ئایا ئێمە پێویستمان بە فەیلەسوفە؟.. بەشی سێهەمی ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟.. ئازاد حەمە

پێویستی بۆ فەیلەسوفە پێویستییەکی مرۆیی و شارستانییە

بە کورتی و پوختی هەر لەم سەرەتایەوە ئەوە وەڕووی خوێنەرانی ئەم باسە دەخەین، کە زۆرێک هەندێک جار دەپرسن: دەستکەوتە فەلسەفییەکانی بیرمەندە گەورەکانی ڕۆژئاوا گەیاندمانییە کوێ، تا ئێمە قسە لەسەر بوون و نەبوونی فەلسەفە لەناو کورد دا بکەین؟ بێگومان ئەوە بەرهەمە فەلسەفییەکانی بیرمەندە گەورەکانی ڕۆژئاوا بوو، کە تا ئەندازەیەکی گەورە، مرۆڤایەتییان بەرەو شوێنێک برد لە خۆی و دەورووبەری تێبگات. ئەوە فەلسەفەی ئەو بیرمەندانە بوو، وایان لە مرۆڤی سەردەمە جیاکان کرد لە ژیان دوورنەكەونەوە و خۆشەویستییان بۆ بوونی مرۆیی خۆیان هەبێت و سوودیش لە گۆڕینی بوونی كۆمەڵایەتیی خۆیان وەربگرن. هەر ئەوانیش بوون لە سەرەتای فەلسەفەوە کاریان بۆ ئەوە کرد، ئیشی فەلسەفە کۆڵینەوەبێت لە ڕاستی یان ناڕاستی دیاردەکان.
جەختدەکەینەوە فەلسەفە کردەیەکی هزرییە؛ فەلسەفە بۆ هەر فەیلەسوفێک بەجۆرێک دەخرێتە ژێرپرسیارەوە و گەر تەماشای مێژووی فەلسەفەش بکەین دەبینین هەر فەیلەسوفە و بەشێوەیەک تەماشای گرنگیی فەلسەفەی کردووە و لەو ڕوانگەیەوە پرسیاری سەبارەت بەم چالاكییە هزرییە لادروستبووە.
هەندێک لە فەیلەسوفان لەمیانەی بەها ڕەوشتییەكانەوە دەچنە ناو پرسە فەلسەفییەکانەوە، هەندێکی تر لەمیانەی بوونی مرۆیی مرۆڤەوە و زۆرێکی تریش بەهۆی جەختكردن لەسەر پرسیارە مێتافیزیكییەكانەوە. بەهۆی ئەوەی، كە فەلسەفە هەڵوێستەلەسەر بوون و ئەو ژینگەیە دەكات، كە بوونەوەرەكان تێیدا دەژین، ئەمە وادەكات زۆنی فەلسەفە لەگەڵ كاتدا بەرین و بەرینتر بێت و بەسەر دۆزی ڕوناكبیریی كۆمەڵگەیشەوە مەحەكی دادوەریی بێت؛ ئاماژەیش بێت لەسەر توانای بیركردنەوە و ئاستی تێهزرین لەو كۆمەڵگەیە.
کەواتە مافی خۆمانە، ئێمەی کورد بپرسین: ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ یان لە فۆرمێکی تری زمانەوانییدا دەکرێت ئەوە بوترێت: ئایا ئێمە پێویستمان بە فەیلەسوفە؟ ئەم پرسیارە بۆ ئێمە سەرنجڕاکێشیەکەی لەوەدایە، کە ئاڵاهەڵگری تێگەیشتنیشە لە دۆزی قەیراناوی هزرییمان.
بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیاری ناوبراو بدەینەوە پێویستمان بەوەیە، کە بزانین بابەتەکانی فەلسەفە چیین؟ خودی فەلسەفە چییە و چیش نییە؟ ئەم جۆرە پرسیارانە بەدوای دەرەچەی تردا وێڵماندەکەن تا تێمانگەیێنن، کە بەڵێ پێویستمان بە فەلسەفەیە. لێرەدا ئاماژە بە بەشێک لەو دەرەچانە دەکەین: ئێمە بەشێکین لەو فەلسەفەیەی پێیدەڵێن فەلسەفەی ئیسلامیی؟ شتێک هەیە بەناوی فەلسەفەی کوردییەوە؟ هزری فەلسەفیی هزرێکی دیالۆگییە یان هەڕەمەکیی؟ کێن ئەوانەی لەناو ئێمەدا لە بواری فەلسەفەیەکی پوختدا کاردەکەن؟کێ کتێبی فەلسەفیی دەنووسێت و کێ ئەو کتێبانە دەخوێنێتەوە؟ ئەی بڕوانامە لە فەلسەفە فەیلەسوفبوون دروستدەکات؟ بۆ دەقە فەلسەفییە وەرگێڕاوەکان ناتوانن فەیلەسوف بەرهەمبهێنن؟
لەم بەشە و بەشی دواتردا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیاریدیش ددەینەوە.

ئێمە بەشێکین لەو فەلسەفەیەی پێیدەڵێن فەلسەفەی ئیسلامیی؟

پرسیاری ئێمەی کورد بەشێکین لەو فەلسەفەیەی پێیدەڵێن فەلسەفەی ئیسلامیی؟ پرسیارێکی لاوەکی نییە و هەردەم ڕووبەرووی ئەوانەش دەبێتەوە، کە بەدوای مێژووی فەلسەفەی ئێمەوە وێڵن. مێژووی فەلسەفەی ئێمە بە ئاسانی نانوسرێتەوە و تەنانەت باوەڕیش بەو شیکارییانە ناکەین، کە هەموو کەس فەیلەسوفە یان شتیک فەیلەسوفبوونی تێدایە. ئەمە لەکاتێکدا وایە، کە فەلسەفە ڕوناکبیرییەکی گشتی بێت. واتە زانیاری کۆکردنەوە بێت لە سەرچاوەی جۆراوجۆرەوە و سەبارەت بە بابەتی جیاواز. بەڵام فەلسەفە زانیاریی گشتی و سەرپێی نییە. فەلسەفە بۆئەوەی فەلسەفە بێت دەبێت زانیاری گشتی تێپەڕێنێت و سەروی تێگەیشتنی باو و پەرت و لاوەکی بێت.
ئەو نەتەوانەی گرێدراوی ئیسلامن پێیانوایە سەردەمی زێڕینی خۆیانیان هەیە. لەوێندەرێ بەدوای فەلسەفەیەکدا وێڵن، کە پێیدەڵێن فەلسەفەی ئیسلامیی و بۆ ئەو مەبەستەش پۆلێک ناوی ڕوناکبیرانی خۆیانمان بەردەستدەخەن، کە سەر بەو فەلسەفە ئیسلامییەن. ئەی ئێمە؟ ، ئێمە کە وەک ئەوانیتر لەژێر ڕکێڤی ئیسلامدا بووینە خاوەنی سەردەمی زێڕینی خۆمانین؟ گەر بەڵێ، کەوابێت پرسیارێک لەو بارەوە خۆی زەقدەکاتەوە، کە بەم جۆرەیە: کوان ئەو پۆلە ڕۆناکبیرە کوردەی، کە کاریان لەسەر/لەناو فەلسەفەی ئیسلامدا کردووە؟ پێناچێت دەرکەوتنی ئیسلام لەم ڕووەوە بۆ ئێمە گرنگیی هەبووبێت و ماناداریش بووبێت بۆ هاتنەکایەوەی بیرمەندگەلێکی وەک ئیبن روشد، فارابی، ئیبن سینا.
مەبەستی ئێمە لەوەی وترا ئەوە بوو، کە ئایا میراتی هزری ئیسلامیمان دەکرێت وەک فەلسەفە تەماشابکرێت؟ گەر ئەو میراتە وەک فەلسەفە تەماشاکرا، ئەی دەشێت ئەوانەی لەناو ئەو میراتە کاریانکردووە وەک فەیلەسوف ببینرێن؟ کەواتە گەر کاراکتەرە ئایینی یان نەتەوەییەکانمان (شێخ سەعیدی پیران، قازی محەمەد، و بەرەو مەسعود محەمەد و مەلا عەبدولکەریمی مودەریس و….تادەگاتە پیرەمێرد و قانیع و نالی و خانی و مەحویش) بە فەیلەسوف تەماشابکرێن دەکرێت بڵێین فەیلەسوفمان هەیە؟ نەخێر، و پێمانوانییە ئەوانە فەیلەسوفبن؛ دواتریش لە زۆر دیدی دییەوە دێینەوەسەر ئەم لایەنە.
هۆکاری ئەو نەخێرەی لای سەرەوەمان بەم پرسیارەوە گرێدەدەینەوە: شیاوە ئەوەی ڕوناکبیرە دیندارەکانمان، شاعیرە سۆفییەکانمان، سیاسییە ئاینییە نەتەوەییەکانمان کاریان لەسەر کردووە بە فەلسەفە (فەلسەفەیەکی ئایینداریی) ناویبنێین؟ باشە هیچ بەڵگەیەکی مێتۆدیی لەئارادایە، کە پێمانبڵێت: بەڵێ لەسەر دەستی ئەوان؛ ئایین و فەلسەفه، شیعر و فەلسەفە، سیاسەت و فەلسەفە، لەوێدا پێکەوە کاریان کردووە؟ بۆیشە وادەڵێین، چونکە بەشێکی زۆر لە دیندارەکانی ئێمە نەفرەتیان لە فەلسەفەکردووە و بە تێکدەری باوەڕداریی ئاینیشیان زانیووە و تەنانەت زۆرێکیش لە دیندارانی کورد ئەوەی پێیدەڵێن فەلسەفە، و بەتایبەت فەلسەفەی رۆژئاوایی، ڕەتیانکردووەتەوە.
بۆ زۆرتر ڕوونکردنەوەی ئەوەی وترا هەر لێرەدا دەپرسین: فەلسەفە لەگەڵ باوەڕی ئایینیدا کۆکە؟ باوەڕدارە ئایینیەکان چۆن مامەڵە لەگەڵ شتێکدا دەکەن بنەماکەی عەقڵە نەک ئەفسانە و گێڕانەوە؟ لێرەدا دەشێت ئەوەش بپرسرێت، کە ئاساییە بۆ ئەوانەی سەرقاڵی فەلسەفەن، کە ئەوەش بوارێکی عەقڵییە، ئەوانە بە فەیلەسوف بزانن، کە ئیماندارییان بەرەو فەلسەفە بردوونی؟
ئەو دوو پرسیارەی لای سەرەوە ئەوەمان پێدەڵێن ئەو ناوانەی پێشتر گۆکران ناتوانین وەک فەیلەسوف تەماشایانبکەین. مەبەست کارەکانیان ناچنە خانەی فەلسەفەوە، ئەمەش بەزۆری لەبەرئەوەی ئەوانە نە سێستەمێکی هزرییان دروستکردووە و نەش کاریان لەناو سێستەمێکی پوختی فەلسەفییدا کردووە. سەرباری ئەوە، ئەوەش دەڵێین، کە شوێنکەوتووانی ئیسلام لە دەڤەری ئێمە لە دەرئەنجامی ڕوانگە ئاینییەکانیانەوە ڕوانگەی فەلسەفییان بەرهەمنەهێناوە. ئەم لایەنەش دواتر دێینەوەسەری.
لە پەیوەندی بەوەی لایسەرەوە وروژا ئەوەش دەپرسین،کە هزری ئیسلامیی ئێمە بۆچی هزرێکی فەلسەفیی قووڵی بەدوای خۆیدا نەهێناوە؟ یان بۆ دامەزراندنی فەلسەفەیەکی ئیسلامیی لەناو ڕوناکبیرانی ئیسلامیی ئێمەدا ئامانج نەبووە؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەو دوو پرسیارە لەوێوە دەستپێدەکەین، کە لە جیهانی عەرەبیدا ڕوناکبیرییەکی فەلسەفیی ئیسلامیی بوونی هەبووە. هەر لەڕێگای ئەو ڕوناکبیرییە فەلسەفییە ئیسلامییەشەوە نەک هەر ئەمان لە پەیوەندیدا بوونە بە جیهانی رۆژئاواوە، بگرە خودی رۆژئاواش لەڕێگای فارابی و ئیبن روشد و ئیبن سیناوە لە پەیوەندیدا بوونە بە ڕوناکبیرییە فەلسەفییە ئیسلامییەکەی جیهانی عەرەبی ئیسلامییەوە.
هەر سەبارەت بەوەی لای سەرەوە وترا، دوبارە دەپرسینەوە، ئایا ئێمە خاوەنی ڕوناکبیرییەکی فەلسەفیی ئیسلامیین؟ پێناچێت ئەوە بین. هیچ نەبێت لەوبارەوە بەهیچ جۆرێک لە ئاستی جیهانی عەرەبیدا نیین. گەر هەندێک لە خوێنەرانی ئەم بابەتە پێیانوابێت ئێمە خاوەنی ڕوناکبیرییەکی فەلسەفیی ئیسلامیی بووینە، کەواتە ئێمەش تایبەت بەم لایەنە دەپرسین: رابەرانی ئەو ڕوناکبیرییە کێن و کاریگەرییان چییە لەسەر دروستکردنی پەیوەندی ئێمە بە جیهانی عەرەبی و رۆژئاواییەکانەوە؟ شێخ شەهابەدینی سورەبەردی، شەمسەدینی شارەزووری کە رابەرانی فەلسەفەیەکی ئیشراقیین، مەلا عەبدولکەریمی مودەریس، حاجی قادری کۆیی، مەلا کۆرە، مەسعود محەمەد، خانی و ئەوانیتر چ پردێکی هزرییان لەنێوان ئێمە و هزرەڤانانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا دروسکردووە؟ لەسەر دەستی ئەو زاتانە لە کوێی فەلسەفەی یۆنانەوە دەستمانپێکردووە و چیمان لەم فەلسەفەیە، بۆ خۆمان و بۆ کولتوورەکانی تر، دروستکردووە؟
لێرەدا بائەوەش بوترێت، کە ئێمە بەشێک نیین لە فەلسەفەی ئیسلامیی، کە فەلسەفەیەکی عەرەبییە، بە هەردوو ئاقارە کۆن و نوێکەیەوە، هاوکات بەشێکیش نیین لە فەلسەفەیەکی رۆژئاوایی، کە مێژووە تازەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی شانزە، ڕێنێسانس، تادەگاتە دوا بزاڤ و تەوژمە فەلسەفییەکانی سەدەی نۆزدە و بیستی رۆژئاوا(ئایدیالیزم، راسیۆنالیزم، بوونخوازی، پۆزەتڤیستی، بوونگەرایی و پاش بونگەرایی و پاشتازەگەریی و……). گەر بەشێکین لێیان، کوان بەشداری ئێمە؟ لە کوێ و کەی بە پۆلێک تەوژم و بزاڤی فەلسەفییەوە هاتوینەتە ناو فەلسەفەی ئیسلامیی و ئەوەش، کە پێێدەوترێت، فەلسەفەی رۆژئاوایی؟؟

هزری فەلسەفیی هزرێکی دیالۆگییە نەک هەڕەمەکیی

فەلسەفەکردن بۆ کەسێکی وەک دێکارت لە گشت شارستانیەتێکدا پێوانەیە بۆ شارستانیبوون. روونتر بدوێین، بڵاوبوونەوەی فەلسەفە لەناو كۆمەلگە و نەتەوەكان (شارستانیەكان) دا بۆ دێكارتDescartes ی گەورە بیرمەندی فەلسەفەی خودگەرایی واتاداربووە؛ بڵاوبوونەوەی فەلسەفە یارمەتیماندەدات، تا خۆمان لە دڕندە و كێوییەكان جیابكەینەوە.” خوا ئەو وڵاتانە بەختەوەردەكات، بەقەولی دێكارت، كە دەیانكات بەخاوەنی فەیلەسوفی ڕاستەقینە”. ئەم تێگەیشتنە دێكارتییە بەرەو ئەوەمان دەبات، کە بڵێین: فەلسەفەكردن مرۆییبوونمان دەپارێزێت و هەمیشەیش ئەوەمان بیردەخاتەوە، كە مرۆییبوونمان بەرپرسیارێتییەكی ڕەوشتییە.
فەلسەفە بەدواداچوونە. ئەو کەسەش ئەمە دەکات فەیلەسوفە. لەو بەدواداچوونەدا فەلسەفە تێگەیشتنێک دەدۆزێتەوە. ئەو تێگەیشتنە لەخۆڕا دروستنابێت. هاوکات فەلسەفە وادەکات بە ئاوەز و لۆژیک پاساو بۆ شتەکانی ناو ژیانمان بهێنێتەوە. ئەم جۆرە وتنە بەرەو ئەوەشمان دەبات، کە فەلسەفە دەرگادەکاتەوە لە تێگەیشتنمان لە جیهان، لە خۆمان. فەلسەفە نەبێت متمانە بوونی نامێنێت. واتە متمانە بەوەی دەیڵێین لەسەر خۆمان و بوونمان. گومانیناوێت، فەلسەفە لەڕێگای دیالۆگ و گومانەوە متمانە دروستدەکات. ئەو متمانەیەی بەم جۆرە دروستدەبێت تۆکمە و جێگای باوەڕە.
لێرەوە دەگەینە ئەو دەرهاویشتەیەی، کە فەلسەفە لەهەر شوێنێک بێت بوونی فەیلەسوف پشتڕاستدەکاتەوە. ئەوەی فەلسەفە بەرهەمیدێنێت فەیلەسوفە، بوونی ئەم جۆرە مرۆڤانە ئەوە دەگەیێنێت، کە شارستاییەک فەیلەسوفی تیابوو واتە ئەو شارستانییە مەرجە شارستانییەکانی خۆی تەواوکردووە، هەروەها بوونی فەیلەسوف لەو حاڵەتەدا واتە بوونی مرۆڤگەلێکی جیا، بوونی مرۆڤێک، کە پیشەی بیرکردنەوەیە.
دوا وتنیش لەوبارەوە، ئەوەیە، کە پرسیاری چیەتیی فەلسەفە لە ناوەندی فەلسەفییدا خۆی پێویست دەردەخات و لەنێو ناپسپۆڕانیشدا لە فەلسەفە، بەداخەوە، تێگەیشتنێکی فرە ئاڕاستە دروستناكات و قووڵایی فەلسەفەیش پیشاننادات. ئەوەیش، كە لە سەردەمی ئەفلاتونPlatoەوە زۆرینەی فەیلەسوفەكان بەدەستییەوە گیرۆدەن، ئەو گاڵتەكردنەیە بە فەلسەفە دەكرێت، كە فەلسەفە شتێكی بێ سوود و زێدەڕۆئامێزە و فەیلەسوفیش زۆربڵێ و چەنەبازە. جارجارەیش فەیلەسوف، وەك كەسێكی بێئاگا لە جیهانی دەرەوە و داخراو دەبینرێت، بەو كەسەیش دەشوبهێنرێت، كە لە ژوورێكی تەنهادا دانیشتووە و بۆخۆی بیردەكاتەوە. نەخێر، وانییە. فەلسەفە دژی بێهودەیی و بێ باکییە. فەیلەسوف ئەو کەسەیە، کە بەدوای هۆکاری بوونی شتەکان، مانای شت، دەگەڕێت و ئامانجیشی گەیشتنە بە بنەچەی شتەکان. کەواتە هزریی فەلسەفیی، کە هزری فەیلەسوفە، هزرێکی دیالۆگییە نەک هەڕەمەکیی.
گشت ئەوەی لای سەرەوە وترا ئەم پرسیارەی لای خوارەوەی لێپێکهات:

شتێک هەیە بەناوی فەلسەفەی کوردییەوە؟

لای سەرەوە کورت و پوخت ئەوەمان خستەڕو، کە فەلسەفە هزرێکی دیالۆگییە نەک هەڕەمەکیی و پاشخانێکی مێژوویشی هەیە؛ بۆیە لێرەدا بەباشی دەزانین، کە بپرسین فەلسەفە لە ناو ئێمەدا چ بەسەرهاتێکی هەیە؟ چ مێژوویەک لە پشتیەوەیە؟ باشە ئەم مێژووە لەگەڵ مێژووە جیهانییەکەی فەلسەفە یەکمناندەخاتەوە؟ واتە ئێمە بەشێکین لە مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوا و دەرەوەی ڕۆژئاوا؟ ئەم پرسیارانە دەمانخەنە ناو گەرووی پۆلێک پرسیاری ترەوە، لەوانە: مێژوویەکمان لە هزر هەیە؟ ڕێبازە هزرییەکانمان لە چی پێکدێنن؟ بەرهەمهێنەرانەی ئەم ڕێبازانە، یان ئەم مێژووە، کێن؟
بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی لای سەرەوە، ئەوە دەڵێین، کە نووسین بەگشتی جیایە لە نووسینی فەلسەفیی. هەموو دەنووسن بەس خۆ هەموو فەلسەفییانە نانووسن. نووسینی فەلسەفیی هێزێکی هزریی، عەقڵیی، دەیجوڵێنێت. نووسینی تر دەکرێت هەستێک، سۆزێک هۆکاربێت بۆ نووسینەکەی. نووسینە فەلسەفییەکان دەکرێت عەقڵانی بن و دەشکرێت لاهوتی(تێلۆژی) بن. هەر یەکەش لەمانە ئاڕاستە و بیریاری خۆی هەیە. ڕوون نییە ئێمە سەر بە کام ئاڕاستەین و کوان بیریارانی ئەو ئاڕاستەیەمان. گەر فەلسەفەیەکمان هەیە خۆ دەبێت ئاڕاستەگەلێکمان لەناو ئەو فەلسەفەیەدا هەبێت(ئەریستۆیی یان ئەفلاتونی، ستۆیستی / هەیوانی/ یان ئێپیکۆریی،دێکارتی یان سپێنوزایی، کانتی یان رۆسۆیی، و …هتد).
فەلسەفەکاری بەجۆرێکیتر خستەڕووی بیرۆکەیە. ئەو نووسینانەی لەناو ئێمە بەناوی فەلسەفەوە نووسراون هێج بیرۆکەیەکیان بەرهەمهێناوە؟ گەر بەڵێ بەرهەمیانهێناوە، کوا لە چ بوارێکدا؟ چونکە فەلسەفە لە چەند بوارێک پێکدێت: ڕەوشت، پەوەردە، زانست، هونەر و……. . وێرای ئەوە، کە فەلسەفە نەبوو فەیلەسوفیش بوونی نییە. ئەو دوانە، فەلسەفە و فەیلەسوف، واتە بوونی سیستەمێکی هزریی.
فەلسەفەی کوردی، شتێک بەم ناوەوە نییە. گەر فەلسەفەیەکی کوردی هەبێت دەبێت فەیلەسوفەکانیش هەبن. گەر بنەماکانی ئەو فەلسەفە کوردییە شیعر و ئەدەب بێت جا زۆربەی میلەتان ئەوەیان زۆر بەزیادەوە هەبووە و نەشهاتوون ئەدەب و شیعرەکەیان وەک سەرمایەێکی فەلسەفیی نیشاندەن. دەکرێت بوترێت، کە بۆچوونی فەلسەفیی کوردیی هەیە، جا ئەوە سەرچاوەکەی جۆرە شیعر و ئەدەبێکی سۆفیانە بێت یان میراتێکی ئاینییانەی سۆفیانە، بەڵام گشت ئەوانە قوتابخانە و شەپۆلی فەلسەفییان نەخستووەتەوە وەک ئەوەی نەتەوەکانیتر هەیانە(فەلسەفەی ئیتاڵی و بزاڤە کلاسیک و مۆدێرنەکانی، فەلسەفەی ئەڵمانی و تەوژم و شەپۆلە فەلسەفییە کۆن و نوێکانی و……).
چۆن بێینە ناو فەلسەفەی ئیشراقەوە و بەشی خۆمانی لێبقرتێنین؟ شێخ شەهابەدینی سورەبەردی، شەمسەدینی شارەزووری، کە رابەرانی فەلسەفەیەکی ئیشراقیین، هاوکارمان دەبن لە قرتاندنی ئەم بەشە؟ ئەوەش کە لەناو ئیشراقییەکان دا وتراوە سەبارەت بە زانایانی سەردەمی ئیسلام و خودی فەلسەفەی یۆنانی، کە ئەمەیان سەرچاوەی فەلسەفە ئیسلامییەکەی جیهانی عەرەبییە، پێویستی بە دوبارەخوێندنەوە و توێژینەوەی وردە، تالەوە دڵنیابین میراتی فەلسەفیی ئێمە چ جۆرێکە لە میراتی هزریی.
کاتێک دەڵێین شتێک نییە بەناوی فەلسەفەیەکی کوردییەوە ئەمە بەشێک لە خوێنەرانی ئەم بابەتە توڕەدەکات. دیارە توڕەبونیش دەچێتە خانەی سۆز و هەڵچوونەوە و دەرئەنجامی لۆژیکیی ناداتبەدەستەوە. توڕەبوونی کەسێک یان کەسانێک ناکرێت بکرێت بەپێوانە بۆ بوونی فەلسەفە. بوون و نەبوونی فەلسەفە دیاردەیەکیی شیکاریی و ڕاڤەکارییە و دوورە لە هەست و سۆزی کەسییەوە، جا ئەوە تاکیی بێت یان نەتەوەیی.
کاتێک قسە لە فەلسەفەهەبوون؛ بوونی فەلسەفە و گەشەی هزریی فەلسەفیی دەکەین، ئەمە هەروەک پێشتریش وتمان داوای پێناسەی فەلسەفەمان لێدەکات، شانبەشانی ئەوە دۆزی وتنەوەی فەلسەفە و مامۆستاکانی فەلسەفە و خوێندکارەکانی ئەم مامۆستایانەش جێیباسن. هەر تایبەت بەم لایەنە ئەو کەشە سیاسی و ئایینییەیەش جێیباسە، کە لە شاردا زاڵە، کە هەر ئەوەشە نێوەندە ئەکادێمییەکان دەباتەڕێوە.
ڕەنگە فەلسەفە بۆ زۆرێک لە دژوارتین ئەو بابەتانە هەژمارکرێت، کە لەناو بابەتە رۆژانەییەکان گوێیانلێدەبێت. مەبەست، حەز لە فەلسەفە دەمێک وەختە لەناو ئێمە خۆی لەناو لەپی تاریکییدا گیرکردووە، لەم ڕەوەشەوە مێژوومان هەیە. تاساڵانێکیش بێقەدرزانیی بە فەلسەفەدەکرا؛ ترسێک هەبوو لە فەلسەفە و وەک شتێکی بێئیمانانە و دژەدینیش دەبینرا. لە دوو لاوە غەدر لە فەلسەفە دەکرا؛ غەدرێک لە دامەزراوەی ئایینیەوە سەرچاوەیدەگرت و غەدرێکیتریش لە دەسەڵاتە سیاسییەکەوە، کە ترسی لە کردەی هۆشیاریی تاک هەبوو.
گەر تەماشای بەلانی کەمەوە سەدساڵی ڕابردوو بکەین دەتوانین درک بە بوونی سەرەتایەک بۆ بیرکردنەوەی فەلسەفیی بکەین؟ ڕەنگە ئەو سەدساڵە کەم بێت بۆ ئەوەی بەشداری خۆمان لە مێژووی فەلسەفەی جیهانی دیاریکەین، ئەگەرچی لەماوەی ئەو سەد ساڵەدا بزووتنەوەی ئەدەبی و سیاسی جۆراجۆر بەدیدەکەین؛ لێ ئەفسوس ئەو بزووتنەوانە و بەرهەمەکانیشیان ناتوانن پێمانبڵێن ئێمە خاوەنی بیرکردنەوەیەکی فەلسەفیی سێستەماتیکین. بزووتنەوەکان لەچاو ئەزموونی هزریی نەتەوەکانی تر پڕهزر نەبوونە و فرەئاقاریش دەرناکەون. پێدەچێت کێشە نەتەوەییەکەمان خەمە گەورەکەی ئەو بزووتنەوە سیاسیی و ئەدەبیانە بووبێت. ئەوەش وایکردووە خەمی نەتەوەیی سەرووی خەمی بیریاریی و هزرییمان بێت.
ئەو سەدەیەی باسیدەکەین، مەبەست گشت سەدەی بیست، کە پێشدەچێت لەڕوی بەرهەمی هزری سیاسیی و ئەدەبییەوە دەوڵەمەندترین سەدەی ئێمە بووبێت، خۆ هێشتا ئەمە ئەوە بە ئێمە ناڵێت، کە ئێمە فەیلەسوفمان هەیە. شاعیر، چیرۆکنوس و پەخشاننوسی سیاسیی و ئەدەبییمان هەبووە بەس فەیلەسوف بە مانا رۆژئاوایەکەی نەخێر نییمانە/نەمانبووە. لەو دەمەدا شتێک بەناوی فەلسەفەی ئیسلامیی عەرەبیی لەناومان دا زاڵبووە، بەڵام ئایا توانیویەتی لەناو ڕوناکبیرانی ئیسلامیی و ئیسلامی سیاسیی ئێمە ڕێچکەبخاتەوە؟

ماویەتی………………………………..




نیاندرتاڵەكەی دوێنێ و نیاندرتاڵەكانی ئەمڕۆ !.. سەدیق سەعید ڕواندزی

لەو ماوانەی ڕابردوودا، پرسی كەللەسەرەكەی ئەشكەوتی شانەدەر و مرۆڤی نیاندرتاڵ، لە هەرێمی كوردستاندا، بووە باس و بابەتێكی گەرمی نێو میدیایا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان. بێگومان نكۆڵی لە مێژووی شوێنەوار و پاشماوە دێرینەكان و ئاسەواری مرۆڤە سەرەتایەكان، لە ژیانی فەرهەنگی و مێژووی نەتەوەكانی دنیا ناكرێت، بەڵام دەبێ ئەو ڕاستییە بزانین كە چەقبەستن لە ڕابردوودا، بە پیرۆزكردن و شینگێڕان بۆی، نامان گەیێنێتە پێشكەوتن و داهێنان. با لێرەدا نموونەیەكی بەرجەستە و دیار بێنینیەوە، هەرچی فەلسەفە و فەیلەسوفی دنیا هەیە، هەرچی ڕێبازی ئەدەبی و هونەری هەیە، لە گریكەكانەوە سەریهەڵداوە واتا یۆنانی ئێستا، بەڵام یۆنانی ئێستا وەك گریكی دوێنێیە؟ یۆنانی ئێستا چەند فەیلەسوف، ڕۆماننووس، ئەدیبی ناوداری جیهانی هەیە؟ چەند پێشكەوتوو، ژیارییە، بەراورد بە بەریتانیان و وڵاتانی ئەسكەندناڤی؟ میسرییەكان، لە سەردەمی فیرعەوندا ئەهرامەكانییان دروستكرد، بەڵام ئێستا گەلێكن لە برسان دەمرن و بۆنانێك شێت دەبن. لە بەرانبەر ئەمانەدا، ژاپۆن لە جەنگی جیهانی دووەم وێران بوو، بەڵام ئێستا ژاپۆن چییەو چۆنە؟ ئەڵمانیا وێران بوو، بەڵام ئێستا ئەڵمانیا چۆنە؟ مەگەر سەدان هەزار كورد بەخەونی گەیشتن بە ئەڵكانیا كۆچ ناكەن؟ پەندێكی كوردی هەیە دەڵێت :_( نان ئەوە نانە ئەمڕۆ لە خوانە ) بۆیە كەللە سەری نیاندرتاڵیش دوێنێ بووە، بووە ڕابردوو، ئەوە گرنگە مرۆڤەكانی ئێستاو سەردەمی مۆدێرنە و پۆست مۆدێرنە، وەك نیاندرتاڵی دوێنێ لە بیركردنەوە و ڕوانین و تێگەیشتن و ڕەفتاركردن نەبن،. ئێستا حكومەت و وەزارەتی دارایی، بەردەوام لە ڕێی میدیاكانەوە فەرمانبەران فێری چۆنیەتی بەكارهێنانی كریت كارت و ئامێری ئای تی ئێمی ڕاكێشانی پارە دەكەن، مەگەر ئەمەش جۆرێكی دیكە نییە لە سەردەمێكی دیكەی نیاندرتاڵبوون؟ ئەم ڕێسایە كە سەد ساڵە لە وڵاتێكی وەكو ئێران، كە ئێمە بەردەوام بەدواكەوتوو ناوی دەبەین بەكار دێت. تەنانەت دەتوانی هەموو ئەو وڵاتە بگەڕێیت بێ ئەوەی پارەی كاشت پێ بێت و بچییە هەر جێگەیەك پێداویستییەكانت دابین بكەی، بەڵام ئەگەر ئەو ئامێرە مردووە نەبێت كە حكومەت بۆ هەزاران فەرمانبەر یەك دانەی لە شوێنێكی دوورە دەست داناوە،، ئێمە دەتوانین لە ماركێتێك كاڵایەك بكڕین؟ شەوێك لە مۆتێلێك بمێنینەوە؟ لە تیرمیناڵێك پسولەیەك ببڕین؟ من چی لە ئامێرێك بكەم، كە وەك پوورەی هەنگ هەزارەها فەرمانبەر لێی دائەوەرێن، ئەگەر پارەی تیا نەبێت، یان تەنها بتوانن لەو ئامێرە مردووە پارە ڕاكێشن؟ ئایا دەكرێ لە سەردەمی ئایتی و پێشكەوتنە زانستیەكانی سەردەم بژیت، بەڵام تازە هاووڵاتییەكانت فێری بەگەرخستنی ئامێرێك بكەیت، كە سەد ساڵە لە ئەوروپا كاری پێ دەكرێت؟ گەر سەرنج لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و بەناو كەسایەتی سۆسیال میدیا و یۆتۆبەرەكان بدەین، مەگەر جیاوازییەكی ئەوتۆیان لەگەڵ نیاندرتاڵی دوێنێ هەیە؟ كەسانێك هێشتا بڕوایان بەسیحر وجادوو بێت، بڕوایان بەوەبێت مەلایەك دەتوانێت بە میزی حوشتر نەخۆشی چارسەر دەكات، هیچ جیاوازیەكییان لەگەڵ نیاندرتاڵ هەیە؟ كەسانێك بڕوایان بە جخە گورگ و قوزە كەمتیار، ئەنگوستیلەی سیحر و نوشتە هەبێت، مەگەر فرسەخێك لە نیاندرتاڵ دووركەوتوونەتەوە؟ ئێمە با خەمی نیاندرتاڵەكانی ئەمڕۆ بخۆین، ئەو نیاندرتاڵەی هەفتاوپێنچ هەزار ساڵ لەمەو بەر گوایا لە ئەشكەوتی شانەدرە ژیاوە، نە ژینگەیەكی پیس، نە فێڵ و دوور ِوویی و تەڵەكەبازیی، نە ناپاكی و بێ بەهابوونی مرۆڤەكان، نە تەڵاق و شەڕ وخوێنی بینیوە، بۆیە با خەمی ئەوانە بخۆین كە هێشتا لە سەردەمی نیاندرتاڵ و وەك نیاندرتاڵیش دەژین نەك نیاندرتاڵەكەی دوێنێ ! با ڕێز و شكۆ بۆ كەللە سەری زیندووەكان دابنێین و شكۆیان نەشكێنین، نەك خەمی كەللە سەرێكی مردوومان بێت.

*ئەم بابەتە لەڕۆژنامەی ڕێگای كوردستان ژمارە ( 1392) ی ڕۆژی 11/6/2023 بڵاوكراوەتەوە.




پرۆسەی خۆ ئازادكردن و هەڵبژاردن لە شیعری (قوتوو)ی (نارین رۆستەم)ی شاعیردا.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

(قوتوو) وەك ناونیشانێكی شیعریی، ستراتیژییەتی مەدلوولەكان پێكدەهێنێ‌ و دەبێتە دەروازەیەك بۆ چوونە نێو جیهانێكی سوریالی سەرنج راكێش و ئاماژە بۆكراو! بێگومان شاعیرە سووریالییەكان بەردەوام هەوڵی كەشفكردنی توانا بێكۆتاییەكان و چێژە نەبڕاوەكانیان دەدەن، ئەو چێژانەی ئاڵاون بە تۆڕی وسبەلێكراوەكانی زمان و ئارەزووە كپكراوەكانیانەوە، كە بە هۆی دەسەڵاتی سیستمی كۆمەڵایەتی بنبەستووەوە بەدینەهاتوون. لەسەر ئەو بنەمایە دەشێ‌ بڵێم پرۆسەی نووسین لای (نارین رۆستەم)ی شاعیر بنچینەی راستەقینەی خۆ ئازادكردن و هەڵبژاردن، خەون و خەیاڵ، گەمە، چێژ، عەفەوییەت، دەرچوون لە یاسا… دەنوێنێ‌. بۆیە لەو خوێندنەوەیەدا هەوڵمداوە جیهانی شیعری (قوتوو)ی (نارین رۆستەم) لە سەر بنەمای خەون و خەیاڵ، ئازادی و هەڵبژاردن وەك پێكهاتن و شێوەگرتنێكی شیعریی پێشكەش بكەم، كە بە زمانێكی تایبەت و جیاواز داڕێژراوە، زمانێك كە ئارەزوو و پاڵنەرە كۆكراوەكانی شاعیر دەنووسێتەوە، بە تایبەتی ئەو ئارەزوو و خەونانەی كە لە كۆمەڵگایەكی سوننەتی و كۆنەخواز تێركردنیان قوڕسە.
بەمجۆرە شیعری قوتوو لە زمانی باو دەبێتەوە و زمانێكی تایبەت بەخودی خۆی دادەهێنێ‌، بێگومان بەشێكی گەورەی گرنكی ئەو زمانە لەوەدایە، كە ئاسۆی چاوەڕوانییەكانی خوێنەری باو تێكدەشكێنێ‌، بەڵام بەشێكی دیكەی لەوەدایە، كە تاچەند دەتوانێ‌ هێز ببەخشێ‌ بە خوێنەری بەشداربووی تازە بۆ گەیشتن بە بنەما قووڵەكانی دەق، واتە خوێنەرێك بتوانێ‌ بەدوای جوانییەكان و دژە واتاكان هەنگاو بنێت!.
بێگومان رۆڵی خوێنەری بە تواناو نوێخواز لە دۆزینەوەی جوانییەكان و دژە واتاكان و رۆنانی شیعرییەتدا لە ڕۆڵی شاعیر كەمتر نییە.
بە بڕوای من چونكە رەگەزی چێژ و جوانی لە شیعری (قوتوو) رەگەزێكی زاڵە، بۆیە خوێنەر وەك چۆن دەتوانێت چێژ لە زمانی خەون و شێوەگرتنی خەیاڵ وەربگرێت، چێژیش لە جوانی و شیعرییەت و وێناكردنی میتافیزیكی هەستی شاعیریش وەردەگرێت. بە مانایەكی دیكە شاعیر لەو شیعرەدا هونەری نواندنی خەونی زمانەوانی بە تایبەتمەندییەوە دەلكێنێت، فەزایەكی خەیاڵی بۆ خوێنەر/ وەرگر دەكاتەوە، كە رۆڵی خۆی لەو پانتاییەدا بدۆزێتەوە. بەو مانایەش لە رێگای بەشداری وەرگر/خوێنەرەوە دەقی قوتوو دەبێتە دەقێكی كراوە؟! وەك دەزانین دەقی كراوە هەڵگری چەندین رەهەند و شێوازگەری بیركردنەوەی جیاوازە، لەو بارەشەوە بۆ دەقی كراوە (یاكۆبسن) بیر بخەینەوە، كە قسە لە دوو شێوازی ئەدەبی دەكات، شێوازگەری بەرهەم و شێوازگەری وەرگر.
(1)
ئەگەر شیعر، خەون و خەیاڵی لەبیر كرد، ناتوانێ لەگەڵ شیعرییەتدا هاوشوناسی دروست بكات. بەڵام ئەگەر واقیع نەخوێنێتەوە لەگەڵ كۆمەڵگا هەڵناكات. لەبەر ئەوەی شیعری (قوتوو) لە خەیاڵەوە شێوەگرتنی داهاتوو بونیاد دەنێت، كەواتە لە زەمەنی بەردەوامیمان دادەبڕێ‌ و هەنگاو بەرەو ساتەوەختی پرۆسەی نووسینەوەی خەون دەنێ. لەو دەستپێكەوە (نارین رۆستەم) لە داهێنانێكی خەونی شیعریدا خەیاڵ وەك باگكراوەند دەنەخشێنێ‌، بەڵام بێ‌ ئەوەی بیركردنەوەكانی زەمەنی بەردەوامی بە هەند هەڵبگرێت، بەڵكو هەوڵدەدات لە رێگای زمانی خەونەوە بە جۆرێك لە جۆرەكان پشت لە واقیعی سەپێنراو بكات، لەوێشەوە بەرەو ساتەوەختی جوانی و چێژ و خۆشیمان بكاتەوە، بەمجۆرە زمانی خەون دەبێتە زمانحاڵی ئارەزووە كپكراو و وسبەلێكراوەكان، بە باكگڕاوەندی خەیاڵییەوە.
(2)
پرسی شیعری (نارین رۆستەم) پرسێكی هەڵچوونئامێز نییە، پابەند نییە بە بۆشایی نێوان خەون و خەیاڵ، من و كۆمەڵگا، واقیع و دژەواقیع… یان بە مانایەكی دیكە پرسێكی ئاڕاستەكراو و مەبەستدار نییە، بەڵكو بە گشتی بە نەستی شاعیر و شیعرییەتەوە دەلكێ‌. دەمەوێ‌ بڵێم زمانی خەون و خەیاڵی شیعری هەر تەنها لەسەر تێكدانی یاسا باوەكانی زمان و نەریتە باوەكانی كۆمەڵگا نەوەستاوە، هەر تەنها لە دەرەوەی كۆنتڕۆڵكردنی بیركردنەوە و عەقڵدا نییە، بەڵكو هەڵبژاردن و ئازادییە، سەیرورە و گۆڕانكارییە؟!
قوتوو گەمەی بیركردنەوەی خەونی زمانی شیعری دەنوێنێ‌ و خەیاڵ تێیدا شێوەگرتنی نەستی شاعیرە. لە گەمەی بیركردنەوە و نەستی شاعیردا سەری قوتووی ماڵ، بە ئازادی و هەڵبژاردنەوە لكاوە. لە پرۆسەی نووسینی شیعرییدا بە سەیرورە و گۆڕانكارییەوە بەندە.
هەڵبژاردن و ئازادی لە قوتوودا رووی یەك دراون، شاعیر بە شێوەی جیاواز دەیانپارێزێ! وەك چۆن ماڵی بێ‌ سەر لە شێوەی قوتووی بێ‌ سەر، شێوەگرتنی جۆرێك لە ئازادییە، بە هەمان شێوە درووستكردنی خودی ماڵ لە شێوەی قوتوو، هەڵبژاردن رێگاكانی دادەڕێژێ‌.
دەمەوێ‌ بڵێم ئەگەر زمان لایەكی نووسین بێت، ئەوە شێوازگەرایی لایەكەی دیكەیەتی، كەواتە زمان و شێوازگەرایی سرووشتی (نووسین) دیاری دەكەن و نووسینیش ئازادی و هەڵبژاردنە، سەیرورە و گۆڕانكارییە، لە خاڵی بەیەكگەیشتنی سەیرورە و گۆڕانكاری، ئازادی و هەڵبژاردندا زمان پەیوەندییەكی تازە لەگەڵ كۆمەڵگادا درووست دەكات!
بەڵام لەبەر ئەوەی شاعیر ناتوانێ‌ بە زمان باو بنووسێت، كەواتە زمانی خەون لە بەرانبەر درووستكردنی (قوتوو)دا هەڵبژاردنێكی تایبەتییە، واتە بە تایبەتی خەونی زمان بۆ نووسین هەڵدەبژێرێت، بەڵام هەر چەندە شێوازی درووستكردنی (قوتوو) ورد و پتەو بێت، كەچی لە رەمەكییەت و لابەلایی نابێتەوە، بەو مانایە خەونی زمانی نەستی شاعیر و شێوازی قوتوو ئاسۆی بیركردنەوەیەكی تازە و بەخششێكی بێ‌ ئامانج و شیعریی پێشكەش بە خوێنەران دەكات.
(3)
ژان كۆهین دەڵێت: شیعر تێكدانی یاساكانی زمانە و شیعرییەت شێوازی پێدەبەخشێت. (ئاسمان پارچە رایەخێكی موتفەڕكە ل23) كاتێك ئەو ماڵە بیر لە ئاسمان وەك سەرێكی پیرۆز (موتفەڕك) دەكاتەوە، ئەو كاتە شیعرییەت لە خەونەكانی (ئازادی/ سەیرورە) و لە شێوەكانی (گۆڕانكاری/ هەڵبژاردن) بێدار دەبێتەوە! بەڵام شاعیر لەو حاڵەتەدا لێزانانە پەنا بۆ باكگراوەندی خەیاڵی نێوان شەكردان و خوێدان و لە گەسك بەربوونەوە، دەبات، بێ‌ ئەوەی لە روانینێكی كۆنەخوازانە و سیحرئامێزدا بە خوێنەریان بفرۆشێتەوە! چونكە كە لە گەسكەكە بەردەبێتەوە و
بەناو (قاپی جاجیك) دەكەوێ‌.
خوێن بە دەماری تانكیدا هاتە خوارێ‌،
قوتووەكە پڕببوو لە خوێ‌ ل22.
بەسواری گەسكەكە بەسەر قوتووەكەدا دەفڕم ل23.
كەواتە لە داڕژانی ئازادی/ سەیرورە، شێوەگرتنی هەڵبژاردن/ گۆڕانكاری، شاعیر هەوڵدەدات لە رێگای بونیادنانی پرسی شیعرییەوە، لە رێگای خەون و خەیاڵەوە، نەك تەنها ماڵ وەك قوتوو، بەڵكو بونیادی رووكەشی شەكردان و خوێدان، فڕین بەسەر گەسكەوە لە مێشكی خوێنەری كوردیدا تێكبشكێنێ‌! ئیتر وەك (بانگدەر (أكبر)ـەكەی (الله) قووت بداتەوە ل22)!. لەوێوە ئاماژەی ماڵی بێ‌ سەر و گەسك و سیحر و رەنگدانەوەی بە دوایەكداهاتنی شەكردان و خوێدان و مەودا پراگماتیكەكەیان و واژۆكانیان رەتدەكاتەوە و گوتارێكی شیعری خەونئامێز لەسەر ژێی خەیاڵ و ئاسۆی چاوەڕوانییەكی نوێ‌ بۆ خوێنەر/ وەرگر بونیاد دەنێ‌ و فەزایەكی فرە رەهەند لەگەڵ شتگەلی جۆراوجۆردا درووست دەكات و ناكۆكی خۆی لە وێناكردنی تایبەت نیشان دەداتەوە، بێ‌ ئەوەی هیچ یەكێك لەوانە بە ئەسڵی خۆی بزانێت، بەو مانایەش (قوتوو) شانەیەكە لە گوتن و بەرهەمی هەزاران تیشكۆی جیاوازە، لە تیشكۆكانی كلتووری كۆمەڵگا.
(4)
هەموو كلتورێك تێگەیشتنی دیاریكراو بەخۆی هەیە، لەبەر ئەوەی (تێگەیشتن) پەیوەندی بە كلتوری دیاریكراوەوە هەیە، كەواتە بەپێی سنووری دنیابینی ئەو كلتورە كۆمەڵگا خۆی نمایان دەكات. بەڵام پرسی شاعیر سنوور ناس ناكات؟!
(گادامێر) پێیوایە تێگەیشتن لە وەرگرتنی نیازی نووسەرەوە هەڵناقوڵێ‌، نیازی دانەر ئاسۆی تێگەیشتن دیاری ناكات، بەڵكو ئەو ئاسۆیە (راڤەكار) پڕی دەكاتەوە. راستە راڤەكار شوێنی ناوەندی زمانەوانی پڕ ناكاتەوە، بەڵكو لەگەڵ شێوەكانی زمانەوانی مامەڵە دەكات. بەو مانایە ئەوە ئەركی ئەو خوێندنەوەیە بەرەو تێگەیشتنی تایبەتیمان ببات؟!
كەواتە ماڵ بێ‌ سەر بێ‌ یان سەردار، لە كلتووری كوردیدا زەردەخەنەكانی دایك شیرینی دەبەشێتەوە و بە دەگمەن بۆ تامی جاجیكی باوك خوێ‌ ئامادە دەكرێ‌. لە نێوان شەكر و خوێ‌، دایك و باوك… نارینی شاعیر وەك پاڵەوانێكی سوریالی بە گەسكی سیحری دەفڕێ‌، لەبری ئەوەی مەستی شیرینی دایك بێ‌، لە ناكاو دەڕژێتە نێو جاجیكەكەی باوكییەوە!
بێگومان بۆ دیاریكردنی سیمای لۆژیكیانەی سیستەمی (خوێندنەوە) وەك دەربرینێكی مەعریفی, دەبێ‌ گرینگترین ئەو ئاوێتەبوون ‌و تانۆپۆیانە كەشف بكەین، كە دەسەڵاتی خوێندنەوەی لێپێكهاتووە. لە تانوپۆی ئەو شیعرەدا شاعیر بە دەربڕینێكی نالۆژیكی جوولاو لە ماڵدا بەر دنیای (باوك، دایك، خوشك، برا) دەكەوێت، بەڵام ئەو بەركەوتنەی تەنها ئاماژە نییە بۆ ریزبەندكردنی خێزان، بەڵكو لێرەدا خودی ماڵ بابەتی چێژە و خێزان فۆڕمەكانی جوانین، خەونی شاعیر قردێلەی شیعر و ئیلهامە.
(5)
ئەنجامی ئەو خوێندنەوەیە پێمان دەڵێت خوێنەر لەمیانی دەلالەتەكانەوە, ئەگەرچی شوێنی ناوەندی زمانەوانی پڕ ناكاتەوە، بەڵام لە رێگای خەیاڵی شیعرییەوە جوانی و دژە واتاكان دەدۆزێتەوە و لە رێگای خەونی زمانەوە شیعرییەت رۆدەنێ‌, كەچی شاعیر لە رووی وەزیفەوە سەر بە چەمكی سیمە, یان مەدلولە و هێزی خۆی لەوەدا دەبینێتەوە، كە تاچەند دەتوانێت خوێنەری تازە بەدوای جوانی و دژە واتاو شیعرییەتدا بەرێت.
دواجار ئەگەر خوێنەر بیەوێ‌ گفتوگۆ لەگەڵ بۆچوونی بەرهەمهاتووی ئەو خوێندنەوەیە بكات, ناتوانێ‌ بونیادی دەق فەرامۆش بكات, بە دیوەكەی دیكە لە پرۆسەیە خوێندنەوەدا مەعریفەی دەق ‌و مەعریفەی خوێنەر بەریەكدەكەون و خودی ئەو بەریەككەوتنە رەنگدانەوەی بۆچوونی (بەرهەمهاتوو) و (ئاسۆی چاوەڕوانی تازە) یان (دەقی بەرهەمهاتوو) و (قوتووی بێ‌ سەر) دەخەنەوە.
(6)

قوتوو

قوتوویەكی بێسەرە ماڵەكەمان،
هەندێكجار شەكری تێ دەكرێت و
زۆرجاریش خوێ.

كاتێك خوشكم چووە ناو جلی بووكێنییەوە،
ماڵمان شەكردان بوو
(ناگەینە كۆتایی، شەكردانەكە بەشی خواردنەوەی پیاڵەچایەكیشی تێدا نامێنێت.)

