی. ئەو خەونی ئەوە بوو، كوردستانێك هەبێت چیتر منداڵە چاوگەشەكانی كورد، لە كەركوك و شوێنەكانی دیكە، سواڵ نەكەن و لە برسان نەمرن، بەڵام ئەفسووس ئەو خەونانەی شاعیر بە درێژایی ژیانی لە تاراوگە بە كوردستانەوە دەیبینی، نەهاتنە دی. بۆیە ئیدی نەگەڕایەوە كوردستان و مەنفای كردە لانەی غەریبی خۆی. پەشێو، دەیویست جارێكی دیكە دار و بەردی بێركۆت بلێسێتەوە، بەڵام كام بێركۆت؟ ئەو بێركۆتەی لە نێو شیعری ئەودا هەموو دنیای لێوە دەبینی، یان ئەوەی چنگی بە نێو مۆدێرنە و ژیانی شارستانی وێرانیكرد. خەونەكانی پەشێو بۆ نیشتمان، خەونی گەورە و مەزن بوون، بە داخەوە نەهاتنە دی. پەشێو ڕەنگە هەمان ئەو وزە و تینە شیعرییەی جارانی بە هۆی چوونە نێو تەمەن و ژیانكردن لە غەریبی بۆ ماوەی نیو سەدە زیاتر نەما بێت، بەڵام شیعرەكانی هەمیشە ماونەتەوە و كاریگەریان لە سەر دنیابینی و بگرە ئەزموونی نووسینی گەلێك لە شاعیرانی گەنج و تازە نووس هەبووە، كە بە جۆرێك ڕەنگە لەگەڵ خوێنەوەیان، هەست بە دەنگ و ڕەنگی پەشێو لە شیعرەكانیان بكەین. پەشێو هەر تەنها شاعیرێك نییە، بە بڕوای من ئەزموون و قوتابخانەیەكی شیعریش بوو، بۆیە ئاسایە كەسانێك لە ژێر كاریگەریەتی شیعری ئەو، شیعر بنووسن و لاسایی بكەنەوە، وەلێ نابێ دواجار ئەوەمان لە بیر بچێت، كە پەشێو هەر پەشێوە و كەس ناتوانێت وەك ئەو بێت. ئەم شاعیرە، هەر تەنها شیعرەكانی نا، بەڵكو گوفتار و هەڵوێست و نووسینەكانیشی، وەك شیعرەكانی نەتەوەیانەن. كەم ڕووداوی مرۆیی و نەتەوەیانە هەیە لە شیعری ئەودا ڕەنگی نەدابێتەوە، هەر لە گیڤاراو شۆڕشی ڕەش پێستەكانەوە بگرە، تا شۆڕشەكانی دیكەی سەدەكانی ڕابردوو. بە بڕوای پەشێو، شیعر هەڵوێست و یاخیبوونە لە دژی هەر ستەم و زۆردارێك كە بیەوێت مرۆڤ زەلیل و دیل بكات، نا یەكسانی و نادادی كۆمەڵایەتی بێنێتە ئاراوە، بۆیە لە پاڵ شیعرە نەتەوەییەكانی، شیعری بۆ مرۆڤ و مرۆڤایەتیش گوتووە. ئەوەی تا ئێستا پەشێوی بە گەورەیی لە یادەوەری ئێمە هێشتۆتەوە تەنها شیعرەكانی نییە، بەڵكو هەڵوێست و دیدە مرۆیی و نەتەوەیەكانییەتی، ئەو ئاكارە جوانانەیە كە لە كەسیەتی و ژیانیدا هەن و كەس بە شاعیری دەسەڵاتێك و حزبێك و ئایدیایێك نایناسێتەوە و سەربەرزیشە لەوەی كە هەرگیز شیعری بە باڵای پیاو كوژان هەڵنەدا. ئەوەی لە ژیانی مرۆڤەكان دەمێنێتەوە، هەڵوێست و مێژوویانە، لە پای كارو ئەو ڕووداوانەی ڕوودەدەن. شاعیران، موڵكی نەتەوەن و دەبێ بە یەك مەودا لە نێوان هەمووان بووەستن. پەشێو كوردستانیانە بیر دەكاتەوە نەك ئایدۆلۆژیانە، بۆیەشە لە یادەوەری هیچ نەوەیەكدا، ئەم شاعیرە و شیعرەكانی، بە سەر ناچن و كاڵ نابنەوە گەرچی بە داخەوە هەمان پەشێوی شەست و هەفتاكانیش نییە لە ڕووی شیعر نووسینەوە، كە ڕەنگە ئاوارەیی و تەمەن و نەخۆشی، فاكتەری سەرەكی ئەو دووركەوتنەوەیەی ئەو بن لە شیعر. مەرج نییە بۆ ئەوەی شاعیرێك بە نەمری بمێنێتەوە، ئیدی دەبێ تا هەتایە شیعر بنووسێت، ئەحمەد هەردی، تەنها ڕازی تەنیایی نووسیوە، بەڵام لە ئەدەبی كوردیدا، چەند هەردی دیكە وەك ئەو دروست بوون؟ پەشێو سەرمایەك و میراتێكی جوانی شیعری لە دوای خۆی بە جێهێشتووە، بۆیە ئەگەر بە تەنها گەڕانەوە و خوێندنەوەی شیعرە كۆنەكانیشی بێت، ئەوا دڵنیام تاسەی خوێنەر دەشكێنێ. یادەوەری من لەگەڵ شیعر ی ئەم شاعیرە، نە كۆن دەبێت، نە بە سەریش دەچێت، چونكە هەمیشە شیعرەكانی یادی ڕۆژگارێكم دێننەوە بیر، كە بە خەون خەیاڵی ڕۆمانسییانە و عاشقانە دەژیام، ڕۆژگارێك كە دەزانم گوزەشتوە و تازە ناگەڕێتەوە، بەڵام ئەو ڕۆژگارە لە نێو شیعرەكانی ئەودا، بۆ من بەسەر نەچووە و هەر ماوە، بۆیە بە ئێستاشەوە شیعرەكانی دەخوێنمەوە و چێژیان لێ وەردەگرم گەرچی ساڵانێكیشە دووركەوتۆتەوە لە شیعر. بەڵام گەڕانەوەی ئێمە بۆ ئەو، گەڕانەوەیە بۆ ئەو میراتە شیعرییەی لە دوای خۆی جێی هێشتووە. میراتێك ئەوە دەهێنێت، هەمیشە بە چاوێكی گەورە و پیرۆز و نەمر سەیری بكەین. لەو ڕوانگەیەوشەوە ئێمە ەگەڕێنەوە سەر پەشێو، هەرچەنە بۆمن وەك خوێنەرو شەیایەكی شیعری پەشێو، ئەم شاعیرە بە سەر ناچێت تا بگەڕێمەوە سەر شیعرەكانی. من ساڵانێك بوو، ەمویست كتێبێك لە سەر پەشێو بنووسم، ئەم بیرۆكەیە هەمیشە لەگەڵم دابوو، سوپاس بۆ خوا، دەرفەتی تەمەن و ژیانی پێدام، كتێبەكە بنووسم، بۆ من بڵاوبوونەوەی ئەو كتێبە، وەك ئەوە وایە، سیزیف ئاسا، بەردێكی گەورەم لە سەر شان لا چووبێت، كە تا بەر لە نووسینی ئەو كتێبە، بەردەوام هەستم كرووە بە كۆڵمەوەیە. پەشێو هەر تەنها شاعیرێك نییە، بەڵكولای من هێمای جوانییەكانی سەردەمێك و قۆناغێكی تایبەتی ژیانی خۆشمە، كە دەتوانم بە قۆناغی خۆشەویستی و ڕۆمانسییەت و یەكەم عشق ودوا عشقی ژیانیشمی بناسێنم. من لە هیچ كام لەو كتێبانەی پێشتر چاپ و بڵاوم كروونەتەوە، باسی خۆم نەكرووە، بەڵام لەو كتێبەدا، چونكە تایبەتە و یادەوەری سەردەمێكی جوانم دێنێتەویاد، ئیدی لە پەراوێزی یادەوەریم لەگەڵ شیعری پەشێودا، ناڕاستەوخۆ باسی ژیانی تایبەتی خۆم لە ڕۆژگارێك كردووە كە چیڕۆكێكی تایبەتی ژیانی خۆمە. بە ناڕاستەوخۆیی باس كرووە، چیڕۆكێك چەند ڕۆژگار بە سەر بچێت، تاڵتر دەبێت!

*مەبەستم ئەو كتێبەیە، كە لەو ڕۆژانەی ڕابردوودا، بەناوی (لە ژێر ساباتی شیعری پەشێودا) چاپ و بڵاوكرایەوە.




مێژوی كورد و كوردستان.. خوێندنەوەی: سەلاح جەلال

نوسینی: محەمەد مەردۆخی
وەرگێڕانی: عەبدول كەریم محەمەد سەعید
خوێندنەوەی: سەلاح جەلال

ئاڵۆزی مێژو لەرابردوی نەتەوەی كوردا كارەساتێكی جەرگ بڕ و پڕ لەپرسیار و گومان بووە، لەڕوی شێواندن و سڕینەوەو شاردنەوەو زۆر شێوازی تر لەلایەن دەوڵەتانی ناوچەكەوە. كەمی و نەبونی سەرچاوەو مێژو نوسی و نەبونی بواری رۆشنبیری و رۆڵی میدیای زیاتر بابەتی مێژوی كورد وەك مینێك وابووە.
ئەوەی ئەو تاریكاییەی رەواندەوە و رابردویان روناك كردەوە دەركەوتنی كۆمەڵێك كتێبی مێژویی گرنگ بون. یەكێك لەو كتێبانە مێژوی كوردو كوردستانی محەمەد مەردۆخییە، بابەتێكی ئەكادیمی پڕ لەزانیاری گرنگ بە پشت بەستن بە پتر لە سەد سەرچاوەی گرنگی جیهانی و رۆژهەڵات ناسانەوە نوسیوێتی. لەپەیدابونی ئادەمیزادەوە هەتا فەرمان رەوایەتی كۆرشی گەورە ئاوێنەیی نەخشەو وشەو رستە و روداوەكانی مێژووی ورد نیشان دەداتەوە.
رابردویەك جێگەی سەرسوڕمانە بۆ میللەتێكی وا لەو هەمو سەروەریانەیەوە ئێستا ژێردەستە بێت.
مەبەستی وەرگێڕ لە وەرگێڕانی ئەم كتێبە دەوڵەمەند كردنی ئەدەبی كوردییە لەزانیارییە مێژوییەكان و خزمەت كردن بە مێژوی كوردو ئیسلام و سود گەیاندن بە رۆڵەی كورد لە هاوكێشەی چاكەو خراپەی رابردویان، بەبێ ستایش و لایەنگیری هۆزو تیرەو لایەن و دەسەڵاتێك و وەك كەسێكی دڵسۆزو زانا بۆ بەرژەوەندی نەتەوەی كوردو پتر لەسەدو بیست و پێنج كتێبی گرنگی لەو بوارانەدا نوسیوە.
كورتەیەك لە ژیانی محەمەد مەردۆخی:
مەردۆخ لەبنەڕتەدا وشەیەكی ئاوێتەی سورییە( مەر + دۆخ) مەر: واتای ئاوێنە یان كوڕ. دۆخ: واتای خود( زات) یان خودی خودا دەگرێتەوە، دروست كەری نییە، خۆی پەروەردگار و دروست كەرە. یان خودی خودا وێنەی نییە، یان كوڕی خودا، یان خودی خودا.
بابلی و فارسەكان وشەی مەردۆخیان بۆ بتەكانیان بەكار هێناوە، بەكورتی واتای زانایەكی خاوەن پایەیە لەناو كۆمەڵدا،
ئەمیر محەمەد مەردۆخی باپیرە گەورەی بنەماڵەی مەردۆخییەكانە و لەو ڵاتی شامەوە رووەو هەورامان هاتون بۆ پەرەپێدانی ئاینی ئیسلام، لە گوندی دەرگا شێخانی هەورامان نیشتەجێ بون.
شێخ محەمەدی شێخ عەبدول موئمین ئیمام و خەتیبی شاری سنە بووە، لەساڵی 1878 هاتۆتە دنیاوە.
ناوەرۆكی كتێبەكە:
سەرەتا لەنەخشەیەكی جواندا ناوچە كوردنشینەكانی هەمو كوردستان، بەپێی پیتی ئەمجەدی دەنوسێتەوە، لە(ئەبووجسرە ی ناوچەی خانەقینەوە هەتا هیزل لەناوچەی موسڵ و كۆی گشتیان (246) ناوچەیە سەرتاسەری كوردستان دەگرێتەوە.
بەشی یەكەم- بەندی یەكەم. گوزەرانی گشتی.
نوسەر لێرەدا شیكردنەوەیەكی كورتی مێژو دەكات و ئاماژە بەوە دەكات نابێت لەواقیع دەربچین، ئەوەی عەقڵ بڕوای پێدەكات و دەیسەلمێنێت. باس لەو جیاوازیانەی مێژو نوسین دەكات لەسەردەمی رابردودا دەماو دەم گێڕدراونەتەوەو جیاوازیان دروست كردووە. لەو لەسەردەمی نوسینەوەدا ئەو جیاوازیانە كەم دەبنەوە، مێژونوس دەبێت بایەخ بەپاشماوەی دێرین بدات و بەردو شاخی هەڵكەندراوو كۆشك و تەلارە بەجێماوەكان بەسەر بكاتەوە. لەمانەوە شارستانیەت و پێشكەوتنی ئەو سەردەمانە بەدەست دەهێنرێن.
زۆر لە مێژونوسان پەیوەندی زۆریان بەعەرەبەوە هەیە، بنەڕەتیان دەگێڕنەوە بۆ سەر عەرەب و نەتەوەی كوردیش بەسامی ناو دەبەن. ئایا كورد لەعەرەبە یان لە ئارییە؟ ئەو مێژونوسانە با سەرنجی كتێبەكانی سی و حەوت سەدە لەمەوبەر بدەن هەتا ئێستایش جێگای بڕوای نوسەرانن و زۆربەی مێژووی میسر و ئێران لەو سەرچاوانەوە وسراونەتەوە. دەبێت مێژونوس پشت بە دوو سەرچاوەی گرنگ ببەستێت، پاشماوە دێرینەكان و نوسراوە كۆنەكان، ئەگەر لەو دوانەوە هیچی دەست نەكەوت بگەڕێتەوە بۆ هەڵسوكەوتی ناوچەكەی خۆی نەكو بێگانەو رۆژهەڵات ناسەكان.
نوسەر رای هێردۆت دەهێنێتەوە: ((ئەوەی دەیبیستم دەینوسم، ئیتر مەرج نییە راست بێت، لەم هاوكێشەیەشدا باسی مێژویی دیاری دەكات، پێویستە پشت بەچوار شتی سەرەكی ببەسترێت:
1 – پاشماوە دێرینەكان.
2 – كتێبە مێژوییەكان.
3 – مێژوی ناوچەكە.
4 – گەڕۆك و رۆژهەڵات ناسەكان)).
ئاماژەیش بەزۆر لەو هەڵانە دەكات كەوتونەتە ناو مێژوەوە، نمونەی( شەریف الدولە) فەرمانداری كوردستان واتە شاری(سنە) دەهیئَنێتەوە، سەرگەرمی كوژاندنەوەی راپەڕینی گەڵباخییەكان بووە، بەئەلیكۆپتەرێك ناوچەكەی بەسەركردۆتەوە فەرمانبەرێك هاوكاری كردووە، پرسیاری ناوی گوندێكی لێ كردووە، گوتویەتی: (نازانم)، هەر بە(نازانم) ناوی گوندەكە تۆمار كراوە. لەزۆر نامیلكەو كتێبەكاندا ناوی كەیقومار و كەیكاوس وتوس وفەریبەرز وئازیدەپاك وبەهمەند وئەسفەندیار بەهەڵە نوسراون. یۆنانییەكانیش ویستویانە هەر ناوێك بە هەر زمانێك بوبێت لەگەڵ زمانەكەی خۆیاندا بیگونجێنن. رۆژهەڵات ناسەكانیش لسەر مێژوی كورد یەك رایان نییە، هەركەسەیان بەپێی بۆچونی خۆی نوسیوێتی. بۆ نمونەیش رۆژهەڵات ناس سیركیتك دەڵێت: (كۆمەڵی میتانی تیرەیەكن لەهۆزی كاسی).
پڕۆفیسۆر سیایزار نوسیوێتی: (میتانی تیرەیەكن لەهۆزی سۆیاری).
.
نوسەر لەشیكردنەوەی مێژوییدا زیاتر لەسەرچاوەی بێگانە سەرچاوە میلییەكان بە جێگەی بڕوا دادەنێت، ئەو روداوانەی پێش نوسین و خوێندنەوە رویانداوە پێویستە پشت بەپاشماوە دێرینەكان و داستانە دەماو دەمییەكانی خەڵكی ناوچەكە ببەسترێت.
بەندی دووەم: پەیدا بونی ئادەمیزاد.
مرۆڤ لەكوێ پەیدابووە.
زەوی پارچە ئاگرێك بووە بەخێرایی سۆڕانەوەی زۆر بووە، بەپێی ساردبونەوەی ئاژەڵ و گیاندار و مرۆڤ دروست بون، وەك لەتەورات و قورئانیشدا هاتووە، رەگەزی مرۆڤ لەئادەمەو ئەویش لەگڵە.
ئاو و هەوا و رۆژ و گەرمی كاریگەرییان لەسەر دروست بونی زیندەوەران هەبووە. بەگشتیش ئامادەبونی ژیان دەبەستێتەوە بەبونی مادەی زیندو شێ.
دەربارەی زەمەنی پەیدابونی مرۆڤایەتی ئاماژە بەجیاوازی دەكات لەلای مێژو نوسان. ناتوانرێت زەمەنێكی دیاریكراوی بۆ دابندرێت.
بەندی سێیەم: نەژادی ئادەمیزاد و ناو بردنی گەل و هۆزەكانی.
زانا رەگەز ناسەكان و رەگەز و نەژادی ئادەمیزاد، دەكەن بەچوار بەشەوە( سپی و رەش، سور و زەرد) وا دیارە( سورو زەرد) لەڕەگەزی( سپی و رەش)ەوە دروست بوبێتن. ئەو دوانە بەبنەڕەتی مرۆڤ دادەنرێن، پەروەردگار لەئادەم پەیدای كردووە. تەوڕات دەڵێت: (نەوەی حام بەهۆی سەرپێچی كرنیان بەچەند گوناحێكەوە ڕەش بوون، نەوەی سام بەسپێتی مانەوە).
مێژوو لەسەر ئاینەكان لایان وایە: یان بەهۆی گوناحەوە رەش بون یان بەهۆی تێكەڵاوی رێژەی كیمیاییەوەیە. رای جیاوازیش لای مێژو نوسان هەیە. نابێت تەنها رەگەزی مرۆڤایەتی بەكوڕەكانی نوح ناو ببرێت، لافاوەكە هەمو جیهانی نەگرتۆتەوە، بۆ نمونە ئەمریكا.
سامییەكان بەم بەشانە دیاری دەكات: عەرەب، جولەكە، ئاشوری، كلدانی، خەڵكی بابل، شام، ئارامییەكان. (فینیقییەكان) لەتەوڕاتدا بەنەوەی حام ناسراون. ناوی ئارییەكانیش دەكرێتە سێ بەشەوە:
1 – هیندییەكان.
2 – ئەوروپییەكان، لاتینی، ئەڵمانی، نۆسەلاوی، سەڵتەكان.
3 – ئێرانییەكان، فارس – كورد. جگە لەمادەكان و ئاراراتییەكان( هیندو ئەوروپی- ئێرانی) پێكدەهێنن.
بەندی چوارەم:
1 – دەربارەی رەگەزی ئاری و تیرەكانی.
وشەی ئاری بەمانای ئاگر دێت، لەئارەوە هاتووە، ماناكەی ئاگرە، وشەی ئاری بەمانای ئاگرپەرست بون و مامییەكان بت پەرست بون و سامییەكان خواپەرست بون . وشەی ئەهریمەن لە دو وشە پێكهاتووە(ئاهر) و (مەن) واتا شەریكی یەزدان، كاری چاك، ئاهوڕا كاری خراپ، ئەهریمەن.
ئاری3400 پ.ز. رون نییە بەرایی تۆفانییەكانی سەردەمی نوح بون لەئەنجامی روداوێك لەمێژودا دوچاری بڵاوبونەوە و كۆچ كردن بوبن، یان نا.
بەندی پێنجەم: دەربارەی نەتەوەو هۆزەكانی ئاری:
بریتییە لە( ئەنردان، لاتین، جەڕمەن، ئوسلاو، سلت، هایی، بلاج، جەغزی، ئابادیان، ئادیان، ئاجامی، مادایان، پارسەكان).
1 – ئەنردان و هیندییەكان و دانیشتوانی ناوچەی سەند و پێچ ئاوسیك و كشمیر.
2 – لاتین: فەڕەنسی، ئیسپانی، پورتوغالی، ئیتالی، رۆمانی.
3 – جەرمەن لەهۆزەكانی ئەڵمان، ئینگلیز، سایكس، ئەسك،ندنافیا كورك پێكهاتون.
4 – ئۆسلاو: بریتین لەروسەكانی پۆڵەندا، لەهستان، سرب، چیكی.
5 – سلت: پێكهاتون لەبومییەكانی ئەوروپای رۆژئاوا.
6 – هایی: ئەمانە ئەرمەنەكانن، ئاراراتیشیان پێ دەڵێن.
7 – بلاج: لەدانیشتوانی بولغاریا، بەلجیكا پێكدێن.
8 – چەغزی: بەشێكن لەروسەكان، سەقالییەكان.
9 – ئابادیان: ئابادانیشیان پێ وتون و ئەو ئاریانەن بەناوی ئابادی گەورە ناو دەبرێن.
10 – ئادیان: ئازادیانیان پێ وتون، رەچەڵەكیان دەچێتەوە سەر ئازاد ئابادان، واتەمەهاباد، بەدەستی نەمارد كوژراوە،
11 – ئاجامی: ئارییەكانی بنەماڵەی( یاسان جام) دەگەڕێنەوە سەر(شای مەهبول).
12 – مادایان: ئارییەكان نەوەی(مادا) ی كوڕی یاخت كوڕی نوح، هۆزەكانی(ئەلوار، كیلاب، دەرام، فەزاران، لەم بەرەیەن.
وشەی مادا لەسەردەمی نۆیەمی پێش زایندا بڵاوبوەوە. بەڵام وشەی كورد هیرۆدۆت دەڵێت: (مادەكان لەبنەڕتدا نەوەی ئارین).
13 – پارسەكان: بریتین لەوئاریانەی لە وڵاتی- سفن- پارسی ئێستا و لەكەناری دەریای عومان و روباری ئەهواز جێ گیربون.
بەشی دووەم: دەربارەی كورد و كوردستان.
بەندی یەكەم: پەیدابونی كورد پێش چەند هەزار ساڵ پێش زاین، هۆزەكانی كورد لەرۆژهەڵاتەوە بەدرێژایی روباری دیجلە لەریزە چیای زاگرۆز هەتا كەنداوی عەرەبی و كەناری دەریای عومان رۆیشتون، لەرۆژ ئاواوە، بەدرێژایی روباری فورات و كۆمەڵە شاخی تۆرس هەتا سوریا و شاخەكان و كەناری دەریای سپی.
زۆربەی مێژو نوسەكان بەشی یەكەمی كورد ناو دەنێن كوردی رۆژئاوا یان ئاراراتی بەشی دووەم ناو دەنێن كوردی رۆهەڵات یان( مادیان) زیاتریش مینورسكی.
بەندی دووەم: دەربارەی رابردوی كورد:
بەشێوەیەكی گشتی بریتییە لەبەڵگەی مێژویی و پاشماوەكانی كورد و بەسەر پێنج سەردەمدا دابەش دەبن.
1 – لەسەردەمی پێش مێژووەوە لەچەند هەزار ساڵی پێش مێژووەوە هەتا ساڵی(3600) پ. ز. دەگەڕێتەوە.
2 – 3600 هەتا 853 پێش زاین سەردەمی پەیوەندی لەگەڵ ( سۆمەرییەكان- ئەكەد- علوی، ئاهور عیلا.
3 – 853 هەتا 550 پ. ز. سەردەمی فەرمان ڕەوایەتی ماد هەتا كەیخسرەوی گەورە.
4 – 550 هەتا سەردەمی ئیسلام.
5 – كورد لەسەردەمی ئیسلام بەدواوە.
بەندی سێیەم: دەربارەی نوسین و زمان و دین و خوڕەوشتی كورد.
سەرەتا كورد و فارس بەخەتی بزماری نوسیویانە، دوایی بەپیتی ماسی سوراتی، ئارامی، سریان، یۆنانی، لەسەردەمی ئیسلامدا خەتی كوفی بەكارهاتووە.
نووسین لەسەدەی دەیەمی پێش زاین پیاوێك بەناوی( ماسی سوراتی)پەیدابوو، بەپێی پیتە ئەبجەدییەكان چەند پیتێكی دۆزییەوەو لەسەری نووسین و هەڵسوكەوت كراوە، هەتا نزیكی هاتنی ئاینی ئیسلام ئەو پیتانە بەكارهاتووە، لەگەڵ ئەوەشدا خەتی(ئارامی، سریانی، یۆنانی)یان بەكارهێناوە.
زمانی هەر چوار هۆزەكەی كورد( لۆلۆ، گۆتی، كاسیۆ، شۆبار) هەریەكەیان ماوەی زمانێكی تایبەتی خۆیان بون. بەڵام لەیەكەوە نزیكن و هەموی هەر یەك زمانە.
ئێستا زمانی كوردی لەچوار شێوە زمان پێك دێت:(كرمانج، گۆران، لۆڕ، كەلهوڕ).هەریەكە لەمانەیش بون بەچەند بەشێكی تر و شێوەیان جیاوازە.
سی سرنی سیمس دەڵێت: زمانی كوردی خاوەنی گۆڕانكاری تایبەتی خۆیەتی و جیاوازیەكی زۆری لەگەڵ زمانی فارسیدا هەیە و زۆریش لەو كۆنترە.
ئاین و خوڕەوشت لەسەرەتادا رون نییە لەدوای هاتنی كوردەوە بۆ ئەم جێگایانە، ئاهورا پەرست بون، روناكی پەرست، ئاهوڕامەزدا، واتا خاوەنی هێز و دەسەڵات، ئەهریمەن نیشانەی هێز و تاریكی، دوایی كەوتونەتە ژێر كاریگەری زەردەشتەوە.
بەندی چوارەم: دەربارەی كوردستان
ژمارەی دانیشتوانی هۆزەكانی كورد؟
هەردو بەشەكەی كوردستان، رۆژهەڵات و رۆژئاوا دەگرێتەوە، لەسەدەی هەشتەمی كۆچیدا شانزە ویلایەت بووە، كوردستان 630000 كم چوار گۆشەییە بریتییە لەپانتایی روبەرەكەی و ویلایەت و شارەكانی پێكهاتووە لە شەش ویلایەت
1 – دیاربەكر.
( دیاربەكر، میافارقین، ماردین، ئەسیبین، ئارغەنی، سورەك، ئاماد، جزیرەی ئیبن عومەر، نەیشاپور، سەعرەت، نەرجەكی، بۆتان).
2 – موسڵ
ا (موسڵ، ئەربیل، سولەیمانی، یستان، كەركوك، سنجار، عەقرە، كفری).
(سنە، بیجاڕ، سەقز، بانە، هەورامانی تەخت، ویلایەتی ساوجبلاخ، كرماشان، سونقوڕ، كەنگاوەر، كەرەند، هارون ئاباد، زەهاو، هەرسین.
و: لوڕستان. شارەكانی خوڕەم ئاباد، سیمڕە، مەلایەر، نەهاوەند. تووسركان.
بەم شێوەیە هۆزەكانی كوردستان شی دەكاتەوە، بەشی ئارارات بەشی رۆژهەڵات و وڵاتی ماد، سەرنج دەخاتە سەر هەرسێ دەوڵەتی( كلدانی، ئاشوری، عیلام) پێكهاتەی دەوڵەتی ئاشور فەرمانڕەوایەتی كلدانییەكان، فەرمانڕەوایەتی ماد، فەرمانڕەوایەتی كەسایەتی و زانای ئەدیبانی كورد.
بەكورتی ئەم كتێبە گرنگییەكی زۆری هەیە چی لەروی زانستی و بەڵگەی مێژوویی و چی لە روی ئەمانەتی زانستی و كاركردنی ورد و نوسینەوەی مێژویەكی نادیار بایەخی تایبەتی خۆی هەیە.
سەرچاوە: محەمەد مەردۆخی كوردستانی. مێژوی كورد و كوردستان. بەغداد. 1990. چاپی یەكەم. چاپخانەی ئەسعەد. وەرگێڕانی. عەبدول كەریم محەمەد سەعید.

لەژمارە 36 ی گۆڤاری دیوان لە 1/4/2024 دا بلاوبۆتەوە.




خۆتان مەگرن، جارێ نایەت.. نەوزاد بەندی

تەبعەن نیشانەشکێنانی هەرێم لیستی موچەی مانگی 3 بە تەرفیعەوە ئەنێرن ، بەغایش دوای دوو هەفتە وەفدێ ئەنێرێ ئەڵێ :
ئەمە چییە ئەم ئیسرافە ؟
وا ئەزانن قولەی قافە ؟

ئەمانیش ئەڵێن :
بە تەرفیعەوە خۆشترێکە ..
هەمووی پارەی حوشترێکە ..

دوای سێ هەفتە بەغا ئەڵێ:
خوشک و مریشکتان دەردێنم ئەگەر تەرفیعەکەی لێ نەکەنەوە ..

سەرۆکی ئیقلیم قاچ ئەکوتێ بە عەرزاو ئەڵێ:
بێ تەرفیع تەعەدایە
میللەت لە دڵمانایە..

میللەتیش هاواری لێ بەرزئەبێتەوە ، ئەڵێ:
براکەم تەرفیعمان ناوێ
مردین بۆ نان و ئاوێ

بەغا ئەڵێ :
خەزێنەی دەوڵەت بۆشە
ئێوەیش وەزعتان ناخۆشە

سەرۆکحیزبێکی موعارەزە ، بە خۆی و پۆشاکێکی گرانبەهاوە ، تازە لە گەرماو و ماکیاج و مەساج هاتۆتەوە ، هەڵمی لێ هەڵئەسێ ، خۆی تووڕە کردووە ئەڵێ :

ئەناحە ناحە ناحە
ئەو میللەتە گوناحە

وەزیری کاربەڕێکەری قیتار و میترۆی هەرێم تووڕە ئەبێ و بەیاننامەیەکی حەوت لاپەڕەیی ئەنێرێ بۆ موسڵ ، تیایدا بەم دێڕە دەست پێ ئەکا :
ئێمه به چی تێ ئەگەن ؟
ئەی ئێوە کەی پێ ئەگەن ؟

ڕابەرێکی ئیسلامیی زۆر گرنگ ، بە خۆی و ڕیشێکی ماش و برنجی و ساقۆیەکی میلدارەوە ، زۆر بە هێواشی و بە پێکەنینەوە ئەڵێ :

ناردنی قەوائیم بە تەرفیعەوە
چۆن قبوڵ ئەکرێ لەلای شیعەوە ؟
ئێمەیش هاوخەمین لەگەڵ خەڵکیدا ،
بە دڵێکی موتیع و زۆر واسیعەوە ..

کوتلەی سەدر دێتە سەر خەت و ئەڵێ :

ئێمە حەز ناکەین وا بێ ..
دە با وا نەبێ وا بێ ..

پاقلە فرۆش و حەواسڵی مریشک فرۆشەکان مان ئەگرن ..ئەو خەیاتانەی کە تەنها کاوبۆ قارس ئەکەن ، بایکۆت ئەکەن و موزەکەرەیەک ئەدەنە نەتەوە یەکگرتووەکان ..مامۆستای ناڕازی هەڕەشە لە دار و بەرد ئەکەن ، سێ چوار دارلاستیک بەدەست ، حەوت هەشتێکیان لێ ئەپێچنەوە ..لوقمە قازی فرۆشێک سوێند و قورعان ئەخوا لە بەیانییەوە کیلۆیەک لوقمەقازی فرۆشتوە ئەویش بە نیوەقیمەت و بە نەخۆشێکی شەکرە .. لفکە فرۆشێک لە کەناڵێکی فەرمییەوە ئەڵێ نازانم من ڕزقم نەماوە ، یان خەڵک گەڕ بوون ..
پەڕەمێز فرۆشێک بە قەتار و ئەڵڵاوەسییەوە ، تێکچوونی خۆی ڕائەگەیەنێ ..کۆمەڵێ تەلەبە هەر لە خۆیانەوە مەکتەبێ ئەسووتێنن ..جومله فرۆشێک سەروحەج جڕتێ بۆ کابینەی حکومیی ئەکێشێ .. کۆمەڵێک ژن داوای تەڵاق ئەکەن .. ڕەباعێکی دەولیی هەرچی ئاسن و ئیسپرینگ و دۆمبەڵانسی هەیە ، هەڕاجیان ئەکا و کەسیش لێی ناکڕێ ..مەلایەکی 12 عیلم بە سەرخۆشیی ، لە مینبەرا ئەگیرێ .. کۆمۆنیستێکی دایک و باوک کۆمۆنیستی و پور و نەنک مولحید ، ئەچێ بۆ عەمرە و بە سیواکێکی بە قەدەر شمشێرەکەی حەزرەتی عەلییەوە دێتەوە .. دوو کافێ ، نێرگەلەکانیان ئەکەن بە خێری مەولوی پێغەمبەر ،بەغا بینێرێ .. نانەقەیسی فرۆشێک یەک دنیا جنێو به کوردو کوردستان ئەدا .. بانگخوازێ بە قوڕگی پڕ لە گریانەوە باس لە خێزانێ ئەکا یەک مەقەڵی خەڵوزیان گەشاندۆتەوە ، کەچی گۆشتیان نەبووە بیخەنە بانی .. خاوەنی سەمونخانەیەک لەناو عەجانەکەدا ، به ڕووتیی لێی پاڵ ئەکەوێ ، ئەڵێ تا بەغا نەینێرێ موجازەفە بە هەویری ماڵ و مناڵمەوە ناکەم .. کۆمەڵێ خوێندکاری زانکۆ ، مەنجەڵێ نیسکێنەی خەست بۆ ئەنجومەنی وەزیران ئەکوڵێنن .. وەزیری دارایی بە بیجامەیەکی بازەوە لەحزەیەک دەرئەکەوێ و دوای ئەوە کەس نازانێ چووە بۆ کوێ .. قوڵەفڕە فرۆشەکان هەڕەشەی ئەوە ئەکەن ژێر پردەکە گڕ تێ بەردەدەن ..

وەلحاسڵ مانگی 7 ، دوای مەڕاسیمێکی وزاری و بە ئامادە بوونی کۆمەڵێ میوانی ئیقلیمی و هەنێ ڕەئیس وزەرای خانەنشین بووی ئەفەریقا و نێردەری یو ئێن و برازایەکی جیڤارا ، بە بێ تەرفیع موچەکە دێت ، نیوەی مۆزەفینی ئەقلیم شێت بوون و نیوەکەی تریشیان سوێن و قورعان ئەخۆن به قاقەزی بیست و پێنجیی نەبێ وەری نەگرن .

ـــ وێنەکە ، هی دوو سێ حوتن کە لە چاوەڕوانی موچەی مانگی مارتا ، مانگی تەموز بوون بە ماسی زینە ــــ
ئیتر بۆ پێشەوە ..




گۆڤاری زمان و زار ژمارە ١٢

بۆ خوێندنەوەی ژمارە ١٢ی گۆڤاری زمان و زار کلیکی ئێرەبکەن..




یەکەمین ئیڤێنتى دیداری ئەدەبى کوردى-ئەڵمانى لەشەقڵاوە بە ڕێوەچوو.. ئامادەکردنی: ئیسماعیل محەمەد

دەمژمێر ٢١ی ڕۆژی ٢٥-٣- ٢٠٢٤ شەوى پێنجشەممە لەسەر هەینى، دیدارێکی ئەدەبى و هونەرى بۆ خاتوو ‘جانین ڕیگۆ جان’ نووسەر و ئەدەبدۆستى کوردى بەڕەگەز ئەڵمانى لە هوتێل بەسمە ئەلسەفیر. لەلایەن سەنتەرى ڕۆشنبیرى شەقڵاوە وەسازکرا
دڵشاد کاوانێ ڕێکخەری دیدارەکە بە خەباتى ڕاگەیاند کە دیدارەکە لە دوو بەش پێکهاتبوو، ئەدەبى کوردى لە ئەڵمانیا لەلایەن وەرگێڕ سابیر سەبرى کارى وەرگێڕانى بۆکرا، بەشى دووەمیش گۆرانى کولتوورى ئەڵمانی بوو، چەند گۆرانییەکى کلتوورى ئەڵمامى پێشکەش کرا، کە لەلایەن ژەنیاری گەورەى کورد مامۆستا چەتۆ نەورۆز کارى میوزیکى بۆ کرا.
خاتوو جانین لەو دیدارەدا ئاشكرای کرد کە بە مەبەستی پڕۆژەیەەکی هاوبەش لەگەڵ دڵشاد کاوانی نووسەر و ڕۆماننووس هاتۆتە کوردستان و کە بەنیازن لە داهاتوودا لە وڵاتی ئەڵمانیا بەهاوبەشى ئەنجامی دەدەن. لەهەمان کاتدا سەرسامی خۆی بۆدوایین ڕۆمانی دڵشاد کاوانی بەناوی فڕینی پردەکان دەربڕێ کە لە ڕێی زمانی ئینگلیزیەوە خوێندویەتییەوە، ئەم ڕۆمانەى وەک سەرکێشىىەکى گەورەى ڕۆمانى کوردى بۆ جیهان بینیى، بۆیە بەپێویستى زانى کە بگەڕێتەوە ئەڵمانیا و کار بۆ ناساندنى ڕۆمانەکە بە گەلى ئەڵمانى دەکات.
لە کۆتای ئیڤێنتەکەشدا قەڵغانى ڕێزلێنانى دۆستى کورد لەلایەن کاروان کەریمخان قائییمقامى قەزاى شەقڵاوە پێشکەشى خاتوو ‘جانین ڕیگۆ جان’ کرا.

ئامادەکردنی: ئیسماعیل محەمەد




قەپی پاشکەوت.. کەنعان مەدحەت

بۆم نییە بە شەو بڵێم تاریک دامەکە
بەڵام بە مافی خۆمی دەزانم
لە گوێی ڕۆژ بگرم و پیایا بسرەوێنم
هەرچی زووترە هەڵبکا.
بۆم نییە بە مناڵان بڵێم
خەوی، بە خۆراک و
جل و بەرگ بۆ کەس مەگێڕن.!
بەڵام بە باوکان دەوێرم بڵێم
گان ڕاگرن
مناڵ بەخێوکردن
گیرفانی دەرەقەتداری دەوێ.
قرتاوە موچەی سێ و چوار مانگ جارێ
کەس تێر و کەس کەسیش
پۆشتە ناکا
تکایە دەست بە بەنەخوێنەوە بگرن
تا دەسەڵات
لە رووی پشکی بەرکەوتو و دەستکەوتی ناوخۆ
ڕێژەی تێکەڵاوبوون، دیار و
قەپی پاشکەوت یەکلا دەکاتەوە!

کەنعان مەدحەت




سۆناتای نیگەرانی.. ستیڤان شەمزینی

نیگەرانم، نیگەران
پەپولەکانی ئەم بەھارە ناتوانن
دیلانێ بە رۆحی خەزاناوییم بکەن
ھێندەی سیزیف ماندووم
ئەم بەردە قورسەی ژیان
بە من ناڕواتە
سەر لوتکەی بەختەوەریی
من چی لە ئەستێرەیەکی پیانۆژەن بکەم؟
گەر شەوێکی ھێمنم نەبێت
چی لە کاسەی سەرم بکەم؟
گەر خەونێکم نەمابێت بیبینم
تازە لە دەست دەرچووم
چی قاوەگرەوەی دنیایە
چارەنووسی دڵمیان بۆ ناخوێنرێتەوە
ھەرچی شادومانی نێو گەردوونە
قۆپچەی پێکەنینی منی پێ ناکرێتەوە


دنیا زۆر بچووک بۆتەوە
شتی گەورە
لە باوەشیدا جێی نابێتەوە
دنیا زۆر تاریک بووە
رووناکی لە چاوی تۆراوە
دنیا زۆر تەسک بۆتەوە
کراسی خۆشەویستی
بە بەری ناکات
من چیم داوە لەم دنیا لێڵە؟
خۆ چاوی شیعرمی تێدا ھەڵنایێ
چیم داوە لەم سەحرای ژیانە؟
خۆ تۆوی عەشقی تێدا شین نابێت
تێناگەم
تاکەی دەست بەدنیاوە دەگرم؟
لە کاتێکدا
ئازار تارمایی ئاسا بەدوامەوەیە
ھێشتا تێناگەم!.


لە ژیاندا
بە نێو ژانەکاندا رەت بووم
لە ئازارەکاندا
بەناو ژیاندا تێپەڕیم
لە خۆشەویستیدا
بەنێو شیعردا رەت بووم
لە شیعردا
بەناو خۆشەویستیدا تێپەڕیم
لە خەوندا
بە نێو رابردوودا رەت بووم
لە رابردوودا
بەناو خەوندا تێپەڕیم
لە ئاگردا
بە نێو عەشقدا رەت بووم
لە عەشقدا
بەناو ئاگردا تێپەڕیم
لە دڵی مەعشوقدا
بەنێو خۆمدا رەت بووم
لە خۆمدا
بەناو دڵی مەعشوقدا تێپەڕیم


١١-١-٢٠١٩
ئەڵمانیا – بیلەفێلد




زریوەی رۆحم بکوژێنەوە.. ستار ئه‌حمه‌د

نەمزانی… هەور لەخۆت دەپێچێت و
دوای هەناسەی (با) دەكەوی .
دەبیتە پەلكی ئەستێرە و
نایەیتەوە بۆ سەر زەوی.
ئەو ساتانەی ….
هەناسەم دەبووە شیعر و
پارچەی شكاوی دەروونمی”
بەشەماڵا بۆ دەناردی.
نەمدەزانی …
وردە ئەشكی لوتكەی چیای”
وەكوو بەفراو مات و ساردی.
شەوانێكی عاشقانەو
ئەلبوومێكی وشەی جوانی.
گەڵای سێوێكی وردیلەی ..
چوون ئاورێشم نەرم و نیانی.
برینی ناخم خوێن رێژە ..
پەنجەكانت…!!
پێنج گێلاسی رەنگاورەنگن.
پێنج مۆمی كز داگیرساوو.
پێنج هۆنراوەی هەڵرژاوی.
پەڕەی شیعرێكی بێدەنگن.
بیرت دەكەم …
لەگەڵ هوزاری ئاسمان و
رەوتە سەمای نیگای خۆرا.
ئەو كاتانەی زەمین دەگری،
ئاسمان بۆ دابڕانی تۆ ..
ئەستێرەكانی هەڵوەری و
خوێنی هەناوی داچۆڕا .
وەرەوە گەر بۆ ساتێك بێت ..
لە ژوانگەم بمێنەوە .
لەگەڵ داگیرسانی جگەرەیەكا،
زریوەی رۆحم بكوژێنەوە.

ستار ئه‌حمه‌د




ڕاستی ده‌رباره‌ی به‌لشه‌فیکه‌کان*.. نووسینی: ئێما گۆڵدمان.. وەرگێڕانی: سەلام عارف

لەئەرشیڤی دەنگەکانەوە..٢٠١١
https://dengekan.ca/archives/14567

ئه‌م تێکسته‌ دوا به‌شداریکردنم ده‌بێت به‌رله‌وه‌ی بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ به‌ندیخانه‌یEfferson City Missori من له‌وێ به‌ندکراوم بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ، تێکسته‌ هه‌ڵسه‌ندگاندنێکه‌ ده‌رباره‌ی شای مۆجیزه‌کانی به‌لشه‌فیکه‌کان واته‌ )شۆڕشی ڕووسی ، (ئه‌مڕۆ ئه‌و مۆجیزه‌یه‌ بۆته‌ ئیلهامی نه‌شونماکردنی به‌لشه‌فیکه‌کان له‌ ده‌وڵه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا.

ئه‌وه‌ی سه‌ره‌کییه‌ و گرنگه‌ له‌م باسه‌دا ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌مریکاییه‌کان له‌ ماهیه‌تی به‌لشه‌فیکه‌کان تێبگه‌ن تا بزانن ئه‌وانه‌ له‌کوێوه‌ هاتوون، ئێستاکه‌ خه‌ریکی چین و به‌ره‌و کوێش ده‌چن؟

به‌لشه‌فیك وشه‌یه‌کی ڕووسیه‌ بۆ شۆڕشگێڕه‌کان به ‌کار ده‌هێنرێت، به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌و باڵه‌ی که‌ لانی زۆر و هه‌ره‌گرنگی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌کانی چین و توێژه‌ هه‌ژار و بێده‌ره‌تانه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌رده‌بڕن و به‌رگرییان لێده‌که‌نو ده‌ربڕینه‌کانیان بوونه‌ته‌ ئاوێنه‌ی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌.

سه‌رده‌می کۆنگره‌ی پارتی کرێکارانی سۆسیال دیموکراتی ڕووسی -1903- شۆڕشگێڕه‌ هه‌ره‌ ڕادیکاله‌کان، ته‌واو وه‌ڕس و توڕه ‌بوون له‌ په‌ره‌سه‌ندنی ته‌وژمی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان و ڕیفۆرمخوازی ناو ڕیزه‌کانی حزب، بۆ په‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌و ته‌وژمه‌ به‌لشه‌فیکه‌کان ده‌ستیان کرد به‌ خۆڕێکخستن له‌ ڕێکخستنێکی به‌لشه‌فیکیدا دژی ته‌وژمی مه‌نشه‌فیکی، مه‌نشه‌فیکه‌کان ئه‌وانه‌ بوون، که‌ په‌نگیان خواردبووه‌وه‌ و ڕازیبوون به‌ پێشکه‌وتنی خاووخلیچك و ڕیفۆرمخوازانه‌، به‌ واتایه‌کی تر پێشکه‌وتنی هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو. له‌ سه‌ره‌تاوه‌، لینین، دواتر ترۆتسکی به‌ جووته‌ بوون به‌ دوو وه‌ستای کارامه‌ی ئه‌و ته‌وژمه‌، هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش بوو شێوازی کارکردنی )دابڕان و که‌رتبازیان( هه‌ڵبژارد، بێ وچان ده‌ستیان دایه‌ دروستکردنی پارتیی به‌لشه‌فیك له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی تۆکمه‌ و ئه‌وان تا ڕوودانی شای مۆجیزه‌کان سه‌رقاڵی ئه‌و کاره‌ بوون. به‌ لای سیاسه‌تبازانی گرووپ و پارتییه‌ سۆسیالیسته‌کانی ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌، شۆڕش مانای ڕووخاندنی تسار (قه‌یسه‌ر) و دامه‌زراندنی حکوومه‌تێکی لیبریالی ده‌به‌خشێت، لای لینین و ترۆتسکی و لایه‌نگیره‌کانیان، شۆڕش مانایه‌کی قووڵتری هه‌بوو‌، هه‌روه‌ها مه‌ودایه‌کی دوورتر و فراوانتری هه‌بوو‌ و ده‌بوو کاروکاردانه‌وه‌ی له‌ هه‌موو بواره‌کانی ژیاندا به‌هێز بێت، ئه‌وان ته‌واو ئاقڵ و هۆشمه‌ند بوون و به‌ باشی له‌و مه‌سه‌له‌یه‌ گه‌یشتبوون، ئه‌و ئاقڵی و هۆشمه‌ندییه‌شیان زاده‌ی مێشکی خۆیان نه‌بوو، به‌ڵکو له‌ پێویستییه‌ به‌ په‌له‌ و گرنگه‌کان و له‌ به‌ئاگاهاتنه‌وه‌ی گه‌لی ڕووسه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبوو،هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بوو فره‌لایه‌نی و پارادۆکسی نائاسایی و نموونه‌یی مۆجیزه‌که‌ له‌وێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبوو، ئه‌و پارادۆکسه‌ شاراوه‌ نییه‌ به‌باشی به‌ چاوی خۆمان له‌ واقعه‌که‌دا ده‌یبینین و هه‌ر شه‌قی ئه‌و واقعه‌شه‌ سۆسیال دیموکراته‌ مارکسییه‌کانی -لینین-ترۆتسکی- ناچار کرد تاکتیکێکی شۆڕشگێڕانه‌ی ئه‌نارکی پیاده‌ بکه‌ن، ده‌بێت ئه‌وه‌ له ‌یاد نه‌که‌ین پیاده‌کردنی ئه‌و تاکتیکه‌ نه‌یتوانی ئه‌نارکیسته‌کان له‌ خشته‌ به‌رێت له‌وانه‌ بۆ نموونه‌- کرۆپۆتکین، شێرکه‌سۆڤ و تایۆڤسکی- ئه‌و تاکتیکه‌یان دایه‌ به‌ر نه‌شته‌ری ڕه‌خنه‌ و وتیان، ئه‌و تاکتیکه‌ به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ك میتافیزیکی ئه‌ڵمانییه‌ و به‌ مارکسییه‌ت موتوربه‌کراوه.

ڕاسته ‌و نکۆڵی له‌وه‌ ناکرێت که‌ به‌لشه‌فیکه‌کانی 1903 نێتپاک و شۆڕشگێڕ بوون، به‌ڵام ئه‌و مۆجیزانه‌ که‌ هه‌موو ڕۆژێك شۆڕشی ڕووسی به‌رهه‌می ده‌هێنان، ده‌ریانخست که‌ تیۆره‌کانیان نزم و نیوه‌ناچڵن، به‌لشه‌فیکه‌کان بڕوایان وا بوو که‌ نه‌ مه‌رجه ‌و نه‌ پێویسته‌ ڕووسیا به‌ قۆناغێکی پیشه‌سازیدا تێپه‌ڕ ببێت، تا بۆرژوازی ڕۆڵی مێژوویی خۆی ببینێت و نامه‌ی خۆی بگه‌یه‌نێته‌ مه‌نزڵ، هه‌روه‌ها له‌میانه‌ی ئه‌و پرۆسه‌یه‌شدا ئه‌و بواره‌ش بڕه‌خسێت که‌ زوربه‌ی زۆری خه‌ڵكیش ڕۆڵی خۆیان ببینن، بازدانیان به‌سه‌ر ئه‌و قۆناغه‌دا مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌ بوو، ئه‌نجامی خراپی لێکه‌وته‌وه‌، باکۆنین ده‌رباره‌ی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ وتویه‌تی: “کاتێك زۆربه‌ی زۆری خه‌ڵك هۆشمه‌ند ده‌بێت به‌ ده‌سه‌ڵاتی ئابووریی خۆی، مێژووی خۆی دروست ده‌کات و خۆی ئازاد ده‌کات له‌ هه‌موو ئه‌و خوونه‌ریته‌ که‌ڵه‌که‌بووانه‌ که‌ له‌ ڕابوردوویه‌کی مردوه‌وه‌ به‌ میرات بۆی ماوه‌ته‌وه‌‌.” نموونه‌یه‌ك له‌و نموونانه‌ ئه‌و په‌یمان و گرێبه‌ستانه‌ بوون که‌ مۆرکرابوون له ‌ده‌وری مێزه‌کان به‌بێ ئه‌وه‌ی داوا و پێویستی سه‌رده‌مه‌که‌ بووبێتن.

ئه‌مڕۆ گه‌لی ڕووس هۆشیاره‌ و گۆڕانێکی مه‌زنیش ڕوویداوه‌، ئه‌وه‌ش وایکردووه‌ که‌ به‌لشه‌فیکه‌کان ته‌نها‌ نوێنه‌رانی تیۆری بن و هیچی تر، ئه‌گه‌ر لینین و ترۆتسکی گوێیان بدایه‌ته‌ هاوار و ئه‌ندێشه‌کانی گه‌ل، نه‌ك هه‌ر نه‌یانده‌توانی تیۆره‌کانیان به‌و جۆره‌ دابڕێژن، به‌ڵکو نه‌شیانده‌توانی له‌و جێگانه‌شدا بمێننه‌وه‌ که‌ داگیریان کردووه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و دووانه‌، لینین و ترۆتسکی، ده‌ربڕینه‌کانیان له‌ پێناوی خه‌ڵکیدا بووایه‌، به‌و جۆره‌ گه‌ماڕۆی داواکارییه‌کانی خه‌ڵکیان نه‌دایه‌ و به‌ زه‌بروزه‌نگ مامه‌له‌یان له‌گه‌ڵدا نه‌کردنایه‌، یه‌کجار به‌و جۆره‌ سه‌نگی پله‌وپایه‌ و پێشبینیکردنه‌ پێغه‌مبه‌رییه‌کان دانه‌ده‌به‌زی، به‌ واته‌یه‌کی تر ئا به‌و جۆره‌ چاره‌ڕه‌ش و ڕه‌زاقورس نه‌ده‌بوون.

ئه‌وه‌تا ماوه‌یه‌که‌ لینین و ترۆتسکی، به‌وه‌ تاوانبار ده‌کرێن که‌ گوایه‌ به‌کرێگیراوانی ئه‌ڵمانیان و له‌ ڕێگه‌ی –Kaiser-وه‌ پاره‌یان ده‌درێتێ، ئه‌وانه‌ی ئه‌و قسه‌ و قسه‌ڵۆکانه‌ هه‌ڵده‌به‌ستن و ده‌یانهێنن و ده‌یانبه‌ن ڕۆژنامه‌کانن، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ به‌ڵگه‌یه‌کیان به‌ ده‌سته‌وه‌ بێت. هیچ له‌وه‌ بۆگه‌نتر و قێزه‌و‌نتر نییه‌ که‌ که‌سێك به‌و جۆره‌ تاوانبار بکه‌یت، ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕسته‌یه‌دا: “ده‌بێت ئێمه‌ بجه‌نگێین بۆ زامنکردنی ئاسایشی دنیا و پاراستنی دیموکراتیه‌ت.” هاوڕا نییه‌ و دژایه‌تی ده‌کات.

ئێمه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی تایبه‌تی خۆمان هه‌یه‌ ده‌رباره‌ی لینین و ترۆتسکی و هیچ پێویستییه‌کیشمان به‌وه‌ نییه‌ پاساو بهێنینه‌وه‌ بۆ ئه‌و گه‌لحۆ و ساویلکانه‌ که‌ هێنده‌ خۆشباوه‌ڕن و بڕوایان وایه‌ که‌ ڕۆژنامه‌نووسان هه‌رگیز (درۆ ناکه‌ن).

کاتێك ترۆتسکی له‌ وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا بوو له‌ خانوویه‌کی گچکه‌ی پیسا ده‌ژیا و ته‌واو هه‌ژار بوو، ڕۆژنامه‌یه‌کی سۆسیالیستی سه‌ر به‌ جووه‌کان به‌ڵێنیان دایه‌ که‌ ژیان و گوزه‌رانی باش ده‌که‌ن، ئه‌گه‌ر بێت و ده‌ست هه‌ڵبگرێت له‌ گه‌رموگوڕی و هه‌ڵپه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی خۆی، به‌ڵام ترۆتسکی ئه‌و به‌ڵێن و داوایه‌ی ئه‌وانی ڕه‌ت کرده‌وه‌ و هه‌ر سوور بوو له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی خۆی و هه‌ژاری و ڕێزگرتن له‌ که‌سایه‌تیی خۆی هه‌ڵبژارد و کاتێکیش که‌ بڕیاری ئه‌وه‌ی دا بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ڕووسیا بۆ خه‌رجی گه‌ڕانه‌وه‌که‌ی پیتاکیان بۆ کرد، ئاوه‌ها بوو ژیان وگوزه‌رانی ئه‌و به‌کرێگیراوه‌ی ئه‌ڵمانیا!!!!

ده‌رباره‌ی لینینیش، لینین، هه‌موو ژیانی خۆی ته‌رخان کردبوو بۆ خه‌باتکردن له‌ پێناوی ڕووسیادا، له‌ براکه‌یه‌وه‌ خه‌زێنه‌یه‌ك له‌ بیروباوه‌ڕی شۆڕشگێڕانه‌ی به‌ میرات بۆ به‌ جێ مابوو، براکه‌ی به‌ فه‌رمانی تزار کوژرابوو، واته‌ لینین بیانوویه‌کی که‌سی خۆی هه‌بوو له‌و ڕقوکینه‌ ئه‌ستووره‌یدا که‌ هه‌یبوو به‌رامبه‌ر ئۆتۆکراسی ڕووسی، لینین ژیانی خۆی ته‌رخان کردبوو بۆ ئازادکردنی ڕووسیا. چه‌ند سته‌م و مه‌ترسیداره‌ که‌سێکی ئاوه‌ها تاوانبار بکه‌یت به‌ سیخوری ئیمپریالیزمی ئه‌ڵمانی، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ له‌ یاد نه‌که‌ین که‌ هاژه ‌و هوژه‌ و گیڤه‌گیڤی لینین وترۆتسکی بوونه‌ بێده‌نگییه‌کی شه‌رمه‌زارکه‌ر، که‌سایه‌تییه‌ به‌هێز و به‌رزه‌که‌یان بوو به‌ گه‌نده‌ڵی، ئیتر گه‌نده‌ڵیش بوو به‌ شوناسنامه‌ی سه‌رکرده‌ ناسراوه‌کانی شۆڕش، به‌و شوناسنامه‌یه‌ نه‌بووایه‌ که‌س نه‌یده‌ناسینه‌وه‌، ئه‌و حاڵه‌ته‌ش سه‌ری سه‌رانی به‌لشه‌فیکه‌ ئه‌مریکاییه‌کان نه‌بێت، سه‌ری هیچ که‌سێکی تری نه‌سووڕماندبوو‌، ئه‌و سه‌ره‌ به‌لشه‌فیکییانه‌ که‌ مه‌سه‌له‌ی شۆڕشیان لێ بووه‌ته‌ مه‌ته‌ڵێك و بۆیان هه‌ڵنایه‌ت، ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ ده‌یزانن هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و جۆره‌ شۆڕشه‌ نامۆیه‌ به‌ گیانی ئه‌مریکا و ئه‌مریکاییه‌کان. ده‌بێت ئه‌وه‌ش بووترێت وه‌نه‌بێت ئه‌و سه‌ره‌ به‌لشه‌فیکییانه‌ نه‌یانه‌وێت له‌ به‌ها و به‌رزیی خونه‌ریتی شۆڕشگێڕی و شۆڕش تێبگه‌ن، تا بزانن شۆڕش چییه‌ و ته‌رحی چییه‌ بۆ مه‌زنی و سه‌روه‌ریی ده‌وڵه‌ت؟

ئه‌مریکاییه‌ مامناوه‌نده‌کان بڕوایان وایه‌ که‌ شۆڕش له‌ وڵاته‌که‌یاندا هیچ پاساوێکی نییه‌ و بێفه‌ڕه‌، به ‌لای ئه‌و ئه‌مریکاییه‌ مامناوه‌ندانه‌وه‌ تاریکستانی ڕووسی ده‌بووایه‌ حکوومه‌تی ته‌فروتوونا نه‌کرایه ‌و حکوومه‌تێك پێکبهێنرایه‌ له‌ جۆری حکوومه‌ته‌که‌ی له‌مه‌ڕ خۆیان و وه‌ك تاکتیکێکیش ڕێزی سه‌رۆکی حکوومه‌ت بگیرایه‌، ‌هه‌روه‌ها که‌مێك ڕێزی ئۆتۆکراسیی ڕووسی بگیرایه و یا هه‌ر هیچ نه‌بێت داوای لێبووردنی لێبکرایه‌، جا ئێوه‌ ڕووسیا بهێننه‌ پێشچاوی خۆتان وه‌ك چۆن ئه‌و ئه‌مریکاییه‌ مامناوه‌ندانه‌ بۆی ده‌چن و تێیگه‌یشتوون.

به‌لشه‌فیکه‌کان لیبریاله‌کانیان ڕاونا و ده‌رپه‌ڕاند، بۆ نموونه‌ میلیکۆڤ و هه‌روه‌ها کرێنسکی، له‌ هه‌مان قاپییه‌وه‌ که‌ تزاریان لێوه‌ ده‌رپه‌ڕاند، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ که‌ که‌وتبوونه‌ وێزه‌ی مه‌لیك و خاوه‌نزه‌وییه‌کان، هه‌ر وه‌ك چۆن به‌ربووبوونه‌ وێزه‌ی کاپیتالیزمیش. له‌ ڕاستیدا ئه‌و جۆره‌ موماره‌سانه‌ له‌گه‌ڵ گیانی ئه‌مریکاییه‌کاندا ناگونجێن**

ڕووسه‌کان هیچ خۆشییه‌ك و له‌زه‌تێکیان نه‌ دیت و نه‌ چێشت له‌ دیموکراتیه‌ت و په‌روه‌رده‌کردنی کولتووری و به‌ها ده‌ستورییه‌کان و دابینکردنی لانی که‌می یه‌کسانی، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبوو که‌ ته‌نها ئۆتۆکراسییه‌ك خرابووه‌ جێگه‌ی دانه‌یه‌کی تر. بێگومان کارێکی له‌و چه‌شنه‌ش ئه‌نجامه‌که‌ی له‌وه‌ باشتر نابێت، به‌ واته‌یه‌کی تر کاکڵه‌ی سیاسه‌تی سیاسه‌تبازه‌کان و کاکڵه‌ی شۆڕش جیاوازن و دژ به‌ یه‌کن.

گه‌لی ڕووسی له‌ لابردنی نیکۆلاسی دووه‌مدا چاوه‌ڕانی ده‌ستپێکردنی شۆڕشی ده‌کرد، نه‌ك کۆتایی شۆڕش.

بۆ ئه‌م باسه‌ پێویسته‌ ئه‌م پرسیاره‌ بکه‌ین، ئه‌و زوڵوزۆره‌ که‌ له‌ -موجیك -Moujik- ده‌کرا له‌ چیدا خۆی ده‌نواند و کێ ده‌یکرد؟ له‌وه‌دا خۆی ده‌نواند که‌ تسار تاجی سه‌ریانی داگرتبوو و ده‌سه‌ڵاته‌کانیانی سنووردار کردبوو،موجیك ته‌نها ناڕازی و ڕقئه‌ستوور نه‌بوو له‌ تسار، له‌وانه‌ش بێزار و ڕقئه‌ستور بوو که‌ باجیان ده‌سه‌ند و زه‌ویان داگیر ده‌کرد و هه‌ر که‌سێکیش له‌وان باجی نه‌دابا شه‌لاقیان لێده‌دا، یا ڕه‌وانه‌ی به‌ندیخانه‌کانیان ده‌کرد، هه‌روه‌ها له‌وه‌ش ده‌ترسان ئاژه‌ڵه‌کانیشان تاڵان بکه‌ن. به‌ کورتی کلیلی ژیانیان به‌ ده‌ست توێژێکی سه‌روه‌ره‌وه‌ بوو.

موجیك هێنده‌ سۆز و خۆشه‌ویستی بۆ زه‌وی زۆر بوو نازناوی -دایك-ی پێ به‌خشیبوو،هه‌ر له‌و گۆشه‌یه‌وه‌ ده‌یانڕوانیه‌ شۆڕش، به لای ئه‌وانه‌وه‌ وه‌ها بوو گه‌ر شۆڕش بۆ ڕزگارکردنی زه‌وی نه‌بێت، له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خاوه‌نزه‌وییه‌کان نه‌بێت، ئه‌وا ڕوودانی شۆڕش نه‌ مانایه‌ك ده‌به‌خشێت و نه‌ پێویستییه‌کیشه‌. زه‌وی لای ڕووسه‌کان له‌بریی هه‌موو شتێکه‌، سه‌فاهه‌ت، سه‌رچاوه‌ی ژیانه‌، خۆراكبه‌خشه‌ و تێرکه‌ره‌. دیسانه‌وه‌ پرسیارێکی تر خۆی فه‌رز ده‌کات، ئه‌وکاته‌ که‌ی بوو که‌ به‌لشه‌فیکه‌کان وه‌ك هێزێك له‌ بواری کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریدا ڕۆڵێکی ئه‌وتۆیان نه‌ما؟ ئه‌و کاته‌ بوو که‌ کاپیتالیست تساری هه‌ڵگێڕایه‌وه‌، ئیتر به‌لشه‌فیکه‌کان پاساوی نوێنه‌رایه‌تیکردنی گه‌لیان نه‌ما، هه‌لومه‌رجه‌ بابه‌تییه‌کان ئه‌وه‌ی فه‌رز کرد به‌سه‌ر ئه‌وانیشدا وێنه‌ی حکوومه‌تی کاتی و کرنسکی نیمچه‌ ئاشبه‌تاڵێکی لێبکه‌ن، ئه‌وه‌ی به‌ لای ڕووسه‌کانه‌وه‌ گرنگییه‌کی تایبه‌تی هه‌بوو، ئه‌وه‌ بوو زه‌ویوزار و ئامرازه‌کانی کارکردن له‌و بواره‌دا ببێته‌ موڵکی مناڵ و مناڵانی مناڵه‌کانیان، گرنگینه‌دان به‌و حه‌ز و ویسته‌ی گه‌لی ڕووس فاکته‌رێکی دیکه‌ بوو بۆ لاوازبوونی به‌لشه‌فیکه‌کان.

ڕووسه‌کان چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك بوو تامه‌زرۆی ئه‌وه‌ بوون ئه‌گه‌ر بۆ جارێکیش بووه‌ ده‌نگیان ببیسترێت و بگه‌ن به‌ ئامانجی خۆیان وێنه‌ی گه‌لانی تر به‌ تایبه‌تی گه‌لی ئه‌مریکایی. گه‌لی ڕووسی دڵنیایه‌ له‌وه‌ی که‌ ئه‌و شۆڕشه‌ وا به‌لشه‌فیکه‌کان بوونه‌ته‌ سه‌مبۆلی ئه‌وه‌ ڕاز و نیاز و ئامانجی نییه‌ و وه‌ك ئه‌مریکا گه‌وره‌ترین کاپیتال پێکه‌وه‌ بنێت.

ئێستا با له‌و گریمانه‌ مێژووییه‌وه‌ ده‌ست پێ بکه‌ین و وه‌های دابنێن که‌ جه‌نگه‌کان هه‌موویان جه‌نگی سه‌رمایه‌داره‌کانن و زۆربه‌ی زۆری خه‌ڵك له‌و جه‌نگه‌دا به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیان له‌گه‌ڵ مه‌به‌ست و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئیمپریالیسته‌کان نابیننه‌وه‌، به ‌واته‌یه‌کی تر به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان دژ به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی چه‌وسێنه‌ره‌کانیانه‌.

به‌لشه‌فیکه‌کان جه‌خت له‌سه‌ر گرێبه‌ستی ئاشتی ده‌که‌ن، به‌ڵام مه‌رجیان هه‌یه؛‌ مه‌رجی سه‌ره‌کیشیان ئه‌وه‌یه‌ که‌ نابێت هیچ گرێبه‌ستێك (سوودمه‌ندی و پێوه‌لکاندن)ی لێبکه‌وێته‌وه‌. له‌ جه‌نگدا ڕووسه‌کان زۆریان لێکوژرابوو که‌ له‌ ڕاستیدا ده‌توانرا هێزی ئه‌و کوژراوانه‌ به‌ کار بهێنرێت بۆ دروستکردنه‌وه‌ و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی وڵات، یان هه‌ر هیچ نه‌بێت به‌ کار بهێنرێت بۆ دابینکردنی ئارامی و دیموکراتیه‌ت له‌ دنیادا. بڕیاری هه‌ڵگیرسانی جه‌نگ، بڕیاری تسار بوو، ڕووسه‌کان وه‌ڕس بووبوون له‌ قوربانیدان و ڕه‌تیان ده‌کرده‌وه‌ و دژی قامچیی ئۆتۆکراسییه‌کان بوون، هاوپه‌یمانان له‌سه‌ر دوو په‌ت یاریان ده‌کرد، له ‌لایه‌ك ده‌ستیان گرتبوو به‌ باڵای ئۆتۆکراسیی ڕووسییه‌وه‌، له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ هه‌وڵێکی زۆریان ده‌دا لوتفی گه‌لی ڕووس بۆ لای خۆیان ڕابکێشن، ئه‌و هاوپه‌یمانه‌ دیموکراتییانه‌ درۆیان ده‌کرد، به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی گه‌لی ڕووسیان لا گرنگ نه‌بوو، ئه‌وان باش ئه‌وه‌یان ده‌زانی که‌ گه‌لی ڕووس تامه‌زرۆی ئاشتییه‌ و خوازیاری ڕزگاربوونیه‌تی له‌ قامچیی ئۆتۆکراسییه‌کان، که‌چی ئه‌وان واته‌ هاوپه‌یمانه‌ دیموکراته‌کان نه‌یانده‌ویست شۆڕشی ڕووسی بناسنه‌وه‌ و دانێکی خێری پیادا ببنێن، ته‌نانه‌ت پێش ئه‌وه‌ش که‌ به‌لشه‌فیکه‌کان جڵه‌و بگرنه‌ ده‌ست.

ئه‌وه‌تا ئینگلته‌را که‌ لافوگه‌زافی ئه‌وه‌ لێده‌دات که‌ پشتگیری وڵات و نه‌ته‌وه‌ گچکه‌کان ده‌کات، که‌چی هیند و ئیرله‌ندا له‌ژێر ده‌ستیدا ده‌ناڵێنن و شۆڕشی ڕووسیش ناناسێته‌وه‌، هه‌روه‌ها فه‌ره‌نسا که‌ به‌ لانکه‌ی ئازادی ناوبانگی ده‌رکردووه‌ بواری نوێنه‌ری ڕووسی نه‌دا به‌شداری کۆنفرانسی ئاشتی بکات، ته‌نها ئه‌مریکایه‌ که‌ شۆڕشگێڕه‌ ڕووسه‌کان ده‌ناسێته‌وه‌، ئه‌ویش به‌و مه‌رجه‌ که‌ کرێنسکی و میلیۆکۆڤ له‌ ده‌سته‌ڵاتدا بمێننه‌وه‌.

به‌لشه‌فیکه‌کان په‌یامێکی گه‌وره ‌و به‌نرخیان گه‌یانده‌ هه‌موو دنیا و جاڕی ئه‌وه‌یاندا که‌ ‌”ده‌بێت داواکردنی ئاشتی و گفتوگۆکردن ده‌رباره‌ی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ به‌ ده‌ست گه‌لان خۆیانه‌وه‌ بێت، ئه‌وانه‌ی جه‌نگه‌کانیان هه‌ڵگیرساندووه‌ و هه‌ڵده‌گیرسێنن و لێیان سوودمه‌ندن بۆیان نییه‌ جاڕی ئاشتی بده‌ن و خۆیان بکه‌نه‌ سووری به‌ر له‌شکر له‌و بواره‌دا.”

له‌ ڕاستیدا ئه‌و په‌یام و هه‌ڵوێسته‌ی به‌لشه‌فیکه‌کان به‌شداریکردنێکی گه‌وره‌ و گران بوو پێشکه‌شیان کرد به‌ ڕه‌وتی پێشکه‌وتنی مرۆڤایه‌تی.

به‌ بیروبۆچوونی به‌لشه‌فیکه‌کان، پلانه‌ دیبلۆماسییه‌ نهێنییه‌کان له‌وه‌ زیاتر که‌ پیلانگێڕان و خیانه‌تکردنه‌ له‌ گه‌لان هیچی تر نییه‌، هه‌ر له‌و بیربۆچوونه‌‌شه‌وه‌یه‌ که‌ به‌لشه‌فیکه‌کان خۆیان دووره‌په‌رێز ڕاده‌گرن و خۆیان ناخه‌نه‌ داوی ئه‌و پلانه‌ دیبلۆماسییه‌ نهێنییانه‌وه ‌و ڕه‌تیان ده‌که‌نه‌وه‌، تا ئه‌و پیلانانه‌ نه‌بنه‌ مایه‌ی دروستبونی کاره‌ساتی گه‌وره‌تر.

به‌لشه‌فیکه‌کان نه‌ك هه‌ر دژی سوودمه‌ندی و پێوه‌لکاندن بوون، دژی هه‌موو جۆره‌کانی قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ش بوون، به‌ لای ئه‌وانه‌وه‌ وه‌ها بوو، ئه‌گه‌ر بێت و قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ش په‌یڕه‌و بکرێت، ده‌بێت ئه‌وانه‌ بکرێن به‌ ژێر سه‌نگی باره‌که‌یه‌وه‌ که‌ ده‌ستیان هه‌بووه‌ له‌ هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگه‌کاندا و ده‌بێت به‌ هیچ جۆرێك گه‌لان نه‌کرێن به‌ ژێر باری قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌وه‌، چونکه‌ گه‌لان به‌ برسیبوون و خوێنڕژاندی به‌ زیاده‌وه‌ هه‌موو شتێکیان قه‌ره‌بوو کردۆته‌وه‌ و قه‌رزداری هیچ که‌س و لایه‌نێك نین. به‌لشه‌فیکه‌کان هێزه‌کانی تریان بانگ کرد بۆ پراکتیزه‌کردنی ئه‌و بیروبۆچوونانه‌یان، واته‌ بیروبۆچوونی که‌ “ده‌بێت گفتوگۆکردن ده‌رباره‌ی ئاشی و چاره‌نووسی گه‌لان، کاری گه‌لان خۆیان بێت”، ئه‌وه‌ بوو هێزه‌کانی تریان بانگ کرد بۆ برێست-لیتۆڤسک. ئه‌وان گاڵته‌یان به‌و په‌یامه‌ ده‌کرد، ئه‌وه‌ بوو هاوپه‌یمانان پشتیان کرده‌ ئه‌و بانگه‌وازه‌ی به‌لشه‌فیکه‌کان، ئه‌و گاڵته‌جاڕی و پشتێکردنه‌ی هاوپه‌یمانان نه‌بووه‌ مایه‌ی ناڕه‌زایی و تووڕه‌بوونی به‌لشه‌فیکه‌کان، نه‌خێر به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ بووه‌ به‌ڵگه‌ و بیانوویه‌کی باش به‌ ده‌ست به‌لشه‌فیکه‌کانه‌وه‌، بۆ بادانه‌وه ‌و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌ر به‌ڕه‌ کۆنه‌که‌یان، واته‌ به‌ڕه‌ی موماره‌سه‌کردنی سیاسه‌تی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و فکری سه‌روه‌ریخوازی و پێشڕه‌وی هه‌ڵه‌نه‌ناس و جێگه‌گرتنه‌وه‌ی گه‌ل‌، به‌وه‌ش له‌ هاوکێشه‌که‌دا دوو هێڵی ڕاست و چه‌پیان هێنا به‌سه‌ر (گه‌ل و گه‌لان)دا و له‌ جێگه‌که‌ی خۆیان ناونووس کرد. گومان له‌وه‌شدا نییه‌ که‌ ڕه‌گوڕیشه‌ی ئه‌و بڕوا و پراکتیزه‌کردنه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بیری (ده‌ستبژێری پێشڕه‌وی هۆشمه‌ند).

به‌لشه‌فیکه‌کان شانازی و خه‌شخه‌ به‌و هه‌ڵوێسته‌ی خۆیانه‌وه‌ ده‌که‌ن و وا خۆیان ده‌رده‌خه‌ن که‌ به‌هێزن، به‌هێزیی خۆشیان ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ که‌ ئه‌وان خاوه‌نی پرۆگرامێکی شۆڕشگێڕانه‌ی هاوبه‌شن و دواتر ده‌بێته‌ نموونه‌یه‌ك له‌ هه‌موو لایه‌که‌وه‌ چاوی لێده‌کرێت و لاسایی ده‌کرێته‌وه‌!!! ئه‌وه‌ له‌ کاتێکدا بوو که‌ به‌لشه‌فیکه‌کان باش ده‌یانزانی که‌ دابڕاو و بێهێزن، به‌ڵام هه‌موو ‌هه‌وڵه‌کانیان بۆ په‌رده‌پۆشکردنی سیاسه‌ت و پراکتیزه‌کردنی فکری نوێنه‌رایه‌تی و پێشڕه‌وخوازی بوو، ترۆتسکی له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێ: “بێهێزییه‌کانمان ده‌بن به‌هێز بۆمان”. به‌ کورتی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی به‌لشه‌فیکه‌کان ئه‌گه‌ر شتێك ده‌ربڕێت، ئه‌وه‌ ده‌رده‌بڕێت که‌ گفتۆگۆ و بڕیاری به‌ڕێوه‌به‌ران -نوێنه‌رانه‌ نه‌ك گه‌لان، لێره‌دا پرسیاری سه‌ره‌کیی ئه‌وه‌یه‌، جا که‌ به‌و جۆریه‌، ده‌بێت ئه‌و هه‌ڵسوکه‌وته‌ی به‌لشه‌فیکه‌کان چ جیاوازییه‌کی هه‌بێت له‌گه‌ڵ ‌هه‌ڵسوکه‌وتی تسار و سه‌رانی تری ده‌وڵه‌ته‌ شه‌ڕخوازه‌کانی تر؟

به‌لشه‌فیکه‌کان به‌ وته‌ی خۆیان دژی سوودمه‌ند، قه‌ره‌بوو، پێوه‌لکاندن و به‌ تایبه‌تی دژی ئه‌وه‌ن که‌ هه‌ڵگیرسێنه‌رانی جه‌نگ سوودمه‌ند بن، ئه‌ی مه‌گه‌ر خۆیان سوودمه‌ند نه‌بوون له‌ ئه‌نجامه‌کانی جه‌نگ، ده‌سه‌ڵاتی خۆیان پێ قایم نه‌کرد و نه‌بوونه‌ خاوه‌نی ئیمتیازه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان؟

ده‌رباره‌ی پێوه‌لکاندن و به‌پاشکۆکردن و به‌رگریکردن له‌ ئازادیش درۆ ده‌که‌ن** له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان خوازیاری ئه‌وه‌ن تاکه‌کان په‌ڕاوێز بکه‌ن و بیانکه‌نه‌ پاشکۆی خۆیان و تا پله‌ی کۆیلایه‌تی بچووکیان بکه‌نه‌وه‌. جا هێزێك، یا ته‌وژمێك، ئه‌وه‌ ڕه‌فتاری بێت له‌گه‌ڵ تاکه‌کاندا، ده‌بێت چی به‌ربه‌ست بێت و ڕێگه‌ی لێبگرێت گه‌لانیش بکاته‌ پاشکۆ و کۆیله‌ی خۆی و ئازادییان زه‌وت بکات؟؟

ئه‌وان، به‌لشه‌فیکه‌کان، ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ که‌ گوایه‌ به‌رگری له‌ ئازادیی گه‌لان ده‌که‌ن درۆ ده‌که‌ن، چونکه‌ ئه‌وان ده‌سه‌ڵاتخوازن، که‌سانی ده‌سه‌ڵاتخوازیش ناتوانن ئازادیخواز بن و داوای بکه‌ن بۆ گه‌لان. ئه‌وان نه‌ك هه‌ر خوازیاری ئازادی نین بۆ گه‌لان، به‌ڵکو له‌ تاکه‌کانیشی زه‌وت ده‌که‌ن.

ئه‌وه‌تا سه‌رکرده‌یه‌کی به‌لشه‌فیک، ترۆتسکی، له‌ نامه‌یه‌کیدا که‌ بۆ سه‌فیری فارسی نووسیوه‌ ده‌ڵێت: “ڕێکه‌وتنی ئه‌نگلۆ ڕووس 1917 دژی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی گه‌لی فارسه‌.”

ناتوانرێت ماهیه‌تی به‌لشه‌فیکه‌کان ده‌ربخرێت ، ئه‌گه‌ر باسی هه‌ڵوێستی ئه‌وان نه‌کرێت ده‌رهه‌ق به‌ خاوه‌ندێتیی تایبه‌تی.

ئه‌وان گوایه‌ له‌ هه‌موو لایه‌ك زیاتر ‌قووڵتر و فراوانتر دیراسه‌ی ڕه‌وتی بزووتنه‌وه‌ی مێژوویان کردووه‌ و ده‌ڵێن هۆی سه‌رنه‌که‌وتنی شۆڕشه‌کانی پێشوو ئه‌وه‌ بووه‌ که‌ ده‌ستکاری خاوه‌ندێتی و ئامرازه‌کانی به‌رده‌وامبوونیان نه‌کردووه‌. ئه‌ی که‌ وه‌هایه‌ و دیراسه‌ی مێژوویان کردووه‌، ئه‌ی که‌وایه‌ ئه‌وان هێنده‌ قووڵ و مه‌نیقین، بۆچی وێنه‌ی کۆمۆنه‌ی پاریس 1871 ده‌ستکاری بانکه‌کانیان نه‌کرد و هه‌مان هه‌ڵه‌ی کۆمۆنه‌ی پاریس دووباره‌ پراکتیزه‌ کرا؟؟

سه‌رده‌می کۆمۆنه‌ی پاریس، ده‌ستکاری بانکه‌کان نه‌کرا، به‌ مه‌رجێك هه‌زاران ئافره‌ت و مناڵ له ‌برساندا لاکه‌یان ده‌هات و له‌ناو جاده‌کاندا ده‌مردن، ئه‌وه‌ بوو حکوومه‌ت ئه‌وده‌مه‌ به‌ فرسه‌تی زانی خه‌زێنه‌ی ئه‌و بانکانه‌ی به‌کارهێنا بۆ به‌ره‌ڵاکردنی 500000 سه‌ربازی دیلکراو به‌ تفه‌نگی ئه‌ڵمانیه‌وه‌ و به‌ریدانه‌ گیانی کرێکاران، ته‌نها له‌ پاریس 30000 کرێکاریان خه‌ڵتانی خوێن کرد، جا ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی به‌لشه‌فیکه‌کان ڕێزگرتن و پیرۆزڕاگرتنی خاوه‌ندێتیی تایبه‌تی نییه‌، ئه‌ی چیه‌؟؟

شۆڕشگێڕه‌ ئازادیخوازه‌ ڕووسه‌کان دروستکردنی جیاوازی له‌ نێوان لیبرالیزمی سیاسی و ئۆتۆکراسیدا به‌ خه‌و و خه‌یاڵ ده‌زانن، به‌ بیروبۆچوونی ئه‌و شۆڕشگێڕه‌ ئازادیخوازانه‌، ئه‌گه‌ر جیاوازییه‌ك هه‌بێت له‌وه‌دا خۆی ده‌نوێنێت که‌ له‌ سیستمه‌ ئۆتۆکراسییه‌کاندا، خه‌ڵك له‌وه‌ ده‌گه‌ن که‌ بچووکراونه‌ته‌وه‌ تا پله‌ی کۆیله‌یی و ئازادییان لێزه‌وتکراوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ ئاماده‌ن خه‌بات بکه‌ن و قوربانی بده‌ن له‌ پێناوی ئازادیدا، له‌ سیسته‌می لیبرالیزمی سیاسیدا، ئازادی کراوه‌ته‌ کۆت و زه‌نجیری خه‌ڵکی، خه‌ڵك به‌و کۆتوزه‌نجیره‌ ڕازیه.‌

ئه‌گه‌ر به‌لشه‌فیکه‌کانی سه‌ره‌تا، ئه‌وانه‌یان که‌ گۆشکراوی ئازادیخوازین، به‌ ئاگادا بێنه‌وه‌ و هه‌وڵ بده‌ن جه‌می به‌لشه‌فیکه‌کان ڕابکێشن بۆ به‌ره‌ی ئازادی، ئه‌و کاته‌ پارێزگاریکردنی خاوه‌ندێتی و ده‌سه‌ڵاتسه‌پاندن مه‌حاڵ ده‌بێت.

په‌راوێز:

* ئه‌گه‌ر به‌ وردی سه‌رنج بده‌ین، ئێما، خۆیه‌تی ده‌یه‌وێت بڵێت شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ به‌لشه‌فیکه‌کان تێیگه‌یشتوون و گوایه‌ ئه‌نجامیان داوه‌. ئێما ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی ئه‌وان کوده‌تای سه‌ربازی حزبییه‌، نه‌ك شۆڕشی کۆمه‌ڵای، لای ئێما و سۆسیالیسته‌ ئازادیخوازه‌کان شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ خواره‌وه‌یه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌ نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، به‌ واته‌یه‌کی دروستکرد ده‌سه‌ڵاتێك و دامه‌زراندنی هه‌ندێك فه‌رمانبه‌ری سه‌ربازی و حزبی باڵاده‌ست نییه‌.(و.ك.)

** ئه‌و پێشبنیکردنه‌ی ئێما دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌م هاته‌ دی، به‌لشه‌فیکه‌کان له‌ دابه‌شکردنه‌وه‌ی دنیادا هه‌موو ئه‌وروپای ڕۆژهه‌ڵاتیان به‌رکه‌وت و لکاندیان به‌ خۆیانه‌وه‌ و گه‌لانی ئه‌و به‌شه‌یان کرده‌ پاشکۆی خۆیان و ئازادییه‌کانیان لێزه‌وتکردن.(و.ك.)

سه‌رچاوه‌:فه‌ره‌نسی

 http://dwardmac.pitzer.edu/Anarchist_archives/goldman/truthaboutbolfr.html

ئینگلیزی

 http://dwardmac.pitzer.edu/Anarchist_archives/goldman/truthaboutbol.html

ئه‌رشیڤی نووسه‌ر:

 http://dwardmac.pitzer.edu/Anarchist_archives/goldman/GoldmanCW.html

بۆچوونی نووسه‌رانی دیکه‌ی ئه‌نارکی له‌و باره‌وه‌:

http://afaqkurdish.wordpress.com/2010/06/08

ئه‌رشیڤی ئه‌نارکییه‌کان:

 http://dwardmac.pitzer.edu/Anarchist_archives/index.html




ناکۆکیەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی.. عوسمانی حاجی مارف

بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای باڵای فیدراڵی تایبەت بە هەرێمی کوردستان مشتومڕێکی زۆری نێوان لایەنگران و نەیارانی لێکەوتەوە، دادگا دوو بڕیاری دەرکرد لە دوو داوای یاسایدا سەبارەت بە قەیرانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان، ئەو مشتومڕەش مانای لایەنی سیاسی بڕیارەکانی خستەڕوو.
هەردوو حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نێوان خۆیاندا خەریکی مامەڵەو چارەسەرکردنی قەیرانی دواکەوتنی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمن، بڕیاری خۆجێیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بانکە فیدراڵیەکان، هەروەک باقی فەرمانبەرانی عێراق، ئەمەش پەرچەکرداری توندی پارتی لێکەوتەوەو یەکێتی پێشوازی لێکرد، لەلایەکی تریشەوە جەماوەری ناڕازی بە سەرکەوتن بۆ خۆیان زانی و داوای جێبەجێکردنی خێرای بڕیارەکە دەکەن.
ئەو هەڵمەتەی لە لێدوانی سیاسیەکان و ڕاپۆرتی میدیاکانی سەر بە بارزانی بەرجەستە بۆتەوە، ڕەنگدانەوەی حاڵەتێکی توڕەییە کە ماوەیەکە کەڵەکە بووە، بەهۆی بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێم.
ئەم بڕیارانە بە تەواوی پێچەوانەی ویستی بارزانیە، لەوەی دەیەوێت باڵادەستی بنەماڵەو حزب و هێزەکەی بەسەر حکومەتی هەرێمدا کەم نەکرێتەوەو کورت نەهێنێ، هەڵبژاردن بکرێت یان نەکرێت، بارزانیەکان دەیانەوێت وەک خاوەنی حکومەتی هەرێم بمێننەوە، سەلاحیەتەکانی بنەماڵەو حزبەکەیان بەهیچ شێوەیەک کەم نەکرێتەوە. هەر لەڕاستای ئەم چاوەڕوانیەوە ناساندنی خۆی وەک هێزی یەکەم بانگەوازی سەپاندنی مانەوەی دەسەڵاتەکەی ڕادەگەیەنێت، بەڵام بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی زیانێکی بێپەردەیە بۆ بارزانی و قەوارەی حکومەتی هەرێم.
مەسعود بارزانی بەپشتیوانی حزبەکەی سەرکردایەتی هەڵمەتێک دەکات کە لەبەرامبەر بڕیارەکانی دەسەڵاتی فیدراڵی عێراق دەوەستێتەوەو بەڕەنگاری دەکات، گەر ئەم گەمە سیاسیەی وەک قومارێک لەئاکامدا زیانێکی گەورەش بە خەڵکی کوردستان بگەیەنێت، لە بیرکردنەوەی بارزانی و حزبەکەیدا بایەجێکی نیەو بە هەر بەهایەک و بە هەر شێوازێک بێت مانەوەی دەسەڵاتی پاوانخوازی هێزی میلیشیای بنەماڵەکەی کێشەی سەرەکیانە.
ئەو لایەنانەی کە گوایە نوێنەرایەتی کەمینەکان دەکەن و بەدەنگی کۆتا دەچنە ناو پەرلەمانی کوردستانەوە، کە بەردەوام لەگەڵ پارتیدا هاوهەڵوێست بوون، لەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پشکی کەمینەکان ناڕازین و خۆیان بە هاوبەشی پارتی دەزانن لەم پرسەدا، بۆیە ناچارن هاوبەشی توڕەییەکانی پارتی بکەن لەبەرامبەر دەسەڵاتدارانی بەغدا و دژ بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بوەستنەوە.
بەڵام بڕیارەکەی دادگا بۆ هەڵوەشاندنەوەی کورسی پێکهاتەکان ئەنجامی داوایەکە کە لەلایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە پێشکەش کراوە، بۆ لاوازکردنی توانای ڕکابەری پارتیە لە هەڵبژاردندا بەرامبەر بە یەکێتی، هەربۆیە پارتی ئەو بڕیارە بە بڕیارێکی نادەستوری و ناڕەوا دادەنێنن و دژ بە پێکهاتەکان و دیموکراسی ناوزەدی دەکەن، چونکە زیانێکی گەورەی لێدەکەن.
بڕیارەکان کە لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە دەرچوون، لەسەر ئەو پرسانەی کە ڕەواڵەتێکی یاساییان هەیە، بەڵام لە جەوهەردا پەیوەندیەکی نزیکیان بەو ناکۆکیە سیاسیەوە هەیە کە لە ململانێی نێوان لایەنەکان لە هەرێم و بەغدا مامەڵەی پێدەکرێت، لەسەر بنەمای پشکەکان و دیموکراسیەکی فەرمی کە بە فۆرمی حکومەتی قەومی و ئیسلامی و تائیفی جێبەجێ دەکرێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراقی سەبارەت بەیاسای هەڵبژاردن بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی ڕەتکردەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە “پێچەوانەی ڕۆحی دەستوورە”، لەکاتێکدا گەورەترین ڕکابەرەکەی، کە یەکێتی نیشتمانیە ، پێشوازی لە بڕیارەکان دەکات، بەناوی ئەوەی کە یارمەتیدەرن بۆ گەیشتن بە پرەنسیپی یەکسانی دەرفەتی هەڵبژاردن و دەستەبەرکردنی مووچە بۆ خاوەنەکانیان!.
هەر لەم بارەیەوە مەکتەبی سیاسی پارتی ڕایدەگەیەنێت بەشداری هەڵبژاردنێک ناكات کە بە نایاسایی و نادەستوری و لەسایەی سیستەمێکی سەپێنراودا بەڕێوەدەچێت. هەر بەم شێوەیە پێش هەموو شتێک پێویستە بڵێین ناکۆکیەکانی نێوان هەردوو لایەنی پارتی و یەکێتی قووڵتر دەبێتتەوەو دۆخی سیاسی کوردستان شێوازێکی تر لە ململانێی ئەو دوولایەنە بە خۆیەوە دەگرێت.
بڕیاری بەشدارینەکردنی بارزانی لە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستاندا شتێکی سەرسوڕهێنەر نەبوو، بەڵکو هەوڵێکە بۆئەوەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانێک کە بە بڕیاری دادگای فیدراڵی دیاریکراوە و بە سەرپەرشتی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان دەکرێت، لە بەرامبەر دۆڕانێکدا بەرەوڕوو نەبێتەوە، کە نەتوانن حکومەتی ژێردەسەڵاتی دەزگاکانی بارزانی دامەزرێنن.
بارزانی نیگەرانی و پەرچەکرداری خۆی نەشاردەوە لەبەرامبەر ئەو بڕیارانەی کە ڕێگاکانیان لێتەسک کردەوە و ئەو کەلێنانەیان لێداخرا کە بۆباڵادەستی حزبەکەی پیادەی دەکرد، جا لەڕێگەی پشکەوە بێت یان بەهەر شێوەیەکی تر کاریان لەسەر کردبێت، ئەم بڕیارەی ئێستای دادگای فیدراڵی ئاماژە بە ترسی لەدەستدان و پێدانی شوێنی زیاتر لە کێبڕکێ و دەرفەتەکانی یاریکردن بە هەڵبژاردن دەکات، بەمانەیەک کە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوتردا بۆ هەمو کەس ڕۆشن و ئاشکرابو، کە لە ناو گەمەی هەڵبژاردنەکاندا، پێشوەخت و پێش هەڵبژاردن هەموو شت لە بەرژەوندی بارزانی بڕاوەتەوە، بەڵام ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە و لە کاتی خۆیدا بەپێی ئەو میکانیزمانەی کە دادگای فیدراڵی دیاریکردوە، مانای گۆڕانکاریەکە کە کەمترین دەرفەت ئەدا بە بارزانی کە هاوکێشەی هەڵبژاردنەکان لە بەرژەوەندی پارتی بسەپێنێت، بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناکەین، بۆ ئەوەی قورسایی و گێژاوێک بخاتە نێو مەیدانی ململانێکان، تا لایەنەکانی بەرامبەری لە کوردستانی و عێراقی ناچارکات بێنە بەردەم مێزی گفتوگۆ و دانوسان و ڕێکەوتن لە ژورە داخراوەکاندا.
هەموو ئەو بڕیارانە بەگشتی لەلایەن سەرکردایەتی سیاسی هەولێرەوە بە پێشێلکردنی دەستوور دادەنرێن، بارزانیش بە هەوڵێکی بەغدا یان هەوڵی هەندێک لە لایەنە سەرەکیەکانی بەغدا بۆ بچوککردنەوەو تێکدانی قەوارەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان مامەڵەی دەکات، بەتایبەتیش بە لێدان لە پێگەی بارزانی دەیخەمڵێنن
دوای ئەوەی دادوەرێکی سەر بەپارتی لە دادگای فیدراڵی دەستی لەکار کێشایەوە، هەروەها لە بەیاننامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتیدا کە هەڕەشەی کشانەوە دەکات لە پڕۆسەی سیاسی، واتە کشانەوە لە پەرلەمانی عێراق و حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی، هەروەها هەڕەشەی کشانەوەی لەڕێککەوتنی بەناو هاوپەیمانیش کردوە، تا گۆمی قوڵی کێشەکان تەواو بشڵەقێنێت.
لەلایەکی تریشەوە بارزانی وەها نیشان ئەدات بەرەوڕاگرتنی هەموو گفتوگۆ سیاسیەکان لەگەڵ بەغدا هەنگاودەنێت، هەندێک زانیاری باس لەوە دەکەن کە بارزانی دەستیکردووە بە بەهێزکردنی هەندێک هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەسەر سنوورەکانی هەرێم لەگەڵ پارێزگاکانی ژێر دەسەڵاتی ناوەندی لە بەغدا، بە تایبەتی پارێزگاکانی نەینەوا و کەرکوک.!
هەر لەم بارەیەشەوە سەرکردایەتی سیاسی لە هەولێر هەوڵی قسەکردن لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا ئەدات، بۆ ئەوەی نێوەندگیری بکەن لە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی پەیوەستن بە بڕیارەکانەوە کە لەدادگای باڵای فیدراڵی و ئەو کارانەی لەبەرامبەر هەرێم لەلایەن بەغداوە ئەنجامدراون.
بارزانی لە ئێستاوە لە هەوڵی دەستپێکردنی پەیوەندیەکانیەتی لەگەڵ ڕەوتی موقتەدا سەدرو پیاوانی ئاینی شیعە، هەوڵێکە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هاوپەیمانیەی نێوانیان کە پێشتر بویانە،ڕەنگە لە بۆچونی بارزانیدا ڕەوتی سەدر یەکێک بێت لە بژاردە گرنگەکان بۆ فشار خستنە سەر حکومەتی بەغداو دادگای فیدراڵی، واتە تەواوی هەوڵەکانی بارزانی لەو قەیرانەی بە فشارەکانی حکومەتی عێراق و ئێران و دادگای فیدراڵی و یەکێتی نیشتمانی دەرگیری بووە، نایەوێت بە ئاسانی خۆی ملکەچ و ڕادەستی ئایندەیەک کات کە پێگەی دەسەڵاتی لە کوردستاندا لاواز دەکات، بەڵام ئەوەی لە ئەزمونی ژیانی سیاسی بارزانیدا ناوبانگی هەیە، ناتوانێ لە نمونەی تاقیکردنەوەی شکستی ڕفراندۆمەکەی زیاتر هەنگاو بنێت.
بەڵام لەم بارەیەوە سەبارەت بە بەغدا، بژاردەکانی پەرەسەندنی ناوەندبونەوەی عێراق بە ئاراستەی خۆیدا بەڕێ دەخەن، بەتایبەتی هەندێک هێز لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەدا بە پشتیوانی ئێران توندن لەسەر ئەوەی هەوڵدەدەن سزای تەکنیکی و ئابووری بەسەر هەرێمدا بسەپێنن و یەکێتی نیشتمانیش لاری لەم هەنگاوانەی چوارچێوە هەماهەنگی و ئێران نیە.
ئەوەی شایانی باسە سەختترین بژاردە ئەوەیە کە هەندێک لە کوتلە چەکدارەکانی شیعە لە بەغدا،یان لایەنەکانی بەناو بەڕەنگاری ئیسلامی عێراق، بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشەکانیان بۆ سەر ئامانجەکانی هەولێر و سەنگەرەکانی پێشمەرگە و شوێنە گرنگەکانی ژێر دەسەڵاتی بارزانی وەک هەڕەشەیەک بکەنەوە ئامانج، ئەم بژاردەیەش بۆ بەغدا لە ئێستادا کارێکی ئاسان نیە.
ئەوەی لەم ململانێیەدا جێگای سەرنجە یەکێتی نیشتمانی پشتیوانی تەواوی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەکەن و لە بەرژەوندی گۆڕینی هاوسەنگی هێزەکەیان لە بەرامبەر پارتیدا حسابی لەسەردەکەن، بەمانایەک لە بەردەوامی ئەو هەوڵانەدان چۆن لە هاوکێشە سیاسیەکاندا جارێکی تر بەڵکو بتوانن پارتی و بارزانی بخەنەلاوە.! ئەمەش چەند مایەی دەستکەوت دەبێت بۆ تاڵەبانی، ئەو ئاستی ململانێ و ڕووداوەکان دیاری دەکات، ئەم هەڵبەزو دابەزەی نێوان بارزانی و تاڵەبانی سنورێکی دیاریکراوی نیە، مەگەر ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینی بەرفراوانی جەماوەری بە کۆتایی هێنانی ئەم دوو دەسەڵاتە میلیشیایە، ئەم بەڵایە لە کۆڵ خەڵکی کوردستان بکاتەوە
ئەو هێزە سیاسیانەی کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتیان لە عێراقدا بەدەستەوەیە، کە زۆربەیان حزبی شیعە و کوتلە چەکدارەکانی سەر بەئێرانن، ئەو ڕەواڵەی لە بردنە پێشەوەی ناوەندبونەوەی حکومەتی عێراق گرتویانەتە بەر، بەدوای ئەو دەرفەتانەوەن کە دەسەڵاتەکانی هەولێر سنوردارکەن، لەم پرۆسەیەدا فشارەکانی بەغدا وەک گەمەیەکی سیاسی جەخ تلەسەر سندوقەکانی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و موچەی فەرمانبەران دەکەن.
لەلایەکی تریشەوە ناکۆکیەکی گەورە لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم سەبارەت بە پشکی هەرێم لە بودجەی دەوڵەتی عێراق، و میکانیزمەکانی ژماردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم، بووەتە هۆی پشێوی لە پێدانی مووچەی فەرمانبەران، ئەمەش دۆخێکی سەختی سیاسی کۆمەڵایەتی دروستکردوە لە کوردستانی عێراق و ڕیسوایی و شەرمەزاریەکی زۆری بۆ حکومەتی هەرێم دروست کردوە، لەهەمانکاتدا مایەی ناڕەزایەتیەکانی بەرفراوانی جەماوەریە. ئەم بابەتەش فرسەتی داوە بە دەستێوەردانی دادگای فیدراڵی و دەرکردنی بڕیارێک بەگواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ بانکە حکومیەکانی عێراق، لە بەرامبەریشدا پارتی پێداگری لەسەر “هەژماری من” دەکات.
هەروەها بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی پابەند کردووە بەوەی کە سەرجەم داهاتی نەوت و نانەوتی ڕادەستی حکوومەتی فیدراڵی بکرێت.
دەرچونی ئەم بڕیارانەی دادگای فیدراڵی، لەگەڵ ئەو دەستوورەی عێراقدا یەکدەگرنەوە و پێچەوانەی پرەنسیپەکانی نین،کە دەستورێکە لەسەر بنەمای پشکی بەشبەشێنەی نەتەوەیی و دینی و تائیفی و هاوسەنگی هێزەکان داڕێژراوە، دەستورێکی تاسەر ئێسقان کۆنەپەرست و دژی ئینسانیە، کە کاتی خۆی بارزانی و تاڵەبانی بە هەردەپەنجە مۆریان کردوە، بەو مانایەش بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی تەعبیر لە پیادەکردنی سیاسەت و ئامانجی ئەو هێزە سیاسیانە دەکات کە حکومەتی ئێستای عێراق بەڕێوەی دەبات، پارتی و یەکێتیش هاوپەیمانی ئەو حکومەتەن، بەڵام ئێستا هاوکێشە سیاسیەکان و ئاستی هاوسەنگی هێزەکان و بەرژەوەندیەکان، پێگەی سیاسی لایەنەکان و ئاڵوگۆڕ لە دۆخی سیاسی عێراق و ناوچەکەدا بەرەوڕوی کێشەی ترن، هەرلایەنێک لە هەوڵی دابینکردن و گونجاندنی بەرژەوەندیەکانیەتی، بۆیە ڕووداوەکان بە بێ دەخالەتی سەربەخۆ و ڕاستەوخۆی جەماوەری ناڕازی، دەمانخاتە بەردەم ململانێی ئەو ئاڵوگۆڕانەی ئاستی هاوسەنگی هێزەکان دەیبرێنێتەوە.




ئەدەب و رەخـنە دوو رووی دراوێـکـن.. رەزا شـوان

رەخنە نەک تەنیا لە ئەدەبـدا، بەڵکو پێویستییەکی گـرنگە لە هەمـوو بـوارەکانی ژیـانی مـرۆڤـدا. ژیـان بەبێ رەخـنە پێـشناکەوێـت. ئـەوەی مـن لـەم نووسـینەمـدا مەبەسـتـمە، رەخـنەی ئـەدەبی زانسـتی و پیشەییـە، لە ئەدەبـی منـداڵان و هـەرزەکارانی کوردمـان.

رەخنە لقـێکی گرنگی ئەدەبییە. ئەو هـونەرەیە کە بایەخێکی زۆر بە تێکست و بە کارە ئەدەبیـیەکان دەدات. هـەڵـەکان راسـت دەکـاتەوە و پێـشـنیاری بەجـێش پێشکەشـدەکات.
ئەرکی رەخنەی زانستی ئەدەب، بایەخـدانە بە لێکۆڵینەوە و شیکردنەوە و راڤـەکردن و هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی دەقە ئەدەبییەکان. یان دیارکردنی بەهـای ئەو بنەمایـانەیە.
دەستەواژەی رەخنەی ئەدەبی منداڵان، باسە گشتییەکانی نێوان ئەدەبی منداڵان و تیۆری ئەدەبی و شـیکاری ئەدەبی بـۆ بەرهـەمە تایبەتیـیەکانی ئەدەبی منـداڵان لەخـۆدەگـرێـت. هـەنـدێک لە ئاکادیـمیـیەکان، ئەدەبی هـەرزەکارانیـشیان لە ریـزبەنـدیی ئەدەبی منـداڵان ریـزبەنـدکـردوون. چونـکە بەپێی پێـناسەی ستانـداردی نەتەوە یەکگـرتـووەکان، منـداڵ هـەر کەسـێکە کە تەمـەنی لەژێـر (١٨) سـاڵەوە بێـت.
رەخنەگـرانی سەرەتایی ئەدەبیاتی منـداڵان، ئامانجیان ئەوەبوو، بە تایبەتی ئەوە بـزانن کە منـداڵان چـۆن ئەدەب دەخوێـننەوە، نەک میکانـیزمەکانی خوێـندنەوەی ئەدەب خۆی. بۆ ئەوەی بتوانـن پێشنیاری (کـتێبی باش) بۆ منداڵان بکەن. رەخنەگرانی سەرەتایی بە زۆری مامۆسـتایان و بەڕێـوەبەرانی کـتێـبخـانەکان و دەروونناسان و پەروەردەکـارانی دیکە بوون. بە زۆریش لە رووی پەروەردەیی و فـێرکارییەوە دەقەکانیان شیدەکردەوە.
زۆرێکیش لە رەخنەگـرانی ئێستای رەخـنەی ئەدەبی منـداڵان، ئامـاژە بەوە دەدەن، کە منداڵان یەک گروپ نین، بەڵکو بەپێی رەگەز و پاشخانی ئاینی و نەتەوەیی و ئابووری و کۆمـەڵایەتی و کـولتـووری و ژیـنگەیی و.. هـتـد، جیـاوازی لە نێـوانیانـدا هـەیە. بۆ نمـوونە، رەخـنەگـرانی ئـەدەبی منـداڵانی فـیـمیـنسـت، لەوانـەش لـیـزا پـۆل (١٩٨٧) هەوڵی ئەوە دەدەن، کە بزانن کچان و کوڕان چۆن بە شێوەیەکی جیاواز دەخوێننەوە.
هـەندێکی کەی رەخنەگرانی ئەدەبی منداڵان، پێیانوایە کە گەورەکان هـزری منداڵانیان داگیرکردووە. بە ناوی منداڵانەوە دەدوێـن. لە جیاتی ئەوەی کە رێ بە خودی منداڵان بـدەن، گۆزارشـت لە هـزر و لە خەیـاڵی خۆیـان بکەن و خۆشیان کـتێبە بەسوودەکان هەڵـبژێـرن. کەچی گـەورەکـان خۆیـان کـردوون بە دەم راسـتی منـداڵان.
بە لای رەخنەگـرانێکی زۆریشەوە، ئەدەبی منداڵان پەیوەندییەکی هەمەلایەنەی لەگەڵ پـەروەردەی منـداڵانـدا هـەیە. ئـەدەبی منـداڵان لـە سـەردەمی پـەروەردەدا، شـێـواز و تـەوەرێـکی پـەروەردەیی بـوو. بـەڵام لـەم قـۆنـاغـەدا، ئـەدەبی منـداڵان دەچـێـتە نـاو سـەردەمی ئـەدەبی هـونـەریی و فـانتـازییـەوە.

زۆرێـک لە زانـاکانیـش، لە روانـگەی لێکـۆڵـینەوەی ئەدەبیـیەوە، کـار لەگەڵ ئەدەبی منـداڵانـدا دەکەن. تێکست وەکو تێکست دەخـوێننەوە، بێ ئەوەی لە منـداڵان بـڕوانـن.
لەگەڵ سەرهـەڵـدانی هـۆنـراوە و کـورتە چـیرۆک و رۆمانی نـوێی منداڵانـدا، رەخـنەی ئەدەبی منـداڵانیش سەریهـەڵـدا و بـوو بە پێویستییەکی گرنگ، بۆ گەشەکردنی ئەدەبی منـداڵان و بۆ پێـشکەوتنی نـووسەرانی ئەم بـوارە. کە پێـویستیـیان بە پـرانسیـپ و بە رێنمایی ستراتیژی هەبوو، کە لە دڵی رەخنەی ئەدەبییەوە هاتووبن. لەگەڵ تێپەڕبوونی کـات و زیـادبـوونی ژمـارەی بـڵاوکـراوە ئـەدەبـیـیەکـانی منـداڵان، بـیـروڕای تێـۆری و کـارپێکـراوی سەبـارەت بە ئـەدەبی منـداڵان، رەخـنە لە کـتـێـبەکانی منـداڵان فـراوانتر بـوون. کاریگەرییان لەسـەر گەشـەکـردنی رەخـنەی ئـەدەبی منـداڵان هـەبـووە.
هـەنـدێکی لە رەخـنەگـرانی ئـەدەب، پێیانـوایە کە هـیچ جـیاوایـەک لە نێـوان رەخـنەی ئـەدەبی گـەورەسـاڵان و رەخـنەی ئـەدەبی منـداڵانـدا نـیـیە. هـەمـان یـاسـا و رێـسـا و چـوارچـێوەی رەخـنەیی کە بۆ ئەدەبی گەورەساڵان دەگونجـێت، بۆ ئەدەبی منـداڵانیش دەگـونجـێت. بە واتـایەکی تر بنەمـا رەخنەییەکان لە رەخـنەی ئەدەبی گـەورەساڵان و منـداڵان وەک یەکـن. لە راستیشدا تا ئەمـڕۆش پێـوەرێکی ستانـداردی یەکگـرتـوو، بۆ رەخـنەی ئـەدەبی نیـیە. هـەر رەخـنەگـرێک شـێواز و رێبـاز و مـیکانیـزمی خـۆی لـە رەخـنەگـرتنـدا هـەیە. رەخنەگرتنیش لە ئەدەبیاتی منداڵان کارێکی هەڕەمەکی و ئاسان نییە، کارێکی میتۆدی و بەرپرسیارێتییە و شارەزاییەکی زۆری لە ژانرەکانی ئەدەبیاتی منـداڵان دەوێـت. چـۆن رەخنەگـری ئەدبیـاتی منـداڵان، بەرهـەمە ئەدەبییەکانی منـداڵان هەڵـدەسەنگێنێت. بە کورتی لەم پێنج خاڵەدا چـڕمـان کـردۆتـەوە:
١ـ بە وردی خوێنـدنەوەی دەقە ئەدەبییەکەی و بە وردیـش شیکـردنەوەی لە هـەمـوو روویەکـەوە.
٢ـ تێگەیشـتن لە شـێواز و لە تەکـنیکی نووسەری لە داڕشـتنی دەقـە ئەدەبیـیەکەدا.
٣ـ زانینینی چـوارچـێوەی کـولتـووری و کۆمـەڵایەتی و مێژوویی لە دەقەکـەدا.
٤ـ هەڵسەنگانـدنی کاریگەرییەکانی بەرهەمە ئەدەبییەکە لەسەر ئەدەبیـاتی منـداڵان.
رەخنەگرتن لە ئەدەبیاتی منداڵان، لە ئەوروپا و ئەمریکادا، لە مێـژەوە سەری هەڵداوە و پەرەی سەنـدووە. لە حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە، رەخنەی ئەدەبیاتی منداڵان بە تیۆرە ئەدەبییەکانی منـداڵانەوە بەسـتراوە. ئاراستەی رەخنەیی ئەم ساڵانەی رەخـنە و تیـۆری ئـەدەبی، سـنوورەکـانی بە رووی پـسـپۆرییـەکـانی تـردا کـردۆتـەوە. ئـەدەبی منـداڵان چـیـتر تەنیا کـتـێـبی منـداڵان نیـیە، بەڵکـو گـەلی لایـەنی تـریـش دەگـرێتەوە.
لە ئێـسـتادا لە ئەوروپـا، بە تـایبـەتیـش لە فەرەنـسادا، زۆرێـک لە رەخـنەگـران و لە توێـژێـنەران، لە رێی رەخـنەوە، ئەدەبی منـداڵانیان لە پەراوێـزکـردن هـێنایە دەرەوە. هـێنایانە ناو بابەتگەلـێکی تیـۆری و شیکاریی گرنگەوە. ئەدەبی منـداڵان و رەخـنە و شیکاری ئەدەبیاتی منـداڵان لە فەرەنسادا، پێگەیەکی گرنگیان هـەیە و پێشکەوتنێکی گـەورە و گـۆڕانکارییەکی زۆریـان بەدەسـتهـێـناوە.
باسکـردن لە رەخـنە لە ئەدەبی منـداڵانـدا، باسێکی فـراونە. مەبەستی مـن لەم کورتە باسە سەرپێـیەدا، گـرنگی و پێـویستیی رەخـنەیە لە ئەدەبی منـداڵان و ئاشنابـوونە بە هـەنـدێک لە بنـەمـا تیـۆرییەکان لە هـەڵسەنگانـدی ئـەو بەرهـەمـانەی کە بۆ منـداڵان نووسراون و دەنووسرێـن. هەر بابەتـێکـیش کە بۆ منداڵان بنووسرێـت، پێش هەموو شتێک، دەبێت بەرهەمێکی هـونەری بیت. نکـوڵـی لەم راستییەش ناکـرێت، نە ئەدەب بەبی رەخـنە پێشدەکەوێـت و نە رەخـنەش بەبێ ئەدەب بوونی هەیە. ئەدەب و رەخنە تەواوکـەری یەکـترین و گـیانێک لە دوو جەسـتە دان. یا هـەردوو بـاڵی ئەدەبـن.
مێـژووی رەخـنە و تێوری ئەدەبی منداڵان، بە هەمان شێوە لە سەرانسەری جیهاندا و بە هەموو زمانەکانی جیهـان پێـش نەکەوتـووە. لە ئەنجـامی ئـەوەی کە پـرسـەکـان و ماناکانیان لە کولـتوورە جیاوازەکاندا، وەک یەکـنین. بۆیە جیاوازی لە نێوانیادا هەیە.
تیـۆرە نوێیەکـانی ناو ئەدەبی منـداڵان، بـریتـین لە پێـویستی رەخـنە و لە شیکـرنەوەی تێکستی ئەدەبی. میتۆدەکانی رەخنە لە ئەدەبی منـداڵاندا گەشەیان کردووە. لە بایەخـدان بە نـووسـەرەوە، بەرەو بایـەخـدان بە تێکـسـت، پاشـان بە خوێـنـدنەوە. دەتـوانـین لەم سـێ رەگـەزە سـەرەکـییەدا، رەخـنە لە ئـەدەبی منـداڵانـدا چـڕبـکەیـنەوە: (رەخـنەگـر، تـێکـست، منـداڵان).
بـوونی رەخـنەی زانستی ئەدەبی، بەپێی بنەما و پێورە رەخـنەییەکان، ئەدەبی منـداڵان بەرزتـر دەکـاتەوە و پـێـشی دەخـات. رێـگـریـش لە زۆربێ و بـۆربێ و لە چـاپکـردنی نووسـینی کـاڵـوکـرچ بۆ منـداڵان دەکـات. بۆیـە بـوونی رەخـنە لە ئەدەبیـاتی منداڵانـدا، پێویستییەکی گـرنگ و هـۆکاری پێـشکەوتـنی ئەدەبی منـداڵانـە، لە رووی چـۆنیەتی و چەنـدێتییەوە. کزی و لاوازیی رەخـنە، هـۆیەکی سەرەکیی دواکەوتنی ئەدەبی منداڵانە.

بەداخـەوە، تا ئەمـڕۆش، بەشـێکی زۆری رەخـنەگـرانی بـواری ئەدەبی گەورەسـاڵان، بە چـاوێـکی کەمـتر و بـە پـلەی دوو و بـە بچـووکی لـە ئـەدەبـی منـداڵان دەڕوانـن.
بۆیە پێـویستیمان بە رەخـنەگرانی پـسپۆر و شارەزای بـواری ئەدەبی منـداڵان هـەیە. نەبـوونی بـزووتنةەوەی رەخـنەیی هـاوتـەریـب و هـاوسەنـگ لەگـەڵ داهـێـنانـدا، بە شـێوەیەکی گـشتی و نەبـوونی رەخـنەی زانستی و کەمی رەخنەگـرانی پسـپـۆری ئەم بوارە و چەندیـن هـۆکاری تر، هـۆی دواکەوتنی ئەدەبی منـداڵانن. ئەم نەبـوونانەش،
بە شێوەیەکی نەرێـنی کاردەکـەنە سەر پـێشکەوتـنی هـونەری نـووسـین بۆ منـداڵان.
پێویستە رەخنەگـری ئەدەبی منداڵان، میتۆدێک یا زیاتر لە میـتۆدێک، بە شێوەیەکی زانستی و بەپێی رێسایەکی لـۆژیکی، بۆ خوێـندنەوە و شیکـردنەوە و راڤـەکـردن و هـەڵسەنـگانـدنی تێکـستەکـان بەکـاربـهـێـنـێـت و بە دوای راسـتیـیەکانـدا بگـەڕێـت.

پێویستـیشە رەخـنەگـر، بە رۆحـێکی وەرزشـیـیەوە رەخـنە بگـرێـت. دوور لە تـانە و تەشەر و لە شێوازی تـونـدوتیـژی و لە هەست بریـدارکردن. رەنگە هـەر ئـەم هـۆیە نەرێنیـیە بێت، کە کەس پێی خۆش نییە رەخنەی لێبگیرێت. نووسەری واشمان هەیە رەخنە و رای جیاواز قـبووڵ ناکات و دان بە هـەڵەکانی و بە نەشیاوی بابەتـەکەی بۆ منداڵان نانێت. پێویستە ئەوەش بزانین کە هیچ کەڵە نووسەرێک لە لووتکەدا نییە و هـیچ شاکارە ئەدەبییەکی جهانیش پێرفـێکت نییە و هـەڵە و کەموکوڕییان تێـدایە، کە نووسەرەکانیان هەستیان پێنەکـردوون. رەخنەگران و خوێنەران ئاشکـرایان دەکـەن.
رەخـنە لە ئەدەبی منـداڵانی کورد:
تا ئەمڕۆش رەخنەی زانستی، لە ئەدەبی منـداڵانی کورد، بە نرخی نەبـوونە. ناڵـێم کە رەخنەگری بـواری منداڵانمان نییە، ئەوانەی هـەن لە پەنجەکانی دەستێکمان تێناپەڕن. لەم دواییەشدا چەند خوێندکارێکی کۆلێژی زمـانی کوردی، ماستەرنامەکانیان دەربارەی ئەدەبیاتی منـداڵان نووسیون. پیـرۆزبایی و دەستخۆشییان لێدەکەیـن. بەڵام ئـەم باس و لێکۆڵـینەوانەش لە ئاستێکی ئاکـادیمی و پیشەییدا نیـن. تا ئێستا رەخـنەگرانی پسـۆری بۆاری رەخنەی منـداڵانمان نییە کە بە تەواوی خۆی بۆ ئەم بـوارە تەرخان کـردووبێت. تا ئەمـڕۆش هـیچ فـیلـتەر و سانـسۆر و دەزگـایەکی فـەرمـیی چـاودێـریمان نییە. کە بە شێوەیـەکی زانستی و دروسـت، لە هەمـوو روویـەکەوە، ئـەو بەرهەمـانەی بۆ منـداڵان دەنووسرێـن، لە پێش چاپکردن و بڵاوکردنەوەیانـدا، شییانبکەنەوە و هـەڵیانبسەنگێـنن و هەڵـەکـان و کەمـوکـوڕییەکـانیان دیـاری بـکەن و راسـتیان بکەنـەوە، ئـێـنجـا رێ بە چاپکـردنیان بدەن. ئەمەش بۆتە هـۆی پاشاگەردانی و بڵاوبوونەوە کۆمەڵێک بەرهەمی چاپکـرای کاڵوکرچ و لاواز و نەگونجـاو و نامـۆ و نەشـیاو بۆ منداڵانی کورد. بێگـومان نەخـت و پـوخـت، باشــترە لە زۆربـێ و بـۆربـێ.
پێـویستـیـمان بە رەخنـەگـرانی کـوردی پسـپۆر هـەیە، کە شارەزاییـان لە سەرهـەڵـدانی تێـورە ئەدەبییەکانی ئەدەبی منـداڵان هـەبێت و بانکگـراونـدێکی شارەزایی باشیشیان لە مێـژوو و لە ژانـرەکانی ئەدەبی منداڵان و لە دەروونناسی و لە قۆناغەکانه گەشە کردنی منـداڵان و لە فـەرهـەنـگی وشـەکـانی زمـانی منـداڵان هـەبـێـت. شـارەزاییـان لـە پێـورە رەخـنەییەکـان و لە تایبـەتمەنـدییەکانی جیهـانی منـداڵان هـەبێـت. ناشـبێـت رەخنەگـران بکەونـە ژێـر کاریـگەریی سـۆزداری و سـازشکـردن و لایـەنـگـیری و هـاوڕێـتـیـیەوە. رەخـنەگـر نابێـت بترسـێـت، ئەگەر دەتـرسـێـت با نەنـووسـێـت. پێـویستە بە راشـکاوی، بە ویـژدانەوە، لایـەنە ئەرێـنی و نەرێـنییەکـانی دەقـەکـان، بە وردی و هـۆشـیارییـەوە شــیـبکاتەوە و هـەڵـیانبسەنگـێنـێـت.

ئەوەش گـرنگە، کە هـۆشـیاری و زانستی چەمکی بـیرکـردنەوەی رەخنەییمان هـەبێـت. لە خوێـندنەوەی هـەر بابەتێکـدا، بە تایبـەتیـش لە خوێـندنەوەی بابـەتـەکانی منـداڵانـدا.

لەگەڵ ئەوەشـدا،هـەوڵێ ساکاری چەنـد نووسەرێـکی کوردمان بەرز دەنرخـێنین. بەڵام وەکو وتمـان، تا ئەمـڕۆ بـزووتنەوەی رەخـنە لە ئەدەبی منـداڵانی کـورد بە شـێوەیەکی پسـپۆری و زانستی و پیـشەیی لە کوردسـتانـدا سـەری هـەڵـنەداوە. هـۆکـارەکەشی بۆ چەنـدین هـۆ دەگەڕێتەوە. لە چەنـد نووسینێکی پێشترمـدا، ئامـاژەم بەو هـۆیانە داوە.
تا ئێـستا یەکـێتی نووسـەرانی کورد، لە شـارەکانی کوردستانـدا، کـۆڕی تایبـەتیان، بە رەخـنەی ئەدەبی منداڵان ساز نەکـردووە. گۆڤـارێکی تایبەتـیمان بە لـێکۆڵـینەوە و بە رەخنەی ئەدەبی منداڵانی کورد نییە. کۆمەڵەی یا یەکێتی رەخنەگرانی ئەدەبی منداڵانی کـوردمان نییە. پێویستیشە رەخـنەی ئەدەبی بە گـشتی و رەخـنەی ئەدەبی منـداڵان بە تایبەتی، بخرێنە پـرۆگـرامەکـانی خـوێندنی بـاڵا، لە کـولـێژی زمـان و ئەدەبی کوردی.

بە هـیوای سـەرهـەڵـدانی بـزووتـنـەوەی رەخـنەی ئـەدەبی منـداڵانی کـوردیـن.

(*) تا رادەیـک سـوودم لە چـەنـد سـایـتـێکی ئـیـنگـلـیزی و عـەرەبی وەرگـرتـووە.
رەزا شـوان
دوبـەی: ٢٠٢٤




سۆناتای سەفەر.. ستیڤان شەمزینی

بەیانیان
سەیری ئاسمانی ھەوراویی دەکەم
ھەموو رۆژێک
دیمەنی ئەو کەشتییە بچووکانە دەبینم
بە رووباری “راین”دا ھاتوچۆیانە
خەڵک لەسەر شەقام و
مەکدۆناڵەکاندا چاو دەکەم
ھەموو شەوێک بە لای دیسکۆ و
سەرخۆشەکاندا تێدەپەڕم
ھیچ شتێک
بۆ من تازە نییە
ھیچ شتێک
ھیچ بۆ من ناگۆڕێت
من
لەناو جیھانە یۆتۆپییەکەی خۆمدا نیشتەجێم و
بە دوای عەشقێکی سەرابئاسادا رادەکەم


کتێبی عەشق
بە ئەسرین نوسراوەتەوە
کتێبی فرمێسک
بە دڵشکان نوسراوەتەوە
کتێبی دڵشکان
بە شیعر ئەنووسرێتەوە
ھێشتا سەر لەم مەتەڵە دەرناکەم
عەشق لە خەونێک زیاتر نییە
شیعر گەشتی بەردەوامی خەیاڵە
ژیان واقیعێکی رەق و تەق
ئەم سیانە لە کوێدا بە یەک دەگەن؟
دەترسم بڵێم لە ھیچ کوێ!.


لەسەفەردا بەرەو مەنفا
جانتای شانم
تەژی بوو لە ھەنسک
لە رۆژانی غوربەتدا
باوڵی یادگارییم
سەراوڕێژ بوو
لە نێڵە نێڵی
ئاگری نوستالیژیا
لە گەڕانەوە بۆ زێد
سۆمای چاوەکانم
لێوانلێو بوو
لە رەنگی نیشتمان
زۆر سەیرە!
لە سەفەردا
کاتی وەرینی
دوا گەڵای بیرەوەریی
لە مەنفا
ئانی رێکردن
بەسەر پشکۆی غەمدا
لە گەڕانەوە
ساتی تێپەڕین
بە ناو فرمێسکی شادییدا
خۆشەویستی تۆ
لە رۆحمدا قوڵپی دەدا
تا کۆتاییش
ھەر لە دڵمدا ئەنوێت


٦-١-٢٠١٩

ستیڤان شەمزینی




نووسین و چاپکردنی “فەرهەنگیی زارەکیی موکریان”.. راپۆرت: مه‌نسوور جیهانی

عەباس غەزالی: نووسین و چاپکردنی “فەرهەنگیی زارەکیی موکریان” شانازییەکی بێ پایانه

مه‌نسوور جیهانی ـ
“عه‌باس غه‌زالی” که‌سایه‌تی چالاکی فه‌رهه‌نگی هه‌رێمی کوردستان، به بۆنه‌ی جەژنی لێبوونەوە و چاپکردنی “فەرهەنگیی زارەکیی موکریان” له نووسینی “سەلاح پایانیانی” له خانەی فەرهەنگیی موکریان لە شاری هەولێر، جه‌ختی کرده‌وه: نووسین و چاپی “فەرهەنگیی زارەکیی موکریان” شانازییەکی بێ پایانه، چونکه بناغەیەکی پتەوی فەرهەنگیی و شێوازێکی زانستیانەی فەرهەنگ نووسی هاتە ناو کتێبخانەی کوردییه‌وه.

“عه‌باس غه‌زالی” که‌سایه‌تی چالاکی فه‌رهه‌نگی و ئه‌ندامی به‌رچاو و ڕاوێژکاری فه‌رهه‌نگی و هونه‌ری پارتی دیموکڕاتی کوردستانی عێراق و نوێنه‌ری پێشووی په‌ڕله‌مانی هه‌رێمی کوردستان؛ له په‌یامێکدا به بۆنه‌ی نووسیوییه‌تی: “بە بۆنەی جەژنی لێبوونەوە لە “فەرهەنگیی زارەکیی موکریان” بە سەری بەرزەوە پیرۆزبایی لە هەموو گەلی کوردستان، بە تایبەتی دڵسۆزانی بواری کەلتوور، دەکەم کە بناغەیەکی پتەوی فەرهەنگیی و شێوازێکی زانستیانەی فەرهەنگ نووسی هاتە ناو کتێبخانەی کوردییه‌وه. هەروەها پیرۆزبایی لە شاری مەهاباد دەکەم کە بووە پێشەنگی ئەو شێوازە فەرهەنگ نووسییە.

فەرهەنگیی زارەکیی موکریان جگە لەوەی لە کاتێکی هەستیاردا زمانی پاراست و فەرهەنگیی شەفاهی ناوچەیەکی دەوڵەمەندی کوردی هێنایە ناو کتێب بە شێوازە زانستییەکەی وای کرد کە لە داهاتوودا ناوچەکانی دیکەی کوردستانیش بەو ڕێچکەیەدا بڕۆن و فەرهەنگی ڕەسەنی نەتەوەی کورد دەوڵەمەند بکەن.

ئەم کارە پڕ مشەقەت و کاتگرە، کە لە ڕاستیدا کاری دەزگایەکی دەوڵەتییە، کاری سی ساڵ تێکۆشانی بێ وچانی لاوی لێهاتوو، سەنگین، بەڕەوشت، خاکی و لەخۆبردووی کورد، مامۆستای ڕوح سووک و بیرگران کاکە سەلاحی پایانیانییە کە نموونەی کاری وەک ئەو لە ئاستی جیهاندا دەگمەنن.

وەک کەسێکی خەڵکی دەڤەری بارزان بە پێویستی دەزانم سوپاسی تایبەتی کاک سەلاح بکەم کە شانازیی چاپ کردنی ئەو کارە گرانسەنگەی داوەتە خانەی فەرهەنگیی موکریان لە شاری هەولێر و هەروەها سوپاسی خانەی فەرهەنگیی موکریان دەکەم کە بەپیری پێشنیاری کاک سەلاحەوە هاتن و ئەو ئەرکە فەرهەنگی و مێژووییەیان بە باشترین شێوە له‌ئەستۆ گرتووە.”

عەباس غەزالی میرخان
هەولێر
٨ی خاکەلێوەی 2724ی کوردی
٢٧/٣/٢٠٢٤ زایینی




جەژنە قەومی و ئاینیەکان وە ڕۆڵیان لە خەفەکردنی خەباتی چینایەتی !.. سابیر . م

بەگوێرەی لێکدانەوەی پێشهاتە جیهانیەکان، چارەنووسی ڕۆژهەڵاتی ناوێن، بەستراوەتەوە بە ڕکابەری زلهێزە جیهانیەکانیەوە ، هەربۆیە دژایەتی ڕادیکاڵیزمی ناو کۆمەڵگا ، وە گەشەی بۆچوونە قەومی و ناسیۆنالیستی و ئاینی و مەزهەبیەکان و هەرچی خورافاتی سەدەکانی ناوەڕاست ، هەروەها دروستکردنی فەوزاو شەڕی ناوچەیی و لۆکاڵێ وجیهانی لە ناوچەکەدا ، وە ئاسانکاری بۆ دروستکردنی دەیەها باندو ڕێکخراوی تیرۆریستی و مەزهەبی و خێڵەکی و سەلەفی و …هتد ، وە زیندووکردنەوەی ئاینە بەسەرچوەکانی مێژووی کۆنی ناوچەکە ، و ە سەرگەرمکردن و هاندانی جەماوەر لە ڕێگەی مێدیا خۆماڵیەکان و دەسەڵاتدارە بەڕێوەبەرەکانیانەوە ، کە جەژنە قەومی و ئاینیەکان بکەن بە بناغەی کەسایەتی وئایدیتێنتی تاک بە تاکی جەماوەر لەو ناوچانەدا ، تا بتوانن لەم ڕێگەیەوە خەباتی چینایەتی دژ بە دەسەڵاتدارانی بەکرێگیراوو نمایەندە ناوخۆییەکانیان لەو ناوچەیەدا ئیفلیج بکەن وە دژایەتی بکەن تا ئاستی سەرکوتکردنیشی .
ئەمانەش بریتین لە یەکێک لە ئامانجە سەرەکیەکانی ستراتیژیەتی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە دوای شەڕی ساردی جیهانی دووەمەوە ، وە لەم پێناوەشدا هەوڵ ئەدەن کە هەژموونی ئێران بەهێزترو بەهێزتر بکرێت ، وەک ئەلگۆیەکی کارا بۆ دژایەتی کۆمۆنیزم و ڕادیکاڵیزم لە سەراپای ناوچەکەدا، لە پێناو مانەوەی دەسەڵاتدریەتی وە هەژموونی ئابووری و سیاسی خۆیان لەو ناوچە ستراتیژیەو بگرە تەواوی جیهانیش .
هەربۆیە کارکردن لەسەر دنە دان و گەشە پێدانی هەموو هزرو بۆچوونێکی میللی و تایەفەگەری و عەشیرەتی و ، وە ڕاگرتنی جەماوەر لە فەلەک و بازنەی بۆ نموونە
( کوردایەتی) وە ( عروبە) و ..هتد ، وە شەڕە مەزهەبی و ە کڵانیەکان و گۆڕینی ئایین بەسەرچاوەو بنەمای یاسا مەدەنیەکان لەو وڵاتانەدا بوونەتە سەرخەتی سیاسەتەکانی ئەوان .
هەروەک ووتمان مەبەست لەم ستراتیژیەتە دژایەتی ڕادیکاڵیزم و خەباتی چینایەتیە وە ڕێگە گرتنە لەسەر هەڵدانی میتۆدو هزری خەباتی چینایەتی لەو وڵاتانەدا ، هەربۆیە سەیر ئەکەیت ، کە سوودورگرتن لە بۆنەو جەژنە نەتەوەییانە یان ئاینیانە ، بۆتە کاری سەرەکی حیزبە دەسەڵاتدارەکان و مێدیاکانیان ، تا بتوانن زۆرترین جەماوەر هەڵخڕێنن بۆ بەشداریکردن لەم بۆنانەداو ، وە خۆڵ بکەنە چاویان ، وە هەوڵدان بۆ گێڕانی ئەم جەژنانە لە گەڵ خودی چەوسێنەرانی ناوخۆیی خۆیان و ئاشتی و تەبایی چینیایەتی لەناو خەڵکی ئەم ووڵاتانەدا ڕابگرن ، بە قازانجی مانەوەی دەسەڵاتداریەتی خۆیان .
هەموو تاک و کەسێک و تەنانەت گەلێکیش مافی خۆیەتی کە چۆن نمایش و گوزارش لە خۆشی و بۆنە کەسایەتی و قەومی و ئاینیەکانی خۆیان ئەکەن ، باسەکە پەیوەندی بە ڕێگەگرتن لەم ئازادیە نیە !
باسەکە پەیوەندی بە کارێکی سیستماتیکی سیاسی داڕێژراە ، پەیوەندی بە هەوڵدانێکەوە هەیە کە ئاڕاستەی بردنە پێشەوەی ئەم ئاهەنگانە بە قازانجی خۆیان بەرنە پێشەوە ، وە کار لەسەر گەوجاندنی جەماوەر و خۆڵکردنە چاویان و ئاهو ناڵە و برسیەتی و بێمووچەیی و نەداری وە نەبوونی خزمەتگوزاریەکان وە ئازادیە سیاسیەکانی ئەوان لە بیر بەرنەوە ، وە نەچنە سەر فەلەک وە تەوەرەی هزری خەباتی چینایەتی ، وە هەمیشە ئەوان وک دیلی دەستی ناسیۆنالیزم و مەزهەب و قەومچیەتی و خێڵگەرایی و ..هتد بەردەوامی بهێڵنەوە .
هاتنی بەهارو وەک وەرزێکی نوێی بووژاندنەوەی سروشت و ژیانی نوێی ساڵ
( نەو رۆز ) ، هەر لەکۆنەوە گەلانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوین وە لەوانەش کوردەکان بەو بۆنەیەوە خۆشی و ئاهەنگی خۆیان گێڕاوە .
کۆمەڵگای چینایەتی ئێستاو قەڵشتی قووڵی دابەشبوونی کۆمەڵگای کوردیش بەسەر دوو چینی بەرچاو ، خۆی لە خۆیدا ئاڵوگۆڕی بەسەر چەندایەتی و چۆنایەتی گێڕانی ئەم ئاهەنگ و بۆنانەشدا هێناوە ، بەڵام هەمیشە دەسەڵاتداران و حیزنە قەومیە کۆنەپەرستەکانیان لەهەوڵی ئەوەدان کە تەبایی گەل و ڕاگرتنی ئارامی چینایەتی و هەوڵدان بۆ خەفەکردنی ناڕەزایەتیەکانیان لە شوێنێکدا ڕابگرن ، وە هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدان کە ژیانی کۆن و نوێی ئەم میللەتە لەیەک بدەن وە ئاڵای کوردستان بکەن بە سومبوڵی تاک بە تاکی کۆمەڵگا لە ژێر سایەی دەسەڵاتداریەتی خۆیاندا .
ئەم هەلومەرجە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیە نوێیەی دەسەڵاتداریەتی چینە باڵاکانی کوردو حیزبە چەکدارەکانیان ، ئەرکێکی نوێی تازەی هێناوەتە ئاراوە بۆ یادکردنەوەی ئەم بۆنە مێژوویە ، ئەرکێک کە پێویست بە خەباتێکی نوێ ئەکات لەگەڵ هاتنی ئەم ڕۆژە نوێەدا، نەک خولانەوەو قەتیسمان لە ناو هەمان ئەدەب و کولتووری سەدەکانی ناوەڕاستدا لەوابەست بە ئاهەنگێڕانی ئەم ڕۆژە ، فریودانی جەماوەر بە گێڕانی ئەم ئاهەنگانە وە کردنە بەری پۆشاکی کوردی وە میللی ناتوانێت ڕێگە چارەی ڕزگاربوونی ئەم جەماوەرە بەرینەی چەوساوەکانی کوردستان بێیت ، لە جەورو ستەمی سەرمایەداری و ە تەنانەت لە هەڵاواردنی نەتەوەییش لەبەرامبەر میللەتانی تری ناوچەکە .
تەنها ڕێگە چارەیەک بۆ گێڕانەوەی شکۆی خۆشی و کەسایەتی و ەنەتەوەیی چەوساوەکانی کوردستان ، هەوڵدانە بۆ بەڕێخستنی بزاڤێکی شۆڕشگێڕانەی مارکسیستی دوور لە ناسیۆنالیزم و مەزهەب و خورافات و دەمارگیری نەتەوەیی، بە ئیلهام وەرگرتن لە خەباتێکی سەرتاسەری گەورەتردا کە پێویستە لەو ناوچانەدا بێتە ئاراوە.
لەم نێوەدا باڵی چەپی بۆرژوازی لە جیهاندا واتە چەپێکی ناسراو کە هەمیشە مارکسیزمی کردووە بە قوربانی بەرژوەندیە بەرتەسکەکانی خۆی ، وە لەپەرلەمانی ووڵاتانی ئیمپریالیستدا هاوبەشی حاکمیەت و دەسەڵاتداریەتی ئەوانن ، وە بێجگە لەمەش ئەوانەش کە هێشتا بە کردەوە نەبوونەتە هاوبەشی حاکمیەتی دەسەڵاتدران ، بەهەمان میتۆدو هزری ڕیفۆرمستانەو چاکسازیانەی بۆرژوازیانەی ئەواندا تێپەڕ ئەبن و پیادەی هەمان هزرو میتۆدی فیکری و سیاسی ئەوان ئەکەن.
هەرئێستا چەپە ڕیفۆرمیستەکانی ئەوروپا و ئەمریکاو جیهان لەلایەک پیرۆزبایی هاتنی مانگی ڕەمەزان و جەژنە ئاینیەکان وە قەومیەکان لە جەماوەر ئەکەن ، بەڵام لە لایەکی ترەوە سیاسەتی ڕەگەزپەرستی و جیاکردنەوەی کەمە نەتەوایەتیەکان بە شێوەی جۆراو جۆر گرتۆتە بەر ، وە چەوساندنەوەیەکی نەرم و نیانانەو هەڵاواردن بەرامبەر بە تەواوی ڕەگەزە جۆرە بە جۆرەکان پیادە ئەکەن .
هەربۆیە ئەبینین کە ئەوانیش نەک هەر بونەتە بەشێک لەم جەماوەرە کاڵفامکراوە ، بەڵکە ئەوان وەک توێژێکی بەناو ڕادیکاڵ کار لەسەر جێکەوتن و هێشتنەوەی زنجیرەکانی کۆت و بەندی جەماوەر ئەکەن ، وە ئیحساساتی قەومی و بگرە مەزهەبیانەی خۆیان لەم بۆنەو جەژنانەدا نیشانی جەماوەر ئەدەن ، کە هێندەی تر جەماوەر لە فەلەک وە تەوەرەی خەباتی چینایەتی دوور ئەخەنەوە .
ئەم قەیرانی ئابووری و سیاسی و ناشۆڕشگێڕانەیەی کە ئێستا لەسەر ئاستی جیهاندا تیایدا ئەژین ، بەهۆی زاڵبوونی قۆناغی لێبڕاڵیزمی نوێ وە شەڕێکی کاولکەری تا ڕادەیەک جیهانی ، بێگومان لە دوا ئەنجامدا ، ڕێچکەیەک و دەرچەیەک بۆ ڕزگاربوون لەم چەوساندنەوەی سەرمایەداریە هەر ئەبێت بێتە ئاراوە ، وە خاڵی بنەڕەتی ترسی سەرەکی ووڵاتە زلهێزەکانی جیهان خودی ووڵاتە ئوروستوکراتیەکانی خۆیان نیە ، بەڵکە ووڵاتە هەژارەکان و دواکەوتوەکانن ، کە لە دۆخی هەڵچوون و خرۆشانێکی جەماوەری شۆڕشگێڕانەدا ئەژین ، هەربۆیە ئەو ستراتیژیەتە دوژمنکارانەی بڵاوکردنەوەی خورافاتی ئاینی و ڕەگەزپەرستی قەومی تێیاندا گەشە پێئەدەن ، بۆ بەلاڕێدا بردنی ئەم ناڕەزایەتیە جەماوەری و سیاسیانە .
سابیر . م
٢١ . ٣ . ٢٠٢٤




شوراکان وەرچەرخانێکی نوێ لەمێژووی بزوتنەوەی کرێکاری و جەماوەری لە کوردستان!.. نوری بەشیر

دوای ٣٣ ساڵ، باسی شوراکان زەرورەت و تایبەمەندی خۆی هەیە، چ لەباری سیاسی و چ لەباری کۆمەڵایەتیەوە، شوراکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان دەورەیەکە ئەگەرچی کورتخایەن، بەڵام تا ئێستاش لەژیانی خەڵكی کوردستاندا بەشانازیەوە پەنجەی بۆ رادەکێشرێت. ئەگەرچی لەم ماوەیەدا دنیا هێندەی سەدەیەک گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بەتایبەتی کۆتایی بەدەورەیەک هات کە ئەمریکا دەوری تاکجەمسەری دەبینی، بۆ دنیایەکی چەندجەمسەری، چ ئەوکات و چ ئێستاش دنیا لەژێر سایەی دەسەڵاتی سەرمایەداری و حکومەت و حزبەکانی چینی بۆرژوازیدا دەچەرخێت، چینی کرێکارو جەماوەری زەحمەتکێش، ژنان، منداڵان و لاوان، قوربانیەکانی ئەو سیاسەت و سیستەمەیە کە زەرورەتی بۆ مرۆڤایەتی نەماوە، هەربۆیە باسی شورا وەک شێوەیەکی رێکخرابوونی بزوتنەوەیەکی چینایەتی چینێکی کۆمەڵاتی لەدەرەوەی چینی بۆرژوازی و هێزەکانی جێگای پێداگریە.

 بۆرژوا ناسیونالیستی کوردو حزبەکانی، لەهەردوو دەورەکەدا، لەچوارچێوەی ئەو سیاسەتە دژی ئینسانیانەی سەرمایەداری و شەڕوکوشتارو کاولکاریەکانیدا، بەتایبەت لەدەوری سیاسەتی ئەمریکادا خۆیان گرێداوە، هەموو دنیاش سیاسەتی ئەمریکایان لەم سێ دەیەدا بینیوە کە دەستیان خستبێتە هەر شوێنێکی دنیا، ئەوە ماڵوێرانی و برسێتی و کۆنەپەرستی و سەرکوت و دەسەڵاتی میلیشیا چارەنوسیان بووە، ئەفغانستان، عێراق، سوریا، کوردستان نموونەیەکی زیندووە و لەبەرچاوی هەموواندایە.

هەربۆیە لەم ماوەی زیاتر لەسێ دەیەدا ناسیونالیزمی کورد بەڵایەکیان بەسەر خەڵكی کوردستاندا هێناوە کە زۆربەی کۆمەڵگە بەخوێن و گۆشتی خۆیان تەجروبەیان کردوە، ئەوەی رژێمی بەعسی سەرمایە نەیتوانی تەواوی بکات ئەمان کردیان، کۆمەڵگەی کوردستانیان لەهەلومەرجێکدا راگرتووە بۆئەوەی بتوانن دەسەڵاتی نەگریسی خۆیان بەردەوام تازەبکەنەوەو بسەپێنن؛ هێندە حزب و گوێ لەمستی خۆیان دروستکردوە، هێندە بیروبۆچونی دواکەوتوانەیان سەپاندووە، هێندە رۆشنبیری قەڵەم فرۆش و بندیوارو دزو مافیایان دروستکردوە، هێندە بوونەتە نۆکەری وڵاتانی دراوسێ، هێندە ژنانیان کوشت، هێندە رۆژنامەنوس و کۆمۆنیستەکانیان کوشت، بەوەش کارنامەی خۆیان کردووەتە فەزایەکی زاڵی کۆمەڵگە، کە خەڵكیان بێئیرادە کردوە کە نەتوانێت رێگای خۆی بدۆزێتەوە، تەنیا بۆئەوەی دەسەڵاتی خۆیان لەسەرەوە بمێنێت، کە لەدوای ڕاپەڕینەوە لە شاخ و سنورەکانی ئێران هاتن و شوراکانیان سەرکوت کرد، بۆئەوەی ئەم رۆژە دروستبکەن و چارەنوسی کۆمەڵگە لەدەستی خۆیاندا بێت و دەوری جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش ئەوەندەبێت کە لەخزمەتی خۆیان و دەسەڵاتەکەیاندا بێت.

لێرەوەیەو دوای ئەم هەموو ساڵە گرنگی شوراکانی ساڵی ١٩٩١ بۆجارێکی کە زەرورەتی خۆی دەردەخات، ئەویش رێکخراوبوونی خەڵکە لە خوارەوەی کۆمەڵگە، مەسەلەی دەسەڵاتدارێتی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشە. شوراکان دەستیان بۆ ئەوە برد، کرێکاران رێکخراوبوون لە کارگەکاندا و دەستیان برد بۆ بەڕێوەبردنی کارگەکان لەلایەن خۆیانەوەو رێگریان لە مودیرە کۆنەبەعسیەکان کرد بگەڕێنەوە سەرکارەکانیان، بۆ ئەمەش دەرگای کارگەکانیان بەڕوویاندا داخست، بەڵام بەرەی کوردستانی و حزبەکانی کوردایەتی هەموو مودیرو بەعسیە کۆنەکانیان دانایەوە، هەموو موستەشارو سەرۆک عەشرەتەکان و سەرمایەدارەکانیان کۆکردەوە لەدەوری خۆیان و وەرقەی بەرەیان دا بەهەموویان کە پارێزراوبن. جەماوەری زەحمەتکێش لەگەڕەکاندا لە؛ کارمەندان و ژنان و لاوان، کۆبوونەوەی گشتی گەڕەکەکانیان ئەنجامداو شوراکانی خۆیان دروستکرد و نوێنەرانیان هەڵبژاردو بەرنامەو کاری بەڕێوەبردنی کارو پێداویستیەکانیان لە کۆبوونەوە گشتیەکانی خۆیاندا دیاریکرد. شورای سەراسەی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش بەرنامەی شوراکانیان خستەبەردەم کۆمەڵگە و دروشمی؛’هەموو دەسەڵاتێک بۆ شوراکان’ سەرتاسەری کوردستانی گرتەوە؛ یەکسانی ژنان و پیاوان، جیایی دین لەدەوڵەت، ئاسایشی خەڵکی، دابەشکردنی داهاتی کۆمەڵگە بەیەکسانی، چەکدارکردنی خەڵك لەشوراکاندا، بەشێک بوو لەبەرنامەی شوراکان. ئەم کارانەو بانگەوازی شوراکان وەک؛ هەورە بروسکەو دیاردەیەکی گەورەو زیندو خەڵکی لەدەوری شوراکان کۆکردەوە، شوراکان وەك ئەلتەرناتیفێکی نوێی چینایەتی و سۆسیالیستی چینی کرێکارو بێىەشانی کۆمەڵگە سەری دەرهێنا و بەشێکی بەرچاوی خەڵکی کوردستان لەدەوریان کۆبونەوە، ئامادەیی هەزاران کەسی لە شوراکان و ریزی دەیان هەزاری لەیادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا بزووتنەوەی ناسیونالیستی خستە لایەک و لەولاوە هێزو بزوتنەوەیەکی نوێی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەری دەرهێنا، ئەویش بزوتنەوەی کۆمۆنیستی بە بەرنامەو ئەلتەرناتیفی چینی کرێكارەوە.

کۆمۆنسیتەکان و چەپەکان بۆئەوە دەستیان برد بۆ شوراکان و هاتنەمەیدان، بۆئەوەی دەسەڵاتی بۆرژوازی ژێرەو ژوورکەن، بۆیە نەگەڕانەوەی رژێمی بەعس یەکێک لە خۆئامادەکردنەکان و چەکدارکردنی خەڵك بوو لەشوراکاندا، کۆمۆنیستەکان و چەپەکان شەو و رۆژ لەشوراکاندا وا کاریان دەکرد، واتدەزانی کە  دەرس و تەجروبەیان بەزیندووی لە کۆمۆنارەکانی پاریس وەرگرتووە کە دروشمی؛ سەرمایەدار چەک دانێ لەشولارت ناتوانێ، هەر کرێکار دەتوانێ دنیایەکی نوێ دانێ، شوراکان وا هاتنەمەیدان کە بۆرژوا ناسیونالیزمی کورد نابێت دەسەڵات بگرێتەدەست، لەبەرئەوەی ئەوەیان لەبەرچاوبوو کە ئەگەر ئەوان دەسەڵاتداربن ئەمڕۆژە بەسەر خەڵكی کوردستاندا دێنن کە ئێستا هەیە، شوراکان هەر بۆئەوەش هاتنەمەیدان، کەژیانێکی نوێ بۆ جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش لەکۆمەڵگەدا دامەزرێت، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی بۆرژوا ناسیونالیستی کورد بۆ هەمیشە لە ساحەکە دەرکرێت.

ئێستا کەیادی شوارکان دەکەینەوە، سەرەتای ساڵێکە کە ناسیونالیزمی کورد لەهەموو کاتێک زیاتر رسواترو نەفرەتلێکراوە لەلایەن خەڵكی کوردستانەوەو کەوتونەتە بەردەم ناڕەزایەتی بەرفراوان و رۆژانەی جەماوەر، بەڵام ئەم نەفرەتەو ئەم ناڕەزایاتیانەی ئەمڕۆ کافی نیە، بەڵكو رێکخراوبوونی دەوێت لەخوارەوە، کرێکاران لە شوێنی کاریاندا، جەماوەری زەحمەتکێش لە گەڕەکەکاندا رێکخراوبن، نوێنەرانی هەمووشیان لە رێکخراوی سەراسەریدا کۆببنەوە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە، ئەمە خەون و خەیاڵ نیەو شوراکانی روسیا ئەمەیان کرد، بەڵام رێکخرابوون بە وشیاری چینایەتی و کۆمۆنیستی.

کەواتە دەتوانین بڵێین ئەو بزوتنەوە شوراییە و شوراکان، وەرچەرخانێکی چینایەتی مەزن بوو لە مێژووی کوردستاندا، کە کۆمۆنیستەکان و کرێکاران و جەماوەری ئازادیخواز لەساحەی سیاسیدا لەدەرەوەی سیاسەت و کارنامەی حزبەکانی ناسیونالیستیدا خۆیان رێکخراو کردو بە ئەلتەرناتیفی چینایەتی کرێکاران و سۆشیالسیتیەوە خۆیان هاتنەمەیدان. ئەم تەجروبەیەی شوراکان، بەپێچەوانەی تەجروبەی ناسیونالیزمی کورد و حزبەکانی، کە لەسەرەوە خۆیان سەپاند بەیارمەتی؛ سەرۆک عەشیرەت، شێخ و مەلا، کۆنەبەعسیەکان، مستەشارو سەرمایەدارەکان، وەک هێزی جەماوەر هاتنەمەیدان وەک بەدیلێکی چینایەتی و سۆسیالیستی لەدەرەوەی قەڵەمڕەوی ئەوان بۆ ئایندەیەکی باشترو بەرنامەدانان لەبەرژەوەندی زۆربەی خەڵكی کەمدەرامەتی کۆمەڵگە.

کۆمەڵگە پێویستی بەئاڵوگۆڕی ریشەیی هەیە، ئەویش رزگاربوونە لە دەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتی، کە ئەمەش لە قسەی رۆژانەی خەڵكی لە ناڕەزایەتیەکاندا دەبیسترێت، بۆئەمەش لەهەنگاوی یەکەمدا وشیاری چینایەتی و رێکخراوبوونی چینایەتی دەوێت، دابڕانی چینایەتی دەوێت لە ئاسۆو سیاسەتی ناسیونالیزمی کردو حزبەکانی، رێکخراوبوونی  دەوێت لەدەوری ئاسۆو ئامانجی کرێکاریی و سۆشیالیستی، کە هەنگاوی یەکەمی ئەم خۆڕێکخراوکردنە لە شوراکانی کرێکاران لە کارگەکان و شوراکانی گەڕەکداو یان هەرجۆرێک لە رێكخراوی پیشەیی و پەیوەندی توندوتۆڵی یەکدەست و سەراسەری دەوێت.




په‌راوێـزێكی دی تێـكست.. نه‌ژاد عزیز سورمێ

( زۆر كه‌س هه‌ن ده‌گرین ، بێ ئه‌وه‌ی كه‌س فرمێسكیان ببینێ ،
ئه‌مه‌ش هێزیان پێ ده‌به‌خشێ.. )
نازم حیكمه‌ت
له‌شانۆگه‌ریی ) پیاوێكی سه‌یر )دا

ئه‌شكه‌نجه‌دان له‌ مێژوودا پێشینیه‌كی دێرینی هه‌یه ‌، بۆ یه‌كه‌مین جار له‌لایه‌ك له‌ مێزوپۆتامیا ، به‌تایبه‌تی پاش پێكه‌وه‌لكاندنی به‌ ئاگروئاسنی ده‌وڵه‌تۆكه‌كانی سۆمه‌ری له‌لایه‌ن (سه‌رجۆنی ئه‌كه‌دی)ـه‌وه‌، كه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئه‌شكه‌نجه‌ده‌دان بیانگوتبایه‌ له‌ل! له‌وساوه‌ ئه‌وه‌ی دوایی ناوی به‌ دیكتاتۆریایه‌تی رۆیی چه‌كه‌ره‌ی كرد .

له‌ میسری دێرینیش هه‌ر به‌وجۆره‌ بوو ، له‌ بنیاتنانی ئه‌هرامه‌كانه‌وه‌ بگره‌، تا ده‌گاته‌ ململانێی توندی نێوان مه‌زه‌به‌كانی په‌رستن له‌ نێوان یه‌كتاپه‌رست و ئه‌وانی تر.
گریگه‌كانیش ئه‌گه‌رچی ڕێگای ئازاردانیان له‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كانیاندا پیاده‌ كردووه ‌، به‌ڵام دیسان وه‌كو پره‌نسیپ و كولتوور، ئه‌شكه‌نجه‌دانیان بۆ مرۆڤ به‌ كارێكی نابه‌جێ و ناپه‌سند زانیوه ‌، به‌وه‌ی مرۆڤی تێدا زه‌لیل ده‌بێ ، بۆیه‌ پێیان وابووه‌ ئه‌شكه‌نجه‌دان ته‌نیا بۆ بێگانه‌ و كۆیلانه‌!!

له‌ چاخه‌ مێژووییه‌كانیشدا هه‌ندێ جۆره‌ ئه‌شكه‌نجه‌دانمان دیوه‌ و بیستووه‌ به‌ناوی وه‌رزشه‌وه‌ به‌ به‌رچاوی خه‌ڵك جێبه‌جێ ده‌كرێ وه‌ك تێكوه‌رانه‌ی مرۆڤ و هه‌ندێ له‌ گیانله‌به‌ری له‌ وێنه‌ی شێر و پڵنگ و گادا.

له‌ پیاده‌كردنی ئه‌شكه‌نجه‌داندا وا دێته‌ به‌رچاو جه‌للاد و بینه‌ر بچنه‌وه‌ ناو یه‌ك ئه‌ڵقه‌ ، جه‌للاد وه‌ك )سادی) یه‌ك كه‌ حه‌ز به‌ ئازاردانی به‌رامبه‌ر ده‌كا و بینه‌ریش وه‌ك )مازۆشی) یه‌ك كه‌ ئاره‌زووی له‌ خۆئازاردانه‌ به‌ بینینی ئازاردانی هیتر!

له‌هه‌ر خانه‌یه‌كیش دابنرێ ، ئه‌شكه‌نجه‌دان له‌ نه‌ستی جه‌للاددا ده‌سته‌وه‌ستان نییه‌ له‌ چوونه‌ ناو جوغزی دیالۆگ و تێگه‌یاندن و تێگه‌یشتنی به‌رامبه‌ر ؛ ڕق و كینه‌ و داخ له‌ دڵی و هه‌ڵاوسانی گرێ ده‌روونییه‌كانی ده‌رده‌بڕێ..

به‌هه‌ر بیانوو و پاساوێك بێت ئه‌شكه‌نجه‌دان كورت هێنانه‌ له‌ دیتنی به‌رامبه‌ر وه‌ك مرۆڤ ، وه‌ك ئاده‌مزادكه‌ پێ بزانێ یان نا به‌لای خۆدیتنی خوودی خۆیشیه‌وه‌ ده‌شكێته‌وه‌ ، به‌ واتایه‌كی دی كورت هێنانه‌ له‌ به‌رامبه‌ر )خوود).. كه‌ خوودیش له‌ جه‌سته‌ لێكده‌ترازێ ، شتێك نامێنێ به‌ناوی مرۆڤ ، ئه‌وه‌ی ده‌شمێنێ له‌ دره‌ختێكی وشكه‌وه‌بوو ده‌چێ له‌ به‌رامبه‌ر باهۆزی گۆڕانی به‌رده‌وامدا خۆی ناگرێ..

ئه‌گه‌ر نموونه‌ت ویست، له‌وانه‌ی به‌ ئه‌شكه‌نجه‌دان و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر گه‌یشتنه‌ لووتكه‌ و ویستیان به‌رز بفڕن تا هه‌تایێ.. زۆر دوور مه‌ڕۆ .. شایانترین نموونه‌ )سه‌دام حوسێن)ـه‌، كه‌ به‌هه‌موو پێوه‌رێك دواجار خۆی له‌ كرداره‌كانی بینییه‌وه‌ ..

ئه‌وانه‌ی له‌ یه‌كه‌م چركه‌ساتی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كانییان بیر له‌ ئه‌شكه‌نجه‌دان ده‌كه‌نه‌وه‌ ئینجا هه‌ر چه‌شنێكی بێ ، نه‌خۆشن و شایانی به‌زه‌یی پێدا هاتنه‌وه‌ن و پێویستیان به‌ چاره‌سه‌ری ده‌روونی هه‌یه‌.




نوستالژیا\ بەشی کۆتایی\ جەلال تاڵەبانی و باوکم و بەشیر موشیر.. ستیڤان شەمزینی

بەشی کۆتایی

جەلال تاڵەبانی و باوکم و بەشیر موشیر

چەند جارێک وا رێکەوتووە لە نزیکەوە “جەلال تاڵەبانی” ببینم، بە حوکمی کارەکەم وەک رۆژنامەوانێک لە زۆرێک لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکانی مام جەلال ئامادە بووم، بەڵام جیا لەمەش دووجار شانسی ئەوەم ھەبووە لە نزیکەوە لەگەڵی دابنیشم دوو بە دوو، لە یەکێک لەو دانیشتنانەدا زیاتر لە کاتژمێرێک قسەوباسمان کرد. مام یەکێک بوو لەو پیاوە زرنگانەی خاوەنی زاکیرەکەی زۆر تیژ بوو، ھەر رووداوێک یان کەسایەتییەک بۆ ماوەیەکی کەمیش بەریەککەوتنی ھەبووبێ لەگەڵیدا مومکین نییە بیری بچێت، نەخاسمە باوکم (ئەحمەدی سەید عەلی) کە پێنج ساڵی رەبەق لە یەک بارەگادا پێکەوە ژیاون و ھەموو رۆژێک ھاتووەتە بەرچاوی. لە جیابوونەوەی باڵی “مەکتەبی سیاسیی” یان “جەلالی” لە ساڵی ١٩٦٤ لە باڵی مەلایی یان مەلا مستەفا، باوکم و براکانی و خاڵ و پورزا و خزمەکانی ھەموو پێکەوە بایاندا بە لای مام جەلال و باڵی جەلالیدا. ھەر لە ١٩٦٤ تاکو ھەڵوەشاندنەوەی ئەو باڵە لە ١٩٧٠، بەڵام باوکم ساڵی پێشتر ریزی جەلالی جێھێشت واتە باوکم لە نێوان ساڵانی ١٩٦٤-١٩٦٩ جەلالی بووە. جگە لەمەش خزمەکانی باوکم ئەرکی پاراستنی بارەگای سەرەکی مام جەلال و خودی مام جەلالیشیان پێ سپێردرابوو، ئەمانە بە لقی “کەریمی حاجی رەشید” ناسرابوون کە پەنجا پێشمەرگەیەکی ھەڵبژاردەی شەھید کەریم بوون و لە خزمە نزیکەکانی باوکم بوون “شەھید کەریم ساڵی ١٩٨٨ لە قەندیل شەھید بوو”.
یەکێک لەو بەسەرھاتانەی بیری “مام جەلال”م خستەوە ئەو چیرۆکە بوو لە باوکمم بیستبوو وەک باوکم بەم جۆرە دەیگێڕایەوە: ھاوینی ساڵی ١٩٦٨ بوو، بارەگای سەرەکیمان لە “ئەلبانەکە”ی گەڕەکی “بەکرەجۆ” بوو مام جەلال لە دەرەوەی بارەگا بوو، منیش برسیم بوو، زانیم مام جەلال لەوێ نییە، خێرا تاوم دایە یەخچاڵ “سەلاجە”کەی مام جەلال و چی چێشت و گۆشتی لێنراوی تیا بوو تا تێرم نەخوارد دەستم لێ ھەڵنەگرت. سکرتێرەکەی مام جەلال “ناوی عەبدوڵا رەسوڵ بوو ئێمە پێماندەوت عەوڵا مەسینە”، کردی بە قاوە قاو و ھاوار ھاوار چۆن وا دەکەی؟ نازانی ئەوە خواردنی تایبەتی مام جەلالە؟. منیش وتم مام جەلال کێیە ھەر نایناسم. وتیشی: دواتر چوومە دەرەوە لەناو حەوزێکی بچووک چەند دانە شووتییەک دانرابوو بۆ ئەوەی سارد ببن، دانەیەکم ھەڵبژارد و لەگەڵ “مام یاسین”ی ئاوەڵزاوام کەوتینە خواردنی. لەو کاتەدا مام جەلال ھاتەوە بە جێبێکی بچووک و جگەرەیەکی بە دەمەوە بوو “ئەوسا مام جەلال جگەرەی ئەکێشا”، خێرا عەوڵا مەسینە رایکرد بۆ لای مام و کارەکەی منی تێگەیاند و زیاتریش ترش و خوێی کرد. باوکم وتی ئەوە گوێم لە مام جەلالە ئەڵێ بە گۆچانان پشتی ئەشکێنم. منیش چوومە لای مام و وتم مامە گیان بوار بدە بۆت روون بکەمە؟ ئەویش وتی دەی. وتم زیاتر لە سەد پێشمەرگە لەوێ وەستابوون کە خواردنەکەم دەرھێنا، ئەویش بە دەنگی بەرز ھاواری ئەکرد ئەمە خواردنی مام جەلالە. منیش وتم نەخێر ئەمە خواردنی مام جەلال نییە بەڵکو خواردنی کەریمی حاجی رەشیدە، مام جەلال نانە رەق ئەخوات ئێستا تۆ ئەڵێی ئەم خواردنانە ھی ئەون، ھەر بۆ دڵنیایش ھەموویم خوارد لە پێش پێشمەرگەکان. مام جەلالیش تۆزێ بێدەنگ بوو وتی ئافەرین ئافەرین. ئێستا بڕۆ.
کاتێ من ئەمە چیرۆکەم بۆ مام جەلال گێڕایەوە و وتی زۆر راستە، بیرمە وتیشم خۆشم ئەوێی ئەگینا نەمدەھێشت قسە بکەی بەڵکو وەک شاخ بەسەرتا ئەڕووخام. ئینجا مام جەلال خۆی باسی شەھید ئەحە رەشی کرد “شەھید ئەحەرەش، دەکاتە خاڵی باوکم و شۆفێری تایبەتی مام جەلال بوو لە زەمەنی جەلالییەتدا، شەھید ئەحمەد ١٩٤٩-١٩٨٥ یەکێک بوو لە کادرە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵە لە شار و چەند جار ئەمبولانسی پڕ دەرمانی بە فێڵ رادەستی پێشمەرگە دەکرد و لە ساڵی ١٩٨٣ لە بەغداد دەستگیرکرا و لە ژێر ئەشکەنجەدا شەھید بوو. مەحمودی مەلا عیززەت لە کتێبەکەیدا شەھید ئەحە رەشی بە یەکێک لەو چل ئەستێرەیە داناوە کە خەباتی شاریان دەستپێکردەوە”. مام جەلال دەربارەی شەھید ئەحە رەشی خاڵی باوکم وتی: کۆتایی ساڵی ١٩٦٩ بوو، جێبێکی بچووکمان ھەبوو، ئەڕۆیشتین بەرەو سورداش، لە کەڵەوانان تایەی جێبەکە پەنچەر بوو؟ منیش پەلەم بوو، ئەحە ڕەشیش شۆفێریی دەکرد، بەڵام بۆ گۆڕینی تایەکە “جەگ”ی بیر چوو بوو، لە ترسی تووڕەبوونی من، بەردێکی گەورەی تل دا و بە ھەموو ھێزی جێبەکەی بەرز کردەوە و بە دوو پێشمەرگەش تاوێرە بەردیان خستە ژێر ئۆتۆمبیلەکە و لە چەند دەقیقەیەکدا تایەیەکی گۆڕی. شەھید عەلی عەسکەریش وتی بە راستی قارەمان بوویت؟ مام جەلال وتی منیش وتم ئەم مام پیاوە، کادرە، پێشمەرگەیە، شۆفێرە، تەنانەت جەگیشە.
ھەر لەو دیدارەدا بە مام جەلالم وت، لە مامۆستا کامیل ژیرم بیستووە تۆش یەکێک بوویت لە شوێنکەوتوانی ئوستاد “بەشیر موشیر” ئەگەرچی زۆرم لە “بەشیریات” بیستووە بە تایبەت لە رێی مامۆستا کامیل ژیرەوە بۆ نموونە بوونی شیعەی نھێنی لە شەش ھەزار ساڵ بەر لە زایینەوە. پێم خۆشە شتێکمان بۆ باس بکەیت کە بیرەوەریی خۆت بێ لەگەڵ بەشیر موشیر. مام جەلال دەستی کرد بە پێکەنین و وتی زۆرجار ئەچوومە دوکانی بەرگدرووەکەی ئوستاد لە بەغداد، وتی جارێک بەشیر موشیر وتی کورد ٢٢ ملیۆنە “ئەمە پەنجاکان” منیش وتم رێژەکە زۆرە رەنگە کەمتر بێ؟ وتی نەخێر ٢٢ ملیۆنین. منیش وتم ئەی کەواتە چۆن دابەشبووین؟ وتی: کوردی تورکیا ١١ ملیۆنە، کوردی سوریا یەک ملیۆن، کوردستانی سوور یەک ملیۆن، کوردی ئێران ٥ پێنج ملیۆن، کوردی عێراقیش ٣ ملیۆن. وتم ئوستاد ئەمە دەکاتە ٢١ ملیۆن، ھێشتا ملیۆنێک کورد ونە. بێ ئەوەی خۆی تێکبدا، وتی رەحمەتت لێبێت، یەک ملیۆن کوردیش لە چین ھەیە. مام جەلال وتی: وتمان کورد چی دەکات لە چین؟ ئوستاد وتی کەرەکەر مەکەن تورک ھەمووی چل ملیۆنن ١١ ملیۆن کوردیان بەرکەوتووە، تۆ بڵێی لەو یەک ملیارەی چین یەک ملیۆن کوردی تیا نەبێت. وتی ئێمەش سەری رەزامەندیمان نواند.

ستیڤان شەمزینی

٢٣-٢-٢٠١٧
*ئەم وتارە بیرەوەرییە لە ھەشت مانگ بەر لە کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی نووسراوە، لە بەرگی سێیەمی کتێبی (قوتووی عەتار) لەلاپەڕە ٥٥٤-٥٥٦ چاپ بووە




ڕاستکردنەوەی ووشەکان.. نەوزاد بەندی

ـ هەناردەکردنەوەی نەوت = دزینەوەی نەوت
ـ داهاتی ناوخۆ = موڵکی دوو زلحیزب
ـ موچە خۆر = سواڵکەر
ـ سەرۆک = خوا
ـ خەبات = هەڵخەڵەتاندن
ـ ڕاگەیاندن = گەمژەکردن
ـ زانکۆ = مارکێت
ـ زانست = قۆنەرە
ـ ئەدەب = قۆنەرە
ـ هونەر = قۆنەرە
ـ بار و دۆخی ناسک = کوشتن و نانبڕینی هاووڵاتیی.
ـ وەفدی حیزبیی = دەستێ دۆمینە
ـ لاندکرۆزەر و لەگزس = کەر و هێستری سیاسیەکان .
ـ دانوستانەکان = بە خەڵک ڕابواردنەکان
ـ 8 = ئاوەڕوتکردنەکانی میللەت
ـ یەکڕیزیی = بە مێگەلکردنی خەڵک
ـ مانگ = 180 ڕۆژ و زیاتر
ـ ڕێپێوان = نوزە نوز
ـ بایکۆت = یارییە باجێنە
ـ ئابوری سەربەخۆ = زیندووکردنەوەی فیرعەونەکان
ـ هەڵبژاردن = هەڵپەڕاندن
ـ نەتەوایەتیی = بنەماڵە گەرایەتیی
ـ مافی چارەی خۆنووسین = مافی سەرۆکحیزب
قەوارەی هەرێم = کۆشک و کۆمپانیا و بانکەکانی دوو زلحیزب
ـ ئامانجە نەتەوایەتییەکان = پێشخستنی کۆمپانیاکانی دوو زلحیزب
ـ کوردایەتیی = سەلامەتیی دوو سێ سەرۆکخێڵ
ـ قوت و گوزەرانی خەڵک = قەیتانی قۆنەرەکانی سەرۆکخێڵ
ـ ڕاپەڕین = 1 . گەڕەکێکە
2.لاوازکردنی سەدام لەلایەن ئەمریکا و هێنانی دوو بنەماڵە بۆ شیمال.
ـ وەبەرهێن = دز و مافیا
ـ ووتەبێژ = مەسینە هەڵگر
ـ سەروەریی = کۆشکەکانی دوو گوندە
ـ موچە = نوکتە
ـ ئازادییەکان = زیندانەکان
ـ دڵسۆزیی = کاسەلێسیی بۆ دوو بنەماڵە
ـ نیشتمانفرۆش = نیشتمانپەروەر
ـ نیشتمانپەروەر = نیشتمانفرۆش
ژیان = مردن




هەموو ڕێگاکان دەڕۆنەوە سەر گۆڕی دایکم.. شەماڵ بارەوانی

دایکم خوێندەواری نەبوو

کەچی باشترین شاعیر و نیگارکێش بوو!

دایکم نە هیچ دیوانەشیعرێکی دوای خۆی جێ هێشت و

نە لە ژیاندا پێشانگایەکی شێوەکاری کردەوە

کەچی  لە فرمێسکەکانی جوانترین

شیعری دەهۆنییەوە و

نایابترین تابلۆی دەکێشا

دایکە لە بێتۆییدا،

هەموو شتەکان بۆنی بێزاریی دەدەن

نە ڕەنگەکان وەک جاران دڵخۆشم دەکەن، نە بە گوێگرتن لە  مۆسیک هەست بە چێژ دەکەم، نە سەرمای زستان گەرمم دەکاتەوە و نە ئامێزی هیچ کچێک ئارامیم پێ دەبەخشێ

هەست بە زەمهەریر دەکەم

سەر بە هەر گوڵێکدا دەکەم، بۆنی ژەهری لێدێت

هەر پۆرترێکت دەکێشم، چوارچێوەکەی دەچێتەوە سەر ڕەنگی کولێرەکەی دەستی تۆ

ئەم کەونە، وەک سێبەری حەقیقەتێکی ون بوو، خۆی دەنوێنێت

ئەم سنووری بێدایکییە زۆر سەخت دەمهاڕێت

چ چۆڵەوانییەکە ئەو مەملەکەتەی بێدایکی

هەر بیابانە تێیدا چرۆدەکات، هەر فرمێسکە و باڵ دەگرێت

تەماشام پڕە لە چۆڵەوانی

دەڵێن سەر شۆستەکان پڕن لە مرۆڤ

بەڵام من جگە لە تەنیایی، هیچی تر نابینم

دڵنیام ڕۆژێک دێت ئێوەش تێدەگەن کە بێدایکی، چ دۆزەخێکە

سەیرە!

هێشتا واعیزی گەڕەکەکەمان بە دەنگە جاڕزکەرەکەی

 دەڵێت بەهەشت لەژێر پێی دایکدایە

 من نە دایک و نە بەهەشت، هیچیانم نەماوە

دایکم کە مرد،

تەنها باوڵەکەی کاتی بۆکێنی خۆی و زەرفێک پاشماوەی خەمی باوکمی وەک میرات و یادگاری بۆ جێهێشتم

 جاران بابایەکی بڕواداربووم

 لەگەڵ مردنی دایکم، خوداش مرد

لەمێژە من نە دەچم  بۆ هیچ کلێسایەک و نە لای خاچی عیسا

 نە دەڕۆم بۆ ئۆرشەلیم  و نە ئاتەشگا

نە هیچ مزگەوتێک بەسەر دەکەمەوە و نە ئەو شوێنانەی کە ناویانناوە ماڵی خودا

 لێرە هەموو ڕێگاکان لە بری ڕۆما، دەڕۆنەوە سەر گۆڕی دایکم

تا ئێستا بۆ هیچ شتێک لەو شتانەی کە لێم ونبوون نەگەڕاوم، تەنها دایکم نەبێ

بمبوورن، دەزانم کە بڕێکجار زۆر گەمژەم! دەمەوێ بە خەیاڵ خۆم فریودەم و خەمەکانم بە جگەرەیەکی بێتاقەتی لەگەڵ پێکێک مەستیی لە بیرم خۆم بەرمەوە

 ئەفسووس! زۆر هەوڵم دا لە دوای مەرگی دایکم بیانووەک بۆ ژیان و مانایەک بۆ بوون بدۆزمەوە، کەچی هێشتا هەر دەستەوسانم

تا بیسەلمێنین کە دایکیش خودایە، تەنها پێویستمان بە ڕۆنانی پەیکەرە خواوەندێکی ترە

دایکە، لە بێتۆییدا نەخشەی دڵم خەریکه وەک لاشەی نیشتیمان هەپروون هەپروون  بێ

وەک باران ڕووتم

وەرە بە کراسی هەستت دامپۆشە

من ڕقم لە بیابان و خامۆشییە

وەرە بە فانۆسی سۆزت ئەو کیشوەرەی بێدەنگیم داگیرسێنە

دایکە، من شاعیرێکی ترسنۆکم، لە تاریکی دەترسم

وەرە ئامێزی ڕووناکیت لە باڵای بێنازیم وەربێنە

وەرە و دڕکی ئەو خەمە گەورەیە

لە پاژنەی ڕۆحم دەربێنە

بۆچی هێندە بێموبالاتانە و بێدەنگ ڕاکشاویت

هۆ دایە

گوتم هەڵسەوە تکایە

ئەو شوێنە غەریبە لەتۆ نایە

دایە،

کێ وەک جاران نوقڵم بداتێ و

چیرۆکم بۆ بڵێت

کێ دڕک لە پێیەکانم دەربێنێت و

قژم دابێنێت

کێ لایلایەم بۆ بڵێت و

ئامێزم تێوەربێنێت

دایکە، دوای تۆ زۆر هێتیم کەوتووم

 تەنها لە تەمەن گەورەبوومە

بە ڕۆح هێشتا منداڵە لاسارەکەی جارانم

ئەو منداڵەی هێشتا پێویستی بە نغرۆبوون لەناو نازی دایکە

ئەها سەیرکە چەند پەرێشانم دایە

 گوتم هەڵسەوە تکایە، تابووت و گۆڕستان لە تۆنایە

تکایە، ڕۆحی من بۆخۆت بەرە و

دایکمم بۆ بگەڕێنەوە ئەی خودایە

دایکە تکایە، هەڵسەوە و وەکو جاران لەناو تەشتی دڵپاکیدا

بە ئاوی بەرائەت بمشۆرە

ئایەتەکانی بەختەوەریم لەسەر بخوێنە و

عەلاگەی چاوەڕوانیم پڕکە لە وردە ملەبەزی پێکەنین

بگەڕێوە و دەیجوورە تاریکەکانی ماڵەوە

بە وەسیەتەکانت ڕووناک کەرەوە

سەیرە!

تۆ کێوبوویت، چۆن وا بە ئاسانی مامزی تەمەنی خۆتت

خستە ژێر ملی چەقۆی ئەو گلە دڵڕەقە!

مردن زۆر لەوە بچووکترە کە دایکم ببات

ئەها سەیرکەن، چیم بەسەرهاتووە

هێندە سەرگەردانم، لە گەردیلەکانی جەستەی دایکم پەرتوبڵاوترم

هەر دەلێی لە لەوحی مەحفووزەوە موتوربەی تەنیایی کراوم!

بازاڕ جممەی دێت لە هیچ، دەوروبەرم هەمووی هیچە، کەچی من هەست بە هیچ ناکەم

ئەو ئازارە سەرمەدییانەی من، بە هیچ مۆرفینێک ڕامناکرێت

دایکە تکایە، بەس تۆهەڵسەوە، بەڵێن بێت

ئیتر لێناگەڕێم خەمی لەوە گەورەتر، لە قەفەسی ڕۆحم داگیرسێت

لێناگەڕێم قەبارەی عەبەسییەتەکەم

لەوە عەبەستربێ

لێناگەڕێم

ئاوی حەسرەت لە دەریای چاوەڕوانیمدا

پەنگ بخواتەوە

لێناگەڕێم کوندەپەپووی ڕەشبینیی،

لەسەر تەنافی ڕوانگەم بنیشێتەوە

لێناگەڕێم

وەرزێکی تری خلیسکان

لە پێدەشتی خەونەکانم دەسپێبکات و

ڕەوێکی تری قەڵەقی وجوودی هەناسەکانم

بەسەرکاتەوە

دایکە، بەس تۆ هەڵسەوە، بەڵێن بێت بڕۆمە تەوالێتی زەمەن و

خۆم لە تاڵیی بەتاڵ بەتاڵ کەمەوە.

شەماڵ بارەوانی




بۆچی بڕیارنامەی ٣٧٧ و مادەی ٩٩ی پەیماننامەی UN نەیانتوانی شەڕی غەززە بووەستێنن؟.. فەرمان محەمەد

ئاشکرایە کە بڕیارنامەی ٣٧٧ و ماددەی ٩٩ بەدرێژایی مێژووی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ١٩٤٥ـەوە زۆر بەدەگمەن پەنایان بۆ بردراوە، بەڵام لە ماوەی ٧٠ ڕۆژی شەڕی ئیسڕائیل-حەماس، سکرتێری گشتیی، هەموو دەستەڵات و کارتەکانی سنووری دەستەڵاتی خۆی بەکارهێناوە بۆ وەستاندنی شەڕ.
لێرەدا دەکرێت بپرسین ئاخۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە هەوڵەکانی بۆ وەستاندنی شەڕی ئیسڕائیل و حەماس، وەک ئەرکی سەرەکیی خۆی؟
ئەرکی سەرەکیی نەتەوە یەکگرتووەکان پاراستنی ئاشتی و ئاساییشی نێودەوڵەتییە. لەبەشی شەشەمی میساقەکەدا چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بەشێوەیەکی ئاشتییانە، لەڕێگەی دەستێوەردانی ئەنجوومەنی ئاساییشەوە، بە ڕێگەکانی وەک دانوستاندن، نێوەندگیریی، ناوبژیوانیی و بڕیاری دادوەریی دیاریکراوە. ئەنجوومەنی ئاساییش دەتوانێت لێکۆڵینەوە لە هەر ناکۆکییەک یان بارودۆخێک بکات بۆ ئەوەی بزانێت ئایا ئەگەری ئەوە هەیە ئاشتی و ئاساییشی نێودەوڵەتی بخاتە مەترسییەوە. لە هەر قۆناغێکی ناکۆکیەکەدا، ئەگەر لایەنەکان نەیانتوانی بەڕێگەی ئاشتیانە ناکۆکییەکە یەکلایی بکەنەوە، ئەوە ئەنجوومەن دەتوانێت ڕێکار یان شێوازی گونجاو پێشنیار بکات.
ئامانجی سەرەکیشی دەستەبەرکردنی ئاساییشی بەکۆمەڵە، کە بنەمای بەشی حەوتەمی میساقەکەیە، کە دەستەڵات بە ئەنجوومەنی ئاساییش دەدات بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی زۆرەملێ لە سزای دیپلۆماسیی، ئابووریی و دوواتر دەستێوەردانی سەربازیی و چەکداریی لەو دۆخانەی کە هەوڵەکانی چارەسەرکردنی ئاشتیانە شکست دەهێنێت. بەڵام لە کاتی شەڕی سارددا ئەم جۆرە ڕێوشوێنانە بە دەگمەن جێبەجێ دەکران، چونکە گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت ڕێگریان لە ئەنجوومەنی ئاساییش دەکرد لەسەر ڕێککەوتن و دەرکردنی بڕیار. ئێستاش گەڕاوینەتەوە هەمان دۆخی جەنگی سارد، کە بەجەنگی ساردی دووەم ناودەبردرێت، بەو پێیەی ئەمریکا ڕێگرە لە دەرکردنی هەر بڕیارنامەیەک بۆ وەستاندنی جەنگ.

کەواتە بڕیارنامەی٣٧٧ و مێژووەکەی چییە؟ ئایا دەتواندرێت بەکاربهێندرێت بۆ ئەوەی بەدەوری ڤیتۆی ئەمریکادا تێپەڕێت بۆ وەستاندنی ئەو شەڕە؟
لە مادەی ٢٧، بڕگەی ٣ی میساقەکەدا هاتووە، کە بڕیارنامە جەوهەرییەکانی ئەنجوومەنی ئاساییش پێویستیان بە دەنگی بەڵێی نۆ ئەندام هەیە “لەوانەش دەنگی هاوڕایی ئەندامانی هەمیشەیی”. بەڵام زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاساییش هاوڕابوون کە ئامادەنەبوون لە ژووری کۆبوونەوەکە، ناتوانێت ڕێگریی لە ئۆرگانی سەرەکیی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات، کە بەشێوەیەکی درووست مامەڵە بکات، ئەمەش بۆچوونێک بوو کە دواتر لەلایەن دادگەی دادی نێودەوڵەتیی (ICJ)ـەوە پشتڕاستکرایەوە. زۆرجار لەمپەری بەردەم دەرکردنی بڕیار لە ئەنجوومەنی ئاساییش، بوونی ناکۆکی وڵاتە زلهێزەکان بەتایبەت ڕووسیا و ئەمریکایە، بۆیە پەنا دەبردرێتە بەر ئەم بڕیارنامەیە. بڕیارنامەی 377؛ کە بە “یەکگرتن بۆ ئاشتیی” ناسراوە، ئامانج لێی چارەسەرکردنی دۆخێکە کە نەتەوە یەکگرتووەکان نەتوانێت بەرپرسیاریەتی سەرەکیی خۆی لە پاراستنی ئاشتیی و ئاساییشی نێودەوڵەتییدا جێبەجێ بکات. ئەنجوومەنی گشتیی دەتوانێت بە بەکارهێنانی میکانیزمی دانیشتنی تایبەت و لەناکاو کۆببێتەوە، بۆ ئەوەی ڕاسپاردەی بەکۆمەڵ پێشکەش بکەن، بەڵام لەڕووی یاسایییەوە پابەندکەر نییە و بابەتەکە درێژ نابێتەوە بۆ بڕیاردانی پابەندکەر، وەک ئەوەی ئەنجوومەنی ئاساییش کە بڕیارەکانی پابەندکەرن.
ئەم بڕیارنامەیە، دەستەڵات بە ئەنجوومەنی گشتیی دەدات، یەکەم: کە لەڕێگەی ئەمینداری گشتییەوە کۆبوونەوەیەک گرێبدات، بۆ دەرکردنی ڕاسپاردە بۆ ئەندامان و ڕێوشوێنی بەکۆمەڵ، لەوانەش بەکارهێنانی هێزی چەکدار لە کاتی پێویستدا. بەڵام لێرەدا بەلایەنی کەمەوە دەبێت ئەندامێکی ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان یان کۆمەڵێک ئەندامی ئەنجوومەنی گشتیی لەگەڵ بانگهێشتکردنی بڕیارنامەکەدا ببن، بۆ ئەوەی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بۆ ئەم بڕیارنامەیە بۆ وەستاندنی شەڕی غەززە بێئەنجام بوو؟
هەموو بڕیارەکانی ئەنجوومەنی گشتیی UNGA تەنیا ڕاسپاردەن، ئەمەش بەو مانایەیە، کە بە پێچەوانەی هەندێک لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاساییش، ئەم بڕیارنامانە لەڕووی یاسایییەوە پابەندکەر نین. ئەمەش واتە دەتواندرێت پێشنیارەکانی بەبێ هیچ دەرەنجامێک پشتگوێ بخرێن. ئیسڕائیل لە ماوەی ڕابوردوودا چەندین بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی پشتگوێ خستووە، ئەمەش بەشێوەیەکی سەرەکیی دەگەڕێتەوە بۆ پشتیوانی دیپلۆماسی واشنتۆن.
گۆتێرێس سەرۆکی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند سەرەڕای ڤیتۆی ئەمریکا واز لە بانگەوازکردن بۆ ئاگربەستی مرۆیی لە غەززە ناهێنێت. ئاماژەی بەوەش دا، “بەداخەوە ئەنجوومەنی ئاساییش نەیتوانیووە ئەو کارە بکات، بەڵام ئەوە نابێتە هۆی ئەوەی بەردەوام نەبم.”
چی ئەم بیرۆکەیەی هێنایە ئاراوە؟ لە ئەنجامی جەنگی کۆریا لە ساڵی ١٩٥٠ بیرۆکەی پێشبینیکردنی دەستەڵاتی زیاتر بۆ سکرتێری گشتیی، بۆ ئەوەی ئەگەری شکاندنی بنبەستێک هەبێت، پەسەندکرا. لەو کاتەدا یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو، ڕێگریی لە هەر بڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاساییش دەکرد بۆ وەستاندنی شەڕەکە، ئەمەش وایکرد بڕیارنامەی ٣٧٧ (V) لە ٣ی تشرینی دووەمی ١٩٥٠ پەسەند بکرێت، ئەمەش دوای ئەوە هات کە ئەمریکا توانی پشتگیریی بۆ ئەو بیرۆکەیە دەستەبەر بکات، کە کۆبوونەوەی گشتیی پێویستی بە بەهێزکردن بوو بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانی لە پاراستنی ئاساییشی جیهانییدا.

ئەم بڕیارنامەیە پێشتر لە کوێ بەکارهێنراوە؟
ئەم بڕیارنامەیە بەشێوەیەکی بەرفراوان بەکارناهێندرێت، بەڵام لە ماوەی دەیان ساڵدا چەند جارێک بەکارهێندراوە بۆ چارەسەرکردنی چەند ناکۆکییەک، لەوانە قەیرانی کۆنگۆ لە ساڵی ١٩٦٠، ململانێی نێوان هیندستان و پاکستان لە ساڵی ١٩٧١ و ئەفغانستانی سەردەمی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٨٠.
تایبەتمەندییەکی هەرە گرینگی بڕیارنامەکە ئەوەیە کە دووپاتی دەکاتەوە کە ئەنجوومەنی گشتیی ئەگەر بە گونجاوی بزانێت، دەتوانێت پێشنیاری بەکارهێنانی هێز بکات، بەڵام بۆ قۆناغی ئێستا ئەمە ئەستەمە، چونکە ئەمریکای گەورەزلهێز لە یاریەکەدایە و وڵاتانی عەرەبیش خەریکی پاراستنی بەرژەوەندیەکانیانن.
بەو پێیە، ئەم بڕیارنامەکە چەندین جار بەکار هاتووە، بەڵام تەنیا جارێک جێبەجێ کراوە، ئەویش لە قەیرانی کۆریادا. بڕیارنامەی ٣٧٧A بۆ بانگهێشتکردنی دانیشتنێکی بەپەلەی ئەنجوومەنی گشتیی لە ساڵی ١٩٥١ بەهۆی نەبوونی کۆدەنگیی لەنێوان ئەندامانی UNSC بەکارهات و بووە هۆی دەرکردنی بڕیارنامەی ٤٩٨ (V)ی نەتەوەیەکگرتووەکان، کە تێیدا هاتبوو چین لەڕووی سەربازییەوە بەشداریی شەڕی کۆریای کردووە. ئەمەش یەکەمجار بوو، کە نەتەوەیەکگرتووەکان بەهۆی شەڕێکەوە وەک دەستدرێژکارێک مامەڵە لەگەڵ نەتەوەیەکدا بکات.
ئەم ئەرکەی یەکگرتن بۆ ئاشتیی، جیاوازە لە ئەرکی ئاشتیپارێزیی ڕێکخراوەکە، یان هێزی فریاگوزاریی نەتەوەیەکگرتووەکان (UNEF)، کە یەکەمیان لە ساڵی ١٩٥٦ بۆ چاودێریکردنی هێڵی پێشەوەی نێوان ئیسڕائیل و میسر دامەزراوە، UNEFیش ئەرکی شەڕکەری نەبوو و مەبەست لێی بێلایەنکردنی ململانێکان بوو، کە بووە هۆی درووستبوونی یەکەمین هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوەیەکگرتووەکان و یارمەتی کۆتاییهێنانی لەشکرکێشیی سێ لایەنەی ئیسڕائیل، بەریتانیا و فەرەنسا بۆ سەر میسر و غەززە.

بۆچی ئەمریکا بەردەوام ڤیتۆی بڕیارنامەی ئاگربەستەکان دەکات؟
واشنتۆن بەردەوام ڤیتۆی هەر بڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاساییشی کردووە، کە داوای ئاگربەستی دەستبەجێ و هێنانی بڕێکی بەرچاوتر لە یارمەتییە مرۆییەکان بۆ فەلەستینییە گەمارۆدراوەکان دەکات. ئەمەش هەمان سیناریۆکانی ساڵی ١٩٥٠ی یەکێتی سۆڤیەت دووبارە دەکاتەوە بۆ درێژەدان و بەردەوامیی شەڕ. فرانسیسکا ئەلبانیز، ڕاپۆرتدەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ فەلەستین، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە “سوپای ئیسڕائیل شەڕی هەموو کەسێک و هەموو شتێک دەکات لە غەززە، لەنێویاندا UN و هاوکاتێش ئەڤریل بینۆیت بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور گوتی: “ئەمڕۆ زۆرینەی جیهان بەیەکەوە ڕاوەستان و داوای کۆتاییهێنان بەم خوێنڕشتن و ئازارەی غەززە دەکات، بەڵام ئەمریکا جارێکی دیکە بۆ ئەوەی ڕێگە بدات کوشتاری خەڵکی سڤیل لە غەززە بەردەوام بێت ڤیتۆی بڕیارنامەکەی کرد”.

ئەی مادەی ٩٩ چییە؟ کەی پەنای بۆ دەبردرێت؟
مادەی ٩٩، سکرتێری گشتیی دەتوانێت هەر بابەتێک بخاتە بەردەم ئەنجوومەنی ئاساییش، کە بەبۆچوونی خۆی مەترسیی لەسەر پاراستنی ئاشتیی و ئاساییشی نێودەوڵەتیی درووست بکات. ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٧/١٢/٢٠٢٣ پەنای بۆ مادەی ٩٩ برد، کە ماددەیەکە زۆر بەدەگمەن بەکاردەهێندرێت لە میساقی نەتەوەیەکگرتووەکان، کە دەستەڵات بە سکرتێری گشتیی دەدات “هەر بابەتێک کە بە بۆچوونی ئەو مەترسیی لەسەر پاراستنی ئاشتیی و ئاساییشی نێودەوڵەتیی درووست بکات” بیخاتە بەردەم ئەنجوومەنی ئاساییش، هەر بۆیە لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا بۆ یەکەمجار ئەم دەستەڵاتەی بەکارهێنا، هەرچەندە مادەی ٩٩ دەستبەجێ نابێتە هۆی کردەوەی ڕاستەوخۆی نەتەوەیەکگرتووەکان یان ئەنجوومەنی ئاساییش، بەڵام دەتوانێت پاڵنەرێک بخاتە بەردەم ئەنجوومەنی ئاساییش بۆ پێداچوونەوەی بڕیارنامەکانی پێشووی.
گۆتێرێس دەڵێت: “کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەرپرسیارێتی ئەوەیە کە هەموو کاریگەرییەکانی بەکاربهێنێت بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتر و کۆتاییهێنان بەم قەیرانە”، بانگەشە بۆ ئەوە دەکات کە ئاگربەست تاکە ڕێگەیەکە بۆ گەڕاندنەوەی “ئارامیی و مانەوە” لە غەززە.

فەرمان محەمەد
ئیتاڵیا/ زانکۆی بۆڵۆنیا




(كۆڕه‌و) دروسته‌ یان “كۆچڕه‌و”؟.. د.هیوا عه‌ساف

زۆر جار له‌ ئاخاوتنی ڕۆژانه‌ به‌هۆی نزیكیی فۆرمیانه‌وه‌، جیاوازی له‌ نێوان دوو زاراوه‌‌دا ناكرێت، یان له‌بری یه‌كتر به‌كاردێن، وه‌ك (پارێزگا و پارێزگار)، (پلان و پیلان)، هه‌ندێك جاریش له‌ بنه‌ڕه‌تدا فۆرمی زاراوه‌كان هه‌مان شتن، به‌ڵام واتای جیاوازیان وه‌رگرتووه‌، وه‌ك (سه‌خت و خه‌ست)، (وتار و گوتار). هه‌ندێك به‌كارهێنانی نادروستیش ده‌چێته‌ خانه‌ی (هه‌ڵه‌ی بیستن)ه‌وه‌، وه‌ك (فیت په‌مپ) له‌بری (فویل په‌مپ)، (ڕۆت ساید) له‌بری (ڕۆنگ ساید). ئه‌مانه‌ له‌ ئاخاوتنی ڕۆژانه‌دا ئاسایین، به‌ڵام دیارده‌كه‌ له‌ نوسین و له‌ زمانی فه‌رمیدا ڕێپێداراونییه‌! هاوشێوه‌ی ئه‌م زاراوانه‌ زۆرجار هه‌ردوو ده‌ر‌بڕینی (كۆڕه‌و، كۆچڕه‌و) به‌ واتای (كۆچی به‌كۆمه‌ڵ) له‌ خه‌ڵكی جیاوازه‌وه‌ ده‌بیستین، ئاخۆ كامیان دروسته‌؟
(كۆڕه‌و) زاراوه‌یه‌كی سازكراوی تاڕاده‌یه‌ك نوێیه‌، له‌ به‌رامبه‌ر (الهجرة الجماعیة)ی زمانی عه‌ره‌بی به‌كاردێت و‌ واتای (ڕه‌و/ڕۆیشتنی به‌ كۆمه‌ڵ) ده‌دات. زاراوه‌كه‌ له‌ (كۆ+ڕه‌و) دروستبووه‌. (كۆ) واتای (به‌كۆمه‌ڵ) ده‌دات. هه‌رچی (ڕه‌و)ه‌ واتای (ڕۆیشتن، كۆچ) ده‌گه‌یه‌نێت. (ڕه‌و) له‌ بنه‌ڕه‌تدا ڕه‌گی (ڕۆیشتن، ڕه‌وته‌ن)ه‌. ئه‌م فۆرمه‌ له‌ پێكهاته‌ی وشه‌ی وه‌ك (زیادڕه‌و، زیاده‌ڕه‌وی، توندڕه‌و، ڕاستڕه‌و، میانڕه‌و، ڕه‌وت…)دا هه‌یه‌ و هه‌مان واتا ده‌دات.
له‌ زمانی كوردیدا وشه‌ی (ڕه‌و، ڕه‌وكردن) بۆ ئه‌و باڵندانه‌ش‌ به‌كاردێت، كه‌ له‌ وه‌رزه‌ جیاوازه‌كان بۆ ناوچه‌یه‌كی جوگرافیی گونجاوتر كۆچده‌كه‌ن. (ڕه‌وگه‌)ش شوێنی كۆبوونه‌وه‌ی كۆچكه‌ران یان ئاواره‌كانه‌.
به‌م پێیه‌ و له‌سه‌ر بنه‌مای په‌یوه‌ندییه‌ واتاییه‌كانی وشه(ئاسۆیی)‌، وشه‌ی (ڕه‌و) ڕێ به‌ وشه‌یه‌كی وه‌ك (كۆچ) نادات له‌ پاڵیدا ده‌ربكه‌وێت، چونكه‌ هه‌مان واتا ده‌ده‌ن، به‌مه‌ش پێكه‌وه‌هاتنیان ده‌بێته‌ لادان له‌ (كۆتی هه‌ڵبژاردن) و (هه‌ڵئاوسانی واتایی) دروستده‌كات. بۆیه‌ ده‌ربڕینی “كۆچڕه‌و” هه‌مان واتای مه‌به‌ست نادات، جگه‌ له‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای لادانی زمانی سازكراوه‌. له‌ بنه‌ڕه‌تیشدا هه‌ر وشه‌ی (كۆڕه‌و)ه‌ و به‌ هۆی (هه‌ڵه‌ی بیستن)ه‌وه‌ وا ده‌رده‌بڕدرێت، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌ باری فه‌رمی و ده‌سگا فه‌رمییه‌كان خۆیان له‌ به‌كارهێنانی ببوارن.




دۆزینەوەی ( شوێن ) و ( تەمەن)ی نەورۆز.. مەولود ئیبراهیم حەسەن

پێشەکیەکی پێویست..
سەرەتا بۆ هەمیشە نەورۆزتان پیرۆزبێت ..

خوێندەواری خۆشەویست من ئەوە نزیکەی بیست ساڵ دەبێت ، بەشێکی زۆری کات و توانای خۆم بۆ لێکۆڵێنەوە لە مێژووی نەورۆز تەرخان کردووە ، ئەوەش بەو لێکۆڵێنەوانەوە دەردەکەوێت کە لە کتێبی پێشوتر ( نەورۆزی کورد ..لە ئەفسانەوە بۆ بە جیهانی بوون ) و دوو توێی ئەم کتێبە ( نەورۆز .. کۆنترین جەژن .. کوردیترین جەژن ) دا کۆکراونەتەوە ، کە لەسەرەتایەکی سادەوە دەستم پێکردوو تا گەیشتمە دۆزینەوەی ئەو شوێنەی کە یەکەم جار ، جەژنی( نەورۆز- زەگمەک )ی تێدا کراوە ! دیارە دەبێ ئەوە بڵێم .. زۆر پێش من گوترابوو ، کە نەورۆز لە سۆمەرەوە دێت ؛ بەڵام ، کەس مێژووە کەی و شوێنەکەی بە دروستی دەسنیشان نەکرد بوو ، من بە لێکۆڵێنەوەی بەردەوام گەیشتم بەوەی کە ، تەمەنی نەورۆز (١٢ هەزار ساڵ) ە و ئەو شوێنەش کە سەرەتا نەورۆز لەوێوە سەری هەڵداوە ( شاری ژێر زەمینی هەشت چین لە ژێر چینی باکووری کوردستان ( شاری دێرینکۆیۆ ) یە ، کە لە نێو لێکۆڵێنەوەکاندا ، بە بەڵگەوە ئەم ڕاستیانە دەخوێنیتەوە !
بەرگری لە نەورۆز..
ئێمەی کورد هەر لە کۆنەوە بەشێکی زۆر( خاک و مێژوو و کلتورمان) داگیرکراوە ! ساڵی ( ٢٠١٠ ) کە کۆمەڵەی گشتی لە نەتەوە یەکگرتووەکان ، نەورۆزی وەک ( جەژنێکی کلتوری ئاشتی ) کرد بە جەژنێكی جیهانی ، بەداخەوە لە پێناسەی نەورۆز ، لە سێ خاڵ دا بە هەڵە داچوو ، من هەر زوو هاتمە دەنگ و بە نووسین و کۆڕو سمینارو داواکاری ڕووم لە کۆمەڵەی گشتی و نەتەوە یەکگرتووەکان کردوو ، داوام کرد هەڵەکانی خۆی ڕاست بکاتەوە . هەڵەکانیش ئەمانە بوون :
١ – نەورۆزی وەک جەژنێکی ئێرانی و فارسی ناساند ؛ من گوتم کوردستانییە.
٢ – تەمەنی نەورۆزی بە (٣٠٠٠ ساڵ) خەمڵاند ، من نووسیم .. تەمەنی نەورۆز زۆر لە سێ هەزار ساڵ پترەو دەگاتە ( ١٢ هەزار ساڵ )
٣ – ڕۆژی نەورۆزی بە (٢١ / ٣ ) ی ساڵی زایینی دایە قەڵەم ، : من نووسیم دەبێ نەورۆز بە پێی ساڵنامەی ( سۆمەری- کوردی ) ڕۆژەکەی دەسنیشان بکرێ ، کە دەکاتە ڕۆژی (١ /١ ی ساڵێ نوێی کوردی واتە ڕۆژی یەکەمی مانگی یەکەمی ساڵی نوێ( مانگی نەورۆزی کوردی ) نەک ٢١/ ٣ کە ئەم ڕۆژە بە پێی دوو ساڵنامەی زایینی و کوردی کە دەکەونە بەرامبەری یەک ، بۆیە ڕاستیەکەی نەورۆز ڕۆژی ١ / ١ مانگی نەورۆزی ساڵی نوێی کوردیە . هەر من نووسیم .. ئەوە تەنیا میللەتی کوردە مانگی یەکەمی ساڵی نوێی خۆی بە ناوی( نەورۆز) کردووە ، کە ئەمەش نیشانەی ڕەسەنایەتی جەژنی نەورۆزە لە کوردستان .
نێوەندی نەورۆزیی..
بە هۆی ئەوەی کە نەورۆز جەژنێکی کۆن و گرنگ و جیهانیە ، پێویستە کورد گرنگیەکی زۆرو بە کردەوەی پێبدات ، من بۆ ئەم گرنگی پێدانە ، بە چاکی دەزانم .. بە هۆی سازیەک بێت کە بەڕای ئێمە ناوی ئەم سازییە ( نێوەندی نەورۆزیی ) بێت ، ئەم نێوەندە بە بەرنامەی بەردەوام و ساڵانە میهرە جان و کەڕنەڤاڵ و کۆڕو کۆبوونەوەی زۆر بە بەرنامەیەکی ورد ، بۆ ئەدەب و هونەرو شانۆو سینەماو وەرزش و کلتورو فۆڵکلۆر دابنێت و تیپە جیا جیاکان کۆ بکاتەوەو لە وڵاتانی دوورو نزیک داوەتی هاوچەشنەکانیان بکات ، لە وڵاتانێک کە ئەوانیش لە کۆنەوە نەورۆز وەک جەژنێکی کلتوری پیرۆز دەکەن ، تیپەکان بە سەرپەرشتی لێژنەی پسپۆر بکەونە پێشبڕکێ و براوەکان .. لەسەر ئاستی تیپ و تاک بە ( خەڵاتی نەورۆزی ) خەڵات بکرێن . دەکرێ میهرەجانە گەورەکە لە سەرو بەری نەورۆزا بێت و ساڵانەش بە کۆڕو کۆبوونەوەی تاک تاک و جیا جیا نێوەندەکە بەردەوام چالاکی هەمە جۆری هەبێت . ئەمەش هۆیەکە بۆ کار پەیداکردنی دەیان و سەدان گەنجی بێکارو بوژانەوەیەکیشە بۆ بازاڕی ئابووری وڵات و گەرم و گوڕی گەشتیاری هەمەجۆر لە کوردستان . پەیوەندی فراوان لەگەڵ وڵاتانی جۆر بە جۆر.
ساڵنامەی نەورۆز ..
نەورۆز هەر ئەوە نییە کە ڕۆژێکی جەژنە ! بە ڵکو سەرەتای (ساڵنامە )یەکی وردو ڕێک و دوانزە مانگەیە ، ئەو ساڵنامەیە لە نەورۆز ڕا ساڵەکە بە پێی سروشتی کوردستان سوڕانی فەلەکی مانگ و هەفتەو ڕۆژی بۆ دیاری کراوە ، هەر بۆیە پێویستەو گرنگە کورد ئەم ساڵنامەیە بکات بە ( ساڵنامەی فەرمی ) خۆی و کارە گرنگەکانی دەوڵەت بخاتە ڕۆژو مانگی نەورۆز ، وەک هەڵبژاردنی سەرۆک و پێکهێنانی حکومەت و سوێندخواردنی ئەندامانی پەرلەمان و حکومەت و وەزیرەکان دانانی میزانیەو پلانی کارکردنی ساڵانە . هەروەها بە هۆی ئەوەی کە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان نەورۆزی کردووە بە جەژنێکی جیهانی ، دیسان دەکرێ ساڵنامەکەشی بکرێت بە ساڵنامەی جیهانی .
نەورۆزو خۆشەویستی..
ئێستا ڕۆژی( ڤالانتایین) وەک( ڕۆژی خۆشەویستی) جیهانی داگیرکردووە، گەنجەکانی ئێمەش بەشێکن لەو پێشوازیکارانەی کە ئەم ڕۆژە دەکەن بە ڕۆژی گوڵ گۆڕینەوە ، ئەمەش چیڕۆکەکەی لەوە هاتووە ، لە سەدەی سێیەمی زایینی (کلدیوسی دووەم )ی ئیمپراتۆر ، (شوکردن) و (ژنهێنان )ی لە گەنجەکان قەدەغەکردبوو، بەو هەنجەتەی گەنجەکان بۆ سەربازی بەهێزترن ، قەشە (سنت والنتایین) ئەمەی قبوڵ نەکردو بەنهێنی کچ و کوڕەکانی لێک مارەدەکردو پیرۆزی پێ دەدان ؛ ئیمپراتۆر ئەمەی زانی و قەشەی خستە بەندیخانەو دواجار لەسەری دا ! هەرچەندە ڕای واش هەیە کە ئەم چیرۆکە ئەفسانەو هەڵبەستراوە ؛ بەڵام ، بە بەسەرچوونی ڕۆژگار ١٤/٢ ڕۆژی لە سێدارەدانی ڤاڵانتین کرا بە ڕۆژی خۆشەویستی .
ئەم چیڕۆکە سەر بە جیهانی مەسیحیەتەو بۆ سەدەی سێیەمی زایینی دەگەڕێتەوە ، لە پاڵ ئەمەدا ئێمە ڕۆژی نەورۆزمان هەیە ، کە ڕۆژی خۆشەویستی ( مەم و زین ) ە و تەمەنی دوازدە هەزار ساڵە، لەم ڕۆژەدا بە پێی داستانی ( دەمموزو عەشتار ) سۆمەری ڕۆژی خۆشەویستی دەمموزو عەشتاریشە ، بە پێی داستانی ( مەم و زین) یش ڕۆژی خۆشەویستی ئەوانیشە ، جا دەکرێ گەنجانی کوردستان ڕۆژی نەورۆز بکەن بە ( ڕۆژی خۆشەویستی ) خۆیان ! چۆن لە ( مەم و زین )دا ڕۆژەکە ڕۆژی یەکەمی یەکترناسین و یەکترخۆشویستنیانە ، خۆشەویستی ئەم دوانە ، خۆشەویستیەکی پڕ لە عەشقەو خۆماڵییە ! تەمەنی خۆشەویستی و چیرۆکەکە دوازدە هەزار ساڵە ، بۆیە بەم ڕۆژە ( ڕۆژی نەورۆزی خۆشەویستی) گەنجەکانمان دەبن بە خاوەنی ڕۆژی خۆشەویستی خۆیان . ئەمەش لە نێو کلتورێکەوە هاتووە ، کە ئەو سەردەمە لە کوردستان ولە ڕۆژی نەورۆز ( کچ و کوڕ) ان خۆیان دەگۆڕی و کچ بەرگی کوڕانی دەپۆشی و کوڕیش پۆشاکی کچانەی لەبەردەکرد ، هەریەکەو بەدوای دڵخوازی خۆی دا دەگەڕا، مەم و زین لەو ڕۆژەو بەم کلتورە یەکتریان بینی و یەکتریان خۆشویست و کۆتایی خۆشەویستیەکەشیان زانراوە . دەکرێ لەم ڕۆژەدا جوانترین خۆشەویست و سەرکەوتوو ترین خۆشەویستەکان ( خەڵاتی خۆشەویستی نەورۆز) یان پێ ببەخشرێ !
ڕۆژی جیهانی شیعر..
هەر لە ڕۆژی نەورۆز ١/١ ساڵی نوێ کوردی و ٢١/٣ی زاینی ، یۆنیسکۆ ئەم ڕۆژەی کردووە بە ( ڕۆژی جیهانی شیعر) هەر بۆیە فرسەتێکی چاک و جوانە لەم ڕۆژەشدا شاعیرانی کوردو نێوەندە ئەدەبیەکان ، لە گەڵ نەورۆزا وەک ڕۆژی خۆشەویستی و ڕۆژی شیعریش بکەن بە ئاهەنگ وبە چالاکیە شێعریەکانی خۆیان ئاهەنگی نەورۆز گەرم ترو زیندوتر بکەن ، براوەکانی شیعریش بە ( خەڵاتی نەورۆزی بۆ شیعر ) خەڵات بکەن !
گرنگی نەورۆز لە جیهاندا ..
بۆ ئەوەی گرنگی نەورۆز بزانین ، واچاکە بزانین ئەو وڵاتانەی کە نەورۆز لە کورد قەدەغەدەکەن و لە پێناو ڕێگرتن لە کورد .. لاوانی کورد دەخەنە بەندیخانەو دەگرن و بریندار دەکەن و دەکوژن ؛ ئەوان چۆن هەڵس و کەوت لە گەڵ نەورۆز دەکەن و بە ناڕەوا دەیکەن بە هی خۆێان ، لە کاتێکدا لێکۆڵەرانی جیهان و ئەو وڵاتانەش ئەوەیان سەلماندووە کە نەورۆز لە سۆمەرەوە دێت و لە کوردستانەوە سەری هەڵداوە ، ترکیا کە ساڵانە ڕێ لە لاوانی کورد دەگرێ و دەیانخاتە بەندیخانە ، هەر بۆ ئەوەی بە ئازادی یادی نەورۆز نەکەنەوە ! کەچی ساڵی (٢٠١٠) کە کۆمەلەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ، نەورۆزی کرد بە جەژنێکی جیهانی ترکیا ناڕەزایی دەربڕی و لە گەڵ ئێران بۆ ماوەیەکی زۆر کەوتنە شەڕە دندوک و ڕاگەیاندن و دەیگوت: نەورۆز هی ئێمەیە ؟! کار گەیشتە ئەوەی کە ئێران ترکیای بە ( شەیتانی دز) ناوبرد ! هەر ئێرانیش بە ماوەیەکی کەم پێش نەورۆز بە( فەرمانی ئایینی و حکومەتی ) ئاهەنگی نەورۆزی قەدەغەکرد ، بەو هەنجەتەی لەگەڵ ئایین ناگونجێ ! کەچی کە هەستیان کرد نەتەوە یەکگرتووەکان جەژنی نەورۆز دەکات بە جیهانی و ئەو جەژنە بە ئێرانی – فارسی دەزانێ ؛ هەرزوو لە فەرمانی قەدەغەکردنەکەیان پەشیمان بوونەوەو ئەوساڵە بەگەرمی بە بۆنەی نەورۆز پێشوازیان لە سەرۆکی وڵاتان و پیرۆزباییەکانی نەورۆز کرد ، کە لە وڵاتان بۆ ئێران دەهاتن وەڵامیان دەدایەوە ! ئەوە جگە لەوەی کە وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان بە نیشانەی نا ڕەزایی دانیشتنەکەی کۆمەڵەی گشتی نەوەیەکگرتووەکانی بەجێهێشت و ڕازی نە بوو بەوەی جەژنی نەورۆز بە ئێران و فارسی ناو ببرێت ! ئەم وڵاتانە بە هۆی ئەوەی نرخی نەورۆزو ئەم بە جیهانی کردنەیان بە چاکی دەزانی! لە کاتێک دا هیچ یەک لەم وڵاتانە ئەو بەڵگەیان بەدەستەوە نیە ، کە کورد هەیەتی ..خۆیان بە خاوەنی نەورۆز دەزانی ، کەچی کورد لەم بگرەو بەردەو تاڵان و بڕۆیە بێ ئاگا بوو .
ئێستا پێویستە کورد ڕێگایەکی یاسایی دبلۆماسی بدۆزێتەوە ، بۆ ئەوەی بتوانی بڕیاری کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاست بکاتەوەو نەرۆز بە ( نەورۆزی کوردستان ) ناودێر بکرێ ؛ ئەم ناودێرکردنەی نەورۆز بە کوردستانەوە سوودی زۆری بۆ کوردستان هەیە، لە ڕووی پەیوەندی هونەری کلتوری گەشتیاری ئەدەبی وەرزشی و سینەمایی و شانۆیی و ئابووری.. هەتا دەگاتە سیاسیش لە گەڵ هەموو ئەو وڵاتانەی کە نەورۆز بە جەژن دەگرن لە جیهان .
نەورۆزو ئەفسانە ..
نەورۆز لە زۆر ڕووەو بە ئەفسانە بەستراوەتەوە، لەم کتێبە لێکۆڵێنەوەییەش زۆر جار باس لە ( ئەفسانە – ئستورە )دەکرێ ، دیاسن لە کتێبەکەی پێشترم لە بارەی مێژووی نەورۆز ( نەورۆزی کورد .. لە ئەفسانەوە بۆ بە جیهانی بوون ) هەر لە ناو نیشانەکەی ناوی – ئەفسانە – هاتووە ، بەداخەوە تائێستاش لە نێو خەڵک و هەتا بەشێکی زۆر لە ڕۆشنبیرو مامۆستایانی زانکۆش ، تێڕوانینێکی باشیان نییە ، بۆ ئەفسانە ! هەن بە درۆو خەیاڵ و پڕوپوچ و ناڕاستی تێدەگەن ! کەچێ ئەفسانە پێکهاتەیەکی زۆر ڕەهەندەو زیاتر لە مانایەک و شیکردنەوەیەک هەڵدەگرێ ! من لێرە پێ لەسەر بەشە مێژوویی و واقیعیەکەی دادەگرم و خوێندەوار بەم بەشە ئآشنا دەکەم .
ئێمە لە مێژوو و کلتوری میللەتانی کۆن وەک سۆمەر و فیرعەونەکان و یۆنان ، (ئەفسانەی خوداوەندان )مان هەیە ، لەم دەقە ئەفسانەییانە بە پێی ئایینە کۆنەکان ، خوداوەنان کارەکتەری سەرەکی ئەم دەقانەن ، دەقی ئستورەی خوداوندان ، کەچی لە ( ئەفسانەی گشتی) خوداوەن بەم ڕەنگ و دەنگ و توانایە بەرچاو ناکەون ، کارەکتەرەکان بریتین لە مرۆڤی ئاسایی و گیان لە بەران و دیوو جنۆکەو هەندێ کاری لە توانا بەدەرو هەندێ کەرەستەی ئەفسانەی ، هەموو ئەمانە پێکەوە هەڵس و کەوت دەکەن و ئەفسانە دروست دەکەن ، لە تەک ئەمانە لە دەقی – ئەفسانە – یی ڕووداوی بەرچاو- واقیع- ی و مێژوویی هەن و مرۆڤی ئاسایی ڕۆڵی تێدا دەبینن ، ئەمانەش لە شوێنێکی جوگرافی ناسراوو ڕۆژگارو مێژووێکی دیارو لە نێو کۆمەڵگەیەکی بەرچاو دا دەردەکەون ، واتە ئەم بەشە بەشێکی نێو ژیانە بە هەموو ڕەهەندەکانیەوە ، بەڵام ، ئەمانە تێکەڵی ڕەگەزە ئەفسانەییەکان کراون و بە زمانێکی ئەدەبی و ئەفسانەیی دەگێڕدرێنەوە ؛ هەر بۆیە هەرکاتێ گوتمان ئەفسانە ؛ واتە بەشێکی گرنگی واقیعی و مێژووی لە نیو ئەم ئەفسانەیەدا هەن ! ئەگەر لە نێو کلتوری هەر میللەتێک دەقێکمان کەوتە بەرچاو ، ئەو دەقە پڕ بوو لە ( خەیاڵ و فانتازیاو ڕەگەزی ئەفسانەیی ) ئەوا ئەو دەقە دەقێکی ( خوڕافە – وڕێنە ) ییە ! نەک ئەفسانە . هەر بۆیە ئێمە لەم لێکۆڵێنەوەدا ، باسی ئەفسانەی خوداوەنان و ئەفسانەی گشتیمان کردووە ، کە لە نێو هەردوکیان ، بەشێکی گرنگی واقیع هەیە ، کە ڕاستەو خۆ ڕووداوەکانی بە ژیان پەیوەند دەکات و ڕێگای ئەوەمان بۆ خۆش دەکات ، لەو دەقانە بەدوایی بەشە مێژووییەکەی دا بچین و ڕووداوو مرۆڤە ڕاستەقینەکان بەسەر بکەینەوە !هەر بۆیە پێمخۆشە خوێندەواری بەڕێز هەرکاتێ وشەی ئەفسانە دەبیسێ ، وا تێنەگات ئەمە هەمووی هەر خەیاڵ و فانتازیایەو بەشە مێژوویی و واقیعیەکەی لە بیر نەکات!
خەڵاتی نەورۆز..
لە سەرەوە چەند جارێک باسی خەڵاتی نەورۆزم کرد ، بە پێویست و گرنگی دەزانم ئێمە میللەتی کورد ( خەڵاتی نەورۆز ) مان هەبێت ، چۆن ئەمڕۆ هەموو میللەت و وڵاتانێک هەریەکەو خەڵاتێک یان چەند خەڵاتی خۆیان هەیەیەو ساڵانە دەیبەخشێتە ئەوکەس و نێوەندانەی شایستەی خەڵاتن ! چ لەوە جوانترە خەڵاتەکەی ئێمە بە ناوت ( خەڵاتی نەورۆز ) بێت ، کە نەورۆز کۆنترین جەژن و جیهانیترین جەژنە ، ئەوەتە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ، بە هۆی ئەو گرنگیەوە لە (ساڵی ٢٠١٠) ەوە کردوویەتی بە جەژنێکی جیهانی ، با ئێمەش ( خەڵاتی نەورۆز ) بکەین بە خەڵاتێکی جیهانی و ئەم خەڵاتە بە دیاری و وەک پاداشت ساڵانە لە ناوەوەو لە دەرەوە پێشکەش بەو کەس و نێوەندانە بکەین کە داهێنەرن و شایستەی خەڵاتن .
مەولود ئیبراهیم حەسەن
١٠ / ٣ / ٢٠٢٤ – هەولێر




٨ی مارس و بزووتنەوەی دژی ئاپارتایدی جێندەری.. حەمید تەقوای

و: کاوە عومەر

دەقی نوسراوەی ئەم چاوپێکەوتنە بە پشتبەستن بە چاوپێکەوتنێک کە لەگەڵ کەناڵی ئاسمانی کەناڵ جەدید ئامادەکراوە
جەلیل جەلیلی: ئەمساڵ ڕۆژی جیهانی ژنان لە ئێران تەواوەتی تایبەت بوو. یادی ئەم ڕۆژە شێوەی بزووتنەوەیەک و ناڕەزایەتیەکی سەرتاسەری و کۆمەڵایەتیی وەرگرت. چەندین پەیام و لێدوان لە لایەن چالاکوانان و دامەزراوە خەباتکارانەکانەوە بڵاوکرانەوە، کەناوەرۆکێکی ڕادیکاڵیان هەبوو لە دژی حیجاب، دژی ئاپارتایدی جێندەری و دژی سیاسەت و یاساکانی دژە ژنی کۆماری ئیسلامی. لە کوردستان، لە شاری بوکان، دایکانی دادخواز لە کاردانەوەیەکی ڕەمزیدا حیجابەکانیان لەسەریان کردەوەوە و ڕایانگەیاند کە ئازیزانیان لە پێناو بەرگریکردن لە مافی ژنان گیانیان لەدەستداوە. لەسەر ئاستی سەرتاسەریشدا خانەنشینان لە بەیاننامە و گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکانیاندا قسەیان دەکرد و دروشمیان بۆ داکۆکی لە مافەکانی ژنان دەوتەوە؛ هەروەها زۆرێک لە ڕێکخراوە کرێکارییەکان لە پەیام و لێدوانە پڕ جۆشەکانیاندا ڕۆژی جیهانی ژنانیان بەرز ڕاگرت و سیاسەتە دژی ژانەکانی حکومەتیان شەرمەزار کرد. لە زۆرێک لە شارەکان ژنان و پیاوان بە دابەشکردنی گوڵ و شیرینی و هتد ڕۆژی جیهانی ژنانیان بەرز ڕاگرت. هەموو ئەمانە ئاماژەیان بە ٨ی مارسێکی هێرش بەرانەو و زیندوو دەکرد. بەڕای ئێوە بۆچی ٨ی مارسی ئەمساڵ بە قەبارەیەکی وا گەورە بەڕێوەچوو؟
حەمید تەقوای: ئەمە دووەمین ٨ی مارسە کە دوای دەستپێکردنی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بەڕێوەدەچێت. وە کاریگەرییەکانی ئەم بزووتنەوەیە و ئەم شۆڕشە گەورەیە لە هەموو گۆڕانکاریە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئێراندا دەبینرێت. ئەم شۆڕشە بە شۆڕشی ژنان ناسراوە. بە یەکەمین شۆڕشی ژنان لە مێژوودا ناودەبرێت چونکە لەم شۆڕشەدا، لە ڕووی ناوەڕۆک و ئامانجەکانییەوە- کە لە دروشمی سەرەکی ژن ژیان ئازادیدا دەرکەوتووە- ماف و ئازادیی ژن جێگەیەکی بەرچاوی هەیە و ژن لە پێشەنگیدایە ئەم بزووتنەوەیە. هەروەها ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنانە و بە بەدلنییاییەوە پێشبینی ئەوە دەکرا کە لە ڕۆژێکی واداکۆمەڵگە جوڵانەوەیەکی گەورەی هەبێت. ئەمساڵ ڕەنگە زۆر کەس بیریان لەوە کردبێتەوە کە بەهۆی دابەزینی ڕێژەیی خەباتی ناو شەقامەکان، ٨ی ئازار ئەو شۆڕو شەوقەی ساڵی ڕابردووی نابێت. به ڵام به پێچه وانه وه ئه مساڵ ٨ی مارس بوو به هێرشێکی به ڕفراوان و پێشڕه وییه کی گرنگ له خه باتی خه ڵکدا بۆ ڕووخانی حکوومه ت.
هەروەک ئاماژەت پێدا، ٨ی مارس لەسەر ئاستێکی کۆمەڵایەتی فراوان بەڕێوەچوو، چەندین پەیام و لێدوان نەک تەنها لەلایەن کەسایەتی و دامەزراوەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنانەوە، بەڵکو لەلایەن زۆرێک لە ڕێکخراوەکانی خوێندکاری و چالاکوان، خانەنشینان، کرێکاران، مامۆستایان، دادخوازان و تەنانەت زیندانیانی سیاسی و هتد بڵاوکرایەوە. هەموو ئەو پەیام و لێدوانانە کۆماری ئیسلامییان وەک حکوومەتێکی دژە ژن و سیستەمی ئاپارتایدی جێندەری شەرمەزار کرد، پشتیوانیان لە شۆڕشی ژن ژیانی ئازادی کرد و جارێکی دیکە جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە تا کۆتایی ڕادەوەستین.
لە لایەکی دیکەوە خەڵک وەک ئاهەنگێکی سەرتاسەری ٨ی مارس ئاهەنگیان گێڕا. لە شەقامەکاندا گوڵ و شیرینییان دابەشکرد و دەستخۆشییان لە یەکتر کرد. وەک باست کرد هەنگاوێکی زۆر بوێرانە و ئازایانە لەلایەن دایکانی دادخواز لە بوکانەوە ئەنجامدرا کە کلیپەکەیان لە سۆشیال میدیادا بە شێوەیەکی بەرفراوان پێشوازی لێکرا.
بەم شێوەیە ٨ی مارس بوو بە بزووتنەوەی ئاهەنگ و ناڕەزایەتی و دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی لە ئێران بە ناوەرکی دژی
حکومەت و ڕوخاندن خوازییەوە.

٨ی مارس جارێکی تر نیشانی دا کە شۆڕشی ژن ژیان ئازی چەندە زیندووە و جەماوەری خەڵک چۆن سوورن لەسەر ڕووخاندنی ئەم حکومەتە. چۆن خەڵک بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕێن بۆ بەرزکردنەوەی ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر بە حکومەت بە هەموو شێوەیەک و لە هەر بۆنەیەکدا. جارێکی تر پیرۆزبایی ٨ی مارس لە سەرجەم تێکۆشەرانی شۆڕش و سەرجەم ژن و پیاوە ئازادەکانی ئێران دەکەم و هیوادارم لە زووترین کاتدا شۆڕشەکەمان کۆتایی پێبێت و ٨ی ماری ساڵی داهاتوو لە ئێرانێکی ئازاد لە شەڕی کۆماری ئیسلامیدا بەرپابکەین .
جەلیل جەلیلی:جوڵەیەکی تری گرنگ لەلایەن زیندانیانی سیاسییەوە ئەنجامدرا. لە بەیاننامەیەکدا لە ٨ی مارسدا، ١١ ژنی زیندانیکراوی زیندانی ئەوین باسیان لە ئاپارتایدی جێندەری و پێویستی ڕووبەڕووبوونەوەی وەک ڕێگ خۆشکەرێک دەبێت بۆ خەباتی خەڵک. بەڕای ئێوە پێگە و گرنگی ئەم بزووتنەوەیە چییە؟ ئایا دەکرێت هەموو نادادپەروەرییەکانی ژنان بگەڕێندرێتەوە بۆ ئاپارتایدی جێندەری؟

حەمید تەقوایی: خاڵی یەکەم بە بۆچوونی من تایبەتمەندییەکی گرنگی ٨ی ئازاری ئەمساڵ، ناڕەزایەتی دژ بە ئاپارتایدی جێندەری بوو. دەمێکە تێکۆشەران و حزبە ڕادیکاڵەکانی وەک حزبەکەی ئێمە ئاماژە بەئەوە دەکەن کە کۆماری ئیسلامی ڕژێمێکی ئاپارتایدی جێندەرییە و هەر بۆیە پێویستە لە جیهاندا ڕەت بکرێتەوە و بایکۆت بکرێت، هەروەک چۆن ڕژێمی ئاپارتایدی ڕەگەزی ئەفریقای باشوور لەلایەن جیهانەوە و لەلایەن حکومەتەوە بایکۆت کرا. ئەمە هەمیشە خواست بووە، بەڵام ئەمساڵ گۆڕا بۆ بزووتنەوە و هێرشێکی کۆمەڵایەتی بەرفراوان. زۆرێک لە هەڵسوڕاوان، وەک ئێوە وتتان، زیندانیانی سیاسی – لە نێویاندا خاتوو نەرگس محەمەدی کە لە نامەیەکدا بۆ ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای بە تاوان ناساندنی ئاپارتایدی جێندەری لە ئێران کرد-، زیاتر لە ٤٠ ڕێکخراوی کرێکاری و خوێندکاری و داکۆکیکارانی مافی ژنان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا دژی ئاپارتایدی جێندەر، هەروەها چەندین ڕێکخراوی مامۆستایان و خانەنشینان و ڕێکخراوە کرێکارییەکان و هتد، بە ڕوونی لە دژی ئاپارتایدی جێندەر وەستاونەتەوە و هاتوونەتە مەیدان. لەسەر ئاستی جیهانیش داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ کۆماری ئیسلامییان وەک ڕێژیمی ئاپارتایدی جێندەری مەحکووم کردووە.
دەمەوێت بڵێم لە ٨ی مارسدا ئاڵای خەبات دژی ئاپارتایدی جێندەری هەڵکرا. لە ئاستێکی بەرفراواندا تێکۆشەران و دامودەزگا جۆراوجۆرەکان دژی ئاپارتایدی جێندەری ڕاپەڕین و کۆماری ئیسلامییان وەک ڕێژیمێکی ئاپارتایدی جێندەری مەحکوم کرد.
سەبارەت بە بەشی دووەمی پرسیارەکەت کە ئایا دەتوانرێت هەموو پرسەکانی نەهامەتی و هەڵاواردن لە دژی ژنان بگەڕێندرێتەوە بۆ ئاپارتایدی جێندەری، دەبێ بڵێم بە کە بەدڵنیاییەوە نادادپەروەری و هەڵاواردن بەرامبەر ژنان ڕەهەندەی ئەودیو و فراوانتریان لە جیاکاریی جێندەری هەیە. بەڵام پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە مانای ئاپارتایدی جێندەری تەنیا جیابوونەوەی ژن و پیاو نییە لە شەقام و کۆبوونەوەی گشتیدا، بەڵکو جیاکاریی توند و بەربڵاوی ژنانە لە هەموو بوارەکاندا. ئاپارتایدی جێندەری لە ڕاستیدا هێما و دەرکەوتنی هەموو ئەو هەڵاواردن و ناعەدالەتیانەیە کە کۆماری ئیسلامی بەسەر ٥٠٪ی کۆمەڵگادا سەپاندووە. وەک چۆن ئاپارتایدی ڕەگەزی لە باشووری ئەفریقا دان بە هیچ مافێکی کۆمەڵایەتی بۆ ڕەشپێستەکان نەناساند، کۆماری ئیسلامی ئێرانیش دان بە هیچ مافێک بۆ ژنان نانێت.
لە کۆماری ئیسلامیدا ژنان لە زۆرێک لە مافەکان بێبەش دەکرێن و تەنانەت لەو شوێنانەی کە مافیان هەیە، بە نیوە پیاو هەژمار دەکرێن. لە فەلسەفەی ئیسلامی و یاساکانی کۆماری ئیسلامیدا ژن لە ژێر سەرپەرشتی پیاودایە. بۆیە لە بارودۆخی ئەمڕۆی ئێراندا تەنانەت پۆلێنەکانی وەک “ڕەگەزی لاوازتر” و “هاوڵاتی پلە دوو” ڕەوا دەبینرێن. ژن بە هیچ شێوەیەک بە مرۆڤی سەربەخۆ نازانرێت. ژن یان لەژێر سەرپەرشتی باوکی و براکان و پیاوانی بنەماڵەدایە، یان دوای هاوسەرگیری لەژێر سەرپەرشتی مێردەکەیدایە. زۆرێک لە چالاکییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی ژنان بە ڕەزامەندی سەرپەرشتیاری پیاوەوەیە. ژنان تەنانەت ناتوانن بەبێ مۆڵەتی باوک یان مێردەکەیان گەشت بکەن. ئاپارتایدی جێندەری هەموو ئەم هەڵاواردن و نادادپەروەرییە گەورەیە لەخۆدەگرێت.
لایەنێکی دیکەش ڕوانینی حکومەتە بۆ ژنان وەک کاڵای سێکسی و ئامرازی چێژوەرگرتن بۆ پیاوان. زۆرێک لە یاساکانی کۆماری ئیسلامی لەوان حیجاب، قەدەغەکردنی گۆرانی وتنی ژنان و قەدەغەکردنی گشتیی دەرکەوتنی ژن و پیاو پێکەوە، لەم تێڕوانینە بۆ ژن وەک کەرەستە و کاڵای سێکسی سەرچاوە دەگرن.٨ی مارس جارێکی تر نیشانی دا کە شۆڕشی ژنان لە ژیانی ئازاددا چەندە زیندووە و جەماوەری خەڵک چۆن سوورن بۆ ڕووخاندنی ئەم حکومەتە. چۆن خەڵک بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕێن بۆ بەرزکردنەوەی ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر بە حکومەت بە هەموو شێوەیەک و لە هەر بۆنەیەکدا. جارێکی تر پیرۆزبایی ٨ی مارس لە سەرجەم تێکۆشەرانی شۆڕش و سەرجەم ژن و پیاوە ئازادەکانی ئێران دەکەم و هیوادارم لە زووترین کاتدا شۆڕشەکەمان کۆتایی پێبێت و ٨ی مارس ساڵی داهاتوو لە… ئێرانێکی ئازاد لە خراپەی کۆماری ئیسلامی.
جەلیل جەلیلی: جوڵەیەکی تری گرنگ لەلایەن زیندانیانی سیاسییەوە ئەنجامدرا. لە بەیاننامەیەکدا لە ٨ی مارسدا، ١١ ژنی زیندانیکراوی زیندانی ئێڤین باسیان لە ئاپارتایدی جێندەری و پێویستی ڕووبەڕووبوونەوەی وەک ڕێگایەک بۆ پێشەوە بۆ خەباتی خەڵک کردووە. بەڕای ئێوە پێگە و گرنگی ئەم بزووتنەوەیە چییە؟ ئایا دەکرێت هەموو نادادپەروەرییەکانی ژنان بگەڕێندرێتەوە بۆ ئاپارتایدی جێندەری؟
حەمید تەقوەی: خاڵی یەکەم بە بۆچوونی من تایبەتمەندییەکی گرنگی ٨ی مارسی ئەمساڵ، ناڕەزایەتی دژ بە ئاپارتایدی جێندەری بوو. دەمێکە خەباتکاران و حزبە ڕادیکاڵەکانی وەک حزبەکەی ئێمە پێشنیاری ئەوە دەکەن کە کۆماری ئیسلامی ڕژێمێکی ئاپارتایدی جێندەرییە و هەر بۆیە پێویستە لە جیهاندا ڕەت بکرێتەوە و بایکۆت بکرێت، هەروەک چۆن ڕژێمی ئاپارتایدی ڕەگەزی ئەفریقای باشوور لەلایەن خەڵکی جیهانەوە و لەلایەن حکومەتەوەبایکۆت کرا. ئەمە هەمیشە خواست بووە، بەڵام ئەمساڵ گۆڕا بۆ بزووتنەوە و هێرشێکی کۆمەڵایەتی بەرفراوان. زۆرێک لە چالاکوانان، وەک ئێوە وتتان، زیندانیانی سیاسی – لە نێویاندا خاتوو نەرگس محەمەدی کە لە نامەیەکدا بۆ ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای بە تاوان ناساندنی ئاپارتایدی جێندەری لە ئێران کرد-، زیاتر لە ٤٠ ڕێکخراوی کرێکاری و خوێندکاری و داکۆکیکارانی مافی ژنان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا دژی ئاپارتایدی جێندەر، هەروەها چەندین ڕێکخراوی مامۆستایان و خانەنشینان و ڕێکخراوە کرێکارییەکان و هتد، بە ڕوونی لە دژی ئاپارتایدی جێندەر وەستاونەتەوە و هاتوونەتە مەیدان. لەسەر ئاستی جیهانیش داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ کۆماری ئیسلامییان وەک ڕێژیمی ئاپارتایدی جێندەری مەحکووم کردووە. دەمەوێت بڵێم لە ٨ی مارس ئاڵای خەبات دژی ئاپارتایدی جێندەری هەڵکرا. لە ئاستێکی بەرفراواندا تێکۆشەران و دامودەزگا جۆراوجۆرەکان دژی ئاپارتایدی جێندەری ڕاپەڕین و کۆماری ئیسلامییان وەک ڕێژیمێکی ئاپارتایدی جێندەری مەحکوم کرد.
سەبارەت بە بەشی دووەمی پرسیارەکەت کە ئایا دەتوانرێت هەموو پرسەکانی ئازار و هەڵاواردن لە دژی ژنان بگەڕێندرێتەوە بۆ ئاپارتایدی جێندەری، دەبێ بڵێم بە دڵنیاییەوە نادادپەروەری و هەڵاواردن بەرامبەر ژنان ڕەهەندەێکی سەروتر و فراوانتریان لە جیاکاریی جێندەری هەیە. بەڵام پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە مانای ئاپارتایدی جێندەری تەنیا جیابوونەوەی ژن و پیاو نییە لە شەقام و کۆبوونەوەی گشتیدا، بەڵکو جیاکاریی توند و بەربڵاوی ژنانە لە هەموو بوارەکاندا. ئاپارتایدی جێندەری لە ڕاستیدا هێما و دەرکەوتنی هەموو ئەو هەڵاواردن و ناعەدالەتیانەیە کە کۆماری ئیسلامی بەسەر ٥٠٪ی کۆمەڵاگەیدا سەپاندووە. وەک چۆن ئاپارتایدی ڕەگەزی لە باشووری ئەفریقا هیچ مافێکی کۆمەڵایەتی بۆ ڕەشپێستەکان بە فەرمی نەناسانی، کۆماری ئیسلامی ئێرانیش دان بە هیچ مافێکدا بۆ ژنان نانێت.
لە کۆماری ئیسلامیدا ژنان لە زۆرێک لە مافەکان بێبەش دەکرێن و تەنانەت لەو شوێنانەی کە مافیان هەیە، بە نیوە پیاو هەژمار دەکرێن. لە فەلسەفەی ئیسلامی و یاساکانی کۆماری ئیسلامیدا ژن لە ژێر سەرپەرشتی پیاودایە. بۆیە لە بارودۆخی ئەمڕۆی ئێراندا تەنانەت چەمکەکانی وەک “ڕەگەزی لاوازتر” و “هاوڵاتی پلە دوو” ڕەوا دەبینرێن. ژن بە هیچ شێوەیەک بە مرۆڤی سەربەخۆ نازانرێت. ژن یان لەژێر سەرپەرشتی باوکی و براکان و پیاوانی بنەماڵەدایە، یان دوای هاوسەرگیری لەژێر سەرپەرشتی مێردەکەیدایە. زۆرێک لە چالاکییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی ژنان بە ڕەزامەندی سەرپەرشتیاری پیاوەوەیە. ژنان تەنانەت ناتوانن بەبێ مۆڵەتی باوک یان مێردەکەیان گەشت بکەن. ئاپارتایدی جێندەری هەموو ئەم هەڵاواردن و نادادپەروەرییە گەورەیە لەخۆدەگرێت.
لایەنێکی دیکەش ڕوانینی حکومەتە بۆ ژنان وەک کاڵای سێکسی و ئامرازی چێژوەرگرتن بۆ پیاوان. زۆرێک لە یاساکانی کۆماری ئیسلامی لەوانە حیجاب، قەدەغەکردنی گۆرانی وتنی ژنان وبەگشتی قەدەغەکردنی دەرکەوتنی ژن و پیاو پێکەو لە شوێنە گشتیەکاندا،هەر لەم تێڕوانینەوەیە کە وەک کەرەستە و کاڵای سێکسی بوونی ژنان سەرچاوە دەگرێ.
بەڕای من ئەو بزووتنەوەیەی کە دژی حیجاب دەستی پێکرد، هەنگاوی یەکەمە دژی ئاپارتایدی جێندەری. ئێمە هەمیشە گوتوومانە پەردەی دیواری ئاپارتایدی ڕەگەزیە و ئەم دیوارە تا ڕادەیەکی زۆر ئەمڕۆ داڕوخاوە. کاتی ئەوە هاتووە هەنگاوەکانی داهاتوو دژی ئاپارتایدی جێندەری بنێین. ئێمە دەتوانین بە کردەوە هەموو دەرکەوتنەکانی ئاپارتایدی جێندەری، لە.
قەدەغەکردنی چوونە ژوورەوەی ژنان بۆ یاریگاکان و جیاکردنەوەی خوێندکاری کوڕ و کچ لە زانکۆکان و بێڕێزی و سووکایەتیکردن بە ژنان لە مینبەر و نوێژی هەینی و تریونەکانی حکومەتەوە، بۆ کوشتنە ناموسییەکان، و بۆ سەرپەرشتیکردنی پیاوان بەسەر ژنان لە حاڵەتە جۆراوجۆرەکان ڕووبەڕوویان ببینەوەو لە کۆمەڵگاداڕایان ماڵین. دەتوانین دەرکەوتەکانی تری ئاپارتایدی جێندەری لە پراکتیک و لە ژیانی ڕۆژانەماندالەناوبەرین وبسڕینەوە،، هەروەک چۆن سەنگەری حیجابمان داگیرکرد. ژن و پیاو دەتوانن پێکەوە لە شەقام و کۆبوونەوە گشتییەکاندا دەرکەون، سەما بکەن، هەڵپەڕن و گۆرانی بڵێن پێکەوە لە شەقامەکاندا لە ئاهەنگ و بۆنە جۆراوجۆرەکاندا، لە زانکۆ و پۆل وشوێنی نانخواردنەکاندا پێکەوە بن – بزووتنەوەیەک کە لە ئێستادا دەستیپێکردووە- و هتد و هتد. ئەمە ڕێگەیەکی پراکتیکی و مەیسەرەە بۆ .شکاندنی ئاپارتایدی جێندەری لەسەر ئاستی سەرتاسەرید

ا.
جەلیل جەلیلی: ئەو پرسیارەی لێرەدا دێتەکایەوە ئەوەیە کە ئایا دەکرێت بەبێ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، ئاپارتایدی جێندەری لەناو بچێت؟
حەمید تەقوایی: چارەسەری ئەم کێشەیەش وەک زۆر کێشەی دیکە، پەیوەستە بە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییەوە، بەڵام بە بۆچوونی من لێرەوە ناتوانرێت بگەنە ئەو ئەنجامەی کە ئەم خەباتە بێهودەیە یان ناگات بەئەنجام و ئەبێت تەنیا خەبات بۆ ڕووخاندن بکەی..
سەیری زۆرێک لەو داخوازییانە بکەن کە لە ئێراندا دەوروژێنرێن، لەوانە پرسی حیجاب، هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، یەکسانی تەواو لە نێوان ژن و پیاو و تەنانەت زیادکردنی کرێ بۆ سەرووی هێڵی هەژاری – واتە لانیکەم ٥ هێندەی کەمترین حەقدەست -، نەهێشتنی گەندەڵی، پێشگرتن لە تێکدانی ژینگە، بە فەرمی ناسینی مافی پەلکەزێڕینەکان و چەندین بابەتی دیکە بە بوونی کۆماری ئیسلامی بەدی نایەت، بەڵام ئەزقەزا هەرئەم واقیعیەتەی خەبات لە هەموو ئەو بوارانەدا دەکاتە بەشێک لە خەبات بۆ ڕووخاندنی حکومەت. هیچ کام لەمانە بە بوونی کۆماری ئیسلامی یەکلایی نابێتەوە – تەنیا لەو حەفتانەی دواییدا نەبێت کە کۆماری ئیسلامی ڕووخانی خۆی بە حەتمی دەبینێت و دەیەوێت ئیمتیازات بە کۆمەڵگا بدات بۆ ئەوەی خۆی ڕزگار بکات. و ئەمەش خەباتەکانی ئەو بوارانە بەرەو خەبات دژی حکومەت بە گشتی دەبات. بە بڕوای من خەبات بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی کە خۆی لە شێوەی شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا نیشان دەدات، مەیدانی جیاوازی هەیە. پێویستە لە هەموو لایەکەوە کۆماری ئیسلامی گەمارۆ بدەین. بەتاوان کردنی ئاپارتایدی جێندەری، شەرمەزارکردنی جیهانی حکومەت بەو هۆکارە یان بەهۆی لەسێدارەدان و کوشتنی خۆپیشاندەران، دەتوانێت بزووتنەوەی ڕووخاندن زۆر بەهێزتر بکات. ئەمانە بەرەی جیاوازن کە لە هەموو لایەکەوە دەوری کۆماری ئیسلامی دەدەن و لە هەموو لایەکەوە دەیانخەنە ژێرگوشاروە..
فاکتەرێکی تر ئەوەیە کە خەباتی چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگە، وەک کرێکاران، یان مامۆستایان، خانەنشینان، پەرستاران و گروپەکانی تر، هەرچەندە لە دەوری داخوازی سەندیکاکان و داخوازییە تایبەتەکانی هەر سێکتەرییەک پێک هاتوون، بەڵام لەمانەدا سنوردار نین داواکارییەکان لەبارودۆخی ناڕەزایەتی کۆمەڵگەدا. وەک نموونە، کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە بەردەوامەکانی ئەمڕۆی خانەنشینان بوارێکی گرنگە بۆ تەحەدای هەموو حکومەت. لە ٨ی مارسی ئەمساڵدا خانەنشینەکان بە دروشم و لێدوانێکی زۆر ڕوون بۆ بەرگریکردن لە ژنان و دژی ئاپارتایدی جێندەری هاتنە گۆڕەپانەکە. هەروەها ڕێکخراوە کرێکارییەکان بە ناوی هەموو کۆمەڵگا و ئەوانەی پاڵیان پێوەنراوە بۆ خوار هێڵی هەژاری دژی هەژاری و گەندەڵی دەجەنگن. ناڕەزایەتی مامۆستایان هەمان تایبەتمەندی هەیە. هەموو ئەم ململانێیانە لە دەوری بابەتگەلێک دەسوڕێنەوە کە دواجار بە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی یەکلایی دەبنەوە و ڕێک بە هۆی ئەمەوە هەرکام لەمانە بە کردەوە بەشێکن لە خەباتی گشتی بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییە
.بەڕای من ئەو بزووتنەوەیەی کە دژی حیجاب دەستی پێکرد، هەنگاوی یەکەمە دژی ئاپارتایدی جێندەری. ئێمە هەمیشە گوتوومانە حیجاب دیواری ئاپارتایدی ڕەگەزیەوە و ئەم دیوارە تا ڕادەیەکی زۆر ئەمڕۆ دابەزیوە. کاتی ئەوە هاتووە هەنگاوەکانی داهاتوو دژی ئاپارتایدی جێندەری بنێین. ئێمە دەتوانین بە کردەوە هەموو دەرکەوتنەکانی ئاپارتایدی جێندەری، لە…
ئێمە تەحەدای قەدەغەکردنی چوونە ژوورەوەی ژنان بۆ یاریگاکان و جیاکردنەوەی خوێندکاری نێر و کچ لە زانکۆکان و سووکایەتیکردن و سووکایەتیکردن بە ژنان لە مینبەر و نوێژی هەینی و تریونەکانی حکومەتەوە، بۆ ڕێزگرتن لە کوشتنەکان، و بۆ سەرپەرشتیکردنی پیاوان بەسەر ژنان لە زانکۆکاندا تەحەدا دەکەین حاڵەتە جۆراوجۆرەکان.. لە کۆمەڵگادا ڕشتن. دەتوانین دەرکەوتەکانی تری ئاپارتایدی جێندەری لە پراکتیک و لە ژیانی ڕۆژانەماندا نکۆڵی بکەین و پێشێلی بکەین، هەروەک چۆن کەناری حیجابمان داگیرکرد. ژن و پیاو دەتوانن پێکەوە لە شەقام و کۆبوونەوە گشتییەکاندا دەرکەون، سەما بکەن، چەقۆ لێبدەن و گۆرانی بڵێن پێکەوە لە شەقامەکاندا لە ئاهەنگ و بۆنە جۆراوجۆرەکاندا، لە زانکۆ و پۆل و کانتینەکاندا پێکەوە بن – بزووتنەوەیەک کە لە ئێستادا دەستیپێکردووە- و هتد و هتد. ئەمە ڕێگەیەکی پراکتیکی و جێبەجێکراوە بۆ شکاندنی ئاپارتایدی جێندەری لەسەر ئاستی نیشتمانی.
جەلیل جەلیلی: ئەو پرسیارەی لێرەدا دەوروژێنرێت ئەوەیە کە ئایا دەکرێت بەبێ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، ئاپارتایدی جێندەری لەناو بچێت؟
حەمید تەقوای: چارەسەری ئەم مەسەلەیە، وەک زۆر بابەتی دیکە، پەیوەستە بە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، بەڵام بە بۆچوونی من لێرەوە ناتوانرێت بگەنە ئەو ئەنجامەی کە ئەم خەباتە بێهودەیە یان نایەتە ئاکام و مرۆڤ تەنیا دەبێ خەبات بۆ ڕووخاندن بکات..
سەیری زۆرێک لەو داخوازییانە بکەن کە لە ئێراندا دەوروژێنرێن، لەوانە پرسی حیجاب، هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، یەکسانی تەواو لە نێوان ژن و پیاو و تەنانەت زیادکردنی کرێ لە سەرووی هێڵی هەژاری – واتە لانیکەم ٥ هێندەی کەمترین کرێ -، نەهێشتنی گەندەڵی، پێشگرتن لە تێکدانی ژینگە، بەفەرمی ناسینی مافی کەوانە و چەندین بابەتی دیکە بە بوونی کۆماری ئیسلامی بەدی نایەت، بەڵام ئەزقەزا هەر ئەم ڕاستییەی خەبات لە هەموو ئەو بوارانەدا دەکاتە بەشێک لە خەبات بۆ ڕووخاندنی حکومەت. هیچ کام لەمانە بە بوونی کۆماری ئیسلامی یەکلایی نابێتەوە – تەنیا لەو حەفتانەی دواییدا نەبێت کە کۆماری ئیسلامی ڕووخانی خۆی بە حەتمی دەبینێت و دەیەوێت ئیمتیازات بە کۆمەڵگا بدات بۆ ئەوەی خۆی ڕزگار بکات. و ئەمەش خەباتەکانی ئەو بوارانە بەرەو خەبات دژی حکومەت دەگشتی. بە بڕوای من خەبات بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی کە خۆی لە شێوەی شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا نیشان دەدات، مەیدانی جیاوازی هەیە. پێویستە لە هەموو لایەکەوە کۆماری ئیسلامی گەمارۆ بدەین. بەتاوان کردنی ئاپارتایدی جێندەری، شەرمەزارکردنی جیهانی حکومەت بەو هۆکارە یان بەهۆی لەسێدارەدان و کوشتنی خۆپیشاندەران، دەتوانێت بزووتنەوەی ڕووخاندن زۆر بەهێزتر بکات. ئەمانە بەرەی جیاوازن کە لە هەموو لایەکەوە دەوری کۆماری ئیسلامی دەدەن و لە هەموو لایەکەوە گوشاریان بۆ دروست دەکەن
.
فاکتەرێکی تر ئەوەیە کە خەباتی چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگا، وەک کرێکاران، یان مامۆستایان
خانەنشینان، پەرستاران و گروپەکانی تر، هەرچەندە لە دەوری داخوازی سەندیکاکان و داخوازییە تایبەتەکانی هەر سێکتەرییەک پێک هاتوون، بەڵام لەمانەدا سنوردار نین داواکارییەکان لە کەشوهەوای ناڕەزایەتی کۆمەڵگادا. وەک نموونە، کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە بەردەوامەکانی ئەمڕۆی خانەنشینان بوارێکی گرنگە بۆ تەحەدای هەموو حکومەت. لە ٨ی مارسی ئەمساڵدا خانەنشینەکان بە دروشم و لێدوانێکی زۆر ڕوون بۆ بەرگریکردن لە ژنان و دژی ئاپارتایدی جێندەری هاتنە گۆڕەپانەکە. هەروەها ڕێکخراوە کرێکارییەکان بە ناوی هەموو کۆمەڵگا و ئەوانەی پاڵیان پێوەنراوە بۆ خوار هێڵی هەژاری دژی هەژاری و گەندەڵی دەجەنگن. ناڕەزایەتی مامۆستایان هەمان تایبەتمەندی هەیە. هەموو ئەم خەباتانە لەدەوری بابەتگەلێک دەسوڕێنەوە کە دواجار بە ڕووخانی کۆمار یەکلایی دەبنەوە و ڕێک بە هۆی ئەمەوە .
هەرکام لەمانە بە کردەوە بەشێکن لە خەباتی گشتی بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی.

جەلیل جەلیلی: خەبات بۆ مەحکوومکردنی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی جیهانیدا وەک حکومەتێکی ئاپارتایدی سێکسی، چ کارێک لە دەستووری هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵاتدا دادەنێت؟
حەمید تەقوایی: لە دەرەوەی وڵات، زۆرێک لە دامودەزگاکان لێدوانیان دژ بە ڕژێمی ئاپارتایدی جێندەری لە ئێراندا داوە و ئەم ڕەوتە تا دێت بەرفراوانتر دەبێت. دوایگیان بەختکردنی مەهسا ژینا ئەمینی، جاوید ڕەحمان پەیامنێری مافی مرۆڤ لە ئێران ڕایگەیاند کە ئەم تاوانەی کۆماری ئیسلامی نموونەی ئاپارتایدی جێندەرییە و پێویستە وەک تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی مەحکوم بکرێت. هەروەها لە مانگی ڕابردوودا کۆڕبەندی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ داوای کرد کە ئاپارتایدی جێندەری لە ئێران و ئەفغانستان وەک تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بناسرێت. هەفتەی ڕابردوو لە ڕۆژی جیهانیی ژناندا، لێژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتێکی ورد و بەڵگەداری سەبارەت بە تاوانەکانی حکوومەتی بڵاو کردەوە کە یەکێک لەو تاوانانە شەرمەزارکردنی هەڵاواردنی جێندەری و جیاکاری لە ئێران بوو. ئه مانه هەندێ نموونەن له هه ڵوێستی دامه زراوه نێوده وڵه تییه کان دژ به ئاپارتایدی جێندەری له ئێران. ئەوەی ئێمە لە دەرەوەی وڵات دەبێ بیکەین ئەوەیە کە ئەم ناڕەزایەتی و ئیدانەکردنانە بکەینە کارێکی کردەیی لە لایەن حکومەتەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ شەرمەزارکردنی سەرکردەکانی حکومەت و ڕەتکردنەوە و گۆشەگیرکردنی کۆماری ئیسلامی. ئێمە هەمیشە گوتوومانە کە وەک چۆن ڕژێمی ئاپارتایدی ڕەگەزی ئەفریقای باشوور لە لایەن جیهان و حکومەت و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە بایکۆت کرا و ئەمەش خۆی یارمەتییەکی گەورە بوو بۆ شۆڕش لە باشووری ئەفریقا، هەمان شت دەتوانێت بەسەر ئێرانیشدا بێت. هیوادارین ئەم بزووتنەوە کە لە دژی ئێعدامەکان، دژی ئاپارتایدی جێندەری، لە دژی هەموو کوشتار و سەرکوتەکانی کۆماری ئیسلامی، بزووتنەوەی دادخوازی کە لە دەرەوەی وڵاتیش زۆر چالاکە، هەموو ئەم بزووتنەوانە پێکەوە یەک دروشم و ئاڵا هەڵبکەن.و واتە ڕەتکردنەوە و دابڕانی کۆماری ئیسلامی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. واتە بەفەرمی نەناسینی حکومەتە ئامانجمان بێت. کۆماری ئیسلامی نوێنەرایەتی خەڵک ناکات، بەڵکو بکوژی ئەوانە و دەبێت مەحکووم بکرێت. بایکۆتی بکرێت و باڵیۆزخانەکانی دابخرێن و باڵیۆزەکانی دەربکرێن و پەیوەندی سیاسی و کولتووری و هونەری و وەرزشی لەگەڵ ئەم حکومەتەدا بە تەواوی بپچڕێنرێت. ڕێک ئەوەی بەسەر ڕژێمی ئاپارتایدی ڕەگەزی لە باشووری ئەفریقادا هات. ئەمە یەکێکە لە ئامانجەکانمانە. بێگومان مەیدانی ئەم خەباتە تەنیا لە دەرەوەی وڵات نییە. بەڕای من ئەم داواکارییە دەتوانێت ببێتە ئاڵا و داواکاری زۆرێک لە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆی وڵات. بەڵام لە دەرەوەی وڵات دەستێکی کراوەترمان هەیە و تواناییەکی فراوانترمان هەیە کە دەتوانرێت زۆر چالاکانە و بە بەردەوامی بەداوی ئەم ئامانجابەوە بین..
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لە دەرەوەی وڵات دەبێت لەسەر دوو ئاست کار بکەین. لایەنێک ڕاکێشانی بیروڕای گشتی و کۆکردنەوەی هێزە پێشکەوتنخوازەکان و خەڵکی شەریفی جیهان و چالاکییەکانی شەقام بە ئاراستەی بایکۆتکردنی کۆماری ئیسلامی. ئەمە دەتوانێت ببێتە ئامرازێکی کاریگەری فشار لەسەر حکومەتەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان. لایەنێکی دیکە لۆبی و چالاکیی یاسای ودادوەری بە ئاراستەی بایکۆتکردنی کۆماری ئیسلامی. ئەوەی کە دامودەزگا جۆراوجۆرەکانی مافی مرۆڤ کۆماری ئیسلامییان بە هۆی ئاپارتایدی جێندەری و ئێعدام و سەرکوتی دڕندەی گشتیی کۆماری ئیسلامی شەرمەزار کردووە، ئازادمان دەهێڵێتەوە کە گوشار بخەینە سەر حکومەت و لایەنە حوکمڕانەکان و پاڵیان پێ بنێین لە کۆماری ئیسلامی و لێپێچینەوە لە کاربەدەستانی و دواجار بایکۆتکردنی حکومەتی ئیسلامی. ئەمەش لە ڕێگەی چالاکی یاسایی و کۆکردنەوەی واژۆ بۆ داواکاری بایکۆتی حکومەت و کردەوەی ناڕەزایەتی لە بەردەم پەرلەمان و هاوشێوەکانی ئەنجام دەدرێت. دەزانن لە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا ئەگەر ژمارەیەکی دیاریکراو لە خەڵک داواکارییەک ئاراستەی پەرلەمانی وڵات بکەن، پەرلەمان ناچارە فەرمانی پێبدات. خێزانە دادخوازەکانی قوربانیانی ئەو فڕۆکەی کەتەقەیان لێکرد بەدواداچوونیان بۆ ئەم کارە کردووە و دەتوانرێت ئەم کارە لە پێوەندی لەگەڵ پرسە جۆراوجۆرەکان لە وڵاتانی دیکەشدا پەیڕەو بکرێت.
ئێمە بایکۆتی ڕێژیم بە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات ناو دەبەین. دەرەوە و ناوەوەی هەردوو گۆڕەپانەکە بە تەواوی بەیەکەوە گرێدراون. بە بڕوای من بزووتنەوەی بایکۆت و ڕەتکردنەوەی کۆماری ئیسلامی و بزووتنەوەی ڕووخاندن دوو بزووتنەوەن کە دەتوانن بە هاوئاهەنگی بەرەو پێشەوە بچن و ئەنجام بەدەست بهێنن و حیزبی ئێمەش یەکێکە لە هێزە چالاکەکانی هەردوو بوارەکەیە.
ئێمە تا ڕەتکردنەوە و بایکۆتی کۆماری ئیسلامی لە جیهاندا درێژە بەو خەباتە دەدەین. دڵنیابن ئەگەر ئەمە ڕووبدات لە چەند هەفتەیەک زیاتر ناخایەنێت تا خەڵک لە ئێراندا حسابی ڕێژیم یەکلایی بکەنەوە و لە دەسەڵات بیهێننەخوارەوە..
٢٤ی ئەسفەندی ١٤٠٢، ١٤ی مارسی ٢٠٢٤







گەورەیی نەورۆز لە دیدی پیاوە مەزنەکانمان..بەتایبەت پیاوانی ئایینی.. دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن

**

ئەم ڕۆژی، ســــــاڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە
جه‌ژنێکی، کۆنی کورده‌و به خۆشــی وبه هاته‌وه
پیرە مێردی شاعیر لەم شێعرە پڕ لە داهێنانەدا هەموو مێژووی ( ١٢ هەزار) ساڵە ی جەژنی نەورۆزی لەم دوو نیوە دێرە دا کۆکردووتەوە ، سەڵماندوویەتی کە جەژنی نەورۆز جەژنێکی ( کۆنە ) و جەژنی ( کورد ) انیشە !
نەورۆز بەم تەمەنە کۆن و درێژەی زۆر سەردەم و زۆر دەسەڵات و زۆر میللەت و زۆر ئایینی دیوە ؛ لەم مێژووە پڕ لە سەرو دەراوەدا چەند تایبەتمەندیەکی هەیە ، بە هەر شێوەیەک بێت ئەم تایبەتمەندیانەی خۆی پاراستووە و تا ئەمڕۆی هێناون :
یەکەم : نەورۆز ڕۆژی یەکەمی مانگی یەکەمی- مانگی نەورۆز – ی ساڵێ نوێی کوردیە و ئەم ڕۆژە هەتاکو ئیمڕۆ هەر وەکو خۆی ماوەو نەگۆڕاوە .
دووەم : ئەم ڕۆژە ڕۆژی شادی و ئاهەنگ و بەهارو ژیانەوەی سروشتە .
سێیەم : نەورۆز ڕۆژێکی پیرۆزو پاشا هەڵبژاردن و دامەزراندنی حکومەت و دەوڵەت وڕاگەیاندنی سەرکەوتنەکانی ساڵی پێشووە .
چوارەم : نەورۆز ئاهەنگی هەموو کۆمەڵانی خەڵک و حکومەت و پاشاو پیاوانی ئایینی بووە ، هەر ئایینێک ئایین خەڵکە کە بووبێ و هەر پاشایەک لەسەر تەخت بووبێ .
پێنجەم :ئەم جەژنە هەرچەندە لە کوردستان سەری هەڵداوەو هەر لە کوردستانیش بە دنیادا بڵاو بووەتەوەو هەر زووش بە چوار دەورو دنیادا دوور ڕۆیشتووە .
شەشەم : نەورۆز لەسەرەتای سەرهەڵدانیەوە ، کە هێشتا سەردەمی بەستەڵەک بووە ، هاتنی نەورۆزو ئاهەنگ گێڕان پێویستی بە ئاگرکردنەوە هەبووە ، بۆ دوو شت ، یەکەم .. وەک هۆیەک بۆ گەرمبوونەوەو خۆ پاراستن لە سەرما ، دووەم.. وەک هۆیەک بۆ ئاگادار کردنەوەی دوورو نزیک دەورو بەر بە هاتنی بە هارو ڕۆژی جەژن و ئاهەنگ گێڕان .
ئەم مێژووە دوورو درێژو ئەم جوگرافیە بڵاوو زۆرو لێکجیایەی نەورۆز بووەتە هۆی ئەوەی زۆر چیرۆکی لێکجیاو سەریرو ئەفسانەیی بدرێتە پاڵ نەورۆز ! هەر ئەمەشە وای کردووە ئێستا زۆر ڕای جیاواز لە بارەی سەر هەڵدان و شووێن و زەمەنەکەی نووسراوەو دەگێڕدرێتەوە . کە وای لێهاتووە هەر وڵات و میللەتە چیڕۆکی خۆی هەبێت و هەندێکیان زیاتر لە چێڕۆکێکیان بۆ پەیدا بوون و سەرهەڵدان و زەمەن و شوێنەکەی هەیە ! بەڵام ، چیڕۆکی ڕاستەقینەو بەڵگەداری ئەوەتە لە کوردستانە !
شوێنەوارناس و پسپۆرانی مێژووی کون ، زۆر بەی هەرەزۆیان لەسەر ئەوە کۆکن کە نەورۆز هەمان جەژنی ( زەگمەک ) ی سۆمەریەکانە و پەیوەستە بە داستانی ( دەمموزو عەشتار ) ەوە ، ڕۆژەکەش ئەو ڕؤژەیە کە دەمموزی پاش ئەوەی شەش مانگ وەک سزایەک دەچێتە – جیهانی ژێرەوە – بن دنیایێ – و پاش ئەوەی شەش مانگی سزا دانەکەی تەواو دەکات ، لە ڕۆژی یەکەمی مانگی یەکەمی ساڵی نوێی سۆمەری کە دەکاتە هەمان ساڵی کوردی دێتەوە سەر دنیا !
هەر مێژوو نووس و شوێنەوارناسانی شارەزاشن ، زەمەنی ئەم داستانە دەبەنەوە سەردەمی سەرهەڵدانی کشت و کاڵ بۆ یەکەمینجار ، کە ( دە هەزار ) ساڵ پێش زایینە ؛ بۆ شوێنەکەشی ئێمە لە لێکۆڵێنەوەیەکدا ئەو ( جیهانی ژێرەوە – بن دنیایێ ) یەمان دۆزیەوە ، کە بە لێکۆڵێنەوەی ئێمە ، ئەو شوێنە ( شاری ژێر زەمینی دێرینکۆیۆ ) یە ! ئەو( شارە ژێر زەمینیە هەشت چێن لە ژێر چێن دا ) یە کە
بە زەوی دا چووەتە خوارەوە ، هەر بە لێکۆڵێنەوەی پسپۆرانی شوێنەوارو مێژووی کۆنیش ، ئەم شارە تەمەنی ( ١٢هەزار) ساڵە ! کە هەمان تەمەنی ( سەرهەكدانی کشت و کال) و( داستانی دەمموزو عەشتارە !) تایبەتمەندیەکی کە ئەو شارە هەیەتی ، تەواو دەگونجێ لە گەڵ سزادانی عەشتارو دەمموزی کە دەبردرێنە جیهانی ژێرەوە ، دەبێ ( حەوت دەرگا ) ببڕن و لە هەر دەرگایەک بەشێک لە پۆشاک و خشڵ و چەکەکانیان دابنێن ! تا لە کۆتایی دا ڕووت دەبنەوە ڕووتی ڕووت . هەر بۆیە ئەو شارە هەشت چین لە ژێر چینە زۆر گونجاوە لەگەڵ یاسای سزادانی عەشتارو دەمموزی .
کۆنی و گەورەیی داستانی عەشتارو دەمموزی ، بەم هەموو ڕەگەزە پڕ لە عەشق و خۆشەویستی و پڕ لە تراجیدی و کۆمێدیە ، بووەتە هۆی دەوڵەمەندی ( ئەدەبی ئەفسانەیی ) میللەتانی سۆمەرو ئەکەدو بابیل و ئاشووری و زۆری تر لە میللەتانی تری پێش زایین ؛ هەتا پەڕیوەتەوە نێو ئەدەبی میللەتانی دوورو دوای زایینیش ! هەر ئێستا لە نێو دەقە میخیەکان دەقی جۆراو جۆری ئەو داستانە دەسدەکەوێ .
بە هەمان شێوە چونکە داستانی دەمموزو عەشتار بە ( جەژنی زەگمەک ) دەست پێدەکات و لە هەمان ڕۆژی یەکەمی سەری ساڵێ سۆمەریە ، کە ئێستا ئەو جەژنە دەکاتە ( جەژنی نەورۆز) ی خۆمان ، نەورۆزی کورد ! ئەمەش دیسان پشتگیری پسپۆرانی شوێنەوارو میژووی کۆنی لە پشتە !
ئەو داستانە بە نێوی نەورۆز پەڕێوەتەوە دوای زاین و چووەتە نێو ئەدەبی میللەتانی ناوچەکە و هەموو جیهان ؛ ئەگەر وازلەم هەموو میللەت و وڵاتە بێنین کە داستانی نەورۆز – زەگمەک – داستانی دەمموزو عەشتاریان تێدا بڵاو بووەتەوە ، تەنیا لە نێو ئەدەبی کوردی و ، لە ئەدەبی کوردیش تەنیا شیعر وەربگرین ، ئەوا لە نێو بەرهەمی شێعری گەورەپیاواندا ئەم ( نەورۆز )ە بەگەشی دەدرەوشێتەوە !
بۆ ئەوەی زۆر باری لێکۆڵێنەوە وتارەکەمان گران نەکەین ، سەر بەماڵی شێعری ( حەوت شاعیر )ی مەزن دادەگرین ویەکەو بەڵگەیەکیان لێ هەڵدە بژێرین و دەیخەینە بەرچاوی تێنووانی ڕەوشێ نەورۆز !
ئەم حەوت شاعیرەش گەورە پیاوانی شیعرو ئایینن ؛ کە ئەو شاعیرانە زۆر بە پیرۆزی و مەزنی باسی جەژنی نەورۆزیان کردووە .
یەکەمیان : باباتاهیری هەمەدانی (٩٣٨ – ١٠١٠)
باباتاهیری هەمەدانی کە باباتاهیری ( لوڕو عوریان ) یشی پێ دەڵێن ، شاعیرێکی گەورەو عاریفێکی خوداناس و خاوەن بەش بووە ، ئەو پیاوە مەزنەی( کوردو ئیسلام ) لە چوارینەیەکی دا ئەوەندە جوان ( نەورۆز) بەرز دەکاتەوە ، دەیباتە ئاستی گەیشتن بە ( یار ) و خۆشیەکانی دیتنی یار ؛ لە شیعرەکە دا دەنوسێ :
جودا ئەز رویەت ئەی ماهی دڵ ئەفروز
نە رۆز ئەز شەو شناسم نە شەو ئەز ڕۆز
ویسالت گەر مەرا گەردەد مەیسەر
همە رۆزەم شەوە چۆن عیدێ نەورۆز
لێرە بەدەر دەکەوێ لەو سەردەمەش هێشتا ئاهەنگی شەوی نەورۆز ڕەنەقی خۆی لەدەست نەرداوەو هێندە خۆش و پڕ ئاهەنگ و دڵگیر بووە ، ئەوەتە بابا تاهیری عاریف ، گەیشتن بە یاری خۆی لە خۆشیدا ، بە شەوی خۆشیی نەورۆز دەچووێنێ ! هەموو لایەکیش ئەوە دەزان کە بابا تاهیر لە ئیسلام بوون و لە دینداری دا هی ئەوە نیە گومان لە ڕاو کارەکانی بکریت !
دووەم : ئەحمەدی جزیری ( ١٥٧٠- ١٦٤٠)
مەلا ئەحمەدی جزیری یەکێ لە شاعیرە مەزنەکانی ڕۆژهەڵات و خودا ناسە مەزنەکانی جیهانی ئیسلامە و شەوچراغی شەوی کوردستانیشە ! لە شیعریک دا لە باسی نەورۆز دەفەرمووێ :
ئەڤ نار سیقالا دلە
دایم ل وی قالا دلە
نەوروز ئو سەر سالا دلە
وەختی هلیتن ئەو سیراج
ئەو مەلا شاعیرە ، دەرکەوتنی ( یار ) ی خۆی کە وەک ( سیراج – چرا ) یەو دنیاو دڵی شاعیر ڕووناک دەکاتەوە ، ئەو ڕووناک کردنەوەیە ، وەک ئەوە وایە ڕۆژی نەوررۆز و سەری ساڵی دڵبێت ، لە دڵی مەلای جزیری دا ، ئەمەش هۆی ئەو مەزنی و خۆشیە ڕوحیەیە کە شاعیر لە ڕۆژی نەورۆز دا دەیبینێ ، کە هەمان خۆشی لە هەڵهاتنی چرا – سیراجی دڵ دا دەیبینێ ! جزیری لە زانستە دینی و شەرعیەکان مامۆستایەکی مەزن و ناودار بووە .
سێیەم : ئەحمەدی خانی ( ١٦٥١ – ١٧٠٦ ) :
شاعیری گەورەو زانای ئایینی خۆشەویست ئەحمەدی خانی، وەک (دکتۆر عزەدین مستەفا ڕەسوڵ ) لە کتێبە گرنگەکەی دا ئەحمەدی خانی بە فەیلەسوف ناو دەبات ، لە ڕاستیشدا ئەحمەدی خانی ( داستانی مەم و زین ) ی لە ڕؤژی نەورۆز دەسپێکردووە و نەورۆزی خستووەتە نێو فەڵسەفەی ژیان و خۆشەویستی و پێکهێنانی دەوڵەت ؛ هەر بۆیە لە داستانی مەم و زین دا زۆر بە جوانی باسی نەورۆز دەکات و چەندین جار ناوی ( نەورۆز ) ی هێناوە ، بۆ نموونە : دەفەرموێ ..
ڕۆژا کو د بوویە عیدێ نەورۆز
تەعزیم ژ بۆ دەما دڵئەفرۆز
بلجوملە دچوونە دەر ژ مالان
هەتا دگهیشتە پیرو کالان
سەیرکە خانی مەزن و پیاوی ئاینی و کوردی ڕەسەن ، چۆن نەورۆز بە ( عید ) ناو دەبات و دەفەرمووێ لەو( عید – جەژن ) دا خەڵک بەتەواوی لە ماڵ دەچوونەدەر بە پیرو کال و ژن و منداڵەوە ، لەو ڕؤژە خۆش و – عیدە دڵئەفرۆز- ە دا ، دەیانکرد بە ڕۆژی خۆشی و شادی هەمووان ماڵ و وگەڕەک و گوندو شاریان جێدەهێشت و دەشت و دەریان ئاوەدان دەکردەوە .ئەگەر سەرنج بدەین ، ئەحمەدی خانی ڕۆژی نەورۆزی بە (جەژن) ناو بردووەو ئاهەنگ و خۆشی ئەو ڕۆژەشی بە ( ڕەوا ) زانیوە ! ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین خانی لە دیباجەی مەم و زین دا چ جوان و موسلمانانەو زانایانە بە خوداو پێغەمبەرو ئایینی دا هەڵگوتووە ! تو بڵێی ئەحمەدی خانێ نەورۆزی نەناسیبێ و لە ئایین تێنەگەیشتبێ !؟
چوارەم : مەولەوی تاوەگۆزی ( ١٨٠٦ – ١٨٨٢ )
مەولەویش وەک پیاوێکی ئایینی و زانایەکی شەرع و دین و پیاوێکی دڵ پڕ ( عەشق ) عەشق بە هەردوو مانایەوە ، ئەوێش وەک نەورۆز ناسێک و نەورۆز دۆستێک ، هەست بە هاتنی نەورۆز دەکات و نیشانە سروشتیەکانی نەورۆز لە گۆڕانکاریەکانی وەرزەکاندا دەبینێ و دەیخاتە نێو شیعرەوە ، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە مەولەوی وەک کوردێک ، هەر لە منداڵیەوە لە نێو کلتوری نەورۆز پیرۆز دا ژیاوەو ساڵانە بە هاتنی نەورۆز دڵخۆش بووەو هاوبەشی خۆشیەکانی نەورۆزی کردووە لەگەڵ خەڵکەکە ؛ بۆیە لە شیعریکدا دەنووسێ :
نیشانەی نەورۆز وادەی وەهارەن
یا نەشئەی ئامای نامەی نیگارەن
مەولەوی مەزن لەم دوو نیوە دێرە دا ، بە وردی باس لە نیشانەکانی نەورۆزو هاتنی بەهار دەکات ، وەک هۆیەک بۆ دڵ بە نەشئەکەوتن و دڵخۆشی و هاتنی هۆیەکانی دڵخۆشی کە نەورۆزو بەهارن ! ، وەک ئەوەی نامەی – نیگار – ی بۆ هاتبێ ، چونکە نەورۆز و بەهار مایەی خۆشی و شادین ، وەک ئەوەی نامە هاتنی نیگاریش مایەی خۆشی و شادین بۆ مەولەوی ، دیارە دڵخۆش بوون بە هاتنی نەورۆز لای مەولەوی ، ئەو مانایەی بەدواوەیە کە مەولەوی نەورۆز بە ( جەژن ) دەزانێ و هاتنی یەو جەژنەش وەک هاتنی نامەی نیگار دەبینێ ! نیگاریش لێرە هیمایە بۆ هەردوو جۆرە عەشق ، کە مەولەوی وەک زۆر لە شاعیران و عاشقان و سوفیەکان هەردوکی تێکەڵ کردووە .
پێنجەم : حاجی قادری کۆیی ( ١٨١٧ – ١٨٩٧)
حاجی قادری کۆیی وەک مەلایەکی زاناو شاعیرێکی کوردی یاخی لە زۆر شتی نەگونجاو لە نیو کۆمەڵگەی کوردەواری ، وەک پیاوێکی هوشیار لەگەڵ کۆمەڵگەیەکی کوردەواری پێشکەوتوو دابوو ! زۆر ڕەوشی خراپ و نەگونجاوی بە بەڵگەی ئایینی ڕەت دەکردەوە ، کە کۆمەڵگە وەک کلتور بە کاریان دەهێنا ؛ زۆر گۆڕانکاریشی داوا دەکرد ، کە کۆمەڵگە بە پێی یاسای کلتور ڕەتیان دەکردەوە ئەو پشت بە ئایین داوای دەکرد پەیرەو بکرێن ، سەیرکە ئەوەتە لە شیعرێکدا تان لە بایی نەورۆزی دەدات و پێی دەڵێ .. ڕۆژتە ئەی بایی نەورۆزی هەڵسەو کاری خۆت بکە ، حاجی لەم شیعرەدا دەنووسێ :
ڕۆژتە ئەئ بایی نەورۆزی لە بن بای فری گران
کانی پێی سڕ بووە چناریش دەست و پەنجەی تەزی
لەم شیعرە بەرزەی حاجی ئەوە دەردەکەوێ حاجی وەک سروشت و کانی و چنار چاوە ڕێی هاتنی بای نەورۆزیە ، چونکە بایی نەورۆزی لە گەڵ هاتنی خۆی زۆر شت دەگۆڕێ ، ئەوەتە کانی پێی سڕ بووە واتە بەستوویەتی ، پێویستی بە هاتنی بایی نەورۆزییە ، چونکە ئەو با نەورۆزیە ئەو بەستنە دەتوێنتەوەو ئەو سڕبوونەی پێی کانی ناهێڵی ! هەروەها چناریش کە ئەویش وەک کانی دەستی چووەو پەنجەی تەزیوە ، بە هاتنی ئەو بایی نەورۆزی ئەویش دەست و پەنجەی تەزیوی گەرم دەبێتەوە ، چونکە هاتنی بای نەورۆزی دەبێتە هۆی توانەوەی بەفری گران و گۆڕانی ئاوو هەوا و بەرە بەرە گەرم داهاتنی سەقای وڵات ، ئەمەش ئەم هەموو گۆڕانکاریە بە هۆی هاتنی بای نەورۆزیە ، ئەو بایەی سروشت و ژیان دەگۆڕێ و خۆشترو جوانتری دەکات . حاجی قادر لەوەش تێگەیشتووە کە بای نەورۆزی بە جەژنی نەورۆزو ئاهەنگو شادیەکەی دەست پێدەکات ! ئەم داواکردن و ئومێد پێ بوونەی حاجی بە هاتنی بای نەورۆزی ، مانای ئەوەیە حاجی قادر نەورۆزی بە جەژن زانیوەو داوا لێکردنەکەشی بۆ گۆڕانکاریەکان بەڕەوا بینیوە ! ئەوەش مانای ئەوە دەداتە دەست کە حاجی قادر نەورۆزی بەتەواوی ناسیوەو لە شەرع و ئایینیش
حاڵی بووە و ئەم دوانەی دژ بە یەک نەزانیوە . ئەوە جگە لەوەی شێعرە بەرزەکەی حاجی : گوتم بە بختی خەوالۆ ، شێعرێکە باسی سەرەتای بەهار – هاتنی نەورۆز دەکات و لە دوورە وڵاتی جوانیەکانی مانگی نەورۆز و بە هار دێنێتەوە بەرچاوو لە وێوە ئەم نامە شیعریە دەنووسێ بەو هیوایەی بگاتەوە وڵات و بەدەستی دۆستان بگات .
شەشەم : مەلای محەمەدی کۆیی، مەلای گەورە ( ١٨٧٦ – ١٩٤٣ )
مەلا محەمەدی کۆیی کە بە مەلای گەورە ناسراوە ، ئەم گەورەییەی بە هۆی تەمەن و پلەو پایەوە نەبووە ؛ بەلکو بە هۆی زانایی وهوشیاری و ئازایەتی بووە ، زاناییەکەی لە ئایین دا بەرچاوو ناسراو بووە ، لە ڕووی کۆمەڵایەتی و کوردایەتیشەوە پێشڕەو بووە ، شارەزای شەرع و ئایین و مێژووی کوردو حاڵێ سەدەم بووە ، ژیانی ئەو مامۆستایە پڕە لە هەڵوێشتی جوانی ئایینی و ئازایەتی کوردایەتی و پێشڕەوی کۆمەڵایەتی ، ئەو مامۆستا مەزنە لە بارەی نەورۆزەو ڕای ڕوونەو بە ئاشکرا و بەدەنگی بەرز نەورۆزی پەسند کردووە ، لە ڕۆژی ٢١/٣/١٩٣٨ لە کۆیەو لە بەردەرکی سەرا و بە بۆنەی نەورۆزەوە دەڵێ :
ئەمڕۆ ڕۆژێکە پڕ لە نوور
دنیا ماڵە ماڵە پڕ لە سرور
ژاڵە دەدرەوشێتەوە
لالە دەگەشیتەوە
تا دەڵێ :
بەڵی ئەمڕۆ ڕۆژی مرادە ، نەورۆزی گەلە حەقە
ڕۆژێکی زۆر موبارەکە ئەوەلی بەهارە
جەژنە جەژنی ئوممەتە جەژنی موحیبەت و ئولفەتە .
ئەگەر سەرنج بدەین بە ڕۆژی پر لە نوورو سرووری ماڵەو ماڵ باسی دەکات و لەو ڕؤژەدا ژاڵە دەدرەوشێتەوەو لالە دەگەشێتەوە ، بە ڕۆژی مرادی دەزانێ و بە ڕۆژی گەل ناوی دەبات و وەک ڕۆژێکی موبارەک پیرۆزی دەکات و وەک جەژنی ئوممەت دەیناسێنی و بە جەژنی موحیبەت و ئولفەت مۆری خۆی لە نەورۆز دەدات ! ئەم هەموو پێدا هەڵگوتن و پەسند کردن بەۆ جەژنی گەلە ! بە جەژنی ئولفەت و موحیبەت ) و خۆشەویستی ناوی دەبات ، کە هەمان پێدا هەڵگوتنە کە ساڵی ٢٠١٠ نەتەوە یەکگرتووەکانە کە جەژنی نەورۆزی بە ( کلتوری ئاشتی ) بە دنیا ناساندو وکردی بە جەژنی هەموو جیهان . جا ئەمە دەریدەخات کە مەلای گەورە کە بە جوانی نەورۆزی ناسیوەو بە دژی ئایینیشی نەزانیوە ! جا دەبێ مەلامحەمەدی کۆیی کەس هەبێت و گومان لە زانایی و شارەزای ئایین و شەرعی ئەو پیاوە گەورەیە بکات ؟

حەوتەم : مامۆستا مەلا عەبدوڵکەریمی مودەڕیس ( ١٩٠١ – ٢٠٠٥)
مامۆستا مەلا عەبدوڵکەریمی مودەڕێس ، پیاوێکی ناوداری ئایینی و ناسراو لەسەر ئاستی عێراق وجیهانی ئیسلامی ، هەر بەو هۆیەوە چەند ساڵێک دەبێتە ( سەرۆکی زانایانی عێراق ) و هەر ئەو مامۆستایەش توانای فتوای هەبووە ، جگە لەوە زیاتر لە چل کتێبی هەیەو بەشێکیان لە بارەی شەرع و ئایینن ! ئەو پیاوە مەزنە لە نۆهەتەکان لە وەڵامی ڕۆژنامەی عێراق دەڵێ: ( جەژنی نەورۆز جەژنێکی ناسراوی سەردەمی ئیسلامی و پێش ئیسلامە ! هیچ دژایەتیەکی لەگەڵ ئایینی موسلمانان دا نیە! جەژنی نەورۆز دروشمێک نیە بۆ فەساد ، بەڵکو جەژنی بەهارو شادی کوردە .) سەیرکە مامۆستای گەورە مەلا عەبدولکەریمی مودەڕێس چەند لە دڵەوەو بە بڕواوە باس لە پاکی نەورۆز دەکات و دەفەرمووێ 🙁 نەورۆز دروشمێک نیە بۆ فەساد !! ) باس لە مێژووی نەورۆز دەکات پێش ئیسلام و دوای ئیسلام ، بە جەژنی کوردی دەزانی و دەڵێ هۆی شادیە ! مامۆستا مەلا عەبدوڵکەریمی مودەڕێس بەو هەموو زانایی و شارەزاییە دانپێدا نراوەی کە لە شەرع و ئایین دا هەیەتی ، ئەم ڕایە بە خۆڕا دەرنابڕێ ، ئایا دەکرێ کەسێک هەبێت گومان لە ڕاو قسەکانی ئەو مامۆستا مەزنە بکات ؟!
ئەنجام :
١ – دەرکەوت لە هەزار ساڵ زیاتر لەوە پێش زاناو عارفێکی وەکو بابا تاهیر نەورزی لا پەسندەو لە شیعرێکدا ڕۆژی گەیشتنی خۆی بە ( یار) بە خۆشیەکانی شەوی نەورۆز دەچووێنی .
٢ – لەو سەردەمەوە بە دواوە بەردەوام زاناگەورەکانی کورد لە ئایینی ئیسلام زۆر بەیان نەورۆزیان بە جەژن زانیوەو ئەو جەژنەشیان پەسند کردووە .
٣ – لە کۆی ڕای ئەو زانایانە دەردەکەوێ جەژنی نەورۆز لە گەڵ ئایینی ئیسلام دژ نیە و ئەو جەژنە نابیتە هۆی فەساد .
٤ – هەموو ئەو مامۆستاو زانا ئایینیانەی ئیسلام ، کە نەورۆزیان پەسند کردووە لەسەردەمی خۆیان و تا ئیستآش کەسانێکن ناسراون لە نێو جیهانی ئیسلامی و لەدوای مەرگیشیان ناوو کەسایەتی و ڕاکانیان بە هەند وەرگیراون .

دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن – ١/ نەورۆز /١٢٠٢٤ – هەولێر




سۆناتای خەون.. شیعری ستیڤان شەمزینی

قورگی شیعر پڕە لە ئاگر
ئاگرێک بۆ سووتان
ئاگرێک بۆ داگیرسان
چاوی عاشق پڕە لە فرمێسک
فرمێسکێک بۆ خامۆشی
ئەسرینێک بۆ نقووم بوون
ماڵی ژیان پڕە لە سەفەر
سەفەرێک بەرەو مەنفا
سەفەری گەڕانەوە بەرەو نیشتمان
حەوشەی خەون پڕە لە ئازار
ئازارێک بۆ شکانی شوشەی تەمەن
ژانێک بۆ ھەڵوەرینی باڵی پێکەنین
ھەستی من پڕە لە گریان
گریانێک بۆ تەنھایی شەوان
گریانێکی بەکوڵیش
بۆ جەنجاڵی رۆژانی تەنھایی


چیتر ستایشی پەپولە ناکەم
گوڵەکانی شیعر ئاو نادەم
سەری خۆم ھەڵدەگرم
بەرەو ھەسارەیەکی تر
خۆم نادەمە بەر شەپۆلی خۆزگە
کاتێک بزانم بەلەمی دڵم کونە
دوو باڵ بۆ فڕین نادۆزمەوە
کاتێ ئاسمان
تەژی بێ لە مەلی کوژراو
خەونی تینوو نابینم
ساتێ رووباری عەشق
وشکی کردبێ
رێگا بەرەو ئاوەدانییەکان نابڕم
کە ھەزاران ساڵە
لە کوخی تەنھاییدا گینگڵ ئەدەم
ئەمەوێ
بەسەر فەرشی سووری خەیاڵدا
ھەنگاو بنێم بەرەو
تەلاری ئەوینی جاویدانی تۆ


بیر لە رابردوو ناکەمەوە
دەست بە ئایندەوە ناگرم
ئەوەی ئەمەوێ ئەو ئێستایەیە
تۆی تێدا ئەدرەوشێتەوە
بیر لە خۆم ناکەمەوە
چارەنوسی شیعرم بۆ گرنگ نییە
ئەوەی دەیخوازم
مانەوەی تۆیە
لە ژوورە بەتاڵەکانی رۆحما
بەدیار یەقینەوە راناوەستم
گوومان ردێنم سپی ناکات
ئەو حەسرەتە دەبینم
لە تۆوە قوڵپ دەدات
دنیای من سەرەوژێر دەکات
کارێکم وەھام نییە بیکەم
بێکاریی زۆر ئازاربەخش نییە
مادام ھەموو ئیشم
گەڕانە بە دوای وشەدا
تا بیکەمە شیعر بۆ تۆ
زۆر بیر لە جێژوان ناکەمەوە
ھیچ کاتێک
بە درەنگ نازانم بۆ دیدار
ئەوە نییە تۆ ھەموو شەوێک
بە باڵی خەونێک دێیت و
لەناو پێخەفمدا رۆژ ئەکەیتەوە؟


٣١-١٢-٢٠١٨
ئەڵمانیا – بیلەفێلد




مردوو ناژییت.. شیعری فه‌رهاد که‌ریم

له‌گه‌ڵ خۆت بدوێ له‌ناو ته‌نیاییه‌کی تاریک و قووڵدا جێماویی
ژیان به‌و هه‌موو روونیه‌وه‌ ته‌نیایی و تاریکیت نادۆزته‌وه
‌ئاڵووده‌بوون به‌ و ژووره‌ داخراوه‌ی خۆت
پێکه‌نین له‌ دووریت ده‌خنکێ
دره‌ختی ناخ هه‌ناسه‌ نادا، ژیان ده‌نێژیی
به‌چرپه‌ش نهێنیت مه‌درکێنه‌
له‌ تاریکیش پێویستت به‌ چاوی خۆته‌
متمانه‌ به‌ چرا، باوه‌ڕت کز ده‌کا له‌ شه‌و
باران ناییێته‌ سه‌ر گۆڕت، گۆڕێک با ش له‌گه‌ل خۆی نایبا
مرۆڤ کوێره‌و نامبینێ ته‌رمم له‌ ناو خۆم نێژراوه
له‌ ناوخۆما مردووم به‌ چرپه‌ش مردنم لای ته‌رمه‌که‌م نادرکێنم
ته‌رمیش جار جاره‌ حه‌زی له‌ جووڵه‌و خۆ وه‌رگێڕانه‌
نه‌بادا به‌ زمان بێته‌وه‌ و ‌بڵێ مردووێک له‌ ناو من نێژراوه
ناخی پڕ ژیان و رۆژه‌، زمانی تژییه‌ له‌ ئازادی
سه‌ری دارستانه‌ و چاوی ده‌ریا و ئاسمانه‌
مردووێکی ته‌نیام
ته‌نیا
مردوو
زیندووه‌کانی ئه‌مڕۆ به‌ مردوویی و بۆ مردن لێره‌ن
له‌ ناو ئه‌و هه‌موو مردووانه‌ ته‌نیا له‌ناو پاکی خۆما ژیان
هه‌موومردووه‌کان ده‌بینم له‌ پێشبڕکێدان
بۆ پڕکردنی بازاڕ و نه‌خۆشخانه‌ و جه‌نگ له‌ مردن
بینینێک نیه‌ بۆ هه‌ڵوه‌ریین
بیستنێک نیه‌ بۆ ژان
گوتنێک نیه‌ بۆ ئازادی
ژیان به‌های نیه‌ لای مردووه‌کان
لای مردووه‌کان بێ به‌هایه‌ ژیان

مردوو ژیان نابینێت

ژیان پڕه‌ له‌ شه‌ڕی مردووه‌کان
مردووه‌کان هه‌میشه‌ له‌ شه‌ڕدان
گیرفانی شه‌ڕیان تژی کردووه‌ له‌ مردن له‌ ناو مردنی ژیاندان
دوێنێ و ئه‌مڕۆ و به‌یانیان شه‌ڕ
به‌یانی و نیوه‌ڕۆ و ئێواره‌یان دوور له‌ ژیان
نامۆن به‌ ژیان و ده‌ڕۆنه‌ ناو مردن
هه‌ر که‌سه‌و خاوه‌ن کلیلی خۆیه‌تی بۆ کردنه‌وه‌و داخستن
کلیل هه‌یه‌ ده‌رگای ژیان ده‌کاته‌وه مردن داده‌خات ‌
کلیل هه‌یه‌ ده‌رگای مردن ده‌کاته‌وه ژیان داده‌خات ‌
مرۆڤ هه‌یه‌ ته‌نیا کلیلی مردن و شه‌ڕ و تاریکی لایه‌
مرۆڤ هه‌یه‌ ته‌نیا کلیلی ژیان و ئاشتی و روونی لایه
‌مرۆڤی بێ کلیلم خۆشده‌وێ
لێره‌بن و مردن نه‌یانبا
لێره‌بم و مردن نه‌مبا
ژیان به‌و خێرایه‌وه‌ مۆڵه‌تی دابه‌زین نادا
ته‌رمێکم هه‌موو ساڵێ یادی مردنی خۆم ده‌که‌مه‌وه و ژیان لێناگه‌ڕێ دابه‌زم
بوونی مرۆڤم خۆشده‌وێ دوور له‌ دابه‌زیینی ژیان و سه‌رکه‌وتنی مردن
مردن ژیان لێخوڕێ مردنه‌
کلیل واتای کردنه‌وه‌و داخستنه‌
واتا نادا کۆتایی ژیان مردن بێ
ناخ پڕ مردن و ژیان تاریک وه‌ک میوانخانه‌ی بێ چرا و تژیی‌ له‌ ته‌رم
چاویلکه‌ی تاریک بۆ شه‌و و ژیان مردن
به‌ بینینی یه‌کتر سه‌رقاڵن له‌ ده‌ره‌وه‌ی ژیان
ئه‌و هه‌موومردنه‌ نابینن ‌
مردوو مردن نابینێت




چـیرۆک بـۆ منـداڵان/ کامـەرانی ئـازادیخـواز .. رەزا شـوان

مـن لە پـۆلی شـەشی بنەڕەتـیم، کـاکـم کامـەران لە پـۆلی پـێـنجی ئامـادەییە. کاکـم زۆر حـەزی لە دەنـگی بـاڵـندەیـە، بە تایبـەتیـش لە دەنـگی کـەو. بـۆیـە دوو کـەوی جـوانی کڕیبوو. لەناو قەفـەزێکی دوولایی داری دەرگا داخـراودا بوون. هەموو رۆژێک دان و سەوزە و ئاوی لەبەردەم کەوەکانی دادەنا. سەرسامی دەنگە خۆشـەکانیان بوو. منیش حـەزم لە قـاسـپە قـاسـپی کـەو هـەیە، بـەڵام حـەز بـە بەنـدکـردنی هـیچ بـاڵـنـدەیـەک نـاکـەم. لە سـروشـتـدا دەنـگـیان سـروشـتی و خـۆشـتـرە.
ئەوەی کە ئازاری هـەستی منی دەدا، دەمـبینی کەوەکان نا ئارامـن و هـەمیشە سەریان لەنێـوان دارەکانی قـەفـەزە تەنـگەکەیـانەوە دەردەهـێنان و هـەوڵی خۆ رزگـاربـوونیان دەدا. لە تـرسی کاکـم نەمـدەوێـرا، ئەگـیـنا هـەر لە یەکەم رۆژی کـڕینیانـەوە، هـەردوو کەوەکەم بەرەڵا دەکـرد. نەمـدەزانی چـۆن کاکـم رازی بکەم، تا کەوەکـانی ئـازاد بکات.
رۆژێک کاکم بیـنی، پەرتـووکـێکی لەسەر ئازادی دەخوێـندەوە. بە هەلێکی باشم زانی.
ـ کاکە کامەران ناونیشانی ئەو پەرتووکەی دەیخوێنیتەوە ئازادییە. ئازادی مانای چییە؟
کاکـم: شـۆخـان گیان، ئـازادی ئەوەیە، کە مـرۆڤ دیـلی کەس نەبێـت و بە سەربەستی بژیت. بەڵام نابێت لە سنووری ئـازادی لابـدات و ئـازادی لە کەسانێکی تـر تـاڵ بکات.
ـ دەمخـۆش کاکـە گیـان. کـەواتە ئـازادی مـافـێکی پـێـویسـتی هـەمـوو کەسـێکە.
کاکـم: بـەڵی شۆخـان، رێک وایە، ژیـان بەبێ ئازادی، هـیچ واتا و خۆشـیـیەکی نیـیە. سامـانی زۆر و پـارە، بەچـی دەچـن ئەگـەر مـرۆڤ بـە ئـازادی نـەژیـت.
ـ جـا کاکە تـۆ بە راسـتی بـڕوات بە ئـازادی هـەیە؟ بە کـرداری جـێـبەجـێی دەکەیـت؟ یان هـەر بە قـسە بـڕوات بـە ئـازادی هـەیە؟
ئـەوە یەکـەم جـارم بـوو، کە بـەم شـێوازە لە کاکـم بـپـرسـم. بـۆیە کـاکـم گـرژبـوو.
کاکـم: شۆخـان دەزانیت چی دەڵـێیت؟! مـن چی کارێکی ناشیرین و نابەجـێم کـردووە؟ چی کارێـکـم بـە پـێچـەوانـەی ئـازادییـەوەیـە؟ بـڵێ بـزانـم ئـازادیـم لـە کێ تـێکـداوە؟
ـ ببـوورە کاکە گیـان، مـن تـۆم زۆر خۆشـدەوێـت. ئـەی ئەوە نـیـیە دوو کەوت لەناو قەفـەزێکی تەسکـدا بەنـد کـردوون و ئـازادیت لـێـیان داگـیرکـردوون؟ ئەوانیش وەک ئـێـمە، حـەز بـە ژیـانی ئـازادی دەکـەن. ژیـانی نـاو قـەفـەز کـەی ژیـانـە؟
کە ئەم قـسانەم کرد، کاکم ساردبووەوە. بۆ ماوەیەک داما و بێـدەنگ بوو. وا دیاربوو قـسەکانـم کاریـلـێکـردن. بەزەیی بـە دوو کەوەکەیـدا هـات. ئیـنجـا زەردەخـەنـەیـەکی ناسکی کرد و باوەشی لێدام، سەرمی ماچکرد. چوو بە لای قەفـەزەکەوە و دەرگاکەی کردەوە و هەردوو کەوەکەی ئـازادکرد. کەوەکان دایان لە شەقـەی باڵ و هەڵـفـڕین و رۆیشـتن و لەچـاو ونبـوون. ئینجا کـاکـم بە پێـیەکـانی، قـەفـەزەکەی شکانـد.
کاکـم: بـژی شـۆخـان گیـان، خـوشـکە زیـرەک و ژیـرەکـەم، فـێری وانـەیەکی بـاشی ئازادیـدت کردم. بەڵـێن بێـت لە ئەمـڕۆوە، بە راستی دەبـم بە کامەرانی ئـازادیخـواز. حەزیش لەو کەسانە نەکەم، کە راوی باڵنـدە و ئاژەڵی کێوی بکەن و بەندیان بکەن.
ـ چـەپـڵەیـەکی بەهـێـزم بـۆ کـاکـم لـێـدا.




خۆڕاپسکاندنی پدک.. ئەحمەد ڕەسوڵ

تەنها م.س. پدک لە بەیاننامەیەکدا باسی بەشداریینەکردن لە هەڵبژاردن دەکات. واتا بەبێ لێدوان و بڕیاری سێ بارزانییەکە “سەرۆک و دوو جێگرەکەی” ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە لە خولەکی کۆتایی یان بۆ زیادکراودا، بارزانی سەرۆکی پدک بڕیاردەدات لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا.
پدک وورد جوڵەکان و گەمەکەی ذیاریکردووە. بۆ نموونە لە بەیاننامەکەدا ناڵێت بایکۆت بەڵکو بەشدارینەکردن، چونکە گەر بایکۆت بیت مانای یاخیبوونە و ئەمەش باجی قورسی لە دوایە. لە بەیاننامەکەدا دەڵیت بە لوبنانییکردن، واتا هەڕەشەی تێکدان و نائارامیی.
پدک، بەشداری هەڵبژاردن دەکات
بەیاننامەکەی م.س. پدک لەبارەی بەشدارینەکردنەوە لە هەڵبژاردنە بڕیارلێدراو و چاوەڕوانکراوەکەی حوزەیران و چەند بە ئامانجگیراوێک و چەند ئەگەرێک:
یەکەم: لاساییکردنەوەی جوڵەی موقتەدایی. خۆبەسەنتەرکردن لە دیمەنی سیاسیی عێراقدا. لێسەندنەوەی بەسەنتەربوون لە دادگای فیدراڵی. پدک تا ئێستا بەرکار بوو، بەم جوڵەیە دەیەوێت خۆی بکاتە بکەر. لە ژێرهەژموون کەوتووەوە بۆ هەژموونگەر.
❶ بە سەنتەرکردنەوەی “بارەگای بارزانی”: هەمووان، لە نوێنەرانی ئەمریکا، ئەوروپا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی لەگەڵ حزبە کوردییەکان و دەسەڵاتدارانی بەغدا، ملی ڕێگا بگرنە بەر بەرەو بارەگاکەی.
❷ چرکردنەوەی سەرنجی ئەمریکا، ئەوروپا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی لەسەر خۆی. خۆنمایشکردن وەکو هێزێکی کاریگەر لە تێکدانی گەمەکەدا بە ئامانجی ووتنی: دەبێت حسابم بۆ بکەن لە هەر یاسا و بڕیارێکدا کە لە بەغدا “دادگای فیدراڵیی، حکومەت و پەرلەمانەوە” دەردەچێت. واتا فشار بخەنە سەر بەغدا.
❸ فشاردانان لەسەر دادگای فیراڵیی تاوەکو هەم جەخت نەکاتەوە لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکانی لەلایەن حکومەتی عێراق و هەرێمەوە و هەروەها دەستهەڵگرتن لەوەی ئەگەر نیازی دەرکردنی بڕیاری دیکەی هاوشێوەی ئەوانەی پێشتری هەبێت.
❹ خۆ نمایشکردن لەنێوخۆی هەرێم لە بەرامبەر هێزەکان وەکو هێزێک کە دەتوانێت بەربەرەکانیی لە تەک بەغدا و برێارەکانییدا بکات.
❺ بۆ ڕێگرتن لە توطینی مووچە لە بانکە فیدراڵییە حکومییەکان و بەرگریکردن لە پڕۆژەی “هەژماری من!”. هەڕەشەکردن بە ئامانجی مسۆگەرکردنی ئەوەی ئێستا بەردەستە.

دووەم: تۆقین لە ناسێنتڕاڵبوون
پدک نەوەکو تەنها هێزی یەکەم بەڵکو بڕیاری سەرەتا و کۆتایی لە وورد و درشتی پەیوەندیدار بە هەرێم و عێراقەوە لە هەموو ئاستێکدا، لە دەستی خۆیدا نەمێنێتەوە و لە هێزێکی سەنتراڵەوە ببێتە هێزێکی ناسنتڕاڵ، لەمە تۆقیوە.
هۆکارەکانی ناسێنتڕاڵبوون:
❶ نەمانی کۆتای پێکهاتەکان، ١١ کورسیی مسۆگەریی ئاسان و خۆشدەستی پدک بوون.
❷ نەمانی کۆمیسیۆنی کوردستانی ژێرهەژموونی پدک.
❸چواربازنەەیی بونی هەڵبژاردن.
❹ ڕاستەوخۆ دابەشکردنی مووچە لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە لە ڕێی بانکە حکومییە فیدراڵییەکان “توطینی مووچە”.
پڕۆژەی “هەژماری من!” دواهەمین سەنگەر یان ڕەگی ژیان
پدک هەموو مڕاوەغەکانی بە مەبەستی مسۆگەرکردنی ئەوەیە کە هەتا ئێستا بەردەست بووە بۆی. لەدەستدانی دەسەڵاتی پدک بەسەر مووچەی خەڵکدا واتا لەدەستدانی دەسەڵاتی بەسەر توانای دەنگدانی خەڵکدا، واتا لەدەستدانی دەسەڵاتی بەسەر تەنانەت بەشداریکردنی خەڵک لە دەنگداندا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا و تەنانەت لەدەستدانی دەسەڵاتی بەسەر ئەندامانی سادە و لایەنگرانیدا، تەنانەت بەسەر هێزە چەکدارە مووچەخۆرە کوردییەکانی کوردستانی سوریا و کوردستانی ئێران.
بۆیە لە گەمەکەدا هەموو سەنگەرەکان چۆڵ دەکات و پاشەکشە دەکات بە ئامانجی پاراستنی پڕۆژەی “هەژماری من!” کە دواهەمین سەنگەر و دواهەمین سنوورە.
هەموو ئەو گوتارە پفدراوەی پدک بەناوی کوردستانییبوون، شکۆی هەرێم، هەڵوەشانەوەی هەرێم، کوردایەتیی و کوردبوون، جگە لە گوتارێکی موزەیەف و بەرگێکی ساختە هێچیتر نییە کە نێوەڕۆک و کڕۆکەکەی ترسە لە ناسێنتڕاڵبوون و دەستگرتنێکی شێتانەیە بە دەستەڵاتداربوون بەسەر مووچەی خەڵکی هەڕێمەوە و دەستگرتنی توندە بە پڕۆژەی “هەژماری من!” کە ئەو دەسەڵاتدارێتییەی بەسەر قووتی خەڵکی کوردستانەوە بۆ تەحقیق دەکات جگە لە قازانجە خەیاڵییەکەی کە بۆ بنەماڵەی بارزانی خۆیەتیی و لە نێو بنەماڵەکەشدا لقێکی. ئاشکرایە چەکێکی کاریگەریش دەبێت بە دەستیانەوە بەرامبەر هەر کەسێک کە ئەوان ئارەزووی نەکەن و نەیانەوێت.




دواجار پارتی بە تەنیا مایەوە.. شوان عەباس بەدری

وتەیەکی بێسمارک ی دامەزرێنەری رایخی دووەمی ئەڵمانی هەیە کە دەڵێ :((سیاسەت هونەری مومکینە)) ، کەچی دوای زیاد لە 150 ساڵ لە وتنی ئەو قسەیە ، سیاسەتمەدارەکانی هەرێمی کوردستان ئەو هونەرەیان گۆڕیوە بە هونەری سڕینەوە و گوێنەگرتن!

گەر بە وردی چاوێک بخشێنین بە مێژووی نوێی سیاسەتی خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد لە عیراقدا ، ئەوا دەبینین ئەم سیاسەتە سیاسەتێک بووە کە زۆرجار بە خوێندنەوە و پلانێکی تۆکمە و ئامادەسازییەکی بناغە پتەو بەڕێوەنەچووە و لە زۆر وێستگەی هەستیار و چارەنوسسازدا ئەو سیاسەتە بەشێکی یا هەندێ جاری دیکەش بە تەواوی نشوستی هێناوە و بەرەو توانەوەو نەمان چووە ، باشترین نموونەش ساڵی 1975ە کە لە چاوتروکانێکدا شۆڕش و سیاسەتی کوردی لە باشووری کوردستان بە تەواوی لەبەر یەک هەڵوەشایەوە.

زۆجار کەسانی نزیکی سیاسییەکان و خەڵکی عەوام ئەم شکستانەیان بۆ دڵپاکی و کەم ئەزموونی سیاسییەکانی کورد گەراندۆتەوە، لە کاتێکدا لە سیاسەتدا شتێک نییە بەناوی دڵپاکی و کەم ئەزموونی و سیاسەت خۆی لە خۆیدا واتە هونەری بەدەسهێنان.

لە ئێستاشدا پارتی دیمۆکراتی کوردستان سەرەرای ئەوەی 78 ساڵ بە سەر دامەزراندنی وەک پارتێکی سیاسی و چەکدار و خاوەن پێگەیەکی جەماوەری تاڕادەیەک باش لە هەرێمی کوردستاندا تێپەڕدەبێت، بەڵام هێشتا زۆرجار بەردەوامە لەسەر دووبارەکردنەوەی هەڵە سیاسییەکانی خۆی و هێشتا بە عەقڵییەتی تاک حزبی و تاک سەرکردەیی ناو وڵات بریار و فەرمان دەردەکات و هەڵبەت حزبەکانی دیکەش بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ و ژێربەژێر پشتگیری زۆربەی بڕیارەکانی دەکەن.

ئەوەی لێرەدا ڕوون و ئاشکرایە هەر وەک باسمان کرد زۆربەی ئەو بڕیارە سیاسیانەی کە لەلایەن پارتی دیمۆکراتەوە دەردەچێت و بە تایبەتیش ئەو بڕیارانەی کە ڕاستەوخۆ

پەیوەستە بە ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی خەڵکەوە گەر بێتو شکست بێنن کە زۆربەیان شکستیان هێناوە ، هەرچەندە پشتگیری راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی حزبەکانی دیکەشی هەبێت ، ئەوا گرێ دراون بە ناوی پارتی دیمۆکراتەوە و خەڵک پارتی بەسەرچاوەی سەرەکی نەهامەتییەکانیان ئەزانن.

لە ئێستاشدا دوای دەرچوونی بریارەکانی دادگای فیدراڵی عیراق سەبارەت بە ماف و شایستە داراییەکانی فەرمانبەران و خانەنشینەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە سەبارەت بە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی هەرێمی کوردستان ، پارتی دیمۆکرات دیسانەوە بە عەقڵییەتی تاک حزبی و چەسپاندی قسەی خۆی پەرچەکردارێکی نەرێنی لەبارەی ئەو بریارانەوە پیشاندا و بە موئامەرەیەکی ناوخۆیی و هەرێمی لە دژی خۆی وەسفی کرد و بگرە زۆر زیاتریش ڕۆیشت و بەهەوڵێک بۆ هەڵوەشاندەوەی قەوارەی هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستان ناساندی.

لەملاولەولاش ڕاگەیاندن و پەیج و سایتەکانی سەر بەو پارتە لە سۆشیال میدیادا بۆ پیشاندانی ڕاست و دروستی بریار و قسەکانی پارتی لەبارەی بریارەکانی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی یانزە کورسییەکەی پەرلەمان و گۆڕینی نەخشەڕێگەی هەڵبژاردنەکان لە هەرێم ،بریاری کشانەوەی چەند حزبۆچکەیەکی بێ کاریگەری تورکمان و کلدانەکانیان لە هەڵبژاردن کرد بە سەردێڕی هەواڵ و نووسینەکانیان و وایان پیشاندا کە پارتی دیمۆکرات لە بەرژەوەندی خەڵک و کەمینەکان ئەو بریارانەی ڕەت کردۆتەوە ، لەکاتێکدا هەموومان دەزانین ئەو یانزە کورسییە چی و چۆن و لە بەرژەوەندی چ پارتێک بە دەست هێنراون و تا ئێستا هەموو حزب و لایەنە کاریگەر و گەورەکانی ناو مەیدانی سیاسەتی هەرێمی کوردستان پابەندن بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی شەشی ئەمساڵدا و حساب نەکردن و بێ گوێی و کەلەڕەقی هەندێک کەسی ناو پارتیش بۆ ئەو پابەندییەی حزبەکان ،بێگومان ئالەنگاری و ئاڵۆزی زیاتری لەناو هەرێمدا لێدەکەوێتەوە و ڕاستەوخۆش کاریگەرییەکی زیاتری نەرێنی لەسەر ژیان و باری گوزەرانی خەڵک دادەنێت.

ئەمەو جگە لە پابەندبوونی حزبەکانی دیکە بریارەکانی دادگای فیدراڵی ، دوابەدوای دەرکردنی بەیاننامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیمۆکراتی کوردستان سەبارەت بە کشانەوەی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی مانگی شەشی ئەمساڵ ، ئەمەریکا و نێردراوی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق (یونامی) بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەو بڕیارەی پارتیان ڕەت کردەوە و هەر وەک چۆن چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان کە کاریگەرترین هێڵی سیاسییە لە عیراقدا ،لە بەیاننامەیەکیاندا پشتیان لە پارتی کرد و پابەندبوونی خۆیان بە گشت بریارەکانی دادگای فیدراڵی ڕاگەیاند ، تەنانەت گەربێتو ئەو بریارانە لە بەرژەوەندی هەندێک لایەنیشدا نەبێت .