ئەو ڕۆژەی بەلووعەی تانكیی ئاوەكەم لە دەست پەڕی و
خوێن بە دەماری تانكیدا هاتە خوارێ،
قوتووەكە پڕ بووبوو لە خوێ!
دەرمانخانەكان لە جیاتیی دەرمان، بلیتی یانەسیبیان دەفرۆشت
بانگدەر (أكبر)ەكەی (الله)ی قووت دایەوە.

لە ناوەڕاستی ئەم قوتووەدا،
ئاسمان پارچەڕایەخێكی موتفەڕكە، هەڵواسراوە
هەر پەڵەهەورێكی چڵكنی بكەوێتە سەر،
دایكم بە گەسك لای دەبات
(ئەوە دەشارمەوە كە دایكم بە قەرەوێلەیەكەوە نووساوە و پەڵەهەورە چڵكنەكان دەژمێرێ.)

بە سواری گەسكەكە بەسەر قوتووەكەدا دەفڕم
باوكم پێكێك عەرەق هەڵدەدا و
فوو لە فانۆسەكە دەكات
من لە گەسكەكەوە بەر دەبمەوە و
بەناو قاپی جاجیكدا دەكەوم!
تەباغەكە كوژاوەتەوە،
بەشی ساڵێكی دیكە نەگبەتی كوڵاوە.

سەرچاوە: بەرەواژ، شیعر، نارین رۆستەم، زنجیرە بڵاوكراوەكانی كتێبی نووسیار ژمارە (26) چاپخانەی كارۆ، چ 1، ساڵی 2021. ل21,




رەنگدانەوەی ئەدەبیاتی شاخ لە گۆڤاری سەفین.. ئامادەکردنی: محەمەد سەلیم فەتاح

بۆ خوێندنەوەی ئەم توێژینەوەیە کلیکی ئێرەبکەن..




“ڕێگای گەشەپێدان” و ئۆپەراسیۆنی تورکیا دژی پەکەکە.. عوسمانی حاجی مارف

ڕەچاوکردنی ئەمنی و ئابوری دوو بابەتی هەرە گرنگن لە پەیوەندیەکانی تورکیە لەگەڵ هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقدا، تورکیا لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوەوە بنکەی سەربازی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی دژ بە پەکەکە لە ناوچەی زۆنی زەرد لە دهۆک و هەولێر دامەزراندووە، کە بارزانی کۆنترۆڵی تەواوی هەیە لەو زۆنەدا.
تا ساڵی ٢٠١٦ ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانی تورکیا لە ناوچەی دەسەڵاتی بارزانیدا زۆرتر کورتخایەن بون، ئەنقەرە بەدوای دامەزراندنی بنکەی هەمیشەیی نەبوو. بەڵام دوای ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ وە ڕاگەیاندنی ئیدارەی ترەمپ لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، هەڵسورانی هێزەکانی سوریای دیموکراتی، ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانی تورکیا لە هەولێر و دهۆک زیادی کرد. لە ساڵی ٢٠١٨ تورکیا دەستی کرد بە دامەزراندنی بنکەی هەمیشەیی.
ئەردۆغان، بەڵێنیدا ڕێڕەوێکی ئەمنی بە درێژایی ٣٠ بۆ ٤٠ کیلۆمەتر لە سنوورەکانی تورکیا لەگەڵ عێراق و سوریا دروست بکات و دامەزرێنێت، بەمجۆرە ئەنقەرە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی تەواوی سنووری تورکیای لەگەڵ عێراق خستەبەرنامەی جێبەجێکردنەوە، هەروەها ئەم هەوڵانە نوێنەرایەتی دوایین هەوڵی کردنەوەی دەروازەیەکی سنوری نوێی لەگەڵ عێراق کرد، کە سێگۆشەی تورکیا- عێراق-سوریا پێکدەهێنێت.
بەهۆی خۆئامادەکردنی تورکیا بۆ هێرشێکی کاریگەر بۆ سەر پەکەکە، ئەنقەرە سەرقاڵی دیپلۆماسیەکی چڕ بووە لەگەڵ بارزانی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی عێراق و سەرکردە میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران، دوابەدوای سەردانەکەی ئەم دواییەی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ بەغدا، عێراق بەیاننامەیەکی هاوبەشی لەگەڵ تورکیا بڵاوکردەوە و تیایدا پەکەکەی بە ڕێکخراوێکی “قەدەغەکراو” و “مەترسی ئەمنی” بۆ تورکیا و عێراق وەسفکرد، کە ئەمەش بە دەستکەوتێکی گەورە بۆ ئەنقەرە ئەژماردەکرێت.
ئەنقەرە بەهۆی بێدەنگی بەغداوە هەلی گونجاوتری بۆ هەڵکەوتوە، بۆیە پێدەچێت ئۆپەراسیۆنەکەی لە دژی پەکەکە لە قەزای کارا چڕ بکاتەوە کە دەکەوێتە پارێزگای دهوک، گرنگترین ئامانجی ئۆپراسیۆنەکەی تورکیا زیاتر بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی ڕێگای “گەشەپێدانە”، کە بە موسڵدا تێدەپەڕێت، نزیکەی ٣٠ کیلۆمەتر لە کاراوە دورە.
ئەنقەرە بەتایبەتی نیگەرانە لەوەی کە بوونی پەکەکە لە شەنگال لە ڕۆژئاوای موسڵ، پرۆژەکە پەک دەخات، بەم شێوەیەش جەخت دەکات ئۆپەراسیۆنەکانی لەو ناوچانەی کە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە دەشتی موسڵ و ڕێگای گەشەپێدانەوە کۆنترۆڵ کات.
هەروەها، بەپێی بەیاننامە هاوبەشەکە، بەغدا و ئەنقەرە بڕیاریانداوە لیژنەی هەمیشەیی هاوبەش پێکبهێنن بۆ کارکردن لە بوارەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە ئەنقەرە تائێستا نەیتوانیوە لەگەڵ بەغدا بگاتە ڕێککەوتنێکی ئەمنی هاوشێوەی ئەو ڕێککەوتنەی کە عێراق پێشتر لەگەڵ ئێران واژۆی کردبو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سەرجەم گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنە کوردەکانی ئێران، سەرەڕای ئەمەش تورکیا پێیوایە لە هاوکاریە ئابوریەکان لەگەڵ بەغدا و فشارە دیپلۆماسیە هاوبەشەکان بۆ ڕوبەڕونەوەی پەکەکە، وردە وردە سوودەکانی دەچنێتەوە. جگە لەوەش ئەگەری ئەوە هەیە سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق زەمینە بۆ ڕێکەوتنێکی لەو شێوەیە خۆش بکات کە ناوەندێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەخۆ بگرێت.
ئەوەی لەم نێوەدا بایەخێکی جدی هەیە، تورکیا بۆیە هەوڵدەدات لەگەڵ عێراقدا پڕۆژەی “ڕێگای گەشەپێدان” بەرەو پێشەوە بچێت، هەوڵدەدات پەیوەندی ناوچەیی ڕاستەوخۆ لەنێوان هەردوو وڵاتدا لەڕێگەی ئەم پرۆژەیەوە بەدەستبهێنێن و پێگەیەکی باڵا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دابمەزرێنن.
ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێبدەین، پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان پێویستی بە ١٧ ملیار دۆلار وەبەرهێنانی بیانی دەبێت، ئەو پرۆژەیەی کە بە بەسرە، دیوانیە، نەجەف، کەربەلا، بەغدا و موسڵدا تێدەپەڕێت و لە ڕێگەی ڕێڕەوێکی وشکانیەوە بەغدا و ئەنقەرە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، دەرفەتی پێشڕەوی لەباری ئابوریەوە بۆ هەردوو ووڵات دەڕەخسێنێت.
بەرپرسانی تورکیا لەم بارەیەوە دەڵێن، ئەگەر ڕێڕەوەکە بکرێتەوە، لە پرۆسەکەدا هەولێر و موسڵ و کەرکوک و بەغدا بە هاوبەشی ئاوەدان دەکرێنەوە.
هەر لەم بارەیەوە لەبەرئەوەی لە ڕێڕەوەکەدا هەولێریش هاتۆتە ناوانەوە، ئەنقرە و بەغدا پێویستیان بەوەیە مامەڵەیەکی گونجاوتر بەکاربهێنن بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی پێگەی بارزانی و حکومەتی هەرێم لە هاوکێشەی سیاسی ناوچەکەدا، هەرچەندە بارزانیش ناچاربووە بکەوێتە بەرەی دژی پەکەکەوە، بەڵام دیاریکردنی پێگەو بەشی هەولێر لە پرۆژەی گەشەپێداندا تائێستا ڕۆشن نیە.
هەرچەندە تورکیا دەڵێت ئاسایشی کۆریدۆرەکە لەلایەن قەوارە ئەمنیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەروەها حکومەتی ناوەندی عێراقەوە دابین دەکرێت، بەڵام ئەو ڕۆڵەی کە هەرێم لە کۆریدۆرەکەدا دەیگێڕێت، ڕوون نیە کە چۆن دەبێت.
بەوپێیەی ئەم ڕێگایە بەشێوەیەک داڕێژراوە کە بەدەر لە ناوچەی کوردستانی عێراقە، پچڕاندنی پەیوەندی وشکانی دەکات لەگەڵ ئەو هێزانەی سەر بە پەکەکەن، ئەو هێزانەی کە کۆنترۆڵی هەردوو دیوی سنووری عێراق و سوریا دەکەن، ئەو ناوچانەش هەڵگری ڕەهەندێکی ئەمنی گرنگن بۆ تورکیا بەتایبەتی لە پەیوەند بە پڕۆژەی گەشەپێدانەوە.
ڕێگای گەشەپێدان کە بەسرە بە بەغدا و موسڵەوە دەبەستێتەوە، پێش ئەوەی سنووری تورکیا ببڕێت، تەواوی هەرێمی کوردستانی عێراق بەدەر دەکات، فاکتەری تۆپۆگرافی و ئابووری لە پشت ئەم بڕیارەوە بووە. لەلایەکی دیکەوە، مەسرور بارزانی، جەختی لەسەر پێویستی “لکاندنی” هەولێر و بەدەستهێنانی “ڕەزامەندی” بۆ جێبەجێکردنی ڕێبازی گەشەپێدان کردەوە، ئاخۆ ئەم جەختەی مەسرور تاچەند وەڵام وەردەگرێتەوە، بەمانەوەی پەکەکە لە ناوچەکەدا، ئاسۆیەکی ئەرێنی لەبەردەمیاندا نابێت.
پێویستە بگوترێ ئیدارەی هەولێر لە دوای ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ ەوە بەهۆکاری سیاسی و ئەمنی و ئابووری لە دۆخێکی لاوازدا بووە و پاشکۆبونێکی یەکجاری بۆ بەغدا نیشانداوە، بەڵام کێشەکانیان هەر ڕۆژە لە بوارێکدا ڕەنگ ئەداتەوە، هەڵبەتە پێدەچێت لەم پرۆژەیەشدا بە مەرجێکی تەواو خۆڕادەستکردن بە بەغداو ئەنقەرەوە، هێزەکانی بارزانی وەک پاسەوانێک دەمێننەوە.
هەڕوەها جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەی گەشەپێدانە و کردنەوەی ڕێڕەوەکه، ناوچەکانی نێوان کوردەکانی عێراق و سوریا له یەکتر دادەبڕێت. تورکیا چەندین جار ڕایگەیاندوە کە دەیەوێت بە کردنەوەی دەروازەی ئۆڤاکۆ ڕێڕەوی پەکەکە لە عێراقەوە بۆ سوریا ببڕێت.
لەلایەکی تریشەوە ئەنقەرە دەیەوێت بگاتە ناوچە سوننە و تورکمانەکان لە باکووری عێراق، وەک موسڵ کە بنکەی سەربازی بەعشیقەی تورکیای لێیە، هەروەها کەرکوک کە تورکمانەکانی تێدا نیشتەجێیە. تورکیا لەڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە دەتوانێت پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تورکمان و عەرەبی سوننە دروست بکات بۆئەوەی لە ڕێگەی پەیوەندیە ئابوریەکانەوە کاریگەری سیاسی زیاتر لەسەر ئەم پێکهاتانە بەدەستبهێنێت.
هەرچەندە تورکیا دەڵێت ئاسایشی کۆریدۆرەکە لەلایەن قەوارە ئەمنیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەروەها حکومەتی ناوەندی عێراقەوە دابین دەکرێت، بەڵام ئەو ڕۆڵەی کە هەرێم لە کۆریدۆرەکەدا دەیگێڕێت ڕوون نییە، بەو پێیەی ئەم ڕێگایە بەشێوەیەک داڕێژراوە کە پچڕاندنی پەیوەندی وشکانیە لەگەڵ ئەو هێزانەی سەر بە پەکەکەن، کە کۆنترۆڵی هەردوو دیوی سنووری عێراق و سوریا دەکەن. هەرچەندە هەڵگری ڕەهەندێکی ئەمنی گرنگە بۆ تورکیا، بەڵام مەترسی هەیە لە سەر حکومەتی هەرێم.
ئایندەی پێکهاتەی هەرێم لەم پڕۆژانەدا چۆن دەبێت هێشتا لە مامەڵەدا ماوەتەوە، هەتا گەر وەک پاسەوانێکش قەبوڵ بکرێن، حکومەتێکی تەواو کارتۆنی بەڕێوە دەبەن، ئەمەیە حاڵەتی ئەو حکومەتەی کە بارزانیەکان سی ودوو ساڵە بەڕێوەی دەبەن و هەر ڕۆژە پردی بەرژەوەندی و سیاسەتی وڵاتێکن، ئەو حکومەتەی کە جەماوەری ناڕازی کوردستان کەی هەلیان قۆستەوە پاکتاوی دەکەن.




ژیان رەوشێکی دیالێکتیکییە لە جێگەیەک ناوەستێت.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

مۆنۆلۆگی یازدە لە کنێبی (خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجە)دا

خۆم: پێشتر وا تێدەگەیشتم تەنھا مرۆڤە ناسکەکان دەتوانن خۆشەویستی بکەن!، پێش ئەوەی درەنگ بێت بیرم کردەوە دەشێ دڕندەکانیش بە کردەی خۆشەویستی ھەڵستن، کاتێک مێژووی ژیانی دیکتاتۆرەکانم خوێندەوە، جیاواز لە کرۆنۆلۆژیای خوێن و کابووس و کوشتن و دڵڕەقی، ئەوەی جێی راوەستان بوو بۆم خۆشەویستییە. تەنانەت زۆرێک لە دیکتاتۆرەکان لە بەرامبەر خۆشەویستیدا ھەستیان بە لاوازیی کردووە. زۆرجار ژنێک دڵی دیکتاتۆرترین پیاوی ھێناوەتە لەرزین. لەم سۆنگەوە دەڵێم خۆشەویستی جادوویەکە دڵڕەقترین مرۆڤەکانیش ناتوانن خۆیانی لێ بپارێزن.
من: خۆشەویستی ھێزێکە توانای زاڵبوونی ھەیە بەسەر ھەر دۆخێکی دەروونی و کۆمەڵایەتی ئینساندا، بە جۆرێک لە جۆرەکان خۆشەویستی لە مردن دەچێت، شا و گەدا ناناسێت، پلەی کۆمەڵایەتی و چینایەتی ناناسێت، رەچاوی دۆخی سایکۆلۆژیی کەسیش ناکات، من دەتوانم لەوپەڕی نیھلیزمدا خۆشەویستی بکەم، دەتوانم لە رەوشێکی ھیپیستیدا بکەومە داوی خۆشەویستییەوە، یان تۆ دەتوانیت لە سەرەتای تەمەنەوە خۆشەویستی بکەیت، یان لە کۆتایی تەمەندا بۆی بگەڕێیتەوە، ھەر چۆنێک بیگریت مرۆڤ مەحکومە بە خۆشەویستی، دیکتاتۆرەکانیش دواجار ھەندێک ھەست و خەسڵەتی مرۆییانەیان تێدا دەمێنێتەوە تاکو بتوانن کەسێکیان خۆش بوێت.
خۆم: زۆرێک لە دیکتاتۆرەکان لە ئەنجامی تێکشکان لە پەیوەندییەکی سۆزدارییدا، دووچاری گرێی دەروونی بوون، ھیچ دیکتاتۆرێک نییە لە دنیادا ژنێک دڵی نەشکاندبێت یان ئەزموونێکی خراپی لەگەڵ خۆشەویستی نەبووبێت. دەکرێت ئێمە ھاوکێشەکە پێچەوانە بکەینەوە و بڵێین ئەگەر تێکشکانی عاتیفی نەبوایە ژمارەی دیکتاتۆر و ستەمکاران بەو ئەندازەیەی ئێستا نەدەبوو. مۆسۆلینی، ھیتلەر دوو نموونەی سوپەر دیکتاتۆرن، ئەگەر رۆبچینە نێو وردەکاریی بایۆگرافیایانەوە ئەزموونی تێکشکانیان لە رووی سۆزدارییەوە دەبینین. لەو باوەڕەدام تا خۆشەویستی لە ژیانماندا ھەبێت، ھەلومەرجی بابەتی بۆ دڵڕەقی و خەونی ستەمکاریی کەمتر دەبێتەوە.
من: ئەمەی تۆ دەیڵێت ھەر ئەو ئەنجامەیە “فرۆید” تیۆریزەی کردووە، کاتێک دەڵێت “خۆشەویستی وەکوو رەمەکی ژیان، ھەر لە سەرەتای ژیانەوە کاری خۆی کردووە، پاشان لە بەرامبەر ئەم غەریزەیەدا رەمەکی مردن دەرکەوتووە، لێرەشەوە مەتەڵەکانی ژیانمان بۆ روون دەبێتەوە”. مادام خۆشەویستی غەریزەی ژیانە، کەواتە دیکتاتۆرەکان دەکەونە دەرەوەی ژیان، ئەگەر لە دروشمی فاشیستەکانی ئیتالیا ورد بینەوە “بژی مەرگ”، ئەو فاکتەمان زۆرتر لەلا روون دەبێتەوە، بۆ ئەوەی دیکتاتۆر بەرھەم بھێنیت، دەبێت سەرەتا مەرگپەروەر بیت نەک ژیاندۆست، ژیاندۆستییش بە دیدە فرۆیدییەکە واتە خۆشەویستی.
خۆم: کەواتە ئێمە چۆن دەتوانین نیشانەکانی خۆشەویستی لە ژیانی دیکتاتۆرەکاندا بناسینەوە؟. راستە سیستمی دیکتاتۆریی لەسەر دڵڕەقی و رەتکردنەوەی ژیان و خۆشەویستی راگیراوە، بەڵام ئایا ئەمە لەسەر ئاستی تاکەکەسیش ھەروایە؟. ئایا مافمان ھەیە بانگەوازی ئەوە بکەین دیکتاتۆرەکان وەک تاکەکەسیش لە مانای خۆشەویستی تێناگەن؟.
من: ناکرێت دیکتاتۆرەکان تەجرید بکەین لە توخمی مرۆڤ، تەنیا ئەوەیە دیکتاتۆرەکان خۆیان بە نموونەی سوپەر و بوونەوەری خەیاڵئامێز و فریادڕەس نیشان دەدەن، ئەمە دیوی فەرمی و ئاشکرای ژیانی ھەر دیکتاتۆرێکە، دەشێ ئێمە دیوی ناوەوە و ئاسایی ژیانی ئەوانیش ببینین، کە وەک ھەر مرۆڤێکی تر شاد دەبن، پێدەکەن و دەگرین، تووشی تراوما دەبن، لەحزەی ناجیددیان ھەیە، سۆزیان دەجوڵێت. ھەر بۆ وێنە کۆچی یەکەمین ھاوسەری ستالین، “ئاکاترینا سڤاندێزی” لە ساڵی ١٩٠٧، نموونەیەکی باشە بۆ روونکردنەوەی ئەم پرسە، کاتێک لە مەراسیمی بەخاکسپاردنیدا، ستالین دەڵێت “تەنھا ئەم بوونەوەرە نازدارە دەیتوانی دڵە رەقەکەم ئارام بکاتەوە، ئەویش مرد، بە مردنی ئەو ھەموو ھەست و نەستم بەرامبەر بە مرۆڤ نامێنێت”. پاشان دەستی راستی لەسەر دڵی دادەنێت و دەڵێت “ناتوانم چیتر ھەستم دەرببڕم”. ئەمە ھەمان ئەو ستالینەیە بیست ملیۆن مرۆڤی کوشت و توانی سەربکەوێت بەسەر نازیزمیشدا.
خۆم: کەواتە خۆشەویستی و مردن دوو رووداوی ھاوبەشن لە ژیانی ھەر مرۆڤێکدا. خۆشەویستی ھەروەک مردن ھیچ کات نافەوتێت. جارێک “پاولۆ کۆیلۆ” وتی “خۆشەویستی تاکو سەر دەمێنێتەوە، ئەوەی دەگۆڕێت خودی مرۆڤەکانن” بە تێگەیشتن لە خۆشەویستی و کاریگەریی ژن لە ژیانی دیکتاتۆرەکاندا گەیشتمە ئەو بڕوایەی خۆشەویستی لە مردن بەھێزترە، چوونکە وامان لێدەکات ژیانمان پووچ نەبێت، یان ھۆکارێکمان دەداتێ بۆ بەردەوامبوون لەسەر ژیان.
من: وەک خۆم لە ژێر کاریگەریی ژینگەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیی ئەوسادا، لە سەرەتای لاویدا دەمووت بۆ ئەوەی بەردەوام بین لە ژیان پێویستە جیھانێکی باشتر دروست بکەین بە میکانیزمی شۆڕشگێڕانە، ئەو قۆناغە شۆڕشگێڕێکی رادیکاڵ بووم، دوای پووکانەوەی ئەو خەونە گەورەیەم، بەرەو رێگە “نیتچە”ییەکە خزام کە “ئەگەر نەتتوانی ژیانێکی شایستە بژیت ئەوە مەرگ ھەڵبژێرە”. زوو لەمەش ژیوان بوومەوە، ھەنووکە دەڵێم کوالێتی ژیانت ھەر چۆنێکە تەنھا خۆشەویستی ھەڵبژێرە، ئەوەی واتایەک بە ژیانمان دەبەخشێت خۆشەویستییە ھەر ئەویش لەمەرگ دەمانپارێزێت.
خۆم: ئامۆنز، لە شیعرێکیدا دەڵێت “پەیوەندیم بەدنیاوە خۆش نەبوو.. سەرەتا شتێکم نەبوو لەوەی دنیا دەیەوێت.. دواتر دنیا ئەو شتەی نەبوو کە من دەمەوێت”. ئەو کاتانەی خۆشەویستی ھەبوو من سەرقاڵی کارێکی تر بووم، با بڵێم ئەو کاتەی خۆشەویستی لە بەردەم دەرگامدا بوو، من لە پەنجەرەوە بۆ نیگارێکی ترم دەڕوانی، ئەمێستاش دنیاکەی من ئەو خۆشەویستییەی تێدا نەماوە من دەیخوازم. خۆشەویستی ھاتۆتە خوار حەزیشەوە، بووە بە درۆ و پاساوێک بۆ بەڕێکردنی چەند شەوێکی سوور.
من: تۆ دەبێت تێبگەیت ژیان رەوشێکی دیالێکتیکییە، لە جێگەیەک ناوەستێت، خۆشەویستی ھەروەک جوانی وایە، بە پێی سەردەمەکان پێناسەکانی دەگۆڕێت، بەڵام ناوەڕۆکەکەی بە جێگیریی دەمێنێتەوە.
خۆم: خۆشەویستی شتێکە قابیلی دەستکارییکردن نییە، یەک سیمای ھەیە بە درێژایی مێژوو، ئەوەی دەگۆڕێت تێڕوانینی ئێمەیە بۆ ئەو چەمکە. ئێستاش خۆشەویستی بچووک کراوەتەوە بۆ بەریککەوتنی دوو جەستە. ئەمە دیاردەیەکی نامۆی ھاوچەرخە.
من: ھەمیشە دەمگەڕێنیتەوە چوارگۆشەی یەکەم و باسی بابەتی رۆح و جەستە. فیساگۆرسییەکان پێیانوایە رۆح لە جەستەدا بەندە، تەنھا لە کاتی مردنی جەستەدا ئازاد دەبێت!!, ئەوان جیا لەوەی بڕوایان بە دۆنادۆنی رۆحە، لە ھەمان کاتدا جەستە بە شتێکی پووچ دەبینن، لەبەرامبەردا “میرۆلۆپۆنتی” پێداگریی دەکات بوونی مرۆڤ بەستراوەتە بە بوونی جەستەوە، لە دەرەوەی جەستە ئینسان لە ئارادا نییە. ئەگەر گریمان رۆح ھەیە، خۆشەویستی تەنھا دیاردەیەکی رۆحی نییە، بەڵکو جەستەیشە، بەریەککەوتنی جەستەکان بە تەنیا لە خۆشەویستیدا مانای ھەیە، تۆ خۆشەویستی لەگەڵ من بکەیت، ناتوانیت جەستەی خۆتم لێ دوور بخەیتەوە، ئەگەر واتکرد ھێشتا لەنگییەک ھەیە و پەیوەندییەکە ماوێتی ببێتە خۆشەویستی.
خۆم: ھەمیشە ئەوەی لە پێکگەیشتنی جەستە دەسڵەمێتەوە ژنە، چوونکە دڵنیا نییە ئەو پیاوەی لە ژێر ناوی خۆشەویستی پەیوەندیی لەگەڵ دەگرێت، تەنیا خوازیاری پەیوەندیی جەستەییە، نایەوێت ببێتە بەشێک لە دنیای ئەو ژنە.
من: ئەوە راستە پیاوی ئێمە تەنھا بە چاوی لەش ژن دەبینێت، ھەمیشە سەرنجی دەچێتە سەر جەستەی ژن و وەک نێچیرێکی سێکسیی سەیری دەکات، ناتوانێت خۆشی بوێت بەڵکو حەزی لێ دەکات!، حەز شتێکە زۆر لە خوار خۆشەویستییەوە، بە حاستەم پیاوێک ھەیە لە جیھانی ژن تێبگات، لە خەسڵەتەکانی ژن حاڵی ببێت، تاکو پیاو لە ژن تێنەگات ناتوانێت خۆشی بوێت، ھەر کات توانی لێی تێبگات پاشان خۆشی بوێت، ئەوسا پەیوەندیی جەستەیی بە ئۆتۆماتیکی روودەدات!، بۆیە ھەمیشە ویستوومە لە پێشدا لە ژن تێبگەم ئینجا خۆشم بوێت.
خۆم: کێشەکە ئەوەیە فەلسەفەی چێژگەرایی بووە بە بەشێک لە تێڕوانینی پاتریارکی، ھەمیشە پیاو وەک سەرچاوەی لەزەت لە ژن و ژیان دەڕوانێت. ئەمە ھەر ئەوەیە “لینین” رکی لێی دەبووە و بە ئاکاری بۆرژوازیانەی لە قەڵەم دەدا.
من: سەرەتا خودی لینین وەک دیکتاتۆرێک تێڕوانینەکەی لە ژێر پرسیار و گوماندایە، لە باری کرداریشەوە ئەزموونی پێچەوانەی قسەکانی خۆی پیادە کردووە. سەبارەت بە چێژگەرایی ئەوە بناوانێکی فەلسەفی دێرینی ھەیە، فەلسەفەی “ئەبیکۆریزم”ی چاخی ھێلیسنتی وەھا سەیری ژیان دەکات، تەقەلا و کۆششی مرۆڤە بۆ مسۆگەرکردنی ئەندازەیەکی زۆری چێژ. چێژگەرایی ھەر رەھەندی سێکسوالێتی ناگرێتەوە، ئەگەرچی سێکسیش یەکێکە لە سەرچاوەکانی چێژ و ژیاندۆستی، بەڵام ھەموو چێژەکانی ژیان لە خۆ ناگرێت، سەلمێنراوە ئەوانەی قێز لە سێکس دەکەنەوە جیا لەوەی لە رووی دەروونییەوە ساغڵەم نین و کەسایەتییەکی سیکۆپاتیان ھەیە، لە ھەمان کاتدا تا راددەیەکی بەرز مەترسیدارن، چون ئەوان ھەمیشە تابووری نوستووی ھەموو ھێزە مەرگدۆست و دەسەڵاتە تۆتالیتارییەکانن.
خۆم: لە دوای شۆڕشی پیشەسازیی و باڵابوونی سیستمی کاپیتالیزم، جەستەی ژن بووە بە کاڵا و ماتریاڵێکی ھەرزانی بزنس. سەیری ئەو ھەموو مافیا جۆراوجۆرانە بکە چۆن سەرمایەگوزاریی بە جەستەی مێینەوە دەکەن.
من: قسەی ئێمە لەسەر تێگەیشتنە لە جەستە، پێشتر جەستە بابەتی توێژینەوەی پزیشکی بوو، بەڵام ئێستا ماتریاڵی توێژینەوەی دەروونی و فەلسەفیشە، راستە ئێمە خۆمان لە رووی بایۆلۆجییەوە خاوەندارێتی لە جەستەی خۆمان دەکەین، بەڵام بە مانای ئەوەش نییە جەستەمان لە رووی کۆمەڵایەتی و فەرھەنگییەوە لە بن دەستی خۆماندا مابێتەوە، بەو پێیەی جەستە ھەمیشە پەروەردە و سیستم کڵێشەی جەستەمان بەو جۆرە رەنگ دەکەن خۆیان دەیانەوێت.
خۆم: ژنانی ئێمە لە جەستەی خۆیان دەترسن، بۆیە ھەمیشە خۆشەویستی وەک پێدراوێکی رۆحی وەردەگرن، رەنگە ئەو ترسە زۆر لە جێی خوێدا نەبێت، بەڵام لەو دەرئەنجامانە دەسڵەمێنەوە کە لە کاتی ئازادکردنی جەستەدا دێنە ئارا.
من: ژنی ئێمە لە بواری بایەخدان بە جەستە و ماکیاژ و نەشتەرگەریی جوانکاریی، تووشی درمی مەسرەفگەرایی بووە، بەڵام نازانێت فەلسەفەی ئەو بایەخدانە بە لەشولاری لە کوێدایە. کاتێک گوێی بۆ دەگریت، باسی بۆشایی رۆحی خۆی دەکات، ئەو رۆحەی من زۆر بە گومانم لێی، تێناگات بەڵاکە بۆشایی رۆحی نییە، بەڵکو ئەوەیە فێر نەبووە چۆن جەستەی ئازاد بکات، یان ئازادانە مامەڵە بە جەستەی خۆیەوە بکات، ناچار بە دوای بەھانایەکی تردا دەگەڕێت لە دەرەوەی جەستەی.
خۆم: کەواتە چارەسەری ھەموو شتێک خۆشەویستییە. تەنانەت ھەموو ترسێک بە خۆشەویستی لەناودەچێت. ئەمە ھەمان ئەو گەوھەرەیە ھەمیشە “ئۆشۆ” پێداگریی لەسەر دەکات.
٥-١٢-٢٠١٨
کاتژمێر: سیانزە و پێنج خولەکی نیوەڕۆ
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس




قاسمی سلێمانی شاری سەردەشتی بە كیمیابارانكردن دا.. عەلی مەحمود محەمەد

بۆ حكومەتی عێراقی شاری سەردەشتی هەڵبژارد لەو كات و ساتەدا؟.

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت لە ڕوداوەكانی چەند رۆژ پێشووتری ئەو ناوچەیە بڕوانین, دەستنیشانی روداوەكان و جوڵە سەربازییەكانی بەرەی بەرامبەر عێراق بكەین ئەوانەی لەو رۆژگارەدا گوزەراون, بۆ هۆكاری كیمیابارانكردنی شاری سەردەشت, ئەمەش سەرەتا با لە زمانی شایەد حاڵەكانی خەڵكی شارەكەوە بزانین شاری سەردەشت لەو چركە ساتەدا بۆچوونی ئەوان لەو بارەیەوە چی بووە؟, بۆچی عێراق شاری سەردەشتی هەڵبژارد بۆ لێدانی بە چەكی تایبەت و خەڵكە سڤیلەكەی كردە نیشانەی خۆی لەو كات و ساتەدا؟؟, بزانین لەم بارەیەوە لە لایەن خڵكی شارەكەوە چی وتراوە: (( لە پاش روودانی ئەو كارەساتە و رۆژێك دواتر لە نێو خەڵكی شاردا بڵاوبۆوە، كە بەرەی كوردستانی (باشووری كوردستان) لە شوێنێكی شاری سەردەشت كۆبوونەوەیان كردووە و رێژیمی عێراق لەو كۆبوونەوەیە ئاگادار بوون بە واتایەكی دیكە، ئەوكات باسی ئەوە دەكرا، كە كەسانی ئاگادار و تەنانەت بەشدار لە كۆبوونەوەی بەرەی كوردستانی، وەك سیخوڕ بەرپرسانی عێڕاقیان لە شوێن و كاتی كۆبوونەوە ئاگادار كردۆتەوە. شایانی باسە، كە هیچ كام لە بەرپرسی حیزب و رێكخراوە سیاسییەكانی باشووری كوردستان باسیان لە دروستی و ناڕاستی ئەو هەواڵە نەكردۆتەوە و تەنانەت لە راگەیاندنی فەرمی خۆیاندا زۆر بە كەمی باسی ئەو كارەساتە دەكەن.- 22 ساڵەی یادی كارەساتی بۆمبارانكرانی شاری سەردەشت بە بۆمبی شیمیایی -ئا: عەزیز شێخانی )). دیارە لە راستیدا لەو كاتەدا بەرەی كوردستانی دانەمەزرابوو, بگرە بیرۆكەی دامەزراندنیشی هێشتا نەهاتبووە ئاراوە, بۆ زانیاریتان لە 7ی ئایاری 1988 بەرەی كوردستانی راگەیەندراوە, وە لە كۆی 7 پارتی ئەندامی بەرەی كوردستانی چواریان “شیوعی, پاسۆك, گەل, زەحمەتكێشان” بەشداری هیچ جەنگێكی هاوبەشی پێشمەرگە – ئێرانییان نەكردووە.
لێ لێكۆڵەری بە ناو بانگی هۆڵەندی یۆست هلتەرمان لە بارەی كیمیابارانكردنی شاری سەردەشت و هۆكارەكەی دەڵێت: ((سەردەشت كە شارۆچكەیەكی كورد نشینی سەر سنوور و نزیكی بەرەبوو (مەبەست بەرەی شەڕی عێراق ئێرانە), بوو بووە داڵدە و پەناگای گوندنشینە ئاوارەكان و سەربازگەی هێزەكانی ئێران, كە وەك ناوچەیەكی پشتی بەرە بەكاریان دەهێنا, پێشتر سەردەشت گەلێ جار بە فڕۆكە بۆردمان كرابوو چەند ڕۆژێك پێش هیرشە كیمیاویەكەش, هێزەكانی ئێران و عێراق كەوتبوونە شەڕەوە لە نزیك چیای مامەندە و پاشان لە هێڵەكانی بەرەدا, یەكەمجار ئێرانییەكان بە یارمەتی پێشمەرگەكانی ینك, بەر لە هێرشێكی عێراق بگرن و بیانشكێنن, بەڵام وەك حەمەی حەمە سەعید, كە بەشداربوویەكی ینك بوو لەو شەڕانەدا (چاوپێكەوتنێكی ساڵی2002دا) دەیگێڕێتەوە كە هێزەكانی عێراق خۆیان كۆكردەوە و جارێكیتر هێرشیان كردەوە و كۆنترۆڵی تەواوی ناوچەكەیان كرد, ئا لەم كاتەدا بوو كە عێراق بە كیمیاوی پەلاماری شارۆچكەكەیدا. گەلێ شایەتحاڵ لە سەردەشتدا دەگێڕنەوە كە فڕۆكەكانی عێراق چەندین بۆمبی كیمیاییان خستووەتە خوارەوە و پاشان بۆ ماوەی بیست دەقیقە بە ئاسمانی ناوچەكەدا سوڕاونەتەوە, پێش ئەوەی لە ئاسۆدا لە چاو ونبن – كارێكی ژەهراوی-یۆست هلتەرمان، وەرگێڕانی محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق-كۆمپانیای ئاوێنە- ل112)).

ئۆپەراسیۆنەكانی نەسری 4 و 5
ئەو جەنگە هاوبەشە كە كاك حەمەی حەمە سەعید باسی كردووە, ئێران لە مێژووی جەنگی ئێران عێراقدا ناوی ناوە ئۆپەراسیۆنی نەسری 5, ئەم ئۆپەراسیۆنە لە رێكەوتی 21-6-1987 قاسم سلێمانی فەرماندەیی كردووە, بووە هۆی دەیان هەزار كوژراو بریندار, یەكێكە لەو جەنگانەی قاسم سلێمانی سەركردایەتی كردووەو شكستی تێدا هێناوە, بە یەكێك لە شكستە سەربازییەكانی قاسم سلێمانی لە مێژووی ئەودا دێتە ژماردن.
ئۆپەراسیۆنی نەسری پێنج لە كاتژمێر 0:15 شەوی 22-6-1987بە دروشمی یا زەهرا لە بەرزاییەكانی فەرفەرە لە باشووری خۆرئاوای شاری سەردەشت دەستی پێكرد, ئامانجی سەرەكیش لێی رێگا گرتن بوو لە هاتوچۆی پێشمەرگەی رۆژهەلات بۆ دەشتی بۆجار لە ناوچەی سەردەشت.
ئەم ئۆپەراسیۆنە بە دوای ئۆپەراسیۆنی كەربەلا 10 لە رێكەوتی 14-4-1987 بۆ 25-4-1987 لە ناوچەی سەردەشت–بانە لە رۆژهەڵات و ناوچەی ماوەت بەرەو سوركێو لە باشووری كوردستان بە بەشداری پێشمەرگەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بارەگای ئۆپەراسیۆنی نەجەف ئەلئەشرەف ئەنجام درا, تیایدا 250 كم چوارگۆشە خاكی عێراق لە لایەن رژێمی ئێرانەوە داگیر كرا, لەم ئۆپەراسیۆنە فەرماندەی تۆپخانەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران حەسەن شەفیزادە و فەرماندەی تیپ ئەحمەد قادر زادە و چەند فەرماندەیەكی دیكەی ئێرانی كوژران.
هاوكات لە گەڵ ئۆپەراسیۆنی نەسری پێنج, رۆژی پێشتر ئۆپەراسیۆنی نەسری چوار لە رێكەوتی 21-6-1987 بۆ رۆژی هەینی 26-6-1987 لە میحوەری سەردەشت- بانە بە هاوكاری پێشمەرگەكانی ینك ئەنجامدرا, تیایدا شارۆچكەی ماوەت داگیر كرا وە 6000 كەس لە هێزەكانی عێراق كوژرا وە 557 كەسیش دیل كران بە وتەی كۆماری ئیسلامی ئێران, ئۆپەراسیۆنەكە دیسانەوە لە لایەن بارەگای ئۆپەراسیۆنی نەجەف ئەلئەشرەف بەڕێوەبردرا .

ئەدی ئامارەكانی حكومەتی عێراقی چی دەڵێن؟

رژێمی عێراقی لە رێگای نامەیەكەوە كە بە واژۆی عەمیدی روكن بەڕێوەبەری ناوچەی رۆژهەڵاتی هەواڵگری سەربازی نووسراوەو ئاراستەی بەڕێوەبەری هەواڵگری سەربازی یەكەی پێنج كراوە وەك زانیاری, لە رێكەوتی 4ی ئۆگستۆسی 1987 , بە ژمارە ش1-ق1-81-ق ص-1654, كە ئەمەش تاكە بەڵكەنامەیە سەبارەت بە كیمیابارانكردنی شاری سەردەشت تا ئێستا بەردەست كەوتبێت.
سەبارەت بە زیانەكانی مانگی ئەپرێل كە ئێرانییەكان بە ئۆپەراسیۆنی كەربەلای 10 ناویان ناوە, شەڕێكی هاوبەشە لە نێوان كۆماری ئیسلامی و هێزەكانی ینك وەك ئاماژەمان پێدا, لە ناوچەی سەردەشت -بانە, سەرجەم 18000 كوژراو 24000 بریندار هەبووە, لێ بە پێی حكومەتی عێراقی زیانەكانی ئێران لە ئۆپەراسیۆنەكانی مانگی یۆنی كە هەردوو ئۆپەراسیۆنی نەسری 4 و 5 ە, لە هەردوو دیوی باكورو باشووری ماوەت” 12000 كوژراو, 14700 بریندار,8500 بەركەوتەی چەكی كیمیاوی بەهۆی لێدانی چەكی تایبەت”كیمیاوی” ەوە”, وە 155 شەهید و 4600 بریندار لە شاری سەردەشت بە چەكی كیمیاوی لە خەڵكی سڤیل وە 900 بریندار لە بەسیج و پاسدار لە نێوێیاندا فەرماندەی هێزەكانی جونداڵلە لە شاری سەردەشت .

زیانەكانی خەڵكی شاری سەردەشت

ئەوەی شایانی باسە لەم تاوانە دژ بە مرۆڤایەتیەدا كە دەوڵەتی عێراق ئەنجامی دا, بەپێی ئامارە فەرمییەكان، 8025 كەس لە كۆی 12000 دانیشتووانی شاری سەردەشت شەهید و بریندار بوون, واتا نزیك 67%ی كۆی دانیشتووانی شارەكە, لانی كەم 4500 كەس لەو بریندارانە واتا 56%ی كۆی بریندارەكان پێویستیان بە چارەسەری بەردەوام هەبووە, لەوانە 1500 كەسیان لە نەخۆشخانەكان ماونەتەوە لە دەرەوەی شاری سەردەشت, لە چركە ساتی یەكەم 20 كەس بوونەتە قوربانی و دواتر وردە وردە ژمارەی قوربانیان بۆ 130 كەس بەرزبۆتەوە.

داوای لێبوردن بكەن
هەفتەی پێش كیمیابارانكردنی شاری سەردەشت, دوو ئۆپەراسیۆنی گەورەی ئێران و پێشمەرگەی ینك لە ناوچەی سەردەشت بەناوەكانی نەسری 4 و 5 بەڕێوە چووە, لە درێژەی ئۆپەراسیۆنی كەربەلای 10 بوونە لە هەمان ناوچە, كە 57 رۆژ پێشتر لە هەمان جوگرافیا ئەنجامدراوە, لە هەموو ئۆپەراسیۆنەكاندا سوپای كۆماری ئیسلامی دەستپێشخەر بووە لە هێرشەكەیاندا.
وەك هەموو جارەكان دیكە, نهێنی كیمیابارانەكە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكانی نەسری 4 و 5 ە, قوربانیش بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە هاوبەشانە خەڵكی سڤیلی شاری سەردەشت و نەهێشتنی چالاكی پێشمەرگەی رۆژهەڵات بووە لە رێگای رێگاگرتن لە چوونە ناوەوە لە دەروازەی بێجاڕەوە.
واتا شاری سەردەشت بە دەردی دەستە خوشكەكەی هەڵەبجە چوو, گەل كوژەی كورد شەڕی هاوبەش سەرچاوەی دەردە سەرەكییەكەی هەردوو شارەكەو هەشتاكانی گەلی كوردە.
خەڵكی شاری سەردەشت لە كۆڕ و كۆبونەوەكان, نەیان شاردۆتەوە ڕاشكاوانە لێرەو لەوێ ئۆباڵی كیمیابارانكردنی شارەكەیان خستۆتە سەر هاوكاری ئێران-پێشمەرگە لەو ئۆپەراسیۆنانەی ئاماژەمان پێی دا ((جێگای ئاماژەكردنە، كە نە ‌ ئێران و بەرپرسانی رێژیمی تاران لە بیری هەزاران برینداری كارەساتی ٧ ی پووشپەڕدان و نە بەرپرسە كوردەكانی باشووری كوردستان، كە هۆكارێك بوون بۆ ئەو پەلامارە بە هیچ جۆر ئاوڕیان لە قوربانییەكان و ئازاردیتوەكانی ئەو رووداوە ژانهێنەرە نەداوەتەوە -22 ساڵەی یادی كارەساتی بۆمبارانكرانی شاری سەردەشت بە بۆمبی شیمیایی-ئا: عەزیز شێخانی )) .
كەواتا ئەركێكی ئەخلاقییە ئەوانەی بڕیاری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكەیان دا, وە بەشدارییان تێدا كرد ناوی گەورەی وەك داستانی رزگارییان لێی ناوە, داوای لێبوردن لە خەڵكی شاری سەردەشت و گوندەكانی دەوروبەری بكەن, وە پەیمان بدەن ئەم جۆرە ئۆپەراسیۆنانە لە داهاتوودا دوبارە نەكەنەوە لە گەڵ هەر وڵاتێكی دیكە, بە هەر شێوازو جۆرێكی دیكە لە هەموو كات و زەمانێكدا, وە مۆنمێنتی تایبەت بۆ قوربانیانی شاری سەەردەشت دروست بكەن, جێگایەك یان چەندێك بە ناویانەوە بكەنەوە, قەرەبووی مادی قوربانیەكانی تاوانەكە بكەنەوەو بە شەهید و برینداری چەكی كیمیاوی دیارییان بكەن, وەك هێمایەكیش پڕۆژەیەكی ئاوەدانی لە شاری سەردەشت ئاوا بكەنەوە لە خزمەت برینداران و قوربانیانی تاوانەكە.




رەهەندە گرینگییەکانی گردبوونەوەی ئەمساڵی موقاومەتی ئێران!.. عەبدولڕەحمان گەورکی

دوای رووخاندنی رژێمی دیکتاتۆری شا لە ساڵی ١٣٥٧ (1979ز)، پرسیاری سەرەکی لە ئێراندا ئەوە بوو: “لە ئێستا بەدواوە مەترسی سەرەکی بۆ سەر کۆمەڵگای ئێران چییە؟”. ئەم پرسیارە کۆمەڵگای خستە سەر دوو رێگا. گەورەترین هێزی سیاسی کۆمەڵگا کە توانی هەموو چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا و لایەنە سیاسیەکانی دەوروبەری کۆبکاتەوە، “دەسەڵاتی کۆنەپەرست”ی لە نێوان دەسەڵاتی “کۆنەپەرست (ئیرتیجاع) و لیبرالیزمدا” هەڵبژارد و بە راشکاوی راگەیاند. بۆیە ئەم هێزە مایەوە و ئەوانیتر کە ئاماژەیان بە “لیبرالیزم” دەکرد وەک مەترسیی سەرەکی، نەک هەر نەمانەوە و توانەوە، بەڵکو بە خێرایی بوون بە نچیر و پاروەنانێک بە دەست ئەم دەسەڵاتەوە. چونکە شۆڕش نەگەیشتبووە سەرکەوتنی کۆتایی و دۆخەکە چووبووە قۆناغێکی ئاڵۆزترەوە. خۆزگە بەم شێوەیە نەبوایە!
لە روانگەی ئەم هێزەوە، هەرچەندە “دەسەڵاتی کۆنەپەرستی” مانایەکی گشتیی هەبوو و بە مانای هەر بیرۆکەیەک بووە بەرەو دواوە، بەڵام بە دیاریکراوی بە مانای “ڕەوتی مەزهەبیی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی لە ئێران” بوو کە “خومەینی” سەرۆکی بوو. لەو کاتەوە بە مانا گشتییەکەی، “سازشتکردن لەگەڵ دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئاخوندان”، هێما و واتای ماددیی ئەم “دیاردە کۆنەپەرستیە” بووە کە بە جەختکردنی (چڕ) لەسەری، دەکرێت رەگ و دەماری ئەویتریش ویشک بکرێت. واتا لیبرالیسم!
تێپەڕبوونێکی سەرکەوتووانە!
ئەم “هێزە رەسەنە” لە ماوەی ٤٥ ساڵی رابردوودا هەرگیز خۆی لەم گۆڕەپانە دوور نەخستەوە و بە هۆی بوونی سەرکردایەتییەکی لێهاتوو، “سەرکەوتووانە تێپەڕی” بە ناویدا و وەک هێزی سەرەکی و ناوەندی بەرانبەر بە دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا مایەوە. چونکە رۆژانە باجی بۆ داوە بۆ پێشخستنی، جا چ لە ناوخۆی وڵات بێت، چ لە دەرەوەی وڵات، یان جەستەی خۆی، لە هەر شوێنێک بووبێت.
سازشتکاران لەگەڵ ئەم دیکتاتۆرییەتە، لە یارمەتیدانێکی نەک زۆر شاراوەدا(غەیبی!) و لە کارێکی بە کۆمەڵدا و بەڕواڵەت جیاوازیشدا، هەمیشە یارمەتیدەری دیکتاتۆرییەت بوون لە ئێراندا بۆ لادانی ئەم هێزە رەسەن و ناوەندییە لە کۆمەڵگەی ئێراندا، کە رەنگە هەزاران پیلانی گەورە و بچووکی لە هەناوی خۆی حەشار دابێت بە ئێستایشەوە، کە دواهەمینیان، ئازادکردنی دیپلۆمات تیرۆریستی ئەم رژێمە، واتا (ئەسەدوڵڵا ئەسەدی) و ئەشکەنجەدەر و میرغەزەب، (حەمید نووری) لەلایەن وڵاتانی ئەوروپیەوە بێت کە بە هەڵمژینی خوێنی ئەم موقاومەتە ژیاون و لە هەر شوێنێک سوودی بۆیان هەبووبێت، بە ئاسانی “دادپەروەری” و “دیموکراسی”یان کردۆتە قوربانی (بەرژەوەندییەکانی خۆیان) و (سیاسەتی بە بارمتەگرتن) لە لایەن رژێمی ویلایەتی فەقیهیەوە!
پرەنسیبە بنەڕەتی!
لەم رووەوە هێزی موقاومەتی ئێران بۆ رزگاربوون لە دیکتاتۆرییەت، هەرگیز چاوی نەبڕیوەتە دەستی کەس و بە درووشمی “پشت بەستن بە گەل” و “سەربەخۆیی” هەنگاوی ناوە و لە سیاسەت و ستراتیژیی “ڕووخاندنی دوژمنی سەرەکیی گەلی ئێران” واتا دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی دوور نەکەوتووەتەوە و سەرەڕای کردەوەی بێشەرمانەی دەوڵەتانی رۆژئاوایی، هەرگیز خۆی لەم پرەنسیپە بنەڕەتییە و لە دوژمنی سەرەکی، کە رژێمی ویلایەتی فەقیهیە، دوور نەکەوتۆتەوە.
داراییەکی گەورە!
ئەمجۆرە “بەردەوامی و خۆڕاگرییە ناوازەیە” کە ئەم هێزەی کردووە بە “گەورەترین سەرمایەی گەلی ئێران” لە پێناو نەهێشتنی دیکتاتۆرییەت. ئەم هێزە کە لە راپەڕینە مەزنەکەی گەلی ئێران لە ساڵی 2022 دا، هەرگیز نەکەوتە داوی پیلانگێڕییە بریقەدارەکانی بۆرژوازی و سازشتکارانەوە و پاراستنی راپەڕین و ئامانجەکەی و هەروەها پرەنسیپە جەماوەرییەکانی کردە بنچینەیی کاری خۆی. بۆ ئەوەش “ئۆرگانی سەرکردایەتی بەکۆمەڵی راپەڕین” و “ناوەندەکانی شۆڕش”ی لەسەر ئاستێکی بەرفراوان پێکهێنا و نەیهێشت دەسەڵاتی کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیزم، بەرهەم و دەستکەوتەکانی گەل و خەبات و تێکۆشانی سەرکەوتووانەی ئەوان بە تاڵان ببات!
ئێران دیکتاتۆرییەت هەڵناگرێ!
کەواتە رووبەڕووبوونەوەی مێژوویی ئێران مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە و بە هاتنی “هێزی بوکەڵەیی” و “ئەڵتەرناتیڤی ساختە و داتاشراوی کۆنەپەرستان و کۆلۆنیالیزم”، گۆڕەپانەکە بە قازانجی دوژمنانی گەلی ئێران چۆڵ ناکریت. ئەزموونی خوێناوی و رەگ و ریشەداکوتاو، پێمان دەڵێت دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا دانوستان هەڵناگرێت. خەڵکی ئێران زۆر جار وەڵامی خۆیان بۆ دیکتاتۆری دووپات کردووەتەوە و ئادرێس و ناونیشانی “زبڵدانی مێژوو”یان پێ نیشان داون!
گەورە پیلانەکان!
جیهان لە رۆژی دوای سەرکەوتنی راپەڕینی گەلی ئێران لە دژی دیکتاتۆری پاشایەتی، لە زمانی رێبەرانی ئەم هێزەوە بیستوویانە کە ئەم “هێزە” لە ناو ناچیت و لە بن نایەت. چونکە رەگ و ریشەی لە کۆمەڵگا و لە ناو جەماوەردا و ناو مێژوودا داکوتاوە. (مووسا خیابانی) لە ساڵی ١٣٥٨ وتی: ئایندە بۆ شۆڕشگێڕانە. هێزەکانی بێ رەگ و ریشە دەتوێنەوە. باوەڕتان بەم شتە هەبێت”. جێگری ئەوسای خومەینی. بەڕێز (حوسێنعەلی مۆنتەزەری)یش وتی کە: “بە کوشتار موجاهیدین لەناو ناچێت!” لە چەند دەیەی رابردوودا جیهان چەندین جار شاهیدی ئەو راستییە بووە کە هەموو چالاکییە سەربازی و سیاسی و دیپلۆماسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم هێزە لەسەر رژێمی دیکتاتۆری ویلایەتی فەقهیدا ئاخوندی چڕ بووە و هەرگیز لەوە بەدەر نەبووە. لەکاتێکدا، هەمان دەسەڵات و سازشتکارە خۆرئاواییەکانی رژێم بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا بوون ئەم هێزە ببەنە “کوشتارگە رەشەکان” و لە ناوی بەرن!
نیشانەکانی هەنگاونانی راست و درووست لە ئێران!
بە لەبەرچاوگرتنی ئەوانەی سەرەوە، دەتوانین جەخت لەسەر ئەو راستییە بنەرەتییە بکەینەوە کە “گەلی ئێران” خاوەنی “ئێران”ە. هەرچەشنە دوورکەوتنەوە لەم راستییە، کەوتنە ناو داوی دیکتاتۆرییەتی وابەستە و سەرکوتکەرە. راستییەک کە تا ئەمڕۆش، “موقاومەتی ئێران” رەچاوی کردووە و باجی نەداوە بە دەسەڵاتی کۆنەپەرست و کۆلۆنیالیزم و لە ئایندەشدا هەروا دەبێت. کەواتە پێویستە مرۆڤ قەدری ئەم هێزە بزانێت و متمانەی پێبکات و بە دوایدا بڕوات!
گردبوونەوەی ساڵانەی موقاومەتی ئێران
کۆبوونەوەی ساڵانەی موقاومەتی ئێران لە لایەن هێزێکی وەهایە بەڕێوە دەچێت و خانمی (مریەم رەجەوی) سەرۆکی هەڵبژێردراویەتی و بڕیارە ئەمساڵ لە ٢٩ی جونی ٢٠٢٤ (واتا 9ی پووشپەڕی ئەمساڵ) بەڕێوە بچێت. ئەوە بۆ هەموو تاک و بزووتنەوەیەکی ئێرانی ئەرکە، ئەگەر دڵی بۆ ئازادی گەلەکەی و وڵاتەکەی لێدەدات و دەیەوێت وڵاتەکەی هیچ ئاسەوارێکی دیکتاتۆری و کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیزمی تێدا نەبێت، ئامادەی خۆپیشاندانەکەی ٢٩ی جونی ئەمساڵ بێت لە (بەرلین) و خشتێک بێت لە بیناکەی “ئێرانی ئازادی دواڕۆژ”. چونکە هەموو ئێرانییەک، بەرپرس و کاریگەرە لە دروستکردنی باڵەخانەیەکی لەو شێوەیە.
نابێ فەرامۆش بکرێت و نابێ لێخۆشبوون هەبێت کە کۆنەپەرستان و کۆلۆنیالیزم کە هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بوون بەها ئینسانیەکانی و خەبات و تێکۆشانی خەڵکی ئێران لەکەدار بکەن بۆ ئەوەی سیستەمی دیکتاتۆرییەت لەسەر ئەم خاکە بۆ هەمیشە بمێنێتەوە و پرەنسیبەکان بخرێنە ژێر پێوە. بەڵێ هەر مرۆڤێک لەم “گۆڕەپان”ەدا جێگە و پێگەی خۆی هەیە!

عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی





جارێ خۆشیویست.. عەلا‌ء عەببادی\ و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

وتی :
ئەم شەو ژوانمانە
پێش نوێژی فەجری ڕاستگۆ چاوەڕێم بە !
لە پێش پاسدار و
پیاوانی ئەمن ،
ئەوانەی كۆمەكی كۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە
من لە ژێرتدا دەبم
پێش ئەوەی بەیانییەكی تازە بدا و
بەر لەوەی دوودڵیت بۆ بگەڕێتەوە ،
من لە ژێرتدا دەبم ..
لەسەر پێخەفی نەرمی سپیتدا ..

شەوقم بۆ تۆ دەمورووژێنێ‌ و
سەرسامم ده‌كا ..
بۆ لای تۆ دێم ..
دزە دەكەم ..
وەك ماری ئاوی
ترسم بە پێش خۆم دەكەوێ‌ و
لەرزینم نائومێدم دەكا ..

تۆ چ ژنێكی ؟
ئەندامێك بەسەرمدا هاوار دەكا
لێی گەڕێ‌ بنوێ‌
سەغڵەتی مەكە !

خۆشەویستم ،
كە لە ژێرتدا دەبم
دەزانم هەرچی بخوازی
دەتوانی پێمی بكەی ..
بەڵام كە من لە ژێرتدا دەبم
ئازادیم وەردەگرمەوە ،
كە مرۆڤایەتی ،
لەبەر دوكانەكانی خەوبینان
لێی داگیركردووم ..
دەزانم
من وەك ئەستێرەیەك دەتبینم
خۆت بۆ من مەڵاس دەدەی و
دەتەوێ‌ بكەویە ئامێزم
بێگومان دەكەویت
پێش بانگی سبەینان
چاوڕێم به‌ !
نوێژ مەكە !
پێكەوە نوێژ دەكەین ..
پاش بانگی سبه‌ینان
بەر لەوەی ئەستێرەیەك بڕژێتە كەنداو ..
نامەوێ‌ هه‌ر خه‌ونت پێوە ببینم

مەنوە !
تۆ بە بێداری لەوپەڕی جوانیدای
هێشتا دڵم بۆ شتێك لێ‌ دەدا
بۆ پێشهاتێك ..
شەو بۆچی ئەوەندە درێژ بووەوە ؟
من بۆ دەلەرزم ؟
ترساو ..
شڵەژاو ..
وەك قوتابییەك مامۆستاكەی پێی دەڵێ‌
مەریەم وەرە سەر تەختەڕەشە !
مامۆستا چۆن ناوی منی زانی !
بۆچی لە هەمووان به‌ته‌نێ من ؟

ئەمڕۆ دەفرێكی گەورەمان
لە قیمەی (ئەبو عەبدوڵڵا) بۆ نارد
باوكم باشی دەناسێ‌ و
دایكم هەمیشە سەردانی دەكا ..
عەبدولباری برا گەورەم سڵاوی لێ دەكا ..

تكایە پێم مەڵێ‌
مەریەم بنووسە ..!
چی لەبارەی ژیربێژییه‌وه‌ دەزانی مەریەم ؟!
ئەمشەو نەچیتە ژوانێ و
چاوەڕێی كەس مەكە !
پێش سپێده‌ و دوای سپێده‌
كەس نایێ
كەس سەرەڕۆیی ناكا
لە سنوور بدا ،
لە سەگی برسی دەترسن
كەس بۆ تۆ ناپەڕێتەوە
بمێنەوە مەریەم !
بەخۆ و بیروڕا ماندووەكانت .

تكایە دەستم لێ‌ مەدە !
كە مەلا بانگی دا
دەستم لێ‌ مەدە !

لە گەرمای بەتینی خۆم لێت دەترسم
هەناسەم ،
كە پەپوولەی ڕۆژێ‌ بەرز دەكاتەوە
لە (فەهرنایت)ێدا
كەس لە گەرمان نامرێ‌
لێتۆژ لێم دەپرسێ‌
ناوت چییە ؟
چ كارەی ؟
بیر لەچی دەكەیەوە ؟
پێش بانگی بەیانیی ڕابردوو لە كوێ‌ بووی ؟
كه ‌سه‌رمه‌ستیی دێ
هاوار دەكەی ؟
تەئیدی جیابوونەوە دەكەی ؟
كەڵوەكەت چییە ؟
كام خواردنت لا پەسندە ؟
پاش ڕۆژهەڵاتن دەنوی ؟
دڵداری دەكەی ؟

تكایە
لێم مەپرسە !
حەزم لە چییە ؟
لێتۆژ وەك زنجیرە دراماكانی توركی
ئەوانەم پێ دەڵێ ‌ ..

بمبە و
لەسەر بەردێك لە كەنداو
لە خاچم بدە !
من كەس ماچی نەكردووم
هیچ ژنێكیش حەزی لێ نەكردووم و
هەرگیز لای لە جەستەم نەكردووەتەوە ..
جارێك خۆشویستووە
ڕەش وەك
چاوه‌ خەمباره‌كانی تۆ
نەرم وەك سكت
گەرم
زۆر گەرم
تژی خەم
وەكو دڵم
بە شكایەت ،
گریاو
وەك گومبەزەكانی كووفە
لێ ئاسان‌
وەك گوڵێكی ساویلكە .

(*)عەلا‌ ئەلعەببادی : شاعیرێكی عێراقییە ، ساڵی 1951 لە شاری نەجەف لە دایك بووە ، زیاتر لە بەغدا نیشتەجێ‌ بووە و هەر لەوێش خوێندوویەتی ..

  • بۆ ده‌قی شیعره‌كه‌ بڕوانه‌ :
    http://www.alebady.com/category/%d8%a7%d9%84%d8%b9%d9%84%d8%a7%d8%a6%d9%8a%d8%a7%d8%aa/%d8%a7%d9%84%d8%b4%d8%b9%d8%b1-%d8%a7%d9%84%d8%ad%d8%b1-%d8%a7%d9%84%d8%b9%d9%84%d8%a7%d8%a6%d9%8a%d8%a7%d8%



دەنگێك بانگم دەكات.. شیعری ستار ئەحمەد

لەدەنگی باراندا …
هەنسكی گوڵ و
دیدەنیی تۆو
ورشەی گریان
كۆمدەكەنەوە
كەشیعرێك لەدڵما دەزێ
عەشقێك ..
لەتیلەی جوانیتا دەمنێژێ
بەرۆخی بوونا شۆڕدەبمەوە
لەوەتەی دەتناسم
تۆو شیعر زامێكن
لەهەناوما كاڵ نابنەوە
دەنگێك لەناخما
بانگم دەكات
دەنگێک
شنەی باو
نیگاری تۆی
بەهەناسەو
تاسەكانت گرێداوە
دەمكات بە تۆ
بەدڵۆپەو
فرمێسكی چاوەكانت و
بەهۆنراوە
بۆیە وشەیەك سەربڕن
كەرتە شاخێك بەلادا دێ
پەنجەكانم
سەراپای لەش و
جەرگ و رۆحم
لێوان لێون
لەخوێنی نیشتمان و
بۆنی كوژرانی تۆیان لێوە دێ
من تژیم لەعەشق
شەوان زیكرو فیكرت
دەمكەنە دەفێكی شەهید
تەجەللای مەرگەساتێك
بەرەو پەرستگای دەرونت
دەمخەنە باڵ
بەرز دەفڕم
لەشارێكی گۆڕ قەرەجا
دەبمە ئاڵای كێلی خۆم و
لەهەناوتا
وڵاتێك لەكاغەز پێك دەهێنم
كەبیر لەدووریت دەكەمەوە
توانەوە دەمخاتە دیدەی دڵۆپێكەوە
نیگای باران رامدەژێنێ
نەئەوەتا لەبۆتەی خوێنم دەربچی
نەلە پێكی شیعرێكی ئاڵا
جێگەی لاشەی سەربڕاوم دەكە یته‌وه‌

ستار ئەحمەد




کۆمەڵگەی سەرمایەداری لە لیبڕالیسمەوە بەرەو تۆتالیتاریسم.. ئەکرەم سەعید

چەند سەرنجێکی ڕەخنەگرانە لە (کۆمەڵگەی کراوەی کاڕڵ پۆپەر)

بۆچی باسی کۆمەڵگەی کراوە دەکەین؟ لەبەر ئەوەی لەم سەردەمەدا، تەنانەت ئازادی وعەقڵانیەتی بۆرژوازی لەلایەن بزووتنەوە کۆنەخوازەکان و ڕاسیسمە نوێکانەوە دژایەتی دەکرێت، یان بەگومانەوە سەیر دەکرێت. دونیای ئەمڕۆکە پڕە لە پشێوی و ئاڵۆزی، بەتایبەتی کاتێک تۆ میتۆدی ڕوونی مارکسیزمت نەبێ بۆ شرۆڤەکردن، ئیدی لە ناو گوتاری میدیا و سیاسەتمەدارانی چینی دەسەڵاتدار کە بانگەشەی ڕاستییەکان بۆ خۆیان دەکەن، دووچاری سەرەگێژە دەبیت، چونکە بۆرژوازەکان ناتوانن وەڵامێکی زانستیانە بە هۆکارەکانی:قەیرانی ئابووری، زیادبوونی بزووتنەوە پۆپۆلیستەکان و ڕاسیسمەکان، شەڕەکان، نایەکسانی و گەندەڵی، لە جیهانی ئەمرۆدا بدەنەوە.
کۆمەڵگەی کراوە چییە؟ کاڕل پۆپەر دەڵێ:( کۆمەڵگەیەکە ئازادی بە تاکەکان دەدات ڕەخنە لە دەسەڵاتی حکومەت بگرن و تەنانەت بیگۆڕن.)، و (کۆمەڵگەی کراوە کۆمەڵگەیەکی دیموکراسییە کە دیدێکی دیاریکراو، ئایدیاڵ، کۆتایی بەڕێوەناچێت، بەڵکو بە هەنگاوی یەک لە دوای یەک بە ڕێنمایی هەوڵێکی بەردەوام بۆ گەشەکردن و پێشکەوتن، هەوڵێک کە کراوەیە بۆ بیرۆکە و ڕەوتەکان.). ئەمە دیدگاێکی لیبرالیسمە پۆپەر پێشکەشی دەکات. لە ڕاستیدا لە خولی بوژانەوەو سەقامگیریدا، واتە لە خولی ئاسایی گەشەی سەرمایەداریدا، ووڵاتەکانی سەرمایەداری غەرب تا ڕێژەێک کۆمەڵگەی کراوە بوون بەو مانا لیبڕالیسمە، واتە تەنها بە ڕێژەێک کراوە بوون لە مەیدانی سیاسیدا.
(زۆر جار ئەوە دەبیستین کە تۆتالیتاریزم سەرئەنجام بە جۆرێ لە جۆرەکان حەتمیەو بۆ خۆلێبواردن ناشێت. گەلێ لەو کەسانە کە بەهۆی هۆش و خوێندنیانەوە دەبێت لە بەرامبەر ئەو شتەی دەیڵێن بە بەرپرس بزانرێن، جاڕی ئەوە دەدەن کە هیچ ڕێگاێکی دەربازبوون لەمە نییە.) کاڕڵ پۆپەر کتێبی (کۆمەڵگای کراوەو دوژمنەکانی)- پێشەکی/ لاپەڕە ۱۹/ وەرگێڕ: ئیدریس شێخ شەرەفی.
سەرنج بە پۆپەر خۆی ڕای وایە کە ئەو کەسانەی بڕوایان بەوەیە کە (لە سیستەمی سەرمایەداریدا لیبڕالیسم و تۆتالیتاریسم دووانەێک یان دوو دیووی یەک دراون) دەبێ “بە بەرپرس بزانرێن” چونکە جاڕی ڕاێک دەدەن کە لەتەک پۆپەر ناگونجێ. یانی چی؟ داخۆ دەیاندەن بە دادگا و سزایان دەدەن؟ بابپرسین ئایا ئەوانە مافی ئازادی ڕادەربڕینیان نییە لە کۆمەڵگە کراوەکەی پۆپەردا؟. کارل پۆپەر هەر کەسێک لیبڕاڵ نەبوایە وەک دوژمنی کۆمەڵگەی کراوە سەیری دەکرد.
تادێت ڕوونتر دەبێتەوە کە لیبرالیزمی ئەمڕۆ خەریکە دەبێتە تۆتالیتاری. دەسەڵاتدارانی غەرب لە ڕێگەی لابردنی پلاتفۆرم و گۆڕانی دەستوور کە ئازادی و مافە کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکی مسۆگەر دەکرد، سەرکوت و سانسۆر زیاتر دەکەن. هەرکەسێک لیبرالیزم نەبێت لەلایەن لیبرالیزمی هاوچەرخەوە وەک دوژمنی کۆمەڵگەی کراوە تەماشا دەکرێت کە دەبێت سەرکوت بکرێ. تۆتالیتاریزمی لیبراڵ، هاوشێوەی ڕژێمە تۆتالیتارییەکانی دیکە، لەسەر کولتووری لە ناوبردنی دوژمن و سەرکوتی نەیاران دامەزراوە. لە تۆتالیتاریزمی لیبراڵدا نالیبراڵەکان بە “فاشیست”، “ستالینیست”، “تیرۆریست”، “توندڕەو” ناوزەد دەکرێن و بە دوژمن دادەنرێن کە پێویستە سەرکوت بکرێن و سزا بدرێن. بڕوانە سەرکوتی بزووتنەوەی هیلەک زەردەکان و بزووتنەوەی دژی گۆڕینی تەمەنی خانەنشینی لە فەرنسادا، هەروەها سەرکوتی ئەمڕۆکەی بەریتانیا بۆ بزووتنەوەی هاوپشتی لە غەززە. هەرکاتێک سەرمایەداری دووچاری قەیرانی گشتی بووبێ، دەسەڵاتدارانی ڕاستڕەوی بۆرژوازی کۆمەڵگەی کراوە بەرەو کۆمەڵگەی داخراو، بەرەو کۆمەڵگەی جەنگ پاڵپێوە دەنێن، ئیدی عەسکەرتاریسم و تۆتالیتاریسم باڵ بەسەر کۆمەڵگەدا دەکێشێ، وەک ئەمڕۆکە لە ئەوروپادا دەیبینین.
کەواتە کۆمەڵگە چەندە کراوەیە یان داخراوە مەسەلەێکی ڕێژەییە، و بەندو بەستراوە بە هەلومەرجی ئابووری و سیاسی لۆکاڵی و جیهانییەوە.
کۆمەڵگەی کراوەی بە چ ماناێک؟!
مانای کۆمەڵگەی کراوە چییە؟ لە ڕاستیدا پۆپەر مانایەکی ئیبستمۆلۆژی دەبەخشێ بە کۆمەڵگەی کراوە، بۆیە زۆر نەچۆتە باسکردنی کۆنکرێت و پێناسەی ئەو مۆدێلە لە کۆمەڵگە. گرنگ کۆمەڵگەی داخراوی سۆڤیەت بهێنەرە بەرچاوی خۆت و پێچەوانەی کەرەوە. بەڵام دەتوانین هەندێ تایبەتمەندی ئەو کۆمەڵگەیە لە لاپەرەکانی کتێبی (کۆمەڵگای کراوەو دوژمنەکانی) بدۆزینەوە.
(کۆمەڵگەی جادویی یان خێڵەکی یان کۆگەرا، بە کۆمەڵگەی داخراو ناوزەد دەکەین، و ئەو کۆمەڵگەیەی کە تاکەکان تێیدا لەگەڵ بڕیاری تاکەکەسی بەرەوڕوون بە کۆمەڵگەی کراوە ناو دەبەین.) – کارل پۆپەر / کۆمەڵگەی کراوەو دوژمنەکانی/ و: ئیدریس شێخ شەرەفی) – بەرگی یەکەم/ بەشی ۱۰/ لاپەڕە ۳۸۷. (گرنگترین تایبەتمەندی کۆمەڵگای کراوە رکەبەرایەتی ئەندامەکانیەتی بۆ بەدستهێنانی پێگە)- هەمان سەرچاوە/ لاپەڕە ۳۸۹.
کۆمەڵگەی کراوە ئازادی بە تاکەکان دەدات، تا بتوانن ڕەخنە لە دەسەڵاتی حکومەت بگرن و تەنانەت بیگۆڕن، بێ ئەوەی پێویستی بە بەکارهێنانی توندوتیژی بی. واتە کۆمەڵگەی کراوە سیستەمی دیموکراسییە کە میکانیزمێکی دامەزراوەیی بۆ چاکسازی و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و دەستاودەستکردنی، بەبێ ئەوەی پێویستی بە خوێنڕشتن و شۆڕش هەبێت.
پۆپەر دەیگوت لیبراڵ دیموکراسی باشترین فۆڕمی حکومەتە، و مۆدێلی دیموکراتییەتی ووڵاتانی سەرمایەداری ڕۆژئاوا نموونەیە، چونکە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی حکومەتەکان بەبێ پێویستی بە خوێنڕشتن و شۆڕش، چوار ساڵ جارێک بە دەنگدان، ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هاتووە. پۆپەر نووسیبووی: (دەتوانین ڕێگای گەڕانەوە بۆ ئاژەڵەکان بگرینە بەر. بەڵام ئەگەر بمانەوێت بە مرۆڤی بمێنینەوە، لە ڕێگاێک زیاترمان نییە و ئەویش ڕێگای چوونە ناو کۆمەڵگای کراوەیە و بەس) – کارل پۆپەر/ کتێبی(کۆمەڵگای کراوەو دوژمنەکانی) – بەشی۱۰ /لاپەڕە ٤۲۸.
ئەمە هاوشێوەی هۆشداری و پێشبینیەکەی مارکس و ئەنگلسە کە لە “مانیفێستی کۆمۆنیست” نووسیبوویان:(یان سۆسیالیسم یان بەڕبەڕیسم)؛ ئەمە یانی بە بڕوای مارکس و ئەنگلس ئەگەر شۆڕشی سۆسیالیسمی نەکەین بەسەر سەرمایەداریدا و کۆمەڵگای سۆسیالیسم دانەمەزرێنین، ئەوا لە نێو کۆمەڵگای سەرمایەداریدا دووچاری هەموو جۆرەکانی قەیران و چەوسانەوە دەبینەوەو دەبینە بەربەری.
جیاوازی هۆشداری و پێشبینیەکەی پۆپەر لەوەدایە کە ئەو کۆمەڵگەی کراوە کە خاوەنی سیستەمێکی لیبراڵی دیموکراسییە، بە مەرجی خۆپارێزی لە گەڕانەوە بۆ بەربەریسم دەزانێ.
ئەمڕۆکە زۆرێک لە نووسەرانی غەیری سۆسیالیستی بە جیهانی ئەمڕۆکە دەڵێن:(لیبڕالیسمی دڕندە/ لیبڕالیسمی تووندڕەو)، ئەمە یانی کۆمەڵگەی کراوەی سەرمایەداری و سیستەمە لیبراڵە دیموکراسییەکەی بۆرژوازی کە فڕەییە و چوارساڵ جارێ هەڵبژرادن سازدەکرێ، و دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی حکومەت بە ئاشتیانە لە زۆرێک لە ووڵاتاندا دەستاودەست دەکات، لەمپەر نییە تا بمانپارێزێ جیهان نەچێتە نێو خولێکی دڕندەیی.
هەروەها ئەم دەستاودەستی ئاشتیانەی دەسەڵات مرۆڤەکانی نەپاراستووە لە دڕندەیی، چونکە چوارساڵ جارێک یان زیاتر، گۆڕینی دەسەڵاتی حکومەت:لە ئەمەریکا(لە بۆش بۆ کلینتۆن، لە جۆرج بۆش بۆ ئوباما، لە ئوباماوە بۆ ترامپ، لە ترامپەوە بۆ بایدن)، یان لە سوید (لە حیزبی سۆسیال- دیموکراتەوە بۆ ئەحزابی ڕاستڕەوەکان)،، هتد، ئەمە دەستاودەستی دەسەڵاتە لە نێوان باڵەکان و ئەحزابەکانی بۆرژوازیدا. ئەمە ئەرزش و سوودی چییە بۆ خەڵکی کرێکاران و هەژاران؟! کاتێ هەلومەرج ڕۆژ داوی ڕۆژ خراپتر دەبێ، و کێشەکان و چەرمەسەرییەکان هەر وەک خۆی باقییە، وە هیچکام لەم حکومەتانەی ئەحزابی بۆرژوازی لە سەرکوت و هەژارکردنی خەڵکی زیاتر، بەدیلی دەرباز بوونی لە قەیران و نائەمنی کۆمەڵگای پێ نییە. یانی جیهانی سەرمایەداری ئەمرۆ لەسەر لەپی دێوەزمەێکدایە، لە نێو قەیران و پشێویی و جەنگدا، دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی یەک لەوی دی بەدترن، ئیدی ئالۆگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات لە نێوان ئەحزابەکاندا هیچ چارەسەری ڕاستەقینە نییە بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان.
بۆیە مرۆڤ ئەمڕۆکە وەک (مۆریس کورنفۆرس) دەتوانێ پرسیار ئاراستەی هاوڕێکانی پۆپەر دەربارەی کۆمەڵگای کراوە بکات و بپرسێ:(ئایا کۆمەڵگەێک کراوەیە کاتێ بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی بەندو بەستراو بێ بە مسۆگەرکردنی زێدەبایی و کەڵەکەی سەرمایە؟ واتە کاتێ قازانج و ئیمتیازاتی هەندێک بەندە بە چەوسانەوەی کاری ئەوانی تر؟!. وە ئایا بەڕاستی ئەقڵی کەسێ کراوەیە ئەگەر توانای بینینی ئەو حاڵەی کۆمەڵگەی سەرمایەداری نەبێ؟!.) – مۆریس کورنفۆرس – کتێبی/ دفاعا عن الماركسية/ لاپەڕە ۱٥/ کتێبەکە بە زمانی عەرەبی هەیە.
لە ڕاستیدا لەم سەردەمەدا کەسێ دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی حکومەت لە نێوان ئەحزابی بۆرژوازی، و ئیسڵاحی گچکەی بۆرژوازی بە بنەمای کۆمەڵگەی کراوە بزانێ، لە خۆشخەیاڵ و ساویلکە زیاتر هیچی دی نییە.
پۆپەر خۆشی هەستی بەو خۆشخەیاڵییە کردووە، بۆیە نووسیبووی: (لەگەڵ تێپەڕاندنی ساڵەکانی پاش جەنگ، بەشی زۆری ئەو پێشنیارانەی خستوومەتە ڕوو لە هەموویان دیارتر ئەو هەستە گەشبینییە بەهێزەی کە بەسەر کتێبەکەدا بڵاوبۆتەوە، ڕۆژ دوای ڕۆژ وەک هەستێکی سادەو ساویلکانە دەهاتە بەرچاوم، دەنگم هێدی هێدی وەک دەنگی لە ڕابردوو دوورەکانەوە بە گوێم دەگەیشت، وەک دەنگی یەکێک لە ڕیفۆرمیستە کۆمەڵایەتییە گەشبین و بەهیواکانی سەدەی هەژدە یان تەنانەت حەڤدە.). – دیباچە بۆ چاپی دووەم – هەمان سەرچاوەی کێبی ( کۆمەڵگای کراوە و دوژمنەکانی).
لەو ساتانەدا کە سەرکردە سیاسییەکانی بۆرژوازی، وەک گەمژە و کلاون/ موهەریج لەلایەن خەڵکەوە گاڵتەیان پێدەکرێت، و ئەو سەرکردانە وەک تارماێکی ڕابردوویەکی نادیار لەسەر شانۆی سیاسەت لە ناکاو دەرکەوتوون، و خەڵکی جیهان دەترسێنن، ئیدی شیکاری هەلومەرجی ئابووری و سیاسی بۆ سەرمایەداری سەردەم دەبێ بە زەرورەتێک، تا لە مەسەجی تارمایەکانی بۆرژوازی لە هەلومەرجی ترسناکی دونیا، باشتر تێبگەین.
ئەو پرسیارەی لێرەدا گرنگە وەڵامی بدەینەوە: بۆچی تاڕادەێکی زۆر کۆمەڵگەکانی سەرمایەداری غەرب کراوەترن لە چاو ڕۆژهەڵات کە زۆرکات دەسەڵات ئیستبدادی و سەرکوت، و کۆمەڵگەکەی داخراوە؟!.

دوو هۆکاری ئابووری و سیاسی کۆمەڵگەی داخراو لە ڕۆژهەڵات:
لە سەردەمی دامەزراندنی سەرمایەداری، کۆلۆنیالیسمی کلاسیک و دواتر ئیمپریالیسم، ووڵاتانی غەرب سامانی ووڵاتانی جیهانی بەناو سێیەمیان بۆ خۆیان بردووە. ئەو کەڵەکە سەرمایە مەزنەی غەرب کە بنەمای دەوڵەتی ڕفاه و خۆشگوزەرانێکی ڕێژەییە لە غەربدا، پایەی کۆمەڵگەی کراوەیە لەوێکانە، کەواتە دیارە لەسەر حیسابی هەژاریکردنی کرێکاران و خەڵکی ڕنجدەری ووڵاتانی جیهانی سێیەم، غەرب تا ڕادەێک و بۆ ماوەێکی مێژوویی سەرخانی لیبڕاڵ و کۆمەڵگاکەی کراوە بووە -(هەروەها کێبڕکێی ڕۆژئاوای خاوەن کۆمەڵگەی کراوە دژی یەکیەتی سۆڤییەتی خاوەن کۆمەڵگەی داخراو لە ساڵانی جەنگی سارد، ڕۆڵی هەبووە لە دەرکەووتنی غەرب وەک جیهانێکی ئازاد). هەر کاتێکیش بزووتنەوەێک و سەرکردەێک لە ووڵاتانی جیهانی سێیەم پەیدابووبێ، و ئامانجی گۆڕینی هەلومەرجی ئابووری ووڵاتەکەی و دامەزراندنی کۆمەڵگای کراوەی هەبووبێ، زۆرێک لەو بزووتنەوانە لەلایەن غەربەوە سەرکوت کراون، وە سەرکردەکانیان تیرۆرکراوە نموونەی: “موسەدەق” لە ئێران، وە “سەلڤادۆر ئالێند” لە ووڵاتی شیلی.لە هەلومەرجی سەرمایەداری دڕندەی جیهانی ئەمڕۆدا، لە ڕوی سەرخانی کۆمەڵگەوە، خەریکە شێوەی ئایدۆلۆژی دەوڵەت، شێوەی حکوماتی سەربازی یان مەدەنی، دیموکراتی یان نا دیموکراتی بایەخی نامێنێ، چونکە چ لە ڕۆژهەڵات و چ لە ڕۆژئاوادا، دەسەڵاتی نوێنەرانی سەرمایەداران بەرەو ئیستبدادی و کۆنەپەرستی وەردەچەرخێن. گەر لە هەندێ جێگای دونیادا هێشتا “ئازادی تاکەکەسی و مافی مەدەنی لیبڕاڵی” مابێ، ئەوەش لەژێر هەڕەشەدایە. بۆیە خەبات لەسەردەمی ئێمەدا گەر بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەی سۆسیالیستی نەبێ، ئەوا لەتەک هەلومەرجی بابەتی و ڕەوتی مێژوودا ناکۆکە، و لە کۆتاییدا بێ ئەنجامە. مرۆڤایەتی ئەگەر لە سەردەمەکەی خۆی تێنەگات، ناتوانێ بیگۆڕێ. سەردەمی ئێستا؛ نە شارستانییە، نە ئازادییە، نە مەدەنییە، بەڵکە جەنگەڵستانی سەرمایەداری بەربەریسمە. تاکە ڕێگا بۆ ڕزگاربوون لەم جەنگەڵستانە شۆڕشی سۆسیالیستییە.

میتودی شیکردنەوەی پۆپەر بۆ تۆتالیتاریسم
کە دەچیتە نێو سیاسەت هۆشت بەخۆتەوە بێ، چونکە تۆ چوویتەتە نێو ئاهەنگی دەمامک پۆشین/ حفلة تنكرية / costume party.
نزیکەی هەشتا ساڵ لەمەوبەر لە نێوان ساڵانی ۱۹۳۸ – ۱۹٤۳ کاڕڵ پۆپەر کتێبی【کۆمەڵگای کراوەو دوژمنەکانی】نووسیووەو ساڵی ۱۹٤٥چاپ کراوە. تائێستاش ئەم کتێبە هاوڕاو ڕەخنەگری هەیە. (ئەم کتێبە،،، هەندێ لەو کێشانە دەخاتە بەر باس کە شارستانیەتی ئێمە لەگەڵیدا بەرەو ڕویە،، گەڕانەوە بۆ کۆمەڵگەی داخراو “خێڵ پەرستی”، تۆتالیتاریسم.) -【کۆمەڵگای کراوەو دوژمنەکانی】- بەرگی یەکەم – و: ئیدریس شێخ شەرەفی) پێشەکی کتێبەکە/ لاپەڕە ۱۸. (هەوڵی ئەم کتێبە بۆ یارمەتی دانی تێگەیشتنمانە لە تۆتالیتاریسم و گرنگی و مانای خەباتی هەمیشەیی لە دژی چڕکراوەتەوە.) -هەمان سەرچاوە/ لاپەڕە ۱۸.
هەر ئەم دوو کورتە پەڕەگرافە لە پێشەکی کتێبەکەدا وا لە خوێنەر دەکات باسەکەی لا گرنگ بێ، چونکە کێ هەیە گەر ئازادیخواز بێ نەیەوێ لە تۆتالیتاریسم تێبگات و خەبات دژی نەکات؟!، بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە پۆپەر تۆتالیتاریسم تەنها لە سەرخانی کۆمەڵگەدا (حکومەت و دەوڵەت) قەتیس دەکات، و توێژینەوەکانی ناچێتە سەر بنەمای پەیوەندییەکانی کۆمەڵایەتی، و ڕەگ و ڕیشەی تۆتالیتاریسم لە تۆڕەکانی پەیوەندی ئابووری کۆمەڵگەدا باس ناکات، و بۆ دۆزینەوەی هۆکار و سەرچاوەی تۆتالیتاریسم، پۆپەر تەنها دراسەی میتودی میێژووگەریی فەیلەسوفانی وەک (ئەفلاتۆن، هیگڵ و مارکس) دەکات. ئەمە میتودێکی ئایدیالیستییە لە توێژینەوەی دیاردە سیاسیەکاندا.
پۆپەر ڕای وایە ئەوەی ئێستا بە تۆتالیتاریسم دەیناسین، سەر بە نەریتێکە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ خودی شارستانییەتەکەمان. نووسەر ڕەخنە لە “ئەفلاتون و هیگڵ و مارکس” دەگرێ و تاوانباریان دەکات بەوەی ئەم بیرمەندانە پەیڕەوی (میتودی مێژووگەریی) دەکەن، کە میتودێکی داخراوەو دەبێتە هۆکاری دامەزراندنی کۆمەڵگاێکی داخراو.
تیۆری تۆتالیتاریسمی پۆپەر سەرنجی جۆرێک لە پەرەسەندنی هێڵی میتودی مێژووگەریی لە(ئەفلاتونەوە بۆ مارکس)ی داوە. ئەم جۆرە دراسەیە ئامانجێکی زۆر سادەی هەبووە: وێناکردنی هەردوو تۆتالیتاریسم و لیبرالیسم وەک دوو مۆدێلی تائەبەد جیاواز، کەسەر بە هەلومەرجی ئابووری و سیاسی مێژوو نین، بەڵکو سەر بە خودی میتودی فکری ئەو مرۆڤانەن کە خوازیاری دامەزراندنی دەسەڵاتی تۆتالیتاریسمن.
بەڕای پۆپەر مارکس کاتێ دراسەی یاساکانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری کردووە، بە “میتودی مێژووگەرایی” پێشبینی گۆڕان و گەشەی سەرمایەداری کردووە، و لێرەوە مارکس پێشگۆیی کردووە بۆ مێژوو. بۆیە بیروباوەڕی مارکس جەوهەرگەریی و دۆگمایە، کە ئەنجامەکەی فکری داخراو دروست دەکات، کە لە سەردەمی ئێمەدا دەبێتە هۆکاری دامەزراندنی دەوڵەتی تۆتالیتاریسم و کۆمەڵگەی داخراو.
(بەم شێوەیە پۆپەر پەیوەندییەک لە نێوان تۆتالیتاریسمی میتۆدۆلۆژی و سیاسیدا دیاری دەکات: یەکەمیان وەک بڵێی پاساوی لۆژیکی و فەلسەفی بۆ دووەمیان دابین دەکات. لە ئەنجامدا، پووچەڵکردنەوەی لۆژیکی یەکەمیان، مەحاڵبوونی ڕاستەقینەی دووەمیان دەسەلمێنێت.) – Studies in Critical Philosophy- کارل پۆپەر و کێشەی یاسا مێژووییەکان ~ هێربێرت مارکیۆز/ ساڵی ۱۹٥۹ بڵاوکراوەتەوە/ Karl Popper and the Problem of Historical Laws [I959] / Marcuse, Herbert.
هەڵبەت بیروباوەڕی ئینسانەکان ڕۆڵی مەزنیان هەیە لە مێژوودا، وە کاتێ بیروباوەڕ بە جەماوەری دەبێت، مارکس ووتەنی: “دەبێتە هێزێکی ماتریالی و کۆمەڵگە دەگوڕێت”، بەڵام بیروباوەڕ لە هەلومەرجێکدا دەتوانێ هەم بەجەماوەری ببێت، وە هەم ڕۆڵی مەزن بگێڕێ، چونکە ڕاکان لە ئاسمانەوە دانابەزن بۆ مرۆڤەکان، وە بیروباوەڕەکان بە ڕێکەوت وەک قارچکەکان لە دارستانێکدا ناڕوێن، بۆیە ناتوانرێ تەنها بە دراسەی بیروباوەڕ لەخۆیدا وەڵامی پرسیاری ئەوە وەرگیرنەوە کە بۆچی (بیروباوەڕ حوکمی دونیا دەکات)، دەبێ بۆ دۆزینەوەی دروستی زانیستیانە بۆ هۆکارەکان نەک تەنها لە دەقەکانەوە، بەڵکە لە هەلومەرجی ژیانی واقیعی ئینسانەکانەوە لە کۆمەڵگەدا بکۆڵینەوە، و بزانین ئەم بیروباوەڕانە لە کوێوەو لە چ پێویستییەکەوە سەرهەڵدەدەن.
(مەفهومی ئایدیالیستی بۆ مێژوو لەسەر ئەو تەفسیرە دامەزراوە کە گەشەی مێژوو بەندە بە گەشەی سروشتی مرۆڤ و بیروباوەڕ و ڕاکان، وەک ئەوەی بیرمەندانی سەدەی هەژدەهەم دەیانگووت.) – فەلسەفەی مێژوو و مەفهومی ماتریالیسم بۆ مێژوو/ بلیخانۆف/ لاپەڕە ۱٦.
(نەخێر ڕای مرۆڤەکان و سۆزەکانیان ناکەوێتە ژێر ڕێکەوتەوە، بەڵکە لە گەشەو سەرهەڵدانیاندا دەکەونە ژێر هەندێ یاسا کە دەبێ دراسە بکرێن. ،، گەر بڕواتان وایە کە (بیروڕا حوکمی دنیا دەکات) بەڵام حوکمی دنیا ناکات بەشێوەێکی ڕەها، بەڵکە ئەویش بە دەوری خۆی مەحکومە، بۆیە باشترە باسی هۆکارە قوڵەکانی بزووتنەوەی مێژوو بکەین.) – هەمان سەرچاوە/ لاپەڕە ۲۳.
(لە دۆخی کۆمۆنیزمدا فاکتەرە بنەڕەتییەکانی تیرۆر سروشتێکی زۆر جیاوازیان هەیە. کۆکوژی هاوسات بوو بە “پلانی پێنج ساڵەی یەکەم” لە ڕەوتی بەگشتیکردنی گەشەی پیشەسازیی توندوتیژدا ڕوویدا، کە لە دژی دانیشتووانێکی دواکەوتوو، بێباکانە، یان دوژمنکارانە ئەنجامدرا. تەنانەت ئەگەر مرۆڤ چەمکی مارکسی سەبارەت بە یاسا نهێنیەکانی گەشەسەندنی مێژوویی تا ئەو ڕادەیە درێژ بکاتەوە کە پیشەسازیی پێشکەوتوو وەک پێشمەرجێکی حەتمی بۆ سۆسیالیزم دیاری بکات، ئەوا سەختە بتوانین بڵێین ئەم تێڕوانینە هیچ ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە سیاسەتی ستالینیزمدا هەبووە. بنیاتنانی خێرای توانای ئابووری و سەربازی کۆمەڵگەی سۆڤیەت بۆ ئەوەی بتوانێت بەرگەی مەترسی سەرمایەداری و بە تایبەتی فاشیزم بگرێت، وەک هێزی بزوێنەری ئەم سیاسەتە دەردەکەوێت و پێویست ناکات هیچ فەلسەفەیەکی شمولی ڕوونی بکاتەوە. دراسەی تیۆری بەهۆی پلانی ستالینییەوە جامدکرا نەک تەواوکرا. سەبارەت بە پاکتاوکردنەکانی ناوەڕاست و کۆتایی سیەکان و دواتر دیسانەوە کۆتایی چلەکان: ناتوانم بزانم چۆن بە خەیاڵیش بێ دەگەڕێندرێنەوە بۆ چەمکێکی فەلسەفی.) – کارل پۆپەر و کێشەی یاسا مێژووییەکان ~ هێربێرت مارکیۆز – لاپەڕە ۱۹٦/ ساڵی ۱۹٥۹ بڵاوکراوەتەوە/ Studies in Critical Philosophy / Karl Popper and the Problem of Historical Laws [I959] / Marcuse, Herbert.
گەر نووسەرێ بڕوای وابێ کە میتودێکی فەلسەفی (مێژووگەریی) هۆکاری دامەزراندنی دەوڵەتێکی تۆتالیتاریسمە، ئەی کەواتە دیاردەی ناکۆکی و ململانێی باڵەکانی نێو بزووتنەوەێکی سەر بەو فەلسەفەیە چۆن شرۆڤە دەکرێ؟!. هەموو خوێنەرێکی مێژووی بزووتنەوەی سۆسیالیستی جیاوازی نێوان (کاوتسکی و لینین و ڕوزا)، و جیاوازی نێوان ( ستالین و تروتسکی) دەزانێ.
لە ڕاستیدا وەسوەسەی تۆتالیتەریسم لە هەموو بزووتنەوە فکری و سیاسیەکانی سەردەمدا بووونی هەیە. هیچ بزووتنەوەێکی فکری و سیاسی لە کۆمەڵگای مۆدێرندا: “کۆنەپارێزان، لیبڕالیسم، سۆسیالیسم” نییە کە لەنێو باڵەکانیدا مەیلێکی دەسەڵاتی شمولی نەبوو بێ. لە سۆسیالیسمدا باڵی (سەرمایەداری دەوڵەتی/ ستالینیسم و ماو) بوونی هەبووە، لە بەرامبەریاندا باڵی (ڕۆزا، کاوتسکی، تروتسکی، کاڕڵ کۆڕش) ڕەخنەگر بوون. هەر لە ساڵانی ۱۹۰٥دا (ڕۆزا) ڕەخنەی لە ئیستبدادی بلشفیکەکان گرتووە. داخۆ ئەم باڵە جیاوازانە هەموویان بڕوایان بە میتودی (مێژووگەریی) بووە؟!. گەر میتودی (مێژووگەریی) بنەمای فکریانە، کەواتە بۆچی جیاوازن؟!. میتودی فکری وەڵامی ئەو پرسیارە نادەنەوە، لێرەوە دەبێت جیاوازی باڵەکان دراسە بکەین کە ڕوانگەی جیاوازیان هەبووە. هەروەها لیبرالیسمی کلاسیکی دوو باڵی جیاوازی هەبووە، وە لەم سەردەمەدا جیاوازی باڵی لیبڕالیسمی سیاسی و لیبڕالیسمی ئابووری، دوایی زاڵبوونی لیبڕالیسمی نوێ، زۆر شەفافتر دەرکەوتووە، و باڵی لیبڕالیسمی ئابووری (لیبڕالیسمی بازاڕی ئازاد – لیبڕالیسمی نوێ) مەیلێکی تۆتالیتاریسمی هەیە.

پێشبینیەکەی پۆپەر: کۆمەڵگەی ئەبستراکت
کارل پۆپەر لە کتێبی (کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنەکانی)دا ئەم چەند دێڕە لەسەر (کۆمەڵگەی ئەبستراکت ) دەنووسێ:
(لە ئەنجامی لەدەستدانی کارەکتەری ئۆرگانیکی، کۆمەڵگەیەکی کراوە ڕەنگە پلە بە پلە ببێتە ئەوەی کە من حەز دەکەم ناوی لێ بنێم (کۆمەڵگەیەکی ئەبستراکت). لەوانەیە تا ڕادەیەکی بەرچاو سیمای کۆمەڵەیەکی کۆنکرێتی یان ڕاستەقینەی مرۆڤەکان، یان سیستەمێکی ئەو جۆرە گروپە ڕاستەقینەیانە لەدەست بدات. ،،، ئەم خاڵە بە دەگمەن درک کراوەو دەتوانین بە پەنا بردن بۆ موبالەغەێک ڕوونی بکەینەوە. وێنای کۆمەڵگاێک بکە کە تاڕادەێک هەرگیز مرۆڤەکان تێیدا لەگەڵ یەکتر بەرەو ڕوو نابنەوەو هەموو کارەکان بە تاکی دوورە پەرێزەوە ئەنجام دەدرێن کە بە نامەی تایپکراو یان بە تەلەگرام پەیوەندی دەکەن و بە ئۆتۆمبێلی داپۆشراو هاتۆچۆ دەکەن. ،،، کۆمەڵگەیەکی وەها خەیاڵی دەتوانرێت بە “کۆمەڵگەیەکی تەواو ئەبستراکت” یان بێ کەسایەتێ ناوببرێت. ئێستا خاڵە سەرنجڕاکێشەکە ئەوەیە کە کۆمەڵگای مۆدێرنمان لە زۆر لایەنی خۆیدا لە کۆمەڵگایەکی تەواو ئەبستراکت دەچێت. هەرچەندە ئێمە هەمیشە لە ئۆتۆمبێلی داپۆشراودا و بە تەنیایی هاتووچۆ ناکەین (بەڵکە ڕووبەڕووی هەزاران مرۆڤ دەبینەوە کە لە شەقامەکەدا بەلای ئێمەدا تێدەپەڕن) بەڵام دەرئەنجام تاڕادەێک هەمان شتە “واتە لە بنەمادا هیچ جۆرە پەیوەندییەکی تاکەکەسی لەتەک ڕێبوارەکانی تردا دروست ناکەین”. ،،، زۆر کەس هەن لە کۆمەڵگایەکی مۆدێرن دەژین کە هیچ پەیوەندییەکی کەسایەتییان نییە، یان لە ڕادەبەدەر کەم، کە لە نادیاربوون و گۆشەگیریدا دەژین و لە ئەنجامدا لە ناخۆشیدا دەژین. چونکە هەرچەندە کۆمەڵگا بووەتە ئەبستراکت، بەڵام پێکهاتەی بایۆلۆژی مرۆڤ زۆر گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە؛ ئینسانەکان پێویستی کۆمەڵایەتیان هەیە کە ناتوانن لە کۆمەڵگەیەکی ئەبستراکتدا تێری بکەن.)/ 1.
ئەمە ئەو پێشبینیە دروستەیە کە پۆپەر بۆ گەشەی ڕواڵەتی کۆمەڵگە کردوویەتی، کە لە سەردەمی سەرمایەداری دیجیتاڵ و تەکنەلۆژی زیرەکدا خشت پێکاویەتی./۲.
دیارە ئەمڕۆکە مرۆڤەکان بڕێک لە کارکردن لە ماڵەوە جێبەجێ دەکەن بێ ئەوەی پێویست بکات بچنە ئۆفیسەکان، وە بۆ بەشێک لە کڕینی کاڵاکان پێویست بە چوون بۆ نێو بازاڕ و مۆڵەکان ناکات، دەتوانین بە ڕێگای ئینترنێت داواکاریەکانی خۆمان بنێرین، هەروەها بۆ هەواڵ پرسی و گفتوگۆ لەتەک دۆستەکانمان، پێویست بەسەردان ناکات و لە ڕێگای پرۆگرامەکانی شات مەیسەر دەبێ، یان گەر کەسێ لەم ڕۆژگارەدا گەرەکی بێ کۆرسێک بخوێنێ، پێویست بەوە ناکات بچێ بۆ قوتابخانەێک و بە فیزیکی ئامادەیی هەبێ لە پۆلێکدا، بەڵکە لەڕێگای “دیستانس – ئینترنێت” دەتوانێ کۆرسەکەی تەواو بکات.
بیرمەندانی بۆرژوازی جۆرەها ناوی دیکەیان داهێناوە بۆ وەسفی کۆمەڵگەی سەرمایەداری. لەم سەردەمەدا لەبری کۆمەڵگەی سەرمایەداری دڕندە ناوی وەک: کۆمەڵگای کراوە، کۆمەڵگەی پۆستمۆدێرنیسم، کۆمەڵگای شەفاف، کۆمەڵگای چاودێری، کۆمەڵگەی ڕیسک،، هتد، بەکاردەهێنن. ئەوەی ئەم بیرمەندانە لە وەسفی کۆمەڵگەدا دەیانەوێ پەردەپۆشیکەن ناوەڕۆکی دابەشبوونی چینایەتی و دڕندەیی سەرمایەدارییە.
گرنگ لێرەدا ئەوە دووپات بکەینەوە کە بە گۆڕانی ڕواڵەتی کۆمەڵگە و بە تەکنەلۆژی بوونی کەم یان زۆری پەیوەندییەکانی ئینسانەکان، ئەوە هیچ لە حەقیقەتی ئەوە ناگۆڕێ کە بنەمای ئەو کۆمەڵگەیە هێشتا سەرمایەدارییە و لەسەر پەیوەندی (کار و سەرمایە ) دامەزراوە، پەیوەندییەکانی کۆمەڵگە کۆنکرێت بێ یان بڕێکی کەم تا زۆری دیجیتاڵ بێ، هێشتا ئەو کۆمەڵگەیە چینایەتییە، مادامەکی گۆڕان بەسەر پێکهاتی ئابووری و شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەدریدا نەهاتووە، چونکە بەردەوام زۆربەی ئینسانەکان کارێک دەکەن و بەرامبەری ئەوە کرێ وەردەگرن، و نوخبەێکی کۆمەڵگەش خاوەنی کۆمپانیا و بانک و ئۆفیسەکانن و قازانج لە بەری کاری ئەوانی دی دەکەن.
پۆپەر خۆی زۆر دژی پێشبینییەکان بوو، و بەڵگەی داڕشتووە کە دەڵێ: بە هۆکاری لۆژیکی ناتوانین داهاتوو بزانین؛ نووسیویەتی:( ڕەوتی مێژووی مرۆڤایەتی بە توندی لە ژێر کاریگەری گەشەی زانستی مرۆڤدایە، بەڵام ناتوانین بە شێوازی عەقڵانی یان زانستی پێشبینی گەشەی داهاتووی زانستە زانستییەکانمان بکەین. بۆیە ناتوانین پێشبینی ڕەوتی داهاتووی مێژووی مرۆڤایەتی بکەین). لە کتێبی کۆمەڵگەی کراوە – کاڕڵ پۆپەر/ ساڵی [۱۹٤٥].
وەک لە کتێبی (هەژاریی مێژووگەرایی: The Poverty of Historicism)دا پۆپەر پێی خۆی لەسەر دژایەتیکردنی پێشبینی دادەگرێت، بڕوای وایە کە مێژوو دەستنیشان ناکرێت، بۆیە پێشبینی بۆ ئاییندە نازانستی و هەڵەیە، وە شیاوی ئەوە نییە متمانەی پێ بکرێ و پشتی پێ ببەسترێت. واتە مێژوو چوارچێوەو سنووری بۆ دانانرێت و پۆپەر دژی ئەوەیە پێشبینی بۆ ئاییندە بکەین.
پۆپەر ئەم ئارگیومێنتەی بەکارهێناوە بۆ ڕەخنە لە مارکس، وە بە تایبەتی لە کتێبی (هەژاریی مێژووگەرایی)دا ئیدیعای ئەوەی دەکرد کە مارکس پەیڕەوی فەلسەفەی (مێژووگەرایی) دەکات و بڕوای بە حەتمیەتی مێژووییە، و لێرەوە پۆپەر دەیگوت کە مارکس وەک پێغەمبەر و فاڵچیێکی درۆزن وایە پێشبینی دەکات. ئەوەی لێرەدا دەمەوێ بە کورتی بیڵێم: مارکس نە پێغەمبەرەو نە بڕوای بە “حەتمیەتی مێژوویی” بووە، بەڵکە وەک زاناێک دوای دراسەی فاکتەکانی واقیعی کۆمەڵگەی سەرمایەداری پێشبینی کردووە، هەر وەک پۆپەر خۆشی کردوویەتی؛ ئایا پێشبینیکردن بۆ پۆپەر خۆی حەڵاڵە و بۆ مارکس حەرامە؟!.