ئا لێرەدا تەنیاکەوتنی پارتیمان لە بریارەکانیدا بۆ دەردەکەوێت و واباشترە پارتی دیمۆکرات بۆ ڕزگارکردنی خۆی لەو دۆخەی کە تێیکەوتووە و هەتا زووە بە بریارەکانیدا بچێتەوە و تا کار لە کار نەترازاوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی هەرێم کۆبوونەوەیەکی فراوان بە ئامادە بوونی کەسی یەکەمی حزبەکان ڕێکبخات و جگە لەوەش لە جیاتی کردنەوەی هەژماری بانکی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم لە بانکێکی ئەهلی ئەو کارە بە بانکێکی حکومی بسپێرێت و لە جیاتی کەلەڕەقی لەگەڵ دادگای فیدراڵی و بە دەسکەلا وەسف کردنی ، هەوڵێکی جدی بخاتە گەڕ بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە ئابوریانەی کە لە ژێر سایەی حوکمداری خۆیدا ( چونکە چ بمانەوێ و چ نەمانەوێ وەک باسمان کرد هەموو بڕیارەکان بە ناوی پارتییەوە دەرچووە )بەرۆکی دانیشتوانەکەی هەرێمی کوردستانی گرتووە و هەرێمی خستۆتە سەر لێواری پەرتگەیەکی قوڵی بێ کۆتایی و تاریکدا.

لە کۆتاییدا ئەوەندە ماوە بڵێین کە سیاسەت بریتییە لە چارەسەری ئالەنگارییەکان بە باشترین شێوە و کەمترین زیان ، نەک بەنزین بە ئاگرداکردن و سووتاندنی تەڕ و ووشک پێکەوە !




نوستالژیا/8/ کتێب بە عەرەق.. ستیڤان شەمزینی

بەشی ھەشتەم

ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، پڕبوو لە رووداو و کارەساتی سەیر. ئابڵووقەی ئابووری سەر عێراق، ژێرخانی کوردستانی بە تەواوەتی داتەپاند. ئەو چینە بۆرژوازییەی لە ھەشتا و ھەفتاکان وەک شا دەژیان، کەوتنە سەر ساجی عەلی. توێژە تەکنۆکراتەکانی وەک مامۆستا و فەرمانبەر و ھاوشێوەکانیان بوون بە ژێرەوە، تەنانەت لەگەڵ رێزمدا ئەوسا لە قەسابخانەکانی سلێمانی، بە خەتێکی درشت دەنوسرا، ئێسقان ھەیە بۆ مامۆستا، یان دەنوسرا روبعە کیلۆ گۆشت ھەیە بۆ مامۆستا. ئیتر ئەو دەیەیە دەیەیەک بوو گڵۆڵەی چینی ناوەند ھاتە لێژی و چینی خوارتریش ھەر بە تەواوەتی فلیقایەوە. ئەوسا بەشێکی زۆری چینی ناوەند، تەنانەت پێداویستییەکانی جوانکاریی ناو ماڵی خۆی دەفرۆشت، بەڵام قۆناغەکە درێژەی کێشا، وای لێھات ھەموو شت دەفرۆشرا، بۆ ئارد و شەکر و رۆن. دۆخەکە خراپ بوو، ئەمە وایکرد شەپۆلی راکردن بەرەو ھەندەران ھەموو سنوورێک ببەزێنێت. ئەوسا خەڵکی شار زۆربەی لە ماڵەوە کتێبی ھەبوو، کتێبخانە ببووە بەشێک لە پێداویستی ناو ماڵ، چونکە ئەوسا دۆنم و وەنەوشە و شتی وا ناوی لە کولەکەی تەڕیشدا نەبوو. لەو زەمەنە گرانییەدا ھەموو کتێبی دونیا نەیدەکردە لەواشەیەکی گەرم، بۆیە ھەڕاجکردنی کتێب ببووە دیاردەیەک لە نزیکەوە دەمانبینی. بڕوا دەکەن یان نا، من کتێبی “شەرەفنامە”م تەنیا بە سێ دیناری عێراقی کڕیوە.
ئەوسا من ئەوەندەی خوێنەرێکی جیددی بووم، خۆم پێ نووسەر و شتی وا نەبوو، ھەر بە راستیش نازناوی نووسەر و رۆژنامەنووس وا ئاسان نەبوو وەک ئێستا، کە دوکاندارەکەی دراوسێمان پێیوایە ئەویش نووسەر و رۆژنامەنووسە، چونکە بەردەوام لە بەرنامە راستەوخۆکانی تیڤیدا موداخەلە دەکات. ئەوێ رۆژێ زۆر عەوداڵی کتێب بووم، تا راددەیەک ئەو گرانییە بەر خانەوادەی ئێمە نەکەوتبوو، ئێمە پێشتر دەوڵەمەندێکی قورس بووین، ئاسان نەبوو ئەو گرانییە بە خێرایی ھەرەسمان پێبھێنێت. دەرفەتم لەو ھەڕاجکردنی کتێبە وەرگرت و ژمارەیەکی ئێجگار زۆر کتێبی دانسقەم بە نرخێکی ھەرزان کڕی، کە ھەموو تەفسیری تەبەری کە زیاتر لە ٢٢ جزمە، بە ١٨٠ دینارێک کڕیم، پێموایە ئەو تەفسیری “تەبەری”یەم لە کاک “سیروان” ناوێک کڕی، کە لە بەردەم نەخۆشخانەی ددانی سلێمانی کتێبفرۆش بوو.
زەمەن رۆیشت و ھات، منیش بێزاربووم لە کتێب کڕین، بڕیارمدا سەفەری دەرەوەی وڵات بکەم، بەشێک لە کتێبە دانسقەکانم فرۆشت و کردمە پارە بۆ سەفەرەکەم، ئەلبوومی وێنەکانی خۆم سووتاند لە نھۆمی سێیەمی ماڵەکەمان لە گەڕەکی سەھۆڵەکە. بڕیارم دابوو واز لە وڵات بھێنم، نیھلیزم باڵی بەسەردا کێشابووم، لە سیاسەت نائومێد ببووم، لە ھاوڕێکانم کە زۆربەیان راستگۆ دەرنەچوون نائومێد ببووم، لە عەشقی ناکام نائومێد ببووم، لە رووی دارایشەوە ھەرەسم ھێنابوو، رۆژانە ئەو پارەیەم خەرج دەکرد لە خوشکێکم وەرمدەگرت، لەم دەست پانکردنەوەیەش لە خوشکم نائومێد ببووم، نائومێدیی زیاتر لە ھەر شتێک منی خستبووە ژێر کاریگەریی خۆی. کاتێک سەفەرەکەشم، ھەرەسی ھێنا و خەریکبوو ببمە خۆراکی قرژەکانی دەریا، بە بێزاریی و پووچگەرایی زۆرەوە گەڕامەوە وڵات، ھیچ شتێک نەبوو بتوانێت ئارامیم پێ ببەخشێت، جگە لەو عەرەقە زۆرەی ھەموو رۆژ دوو سێ جار دەمخواردەوە. ھەموو رۆژێک کاتژمێر ١٠ سەر لەبەیانی دەچوومە باڕی “دەریا” لە تەنیشت ماسی فرۆشەکانی ئەسحابەسپی، دەستم دەکرد بە خواردنەوە تا بە تەواوەتی خەیاڵ دەبووم، تا ئەو ئەندازەی “سالار” یان “کاک ئەکرەم” یان “ئاوات” کە سێ گارسۆنی ئەو باڕە بوون، دەیانووت بەسە، لەوە زیاتر بوارت نادەین، دەستم لە خواردنەوە ھەڵنەدەگرت، بەڵام دەمەو ئێوارەش وردە وردە بۆ یانەی فەرمانبەران دەڕۆیشتم لەوێش دوا کەس بووم لەو یانەیە ھەستم. ئیتر ئەو زەمەنە لای ھەموو کەس من کھولیست بووم، لە راستیشدا ھەروابوو.
وردە وردە پارەم کەم دەبووەوە، ھیچ کارێکم نەبوو، ماڵەوەش گەمارۆیان دەخستە سەرم بۆ ئەوەی بە ئاگا بێمەوە. منیش بە دووی رێگەیەکی ئاساندا دەگەڕام، پارەی خواردنەوەی پێ مسۆگەر بکەم. لە ناکاو ئەھریمەن ھاتە بن کڵێشەم و بیرۆکەی ئەوە بە مێشکمدا ھات، دەستێک لە کتێبخانەی ماڵەوە بوەشێنم، لەسەر ھەمان پرنسیپی نەوت بەرامبەر بە خۆراک، منیش کتێب بەرانبەر بە عەرەق گەڵاڵە بوو لەلام. ئیتر ھەر کات پارەم پێ نەدەما، پڕ عەلاگەیەکی گەورەی نایلۆن کە پێیان دەوت عەلاگەی “ئەسپین” کتێبم دەبردە بەر دەرکی سەرا و بە “حسێن”م دەفرۆشت، کە ھەموو کەس “حسێن” دەناسن، یەکێکە لەوانەی کاتێک خراپترین کتێبت پێ بفرۆشێت قەناعەتت پێ دەکات باشترین کتێبە و بە نرخێکی گران پێت دەفرۆشێت، بە پێچەوانەشەوە ھەروابوو. من بۆ ئەو کتێبفرۆشە ببوومە نێچیر، ئیتر ھەر کات پارەم پێ نەدەما کتێبم دەفرۆشت بۆ کڕینی عەرەق. ھاوڕێکانم لە چەشنی “بەھەست حەمەساڵح”، “کەیوان سەعید”، “ئارێز سۆران”، “رێباز حەمەجەزا” لەو کەسانەن کە دەعوەتم کردوون بۆ ئێوارە خواردنەوە لەسەر حسابی کتێبەکانم، بەڵام ماڵیان ئاوا بێت ئەوەندە موناقەشەی فیکرییان دەکرد، ھەموو جار داخم دەخوارد بۆ بەھەدەردانی کتێبەکانم، لەبەر خۆمەوە بڕیارم دەدا ئەمە دواجار بێت کتێبەکانم بۆ خواردنەوە بفرۆشم، بەڵام ھەر وەخت پارەم لێ دەبڕایەوە عەینەن تاس و حەمام، حسێن خۆت بگرە و ھاتم.

سەرنج: کۆی ئەم نوستالیژیانە لە بەھار و ھاوینی ساڵی ٢٠١٢دا نووسراون.

تێبینی: ئەم بەشەی نوستالیژیا له بەرگی سێیەمی کتێبی (قوتووی عەتار) لە لاپەڕە 514-516 بەشێوەی کتێبی کاغەز بڵاوکراوەتەوە.




هایکۆ.. سمکۆ ئەحمەد ڕەشید

ئێوارەی پاییز،
کە با گورگانە دەلوورێنێ ـ
خەیاڵم لای گەڵاکانە.
**
ئێسکەپەیکەرێک،
لە کۆڵانە قوڕاوییەکەدا وەستاوە
ژیان!
**
بە ڕێژنەی هەتاو
پڕمکردنەوە
ئەو بۆشاییانەی جێتهێشتن
**
لە گۆشەی ژوورەکەم دامنا،
زەردەخەنەکەی سەر لێوی کوژایەوە
مۆنالیزا!
**
دەڵێی لە جنسی مرۆڤە،
مودمینە بە شەڕانگێزی ـ
ڕەشەبا.
**
دەمی تووڕە بوونی باران
ئادارم بیر دەخەنەوە
چۆلەکەکان!
**
بە تەنافی ماڵە هەژارەکانەوە
ڕەشدەچێتەوە
کراسە سپییەکەی بەفر.
**
بەو خوێنەی لەبەرم ڕۆیشت
تابلۆی پێکەنینی لەسەر لێوەکانی کێشاـ
دیکتاتۆر.
**
گۆڕەپانی شەڕ ،
سەڕربازێک بە دەستی چەپ سڵاو دەکات ـ
کوفری موباح !
**
کراسێکە،
پڕ بە بەری زەوی ـ
تاریکی!




سێ کورتیلە چیرۆک.. هێدی گەڵاڵی

ڕۆندکی شادی
ئەو ساڵە زۆرەی کە لە زیندان بوو کەوتە سۆراخی ماڵەکەیان بۆی دەرکەوت لە هەمان گەڕەک و کۆڵان نیشتەجێن. بە لێبوردنی گشتی ئازاد کرا بەرەو ماڵەوە بە ڕێکەوت پەرۆشی و دڵخۆشی پێوە دیار بوو. کە داخڵی کۆڵانەکەیان بوو بینی
کچێکی باڵا بەرزی ڕەشپۆش بە هەمان ئاڕاستەی ماڵەکەیان چەند هەنگاوێک لە پێشەوەی ڕێ ئەکات٬ ئەویش هەنگاوەکانی خێراتر دەکرد بۆئەوەی زوو بگاتەوە لای دایک و خوشکە تاقانەکەی ! کچەکە ئاوڕێکی دواوەی دایەوە پیاوێکی قژ ئاڵۆزکاوی بینی ڕیشێکی زبر و ڕەشی بە ڕوخسارەوە بوو بەم دیمەنە زارەترەک بوو! چەند هەنگاوێک دەڕۆیشت و جار ناجارە ئاوڕی دەدایەوە دەشیبینی پیاوە ڕیشنەکە هەنگاوەکانی خێراتر دەکا ! زۆر لێی نزیک بوویەوە دەیویست دەستی لە مل بکات و تێر ماچی بکات و تامەزرۆی ئەو چەند ساڵەی تەنیایی و دابڕان و دووریەی بشکێنێت. کچەکە هەنگاوەکانی خێراتر کرد لەخۆی دەپرسی ئاخۆ دەبێ ئەو پیاوە سیما ماندوو و رەنگ پەڕیوە مەبەستی چی بێت بەدوامدا دێت؟
گەیشتە بەردەم دەرگای ماڵەکەیان بە دڵە کوتێ و بە هەردوو دەست لە دەرگای حەوشەکەیانی دەدا لەگەڵ کردنەوەی دەرگادا ئەویش گەیشتە بەردەم دەرگاکە دایکی دەرگاکەی کردەوە حەپەساو باوەشی پیا کرد و دەستیان لە ملی یەکتر کرد فرمێسکی خۆشی لەسەر کوڵمەکانیان ڕیزی بەست و تێر گریان!
وتی : نەمردم ئەمجارەش کوڕەکەم بینیەوە٠

قوربانی
لەسەر پردی کۆماری پایتەختدا کۆمەڵ کۆمەڵ وەستابوون نەغمە و دەنگی نەورەسەکان گوێی هەستیان ئارام دەکردەوە.. هەموویان سیخناخی ڕامانێکی قوڵ ببوون و گوێیان بۆ دەنگی نەورەسەکان هەڵخستبوو! ڕیز ڕیز و پۆل پۆل ئاسمانی ئەو ناوەیان تەنیبوو٬ تا دەهات ژمارەی نەورەسەکان زیاتر و زیاتر دەبوو تابلۆیەکی ناوازەیان لەو بۆشایی ئاسمان و کەنار ئاوی ژێر پردەکە ڕەنگڕێژ کردبوو….! قیژەی ئەوان بۆ قوتی ڕۆژانەیان بوو ٬ لە پێناو مانەوەدا ناچار دەبوون وردە ماسی و کرمی کەنار ئاوەکە بخۆن!! جۆرێک لە باڵندەکان ئەگەر بونەوەرێک نەکەنە قوربانی ژیانی خۆیان مانەوەیان دەکەوێتە مەترسیەوە! سەیر لەوەدایە مرۆڤ هەیە ٬ مرۆڤگەلێک دەکەنە قوربانی خۆیان بێئەوەی بونی لە مەترسیدا بێت!

بێ لانە
ئەو پیرەژنە کزۆلە گلەیی لە بەختی خۆی دەکرد و لە لای ژنە درواسێکەیان درکاندبووی کە ئیتر لە ماڵی کوڕەکانی جێی نابێتەوە ! بە دەنگێکی نوزە لێبڕاو و دڵە کوتەوە بە گوێیدا چرپاندبوو:
بە بێوەژنیەوە هەر سێ کوڕەکەم گەورە کردو ژنم بۆ هێنان بەر لە ژن هێنانیان هەموومان لە یەک ماڵ دڵخۆش ژیانمان دەبردە سەر ٬ ئێستا لە سێ ماڵدا بە تەنیا جێی من نابێتەوە!




فوو.. پشکۆ ناکام

هەچ کاتێ باڵۆنەکەی بنەماڵە و پارتی پاشکۆی ڕوو لە فش بوونەوە کرد بێ بە پەلە پروسکێ و بێ گوێیانە باجەکەی ویستوویانە پڕی کەنەوە لە هەوا و مەسەلەی کورد و برایەتی !! و خاک !! و خەباتی سەد ساڵە !! و دروشمەکانی تریش و هەمووی سەر لە نوێ ئەبنە قوربانی بە زۆر زل کردنی حیزبەکە و هەر فشبوونەوەکی باڵۆنەکە ترس و لەرزی لە ڕووتبونەوە و دەرکەوتنی قەوارە و درێژیی و پانی ڕاستەقینەی ئەو بنەماڵە و پاشکۆکەی ئەهێنێتە هەلەکە سەما…
ساڵی ١٩٩٦ کە پارتی چیتر نەیتوانی بەو هەوا کەمەی ناو باڵۆنەکە بەرگەی وەزعەکە بگرێ ، زۆر بە ئاسانی سی و یەکی ئابی دروست کرد و بە هەوای حەرەس جمهەری و کاکە” زێڕه” باڵۆنەکەیان پڕ کردەوە لە هەوا..
هەڵبژاردنەکانی بەناو پارلەمان و ئەوانی تریش گەر بە حەجمی خۆیان بەشداریان بکردایە نیوەی بەڵۆنەکە فش ئەبۆوە ، ئیتر هەوای فیتەری ساختەچی باڵۆنەکەیان پڕ کردەوە لە هەوا و بوتڵێک هەوا بە ناوی ” کەمینەکان” باڵۆنەکەی ڕاگرت..
ئەمڕۆ لەبەردەم ئەو هەڵبژاردنەی گوایا لە حوزەیرانا ئەکرێ ” هەرچەنە من خۆم بڕوام وایە کردن و نە کردنی وەک یەکە چونکە لە کوردستان شتێک نیە ناوی سیستەمی سیاسی بێ کە سیستەمی سیاسیش نەبوو یاری کردن لە بە بەڕێوە بردنی ووڵات لە جاشایەتی ئاسان تر ئەبێ..:” و بەو پرینسیپە تازانەی هاتونەتە کایەوە هەر پێش ئەوەی هەوای باڵۆنەکە بەتاڵ بێتەوە ” بەتاڵی دوای ئاش ” ئەیانەوێ هەوای سپی بۆ ڕۆژە ڕەشەکە بخەنە کار ، دیارە هەوای ئەم سیناریۆیەش “قارداش”ی دراوسێیە ، دوور نیە گەر بزانن هەر ئەکرێ سی و یەکی ئابێکی تر نەخوڵقێنن…بنەماڵەیەک کە خێڵ و عەشرەتی بادینان و ناوچەکانی تریش نەماوە کە بەدەستی ئەوان نەیان خواردبێ چۆن ئێستا بەوە ڕازی ئەبن کە خۆیان حاکمی موتڵەق نەبن..؟
ئەوان کە ئەڵێن ئەم دەسەڵاتە دەستکەوتی ڕووبارێ خوێن و جۆگەلەیە فرمێسک و چەن دۆنمێک لە بەخۆکێشانە، ئەبوایە هیچ نەبێ یەک لە هەزاری ئەو ئاو و دۆنمانە بهاتنایە سەرجادە و پشتگیریی بایکۆتەکەیان کردایە ، بەڵام قسەی ووتراو و نەووتراوی خەڵک ئەوەیە کە بەڵکو بەم بایکۆت کردنە لە ڵۆكمان ببنەوە…
گەر ئەمریکاش گوێچکەی بنەماڵە ڕاکێشێ لەوانەیە سیناریۆکان بگۆڕێن ، ئەو کاتەش باڵۆنەکە بە جۆر و هەوایەکی ترەوە ” فوو “ی تێئ




سادۆمازۆخییەتی سیاسەت و کۆمەڵگەی کوردی.. شوان عەباس بەدری

بێگومان گەر بە وردی لەو قەیرانانەی کە بەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی گرتووە بروانین و جیا لە خوێندنەوەی سیاسی ئەوا خوێندنەوەیەکی دەروونناسیانەیان بۆ بکەین ئەوا بۆمان روون دەبێتەوە کە زۆربەی قەیرانەکانی ئێستا ، لە دەرئەنجامی کەلەرەقی و روانینە کورتبینەکانی بەرپەرسە باڵاکانی ناو سیاسەتی کوردییەوە هاتوونەتە ئاراوە ، بە واتایەکی تر زۆرجار سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە ئەنجامی عەقڵێکی خێڵەکی ووشک و بەرژەوەندییە بەرتەسکە حزبایەتییەکانی خۆیان بە بێگوێدانە ئەو دەرئەنجامە مەترسیدارانەی کە رەنگە لە داهاتوودا هەم یەخەی خۆیان و حکومەتەکەیان و هەم یەخەی دانیشتوانی هەریمی کوردستان بگرێت، هەنگاوی هەڵەیان هەڵهێناوەو دوابەدوای دروست بوونی قەیرانیش هەڵەیان بە هەڵە پەردەپۆش کردووە .

لە ئێستادا گەر بروانینە سنووری جوگرافیایی هەرێمی کوردستان ، ئەوا دەبینین سنوورێکە کە تا بینا قاقای لە ناو چەندین قەیرانی قووڵ و مەترسیداردا نوقم بووە ، هەر لە بێزاری خەڵک لەبەرامبەر بەرپرسان و کاربەدەستانی هەرێمەکەوە بگرە تا دەگاتە هێرش و بوردوومانەکانی وڵاتانی چواردەور و ملیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران و هەڵوەشاندنەوەی تەبایی کۆمەڵگە و خێزان و چەندین قەیرانی هەمەجۆری دیکە.

هەرچەندە لە ئێستادا بەلای خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە کێشەی مووچە و پێنەدانی مووچە و بەبارمتە گرتنی مووچە لەلایەن پارتێکی سیاسی هەرێمی کوردستانەوە بە بیانووی نەناردنی برە پارەی تەواوی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە لەلایەن بەغدادەوە بۆتە باس و خواسی سەرەکی سەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان و سۆشیال میدیا و هەموو کونج و بناوانێکی ناو شەقامی کوردی و گەورە و بچووکی بە خۆیەوە مەشغوڵ کردووە ، بەڵام لە ئەساسدا ئەم بابەتە تەنها بابەتە رووکەشەکەی قەیرانەکەیە و گەر پشت پەردەکانی رووداوەکان بخوێنینەوە زۆر بە ئاسانی قەیرانە هەرە مەترسیدارەکەی ناو جوگرافیا بچووکەکەی هەرێمی کوردستانمان بۆ ئاشکرا دەبێت کە لەیەک کاتدا هەم خۆی لە شەریکە بەشی گشت پارتە سیاسییەکان دەبینێتەوە پێکەوە، وە لە هەمان کاتیشدا هەوڵی سرینەوەی جەماوەری و قورسایی سیاسی هەندێک پارتی سیاسی ناو مەیدانی حوکمرانی و دەسەڵاتە و جۆرە سادۆمازۆخییەکی پێوەدیارە.

بە واتایەکی دیکە سیاسەتی کوردی لە ئێستادا سیاسەتێکی سادۆمازۆخییە و لەلایەک بەرپرسان لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان وای وێنا دەکەن کە هەموو هەوڵێکی خۆیان لە پێناوی باشترکردنی ژیانی خەڵک و چارەسەری قەیرانەکانی هەرێم خستۆتەگەڕ و لە هەمانکاتیشدا بە قامچییەک پشتی خەڵکیان بە خەمساردی و خەمی ئەوەی تەنها قسەی خۆیان بچەسپێنن و پێشهات و چارەسەرەکان تەنها بەو جۆرە بێت کە ئەمان ئارەزووی دەکەن شەقار شەقار کردووە و بە بەرنامەیەکی تۆکمە کۆمەڵگەی کوردییان کردووە بە کۆمەڵگەیەکی تا سەر ئێسقان مازۆخی.

بە واتایەکی تر خەڵک وەک کۆمەڵە کۆیلەیەکی مازۆخی بێدەسەڵات لە ژێر ئازاری قامچی دەسەڵاتدار و خاوەنەکانیان پشتی خۆیان چەمانۆتەوە و سوژدەی تەسلیم بوونیان بردووە و تەنها ماوە ماوە لەملاولەولا وەک نارەزایەتییەک بایکۆتێک رادەگەیەنن یان لە بەرژەوەندی لایەنێکی سیاسی لە دژی لایەنەکەی تر بۆ ماوەیەک شۆیەکی هەمە رەنگ ئەنجام دەدەن و دوای ئەوەش هەریەکەو دەچێتەوە بۆ ماڵی خۆی .

گەر وابڕوات و خەڵک هەر بەم جۆرە مازۆخییە بەردەوام بێت لە تەسلیم بوونی، رەنگە ماوەیەکی دیکە بەرپرسان ماوتسی تۆنگ ئاسا بۆ ئارامکردنەوەی سادییەتە سیاسییەکەی خۆیان شۆڕشێکی فەرهەنگی و ئابووری (جیا لە ئابووری سەربەخۆ ) ڕابگەیەنن و کارەساتی جەرگبڕتر و گەورەتر بەسەر خەڵکە چەپڵەلێدەر و سەرچۆپی گرەکە بهێنن !

هەرچەندە ئەم بابەتی سیاسەتی سادۆمازوخییە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا لە قۆناغێک لە قۆناغە سیاسی و هەستیارەکاندا بە شێوەی جیاجیا دەرکەوتووە و باشترین نموونە بۆ ئەم بابەتەش سیاسەتە نەخوێنراو و کەلەرەقییەکانی جەمال عەبدولناسری دووەمین سەرۆک کۆماری میسرە کە لەسەردەمەکەیدا ووڵاتەکەی بەرەو داڕمانێکی تەواو برد و خەڵک و سوپا و ئابووری و جوگرافیای میسری لەناو ئاگردانێکی وادا سووتاند کە تا ئێستا دەرئەنجامەکانی ئەو سیاسەتە هەڵە و سادییەتە سیاسییەی ماوەتەوە و دوای خۆیشی ئەنوەر ساداتی جێگرەوەی بە رێگەی جۆراوجۆر هەموو هەوڵی خۆی خستە گەڕ بۆ سرینەوەی پاشماوە سیاسییە ماڵوێرانکەرەکانی جەمال عەبدول ناسر، بەڵام نە تەنها نەیتوانی بەتەواوی ئەو پاشماوانە بسرێتەوە بەڵکو خۆیشی بە جۆرێ لە جۆرەکان کەوتە ناو ئەو ئاگردانەوە و دواجاریش سەری خوارد .
لە کۆتاییشدا بێگومان گەر بەرپرسانی ئێمەش ئەم بەرگە سادۆمازۆخییەی بەریان دانەکەنن و بەرگی چاکسازییەکی راستەقینە و بە دوور لە هەموو بەرژەوەندییەکی تەسک لەبەر نەکەن ، ئەوا ئایندەی هەرێمەکەمان زۆر لە ئێستا خراپتر و ناروونتر دەبێت و هەمووشمان دەزانین ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژئاوا تا سەر دۆست و پشتیوانی هیچ ووڵات و لایەن و کەسێک نین و نابن و دواجار ئەوەی کە تیا دەچێت و دەفەوتێت تەنها خەڵکە هەژار و کەمدەرامەت و مووچەخۆرەکەیە!




سەربازی ون.. کورتەچیرۆک/ ن/جەلال قادر

بەری بەیانێکی ساردی مانگی نەورۆز بوو، نم نم باران دەباری، هەر وەک هەموو سپێدەیەک بەرەو چایخانەکەی بەردەم پەیکەری (سەربازی ون) بەڕێکەوتم. لەژێر کەپری چایخانەکە پیاوێکی تەمەن پەنجا ساڵانم بینی، ڕەشتاڵە و دەم و چاو وردیڵانە، کابۆیەکی شین و چاکەتێکی خاکی خەتخەتی لەبەردابوو، پەرداخێک چای بەدەستەوە بوو، خێرا خێرا مژی لە جگەرەکەی ناو قامکەکانی دەستی دەداو بە نیگەرانییەوە تەماشای ئاسمانی دەکرد. لەم ساتە پەڵە هەورێکی ڕەش و نزم بە ئاسمانەوە کۆچیان دەکرد. من لەژێر کەپرەکە دانیشتم، کابرای چایچی کە هەم ناسیاومە و هاورێی منداڵیشمە، بە بێ سڵاوکردن، بە بێدەنگی پیاڵە چاێیکی لەبەردەمم دانا، سەرم سووڕما، وتم : چییە؟ مام بەکر، سلاوکردنیش لە بیرچووەتەوە
تەماشایەکی کردم، بە قامکی ئیشارەتی بۆ شوێنی پەیکەرەکە کردوو، وتی : نابینیت، نەتبیستووە، ئەمشەو پەیکەری (سەربازی ون) دیارنەماوە
کاتێ سەرم هەڵبڕی، واقم وڕماو حەپەسام. هەستامە سەرپێ، پیاڵە چاکە لەدەستم بەربووە خوارەوە
! کەواتە دەبێت دزرابێت_
نازانین. زەنگمان بۆ پۆلیس کردووەو چاوەڕوانین+
لە جێگەی خۆم دانیشتم. لەدڵ خۆمدا وتم : ئای لەم شارە وێرانە، بۆ تەنها رۆژێک مرۆڤ ناتوانێت بە ئارامی تیایدا بژێت
مەفرەزەیەک لە پۆلیس گەیشتنە شوێنی پەیکەرەکە، بە وردی پشکنین و ڵێکۆڵینەوەیان دەست پێکرد
کابرای چاکەت خاکییە لەبەرەکە، بەدەنگێکی پڕ لەخەم دەیگووت : لەپاش چەندین ساڵ ماندووبوون و نەخشەکێشان بۆ دروستکردنی پەیکەری مرۆڤێکی قارەمان وبێ تاوان و بێ ناونیشان، ئەمەش چارەنووسی بێت، سەیرە، وا چاکترە هەموومان کۆچ بکەین، ئەم شوێنە بەجێبهێڵین
هەستم کرد ئەویش وەک من دڵی تەنگەو تووڕەیە. پێمگووت : هەرچەند ئەو پەیکەرە سمبوولی نەتەوەو نیشتمانمان بوو، بەڵام ئێمە نابێت بۆ هیچ کوێ بچین، دەبێت هەوڵدەین و بزانین ئەو پەیکەرە کێ دزیویەتی، بۆچی دزراوە؟
کابرای چاکەت خاکییەکە، مژێکی قووڵی لە جگەرەکەی دا، وتی : ولات وێران بووە، دەوڵەت و میللەت پێکڕا دزن، ڕێز لە شکۆی نیشتیمان ناگرن. ئێستا وا سەرمانلێشێواوە نازانین دەستی تاوان بۆ کێ درێژکەین. کێ ناڵێت ئەم دزینە مەرامی سیاسی لە پشت نییە
پێمگووت :لەم مەملەکەتە هەموو ڕۆژێک کە لە خەو بێدار دەبیتەوە، گوێ بیستی ڕووداوی سەیروسەمەر دەبیت، دەبێت سەبر بگرین تا ڕۆژدەبێتەوە. بەڵام من سەرم لەوە سووڕماوە، ئەو پەیکەرە زۆر قورس و سەنگین بوو، دەبێت بەچی گواسترابێتەوە؟
لەم کاتە چەند ڕۆژنامەنووس و کامیرەمان نزیک بە باخچەی پەیکەرەکە گرد بوونەوە. داوای زانیاری زۆرتریان دەکرد لە پۆلیسەکان. وتە بێژی پۆلیسی شار لەبەردەم مایکرۆفۆنەکان بەپێوە وەستا و کەوتە دواندن : بەداخەوە، دوێنێ شەو، بەدەستی ناحەزانی گەل، شوێنی پەیکەری سەربازی ونیان ڕووخاندووە و پەیکەرەکەشیان لەگەڵ خۆیان بردووە. ئێمە بەرەدەوامین لە لێکۆلینەوە، هێشتا زووە تا پەنجەی گومان ئاراستەی لایەنێک بکەین
ڕۆژنامەنووس: بەڕێز، ئاخۆ بە چ ئامێرێک توانراوە ئەم پەیکەرە بگوازنەوە؟
وتەبێژ : وەک وتم … لێکۆڵینەوە بەردەوامە، بەڵام زانیاری تەواومان لایە کە ئەم پەیکەرە نە بە شۆفەڵ، نە بە تڕێڵە یان ئۆتۆمبیڵی بارهەڵگر گوازراوەتەوە
ڕۆژنامەنووس: کەواتە دەکرێت، بە هێڵی کۆپتەر ئەم کارە ئەنجام درابێت
_ نازانین.
ئەم چاوپێکەوتنە زۆری نەکێشا، لەپاش نیو کاتژمێر لەدوورەوە دوو دوو، سێ سێ یان بەپۆڵ گەنج و لاوانی شار لە فلکەو باخچەی پەیکەرەکە کۆبوونەوە و دەنگی ناڕازی جەماوەر بەرزبووەوە
سەرەتا پۆلیس هەوڵی دا گردبوونەوەکە ڕوونەدات، بەڵام زۆری پێنەچوو ئەم کۆبوونەوە بوو بە سروود خوێندن و ناڕەزایی دەربرین
پۆلیسەکان دەستڕێژێک تەقەیان ڕوو لە ئاسمان کرد.بەڵام گەنجەکان خوێنگەرم و بەتین بوون، جامی ئۆتۆمبیلی پۆلیسەکانیان شکاند. پۆلیسەکانیش لەترسا لەوناوە دوورکەتنەوە
لەشوێنی پەیکەرەکە، چەند دڵۆپە خوێنێک ڕژا، گەنجە خۆپیشاندەرەکان بە موبایڵەکان وێنەی سێڵفی و بە کۆمەڵ دەگرت، وەک ئەوەی سەرکەوتنێکی مەزنیان ئەنجام دابێت
کابرای چاکەت خاکی، ئاخێکی هەڵکیشا و وتی : ئاخۆ دەبێت دیسان چ دەستێکی پیس هاندەری ئەم گەنجانەبێت، لەسەرەتاوە من بە دانانی ئەم پەیکەرە خۆشحاڵ بووم، نەمزانی ڕۆژێک دادێت خەڵکی قوربانییەکانیان لەبیردەچیتەوە
پێمگووت : برا تۆ زۆر خەراپ بیردەکەیتەوە، هەمیشە گەنج لە هەوڵی ژیانێکی نوێ و پڕ لەبەختەوەری دان، گەنج ئارەزووی دوا ڕۆژێکی ڕووناکە، بەڵام دەستە پیسەکان دەبن بە بەربەست لەبەردەم ئازادی و خۆشییەکانی ژیان
وتی : دەزانم، دەزانم….بەڵام هەرکات و ساتێک تیشکێک و ڕووناکییەک بەدی دەکەین، نازانم ئەم حەمکە بازرگانە سیاسیانە لە کوێوە دێن، دەست دەگرن بەسەر هەموو سەرکەوتنەکانمان. تەماشاکە نیوەی جەماوەرەکە نازانێت بۆچی ڵێرە کۆبوونەتەوە
لەپاش دە خووڵەکێک چەند هێڵی کۆپتەرێک بە ئاسمانی شارەوە دەرکەتن و گەیشتن بە شوێنی خۆپیشاندەرەکان. ئاو گەرم و دووکەڵی غازی فرمێسکاوییان ڕژاند بەسەر خۆپیشاندەرەکان، ئەوانیش ناچار ئەوناوەیان چۆڵ کرد

من و مام بەکر چایچی بە سواری ئۆتۆمیلەکەم گەڕاینەوە بەرەو ماڵ، گوێمان لە بێژەری ڕادیۆکە بوو چاوپێکەتنی لەگەڵ چەند بەرپرسێک ئەنجام دەدا : داوا لە جەماوەر دەکەین، دان بە خۆیان بگرن، ئێمە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەت لە گفتوگۆکردنداین

دوا چاوپێکەوتن لەگەل پیرەمێردێک بوو، بەدەنگی بەرز هاواری دەکرد :
ئێوە نوێنەری ئێمە نین، لەگەڵ حکومەت تێر گوو بخۆن
هەندێک جار لەکاتی ناخۆشی، مرۆڤ پێکەنینیشی دێت بە ڕووداوەکان. تووبڵێی کارەساتەکانیش بووبن بە گاڵتەجاڕی!. هەر بەدەم ماشێن لێخووڕینەوە لە مام بەکرم پرسی : ئەرێ ئەو کابرا چاکەت خاکییە کێ بوو؟ پەژارەوخەمبار دیاربوو، گوێم ڵێبوو دەیگووت : پەیکەری پیرۆز نابێت بشوێندرێت
مام بەکر، هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا و وتی : نایناسیت؟ ئەوە پەیکەرسازەکە بوو!

ن/جەلال قادر




كـۆرت شویتەرز- ئه‌و قه‌سیدانه‌ی وه‌ك قه‌سیده‌ ده‌رده‌كه‌ون.. و : نه‌ژاد عزیز سورمێ

(1)
ئه‌و ڕۆژه‌
ئەو ڕۆژەی
دەگەیتە تافی لاوی
كەچی هێشتا
یاری لەگەڵ
بووكەڵۆكەكەتدا دەكەی ..
تۆیش
وێنه‌ی هەموو فریشتان
وەك لە پێشدا كردووتە
وادەزانی
ئەوانە كیژی شۆخن
وادەزانی
تۆیش وەكو ئەوانی
كە جحێڵ بووی ..
بەڵام ،
تۆ ئێستا پیری ،
سەرمات دەبێ‌
دەمری ..

(2)
ئاسكه‌كه‌ له‌رزی پێوه‌ نووساوه‌
كە شێر دەنەڕێنن ..
وەختێ‌ كەمتیار بۆن دەكەن
ئاسكەكە دەلەرزێ‌
بەڵام هونەر زیاتر دەبەخشێ . ‌

(3)
قه‌سیده‌یه‌كی لاڵ
كرمێك
بە قولابێكدا شۆڕدەبێتەوە .
ماسییەك كرمەكە دەگەزێ‌
قولابەكەیش دەگەزێ ‌ ..
قولابەكە ماسییەكە دەگرێ‌ و
ئەوەتا ماسییەكە ،
بە قولابەكەدا شۆڕ دەبێتەوە ..
قولابەكە ،
ماسییەكە لە ئاو ڕادەكێشێ‌
ماسییەكە لە دەرەوەدا دەمرێ‌
قولابەكە ماسییەكە دەكوژێ ‌ .

كرمێكی دی
بە قولابەكەدا شۆڕدەبێتەوە ..
ماسییەكی دی
كرمێكی دی دەگەزێ‌ و
ئەوەتا ژیانێكی نوێ‌
لە نێو وێرانەدا سەردەردێنێ ‌ .

(4)
وه‌ختێ ، كه‌سێ ، جارێ ، وتی

وەختێ‌ ، كەسێ‌ ،
جارێ‌
وتی :
كە برادەرێك جارێ‌ وتی
كە برادەرێكی دی وتی :
من بە برادەری سێیه‌مم وت
كە برادەری چوارەم وتی
برادەری پێنجەم وتی
كە برادەری شەشەم وتی
من جارێ‌ وتوومە
كە جارێ‌ نەموتووە دەڵێم
تا بە هەموو ڕاستگۆییەوە
بە هەموو برادەران بڵێ‌
كە من ڕاستە وتوومە
هیچم نەگوتووە .

(5)
بیری لێ بكه‌وه‌

چوار ڕێهەڵكەن
لەسەر بانێكدا وەستا بوون
یەكەمیان وتی (( ئۆف ))
دووەم : (( كەواتە چۆن دەگونجێ‌ ))
سێیەم : (( ئەو بانە بەرگەمان بگرێ‌ ،
لە كاتێكدا.. ))
چوارەم : (( ئەو بانانەی
بێ‌ كاریتەن ناتوانن ))
لەو دەمەیدا
بان ڕما و كەوت
بینیت چۆن …..؟

و : نه‌ژاد عزیز سورمێ

  • كۆرت شویتەرز : ساڵی 1887 لە هانۆڤەر لە دایك بووە . هونەری لە كۆلیژی هونەرەكانی دریسدن خوێندووە . بە شاعیرێكی ( دادا )یی دەناسرێ‌ ، هەرچەندە ئەو شێوەیەكی پێدابوو بەوەی دژی بە سیاسەتكردنی دادا بوو .
  • له‌ ماڵپه‌ڕی (ئیلاف)ـه‌وه‌ كراوه‌ به‌ كوردی .
    http://elaph.com/Web/Culture/2010/4/550176.html



مشتێ لە ئازاری ناو پریاسکەکە.. کەنعان مدحەت

چراکە کز بووەتەوە،
یا تانەی ماندوویەتیم لێ ڕواوە؟
هەمو شتێ،
کوێرە لە حەن ئاڵۆزییە سپیکراوەکە
کابرای نمەک حەرام
هەڵبژێری پشت پەردە لۆچدارەکە
خۆی بە باگردێنی سەر ئیسک و پروسکم نازانێ و
بەردەوامە..

ئەم فریشتە نا پەردەیییانە
لە نێردەی خوا ناچن
دوو کزە ئەستێرەی لە پرتە کەوتوویان پێ
لەیەکا ناتوێنرێتەوە

بە دەست تەققەڵە دوورمانەوە داماون
ڕێ کاکێشان تا قوڵایی ئاشتی
لە مین جممەیان دێ
تا تەڵە،
گەلە قۆڵییەکە
هەڵنەوەشێننەوە
(بەردی ئەلحەد)-یان پێ
ڕاناماڵڕیتەوە

بەرنامەکە،
بە پێی بەرژەوەندی و
حەزی داڕێژراوە سەرسپییەکە
لەسەر دوندی سەنگەرما سەروقنگ هەڵواسراوە
ئەزمونەکە هیچی لە شارستانییەت و
پێشکەوتوویی نەکڕاندووە

سەرچۆپیگران،
نەوەی هەر هەمان سەرچۆپیگرانی پێشوون
گۆرانییەکانیش تێکەڵییەک لە فۆلکلۆر و ( هیپ هۆپ )
وەک ئەوە وایە بڵێی لە قورئانیشا هەڵە و
تفت و تاڵی زۆرە..
بە خوێنەوار و نەخوێنەوار لێت کۆببنەوە
شەق و زللە..
چی نەبێ لە چاویا

دێن دێن..
_ بێ پێ بڕینەوە_
براوەکانی لە خێرایی تیشک،
بە پەلەتری خوارەوە
دێن، جێ بە کۆڕەک و سەفین..
تەسک کەنەوە

کەژە ئۆکسجین لێ بڕاوەکە
هەر ژەهرە دوو ئۆکسید و ژەهرە دەرەکی
لێ نوقسانە..
( لۆزان )_ە پەیمانێکی تر
لەو نێوانە
بچێننەوە

پەڕیان بە باڵمەوە نەهێشتووە
شنەش لە خۆم زیاتر
لە هێز خراوە
چاوم بە نیشتنی،
کۆلارە لە فەنەر ڕووتکراوەکە هەڵنایە و
چیشم لە دەست نایە!

سات لە دوای سات لە جێی میزڵدان پفم تیا دەکرێ
لە کەشتییەکی لێقەوماو دەچم
ئاراستەی چارۆکەکەمم
لە دەست دابێ
بە شەپۆل و با ماوە لەنگەرگا و
چارەنووسم

ئێستا، پاسەوانیی،
بازاری زێڕ..
بە جمکانەکە سپێردراوە
گوایە بەڕێزیان لە گورگ بە خزمەتترن
مارکەی کوردیی،
ورگ چەوری دەهۆڵە تەشبین
دز، کەمە، پێیان بوترێ
داک خۆ گێش ناشێ بۆ سەردار

ئەو چراخانانەی، کارەبا،
بە دیقی خستوون و
بە یاری شێر و خەتەوە گلاندوویانیەتی
هۆی دەگەڕێتەوە،
بۆ چاوزەقکردن لە بەرگر و تەمیکردنی قازی..
هەتا هەتایە چێشتیان کوڵ نەدا و
قەت قەتیش خەمیان پێ
تەقەڵ نەکرێ..

دەبێ چەن شەهیدت دابێ
چەند ئەشکەوت و
پاڵەتاوێر..
لە ژەهرەباران پاراستبیتیان
وا ئێستا لە کۆشکا..
کاری چاگێریان پێ ڕاسپاردووی؟
بەچکەکان بە پاسەوانی
کەژاوەی حەبیبە و
کولانە مریشک..
پۆلیسانە ڕابێن
لەسەر حەپە حەپ و
پاراستنی ناوگەڵ و هێلکە مریشک؟

لە دوای هەر بەهارە چەخماخە و هەورەتریشقەیەک
دەیان دەیان دۆمەڵان، خاک، شەقار دەکەن
زنجیر و پاوەن دەبڕن..
پاش ئەو هەمو نەهامەتییەی پیا تێپەڕیوم
ئەوسا و ئێستایش،
لە ترس سەگە دان تیژەکان
تۆڕی دۆزەخە تاراوگەم پێ نابڕێ
دەنگی ناڕەزایەتیم هەڵبڕم

لە هەورازە، بەڕوو لێ توراوەکە
کەلاوەسەنگەر
شوێنەواری ناولێنراوە
پێشمەرگە،
پێشمەرگەی ناو شار
سەرەڕای ئاراستەی پێچەوانە و
بەرپرسیاریەتییەکەی!

تەواوی لەوەڕگایان لە گاوان
قەدەغە کردووە
هەر مانگایە و
کەوتووەتە بۆڕە بۆڕ
گاوان، ئەوەندەی خەمی خۆیەتی
نیو ئەوەندەی خەمی مانگاکانی نییە!

کاوێژکردن وەک مۆدێل و ستایلی هەتاهەتا
جەختی لەسەر دەکرێ!
ئەوە نییە لەسەر داوای بازاری و بندیوار
چەپڵە بۆ ( دۆشین )ی زیاتر لێدەدرێ
حەوسەڵەی دەوێ،
هەر شتێ،
بخرێتە ژیر بەندی فریاکەوتن و
لە دەستورا جێگیرکرێ!




سۆناتای شاعیر.. ستیڤان شەمزینی

لەسەر دیوارێکی کۆنی شاری بابل
بە خەتێکی بزماریی نوسرابوو:
خۆشەویستی خۆی بە شیعر دادەپۆشێ
چاو دەبڕێتە کەشتی عاتیفە
بەسەر کێوی ئارەزوودا سەردەکەوێ
دێوانەیەک لەولاوە پەیدا بوو
بە قوڵنگی دەستی
دێڕێکی تازەی ھەڵکۆڵی:
عەشق مۆمێکە
لەو کاتەی بەناو تونێلی نوتەکی ژیاندا
رەت دەبین


شاعیرەکە عاشق ببوو
مەرکانەی بەتاڵی ھەستی پڕ دەکرد
لە گوڵە ھێرۆی خۆشەویستی
ئاگری لە لەشی شیعر بەرئەدا
لەسەر شوشەی شکاوی دڵ
سەمای ئەکرد
بۆنی کەزی ژنێک لە رۆحی ئەھات
بەدزی عەقڵەوە خەونی ئەبینی
نوکی قەڵەمەکەی تۆفانێک بوو
لافاوی ماچی لەگەڵ خۆی ئەھێنا
ئەمەش حکایەتی خۆم نییە


پێدەچێت مردن سامناک نەبێت
ژیانیش ھێندە زەحمەت نییە
ھەموو شەوێک
مردن تاقی دەکەینەوە
ھەموو رۆژێکیش ئەژین
خۆشەویستی ترسناکە
ئەوە نییە بە کۆمەڵ لێی ھەڵدێین!
ئەم چەرخە سیخنانە بە دڵڕەقی
دڵڕەقی پێستێکی جادوویی ھەیە
فیشەکی خۆشەویستی نایبرێ
ئاگری شیعر نایسووتێنێ
چەقۆی فرمێسک نایدڕێت


ژنەکان ھەموو رووناکن
ژنەکان ھەموو سپین
چەند سەیرە چارەنووسیان رەشە!!
ژیان لەنێو رەحمیاندا ھەڵدەگرن
دەستیان نییە لە پەلاماردانی باخدا
فوو لە مۆمی خۆشەویستی ناکەن
ژنەکان ھەموو جوانن
شاعیر حەیران بۆ ئەو جوانییە ئەچڕێ
پیاوان بە بڵێسەی ئەو جوانییە سووتاون
لەناو مەحشەری ھەموو ژناندا
شۆخە ژنێکی زۆر بێ ئۆقرە
لە فارگۆنی ھەرە دواوەی
شەمەندەفەری تەمەندا
بە چاوە تاوسییەکانی
بە دوای مندا دەگەڕێ


٢٥-١٢-٢٠١٨
ئەڵمانیا – بیلەفێلد




بەلاغی كۆتایی كۆنفرانسی ( لە جینوسایدەوە بۆ ژیان)

بە دروشمی لە جینوسایدەوە بۆ ژیان، رۆژی هەینی ١٥/٣/٢٠٢٤‌ یادی ٣٦ ساڵەی كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە بە چەكی كیمیاوی لەلایەن رژێمی بەعسی عێراقی لەناوچوو، لە شاری هەولێر و بە بەشداری ژمارەیەك لە توێژەر وچالاكوان و نووسەری بیانی و ناوخۆیی و قوربانیانی جینۆساید لە كوردستان، كۆنفرانسێك بەڕێوە چوو، گفتوگۆیەكی تێر و تەسەل لەلایەن ئامادەبووانەوە لەسەری كرا و بەدواداچوون وئاڵگۆڕكردنی زۆری بابەتەكان، كۆنفرانسەكە دەوڵەمەند كرا. لەدەرئە‌نجامدا، كۆنفرانس، ئەو راسپاردانەی لای خوارەوەی گەڵاڵە كرد وئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان و كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی وكۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رێكخراوە جیهانییە تایبەتمەندەكان كرد,
كە هەندێكی تایبەت بوو بە‌ حكومەتی عێراقی فیدڕال.
1-پشت بەستوو بە بڕگەی یەكی ماددەی ١٣٢ دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥، كۆنفرانس داوا دەكات حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ ، گرنگی زیاتر بە بریندارانی چەكی كیمیاوی بدات لە رووی چارەسەری پزیشكی و دابینكردنی داو و دەرمان.
٢- هەر پشت بەستوو بە ئاماژە پێكراوی بڕگە یەكی خاڵی یەك، داواكارین حكومەتی عێراق كار بۆ باشتركردنی ژیان و گوزەرانی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە و سەرجەم ئەو شوێنانە بكات كە چەكی كیمیاویانی لە دژ بەكار هاتووە لە كوردستان.
3- لە رێگای دادگا مەدەنییەكان ، پشت بەستوو بە بڕیاری دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق ـ كە تاوانی كیمبارانی هەڵەبجەی بە جینوساید ناو ناساندووە .
4_داواكارین حكومەتی عێراق قەرەبووی شایستەی ماددیی و مەعنەوەی خەڵكی هەڵەبجە بكاتەوە، وەكو قەرەبوویەكی مەعنەوی دەبێ حكومەتی عێراقی فیدرال كە وارسی حكومەتی پێشووی عێراقە،‌ دەبێ بەفەرمی داوای لێبوردن لە خەڵكی كوردستان و خەڵكی شاری هەڵەبجە بكات.
٥- داواكارین حكومەتی عێراقی لە رێگای دەزگای شەهیدانی عێراق پشت بەستوو بە یاسای ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠٠٦، كار بۆ هەڵدانەوە ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانە بكات كە قوربانیانی كیمیابارانن و دوای ناسینەوەیان، لە مەراسیمی شایستەدا‌، بەخاك بسپێردرنەوە.
٦- دەبێ حكومەتی عێراق بەلێننامە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە دامەزراندی رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیاوی لە جیهان ناسراو بە (OPCW)و ئەو بڕیارانەی كە لەو رێكخراوە دەردەچن جێبەجێ بكات، تاكو تاوانی هاوشێوەی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە،‌ دوبارە نەبێتەوە.
٧- داوا دەكەین عێراق ئیمزا لەسەر رێكەوتننامەی بنەرەتی رومای ساڵی ١٩٩٨ تایبەت بە دامەزراندنی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی (ICC) بكات و ببێتە ئەندام لەو دادگایە.
٨_ داواكارین حكومەتی عێراق هاوكاری كۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە بكات لە هەوڵەكانی بۆ دادگایی كردنی ئەو كۆمپانیایانەی كە هاوكاری رژێمی لەناوچویان كردوە بۆ بەدەست هێنانی ئەو ماددە و كەرستانەی كە چەكی كیمیاوی پێ كردست كردوە.
٩_ دەبێ حكومەتی عێراق كار بۆ جێبەجێ كردنی هەردوو بڕگەی ماددەی ١٣٢ی دەستوری هەمیشەیی عێراق بكات.
10_ كاراكردنەوە ئەو لێژنەیەی كە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە كابینەی بەڕێز”نوری مالكی” دروست كردبوو بۆ بە جیهان ناساندنی تاوانی جینوساید.
11-پێویستە عێراق پەیوەست بێت بە هەموو ئەو ڕێككەوتننامە جیهانیانەی پەیوەستن بە قەدەغەكردنی بازرگانی چەك، چەكی زیرەك و بۆمبی فسفۆری و هێشۆیی و ئەتۆمی و … بۆ ئەوەی جارێكی دیكە رووداوی هاوشیوەی هەڵەبجە دووبارە نەبنەوە.
12. كار بكات بۆ ئەوەی ئاسمانی كوردستان بە گشتی وپارێزگای هەڵەبجە بە تایبەتی ئاسمانی ئاشتی بێت، هیچ فڕۆكەیەكی جەنگی بۆی نەبێت پێیدا تێبپەڕێت.

راسپاردنەكانی تایبەت بە حكومەتی هەرێمی كوردستان

1- داواكارین حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگی زیاتر بە یادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە بدات و ساڵانە بودجەیەكی تایبەتی بۆ تەرخان بكات تاكوو بە شێوازی سەردەمیانە یاد بكرێتەوە.
٢- پێویستە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان كار بۆ بە ‌نیشتمانیكردنی یادی كیمیاباران بكات، هەروەك چۆن لە پێڕەوی ناوخۆیی وەزارەتەكەدا هاتووه،‌ پێویستە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان ساڵانە یادێكی شایستەی كیمیابارانی هەڵەبجە لە ١٦/٣ بكاتەوە.
٣_ لەسەر ئاستێكی بەرز، حكومەتی هەرێمی كوردستان كار بۆ بە ‌جیهان ناساندنی تاوانی كیمیاباران و جینوساید، بكات.
٤_ گرنگیدانی زیاتر بە نەخۆشخانەی تایبەت بە كیمیاباران و دابینكردنی كەرەستە و ئامێری پێشكەوتوو و پزیشكی پسپۆری تایبەت.
٥-دامەزراندنی سەنتەرێكی توێژینەوەی زانستی تایبەت بە كیمیاباران تاكو توێژینەوەی زانستی لەسەر كیمیاباران بكات، بكرێتە سەرچاوەی زانیاری دروست.
٦_كاركردن بۆ سوراغكردنی منداڵە ونبووەكانی هەڵەبجە وشادكردنەوەیان بە كەسوكاریان دوای گرتنەبەری رێوشوێنە یاسایی و ئیدارییەكان. لە كۆتاییدا، كۆنفرانس لیژنەیەكی بەدواداچوون بۆ گەیاندنی ئەو راسپاردانە بە لایەنی پەیوەندیدار و چاودێریكردنی جێبەجێكردنیان دەكات.

هەولێڕ ١٥ی ئاداری ٢٠٢٤




پاشماوەی ئاتەشگایەکی ڕووخاو.. شیعری شەماڵ بارەوانی

ئەگەر هاتی و من لێرە نەبووم
لە بیابانی عەرعەر بۆم بگەڕێ
من لەوێ
لەژێر کەڵبەی لمی بیابان و تۆزی پۆستاڵی تەعریبدام
ئەگەرهاتی و ئێره بۆنی ئەنفال و خوێن و خەردەل و بێنازی لێدەهات
سەیرێکی لاپەڕە دڕاوەکانی ئاڤێستا و فرمێسکی گاتاکان بکە
من لەناو پاشماوەی ئاتەشگایەکی ڕووخاوی زەردەشتدام،
بۆ شازدەی سێ
لەگەڵ پیری مۆغان
خەریکی خوێندنەوەی یەسناکان و نـــزام




بڕیاری دادگای فیدراڵی لەسەر هەڵبژاردنی کوردستان.. عوسمانی حاجی مارف

دواخستنی هەڵبژاردنی کوردستان لە درێژبوونەوەی ئەو دۆخە ناوازەیەوە سەرچاوەی گرتوە کە بەردەوامی گێژاو و ناسەقامگیری دۆخی سیاسی، سەراپای کوردستانی داگیرکردوە، کە کاریگەری زیاتری لەسەر چۆنیەتی مامەڵەی هەڵبژاردنەکانیش داناوە، کە بە چەندین مەترسی و هەڕەشەی دەوروبەر لە عێراقی وناوچەیی دەورە دراوە، لەهەمانکاتدا ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی دیمەنی ئەو ناسەقەمگیریەیان زیاتر کێشکردوە بەوەی ئاراستەی هەڵبژاردنەکان زیاتر سیمایەکی جەنگی بەخۆیەوە نیشان بدات، هەر ئەو هێزانەش بۆخۆیان بە پاراستنی دەسەڵاتی حزبی میلیشیا و بنەماڵە، دیمەنی سیاسی و ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیان لەقاڵبداوە.
دواتریش لەسەر پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم بەدوای هەڵبژاردن، لەهەمان قاڵبدانی سیاسی هەڵبژاردنەکاندا قەتیس کراوەو بە ئەنجام گەیشتووە، کە بەهیچ جۆرێک نەیانتوانی و نەیانویست کۆتایی بە دوو ئیدارەیی و دوو دەسەڵاتی زۆنی زەرد و سەوز و هێزی میلیشیا بهێنن، دەورێکی بەتوانایان بینیوە لە گۆشەگیرکردن و بێئیرادەکردنی خەڵکدا، تا کرێکاران و زەحمەتکێشان نەتوانن لە میکانیزمی بەشداری لە دەسەڵات نزیک ببنەوە و بریار لەسەر چارەنوسی خۆیان بدەن.
ئەم دۆخە زەجرو نائومێدی و ژیان و گوزەرانی سەختی بەسەر خەڵکدا سەپاندوە و سیودوو ساڵ لەژیانی زۆرینەی دانیشتوانی کوردستان، کە جگە لەتوڕەیی و بێزاری و ناڕەزایەتی و بەرزکردنەوەی دروشمی خواستی کۆتایی ئەم دەسەڵاتە، جێگای چاوەڕوانی بۆ هەر ئومێدێکی تر نەهێشتۆتەوە.
ئەزمونی پەیوەندی جەماوەری ناڕازی بەدەسەڵاتی بنەماڵەو حزبەکانیانەوە، بەو درک و ئاکامە گەیشتووە کە لە واقعیەتی پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا، هەڵبژاردن ڕێگایەک نیە بۆ گۆڕین یان دەستاودەستکردنی دەسەڵات، هەروەها ئەندامانی پەرلەمان بەهیچ جۆرێک ناتوانن نوێنەرایەتی دەنگدەرانیان بکەن. لەهەمانکاتدا سیاسەتی پاشکۆبون بۆ بەرژەوەندی و نەخشەو سیاسەتی ووڵاتان و لایەنی تر بۆتە عادەت و ئالودەبونی بزوتنەوەی کوردایەتی، ئەم واقعیەتەو ئەم ئەزمونە، گورزێکی گەورەی داوە لە هەڵسورانی سیاسی بزوتنەوەی کوردایەتی، کە مایەی ڕەنگدانەوەی ڕیسوابون و شكۆشکاندن و شەرمەزاری ئاشکرایانە.
دوای تاقیکردنەوەی سی ودوساڵ لە داگیرکردن و تاڵانی و جەردەیی و حکومڕانی بەسەر دانیشتوانی کوردستاندا، دوای پێشخزمەتی بۆ ئەمریکا و تورکیاو ئێران، دوای تێکەڵبون و ملکەچی بۆ قبوڵکردنی دەسەڵاتی میلیشیایی ئیسلامی و تائیفی و نەتەوەپەرەستی لە بەغدا، جارێكی تر خەریکن وەک بلقی سەر ئاو ئەتەقنەوە، خەریکن نیشانەکانی کۆتایی مەئموریەتێك ڕادەستدەکەنەوە و لە چاوەڕوانی وەرگرتنی مەئموریەتێکی تردان.
ئەتوانین بڵێین بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای باڵای فیدراڵی، لەسەر هەڵبژاردن و موچەی فەرمانبەران تەواو بۆنی ئەوەی لێدێت کە قەوارەی حکومەتی پارتی و یەکێتی لەکاتێکی دیاریکراودا، زوو یا درەنگ، دەبێت مایەپوچی خۆیان ڕابگەیەنن، ناونیشانی قەوارەکەیان بگۆڕێت بەشتێکی تر.!
هەرچەندە بەئەنجام گەیاندنی لاسەنگی ئەم هاوکێشەیە لەبەرامبەر هەرێمدا، لەلایەک ئاکامی گۆڕینی هاوسەنگی هێزو دەسەڵاتی لایەنە شیعەکانی سەر بە ئێرانە، کە خۆی لە “چوارچێوەی هەماهەنگیدا” پێناسەدەکات، لەلایەکی ترەوە دەوری ئەو نەخشەو سیاسەتانە کە هەوڵ ئەدرێت سەقامگیری بۆ ئەمنیەتی سەرمایەگوزاری لە ناوچەکەدا دابین کرێت، لەم ڕاستایەوە ناوەندبونەوەی حکومەتی عێراق بە ڕەوتی هەنگاوێکی گرنگ دەبینرێت، بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەم پرۆسەی سەقامگیربونەوەی دۆخی ئابوری و سیاسی لە عێراقدا، دەبێتە هۆکاری ئەو فشارەی کە ئایندەی حکومەتی هەرێم دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
هەروەها خاڵێکی گرنگ کە لەم نێوەدا جێگای باسە، بەرفراوانبون و تەقینەوەی زیاتری ئاستی ناڕەزایەتیەکانی جەماوەری کوردستانە لەبەرامبەر دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانیدا، بەتایبەتی توانایی و بەردەوامی ناڕەزایەتی مامۆستایان کە بۆ ماوەی پێنچ مانگ خۆڕاگریان بە بایکۆت نمایشکرد، ئەم ناڕەزایەتیە، کە بە هەر پێشڕەوی و ڕۆڵێک جێگای خۆی کردەوەو لە مێژوی ناڕەزایەتی جەماوەری کوردستاندا، خاڵێکی بەرهەمداری تۆمارکرد، کە تا ڕادەیەک بەو ئەنجامە گەیشتن کە لە دابینکردنی دانی موچەی فەرمانبەران دڵنیابن.
لەهەمانکاتدا دیوێکی تری ئەم واقعە کە جێگای تێبینیە، فشاری ئەو ناڕەزایەتیە جەماوەریە، فرسەتی دا بە دەسەڵاتی بەغدا لەڕێگەی دادگای باڵای فیدراڵیەوە ملکەچیەکی تر بەسەر هەرێمدا بسەپێنێت. کە یەکەم: دادگا زەمینەی بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەڕێگەی بڕیارێکەوە دابەدەستەوە کە داوا لە دەسەڵاتی فیدراڵی عێراق دەکات ڕاستەوخۆ موچە بدات بەو کەسانەی کە مافی خۆیانە بەبێ ئەوەی ئەو پارەیەی بۆیان تەرخانکراوە بۆ حکومەتی هەرێم بنێرێت. دووەم: دەرکردنی بڕیاری هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانە کە دادگای ناوبراو بڕیارێکی دەرکرد لەسەر ئەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نادەستووریە.
بەجیا لەوەی بڕیاری دادگای فیدراڵی سەبارەت بە موچە دەستکەوتێکە بۆ فەرمانبەران و مامۆستایانی کوردستان بەڵام لەهەمانکاتدا گورزێکی توندە لە قەوارەی هەرێم و پێگەی حزبەکانی کوردایەتی لە ڕاستای ئەو ململانێ و کێشانەی کە لە نێوان هەولێرو بەغداد حاڵەتێکی بەردەوام و نائاسایی وەرگرتوە.
ئەوەی جێگای باسە کە لەم وتارەدا ئاماژەی پێبدەین، لە بەرامبەر بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی هەرێم لە ١١١ ئەندامەوە بۆ ١٠٠ ئەندام، دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاریدا، هەر یازدە کورسیەکە کە تایبەتە بە کەمینە نەتەوەیی و ئاینیەکان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، نادەستوورین.
ئەم بڕیارە دەنگی ناڕەزایەتی و نیگەرانیەکی زۆری لای بارزانی و سەرکردەکانی پارتی لێکەوتۆتەوە، پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە ئەم “بڕیارە سیاسیە و زۆر نەرێنییە” و دژی “ڕۆحی دەستورو دژی پێکەوەژیانی پێکهاتەکانە”.
هەڵبەتە کێشەکە لەسەر ئەوە نیە کە ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی بڕیارێکە سیاسیە، چونکە لە پەیوەند بە هەلومەرجێکەوە خراوەتەڕوو، کە نیشانەی باڵادەستی دەسەڵاتی “چوارچێوەی هەماهەنگی”ە لە حکومەتی عێراقدا، ئەوەش شاراوە نیە کە دادگای باڵای فیدراڵیش پاشکۆی سیاسەتەکانی ئێران و دەسەڵاتی حکومەتی عێراقە، بەو مانایەش بڕیارەکە گومانی ئەوەی لەسەر نیە کە سیاسیەو مەبەستی سیاسی بەدواوەیە، لەهەمانکاتدا ئاشکرایە کە لە بەرژەوەندی پێگەی بارزانی نیە، بەڵام ئەوەی گرنگە پێویستە ئەم بڕیارەو هەر بڕیارێکی تری دادگای فیدراڵی لەو شوێنەوە لایەنە سیاسیەکەی بناسینەوە کە لە بەرژەوەندی سیاسەت و دەسەڵاتی چوارچێوەی هەماهەنگی و کۆماری ئیسلامی هەنگاو دەنێت.
ئەوەی پێویستە لەم بارەیەوە قسەی لەسەر بکەین ئەم بڕیارە سیاسیە دژ بە دەستورێک نیە کە بۆ حکومەتی ئێستای عێراق نوسراوە، حکومەتی عێراق بە دوای ٢٠٠٣ وە، پێکهاتەیەکە کە لەسەر بنەمای دامەزراندنی دەسەڵاتێکی”بەشبەشێنەی” تائفی و قەومی دانراوە، واتە لەسەر دانانی ئیمتیاز بە شوناسنامەی تائفی و قەومی مرۆڤەکان دەناسرێنێت، هاووڵاتیبون لە دەستوری عێراق و کوردستاندا سوکایەتی پێدەکرێت، خەریکن عێراق لەلایەک لە بەردەم زۆرینەی شیعەو سونەو عەرەب، کورد دابەش دەکەن و پێناسەی دەکەن، لە لایەکی تریشەوە باس لە مافی کەمینەکانی تر دەکرێت، ئەم جۆرە لە مامەڵە بە دانیشتوانی عێراق و کوردستان، کەمکردنەوەی شکۆ و بەهاو سەنگینی واقعی ئینسانەکە، واتە کەسێک ئەتوانێ مافی ئیمتیازێکی بەرزی لە دەسەڵاتدا هەبێت، دەبێت سەر بە زۆرینە بێت، لە قوژبنێکیشدا لەخوار مەجلیسی زۆرینەوە، چەند جێگایەکیش دەبەخشن بە کەسانێک کە سەر بەکەمینە بن، دەستورێکی لەم چەشنە کە گەورەترین سوکایەتیە بە بەشەریەت، پێشوەخت و لەکاتی خۆیدا واژۆی پەسەندکراوی خودی بارزانی و تاڵەبانیە، ئێستاش بارزانی باسی نا عەدالەتی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەکات، کە ئەم دادگایەش بۆخۆی ئاوێنەیەکە لە پێکهاتەی حکومەتێکی تائیفی و قەومی، ناساندنی پێکهاتەی حکومەتی عێراق بە “فیدراڵی” هەر ئەو مانایە دەبەخشێ کە مافی هاووڵاتیبون جێگایەکی نیە لەدەستوری عێراق و کوردستاندا، مرۆڤەکان ملکەچی دەستورێکی نائینسانی و کۆنەپەرستانە کراون، سەر بەعێراق بن یا کوردستان، ملکەچی بەندەکانی دەستورێکن مافی هاووڵاتیبون و ئینسانی لێسەندراوەتەوە، بۆیە پێویستە خەڵکی موتەمەدنی عێراق و کوردستان ئەو دەستورە بپێچنەوەو بیسوتێنن، بۆ هەتاهەتایی کۆتایی بە حکومەتەکەشی بێبهێنن.




نوستالژیا/7/.. پاشتێلانە.. ستیڤان شەمزینی

بەشی حەوتەم

پاشتێلانە

دوای راپەڕینی ئازاری ساڵی ١٩٩١، کەشێکی نوێ لە کوردستان دروستبوو. ھەموو کەس لە سێ شارە ئازاد و رزگارکراوەکەی کوردستان ھەستی بە جۆرێک لە سەربەستی دەکرد، سەرەتایەکیش بوو لە کرانەوەی کوردستان بە رووی دونیادا. لەو نێوەندەدا ھەندێک لە نەریتە کۆمەڵایەتییەکان لە ژێر کاریگەریی ئەو بارودۆخە نوێیەی کوردستان گۆڕانکارییان بەسەردا ھات. پێشتر ئاھەنگی ژنھێنان، لە ماڵان و دەشت و دەر دەکرا، زۆرجاریش تەقەی خۆشی شایی دەکردە شین. لە یادمە پێش راپەڕین خزمێکمان لە پێشمەرگایەتی گەڕابووەوە دوای ئەنفال. ژنیان بۆ ھێنا، تا نەبێتەوە بە پێشمەرگە، حەوت شەو و حەوت رۆژ لە حەوشەی ماڵەکەیاندا کە ھەر حەوشەکەیان ٣٠٠ مەتر دەبوو، دەنگی دەھۆڵ و زوڕنا دەھات، منیش ھەر لە قوتابخانە دەگەڕامەوە وەک نەنکم دەیووت بۆ چڵێسییەکە خۆم دەکرد بە شاییەکەدا، ئیتر بخۆ لە ناز و نیعمەتی سێ چوار جۆر گۆشت. دوای راپەڕین، ئاھەنگی پاشتێلانە رووی کردە ھۆڵەکان، بۆ خزم و کەسی ئێمە دوو ھۆڵ زۆر نزیک بوو، ھۆڵی چۆپی و ھۆڵی پیشەسازیی، ھەردووکیان دەکەونتە سەر شاڕێی سالم لە شاری سلێمانی. ئێمە ئەوسا کۆمەڵێک کوڕ و کچی گەنج بووین، ھەموومان خاڵۆزا و پورزا و ئامۆزا و خزمی پلە یەک بووین، ھەمیشە ھەموو شاییەکمان گەرم دەکرد و جۆشێکی تایبەتمان پێدەدا، بە ھەموو جۆرە ھەڵپەڕکێیەک ئاھەنگەکەمان دەڕازاندەوە. شەڕمان دەکرد لەسەر سەرچۆپی گرتن، ئێمە باش بووین، لە شوێنانی تر لەسەر سەرچۆپی، شەڕی گەورە و خوێناوییان دروست دەکرد و ھەندێک جار دەیانکردە ئەو رۆژەی قەرەوەیسی تێدا کوژرا.
من یەکێک بووم لە گەنجە بە جۆشەکان، زۆربەی خزمان پێش ھەموو کەس کارتیان بۆ من دەنارد، تا بچمە ئاھەنگی بووک گواستنەوەیان، چونکە دەیانزانی ھەر کە ئاھەنگ دەستیپێکرد، ئەو دەستگرتنەی دەست دەگرم، تا دەرگای ھۆڵەکە دانەخەن، لە ھەڵپەڕکێ ماندوو نابم. ئەوسا ئاھەنگەکانیش سادە بوون، دی جەی و شتی وا لە ئارادا نەبوو، ماڵە ھەژارەکان تەسجیلێکی رایزنیان دەھێنا، بەڵام زۆربەی جار تیپێکی میللی بۆ ئەو ئاھەنگانە بانگ دەکران. ناوی تیپەکانم بیر نەماوە، بەڵام ئەو گۆرانیبێژانەی دەھاتنە ئاھەنگەکان و لە ئێستادا بیرم ماون، بریتین لە “میدیا حسێن، عەتا چاوشین، کەریم گوڵانی، عەلی یارە، کەمال عەلی، قالە مۆریاسی، رەزا جولەکانی، جەزا قڕگەیی، خالید سەقزی، شیروان عەبدوڵڵا، عەلائەدین حەسەن، ئەمیر حەسەن، یادگار ستار، کاروان نوری، سۆران نوری، مەحموود محەمەد، رەزا چاوڕەش، ئیسماعیلی تەپڵ، جاسمی ساز، زۆری تر”. من لەگەڵ دەنگی ھەر یەک لەو گۆرانیبێژانە ھەڵپەڕیووم، بەڵام چۆن ھەڵپەڕینێک؟ بڕوا بکەن زەوی لە ژێر پێمدا دەلەرییەوە.
ئەوسا دیاردەیەکی تر، لە ناو ئاھەنگەکاندا بوونی ھەبوو. بە تایبەت لە سەرەتای راپەڕین و چەند ساڵی دوای راپەڕین. ئەویش شەڕە پەڕۆ بوو. ھەر گروپە یان ھەر کەسە پەڕۆیەکی لە رەنگی ئاڵای حزبەکەی دەھێنا، دەیکردە سەرچۆپی، نەیارەکانیش تووڕە دەبوون، یان ریزی ھەڵپەڕکێکەیان جیا دەکردەوە یان ھەوڵیان دەدا ئاڵای حزبەکەیان بکەنە دەسڕی سەر چۆپی. بێگومان من لەگەڵ ئەوەدا نەبووم، چونکە من کەسێکی چەپ بووم، بەڵام ئەو گروپەی ئێمە، ھەمیشە پێش چوونە ئاھەنگ، پرسیاریان لە یەکتر دەکرد، ئایا تەواو ئامادەن، ھیچیان بیر نەچووە، مەبەستیان لەوە بوو کە پەڕۆ سەوزەکەیان بیر نەچێت، جار جار تەسبیحی دەنک سەوزیان دەھێنا، چونکە دەیانووت ئێستا فڵانە ناوچە وەک چالاکی دەسڕی زەردی داوەتە لایەنگرانی خۆی بۆ ئەوەی ئاھەنگەکە زەرد بکەن، پێیان ناخۆش بوو، دەیانووت ھەر دەبێت زۆرترین سەرچۆپی بە پەڕۆی سەوز بگیرێت.
جارێک لە ساڵی ١٩٩٢، چووینە ئاھەنگێک لە ھۆڵی پیشەسازیی، (ئێستا شوێنەکەی کراوە بە تەلاری کوردستان مۆڵ). ماڵی زاوا کە تازە ببوونە خزممان، خۆیان چەند پارچە پەڕۆیەکی زەردیان ھێنابوو، نەیاندەھێشت کەس بە پەڕۆی سەوز سەرچۆپی بگرێت، خەریکبوو شەڕ دروست ببێت، بەڵام لەو کاتانەدا باوکم، یادی بەخێر، ھاتە ئاھەنگەکە، سێ پێشمەرگەی خۆیشی لەگەڵدا بوو، کەوتە ناو مقۆمقۆکەوە، گەنجەکان تووڕە ببوون لەسەر پارچە پەڕۆیەک، بەڵام باوکم وتی ئادەی پەڕۆیەکی سەوز و زەردم بدەنێ تا تێکەڵاویان بکەم و سەرچۆپی پێ بگرم، ئەمەش بە لای ھەموو گەنجەکانەوە سەیر بوو. باوکم بە تووڕەییەوە وتی: من فەرماندەیەکی سەربازییم و کەسیشتان نییە لە من زیاتری چەشتبێ بەدەستی پارتی و یەکێتی، بۆیە ئەو پەڕۆ تێکەڵاوە دەکەمە سەر چۆپی تا پێتانبڵێم پەڕۆی سەوز و زەرد ھەر پەڕۆیە و نابێتە زیو. بەمەش شەڕەکە کۆتایی پێھات. منیش تەنیا سەیری وەزعەکەم دەکرد، پێم خۆشبوو، تەنیا ئاھەنگەکە بەردەوام بێت. بەڵام خۆشبەختانە ئاھەنگەکە بەردەوام بوو.
جگە لەمانە، ئەوسا ئێمە ئەو پاشتێلانە و جۆرە ئاھەنگانەمان دەکردە شوێنی مێبازیی، حەزمان دەکرد، خێرا رۆژی ئاھەنگ بێتە پێشەوە، بە دڵنیاییەوە دەرفەتێکی باشی بە ئێمە دەبەخشی بۆ ئەوەی راوی دڵی کچان بکەین. لەوەش خۆشتر ئەوەیە، من و یەک دوو ھاوڕێی تر کە نامەوێ ناویان بھێنم چونکە پرسم پێنەکردوون تا ناویان ئاشکرا بکەم، ئەوەندە بە جۆش و زەوق بووین، خوا وەکیلانە خۆمان دەکرد بە ئاھەنگی خەڵکی تردا. زۆرجار دەچووینە ئاھەنگی کەسانی نەناسراو. بیرم دێتەوە زۆربەی جار، دەچووینە حانووتەکە و فەردە لەفەمان بەسەر ئامادەبوواندا دابەش دەکرد. جا ئەگەر بە بیرتان بێتەوە منداڵ وەک چۆن مێش و مەگەز لە شیرینی دەئاڵێن ئاوھا لە فەردە بەدەست دەئاڵن و بە دوایدا رایاندەکرد بۆ ئەوەی لەفەیەک زیاتر وەربگرن.
جا زۆرجار کە دەچووینە، ئاھەنگی ئەو خەڵکە نەناسراوانە، لەگەڵ بووک و زاواش وێنەمان دەگرت، بۆ ئێمە ھیچی تێ نەدەچوو، ھەموو شت لەسەر حسابی ئەبوشوارب “زاوا” بوو. لەم ماوەیەشدا سەیری ئەلبومی تازە خزمێکم دەکرد، لە ناکاو چاوم بە وێنەیەکی خۆم و “ئا”ی برادەرم کەوت، لەگەڵ بوک و زاوایەکدا. منیش یەکسەر پرسیارم کرد، وتم ئەرێ ئەو بوک و زاوایە کێن؟ تازە خزمەکەمان کە بەھۆی ژن و ژنخوازییەوە بۆتە خزممان، وتی ئەوە “س” برامە، ئێستا لە ھۆڵەندا دەژی!! منیش وتم ئەی ئەو دوو کەسەی تەنیشتی کێن، وتی بڕوا بکە، نازانم بەڵام لەوە دەچێت خزمی ماڵی براژنم بن. منیش وتم جوان دیقەت بدە، بزانە کەسێکیان لە من دەچێت، ھەوڵیدا بڕوا بکات، کەسێکیان لە من دەچێت، بەڵام خۆی پێ رانەگیرا و دەستی خستە سەر برادەرەکەم و وتی، ئەوە کەمێک شێوەی تۆی تێدایە. منیش بێ ھیچ پێشەکی و روونکردنەوەیەک وتم نەخێر ئەوی دووەمیان منم، دەزانم ئەو ئاھەنگە لە کوێ بوو. ساڵی ١٩٩٦ بوو، لە فڵانە ھۆڵ و ئەمیر حەسەن لەوێ گۆرانی دەوت، لەگەڵ کاک ئەمیریش وێنەمان گرت ھەر لەسەر حسابی براکەی تۆ.
پاش کەمێک بێنە و بەردە، توانی بڕوا بکات کە ئەو کەسەی لە وێنەکەدایە منم، منیش ھەموو چیرۆکەکەم بۆ گێڕایەوە و ساتێکی پڕ لە پێکەنینمان لەگەڵ ئەو یادەوەرییە بردە سەر، بەڵام لە ناکاو لاپتۆکەی ھێنا و ھەندێک لە وێنە نوێیەکانی براکەی نیشاندام لە ھۆڵەندا و لە کوردستان و لە ھەندێک وڵاتی تر. کاتێک بە تەواوەتی لە وێنەکە ورد بوومەوە، کاکی زاوا زێڕینەی جاران، سەری بووە بە تاسی موسڵ و تەواو ئەسڵەح بووە، بوکە خانیش بە قەدەر مامۆستایەکی رەزا گرانی پێشوومان قەڵەو بووە و بە مانای وشە بووە بە ژنێکی خان ومان، کە سەیری کچە نۆبەرەکەیم کرد، ھێندە بەخۆ و گەورە بووە، لە سلێمانی بووایە دەمێک بوو ئەویشیان بە شوودا بوو. بۆیە لەبەر خۆمەوە وتم، تۆبڵێی منیش پیر بووبم؟.

سەرنج: کۆی ئەم نوستالیژیانە لە بەھار و ھاوینی ساڵی ٢٠١٢دا نووسراون.

تێبینی: ئەم بەشەی نوستالیژیا له بەرگی سێیەمی کتێبی (قوتووی عەتار) لە لاپەڕە 517-520 بەشێوەی کتێبی کاغەز بڵاوکراوەتەوە.




ژیان نامەی شاعیری کورد مستەفا بەگی کوری مەحمود بەگ ناسراو بە کوردی).. سامان خدر

        

    مستەفا بەگی کوڕی مەحموود بەگی ژیان ساحێبقەرانە ناسراو بە کوردی، لە ساڵی ١٨٠٩یان ١٨١٢لە سلێمانی لەدایک بووە، ھەر لە سلێمانی لە ساڵی ١٨٥٠ زایینی کۆچی دوایی کردووە و لە گردی سەیوان نێژراوە. ھەڵبەستوان وەکوو منداڵانی سەردەمەکەی خۆی لە حوجرە فێری خوێندەواری بووە، بەڵام درێژەی بە خوێندن نەداوە بۆ ئەوەی ببێتە مەلا. مستەفا بەگی کوردی بە یەکێک لە کۆڵەکەکانی قوتابخانەی شیعری بابان لە قەڵەم دەدرێت و یەکێک بووە لە پەیڕەوانی تەریقەتی قادری، بەڵام بەداخەوە بەرھەمێکی کەمی ھۆنراوەوان کەوتووەتە دەست خوێنەران جگە لەوەش کە ناوی ھۆزانڤان لەتەک نالی و سالمەوە دێت، بەڵام وەکوو پێویست ئاوڕی لێنەدراوەتەوە.

(لایەنە شاراوەکانی ژیانی)

گەلێک لایەنی شاراوەش ھێشتا پەردەی لەسەر ھەڵنەدراوەتەوە کە ئەوەش وایکردووە گەلێک شتی ئەفسانە تێکەڵ بە ژیانی مستەفا بەگی کوردی بکرێت کە ھیچ بنچینەیەکی زانستیی نییە. گوایە مستەفا بەگ عەشقی قەدریە ناوێک بووە، ئەو قەدریە بووەتە سەرچاوەی ئیلھامی شیعری مستەفا بەگ. دەگێڕنەوە کە مستەفا بەگی کوردی بە شای ئێران گەیشتووە، لەگەڵ ئاقانی ھەڵبەستوانی گەورەی ئێران شەڕەھۆنراوەی کردووە، شای ئێران گەلێک سەرسام بووە بە کوردیی، گەرچی ئەو گێڕانەوەیە جێگای گومانە و عەقڵی مرۆڤ بۆی ناچێت کابرایەکی کوردی خەڵکی بابان بگاتە شای ئێران و لەوێ لە مەجلیسی شادا کابرایەکی سونیی مەزھەب ھێرش بکاتە سەر مەزھەبی شاە ئاقانی ھەڵبەستوان، بەڵام ھەرچۆنێکیش بێت ئەوا ھەرگیز لە شاعیرییەتی و ھەڵوێستی مستەفا بەگ کەم ناکاتەوە، بەڵام مستەفا بەگ کە ئاوارەی ئێران کرابێت ئاسان نییە بگاتە شای ئێران، جگە لەوەش لە دیوانەکەی کە ئێستا لەبەردەستدایە ھیچ ئەوە نادەنە دەست کە گەیشتووەتە کۆشکی شاھانە و شەڕەھۆنراوەی لەگەڵ قائانیدا کردبێت. ناوی قادر گەلێکجار لە ھۆنراوەکانی کوردی بەکار ھاتووە، بێ ئەوەی بە تەواوی ساغ کرابێتەوە ئەو قادر ناوە کێیە؟




رۆژنامەی رەوت ژمارە ٢٨

بۆ خوێندنەوەی ژمارە ٢٨ی رۆژنامەی رەوت کلیکی ئێرەبکەن..




بەشێک لە نامەی مارکس بۆ باوکی.. وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: نەوزاد مدحەت ( گۆران عەبدوڵڵا)

دۆزینەوەی هیگڵ(١)

لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٨٣٧؛ پاش دەستپێکردنی خوێندن لە زانکۆی بەرلین، مارکس نامەیەکی درێژ بۆ باوکی دەنووسێت، لەوەدەچێت لە تەمەنی نۆزدە ساڵیدا دوو پەیوەندی گرنگ لە ژیانیدا پەیداببوون : پەیوەندییەکی خۆشەویستی لەگەڵ جینی کە بە هاوسەرگیری کۆتایی هات، ئەوەی دووەمیشیان پەیوەندییەکی فکری بوو لەگەڵ هیگڵ کە بە مارکسیزم کۆتایی هات.

نامەکەی مارکس بۆ باوکی

ساتگەلێک هەیە لە ژیاندا، وەک ئەو تابلۆ سنوورییانە وان کە پێش تەواو بوونی کاتەکە چەقێنراون و لە هەمان کاتدا زۆر بە ڕۆشنی رێگەیەکی نوێت پێ نیشان دەدەن. لەم شێوە گۆڕانانەدا وا هەستدەکەین و ناچارین بە چاوێکی هەڵۆییانەوە بڕوانینە ڕابردوو داهاتوومان بۆ تێگەشتنێکی هزرییانە لە پێگەی ئەمڕۆمان. بەدڵنیاییەوە، مێژووی جیهان بۆ خۆی ئارەزووی لەم جۆرە ئاوڕدانە و پشکنینانەی هەیە کە زۆر جار لە شێوەی گەڕانەوە و چەقبەستن خۆی دەنوێنێت، بەڵام لە ڕاستیدا تەنها پاڵی لێداوەتەوە بۆ بیرکردنەوە لە خۆی و قووڵبوونەوە لە چالاکییە هزرییەکانی و کارە ڕۆحییەکان. بەهەرحاڵ تاک لەم کاتانەدا هەستێکی شاعیرانە دایدەگرێت، هەمووگۆڕانێک بەشێکە لە گۆرانییەکی ماڵئاوایی، بەشێوەیەک دەرگا بە ڕووی شیعرێکدا دەکاتەوە کە هەوڵدەدات شێوەیەکی تەڵخ وەرگرێت، بەڵام بەڕەنگێکی گەشەوە. لە ساتێکی وادا ئاواتەخوازیین پەیکەرێک بۆ ئەو یادەوەرییانە درووستبکەین کە پێشتر تێیدا ژیاوین، ڕەنگە بمانگەڕێنێتەوە بۆ خەیاڵی ئەو شوێنانەی لە جیهانی کرداردا لەدەستدراون؛ بەڵام لە کوێ دەتوانیین شوێنێک پیرۆزتر لە دڵی دایک و باوکمان بدۆزینەوە، ئەوانەی نەرمترین دادوەرەکان و بەشداربووەکەی ناوەوەی ناخمانن، ئەم نزیکترین هاوسۆزانە وەک خۆری خۆشەویستی ئاگرەکەی ناوەندی تێکۆشانمان گەرمتر دەکەن!چەندە باشتر دەتوانیین ئەو ڕاستکردنەوە و لێبووردنانە بە شێوەیەکی بنەڕەتی بدۆزینەوە لەبەرانبەر ئەو سەرزەنشت و ڕەتکردنەوانەدا؟ چەندجار یارییە شەڕانییەکان لە ڕێگەی ڕێکەوتەوە سێبەر دەخەنە سەر دڵە شکاوەکان؟
باوکی باشم، پاش ئەو ساڵەی لێرەم بەسەر برد و ئەو تێبینیانەی لام گەڵاڵە بوون، بەو شێوەیە لە ئێمزەوە( Ems ) (٢)وەڵام بە نامە شیرینەکەتان دەدەمەوە. ڕێگام پێبدە دۆخی خۆمت بۆ بنووسم وەک خۆی, وەک ئەو ڕوانینەی هەمە بۆ ژیان، وەک دەربڕینێک لە چالاکی ڕۆحی، کە لە هەموو لایەنێکەوە گەشە دەکات، لە زانست، هونەر و کاروبارە تایبەتییەکان. کاتێک بەجێم هێشتیت جیهانێکی نوێ بۆ من لە دایک بوو، جیهانی خۆشەویستی، لەڕاستیدا خۆشەویستی لە سەرەتادا سەرخۆشە بە عیشق و خاڵییە لە هیوا.
زۆر دڵخۆشبووم بە گەشتەکەم بۆ بەرلین، پێزانینمی وروژاند بۆ سرووشت. ژیانی لا خۆشەویست کردم و بە ساردی بە جێیهێشتم. لە ڕاستیدا خستمییە ناو دۆخێکی پێکەنیناوییەوە، چونکە ئەو شاخە بەرزانەی دەمبینین بەرزتر و ترسناکتر نەبوون لەو هەستانەی ڕۆحی من، شارە پان و پۆڕەکان گەرمتر نە بوون لە خوێنی من. مێزی باڕەکان پڕتر نەبوون یان شایانی زیاترتێگەشتن نەبوون لەو خەیاڵانەی لەگەڵ خۆمدا هەڵمگرتبوون، لەکۆتاییدا هونەر جوان تر نییە لە جینی. کاتێک گەیشتمە بەرلین، هەموو پەیوەندییەکانی پێشوتری خۆمم پچڕاند، چەند سەردانێکی کەمم کرد بۆ هەندێ شوێن بێئەوەی هیچ چێژێکیان لێوەرگرم، هەوڵمدا خۆم ون بکەم لە ناو زانست و هونەردا. بەپێی ئەو دۆخە ڕۆحییەی لەو کاتەدا تێیدا بووم، یەکەم شتێک یان لایەنی کەم ئاسانترین و چێژ بەخشترین شتێک کە هەڵمبژارد و گرنگیش بوو شیعری لیرکی بوو. بەڵام ئەو بارودۆخەی تا ئەو کاتە تێیدا بووم وایکرد کارێکی نموونەیی تەواوبێت. بەهەشتەکەم، هونەرەکەم، بوو بە دوورگەیەک لەودیو، هەر وەک خۆشەویستی من. هەموو شتێکی ڕاستەقینە کاڵ بووەوە و هەموو شتە کاڵبووەکان سنوورەکانیان لەدەست دەدەن. هەموو ئەو شیعرانەی سێ بەرگی یەکەم کە جێنی لە منەوە وەریگرتووە، لە کاتی ئێستادا هەست دەکەیت کۆمەڵێ وشەی بێ چوارچێوە و بێ گیانی فڕێدراون و هیچ شتێکی سروشتی نین و ئەڵێی لەسەر ئەستێرەیەکی ترەوە هۆنراونەتەوە. رکابەری تەواو وەک ئەوەی هەیە یان دەبێت ببێت، ڕامانێکی بەلاغی لە جیاتی بیرکردنەوەیەکی شاعیرانە، بەڵام پڕ لە هەستێکی گەرم بۆ کێشمەکێشێکی زیندوو. تەواو بەڕادەی حەسرەتێک کە هیچ سنوورێکی نییە، لە زۆر فۆرمدا دەربڕین دەدۆزێتەوە و “پێکهاتەی شیعری” دەکاتە تەنها “بڵاوبوونەوە”. بەڵام شیعر دەکرێت یان دەبێت تەنها هاوڕازبێت. ناچاربووم وانەکانی دانایی بخوێنم و سەرباری ئەوەش هەستم دەکرد لە ململانێدام لەگەڵ فەلسەفە. ئەمانە زۆر بە یەکەوە گرێدرابوون، لە سەرێکەوە دەبووایە وەک قوتابییەک بە بێ هیچ ڕەخنەیەک ئەم سەرچاوانە Heineccius و Thibaut (٣ و ٤) بخوێنمەوە، بۆ نمونە هەستام بە وەرگێڕانی دووبەشی Pandects (٤)(تەواوی کۆدە یاساییەکانی سیستمی بەڕێوەبردنی دەوڵەت -وەرگێڕ) بۆ زمانی ئەڵمانی، لە لایەکی ترەوە هەوڵمدا فەلسەفەی ماف لە ناو هەموو بوارەکانی یاسادا دیاری بکەم. هەروەها چەند پێشنیارێکی میتافیزیکییانەم وەک پێشەکییەک هاوپێچکرد، بەداخەوە بەردەوام بووم لەم کارەم تا گەشتمە یاسا گشتییەکان کە خۆی لە ٣٠٠ لاپەڕە دەدات. لە هەموو شتێک زیاتر، ئەوەی لێرەدا دەرکەوت هەمان رکابەری نێوان واقیع و ئەگەری نامۆبون بە ئایدیالیزم بوو، ئەمە لە خۆیدا ناڕێکییەکی جدی بوو کە بوو بە هۆکاری دابەشبونێکی نەخوازراو. سەرەتای هاتنم دڵخۆشبووم بە میتافیزیکییەتی یاسا، واتە پێشنیارە بنەڕەتییەکان،ڕەنگدانەوەکان و دیاریکردنی ئەو چەمکانەی کە لە هەموو فۆرمێکی ڕاستەقینەی یاسا جیاکرابوونەوە، هەروەکوو لای فیختە، تەنها لە لای من نوێ و کەم ناوەڕۆک بوو. سەرباری ئەوەش، فۆرمێکی نازانستی دۆگماتیزمی بیرکاری لێرە و لەوێ بە بابەتێکەوە دەئاڵێت و هەرگیز بابەتەکە بەشێوەیەکی زیندوو دەوڵەمەند فۆرمۆڵە ناکات – هەر لەسەرەتاوە ڕێگربووە لە بەردەم تێگەشتن لە ڕاستییەکان. سێگۆشە رێگە بە ماتماتیکزان دەدات هەم بنیاد بنێت و پیشان بدات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەک بیرۆکەیەکی ڕەها لە بۆشاییدا دەمێنێتەوە لەوە زیاتر گەشەناکات. مرۆڤ دەبێت لەگەڵ شتەکانی تردا بیانخاتە پاڵ یەک و پاشان هەڵوێستی تر وەربگرێت، کاتێک جیاوازییەکان دەخرێنە سەر یەکتر لەخۆیدا دەبێتە مایەی پەیوەندی زیاتر و ڕاستی جیاواز. بە پێچەوانەی ئەوەوە، لە پێناسەیەکی کۆنکریتی سەبارەت بە جیهانی زیندوو، وەک ئەوەی هەیە لە یاسا، دەوڵەت، سروشت و هەموو فەلسەفەکان، دەبێت خوێندنەوەی بابەتییانە بکرێت بۆ گەشەی ئامانجەکان، ڕەنگە لێکترازانی ئارەزوومەندانە نەیەتە پێشەوەو هۆکاری شتەکە خۆی دەبێت وەک شتێک ئاشکرا بکرێت، شتێک پڕاوپڕە لە دژایەتی و دەبێت هەر لە خۆیدا، یەکێتیی خۆی بدۆزێتەوە..
………………..
………………..

پەردەکە کەوتە خوارەوە و پیرۆزی پیرۆزییەکانم بەسەریەکدا کەوتن و دەبوو خوداوەندێکی نوێ لە شوێنی دابنێمەوە. هەر بەو بۆنەیەوە لە ئایدیالیزمەوە دەستم پێکرد و بەراورد و ئاوێزانم کرد بە ئایدیالیزمەکەی کانت و فیختە، گەیشتمە ئەو باوەڕەی ئەگەر خودا پێشتر لە سەروی زەوی بوو ئێستا لە چەقەکەیەتی. ناوە ناوە فەلسەفەی هیگڵم خوێندەوە، شێوە وشک و برینگەکەی وایکرد سەرنجم رانەکێشێت. جارێکی تر هەوڵمدایەوە نوقمێکی قووڵی ئەو دەریایە ببم، بەڵام بە نییەتی جێگیرکردنی ئەوەی کە سروشتی زەین بە هەمان شێوەی سروشتی جەستەیەکی پتەو پێویست و گرنگ و کۆنکریتە. ئامانجم پراکتیزەکردنی فێڵەکانی شمشێر بازی نەبووە، بەڵکو هێنانی مرواری ڕاستەقینە بوو بۆ ڕۆژی ڕووناک. وتوێژێکی بیست و چوار لاپەڕەیم نووسی : ( فەیلەسوف کلیانثس(Cleanthes)(٥) یان خاڵی سەرەتا و بەردەوامی زەرورەتی فەلسەفە). لێرەوە هونەر و زانست کە بەتەواوی لێکتر جیا بووبوونەوە، تاڕادەیەک یەک دەگرنەوە، وەک گەڕۆکێکی چالاک ئەو کارەم بە ئەنجام گەیاند. واتە دانانی دیالیکتیکی فەلسەفی لاهوت وەک فکرێک خۆی لە خۆیدا بەیان دەکات چ وەک دین و سروشت و مێژوو. ئەوگەڵاڵەیەم وەک سەرەتایەکی نوێبوو بۆ سیستەمی هیگڵی.
ئەم کارە وایکرد ئاشنایەتییەکی زیاتر پەیدابکەم بە زانستە سروشتییەکان و شیلینگ (Scheling)(٦) و مێژوو، سەرئێشەیەکی زۆری بۆ دروستکردم کە لە کۆتاییدا سەرو خواریم بۆ لێک نەدەکرایەوە، ئەو مناڵە خۆشەویستەم بە شێوەیەکی سروشتی لە ژێر تیشکی مانگدا دەژیا وەک ساحیرێکی فێڵباز دەمخاتە باوەشی دووژمنەکانم. بۆ چەند ڕۆژێک تەواو بێزار بووبووم و دەستەوەستان بووبووم لە بیرکردنەوە، وەک سەرشێتێک بەناو ئەو باخەدا کە نزیک ئاوە پیسەکەی ڕووباری سپرەیە دەسوڕامەوە؛ کە ( خەم رەوێنەو روح پاکدەکاتەوە)،تەنانەت لەگەڵ خاوەن خانووەکەمدا چووم بۆ ڕاو، دوواتر بە پەلە چووم بۆ بەرلین، ئارەزووم بوو هەموو ئەوانە لە سووچی جادەکان وەستابوون لە باوەشیان بگرم. پاش ماوەیەکی کەم دووبارە دەستم دایەوە بە خوێندنەوەیەکی چڕو پڕ، خوێندنەوەی ساڤینگی(Savigny)(٧) سەبارەت بە موڵکایەتی، فیورباخ و کارەکانی گرۆڵمان (Grolmann) (٨) سەبارەت بە یاسای تاوان،
هەروەها بە شێوەیەکی تایبەت بەشێک لە کارەکانی لۆترباخ سەبارەت بە یاسا مەدەنییەکان و یاسای کڵێسام خوێندەوە..
دوواتریش بەشێک لە ڕەوانبێژێکەی ئەرستۆم وەرگێڕا، لە ئێستادا خۆم سەرقاڵی خوێندنەوەی کتێبەکەی رایمارس کردووە سەبارەت بە غەریزە هونەرییەکانی ئاژەڵان کەلە ڕاستیدا چێژێکی زۆرم لێوەرگرتووە.. دڵتەنگیم بە ناساغبوونی جینی و بێ بەرهەمبوونی کارە هزرییەکانم وایانکرد لە خۆم توڕەبببم و دواتریش نەخۆش کەوتم.
باوکی ئازیزم، هەروەکوو ئەوەی بۆم نووسی بووی پاش چاکبوونەوەم هەموو ئەو شیعر و سەردێڕانەی بۆ نووسینی ڕۆمان هەمبوون، هەموویانم سووتاند. بەو بڕوایەی کە سنوورێک دادەنێم بۆ ئەم شێوە نووسینانە. بەهەرحاڵ ددانی پیادەنێم بەوەی کە تا ئێستا پێچەوانەکەیم نەخستۆتەڕوو. بە سوود وەرگرتن لەکاتی نەخۆشییەکەم، هیگڵم لە سەرەتاوە بۆ کۆتایی ناسی لەگەڵ زۆربەی قوتابیەکانی. لە رێگەی چەند کۆبوونەوەیەکەوە لە شترالو، بوومە ئەندامی یانەی دکتۆرەکان کە هەندێک لە ئەندامەکانی وانە بێژی زانکۆن و هاوڕێمن لەوانە دکتۆر ڕۆتنبێرگ. لێرە گوێت لە زۆر ڕای جیاواز و دژ بەیەک دەبێت. زۆرترین مشتومڕەکان سەبارەت بە فەلسەفەی جیهانی مۆدرێن بوو؛ کە بیرم لێکردۆتەوە خۆمی لێ دەرباز بکەم.
…………
…………

کوڕی خۆشەویستت
کارڵ

باوکی ئازیزم، تکایە ببورن لە شێوەی دەست و خەتی خراپم، کاتژمێر چواری بەیانییە، مۆمەکەم لە تەواوبوونەو چاوەکانم تەواو ماندوون؛ نا ئارامییەک هەموو مێشکی داگرتووم، ناتوانم بحەسێمەوە تانەگەڕێمەوە لای ئێوەی خۆشەویست.
تکایە سڵاوم بگەیەنە بە جێنی شیرین و ئازیز. نامەکەیم دوازدەجار خوێندۆتەوەو هەرجارەی دەیخوێنمەوە وشەی شیرینتری تێدا دەدۆزمەوە. نامەیەکە لە هەموو ڕوویەکەوە دەتوانم بڵێم جوانترین نامەیە کە ژنێک نووسیبێتی.

—————————————

پەراوێزەکان وەرگێڕ ئامادەی کردوون:

(١)ئەم نامەیە درێژترە وەک ئەوەی لێرە تەرجەمە کراوە، بەڵام ئێمە تەنها ئەو بەشانەمان لێ تەرجەمە کردووە کە پەیوەستن بە خۆشەویستی ئینسان و ئەدەب و هونەر و نووسین.

(٢)باد ئێمز؛ شارۆچکەیەکە لە شاری ڕاینلاند-پالاتیناتی ئەڵمانیا. شوێنی کارگێڕی ناوچەی گوندنشینی ڕاین-لانە و وەک کانیاوی دەوڵەمەند بە کانزاکان لەسەر ڕووبارەکە ناسراوە.

(٣)ئەنتۆن فریدریش جۆستۆس تیبوو ( ١٧٧٢ – ١٨٤٠)؛ لە شاری هامێلین لە شاری هانۆڤەر لەدایک بووە و کوڕی ئەفسەرێکی سوپای هانۆڤەر بووە و بە ڕەچەڵەک هوگێنۆتی فەرەنسی بووە. دوای خوێندن لە هاملن و هانۆڤەر، تیبوو وەک خوێندکاری فیقه دەچێتە زانکۆی گۆتینگن، لەوێوە دەچێتە کۆنیگسبێرگ و لەوێ لە ژێر دەستی ئیمانوێل کانت خوێندوویەتی و دواتر بۆ زانکۆی کیل، لەوێ هاوخوێندکار بووە لەگەڵ نیبوهر. لێرەدا بڕوانامەی دکتۆرای لە یاسا وەردەگرێت

(٤)جۆهان گۆتلیب هاینێکسیوس(١٨٦١ – ١٧٤١)؛ لە لایپزیگ ئیلاهیاتی خوێندووە، لە شاری هالیش یاسای خوێندووە. جۆهان لە ساڵی ١٧١٣دا وەک مامۆستای فەلسەفە و لە ساڵی ١٧١٨دا وەک مامۆستای فیقه دەستنیشانکرا. دواتر لە فرانێکر لە هۆڵەندا و لە فرانکفۆرت کورسییە یاساییەکانی پڕکردەوە، بەڵام دواجار لە ساڵی ١٧٣٣ وەک پرۆفیسۆری فەلسەفە و فیقه گەڕایەوە بۆ هالی.

(٥)پاندێکتس؛ تەواوی کۆدە یاساییەکانی سیستمی بەڕێوەبردنی دەوڵەت.

(٦)فریدریش ویلهێلم جۆزێف ڤۆن شێلینگ(١٧٧٥ – ١٨٥٤)؛ فەیلەسوفێکی ئەڵمانی بوو. مێژووە ستانداردەکانی فەلسەفە وای لێدەکات ببێتە خاڵی ناوەڕاست لە گەشەسەندنی ئایدیالیزمی ئەڵمانیدا، کە لە نێوان یۆهان گۆتلیب فیختە و جۆرج ویلهێلم فریدریش هیگڵ، لێکدانەوەی فەلسەفەی شێلینگ بەهۆی سروشتی پەرەسەندنی فەلسەفەکەیەوە بە قورس سەیر دەکرێت.

(٧)کاڕڵ فریدریش ڤۆن ساڤینی ( ١٧٧٩ – ١٨٦١)؛ کارل فریدریش ڤۆن ساڤینی لە ١٩ی ئەیلوولی ١٨١٤ لە بەرلین لەدایکبووە، باوکی زانای یاسایی فریدریش کارل ڤۆن ساڤینی بووە، کە ئەوکات ئەندامی ئەنجومەنی تایبەتی دادگای تێهەڵچوونەوە بووە، ئەندامی ئەنجومەنی دەوڵەتی پرۆس بووە و مامۆستا بووە لە زانکۆی بەرلین. لە بەرلین و میونشن و پاریس یاسای خوێندووە.

(٨)گرۆڵمان ( ١٧٧٧ – ١٨٤٣)؛ گرۆلمان لە شاری بەرلین لەدایکبووە. هەر لە تەمەنی سێزدە ساڵیدا بووتە سەرباز و چووە ناو فەوجێکی پیادە، لە ساڵی ١٧٩٥ وەک ئەفسەر، لە ساڵی ١٧٩٧ وەک لیوای دووەم، لە ساڵی ١٨٠٤دا پلەی لیوای یەکەم و لە ساڵی ١٨٠٥دا کاپتنی ستاف. ئەو بەهۆی کارەکتەری وزەبەخش و چاونەترسی خۆیەوە پێش جەنگی ساڵی ١٨٠٦ وەک ئەفسەری ستاف لە جێنا تا ئاشتی تیلسیت کاری کردووە و پلەی مەیجری بەدەستهێناوە. دوای ڕووخانی پرۆسیا، گرۆلمان یەکێک بوو لە چالاکترینەکان وەک یاریدەدەرانی شارنهۆرس لە کارەکانی ڕێکخستنەوەی وڵات.

——————————–

سەرچاوە:
The Marx – Engels Reader, Edited by Robert C. Tucker, Princeton University , Second edition , New York , London , 1978 page 7-11

—————————

ئەم بابەتە لە ژمارە ٢٨ی رۆژنامەی رەوت بڵاوبۆتەوە..




هەڵەی لۆژیکی نیوتن.. دڵشاد کاوانى

بۆچى لۆژیکی بنچینەیی یاساکانی نیوتن فیزیازانانی جیهان تێناگەن

بۆ تێگەیشتن لە بنەچەی یاساکانی نیوتن، پێویستە لە خودا تێبگەین، زیاتر لە ٤٣٠٠ نەتەوەی جیاواز لە جیهاندا هەن، وەک مەسیحی، ئیسلام، کاسۆلیکی، هیندۆسی، جوولەکە، بودا و هتد دەتوانین وەسفی بکەین، بەڵام کاتێک نیوتن دۆزییەوە یاساکانی جووڵە کە پێی دەگوترا خۆر، بانگهێشتی ئەم خودایەی کرد کە دەیەوێت کۆمەڵەی خۆر بجووڵێنێت، هەموو فیزیکزانەکان و زانایانی تری سروشتی و کۆمەڵایەتی و پاپاکان و مرۆڤە ئاساییەکان دەیانزانی کە کۆمەڵەی خۆر لە جووڵەدایە جگە لە نیوتن . لە چاوی نیوتندا خوێندەوارییەکی وا سادە لەلایەن کەسانی دیکەوە دەزانرێت، بەڵام خودا نایزانێت .

وردەکارییەکان بەم شێوەیەن:

{1}- لە یاساکانی نیوتندا هێزە دەرەکییەکان، واتە ئەو هێزانەی کە لە دەرەوەی تەنێک بوونیان هەیە، بۆ جوڵەی هەموو تەنەکان جەوهەرین. بە تێڕوانینی نیوتن، لە ڕووی لۆژیکییەوە ئەوە خودا نییە کە نیوتنی بەخشیوە، نەک تەنها ئایینی مەسیحی بەڵکو هەر ئایینێکیشی بەخشیوە، {خودا هەموو زانا و هەموو توانا و هەموو جۆرە}، لەم حاڵەتەدا مەحاڵە خودا باوەڕی بەوە هەبێت کە گەردوون لە ساڵی ١٦٨٤دا نەجووڵایەوە. بەڵام مرۆڤایەتی سادە باوەڕی پێی هەبوو. ئەمەش دەتوانرێت لەوە دەربکەوێت کە ئەوان بە ڕێزەوە گوێیان لە یاساکانی نیوتن گرتووە و ستایشیان کردووە. لە ڕوانگەی هەموو ئایینەکانەوە بە مەسیحییەتیشەوە، نەک هەر نیوتن، بەڵکو هەموو ناودارترین مرۆڤەکان پێیان وایە دەبێت خودا بنیات بنرێت بۆ ئەوەی بڵێن ئەگەر خودا ڕازی بێت، ئەگەر ئەمە بکات، ئەگەر ئەم کارە بکات، ئەگەر شتەکان بە ئاسانی بەڕێوە بچێت، بەڵام… تا ئێستا هیچ پێغەمبەرێک خودای دروست نەکردووە، واتە نیوتن بانگەوازکردن بۆ خودا بۆ دانانی کاتژمێرێکی میکانیکی لە جووڵەدا ساختەکارییە لە فیزیای کلاسیکدا .

{2}- ئەو مادەیەی باس لە بانگەوازی نیوتن بۆ خودا دەکات لە تیۆری خۆلێدانی گەردوونی کوچیدا شاراوەتەوە لەگەڵ یاساکانی نیوتن کە لە {بنەمای بیرکاری فەلسەفەی سروشتی}دا بڵاوکراوەتەوە کە لە ساڵی ١٦٨٤دا بڵاوکراوەتەوە. چونکە بانگەوازی نیوتن بۆ {جووڵەی یەکەمی کوچی} بە شێوەیەکی لۆژیکی لە {کتێبی پیرۆزەوە هاتووە } لەو کاتەوە هەموو دۆزینەوەکانی ئەرستۆ و بەتلیمۆس و کۆپەرنیکۆس و کیپلەر و گالیلۆ سەبارەت بە گەردوونی جووڵاو دەتوانرێت بە شێوەیەکی لۆژیکی ڕەت بکرێتەوە. هۆکاری ئەوەی ئێمە ئەمە دەڵێین ئەوەیە کە لە ڕوانگەی نیوتنەوە جووڵەی هەموو ماددە لە گەردووندا لە ساڵی ١٦٨٤ دەستی پێکردووە کاتێک بانگەوازی بۆ خودا کردووە، لە ڕوانگەی ئەوەوە پێش ئەوە هەموو ماددەیەک بە شێوەیەکی میکانیکی نەجووڵاوە، واتە لە ڕوانگەی نیوتن خودا ئەوەی دروستی کردووە، کە گەردوونێکی بێ جووڵەیە. بەڕاستی خودا چالاککردنی گەردوونی لەبیرکرد. یان ئەمە کە تێناگات. لایەنگری تیۆری نیوتن، کۆلێژی مەسیحی زانکۆی کامبریج (چەند ساڵێک لەمەوبەر، دینگیاپینگ، شاژنی تیکتۆکمان، بڕوانامەی دکتۆرای لەم زانکۆیە وەرگرتووە) ماوەی ٣٢٠ ساڵە پشتگیری لە بۆچوونەکانی نیوتن دەکات. بوونی یاساکانی نیوتن بەڵگەیە لەسەر ئەوەی نیوتن لە ئایینی مەسیحیدا بزوێنەری سەرەکی لە خودا وەرگرتووە. بۆیە یاساکانی نیوتن بە شێوەیەکی دانەبڕاو پەیوەستن بە ئایینی مەسیحییەوە و بۆچی هەڵەیەکی وا سادە و بێ بایەخ لەلایەن ملیۆنان زانای جیهانەوە دەستنیشان نەکرێت، ڕەنگە ئەمە هۆکارەکەی بێت. ئەم فیزیازانە جووڵە لە ماددە جیا ناکەنەوە، کە ئەمەش شێوازی سادەی بیرکردنەوەی مارکسیزمە، ماددە ( واتە کۆمەڵەی خۆر، کاتژمێرێکی میکانیکی گەورە ) سەرەتاییە، و هۆشیاری ( واتە ئاگایی نیوتن ) لاوەکییە، لەوانەیە هەبێت هۆکارێک بێت بۆ ئەوەی نیوتن خوێندەواری سادەی نەهێنایە ناو فیزیای کلاسیکەوە، باوەڕ وایە زانایانی جیهان و مەسیحییەکان و خودا گێل کراون، ئەگەر پێت وایە {خودا هەموو شتێک دەزانێت، مەحاڵە نیوتن بانگی خودا بکات}، چۆن ئایا ئەم کاتژمێرە کار دەکات، کاتێک مرۆڤایەتی تەنها دان بەوەدا دەنێت کە ئەم کاتژمێرە بەڕاستی بوونی هەیە، دەکرێت سەرلێشێواو بێت، کۆمەڵەی خۆر لەلایەن خوداوە دانراوە بۆ جووڵە، کاتژمێری میکانیکیش لەلایەن نیوتنەوە دانراوە بۆ جووڵە، ئەمە تەنها بیرکردنەوەیەک. کاتژمێرەکە بوونی نییە و تەنانەت ئەگەر کاتژمێرێکی لەو جۆرەش هەبێت، نیوتن توانای جوڵاندنی نییە .

{3}- تیۆری نیوتن کە سەعاتی میکانیکی بە شێوەیەکی میکانیکی دەجووڵێت، هاوتەریبە لەگەڵ تیۆری کاتژمێری میکانیکی، چونکە نیوتن کاتژمێرێکی میکانیکی لە گیرفانیدا هەبوو، ئەم کاتژمێرەش لەلایەن نیوتنەوە لەناو مەنجەڵێکدا کوڵاوە و دەیگوت هێلکەیەکم لێناوە. بەڵام ئەگەر کۆمەڵەی خۆر وەک کاتژمێرێک بێت، نیوتن ناتوانێت بیجووڵێنێت، خوداش پێش نیوتنی جووڵاندووە، بۆیە پێویست ناکات نیوتن بانگی خودا بکات. واتە لۆژیکی یاسای جووڵەی میکانیکی نیوتن ئەو بیرۆکەیە ڕەتدەکاتەوە کە خودا گەردوونی لە ڕوانگەی ئایدیالیزمەوە دروستکردووە {ڕۆح سەرەتاییە، ماددە لاوەکییە} و {ماددە سەرەتاییە، ” یەکەمجار دەرکەوت و کردوویەتی، ڕۆحیش ” هۆشیاری- هۆشیاری نیوتن دواتر دەرکەوت کە بە جۆرێکی ترە.

وشەی سەرەکی:
پەرەسەندنی نیوتن، کتێبی پیرۆز، لۆژیکی ئەنگڵس {شێوە بنەڕەتییەکانی ماددە}، {تیۆری تەقینەوە گەورەکەی گەردوون}، گرنگی فێرکردنی مارکسیزم لە سەرانسەری جیهاندا، ڕوویدا.

[ 4 ]- پێش لێکۆڵینەوە لە لۆژیکی بنەڕەتی یاساکانی نیوتن، ئۆبژە لە فیزیادا چییە؟هەموو تەنەکانی ناو یاسای ئینسێریای نیوتن نوێنەرایەتی چەند تەن دەکەن؟ دەسەڵاتیان چییە؟ ئەی دەسەڵاتەکەی زانینی ئەو چییە و سەرچاوەی دەسەڵات چییەوەهاتووە؟ وەک ئاماژەمان پێدا پێویستە کێشەکان بزانین.
{5}- لە فیزیادا تەنێک نوێنەرایەتی شتێکی ڕاستەقینە دەکات کە بوونی هەیە. هەموو ئەو تەنانەی لە یاسای ئینسێریادا هەن، واتە هەموو ئەو تەنانەی مرۆڤ لە سەردەمی نیوتندا دۆزیویانەتەوە، لە سەردەمی نیوتندا هەموو ئەو تەنانەی لە مەودای ناسراوی مرۆڤەوە، لە ئەتۆمەوە تا کۆمەڵەی خۆر، لە مەودای هەموو ماددەیەکدا جێگیرکراون .
{6}- بە گشتی لە فیزیادا کاریگەری تەنێک لەسەر تەنێک پێی دەوترێت هێز، بە واتایەکی تر دەتوانین هەست بەم هێزە بکەین و لە پێشبڕکێ وەرزشییەکان و یارییە نێودەوڵەتییەکانی بۆکسێن و هتددا بنیات بنێن، هێزی مرۆڤ بەشێکە لە فیزیایی هێز.لە کۆمەڵەی خۆردا خۆر هەموو هەسارەکانی ناو سیستەمەکە ڕادەکێشێت، زەوی مانگ ڕادەکێشێت، مانگیش بە دەوری زەویدا دەجوڵێت.بەشێک لە… لەسەر زەوی، کەسێک عەرەبانەیەک ڕابکێشێت یان عەرەبانەیەک پاڵ بنێت، مرۆڤ وەک تەنێک مامەڵە دەکات و هێز دەخاتە سەر عەرەبانەکە. لە یاسای یەکەمی نیوتندا مرۆڤ و گیاندار ئۆبژە نین، بەڵکو لە یاسای دووەمدا مرۆڤ و گیاندار بە سەرچاوەی ئەو هێزە دادەنرێت کە دەبێتە هۆی خێرابوونی ئۆبژە، بۆیە چەمکی ئۆبژە لە یاسای یەکەم و چەمکەکەدا of object لە یاسای دووەمدا یەکتر نکۆڵی دەکەنەوە ئەمە هی نیوتنە و ئەوە نیشان دەدات کە فیزیازانانی دواتر لە بنەمای یاساکانی نیوتن تێنەگەیشتوون.
بۆ نموونە: مرۆڤ و گیاندار لە بازنەی هەموو تەنەکاندا جێگیرکراون، کە دەتوانن بە پێ بڕۆن، ڕابکەن، گەشت بکەن، بخەون و هتد. یەکەم یاسای نیوتن ئەمە ڕەتدەکاتەوە. زۆربەی فیزیازانانی جیهان لە هەمان کاتدا پشتگیری لە یاساکانی نیوتن دەکەن ئەم هێزە ئینکاری دەکەن. ڕاستییەکە ئەوەیە کە هیچ مرۆڤێک کە تا ئێستا لەسەر زەوی ژیاوە توانای جوڵاندنی تەنێکی ٢٠٠ کیلۆگرامی نییە بە قاچی مرۆڤ نەک کۆمەڵەی خۆر. چونکە ژمارەی پێوانەیی جیهانی بەرزکردنەوەی قورسایی تەنانەت لەوە زیاتریش نییە؟ واتە کۆمەڵەی خۆر کە لە بنەڕەتدا دەجووڵێت لە لۆژیکی نیوتندا خودی نیوتن جووڵاوە، لە جیهانی نوێدا مانای لۆژیکی هەموو تاقیکردنەوەیەکی فیزیایی کە بۆ ڕوونکردنەوەی یاساکانی نیوتن بەکاردێت هەمان لۆژیکی یاساکانی نیوتنە و ئەم نزیکبوونەوەیەش لەلایەن مرۆڤەکان. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی مرۆڤە هەژارەکانی ئەم جیهانە، لەم ڕوانگەیەوە مارکس هەژارترین زانای مێژووی جیهانە و ئەم پرسیارانەش دەتوانرێت لە ڕێگەی تیۆرییەکەیەوە بکرێت، ئەگەر لە مەیدانی مارکسیزمدا بوەستین، بزووتنەوەی میکانیکی لێرەدا پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ڕەفتاری مرۆڤەوە هەیە. واتە ئەگەر لە ڕوانگەی مارکسییەوە سەیری بکەین، پێویستە بزووتنەوەی میکانیکی دابەش بکرێت بەسەر دوو پۆلدا .
بۆ نموونە مانگ بە دەوری زەویدا دەسوڕێتەوە، زەوی بە خێرایی 30 کیلۆمەتر لە چرکەیەکدا بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە، خۆر بە درێژایی ناوەندی ڕێڕەوی شیری بە خێرایی 250 کیلۆمەتر لە چرکەیەکدا دەجووڵێت. ئەمانە کردارگەلێکن کە ناتوانرێت بە هۆشی مرۆڤ کۆنتڕۆڵی بکەن، و لە پێش دەرکەوتنی مرۆڤەوە بوونیان هەبووە. جا چ تاقیکردنەوەکانی گالیلۆ بێت کە تۆپێکی پۆڵا دەخولێنێتەوە، یان تاقیکردنەوەکانی هەموو فیزیازانەکانی دونیای دوای نیوتن بۆ ڕوونکردنەوەی جوڵەی میکانیکی، ئەو کردارانەی کە دەکەونە پۆلی کرداری مرۆڤەوە و پێویستیان بە ڕوونکردنەوە هەیە لەگەڵ مرۆڤدا وەک یەک نین کردارەکانی خۆر. لە یاساکانی نیوتندا ئێمە وەک یەکسان مامەڵەمان لەگەڵ مرۆڤ و خودا کردووە. واتە جوڵەی میکانیکی دەکرێت بەسەر دوو بەشدا: جوڵەی میکانیکی سروشتی و جووڵەی میکانیکی کۆمەڵایەتی، جووڵەی میکانیکی سروشتی پەیوەندی بە خوداوە نییە، یاسای یەکەمی نیوتن تەنها دەتوانێت جووڵەی میکانیکی سروشتی ڕوون بکاتەوە، لەمەشدا مرۆڤ و ئاژەڵ ناتوانن کاریگەرییان هەبێت لەسەر جوڵەکە یاسای دووەمی نیوتن یاساکە تەنها دەتوانێت جووڵەی میکانیکی دەستکرد {واتە جووڵەی میکانیکی کۆمەڵایەتی} ڕوون بکاتەوە یاسای دووەمی نیوتن ئەمانە ڕوون دەکاتەوە بە تێکەڵکردنی دوو یان سێ مادەی وەک مرۆڤ و ئەسپ و عەرەبانە بۆ یەک ماددە ئەگەر… کەسێک عەرەبانەیەک لێدەخوڕێت، ئەسپێک عەرەبانەکە ڕادەکێشێت، ئەسپەکەش لەلایەن کەسێکەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت، جوڵەی عەرەبانەکە و ئەسپەکە و کەسەکە وەک یەکن، پێی وایە ئەوە دەسەڵاتە، ئینکاری ئەوە دەکات کە مرۆڤەکان و ئاژەڵەکان دەجووڵێن.

دەبینیت ئەوەی پرۆفیسۆرەکانی ئاینی مەسیحی کامبریج لەبیریان کردووە ئەوەیە کە ناتوانیت خودا گێل بکەیت لەکاتێکدا دەتوانیت مرۆڤەکان و خۆت گێل بکەیت. لەگەڵ پەرەسەندنی زیاتری زانستدا، زۆر شتی نوێ دۆزراونەتەوە کە بەسوودن بۆ پەرەپێدانی فیزیا و مارکسیزم، کە یاساکانی جوڵە و گۆڕان ڕوون دەکەنەوە، ستیڤن هۆکس زانایەکە باوەڕی بە خودا نییە، بەڵام نەیتوانی کەشف بکات هەڵە کوشندەکەی نیوتن.. جا ماددی بێت لە فیزیا یان ماددی لە فەلسەفەی مارکسی {کە بە دوو چەمکی تەواو جیاواز لە ڕوانگەی نیولیبراڵانەی ئێستا دادەنرێت}، ئەوە نیشان دەدەن کە هەندێک خاڵی دەستپێکیان هەیە. ئەمەش وایکرد بتوانین پەرە بە {فۆڕمە بنەڕەتییەکانی جووڵە} بدەین کە ئەنگڵز لە ساڵانی ١٨٤٠دا نووسیویەتی، و {شێوە بنەڕەتییەکانی ماددە} بدۆزینەوە. پەیوەندی نێوان یاساکانی نیوتن و مارکسیزم چییە؟
وەڵامەکە ئەوەیە، بزووتنەوە لە یاسای یەکەمی نیوتن و زاراوەی ئەنگڵس بۆ جوڵەی میکانیکی تەواو وەک یەکن و جۆرێک لە بزووتنەوە پیشان دەدات، مارکس و ئەنگڵس بە هاوبەشی مارکسیزمیان دروست کردووە، مارکسیزم و تێڕوانینی نیوتنی پێچەوانەی یەکترن، بۆ ئەوەی ڕوونکردنەوە بدەن ئەمەش، وا دادەنرێت کە چەمکی ماددە لە دوو دیسیپلینەکەدا جیاوازە و بێگومان ئەم وشەیە ئینکاری هاوبەشی نێوان ئەو دوو دیسیپلینە دەکات. ئەمە وەک ئەوە وایە ئێمە پێمان وایە خودا لە لایەک هەموو شتێک زانە و لە لایەکی ترەوە پێدەچێت پشتگیری لەو بیرۆکەیە بکات کە خودا یارمەتی نیوتنی داوە بەو پێیەی کە کۆمەڵەی خۆر کە ٢٣٢٠ ساڵ بوو لە جووڵەدا نەجووڵاوە.
تیۆری تەقینەوە گەورەکەی گەردوونی ئێستا ئەوەیە کە سەرەتاییترین شێوەی ماددە لە تەقینەوە گەورەکە هاتووە کە ١٣ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر ڕوویدا، دوای سیکنۆتی دووەم، تەنۆلکە بنەڕەتییەکان دەرکەوتن، دوای ٣٨ ساڵ لە تەقینەوەی گەردوون، گازی ماددە کیمیاییەکانی وەک هایدرۆجین و هیلیۆم دەرکەوتن، و ژیان دەرکەوت دوای ٩ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن ساڵ، دەرکەوتنی سەرەتاییترین جۆری چڵکن، “١٣ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن ساڵ دواتر، دەریدەخات کە مرۆڤەکان لە گروپی ئاژەڵەکان جیابوونەتەوە. هەر لەم ساڵە جیاوازانەدا فۆڕمی ماددی کە نوێنەرایەتی فۆرمە جیاوازەکانی جووڵە دەکەن دەرکەوتن، ئەگەر لە ڕوانگەی مێژوویی مارکسیزمەوە سەیریان بکەین، ئەم فۆرمانە فۆڕمی میکانیکی ماددەن کە نوێنەرایەتی فۆڕمی میکانیکی جووڵە دەکەن، فۆڕمی فیزیکی مادە نوێنەرایەتیی… فۆڕمی فیزیایی جووڵە، و فۆڕمی کیمیایی ماددە کە نوێنەرایەتی فۆڕمی کیمیایی جووڵە دەکات، ڕووەک و گیاندارەکان کە نوێنەرایەتی ڕەفتاری بایۆلۆجی دەکەن و مرۆڤ نوێنەرایەتی ڕەفتاری کۆمەڵایەتی دەکات. دەرکەوت، یەکەم فۆڕمی جووڵە لێرەدا جوڵەی میکانیکی فیزیای نیوتنییە، جووڵەکە بریتییە لەهەمان شت، بەڵام هۆکارەکەی جیاوازە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە ئێمە لە کاتی لێکۆڵینەوە لە یاساکانی نیوتن، میتۆدی مارکسیستی بەکاردەهێنین. هەر ئەم جۆرە لێکۆڵینەوەیە بوو کە هەڵەیەکی لۆژیکی جددی لە یاساکانی نیوتندا ئاشکرا کرد کە ٣٢٠ ساڵ بوو شاراوە بوو. ئەمەش تیۆری {ماددە سەرەتاییە، هۆشیاری لاوەکییە}، بەڵگەی ئەمەش ئەوەیە کە ماددە ١٣ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن ساڵە هەیە، و هۆشی نیوتنیش (چونکە نیوتنیش مرۆڤە، فیزیا پێی دەڵێ ئۆبژە، مارکسیزم بە ماددە ناوی دەبات) چەند ساڵێک لەمەوبەرە بە بەراورد بە تەمەنی گەردوون. لە بواری فیزیادا تیۆری باڵادەستی ئەمڕۆ لە جیهاندا تیۆری نیوتنە کە هەموو ماددە و جووڵەیەک کۆدەکاتەوە بۆ فۆڕمی میکانیکی ماددە، ئەمەش بە شێوەیەکی زیندووتر لە تیۆری ڕێژەیی ئەنیشتاین ڕەنگدەداتەوە .

ئایا مرۆڤی مارکسی و مرۆڤی فیزیکی یەک چەمکن؟
ئەنیشتاین 105 ساڵ لەمەوبەر وەڵامی ئەم گرفتەی دایەوە، بەڵام بۆچوونی ئەم زانایە تا ئێستا قبوڵ نەکراوە، واتە لە ساڵی 1905دا ئەنیشتاین تیۆری ڕێژەیی خستەڕوو، کاتێک لە مەیدانی فیزیاییدا وەستابوو و لە خێرایی ڕووناکی نزیک دەجووڵایەوە، درێژەکەی ژیان نیشان دەدات کە چۆنە. وە لەگەڵ ئەم تیۆرەدا، کاتێک هێزە بەرهەمهێنەرەکان گەیشتنە ئاستی لوتکە، یاسایەکی تیۆری دامەزراند بۆ ئەوەی لەم شوێنە وەک زەوی کە وزەی کەم بووەتەوە و زۆر پیس بووە، بۆ شوێنێکی تر بگوازرێتەوە.لێرەدا مرۆڤەکان کە ئۆبژەی لێکۆڵینەوەن لە دوو بوارەکەی زانستی سروشتی و زانستی کۆمەڵایەتی، یەک چەمکن و ئەو دوو زانستە یەکگرتوون. بە واتایەکی تر ئەو مرۆڤەی ئەنیشتاین بە جەستە دەزانێت هەمان ئەو مرۆڤەیە کە مارکسیزم بە ماددەیەکی فەلسەفی دەزانێت. ئەنیشتاین لە ڕێگەی ئەم تیۆریەوە پێشنیاری کرد کە مادەی زانستی سروشتی و مادەی زانستی کۆمەڵایەتی وەک یەکن، ئەگەر لە مێژووی ٣٢٠ ساڵ لە نیوتنەوە تا ئەنگڵس و ئەنیشتاین تا ستیڤن هۆکینگ بخوێنینەوە، ئەوا ئەم زانایانە لە بواری زانستدا لەو قۆناغەدا بوون دوو ڕژێمی ماددە و جووڵەیان هەیە: زانستی کۆمەڵایەتی و زانستی سروشتی بە یەکسانی گشتگیر بە واتایەکی تر دۆزینەوەی هەڵەی لۆژیکی بنەڕەتی لە یاساکانی نیوتندا هی هیچ تاکێک نییە، بەڵکو بەرهەمی 160 ساڵ گەشەسەندنی زانست و مارکسیزمە، هەروەها بەرهەمی زانستی مارکسیستییە کە جیهانبینی دەهێنێتە ناو فیزیا.نموونەیەک لەم ژمارەیە هەندێک لە مادەکانی “تیۆری تەقینەوە گەورە ” وە ئەمەش دەتوانێت ئاماژە بە هەندێک هەڵە بکات لە تیۆرییەکانی نیوتن و ئەنیشتاین. با سەرەتا سەیری ماددە ڕەسەنەکە بکەین کە بۆچی نیوتن ناوی خودای ناوە، ئەم مادەیە لە ژمارەی حوزەیرانی ٢٠٠٢ی گۆڤاری ” توێژینەوەی پلاکی ئوچار ” وەرگیراوە ، بەشێکی لەو جۆرە هەیە، دامەزرێنەری فیزیای کلاسیک نیوتن بوو، و جیهانبینییەکەی میکانیکی بوو، لەو کاتەدا پێی وابوو گەردوون وەک کاتژمێرێکی میکانیکی زەبەلاح وایە، هەموو بەشەکانی ئەم کاتژمێرە زۆر بە وردی ڕێکخرابوو، ئەم کاتژمێرە ڕۆڵی خودای نەهێشت. تیۆری نیوتن زاڵ بوو ئەوە لێدانێکی پێویست بوو بۆ زانستی ئیلاهیات کە لە شوێنی خۆیدا بوو. بەڵام هەستی دەکرد کە کاتژمێرەکە ناجووڵێت، چونکە هێزی یەکەمی کاریگەری کەم بووە بۆ جوڵاندنی، بۆیە بێدەسەڵات بوو، و داوای هێزێکی دەرەکی {خودا} دەکات، بەڵام دوای هێزی دەرەکی کاتژمێرەکەی خستە جووڵە، نیوتن ئەم هێزە دەرەکییە بەشداری لە کاروباری جیهاندا نەبوو. ئەوەی بەدوایدا هات بە یاساکانی جووڵەی نیوتن ڕوونکرایەوە، ئەمەش پاشخانی ڕاستەقینەی سەرهەڵدانی یاساکانی جووڵەی نیوتنە لە سەردەمی نیوتن ٣٢٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە .
{7}- نیوتن لەو کاتەدا چۆن پەیوەندی لەگەڵ خودادا هەبوو، لە کوێ بانگی خودای کرد و بۆچی خودای نارد، ئایا بیری نەهاتەوە کاتێک عیسا لە خاچ درا بانگی خودا بکات؟ کاتێک سەدام حسێن سەرۆککۆماری پێشووی عێراق لە سەختترین دۆخدا بوو، بیری نەبوو بانگی خودا بکات؟ وەستان لە مەیدانی ماتریالیزمی مێژووییدا، کەسێک دەبێت ئەگەر نیوتنیش لێیان تێنەگات، بتوانێت یاساکانی جووڵەی جیهان ڕوون بکاتەوە، ئایا ژیانی مرۆڤ لە ڕوونکردنەوەی یاساکانی جیهان گرنگتر نییە؟ دیسانەوە ئایا کۆمەڵەی خۆر پێش نیوتن دەجووڵایەوە یان نا؟ ئایا زانا و مرۆڤە ئاساییەکان جگە لە نیوتن ئەمەیان زانیوە یان نا؟ ئایا دەزانی لە تەمەنی نیوتندا چوار وەرز لە ئینگلتەرا هەبووە؟ کێ ناوی یەکەم هێزی جوڵاوی ناوە، بێگومان نیوتن ناوی لێنابوو، باوەڕپێنەکراوە زانایەکی بەناوبانگی جیهانی وەک خودا و نیوتن ئەو ئایینانەی نەناسیبێت کە منداڵانی ئاسایی دەیانناسن .
” زانست تا ئێستا ئەم پرسیارانەی نەکردووە. ئایا ناتوانرێت ئەم پرسیارانە بکرێت یان بە ناپێویست دادەنرێت؟ لە بەرنامەکانی توێژینەوەی ئامێرەکانی یەکێتی فەلسەفی جیهانی لە زیاتر لە ١٢٠ وڵاتدا دەرکەوتووە کە بابەتەکانی توێژینەوەکانیان بریتین لە لۆژیکی مارکسیزم و پۆلێنی ماددەی مارکسیزم. {بێجگە لە وڵاتی ئێمە} بێگومانئەمە فەزایەکە تا ئێستا لە جیهاندا پایدۆزیانکردووە و ئەم فەزایە هەموو مرۆڤایەتی و بۆچوونەکانی نیوتنی بە کۆیلە کردووە، ئێمە لەمە دەکۆڵینەوە بابەتێک بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ هەموو جیهان ئاگاداری لۆژیکی بنەڕەتی بابەتەکەن.
هەروەها ئەم بابەتە لەلایەن لقی هیندستانی کۆمەڵەی فەلسەفی جیهانی لە ٢٠١٠-١٢-٢٠ بە شێوەی ئۆنلاین بڵاوکراوەتەوە، زیاتر لە ٧٠٠ جار دروستیانکردۆتەوە گۆڕانکاری و زیادکردن بۆ خەڵک. لە هیندستان 10 وڵاتی تر بە شێوەی ئۆنلاین بڵاویان کردۆتەوە گەڕانەوە بۆ چیرۆکە ڕەسەنەکە {-1 شیکاری} کۆمەڵەی خۆر وەک کاتژمێر وایە یان نا؟ بەگوێرەی کتێبی پیرۆز، خودا زەوی و مرۆڤی لە ٢٣ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٤٠٠٤ (یەکشەممە) دروست کردووە، نازانین ئایا ئەمە دوا ڕۆژە یان یەکەم ڕۆژە کە خودا گەردوونی دروست کردووە. بەڵام بە پشتبەستن بە تیۆری زەبەلاحی کاتژمێری میکانیکی نیوتن، تەنانەت کامڵترین خوداش ٦ ڕۆژی بەسەر بردووە بۆ تەواوکردنی ئەم کاتژمێرە، بەپێی لۆژیکی باو تەنها دوای تەواوبوونی کاتژمێری میکانیکی دەتوانێت بجووڵێت. دەتوانرێت ببینرێت کە هەڵەی ئاشکرا لێرەدا ئەوەیە کە بەپێی {کتێبی پیرۆز}، ناتوانرێت خودا پێش کۆتایی کاتژمێر کاتژمێرەکە بخاتە جووڵە؟ ئەمەش مانای ئەوەیە لە تیۆری جووڵەی میکانیکی نیوتندا ماددە دروست دەبێت بەڵام ناجوڵێت، تەنها دوای ئەوەی نیوتن بانگی خودا دەکات { وردتر بڵێین دوای ئەوەی نیوتن بوو بە خودا} کاتژمێرەکە دەستی بە جووڵە کرد موشەکی تیۆری ناتوانێت بوەستێت. هەروەها نیوتن بە تەواوی پشتگیری لە دروستکردنی گەردوون لەلایەن خوداوە دەکات لە 10-23-4004. ئەمەش دەیسەلمێنێت کە ئێمە بە تەواوی لە لۆژیکی بنەڕەتی تیۆری نیوتن تێناگەین .
{8}- ئەگەر تەنەکان کاریگەری هێزی دەرەکییان لەسەر نەبێت، ئەوا هەمیشە دۆخی جووڵەی خۆیان بە هێڵێکی ڕاست یان لە حاڵەتی پشوودان دەپارێزن. لە کاتی ڕوونکردنەوەی ئەمە بە نموونە، بیرۆکەی ئەوەی کە هەسارەکان بە هێڵێک دەجووڵێن ئەگەر.” کاریگەری هێزی کێشکردنی خۆریان لەسەر نییە، ئەوا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە تەنەکان بە هێڵێکی ڕاست دەجوڵێن هێزەکە چییە وەڵامی یاساکانی نیوتن ئەوەیە کە جووڵە لە هێڵێکی ڕاستدا بەهۆی دەرەکییەکەوە دروست دەبێت هێز.کەواتە دەتوانرێت بگەینە ئەو ئەنجامەی کە هیچ هێزێکی دەرەکی نییە بۆ ئەوەی خوێیەکە بە هێڵێکی ڕاست بجوڵێت، تا هێزی دەرەکی نەبێت، تەنەکە بە هێڵێکی ڕاست دەجووڵێت.. کەواتە جوڵەی هێڵی تەنەکە لە کوێوە دێت؟ ڕۆڵکردنی گۆییەکی دەوری لە لێوارە نایەکسانەکانی ٩٠، ٧٠، ٨٠-٦٠ پلە، هەوڵیدا ئەو دیاردانە ڕوون بکاتەوە کە ڕوودەدەن کاتێک تەنەکە کاریگەری هێزی دەرەکیی لەسەر نەبێت، یەکەم کاریگەری لەسەر تۆپەکە کەمترە لە کاریگەری سەرەتایی ئەڵقەکە کە… لە ڕوانگەیەکی ترەوە کەسانێک هەن کە ڕوونی دەکەنەوە کە خودا گەردوونی جوڵاندووە ڕوانگەیەکە کە نیوتن دواتر دۆزیویەتیەوە و ئەوانەی ئەم بۆچوونەیان هەیە ئەوانەن کە ئەو بابەتەیان نەبینیوە کە ناوی “The ئەڵقەیەک کە تێگەیشتن لێی قورسە”.
بەڵام هەموو تەنەکان کاریگەری هێزی دەرەکییان لەسەر نییە، کێشەکە ئەوەیە کە هەڵسوکەوتی تەنەکە بە هۆی کاریگەریی هێزی دەرەکییەوە دەگۆڕێت، بۆ نمونە بایەکی بچووک پەڕەیەکی کاغەز دەهەژێنێت بەڵام ناتوانێت تۆپێک یان تانکییەک فڕێ بدات، یەکێکی هاوشێوە یاسا ئەوەیە کە هەموو شتەکان کاغەزن. وەک نەبینراو، بچووککردنەوەی هەموو شتەکان بۆ فۆڕمی میکانیکی ماددە دەمانباتە سەر لۆژیکێک کە من پێی دەڵێم خودا .”




ژن لەنێوان فۆلكلۆری كوردی و فەلسەفەی ڕۆژئاوادا.. رەسوڵ بۆسكێنی

هەر لە سەرەتاوە كۆمەڵگای كورد كۆمەڵگایەكی نەرم بووە بەرامبەر بە ژن، هەمیشە پیاوی كورد ئەرێنی مامەڵەی لەگەڵ ژن ئەنجامداوە، لە چوارچێوەی ماڵدا دەرگای لەسەر كڵۆم نەداوە، بە حوكمی سروشتی ژیانی كوردەواری وای خواستووە، پیاو هەمیشە لەكار و فەرمانی ڕۆژانەی لە دەرەوەی ماڵ و لە دەرودەشتدا پێویستی بە ژن هەبووە، ژنی كورد بە درێژایی مێژوو شان بە شانی پیاو كاری كردووە، ئەمەش وای كردووە بەبێ حجاب و باڵاپۆشی لە تەك پیاودا بێت، توێژه‌ر و مێژوونووسی عه‌ره‌ب (مه‌جدی خه‌لیل) ده‌ڵێت: ژنانی كورد پۆشاكی كوردی ره‌نگا و ڕه‌نگ ده‌پۆشن و باڵاپۆش نین، له ‌چكێكی ناسك ده‌ده‌ن به‌سه‌ریاندا، بۆ ئه‌وەی شۆخ و شه‌نگیان ده‌ركه‌وێت، ئه‌و له‌چكەیان‌ له‌ ئیسلام وه‌رنه‌گرتووه‌، به‌ڵكو زه‌رده‌شتیه‌كان پۆشاكی ره‌نگاوڕه‌نگ و باق و بریقیان به‌كارهێناوه‌.
ئەم ڕاستیە لە ژیان و هەڵسوكەوتی ڕۆژنەدا پەیڕەوكراوە و لە پەند و چیرۆك و داستانە فولكلۆرییەكاندا ڕەنگی داوەتەوە، كورد لە ئەدەبی زارەكی خۆیدا لە دێرزەمانەوە بۆ پاراستنی كەلتوورو زمان و خاكی نیشتمان، ئەدەبیاتی بەكارهێناوە، مرۆڤەكان بەپێی داب و نەریت و كەلتووری خۆیان چیرۆك و شیعر و بەسەرهات و پەندیان لە شێوەی فەلسەفە داڕشتووە و بۆ نەوەكانی داهاتوویان گێڕاوەتەوە و بە میرات بۆ نەوەی دوای خۆیان بەجێهێشتووە.
كورد لە ڕێگای ئەدەبی زارەكیەوە داستانی دڵداری و بەسەرهاتی قارەمانەتی و ڕووداوی سەختی ڕۆژگار و ئەزموونی ژیانی خۆی لە گوێ ئاگردان و ژووری دیوەخانەكانی خۆیدا گێڕاوەتەوە، بەو چیرۆكانەش ڕووداوی كارەساتبار و دڵخۆشی دەربڕیووە و داستانەكانی خۆشەویستی و دڵداری لاوەكانی زیندوو ڕاگرتووە، لە فەرهەنگی خۆی و لە ئەدەبی زارەكی كوردیدا بە چەندین شێوە باسی ژنی كوردەواری كراوە، پایەی ژنی كوردی بە شكۆوە لەو سەردەمەدا پیشانداوە، كە چۆن ژنی كورد لە ژیانی كۆمەڵگای كوردیدا ڕۆڵی گرنگی هەبووە و ڕێزی لێگیراوە، مێژوونووسی سۆڤیه‌تی (فلادیمێر مینۆرسكی) ده‌ڵێت: ژنی كورد زۆر په‌یوه‌ستن به‌ مێرده‌كانیانه‌وه‌ و پێگه‌یه‌كی به‌رز و پیرۆزیان هه‌یه،‌ له‌ خێزان و كۆمه‌ڵدا، پیاوانی كورد زۆرترین لێبوورده‌ییان هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر ژنه‌كانیان، چونكه‌ به‌ درێژایی مێژوو ئه‌و رێز و متمانه‌یه‌یان دروست كردووه‌.
سەرەڕای پەند و چیرۆكی كوردەواری لە ناساندنی ژنی كورددا، زۆربەی ڕۆژهەڵاتناس و گەڕیدە ئەوروپایی و ئەمریكاییەكانیش گەواهی ئەوەیانداوە، ژنی كورد، لە ژنی فارس و تورك و عەرەب و نەتەوە موسوڵمانەكانی دراوسێی باشتر ڕێزی لێگیراوە و ئاوڕی لێ دراوەتەوە، پەندەكانی نێو ئەدەبێ كوردیش گەواهی ئەو ڕاستیە دەدەن، بۆ نموونە لە پەندێكی كوردیدا دەڵێت:
” شێر لە بێشە دەرچێ، چ نێرو چ مێ”
ئەم پەندە ئاماژەی ئەوەیە، لە كۆمەڵگای كوردیدا هەر كەسێك دەركەوت و توانی لێهاتوویی خۆی بسەلمێنێ، هیچ گرنگ نییە پیاو بێت یا ژن، لە مێژووی ڕابردووی نەتەكەوەشماندا ئەوە سەلمێندراوە، لە پاڵ كەسایەتی هەڵكەوتووی پیاواندا، چەندین كەسایەتی لێهاتووی ژنی كوردەواری وەك: خانزادی سۆران و حەپسەخانی نەقیب و مینا خانی پێشەوا و قەدەم خێری بەختیاری و چەندانی دیكەش لە ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی نەتەوەی كورددا ڕۆڵی گرنگیان گێڕاوە، لە پەندێكی دیكەدا دەڵێت:
” ژن مەڵحەمی مێردەكەیەتی”
لە شیعریشدا هاتووە، “هەسانی مێردن ژنان هەموویان، بەنووكە نووكێ ئیش ئەكەن شوویان” ئەوەش ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی ژنانی كورد كاریگەری زۆریان لەسەر مێردەكانیان هەیە، بە تایبەت ژنی میر و دەسەڵاتدارانی كورد، ڕۆڵی گرنگیان گێڕاوە، لە ئاراستەكردنی مێرد و پیاوانی دەروبەریان لە كاری چاكە و خێرخوازی لە ژێر سایەی دەسەڵاتیاندا، لە پەندێكی دیكەی كوردەواریدا هاتووە:
” پیاو هەتا ئێوارێ بكا هۆهۆیە
ئەگەر ژن نەكا گردەوە كۆیە
دوایە هەر دەبێتەوە ڕەنجەڕۆیە”
لەم پەندەشدا ئاماژەی داوە لە كۆمەڵگای كوردیدا ژن و پیاو هەردووكیان بەیەكەوە ڕۆڵی گرنگیان هەیە، ئەگەر پیاو بەیانی هەتا ئێوارە ڕەنج بدا و هۆهۆ بكات لە جووت و خەلە و خەرمان هەوڵ بدات، ئەگەر ژن گردەوە كۆی نەكات، لە كۆتاییدا هەر ڕەنجەڕۆیی لە دوایە، ئەم پەندە ئەوپەڕی ڕێزی ناوە لە پایەی ژن لە كۆمەڵگای كوردەواریدا، بەیەكسانی لەهاوشانی پیاو دایناوە، هەروەها بێكەسی شاعیر دەڵێت: “نێر و مێ هەردوو بەجووتە هەوڵێ نەدەن دوورە دەرچوونی لە زیللەت، چونكە مەعلومە مەل بەبڵێ نافڕێ”.
هەروەها ئه‌فلاتوونیش ده‌ڵێت: له‌ ئاینی زه‌رده‌شتیدا ژن و پیاو له‌ دووتای یه‌ك ته‌رازوودا هاوسه‌نگن، زه‌رده‌شت له‌و سه‌رده‌مه‌ دێرینه‌دا بۆ دامه‌زراندنی ژێرخانی كۆمه‌ڵ، یه‌كسانیی مافی ژن و خێزانی لا مه‌به‌ست بووه‌، مه‌رجی پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگای به‌ ئازادی و یه‌كسانیی ژن و پیاو زانیوه‌.
هەروەها لە پەندێكی دیكەی كوردیدا گوتراوە:
” ژن كۆڵەكەی ماڵە، ماڵی بەبێ ژن چۆڵ و بەتاڵە
لەگەڵ ئەوەشدا پەندی واش هەیە بە نەرێنی لە توانای ژنی ڕوانیوە، بەڵام ئەوە هیچ لە بیری زۆرینەی كورد بۆ شكۆی ژن كەم ناكاتەوە، بێگومان ئەو قسانە هەمووی بە پێی چاخ و سەردەمێكی دیاریكراو گوتراوە، كە گرێدراوی بۆچوونی ئەو سەردەمە بووە، بەڵام لەم سەردەمەی ئێستاشدا لە دوای ڕاپەڕینەوە بە هۆی پێشكەوتن و ڕەوتی ڕووداوەكان ژنی كورد زیاتر هاتووەتە دەرەوە بۆ كار و فەرمانگە و دووكان و سیاسەت، بەشی زۆری مامۆستا و پارێزەر و پزیشكی ئەم وڵاتە ژنن، كەچی لە بەختی كورد، هەندێك لە قەڵەم بە دەستانی ئێمە بە شێوەیەكی ناشیرن ڕەفتاری كۆمەڵگای كوردیان بەرامبەر ژن پیشان داوە، هەر كاتێ باسی ژن و پایە و ڕۆڵی ژنی كورد بكرێ‌، ئەوانە وایان پێ باشە (غەربی مەزاج) بیربكەنەوە و وا پیشان دەدەن ژن لای ڕۆژئاوا زۆر ڕێز لێ گیراوە و لای ئێمە دەرگای لەسەر كڵۆم دراوە.
بێگومان لە هەموو كۆمەڵگاكان توندوتیژی هەیە، بەڵام جیاوازیەكە لەنێوان ئێمە و ڕۆژئاوادا ئەوەیە، ژیان و مامەڵەی ڕۆژانەی كۆمەڵگا لای ئەوان بە یاسا ڕێكخراوە و هەر كەسێك زیادەڕۆیی بكات لێپرسینەوەی لەگەڵ دەكرێت، بە پێچەوانەی لای ئەوان ژیان لەكۆمەڵگای كوردیدا خۆرسكە و ئەوەی دەكرێ بۆچوونی هەڵقوڵاوی هزری تاكی كوردە و پێویستی بە چەسپاندنی یاسا هەیە، نەنكم دەیگێرایەوە: لە ساڵانی ڕابردوو لە كوردەواریدا مرۆڤ كوشتن بە گشتی كارەساتێكی گەورەبوو، لە هەر شوێنێك مرۆڤێك بكوژرایە، لەبەر قێزەونی ئەو كارە ئەوەندە بە سام بوو، تاماوەیەكی زۆریش خەڵك لە ڕۆیشتن بە شوێنی ڕووداوەكەدا خۆیان دەبووارد، ئەگەر ئێستا بارودۆخەكە گۆڕانی بەسەرداهاتووە، تەكنەلۆژیای نوێ و تێكەڵ بوون بە كەلتووری وڵاتانی بیانی هۆكاری سەرەكیە.
سەدان بەڵگەی ئاوا لە كلتووری كوردی و لە مێژوودا دەڵێ‌: ژن بە گشتی لە كۆمەڵگای ئێمەدا سالارو قەدر گیراوە و لەنێوماڵیشدا خاوەن بڕیاربووە، ئەگەر نموونەی نەرێنی لای ئێمە هەیە، بێگومان لای ڕۆژئاواییەكانیش لەوە كاریگەرتر هەیە، فەرموون با گوێ‌ لە حیكایەتی گەورەترین فەیلەسووفەكانی ڕۆژئاوا بگرین:
قوتابیەك لە سۆقراتی پرسی: قوربان ئامۆژگاریم دەكەی ژن بێنم؟ ئەویش وەڵامی دایەوە: بێگومان، چونكە ئەگەر نسیبت ژنێكی چاك بوو، ئەوە بەختەوەر دەژیت، ئەگەر نسیبت ژنێكی هارو دەم هەراش بوو، ئەوە دەبی بە فەیلەسوف!
سوقرات ئامۆژگارییەكەی لە واقعی ژیانی خۆیەوە كردووە، سۆقرات بەختی لەگەڵ ژنێكی هاردابوو، رۆژێكیان لەسەر مەسەلەیەكی زۆر بچووك دەستی كرد بەقسە پێ وتنی، ئەمیش گوێی نەدایە قیژە و هاوارەكەی، ئەو جامێكی پڕ لە ئاوی تێ گرت، سوقراتیش بە هێمنی پیی گوت: كە هەور و هەورە تریشقە توند دەبێ‌ ئاساییە چاوەڕێی باران بكەین!
ئەفلاتۆن مافی ژنھێنان و ھاوسەرگیری لە چینی دانایان و سەربازان دەكشێنێتەوە و مافی سێكس كردنی ئازادی پێدان، ئەمەش بۆ ئەوەی كاتیان ھەبێت بۆ بەرژەوەندی شارەپاكیزەكەیان و پەیوەندییەكانی خێزانی لە كاریان نەخات، ھەرچەندە پەیوەندی خێزانی سۆزو فێنكییان پێدەبەخشێت، بەڵام لەبەرامبەردا – بە پێی تێڕوانینی ئەو – وابەستە و بەندی دەكات بە ترسنۆكی و دوودڵی و ھەستكردن بە ترس بۆ ئەو خێزانەی خۆشی دەوێت، بەڕای ئەو ھاوسەرگیری كردن، تەنیا پڕۆسەیەكی كۆمەڵایەتییە، دەبێتە كۆسپ لەبەردەم پێشكەوتنی خودی مرۆڤ و جێبەجێ كردنی ئەركەكانی، لەبەرامبەر كۆمەڵگا و لە بەرامبەر خۆیشی و گەیشتن بە خەونەكانی و بە نەبوونی چەمكی خێزان، بێگومان بەمەش رۆڵێكی گرنگ لە رۆڵەكانی ئافرەت لەو شارەدا ون دەبێت.
کاتێک تیۆرەکانی ئەرستۆ دەربارەی ژن دەخوێنینەوە، زۆرێك هەن ئەرستۆ بە دوژمنێکی سەرەکی ژن لە قەڵەم دەدەن، چونکە لەرێی فەلسەفەوە ویستوویەتی ئەو باوەڕە لای خەڵکی ناوچەکە دروست بکات، کە ژن (پلەنزم و بێتوانان) و ژن بوون (نەنگی)یە.
ئەرستۆ دەڵێت: پێویستە ژنان ژێردەستەی پیاوان بن و نابێت هیچ دەسەڵاتێکیان هەبێت، بەڵام ناشگەنە ئاستی کۆیلایەتی، هەروەها دەڵێت: مێرد دەسەڵاتی سیاسی لەسەر ژنەکەی بەکاربهێنێت.. ئەمەشی بە چەند هۆکارێکەوە بەستووەتەوە، ئاشکراترینیان، بە پێی بۆچوونی ئەو: ژنان زوو هەڵدەچن، سۆزدارترن، بۆڵە زۆر دەکەن و فێڵبازتریشن، لە شوێنێکی تردا دەڵێت: ژن بوونەوەرێکی نادروستە و سروشت دروستی کردووە، وەک درەختێکی ژەهراوی وایە، بە رووکەش جوانە، بەڵام کاتێک باڵندە لێی دەخوات، دەمرێت، هەرچەندە ئەرستۆ مافی بەختەوەریی بە ژن بەخشیوە، بەهەمان شێوەی پیاوان، لەو بارەیەوە لە وتەیەکدا دەڵێت: کۆمەڵ بەبێ بەختەوەریی ژن، بەختەوەرنابێت…
ئەرستۆ لە تیۆرەکانیدا سەبارەت بە بۆماوەیی جینەکان دەڵێت: دایک توخمی خراپ دەدات بەوەچەکانی، بەڵام پیاو توخمە باشەکانی دەبەخشێت (وێنەیەکی دابەشبوونی توخمەکانی کێشاوە، دەبینین لە گواستنەوەی توخمەکاندا یەکسان نین)…هەروەها بۆچوونی وابووە، ژنان پلەیان لە پیاوان کەمترە، هەروەک لە کتێبی (سیاسەت)دا دەڵێت: بەسروشت پیاوان بە تواناترن لە ژنان، پیاوان دەسەڵاتدارن و ژنان ژێردەستەن و تەنیا بۆ منداڵ بوون دەشێن.
ئەو بۆچوونانەی ئەرستۆ، زادەی ژینگە و سەردەمی خۆیەتی و نابێت لەواقیعی ئەوکاتی ئەسینا جیابکرێتەوە، بەڵام چەندین سەدە دوای ئەرستۆش، دەیان فەیلەسوف هەبوون، هەمان تێڕوانینی ئەرستۆیان بۆ ژن هەبووە، بۆ نموونە: رۆسۆ دەڵێت: ژن بۆ زانست و حیکمەت دروست نەبووە، بەڵکو تەنیا بۆ پڕکردنەوەی شەهوەتی پیاوان، هەروەها ئیمانوێل کانت دەڵێت: ئەقڵی ژنان ناتوانێت بگاتە ئاستی ئەقڵی پیاوان.
( ئۆسكار وایلد) دەڵێت: ئەوەی بۆ ژنێكی چاك و ژیر و جوان دەگەڕێ‌، دەبێ‌ بۆ سێ‌ جۆر ژن بگەرێ.
فەیلەسوفی ڕەشبینی (ئارسەر شۆپنهاوەر) فەیلەسوفی ئەڵمانی لە باشترین پێناسەیدا بۆ ژن دەڵێ :
“خۆشـەویستی گـوڵە و ژن دڕکەکانیەتی”
دەربارەی ژن و ژیان و پەیوەندییان پێکەوە دەڵێ:”ژن سـەرچاوەی خراپەیە، ژیانیش دۆزەخێکە لە کارەسات، ژن و ژیان یەکەیەکی یەکگرتوون و لێک جیانابنەوە، چونکە ژن دایەنی ڕەگەزی مرۆییە، ئەوە ژنە جۆری مرۆیی دەپارێزێ ودەیهێڵێتەوە”.
(ئارسەر شۆپنهاوەر ) لە دژایەتی کردنی ژن و ڕەشبینی لەبەرامبەر ژیاندا گەیاندیە ئەوپەڕی .
ڕیشەی ئەم دوژمنایەتیەی دەگەڕێتەوە بۆ پەیـوەندی لەگەڵ دایكی، نەهامەتییەکانی ژیانی و پێکدادانی لەگەڵ دایکیدا گۆڕی بۆ ڕقێکی چڕ و بێ جیاوازی لە ژنان، ژنی بە نموونەی خیانەت و ئیستغلال و شەهوەت دەزانی.
سەرەڕای هەموو ئەوانەش مایەی سەرنجە لە مێژووی فەلسەفەی كلاسیك و یۆنان و ڕۆمی كۆنەوە بگرە تا فەلسەفەی مودێڕن و تەنانەت فەیلەسووفانی سەردەمیش هەموویان لە پیاوانن، ئایا هیچ كات لە خۆمان پرسیوە، بۆچی هەموو فەیلەسووفەكان پیاون و تەنیا پیاوانی ناودار هونەرەكەیان لە مێژوودا تۆماركراوە و ناویان درەوشاوەتەوە، بێگومان هەموومان ئەوە دەزانین ژنی سەركەوتووش هەبوون، ناویان لە تەنیشت ناوی پیاوان تۆماركراوە، بەڵام ناوی ژن لە مەیدانی فەلسەفەدا بەراورد لەگەڵ پیاوان، هی ئەوەنیە باسی بكرێت.
بەم شێوەیە دەبینین كەم و كوڕیەكانی فەلسەفە بەرامبەر بە كەمزانینی ژن كەم نین، ئەو نووسەر و چالاكچوانە كوردانەی (غەربی مەزاج) بیر دەكەنەوە، پێیان وایە كە بڵێن كۆمەڵگای ڕۆژئاوا باشە و كۆمەڵگای ئێمە دەربارەی ژن خراپە، ئیتر تەواو بەو قسانە كێشەی ژن چارەسەركرا، لە راستیدا نەمافی ژن ئاوا دەستەبەر دەبێت، نە توندوتیژی ئاوا بنبڕدەكرێت، كۆمەڵێك خەڵكی خوێندە وار و ڕۆشنبیر بانگ دەكرێن و لەنێوان خۆیاندا بە قسەی باق و بریق كۆڕەكەیان گەرم دەكەن، بە بێ ئەوەی بتوانن لایەنی چارەسەر بدۆزنەوە، لەلایەكی تر زۆر لە سیاسیەكانیش لە بەرژەوەندی خۆیان بەم كارەوە خەریك دەكەن، لە كاتێكدا خۆیان زۆربەی كات لە دەرەوەی ماڵی خۆیانن و كەمتر ئاگاداری كێشەی خێزانی خۆیانن، بێگومان بەم شێوەیە چارەسەر هەر بە گرێ كوێرەیی دەمێنێتەوە.
ئەگەر بمانەوێ ئەم بابەتە چارەسەربكرێ، یان لانی كەم بەرەو پێشەوەبچێ، پێویستە خەڵكی تایبەتمەند قسەی لەسەر بكات، دوور لە بەرژەوەندی كەسی و حزبی، بەرنامەی تایبەتی بۆ دابنرێ و لەگەڵ خەڵكی گشتی یەكلایی بكرێتەوە، لە پرۆسەی خوێندندا جێگای بكرێتەوە و بە نەرم و نیانی بابەتی ڕۆشنبیری لەسەر بنوسری و بڵاو بكرێتەوە، بە شێوەیەك هەمووان لەو پرۆسەیەدا بەشداربن، بەهیوای كۆمەڵگایەكی ئارام و ئاسوودە.

رەسوڵ بۆسكێنی
8-3-2024

——————————————-

سەرچاوە: لەچەند سەرچاوەیەك لە گوگل وەرگیراوە.




کارنامەی کوردایەتی و حزبەکانی دوای ٣٣ ساڵ لە ڕاپەڕین!.. نوری بەشیر

حزبە ناسیونالیستەکان بەدوای داگیرکردنی کوێت لەلایەن عێراق و بەدوایدا لەچوارچێوەی شەڕی ئەمریکا لە عێراق لە هەلومەرجی دوای شکستی بلۆکی رۆژهەڵات و پێویستی ئەمریکا بۆ سازدانی دنیای تاکجەمسەری، هەلومەرجێک هاتەپێشەوە لەلایەن ئەمریکاوە دەسەڵاتی بەشێك لە کوردستانی عێراقیان درایە دەست.
لەو هاوکێشە کۆنەپەرستانەیەدا جێگاوڕێگای حزبەکانی ناسیونالیستی کوردی و دەسەڵاتەکەی نەک لەپاڵ ئەو کوشتارو کاولکاریەی ئەمریکاو هاوپەیمانەکاندا گیرسانەوە کەبەرامبەر خەڵکی عێراق ئەنجامدرا، بەڵکو خۆیان لەگەڵ سیاسەتی ئەمریکا جووتکرد، هەمان شتیان پیادەکرد کە دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە لەچەشنی؛ سەدام حسێن، بەشار ئەسەدو جمهوری ئیسلامی ئێران ئەنجامیانداوە، نەک ئەوەش ئەوەی ئەوان نەیانکردبوو، ئەمان بەزیادیشەوە کردیان و بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپاندیان لە؛ لە تاڵانی، گەندەڵكاری، سەرکوت، کوشتار، تیرۆرو نۆکەرایەتی نەک تەنیا بۆ ئەمریکا، بەڵکو بۆ وڵاتانی ناوچەکەش، کە هەموو ئەوانە سیمای جیانەکراوەی دەسەڵاتداریە لەکوردستان تاکو ئێستا.
ئێمە دەڵێن ناسیونالیزم شەرمەزاریە بۆ بەشەریەت، با چەند لایەنێکی ئەو شەرمەزاریانەی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کوردو هەموو حزبەکانی بخەینەڕوو، دەڵێم چەند لایەنێک، لەبەرئەوەی ئەگەر تەواوی کارنامەیان کۆبکرێتەوەو بخرێتە بەردەم خەڵكی کوردستان و کۆمەڵگەی جیهانی، ئەوە هەزاران کتێب و فیلمی دەتوانرێت لێبەرهەم بهێنرێت. لێرەدا هەندێک لە ماهیەتی سیاسی و کارنامەی یەکێتی و پارتی و باقی حزبە قەومی ئیسلامیەکان و رۆشنبیرە ناسیونالیست و زوڕناژەنەکانی دەوروبەریان بەکورتی دەخەینەڕوو:
سەرەتای هاتنەخوارەوە ئەم حزبانەی کوردایەتی لەشاخ و کەوتن بەسەر دەسەڵاتدا بە دزی دەستیپێکرد، بە تاڵانی پێداویستی دائیرەو نەخۆشخانەو شوێنە دەوڵەتیەکان، لە دزینی پارەی بانکەکان و دزینی شۆفڵ و ئامێری نەخۆشخانەکان و شتومەکی بەنداو و محاولەی کارەبایی و ئاودیوکردنی بۆ وڵاتانی ناوچەکە.
سیاسەتێک کە هەیانبوو وەک هێزی بێمونافیس لە شاخ، دەیانویست لە شارەکان هەر وابکەن، ئەوەبوو یەکەمین شت کە دەستیان پێکرد، داسەپاندنی فەزای کۆنەپەرستی بوو بەسەر کۆمەڵگەدا لەژێرناوی ناموسپەرستی و بەعسی بوون، کەوتنە ژنکوشتن، کە کۆمەڵگە شاهیدی کوشتنی زیاتر لە بیست هەزار ژنە لەژێر دەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتیدا، قەبرسانی ژنانی بێناونیشان مۆری شەرمەزاریە بە نێوچەوانیانەوە.
هەروەها ئەوەی کە زانیان خۆیان دەورێکیان لە ڕاپەڕیندا نەبوو وە ڕووبەڕووی هەلومەرجێکی نوێ لە شار دەبنەوە، ئەویش خەباتی مەدەنی و شاری لە هاتنەمەیدانی کۆمۆنیستەکان و جەماوەری کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشە لەدەرەوەی قەڵەمڕەوی سیاسەت و بەرنامەی ئەواندا، شوراکان نموونەیەکی بەرجەستەی ئەو بزوتنەوە نوێیە بوو کە ترسی خستبۆوە دڵی هەموویان و داوای؛ دەسەڵاتدارێتی جەماوەریان دەکرد، داوای دادگایی هەموو تاوانبارانی دەکردو کرێکاران رێگایان نەدا لە گەڕانەوەی مدیرە کۆنە بەعسیەکان، بەڵام بەرەو حزبەکانی کوردایەتی کەوتنە دژایەتی شوراکان و بە تابوری پێنجەم و سەر بەرژێمی بەعس ناوزەدیان دەکردن. هەموو ئەو ماهیەت و گەندەڵكاری و کۆنەپەرستیەی خۆیان وەک سونەت و رەوشتی ناسیونالیزمی کورد شۆڕکردەوە بۆ ناو کۆمەڵگە.
بەڵام خەڵكی کوردستان شاهیدن کە ناموسێک بۆرژوازی و حزبەکانی کوردایەتی باسیان دەکردو جاڕی بۆ دەدەن، وە نیوەی کۆمەڵگایان کردوەتە قوربانی، خۆیان چ ناموسێکیان هەیەو چۆنە!. خەڵكی کرێکارو ئازادیخوازانی کوردستان، دەزانن ئەم حزبانەی کوردایەتی نەک تەنیا نۆکەرایەتیان، بۆ ئەمریکا و رژێمی بەعس و سەدام حسین کردوە، بەڵکو سەدامیان بە ئەندیازیاری حکومی زاتی دایە قەڵەم و پێشلەشکریان بۆ هەموو حکومەتانی ناوچەکەو کۆنەپەرستیەکانیان کردووە. خەڵكی شاهیدن کە زۆربەی سەرانیان بەردەوام دەستیان تێکەڵ بووە لەگەڵ رژێم بەعس و بە ئێستاوە لەگەڵ هێزە میلیشیا شیعەکان و ئۆردوگان و جمهوری ئیسلامیدا.
دوای ئەوەی پاشەکشەیان بەشوراکان کرد، ئیتر شەڕی ناوخۆیان دەستیپێکرد، کە لەسەر قەڵەمڕەوی دەسەڵات بوو، کە کوشتاری وەحشیانەی یەکتریان کردو بێسەروشوێنی سەدان کەسی لێکەوتەوە، کە تاکو ئێستاش کەسوکاری ئەو قوربانیانە چاوەڕوانی تەرمەکانیان.
کۆتایی ئەم شەڕە ماڵوێرانکاریە بە ٣١ی ئاب کۆتایی هاتوو دوو زۆنی زەردو سەوزی لێدروستبوو. هەر لە چوارچێوەی شەڕی دەسەڵاتدا هەر جارەی لەسەر خواستی وڵاتانی ئێران و تورکیا شەڕی حزبێکی تری کوردیان دەکرد، هەرجارەو هەر شەڕەش کوشتارێکی زۆر لەخەڵكی کرێکارو زەحمەتکێشی لێکەوتۆتەوە.
هەروەها ٣١ی ئاب و ١٦ی ئۆکتۆبەر دوو پەڵەی گەورەی شەرمەزاری ماهیەت و کارنامەی حزبەکانی کوردایەتیە، کەچۆن پێشتر پارتی دەستی رژێمی بەعس گرتوو پێشلەشکری بۆ دەبابەکانی کردو هێنایەوە کوردستان لە ٣١ی ئابدا، یەکێتیش هەمان سیناریۆی گاڵتەئامیزی دووبارەکردەوە لە هێنانی سوپای پاسدارانی جمهوری ئیسلامی ئێران بۆ ناو قوڵایی کوردستان و بۆسەر بارەگاکانی حزبی دیموکراتی ئێران. هەر لەم ساڵانەیی دواییداو لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا دەستگرتنی حەشدی شەعبی و هێنانەوەی بۆ کەرکوک و تەسلیمکردنەوەی زۆربەی ناوچە کێشە لەسەرەکان.
هەروەها سەرکوت و چاوترساندن، زیندانیکردن، رفاندن و تیرۆر یەکێک لە سیما بەرجەستەکانی میلیشیاکانی حزبەکانی کوردایەتیە، کە لەشاخەوە لەگەڵ خۆیان هەڵیانگرتبوو، کەم نین ئەو کەسانەی لە؛ رۆژنامەنوسان، ئازادیخوازن، کۆمۆنیستەکان و ژنان کە بەر هێرشی ئەم حزبانەی کوردایەتی کەوتن و تیرۆرکران.
دەسەڵاتدارێتی پارتی و یەکێتی و حزبەکانی تری دەوریان کە ئەم هەموو سەروەت و سامانەی نەک تەنیا کوردستان بەڵكو عێراقیشیان دزیوە لە زیاتر لە سێ دەیەدا لە داهێنانەکانیان کە نموونەی نیە لە جیهاندا لە؛ نەدانی موچە، چارەکە موچە، پاشەکەوت، چەند مانگ جارێک موچە، دانەمەزراندن، پلەبەرزنەکردنەوەی کارمەندان، سیماکانی ئەم دەسەڵاتەی نوێنەرانی بۆرژواکان، مەلاو شێخ و عەشایەر، کۆنە بەعسی، مستەشارەکان و لێپرسراوانی حزبەکانە کە خۆیان بێخەمن لە موچەو داهاتی کەڵەبوونی دزراوی خەڵک، کە هەموو کەسێک دەزانێت خۆیان و منداڵ و خێزانەکانیان چۆن یاری بەپارەی دزراوی خەڵكی کوردستان دەکەن، گوندەکانی فیرعەوناوا، دۆلاراوا، سپیکردنەوەی پارەو ناردنەدەرەوەی بۆ هەموو خەڵک رۆشنە.
لەهیچ وڵاتێکدا لەنموونەی ئەم حزبانەی کوردایەتی نیە، لە ٣٣ ساڵدا نەتوانێ ئاو، کارەبا، گاز، رێگاوبانی گونجاو بۆ هاوڵاتی دابین بکات، ئایا ئەمانە جگە لە مافیا ناوێکی ترهەیە پێیان بوترێت.
بەڵام ئەگەر خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان لە سەرەتای ساڵەکانی نەوەدەکاندا بەهۆی پێشینەی سەرکوت و کوشتارو دیکتاتۆری رژێمی بەعسەوە، خۆشخەیاڵیەکیان بەدەسەڵاتی ناسیونالیزمی کوردو حزبەکانی هەبووبێت، ئەوا ساڵ لەدوای ساڵ ماهیەتی دژی خەڵکی و گەندەڵی و مافیایی ئەوانیان بۆ دەرکەوتووە، کە بەردەوام ناڕەزایەتیەکانی کرێکاران، مامۆستایان، کارمەندان، ژنان و قوتابیان گۆشەیەکی رۆژانەی ژیانیان بووە. ناڕەزایەتیەکانی ئەم دەورەیەی مامۆستایان بۆ ماوەی پێنج مانگ و ١٧ی شوباتی ٢٠١١ نموونەی ڕۆشن و ڕاشکاوانەی ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستانە کە بەهەموو زمانێک دەریدەخەن و دەڵێن کە دەسەڵاتی کوردایەتی لای ئەوان بایەخێکی نەماوەو دەبێت بڕۆن.
ئێستا ئومید بە راماڵین و کۆتایی ئەو حزبانەی دەسەڵات خواستێکی گەورەی زۆربەی خەڵكی کوردستانە. جەماوەری خەڵکی ناڕازی بەدەیانشێوەو زمان ئەو ئومێد و ئارەزوەیەیان ڕاگەیاندوە. ئەوەی ماوەتەوە بۆ جێبەجێکردن و بەدیهێنانی ئەو ئاواتە، ئامادەیی زیاتری سیاسی خەڵکە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە؛ ئەویش لەڕیگای خۆرێکخراوکردنی جەماوەرەوە دەبێت لەناو رێکخراوە جەماوەریە کرێکاریەکان و رێکخراوەکانی مامۆستایان و باقی توێژە زەحمەتکێش و ناڕازیەکانی کوردستان و پووچەڵکردنەوەی سیاسەتی چەواشەکاری ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی بۆ بەلاڕێدابردنی نارەزایەتی جەماوەر و دەستبردنە بۆ سازدانی جەماوەر لە شوراکانی کرێکاران و خەڵكی زەحمەتکێشدا لە ناوەندەکانی کارو گەڕەکەکاندا بۆئەوەی سەرەنجام دەسەڵات لە ئەحزابی کوردایەتی وەربگرنەوەو دەسەلاتی شوراکانی خۆیان دابمەزرێنن. دەسەڵاتێك کە لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی نوێنەرانی ڕاستەقینەو دڵسۆزی خەڵك بنیاتنرابێت کە کارنامەی سیاسی و ئابوریەکەی دابینکردنی خۆشگوزەرانی و ئازادی بێت بۆ خەڵکی کوردستان.




دۆستی گیاندار!.. چیرۆکی: نەوزاد بەندی

وەک ئەوەی بواری نەبێ قژی دابێنێ ، سەرنجێکی سەعاتەکەی دا و .. بەخۆی ووت : کات بەشم ناکات ..
ئەو کە زیاد لە ڕادەی پێویست پیاو چاک بوو ، کاتێ لە سوپەر مارکێتەکە پارچەیەک هۆتدۆگی کڕی ، بە کاشێرییەکەی ووت : ( چی بکەم ؟ بۆ پشیلەکانی گەڕەک ئەیکڕم ..واتا پشیلە بێ ساحێبەکان ، ناکرێ خۆمان تێر بین و ئەوان برسی ! )
کاشێرییەکە تاقەتی گوێلێگرتن و دەستخۆشی و ئافەرینی نەبوو ، لە ژێر چاویلکەکەیەوە ووتی : ( 1250 دینار )
ئەو بە کەمچیکڵدانییەوە ، ووتی : بۆچی ؟ خۆ بە 1000 دینار بوو ؟!
ــ وا دیارە ئاگات لە دۆلار نییە ، چۆن فڕیوە ..
ئەو کە پیاوچاکیی لێ ئەتکا ، بە کاشێرییەکەی ووت : بۆ من هیچی تێ ناچێ و تەنانەت ماڵ و مناڵیشم برسی نابن ئەگەر ئەم هۆتدۆگە بگەڕێنمەوە بۆ ناو بەفرگرەکەتان ، بەڵام لایەنی مرۆڤایەتی و ئاینییم ئازارم ئەدەن ..ڕێگریم لێ ئەکەن ..ناکرێ خۆم لەماڵەوە دوو سێ جۆر خواردن بخۆم کەچی پشیلەکانی گەڕەک ـــ
کاشێرییەکە پێی بڕی : بەڕێزەکەم ! نرخەکەی بەو جۆرەیە ، ئیتر ئەیدەی بە پشیلە یان ئەیدەی بە مشک ، ئەوە ئارەزووی خۆتە ، من کێشەی سوور بوونەوەی گەدەم هەیە و ئازارم هەیە ، تکایه خۆت یەکلایی بکەرەوە ..زۆر دەنگم دەرمەهێنە ..
ئەو پیاوێکی نمرە یەک بوو ، بەوپەڕیی لەخۆبوردنەوە 1500 دیناری دەرهێنا و .. ووتی : کێشەم نییە ، ئەگەر ووردەیشت لەلا نییە ، 250 دینارەکەیشم ناوێ !
ــ لا حەولە وە لاقوەتە ئیلا بیلا .. براکەم ها ئەوە 250 دینارەکەت ..ئەمە لە نانەواخانەی سەر سوچەکەیش کە نانی جۆ و گەنمیش شەشی بە هەزار بوو باس ئەکرا .. لای کۆکتێل فرۆشەکەیش .. لای ئەو پیاوەی کە هەموو شتێکی ئەکڕی ؛ ئاردی بایعی ..ماتۆڕی سووتاو .. قەنەفە .. پاسکیل ..
لە گەڕەکدا زۆر بە بڕوا و خۆنەویستی و ئەو جۆرە شتانەوە ئەڕۆیشت .. پشیلەکان کە ئەیانبینی ، بە ڕاکردن بەرەو لای ئەهاتن .. ئەم ماراسۆنی پشیلەیە ، هەستی شانازیی ئەگەیاندە لووتکە …دڵنیا بوو ئێستا خوا تەماشای ئەکا و کەیفی بەو دڵ و دەروونە پڕ لە بەزەییەی دێ ، بە فریشتەکان ئەڵێ ئادەی بۆی دروستکەن کۆشک وسەرا ، خەدەم و حەشەم ..بادە و شیر و شەرابی هەزار ڕەنگ و هەزار تام ..لە پلەی ئەولیا و شت داینێن .. خۆی دەهاتە بەرچاو لە شێوەی ئەولیادا ، باڵایەکی بەرز ، کەوا و سەڵتەیەکی سپی ، ڕیشێکی درێژی وەک ئاوریشم ، ڕەشی قەترانیی ..دوو برۆی وەک کەوان ، دووچاوی وەک ژێر پیاڵە ، تەوێڵێکی گەش و ڕوناک ، بەو دیمەنە موچڕکە بە گیانیا ئەهات ، جۆرە شەرمێکیش دایدەگرت ..
هەستی ئەکرد کەسێکی زۆر تایبەتە ، کە خەمی هەموو بێ زمانەکانی هەڵگرتووە ، بەڵام کاتێ لەبەردەرگای خۆیان ، هۆتدۆگەکانی بۆ پشیلەکان دادەنا ، ست سەلمای دراوسێیان ، دەنگی لێ بەرزبۆوە :
ــ جەمشیرە فەنی بەندەی خوا ، وەڵاهی ژیانمان نەماوە لەدەست ئەم پشیلانە ، هەموو ناو باخ و ئینجانەکانمان پیسایی پشیلە دایپۆشیون ، ڕۆح و گیانمان هاتە دەرەوە ..!

وەک شاعیرێک کە بەو پەڕی ڕۆمانسیەت و بڕوا بەخۆ بوونەوە لە نێوان دوو کۆپلەدا ، تەماشایەکی جەماوەرەکەی ئەکات ، بەو جۆرە تەماشایەکی ست سەلمای کرد و ..وەڵامی دایەوە :
ـــ سەلما خانم ، ئەوە چ پەیوەندیی به منەوە هەیە ؟

ـــ ئێ تۆ خواردنی تایبەتیان بۆ دادەنێی ، پشیلەی کۆڵانەکانی تریش دێن بۆ ئێرە .. ئێ دوای ئەوەی تۆ تێریان ئەکەی ، دێن لای ئێمە دەست بە ئاو ئەگەیەنن !

لە پڕ پێکەنینێک قوڕگی گرت ، خەریک بوو بخنکێ ، کەوتە کۆکە ، بە پشتا کەوت ، پشیلەکان ترسان ، پەرت و بڵاو و دابەش بوون ..
خێزانی بە پەلە پەرداخێ ئاوی فریا خست ، ئەو کاتە ست سەلما چووبووە ژوورێ و لەبەر خۆیەوە دۆعای لێئەکرد : ڕەببی خنکابێ ..ڕەببی تاسابێ ..!!
خێزانەکەی ، بە شانازییەوە بۆ مێردەکەی ئەڕوانی ، ناوی لێ نا بوو ماندێلا .. هەندێ جاریش بە نێڵسۆن بانگی ئەکرد ..
ئەمیش ناوی تێرێزای بۆ ئەو هەڵبژاردبوو .. دوو کەسی زۆر گرنگ بوون بۆ جیهانی گیانداران و پەلەوەر و دار و درەخت …دایکە تێرێزا و نێڵسۆن ماندێلا …
پاشماوەی برنج و نانەڕەقەی سفرەکەیان نەدەکردە ناو تەنەکەی خۆڵ ، لە بەردەرگا ئەیانتەکاند ، بۆ ئەوەی مریشک و کوکوختی و چۆلەکە و کۆترە باریکە لێی بخۆن ..هەرچی ئێسقانی مەڕ و مریشک و بزن و قاز و قەلە ، چاک چاک ئەیانکڕاندنەوە ، جا ئێسقانەکانیان له پێش ماڵەکەیان بڵاو ئەکردەوە ، ئەی چۆن بڵاوی نەکەنەوە ؟ تۆ بڵێی هەروا بە ئاسانی پشیلە و سەگی بەرەڵڵایان لە یاد بچێ ؟ نەخێر ..هەزار جار نەخێر ..
ست سەلما لووتی زۆر هەستەوەر بوو ، بۆی دەرکەوت کۆڵانەکەیان بۆگەنی کردووە و ناکرێ لەوە زیاتر بوار بەو دوو شێتە بدرێ کۆڵانەکەیان بشێوێنن ..
بە مەسنجەر نامەیەکی بۆ گوڵبەن خانی ژنی سەعدونی خەیات نارد ، نامەکە زۆر درێژ بوو ئەمە بەشێکێتی : ( کێشەی دراوسێیەتی ئەوەیە ، ئەگەر دانەیەکیان بۆگەن بێ ،ئەبێ ئەوانی تریش پڕ لووتەکانیان بکەن لە بۆگەناو ، چونکە پێکەوەن ..
جەمشیری بەندەی خوا و ژنەکەی ناخۆشیان کردووە ، کۆڵانیان پڕ کردووە لە سەگ وپشیلەی بەرەڵڵا ..پاشماوەی خواردنی ترشاویش لەولاوە ڕاوەستێ ..وام لێهاتووە هەفتەی دوو ڕۆژ لە ماڵ ئەمێنینەوە ، لە ماڵی باوکم و براکانم دامانکوتیوە ، ئێ ئەوەیش ڕاست نییە ، بە تایبەت ئێمە بەرەو مۆدێرنی و ئەوروپایی ئەڕۆین ، مەعقول نییە لە ماڵە برا و خوشک دایکوتی … )
گوڵبەنخانی ژنی سەعدونی خەیات هیچ لەو نامەیەی ست سەلما تێ نەگەیشتبوو ، هەر بۆیە نوسیبووی : ( pardon ) ئەم پاڕدۆنە لە ئەستانبوڵ فێر بوو بوو ..
سەلما خان نەیزانی پاڕدۆن چییە ، هەستی کرد گاڵتەی پێکردووە ، بۆیە یەک لایەنانە پەیوەندیی لەگەڵ گوڵبەنخانی ژنی سەعدونی خەیات بڕی ، تەنانەت بڕیاری دا لە جەژنیشا نە خۆی ، نە ڕەشیداغای خۆشخۆری مێردی نەچنە ماڵی ..
هەڵبەت کەش و هەوای زستان لەناکاو گۆڕانکاریی تێ ئەکەوێ ، نزمە پاڵەپەستۆیەک لە سیبیریاوە ووڵات و شارەکەی جەمشیری بەندەی خوا یان نێڵسۆن ماندێلای گرتەوە و ..پلەکانی گەرما بۆ خوار سفر دابەزین ..
لەگەڵ تێرێزای هاوسەریدا زۆر خەمیان بۆ پشیلە و سەگە بەرەڵاکان ئەخوارد ..خەمیان بۆ کۆتر و زیکزیکە و مێروولە و مارمێلکە و هەموو ڕۆح لەبەرێک ئەخوارد ، بەڵام سەرماکە هی ئەوە نەبوو بڕۆنە بەردەرگا و پاشماوەی خواردن بۆ ئەو بوونەوەرانەی خوا فڕێ بدەن .. هەڵبەت لەسەر بەرماڵ بە دوور و درێژیی داوایان لە خوا ئەکرد ، لەلایەک لە کەمتەرخەمی ئەمان ببوورێ و ..لەلایەکی تریشەوە بێت بە هانای گیاندار و دار و درەخت و تەنانەت بەکتریا و ڤایرۆسەکانیشەوە ..
کوڕەکەیان کە تازە لە زیندان ئازاد کرابوو ، لەو نزایانە بێزار بوو ، قاچێکی کوتا بە زەمینەکەدا و بە ناڕەزاییەوە وتی : ( خوا خۆی ئاگای لە بوونەوەرەکانێتی ، پێویست ناکا ئێوە بیری بخەنەوە ! )
ماندێلا و تێرێزا ، هیچ وەڵامێکیان نەدایەوە ، چونکە دوو جار هەوڵی خۆکوشتنی دابوو ، جارێکیش لە تورکیا سنوور داش کرابوو ، تەنها دوو سێ نمرە ، ڤۆلیۆمی دەنگی نزاکانیان دابەزاند ، هەتا کۆڕشی جەمشیری بەندەی خوا گوێی لێ نەبێ ..
ئەو بەیانییە، لوورە لووری ڕەشەبا لە خەوی هەستاند ، باران و بەفر و ڕەشەبا پێکەوە ، وایان لە جەمشیر کرد هەرچی جلی هەبوو لەبەری بکا ، دوو فانیلە ، سێ بلوس ، دوو چاکەت ، هێلەکێک ، دوو ملپێچ ، پاڵتۆیەک .. کڵاوێکی خوری و شەپقەیەکی چەرم بەسەریدا .. لەگەڵ گوێچکەوانێک .. دوو گۆرەی و دوو تراکسود لە ژێر پانتۆڵە قەیفە قاوەییەکەی..
کە تێرێزا له ڕێڕەوەکەدا ، لە دواوە بانگی کرد ، لەژێر کەڵەکەی جلدا نەیتوانی ئاوڕ بداتەوە ، ناچار سێ خاڵییەکی بۆ کرد و به گۆشەی 180 پێچی کردەوە ، کەچی تێرێزا هیچ پەیامێکی پێ نەبوو بۆی ، تەنها حەزی ئەکرد بانگی بکا ..زۆر جاری تریش به بێ ئیش بانگی کرد بوو ..
کە چووە هەیوانەکەوە ، هێرشی ڕەشەبا و بەفر و باران پاڵیان پێوە نا بۆ ژوورەوە ، بەڵام ئەم کۆڵی نەدا ، سەنگەری چۆڵ نەکرد ، به بیر و باوەڕێکی پتەوەوە دڕی به زریانەکە دا ..بەرەو سندوقی پێڵاوەکان ملی نا ، کردیەوە ، پشیلەیەک لەناو خانەی خوارەوە پاڵکەوتبوو ، چاوەکانی ئەبریسکانەوە ، جوڵەی لە خۆی بڕیبوو ، ئەمیش هەستێکی شانازیی زۆر گەورە لەناخیدا سەری کرد ، خەریک بوو لەو هەستەدا نوقووم ئەبوو ، بە هێواشیی بە پشیلەکەی ووت : بنوو ..بنوو .. بۆ خۆت بحەوێرەوە ، شانست هەبوو هاتیتە ناو سندوقی بەبەزەییترین خانەوادەی هەموو جیهان .. بە درێژایی هەموو چاخ و سەردەمەکان ، ماڵێکی وا میهرەبان نەبووە و نییە و نابێ .. بنوو ئازیزم ..!!
جا وەک سەرکردەیەک کە سەرجەم جەنگەکانی سەرکەوتوو بووبێ و لە دەروازەی شارەوە بەرەو پێشوازیی میللەتەکەی هەنگاو بنێ ، ئا بەو جۆرە لە پلیکانەکان هاتە خوارەوە ، سەرسمێکی دا ، خۆی بە دەسکی دەرگاکە گرتەوە ….
نیوەڕۆ ، بەفر و بارانەکەی خستبوو ، بەڵام ڕەشەباکە بەهێزتر بوو ، لە فەرمانگە هاتەوە ، پێڵاوەکانی خستە ناو سندوقی پێڵاو ، تەماشای کرد پشیلەکە هەر لە شوێنی خۆیدایە .. نوشتایەوە و بۆی ڕوانی ، بۆی دەرکەوت گیانی تێدا نەماوە …ڕەق بۆتەوە .. هەوڵی داوە لە ژێر پێڵاوەکاندا گەرمیی و هەلێکی تر بۆ ژیان بدۆزێتەوە ، نەیدۆزیوەتەوە .. خۆی خشاندووە لە پێڵاوەکان ، مووی سک و ملی بە پێڵاوەکانەوە نوسا بوون …
گریانێک قوڕگی گرت .. تۆ بڕوانە ، لەو هەموو کۆشک و باڵەخانە چۆڵەی ئەم ووڵاتە ، لە کاتێکدا گیانداران لە سەرماندا ڕەق ئەبنەوە .. نابێ لەو شەوە ساردانەدا دەرگا لە گیانداران بکەیتەوە ، نەک ماڵەکەت گڵاو بێ ..نەک پێت بڵێن شێت ..ئەمە چ بار و دۆخێکە ؟ لە کاتێکدا ئەم خۆی ، چەندین ژووری هەیە ، هیچ ئیشی پێیان نییە و ئاژەڵدۆستیشە ، نەئەکرا ئەم پشیلەیه بۆ ماوەی شەوێک لە یەکێک لەو ژوورانەدا میونداریی لێ بکرایه ؟؟
تێرێزا لە دەنگی گریانی ماندێلا هاتە هەیوانەکە : ( ئۆی ! نێڵسۆنی ئازیز .. بەسە بەس .. دڵت بەرەگە ناگرێ .. تکایە ! وا دیارە ئەو پشیلەیە خۆی لە بنەڕەتدا نەخۆش بووە یان کێ ناڵێ دەر و دراوسێ ژەهرخواردیان نەکردبێ ؟! ..)
کاتێکیش لەو بار و دۆخە سارد و سڕەدا ، بە ئەرکی مرۆڤایەتیی خۆیان هەستان و .. پشیلەکەیان خستە نایلۆنێک و لە قەراغی گەڕەکەکەیان ، لای تەنەکەی خۆڵێکدا دایاننا ، هەستی ئاژەڵدۆستیی ومرۆڤایەتیی لە ناخیاندا گەیشتە چڵەپۆپە .. ئەمانە ئیتر تا مانگێکی تر بۆ خزم و دۆست و تەنانەت نەناسیاوەکانیشیان باسی ئەوەیان ئەکرد چۆن چۆنی لەو ڕۆژە ساردەدا ، لەناو نایلۆنێکی تایبەتدا ، پشیلەکەیان پێچاوەتەوە و ..چەند بە سۆز و بەزەییەوە لای تەنەکەی خۆڵەکەوە ، فڕێیان داوە . …هەروەها ئەمە لە نانەواخانەی سەر سوچەکەیش کە نانی جۆ و گەنمیش شەشی بە هەزار بوو ، باس ئەکرێ .. لای کۆکتێل فرۆشەکەیش .. لای ئەو پیاوەی کە هەموو شتێکی ئەکڕی ؛ ئاردی بایعی ..ماتۆڕی سووتاو .. قەنەفە .. پاسکیل




سۆناتای خۆشەویستی.. ستیڤان شەمزینی

ھەروەک چۆن رابردوو
دەبێتە پۆشاکێکی کۆن
زەمەن بەرگی ئێستا دەکاتە بەر
جلی بۆ ئایندەشت دووریوە
من لە رابردوودا عەوداڵت بووم
لە ئێستا تۆم دۆزییەوە و
خۆشم ویستی
لە ئایندەشدا لە توێی دڵی تۆدا
گۆڕێک بۆ خۆم ھەڵدەکەنم
خەیاڵ بکە بەو جۆرە
خۆشم ئەوێی


رابردوویەکم نییە بۆی بگریم
داھاتووشم نییە چاوی تێ ببڕم
بە تەنیا ئێستام ھەیە
تۆم تێدا خۆش ئەوێ
ھەموو ئەوەی لە کتێبەکەمدا
نوسیوومە
بریتییە لە سێ دێڕ:
بە قەد قورسیی رابردوو
بە قەد گەورەیی داھاتوو
ھێندەی شیرینی ئێستا
خۆشم ئەوێی


لە پشتی کتێبەکانەوە
خۆم حەشاردا
لە ناو پێخەفی شیعردا ئەنوستم
لە شەوانی نوتەکدا
بیرم ئەکردەوە
چرایەک شەڵاڵ لە خۆشەویستی
منی لەنێو غوباردا دۆزییەوە
ئەمێستا دەستم لە ژێر چەناگەم
وەک دوو کۆڵەکەی رزیو راگرتووە
کۆژیتۆیەک ئەنووسمەوە:
تۆم خۆش ئەوێ کەواتە من ھەم
ھەر وەک ئەو فرمێسکە روونەی
بەسەر غەمەکانمدا ئەبارێت
خۆشم ئەوێی


زۆر گوناھی گەورەم ئەنجام داوە
شەوێک ژوانم لەگەڵ تریفە بەستووە
شەوێکی دی
مژم لە سیگاری خەونێک داوە
شەوێکی تر
گوڵم لە باخی گریان رنیوە
شەوێکی تریش
نزام بۆ شاعیرێک کردووە
لەبەردەم ئازاردا
روومەتی شیعرەکانی ئەڕنی
من گوناھباری گەورەی
ژێر پەردەی رەشی شەوەکانم
ھەر لە شەودا دڵی خۆمم
بە دارتێلی شەقامی ئەوینەوە ھەڵواسی
دە تۆ وەرە نزیکم
با بە گوێتا بچرپێنم
ھێندەی ھەموو گوناھە سپییەکانم
خۆشم ئەوێی
خۆشم ئەوێی


٢٠-١٢-٢٠١٨
ئەڵمانیا – کۆڵن




نەمزانی وازوو.. شیعری شەماڵ بارەوانی

نەمزانی وا زوو
بە فووی خیانەت چرای پەیمان دەکوژێنیتەوە و
کراسی عیشق دەدڕێنیت

نەمزانی وا زوو
بەرماڵی نزا دەپێچیتەوە و
ڕووگەی مەیلت دەگۆڕیت

نەمزانی وا زوو
سەبەتەی یەقینم پڕ دەکەیت لە تاتەبەردی گومان و
حەللاجی خۆشبەختیم لە تەنافی شبلی هەڵدەواسیت

نەمزانی وا زوو
ئۆقیانۆسی خەونەکانم لێوانلێو دەکەیت لە پرووشەی فرمێسک و
جانتای پێکەنینەکانم دەدزیت

نەمزانی وا زوو
هەیوانی نیگام لە دیدارت ڕووت ڕووت دەکەیتەوە و
بە تەمی تەنیایی ئاسمانی چاوەکانم دادەپۆشیت

نەمزانی وا زوو
خونچەی خەونەکانم لە تابووتی دڵ ڕەقیتدا دەنێژیت و
کۆتری گەشبینیم بە سنووری سەراب دەسپێریت

نەمزانی وا زوو
چارۆکەی ماتەم لەسەر بەڵەمی شادیم هەڵدەکەیت و
چوارچێواەی تابلۆی خەیاڵم پڕ دەکەیت لە ڕەنگی حەسرەت

نەمزانی وا زوو
باڵی پەپوولەی هەستم زامداردەکەیت و
لەجێی هەر خەونێکی سەرزەمینی ڕۆحم
نەمامەخەمێک دەڕوێنیت

شەماڵ بارەوانی




ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی لە کوردستان.. نووسینی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

سەرەتای ڕەخنەی ئەدەبی کوردی
مێژووی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی بیستەم و هەوڵەکانی ڕەخنەگرانی کورد لەم بوارەدا بەتایبەت نووسین و هەوڵەکانی شاعیران و نووسەران کە لە دەیەی بیستەکانەوە لە ڕۆژنامەی تێگەیشتنی ڕاستییەوە(١٩١٨ – ١٩١٩) دەست پێدەکات و تا دەگات بە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەمڕۆ.. ئەم بزووتنەوەیە لە دەیەی بیستەکانەوە دێتە مەیدان بەڵام بە بەگشتی کاڵوکرچ و نازانستی بووە. بەڵام لە دەیەی سییەکاندا زیاتر دەردەکەوێت و ڕووپەڕی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بەڕوویدا دەکرێتەوە. گۆڤاری گەلاوێژ ( ١٩٣٩ – ١٩٤٩) ڕۆڵێکی گرنگی گێراوە لە پەرەدان بەم ژانرەی ئەدەب. زۆربەی نووسینە ڕەخنەییەکان لەسەر ژانری شیعر و ململانێی نێوان شیعری کۆن و نوێ بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەپاڵ قسەکردن لەسەر شیعر؛ نووسەرێکی وەک (ع و نوری عەبدولواحید نووری) ش بە بیروباوەڕە مارکسییە پێشکەوتووخوازەکەیەوە لە نووسینەکانیدا تەئکیدی لەسەر ئەرکی ئەدەب لە چاککردنی بارودۆخی ژیانی کۆمەڵگە دەکرد. (١)عەبدولواحید نوری یان (ع و نوری ١٩٠٤ – ١٩٤٤) ڕەنگە یەکەم ڕەخنەگری ئەدەبی کورد بووبێت کە هەوڵیداوە لە پەیوەندی نێوان کۆمەڵگە و دەقی ئەدەبی بدوێت. لەدەی سییەکان ڕەخنەگرانی وەک حامد فەرەج و تۆفیق وەهبی باسیان لە گرنگی ڕەخنەی ئەدەبی کردووە. ڕەخنەی ئەدەبی لەم دەیەیەش وەکو دەیەی بیستەکان نەیتوانیوە بە شێوازێکی زانستییانە بنووسرێت و دوور بێت لە زمانی زبر. دەیەی چلەکان، دەیەی پاشەکشەی ڕەخنەی ئەدەبییە و گۆڤاری گەلاوێژ لاپەڕەکانی بەڕووی ڕەخنەدا دادەخات. لەو دەیەیە جگە لە کتێبی (شیعر و ئەدەبیاتی کوردی) ڕەفیق حیلمی شتێکی وا نابینین کە شایانی باسکردن بێت. بەڵام لە دەیەی پەنجاکان ڕەخنەی ئەدەبی جارێکی بە گوڕ و تینەوە دێتە مەیدان و گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەو سەردەمە وەکو ڕۆژنامەی ژین(١٩٣٩ – ١٩٦٣) و هیوا (١٩٥٧ – ١٩٦٣) و شەفەق ( ١٩٥٨ – ١٩٦١) و بڵێسە و هەتاو و پێشکەوتن(١٩٢٠ – ١٩٢٢) ڕۆڵی سەرەکیان گێرا لەبرەودان بەم ژانرە ئەدەبییە. لەم دەیەیەدا دەبینین زۆربەی ڕەخنەگران باس لە ئەدەب و ژیان و ئەدەب و کۆمەڵگە و ئەدەب و خەڵک و ڕۆڵی کۆمەڵایەتی ئەدەب دەکەن، دیارە ئەمەش بە کاریگەری ئەدەبیاتی ڕیالیزمی سۆشیالیستی کە ئەو سەردەمە لەبرەودا بوو. نووسەرانی وەک نوری ئەمین مەحمود و مارف خەزنەدار و ئیحسان فوئاد و شێخ مەحەمەدی خاڵ و مارف بەرزنجی و عەلائەدین سەجادی و حوسێن عارف و موحەڕەم محەمەد ئەمین و مەحمود زێوەر و ساجد ئاوارە و رەفیق حیلمی و دکتۆر عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ و دکتۆر بەدرخان سندی زۆر زانستییانە تر و بە مەعریفەیەکی فراوانترەوە دەست و پەنجەیان لەگەڵ ئەم ژانرەدا نەرمکردووە. هەرچی دەیەی شەستەکانە سەرباری چالاکییەکانی ڕەخنەگران و نووسین و کتێبەکانیان، دەتوانین بڵێین بەگشتی دەیەی متبوون و سستی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی بوو. لەگەڵ ئەوەشدا دوو بۆچوون دەربارەی ڕەخنەی ئەدەبی لە دەیەی شەستەکان دەکەونە بەرچاو ؛ یەکێکیان ئەوەیە کە ڕەخنەی ئەدەبی زیاتر مۆرکی کەسیی پێوەیە و ئەویتریان ئەوەیە کە ڕەخنەی ئەدەبیمان هەر نییە. لەگەڵ ئەوەشدا هەم نووسینە ڕەخنەییەکان و هەم کتێبە چاپکراوەکان بەروونی کاریگەری ڕیێبازی ڕیالیزمی سۆشیالیستییان بەسەرەوە دیارە. لێرەدا نابێت ڕۆڵی ئەو قوتابییانە لەیاد بکەین کە دەچوونە یەکێتیی سۆڤییەتی جاران بۆ خوێندن و لەگەڕانەوەیان پیادەکردنی ئەو ڕێبازەیان لە نووسینەکانیاندا دەگرتە بەر (٢) هەرچی دەیەی حەفتاکانە بە دەیەی زێڕێنی گەشە و بەرەوپێشچوونی ئەدەبی کوردی و ڕەخنەی ئەدەبی کوردی دەژمێردرێت. بانگەوازی ڕوانگە لە ٢٤-٤-١٩٧٠ و بوونی ڕۆژنامەی هاوکاری؛ ئەمە جگە لە گۆڤاری ڕوانگە ( ١٩٧٠ – ١٩٧٢) و نووسەری کورد و بڵاوکراوەکانی تر کە هەر هەموو پێکەوە ڕۆڵیان گرنگیان بینی لە هەستانەوەی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی. دیارە لەنێو ئەم هەستانەوەیەدا نووسەران و ڕەخنەگرانی دابەش بووبوونە سەر دوو بەرەوە. بەرەیەکیان پشتیوان و پاڵپشتی ڕوانگە و ترادیسیۆنی ئەدەبیی بوون و بەرەی دووەمیش سەپۆرتی لێکدانەوەی زانستییانە و پێشکەوتووخوازانەیان دەکرد و دەکۆشان لەژێر سێبەری بیروباوەڕی مارکسیزم لێکۆلینەوە ئەدەبییەکانیان ئەنجام بدەن. ئەوانیش بریتی بوون لە ( فوئاد وەرەداغی و فازیلی مەلا مەحموود و ئەحمەد سەید عەلی بەرزنجی و کەمال میراودەلی و فوئاد مەجید میسری و محەمەدی مەلا کەریم) کە زیاتر بە میتۆدی مارکسیستییەوە بەرهەمە ڕەخنەییەکانیان بڵاوکردۆتەوە. لێرەدا دەتوانین ئەوە بڵێین کە ئەگەر لە دەیەی چلەکان و پەنجاکان ڕەخنەی ئەدەبی مۆرکێکی ڕیالیستی هەبوو و باسی پەیوەندی نێوان دەق و ژیانی دەکرد، ئەوا لە دەیەی حەفتاکان و لەبەرامبەر ئەدەبی ناسیونالیستی کوردیدا کە تەواوی بزووتنەوەی سیاسی کوردی سەپۆرتی دەکرد ڕەخنەیەکی ئەدەبی جییدی و مارکسیستی هاتە ئاراوە و شکلی گرت و وردە وردە گەشەی بەخۆیدا. (٣) دەیەی حەفتاکان و هەشتاکان لەڕێگەی گۆڤارەکانی وەکو نووسەری کورد و بەیان و ڕۆژی کوردستان و رۆشنبیری نوێ و بیری نوێ و پاشکۆی ڕۆژنامەی عێراق و ..تاد، ئەم بزاوتە وردە وردە هەنگاوی هەڵدەهێنایەوە و هەناسەیدەدا، بەڵام ئەم بزاوتە ڕەخنە مارکسیستە ڕادیکاڵەکە بەهۆی هەلومەرجی سیاسی دەیەی هەشتاکان و سەرکوتی سیاسی حیزبی بەعس لە کوردستانی عێراق، تا دەهات کز و کزتر دەبوو. لە دەیەی هەشتاکان دوو ڕووداو دێنە پێشەوە کە کاریگەرییان بەسەر ڕەوتی ئەدەبی کوردییەوە هەبووە. یەکەمیان لە ناوەڕاستی دەیەی هەشتاکان، کانوونی هونەر و ئەدەبیاتی کرێکاری کوردستان لەلایەن نووسەران و ئەدیبانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانەوە دێتە دامەزراندن و گۆڤاری (پێشەنگ) چاپ و بڵاو دەکەنەوە. دووەمیان لە نیوەی دووەمی دەیەی هەشتاکان بە تایبەتیش لە ساڵی ١٩٨٧ حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست لە شاری هەولێر دادەمەزرێت و گۆڤاری (ڕابەر) بڵاودەکەنەوە. ئەم دوو ڕێکخراوە ئەدەبییە مارکسیستییە لەڕووی مێژووییەوە یەکەمین ڕێکخراوی ئەدەبی مارکسیستین و دووەمیش لەسەر دەستی ئەو دوو ڕێكخراوە ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی دوور لە کاریگەری ناسیونالیزم و لیبڕالیزم و ..تاد هاتە مەیدانی تیۆری و پراکتیکەوە و کە تا ئێستاش درێژەیان هەیە.(٤)
بەدرێژایی ئەو مێژووەی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی، دوو بۆچوون و تێڕوانینی چینایەتی جیاواز لەبواری توێژینەوە و ڕەخنەی ئەدەبی کوردی بوونیان هەبووە و قسەی خۆیان کردووە. تێڕوانینی ناسیونالیست لیبڕاڵ و تێڕوانینی مارکسیستی. زۆر قسە دەربارەی بزووتنەوەی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی ( مەبەست ڕەخنەی ئەدەبی ناسیونال – لیبڕاڵ) کراوە و توێژینەوەی لەبارەوە ئەنجامدراوە، بەڵام لەسەر بزاوتی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی تا ئەو جێگایەی من ئاگادار بم، هیچ کارێکی بەرچاوی وا نەکراوە. بۆیە من وای دەبینم تا درەنگتر نەکەوتووە، ئێمەی ڕەخنەگرانی مارکسیست دەبێت لەڕێگەی هەوڵەکانمانەوە، هەم قسەی چینایەتی خۆمان بکەین و هەمیش وەڵامگۆی کێشە و ئاریشەکانی ئەم سەردەمە بین.

بونیاد و میتۆدەی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی کوردی
لێکۆڵینەوە لە بونیاد و میتۆدی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی نەک هەر گرنگە، بەڵکو پێویستییەکی هەنووکەییە و فەرامۆشکردن و پشت گوێخستنی زیان بە ئەدەبی پێشکەوتووخوازی و مارکسیستی دەگەێنێت و خزمەت بە ئەدەبی بۆرژوازی دەکات. گەرچی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی لە سێ دەیەی ڕابردوو لەنێو بزووتنەوەی ئەدەبی کوردیدا نەیتوانیوە ئامادەییەکی بەرچاوی هەبێت، بەڵام بەیەکجاریش ون نەبووە و تا بۆی لوا بێت قسەی خۆی کردووە و گۆڕەپانی ڕەخنەی کوردی چۆڵ نەکردووە. ڕەخنەگرانی مارکسیستی جیهانیی هەر لە (جۆرجی بلیخانۆڤ و بیلینسکییەوە بگرە تا دەگاتە جۆرج لۆکاش و هێربێت مارکوزە و ئەنتۆنی گرامشی و برتۆڵد برێشت و فریدریک جەیمسن و تێری ئەنگڵتن) ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە و هەیە لە ناسینی ئاستەنگەکان و لێکدانەوە و شڕۆڤەی دۆخی بزووتنەوەی ڕەخنەی ئەدەبی و وەڵامدانەوەی کێشەکان. لە کوردستانیشدا ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی؛ هەمیشە خاوەن قەڵەم و نووسەری خۆی بووە و گەلێ نووسەری جیددی وەک (عەبدولواحێد نوری و فازیلی مەلا مەحموود و ئەحمەد سەید عەلی بەرزنجی و کەمال میراودەلی فوئاد قەرەداغی و فوئاد مەجید میسری و حەمەسەعید حەسەن و یوسف ئەحمەد دەرگەڵەیی محەمەدی مەلا کەریم و جەماڵ کۆشش و عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) و سلێمانی قاسمیانی و سەعیدی ئەمانی و ..تاد)کەم تا زۆر بە نووسینەکانیان هەوڵیان داوە ئەو لایەنەی ژانری ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی گەشە پێبدەن و هەناسە بدات. سەرباری هەر ئاستەنگ و ڕێگرییەکیش کە هاتۆتە ڕێیان. چونکە پێمان خۆش بێت یان نا؛ ئەدەبی بۆرژوا ناسیونالیستی کوردی هەروا بە ئاسانی بوار بە ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی نادات لە مینبەرەکانیانەوە( گۆڤار و ڕۆژنامە و ڕادیۆ و تەلەفیزیۆن) چالاکییەکانیان نمایش بکەن و دەقەکانیان بڵاو بکەنەوە. ئەدەبی ناسیونال – لیبڕاڵی کوردیی کە ئەدەبی باڵا دەستی بزووتنەوەی ئەدەبی کوردییە لە کوردستان، لە سەپۆرتێکی مادیی و مەعنەوی دەسەڵاتدارانی بۆرژوازی کوردستان بەهرەمەندە و بەپێچەوانەی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی کە لە هیچ سەپۆرتێک بەهرەمەند نییە. ئەمەش وای کردووە ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی نەتوانێت لێبراوانە چالاکی ئەدەبی و ڕەخنەیی خۆی بەرەوپێش ببات و ئاستەنگەکانی بەردەم هەنگاوەکانی وەلا بنێت. ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی ڕەخنەیەکی گۆشەگیر و بێئەرک نییە، بەڵکو بەشداری کارا دەکات لە ئاراستەکردنی ئەدەب بەرەو ڕێگای شۆڕشگێڕانە. ئامرێ سێزمان سەبارەت بە ئەرکی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی دەپرسێت کە ئایا( مارکسیزم چ بەشدارییەکی لە ڕەخنەی ئەدەبیدا کردووە؟ بەریەککەوتنی لەگەڵ ئەدەب لە سەدەی بیستەمدا چۆنە و هەروەها ئەو ئاراستانە چین کە ڕەنگە ڕەخنەی مارکسیستی لە سەدەی بیست و یەکەمدا دەبێت بیانگرێتەبەر؟)(٥) ئەم پرسیارانە و کۆمەڵێ پرسیاری تر کە ڕووبەڕووی توێژەران و لێکۆڵەرەوان دەبنەوە پێویستە لەڕووی تیۆری و ئینجا کردەییەوە(پراکتیکەوە) وەڵام وەربگرنەوە. ڕەخنەگرانی ئەدەبی مارکسیستی کوردیش پێویستە بەشدارییەک بکەن با بەپێی پێویستیش نەبێت، تا لەئاستانەی بردنە پێشەوەی بزووتنەوەی ڕەخنەی ئەدەبی ڕادیکاڵەنە و هاورچەرخ بتوانێ ڕۆڵی خۆی بگێرێت.
کۆمەڵگەی سەرمایەداری؛ وەک کۆمەڵگەیەکی چینایەتی کە لەسەر بنچینەی ململانێی نێوان کار و سەرمایە بەرێوە دەچێت، بونیادی ماددی خۆی لەسەر پایەکانی موڵکایەتی تایبەت و خێزان و نیشتمان و ئایین بونیاد ناوە. کۆمەڵگەیەکە هیچ ڕۆژێک بەبێ ستەم و سەرکوت ناتوانێت بژێت و یەک ساتیش بەبێ قازانج و مەرگی ئینسان ناتوانێت هەناسە بدات. ئەم کۆمەڵگە پڕ لە ئاشووب و شەڕ و ماڵوێرانییە یەک لایەنی جوانی تێدا نییە تا نیشانی ئینسانی بدەین، سەرتاپای ناشرینی و مەرگەساتە. بۆرژوازی بۆ شاردنەوەی ئەو مەرگەساتەی کە ناوی ناوە ژیان و بەجوان نیشاندانی ئەو ماڵوێرانییە پێویستی بە ئەدەب و هونەرێک هەیە تا ئەو ئەرکەی بۆ ڕاپەڕینێت. ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی و ئەدەب و هونەری کرێکاریی ڕێک پێچەوانەی ئەو ئەرکە کۆنەپەرستەی هونەری بۆرژوازی؛ ماهییەتی دژە ئینسانی ئەو کۆمەڵگەیە نیشان دەدات. ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی پێویستییەکی گرنگی قۆناغی خەباتی چینایەتی کرێکارانە دژ بە سەرمایەداران و بۆرژوازی. بونیادی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی؛ بونیادێکە لەسەر بنەمای تیڕوانینە چینایەتییەکان وەستاوە. واتە لە گۆشەنیگای ململانێی چینایەتییەوە دەڕوانێتە دەق و ئەدەب. ئەم ژانرە ڕەخنەی کۆمەڵایەتی و ئیستاتیکی ئینسانی سۆشیالیستە لە تەواوی سەرخان و هەروەها لە پراکتیکی دژە ئینسانی دەسەڵاتە ستەمکارەکانی بۆرژوازی. دیارە نابێت بیرمان بچێت کە ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی هەر تەنها تاک ڕەهەندانە کار ناکات. واتا هەر تەنها دژ بە واقیعییەتی کۆمەڵگەی سەرمایەداری ناوەستێتەوە، بەڵکو دژ بەو ئەدەبەش دەوەستێتەوە کە بەرگری لەو واقیعیەتە تاڵە و لەو ماڵوێرانییە دەکات.( بۆ ڕەخنەگرانی مارکسیست، ئەدەب ئاماژەی گەشەسەندنی هۆشیاری کۆمەڵایەتییە و هەروەها ئامڕازێکی بەهێزە بۆ کاریگەری لەسەر بیری گشتی بۆ جووڵەکردن بە ئاراستە نوێکان.)(٦)ڕەخنەگری مارکسیست بۆ ئەوەی بتوانێت هەمیشە لە ڕەخنەکانیدا ئامانج بپێکێت، دەبێت ئاگاداری گەشەی ئەدەب و هونەر و زانستەکانی کۆمەڵناسی و دەروونشیکاریی و …تاد بێت. دەبێت پەیوەندی دەق و کۆمەڵ، نووسەر و چین، دەق و نووسەر و ئایدیۆلۆژیا لە دیدگای مارکسیزمەوە بەجوانی بناسێت و ئەم گۆشەنیگایە بکات بەبونیادی بابەتەکانی. واتە باری کۆمەڵناسی و ئیستاتیکی دەقی ئەدەبی و زمان بۆ ڕەخنەگری مارکسیستی گرنگن و بەشێکن لە بونیادی ڕەخنە. ئەدەب بەشێکە لە وشیاری کۆمەڵایەتی و ناکرێت تەماشای دەق و ئەدەب بکەین وەک ئەبستراکتێک، بەڵکو دەبێت وەکو خولقاوێک لەپەیوەند بە کۆمەڵگە و ژیانی کۆمەڵایەتییەوە ببینرێت.
بەو پێیەی مارکسیزم ڕەخنەیەکی هەمەلایەنەیە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری، ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستیش ڕەخنەیە لە تەواوی دنیای ئەدەب و هونەری بۆرژوازی. میتۆدی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی، میتۆدی سۆشیالیزمی زانستییە و هەمان ئەو میتۆدەیە کە مارکس دانتی پێ خوێندۆتەوە و لینین تۆلستۆی پێ هەڵسەنگاندووە. ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی تەنها ڕەخنەیەکی ئایدیۆلۆژییانە نییە لە دەق، بەڵکو زیاتر هەڵسەنگاندنێکی چینایەتی دەقی ئەدەبی و هونەرییە لە پەیوەندی بە چین و کۆمەڵگە و ژیان و ئینسانەکان دەدوێت. خوێندنەوەی واقیعی کۆمەڵگە و ئەدەب؛ ئەرکی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستییە و ڕەخنەگران پشت ئەستوور بەو خوێندنەوە واقیعییە دەتوانن پەرە بە ئەدەب و هونەری ئینسانیی بدەن و دژ بە کۆنەپەرستی ئەدەبی بۆرژوازی بوەستنەوە. ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی ڕەخنەی ڕەتکردنەوە و داهێنانە. واتە کۆنەپەرستی ڕەت دەکاتەوە و پێشکەوتووخوازی پەرە پێدەدات. ئێمە دەزانین مارکسیزم کاریگەرییەکی یەکجار زۆری لەسەر توێژینەوەی ئەدەبی و کلتووری هەبووە و هەموو ئەوانەی ئارەزووی ئەو بوارەیان هەیە پێویستە ئاگاداری ئەو کاریگەرییە جەوهەرییەی مارکسیزم بن لەسەر ئەدەب و هونەر و کلتوور . دەستکەوتە زانستییەکانی توێژینەوەکانی مارکسیزم لەبواری ئەدەب و کلتوور دیار و بەرچاون. بۆیە بەبێ ئاگاداری ئەو دەستکەوتانە و بەبێ خوێندنەوەی ئەو هەوڵانە، ڕەخنەگران ڕەنگە نەتوانن بەپێی پێویست خاڵ لەسەر پیتەکان دابنێن. وەک دەزانین ئایدیۆلۆژیای زاڵ لە کۆمەڵگە؛ ئایدیۆلۆژی دەسەڵاتداران و ستەمکارانی چەوسێنەرە. ئەدەب و هونەری بۆرژوازیش وەک بەشێک لە سەرخانی کۆمەڵ و ئایدیۆلۆژیای زاڵ؛ ڕۆڵی نیگەتیڤ دەگێڕێت لە پەردەپۆشکردنی واقیعییەتی کۆمەڵگە. ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی بەدوای هەژموونی دەقەوە نییە و ئەو نایەوێت نووسەر کۆنترۆڵ بکات و ئازادی بەمانا سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی لێ زەوت بکات. بەڵکو دەیهەوێت شڕۆڤەی دەق بکات و خوێندنەوەیەکی پراکتیکی چینایەتی بۆ پرۆسەی نووسین و دەق بکات و لەوێشەوە لەڕوانگەی بەرژەوەندی کرێکارانەوە هەڵسەنگاندنی خۆی ئەنجام بدات.

گوتاری ڕەخنەی ئەدەبی کوردی و ئاریشەکان
ڕەخنەی ئەدەبی کوردیی وەکو بەشێک لە سیستەمێکی ڕەخنەیی کلتووری هەمەلایەن لە واقیعییەتی بزووتنەوەی ئەدەبی و ڕۆشنبیری کوردیی، ئەرکییەتی وەڵامگۆی ئەم ئاستی گەشە و نەشونمای بزووتنەوەی ئەدەبی و فەرهەنگی کوردی ئەم سەردەم و قۆناغە هەستیارە بێت و قسەی خۆی لەسەر کێشە بناغەییەکانی ڕەخنە و ئەدەب و هونەری کوردی بکات. لەجەرگەی ئەم ململانێ ئەدەبی و ڕۆشنبیرییە، هەردوو ئاراستەی جیاوازی ڕەخنە ئەدەبی کوردی لەسەریانە قسەی خۆیان بکەن و ئاسۆی چارەسەرکردنی ئاریشەکان بخەنە بەردەم بزووتنەوەکە. ڕەخنەی ئەدەبی کوردی و ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی دەبێت هەوڵەکانی خۆیان بەئاراستەی وەڵامدانەوە بە کێشەکانی بزووتنەوەی ئەدەبی کوردی بەرن. ململانی کۆمەڵایەتییەکانی نێو کۆمەڵگە هەر لەنیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمەوە لەبڵاوکراوە سیاسی و ئەدەبییەکاندا دوو بۆچوون و تێڕوانینی چینایەتی جیاواز لەبواری توێژینەوە و ڕەخنەی ئەدەبی کوردی بوونیان هەبووە و قسەی خۆیان کردووە. ئەمڕۆ لە جیهانی بڵاوکردنەوە و چاپەمەنی کوردی و هەروەها پانتایی میدیای بیستراو و بینراودا هەوڵە ئیندیڤجواڵەکان لەئارادان و بەڵام زۆر بەکەمی هەوڵی سیستیماتیک و بەکۆمەڵ دەبینین کە ئیش لەسەر ڕەخنەی ئەدەبی و هونەری بکات.(٧) گوتاری ڕەخنەی ئەدەبی کوردی، گوتارێکە تا ئێستا نەیتوانیوە بەپێی پێویست پابەند بێت بە پرنسیپەکانی ڕەخنەوە، هەنگاوی پراکتیکی ڕوو لە ناسینی خۆی و ئەدەب و هونەر بێت. لەبەر ئەوەی هەڵگری بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانە لە کۆی سیستەمی مەعریفی کۆمەڵگە نەبووە، بۆیە دەبینین تا هاتووە لە ئەرکەکانی خۆی دوور کەوتۆتەوە و خۆی لە قسەی جیددی بەدوور گرتووە و نەبۆتە بەشێک لە پرۆسەی خوێندنەوەی ڕەخنەگرانە. بەڵکو هەر بەمەشەوە نەوەستاوە و خۆی تا ئاستێکی زۆر نزم هێناوەتە خوارەوە و لە ژانر و هونەرەوە بۆتە کاسبی و هاوکێشەی نووسین بە نووسین و دەعوەت و شتی بێمانای لەمجۆرە کە مەگەر هەر لە قووتووی عەتاری بۆرژوازیدا بوونی هەبێت، دیارە ئەمەش جگە لە بێماناکردنی ڕەخنە و ئەرکە کۆمەڵایەتییەکانی هیچی تر نییە. هێنانەخوارەوەی بەهای ئەدەبی و مەعریفی ڕەخنە ناتوانێت بچووکترین خزمەت بە بزووتنەوەی ئەدەبی و هونەری بگەێنێت. ئەو نووسەرانەی لەژێر ناوی ڕەخنەی ئەدەبی ئەم کارانە ئەنجام دەدەن، سەلمێنەری ئەوەن کە یەکەم هیچ لە مانای ڕەخنە و بەهای کۆمەڵایەتی و مەعریفی ڕەخنە نەگەیشتوون و دووەمیش بێئاگایی و دەستوپێ سپێتی خۆیان نیشان دەدەن. ئاریشەیەکی تری ڕەخنەی ئەدەبی کوردی کە دەتوانین بەڕوونی ببینین و بیخوێنینەوە بریتییە لە ناوەندە ئەکادیمییەکان. ناوەندە ئەکادیمییەکانی کوردستان و دەزگا ڕۆشنبیرییەکان و زانکۆکان و دامەزراوە فەرهەنگییەکان و کۆڕی زانیاری کوردستان و بڵاوکراوکانی ئەو ناوەندانە وەکو گۆڤار و ڕۆژنامە و کتێب کە نەک هەر ئیشیان بەپێی پێویست لەسەر ڕەخنە نەکردووە، بەڵکو بەهای ڕەخنەشیان لەجێی شیاوی خۆی دانەناوە. ڕەنگە کەسێک بپرسێت ئەی بۆ بزاوتی ڕەخنەی ئەدەبی لەدەیەی حەفتاکان و هەشتاکان بەمجۆرە نەبوو، دەتوانین بڵێێن کە ئەوکات ڕەخنەی ئەدەبی لەپێناو مەعریفەدا بوو و ئێستاش لە سێ دەیەی ڕابردوو لەپێناو مەرامە کەسیی و حیزبی و غەیرە مەعریفییەکان دەنووسرێت. هەلومەرجی سیاسی کوردستان و شەری نێوان باڵەکانی ناسیونالیزمی دەسەڵاتدار بەجۆرێک کەوتەوە کە دوو ئیدارەیی بەدوادا هات و نووسەران و هونەرمەندانیش بوون بە دوو بەرەوە. نووسەران و هونەرمەندان و ڕۆژنامەنووسان کەوتنە بەردەم بەرداشێکەوە کە یان دەبێت ئەم باڵ بن یان ئەو باڵ. لێرەشەوە مەسەلەی حیزبی بوون و خەساندن و کڕینی نووسەران و …تاد هاتەگۆڕێ. نووسەران و ڕەخنەگران ئەوەندەی خەمی ڕازیکردنی باڵەکەی خۆیان بوون و ڕەخنەیان لە نووسەرانی باڵەکەی تر دەگرت، ئەوەندە خەمی مەعریفە و بەرەوپێشچوونیان نەبوو. ئەوان لەژێر ناوی دژایەتیکردنی ئایدیۆلۆژیا بەرگرییان لە ئایدیۆلۆژیا دەکرد. کێشەی ئەو ڕەخنەیە کێشەیەکی چینایەتی نەبوو ئەوەندەی کێشەی ناو یەک بازنەی داخراوی ئایدیۆلۆژیای ناسیونالیستی بوو.
گوتاری ڕەخنەی ئەدەبی کوردی کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا هەڵگری بووە، گوتارێکی زیاتر ناسیونالیستی بووە گەرچی لە هەندێ قۆناغدا نەیتوانیوە هەڵگری ئەو پەیامەش بێت. گوتارێک زیاتر بە دەروی شیعردا خوولاوەتەوە و جارێک زمانی زبر و جارێکی دی نکووڵی کردن لە بوونی ڕەخنە و ڕوون نەبوونی سیمای ڕەخنە بەگشتی لای ڕەخنەگران تا دەگات بە ڕیالیستبوونی ڕەخنە و پەیوەندی نێوان دەق و کۆمەڵگە و جەماوەر و ئینجا هاتنەمەیدانی بزاوتێکی ڕەخنەیی پێشکەوتووخواز ، کە دەتوانێت کورتەیەک بێت لە سیما و جەوهەری بزووتنەوەی ڕەەخنەی ئەدەبی کوردی کە سەد ساڵە لەئارادایە و هێشتاش نەیتوانیوە لە ئامانجە مێژوویی و مەعریفی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆی نزیک ببێتەوە.(٨)

دواجار
دواجار پێموایە ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی وەک نەریتێکی ڕەخنەیی و ژانرێکی ئەدەبی، ئاڵوگۆڕێکی وای بەسەردا نەهاتووە بەبەراورد بە گەشەی کۆمەڵگەی سەرمایەداری. چونکە سەرمایەداری گەرچی لە شێوە و فۆرمدا گۆڕاوە بەڵام لە جەوهەردا هەر هەمان ئەو جەوهەرەیە کە ڕابەرانی سۆشیالیزمی زانستی کارڵ مارکس و فریدریک ئەنگڵس و لینین پێناسەیان کردووە و ناساندوویانە بە خوێنەر و چینی کرێکار. بەم پێیە ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی؛ وەکچۆن پایەکانی لەسەر واقیع و زانست بنیادنراوە، ئاواش لەهەر سەردەم و قۆناغێکدا واقیعبینانە و زانستییانە بە ئەرکە چینایەتییەکانی خۆی هەڵدەستێت و ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت لە پرۆسەی هۆشیارکردنەوەی زۆربەی هەرە زۆری کۆمەڵگە، لە کوردستانیش ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی گەرچی خاوەن مێژوویەکە، بەڵام ئەو مێژووە بەپێی پێویست نەخوێنراوەتەوە و بەردەست نییە بۆ لێکۆڵەرەوانان و ڕەخنەگران تا بەڕۆشنی ڕەوتی گەشەکردنی ئەو ڕەوتە لە ڕەخنەی شۆڕشگێڕانە دیاری بکەن. ئەرکی توێژەرانی ئەدەبی مارکسیستییە لە کوردستان ئەو مێژووەی ڕەخنەی ئەدەبی، ڕەخنەگرانە بخوێننەوە و هەنگاو بە هەنگاو لەڕەوتی گەشە و بەرەوپێشچوونی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی لە کوردستان هەر لە سەرەتای دەیەی بیستەمی سەدەی ڕابردووە تا ئەمڕۆ، بکۆڵنەوە. ڕەخنەگری ئەدەبی مارکسیستی کوردیش ئەرکییەتی بەهەمان میتۆد و بەهەمان گۆشەنیگای مارکسەوە لەنێو بزووتنەوەی ئەدەبی کوردیدا تێبکۆشێت، ببێتە بزوێنەری سەرەکی بزووتنەوەی ئەدەبی کوردی و تەواوی بزووتنەوەی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی بە ناسیونالیزم و مارکسیزمەوە، (کە ئەمەی دواییان دوو جۆر بوون و سەر بە دوو ئاراستەی جیاواز بوون کە ئەوانیش ماویزم و ستالینیزمن)، بخوێنێتەوە و هەژموونی پێشکەوتووخوازی و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بکات بە بیرکردنەوەی زاڵی نێو بزاوتی ئەدەب و هونەری کوردی لەم سەدەی بیست یەکەمینەدا.

———————————-

سەرچاوە و پەراوێزەکان :

١- هەندێک لە زانیارییەکانی نێو ئەم نووسینەم لە کتێبی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی و مەسەلەکانی نوێکردنەوەی شیعر دکتۆر پەرێز سابیر لەبڵاوکراوەکانی دەزگای ئاراس چاپی یەکەم هەولێر ٢٠٠٦ لاپەڕەکانی ١٩ تا ١٠٠، وەرگرتووە.
٢-عەزەدین مستەفا ڕەسوڵ و شوکریە ڕەسوڵ و کوردستان موکریانی و جەماڵ خەزنەدار و کاوس قەفتان و نەسرین فەخری و ،مارف خەزنەدار و .تاد لەو قوتابیانە بوون کە لە دەیەی شەستەکانی سەدەی رابردوو لە یەکێتیی سۆڤییەت خوێندویانە و بڕوانامەیان بەدەست ‌هێناوە.
٣-من وای دەبینم کە ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی بەشێوە سادە و سەرەتاییەکەشی بێت، بوونی هەبوو بێت و لانی کەم لە بڵاوکراوە و گۆڤار و ڕۆژنامەکانی (حشع)دا ، بەڵام بەداخەوە تا ساتی نووسینی ئەم بابەتە زانیاری پێویستمان لەبەردەستدا نییە.
٤-بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی بزاوتی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی دەیەی هەشتاکان بڕوانە کتێبی ( دەربارەی کار و تێکۆشانی حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست و گۆڤاری ڕابەر ١٩٨٧ – ١٩٩١) نووسینی عەبدوڵا سلێمان(مەشخەڵ) لە بڵاوکراوەکانی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق چاپی یەکەم ٢٠٢٢.

5-Marxist Criticism, Then and Now
https://link.springer.com/chapter/10.1057/9781137339959_3
https://philpapers.org/rec/SZEMLC

6-Preface to Revolution : Russian Marxist Literary Critisim 1883 – 1917
Yale University publishing 1972 page 2.
Pro Quest website Lucid, Daniel Peri
https://www.proquest.com/openview/a9d6093ba03e3035f81c2316e99f1319/1?pq-origsite=gscholar&cbl=18750&diss=y

٧- ئێمە دەزانین لەگەڵ سەرهەڵدان و هاتنە مەیدانی چینی کرێکاری عێراق، خەباتی ئەو چینە دژ بە چەوسانەوەی سەرمایەداران دەستی پێکردووە و ئەدەبیش بەشداری ئەو خەباتەی کردووە. ڕەخنەی ئەدەبیش کەم تا زۆر بوونی خۆی هەبووە و ڕۆڵی خۆی گێڕاوە. بەڵام لە ئۆرگان و ڕۆژنامە و بڵاوکراوە حیزبی و غەیرە حیزبییەکاندا و هەروەها لەناوەندە ڕۆشنبیرییەکانیش بەتایبەتی لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە تا کۆتایی دەیەی شەستەکان هیچ توێژینەوەیەک یان لێکۆڵینەوەیەکمان لەبەردەستدا نییە سەبارەت بە بزووتنەوەی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی کوردی و هیچ توێژەرێکیش خۆی لەقەرەی ئەو باسە نەداوە و تەنانەت سەرچاوەکانیشمان لەبەردەستدا نییە تا بەو ئەرکە مێژووییە گرنگە هەڵبستین.

٨-نابێت لێرەدا ڕۆڵی گۆڤاری نووسەری کورد ژمارە ٦ خوولی دووەم لەیاد بکەین کە تایبەت بوو بە ڕەخنەی ئەدەبی و هەردوو ڕەوتەکە ( ناسیونالیزم و مارکسیزم) بەشدارییان تێدا کرد و هەروەها دیداری ڕەخنەی ئەدەبی کوردی (دیداری شێخ نووری شێخ ساڵح) بە کەم وەربگرین کە لە ١٥ی مانگی شوباتی ئەمساڵ لەشاری سلێمانی بەڕێوە چوو کە بە سپانسۆری ڕێکخراوی کەریمی عەلەکە؛ نۆ توێژەر و ڕەخنەگر نۆ بابەتیان پێشکەشکرد و بابەتەکانیش لە کتێبێکدا چاپ کران و لە یەکەم ڕۆژی دیدارەکە بڵاوکرایەوە. هەرچەندە من ئەم دیدارە بە کارێکی باش و هەنگاوێکی پۆزەتیڤ دەزانم، بەڵام بە دڵنیاییەوە خاڵی لاوازی دیدارەکە بریتییە لە نائامادەیی یان لالێنەکردنەوە لە ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی و جێگەنەکردنەوەی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستییە لەو دیدارەدا.




خۆشباوەڕی بە بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ پێدانی مووچە.. گفتوگۆی ڕۆژنامەی ڕەوت لە گەڵ موئەیەد ئەحمەد

خۆشباوەڕی بە بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ پێدانی مووچە،
و کەوتنە ژیر کاریگەری پڕوپاگەندەی هێزەکانی دەسەڵات لە هەرێم،
خزمەت بە بەرژەوەندی جەماوەری ناڕازی ناکات.

ئەنجامدانی گفتوگۆ: جەمال کۆشش

ڕەوت: سوپاست دەکەین هاوڕێ موئەیەد بۆ ئەنجامدانی ئەم گفتوگۆیە.
بۆ ماوەی زیاتر لە (٥) مانگ مامۆستایان مانگرتنیان کرد، بۆ داخوازی زۆر سەرەتایی و ئینسانی، بە شیوەیەکی فراوان پێشوازی کرا، وە هەروەها دابینکردنی موچە ماوەیەکی زۆرە بۆتە کێشەیەکی واقعی و پێویستی بەچارەسەر هەیە، تۆ ئەم کێشەیە چۆن دەبینیتەوە؟
موئەیەد ئەحمەد: زۆر سوپاس هاوڕێی ئازیزم جەمال کۆشش بۆ ڕەخساندنی ئەم فرسەتە.
لەوەڵامدا با سەرەتا ئەوە بڵێـم؛ کاتێک کە حکومەت و هەردوو حزبی دەسەڵاتدار لە هەرێمی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) و یەکێتی نیشتمانی کوردستان (یەکیەتی)، دەستیاندایە ئەوەی موچەی فەرمانبەران و کرێکاران و مامۆستیان و خانەنشینان و خاون پیداویستیـیە تایبەتەکان و بیمە کۆمەڵایەتیەکانیش ببڕن، هەر لە سالی (٢٠١٤) وە، ئیتر ئەوە واقعێکی نیشاندا، ئەویش ئەوەیە کە هەردوو حزب و دەسەڵاتەکەیان نەک هەر باکیان نیـیە و نەبووە لەم نانبڕینەی هاووڵاتیان، بەڵکو وەک سیاسەتێکی فەرمی خۆیان ئەم کارەیان ئەنجامدا و هەتا ئیستاش بەردەوامن و سوورن لەسەری. بەم پێیەش خۆپیشاندانەکانی ئەو تۆێژانەیان بەتوندی سەرکوت کردووە کە بەڕووی ئەم سیاسەتە وەستاونەتەوە، ئەمە سەرباری کوشتوبڕی ڕاپەرینەکانی خەڵک.
هەر لەم ڕاستیاشدا، بەدەر لە پاساوی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار، بەتایبەت (پارتی)، کە حکومەتی بەدەستە، سەبارەت بە نەناردنی پارەی موچە لە بەغداوە، ئەو پرسیارە سادەیە دێتەئاراوە بەڕووی (پارتی) و (یەکێتی)دا: گەر كێشەکە تەنها حکومەتی مەرکەزیـیە کە پارە نانێرێت، ئەی ئێوە بۆ سەرکوتی خۆپێشاندەران ئەکەن لە هەرێم وفشارئەهێنن بۆ کۆتاییهێنان بە بایکۆت؟
بەهەرحال، موچەنەدان و پاشکەوتکردنی زۆرملێی موچە، و زۆربوونی باج و نەبوونی خزمەتگوزاریە گشتییەکان هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان و هەڵاوسانی پوڵی بەجارێک ئاستی باشبژیوی زۆربەی خەڵکی کوردستانی نزمکردۆتەوە و توشی هەژاری و نەداریـیەکی بەرینی کردوون. ئەم زمینەیەیە کە بایکۆتی مامۆستایان و بزووتنەوەی ناڕەزایەتیـیەکانی لێکەوتۆتەوە لە (زۆنی سەوز)ی ژێر دەسەڵاتی یەکیەتی کە بۆ زیاتر لە (٥) مانگی خایاند و ئیستاش ئەگەری سەرهەڵدانەوەی لە ئارادەیە.
ئەم بزوتنەوەیە لەگەڵ ئەوەشدا کە لە (زۆنی سەوز)دا قەتیس مایەوە و نەتوانرا گڕەکەی بگاتە (زۆنی زەرد) ی ژیردەسەڵاتی پارتی بەهۆی سەرکوتگەری (پارتی)، بەڵام خۆی لە خۆیدا بزوتنەوەیەکی بەرین بوو لە (زۆنی سەوز)دا، و لە حساباتی (یەکێتی) و هیزەکانی ئۆپۆزسیونێش دەرچوو، کە هەریەکەیان بە شیوەیەک ئەیانویست بەهرەبەرداری سیاسی لێبکەن، هەر بۆیە کەوتنە فشار دانان لەسەر مامۆستایان بۆ شکاندنی بایکۆتی خۆیندن.
ئەم بایکۆت و خۆپێشنادانانە ئەرکێکی قورس و باجێکی گەورە وگران بوو کە مامۆستیان و خۆیندکارانی قوتابخانە حکومیـیەکانی هەریم دایان لەپیناو دەسڕاگەیشتنی بزوتنەوەی مامۆستایان بە ئامانج و داواکاریـیەکانیان کە لە پێنج خاڵدا کۆبووتەوە؛ پێدانی مووچە لە کاتی خۆیدا، گەڕاندنەوەی مووچەی کەڵەکەبووی نەدراو، ئەکتیڤکردنەوەی سیستمی پلەبەرزکردنەوەی وەزیفە، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژی خۆبەخش، هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینی لە هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی.
ڕەوت: دادگای باڵای عێراق، بڕیارێکی لە بەرژەوەندی مامۆستایان و فەرمانبەران دەرکرد، کە حکومەتی عێراق بەرپرسیار دەکات لە دابینکردنی موچەکانیان، بە توێژەکانی بیمەی کۆمەڵایەتی و خانەنشینانەوەش، تۆ ئەم بڕیارە چۆن هەڵدەسەنگێنی؟
موئەیەد ئەحمەد: بەشی هەرە زۆری مامۆستیان و مووچەخوران و خانەنشینان دڵخۆشن بەم بڕیارە و بوەتە ئۆمێدێک بۆیان بۆ چارەسەری کێشەی موچە. منیش بەشداری خۆشحاڵیانم گەر ئەم بڕیارە هەنگاوێک بێت بۆ چارەسەری كێشەکەیان. دیارە ئەوەش جیگەی داخە کە باسمان لە چارەسەری کێشەیەکە کە لە بناغەدا ئەبوایە ڕووی نەدایە.
ئەڵبەتە ئەم بڕیارە بڕیاری دادگای ڕژێمی بورژوا ناسیونالیست و ئیسلامیزمە کە هێزی سەرکی و هیژمۆنداری نێویی لە ئیستادا حزب و ‌هێزەکانی ئیسلامی سیاسی شیعەیە کە لە هاوپەیمانی “چوارچیوەی هەماهەنگی”دا یەکیانگرتووە. هەروەها سیاسەت و تەکتیکی ئەم هاوپەیمانیـیەیە کە مەرامی سیاسی تایبەتی هەیە لە کەمکردنەوەی ئوتۆریتەی سیاسی و ئیداری حکومەتی هەرێمی کوردستان و (پارتی).
ئەوەی پێویستە لەم بارەیەوە جەختی لەسەر بکەم ئەوەیە، کە نە بڵاوکردنەوەی خۆشباوەڕی و موتمانەکردن بەم دادگایە و بە ڕژێمی ناسیونالیست و ئیسلامی بەغدا خزمەت بە بەرژەوەندیـیەکانی جەماوەری ناڕازی کوردستان و چارەسەری کۆتایی و جێگیری کێشەی موچە ئەکات، و نە کەوتنە ژیر کاریگەری تەبلیغاتەکانی هێز و حزبەکانی ناسیونالیزمی کورد بە تایبەت (پارتی) و بەشێک لە بەناو ڕۆشنبیرانی ناسیۆنالیست و میدیاکانی کە مەسەلەی موچە پەیوەست ئەکەنەوە بە چارەنوسی قەبارەی سیاسی هەرێمی کوردستانەوە.
ئەم بریارە گەر جێگیر ببێت و جێبەجێ بکرێ بە پێچەوانەی چەواشەکاریـیەکانی هێزەکانی دەسەڵات شتێکی ئەوتو ناگۆڕێت لە قەبارەی سیاسی هەرێم و دریژەدانی دەسەڵاتی (پارتی) و (یەکێتی) بەسەر خەڵکی کوردستانەوە، هەرچەندە هەردوو حزب بە تەیابەت (پارتی) زەربەی ئابوری و سیاسی بەردەکەوێت و قورسایی چەپۆکی حوکمی بەسەر خەڵكی کوردستانەوە کەمتر ئەبێتەوە.
هەربۆیە باری قورسی ئەم دۆخە و کابوسی دەسەڵات بەگشتی ئەمێنێتەوە، و ئەوە نادروستە کە جەماوەری ناڕازی لە هەرێم غافڵگیر بن. پیویستە لەجیاتی کەوتنە ژێر کاریگەریـیەکانی پرۆپاگەندەی ناسیۆنالیزم و (پارتی) و (یەکێتی)، سوود لەم دۆخە و ناکۆکیەکانی ڕژێمی بەغدا و هەولێر، وەربگرن. هەر بەمپێیەش مووچەخوران لە پیشە جۆراوجۆرەکانیاندا ئەتوانن لە هەوڵی گۆڕینی هاوسەنگی هێزی چینایەتیـیان بن لە بەرژەوەندی خۆیان لەبەرامبەر دەسەڵاتدا، و سەرقاڵی بەهیزکردنی خەباتی یەکگرتوویان بن، و ڕێکخراو و تۆڕەکانی خەباتیان پانوپۆڕتر و بەهیزتر بکەن و نەقابە و فیدراسیۆنە سەربەخۆکانی مامۆستایان و فەرمانبەران و کرێکارن دروست بکەن و بیسەپێنن بەسەر دەسەڵاتدا.
ڕەوت: ئایا زەمانەتی هەیە جێبەجێ بکرێت؟ یان بڵێین چی زەمانەتی دەکات؟
موئەیەد ئەحمەد: هێچ زەمانەتێک نیـیە لەلایەن حزب و هێزەکانی ڕژێم لە مەرکەز و هەرێم کە پابەند بن بە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە. ئەمە سەرباری ئەوەی کە ئەم بڕیارە هیچ یەک لە داوکاریەکانی تری بزووتنەوەی ناڕەزایەتی مامۆستایانی وەڵام نەداوەتەوە.
جەماوەری بەهەژارکراوی هەرێم کەوتونەتە نێوان دوو هێزی دوژمنکار پێیان کە ڕژێمی بەغدا و دەسەڵاتی هەرێمە. تاکە ڕێگەی دەرچوون لە چنگیان پشتبەستنە بە خەباتی یەکگرتوویان و ئاسۆی ڕۆشن و سەربەخۆی سیاسی و ئابوری چینایەتیـیان، و کۆڵنەدان لەم خەباتە بۆ سەپاندنی داواکاری و مافەکانیان بەسەر هەردوو دەسەڵاتدا.
لەگەڵ ئەوەشدا کە دەسەڵات لە هەرێم هەمیشە بێباک بووە لە ئاستی کێشەی موچە و باری سەختی ژیان و گوزەرانی جەماوەر و موچەخۆران، و هەتا بۆی لوا بێت درێغی نەکردووە لە سەرکوتی ناڕەزایەتیـیەکانیان، و هەروها ڕژێمی مەرکەزیش هەدەفمەندانە سیاسەتی خۆی لەم باریەوە پیادەکردووە و سوودمەند بووە لە سەرجەم ئەم بارودۆخەی بۆ جەماوەری هەرێم هاتۆتە پێش، بەڵام ئەمە تا ئەبەد سەرناگرێ بۆیان. بە هاتنەمەیدان و سووربوونی موچەخوران لەسەر داواکاریـیەکانیان و بەردەوامدان بە خەبات، هەم فشار دروست ئەکەن لەسەر ڕژێمی هەرێم و هەم لەسەر ڕژێمی مەرکەزی، و لە شۆێنیشکدا ئیتر ئەبێتە کێشە بۆ هەردوو ڕژێم و ناچار ئەبن وەڵامێک بدەنەوە بە داواکاریـیەکان هەر وەک لە ئیستادا ملیان داوە بەوەی ئەو کارە بکەن.
هەردوو ڕژێمی هەولێر و بەغدا دەرگیری کۆمەڵێک قەیرانی هەمەلایەنەی سیاسی و ئابوورین کە بوەتە قەیرانێکی کۆمەڵایەتی بەرین وقوڵ، و هیچ ئەڵتەرنەتیڤ و پلانێکی ئابوری تریان نیـیە جگە لە زیاتر بەرین کردنەوە و توندوتیژ کردنەوەی سیاسەتی ئابوری سەرمایەداری نیولیبرالی و پشتبەستن بە بازاڕ. ئەمەش یانی وەبەرهێنانی گەندەڵاکارانە و پریڤەتایزەکردنی زیاتر و وەلانانی خزمەگوزاریـیە گشتیـیەکانی چەشنی تەندروستی و خۆیندن و خانووبەرەی کۆمەڵایەتی و بواردانی زیاتر بە گەندەڵی و تاڵانوبڕۆی سەروەت و سامانی کۆمەڵگە. ئەمەناش هەمووی نەک هەر کێشەی بێکاری و بێ دارمەتی زۆربەی جەماوەر چارەسەر ناکات، بەڵکو هەرساڵە ڕیزی بێکاران زیاتر دەبێت و جەماوەرێکی بەرینتر هەژارتر و باری گوزرانیان سەختتر ئەبێت.
ڕەوت: زۆربەی لێکدانەوە و ڕەخنەکان لە دەوری سیاسەتەکانی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەسوڕێنەوە سەبارەت بە پرسی بڕینی مووچە و دواخستنی، و ناچنە باسی ڕیشەیی ڕەهەندی ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەم كێشەیە و کاریگەریەکانی، بۆچی ئەم بۆچوونە بەربڵاوە بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان؟
موئەیەد ئەحمەد: كێشەیەکی بناغەیی باس و لێکدانەوە و لێکۆڵینەوە لە ئاستی کۆمەڵگەی کوردستاندا دەربارەی ڕەوند و ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتیـیەکان و کێشمەکێشەکانی نیوان ڕژێمی مەرکەزی عیراق و هێزەکانی دەسەڵاتدار لە هەرێمدا ئەوەیە کە بە مێتۆد و تیۆری و لۆجیکی بورژوا ناسیونالیستی کورد ئەکریت. ئەمەش بەسروشتی ئەبێتە خولانەوە لە بازنەی دەرەکی ڕەوەندەکانی نێو کۆمەڵگە و کێشە ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و فیکری و فەرهەنگی و چینایەتیـیەکانی، و ئەبێتە بەرخوردکردنی سەرەوەیی و داپچراو لە کۆمەڵگە لەگەڵ سیاسەت و کێشە سیاسیـیەکاندا. ئاشکرایە ئەم شێوە بەرخوردەش پێچەوانەی تیۆری و لۆجیک و مێتۆدی کۆمەڵایەتی و چینایەتی مارکسییە بەگشتی لە لێکوڵینەوە و ڕاڤەکردندا.
دیارە ئەم کەلتورە ڕەخنەگریـیە ناسیۆنالیستییە کە لە ڕووکەشی سیاسی كێشمەکێشی نێوان ڕژێمی هەرێم و مەرکەز، و ململانێی ئەم حزب و ئەو حزبی ناوخۆی کوردستان و کێشە لاوەکی و پلە دووەکاندا قەتیس بووە و ئەخولێتەوە، بۆ خۆی مێتۆد و لۆجیک و تیۆریـیەکی چینایەتی بورژوازیـیە، و دابەشبوونی کۆمەڵگە بەسەر چینەکان و هەبوونی خەباتی چینایەتی خاڵی دەستپێکردنی نیـیە، و بەدوای ئەوەشەوە نیـیە کە خاسیەتی چینایەتی سیاسەت و تاکتیک و فەرهەنگ و کێشمەکێشەکان وەک خۆیان چۆنن ئاوا دەریان بخات. ئەمەش بۆ ئەوەی خەسڵەتی چینایەتیانەی سیاسەت وەلانێ و دریژە بە قەوارەی سیاسی ناسیونالیزم و ڕژێمە سیاسیـیەکەی ئیستای بدا وەک بەرجەسەتەبوونی شتیک لەخۆیدا و ئەبستراکتێکی داماڵراو لەهەر خاسیەتیكی ڕیاڵیستانەی سیاسی و جیۆسیاسی و چینایەتی.
لێرەدا بواری ئەوە نیـیە کە بچینە ناو ووردەکاری ئەم شێوە تێڕوانینە بۆ سیاسەت و کۆمەڵگە و بۆ وەڵامی تێروتەسەل بەو پرسیارەی کە بۆچی ئەم جۆرە ڕەخنەیە سایەی کردووە بە سەر فۆرمی بیر و ڕەخنەی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا، بەڵام ئەمە ڕێگە لەوە ناگرێ ئاماژە بەوە بدەین کە لە لایەنێکی سەرەکیدا هۆکاری ئەم سایەکردنە ئەگەڕیتەوە بۆ زاڵی فیکر و ئاسۆی سیاسی ناسیونالیستی بەگشتی و ڕۆڵی میدیای زەبەلاحی حزبەکانی دەسەڵات و حزبە بورژا ناسیونالیست و ئیسلامی و نیولیبڕاڵەکان. و دیارە پێش ئەمانەش هەمووی زاڵی بنەمای ئابووری و ماددی کاپیتالیستی نیولیبڕاڵی تاڵانگەرا و بەرژەوەندی جیاوازی چینایەتی لە کۆمەلگەدا.
زاڵی ئەم جۆرە لە فیکر و مێتۆدی ناسیۆنالیستی مەمەڵە لەگەڵ سیاسەت، پێشتر سەروکاری هەبوو بە بەردەوامی ستەمی نەتەوایەتی لەسەر خەڵکی کوردستان، بەڵام ئەوا بۆ ٣٣ ساڵ ئەچێ ناسیونالیزم و حزب و هێزەکانی لە هەرێمی کوردستاندا دەسەڵاتدارن و حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانیان بونەتە ئەزمونی تاقیکراوە بۆ جەماوەر، و هەروەها ستەمی نەتەوایەتی و بەرنگاری ئەو ستەمە دەمێکە بەشیک نیـیە لە ڕەوەندی سەرەکی سیاسی و دینامیزمی سیاسی کۆمەڵگەی کوردستان. ئەگەر ڕونتر بلێین ناسیونالیزم نەک هەر دەسەڵاتی گرتووتەدەست، بەڵکو لە پرۆسەیەکی حوکمڕانی دوورودرێژی سێ (٣) دەیەیدا ناکۆکیـیەکانی خۆی پەرەپێداوە وەک بزووتنەوە و دەسەڵات و ڕژیم و ئەم ناکۆکیانەش بەرجەسەتەبوونەتەوە لەسەرشانۆی مێژوو، و جەمسەرگیریان خۆڵقاندوە لە نیوان دەسەڵاتی ناسیۆنالیستی کوردی و هەمان جەماوەری کۆمەڵگەی کوردستان کە گوایا بڕیار بوو بزوتنەوەی ناسیۆنالیزم ڕزگارکەری بێت لەستەمی نەتەوایەتی، و هەر لەم بنەمایەشەوە “شەرعیەتی”! حوکمرانی بەخۆی ڕەوا ببینێ بە ناوی نەتەوەوە.
پەیوەندی دەسەڵاتی ناسیونالیستی و حوکمرانی دوو حزبی میلیشایی و کۆماندۆزدار و سەرکوتگەر بە کۆمەڵگەی کوردستانەوە گەیشتۆتە دۆخێک کە خەستبوەتەوە لە پەیوەندی سافوسادەی تاڵانوبڕۆی سەروەت و سامانی کۆمەڵگە، و بەهەژارکردنی زۆربەی جەماوەر و سەرکوتکردنیان. ئەمەش وەک ڕەوندی ئابووری و سیاسەتی فەڕمی ڕژێمی ناسیونالیستی بۆ بەڕیوەبردنی ئابوری سەرمایەداری نیولیبرالیزم و گەشەپیدانی ئەم مۆدێلە ئابووریـیە نەک وەک بەلاڕێدا چوونی ئەم دەسەڵاتە و بەدکاری و چەتەگەریان، لەگەڵ ئەوەشدا کە هەموو ئەمانش ئەگرێتەوە. لە ڕەوەندێکی ئاوەهادایە کە موچەبڕین مانای ڕیاڵیستی خۆی پەیدا ئەکات و ئەبێتە پراتیکێکی نۆرماڵ بۆ دەسەڵات و سەرکوتی خۆپێشاندەرانیش ئەبێتە ئەرکی سیاسی دەسەڵات.
بۆیە کاتیک دەسەڵات و حزب و هێزەکانی، هەروەها حزبە ناسیونالیست و ئیسلامی و نیولیبڕاڵە ئۆپۆزسیونەکانی لە هەرێم باس لە پرسی موچە و گیروگرفتەکانی ئەکەن، قەت نایەنەوێت لە بەرژەوەندی مامۆستایان و کریکاران و فەرمانبەران و بەهەژارکراوانی هەرێم کار بکەن. ئەوان یا لە بەرژەوەندی خۆیان بۆ پاراستنی قەوارەی سیاسی هەرێم (وەک ئەوەی پارتی ئەیکات)، یاخود لە بەرژەوەندی قەوارەی سیاسی و ئیداری زۆنێک (کە زیاتر یەکێتی بەدواوەیەتی) و یا بۆ ساتوسەوادی پەرلەمانی و هەڵبژاردن (کە هیزەکانی ئۆپۆزسیۆن ئەم کارە ئەکەن)، دەڕواننە مەسەلەی موچە و ئەم بریارەی دادگای فیدڕاڵی عیراق.
بۆیە هەموو ئەم حزب و تاقمانە یا باس لە باشی ئەم بڕیارەی دادگا ئەکەن، ئەڵبەتە بە شیوەی جۆراوجۆر، یا بەڕوویدا ئەوەستنەوە، و ئیتر قسەیەک لە ئارادا نیـیە لەسەر ژیانی مامۆستایان و کرێکاران و فەرمانبەران و خانە نشیانان و جەماوەری بەهەژارکراو و گوزەرانیان و ئایندەیان و سیاسەتی سەربەخۆیان وەک تۆیژەکانی چینێکی کۆمەڵایەتی بەرین. هەروەها باسیکیان نیـیە کە ئەم تۆیژگەلە ناڕازیە خۆپێشاندان و بایکۆتیان کردووە و بونەتە ڕەنگ و دەنگێکی جیاوازی چینایەتی لە ڕەوەندی سیاسی و فەرهەنگی کۆمەڵگەدا و تەوەرەیەکی سەرەکی پێشڕەوی کۆمەڵایەتیی پێکئەهێنن گەر دەستیان بە سیاسەت و ئاسۆی چینایەتی سەربەخۆی خۆیان بگات.
کاتیک کە مامۆستایان و فەرمانبەران و کرێکاران پێدادەگرن لەسەر جێبەجێکردنی داوکاریـیەکانیان، و دێنە سەر شەقام و بایکۆت ئەکەن، و ئەچن لە گۆرەپانی ئازادی لە بەغدا خۆپێشاندان ئەکەن، و کاتێک ڕیزەکانیان یەکئەخەن، و بەدژی هەر ساتوسەوادیەک ئەوەستنەوە کە بە ژیان و گوزەرانیانەوە ئەکری، و پڕوپاگەندەی ژەهراوی دەسەڵات و حزبەکانی بەریان پێناگری، ئەوا ئەوان سیاسەتی سەربەخۆی خۆیان پڕاتیک ئەکەن وەک تۆیژگەلێک. پەیوەندی حزبەکانی ئۆپۆزسیۆن بە خەباتی جەماوەری چەند مانگی ڕابردوەوە پەیوەندی لەباربردنی بزووتنەوەکە و بەهربەرداریـیە بۆ بڵاوکردنەوەی وەهم بە پەرلمان و ساتوسەودای پەرلەمانی و ئەجیندەی ئیسلامیزم و نیولیبڕاڵی دژە کرێکار و زەحمەتکێش.
ڕەوت : هەرکاتێک دادگای باڵای فیدراڵی بڕیارێک بە دژی حکومەتی هەرێم دەردەکات، ناسیۆنالیزمی کورد تۆنێک و ریهۆرتریکێکی شۆڕشگێری چەواشەکارانەی دەستدەکەوێت، دادگای باڵاش مقەستێکی سیاسی نیشان دەدات، جەماوەری عێراق هیچ بەرژەوەندییەکی دژ بەیەکیان نیـیە، بەڵام هێزێکی هاوبەشی چینایەتیشیان لە خۆ نیشان نەداوە، ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە، ئەم خەڵکە هێزێکی ئەنتەرناسیۆنالیستی گوزارشتیان لێ بکات؟
موئەیەد ئەحمەد: دەمێکە ئەو خەباتە ئینترناسیۆنالیستیـیە کاتی هاتووە و بوەتە پرۆسەیەکی ڕیاڵیستی خەباتی چینایەتی هاوچەرخ لە کۆمەڵگەی عێراقدا.
بزوتنەوەی کرێکاری لەسەرجەم عیرقدا و لە هەرێـمی کوردستاندا ئەمڕۆ لە هەڵکشاندایە هەرچەندە بەرەوڕوی زۆر کۆسپ و تەگەرەیە، بەڵام بەرەوپێشچوونی زیاتری کاریگەری ئەبێت لەسەر گۆڕینی ڕاستەوخۆی ڕەوەندی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی کۆمەڵگەی عێراق و هەرێم.
یەکخستنی خەبات لەسەر بنەمای چینایەتی سەربەخۆ و بەرەوپێشبردنی خۆپێشاندان و مانگرتنەکانی مامۆستایان و کرێکاران و فەرمانبەران لەدەوری بەرژەوەندی سەربەخۆی خۆیان بۆخۆشی زەمینەیە بۆ پەرەسەندنی هاوخەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان لەسەر ئاستی عیراق و وڵاتانی ناوچەکەش.
ناسیونالیزم و ئیسلامیزم و نیولیبڕاڵەکان و ڕەوتەکانی تری بورژوازی هەردەم لە هەوڵدان ئەم هاوخەباتە چینایەتیـیە سەربەخۆیە کریستەڵایزە نەبێت کە هەر لە سەرەتاوە، لە فۆرمێکی کۆرپەیی، کارەکتەری ئینتەرناسیۆنالیزم و سۆسیالیزمی لەگەڵ خۆدا هەلگرتووە. ئەوان لە هەوڵدان پێناسەی ئینسانی کرێکاران، و بەرژەوەندی چینایەتی هاوبەش و ئینترناسیۆنالیستیان تەمومژاوی بکەن، و لەسەر بنەمای ڕەگەز، مەزهەب، ئایین، ڕەنگی پێست و.. هتد، دابەشبوون لە نێوانیاندا بچێنن.
گەر سەرنج بدەینە بارودۆخی بزوتنەوە کۆمەڵایەتی و کریکاریـیەکانی عێڕاق لەم دەورەیەدا ئەبینیین لەکاتیکدا کە ناڕەزایەتیـیەکانی مامۆستایان و سەرجەم موچەخوران و خانەنشینان لە هەرێمدا بەردەوامە، بزووتنەوەی کریکاران و فەرمانبەرانیش بۆ هەموارکردنەوەی پلەبەندی مووچە لە هەڵکشاندایە لە ناوەڕاست و خواری عیراق و پاریزگاکانی تر و هەروەها خەباتی سەندیکا کرێکاریـیەکان و چالاکەوانانی بزووتنەوەی كرێکاری لە کەرتی پێشەسازی هەردەم بەردەوامە بەدژی سیاسەتی ئابوری نیولیبڕاڵی دەوڵەت و پرایڤەتایزکردنی کۆمپانیاکانی ئەم کەرتە و لەسەرکاردەرکردنی کریکاران و سزادانی چالاکەوانەکانیان.
مەسەلی بناغەیی ئەوەیە کە ئەم بزوتنەوەیەی کرێکاران و مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم، وە بزوتنەوەی هەموارکردنەوەی پلەبەندی مووچە لە شوێنەکانی دیکەی عیراق، لە دۆخی جیاوازدان لەباری داوکاریەکانیانەوە، بەڵام لێكهەلپێکراون و تەواوکەری یەکترن، و هەروەها بەرنگاریی کرێکارانی پێشەسازیش لەبەرامبەر ‌هێڕش و سیاسەتی ئابووری دەوڵەت، سەنگەرێکی گەوەرە و پربایەخی خەباتی کرێکارانە دژ بە جەنگی چینایەتی بورژوازی و دەوڵەت بۆ سەر چینی کریکاری سەرجەم عیراق.
بورژوازی ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی و قەومی و نیولیبڕاڵ و ساتو سەودایان لەگەڵ هێزەکانی ڕژێم لە بەغدا و هەروەها هاوپەیمانی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار لەگەڵ ڕژێمی بەغدا، بۆ خۆیان هاوکاری چینایەتیـیانە بۆ ڕاگرتنی سەرجەم سیستمی سەرمایەداری لەسەرئاستی عێراق و کوردستان. لە پەیوەند بە خەباتی یەکگرتوی بزووتنەوەی کرێکاری لە عێراقدا ئەم هێزە بورژوازیانە نەک هەر زەڕبە لەو خەباتە ئەدەن و جەماوەری بەهەژارکراوی هەردوولا سەرقاڵ ئەکەن بە کێشەکانی خۆیانەوە، و تۆی دووبەرەکی لە ناویاندا ئەچێنن بە جیاوازینانەوە لەسەر بنەمای تایفی و قەومی و دینی و ڕەگەزی و جنسی، بەڵکو تەنانەت ئۆپۆزسیۆنی چەشنی (نەوەی نوێ) هاوپەیمانی پەرلەمانی پێکدهێنێ لەگەڵ پەرلەمانتارە دژە شۆڕشەکانی ڕاپەرینی ٢٠١٩ ی عێراق.
بزوتنەوەی کریکاری کە ئەمڕۆ لە هەڵكشاندایە پێوسیتی بە دیدگا و ئاسۆ و ئەجیندایەکە کە لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندی خەباتی چینایەتی لەسەرتاسەری عێراقدا بەرەوپێش بچێ. مەرجی ئەم پێشکەوتنە نەک هەر سنووربەندیـیە لە نیوان خۆیان و بزوتنەوە و ڕەوت و حزبە قەومی و ئیسلامی و تایفیەکانی دەسەڵات لە عێراق کوردستاندا، بەڵکو سنووربەندی کردنیشە لە بەرامبەر دەوری چەواشەکارانەی هێزەکان و حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن. سەرباری ئەمانەش ئەم پێشکەوتنە ئەوە ئەخوازێ کە بزوتنەوەی کرێکاری خەتی جیاکەرەوە خۆی بکێشی لەنیوان خۆی و ئەو بەشەش لە چەپ کە نامۆیە بە بزوتنەوەی ئنتەرناسیۆنالیستی کرێکاران و یەکێتی خەباتیان لەسەر ئاستی عیراق و ناوچەکە و نایەوێت ئەم یەکێتیـیە ئینتەرناسیۆنالیستیـیە بەرجەستەببێتەوە.
ئەوە ڕەوتی مارکسیستی و پرۆلیتاریای سۆشیالیستە کە ئەتوانی وەڵامدەرەوەی ئەم مەسەلە گرنگەی خەباتی چینایەتی ئەمرۆی بزوتنەوەی کرێکاری بێت و ئاڵای سەربەخۆیی چینی کرێکاری سەرتاسەری عیراق بەرز ڕابگڕێ و خەباتی پەیگیرانە بکات بۆ فەراهەمهێنانی بزووتنەوەیەکی کرێکاری و کۆمۆنیستی بەهێز لەسەر ئاستی ناوچەکە.
ڕەوت: هاوڕێ موئەیەد، هەر لەم پەیوەندەدا و بەبۆنەی نزیکبونەوەی (٨)ی مارس، لەنێو ناڕەزایەتیەکاندا، بەشیوەیەکی گشتی بوونی کۆمەڵایەتی ژنان، سیمایەکی تری بە ناسنامەی جوڵانەوەکە بەخشیوە، تۆ هاوبەشیمان دەکەی لەو بۆچوونەدا؟
موئەیەد ئەحمەد: بەڵی ئەو سیما کۆمەڵایەتیـیەی ژنان لەناو ناڕەزایەتیاکاندا هەیە و سەرنج ڕاکێش و گرنگە. دەوری چالاکی ژنان لەناو ئەم بزوتنەوەیەدا بەشێکی ئۆرگانیک و لێکهەڵپێکراوی خەباتی مامۆستایان و فەرمانبەران و کرێکارانە و دیاردەیەکی سروشتی بزوتنەوەیەکی چینایەتی وەهایە. هەروەها ڕۆڵی ژنانی فەرمانبەر و کریکار لە بزووتنەوەی هەموارکردنەوەی پلەبەندی مووچەش لەسەر ئاستی عیراق دیار و بەرچاوە.
گەر بەراوردی دەور و نەخشی ژنان لە هەڵچوون و ڕاپەڕینەکاندا بکەین لەگەڵ ئەم بزووتنەوە کریکاریانەدا ئەبێنن کە هەبوونی سیمای کۆمەڵایەتی ژنی کرێکار دیاردەیەکی بەرجەستەیە لەچاو ڕاپەڕینەکانی وەک (ڕاپەرینی ٢٠١٩)ی پاریزگاکانی خوار و ناوەڕاستی عێراق و هەڵچوونەکانی لاوانی هەرێـم کە زیاتر دەوری گەنجانی کوڕی تیدا بەدی ئەکرا.
ئەوەی کە چەند ئەم بزوتنەوەیەی موچەخوران بزوتنەوەیەکی ڕزگاریخوازانی بەهێزی ژنان دەهێنییتە ئاراوە پەیوەستە لەلایەک، بەچوونە پێشەوەی بزووتنەوەکە خۆی، چونکە هەر پێشکەوتنێک لەسەر بنەمای چینایەتی سەربەخۆی مامۆستایان و کرێکاران و فەرمانبەران زەمینەی ماددی ئەڕەخسێنی بۆ پەرەسەندنی بزوتنەوەی ئازادیخوازانەی ژنان، و لەلایەکی ترەوە و بەپڵەی سەرکی، پەیوەستە بە ڕۆل و خەباتی ژنانی ئازادیخواز وسۆشیالیستی مامۆستا و فەرمانبەر و کرێکار کە ئاسۆی ڕزگاریخوازانە و یەکسانیخوازانەی ژنانیان بەرز ڕاگرتبێت لەناو ئەم بزوتنەوەیەدا و لەئاستی کۆمەلگەدا.
بەشداری بەرچاوی ژنانی مامۆستا و فەرمانبەر و کریکار لە بزووتنەوە ناڕەزایەتیـیەکانی ئەم دەورەیەی هەرێم بە سروشتی کاریگەری هەیە لەسەر پرسی ژنان، چونکە بیر و هۆشی ڕادیکاڵانە و شێلگیری ژنان لە سەر مافەکان و داوکاریە پیشەییەکانیان زەمینەێکی ماددی ئەڕەخسێنی کە ڕۆلێ کاریگەرش ببینن لەسەر پرسی ئازادی و یەکسانی ژن لەناو ئەم بزوتنەوەیدا و لە چوونە پێشەوەشیدا لەسەر ئاستی کۆمەڵگە.
ڕەوت: چ بەتراکت و لافیتەکان و بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنستی یەوە بۆ (٨)ی مارس، مەنهەجێکی سیاسی بەرجەستەکراوەتەوە ڕووی لە دیاردەیەکی نوێیە لەبزوتنەوەی ژناندا، کە ژمارەیەکی زۆری کچان دێنە نێو ڕیزەکانی چینی کرێکاری عێراقەوە، لەکارگە و فرۆشگا و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان، ئایا بەمانای لێکهەڵپێکانی ئەم دوو بزووتنەوەیە دێت؟ بزووتنەوەی ژنان و بزووتنەوەی کرێکاری؟
موئەیەد ئەحمەد: بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی ژنان پەیوەندیکی چینایەتی توندوتۆل گرێیانئەداتەوە بەیەکتر، و لەڕووی میژوویـیەوە بزوتنەوەی ژنانی کرێکاری مارکسیست دەوری کاریگەریان هەبووە لەناو بزوتنەوەی سۆشیالیستیدا بۆ ئەوەی ئەمەی دووهەم خۆی کامڵ تر بکات و پرسی ئازای و یەکسانی ژن هەرچی زیاتر بەشێک بێت لە ئەجیندا و بەرنامە و پڕاتیکی. خەبات بۆ ڕزگاری ژنان لە هەر کۆت بەندیک پێش هەر شت پەیوەندیکی توندوتۆلی هەیە بە ڕزگاربوون لە کوت و بەندی سیستمی چینایەتی سەرمایەداری کە بناغەی هەر هەڵواردن و نایەکسانیـیەکە.
باری کۆیلەئاسای ژنان لە عیراق لە ژیر سایەی ڕژێمی ئیسلامی و قەومیدا و بەهێزکردنی دەور و نەخشی دامەزراوە دینی و عەشیریـیەکان کە دژی ژنانن و گەشەدان بە بەها و ترادسیۆنە پیاوسالاریـیەکان، پرسی ژنانی کردۆتە مەسەلەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی هەمەگیر و گرنگ لەعێراقدا. بەم پێیەش باسکردن لە وەڕیخستنی بزوتنەوەیەکی سۆشیالیستی ڕزگاریبەخشی بەهێز بەبێ پەرەدان بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنان و ڵیکهەڵپێکرانی بەم بزووتنەوە سۆشیالیستیەوە، باسێکی نادروستە. ڕزگاری ژنان و خەبات بۆی لە سنتەری ئەجیندە و پراتیکی ڕەوتی مارکسیستی و پرۆلیتایای سۆشیالیستدایە.
ئەمڕۆ لە بەرامبەر ئەم دۆخە کارساتبارەی ژنان لە کۆمەڵگەدا، و لەهەناوی گۆرانکاریەکدا کە لە ئاکامی بەهێزبوونی پێگەی کۆمەڵایەتی کچان و ڕۆڵیان لە بەرهەمهینانی کۆمەڵایەتیدا هاتۆتە ئاراوە، زەمینەی سەرهەڵدانی بزوتنەوەیەکی ئازدیخوازانەی بەهێزی ژنان زیاتر گەشەی کردووە.
لە مێژە ژنانی کرێکار و کچانی گەنجی کڕیکار و بێکارکراو و دەرچووانی زانکۆکان و پەیمانگاکان و کچانی قوتابی، بونەتە ئەو هێزە کۆمەڵایەتیەی کە ئەتوانری بڕبڕەپشتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنان پێکبهێنن لە عێراقدا، وە ئەم بزووتنەوەیە لە زەمینەیەکی کۆمەڵایەتی بەهێز بەهرمەندە.
ئەوەندەی پەیوەندی بە بزووتنەوە ناڕەزایتیـیە کۆمەڵایەتیـیەکان و بزووتنەوەی کرێکاریەوە هەبێت، ڕۆڵی ژنان لە نێویاندا بەرجەستەیە و ئەمش دیاردەیەکی گرنگی کۆمەڵگە و دینامیزمی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگییەتی.
مەسەلی گرنگ ئەوەیە کە تیوری و جیهانبێنی ئازادیخوازانە و یەکسانیخوازانی مارکسی بە دوای بەدستهێنانی تیۆری و سیاستی دروست بێت لە بەرامبەر کۆی ئەم دیاردانەی کە بە شیوەیەکی هاوکات سەریانهەڵداوە لە ڕەوندی خەباتی چینایەتی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی عیراقدا، و هەروەها لە خەباتدا بێت تا بە شیوەیکی سیسماتیک بتوانی ئاسۆ و ئەجیندی کار بۆ بەرەوپێشبردنیان فەراهەم بهێنێ.
بزوتنەوەی ئازادیخوازانەی کۆمۆنیستی چینی کرێکار لە دنیای هاوچەرخدا و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانی ژنانی کرێکار و بەهەژارکراو لە خەباتیکی ڵیکهەڵپێکراودان و یەک بزوتنەوە پیکئەهێنن. مەسەلەی گرنگ ئەوەیە کە ئەم بزووتنەوەیە بتوانی هێزی بزوێنەری شکڵگیری بزووتنەوەیەکی فراوان و بەرینی ڕزگاریخوازانە و یەکسانیخوزانەی ژنان بێت لەسەر ئاستی سەرجەم کۆمەڵگە. بەبێ بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی شۆڕشگێڕانە و ڕزگاریخوازانەی بەهێزی ژنان لە ئاستی کۆمەڵگەدا، بزووتنەوەی کۆمۆنیستی تەحەققی خۆی ناکات وەک بزوتنەوەی ئازادیبەخشی سەرجەم کۆمەڵگە، و ئەرکەکانی فەراهەمهێنانی ئاڵوگۆری شۆڕشگیرانی کۆمۆنیستی کۆمەڵگەش سەختر و کێشەدارتر ئەبێت.
٣ مارسی ٢٠٢٤




بەرنامەیەک، بۆ دانانی پرۆگرامێک بۆ دایەنگە.. ئەرسەلان حەسەن

پرۆژەیەک بۆ داهاتوو
بێگومان بیرکردنەوە لە بەرنامەیەک بۆ دانانی پرۆگرامێک بۆ دایەنگە و پەروەردەکردنی منداڵان لەسەر هەمان بنەما و پرۆگرامەکەش لەڕێگای چیرۆکی منداڵانەوە، لەو ڕووەوە بەها و گرنگی خۆی هەیە و دەهێنێت ستایش بکرێت و شایانی دەستخۆشی و بەرزنرخاندنە، کە چیرۆک کاریگەری لەسەر منداڵ هەیە و ڕاستەوخۆ کاری تێدەکات و بیرکردنەوە لەبەرنامە و پڕۆژەیەکی لەوجۆرە بەهەنگاوێکی باش لەم بوارەدا لەقەڵەم دەدرێت و مەرجیش نییە هەنگاوێکی وا هەستیار سەرەتا بێ سەرنج و تێبینی بێت، بەڵام دەکرێت بناغەیەکی باش و پتەو و قایم بێت بۆ داهاتوویەکی باشتر.

بیرۆکەی بەرنامەی دانانی پرۆگرام لەڕێگای چیرۆکەوە بیرۆکەی مامۆستا (دیمەن حەمە عەلی سەعید)ەو پێماندەڵێت: (ئەم چیرۆکانە دەخەینە بەردەست مامۆستایانی دایەنگە بەو هیوایەی ببێتە بەرچاو ڕوونی و سەرەتایەک بۆ دانانی پرۆگرامی تایبەت بەدایەنگە)، خۆ ئەگەر بشخرێتە بەردەم شارەزایانی پەروەردە بە گشتی و بواری نووسین بۆ منداڵان، بێگومان بەرچاو ڕوونییەکە زیاتر و سەرەتاکەشی باشتر دەبێت.
بایەخی پرۆژەکە
گرینگی بیرکردنەوە لەوجۆرە بیرۆکە و بە تایبەت لەوە گرنگتر هەڵبژاردنی هەر سێ نووسەری چیرۆکەکان: (ئەمین محەمەد، پەیام ئیبراهیم، عەلی حەمەڕەشید)، کە هەر سێکییان خاوەن ئەزموونێکی زۆرن لەبواری نووسین بۆ منداڵان و جێ پەنجەیان لەو بوارەدا دیارە، بایەخی پرۆژەکەی زیاتر کردووە و سپۆنسەرکردنی ئەم پرۆژەیە لە لایەن خاتوو (تابان محەمەد مەحموود) لە (پرۆژەی پەروەردەیی خەونی منداڵان) گرینگی خۆی هەیە و ئەمەش خەمخۆری و بەخەمەوە بوونی هەموو بەشدارانی ئەم پرۆژەیە دەردەخات و جارێکی دیکە سەلماندنی ئەو باوەڕەیە کە کارکردن بە گروپ چەند گرنگە و ئاکامەکەشی چەند باش و سەرکەوتووترە.
چیرۆکەکان

ئەم کتێبە شەش چیرۆکی لەدووتوێی بەرگێکی ئاڵوواڵای پەنجا لاپەڕە لەخۆگرتووە و لە کۆتاییدا باسی شێوازی خوێندنەوەی چیرۆک بۆ منداڵان کراوە. گەرچی هەر نووسەرە و چیرۆکەکەی بەدوای یەکدا بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام هیچ لەبایەخی کتێبەکە و چیرۆکەکانی کەم نەکردووەتەوە.
چیرۆکەکانی پەیام ئیبراهیم

پەیام ئیبراهیم، لەچیرۆکی یەکەمدا باس لە میهرەبانی و خۆشەویستی و دڵفراوانی دەکات و داپیرە و باپیرە و گوند بەنموونە دەهێنێتەوە و خۆشەویستی داپیرە و باپیرە بۆ نەوەکانیان و دڵسۆزییان بۆ هاندانیان تا نیشتمانەکەیان خۆشبوێت و پارێزگاری لێ بکەن.
نووسەر لە چیرۆکی دووەمدا باسی پاکوخاوێنی دەکات و نینۆک نەکردن بە نموونە دەهێنێتەوە چۆن ئەگەر نینۆک درێژ بێت و پاکوخاوێن ڕانەگیرێت و بەچەند ڕۆژێک جارێک نەکرێت، میکرۆب و پیسی دەچێتە ژێرییەوە و مرۆڤ تووشی نەخۆشی دەکات و ڕێی چوونە دایەنگە و یاریکردنی لەگەڵ هاوڕێکانی لێ دەگرێت و لە هەموو خۆشییەکانی لەگەڵ هاوڕێکانی بێبەشی دەکات.
وێنە لە هەر دوو چیرۆکەکەدا
وێنەی هەر دوو چیرۆکەکە زۆر بەجوانی کێشراون. ناشبێت لەبیرمان بچێت کە وێنە یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتن لە چیرۆکەکە و زۆر جار منداڵ کە بە هۆی ئاڵۆزیی لە چیرۆکەکە نەگات، لەڕێگای وێنەکانەوە تێی دەگات.
چیرۆکەکانی ئەمین محەمەد

ئەمین محەمەد لەچیرۆکی یەکەمدا دەیەوێت لەڕێگای دارهەنار و هەنار و هێلانە و چۆلەکەپاسارییەوە منداڵان فێری ژماردن بکات و تووانیوویەتی زۆر بە شێوەیەکی سادە و سەرنجڕاکێش و جوان فێرییان بکات.
نووسەر لەچیرۆکی دووەمدا باسی وەرزەکان و تایبەتمەندییەکانیان دەکات و پێماندەڵێت هەر وەرزە تایبەتمەندی خۆی هەیە و هەر بەو تایبەتمەندییەش دەناسرێنەوە و پێویستە ئێمە زانیاری ئەو تایبەتمەندییانەمان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانین خۆمان لەگەڵ هەموو وەرزەکان بگونجێنین و لەگەڵییان ڕابێین.
وێنە لە هەر دوو چیرۆکەکەدا
وێنەکانی هەر دوو چیرۆکەکە زۆر بەجوانی و کوردەوارییانە کێشراون و دەتوانن زۆر بەئاسانی و سادە سەرنجی منداڵ بۆ خۆیان ڕابکێشن و وا لە منداڵ بکەن خۆیان لەوێنەکەدا ببیننەوە. هەر چەند کۆتایی چیرۆکی دووەم پێویستبوو وێنەی لەگەڵدابووایە، بەڵام وێنەکەیان بۆ نەکێشاوە لە کاتێکدا شوێن بۆ وێنەکەش هەیە؟!
چیرۆکەکانی عەلی حەمەڕەشید

لەبەرئەوەی چیرۆکەکانی نووسەر (عەلی حەمەڕەشید) زنجیرەیی و تەواوکەری یەکترن، بەڕای من باشتر بوو بەدوای یەکدا بوونایە. هەر دوو چیرۆکەکە باسی پاکوخاوێنی دەکەن بەدوو شێوازی جیاواز، وەک شووشتنەوەی میوە پێش خواردن و دەست شووشتن پێش نانخواردن. هەروەها نیشانماندەدا کە هەمیشە خۆشەویستی و پەیوەندییەکی پاک و بێگەر لە نێوان منداڵان و باڵندە و گیانداراندا هەبووە و بەردەوامە و هەر دوولا خەمخۆر و دڵسۆزی یەکترین.
وێنە لە هەر دوو چیرۆکەکەدا
ئەم دوو چیرۆکەش کۆمەڵێک وێنەی جوان و سەرنجڕاکێشییان بۆ کێشراوە، بەڵام کۆتایی هەر دوو چیرۆکەکە پێویستییان بەوێنەی ترە و لە کاتێکدا شوێنیش بۆ وێنەکان هەیە، کەچی وێنەیان بۆ نەکێشراوە؟!
ئەنجام
ئەم پرۆژەیە کاری بەکۆمەڵە و بەرهەمی کۆمەڵێک کارەکتەرە و گومانی تێدا نییە کۆمەڵێک بیرۆکە و بۆچوونی جیاواز سەرەنجام، ئەنجام و ئاکامێکی باشی دەبێت کە کاری بەکۆمەڵ لەئێستادا کارێکی باش و پەسندە.
هەر شەش چیرۆکەکە بەزمانێکی سادە و بێ گرێوگۆڵ نووسراون و منداڵ بەئاسانی لەپەیامەکەیان دەگات و وەک لەوتەی کتێبەکەدا هاتووە، پرۆژەیەکە بۆ دانانی پرۆگرامی دایەنگە لەداهاتوودا و گومانیش لەوەدا نییە دایەنگە دانانی بەردی بناغەی نەوەی ئایندەیە، ئەگەر ئەو بناغەیە پتەونەبێت، هەر دیوارێکی لەسەر هەڵبچنیت دادەڕمێت.
چۆن دەستپێکی بەرنامەکە بۆ دانانی پرۆگرامەکە دەستپێک و هەنگاوێکی باشە و پێویستە هەنگاوی نەرمی بۆ بنرێت و پەلەی لێ نەکرێت تا هەموو شارەزایانی بواری پەروەردەی منداڵ و دایەنگە و لەگەڵیشییاندا نووسەرانی بواری منداڵان سەرنج و تێبینییەکانیان لەم بوارەدا دەخەنەڕوو.

کۆتایی
لە کۆتاییدا، لەگەڵ دەستخۆشی و بەرزنرخاندنی پرۆژەکە، ئەم کتێبە هونەرمەند (نەجات عەبدوڵا) وێنەکانی کێشاون و کۆمپیوتەری( ڤاری) دیزاینی بەرگەکە و کۆمپیوتەری (بانوو) دیزاینی ناوەوەی کردووە و لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی کتێبخانە گشتییەکان ژمارەی سپاردنی (١٢٠٩) ساڵی ٢٠٢٤ی پێدراوە.




ئەسغەر کەریمی بۆ مەسیحی عەلی نەژاد.. و. کاوە عومەر

ئەسغەر کەریمی بۆ مەسیحی عەلی نەژادخاتوو عەلی نەژاد سیاسەت کەمێک لەم قسانە قووڵترە 

 لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئێران ئینتەرناشناڵ باست لە هاوپەیمانی شەش کەسی جۆرج تاون کرد و لە تاوتوێکردنی هۆکاری شکستەکەیدا تەنها باست لە هەڵسوکەوتی ڕەزا پەهلەوی کرد و سەبارەت بە ئەو هێڵ و سیاسەتەکە بەسەر بڵاوکراوە شەش کەسیەکەدا زاڵ بوو نقەت لێوە نەهات ، کە لە خاڵی پێچەوانەی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی وەستا بوو. وەک بێژی شۆڕش پێویستی بە سیاسەت نەبێت. وەک بێژی هەر کە چەند کەسێک پێکەوە دادەنیشن، ئیتر ببنە پێشەنگی شۆڕش و خەڵک بێ گوێدانە هێڵ و بەرنامە و پاشخانی خۆیان، هانیان دەدەن و ئەیان خەنە سەر دەستیان ونبەرزیان دەکەنەوە. تۆ چالاکوانێکی سیاسییت و چاوەڕوان دەکرێت گرنگی هێڵ و ئاراستەی سیاسی لە شۆڕشێکدا بزانیت. بۆ باسی بڵاوکراوەی شەش کەسی ناکەیت؟ ئایا ڕەخنەت نیە یان ڕەخنەت هەیە بەڵام بێدەنگیت چونکە ڕەخنەگرتن لە بڵاوکراوە خۆشت وەک یەکێک لە پایەسەرەکییەکانی ئەم هاوپەیمانییە تێوە دەگلێنێت؟ بەڵام تا ئەو جێگەیەی کە بە کارەکتەرەکانی هاوپەیمانییەتیەکەوە پەیوەستە دەبێتەوە، ئایا دەتزانی و دەزانی کە بۆ شۆڕش ناچنە لای شازادەکان،بەڵکو دەچن بۆ لای شۆڕشگێڕەکان ؟ ئایا دەتزانی و دەزانی بە درێژایی مێژوو شۆڕشەکان هەمیشە دژی پاشا و شازادەکان بووە نەک لەگەڵیان؟ ئەمە بڵاوکراوەیەک بوو دژی شۆڕش، نەک بۆ شۆڕش. جاڕنامەیەک کە لە خواستەشاهانەکانیدا بۆ “گواستنەوە” لە کۆماری ئیسلامییەوە نوسراوە. لەم بڵاوکراوەدا تەنانەت باس لە وشەی شۆڕش و ڕووخاندن نەکراوە. لە جیاتی شۆڕش و ڕووخاندن، باس لە گواستنەوە و گۆڕینی ڕژێم (واتە هەمان ڕژێم چێنج) دەکرێت. بڕگەی ئەم جاڕنامەیە، ئەدەبیاتەکەی، تۆنەکەی، داواکارییەکانی و هەموو شتێکی، هەزاران کیلۆمەتر لە شۆڕش و ناڕەزایەتی و مانگرتن و هاوپشتی شکۆمەندی خەڵکەوە دوورە. دیپلۆماسی لە جیاتی شۆڕش، ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان لە جیاتی داخوازییە ئاشکراکانی خەڵک شۆڕشگێڕ و بیرۆکراسی و شارەزایان لە جیاتی هەڵسوڕاوانی شۆڕش بە گۆپاڵی یەکپارچەیی خاک و پابەندبوون بە پێوەرە بانکییە نێودەوڵەتییەکان و ئاسانکاری بۆ سەرمایەدارە نێودەوڵەتییەکان لە جیاتی داواکاریەخۆشگوزەرانیەکان دانراوە . بێگومان ئێوە هونەرتان کرد و لەبری گۆپاڵێکی یەکپارچەیی خاک، یەکپارچەیی زەویتان نووسی تا کاک موهتەدی بە ویژدانێکی ئاسانترەوە واژۆی لەسەر بکات. هەرچەندە ئەو لە یەکەم سەرنجی خۆیدا پاش بڵاوبوونەوەی میساقەکەشدا نووسیویەتی کە یەکپارچەیی زەووی هەمان یەکپارچەیی خاکە! ئایا ڕوون نەبوو کە ئەم میساقە لە دژی شۆڕش ڕۆژێکیش ناخایەنێت؟ بەشێک لەو شەش کەسە دەیانگوت ڕای چالاکوانانی ناوخۆی وڵات زۆر گرنگە، بەڵام جاڕنامەکەیان دژی چالاکوانانی ناوخۆ و جاڕنامەی بیست ڕێکخراو و جاڕنامەی داخوازیە پێشەنگەکانی ژنان بوو. لەدژی پلاتفۆڕمەکان و داخوازیەکانی هەموو ڕێکخراوەکانی ناوخۆی وڵات بوو.بەخواستی لاڵ و زوانگیراو لە جێی خواستە ڕوونەکانی خەڵک.تەنها شتێک کە زمانگیرانی تێدا نەبوو ڕوون، پاراستنی سوپای پاسداران و تێکەڵبوونی بە سوپا بوو. ڕەزا پەهلەوی چەندین جار باسی پێویستی پاراستنی سوپای پاسداران و بەسیجی بۆ بەڕێوەبردنی وڵات لە دوای کۆماری ئیسلامی کردبوو، لەم جاڕنامەیەدا ئەم ئاراستە دژە جەماوەری و دژە شۆڕشگێڕییە،سوپای لەکاغەزی ڕەنگاو ڕەنگ پێچاند بوو، بەجۆرێک کە لەگەڵ سوپادا پێکەوە ، لەبەردەم ئەو خەڵکەی کە لە سەرتاسەری وڵات هاواریان دەکرد بەسیجی، سوپای دوژمنی ئێمە ئێوەن یان داعشی ئێمە ئێوەن “یەکپارچەیی زەویی” بپارێزن. باسی مافی مرۆڤی ئاوەهایتان لە جاڕنامەکەداکرد بوو بۆ ئەوەی خۆتان گیرۆدەی داواکارییە تایبەتەکانی خەڵک نەکەن و ڕاشکاوانە قسە نەکەن؟ ئێوە لە سەر ئازادیی بێ کۆت و مەرجی ڕادەربڕین و ناڕەزایەتی و ڕێکخستن و حزبایەتی و مانگرتن کە داواکارییەکی سەرەکی خەڵکە، هیچتان نەگوت. ئێوە هیچتان نەگوت سەبارەت بە ئازادی ڕەخنەگرتن لە ئایین و هەڵوەشاندنەوەی ئایینی فەرمی کە بابەتێکی تری سەرەکی و گرنگە. ئێوە باسی ئیدارەی شورایی و حکومەتی پشت بەستوو بە بەشداری ڕاستەو خۆی خەڵکتان لە چارەنوسیاندا نەکرد . کۆمەکتان لە مافی مرۆڤ وەرگرت بۆ ئەوەی گیرۆدەی ئەم داواکاریانە نەبن!هەر یەک تۆزی مابوو کە بڕگەیەک بۆ زیندووکردنەوەی ساواک تەرخان بکەن کە ئاواتی بنەماڵەی پەهلەوی و کۆنە ساواکیەکانە. جاڕنامەی شەش کەسی بە مەبەستی خاوکردنەوە و لادان و بەلاێدابردنی شۆڕش و پێشگرتن لە گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان و پاراستنی بنەمای نایەکسانییەکان و بێگومان لایەنی تەواوکەری سیستەمێکی لەم شێوەیە پاراستنی هێزە سەرکوتکەرەکان و پاراستنی یەکپارچەیی سپای پاسدارانە ، بەسیج و سوپا، کە ئێوە بە ڕوونی لە جاڕنامەکەدا ئاماژەتان پێکردووە. ئایا بەڕاستی ڕەخنەیەکتلەمانە نیە؟ ئایا ئەمانە گرنگ نین؟ دیسان ئەگەر بتەوێت هاوپەیمانی دروست بکەیت، تەنها دەچیتە لای کەسانی وەک ڕەزا پەهلەوی بەبێ ئەوەی گرنگی بە ناوەڕۆکی سیاسەتەکە بدەیت؟ بەدوای لۆمپنێکی وەک شاهین نەجەفی دەگەڕێیت؟ ئاخر ئەمانە چ پەیوەندییەکیان بە شۆڕشەوە هەیە؟ باوەڕ بکەن سیاسەت کەمێک لەم قسانە قووڵترە. باوەڕ بکەن کاتێک شۆڕشێک ڕووئەدات هەندێک کەس دێنە گۆڕەپانەکە بۆ ڕێگریکردن لە شۆڕش بەناوی شۆڕشەوە، بەڵام دژی ئەو شۆڕشە. ساڵی ١٣٥٧ کەسانی وەک خومەینی بە ناوی شۆڕشەوە هاتبوون، بەڵام لەدژی شۆڕشگێڕە پڕحەماسەکان و دژی هەموو داواکاری و ئامانج و خواستەکانی خەڵک وەستانەوە و خوێنیان کردوو و شۆڕشیان تێکشکاند. ناتەوێت لێی فێر ببن؟ ئایا ناتانەوێت وانەیەکی جددی لە هاوپەیمانییە تیەکەتان وەربگرن؟ با خاڵێک سەبارەت بە یەکپارچەیی خاک زیاد بکەم. لەم چاوپێکەوتنەدا لەدژی ئەو کەسانە قسەت کرد کە خەڵکی کوردستان و بەلوچستان بە جوداخواز ناودەبەن، واتە سایبەرەکانی ڕژیم و سایبەری پاشایەتیخوازەکان. زۆر باشە. بەڵام بەڕاستی نازانی یەکپارچەیی خاک یان ناوێکی شکۆمەندتر! ئەو “یەکپارچەیی سەر زەمینەی”کە لە جاڕنامەکەتدا خۆراکی تەواو دەداتە بۆ ناو نیتکە لێدانی جوداخوازی بەرامبەر کورد و بەلوچ؟ ئەو ناونیتکە لێدانە کە سایبەرەکانی ڕژێم و شازادە و خاوەنشکۆکان! دەدەنەپاڵ ئەو خەڵکە هەتا بە ڕادەی پێویست دووبەرەکی دروست بکەن؟ جگە لەوەش، ئایا جوداخوازی لە کوردستاندا ڕەوتێکی بەرچاوە کە پێویستە گۆپاڵی یەکپارچەیی خاکی بەرامبەر بەرز بکرێتەوە؟ ئەگەر خەڵکی کوردستان جاڕنامەکەی ئێوە، بە جددی وەریگرتایە و پێیان وابوایە دەبێتە سیاسەتی حکومەتی داهاتوو، نەدەبوو بڕۆن و بیرێک لە بارودۆخی خۆیان بکەنەوە، چونکە بە ڕوونی بۆنی زوڵم و چەوساندنەوەیان تێدا دەبینی؟ ئێستا با گریمانە بکەین کە خەڵکی کوردستان دەیانەوێت جیاببنەوە، بەپێی ئەوەی جاڕنامەکەتان بەڵێنی پێدابوو یان باشتر بڵێین هەڕەشەی لێکرابوو، پێویستە سوپای پاسداران بنێردرێت بۆ کوشتنیان؟ با وا دابنێین تای جوداخوازی لە کوردستان گەرم بوو و بۆ نمونە ڕیفراندۆمێک بە سەرپەرشتی دەسەڵاتێکی نێودەوڵەتی ئەنجامدرا و ٧٠٪ خەڵکی کوردستان بە ڕاست یان بە هەڵە گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە دەبێ لە جیاتی تۆپ و تانک و زیندان و ئەشکەنجە و لەسێدارەدان لە ئێران جیاببنەوە.؟ باوەڕ بکە ئەوانەی یەکپارچەیی خاکیان دەوێت جوداخوازترین کەسن چونکە ئەمە ئەو دروشمەیە کە خەڵک دەترسێنێت و باروتی جوداخوازانە دەداتە بەشێک لە ناسیۆنالیستەکانی کورد؟ چاوپۆشیکردن لە داواکارییەکانی خۆشگوزەرانی و ئازادییە سیاسییەکان و جیاکردنەوەی ئایین لە دام ودەزگاکانی حکومەتە کە خەڵک ڕەشبین دەکات لە حکومەتی ناوەند و تۆوی جیابوونەوە دەچێنێت؟ کاردانەوەی توندی خەڵکی کوردستان بەرامبەر بە جاڕنامەکەتان و بەرامبەر بە سایبەرە پاشایەتییەکان دەبوو پەیامێکت پێبدات کە بۆ ساتێک بیر لە جاڕنامەکەتان بکەیتەوە. یەکێتی لەلایەن جاڕنامەیەکەوە یان کە کەسانێک یان حزبێکی وەک حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریەوە دروست دەبێت، کە هەر ئێستا لەبری گۆپاڵ، داواکارییە حەقەکانی خەڵک قبوڵ دەکات، لەوانەش مافی خوێندن بە زمانە ناوخۆییەکان و… مافی جیابوونەوە. ئەوکات کەس نایەوێت جیاببێتەوە. ئەو بەرنامە و جاڕنامەیەی کە بە ڕوونی خۆشگوزەرانی و ئازادی و مافی تەواو و یەکسانی هاووڵاتیبوون و بڕینی دەستی ئایین لە حکومەت و پەروەردە و هەڵوەشاندنەوەی ئایینی فەرمی و دادگاییکردنی سەرکردەکان و ئەوانەی دەستیان بە لەدزی و تاوانەکانی حکومەتدا هەیە، کە بەئاشکرا ڕادەگەیەنێت بنەما و زەمینەی هەر جۆرە جیابوونەوەیەک لەناو دەبات. خاتوو عەلی نەژاد، باوەڕ بکەن کە یەکڕیزی لە دڵی شۆڕشێکدا، لە دەوری داخوازی ڕوون و ڕادیکاڵ، لە دەوری خۆشگوزەرانی و داواکارییە سەرەتاییە سیاسییەکانی خەڵک پێکدێت، نەک لە دەوری پاراستنی سوپا و بێدەنگی بەرامبەر ئایین و ئایینی فەرمی و داخوازییەکانی تری خەڵک، نەک لە دەوری هاوپەیمانی لەگەڵ شازادە.و ئەو شاخوازی کە دروشمەکەیان دژی چەپ و موجاهید و کە هەڵسوکەوتیان شەعبان بێ مۆخی و لۆمپنیزمی تەواوە. جاڕنامەی شەش کەسی جاڕنامەیەک بوو بۆ دوبەرەکی و دژایەتی شۆڕش نەک بۆ یەکڕیزی. و هەربەهۆیەشەوە بوو کە هاوپەیمانی لەدەوریدا بە خێرایی لەیەکتر ترازاو لەبەریەک هەڵوەشایەوە. خۆزگە وانەیەکت لێ وەرگرتایە.

 ئەسغەر کەریمی وەرگیڕانی کاوە عومەر ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤




بارزانی لە واشنتۆن.. عوسمانی حاجی مارف

سەردانەکەی مەسرور بارزانی، بۆ ئەمەریکا بە پشتبەستن بە بانگهێشتنامەیەکی فەرمیە، کە لە ئیدارەی جۆ بایدن وەریگرتبوو، پەیامێکی ڕوون و ئاشکرای ئەمەریکایە سەبارەت بە نوێکردنەوەی بەرژەوەندیەکانی واشنتۆن لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی لە پەیوەندیەکانی واشنتۆن لەگەڵ بەغدا، ئاماژەی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکایە بۆ ناوچەکە، هەروەها مامەڵەی ئیدارەی بایدنە دەربارەی فشارەکانی ئێران و هاوپەیمانەکانی لەسەر هەرێم، بەڵام بایدن بۆ خۆی چاوپێکەوتنی لەگەڵ مەسروردا نەکرد.
ئیدارەی بایدن هەوڵئەدات ناوچەکە بکاتە ناوەندێکی سەرەکی کێشکردن بۆ نفوزی زیاتری ئەمریکا لە عێراقدا، بە تایبەتی کە حکومەتی عێراق و هێزە میلیشیاکانی سەر بەئێران، لەئێستادا کاردەکەن بۆ کۆتایهێنان بەڕۆڵی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا. سەردانەکە لەژێرڕۆشنایی ئەو مشتومڕە بەردەوامەشدایە، لەسەر کاریگەری لایەنە شیعەکانی نزیک بە ئێران، کە شوێنەکانی هێزەکانی ئەمەریکایان لە سوریا و عێراق کردۆتە ئامانجی هێرشەکانیان.
ئەمەریکا سزای بەسەر زۆرێک لە بانکەکانی عێراقدا سەپاندوە، لەهەمانکاتدا بەسەر کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانی لەلایەن بازرگانێکی عێراقیەوە بەڕێوەدەبرێت کە تۆمەتبارە بە نزیکبونەوە لە میلیشیاکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە سوپای پاسدارانی ئێران.
بەردەوامی حکومەتی سودانی، کە “پەیوەندیەکی نزیکی بە پارت و لایەنە شیعەکانی نزیک لە ئێرانەوە هەیە”، لە پرۆسەی دوورخستنەوەی هێزەکانی ئەمەریکایە لە عێراق، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ڕۆیشتنی ئەم هێزانە نوێنەرایەتی کەمبوونەوەی کاریگەری ئەمەریکا دەکەن لە عێراقدا بو پاکردنەوەی زیاتری مەیدانەکە بۆ ئێران.
هێزە میلیشیا شیعەکان بەئاشکرا دژایەتی دوورخستنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەکەن، تا هاوسەنگی زیاتر بە قازانجی ئێران و هاوپەیمانەکانی بێت. هەر بۆیە ئەمەریکا هەوڵی زیاتر ئەدات تا لە هەرێمی کوردستان، گۆڕەپانێکی گونجاو بۆ پاراستنی نفوزی خۆی لە عێراقدا جێگیر بکات.
لە چەندساڵی ڕابردوودا بەدەورو دەخالەتی کۆماری ئیسلامی ئێران ناوچەکە زیاتر لەژێر فشاری توندی هێزە شیعە دەسەڵاتدارەکانی عێراقدا ڕاگیراوە، بە ئامانجگرتنێک کە سوپای پاسدارانی ئێران زیاتر لە جارێک بەئاراستەکردنی مووشەکی بالیستی تێوەگلاون، لەلایەکی ترەوە لەڕێگەی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵیەوە ڕاستەوخۆ حکومەتی عێراق بڕیارەکانی بە ئاراستەی کەمکردنەوەی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم هەنگاوی ناوە.
ئەم فشارانە ناسەقامگیری زیاتری خستۆتە بەردەم ئایندەی قەوارەی هەرێم، کە لەمبارەیەوە ئەمەریکا هەڵوێستێکی جدی نیەو ناڕۆشنە چۆن مامەڵەی ئەو دۆخە دەکات، لەهەمانکاتدا کاردانەوەیەکی جدی لەوبارەیەوە نیشان نادات، بۆیە بانگهێشتی واشنتۆن بۆ بارزانی ئاماژەی ئەوەیە ڕێگەیەک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆخەدا بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆی لە ناوچەکەدا پەیدا بکات، چونکە هەرجۆرە فەرامۆشکردنێکی دەخالەتەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا، ئاستی ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا، بە پاشەکشەی زیاتری دەوری ئەمەریکا دەشکێتەوە.
هەرچەندە ئامانجی سەردانەکەی مەسرور بارزانی پەنابردنە بۆ ئەمریکا لە بەرامبەر ئەوەی ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بۆتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا کۆبوونەوەکانی بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیدارەی بایدن لەباری عەمەلیەوە نەیتوانی ئاسۆیەکی ڕۆشن بخاتەبەردەم ئایندەی پێکهاتەی هەرێم، هەروەها هەوڵدانێک نابینرێت بۆ کەمکردنەوەی فشارەکانی بەغدا لەسەر هەرێم، کە ئێران و لایەنە شێعەکانی دەسەڵاتدار لە حکومەتی عێراقدا لە هەوڵی جێگیرکردنی ناوەندبونەوەی حکومەتی عێراق و بچوکردنەوەی قەوارەی هەرێمدان، لەمبارەیەشەوە ئەمەریکا هیچ هەڵوێستێکی پەرچەکرداری نیشان نەداوە.
بلینکن لە کۆمێنتێکی سەر ئەکاونتی خۆی ئاماژەی بەوەداوە کە “ئەمریکا پشتیوانی له ناوچەیەکی سەقامگیر دەکات وەک بەردی بناغەی پەیوەندیان لەگەڵ حکومەتی عێراقدا”. واتە دەبێت هەرێم خۆی لەگەڵ ناوەندا بگونجێنێت، لەلایەکی تریشەوە نابێت بەرەنگاری بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بێت. بۆیە لەو وتووێژانەی لەنێوان بلینکن و بارزانیدا ئەنجامدراون، سەبارەت بە پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەداراییەکان و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەگەڵ حکومەتی ناوەندی و ڕێزگرتن له قەوارە دەستووریەکەی هەرێم، پاراستنی مافی پێکهاتەکانی تیاکراوه، جگە لەوەی هەردوولا، مەسرور و بلینکن دەڵێن دەبێت ڕێز لە قەوارەی دەستوری هەرێم و سیستمی فیدراڵی بگیرێت، بەڵام باس لەئەنجامدانی هیچ هەنگاوێکی عەمەلی لەوبارەیەوە نەکراوە، هەروەها هیچ پشتیوانیەکی جدی ئەمەریکا بۆ هەرێم نیشان نەدراوە، هیچ بەڵێنێکیش لەوبارەیەوە نەخراوەتە ڕوو، بەڵکو هەوڵی ئەمەریکا تەنها بۆ پێداچونەوەیە لە چۆنیەتی پاراستنی بەرژەوەندیەکان و مانەوەی هێزەکانی لە عێراق و ناوچەکەدا.
واتە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لە لوتکەی چڕبونەوەی فشارەکان بۆ سەر ناوچەکە، کە دۆخێکی تازە بەخۆیەوە دەبینێ و بە قۆناغێکی گرنگدا تێدەپەڕێت، بەتایبەتی بەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر دانیشتوانی غەززە، ئەمەریکا پێویستی بەوەیە ئاراستەیەکی گونجاو بگرێتەبەر کە چۆن دەتوانێت بەڕێوەبردنی ململانێ و کێشەکانی لە ناوچەکەدا بەسەرکاتەوە، ئەوەی پێشبینی دەکرێت، حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لەم ئاڵوگۆڕانەدا، پێگەو جێگاو شوێنێکی وەهایان نەماوە کەڕۆڵیان هەبێت لەنێو هاوکێشە سیاسیەکاندا، بانگهێشتکردنی بارزانی تاقیکردنەوەیە بۆئەوەی تا چەند ئەتوانێ ملکەچی ئەو ئاڵوگۆڕانەبێت و بچێتە ژێر باری قەبوڵکردنی ناوەندبونەوەی عێراقەوە، لەهەمانکاتدا سەرکێشیەک نەکات، کێشە بۆ بونی ئەمەریکا لە عێراق و ناوچەکەدا دروست بکات.
سەردانەکەی بارزانی بۆ ئەمریکا، بۆ بارزانی ئەو مانایەی لێدەبێتەوە تا چەند ئەتوانێ متمانەو پشتیوانی ئەمریکا بەلای بەرژەوەندیەکانی دەسەڵاتی بارزانی لە هەرێمدا ڕاکێشیت، کە لەمبارەیەوە بەدوای ئەوەی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدارڵی لەباری عەمەلیەوە خەریکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەتوانین بڵێین سەردانەکەی بارزانی بۆ ئەمریکا وەک کارێکی ڕۆتینی و بێبەرهەم بۆ هەرێم ئەژمار دەکرێت.
ئەو بەڵێنانەی کە ئیدارەی ئێستای ئەمەریکا ئەیدات، سیاسەتەکانی نائومێدیەکی گەورە بۆ زۆربەی هاوپەیمانەکانی واشنتۆن لە ناوچەکەدا دروست دەکات، چونکە ڕۆڵی خودی ئەمەریکاش لە ناوچەکەدا کەوتۆتە بەر پاشەکشەیەکی زیاتر لە بەرامبەر ململانێی ڕەقیبەکانی لە ووڵاتانی سەرمایەداری زلهێزی دنیادا، بۆیە ناتوانێ پاراستنی هاوسەنگی باڵادەستی ئەمەریکا بەسەر دنیاو ناوچەکەدا دەست پێوە بگرێت.
لەهەمانکاتدا لەسەر ئاستی دارایی ئەمەریکا ئامادە نابێت، یان پێویستی بەوە نیە کە لەم ئاڵوگۆڕانەدا بەردەوام بێت کەقورسایی خەرجی مووچەی پێشمەرگە هەڵگرێت.
ئەتوانین بڵێین قەوارەی هەرێم و دەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتی لەبەردەم ئایندەی ئەو پێشهات و ئاڵوگۆڕانەی بەڕێوەیە، لەسەرو بەندی فشاری سنوردارکردنی پێگەی دەسەڵاتی سیاسیدان، ناچار دەکرێن بکەونە ژێر ئاراستەی قەبوڵکردنی ناوەندبونەوەی حکومەتی عیراق و دەستگرتن بەقەوارەیەکی تەواو لاوازو شکڵیەوە، ئەمەش ئەو ئاکامە دەخاتەڕوو کە یەکەم: پەنابردن بۆ ئەمەریکا و هەر ووڵاتیکی تر بەفریایان ناکەوێت و ناتوانن سەربەخۆیی قەوارەی هەرێم ڕاگرن و لەبەردەم پرۆسەیەکی نزمبونەوەی ئاستی دەسەڵاتەکاندا دەبن، ناچار دەکرێن لە سایەی حکومەتی عێراقدا پەناگایەک پەیدا بکەن. دووەم: نە دووبەرەكی و نە یەکگرتنی بارزانی و تاڵەبانی و هەر لایەنێکی بزوتنەوەی کوردایەتی، فرسەتی ئەوەیان نادات، بتوانن ئاڵوگۆڕێک بە بەرژەوەندی پێگەی قەوارەی حکومەتی هەرێم ببەخشن. سێیەم: لەبەردەم هەڵبژاردنەکاندا بەجۆرێک سنوردار دەبن، کە هەر جۆرە ڕێکەوتنێک لە پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردن ناتوانێ ئاکامێکی ئەرێنی بۆ بەڕێوەبردن و دەسەڵاتیان بەدەست بهێنن.