دوژمنە نوێکانی کۆمەڵگەی کراوە
بە بڕوای پۆپەر، دوژمنەکانی کۆمەڵگەی کراوە، بەتایبەتی (کاڕل مارکس و هاوڕێکانی)، ئەوانەن کە بانگەشەی خاوەنداریەتی مەعریفە و چاکەیەکی گشتی دەکەن. بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دەتوانن بە شێوەیەکی زانستی و دادپەروەرانە کۆمەڵگا کۆنترۆڵ بکەن، بۆ ئەوەی یۆتوبیاێکی پڕ لە بەختیاری بەدیبهێنن. ئەم زانستە لای نوخبەێکی پێشڕەوە کە حیکمەتیان دۆزیوەتە، هەم ڕاستی زانستییە و هەم نۆرماتیڤ-ئەخلاقییە. کەواتە بە مەعریفە و ئەخلاق دەسەڵاتێکی بیروکراتی حەکیم دادەمەزرێنن تا خەڵکی دەربازکەن لە قەیران و دۆزەخ. بۆیە ئەم مەعریفە و ئەو دەسەڵاتەی دروستی دەکەن، لە سەروی ئازادی تاکی مرۆڤەوەیە، واتە لە سەروی حوکمدانی خۆیانەوە بڕیار دەدرێت سەبارەت بەوەی کە چۆن دەبێ ژیانی خۆیان لە قاڵب بدەن. فەلسەفەی سیاسی پۆپەر لیبڕالیسم و دیموکراتییەتی سەرمایەداری ڕۆژئاوای هاوچەرخی وەک مۆدێلی “کۆمەڵگەی کراوە” قبوڵ دەکرد، وە دژی (سۆڤیەت و نازیەکان) بوو، چونکە تۆتالیتاریسم و کۆمەڵگەی داخراون بوون.
کەواتە گەر لەم سەردەمەدا بە دوای دوژمنەکانی کۆمەڵگەی کراوەدا بگەڕێن ئەمانەن: “چین، کۆریای باکوور، کوبا” ئەمانە خۆیان بە کۆمۆنیست دەزانن. “ئێران، ئەفگانیستانی تاڵیبان، سعودیە” ئەم دەوڵەتانە ئیسلامین و کۆمەڵگەی داخراون. هەروەها هەر حیزب و بزووتنەوەێک کە ”میتودێکی مێژووگەریی” و دۆگمان و ئیدۆلۆژی هەیە، ئەمانەش ئامانجیان دامەزراندنی تۆتالیتاریسم و کۆمەڵگەی داخراوە، و بە دوژمنەکانی کۆمەڵگەی کراوە دەژمێردرێن.
بەڵام جیهانی سەرمایەداری ئەمڕۆکە دوای کۆتایهاتنی جەنگی سارد، گۆڕانی بەسەردا هاتووە. ئەمڕۆکە هەندێ لایەن پەیدا بوون کە بە دوژمنە نوێکانی کۆمەڵگەی کراوە دەژمردرێن، کە ناکەونە نێو ئەو خشتەیەی پۆپەر دایڕشت بوو.
لەمڕۆدا سەرمایەداری لە قەیرانی ئابووری و ناسەقامگیردا کۆمەڵگەی خستۆتە ژێر چاودێری، و تایبەتمەندی تاکەکەسەکان پێشێل دەکات. کاتێ ئینسانەکان لە شەقامەکان، مۆڵەکان، یان لە فرۆکەخانەکاندا بن، بە تەکنەلۆژیای زیرەک دەموچاویان دەناسرێتەوە. کامێرای چاودێری دەزانێ لە چ جێکایەک سەیارەکەت ڕاگرتووە، یان بەهۆی سۆسیال میدیا و مۆبایلەکانەوە هەموو زانیاری تایبەتی تاکەکەسەکان خەزنکراوە. ئەمرۆکە تۆڕی داتا و ئینترنێت وەک دەسەڵاتێکی شمولی بەسەر سەری ئینسانەکانەوەیە، و لەتەک گەشەکردنی زیاتری “زیرەکی دەستکرد” ئەم دەسەڵاتە شمولییە زیاتر دەبێ.
بزووتنەوەکانی ڕاستڕەوی توندڕەو (ڕاسیسمی نوێ و فاشیسمی نوێ) هەر بەناوی پاراستنی دیموکراتییەت و شارستانیەتی ڕۆژئاوا جەماوەریان ڕۆژبەڕۆژ زیاد دەکات. ڕاستڕەوی توندڕەو هیچ ناچێتە ژێر ئەو پۆلێنەی پۆپەر، چونکە بڕوایان بە میتودی مێژووگەریی نییە، و باس لە پاڕاستنی (ئازادی و سیکولاریسمی) غەرب دەکەن دژی پەناهەندەکان. دیاردەی نوێی وەک (خراپ بوونی ژینگە، بڵاوبوونەی درم و ڤایرۆسەکان، ململانێی بلۆکەکانی سەرمایەداری – ڕوسیا و چین دژی ڕۆژئاوا) هێندەی دی کۆمەڵگەی کراوەی بەرەو تۆتالیتاریسم بردووە. ململانێ نێوان باڵەکانی بزووتنەوە بۆرژوازەکان کە بڕوایان بە دیموکراتی و لیبڕالیسم هەیە، و ململانێ نێوان کۆمپانیاکانی سەرمایەداران، کۆمەڵگەی کراوە بەرەو تۆتالیتاریسم دەبات. چەند نموونەیەک: ئەو کەسانەی دژی دۆگما لیبڕاڵەکانن (مافی کۆمەڵگەی میم)، ئەوانەی گریمانە لیبڕاڵەکان دەخەنە ژێر پرسیارەوە، بە ناوی ڕاستڕەوی توندڕەو ناوزەد دەکرێن. ئەوانەی کاتی کۆڤید نەیانویستایە دەمامک ببەستن یان دژی کۆڤید خۆیان بکوتن، لە زۆر ماف بێبەش دەکران. ئەگەر کەسێک بیەوێت زانست لە پشت گەرمبوونی جیهانەوە بخاتە ژێر پرسیارەوە، ئەوا وەک “ئینکاریکەری گۆڕانی ژینگە” سووکایەتییان پێدەکرێت. دیارە لەتەک تووندبوونەوەی قەیران و کێشەکان، مەیلی بەرەو سەرکوتکردن و تۆتالیتاریسم زیاتر دەبێ.
قەیرانی ئابووری و سیاسی جیهانی ئەمڕۆ لە زۆر ووڵاتاندا ئەگەری تەقینەوەی جەنگی ناخۆیی زیاد دەکات. پشێوی کاتی هەڵبژراردنی بایدن بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا، زەنگێکە هۆشداری بە ئەگەری خولێکی زۆر مەترسیدار دەدات لە نێو دڵی کۆمەڵگەی کراوەی سەرمایەداری ڕۆژاوادا. لەگەڵ سەرهەڵدانی بزووتنەوە کۆنەپەرستەکان و پۆپۆلیزم لە دونیای ئەمڕۆدا، کە مەیلی پاوانخوازیان هەیە، وە زیادبوونی ئەوەی پێی دەوترێت “فرە قەیران”، ئاسانە بگەینە ئەو ئەنجامەی کە دیموکراسی بۆرژوازی و مۆدێلی کۆمەڵگەی کراوە مەحکومە بە بن بەست، و جیهانی سەرمایەداری چۆتە خولێکی نوێی دڕندەیی.

———————————————————
تێبینیەکان:
1/ دەتوانن ئەم چەند دێڕە لە(کۆمەڵگای کراوە و دوژمنەکانی – بەرگی یەکەم – ۱۰/ لاپەڕە ۳۸۹ – و: ئیدریس شێخ شەرەفی) بخوێنەوە کە زمانەکەی باشترە. من لە زمانی ئینگلیزیەوە وەرمگێڕاوە.
۲/ دیمەنی تاکگەرایی و تەنیایی ئینسانەکان لە نێو کۆمەڵگەی مۆدێرنی سەرمایەداریدا گەلێ نووسەر (جگە لە تیۆری نامۆیی مارکس) باسیان لێوە کردووە. من لێرەدا پەرەگرافێکی ڕۆمانێکی دیستۆڤیسکی بە نموونە دەهێنمەوە کە لە ساڵی ١٨٨٠ـ ١٨٧٩ چاپ و بڵاوکراوەتەوە:
(ئەو گۆشەگیرییەی مرۆڤ تێیدا دەژی، بەتایبەتی لە سەردەمی ئێمەدا، لە هەموو بوارەکاندا دیارە. لەم سەردەمەی ئێمەدا تەنیایی کۆتایی نەهاتووە، تەنانەت نەگەیشتووەتە لوتکە. هەموو مرۆڤێک لەم سەردەمەدا هەوڵدەدات تامی ژیان بە تەواوی بکات، بەڵام دوور لەوانی دی، بۆیە بە دوای بەختەوەری تاکەکەسیدا دەگەڕێت. بەڵام مەحاڵە ئەم هەوڵانە ببنە هۆی تامێکی تەواو لە ژیان، چونکە تەنها دەبێتە هۆی لە ناوچوونی تەواوەتی ڕۆح، و تەنها دەبێتە هۆی جۆرێک لە خۆکوژی ڕۆحی لە گۆشەگیرێکی خنکێنەردا. کۆمەڵگا لە سەردەمی ئێمەدا لە تاکەکاندا تواوەتەوە، هەریەکەیان وەک ئەهریمەنێک لە کولانەکەی خۆیاندا دەژین، و لە یەکتر هەڵدێن و تەنها بیر لە شاردنەوەی سامانەکانیان لە یەکتر دەکەنەوە. وە لەمەوە دەگەنە ئەوەی ڕقیان لە یەکتر دەبێتەوەو تا خۆشیان شایستەی ڕق لێبوونەوەش دەبن. مرۆڤ لە تەنیاییدا سامان لەسەر سامان کەڵەکە دەکات و دڵخۆش دەبێت بەو دەسەڵاتەی کە پێی وایە بەم کارە خاوەنییەتی، لە دڵی خۆیدا دەڵێت: “کە ڕۆژەکانم بەم شێوەیە مسۆگەر بووە”، ئیدی گەمژەیی خۆی نابینێت کە زیاتر کەڵەکە بووە، بەمە زیاتر خۆی دەخزێنێتە ناو بێهێزییەکی کوشندە. ئەوەش لەبەرئەوەی ڕاهاتووە کە تەنها پشت بەخۆی ببەستێت و بڕوای بە هاوکاری نەماوە، و لە گۆشەگیریدا ئەو یاسایانە لەبیردەکات کە بەڕاستی مرۆڤایەتی بەڕێوەدەبەن، و کۆتاییەکەی هەموو ڕۆژێک لە ترسی لەدەستدانی پوڵەکانی دەلەرزێت کە ڕۆژێک دێت لە هەموو شتێک بێبەش دەبێت. خەڵکی بە تەواوی لەیادیان چووە کە ئاسایش و سەقامگیری ڕاستەقینە لە ژیاندا بە گۆشەگیری بەدەست ناهێنرێت، بەڵکە لە هاوپشتی و هاوکۆیی هەوڵەکانی یەکتر بەدی دێ.).

/ ڕۆمانی برایانی کارامازۆڤ/ فیدۆر دۆستۆیڤسکی).




جۆرەکانی دیالۆگ لە رۆمانی (قەبرێکی سێگۆشە)ی فەرهاد پیرباڵدا.. نووسینی: مالیک عەبدولواحید و عبدالسلام اسماعیل

بۆ خوێندنەوەی ئەم توێژینەوەیە کلیکی ئێرەبکەن..




دەق بۆ حەقیقەت، دەق بۆ چێژ.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

(رووتەختی پێكەوەسازان)

چێژ كۆمەڵە حاڵەتێكی مینتالیتییە، كە مرۆڤ… هەستی پێدەكات و بەرەو خۆشی و كرانەوەی ئەرێنی دەكاتەوە. بنەمای چێژ هەوڵدانە بۆ خۆشی وەرگرتن. بنەمای چێژ لای فرۆید پێچەوانەی بنەمای حەقیقەتە، چونكە حەقیقەت ئارەزووەكان وەدوادەخات. بە مانایەك لە ماناكان بارت دەڵێ‌ چێژی دەق ئەو ساتەیە كە جەستەی (وەرگر/خوێنەر) تێیدا بە فەزا تایبەتییەكانی خۆی دەگات.
ئەگەر چێژی دەق پەیوەندی بە فەزای (وەرگر و خوێنەران)ەوە بێت، رووتەختی بێ‌ بڕانەوەی حەقیقەت چییە؟ ئایا پرسیار لەبارەی حەقیقەت و چییەتی حەقیقەت گرنگی بەوەدەدا كە حەقیقەت لە ئەزموونكردنی ژیانەوە وەدەست دێت؟ یان لە بیركردنەوە و توانای سیاسی و توێژینەوەی زانستی و داهێنانی هونەری و رامانی فیكری و بڕوای ئایینی و عەقڵی وەكیەك و واقیع و ئازادی… وەدەست دێت؟! ئایا پرسیار لە بارەی چێژی دەق تەنها گرنگی بەوە دەدات كە پێیدەڵێن فەزا تایبەتییەكانی وەرگر و خوێنەران؟
هەڵبەتە چییەتی حەقیقەت و چییەتی چێژ لە دەقی هونەرییدا هەموو ئەوانە تێدەپەڕێنن، بەو مانایەش حەقیقەت جیایە لەوەی حەقیقەتە! چێژیش جیایە لەوەی تەنها چێژ بێت. حەقیقەتی دەقی هونەری بەرجەستەكردنی جوانناسانەی چییەتی زمانە. دەقی چێژی هونەریش بەرجەستەكردنی بیركردنەوەی چییەتی زمانە! چییەتی زمانیش سیستمێكی فیكرییە و هەڵگری جوانی و رەنگدانەوەی رەهەندەكانی ژیاری مرۆڤایەتییە. بەڵام زمان هەموو شتێ‌ ناڵێت. جەستە قسان دەكات، شتەكان، مێژوو، توانا فەردی و كۆمەڵایەتی قسان دەكەن، مردن و ژیان بێ‌ دابڕان بە هەزاران شێواز قسان دەكەن، بەڵام زمان هەموو شتێ‌ ناڵێت.
كەواتە پێویستە بزانین لەنێوان ئەوەی حەقیقەت جیایە لەوەی رووتەختی بێ‌ بڕانەوەی حەقیقەتە و چێژ جیایە لەوەی رووتەختی بێ‌ بڕانەوەی چێژە، چییەتی زمانیش جیایە لەوەی زمان هەموو شتێ‌ بڵێت. بەو مانایەش پێویستە (دەقی هونەری) لەنێوان پێكهاتەكانی زمان و بیركردنەوە تایبەتییەكانی (وەرگر/خوێنەر)انەوە، لەنێوان حەقیقەت و چێژ… رووتەختی پێكەوەسازان درووست بكات.
ئایا دەقی هونەری بۆ حەقیقەتە یان پرسێكی چێژئامێزە؟ ئەگەر دەق بۆ حەقیقەت بێ‌، دەبێ‌ مرۆڤ حەقیقەت پەسەند بكات. بەڵام ئەگەر دەق پرسێكی چێژئامێز بێت، ئەوە (وەرگر/خوێنەر) گرنگترە لە بەرهەمهێن! یەكەمیان دەكەوێتە نێو باوەڕی حەقیقەتی هاوبەشەوە، دووەمیان زمانی هاوبەش بەڕێوەی دەبات، بە پێچەوانەشەوە راستە.
كەواتە بۆ ناساندنی دەقی هونەری بۆ حەقیقەت و دەقی هونەری بۆ چێژ، دەبێ‌ بۆ بنەماكانی بیركردنەوە و جوانناسی زمانەوانی بگەڕێینەوە و رووتەختی پێكەوەسازان درووست بكەین. وەك دەزانین هیچ زمانێك لە گوتندا بەبێ‌ ئاماژە نییە، دواتریش مانا… بەڵام زمان وەك مانا دەگۆڕێ‌ بۆ جەستە. دەمەوێ‌ بڵێم جوانی زمان وەك جەستە، دەق دادەهێنێ‌! بەڵام بۆچی هەندێجار بۆ تێگەیشتن لە رەهەندەكانی ئەو جەستەیە چەند جارێك دەق دەخوێنینەوە؟! ئەگەرچی لە جاری یەكەمدا ماناكەی حاڵی دەبین.
لێرەوە بۆمان دەردەكەوێت كۆمەڵێ‌ شتی دیكە لە جەستەی دەقدا هەیە، كە هەر مانا و ئاماژە نییە… لە دەقدا مەعریفەی دەربڕینی بیركردنەوە و مەعریفەی دەربڕینی جوانناسانە ئامادەیی هەیە، بۆنی دەكەین، هەستی پێدەكەین، دەستی لێدەدەین، دەیبسین، گفتوگۆی لەگەڵدا دەكەین…
كەواتە كاتێك زمان وەك مانا و ئاماژە لە جەستەی زیندووی دەقدا دەناسێنین، كاتێك دەق وەك پێكهاتەی جەستە تێكەڵ بە ژیان دەبێت… ئیتر دەبێتە بابەتی خۆشویستن و رق لێبوونەوە، عەشق و گومرایی، حەقیقەت و چێژ… چونكە جەستەكان بەیەكدادەچن و تێكەڵدەبن و كاریگەری لەسەر یەكتر دادەنێن، نەزمی چیگوتن و جوانگوتن گوزارشت لەو ئاماژە و مانایانە دەكەن، كە لە شانەكانی زمانەوانییەوە لە دایك دەبن و بە گوێرەی سەیرورەی دەق و بە گوێرەی رێگایەكی نوێی هونەری رێكدەخرێن و لەو پەڕی ئاماژە و مانادا، لەو پەڕی حەقیقەت و چێژدا… لە رووتەختی پێكەوەسازان دەردەكەونەوە.

رووتەختی پێكەوەسازان
دۆلۆز دژ بە ئارەزووی فرۆیدی، پێیوایە ئارەزوو هەرگیز بۆ لێكدانەوە نییە، بەڵكو ئەزموون دەكرێ‌… بەڵام فرۆید ئارەزوو لە چوارچێوەی خێزاندا قەتیس دەكات، لە كاتێكدا ئارەزوو هەمیشە درووستكەرانەیە و هەرگیز خۆكارانە و یاسایی نییە. دۆلۆز نە بڕوای بە غەریزە ناوەكییەكان هەیە، كە گوایە ئیلهام بە ئارەزوو دەبەخشێ‌، نە وەك دەروونشیكاری فرۆیدی بڕوای بەوە هەیە، كە ئارەزوو (نەقس) بێ‌. چونكە ئەگەر ئارەزوو نەقس بێ‌، ئەوە هیچ رووتەختێكی پێكەوەسازان مومكین نییە، كە دەرفەتی ئەوە برەخسێنێ‌ ئارەزوو بكەن. (رووتەختی پێكەوەسازان) نەقس دەگۆڕێ‌ بۆ مۆركە پۆزەتیفەكەی ئارەزوو، نەك ئارەزوو بگۆڕێ‌ بۆ مۆركە نێگەتیفەكەی نەقس. ئەو بیركردنەوە دۆلۆزییە لەبارەی ئارەزووەوە لە بەشی سێیەم كتێبی (گفتوگۆكان) وەرگێڕانی (هاوار محەمەد) قسەی زۆری لێكراوە.
من دەكەومە ژێر چەمكی (ئارەزووی دۆلۆزی) و (رووتەختی پێكەوەسازان) و دەڵێم “چێژ وەك وێنەی ئەو نەستە دەبینم، كە تێنووەّ. حەقیقەت وەك وێنەی ئەو هەستە دەبینم، كە راخراوە”! بەڵام رێگایەكیش دەبینمەوە لەو لێكدانەوەیە رابكەم، لەوێوە كە چیدی فۆرمەكان بوونیان نییە؟! مەسەلەكە پەیوەندی بە نەخشەی خێراییەكان، چڕبوونەوەكاندایە… مانای جێگیر واتای نەمانی جوولە نییە، بەڵكو ئاماژەیەكە بۆ حاڵەتی رەهایی جوولە، وەك چۆن ئاماژەیە بۆ حاڵەتی رەهای وەستان. ئەوە رووتەختە، جوولە و جێگیری، پەیوەندییەكانی خێرایی و خاوبوونەوە لەنێوان رەگەزە پێكهاتووە تەواو پێكنەهاتووەكاندا دەناسێت.
بەو مانایەش دەشێ‌ حەقیقەت و چێژ سەر بە ئارەزوو بن، وەك چۆن زمان لە نەست رسكاوە. بەڵام دەبێ‌ رووتەختی پێكەوەسازان دامەزرێنن، رووتەختی پێكەوەسازان بخەنە سەر ئاراستەی درووستكردن، ئەگەرنا لە دەرەوەی زمان، یان لە دەرەوەی نەست، نەچێژ هەیە و نەحەقیقەت!. چێژ جەستەیەكی بێ‌ ئەندامە هەرگیز لەگەڵ وەرگر و خوێنەران دژ ناكەوێتەوە، كە بیركردنەوەی تایبەتی خۆیانی تێدا دادەمەزرێنن، یان چێژ دەخەنە سەر ئاراستەی درووستكردن. حەقیقەتیش هەرگیز لەگەڵ پارچەكانی دژ نییە، كە تێیدا دەجولێن و خۆیان لە جیاوازیدا دەنوێنن.
زمان و چێژ و حەقیقەت وەك ئارەزوو ئەزموون دەكرێن. چێژ و حەقیقەت، وەك زمان بنەمایەكی مەعریفییان هەیە. دەقی هونەریش لەسەر بنەمایەكی مەعریفی دادەهێنرێت. بنەمای دەقی هونەری رەگەزەكانی زمانە، زمانیش وەك چۆن ئاماژە و مانا بەرجەستە دەكات، حەقیقەت و چێژیش درووست دەكات! بە دیوەكەی دیكە وەك چۆن چێژ دەشارێتەوە، حەقیقەتیش دەشارێتەوە! لەوێشەوە نوێنەرایەتی پەیوەندییەكی ئاڵوگۆڕئامێزی نێوان نووسەر و دەق، خوێنەر و دەق، فەزای خوێندنەوە و فەزای نووسینەوە، كۆمەڵگا و بازاڕی هونەری دەكات، بەر لەوەی مانا و ئاماژەكان لێكبدرێتەوە، بەر لەوەی مەعریفەی هونەری و هونەری چێژ كەشف بكرێت، پێویستە دەق وەك جەستەیەكی فرە رەهەند و فرە فەزا لە دانوستاندا (وەرگر/خوێنەر) بەرەو خۆی كێش بكات، چونكە هونەری نووسین بە گشتی زانستی خۆشگوتن و فەزای دانوستانی فرە رەنگ درووست دەكات.

دەق وەك جەستەیەكی ئاڵۆز بۆ چێژ
پرۆسەی لە دایكبوونی نووسین پرۆسەیەكی هونەری چڕ و پرسیارئامێزە لە كۆمەڵێك رەهەندەوە لێكدانەوەی دیار و نادیاری بۆ دەكرێ‌! من ئێستا ناچمەوە نێو پێكهاتەكانی زمان و فەزا و رەگەزە هونەرییەكانی دەقەوە. بەڵكو بە كورتی بە ستراتیژی هەندێ‌ لەو هەوڵانەدا دەچمەوە، كە بەرەو دەق و چێژی دەق دەبنەوە، لەوانەش: رۆلان بارت، جۆرج باتای، ماركیز دی ساد.
بارت پێیوایە دەق لە نەستدا لە دایك دەبێ‌ و لە هەستدا دەنووسرێتەوە. ئەو لێكدانەوەیەی بارت لە گوتەزای (نەست وەك زمان رسكاوە)ی ژاك لاكان دەناسێنین. بەڵام باتای بە پێچەوانەوە دەیبینێ‌ و پێیوایە دەق لە رەحمی شێتیدا لە دایك دەبێ‌ و دژ بە دەمارگیرییە. دەشێ‌ رەحمی شێتی باتای ئاڵۆزی زمانمان بیر بخاتەوە! دی ساد راستەوخۆ دەچێتە سەر چێژی دەق و پێیوایە چێژی دەق پەیوەندی بە دژبوونەوەی نێوان باو و ناباوەوە هەیە. دەشێ‌ ئەو قسەیەی دی ساد بە پێشكەوتنی زمان لەنێوان چەمكی پارێزگاریكردنی زمان و پیسكردنی زماندا هەڵبگرینەوە…

چێژی دەق و حەقیقەتی دەق
چێژ بیرۆكەیەكە، دەكەوێتەوە نێوان پارێزگاریكردنی زمان و پیسكردنی زمانەوە. دەكەوێتە نێوان باو و دژە باوەوە… بە گشتی چێژ لەگەڵ كولتوور هاوئاهەنگە. وەك بارت و باتای و دی ساد… قسەیان لێكردووە چیژی دەق وەك چۆن لە خۆدەرخستن و خۆشاردنەوە، جێگیربوون و جێگیرنەبوون، هەست و نەستی زمانەوە گەڵاڵە دەبێت، لە بواری خوێنەر و فەزای خوێندنەوەشدا لە شیكردنەوەی دەروونی و ئارەزووەوە نزیك دەبێتەوە.
كەواتە لەنێوان حەقیقەت و چێژدا، لەنێوان حەقیقەتی سۆسیۆلۆژی و بازاڕی هونەرییدا ئەوە ریتمی تێنووی نەستە، یان رەگەزە دیارەكانی دەقە سنوری چێژ بۆ وەرگر و خوێنەرە جیاوازەكانی دەنەخشێنێ‌! وەك چۆن ئەوە دیتنی پارچەكانی حەقیقەتە، بە رێگای جیاوازەوە وەك هەست كۆمەڵگا دەدوێنێ‌. دەقی چێژ ئەو دەقەیە كە رازی دەبێ‌ هەستی خۆشی بخاتەوە. بەو مانایەش چێژی دەق ئەو ساتەیە كە وەرگر و خوێنەرە جیاوازەكانی لە ساتی خوێندنەوەدا دەكەونە نێو فەزا تایبەتییەكانی خۆیانەوە، لێرەوە بارت دەڵێ‌ بیركردنەوەكانی جەستەم بیركردنەوەكانی من نین. ئەو قسەیەی بارت پەیوەندی بە نەستی زمانەوە هەیە و پەیوەندی بەو حاڵەتە شێتییەوە هەیە، كە باتای دەیخاتە روو، وەك چۆن بەریەككەوتنە باو و ناباوەكەی دی ساد بەشێكی زۆر لە سەرسامی بۆ خۆی دەبات.
بێگومان وەك لەسەرەوە قسەمان لێكرد حەقیقەت قابیلی لێكدانەوەی جیاوازە، حەقیقەت خوێندنەوەی جۆراوجۆری بۆ دەكرێت، وەك چۆن چێژی دەق لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر دەگۆڕێ‌. بەو مانایە جگە لە رووتەختی پێكەوەسازان یاسایەكی گشتیی بۆ خوێندنەوەی حەقیقەتی هونەری و چێژی هونەری نییە.
ئەو دەقە هونەرییەی مایەی چێژە جۆرە هەستێكی خۆشحاڵیمان لەلا درووست دەكات، ئەو دەقە هونەرییەی پارچەكانی حەقیقەتمان نیشان دەدات، هۆشیاریمان پێدەبەخشێ‌ و هۆشیاریش گۆڕانكاری جۆرا و جۆر دەنێتەوە! دەقی هونەری وەك ئامرازێك بۆ چێژ، هەستی خۆشی بە منی (وەرگر/خوێنەر) دەبەخشێ، ناسنامەی (منی وەرگر/خوێنەر)انی تیا بەهێزتر دەبێ. دەقی هونەری وەك ئامرازێك بۆ بەشە جیاوازەكانی حەقیقەت نەستمان بەهێز دەكات و روانینمان بۆ دنیا دەگۆڕێت. هەموو ئەوانەش لە رێگای درووستكردنی رووتەختی پێكەوەسازانەوەیە.

خەیاڵی زمان و زیرەكی دەستكرد
دنیا لەژێر هەژموونی كۆمەڵە و رێكخراوە گەورەكاندایە، بەڵام بنەمای دەقی هونەری و ئەدەبی جیاوازی زمان و خەیاڵ بەڕێوەی دەبات، لەوێشەوە گۆڕینی هۆشیاری، جوانناسی، خۆشی… بەردەوامی و سەیرورە دەخاتەوە. ئەگەر لە دەستدانی باوەڕی هاوبەش، مەعریفەی هاوبەش لە دەستدانی پەیامی حەقیقەتی هونەری بێت، لە دەستدانی زمانی هاوبەش، خوێندنەوەی هاوبەش لە دەستدانی چێژی هونەری لێبكەوێتەوە، پرسیار ئەوەیە ئایا دەقی هونەری وەك ئامرازێك بۆ حەقیقەت نابێتە هەڵگری جۆرە تێگەیشتنێكی ئایدیالیستانە؟ ئایا دەقی هونەری بۆ چێژ لە تێگەیشتنێكی بازاڕی بازرگانی نزیك نابێتەوە؟!
بێگومان داهێنان لە خەیاڵی زمان و جوانی هونەرییدایە، لە خەڵقكردنی دنیایەكی نوێدایە، لە درووستكردنی پەبلیكێكی نوێدایە… كاری داهێنەرانە، جیهان لەگەڵ (وەرگر/ خوێنەر)ە جیاوازەكانی دابەش دەكات. بەڵام زمانیان لەگەڵ دابەش ناكات. ستراتیژی كاری داهێنان بۆ ئەوە نەخشێنراوە تاكو لە رێگای وەرگر و خوێنەرانی داهێنەرەوە كاریگەری بخاتە سەر جیهان.
بە دیوەكەی دیكەش لەپشت ئاراستەكردن و مەبەستە ئایدیالییەكان… سەیرورەی داهێنانی مرۆڤایەتی و پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیا و زیرەكی دەستكرد جیهانی دووچاری گۆڕانكارییەكی بەپەلە كردووە. زیرەكی دەستكرد ترادیسیۆنی كاری داهێنان (تكایە بێدەنگ بن نووسەرێك خەریكە دەنووسێت)، دەلەرزێنێ‌. شاراوەكان لە رێگای چاوی شەیتانی زیرەكی دەستكردەوە ئاشكرا دەكرێت. هاككەر دەبێتە راڤەكار! چێژ، حەقیقەت، جوانی… لە ئۆنلاینەوە بوونی خۆیان دەنەخشێنن… بەڵام خەیاڵ دەكەوێتە كوێی زیرەكی دەستكردەوە؟!
بێگومان زیرەكی دەستكرد لقێكە لە زانستەكانی كۆمپیتەر و هاوشێوەی مێشكی مرۆڤ دەتوانێت ئەركەكان جێبەجێ‌ بكات. فەلسەفەی زیرەكی دەستكرد لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، كە ئێمەی مرۆڤ دەتوانین ئامێرێك درووست بكەین وەك خۆمان بیر بكاتەوە، بەڵام خەیاڵكردنی نییە. چونكە خەیاڵی مرۆیی، بەبێ ئەوەی هیچ پێدراوێكی دەمودەست لە هەستەكانەوە بوونی هەبێت، بەبێ ئەوەی هیچ پێدراوێكی دەمودەست لە هەستەكانەوە بێتە بەرهەم یان بە لاساییكردنەوە درووست بێت، خەیاڵە. زیرەكی دەستكرد خەیاڵی نییە!. كەواتە هەرگیز زیرەكی دەستكرد چارەی نەزانینمان ناكات، بەڵكو توانایەكە بۆ گەیشتن بە پێدراوەكانی مەعریفە و چێژ و جوانی… زیرەكی دەستكرد هێز و توانایەكە وێنەی بوونەوەرە جیاوازەكان دەكێشێت، بەڵام مرۆڤ شاعیرانە كەوتۆتە نێو خەیاڵەوە.

هەولێر 12/3/2024

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا




یۆتۆپیا.. به‌ختیار محه‌مه‌د

خۆی گرفته‌كه‌‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا ته‌نها ورده ‌بۆرژوازی چه‌په‌ و ئه‌م توێژه‌ هه‌لپه‌رسته‌ ڕابه‌رایه‌تیی بزاڤی چه‌پ ده‌كا. هه‌ر بۆیه‌شه‌ پێوه‌ندییه‌كی ئۆرگانیكی ڕاسته‌قینه‌ له‌ نێوان ئه‌م بزاڤه‌ و چینی كرێكاری له‌ بنه‌ڕه‌تدا كه‌م و بێ هێز و په‌رت و بڵاودا نابینی. هه‌ر ئه‌مه‌ش وا ده‌كا، كه‌ له‌ سه‌ره‌تای ساڵانی ده‌یه‌ی (90) سه‌رله‌به‌ری ئه‌ندامانی بزاڤی كۆمۆنیزمی ڕادیكاڵ (ڕه‌وت و حزبی كۆمۆنیزمی كرێكاری) ئێره‌ به‌جێ بهێڵن و په‌نا بۆ ئه‌وروپای سه‌رمایه‌داری لیبرال و لیبرالی نوێ ببه‌ن و ئێستاش له‌وێ هه‌ر خه‌ریكی جوینه‌وه‌ی دروشم و گوتاری سیاسی و ئایدیۆلۆژیی سه‌ره‌تای ساڵانی ده‌یه‌ی نه‌وه‌د بن. ئه‌وه‌ته‌ له‌ نوێترین گوتاریان له‌ سایتی (ده‌نگه‌كان) ڕێكه‌وتی 26/ 12/ 2023 ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تییان (عوسمانی حاجی مارف) به‌ هه‌مان عه‌قڵیه‌ت و هه‌مان تۆنی‌ گوتاری سیاسی ئایدیۆلۆژیی سه‌ره‌تای ساڵانی (90) ی سه‌ده‌ی ڕابردوو ده‌ڵێ: ((… ڕه‌گی كێشه‌كانی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان به‌ تایبه‌تی له‌ كه‌ركوك، كێشه‌ نائه‌منیه‌كه‌ی ئاكامی كێشه‌یه‌كی سیاسیه‌، له‌ ڕه‌واجدان و چاندنی دوبه‌ره‌كی نه‌ته‌وه‌یی و تائفی، كه‌ بانگه‌وازه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی به‌دوای شكستی بزوتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ر 2017، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا به‌ ئاراسته‌ی دوباره‌ ده‌مه‌زه‌ردكردنه‌وه‌ی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی قه‌ومیه‌…)). لێره‌دا وه‌ك ده‌بینین هه‌موو تۆمه‌ته‌كان و هه‌موو ڕه‌خنه‌كان ئاڕاسته‌ی یه‌كیه‌تی (كورد) كراون؛ كه‌چی به‌ یه‌ك وشه‌ش ئاماژه‌ به‌ لایه‌نی عه‌ره‌ب و توركمان نه‌دراوه‌. واته‌ له‌ گۆشه‌نیگای ئه‌م براده‌ره‌وه‌ ئه‌وه‌ ته‌نها كورده‌، كه‌ خه‌ریكی هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕی تائفی و قه‌ومیه‌، به‌ڵام عه‌ره‌ب و توركمان فریشته‌ن و ئه‌وان وه‌ك بڵێی سۆسیالیست و ئه‌نته‌ر‌ناسیۆنالیستن، چونكه‌ كاكی نووسه‌ر به‌ یه‌ك وشه‌ش به‌ خراپه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وان نه‌كردووه‌. ئا به‌م شێوه‌یه‌ پتر له‌ 32 ساڵه‌ ئه‌م گوتاره‌ دۆگمایه‌ به‌م ئاڕاسته‌یه‌ كار ده‌كات و هه‌موو بزاڤێكی ئازادیخوازی نه‌ته‌وه‌یی كورد به‌ ناسیۆنالیزم تاوانبار ده‌كا و كه‌چی له‌ هه‌مبه‌ر فاشیزمی نه‌ته‌وه‌یی وڵاته‌ سه‌رده‌سته‌ داگیركه‌ره‌كانی كوردستان بێ خه‌مه‌ و فززه‌ی لێوه‌ نایێ. (*)
ئه‌وان (واته‌ براده‌رانی كۆمۆنیزمی كرێكاری) ئێستا نه‌ك هه‌ر سیاسیانه‌ و چینه‌كیانه‌ له‌ چینی كرێكاره‌وه‌ دوورن، به‌ڵكو جوگرافیانه‌ش لێیه‌وه‌ دوورن.

ماده‌م كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پیشه‌سازیی نییه‌، چینی كرێكاریش چینێكی هۆشیار و ڕێكخراو و په‌ره‌ستاندوو و به‌هێز نابێ. ئه‌و كرێكاره‌ی ئێمه‌ هه‌مانه‌، كرێكاره‌ له‌ بواری بیناسازیی و شاره‌وانی و كار و پیشه‌ و خزمه‌تگوزارییه‌ بچووكه‌كانی وه‌ك بازاڕ و مۆڵ و چێشتخانه‌كان؛ به‌م شێوه‌یه‌ش‌ چینی كرێكار چینێكی بێ هێز و كه‌م و په‌رت و بڵاوه‌، ناتوانێ وه‌ك هێزێكی یه‌كگرتوو له‌ هه‌مبه‌ر سته‌می خاوه‌ن كار و ده‌سه‌ڵاتی خێڵه‌كی بۆرژوازیدا ڕابوه‌ستێته‌وه‌.

چه‌پی دۆگمای ئه‌رته‌دۆكسی ده‌یه‌وێ له‌ ئه‌وروپاوه‌، شۆڕش (شۆڕشی جه‌ماوه‌ری و كرێكاری) له‌ كوردستان هه‌ڵگیرسێنێ (سه‌یر له‌وه‌دایه‌، چاویان له‌ عیراقیشه‌).

حه‌ز ده‌كه‌م وه‌ك ئه‌مانه‌تێكی مێژوو ئه‌وه‌ش بڵێم: له‌ سه‌ره‌تای ساڵانی نه‌وه‌دی سه‌ده‌ی ڕابردوو (91 – 92 – 93…)، چه‌پی دۆگمای كۆمۆنیزمی كرێكاریی گاڵته‌یان به‌ ده‌سته‌واژه‌ و چه‌مكی چوار پارچه‌ی كوردستان ده‌كرد؛ بۆیه‌ به‌ گاڵته‌ و به‌ توانجه‌وه‌ به‌ (قادر نادر) یان ده‌گوت، كه‌ ئێستا چالاكوانێكه‌ و له‌ سوید داده‌نیشێ: ((قادر چوار پارچه‌)). واته‌ ئه‌وان گاڵته‌یان به‌ نیشتمانی له‌تكراوی خۆیان ده‌كرد.
ئێستا ئه‌و (قادر نادر)ه‌ له‌وێ بووه‌ته‌ ڕه‌خنه‌گرێكی سه‌رسه‌ختی ده‌سه‌ڵات، كه‌چی ئه‌و براده‌رانه‌ی كۆمۆنیزمی كرێكارییش (به‌شێكی به‌رچاویان) خه‌ریكی ژیانی خۆشگوزه‌رانی بۆرژوازیانه‌ن؛ تێشیاندا هه‌یه‌ هه‌موو چالاكییه‌كانیان له‌ فه‌یسبووك بووه‌ته‌ ئه‌وه‌ی، كه‌ تكه‌ و كه‌باب و دۆڵمه‌مان نیشان بده‌ن.

(*) هه‌ڵبه‌ت من هه‌رگیز یه‌كیه‌تی ئێستا به‌ نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م بزاڤه‌ نابینم.

به‌ختیار محه‌مه‌د




هاوگیرفان.. پشکۆ ناکام

….. کە بار و دۆخی ووڵاتێک یان لەتە ووڵاتێک وەک ئەوەی پێی ئەووترێ هەرێم!!داتەپێ وەک چێشتی مجەوری لێ یەت و ” چڵاوخۆرشتی ئێرانی و تەپسی تورکی و ساوەری خۆماڵی ” تێکەڵ بە یەکتری ئەبێ ئیتر پایەکانی کۆمەڵ ئەڕزێن و مەتریس ئەکەوێتە سەر فەرهەنگ و ” زمان” کە زۆرتر لە هەر لایەنێکی تر بڕزێ تا ئاستی هەڵوەشانن….
ئەمڕۆ لە کوردستان زمان بۆتە تورەکەی مولاکەمە و هەر دەزگا و کەس و بەناو میدیایەک هەڵئەستێ بۆکسێکی پیا ئەکێشێ بە تایبەتی دەزگا حیزبی و کەناڵە تێوەگلاوەکانی مافیاکانی نەوت ، بۆ نموونە کەناڵێکی “نەوتاو” کە بە مەبەستی سیاسی و ئەجندای حیزبییەوە قوورسایی خۆی خستۆتە سەر شاری سلێمانی و مێشی سلێمانی ئەکا بە ” گا ” و گای ئەوبەریش نەک هەر ناکا بە مێش بەڵکو ئەیکا بە ” پەپوولە” !!بە خاوەندارێتیەک کە لە هەر چیەک بزانێ تەنها لە میدیا و فەرهەنگ نازانێ و ڕۆژانی [کەرەج] تووشی دەیان گرێ کوێرەی نەفسی و کۆمەڵایەتی کردوە و نازانێ چۆن و بە کێی بڕێژێ، کەناڵەکەی کە کۆمەڵێ کەسی نەخوێنەوار و وەک عەلاگەی جل هەڵواسراو بە میدیاوە و بە پشت بەستن بە “مایە”یەکی زەبەلاحی بێ شومار جگە لە پیاکێشانە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بەر بونەتە زمانی کوردی و بە ئارەزووی خۆیان دەستکای ئەو زمانە ئەکەن کە لە میراتی باوک و باپیرانمانەوە هەر ئەوەمان بۆ ماوەتەوە و ئەوانیش کە تەنانەت بۆ ئەوی بزانن سەعات چەنە سەیرێکی ڕەسمە زلەکەی پشتیانەوە ئەکەن ئاخۆ ڕازیە سەیری سەعاتەکانیان بکەن یان نا ؟ وەک ناحەزێکی سەسەختی ئەو زمانە مامەڵە ئەکەن..
ئەو میدیا نەوتاوییانە وەرەشەیەکی گەورەیان لە چەکوش ومشار و بزمار و کەتیرە هەیە بۆ داتاشینی ووشەی کوردی و جێی داخیشە کە سایت و پەیجەکان ئەو داتاشینە بە ناچاری یان بە داهێنان!! ئەزانن و تا ئێستاش هیچ دەزگایەک کە پەیوندی بەو بابەتەوە هەیە نوتقیان لێ نایەت بەڵکو لەبەر خاتری” یان لە ترسی” خاوەنی کەناڵەکان بە نا ڕاستەوخۆ پشتگیرییان ئەکەن، نەوت کە “قووت”ی خەڵکە بوە بە ” نقود “ی خاوەنی ئەو جۆرە کەناڵانە کە نەوتیان لێ ئەچۆڕێ و زمانی کوردیش بۆنی نەوتی لێ یەت ، گەر وەک ژماردن ” ستاتستیک ” ئەو وێرانکارییانە بنووسین کە ئەو کەناڵانە دەرهەق بە زمانی کوردی کردویانە بە دەیان لاپەڕە تەواو نابێ..
زمانی کوردی کە خۆی نە یەکگرتوە و نە ڕێزمانێکی هاوبەشی هەیە و گیرۆدەی دەیان گرفتی مێژوویی و سەلماننی سەرچاوە ئەتنێکیەکانی هەیە چەکوشی ئەو کەناڵە نەوتاوویانەشی هاتۆتەسەر و ئەوەنەی تر دایتەپانوە ،،، کۆیلەیەکی نەک حیزب بەڵکو هی کەسێکی ناو حیزب ئەوەنە ئەقڵی بە زمان نەشکێ کە “هاوسەر” و ” هاوژین” لەیەک جیابکاتەوە و بەجێگری یەکتریان بزانێ ،
ئەبێ چ “هاو” ێکی لەگەڵ میللەت و فەرهەنگ و میژوو هەبێ جگە لە یەک [هاو ]کە ئەویش
” هاوگیرفانی” دوای ڕاپەڕینە..