رێگا.. شیعری سەلام عومەر

پەڕینەوە ئاسان نییە
بۆیە گەلێ جاران کەوتووین
هەر ئەو خلیسکانەبوو یاران
بۆ مردنمان دەستی گرتووین
++++++
هەرچەند دووژمن ئەوڕێیەشم
پیشان بدا کە نایگەمێ
وەلێ نیازی پەڕینەوە
نهێنیەو قەت نایدەمێ
++++++
دەبا رێیەک بدۆزینەوە
کە هێشتا پێیدا نەڕۆیشتووین
شوێنێک روبارێک خوێنی ویست
کەچی هێشتا پێی نەگەیشتووین
++++++
هەندێ کەڕەت رێگا گیرەو
یەکپارچە بۆسەو هەڵدێرە
زۆر کەڕەتیش پێشڕەومانە
بەکەوتن و دۆڕان فێرە.




کچە گەریللای شەهید.. کەنعان مەدحەت

گەڕایەوە
بە لەشی گوللەڕێژی ، بەر و پشت
لە خوێن چۆڕاو
گەڕایەوە وەک بیەوێ ،
بە خۆی ،
شایەتی لەسەر دوا چرکەی بدا و
چاوە تێرنەبووەکانی لە خەو ، لە یەک نێ
کەچی چشی پێ نەوترا و
وەک هیچ جارێ ، چەکەکەی ، لە دەست بەربو و
بە خۆیشی بەسەر دەما کەوت و
مرد .
وتیان: دەستی باشورییەکی هاوخوێنی
لە دواوە بوو !
دایکی گەڕایەوە و وتی

  • هەر ئەو کچەم هەبوو
    کاتی مەرگم ،
    بە هێشووە فرمێسکی ، لێوم تەڕکا
    هێوڕ و ئازاد هەڵفڕم
    دایکی وتی و
    وتی .. ..



کێ بوو قسەی بە سیستەم گوت؟.. ڕزگار عومەر

لە پۆستێکی فەیسبووکدا، نوکتەیەك بڵاوکراوەتەوە. ئەم نوکتەیە بایەخێکی گرنگی هەیە لە کردنەوەی دەرگایەك بۆ تێگەیشتنێک لە ئەمڕۆمان لە گۆشەیەکی ترەوە. لە کاردانەوەی ئەم نوکتەیە لایك و کۆمێنت بۆ پۆستەکە هاتبوو، کە یەکێك لە کۆمێنتەکان لە ڕووی بایەخەوە تەواوکەری نوکتەکەیە. ئەم نووسینە قسە لەسەر ئەم نوکتەیە و ئەم کۆمێنتە دەکات، سەرەتا لە خوارەوە نوکتەکە و کۆمێنتەکە دادەنێین.

نوکتەکە:

کابرایەک دەچێتە بنکەی پۆلیس پێیان دەڵێت “بەبەغایەکم لێ ونبووە، پۆلیسی بنکە پێی دەڵێن ئینجا ئێمە چی بکەین! خاوەن بەبەغا پێیان دەڵێت ئەگەر دۆزیتانەوە هەرچی گوت تەعبیر لە ڕای شەخسی خۆی دەکات پەیوەندی بەمنەوە نییە”.

کۆمێنتەکە:

“هەر لەبەر ئەم ترسە، ئەوە چەند ساڵە بە دوای بەبەغایەکی کەڕ و لاڵ دەگەڕێم دەستم ناکەوێ، تاقیبێکم بۆ بکە خێرت دەگاتێ”.

لەپشتەوەی پڕۆسەی دروستبوونی نوکتە و دووبارە بەرهەمهێنانەوە و بڵاوکردنەوەیەدا، لەپشتی پەرچەکرداری پێکەنین و زەردەخەنەمان بە نوکتە، توندوتیژییەکی سیستماتیك خۆی گرمۆڵە کردووە، توندوتیژیەك بریتییە لە چەپاندن – کبتکردنی ئازادی، ئازادییەك کە گەڕان بە دواییدا لە دەرفەتەکانی مێژووی تازەدا هیچ ڕێگایەکی کراوەی مسۆگەری نییە، زەرورەتی ئەم گەڕانەش لەئەنجامی نەمانی باڵانسی هێزدا، بەناچار هەموو ئەم ئاڵۆزییە و ئەم کەبتە بۆ دووەم جار کەبت دەکاتەوە و دەیکا بە پێکەنین بە نوکتە.

گرێی ئاڵۆز و دژبەیەکی ئەم نوکتەیە لەو خاڵەوە دەست پێدەکات کە کابرایەکە جۆرێك لە دڵنیایی هەیە لە دۆزینەوەی بەباغەکە، ئەمەش تەنیا پەیوەندی بە تواناکانی هێزی پۆلیسەوە نییە لە ڕووی لۆجستیەوە، بەڵکو پەیوەندی بە دڵنیایی هەیە لەوەی هیچ لەم سیستەمە چاودێرییە ون نییە و ون نابێت (چەشنی ئەم جۆرە سیستەمە لە ڕۆمانی ١٩٨٤ی جۆرج ئۆروێڵ باس کراوە)، لێرەدا کابرای خاوەن بەبەغا خاوەنی تەنیا یەك “موتڵەقە” کە ئەویش هێزی لەبن نەهاتوو و ئەفسانەیی سیستەمی چاوساغ و موراقەبەیە لە دۆزینەوەی بەباغەکە.

تا ئێرەش ئێمە تەنیا وا مامەڵە لەگەڵ توێکڵی دەرەوەی ئەم ترسەی کابرا دەکەین، توێکڵی ترسەکە دۆزینەوەی بەباغەکەیە، بەڵام ناووکی ترسەکە ئەوەیە بە دڵنیایی “من کەشف دەبم کە قسەم بە سیستەم گوتووە”، ئیتر لێرەدا لە یەک کاتدا دۆزینەوەی بەباغەکە کۆتایی پڕۆسەی گەڕان و سەرەتای دەستپێکردنی پڕۆسەی موحاسەبە و سزایە!

لۆژیکی پەنای بەرهەمهێنانی نوکتەکە زۆر ئیلتیزامی بە سنوورە داخراوەکانی دۆخی چەپاندنەکە (کەبتەکە) کردووە، بۆیە زیرەکانە، بەڵام بە مەکشوفی دەیەوێ وا نیشان بدات کە ئۆبگێکتیڤەکە بەبەغایەکی وێڵە، بەڵام لە ڕاستیدا ئۆبگێکتیڤەکە خاوەنی بەباغەکەیە، کە بە پێی خۆی دەچێتە بنکەی پۆلیس، بۆ ئەوەی پێشوەختە “پاکانەیەك” بکات بۆ تاوانێك کردوویەتی.

ترسی خاوەنەکە ئەوەندە ئۆرگانی و بەهێزە کە دەیەوێ ئەڵقەکانی ئەم ڕووداوەی بەڕێوەیە “ئاشکرابوونی خۆی” لە ڕووی کات و زەمەن نا، بەڵکو لە ڕووی قەبارەی پەرەچەکردار کورتتر بکاتەوە، بەم چوونەی بۆ بنکەی پۆلیس برێکێك لەو هەیەجانە پڕ لە دڵنیاییە وەردەگرێت کە ڕەنگە “مەرگ”ی بەدوادا نەبێت، بەڵام گرێیەکەش لێرەیە کە سامی کەشف بوون لە بەرانبەر سیستەم لە خودی مەرگ کاریگەرترە، بە تایبەتی چاوەڕێکردنی چرکە بەچرکەی ئاشکرابوون بە جۆرێك تۆقێنەرە کە زەمەن چیتر پێوەرێك نییە، بەڵکو “حەتمیەتی ئاشکرابوونە” کە یەقینترین ماشێنی مسۆگەرکردنی کۆتایی چاوەڕوانکردنی ڕووداوەکەیە، بەڵام هێشتا کابرا لە هەوڵی ئەوەدایە بەلای کەمی “نەفیکردنێکی پێشوەختە” تۆمار بکات، نەك بەوەی لە ناخی خۆی باوەڕی بەوە هەبێت کە ئەم نەفییە قەناعەت بە ئەفسەر و موحەقیقی بنکەکە دەکات، بەڵکو ئەو ناڕاستەوخۆ لە تەواوی هێزی لاشعوری خۆیدا بە شوێن تۆمارکردنی ئیعترافێکە بە شێوزای “ئیعتیراف نەکردن”، بۆیە کاتێك دەڵێت هەرچییەك بەبەغاکە گوتی ڕای شەخسی خۆیەتی، ئەمە لە دیالێکتیکی ئاوەژووی (دەروون و زماندا) نەگوتراوی ڕاستەقینە جێی لەق دەبێت بۆ گوتراوێکی ساختە لەبەر بەرانبەرکێی دوو لۆژیکی جیاواز نا، بەڵکو لە بەر دۆڕانی “پاڵنەرێک” لە بەرانبەر “پاڵنەرێک”ی تردا.

ئەتمۆسفیری تەواوی نوکتەکە لەسەرەتاوە تا کۆتایی ئەو ئیحایەی تێدایە کە کابرا قسەکەی کردووە، ئەو ئیحایەشی تێدایە کە ئەستەمە موحەقیقی بنکە باوەڕی پێ بکات، واتا نەگوتراوە ڕاستەقینەکە کە لە زمانی زنجیرەیی نوکتەکە هیچ شوێنێكی نییە، بەڵام لە هەموو ڕوویەکەوە گەیشتووە و ئامادەیە، نەگوتراوە مەکشوفەکە ئەوەیە “هەرچییەك لە بەبەغاکە گوێتان لێ بوو قسەی منە”، بەڵام خاوەن بەبەغاکە زۆر بەلاوازی سەرکێشیەکی سوریالی دەکات کە زیاتر لە هەڵبەزین و دابەزینی مریشکی سەربڕاوی بێ سەر دەکات، ئەمەش هیچ پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی و زاتیی نەماوە بە “جورئەت” هەبێت یان نەبێت، بەڵکو وەکوو قوربانییەک بە مەکرەوە دەیەوێ دوا کارت بەکاربهێنێت، ئەو پەنا دەباتە بەر سیحری زمان !

چونکە زمان ئەو ئومێدەی پێدەدات کە بتوانێت دوا گەمەی گێمێکی دۆڕاو بکات لە قەناعەتپێهێنانی سیستەمی سیخوڕی، ئەوەش بە مەبەستی “ڕزگار”بوون نییە لەو کردەی لە دەستی دەرچووە، بەڵکو تەنیا دەیەوێ مەودای تەحەمولکردنی تۆقانی کەشفبوون و پەرچەکرادری سیستەم درێژبکات.

هەم نوکتەکە و هەم کۆمێنتەکە لە پەیوەندییەکی بەتینی هاوكێشە و پڕەنسیپە دەروونییەکانی “درکاندن- یان قۆناغێك واوەتر دانپێدانانی “ناڕاستەوخۆن. دکتۆری دەروونی بەر لەوەی نەخۆش بگەیەنێتە قۆناغی درکاندن، جا درکاندنەکە بە قۆناغی “نەفی” تێپەڕێت یان نا، دۆخێك لە متمانە دروست دەکات بۆ نەخۆش وەکوو تاقە دەرفەتی داگرتنی ئەو بارە قورسە لە ناکۆکی و پەشێوییەکانی ناوەوە.

سۆشیال میدیا وەکوو هەڵبژاردە دیزاین نەکراوە بۆ ئەوەی ڕۆڵی هەمان ئەو متمانەیە ببینێت کە دکتۆری دەروونی بۆ نەخۆش دروستی دەکات، بەڵام فەیسبووک لە تەمەنی ئێستای خۆیدا بارگاوی بووە بە زۆر دیاردە کە دوورە لە ئامانجی دروستکردنی، هەندێک ئەرکی نافەرمی بەسەر بارکراوە کە “ئاڵودەبوون” لە نێویدا ڕۆڵە کۆمەڵایەتییەکەی گۆڕیوە بیکا بە عیادەیەکی دەروونی نافەرمی، بەدڵنیاییش “ناتەندروست”ی گشتی خۆڕایی، کە ئەرکە سایکۆلۆژییەکە تەنیا بریتییە خولقاندنی فەزای نمایش و دەرخستن و درکاندن، بە تەعبیرێکی تر هەمان ئەرکی “گوێگرتن”ی دکتۆری دەروونی دەبینێت، بەبێ ئەوەی لە بەرانبەردا هیچ بەرپرسیاریەتییەکی لە چارەسەر هەبێت.

لەم نێوەدا نەخۆشییەکان و نەخۆشەکان وەکوو تەوژم و شەپۆلی کۆمەڵایەتی بە ئاڕاستەی جیاواز دێن و دەچن، کە تەشخیس- دیاریکردنی پرسیاری ئەوەی کێ “نەخۆشە” گرنگییەکی ئەخلاقی یان تەندروستی نەماوە، بەڵکو دەرهاویشتەکانی ڕۆژانەی ئەم هەموو “درکاندنە” دەستەجەمعیانە وەکوو سیمپتۆمی عیلەتی سیستەمێکی سیاسی ڕەق لە پشتی نوکتە و نەفرەتەکانی ئەم فەزا کۆمەڵایەتییە خۆی مەڵاس داوە.

ئەم فەزا کۆمەڵایەتییە تا سنورێکی بێ سنوور کراوەیە تا ڕادەیەکی ترسناک کراوەیە کە هەموو تراژیدیایەک تەنیا بە فلتەری کۆمیدیا بۆی هەیە بگاتە جێ، کە ئەمە خۆی لە ئەنجامی کۆتاییدا مەبەستی کۆتایی “درکاندن” خاڵی دەکاتەوە و بۆیە ئەو ڕادە لە بەرهەمهێنانەوە تراژیدیا بە ڕوخساری کۆمیدیا جۆرێك لە ئەبەدیەتی سروشتی وەرگرتووە و لە دووبارەبوونەوە ناوەستێ.

کاتێ کۆمێنتەکە دەخوێنینەوە لەبەرانبەر درکاندنێکی گاڵتەئامێزدا بانگەوازێك دەبینین، هەڵبژاردەیەك دەبینین کە بریتییە لە دۆزینەوەی بەبەغایەکی لاڵ کە قسەکانمان بە سیستەم نەگێڕێتەوە و کەشفمان نەکات، هەڵبژاردەی گەڕان بە دوای بەباغەی لاڵ لە هەمان کاتیشدا مانیفێستی “قسە نەکردنیشە” تا ئان و ساتی دۆزینەوەی مەحاڵێك (بەبەغای لاڵ) !

ئەم هەڵبژاردنە بە بەراورد بە ئەسڵی نوکتەکە هەڵوێستێکە چەند قۆناغێك لە پاشترە و خۆپارێزە لە ئاکتی قسەکردن، چونکە ئەو مەرجی پێشوەختەی قسەکردن دەبەستێتەوە بە مەحاڵێك کە قسەکردن نەگاتە گوێیەکانی سیستەم، بە کورتی پێشنیاری “بێدەنگی و کپییە”، بەڵام بە یەك جیاوازی لەهەموو جۆرە هەڵبژاردیەکی تری بێدەنگی کە ئەویش ئەو لێرە بانگەوازێك دەکا بۆ بێدەنگبوون.

ئەم بانگەوازە ڕاستە لە دەم و لە شوێنێك دەردەچێت کە لە ڕووی واقیعیەوە دەبێ دووربێت لە بەرژەوەندی سیستەم، بەڵام بە مەبەست یان لە ئەنجامی فەشەلی فلتەری گۆڕینی تراژیدیا بە کۆمیدیا بێت، نامەی سیستەم دزە دەکاتە نێو درکاندنەکان، نامەیەک بە ڕوخسارێکی پاسیفیست و سەرگەردان، بەڵام بە ناوەڕۆكێکی دیسپلینخواز دەچرپێنێ بە گوێماندا کە “بێدەنگی” هەڵبژاردەیەکی مومکینترە لە “دەنگ هەڵبڕین”، بوونی بەبەغایەکی لاڵ ئاماژەیەکە بۆ فەزایەکی ئەمینتر و دڵنیاتر کە قسە بە سیستەم ناگات و هیچ سزایەك لە ئارادا نابێت، لەوەش گرنگتر ئەگەر بەبەغای لاڵت دەست بکەوێت، واتا خۆت بخەیتە گرەوەی هەلومەرجی مەحاڵی قسەکردن، ئەو دەمی لە تۆقاندنە ترسناکەکە پارێزراو دەبیت لە تۆقاندنی چاوەڕێکردنی ئاشکرابوونت کە قسەت بە سیستەم گوتووە!




گفتوگۆ لەگەڵ هونەرمەند شێرزاد حەیدەری.. هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

هونەرمەند شێرزاد حەیدەری: موزیكی كورردی وەك میلۆدی هیچی كەمتر نییە لە ئاستی میلۆدییەكانی جیهان
هونەرمەند شێرزاد حەیدەری: پەیمانگاكان لە كوردستان ،بۆتە پێگەیەكی زۆر پیرۆز بۆ پێگەیاندنی چەندین هونەرمەند
هونەرمەند شێرزاد حەیدەری:لەسەردەستی هونەرمەند(زرارمحەمەد مستەفا) ئەلف و بێی موزیك فێربووم
هونەرمەند شێرزاد ئەكرم حەیدەری ناسراو بە (شێرزاد حەیدەری) یەكێك لە ژنیارە بەتوانەكانی كوردستان دەستپێكی هونەرییەكەی دەگەرێتەوە بۆ تیپی موزیكی پاشای گەورە لە شاری رواندز كاتێ لە 1-7-1977 یەكێك دەبێت لەدەستەی دامەزراندنی تیپی موزیكی پاشای گەورە ئەو لەگەڵ چەندین تیپی موزیكی ناوداری كوردستان عێراق كاری كردوە وەكو تیپی مۆسیقای پاشای گەورە، تیپی مۆسیقای سلێمانی، تیپی سەمفۆنیای نیشتمانی عێراق، گروپی موزیكی پەیمانگەی هونەرجوانەكان، ئۆركێسترای كوردستان تیڤی ،گورپی موزیكی پەیمانگای هونەر جوانەكانی هەولێر ..چەندین بەرهەمی ناوازەی هەیە ئێمە بۆ زیاتر ئاشانا بوون بە چالاكییەكانی لە نزیكەوە بە چەند پرسیارێك بەسەرمان كردەوە.
هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

*سەرەتا بابزانین دەسپێكی هونەرمەند شێرزاد حەیدەری چۆن دەستی پێكرد؟

  • ئەگەر ئاوڕێك لە رابردوو بدەینەوە لە رووی هونەرییەوە كۆمەڵگەكەمان زۆر گرنگی بەهونەر نەدەدا بەڵكو زۆر جاریش بەچاوێكی سووك سەیری هونەریان دەكرد، ئێمەش تاكێكی ناو ئەو كۆمەلگەیەین بۆیە بۆمنێك لە تەمەنی منداڵیم ئەستەم بوو كاری موزیك بكەم بەڵام خانەوادەكەمان كە لە بنەماڵەی (حیدەرییەكان) نین، باوكم بە (ئەكەرم حیدەری) ناسرابوو،تارادەیەكی زۆر باش حەزی لە بواری رۆشنبیری هونەر بووهەر بۆ یە ئەوهاوكارم بوو، كاتێ باوكم لە سەرەتای حەفتاییەكانی سەدەی رابردوو سەرۆكی شارەوانی شارۆچكەی (هەریر) بوو ئەو كات لەو شارۆچكەیە خوولێكی هونەری موزیكی كردەوە ‌ ئەوە دەرفەتێكی زۆر باش بوو بۆمنێك ‌چونكە هەرلەو خوولەوە حەزو و ئارەزووم بۆ موزیك دەستی پێكرد بەتایبەتی بۆ ئامێری كەمان.
    دوای ئەوە ئێمە ماڵمان گواستراوە بۆ شاری رواندز لە قوتابخانەی پاشای گەورە دەستم بەخوێندن كرد بە هۆی بوونی مامۆستا (زرار محەمەد مستەفا)، كە مامۆستای هونەر بوو لە قوتابخانەكە ئەو مامۆستایە گروپێكی سرودو گۆرانی لە نێو قوتابیان پێك هێنا كە لە زۆربەی چالاكییەكانی قوتابخانە بەشدار بووین ،لە 1-7-1977 مامۆستا زرار خوولێكی موزیكی لە وەرزی هاوین دا كردوە بۆ ئامێرەكان ( كەمان، عود ساز، ئۆكۆردیۆن، بانگۆز،ئیقاع، گیتار) بەندە لەسەر ئامێری كەمان لە خوولەكە بەشدار بووم، دوای 3مانگ لە راهێنان و پرۆڤە كردن لە 1-10-1977 یەكەم نمایشمان لە نێو گۆڕەپانی قوتابخانەی پاشای گەورە بەبۆنەی دەستپێكردنی ساڵی نوێ خوێندن سازكرد، ئیتر لەو ساتەوە تیپی مۆسیقای پاشای گەورە كەوتەچالاكی هونەری ئەندامانی تیپەكەیش بریتی بوون لە ( چەتۆ ساڵح نەورۆز، شێرزاد حەیدەری، سیروان عەبدوڵڵا،ئامانج غازی، فاروق باپیر،سەید ئەحمەد رواندزی،رزگار جەودەت، رێبوار نوری، بژار نوری..).
    دوای ئەوە لە سالی 1981 لەپەیمانگەی هونەر جوانەكانی موسڵ / بەشی مویك وەرگیرام و لەساڵی 1986 بەپلەی زۆر باش دەرچووم، لەهەمان كاتدا لەگەڵ تیپی مۆسیقای پاشای گەورە لە چالاكییەكانمان بەردەوام بووم و چەندین بەرهەمان بۆ گۆرانیبێژان تۆمار كرد وەكو هونەرمەندان (نجمەی غوڵامی، كاڵی، ئەبوبەكری لەكزی، هاوتا ئەسعەد، وەلی دۆسكی، سلێمان ئەحمەد، خدر بێجانی، سەلام وسامان مرادی چەندانی تر..
    وێستگەیەكی تری ژیانی موزیكیم لە ساڵی 1987تا 1990 ئەندامی تیپی سەمفۆنیای نیشتمانی عێراق بووم زیاتر لە (40) كۆنسێرت بەشدار بووم لە ساڵی 1996-2000 چەندین خوولی موزیكم لە شارەكانی (رواندز، رانیە، سۆران) كردۆتەوەو بەرهەمی باشی هەبوو چەندین كادری هونەری لە بواری موزیك پێگەیشتن . هەروەها لەسنووری شارەكانی (سلێمانی، هەولێر،رانییە، هەڵبجە، چوارقوڕنە) چەندین كۆنسێرتم ئەنجام داو هەر لەم ساڵانەش لێپسراوی هونەرمەندانی راپەرین بووم.
    لە ساڵانی 200-2005 ئەندامی ئەجوومەنی باڵای یەكێیەتی هونەرمەندانی كوردستان بووم لە سەرەتای سالی 2000 پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی رانیەمان دامەزراند و دوای ئەوە وێسگەی ژیانم گواستەوە بۆ شاری سلێمانی و ساڵی 2000 تا 2022مامۆستای پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی سلێمانی بووم بەشدار سەرجەم چالاكییەكانم كردووە وەكو ژەنین، دابەشكردنی مۆزیك، ئێستاش مامۆستای بەشی مۆزیكی پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی هەولێرم جگە لەوەش بەشداری زیاتر لە (100) بەرنامەی تەلەفزیۆنییم كردووە .
    بۆماوەی (2) ساڵ بەشداری خوولی هاوینەی موزیكم كرد لە زانكۆی مۆزارتیۆم لە وڵاتی نەمسا، لەوێش بەشداری چەندین كۆنسێرتم كرد .
  • دیارە خاوەن ئەرشیفێكی دەوڵەمەند باشە بابزانین كێن ئەوانەی هاوكارو پاڵپشتیان كردوویت لە بواری موزیك دا؟
  • بێگومان زۆرن ئەوانەی هاوكارو پاڵپشتیان كردووم، سەرەتا زۆر سوپاسی خانەوادەكەم دەكەم كە هاوكاری زۆریان كردم بۆ ئەوەی بچمە نێو جیهانی موزیك،لە هەمان كاتدا مامۆستای هونەرمەند(زرارمحەمەد مستەفا)، هاوكار و پاڵپشتی زۆری كردووم لەرێگەی ئەو هونەرمەندەوە فێری ئەلف و بێی موزیك فێربووم ،بۆیە هات دەمرم منتباری دەبم چونكە جگەلە هونەر هەمیشە رێنمایی و ئامۆژگاری دەكردین بۆ ئەوەی ببینە تاكێكی بەسوودی ناو كۆمەڵگە.

    *وەكو ئەندامێكی كارای تیپی مۆزیكی پاشای گەورە، بۆچی لە ئێستادا تیپەكە بەرهەمتان نیە؟

  • تیپی موزیكی پاشای گەورە تا ساڵی 1993 كاروچالاكی بەردەوامی هەبوو بە ئاستێكی زۆر باش، بەڵام بەداخەوە بەهۆی شەڕی ناوخۆ زۆربەی ئەندامانی ئەو تیپەپەرت بڵاوبوون هەندێكیان بۆ دەرەوەی وڵات كۆچیان كرد، هەندیكان بۆ شارەكانی هەولێر و سلێمانی هەروەها بژێوی ژیانیش كاریگەری خۆی هەبوو بۆیە نەمان توانی وەكو جاران كۆببینەوە و چالاكی ئەنجانم بدەین.بەڵام لەئێستاوە ماوەی دووساڵە خۆمان كۆكردۆتەوە، چەندین لاوی تازە موزیكیش دورست بووە، بەهۆی كردنەوەی پەیمانگەی هونەرجوانەكانی رواندز توانیمان لە مانگی هەشتی 2023 (دیدار و فیستیڤاڵی رۆژی هونەر) ئەنجام بدەین، بگەرێینەوە سەر كارەكانمان بەو‌هیوایەی بتوانینن لە 1-7-2024 كە رۆژی هونەرە لە رواندز فیستیڤاڵیكی نایاب بەو بۆنەیەوە ئەنجام بدەین.

    *كامەن ئەو هونەرمەندانە، كە بە ژنیان سەرسامیت و كاریگەریان لەسەر تۆ هەبوو؟

  • ئەوەی راستی بێت من زۆر سەرسام بووم بە ژەنینی هەردوو هونەرمەندی گەورەی كورد (ئەنوەر قەرداغی ) و (دلشاد محمەدسەعید) ئەو دوو هونەرمەندە لە باری ژەنین و ئامادەكار و دانانی موزیك بەتوانان لە هەمان كاتدا رۆڵیكی بەرچاویان هەبوو لە خزمەتی هونەری موزیكی كوردی.

    چۆن موزیكی كوردی، دەگاتە ئاست موزیكی جیهانی؟

  • موزیكی كورردی وەك میلۆدی و فۆرم هیچی كەمتر نییە لە ئاستی میلۆدییەكان و فۆرمەكانی موزیكی تری جیهان،بەڵام لێرە خاڵێك هەیە ئێمەی موزیسیانەكان یاخود ئەوانەی لە بواری (دانان)ی موزیك كاردەكەن دەبێت سوود لە تیۆریەكان و جوانكاریانەكانی موزیكی جیهانی وەربگرین، لە نێو میلۆدیەكانی خۆمان بەكاری بین ئەو كاتە موزیكی كوردی بەرەوە ئاستێكی باشتر دەڕوات لەم بوارشەدا كۆمەلێك لە (كۆمپۆسەرەكان ) دانەرەكانی موزیكی كورد كاریان لەسەر ئەمە شێوازە كردووە موزیكی كوردیان گەیاندۆتە ئاستێكی باش وەكو هونەرمەندان (عەبدوڵا جەمال سەگەرمە، دلشاد محەمەد سەعید، كارزان محمود فقێ، زۆزك قەرداغی…هتد)،ئەم هونەرمەندە بەرێزانە لە كوردستانی باشوور كاری نایابیان ئەنجام داوە.

    *وەكو هونەرمەندێك، لایڤ موزیك بۆ ژنیار تاچەند پێویستە؟

  • من دەمێكە وتوومە (لایڤ موزیك) یاخود موزیكی راستەوخۆ كارێكی ئاسییە،وەك كارەكانی تری ژیان ،لە هەموو بوارەكاندا،بەڵام بەمەرجێك ،موزیكی كوردی نەكاتە قوربانی موزیكی توركی و عەرەبی ئەوانی تر.ڕوون و ئاشكرایە ژەنیارەكانمان ئەرك و شەو نەخونیان زۆر كردوە تابگەن بە ئاستێكی باشی ژەنیین تا بتوانێت ژیانی ئاسایی خۆی دابین بكات لە رێگەی لایڤ موزیكەوە وەك هەموو پسپۆریەكانی تری ژیان. بەداخەوە ئەم كارە تەنها لەناو كوردا كارێكی نامۆیە یاخود بە باشی نازانن،كەچی لە هەموو دونیا ئەم كارە بەرێزییەوە سەیری دەكرێت ئەوانەی لایڤ موزیك دەكەن ژنیاری زۆر باشن و ئاستێكی زۆر باشیان هەیە نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێت ژەنینی راستەو خۆ زۆر قورسترو گرانترە لە ژەنینێك كە بەشێوەی تۆمار كردن بێت ،لەهەمان كاتدا لایڤ موزیك توانستی ژنیار بەهێز دەكات لەرووی كرداریدا.

    *لەنێو موزیكی كوردیدا،لەئێستادا چەندین فۆرم وشێوازی جیاواز هەن ئاستی موزیكی كوردی چۆن دەبینیت؟

  • موزیكی كوردی خاوەنی چەندین فۆرمی جوانی موزیكین ،چەندین فۆرمی موزیكمان هەیە وەك (حەیران،لاوك، قەتار،ئەڵاویسی، سیاچەمانە…) ئەمانە نموونەی فۆرمی جوانی كوردین ،بەڵام دەبێت بەشێوەیەكی زانستی كاری لەسەر بكرێت بۆ ئەوەی جوان و پیرۆزتریان بكەین وبە موزیكی گەلانی جیهان بیاناسێنین.

    *بەرێزتان ساڵانێكە مامۆستای بەشی موزیكن لە پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی سلێمانی و هەولێر چۆن دەڕوانیتە ئاستی قوتابیان ؟

    -پەیمانگەكان لە كوردستان ،بۆتە پێگەیەكی زۆر پیرۆز بۆ پێگەیاندنی چەندین هونەرمەند لە هەموو بوراەكان دا بەتایبەتی لە بورای موزیك زۆربەی هەرە زۆری ژنیارە بەتوانەكان دەرچووی پەیمانگەی هونەرجوانەكانن ،لە ئێستادا چەندین تیپی موزیكی لەكوردستان هەن بەشی زۆریان بەرهەمی ئەم شوێنە هونەریەن بۆیە كاریگەری ئەرێنی هەبووە ،بەڵام من لەگەڵ زۆری بۆری نیم لە كردنەوی ئەو هەموو پەیامانگەیانە بەباشی نازانم ناكرێت لەهەر شارێك پەیمانگە یەك هەبێت ،بۆیە من پێشنیار دەكەم پەیمانگاكان كەم بكرێتەوە چونكە ئەوەندە كادیری هونەری زۆرەمان نییە بۆئەوەی ئەو هەمووپەیمانگەیانە بەرێوەببن.

    *ماوەیەكە لەگەڵ چەند هونەرمەندێك،خەریكی دانانی میتۆدێكی هونەرین بۆ وانەی پەروەردەی هونەری لە ناوەندەكانی خوێندن ئەكرێت روونكردنەوەیەك لەسەر ئەم بابەتە بدەیت ؟

  • ئەوەی راستی بێت لە ئێستادا لە وەزارەتی پەروەردە لە بەرێوەبەرایەتی پرۆگرامەكان خوێندن من وەك سەرۆكی لیژنەی ئامادەكردنی رێبەری مامۆستا و پرۆگرامی خوێندنی پەروەردەی هونەرم بۆ بازنەكانی (1،2) وبەشێوەی دیجیتاڵكردنی پرۆگرامەكانی خوێندن بۆ ئەو بازنانەی لەسەرەوە ئاماژەم پێكرد بەمەبەستی تۆماركردن و دانانی ئاواز بۆ هۆنراوەكانی ناو دەسپاكی لەگەڵ ئەندامانی لیژنەكە كاری زۆر باشمان كردووە لەئێستادا گەیشتونەتە قۆناغی كۆتایی كارەكانمان‌ هەنگاوی باشمان بڕیوە.
    سەبارەت بە وانەی پەروەردەی هونەر و میتۆدەكان و رێبەری مامۆستالەم بوراەشەدا كاری زۆر باش كراوە بەپێی پسپۆرییەكان واتە هەرسێ بەشە هونەرییەكە(موزیك،شانۆ وشێوەكاری)، بۆیە ئەو رێبەرە ،زۆرگرنگ دەبێت بۆ مامۆستایانی وانەی پەروەردەی هونەری، بەوهیواییەی لە ساڵی داهاتووی خوێندن ئەو رێبەرە بۆ مامۆستایانی هونەری ئامادە بێت ببێتە فاكتەرێكی باش بۆ وانەی پەروەردەی هونەری.

    *ئێمە لە كۆتایی ئەم هەڤپیڤینەدا زۆر سوپاست دەكەین.

  • منیش سوپاسی ئێوە و خوێنەران دەكەم زۆر سوپاس.




ئایا سۆسیالیزم لە ئێراندا دادەمەزرێت؟ (بەشی کۆتایی).. حەمید تەقوایی

وەرگێڕانی:کاوە عومەر دیمانەی حەسەن ساڵحی لەگەڵ حەمید تەقواییدا

حەسەن ساڵحی: ئەو ئاڵوگۆڕانەی باست کرد لە ڕوانگەی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە چ ڕۆڵێکی دەبێت لە ئێرانی سۆسیالیستیدا؟

حەمید تەقوایی: سەرەتا پێویستە ئەوە ڕوون بکەمەوە کە ئێمە دەمانەوێت کۆمارێکی سۆسیالیستی لە ئێران دابمەزرێنین و لە هەر شوێنێکدا لەم چاوپێکەوتنەدا ئاماژە بە ڕێوشوێنی “ئێمە” بکەم، مەبەستم ئەو ڕێوشوێنانەیە کە حزبی ئێمە پێی وایە دەبێ لە لایەن دەسەڵاتی شوراییەوە ئەنجام بدرێت لە کۆمارێکی سۆسیالیستیدا. پێشتر سەبارەت بەو ڕێوشوێنە دەستبەجێیانەی کە دەبێ لە دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بگیرێنەبەر، ڕوونم کردۆتەوە. لێرەدا تەنیا ئەوەتان بیردەخەمەوە کە لابردنی دەستبەجێی مافیای ئابووری کە خاوەنی زیاتر لە ٥٠٪ی ئابووری ئێران لە ژێر دەستی ئەواندایە.بەخۆڕایی کردنی چاودێری تەندروستی، خوێندن، گواستنەوە،و گەیاندن و خزمەتگوزارییەکانی دیکەی شار و خۆشگوزەرانی لە یەکەم ڕێکارەکانی حکوومەتی سۆسیالیستی دەبێت . لەم حاڵەتەدا هەروەها ڕوونم کردەوە کە کۆمەڵگای ئێران دەوڵەمەندە بە سەرچاوە داراییەکان وجێبەجێ کردنی ئەو هەنگاوانە بەتەواوەتی گونجاوەتێیدا. بەڵام لە ئاستێکی بنەڕەتیتردا، بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی سۆسیالیستی ڕێکبخرێت، واتە بەرهەمهێنان لەسەر بنەمای دابینکردنی پێداویستییە گشتیەکان نەک قازانج، پێویستە ئەو سیاسەتانە ڕێکبخرێن کە لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای شۆڕشی پیشەسازی چوارەم بن. خاڵی یەکەم ئەوەیە کە پێویستە تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی – کۆمپیوتەر و ئەلیکترۆنی، ئینتەرنێت و ڕۆبۆت و ئەپلیکەیشن (ئەپ) و پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا و هەروەها زیرەکی دەستکرد و دەستکەوتەکانی تری شۆڕشی پیشەسازی چوارەم بەکاربهێنین – چ لە پیشەسازییە گەورەکان و چ لە بواری بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاریدا کە لەلایەن تاک و گروپە بچووکەکان و هەوڵە هاوبەشەکانەوە لە ئینتەرنێت و ئۆنلاین دابین دەکرێن. ئێمە ئەپە بێبەرامبەر ەکان و سەرچاوە کراوەopen source فراوان دەکەین و هەوڵدەدەین خزمەتگوزاری زیاتر بخەینە بەردەستی کۆمەڵگە بە خۆڕایی یان بە تێچووی زۆر کەم. بە یارمەتی پرۆگرام و ئەپەکانی کۆمپیوتەر و بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد دەتوانرێت جۆرێک لە بەرهەمهێنان ڕێکبخرێت کە بە تەواوی دوور بێت لە بیرۆکراسی و بەڕێوەبردن و خاوەنکار و خاوەندارێتی. نموونەی ئەم جۆرە بەرنامانە، وەک ئۆبەر کە لە سەرەوە ڕوونم کردەوە، لە ئێستادا لە کۆمەڵگا سەرمایەدارییەکاندا بەکاردەهێنرێن. دەکرێت فاکتەری خاوەنکار و خاوەندارێتی ئەو بەرنامانە کە بەتەواوی زیادەڕۆیی و ناپێویستن، نەهێڵرێت و بە ئاراستەی سیاسەتی سۆسیالیستی بەکاریان بهێنرێت. ئەو نموونانەی تر کە باسم کرد – ویکیپیدیا و بەرنامەکانی سەرچاوە کراوە open sourceو بەرهەمهێنانی زیادە بە هاوکاری ئامێری چاپی سێ ڕەهەندی و airbnb و زیرەکی دەستکرد و ڕۆبۆت و هاوشێوەکانیان – هەموویان دەتوانن سەربەخۆ بن لە قازانج و کێبڕکێ، کە ئەمڕۆ تەنها لە ڕووی ماف و یاساییە.نەک پێداویستییە بابەتییەکانی بەرهەمهێنان، زاڵیان کردووە، بۆ ئەوەی ڕزگار بکرێن و بە شێوەیەکی بەرفراوان لە خزمەت بە وەڵامدانەوە بەدابینکردنی پێداویستییەکانی کۆمەڵگا بەکار بهێنرێن. بە کۆمپیوتەرکردنی بەرهەمهێنانی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان تا دەتوانین، بەڕێوەبردنی زیرەکی دەستکرد، بڵاوکردنەوەی کۆدی کارپێکردنی بەرنامەکان و پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا بە ئاشکرا (سەرچاوەی کراوە)open source ، بەرهەمهێنانی سامان زیاد دەکەین لەگەڵ کەمکردنەوەی کاتەکانی کارکردن. خاڵێکی تر ئەوەیە کە بە کەڵک وەرگرتن لە زیرەکی دەستکرد ئامانج و ئامانجی قازانج لە بازاڕ دوور بخرێتەوە، بەڵام ڕۆڵی بازاڕ لە دابینکردن و خواست و دابەشکردنی کاڵاکان و میکانیزمی ڕێکخستنی قەبارەی بەرهەمهێنان لە هەر کەرتێکدا دەتوانێت پارێزگاری لێ بکرێت. لە بازاڕی سەرمایەداریدا ئەم هۆکارانە بە زیادبوونی قازانج و ڕێژەی قازانج لە هەر کەرتێک و گواستنەوەی سندوقەکان بۆ کەرتە قازانجدارەکان دیاری دەکرێن. بەڵام بەڕای من تەواو ئەگەری ئەوە هەیە کە بە یارمەتی بەڕێوەبردنی زیرەکی دەستکرد، لە پلاندانانی ئابووریدا، لەبری تەرکیزی قازانج، دابینکردنی پێداویستییەکانی کۆمەڵگا پرەنسیپ بێت و لەسەر ئەم بنەمایە بڕی بەرهەمهێنانی کاڵا و… خزمەتگوزارییەکان لە کەرتە جیاوازەکاندا ڕێکدەخرێن و دیاری دەکرێن. شۆڕشی پیشەسازی چوارەم ئەم هەنگاوانەی بەتەواوی کردۆتە کارێکی گونجاو. بەرهەمهێنان لە ئێرانی سۆسیالیستیدا لە بنەڕەتدا لە شێوەی هاوکاریکردن و هەرەوەزیدا بەڕێوەدەچێت، ئەمەش بەو مانایەیە کە بەڕێوەبردن و خاوەن کار، نە تایبەت و نە حکومی، لە سەری کۆمپانیا و ناوەندەکانی بەرهەمهێناندا نین و قازانج یان بەهای زیادکراوی ئەو… کاری کرێکاران، بەڵکو هەموو کاروبار و بڕیارەکان لە دەستی کرێکاران و ئەو جەماوەری خەڵکدایە کە لە شوراکاندا کۆبوونەتەوە. دروشمی ئێمە ئەوەیە: کە هەریەکەس بەپێی توانای و بۆ هەریەکەس بەپێی کارەکەی. ئەمەش بەو مانایەیە کە کرێ بە پشتبەستن بە سەبەتەی بژێوی و بەهای کار دیاری ناکرێت، بەڵکو بەهای ئەو کاڵایانە دیاری دەکرێت کە هەر کرێکارێک بەرهەمی دەهێنێت. ئەمەش بە واتای هەڵوەشاندنەوەی کار وەک کاڵایەک. بە سەقامگیربوونی تەواوەتی بەرهەمهێنانی سۆسیالیستی، دەتوانین لەوە تێپەڕین و هەمووان دەتوانن چێژ لە سامانی کۆمەڵایەتی نەک تەنانەت بەپێی کارەکەی بەڵکو بەپێی پێویستی خۆیان وەربگرن. ئەمەش بە واتای داننان بە مافی بژێوی ژیان و ژیان بەبێ گوێدانە بڕی کارێک کە مرۆڤەکان ئەنجامی دەدەن. (دانی مووچەی بنەڕەتی هەنگاوی یەکەمە بەرەو ئەم ئاراستەیە). “لە هەریەکەیانەوە بەپێی توانای خۆی بۆ هەریەکەیان بەپێی پێویستی خۆی” کار لە پێوەرێک بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانەوە دەگۆڕێت بۆ چالاکیەکی داهێنەرانە و هۆشیارانە و خۆبەخشانە. ئەمەش لەگەڵ گەشەی بەرهەمهێنانی سۆسیالیستی و زۆربوونی کاڵا و خزمەتگوزاریی پێویستی کۆمەڵگا مەیسەر دەبێ و ئەوە ئایندەیە کە زیاتر لە جاران لەگەڵ شۆڕشی پیشەسازی چوارەمدا لە دیدگای ئێمەدایە. ڕوونە کە سۆسیالیستیکردنی تەواوەتی بەرهەمهێنان لە هەموو بوارەکاندا و دواجار بەدیهێنانی دروشمی “لە هەریەکەوە بەپێی توانای خۆی بۆ هەریەکەیان بەپێی پێویستی خۆی” یەکسەر مومکین نییە و پێویستی بە کات هەیە. ڕەنگە لە هەندێک ناوەندی بەرهەمهێناندا دەستبەجێ ڕزگاربوون لە سەرمایە نەتوانرێت، بەڵام تەنانەت لەم ناوەندانەشدا دەتوانرێت ئیستغلالکردن بە شێوەیەکی کردەیی هەڵبوەشێنرێتەوە، بەو مانایەی کە حکومەتی شوراکان جیاوازی نێوان بەهای بەرهەمەکە و بەهاکە دەداتە کرێکاران لە کاڵاکە، واتە بەهای زیادە. بە واتایەکی تر، هەرچەندە ئەگەری ئەوە هەیە ئەو کەرتانەی کە بە هۆی هۆکاری جۆراوجۆرەوە، یەکسەر پراکتیکی نین بۆ ڕزگاربوون لە سەرمایە، لەسەر بنەمای قازانج کار بکەن، بەڵام ئەم قازانجە لە داهاتی هەموو کۆمەڵگا دەدرێت و نا لە ئیستغلالکردنی کرێکارانەوە. ئەمانە ئەو ئاراستە و گرنگترین کردارانەن کە لەسەر ئاستی ئابووری ئەنجام دەدرێن. لە ڕوانگەی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە گرنگترین کردار دامەزراندن و سەقامگیرکردنی شوراکانە وەک ئۆرگانی حکومەت. پێشتر جەختم لەسەر ڕۆڵی شوراکان کردووەتەوە و ڕوونم کردووەتەوە کە چۆن حکومەتی شوراکان و ئیدارەی شوراکانی کۆمەڵگا بە تەواوی لە ڕێگەی تۆڕی سەرتاسەری شوراکانەوە بە بەکارهێنانی ئینتەرنێت و ئیمکاناتی ئەلیکترۆنی بە تەواوی دەکرێت. ڕێکخستنی تۆڕی شوراکان ڕێگە نادات هیچ جۆرە هەرەمێکی دەسەڵات لە سەرەوە بێتە خوارەوە و هەر جۆرە بیرۆکراسییەکی ئیداری دروست بێت. بە تایبەت لە ئێراندا ئەم بابەتە زەمینەیەکی کۆمەڵایەتی زۆر لەباری هەیە، چونکە ڕێکخستن و بانگەشەکردن لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە شتێکی باو و بزووتنەوەی شورای و خواستی ئیدارەی سۆڤیەت بابەتی مێژووە و لە بیروڕای گشتیدا بە باشی ناسراوە. کرێکاران و جەماوەری خەڵکی ئێران لە دوای شۆڕشی ١٣٥٧ەوە هەرگیز ئازادییان بە پەڕلەمان و هەڵبژاردنی پەڕلەمانیەوە گرێ نەداوە و ئەمەش زەمینەیەکی زۆر لەبار بۆ دامەزراندنی حکوومەتی شورایی لە ئێراندا دەڕەخسێنێت. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، پێمان خۆش بێت یان نا، قۆناغێکمان دەبێت. ئەو ماوەیەی کە پێویستە بۆ دامەزراندنی تەواوەتی و سەقامگیرکردنی حکومەت، جا چ شورا بێت یان بە هەر شێوازێکی تر. لەم قۆناغی گواستنەوەیەدا پێویستە خەڵک بە شێوەیەکی بەرفراوان بەشداری بکەن لە بڕیاردان. هەندێک بڕیاری وەک پەسەندکردنی دەستوور و دیاریکردنی ناوی سیستەمەکە لە ڕێگەی ڕیفراندۆمی سەرتاسەریەوە دەدرێت. بەڵام جگە لەوەش لە قۆناغی گواستنەوەدا، بەو پێیەی هێشتا شوراکان لەسەر ئاستی سەرتاسەیدا بەتەواوی پێکنەهێنراون، دەکرێت بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و ئاماژەدان بە دەنگی ڕاستەوخۆی هەموو خەڵک بڕیاری جێبەجێکردن و دانانی بەرپرسان بدرێت. هەروەها ئینتەرنێت ئاسانکارییەکی زۆری بۆ ڕیفراندۆمەکان کردووە. بەشێک لە ڕێوشوێنە دەستبەجێیەکانی ڕۆژی دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، دیاریکردنی ئەرکە لەگەڵ ڕێژیمی پێشوو. ڕێبەران و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەستیان لە تاوان و سەرکوتەکانی حکومەتدا هەیە، لە دادگای دادپەروەرانە و ئاشکرادا دادگایی دەکرێن، بەڵام هیچ کەسێک سزای لە سێدارەدانی بەسەردا نادرێت. ئێمە ڕایدەگەیەنین لە ڕۆژی یەکەمەوە لەسێدارەدان قەدەغەیە و لە ڕۆژی یەکەمەوە یاسای هەڵوەشاندنەوەی لەسێدارەدان جێبەجێ دەکەین. ئێمە زیندانی هەتاهەتایی بە نائینسانی دەزانین و ئەم جۆرە سزایە قەدەغە دەکەین. لایەنێکی تر کە پێشتر جەختم لەسەر کردۆتەوە دەستەبەرکردنی ئازادیەکانە. ئێمە ئازادی هەموو جۆرە حزب و ڕێکخراوە ناحکومییەکانمان دەوێت کە ئەمڕۆ بوونیان هەیە – لیژنە و سەندیکا و شورای کرێکاری، ناوەند و دامەزراوە، کۆمەڵە، ڕێکخراوە ناحکومییەکان و هتد، و ڕێکخراوەکانی تر کە ڕەنگە سبەی سەرهەڵبدەن- و ئێمە هاندەدەین و هاوکاری دەکەین بۆ دامەزراندنی ئەوانە – ئێمە بە شێوەیەکی یاسایی و پراکتیکی دەستەبەری دەکەین. ئێرانی سۆسیالیستی دەبێتە خاکی ئازادی بێ کۆت ومەرجی قسەکردن و بیروڕا، قەڵەم و چاپەمەنی، ئازادی پاس و مشتو مڕ، ڕەخنە و نوکتە و ئازادی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و مانگرتن. لە ئێرانی سۆسیالیستیدا، هیچ پێگەو دەسەڵات و ئۆرگانێک، هیچ تابۆ و پیرۆزێک نییە کە نەتوانرێت ڕەخنەی لێبگیرێت و تەنانەت گاڵتەشی پێبکرێت. هەموو کەسێک دەتوانێت ڕەخنە لە سیاسەت و کردەی بەرپرسانی حکومەت بگرێت و دژایەتی بکات و ناڕەزایەتی دەرببڕێت. هەروەها شوراکان گوێ دەگرن و بڕیار دەدەن. ئەو ئازادییانە لە یاساکانی ئێرانی سۆسیالیستیدا جێگیر و زامن کراون. خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە کۆمەڵگای سۆسیالیستی ئێران کۆمەڵگایەکی تەواو کراوە و بەختەوەر و شەفاف دەبێت. هەر لە یەکەم ڕۆژەوە پێویستە جیهان بزانێت کە بە پێچەوانەی ئەو ئەزمونە شکستخواردووانەی کە کۆمەڵگایەکی داخراو و مڕومۆچ لە ژێر ناوی سۆسیالیزمدا خوڵقاندووە، سنوورەکانی ئێران هەر لە یەکەم ڕۆژەوە بۆ هەموو دەزگاکانی هەواڵ و ڕۆژنامەنووسان و هەموو ئارەزومەندان کراوە دەبن کەسانێک کە دەیانەوێت سەردانی ئێرانی سۆسیالیستی بکەن. هەمووان دەتوانن بێن و لە نزیکەوە خەڵکی ئێران بناسن و چاوپێکەوتن بکەن و فیلم و کلیپی ڤیدیۆیی دروست بکەن و بۆ جیهان پەخش بکەن. پێشوازی لە هەموو ئەم چالاکییانە دەکەین. فێستیڤاڵ و کەرنەڤاڵ و ئاهەنگی سەر شەقامەکان سازدەکەین و بانگهێشتی سەرجەم هونەرمەندان و گۆرانیبێژان و هەموو کەسانی ئارەزومەندی جیهان دەکەین بۆ بەشداریکردن لەم بۆنانەدا. ئێرانی سۆسیالیستی کۆمەڵگایەکی مۆدێرن، کراوە، بەختەوەر و زیندوو دەبێت. هەروەها چەندین سیمینار و کۆنفرانس و وتار بە بەشداری بێدینان و چالاکانی بزووتنەوەی LGBTQ+ و بزووتنەوەی ژینگەپارێزی و شارەزا و کەسایەتییەکانی جیهانی چەپ و ئینساندۆست و پێشکەوتنخواز سازدەکەین. ئێرانی سۆسیالیستی دەبێتە ناوەندی پێشکەوتووترین و مۆدێرنترین و پێشکەوتنخوازترین بیرۆکەی هونەری، ئەدەبی، زانستی، کۆمەڵایەتی و سیاسی. بەکورتی ئەمانە ئەو سیاسەت و کردارە سەرەکیانەن کە ئێرانی سۆسیالیستی فەرمانی پێدەکات و جێبەجێی دەکات. نزیکەی هەموو ئەم کردارانە پشت بە گەشەسەندنی ئپێداویستیەکانی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی دەبەستن کە بە شۆڕشی ئەلیکترۆنی بەدەست هاتوون. ئێمە ئەم ئاسانکاریانە بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاردەهێنین، چ لە بواری بەرهەمهێنان و ئابووری و دابینکردنی خۆشگوزەرانی گشتی، چ لە ئاستی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیدا. ئەگەر بمەوێت جەخت لەسەر خاڵێک بکەمەوە، ئەویش بەکارهێنانی بەرفراوانی تەکنەلۆجیای کۆمپیوتەرە لە بەرهەمهێنانی پێداویستییەکانی کۆمەڵگە، لە بنیاتنانی حکومەتی شوراکان و لە دابینکردنی ئازادییە کۆمەڵایەتییەکاندا. ئێمە سود لە هەموو ئەو پێداویستیە فراوانبووانەی کە شۆڕشی پیشەسازی چوارەمی خێرا و بەردەوام دروستی کردووە، بۆ دروستکردنی کۆمەڵگایەکی ئاوەدان و بەختەوەر و مرۆڤدۆستانە وەردەگرین.

حەسەن ساڵحی: ڕوونکردنەوەکانت سەبارەت بە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای سەردەم، ئەو پرسیارە بۆ من دەوروژێنێت، چۆن ڕێگری لە بێکاری بکەین؟ بەکارهێنانی ڕۆبۆت و زیرەکی دەستکرد بووەتە هۆی ئەوەی خەڵکێکی زۆر لە زۆر بواردا بێکار بن. و پەیوەندی بە لەشکری گەورەی بێکارانەوە پەیوەستبن. ئایا بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای کۆمپیوتەر لە کۆمەڵگەیەکی سۆسیالیستیدا هەمان دەرئەنجامەکانی نابێت؟
حەمید تەقوایی: لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا پێشکەوتنی تەکنەلۆژی دەبێتە هۆی بێکاری، چونکە دەیانەوێت بەرهەمی زیاتر بگۆڕن بۆ قازانجی زیاتر، نەک کەمکردنەوەی کاتی کارکردن و زیادکردنی کاتی بەتاڵی کرێکاران. ئێمە پێچەوانەکەی دەکەین. بەکارهێنانی ئامرازەکانی شۆڕشی ئەلیکترۆنی وەک کۆمپیوتەر و ڕۆبۆت و زیرەکی دەستکرد و ئەپەکان لە خزمەتگوزاری و بەرهەمهێنان و دابەشکردندا بەو مانایەیە کە دەتوانرێت کاتژمێرەکانی کارکردن بۆ نیوە کەم بکرێتەوە – و ئاستی بەرهەمهێنانی ئەمڕۆ نەک هەر پارێزگاری لێناکرێت بەڵکو تەنانەت زیاد دەکرێت. ئەم پڕۆسەیە بە هۆی بەردەوامیی شۆڕشی پیشەسازیی ئێستاوە خێراتر دەبێت. لە ئێرانی سۆسیالیستیدا دەتوانین لە هەفتەیەکدا ٥ ڕۆژی کارمان هەبێت و لە هەنگاوی یەکەمدا ڕۆژی کارکردنی ٦ کاتژمێریمان هەبێت. بە فراوانکردنی بەکارهێنانی ڕۆبۆت و ئەپەکان لە ناوەندەکانی بەرهەمهێناندا، دەتوانرێت ڕۆژی کارکردن کەم بکرێتەوە بۆ ٤و ٥ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا. کەمکردنەوەی کاتەکانی کارکردن لە سیستەمی سۆسیالیستی ئێراندا پرۆسەیەکی بەردەوام دەبێت. لە قۆناغی کۆتایی کۆمەڵگای سۆسیالیستی، یان کۆمەڵگای کۆمۆنیستی، وەک پێشتر ڕوونم کردۆتەوە، پەیوەندی نێوان کاتی کارکردن و داهاتی کرێکاران، و هەموو خەڵک، دەبڕدرێت، و هەمووان دەتوانن چێژ لە خۆشگوزەرانی وەربگرن ئاسانکارییەکان نەک لەسەر بنەمای کارەکانیان بەڵکو بەپێی پێویستیەکانیان. و بەم شێوەیە کاتی دەوام ڕۆڵی نابێت لە دابینکردنی خۆشگوزەرانی گشتی خەڵک. لە ئێرانی سۆسیالیستیدا “بێکاری” وەک کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بێمانا دەبێت و تەکنەلۆجیاش خزمەت بە زیادکردنی “کاتی کات بەسەربردن”ی خەڵکێکی زۆرتر و زیاتر.

حەسەن ساڵحی: ئەم گۆڕانکاریانەی کە ئێوە دەڵێن زۆر سەروژێرکەر و بنەڕەتین. ئایا حکومەتەکان و دامەزراوە سەرمایەدارییە جیهانییەکان تەحەمولی ئێرانی سۆسیالیستی دەکەن؟ ئایا نا کەوێتە بەر هێرشی سەربازی یان سزای ئابووریەوە؟

حەمید تەقوایی: پێموایە دەتوانین حکومەتەکان ناچار بکەین تەحەمولی ئێرانی سۆسیالیستی بکەن. ئێمە پشت بە هێزە پێشکەوتنخوازە جیهانییەکان و بزووتنەوەی کرێکاری جیهانی و حزب و کەسایەتییە چەپ و پێشکەوتنخوازەکان و بە گشتی خەڵکی شەریفی جیهان دەبەستین، کە لە ئێستادا دەبینن چۆن لە پشتیوانیکردنی شۆڕشی ژنانی ژن ژیان ئازادیدا چالاک بوون. ئەگەر ئەم ڕێکارانەی کە من ڕوونم کردۆتەوە جێبەجێ بکرێن و هەر لە یەکەم ڕۆژەوە سیستەمێکی کراوە و ئازاد و شاد و شەفاف و مۆدێرن بخەینە بەر چاوی جیهان؛ ئەگەر لە ئێراندا نیزامێک پێک بێت کە هەر لە یەکەم ڕۆژەوە لە سێدارەدان قەدەغە بکات و تەنانەت سەرکردەکانی حکومەتی ڕووخێنراویش لە سێدارە نەدات؛ ئەگەر هەر لە یەکەم ڕۆژەوە هەموو سنوورەکان بەڕووی ڕۆژنامەنووساندا کراوە بن و هەرکەسێک بتوانێت بێتە ئێران و چاوپێکەوتن لەگەڵ هەرکەسێک بکات کە بیەوێت و ڕاپۆرتێک ئامادە بکات؛ ئەگەر ڕایبگەیەنین کە هیچ جۆرە جیاکارییەک قبوڵ ناکەین؛ ئەگەر جیهان یەکسانییەکی تەواوەتی ژن و پیاو و لابردنی ستەم و چەوسانەوەی نەتەوەیی و لابردنی ستەمی ئایینی و بەفەرمی ناسینی مافی کەوانەکان و بە یاسایی کردنی ژیانی هاوسەرگیریان و لە ئاستی ڕۆشنبیریدا، بڵاوبوونەوەی مۆسیقا، هونەر ببینێت و کولتوری مۆدێرن، کە ڕۆژئاوا پێشەنگییەتی، لە ئێرانی سۆسیالیستیدا، زۆر قورس دەبێت بۆ حکومەتەکان هێرش بکەنە سەر وڵاتێکی لەو جۆرە. ئێمە حساب بۆ ئیرادەی خەڵکی ئێران و خەڵکی ئازادی جیهان، لە سەدا نەوەدونۆکان لە هەموو وڵاتان دەکەین. لێرەدا دیسانتیشک دەخرێتە سەر ڕۆڵی سۆشیال میدیا . لە سەردەمێکدا کە هەموو هاوڵاتییەک پەیامنێر بێت، هیچ حکومەتێک توانای سانسۆرکردنی هەواڵەکانی پەیوەست بە پێشهاتە پێشکەوتنخوازەکانی ئێرانی سۆسیالیستی نابێت، ئەو پێشهاتانەی کە ڕای گشتی لە هەموو وڵاتان پشتیوانییان لێدەکرێت. ناتوانن دیوارێک لە دەوری ئێران دروست بکەن و پڕوپاگەندەی شەڕی سارد بەکاربهێنن بۆ ئەوەی ڕاستییەکان بە پێچەوانەوە دەربکەون. جەماوەری خەڵکی ئێران ڕاپۆرتی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان دەدەن، پەیوەندی بە سۆشیال میدیا و میدیاوە دەکەن، واقیعە ورووژێنەرەکانی کۆمەڵگایەکی ئازاد لە کابوسی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ هەموو لایەکدا بەیەکەوە دەبەستنەوە و لەلایەن هێزە ئازادیخواز و چەپ و پێشکەوتنخوازەکانی جيهانەوە پێسوازی لێدەکرێت. ئەگەر حکومەتەکان بیانەوێت هێرش بکەنە سەر کۆمەڵگەیەکی وا، پێش هەموو شتێک پێگەی خۆیان لە وڵاتی خۆیان لەدەست دەدەن. بۆیە حکومەت و سەرۆکی دەوڵەتان، بۆ ئەوەی پێگە و بنکەی کۆمەڵایەتی و هەڵبژاردنی خۆیان لە وڵاتی خۆیاندا بپارێزن، ناچارن تەحەمولی ئێرانی سۆسیالیستی بکەن و تەنانەت پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵدا هەبێت. لە لایەکی دیکەوە لەگەڵ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، بزووتنەوەی دژی ئینسانی و تیرۆریستی ئیسلامی سیاسی کە سێبەری ڕەشی خۆی بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهاندا کێشاوە، گورزێکی جددی لێدەدرێت و لەم ڕوانگەیەوە، ئێرانی سۆسیالیستی لەلایەن خەڵکی ناوچەکە و جیهانەوە پێشوازی لێدەکرێت. ئەو حکومەتانەی کە بەردەوام پڕوپاگەندە و هەڵوێستیان لە دژی تیرۆریزمی ئیسلامی کردووە، ناتوانن بە ئاسانی ڕووبەڕووی شۆڕش و سیستەمێک ببنەوە کە میحوەرەکەی تیرۆریزمی ئیسلامیی تێک وپێک شکاندووە. هەر لە یەکەم ڕۆژەوە ڕایدەگەیەنین کە نە دەمانەوێت شۆڕشەکەمان هەناردە بکەین و نەدەمانەوێت پەیوەندی دوژمنکارانەمان لەگەڵ هیچ حکومەتێکدا هەبێت. لەم ڕوانگەیەوە دوژمنایەتی لەگەڵ ئێرانی سۆسیالیستی زۆر قورس دەبێت. ئەو هەڵوێست و سیاسەتانەی سەرەوە و لە هەمووی گرنگتر، دامەزراندنی ئازادییە مەدەنی و سیاسییەکان و خۆشگوزەرانی گشتی لەسەر بنەمای ئەو ڕێوشوێنە دەستبەجێانەی کە لە سەرەوە ڕوونم کردەوە، پراکتیکیترین و متمانەپێکراوترین ڕێگایە بۆ ڕێگریکردن لە دەستێوەردانی سەربازی و تەنانەت فشاری حکومەتەکان لە دژی ئێرانی سۆسیالیستی.

حەسەن ساڵحی: دوا پرسیارم ئەوەیە ئایا ئەم ڕوونکردنەوە و تێگەیشتنە لە سۆسیالیزم کە ئێوە پێشکەشی دەکەن ئامانجی ئایندەیە یان کاریگەری لەسەر چالاکییەکانی ئێستای حیزب هەیە؟

حەمید تەقوایی: ڕوونە کە دەبێت هەر لە ئەمڕۆوە ئەو دیدە بخەینە بەردەم کۆمەڵگا. تا ئەو جێگایەی کە بۆ خەبات بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دەگەڕێتەوە، بڵاوکردنەوەی ئەو ڕوانگە و ئەو ئاڕاستەکردنە ناڕەزایەتی و ڕەخنەی جەماوەری خەڵک لە بارودۆخی هەنووکەیی قووڵتر دەکاتەوە. بۆ نموونه لێکدانه وه یەک کە ئێمه هەمانە بۆ ئازادی وەردەگێڕدرێت بۆ “نا” بەهه ڕ جۆره حکومه تێکی سەرو خه ڵکی و ناڕه زایه تی ده ڕبڕین نه ک ته نها لە دژی سانسۆر و نادادپه ڕوه تییه مه ده نییه کان، به ڵکوو ناڕه زایه تی ده ڕبڕین له به ڕامبه ڕ زۆری(جبر)ی ئابوری. وێنە و ڕوونکردنەوەی ئێمە بۆ یەکسانی بەو مانایەیە کە ئێمە هیچ جۆرە جیاکارییەک قبوڵ ناکەین، لەوانەش جیاکاری چینایەتی و نایەکسانی؛ ئێمە بێمافی و کەمتەرخەمی کە بەهۆی پێگەی ئابووری خەڵکەوە دروست دەبێت، قبوڵ ناکەین؛ ئێمە ئەو بۆشاییە گەورەیەی نێوان مووچەی فەلەکی و نەهامەتی گشتی قبوڵ ناکەین. کۆمەڵگا لە ئێستادا بە هەمان ئاراستەدا دەڕوات و ئەرکی ئێمەیە – و تا ئەمڕۆش هەمان کارمان کردووە – قووڵکردنەوە و ڕەگداکوتانی “نا”ی خەڵک بۆ ئەو دۆخەی کە هەیە. ئەو دەستەواژەیەی ئێمە لە ئەدەبیاتی حیزبیدا بەکاری دەهێنین، “قووڵکردنەوەی نا”ی خەڵکە، واتە قووڵکردنەوەی ڕەخنە و ناڕەزایەتیی خەڵک بەرامبەر بە تەواوی حکومەت و سیستەمی هەبوو. ئێمە هەوڵ دەدەین ئەم ڕەتکردنەوە و ڕەخنە و ناڕەزایەتییە بەرامبەر بە دۆخی ئێستا تا دەتوانین ڕادیکاڵ و قووڵ و ئینسانی و هەمەلایەنە بکەینەوە. دەکرێ بڵێین ئەمە مانای نەرێنی دیدگای سۆسیالیزمە کە ئێمە پێشکەشی کۆمەڵگەی دەکەین. سۆسیالیزم بە واتای لەناوبردنی لە کۆیلایەتی کرێ، لەناوبردنی زۆرەملێی ئابووری و جیاکاری چینایەتی. یەکێک لە دەرئەنجامەکانی ئەم گوتار و ڕوونکردنەوە نەرێنییە بۆ سۆسیالیزم بەرزکردنەوەی ئاستی چاوەڕوانییەکانی خەڵکە لە هەموو هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن. وێنە و چاوەڕوانی کۆمەڵگەیە بۆ ئازادی و ڕزگاری بەرزتر دەبێتەوە و قووڵتر و هەمەلایەنەتر دەبێت و لە ئەنجامدا هەر حزب و هێزێکی ئۆپۆزسیۆن تەنانەت بانگەشەی ئازادیخوازی و بەرگری لە مافی مرۆڤیش بکات، ناچارە کە بانگەشە و سیاسەتەکانیان لەگەڵ چاوەڕوانیە ڕادیکاڵ بووەکانی خەڵکدا بگونجێنن. جگە لەوەش ئەمە لە پەیوەندی بە داواکاری هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان ڕوویدا و ئەمڕۆ تەنانەت ئۆپۆزسیۆنی شاهانەش دژی سزای لەسێدارەدانن. هەموو هێزێکی ئۆپۆزسیۆن، چ ڕاست بێت، چ چەپ بێت، یان ناوەڕاست، ئەگەر بیەوێت پەیوەندی خۆی لەگەڵ کۆمەڵگەی بەپارێزراوی بهێڵێتەوە، دەبێت مل بە چاوەڕوانی و داواکارییە ڕادیکاڵییەکانی خەڵک بدات و ئەمەش دەرئەنجامێکی دیکەی بڵاوبوونەوەی ڕەخنەی سۆسیالیستیە لە دۆخی ئێستادا. لە ئاستێکی گشتیدا پێویستە بگوترێ کە هەرچەند ڕەخنەیەی قووڵ لە بارودۆخی هەنووکەیی و وێنەیەکی ئینسانی لەداهاتوو ڕووبە کۆمەڵگە بڵاو بکەینەوە، ناڕەزایەتییەکانی هەموو کۆمەڵگە و هەڵسوڕاوانی شۆڕش و بزوتنەوە ناڕەزایەتییەکان ڕادیکاڵتر دەبێت، و لە ئەنجامدا، کاریگەرتر و کاراترمان کردووەتەوە.کۆی ئەو چالاکییانە نەک هەر بۆ جێبەجێکردنی سۆسیالیزم دەمانخاتە ئاقارێکی دروستەوە، بەڵکوو ئەمڕۆ خەباتی شۆڕشگێڕانە بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی قووڵتر و بەهێزتر دەکات و ڕێگای سەرکەوتن و ڕزگاری خۆش دەکات.

١٥ی ئەسفەندی ١٤٠٢، ٥ی مارسی ٢٠١٤




نوستالژیا/ 6 / سەھۆڵەکە.. ستیڤان شەمزینی

بەشی شەشەم

سەھۆڵەکە
سەھۆڵەکە، وەک بەشێکی بچووک لە شەقامی “سالم” لە شاری سلێمانی، تایبەتمەندیی خۆی ھەبوو. لای ئەو نەوەیەی ئێمە سەھۆڵەکە بە شەقامی “شانزێ ئەلیزێ”ی پاریس بەراوورد دەکرا. ھەموومان ئەو پانتاییە کەمەی ئەو شەقامەمان خۆشدەویست، بە ماڵی دووەم، بە مەکۆی کۆبوونەوەی ھاوڕێیان، بە ساڵۆنێکی ئەدەبی و رۆشنبیرییمان دەزانی، بۆیە ھەمیشە پارێزگارییمان لە تایبەتمەندییەکانی ئەو شوێنە دەکرد. ئەو ساتەوەختە، مۆبایل لە کوردستاندا بوونی نەبوو، ئەو ھەموو کافێ و یانانەی ھەنووکە ھەن، ئەوسا بوونیان نەبوو، ئەو لێشاوە لە سەنتەر و رێکخراو کە ئێستا چالاکی دەکەن، ئەوسا بوونیان نەبوو. سەھۆڵەکە و ئەو دوو سێ چایخانەیە و گازینۆی “٢٠٠٠” و پێشتریش گازینۆی “سەروو” و “پشوو” و ھۆڵی بلیاردی “سۆلین”، مەکۆی کۆبوونەوەی گەنجان بوون، بە تایبەت ئەو گەنجانەی گرنگیان بە کایەی رۆشنبیریی و ئەدەبی دەدا. چونکە کایەی ئەدەبی بۆ ئەو نەوەیەی ئێمە دەروازەی یەکەمی ھاتنە ناوەوە بوو بۆ نێو جیھانی رۆشنبیریی.
لە سەرەتای نەوەدەکان، سەھۆڵەکە فۆرمێکی زۆر جیاوازی وەرگرت. جگە لەوەی لەو پانتاییەی خوار “سۆپەر مارکێتی میھراکۆ”ی ئێستا، کە رووبەرێک بوو بۆ کۆبوونەوەی گەنجان. لە ھەمان کاتدا بەھۆی ئەو بارودۆخە ئابوورییەی رووی لە کوردستان کردبوو، چینی ناوەند ھەرەسی ھێنابوو، ھاتوچۆکردن بە ئۆتۆمبیل کەم ببووەوە. نەک وەک ئێستا ھەموو ماڵێک دوو سێ ئۆتۆمبیلی ھەیە، بەڵکو ھاووڵاتیانی ئەو گەڕەکە نزیکانەی بازاڕ ھەمیشە بە پیادە ھاتوچۆی بازاڕیان دەکرد، بۆیە ئێواران کاروانی خەڵکت دەدی کە بەرەو ماڵەکانیان دەڕۆیشتنەوە، دەتووت رێپێوانێکی گەورەی جەماوەرییە، ئەمەش تاموچێژێکی دیکەی بەو شەقامە بەخشیبوو. ئەو دەمە، ئێمە کۆمەڵە گەنجێک بووین، ھەموو ئێوارەیەک، لە سەھۆڵەکە بووین، زۆرجار وەک عامودی سەر جادەکان دەچەقین، دەنگمان بەرز دەکردەوە، موناقەشەی فیکرییمان دەکرد، داکۆکیمان لە بۆچوونە فیکریی و سیاسییەکانی خۆمان دەکرد، ھەموومان ھەر ھاوڕێی گیانی بە گیانی بووین، لەسەر جیاوازیی فیکریی نەک جنێومان بە یەکتر نەدەدا، بەڵکو ئامادەبووین لە پێناوی یەکتر قوربانی بدەین، بڕوامان بەویتر ھەبوو. ھەموومان بە یەکەوە جوان بووین، بە یەکەوە ئەو شەقامەمان کردبوو بە بنکە و مەکۆیەکی گەورەی رۆشنبیریی.
لە یادمە، ئەو ھاوڕێیانەی ھەموو ئێوارەیەک میوانی سەھۆڵەکە بوون، زۆر خەڵکی جۆراو و جۆریان تێدا بوو. بۆ وێنە من گەنجێکی مارکسیی بووم، ھەوڵم دەدا خۆم لە دۆگمابوون بپارێزم لە رێگەی خۆ ماندووکردنی زیاتر و شەونخونی زیاتر بە دیار کتێبەوە. ھاوڕێیانی ترمان ھەبوون، لایەنگرییان لە ھیچ ئایدۆلۆجیایەک نەدەکرد، مناقەشەی گەرم لەنێوان ئێمە و ئەو گروپەدا ھەمیشە گەرم بوو، چونکە ئەوان ھەموو ئایدۆلۆجیا و فەلسەفەیەکیان رەت دەکردەوە، ئەوەش بۆ ئێمەی مارکسیی پاروویەکی ئاسان بوو، قووتی بدەین یان ھەرسی بکەین. لە سەھۆڵەکە، چەندان سەعات، دەماینەوە، قسەمان دەکرد، جیددی بووین، خەونێکمان ھەبوو، ھەوڵمان دەدا. لێ شەڕی ناوخۆ لە گەرمەی خۆیدا بوو، بەڵام ئێمە دەمانویست بگەینە ئاسۆیەکی رووناک. ھەرچەندە گیرفانی زۆربەمان خاڵی بوو لە پارە، کەچی رۆژ بە رۆژ مێشکان پڕ دەکرد لە مەعریفە. کتێبێک چەندان دەستی دەکرد. سەرەمان دەگرت، بۆ خوێندنەوەی کتێبێک. تووڕە دەبووین ئەگەر ھاوڕێیەک لە کاتی خۆیدا کتێبەکەی نەھێنایەتەوە، چونکە ھەقی ھاوڕێیەکی تری دەخوارد. جگە لە من زۆربەی جار بە دوو سێ ھاوڕێ کتێبێکیان دەکڕی و بە نۆرە دەیانخوێندەوە. ھەوڵمان دەدا خۆمان پێ بگەیەنین، ھەوڵمان دەدا لەوەی دەیخوێنینەوە بە تەواویی تێبگەین، بۆیە ھەمیشە ئەو دایەلۆگانەمان دروست دەکرد تا ئەگەر ھەڵە تێگەیشتنێک ھەبێت، راستی بکەینەوە، تا ئەگەر کێشەیەک ھەبێت لە تێگەیشتن، لە رێگەی ئەو دایەلۆگانەوە ئەو ئیشکالە چارەسەر بکرێت.
زۆربەی جار، بە دەم گفتوگۆوە، بە تیلەی چاو سەیری ئەو کچە شۆخ و شەنگانەشمان دەکرد بە شەقامەکەدا تێدەپەڕین. جار ھەبوو ھاوڕێمان ھەبووە، لە گەرمەی قسەکردندا بووە و دەمارەکانی ملی ھەڵدەستان، کە شۆخێکی جوان، بە ناز و لەنجە و لار، بەلاماندا تێدەپەڕی، لە ناکاو قسەکانی دەبڕی و دەیووت “پاش ئەم ناوبڕە دەگەڕێمەوە لاتان”. یان “سنعود بعد قلیل”. ئەمەش پیشەی ھەموومان بوو لەو کاتەی کچێکی جوان سەرنجی رادەکێشاین. ئەوەش ئەوەندەی تر مناقەشەکانی گەرم و خۆشتر دەکرد. لە سەھۆڵەکە، زۆر برادەرم ناسی، زۆر کرچە برادەرایەتیم کرد بە ھاوڕێتی گیانی بە گیانی. لە زۆر کەسەوە فێر بووم، زۆر کەس لە منەوە فێربوون. بۆ یەکەمجار لە سەھۆڵەکەوە فێری “عەرەق” خواردنەوە بووم. چەندان ساڵ بە پاکەت جگەرەم ھەڵگرت و بەتەواوەتی فێری جگەرەکێشان نەبووم، بۆ جگەرە ببوومە یەدەگی ھەموو برادەران، چونکە بە راستی ئەو مناقەشانە بە بەلاش نەبوون، چا و جگەرەی زۆریان دەویست، لەبەرئەوەی ئەو جۆرە مناقەشانە بە دەم چا خواردنەوە و جگەرەکێشانەوە نەبووایە، سەری نەدەگرت، قسەمان بۆ نەدەھات، فەزاکەمان بە وشک و بێزارکەر دەزانی، بۆیە زۆربەمان لای چایخانەکانی ئەو گوزەرە قەرزدار بووین، ھەر چایەکمان دەخوارد، کاکی چایچی خەتێکی لاری لە تەنیشت ناوەکەمان دەدا. من بۆ یەکەمجار لە سەھۆڵەکە ناوی “مارکیز”، “ژولیا کریستیڤا”، “سیمۆن دی بوڤوار”، “جاک درێدا”، “جاک لاکان”، “نیتشە” و زۆری تریشم بیست.
بۆ من سەھۆڵەکە، جیاواز بوو لە ھاوڕێکانی ترم، ماڵمان چەند سەد مەترێک لەو شوێنەوە دوور بوو لێی کۆ دەبووینەوە، کە سەرەتا تەنیشت و ژێر ئەو پردە بوو، کە دواتر بۆ خاتری تەلاری “کاروخ” رووخاندیان، پاشتریش تەنیشت، چایخانەکەی “مامۆستا” بوو کە ئێستاشی لەسەر بێت، نەمزانی مامۆستا ناوی چییە. چونکە تەنیا بە مامۆستا بانگمان دەکرد. پاشان باوکم پێش ئەوەی شەڕی ناوخۆ دروست بێت، ھەموو ئێوارانێک لە نووسینگەی ھاوڕێیەکی خۆی لە سەرەتای دوکانەکانی سەھۆڵەکە دادەنیشت، بۆیە ھەرگیز لە ماڵەوە رووبەڕووی رەخنە نەدەبوومەوە کە بۆچی ھێندە لەو شوێنە دەمێنمەوە. وەک پێشتریش ئاماژەم پێدا، زۆر ھاوڕێم ناسی لە سەھۆڵەکە بێ ئەوەی ھیچ ھاوڕێیەک لە دەست بدەم. زۆرێک لە ئێوارەکان، من و بورھان ئەحمەد “برای کەژاڵ ئەحمەد” و زۆر ھاوڕێی تر کۆڕی مناقەشەمان گەرم دەکرد. لە پاشان بووین بە گروپێکی گەورە کە ببووینە رەمزی سەھۆڵەکە.، وەک “ئاسۆ جەبار، ئەیوب رەزا، شازین ھێرش، تەھا ئەحمەد رەسوڵ، ئاسۆ عوسمان، گۆران عومەر، کەیوان سەعید، حەمەی ئەحمەدی رەسوڵ و ….ھتد” کە ناتوانم لەم دەرفەتە ناوی ھەموویان بنووسم و تەنانەت ناتوانم ھەموویانم بە بیر بێتەوە.
سەھۆڵەکە، لە دەیەی نەوەدەکاندا وەک ساڵۆنێکی رۆشنبیریی لە درەوشانەوەدا بوو. وردە وردە، ھاوڕێیان ئەو ھاوڕێ ئازیزەی خۆیان جێھێشت، سەرەتا دەیان ھاوڕێمان کۆچیان کرد بۆ ھەندەران، دواتریش چوونە ناو دەزگاکان و سەرقاڵی کارکردن بوون، ھەندێکی تریش بەدیلی تریان بۆ سەھۆڵەکە دۆزیوە. بۆیە ئەستێرەی بەختی سەھۆڵەکە رووی لە کزیی کرد. رووخاندنی پردی سەھۆڵەکەش لە ساڵی ٢٠٠١ گورزێکی تر بوو لەو شوێنە درا، چونکە سیمای سەھۆڵەکەی گۆڕی, من بە خۆم ھەستم کرد ئەوە سەرەتای کودەتایەکە دژ بەو جێگەیە. ئێستا سەھۆڵەکە، تەنیا ناوی ماوە، ئەگەرنا لە ھەموو ئەو مێژووەی خۆی داڕنراوە، لە کاتی ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکاندا، دەبێتە مەیدانی شەڕەچەقۆ و شەڕە پەڕۆ و شەڕە تفەنگ، لە رۆژانی ئاسایی لە گەراجی عەرەبانە دەچێت، ئەمە جگە لەوەی بووە بە جێگەی بە یەکگەیشتنی ھەموو ماتۆڕسکیلەکانی شار. لەم چەند رۆژەشدا سەردانێکی سەھۆڵەکەم کردەوە، ھەستمکرد، سەھۆڵەکە تەنیا لە بۆنەکاندا نەبێت، ھیچ مۆرکێکی جارانی پێوە نەماوە، تەنانەت کە سەیری دەوروبەر و نیەتی سەرمایەدارەکانیش، دەکەم، ھەست بەوە دەکەم، سەھۆڵەکە سەری لە لێواری قەبر دەلەرزێت.

ستیڤان شەمزینی

سەرنج: کۆی ئەم نوستالیژیانە لە بەھار و ھاوینی ساڵی ٢٠١٢دا نووسراون.

تێبینی: ئەم بەشەی نوستالیژیا له بەرگی سێیەمی کتێبی (قوتووی عەتار) لە لاپەڕە 520=524 بەشێوەی کتێبی کاغەز بڵاوکراوەتەوە.




چاوخشانێک بەسەر شانۆی هەڵبژاردنی ئەمسال لە ئێران!.. عەبدولڕەحمان گەورکی

ئێران .. دیکتاتۆرییەکی لاوازتر لە جاران!

ڕژێمی ویلایەتی فەقیهی لە ١١ی رەشەمەی ئەمساڵ (١٤٠٢) شانۆی هەڵبژاردنی خۆی ئەنجامدا. بە پێچەوانەی بانگەشەی دەسەڵاتدارانی ئەم رژێمە، لە کۆی ٦١ ملیۆن کەسی شایستەی دەنگدان، تەنیا نزیکەی (5) ملیۆن کەس بەشدارییان لەم نومایشەدا کردووە! ئەو ئامارانەی لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە راگەیاندراوە، پێشتریش پێشبینی کرابوو. رێژەی بەشداربووانی ئەم نومایشە هەرگیز ئاماژە نیە بە پێگەی کۆمەڵایەتی ئەم رژێمە! زۆربەی بەشداربووان ئەوانەن کە بە شێوەی جۆراوجۆر لەلایەن ئەم دەسەڵاتەوە “بە بارمتە” گیراون!
ناشەرعییەتی دیکتاتۆرییەت لە ئێران
لە رەوتی هەڵمەت لە یەکێک لە ئەڵقەکانی ئەمدواییەی شانۆی هەڵبژاردنی دەسەڵات، پاسدار (محەمەدباقر قالیباف) کە ئێستا سەرۆکی مەجلیسی رژێمە، رایگەیاندبوو کە دەسەڵاتی ئێران نوێنەرایەتیی ٤٪ی دانیشتوانی ئێران دەکات! ئەمەش پێش راپەڕینە مەزنەکانی خەڵکی ئێران لە دژی دیکتاتۆریی ئایینی بوو. خەڵکی ئێران لە راپەڕینەکانی ئەم دواییانەدا، خاوەن دەیان هەزار شەهید و بریندار و بێسەروشوێنە. کەوایە سروشتییە ئەم رێژەیەی پاسدار قالیباف وتبووی، ئێستا “بچووکتر” بێت!
بەڕێوەچوونی شانۆی هەڵبژاردنی ویلایەتی فەقیهی! بۆتە ریسوایی و ئابڕووچوونێکی جیهانی بۆ دەسەلاتی دیکتاتۆری ئێران و خەڵکی ئێرانیش بە پشتگوێخستنی ئەم شانۆگەرییەی دەسەڵات، ئیرادەی نەتەوەیی و “نا”یەکی گەورە و مێژوویی خۆیان بۆ دەسەڵاتی ئێران نیشان دا.
لە رۆژانی پێش ئەم شانۆگەرییەدا، (عەلی خامنەیی) و سەرکردەکانیتری ئەم رژێمە لە خەڵک دەپاڕانەوە کە بەشداری ئەم پلانە بکەن و تەنانەت داوایان لە نەیارەکانیان دەکرد بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان. چونکە ئەوەی بۆ رژێم گرینگ بوو، “جۆری دەنگدان” نەبوو بۆ ئەم کاندید یان ئەو کاندید،(چون هەموویان ئاڵقە لە گوێی خامنەیین)، بەڵکو “بەشداریکردن” بوو لەم شانۆگەرییەدا بۆ ئەوەی بتوانن رژێمەکەیان بە شەرعی دەربخەن. ئەم داخوازیەی رژێم پێش هەموو شتێک ئاماژەیە بە لاوازی و دۆخی لەرزۆکی ئەم دەسەڵاتە.
بەپێی زۆرێک لە بەڵگەنامەکانی ناو خولە جیاوازەکانی نومایشی هەڵبژاردنەکان لە ئێران، چەند مانگێک پێش ئەوەی ئەم نومایشکردنانە ئەنجام بدرێت، ئەنجامەکان لەلایەن دەسەڵاتەوە “بڕیاریان لەسەر دراوە” و دیاری کراون! لە هەر خولێکدا “پێکهاتەی پەرلەمان” نوێترین دیمەنی دیکتاتۆرییەتی مەزهەبیی ویلایەتی فەقیهی پێوە دیار بووە و بەرنامەی بۆ داڕێژراوە. بنەماکانی ئەم دەسەڵاتە “نەگۆڕ” و بە رواڵەت، هەندێکجار “جیاواز” بووە، بەڵام دۆخەکەی ئێستا زۆر “ناسک”ە. هۆکاری سەرەکیی ئەم دۆخەیش، ئاستی “وریایی و راپەڕینی جەماوەری” و گەشەسەندن و پێشکەوتنی “بزووتنەوەی موقاومەت”ی خەڵکی ئێران بووە!
ڕێژەی بەشداریکردنی لە شانۆی هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا لە ئێران
لە کاتێکدا بەشێک لە کۆڕ و کۆمەڵەی سیاسییەکان، سەرقاڵی شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی ئەنجامەکانی راگەیەندراوی دەسەڵات بوون، ناوەندی کۆمەڵایەتیی موجاهیدینی خەلق، کە هێزی سەرەکیی ناو موقاومەتی ئێرانە، رایگەیاند کە “لە ١٩٤١ بنکەی دەنگدان، لە ٢٤٣ شار لە ٣١ پارێزگای ئێران”، ژمارەی دەنگدەران ١٥٦ هەزار و ٥٩٧ دەنگ بووە. واتە بە تێکڕا نزیکەی 4,779,000 کەس لە سەراسەری وڵات دەنگی داوە، کە دەکاتە نزیکەی 5 ملیۆن کەس. بەم شێوەیە رێژەی بەشداریکردن لەو ٦١،١٧٢،٢٩٨ کەسەی مافی دەنگدانیان هەبووە، وەک لە لایەن ناوەندی هەڵبژاردنی رژێمەوە راگەیەندراوە، ٨.٢%ە، جا ئەو کەسانە بێت کە خۆبەخشانە یان بە ناچاری دەنگیان داوە.
ئەزموونێکی گرینگ!
لە رەوتی راپەڕینە جەماوەرییەکانی ساڵانی ١٣٩٨ (2019) و ١٤٠١ (2022) لە دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری لە ئێران، لە کاتێکدا لە لایەن کۆڕ و کۆمەلە سیاسی و رۆژنامەوانییەکانیەوە ئامار و ئەژماری جۆراوجۆر تایبەت بە شەهیدان و برینداران و بێسەروشوێکراوان رادەگەیەندرا، موقاومەتی ئێران لەسەر بنەمای ئەو ئامارانەی لە سەرچاوەکانی خۆی لە ناوخۆی وڵاتەوە دەستیکەوتووە، ئاماری شەهیدانی راپەڕینی ساڵی ١٣٩٨ی بە (١٥٠٠) شەهید و ئاماری شەهیدانی راپەڕینی ساڵی ١٤٠١ی بە (٧٥٠) شەهید راگەیاند و دواتر ئەم ئامارە لەلایەن ناوەندە دەسەڵاتدارەکانی جیهانەوە پشتڕاستکرایەوە!
دۆخی بزووتنەوەی موقاومەتی خەڵکی ئێران
لەم ئامارەدا راستییەکی حاشاهەڵنەگر هەیە. تاکە هێزێکی سەراسەری کە رێکخراو و خاوەن بنکەی جەماوەرییە لە ناوخۆی ئێران، موقاومەتی ئێرانە، کە رەگ و ریشەی لە کۆمەڵگای ئێراندا داکوتاوە و نوێنەرایەتی ئەڵتەرناتیڤێکی دیموکراتیک دەکات!
خۆشبەختانە بە هۆی چالاکیی بەربڵاوی شانەکانی شۆڕش لە ناو شارە جیاجیاکانی ئێران و هەروەها رۆژنامەنووسانی خۆبەخشی جەماوەری، موقاومەتی ئێران هەمیشە توانیویەتی ئاماری راستەقینەی چالاکییە جەماوەرییەکان و هەروەها هەنگاوەکانی دەسەڵات لە ناوخۆی وڵاتدا بخاتە روو!
دەنگی خەڵکی ئێران، رووخاندنی دیکتاتۆرییەتە
خانمی مریەم رەجەوی رۆژی هەینی ١١ی رەشەمەی ساڵی ئەمساڵ (1402) پاش بەڕێوەچوونی نومایشی هەڵبژاردنەکانی رژێمی ئێران رایگەیاند کە “ئەم شانۆگەرییەی رژێم، لە راستیدا (ریفراندۆم)ە و دەنگی خەڵکی ئێران بۆ رووخاندنی دیکتاتۆریی ئایینی”یە. خانمی رەجەوی بە پیرۆزباییکردنی ئەم سەرکەوتنە لە خەڵکی ئێران وتی: بێ گومان خامنەیی و رژێمی ویلایەتی فەقێ دوای ئەم شانۆگەرییە زۆر لاوازتر و ناسکتر دەردەکەوێت و پڕۆسەی رووخاندن خێراتر دەبێت. لە دۆخێکی وادا، ساختەکاری هیچ سوودێکی نەماوە و دەبێتە هۆی ئابڕووچوونی زیاتری رژێم و، بە لای خەڵکەوە گاڵتەجاڕانەترە. لە کۆتاییدا جەختی کرد: “(نا)یەکی گەورەی خەڵکی ئێران نیشانەی ئەو راپەڕینانەیە کە لە ئێستاوە دەنگی پێیان دێت و هەڵگری موژدەی رووخاندنی فاشیزمی ئایینییە”.
ڕەنگدانەوەی شانوی هەڵبژاردنەکان دەسەڵات لە ئێران
بایکۆتی ئەم شانۆگەرییە کە بەر لە هەمووان، موقاومەتی خەڵکی ئێران بانگەشەی بۆ دابوو، هێندە کاریگەر بوو کە میدیاکانی حکومەت بە ناچاری دانیان بەوەدا ناوە کە شانۆی هەڵبژاردن لە ١١ی رەشەمەی ١٤٠٢، “چۆڵترین” بووە لە مێژووی ٤٥ ساڵەی رژێمی ئێراندا.
ئەم راستییە حاشا هەڵنەگرە لە لایەن چاودێرانی سیاسی و ئاژانسە هەواڵییە نێودەوڵەتییەکان و میدیاکانەوە باس کراوە. رۆیتەرز نووسیویەتی: “لە رەوتی ئەو ناڕەزاییەدا رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی ئێران گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی لە مێژوودا”. رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی نووسیویەتی: “ئاستی بەشداریکردن گەیشتە نزمترین ئاستی خۆی”. ئاژانسی ئاسۆشێتدپرێس بڵاویکردەوە: “ناوەندەکانی دەنگدان لە تاران رێژەی بەشداریکردن کەم نیشان دەدەن”. ئاژانسی هەواڵی (ئانسا)ی ئیتاڵی بڵاویکردەوە، “بەپێی راپرسییەکان، 77%ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە، رەتیانکردووەتەوە دەنگیان دابێت، 8%یشیان هێشتا بڕیاری دەنگدانیان نەداوە”.
ئاسۆی رووداوەکان!
بەڕێز مەسعوود رەجەوی لە پەیامێکدا روو لە خەڵکی ئێران و هێزە شۆڕشگێڕەکان رایگەیاند کە دروشمی دێرینی موقاومەت بریتی بووە لە “رووخاندنی دیکتاتۆرییەت” و دەرئەنجامی کردەیی دۆخی ئێستا بۆ ئێمە، گڕگرتن و گڕدانی راپەڕینەکانە. بە هەموو شێوەیەک ئامادەکاری بۆ بکەن و بە کەمی مەزانن. شۆڕشگێڕان سەردەکەون”.
دوا وشە!
بەڕێوەچوونی شانۆی هەڵبژاردن لە ئێران، جارێکیتر ئەوپەڕی لاوازبوونی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهیی نیشان دا و ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە کە دان بە داواکاریی خەڵکی ئێراندا بنێت بۆ گۆڕینی رژێم لە ئێران و پێویستە بەڕەسمی ناسینی مافی رەوای گەل بخاتە بەرنامەی کاری خۆیەوە و رژیمی ویلایەتی فەقیهی بە دەسەڵاتێکی ناشەڕعی رابگەیەنیت! لێهاتوویی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەنگاوێکی وادا دەردەکەویت و پێگەی راستەقینەی بەم شێوەیە تۆمار دەکرێت!

عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی





بۆ هەشتی مارس.. شیعری سوهەیلا مێهەمی

دوێنێ:

کە ڕووخان لە مندا ڕەواتە
یا خنکان دەخزێنیتە خەیاڵمەوە

بە سووتانی خەونەکانم
شەوق بەردەدەیتە شەوگارت

کراسێکیی سپیی و
بە باڵای ئارەزوومدا شۆڕ

تۆ پیاوی تەنیاییەکانم نەبووی
پێدەکەنیت و پەتیی هیواکانمت هەڵدەخست!

باڵندە نەبووم
گەرمیانێک نەعرەتەی ئاسمان بم
لە قووڵایی ئایەتەکانی ئازاردا
چەماومە چۆڵاییەکانت/

ئەمڕۆ:

لە بەتاڵەتی دوێنێ
نەوەستاوە من
درەختم ، چاوت لە لقەکانمە؟
ئاسمانێک شین ئەدوێ

ڕووانینێک کۆک کە بە چاوتە
کەروێشکەی هەنگاوم بە زەویندا

لە هەر کەلێنی برینێکمەوە
چڵ دەدا، نوور……….

سنە
سوهەیلا مێهەمی




نالی لە خاك و خۆڵەوە بۆ مۆدێرنێتە.. سەدیق سەعید ڕواندزی

ڕوانگەی ئێمە بۆ شیعری كلاسیك بە گشتی تاكو ئێستا، لەو ڕوانگە تاكڕەهەندییە دەرناچێت، كە شیعری كلاسیك بە بە ئاماژە و گەڕانەوەیەك بۆ قۆناغ و سەردەمێكی دیاریكراو بناسێنین، ئەویش قۆناغی شیعری كلاسیكە. بەو مانایەی هەر كات باسی ئەو قۆناغە دەكەین، جۆرێك لە تێڕوانینمان لا دروست دەبێت كە شیعری زەمەن و شوێنێكی دیاریكراوە و دەبێ پەیوەست بەو قۆناغە بخوێنرێتەوە و ببینرێت. بەدەر لەمە نەمانتوانیوە خوێنەوەیەكی فرە ڕەهەندانە بۆ ئەو قۆناغەی شیعری شاعیران بكەین، كە وەك مامۆستا مەسعود محمەد گوتەنی، یەك دێڕە شیعری ناڵی، ئەوە دەهێنێت چەندین ساڵ لێی بكۆڵییەوە. بێگومان ئەو ڕوانگە تاكڕەهەندیەی ئێمە بۆ شیعری كلاسیك، ئەگەر لە سەرێكەوە بۆ ئاڵۆزی و قووڵی مانای شاراوەی شیعرییانەی ئەو شاعیرانە بگەڕێتەوە، بەو پێیەی لە ڕووی زمان و دنیابینییەوە شیعری كلاسیك بە بەراورد لەگەڵ هەر قۆناغێكی دیكەی شیعری كوردی، ئاڵۆز و خوێنەوەی وردەكاریی و بیركردنەوە و شڕۆڤەكردنی قووڵی دەوێت، ئەوا بە بڕوای من لە سەرێكی دیكەوە بۆ نەبوونی دنیابینیەكی هاوچەرخانە بۆ ئەو شیعرانە و بەستنەوەیان بە ئێستاوە دەگەڕێتەوە. بەو مانایەی ئێمە بە بەراورد لە گەڵ قۆناغەكانی دیكەی شیعری كوردی لە هەفتاكان و هەشتاكان و دوای ڕاپەڕینیش، كەمتر خوێنەوەمان بۆ شیعری كلاسیك كردووە، ئەوەشی هەبووە لە ڕابردوودا، جگە لە هەوڵە بەرچاوەكانی بنەماڵەی مودەریس و مامۆستا مسعود مەحمەد و چەند هەوڵێكی دیكە، چیتر نەبووە. بۆیە ئێمە پێویستیمان بە خوێنەوەیەكی دیكەی سەردەمیانە بۆ ئەزموونی شیعری شاعیرانی كلاسیك بە گشتی هەیە و تیایدا شیعرەكانییان لە ڕوانگەیەكی دیكەی دەرەوەی ئەو ڕوانگە چەسپا و كلاسیكییە ببینین كە تاكو ئێستا باوە، چونكە ئەو خوێنەوە تاكڕەهەندییە، دەرگای خوێنەوەی تازە و هەڵسەنگاندنی نوێ بە ڕووی شیعری ئەو قۆناغەدا دادەخات، كە ئەمەش لەگەڵ دنیابینی شاعیرە كلاسیكەكان و شیعرەكانییان یەك ناگرێتەوە، كە دەشێ خوێنەوەی جیاواز و نوێیان بۆ بكرێت. لەو سۆنگەیەوە، یەكێك لەو نووسەرە دیارانەی كە مەبەستیەتی بە دیدگایەكی سەردەمیانەوە لەو میراتە گەورەیەی شیعری كوردی بڕوانێت و بیخوێنێتەوە، (ڕێبوار سیوەیلی) یە. لە ڕاستیدا، هەڵسەنگاندن و شرۆڤەكانی ئەم نووسەرە بۆ شیعری كلاسیكی كوردی، دەرگای مانای تازە و شاراوە بە ڕووی خوێنەران و ئەزموونی شیعری ئەو شاعیرانەش دەكاتەوە، ئەمەش زۆر بە ڕوونی لە كتێبەكانی ( حاجی قادری كۆیی) و (گۆران) و ( نالی لە بەلاغەوە بۆ مۆدێرنە) و (مەحوی) دیارە. هەموو ئەو خوێنەوانە، دەرەچەیەكی نوێن بۆ شیعری كلاسیكی كوردی. كتێبی (نالی لە بەلاغەوە بۆ مۆدێرێنێتە) یەكێكە لەو كتێبە بە بەهایانەی، كە پێگە و شوناسێكی ئەدەبیانەی بەرزتر بە نالی و شیعرەكانی دەدات و نالی لە چوارچێوەی بەلاغە و ئاڵۆزی شیعری و دەردەهێنێت و دەیبەستێتەوە بە سەردەمێك كە سەردەمی ڕۆشنگەری و مۆدێرنەیە. بەو مانایەی ئەگەر مۆدێرنە بە بەرهەمی شۆڕشی پیشەسازی و ڕوانگەی ڕۆشنگەرەكان بزانین، ئەوا نالی، لە ناوچەیەكی دوورە دەست و لاتەریكی ئەم كوردستانە، كە شارەزوور و هەڵەبجەیە، بەر لە فۆرمۆلەبوونی ئەو هزرە مۆدێرنەیە كە بە بەرهەمی خۆرئاوا دەناسرێت، تێگەیشتن و بیركردنەوەیەكی مۆدێرنانەی هەبووە. ئەمەش بە ڕوونی لە شیعرەكانیدا ڕەنگیداوەتەوە. بەستنەوەی نالی بە مۆدێرنە، وەك ئەوەی خانیش دوو سەد ساڵ پێشتر، بەر لە سەرهەڵدانی هزری ناسیۆنالیزم، باسی هزری نەتەوایەتی دەكات، دەروازەیەكی تازەی مانای شیعری بە ڕووی ئەزموونی نالی دەكاتەوە، كە خوێندنەوەی جیاواز لە دەرەوەی ئەو خوێنەوانەی تا ئێستا بۆ نالی كراون لەخۆ بگرێت. لە ڕاستیدا، بایەخی ئەم كتێبەی سیوەیلی، هەر تەنها لە ڕوانگەیەكی ئەدەبی نییە، بەڵكو مێژوویی و كولتووریشە، چونكە نووسەر لە دەسپێكی كتێبەكەیدا، بە وردی لە بارەی میرنشینی بابان، ڕۆڵی ئەو میرنشینە و ژینگەی كۆمەڵایەتی و ئەدەبیانەی ئەو میرنشینە و كاریگەری و ڕەنگدانەوەی لە سەر نالی و شیعرەكانی باس دەكات. لەو ڕوانگەیەوەشەوە، نووسەر ئاماژە بەوە دەدات كە میرنشینی بابان، شێوازی حوكمرانیەتی و جیهانبینی میرەكان و پەیوەندییان بەو گەریدە و ڕۆژهەڵاتناسانەی سەردانی كوردستانیان كردووە، ژینگەیەكی كولتووری و فەرهەنگییان، بۆ فۆرمۆڵەكردنی شیعری نالی هێناوەتە ئاراوە، كە تیایدا ڕوانگە و بیركردنەوەی نالی، لە لۆكاڵیەتەوە دەربچێت و ڕوانگەیەكی جیهانیانە وەربگرێت و دواجاریش لە ڕووی زمانی شیعرییەوە، ئەو جیاوازكەوتنەوەیە دەربكەوێت. چونكە میرەكانی بابان، كەسانی هوشیارو تێگەیشتوو بوون و بەلایەنی كەمەوە ئاگایەكیان لە هزر و ژیانی سەردەم هەبووە، ئەمەش بە ئاشكرا لە گفتوگۆی نێوان خۆیان و ڕیچ دەردەكەوێت. كەواتا نالی لەو ژینگە كولتووریە ژیاوە و لە نزیكەوە ئەزموونی حوكمرانیەتی میرنشینی بابانی بینیوە و ئەمەش ڕەنگدانەوەی لەسەر هزری نالی هەبووە. بە بڕوای نووسەر، بنەماكانی مۆدێرنێتە، بە شێوەیەكی سادە لە شیعری نالی دەبینرێت، ئەمەش لە دەرەوەی ئەو خوێندنەوە بەلاغیەیە كە شیعری نالی تەنها لە چوارچێوەی جوانناسی زمان، بەلاغە، ڕەخنەكردنی ئایین و فیگەرە ئاینییەكان، ئیرۆتیك و وەسفی ژن، قووڵایی زمان دەبینێت، بەڵكو بە پێچەوانەوە شیعری نالی لە دەرەوەی ئەو ڕوانگە واتایە، هەڵگری ڕەهەندی مانایانەی دیكەیە كە دەشێ لە چوارچێوەی هزری مۆدێرنێتە ببینرێت. بێگومان ئەگەر هوشیاری و درككردن، ئاگایی و بوونی ڕوانگەیەكی ڕەخنەیانە، پرسیار و گومانكردن لە بارەی بوون و دیاردەكانی ژیانەی سەردەم، بە بنەمای ئەقڵێكی ڕۆشەنگەرانە بزانین، كە سەرەتای هوشیاركردن و درككردنە بە مۆدێرنێتە، ئەوا نالی ئەگەر بە شێوەیەكی سادەش بووبێت، ئەو هوشیاریەی هەبووە و پێش دەركەوتنی مۆدێرنێتە، شیعرەكانی هەڵگری ئەو تایبتمەندیە مۆدێرنەن، كە ئاماژەن بۆ خۆجیاكردنەوەی نالی، لە كولتوور و شێوە ژیانی باوی سەردەم. نالی لە شیعرەكانیدا، ڕەخنەی ئایین دەكات و هزر دەكاتە بنەمای هەڵسەنگاندنی بوون و ژیان، لە ڕوانگەی سیوەیلی، دنیابینی شیعریانەی نالی، جۆرە دابڕانێكی لە سەردەم و ژینگەی كۆمەڵایەتی ئەو زەمەن و شوێنە دروستكردووە كە تیایدا ژیاوە. بۆیە زەمەن و شوێن جێدێڵێت و بیركردنەوەی شیعریانەی لە لۆكالییەوە دەبێتە گەردوونی. نالی بە كاركردن لە سەر خود و بە سەنتەركردنی خود، هەوڵدان بۆ ئازادكردنی ئەو خودە لە كۆت و بەندی كۆمەڵایەتی و ترادسیۆنی، گومان و پرسیاركردن، بوونی تێگەیشتنێكی ڕەخنەیانە بۆ ئایین و لاهوتیەت و جۆرێك لە هزری ڕۆشنگەرانەی لە شیعرەكانیدا بەرهەم هێناوە. چونكە نالی لە بەشێكی زۆری شیعرەكانیدا، ڕوانگەیەكی ڕەخنەیی بۆ دیاردەكانی سەردەم، بە تایبەتیش ئایین هەیە و كار لە سەر خود سەنتەری و ئازادیی مرۆڤ دەكات و مامەڵەیەكی دوور لە كۆنەپارێزی لەگەڵ خود و جەستە دەكات، وەك ئەوەی لە شیعری مەستوورە دەبینرێت. نالی لەو شیعرەیەدا، كە بێ ڕتووش وەسفی ئەندامەكانی مەستوورە و عەورەتی بە جۆرها شێوە دەكات، ئەوا جەستە وەك ڕووبەرێكی ئازاد دەبینێت و لە دەرەوەی ئەو قەدەغە كراوە كۆمەڵایەتی و پەروەردەیانەی دەردەهێنێت، كە بۆ ژن و جەستەی ژن لە ژینگە و كولتووری باوی سەردەمەكە هەبوون. بەڵكو جەستە، وەك بەشێك لە ئازادیەكانی تاك دەبینێت و ئەو كۆت و بەندانەی لە سەر لا دەبات كە لەلایەن ئەوانیترەوە بۆی دروست كراوە. بەمەش نالی، وێناكردنێكی دیكەی جیاواز لەبارەی ژن و جەستە دەخاتە ڕوو. ئەمەش یەكانیگرە لەگەڵ ئەو بنەما مۆدێرنانەی كە ئازادی مرۆ ڤ، هەوڵدان بۆ سەنتەركردنی خود و تێكشكاندنی ڕوانگەی دۆگمایی و ئایینیانە بۆ ئازادیەكانی مرۆڤ، دەكەنە بنەمایەك بۆ دەرچوون لە ئەقڵی كۆنە پارێزیی و ژیانی گشتی. نالی، ئاگایەكی هزریی و شیعریانەی بۆ ئیرۆتیك، جەستەو ژن هەیە لە دەرەوەی ئەو ڕوانگە قەدەغەكراوەی كە ژن وەك بوونەوەرێكی قەدەغەكراو دەبینێت. بە بڕوای سیوەیلی، كاركردنی نالی لە سەر ئازادكردنی خود و هەوڵدان بۆ دەربازكردنی لە خودێكی پاسیڤگەراو بێ پرسیار و گومان، بۆ خودێكی ئەكتیڤ و ئازاد و دابڕاو لەو بازنە كۆمەڵایەتی و خێڵەكییانەی مرۆڤی كوردی لەو سەردەمدا تیادا ژیاوە، بیركردنەوەیەكن بارگاوین بە هزرێكی مۆدێرنانە ئەگەر لە چوارچێوەیەكی سادەش بووبێت. چونكە مۆدێرنێتە، هزری مرۆڤ لە هزرێكی ترادیسۆنی و ئاینییەوە، بۆ هزرێكی ڕەخنەیی و كراوە دەگۆڕێت و جۆرە تێگەیشتن و جیهانبینییەك دێنێتە ئاراوە، كە لە دەرەوەی بیركردنەوەی باوی سەردەم و بازنە كۆمەڵایەتیەكەیە. بەم جۆرە نالی كار لە سەر خود ئاگایی دەكات و ئاگاییش بەشێكە لە پرۆسیسی خستنەگەری ئەقڵ و ڕوانگەیەكی ئەقڵانییە بۆ ژیان و دەوروبەر، كە ئەمەش دیدێكی مۆدێرنانەی جیاوازە لەو دیدە كلاسیكیەی كە چارەنووسی مرۆڤ بە نادیار و قەدەر دەبەستێتەوە. خەسڵەتێكی دیكەی مۆدێرنانە لە شیعری نالی، بایەخدانە بە زمان. لە شیعری نالیدا، زمان هەر تەنها توخمێكی ئەدەبی، ئامرازێك بۆ گەیاندن و واتای شیعری نییە، بەڵكو نالی زمان دەباتە ئاستێكی بەرزتر و شوناسێكی گەورەتری لە ڕوانگە كۆمەڵایەتیەكە پێ دەدات، ئەویش تەماشاكردنی زمانە وەك شوناسێكی سیاسی و نەتەوەیانەی جیاكراوە لەوانیتری تورك و فارس. نالی كە هێندە شانازی بە زمانی كوردی دەكات و ئەو پایە گرنگە بە زمانی شیعرەكانی دەدات، ویستێكی شیعریانە نییە بە تەنها، بە قەد ئەوەی ویستێكی سیاسی و نەتەوەیە، كە تیایدا ئاماژە بە بوونی نەتەوەیەك دەكات كە ناوی كوردە و تایبەتمەندی نەتەوەیانەی خۆی هەیە كە یەكێكیش لەو تایبتمەندیانە زمانەكەیەتی. لێرەدا نالی، زمان وەك بنەمایەكی هزری مۆدێرنانە دەبێنێت و لێی دەڕوانێت، كە بەشێكی گەورە، لە فۆڕمۆڵەبوونی بیری ناسیۆنالیانە پێكدەهێنێت. تەنانەت نالی ئەو كاتەی لەمەككەش بووە، شیعری بە كوردی لە ستایشی پێغەمبەر گوتووە، واتا زمان بۆ ئەو، تەنها ئامرازێكی سادەی گەیاندن نەبووە، بەڵكو شوناسی نەتەوە و بنەمای بوون و مانەوەش بووە، بۆیە هێندە بە شانازییەوە باسی ئەلفازی كوردی دەكات، كە كەس نەڵێت خۆ كوردییە و خۆ كردییە. لە ڕوانگەی سیوەیلیش ئەو بایەخدانەی نالی بە زمان، دەرەنجامی هوشیاریەكی گەورەی هزری و نەتەوەییە، كە بەشێكە لە تێڕوانینی مۆدێرنانە بۆ نەتەوە و چەمكی نەتەوە. لە كۆتایی كتێبەكەشدا، سیوەیلی بە گرنگییەوە باسی شارەزوور و هەورامان، ڕۆڵی ئەو ناوچەیە و ژینگەی كولتووریانەی خەڵكەكەی لە پێگەیاندنی نالی و شیعرەكانی و ڕەنگدانەوەی لە سەر ژیانی نالی دەكات. دواجار دەلێم، ئەم كتێبەی سیوەیلی، خوێنەوەیەكی دیكەی جیاوازە بۆ نالی لەوانەی پێشووتر كراون، بە ڕاستی هەوڵەكانی ئەم دوایەی نووسەریش بۆ خوێنەوەی شیعری كلاسیكی كوردی، بە دیدگایەكی دیكە كە كتێبی نالیش یەكێكە لەوان، هەوڵی زانستی و مەعریفی جوانن، كە تیایدا لایەنێكی دیكەی شاراوە، بە ڕووی خوێنەران بە سەر شیعری كلاسیكی كوردی دەكاتەوە. بۆیە كارەكانی مایەی بەسەر كردنەوە و نرخاندنن هاوكات بە یایەخەوە دەبێ خوێنەران بیخوێننەوە.

  • پەراوێز: ناوی كتێب: نالی لە بەلاغەوە بۆ مۆدێرنێتە، نووسینی: ڕێبوار سیوەیلی، بڵاوكراوەی دەزگای زەریاب_ 2020 .

*ئەم بابەتە لە ژمارە (12) گۆڤاری وانەر بڵاوبۆتەوە.




خوێندنەوەیەکی پانۆرامایی بۆ فیلمی Blade Runner.. رێباز محەمەد جەزا

سنورەکانی مرۆڤ و ئەقڵی ئامڕازی

ژانر ـ خەیاڵی زانستی ساڵی بەرهەم : ١٩٨٢ شوێنەکانی وێنەگرتن : هۆنگ کۆنگ و لوس ئەنجلوس دەرهێنانی : Radley Scott دیکۆر : لۆرانس ج یوڵ و گۆردن گۆردن کۆرینینویت زمانی : ئینگلیزی موزیک : ڤانگاڵس ماوە : ١١٢خولەک
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ئەم فیلمە لەلایەن Michael Deeley و چەند کەسێکی تر بەرهەمهاتوون ، یەكێکە لەوفیلمانەی زۆرگرنگن لەڕووی کێشەکانی سەردەمەو(، مرۆڤی مۆدێرن )؛ بەگشتی ئەم تەوەرەیەی قسەکردنیش ؛ کورت دەکرێتەوە بۆ دووبەش کە ئامڕازین !!
گەربەزمانێکی کڵاسیک بدوێین دابەش دەبێت بۆ هەردووجیهانی خێرو شەڕ ، سێبەرو ڕووناکی و هتد.. ئەمەش بەرەو ئەوەی دەبات تادەیکات بەڕۆبۆتێک لەجیهانی دووبارەبوونەوەکانداReplicant) ) و لێی جیاناکرێتەوە ، کە پەیوەندی بەبینایی ـ بصر ـ وەهەیە لەمرۆڤە کامڵەکاندا و بەهۆی کۆمپانیا گەورە و زەبەلاحەکانی تری جیهان و بەکارهێنانیان لە سەر هەسارەی زەوی کەلەلایەن داگیرکەرەکانی دەرەوەی زەویەوە کاری پێ دەکرێت .
ئەوەی خاڵی جیاکەرەوەی ئەم فیلمەیە لای من لەجاو ئەوفیلمانەی تردا کەبینیوومە ؛ کاڵبوونەوەی سنووری نێوان ژیری مرۆڤ و ئاوەزی ئامڕازییانەی دروستکراوە ( ناوی ڕۆبۆتە ) لەلایەن هێزێکی نادیار یان داگیرکەرێکی تر جاباناوی هەرچییەک بێت و هەرچۆنێک بێت ، گرنگ ئەوەیە بۆهەڵوەستە لەسەرکردن دەبێت ، ئەوگونجاویەیە کەلەنێوان ئەودروستکراوانەدایە .ئەوانیش بریتین لە :
یەکەمیان ئەندامیەو زیندووە ،
ئەوەی تریشیان ڕۆبۆتەو دەستبەسەرداگیراوەو ئاڕاستەدەکرێت .
گەر لەم پنتەوە بڕوانینە فیلمەکە دەبینین هەرئامڕازێک کەمرۆڤ مامەڵەی لەگەڵ دەکات دوودۆخ لەچێژ دروستدەکات :
دۆخی یەکەم : وادەزانێت دەستی بەسەردا گرتووە و چەشەی دەکات ،چ لەڕووی بەکارهێنان و چ لەڕووی کارکردنەسەر ئەوانەی تر .
دۆخی دووەمیان / ئەو ئازارو نەهامەتیانەیەکە مرۆڤ بەهۆی ئەقڵی ئامڕازییەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکات و ناتوانێت بەردەوام بێت لەگەڵی و ناشتوانێت پاشەکشەبکات ..
لەکۆتاییدا ئەوەی دوواسەرنجی منە ، بەو پێودانگانەی باسمکردن ، ئەی کەواتە ئایندەی چێژو ئەم مرۆڤە چۆن دەبێت ؟ بەرەوکوێ ؟ چی تردەکات ؟




شـارسـتانیەتیی وەهەم.. فـازیـل شـــەوڕۆ

نەساغێکی سەروڕیش ئەفڵاتوونی، کە لە نۆرینگەیەکدا لە شاری دوبلن، لە هۆدەی چاوەڕوانیدا لە تەنیشتم دانیشتبوو، سەری هێنایە بن گوێم و گوتی:”بەختەروەرم کە 76 ساڵ تەمەنمە و هێندەم نەماوە… .” بە تێڕامانەوە پێگوت:”بۆ وا دەڵێی، ڕۆڵەی ئەم شارستانییەیت و بەختەوەر نیت؟ ئەدی خەڵکی وڵاتی من چ بڵێن؟”
بە هێمنییەوە، وەک ئەوەی خۆی بدوێنێ، گوتی:”لالۆ، شارستانییەتی چێ؟ هەمووی وەهمە.”
زاراوەی “شارستانییەت” کە لە زۆربەی زمانەکاندا وشەی – شار- و – هاووڵاتی- لەخۆ دەگرێ، بە ڕەچەڵەک دەچێتەوە سەر زمانی لاتینی دێرین و لە دوروبەری سەدەی حەڤدەمدا، لەسەر زارێ هێندێ مێژوونووس و کەلتوورناسەوە کەوتە ناو فەرهەنگان.
ئەم زاراوەیە فرە پێناسە و هەمەجەشنە لە ڕووخساردا، بەڵام دەکرێ لە یەکدوو دێڕدا بەوە بیناسێنین کە: ئاماژەیە بۆ کۆمەڵگەیەک کە لە شارەکان پێکهاتووە، تێیدا گەشەکردنی دەوڵەت، چینبەندیی کۆمەڵایەتی، شارنشینی و سیستەمی پەیوەندییە هێمادارەکانی پتر لە سیستمی نووسیندا چربۆتەوە لە چاو زمانی قسەکردنی سرووشتی. جا ئەم جۆرە کۆمەڵگایە پتر بەوە دەناسرێتەوە کە تەلارسازی، ژێرخانی شار، پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، دراو، باجدان، یاسا و دەستوور و ڕێکخستن و تایبەتمەندکردنی کاری تایبەت بەخۆی هەیە.
زۆربەی شارستانناسان، هەوڵیدانەوە، زاراوەی کەلتوور و دابونەریتی ترادسیۆنی دێرین، لەم پێناسەیە وەدرەبێنن، وەک بڵێی کەلتوور و کەلەپووری زەمانی زوو دژ بە شارستانیەتن و لەگەڵ کەلتووری “پێشکەوتن و تێگەیشتن”، ناگونجێن. بە واتایەکی دێ، ئەوان لەژێر درووشمی پشکەوتن و بەخشینی مەقامی بەرز و بڵند بە بەهای مرۆڤ و مرۆڤایەتی، کۆی کۆمەڵگایان بەسەر دوو چیندا دابەشکردوە، سێیەمی بوونی نییە: چینی کەلتوورە پشکەوتووەکان و چینی کەلتوورە دواکەوتووەکان. یەکەمیان چینی پاشا و لۆرد و ئاغا و بەگن؛ چینی دووەمیش، کۆیلە و ڕەش و ڕووت و عەوامی جوتیار و شوانکارە و کۆچەرن…. .
بەڵام لەم دوا دوایەدا، هێندێ، لە شارستانناسان، ددانیان بەو واقیعەدا ناوە کە لە ناو هێندی لە شارستانەکانیشدا، کە شوێنی نیشتەجێبوونی چڕ وپڕن و ڕێکخراون و دابەشکراون بەسەر چینە کۆمەڵایەتییە پلەبەندییەکاندا، چینی خاوەن کەلتوورەکەی عەوام و ڕەش و ڕووت هەر بوونی هەیە و مەحاڵە شارستانییەتێکی پاک و بێگەردی نموونەیی بدۆزیتەوە، بە کۆمارەکەی ئەفڵاتۆنیشە، خاڵی بێ لە کەلتووری کۆمەڵایەتیی خەلکەکە، جا کەم تا زۆر. شاری لەندەنیش ئەم شایەتحاڵییە دەدا.
لە ڕاستیدا، گەر بە وردیی دیقەت لە مێژووی شارستەنیەتی کۆن و نوێ بدەین، دەگەینە ئەم ئاکامە، کە هەرگیز مێژووی مرۆڤایەتی شارستانیەتێکی بە خۆیەوە نەبینیوە، لە خزمەتکردنی کۆی دانیشتوانەکانی دابووبێ، نەک هەر ئەوە، بەڵکوو هەر هەموو شارستانییەتەکان بە شان و بازوو و ئارەقە و خوێنی چینی ڕەش و ڕووت بونیاتنراون، لە پێناو خزمەکردنی کەمینەیەکی کەمی ئەم کۆمەڵگایە. تۆ وەرە ئەقڵمەندانە لە شارستانیەتیی کۆنی فیرعەونەکان بڕوانە، ئەوجا دەزانی کە چۆن خەڵکی دۆڵی نیل کراون بە کۆیلە بۆ خۆشگوزەرانیی شا و شاژنەکانیان و دواتر بە نەمرکردنیان بە هەڵهێنانی ئەهرام و گۆڕی پڕ پێج وپەنا و نهێنی.
ئەمەی بۆ فیرعەنەکان ڕاستین، بۆ خڕ پاشا و مەلیک و ئیمپڕاتۆر و سوڵتان و ئاغاکان، لە هەموو شارستانییەتەکاندا ڕاست بووە، لە سەردەمی سۆمەری و ئاشوورە و بیگرە تا سەردەمی ساسانی و ڕۆمانی و پاشانیش سوڵتانەکانی عوسمانی، تا ئەم ساتەوەختەی پیاوە سەروڕێش ئەفڵاتونییەکەی نورینگەکە، کە تەمەنای مەرگی خۆی دەکرد.
چاکم وەبیرم دێ، مامۆستای میژوومان لە پۆلی دووی ناوەندی، بە خەندەیەکی تێزئامێز، لە باسی خەلیفەکانی دەوڵەتی ئەمەوێ و عەباسیدا دەیگوت: فڵان خەلیفە، وەزیرێکی دانابوو، تەنها بۆ ناولێنان و ناونووسکردنی منداڵەکانی کە بە سەدان کوڕ و کچ بوون. لە کتێبەکەماندا نووسرا بوو، فڵان خەلیفە وەزیرێکی دامەزراندبوو هەر بۆ کۆکردنەوەی ئەو دیاری و خەڵات و باج و خەراجەی خەڵک پێشکێش بە خەلیفە و والیان دەکرد، نووسرا بوو لە یەمەنەوە هێشوە ترێیەکیان بۆ خەڵیفە هێنا بوو باری یەک وشتر بوو؛ ناوی ئەو خەلیفەش هاتبوو، کە خواردنی هەر دنووکی قەل بوو.
هەر دوای ئەوەی مرۆڤەکان، ئەشکەوت و دارستان و چۆلەوانیان بەجێهێشت و هاتن لە شار و دیهاتەکان نیشتەجی بوون، پاشا و میر و سوڵتانەکان، هەمیشە بیریان لەوە کردووەتەوە کە چۆن لەسایەی ئەم شارستانییەتەدا، هەرچی هەیە و نییە، بەگەڕی بخەن بۆ خۆشگوزەرانی و ڕابواردنی خۆیان. تا کار گەیشتە ئەوەی کە “خودا” ش بۆ ئەو مەرامە بکەنە ئامراز، وەک پێشتر بووت و صەنەمەکانیان بەکاردەهێنا. “خودا”یەک کە لە هەموو ئایینەکاندا، پەیامی مرۆڤدۆستی و یەکسانی و دادپەروەری و بەگژداچوونەوەی زوڵم و زاڵمان بووە و لە دەقە پیرۆزەکانیدا هاتووە، “ئەوەی مرۆڤێکی بێ گوناح بکوژێ، وەک ئەوە وایە کۆی مرۆڤی دونیای کووشتبێ.” کەچی، مێژووی ئەو هەموو کووشتار و شەڕ و شۆڕەی بە ناوی “خودا” و بە “شمشیری خودا” و ئیمڕۆش بە “موشەکی خودا” کراوە و دەکرێ، سەری هەزاران هەزار کەسیان تێدا پەڕاندوەی و هەزارن هەزار زامدار و بێسەوشوێن و ئاوەر بوون. تەنانەت لە نێوان شوێنکەوتووانی یەک ئایینشدا، ڕووباری خوێن ڕژاوە، وەک مێژوو باسی تێکهەڵچوونەکانی نێوان کاسۆلیکەکان و پڕۆستانتەکان، یان نێوان ئایینزانەکانی سوونە و شیعیە دەکا. تۆ وەرە مێژووی دەوڵەتی ئەمەوی و عەباسی بخوێنەوە، ئەوجا دەزانی کە بە ناوی “خودا” چەندان زانا و دانا و عالم و زاهید سەریان پەڕێندراوە. لە کاتێکدا هەموو باوەڕدارێکی هۆشمەند و هۆشیار دەزانێ، هەرگیز. “خودا” بۆ بەرزڕاگرتنی مەزنایەتی و عەزەمەتی خۆی، پێویستی بە خوێن نەبووە.
گۆڕانکارییە گەورە و مەترسیدارەکانی شارستانییەت، ئەو ڕۆژە گەشەی ساند، کە سەردەمی شۆڕشی پیشەسازی سەراپای ڕۆژاوای گرتەوە و وردە وردە کەلتووری شارستانیەتی کۆنی، بە کەلتووری شارستانیەتی مۆدێرینە گۆڕییەوە. چونکە ڕۆژگارەکە گۆڕا، دەسەڵاتدارەکانی خۆیان بە خاوەن و ڕابەر و پێشەنگی شارستانییەت دەزانی، ئامراز و ڕێباز و کەرەستەکانی بە کۆیلەکردنی چینی رەش و ڕووتیان گۆڕێ. ئەلبێرت شوایزەری فەیلەسوف زۆر بە جوانی فەلسەفەی شۆڕشی پێشەسازی لەودا چڕدەکاتەوە کە “شۆڕشێکە لە پێناو ماددە، لە هەمان کاتیشدا ئەخلاق دەکاتە ئامرازی هەڵخەڵەتاندن، بە ناوی پارستن ماف و مرۆڤدۆستی و پێشکەوتن، لێ، ئەمە هەر فێڵێکە بۆ خزمەتکردنی لایەنە مادییەکەی ئەم شۆڕشە.”
ئەوەی دەسەڵاتدارەکانی ئەم شۆڕشە کردنیان، شتێکی وا جیاوازی نەبوو لەگەڵ ئەوەی فیرعەونەکان و ئیمپراتۆرەکانی زەمانی زوو دەیان کرد. دوو شتیان کرد: هەوڵیاندا دەسەڵاتی کڵێساکان تا پێیان دەکرێ کەم بکەنەوە و ژن لە ماڵان بهێنە دەرەوە، تا پیاوەکان پتر خەریکی پاسەوانی بەرژەوەندییەکانی ئەوان بن. بڕوانن، ناپلیۆن چی کرد، بۆ گەیشتن بەو خەونە. جا هێنانە دەرەوەی ژن لە ماڵەکانیان، سەرەتای داڕمانی ئەخلاق بوو، سەرەتای هەڵوەشاندنەوەی خێزان بوو، تا بەم ڕۆژگارە گەیشتین.
ئەوەی پتر قوڕەکەی خەست کرد، بۆ سەری هاووڵاتیی بێدەسەڵاتی برسی و ماندوو، ئەوبوو، توێژێکی نوێ لە ڕۆشنبیران لە ڕۆژگارەدا گەشەی کرد، کە زۆر لەژێر کاریگەریی فەیلەسوفەکانی ئەو ڕۆژگارە دابوون، لە هەر دەیەیەکدا، فەیلەسوفێک سەری دەردەهێنا و بە فەلسەفەی مۆدرێنە بیر و هزری ئەم خەڵکە دەشووشتەوە، هەرچەند، ئەوەی دەهات، فەلسەفەکانی پێش خۆی دەسڕییەوە. ئەمەیش تەواو سەری لە توێژی ڕۆشنبیران شێواند و لە توولە ڕێیەکانی ژیاندا سەرگەردان بوون.
بەدرێژایی مێژوویی شارستانیەت، کە بە حەوت هەزار ساڵێک مەزەندە دەکرێ، هەرگێز مرۆڤ وەکو مرۆڤی ئەم سەردەمە بەدەست شارستانییەت گیری نەخواردووە، بۆیە کابرای سەروڕیش ئەفڵاتوونی ناحەقی نەبوو کە گووتی:”شارسانیەتیی چی، هەمووی وەهمە.”
بێگومان ناکرێ، خزمەتگۆزارییە جوان و مەزن و بەکەلکەکانی ئەم شارستانییە مۆدێرنە نادیدە بگرین:
داهێنانی ئیلیتریک، هۆیەکانی گوستنەوە، دۆزینەوەی داو ودەرمانی باش، هەموو داهێنانە تەکنەلۆژییەکانی مۆدێرن – گەر درووست بەکار بهێنرێن، ئاوی پاک و زانیاریی زۆر و بەردەست، ئاسانکاریی پەیوەندییەکان، پێشکەوتن لە زانستەکان، ئامرەزاکانی پەروەردە و فێرکردن… تاد.
بەڵام…،
با بەوێژدانەوە، سەرێک بەو ماڵەدا بگرین کە پێی دەڵین”گۆی زەوی” و 8 هەزار ملیۆن کەسێکی تێدا دەژی، بزانین لە سایەیی ئەم شارستانیەدا چ ژیانێک بەسەر دەبن- بێگومان ئەمە بابەتێکی ڕەهاییە نەک سنووردار. شارستانییەک کە دەڵێن لووتکەی پێشکەوتن و پۆپەی داهێنانی ئەقڵ مرۆڤ و تۆقەڵەی دەستکەوتە سیحراوییەکانە، کە زۆریان هەر لە خەون و خەیاڵ دەچن.
جارێ لە پێشدا، دەبێ بزانین، ئەم سەردەمە جیاوازی گەورەی نییە لەگەڵ سەردەمی فیرعەونەکان. ئەگەر فیرعەونەکان تەنها دەسەڵاتداری و فرمانەکانیان بەسەر دۆڵی نیلەوە بوو بێ، ئەوا دەسەڵاتدارانی ئیمڕۆ، دەسەڵات و فەرمانیان بەسەر هەموو جیهاندایە.
تۆ دەزانی نیوەی کۆی سەروەت و سامانی هەموو جیهان، تەنها لەبەر دەستی 3 هەزار و 194 دەوڵەمەندە؟ نیوەکەی دیکەشی هی 8 هەزار ملیۆن کەسەکەیە. جا ژیان و چارونووسی کۆی 193 دەوڵەت – کە ئەندامن لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، لەبەر ڕەحمەت و شەقی 5 وڵاتی زڵهێزن، لە جەنگ و ئاشتیدا.
ئەم سەرمایەدارە قەبانە و ئەم 5 وڵاتە زلهێزە، بۆ دەستەبەرکردن و ڕاییکردنی ئیش و کار و نەخشە و پلان و پیلانەکانیان بە سەرکەتووی، دەزگایەکی یەکجار زەبەلاحیان بونیات ناوە بە ناوی “میدیا”، پێشکەوترین، داهێنانی تەکنەلۆژی و زانستیی ئەبوستراک و مرۆیی بەکار دەهێن، بۆ بە کۆیلەکردنی مرۆڤ، تا هەموو شتێک بە ویستی وان بێ. چونکە ناودارترین زانکۆ و بلیمەتترین زانا و مامۆستا و پسپۆڕ ئەم دەزگایە بەڕێوە دەبن، ئێمەیان کردووە بە ڕۆبۆتێکی کۆیلە چۆنیان بوێ، واهەڵمان دەپەڕینن و بە هاسانی بە درووشم و وتار و ڕیکلامەکانیان هەڵدەخەڵەتێن. هەر بۆ نموونە، لەم چەند ڕۆژەدا، مەکینەی ئەم دەزگا زەبەلاحە، کۆی هەستی 8 ملیار کەسی بۆلای کەسێک ڕاکێشاوە کە ملیاردێردێکی هیندییە و 100 ملیۆن دۆلاری بۆ ئاهەنگی زەماوەندی کوڕەکەی خەرج کردوە و ئەوەندە هەزار کەسەی لە چوار ئیقلیمی جیهان داوەت کردوە و ئەوەندە جۆرە خواردن و تەعاماتە ڕۆژانە درووست دەکات. لە کاتێکدا، لەم هیندوستانەدا، هەموو بەیانێک، وەک چۆن لای ئێمە زبڵکێش، زبڵ و خاشاک خڕدەکاتەوە، ئەوا مردووکێش، شەقام بە شەقام دەگەڕی و لاشەی ئەو مردووانە کۆدەکاتەوە، کە شەو لە برسان و لەسەرمان و لەبەر نەساغی گیانیان لەدەست داوە، ئەوان لانەوازی ژن و پیاو و مندالن، بێکەس و بێجێ و ڕێن، لەسەر شۆستە و کەنار ڕییان کەوتوون.
جا ئەم دەزگا زەبەلاحە، بۆ فریوودان و بە کۆیلەکردنی مرۆڤ، دەست بۆ هەموو فەن و فنوونێک دەبا و دەگاتە هەموو کون و قوژبنێکی ئەم جیهانە. ئاساییە سەر لە ئێوارە، گەنجێکی کورد نمایش بکا، کە بە دیار دوکانە سووتاوەکەی، لەسەری خۆی دەدا و دەڵێ،:”ماییەپووچ بووم، هیچم نەما، ئەو دووەم جارە دوکانەکانمان دەسووتێنرین.” بۆ ئێوارەی دواتر، ئەم دەزگایە، گەنجێکی دیکە نمایش دەکا، لە پێشەنگای نیودەوڵەتی لە تەنیشت ئۆتۆمبیلێکی مۆدیل 2024 ڕاوەستاوە و دەپرسێ:”ئەو بای چەندە؟” نووسینگەی فرۆشیاریش بە سەر لووتی دەڵێ:” 107″ – واتا 107 هەزار دۆلار. جا گەنجی دوکان سووتاویش، لە تیڤی ماڵەوە ئەوە دەبینێ. هەزاران کوڕ و کچی دەرچووی زانکۆکانیش، کە بێئیشن، لە دڵی خۆیان دەڵێن:”چۆن منیش، وەک ئەو گەنجە، ببمە خاوەن ئەم ئۆتۆمبیلە جوانە.”
تۆ سەیری ئەو تەرازووە ، داپەروەرییە بکە، کە سەرانی ئەو دەزگا زەبەلاحە نیشانی خەڵکی عەوام و سادەی دەدەن و نیشانەی خۆیان دەپێکن. پتر لە حەفتا ساڵ بوو هێندە بە زۆرزانانە ڕێکلامیان بۆ ئاشتی و ئاسایش و خۆشگوزەرانی و مافی مرۆڤ لە وڵاتانی ڕۆژاوا دەکرد، کە ئەم وڵاتانە بەهەشتن و هەر ئەوان پارێزەری مرۆڤ و مرۆڤایەتن، بۆیە مامۆستاکانیشمان، لە سەرەتاییەوە هەر ئەوەیان لەبن گوێ دەخوێندین، کە ڕۆژهەڵاتیی بکوژ و شەڕانی و سەربەگێچەڵن، ڕۆژاواش مرۆڤدۆست و ئاقڵ و بیرمەندن؛ بەڵام شەڕێ ڕووس و ئۆکراین، لەم دووساڵەدا، ئەو درۆشاخدارەی سپیکردەوە، ئەوەی ئەم دوو ولاتە ڕۆژاواییە بەناو شارستانییە، بەیکتریان کردووە، با بەدەواری شڕی نەکردووە، نەک هەر بە کاریگەرترین و نوێترین چەک و تیفاق کەوتوونەتە گیانی یەکتری و وەک دەڵێن تەڕ و وشک، بەیەکەوە دەسووتێنن، بەڵکوو چەندان جارە، بە دەستبردن بۆ دووگمەی سووری چەکی ئەتۆمی گەف لەیەکتری دەکەن. سەلماندیان کە شارستانییەتیی مۆدێرنە جگە لە وەهم هیچی دی نییە. ڕووسەکان بەو پەڕی شانازییەوە دەڵین تا ئێستا 165 جۆر چەکی نوێ و تازەبابەتیان لە سوریا تاقیکردووەتەوە، واتا قوربانییەکان، کە هاوڵاتی ئەم وڵاتەن، تەنها نیشانەن و ڕۆح و خوێن و جەستەیان نییە.
تۆ سەیرکە، ئەم مەکینە زەبەلاحە، چۆن خەڵک چاوبەست دەکات و هەڵ دەخەڵەتێنێ کە هەواڵەکانی شەڕی غەززە دەگوازێتەوە، هەمیشە هەواڵی کۆژرانی دوو سەربازی ئیسرائیلی، پێش ئەو 120 قوربانییە فەڵەستینیەیە کە لە هەمان کاتدا کوژراون. لەو ساتەی هەرچی دەزگای میدایی جیهانییە، تیشک دەخاتە سەر ئەو شەڕە، بە حەرفێک باسی شەڕە خوێناویی و ئابڕۆبەرەکەی سوودانییەکان ناکەن، کە پتر لە 17 هەزار قوربانی لێ کەوتووەتەوە و بە دەیان هەزار ژن لاقە کراون و کراون بە سەبایە و 3 ملیۆن هاوڵاتی دەربەدەر و ئاوارەن، لە وڵاتێکدا بۆخۆی وا دێ لە برسان بمرێ. خۆ ئەوەی تورکیا بە ڕۆژاوا و سڤیلی ئەو دەڤەرە دەیکا، مەگەر هەر جوو بە فەڵەستینییەکانی کردبێ، ئاوی خواردەنەوەوەی لێ بڕیوون، ئیستگەکانی کارەبای لێ سووتاندوون، سایلۆیەکانی گەنمی خاپوور کردووە و دارزەیتوونەکانی لەڕەگەوە هەڵکێشاوە و بە تاڵانی بردوویەتی بۆ مەزراکانی خۆی لە ناوەوەی تورکیا و ڕۆژانە دەکوژی و دەبڕی و دەسووتینێ و کەس کەسیش ناڵی لەل. خۆ لەو ساتەی ژێرنووسی تیڤیەکان هەواڵی کوژرانی هاووڵاتی کورد لە باشووردا نیشان دەدا، لە هەمان چرکەدا، دیمەنەکانی گشتوگوزارکردن لە تورکیا دەگوێزێتەوە و هانی خەڵک دەدات زوو بگەنە ئەو بەهەشتە و ڕێکڵام بۆ کاڵایەکانیان دەکات، کە بە پارەکەی ئەم هاووڵاتیانە بوونەتە قوربانی… .
ڕەنگبێ، هەبێ بڵێ، ئەو ئەرکی شارستانییەت نییە، کۆی دانیشتووانی ئەم جیهانە بەختەوەر بکات، لێ، من بە ئەرکی خۆمی دەزانم کە دژی ئەوەبم، ئەوان بە دوکەڵی ئەو نەت و گاز و خەڵوز و ماددە تیشکدەرانە، ژینگەمان پیس کەن. خۆ ئێمە جگە لەو ماڵەی زەوی، هیچ شوێنێکی دیکەمان نییە ڕووی تێکەن. ئەوان بە ناوی شارستانییەتەوە، سالانە لووتکەی پاراستنی ئاوو هەوا دەبەستن، بەڵام نویترین چەکی تیشکدەری ئەتوومیش لە ئۆکراین بەکار دەهێنن. جەنگەڵ و دارستانەکان دەبڕنەوە و هەورەکانی ئاسمان دەدزن و چ زبڵ و خاشاکە، لە داو و دەرمان خواردن بۆ وڵاتە هەژارەکانی هەناردە دەکەن.
شارستانییەتی مۆدێرنە، گەر نەشتوانێ ئەم حەشیمەتی جیهان بەختەوەر و ئاسوودە بکات، دەبێ کاربکا نەختێ لە زەرەر و زیانەکانی کەم کاتەوە، لە سایەیی ئەو هەموو فابریقە و کۆمپانیای ئۆتۆمبیلە، لە هەر 23 چرکەیەک، لەم جیهانەدا، کەسێک دەبیتە قوربانی هاتووچۆ، کەچی ئەوان هەر سامان قەڵاچن دەکەن.
شارستانیەتیی وەهم، وای لە خەیاڵدانی گەنجانی وڵاتە هەژار و پاشکەوتووەکان وێنا کردوە، کە وڵاتی وان بەهەشتە و 110 ملیۆن کەس دەربەدەر و ئاوارەی وڵاتان بووین، هەر ئەمساڵ نزیکەی 800 هەزار کەس لە ڕێی کۆچ و خۆ بەدەریادادان گیانیان سپاردووە بەو خەونەی بگەنە کەناری ئەو شارستەنییە وەهمییە.
دەکرێ بە فڕۆکە بەسەر پاریس، مەدرید، ڤێنادا بفڕیت و لە دڵی خۆتدا بڵێی:”وای، کە وڵاتی جوان و دڵگیرن”، بەڵام گەر تێکەڵ بێ لەگەڵ دانیشتوان و ئاشنا بی بە کەلتووریان هەست دەکەیت، کە واقیعی ژیانحاڵ زۆر جیاوازە.
لە دەرگا دەدەن، دوو کیژۆڵەی ناسک و نازداری باج لە سەر سینگ، خۆیان وەک خێرخواز دەناسێنن و دوای دادانی وتارێکی درێژ دەربارەی گیانداران، داوت لێ دەکەن، گەر کۆمەک و ئابوونەیان پێببەخشی بۆ ڕزگارکردنی گوێدرێژەکانی ئەفریقیا، گۆیا زۆر برسی و بێخزمەتن. تۆیش پێیان دەڵێ، کارەکەتان گیانداردۆستانەیە، بەڵام خۆ ئێوە لەسەر ڕێگا، دەیان لانەوازەی بێجێ و بێڕیتان دیت – ئەوان بەو کەسانە دەڵین هۆملێس، خۆ ئەوان هاووڵاتی و هاوشاری خۆتتان، کۆمەک بۆ ئەوان کۆبکەینەوە لە جیاتی گوێدرێژەکانی ئەفریقیا، باشتر نییە؟” کیژەکان لێو لێهەڵدەقرچینن و دەڵێن، ئەوان ڕێکخراوی خۆیان هەیە. چونکە ئەو دەزگا میدیا زەبەلاحە مێشکی ئەم کیژانەشیان شووشتۆتەوە.
لە سایەیی ئەم شارستانییە مۆدێرنەدا، لە ساڵی 1800ەوە تاوەکو ئیمڕۆ، نزیکەی 37 ملیۆن کەس لە جیهاندا لەبرسان مردوون. نزیکەی 700 ملیۆن ئینسان، دەستکەوتی ڕۆژانەیان لە 2 دۆلا کەمتر و ملیارێک و 300 ملیۆن کەس لە سەر هێڵی هەژاری مام ناوەندین. لە سەتا 9 دانیشتوانی جیهانیش لە ژێر هێلی هەژارین، نانی شەوانیان نییە بیخۆن.
ئیمڕۆ، شارستانناسان، ڕاستگۆییانە دەڵێن، ئەوانەی لە شارسانییەتی سەردەمی کشتوکاڵی و ڕاو و شکار ژیاون، گەڵیک بەختەوەرتر بوون، لە ئێمەی شارسانییەتی مۆدێرنە. لە لای ئێمە، تەکنەلۆژیای سەردەم، هەرچی جوانیی سرووشت هەیە کووشتییەتی، کێ مانگ دەبینێ؟ کی بۆ خۆرهەڵاتن دادەنیشێ؟ کۆ ئاشنایەتیمان لەگەل باڵندە و گیاندارە کێوییەکان؟ ئەسەڵەن زۆربەمان لی قڕ کردن و دارستان و بێشە و ماڵ و حاڵمان لی وێران کردن. ساڵانە شفرەی هەزاران فیل، لە پێناو عاجە بەقیمەتەکەی بە مشاری ئەلکتریکی دەبڕینەوە، بەڵام سەگێکی قاچ شکاو لە تیڤیەکاندا نمایش دەکەن، گۆیا دەیانەەوێ تیماری بکەن.
سەردەمی مۆدێرنە، کە هەرچی داب و نەریت و کەلتوورە، بە درووشمی ئازادی و ماف و مرۆڤدۆستی هەیە پێشیل کردووە، هۆی سەرەکی گەورەترین دەردی سەردەمە کە ئەویش” فشار – سترێس” ە. کە ساڵانە هۆکاری خۆکووشتنی پتر لە 700 هەزار قوربانییە. ئیمڕۆ ڕێژەی مردن بە نەخۆشییەکانی دڵ لەسەتا 33 و بە شێرپەنجە لە سەتا 18 و بە نەخۆشییەکانی هەناسە لە سەتا 8 ە و کێرڤەکەش وەک نرخی زێر، هەر لەهەڵکشان دایە.
شارستانیەتیی سەردەم، ئاماری ئاڵوودەبووانی ماددەی هۆشبەر بە نزیکەی 14 ملیۆن کەس دەخەمڵێنێ کە چارەسەر وەردەگرن و 296 ملیۆنیش بەکاربەرن، بەڵام بێئاگان لەوەی کە بە گوێرەی داتاکانی فەرمی حکوومەتی عێراقی، لە سەتا 40 گەنجانی ئەم وڵاتە، لە کوڕ و کچ، ئاڵوودە بوون. بە نیوێژی نیوەڕۆیە لە شەقامەکانی تاران و تەبرێز، ژن و پیاوو منداڵ، بانگ دەکەن:” دارۆ … دارۆ.. دارۆ… .” ئاڵوودەبوون بەم ژەهرە سپییە، لە جیهاندا بە ڕیژەی لەسەتا 40 زیادی کردووە، ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی وادەڵێ.
خۆ ئەگەر ئاوڕێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەند بدینەوە، ئەوا دیمەنەکان زۆر تەڵخ و ناشیرین و تۆقێنەرن. ڕێکلامی شارستانیەتیی ڕۆژاوا، خەڵکی ئەم ناوچەیەیان خستووەتە گێژەنێک، مەگەر هەر گێژەنی ئەسکەندەر وابێ. هەژاری و نەخوێندەواری و نەخۆشی، بە شێوەیەک لەگەڵ شارستانییەتیی مۆدێرنە ئاوێتە بووە، سەگ ساحێبی خۆی ناناسێتەوە. هەرچی دەزگای پەروەردە و تەندرووستی و داد و خزمەتگوزارییە داتەپێنراو و مرۆڤەکان، ئەوانەی هەبووشن، ڕۆژانە تەمەنای مەرگی خۆیان دەکەن، کە لە ماڵ دەرچوویت، دڵنیا نیت، کە جەنازەکەت لە پزیشکی دادوەری نادۆزنەوە و جارێکی دێ ناگەڕیتەوە ماڵەوە.
بۆ ئەمە وایە؟
وابزانم، هێنری کیسنجەر بوو، گوتی:”هەر کەسێ دەست بەسەر خۆرهەڵاتی ناوەند دابگرێ، دەست بەسەر هەموو جیهاندا دادەگرێ”، بیل کلینتۆنیش بوو گوتی:’دەبێ خۆرهەڵات، ئەم سەدەیە، ئەمەریکی بێ.” جا هەرچی شەڕوشۆری ئەم جیهانەیە دەیهێنە سەر خاکی وڵاتانی خۆرهەڵات، لە پێناو بەردوام مانەوەیان لەم ناوچە نەفتاوییەدا. ئاشکرایە، خۆمەینی بە فڕۆکەی فەڕەنسا گەێندرا تاران، قەزافی بە فڕۆکەی ناتۆ کوژرا، بەهاری عەرەبی دەزگای سی ئای ئەی و مۆسادی لە پشت بوو، درووستکەر و پشتیوان و هاوپەیمانی داعش ئەو سی وڵاتە بوون، کە بە نوێژی نیوەڕۆ، بە فڕۆکە لە کەنەدا و ئۆستوڕالیا و جەزائیر چەکدارەکانیان هاوردە دەکرد بۆ تورکیا و دوای مەشق و ڕا‌هێنان دەگوێزرانەوە بۆ نێو خاکی سوریا و عێراق.
بۆیە کەش وهەوییەکیان لەو ناوچانە درووست کرد کە هەم خەڵکەکە هەوڵبدا چۆڵی بکات و هەم گرووپ و تاقمی چەکداری سەر بە خۆیان هەبێ، بۆ ڕۆژی پێویست.
ئێوە سەیری ئەم فلیمە بکەن: ناسای ئەمریکا دەزانێ 175 ڕۆژی دێ گاشە بەردێکی سێ تۆنی لە ئاسمانەوە دەگاتە زەوی و لە فڵان ناوچە بە ئەرزی دەکەوێ، بەڵام نە ئەو و نە دەزگای هەوڵگریی میسر و ئیسرائیلیم نازانن و بێئاگان کە حەماس 500 کیلۆمەتر تونێلی لەژیر غەززە لێداوە – ئەم دوو دەزگا هەواڵگەرییە پڕ زانیارییترین دەزگای هەواڵگرین لە ناوچەکەدا. خۆ ئەگەر مێروولە 100 مەترێک زەوی بکۆڵی بووایە دەیان کامێرا و زانای لەسەری کۆ دەبوونەوە، بەڵام 500 کم تۆنێلی غەززە، سڕڕ و لوغزە.
دەبێ، ئەو شتانە ڕووبدەن، لە پێناو درێژەدان بەشارستانییەتی وەهم. ئاخر تا نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو دایکێک، جووتە گوارەی خۆی دەفرۆشت بۆ مامۆستای خسووسی تا کوڕەکەی نمرەی باش بێنێ، ئیستا هەمان دایک، دەڵێ، هەرچیم هەیە و نیمە فرۆشتوومە، 3 دەفتەرم هەیە، هەردوو کوڕەکەمی پێ دەنێرمە لەندەن.
چۆل بوونی دەڤەرێکی وەکو پژدەر لە گەنج و مانەوەی هەزاران کچی قەیر لە ماڵەکانیان، بەبێ نەخشە و دەست نییە، کە لە پشت ئەم گۆڕانکاریانەن کە زۆرمان نایانبینین.
تۆ سەیری ئەو شانۆگەرییە بکە، لە ڕۆژهەلاتی کوردستاندا، دادە زارا لەسەر ئەوەی دوو منداڵی فێرە نووسینی کوردی کردووە، دەخرێتە زیندانەوە، لە باشووریش، دوای 65 ساڵ خەبات و هەزارن هەزار قوبانی، ئەو ئەندام پەرلەمانەی بە دەنگێ ڕەش و ڕووتان گەیشتووەتە پۆستەکەی، واژوو کۆدەکاتەوەم تا بە یاسا لە پەرلەمان، زمانی ئینگلیزی ببێتە زمانی فەرمی پەروەردە و زمانی کوردی نیمچە لەغوو بکرێت. وەزاڕەتی پەروەرديس بابەتی زمانی کوردی لە ئەزموونەکانی قۆناگی 12 دەسڕیتەوە… هیج لەم ڕەفتارانە لە هەواوە و خۆڕسکانە هەڵنەتۆقیوون، بەڵکوو دەستیان لە پشت و بە خرواران دۆلاریان بۆ هەڵڕیژراوە.
لە زۆربەی وڵاتاندا، ئاستیی نەخوێندەواری نزم دەبێتەوە، بەڵام لە وڵاتێکی وەکو عێراق و سوریا ساڵ دوای ساڵ ئاستەکە بەرزدەبێتەوە، وڵاتێکی وەکو عێراق، لە سایەیی ئەم شارسانییەدا، لە ڕیزی یەکەمەکانە لە پیس و پۆخڵی و تاونکارییدا، خاوەن 11 ملیۆن منداڵی سەر شەقام و 6 ملیۆن بێوەژن و 4 ملیۆن تەلاقدراوە و ڕێژەی بێکاری هەر لێگەڕێ، لە دوو ساڵدا، 27 هەزار کەس، بە شاهید و بە ئیسپات، بوون بە خاوەنی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای ساختە. تا ئەم دوایەش لەسەر پردەکانی بەغدا پاسەوان داندرا بوو، بۆ ڕیگریکردن لەو دایکانەی منداڵەکانیان فڕیدەدەنە نیو ڕووباری دجلە. ئەمانە لە کاتێکدا ڕوودەدەن، لە یەک ڕۆژدا فرۆشی نەوتی ئەم وڵاتە، نزیکەی 3 ملیۆن بۆشکەیە، نرخی هەر بۆشەکەیەک نزیکەی 80 دۆلارێکە.
جومگەیەکی بایەخداری کۆمەڵ، کە شارستانییەتی مۆدێرنە، 300 ساڵیک دەبێ کاری لەسەر دەکات، سەندنەوەی ژنایەتییە لە ژن. هەم بۆ ئەوەی بیانکەن بە کۆیلەی کارخانەکانیان و هەم بۆ ئەوەی زۆرترین چیژیی جەستەییان لێ وەرگرن. ئەمە بە درێژایی مێژووی شارسانییەت هەر وا بووە، بەڵام مۆدێرنە گەیاندییە ترۆپکی مەحوورم کردنی ئەم مرۆڤە لە هەستکردن بە مرۆڤ بوونی خۆی.
چۆن؟ جوانترین مەخلووق کە خوداوەند لەسەری ئەم ئەرزە درووستی کردووە، ژنە. ژن گەڵی جوانترە لە ڤینۆس و سیوەیل و گەڵێک سۆزبەخشتر و خەمخۆرترە لە هەرچی بوونەوەر هەیە. ژن، وەک دایک و وەک هاوسەر و وەک کچ و وەک خوشک، کۆڵەگەیەکی سەرەکی بونیاتی کۆمەڵە، دەرهێنانی یان شکاندنی ئەم کۆڵەگەیە، داتەپینی کۆمەڵە. جا هەرچی فەن و و فنوون هەیە دەزگا زەبەلاحەکەی میدیای شارستانیەتیی مۆدێرنە، لە پێناو شکاندنی ئەم کۆڵەگەیە بەکاری هێناوە و تا ڕادەیەکی زۆریش، سەرکەوتووە. ئێمڕۆ، لە ڕۆژاوادا، تاق و لۆقە خێزان، وەک خێزان بونیاتی ماوە و لەبەر یەک هەڵنەوەشاوەتەوە. شارسانییەتیی مۆدێرنە، دوو سەرە، لە یەک کاتید کاری کردووە، لە لایەک تا ژن هەست بەبی کەسێتیی خۆی بکات، هەمیشە وابزانێ ئەو بووکەشووشەیە، دووەم، لەبەرچاوی پیاو، ژنی سووک کرد، بەوەی کە ژن جگە لە لە چیژی سێکسی ناتوانی هیچ بە پیاو ببەخشێ. لە کۆڵانەی گەڕەکەمان لە دوبلن، لە 35 خێزان، بە هەموویان 7 منداڵیان هەیە، 12 خێزان یەک کەسییە، یان دوو پێرن سەریان پێکەوە ناوە. ئەوان لە منداڵ تۆراون، ئەوان لە پیاو دوور دەکەنەوە و پیاوەکانیشیان فێرە سەرجێی گۆڕینەوەن. جا لە ڕێی فلیمی ڕووت و هەزاران ماڵپەڕ و کەناڵی سێسکی، هەرچی جوانیی ژن هەیە لیی سەندراوەتەوە. ژن هەرچەند جوان و خوێنشیرین بێ، لە ناو پاس و شەمندەفەڕ و بازاڕدا، زەڕرەیەک هەستی پیاوەتی نابزوێنن، چونکە ناتوانی جوانییەک لەواندا بدۆزیتەوە و سەرنجت ڕاکێشن، واتە جوانیی ژنیان لەبەر چاوی پیاو کووشتوە.
ئەم پەتایە، زۆر خراپتر، لە نێو کۆمەڵانی ڕۆژهەڵاتدا تەشەنەی کردووە. بەرزبوونەوەی ئاماری تەڵاقدان و لێکترازانی خێزانی، خۆ بەبێ هۆ نییە. ئاکامەکانی ئەم دیاردەیەش گەڵیک زۆرە، لێرە جێیان نابێتەوە باسی بکەین، دڵنیام ئێستا، ئیوە کە ئەمە دەخوێنەوە، چەندان ڕووداو و سەربوردە و بەسەرهاتنان دیتەوە پێش چاو، کە لە ژینگەکەی خۆتان ڕوویداوە، بەڵام ناپرسن، هۆکارەکەی چییە… ئێمرۆ، ژن، وەک کائینێکی شێتی لێهاتووە لە ڕۆژهەڵات، وێلە بەدوای جوانیدا، بێخەبەرە لەوەی کە جوانیی حەقیقی شاراوەیە، لە دڵە، لە مێشکە، لە دەروونە، بەک هەر لە چاو و لووت و کۆڵمە. کارداشیان، درووستکراوێکی ئەم دەزگا زەبەلاحەیە، بۆ فریودانی هاوڕەگەزانی خۆی و بوونەوەرێکر دوورە لە واقیعی کۆمەڵگای رۆژهەلاتی.
جێگەی داخە، کە دوای 7 هەزار ساڵ لە داهێنان و دۆزینە و ئەفراندن، ئەقڵی مرۆڤ، شارستانییەتێک بەرهەم بێنێ، کە مرۆڤکوژ و ژینگە کۆژ و خۆکۆژ بێ.
شارستانییەتیی وەهەم، ئەم ڕۆژە پەرەی سەند و ئێمەی گەیاندە ئەم رۆژگارە کە ماددە بووە گەورەترین دەستکەوتوو و ئەخلاق مەحف بۆووە و نەما و ئایین بوو بە پەیژەی بەرژەوەندیی کەسی.
با بچمەوە لای پیاوە نەساغە سەروڕیش ئەفڵاتوونییەکەی، لە نۆرینگەیەکدا لە شاری دوبلن، لە هۆدەی چاوەڕوانیدا لە تەنیشتم دانیشتبوو، دوای گفتوگۆیەکی خۆش گوتی:

  • من ئێستا هەر ئەوەندە هەست بە خۆشی و ئارامی و هێمنی دەکەم، کە لەگەڵ نەوەکنم دادەنیشم و یاری دەکەم، ئەوان منداڵن، جیهانەکەیان پاک و بێگەر و تایەنە، دەنا هەموو شوێنێک لەم جیهانەدا نائارامە و پیاو هەمیشە لە ڕۆحی خۆی دەترسێ. ئەم شاتستانییە تەنها و تەنها وەهمە، نەکەی پێی هەڵخەڵەتێ.”

منیش چاوەکانم خستە سەریەک و نەنکم بیرهاتەوە، کە منداڵ بووم، حیکایەتی کوڕە کەچەڵی بۆ دەگێرمەوە….
…. پاشا مرد و خەڵکیان لە مەیدانی ناوەندی شاری خرکردەوە، بازیان هەڵدا، باز لەسەر شانی کوڕە کەچەڵی هەڵنیشت و کرا بە پاشا.
کوڕە کەچەل، کوورەچی حەمامێ بوو، هەموو دەست و دەمووچاو و جلکوبەرگی خەڵۆزی ڕەش بوو، بردیانە حەمامێ و پاکیان کردەوە و چوان پۆشیان کرد و لە کۆشکی پاشا لەسەر کورسیان دانا….
ئەم سەردەمە، سەردەمی شارستانیەتیی مۆدێرنە، چەند لەم حیکایەتەی نەنکم دەچێ، زۆر ئاساییە، قوتابییەکەی پۆلی سێی بنەڕەتەی، لەنکاوڕا ببێتە مێر و پاشا و ئاغای وڵات، خۆشی نەزانی چۆن… ئەمە سەردەمی شارستانییەتیی وەهمە، هەموو شتێ تێیدا ڕوو دەدا.

فـازیـل شـــەوڕۆ
دوبلن




تۆ چی دەزانی لەبارەی پیاوێکەوە لەناو خۆیدا گرمۆڵە بووە؟.. قەسیدە: ستیڤان شەمزینی

تۆ چی لە بارەی پیاوێکەوە دەزانی
لە نێو مەراقەکانیدا دەگەوزێت؟
چەندان جار خۆی کوشتووە
وەک پشیلەی حەوت رۆح نەمردووە
چەندان جار لە وەجددا
نقوم بووە و نەخنکاویشە
دەیان جەنگی ھەڵگیرساندووە
لە شتاقیاندا سەرنەکەوتووە
ھەزاران سڵاوی بۆ کۆتر ناردووە
ئەو ھەر بێزیشی نەھاتووە
تاقە جارێک بۆی بگمێنێت
ھەزاران شیعری رۆمانسی نوسیوە
ھەزاران جار تەریق کراوەتەوە لەسەری
بە پۆزەوە دراونەتەوە بە چڕوچاویدا
سەدان جار لەناو خۆیدا ون بووە
دەیان جار لە دوورگەیەکی بزردا
خۆی دۆزیوەتەوە
دەیان جاری تریش
پێکی شەیدابوونی
بۆ ژمارەیەک سۆزانی تێکردووە
پاش خوماربوون
لەنێو حەرەمسەراکەیدا ھەڵفڕیون
زۆر جاریش وا روویداوە
کۆمەڵێک داڵەکەرخۆرەی مێ
نێرینەییان کرۆژتووە
دوا دەنووکیشیان لە دڵی داوە
تۆ چی دەزانیت
لە ھەمبەر ئەو پیاوە ماندووەی
دوای کڵاوی بابردووی خەیاڵ و
روئیای ھەڵوەریوی خۆی کەوتووە؟
لەوەتی خۆی دەناسێت
تۆوی پێکەنین دەچێنێت
ھێندە بەدشانسە
ھەر ھەنسک دەدورێتەوە
دەستی میھر بەسەر جوانیدا دەھێنێت
دەستەیەک چەتەی فیکریی
ئاوی روونی ناوبانگی لێڵ دەکەن
لەوەتی فامی کردۆتەوە
شیعر بە باڵای گوڵدا ھەڵدەدات
ھەموو کات و لە ھەموو وەرزەکاندا
دڕکی تۆمەت لە رۆحی دەچەقێت
دەیەوێت بەھەشت بگوازێتەوە
بیکاتە گەڕەکێکی بۆنخۆش لە نیشتمان
گروپێک تارمایی دەستوەشێن
بە باڵ راکێشان فڕێی دەدەنە
بەشی خوارەوەی دۆزەخ
لەوەتی بوونی ھەیە
بە ژوانی ژنێکەوە دوو گیانە
ئاە چ بەدبەختییەکە
ھەر زارۆی دابڕانی دەبێت
چاوەڕوانی شەماڵی موحیبەت و
توانەوەی ئانی ماچە
ھەر گەردەلولی رق راپێچی دەکات
بۆ مەملەکەتی تێکشکان
بۆ ژێر کەپری دڵشکان
تۆ چی دەزانیت
لە بارەی ئەو پیاوە تاساوەی
زمانی لە بەستەڵەکی قەدەرێکی بەددا
بەستوویەتی و
بە زوبانی دڵ قسەمان بۆ دەکات؟
ئەو ھیچ چیرۆکێکی خۆشی نییە
بۆ جۆشدانی شەوانی گوێ ئاگردان
بەشی پێنج دەقیقە
خۆشی نییە، بۆ گێڕانەوە
بە سەدان سەعات
باسی عەزابەکانی بکات
ھەر تەواو نابن و بێزار دەبین
لەو حکایەتی مێشە
ھێندە کەساسە
ھیچ زمانێک نازانێت
سەر بە ئێستا بێت
بە زمانی پەتی دڵ قسە دەکات
ھیچ لە مەکرونازی عەقڵ تێناگات
زوو زوو وەک دەریا ھەڵدەچێت
خێرا خێراش مینا ھەور دەتوێتەوە
بە بەرامەی ماچێک بە بۆن دەکەوێت
بە وشەیەکی ئاڵ سەبوری دێت
بە زەردەخەنەیەک دەکەوێتە سەما
بە پیاڵەیەک مەی رووت دەبێتەوە
بە داگیرسانی مۆمێک نەشە دەبێت
بە نیگای ژنێک دەکەوێتە باڵەفڕە
بە چاوداگرتنێک سەراسیمە دەبێت
ئەو تەنیا لە ھێماکان تێدەگات
بێزارە لە سواویی وشەکان
بێزارە لە درۆی ناو تێکستەکان
قەڵسە لە دەبڵ مۆراڵی زمان و
دەستەوەستانی مرەکەب
تۆ چی دەزانیت
لەبارەی ئەو پیاوە پەڕاگەندەی
لە نێو نیشتماندا
تفبارانی مێژوویان کرد
لە غوربەتیشدا
کردیانە خۆراکی دەستی کاری ھەرزان؟
ھەمیشە کۆڵبەری غەمەکانێتی
موفەڕکی یاخیبوون لە مەچەکیدایە
بەردەوام وێڵی کلیلێکە
دەرگای نەھامەتی پێ دابخات
خۆشەویستی پێ بکاتەوە
لە ھەر شوێنێک
درەخت ئازار بدرێ
لقێکی بریندارە
لە ھەر شوێنێک
سەری عەشق پان بکرێتەوە
شەھیدی ئەوینە
لە ھەر جێگەیەک
جوانی مەست بێت
پێکێکی خەستە
لە ھەر جێگەیەک
قورگی ستران بگیرێت
سۆلۆیەکی راپەڕیوە
لە نێو ھەر خەونێکی کورتەباڵادا
بەژنی بەرزی ئازادییە
لە نێو ھەر زەمەنێکی بەقوڕ گیراودا
مزگێنی ئاسۆیە
لە داڵغەی رەشی ھەر جەلادێکدا
تارمایی شۆڕشە
تۆ چی دەزانیت
لە ھەمبەر ئەو پیاوە غەریبەی
تەنھایی ھەڵیدەگڵۆفێت
لە ئێوارەیەکی نەرمدا
لەناکاو ھاڕە دەکات؟
ئەو نوێنەری غەمگینییە لەسەر زەوی
باڵیۆزی دەوڵەتی گۆشەگیرییە
لە خانەقای وێرانبووی شیعرەوە
موناجات بۆ خەوزڕانی خۆی دەکات
پێنووسێکی دڵخۆشی ھەبوو
ئازار زەفەری پێ برد
وەھمی عەشقێک فریوی دا
بەردەوام پوشی وشە کۆدەکاتەوە
دەیکات بە ھێلانەی قەسیدە
لە بەدبەختی ئەودا
ساڵەکەی دەبێتە وەیشوومە
ھێلانەی تێکوپێک دەدرێ
بەردەوام زەردەخەنەی کۆدەکردەوە
تەمای ئەوەبوو بیکاتە
سەمفۆنیایەکی تولانی پێکەنین
لەبەدبەختی ئەودا
وەرزەکەی نەھات بوو
فرمێسک بە لێزمە دەباری و
زریانی گریان
ماڵی پێکەنینی راماڵی
ئەو لە چاخی سەھۆڵبەنداندا
چاوی بۆ ھەتاو دەگێڕا
لە قرچە قرچی ھاوینی غوربەتدا
تینوێتی بە ماچی
کچێکی نیشتمانەکەی دەشکا
لە نێو گۆڕی یادگارییەوە
بە ھەناسەبڕکێ
تەماشای ئێستای خۆی دەکات
بەدەم ناڵینەوە چاوەکانی دادەخا

١٥-١١-٢٠١٨
ئەڵمانیا- گوتەرسلۆ




خۆر برینی كۆچه‌.. شیعری ستار ئەحمەد

خوێن كۆچت له‌ گڵا ده‌ناسێ..
بۆیه‌ زامه‌كانم.. هه‌نگاوی چه‌ند ساڵه‌ی هه‌ڵگرتی
رووبارێك له‌ ناختا نركه‌ی دێ‌و
له‌ ده‌ریاش بێ به‌شی
به‌ خۆشه‌ویستی به‌فرو چیا خرۆشاوی
كه‌لی خان له‌ جه‌رگتا خه‌نده‌ی لێوانی كه‌ساسه‌
شه‌پۆلێك له‌ دڕا په‌لكی خۆی له‌ به‌ردێك گرێ بدا
تۆ زاری به‌ ئه‌شكت ده‌پێوی
كه‌ خه‌میش له‌ لانه‌ی خاكی گوڵ دابڕێ
لێشاوێك ده‌مێنێ له‌ زاری بێچاره‌ بزانێ
ئه‌ندێشه‌ نیازیان به‌ چه‌پڵه‌ی به‌فراوا بماڵێ
زریوه‌ی ژوانگه‌ت ده‌سووتێ بۆ نسێی هه‌ڤاڵێ
هه‌ڵگوردی كه‌ چرای بڵندیت داگیرسان
خه‌ناوكه‌ی هه‌وڵدانت له‌ لێوی چیادا
شه‌وانێك خوناوی ده‌روونت به‌ خامه‌ ده‌ناسان
په‌ڕه‌یه‌ك نه‌یتوانی زامێكت راپێچێ
ئه‌و ژانه‌ی كه‌ حه‌سره‌ت له‌ دڵتا رایژه‌نێ
كوا شیعرێك به‌ په‌روا په‌روه‌رده‌ی ده‌كات‌و
كه‌ی زه‌بری خه‌نجه‌رێك سنووری ناته‌نێ
ده‌مێكه‌ تامه‌زرۆم هه‌ناسه‌ت
شه‌كراوی باسێكم بۆ هه‌ڵدا
كزۆڵ‌و بێ ئامان له‌ ژووری
ده‌یجوورا بێ سارام
بارانێك هه‌واڵی ده‌رفه‌تی رازێكم شین ناكا
بارینی په‌پووله‌ی ئه‌ستێره‌ به‌ سه‌رما داناكا
كه‌تۆ نه‌بیت ئازادی به‌های ته‌مه‌ن‌و
ژانی هۆنراوه‌م وه‌رگری
نه‌زامم تیشكی خۆر پێیده‌گا
نه‌ كه‌سیش ده‌توانێ لێم بگا

ستار ئەحمەد




شتێ وەک خۆی.. شیعری/ نەوزاد بەندی

ئەملاو لایان
لە جوتیارێ گرت و
بردیان ..
جلی خاکییان لەبەر کرد ،
کڵاشینکۆفێ بۆ شانی ..
کردیان بە سەرباز ،
دەست و برد ..

٭ ٭ ٭

هەر لەوێدا ،
مەزرایەک تینوێتیی ، کوشتی …

٭ ٭ ٭
درەختێ ، قژی تێک ئاڵا و
کەس نەبوو بۆی دابهێنێ ،
ڕەشەبا ، لەگەڵ خۆی بردی
٭ ٭ ٭

سوورە چنارێ ڕەدوو کەوت

٭ ٭ ٭

چیمەنێ سەری ئەسڵەع بوو ..

٭ ٭ ٭

گیاکەڵەیەک بوو بە وەزیری
کشت و کاڵ ..
مەسینەیەک چووە پۆستی بێ ڕکابەری ئاودێریی ..
گوڵێک زۆر ناسک نەبووایە ،
میزی نەئەکردە ژێری ..!

٭ ٭ ٭

کۆمەڵێ سن و کیسەڵە ،
کولەکە شامییەکیان کرد بە باڕ و یانەی شەوان و
لە ئۆکرانیا و شام و شیراز ،
لەشفرۆش و سەماکەریان بۆ دابینکرد ..

٭ ٭ ٭

کۆمەڵێ شۆڤڵ و لۆری و حەفارە هاتن ، لەناکاو ..
هەرچی زەیتونی سک پڕە ،
لە ڕەگەوە هەڵیانکێشا و
بردیان بۆ ووڵاتی خۆیان ..

٭ ٭ ٭

کرم زەفەری بە سێو و هەرمێ برد و
ستیانەکەی لێ کردنەوە ..
دەمی تێ نان ، تا بۆگەن بوون ..

٭ ٭ ٭

خاڵخاڵۆکە و چۆلەکە و مینا و زیکزیکە ،
سەریان هەڵگرت ..

٭ ٭ ٭

کارێزەکە ، چاوی کوێر بوو..
خۆڵ چووە ناو کونە لووت و گوێکانیەوە ..
بوو بە هێلانەی مشک و مار ..
گێلاخە مرد ..

٭ ٭ ٭

کیسەڵێ هەناسەی سوار بوو ،
سندوقەکەی بە جێهێشت و
ئاڵای سپی ،
بۆ بەڕێز مەسینە هەڵکرد ..

٭ ٭ ٭

چەکدار هاتن ،
سوکایەتییان بە دارگوێز کرد ..
بە حەربەی کڵاشینکۆف و
چەقۆی خۆمان ،
توێکڵەکانیان لێ کردنەوە ..
ئەو هەموو گوێزەیان ڕووت کرد..
سەرکردەکەیان کۆمپانیای خەنەی هەبوو !

٭ ٭ ٭

لە پڕ بەڕوویەک خۆی سووتان ..
مێوێکیان بە بێ هۆش و گۆش ،
فریای ئیمێرجێنسێکە خست ..

٭ ٭ ٭

مۆردێ ، هەڵوەری و
یەک بە یەک ،
مولولەی خوێنی ووشک بوو ..
سەبحبەحێ ،
بە دەردە ڕێوی ، لار بۆوە ..
ڕۆحی دەرچوو ..

٭ ٭ ٭

کۆمەڵێ بازرگانی زۆڵ ،
هەڵوژە و قۆخیان داوەت کرد ،
نامەرد بوون ، قۆڵیان بادان و
هەڵیاندانە کوورەکانی خەڵوزەوە ..
بۆ ئەشکەنجەی گۆشتی مامز ،
بە فەردەی گەورە باریان کرد ..

٭ ٭ ٭

لەو لایشەوە کاکی جوتیار ،
لە بەرەی شەڕ ،
لەجیاتی فیشەک ،
چوار مەخزەن ،
گوڵە مێخەکی بەستبوو ..!
ئەوان فیشەکیان تێدەگرت ،
ئەم مێخەکی بۆ هەڵئەدان ..
نارنجۆکیان بۆ هەڵئەدا ،
ئەم هەناری تێ ئەگرتن ..!

٭ ٭ ٭
لە جیاتی بە بێ تەل لەگەڵ هاوڕێکانیا پەیوەندی کا ،
لەگەڵ باران قسەی ئەکرد ..
میوانداریی لە بای وەشت ئەکرد ، به کوپی
فافۆن ، چایەکی
هەرچۆنێ بووایه ، بۆ ئەکوڵان …
پێی ئەووت بە گاسن بڵێ ،
هێشتا دوانزە ڕۆژی ماوە ،
با جارێ بۆ خۆی بخەوێ !

٭ ٭ ٭

چڵێ هەرمێی ،
لەسەر قۆناغی چەکەکەی
موتوربە کرد و ..
سەوزیش بوو ..
پێش ئەوەی چرۆ دەربکا ،
بە فیشەکێ
مێشکیان تەقان ..!

٭ ٭ ٭
تاتەشۆرەکە سەوز بوو ،
بوو بە مەزرا ..
ئەرخەوانەکان بەو شەوە ،
پۆشاکەکانیان لەبەرکرد
بێ ئوتوو
بە چرچ و لۆچیی ..
مەسینە بروسکەیەکی پرسە نامەی
پڕ لە هەڵەی ڕێزمانی و ئەدەبی نوسی و
بە تاقتاقکەرەیەکی ووت :
کە هەواڵەکان تەواو بوون ، بیخوێننەوە ..
ـ ……..
ـ………
ـ ……..




چاوم تاسەمەندی بەژنی دولبەر.. ئیلهام موڕادی

ژنە کوردێکی بۆێرم
هەڵواسراو بە هەناسەی شەونم و
مێرگ و زار
دووراو بە ڕۆحی دەشت و چیاکانی نیشتمان
ڵێوڕێژ لە وەفا و
ئەستوورتر لە قامەتی چیاکان و
سەرکەشتر لە دوندی ئارارات
دڵم کانگای ئەڤین و
چاوم تاسەمەندی بەژنی دولبەر
چرکە چرکە کاتەکان لە تەمەنم تێ دەپەرێ و
ئەزمونەکانم فیلمێکی تگزازی لە بەرە
شەڕ بە باڵای شەودا دەلوورێنێ
کە چی خەونەکانم پڕن لە ئاشتی
من بەلێنم داوە کە داهاتوو بۆنی گەنم دەدا
من شاژنی دلێری ئەم جێژوانەم
شەیدایی بە ڕووخسارما دەپێورێ و
تا گەیشتن بە ئامانج
کورتە چیروکێ خۆی حەشار داوە.

سنە
ئیلهام موڕادی




با واز لە مێژوو بێنن، دەبێت’ ئەمڕۆتان بنوسنەوە !.. کاوان قادر

بۆ هەر کۆمەڵگەیەکی زیندوو، ڕابردوو شوێنێکە بۆ فێربوون نەک ئەوەی تیایدا بژی ، نەک وەک ئەوەبێت بمانباتەوە بۆدواوە يا لە هەوڵداندا نەبين بۆ ژيان و هەنگاوی نوێگەرخوازیی و پێمان پێ هەڵنەگرێ بۆ بەرەوپێشچونمان جیاوز لە ڕابردوو، ، ئێمە ناتوانین ئەوە بگۆڕین کە دوێنێ ڕوویدا. ته نها ئه مڕۆ ده توانین گۆڕانکاری بکه ین و داهاتویەکی جیاواز بنوسینەوە .
ماوەیەکە کۆمەڵێک هونەرمەند وڕۆشنبیری میللەتەکەم. هەرایەکیان ناوەتەوە لەسەر دانانی پەیکەرەکەی سەدام’ی گۆڕ بەگۆڕ لە ئەمنە سورەکە. من نازانم لێرە دا بەچی ناوی بهێنم و لەڕاستیدا جێگەی سەرسوڕمانە !کە کارێکيان بەڕێ خستوە و وەک بڵێی … لەوەهمێکا ژیاون گوایە دوای ڕوخانی بەعس گۆڕانکاری ڕوویداوە، بەشێک لەوانە ، وا نيشانی ئەدەن و بە پێناسەيەکی هەڵەوگەڕاو لە دێڕەکانی مێژوو تێدەگەن کە وەک ئاسەوارو ڕەمزی شکستی نیزامی ڕابردوو لێ ی دەڕوانن ! کە ئەمە جێگەی گومان و ئەحمەقييە گەروەهابێت ، وەهەنێ لەوانەی تر .. کە گوايا نایانەوێت ئەو یادگارییانە وە بیر خەڵک بێننەوە ، وەک ئەوەی نەهامەتی و بەدبەختی میللەتەکەيان لەگەڵ ڕۆیشتنی ڕژێمی بەعس کۆتایی پێ هاتبێت ، وە نایانەوێت ئەم ( مۆتەکەیە ) لە بەرچاوانبێت ، ئەمەش تا ئەو پەڕی بێهەستی و بێئاگایی دەگەيەنێت ئەگەر ئەم تێڕامانە وەهابێت .
من وەک خۆم لایەنگری لە پاراستنی ئاسەوار دەکەم و بمانەوێت ونەمانەوێت ئەوە بەشێکە لە مێژووی ئێمە تەنانەت ئەگەر بەسەریشماندا فەرز کرابێت، بەڵام، ئەمە لە کاتێکدایە ئەگەر ئەو نیزامە بوبێتە ئاسەوار ، واتە لەگەڵ ڕۆیشتنی ئەو نیزامە سوننەتەکانیشی پێچرابێتەوە و بە تەواوی لەکارخرابێت نەک هێشتا : لەدەسەلاتدا مابێت .
دەبێت خەڵک و مرۆڤی ڕۆشنبيرو ئاسایی لەو تێبگەن کە (بەعس ) و بەعسييەکان “ بوون بە ڕابردوو . بەڵام بەهيچ شێوەیەک ئاسەوار نی یە ، چونکە لێکەوتەکانی بەردەوامەو هەر ئێستا میراتگریەکەی لەدەسەڵاتدایە ، ئەوە دەستەبەر کردنی ژیانێکی باشترە بۆ خەڵکی کەهەر نیزامێکی ڕابردوو بگۆڕێت بۆ ئاسەوار ، بەداخەوە لەم کایە سیاسییەدا تەنها دەم وچاوەکان گۆڕان و سوننەتەکان لەجێی خۆی ماون ،دەنا بەعسییە زادەکان ” هەتائێستاش حوکم دەکەن بەڵام لەفۆرمۆڵەيەکی ترداو بە زمانی خۆماڵی !
جا کارەساتەکە ئالێرەوە دەست پێدەکات و لەوەدایە کە پەیکەرێکی بێ گیان ئەو هەموو هەرایەی نابێتەوە !.. لەلایەکی ترەوە ئەو شانازییەی (دارای حاجی برایمی)ی چەرمەگا، هیچ کەسی ڕانەچڵەکاند کاتێ لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا بەشانازییەوە ئەڵێت : مولازم موحسین برادەری نزیکمە (هههه) ئەمە جێگەی قاقایی دەوێت و دووبار دەڵێت : درۆیە ئەو نەکوژراوە ! وبەردەوام پەیوەندی تەلەفونیمان پێکەوە هەیە ، ئەمە جگە لەوەی ئیهانەیەکی گەورەیە بەو خێزان وکەس وکاری ئازیزەکانیان” بەدەستی ئەم تاوانبارە ئازارێکیان چەشتبێت ، بگرە مایەی شەرمەزاریشە بۆ هەر تاکێکی کورد کە ئەمەی قابيل قبوڵە.
بەداخەوە هەڵوێستێک کە لەهەردوو بەرەکەدا غائیبە !.. ئەوەیە.. کە ئايا ؟ نابینن ؛ کە ئەوەی ئەمڕۆ دەگوزەرێ چاپتەری دووهەمی ئەو نیزامەیە و سیناریۆی بەعسیزم هەربەردەوامە ؟. ئەو مۆتەکەیەی باسی دەکەن هێشتا لە شادەمارەکانی هەموو حزبەکانی دەسەڵات و سێبەرەکانیاندا دێت ودەچێت . کە بونەتە مۆڵگەی پاراستنی ئەبوو (فایلدار) و ئەنفالچی و ئاشبەتاڵچی يەکان .
دەپرسم ئایا ئامانج لەدانانی ئەو پەیکەرە چی یە ؟ ئایا بۆ ئەوەیە لەڕێگەی ئەو پەیکەرەوە هەمیشە ئازارەکانمان بە بیر بێنێتەوە تا خەمۆکی لە ژیانماندا دەرنەچێت ؟ يان دەمانەوێت بیسەلمێنین کە ئەوەی ڕویدا ڕاپەرین بووە و سەرکەوتمان بەدەست هێناوە ؟
مەگەر ٣٣ساڵ بەس نی یە تا لەوە تێبگەین ئەوەی ڕویدا سەرەنجامەکەی ڕاپەڕینی حزبە کوردییەکان بوو بەسەر ئیرادەو توڕەیی خەڵکدا حاشا کردن لەم ڕاستی یە یان گێلێتی یە یان بەشێکە لەم دەسەڵاتە .
پرسیار ئەوەیە : ئایا پێویست دەکات ئەو میللەتە وانەیەک لە پەیکەرەکەی سەدام وەربگرێ لە کاتێکدا دەرەوەی ئەو قەفەسەی کە ناوی ئەمنە سورەکەیە . پڕاوپڕە لە ڕەفتار بەعس و سوننەتەکانی ئەو نیزامە.
ئەگەر بەعس بەتاوانەکانییەوە تاوانبار بێت وئەنفال وکیمیابارانی کردبێت ، مەگەر کێ بوو بە پێشلەشکری پاسدار و بۆ قوڵایی شارەکانی کوردستان و بوونەوهۆکاری کیمیابارانی هەڵەبجە و ئەو تاوانە مێژووە ڕووی دا ، وەک لە دێڕێکی سەروەريانداو بە بێ شەرمانە کە دەڵێن : ( ئاخ بۆ هەڵەبجەیەکی تر ) کە ئەم دێڕە نا مرۆييە بەنرخترین وتەی .. جەلال تاڵەبانی بووە.
ئەوە هەر ئەوان بوون شەڕی براکوژییان کرد ، ئەوان بوون لەسەدا ٨٠ گەنجی ئەم وڵاتەیان دەربەدەرو ئاوارەی وڵاتانی دونیا کرد هەزاران کەس لەو ڕێگەیە کوژران و بوونە خۆراکی ماسی نێو دەریاکان، خەڵکی ئەمانە ببینن هەرگیز بەعس لەیاد ناکەن ، پێویست ناکات بەدانانی بەپەیکەرێک بیرمان بهێننەوە ، هەتا ئەم مافیایانە هەبن بەعس بیرناچێتەوە ، ئەگەر سەدام وبەعس ئاسەوار بێت بە دڵنیاییەوە کۆمەڵگەکەمان بۆتە مۆزەخانە.
ئەو میللەتەی مامۆستایانی ناجار بوو بۆ ماوەی (٥ مانگ)، لەسەر شەقامەکان لەپێناو گەڕانەوەی موچەکانیان مانگرتن بکەن چۆن بەعسیان بیردەچێتەوە ،ئەبو تەحسین ئەو پیاوەی بە نەعلەکانی وێنەکەی سەدامی دەکوتایەوە لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت : پەشیمانم لەوەی کردومە جونکە ئەمانە ڕووی دزێوی سەدامیان سپی کردەوە .
ساڵی ٢٠١٠ ئەم پڕۆژە هونەریەم ناردەوە بۆ کوردستان بەمەبەستی جێبەجێ کردن لە مەدخەلی ئەمنە سورەکەدا، بڕیار بوو .. بەڕێز : کەمالی موهەندیس سەرپەرشتی ئەو کارە بکات ، ئەو کات هێرۆی ئیبراهیم ئەحمەد سەرپەرشتی ئەمنە سورەکەی دەکرد پاش ئەوەی کارە هونەرییەکەی بینی بوو وتبوی : ئەمە لەدەستەکەی سەدام ناچێت ؟ کاک کەمالیش پێکەنی بوو ! وتبوی .. ئەمە کاری هونەرمەندێکە کە خۆی لە ئەمنە سورەکە زیندانی کراوەو لە ڕاپەڕینەکەدا ئازاد کراوە ، پاشان دەستەکەی سەدام شمشێری پێ یە ، ئەم دەستە زنجیرەکان ئەپچڕێنێت ، ئەوکات وتبووی من لە هونەر نازانم !، با بچێت سەردانی (ئاکۆغەریب) بکات، پاش ئەوەی چاوپێکەوتنێکم لەگەڵ ئاکۆ غەریب لێپرسراوی خاک تیڤی و ئەمنە سورەکە . بەداخەوە ڕێگەیان نەدا نچێتە بواری جێبەجێ کردنەوەو وڕەفز کرا لە کاتێکدا پێم ووت کە بە بێ مقابیل دەیکەم ، باوەڕم وایە مێژووی میللەتەکەمان پڕیەتی لە نەبەردی بەداخەوە خاوەندارێتی ناکەین




پەڵەهەورێکی بەهاری و سووکەڵەبەفرێکی زستانە.. هۆمەر نۆریاوی

(مەنووچەر کەیخسرەوپوور لە خەیاڵدانی مندا)

پاش ئەوەی لە نەوەدەکانی هەتاوی(2011)بەملاوە ڕووم لە شاری سنە نا،ئاشنا بە زۆر سیما و کەسایەتی پەرۆش و خەمخۆری نێو ڕووبەری وێژە و ئەدەب بووم.
ڕۆژێک دەگەڵ نووسەر و شاعیری هاوڕێم “ئیرەج عیبادی”(1949)لە تەک مرۆیەکی ڕۆحسووک و وریای نێو ڕووبەری ئەدەب شارەزایەتیم پەیدا کرد. کاک ئیرەج وتی،چیرۆکنووسە و کرماشانییە و زۆر دەمێکە لە شاری سنەدا دەژیت.
بەو ڕۆژانە دەگەڵ کاک ئیرەج پێکەوە بە فارسی قسەیان دەکرد،خۆم دە قسەیان تێهەڵقورتاند و وەبەر لۆمەم دان. عەرزی چیرۆکنووسە خاکەڕاکەم کرد،هاوڕێ گیان،کەڵهوڕی،دیالێکت و زاراووەیەکی دەوڵەمەند و زەنگینی زمانی کوردییە و “ئەڕا وەگەرد یەک وە کوردی قسە نییەکەن”؟
ڕوخساری میهرەبانی پێدەکەنی و شۆقێکی سەیر دایگرت. ڕاست وەبیر چیرۆکنووسی پێشڕەو و مرۆدۆست”ئەلی ئەشرەف دەروێشیان”(2017-1941)کەوتمەوە. ڕەنگە ڕۆژبەرەکەی ئەم ڕووداوە کە ئێستا ئاماژەی پێدەدەم،بۆ پتر 25ساڵ لەمەوپێش بگەڕێتەوە. دەستم دابووە وەرگێڕانی کۆمەڵەچیرۆکێکی ئەم نووسەرە. کاتێک کورتەچیرۆکەکانم بۆ دەخوێندەوە،بە دەستێکی چاویلکەکەی دادەگرت و نەرمە ئەسرینێک بە ڕوومەتە پڕ میهرەکەیدا دەتکایە خوار. دەمبینی چەندە بە کوردییەکەی خەنی دەبوو و بزەیەک دەزایە نێو نیگایەوە.
ئەم ڕووداوە پاش 20ساڵ،جارێکی دی بەڵام ئەم جارەیان لە شاری سنەدا پاتە بووەوە کە ئەویش ئاشنابوون بە مەنووچەر کەیخسرەوپوور بوو. ئیدی لەو دەمەوە ئاشنایەتییەکەمان ڕووی لە هۆبەی نزیکتر نا و پێکەوە بەردەوام لەسەر ئەدەبی دوێنێ و ئەمڕۆی کوردی و گەلێک تۆرەوانی کورد قسە و باسمان دەکرد و بیر و ڕامان دەگۆڕییەوە.
مەنووچەر کەیخسرەوپوور،لە کۆتایی چلەکانی هەتاوی(کۆتایی شەستەکانی زایینی)دەبێتە مامۆستای قوتابخانە. قوتابییەکی ئەمەکناسی نووسەری گەلپەروەری کوردی فارسینووس”ئەلی ئەشرەف دەروێشیان”بوو. ئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان سووکە پێوەندییەکی دەگەڵ نووسەری مرۆدۆست”ئەلی ئەشرەف دەروێشیان”بووبێت،دەزانێت چەندە خاوەنی ویژدانێکی بێدار و ڕۆحێکی یاخی بووە. دەروێشیان،هەرگیز لە بەرانبەر ملهوڕ و ستەمکاردا بێدەنگ نەبووە و لە ڕێی پێنووسەکەیەوە هاواری بڵند دەکردەوە. مەنووچەر کەیخسرەوپووریش سەردەمێک لەم نووسەرەوە نزیک دەبێتەوە کە لە قۆناخێکی هەستیاری ژیاندایە و تازە دەبێتە مامۆستای قوتابخانە و لە بن ڕاوێژ و ڕێنمونییەکانی مرۆی پێشڕەوی وەک دەروێشیان دا دیدەی زێتر بەرەوڕووی جیهانی چوارتەنیشت دەکرێتەوە و دواتر ئەم هەموو وانەیە بۆ ژیان دەکار دەگرێت و درێژە بە ڕێبازە مرۆیییەکەی ئەم جۆرە سیما درەوشاوانە دەدات.
مەنووچەری مامۆستای قوتابخانە،نامەیەک بۆ ئەم نووسەرە پێشەنگ و جوایەزنووسە دەنێرێت و ئەویش وەرامی نامەکەی دەداتەوە و چەند پەڕتووکێکیشی بۆ دەنێرێت. نامەکەی دەروێشیان ئەوەندە کارتێکەری قووڵ لەسەر مەنووچەر کەیخسرەوپوور دادەنێت کە هەم درێژە بە خوێندنی باڵا و خوێندنەوە دەدات و هەمیش هەر بە ڕێبازەکەیدا دەڕوات.
لە بەشێکی نامەکەی مامۆستا ئەلی ئەشرەف دەروێشیان دا هاتووە:” مەنووچەری ئازیز،نامەکەتم وەرگرت. بوویت بە مامۆستای قوتابخانە،ئەرکێکی گەلێک چەتوون و گرانە. بەڕێوەبردنی ئەرکی دیتران(خەڵکانی دی)بەرپرسیاریەتییەکی پڕ گرانە. پەروەردەکردنی مرۆ، ئەرک و کارێکە لە هەموو کەسێک ناوەشێتەوە. ئەگەر ئەرکێکی دیکەت لە ئەستۆ بووایە ئەوە دەکەوتەوە سەر خۆت چلۆن هەڵسوکەوت بکەیت لێ،مامۆستایەتی ئەرچی لەم وڵاتەدا ئەوەندە بایەخی پێنادرێت،ئەرک و کارێکی گرینگ و مایەی شانازییە. مەڵێ ئیدی بوومە مامۆستای قوتابخانە. ئەمە سووکایەتی و بێڕێزیکردنە بە پێگەی ئەرەستوو(322-384ی پێش زایین). هاوڕێی ئازیزم،کاتێک لە پێناو ڕۆشنگەریدا خەبات دەکەیت،گەرەک ئاگات لە شێوەی ئاخاوتن و قسەکردنت بێت. سەرەڕای خوێندنەوەی بەردەوام،پێویستە درێژە بە خوێندنەکەت بدەیت. هیچ پێویست ناکات تەنێ لە بەشی پزیشکیدا وەربگیردرێیت و درێژە بە خوێندن بدەیت. ڕوو لە بەشی ئەدەب و زانستە کۆمەڵایەتییەکان بکە،کۆمەڵناسی بخوێنە،زانستی پەروەردە بخوێنە. فێرە زمانیش ببە.
سەمەد(1968-1939)(مەبەست،سەمەد بێهڕەنگییە کە بە چیرۆکنووس و نووسەرێکی پێشڕەو لە ئەدەب و وێژەی فارسیدا دادەنرێت. وەرگێڕ)جگە لەوەی مامۆستای قوتابخانە بوو،فێرە زمانی ئینگلیزییش بوو بوو و ئەو هەموو کتێب و پەڕتووکەیشی نووسی”.(ژیوار،ل64)
پێویستە ئیشارەتیش بەم خاڵە بدرێت کە مێژووی نامەکەی ئەلی ئەشرەف دەروێشیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1348ی هەتاوی(1969).
مەنووچەر کەیخسرەوپوور ئیدی بە دید و ڕوانگەیەکی تازە و جیاوازەوە دەڕوانێتە پیشە و کاری وانەوتنەوە و تەمەنێک بەوپەڕی پەرۆشییەوە وانە بە قوتابییان دەڵێتەوە. کەچی بەشێکی کات و ساتەکەیشی بۆ ڕۆچوون بە دنیای ئەدەب خاسما خوێندنەوەی چیرۆک و ڕۆمان و دواتر چیرۆکنووسین تەرخان دەکات.
سەردەمێک لە تەورێز دەبێت و درێژە بە خوێندنی باڵای دەدات و ئەزموونی خۆی لەو شارەدا دەوڵەمەندتر دەکات و ئاشنا بە گەلێک کەسایەتی ڕووناکبیر دەبێت. دواتر بە زۆر شار و شارۆچکەی کوردستاندا دەگەڕێت و لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا ئەزموونی ساڵانی خوێندنەوەی خۆی دەخاتە بەردەم.
ئیرەج عیبادی،لە کتێبی”ئەنجوومەنی ئەدەبیی مەولەوی،لقی سنە”دەنووسێت:” کات،کاتی وتار و ئاخاوتنی مەنووچەر کەیخسرەوپوورە،ئارام و هێمن لەسەر مێزەکەی دانیشتووە. نووسەرێکی کرماشانی دانیشتەی سنە. زنجیرە وتارەکانی لە بن سەردێڕی”لێکدانەوەی ئەدەبی چیرۆکنووسی”گەلێک باڵکێشە؛پێشتریش نووسینەکانی لە چەندان گۆڤار و بڵاڤۆکدا چاپ و بڵاو بوونەتەوە. لە گلێرکردنەوەی ئەفسانە و فۆلکلۆر،پەندی بەرینان و بەیت و مەتەڵە کوردییەکاندا دەگەڵ ئەلی ئەشرەف دەروێشیان هاوکاری کردووە”.(ئەنجوومەنی مەولەوی،ل71)
ئیرەج عیبادی هەروەها لەسەر ئەم چیرۆکنووسە دەڵێ:”مەنووچەر لە ڕێی منەوە پێی بە ئەنجوومەن کرایەوە و بوون بە ئەندام”.(سەرچاوەی پێشوو،ل138)
بەرهەمەکانی مەنووچەر کەیخسرەوپوور سەلمێنەری ئەوەن ئەم نووسەرە تا چەندە لەسەر چیرۆک و ڕۆمان قووڵ بووە. لە ڕاستیدا چیرۆکنووسێکی وریا و بلیمەت بوو. مەنووچەر کەسخسرەوپوور چونکە خوێنەرێکی وریا و وشیاری شیعریش بوو،لەم بوارەیشدا توانای خۆی تاقی کردووەتەوە و خاوەنی زۆر شیعری ناسک و پاراویشە. ڕەنگە شیعری مەنووچەر وەک چیرۆکەکانی قووڵ نەبن بەڵام زمانە شیعرییەکەی سادە و ساکار و پڕ واتایە. تۆ بنۆڕە چەندە ساکار لێ قووڵ چاو لەم چەند چەمکە(ژیان،مردن،ئەڤین،دابڕان،یاد)دەکات:
ناچاریت هەر دەبێ بژیت..
چەمەڕای مردن بمێنیت،
ئەڤین هەر تاقە جارێکە،
دابڕان پڕپڕ ئەستەمە،
یادت،پاتە دەبێتەوە و
ناوی تۆش،.(…..)..!؟..
مەنووچەر،تا دەهات پتر شەیدای ئەدەبی کوردی دەبوو و لە کۆڕ و دانیشتنەکاندا بە پێی توانا بە کەڵهوڕی قسەی دەکرد و هەر جارە و گۆشەیەک لە زانستە بەرفرەوانەکەی بۆ ئامادەبوو و بەشدارانی کۆڕەکان دەخستە ڕوو.
ڕاستیت گەرەکە ئەو سەردەمەی مەنووچەر دەست بە نووسین دەکات،زمانی کوردی دەرفەتی وەک ئێستای لەبەردەم نەبووە کە ئەوەند گشتگر بووبێت؛هەر بۆیە وەک سەدان نووسەری کوردی دی، بە فارسی دەنووسێت و بەری هزر و ئەندێشەی دەخاتە نێو چوارچێوەی ڕووپەڕی گۆڤار و ڕۆژنامان.
ڕۆچوونی من بە دنیا گچکە و پڕمیهرەکەی ئەم نووسەرەدا سەلمێنەری ئەم ڕاستییەیە مەنووچەر، دەورێکی کارا لە ئەنجوومەن و بنکە ئەدەبییەکانی شاری سنەدا هەر وەک ئەنجوومەنی مەولەوی،بێسارانی،ئاوێنەی کوردستان،لووتکە و هتددا دەبینێت. گەلێک کورتە چیرۆک و نووسینی لە گۆڤار و بڵاڤۆکەکانی سنەدا هەروەک ئاسۆ،تاڤگە،(دیار کهن)،ژیوار،لووتکە و…چاپ و بڵاو بوونەتەوە.
شاعیر و تۆرەوان،”غەریب کوردستانی”(1967)کوڵی دڵەکەی بۆ دواکۆچەکەی ئەم نووسەرە بەم چەشنە دەردەبڕێت :
کزەی وەفر لویل وە ڕێی ڕاخەوە
دەنگ دووس ناتێ وە ئێڵاخەوە
چەوم کەفتە زێد کوێنە هەواران
زێد هەر ئەو زێدە و نەمەنیە یاران
مەنووچەر کەیخسرەوپوور بەشێکی فرەی تەمەن و ژیانی لە شاری سنە و خوێندنگەکانیدا تێدەپەڕێنێت،بە واتایەکی دی،لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران ڕوو لەم شارە دەکات و تا دوادەمی ژینیش هەر لە سنەدا دەمێنێتەوە و هەر سنەیش دەبێتە دواهەواری؛هەر بۆیە لەم سۆنگەوە کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی و بگرە دەزگای پەروەردە و بارهێنانی ئەم شارە گەلێک قەرزباری ئەم مرۆ ڕۆحسووکەیە. بە سەدان کوڕ و کەنیشکی ئەم شارە لە ڕێی وانەکانی مەنووچەر کەیخسرەوپوورەوە هەر لە خوێندنگەوە تا بنکە و ناوەندە ئەدەبیی و چاندییەکان گەشەیان کردووە و دواتر بۆ خۆ بوونەتە مامۆستا،نووسەر،تۆرەوان،ئەندازیار و پزیشک. مەنووچەر،نموونەی هەرە باڵای مامۆستایەکی ڕاستینەی قوتابخانە بوو. وەک مامۆستا “شەریف حوسێن پەناهی”(1954)دەڵێ:
دەنگی بەرزی دەرسی جوان
ئەڕوا بەرەو ئاسمان
(ملوانکەی شین،ل25)
ئەم خەسڵەت و تایبەتمەندییە بە جوانترین شێواز لە لای ئەم مەنووچەری مامۆستای خوێندنگە خۆی دەردەخست.
شیاوی ئاماژەپێدانە چیرۆکنووس و شاعیر”مەنووچەر کەیخسرەوپوور”ساڵی 1326ی هەتاوی(1947)لە شاری شائاباد(ئیسلامئاوای ئێستا)سەر بە ستان و پارێزگەی کرماشان،لەدایک دەبێت. لە تەورێزدا بڕوانامەی بکالۆریوسی زەویناسی وەردەگرێت و دواتر لە خوێندنگەکانی شاری سنەدا دەبێتە مامۆستای قوتابخانە و لەم بوارەدا درێژە بە ڕاژە و خزمەتەکەی بە قوتابییانی کورد دەدات.
تا ئێستا سێ بەرهەم لەم نووسەرە چاپ و بڵاو بووەتەوە کە بریتین لە:نهێنی ئەو چیرۆکە کۆنە،نووسراوە پەرش و بڵاوەکانم و گێتی لە زمان منەوە.
سەد مخابن ڕۆژی سێشەممە،8ی ڕەشەممەی2723(27ی فێبریوەری 2024) دڵە میهرەبانەکەی ئەم چیرۆکنووسە لە شاری سنە لە لێدان کەوت و لە گۆڕستانی بەهەشت محەممەدیی ئەم شارەدا بۆ هەمیشە لە خاکی نیشتماندا ئارامی گرت.
پەڵەهەورێکی باراناوی
لە هەورێکی باراناویی بەهار دەچوو،
نەرمێ دەهات،دادەباری و
وەکوو بزەش،
تەنێ سێبەرێکی نەخشین،
لە خەیاڵدان دا جێ دەما.
کە دەپەیڤی،
خودی خۆی زەردەخەنە بوو،
شیرین شیرین،
لەسەر دڵان ڕۆ دەنیشت و
بۆ هەمیشەش
لە ئەلبۆمی یادگاردا
نەخشی دەبەست.
ئەم ڕێبوارە چاوبەفرینە،
لە ڕەشەممەی چاوکاڵەوە،
چاوی هەر چاوەنۆڕی بەهار و
نەرمە بارانێ وەک خۆی بوو،
کەچی دڵە نەرمۆڵەکەی دەیگوت:
“مەنوو”گیان،بەسیەتی لێدان،
ئارام بگرە و بۆ هەمیشە
بگرە وچان.

سنە
9ی ڕەشەممەی 2723

ژێدەر:
1 – گۆڤاری ژیوار،ژمارە 3،ساڵی حەوتەم،بەفرانباری 1394ی هەتاوی،نامە مێژوویییەکەی ئەلی ئەشرەف دەروێشیان بۆ بەرزڕاگرتنی پێگەی مامۆستا
2- ئەنجوومەنی ئەدەبیی مەولەوی،لقی سنە،ئیرەج عیبادی،پەخشکاری تەوەکولی،تاران،چاپی یەکەم،1400ی هەتاوی
3 – ڕووپەڕی غەریب کوردستانی لە تۆڕە جڤاکییەکاندا
4 – ملوانکەی شین،شەریف،چاپی پێنجەم،چاپخانەی پەیام،مەهاباد،1979(1358ی هەتاوی)




نوستالژیا/ فیلمی ھیندیی..5.. ستیڤان شەمزینی

بەشی پێنحەم

فیلمی ھیندیی
لە دەیەی ھەشتاکانی سەدەی رابردوو، سەیرکردنی فیلمی ھیندیی لەلای ھەموو خەڵکی باشووری کوردستان ببووە نەریت. ھەموو کەس دەیزانی شەوانی سێشەممە لە تەلەفزیۆنی کوردیی کەرکوک لە دوای دەنگوباسی کاتژمێر “١٠”، دوا بابەتی شەو فیلمێکی ھیندییە. دوا بەدوای ئەوەش بەرنامەکانی تیڤی کۆتایی دەھات و خشەخشەکە دەستی پێدەکرد. ئێمە ئەوسا منداڵ بووین، ھەموو ھیوامان ئەوە بوو شەو خەومان لێ نەکەوێت، یان ماڵەوە ناچارمان نەکەن بە سەعیکردن، بۆ ئەوەی بتوانین پڕ بە دڵ تەماشای ئەو فیلمە ھیندییە ساکارانە بکەین، کە لەلای ئێمە زۆر قووڵ و کاریگەر بوون. ئێمە منداڵ بووین، واماندەزانی ھیندستان خۆشترین وڵاتی سەرزەمینە، وەھا تێدەگەیشتین ھەموو خەڵکی ئەو وڵاتە ھەر سەرقاڵی فیلم و گۆرانی گووتنن. بیرمان دەکردەوە رەنگە ھیندستان ھێندە دوور بێت، ھەرگیز نەتوانین بیگەینێ، نەک وەک ئێستا کە ھەندێک کەس بۆ چارەسەری ھەڵامەتیش سەردانی ھیندستان دەکەن. بیرم دێتەوە جارێکیان “رێبوار”ی برام، لە ماڵەوە تووڕەبوو، پڕ جانتایەک جل و پێداویستی خۆی ھەڵگرت، وتی دەڕۆم بۆ ھیندستان و قەت نامبیننەوە، مەگەر لە تەلەفزیۆندا بمبیننەوە. ئاخر ئەو برایەم ھیوایەتی پلە یەکی فیلمی ھیندیی بوو، ناوی ھەموو ئەکتەر و فیلمەکانی وەک ئاو و دۆ لەبەربوو، ئەوەندەی گۆرانی ھیندیی لەبەربوو، بە قەدەر ئەوە وانەکانی قوتابخانەی لەبەر بکردایە ئێستا دوو سێ دکتۆرای ھەبوو.
من یەکێک بووم لە تەماشاکارە ھەرە سەرسەختەکانی فیلمی ھیندیی، بڕوا ناکەم شەوبژێرم لە بینینی ھیچ فیلمێک کردبێت لە ھەشتاکاندا. ئەو شەوەی بڕیاربوو فیلمی ھیندیی بکات، سەر لە ئێوارەکەی زۆر باش بۆی دەخەوتم. بە خوشکە گەورەکەمم دەوت ٢٠ خولەک پێش فیلمەکە لە خەو ھەڵمبستێنە. ئەویش ھەروای دەکرد. کاتێک لە خەو ھەڵدەستام، دەمبینی دیسان چا لێنراوەتەوە، نان و ماست، یان گوێز و ھەنگوین، زۆر جاریش ھێلکە و رۆن ئامادە کرابووەوە، چونکە ئەوە ببووە ژەمی چوارەم. لەگەڵ سەیری فیلمەکە نانیشمان دەخوارد، پاشان چەرەس، ئەمەش وای لێدەکردیت گەدەت پڕ بێت و بە ئاسانی خەوت لێنەکەوێت، بۆیە تا کۆتایی بەدیار تەماشاکردنی فیلمەکانەوە دەماینەوە. تێکڕای گەنجان خولیای لاساییکردنەوەی ئەکتەرە ھیندەکانیان ھەبوو، بەڵام بارودۆخی کۆمەڵایەتی رێگربوو لەوەی بتوانن لە شێوەی خۆگۆڕین لاساییان بکەنەوە. “رێبوار”ی برام وەک وتم زۆر سەرسام بوو، بە ئەکتەرە ھیندەکان. ئێوارەیەک بە قاتێک چاکەت و پانتۆڵی سپی و قۆنەرەیەکی رەشی لەمەعەوە، عەینەکێکی رەشی گەورەشی لە چاودا بوو، خۆی کردەوە بە ماڵدا، بێ ھیچ قسەیەک رووی کردە داپیرەم و گووتی لە “ئەمیتاب” دەچم؟، خوشکێکم زۆر لێی تووڕە بوو وتی، نەخێر جەنابت لە شێرە دەچیت، سەروپۆتەڵاکت ھەروەک ئەوە. ئاخر شێرە “ئەمریش پوری”ی داماو لە ھەموو فیلمێکدا رۆڵی ستەمکار و مافیا و جەلادی دەبینی، لە کۆتایی ھەموو فیلمەکانیشدا دەکوژرا. ئەو شێرە داماوە زیاتر لە ھەزار جار بە دەستی میسۆن و ئەمیتاب کوژراوە، وەک پشیلەی حەوت رۆح وابوو، ھەر دەکوژرا و لە فیلمێکی نوێتردا زیندوو دەبووەوە.
ئەو ئەکتەرانەی لای من زۆر خۆشەویست بوون، بریتیبوون لە “ئەمیتاب، میسۆن، شاشی کاپور، دار مەندرا”، ئەو فیلمانەشی ھەمیشە پێیان سەرسام بووم، بریتیبوون لە فیلمەکانی “شوعلە، سەنگام، لوھا، دیکسۆ دانسا، شاھنشا، گرفتار، مەرد، تۆفان”. زۆرتر ئەو فیلمانە رەواجیان ھەبوو ئەمیتاب و میسۆن و ماڵباتی کاپور رۆڵیان تێدا دەبینی. ئەو ئەکتەرانە ھێندە خۆشەویست بوون، وێنەکانیان لە زۆرێک لە ماڵەکاندا ھەبوون، یان دەنران بە بەرگی دەفتەرەکانەوە. لە بەرامبەر قوتابخانەی خوشکە بچووکەکەم “بەرانان”، دوکانێک ھەبوو بە ناوی دوکانی “بۆتان” ئەم دوکانە تەنیا وێنەی ئەکتەرە ھیندەکانی دەفرۆشت، تەنانەت خاوەنەکەشی “بۆتان” یەکێک بوو لە سەرسامەکان بە فیلمی ھیندیی. دەیان جار رۆژانەکەی خۆم کە بۆ قوتابخانە وەرم دەگرت، دەمدا بە وێنەی ئەکتەرە ھیندەکان لە ژن و پیاو. وا بزانم جارێک وێنەکانم ژمارد زیاتر لە ٦٠ وێنە بوو، کە ھەر یەکێکیان ھێندەی لاپەڕەیەکی ئەی فۆڕ قەبارەیان گەورە بوو.
وەک وتم تەلەفزیۆنی کەرکوک لە ھەفتەیەکدا تەنیا یەک شەو، فیلمی ھیندیی پەخش دەکرد، بەڵام بڕوا ناکەم من شەوبژێرم لێکردبێت. ھەندێک جار بە رۆژ ھێندەی ھیلاک دەبووم بەھۆی فوتبۆڵ و قوتابخانە و سەعیکردنەوە، بە دیار سەیرکردنی فیلمەکەوە خەوم لێدەکەوت، بەڵام ھێندە فیلمەکانم خۆشدەویست و تامەزرۆیان بووم، ئەو بەشەی فیلمەکە کە من نەمبینیبوو بە خەون تەواوم دەکرد، رووداوەکان لە خەونەکانمدا بە ریتمی ئەو بەشە دەڕۆیشتن بەواقیعی بینیبووم. جاریش ھەبووە، خۆم چوومەتە ناو رووداوەکانی فیلمەکەوە، لە خەونمدا ھەستم بەوپەڕی شادیی دەکرد، بوومەتە ئەکتەر و لە پەنا ئەمیتاب و میسۆن بەشداریی فیلم دەکەم. ھەر کە سبەینێ لە خەو رادەبورام، زۆر خەفەتم دەخوارد، خوشکەکانم ناچار دەکرد، رووداوەکانی فیلمەکەم بۆ بگێڕننەوە، چونکە لە قوتابخانە باس ھەر باسی فیلمەکەی شەو بوو، نەدەکرا بڵێم نەمبینیوە، بە تایبەت “شەڕی ئەخیر” چونکە ئەوسا زاراوەی “شەڕی ئەخیر” لە ھەموو زاراوەیەکی تر زیاتر دەھاتە سەر زاران.
ئەوە نەبوو، بە بینینی یەک فیلمی ھیندیی لە ھەفتەیەکدا، تینووێتیمان لەو فیلمانە بشکێت. ئێمە لە ماڵەوە ڤیدیۆمان ھەبوو، دەچووین کاسێتی فیلمەکانمان دەھێنا و لێماندەدایەوە، بۆ ئەوانەشی لە رووی تەمەنەوە لە ئێمە گەورەتربوون دەچوونە سینەما بۆ بینینی فیلمە ھیندییەکان. ھەندێکجاریش بۆ فیلمەکانی “ترنتی”. ئێمە یەکێک بووین لە ماڵە شانسدارەکان بەوەی لە ماڵەوە ڤیدیۆمان ھەبوو، چونکە ئەو ئامێرە لە کەم ماڵدا ھەبوو، بۆیە ھەر کاتێک کاسێتێکمان بھێنابایەتەوە بۆ ماڵەوە، ماڵەکەمان جمەی دەھات لە گەنج و پیر بۆ بینینی فیلمە ھیندییەکان. چونکە ئەوسا خەڵک ھەموو بێزارببوون لە وتارە دوور و درێژ و بێزارەکەرەکانی سەدام کە ھەمووی قەوانێکی دووبارە بوو، ئەوەی کەمێک ئاسوودەیی دەدا بە خەڵک فیلمی ھیندیی و بڕگە کۆمیدییەکانی “دی دی” و “ماوەی بیانی” بوو.
ئەوێ رۆژێ ھێندە عاشقی فیلمی ھیندیی بووین، ھیچ دەرفەتێکمان بۆ بینینی فیلمە ھیندییەکان بەفیڕۆ نەدا. لە ھەشتاکان لە رۆژانی جەژندا لە ھەر گەڕەکێدا، یەک دوو ڤیدیۆخانە دەکەوتنە کار، ئەم ڤیدیۆخانانە ھەر یەک سەعات جارێک، فیلمێکیان پەخش دەکرد، بۆ نموونە فیلمی ھیندیی و فیلمەکانی بروسلی و جاکیشان. ھەر کاتێک دەگەیشتە سەر گرتەیەکی پۆرۆنۆ یان ئیغرا، بە پەلەپەل کاکی ڤیدیۆچی، گرتەکەی پێشدەخست. ئێمەش وەک منداڵە چەقاوەسووەکان ھاوارمان دەکرد “پەڕانی، پەڕانی”. جگە لەوەش کەم فیلم ھەبوو بە یەک کاتژمێر تەواو بێت، بۆیە ناچاربوون زۆرێک لە گرتەکان پێشبخەن، ئێمەش بەلامانەوە ئاسایی بوو، ھەر حەزمان لە کوشتنی “شێرە و جەبار” بوو. لە فیلمەکانی “بروسیلی”شدا، تەنیا چێژمان لە شەڕەدەستەکان دەبینی و شادومان دەبووین بە کوشتنی “حەکیمە درێژ”. جا ئەو حەکیمە ھەر خۆی ناوی حەکیم بوو یان ئێمە ئەو ناوەمان لێنابوو، ئەوەیان نازانم. ئێوارەیەک میوانمان ھەبوو، خزمەکانمان لە بەغدادەوە ھاتبوون. بڕیارماندا دوو کاسێتی فیلمی ھیندیی بھێنینەوە تاکو وەک شەوچەرە، میوان و خزمەکانی پێ دڵخۆش بکەین. چووینە یەکێک لە دوکانەکانی بەکرێدانی کاسێتی ڤیدیۆ، داوای دوو فیلمی ھیندیمان کرد، ئەویش دوو کاسێتی دا بە ئێمە و گووتی ئەوە ئەو دوو فیلمەیە کە داواتان کردووە. ئێمەش بردمانەوە بۆ ماڵەوە، ھەموو دڵخۆش بوون و پەلەپەلی دونیایان لێکردین. ئەوەبوو فیلمی یەکەممان خستە سەر ڤیدیۆکە، ھەر نەیخوێندەوە. ناچار کاسێتی دووەممان خستە سەری، ئەویش یەکێک بوو لە فیلمە ئیباحییەکانی ئەکتەری تورک “بانو ئەلکان”, بەمەش “رێبوار”ی برام زۆر تەریق بووەوە. بە تایبەت میوانەکانمان خەڵکی بەتەمەنیان تێدابوو.
براکەم تووڕە بوو، وتی مادام ئەو دوکاندارە بە منی رابواردووە، دەبێت پێی رابوێرمەوە. بۆیە بۆ رۆژی دوایی چووبووەوە بۆ لای دوکاندارەکە و پێی وتبوو، دەستخۆش فیلمەکانی ئەمشەوم زۆر بەدڵ بوو، بەڵام پێویستم بە فیلمێکی ھیندییە، گۆرانی و بارانبارینی تێدا نەبێت. کابرای دووکاندار دوو کاتژمێر گەڕابوو بە دوای فیلمێکی وەھادا بەڵام دەستی نەکەوتبوو. دوای ئەوە براکەم وتبووی تۆ دوێنێ بە منت رابوارد، منیش ئەمڕۆ پێم رابواردیتەوە، ئاخر ھەی مەغۆل فیلمی ھیندیت بینیوە باران و گۆرانی تێدا نەبێت؟. بەمەش کابرا دەمی ببوو بە تەڵەی تەقیو و ھیچی پێنەکرا. بەھەرحاڵ ئەمە حاڵی ئێمە بوو لە دەیەی ھەشتاکاندا، کاتێک دەیەی نەوەدەکان ھات، راپەڕین و ئازادیی کوردستان، بووە سەرەتایەکی نوێ و ھەموو ئەو شتانەی پێشووی لەگەڵ خۆیدا راپێچا. من لەوساوە تائێستا سەیری فیلمی ھیندیم نەکردووە، بەڵام لەم رۆژانەدا لە ماڵی ناسیاوێک بووم، بە ھەمان شەوق و تامەزرۆیی ھەشتاکانەوە، سەیری کەناڵی “زی ئەفلام”ی دەکرد کە چەناڵێکی عەرەبی- ھیندییە و رۆژانە چەندان فیلمی بۆلیۆد پەخش دەکات. منیش کەمێک لە خۆم رامام، ھەموو ئەو یادەوەرییانە بە خێرایی گەڕانەوە ناو مێشکم کە لێرەدا یادداشتم کردوون.

سەرنج: کۆی ئەم نوستالیژیانە لە بەھار و ھاوینی ساڵی ٢٠١٢دا نووسراون.

تێبینی: ئەم بەشەی نوستالیژیا له بەرگی سێیەمی کتێبی (قوتووی عەتار) لە لاپەڕە 524-528بەشێوەی کتێبی کاغەز بڵاوکراوەتەوە.




3 شیعری ( عه‌بدلوه‌هاب به‌یاتی).. و : نه‌ژاد عزیز سورمێ

• ڕۆژژمێری عاشقه‌ هه‌ژاره‌كان

(1)
جیهان
بە گەف و شیعر و
شۆڕش و كۆچ و مەرگ
زەوت دەكەین .
بە شەكەتی
لە شۆستەی مێژوودا دەكەوین
لە كانگەی خەڵوز و
بنمیچی سەهۆڵدا
سیس دەبین ..
بە پێوە دەمرین .
لە غەریبیماندا دەمرین
لێ‌ لە نوێوە
لە منداڵدانی شەو و
باڵای چیاكانی زەوی
لە دایك دەبینەوە .

تاجی ئەشكەنجەی ڕەتـكردنەوەمان
لەسەر ناوە و
گۆچانی خۆرمان هەڵگرتووە ..
سپێدە
بە شەوی درێـژی جیهان
زەوت دەكەین
بە مردوویەتی
دەریا
بۆ شارەكانی ئایندەی دوور
تەی دەكەین ..
ئاڵای یاخی بوونی
تیا هەڵدەكەین
بە زیندوویی
لە بەندیخانەكانیدا دەمرین
شكۆیەك بۆ مێژوو دروست دەكەین .

(2)
زامەكانمان لە هاوار كەوتن
بوو بە شارێك و ڕووبارێك
لە سەفەری مەرگدا
بەدوای كەنارێكدا دەگەڕێ ..
بەردێكی ڕەش ،
لە مەملەكەتی وێرانەدا
باران دەیشواتەوە و
ئومێدێك
لە لێواری بێهیوایی
ئادەمزادە دوابڕاوەكان
پەنای گرتووە و
قەرەجـێك
بەسەر ئەسپی خەمبارییەوە
بەدوای نوور
بە دوای عایشە
لە شارەكانی ئایندەی دووردا
زەمین دەپێوێ ‌ ..
لە غوربەتیدا دەمرێ‌
لێ جارێكی دی
مناڵێكی بێ‌ ئەسپ
لە دایك دەبێتەوە ،
زراو ڕژاو
لە شەو و ڕۆژ و
لە یەك بەدوای یەك هاتنی
ڕۆژگار و وەرزان
دەستی بۆ بەژنی چیای زەوی
درێژ دەكا و
ڕووتیی خەوتوویشی
لە خێوەتی ئاگری ڕۆژهەڵات و
زەردەپەڕی كوژاوە
بەسەر لووتكەی چیاو باناندا و
دەنگی گڕ بووی
سنگی كەشتیی
كەشتییەوانە مردووەكان و
گیای ئەشكەوتەكانی نوور و
دوورگەكانی یاقووت دەدەفێ‌ ..

(3)
ماهی گریان ، بۆ بولبولێك
بۆ وەختێ‌
هەڵدێ‌ و ڕادەكا و
نەخشەی تاوان
لە بەرد ئاگر
لە دەفتەرە شینەكانی مناڵیدا
دەكێشێ‌ ،
بۆ هیوای لە گۆڕنراو
بۆ شۆڕشی ڕووباران
لە نامۆییاندا و
تەنیایی پردان
بە مردوویی
دەریا تەی دەكەین ..
لە بەندەرێكەوە بۆ بەندەرێكی دی
دەنەڕێنین
كەشتییان دەسووتێنین
هەرچی بووە و دەبێ‌ : نەبووە !
(4)
گوڵی سوور
لە باخچەی زستاندا
چی بە بولبول دەڵێ‌ ؟
(5)
لە خەوندا
باوەشی پێداكردم ،
جەستەی تـادارمی
بە گوڵ داپۆشی
گوڵەكانی ماچ كردن ..
هەستم كرد
خاك سیمای بە نوور داپۆشیوە و
بڤە ڕوویدا ..
دەستی بەرەو باخچەی من هات و
گوڵەكان
لە ئاگریدا سووتان و
باڵداری
لە خەو بیێداركردنه‌وه‌ و
نمەی بارانی سوور و
بوومەلەرزە و برووسكە .
(6)
ئاگرپەرستانی ئەم چاخە
لە غوربەتییاندا دەگرین
ئەستێرە دەرنەكەوت
لێ‌ دز و نەجیبزادە و
شاعیرانی
خەونی بەكرێدراو دەركەوتن ..
شمشێریان
لە تەرمی منداڵان و
هەژارانی
شارە برسییەكاندا چەقاند
شایەدنامەی مردووان و
كتێبە پیرۆزەكانییان هەڵگێڕایەوە ..

(7)
نوور لە كوێوە دێ‌ ؟
كە ئێمە
لە هەموو سەردەمێكدا
بەرداش بووین
لە ڕیزبەستندا
كۆت و پەیوەند
بە كۆت پەیوەند دەگۆڕینەوە ..
زۆردار بە زۆردارمان دەفرۆشێ ‌ ..
پاشا بە پاشا ..
بەڵام ئێمە
خۆڕاگر دەمێنینەوە
بە پێوە دەمرین ..
بە پێوە دەریا تەی دەكەین ،
بۆ شارەكانی دووری ئایندە
جیهان
بە مەرگ و شۆڕش و كۆچ
زەوت دەكەین ..
لە غوربەتماندا دەمرین ..
به‌ڵام
لە نوێوە لە دایك دەبینەوە ..
لە نوێوە دڵداری دەكەین ..
لە نوێوە ڕەت دەكەینەوە ..
لە نوێوە
شۆڕش بەرپا دەكەینەوە و
لە نوێوە دەكەوینە تەڵەی
پاشا و زۆرداران .
لە مەیدانی شەڕی خەڵكی تر
سەردەبڕدرێین
گوللە بە دژمن و برا وەدەنێین
زامەكانمان
بەسەر هه‌نییه‌مانه‌وه‌ هەڵدەگرین
مردووەكان ، بێ‌ مێژوو بێ‌ ناو
دەنێژین ..
بە زیندوویی لە گۆڕەكانییان
نیشتەجێ‌ دەبین .
كاروانی مەزن
لە مەرگەوە بۆ لە دایك بوون
دەست پێ دەكەینەوە
لە هەموو چاخەكانی
هێز و ڕوناهییەوە
هەڵواسراو بە داوی
هیوای ڕەش ،
لە چاوەڕوانی ئاگر و تۆفاندا
دەمێنینەوە .

(8)
هەژارانی جیهانی تاڵانكراو
یەكگرن !
هەژارانی جیهانی تاڵانكراو !

• مانگی شیرازێ

دڵم زامار ئه‌كه‌م ،
شیعرەكانم
بە خوێنی دەدێرم ..
گەوهەرێك
لەبن ڕووباری مرۆڤایەتیدا
شەوق ئەداتەوە ..
پەپوولەی سوور هەڵدەفڕن
لە شیعرەكانمدا ژنێك لە دایك دەبێ‌
مانگێكی شیرازی
لە گوڵەگەنمێكی زێڕینی بادراو هەڵگرتووە ..
هەنگوێنی دارستانانی
لە چاودا دەگەشێتەوە
خەمی ئاگری ئەبەدییەت
باڵی
بۆ لە شەودا دەڕوێنن و
دەفڕێ
خۆرێك لە خەو هەستێنێ‌
لە تنۆكە ئارەقی درەوشاوەی سەر
هه‌نییه‌ی عاشقدا نووستوە .
لە خەمی ڕەنگاندا
كە لە نێو تابلۆیاندا شێردراونەتەوە :
ژنێك مانگێكی شیرازی هەڵگرتووە
لە شەودا دەفڕێ‌ ..
گەمارۆی خەوم دەدا ،
دڵم بریندار دەكا ،
شیعرم
بە خوێنی دەدێرێ ..

شاران
لە بنی ئەو ڕووبارەدا دەبینم نقووم بوون
لە چاوەكانیدا سەرچاوەی گرتووە ..
جادوویەكی هەنگوێنی
هەر كێ‌ نزیك دەبێتەوە
چاوی تێدەبڕێ‌
یا پێچەوانەی تەوژم مەلە دەكا
دەیكوژێ‌ ..
هەموو ژنانی دونیا
لە ژنێكدا دەبینم
لە شیعرەكانم لە دایك دەبێ‌ ،
خاوەندارییەتی دەكەم
تێیدا دەحەوێمەوە ،
بەرەو ڕووی شەودا دەقیژێنم
بەڵام باڵم
بەسەر ڕەنگی شاراوەی ناو تابلۆیان
تێكدەشكێن .

(2)
شێت
بە ڕووباری
لە چاویدا هەڵقوڵاو
بە هەنگوێنی ئاگرینی گەشاوەی
ناو ڕووباری ئاگر
پێچەوانەی تەوژم
مەلە دەكەم .
(3)
مێژووی ڕووباران دەنووسمەوە
لە مەلی خۆشەویستی و
ڕووباری زێڕینی درەختان
دەست پێ دەكەم .
(4)
عاشقان
بە خوێنی من خۆیان دەشۆن و
غەریبانیش بە شیعرەكانم
لە مەنفادا
شیراز بنیات دەنێن .

(5)
خاوەندارییەتی دەكەم و
تێیدا دەحەوێمەوە
لە پەڕەمووچیدا
وێنەی یۆتۆبیایان دەكێشم
شاعیری تێدان .
(6)
بە ڕووباری لە چاوەكانیدا هەڵقوڵاو
شێت ..
بە لێشاوی سەركێش و لافاو
بە بڵێسەی دڕندەی برسی
مەلە دەكەم
بێ‌ ئەوەی بگەمە كەنار
بە سەرخۆشی نقووم دەبم .
(7)
باڵم لێك دەكەمەوە و
لە نیوەشەودا بۆی دەفڕم
دەیبینم
نووستوە
خەون بە مانگی سەوزی شیرازییەوە
دەبینێ‌

بەسەر دەروازە بەردینییەكاندا دەگری ،
بە لق و چڵی باخچەكەیدا شۆڕ دەبێتەوە
تەنیا تێیدا دەمێنێتەوە ..
ژیانم نەدەبوو
خاك
بە ئامادەیی و نائامادەیی
تێیدا بوو
پڕ لە كۆچ و بە تەنێیی و
تارمایی مردووان ..

ئەی گۆزەی
ڕوومەت بە توتڕك سوور و
گوڵی شاخاوی سپی
لەو سەفەرەدا
ببە بە توێشەبەرەی من !
لەم سەفەرەدا
ببە بە دوایین مەنفای نیشتمانم
تێیدا بحەوێمەوە و بمرم .
(8)
بە خۆشەویستی بڵێ‌ (ئا)
یان بڵی ( نا ) .
(9)
بڵێ‌ ( بڕۆ !)
یەكسەر دەڕۆم ..
بڵێ‌ ( حەزم لێتە )
یان بڵێ‌ ( حەزت لێ‌ ناكەم )
(10)
چاوەكانت
دوو چراوگی زێڕینن .
دەستت
دوو چارۆگە .
(11)
كارەساتێك
لەژێر ڕووپۆشی وشەدا
دەشارمەوە ..
بە برینەكەم دەڵێم ،
( سارێژ مەبە!)
بە خەمم دەڵێم ،
( سارد مەبەوە !)
بە عاشقان دەڵێم
( خۆتان بە خوێنی من بشۆن !)

(12)
ئاگر ئاگر هەڵدەلووشێ‌ و
خەمی عاشقە كۆچەرییەكانیش
لە سارای خۆشەویستیدا
دەشارێتەوە ..
شیراز دەمێنێتەوە
ئێمەش دەمێنینەوە
لە شەودا سەفەری بۆ دەكەین
سووتاو بە ئاگری خەمی ئەبەدی ..
لە سپێدەدا
باڵمان لێ‌ دەڕوێن
دەفڕین
بەڵام پێش ئەوەی
كاروانی بگاتێ‌
دەیكەین بە هی خۆمان
لێی دادەنیشین و دەگەڕێینەوە .

(13)
لە سەرچاوەكانی نووردا
بە كوژراویمان دۆزیه‌وه‌
دەمم
بە توتڕكی سوور و گوڵی سپی شاخاوی بوو
باڵەكانیشم
لە نووردا ڕوا بوون .

• بۆ ئیرنێست هه‌مه‌نگوای

(1)
لە ئیسپانیادا
مەرگ لە مەدریدە و
خوێن لە خوێنهێنەر
گوڵاڵەی زەرد و شەختە
لەژێر پێتدا ..
جەژنەكانی ئیسپانیا
بێ‌ كەژاوەن ..
خەمەكانی ئیسپانیا
بێ‌ سنوور ..
ئەو زەنگانە بۆ كێ‌ لێ‌ دەدرێن ؟

لۆركا بێدەنگە و
خوێن لە ئینجانەی گوڵاندایە
شەوی غەرناتەیش
لەژێر شەپقەی
پاسەوانی شێر و ئاسندایه‌ ..
دەمرێ‌ و
منداڵانیش لە بێشكەدا
دەگرین ..
لۆركا بێدەنگە
تۆیش لە مەدریدی

چەكت ئازار و
وشە و ئەو بوركانانەیە
ئاگراو هەڵدەڕێژن ..
زەنگەكان بۆ كێ‌ لێ‌ دەدرێن ؟

تۆ بێدەنگی و
خوێن
جێخەو و
دارستان و
لووتكە
بۆیە دەكا .

(2)
لێواری مەرگ
ئاگر لە دووكەڵدا و
مەی لە كووپە و
گوڵ لە بێستان و
وشە و
پاساری و
دەردی خۆشەویستی و ڕۆژگار ..
بێدەنگی دەریایان
كەشتییەوانی نیگەران كردوون ..

هەبوو .. نەبوو
ململانێیەكی خوێناوی بەهێز
لە نێوان مرۆڤ و تاریكاییدا هەبوو

ئەمشەو
سەعات هەشت ،
لە باخچەی لە یادچووندا
پێكدەگەین
شوێن
لە شەقامە نادیارەكانی شاردا
ون بووە و
كچێك فرمێسكی باراندن و
چاوی لێكنان و
ونم كرد ..

لە كتێبی
گەڕۆكەكانی ئیسپانیاندا
دۆزیمەوە ..
لەژێر ئاڵای گەلانی زەویدا
لەژێر ئاڵای مرۆڤ دا ..
گۆرانی دەچڕی ..

(3)
كۆتایی
مەرگ لەسەر جێدا
لۆركا پێی وتم
مانگیش پێی وتم
ونت كردم ..
ژێ‌ ونی كردی
وەڕسیی تۆی مراند ..
ڕۆیشتی و
بەهار لە ڕێگاماندا بوو
قەرەجیش كۆچیان كرد و
ڕه‌شماڵه‌كانیان سووتاندن
گوڵیش سووتا
گۆرانییەك
خوێنی لەبەر دەڕوا

وا بوو
پەیامبەرایەتی قەدەر
وای پێ گوتم ..

تۆم
لە شێخ محیەددین پرسی
وتی بەردێك لە دەمم دایە ..
پەیامی عەشق و خوداوەند
لەژێر پێی مانگ دان
كوشتارگەی دونیات لە دڵدایە و
شوێنەوار و
ستایشی خوا
شێخ محیەددینی برادەرم وتی
لە هەواڵەكە مەپرسە !
خەڵكی دەڕۆن و نایێنەوە
نهێنیش
بەسەر لێومانەوە
خۆی كوشت .

(*) عەبدولوەهاب ئەلبەیاتی : (1926 – 1999 ) شاعیری عێراقی ناسراو یەكێكە لە دامەزرێنەرانی شیعریی نوێی عەرەبی لە عێراق .
لە بەغدا لە دایك بووە و بكالۆریۆسی لە بەشی عەرەبی وەرگرتووە. لە نێوان 1980 تا 1989 لە ئیسپانیا ژیاوە ، لەو ماوەیەدا زۆر لە كۆشیعرەكانی كراونەتە ئیسپانی.
ساڵی 1991 چووەتە ئەردەن .. یەكێكە لەو شاعیرانەی لە شیعرەكانی بایەخی بە مێژوو و كەسایەتییەكانی مێژوو داوە و هەمیشە وەكو ماسك لە شیعرەكانیدا بەكاری هێناون .

(**)شيعره‌كان له‌ ده‌قی ئه‌سڵی ئه‌م سه‌رچاوانه‌وه‌ كراون بة كوردى :
(ڕۆژژمێری عاشقه‌ هه‌ژاره‌كان) لة كۆشیعری (قصائد حب على بوابات العالم السبع) بڵاوكردنه‌وه‌ی ( دار الشروق ) ، 1985 چاپی دووه‌م ، ل 28 . ( مانگی شيرازێ ) لة كۆشیعری ( قمر شيراز ) بڕوانه‌:
http://www.alriyadh.com/52342
شيعرى ( بۆ ئێرنست هه‌مه‌نگوای ) بڕوانه‌:
http://www.afdhl.com/poem/text-25311.html




ئەی ژن ئێخەی شیعرم بەردە.. شوان عەباس بەدری

ئەی ژن ئێخەی شیعرم بەردە
کە باسی ئاو دەکەم
جۆگەلەیەکی سازگار و ڕوون
لەناو سەوزەڵانی پیتەکاندا
ڕەگی تەنها دوو پیت ئەبوژێنێتەوە
ژ
ن
کاتێ باسی شاخ دەکەم
هەرچی درەخت و تاش هەیە
دەست ئەخەنە ناو دەستی یەک و
هێواش هێواش هەرچی وردە بەردە
بەرەو لووتکەی شاخەکان دەبەن و
تەنها چوار پیت ئەنەخشێنن
ژیان
کاتێکیش باسی ماف ئەکەم
هەرچی کێلی قەبری نەناسراوە
هەرچی کراسی دادڕاوە
هەرچی فرمێسکی ڕژاوە
هەرچی پشتی بە قامچی بریندارە
هەرچی سیمای بە تێزاب شێوێنراوە
هەرچی پەچە و نیقاب و عەبایە
هەرچی خودای ئەفسانە کۆنەکانە
هەرچی ئاوە
هەرچی شاخە
هەرچی مافە
هەرچی مرۆڤی بەناوی شەرع زیندانی کراوە
هەرچی برینی داوێنی کچە زوڵم لێکراوەکانە
هەرچی خوێنی بە ناحەق ڕژاوە
هەرچی مانگی یەخسیری شەوی تارە
هەر چی هەیە و هەرچی نییە
هەموویان بە یەکجار هەموو تووڕەییەکانی زەمین و گەردوون و خودا
لەناو دەروونیان کۆدەکەنەوەو
پڕ بە گەروویان هاوار دەکەن
ئازادی
ئەی ژن تکایە ئیخەی پیتەکانی سەر کاغەزەکەم بەردە
شیعرم هەر تۆی
هزرم هەر تۆی
هەست و نەستم هەرتۆیت و
ئەو کاتانەی بڕیار دەدەم ئیتر ناوەکەت لەنووسینەکانما بسڕمەوە
ناخودئاگا
وێنەی دایکم ئەبینم و
بە خۆم ئەڵێم
هەی پیاوی قەڵەم بەدەست
هەی جەلادی پیت و ڕستە و ناو
ژن ژیانە ئازادییە
چۆن ئەتوانی سەری پیتەکانی نیشتمانت
لەناو دێڕی شیعرەکانتا ببریت !




پەیكەرەكانی دایدایۆس.. ڕێباز محه‌مه‌دجه‌زا

زۆر جار بۆچوون گەلێك دەبنە بەڵگەنەویست كە گومان و پرسیارودوودڵی ناهێڵنەوە بۆگفتۆگۆو دیالۆگی لەسەر خۆو هێمن، ئەمەش دەردی ئەو كۆمەڵگایانەیە كە سەرەتایین یان دواكەوتوون و نابنە جێگەی بایەخیان ،لەبەرئەوەی حەز بە بیركردنەوەناكەن یان لەبەرئەوەی بێ فەزیلەتن و نەریتی بیركردنەوەیان نییە، جار هەیە مرۆڤ دەگاتە ئەو باوەڕەی كە هەرچی كردووەو نەیكردووە یا خود دەیەوێت بیكات جگەلە ڕستێك هەڵەو خراپە هیچی ترنین كە بەباوەڕی من ئەم تێگەیشتنە ڕەهایە پەیوەستە بەو چەمكە فەلسەفیەی كە بە چاخی كلاسیكدا پێیان ووتووە ( فەزیلەت ) بۆنمونە (سوكرات) دیالۆگێكی هەیە بە ناوی (مینۆن) لەوێدا دەڵێیت: ” … فەزیلەت نەبەشێكە لەسروشتی ئێمەو نە قابیلی فێربونە، بەڵكو تەنیا سروش و ئیلهامێكی خوداییەو بەبێ‌ بوونی زانین بەوكەسەدەگات، ئەگەروانەبوایە، ئەواسیاستمە دارێك دەیتوانی كەسانی تریش وەكو خۆی بكات بە سیاسەتمەدار “.

لەبەرئەوەی فەزای گشتی ئێمە چالاكی نەبووەو نییە كە پەیوەست بێت بە فەزیلەتەوە یان گەر هەبووبێت كەم بووەو هەر زوو خەفە كراوە، ئەوا ئەم جۆرە كۆمەڵگایانە نەپهیامبەرو نە سروش دەر یان نەبووەو نییە تەنیا حیكایەت و داستانیان هەبووە و چاوەروانیش ناكرێت حیكایەتخوانێك بێت و دەستمان بگرێت و ببێتە فریاد ڕەسمان!! ئەوەی لێرەدا مەبەستمە و دروست بۆئێرە گونجاوە لەبەرئەوەی ئه م نەریتانه له كۆمەڵگای بێ پرەنسیپ و دواكەوتوودا هەیە و بیركردنەوە بەرهەم ناهێنێت، دەبێت باوەڕ بە ئەفسانەكان بكەین گەر ئەو دەرفەتە شمان لەدەست نەدابێت !!! ئەوەی لە ناونیشانی ئەم نووسینە دا دەیخوێننەوە مەبەستم (ئەفسانەی پەیكەرەكانی دایدایۆس)ی گریكیە كە یەكێك بووە لە پەیكەرتاشە داهێنەرو دەست ڕەنگین و دیارەكان لە وڵاتەدا . كاتێك ( سوكرات و مینۆن)، دەبیتە مشت و مڕیان لەسەر چەمكی( فەزیلەت )، سوکرات ناچار دەبێت پەنا دەباتە بەر ئەم جۆرە ئەرگۆمێنتە كە دەلێت:

  • سوكرات: ئەوە تۆ دەلێیت سەرنجی پەیكەرەكانی (دایدایۆس ) ت، نەداوە، یان ڕەنگە ئەو پەیكەرانە لەشارەكانی ئێوەدانەبن ؟ مینۆن: مەبەستت چییە؟ + سوكرات: مەبەستم ئەوەیە، ئەو پەیكەرانە، ئەگەر نەسترێنەوە ئەوا هەڵدێن و وندەبن، بەڵام ئەگەر بەسترانەوە ئیتر وون نابن و هەڵنایەن .
    ئیستا لە و نمایشە پڕ توانایەی سوكرات وورد نابینەوە، بەڵكو ئەوەی مەبەستی منە كاتێك (دیالۆگی فەلسەفی پوخت) ناتوانێت بژی و لەوە زیاتر ناتوانین بچینە پێشەوە بۆ تەواوی ئاكتەكانی ژیانی مرۆیی و ئەدەبی هونەری و سیاسیمان چ هیوایەكمان دەمێنێت؟! بەناچاری دەبێت بەیاخ بەمجۆرە دیالۆگانە بدەین، هەروەكو (هۆمیرۆس) دەربارەی كەسایەتی ( ترسیاس ) دەڵێت: ” تاكو زیندوو بوو، لەنێوان مرددواندا، توانای تێگەیشتنی هەبوو، كەچی ئەوانی تر تەنیا درۆو سێبەر بوون ” .ئەوەی دروستی ئەرگۆمێنتەکەدەسەلمێنێت ؛ دووانەی ( ئەفسانە – پەیکەر ) دەتوانن پێکەوە بیری فەلسەفی بەرهەم بهێنن، ئەمەش دەسەڵاتی ئەدەب و هونەرە لەدروستکردنی نەریتی بیرکردنەوەدا .



رێورەسمی ناساندنی کتێبی چەپکێک لە مێژوویی رۆژنامەگەری کوردی

یەکێتی نووسەرانی کورد لقی هەولێر هەڵدەستێ بە رێکخستنی رێورەسمی ناساندنی کتێبی چەپکێک لە مێژوویی رۆژنامەگەری کوردی بۆ نووسەر یوسف مەنتک.. لە هۆڵی شەهید خۆشناو..
٩ی ئازار ٢٠٢٤.. کاتژمێر ٤ی ئێوارە.




گفتوگۆ لەگەڵ خاتونی شێوەکار (ڕۆژان عومەر مەولود دەروێش).. هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

رۆژان عومەر: لەكوردستان ئاستی خانمانی شێوەكار زۆر بەبەباشی دەبینم
رۆژان عومەر: بەداخەوە وانەی پەروەردەی هونەری لەنێو قوتابخانەكان وەك پێوست گرنگی پێنادرێت
خاتوونی شێوەكار (ڕۆژان عومەر مەولود دەروێش)،یەكێكەلەو هونەرمەندانەی كە خاوەن بەهرەیەكی جوانی تابلۆكێشانە سەرەتای ئاشنا بوونی بە هونەری شێوەكاری دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1993 لەو كاتەی دەچێتە پەیمانگەی هونەرجوانەكانی هەولێر بەشێوەیەكی ئەكادیمی لەبەشی شێوەكاری دەست بەخوێندن دەكات لەدوایش دەچێتە پەیمانگای گەشەپێدان بڕوانامەی بەكەلۆریس وەردەگرێت.. كاتێ قوتابی دەبێت بەشداری سەرجەم فیستیڤاڵەكانی پەیمانگا دەكات، لەدوای ئەوەی پەیمانگا تەواو دەكات بەشداری چەندین پێشانگا دەكات تائێستا بەشداری لە (23) پێشانگای هاوبەشی كردووە لە هەمان كات دا خاوەنی دوو پێشانگای تایبەتە..ئێمە بەباشمان زانی لەنزیكەوە بەسەری بكەینەوە ئەم هەڤپەیڤینەمان لەگەڵیدا ئەنجامدا.
هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

*وەكو شێوەكارێك ئاستی خانمانی شێوەكارانی كوردستان چۆن دەبینی؟

  • لەكوردستان ئاستی خانمانی شێوەكار زۆر بەبەباشی دەبینم خاوەن توانستێكی زۆر باشن لە پێشانگاكان بەشداری كارایان هەیە،بەڵام بۆ ئەوەی زیاتر بەرەو پێشەوە بچن پێویستە زیاتر پاڵپشتی بكرێن زیاتر هانبدرێن بۆئەوەی لە كارە هونەرییەكانیان بەردەوام بن.
    *تابلۆكانت زیاتر لە كامە قوتابخانەی شێوەكاری نزیكن؟
  • هەرچەندە زۆربەی تابلۆكانم زیاتر خۆی لە قوتابخانەی ریالیستی نزیكەن ،بەڵام هەندێ جاریش تابلۆكانم لە قوتابخانەكانی ئەبستراكت و خەیاڵ نزیكدەبنەوە بەڵام زۆرحەزبە بەقوتابخانەی ریالیستی دەكەم.

    *وەكو شێوەكارێك بینەری پیشانگاكان لەچ ئاستێك دایە؟

  • ئەگەر ئاوڕێك لە رابردوو بدەینەوە هەمیشە بینەری پێشانگان لە ئاستی حەزوو ئارەزووی شێوەكاران دا نەبووە ،بەڵام لە ئێستادا بینەری پێشەنگاكان تا رادەێك بەرەو باشی دەچێت، بەتایبەتی رۆژی یەكەمی كردنەوەی پێشانگا، بەڵام ڕۆژەكانی تر كەمتر دەبینم هیوادارم بینەران زیاتر ئامادەی پێشانگاكان بن.

    *وەكو مامۆستایەك وانەی پەروەدەی هونەری لە نێو قوتابخانەكان تاچەند گرنگی پێدەردێت؟

  • بەداخەوە وانەی پەروەردەی هونەری لەنێو قوتابخانەكان وەك پێوست گرنگی پێنادرێت دەبێت ،لەلایەن كارگێری قوتابخانە بایەخی زیاترپێبدرێت چونكە زۆربەی مامۆستایانی پەروەردەی هونەر زۆر ماندون و چالاكی ساڵانەیان زۆرە بەشداری هەموو چالاكییەكانی نێو قوتابخانەو دەرەوەی قوتابخانە دەكەن مامۆستایان گلەیی و گازندە دەكەن كە هەندێك لە بەرێوەركان پشگیریان ناكەن تا ئەوە ڕادەییەی وانەكە بە وانەیەكی لاوەكی سەیر دەكەن لەو كاتەی لەلایەن قوتابیان وانەی پەروەردەی هونەری حەزوو ئارەزوویەكی زۆریان لەسەرە. خاڵێكی تریش ئەوەیە كە زۆرێك لە قوتابخانەكان ژووری هونەریان (نیگەرگا) یان نیە هەروەها زۆربەی وانەكانی پەروەردەی هونەری لەخشتەی وانەكان لە كۆتایی وانەكان دادەنرێت زۆر جاریش مامۆستای هونەر داوای لێدەكەرێت بابەتەكانی تر وەكو بیركاری و عەرەبی.. بڵیتەوە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی مامۆستا هونەر لە وانەكەی بێزار بێت لەپسپۆرییەكەی خۆی دوور بكەوێتەوە، هیواداری بۆلەمەودوا زیاتر گرنگی بەوانەی هونەری بدرێت.

    *چۆن دەڕوانیتە رەخنە و رەخنەگری شێوەكار؟

  • بوونی ڕەخنە دەبێتە هۆی پێشڤەچوونی هونەر من تا رادەیەك باش دەبینم بە تایبەت لە پێشەنگاكان ئەگەر رەخنەگر هەبێت بەڵام رەخنەی بنیادنەر بێت نەك ڕەخنەگری رۆخێنەر بێت ،زۆرێك لە رەخنەگرەكانمان بەشێوەیەكی پررۆفشناڵەوە ڕەخنە دەگرن لەخزمەت كارە هونەرییەكانی هونەرمەندان دان بۆیە دەست خۆشیان لێدەكەم.

    *ئێمە لەكۆتاییدا زۆر سوپاسی بەرێزتان دەكەین بۆ ئەو دەرفەرتەی بەئێمەت بەخشی.
    -منیش زۆر سوپاسی ئێوە دەكەم..




دیوانە شیعرییەکەی ناسری حیسامی هات و زۆر هاتە..!!.. غازی حەسەن

بەسوپاسەوە لەبنی دونیایێ بەپشتی ئەنتەرنێت و بەپەڕی خێرای پەیوەندیکردنەوە کاک (ناسری حیسامی) دیوانە شیعرییە جوانەکەی خۆی بەدیاری بۆ ناردم. نازانم لەبەر زمانە شیرنەکەیەتی، یان هەستە جوانە ئاوریشمییەکانی ئاوا خێرا خێرا خوێندمەوە. دیوانەکەم بۆ هات، کە سەیرم کرد و خوێندمەوە پێشەکییەک بە گێڕانەوەیەکی ناسک و پڕ هەست و مانا، کەشوهەوای دەقە شیعرییەکانیان لە وەسفی جوانی و شاخ و باران و بەفر و دار و ڕەنگی پایز و وەرین، وەرینی هەموو شتێکی پێ ئاشنا کردم. ئەو هەموو وشەیەکی شاعیرانە بەکارهێناوە.
هەستی شاعیرانەی کورد لەوەسفی جوانی گەلای دارە وەریوەکانی پاییز زۆر لەیەک دەجن، بەڵام ڕستە و وشە و هەناسەکانیان جیاوازە. وێناکردنی ژیان و دەنگی با و چرپەی بن دار و نەرمە پەنجەی نێو سینەی کچانی سێبەری دیواران و کانی ژنان و دووکەڵی ئاگری کوژاوەی بەردەم سەرمای ترس و بۆنی جگارە، ڕاوە خەونی کوردانەی تێکۆشان جیاوازە.
لەم دیوانەدا خۆشەویستی و بوون و بیرکردنەوەی خودی شاعیر و کارەکتەر و شت و کەلوپەلانێکی نێو دەقەکەش بۆنی نیشتمانیان لێ دێت، بەڵام بۆنێکی جیاواز لە بۆنی نیشتمانی نێو شیعری شاعیرانی دیکە.
ئەو لە نێو خێزانێک گەورە بووە، کە شیعر و ئەدەب (پێخەف و نان و ئایندەیان) بووە، ئەو لە خێزانێک پێگەیووە، لە بیرکردنەوە جیاواز بوون، بەڵام هیچ ڕقێک لەنێو دەقە شیعرییەکاندا نابینرێت. ئەو مام هێدی وەکو باوک و شاعیر دەناسێت، ئەو هێمن بە وشە و ئاواز و هەست و ڕستە پڕ واتاکانی دەناسێت.
خۆزیا بە دەنگی خۆی ئەم شیعرانەم تام دەکرد، چونکە ئەو لە وەرگێران و خوێندنەوەی دەقی شیعریدا وزە بە دەق دەبەخشێت.
ئەویش وەکو (هێمن دەیەوێت تەڕی شیعر و وشکی وڵاتی بکاتە ڕووباری بیرکردنەوە).
شاعیر دەڵێت:
بەهار دامانی پڕ سەوزە و گوڵی ورد
لەگەڵ هاوین هەتا ڕەزبەر سەمای کرد
کە پاییز هاتە سەرچۆپی بە شایی
نەسووڕاوە کە با دەسرۆکەکەی برد
یان دەڵێت:
کە ئەو بێدەنگ دەبێ، من دەیدوێنم
دەڕۆم، ئەو چەشنی سێبەر دێتە شوێنم
تەرەی هێلانەکەی خۆم بووم و ئێستاش
وەکوو قومری بەرەو گەرمێن دەخوێنم

مرۆڤ، کە شیعرەکان دەخوێنێتەوە حەز دەکات ببێتە بەشێک لە خودی شیعرەکان، ئەمەش دەسەڵات و هێزی خودی شاعیر و نەخشێنراویی و جوانیی و تەڕوپڕی وشەکان دەگەیەنێت.
گەڕانەوە بەرەو سادەیی یەکێکی دیکە لەو گەڕانە فیکریانەی شاعیر خەونی پێوە دەبینێت و لەهەمان گاڤیشدا چاوەڕوانییەکەشی سنووری نەماوە، هەندێک دەیانەوێت بەرەو کۆشک و لەزەت و پێگەی بەهێز بەگەڕێنەوە کەچی (ناسری حیسامی) پێم وایە وەکو خودان فکرێکی چەپخوازیی دادپەروەرانەی داکۆکیکار لە هەژاران، ئەو بەرەو سادەیی دەگەڕێتەوە و دەڵێت:
چاوەڕوانی من زۆر نییە
بەر سێبەری دارەبییەک
کۆخێک و بەرهەیوانێک و
ئاگردانێک،
دڵێکی خۆش،
دووچاوی ڕوون،
نیشتمانێک!
لەم دەقە بۆمان ساخ دەبێتەوە، کە شاعیر ناتوانێت چی دیکە چاوەڕوان بێت، بەڵام بۆچی؟ نیشتمانێک و چاوی ڕوون و دڵێکی خۆش وەکو سێکوچکەی خواستە مرۆییەکان پێناسە دەکرێت، لە کوێ، بەلێ ئەو چ شوێنێک بۆ ئەم سێکوچەکەیە لە مێک و دەروونی خۆیدا بینا دەکات، بێگومان لە (سێبەری دارەبیەک و کۆخێک و هەیوانێک و ئاگردانێک). ئەم وێنە سینەماییە شیعرییە جارێکی دیکە وەکو خوێنەر لەنێو مێشکی خۆتدا وێنا بکەوە، هەست بەچ جوانییەک، ئارامییەک، خۆشییەک و سادەییەک و شوێنێک لەنێو نیشتمان دەکەیت؟. ئەو دەیەوێت بگەڕێتەوە نێو جیهانێکی سادە (نیشتمان) ئەو پەیوەندییە خراپ و چەوسێنەر و نایەکسانەی تێدا نەبێت، کە ڕەنگە هەندێکمان پێمان خۆش و ئارام بەخش بێت.
ئەو لەبارەی زمان و قەدەغەکردنی زمانەکەی دەبێژێت:
هەمووی بە زمانی خۆی دەدوێ و دەخوێنێ
ئەدی بۆچی زمانی من دەبەستن؟
ئەو بابەتە گرنگەکەی لەشێوەی پرسیار هێشتۆتە، بەڵام پرسیارەکە هەواڵ و زانیارمان پێ دەبەخشێت، کە زمانی ئەو ڕێگەپێدراو نییە.
لە نێو شیعرەکاندا کەشێکی (گۆران) و (هێمن)انەم هاتە نێو هەستەوە، بەڵام ئەو وەکو ئەوان ناپەیڤێت بۆ نموونە کە دەڵێت:
مرۆڤی سەرزەوی کاتێک کە شادن،
کە غەمبارن، کە هوشیارن، کە هەستن
ئەمە هەندێک بەرەو دونیای هێمنی شاعیر دەمانگێڕێتەوە، هەروەها لە باسی پاییزدا هەناسەیەکی وەسفی ژینگە و جوانی و مانا و گوزارشتی گۆران هەست پێ دەکەم، بەڵام شاعیر جیاواز لەوان شیعر دەنووسێت و دەڵێت:
جەخار ئێستا چرۆی بژوێنی تەڕ نیم
ئەمن ئێستا گەلای پاییزە ناوم
هەندێک جارێک وەسفی بێ ئومێدیی و وەسفی هەڵوەرین، وەکو (هەستکردن بە ئازار و ناخۆشیی و کێشەکان)دێت، نەک (خۆرادەستکردن بە ئازارەکان). ئەو لەنێو شیعری هەڵوەریندا (پایز دەوری داوە) و (چاویشی لەڕێیە)، (ڕای دەگەیەنێت کە ڕێگاکان هاوکاریان نەکردووە، دەکرێت ڕێگا فکر و ڕێباز و سیاسەت و هێز.. تاد) بێت. ئەو (زەرد بووە، لەپەنجەی خۆیدا ڕژاوە) و (پاش وەرینی دەبێتە دراوسێی خاکی خۆی) لەبیری ناچێت ئەو (حیکاتخوانی فێنکایی خوناوەکانی خۆیەتی). لەم دێڕەدا شاعیر هەموو ئەو شتانەی پێشتر دەیان بێژێت هەڵ دەگێرێتەوە، کە ئەو هێشتا (خودان وزە و توانا و هەستێکی کاریگەرە، بۆیە حەکایەتخوانی دەکات و لەوێدا باسی (فێنکایی خوناو) دەکات.
خوێندنەوە و حەز دەکەم جارێکی دیکە و جارێکی دیکەش بیخوێنمەوە، دەزانم لەهەر جارێکی خوێندەوەکاندا بیرۆکەیەکی نوێ و وێناکردن و هەستێکی نوێم لادروست دەبێت، بەڵام ئەوە نیشانەی ئەوەیە (فڕینی دوور) کە هات، زۆر هاتە، پرە لە مانا و وێنەی خەیاڵی و هەقیقی و جوان، پرە لەئازار و مەینەتی و فێنکایی و سێبەر و ئاگردان و نیشتمان.




ئەرێ راپەڕین ئەندازیاری هەبوو؟.. عەلی مەحمود

ئەگەر باسی راپەڕینی 5ی ئاداری 1991 بكەین, ناتوانین باسەكە دەرباز بكەین بێ ئەوەی بچینەوە سەر جەنگی كەنداوی دوو و راپەڕینی باشووری عێراق كە ئیسلامی سیاسی شیعە ناوزەدیان كردووە بە راپەڕینی شەعبانییە, چونكە پانۆرامایەكی هەمە لایەنە نەخەینە بەردەست, وا دەبینرێت كەسێك هاتووە لە كوردستان راپەڕینی ئەنجامداوەو كۆشكە زستانییەكانی قەیسەرەكانی یەك لە دوای یەك گرتووە, بۆیە كە باسی راپەڕین دەكەین دەبێت روداوەكانی ئەو 7 مانگ و سیچ رۆژە بە وردی بخوێنینەوە.
دەشێت كەسێك, فەرماندەیەككی پلە یەك یان خوارتر دوای دەستپێكی راپەڕین لە عێراق بە 5 رۆژ لە كوردستان نەخشەی گرتنی شارو شارۆچكە و مەخفەری پۆلیس و رەباییەك و دەزگایەك و خۆپیشاندانێكی دارشتبێت, وەلێ روداوەكان پێمان دەڵێن راپەڕین و كۆڕەو محاڵەو بارودۆخی زاتی نەك مەوزوعی هێنابیانیەتە پێشەوە, بەڵكە كارە زاتییەكان دوای روداوە مەوزوعییەكان كە گرتنی كوەیت و لێدانی عێراقە خولقاندویەتی.

پانۆرامای شەڕی دووەمی كەنداو”كوەیت”
سوپای عێراق رۆژی پێنج شەممە رێكەوتی 2-8-1990 كوەیتی داگیر كرد, هەواڵەكە جیهانی تاساند, سەرشێتییەك لە لایەن سەدام حوسێنەوە ئەنجامدرا دوور لە پێشبینییەكان. بەرەی لە 7ی ئایار دوای تێپەڕ بوونی تاوانی هەڵەبجەو 4 پرۆسەی ئەنفال پێك هاتبوو. كاردانەوەی بەعس لە هەڵەبجەو ئەنفالدا چاوترسێنیانی كردبوو, بۆیە دەترسان وەك پێشوو هەلەكە بقۆزنەوە, خەنجەر لە پشتەوە تەمێیانی كردبوو, هەر زوو ئاڵای سپییان هەلچكرد لە بەرامبەر سەدام و تەقەیان راگرتز, لە 12ی ئۆگستی هەمان مانگ واتا 10 رۆژ دوای داگیركردنی كوەیت بڕیاری ئاگر بەستی دا بەرامبەر عێراق” شیوعی و پارتی گەل دژی بوون, پاسۆكیش بەشداری نەكردبوو”, هاوزەمان لە هەمان كاتیشدا كۆماری ئیسلامی ئێران بەشێكیانی لە شاری كرماشان كۆ كردبوەوە بۆ ئەگەرەكانی روداوەكانی شەڕ و پێشهاتەكانی, بۆیە بەشێك لە نوێنەرەكانی بەرە لەو كۆبونەوەیەی بەرە بەشداری ناكەن, دەچنە كرماشان, ئەم كۆبوونەوانە تا راپەڕین لە ژێر سەرپەرشتی ئاغای محەمەد سەركردەی قەرارگای نەسر بەردەوام دەبێت.
لە كاتێكدا جیهان بەرەو روی داگیركاری كوەیت لە لایەن عێراقەوە ببوەوە بە یەكێتی سۆڤیەتیشەوە, بۆ یەكەمجار ڤیتۆی بۆ پشتیوانی لە عێراق بەكار نەهێنا. لە رێكەوتی 7-8 ئەمەریكا ئۆپەراسیۆنی درعی سەحرای راگەیاند, لە 15ی ئۆكتۆبەری 1990 عێراق بڕیاری دا نەكشێتەوە لە كوەیت, بە دوایدا هاوپەیمانی جیهانی ئۆپەراسیۆنی عاسفە سحرا راگەیاند”ئۆپەراسیۆنی رزگاری كوەیت”, كە لە رێكەوتی 17ی یەنایەرەوە بۆ 28ی فبرایەر بۆ ماوەی 42 رۆژ بەردەوام بوو.
ئۆپەراسیۆنەكە پێك هاتبوو لە هاوپەیمانی سوپای 34 وڵات و بە بەشداری 966344 سەرباز.
لە بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە رێكەوتی 17ی جەنیوەرییەوە فرۆكە جەنگیەكانی هاوپەیمانان سەرتاپای عێراقیان بۆردومان كرد, بە بەشداری 2430 فڕۆكەی پێشكەوتووی نوێ, هاوپەیمانان لە ماوەی چل و دوو رۆژدا109867 جار بۆردومانی ناو عێراقیان كرد, بەڕێژەی 2555 جار لە رۆژێكدا, رۆژانە 60624 تەن بارودیان بەسەر خەڵك و سەربازگاكانی عێراقدا دەباراند, عێراقیان غەرقی دوكەڵ و ئاگرو خوێن و مەرگ و وێرانە كرد, شوێنەوارە تەندروستی و ژینگەییەكانی ئەو جەنگە تا هەنووكە ماوە, تەنها لە جارێكدا لە پەناگەی عامریە لە شاری بەغدا ئێسك و پروسكی 315 ژن و منداڵیان هاڕی و تاوانی جەنگیان ئەنجامدا. هاوكات ئەمەریكا بە رۆكێتی دور هاوێژی كرۆز و بۆمبی هیشۆیی و بۆمبی زیرەك و چەكی لیزەری پێشكەوتوو تا دەگاتە یۆرانیۆمی چاككراو لە عێراقی دەدا, 288 تۆماهۆكی لە دەریای سورەوە بە عێراقەوە نا, عێراقیش 86 سكودی نا بە ئیسرائیل و سعودییەوە. بە گشتی لە دوای جەنگی كۆریاوە شەڕی كوەیت گەورەترین جەنگ بوو لە جیهاندا لە ماوەی چوار دەیەدا. لە بەرامبەردا سەدام حوسێن لە هەمان رۆژی راگەیاندنی عاسیفە سەحرا, ئوم ئەلمەعاركی راگەیاند كە لای عێراقییەكان بە ئوم هەزائم بەناو بانگ بوو.
لەسەر داوای یەكێتی سۆڤیەت لە رێكەوتی 22ی شوبات, عێراق رازی بوو هێزەكانی لە ماوەی 24 كاتژمێردا لە كوەیت بكشێنێتەوە, لە رێكەوتی 24 ی مانگ هاوپەیمانان هاتنە ناو كوەیتەوە, 26 مانگ لە هێزەكانی عێراقیان دا كە لە حالەتی پاشەكشەدا بوو, لە ئەنجامدا لە ماوەی چەند كاژێرێكدا 70 بۆ 100 هەزار سەربازی عێراقی كوژرا, بە یەكێك لە گەورەترین تاوانەكانی مێژوو تۆماركرا, هەروەها سوپای عێراق زیاتر لە 30 هەزار دیلی دا, لە گەڵ تێكشكانی4000 تانك, 3100 تۆپ, 1856 ئۆتۆمۆبیلی سەرباز گواستنەوە. ئەوەشمان لە یاد نەچێت لە 23ی یەنایەر لە كۆی 750 فرۆكەی جەنگی عێراق تەنها 122 فرۆكەی بە ساغی مابوو, ئەویشی تەسلیم ئێران كرد. لە كاتێكدا لە ماوەی 8 ساڵەی شەڕی ئێران – عێراق هێزی ئاسمانی عێراقی جوڵەی لە هێزی ئاسمانی ئێرانی بڕیبوو, هەمان ئەو فڕۆكانە تاوانیان ئەنجام دەدا, ئێستا لەسەر سینی زێڕین پێشكەش ئێران دەكرێت.
دوای ئەو تێكشكانە سوپای عێراق لە سوپایەكی ملهوڕی شەڕەنگێزەوە لە 4-3-1991 بووە سوپایەكی تەسلیم بووی ملكەچ لەناو خێمەی سەفوان, وێنای ئەو رۆژانە لە جەنگی جیهانیشدا نەبووە, ریزی دیلەكان و تەرمی قەراغ رێگاو بانەكان و تارمایی ئامێرە تێكشكاوەكان لەناو چڕە دوكەڵی بیابانە پان و بەرین شاشەی تەلەفزیۆنەكانی لە جیهان داگیر كرد.
لە 26ی شوبات لە گەڵ كشانەوەدا, عێراق ئاگری لە بیرە نەوتەكان كوەیت بەردا, ملیۆنێك بەرمیل نەوتی رژاندە كەنداوی عەرەبییەوە, لە كۆی 1080 بیرە نەوتی كوەیتی 727 بیرە نەوتی تەقاندەوە, 128 پەڵە نەوتی گەورە كەنداوی عەرەبی داپۆشی, بەمەش گەورەترین تاوانی ژینگەیی لە مێژوودا ئەنجامدا.
لە 4ی ئازار لەناو بیابانەكانی سەفوان لە سنوری سعودییە, بە سواری زرێپۆشی ئەمەریكی, شاندی عێراقی چوونە ناو خێمەی سەفوانەوە, عێراق بە فەرمی لەژێر خێمەكەدا تەسلیم بوو, ئەمەش سەرەتای مێژووییەكی نوێی جیهان بوو لەناو سیاسییەكان و كەناڵەكانی راگەیاندن پێی وترا سستەمی نوێی جیهانی, ئەمەریكا لە رێگەی ئەو خێمەیەوە بووە تاكە جەمسەری جیهان, لەناو ئەو چڕە دوكەڵ و قەسابخانەیە نیولیبرالیزم و باڵادەستی تاقانەی ئەمەریكا لە دایك بوو, لە ژێر ئەو خێمەیە نەزمێكی تازەی جیهانی لە دایك بوو ئەمەریكا تیایدا بووە كەڵەگای بێ ڕكابەری جیهان, لە بەرامبەر ئەم خۆبەدەستەوە دانەی عێراق هێزی ئاسمانییەكەی دەستكراوە كرا لە لێدانی خۆپیشاندەرانی باشووری عێراق. لەو سەرو بەندەدا هێزەكانی هاوپەیمانی ئامادە نەبوون پێشوازی لە نوێنەری خۆپیشاندەرانی باشوور بكەن, هۆكارەكەشی باڵا دەستی ئاراستەی ئیسلامی سیاسی بوو لە راپەڕینەكەیان. لە دوایدا لە ساڵی 2003 ئەمەریكا ئەو ژەهرەی بە ناچاری نۆش كردو عێراقی لەسەر سینیەكی زێڕین پێشكەشیان كردەوە, بە مەش لە قەتڵگاكان زیاتر تۆڵەی لە خەڵكی عێراق كردەوە, وڵاتی بەرەو جەهەنەمی ترسناكتر لەوەی سەدام بردەوە.

راپەڕینی باشووری عێراق

لە 28ی شوباتەوە, شاری بەسرە جمەی دێت, چ لە ئەو سەربازانەی بە ساغی و بە برینداری لە ریزە دورو درێژەكاندا بە دوای یەك, دەڵێی مێرولەن, بە برینداری و سیمای دوكەڵاوی چڵكنەوە, بە سەری شۆڕەوە, بە سكی برسی و جەستەی تێك شكاوەوە ملی رێگایان بەرەو ناو عێراق گرتۆتە بەر, وە چ كەسوكاری سەربازان لە هەموو عێراقەوە لە سەرسنووری كوەیتەوە تا بەسرە كۆبونەتەوە بۆ هەواڵپرسی رۆڵەكانیان, لەو كاتەدا سەربازێك بە لێدانی گولەیەك بە وێنەی سەدامەوە چەخماخەی راپەڕین لێدەدات, بێدەنگی دەشلەقینێ.
وەك دەگێڕنەوە لە 1ی ئازار ئەفسەرێك لە شارۆچكەی زوبێری سونی نشینی سەر سنوری كوەیت بە پێوە نانی گولە بە وێنەكەی سەدامەوە گڕی راپەڕینی لە عێراق هەڵگیرساند, لە لایەكی دییەوە دەڵێن بەیانی زووی رۆژی هەینی رێكەوتی 1ی ئازاری 1991 لە گۆڕەپانی سەعد لە شاری بەسرە, سەربازێك كە لە شەڕی كوەیت بە دۆڕاوی گەڕابوەوە, لە داخی ئەو هەموو نەهامەتیەی لە شەڕ بینیبوی, گولەیەكی نا بە وێنەكەی سەدامەوە و گڕی راپەڕینی لە عێراق هەڵگیرساند, هەردوو روداوەكە لە پارێزگای بەسەرا و هەمان رۆژ رویاندا. پێی دەچێت شیعەكان بۆیە باسی ئەوەی زوبێر نەكەن چونكە شارێكی سونی نشینە. هەمان رۆژ شارەكانی بەسرەو میسان و كەربەلا كەوتە دەست خۆپیشاندەران, دواتر نەجەف و كەربەلا و دیوانیەو سەماوەو حیلەو كوتیشی گرتەوە, لە ماوەیەكی كەمدا تەواوی باشووری عێراق هەمووی كەوتە دەست خۆپیشاندەران, تا راپەڕین گەیشتە شارەكانی عەزیزیەو مەحمودیەی رۆخی بەغدای پایتەخت, بە گشتی راپەڕین 14 پارێزگای گرتەوە بە كوردستانیشەوە.
لە رێگای سنووری ئێرانەوە هێزە شیعەكانی وەك ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی و حیزبی دەعوە زوو هاتنە ناو عێراقەوە, بۆ رێكخستنی خۆپیشاندەران, دیارە لە زووەكەوە لە ژێر فەرماندەیی قەرارگای نەسری سوپای پاسداران ئامادە كرابوون.

راپەڕینی كوردستان

لە 4ی مانگ كە عێراق لە ژێر خێمەكەی بیابانی سەفوان تەسلیم بوو, لە بەرامەردا گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵكرا بۆ ئەوەی راپەڕین سەركوت بكات. لەو چركە ساتەوە قۆناغی سەركوتكردنی راپەڕین لە باشوور دەستی پێكرد, هەمان رۆژ لە خەباتەوە راپەڕین گەیشتە كوردستان, رۆژی دواتر بە دەروازەی رانیەیا كڵپەی سەند, لێرەدا دەبینین هیچ دەست پێشخەرییەك نەك نییە بۆ راپەڕین لە كوردستان بگرە كات لە دوای باشووری عێراق و هەڵكردنی گڵۆپی سەوزی هاوپەیمانانەوەیە بۆ سەركوتكردنی راپەڕینی باشووری عێراق.
لەوكاتەدا ئێران فشارەكان لەسەر هەندێك لە سەركردەكان كورد توند دەكات تا بەرەیەكی دیكە بكەنەوە فشار لەسەر هاوپەیمانەكانی لە باشووری عێراق كەمبێتەوە, نامەو هەوڵەكانی ئەوكات ئاماژەی وایان تێدایە. ئەگەر راست بن و لە پشكنینی كاربۆنی دەرچن, لە كاتێكدا زەمینەی راپەڕین دوای رێكەوتنی سەفوان و دەستكراوە كردنی هێزی ئاسمانی عێراقی بۆ سەركوتكردنی راپەڕین لاواز بوو, وەلێ كە خەڵك ئەنجامی دا, ئیتر هێزەكانی بەرەی كوردستانی دوای كەوتن, هەرچەندە هەندێك لایەن وەك ینك, حشع, كۆمۆنیستەكان, و …… لەدوای لێدانی عێراقەوە گەڕانەوە ناوخۆو لە جوڵەدا بوون.
ئەگەر راپەڕین لە كوردستان وەك باشووری عێراق سەركوت بكرابایا بێ دەستكەوتەكانی كۆڕەو, كە كرا وەلێ كۆڕەو مایەكەی هێنایەوە, وەك هەڵەبجەو ئەنفال ئەندازیاری نابوو, بگرە ئەندازیارەكەشی وەك تاوەنەكانی هەڵەبجەو ئەنفال و حاجی ئۆمەران كە هەی بوو خۆی دەشاردەوە, وەك ئەو تاوانانە هەتیو و بێكەس سەری دەنایەوە, كەس نەك باسی ئەندازیاری ناكرد, بگرە بەڵگەنامەی قولابیشیان بۆ پاكانە كردن لێی دروستە كرد.
تا ئێستا هیچ بەڵگەیەكی بڵاو كراوە نییە هیچ هێزێكی كوردی پێش ئەو مێژووە” راپەڕینی بەسرە1-3-1991 “بانگەوازی بۆ راپەڕین كردبێت, ئەوەی هەبووە جوڵەو پەیوەندیكردن و خۆ رێكخستنەوە بووە, لەو بێ ئومێدییەی تێی كەوتبون وەك خۆیان وتویانە جورئەتمان نییە وەك م م بڵێین ئاش بەتاڵە., دەشێت دوای گرتنی كوەیت وەك خوێن جمانی بهارانە ئومێدێكیان پەیدا كردبێت لایەكیان لێ بكرێتەوە, منداڵێكیش بەو كەم هۆشیەی خۆیەوە بایی ئەوە ژیری هەبوو, دوایی حەڤدەی جەنیوەری كە دەست بە لێدانی عیچراق كرا 1991 ئەگەرێك بۆ روخانی رژێم و راپەڕین لەناو كۆمەڵێك ئەگەری دی دابنێ.
بە بڕوای ئێوە راپەڕینێك دوای ئەم هەموو روداوە گەرم و شكستە مەزنەی سەدام هاتبێت, دەشێت ئەندازیاری هەبێت؟؟, وە ئەندازیارەكەشی بۆ خۆیان فیشەكێكیان نەتەقاندبێت؟؟ ئازیزێكیان خوێن لە لوتی نەهاتبێت؟؟؟؟؟.
هەموو كەس لە تاریك و روونی شەبەقی بەیانی پێنج شەممەی رێكەوتی 17-1-1991ەوە دەیزانی سەدام لە شكستە, چاوەكان دوكەڵ و ئاگری فرۆكەكانی هاوپەیمانانی دەبینی, گوێیەكانیش گوێ بیستی تەقینەوەكان بوون, لەبان خانووەكانەوە چەپڵەیان بۆ لێدەدرا, ئەم بیركردنەوەیە عەقڵێكی خاریقی ناویست, تەنانەت ئەوەشی سیاسەتی نەكردبوو لە ژیانیدا بەو ئەنجامە گەیشتبوو, جاشەكانیش لەوە تێگەیشتبوون دەبوایا خۆیان بە لایەكدا بدەن, ئاخر ئەوان راستە ئاخوڕیان لای رژێم بوو, بەڵام هەریەكەیان كلكیان بە لایەنێكەوە بەسترا بوو.

راپەڕین و دەستكەوتەكانی
راپەڕین تەنها دوو ساڵ و نیو دوای هەردوو تاوانی هەڵەبجەو ئەنفال ئەنجامدرا, هێشتا شوێن بزر بوونی ئەنفالكراوان و كیمیابارانكردنی هەڵەبجە لە زەینی خەڵكدا مابوو, هێشتا دوكەڵی كیمیاوی و تەپ و تۆزی روخانی گوندەكان و كوشتنی خەڵك لە بەرچاوان بوو, هێشتا خەڵك بە دوای چارەنووسی ئەنفالكراوانەوە بوون بە زیندویی, هێشتا ترس و لەرزی فڕی دانە خوارەوەی هاووڵاتیان لە كۆپتەرەوە لە زەین و هۆشدا بوو, هاوكات دژە سەركوتكردنی راپەڕین لە باشووری عێراق. حوسێنی زیندوو” حوسێن كامل” گولەی تانكەكەی كە نای بە حوسێنی مردوەوە, نیشانەی دەست نەپاراستن بوو. كوژرانی 5000 بەعسی لە راپەڕین بە كوشتنی 100 هەزار لە هاووڵاتیانی باشوور وەڵام درایەوە, ئەم دوو وێنە تراژیدیایە ئێستا و 88 خەڵكیان هاندا كۆڕەو بكەن. لە سەرەتادا هێزەكانی بەرەی كوردستانی لە ناو شاری هەولێر رێگری توندیان لە خەڵك كرد شار بەجێ بهێڵن, ئێمە تا بەرە بەیان بە ئۆتۆمۆبیلی پڕ لە ژن و منداڵی جل وبەرگ رەشەوە, هەموو لە پرسەی شەهیدو ئەنفالدا بووین, رێگایان نەدا لە شار دەرچینە دەرەوە, وەلێ كە گولەی تۆپەكان گەیشتە دەوروبەری هەولێرو رێگركەران هەڵاتن, ئیتر وەك روبار جەماوەر رێگای خۆی كردەوە, لێرەشدا خوێنی ئەو خەڵكەی لەو رۆژەدا بووونە قوربانی لە ئەستۆی ئەوانەیە كە رێگرییان كرد.
خەڵك بە بەجێ هێشتنی ماڵ و شار, ئەو داستانەیان خولقاند كە لە مێژوودا ناوی نرا كۆڕەو, دوای تەنها چوار رۆژ, داستانی برسی و سەرما بردووەكان چووە سەر مێزی نەتەوە یەكگرتووەكان.5ی ئەپرێل بڕیارێكی هەشت خاڵی بەناوی بڕیاری 688 لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە دەرچوو بۆ پاراستنی خەڵكی سڤیل, بەمەش كۆڕەو بووە هۆكاری گۆڕانكاری بۆ یەكەمجار لە مێژووی گەلی كورددا لە باشووری كوردستان. هەڵەبجە و ئەنفال لە كاتی خۆیدا نەیانتوانی كاریگەری دابنێن, بەڵام كۆڕەو كە روحی هەڵەبجەو ئەنفال و كاردانەوەی ئەو دوو تراژیدیایە بوو, جیهانی هێنایە دەنگ=.
راپەڕین ئەنجامی نەبوو, وەلێ شكستی راپەڕین بووە سەركەوتن. دوو هۆكاری دواتر هاتنە پێشەوە شەڕی كۆڕێ و بە رادەی كەمتر ئەزمڕ و راپەڕینەكانی مانگی تەموزی هەمان ساڵی ناو شارەكان, وە سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە سەرقەڵاو گەرمیان, هەموو ئەمانە سەركەوتنەكانی كۆڕەویان جێگیرترو بەرفراوانتر كرد.
كەواتە لە راستیدا هەر ئێمەی جەماوەر ئەندازیاری راپەڕین بوبێتین, ئەوا بێشك ئەندازیاری كۆڕەوی ملیۆنی و راپەڕینی تەموزی ناو شارەكان بووین, ئەم واقعەی دروست بووە بەری رەنج و تێكۆشای هەموومانە, نەك بەشداربووانی كۆبونەوەكانی فەیلەقی نەسر لە كرماشانو بە دەست لێدان بۆ هاوكاری پاشكۆكانی ئێران لە باشوور جوڵەیان كرد.
هەموو روداوەكان ئەوە دەرەخەن, دەستپێكی راپەڕین لە عێراق و كوردستان خۆرسكی بووەو ئەنجامی رق لە شكست و سەركوت, نەك ئەنجامی نەخشەو پلانەكانی كۆبونەوەكانی كرماشان.




ئایا سۆسیالیزم لە ئێراندا دادەمەزرێت؟.. 3.. حەمید تەقوایی

(بەشی سێیەم)
دیمانەی حەسەن ساڵحی لەگەڵ حەمید تەقوایی لە کەناڵی ئاسمانی کەناڵ جەدید
وەرگێڕانی :کاوە عومەر

حەسەن ساڵحی: یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی باسەکەت لە سیمینارەکەدا شۆڕشی ئینتەرنێت یان شۆڕشی پیشەسازی چوارەم بوو. بۆچی ئەم پەرەسەندنە بە شۆڕش ناودەبەن؟ وە بۆچی شۆڕشی چوارەم؟
حەمید تەقوایی: لە سێ سەدەی ڕابردوودا بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی چوار بەربەستی تێپەڕاندووە. داهێنانی بزوێنەری هەڵم لە کۆتایی سەدەی 18 کە لە ڕاستیدا سەرەتای شۆڕشی پیشەسازی و بەهێزکردنی بۆرژوازی بوو، دووەم شۆڕشیش شۆڕشی کارەبایە کە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا ڕوویدا، لە ساڵەکانی ناوەڕاستی سەدەی بیستەم، ترانسیستۆر و کۆمپیوتەر داهێنران، کە بە شۆڕشی دیجیتاڵی ناسراوە، دواجاریش لە کۆتایی سەدەی بیستەمەوە سەرهەڵدانی وێبwwwی جیهانی و ئینتەرنێتی بەخۆیەوە بینی، کە پێی دەوترێت شۆڕشی ئایتی یان شۆڕشی ٤.٠ کە تا ئێستاش بەردەوامە. ئەمەش شۆڕشێکە چونکە گۆڕانکارییەکی چۆنایەتی و بازدانێکی نەک تەنها لە پیشەسازی و ئابووری بەڵکو لە هەموو پەیوەندی و پێکەوە بەستنە کۆمەڵایەتییەکاندادروستکردووە.
حەسەن ساڵحی: سەرمایەداری چەندین شۆڕشی تەکنەلۆجی تێپەڕاندووە و ئێستاش هەر بەردەوامە. شۆڕشی ئینتەرنێت چ جیاوازە لە ئاڵوگۆڕەکانی ڕابردوو؟
حەمید تەقوایی: ئەم شۆڕشە لە ڕووی چۆنایەتییەوە لە زۆر ڕووەوە جیاوازە لە ئاڵوگۆڕە پیشەسازییەکانی ڕابردوو. جیاوازی یەکەم ئەوەیە کە ئینتەرنێت نەک تەنها مەیدانی ئابوری و بەرهەمهێنانی گۆڕیوە، بەڵکو تەواوی پەیوەندی و ژیانی کۆمەڵایەتی گۆڕیوە. بزوێنەری هەڵم و کارەبا لە بنەڕەتدا خاڵی وەرچەرخانێک بوون لە هێزی بەرهەمهێنانی مرۆڤدا کە کاریگەری زۆری لەسەر بارودۆخی ماددی ژیان و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی هەموو ئینسانەکان هەبوو، بەڵام کاریگەرییەکانی شۆڕشی چوارەم تەنها لە بەرهەمهێنان و خۆشگوزەرانیدا سنوردار نییە، بەڵکو لە بنەڕەتدا پەیوەندی و پێکەوە بەستنەوە و ناسنامەی کۆمەڵایەتی خەڵکیان گۆڕیوە. خاڵێکی تر ئەوەیە کە ئەم پەرەسەندنە بە خێراییەکی بێ وێنە بەرەوپێش دەچێت و پەرەدەسێنێت. ئەوەی پێی دەوترێت شۆڕشی ٤.٠ واتە ئەم پەرەسەندنە کۆتایی نەهاتووە و دەبێت چاوەڕێی ٤.١ و ٤.٢ و هتد بکەین. شۆڕشێکی بەردەوامە.
ئەم شۆڕشە کە بە شۆڕشی ئەلیکترۆنی و ئینفورماتیکیش ناودەبرێت، هەم لە ڕووی ئابووری و هەم لە ڕووی زیادبوونی سەرسوڕهێنەر لە هێزی بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانی کار و هەروەها لە ڕووی کاریگەرییە سیاسی و کۆمەڵایەتییە زەبەلاحەکانییەوە، بەراورد ناکرێ بە پئاڵوگۆڕەکانی ڕابردوو. وە بە بڕوای من لە هەر زەمانێکی تر هەلومەرجی بۆ سۆسیالیزمی ڕەخساندووە.
حەسەن ساڵحی: بە دیاریکراو، لەڕووی ئابوورییەوە تایبەتمەندیەکانی شۆڕشی پیشەسازی چوارەم چین؟
حەمید تەقوایی: خاڵی یەکەم ئەوەیە کە ئەم گۆڕانکارییەی هێزی بەرهەمهێنان بە شێوەیەکی بەرزەڕوو زیاد دەکات. واتە گەشەکردنێک لاگەڵ بەرئەنجامی چەند لەسەدی(فراوانبوونی ئەندازەیی) و نەک زیادبوونی وردە وردە بە ڕێژەیەکی جێگیر (هەڵکشانی ئەندازەیی). گەشەی هێزە بەرهەمهێنەرەکان و زیادبوونی بەرهەمهێنانی کار لە چەند دەیەی ڕابردوودا چەند جین جار سەدەی ڕابردوو زیاتر بووە.
بۆ نموونە هەرچەندە پیشەسازی ئۆتۆمبێل لە سەد ساڵی ڕابردوودا وردە وردە گەشەی کردووە، بەڵام گۆڕانکارییەکی چۆنایەتی نەکردووە. کارەباش هەر وەک خۆیەتی. بەڵام لە دوای داهێنانی ترانسیستۆر و شۆڕشی دیجیتاڵی لە نیو سەدەی ڕابردوو تا ئەمڕۆ، هەم بڕی میمۆری و هەم خێرایی حیساباتی کۆمپیوتەر هەر دوو ساڵ و نیو جارێک دوو هێندە زیادی کردووە. واتە هەر دە ساڵ جارێک ٣٢ جار! ئەم جۆرە گەشەکردنە جێگەی سەرسوڕمان و بێ وێنەیە. ئەمەش بەو مانایەیە کە هێزی بەرهەمهێنان لەو بوارانەی کە کۆمپیوتەر و ڕۆبۆت بەکاردەهێنن (نزیکەی هەموو بوارەکان) دەتوانێت بەو پێیە زیاد بکات.
ئێمە ئەم پێشکەوتنە بە تایبەتی لە پیشەسازییەکانی کۆمپیوتەر و ئەلیکترۆنیدا دەبینین (وەک ڕۆبۆت، مۆبایلە زیرەکەکان، تەلەفزیۆنی زیرەک، تابلێت، ئامێری دەنگی، بەرهەمهێنان و دابەشکردنی مۆسیقا، فۆتۆگرافی و ڤیدیۆگرافی و هتد). یەکەم کۆمپیوتەر لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا کێشی دەیان تۆن بوو و تەنها لە پیشەسازییە گەورەکان و هەندێک زانکۆ و کاروباری حکومەتدا بەکاردەهێنرا. لە ماوەی کەمتر لە ٢٠ ساڵدا کۆمپیوتەری سەر مێزمان هەبوو کە دەیان هێندە زیاتر مێمووری و هێزی کۆمپیوتەریان هەبوو. وە ئەمڕۆ هێزی مۆبایلە زیرەکەکان کە لە ڕاستیدا کۆمپیوتەری گیرفانن، زۆر زیاترە لە گەورەترین و بەهێزترین کۆمپیوتەرەکانی بیست ساڵ لەمەوبەر. ئێمە لە کیلۆبایتەوە بۆ تێرابایت و لە کیلۆهێرتزەوە بۆ گیگاهێرتز. هاوکات نرخی بەرهەمە ئەلیکترۆنیەکان بەردەوام لە دابەزیندایە.
ئەم پەرەسەندنە تەنیا لە پیشەسازی ئەلیکترۆنیدا سنووردار نییە. ئەم گەشەکردنە خێرایە لە پیشەسازییەکانیشدا دەبینرێت کە کۆمپیوتەر و ڕۆبۆتیان بەکارهێناوە. لە ساڵی ٢٠١٤ ئامارێک بڵاوکرایەوە کە دەریخستووە “ئینسانەکان لەو کاتەوەی بە یارمەتی ڕۆبۆت کاردەکەن بە ڕێژەی ٨٥% کارامەتر بوون لەو کاتەی کە بەبێ ڕۆبۆت کاریان دەکرد”. ئەمەش بە واتای زیادبوونی ٨٥٪ هێزی بەرهەمهێنان دێت. ئەم گەشەکردنە بەو مانایەیە کە هێزی کار دەتوانێت بە ڕێژەی ٨٥٪کەم بکاتەوە، بەڵام ڕێژەی بەرهەمهێنان وەک پێشوو دەبێت. لە سیستەمی سەرمایەداریدا بێگومان سەعاتەکانی کارکردن کەم ناکەنەوە، بۆ زیادکردنی ڕێژەی قازانج و بەهرەکێشی خەڵک کارەکانیان دەردەکەن! بەڵام گرنگ ئەوەیە کە لە ڕوانگەیەکی بابەتییەوە ئەگەری پاراستنی قەبارەی بەرهەمهێنان هەیە لەگەڵ ئەگەری کەمکردنەوەی کاتەکانی کارکردن بۆ کەمتر لە ٤ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا. ئامارێکی دیکە بڵاوکراوەتەوە کە دەریدەخات لە پیشەسازی ئۆتۆمبێل لە ئەمریکا، دوای بەکارهێنانی ڕۆبۆت، هێزی بەرهەمهێنانی ساڵانە بە ڕێژەی ٣.٣٪ زیادیکردووە. واتە هەر ١٠ ساڵ جارێک هێزی بەرهەمهێنان دوو هێندە زیاد دەکات! لە ساڵی ٢٠١٣ دەسەڵاتدارانی چین ڕایگەیاند کە ڕێژەی گەشەی پیشەسازی ڕۆبۆت لەم وڵاتەدا زیاتر لە ١٠٪ بووە لە ساڵێکدا. واتە گەشەی ئەم پیشەسازییە بە ڕێژەی زیاتر لە ١٠٠٪لە دەیەی ڕابردوودا.
کاریگەرییەکی دیکەی گرنگی شۆڕشی چوارەم، ئیمکانیات و گەشەکردنی بەرهەمە تاکەکەسییەکان (پیشەسازییەکانی ناوخۆ) بە بەکارهێنانی سۆشیال میدیایە. بەشێکی گەورەی کۆمەڵگە توانیویەتی بەرهەم و خزمەتگوزاری پێشکەش بکات، کە لە ڕێگەی کارکردن لەگەڵ کۆمپیوتەرەوە مەیسەر بووە، لە سۆشیال میدیادا. هەر لە بەرگدروویەوە بۆ فێرکردنی زمان و مۆسیقا، ڕاوێژکاری دادوەری و یاسایی، تا دەگاتە فرۆشتنی بەرهەمی دەستی، تا دەگاتە چاککردنەوەی کەرەستەی ناوماڵ و هتد.. هتد. لەم بوارەدا بەتایبەت شێوازی بەرهەمهێنانی زیادە (additive manufacturing )
بە یارمەتی ئامێری چاپی سێ ڕەهەندی3D Printers
پرینتەری سێ ڕەهەندی گۆڕانکارییەکی ژێرەوژوورکەری لە بەرهەمهێنانی بەرهەمەکاندا پێکهێناوە. ئەم ئامێرانە دەتوانن لەسەر بنەمای بەرنامەی کۆمپیوتەر یان ئەپی تایبەت کاربکەن و کەرەستەی خاوی هاتوو خۆیان بگۆڕن بۆ بەرهەمی جۆراوجۆر، لە کەلوپەلی پلاستیکییەوە بۆ کەلوپەلی دار و کانزا و هتد. ئەم بەرهەمانە بەپێی ئەو بەرنامەیەی کە بە چاپکەرەکان دراوە بە سەرپەرشتی تەنها یەک کەس و بە وردی ملیمەتر کاردەکەن. بەکارهێنانی ئەم ئامێرانە لە بەرهەمهێنانی ماڵەوە و تەنانەت لە کارگەکاندا بە خێرایی زیاد دەکات.
لە شۆڕشە پیشەسازییەکانی ڕابردوودا ئەم خێراییە غۆل ئاسا و بەپەلەیەمان لە زیادکردنی بەرهەمهێنان و هێزی بەرهەمهێناندا نەبوو. ئەم پەرەسەندنە بەو مانایەیە کە ئەگەرێکی بابەتیانە هەیە بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەم بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی جەماوەرێکی زۆری خەڵک بە چەند سەعاتێکی کەم لەکاتی کارکردن لە ئەمڕۆدا. ئەمڕۆ ئەم پێشکەوتنانە خۆیان لە سامانی فەلەکیی نوخبەی دەسەڵاتداردا دەردەخەن (بەپێی زانیارییەکانی ئۆکسفام، لە سەردەمی پەتای کۆرۆنادا، کۆی سامانی دە لە ملیاردێرە سەرەکییەکانی جیهان زیاتر لە دوو هێندە زیادیکردووە)، لە کاتێکدا لە ڕووی بابەتییەوە تەواو ئەگەری ئەوە هەیە کە بێوێنە خێراکردنی هێزی بەرهەمهێنانی ئینسان دەبێ وەربگێڕدرێت بۆ کەمکردنەوەی بێ وێنەی کاتەکانی کارکردن و باشترکردنی دەستبەجێی ئاستی خۆشگوزەرانی گشتی خەڵک. ئەمڕۆ ئەم ئەگەرە بە کردەوە لەتوانادایە، لە کاتێکدا ٥٠ ساڵ لەمەوبەر وا نەبوو. شۆڕشی دیجیتاڵی و شۆڕشی ئینتەرنێت وایکردووە کەئەم کارە لەتوانادا بێت.
ئاڵوگۆڕێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە کە زۆرێک لە خزمەتگوزارییەکان و تەنانەت کاڵاکانیش بوونەتە خۆڕایی. وەک نموونە بەرهەمهێنان و فرۆشتنی ئینسایکلۆپیدیا یان دائیرەی مەعاریف کە پیشەسازییەکی چەند ملیار دۆلاری بوو لە جیهاندا، ئەمڕۆ بە خۆڕایی لەبەردەستی هەموواندایە لە شێوەی ویکیپیدیادا. ئینسایکلۆپیدیایەک بە کوالیتی بەرزتر و زانیاری گشتگیرتر و زۆر ئاسان بەردەستە لە گەورەترین ئینسایکلۆپیدیای چاپکراو، بڕێکی بێ وێنەی زانیاری دەخاتە بەردەستی هەمووان و هەموو ڕۆژێک و هەموو کاتژمێرێک نوێ دەکرێتەوە. نزیکەی ٤٠ هەزار کەس خۆبەخشانە و بەردەوام و ملیۆنان کەس لەسەر بنەمای کەیس بە کەیس زانیارییەکانی ویکیپیدیا زیاد دەکەن و دەستکاری دەکەن و نوێ دەکەنەوە. بەم شێوەیە ئەم پیشەسازییە بە تەواوی لە ژێر کۆنترۆڵی بازاڕی سەرمایە دەرچووە و یاساکانی قازانج بەڕێوەی نابەن.
پیشەسازی بەرهەمهێنانی فەرهەنگ بە تەواوی بە هەمان شێوە پەرەی سەندووە. ئەمەش لە بەرامبەردا گۆڕانکارییەکی چۆنایەتی لە زانست و زانیاری گشتیدا دروستکردووە. هەر کەسێک بەرامبەر بە ملیۆنان بەرگی کتێب لە مۆبایل و لە گیرفانی خۆیدا هەڵدەگرێت، کە دەتوانرێت بە سەری پەنجەیەک دەستی پێ بگات.
هەروەها زۆرێک لە ئەپ و پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا بەخۆڕایین. هەر ئەم سکایپە کە بەم بەرنامەیە تۆمار دەکەین، پەیوەندی تەلەفۆنی لە هەر شوێنێکەوە بۆ هەر شوێنێکی جیهان، یان تویتەر (X Network)، تێلێگرام، فەیسبووک، ئینستاگرام و هتد، بە خۆڕایی بەردەستە بۆ هەموو بەکارهێنەران. هەروەها پیشەسازی مۆسیقا – بەرهەمهێنانی مۆسیقا و دابەشکردنی مۆسیقا – فۆتۆگرافی و چاپکردنی وێنە و تا ڕادەیەکی زۆر سەیرکردنی فیلم و بەرهەمهێنانی ڤیدیۆ بە کردەوە بووەتە خۆڕایی. زۆر کەس ساڵانێکە تۆمار و سی دییان نەکڕیوە. بۆ بینینی فیلمەکان پێویستت بە “DVD” یان “VHS” نییە. وێنەگرتن و چاپکردنی وێنە و تەنانەت دروستکردنی ڤیدیۆ و فیلمی خێزانی بۆتە خۆڕایی و فیلمی فۆتۆگرافی و هاتن و چاپکردنی وێنە بە تەواوی و تا ڕادەیەکی زۆر فۆتۆگرافی خێزانی و کامێرای ڤیدیۆیی، هەم زیادە و هەم لەناوچوون. پێموانییە نەوەی Z تەنانەت ناوی ئەم جۆرە بەرهەمانەشی بیستبێت.
هەروەها خزمەتگوزاری پەروەردەیی لە چەندین بواری جیاوازدا لە ئینتەرنێت و یوتیوب بە خۆڕایی بۆ هەمووان بەردەستە. هەر لە وانەوتنەوەى هەموو جۆرە پیشەیەکەوە تا دەگاتە چێشت لێنان و وەرزش و ئیسراحەت و چنین و باخەوانی و گوڵ چاندن، بۆ فێرکردنی زمانە جیاوازەکان و پیشەسازی تەکسی و زانیاری گەشتیاری و گەشت و نەخشەی شار و شەقامەکان، تا دەگاتە چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل و کەرەستەی ناوماڵ و هتد. هتد. .
نموونە زۆرن، بەڵام ئەم نموونانە بەسە بۆ ئەوەی ڕەوتی گەشەسەندنمان پیشان بدەن: پرۆسەی بەخۆڕایی بوون و لە ئەنجامدا وازهێنان لە کاڵا و خزمەتگوزارییەکان لە ڕێسا و پەیوەندییەکانی بازاڕی سەرمایەداری.
لایەنێکی تری نەهێشتنی نێوەندگرەکانە لە پەیوەندی نێوان بەرهەمهێنان و بەکاربردندا.
بۆ نمونە لە پیشەسازی گەشتیاریدا دیاردەیەکی نوێمان هەیە بە ناوی airbnb کە ڕێگە بە گەشتیاران و گەشتیاران دەدات ڕاستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ ئەو کەسانەدا بکەن کە دەیانەوێت خانووەکانیان بەکرێ بگرن. هۆتێلەکان ژمارەیەکی زۆر لە کڕیارەکانیان لەدەستداوە، چونکە خەڵکێکی زۆر لە وەرزی گەشتیاریدا بەم شێوەیە گەشت دەکەن. بێگومان هەندێک کۆمپانیا پەیوەندی نێوان گەشتیاران و خاوەن خانووەکانیان قۆرخ کردووە، بەڵام بوونیان بە تەواوی پێویست نییە. بنەمای کارەکە بریتییە لە ئەپێک یان پرۆگرامێکی کۆمپیوتەر کە پێویستی بە خاوەنکار و تەنانەت مرۆیی بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵکردنی نییە.
نموونەیەکی دیکەی گێڕانەوە لەم بوارەدا تاکسی ئینتەرنێتییە، کە “ئۆبەر” گرنگترین ئەپی تێدایە. ئۆبەر تەنها بەرنامەیەکی کۆمپیوتەرییە کە بە تەواوی بەبێ بەڕێوەبەرایەتی مرۆڤ و کارمەند و فەرمانگە و بیرۆکراسی کاردەکات. تەنانەت پێویست ناکات تەلەفۆن بۆ کەسیش بکەیت. تۆ بەرنامەکە لە مۆبایلەکەت دادەبەزێنیت و سەرچاوە و شوێنی مەبەستت دەنووسیت. ئەو شۆفێرانەی دەیانەوێت لەگەڵ ئۆبەر کاربکەن پێشتر زانیارییەکانیان داخڵ کردووە. ئەم بەرنامەیە ڕاستەوخۆ سەرنشین بە شۆفێرەوە دەبەستێتەوە و پێویستی بە هیچ جۆرە ناوەندگیر و بەڕێوەبردن و کاری ئۆفیس و بیرۆکراسی و لە پلەی یەکەمدا خاوەنی بزنسەکە نییە. خاوەنی فرە ملیاردێری کۆمپانیای ئۆبەر لە ڕاستیدا خاوەنی بەرنامەیەکی کۆمپیوتەرییە و ئەوە تەواو. ئەپی ئۆبەر هاوشێوەی Airbnb بەدەر لە ناوەندەکان، واتە ئەو سەرمایەدارانەی کە لەگەڵ هەر کڕین و فرۆشتنێکدا قازانج دەکەن و ڕاستەوخۆ کڕیار و فرۆشیار بەیەکەوە دەبەستێتەوە. لێرەشدا دەبینین کە پیشەسازی تاکسی لە سایەی ئینتەرنێتەوە بەرەو ڕزگارکردنی خۆی لە خاوەن سەرمایە دەڕوات.
لە هەموو ئەو نموونانەی سەرەوەدا ڕۆڵی بەرنامەی کۆمپیوتەر یان ئەپلیکەیشن (ئەپەکان) یەکلاکەرەوەیە. سیستەمی کارپێکردن ڕۆڵێکی بەرچاوی دۆزیوەتەوە نەک تەنها لە کۆمپیوتەر بەڵکو لە مۆبایلە زیرەکەکان و لە جی پی ئێس و لە ئۆتۆمبێل و لە تەلەفزیۆن و لە زۆرێک لە ئامێرەکانی ناوماڵدا، بە جۆرێک لەمڕۆدا باس لە ئینتەرنێتی شتەکان دەکەن. ئینتەرنێت کە ئامێرە زیرەکەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە و هەماهەنگی دەکات.
شتێکی سەرنجڕاکێش کە پێویستە ئاماژەی پێبدەین ئەوەیە کە خۆبەرهەمهێنان و پەرەسەندنی بەرنامەکانی کارپێکردن operating systemsدەتوانرێت لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە و بەخۆڕایی ئەنجام بدرێت. لە ئێستادا بەرنامە گرنگەکانی کارپێکردن وەک لینوکسlinux و فایەرفۆکسfirefox بەناو سەرچاوە کراوەنopen source، واتە کۆدەکانیان گشتییە و بۆ هەموو کەسێک بەردەستە. کۆمپیوتەرەکان دەتوانن بە خۆڕایی ئەم پرۆگرامانە بەکاربهێنن و پرۆگرامسازان دەتوانن تەواویان بکەن یان بەپێی بەکارهێنانیان بیگۆڕن.
دوایین پەرەسەندن بریتییە لە زیرەکی دەستکرد یان AI کە دەتوانێت کارکردی زۆرێک لە پیشەسازییەکان تێکبدات و کاری مرۆڤ بۆ کەمترین ئاست کەم بکاتەوە لە بەرهەمهێنانی تەنانەت بەرهەمە فیکرییەکانیشدا. بۆ نموونە AI دەتوانێت پێویستی زۆرێک لە ستافی پشت کامێرا و تەنانەت ئەکتەرەکانی پیشەسازی فیلمیش نەهێڵێت. ئەم پێشهاتانە لە پەیوەندییە سەرمایەدارییەکاندا بە مانای زیاتر و زیاتری بێکاری و نائەمنی ئابووری دێت، لە کاتێکدا لە واقیعدا هەلومەرجی بابەتیی کەمکردنەوەی کاتی کارکردن و زیادکردنی کاتی بەتاڵی خەڵک و زۆربوونی کاڵا و خزمەتگوزاری بووە.
ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە ئاماژەم پێدا بە پێچەوانەی پەیوەندییە سەرمایەدارییەکانەوە دەڕۆن. ئەم پێشهاتانە بە مانای گەشەی بێ وێنەی هێزە بەرهەمهێنەرەکان و هێزی بەرهەمهێنانی ئینسانی و ئەگەری کەمکردنەوەی بەرچاوی کاتەکانی کارکردن و بەکۆمەڵایەتیکردنی پرۆسەی بەرهەمهێنانی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان بەبێ ئەوەی پێویستی بە سەرمایەدار و تەنانەت بەڕێوەبردن و بیرۆکراسی.
حەسەن ساڵحی: بنەما و ڕەگی ئەم ئاڵوگۆڕە چییە؟ ئایا ئەمە قۆناغێکی تایبەتی گەشەی هێزە بەرهەمهێنەرەکانە؟
حەمید تەقوایی: هێزە بەرهەمهێنەرەکان کە گرنگترین پایەی کەرەستەی بەرهەمهێنانن، بە درێژایی مێژوو بەردەوام گەشەیان کردووە. لە لێکدانەوەی کۆتاییدا هەموو خاڵە وەرچەرخانەکان و پێشکەوتنە ئابوورییەکان و شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بەهۆی پەرەسەندن و باشتربوونی هێزە بەرهەمهێنەرەکانەوە بووە.
بەڕای من ئەمڕۆ ئێمە شاهیدی گەشەکردن و بازدانی بۆ پێشەوەی هێزە بەرهەمهێنەرەکانین. شۆڕشی پیشەسازی چوارەم نوێنەرایەتی کاریگەریی یەکلاکەرەوەی تەکنەلۆجیا و بەرهەمە زانستی و فیکرییە مرۆییەکان دەکات لە بەرهەمهێنانی سامانی کۆمەڵایەتیدا.
نزیکەی ١٧٠ ساڵ لەمەوبەر مارکس لە تێبینییەکانیدا کە بە ناوی گروندریسە بڵاوکرایەوە، دوای بینینی یەکەم نموونەی داهێنانە تەکنەلۆژییەکانی وەک تەلەگراف و بزوێنەری هەڵم، باسی لە بەرچاو و گرنگی سەبارەت بە ڕۆڵی زانست و هزری ئینسان لە بەرهەم هێنانی پیشەسازیی گەورەدا کرد . پێشبینی دەکات لەگەڵ گەشەکردنی تەکنەلۆژیا، بەرهەمە فیکری و زانستییەکان ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە لە بەرهەمهێناندا بگێڕن. دەشڵێت، زانستی کۆمەڵایەتییsocial intellect عەقڵی کۆمەڵایەتی لە ئامرازەکانی بەرهەمهێنان (ماشینەکانی وەک ڕۆبۆتەکانی ئەمڕۆ)دا دیاری دەکرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی کاتی کارکردن لە پیشەسازییە گەورەکاندا و کرێکاران دەگۆڕێت بۆ سەرپەرشتیار و کۆنتڕۆڵی بەرهەمهێنان.
ئەمڕۆش شاهیدی هەمان پەرەسەندنین. پێش شۆڕشی ئینتەرنێت، ئامرازەکانی بەرهەمهێنان لە ڕاستیدا درێژکراوەی دەستی ئینسان بوون، ئەمڕۆ درێژکراوەی مێشک و هزری ئینسانن، بە بڕوای مارکس، “ئەندامەکانی مێشکی ئینسانن”. ئەو زانستە کۆمەڵایەتییە ئیرادەدارەی کە مارکس باسی دەکات، ئەمڕۆ لە ئەپەکانی کۆمپیوتەریدا نیشان دەدات، کە ڕۆڵی لە بەرهەمهێناندا ڕۆژانە گرنگتر و چارەنووسسازتر دەبێت. مارکس دەڵێت بەو پێیەی قازانجی سەرمایە پەیوەستە بە کاری ڕاستەوخۆی کرێکارانەوە، میکانیزەکردنی بەرهەمهێنان و کەمکردنەوەی کاتەکانی کارکردن ئەو هەلومەرجە ماددییانەن کە دواجار “بناغەی سەرمایەداری” دەتەقێننەوە و دەیبەن بە هەوادا. وە ئەمڕۆ ئێمە لە بەربەستی گۆڕانکارییەکی لەو شێوەیەداین. شۆڕشی پیشەسازی چوارەم لە تەکنەلۆجیا و بەرهەمە زانستی و فیکرییە مرۆییەکان لە بەرهەمهێنانی سامانی کۆمەڵایەتیدا لێکەوتەی یەکلاکەرەوەی هەیە کە چیتر لەناو توێکڵی پەیوەندییە سەرمایەداریەکاندا جێی نابێتەوە.
[وەرگێڕانەکانی پەیوەست بەو خاڵانەی سەرەوە لە کتێبی (Grundrisse)ی مارکس لە تێبینییەکانی ژێرەوەدایە].