غەزەلە نەوتراوەکان.. ستیڤان شەمزینی

غەزەلی یەکەم

ترسم لە ھیچ کۆتاییەک نییە
بەپێوە دەوەستم
بۆ مردن نەک لەسەر چۆک
ھەمیشە لە سەرەتاکان ترساوم
وەک دەستپێکی عەشقێکی ناکام


لەوانەیە مێشکم تاڤگەیەک بێت
بە ھاژەوە دوا ھەناسەی بدات
لەوانەیە ھەستم برینێک بێت
لە بری خوێن
شیعر لێوەی فیچقە بکات
بە بێدەنگی
بە دەمارەکانی ئەویندا بگەڕێت


ھەتا ماوم لە زیندەگیدا
گۆرانی بۆ ژیان دەڵێم
ھەرچەند کەسێک نییە
گۆرانییەکەم بسەنێتەوە
یان لە بەستەکانم وردبێتەوە
ھێشتا ئەمە
حەزی منی پێ نەکوژراوە
لە گۆرانی وتن
بۆ خۆشەویستی ژن


راستیی ھەموو کات باش نییە
ھەقیقەت وەک چەکی کۆکوژ وایە
زۆرجار درۆیەک ھۆکارە بۆ مانەوەت
یان بوختانێک
بە دەم ئایندەی خۆتەوە ھەڵیبەستیت


شاعیرێکی عاشقم
پێش شیعر
عەشق لە چاومدا ھێلانەی کرد
ئەمێستاش
کە دەفتەری شیعرم دەکەمەوە
پەپولەی خۆشەویستی
تۆی تێدا ھەڵدەفڕێت


خەونێکی زۆر گەورەم ھەبوو
ھەمیشە لە چاوەکانم یاخی دەبوو
خەونم دەبینی
توند توند لە ئامێزت بگرم
ئای چەند تاڵە
ئەم خەونە گورگی مەرگ خواردی


شیعرەکانم ھیچ ناڵێن
بزە نین
بۆ سەر لێوی ھیچ فریشتەیەکی زیز
چاوەڕوانی شەماڵی جێژوان ناکەن
نا، ئازیزم ئەم شیعرانە
تەنھا نرکە نرکی گیانێکن
لە دەمی ئاوابووندا


ھەموو رێگاکانم ون کردووە
ئەو رێگایانەی لە باوەشی میھرەبانیی
شۆخە ژنێکدا
دەمگەیەننەوە بە خۆم
چەند ساویلکانە
ھەموو رێگاکانم ون کرد
ئێستا دۆزەخ
بیر لە من دەکاتەوە
ژنێک لەنێو خۆمدا
بە کوڵ بۆم دەگریێ


ئەو دڵەت لە یاد ناکەم
بە سۆزی گڕگرتوو
بە بۆنی بەھار داپۆشرابوو
پێشکەشی منت کرد
ئەو رۆحەشم لە یاد ناچێت
گۆرانی لێ دەڕژا و
منی کردە کۆپلەیەکییەوە


من مرۆڤێکی دوو دڵم
دڵێکم
لەناو خۆپیشانداندا جێماوە
دڵەکەی ترم
لە تەمتومانی پووچگەراییدا
دڵێکم
لە کۆڵانێکی عەقاری جێھێشت
دڵەکەی تریشم
لەم سەحرای سەھۆڵەدا بەستوویەتی
تەنیا لە بەرامبەر تۆ
یەک دڵم ھەیە
ئەی ئەو ژنەی ماچەکانت
بۆنی کانیاوێکی نیشتمانی لێدێت


نێوانم لەگەڵ خۆم ناخۆشە
ئاگر بە ناخی نەرمم فێر بووە
“با” گاڵتە بە دەواری شڕی
تەمەنم دەکا
زەردەواڵە
بە خەونە ناسکەکانمەوە دەدا
لەگەڵ ھەموو ئەم موعاناتەدا
لە ئاوێنەی دڵمدا
تەنھا ژنێک دەبینم
لەناو زیندانی نوتەکی نێرێکی تردا





عەسرێکی دووشەممە، بە لای ماڵی باپیرتا گوزەر ئەکەم.. نەوزاد بەندی

وەک ئەوەی مۆبایلێکم وون کردبێ ،
یان گورزەیەک کلیل ،
عەسرێکی دووشەممە
بە لای ماڵی باپیرتا تێ ئەپەڕم ..
سێبەرەکەم تەماشای ئاسمان ئەکا و
خۆم تەماشای زەوی ..
ئەو بۆ تۆ ئەگەڕێ و ..
خۆم بۆ گورزەیەک کلیل
یان بۆ مۆبایلێ ، کە ئەگەری هەیە ، وونم کردبێ ..
تۆ منت وونت کردووە و
من ، خۆم و ..
خۆم ، سێبەرەکەم ..
ئێستا خەڵک هەموو لەناو ئوتومبیلدان ،
ئەوەی لەسەر شەقامە ،
تۆز و خۆڵ و ..
تیشکە ئاگراوییەکانی خۆر و
من …
کە به بێ ویستی خۆمان ،
عەسرێکی دوو شەممە ،
بەلای ماڵی باپیرتا گوزەر ئەکەین ..
عەسرێک ، کە لەتاو تەنیایی ،
ڕازیم بە هەر شتێ ، پیاسەی لەگەڵ بکەم ..
ڕازیم تەنانەت بە شەڕێ ،
تەنیاییم بشێوێنێ و
تیایا شەڕە جنێو بکەم ..
تەماشای جوانی تۆز و خۆڵ و ..
فێنکیی تیشکی خۆر و ..
شنەبای هەڵقرچان بکەم ..
ماسی فرۆشێ بە تەنیشتمدا ڕەت ئەبێ ،
ئەڵێ : بڵێی ئەم هەفتەیە
بەغا بینێرێ ؟
ئەڵێم : چی ؟
ئەڵێ : موچە ..
ئەڵێم : بۆ ؟
ُئەڵێ : دوو ڕۆژە ماسییەکم هەڵنەدڕیوە ..
ئەڵێ : تەیف سامی وتوێتی :
هەتا ناو و شورەتی یەک بە یەکی هێزە ئەمنییەکان نەنێرن ، قڕۆشێکتان بۆ نانێرم ..
عەسرێکی دووشەممە بە تەنیشت ماڵی باپیرتا ،
هەنگاوەکانم ڕەت ئەبن ..
هەنگاوێکم بە هەنگاوەکەی ترم ئەڵێ :
ئەگەر تەیف سامی بینێرێ ،
ئەم ڕێگایە پڕ ئەبێ لە هەنگاو ..
هەنگاوی ئەوانەی بە تەنیشت
ماڵی باپیریدا ڕەت ئەبن ..
ماسی فرۆشەکە ، بۆگەنی لێ دێ ،
نازانم هی خۆیەتی یان هی ماسێکانی ..چەقۆکەی بریسکەی لێوە دێ ، لەوە ئەچێ هێشتا دەستی نەچووبێتە خوێنی ماسییەک .. بەو حاڵەوە لە پیاوچاکێ ئەچێ ، هێشتا قەپاڵێکیان نەگرتبێ ،ددانەکانی ..
قەرنابیت فرۆشێ ، ڕێگام پێ ئەگرێ ،
ئەڵێ : تەیف سامی ناینێرێ ..!
هەر بۆیە ووشک بوون ، گەڵاکانی قەڕنابیت ..
تۆز گرتوونی ، گیرفانەکانی ..
لەم عەسرەی کە لە نیوەڕۆ ئەچێ ..
لە ژێر ئەو ئاسمانە ئاگراوییەی
ئەتوانی سوێند بخۆی ،
قەت بارانی تیا نەباریوە ..
لە ژێر تۆز و خۆڵێ ، کە نازانی لە کوێ سەری هەڵگرتووە و
بە تەمایە لە کوێ بنیشێتەوە …
من بە بێ ئامانج بە تەنیشت ماڵی باپیرتا گوزەر ئەکەم …
هێزە ئەمنییەکان لەداخی تەیف سامی ، داوای ناسنامە لە من ئەکەن .. زانیارییەکان ئەیسەلمێنن من خەڵکی ئەو گەڕەکە نیم ..
ئەپرسن : ئەم گوزەرە جێ ئەهێڵی یان داخی تەیف سامیت پێ بڕێژین ؟
کۆمەڵێ مناڵی سووری ،
بە تەنیشت ماڵی باپیرتا ڕەت ئەبن ،
لە خولێکی سەرتاشینەوە هاتوونەتەوە، قژی هەموویان هەڵپاچراوە .. هەندێکیان لەوە ئەچێ کڵاویی هێزە وشکاوەکیەکانیان لەسەر کردبێ ..
هەندێکیان وەک ئەوەی توشی دەردە ڕێویی بووبن ..
هەندێکیان پێدەچێ چارەسەری کیمیاییان وەرگرتبێ ..
ئەوان نازانن ئەو گوزەرە ماڵی باپیری تۆی لێیە ..نازانن ئەو عەسرە ، عەسری دوو شەممەیە ..نازانن من و پشکۆی خۆر و سەرپۆشی تاریکی تۆز و خۆڵ ، خەڵکی ئەو گوزەرە نین ..
ئەوان ڕائەکەن لە ترسی ئەوەی برسێتیی نەیانگەزێ ..
ڕائەکەن تا بە دایکیان بڵێن : بە خۆڕایی سەریان بۆ تاشیون و
بە کامێرایش وێنەیان گرتوون و
ئەمشەو له ڕیکلامدا نیشان ئەدرێن ..
تۆ نازانی من ئەو عەسری دووشەممەیە ،
بە لای ماڵی باپیرتا ڕەت ئەبم ..
بیشزانی ، ئەتەوێ نەزانی ..
پیرەمێردێ ، بەو هەموو تۆز و خۆڵ و سێبەر و پرسیار و پشکۆی خۆرەوە ، ئەبێ به تەمای چی بێ ؟
لەو شەقامەدا ، کە ئیتر درەختی تیا ناڕوێ ..
لەو گوزەرەدا کە ئیتر کەس ناتوانێ دینارێکی تیا پەیا کا ..
لە دڵڕەقیی هێزێکا ،
سەگێ لە ناوەندی شەقامەکەدا ،
بۆ توتەڵە دزراوەکانی ئەقروسکێنێ ..
برسێتی و تینوێتی و ترسی تەڵاقداوە و ..
سەدان ئوتومبیلی پەکخستووە ،
داوای بێچووەکانی ئەکا ،
کە دوو هەفتە پێشتر ،
ئوتومبیلێکی شارەوانی فڕاندونی ..
سەگ تەماشایەکم ئەکا و
سەدان شۆفێری
سەدان ئوتومبیلی ڕاوەستاو ،
تەماشام ئەکەن ..
ئەوان نازانن من ئەم عەسری دووشەممەیە ،
وازم لە هەموو کێشەکان هێناوە ..
ئەو عەسرەم تەنها بۆ ئەوە داناوە ،
کە به تەنیشت ماڵی باپیرتا گوزەر بکەم ..
وەک شنەبایەک ، کەناراوی وون کردبێ
وەک هەنگێ ، لە پوورەکەی دەرکرابێ ..
وەک تیرێ ، نەزانێ لە چ کەوانێ دەرچووە و ..
بۆ چ ئامانجێ هاوێژراوە ..

نەوزاد بەندی




واتایه‌ك بۆ تۆ نادۆزمه‌وه‌.. شیعری ستار ئەحمەد

گه‌ڵای قه‌سیده‌یه‌ك
له‌ خوێنما هه‌ڵوه‌ری
جه‌سته‌م بۆنی هه‌ناسه‌و
په‌رچه‌می تۆی گرتووه‌
گوڵدانی خۆزگه‌م و
خوناوكه‌ی وشه‌
دێڕی عومرم ده‌نوسێته‌وه‌
به‌هاران به‌سه‌ر خاك
نیگای بارانا ده‌ڕژێم
گڵ به‌ته‌م ده‌مشواته‌وه‌
شووشه‌ی به‌رامه‌م وردو خاشده‌بێت
ده‌بمه‌ شه‌هیدی هه‌ناسه‌
گوڵه‌ هه‌ناری خوێن
له‌ جه‌رگما ده‌ڕوێ
بولبول ده‌گرێ
هێلانه‌ به‌رده‌بێته‌وه‌
ئاوازی سوور
به‌سته‌ی سیا ده‌گرێنێ
گۆرانی عیشق
بۆ مه‌رگی سۆز
په‌رچه‌م ده‌ڕنێ
تاریكی داگیرمده‌كات
ده‌سووتێم
دۆزه‌خێك له‌دووكه‌ڵا
ده‌مخنكێنێ
شۆڕده‌بمه‌وه‌ به‌نێو گوناهه‌كانا
له‌ شێوه‌ی تۆو خۆم
كچانی نێو شیعره‌كانم
به‌بێداری و سره‌وتنه‌وه‌
ته‌نها له‌خۆم ده‌نۆڕم
ده‌ستێكم رۆحی روناكی هه‌ڵگرتووه‌
ئه‌وی دیكه‌م له‌ تۆ ده‌گه‌ڕێ
دڵۆَپێ باران شیده‌كه‌مه‌وه‌
مانایه‌ك بۆ نامۆییت
وه‌ڵامێك بۆ نه‌مانت نادۆزمه‌وه‌
ده‌گه‌ڕێم
به‌دوای هێلانه‌ی كه‌ناریا
ته‌لبه‌ندی گڕ ده‌مته‌نێ
لاسكی گه‌ڵا ده‌نه‌خشێنم
خه‌زان ده‌مپۆشێ
له‌رۆحی روناكیا
وردوخاشده‌بم
نابیته‌ مۆمێك
له‌ته‌نیایتدا بتوێمه‌وه‌
له‌ باڵای هه‌ور ده‌ئاڵێم
ستار ئەحمەد




بێ تۆ.. شیعری شەهلا نوری

بێ تۆ
ئه م شاره وڕک ده گرێت لێم بێ تۆ
له هه ر کونجێکی تەنهایی غه یری عه کسی غه می من و تۆ نابینێت بێ تۆ
خۆڵ بارانی شیعره تا لێو لێواری شار بێ تۆ
نیلوفەرەکان مانیان گرتوه سه رخۆشی عه تری خۆشی سه ردارن
سه ردار تۆ
ئاسمان ئەشکی گەرمی ڕژیوه و بەحری استغفاری گرتوه بێ تۆ
شەوانه بەرگی بریقەداری کردووه دەڵێت قەت لەبەری ناکەم بێ تۆ
وادی پڕ له عیشق و له جنونه گەڵا وەرینه بێ تۆ
قصه ى عیشقی ئەم شاره شێواوه و من درێژه بێ تۆ

شه هلا نوری




كوردییه‌كی تێكشكاو.. د.هیوا عه‌ساف

زمان ڕۆڵێكی گرنگی له‌ ژیانی مرۆڤ و ڕێكخستنی كۆمه‌ڵگادا هه‌یه‌. مرۆڤ په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌هۆی زمانه‌وه‌ بنیادده‌نێت و ڕێكده‌خات. جگه‌ له‌ په‌یوه‌ندیكردن له‌ ژیانی ئاساییدا، زمان هۆكارێكی گرنگی گه‌یاندن و ڕێكخستنه‌ له‌ بواری سه‌ربازی، ده‌وڵه‌تداری، ئابووری، په‌روه‌رده‌ …هتد.
له‌ جیهاندا شه‌ڕ و ململانێی زمان زۆر باوه‌ و میلله‌تان زۆر گرنگیی پێ ده‌ده‌ن. به‌ جۆرێك، جگه‌ له‌ هه‌وڵی سه‌پاندن و بڵاوكردنه‌وه‌ی زمانه‌كه‌یان له‌ ده‌ره‌وه‌ی نیشتیمان و نه‌ته‌وه‌ی خۆیاندا، له‌ ناوه‌وه‌ش ئه‌كادیمیا و ده‌زگا زانستییه‌كان خه‌ریكی پلاندانانی زمانی و خزمه‌تكردن و په‌ره‌پێدانی زمانی خۆیانن و له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دان له ‌لایه‌ك زمانه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتن و گۆڕانی كۆمه‌ڵدا هه‌ڵبكات، له ‌لایه‌كی تره‌وه‌ له‌ هێرشی زمانان بیپارێزن و ڕه‌سه‌نایه‌تی له‌ده‌ستنه‌دات. یاسای بۆ ده‌رده‌كه‌ن، كۆڕ و كۆنگره‌ی بۆ ده‌به‌ستن، ڕێگه‌ له‌ شێوانی ده‌گرن، چونكه‌ زمان ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ و به‌ مردنی زمان نه‌ته‌وه‌ش ده‌مرێت. به‌ڵام كورد له‌مه‌شدا خه‌مسارده‌ و‌ به ‌ده‌ستی خۆی زمانه‌كه‌ی نه‌خۆشخستووه‌. به‌تایبه‌تی قۆناغی‌ دوای ڕاپه‌ڕینی (1991) له‌ باشووری كوردستان‌. له‌م قۆناغه‌دا به‌هۆی كرانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردی به‌ ڕووی جیهاندا و به‌هۆی زۆری وه‌رگێڕ و وه‌رگێڕانی خراپ و نازانستی و، به‌هۆی هه‌وڵی لاساییكردنه‌وه‌ی زمان و شێوازی نوسینی میلله‌تان له‌لایه‌ن هه‌ندێك له‌ وه‌رگێڕ و نوسه‌رانه‌وه‌، ئیستا شێوازێكی زمانی كوردی بووه‌ به‌ باو، كه‌ زمانێكی تێكشكاوه‌ و زۆر له‌ زمانی قۆناغی پێشووی لاوازتره‌. ئێستا زمانی پرۆگرامی خوێندن و نوسراوی ده‌زگا حكومییه‌كان و ناونیشانی شوێنه‌ بازرگانی و گشتییه‌كان، كه‌متر كوردانه‌یه‌ و زۆرجار له‌ زمانی كه‌سێك ده‌چێت، كه‌ زمانی دایكی (كوردی) نه‌بێت.
بۆ نموونه‌ هه‌ندێك له‌ تابلۆی شوێنه‌ گشتی و بازرگانییه‌كان لادانی ڕێزمانییان تێدایه‌، هه‌ر زمانێك خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك یاسای ڕێزمانیی تایبه‌ت به‌ خۆیه‌تی، كه‌ به‌ سه‌دان ساڵ چه‌سپاوه‌ و سیسته‌مێكیان پێكهێناوه‌، كه‌ ‌ له‌ ڕێزمانی زمانێكی تر جیایده‌كاته‌وه. یه‌كێك له‌ هه‌ڵه‌كانی نوسینی سه‌ر تابلۆكان لادانه‌ له‌ یاسای گرێ پێكهێنان. له‌ زمانی كوردیدا له‌ كاتی پێكهێنانی گرێی ناویدا به‌زۆری (دیارخه‌ر) ده‌كه‌وێته‌ دوای (دیارخراو)ه‌وه‌، وه‌ك (كۆشكی سپی)، لێره‌دا سپی (دیارخه‌ر)ه‌ و كه‌وتووه‌ته‌ دوای (كۆشك)ه‌وه‌، كه‌ (دیارخراو)ه. هه‌ندێك جاریش ده‌كه‌وێته‌ پێشه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و كات پێویستی به‌ مۆرفیمی به‌ستنی (ه‌) هه‌یه‌، وه‌ك شێره‌ پیاو، كۆڵه‌ دار…هتد. به‌ڵام له‌ زمانی ئینگلیزیدا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ دیارخه‌ر ده‌كه‌وێته‌ پێش دیارخراوه‌وه‌ و ده‌گوترێت (White House)‌. به‌هۆی لاسایی زمانی ئینگیزییه‌وه‌ ئێستا ڕاگه‌یاندن و بازاڕه‌كانی كوردستان پڕن له‌ ناونیشانی وه‌ك (هه‌رزان بازاڕ، وه‌لید ماركێت، هه‌ڵۆ ستایل، لانه‌ مۆڵ …هتد)، كه‌ ده‌بوو (بازاڕی هه‌رزان، ماركێتی وه‌لید …هتد) بن.
له‌لایه‌كی تره‌وه‌ له‌ ئێستادا به‌كارهێنانی ناو و وشه‌ی بێگانه‌ له‌ تابلۆ و له‌ ڕیكلامه‌كاندا بووه‌ به‌ مۆدێل و زۆر به‌رفراوانه‌. له‌ زماندا به‌كارهێنانی كه‌ره‌سته‌ی بێگانه‌ ئاساییه‌، به‌ڵام له‌و كاته‌دا، كه‌ زمانه‌كه‌ خۆی كه‌ره‌سته‌ی پێویستی بۆ ئه‌و چه‌مكه ‌نه‌بێت. بۆ نموونه‌ له‌ زمانی كوردیدا وشه‌ی به‌رامبه‌ری (ڕێستورانت، كافی، سیتی، گاردن، گرین …هتد) هه‌یه‌ و خواستن و به‌كارهێنان ناچاری و پێویست نییه‌ و هیچ شانازییه‌كیشی تێدانییه‌.
ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ سه‌ر تابلۆكان و له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كان و ته‌نانه‌ت له‌ پرۆگرامه‌كانی خوێندنیشدا ده‌بینرێت، لێشاوێكی شێوازی نامۆ و وشه‌ی نامۆ و گوزارشتی نامۆیه‌، (وه‌ك بسكیتی خرماوی، یاریی شانساوی، دووگیانبوونی گوێدرێژ، مه‌ڕی نێر، مرداربوونی سه‌گ …!). ئێستا له‌ ڕاگه‌یاندن و له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان سوپایه‌ك له‌ خه‌ڵكی وا، كه‌ كه‌مترین ئاگاییان له‌باره‌ی زمانی خۆیانه‌وه‌ هه‌یه‌ و درك به‌ مه‌ترسیی ئه‌و بابه‌ته‌ ناكه‌ن، ڕۆژانه‌ منداڵ و گه‌نجی كورد به‌و شێوازه‌ زمانه‌ گۆشده‌كه‌ن.
ئه‌م دۆخه‌ پێویستی به‌ سیاسه‌ت و پلانی زمانی هه‌یه‌، كه‌ له‌ ڕێگه‌یه‌وه ‌ئه‌م شه‌پۆلی شێواندنی زمانه‌ پێویسته‌ ڕێگری لێ بكرێت. ڕاگه‌یاندن و تابلۆی شوێنه‌ گشتی و بازرگانییه‌كان، زمانی خوێندن… پێویسته‌ له‌ژێر چاودێریدا بن، له‌ هه‌مان كاتدا كه‌ره‌سته‌ی زمانیی پێویستیشیان بۆ سازبكرێت. ئه‌مه‌ش ئه‌ركی زانكۆ و په‌روه‌رده‌ و ڕاگه‌یاندن و ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمییه‌كان و ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و جێبه‌جێكردنه‌. پێویسته‌ هه‌موو په‌خش و بڵاوكراوه‌یه‌ك به‌ فلته‌رێكی زمانیدا تێپه‌ڕبێت، پێویسته‌ هیچ تابلۆیه‌ك بێ چاودێری هه‌ڵنه‌واسرێت، هیچ لیژنه‌یه‌كی چاودێریش بێ پسپۆڕێكی شایسته‌ی زمان نه‌بێت، پێویسته‌ هه‌موو ده‌زگایه‌كی ڕاگه‌یاندن ناچاربكرێت، هه‌ڵه‌چنی زمانیی هه‌بێت، هیچ فلیمێكی كارتۆنی و درامایه‌كی دۆبلاژكراو…هتد بێ فلته‌ر و پێداچوونه‌وه‌ی زمانی، په‌خش نه‌كرێت.

د.هیوا عه‌ساف




نا بۆ ڕاگواستنی حزب و ڕێکخراوەکانی کوردستانی ئێران لە ئۆردوگاکانیانەوە بۆ کەمپەکانی ئاوارەیـی..

ڕاگەیاندن:
لیژنەی سلێمانی/ ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق

ئەو حزب و ڕێکخراوانەی کوردستانی ئێران کە لە ئۆردووگاکانی دەورووبەری شاری سلێمانی، واتا لە (زڕگوێز و زڕگوێزەڵە و بانە گەورە)ن، (ئاسایشی گشتی حكومەتی هەرێم) ئاگاداری کردوونەتەوە کە دەبێ ئۆردووگاکانیان چۆڵ بکەن و لە کەمپی ئاوارەکانی (عەربەت) و (سورداش) نیشتەجێ بن.
تا ئێستا ئەم حزب و ڕێکخراوانە لەم ئۆردووگایانەدا هەوڵیانداوە ئاسایشی خۆیان بپارێزن لە دەست ترۆری ڕژێمێک کە هیچ جۆرە ئۆپۆزسیۆنێکی فکری و سیاسی قبوڵ ناکات، و مێژوویەکی هەیە لە پاکتاوکردنی چالاکوانانی سیاسی و فڕاندنی نەیارانی خۆی، بۆیە ڕاگواستنیان بۆ ناو کەمپی ئاوارەکان، ڕاستەوخۆ گیانی ئەندام و کادر و لایەنگرانیان دەخاتەبەر مەترسی ترۆر و فڕاندن.
ساڵی پار (٢٠٢٣) حکومەتی عێڕاق و ئێران، ڕێککەوتننامەیەکیان واژۆ کردووە، بە هاوکاری (حکومەتی هەرێم) و هەردوو حزبە دەسەڵاتدارەکەی، بۆ کۆتایی هێنان بە ئامادەیی و نیشتەجێ بوونی حزب و ڕێکخراوەکانی کوردستانی ئێران، لە هەرێمی کوردستانی عێڕاق، وە لەو پێناوەدا چەندین سەردانی هاوبەشیان بۆ لای یەکتری کردووە، کە دواتریان سەردانی سەرۆکی هەرێم (ئایاری ٢٠٢٤) بۆ تاران و سەردانی سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران (عەلی باقری) بوو لە (حوزەیرانی ٢٠٢٤)دا، بۆ بەغدا و هەولێر و سلێمانی، بۆ کۆبوونەوەی لەگەڵ (سەرۆکی هەرێم) و (سەرەک وەزیرانی حکومەتی هەرێم)، و سەرۆکی (پارتی) و سەرۆکی (یەکێتی)، بە مەبەستی گووڕ پێبەخشینی پەروەندەی ڕێککەوتنامە ئەمنیـیەکەی نێوان (تاران- بەغدا- هەولێر).
گواستنەوەی ئەندام و لایەنگر و خانەوادەکانی ئەو حزب و ڕێکخراوانە کە پەنابەری سیاسین نەک ئاوارە، بۆ ناو کەمپی ئاوارەکان و هەڕەشە لێ کردنیان بەوەی کە مۆڵەتی مانەوەیان بۆ تازە ناکرێتەوە، پێشێلکردنی مافی ئازادی سیاسی و مەدەنیـیانە، وە پێچەوانەی هەموو ئەو ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییانەیە سەبارەت بە مافی پەنابەری سیاسی کە دەوڵەتی عێڕاق مۆری کردوون و حکومەتی هەرێمیش پابەندی خۆی ڕاگەیاندووە پێـیانەوە.
گەرچی میدیاکانی لایەنگری حکومەتی هەرێم و هەردوو حزبی دەسەڵات پاساوی ئەوە دەهێننەوە بۆ ئەم ڕێککەوتنامەیە کە گوایە بۆ ڕێگری کردنە لە چالاکی سەربازی لەسەر سنورەکانی هەرێم دژ بە ڕژێمی جمهوری ئیسلامی ئێران، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە بەشێکە لە واقعیەتی حکومەتی هەرێم و هەردوو حزبی دەسەڵاتدار کە ئاگاهانە مانەوەی خۆیان لەو ڕۆڵەدا دەبیننەوە کە پیادەکەری بەرژوەندە جیۆپۆلیتیکیـیەکانی بورژوا ئیسلامی و قەومی دەسەڵاتدار بن لە ئێران و تورکیا و عێڕاق دژ بە جەماوەری زەحمەتکێش و ئازادیخوازی ئەو وڵاتانە.
لیژنەی سلێمانیی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی، ئەم هەوڵانە بە پلانێکی مەترسیدار لە باری ئەمنیـیەوە دەبینێت و سەرکۆنەی دەکات، وە بانگەوازی خەڵکی ئازادیخواز لە عێڕاق و هەرێمی کوردستان، ڕێکخراوە کرێکاری و جەماوەری و مەدەنیـیەکان، و کەسایەتی و لایەنە سیاسیـیەکان دەکات، کە هەوڵی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ پوچەڵ کردنەوەی ئەم پلانە لە ڕاگواستنی ئۆپۆزسیۆن لە ئۆردووگاکانیانەوە بۆ کەمپەکانی ئاوارەیی. ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە هەرێم مافی خۆیەتی ئازادانە کار و چالاکی سیاسی ئەنجام بدات.
پاراستنی ژیان و ئاسایشی ئەم پەنابەرە سیاسیـیانە و ئەم حزب و ڕێکخراوانە لە ئەستۆی هەردوو حکومەتی ناوەند و هەرێم و هەردوو حزبە دەسەڵاتدارەکەیدایە و هەر ڕووداوێکی نەخوازراویش ڕووبدات ئەوان لێی بەرپرسن.
٢٤-٦-٢٠٢٤




گرژیەکانی نێوان حکومەتی ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنان بەرەوکوێ؟.. نوری بەشیر

بەپێی بڕیارێک کە ئەنجومەنی سیاسی حکومەتی ناتانیاهۆ داوێتی بۆ شەڕ لەدژی حزبوڵای لوبنان، هەروەها بەپێی وەڵام و قسەکانی حەسەن نەسروڵا بۆ ئامادەیی شەڕ، هەروەها هەر بەپێی راگەیاندنەکانی میدیا و سیاسەتمەدارە گوێ لەمستە بۆرژوازیەکان و لایەنگرانی هەردوو بەرەکە لە حکومەتان و حزبە ملیشیاکان، دەبێت جەنگێکی ترسناک کە پڕە لە کوشتارو کاولکاری لەدرێژەی ئەوەی لە غەززە تا ئێستا بەردەوامە، رووبدات.
گرژیەکانی تائێستای نێوان هەردوولای کۆنەپەرست و دژی ئینسانی حکومەتی ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنان ئەگەرچی لە ٨ی ئۆگەستی ساڵی پارەوە بەدوای هێرشەکانی حکومەتی نەتەنیاهۆ بۆ غەززە بەردەوامە، بۆتەهۆی ماڵوێرانی و کوشتارو ئاوارەبوونی خەڵکی باشوری لوبنان و باکوری ئیسرائیل کە نزیکەی دووسەد هەزار کەس شوێن و جێگای خۆیان بەجێهێشتووەو ئاوارەی ئۆردوگاکان بوون، بە هەزاران کەس لە خەڵکی مەدەنی هەردوولا جیا لە هێزە میلیشیاکانی حزبوڵاو حکومەتی ئیسرائیل کوژراو و برینداربوون، بەڵام لە دوو هەفتەی رابردووردا کێشەکان پێیناوەتە دەوریەکی نوێیوە. دیارە ئیسرائیل زۆر لەمەزیاتری پێویستە کە لە کۆمەڵکوژی غەززەدا روویداوەو دەیەوێت کە بەردەوامبێت.
ئەم ئامادەکاریەی نەتەنیاهۆ بۆ بەرزبوونەوەی گرژیەکان و بەپێی هەواڵەکانی هەموو میدیاکان بۆ ئاستی شەڕێک لەناوچەکەدا ملدەنێت. ئەگەرچی کارێکی ئاوا لەهەلومەرجێکدایە کە نەتەنیاهۆ لە هەشت مانگی رابردوودا لە هێرشەکانی بۆسەر غەززە، ویستوویەتی چوارچێوەی هێرشەکانی بۆ ناوچەکە فراوانبکاتەوە، کە ئەمە پێداویستیەکی حکومەتی ئیسرائیل بووە، لەگەڵ هەموو ئاستەنگیەک و شکستێک کەبەرەوڕووی بۆتەوە، لەگەڵ هەموو ئاگادارکردنەوەیەک لەلایەن دۆستەکانیەوە لە وڵاتانی ئەوروپاو بەتایبەت ئەمریکاوە، لەگەڵ هەموو ئەو ناڕەزایەتیە جیهانیەی بەرەی ئازادیخوازو چەپدا لە ئاستی دنیاو ناوەوەی ئیسرائیلدا، لەگەڵ بڕیارەکانی دادگای دادی نێودەوڵەتی و دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا، بەڵام وەک پێداویستیەکی حکومەتەکەی و مانەوەی دەسەڵاتەکەی بەردەوامبوونی کێشمەکێش و بارگرژی و جەنگ وەکو رێگای دەربازبوون تەماشا دەکات.
لەگەڵ ئەو هەموو هەوڵە جیهانیەدا بۆ وەستانی ئاگربەست و تا دەگاتە بڕیاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایش بۆ بەڕەسمیەت ناسینی دەوڵەتی فەلەستین، بەڵام تاکو ئێستا هێرشەکانی بۆسەر غەززەو رەفەح نەوەستاندوەو تەنیا چەند رۆژ لەمەوبەر و لەیەک رۆژدا ٦٠ کەس کوژارو و زیاتر لەسەدان کەس بریندارن زیان لە هێزەکانی ئەنروا -دەزگای فریاگوزاری و کاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین کەوتوە. ئەگەرچی نەتەنیاهۆ بۆمانەوەی دەسەڵاتەکەی پێویستی بە شەڕ هەیە، تا نائارامی لەناوچەکەدا زیاتر بێت، بۆلابردنی زەینی دنیا لەسەر کۆمەڵکوژی و هێرشەکانی بۆسەر فەلەستین، ئەگەرچی کێشەکانی لەگەڵ حزبوڵا کۆنترن و هەردوولا بۆ هەیمەنەو دەسەڵاتیان لەناوچەکەدا هەوڵدەدەن، بەڵام لەبەرامبەر هەلومەرجی جیهانی و ناوچەیی و ناوخۆییدا هاوپەیمانانی هەردوولای هاوکێشەکە لەو گرژیەیەی دروستیان کردوە بۆ ئاستی شەڕێکی فراوان شتێکی تر دەڵێت.
هاوپەیمانانی حکومەتی نەتەنیاهۆ لە ئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپا، کە تێوەگلاون لەکێشەیەکی گەورە، بەپێچەوانەی خواستی نەتەنیاهۆ بەرژەوەندیان لە درێژەی ئەو گرژیانەدا بۆئاستی شەڕ لەگەڵ حزبوڵا نیە، ئەوان و ناتۆکەیان ئێستا لە شەڕێکی سەختدان لەگەڵ روسیادا کە مەیدانەکەی ئۆکرانیایە، کە رۆژانە لە پاشەکشەدان، دەیانەوێت هیچ بەرەیەکی تریان بۆ دروست نەبێت، تائەوەی بەشێوەیەک لەژێر باری ئەو کێشەیەدا دەردەچن. ئەوەندەی بە ناوچەکە دەگەڕێتەوە کە خۆی بەهۆی بەردەوامی هێرشی ئیسرائیل بۆسەر غەززە، نائارامیەکی فراوانی تێدا دروستکردوە، نەک تەنیا بۆ کەشتیە بارهەڵگرو بازرگانیەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانان، لە دەریای سورو کەنداوی عەرەبیدا، بەڵکو هەموو هەلومەرجەکە بۆ هەموو حکومەتانی ناوچەکە نائارامە کە سەرمایەی خۆیانی تێدا بەگەڕ بخەن، بۆیە بە پێچەوانەوە هەلومەجێکی ئارامیان دەوێت.
تا بەناوخۆی ئیسرائیل و لوبنان دەگەڕێتەوە، حکومەتی نەتەنیاهۆ بەجیا لەناڕەزایەتیە جیهانی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، رووبەڕووی ناڕەزایەتی ناوخۆی جەماوەری و ئۆپۆزیسیۆن بۆتەوە، کە رۆژی شەممە ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ بەدژی حکومەتی نەتەنیاهۆ نزیکەی سەدوپەنجا هەزار کەس لە تەلئەبیب خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیان ئەنجامداو داواکاری؛ وەستانی هێرشەکانی سەر غەززە و ئاگربەست، ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان و داوای دەستبەجێ هەڵبژاردن و رۆشتنی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بنیامین نەتەنیاهۆیان کردووە.
تا بە حزبوڵاش دەگەڕێتەوە وەک هێزێکی شیعەگەرای میلیشیایی کۆنەپەرست، لەخوارووی لوبناندا هێزی خۆی زاڵكردوە. حکومەتی لوبنان کە خۆی چەندین ساڵە دەرگیری قەیرانێکی قوڵە بەهیچ شێوەیەک بەرژەوەندی لە شەڕدا نیە، واتە گرژی و چونە شەڕی حزبوڵا لەگەڵ ئیسرائیل بەمانای هەموو خەڵكی لوبنان ناکات.
گرژیەکان بەشێوەی ئیستا و تا ئەوەی بەرەو ئاستی شەڕ کە ئیسرائیل دەیەوێت، بروات، قوربانیەکانی خەڵکی مەدەنیە، کە ریزی ملیۆی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی ئازادیخوازو مرۆڤدۆست و چەپ لە جیهاندا بەدژی هەردوو بەرەکە و هاوپەیمانەکانیان دەوەستنەوە کە کاولکاری و کۆمەڵکوژیەکی تریان قبوڵ نیە.
٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٤




ئەوەی لە کۆتاییدا لەم جیھانەدا دەمێنێتەوە تەنیا خۆشەویستییە-10-.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

مۆنۆلۆگی دەیەم لە کنێبی (خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجە)دا

من: مرۆڤ وازی لە خۆشەویستی ھێناوە، چ خۆشەویستی بۆ سروشت، چ خۆشەویستی بۆ خۆی وەک مرۆڤ. ھێندە دەستی وێرانکاریی بۆ ھەموو لایەک درێژ کردووە نەک ھەر زەوی، بەڵکو خەریکە بۆشایی ئاسمان دەکەوێتە بن ھەڕەشەی دەستدرێژیی و چاوچنۆکییەکەی. تێزێک ھەیە دەڵێت جگە لە مرۆڤ ھەرچی گیانەوەرانی ترن دۆستی سروشت و ژینگەن، مرۆڤ وەھا زەوی شێواندووە، زانایان لەو باوەڕەدان دوو ملیۆن ساڵ دوای نەمانی مرۆڤ، ئینجا دەگەڕێتەوە بۆ کاتی پێش شۆڕشی پیشەسازیی. ئەمە ھەمووی ھۆکارێکی ھەیە ئەویش نەمانی خۆشەویستییە.
خۆم: دوو ملیۆن ساڵ کاتێکی زۆر نییە سەبارەت بە گەردوون، بەڵام بە بەراوورد بە تەمەنی مرۆڤ ژمارەیەکی خەیاڵییە، سەیرە مرۆڤ ھەموو پێشکەوتنەکانی خۆی لەسەر حیسابی تێکدانی رەوشی سروشت و ژیانی گیاندارانی دیکە پەرە پێداوە! نوخبەیەکی زۆر کەم نەبێت، حەوت ملیارد مرۆڤ بەشێوەیەکی دڕندانە رەفتار لەگەڵ ئەو رووبەرە ماندووەی ژیانکردن دەکەن کە ناوی زەوییە.
من: خودی گەردوون بەو پان و بەرینییە لە سەرەتادا قەبارەیەکی بچووکی ھەبووە و دواتر بەشێوەی ھەڵئاوسان زیادی کردووە، ئەوەی پێی دەوترێت تەقینەوەی گەورە “بیک بانگ” لە قەبارەیەکی بچووکدا روویداوە و پاشتر گەردوون بەم شێوەیە کشاوە کە نە سەری ھەیە و نە بن. زەوی وەک بەشێکی زۆر بچووکی گەردوون، تاکە شوێنی کەشفکراوی ژیانی زیندەوەرانە، ئەمیش ئێستا لە ژێر ھەڕەشەی لەناوچوونە. “ستیڤن ھاوکینگ” پێش مردنی وتی “رۆژەکانمان لەسەر زەوی دیاریکراون”، بۆیە پێشنیاری کۆچی مرۆڤی کرد بۆ سەر ھەسارەیەکی تر بە مەبەستی بەردەوامیدان بە ژیان. پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ لەوێش ژیان ھەمان ژیانی ئێرە دەبێت؟!. من ئێستا لە بری مەرگ، بیر لە چارەنووسی ژیان دەکەمەوە، دەمەوێت لە مێژووی ژیان و حیکمەتی بوون تێبگەم، ئەوە وەڵامی ھەموو شتێکی لە ھەگبەدا ھەڵگرتووە، ئەگەر سەرکەوتوو بم دەتوانم بە دڵنیایی بژیم، رەنگە خوێندنەوەی کتێبەکەی ھاوکینگ “کورتە مێژووی زەمەن” کتێبێک بێت لەم قۆناغەدا زیاد لە ھەر کتێبێکی تری فەلسەفیی بۆ من بایەخدارتر بێت.
خۆم: دیدە سپینۆزاییەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە ژیر بیر لە ژیان دەکاتەوە نەک مردن. تەنانەت ترس لە مەرگ شتێکە زیاد لە خۆی گەورەتر کراوە. وەک خۆم لە مردن ناترسم، لە روانگەی ئەوەی ئەزموونم نەکردووە، کەسێکیش نەھاتۆتە باسی وەحشەتناکییەکەی بکات!. تەنیا ئەوەیە مردنم خۆش ناوێت، خۆشنەویستن جیایە لە ترسان. بە دیدی ئەپیکۆرس تۆقین لە مەرگ رێگەی شادبوونمان لێ دەگرێت، “ھیگل” زۆر زیاتر لەمە دەڕوات و پێیوایە ترسان لە مردن فاکتۆرە بنەڕەتییەکەی چەوساندنەوە و کۆیلایەتییە.
من: ئەگەر بە دەستی خۆم بوایە ھەرگیز رێم بە لە دایکبوونم نەدەدا، بەڵام کە بەبێ ویستی خۆم مەحکوم کراوم بە ژیان، پێ بە پێ لەگەڵیدا دەڕۆم. لە واقیعیشدا سەر زەوی خۆی گۆڕەپانێکی گەورەی ئۆپێرایە، ھەر کەسەو جۆرە گۆرانییەکی تێدا دەچڕێت، یەکێک گۆرانییەکی غەمگین، یەکێکی تر گۆرانییەکی شاد، بەڵام من تەنھا سترانی خۆشەویستی تێدا دەڵێم تاکوو ئەو چرکەساتەی مردن دێت.
خۆم: ژیان و مەرگ دوو رووداوی ناوازەن و لەگەڵ یەکتر زۆر جیاواز نین، ھیچ مەرگێک بە بێ ھەبوونی ژیان لە ئارادا نییە، بە دیوێکی تردا مەرگ دەرئەنجامی ژیانە. جارێک “ئەدۆنیس” لە پۆستەرە شیعرێکدا نوسیبووی “ژیان پۆشاک دەکاتە بەری مەرگ، مەرگ رووتی دەکاتەوە”. بەدەر لەمە ھەستکردن بە پووچێتی ژیان یان رەشبینی لە بەرامبەر ھەبووندا، مانای ئەوە نییە دەست لە ژیان بشۆین و بەدیار ھاتنی مەرگەوە ئێشک بگرین یان خۆمان بڕیار بدەین لەسەر مەرگمان. ئاخر ھەر خودی ژیان کەشتییەکە بە خۆی و سەرنشینەکانییەوە نقومی زەریای مەرگ دەبێت.
من: مرۆڤێکی رەشبینم، تاکو ئەندازەیەکی زۆریش ژیان بە شتێکی پووچ دەزانم، لەگەڵ ئەوەشدا دژی خۆ لەبەین بردنم، ئاخر خۆکوشتن ھەڵھاتنە لە باری قورسی ژیان، ھەرگیز پشتیوانی لە ھیچ ھەڵھاتنێک ناکەم، زۆرجار ئەو بیرۆکە و ختورەیە ھاتووە بە مێشکمدا، بەڵام بە خۆشەویستی ژنێک لە خۆمم دوور خستۆتەوە. لە روانگەی “ئەلبێر کامۆ”دا ھۆکارەکانی بەردەوامیدان بە ژیان چەند ھێندەی فاکتۆرەکانی خودکوژیی ماقووڵ و رەواترن، ھەرچەند ژیان زەحمەتە و تاکو لوتکەش بێمانایە، بەڵام لە ژیان بێماناتر خۆکوشتنە، بگرە خۆکوژیی لوتکەی بێماناییە.
خۆم: داتا و ئامارەکان پێماندەڵێن رێژەی خۆکوشتن لەسەرتاپای جیھاندا لە ساڵێکدا لە ٨٠٠ ھەزار حاڵەت تێپەڕیوە، دەکرێت ئەم دیاردەیە فراوانتر قسەی لەسەر بکرێت و لەو چوارچێوە تەسکەی جیھانبینی “دۆرکھایم” بھێنرێتە دەرەوە کە باز بەسەر باری دەروونی تاکی خۆکوژدا دەدات، کە ھەر ئەوەندەی لە دەستدێت بە “داڕمانی ئەخلاقی” پێناسەی بکات. پێموایە خۆکوشتن ھەمیشە ھەڵھاتن نییە لە ژیان، بەڵکو ھەڵھاتنە لەو کێشە دەروونی و کۆمەڵایەتیانەی ژیان بۆ مرۆڤی دروست دەکات. تەنانەت زۆرجار فەلسەفەش پشتیوانی ئەو کردەیەی کردووە.
من: قوتابخانەی فەلسەفەی رەشبینی ھەمیشە پشتیوانی خۆکوژیی ناکەن، وجودییەکان ژیان وەک ئازارێک دەبینن بەڵام ھانی مرۆڤ دەدەن بۆ چێژوەرگرتن لەو ماوە کورتەی لەژیاندا بەدەستییەوەتی. ھەر خۆم لە سەرەتای خوێندنەوەی فەلسەفەی ئەڵمانیدا، تووشی کەسێکی وەک “شۆپنھاوەر” بووم، ئەو فەیلەسووفێکی سەرسامکەرە، زۆر بە خێرایی سەرنجی راکێشام و کەوتمە ژێر کاریگەریی تێزەکانییەوە، ھەموو ئەو فۆرمۆڵەبەندییانەم قبوڵ کرد کە باس لە بێھودەیی ژیان و پووچی بوون دەکەن، بەڵام ھیچ کات نەمتوانی ئەو بەشە لە تێفکرینی گەوار بکەم کە ھانی کردەی خۆکوشتن دەدات. زۆر جار وا باشە مرۆڤ دەستکاریی یاسا سروشتییەکان نەکات، چ پێویست بەوە دەکات ئەو مەرگە حەتمییەی چاوەڕوانمانە لە رووی کاتەوە پێشبخەین؟.
خۆم: شۆپنھاوەر لەگەڵ ئەوەی رەشبین بوو، بەڵام کاریگەریی بەرچاوی ھەبووە لەسەر ئەدگاری فەلسەفە لە دوای خۆی، ئەو ئاتەئیست و راسیۆنال بوو، وتەزا بە ناوبانگەکەی “کێشە فەیلەسووفەکان لەوەدایە، بۆ دۆزینەوەی راستییەکانی بەردەمیان، سەیری ئاسمان و ناو ھەورەکان دەکەن”. ئەمەش داگرتنی ئیشی فەلسەفەیە لە ئاسمانەوە بۆ سەر زەوی. جیاواز لەمە ھەستدەکەم ھەمیشە رەشبینی کردار نییە، بەڵکو پەرچەکردارە، دیاردەیەکە ھەمیشە لەناو ناھەمواریی کۆمەڵایەتی و ئابووری و دەروونیدا لەدایک دەبێت. بەڵام ئاخۆ نەوەی ئێمە ئەو رەشبینییەیان لە چییەوە بۆ ماوەتەوە؟. بۆچی ئێمە نەوەیەک بووین نەماندەتوانی پێبکەنین، تەنیا فێری فرمێسک رشتن و گریان ببووین؟.
من: ئێمە نەوەیەک بووین بەر نەفرەتی مێژوو کەوتین، چوونکە ژیانمان کەوتە بەرداشی شەڕی براکانی کورد لە شاخ و شار. حکایەتەکانمان پڕن لە گریان و کابووس، زمانمان بە خەم پژا، لەناو رەوڕەوەی نائومێدییدا پێمان گرت، داری تەمەنی گەنجیمان بەری غوربەت و سەر ھەڵگرتن لە نیشتمانی گرت، جوانترین وشەکانمان بوونە پەتی سێدارەی گەردنی ئارەزووەکانمان، بێگەردترین خەونەکانمان دەیان جار مۆتەکەی قاتوقڕی لاقەی کردن، ھەگبەی ژیانمان لێوانلێوە لە زامی قووڵ قووڵ و خاڵی خاڵییە لە رەنگە پەلکەزێڕینەییەکانی ژیان، ئێمە بە مردوویی لە دایکبووین و لە باوەشی نیشتمانی دایکدا چەند جار کوژراین، لە رەگەوە ھەڵکێشراین، تازە لەم بەردەڵانەی مەنفا چرۆ دەرناکەینەوە، ئێمە لە بەھاری رۆژھەڵاتدا وەرین، لەم خەزانە ھەمیشەییەی خۆرئاوادا سەوز نابینەوە، ئێمە نەوەیەک بووین لە ژێر دووکەڵی باروت و لە سایەی ئەژدەھاکاندا چاوەکانمان پڕ کران لە رەنگی تاریکی رەشبینی، گوێیەکانمان تەژی کران لە قریشکە و ھاوار، ئێمە نەوەیەک بووین قڕمان تێکەوت و ژیان بەھەموو شێوەیەک پشتی تێکردین. ئیدی بیانوومان ھەبوو بۆ رەشبینی کە من بۆ ئەم نەوەیە کەمترین بیانوو دەبینمەوە تاکو ژیان بە لێڵی ببینن.
خۆم: نەوەی ئێمە ھەرچەند رەشبین بوو، نەوەیەکیش بوو ھەموو پەنجەرەکانی ئازادیی بەڕوویدا داخرابوون، کەچی ھەمیشە چاومان لە ژیان بڕیبوو، تەنانەت لە ژێر دیسپۆتیزمی ئاین و ترادیسیۆندا، رەنگی خۆشەویستیمان تۆخ دەکردەوەـ، ئەوەی سەیرە ئەم نەوەیە بە رەشبینییەکی دەستکردەوە، پۆرترێتی خۆشەویستی دەشێوێنێت.
من: خۆشەویستی ھەروەک خۆی دەمێنێتەوە، ھیچ کات ناشێوێت، خۆشەویستی تاکە شتە کە قابیلی شێواندن نییە، رەنگە لەبەر چاوان ون ببێت، بەڵام ھەمیشە کۆمەڵێک ڤیگەر ھەن لە رۆحیاندا دەیپارێزن. ئەوەی لە کۆتاییدا لەم جیھانەدا دەمێنێتەوە تەنیا خۆشەویستییە، بۆیە ئازیزم ھاوشێوەی نامەکەی “شاملۆ” بۆ “ئایدا” پێنج جار پێتدەڵێم “زەردەخەنە لە بیر مەکە”. خۆشەویستی ھەرچەند تاڵیش بێت، بەڵام جگە لە زەردەخەنە ھیچ شوێنەوارێکی تر بەسەر رووخسارمانەوە جێناھێڵێت.
١-١٢-٢٠١٨
کاتژمێر: ھەژدە و سی خولەک
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس




فەیلەسوفبوون و ئێمە.. ئازاد حەمە/ بەشی دووەمی ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟

لە سۆراخی فەیلەسوفبوونی ئێمە دا

سەردەمی زێڕینی ئێمە کام سەردەمە تا لەوێندەرێ بەدوای فەلسەفەدا بگەڕێن؟ باشە دەرکەوتنی ئیسلام بۆ ئێمە لە دیدی هزرییەوە گرنگیی هەبووە؟ مانادر بووە ئەم دەرکەوتنە بۆ هاتنەکایەوەی بیرمەندگەلێک لەناوی کوردی ئیسلامدا لەشێوەی ئیبن روشد، فارابی، ئیبن سینا؟ ئەم پرسیارانە وامانلێدەکات بەدوای سەکۆیەکدا وێڵبین و لەناو ڕووبەرەکانی ئەو سەکۆیەشدا لە سۆراخی کۆشکی فەلسەفیمان بین.
جەغتدەکەینەوە، کە پرسیار لەسەر چارەنووسی هزری فەلسەفییمان قەدرزانیە لە پرۆسەی ڕوناکبیرییمان، لەو کردە ڕوناکبیرییەی جارێ ئاگاییمانی داگیرنەکردوە. پرۆسەی ڕوناکبیرییمان، گەر بێ فەلسەفە ڕێیکردبێت بوونی ڕوناکبیرییمان دەخاتە ژێرپرسیارەوە. پرۆسە ڕوناکبیرییەکانیش لە دەرەوەی بازنەی فەلسەفە لاواز و کەمدرامەت و پڕ لە کەموکوڕیین.
لەگەڵ گۆکردنی وشەی فەلسەفەش وشەی عەقڵ ڕووبەڕووماندەبێتەوە. فەلسەفە، کە پەنابردنە بۆ عەقڵ. عەقڵیش خستنەگەڕی دەوێت. جۆری خستنەگەڕەکانی عەقڵ فەیلەسوفبوونی جیاجیای دروستکردووە. مێژووی فەلسەفەش بەڵگەیە لەسەر ئەوە، لەسەری جۆراوجۆری جوگرافیای فەلسەفیی و فەیلەسوفبوون.
ڕەنگە مرۆڤایەتی پێویستی بە فەلسەفەکردنی ئێمە نەبێت. ئێمە خۆمان لە دۆزێکداین پێویستمان بە فەلسەفەیە. ئەمەش بەتەنها ڕەوشی ئێمە نییە. گومانیشی ناوێت، ئێمە وەک زۆر کولتوور و نەتەوەی تر فەلسەفەی ئەویتر قەرزدەکەین و رۆژانەش بەکاریدەبەین.
فەیلەسوفبوونی ئێمە شڕۆڤەی زۆر لەخۆدەگرێت. ئەوەتا مێژووی فەیلەسوفبوونی بەشێک لە شارستانیەکانیش لێوانلیوبوونە لە فەیلەسوف، وەک یۆنانییەکان؛ کەچی فەلسەفەی هاوچەرخی رۆژئاوایی، لەئێستادا، زۆر بی یۆنانە. ئەمەیان چۆن؟ یۆنان لە ڕابردوودا مۆڵگەی فەلسەفە بووە و ئێستاش قەرزارێکی زۆری فەلسەفەی رۆژئاوایە. سەرباری ئەوە، یۆنانی دوێنێ لەڕووی فەیلەسوفبوونەوە هەرگیز وەک یۆنانی ئەمڕۆ نییە. ئەمڕۆی یۆنان لەڕووی فەلسەفییەوە گەلێک هەژارە. کێناڵێت لە سەدەی سی (30) دا یۆنان جارێکیتر دەبێتەوە بە داڵدەی فەلسەفە و سوکرات و ئەریستۆی تر سەرهەڵنادەنەوە؟ بۆ نا!
جگەلەوەی فەیلەسوفبوونی ئێمە، یان هەر نەتەوەیەکی تر تەنها بەوەوە پابەند نییە، کە نووسینی فەلسەفیی هەیە یان نییەتی، بەوەشەوە پابەندە، کە نووسینە فەلسەفییەکان چەند کاریگەرن. هەر لەبەر ئەوە کاتێک بیرۆکەکانی فەیلەسوفێک دەخوێنینەوە لەبارەی جیهانەوە چییمان تیادروستدەبێت؟ ئەم پرسیارە ئەوەمان پێدەڵێت، کە گەشەی هزری فەلسەفیی یەک هێڵی مێژوویی نییە و دابڕان و وەستانی زۆری تیایە.