حەسەن ساڵحی: ئێوە لایەنی ئابووری شۆڕشی ئایتیتان بە وردی ڕوون کردۆتەوە. لە هەمان کاتدا باست لەوە کرد کە ئەم شۆڕشە پێکەوە بەستن و و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیش دەگۆڕێت. تکایە ئەم لایەنە زیاتر ڕوون بکەنەوە. ئایا لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتی-فەرهەنگییشەوە ئەم پەرەسەندنە لەگەڵ پەیوەندییە سەرمایەدارییەکان لە دژایەتیدایە؟
حەمید تەقوایی: پایەیەکی گرنگ و ناوازەی شۆڕشی پیشەسازی چوارەم، کاریگەرییە قوڵە کۆمەڵایەتی-فەرهەنگییەکانیەتی.دەتوانرێت ئینتەرنێت بە شۆڕش لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ئینساندا ناوببرێت. ئەم شۆڕشە کولتوورێکی خوڵقاندووە کە پێموایە خاڵی وەرچەرخانە لە ژیانی کۆمەڵایەتی مرۆڤدا.
یەکەم کاریگەری ئینتەرنێت بریتییە لە بڵاوکردنەوەی میدیا و ڕێکخراوە هەواڵییەکان. پێش ئینتەرنێت هەمووان دەبوو ئاماژە بە میدیا و سەرچاوە هەواڵییەکان بکەن کە لەلایەن حکومەت و سەرمایەدارە گەورەکانەوە قۆرخ کرابوون. ئەمڕۆ هەمووان پەیامنێرن. بۆ یەکەمجار لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هەموو هاوڵاتییەک دەتوانێت ملیۆنان گوێگری هەبێت. بۆ یەکەمجار دیاردەیەک کە پێی دەوترێت influncer کاریگەر، ڕۆڵێکی گرنگی لە پێشکەوتنە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکاندا دۆزیەوە. لە تەمەنی گەنجیدا من و هاوتەمەنەکانی من ئەگەر بمانویستایە قسەی خۆمان بگەیەنینە کەسێک یان کاریگەریمان لەسەر پێشهاتەکان هەبێت، دەبوو دەستمان بۆ ڕۆژنامە و ڕادیۆ و تەلەفزیۆن درێژ بکەین، یان ئەگەر لە ڕووی سیاسییەوە چالاک بووین، دەبوو سود لە پلاتفۆڕمە حزبییەکان وەرگرین. ئەمڕۆ هیچ کام لەمانە پێویست نین. تەنها پێویستت بە مۆبایلێکی زیرەک هەیە بۆ ئەوەی دەنگتان بە گوێی هەموو جیهان بگەیەنن و کەسە هاوبیرەکانت لە دەوری خۆت کۆبکەیتەوە. دەتوانن نوێترین زانیاری دەربارەی ئاڵوگۆڕە کولتووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و هونەرییەکانی چوار گۆشەی جیهان بزانن و کەسانی دیکەی لێ ئاگادار بکەنەوە.
خاڵێکی تر ئەوەیە کە ئینسانەکان لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە ژیانی تایبەتی خۆیان لەگەڵ یەکتردا هاوبەش دەکەن. ئەمڕۆ نەوەی Z، ئەو گەنجانەی لەگەڵ مۆبایلە زیرەکەکاندا گەورە بوون، ئەم کولتوورەیان هەیە. ئەم نەوەیە و زۆرێک لە بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا بە گشتی، لە ڕێگەی پلاتفۆرمی ئینتەرنێتەوە خەم و خۆشییەکانیان، ڕۆژی لەدایک بوون و زەماوەند و هەست و ئارەزوو و هەوراز و نشێوەکانیان لە ژیانی تایبەتی خۆیاندا دەخەنە بەر دەستی یەکتری. سۆشیال میدیا میدیای هەردوو هەواڵ و زانیاری کۆمەڵایەتی و کەسییە. بەم شێوەیە شوناسی لۆکاڵی مرۆڤەکان سیمایەکی کۆمەڵایەتیشی بەدەستهێناوە.
بزانە مرۆڤ دوو جۆر ناسنامەی هەیە: ناسنامەی ناوچەیی یا ناوخۆیی و شوناسی گڵوباڵ یا جیهانی. ناسنامەی جیهانی ناسنامەیەکی ئینسانی و گشتییە. بەڵام ناسنامەی ناوخۆیی لەسەر بنەمای خۆشەویستی و حەز و ئارەزووی تۆ بۆ ژینگەی ژیان و ئەزموونە کەسییەکانت دامەزراوە. حەز و ئارەزووت بۆ شوێن و شارەکەت، بۆ ئەو قوتابخانەیەی کە چوویتە لێی بوویت، بۆ یادەوەرییە هاوبەشەکان لەگەڵ کەسانی دەوروبەرت و هتد. پێت خۆش بێت یان نا، هەموو کەسێک منداڵەکەی و تەنانەت ڕووەکی ماڵەوە و ئاژەڵە ماڵیەکەی زیاتر لە کەسانی تر خۆشدەوێت چونکە شایەتحاڵی گەشەکردن و گەورەبونیان بووە، لە نزیکەوە دەیانناسن و ئاشنا بوون لەگەڵیان. بەم مانایە شوناسی لۆکاڵی لە جەوهەری خۆیدا مرۆڤە، بەڵام لە ڕووی مێژووییەوە لە ژێر بارگرانی ناسنامەی نەتەوەیی و میللی و ئایینی و ڕەگەزیدا شێوێنراوە و بەلاڕێدابراوە.
ئەمڕۆ ئینتەرنێت وایکردووە لایەنی مرۆیی ئەم شوناسە لۆکاڵییە زیاتر بەرچاو بکەوێت و سەرهەڵبدات و وەک پرسێکی کۆمەڵایەتی دیاری بکرێت. هەموو کەسێک دەتوانێت ئەزموونی تایبەتی خۆی و بەرژەوەندییە هزریەکان و سەلیقەی هونەری و کێشە و نیگەرانییەکان و ڕاسپاردە و ڕێنماییەکان و وەرزش و مۆسیقای دڵخواز و وێنە و ڤیدیۆ کلیپی خۆی و خێزان و هاوڕێکانی و هتد و هتد بەیەکەوە باس بکات و بەم شێوەیەش، بۆ فراوانکردنی ئەو ناسین و ئاشنابوون و بەرژەوەندییەی کە سنووردار بوو بە بازنەی جوگرافی ژیانی هەمووان پێش سۆشیال میدیا لەسەر ئاستی جیهانی. ئەمە جۆرێکە لە هاوڕێیەتی و نزیکایەتی و هاوکاری لەسەر ئاستی جیهانی کە لە مێژوودا بێ وێنەیە. بەم شێوەیە شوناسە لۆکاڵیەکان خۆیان لە بارگرانی ناسیۆنالیزم و ئایین ڕزگار دەکەن و دەبنە ناسنامەی ئینسانی-کۆمەڵایەتی. بە واتای لێکچوون و هاوڕێیەتی لە ڕووی بەرژەوەندی و بۆچوونی سیاسی-کۆمەڵایەتی و سەلیقەی هونەری و ئەدەبی و وەرزشییەوە، هەروەک چۆن بۆ کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن و مەدەنی گونجاوە و لەبارە.
لە لایەکی ترەوە ناسنامەی جیهانی مرۆڤەکان لەگەڵ ئینتەرنێتدا زیاتر بەرچاو دەکەوێت. بەپێی پێناسەکە، شوناسی جیهانی تەنیا دەتوانێت دوور بێت لە کۆنەپەرستی ناسیونالیستی-ئەخلاقی-ئاینیەکان و لەسەر بنەمای بەها مرۆییە هاوبەش و گشتگیرەکان بێت. بەهاکانی وەک ئازادی، یەکسانی، دادپەروەری، خۆشگوزەرانی، کەرامەتی ئینسانی و هاوشێوەکانی. ئەم بەهایانە زیاتر بەرچاو و بەربڵاوتر دەبن لەگەڵ نزیکبوونەوەی خەڵکی هەسارەکە لە ڕێگەی سۆشیال میدیا و بوون بە هێزێکی گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەی جیهانیدا. لە سەردەمی بزووتنەوەی دەستبەسەرداگرتن occupy لە ڕۆژئاوا و شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی، و نموونە زیندووەکەی ئەمڕۆ، شۆڕشی ژنانی ژیانی ئازادی، ئێمە شاهیدی ئەم هاوپشتی و هاوڕێیەتییە جیهانییەین لە دەوری ئەو جۆرە بەهایانە.
کاریگەرییەکی دیکەی شۆڕشی ئینفورماتیک بریتییە لە پێشخستنی بێوێنەی تێگەیشتن و هۆشیاری گشتی لە ئەنجامی ئازادی و زانیاری ئازاد. جگە لە ئینسایکلۆپیدیا و فەرهەنگ و سەرچاوەی هەواڵ-زانیاری ئازاد، کۆمەڵەیەکی زەبەلاح لە وتار، سیمینار یان وێبینار، دیبەیت و چاوپێکەوتنی پراکتیکی، کۆمەڵایەتی، سیاسی، هونەری و مێژوویی لە ئینتەرنێتدا بە زمانە جیاوازەکان بەردەستە. دەرئەنجامی کۆمەڵایەتی و کولتووری ئەمە بۆ نەوەی کۆتاییZ کە لە سەرەتای ژیانەوە دەستی بەم زانیاریانە گەیشتوە، تا ڕادەیەکی زۆر پێویستی بە پەروەردەی کلاسیک و تەنانەت ئۆتۆریتەی بەساڵاچووان نییە. زانست و زانستی ئینتەرنێت جێگەی ئامۆژگاری و زانیاری گەورەکانی گرتۆتەوە. لە زۆر بواردا ئەوە هەرزەکارەکانن کە دایک و باوکیان ئاگادار دەکەنەوە و فێریان دەکەن. لە پەروەردەکردنی منداڵ و ئامۆژگاری چێشت لێنان و تەندروستییەوە تا دەگاتە زانیاری مێژوویی و هونەری و ئەدەبی و هتد. جیاوازیەکان نامێنن چونکە هەموو کەسێک دەتوانێت بە فشاری پەنجەیەک ڕاستی هەموو بۆچوون و بیرۆکە و ڕێنمایییەک بپشکنێت. ئەمەش لە بەرامبەردا دەسەڵات و هەژموونی تایبەتی بەسەر خەڵکی ئاساییدا، و ئۆتۆریتەی حکومەتەکان وەک تایبەتمەندیە باوەکان بەسەر جەماوەری خەڵکدا لەناو دەبات و دەبێتە هۆی یەکسانی و هاوتابوونی کولتووری-زانیاری لە هەموو کۆمەڵگادا.
هەموو ئەمانە بەو مانایەیە کە ئینتەرنێت ناسنامەی کۆمەڵایەتی مرۆڤەکان بەهێز دەکات و تیشک دەخاتە سەر بەو ئاراستەیەی کە سۆسیالیستەکان زیاتر لە جاران دەیانەوێت. سۆسیالیزم واتە ڕەسەنایەتی کۆمەڵگا، واتە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کەسایەتی و ناسنامەی مرۆڤەکان کۆمەڵایەتییە. تەنانەت زمان و مێشک و پەرەسەندنی بایۆلۆژیشمان قەرزاری ژیانی کۆمەڵایەتین. سۆشیال میدیا ئەم ناسنامە مرۆییە زیاتر بەرچاو و تایبەتتر دەکات. سێبەری لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی-ئاینی دادەنێت و تەنانەت شوناسی ناوخۆییش بەکۆمەڵایەتی دەکات و بەم شێوەیە کولتوورێک دروست دەکات کە لە جەوهەرەکەیدا سۆسیالیستییە.
هەموو ئەو خاڵانەی کە من ڕوونم کردەوە، بەتەواوی پێچەوانەی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و لەگەڵ ئەو کولتوورەی کە لەسەر بنەمای کێبڕکێ و قازانج سازی دامەزراوە. ئه مڕۆ سه ڕمایه داری له سه ڕ بنه مای یاسا ئابووری و ئۆبژێکتیڤه کانی بازاڕ نییه ، وه ک ئه وان پێی ده ڵێن ” ده ستی نه بینراوی بازاڕ”، به ڵکو به هێزی یاسا یاسایی و سزاییه کان، ڕێگری له تێکچوونی په یوه ندییه کانی سه ڕمایه داری ده کات. قەدەغەکردنی بەرهەمهێنانەوەی بێبەرامبەر و دابەشکردنی بەرهەمە فیکرییەکانی وەک پرۆگرامی کۆمپیوتەر، کتێب، مۆسیقا، فیلم و هتد، بێکاریی کرێکاران لەبری کەمکردنەوەی کاتەکانی کارکردن، پاراستنی یاسایی خاوەندارێتی تاکەکەسی لە بەرهەم و خزمەتگوزارییەکانی وەک ئۆبەر و ئایربینب، کە پێویست دەکات نەخێر تەنها خاوەندارێتی بەڵام وەبەرهێنانیش.و هیچ کۆنتڕۆڵ و بەڕێوەبردنێکیان نییە و بە ئاسانی دەتوانرێت بە کۆپیکردنی ئەپێک بەرهەمبهێنرێنەوە، ڕێگریکردن لە بڵاوکردنەوەی ئەو زانیاریانەی کە بە “نهێنی” دادەنرێت وەک نایاساییکردنی ویکیلیکس و هتد و هتد، هەموویان ئاماژەن بۆ… هەوڵەکانی حکومەتەکان بۆ پاراستنی پەیوەندییەکان کە سەردەمەکەیان بە تەواوی هاتووە
پەیوەندی سەرمایەداری زۆر توند و تۆڵە بۆ پێشکەوتنە زانستی و تەکنەلۆژییەکانی سەردەمی ئێستا. شۆڕشی پیشەسازی چوارەم، وەک گۆڕانێکی خێرا و بەردەوام، بڕیارە ئەم توێکڵە بشکێنێت و خزمەت بە ڕزگاری و خۆشگوزەرانی گشتیی هەموو دانیشتوانی زەوی بکات. بێگومان ئەم پەرەسەندنە پێویستی بە شۆڕشێکی سیاسی هەیە، بەڵام هەلومەرجی بابەتیی زیاتر لە جاران بۆ پێکهێنانی شۆڕشێکی لەو شێوەیە. شۆڕشێک کە ڕزگاری بێت لە سەرمایەدارە مفتەخۆرەکان و هەموو ئەو ئاسانکارییە بابەتیانە بخاتە خزمەت کۆمەڵگا.
حەسەن ساڵحی: دەست خۆش، لە بەرنامەی داهاتوودا دوا پرسیارەکانم دەکەم.


تێبینی:
وەرگێڕانی کارل مارکس (سەرچاوە: وەرگێڕانی ئینگلیزی لەلایەن گروندریس، چاپخانەی پێنگوین، ئۆنلاین)
https://www.marxists.org/…/کارەکان/١٨٥٧/grundrisse/index.htm
“سروشت هیچ ئامێرێک دروست ناکات، هیچ لوکۆمۆتیڤێک، هێڵی ئاسن، تەلەگرافی کارەبایی، کەرێکی ئۆتۆماتیکی و هتد. ئەمانە بەرهەمی پیشەسازی مرۆڤن؛ ماددە سروشتییەکان گۆڕاون بۆ ئۆرگانی ئیرادەی مرۆڤ بەسەر سروشتدا، یان بەشداریکردنی مرۆڤ لە سروشتدا. ئەوان ئۆرگانەکانی… مێشکی مرۆڤ.بە دەستی مرۆڤ دروست دەکرێن؛ ئەوان هێزی بابەتیی زانینن.گەشەسەندنی سەرمایەی جێگیر ئەوە نیشان دەدات کە زانینی کۆمەڵایەتی گشتی تا چەند بووەتە هێزێکی ڕاستەوخۆی بەرهەمهێنان، و لێرەوە تا چەندە بارودۆخی پرۆسەی ژیانی کۆمەڵایەتی خودی خۆی دوورە لە ژێر کۆنترۆڵی عەقڵدا. بەو پێیە بانگەشەی بۆ دەکرێت و دەگۆڕدرێت. تا چەند هێزەکانی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی، نەک تەنها لە شێوەی زانین، بەڵکو وەک ئۆرگانی دەستبەجێی پراکتیکی کۆمەڵایەتی، لە پرۆسەی ژیانی ڕاستەقینەوە بەرهەم دەهێنرێن.”
لاپەڕە ٦٢٥-٦٢٦
“ئاڵوگۆڕی کاری زیندوو بۆ کاری بابەتیی – واتە دانانی کاری کۆمەڵایەتی لە شێوەی دژایەتی لە نێوان سەرمایە و کاری کرێدا- گەشەسەندنی کۆتایی پەیوەندی بەها و بەرهەمهێنانی بەها. پێشگریمانەکەی بارستەی… کاتی کارکردنی ڕاستەوخۆ، بڕی کارە بەکارهێنراوەکان، بۆ تایتڵ فاکتەری دیاریکەر لە درووستکردنی ساماندایە و هەرواش دەمێنێتەوە.
بەڵام تا ئەو ڕادەیەی کە پیشەسازیی بەرفراوان گەشە دەکات، دروستکردنی سامانی ڕاستەقینە کەمتر پەیوەستە بە کاتی کار و بڕی کارە کارپێکراوەکانەوە نەک بە هێزی ئەو هۆکارانەی کە لە کاتی کاردا دەخرێنە جووڵەوە، “کاریگەری بەهێز”. کە ئەم هۆکارانە پێیان دەوترێت.
(گەشەسەندنی ئەم زانستە، بە تایبەت زانستە سروشتییەکان و زانستەکانی دیکە، لە بەرامبەردا پەیوەندی بە گەشەسەندنی بەرهەمهێنانی ماددییەوە هەیە.) بۆ نموونە کشتوکاڵ دەبێتە تەنیا بەکارهێنانی زانستی میتابۆلیزمی ماددە، [و] ئەو ڕێکخستن بۆ زۆرترین سوودی هەموو جەستەی کۆمەڵگا. سامانی ڕاستەقینە- و پیشەسازی گەورە ئەمە ئاشکرا دەکات- لە ناڕێژەیەکی ترسناکدا لە نێوان کاتە کارپێکراوەکان و بەرهەمەکەیدا دەردەکەوێت، هەروەها لە ناهاوسەنگییەکی چۆنایەتی لە نێوان کاردا، کە کورتکراوەتەوە بۆ ئەبستراکتێکی پاک و دەسەڵات. سەرپەرشتی دەکات.
پێدەچێت کار زۆر لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا نەماوە. بەڵکو مرۆڤ وەک پارێزەر و ڕێکخەرێک زیاتر لەگەڵ خودی پرۆسەی بەرهەمهێناندا کارلێک دەکات.
لاپەڕە 624
“سەرمایە خۆی دژایەتییەکی جوڵاوە، [بەو پێیەی کە فشار دەخاتە سەر کەمکردنەوەی کاتی کار، لە کاتێکدا لە لایەکی دیکەوە کاتەکانی کار وەک تاکە پێوەر و سەرچاوەی سامان سەیر دەکات. لێرەوە کاتەکانی کار بەپێویستی کەم دەکرێتەوە ڕێگەی پێدەدات زیادەڕۆیی زیاد بکات.” لێرەوە، پێوانە زیادەکان دەکاتە مەرجێک- بابەتی ژیان یان مردن- بۆ شتە سەرەکییەکان.
بۆیە سەرمایە لە لایەکەوە بانگەوازی ژیان دەکات بۆ هەموو هێزەکانی زانست و سروشت، وەک پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، بۆ ئەوەی دروستکردنی سامان تاڕادەیەک سەربەخۆ بێت لەو کاتە کارەی کە تێیدا بەکاردەهێنرێت. لە لایەکی دیکەوە دەیەوێت کاتی کار وەک پێوەرێک بۆ ئەو هێزە کۆمەڵایەتییە زەبەلاحانەی کە دروستکراون بەکاربهێنێت و سنوورداریان بکات بەو سنوورانەی کە پێویستن بۆ پاراستنی ئەو بەهایەی ئێستا وەک بەها دروستکراوە. هێزەکانی بەرهەمهێنان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان – دوو لایەنی جیاوازی گەشەسەندنی تاکی کۆمەڵایەتی- بۆ سەرمایە وەک ئامرازێکی تەنیا دەردەکەون و تەنیا ئامرازی بەرهەمهێنانن لەسەر بنەمای سنوورداری خۆیان. بەڵام لە ڕاستیدا ئەوان هەلومەرجی ماددین بۆ تەقاندنەوە و بەهەوادا بردنی ئەم بناغەیە”.
ل ٦٢٥
١٠ی ئەسفندی ١٤٠٢، ٢٩ی فێبروەری ٢٠٢٤




هەڵاتن لە ڕووناکی.. ناڵە حەسەن

من لەوەتەی هەم
لە ئاسمان ڕادەکەم و لەنێو با خۆم دەشارمەوە
لە ئەستێرەکان ڕادەکەم و لەنێو ئاگر خۆم دەشارمەوە
ڕەنگە هۆکارەکەی ئەوە بێت
من لە شەوێکی تاریک و بەدیار فانۆسێکی شووشە شکاوەوە
هاتوومەتە دونیا و
ختوکەی شەرمێکی ڕۆژهەڵاتیش لە جەستە و ناخم جیا نابێتەوە
ماندووم و لەنێو ئەشکەوتە تاریکەکانی شکستەکانەوە هاتووم
گوێم لە زریکە و هاواری هەموو زەمەنەکان و چەرخەکان و وەرزەکان و
باخچەکان بووە
لەنێو ڕەشماڵ و پەرستگە و خەڵوەتگەکانی عەشق
گوێم لە ڕازە ڕەونەقاوییە ڕووناکەکانی شاپەرییەکانیش بووە
کتێبە پیرۆزەکانیشم یەکبەیەک خوێندۆتەوە
دێربەدێری ئایەتەکان و پەڕپەڕی خەونی بەیاتریسەکانیشم شیکردوونەتەوە
هەر بەم دەنگ و ڕوخسارو شان و ملە تۆزاوییەوە
هاتم و سەدەیەک لە مەمکۆڵە سپییەکانی ڕووناکی و
ئۆقیانووسێک لە شەپۆلی بێدەنگی و
کیشوەرێک لە نیگای خەواڵووی لەخۆم نامورادتر بە کۆڵمەوەیە
چ زەمەنێکی دژوار و ڕۆژگارێکی سەخت بوو
نەمانتوانی / لەنێو بەلەمەکانی باران بمینینەوە
لەگەڵ سەمفۆنیا هێمنەکانی سپێدە سەمابکەین و وێنەکانی خۆمان
لەنێو ئەلبوومەکانی مردن بهێنینە دەرەوە
خەونە خرپنەکانی خۆمان لەباوەش بگرین و نەهێڵین لێمان دوورکەونەوە
هاتم و من ویستم ڕووناکی ببەمە نێو سبەینێم
بیرم نەبوو ئەمڕۆم پڕە لە تاریکی
من ویستم ڕووناکی بگەڕێنمەوە نێو دوێنێم
بیرم چووبوو ئەمڕۆم ناتەبایە لەگەڵ ڕووناکی
هاتم و لەسەر هەموو کانییەک قومە ئاوێکم خواردەوە و بە هەموو ڕەنگێک
نیگاری ئومێدەکانم ڕەنگ دەکرد
گەرووم وەک شمشاڵێک هەموو ئاوازە غەمگینەکانم پێ دەچڕی
لەژێر سێبەری هەموو سنەوبەرێک خەونی خوناویم دەبینی
وەکو بارانیش بە پێدەشتی هەموو بەهەشتێکدا دادەباریم
سەردەمانێک ڕووناکی ماڵ بەماڵ و کۆڵان بە کۆڵان بەدوامدا دەگەڕا
ئێستا من لێی ڕادەکەم و دوور دەکەومەوە
لێی ڕادەکەم و ژیانیش لەپێشمدایە و وەکو من ڕادەکات
سەوزایی لە کەنار ڕێگاکان دوور دەکەونەوە
هێلەکان و رەنگەکانی پەلکەزێڕینەش
لە ئاسمان یاخی دەبن و جیادەبنەوە
جیادەبنەوە و ئەوانیش دوور دەکەونەوە
منیش هەر دەڕۆم و دوور دەکەومەوە
خۆم و خەیاڵێکی ڕووت ڕووت
خۆم و خەونێکی گۆچان بەدەستی رووت
خۆم و پەنجەرەیەک لە تاریکی ڕووت
خۆم و ڕۆحێکی هەلا هەلا و هەستێکی فۆبیایی
خۆم و خەیاڵێکی نامۆ و دەست و پەنجەیەکی لەرزۆک
ئەم جیهانە چەند چڕ و تێکئاڵاو و سەراسیمە و ئاڵۆزە
ڕەگەکانی ڕەش و ئەستێرەکانی ڕەش و مەمکۆڵەکانی ڕەش
شەو و شەوگاریش هەر ڕەش
ناتوانین وشەکان و ڕستەکان و نیگاکانی بخوێنینەوە
سەیرکەن بەردیش لێمان دوور دەکەوێتەوە و
ڕووناکیش بوخچەیەکە پڕ لە نهێنی نەدرکاو
عەشق بازنەیەکی داخراوە و دەرگایەکی هەیە بۆ چوونە ژوورەوە
دەرگای هاتنە دەرەش لە گۆڕستان سەر دەردەکا
چیڕۆکەکانی پێکەوەبوون گەیشتنە خاڵی کۆتایی
دەستەکانمان توانای لێکردنەوەی هەنجیرە گەییوەکانییان نەماوە
مەوداکانی نێوانیشمان بە ئەندازەی مەودای
ڕووناکی نێو دڵی تۆ و تاریکی نێو چاوەکانی من لەیەکەوە دوورن
هەر بەو نیگا تاریکانەوە دەڕوانم
هەندێجار کە لە ئاوێنەوە سەیری خۆم دەکەم / ڕوخساری خۆم ناناسمەوە
چ هەستێکی تووڕەهات و پووچ و هێڵنجاوییە ئەم خەیاڵانەی من
ڕووناکی نێو گەردوون پڕاوپڕە لە شتی نامۆ
بۆیە منیش نامۆم بە ڕووناکی و بە هەموو هاوکێشەکانی ئەم گەردوونە
من بە شێوەیەک خۆم فڕێدایە نێو چاڵەکانی عەشق
نەمدەزانی ڕۆژێک لەنێو قووڵاییەکاندا دەگەمە خاڵی کۆتایی و لەوێدا دەوەستم
دەوەستم و قاچەکانم لە جووڵە دەکەون
جەستە و میشک و پەنجە و چاوەکانم سڕ دەبن
لەدوورەوە / تەنها یەک ڕووناکی و یەک پەنجەرە و یەک مەشخەڵی ئاگر دەبینم
بۆیە ژیانێک ژیام / بیرم چووبوو لە کۆتایی دەگەمە خاڵی وەستان و مردن
هەر ژیام و لە ڕووناکی و ئاگر نزیک دەبوومەوە
کەچی ئیستا هەموو ڕۆژێ مردن قسەم لەگەڵ دەکا و پێمدەڵێ
چیتر خۆت بە فەتارەت مەدە و لە ڕووناکی دوورکەرەوە
ئێستا من چرکە چرکە لە ڕووناکی دوور دەکەومەوە
ڕووناکی ترسناکە لە مردن نزیکم دەکاتەوە
من ئێستا گومان لە هەموو ئاوێنەکان دەکەم
وەکچۆن گومان لە بوون و بیرکردنەوەکانی خۆیشم دەکەم
گومان لەو تاریکییە دەکەم کە ماڵێک نەبێت بۆ ڕووناکی
گومان لەو ڕووناکییەش دەکەم گۆشەیەک لە گۆشەکانی
پەناگەیەک نەبێت بۆ تاریکی
هەموو ڕووناکی گەردوونم هێنایە نێو شیعرەکانم
نەمتوانی لە زەردەخەنە مۆنالیزاییەکەی منداڵیم تێبگەم
نەمتوانی گومانەکانی نێو خەون و خەیاڵەکانم بخوێنمەوە
نەمتوانی لە نیگەرانییەکانی نێو تریفەی شەوەکانم تێبگەم
هەموو ڕووناکییەکانی گەردوونم هێنایە نێو شیعرەکانم
نەمتوانی تاریکایی نێو تەنیایی خۆم و تاریکایی نێو تەنیایی خۆرەتاو و
تاریکایی نێو تەنیایی خودا بخوێنمەوە
ئەی ڕووناکی من ئێستا لەتۆ ڕادەکەم و لێت دوور دەکەومەوە
لێت ڕادەکەم خۆم و خەونێکی ڕووت و گومانێکی ڕووت
وەکچۆن / وەرزەکان لە زەمەن ڕادەکەن و گەردوون لەبوون و
ئەی ڕووناکی منیش لەتۆ
هەندێجار ژیان نوختەیەکی ڕەشە بە سەر گۆنای مانگەوە
یان تابلۆیەکە لەشێوەی ئەسپێکی بچکۆڵە لەنێو هەورە ڕەشەکانەوە
منیش ڕادەمێنم و دەکەومە نێو خەیاڵێکی قووڵ قووڵەوە و دەپرسم
دەبێ من لەکوێی نێو ئەم نوختە ڕەشەی سەر گۆنای مانگ لەنگەرم گرتبێ
یان گەر لەو ئەسپە بچکۆڵەیەی نێو هەور ڕەشەکانەوە نزیک ببمەوە
تۆ بڵێی ئەمیش وەک هەمیشە لێم دوور نەکەوێتەوە
نوختە ڕەشەکە و ئەسپە بچکۆڵانەکە بە ڕووناکی ئەستێرەکانەوە
دەورە دراون
ئەستێرەکان ماڵی تیشکە سوورە ڕووناکەکانن
تیشکە سوورە ڕووناکەکان و من سەدەیەک لە نیوانمان
تریفە زەردە ڕووناکەکانی مانگ و سەدەیەک لە هەڵوەرین
سەدەیەک لە هەڵوەرین و پایزێکی سەرمەدی لەنێوانمان
ڕووناکی لەنێو بوونی من سەرابێکە بە نزیکبوونەوە ون دەبێ
وەک تەنکە بەفرێکی بەهاری بەنیگایەکی خۆرەتاو ڕەش دەبێتەوە
بێئاگا لەخۆم / کاتژمێرێکم لەدەستە قایش ڕەش و میلەکانی ڕەش
چرکە چرکە کات و زەمەنی سەدە تاریکەکانم بۆ دەخوێنێتەوە
زەمەنی لێکدابرانەکان و مردنەکان و وەستانەکان و سڕبوونەکان
ئێستا من / هەر پەنجەیەکم لە بنارێک و هەر قاچێکم لە کیشوەرێک و
چاوەکانم و پارچەکانی تری جەستەم فڕێدراونەتە نێو دەریاچەکانەوە
سەدەیەکم پێویستە بۆ خۆکۆکردنەوە
سەدەیەکم پێویستە تا نیگاکانم بە جووڵە بێنەوە و ئەو ڕووناکییە ببەخشن
کە لەنێو گۆشەیەکی چاوەکانم و لەنێو ژوورێکی قەسیدەکانم هەڵم گرتوون
ئاخ چ زەمەنێکی پڕ ئازار و خەفەتاوییە کاتێک ئەم دیمەنەم بیردەکەوێتەوە
منداڵیم کۆڵارەیەک بوو بەرز دەبوویەوە لە ڕووناکی نزیک دەبوویەوە و ون دەبوو
باڵندەکان بەرزدەبوونەوە لە ڕووناکی دوور دەکەوتنەوەو ون دەبوون
هەور لە بازنەیەکی ناڕێک دەخولایە و شەپۆلەکان سروودەکانیان بیردەچوویەوە
با مانی دەگرت و گڤە گڤی نەدەهات
گۆپکەی درەختەکانیش خالیبوون لە بوخچە ڕەنگاوڕەنگەکانی خەون
ئەم گەردوونە پێویستی بە تەقینەوەیەک و بورکانێکی گەورەتر هەیە
تا ئێمەش نوختەیەکی ڕەش دابنێین و سەر لەنوێ دەست پێبکەینەوە
بەڵام / ئەمجارەیان لە ڕووناکی ڕانەکەین و ببین بە تابلۆیەک لە ئاگر

                                                    ڕێبەندانی ٢٠٢٤



زۆربەی جار.. شیعری نەوزاد بەندی

زۆربەی جار کە دەنگت ئەبڕێ ،
ئەڵێم بەجێی نەهێشتبم بۆ یەکجاریی ؟
دوو هێڵی ڕاست و چەپی
پیا هێنابم بە ناچاریی ..؟
ووشەیەکم ،
دڵی وورد و خاش کردبێ ..
سەرنجێکم ،
ئارامیی لێ هەڵگرتبێ ..
ئەڵێم نەڕۆیشتبێ بۆ دوور ..
نەیبڕیبێ دەیان سنوور ..
ئەڵێم نەخۆش نەکەوتبێ
لە نەخۆشخانە خەوتبێ ..
تەنانەت دوورتریش ئەڕۆم ،
ئەڵێم دڵی
لە لێدان بێزار نەبووبێ ..
لە پڕ توابێتەوە وەک مۆم ..!!!

ئیتر نامەی ناڕەزایی و
هاوخەمی
ئەنێرم بۆ خۆم ..!

٭ ٭ ٭

زۆرجار کە ئیتر وون ئەبی ،
بە هەفتە و مانگ ..
ئەڵێم تەواو ..
منی لابردووە لەلای خۆی ..
ئیتر بەخۆم ئەڵێم بڕۆ ..
نەبا بێتەوە لە ناکاو ..
دڵ پڕ کاتەوە لە خورپە و
چاویش لە ئاو ..
هەوری خەونەکان دامپۆشن
وەک بەنگکێش ، وون بم
لەبەر چاو ..
خەریکە دەرچم لەو زۆنە ..
لە پڕ نیوەشەوێ ئەڵێی :
نەوزاد چۆنە !!

٭ ٭ ٭

زۆر جار ئەڵێم ،
بێ پێشەکی ، دەستی بگرم ،
تا ئەو سەری دنیا ،
نەهێڵم قوتار بێ ..
بەڵام نایشزانم لەو سەری
دنیا چی بکەین ،
کە من خۆڵەمێشی مات و
ئەو نەورۆزی نەوبەهار بێ ؟
پەشیمانیی ئەمکاتەوە ،
بە نادیارەکەی جارانت ..
ئەمخاتەوە ناو سەنگەر و
ئەمداتەوە دەست میلیشیای دڵەڕاوکێ ..
ئەمخواتەوە لە ئاهەنگی نازانم کێ..
شتی تریش …




گومانی مێتۆدی لای غەزالی.. کاوە جەلال

بۆخوێندنەوەو داگرتنی ئەم بابەتە بە فۆرماتی PDF کلیکی ئێرەبکەن..

یەک) کەس و سەردەم

ئەبو حامید محەمەد ئیبن محەمەد ئەلغەزالی کوڕی سەردەمێکی تەنگژاوییە. ناکۆکیی ئایینی، هزری، پارەپەرستیی مەلاکان و ملکەچییان بەرانبەر دەسەڵاتداران، لەناوچوونی دەوڵەتی گشتگیری خەلافەت و سەرهەڵدانی چەندین دەوڵەتۆچکەی ناوچەیی، مۆرکی ئەو سەردەمە بوون کە تێیدا غەزالی هاتە جیهانەوە: ساڵی 1058 لە توس / خۆراسان. ئەو و ئەحمەدی برای هێشتا زارۆک بوون کاتێک باوکیان مرد، وەلێ هەڤاڵێکی باوکیان کە سۆفی بوو، ئەرکی پەروەردەیی هەردووکیانی لە ئەستۆ گرت: لە “مەدرەسە” خستنیە بەر خوێندن، بەو ڕێیەشەوە کێشەی شوێنی گوزەرانیان لەکۆڵ بۆوە.
پەروەردەی غەزالی لەسەر شێوازی باوی کولتوورەکەی بەرخرا: قورئان، حەدیس، یاسا. ئەوجا لە تەمەنی 19 ساڵاندا ڕۆیشت بۆ نیشاپور و لە “نیزامییە”ی ئەوێ بوو بە فێرخوازی زانای بەناوبانگ زیائەلدین ئەلجووەینی (1028-1085) کە نازناوی ئیمام ئەلحەرەمەینی پێدرابوو. پێدەچێت غەزالی لای ئەم زانایە 7 تا 10 ساڵ زانستی کەلام، لۆگیک، دیالێکتیک و فەلسەفەی خوێندبێت. ئەو درەنگتر بە واژەی “شێخەکەمان” ناوی ئەلجووەینی دەبات، بۆیە گریمانە دەکرێت کە ئەو مامۆستایە هەروەها ڕێبەریی کربێت بۆ نێو سۆفیزمیش.

نیزامییە یەکێک بوو لەو نۆ فێرگەیە کە نیزام ئەلمولک، گەورە وەزیری ئالپ ئارسلان کە سوڵتانی دەوڵەتی سەلجوقی (1063-1092) بوو، دایمەزراندن. مەزهەبی سوننی بنەڕەتی ئەم دەوڵەتەی سەلجوقییەکان بوو، وەزیریش نەک تەنیا سەربازییانە لەدژی باتینییەکان دەجەنگی، بەڵکو هەروەها سیاسی-ئیدیۆلۆگیانە: نیزام ئەلمولک بە کردنەوەی ئەو مەدرەسانە کە تێكڕا ناوی ئەو خۆیان لێنرا، دەیویست تیۆلۆگیی سوننی لەدژی شیعە ئیسماعیلییەکان برەو پێبدات. ئەو پشتگیریی مەدرەسەی ئەشعەرییەی دەکرد کە غەزالیش سەر بەو مەدرەسەیە بوو و کاریگەرانە بەشداریی لەم ناکۆکییە ئیدیۆلۆگییەدا کرد.
دوای مەرگی ئەلجووەینی، غەزالی لە تەمەنی 27 ساڵاندا نیشاپوری بەجێهێشت و ڕۆیشت بۆ موئەسکەر کە بارەگای سەرەکیی دەسەڵاتدارانی سەلجوقی بوو. ئەو شەش ساڵی لە سەرای نیزام ئەلمولک بەسەربرد، پاشان ساڵی 1091 لەسەر داوای وەزیر ڕۆیشت بۆ مەدرەسەی نیزامییە لە بەغداد و لەوێ 5 ساڵ وەک مامۆستا خەریکی وانەبێژی بوو. بەم شێوەیە غەزالیی 33 ساڵان یەکێک لە باڵاترین پۆستە ئاینییەکانی لە دەوڵەتدا پێدرا. زۆر لە نووسینە یاسایی و تیۆلۆگییەکانی دەگەڕێنەوە بۆ ئەم ماوەیەی مامۆستایەتییەکەی لە بەغداد. لێ ئەو هەر لە بەغداد دەخزێتە نێو تەنگژەیەکی قووڵی هزری و بەمەش دەروونییەوە. غەزالی زەمینەی نامێنێت، کەواتە چیدی لاسایی، سوننەگەری (تەقلید) بەهانایەوە نایەت، بە پێچەوانەوە تەنانەت خودی سوننەگەری لای ئەو دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.
تا ئەمڕۆ ساغنەبۆتەوە داخۆ گومانەکەی غەزالی بگەڕێتەوە بۆ ئەم سەردەمەی تەنگژەی هۆشەکی یان زووتر لەکاتی خوێندنیدا لای ئەلجووەینی تووشی بووبێت. گەر ئەوە ڕاست بێت کە غەزالی لە لایەن ئەلجووەینییەوە ڕێبەری کراوە بۆ نێو سۆفیزم، ئەوا دەتوانین گومانەکەی بگەڕێنینەوە بۆ ئەم سەردەمە زووەی پێگەیشتنی هۆشەکییانەی. ئەو خۆی تەنیا دەبێژێت کە لە هەڕەتی لاوێتیدا “کۆتی لاسایی” فڕێ دەدات، یان لەنێو ئەودا “ئەقیدە ترادیسیۆنییەکانی ئیمان” تێکدەشکێن (1). ئەوجا لەم تەمەنەوە ئاوڕ لە تەمەنی زارۆکیی مرۆڤ دەداتەوە کە لێوەی مرۆڤی هێشتا زارۆک لە لایەن دایک و باوکەوە پەروەردە دەکرێت بۆ ئەوەی ببێت بە جوو، کریست یان موسڵمان. غەزالی دەیەوێت لێرەوە ئەزموونی ڕاستیی ئەم سروشتە سەرچاوەییە (فتڕە) و ئەقیدە بەڕێکەوتەکان بکات کە بە لاساییکردنەوەی دایکان و باوکان، مەلاکان و مامۆستایان سەرهەڵدەدەن، لاساییکردنەوەش هەروا سانا ئەو ڕێنومایانە وەردەگرێت کە ئۆبژێکتیڤییانە چەسپێنراون و ئەوجا مرۆڤ لە زانست و کرداردا بەکاریان دەبات:
“(…) دەستم کرد بە ڕوانین لە پەیوەندییەکانی ژیانم. بینیم بە چەندین پەیوەندییەوە ئاڵۆزکاوم و لە هەموو ڕوویەکەوە گرتوویانم. کارەکانم، لە نێویشیاندا مامۆستایی و وانەکانم، وایان نواند بۆم کە لەچاو ڕێگەی ڕووەو ئەودنیاندا تەنیا خەریکبوونن بە زانستە بێواتا و بێسوودەکانەوە. ئیدی سەرلەنوێ هزریمەوە لە مەبەستی مامۆستایەتییەکەم و وەک ناپاکژ لە بەردەم خودای مەزندا بینیم. پاڵهێز و وروژێنی مامۆستایەتییەکەم تەقەلادان بوون بۆ گەیشتن بە ناوبانگ و شکۆمەندی. ئیدی مسۆگەر زانیم گەر شێوازی ژیانم نەگۆڕم، ئەوا دەکەومە سەر لێواری خەرەندێک و لە دۆزەخ نزیک دەکەومەوە”(2).
کەواتە مامۆستا غەزالی، زانا بەناوبانگ و پارەدارەکەی بەغداد کە دەسەڵاتداران ڕاوێژی پێدەکەن، کە فێرخوازانی سوننەتی دەوریانداوە و چاوەڕوانن زانای مەزنیان بەرەو زانست و تەرقیەی زانستییان بەرێت، “تێماوە”، لەم دۆخەشدا خۆبەردان لە پەیوەندییە ترادیسیۆنییەکان هێندە ئاسان نییە. حەزی ژیان، چێژی دەسەڵات وەک مامۆستا و گوێلێگیراو، پابەند دەیهێڵنەوە بە جیهانی مێژووییەوە. گومان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن ناخی دەتەنێت و تەنانەت دەیگەیەنێت بە ناکامیی دەروون، کەچی ناتوانێت خۆی لە ترادیسیۆن بەربدات. ئاخر ئەو کۆرپەی جڤاکێکی سوننەتییە کە لە نێویدا نەریتەکان باڵادەستن، هاوکات بە پەیوەندییەکانی دەسەڵاتەوە ئاڵاوە، وەلێ ئەو بەتایبەتی سوننەمەزەبە (پاشپاتکەرەوەیە). ئەو دەیەوێت بەغداد جێبهێڵێت تاکو خۆی لەو پەیوەندییانە ڕزگاربکات کە لێیان کەوتۆتە گومانەوە، کەچی ناتوانێت و هەمیشە سەرلەنوێ لە نیازەکەی پەشیمان دەبێتەوە: “بەیانیان خواستم بۆ ئەودنیا منی تەنی بوو، ئێواران سوپای مەیل هێرشی بۆ ئەو خۆزگەیەم دەهێنا، کە ئیدی دادەمرکایەوە”(3). جیهان بە سەرجەم پاڵهێزە وروژێنەکانییەوە، بە درەوشەی سۆزبزوێن و دڵفڕێنییەوە، کۆتی لە پێی غەزالی ناوە. لە ناخەوە بەقووڵی تووشی ناکامی هاتووە، وەلێ ئەوی نێو تەنگژەی ئیمان هاندەرێکی تایبەت، خەتابارێکی زۆر تایبەت، بۆ بێتوانایی دەستبەرداربوون لە جیهان وەردەگرێت: شەیتان دێتە بن کڵێشەیەوە و بەگوێیدا دەچرپێنێت: پیاوی خاس بە نەکەیت! “ئەمە ڕەوشێکی کاتییە. نەکەیت کۆڵ بدەیت، چونکە زوو دەڕەوێتەوە. گەر بەگوێی ئەوە بکەیت و واز لە ناوبانگی باڵات، لە پەیوەندییە مسۆگەر و تەباکانت بهێنیت کە بەدەرن لە بێزاری و سەغڵەت، ئەوسا زۆر دەشێت دەروونت تاسەی هەموویان بکاتەوە بەبێ ئەوەی بتوانیت سەرلەنوێ بۆ لایان بگەڕێیتەوە”(4).
غەزالی بۆ ماوەی شەش مانگ، لە ڕەجەبی 488ی کۆچییەوە (1095ی ز.)، “تێماوە” لە نێوان دەرخستە فریودەرەکانی جیهان و خواستی تایبەتیدا بۆ ڕێگەی دروستی ئیمانداری: “ئەم نەخۆشییە لێی پیس کردم و نزیکەی دوو مانگی خایاند.”(5). ئیدی زمانی لێدەبڕێت و ناتوانێت بەردەوامی بە کاری وانەبێژی بدات. سەرەتا هەستی بەرپرسیاری بەرانبەر فێرخوازەکانی دەیبزوێنێت کە تا ڕادەی شیان وانەیان پێبدات، وەلێ:
“زمانم نەیدەتوانی یەک تاکە وشە دەرببڕێت. سووک و ئاسان نەمدەتوانی هیچ ببێژم. لەکارکەوتنی زمانم دڵمی خەمبار کرد، بەو ڕێیەشەوە توانای هەرسکردن و چێژتنی خۆراک و خواردنەوەم نەما. ئیدی بەو ڕێیەوە هێندە لاواز بووم کە پزیشکەکان هیوایان بە چاکبوونەوەم نەما و گۆتیان: تازە ئەم مەسەلەیە لە دڵی داوە و لەوێشەوە پەڕیوەتەوە بۆ نێو دەروونی. بۆ ئەوە هیچ چارەسەرێکی پزیشکی نییە. مەگەر لەو خەمە ڕزگاری ببێت کە دڵی تەنیوە.”(6)
غەزالی کە وەڵامی (“دەوا”ی) پێنادۆزرێتەوە تاکو کۆتایی بە گومانەکانی بهێنێت، ڕەوشی خۆی هاوشێوەی دۆخی سۆفییەکان دەبینێت کە نە بە هزر و نە بە گۆزارە دەردەبڕرێت. وەلێ ئێستا خودا کتوپڕ لەم دۆخەدا بە هانایەوە دێت و ڕزگاری دەکات لەو “دەرد”ە کە تووشی بووە. کەواتە نەک “بەڵگەی ڕێکخراو” و مەئریفە سەرەکییەکان (ئەلئەووەللیات)، یان “شێوازی سیستەماتیکییانەی ئاخافتن”ی ئەلموتەکەللیمون، بەڵکو ئینتوئیسیۆن (حەدەس، نەزەری ڕاستەوخۆی ڕوون و ئاشکرا) کە غەزالی وەک بەهاناوەهاتنی خودا ڕاڤەی دەکات، وەڵامی پێدەدات. ئەو هێمای “نوور”ی بۆ بەکاردەهێنێت، واتا “ئەو نوورە کە کلیلی سەرجەم مەئریفەکانە.”(7) بێگومان ئەو کە دەستبەرداری لاسایی سوننەتی بووە و خۆی هێناوەتە نێوەندی هزرینەوە، چیدی لەم ڕەوشەی ئێستایدا تێڕوانینەکانی زانایانی ئایین دادی نادەن، بەڵکو ڕاستەوخۆ کەسی محەمەد وەک پشتیوان وەردەگرێت و گۆتەی ئەو وەک سیتات (ئیقتیباس) دەهێنێتە نێوانەوە، بۆ نموونە دەربڕینی: “ئەوە نوورە کە خودا دەیپەخشێنێتە نێو دڵەوە”(8). خودا لە چاکیی خۆیەوە ڕوناکی بۆ نێو هۆشی گوماندار دەپەخشێنێت، ئەوجا ئامانجی محەمەد، وەک پشتیوانی غەزالی، ئەوەیە کە کاریگەری لەسەر مرۆڤان بنوێنێت تاکو خۆیان “تەقەلا بۆ توێژینەوە لە مەئریفە سەرەکییەکان (ئەلئەووەللیات)” بدەن، یان تەقەلا بۆ ئەوە بدەن کە “لە خۆدا شیاوی لێتوێژینەوە نییە”؛ ئاخر “مەئریفە سەرەکییەکان بابەتی توێژینەوە نین، چونکە ئەوان (پێشتر) لەنێو هۆشماندا هەن. مرۆڤ هەر کامیان وەک بابەتی لێتوێژینەوە بەهەند وەربگرێت، لە دیدی توێژەریانەی دوور دەکەوێتەوە و خۆی حەشار دەدات”(9).
غەزالی لە سەرئەنجامدا حوکمێکی توند بەسەر ئەو مرۆڤانەدا دەدات کە دەخوازن درێژە بە مامۆستایەتیی سوننەتی (تەقلیدی)، بە ئیمانی لاساییگەرا و بە پەیوەندییە ڕاهاتووەکانی نێو کردەکێتی بدەن: “سەرجەم زانین و کردار کە سەرقاڵیان کردوویت، تەنیا مونافیقێتی / ڕیاکاری و بەستنەوەن”(10). ئیدی غەزالی دوا بڕیاری دەدات:
“کاتێک خۆمم بەنهێنی ئامادەکردبوو لە بەغدادەوە بەرەو دیمەشق بکەومە ڕێ، بڕیارم دا بڕۆم بۆ مەککە. ئەمەم لە ترسی خەلیفە و هەڤاڵانم کرد نەبا ڕێی سەفەرم بۆ دیمەشق لێبگرن. ئەوەم بۆیە کرد، چونکە نەمدەویست هەرگیز بۆ بەغداد بگەڕێمەوە. ئاخر بەردەوام لەژێر هێرشی ڕێبەرانی ئایینیی ئێراقدا بووم. یەک کەسیان تێدا نەبوو کە بیویستایە مۆتیڤێکی ئایینی بۆ داگەڕانی من لە شێوازی تا ئەو دەمەی ژیانم بناسێنێت، چونکە ئەوان لەو باوەڕەدا بوون کە پێگەی تا ئەو دەمەی من باڵاترین بووە لە ئاییندا (…).
(…) ئەوجا کاتێک خەڵک بۆ مۆتیڤێکی ڕەفتارم دەگەڕان، ئیدی دەشڵەژان. لە دەرەوەی ئێراق وا هەست دەکرا کە ترس لە دەسەڵاتداران کاریگەریی لەسەر من هەبووە”، وەلێ غەزالی جەخت دەکات کە مەسەلەکە بە پێچەوانەوە بووە: دەسەڵاتداران پابەندی ئەو بوون(11).
دوا بڕیاری غەزالی یاخیبوونە لەو ڕەوشە کە بەهۆیەوە دووچاری ناکامی هاتووە: “(…) سامانەکەمم دابەشکرد و تەنیا ئەوەندەم هێشتەوە کە بۆ خۆم و زارۆکەکانم پێویست بوو”(12). ئەو نۆڤەمبەری 1095 بەغداد جێدەهێڵێت و دەکەوێتە ڕێ بەرەو شام؛ لەوێ دوو ساڵ دەمێنێتەوە و ژیانی بە خەڵوەتکێشی، تەنیایی، ڕاهێنانی ئایینی و هۆشەکی، زۆران لەدژی “من” (نەفس)، بەسەردەبات. ئەو دەیەوێت بەو ڕێیەوە ئارامی بە دەروونی بدات و گۆڕانێک بەسەر تێڕوانینە ئەخلاقییەکانیدا بهێنێت. پاشان دەڕوات بۆ ئۆرشەلیم و لەوێش درێژە بە هەمان ڕەفتار دەدات. لە کۆتاییدا بە مەبەستی حەجکردن دەڕوات بۆ مەککە، وەلێ پاشان: “… خەم و تکای زارۆکەکانم ناچاریان کردم بگەڕێمەوە بۆ وڵات، جا گەرچی لە بنەڕەتدا ئەو خواستەم نەبوو.”(13)
لە کۆتایدا غەزالی دەگەڕێتەوە بۆ توس و لەوێ ژیانێکی دوورەپەرێز بە خەڵوەتکێشی، بە هەوڵدان بۆ پاکژاندنی “دڵ” و زیکری خودا بەسەر دەبات. سەرباری ئەوە هێشتا هەر “ڕووداوەکانی سەردەم، کاروباری گرنگی خانەوادەیی و داواکارییەکانی ژیانی ڕۆژانە” کاریگەری لەسەر ڕێگەی بەدیهێنانی ئامانجەکەی دەنوێنن و “سەغڵەت”ی دەکەن.(14)
دوای ئەوەی فەخر ئەلمولوک: عەلی ئیبن نیزام ئەلمولوک، ساڵی 1104 دەبێت بە وەزیری خۆراسان، تکا لە غەزالی دەکات دەست بە کاری وانەبێژی بکاتەوە، ئەویش تکاکەی قبووڵ دەکات و لە نیزامییەی نیشاپور ئەو ئەرکە لە ئەستۆ دەگرێت، ئەوە بێگومان بۆ ماوەیەکی کورت، چونکە دوای ئەوەی وەزیر ساڵی 1106 لە لایەن باتینییەکانەوە دەکوژرێت، واز لە وانەبێژی دەهێنێت، دەگەڕێتەوە بۆ توس و لەوێ خۆی بەقووڵی بە سۆفیزمەوە خەریکدەکات، هاوکات لە تەنیشت ماڵەکەیەوە خوێندنگەیەک بۆ سۆفییان و خانەقایەک بۆ گوزەرانی هاوهزران دادەمەزرێنێت.
غەزالی سەرجەم ڕەوتی پێگەیشتنی هزریی خۆی بەم شێوەیە پوخت دەکاتەوە:
“لە هەڕەتی گەنجێتیمەوە، کاتێک باڵق دەبووم، زۆر پێش تەمەنی بیستساڵان، تا ئێستا کە تەمەنم لە پەنجا تێپەڕیوە، هێشتا هەر وازم نەهێناوە خۆم بوێرانە (…) فڕێ بدەمە نێو قووڵایی ئەم دەریا فراوان و ئەم هەموو تاریکییەوە؛ دەستم بۆ هەموو کێشەیەک بردووە (…)؛ لە بنەڕەتەکانی بڕوا (ئەقائید)ی مەزهەبەکان (ئاڕاستە مەدرەسییەکان) توێژیمەوە، نهێنییەکانی هەر ڕێبازێکی ئەو گرووپانەم بۆ خۆم ڕوون کردەوە تاکو بتوانم جیاوازی لە نێوان ڕاست و چەوتدا، لە نێوان سوننی و نوێکەرەوەی زەندیقدا بکەم؛ وازم لە هیچ باتینییەک نەهێنا تا ڕێبازەکەیم دیراسە نەکرد؛ وازم لە هیچ زاهیرییەک نەهێنا تا ئەزموونی سەرئەنجامی مەدرەسەکەیم نەکرد؛ ئەوجا وازم لە هیچ فەیلەسوفێک نەهێنا تا نەگەیشتم بە شارەزایی لەبارەی کرۆکی فەلسەفەکەی؛ وازم لە هیچ موتەکەللیمێک نەهێنا تا لە ئامانجی ئاخافتن و دیالێکتیکەکەی نەکۆڵیمەوە؛ وازم لە هیچ سۆفییەک نەهێنا تا نهێنیی بێگەردییەکەیم ئاشکرا نەکرد؛ وازم لە هیچ ئیماندارێک نەهێنا تا لەوە نەکۆڵیمەوە کە داخۆ ئیماندارییەکەی چە ئامانجێکی هەبێت؛ وازم لە هیچ هێڕێتیکی (هەڕتەقەیی) و نەرێنیکەرێکی ئەدگاری خودایی نەهێنا تا پاشخانی نەترسییەکەیم لە ڕووی نەرێنیکردنی ئەدگاری خوداییەوە و هەروەها هێڕێزییەکەیم (گومڕاییەکەیم) ئاشکرا نەکرد.”(15)
غەزالی 18 دیسەمبەری 1111 لە تەمەنی 53 ساڵاندا جیهان جێدەهێڵیت و لە توس دەنێژرێت: لە تەنیشت مەزاری خەلیفە هارون ئەلڕەشید، ئیمام ڕەزا و هەڵبەستڤانی مەزنی فارسی فیردەوسییەوە.

دوو) گومان لە ئیمانی سوننەتی و زانستەکان لە گۆشەنیگای سۆفیزمەوە

غەزالی لە “ئەلمونقیز”دا لەبارەی ڕاست و چەوت دەپرسێت، بەوەش دێتە نێو پرسی مەئریفەوە. ئەو دەیەوێت ڕاستیی شتەکان بناسێت. مۆرکی مەئریفەی جەخت ئەوەیە کە هیچ گومانێک لە ناسراوەکە نامێنێتەوە. وەلێ ئایا چۆن مەئریفە سەرهەڵدەدات؟ هەرگیز کەسانی سوننەتی ئەم پرسیارە ناکەن، چونکە ئەوان وەک لاساییکەرەوە تەنیا درێژەپێدەرن. ئەوان ئاوەزکارا و سەلار زانستەکان وەردەگرن و تەنانەت درەنگتر وەک مامۆستا دەیاندەنەوە بە گەنجان! وەلێ لە گومانی مێتۆدیدا ڕەوتی چەند ساڵەی خوێندن، درێژەدان بە کاری سوننەتی و دانانی نووسینێک لەسەر نووسراوانی دیکەی ئەنجامدراو، پێکڕا دەبن بە ڕابوردوو، پاشان گومانکەر، دوای ئەنجامدانی ڕەخنەی مەئریفە، واتا دوای توێژینەوە لە شیمانەکانی زانین، سەرلەنوێ ڕەخنەیییانە دەیانهێنێتەوە بۆ نێو هەنووکەی گومانکردن. لەم ڕوانگەیەوە گومانکەر ئاگامەندانە ڕابوردوو و هەنووکە دیاردەهێنێت و هاوکات ئاڕاستە ڕووەو ئایندە وەردەگرێت. بەم شێوەیە غەزالی دوای چەند ساڵێکی درێژخایەنی هزرین و کارکردنی سوننەتی “ڕادەوەستێت”، پرۆسەی هزرینی سوننەتی “ڕادەگرێت” و ئەوجا وەلاوەی دەنێت. دووپاتی دەکەینەوە: لە گومانی مێتۆدیدا کۆتایی هاتووە بە کارە سوننەتیەکانمان، تەنانەت بە خودی خۆمان وەک هزرمەندی ترادیسیۆنی و وانەبێژی سوننەتی کە چێژ لە مووچە و ڕابواردنی ڕۆژانەی ترادیسیۆنی دەبینین. گومانی مێتۆدی بریتییە لە دەستپێکی ئاوەڵاکردنی ڕێگەیەکی نوێی هزرین. ئەوە کە غەزالی بە گومان پێی دەگات، مەبەستمەندانە (بەرەو ئایندە) بۆ ئێمەی دادەڕێژێت تاکو ببین بە سۆفی، وەک چۆن دێکارت دایدەڕێژێت تاکو مرۆڤی هزریو بکات بە ڕاسیۆنالیست.
بەم شێوەیە کاتێک غەزالی لەبارەی مەئریفە دەپرسێت، سەرەتا دەکەوێتە بەردەم پرسی مەئریفەی دەرکی و زەروورەکانی هزر. هزرڤان دەبێت سەرەتا بگات بە جەختییەک سەبارەت بەو پرسیارە کە داخۆ مەئریفەی دەرکی و زەروورەکانی هزر گومانهەڵگرن یان گومانهەڵنەگرن. ئێستا ئەو بە پەرچاندن (ڕێفلێکسیۆن)ی هزری وەرچەرخاوە ڕووەو خۆی: ئەم دەستانە کە دەگرن، ئەم چاوانە کە دەبینن، ئەم زمانە کە دەچێژێت، ئەم لووتە کە بۆن دەکات، ئەم گوێیانە کە دەبیستن، سەرەتا لەژێر پرسیاردان نەک کتێبەکان. ئێستا غەزالی دەبینێت کە ئەو ناتوانێت متمانە بە دەرکەوەرەکانی بکات، چونکە فریوی دەدەن: کاتێک چاو لە سێبەر دەڕوانێت، دەبینێت سێبەر سرەوتووە، ئەوجا کەس بڕیار دەدات کە سێبەر نەبزۆکە، وەلێ هەر خۆی دوای کەمێک بە ئەزموون بۆی ڕووندەبێتەوە کە سێبەر بزۆکە. غەزالی هەروەها نموونەی ئەستێرە دەهێنێتەوە: کاتێک ئێمە بە دەرکەوەری بینین دەرکی ئەستێرەیەک دەکەین، بۆ ئێمە قەوارەکەی زۆر بچووکە، نزیکەی بەقەد دینارێکە، کەچی دوای ئەوەی بە یاساکانی ماتماتیک لە قەوارەی ئەستێرەکە دەتوێژینەوە، بۆمان ئاشکرا دەبێت کە لە زەمین گەورەترە. لێرەدا ئەوە ئاوەز بوو کە بڕیارەکەی دەرکەوەری بینینی هەڵوەشاندەوە بەبێ ئەوەی بشێت کەللەڕەقانە بەرپەرچی بدرێتەوە. کەواتە دەرکەوەرەکان هەرچییەک بە ئێمە بگەیەنن، جێی گومانە، بە پێچەوانەشەوە ئاوەز شایانی پشتپێبەستنە.
سەرباری ئەوە غەزالی لەم جێیەدا ناسرەوێت، بەڵکو ڕیشەییانە درێژە بە گومانکردن دەدات. ئاخر سەرەتا من لە دەرککردنەکەم جەخت بووم، کەچی پاشان ئاوەز بە هزرینی ماتماتیکی جەختییەکەمی هەڵوەشاندەوە. وەلێ ئایا ئاوەز بەتەنیا و بۆ هەر مەئریفەیەک دوا توانستی گەرەکی وەرگرتنە؟ نەخێر. غەزالی ئاوەزیش دەخاتە ژێر گومانەوە: “بە هەمان شێوە دەشێت لە پشت مەئریفەی ئاوەزەوە دادوەرێکی دیکە هەبێت کە هەر ئەوەندەی هاتە نێوانەوە، ئیدی بڕیارەکەی ئاوەز بەدرۆبخاتەوە”؛ بێگومان کەسێک دەتوانێت پاساو بهێنێتەوە کە ئەم توانستەی دیکەی مەئریفە نایەتە نێوانەوە، سەرباری ئەوە پاساوەکە “نابێت بە بەڵگە کە ئەو (دادوەرە) لەگۆڕێ نییە”(16). غەزالی بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم کێشەیە نموونەی نووستن و خەونبینین دەهێنێتەوە کە پێچەوانەی ڕەوشی بێداری و دەرککردنی شتە بەرجەستەکانی جیهانن: کاتێک من وەک نووستوو خەون دەبینم، وێنەی ڕەوشەکان بۆ من ڕاستینەن، کەواتە گومانهەڵنەگرن، کەچی دوای بێداربوونەوەم دەبینم کە وێنەکان و بڕوای خۆیشم بەو وێنانە هیچ بناغەیەکی ڕیالیان نییە. کەواتە من ناتوانم هیچ تێڕوانینێکم لەسەر بناغەی ئەوان بنیاتبنێم. ئێستا بە هەمان شێوە ئەو پرسیارە لە بەردەم مندا زیتدەبێتەوە کە ئایا چۆن بتوانم لەکاتی بێداریدا متمانە بە دەرککردنی دەرکەوەرەکانم یان بە تێڕوانینە بنەڕەتییەکانی ئاوەزم بکەم؟ ئاخر زۆر دەشێت ڕەوشێکی ئەوتۆ لای من بێتە ئاراوە کە پەیوەندییەکەی بە ڕەوشی بێدارییەوە هاوشێوەی پەیوەندییەکەی ڕەوشی بێدارییە بە ڕەوشی نووستنەوە، کەواتە دەشێت ڕەوشی بێداری پەیوەند بەم ڕەوشە نوێیەوە تەنیا نووستن بێت (17). ئەمە ڕادیکالێتییەکەی غەزالییە.
بێگومان غەزالی دەزانێت ئەم ڕەوشە کامەیە، سەرەڕای ئەوە، بەگوێرەی گومانە مێتۆدییەکەی، بەتەواوی دیاریی ناکات، بەڵکو دەبێژێت: “پێدەچێت” ئەوە ڕەوشی تایبەتی سۆفییەکان یان تەنانەت ڕەوشی مەرگ بێت. ئاخر هەرچۆنێک بێت سۆفییەکان لەو باوەڕەدان کە ئەوان، دوای ئەوەی لە دەرککردنی بەرجەستەوە بە هزرین و ئەوجا حاڵلێهاتن ڕووەو کایەی ترانسسێندێنت هەنگاو دەنێن، موئایەشەی فێنۆمێنانی ئەوتۆ دەکەن کە پێچەوانەی شتە لەگۆڕێبووە ئاوەزییەکانن. هاوکات غەزالی بۆ ڕوونکردنەوەی ڕەوشی مەرگ گۆتەیەکی محەمەد وەک سیتات (ئیقتیباس) وەردەگرێت کە گۆتوویەتی: “مرۆڤان نووستوون، کاتێک دەمرن، بێداردەبنەوە”(18). لەم ڕوانگەیەوە “پێدەچێت” ئەمدنیا لە پەیوەندیدا بە ئەودنیاوە تەنیا نووستن بێت و شتەکان دوای مەرگ، کەواتە دوای بێداربوونەوە، تەواو جیاواز ببینرێن وەک لەوەی لە ئەمدنیا بینراون.
ئاشکرایە گەر کەسێک واز لە شێوازێکی وەرگرتنی بڕوا بهێنێت و هاوکات بوێرێت ڕێگەی خۆی بە هزرین بگرێتە بەر، ئەوا نەک تەنیا لەو جۆرە بڕوادارییە سوننەتییە دووردەکەوێتەوە، بەڵکو تەنانەت ناخوازێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو نەریتە. غەزالی هەڵوێستێکی ڕەخنەیی، تەنانەت ڕەتکەرەوە، بەرانبەری وەردەگرێت. لاساییکەرەوەی کوێر یان سوننەگەری، واتا زانایان و ئیمانهێناوانی موقەللید کە لەسەر ڕێنوما ئۆبژێکتیڤییەکان دەڕۆن، نازانن لە هزرین و پەرستندا (عیبادەتدا) تەنیا لاسایی دەکەنەوە، بەڵێ ناوێرن ئاوڕ لە ڕەوشە تاریکە ناخەکییەکانیان بدەنەوە و پرسیاریان ئاڕاستە بکەن، ئەوجا لە پرسیارەکانیان بهزرێن. وەلێ دوای ئەوەی مرۆڤ بەئاگا دێت و بۆی خویا دەبێت کە تا ئەو ساتە تەنیا وەرگر و لاساییکەرەوە بووە، ئیدی وەک غەزالی دەبێژێت، نەریتی لاساییکردنەوە لای ئەو کەسە وەک شووشە وردوخاش دەبێت بەبێ ئەوەی هەرگیز شیاوی پێکەوەلکاندنەوە بێت. لێرەدا ئەوە “فۆرم”ە کە بە بەردیدی غەزالییەوەیە نەک “کۆی پارچەکان”. ئاخر ئەو خۆی دەبێژێت: “چیدی ناشێت پارچەکانی (لاساییکردنەوە) بە کۆکردنەوە و تێوەپێچان پێکەوە بلکێنرێن، بەڵکو تەنیا دەبێت بە ئاگر بتوێنرێنەوە و بڕژێنرێنە نێو فۆرمێکی نوێوە.”(19)
بەم شێوەیە غەزالی لەسەر گومانکردن بەردەوام دەبێت، ئەوجا دوای وردبوونەوە لە دەرکەوەرەکانی و پەیوەندییان بە جیهان و شتەکانی نێوییەوە، دوای نرخاندنی ئاوەز و هێنانی ئەویش بۆ ژێر پرسیار، ڕوودەکاتەوە زانستەکان کە وەک بەرهەمی خەریکبوونی فرەجۆری ئاوەز هێنراونەتە گۆڕێ و ئەو خۆیشی ماوەیەکی درێژخایەن پێوەیان خەریک بووە، بەڵێ وەک وانە کردوونی بە بابەتی فێرکاریی گەنجان. غەزالی چوار ئاڕاستەی هزری لە نێویاندا دیاری دەکات:
1. ئەلموتەکەللیمون (سکۆلایستیکە ئیسلامییەکان) کە خۆیان بە کەسانی تێگەیشتن و هزرینی تیۆرییانە دادەنێن.
2. ئەلباتینییون کە ئیمامێکی بێهەڵە بە پێویست دادەنێن تاکو وانە و زانینی پێشتریپێدراویان پێبدات.
3. فەیلەسوفەکان کە کەسانی لۆگیک و سەلماندنن.
4. سۆفییەکان کە خۆیان بە موختاری ئامادەگیی خودا و نەزەر و ڕۆشنبوونەوەی دەروون دادەنێن.

.1 کەلام لە ڕووی زمانناسییەوە بەواتای پەیڤ، گفتوگۆ، ڕوونکردنەوە، وەلێ لە ڕووی هزرییەوە تایبەتمەندییەکانی (ئەتریبوتەکانی) خودا پرسی ئەلموتەکەللیمونن، بۆیە زانستەکە هەروەها ناودەنرێت “عیلم ئەلتەوحید وەلسیفات”؛ کێشەی دیکەی ئەوان بریتین لە: زانستی کەلام گەرەکە بەرپەرچی دژبەرانیان بداتەوە، گەرەکە بە سەلماندنی بنەڕەتەکانی ئیمان بناغەیەک بە موسڵمانانی سوننەمەزەب بدات کە بە دانوستاندنەکانی فەیلەسوفان، بە سێکتە ئاینییەکان و هتد، سەریان لێشێواوە؛ هەروەها پەیوەندیی مەخلوق بە سروشی ئیسلامییەوە کێشەیەکی دیکەی ئەوانە. بەم بنەڕەتانەی هزرین زانستی کەلام لە فەلسەفە جیادەبێتەوە. ئاخر فەلسەفە هەوڵ دەدات بە بەڵگەی ڕاسیۆنال پرسی جیهان و مرۆڤ ڕوونبکاتەوە.
غەزالی بەم چەشنە زانستی کەلام ڕووندەکاتەوە: ئەم زانستە دەیەوێت بە “شێوازی ڕێکخراوی ئاخافتن”(20) بنەڕەتەکانی ئیسلامی سوننی لەدژی شێواندنەکانی گومڕایان بپارێزێت. وەک ئەو دەبێژێت، ئەم گومڕایانە زانای نوێگەران و بە نوێکارییەکانیان پەشێوییان هێناوەتە نێو مەزهەبی سوننییەوە. غەزالی دوو ڕووی ئەم شێوازەی هزرینی ئەلموتەکەللیمون دیاری دەکات: ئەوان دەیانەوێت لە ڕوویەکەوە بەرگری لە بنەماکانی ئیمانی سوننی بکەن، وەلێ لە ڕوویەکی دیکەوە ئەرگومێنتی فەلسەفەیی لە خودی دژبەرانیان وەردەگرن و لەدژی ئەوان بەگەڕیان دەخەنەوە: کاتێک هەوڵ دەدەن دژبێژییەکانی دژبەرانیان بسەلمێنن و دەرئەنجامی پرێمیسەکانیان (پێشدانراوەکانیان / گریمانەکانیان) بخەنە ژێر پرسیارەوە، ئەوا لە خودی ئەو هەوڵەیاندا پرێمیسە لۆگیکییەکانی ئەوان بەگەڕدەخەن، ئەوجا دوای بەرگریکردن لە ئیمانی سوننی دەکەونە گەڕان بەدووی ڕاستیی شتەکاندا. ئەوان لەم ڕەوتەدا ڕوودەکەنە “ئەدگارە بگۆڕەکانی / بەڕێکەوتەکانی هەر کرۆکێک” (واتا ئەکسیدێنسی شتەکان) و بنەماکانیان، جا گەرچی ئەوان تایبەت نین بەم پرسە، بۆیە توێژینەوەکانیان ئامانجی خۆیان نەپێکاوە و نەیانتوانیوە “تاریکیی پەشێوییەکە بەتەواوی” بڕەوێننەوە(21).
کەواتە چۆن غەزالی پابەندبوونی لاساییگەرایانەی خەڵک بە مەلا سوننەتییەکانەوە و خودی ئەقیدەگەرایانیش نزم دەنرخێنێت، بە هەمان شێوە ڕەخنەی لاساییکردنەوە ئاڕاستەی ئەلموتەکەللیمون دەکات: ئەوان کە بەندن بە ئیتیفاقی بەکۆمەڵەوە (ئیجماع)، هەروا ئاسان ئەو پرێمیسانە وەردەگرن کە ئۆبژێکتیڤییانە لە دەرەوەی خۆیان لەگۆڕێن، ئەمەش بۆ غەزالی کارێکی بنەڕەتی نییە، بەڵکو بە کەمی دادەنێت: “زانستی کەلامی ئیسلامی بۆ من بەس نەبوو، نەیدەتوانی لەو نەخۆشییە چاکم بکاتەوە کە تووشم هاتبوو (…). کێشەی من ئەوەیە کە وەسفی ڕەوشی خۆم بکەم. دەرمانەکان بەگوێرەی جۆری هەر نەخۆشییەک جیاوازن.”(22) کەواتە ڕووکردنە سەبژێکتیڤێتی سەنگی مەحەکە نەک هەروا ئاسان بەگوێرەی سوننەگەری ئەو بنەڕەت و ڕێنومایانە وەربگیرێن کە ئۆبژێکتیڤییانە چەسپێنراون. ئەوجا: لە سەرئەنجامدا “ئەلموتەکەللیم کەم یان زۆر بەو پنتە دەگات کە لاساییکەرێکی (موقەللیدێکی) ناڕەخنەیی مامناوەندی پێی دەگات”، واتا بڕوا دەهێنێت بە ڕاستیی واژە فۆرمالەکانی (شێوەکییەکانی) ئەو ڕێبازانە کە خودی هەر ڕێبازێکیان لێپێکهاتووە. بە پێچەوانەشەوە غەزالی وایدادەنێت، ئەو مەئریفە ڕاستینەیە کە ئامانجی تێڕوانینە ئەقیدەگەراکانە، مرۆڤ دەتوانێت نەک بە یاریدەی زانستی کەلام، بەڵکو “بە تیۆلۆگییەکی باڵاتر” بۆی بگەڕێت و ناوی دەنێت “عیلم ئەلموکاشەفە” (زانستی ئیشراقی ڕەوانی)(23) کە زانستی ناخەکێتییە، لێرەشدا ئیدی ڕێگەی مەئریفە دەبێت بە ڕێگەیەکی دیکەی جیاواز لە ڕێگەی سوننەگەری بۆ نێو ئایین و ئەزموونکردنی.

  1. ڕێبازی ئەلباتینییون لەنێو خەڵکی سادەشدا بڵاوبووبۆوە. جگە لەوە ئەلباتینییە (نێوەکێتی) ناوێکی دیکەیە بۆ بزاوتی ئەلئیسماعیلییە(24). غەزالی هەروەها واژەی “ئەلتەعلیمییە”ی بۆ بەکاردەهێنێت. بەگوێرەی ئەم ڕێبازە وەرگرتنی وانە لە مامۆستای بێهەڵە پێویستە، چونکە پرسیارانی زۆر هەن کە ئاڵۆزن و موسڵمانانیش هیچ وانەیەکیان پەیوەند بەو پرسیارانەوە وەرنەگرتووە. ئەوجا و بەتایبەتی قورئان لەپاڵ واتا دەرەکییەکەیدا (زاهیرییەکەیدا) هاوکات واتایەکی نێوەکی (باتینی)ی هەیە و هەردووکیان دەشێت لە یەکدی جیاواز بن. مرۆڤ ناتوانێت ئەزموونی واتای نێوەکییانەی قورئان بکات و ڕاستی بدۆزێتەوە گەر ئیمامێکی بێهەڵە ڕاڤەی نەکات – ئاخر تەنیا ئەو لە واتای نێوەکیی قورئان تێدەگات. جگە لەوە تێکستەکان (قورئان و حەدیس) ناتوانن بەتەنیا وەڵامی پرسیارە ئاڵۆزەکان بدەنەوە، چونکە زۆر دەشێت پرسیارانی ئەوتۆ بەگوێرەی ناوچەی کولتووری و کات سەرهەڵبدەن کە لە هیچ تێکستێکدا دیارینەکراون. بۆیە مامۆستای بێهەڵە پێویستە.
    غەزالی لەدژی باتینییەکان دەبێژێت کە محەمەد تاکە مامۆستای موسڵمانانە، جا گەرچی ئەو دەمێکە مردووە. ئاخر خودا بەگوێرەی قورئان گۆتویەتی: “ئەمڕۆ ئایینەکەتانم کامیل / تەواو کرد (کە ئیدی هیچ کێماسێکی نەماوە) …”. لەم ڕوانگەیەوە، دوای کامیلکردنی وانە، نە مەرگی مامۆستا و نە نائامادەگیی ئەو زیانیان لێدەکەوێتەوە (25).
    غەزالی دەزانێت کە پرسیارانی ئاڵۆز هەن و موسڵمانان هیچ لەبارەیان نازانن، یان دەشێت پرسیارێک کتوپڕ وەک کێشەی هەنووکەیی زیتبێتەوە. لێرەدا دەبێت سەرەتا پشت بە تێکست (قورئان و حەدیس) ببەسترێت کە بەکۆنکرێت لەگۆڕێیە و چارەسەری خۆی دەخاتە بەردەم، وەلێ گەر کێشەکە پەیوەند بێت بە وردە پرسی ئەوتۆوە کە لە تێکستدا ناونەهێنراون، یان بە پرسی وتووێژهەڵگرەوە، ئەوسا دەشێت ڕاستی بە دەرئەنجامگیریی (قیاسی) دروست بناسرێت. غەزالی سەبارەت بەم پرسە تەنانەت کتێبێک بە ناونیشانی “ئەساس ئەلقیاس” دەنووسێت. ئەوجا گەرچی لە پرنسیپدا دەشێت مرۆڤان جیاوازیی بیروڕایان هەبێت، سەرباری ئەوە گەر هەرکەسێکی ئەو ڕاجیاوازانە لە دەرئەنجاماندنە لۆگیکییەکان تێبگات، جا کەسێکی باتینی یان لۆگیکی بێت، دژبێژییان ناکات، چونکە لە قورئان وەرگیراون و هەروەها بە مەرجە لۆگیکییەکان دەگونجێن، وەلێ گەر سروش و دەرئەنجاماندنی لۆگیکی دژبێژیی یەکدی بکەن، ئەوسا دەبێت قورئان خوازەییانە بخوێنرێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە غەزالی لە ڕەوشی سەرهەڵدانی پرسیاردا سازاندنی بۆچوون بەهەند وەردەگرێت نەک هانابردن بۆ ئیمامێکی بێهەڵە. جگە لەوە هەر خودی محەمەد گۆتوویەتی: “من بەگوێرەی دەرەکێتی حوکم دەدەم، نێوەکێتی دەسپێرم بە خودا”(26). لەم ڕوانگەیەوە حوکمدەر لەنێو بۆچوونانی جیاوازدا باشترینیان وەردەگرێت و بەگوێرەی ئەویش بڕیارەکەی دەدات، کە بێگومان دەشێت لەو بڕیارەیدا سەهوو بێت. ئاخر، وەک غەزالی دەبێژێت، تەنانەت پێغەمبەرانیش بەدەر نین لە بەسەهووچوون لەو ڕەوشانەدا کە تێیاندا سازاندنی بۆچوونی خۆیی پێویستە. کێشەکە خودی مرۆڤێتییە کە شیمانەی بەسەهووچوونی لە خۆ گرتووە(27).
    دوا ئامانجی ڕەخنەی غەزالی لە باتینییەکان ئەوەیە کە پێشانی بدات ئەوان چارەسەریان بۆ سەرلێشێواوییەکانی موسڵمانان پێ نییە. ئەوان دوایەمین پرسە ئاڵۆزەکان بۆ ئیمامی شارراوە جێدەهێڵن کە گەرەکە لەتەک گەڕانەوەیدا چارەسەریان بکات.
  2. غەزالی دەبینێت کە فەیلەسوفان و ڕێبازەکانیان بەسەر گرووپی جیاوازدا بەش بوون. ئەو لەنێو فەیلەسوفەکاندا سێ ئاڕاستە جیادەکاتەوە: ماتەریالیستەکان، ناتورالیستەکان، تایستەکان.
    یەک) ماتەریالیستەکان (ئەلدەهرییون) لە فەلسەفەی ئیسلامیدا سەر بە دێرینترین فەیلەسوفانن کە نکۆڵییان لە بنەڕەتی خوداییانەی جیهان کردووە، واتە جیهان بە تێڕوانینی ئەوان ئەزەلی بووە: هەمیشە هەبووە و هەمیشە باقییە. بەکورتی: هیچ خودایەک نییە کە ئافرێنەری جیهان بێت، زیندەوەرانیش تەنیا بەڕێی سپێرماوە پەرەدەسێنن: سپێرما زیندەوەرێک دەخاتەوە، سپێرماکە خۆیشی بەرهەمی زیندەوەرێکی دیکەیە. لە ئەزەلەوە ئەوها بووە و هەر ئەوها دەمێنێتەوە. غەزالی ئەم ماتەریالیستانە ناودەنێت هێڕێتیکی (هەڕتەقەیی).
    دوو) ناتورالیستەکان (ئەلتەبیعییوون) بەتایبەتی لە بواری سروشتدا، ئاژەڵان و ڕووەکدا، هەروەها ئەناتۆمیی (توێکاریی) زەیندەوەراندا، خەریکی توێژینەوەن یان بوون. ئەمان لە ڕەوتی توێژینەوەکانیاندا بەرهەمەکانی خودا دەناسنەوە، بەو ڕێیەشەوە هەبوونی خودایەکی قادیر و دانا دەناسێنن، چونکە خەریکبوونیان بە ئاناتۆمی و فیزیۆلۆگییەوە دەیانگەیەنێت بە مەئریفەی کامیلێتیی لەشی ئاژەڵان و بەتایبەتی لەشی مرۆڤ، کە ئیدی خودی کامیلێتییەکە دەیانگەیەنێت بە کردگارێک. سەرباری ئەوە غەزالی لای ناتورالیستەکان پنتێکی بنەڕەتی دەبینێت کە تەواو پێچەوانەی تێڕوانینی خۆیەتی: ناتورالیستەکان لە ڕەوتی خەریکبوونیادا بە سروشتەوە دەگەن بەو باوەڕە کە هاوسەنگیی تێمپەرامێنت (میزاج) کاریگەرییەکی بەهێز لەسەر پێکهاتەی فیزیکییانەی ئاژەڵ دەنوێنێت. پاشان ئەوان لەم باوەڕەوە دەگەن بەو دەرئەنجامە کە توانستی هزری (قووەت عەقلییە) لە مرۆڤدا بەندە بە تێمپەرامێنتی ئەو خۆیەوە، بۆیە گەر تێمپەرامێنتی ئەو کەسە کەمبێتەوە، ئیدی توانستە هزرییەکەشی لاواز دەبێت، یان گەر تێمپەرامێنتەکەی دابمرکێتەوە، ئەوا توانستەکەشی لەکاردەکەوێت و هەر ئەوەندەی نەما، نەشیاوە جارێکی دی زیندوو بکرێتەوە. لێرەوە ناتورالیستەکان دەگەن بەو دەرئەنجامە کە دەروون بمرە و هەرگیز ناگەڕێتەوە، بۆیە ئیدی نکۆڵی لە ئەودنیا، لە بەهەشت و دۆزەخ، لە گردبوونەوە و قیامەت (ژیانەوە) و دادگەی ئەودنیا دەکەن. وەلێ لەبەر ئەوەی ئیمان بە خودا و ڕۆژی لێپرسینەوە لە ئەودنیا بناغەی ئیمانن، ناتورالیستەکانیش نکۆڵی لە ژیانەوەی لەش و دادگەی ئەودنیا دەکەن، ئەوا غەزالی ئەمانیش ناودەنێت هێڕێتیکی.
    سێ) غەزالی ئاڕاستەی تایستەکان (لایەنگرانی ڕێکخراوێکی خودایی لە پشت ڕێکخراوی گەردوونەوە) لای فەیلەسوفانی گریکی دەبینێت، وەک سۆکرات کە مامۆستای پلاتۆن و ئەمیش کە مامۆستای ئەڕیستۆتێلیس بوو. تایستەکان بەگشتی دژبێژیی دوو ئاڕاستەکەی یەکەمیان کردووە و زۆر ناتەواویی تێڕوانینەکانی ئەوانیان دەرخستووە. وەلێ گەرچی ئەڕیستۆتێلیس لۆگیک بۆ فەلسەفە سیستەماتیزە دەکات، زانستەکان وردتر دەکاتەوە، هەروەها دژبێژیی پلاتۆن و سۆکرات و تایستەکانی پێش ئەوان دەکات، سەرەڕای ئەوە واز لە بێباوەڕی و زەندیقێتیی ئەوان ناهێنێت. بۆیە غەزالی ئەڕیستۆتێلیسیش پێکەوە لەتەک سەرجەمی ئەو فەیلەسوفانەدا کە ئەو بە تایستیان دادەنێت، لە نێویشیاندا بەتایبەتی فەیلەسوفانی ئیسلامیی وەک فارابی و ئیبن سینا، بە بێبڕوا دادەنێت: “هیچ کام لەنێو فەیلەسوفانی ئیسلامیدا هێندەی ئەم دوو ناوبراوە ڕێبازەکەی ئەڕیستۆتێلیسیان بڵاونەکردەوە”، وەلێ ئەوە “هیچی دیکە نییە جگە لە شێواندن و تێکەڵکردن کە بەڕێیانەوە دڵی خوێنەر دەشێوێت (…)”(28).
    کارە هزرییەکانی فارابی و ئیبن سینا کە لە فەلسەفەی ئەڕیستۆتێلیسەوە بنیاتیان ناون، بە دیدی غەزالی سێ مۆرکیان بەگشتی هەیە: کارەکان بەهۆی بەشێکیانەوە بێباوەڕین، بەهۆی بەشێکی دیکەیانەوە زەندەقەن، وەلێ بەشێکی دیکەیان هەیە کە پێویست نییە ڕەتبکرێتەوە.

    غەزالی بۆ ئەوەی وردتر ئەم سێ ڕوانگەیەی خۆی دەربخات، زانستە فەلسەفەییەکان دادەبەشێنێت بەسەر:
    A) زانستە ماتماتیکییەکان
    ئەم زانستانە ژمێرە و ئەندازە و ئەستێرەناسی لە خۆ دەگرن، کەواتە پرسە ئایینییەکان بابەتی ئەمان نین، بەڵکو خۆیان بەو پرسیارانەوە خەریک دەکەن کە شیاوی سەلماندنن، کە ئیدی هەر ئەوەندەی مرۆڤ لێیان تێگەیشت و ناسینی، ناتوانێت نکۆڵییان لێبکات. سەرەڕای ئەوە غەزالی لە ماتماتیکدا مەترسیی گەورە بۆ پرسی ئیمان دەبینێت: لەبەر ئەوەی ماتماتیک زانستێکی ئێکزاکتە (بەڕەهایی دروستە) و سەلماندنەکانی گومانهەڵنەگرن، ئەوا دەشێت موسڵمانان بە چەشنێک پێی هۆشسام بن کە ئیدی فەیلسوفەکان بە مامۆستای خۆیان دابنێن، ئەوجا بەو تێڕوانینە بگەن کە “هەموو لکەکانی فەلسەفە هاوشێوەی ماتماتیک دروستن و خاوەنی هەمان ڕوونیی سەلماندنن، ئەوجا کاتێک دەبینن کە چۆن فەیلەسوفەکان ئەدگارەکانی خودا ڕەتدەکەنەوە، ئیدی دەشێت بچنە سەر ڕێگەی ئەوان و ببن بە بێباوەڕ”؛ ئاخر گەر کەسێک تێڕوانینی فەیلەسوفەکان وەربگرێت، ئەوا دەشێت پاشان ببێژێت: “گەر ئایین ڕاست بایە، ئەوسا دەبوو فەیلەسوفەکان لەو ڕاستییەی ئایین ئاگادار بن، لێرەشەوە ئیدی بگات بەو تێڕوانینە کە ڕەتکردنەوەی ئایین ڕاستییە”(29). هەروەها کەسێکی بەم چەشنە، هاوشێوەی سوننەگەرایان لە ئاییندا، بۆ غەزالی “لاساییکەرەوەیە”، چونکە کوێرانە تێڕوانینەکانیان وەردەگرێت و ئەوە دەداتەوە کە ئەوان چەسپاندوویانە. بۆیە غەزالی گەڤ دەکات: مرۆڤ بەڕێی ماتماتیکەوە کە بناغەیەکی فەلسەفەیە، خراپەی فەیلەسوفەکانی پێدەگات، بۆیە زۆر بەدەگمەن ڕوودەدات کە کەسێکی خۆخەریکردوو بە ماتماتیکەوە لە ئایین دوور نەکەوێتەوە و واز لە ئیمانداری نەهێنێت(30).
    سەرباری ئەوە غەزالی ڕەتکردنەوەی ماتماتیک لە لایەن موسڵمانانی جاهیلەوە بە مەترسی دادەنێت. بۆ نموونە دەشێت ماتماتیک، وەک زانستێکی ئێکزاکت و بناغەیەکی فەلسەفە، لایەنگرێکی نەزانی ئیسلام بەو بڕوایە بگەیەنێت کە سەرفرازیی ئیسلام بەندە بە ڕەتکردنەوەی زانستەکانی فەلسەفەوە (31) کە ماتماتیکیش یەکێکیانە، کەواتە ئەو کەسە نکۆڵی لە تێکڕای ئەو زانستانە بکات، یان تەنانەت هەڵوێست لەدژی گۆزارەکانیان سەبارەت بە خۆرگیران و مانگگیران وەربگرێت، ئەویش چونکە گۆیا ئەو زانستانە پێچەوانەی یاسای سروشییانەی ئیسلامن. هەڵوێستی بەم چەشنە دەشێت شارەزایەکی ماتماتیک کە لە توانایدایە بەڵگەی ڕوون و ئاشکرا بۆ فێنۆمێنە ناوبراوەکانی خۆرگیران و مانگگیران و هتد بهێنێتەوە، بەو تێڕوانینە بگەیەنێت کە ئیسلام خۆی غەشیم دەکات، بەڵێ ئیسلام وەک غەشیم تەنانەت دەوێرێت نکۆڵی لە بەڵگە ئاپۆدیکتییەکان (زەروورییە لۆگیکییەکان) بکات، لێرەشەوە ئیدی ئەو کەسە هێندەی دی فەلسەفەی خۆشبوێت و هاوکات پتر کین لە ئیسلام هەڵبگرێت.
    غەزالی لەم نێوانەدا هانا بۆ دەربڕینێکی محەمەد دەبات کە گۆتوویەتی: “خۆر و مانگ دوو دانەن لە هێماکانی ئەلڵا. ئەوان نە بەهۆی مەرگ و نە بەهۆی زایینی مرۆڤێکەوە دەگیرێن. گەر ئێوە موئایەشەی ئەوە (= ئەو خۆرگیران و مانگگیرانە) بکەن، ئەوا پەلە بکەن بۆ ستایشی ئەلڵا و نوێژکردن”(32). غەزالی لەم ڕوانگەیەی محەمەدەوە ژمێرە (ئەڕیتمێتیک) وەردەگرێت کە زانستی ڕەوتی خۆر و مانگە و فێرمان دەکات لە بەیەکگەیشتن و بەرانبەرییان تێبگەین.

B) زانستە لۆگیکییەکان
لۆگیک ئەم لایەنانە لە خۆ دەگرێت: مێتۆدەکانی بەڵگاندن و زانستی دەرئەنجامگیری (عیلم ئەلقیاس / سیلۆگیزم)، پێشدانراوەکانی (پرێمیسەکانی) سەلماندن و شێوازی پێکهێنانیان، هەروەها مەرجەکانی پێناسەی دروست و شێوازی پێکهێنانی پێناسە. مرۆڤ دەتوانێت بە پێناسەکردن ئەزموونی مەئریفە بکات، یان سەلماندن دەرفەت بۆ ئەزموونکردنی بڕیارێک (حوکمێک) دەڕەخسێنێت. غەزالی لاریی لەمە نییە و لۆگیک وەک ئامرازێکی دروست و سەلمێنەری هزرین وەردەگرێت، سەرباری ئەوە گەر لۆگیک بەسەر سروشدا بەکارببرێت، ئەوا دەشێت لۆگیک بە توانستی سەلماندن و دروستیی دەرئەنجامگیرییەکانی موسڵمانێک بەرەو بێباوەڕی بەرێت، چونکە ئەوسا دەشێت ئەو کەسە لۆگیک بە زانستێکی تەواو هەنگێوەر دابنێت، لێرەشدا بە پشتیوانیی تێڕوانینی مولحیدەکان هەر باوەڕێکی ئایینی ڕەتبکاتەوە کە لۆگیکییانە نەسەلمێنرێت. لەم ڕوانگەیەوە لۆگیکیش بۆ غەزالی بێمەترسی نییە.

c) زانستە سروشتییەکان
بابەتانی زانستە سروشتییەکان بریتین لە: کایەی ئاسمان، ئەستێرە و تەنە ئاسمانییەکانی دیکە، چوار توخمەکەی ئەرد و ئاو، هەوا و ئاگر، هەروەها جەستە ئاوێتەکانی وەک ئاژەڵان و ڕووەک و مێتال، ئەوجا هۆی دۆخگۆڕی و تێکەڵبوونیان. بێگومان توێژینەوەکانی پزیشکانیش لە ئۆرگانە سەرەکی و لاوەکییەکانی لەشی مرۆڤ، لە هۆکانی گۆڕانی ڕەوشی لەش، سەر بە کایەی زانستە سروشتییەکانن. بە دیدی غەزالی نابێت ئایین نکۆڵی لە زانستە سروشتییەکان بکات، چونکە مەرجی ئایین نین، وەلێ سەرباری ئەوە پرنسیپێک بۆ سەرجەم موسڵمانان دەچەسپێنێت: “سروشت لەژێر ڕکێفی خودای مەزندایە. سروشت سەربەخۆ کارا نابێت، بەڵکو لە خزمەتی ئافرێنەریدایە. خۆر و مانگ، ئەستێرەکان و توخمەکان لەژێر ڕکێفی ئەودان. هیچ کامیان سەربەخۆ کرا نابێت”(33). ئەو هەر لەم ڕوانگەیەوە هەڵوێست لەدژی پەیوەندیی هۆئەنجامی (کاوساڵێتی) وەردەگرێت: هیچ بناغەیەک لەگۆڕێ نییە بۆ ئەوەی لە نێوان شتێکی وەک هۆ و شتێکی دیکەی وەک ئەنجام دانراودا پەیوەندییەک هەبێت. کەواتە بە دیدی غەزالی دەشێت ئەنجامێک بەبێ هیچ هۆیەک بێتە ئاراوە. لێرەدا خودا خۆی ڕاستەوخۆ یان بە یاریدەی مەلایکەکانی ئەو ئەنجامە دەخاتەوە. گەر پارچەیەک خوری بخرێتە نێو ئاگرەوە، ناتوانین ئاگرەکە وەک هۆی سووتان وەربگرین، بەڵکو خودا تاکە هێزی بزوێنەری گۆڕانکاریی نێو خورییەکەیە (شێوەکەی، ڕەنگەکەی).

D) مێتافیزیک
لێرەدا دەگەین بە کێشە و خەمی بنەڕەتییانەی غەزالی. ئەو باوەڕ دەکات بەسەهووچوونەکانی فەیلەسوفان لە مێتافیزیکدان. فەیلەسوفانی ئیسلامی هەر پێشمەرجێکی بەڵگە لۆگیکییەکان لە مێتافیزیکدا ئاوەڵا دەکەن، سەرباری ئەوە دروست بە بابەتەکانیان ناگونجێن، بۆیە ناکۆکییەکانی نێوانیان پەرەدەسێنن و لەوێشەوە سەرلێشێوان دەهێننە نێو خەڵکەوە. غەزالی، پێش نووسینی “ڕزگارکەر لە چەوتی”، لە “تەهافوت ئەلفەلاسیفە”دا (“دژبێژییەکانی / نەسازییە هزرییەکانی فەیلەسوفان”) دەبێژێت، فەیلەسوفەکان لە بیست پرسیاردا بەسەهووداچوون: ئەوان لە سێ پرسیاریاندا بێباوەڕن، وەلێ گەرچی لە حەڤدەکەی دیکەدا ئەوها نین، سەرباری ئەوە تێیاندا خەریکی نوێکاریی زەندیقییانە بوون. بۆ ئەم کێشەیەی مێتافیزیک لای غەزالی سێ تیۆرییەکەی یەکەم بەواتان کە ئەو بە بێباوەڕییان دادەنێت، چونکە دژبەری بنەماکانی ئیسلامن: 1) لەشەکان هەڵناستنەوە (زیندوو نابنەوە)، بەڵکو تەنیا دەروونە پەتییەکان پاداشت دەدرێنەوە یان سزا دەدرێن. لەم ڕوانگەیەوە پاداشت و سزا ڕەوشی هۆشەکین نەک لەشەکی. بێگومان فەیلەسوفەکان ناڕەوا نین کاتێک جەخت لە پاداشت و سزادانی هۆشەکی دەکەن، چونکە پاداشت یان سزای بەو چەشنە لە سروشدا هاتووە، وەلێ نکۆڵیکردنی ئەوان لە پاداشت و سزای لەشەکی لادانە لە سروشی ئیسلامی و هاوکات بێباوەڕییە؛ 2) فەیلەسوفەکان دەبێژن: خودا تەنیا یونیڤێرساڵیا (گشتێتی) دەناسێت نەک سینگولاریا (شتە تاک یان تایبەتەکان). ئەمە بە دیدی غەزالی بێباوەڕییە، چونکە خودا “تەنانەت ئاگای لە گەردیلۆچکەیەکە چە لەسەر زەمین و چە لە ئاسمان”؛ 3) لە کۆتاییدا ئەوان دەبێژن (ئەمیان پێدەچێت ستەمترین بێباوەڕیی فەیلەسوفەکان بێت، چونکە هەبوونی ئەلڵای ئیسلام دەگرێتەوە): “جیهان ئەزەلییە، نە سەرەتا و نە کۆتایی هەیە”، کەواتە نەئافرێنراوە، ئەمەش نکۆڵیکردنە لە یەکەمین کۆڵەکەی ئیسلام کە خودایەکی قادیر بە ئافرێنەری جیهان دادەنێت (34).

E) زانستە ڕامیارییەکان
لەبەر ئەوەی زانستە ڕامیارییەکان بە پرسەکانی ئەمدنیا و دەسەڵاتی جیهانییەوە خەریکن، هاوکات لەم خەریکبوونانەیاندا نووسراوە خوداییەکان کە وەک سروش بۆ پێغەمبەران نێرراون، یان گۆتەکانی دانایانی پێش پێغەمبەران، وەک بنەڕەت دادەنێن، ئەوا ئەم زانستانە هیچ مەترسییەکیان بۆ موسڵمانان نییە.

F) زانستە ئێتیکییەکان
ئێتیکناسان ڕوو دەکەنە کاتێگۆری و مۆرکەکانی دەروون، لێرەشدا دەپرسن کە داخۆ چۆن مامەڵەیان لەتەکدا بکرێت. ئەمان بەهۆی هزرینەوە لە ڕەفتاری مرۆڤان واتای ئێتیکیان بۆ خویا بووە، بەدووی ئەوەدا پرسیویانە کە داخۆ چۆن مرۆڤان سەروەری بەسەر دەروونیاندا بەدیبهێنن. ئەوجا لەبەر ئەوەی ئێتیکناسان لێکۆڵینەوەکانی پیاوانی بەئیمان وەک بنەڕەت دادەنێن، لێرەشەوە پرسەکانی دەروون و سەروەربوون بەسەریدا دەبن بە بابەتی پێوەخەریکبوون، ئەوا گەرەکە ڕێ بە زانستەکەیان بدرێت.

  1. ڕێگەی سۆفییەکان
    ئێمە ئێستا لای ئەو ڕێبازەین کە غەزالی لە پێناویدا گومانی مێتۆدیی بەگەڕخستووە. ئاخر کاتێک ئەو دەست بە نووسینی “ڕزگارکەر لە چەوتی” دەکات، پێشتر بڕیاری بۆ ئەو ڕێگەیە داوە.
    غەزالی دوای خەریکبوونی بە زانستەکان و ئاڕاستە جیاوازەکانی فەلسەفەوە ڕوو دەکاتە ڕێبازی سۆفی، لێرەشدا دەبینێت کە تەنیا “لای سۆفییەکان (…) پێکەوەگرێدانی تیۆری و پراکسیس” لەگۆڕێیە: ئەوان تێدەکۆشن “ئاستەنگەکان لە بەردەم ئەو ئەزموونانەدا کە دەروون دەیانکات” لابەرن، هەروەها “بەسەر خواستە گەندە و ئەدگارە بەدەکانی” دەرووندا زاڵ ببن تاکو ئیدی “دڵ لە هەموو شتێک جگە لە خودا بەربدەن و بەردەوام بە پاڕانەوە لە خودا بیڕازێننەوە”(35).
    کێشەی غەزالی خودناسینە وەک هەوڵێکی سەبژێکتیڤییانەی مەئریفی، لێرەشدا ئەوە “دڵ”ە کە هزرڤان بە مەئریفەی خودا دەگەیەنێت. لێرەدا دەکەوینە بەردەم دوالیزمی غەزالی:
    “گەر دەتەوێت خۆت بناسیت، ئەوا بزانە کە تۆ لە دوو شت دروستکراویت. یەکێکیان بریتییە لەو قاوغە / بەرگە دەرەکییە کە ناودەنرێت لەش و دەتوانیت بە چاوی دەرەکی بیبینیت؛ ئەویدیکەیان ئەو ناخەیە کە جارێک ناودەنرێت دەروون، جارێکی دی هۆش، جارێکی دیکەش دڵ و تەنیا بە چاوی هۆشەکی دەناسرێت. ناخەکێتی کرۆکی (واتا هەقیقەتی – ن) ڕاستینەی تۆیە، هەموو ئەوانەی دی پاشەواری ئەون، سوپا و خزمەتکاری ئەون. ئێمە ناوی دەنێین دڵ. کەواتە بزانە، کاتێک ئێمە لە دڵ دەدوێین، مەبەستمان لە کرۆکی ڕاستینەی مرۆڤە کە ناودەنرێت هۆش یان دەروون، نەک ئەو پارچە گۆشتە کە دەکەوێتە لای چەپی سنگەوە. (…) مرۆڤ هەرچییەک بەم چاوە ببینێت، سەر بەم جیهانەیە، جیهانی دیتەنی، وەلێ دڵی ڕاستینەی مرۆڤ هینی ئەم جیهانە نییە. (…) مەئریفەی خودا و نەزەری جوانییەکەی سەر بە هەقیقەتی ئەون (…)”(36).
    ئەو هەروەها دەنووسێت:
    “بزانە کە خودمەئریفە کلیلی مەئریفەی خوداییە (…)، هیچ شتێک هێندەی خودت لە تۆ نزیک نییە. ئەوجا گەر تۆ خودت ناناسیت، ئیدی چۆن دەتەوێت شتانی دی بناسیت؟ گەر ببێژیت: من خۆم دەناسم، ئەوا سەهوویت، چونکە ئەم مەئریفەیە لەبار نییە بۆ مەئریفەی خودا. ئاژەڵانیش هەر ئەوەندە لەبارەی خۆیان دەزانن وەک تۆ لەبارەی خۆت. (…) بۆیە تۆ گەرەکە تێبکۆشیت تا بگەیت بە مەئریفەی کرۆکی (هەقیقەتی) ڕاستینەی خۆت”(37). تەنیا دوای ناسینی خودێتی دەرفەت بۆ مەئریفەی خودا و هەروەها بەرهەمەکانی خودایەتی دەڕەخسێت. غەزالی ئەمە ناودەنێت بەختەوەری: بەختەوەریی مرۆڤ لە مەئریفەی خودادایە. دڵ بەڕێی بەرهەمەکانی خوداوە بە مەئریفەی خودا دەگات.
    کەواتە لای غەزالی لەش و هۆشی مرۆڤ تایبەتمەندیی خۆیان هەیە: لەش زەمینییە، سەر بە جیهانی نزمە، وەلێ هۆش سەر بە جیهانی باڵایە و خوداییە. ئاوەڵاکردنی هۆشەکێتی گەرەکە فرمان و ئامانجی مرۆڤ بێت، ئەوە بێگومان لە پێناوی کامیلکردنی کرۆکی (هەقیقەتی) خۆیدا، کامیلێتیی کرۆکیش دێتەگۆڕێ گەر مرۆڤ بە مەئریفەی خودا بگات کە باڵاترین پلەی مەئریفەیە. لەم ڕوانگەیەوە مرۆڤ بەدیدی غەزالی لە توانایدایە بگات بە مەئریفەی ڕەهایەتی (ئەلموتڵەق). وەلێ پێش ئەوەی ڕێگەی مەئریفەی سۆفییانە لای غەزالی پێشان بدەین، گەرەکە بڕوانین چۆن ئەو توانستەکانی مرۆڤ لە یەکدی جیادەکاتەوە، تاکو ئیدی نزیکتر ئەو توانستە مرۆڤییە بناسین کە کەسی خوازیاری خۆکامیلکردن بە ئامانج دەگەیەنێت.
    وەک لە سەرەوە بینیمان، دڵ لای غەزالی دوو واتای هەیە: دڵی لەشەکی لە سنگدا، هەروەها دڵ وەک سینۆنیومی هۆش یان دەروون. دڵ لەم واتایەدا بریتییە لە “گەوهەری ناسکی هۆشەکی” (لەتیفەتون ڕاببانییەتون ڕووحانییە) کە کرۆکی مرۆڤە (حەقیقەت ئەلئینسانە) و دەتوانێت دەرکی شتە دەر-جیهانییەکان (ترانسسێندێنتەکان) بکات. دڵی هۆشەکی توانستێکی ئینتوئیتیڤی (حەدەسییانەی) مرۆڤە و لە سەنتەری ئەودایە (38). دڵ وەک گەوهەری ناسکی هۆشەکی کە سینۆنیومی دەروونە، جیاوازە لە واتایەکی دیکەی دەروون وەک توانستی تووڕەبوون (ئەلغەزەب) یان توانستی حەز (ئەلشەهوە). ئەمیان خوازیاری ئەو شتانەیە کە شایانی سەرزەنشتکردنن، بۆیە مرۆڤ دەبێت بچێتە شەڕەوە لەدژی. ئاخر مرۆڤ تەنیا بە یاریدەی دەروون وەک گەوهەری ناسکی هۆشەکی دەتوانێت خودا و شتانی دیکەی دەر-جیهانی بناسێت.
    ئێمە هەروەها بینیمان کە غەزالی هەموو توانستەکانی دیکەی ناخەکێتی بە پاشەواری، بە سوپا و خزمەتکاری گەوهەری ناسکی هۆشەکی دادەنێت. ئەمە ئاوەزیش (عەقل) دەگرێتەوە کە بە هەمان شێوە لای ئەو دوو واتای هەیە: ئاوەز توانستی زانینە لەبارەی سروشتی ڕاستینەی شتەکان، وەلێ ئاوەز هەروەها توانستی مەئریفەی ئاپریۆرییە (پێش-ئەزموونییە) و ئەمیش سەرلەنوێ هاوواتایە بە دڵی ناسکی هۆشەکی (39).
    کەواتە هەر یەکەی دڵ و دەروون و ئاوەز دوو واتای هەیە. یەکێکیان پەیوەندە بە زانینی کردەکێتییەوە، ئەویدی هاوواتایە بە دڵی ناسکی هۆشەکی و توانستێکی ئاپریۆرییە.
    ئاشکرایە دەبێت ڕێگەی ڕووەو مەئریفەی خودا لە جیهانی کردەکییەوە بگیرێتە بەر. غەزالی جیهانی ژیان و کارکردن ناو دەنێت “کایەی هەڵبژاردنی ئازاد”(40). مرۆڤ خۆی لەم جیهانەدا پێدەگەیەنێت، دەرخستەکانی دەچێژێت، بۆ گەیشتن بە پێگە و ناوبانگ تێدەکۆشێت (بۆ نموونە دەبێت بە مامۆستای فەلسەفە)، وەلێ پاشان پشتی تێدەکات. لێرەدا جێی سەرنجە کە غەزالی وەک وروژێنی بڕیاردان بۆ ڕێگەی سۆفی، کەواتە دەرچوون لە سوننەگەری (تەقلید)، ئەزموونی بێدادییەکانی نێو جیهان و بەو ڕێیەشەوە گەیشتن بە ناکامیی دەروونی وەک دەرچە دانانێت، کە ئیدی مرۆڤ لەم ڕەوشە ئەزموونکراوانەوە بۆ خودناسین تێبکۆشێت (کەواتە نەک ئەزموونە نێوجیهانییەکەی خودی غەزالی!)، بە پێچەوانەوە “مامۆستا” غەزالی چەند مۆرکێکی کەسێتی بۆ چوونە سەر ڕێی سۆفی دەچەسپێنێت: ئینتەنسیۆن (نییەت)، نیازی پەتی (ئیخڵاس)، ڕاستگۆیی (سیدق). ئەو لە “ئەرباب ئەلقولوب” (پیاوانی هۆشەکێتی) دەدوێت کە جیاوازن لە کەسانی “ڕییا”، واتا کەسانی تووشهاتوو بە دەردی رواڵەتگەری کە ئایین یان شێخایەتی وەک دەستوێژی گوزەران و پرێستیژی سۆسیال وەردەگرن، یان تەنانەت دەست بە گیرفانی هەژاراندا دەکەن. نەخێر، مرۆڤ دەبێت خۆی تێبکۆشێت دەروونی لە ئەدگارە نالەبارەکانی بەربدات، لێرەشدا پراکسیس لەچاو تیۆریدا سەنگێکی تایبەتیی هەیە: “تیۆری دەتوانێت پێناسەی لەشساغی بکات و هۆ و مەرجەکانی بناسێت، وەلێ ئەمە جیاوازە لە ئەزموونکردنی لەشساغیمان”؛ بە هەمان شێوە مەئریفەی کرۆکی ئاسکێز (زوهد) و هۆ و مەرجەکانی زوهد مەسەلەیەکە، وەلێ زاهیدبوونی کەسەکی و وازهێنان لە جیهان بە دەرخستەکانییەوە کە هەست و سۆز دەبزوێنن، مەسەلەیەکی دیکەیە. لەم ڕوانگەیەوە سۆفییەکان (بێگومان سۆفییەکانی غەزالی نەک شارلاتانەکان) پیاوانی موئایەشەکردنن نەک ئاخافتنی ڕووت(41). تەنیا ئەم جۆرەی موئایەشەکردن مرۆڤ دەگەیەنێت بە مەئریفەی خودا و پێغەمبەرایەتی و ڕۆژی قیامەت، کە سێ بنەمای ئیمانن و مرۆڤ نەک بە تیۆری و ڕاڤە سوننەتییەکان، بەڵکو ئەو “خۆ”ی بە موئایەشەی “خۆیی” بەدییان دەهێنێت.
    چۆن غەزالی لە دەستپێکی گومانی مێتۆدیدا دەرکەوەرەکانی مرۆڤی خستە ژێر پرسیارەوە، بە هەمان شێوە دەرکەوەرەکان لە دەستپێکی پرۆسەی مەئریفەی سۆفیدا سەرلەنوێ وەک بنەڕەت دادەنێتەوە. ئەمە یەکەم پلەی مەئریفەیە: مرۆڤ بە دەرکەوەرەکان ئەزموونی جیهان دەکات. هەر جۆرێکی دەرککردن تایبەتە بە پشکنینی جۆری شتە هەبووەکانی جیهان: دەرکەوەری گرتن (دەست) زۆر ئەدگاری شتە هەبووەکان بە مرۆڤ دەگەیەنێت، وەک گەرمی، ساردی، وشکی، ناسکی، زبری و هتد؛ دەرکەوەری بینین (چاو) ڕەنگ و شێوەکانی پێدەگەیەنێت؛ دەرکەوەری بیستن (گوێ) دەنگ و مێلۆدی پێدەگەیەنێت؛ بە دەرکەوەری بۆن (لووت) بۆنی جیاوازی شتەکان دەکات؛ بە دەرکەوەری چێژتن (زمان) دەرکی هەر چێژێکی تایبەتی شتەکان دەکات. ئەوجا لە دووەم پلەی مەئریفەدا پێشبینییەکان کارایی وەردەگرن و شتە دەرککراوەکان دەهێڵنەوە تاکو لەکاتی پێویستدا بییانخەنە بەردەم زەین. غەزالی ئەم پلەیەی مەئریفە هەروەها ناودەنێت توانستی جیاوازیکردن (قووەت ئەلتەمیز) (42). لە سێیەم پلەدا کارایی ئاوەز (عەقل) دێتە نێوانەوە؛ ئێستا هەندێک کاتێگۆری پێویست دەبن کە لە پلەکانی سەرەتای مەئریفەدا نەبوون، کاتێگۆرییەکانیش تەواو ڕاسیۆنالن، بۆ نموونە کاتێگۆرییەکانی زەروورە، شیمانە و ناشیمانە. ئاوەز تایبەتە بە مەئریفە زەروورییە ڕاسیۆنال و سەرەکییەکان (ئەلئەووەللییات)، بۆیە هەروەها دەشێت بە جۆرێک لە پێرسەپسیۆنی / دەرککردنی ناخەکی (ئیستیبساڕ) دابنرێت(43). لە پلەی چوارەمدا دەگەین بە توانستی هزرین (قووەت ئەلتەفەککور) کە دەشێت بە کاراییەکی باڵای زەین دابنرێت، چونکە مەئریفە ڕاسیۆنالەکان وەردەگرێت و لە نێوانیاندا پەیوەندی و تەریب دەسازێنێت. توانستی هزرین تایبەتە بە سازاندنی بڕیار و دەرئەنجامگیری (قیاس) (44). هزرین کە پەرچاندنە بەرەو ڕاستی لە خۆدا، دەکەوێتە سەرووی ئاوەزەوە. لەم ڕوانگەیەوە لای غەزالی دەروونی ڕاسیۆنال و دەروونی هزریو جیاوازن لە یەکدی. توانستی هزرین لای ئەو “ئۆپەراسیۆنێکی زۆر ئاڵۆزتری هۆشەکییە”(45):
    “لەوبەر ئاوەزەوە پلەیەکی دیکە هەیە کە تێیدا چاوێکی دیکە دەکرێتەوە و مرۆڤ بەم چاوە لە شارراوە و لەوەش دەڕوانێت کە لە ئایندەدا ڕوودەدات (…)؛ ئاوەز، هاوشێوەی توانستی جیاوازیکردن (قووەت ئەلتەمییز)، لەمانە بەدەرە”(46).
    ئەم پلەیە بریتییە لە “ئینتوئیسیۆن”ی (نەزەری) هۆشەکی و لە دڵدایە، وەلێ غەزالی ناتوانێت بەتەواوی دیاریی بکات، بۆیە چەند ناوێکی لێدەنێت: “چێژتن” (زەوق / schmecken)، “کەشفی عیرفانی” یان “ئیلهامی عیرفانی”. ئەم توانستەی مەئریفە کە غەزالی لەوبەر ئاوەزەوە دایدەنێت و باڵاترین پلەی پێدەدات، بۆ ئەو خۆی “سەرچاوەی هەموو پلەکانی دیکەی مەئریفەیە، هەروەها ئەو ئۆرگانەیە کە توانای بۆ مەئریفەی باڵاترین هەیە وەک مەئریفەی خود و خودا”.(47) کەواتە موئایەشەکە لە ڕوانگەی غەزالییەوە تەنیا سەبژێکتیڤی نییە، بەڵکو هەروەها ئۆبژێکتیڤییە: ئەوەش ئاشکرا دەکات کە شارراوەیە، هەروەها موئایەشەی بەرهەمی لەگۆڕێبووی خودایی دەکات: گەردوون.
    ئامانجی غەزالی گەیشتنە بە “جەختی” (یەقین)، کەواتە ئەو گومان ناکات لە پێناوی گوماندا – ئەو گومانگەرا (سکێپسیسیت) نییە. ئەو جەختیی ڕەهای دەوێت. غەزالی بۆ ئەم ڕێگە مەئریفییەی سۆفی و پراکسیسی سۆفیانە نموونەی محەمەدی پێغەمبەری دەهێنێتەوە کە دەڕۆیشت “بۆ کێوی حەررا، لەوێ بەتەنیا بوو لەتەک ئەلڵاکەیدا و دەپاڕایەوە، کە ئیدی ئارەبەکان گۆتیان: محەمەد سۆزمەندانە ئەلڵای خۆی خۆش دەوێت”(48). بێگومان ڕێگەی هزرین و ڕامانی سۆفییانە پرۆسەی بوون بە پێغەمبەر نییە (یان ئایا ناشێت ئەوە بێت؟!). ئاخر کاتێک گریمانە دەکرێت کە لە پێغەمبەرێتیدا ڕاستی لە دەرەوە، بەڕێی سروشەوە، وەک پەیام بۆ مرۆڤ دێت / دەنێررێت، ئەوا گریمانەکە هاوکات مەبەستی ئەو پەیامەشی لە خۆ گرتووە، واتا ڕاگەیاندنی ڕاستییەکە بە کەسانی دی – لایەنی کەم لە فۆرمی هەڵبەستدا (شیعردا). بە دیدی غەزالی تەنیا پێغەمبەر(ێک) دەتوانێت باڵاترین پلەی هەڵچوونی هەبێت کە ئیدی بەبێ تەقەلادان و تەنیا بەڕێی سروشی خوداییەوە “زۆرینەی هەرە زۆری ڕاستییەکان” بۆی بەیان دەبن (نەک تێکڕای ڕاستییەکان)، لێرەشدا ئاشکرایە کە پێغەمبەری موسڵمانان “خاتەمولئەنبیائە”، ئەمەش بەواتای، ئیستا کۆتایی هێنراوە بە پرۆسەی ناردنی سروش. کەواتە ئایا ئەمەیە هۆی سەرەکی کە بۆچی سۆفی ناوێرێت / ناتوانێت ڕایبگەیەنێت گۆیا بووە بە “پێغەمبەر” یان دەیشارێتەوە و ئەو نهێنییە تەنیا بە لایەنگرانی نزیکی ڕادەگەیەنێت؟ بە هەر حاڵ، کاتێک پێغەمبەر(ێک) دەتوانێت ڕاستییە بۆ هاتووەکان لایەنی کەم لە فۆرمی هەڵبەستدا بداتەوە، ئەوا غەزالی جەخت دەکات، سۆفی ناتوانێت دوایەمین ئەزموونەکانی خۆی دەرببڕێت، چونکە ئەم پلەیە “بە وشە وەسف ناکرێت”، یان چونکە “هیچ کەس ناتوانێت بە وشە دەریببڕێت، گەر ئەوەش بکات، دەربڕینەکەی هەڵەی تێدەکەوێت.”(49) لەم ڕوانگەیەوە غەزالی دەیەوێت تەنیا ببێژێت، کە لە نەزەری ڕاستەوخۆی ئینتوئیتیڤدا (چێژتنی عیرفانیدا) شتەکان وەک ئۆبژێکتیڤی بۆ کەسی نەزەرکردوو بەیان دەبن بەبێ ئەوەی بتوانێت دەریان ببڕێت.
    چێژتنی عیرفانی بەواتای فەنابوون / نەمان (Entwerden) کە ترۆپکی ڕێگەی هەڵچوونی سۆفییە. حاڵلێهاتن ئاڕاستەیەکی ڕووەو یەکانەی بوون وەرگرتووە، واتا ڕەوشێکی ئەوتۆ کە (بە دیدی عارفەکان بەگشتی) جارێ کرۆکی مرۆڤ لە بنەڕەتی خودایی جیانەبۆتەوە. کەواتە سۆفی بە نەهێشتنی جووتەنێتیی سەبژێکت و ئۆبژێکت، من و جیهان، دەگەڕێتەوە بۆ سەرچاوە. ئێستا ئیدی کەسی هەڵچوو، گەڕاوە بۆ سەرچاوە، بە ئاگایی خودا دەتەنرێت و هاوکات گەرەگە لەم ڕەوشەیدا لای خودا بمێنێتەوە (بەقاء). ئەمە، فەنابوون، هەروەها ناودەنرێت مەرگ، بێگومان مەرگی عیرفانی پێش مەرگی سروشتی. لەم جۆرەی موئایەشەدا “مرۆڤ بەگوێرەی من-ە ئەمپیرییەکەی فەنا دەبێت و بەردەوامی بە لێرەبوون دەدات لە چۆنێتیی ناخەکییانەی سەرچاوەییدا کە بۆ سۆفییەکان هاوواتایە بە بنەڕەتی خودایی”(50)، بە شێوەیەکی دی ببێژین، ئەوان دەیانەوێت “موئایەشەی ناخەکییانەی یەکانەی کردەکێتیی خودا”(51) بکەن و هاوکات بەردەوام لای ئەو بمێننەوە.
    کەواتە لای غەزالی مرۆڤ بە فەنابوون ئەزموونی ئازادبوونی خۆی لە جیهان دەکات. لەم جێیەدا گەرەکە چەند پلەیەک بەرەو پاش بگەڕێینەوە: ئاوەز کە جیاوازە لە زەینی ڕاسیۆنال، توانستە بۆ ناسینی پەیوەندیی گشتگیر کە لێوەی دەتوانێت خەریکی دەرئەنجامگیریی دروست بێت. لێرەدا “من” هیچ رۆڵێک ناگێڕێت، چونکە “من”، بەگوێرەی هزرینی عیرفانی، لە مەئریفەکانییەوە هەردەم دەرئەنجامگیریی خۆگەرا / منگەرا (بۆ نموونە قازانجی ماددی) ئەنجام دەدات و دەشێت زیان بە کەسان و هەروەها بە خۆی بگەیەنێت. بە پێچەوانەوە ئاوەز هەردەم دەیەوێت دروست بڕیار بدات، بۆیە بەرپرسیاری لە ئەستۆ دەگرێت. وەلێ سەرباری ئەو ئەدگارە کرۆکییەی ئاوەز تەنیا ئینتەنسیۆن (نەزەری ڕوون و ئاشکرای هۆشەکی) مرۆڤ و خودا بەیەک دەگەیەنێت. لێرە ئاوەز هیچ رۆڵێک ناگێڕێت، بەڵکو ئێستا لە نەزەری ڕوون و ئاشکرادا، لە چێژتنی عیرفانیدا، خودا بە ڕووناکی (نوور) خۆی بە مرۆڤ ڕادەگەیەنێت. نوور وەک پزیسکی خودایی دیار دەدات و “وەک فەنابوونی ڕوانەر بۆ نێو لێڕوانراو” دەپەخشێت؛ عەبدولقادر ئەلگیلانی (1166 مردووە) ئەم ڕوانینە ڕاستەوخۆیە “لە شکۆی خودا بەراورد دەکات بە ڕوانین لە خۆر، کە تێیدا کەسی عارف بەهۆی بریسەکەی تیشکی درەوشاوەوە نە خۆی و نە شتێکی دیکە دەبینێت. چەند زۆر ئەو لە خۆر نزیک بکەوێتەوە، ئەوەندەش زۆرتر بەشەوارە دەخرێت تا دەگات بەو پنتە کە ئەو لە خۆر جیانابێتەوە.”(52). ئیدی کەس، دوای مەرگی عیرفانی پێش مەرگی سروشتی، بە ئەزموونکردنی یەکانەی بنەڕەتی، خودا لەنێو هەر شتێکی جیهاندا دەبینێت. سۆفی بۆ غەزالی کەسێتییەکی نوێیە کە دڵی لە سەرجەم پەیوەندییەکانی بە جیهانەوە بەردراوە و تەنیا بە ستایشی خوداکەی درێژە بە ژیان دەدات.

سێ) واتای ئەمڕۆی غەزالی

ئەمڕۆ، لە سەردەمی تەنگژەی قووڵی ئیسلامدا چە وەک ئایین و چە وەک کولتوور، لە خۆرئاوا توێژینەوەکان لەبارەی غەزالی بەتایبەتی و سۆفیزم بەگشتی بێئەندازە پەرەیان سەندووە.
عەبدەلسەمەد عەبدەلحەمید ئەلشازلی کە لەپاڵ “ڕزگارکەر لە چەوتی”دا “میشکات ئەلئەنوار”ی غەزالیی بۆ ئەڵمانی وەرگێڕاوە، وایدادەنێت کە نووسینی ناوبراو لەنێو کۆبەرهەمی غەزالیدا پێگەیەکی تایبەتی هەیە، چونکە “نووسەرەکەی سەبارەت بە ژیانی خۆی و گۆڕانی هۆشەکییانەی دەدوێت، یان لەبارەی پەیوەندییەکەی بە خوداوە و چۆن ئەو بە ئیمانی پتەوی خۆی گەیشتووە، هەروەها لەبارەی پەیوەندییە ڕەخنەییەکەی بە مەدرەسە ناسراوە ئیسلامییەکانەوە، بۆیە بەرهەمێکی سەرەکییە، بە پێچەوانەشەوە سەرجەم بەرهەمەکانی دیکەی لەنێو کۆبەرهەمی ئەودا تەنیا لاوەکین (53).
د. ب. مێکدۆناڵد لە بەرواردکردنی غەزالیدا بە ئەلئەشعەری دەبێژێت، کە “ئەلئەشعەری بە سەلماندنی لۆگیکیانە بەرگری لە ئەقیدەگەری دەکات، وەلێ ئەلغەزالی بناغەی سەرجەم جەختیی ئایینی دەگەڕێنێتەوە بۆ موئایەشە لە ئێكستازدا”(54)، لێرەشدا گەرەکە لە ئێکستاز لای غەزالی وەک لەسەر-خۆ-نەمان، وەک تێپەڕینی حاڵلێهاتوو لە سنوورەکانی من-ی ئەمپیری بۆ نێو کایەی ترانسسێندێنت، تێبگەین.
وەلێ گەرەکە زۆر تایبەت جەخت لە واتای غەزالی بکەین وەک ئاڕاستەیەکی توێژینەوە لە تێکست کە ئەرگومێنتی ئاوەز بەهەند وەردەگرێت، بەمەش ئەو جیاوازە لە دانەوەی وشەیی قورئان و حەدیس کە ئەقیدەگەرایان یان وشەگەرایان (ی سەلەفی) پەیڕەویی دەکەن تاکو ڕێ لە گۆڕانی پەیوەندییە سەروەرەکانی هەنووکە بگرن و بەوەش دەسەڵاتیان بپارێزن. بە دیدی غەزالی هەر ئەرگومێنتێکی ئاوەز “ئێڤیدێنت” بێت (ڕوون و ئاشکرا شیاوی لێتێگەیشتن بێت) و بەو هۆیەشەوە “گومانی لێنەکرێت”، ڕەوایەتی بە دەرئەنجامگیری دەدات و ناشێت ئەرگومێنتەکان “هاوشێوەی سروشی خودایی، (…) بە هەڵە دابنرێن”، وەلێ گەر پرسگەلی نوێ هاتنە ئاراوە و پەیوەند پێیانەوە ئەرگومێنت و سروش “دژبێژیی یەکدی بکەن، ئەوسا دەبێت قورئان لە واتای خوازەییدا ڕاڤە بکرێت و لە پێناوی ڕاستییەکی قووڵتردا سیمبۆلییانە بخوێنرێتەوە”(55).
لە لایەکی دیکەوە لەبەر ئەوەی غەزالی “هیوای بە خەڵاسێکی دەرەکی”(56) هەبوو، ئەوا پەلهاویشتنەکانی فەلسەفەی لەوێدا بە مەترسی دادەنا کە بنەڕەتەکانی ئایینی ئەویان بریندار دەکرد و سێ پرسیان دەگرتەوە: ئافراندنی خودایی، سروش و ژیانی پاش مەرگ. ئەو لەم ڕوانگەیەوە “دوژمنی فەلسەفە” نەبوو وەک سەرجەم. ئیسلامناس فڕانک گریفل لە زانستگەی یێڵ دەبێژێت: “هەرگیز غەزالی سەرجەمییانە حوکمی بەسەر فەلسەفەدا نەداوە یان ڕەتی نەکردۆتەوە، بە پێچەوانەوە ئەو و کەسانی دیکە فێرکاری فەلسەفە بوون و بەمەش بناغەی ترادیسیۆنی ئەڕیستۆتێلییان لە کەلامی ئەشعەریدا (ئەمە مەدرەسەی سەروەری تیۆلۆگییە لە ئیسلامدا) ڕشت. سەرەتا کارەکانی غەزالی دەرفەتیان ڕەخساند کە بشێت فەلسەفە بەڕێی کەلامی ئەشعەرییەوە بکرێت بە پێکهاتەی هزرینی خۆیی”(57).
بێگومان غەزالی سەر بە دابی هزرینی ئێمەیە. لێرەدا ئەو پرسیارە لە بەردەمماندا زیتدەبێتەوە کە داخۆ چۆن ئێمە واتای ئەو بۆ ئەمڕۆ بنرخێنین. تێڕوانینە دیارهێنراوەکانی سەرەوە لەبارەی واتای ئەو وەک ڕێبەرێکی هۆشەکییانەی سۆفیزم و فەیلەسوفێکی بەواتای نێو مێژووی فەلسەفەی ئیسلامی، لەنێو جیهانی ئیسلامیشدا لەگۆڕێن و کارکردن لە هزری ئەودا هەر بەردەوامە، جا گەرچی لەوێ زۆر سوننەگەرایانە. وەلێ غەزالی بە دیدی ئێمە لە ڕووی پرسیاری مێتۆدەوە گرنگە، لێرەشدا لەبەر ئەوەی گومانی مێتۆدی لای ئەو لە ئامانجی هزرینی ئەو خۆی جیانابێتەوە، ئەوا هاوکات ناچار دەبین “ڕەخنەییانە” ڕەچاوی ئاڕاستە هۆشەکی-سۆفیستییەکەی بکەین. کەواتە خەریکبوونمان بە ئەوەوە بەم چەشنە دەبێت: “لەتەک” غەزالیدا “لەدژی” غەزالی.
ئێمە دەتوانین “لەتەک” غەزالیدا ببێژین: گومانی مێتۆدی پێشانمان دەدات کە سوننەگەری تەنیا دانەوەی ڕێکخراو یان ڕێکنەخراوی (هەڵڕێژراوی) ئەو نێوەرۆکانە دەهێنێت کە پێشتر ئۆبژێکتیڤییانە چەسپێنراون: دانەوەی تێڕوانینە هزرییەکان، ئاڕاستە ئەدەبی و هونەرییەکان، هەروەها بەرهەمهێنانەوەی جۆری کردار و ڕەفتاری نەوەکانی ڕابوردوو: باوکان، مامۆستایان، مەلاکان، لە هەمووشیان ستەمتر: بانگخوازانی وشەگەرا یان شت-پەرست، وەلێ هەروەها بەرهەمهێنانەوەی نووسەر و هونەرمەند و ئەکادیمییە قەدیمییەکان کە بەتایبەتی پەیوەندیی پێشوێنە-دەروێنە (لاساییکردنەوەی ئۆریجیناڵ) وەک بنەڕەتی هزرین و کارکردنی زانستی، ئەدەبی یان هونەری دادەنێن. گەر بۆ ئەم پەیوەندییەی ئێرە تەنیا ئەو ڕەوشانە وەربگرین کە ئەمڕۆ بوون بە دیاردە و بۆیە ڕاستەوخۆ دەرکدەکرێن، واتا کارکردنە دەگمەنە باشەکان لە زانست و ئەدەب و هونەردا وەلاوە بنێین، ئەوا دەتوانین ببێژین:
مرۆڤان بەگشتی لە زارۆکییەوە دەخرێنە بەر خوێندن، کەچی تەنانەت دوای تەواوکردنی زانستگە ناتوانن دوو ڕستەی دروست بە زمانی دایک بئاخڤن و ئەم ڕەوشە هیچ پرسیارێکیان لا ناهێنێتە ئاراوە، جا گەرچی پرسیار لەو بەدڕەوشەی خۆیان بەواتایە بۆ لێرەبوونی سۆسیال و کارکردنی هۆشەکییان؛ مرۆڤان بەگشتی قسانی قوتی لەخۆڕازی دەکەن و دەخوازن بەدڵان بن، چونکە ناتوانن هاوشێوەی غەزالی لە “ڕیز دەر-بچن”، لە “نێو-ئەڵقەیی پەیوەندییەکان”ەوە بێنە دەرەوە و چیدی خۆیان وەک ئەڵقە دەرک نەکەن، بەڵکو دەرفەتی گەڕانەوە بۆ لای خۆیان بڕەخسێنن؛ مرۆڤان بەگشتی (ئەوە بێگومان گەر سوننەتیی ڕاستگۆ بن نەک دزی نووسراوەکان یان شەیدای دەرکەوتنی خۆیی بن و رواڵەتگەرایانە کۆششی بۆ بکەن) هەروا سانا تێکستەکان دەدەنەوە و نووسەرێتی یان هزرمەندیی خۆیان ڕادەگەیەنن، لە زانستگە بە کۆکردنەوەی سیتات (ئیقتیباس) و لەیەکدانیان توێژینەوەی ماستەر و دکتۆرا تەواو دەکەن، وەلێ کارەکانیان بەدەرن لە “فۆرم”، واتا نەیانزانیوە لە نووسین و توێژینەوەدا فۆرم سەرەکییە نەک خۆهەڵڕشتن یان لەیەکدانی سیتات، کەواتە سازاندنی فۆرمێک خەمی پێشینەییە لە خەریکبووندا بە هەر پرسێکەوە کە کەس دەوروژێنێت و ئەویش خۆی لە قەرەی دەدات، ئەمەش بەواتای هیچ تۆمارکراوێکی سەر کاغەز ناونانرێت نووسین یان توێژینەوە گەر فۆرمی نەبێت؛ مرۆڤان بەگشتی لاساییگەرایانە ئیمانداری و بیروباوەڕیان ڕادەگەیەنن، هەروا سانا و لەخۆڕازی دەبێژن کە ئەوان موسڵمانن، مارکسیستن، کۆمونیست یان وجودین، لێرەشدا قورئان دەخوێننەوە و ناوێرن دیدێکی ڕەخنەیی ئاڕاستە بکەن، یان بۆ نموونە (لە هەمان بنەڕەتی مامەڵەکردنی سوننەگەرییەوە لەتەک قورئاندا) مانیفێستێکی ئەوروپی دەخوێننەوە و دەیکەن بە بنەڕەتی بڕوا و خەباتی پراکتیکییان، کەچی ناتوانن و نازانن بپرسن داخۆ ئەو مانیفێستە کە دوو ئەوروپی ئەوروپییانە نووسیویانە، چواندنی بۆ گرووپە ئێتنییەکانی دەوڵەتی عوسمانی هەبێت(58)؛ مرۆڤان بەگشتی دەنگیان خۆشە، هەڵبەستێک وەردەگرن کە ناخیان دەهەنگێوێت، ئەوجا بە ئاوازی دانراوی کەسێکی دیکە وەک ستران دەیچڕن، کەواتە ناتوانن لەنێو خۆیانەوە “سترانساز” (Liedermacher) بن و لە ئەمڕۆدا خۆیەتییان بە دەنگ و وشە بهۆننەوە. ئالێنگارییەکەی غەزالی سەرجەمی ئەم کایانە و گەلێکی دیکەش دەگرێتەوە. ئاخر ئەو بە تەحەداوە دەبێژێت: کێ گومان نەکات، بەدووی هیچدا ناگەڕێت، ئەوجا کێ بۆ شتێک نەگەڕێت، دەرکی هیچ ناکات، ئەوجا کێ دەرکی هیچ نەکات، ئەو کەسە لەسەر ڕێگەی چەوت دەمێنێتەوە (جا موسڵمان یان کەسێکی تەنراو بێت بە خەیاڵی خاوی کۆمونیزم – ئاخر ناتوانین پەیوەند بە ئەوانەوە لە کومونیست بدوێین). لەم ڕوانگەیەی غەزالییەوە خودمەئریفە گرنگترینی مەئریفەکانە، چونکە تێیدا سروشت و سنوورەکانی خودێتی ساغدەکرێنەوە.
وەلێ ئێمە دەتوانین لەدژی غەزالی ببێژین: کانت سەلماندنەکانی نەمریی دەروون و خودایەتی و لەتەک ئەمیشدا ئافراندنی جیهانی لەکارخست. ئەو لە “ڕەخنەی ئاوەزی پەتی”دا دادگەی بۆ خودی ئاوەز دانا و ئەوجا بۆ نموونە پەیوەند بە تیۆریی سەلماندنی خوداوە پێشانی دا، کە ئاوەز دەتوانێت بە تێزێک هەبوونی خودا بسەلمێنێت، وەلێ هەر خودی ئاوەز دەتوانێت بە ئەنتیتێزێک نابوونی ئەو بسەلمێنێت. ئاوەز دەخزێتە نێو ئەم دیالێکتیکەوە، چونکە لەنێو خۆیەوە بە پرسیار سەغڵەت دەکرێت، کەواتە لەبەر ئەوەی پرسیارەکانی لە دەرەوە نەهاتوون، ئەوا ناچارە وەڵامیان بداتەوە، لێرەشدا دەخزێتە نێو دەرئەنجاماندنی هەڵە و دژبێژیی لۆگیکییەوە(59).
بێگومان دەشێت بەرانبەر ئەم تێڕوانینە ڕەخنەییانە ببێژرێت کە غەزالی لەوبەر ئاوەزەوە ڕوانینی ئینتوئیتیڤ لە کایەی ترانسسێندێنت (نەشیاوی زانین) وەک توانستێکی تایبەت وەردەگرێت. وەلێ لایەنگرانی سۆفیزم هەرچۆنێک ئاپۆلۆگێتییانە، یان بە سۆفیستیک (سەفسەتە، بە هێزی وشە) هەوڵی ڕوونکردنەوەی ئەم تێڕوانینە بنەڕەتییەی غەزالی بدەن، هێشتا هەر لای ئەو “حاڵ”ی تێپەڕیو لە مەئریفەی زەینی لەگۆڕێیە، کە بۆ ئەو شیاوە، وەلێ بە دیدی ئێمە نەشیاوە. کاتێک فەرمان دەدرێت: “لەسەر خۆ بە!”، لێرەدا دەخوازرێت مرۆڤ لەسەرخۆ لە جیهاندا ڕەفتار بنوێنێت، چە خۆی و چە جیهان بەهەند وەربگرێت، بە پێچەوانەشەوە مرۆڤ لە حاڵی لەسەر-خۆ-نەماودا لە من جیادەبێتەوە و خۆی بە داڵغە دەبات بۆ نێو کایەی ترانسسێندێنت کە ئیدی لێرە ئاگایی من نامێنێت. وەک پێشتر بینیمان، غەزالی ڕاگەیاندنی شەڕ لەدژی من (نەفس) بە پێویست دادەنێت، تاکو من هەڵبووەشێنرێتەوە و لەکاربخرێت، ئەوجا مرۆڤ بچێتە نێو مەرگەوە (فەناوە) کە پێش مەرگی سروشتییە و دوایەمین پلەی حاڵی عیرفانییە. وەلێ، وەک یۆئاخیم ئێڕنست مایەر دەبێژێت، کەسی سەر ئەم ڕێگەیە کە وازی لە ژیانی نێوجیهانی و بەشداریکردنی زیندوو هێناوە، تەنیا خۆی وایدادەنێت کە ئێکستاز (لەسەر-خۆ-نەمان، حاڵ، چێژتن) “ئێڤیدێنس”ە، ئەمەش ڕەوشێکە کە مایەر ناوی دەنێت “فێنۆمێنی پسیکۆپاتۆلۆگییانەی نامۆبوون” (وەرگۆڕینی نەخۆشانەی ژیانی دەروونی) کە “وەک وەرگۆڕینێکی توخمی موئایەشە دەکرێت. (…) فێنۆمێنەکە وەک نزیککەوتنەوەی دازاین لە سنوور، وەک هاوشێوەی مەرگ دیاردەدات”(60). بەم شێوەیە فەنابوونی من وەک کوژانەوەی خودی هاوکات لەشەکی و هۆشەکی، کەواتە وەک پرۆسەی نامۆبوون (ئیغتیراب)، نەمانی زیندوویەتییە لە هەر موئایەشەیەکی من و جیهاندا. مرۆڤ توانستی ژیان وەک بەشداریکردن لە جیهاندا، وەک سۆسیالێتی و چێژتنی پێدراوە بەرجەستەکانی جیهانی کردەکی، لەدەست دەدات – لێیان نامۆ دەبێت. ئاخر ئەو گیرۆدەی ڕزگاربوونی خۆیەتی لە جیهانی کردەکی و کەوتۆتە نێو داڵغەی جیهانێکەوە کە لە بنەڕەتدا ترانسسێندێنتە، یان ڕوونتر لەتەک فۆیەرباخدا ببێژین، مرۆڤ کە دوایەکی (بمر) و ناکامیل و بێدەسەڵاتە، لە ناخیدا خۆزگەی نەمری و کامیلێتی، بەختیاری و یەکسانیی مرۆڤ دەپشکوێت، ئەوجا دەیەوێت خۆی وەک بمر لەو سروشتە ڕزگاربکات کە هەردەم بە مەرگ ژیانی ئەو ناهێڵێت. مرۆڤ لەتاو ئەم هەقیقەتە هەموو خۆزگەکانی دەخاتە نێو خودایەکەوە وەک بێدوایەکی، کامیل، ئەبەدی، بەتوانا بۆ هەر شت، کەواتە دەیپەخشێنێتە نێو خودێکەوە کە بەڕەهایی پێچەوانەی خۆیەتی(61)، لێرەشدا نەمری و ڕزگاریی ئەبەدییانەی مرۆڤ لە ئەودنیا پێشبینی دەکات.
کەواتە گەرەکە هاوکات پەیوەند بە ئالەنگارییەکەی غەزالییەوە بپرسین: ئایا گومان لە پێناوی چیدا؟ غەزالی کە سەر بە “دابی هزرینی خۆمانە”، دوای ئەوەی دەرکی دەکەین، زۆر تایبەت چە وەک وروژێن و چە وەک دەروو بەرمان دەکەوێت، چونکە ئێمەش کوڕانی / کچانی هەمان جڤاکی سوننەتین، جا با سەردەم ئاڵۆزتر و جیاوازتر بێت لەوەی ئەو. کەواتە دوای ئەوەی بەریەک دەکەوین، ئیدی ئێمە دەچینە نێو ئەو و ئەو دێتە نێو ئێمەوە. لێرەوە دەشێت گومانە مێتۆدییەکەی ئەو کەسێکی هزرکردووی پرسیارمەند ببزوێنێت کە بە خۆی ببێژێت: “ئەو وێرای ئەوها ڕادیکال بهزرێت، گومان بکات، منیش ئەو دەکەم بە نموونە”. سەرباری ئەوە هزرکردووی پرسیارمەند ناتوانێت بچێتە سەر ڕێگە هزرییەکەی ئەو، چونکە ئەمڕۆ پرسیاری ئاسایشی ناخەکی کە گەرەکە بە خۆگیرساندنەوەی سۆفییانە لە خودایەکدا بەدیبهێنرێت، کەسێتی بۆ نواندنی کرداری ڕەخنەیی و ژیانبگۆڕ گۆچ دەکات – ئاخر وەک گۆتمان ڕێگەبڕینی هۆشەکیی سۆفیانە بە نامۆبوون تەواو دەبێت. بە دیدی ئێمە واتای ئەمڕۆی غەزالی لە ڕەسەنێتیی ئەودایە بۆ ڕاستیخوازیی هزرین، لێرەشدا سەرەتا مرۆڤ فێر دەکات دەرکەوەرەکانی بخاتە ژێر پرسیارەوە، کەواتە واز لە لاساییکردنەوەی ڕەفتاری باوی باوک و مام و خاڵانی بهێنێت، زمانی ڕاهاتووی بۆ قسەی قوت ڕابگرێت، هەموو ئەو شتانە کە دەیانبینێت و دەیانبیستێت، سوێندیان پێدەخوات و خۆی لەسەریان بەکوشت دەدات، بخاتە ژێر پرسیارەوە، لەم ڕەوتەشدا سەرجەم هزرینی سوننەتییانەی خۆی هەڵبووەشێنێتەوە و پێکهاتە بۆگەنکردووەکانی فڕێبداتە دەرەوە، تاکو بتوانێت فێرببێت و ئەوجا بزانێت چی لە پێکهاتە ساغەکانی بکات، یان چۆن ڕێکیان بخاتەوە، کە ئاشکرایە تەنیا خەریکبوونی ڕەخنەیی بە مێتۆدانی دیکەی مۆدێرنەوە دەرفەتی بۆ دەڕەخسێنێت ڕەوتی هزرینی خۆیی دابخات، لێرەشدا گومانی تێدا نییە کە تێگەی مرۆڤێتی لای ئەو دەبێت بە بنەڕەت، واتا ئەو تێگەیە کە لە سەرجەم جیهانی سوننەگەریدا لەگۆڕێ نییە و بەکارهێنانی تەنیا وشەیەکی ڕێزمانییە، یان تەنیا دانەوەی رواڵەتگەرایانەی هزر و پراکتیکە خۆرئاواییەکانە (“وەزارەتی مافی مرۆڤ”!). کەواتە هومانیزمێک وەک ئەڵتەرناتیڤ بۆ سوننەگەری کە نەهێشتنی (نەفیکردنی) ئیدیۆلۆگییانەی مرۆڤێتی و کردنی بە لاساییکەرەوە وەک باڵاترین ئامانجی خۆی دادەنێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو دەستوێژە ئیدیۆلۆگی (ئایینی) و پەروەردەییەکانی بەگەڕدەخات. بەکورتی: غەزالی دەکەین بە پسیکۆئانالیز وەک پێشپلەی زانست و فەلسەفە، یان بنیاتنانی خۆیەتی پێش نووسین و کارکردنی هونەری، بێگومان هەروەها کرداری هومانیستی لە جیهاندا.

————————————————————

پەراوێز..
1) Abu Hamid al-Ghazali, Der Erretter aus dem Irrtum. S. 5.
2) Ebenda, S. 42.
3) Ebenda, S. 43.
4) Ebenda, S. 43.
5) Ebenda, S. 9.
6) Ebenda, S. 43.
7) Ebenda, S. 10.
8) Ebenda, S. 10.
9) Ebenda, S. 10.
10) Ebenda, S. 43.
11) Ebenda, S. 44 f.
12) Ebendaa, S. 45.
13) Ebenda, S. 45.
14) Ebenda, S. 46.
15) Ebenda, S. 4 f.
16) Ebenda, S. 7.
17) Ebenda, S. 8 f.
18) Ebenda, S. 9.
19) Ebenda, S. 12.
20) Ebenda, S. 13.
21) Ebenda, S. 14.
22) Ebenda, S. 14.
23) Ayman Shihadeh, From Al-Ghazālī To Al-Rāzī: 6th/12th Century Developments in Muslim Philosophical Theology, in: Arabic Sciences and Philosophy, vol. 15 (2005). S. 143. Zitat nach Yusuf Kuhn: Über Vernunft und Offenbarung in al-Ghazālīs Denken.
24) ڕێبازی ئیسماعیلی نزیکەی 765 ز. (148 ک.) لە ساڵی مەرگی ئیمام جەعفەر ئەلسادیقدا سەریهەڵدا. ئەمان بەهۆی ناکۆکییانەوە سەبارەت بە خەلیفەی ئیمام لە ڕێبازی شیعی جیابوونەوە. ئەمان گۆتیان ئیسماعیل کە کوڕە گەورەی جەعفەر ئەلسادقی باوکی و فاتیمە بینت حوسەین ئیبن عەلی ئیبن ئەبو تاڵیب ی دایکی بوو، (حەوتەم) خەلیفەی ڕەوایە نەک موسا ئەلکازمی زڕبرای. وەلێ ئیسماعیل لە سەردەمی ژیانی باوکیدا مرد، بەدووی ئەوەشدا ناکۆکی لەسەر پرسی ئیمامەت لەنێو شیعەکاندا سەریهەڵدا و هەندێکیان لە جەعفەر تەکینەوە، چونکە بە باوەڕی ئەوان ناشێت ئیمامی ڕاستینە درۆ بکات. سەرباری ئەوە گرووپێکی بچووک وای دانا کە ئیسماعیل لە ژیاندا ماوە، وەلێ باوکی لە ترسی کوڕکەی مەرگی ئەوی نادروست ڕاگەیاندووە و ئەوجا شاردوویەتییەوە، جگە لەوە ئیسماعیل نامرێت تا هەموو زەمین داگیر نەکات و نەبێت بە سەروەری مرۆڤان. بە هەر حاڵ، ئیسماعیلیەکان دەمەو کۆتایی سەدەی هەشتەم (دووەمی کۆچی) زۆر کاریگەر بوون و ساڵی 909 ی زایینی (296 ی کۆچی) خەلافەتی فاتیمییان لە تونسی ئەمڕۆ دامەزراند – وەک دوژمنی دەوڵەتی عەباسی، هۆی ئەم دوژمنایەتییەشیان دەگەڕایەوە بۆ پێشبینییان سەبارەت بە ئیمامی بێخەوش وەک ڕێبەری ئوممەت.
بڕوانە:
Enzyklopädie des Islams. eSlam.de

25) Abu Hamid al-Ghazali. Der Erretter aus dem Irrtum. S. 30.
26) سەبارەت بەم حەدیسە ئەلشازلی لە پەراوێزدا ئاماژە بۆ ئەوە دەدات کە حەدیسەکە لە هیچ کامی کۆکراوەکانی ئیبن فوراق، ئەلهەراوی و ئیبن قەییم ئەلغەوسڵیادا نییە، ئەوجا پێشنیار دەکات: “بۆ ئەم جۆرە حەدیسانە دەشێت خودی غەزالی بە سەرچاوە دابنرێت. جگە لەوە هەندێک پرس هەن کە هیچ تێکستێک لەبارەیان نەگەیەنراوە، بڕیاردانیش بۆ سازاندنی سەربەخۆی بۆچوون لەسەر ئەو پرسانە کێشەیەکی گەورەیە لە یاسای ئیسلامیدا. غەزالی لەم ڕەوشانەدا ئەرێنیی گەیشتنی سەربەخۆ بە بڕیار دەکات. ئەو بۆ ڕوونکردنەوە نموونەی ئاوەڵانی محەمەد دەهێنێتەوە کە لە لایەنی خۆیانەوە ئەبو بەکر بە دەسەڵاتداری لەبار دادەنێن و بە خەلیفە هەڵیدەبژێرن، جا گەرچی لەو بارەیەوە هیچ تێکستێک نەبوو. بڕوانە:
Alschazli: Abu Hamid al-Ghazali. Der Erretter aus dem Irrtum. Anmerkung. S. 136.

27) Abu Hamid al-Ghazali, Der Erretter aus dem Irrtum. S. 35.
28) Ebenda, S. 18.
29) Ebenda, S. 19.
30) Ebenda, S. 20.
31) Ebenda, S. 20.
32) Ebenda, S. 21.
ئەلشازلی پەیوەند بەم سیتاتەی محەمەدەوە وایدادەنێت کە پێغەمبەری موسڵمانەکان بەو دەربڕینە “بڕوای میللیی خەڵک مەحکوم دەکات”، واتا ئەو بڕوایە “کە هەوڵ دەدات ئایینییانە تەئویلی فێنۆمێنەکانی سروشت بکات. ئەم ئاڕاستەیە کە غەزالی وەسفی دەکات، لایەنگرەکانی دەیانەوێت لەو حەدیسەوە کە وەک سیتات هێنراوەتەوە، دەربئەنجامێنن کە تەنە ئاسمانییەکان گوێرایەڵیی ویستی بۆ لێتوێژینەوە نەشیاوی خودا دەکەن و بۆیە بە مێتۆدە ئێزاکتەکان لێناتوێژرێنەوە” (Ebenda, S. 112, Anmerkung 78.).
33) Ebenda, S. 23.
34) Ebenda, S. 24.
35) Ebenda, S. 40.
36) Ghazali, Abu Hamid Mohammad. Das Elexier der Glückseligkeit, München 2008, zit. nach: Al-Daghstani, Reid: Al-Ghazali und die transzendentale Anthropologie, 144 f.
37) Ghazali, Abu Hamid Mohammad. Das Elexier der Glückseligkeit. S. 40. Zit. Nach al-Daghstani, a.a.O., S. 161.
38) Al-Daghstani, Reid a.a.O. S. 146.
39) Ebenda, S. 151.
40) Abu Hamid al-Ghazali, Der Erretter aus dem Irrtum. S. 46.
41) Ebenda, S. 41.
42) Al-Daghstani, Reid a.a.O. S. 153.
43) Ebenda, S. 153.
44) Ebenda. S. 153.
45) Ebenda. S. 154.
46) Abu Hamid al-Ghazali, Der Erretter aus dem Irrtum. S. 50.
47) Al-Daghstani, Reid a.a.O. S. 155.
48) Abu Hamid al-Ghazali, Der Erretter aus dem Irrtum. S. 47.
49) Ebenda, S. 47.
50) Joachim Nicolay (Hg.) Nahtoderfahrungen. Religion und Christlicher Glaube. Tagungsband 2018. Santiago Verlag 2019. Raid al-Daghstani. Zum Verständnis des Todes in der islamischen Mystik: Die Lehre von fanāʾ. S. 48 f.
51) Ebenda, S. 50.
52) Ebenda, 51 f.
53) Alschazli: Abu Hamid al-Ghazali. Der Erretter aus dem Irrtum. Einleitung. S XX.
54) A. B. Macdonald, S. Artikel, in: Enzyklopädie des Islam, Bd. II, S. 155. In: Alschazli: Abu Hamid al-Ghazali a.a.O., S. XIX.
55) Schneiders, Thorsten Gerald: Die Vertreibung der Philosophie aus dem Islam. Deutschlandfunk, Mittwoch, 13. Juli 2022.
56) Alschazli, a.a.O., S. XXXIII f.
57) Schneiders, Thorsten Gerald a.a.O.
58) لەم ڕوانگەیەوە گەر لەنێو کوردەکاندا چەند مارکسیستێک هەبن، دەبێت مانیفێستی خۆیان بنووسن، چونکە مارکس و ئێنگلس مانیفێستەکەیان پابەند بە گۆڕانی مێژوویی ئەوروپییەکانەوە بۆ خەباتی پرۆلیتاریی وڵاتانی ئەوروپا نووسیوە. ئەوان “وەک ئەوروپی” کاریان بۆ “خۆیان” کردووە. وەلێ ئێمە لەم پرسەدا لە سەردەمی تەنگژەی ئەخلاق و ژینگەدا یەکسەر بەر جیهانبینیی زەردەشت دەکەوین، چونکە ئەو جیهانبینییە لە کرۆکەوە ئێتیکە (ئەخلاقناسییە) و هاوکات سەر بە دابی هزریی کوردەکان خۆیانە. بێگومان کێشەکە لێرەدا ئایین نییە، بەڵکو گەرەکە کرۆکە ئێتیکییەکانی ئەو هزرە بهێنرێنە نێو دانوستاندنی مۆدێرنەوە لەبارەی سەرجەم بەدێتییە سەروەربووەکانی سەردەم: هزرینی نادروست، بێژتنی نادروست، کرداری نادروست. ئەوجا پرسیاری ژینگەپارێزی کە پرسێکی هەنووکەیی سەرجەم مرۆڤایەتییە، سەر بە ئێتیکی زەردەشتییە، کەواتە کوردەکان لە دابی دێرینی خۆیانەوە پێی ئاشنان. هەروەک هێرۆدۆت دەبێژێت: “هەرگیز زەردەشتیەکان تف ناکەنە نێو ڕوبارەوە. ئەوەندە ڕێزیان بۆ ڕوبار هەیە”. ئێمە زۆر ئاسان دەتوانین وشەی ڕوبار وەربگێڕین بۆ ئاو. بێگومان ئەم نێوەرۆکە زەردەشتییانە نەک تەنیا لە مانیفێستێکی بەو چەشنەدا کە ئاماژەمان بۆ دا، بەڵکو لە هەر هزرینێکی ئێتیکییانەی مۆدێرندا، واتای زیندوو وەردەگرن.
59) بڕوانە: ئیمانوێل کانت. پێشگۆتن بۆ هەر مێتافیزیکێک کە بشێت لە ئایندەدا ببێت بە زانست. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە. کتێبخانەی کوردڕاوم / کوردستانپۆست / دەنگەکان.
60) Meyer, Joachim Ernst. Todesangst und das Todesbewußtsein der Gegenwart. Berlin, Heidelberg New York 1982. S. 45 f.
61) Feuerbach, Ludwig: Das Wesen des Christentums. Digitale Bibliothek Band 2: Philosophie. S. 66, S.101.
سەرچاوەکان
سەرچاوەی سەرەکی:

  • Abu Hamid al-Ghazali: Der Erretter aus dem Irrtum. Aus dem Arabischen übersetzt, mit einer Einleitung, mit Anmerkungen und Indices herausgegeben von Abd-Alsamad Abd-Alhamid Elschazli. Hamburg 1988.
  • أبو حامد الغزالي: المنقذ من الضلال. موقع الطریقة القادریة – زاویة المكتبة الصوفیة القادریة
    سەرچاوەی لاوەکی:
    بە کوردی:
    گێرت هێندریش. فەلسەفەی ئەرەبی-ئیسلامی. ڕەخنەی فەلسەفەیی فەلسەفە: غەزالی و پاشەوارانی. لە ئەڵمانییەوە: کاوە جەلال. کوردڕاوم / کوردستانپۆست / دەنگەکان. سەرچاوە:
    Hendrich, Geert: Arabisch-Islamische Philosophie. Geschichte und Gegenwart. Frankfurt/Main 2005.
    بە ئەڵمانی
  • Al-Daghstani, Reid. Al-Ghazali und die transzendentale Anthropologie. In: M.Karimi & M. Khorchide (Eds.), „Jahrbuch für Islamische Theologie und Religionspädagogik“, Band 4, Teil 1. Freiburg i. Br.
  • Al-Daghstani, Reid. Zum Verständnis des Todes in der islamischen Mystik: Die Lehre von fanāʾ. In: Joachim Nicolay (Hg.). Nahtoderfahrungen. Religion und Christlicher Glaube. Tagungsband 2018. 2019.
  • Enzyklopädie des Islams. eSlam.de
  • Feuerbach, Ludwig. Das Wesen des Christentums. Digitale Bibliothek Band 2: Philosophie.
  • Meyer, Joachim Ernst. Todesangst und das Todesbewußtsein der Gegenwart. Berlin, Heidelberg New York 1982.
  • Schneiders, Thorsten Gerald. Die Vertreibung der Philosophie aus dem Islam. Deutschlandfunk, Mittwoch, 13. Juli 2022.
  • Yusuf Kuhn. Über Vernunft und Offenbarung in al-Ghazālīs Denken.