فەیلەسوفبوون، لەم سەردەمە تەنگژاوییەدا ئالەنگاریی خۆی هەیە

بەگشتی فەلسەفە لە دۆخێکی ناهەمواردایە و فەیلەسوفبوونیش ،لە ئاستێکی گڵوباڵ، لەبەردەم ئالەنگاریی گەورەدایە. ئەم لایەنە و ئەوەش، کە ئێستای ئیمە بێ فەلسەفە گوزەردەکات، لێرە و لەوێ، پرسە گەورەکەی جڤاکی کوردی پێکنەهێناوە و بەپێی پێویستیش تێڕامانی دروستنەکردووە.
بۆیە پرسیاری بۆچی فەلسەفە هەیە؟ نەبووەتە پرسیارە گەورەکەی ئێمە. لەناو زۆرێکیش لە خەڵکی ئێمە (ئەکادێمییەکان، نووسەران، خوێندکارانی زانکۆ، تا دەگاتە خەڵکی عەوام) گرنگیدان بە فەلسەفە بێ مانایە. لەبەرئەوە پرسیاری فەلسەفە چی پێدەکرێت؟، کە پرسیارێکی زۆرینەیە لە جیهاندا، لای ئێمە ڕاچڵەکانی هزریی دروستنەکردووە. ئەم شێوە پرسیارە دەیەوێت ئەوەش بە مرۆڤی کورد بڵێت، کە فەلسەفە چی بۆدەکات گەر گرنگیی بداتێ. واتە بەهۆی فەلسەفەوە دەکارێت خۆی چاک بکات؟ بۆنموونە درۆنەکات؟ خیانەتنەکات؟ عاشقبێت؟ و…. .
فەلسەفە، کە دێتە ناو کولتووری نەتەوەیەکەوە گوزارە و دەربڕینەکانی دەگۆڕێت و سێستەمە زمانەوانییەکەشی وەک خۆی نامێنێتەوە. ئەمەو جگەلەوەی بوونی فەلسەفە ڕۆڵی دەبێت لە گۆڕینی مەودای بیرکردنەوەش. هەر لەبەرئەوەی فەلسەفە نەهاتووەتە ناو ژیانمانەوە، دەبینین زۆر بەدەگمەن گوزارەی لەم جۆرە بەکاردەبەین: فەلسەفەی لە ژیانیا نییە، کەوتوومەتە ناو کێشەیەکی فەلسەفییەوە، ئەمە هیچ فەلسەفەیەکی تێدا نییە …. .

فەیلەسوفبوون پرسیاری فەلسەفە چییە؟ و فەیلەسوف کێیە؟ دووبارەدەوروژێنێتەوە

گشت ئەوانەی دەخوازن وەڵامێک بۆ پرسیاری ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟‌ داڕێژن خودی پرسیارەکە داوایانلێدەکات هه‌ڵوێسته‌یه‌ک له‌سه‌ر پرسیاری فەلسەفە چییە؟ و فەیلەسوف کێیە؟ بکەن.ئەڵبەتە پرسیاری فەلسەفە چییە؟ ئەوەمان پێدەڵێت، کە فەلسەفە لە بنەچەدا بەوە خۆی لە زانینەكانی تر جیادەكاتەوە، كە تایبەت و دەگمەنە.
باشە تایبەتیی و دەگمەنیی فەلسەفە لە چیدایە؟ تایبەتیی و دەگمەنیی فەلسەفە لە فۆرمی نزیكبوونەوەیدایە لەگەڵ: مرۆڤ، بوونی مرۆڤ، دەورووبەری مرۆڤ، كێشەكانی مرۆڤ، ئەو شتەی، كە مرۆڤ پێویستە بیزانێت و بیكات. سروشتی فەلسەفە بەجۆرێكە، كە بیركردنەوە بەرهەمدەهێنێت، بیركردنەوەكانیش جۆراوجۆرن و ئاڕاستەیش وەردەگرن. واتە فەلسەفە لە: بوون، سیاسەت، جوانكاریی، پەروەردە، ڕەوشت و لە…..هتد دا قسەدەكات و تایبەت بەو لایەنانە بیركردنەوەی خۆی هەیە.
سەرباریئەوە، پرسیاری فەلسەفە چییە؟ و فەیلەسوف کێیە؟ پرسیاری تر دروستدەکەن: فەیلەسوفەکان کێن؟ چۆن کەسانیکن؟ زۆرێکیش پێیوایە فەیلەسوفەکان کەسانێکی بێزار و دابڕاون لە جیهان. بەڵام ئەمە وایە؟ بێگومان نەخێر. فەیلەسوفەکان کەسانی لەم جۆرە نیین. فەیلەسوفەکان وەک گشت مرۆڤەکانیتر دەگرین، پێدەکەنن، دەنوون، کاردەکەن، ناندەۆخن، ئەڤینداریدەکەن، بێزاردەبن، ئاشتدەبنەوە و….هتد.
سەرباری ئەوە، فەیلەسوفەکان تەنها دۆستی کتێب نیین، پێش هەموو شتێک دۆستی ژیانن. ژینگە، پەروەردە، هونەر تادەگاتە تەندروستی و سیاسەت بەهەندوەردەگرن و …. وێڕای ئەوە، هەر فەیلەسوفە و شێوازێکی هەیە، کە دواتر ئەوەش شێواز بۆ فەلسەفەکەی دادەڕێژێت. ئەوە وادەکات فەیلەسوفەکان لەیەکتر جیاکرێنەوە.
کەوابێت، فەلسەفەكردن مافی ئێمەی مرۆڤە، مافی گشت ئەوانەیە، كە ئاوەز دەخەنەگەڕ و لە بارەی بوون؛ بوونی خۆیان و دەورووبەریان ڕادەمێنن. ئەڵبەتە هەر یەکەو بەجۆرێک گوزارە لەم مافە دەکات. بۆیشە فەیلەسوفەکان جیاواز دەنووسن.

فەیلەسوفبوون یەک جارە

فەیلەسوفبوون ئەو پرسەیە لەناو جڤاکی کوردی دا سەرنجی نەخراوەتەسەر. تەنانەت سەرنج نەشخراوەتەسەر ئەوەی، کە فەیلەسوفبوون ڕوودان و دەرکەوتنە. ڕوودەدات یان نا. لەناکاو دەردەکەوێت یان نا. هەروەها لەناو فەیلەسوفبوون دا یەخەگرتنێک هەیە. واتە، کاتێک کەسێک دەبێتە فەیلەسووف کار لەسەر پەیپێنەبراو دەبات و مەترسییەکانیش دەبینێت. فەیلەسوفبوون هاتنە، ئەو شتەیە، کە دواتر بەرەوپیرتدێت. بۆیە ڕوودانەکەی یەکجارە و بەس. بۆنموونە: دێکارت، ئیبن روشد، سپینوزا،هێگڵ، هەربە بوونیان بە فەیلەسوف شتێک دەرکەوت؛ شتێک ڕوویدا، کە پێشتر بوونی نەبوو. فەیلەسوفبوون ئا ئەو ڕووداوە، ئەو دەرکەوتنە لەناکاوەیە.
کەوابێت فەیلەسوفبوون دەرکەوتنی ڕووداوێکە. ئەم ڕووداوە یەک جار ڕوودەدات. بۆیە یەک سوکرات، یەک نیچە، یەک فارابی، یەک مارکس، یەک …. هەیە. ئەمانە یەکجار هەن و یەک جاریش ڕوودەدەن. واتە سوکرات و ئەریستۆ دوانن. مارکس و هێگڵ دوانن. هۆسڕڵ و هایدیگەر دوانن. فارابی و ئیبن روشد دوان. ئەمانە هەریەکەیان یەکن و نابنەوە و یەک جارانیش دەبن، دەردەکەون و ڕوودەدەن.
لەبەر ڕٶشنایی ئەوەی وترا، دەپرسین: لەناوماندا ئەوانە سەریان هەڵداوە، کە فەیلەسوفئاسا بیردەکەنەوە؟ چۆن بزانین لەناوماندا فەیلەسوف سەریهەڵداوە؟ئەمانە بەرهەمی فەلسەفییان هەیە؟ بەرهەمە فەلسەفییەکانیان هیچی لێرە یان لەوێ گۆڕیوە؟ ئەی فەیلەسوفبوون شتێکی زگماکە یان بەرهەمی بیرکردنەوەی بەردەوامی خودییە؟ پرسە فەلسەفییە گەورەکانی ئێمە لەناو فەلسەفە چیی بوونە؟ یان بۆ خودی پرسە گەورەکانی فەلسەفە بۆ ئێمە نەبوونە بە پرس؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە، لەوێوەدەستپێدەکەین، کە ڕەنگە کەمنەبن ئەوانەی لەناو ئێمەدا سەرقاڵی فەلسەفەن، لێ سەرقاڵییەکانی ئەمانە فەلسەفەیەکی دیارکراوی دروستنەکردووە. گەر فەلسەفەمان هەیە تایبەتمەندییەکانی ئەم فەلسەفەیە چییە؟ بە چی خۆی لە فەلسەفەی دەرووبەرمان جیادەکاتەوە؟ بەم جۆرە، هەموو ئەوانەی دەنووس فەیلەسوف نیین. مەرجی سەرەکی فەیلەسوفبوون نووسین نییە. شتێکیترە، کە سەرووی نووسینە. نووسین نییە، بیرکردنەوەیە. بیرکردنەوەی گەورە و ڕێچکەشکێن.
هەر ئەو پۆلە پرسیارە بەرەو پرسیاری ووردترمان دەبات وەک: فەلسەفە لەناو ئێمە ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی هەیە؟ گەر بەڵێ بۆ کوێ دەگەڕێتەوە؟ بۆ ئەدەب و ئاین؟ بۆیشە ئەم پرسیارە دەکەین، چونکە فەلسەفە بۆ ئێمە لە ڕابردوودا، لەڕێگای ئەدەب و ئایینەوە، ڕێگایەک بووە بۆ گەڕان بەدوای میراتدا. ئەفسووس، ئەمەش زۆری نەخایاندووە و قوڵیش کاری تیانەکراوە.
لێرەدا واباشە بچینەوە سەر تێگەیشتنێکی دێکارت، کە پێێوایە “بڵاوبوونەوەی فەلسەفە یارمەتیماندەدات، تا خۆمان لە دڕندە و كێوییەكان جیابكەینەوە.” خوا ئەو وڵاتانە بەختەوەردەكات، بەقەولی ئەو، كە دەیانكات بەخاوەنی فەیلەسوفی ڕاستەقینە”. ئەم تێگەیشتنە دێكارتییە بەرەو ئەوەمان دەبات، کە بڵێین: فەلسەفەكردن مرۆییبوونمان دەپارێزێت و هەمیشەیش ئەوەمان بیردەخاتەوە، كە مرۆییبوونمان بەرپرسیارێتییەكی ڕەوشتییە. لێرەوە ئەوەمان بۆ ڕووندەبێتەوە، کە فەیلەسوفبوون ژینگە و دەرفەت و تاکی خۆی دەوێت.
فەیلەسوفبوون، کە دەکەوێتەگەڕ ئەو کات لەوە حاڵیدەبین، کە فەلسەفە ئیشی چارەسەركردنی كێشەكانی ڕۆژانە، بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی تاك و گوتنی ناباو و نادۆگمایە. ئەمە جگە لەوەی فەلسەفە بە ڕاستیبێژیی ناسراوە؛ ڕاستییەك، کە تاكوتەرا نییە. ئەو شتانەی، کە فەیلەسوف لەبارەیانەوە گوتن دەهێنێتەگۆڕێ، بەدواچوونیان بۆدەكات و لە ڕاستییان دەكۆڵێتەوە.
ئەوە فەیلەسوفبوونە زەمینە بۆ فەلسەفەسازی دەسازێنێت. بەپێی ئەوەی فەیلەسوف لە كۆمەڵگەدا دەژی و هەست بە دەورووبەری خۆی دەكات، دەتوانێت كاریگەریی لەسەر فاكتەرە كۆمەڵایەتیی و ڕۆشنبیرییەكان دابنێت و ئاوەزی خۆیشی بخاتەگەڕ، تا لە كۆمەڵگە تێبگات و ڕاستیی ناو ئەو كۆمەڵگەیە ئاشكرابكات.

بینینی کەسێک لە پێگەی فەیلەسوف

فەیلەسوف کەسێکی بێ ئاگا لە جیهان نییە، گۆشەگیر لە ژوورێک و بێ باک بەرامبەر بەوەی لە جیهاندا ڕوودەدات. بۆیە بینینی کەسێک لە پێگەی فەیلەسوف کارێکی ئاسان نییە و هەر ئەو بینینەش دەتوانێت بەرەو دیدی ترمان ببات. بۆ؟ چونکە بینینی کەسێک لە پێگەی فەیلەسوف واتە بوونی فەلسەفەیەک؛ کاتێکیش دەڵێین فەیلەسوفمان نییە ئەمە بەو مانایە نییە، کە دان بە بوونی کەسانێک نانێین، کە سەرقاڵی نووسینی فەلسەفیین یان روناکبیرییەکی فەلسەفییان هەیە.کەواتە لێرەدا دەپرسین: بەوانەوەی، کە لە بواری توێژینەوەی فەلسەفیدا کاردەکەن دەکرێت بڵێین فەیلەسوفمان هەیە؟ بێگومان نەخێر.
گومانیناوێت، چەند بەشێکی فەلسەفەمان لە هەرێم دا هەیە(زانکۆی سەلاحەدین، زانکۆی ڕاپەرین) و لەو چەند بەشەش پۆلێک پرۆفیسۆری فەلسەفەشمان هەیە؛ بگرە کۆمەڵێک شرۆڤەکاری فەلسەفیشمان لە دەرەوەی ئەو بەشانە هەیە، کە کۆرسێک فەلسەفەیان نەخوێندووە و خۆشیان سەرقاڵی نووسین و وەرگێڕانی بیرمەندەکان کردووە. بەس ئایا گشت ئەمەی وترا پێماندەڵێت ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ ئەڵبەتە نەخێر. زۆرێک هەن شەیدای نووسینە فەلسەفییەکانی ئەفلاتون و ئەریستو ۆ دێکارت و هێگڵ و مارکس و سارتەر و هایدیگەرن و لەو بارەشەوە چەند دەقێکیان نوسیوە بەس ئایا ئەمە ئاماژەیە لەسەر بوونی فەیلەسوف لەناو ئێمە؟ بەدڵنیاییەوە نەخێر.
لەو بارەوە ئەوەش شایانی وتنە، کە كێ مافی فەلسەفەكردنی هەیە؟ بەدڵنیاییەوە ئەم پرسیارە بەرۆكی كۆمەڵە پرسیارێکی هاوشێوە دەگرێت، كە خەمی هزریی چیەتیی فەلسەفە لەكۆڵدەگرن: گەر ئەم مافە تەنها بە فەیلەسوف دەدرێت، باشە فەیلەسوف كێیە؟ فەیلەسوف پرۆفیسۆرێكی زانكۆیی و كەسێكی ئەكادێمییە؟ ڕەنگە هەندێکیش لە ئێمە بڵێن، ئەی بۆ فەلسەفەكردن مافی عەوامیش (زۆربەش) نەبێت؟
لێرەدا و سەبارەت بەو پرسیارانە تەنها ئەوەندە دەڵێین، كە ڕاستە فەلسەفەكردن مافی ئێمەی مرۆڤە، مافی گشت ئەوانەیە، كە ئاوەز دەخەنەگەڕ و لە بارەی بوون و بوونی خۆیان و دەورووبەریان ڕادەمێنن. بەپێی ئەوەیش، كە لە ئێستادا تێكنۆلۆژیای زانیاریی دەستی بەسەر ژیانی ئێمەدا گرتووە، پێویستمان بەوەیە تێڕامان و تەماشاکردنەکانمان بۆ جیهانی تازە، قووڵتر و بەرینتر بكەین، تا لەوە تێبگەین، کە چۆن مامەڵە لەگەڵ چەمكی خودی زانین، زانست، ڕەوشت و ئاكار (موڕاڵ) دا بكەین.
ئاڵۆزییەكانی دنیای سیاسەت، واتای ماف، دادپەروەریی، یەكسانیی، كێشە ژینگەیی و پەروەردەییەكانیش، هەموو ئەمانە داوامان لێدەكەن، کە ئاسۆی بیركردنەوەمان فراوان و فرەئاقار بكەین و تێگەیشتنی فەلسەفیی لەمەڕ تێگەیشتنە سیاسیی، پەروەردەیی، كۆمەڵایەتیی و كولتوورییەكان دروستبكەین. ئەمە کارێکی ئاسان نییە. ئەمە داوای سێستەمێکی هزرییمانلێدەکات لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتییماندا.
دۆخەکە لەوەدایە، کە ئێمە نامانەوێت لەڕێگای ئەم پرسیارەوە لە دۆزی قەیراناوی هزرییمان تێبگەین. باشە گەر فەیلەسوفمان هەیە بنەمای هزری فەلسەفیی ئێمە چ جۆرە بنەمایەکی هەیە؟ بەدڵنیایشەوە نەبوونی ئەو بنەمایە، واتە نەبوونی فەیلەسوف. ئێمە وایدەبینیین، کە دیدێکی نوێ بۆ جیهان تەنها لە ڕوانگەی فەلسەفەوە دێتەکایەوە. کە ئەوە هەبوو واتە فەیلەسوف هەیە. بۆیە ڕوون نییە وشەی فەیلەسوف چۆن لەناو ئێمە بڵاوبووەتەوە و چیگەیاندووە. ئەم وشەیە پۆزەتیڤ بەکاربراوە یان نێگەتیڤ.

نا، ئێمە بەمجۆرە لە فەلسەفە حاڵینەبووینە

ئێمە بەو جۆرە لە فەلسەفە حاڵینەبووینە، کە لە لاپەڕەکانی مێژووی فەلسەفەی رۆژئاوا بەرچاوخراوە. لەوێ، لە دیدی رۆژئاواییەکان كاتێك، فەلسەفە دەبێت بە فۆرمێک لە نوسین، یان فەلسەفەكردن جێگای نوسین دەگرێتەوە ئیدی زۆر شت گۆڕانی دێتەسەر. ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی کاتێک فەلسەفە لە وتنەكانی مرۆڤدا كارادەبێت، وتن لەبارەی بوونی مرۆییەوە دێتەگۆ و فەلسەفەیش خۆی وەك ئامرازێك بۆ ژیان و تێگەیشتن لە بوونی كۆمەڵایەتیی مرۆڤ نمایشدەكات و لەڕێگای فەلسەفەیشەوە لە چێژی بیركردنەوە و مەبەستی ژیان تێدەگەین.
نا ئێمە، بەوجۆرە لە فەلسەفە حاڵینەبووینە، کە فەلسەفە بیركردنەوەیە، ئەم بیركردنەوەیە لەلایەکەوە ئاڕاستەی ژیان دەستنیشاندەكات، لەلایەکی ترەوە گفتوگۆی شتەكانی ناو ژیانی مرۆڤ دەكات. بۆ ئەوەی بژیین و لە ژیانی خۆمان تێبگەین، پێویستمان بەو ئامرازەی ژیانە، كە فەلسەفەیە. ئەمەش پێویستی بەوەیە، کە لەم پرۆسەیەدا بۆ ئەوەی خوێنەرانی فەلسەفە زیادبكەن و فەلسەفە وەك شێوازێك بۆ ژیان و ئامرازێك بۆ گەیشتن بە ژیان سەیربكرێت، فەلسەفەكردن پێویستی بەوەیە لەگەڵ تیۆرییەكان خۆی بگونجێنێت و خۆی ئاسانتر و نزیكتر لە ژیان نیشانبدات.
ئەو دەمەی فەلسەفە دەكرێت بە ئامرازێك بۆ كەڵكوەرگرتن لە ژیان و گۆڕینی فرۆمی ژیانی مرۆڤ و تەقەلایەکیش بۆ هەڵوێستەكردن لەسەر بەختەوەریی و ئایندە و ناحەزییەكانی مرۆڤ؛ بەمە فەلسەفە زیاتر لە بوونی مرۆڤەوە نزیكدەبێتەوە.
کوا کێ لەناو ئێمە كردەی فەلسەفەكردنی والێکردووە ببێت بە کۆششێک بۆ گەڕان بەدوای واتای ئازادیی و بەدیهێنانی بەختەوەریی بۆ تاك و لەسەرێكی ترەوە ئاشتكردنەوەی كولتووری سیاسیی ئێمە لەگەڵ فەلسەفە و سنووردانان بۆ گەوجاندنی تاك و كاركردن لەسەر باشەكان، كە بە جۆرێک لە جۆرەکان بەها ڕەوشتییەكانی ئێمەی مرۆڤن. ئەمانەیش وادەكەن، کە فەلسەفە توانای بینینی مەترسییەكانی هەبێت و شەڕ لەگەڵ دۆشدامانی هزریی بكات و هەلومەرجیش بۆ هێنانەكایەی دۆزێكی ئەوتۆ دروستبكات، كە فەلسەفە بە ئازادیی گوزارشت لە ئامادەبوونی ڕاستەقینەی خۆی و بوونی مرۆیی ئێمە و مافەكانمان بكات.

سەردەمەکانی ئێمە بێ فەلسەفە گوزەریان نەکردووە؟

بۆ هەموان ڕوونە، کە گشت كردەیەكی فەلسەفیی سەردەمی خۆی هەیە، بەڵام فەلسەفە دەكارێت لە سەردەمی خۆی بێتەدەرێ، ئەمە بە واتای هاتنەدەرەوەی فەلسەفە نییە لە لەشی خۆی، لەبەرئەوەی فەلسەفە، كە لە سەردەمی خۆی دووردەكەوێتەوە، لە سەردەمێكی تر نزیكدەبێتەوە، كە دیارە فەلسەفە لەو حاڵەتەدا بە خوڵقاندنی پرسیاری ترەوە سەرقاڵە، یان فەلسەفە خەریكی سەرچڵی ترە و تێهزرین لە شتگەلێكی تر دەكات، كە لە پێشبینییەوە دوور نین.
لێرەوە دەگەینە بیرۆكەی فەلسەفەی گشت سەردەم، یان گشت فەیلەسوفێك، کە ئاڕاستەكردنێك لەناخیدا پەنهانە. لێرەدا دەكرێت بگوترێت، كە فەلسەفەی گشت فەیلەسوفێك بۆ قۆناغێكی دیاریكراو بووە و جارجارەیش تێۆریزەكردن بووە بەسەر ئەوەی، کە دواتر دێت.
بەپێی ئەوە بێت، کە لای سەرەوە باسکرا، سەردەمەکانی ئێمە بێ فەلسەفە گوزەریان کردووە. یان دەتوانین بڵێین، فەلسەفە و سەردەم پێکەوە نەژیاون. سەردەممان هەبووە بە مانا مێژووییەکەی، لێ فەلسەفەدار نەبوونە. گەر وانییە کوا فەیلەسوفی سەردەمەکانمان؟ بۆ مێژوویەک سەبارەت بە فەلسەفە لە ژیانی هزریماندا بوونی نییە؟ ئەمەش پرسیاری ترمان لادروستدەکات، وەک: ڕۆشنگەرەکانی(منەور) ئێمە کێن؟ کوان کارە هزرییەکانی ئەو ڕۆشنگەرانە؟
بەمجۆرە بێت، کە لای سەرەوە باسکرا، کاتێک تەماشای مێژووی هزری رۆژئاوا دەکەین، شتێکی تر دەبینین. دەبینین، کە مامەڵەی فەیلەسوفانی رۆژئاوا لەتەك فەلسەفەدا وەك یەك نەبووە. لەگەڵ ئەوەیشدا فەیلەسوفەكان سوودیان لەیەكتر وەرگرتووە، بەڵام هەمیشە مەودایەكی هزریی لەنێوانیاندا هەبووە. واتە هەر فەیلەسوفە و جوگرافیایەكی، زێدێكی، فەلسەفیی خۆی هەبووە، كە لەهەمان كاتدا ئەم فەیلەسوفە دەیشتوانێت گەشت بەناو جوگرافیاكانی تر و سەر بەم زێد و ئەو زێدی هزرییشدا بكات.
وێڕای ئەوە، مێژووی فەلسەفەی رۆژئاوا شتێکی تریشمان پێدەڵێت؛ ئەوەش ئەوەیە، کە دەكرێت كردەی فەلسەفیی لە دەرەوەی سەردەم، یان نەریت بێت. واتە لەوە نەكات كە، هەمان شت و دووبارەیە. كاتێكیش فەلسەفە لە دەرەوەی سەردەمی خۆی دەبێت، ئەمە هەرگیز بەو واتایە نایەت، كە فەلسەفە پشت لە سەردەم و شوێنی خۆی دەكات، بەڵكو فەلسەفە زۆرجار ئەوەی دەیڵێت، لە سەردەم و شوێنی تریشدا كاری خۆی دەكات. بۆ نموونە ئەوەی، کە ئەفلاتون لە دیالۆگەكانیدا سەبارەت بە خۆشەویستیی، جوانكاریی و ڕەوشت گوتوویەتی، یان ئەوەی سپینوزاSpinoza، یان کانت Kant لەمەڕ ئاین، ڕەوشت و زانین وتویانە، ئێستایش جێی گفتوگۆن و فەلسەفە ناكارێت پشتیانتێبكات.
ئەمەی لای سەرەوە باسکرا، ئەوە دەگەیێنێت،کە ناوەرۆکی فەلسەفە نە وەك خۆی دەمێنێتەوە، نە ئەو ناوەرۆكەیش، كە هەیبووە پشتگوێدەخرێت. زۆرجار زۆر شت وادەكەن ئەو ناوەرۆکە بەشێوەیەکی تر بێتەپێكهێنان، یاخود وادەكەن فەلسەفە بەشێوەیەکی تر قسە لە سەردەمی خۆی بكات. هەر بۆنموونە، بەشێكی زۆر لەو پرسیارانەی چیەتیی فەلسەفەیان لە سەدە تاریكەكان پێكهێناوە لەئێستادا، وەك پرسیارگەلێكی کۆن و بەسەرچوو دەبینرێن، یان دەچنە خانەی ئەو شێوە پرسیارە فەلسەفییانەی، كە وەڵامی خۆیان چنگكەوتووە.
کەواتە، ئەوەی لایسەرەوە باسکرا، دوورە لە مێژووی هزریی ئێمەوە. مێژووەکە بەجۆرێک ناسێستەماتیکە، کە ناتوانێت وێنەیەکی هاوتای ئەوتۆمانبداتێ، کە ئێمە بیرمەندمان هەبووە، بیریاریی لە ژیانی بیرییماندا گرنگیی خۆی هەبووە. بەڵام سەبارەت بە شارستانی رۆژئاوا شتێکی تر دەبینین. لەوێندەرێ بۆ ئەوەی فەلسەفە ناوەرۆکێکی نوێ و جیای هەبێت، دەبینین فەلسەفە هەمیشە کۆششی ئەوەی كردووە، کە خۆی نەجوێتەوە و لەسەر ناوەرۆکی خۆیشی نەژی، یان ئەوە نەڵێتەوە، کە وتراوە.
بۆ ئەوەی فەلسەفە ئەمەی بەسەرنەێت، فەلسەفە نەبێتە بوارێك بۆ وتنی شتی گوتراو و بەسەرچوو، فەلسەفە پێویستی بەوە دەبێت، کە بە سەردەمی خۆیەوە گرێدراو بێت. هەر ئەم گرێدراوییە وەها لە فەلسەفەیش دەكات، کە ڕێژەیی و ناڕەها بێت، كراوە و چاودێر بێت، چونكە سەردەمە جیاكان وەها لە فەلسەفە دەكەن، کە ڕەوت و ڕواڵەتی جیا و نادووبارەی هەبێت و كاریشی گوتنی ئەوە بێت، كە دەكەوێتە زۆنی بێدەنگییەوە. واتە فەلسەفە دەكارێت گوتن لە گەرووی بێدەنگییەوە بهێنێتەدەرێ و لەتەك شوێن و كاتەكاندا هاوشان و كۆقەوارەبكات.

بێدەنگی فەلسەفیی ئێمە زۆری خایاندووە

بەدڵنیاییەوە، بێدەنگی فەلسەفیی ئێمە زۆری خایاندووە. ئەمەش زیانێکی زۆری داوە لەو مێژووەی دەخوازین بینووسینەوە سەبارەت بە هزرمان. وەکیتریش، گومانی ناوێت، كە فەلسەفە هەندێك چركەی بێدەنگ و خامۆشی خۆی هەیە، بەڵام ئەو چركانە ئەگەرچی لە چركە پێویست و گرنگەكانیشن، بەڵام زێدە كەمتەمەن و نابەردەوامن، چونكە فەلسەفە لەگەڵ دەركەوتنیدا ئەوەی یەكلاكردووەتەوە، کە چیەتیی فەلسەفە بە گوتنەكانیەوە بەندە، بەوەوە بەندە، كە فەلسەفە ناوەستێت و بەردەوامە. بەداخەوە ئەم لایەنە بۆ ئێمە تەواو جیاوازە و وەک ئەوە نییە، کە لە مێژووی هزریی رۆژئاوادا باسیلێوەدەکرێت. بێدەنگی فەلسەفیی ئێمە کاتێکی زۆری خایاندووە و گشت مێژووی هزرمانیشی گرتووەتەوە.
فەلسەفە ناکرێت بۆ ماوەیەکی زۆر بێدەنگ بێت. بێدەنگیی فەلسەفە بۆ کاتێکی زۆر بە زیانی مێژووی هزری ئەو نەتەوەیە دەگەڕێتەوە. کاتێک فەلسەفە بێدەنگ دەبێت شتیتر جێگای دەگرێتەوە، کە ئێمە ناویدەنێین نافەلسەفە، نەزانین، دژەدانایی. ئەمەش لەبەرئەوەی، کاتێک فەلسەفە قسەدەکات، وتنی دەبێت، فەلسەفە هەر بەهۆی ئەو وتنانەیەوە، کە لەلایەكەوە ناسنامە بۆ چیەتیی خۆی دادەتاشێت و خۆی لە سەردەم و شارستانیی خۆی نزیكدەكاتەوە، لەلایەكی ترەوە خۆی لە زانستەكانی تر جیادەكاتەوە.
پێشتریش گوترا، فەلسەفە خۆی دەكات بەو شتەی، كە هەیە، نەك ئەوەى، كە ونە، ئەو شتەی گوتنی خۆی هەیە و هەر ئەو گوتنەش ناوەرۆکی پێكدەهێنێت و كاكڵی بۆ دروستدەكات. فەلسەفەكردن و تێكشكانی پیرۆزییەكان، چاندنی پرسیار و پرسیاركردن لە ڕەچەڵەكی بۆشایی و هیچیی، هەوڵی فەلسەفە بۆ تێگەیشتن لە خودی خۆی و جیهانی ئەو خودە، بەشێكن لە پرۆسەی پێكهێنانی ناواخنی فەلسەفە و باخچەی هزریی فەلسەفیی دەسازێنن و كردەی فەلسەفەسازیش لەوێوە خۆی وەك سەرچڵیی هزریی نیشاندەدات. کوا فەلسەفە لەسەر ئەم بناغەیە لە ژیانی هزری ئێمەدا کاریکردووە؟ نەخێر بەمجۆرە کارینەکرووە و بگرە زۆریش مات و بێ وتن بووە.

ماویەتی…….




ڕووتبوونەوەی سیاسەت.. ئەحمەد ڕەسوڵ

هەر دەسەڵاتێک، حیکایەتێک یان زیاتری هەیە بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەروون و عەقڵی ئینسانەکان. ئەو لۆژیکەی کە ئەو حیکایەتە لە هەناوی خۆیدا هەڵگرێتی، دەرئەنجام دۆکترینێکی تایبەت بە ئەو حیکایەتانە بەرهەمدەهێنێت. ئەمەش وەکو ڕاستییەکی باوەڕپێکراو لەلای خەڵک (ئاپۆڕای شوێنکەوتووی ئەو هێز و لایەنە سیاسییە یان ئەوانەی کە لە ژێر هەژموونی گوتاری ئەو دەسەڵاتدارێتییەدان) جێگەدەگرێت. واتا دەسەڵاتداران لە ڕێگەی ئەو حیکایەتانەوە، ڕەوایەتیی لەنێو ئاگایی گشتییدا بەدەەستدەهێنن.
خاڵیبوونەوەی دەسەڵاتدارێتیی لە هەرێمی کوردستان لە هەر حیکایەتێک و ڕووتبوونەوەی سیاسەت لە هەر جۆرە کردەیەک و چالاکییەک کە پەیوەندی هەبێت بە چاکەی گشتیی و ویستی گەشەپێدانی کۆمەڵگاوە، سەرەڕای پەککەوتوویی تەواوی دامەزراوەکان “لە نموونەی هەڵپەساردنی پەرلەمان، دواکەوتنی هەڵبژاردنە پڕ لە گزیکارییەکەش و بەسەرچوویی حکومەت و … هتد” وایکردووە ڕەوایەتیی هەم لە ڕەهەندی یاسایی و دەستوورییدا لە ئاستی نێوخۆیی و دەرەکییشدا، هەم لە ڕەهەندی ئاگایی گشتیی و دەروونی کۆمەڵگادا تا نزمترین پلەی خۆی دابەزێت.
کەوتنی هەموو حیکایەتەکانی لە بابەتی “ڕژێمی دیکتاتۆریی و دروشمەکانی یەکسانیی و خۆشگوزەرانی هاوڵاتییان، ڕزگاریی و ئازادیی مرۆڤی کورد … هتد لە سەردەمی شۆڕش! و شاخدا” و “داعش، سەربەخۆیی ئابووریی، ڕیفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆ، سەروەری یاسا و بە دەزگاییکردنی حکومەت، دادگەری کۆمەڵایەتیی، … هتد لە سەردەمی شار و دەسەڵاتدارێتییدا” و لە دواجاردا ئەوەی وەکو زانراوێکی سادەی ئەزموونکراو بۆ خەڵک مایەوە ئەوەبوو کە ئەم دەسەڵاتدارێتییە و دەسەڵاتداران، خۆیان سەرچاوەی نادادیی ئابووریی و کۆمەڵایەتیین، سەرچاوەی ژێرپێخستنی یاسا و بێبەهاکردنی دادگا و دامەزراوەکانن، سەرچاوەی تاڵانکاریی، وێرانکاریی و داگیرکاریین لەبەرامبەر تەواوی داهاتی گشتیی، زەوی و خاکی وڵاتەکە و سەرچاوەی شکاندنی شکۆ و ئیرادەی ئینسانی کوردن، سەرچاوەی بێمافکردنی هاوڵاتیان و برسییکردنی خەڵکن. ئیدی لێرەوە هیچ حیکایەتێک نەمایەوە بۆ هەژموون بەسەر ئاگایی گشتییدا و دەسەڵاتدارێتیی بەسەر ژیانی خەڵکدا تا گەیشتە ئەوەی هەموو شەڕی ئەم دەسەڵاتدارێتییە بۆ هێشتنەوەی هەژموونی خۆی بەسەر کۆمەڵگاوە لە پڕۆژەی “هەژماری من!” دا خۆی ببینێتەوە.
ئەم دەسەڵاتدارێتییە هەموو هێز و ووزەی خۆی لەوەدا چڕ کردووەتەوە کە پڕۆژەی “هەژماری من!” بەسەر کۆمەڵگای کوردستان و حکومەتی ناوەندیشدا بسەپێنێت. ئینسانی ئێمە ئاستی متمانەی بە دەسەڵاتداران بۆ هەر کارێکی چاک، نییەتێکی باش و بەڵێنێکی ڕاست نەوەکو دابەزیوە بۆ پلەی سفر، بگرە نزمتریش. خەڵک هیچ متمانەیەکی بە هیچ پڕۆژە و هەنگاوێکی دەسەڵاتداران نەماوە کە لە بەرژەوەندی ژیانی گشتیی کۆمەڵگا و هاوڵاتییان بێت. خەڵک تا ئەویدیو یەقین، گەیشتووەتە دڵنیایی کە هەر پڕۆژە و هەنگاوێکی دەسەڵات و دەسەڵاتداران جگە لەوەی کە لە بەرژەوەندی خۆیان و بەهێزکردنی زیاتری خۆیانە بە دیوەکەی تریدا لە دژی بەرژەوەندی کۆمەڵگا و تاکە تاکەی هاوڵاتییانە و لاوازکردنی زیاتریانە. بە کورتی، بەرژەوەندیی، هێز، دڵنیایی و ئارامیی دەسەڵات و دەسەڵاتداران لەلایەک و کۆمەڵگا و هاوڵاتییان لەلایەکیدی، لە پەیوەندییەکی پێچەوانەدایە. تا چەند دەسەڵات لە ڕێی دەزگا مێدیاییە بێشومارەکانییەوە و بە نووسەر و ڕۆژنامەنووسە سێبەر و بەرتاوەکانییەوە، بانگەشە و ڕیکلام بۆ پڕۆژەی “هەژماری من!” بکات، هاوڵاتییان زیاتر بەدگومان دەبن بەرانبەری و توندتر ڕەتیدەکەنەوە و جار دوای جار زیاتر دڵنیا دەبنەوە کە پڕۆژەیەکە لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتدارێتیی و دەسەڵاتدارانە و دژ بە بەرژەوەندی کۆمەڵگا و هاوڵاتییان. ئەم تێگەیشتنە تا نێو ئەندامانی ئۆرگانە حزبییەکان و ئەندامانی نێو دەزگا ئەمنییەکانی سەر بە دوو حزبخێڵە دەسەڵاتدارەکە ڕۆیشتووە و ئەوانیش هەمان تێگەیشتن و بیرکردنەوەی هاوڵاتیانی سیڤیل و کارمەندی دەزگا حکومییەکانیان هەیە.
ئەوەی کە دەسەڵاتدارێتییەک لە هەر حیکایەتێک داماڵرابێت و لە هەر جۆرە رەوایەتییەک کەوتبن و تەنها ڕێگەی خۆسەپاندن و هەژموونیان بەسەر هاوڵاتیان و کۆمەڵگادا هاتبێتە سەر دەسەڵاتداربوونیان بەسەر مووچەی خەڵکدا، ئیتر ئەمە ڕووتبوونەوەی بێشەرمانەی سیاسەتە لە هەر ڕەهەندێکی فەزیلەتخوازیی و چاکەخوازیی، کەوتنی دواهەمین ئەگەرە لاوازەکانی گۆڕانکاریی جەوهەریی لە چۆنێتیی کارکردنی دەزگایی و یاسایی دەسەڵاتداراندا و کەوتنی دواهەمین ئەگەرە لاوازەکانی گۆڕانکارییە لە بونیادیی بیرکردنەوە و تێگەیشتنی دەسەڵاتداراندا دەربارەی دەسەڵات، هاوڵاتیی، ماف و ئازادیی.

ئەحمەد ڕەسوڵ




خودگێڕانه‌وه‌: ئه‌و وێنانه‌ی ته‌مه‌ن، كه‌ شیعر ده‌یگێڕێته‌وه‌ له‌ ده‌قی: (18/11/1965)ى سه‌باح ره‌نجده‌ردا.. د. عه‌بدوڵڵا ڕه‌حمان

ژیاننامه‌ یه‌كێكه‌ له‌ هونه‌ره‌ هه‌ر گرنگ و زراڤه‌كانی مێژووی مرۆڤایه‌تی، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ئه‌زموونگه‌لێك له‌ نه‌وه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ نه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌. مرۆڤ له‌ناو چوارچێوه‌ی چیرۆك و رۆمانگه‌لێك ده‌ژیت هه‌ر له‌ چركه‌ی یه‌كه‌می له‌دایكبوونه‌وه‌ تا كۆتا چركه‌ی ژیانی كۆمه‌ڵێك رووداو و به‌سه‌رهات و كاره‌كته‌ری جۆراوجۆر ژیانی هه‌ڵده‌سوڕێنن، ره‌نگه‌ خۆی به‌شێكی دروستكه‌ری ئه‌وان بێت و ره‌نگیشه‌ ئه‌وان به‌شێكی دروستكه‌ری خودی خۆی بن. گرنگ ئه‌و له‌و فه‌زایه‌ ده‌ژیت و گه‌شه‌ ده‌كات و هۆش و هزری فراوان ده‌بن و ده‌كرێنه‌وه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و فه‌زایه‌ تا راده‌ی داخران تایبه‌تییه‌ و هه‌ست و نه‌سته‌كانی مرۆڤ له‌خۆ ده‌گرن، كه‌ ئه‌و هه‌ست و نه‌ستانه‌ ته‌واو كه‌سییه‌ و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌وی دی دركی پێ ناكات و ئاگاداری نییه، بۆیه‌ كاتێك كه‌سێك له‌ ژیانیدا هه‌وڵێكی مرۆڤایه‌تی داوه‌ و به‌شێكی گرنگی ژیانی خۆی بۆ ته‌رخان كردووه‌. ئه‌و شه‌نوكه‌و و چركه‌كانی كات و شوێنه‌كه‌ی له‌ناو دڵ و ده‌روونی خۆی حه‌شار داوه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش له‌ هه‌ر كرده‌وه‌یه‌ك، جا ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ ده‌سته‌جه‌معی و كۆمه‌ڵ و ئاشكراش بێت، نهێنیگه‌لێك هه‌ن كه‌ ته‌نیا په‌یوه‌سته‌ به‌ كه‌سه‌كانه‌وه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌كرێ له‌ چوارچێوه‌ی هونه‌رێكدا ئاشكرا بكرێن و ته‌واوی مرۆڤه‌كانی دیكه‌ش به‌شداری پێ بكرێت كه‌ ئه‌ویش ژیاننامه‌یه‌. لێره‌شدا ژیاننامه‌ ئه‌و كه‌ناڵه‌ گرنگه‌ ده‌بێت كه‌ ئه‌زموونی مرۆڤه‌كان ده‌گوازێته‌وه‌ و به‌شداری مرۆڤه‌كان له‌ رووداو و به‌سه‌ر‌هاته‌كان مسۆگه‌ر ده‌كات. كه‌واته‌ ژیاننامه‌ هونه‌رێكی گرنگه‌ و له‌ وڵاتانی پێشكه‌وتووی هزری و رۆشنبیری له‌زووه‌وه‌ له‌ گرنگی ژیاننامه‌ی زاناو داناكانیان گه‌یشتوون و بایه‌خێكی بێ وێنه‌یان پێداوه‌، به‌ڵام له‌ مێژووی كورددا زۆر درەنگ ئه‌و هونه‌ره‌ بایه‌خی به‌دیاركه‌وت و رووی تێكرا. بێگومان هه‌موو ئه‌و زانا و شاعیر و نووسه‌ر و كه‌سایه‌تییه‌ كوردانه‌ی له‌كۆندا به‌ حاڵ به‌رهه‌مێك و نووسینێكیان به‌ده‌ست ده‌كه‌وێت و ساغ ده‌كرێته‌وه، ئه‌وا ئه‌گه‌ر هونه‌ری ژیاننامه‌ ره‌واجی هه‌بووایه‌ و ژیاننامه‌ی خۆیان نووسیبا، نه‌ك هه‌ر به‌رهه‌مه‌كه‌یان به‌ڵكو قۆناغه‌ مێژووییه‌كه‌ش له‌ گه‌لێك رووه‌وه‌ رووناك ده‌بوویه‌وه‌.
دیاره‌ ژیاننامه‌ وه‌كو زاراوه‌یه‌ك باسكردنی ژیانی كه‌سێكه‌ و له‌ناوه‌رۆكی زاراوه‌كه‌وه‌ مانای خۆی به‌ته‌واوه‌تی خستۆته‌ڕوو، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ كه‌سایه‌تییه‌ك چیرۆكی ژیانی خۆی بگێڕێته‌وه‌، دیاره‌ لێره‌دا ژیاننامه‌ یه‌كسان ده‌بێت به‌ خود، واته‌ خود ده‌بێته‌ سه‌نته‌ری گێڕانه‌وه‌و به‌هۆیه‌وه‌ ته‌واوی هێڵه‌كانی دیكه‌ی گێڕانه‌وه‌ ده‌كه‌ونه‌ خزمه‌تی خوده‌وه‌. خود ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی به‌سه‌ر ده‌قه‌كه‌ ده‌بێت و ئاراسته‌ی لایه‌نه‌ و ره‌هه‌نده‌كانی ده‌كات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كاتێك ئه‌و ده‌قه‌ شیعر ده‌بێت، گێڕانه‌وه‌ی خود ئاڵۆزی و ته‌مومژ ده‌كه‌وێته‌وه‌، به‌حوكمی ئه‌وه‌ی شیعر سۆز و خه‌یاڵێكی فراوان له‌خۆ ده‌گرێت و به‌هۆیه‌وه‌ ماناكان به‌ ئاسانی خۆیان ناده‌ن به‌ده‌سته‌وه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش ئه‌وه‌ی له‌ گێڕانه‌وه‌ی ژیاننامه‌ تاوه‌كو ئێستا به‌رچاو كه‌وتووه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌سێك ته‌واوی به‌سه‌رهاته‌كانی خودی خۆی له‌ ئه‌زمونی ژیانكردنی باس بكات و به‌ ئه‌وی دیكه‌ی بگه‌یه‌نێت. ((واتا مێژووی ژیانی تاك و چۆنیه‌تیی هه‌ڵسوكه‌وتی له‌ناو خه‌ڵكدا، هه‌روه‌ها گێڕانه‌وه‌ی ڕووداو و به‌سه‌رهاتی ژیانی تاكێكه‌، یان دووباره‌ ژیانه‌وه‌ی مرۆڤه‌ له‌سه‌ر ڕووی لاپه‌ڕه‌كاندا)) (نیعمه‌ قه‌ره‌نی، 2012:16). ئه‌و به‌سه‌رهاتانه‌ ته‌واوی لایه‌نه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ له‌خۆ ده‌گرێت كه‌ له‌ ڕوانگه‌ی خوده‌وه‌ ده‌گێڕدرێنه‌وه‌. به‌ڵام كاتێك ئه‌و خودە شاعیر بێت و شیعر وه‌كو ده‌قێك هه‌ڵده‌بژێرێت بۆ ئه‌و بابه‌ته‌، مه‌سه‌له‌كه‌ جیاواز ده‌كه‌وێته‌وه‌. لێره‌دا مه‌رج نییه‌ هه‌موو ئه‌زموونی ژیان و ورده‌كاری به‌سه‌رهاته‌كانی به‌دوایه‌كدا ریز بكات و بیانگێڕێته‌وه‌، به‌ڵكو به‌ سوود وه‌رگرتن له‌ ته‌كینكی شیعر و ئیحای شیعری ره‌نگه‌ ته‌نیا خاڵێك وه‌ربگرێت و خودییه‌تی خۆی تێیدا باس بكات، ئیدی له‌و خاڵه‌وه‌ ئاشنای گۆشه‌نیگای كه‌سی شاعیر ده‌بین به‌رانبه‌ر به مرۆڤ و ژیان و كۆمه‌ڵگه‌وه‌. به‌و واتایه‌ی شاعیر له‌ باسكردنی خودی خۆی شیعرییه‌تێك به‌كار ده‌هێنێت له زمانی په‌خشان و گێڕانه‌وه‌ی ئاسایی بە‌ دوور ده‌بێت.
كه‌واته‌ ژیاننامه‌ له‌ دووتۆیی خوده‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت و هه‌ڵده‌قوڵێت، به‌و واتایه‌ی كرده‌وه‌كانی خود ده‌بنه‌ جێگه‌ی بایه‌خ و گێڕانه‌وه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ خود كرده‌وه‌كانی خۆی دووباره‌ ده‌ژیێنێته‌وه‌، بێگومان له‌مباره‌یه‌وه‌ پێویستی به‌ هزر هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رێكیان بخاته‌وه‌، كاتێك دیكارت كۆجیتۆیه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی خۆی راگه‌یاند (من بیر ده‌كه‌مه‌وه‌، كه‌واته‌ من هه‌م) ئه‌وا هه‌وڵیدا چالاكییه‌كانی هزر و كرده‌وه‌كانی ژیانی مرۆڤایه‌تی یه‌كگرتوو بكات و باسیان بكات، به‌ڵام هێزی ئه‌و كاره‌ی به‌خشییه‌ هزر و بیركردنه‌وه‌و به‌ سه‌رچاوه‌ی چالاكییه‌ ژیانییه‌كانی له‌قه‌ڵه‌م دا، له‌به‌رانبه‌ردا (مین دی بیران) دژی ئه‌و بۆچوونه‌ كۆجیتۆكه‌ی خۆی ده‌ربڕی (من ده‌یكه‌م، كه‌واته‌ من هه‌م) كرده‌وه‌ی كرده‌ سه‌ر مه‌شق و به‌پێش هزری خست، وه‌كو ئه‌وه‌ی بیه‌وێت بڵێت كرده‌وه‌، نه‌ك هزر سه‌نته‌ر و بناغه‌ی ژیانی ئه‌و مرۆڤه‌یه‌ كه‌ خاوه‌نی هیچ نییه‌، جگه‌ له‌وه‌ی كار بكات و به‌رگری بنوێنێت و به‌هۆیه‌وه‌ له‌ جیهانی ده‌ره‌وه‌دا خۆی تۆمار بكات. له‌مباره‌یه‌وه‌ (د. زه‌كه‌ریا ئیبراهیم ) پێیوایه‌ لێره‌دا مه‌سه‌له‌ هه‌ڵبژاردن له‌نێوان هزر و كرده‌وه‌دا نییه‌، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی كه‌ هزر و كرده‌وه‌ دوو بنچینه‌ی گرنگی ژیانن و هه‌ڵبژاردنیش ته‌نیا له‌نێوان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كرده‌وه‌یه‌ك له‌هزرێكی خراپه‌ و كرده‌وه‌یه‌كی دیكه‌ش له‌ هزرێكی چاكه‌خواز دێته‌ كایه‌وه‌ (د. عبدالعزیز شرف،1998: 1) كه‌واته‌ خود له‌ دوو تۆیی هزر و كرده‌وه‌دا خۆی ده‌نووسێته‌وه و دووباره‌ له‌سه‌ر رووی لاپه‌ڕه‌كاندا ژیان دروست ده‌كاته‌وه‌:

له‌مه‌شدا هزری خود داینه‌مۆی كرده‌وه‌كانییه‌تی و ئه‌و ئه‌زموونه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی ده‌قێكی شیعریدا ده‌یخاته‌ ڕوو یه‌كانگیرێكه‌ له‌نێوان هزر و كرده‌وه‌دا. به‌دیوێكی دیكه‌شدا ده‌كرێت له‌ دایكبوونی ئه‌و ده‌قه‌ شیعرییه‌ش به‌ كرده‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی هزری خودی شاعیره‌كه‌ له‌ قه‌ڵه‌م بده‌ین و بازنه‌یه‌كی سووڕاوه‌ی هاوكێشه‌ی هزر و كرده‌وه‌ دروست بكه‌ین.
بێگومان خود نووسینه‌وه‌ یه‌كێكە له‌ جۆر و لكه‌كانی ژیاننامه‌، به‌و پێیه‌ی ژیاننامه‌ چه‌ند جۆرێكی هه‌یه‌ له‌وانه‌ش:
1ـ ژیاننامه‌ی گشتی: له‌و جۆره‌ ژیاننامه‌یه‌دا نووسه‌ر ژیانی كۆمه‌ڵه‌ كه‌سێك كه‌ خۆی ده‌ستنیشانی كردوون ده‌نووسێته‌وه‌.
2ـ ژیاننامه‌ی تایبه‌تی: ئه‌و ژیاننامه‌یه‌ ته‌نیا به‌ ده‌وری یه‌ك كه‌س ده‌خولێته‌وه‌ و هه‌موو بابه‌تی ژیاننامه‌كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ كه‌سێكی دیاریكراو، كه‌ ئه‌مه‌شیان دوو لكی لێ ده‌بێته‌وه‌:
أـ ژیاننامه‌ی خودی، یان خود نووسینه‌وه‌، كه‌ نووسه‌ر رووداو و به‌سه‌رهاته‌كانی ژیانی ده‌گێڕێته‌وه‌.
ب ـ ژیاننامه‌ی بابه‌تی: كه‌ نووسه‌ر رووداو و به‌سه‌رهاتی كه‌سێكی دیكه‌ ده‌نووسێته‌وه (نیعمه‌ قه‌ره‌نی،2012 :17).
بابه‌تی سه‌ره‌كی ئێمه‌ خود نووسینه‌وه‌یه‌ كه‌ لكێكه‌ له‌ ژیاننامه‌ی تایبه‌تی، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ تاك چه‌قی گێڕانه‌وه‌ دروست ده‌كات و هه‌وڵ ده‌دات ئه‌زموونی خۆی بۆ كه‌سانی ده‌ورووبه‌ری بگوازێته‌وه‌. مه‌به‌ست له‌م گوازتنه‌وه‌یه،‌ ئه‌گه‌رچی به‌نه‌مركردنی خوده‌ له‌ كۆی ژیاندا، له‌ هه‌مانكاتیشدا سوودگه‌یاندنه‌ به‌ كۆی هه‌ڵوێست و بینین و رامانه‌كانی بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ورووبه‌ر له‌ناخی بگه‌ن و بیخوێننه‌وه‌.
بێگومان خودنووسینه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ گێڕانه‌وه‌، چونكه‌ گێڕانه‌وه‌ زه‌مینه‌سازییه‌كی گه‌وره‌ ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی خود بتوانێت گوزارشت له‌ خۆی و له‌ گشت ئه‌زموون و جیهانبینی بكات. به‌هۆی ئه‌مه‌شه‌وه‌ ژیانی وه‌كو چیرۆكێك به‌رجه‌سته‌ ده‌كات و له‌ دووتوێی ژانرێكه‌وه‌ ده‌یخاته‌ڕوو، به‌و واتایه‌ی ((چیرۆكی ژیانی ـ یان چیرۆكێك له‌ چركه‌یه‌كی ژیانیدا ـ له‌ كۆمه‌ڵێك پێشنیاز پێكنه‌هاتووه‌، كه‌ بۆ هه‌ڵبژاردن بشێت، به‌ڵكو دروستكراوه‌ به‌و پێیه‌ی كه‌ گێڕانه‌وه‌یه‌، ئه‌مه‌ش كۆمه‌ڵێك رێوشوێن ده‌چه‌سپێنێت، كه‌ له‌گه‌ڵ پێداویستییه‌كانی گێڕانه‌وه‌ بگونجێت، هه‌روه‌ها ده‌بێت له‌گه‌ڵ ـ ئه‌وه‌ی رووداوه‌ ـ بۆ تاك، یان ئه‌وه‌ی كه‌ تاك بیری ده‌كه‌وێته‌وه‌ به‌و پێیه‌ی رووداوه‌، بگونجێت)) (جینز بروكمبیر و دونال كربو،2015: 53). به‌مشێوه‌یه‌ خود نووسینه‌وه‌، یان ژیاننامه‌ی خودی له‌رێگه‌ی گێڕانه‌وه‌ ده‌چێته‌ ناو بازنه‌ی ده‌ربڕین و له‌وێوه‌ زه‌مینه‌ی خۆڕاگه‌یاندن ده‌دۆزێته‌وه‌. ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌و به‌ ژانره‌كانی ئه‌ده‌ب دروست ده‌كات و ئه‌ده‌ب ده‌بێته‌ ئه‌و مینبه‌ره‌ی تاكه‌كان خودی خۆیان تێدا ده‌دۆزنه‌وه‌و ئه‌زموون و رامان و بینینه‌كانیان تێیدا به‌ ئه‌وانی دی ده‌گه‌یه‌نن، یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ش كه‌ وا ده‌كات تاك، به‌تایبه‌تیش نووسه‌ر و شاعیر ئه‌زموون و رامان و بیركردنه‌وه‌ و هه‌سته‌كانی ناوه‌وه‌ی خۆی له‌ڕێگای ئه‌زموونه‌كانی ژیانییه‌وه‌ به‌ ئه‌وانی دی بگه‌یه‌نێت، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ((ئاره‌زووی هه‌میشه‌ییه‌ بۆ نه‌مربوونی خودی خۆی، ئه‌و ئاره‌زووش له‌ كاتێكدا هه‌ست به‌ جیاوازی و جیاكاری خۆی ده‌كات، ده‌گه‌شێته‌وه و ده‌گاته‌ ئه‌وپه‌ڕی لووتكه‌ی ده‌ربڕین، له‌و حاڵه‌ته‌شدا هه‌ستێكی به‌هێز له‌لای دروست ده‌بێت، كه‌ ئه‌و مرۆڤێكه‌ شایه‌نی مانه‌وه‌یه‌ و ئاره‌زووی به‌ نه‌مربوونیشی زیاتر هه‌ڵده‌كشێ، به‌تایبه‌تیش له‌و حاڵه‌تانه‌ی كه‌ هه‌ست ده‌كات به‌ هه‌ر هۆیه‌ك له‌ هۆكاره‌كان له‌ مه‌رگ نزیك بۆته‌وه‌)) (تهاني عبدالفتاح شاكر، 2002: 25)، لێره‌شدا نووسه‌ر و شاعیران هه‌ست به‌ نه‌مانی جه‌سته‌یی خۆیان ده‌كه‌ن، پێش ئه‌وه‌ی مه‌رگ زه‌فه‌ریان پێ ببات، هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌ڕێگای گێڕانه‌وه‌ی بوون و ئاوه‌ڵاكردنی خودی خۆیان، پێش وه‌خته‌ نه‌مری به‌ده‌ست بهێنن و ئه‌وان ده‌ست له‌ مه‌رگ بوەشێنن و زه‌فه‌ری پێ ببن.
خود گێڕانه‌وه‌ مێژوویه‌كی كۆنی هه‌یه. له‌ مێژوودا گه‌لێك ده‌ق هه‌بووه‌ ژیاننامه‌ی خودیان وه‌كو بنچینه‌ وه‌رگرتووه‌و تێیدا كه‌سێك له‌باره‌ی ژیانی خۆیه‌وه‌ دواوه‌ و ئه‌زموون و بیركردنه‌وه‌كانی خستۆته‌ڕوو. به‌درێژایی مێژووش نووسه‌رو شاعیران په‌نایان بۆ خودنووسینه‌وه و خود گێڕانه‌وه‌ بردووه‌، به‌هۆی ئه‌م حاڵه‌ته‌شه‌وه‌ گه‌لێك شێوه‌ی جیاواز بۆ خود نووسینه‌وه‌و گێڕانه‌وه‌ی ئه‌زموون و ڕامان و بیركردنه‌وه‌كانی نووسه‌ران هاتۆته‌كایه‌وه‌. ئه‌م جیاوازییانه‌ و لێكه‌وته‌كانیان له‌ لایه‌ن (د. معجب الزهرانی)ییه‌وه‌ له‌ سێ ئاڕاسته‌ی سه‌ره‌كیدا كورت كراونه‌ته‌وه‌:
ـ ئاراسته‌ی یه‌كه‌م: نووسه‌رو شاعیر خود نووسینه‌وه و گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته‌كانی ژیان و ڕامان و بیركردنه‌وه‌كان وه‌كو ئامرازێك بۆ راگه‌یاندن و پرتستۆكردن و ئاشكراكردنی تاوانه‌كانی توندوتیژی ده‌سه‌ڵاتی سته‌مكار بۆ كائینی تاك به‌كارهێناوه‌. ئه‌مه‌ش له‌رێگای بوێری نووسینێك، كه‌ خود له‌ پێگه‌ی قوربانییه‌وه‌ بۆ پێگه‌ی مرۆڤێكی ئازاد و چالاك و به‌رگریكار له‌دژ هه‌موو جۆره‌ زوڵم و سته‌مێك ده‌گۆڕێت.
ـ ئاراسته‌ی دووه‌م: نووسه‌ر له‌رێگای خود نووسینه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌دات به‌وپه‌ڕی ئازادی و بابه‌تییه‌وه‌ دووباره‌ ئه‌زموونه‌كانی ژیانی كه‌سی خۆی پێك بهێنێته‌وه‌. لێره‌شدا ئامانج له‌ خود گێڕانه‌وه‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سته‌مكار، یان كۆمه‌ڵگه‌ نییه‌، به‌ڵكو قووڵكردنه‌وه‌ی تێگه‌یشتنی مه‌رجه‌ تایبه‌تی و گشتییه‌كانی ژیانه‌ كه‌ هۆشیاری خود پێك ده‌هێنێت .
ـ ئاراسته‌ی سێیه‌م: نووسه‌ر خود نووسین وه‌كو شێوه‌یه‌ك به‌كارده‌هێنێت بۆ داڕشتنه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌ جۆراوجۆره‌كانی ژیانی له‌ روانگه‌یه‌كی خۆشی و ئاهه‌نگگێڕانه‌وه‌. كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ئازاره‌كانی خود له‌ رێگای فێربوون و هۆشیارییه‌وه‌ به‌دیار ده‌كه‌وێت، له‌رێگای جوانییه‌كانی ژیان و په‌یوه‌ندییه‌ گه‌رموگوڕییه‌كانی نووسه‌ر كه‌ له‌ وێستگه‌یه‌كی تایبه‌تی ته‌مه‌نی تێیدا ژیاوه‌ (د. معجب الزهرانی، 2009: 97) .
ئه‌م ئاڕاستانه‌ی خود گێڕانه‌وه‌ بواری گوزارشت كردنیان له‌ ژانره‌ ئه‌ده‌بییه‌كانی وه‌كو چیرۆك و رۆماندا باشتر ده‌ڕەخسێت، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌و پانتاییه‌ فراوانه‌ی ئه‌م ژانرانه‌ له‌خۆیان گرتووه‌، وه‌لێ ئه‌وه‌ به‌ مانای ئه‌وه‌ نایه‌ت ژانره‌كانی دیكه‌ نه‌توانن خودنووسین له‌خۆ بگرن، به‌تایبه‌تیش شیعر كه‌ هه‌ر له‌گه‌ڵ بوونی مرۆڤه‌وه‌ خه‌ون و ئاوات و هه‌سته‌كانی مرۆڤی ده‌ربڕیوه و به‌شێكی گرنگی له‌ ژیانی خودی مرۆڤه‌كانی پێكهێناوه‌. به‌ واتایه‌كی دیكه‌ شیعر ئه‌وه‌نده‌ په‌یوه‌سته‌ به‌خود كه‌ تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی قووڵایی خودی مرۆڤه‌كان ده‌رده‌بڕێت و له‌گه‌ڵ خودی مرۆڤه‌كاندا شه‌نوكه‌و ده‌كات. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه‌ شیعر وابه‌سته‌ی خوده‌ و خودی مرۆڤ ئاوێنه‌ی شیعر پێكده‌هێنێت. بۆیه‌ خودنووسین له‌گه‌ڵ شیعردا مامه‌ڵه‌یه‌كی تایبه‌تی ده‌وێت، كه‌ بتوانێت هه‌موو بیركردنه‌وه‌و ڕامان و بینینه‌كانی مرۆڤ له‌خۆ بگرێت. له‌م روانگه‌یه‌وه‌ شاعیران له‌ هه‌موو كه‌سێك زیاتر وابه‌سته‌ی خودی خۆیان و ژیانی تایبه‌تی خۆیانن، ئه‌و ژیانه‌ی كه‌ ناوه‌وه‌یان دروست ده‌كات و هه‌میشه‌ له‌ كه‌سانی دیكه‌یان جیا ده‌كاته‌وه‌. به‌م پێیه‌ش شاعیر له‌ ده‌قه‌كانیدا نمایشی خودی خۆی به‌ چڕی ده‌كات و هه‌وڵ ده‌دات خودی خۆی پیشانی ئه‌وی دی بدات.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پێكهاته‌ و ته‌كنیكی شیعر چڕو كورت و پوخته‌ و له‌ چه‌ند وشه‌یه‌كدا ده‌گیرسێته‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش بواری كه‌متر به‌ شاعیر ده‌دات خودی خۆی نمایش بكات، بۆیه‌ ده‌كرێت شیعر پانتاییه‌كی داخراو بێت بۆ خودنووسین، به‌و واتایه‌ی شاعیران له‌ ده‌قه‌كانیاندا به‌ كه‌مترین وشه‌ ده‌بێت بینین و ڕامانه‌كانی خۆیان باس بكه‌ن، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات له‌ژیانی خۆیاندا لێره‌ و له‌وێ چه‌ند وێستگه‌یه‌كی گرنگ و كاریگه‌ر هه‌ڵبژێرن و به‌پێی ته‌كنیكی نووسینی شیعر ئه‌و ئه‌زموونه‌ی ژیانیان باس بكه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ قورسترین خودنووسین، ئه‌و خودنووسینانه‌ن به‌ شیعر ژیاننامه‌ و ئه‌زموونی خۆیان ده‌گێڕنه‌وه‌.
ئه‌و ته‌كنیك و ئامرازانه‌ی له‌ده‌ست شاعیر دا هه‌یه‌، بۆ خودنووسین، ره‌نگه‌ زۆر كه‌م و دیاریكراو بێت له‌ چاو ئه‌و ته‌كنیك و ئامرازانه‌ی به‌ده‌ست چیرۆكنووس و رۆماننووسانه‌وه‌ هه‌ن، بۆیه‌ گه‌لێك له‌ شاعیران له‌رێگای بیره‌وه‌ری په‌خشانئامێز ئه‌زموونی ژیانیان ده‌گێڕنه‌وه‌. ئه‌وانه‌ی به‌شیعر ئه‌زموونی ژیانیان ده‌گێڕنه‌وه‌ هه‌میشه‌ ژماره‌یان كه‌متره‌، چونكه‌ باڵاده‌ستی و شاره‌زاییه‌كی زۆری پێویسته‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش شاعیر ده‌بێت به‌ ته‌واوی زاڵ بێت به‌سه‌ر ده‌قه‌كه‌ی و ته‌كنیكی گێڕانه‌وه‌ تێكه‌ڵی ته‌كنیكی شیعر بكات، ئه‌مه‌ش كارێكی قورسه‌ و به‌هه‌موو كه‌سێك ناكرێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌قی شیعری خودنووسین، ده‌قێكی ئاڵۆز و تێكچرژاوه‌، چونكه‌ له‌ یه‌ك كاتدا هونه‌ره‌كانی گێڕانه‌وه‌و ته‌كنیكه‌كانی شیعر له‌ بۆته‌ی یه‌ك ده‌قدا كۆده‌كاته‌وه‌. شاعیر ده‌بێت جیا له‌باسكردنی چه‌ند وێستگه‌یه‌كی ژیانی، له‌هه‌مانكاتیشدا ئاگاداری ته‌كنیكه‌كانی شیعر بێت و لێیان لا نه‌دات.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا (سه‌باح ره‌نجده‌ر) ده‌قێكی شیعری بۆ به‌شێك له‌وێستگه‌كانی ژیانی ته‌رخان ده‌كات و له‌ چوارچێوه‌ی هونه‌ری شیعری و هونه‌ره‌كانی گێڕانه‌وه‌، خودنووسین به‌ جێ ده‌گه‌یه‌نێت. له‌م ده‌قه‌دا ناونیشان، كه‌ ( 18/11/1965)ه‌. ناونیشانێكی سه‌رنج راكێشه‌، چونكه‌ ناونیشانی ده‌قه‌كه‌ پیت و وشه‌ نییه‌، به‌ڵكو ژماره‌یه‌ـ ئه‌و ژماره‌یه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر وه‌رگرتنی ده‌قه‌كه‌ هه‌یه‌، چونكه‌ به‌كارهێنانی ژماره‌ بۆ ناونیشان خۆی له‌ خۆیدا جۆرێك له‌ ته‌مومژ و ئاڵۆزی هه‌ڵده‌گرێت. له‌هه‌مان كاتیشدا كۆمه‌ڵێك پرسیاری له‌هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵده‌گرێت و خوێنه‌ر عه‌وداڵی ئه‌وه‌ ده‌كات به‌دوای وه‌ڵامه‌كاندا بگه‌ڕێت. ئه‌گه‌ر له‌ روانگه‌یه‌كی مێژووییش له‌ به‌كارهێنانی ژماره‌ له‌ناو ئه‌ده‌بیاتدا وردبینه‌وه‌. ده‌بینین كه‌ ژماره‌ رۆڵی خۆی له ناو ئه‌ده‌بیاتدا گێڕاوه‌ و له‌ گه‌لێك ده‌قدا په‌نای بۆ بردراوه‌، به‌تایبه‌تیش له‌ ئه‌فسانه‌دا ژماره‌ كاریگه‌ری و قورسایی خۆی هه‌یه‌، هه‌ر بۆ نموونه‌ ژماره‌ (7) له‌ ئه‌فسانه‌كاندا خاوه‌ن هێزێكی تایبه‌ت و سیحراوییه‌ و كۆدێكه‌ بۆ گه‌لێك شت به‌كارده‌هێنرێت و چاره‌نووس ده‌خوێنێته‌وه‌. بۆیه‌ به‌كارهێنانی ژماره‌ له‌لایه‌ن (ره‌نجده‌ر) بۆ ئه‌و ده‌قه‌ هه‌ڕه‌مه‌كی و له‌ خۆوه‌ نه‌بووه‌، به‌ڵكو مه‌به‌ست و ئامانجێكی دیاریكراوی هه‌بووه‌. پێش هه‌موو شتێك ئه‌و ژمارانه‌ هه‌ر ژماره‌ی ئاسایی نین، به‌ڵكو مێژوون، واته‌: ده‌لاله‌ته‌ له‌ كات، كاته‌كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ رۆژ و مانگ و ساڵ. كه‌واته: لێره‌دا ناونیشان سێ پارچه‌ی كاتی كۆكردۆته‌وه‌و ئاماژه‌ی به‌ سێ كاتی جیاواز داوه‌، ئه‌مه‌ش له‌ خۆیدا قورسایی و پێگه‌یه‌ك به‌ ناونیشانه‌كه‌ ده‌به‌خشێت و ده‌رگای گومان و پرسیارگه‌لێك ده‌كاته‌وه‌ كه‌ خوێنه‌ر وا لێ ده‌كات هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌به‌رانبه‌ردا بكات و خۆی په‌یوه‌ستی ده‌قه‌كه‌ بكات و به‌دوای وه‌ڵامدا بگه‌ڕێت. دیاره‌ ناونیشان كلیلی كردنه‌وه‌ی ده‌رگای ده‌قه‌ و به‌هۆی ناونیشانه‌وه‌ ده‌توانین بچینه‌ ناو كۆشك و ته‌لاری ده‌قه‌وه‌. ناونیشان یه‌كه‌م پارچه‌ی ده‌قه‌ كه‌ به‌ركه‌وته‌ی راسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ خوێنه‌ر دروست ده‌كات. بۆیه‌ تا ناونیشان به‌هێز و ئامانجدار بێت ئه‌وه‌نده‌ به‌ركه‌وته‌كه‌ی به‌هێزتر ده‌بێت و زیاتر خوێنه‌ر گیرۆده‌ی خۆی ده‌كات. ئه‌گه‌ر به‌وردی له‌ناونیشان وردبینه‌وه‌، ده‌لاله‌ته‌ بۆ رۆژێكی ساڵ. واته: قورسایی ناونیشانه‌كه‌ له‌ رۆژێكدا كۆكراوه‌ته‌وه‌. چونكه‌ كاتێك به‌روارێك به‌م شێوه‌یه‌ ده‌نووسرێت، زیاتر مه‌به‌ست له‌ رۆژه‌كه‌یه‌، به‌ بێ ئه‌وه‌ی مانگ و ساڵه‌كه‌ش فه‌رامۆش بكرێن. به‌ڵام قورسایی رووداوه‌كه‌ زیاتر له‌و رۆژه‌دا كۆبۆته‌وه‌، نووسه‌ر ئه‌گه‌رچی مه‌به‌ستی ساڵ و مانگیشه‌، به‌ڵام دیاره‌ رۆژه‌كه‌ش له‌هه‌مووان گرنگتر بووه‌. به‌ وردبوونه‌وه‌و خوێندنه‌وه‌ی ناوه‌رۆكه‌كه‌ی زیاتر له‌مه‌به‌ست و ئامانجی شاعیر ده‌گه‌ین، كه‌ بۆچی ئه‌و به‌رواره‌ی كردۆته‌ ناونیشانی ده‌قه‌كه‌ی، چونكه‌ ناونیشانێكی وه‌ها راسته‌وخۆ هیچ تێگه‌یشتنێك و كۆدێك نادات به‌ده‌سته‌وه‌، وه‌لێ كاتێك په‌یوه‌ستی ده‌كه‌ین به‌ ناوه‌رۆكەكە‌یه‌وه‌، ئه‌وا یه‌كسه‌ر ئامانج و مه‌به‌ستی ئاشكرا ده‌بێت. به‌تایبه‌تیش كه‌ ناوه‌رۆكی ده‌قه‌كه‌ خود گێڕانه‌وه‌یه‌، واته‌: گێڕانه‌وه‌ی ژیانی رابردووی شاعیره‌، ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت ژیاننامه‌ی شاعیر ده‌بێته‌ چه‌قی پێكهێنانی ده‌قه‌كه‌، بۆیه‌ شاعیر به‌رواری له‌دایكبوونی خۆی، راسته‌وخۆ ده‌كاته‌ ناونیشانی ده‌قه‌كه‌. كه‌واته: ئه‌و ژمارانه‌ ئاماژه‌ به‌ رووداوێك ده‌كه‌ن، ئه‌ویش رووداوی له‌دایكبوون و هاتنه‌ سه‌ر ته‌ختی شانۆی ژیانی شاعیره‌. لێره‌دا خوێنه‌ر یه‌كڕاست له‌ ناونیشانه‌وه‌ به‌ركه‌وته‌ی له‌گه‌ڵ خودگێڕانه‌وه‌ ده‌بێت و رووداوێكی گه‌وره،‌ كه‌ له‌ دایكبوونی شاعیره‌ ده‌بێته‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێكی ئه‌و خود گێڕانه‌وه‌یه‌، به‌دیوێكی دیكه‌دا شاعیر ته‌نانه‌ت سوودی له‌ ناونیشانیش بینیوه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ی ژیاننامه‌كه‌ی. كه‌واته: ناونیشان سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كاته‌ و ئاماژه‌ به‌ پارچه‌كانی كات ده‌كات، له‌ناوه‌رۆكیشدا ئاماژه‌ بۆ رووداو دەكات، كه‌ ئه‌ویش رووداوی له‌ دایكبوونی خودی شاعیر خۆیه‌تی. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ناونیشان وه‌سف، یان ستایش نه‌بووه‌، به‌ڵكو به‌شێك بووه‌ له‌ خودگێڕانه‌وه‌ی ژیانی شاعیره‌كه‌ خۆی. ئه‌مه‌ش به‌هێزی بۆ ده‌قه‌كه‌ دروست كردووه‌ و خوێنه‌ری راكێشاوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وڵ بدات بزانێت له‌و به‌رواره‌ چی روویداوه‌ .
به‌تایبه‌تیش شاعیر له‌ ده‌ستپێكی ده‌قه‌كه‌یدا ئاماژه‌كانی راسته‌وخۆ به‌ ناونیشانه‌وه‌ به‌ستاوه‌ته‌وه‌، ده‌ستپێكی هه‌ر ده‌قێكیش گرنگی و بایه‌خی هونه‌ری خۆی هه‌یه‌، چونكه‌ ده‌ستپێك زه‌مینه‌خۆشكه‌رێكه‌ تاوه‌كو خوێنه‌ران بتوانن به‌ ئاسانی و به‌ بێ زۆر له‌ خۆكردن بچنه‌ ناو ده‌قه‌كه‌وه‌. ده‌ستپێك وه‌كو هونه‌رێك ستراتیژ و رایه‌ڵه‌كانی گشتی ده‌قه‌كه‌ دروست ده‌كات، له‌وێوه‌ نووسه‌ر هه‌وڵ ده‌دات كرۆكی بابه‌ته‌كه‌ی بۆ خوێنه‌ران ئاشكرا بكات. چه‌ند ده‌ستپێك به‌هێز و سه‌رنج راكێش بێت، ئه‌وه‌نده‌ ده‌قه‌كه‌ به‌هێز ده‌بێت و خوێنه‌ر كه‌مه‌ندكێش ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بچێته‌ ناوه‌رۆكی ده‌قه‌كه‌وه‌ و به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌. ئه‌گه‌ر سه‌یری ده‌ستپێكی ئه‌و ده‌قه‌ش بكه‌ین كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ ده‌ست پێ ده‌كات:

ساڵەكان ماندوون و گۆرانی نیوه گوتراون
دیوانەكەم لەلایەك دادەنێم و داوا له خودا دەكەم
ئەو چاكەیەم لەگەڵدا بكات
له ڕۆژی لەدایكبوونم كۆچ و باربم (سه‌ره‌تا وشه‌ بوو: 3)

ده‌بینین راسته‌وخۆ په‌یوه‌سته‌ به‌ ناونیشانه‌وه‌، به‌واتایه‌كی دیكه‌ ناونیشان به‌رده‌وامی به‌خۆی ده‌دات و له‌ ده‌ستپێكدا هێڵه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی داده‌ڕێژێته‌وه‌. خود گێڕانه‌وه،‌ یان ژیاننامه‌ی خودی په‌یوه‌سته‌ به‌ كاته‌وه‌ و به‌واتای گێڕانه‌وه‌ی كاتی رابردوو ده‌گه‌یه‌نێت، كه‌واته: مادده‌ی خامی خودگێڕانه‌وه‌ كاته‌، ئه‌و كاته‌شه‌ كه‌ بڕبڕه‌ی پشتی ده‌قی ژیاننامه‌یی پێكده‌هێنێت، ئه‌و ئاماژه‌یه‌ له‌ ده‌ستپێكدا به‌ڕوونی به‌دیار ده‌كه‌وێت و یه‌كه‌م وشه‌ی ده‌قه‌كه‌ به‌ (ساڵه‌كان) ده‌ست پێ ده‌كات. ساڵه‌كان، واته: كۆی گشتی ئه‌و كاتانه‌ی شاعیر تێیدا ژیاوه‌، به‌م شێوه‌یه‌ هه‌ر له‌ یه‌كه‌م وشه‌ی ده‌ستپێكدا شاعیر ستراتیژ و رێگای بینینی بۆ خوێنه‌ران رۆشن كردۆته‌وه‌، كه‌ ده‌قه‌كه‌ ژیاننامه‌ییه‌ و باس له‌ ساڵانی رابردووی ژیانی ده‌كات. ئه‌و روون كرده‌وه‌ و ناسینه‌ی شاعیر ویستوویه‌تی له‌ ده‌ستپێكدا خوێنه‌رانی پێ ئاشنا بكات به‌وه‌ ده‌ستی پێكردووه‌ (ساڵەكان ماندوون و گۆرانی نیوه گوتراون) واته: قورسایی ده‌ستپێك كاته‌، ئه‌و كاته‌ی شاعیر له‌ناویدا ژیاوه‌و له‌ ئێستا كۆتایی هاتووه‌ و شاعیر هه‌وڵ ده‌دات له‌ رێگه‌ی ده‌قه‌وه‌ دووباره‌ بچێته‌وه‌ ناو ئه‌و ژیانه‌ رابردووه و زیندووی بكاته‌وه‌. له‌ هه‌مانكاتیشدا له‌ رێگه‌ی ئه‌و دێره‌ی یه‌كه‌مه‌وه‌ ئاماژه‌ به‌و‌ هه‌موو‌ نه‌هامه‌تیی و ناخۆشییه‌ ده‌دات، له‌ناو ژیانیدا ئه‌زموونی كردووه‌ و ساڵه‌كان ماندوون به‌ واتای هیلاكی و ناخۆشی رووداوه‌كانی ته‌مه‌نی شاعیر دێت و له‌وێوه‌ شاعیر كه‌ ئێستا له‌ ژیاندا ماوه‌ گه‌لێك ئاوات و ئاره‌زووی هه‌بووه‌و به‌شێكیان به‌زیندوویی مردوون و به‌شێكیان ره‌نگه‌ تا نیوه‌ جێبه‌جێ كرابن، گۆرانی نیوه‌ گوتراون ده‌لاله‌تێكه‌ كه‌ هێشتا شاعیر له‌ ژیاندا ماوه‌و هه‌وڵی به‌دیهێنانی خه‌ون و ئاواته‌كانی ده‌دات. له‌م دێڕه‌وه‌ راسته‌وخۆ ناونیشان و ده‌ستپێك له‌ناو بۆته‌ی یه‌ك ستراتیژدا تێكه‌ڵ ده‌بن و خودگێڕانه‌وه‌ ره‌نگڕێژ ده‌كه‌ن.

دیوانەكەم لەلایەك دادەنێم و داوا له خودا دەكەم
ئەو چاكەیەم لەگەڵدا بكات
له ڕۆژی لەدایكبوونم كۆچ و باربم (سه‌ره‌تا وشه‌ بوو: 3)

هه‌ر له‌ ده‌ستێیكدا شاعیر پێناسه‌ی خۆی و كارو پیشه‌ی خۆی ده‌كات و ده‌سته‌واژه‌ی دیوانه‌كه‌م له‌لایه‌ك داده‌نێم ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت شاعیربوون پیشه‌كه‌یه‌تی و له‌و رێگه‌یه‌وه‌ شاعیر به‌شێكی گرنگ له‌ ژیانی خۆی بۆ وه‌رگر ئاشكرا ده‌كات و هه‌وڵ ده‌دات له‌ پیشه‌ی شاعیری خۆی دوور بكه‌وێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت ژیاننامه‌ی خودی خۆی دوور له‌ كاریگه‌ری و كارتێكردنه‌كانی شاعیربوونی بگێڕێته‌وه‌، بۆیه‌ ئاماژه‌ به‌ رۆژی له‌ دایكبوونی خۆی ده‌كات و له‌گه‌ڵ ناونیشانی ده‌قه‌كه‌ رێك ده‌كه‌وێته‌وه‌ كه‌ رووداوی له‌ دایكبوونی خۆیه‌تی، دووباره‌ لێره‌دا ناونیشان و ده‌ستپێك تێكده‌ئاڵێن و ستراتیژییه‌تی ده‌ق داده‌ڕێژن. له‌و ده‌ستپێكەدا شاعیر ساتی له‌ دایكبوونی زۆر به‌ روونی له‌رێگای ناونیشانی ده‌قه‌وه‌ دیاریكردووه‌. له‌هه‌مانكاتیشدا به‌ ده‌سته‌واژه‌یه‌ك ژیانی خۆی كورت و پوخت كردۆته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت: (له ڕۆژی لەدایكبوونم كۆچ و باربم) بە واتای ئه‌وه‌ی ژیانێكی تژی له‌ ناخۆشی و نه‌هامه‌تی هه‌بووه‌، كۆچ و بار پێچه‌وانه‌ی نیشته‌جێییه‌، ئه‌وی یه‌كه‌میان بارێكی ناسه‌قامگیر و ناچه‌سپیوه‌ و كه‌ هه‌میشه‌ له‌ گۆڕاندایه‌، وه‌لێ ئه‌وه‌ی دووه‌میان بارێكی چه‌سپاوه و سه‌قامگیره‌ كه‌ گۆڕانی زۆر سست و له‌سه‌ر خۆیه‌. بۆیه‌ ده‌بینین له‌ ده‌ستپێكدا شاعیر هه‌م رۆژی له‌ دایكبوونی خۆی دیاری ده‌كات و هه‌میش رۆژگاری ژیانی خۆی باس ده‌كات. بێگومان هه‌ر كه‌سێك له‌ دایك بێت، ده‌شمرێت، واته: هه‌موو سه‌ره‌تایه‌ك، كۆتاییه‌كی هه‌یه‌، بۆیه‌ شاعیر هه‌ر له‌و ده‌ستپێكەدا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی دووباره‌ جه‌خت له‌سه‌ر ناجۆری ژیانی ده‌كاته‌وه‌، ئاره‌زووی مردنێكی باشتر له‌ چاو ژیانی ده‌كات، كاتێك ده‌ڵێت: (داره‌بازه‌ی بۆنخۆشیشم بەرز بكرێتەوه ناو ڕووناكییەكی بەهێز) داره‌ بازه‌ وه‌كو كۆدێكه‌ شاعیر بۆ مه‌رگی به‌كارهێناوه‌، ده‌كرێت لێره‌دا پرسیاری ئه‌وه‌ش بكه‌ین كه‌ بۆ راسته‌وخۆ (مردن، مه‌رگ) ئه‌و وشانه‌ی به‌كارنه‌هێناوه‌، دیاره‌ بوونی دارەبازه‌ هێشتا جه‌سته‌ی كه‌سه‌كه‌ له‌ناو ژیاندا ماوه‌و نه‌چۆته‌ ژێر گڵ، له‌كاتێكدا مردن و مه‌رگ هه‌موو شتێكی بڕاندۆته‌وه‌ و كۆتایی هاتووه‌، چونكه‌ شاعیر هێشتا له‌ ژیاندا ماوه‌ داره‌بازه‌ ئه‌و هیوایەیە‌ كه‌ هێشتا به‌ جه‌سته‌ش بێت له‌ ژیاندا ده‌مێنێته‌وه‌و ئاره‌زووی ئه‌وه‌ ده‌كات به‌ رووناكی بگات و له‌و شه‌وه‌ تاریكی ژیانی رزگاری ببێت.
ده‌قی شیعری ده‌قێكی هێمادار و پڕ له‌ ره‌مزو كۆده‌ و رسته‌كانی كورت و پوختن، بۆیه‌ بۆ باسكردنی بابه‌تێكی وه‌كو ژیاننامه‌، قورسه‌ بتوانرێت ته‌واوی ورده‌كارییه‌كانی رۆژانه‌ی ژیان و به‌سه‌رهاته‌كانی تێدا تۆمار بكرێت. لەبەر ئەوە شاعیر به‌ ناچاری به‌شێك له‌وێستگه‌ گرنگه‌كانی ژیانی هه‌ڵبژاردووه‌، ئه‌و وێستگانه‌ی كاریگه‌ری و كارتێكردنێكی قووڵیان له‌سه‌ر ئه‌و و كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی هه‌بووه‌و رامان و بینینه‌كانی ئه‌ویان گۆڕیوه‌و هه‌سته‌كانیان خه‌ملاندووه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ شاعیر په‌نای بۆ (وێنه‌ چیرۆك) بردووه‌و هه‌وڵی داوه‌ له‌رێگای وێنه‌ جۆراجۆره‌كانی ژیانییه‌وه‌ به‌شێك له‌ هه‌ڵوێست و تێڕوانییه‌كانی خۆی باس بكات، له‌ یه‌كێك له‌و وێستگانه‌ی ژیانی و له‌ رێگای وێنه‌ چیرۆكێكه‌وه‌ باس له‌ نه‌هه‌ماتییه‌كانی شه‌ڕی ناوخۆ ده‌كات:

هەواڵی بای جەنگی ناو چیاكانم پرسی
بۆنی پیس و ناقۆڵای لوولەی تفەنگم بۆ هات
خۆشی له خۆم
ڕازی كەروێشكێكم نەشكاندووه
مێشێكیشم لەكەدار نەكردووه (سه‌ره‌تا وشه‌ بوو: 4)

لێره‌دا شاعیر ژیانی خۆی له‌ناو چوارچێوه‌ی شه‌ڕی نه‌گریسی ناوخۆیی ده‌گێڕێته‌وه‌، بێگومان له‌گه‌ڵ هه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌و لاپه‌ڕه‌ ره‌شانه‌ی مێژووش، هه‌ڵوێستی شاعیر له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و كاره‌ نه‌گریسه‌یه‌ روون و ئاشكرایه‌ و به‌توندی دژی ئه‌و كاره‌یه‌ و به‌ بۆنێكی پیس له‌ مێژووی نه‌ته‌وه‌كه‌ی و له‌ مێژووی خودی خۆی دایده‌نێت. پرسینی هه‌واڵی جه‌نگ به‌و مانایه‌ دێت، كه‌ شاعیر روانین و بیركردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و جه‌نگه‌ له‌به‌رانبه‌ر دوژمن ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ برایه‌كان ده‌ستیان چۆته‌ خوێنی یه‌كتر، ئیدی رووبارێك خوێن رێچكه‌ی كردووه‌ و به‌ده‌ستی یه‌كترییه‌وه‌ وشك نابێت و به‌رده‌وام له‌ ره‌وكردندایه‌. ئه‌و كاره‌ قێزه‌ونه‌ مرۆڤ فێری ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ هه‌میشه‌ توندڕه‌و و تاوانبار بێت و له‌ هه‌موو به‌هایه‌كی مرۆڤایه‌تی ببەخشرێت. شاعیر خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره‌ مرۆڤانه‌ به‌راورد ده‌كات، له‌وێنه‌یه‌كی شیعریدا ئه‌وه‌ روون ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و ته‌نانه‌ت رازی كه‌روێشك و مێشكیشی له‌كه‌دار نه‌كردووه‌، چ جا له‌وه‌ی كه‌ مرۆڤێك خه‌ڵتانی خوێن بكات. ئازاره‌كانی ئه‌و شه‌ڕه‌ نه‌گریسه‌ی برایه‌كانی چیا، ئه‌وه‌ندە به‌سۆیه‌ شاعیر له‌دوای خۆ ناساندن و چه‌سپاندنی رۆژی له‌ دایكبوونی یه‌كڕاست ده‌چێته‌ سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ كاریگه‌ری و كارتێكردنێكی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ده‌روونی شاعیر دروست كردووه‌، هه‌ڵبژاردنی وه‌ها بابه‌تێك بۆ ئه‌وه‌ی وه‌كو یه‌كه‌م وێستگه‌ی ژیانی شاعیر ئه‌وە روون ده‌كاته‌وه‌ كه‌ خودی شاعیر له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌و مێژووه‌ سوور و ره‌شه‌وه‌ گۆڕاوه‌و كه‌وتۆته‌ ناو بارودۆخێكی دیكه‌وه‌. بارودۆخێك ئێش و ئازارێكی بێ وێنه‌ی له‌گه‌ڵ دروست كردووه‌و ناخی شاعیری هه‌ژاندووه‌. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ شاعیر باسی منداڵی خۆی ناگێڕێته‌وه‌ وه‌كو وێستگه‌ی سه‌ره‌تا، چونكه‌ منداڵی جیهانی بێ تاوانی و په‌پووله‌ییه‌، به‌ڵكو جیهانی دڕنده‌ و خوێن ڕیشتن ده‌كاته‌ سه‌ره‌تا. به‌دیوێكی دیكه‌دا شاعیر ده‌یه‌وێت پێمان بڵێت ئه‌و شه‌ڕە نه‌گریسانه‌ی برایانی چیا منداڵی ئێمه‌یان كوشت و هه‌رگیز مرۆڤی كورد نه‌یتوانیوه‌ قۆناغی منداڵی بژیت و خه‌ون و جوانییه‌كانی ئه‌و قۆناغه‌ بكاته‌ ملوانكه‌ی هه‌ڵگرتنی بۆ ته‌مه‌نه‌كانی دیكه‌، به‌ڵكو ئه‌و جه‌نگه‌ ملوانكه‌یه‌كی له‌ملی مرۆڤی كورد داناوه‌ كه‌ به‌خوێنی برایه‌كه‌ی خۆی دروست كراوه‌. شاعیر ته‌نیا به‌ نیشاندانی وێرانه‌ی خودی خۆی وه‌كو لێكه‌وته‌ی شه‌ڕی براكوژی ناوه‌ستێت، به‌ڵكو وێرانه‌ی خه‌ڵك و میلله‌ته‌كه‌شی وێنا كردووه‌و پیشانی داوه‌:

بەناو خەڵكدا تێپەڕیم
ویستم دوا وشەیان لێ وەرگرم و دوا وشەشم ببیستن
ڕوخسارەكان گرمۆڵه ببوون
مردنیش بەردەوام ڕووی دەدا
بیرم له ئاسمانی به باران كردبووەوه و هاتبووم
گوللەی گیربوو له زمانیان دەربهێنم
كوورەی ئەتۆمیش
وەك دەمی بوڕكانێكی دامركاو دابخەم (سه‌ره‌تا وشه‌ بوو: 4)
بارودۆخی خه‌ڵك وه‌كو ده‌رئه‌نجامی شه‌ڕی نه‌گریسی ناوخۆ گه‌لێك دژوار بووه‌ و شاعیر له‌خودی خۆیه‌وه‌ خودی ئه‌وانی دیكه‌مان بۆ روون ده‌كاته‌وه‌ له‌ چه‌ند وێنه‌یه‌كی شیعریدا كه‌ زیاتر په‌نای بۆ هێما خه‌مبار و دڵته‌نگییه‌كان بردووه‌، هه‌وڵیداوه‌ ئه‌و بارودۆخه‌ وێنا بكات و رووخساری مرۆڤی سه‌رده‌می شه‌ڕی برایانی چیا و مردنه‌ به‌رده‌وامه‌كان پیشان بدات. له‌هه‌مانكاتیشدا هه‌ڵوێسته‌كان دژی ئه‌و شه‌ڕه‌ روون ده‌كاته‌وه‌ ده‌سته‌واژه‌ی گولله‌ی گیربوو له‌ زمانیان، گوزارشتی له‌و باوردۆخه‌ كردووه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات هه‌میشه‌ به‌ گولله‌ وه‌ڵامی داواكاری و داخوازییه‌كانی جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی داوه‌ته‌وه‌ و هه‌وڵی ده‌مكوتكردنی هه‌موو ده‌نگێكی نارازیی داوە. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش خودی شاعیر هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ كه‌ وه‌كو كووره‌یه‌كی ئه‌تۆمه‌ دابخات و تا هه‌تا دابمركێته‌وه و خه‌ڵكی له‌ده‌ستی رزگاریان ببێت. شاعیر كاتێك له‌ خودی خۆیه‌وه‌ ده‌چێته‌ ناو جه‌ماوه‌ره‌وە و له‌وێشه‌وه‌ وێنه‌كه‌ گه‌وره‌ ده‌كاته‌وه‌ و وێنای جیهانی سه‌رده‌می ژیانی خۆشی ده‌كاته‌وه‌:

تاریكایی جیهانیشم لەپێشه
پێویسته من ئارام بم
شیعر ئەندازەی ئازارەكانی زەوی و بیرەوەری شوێنپێكان
كردوومت به خوێنی پشتی خۆت
له گۆڕستانی شادمانیی ئاوێتەی خاكم كه
(سه‌ره‌تا وشه‌ بوو: 5)

شاعیر بارودۆخی سه‌رده‌می ژیانی ده‌خاته‌ڕوو كه‌ ئه‌ویش وه‌كو خودی خۆی و نیشتمانه‌كه‌ی تاریكه‌، به‌ڵام ئه‌و تاریكیانه‌ جیاوازن، تاریكی خودی خۆی، تاریكایی مرۆڤێكه‌ به‌ دیدێكی شاعیرییه‌وه‌ پێی ناوه‌ته‌ جیهان و ده‌یه‌وێت بوونی خۆی له‌و جیهانه‌دا بچه‌سپێنێت، تاریكایی نیشتیمانیش له‌ ژێر چه‌پۆكی داگیركاری و شه‌ڕی برایانی چیادا نقووم بووه‌، وه‌لێ تاریكایی جیهان له‌ بێده‌نگی و بێ هه‌ڵوێستی به‌رانبه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی و خوێنڕشتنی مرۆڤه‌كانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه،‌ واته‌: تاریكی جیهان چه‌ند قاتی تاریكی خودی خۆی و نیشتیمانه‌كه‌ی قورستره‌، چونكه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ ژیانی خۆی و خه‌ڵكیدا روو ده‌ده‌ن له‌ ئه‌نجامی بێ هه‌ڵوێستی و بێده‌نگی جیهانی ده‌ره‌وه‌یه‌. بۆیه‌ شاعیر له‌ ئاست ئه‌و زوڵمه‌ گه‌ورانه‌وه‌ داوای ئارامی له‌ خودی خۆی ده‌كات و رێگای شیعر هه‌ڵده‌بژێرێت، بۆ ئه‌وه‌ی په‌یام و رامانه‌كانی به‌ ئه‌وانی دیكه‌ بگه‌یه‌نێت. ئازاره‌كانی زه‌وی و بیره‌وه‌ری شوێن و مرۆڤه‌كان، خودی كه‌سه‌كه‌ ده‌كه‌نه‌ شاعیر و شاعیر شیعر ده‌كاته‌ خوێنی خۆی. به‌و واتایه‌ی چۆن مرۆڤ بێ خوێن توانای ژیانی نییه‌، شاعیریش به‌بێ شیعر توانای ژیانی نییه‌. كه‌واته‌: شیعر ده‌بێته‌ یه‌كێك له‌ نه‌ریته‌ رۆژانه‌ییه‌كانی شاعیر و هه‌میشه‌ به‌هۆی شیعره‌وه‌ ده‌ژیت. له‌م وێستگه‌ی ژیانیدا شاعیر له‌ دوای باسكردنی شه‌ڕی برایانی چیا، وێستگه‌یه‌كی دیكه‌ی گرنگی هه‌ڵبژاردووه‌ بۆ باسكردن، ئه‌ویش بوون به‌ شاعیر و خووگرتن به‌ شیعره‌وه‌ بووه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت شاعیر بۆ ده‌ربازبوون له‌و بارودۆخه‌ ناهه‌مواره‌ په‌نای بۆ ئه‌ده‌ب و شیعر هێناوه‌ و ئه‌و رێگه‌یه‌ی به‌ باشترین
رێگه‌ هه‌ڵبژاردووه‌ و ئێمه‌ی له‌ به‌رانبه‌ر ئەم هاوكێشه‌یه‌دا وه‌ستاندووه،‌ كه‌ ئه‌ویش شه‌ڕی براكوژی به‌رانبه‌ر به‌ شیعر.

ئه‌م هاوكێشه‌ ژیانی سه‌ره‌تایی شاعیری پێكهێناوه‌ و هه‌وڵیداوه‌ له‌ چه‌ند وێنه‌یه‌كی شیعری و به‌ چه‌ند وێستگه‌یه‌ك له‌ خود گێڕانه‌وه‌دا روونیان بكاته‌وه‌. له‌و هاوكێشه‌یه‌دا شاعیر دوای ئازارێكی زۆر له‌ده‌ست لێكه‌وته‌كانی شه‌ڕه‌وه‌، ئه‌و هه‌میشه‌ له‌به‌ری شیعر‌ بووه‌ و ئه‌وی هه‌ڵبژاردووه‌. شاعیر سه‌ركه‌وتووانه‌ شیعری وێناكردووه‌ به‌وه‌ی كه‌ ده‌ربازبوونه‌ له‌ نه‌هامه‌تییه‌كانی شه‌ڕ. له‌هه‌مانكاتیشدا ژیانی له‌نێوان دوو بژارده‌ داناوه‌ كه‌ یه‌كێكیان شیعره و پێچه‌وانه‌ی دۆخی شه‌ڕه‌ و هه‌ڵبژاردنی ئه‌و دوو دۆخه‌شی بۆ مرۆڤه‌كان به‌جێهێشتووه‌، ئه‌و خۆی له‌و خود گێڕانه‌وه‌یه‌ ئاماژه‌ی به‌ چاكه‌ی هه‌ڵبژاردنی خودی خۆی بۆ شیعر كردووه‌ و هه‌وڵیشی داوه‌ خه‌ڵك له‌وه‌ بكات كه‌ ژیان به‌ هۆی شیعره‌وه‌ دروست ده‌بێت و له‌رێگای شیعرەوە‌ پردی خۆشنوودی دروست دەبێت و به‌خته‌وه‌ری فه‌راهه‌م ده‌كرێت. شاعیر روونتر ئه‌و هاوكێشه‌یه‌ روون ده‌كاته‌وه‌:
كه تەختەڕەشی ڕەوانبێژییه بنووسن ئاوێنه گەورەكه
له پەلكی دووەمیشدا پەیكەری سەركرده
(سەرەتا وشە بوو: 5)
لێره‌دا شیعری به‌ ته‌خته‌ڕه‌شی ژیان وێناكردووه‌، هه‌موو كه‌سێك كه‌ شیعری هه‌ڵبژارد ده‌توانێت خودی خۆی بنووسێته‌وه‌و ئازادانه‌ بڕیار له‌ ژیانی خۆی بدات و بوێرانه‌ بیركردنه‌وه‌كانی به‌یان بكات و ببێته‌ ئه‌و ئاوێنه‌ گه‌وره‌یه‌ی كه‌ هه‌موو كه‌سێك خۆی تێدا ببینێته‌وه‌. له‌به‌رانبه‌ر هه‌ڵبژاردنی شه‌ڕ، په‌یكه‌ری سه‌ركرده‌یه‌ك هه‌ڵده‌بژێرێت كه‌ ئه‌و بڕیار له‌سه‌ر ژیانت و بیركردنه‌وه‌و خواردن و خواردنه‌وه‌ت ده‌دات و دواجاریش به‌ بڕیاری ئه‌و ده‌بێت بمریت و خوێنت له‌ كاسه‌یه‌كدا پێشكه‌شی بكه‌یت. ئه‌مه‌ چوارچێوه‌یه‌ك بووه‌ كه‌ شاعیر تێیدا ژیاوه‌و پێگه‌یوه‌:

بەم شێوەیه له لەشێكدا ڕەنگ و ڕووم كرایەوه
زەوی به هێمای پەنجه گەرم بوو
ڕەش و سپی ڕەنگی تەواون و له چاڵی گوللەیەك
ڕستی بینینیان تێكپەڕی
مەترسیی دڕندەی تاهەتایییان تێپەڕاند
شیعر كردنی به یەكەم ئومێد
ئومێدی دووەمیش هێشتان ڕوخساری پیشان نەداوین
(سەرەتا وشە بوو: 6)
شاعیر له‌ناو ئه‌و بارودۆخه‌دا دروست بووه‌و ره‌نگ و رووی كراوه‌ته‌وه‌، له‌ناو ئه‌و هاوكێشه‌یه‌ی شه‌ڕو شیعردا ژیاوه‌ كه‌ شاعیر به‌ ڕه‌شوسپی وێنای كردووه‌، له‌نێوانیشاندا شاعیر رووی له‌ سپییه‌كه‌ كردووه‌ و شیعری كردۆته‌وه‌ ئارامی خودی خۆی و به‌ یه‌كه‌م ئومێدی داناوه‌، له‌وێوه‌ چاوی له‌ هیواكانی دیكه‌ گرتووه‌، كه‌ هێشتا ماون رووخساریان پیشان بده‌ن و ئاره‌زوو و ئاواته‌كانی شاعیر به‌دی بهێنن.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی گێڕانه‌وه‌كه‌یدا شاعیر ئاماژه‌ به‌ ئه‌زموونی شیعرنووسینی خۆی ده‌دات و رێوشوێنی نووسینی شیعر و كه‌شی ناوه‌وه‌ی خودی خۆی باس ده‌كات:
ڕووناكییەكی مایەوەی ناو قۆزاخه
كۆمەڵێك دەستنووسی تەواونەكراوی دامێ
به تاسەوه ڕاما و فەرموو تەواویان بكه
له ساكاریی توانیم بەم جۆره بژیم
باران بەر له بارینی
كۆپلەیەكی له دەستنووسەكەی پێیداهاتبوومەوه
هەڵبژارد بۆ هەڵەچنی
له ماتەمی بلیمەتان بگەڕێوه
خانەی شاكارەكانی خودا ڕژاوەته خانەكانتەوه
(سەرەتا وشە بوو: 7)
شاعیر هێزی نووسینی شیعری بۆ ئه‌و رووناكییه‌ گه‌ڕاندۆته‌وه‌ كه‌ دڕ به‌و تاریكییه‌ی ده‌دات خۆی و نیشتیمان و جیهانه‌كه‌ی گرتووه‌، ئه‌و رووناكییه‌ ده‌بێته‌ هه‌وێنی شیعر و ده‌ستنووسه‌كانی ژیانی پێ ده‌به‌خشێت و داوای لێ ده‌كات ته‌واوی بكات، ئه‌و جۆره‌ ژیانه‌ی شاعیر وای كردووه‌ هه‌میشه‌ بۆ شیعر بژیت و له‌ رووناكیدا بمێنێته‌وه‌، تاوه‌كو به‌ره‌و مه‌نزڵگای ئه‌وین و خۆشنوودی بڕوات و له‌گه‌ڵ خۆیدا وشیارییه‌كی د‌ره‌وشاوه‌ بهێنێته‌كایه‌وه‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ وه‌كو بارانێك هه‌ڵه‌چنی كرده‌وه‌كانی ژیانی پێ بكات:
ئەگەر پەنجەم لەسەر كاغەز
ڕاوی له گۆمی لێڵ كرد
لێ دەگەڕێم مشكی دز بیخوا
چاوەڕوانیی و بێزارییم كەمتر دەبن
دەشمەوێ خەونەكانم زوو بگرم
نەوەك سەریان لەبن باڵی شكاوی
نائومێدیی بنێن و لە دەستم دەرچن
(سەرەتا وشە بوو: 7-8)
ئه‌و چونكه‌ مه‌به‌ستی هێنانه‌كایه‌ی دنیایه‌كی دیكه‌ و هۆشیاربوونه‌وه‌یه‌كی د‌ره‌وشانه‌وه‌ی گه‌ره‌كه‌، بۆیه‌ هه‌رگیز بیر له‌ خیانه‌تكردن له‌ شیعر و وشه‌و ڕسته‌كان ناكاته‌وه‌، كاتێكیش له‌ رۆژگاردا گه‌ر دووچاری جۆرێك له‌و ناڕاستگۆییه‌ بووه‌، بوێرانه‌ دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه‌ هه‌موو نووسینه‌كانی ده‌كاته‌ خۆراكی مشكێكی دز و لێ بێبه‌ری ده‌بێت. شاعیر، چونكه‌ له‌ناخی خۆیدا هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك پره‌نسیپ و بیروباوه‌ڕه‌ هه‌رگیز بیر له‌وه‌ ناكاته‌وه‌ له‌ وشه‌ و ڕسته‌كان جیا ببێته‌وه‌ رێچكه‌یه‌كی دیكه‌ هه‌ڵبژێرێت، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش خاوه‌ن ئومێدێكی گه‌وره‌یه‌ به‌ ژیان و ده‌یه‌وێت به‌ زووترین كات خه‌ونه‌كانی به‌دی بهێنێت.