سەلمە لەنێوان مۆنۆدراما و دیۆدراما و فۆرٍمێكی نوێ.. عەباس جەمیل جێماو

ئەوەی لەمۆنۆدرامای سەلمە* بەدیكرا سێ تەوەر لەیەك دەقدا، (هەڵەبجە، ئەنفال، كۆچی گەنجان)، دوو جوگرافیا و زمانی جیاواز، دوو كارەكتەر، رۆژئاوایی و رۆژهەڵاتی (كوردی و ئینگلیزی)، كە دەرهێنەر زۆر بەجورئەتەوە توانیوێتی ئەو رێچكەیە بشكێنێ لەیەك كڕۆك و دوو فۆرمدا، كە خۆی لەخۆیدا لادانێكی هونەری دەگمەنە لە ئێستادا، كە دەكرێ بەبازدان بەرەو خوڵقاندنی فۆڕمێكی نوێ لەشانۆدا ئاماژەی پێ بكرێت. بەبەشداری دوو كچە ئەكتەری خاوەن ئەزموون، یەكیان كورد بوو كە بەئیحساسێكی زۆر پر نمایشی دەكرد، هەروەها ئەوی دیكەیان كچێكی فەرەنسی خاوەن سەلیقەی بەرزی نواندن كە بەنەرمی مامەڵەی لەتەك موفرەدەكانی شانۆییەكە دەكرد لەچوارچێوەی جوڵە دینامیكییەكانی.
مۆنۆدراما بەیەكێك لە هونەرە درامییەكان ناودەبرێت لەچوارچێوەی شانۆی ئەزمونگەری، هاوكات قورسترینیانە، بەبەرجەستەكردنی یەك كارەكتەر بۆ گێرانەوەی رووداوەكانی نێو دەقەكە، كە بەرپرسە لەگەیاندنی ئەو پەیامەی كە لەدەقەكەدا بەرجەستەی دەكات هاوشانی رەگەزەكانی تری شانۆییەكە، هاوكات رەگەزێكی بنەرەتیە بۆ جڵەوگیری روداو و كەشە درامیەكە، جیاوازی كەسایەتی بەرجەستەكاریش تێیدا بەردەوام لەگۆرانكاریدایە، چ لەرووی جوڵەوە بێت یان دەربڕینەكان كەپەیوەستە بەجۆرەهای جوڵەی درامی لەبازنەی گۆڕینی هەست و بیرو بۆچوون و هەڵچوون، چ بەروكەش یان لەرووی دەروونیەوە لەنێوان لاوازی و بەهێزی، ئومێد بێهیوایی، بێدەنگی و ناڵەو گریان پێكەنین، هتد.
بۆیە مۆنۆدراما پێویستی بەكارەكتەری خاوەن ئەزموونی فراوان و لیاقەیەكی بەرز و دینامیكی هەیە لەجۆڵەدا هەروەها تواناسازی لەجۆرەهای دەنگ و دەربڕین.
سەلمە دەیەوێت لەم شانۆییە تراجیدییەدا چیرۆكی روداوگەلێك بگێڕێتەوە كەمێژووەكەی دەگەرێتەوە بۆ نێو بازنەی ستەمی پرۆسەی ئەنفال، لە نووسینی د.دڵشاد مستەفا و سینۆگرافیا و دەرهێنانی نەژاد نەجم، كە تێیدا دەیان هەزار كەسی سڤیل لەژن و مناڵ و پیر و گەنجی گەلی كورد بە جۆرەهای ئامرازەكانی ئەشكەنجەدان و بەدرندانەترین شێوە ئەشكەنجەدران و دواتر زیندە بەچاڵكردنیان، هەروەها كارەساتی هەڵەبجە و كۆچی گەنجان.
لێرەدا دەرهێنەر هەوڵیداوە بەسوود وەرگرتن لە تێكەڵكردنی كلتوور و كەلەپووری رۆژهەڵاتی بە شانۆی نوێ بەچەند جووڵەیەكی بوێرانە نموونەی چەند كەرەستەیەكی هێمایی و وێنەی جۆراوجۆری شانۆیی لە پانتاییەكەدا كە دواتر باسی لێوە دەكەین، كە ئەویش هەنگاوی بەرەو چوونە نێو بازنەی پۆست مۆدێرنەیە لەچوارچێوەی ستایلێك یان فۆڕمێكی نوێ لەشانۆ.
لێرەدا ئەوەی لە سەلمە بەدی دەكرێت بەمۆنۆدراما ناوی هاتووە، كە دەكرێ بڵێن مۆنۆدراما نیەو هاوكات مۆنۆدراماشە، چۆن..!؟
لەیەك شانۆ و لەیەك دەقدا كەدابەش بووەتە سەر دوو پانتایی جیا، دوو نمایشمان بینی، كە دەرهێنەر زۆر بەوردی كاری تێدا كردووە و هاوكات هەوڵیداوە رێسای مۆنۆدراماش نەشكێنێ، بەواتای دوو جوگرافیای جیا، دوو سینۆگرافیای جیا دوو موفرەدەی جیاواز، كەدەكرێت بەیەك نمایش ناوببرێت، هەروەها بێ ئەوەی ئەكتەر بەر ئەكتەر بكەوێت، كە ئەمە بۆ خۆی تەوژمێكی نوێ یان روونتر ستایلێكی تازەیە لەناو مۆنۆدرامادا، كە دەكرێ ئەم هەنگاوە ببێتە فۆڕمێكی نوێ لەوچوارچێوەیەدا و زیاتر موناقەشە بكرێت لەناو شانۆكاراندا و پاشان بچەسپێندرێت، یان ئەگەر لەناو مۆنۆدراماشدا نەبێت جۆرێك لەتایبەتمەندی سەربەخۆیی خۆی وەربگرێت و بخزیتە ناو بوارەكە لەسەر رێچكە ئەكادیمییەكەی. كە دەكرێ بڵێین شایانی ئەوەیە ناوێك وەربگرێ و رێسایەكی تایبەتی هەبێت، نمونەی ئەو كارانەی كە لەپێشدا و چۆن كەوتنە سەر رێچكە ئەكادیمییەكەی لەناو جیهانی شانۆدا، نموونە شانۆی داستانی بریخت یان ئۆدینی باربا یان پیتەر بروك، كەچۆن كار لەسەر كلتوورە جیاوازەكان دەكات، هەروەها ئێمە چۆن شانۆی كلاسیكمان هەیە هەروەها هێمایی، كە پێی دەوترێت قوتاپخانە یان ستایل هتد، كەهەموو ئەمانە پاش هەوڵە كردەنییەكان هاتوونەتە بوون.
وەك پێشتر باسمان كرد مۆنۆدراما بۆخۆی شانۆی ئەزمونگەرییە، بەواتای ئەوەی شانۆكاران دەتوانن لەئەنجامی ئەزمونەكانیان كاری لەمشێوە بەرهەم بێنن لەچوارچێوە ئەكادیمییەكەدا.
هەروەها وەك گوتمان لەیەك دەقدا دوو نمایشمان بینی، دوو سینۆگرافیا دوو پانتایی دوو زمانی جیای تێدا بەدی كرا، دەرهێنەر بەم ستایلەی توانی لەیەك كاتدا ئاراستەی چاوی بینەر بۆ هەردوو نمایشەكە بەلكێش بكات و كۆنتاكتی لەگەڵدا بكات، وەك ئەوەی یەك نمایش ببینی بێ ئەوەی تووشی ناڕەحەتیان بكات،
بۆیە ئەكرێ بڵێین ئەمە بۆ خۆی فۆرمێكی تازەیە بەڵام بێناوە، كە دەكرێ لەیەك كاتدا بەمۆنۆدراما ناوی بەرین و مۆنۆدراماش نیە، یان بڵێین دیۆدرامایە و دیۆدراماش نیە.
ئەوەی لای من زۆر جێی سەرنج بوو كەبەدیم كرد لەم شانۆییەدا، دەرهێنەر زۆر بەسەلیقەو هۆشمەندییەوە توانیبووی لە رێی ئەكتەرەوە سینۆگۆافیا درووست بكات و ئاڕاستەكان تەوزیف بكات لەبەرگێكی نوێ و سەرنجراكێشدا.
كاتێك دەڵێین ئەم شانۆییە دەچێتە قاڵبی دیۆدراماوە، راستە دیودرامایە لەبەر ئەوەی دوو ئەكتەری تێدا بەرجەستەیە، هاوكات دیۆدراماش نیە چونكە دوو فەزای جیاوازی هەیە لەیەك كاتدا، هەروەها دەكرێ بڵێین مۆنۆدرامایە، بەڵێ مۆنۆدرامایە چونكە دوو فەزای جیاوازی لەخۆگرتبوو، لەگەڵ ئەوەشدا مۆنۆدراماش نیە، چونكە دوو ئەكتەری تێدا دەبینرا.
ئەمەیە مەبەستی ئێمە لەم نووسینەدا كە دەمانەوێت پەنجە لەسەر وردەكاری روئیاو هەنگاوەكانی دەرهێنەرو مامەڵەكردنی لەگەڵ ورد و درشتی كەرەسە و موفرەدە بەكارهاتووەكانی نێو شانۆییەكە دابنێین، هەروەها پەیوەستكردنی بینەری جدی بەكارەكەوەو نەتوانێ خۆی لەو فەزایە گێل بكات و ناچاریان بكات قسەیان هەبێت.
هاوكات لەهەمووشی گرنگتر خاڵێكە كەجێی سەرنجی رەخنەگر بێت، هەست ناكرێت تێیدا دەرهێنەر دەستی بۆ شانۆیی تەقلید بردبێت، بەواتای سەڵمە ناچێتە قاڵبی شانۆی تەقلیدەوە، بەڵام هێماگەری تێدا بووە، كار لەسەر وێنە كرابوو (وێنەی شانۆیی)، گێڕانەوە بوو بەڵام كردەی شانۆیی تێدابوو، هەمووی حیواربەندی نەبوو، بۆیە ئەم هەنگاوانە پێمان دەڵێن فۆڕمەكە جیاوازە.
دواتر لێرە نواندن جیاوازبوو لە شانۆكانی تر كە رۆژانە لێرەو لەوێ و پێشتر دەمانبینی لەكوردستان یان عێراق، لێرە نواندن ئیشی لەسەر ئیحساس دەكرد، زۆرترین ئیحساسی ناوەوە، لەگەڵ ئەوەشدا جەستە كاری جیاوازتری كرد، هاوكات سینۆگرافیا و فەزای نمایش كاری گرنگتری كرد.
بۆیە دەكرێ بڵێین ئەم ئیشە خۆی جیاواز پیشان دەدات لە فۆڕمی مۆنۆدراما یاخۆد وەك شانۆییەكی ئاسایی یان دیۆدراما، چونكە شوێن بڕیاری دەدا، هەر لەرووی شوێنیشەوە تەوزیفی رۆڵی ئەكتەر دەكرا، هەروەها بەرجەستەكردنی چیرۆكەكە.
لە سەلمەدا سێ هێما بەدی كرا لەناو شانۆییەكەدا، كە لەسەر زەوی كێشرابوون، ئەویش هێمای چوارگۆشەو بازنە و سێگۆشە، كە هەریەكەیان لەرووی زانستی دەروونناسیدا بۆ خۆی گوزارشتی تایبەت هەڵدەگرێ، هەروەها چوار داری وشكەوەبوو و پۆستاڵێك و سێوێك و گوریسێك و هەندی كەرەستەی تر وەك جل و جانتاو هتد، دیكۆرێكی سادەو پڕ مانا لەسەر زەوی بوو، جیاواز لەنمایشەكانی تر دەردەكەوت، كە دیكۆرێكی زەبەلاحی هەبێت.

………………………………………..
*مۆنۆدرامای سەلمە، بەرهەمی گروپی شانۆی هەوارە لە كەركوك، بە هەردوو زمانی كوردی و ئینگلیزی لەچەند شارێكی هەرێمی كوردستان نمایشكرا.
دوایین نمایشی لە كەركوك بوو لە 18/2/2024 لەسەر قەڵا.
بەبەشداری دوو ئەكتەری كچ، هەوار فارس لەكەركوك و ئۆرێللی ئێمپرت لەوڵاتی فەرەنسا.




کتێب\ جوانییەكانی وەرگر “لێكۆڵینەوە” لە ئەدەبی نوێی كوردیدا.. عەبدولموتەڵیب عەبدوڵا

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




خوشکانی ئیسلامیی چۆن پێشوازیان.. لە شیلان عوسمان کرد ؟!.. هیوا محەمەد ئەمین

.. لایەنێك ی جوان و ڕوناك لە ژیانی مرۆڤ دا ؛ بەدەر لە ڕەنگدانەوە و ئەزمونکردنی دنیا ی چاکە و خراپە لە ناخی بیرکردنەوە و ئاکاری مرۆڤ دا ، ئازادییە! ئازادیی فەلسەفەیەکە ، کە مرۆڤێك دەڕسکێنێت بۆ گەیشتن بە کەماڵ ی عەقڵ و مەعریفە و ویژدان ، دواجار ئازادیی هەم فەلسەفەی ڕەوشتە هەمیش هێزێك ی ناوەکیی و عەقڵیی ، کە هەلێك بۆ هێز ی توانایی و داهێنان ی مرۆڤ دەڕەخسێنێت . کاتێك مرۆڤێك ناخوازێت ئەزمونی فەلسەفەیەك ی لەم جۆرە لە عەقڵ و ئیرادەی خۆی دا پیادەبکات ، ئەوا بەسانایی دەبێتە ڕۆبۆتێك ی پڕۆگرامکراو ، کە ناتوانێت ببێتە خاوەنی ئیرادە ، بیرکردنەوە و داهێنانی خۆی . ماوەیەك لەمەوبەر گۆرانیبێژ ی کورد خاتون ( شیلان عوسمان ) ، لەڕێگە ی دەزگاکان ی ڕاگەیاندنەوە بڵاویکردەوە ، کە بووە باڵاپۆش و کۆتایی بە گۆرانیگووتن هێنا ! تاکو ئێرە لەوانەیە کارەکە ئاسایی یان وەك ئازادیی و ماف ی تاکەکەسیی بێتەپێشچاو ، بەڵام ئەم باسە تەنیا بەوەندە کۆتایی نایەت ، چونکە لەلایەك نە لە کۆمەڵگە ی کوردیی و ئیسلامییەکان دا شتێك بوونی هەیە بەناوی مافی تاکەکەسی، نە ئیسلامییەکانیش بە تەنیا ڕاگەیاندنێك ی لەوجۆرە ی خاتون شیلان دڵیان دادەسەکنێت! بەڵکو ئامانج لێرە دا گشتاندن یان چڕکردنەوە و توانەوەی کەس ی تاکی ( تۆ ) یە لەنێو کۆمەڵگەیەك دا کە بە فەلسەفەی ڕەوشت و ئازادیی نامۆیە . بابزانین ئەو هۆکارانەی ، کە بەڕێز خاتون شیلان عوسمان ی بەرەو دنیای باڵاپۆشیی برد چین؟! شڕۆڤە و لێکدانەوەکەی من، حوکومدان نیە کە ئاخۆ کارێك ی باشە یاخود خراپ ، بەڵکو خوێندنەوەیەکە بۆ ئەو هۆکارانە ی کە پاڵ بە کەسێك ی وەك بەڕێز شیلان عوسمانەوە دەنێت کە بەرەو دنیا ی خۆداپۆشین بڕوات! هۆکاری باڵاپۆشیی ئەو تەنیا، کاردانەوەیەك ی فیزیکیی، ئیحساساتیی و هەروەها جۆرێك لە گرێی هەست بە گوناه و ترسە لە یەزدان، ترسێك کە ماڵئاوایی لە ڕوناکیی ژیان و دەڤەرە کۆمەڵایەتییەکەی دەکات، نەك دەرکەوتنی قۆناخێكی فیکریی و مەعریفیی بە ئامانج ی گەیشتن بە یەزدانناسیی و فەزیڵەتێك ی ئەخلاقیی و ئیلاهیی ، لە ژیانی ئەو خاتونە دا: { عەمەلیاتێك ی قورسم هەبوو ، ووتم ئەگەر سەرکەوتو بووم وەعدم بە خوا دا ، کە ببمە باڵاپۆش }. باڵاپۆشبوونی بەڕێز شیلان دەشێت کاردانەوەیەك ی دەرونییش بێت لەبەرامبەر فەرامۆشبوونی ئەو لەنێو ژینگەیەك ی هونەریی لە نێو کۆمەڵگەکەی دا. ئەو هونەری ئەمڕۆ بە بێمانا وەسف دەکات: { من دەمێکە لە بواری گۆرانیی ماندوم، هونەری ئێستا بێمانایە }. کاتێك ئەو دەبینێت کە ئافرەتانێك ی گۆرانیبێژ لەمڕۆ دا هەن ، کە بەشێوەی نیمچەڕووت لە تی ڤی و ڕاگەیاندنەکان دا دەردەکەون و ژیانیان لەسایەی ڕووتبوونەوە دا زامنە ، ئەو ئیتر نائومێدانە دەخوازێت هێڵێك ی جیاکەرەوە ، بەڵام بە کەرەستە ی جل وبەرگی ئیسلامیی لەنێوان خۆی و ئەوانە دا بکێشێت و خۆی وەك ئافرەتێكی جیاوازتر و ئازادتر پێشان بدات: { من لە ٩٥ەوە کاری هونەرییم کردووە ، ئێستام باشترە وەك لە کاتی پێشوو }.
لەوانەیە تاکو ئێرە بۆ ئافرەتێك ی سادە و ساکاری وەك بەڕێز خاتون شیلان کارێك ی ناشایستە ، ناسروشتیی و کارەساتبار نەبێت بۆ خۆی و کۆمەڵگەکەی ، دواجار ؛ ناڕەوا و بێئەدەبییش نابێت ، ئەگەر بگەینە ئەو باوەڕەی ، کە باڵاپۆشیی و عەمرەکردنی ئەو لە دنیا ی بیرکردنەوەی خۆی دا تەنیا دەشێت دنیای و دیدگەیەکی تاکەکەسیی بێت ، کە هیچ سود یان بەرهەمێكی بۆ مەعریفە و باڵابردنی ڕەوشتی کۆمەڵگەی کوردیی نابێت ! دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم ، کە ئیمانداریی و نزیکبوونەوە لە فەلسەفەی یەزدانیی دەشێت تەنیا لە کەشێك ی مەعنەویی و زاتیی ئارام و خۆشۆڕکردنەوە بە ناخ دا ئەنجام بدرێت ، بەڵام دیوی ناسروشتیی مانیفێستەکەی خاتون شیلان ئەوەیە کە لەنێو کەشێکی پڕ ژاوەژاوی دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە ئەنجام دەدرێت ، کە لە دواجاردا خاتون شیلان دەبێتە قوربانیی و نێچیری خوشکانی ئیسلامیی ، دواجاریش و لە بنچینەدا باڵاپۆشیی هیچ پەیوەندیەكی بە ئیمان و یەزدانەوە نیە و یەزدانیش لە هیچ شوێنێك ی دەق ی قورئان دا فەرمانی بە باڵاپۆشیی و سەرداپۆشین نەکردووە ؟! ئیسلامییەکان وەکو هەنگوینیان لەنێو کلۆرەدار دا دۆزیبێتەوە ، هەر زوو ئەم باسەی شیلان عوسمانیان قواستەوە و کردیان بە مانۆرێكی سیاسیی و فیکری ئیخوانیی و بەستنی کۆڕ و کۆمەڵ ، و سازدانی ڤیستیڤاڵ ی ( تاجی شکۆ ). ئەم ڤیستیڤاڵە ، کە لەلایەن ڕێکخراوی خوشکانی ئیسلامییەوە ڕێکخرابوو ، نەك تەنیا مامەڵەی کەسێك ی تاوانبار و تەوبەکاریان لەگەڵ شیلان دا کرد ، بەڵکو سوکایەتیان بە کەسایەتیی خۆی و هونەرە بیست و هەشتساڵەکەی و هەموو ئافرەتێكی ناباڵاپۆش ( سفور ) کرد ، سەرەتا بەم جۆرە شیلان عوسمانیان بە بەشداربووانی ڤیستیڤاڵەکە ناساند: { خاتو شیلان عوسمان کە لە هونەرمەندیەوە گەیشتەوە بە باڵاپۆشیی …. }. بەرنامەی تەلەڤیزیۆنیی ( خاتون ) * لە ڤیستیڤاڵەکە دا ئامادەیە و خاتونی بێژەر بەمجۆرە تاجی زێڕین دەخاتە سەر گۆرانیبێژ شیلان عوسمان: { خوا هیدایەتی شیلان عوسمانی داو کردی بە باڵاپۆش . ماشەڵا ئەو باڵاپۆشیەت لێهاتووە و دەڵێی گوڵیت }. شیلان عوسمان ی کڵۆڵ بەبێ ئەوەی لە مەغزا و قوڵایی قسەکانی بێژەرە ئیسلامییەکە تێبگات ، بەبێ ئەوەی تێبگات کە دنیا و مانای فەلسەفەی جوانیی و گوڵبوون بۆ ئافرەتێكی کورد لە دید ، بیر و جیهانبینیی ئیسلامیی سەلەفیی، ئیخوانیی و داعشیەکانی کوردستان دا هەڵگری وەسفە ناسکەکەی گۆران ی شاعیر بۆ ئافرەت وگوڵ نیە ** ، بەڵکو تۆ وەك ئافرەتێك کاتێك شایستەیی ڕێز و بوون بە گوڵت پێدەبەخشرێت ، کە عەورەتی ئافرەتانەت داپۆشراو بێت ، وەك بڵێیت تۆ وەك ئافرەتێك تاکو ئەوکاتەی باڵاپۆش نیت ، هەموو جەستەت عەورەت و سیمبۆل ی شەیتان و هەڵگیرسێنەری فیتنە و ئاگری بزواندنی شەهوەتی پیاویت؟! شیلانی داماو و دەستەپاچە لە سادەیی خۆی دا لە مەبەستی بێژەرەکەی بەرنامەی خاتون تێناگات، کە ناڕاستەوخۆ ئەو وەك کەسێك ی تەوبەکار و خاوەن ڕابوردویەك ی ناشایستە و دزێوی دنیا ی مۆسیقا و گۆرانیی مامەڵە دەکات.
شیلان عوسمان لەوێ دا ، نەك لە ڕابوردوی هونەریی و ڕەوشتی خۆی و هەموو دنیا ی جوانیی و سەرنجڕاکێشیی گۆرانیی پەشێمانە ، بەڵکو دەگاتە ئەو باوەڕەی کە : { داوا لە ئافرەتان دەکەم کە ببنە باڵاپۆش ، ئافرەتی باڵاپۆش جوانتر و بەشەخصیەتترە لە ئافرەتی سەرڕووت . } . ڕادەی سوکایەتییپێکردنی خاتون شیلان لەلایەن خاتون ی بێژەرەوە دەگاتە ئەو ئاست و ڕادەیە ی کە ناڕاستەوخۆ تێیبگەێنێت کە: باڵاپۆشیی تۆ نەك تەنیا ناتوانێت دڵی خوا ڕازیی بکات و لە گوناهەکانت خۆشببێت ، بەڵکو بۆ دەرکردنی پیسیی ( نجس ) ، سپیکردنەوەی ڕووی خۆت لەلای خوا و پاکبوونەوەت لە گوناهی ڕشتنی ئاوی فەسادی هونەری مۆسیقا و گۆرانیەکانت ، دەبێت زیارەتی ماڵی خواش بکەیت ، بۆئەمەش بێژەرەکە مژدەی بەخشینی دیاریی عەمرەی پێدەدات لەلایەن کەسێك ی موسوڵمان یان ڕێکخراوێكی ئیسلامییەوە . ئەستێرە و ڕوناکیی خۆری خاتون شیلان لەوێ دا ئیدی ئاوا دەبێت کە وەك ڕۆبۆتێكی پڕۆگرامکراوی خوشکانی ئیسلامیی: { حیجاب تاجی زێڕینە دەنرێتە سەرت ، داوا لەو کچانە دەکەم کە موحەجەبە نین و ببنە موحەجەبە}.
کۆتایی

————————————

  • ئاماژەیەکە بۆ شیعری ( ئۆپەرێتی گوڵی خوێناویی ) گۆران ی شاعیر .
    ** ئەم بەرنامە تەلەڤیزیۆنیە لەوەتەی هەیە بۆ جارێکیش نەبووە کە تاوانەکانی داعش و ابو بکر البغدادی بکاتە بابەتێك و تیای دا باسی ئەو تاوانانە بکات کە بەرامبەر کچانی کوردی ئێزدیی کراوە . هێندەی ڕاگەیاندنە ئەوروپیی و عەرەبیەکان لەو تاوانانە دواون ، خۆشکان و باڵاپۆشانی ئیسلامیی کورد هێندەی گەردێکیش ویژدانیان بۆ ئەو کچە ئێزدیانەی کە بوونە سەبایا و کۆیلەی موجاهیدە ئیسلامە فاشیستەکان نەبزوا ، ئەو فاشیستە ئیسلامیانەی کە مامەڵەی کڕین و فرۆشتنیان پێوەکردن و لە بازاڕەکانی نوخاسەی موسڵ و ڕەققە ی سوریا دا ساخیان کرنەوە . لە دانپێدانەکانی ژنی سێهەمی ابو بکر البغدادی ( نور ابراهیم ) لە کەناڵ ی العربیە دا هاتووە : { ١٠ سەبایا ی کچانی ئێزدیی لە ماڵەکەیان دا هەبووە } . یەکێك لەو سەبایانە خاتو ( سیپان خەلیل ) ی کچە کورد ی چواردە ساڵی ئێزدیە و دەڵێت : { ابوبکر البغدادی دەیان جار دەستدرێژیی ناموسی کردووەتەوەسەر }

هیوا محەمەد ئەمین
٣ ی ئازار ی ٢٠٢٤
.




ئەم شیعرە ناونیشانی نییە.. ستیڤان شەمزینی

بووم بە ژێر فرمێسکی خۆمەوە
خوێن بە لاجانگی شاردا دێتە خوارەوە
رۆژژمێری وڵات خوێناویی بووە
جارێکی تر
خوێن مێژوومان دەنووسێتەوە
گوڵە بۆنخۆشەکانی شار
چقڵی خۆیان پێدا دەچەقێت
تەمومژی مەرگ
ئاسمانی شاری داپۆشیوە
من لە نێو تەمومژی دەقێکدا
بە دوای سەری قرتاوی ئازادیدا دەگەڕێم
ناتوانم لە نێرڤانەی خۆم بێمە دەر
دەمەوێت بڕۆم شەقام بھەژێنم
دەشترسم خوێنی ئاڵم بکرێتە
یەکەم پێکی ئاشتبوونەوەی ئەو بۆقانەی
لە زەلکاوی سیاسەتدا دەقیڕێنن
ئەمڕۆ شۆڕشێکم بینی
خەونی نیشتمانی لەبارچوو
باوەڕ بە گوێچکەکانی خۆم ناکەم
ئەو دەنگە نەسازە مەرگھێنە
فیشەکی نەفامی کوردایەتی بێت
ئازادیی و نان بکاتە نیشانە
باوەڕ بە چاوەکانی خۆم ناکەم
ئەو تابلۆ توێ توێ کراوە
تەرمی چرۆیەکی تازەی وڵاتە
لەگەڵ نزیکبوونەوەی بەھاردا ھەڵدەوەرێت
باوەڕ بەو میھرەجانە خوێناوییە ناکەم
لەسەر شۆستەکانی ئەم شارە
ھەلھەلەی تەفروتوناکردنی جوانی لێدەدا
زۆر دەستەوەستانم
لە کتێبخانەی ماڵەکەمدا دێم و دەچم
وەک ئەوەی حەشیشم کێشا بێت
یان بە خەنجەر بیرکردنەوەم جنرابێت
حەوسەڵەی لادانی پەردەی ھۆدەکەمم نییە
لە ترسی بینینی ئەو بەچکە شەیتانانەی
مەیلی رازاندنەوەی مەرگیان ھەیە
لە ترسی بینینی ئەو دەمامکدارانەی
دەڵاڵی بە خوێنبەربوونی شارەوە دەکەن
لە ترسی بینینی ئەو گوللە ئێسک تاڵانەی
بە پەلەپڕوسکێ لە چەکی ژەنگاوی
ئەھلی شۆڕشی چەواشەوە دەردەچن و
لەشی خۆرەتاو قاژ قاژ دەکەن
لەترسی بینینی
ئەو قاچاخچییە فێڵاوییانەی
نیشتمانیان بە سنوورەکاندا پەڕاندەوە
لە ماڵە دراوسێکاندا ھەڕاجیان کرد
ھەنووکەش کون و قوژبنی شاریان
پڕ کردووە لە دوکەڵی شەرمەزار
دەیانەوێت شکۆمەندیی پێ بخنکێنن
سەرم وەک شاخێکی سەھۆڵ بەستوویەتی
شۆڕم کردۆتەوە بۆ ناو پشکۆی دڵم
ھێشتا ھەڵدەلەرزێت و قسە دەبڕزکێنێ
لەوە دەچێت ئاخاوتنی بیر چووبێتەوە
رەنگە لە جەلادەکانی شار تۆقیبێت
نەیەوێت لە ختوخۆڕایی بکەوێتە
بەر دەستڕێژی ئاگری دۆزەخی تووڕەییان
لە خۆم ناگەم، ھیچ لە خۆم ناگەم
وەک ئەوەی ماخۆلانم گرتبێت
بە کۆڵانەکانی بێ ئۆقرەییدا
ھاتۆچۆ دەکەم
دەمەوێت بڕۆم شەقام بھەژێنم
دەشترسم نەشوەی ئەم خەونە بزێوە
ببێتە مەرامی کۆبوونەوەی قالۆنچەکان
لەسەر مێزی کۆبوونەوەی ئاودەستەکان
دەترسم و دەمەوێت
دەمەوێت و دەترسم
ھیچ ھەڵپەیەکم بۆ ناکرێت
تەنھا ئەوەندە نەبێت
بە کوڵ دەگریم
فرمێسک دڵۆپ دڵۆپ
کوڵمەکانم دەکاتە جۆگەیەکی رەش
شاریش تا کەمەری
لە خوێندا نقوم بووە
خ
و
ێ
ن

١٨-٢-٢٠١١
رۆژی ھەینی – کاتژمێر یانزە و نیوی پێش نیوەڕۆ
سلێمانی – گەڕەکی فەرمانبەران

تێبینی: ئەم شیعرە رۆژی دوای خۆپیشاندانی گەنجانی شاری سلێمانی لە رۆژی ١٧ی شوباتی ٢٠١١ نووسراوە. ئەو دەم لە راڕاییەکی دەروونی گەورەدا بووم، ئایا ببمە بەشێک لە خۆپیشاندەران یان دوورەپەرێزی ھەڵبژێرم؟. رەوتی روودواوەکان بەو بڕوایەیان گەیاندم دوورەپەرێزیی ھەڵبژێرم، لێ بەو ھۆیەوە بە زۆری زۆردارەکی رایانکێشامە نێو بەرەی دژەوە، چوونکە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن ستالین ئاسا، ئەو تێزە سواوەیان گەرم دەکردەوە ئەوەی لە بەرەی ئێمە نەبێت لە بەرەی نەیارەکانمانە. ھەرچەند ئەم شیعرەم ھەمان رۆژ نارد بۆ سایتی کوردستان نێت و بڵاوکرایەوە، کەچی ئەوان دەیانویست من بچمە ریزی ئەو ئیخوانیانەی دەستیان بەسەر ناڕەزاییەتەکەدا گرت و بەردەرکی سەرایان کردە گۆڕەپانی تەحریری قاھیرە و نوێژی بە کۆمەڵیان تێدا دەکرد، دواجار وا شکایەوە بکەومە بەرەی بەرامبەرەوە، ھەرچەند ئەوە تاڵترین ماوەیە لە ژیانی تایبەتی مندا.




مه‌لۆتكه‌.. ستار ئەحمەد

تۆ مەلۆتكەی
شیعرێك سووری
هەنار شیری لەدەم ناوی
لەخۆر پەلوپۆت خواستووە
لەگەڵ چریكەی بەیانا
زمانی كەوت ناسیوە
هێندە لوتكە
لانكی بوونتی گوشیوە
لەسەمای دار تێدەگەیت و
لەهاتنی بەفری چیاو
بازنەی عەشقا دەسرەوی
شیعر بەخوێنت ئاشنایە
بەروارەكان
یادی دوێنێت دادەپاچن
نشیو نییە
گۆرانی تۆی نەبیستبێ
ئاورنگ نەما
نیگات بەگەڵا داپۆشێ
تۆ لەتەمی
چوار سنووری جوودا دەچی
لەدڵێكا
بوویتە بەدارێكی سووتاو
خاچ دەمی تەورت دەداتێ
لەنەوەی گڕ..بەجۆشتری
تەرمی ئاگر هه‌ڵناگری

ستار ئەحمەد




بینەر لەشانۆی كوردی دا.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

هەركات باسی شانۆی كوردی بكەین، دەبێت بینەر وەك پارچەیەكی هەرە كاریگەرو زیندووی جەستەی شانۆ تەماشا بكەین و پرسیاری ئەوە لەخۆمان بكەین، ئاخۆ لەو هەلو مەرج و ئاستەنگە دژوارانەی شانۆی كوردی پێیدا تێدەپەڕێ، بینەر لەكوێ ی هاوكێشە شانۆییەكە دایە؟
ئایا بینەر چ رۆڵێكی هەیە لەچارەسەركردنی ئەو كێشانەو تا ئێستا لەو ئاستە مەعریفی و هوشیارییە دایە كە بتواتێت چارەنووسی شانۆی كوردی لەئەستۆ بگرێ و متمانەی پێ بكرێ؟ خۆ دیارە بینەری ئێمە بەدرێژایی دیرۆكی شانۆی كوردی، هەمیشە تینووی شانۆ بووە، پێی وابووە شانۆ مینبەرێكی كاریگەرە بۆ هەڵبڕینی دەنگی ئازادی، وروژاندنی هەقیقەت، گوزارشت كردن لەئەشكەنجەو ئازارەكانی میللەت.
بۆیە هەركات دەرگای شانۆیان لەسەر داخستبێ، بە پەنجەرەكانەوە هاتۆتە ناو هۆڵی شانۆ، ئەگەر پەنجەرەكانیشیان داخستبێ، ئەوە دەرگاو پەنجەرەكانی لەبێخەوە دەرهێناوە، بۆ ئەوەی شانۆ ببینێ.
ئەمە لە زەمەنێكدا كە شانۆ دۆزێكی نەتەوەیی بوو، چەكێك بوو بۆ مقاوەمەت و خۆ راگری.
ئەو كات شانۆ لەشارو لەشاخ و لەقوتابخانەو لەدەشتودەر، لەهەر شوێنی بینەری لێ بوایە، گوتاری خۆی دەگەیاند.
هەموو شتێ لە تێكست و ئامانج و نواندندا كۆ دەبۆوە، بەڵام بینەرێكی پڕ لەتاسەت هەبوو بە جۆشەوە لەچاوەڕوانیت دابوو.
شانۆكارەكانیش لەو سەردەمەدا، بەهەمان حەماسی بینەر لەئێستا زێترو بە گەرم و گوڕترو رۆحیەتێكی نەتەوەیی و هونەرێكی بەكۆڵتر لەسەر شانۆ دەوەستان.
بەڵام لەگەڵ تێپەڕ بوونی زەمەن و دەرهاوێشتەكانی، بە پێی رۆژان وەزیفەی شانۆ لەجاران قورستر بوو، ئەركی بینەریش بۆ لەئامێز گرتنی شانۆ سەختتر بوو..
شانۆ لەهەموو سەردەمێكدا لەرەحمی ئەو سەردەمە لەدایك دەبێت كە تێیدا دەژیت، زادەی حاڵەتە سایكۆلۆژی و فسیۆلۆژی ئەو كۆمەڵگایەیە كە ناتوانێت ببێتە پارچەیەكی لێك دابڕاو.
شانۆو كۆمەڵگا لەدوو جەمسەرەوە بەیەك دەگەنەوە:
لەجەمسەری یەكەمیاندا: هەمیشە كۆمەڵگا مەدەنیەكان، ئەوانەی شارستانیەتێكی دێرین و كولتوورێكی زیندوویان هەیە، شانۆ لەپێشەوەی پێداویستیە بایەخدارەكانی ژیانی خۆیان دادەنێن، ئەوەندەی بوون و نەبونی نان و ئاو لەشانۆ دەڕوانن، بۆیە هەرگیز ناتوانن دەست بەرداری شانۆ بن.
بەشێكی زۆر لەژیانی خۆیان بۆ شانۆ تەرخان دەكەن، ئیدی شارەكانیان پڕ دەكەن لەهۆڵی شانۆیی، بۆ ئەوەی هەمیشە شانۆ لەو هۆڵانەدا جمەی بێ.
پەرە بەپەروەرەو دروست بوونی شانۆكار دەدەن و وڵاتیان پڕ دەكەن لە فێرگەو سەنتەرو ئەكادیمیای شانۆیی.
بۆیە هەرگیز هۆڵەكانیان بێ نمایشی شانۆیی نابێت و بژاڤی شانۆییش لە جوڵە ناكەوێت.
لەجەمسەری دووەمدا: شانۆ وەزیفەی پێویستی خۆی بۆ پیشكەوتنی كۆمەڵگاو بەرزكردنەوەی ئاستی هوشیاریی و مەعریفی، بۆ هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگا بەرجەستە دەكات، لەو ناوەندەدا بینەری شانۆیی دەبێتە بینەرێكی خاوەن ئەزموون و شارەزا كە لەشانۆ بگاو وەرگرێكی هوشیار بێت لەپرۆسەی شانۆیی دا.
بەم شێوەیە، هەم كۆمەڵگا خزمەتێكی بایەخدار پێشكەش بەرەوشی شانۆ دەكات، هەم لە بەرامبەردا شانۆ رۆڵی خۆی دەبینێ لەهوشیاركردنەوەی كۆمەڵگاو تێر كردنی هزرو خواستە رۆحیەكانی.
شانۆ چ بینەرێكی دەوێ؟
بینەر پارچەیەكی زیندووی رەگەزەكانی شانۆیە و هەموو پێكهاتەكانی شانۆ ئاراستەی بینەر دەكرێن، بۆ ئەوەی ئەویش بەرۆڵی خۆی هەوڵی ئەوە بدات بەهەموو توانا سایكۆلۆژی و فیزیكی و ئایدۆلۆژییەكانی خۆیەوە، توانای ئەوەی هەبێت، هەموو ئەو تەوژمانە وەربگرێت كە ئاراستەی دەكرێت، چونكە هیچ لەرەگەزەكانی دیكەی شانۆ نابنە ئەلتەرناتیف بۆ بینەرو شوێنی ئەو لەنمایشێكی شانۆیدا پڕ تاكەنەوە تەنها بینەر خۆی نەبێت .
لەقۆناغی دووەمی وەرگرتن دا، دەبێت وەرگر دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت، هەموو توانا مەعریفی و هونەری و زانستیەكانی خۆی بخاتە گەڕ، بۆ خوێندنەوەی ئەو هێماو ستاتیكاو دەلالات و پرسیارە نادیارانەی بەركەوتە لەگەڵ مێشك و هزری دا دروست دەكەن.
چۆن لەشانۆی نوێ دا، شانۆ هەر تەنها زمانێكی نیە بۆ وەرگرتن، كە دەق بە تەنها سەرچاوەی وەرگرتن بێت و بینەر پشتی پێ ببەستێت، ئێستا جەستەی ئەكتەرو تەكنیكی شانۆیی و سینۆگرافیاو ئەدای ئەكتەر، بینەر دەوروژیّنن و شوێنی دەق دەگرنەوە، هەم بۆ گەیاندنی پەیامی شانۆیی، هەم بۆ هەژاندنی بینەرو جولاندنی هەستەكانی، بۆ ئەوەی هەر كاتێ پەردەی شانۆ دادرایەوە، كاریگەری و ئاسەواری ئەو رەگەزانە بەئاسانی لەسەر هەست و مێشك و دەروونیدا كاڵ نەبنەوەو تا دێر زەمانێك لە زەهن و ئەندێشەی دا خول بخۆنەوە.
كەواتە چەند ئەوەندەی دەرهێنەرو ئەكتەرو هونەركارەكانی دیكە هەر یەكەو ئەركی تایبەتی خۆیان لەسەر شانۆدا هەیە، بینەریش بەفۆرمێكی تر، بەڵام بەهەمان ئاست ئەركی هەیە بۆ تەواوكردنی پەیامی شانۆیی.
دەسەڵاتی بینەر دەسەڵاتێكی رەهایە:
لە بەر ئەوەی هەموو ئاراستەكان بەرەو رووی بینەرەو هەموو ئامانجەكانیش لەكۆتایی دا بۆ خزمەتی بینەرە، بۆیە بینەر یەكەم ماف و دوا مافی قسە كردنی هەیە، لەسەر هەر بەرهەمێكی شانۆیی، بەقەبوڵ كردنی یا ڕەتكردنەوەی، بۆ ئەمڕۆ، یان سبەینێ.
زۆر جاران كاتێ هەندێ لەدەرهێنەرو ئەكتەرەكان شكست دێنن، دەبن بەپارێزەری خۆیان و پاساو بۆ شكستەكانیان دەهێننەوە، كەچی ( سیزیف ئارنۆ ) ی گەورە رەخنەگری شانۆیی بەریتانی دەڵێت: دەرهێتەر تا دوا لەحزەی ژەنەرال پرۆڤە مافی قسەكردنی هەیە، بەڵام دوای ئەوە تەنها رەخنەگرو بینەرانن مافی هەڵسەنگاندنیان بۆ دەمێنێتەوە، تەنانەت راو بۆچوونی رەخنەگرەكانیش وەك بڕیاری بینەر رەها نیە، هەركاتێكیش بینەر بەرهەمێكی خستە سەبەتەی پەراوێزخستن، هیچ هێزێك نامێنێ ئەو بەرهەمە، یا ئەو دەرهێنەرو ئەكتەرە بگەڕێنێتەوە سەر ئاستی شكۆمەندی خۆی بەر لەشكست.
بەڵام دەكرێ لەپەراوێزی ئەودەسەڵاتە رەهایە بپرسین، ئەرێ كامە بینەرە خاوەنی بڕیاری رەهایە؟
ئەو بینەرە سادەیەی كە پێوەری گشتی لای ئەو تەنیا كات بەسەر بردن و پێكەنینێكی كاتی رووكەشی بێ مەغزایە و ئەهلی نواندنی پڕ لە تەهریج و شانۆی بازرگانیە؟
یان نوخبەیەكی پێگەیشتووی خاوەن دیدو ئایدیایەكی قوڵ و پڕ لەستاتیكا؟
بینەری كورد دابەشی هەردوو بەرە بووە، بۆ سەردەمانێك كە شانۆی بازرگانی باوبوو، كۆمەڵێ موهەریج هۆڵی شانۆكانیان بەكەسانی سادەو پرۆپاگەندەی موزەییەف پڕ دەكردەوە، زەرەرو زیانێكی گەورەیان بە شانۆ گەیاندو ئەو هونەرە جوانەیان لە بەرچاوی بینەر ناشیرین كرد، بە شێوەیەك بینەری راستەقینە شەرم لەخۆی بكاتەوە، بۆ لەحزەیەك بوێری ئەوەی هەبێت لە هۆڵێكی ئاوادا ڕوونیشێ.
ئەو كات دەمانزانی ئەو دیاردە ناشیرینە كاتیەو زەمەن لەگەڵ خۆیدا رایدەماڵێ، هەر كات بەرهەمی (جاد) پەیدا بوو، ئەو موهەریجانە لەشەرمی بینەر خۆیان دەشارنەوەو لەبەرچاوان ون دەبن .
بەڵام ئەوەی لەو نێوانەدا ئاستەمە ئەوەیە، كە تۆ پێویستیت بە كاتە، بۆ گۆڕینی واقعێكی تاڵ و نەرێنی بۆ واقعێكی ئەرێنی.
بەتایبەت بۆ گەڕانەوەی شكۆی شانۆیەكی تێكشكاو لە ڕەگو ڕیشەوە، بۆ شانۆیەك كە لەئاست خۆزگەو ئاواتی بینەر دابێت.
ئەگەر چاو لەرابووردووییەكی نزیك بپۆشین و بڕوانینە هەنگاوەكانی ئەمڕۆمان بۆ بینەری شانۆی كوردی، ئەوە بەگشتی، وێڕای لەبەرچاوگرتنی هەموو كێشەو ئاریشەكانی شانۆی كوردی، گەشبینیەك دەمانگری و هەست بەو گۆڕانە بنەڕەتیە دەكەین لەجۆری بینەرو حەماسی بینەر بۆ شانۆ.
بەڵام لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییەی جۆری بینەر دەبێ بپرسین ئەو هۆكارانە چین كە بوون بە سەرچاوە بۆ دروست بوونەوەی بینەرێكی هوشیار بەشانۆ؟
بێگومان فاكتەری زۆر هەن، دەبنە وەڵامی ئەو پرسیارە، لەوانە:
1.دەست بەكاربوونی كۆمەڵێ دەرهێنەرو ئەكتەری ئەكادیمی بەتوانا، لەوانەی بەراستەقینە خەمخۆری ئایندەی شانۆی كوردین .
2.پشت بەستن بەداهاتی خۆیان بۆ بەرهەم هێنانی بەرهەمە شانۆییەكان، بێ ئەوەی چاوەڕوانی بودجەو هاوكاری حكومەت بكەن، یا چاوەڕوانی قۆرخ كردنی دەرفەتێك بن بۆ گەندەڵی لەسەر حیسابی شانۆیەكی پەڕپووت و هەژار.
3.ئامادەكردنی ئەو بەرهەمانەی كە لەگەڵ خواست و ئارەزووی ئەمڕۆی بینەری كورد دەگونجێن و دەبنە گەرەنتی بۆ راكێشانی بینەر، بەتایبەت راكێشانی خێزان بۆ هۆڵەكانی شانۆ، ئەو خێزانانەی ساڵانێكی دوور بەحەسرتی ئاشنا بوونەوە بوون لەگەڵ شانۆدا.
4.سوود وەرگرتن لەتوانای ئەكتەری لێهاتوو، لەوانەی بینەر ئارەزووی نواندنیان دەكەن و توانای داهێنانیان هەیە لەشانۆدا.
هەندێ نمایشی شانۆیی كە لەسەر ئەو بنچینانە بەرهەمی خۆیان پێشكەش كردووە، لەچەند لایەكەوە بە قازانجی شانۆی كوردی هەڵكەوتنەوە:
یەكەم: ئاستی شانۆی كوردییان بەشێوەیەك بەرز كردەوە، كە هەر دەرهێنەرێك بیەوێت بەرهەمێكی نوێ ی شانۆیی پێشكەش بكات، دەبێت بەهەمان شێوە لەوە بگا كە بینەر چی لە شانۆ دەوێت ؟ هێزی راكێشانی بینەری بۆ هۆڵەكانی شانۆ هەبێت.
بەم شێوەیە دروست بوونی ركابەری لەسەر داهێنان لە نێوان دەرهێنەرەكاندا دەبێتە بنەمایەكی پتەو بۆ سەر لە نوێ دروست بوونەوەو دەست پێ كردنی قۆناغێكی نوێ لەشانۆی كوردی دا. جوگرافیای شانۆیی
وەك لۆژیك بینەرو شانۆ دوو هاوكێشەی هاوتەریب و هاوبەشن لەگەڵ یەكتردا، هیچیان بەبێ ئەوی تریان بوونیان نیە، ماهیەتی هەر یەكێكیان بەوی تریانەوە بەندە.
بەڵام ئەو هاوكێشەیە لەنیشتیمانی ئێمەدا هاوكێشەیەكی ناوازەیەو شانۆو بینەر نەخراونەتە ناو یەك بازنە.
رەنگە لەهەندێ شوێنی جوگرافی وەك شاری هەولێرو دهۆك بینەر هەبێ بەڵام شانۆ نەبێ، لەشارێكی وەك كەركووك و سلێمانی شانۆو بینەر هاوتەریبن، لەچەمچەمال و كەلارو دەربەندیخان و سۆران بینەر زۆرترە لەشانۆ..بەڵام هیچ لەو شارو شارۆچكانە وەك شاری هەولێر مەحروم نەكراون لە شانۆو بینەریان ئەوەندە پڕ لە تاسەو حەسرەت نین بۆ شانۆ، كە تێیدا نەك هەر تەنها بینەرانی ئەو شارە بەناچاری بۆ تینوویەتی شكانیان لەشانۆ ئەو شارو ئەو شار دەكەن و شانۆكارەكانیان دەستەپاچەو بێ ئومێد بوون لەچوونە سەر شانۆ، وای لێهات ئەو شارە دێرینەی شانۆو هەواری تەڵعەت سامان و سەباح عەبدولڕەحمان وفەرهاد شەریف و فەتاح خەتاب و سەعدون یونس و دەیان كەڵە دەرهێنەرو سەدان ئەكتەری بەتوانا، ببنە خاوەنی كەلاوەیەكی شانۆیی، كە تەنها یادگاریەكانی تێدا بمینێتەوە.
كەچی لەنێو ئەو شەوەزەنگە شانۆییەشدا بینەری هەولێر بینەرێكی هەمیشە ئامادەیە بۆ لەئامێزگرتنی شانۆو ئەو بەرهەمانەی دەبنە میوانی هەولێر.
جێگەی ئەسەفە كە لایەنێك نیە خۆی بەبەرپرسیار بزانێ بەرامبەر بەو مەرگەساتەی شانۆ لەو شارەدا، هەندێ لە بەرپرسەكانی ئەو شارە خەمخۆری چاكسازی نین لەو بوارەدا، چونكە پێیان وایە شانۆ سەرچاوەیەكی بازرگانی نیە، ئەوانەش كە بەرپرسی شانۆن، هەست دەكەن شانۆ ئەو پاروە چەورەی جاران نەماوە، بۆیە بوون و نەبونی لای ئەوان وەك یەكە.
ئەوەی لەو نێوەندەدا زەرەرمەند بێت، ئەو بینەرانەن كە خەریكە تامی شانۆیان لەبیر دەچێتەوە، ئەو شانۆكارانەن كە وەك ئاسن ژەنگیان هەڵێنا.




چیڕۆك نەناسەكان لە چیڕۆك دەدوێن.. سەدیق سەعید ڕواندزی

بە هۆی دنیای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە و هەبوونی دەیەها مینبەری گوتن و نووسین، جۆرە فەزایەكی كراوە لە بەردەم هەموواندا هاتۆتە ئاراوە، كە بنووسن و سەرنج و ئایدیاكانیان تێدا بخەنە ڕوو. ئەم فەزا كراوەیە، جۆرە گوتارێكی بەرهەم هێناوە، كە بنەماكانی لە چی گوتن دایە، نەك چۆن گوتن، بەو مانایەی هەموومان دەنووسین و شتێك دەڵێین، بە بێ ئەوەی پێویست و گرنگ بێت، لە ڕووی مەعریفی و ڕۆشنبیرییەوە، یاخود ئیزافەیەك بخاتە سەر گوتاری ڕۆشنبیری كوردییەوە. ئەم بێ بایەخكردنەی نووسین، وەك كایەیەكی گرنگی مەعریفی، هیچ جۆرە شكۆیەك و بەهایەكی بۆ دنیای نووسین نەهێشتۆتەوە. لەو سۆنگەیەشەوە ڕۆژانە ئێم بەر سەدەها بە ناو نووسین و وتار دەكەوین، كە بێ قووڵایی و بێ ناوەڕۆك و هەڵگری هیچ ڕەهەندێكی ڕۆشنبیری نین. لە كاتێكدا نووسین، یەكێكە لە كردە هەرە قوڕس و ئالۆز و هزرییەكان. بۆیە هیچ كاتێك نابێ ئەو فەزا كراوەیە، لە پەراوێزی بە ناو هەبوونی ئازادی دەربڕینەوە دڵخۆشمان بكات، بەوەی كە هەموو شتێك دەنووسرێت، بەڵكو لەوە گرنگتر هەڵوەستەكردنە لە ئاست ئەوەی دەنووسرێت، چونكە هەموو نووسینێك كە بڵاو دەبێتەوە، دەرەنجام خوێنەر لە خوێنەوە و هەڵسەنگاندنیدا، دەبێتە پێوەر و ئەوە دواجار بەهایەك بەو نووسینە دەدات، بەوەی كە چەند پێویستە و ماهیەتی لە چۆن گوتن دایە یان چی گوتن. ئەگەر گوزەرێكی خێرا، بە ناو ئەو دنیا ئاڵۆز و شێواوەی نووسینی كوردی بكەین، ڕۆژانە بەر دەیەها نووسینی كرچ و كاڵ و بێ ناوەڕۆك و لەشكرێك قەڵەم بەدەست دەكەوین، كە هەر تەنها مەبەستیانە شتێك بنووسن، نەك ئەوەی چی دەنووسن. بۆ نموونە: هەیانە، چەند دەردەڵێك بە ناو شیعر بڵاو دەكاتەوە، كەچی لە شكرێك قەڵەم بەدەست، دەكەونە شانامە و ستایشی شیعرەكانی دەكەن، لە كاتێكدا نە زمان، نە وێنەی شیعری، نە شیعریەت و جوانی لە شیعرەكانی ئەو بە ناو شاعیرە نییە، جگە لە قسە ڕێزكردنێك. بڕوام وایە، ئەو خۆشی ڕەنگە پێ شاعیر نەبێت، وەك ئەوەی شاعیرێكی سادەنووس لە بەرنامەیەكدا دەیگووت ( حەزی نەدەكرد ببێتە نووسەر) ئەمە وەك ئەوە وایە، كەسێك بە زۆر ناچار بكرێت كارێك بكات، بێ ئەوەی بەهرە و تواناو ئارەزووی كارەكەی هەبێت. سەیر لەوە دایە، ئەم شاعیرە كەخۆی پێ شاعیر نییە، هەزاران كەس وەك شاعیری داهێنەر و جیاوازنووس و بە توانا دەیناسێنن. هەیانە گەشت و سەردانی خۆی و بردارەكانی و ڕابواردن و مانەوەیان لە سەماخانە و مەیخانەكان دەكاتە ڕۆمان، بێ ئەوەی لە پەیامی گەورە و پیرۆزی ڕۆمان گەیشتبێت، كەسانێكیش لە سۆنگەی دەسكەوت و بەرژەوەندی، یان هاوڕێیەتی، بێ ئەوەی هیچ شارەزایەكیان لە دنیای ڕۆمان هەبێت، دێن كتێبی زلی لە سەر دەنووسن و ئەوەندی تر هانی دەدەن، لەو گاڵتەجاڕییەی بە ناوی ڕۆمان دەستی داوەتێ، بەردەوام بێت! ئەمانە و دەیان و سەدان نموونەی تر، كە ئێمە ڕۆژانە بەریان دەكەوین. ئەم دۆخە لە غیابی ڕەخنەی جدی و شڕۆڤەییەوە بەردەوام بوونی هەیە، بە تایبەتیش كە نووسەر و خوێنەری بیركەرەوە و بە سەلیقە زۆر كەم بۆتەوە، كە حەوسەڵەی ئەوەی هەبێت ئیستێك لە ئاست ئەو هەموو بە ناو نووسینانە بكات. بێگومان هەر وشەیەك كە دەینووسین بەرپرسیاریەتیەكی گەورەی فەرهەنگی و ڕۆشنبیرییە، نووسین دەبێ پەیام و مەبەستێكی هەبێت و شوێنێك لە هزر و دیدی خوێنەران بگرێت، نەك تەنها ڕەشكردنەوەی لاپەڕەكان بێت. نووسەر كاتێ باس و بابەتێك لە نووسینەكەی دەخاتە ڕوو، باسی دەكات، دەبێ لە چاوەڕوانی ئەوەش دابێت خوێنەرانێك هەبن، لە پەراوێزی خوێنەوەی ئەو نووسینەی، پرسیاریان لادروست بێت و گومان بكەن لەوەی نووسەر دەیەوێت چی بڵێت؟ لەو ڕۆژانەی ڕابردوودا، وتارێكی (ڕۆژگار خالید) ناوێكم خوێندەوە، كە لە ماڵپەڕی دەنگەكان بڵاوكرابووەوە، كە یەكێكە لە ماڵپەڕە ئەدەبییە هەرە پڕ خوێنەرەكان. ئەم برادەرە لە پەراوێزی ڕانانی بۆ كۆمەڵە چیڕۆكێك، لە بارەی چیڕۆكەوە نووسیویەتی:_( سەرەتا دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم كە هەزاران ساڵە چیڕۆك هەیە) لێرەوە كارەساتەكانی دنیای بێ ڕەخنەیی دەردەكەوێت، كاتێ نووسەرێكی گەنج لە كورتە وتارێكدا باس لەوە دەكات كە هەزاران ساڵە چیڕۆك هەیە، بێ ئەوەی شارەزایەكی ئەوتۆی لەو بارەوە هەبێت. چیڕۆك بە مانا هونەریی و ئەدەبییەكەی، هەمووی دووسەدەیەكە لە ئەوروپا بە مانا هونەرییەكەی سەریهەڵداوە، لە ئەدەبی كوردیشدا، مێژووەكەی لە هەفتا ساڵێك تێناپەڕێت، ئیدی نازانم چۆن هەزاران ساڵە چیڕۆك هەیە؟! ئەم بنووسە، تۆ بڵێیی داستان و حیكایەت و چیڕۆكی فۆڵكلۆری و میللی، بە چیڕۆك تێنەگەیشتبێت؟ ئایا ئەمانە كە هەزان ساڵە، وەك ئەدەبی سەر زارەكی ماونەتەوە و لە فەرهەنگی هەموو گەل و نەتەوەیەكیشدا هەن و دەماو دەم، نەوە بۆنەوە، ماونەتەوە چیڕۆكن؟ تا ئێستا هیچ كام لە لێكۆڵەر و چیڕۆكنووسەكانی دنیاش، ئەوەیان گوتووە كە هەزاران ساڵە چیڕۆك هەیە؟ ئەمە لە ناشارەزایی بەو لاوە هیچی ترە؟ نووسەرێك كە سەرەتایترین زانیاریی لە بارەی بابەتێكەوە نەبێت، چۆن ڕێگە بە خۆی دەدات لە بارەی ئەو بابەتەوە بنووسێت و سەدان خوێنەری سادە و ساویلكە، كە ڕەنگە مەبەستیان بێت شتێك لە بارەی چیڕۆكەوە بزانن، بە هەڵە داببات. چیڕۆك، لە ئەدەبیاتی هەموو گەلاندا، ژانرێكی هونەری نوێیە و جیاوازە لەگەڵ چیڕۆكی میللی و فۆلكلۆری، كە هەڵگڕی دوو ناو و شوناسی جیان. چیڕۆكی میللی و حیكایەتی فۆلكلۆری و داستانی مێژوویی لە شێوەی گێڕانەوە، هەزاران ساڵە هەن، ئەمانە جیان لەگەڵ چیڕۆك بەمانا هونەریی و مێژوویی و ئستاتیكیەكەی. ئەم وردەكاریانە لە نووسیندا، دەبێ بە وردییەوە لە بەرچاو بگیرێن و لە بەرانبەر هەر وشە و دەستەواژەیەكدا، نووسەر خۆی بە بەرپرسیار بزانێت، چونكە دواجار ئەوەی بڵاودەكرێتەوە، دەبێتە تێكست و بەشێك لە ئەرشیفی نووسراو. دەشێ خوێنەرانێك هەبن، بە وردی بیخوێننەوە، هەڵوەستە بكەن. فەزای كراوەی ئازادی نووسین لە ماڵپەڕ و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، بۆ ئەوە نییە هەموو شتێك بێ سانسۆر و هەڵسەنگاندن و شڕۆڤەكردن، بنووسرێت و بڵاو بكرێتەوە، وەك ئەوەی لە دنیای ڕۆشنبیری ئێمەدا هەیە، چونكە ئەوانیش دەخوێنرێنەوە، خوێنەرانێك هەن، هەڵوەستە دەكەن و پرسیاریان لا دروست دەبێت، بەوەی چی نووسراوە و چی دەنووسرێت؟

*ئەم بابەتە لەڕۆژنامەی هەولێر ژمارە (4026) ڕۆژی 27/2/2024 بڵاوكراوەتەوە.




رۆمانی ” ریحانە بۆنی هەموو ماڵێک”.. نووسینی ” دارا ڕەحمان”.. خوێندنەوەی: رۆژگار خالید

ئەم ڕۆمانە پێشکەشی ڕوحی شەهید هوجام سورچی کراوە .
پێش هەر شتێک ئەوە دەڵێم
خەباتی چەکداری و بوون بەپێشمەرگە پێش ئەوەی بۆ بژێوی ژیان بێت ئەرکێکە بەرامبەر بەخاک و بەس .
وەک نموونە شەهید هوجام سورچی بەهەژاری ژیا و بەسەربەرزی شەهیدبوو .
ئەم ڕۆمانە
تایبەتمەندیەکەی لەوەیە نووسەر لەپاڵ ئەوەشدا پێشمەرگە بوو لەبەرەکانی جەنگ ، زۆربەی ڕووداو و سەختی و ناخۆشییەکانی بەرەی جەنگی یاداشت کردووە .
دەتوانم بڵێم نووسینی رۆمانێکی لەم شێوەدا گرنگی خۆی هەیە ، زیاتر لە خوێندنەوەیەکی بۆ دەکرێت و دیوی تاریک و ناڕوون و نهێنییەکانیش باسدەکات .
دەتوانم بڵێم لە یاداشتە ڕۆمانیش دەچێت و نەهامەتی و سەختی دوای هاتنی داعش لە ساڵی 2014 و ساڵانی دواتر دەگەڕێتەوە کاتێک هێرش دەهێنن بۆ باشوور و رۆژئاوای کوردستان ، بەگشتی میللەتی کورد نەهامەتی و قوربانی و شەهیدێکی زۆری پێشەکەشی ئەم نیشتمانە کرد .
نووسەری ڕۆمان وەک کارەکتەرێک ئەو ڕووداوانە یاداشت دەکا و تێکەڵی نێو دونیای خەیاڵی و ئەزموونی مەعریفەی نووسینی دەکات و ڕۆژە سەختییەکانی ژیانی لەگەڵ ئێمەدا هاوبەشی پێدەکات .
هەر بۆیە
لەهەندێک شوێندا پرسیاری جددی دەکا و وەڵامی جددیشی هەیە .
لەهەندێک شوێن وادەکا خوێنەر خۆی وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە.
لە هەندێک شوێنی دیکە وادەکات بڕوا بە وەڵامەکانی بکەین .
لەهەندێک شوێنی دیکە پرسیارەکان هیچ وەڵامێکی نییە .
لە هەندێک شوێنی دیکە وادەکا خەیاڵ بکەین و خەیاڵەکانمان بکەین بە پرسیاری جددی و گومان لە حەقیقەتەکان بکەین کاتێک وەک یەقین و وەڵام بڕوامان کردووە .
ئەم ڕۆمانە کۆد و ڕەمز و بابەتی نهێنی تێدایە و ئەرکی خوێنەرە لێی تێبگات و ئاگاهی هەبێت لەبارەیەوە .
لەڕاستی هەر تاکێک زیاتر لە ئەرکێکی هەیە و بەجێهێنانی ئەو ئەرکە پێش ئەوەی ئەرک بێت بێگومان وەک وەزیفەیەکی ئەخلاقی و مرۆڤایەتی و نەتەوەیی لەسەریەتی بەردەوامی پێبدات .
کارەکتەری ریحانە دەکرێت ئەو هێزە یا ئەو بوونە خەیاڵیە بێت بیری لێدەکەینەوە .
لای کەسێک رەمزی زولم و ستەم بێت .
لای کەسێکی دیکە بۆن و بەرامە بێت .
لای کەسێکی دیکە شۆخێک بێت .
لای من کچێکە شەهیدێکە .
لای کەسێکی دیکە رەمزی پاڵەوان بێت.
لای کەسێک دەکرێت هێزی ژنان و ئیرادەی ژن بێت .
لای داعش ڕەمزی ترس و تۆقاندن بێت .
لای کەسێکی دیکە ڕەمزی ئازادی بێت .
کۆدێکی نهێنی دیکەی نێو ڕۆمانەکە
شار ووجودی نییە بەڵکو سنوور ووجودی هەیە لێرەوە نووسەر پێمان دەڵێت مەبن بەبەشێک لە ناسینەوەی شار و ناوچە و گوند و شوێنەکان، ئێرە باشوورە سنوورەکانی نێو خەیاڵت بسڕەوە و ناوی شارەکان و ناوچەکان وادەکا خەیالت نەتوانێ ئەو شوێنانە ببینی پێوستیان بەبینین هەیە .
هەر بۆیە نووسەر وامان لێدەکا لەخەمی باشوور و رۆژئاوای کوردستان بین و بۆ ئەوەی خەیاڵی خوێنەر فراوان بکا دێت کوردەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەهێنێت وەک پێشمەرگە و شەڕڤان شەڕی دژی چەوسانەوەیان پێدەکات و پێمان دەڵێت ئەوەی بەیەکدیمان دەبەستێتەوە شار و ناوچە و شێوەزاری قسەکردنمان نییە بەڵکو سنوورەکان و کوردبوونمانە .
ڕەمزی کوردبوون و جوانی ڕۆمانەکە ئەوەیە سنوورەکان دەشکێنێ و شەڕی مانەوەی نەتەوەیەک دەکرێت و خۆشترین ساتی ڕۆمانەکە ئەوەیە پێشمەرگەی کوردستان دەگاتە شاری کۆبانی ئەو شارەی بوو بە ڕەمزی مانەوە و خۆڕاگری و ئیرادەی میللەتێک ، ئەگەرچی ناوی شاری کۆبانی ناهێنێت بەڵام فێرمان دەکات هەموو شوێنێکی ئەم نیشتمانە کۆبانێ و هەڵەبجەیە .
کۆدێکی نهێنی ڕۆمانەکە ئەوەیە هەموو کوردێک هەستبکا کوردە و شەرم لە کوردبوونی نەکات و ترسی لەئیرادەی میللەتەکەی نەبێت و ئەگەرچی وەک خەیاڵیش بێت هیچ کوردێک ناکوژرێت بەدەستی هیچ کوردێکی دیکە و شەڕی یەکدی ناکەین .
جوانییەکی دیکەی لەنێو ڕۆمانەکە نووسەر ئیشی لەسەر کردووە خوێنەری کورد ئاگاداردەکاتەوە لەم خەونەی چەندین ساڵە سڕی کردووین و بەناوی برایەتی عەرەب و تورک و فارس و بەناوی پێکەوەژیان و ئایینەوە ژیانمان لێوەردەگرنەوە و زوڵم و ستەمان لێدەکرێت و دەچەوسێنرێنەوە و وەک دوژمن دەبینرێن .
لەکۆتایی فێرمان دەکا و پێمان دەڵێت کاری مرۆڤەکان بۆ ئەوەیە عەدالەت و خۆشبەختببن چونکە ڕوحی ئێمە بەشێکە لە دەسەڵاتی خودا و ڕوحی مرۆڤەکان بەهای ڕاستەقینەی خۆی هەیە بۆیە بزانن .




ئایا سۆسیالیزم لە ئێراندا دادەمەزرێت؟-2-.. وەرگێڕانی کاوە عومەر

(بەشی دووەم)

دیمانەی حەسەن ساڵحی لەگەڵ حەمید تەقوایی

حەسەن ساڵحی: تۆ لە بەشی یەکەمی ئەم دیمانەیەدا باست لە نەهێشتنی مافیای ئابووری کۆماری ئیسلامی کرد وەک کاری دەستبەجێی حکوومەتی سۆسیالیستی. هەروەها وتت دابینکردنی ئازادیەکان و لابردنی هەڵاواردن و خۆشگوزەرانی هەمووان ئامانجە سەرەتاییەکانی سۆسیالیزمن. پرسیاری من ئەوەیە، پەیوەندی نێوان ئەمانە چییە؟ ئایا ئەم ئامانجانە بە زەوتکردنی خاوەن سەرمایەکان بەدی دەهێنرێن؟ بە تایبەتی پێویستە چ ڕێوشوێنێکی دەستبەجێ بگیرێتەبەر بۆ زامنکردنی ئازادییەکان و دەستەبەرکردنی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی؟
حەمید تەقوایی: هەروەک پێشتر ڕوونم کردۆتەوە، بۆ نەهێشتنی زەبری ئابوری – واتە ئازادی بە مانا وشەیی دەستەبەرکردنی – دەبێت چەوسانەوە و خاوەندارێتی تایبەتی بەسەر ئامرازەکانی بەرهەمهێنان قەدەغە بکرێت. کردەوەی بەپەلە لەم بوارەدا ڕزگاربوون بووە لە مافیا ئابوورییەکانی حکومەت، بەڵام پێویستە ئەمە فراوانتر بکرێت و چەوسانەوە و کاری بەکرێ لەسەر ئاستی سەرتاسەری و لە پێوەندی لەگەڵ هەموو سەرمایەکاندا هەڵبوەشێنرێتەوە. ئەمەش کاتی دەوێت. بە ڕزگاربوون لە مافیا ئابوورییەکانی کۆماری ئیسلامی، زیاتر لە ٥٠٪ی ئابووری لە ژێر کۆنترۆڵی سەرمایە دوور دەخرێتەوە، بەڵام دواجار نابێ هیچ پەیوەندییەکی چەوسێنەرانە لە نێوان کار و سەرمایە لە هیچ کەرتێکدا هەبێت. ئەمەش یەکسەر پراکتیکی نییە و پێویستی بە پلانی هەنگاو بە هەنگاو هەیە. پرسیار ئەوەیە ئایا چاوەڕێی ئەوە بین تا تەواوی بەرنامەی ئابووری سۆسیالیستی جێبەجێ دەکرێت بۆ دەستەبەرکردنی ئازادییەکان و خۆشگوزەرانی گشتی؟ من بە هیچ شێوەیەک پێموانییە. دەکرێت و پێویستە ڕێوشوێنی خێرا بۆ دەستەبەرکردنی خۆشگوزەرانی و گەرەنتیکردنی ئازادییەکان فەرمان بدرێت. ڕێوشوێنی جێبەجێکردنی تەواوی ئابووری سۆسیالیستی و دابینکردنی ئازادی و خۆشگوزەرانی مەرجدار نییە بە یەکتر، بەڵکو دەتوانێ لە یەک کاتدا بەرەوپێش بچێت.
لە یەکەم ڕۆژی هاتنە سەرکاری حکومەتی سۆسیالیستی ڕایدەگەیەنێت کە خوێندن بەخۆڕایی دەبێت، چاودێری تەندروستی بەخۆڕایی دەبێت، گواستنەوە، ئاو، کارەبا، غاز، ئینتەرنێتیش بەخۆڕایی دەبێت. جگە لەوەش سەرجەم هاووڵاتیان، بەبێ جیاوازی، مووچەی بنەڕەتییان پێدەدرێت. مافی هەموو ئینسانەکانە چێژ لە ژیانێکی ئینسانی وەربگرن و ناچار نەبن ملکەچی کاری زۆرەملێ بن بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان.
ئەمانە ڕێوشوێنی ئابووری دەستبەجێی ئێمەن کە دەتوانن وردە وردە فراوانتر بن و بۆ نموونە خانووبەرەی بێبەرامبەر یان زۆر هەرزان لەخۆ بگرن. ئەمەش بە دروستکردنی خانووبەرەی بەرفراوان دەکرێت. ڕەنگە ڕێکارەکانی تری خۆشگوزەرانی پێویستیان بە کات هەبێت، بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا، لە ڕۆژی یەکەمدا، حکومەتی سۆسیالیستی بەڵێن دەدات هەموو ئەو ڕێکارانە ئەنجام بدات. سیاسەت و ئاراستەی حکومەت بەو ئاراستەیەیە کە هیچ شوێنەواری هەژاری و نائەمنی ئابووری لە کۆمەڵگادا نەهێڵێتەوە. ئەو ڕێوشوێنە خۆشگوزەرانیانەی کە باسم کرد دەستبەجێ جێبەجێ دەکرێن و بە سروشتیش لەگەڵ پێشکەوتنی ڕێوشوێنە سەرەتاییەکانی سۆسیالیستی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئیستغلال و کۆیلایەتی کرێ، مەرجەکانی دابینکردنی ژیانێکی خۆشگوزەران بۆ هەمووان زیاتر و زیاتر دابین دەکرێت.
لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە، ئینسان نابێت لە هەنگاوی چاوەڕێی هیچ کردەیەکی ئابووری بکات. هەر لە یەکەم ڕۆژەوە حکومەتی سۆسیالیستی ڕایدەگەیەنێت کە لەسێدارەدان قەدەغەیە، هەر لە سەرەتاوە پابەندبوونی خۆی بە دابینکردنی ئازادییە بێ کۆت ومەرجەکان، لە ئازادی حزبایەتی و ڕێکخراو بوونەوە تا ئازادی بیروڕا و ڕادەربڕین و قەڵەم، تا ئازادیی ناڕەزایەتی، مانگرتن، خۆپیشاندان و هتد. هەموو ئەمانە لە چوارچێوەی یاسا دامەزراون و بە کردەوە جێبەجێ دەکرێن. ڕێوشوێنێکی تری بەپەلە قەدەغەکردنی دەستوەردانی ئایین لە یاساکان و سیستەمی پەروەردەیی و دادوەری و بە گشتی سەرجەم بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی. حکومەتی سۆسیالیستی خاوەنی ئایینێکی فەرمی نییە و تەنها ئایین وەک بابەتی تایبەتی تاکەکان دەناسێت. هەرگیز نابێت ئایین لە بەڵگەنامەی لەدایک بوون یان ڕیکلامەکانی دامەزراندن و ئەرکی کار و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان و شوناسی کۆمەڵایەتی مرۆڤەکان بە گشتی جێگەی خۆی هەبێت. لە لایەکی ترەوە ئازادی ئایین و ئازادی نائاینی وەک بابەتی تایبەتی تاکەکان ناسێنراون. هەموو کەسێک ئازادە هەر ئایینێکی هەبێت یان هیچ ئایینێکی نەبێت. ستەم و هەڵاواردنی ئایینی کە ئەمڕۆ لە کۆمەڵگای ئێمەدا بەربڵاوە، بە تەواوی لەناو دەچێت. مافەکانی ژنان و نەهێشتنی هەڵاواردنی ڕەگەزی بە تەواوەتیترین شێوە دەستەبەر دەکرێن و دابین دەکرێن. نەهێشتنی هەڵاواردنی نەتەوەیی، بۆ نموونە، داننان بە مافی خوێندن و چالاکیی ئەدەبی و هونەری بە زمانی دایکی و دابینکردنی مافی یەکسان بۆ هەموو هاووڵاتییان بەبێ گوێدانە نەتەوە و نەتەوە، لە یەکەم ڕێکارەکانی حکوومەتی سۆسیالیستیش دەبێت.
لێرەدا دەرفەتی ئەوە نییە کە باسی هەموو ئەو یاسا ئینسانیانی و ڕزگاریخوازانە بکەین کە دەبێت دەستبەجێ ڕابگەیەندرێن. لیستێکی دوورودرێژ لە بەرنامەی حزبەکەماندا، دنیایەکی باشتر، ڕاگەیەندراوە، ئێمەش پابەندین بە جێبەجێکردنی دەستبەجێ هەموویان. دەستووری کۆماری سۆسیالیستی بنەڕەتیترین ئازادی و مافە مەدەنی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی لەخۆ گرتووە، گرنگترینیانم لێرەدا ڕوونم کردۆتەوە.
بەم شێوەیە زامنکردنی ئازادییە بێ کۆت و مەرجەکان و دابینکردنی خۆشگوزەرانی گشتی و لابردنی فشاری ئابووری بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان لەسەر شانی جەماوەری خەڵک لە یەکەم ڕێکارەکانی کۆماری سۆسیالیستی دەبێت.
حەسەن ساڵحی: لە قسەوباسەکانی تۆدا هەندێک خاڵ هەبوو کە زۆر سەرنجی منی ڕاکێشا. باسی داهاتی بنەڕەتیت کرد. بێگومان ئەم باسە بۆ حزبی ئێمە شتێکی نوێ نییە. ئێمە بڕیارمان هەیە لەو بارەیەوە. ئەوەی کە هاووڵاتیان بەبێ گوێدانە کار و پێگەی کۆمەڵایەتی خۆیان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی داهاتێکی بنەڕەتییان هەبێت، مشتومڕێکە کە ئەمڕۆ لە کۆمەڵگاکانی ئەوروپاشدا باسی لێوە دەکرێت. ئایا ئەم ئاراستەکردنە بنەمایەکی سۆسیالیستی هەیە؟ ڕاتان چیە لەم بارەیەوە؟
حەمید تەقوایی: بەڵێ، ئەم داواکارییە لە جەوهەری خۆیدا سۆسیالیستییە. هەرچەندە ڕەنگە وەک ئاماژەت پێدا،زۆرێک لە لایەنگرانیشی خۆیان بە سۆسیالیست نەزانن.
ئەمە باسێکی نوێ نییە، نەک هەر بۆ حیزبی ئێمە بەڵکو لە کۆمەڵگە پیشەسازییە پێشکەوتووەکانیشدا. تەنانەت لە یەکێک لە ویلایەتەکانی سویسرا لەم دواییانەدا ڕیفراندۆمێک بۆ پەسەندکردنی یاسای داهاتی بنەڕەتی ئەنجامدرا. بۆچوونی لە لایەنگری و لەدژی ئەم بابەتەدەخرایە ڕوو . بەڵام بەڕای من بنەمای باسەکە بەرگریکردنە لە مافی ژیان. نابێت کەس لە برسێتیدا بمرێت، کەس بێ ماڵ و حاڵ بێت، کەس بە هۆی هەژارییەوە ناچار بکرێت کاری نەخوازراو بکات، لە سەدەی بیست و یەکەمدا ئەبێت کەس لە پێداویستییەکانی ژیانێکی ئینسانی بێبەش نەکرێت. بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، منداڵێک لە هەر ٤.٤ چرکەیەکدا بەهۆی نەخۆشییە خۆپارێزییەکانەوە دەمرێت. هۆکاری ئەم کارەساتە جگە لە هەژاری بنەماڵەکان هیچی تر نییە. دیاریکردنی داهاتی بنەڕەتی لە ڕاستیدا بەرگریکردنە لە مافی ژیان و هەرکەسێک گرنگی بە مافەکانی مرۆڤ بدات، دەبێت پێش هەموو شتێک دان بە مافی ژیاندا بنێت. لە کۆمەڵگا سەرمایەداریەکاندا زۆربەی ئینسانەکان مافی ژیانیان نییە. ئەگەر لە خێزانێکی دەوڵەمەند لەدایک بوویت، ژیانت ئاسایشە، بەڵام ئەگەر لە خێزانێکی چینی کرێکار لەدایک بوویت، خوێندن تەواو بکەیت یان نا، دەبێت بچیتە بازاڕی کار بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانت و چاوەڕێی خاوەنکارەکەت بکەیت بۆ ئەوەی لە هەر کاتێکدا و لەگەڵ هەر قەیرانێکی سەرمایەداریدا بێکار بیت و بژێوی ژیانت و خێزانەکەت لەدەست بدەیت. لە قەیرانی ساڵی ٢٠٠٨دا ملیۆنان کەس لە ئەمریکا نەک هەر کارەکانیان لەدەستدا بەڵکو ماڵەکانیان لەدەستدا و فڕێدرانە سەر شەقامەکان. لە کۆمەڵگاکانی وەک ئێران و وڵاتانی بەناو جیهانی سێهەمدا دۆخەکە کارەساتبارترە. هەژاری لەم وڵاتانەدا بەربڵاوە و بێکاری و بێ خانەو لانەیی تەنیا دەرئەنجامی قەیرانەکان نییە، بەڵکو دیاردەیەکی دامەزراوەیی یە. لە کۆماری ئیسلامیدا زیاتر لە نیوەی کۆمەڵگا لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.
بۆیە پێویستە جەخت لەوە بکرێتەوە کە دابینکردنی “داهاتی بنەڕەتی” تەنیا پرسێکی یاسایی-ئابووری نییە، بەڵکو بە مانای زامنکردنی مافی ژیانە بۆ هەموو ئینسانەکان. لە ئێرانی سۆسیالیستیدا ئەمە دەکەینە یاسا و جێبەجێی دەکەین.
حەسەن ساڵحی: ئەو ڕێوشوێنە بەپەلانەی کە باست کرد، پێویستی بە بودجەیەکی زەبەلااحه. ئەم بودجەیە چۆن دابین دەکرێت؟
حەمید تەقوایی: خاڵی یەکەم ئەوەیە کە کۆمەڵگای ئێران بە هیچ شێوەیەک کۆمەڵگایەکی هەژار نییە. لە ڕووی سەرچاوەی سەروەت و سامانی وەک نەوت و گاز و سەرچاوە سروشتییە جۆراوجۆرەکان، دارستانەکان و هتد، زۆر دەوڵەمەندە و هەناردەکردن سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتی ئێران پێکدەهێنێت.
با ئاماژە بە چەند ئامارێک لە کۆماری ئیسلامیدا بکەم. لەم دواییانەدا بەرپرسانی ڕێژیم ڕایانگەیاند کە داهاتی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی ئێران لە هەناردەکردن لە ساڵی ١٤٠١دا ١٠٣ میلیارد دۆلار بووە. و ئەمەش هێشتا لە بارودۆخی سزاکان و بارودۆخی سەرەڕای سزاکاندایە. بەڵام ئەم داهاتە یان دەڕژێتە سەر حساباتی سەرانی مافیای ئابووری یان بۆ بودجەی ئۆرگانە بەرفراوان و درێژەکانی سەرکوتگەرەکانی دەسەڵات تەرخان دەکرێت. چەند ساڵێک لەمەوبەر وتەبێژی حکومەتی ڕووحانی ڕایگەیاند کە لە سەردەمی ئەحمەدی نژاددا ٧٠٠ ملیار دۆلار بەفیڕۆچووە. ئەو زاراوەیەی کە بەکاری هێنا ئەوە بوو کە ئەم بڕە فەلەکییە “قوتدراوە”!
لە ماوەی یەک سەرۆک کۆماردا ٧٠٠ ملیار دۆلار دیارنەما! بێگومان ئامارە فەلەکیەکانی دیکە لە قۆناغەکانی پێشوو و دواتردا “قوتدراون” و کۆی گشتییان گەیشتە تریلیۆن دۆلار.
لە لایەکی ترەوە بڕە پارەی فەلەکی(نجومی) بۆ تێچووی سەرسوڕهێنەری دام ودەزگا سەرکوتگەرەکان، هێزی قودس، بەسیج، مزگەوتەکان، سیستەمی بڵاوکردنەوەی خورافاتەکانی پیاوانی ئایینی و هتد و هتد خەرج دەکرێت. هەموو ئەم سەرچاوانە دەتوانرێت بۆ خۆشگوزەرانی گشتی بەکاربهێنرێت. بۆ نموونە ئەو بودجەیەی ئێستا بۆ فەیلەقی قودس خەرج دەکرێت، دەتوانێت بە ئاسانی چاودێری تەندروستی بێبەرامبەر بۆ کۆمەڵگا دابین بکات. سەد ملیار دۆلار داهاتی ساڵانەی دراوی بیانی کە لە گیرفانی گەورەی ئایەتوڵڵاکاندا لەدەست دەچێت، دەتوانێت تێچووی چارەسەری بێبەرامبەر دابین بکات. دزین و تاڵانکردنی سامان کە بە گوتەی ئەوان تەنها لە ماوەی یەک سەرۆکدا ٧٠٠ ملیار دۆلار بووە، دەتوانێت بەشێکی سەرەکی “مافە سەرەتاییەکان” دابین بکات.
سامان هەیە، بەڵام گفتوگۆکە لەسەر ئەولەویەتەکانی حکومەت و چۆنیەتی خەرجکردنی ئەو سامانەیە. پێش هەموو شتێک ئەولەویەتی کۆماری ئیسلامی پڕکردنەوەی گیرفانی سەرانی مافیای ئابووری و دەوڵەمەندکردنی ئامێری فراوانکردنی خورافات و سەرکوتکردنە، واتە باندی پیاوانی ئایینی و مەلا و بەرپرسانی سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی و دەوریەی جۆراوجۆر بۆ سەرکوتکردنی خەڵک. ئەگەر ئەمە لاببەیت، سەرچاوەی دارایی زۆر بۆ خۆشگوزەرانی گشتی ئازاد دەبێت.
خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە بەشێکی زۆری دانیشتوانی ئێران گەنجن و ئامادەن بۆ کارکردن. لە کۆمەڵگای سۆسیالیستیدا حەزی کارکردن و چالاکیی بەرهەمهێنانی ئازاد و داهێنەرانە زۆر بەربڵاو دەبێت و کارایی کار زۆر زیاتر دەبێت. بۆ نموونە زۆرێک لە نوخبە و شارەزایان کە لە کۆماری ئیسلامی هەڵاتوون، دەگەڕێنەوە و بە دڵ و گیان کار دەکەن. بەم شێوەیە هێزێکی کۆمەڵایەتی کاریگەر ئازاد دەبێت، کە بەرهەمهێنانی سامان زۆر لەوە زیاتر دەبات کە ئەمڕۆ هەیە. کۆی ئەمانە دەتوانێت بنەمایەکی ڕاستەقینە بێت بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی خۆشگوزەرانی گشتی.

حەسەن ساڵحی: خاڵێک کە جەختت لەسەر کردەوە، ئیدارەی شورایی و پێویستی کۆنترۆڵکردنی ئابووری بوو لەلایەن شوراکانەوە. سیستەمی شورایی چۆن کاردەکات؟ گەرەنتی چییە کە شوراکان ئەو ئەرکانەی کە ئاژەد پێدان جێبەجێ دەکەن ئەو کارانەی باست کرد؟
حەمید تەقوایی: بە بڕوای من لە سەردەمی ئێمەدا شێوازی کارکردنی شوراکان لە بنەڕەتدا جیاوازە لە ئەزموونی مێژوویی و تێگەیشتنی هاوبەش لە سیستەمی شورا، و زیاتر لەگەڵ پێداویستیەکانی سیستەمێکی ڕزگار بوو لە دەسەڵاتی سەرو خەڵکیدا یەکدەگرێتەوە. ئەمەش بەو مانایەیە کە شوراکان وەک ئۆرگانی دەسەڵاتدارێتی دەتوانرێت لە شێوەی تۆڕێکی کۆمەڵایەتیدا ڕێکبخرێن نەک لە شێوەی قوچەکی و پلەبەندیدا.
سیستەمی شورایی لە کۆماری سۆسیالیستی ئێراندا بەشێوەی هەرەمی ڕێکناخرێت بەڵکو تۆڕێکی سەرتاسەری دەبێت کە شورای ناوخۆیی و شار و پارێزگاکان دەگرێتەوە. ئاسانکارییە تەکنەلۆژییەکانی ئەمڕۆ، بە ئینتەرنێت و پلاتفۆرمی ئینتەرنێتیشەوە، ڕێگە بە تۆڕی شوراکان دەدەن لە هەریەکێک لەو ئاستانەدا بڕیار بدەن، بەرپرسان و کاربەدەستان لە کارەکانیان دووربخەنەوە و دابنێن و سیاسەت و هەموو دەسەڵاتەکان لە دەستیاندا بن.
بنەمای فەلسەفەی حکومەتی شورایی ئەوەیە کە دەسەڵاتی سەروخەڵک پێک نەهێنرێت. شێوازی تۆڕی شوراکان لە ئاستێکی بنەڕەتیدا، هەر جۆرە بیرۆکراسییەک، سەرەوە و خوارەوە، و هەرەمی دەسەڵات کە بتوانێت بگۆڕێت بۆ دیکتاتۆریەت و دەسەڵاتی باڵای خەڵک لە بنەڕەتەوە دەکاتە مەحاڵ و ئەم سیستەمە تۆڕە ئەمڕۆ بە تەواوی مومکینە بە پشتیوانی ئینتەرنێت و سۆشیال میدیا. بێگومان مەودای دەسەڵاتی شوراکان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و شار و پارێزگا و سەرتاسەریدا جیاواز دەبێت. هەموو ئەمانە دەتوانرێت پێناسە بکرێن، بەڵام لە هەریەکێک لەم ئاستانەدا شوراکان لە تۆڕێکدا کاردەکەن نەک هەرەمی. فۆڕمی تۆڕی شوراکان گەرەنتی دیموکراسی ڕاستەوخۆ بە مانای ڕاستەقینەی وشەکە دەکات.
لێرەدا پێویستم بەوەیە ڕوونی بکەمەوە کە هەر جۆرە ئاماژەیەک بۆ جەماوەری خەڵک بە مانای دیموکراسی ڕاستەوخۆ و دابینکردنی بەرژەوەندی گشتی کۆمەڵگا نییە. ڕاستڕەوی توندڕەو و پۆپۆلیستەکانیش بانگەوازی خەڵک دەکەن، بەڵام بۆ خەڵکی ناڕێکخراو و بە بانگەوازکردن بۆ دەمارگیریە ڕەگەزی و نەتەوەیی و ئایینییەکانیان. دەمارگیری و پیرۆزیەکان کە بەشێکن لە سیاسەتی ڕۆژانەی دەوڵەتانی سەرمایەداری و پێویستن بۆ پاراستنی باڵادەستی چینی سەرمایەداری، لە سیستەمی شوراییدا جێگەیەکیان نییە. ئێمە مەبەستمان لەو جەماوەرە ڕێکخراوە ڕێکخراوەیە کە بەردەوام لە کۆبوونەوەکانیاندا ڕاوێژ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا دەکەن و بڕیاری وشیارانە دەدەن، نەک ئەو جەماوەرە ڕواڵەتییە کە بەهۆی ئەو دەمارگیریە نەتەوەیی-ئاینی-میللی-ڕەگەزپەرستی و پیرۆزییانەی کە مێشکیانی پێ ئاخنراوەوروژێنراون .
سیستەمی شورا بە واتای ڕێکخراوبوونی ئەو جەماوەرە وشیارو ئاگایەی خەڵکی بە بەرژەوەندییەکانیان وەک بناغەکانی حکومەت و بەم مانایەش لە بنەڕەتدا جیاوازە لە دیموکراسی پەرلەمانی هەر چوار ساڵ جارێک و لە پۆپۆلیزمی دیماگۆگی دەرگیرانەی -لایەنە ڕاستڕەوەکان.
هەروەها ئەم خاڵە وەڵامی بەشی دووەمی پرسیارەکەت سەبارەت بە بڕیاردانی شورا کان ڕوون دەکاتەوە. پێویستە لایەن و هێزە سیاسییە جیاوازەکان شوراکان ڕازی بکەن بۆ پێشخستنی سیاسەتەکانیان و دەنگی شوراکان لەگەڵیاندا بێت. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە کاتێک باس لە سیستەمی شورایی دەکەین، پێشگریمانەمان ئەوەیە کە شوراکان لە ئەنجامی شۆڕشێک بە هەژموونی چەپ و سۆسیالیستی پێکهاتوون و بەهێز بوون. سروشتییە لەم پرۆسەیەدا حزب و هێزە چەپەکان کاریگەری و بنکەیەکی کۆمەڵایەتی فراوانتریان دەبێت لە چاو حزبە ڕاستەکان. لەم شۆڕشی ژن ژیان ئازادیەدا دەبینین کە دروشم و داخوازی و چاوەڕوانییەکانی بەشێکی زۆر لە خەڵک چەپ و ڕادیکاڵن و لەسەر بنەمای ئایدیاڵە ئینسانییەکان دامەزراون نەک لەسەر بنەمای دەمارگیری نەتەوەیی-نیشتمانی-میللی-ئاینی. پێشتر باسم لەوە کرد کە دروشمی سەرەکی ژن ژیان ئازادی بە واتای هەبوونی بەها و ئایدیالی چەپ هێزی زۆرتری هەیە.
دوای ڕووخانی ڕژێم، ئەو خواست و ئامانجە ئینسانیانە دیاری دەکەین و وەری دەگێڕین بۆ سیاسەت و پلاتفۆرمی پراکتیکی و شەرعیەت و چوارچێوەیان پێ دەبەخشین. بە بڕوای من ئەو شورایانەی لە شۆڕشەوە سەریان هەڵدا، بەتەواوی ئامادەکارییان بۆ گرتنەبەری هەمان سیاسەت هەیە. بێگومان حزبەکانی تریش لە شوراکاندا ئامادەن و هەوڵی بەرەوپێشبردنی سیاسەتەکانیان دەدەن، بەڵام سیاسەتە سۆسیالیستیەکان زۆرینەی باڵایان دەبێت لە شوراکاندا، هەم لەبەر ئەوەی سیستەمی شورا یی دەرئەنجامی شۆڕشێکی چەپ و ڕادیکاڵە، هەم لەبەر ئەوەی سۆسیالیزمە کەنوێنەرایەتی بەرژەوەندی ڕاستەقینە جەماوەری خەڵک دەکات لە شوراکاندا. ئەگەر حیزبێکی کۆمۆنیستی چالاک لە کۆمەڵگا و لە شوراکاندا ئامادە بێت – ئەوە بە بەدڵنییاییەوە دوای سەرکەوتنی شۆڕش، حزبێکی لەو شێوەیە بنکەیەکی فراوانی دەبێت لە کۆمەڵگادا – گومانم نییە کە شوراکان سیاسەتی سۆسیالیستی هەڵدەبژێرن.
حەسەن ساڵحی: کەواتە پێتوانییە بوونی ئەحزابی بۆرژوازی و لایەنگری سەرمایەداری، پاشایەتی و کۆماری و هاوشێوەکانی، مەترسی بۆ کۆماری سۆسیالیستی دروست بکات؟
حەمید تەقوایی:نا بە هیچ شێوەیەک، پێم وایە بۆ سەقامگیرکردنی کۆماری سۆسیالیستی پێویستە ئازادی حیزبایەتی زامن بکرێت. هیچ بەرگرییەکی باشتر لە سیستەمی سۆسیالیستی نییە لەوەی بۆ نموونە لە تەلەفزیۆن یان سۆشیال میدیادا لەگەڵ حزبە ڕاستڕەوەکاندا مشتومڕ بکرێت. لە سیستەمی سۆسیالیستیدا، هەموو حیزبەکان – بێگومان ئەو حیزبانەی کە هاوبەش نین لە تاوانی کۆماری ئیسلامیدا – دەتوانن بە ئازادی چالاکی بکەن.
ئێمە پێشوازی لە هەر جۆرە گفتوگۆ و مشتومڕێک دەکەین لەگەڵ هێزە ڕاستڕەوەکان. هەر لە باسکردنی بەرهەمهێنانەوە لەسەر بنەمای قازانج و ئیستغلال تا پرسی پیرۆزی ئاو و خاک تا باسکردنی ئایین و بوون و نەبوونی خودا و هتد. ئێمە دەمانەوێت هەموو ئەم کەیسانە بە ئازادی لە میدیاکاندا باس و مشتومڕیان لەسەر بکرێت.
دەبینیت تا ئەمڕۆ حکومەتەکان و میدیای بۆرژوازی باڵا دەست هەبوون. تەنانەت لە پێشکەوتووترین وڵاتەکانیشدا ناتوانیت بە ئاسانی ڕەخنە لە ئایین بگریت. چەند ساڵێک لەمەوبەر لە ئینگلتەرا ئاتەئیستەکان دەیانویست پۆستەرێک بە دروشمی “خودا بوونی نییە، ژیانێکی ئاسوودەت هەبێت” بڵاوبکەنەوە. کڵێسا بە پشتیوانی حکومەت ڕێگەی نەدا و ڕستەکەی گۆڕی بۆ خودا ڕەنگە بوونی نەبێت. ئاتەئیستەکان هەمیشە سانسۆریان لەسەر کراوە، لە کاتێکدا هەموو قەشە و مەلا و حاخامەکان ئازاد بوون لە مینبەر و میدیای حکومی و ناحکومییەوە هەر جۆرە قسەیەکی بێمانا دەرخواردی خەڵک بدەن . ئەمە بارودۆخی هەموو کۆمەڵگاکانە، لە ئێرانیش بە خراپترین شێوە. هەمیشە زمانی کۆمۆنیست و ئاتەئیستەکانیان بڕیوە و سانسۆریان کردووە و سەرکوتیان کردووە. بەڵام پێویستمان بە سانسۆر و دەم داخستن نییە. ئێمە دەمانەوێت هەمووان ئازاد بن چونکە لە کۆمەڵگەیەکی ئازاددا حەقیقەت سەردەکەوێت و ڕاستی لای ئێمەیە. ئێمەی ئاتەئسی و بیرمەندانی ئازاد و نەیارانی سەرمایەداری و کۆیلایەتی کرێ و ڕەخنەگرانی ناسیۆنالیزم و خاکپەرستی و قەومگەرایی و هەموو پیرۆزی و خورافاتێکی سەروو ئینسانی نامانەوێت مافێک لە کەس زەوت بکەین، بەڵام ئێمەش وەک نەیارەکانمان دەمانەوێت بە درێژایی مێژوو لە مافی ئازادی دەربڕینی بۆچونەکانمان دەستەبەر بێت. گەرەنتیکردنی ئازادی ڕادەربڕین و چالاکیی سیاسی بۆ هەموو هێز و باوەڕەکان لە هەموو هێزێکانی دیکە زیاتر سوودی بۆ سۆسیالیستەکان دەبێت.
خاڵی بنەڕەتی ئەوەیە کە لەگەڵ شۆڕشی سۆسیالیستی خەباتی حیزبی و خەباتی چینایەتی بە گشتی کۆتایی نایەت، بەردەوامە. ئێمە هەوڵ دەدەین ئەمە بە ڕێوشوێنی بۆ دابنرێت لە بەرژەوەندی جەماوەر. جیاوازی کۆماری سۆسیالیستی و سیستمەکانی تر ئەوەیە کە لێرەدا سۆسیالیستەکان دەسەڵاتن و ئەمەش چ لە ڕوانگەی یاساییەوە و لەوەش گرنگتر لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتی و بارودۆخی ژیانی جەماوەرەوە، هەر هەوڵێکی گەڕانەوە بۆ سەرمایەداری پوچەڵ دەکاتەوە.
لە ڕووی یاساییەوە لە سیستەمی سۆسیالیستیدا دەستوور چەوسانەوە قەدەغە دەکات. وەک چۆن دەستوور لە هەموو سیستەمێکی سەرمایەداریدا خاوەندارێتی تایبەت لە ئامرازەکانی بەرهەمهێنان بە یەکێک لە مافەکانی خەڵک دەزانێت و دایدەمەزرێنێت و هەر جۆرە پێشێلکارییەکی خاوەندارێتی سەرمایەداری بە تاوان دەزانێت، دەستووری سۆسیالیستیش هەر جۆرە خاوەندارێتییەکی تایبەتی لە سەر ئامرازەکانی بەرهەمهێنان وەک تاوانێک دادەنێت. وەک چۆن گۆڕینی دەستوور و هەڵوەشاندنەوەی چەوساندنەوە لە کۆمەڵگە سەرمایەدارییەکاندا پێویستی بە شۆڕش هەیە، لە سیستەمی سۆسیالیستیدا، تەنیا شۆڕش – یان لە ڕاستیدا دژە شۆڕش-ی لایەنگرانی سەرمایە دەتوانێت دەستوور بگۆڕێت. بۆیە لە ڕوانگەی یاساییەوە گێڕانەوەی سەرمایەداری و پاشەکشەی کۆمەڵگا بە هیچ شێوەیەک بابەتێکی سادە نییە. گەرەنتیکردنی ئازادییە سیاسییەکان بۆ هەموو حزب و بزووتنەوەکان نەک هەر کارئاسانی بۆ ئەم کارە ناکات، بەڵکو بەپێچەوانەوە بەربەستێکە لە بەرامبەر بوژانەوەی دیکتاتۆری سەرمایەداریدا.
لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتییەوە، جێبەجێکردنی سیاسەتە سۆسیالیستییەکان- بە بەشداری جەماوەری خەڵک کە لە ئەنجومەنەکاندا ڕێکخراون لە کاروباری سیاسی و کۆمەڵایەتی، زامنکردنی ئازادییە مەدەنی و سیاسییەکان، لابردنی هەڵاواردن و دەستەبەرکردنی خۆشگوزەرانی گشتی- هیچ بوارێک بۆ گەشەی هێزە ڕاستەکان ناهێڵێتەوە -هێزەکانی راستڕەوەکان و نەیارانی سیستەمی سۆسیالیستی. تا زیاتر سیاسەتە هەمەلایەنە سۆشیالیستیەکان لە کۆمەڵگادا جێبەجێ بکرێن، هێزە ڕاستڕەوەکان زەمینەی بابەتیی خۆیان بۆ گەشەکردن و بەدەستهێنانی کاریگەری لەدەست دەدەن و زیاتر دەکەونە پەراوێز و گۆشەگیرتر دەبن.
بەگوێرەی ئەو خاڵانەی سەرەوە، پێویستە ئەوە بگوترێ کە زامنکردن و دەستەبەرکردنی ئازادییە مەدەنی و سیاسییەکان، هەروەها ئازادبوون لە ڕێگریی ئابووری کە بنەمای هەموو ئازادییەکانە، نەک هەر ئاسۆ و ئامانجی ئێمەیە، بەڵکو بە کردەیی لەخزمەت بە ڕەوایەتیدان بە دامەزراندنی سیستەمی سۆسیالیستیدایە.
حەسەن ساڵحی: شێوازی کارکردنی شوراکانتان ڕوونکردۆتەوە. پرسیارێک کە دێتە پێشەوە ئەوەیە ئایا شوراکان تاکە شێوازی ڕێکخستنی خەڵکن لە سیستەمی سۆسیالیستیدا؟ ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی دیکەی وەک سەندیکا و دامەزراوە و ناوەند و کۆمەڵە و ڕێکخراوە ناحکومییەکان و هاوشێوەکانی چی دەبێت؟
حەمید تەقوایی: شوراکان پایە و بڕبڕەی پشتی حکومەتن، بەڵام لە کۆمەڵگادا چەندین ڕێکخراو هەن و تەنانەت ئێمەش هەوڵی دامەزراندنیان دەدەین. لە ئێستادا کۆمیتە و دامەزراوەی زۆرمان هەیە کە لە چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاری پێکهاتوون، سەندیکا و شورای ناڕەزایەتیمان هەیە، دامەزراوە و ناوەند و کۆمەڵە و ڕێکخراوی ناحکومیمان هەیە. هەموو ئەمانە نەک هەر بەردەوامن لە کارەکانیان، بەڵکو فراوانتر دەبن و ڕەهەندی جەماوەریش بەدەست دەهێنن. ئاخر بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگا داواکاری تایبەتیان هەیە و بۆچوونی جیاوازیان هەیە سەبارەت بە سیاسەت و ڕێوشوێنەکان و پێویستە مافی ڕێکخستن و پەیڕەوکردنی داواکارییەکانیان هەبێت. دیارە لەگەڵ شۆڕشی سۆسیالیستیدا هەموو داواکارییەکان بە یەکجار جێبەجێ نابن و هەموویان لەبەرچاو ناگیرێن. وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا، چینایەتی و ململانێی چینایەتی بە یەکجار نامێنێت و جیاوازی سەلیقە و بۆچوونیش نامێنێ. بۆیە پێویستە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بتوانن ڕێکخراوی تایبەت بە خۆیان هەبێت.
شورا یان ڕێکخراوی جۆری شورا، ڕێکخراوی جەماوەری خەڵکن بۆ دەستوەردان لە کاروباری کۆمەڵگە و لە ڕاستیدا ڕێکخراوێکی حکومین و بەدیلێک نین بۆ جۆرەکانی تری ڕێکخراو. ئەندامانی شورا دەتوانن ئەندامی زۆر ڕێکخراوی تر بن و نوێنەرایەتی داواکاری ئەو ڕێکخراوانە بکەن لە شوراکاندا. تەنانەت حزب و ڕێکخراوەکان مافی خۆیانە دژایەتی بڕیارەکانی شوراکان بکەن، بەبێ ئەوەی ئەو یاسایانە بشکێنن کە شوراکان پەسەندیان کردووە. دیسان جەخت لەوە دەکەمەوە کە ئازادی هەموو جۆرە ڕێکخراوێک پرەنسیپی بنەڕەتی ئێمەیە و دەبێتە پایەی گرنگی ئازادییە سیاسی و مەدەنییەکان لە سیستەمی سۆسیالیستیدا.
حەسەن ساڵحی: زۆر سوپاس. پرسیاری تریش هەیە کە لە بەرنامەکانی داهاتوودا باسی دەکەین.

٢ی اسفندی١٤٠٢، ٢١ی فێبروەری ٢٠٢٤




نوستالژیا/ محەمەد عەدنان و من-4-.. ستیڤان شەمزینی

بەشی چوارەم

محەمەد عەدنان و من
محەمەد عەدنان عوسمان، ھاوڕێیەکی منداڵی و گەنجی و تائێستای منە، ئەگەرچی ھەنووکە ئەو لە نیوزلەندا دەژی، بەڵام ئەو پەیوەندییە بەتینەی پێشووی نێوانمان ھێشتا وەک دوو ھاوڕێ بەیەکییەوە بەستووینەتەوە. لێ من و محەمەد عەدنان، کوڕی یەک گەڕەک بووین، بەڵام سەرەتای ھاوڕێیەتیمان دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی یەکەمی ناوەندیی خوێندن. ھەردووکمان دوو مێردمنداڵ بووین، حەزمان لە خوێندنەوە بوو، جیددی بووین، تاکە دوو کەس لەو ماوەیەدا زۆرترین کتێبی لە کتێبخانەی “ناوەندی زانیاری کوڕان” خواستبێت، ئەم دووانەمان بووین. باوکی محەمەد “مامۆستا عەدنان” مامۆستای فیزیا و جێگری بەڕێوەبەری قوتابخانەکەمان بوو، بەو ھۆیەوە دەمانتوانی زۆرترین کتێب لە کتێبخانەی قوتابخانە بخوازین. ئیتر ئەمە سەرەتایەکی گرنگ بوو بۆ قۆناغێکی نوێ کە پێکەوە وەک دوو ھاوڕێ کاری زۆرمان لە بواری سیاسیی و رۆشنبیرییدا کرد.
سەرەتای یەکترناسینمان بەو شێوەیە بوو: لە قۆناغی یەکەمی ناوەندیی بووین، لە گۆڕەپانی قوتابخانە ریز کرابووین، کاتێک قوتابییەکان بەسەر پۆلەکاندا دابەشکران، ئێمە ھەردووکمان کەوتینە پۆلی یەکەمی “جیم”. ئیدی لێرەوە یەکترمان بە تەواوەتی ناسی، تەنانەت ھەردووکمان لەسەر یەک مێز دانەیشتین. ئەوسا نەریتی قوتابخانەکان وابوو ھەموو ھەفتەیەک قوتابییەکان لە گۆڕەپانی قوتابخانە ریزدەکران، بەڕێوەبەری قوتابخانەکان، وتەیەکی پڕ ئامۆژگارییان دەخوێندەوە، دواتریش بە سروود و گۆرانی و شیعر مەراسیمەکە کۆتایی دەھات. من لە یەکەم ھەفتەی ریزکردندا بۆ یەکەم جار لە پێش چاوی زیاتر لە ٥٠٠ قوتابی و مامۆستا، “پەخشان”ێکی کورتی خۆم خوێندەوە، لەگەڵ ئەوەی زۆر دەترسام، بەڵام ھەنگاوم نا و لە نێو چەپڵەی قوتابییەکاندا شاگەشکە بووم.
کە چووینەوە پۆلەوە، حەمە زۆر دەستخۆشیی لێکردم و باسی لەوە کرد، ئەویش زۆر گرنگی بە خوێندنەوە دەدات و ھەوڵ دەدات چیرۆکی کورت بنووسێت، ئەوەش بۆ من خۆشحاڵییەکی گەورە بوو، چونکە ھەستم دەکرد مەنجەڵ سەرقاپی خۆی دۆزیوەتەوە. ھەر ئەو رۆژە وانەی “کوردی”مان ھەبوو، مامۆستا “حەمەسەعید” پێش وانەکە زۆر ستایشی منی کرد، کە پەخشانێکی زۆر جوانم خوێندووەتەوە و ھانیدام کە بەردەوام بم لەسەر خولیاکەم، بۆیە ھەمیشە کە بیر لە مامۆستا “حەمەسەعید” دەکەمەوە، ھەردەم ھەست بە ئاسوودەیی دەکەم، چونکە ھاندانی ئەو وەھای لە من کرد، لەسەر رەوتی نووسین بەردەوام تا ئێستا. لەم رێکەوتە بەدواوە، من و حەمە زیاتر لە یەکدی نزیک بووینەوە، زۆربەی کاتەکانمان بەیەکەوە دەگوزەراند، باس و خواسی نێوانمان، تەنیا لە چێوەی ئەدەب و سیاسەت و فیکر و خوێندنەوەدا دەسووڕایەوە. وردە وردەش ھەردووکمان دەستمان کرد بە بڵاوکردنەوەی نووسین و بابەتە کورتەکانمان. ھەردووکمان زیاتر لە بواری ئەدەب چالاک بووین، حەمە زۆرتر چیرۆکی دەنووسی، ھەندێک جار وتاری کورت کورتی بڵاودەکردەوە، منیش زیاتر خوێندنەوەی ئەدەبیم ھەبوو، لە بواری رەخنەیی ئەدەبی بە تایبەت ریالیزمی سۆشیالیست زانیاریی باشم ھەبوو، بەم بۆنەوە نووسینەکانی من، پتر خوێندنەوەی ئەدەبی بوون وەک لەوەی تێکستی ئەدەبی بن.
من و حەمە، ھەر رۆژێک قوتابخانەمان نەبووایە یان لە پشووی ھاوینان، بەیانیان تا نیوەڕۆ، کاتمان لە کتێبخانەی گشتیی سلێمانی بەسەر دەبرد، پاشتریش “ھۆڵی میدیا” کرایەوە، بەشێکی تری کاتەکەنمان لە کتێبخانەی میدیا دەبردە سەر. زۆر بە قووڵی دەمانخوێندەوە، لەسەر زۆر شت ھەر لە مێژوو و سیاسەتەوە دەمانخوێندەوە تاکو ئەدەب و فەلسەفە و فیکری ھاوچەرخ. بڕیارمان دابوو ببینە رۆشنبیرێک رۆڵ لە کایەی رووناکبیریی کوردییدا بگێڕین. رەوتی ئێمەش بەرەو ئەوە دەچوو، لە پاشەڕۆژدا ببینە رۆشنبیرێکی باش، بەڵام بە قەناعەتی خۆم سیاسەت دووری خستینەوە لەو ئامانجە، تەنیا وەک خوێنەرێکی جیددی ماینەوە. لەو زەمەنەدا من بەرەو کۆمۆنیزم ھەنگاوم نا، حەمە نەیدەویست ببێتە کۆمۆنیست ئەگەرچی لەرووی ئایدۆلۆجییەوە تا ھەنووکە خۆی بە چەپ دەزانێت. ھەرچەند ھەوڵی زۆرم لەگەڵ دەدا لە رێگەی جەدەل و گفتوگۆوە، تا بڕوای پێبکەم بۆئەوەی ببێتە ئەندامی حزبی کۆمۆنیست، بەڵام ئەو رەتی دەکردەوە، سەرئەنجام کۆڵم لەوەدا ئەو پێشنیارە بخەمە بەردەمی، ئیدی زێدەتر وەک دوو ھاوڕێ ماینەوە. ھەمیشە بە یەکەوە دەبینراین، بە یەکەوە فێری جگەرەکێشان بووین، بە یەکەوە فێری نووسین بووین، بە یەکەوە عاشق بووین، چیرۆکی عەشقی ئەو زۆر رۆمانسییانەتر بوو لە چیرۆکی عەشقی من، بەیەکەوە زۆر کاری سەیر و جوانمان کرد، بە یەکەوە لە قوتابخانە خۆمان دەدزییەوە، بە یەکەوە بڕیارمان دا حزبێک دروست بکەین، بە یەکەوە بڕیارماندا واز لە ئەدەب بھێنین و وەکو رۆژنامەنووس کار بکەین، زۆرترین بڕیاری بەیەکەوەیمان ھەیە.
محەمەد، جگە لە نووسین، بەپێچەوانەی منەوە، سەلیقەیەکی باشی لە ئەلیکترۆنیات و کارەبا و ئیشی تەکنیکیدا ھەبوو. بیرم دێتەوە لە گەڕەکی رزگاری سلێمانی، دوکانێکی لەو شێوەیەی دانابوو. رۆژێک چوومە دوکانەکە بۆ لای، تا باسی سیاسەت و ئەدەب و رۆشنبیریی بکەین. پێش ھەر شتێک مەوزوعێکی جیاوازیی کردووەتەوە، بەوەی رادیۆیەکی دروست کردووە!!، رەنگە ئەگەر بەکاریبھێنیت ھەموو سلێمانی وەریبگرێت، ھەروەھا بەرنامەیەکی دروستکردبوو دەیتوانی بچێتە سەر پەخشیی تیڤییەکان، بەئاسانی دەتوانرا لەو رێگەیەوە لەسەر تەرەدودی زۆربەی کەناڵە ناوخۆییەکانی ئەوسای کوردستان، پەخش بکرێت و بەرنامەی خۆت پێشکەش بکەیت، بە داخەوە حەمە وازی لە پەرەدان بەم داھێنانە ھێنا، بەڵکو ھەمیشە سیاسەت و رۆشنبیریی پێش ھەر کارێک دەخست. لە قۆناغی ئامادەییدا، حەمە چووە ئامادەیی رۆشنبیری کوڕان، ئەو ساڵە، بەھۆی غیاباتی زۆرەوە، من لە سێی ناوەندیی راسب بووم، بە تایبەت تازە لە ئاوارەیی گەڕابوومەوە و باوکیشم لە زیندان بوو، بۆیە ھیچ مەزاجێکی خوێندنم نەمابوو. ئیتر ئەو ساڵێک کەوتە پێش منەوە. حەمە لە ئامادەیی رۆشنبیر بڵاوکراوەیەکی دەردەکرد بە ناوی “رۆشنبیریی” کە تایبەت بوو بە ئامادەیی رۆشنبیر، لە ھەموو ژمارەکانی ئەو بڵاوکرایەوەدا بەشدارییو ھەبوو بە نووسینی چەندین بابەتی جیاواز، ھەرچەند ھیچ ژمارەیەکم لەلا نەماوە لەو بڵاوکرایەوە، کەچی ھێشتا ناوی وتارەکانی خۆمم لەو بیرم ماوە، یەکێکیان دەربارەی چەوساندنەوەی ژنان و فێمینیزم بوو، ئەوێ رۆژێ بە دەگمەن خەڵک ھەبوو لە مانای فێمینیزم تێبگات.
من و حەمە، لە ناوەڕاستی نەوەدەکان، بیرمان لە دەرکردنی رۆژنامەیەکی ئەھلی دەکردەوە، بیرۆکەی زۆرمان داڕشت، ھەنگاوی باشمان دەنا، چونکە بارودۆخەکە پشتیوانمان نەبوو، شکستمان ھێنا. ئێمە تەرزێک نووسین و بیرکردنەوەمان ھەبوو، لەگەڵ ھیچ رۆژنامە و گۆڤارێکی کوردیدا نەدەگونجا, بەم بۆنەوە زیاتر ھەوڵماندەدا کۆڕ و سیمینار بگرین یان لە مێزگردەکاندا بەشدا ببین. کە دەڵێم پارادیمی ئیشکردنی ئێمە لەگەڵ بڵاوکراوەکانی کوردستان نەدەگونجا، بەو مانایە بوو ئێمە بە نۆرمێک کارمان دەکرد، کۆمەڵ و ماسمێدیای کوردیی، نەیدەتوانی بەرگەی بگرن. جارێکیان من لە سیمینارێکدا وتم، سێکس غەریزەیەکە وەک رەمەکی خواردن، جیاوازیی نابینم لەنێوان ئەو کەسەی نان دەخوات و ئەوی سێکس دەکات، ھەر خەریکبوو ھۆڵی کۆمەڵەی ھونەرە جوانەکانم بەسەردا بڕمێنن. ھەر لەم روانگەیەوە بوو ھەوڵماندەدا بڵاوکراوەیەک دەربکەین مێشکی مرۆڤی کورد بەتایبەت بەرامبەر تابووەکان بکاتەوە، ئێمە سەرنەکەوتین، بەداخەوە مۆدیلێکی تر لە میدیا بەناوی ئەھلییەوە سەرکەوت کە نەیتوانی بچووکترین ئیش لەم رووەوە بکات.
دواتر لەگەڵ حەمە، گەڵاڵەی بیرۆکەیەکمان کرد، بۆ دروستکردنی حزبێک، حزبەکە حزبێکی چەپ بێت، دژی ئەو واقیعە بوەستێت بەھۆی شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەییەوە بەسەر کۆمەڵگەی کوردییدا سەپابوو. بۆ ئەو مەبەستە دەیان کەسمان کۆکردەوە، بەڵام نەدەتوانرا کۆبوونەوەیەکی گشتیی رێکبخرێت، لەبەر دوو ھۆ، یەکەم: ئەفکاراتی جیاواز جیاواز ھەبوو. دووەم: نەدەتوانرا لە ترسی چاوی دەزگا ئەمنییەکان ژمارەیەکی ئاوھا خەڵک کۆ بکرێتەوە لە جێگەیەک، چونکە ئەوسا ئاسان نەبوو بۆ مەبەستێکی وەک ئەوەی ئێمە بە ئاشکرا خەڵک کۆبکەیتەوە. ئەم دواکەوتنە زۆری کێشا، تا ئەوەی ئێمەش لە بیرۆکەکە ساردبووینەوە، تاکوو چەند مانگێک. لە ھاوینی ١٩٩٨ کەسێکمان ناسی بەناوی “کاڤار شوانی”، ئەویش وەک ئێمە بیری لە دروستکردنی حزبێک کردبووەوە، بەڵام کێشەی گەورەی نێوان ئێمە و ئەو، لەوەدا خۆی دەبینییەوە ئێمە چەپ و ئەو نەتەوەیی بوو. ھەر چۆنێک بوو، خاڵە ھاوبەشەکانمان کردە بنەمای کارکردن، بۆیە رێککەوتین لەسەر دروستکردنی حزبێک بەناوی “پارتی سۆسیالیزمی نیشتمان”. پەیڕەو و پرۆگراممان بۆ نووسییەوە، ژمارەیەک کادری ئەساسیمان لە دەوری خۆمان کۆکردەوە، ئامادەکارییمان دەکرد بۆ بەستنی کۆنگرەیەک، بەڵام پێش ئەوە چەندین چالاکیمان لە رووی راگەیاندن و تەبلیغاتەوە ئەنجامدا. بۆ نموونە پۆستەر و لافیتەی زۆرمان بە شوێن گشتییەکاندا ھەڵواسی، بە تایبەت دژی گەندەڵی و دوو ئیدارەیی و نەبوونی شەفافییەت کە ئەوێ رۆژێ ئەم دروشمانە تازە بوون و کەس نەیدەوێرا دروشمی وەھا زل ھەڵبگرێت و شەڕی دەسەڵاتی پێبکات.
پارتی سۆسیالیزمی نیشتمان. کێشەی ئەوەبوو، دەستی نەدەگەیشتە جەماوەر، ئەوسا نە مۆبایل ھەبوو، نە ئینتەرنیت، نە میدیای کراوە. خەڵکیش حەماسی زۆری ھەبوو بۆ پارتی و یەکێتی. ئەمانە بوونە بەربەستی ئەوەی پارتییەکە وەک مەحفەلێکی بچووک و نھێنی بمێنێتەوە. کێشەیەکی تری من و حەمە، لەگەڵ کاڤار شوانی، ئەوەبوو، ئەم پیاوە نەتەوەییەکی کلاسیکیی بوو، تەنانەت زۆربەی جار من و حەمە بە وتەکەی ئەومان رادەبوارد کە زۆرجار دەیووتەوە “پەرداخێک ئاوی بێگەرد نادەم بە دەریایەک لیتە”. منیش ھەموو جارێک دەمووت “پێکێک عەرەقی ئەبو نەخلە نادەم بە ھەزار قاپی فەلەکە”. ئێمە و کاڤار نەمانتوانی ماوەیەکی زۆر پێکەوە بین، ئەوەبوو کۆتایی ساڵی ١٩٩٨ وازمان لەو بیرۆکەیە ھێنا، دواتر کەس بە دەوری “کاڤار”ەوە نەما و ئەویش سەری خۆی بۆ کەنەدا ھەڵگرت.
من و حەمە، کۆڵمان نەدا، ئەمجارە بیرمان لە دروستکردنی پارتێکی شۆڕشگێڕ کردەوە، بە قووڵی کەوتینە خوێندنەوەی بەرھەمەکانی “لینین و ترۆتسکی و پلیخانۆڤ و گیڤارا” و بەرھەمەکانی تری شۆڕشگێڕیی چەپ. لە مانگی دیسامبەری ١٩٩٩ لەگەڵ کۆمەڵێک گەنج لە ماڵی ئێمە دانیشتنێکمان کرد، کە حزبێکی نوێ بە ناوی “پارتی چەپی دیموکراتی کوردستان” دابمەزرێنین، منیش بڕیارمدا واز لە حزبی کۆمۆنیست بھێنم. لەگەڵ حەمە کەوتینە کۆکردنەوەی خەڵک. یەکەم کۆبوونەوەمان لەناو حامیەی سلێمانی کرد، “شوێنی پارکی ئازادیی ئێستا” چونکە رووبەرێکی فراوانی چۆڵ بوو، لە کاتی ھاتنی ئاسایشدا بواری ھەڵھاتن و خۆ ونکردنی زۆر ھەبوو. پاشان دەیان کەسمان وەک نەواتی سەرەتایی بۆ دامەزراندنی ئەو حزبە کۆکردەوە، بەڵام بەھۆی خەتمایلێکەوە زانیاریی ئیشەکەمان گەیشتەوە بە یەکێتی، بە تایبەت ئێمە دەمانویست بە ھاوکاریی ھەندێ کۆنە کادری پەکەکە بچینە شاخ، “پێشتریش ھەوڵێکی لەو جۆرەمان دابوو” چونکە چەند گەریلایەکی دابڕاو کەوتبوونە لای ئێمە، کە ھەموویان کوردی باکوور بوون و لە ماڵی “خالید ئەژی” حەشاردرابوون.
پاش گەیشتنەوەی زانیارییەکە بە یەکێتی، چەند کەسێک دەستگیر کران، ھەروەھا چەند کەسێک ھەڕەشەیان لێکرا. لە کۆتاییدا من و حەمە و خالید ئەژی و یوسف ئابڵاخی بە تەنیا ماینەوە، ئێمەش ناچار دەستبەرداری بیرۆکەکە بووین. من و یوسف کە ھەردووکمان کادری حزبی کۆمۆنیست بووین، ھەر بەردەوام بووین لە کاری خۆمان لە حزبی کۆمۆنیستدا، خالید کە مەترسیی زۆرتری لەسەربوو، چەند کەسێکی مەسیحیم پێ ناساند، لای کەنیسەی ئینجیلی سلێمانی پارێزرا بۆ ماوەیەک تا دۆخەکە ئاسایی بووەوە. “حەمە”ش زیاتر لەگەڵ ئێمە بوو، بۆیە ھەمیشە لە دەرەوە وا دەزانرا ئەویش کادری حزبی کۆمۆنیستە. من و حەمە عەدنان، بەیەکەوە ماینەوە، ھەروەک پێشوو. لێرە بەدواوە بیرمان لە گەیشتن بە ھەندەران دەکردەوە. من خۆمم پێ رازی نەدەکرا، “محەمەد”ش پارەی نەبوو. بۆیە بیرۆکەی چوون بە ھەندەرانیشمان ھەر وەک بیرۆکەکانی تر شکستی ھێنا. ئیدی ژیانی رۆژانەمان تەنیا بریتبوو لە خوێندنەوە و ھاتوچۆی سەنتەری گەنجان و ئێوارانیش بۆ سەھۆڵەکە. ھەر لە کۆتایی ١٩٩٩ لە سەنتەری گەنجان “گۆران عومەر”ی جوانەمەرگمان ناسی، ئەویش وەک ئێمە دەیویست بیرۆکەکانی جێبەجێ بکات، بۆیە گروپەکەمان فراوانتر بوو بۆ چوار کەس “حەمە، گۆران، ئاسۆ، ستیڤان” رۆژانێکی ناخۆشی خۆشمان بردە سەر تا دەوروبەری ھاوینی ساڵی ٢٠٠٠.
ھاوینی ساڵی ٢٠٠٠ یەکێتی پەلاماری حزبی کۆمۆنیستی دا، من وەک کادری ئەو حزبە کەوتمە خۆشاردنەوە. “محەمەد” بێکار دەسوڕایەوە، گۆران وردە وردە بەرەو تەلەفزیۆنی خاک و دوایش کوردسات رۆیشت. یەکێتی کون بە کون بە دوای کۆمۆنیستەکاندا دەگەڕا، منیش جارێک گیرام و ئازادکرام. بەھۆی ئەو ترسەوە بینینی من لەگەڵ حەمە و گۆران زیاتر بە شەوانە بوو، سەھۆڵەکەش کە پڕ ببوو لە سیخوڕی ئاسایش بۆ من شوێنێکی پارێزراو نەبوو، بۆیە زۆربەی جار لە کۆڵانەکانی پشتی ماڵی حەمە لە گەڕەکی شێخ محێدین، دادەنیشتین، جاروباریش “یوسف ئابڵاخی” سەری لێدەداین بەتایبەت کە کۆڕی موناقەشەی فیکریی و رۆشنبیرییمان گەرم دەکرد. ساڵی ٢٠٠٠، سەفەری دەرەوەی وڵاتم کرد، من و ئاسۆ ھاوسەفەر بووین، گۆران و حەمە عەدنان و ئەیوب رەزا و بابان حەمە و برادەرە ئازیزەکانم جێھێشت. کاتێک من لە سەفەر ھاتمەوە حەمە، زەواجی کردبوو، ئەیوب و گۆران لە کەناڵی کوردسات یەکیان گرتبووەوە، من وەک سەگی پێ سووتاو بە شاردا دەسوڕامەوە، ھیچ ئیشێکم نەبوو، فلس لە گیرفانمدا سەوزەڵە خانمی بوو. تەنیاش مابوومەوە، بەم حاڵەوە رامکێشا تا دووەم جار سەفەرم کردەوە. گۆران و ئەیوب و حەمە بەھۆی سەرقاڵییان کەمتر دەرفەتی بینینی منیان ھەبوو. ئیدی ئەم جارە “رێباز حەمەجەزا” کە ھێشتا پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی تەواو نەکردبوو، جێگەی ھەموویانی گرتەوە.
دوای پرۆسەی ئازادیی، من گەڕامەوە بۆ نووسین لە رۆژنامەکاندا، حەمە رووی کردە کاری تەلەفزیۆن، لە تەلەفزیۆنی پارێزگاران بەرنامەیەکی وەرگرت، لەو ماوەیەدا دوو چاوپێکەوتنی بۆ ئەو تەلەفزیۆنە لەگەڵ من ئەنجامدا. لەوێ خۆی نەگرت و رووی کردە تەلەفزیۆنی خاک. منیش لەو ساتانەدا رۆژنامەی “نێوەند”م دەردەکرد، دوای خاک، حەمە رووی کردە کوردسات وەک بێژەری ھەواڵەکان. لەوێ ئەیوب و گۆران و حەمە بە یەک گەیشتنەوە. پاشان لە کوردسات تووڕەبوو، بووە بێژەر لە کەناڵی عەشتار، ئەوەندەم نەزانی بە تەواویی سەری خۆی ھەڵگرت، زیاتر لە سێ ساڵ لێی بێ خەبەر بووم، تا زانیم گەیشتووەتە نیوزلەندا، بەڵام ھێشتاش ئەو ھاوڕێیەتییە کۆتایی نەھات، بەڵکو ماڵی فەیسبوک ئاوا بێت، جارێکی دیکە بە یەکتری شاد کردینەوە.
سەرنج: کۆی ئەم نوستالیژیانە لە بەھار و ھاوینی ساڵی ٢٠١٢دا نووسراون.

تێبینی: ئەم بەشەی نوستالیژیا له بەرگی سێیەمی کتێبی (قوتووی عەتار) لە لاپەڕە 533- 539 بەشێوەی کتێبی کاغەز بڵاوکراوەتەوە.




کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.. عوسمانی حاجی مارف

لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی غەززە، پەیوەندیەکانی ئەمریکاو عێراق وەرچەرخانێکی ئاڵۆزتری بەخۆیەوە بینیوە، بەوپێیەی هێزە میلیشیا عێراقیەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، وەک حزبوڵای عێراقی، زیاتر لە ١٧٠ هێرشیان کردۆتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا کە لە عێراق و سوریا جێگیرن، بە کەڵکوەرگرتن لە مووشەکی مەودا کورت و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
جگە لەوەی حزبوڵا بەناوی پشتیوانیکردن لەغەزەو حەماس ئەم هێرشانەیان ئەنجانمداوە، لەهەمانکاتدا سودیان لە بەرزبوونەوەی هەستی توڕەیی و نارەزایەتی خەڵکی ناوچەکە بەرامبەر بە ئەمریکاو ئیسرائیل وەرگرتوە، بەمەبەستی زیادکردنی فشارەکان لەسەر بوونی ئەمریکا لە عێراقدا، بەئامانجی پاشکشە پێکردن و پاڵنان بە واشنتۆنەوەیە بۆکۆتاییهێنان بەو ستراتیژە درێژخایەنەی کە چەندین ساڵە بەدوای گوشاری ملکەچکردنی ئێرانەوەیەوە بۆ بردنەپێشەوەی نەخشەو سیاسەتەکانی لە ناوچەکەدا، ئەو نەخشەو سیاسەتەی کە نەیتوانیەوە سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.
هەرچەندە سەرکردەیەکی حزبی دەعوە ئاشکرایکردوە کە سەرکردەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی ڕێکەوتون لەسەرئەوەی دەبێت تا کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم هێزە بیانیەکان بەگوێرەی خشتەیەکی کاتی لە عێراق بڕۆنەدەرەوە، بەڵام کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق نزیک نیە، هەڵبەتە ئەوە ئاشکرایە کە ئەو هێزانە لەژێر فشاردا دەمێننەوە، چاوەڕوانیش ناکرێت گفتوگۆکانی نێوان عێراق و ئەمریکا ببنە هۆی کشانەوەی کتوپڕی ئەمریکا لە عێراقدا.
بەردەوامبونی شەڕ لە غەززە و پەلهاویشتنی شەڕەکە بۆ لوبنان و بانگەوزای ئەوەی مەترسی ئەوە هەیە ئەم شەڕە فراونتر بێتەوە لە ناوچەکەدا، ئەو بیانوە ئەدات بە ئەمریکا کە پاراستنی بنکە سەربازیەکانی لە ناوچەکە بە گشتی و لە عێراق بەتایبەتی بهێڵیتەوە، گەر فشاری زیاتریش لەسەر بوونی ئەمریکا لە عێراقدا لەلایەن هێزە میلیشیاکان و ئێرانەوە بەکاربهێنرێت، ناچارە بمێنێتەوە.
لەلایەکی ترەوە واشنتۆن ترسی ئەوەی هەیە کە کشانەوەی لە عێراق، لە نێوان ململانێکان و کێبڕکێی بەردەوامی نێوان گروپە عێراقیەکان، مانای زیاتر گواستنەوەی عێراق و هەرێمە بەرەو ڕادەستبونی تەواو بە نفوزی ئێران.
سودانی کە لە ئێستادا ڕووبەڕووی دۆخێکی سەخت بووەتەوە، پێویستی بەوەیە هاوسەنگی پەیوەندی حکومەتەکەی لەگەڵ هەردوو ئەمریکا و ئێران بپارێزێت، لەهەمانکاتدا فشاری هێزە میلیشیاکانیش لەخۆبگرێت، لەلایەکی تریشەوە بەردەوامی ئەدات بەفشارەکانی خۆی بەسەر حکومەتی هەرێمدا، بەهاوکاتی چونەپێشەوەی سیاسەتی ناوندبونەوەی حکومەتی عێراق.
پەرەسەندنی سەربازی ئەمەریکا لە دژی میلیشیا عێراقیەکان، لە کاردانەوەی کوشتنی سێ سەربازی ئەمریکی لە بنکەیەکی ئەمریکی لە ئوردن، گۆڕینی عێراق بۆ ژینگەیەکی دوژمنکار بەرامبەر بە بوونی ئەمریکا خێراترکرد، هاوکات جۆری داواکانی حکومەتی سودانی بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی ئەمریکا، ناچاریەکە بۆ موجامەلەی هێزە میلیشیاکان و ڕاگرتنی ئێران، تا بەجۆرێک لەئێستادا خۆی لە هەڕەشەی زیاتر ناسەقامگیری سیاسی بپارێزێت، بەمشێوەیە دۆخی قەیرانی نێوان پێکهاتە سیاسیە جیاوازەکان لە عێراقدا کە چەندین ساڵە بەدەستیەوە دەناڵێنن بەردەوامەو بەئاسانی کۆتایی نایەت.
لەلایەکی تریشەوە ئەوە شاراوە نیە کە هەوڵەکان بۆ خواستی کۆتاییهێنان بە ئامادەبونی سەربازی ئەمریکا سەرچاوەیەکی دووبەرەکی نێوان بەغدا و هەولێرە. حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بەهەر ئاستێک لە گەیشتن بەبێ ئاسۆیی لە بەرامبەر ئەمریکادا، بەڵام دژایەتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکەن، چونکە دەمێکە لە گۆڕانی هاوسەنگی هێزیان بەو ئاکامە گەیشتون کە بەبێ بونی ئەمریکا ناتوانن لە بەرامبەر هێزە میلیشیاکانی عێراق و هەر هێرشێکی ئێراندا خۆیان بپارێزن و قەوارەکەیان ڕاگرن.
گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان کوتلە شیعەکان و هێزە ئەمریکیەکان لە عێراق زیاتر بووە، ئەوەش دوای تیرۆرکردنی “موشتاق جەواد ئەلسەعیدی” ناسراو بە “ئەبو تەقوە”، کە بە سەرکردەیەکی دیاری هێزەکانی حەشدی شەعبی دادەنرێت.
فراکسیۆنە عێراقیەکان کە لە دژی بوونی ئەمەریکا چالاکن، بەتایبەتی”بەرەنگاری ئیسلامی لە عێراق” بە شێوەیەکی سەرەکی لە هێرشەکانی دژی هێزەکانی ئەمریکادا دەورێکی زۆر دەبینێت، هەروەها بەشێکن لە هێزەکانی حەشدی شەعبی، بەڵام پەیوەندیان بە “چوارچێوەی هەماهەنگی” شیعەکانەوە نییە.
جگە لە حزبوڵای عێراقی کە وەستانی هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا ڕاگەیاند، بەڵام “بەرەنگاری ئیسلامی لە عێراق” هێشتا بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان.
عێراق شاهیدی پەرەسەندنی گرژیەکانی نێوان ئەمریکا و کوتلە چەکدارە شیعەکانە کە ئێران پاڵپشتیان دەکات، بەسەرۆکایەتی یەکینەکانی حەشدی شەعبی بەمەبەستی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا، ئەمەش گوشارەکانی بۆ سەر حکومەتی بەغدا زیاد کردووە.
گوشارەکان لەم چوارچێوەیەدا تا دەگاتە بەکارهێنانی بژاردەی چەکداری، هەوڵدانی هێزە میلیشیاکان و ئێرانە بۆ سەپاندنی بڕیارێکی سیاسی تا لەلایەن سودانیەوە دەرکرێت بۆدەستپێکردن بە دوورخستنەوەی هێزەکانی ئەمریکا، بەڵام سودانیش لە هەوڵی ئەوەدایە کە لە ڕێگەی دیبلۆماسی، مەسەلەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا مامەڵەبکات.
لەسەرەتای ئەمساڵەوە واتە ٢٠٢٤ گرژی و ئاڵۆزی لەسەر مەسەلەی چونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا زیادی کردووە، زۆربەی لێدوانەکانی سودانی کە داوا لە واشنتۆن دەکات هێزەکانی بکشێنێتەوە، لەئەنجامی فشاری لایەنە چەکدارەکان و ئێرانە، بەڵام ئەوە پێشبینی دەکرێت کە سودانی ئەو نیازەی نیە ئامادە بێت بریارێکی لەوچەشنە دەرکات، کە داوابکات هێزەکانی ئەمریکا بەم نزیکانە عێراق بە جێبهێڵن.
ئەمریکا چەند هەفتەیەک پێش جەنگی غەززە لەگەڵ حکومەتی بەغدا چووبووە گفتوگۆ، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دانانی خشتەی کاتی دەرچوونی هێزەکانی، بەڵام گفتوگۆکان وەستا دوای ئەوەی لایەنە شیعەکان دوای ٧ی ئۆکتۆبەر هێزەکانی ئەمریکایان کردە ئامانج، واشنتۆن لەوکاتەدا بە سودانی ڕاگەیاندوە کە ئیدارەی جۆ بایدن هیچ نیازێکی نییە لەئێستادا وادەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی ئەم دانوستانانە دیاری بکات.
سەرچاوە ئەمنیەکان لە هێزەکانی حەشدی شەعبی ڕایانگەندووە، ئەو لایەنانەی بەشدارن لە هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا، ئێستا لە بارەگا سەرەکیەکانیان لە شارەکان دەکشێنەوەو بەشێک لە سەرکردەکانیان بۆ خۆپاراستن ڕۆشتن بۆ ئێران.
هەروەها جەختیشیان لەوە کردوە کە دۆخی عێراق ڕۆژ لە دوای ڕۆژ مەترسیدارتر دەبێت، بەتایبەت لەگەڵ ئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر، لەکاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت کە ئەمریکیەکان لە ئاست ئەو هێرشانە بێدەنگ نەبن، چ لەسەر بنکەکانیان لە عێراق، یان لەسەر شوێنەکانی نزیک لە شوێنەکانیان لە هەولێر.
سەرچاوەیەکی سیاسی لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە ئەوەی ڕاگەیاندوە، پرسی دوورخستنەوەی ئەمریکیەکان لە عێراق دەستیکردوە بە بردنی وڵات بۆ قۆناغێکی ئاڵۆزتر و مەترسیدار، لەکاتێکدا هەمووان لەبەردەم خەڵکدا دەڵێن کە دەیانەوێت هێزە ئەمریکیەکان بچنە دەرەوە، بەڵام لە واقیعدا جیاوازی هەیە لەسەر چۆنیەتی کردنەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا بەتایبەت لە نێو چوارچێوەی هەماهەنگی و هێزەکانی حەشدی شەعبیدا.
شایەنی باسە، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە بە چەترێکی سیاسی دادەنرێت کە هەموو لایەنە تەقلیدیە شیعەکانی عێراق کۆدەکاتەوە، سەرکردایەتی حکومەتی ئێستای عێراق دەکات، جگە لەڕەوتی سەدر،هەروەها گەورەترین بلۆکی پەرلەمانی عێراقیان هەیە.
قەیس خەزعەلی کە سەرۆکایەتی فراکسیۆنی عەسائیب ئەهلی حەق دەکات، یەکێکە لە بەهێزترین کوتلە چەکدارەکانی شیعەیە، بە یەکێک لە دیارترین سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دادەنرێت، خاوەنی ژمارەیەکی زۆرە لە کورسیەکانی پەرلەمان، هاوکات بەتایبەتی پشتگیری لەسودانی دەکات، ژمارەیەکی زۆر پۆستی گرنگی لە حکومەتی بەغدادا هەبووە، لە ئێستادا لەگەڵ ئەوەدا نیە بە لێدانی چەکداری ئەمریکا لە عێراق بکرێتە دەرەوە.
هەندێک لەو لایەن و هێزە میلیشیایانە دەیانەوێت ئەمریکیەکان بەزۆر، بە چڕکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەریان دووریان بخەنەوە، بەڵام هەندێکی تریان دەڵێن کە توندوتیژی لەم بابەتەدا دەبێتە هۆی دەرئەنجامێک کە عێراق بەرگەی ناگرێت.
یان هەندێکی تریان دەڵێن ئێمە دەمانەوێت هێزە ئەمریکیەکان وڵاتەکەمان بەجێبهێڵن، بەوپێیەی ئێستا عێراق وڵاتێکی سەربەخۆیە، باشترین چارەسەر بۆ گەیشتن بەم ئامانجە چارەسەری “دیپلۆماسیە” و فشاربخرێتە سەر حکومەتی سودانی بۆئەوەی بچێتە دانوستانەوە لەگەڵ ئەمریکیەکان بۆ دانانی بەرنامە بۆ دەرچوونی هێزەکانیان.
لەلایەکی دیکەوە، فراکسیۆنەکانی دیکەی ناو هێزەکانی حەشدی شەعبی، دیپلۆماسی بە نیشانەی لاوازی دەبینن، بژاردەی چەکداری وەک چارەسەرێکی ئایدیاڵ بۆ دەرکردنی هێزە ئەمریکیەکان لە عێراق دەبینن و چڕکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەریان دەتوانێت ئەم ئامانجە بەدیبهێنێت.
لیواکانی حزبوڵڵای عێراق و بزووتنەوەی نوجەبا دوو کوتلەی بەهێزن لەناو هێزەکانی حەشدی شەعبیدا، کە بە گوتەی سەرکردەکانیان دەیانەوێت هێزەکانی ئەمریکا بەزۆر لە وڵات دووربخەنەوە، هەروەها دەڵێن هەرکەسێک لە حکومەت و چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەدا دەبینێت کە دیپلۆماسی و دانوستان باشترین چارەسەرە بۆ دەرچوونی ئەمریکیەکان لە عێراق وەهمیە، و هەوڵدەدات بەرژەوەندیە سیاسی و ئابووریەکانی بپارێزێ، بۆیە چڕکردنی هێرشەکان چارەسەری ئایدیاڵە، بەوپێیەی کە داگیرکەر لەڕێگەی دیپلۆماسی و دانوستانی سیاسی وڵات بەجێناهێڵێت، بەڵکو لەڕێگەی بەرەنگاریەوە وڵات بەجێدەهێڵێن. لەهەمانکاتدا دەڵێن “ئەگەر چوارچێوەی هەماهەنگی و سودانی دەیانەوێت لەڕێگەی دیپلۆماسیەوە ئەمریکیەکان دەربکەن، ئەوا ئازادن، با چارەسەری چەکداری بۆ ئێمە بەجێبهێڵن بۆ دەرکردنی داگیرکەران لە وڵاتەکەمان”.
لەکاتێکدا کوتلەی عەسائیب ئەهلی حەق ئامادەنەبوو بەشداری لە هێرشکردنە سەر هێزە ئەمریکیەکان لە عێراقدا بکات، ئێران و حزبوڵڵای لوبنان فشارێکی زۆر دەکەن بۆ دەرکردنی ئەمریکیەکان، حزبوڵڵای لوبنان نوێنەری خۆی ڕەوانەی عێراق کردووە بەمەبەستی داڕشتنی پلان بۆ دوورخستنەوەی هێزەکانی ئەمریکا.
فشاری حزبوڵای لوبنان لە عێراق بۆ لابردنی هێزەکانی ئەمریکا، فشاری زیاترە بۆ سەرلایەنگرانی سودانی، دەشڵێن: “پێداگری حزبوڵای لوبنانی و عێراقی و ئەلنوجەبا بۆدەرکردنی ئەمریکیەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاددەبن و ئەمەش وامان لێدەکات پێکدادان ڕەت نەکەینەوە. ڕاستەوخۆ لەنێوان ئەوان و واشنتۆن ئەگەری ئەوە هەیە بەشێوەیەکی توندتر لەڕۆژانی داهاتوودا بەرەوڕوی یەکتر ببنەوە”!؟
لەگەڵ ئەو بۆچون و جیاوازیانەی لە بەرامبەر بونی ئەمریکا کە بۆتە کێشەیەکی جدی بۆ حکومەتی عێراق، بەڵام ئاستی ململانێکان و ئاراستەی پێداویستی ئەمریکا بۆ مانەوەی لەعێراقدا، ئەوە پێشبینی دەکرێت کشانەوەی ئەمریکا لە عێراقدا وەک کەیسێک بە هەڵوسراوی دەمێنیتەوە.
واقعیەتی بوونی ئەمریکا و ئەم ململانێیەی نێوان هێزە شیعەکانی عێراق، لەسەر چونەدەرەوەی ئەمریکا، بەجیا لەوەی فشاری ئێران ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت، بەڵام شەڕی غەززە، ئەم دۆخی ململانێیەی چڕترکردۆتەوە، فرسەتی داوە بە ئیران کە لەوبارەیەوە بتوانێت فشارەکانی زیاتر بکات، بۆ زیاتر شکستهێنان بەدەوری ئەمریکا لە عێراق و لە ناوچەکەدا، بەمجۆرە کە زیاتر ئاڵۆزبونی دۆخەکەمان نیشان ئەدات، لەدواجاردا بە بەرژەوەندی هەر لایەنێکیاندا بشکێتەوە، جگە لە درێژەدان بە نەهامەتی و کارەسات و قوربەسەری بۆ ژیان و گوزەرانی دانیشتوانی عێراق و ناوچەکە، کە چەندین ساڵە بەدەستیەوە دەناڵێنن، هیچ شتێک بۆ بەرژەوەندی خەڵک لێ بەدەست نایەت.


بۆئەم وتارە بۆ هەندێ زانیاری سود لە https://arabicpost.net/ وەرگیراوە




شیعر\ بسکێن سۆر.. هەژار حوسێن

زستانێکی درێژە ناوت
خەونێک بوو ڕۆحت
جێی هێشتم

کەزییەکانت لەتەنافەکان دەئاڵان
بۆنی پرچت هەناسە سوارەکانمی سیخ کرد
حەزم لەبۆنی خەنەیە
کەیفم بە بسکێن سۆردێ

لە خەونەکانم بۆت ڕادەچڵەکێم،
وڕێنەدەکەم، هاوار…
بۆ لەبیر بردنەوەت، ترسان دەکەمە بەهانە

لە دوا هەناسەکانت، دەستت لەنێو دەستەکانم بوو
ڕۆحم بە دەنگت سپارد
بەڵکو ئەم هەناسەیەت ببێتە ڕستەیەکی نەمر
دەتویست شتێک بێژی، نەتگوت!
بشترازێی لەگەردەنم، هەر تەوقی ئەبەدیی
لە بەژنی سنەوبەرێک ڕا تا شتڵە ڕەیحانێک،
لە گوڵێکی ئەرخەوانیی ڕا تا زەردەپەڕ
لە ڕووبارەوە تا چیا
لە بەفرەوە بۆ خۆرەتاو
من تەنها ڕەنگەکانی تۆ دەبینم.
ڕەنگەکانت دەبینم
کەچی بەبێ ڕەنگی
دەگریم.

2

دەبا تەنیابین
پێکەنینە هیچەکانتان
بەڕووخساری زەرد هەڵگەڕاو
ئێوە چەندە بۆنتان ناخۆشە
چەنده ئاسودەن لەنێو زبڵدانی ئەو وڵاتەی
خۆتان تیا کوشت
چەند خۆشحاڵن دەبینن و نوقەتان لێوەنەهات
پیره پیاوێکی بۆیاغچی و ژنێکی گۆرەویفرۆش .

3

خۆنەچەمینن ڕۆژانێک بەڕێوەن
ئەمجارەیان جەنگ ئاودیوی شاخانمان دەکاتەوە
ئەمجارەیان ئامان دەسکی چەکەکانتان قورسمەکەن
جەنگێک بەرۆکمان دەگرێت ڕەش تروسکای خۆریش دەشارێتەوە
ئەمجارەیان لێ بگەڕێن خاک بۆ ئێمەبێت

4

دەمانزانی بەیەکەوە بەدبەخت دەبین
پێکڤەبووین
سینگمان دووبەربو بەگوڵی دۆستان
ئەو هەڤاڵانەی
بێباک دەهاتن تەنیاییان دەحەساوە
مە مالەکاهەی
ڕازەکان و درۆکانی دۆستانمان لێ دەنێژین
ڕۆژ دێ زڤڕن
چیا بە چیادەکەوێت
چاو بەچاڤان ناکەوێتەوە

5

گوڵێکی زەرد لەسەر گۆڕم دەڕوێت
ڕەنگی پێستی تۆیە
تەنیایی دوماهیکەکا بەرینە
من تەنیایی نەی کوشتم
مرۆڤ و خودا بوون
خاکیان پێ داین
وشک
داری ڕزیویان پێداین
بۆ سێبەری گۆڕەکانمان




وردە باس.. پشکۆ ناکام

ئەڵێن لە دەوروپشتی دادگای فیدراڵ لە بەغا ” پاراستن ” سێ چوار کەسی داناوە کە هەر کەسێ بە “عەریزە”وە خۆی پیا کرد ئەبێ ئەوان یەکسەر هەولێر ئاگادار بکەن ، کۆدی مەسجەکەش ئەمەیە : سکاڵایەکی تر بەڕێوەیە..

کۆمپانیای حکومەتی هەرێم کە یەکێکە لە کۆمپانیا{چەورەکان]ی پارتی دەیان ناو و ناتۆرەی بەرامبەر بە بەغا هەیە : شۆڤینی..مەزهەبی…خۆ سەپێنەر…نا دادپەروەر…ناحەزی کورد و کوردستان ..تەنها لەیەک شتا بە”حکومەتی فیدراڵ ” ناوی ئەبا ئەویش کە ئەگاتە سەر پارە و بە تایبەتی مووچە و لە سەردانەکانی “پێنج کوڕە ئازاکە” بەغا ئەبێ بە فیدڕاڵ و بە پێ ی دەستور وەک شەوی بەرات دایمە بەغا ئەبێ ئاگای لە تورەکەکەیان بێ بە بێ ئەوەی ئەوان دەستکەن بە خۆیانا ، واتا شەش و بەیاز ! ئەمەش داهێنانێکی تری پارتییە بەناوی ” فیدراڵی مووچە “…

کەس لەوە تێ ناگا ئەو شین و شەپۆڕەی تورکمانەکان بۆ چیە ؟ گوایا بە نەمانی کۆتا کورسییەکان ئیتر دیموکراسی بەر سەیارە کەوتوە و کەس نەماوە ئاگای لەو بەدبەختانە بێ و هەتیوو کەوتوون و کەس نیە نوێنەرایەتیان بکا..!! ئەی ئەوان نازانن لە پارلەمانا باشترین دۆست و بەئەمک ترین حیمایەیان هەیە کە ئەویش پارتییە ،،ئەوان خۆیان بە خودی خۆیان نیو هێندەی پارتی بەرگری لە خۆیان بکەن ، لەبەر خاتری چاوی کاڵی خۆیان نا بەڵکو لەبەر خاتری تورکیا ،لەبەر خاتری خاتران…دێمە سەر دینی تورکمان..هەر پارلەانتارێکی پارتی “ئوردوگان”ێکە بۆ خۆی و پارتی لە ئەنقەرەش دابمەزرایە هەر وەک ئێستا پەرۆشی تورکمانەکان ئەبوو وەک خیسڵەتێكی هەر شاگرد یان بەردەستێک بەرامبەر بە وەستاکەی ، خۆ بە خۆڕایی نیە بە حوکمدارەکەی هەولێر ئەووترێ :
:”والی تورکیا لە هەولێر: …با تورکمانەکان دڵیابن لەوەی یەک پارتی لە لە پارلەمانا بێ ئەوە نوێنەری ئەوانیشە…




كتێبی (لە ژێر ساباتی شیعری پەشێودا) چاپ و بڵاوكرایەوە

       

كتێبێكی دیكەی نووسەر (سەدیق سەعید ڕواندزی) بە ناوی ( لە ژێر ساباتی شیعری پەشێودا) چاپ و بڵاوكرایەوە. ناوەڕۆكی ئەم كتێبە، لە كۆمەڵە وتارێكی ئەدەبی لە بارەی پەشێو و شیعرەكانی پێكهاتووە و تیایدا نووسەر خوێندنەوەی بۆ بەشێك لە شیعرەكانی پەشێو كردووە و پەیامی سیاسی و كۆمەڵایەتی لە شیعرەكانی شاعیر خستۆتە ڕوو. پەیوەندی شوێن و ژیانی شاعیر، كاریگەریەتی غەریبی و ڕەنگدانەوەی لە شیعرەكانیدا باسكردووە. ئەم كتێبە، لەلایەن كتێبخانەی ئەحمدی خانێ لە سۆران، بە ژمارە سپاردنی (180) ساڵی 2024 چاپ و بڵاوكراوەتەوە.




بیرتە؟.. شیعری شەماڵ بارەوانی

بیرتە ملوانکەی خەونەکانمان لە تەنافی ئاییندە هەڵدەواسی و
فەرشی بەڵێنمان بە نەخشی نیگا دەچنی؟

بیرتە کراسی حەزمان لەبەر تریفەی مانگ هەڵدەخست و
ئەلبوومی ژوانمان پڕ دەکرد لە وردەچیرۆکی عاشقانە؟

بیرتە پاشماوەی یادەوەرییەکانمان کۆ دەکردەوە و
تابلۆی عەشقمان بە نۆتەی هەناسەکانمان ڕەنگ دەکرد؟

بیرتە نەمامی شادیمان لە کتێبی هەست دەڕواند و
تەلاری خۆشبەختیمان ڕۆ دەنا؟

بیرتە موستیلەی تامەزرۆییمان لە پەنچەی دیدار دەکرد و
نوێژی سۆزمان دەبەست؟

بیرتە هێلانەی دڵداریمان پڕ دەکرد لە چیلکەی حەز و
هەوری تەنیاییمان ئاوێتەی باوەشی ڕەهێڵەی بارانی مەحەببەت دەکرد؟

بیرتە هۆنراوەی ئەوینمان پڕ دەکرد لە میلۆدی پەیمان و
واژۆی ئەبەدیمان لەسەر پەڕەی گوڵی دێڕەکان دەکرد؟

بیرتە هێشتا ڕەنگی خامەی خۆشەویستیمان هەڵنەپڕوکابوو و
باڵی چۆڵەکەی عەشقمان نەشکابوو؟

بیرتە هێشتا کێڵگەی ئیلهامی شیعریم ئیستاتیکای لێ دەڕوا و
سەبەتەی لێومان پڕبوو لە ماچ؟

بیرتە هێشتا ئینجانەی ئاواتەکانمان نەشکابوو و
کەشتی خەندەکانمان لە کەنار دەریای دابڕان لەنگەری نەگرتبوو؟

بیرتە هێشتا لقی قافییەی شیعرم نەچەمابووەوە و
هێشووە ترێی خۆزگەمان هەڵنەوەری بوو؟

بیرتە پەپوولەی نیگات لە ئاسمانی دیدەم دەفڕی و
شەتڵی هەناسەکانت موتوربەی درەختی ڕۆحم دەکرد؟

بیرتە قاوەی بەختمان بۆ باڵندەی ئومێد دەگرتەوە و
کۆرپەی مەراقمان لە مەزاری ئامێز دەناشت؟