شیعرەكانم دڵسۆزمن و ژیانی لەوه باشتر ناژین
داواشم له خاڵبەندی كردووه واز له ڕاوەدوونانی ڕسته بێنێت
ئێستا هەر ئەوەندەم لەسەره
له نائومێدی نەترسم و بشزانم هەوێنی ئاسوودەیی نامەیێت
(سەرەتا وشە بوو: 8)

كاتێك شاعیر راستگۆیی و بوێری له‌لای ده‌بێته‌ ئه‌رك و هه‌میشه‌ شیعر ده‌كاته‌ ژیان و نوێبوونه‌وه‌، ئیدی شیعره‌كانیش ده‌ست له‌سه‌ر سنگ ده‌وه‌ستن و دڵسۆزی ده‌بن و له‌وه‌ باشتر كه‌سێكی دیكه‌یان به‌ده‌ست ناكه‌وێت نازیان بكێشێت و به‌خێویان بكات. بۆیه‌ كاتێك كه‌سانێك به‌و جۆره‌ له روانین و بیركردنه‌وه‌كانیان ده‌خه‌نه‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌وه‌، ئیدی كه‌سانێكی دیكه‌ دژایه‌تییان ده‌كه‌ن و هه‌وڵی له‌ناوبردنیان ده‌ده‌ن. بێگومان ئه‌مه‌ش ململانێیه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ و ژیانه‌ و هه‌میشه‌ كۆتایی نایه‌ت و له‌دواجاریشدا براوه‌ ده‌بێت بۆ ئه‌وانه‌ی، كه‌ بۆ راستی كارده‌كه‌ن و بۆ به‌ره‌ی حه‌ق بێت. دیاره‌ ئه‌م‌ ململانێیه‌ له‌ناو گۆڕه‌پانی ئه‌ده‌بیدا به‌ ململانێی نه‌وه‌ ئه‌ده‌بییه‌كانه‌وه‌ به‌ند ده‌بێت، هه‌میشه‌ له‌ناو نه‌وه‌ ئه‌ده‌بییه‌كاندا ململانێ له‌ناو خودی شاعیران و نووسه‌راندا دروست ده‌بێت، كه‌ ده‌بێته‌ كرۆكی پێكهێنه‌ری وشیاری و كلتووری ئه‌و نه‌وه‌یه‌، له‌م روانگه‌یه‌وه‌ شاعیر داوا له‌ نه‌وه‌كه‌ی ده‌كات واز له‌ ڕسته‌كانی بهێنن و ئه‌وه‌نده‌ خاڵ و نوقته‌ بۆ ڕسته‌كانی نه‌دۆزنه‌وه‌، چونكه‌ ڕسته‌ خۆی واتایه‌كی ته‌واو ده‌به‌خشێت و پێویستی به‌و هه‌موو ململانێیه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ نییه‌. ئه‌و، چونكه‌ نائومێد نییه‌، ئیدی ژیان به‌رده‌وامی پێ ده‌به‌خشێت و خاڵبه‌ندییه‌كان ناتوانن كۆتا ڕسته‌ی پێ بنووسنه‌وه‌ و له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌ بیوه‌ستێنن.
له وێستگه‌یه‌كی دیكه‌ی خود گێڕانه‌وه‌یدا شاعیر بۆ گونده‌كه‌ی شوێنی یه‌كه‌می له‌ دایكبوونی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و دووباره‌ هه‌وڵ ده‌دات له‌وێدا زیندووبێته‌وه‌:
لەناو گەرمەی خەونێكدا ئەو ڕازەم دەستنیشانكرد
گۆڕستانی شادمانییم له گوندەكەمه
ڕوخساره له یادكراوەكان و باڵنده تێیدا بەخەبەردێن
(سەرەتا وشە بوو: 8)

ئه‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ ژیانی منداڵی و بۆ كه‌شوهه‌وای ناو گونده‌كه‌ی و گه‌ڕانه‌وه‌ی رووخساره‌ له‌یادكراوه‌كان و باڵنده‌ ره‌نگاوڕه‌نگه‌كان، گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ زه‌مه‌نی جوانی و په‌پووله‌یی، زه‌مه‌نێك كه‌ به‌شێكی گرنگ له‌ كه‌سایه‌تی و ده‌روونی مرۆڤ پێكده‌هێنێت. ئه‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ وه‌كو خه‌ونێك وایه‌ هه‌میشه‌ گه‌وره‌كان وه‌كو برووسكێك، خه‌ونێك هه‌میشه‌ به‌شێك له‌ ژیانی منداڵیان له‌ناو یادگه‌یان تۆماركراوه‌ و به‌ ئاگا، یان بێ ئاگا له‌ كات و ساتی دیاریكراودا دێته‌وه‌ به‌رچاویان، دیاره‌ بۆ كه‌سانێك كه‌ خود گێڕانه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌و قۆناغه‌ به‌شێكی گرنگ له‌ خودی خۆیان پێكده‌هێنێت و بێ ئاماژه‌ دان ناتوانرێت خودگێڕانه‌وه‌ ته‌واو بێت.
خودگێرانه‌وه‌، ئه‌گه‌رچی په‌یوه‌سته‌ به‌ رابردووه‌وه‌ و هه‌میشه‌ مادده‌ خاوه‌كه‌ی له‌و كاته‌ رابردووه‌ وه‌رده‌گرێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شاعیر بازێكی به‌سه‌ر ئه‌و خاسیه‌ته‌ی خودگێڕانه‌وه‌ داوه‌، مردن و ژیانی دوای مه‌رگیشی تۆماركردووه‌، كه‌ هه‌ر چه‌نده‌ هێشتا روویان نه‌داوه‌:

له گۆڕەكەشمەوه لەخۆم دەڕوانم
بوومەته گۆی زەوی به چواردەوری هەموواندا دەسووڕێمەوه
تاج و ئەڵماسی واقوڕمانێكی هەمیشەیین
مانگ دەبینم دەژی
ئەسپی كێوی یەكەم گزنگ
دەخاته سەرپشتی و دێته سەرەتای ڕێگا
دەپرسێ خودا ئاسمانی بۆ باڵنده یان فڕۆكه ڕۆشنكردووه
شیعریش نقێمی ئەنگوستیلە ڕۆشندەكاتەوە
هەنگاوی ورچی عۆل و حەپۆلی پێ تێك دەدا
(سەرەتا وشە بوو: 9)

لێره‌دا خود گێڕانه‌وه‌ له‌ رابردووه‌و گه‌یشتووه‌ به‌ داهاتوو و ئه‌زموونێكی نوێی تۆمارنه‌كراوی باس كردووه‌، شاعیر بۆ ئه‌وه‌ی خولی ژیانی خۆی له‌ خودگێڕانه‌وه‌ به‌ته‌واوه‌تی باس بكات، هه‌ر چۆن له‌ ناونیشانه‌وه‌ كه‌ به‌رواری له‌ دایكبوونییه‌تی، له‌كۆتایی ده‌قه‌كه‌ش باس له‌ مه‌رگی خۆی ده‌كات و خولی ژیانی خۆی پێ ته‌واو ده‌كات. (له گۆڕەكەشمەوه لەخۆم دەڕوانم) شاعیر له‌ناو گۆڕه‌كه‌یدا دووباره‌ رۆحی خودی خۆی زیندوو ده‌كاته‌وه‌و له‌ زه‌وی و ئاسمان و ژیان و مرۆڤ ده‌ڕوانێت و ده‌یه‌وێت بزانێت ژیانی پاش ئه‌و چۆنه‌ و چی ده‌گوزرێت، له‌وێشدا به‌رده‌وامی ژیان ده‌بینێت و به‌ ده‌سته‌واژه‌ی مانگ ده‌ژی و ئه‌سپی كێوی دێته‌ سه‌ر رێگا گوزارشت له‌و ژیانه‌ ئاساییه‌ی ده‌كات كه‌ هه‌میشه‌ له‌ به‌رده‌وامبوون بێزار نابێت.

سه‌رچاوه‌:

  1. سه‌باح ره‌نجده‌ر، سه‌ره‌تا وشه‌ بوو، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی تاران 2020.
  2. نیعمه‌ قه‌ره‌نی، هونه‌ری ژیاننامه‌ی خودی له‌ ئه‌ده‌بی كوردیدا، چاپخانه‌ی رۆژهه‌ڵات ـ هه‌ولێر 2012.
  3. د.عبدالعزيز شرف، ادب السيرة الذاتية، مكتبة لبنان 1998.
  4. جينز بروكمبير و دونال كربو،السرد والهوية: دراسات في السيرة الذاتية و الذات و الثقافة، ت: عبدالمقصود عبدالكريم، مركز القومى للترجمة، القاهرة 2015.
  5. تهاني عبدالفتاح شاكر، السيرة الذاتية في الآدب العربي، المؤسسة العربية للدراسات و النشر، بيروت ـ لبنان 2002.
  6. د. معجب الزهرانى، الرواية العربية… ممكنات السرد، مطابع دار السياسة، دولة الكويت 2009.



منداڵ و چیرۆکەشیعر.. خرتێ، بە نموونە.. ئەرسەلان حەسەن

بەرایی
مێژووی چیرۆکەشیعر لەئەدەبی کوردی بە گشتی و ئەدەبی منداڵان بە تایبەت دێرینە و شاعیران و نووسەرانی کوردییش ئاوڕییان لێداوەتەوە و بە نووسین و وەرگێڕان، مەڵۆیەکییان خستووەتە سەر خەرمانی چیرۆکەشیعری منداڵان و خەرمانێکی پڕ پیت و بەرەکەتییان وەسەریەک ناوە.
چیرۆکەشیعر، لە چیرۆک و شیعر پێکهاتووە، واتا هەم چیرۆکە و هەم شیعر و بە شیعر چیرۆکمان بۆ دەگێڕێتەوە یان (لەڕووخساردا شیعـرە و لەناوەڕۆکـيشدا چیرۆکە. بنەما و پێویستییە سەرەکییەکانی شیعـر و چـیرۆکیشی تێدایە). کەواتە چیرۆکە شیعر بنەماکانی چیرۆک و شیعریشی تێدایە و لەچیرۆکەشیعردا هەم شیعر و هەم چیرۆک بەهەموو بنەماکانیانەوە دەخوێنینەوە.
داهێنەری چیرۆکەشیعر
شاعیری فەرەنسی (لاڤـۆتین: ١٦٢٠ـ ١٦٩٥) بەداهـێنەر و پێشەنگی چـیرۆکەشیعـری ئەفسانەیی بۆ منـداڵان لەجیهانـدا ناسراوە و چیرۆکەشیعـری بۆ منداڵان نووسیوە و وەرگـێڕدراونەتە سـەر زۆربـەی زمانەکانی گەلانی جیهان بەزمانی کوردیشەوە.
شاعیرانی کوردیش بەنووسینی چیرۆکەشیعر ئەدەبییان دەوڵەمەند کردووە بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، لە ئەحمەد شەوقی بەڕەچەڵەک کورد بگرە تا بێکەس و پیرەمێرەمێرد و زێوەر و لەتیف هەڵمەت و ئێستەیش ئەمین محەمەد و عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی و فەرید ڕاژین و …هتد.

فەرید ڕاژین و چیرۆکەشیعری منداڵان
فەرید ڕاژین شاعیرێکی گەنجی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و چیرۆکەشیعر دەنووسێت و لەوبوارەدا جێ پەنجەی دیارە و چەند جارێک خەڵات کراوە و لێرەدا دەمەوێت ئاوڕێک لە چیرۆکە شیعری (خرتێ) بدەمەوە، کە چیرۆکە شیعرێکە و دەیکەمە مشتێک لە نموونەی خەرواری ڕوانین بۆ شیعرەکانی دیکەی.

چیرۆکەشیعرەکە
باسی بەچکە سمۆرەیەک (خرتێ) دەکات دوای وەرگرتنی مۆڵەت لەدایکی تا بۆ یاریکردن (کایەکردن) لەماڵ بچێتەدەر، هەر چەند دایکی پێیدەڵێت زۆر دوورنەکەوێتەوە، بەڵام بەدەم یاریکردنەوە(کایەکردنەوە) لەبیری نامێنێت و لەماڵ دووردەکەوێتەوە و بەماڵەوە نازانێت تا دەگاتە بەردێک و لەوێ دەنگێک دەبیستێت و سەرنج دەدات دەبینێت ڕێوییە، بەچکە سمۆرەکە زۆر دەترسێت، بەڵام قەلەڕەشێک (قاڵاو) لەوێ لەسەر دارێک دەبێ و پێیدەڵێت ڕاکە و وەرە سەردارەکە و بەچکە سمۆرەکە دەچێت و قەلەڕەشەکە لەوێ ناونیشانی ماڵیانی لێ دەپرسێت و ئەویش بەچاوی پڕ لەفرمێسکەوە پێیدەڵێت، بەڵام قەلەڕەشەکە دەیەوێت فریوی بدا و دەڵێت ماڵێکی خۆشم بۆ تۆ هەیە و دەیەوێت بەبیانوی خواردنی خۆش بیباتە کونەکەوە و دوای پشوودان دەتبەمەوە ماڵەوە. سمۆرە باوەڕی پێدەکات، بەڵام پەپولەیەکی لێ پەیدا دەبێت و بەنهێنی پییدەڵێت: قەلەکە درۆ دەکات و دوژمنتە و قسەی دایکیشی بیردەکەوێتەوە، کە وای پێگوتووە و ناونیشانەکەشی باڵدارێکی بۆر و ڕەشە و دەنگیشی ناخۆشە، بۆیە یەکسەر بەدزی قەل و ڕێوی دەستی پەپولە دەگرێت و بەیەکەوە هەڵدێن، پاشان ماندوو دەبێت و داوای ئاو دەکات و کەروێشکیش لای کیسەڵ ئاوی بۆ دێنێت. دوای پشوودان خەوێ دێت و خەریک دەبێت خەوی لێ بکەوێت گوێی لەدەنگێک دەبێت و دەیناسێتەوە دەنگی دایکییەتی و خێرا بەرەو دایکی ڕادەکات و خۆی دەخاتە ئامێزی و داوای لێبووردنی لێ دەکات و پاشان سوپاسی پەپولەکە دەکات.

شێوازی نووسینی چیرۆکەشیعر
سەرەتا دەبێت بزانین شێوازی نووسینی چیرۆکەشیعر بۆ منداڵان: (سوکوئاسان و ڕەوان و بێگرێ وگۆڵ و تەبا بێت بە قۆناغەکانی تەمەنی منداڵان.. بەزۆریش چـیرۆکەشیعـر هـێمایییە و لەسەر زمانی باڵندە و ئـاژەڵان دەینووسن و دەیگـێڕنەوە).
دەتوانین بڵێین چیرۆکەشیعرەکە سوکوئاسان و ڕەوان و بێگرێوگۆڵە و تەبایە بەو تەمەنەی بۆی نووسراوە و دەتوانن بەئاسانی ئەزبەری بکەن و ماندوو و هەناسە سوار و بێ بێزاریان نەکات و لەخوێندنەوەی بەردەوام بن، واتا لێی بێزار نابن تا وەلای بنێن و نەیخوێننەوە.

چەند نموونەیەک لەچیرۆکەشیعرەکە:
خرتێ کە لە خەو هەستا
تا لای دایکی نەوێستا
یان
خرتێ بەچکە سمۆرەس
خۆی وا ئەزانێ گەورەس
یان
ئەمن ماڵی خوەشم هەس
کە تایبەت بە سمۆرەس
یان
جا پەپوولەیش وتی پێ
ئیتر ئاگات لە خۆ بێ
خرتێش کردی سپاسی
وتی ئەتۆ زۆر خاسی

وێنە لە چیرۆکەشیعرەکەدا
پەیوەندی وێنە و شیعر و چیرۆک لەئەدەبی منداڵاندا پەیوەندییەکی پەرچکەرەوە و پتەوە و زۆرجار وێنەی ناڕوونی و ئاڵۆزیی چیرۆکەکە بۆمنداڵ ڕووندەکاتەوە و وادەکات بەئاسانی تێی بگات، واتا گەر منداڵ لە چیرۆکەشیعرەکە نەگەیشت، دەکرێت بەدیتنی وێنەکە لەمەبەستی چیرۆکەشیعرەکە بگات. بۆیە پێویستە وێنەکێش کە وێنە بۆ چیرۆکە شیعرێک دەکێشێت، زۆر بەوردی و پاش چەند جارێک خوێندنەوەی چیرۆکەشیعرەکە ئینجا وێنەکە بکێشێت، چونکە ئەگەر وێنەکە پەرچکەرەوەی چیرۆکە شیعرەکە نەبێت و بەوێنە چیرۆکەشیعرەکەمان بۆ نەگێڕێتەوە، ئەوا باڵانسی وێنە و چیرۆکەشیعرەکە تێکدەچێت و میزاجی منداڵ دەشێوێنێت.
لەم چیرۆکەشیعرەشدا، هەر لاپەڕەیەک وێنەی تایبەت بەخۆی هەیە و وێنەکێشەکە توانیویەتی بە سەلیقەیەکی زۆر لێهاتووانە، جوان، ورد و نوێگەرییانە وێنەکان بکێشێت، کە بێگومان دەتوانم بڵێم زوو سەرنجی منداڵ بۆخۆی کێش دەکات و بەدڵنیایییەوە منداڵان لە وێنەکانەوە لە چیرۆکەشیعرەکە دەگەن و چێژی تایبەتی لێوەردەگرن، ئەگەر هێشتا فێری خوێندنەوەش نەبووبن، چونکە دەزانین منداڵ سەرەتا لە وێنەوە دەست پێ دەکات و پاشان خوێندنەوە.

لوت سپی و خرتێ
لوت سپی فیلمێکی کارتۆنی بەرهەمی کەناڵی کودساتە و لەگەڵ خرتێ باسی بەچکە سمۆرەیەک دەکەن. ڕاستە لە هەندێک شتدا یەکناگرنەوە، بەڵام یەک کۆتاییان یەکە و دەتوانین بڵێین شاعیر لەکاتی نووسینی ئەم چیرۆکەشیعرە سیلەی چاوێکی لەسەر فیلم کارتۆنەکە بووە و کاری تێکردووە.

ئەنجام
چیرۆکەشیعری (خرتێ) بە زاراوەی ئەردەڵانی (سنەیی) نووسراوە، بەڵام مەرج نییە ڕێگر بێت لەوەی هەموو منداڵانی کورد بیخوێننەوە و وەکو ئاو و دۆ ئەزبەری بکەن، بەڵام تێی نەگەن. بۆیە لەگەڵ هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاتر بۆ شاعیر فەرید ڕاژین، دەخوازم لەمەودوا خۆی لەو وشانە بەدووربگرێت بەدنیا پاک و بێگەردەکەی منداڵ نامۆ و نەشیاون و کوردی نین و لە کوردیدا وشەی گونجاو و جوانتر هەیە و هەر چەند ئەم چیرۆکەشیعرە (خرتێ) زۆر درێژ نییە، بەڵام چیرۆکەشیعرەکانی دیکەی درێژن و دەکرێت لەمەودوا ڕەچاوی ئەمەش بکات و بەزمانێک بنووسێت هەموو منداڵانی کورد تێی بگەن.

ئەرسەلان حەسەن
————————–
سەرچاوەکان:
چیرۆکەشیعر لە ئەدەبی منداڵانی کورد … ڕەزا شوان.
خرتێ، فەرید ڕاژین، چاپەمەنی زانست، چاپی یەکەم ساڵی١٤٠٠ی هەتاوی، وێنەکێش: شەقایەق نوسرەتی.




پرسی ماسۆشیزمی بەشێك لە تاکەکان لەباشووری کوردستان بۆ پڕۆسەی پەیوەندییە سۆزادارییەکانی وەك (خۆشەویستی و هاوسەرگیری و جۆرەکانی تر)..1..

نووسین: ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤایی).

بەشی یەکەم:
خێزان وەك پرسێکی ڕووکەشی نێو بەشێکی خێزانەکانی کوردی، ئەوەی کە دەردەکەوێت جەوهەری بەشێك لە خێزانەکان نیین، لە ئاستێکدا ئەوەی مرۆڤیش پێشکەشی دەکات، جەوهەری مرۆڤەکان نیین، هەمیشە نیهێنیەکی قوڵتر هەیە کە ئەودیوی سنووری نائاگایش تێدەپەڕێنێت بۆ ئەو پرسانەی کە دەرناکەون بەڵام ڕۆژێك دێت دەنگی ئاگایی هەرچەن نزم بێت هەر دەبیسترێت!
هەمیشە لەزماندا شتێك دەچەسپێت کەناخرێتە نێو زمان، کاتێك کە تۆ وەك مرۆڤێك مامەڵەت ڵەگەڵدا ناکرێت لەنێو خێزان و کۆمەڵگا، ئەمە لەتۆدا دەچەسپێت، لە ئاستێکی تردا مرۆڤ لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا بەشێوەیەکی گشتی بەدوای ئارەزوو و خەیاڵ و پێداویستە چەپێنراوەکانی خۆیدا دەگەڕێت بۆئەوەی لەکەسێکی تردا بیدۆزێتەوە و قەرەبووی ئەو دۆخە بکاتەوە کە دەستی نەکەوتووە(جۆرێك لە میکانیزمە بەرگرییە دەروونییەکان).
خۆشەویستی ویستی دەرستەبەرکردنی ئارەزوو و خەیاڵەکانی یەکترە لەپەیوەندیی لەنێوان مرۆڤەکاندا، چەشنی پەیوەندی خۆشەویستی لەنێو بازنە کۆمەڵایەتیەکاندا چەشنێکی بایەلۆژی دەروونی کۆمەڵایەتی مەعریفی پێویستیە. وە خۆشەویستی دەتوانێت زامنی زۆرێك لەئازارەکانی مرۆڤ بکات.

کاتێك باڵندەیەك لەنێو قەفەزدا لەدایك دەبێت و گەورەدەبێت، ئەم باڵندە پێی وایە ژیان بریتیە لەو چوارچێوەی کە لەنێو قەفەزەکەدایە، بۆیە گەر ئازادیشی بکەیت هەردەگەرێتەوە بۆ نێو قەفەزەکەی لەکاتێكدا خودی ژیان لەدەرەوەی قەفەزەکەدایە. هەرلەبەر ئەم دۆخەیە کێشەی ستەمکار، ستەمکارێکی ترنییە بەڵکو نەبوونی کۆیلەیە.
لێرەدا ئەم پرسە دێتە بەرباس، کە بۆچی بەشێکی بەرچاوی ئافرەتان و پیاوان لەباشووری کوردستان هەن کە هەمیشە کەسێکیان دەوێ ئازاریان بدات؟

پرسی ئافرەت پرسێکی مێژوویە، پرسێك نییە کە لەزەمەنێکی دیاریکراودا بووەستێت، لەزۆرینەی جێگایەکانی دونیا، بەشێوەیەکی گشتی مرۆڤەکان کەسێکیان دەوێ کە ئەویش ئەوی بوێتن، وە کەسێك ڕەتدەکەنەوە کە ئەویش نایەوێت، بەڵام لەباشووری کوردستان هاوکێشەکە پێچەوانە دەبێتەوە بەجۆرێكە کە بەشێکی بەرچاو لە ئافرەتەکان و پیاوەکان کەسێکیان دەوێ کە ئەو نایەوێ، کەسێکیش ڕەت دەکەنەوە کە بەڕاستی دەیەوێتن.

ئەم پرسی خۆ-ئازاردانە، زۆر بەقوڵی پەیوەندی بە مێژینەی تاك و ڕەفتاری خێزان بەرامبەر بەتاك بەتایبەت لەنێو خێزان و کۆمەڵگایەدا هەیە، زۆرکات مرۆڤ ناچارە چی پێشکەشبکرێت هەمان بابەت ببەخشێتەوە، کە تۆ مناڵەکەت پڕدەکەیت لەزەبر و زەنگ و ناسۆری، چۆن ئەو مناڵە لەداهاتوودا دەتوانێ خود-خۆشەویستی بۆخۆی هەبێ و لەهەمان کاتیشدا بیبەخشێت بە دەورووبەری؟ چۆن دەتوانێ لەڕووی هەست و سۆز و هەڵچوونەکانەوە دەرووندروست و گونجاوبێت؟. بەو مانایەش نا کە هەرکەسێك مێژینەی مناڵەیەکی بەم جۆرەبوو ئیدی نەتوانێ لەداهاتودا ببێت بە تاکێکی تەندروست و گونجاو. ئەم پرسە دەگوازینەوە بۆ دۆخێکی داینامیکی تر. تەنانەت لەسەرووی ستەمکارەوە ستەمکارێکی تربوونی هەیە، کە لەدۆخی یەکەمدا وێناکە بەو جۆرەیە کە ئێمە(مناڵەکان) قوربانی دەستی ستەمکاربین(خێزان) لەکاتێکدا خوودی ئەم خێزانەش بەهۆی پانتایی سیستەمێکی نالۆژیکدا کە مافەکانت بەخەون دەبینێ، دووبارە قوربانییە.

کۆمەڵگاییەك کە نەتوانێ تاك بەرهەم بهێنیت، کۆمەڵگایەك کە هەمیشە پەلەقاژەیەتی لەنێوان دوێنی و ئەمڕۆدا، کۆمەڵگایەك کە بەشێکی بەرچاوی تاکەکانی ناتوانن لە دەرەوەی سنوری خێڵ و عەشرەت و گوند و شار و ئایین و لەهجە و شێوەزار بیربکەنەوە. لەهەمان کاتدا بوونی پانتایەکی زۆرفراوان لە وردە کلتووری فرەچەشنی چەقبەستوو(دۆگماتیزم) کە لەنەوەدەکانەوە تاکو ئێستاش ئەم پرسانە بوونیان هەیە و دۆخی گونجانی نائاسایی زۆر قوڵ بەرهەم دەهێنن، بۆنموونە دەتوانم بە ئەمانەتەوە ئەم قسەیە بکەم کە: بەدرێژایی پەنجا ساڵیش دەبێ بەشێکی بەرچاو لە تاکەکان هاوسەرگیری دەکەن بەمەبەستی ڕزگاربوون لەچواردیوار، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا چ گرەنتیەك هەیە دەرەوە ئەو بەهەشتە بێت کە تاکەکە وێنای دەکات و نەبێت بە هەشت دیوار؟

لەبەشەکانی تردا تۆزێ بەقوڵتر گوزارشت لەم پرسە دەکەین و ڕێگا چارەسەرییەکان دەخەینە بەرباس… .




خەمی گۆران و خەمی میلەت.. نووسینی/ عەتا قەرەداخی

[ به‌خۆڕایی مه‌ترسه‌، خه‌م مه‌خۆ، مه‌گرى له‌ ئێستاوه‌!]

( زه‌ربه‌ى چز له‌ رۆحی پڕ گلاراوى گۆران بۆ مه‌رگی هیواى كوڕى و زه‌ربه‌ى چز له‌ رۆحى پڕ گلاراوى ئێمه‌ی میلەت له‌به‌رده‌م مه‌ترسی تراژیدیاى له‌ناوچووندا، دوو ئازارى هاوشێوه‌ن ). زاراوه‌ى خه‌م لێره‌دا به‌و مانایه‌ به‌كار ده‌هێنرێت ترسێك له‌به‌رامبه‌ر ئێستاو ئاینده‌دا هه‌یه‌، به‌ڵام گۆرانی شاعیر ئامۆژگارى هیواى كوڕى ده‌كات كه‌ پێویست ناكات ئه‌و وه‌كو ساوا یان منداڵێك خه‌م بخوات كه‌ نازانێت دنیا چیه‌و كه‌سیش نازانێت چاره‌نووسی به‌ره‌و كوێیه‌. مرۆڤ ئه‌فریده‌بوویه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ خوڵقاوه‌ فه‌رماڕه‌واو سه‌روه‌رى زه‌وى بێت و عاقڵ و ده‌ستكراوه‌شه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو نهێنیه‌كانی گه‌ردوون ئاشكرا بكات و ببێته‌ خاوه‌نی راسته‌قینه‌ى ئه‌م گه‌ردوونه‌. گۆرانی شاعیر لێره‌دا هیواى كوڕى ده‌دوێنێت كه‌ له‌ سه‌ره‌مه‌رگدایه‌. ده‌شێ هیوا فرمێسكی كۆتایی ژیان و كوژانه‌وه‌ى ئه‌ستێره‌ى بوونی بڕێژێت. ده‌شێ گۆران وه‌كو باوك ئه‌وه‌ى به‌ هیواى ده‌ڵێت مه‌به‌ستی خۆى بێت و داوا له‌خۆى بكات كه‌ خه‌م نه‌خوات له‌سه‌ره‌مه‌رگی جگه‌ر گۆشه‌كه‌یدا. به‌ڵام ئه‌گه‌ر خه‌م له‌م دێڕه‌ شیعره‌ى گۆراندا خه‌می كۆتاییهاتنی ژیانی ساوایه‌ك بێت له‌ روانگه‌ى باوكیه‌وه‌، ئه‌وه‌ش وه‌كو ساته‌وه‌ختێكی پڕ له‌ نیگه‌رانی سه‌یر بكرێت، ئه‌وا خه‌م رووبه‌رێكی فراوانتر ده‌گرێته‌وه‌و ده‌شێ ده‌لالاتی زیاترى هه‌بێت ئه‌گه‌ر له‌ ئاستی تاكه‌كه‌سه‌وه‌ بگوازرێته‌وه‌ بۆ سه‌رئاستی كۆمه‌ڵگه‌. ئێستا خه‌م له‌ روانگه‌ى گۆران و خه‌می ئێمه‌ وه‌كو نه‌ته‌وه‌ چۆن پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستین. بۆ گۆران خه‌م بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ساوایه‌ك كه‌ ئومێدى ئاینده‌ى پێی هه‌یه‌، ئێستا له‌سه‌ره‌ مه‌رگدایه‌. خه‌می ئێمه‌ش وه‌كو بوویه‌ك وه‌كو نه‌ته‌وه‌ یان كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی بێ شووناس، هه‌میشه‌ هاوشێوه‌ى ئه‌و خه‌مه‌ى گۆرانه‌ بۆ مه‌رگی جگه‌رگۆشه‌كه‌ى. گریه‌و هه‌نسكی هیوا به‌ زه‌ربه‌ى چز له‌ رۆحی پڕ له‌ گلاراوى گۆران ده‌دات. پشێوى بارودۆخی كوردستان و كاركردنی نابه‌رپرسیارانه‌ى به‌رپرسانی كوردو ئازاره‌كانی جه‌ماوه‌رى سته‌مدیده‌و برسی و نه‌دارى خه‌ڵكی كوردستان به‌ هه‌مان شێوه‌ رۆحی دڵسۆزان و خه‌مخۆرانی هه‌ستیار ده‌هاڕێت. مه‌رگى جگه‌رگۆشه‌كه‌ى گۆران له‌سه‌ره‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ى تواناو ده‌سه‌ڵاتی گۆران و هه‌موو مرۆڤایه‌تیه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئێمه‌ وه‌كو نه‌ته‌وه‌ خه‌می بۆ ده‌خۆین و ده‌ترسین وه‌كو جگه‌رگۆشه‌كه‌ى گۆران له‌ده‌ستمان بچێت له‌ ده‌ستی خۆماندایه‌و ئه‌گه‌ر بتوانین بیربكه‌ینه‌وه‌و عه‌قڵ به‌كاربهێنین و ده‌ستبه‌ردارى رق و كینه‌و گرێكانی ناخمان ببین و وه‌كو مرۆڤی پێگه‌یشتوو، وه‌كو ده‌سته‌و گروپ و حیزب و ده‌سه‌ڵاتی هه‌ست به‌ به‌رپرسیارێتیكه‌رو وه‌كو مرۆڤ و حیزب و پێكهاته‌ى نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی بیربكه‌ینه‌وه‌و نه‌ته‌وه‌و نیشتیمانمان له‌ رق و كینه‌و گرێ و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تیه‌كانمان به‌لاوه‌ گرنگتر بێت و خۆمان له‌و گرێیانه‌و له‌و رق و كینه‌ به‌ربه‌رى و خێڵكیانه‌ و له‌ هه‌ژموونی تاكه‌كه‌س و نوخبه‌ نه‌خۆشه‌ سیاسیه‌ نانه‌ته‌وه‌یی و نانیشتیمانیه‌ى كورد رزگار بكه‌ین، ئه‌وا ساواى هیواو ئاواته‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌كانمان وه‌كو هیواى جگه‌رگۆشه‌ى گۆران نامرێت و خه‌مه‌كه‌ى ئێمه‌ش وه‌كو نه‌ته‌وه‌ وه‌كو خه‌مه‌كه‌ى گۆران نامێنێته‌وه‌ به‌ڵكو ده‌بێت به‌ پێكه‌نینی هه‌میشه‌یی.
خه‌می سه‌ره‌كی ئێمه‌ خه‌می بوونه‌، مه‌به‌ستمان له‌م قسه‌یه‌ش ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ وه‌كو پێكهاته‌یه‌كی ئیتنیكی كه‌ له‌ رووى ژماره‌وه‌ هاوشانی زۆرێك له‌و نه‌ته‌وانه‌ین كه‌نه‌ك هه‌ر كێشه‌ى بوونیان نییه‌ به‌ڵكو بووه‌یه‌كی هێند به‌ هێزیشیان هه‌یه‌ له‌ زۆر قۆناغ‌و وێستگه‌ى مێژوودا نه‌ك هه‌ر له‌ رووى كه‌لتوورى‌و عه‌قڵیه‌وه‌ پێش زۆرینه‌ى گه‌ل‌و نه‌ته‌وه‌كانی جیهان كه‌وتوون به‌ڵكو له‌ رووی سیاسی‌و سه‌ربازى‌و ئابووری‌و ئیداریشه‌وه‌ توانیوویانه‌ ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر زۆر به‌شی تری جیهاندا بكه‌ن. هه‌ڵبه‌ت وه‌كو نه‌ته‌وه‌ ئه‌مه‌ هه‌رگیز خه‌م یان خواست‌و ویستی كورد نییه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر خه‌ڵكی تردا بكات، به‌ڵام ئێمه‌ كێشه‌یه‌كی چاره‌نووسسازمان هه‌یه‌ ئه‌ویش كێشه‌ یان خه‌می بوونه‌ واته‌ ئه‌م جه‌سته‌ گه‌وره‌یه‌ی كه‌ ناوى جه‌سته‌ی كوردییه‌ تاكو ئێستا جه‌سته‌یه‌كی پێناسه‌كراو نییه‌ له‌ رووى سیاسی‌و كه‌لتووری‌و عه‌قڵی‌و ئیداریی‌و ئاماده‌بوونه‌وه‌، واته‌ ئه‌م جه‌سته‌یه‌ نه‌بووه‌ته‌ جه‌سته‌یه‌كی خاوه‌ن شووناس، شووناس به‌و مانایه‌ى كه‌ له‌ رووى ده‌ره‌وه‌ى خۆیدا توانای خۆنمایش كردنی هه‌بێت‌و بوونی خۆی رابگه‌یه‌نێت، واته‌ ده‌نگی هه‌بێت‌و ئه‌و ده‌نگه‌ش له‌ لایه‌ن ئه‌وانی تره‌وه‌ ببیسترێت، مه‌به‌ست له‌ بیستنیش ئه‌وه‌یه‌ قورسی‌و هێزى ده‌نگه‌كه‌ گوێی ئه‌وانی تر ناچار بكات بۆ گوێ لێگرتن‌و بیستنی نه‌ك سۆزو به‌زه‌یی هۆكار بن بۆ ئه‌وه‌ى گوێیان بكرێته‌وه‌ تا هاوارو ناڵین‌و كڕوزانه‌وه‌كانی ئێمه‌ ببیستن. بێگومان كه‌ى ده‌نگی راسته‌قینه‌ى جه‌سته‌ى كوردیی گه‌یشته‌ ئاستی به‌ ده‌نگ بوون‌و ئه‌وانی تری ناچاركرد گوێی لێبگرن ئه‌وه‌ جه‌سته‌ى كوردی گه‌یشتۆته‌ ئاستی خۆنمایش كردن كه‌ ئه‌وه‌ش گوزارشت كردنه‌ له‌ بوون‌و شووناس. به‌ڵام ره‌نگه‌ پرسیارێك لای هه‌موومان سه‌رهه‌ڵبدات: باشه‌ كه‌ى كورد ده‌بێته‌ خاوه‌نی ده‌نگ، ده‌نگێك كه‌ ئه‌وانی تر بیبیستن یان ناچاری گوێ لێگرتنی بن؟ ئه‌مه‌ش خه‌می سه‌ره‌كی ئێمه‌یه‌ واته‌ خه‌می شووناس كه‌ ئه‌ویش خه‌می بوونه‌.
بێگومان وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌م پرسیاره‌ راسته‌خۆ به‌نده‌ به‌ خودی كورد خۆیه‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش له‌ ئاستی یه‌كه‌مدا له‌و چركه‌ساته‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات كه‌ كورد به‌ بێترس چوارچێوه‌ی مافه‌كانی خۆی ئاشكرا بكات‌و رایبگه‌یه‌نێت كه‌ هه‌موو یاسا ئاسمانی‌و زه‌وینییه‌كان هه‌مان ئه‌و مافانه‌ به‌ كورد ره‌واده‌بینن كه‌ به‌ ئه‌وانی تریان رابینیووه‌، بۆیه‌ مافی خۆمانه‌ پێ له‌سه‌ر ئه‌و داوایانه‌مان دابگرین‌و سووریش بین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆش له‌به‌ر كۆمه‌ڵی هۆكار نه‌توانین بگه‌ین به‌ ئامانجه‌كانمان ئه‌وه‌ مانای وانیه‌ كه‌ ده‌ستبه‌رداری داواكانمان بووین، نه‌خێر به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌بێ به‌ئاشكرا رایبگه‌یه‌نین كه‌ ئه‌وه‌ ئێمه‌ین له‌ به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك بێت به‌رزكردنه‌وه‌ى داواكانمان له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وانی تر دواخستووه‌ به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وانی تریش تێبگه‌ن كه‌ ئه‌و دواخستنه‌ بۆ هه‌تا هه‌تا نییه‌و ئێمه‌ سوورین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ ده‌بێ ده‌نگی خۆمان هه‌بێت، بۆ ئه‌وى ده‌نگی خۆمان هه‌بێت ده‌بێ ببین به‌ خاوه‌نی بوون‌و شووناسی خۆمان، بوون‌و شووناسیش به‌ بێ سه‌ربه‌خۆیی‌و درووستكردنی ده‌وڵه‌ت نایه‌ته‌ دی. دیاره‌ ئه‌وه‌ش لاى كورد ئاشكرایه‌ كه‌ به‌بێ سه‌ربه‌خۆیی هه‌رگیز بوونی ته‌واوى نابێت و ناشبێته‌ خاوه‌نی شووناس و هه‌رگیز بوون و ئاماده‌بوونی نابێت له‌ ئاستی ئه‌وانی تردا، به‌ڵكو وه‌كو رابردووى و ئێستاى هه‌ر له‌ په‌راوێزدا ده‌مێنێته‌وه‌و نابێته‌ خاوه‌نی ده‌نگی بیستراو. واته‌ وه‌كو شێركۆ بێكه‌س ده‌ڵێت:ئێمه‌ هه‌ر گوێگر بووین و گوێگر بووین و گوێگر”. تاكه‌ رێگاش بۆ ئه‌وه‌ى كورد بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ به‌ گوێگرى نه‌مێنێته‌وه‌و ده‌نگی هه‌بێت و ده‌نگی ببیسترێت، پێویسته‌ پێ له‌سه‌ر داواكانی دابگرێت. ئه‌و پێداگرتنه‌ش ته‌نیا له‌ سایه‌ى یه‌كگرتن‌و یه‌كبووندا فه‌راهه‌م ده‌بێت، واته‌ گه‌یشتن به‌ ئاستی بوون‌و گه‌یشتن به‌ ئاستی ده‌نگ به‌بێ یه‌كگرتن‌و یه‌كبوون نابێت. ئه‌گه‌ر خه‌می ئێمه‌ وه‌كو نه‌ته‌وه‌ خه‌می شووناس بێت ئه‌وا له‌ سه‌ربه‌خۆییدا ده‌گه‌ین به‌ قۆناغی كۆتاییپێهێنانی ئه‌و خه‌مه‌. ته‌نیا یه‌كگرتن و یه‌كترخوێندنه‌وه‌و یه‌كتر قبوڵكردن و پێكه‌وه‌ژیان و چاره‌سه‌ركردنی كۆى كێشه‌كانی ئێستا ده‌مانگه‌یه‌نێت به‌ به‌ده‌ستهێنانی شووناس، واته‌ ره‌واندنه‌وه‌ى خه‌مه‌كان. ب
ێگومان درێژه‌دان به‌م باره‌ ناهه‌موارو نادرووست و پڕ له‌ قه‌یرانه‌ى ئێستا كه‌ به‌ره‌و هه‌وڵوه‌شاندنه‌وه‌و تێكچوونی شیرازه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تیمان ده‌بات… زیاتر فراوانبوونی رووبه‌رى خه‌مه‌، له ‌بارێكی وه‌هادا خه‌می ئێمه‌و خه‌می گۆرانی شاعیر هاوشێوه‌ ده‌بن. كه‌ ئه‌وه‌ش ئه‌و تراژیدیا ترسناكه‌یه‌ كه‌ ئاواته‌خوازى ئه‌وه‌ین ئێمه‌ نه‌یبینین و به‌ لۆجیكی عه‌قڵ رێگا له‌ روودانی بگرین، كه‌ ئه‌ویش ته‌نیا به‌ یه‌كترقبوڵكردن به‌ كاركردن وه‌كو مرۆڤى ته‌واو، حیزبی ته‌واو، مرۆڤى نیشتیمانپه‌روه‌ر، حیزبی نیشتیمانپه‌روه‌ر، ده‌سته‌بژێرو راگه‌یاندنی نیشتیمانپه‌روه‌ر ده‌گاته‌ ئه‌نجام.دیارە ئەوەش دەزانین کە حیزبی نانەتەوەیی و گوێڕایەڵی داگیرکەران و حیزبی کۆمپانیای کارو بازاڕ و دەستەبژێری سیاسی نەخۆش و گرگن و نابەرپرسیارو بارکراو و بارگاوی کراو بە رق و کینەو دەیان گرێی هەستبەکەمی کردن نە باکی بە نەتەوەو نیشتیمان هەیە، نە دەزانێت بەرپرسیاریتی چیەو گاڵتەی بە عەقڵی ئەوانەش دێت کە لە خەمی ئایندەی نەتەوەو نیستیماندان، چونکە ئەو دەستەبژێرە سیاسیە نەخۆشە بە راست و چەپ و مینڕاوەیانەوە لە خەمی گیرفان و پێگە وەهمیەکانیان و رازیکردنی ئاغا عەرەب و فارس و تورکەکانیاندان .

نووسینی/ عەتا قەرەداخی




چیرۆک\ دۆنایدۆن.. نووسینی: ئامانج شێروانی

بەسەرسامی لەسەر سەری تەرمەکە ڕاوەستابوو، فلیمی ژیانی خۆی وەکوو خەونێک دەهاتەوە بەرچاوی، فلیمی چی سەراپا سەرگورشتەی نائومێدی بوو! چەندین خەونی ناکامی لەدوا بەجێ مابوو، چەندین کاری تەواو نەکراوی جێ هێشتبوو! ئاخ، هێشتا زوو بوو! هێشتا گوڵێکی ناکام بوو، ئێ بۆ دەبێت دەستی ناحەز ژیانێکی ئازادی پێ‌ ڕەوا نەبینێت! ئێ بۆ دەبێت جەنگاوەرەکانی تاریکی بە خۆشەویستییەکەی ئەو قەڵس بووبن! ئێ بۆ ئەویان لە دایکە میهرەبانەکەی کرد!
لەناکاو تەزوویەک بە گیانیدا هات، خۆ ئەو هێشتا پارەی خوێندنی منداڵە هەژارەکەی دراوسێیانی ڕەوان نەکردبوو. باشە ئێستا ئەم منداڵە چۆن بخوێنێت، چۆن گەشە بکات، چۆن لە داهاتوودا یارمەتی خێزانەکەی خۆی بدات، تا لەم هەژاری و نەهامەتییە دەربازیان بکات! ئاخ، ئەم جەنگاوەرە بەرچاو تاریکە چەندە دڵڕەق بوو! خۆ هەرگیز بیری لە پاشەڕۆژی ئەم دراوسێیەیان نەکردەوە! خۆ ئەو خوێنڕێژە هیچ بیرێکی لە نانی ئێوارانی ئەم ماڵە هەژارە نەکردەوە!
ئای، دەبێت ئێستا سۆما چی بکات، ئاخۆ دەبێت لە فێرگە گەڕابێتەوە! ئاخ جگەرگۆشەکەم، ئەوا دیسان هێزی تاریکیی زاڵ بوو بەسەر خەونە پەمەییەکانمان. ئەوا دیسان سەربازە دواکەوتووەکان تۆیان بێباوک کردەوە! ئێستاش ئەم ڕۆژەم لە یادە، کە تۆم لە بناری چیای شەنگالێ دۆزییەوە، ڕەق ڕەق لەبەردەم تەرمی دایە و بابەت ڕاوەستابووی. ئێ خۆ ئەوانیش هەر بە دەستی جەنگاوەرێکی تاریکی، سەربازێکی کۆنەپەرست، خوێنیان ڕژێنرابوو! هەتا ئێستاش چاوە پڕ ترسەکانتم لە یادە، هەتا ئێستاش چاوە تامەزرۆیەکانتم لەبەر چاوە!
بێگومانم گیانی بابە و داییت دۆنایدۆنیان کردووەتە ناو جەستەی من و خۆشەویستەکەم! دەنا بۆچی هەر لەم ڕۆژەوە هەتا هەنووکەش هەر وەک منداڵی خۆمان بەخێومان دەکردی! دەنا بۆچی هەر بە باوکی خۆت بانگت دەکردین! ئاخ، دەنگە ناسکەکەت چەند خۆش بانگی دەکردین باوکە، باوکە گیان! من ئێستا چۆن پێت بڵێم، کە ئەوان جارێکی تریش بێباوکیان کردی! جارێکی تریش ناهومێدیان کردی! ئای ئەوانە چەند دڕندەنە!
دڵدار گیان، خۆشەویستەکەم، لێم ببوورە ئەمشەو ناگەڕێمەوە ناو ئامێزە گەرمەکەت! چیتر لەبەر دەرگا پەرۆشی گەڕانەوەم مەبە! خۆ ئەم کۆنەپەرستانە ژیانیش ڕەوا نابینن بە ئێمە! خۆ ئەوان هیچ بیریان لەوە نەکردەوە کە هێشتا چەندین ئاواتمان نەهاتوونەتە دی، هێشتا چەندین خەونمان ناکامن! خۆ ئەوان هیچ بیریان لەوە نەکردەوە کە چەندین بەڵێنمان بە یەکتری داوە، چەندین جاران پەیمانمان بەیەکتری داوە کە هەرگیز یەکتر بەجێ نەهێڵین! ئاخ ئەو دڕندانە بۆ لە یەکیان کردین!
ئای دەبێت ئەو دایکە نازدارەم ئێستا چی بکات، خۆ من بەڵینم پێی دابوو کە ڕۆژی هەینی سەر لە بەیانی زوو، لەگەڵ دڵدار و سۆما، هەر لەگەڵ گەردی بەیانی بێینە لات و نانی بەیانیت لەگەڵ بخۆین! ئەدی بەڵێنم پێت نەدابوو کە دوای نەشتەرگەرییەکەت یەکسەر بتهێنمەوە ماڵێ و شۆربابەشیرەکی خۆشت بۆ بکەم! ئەی بەڵێنم پێت نەدابوو کە دوای نەشتەرگەرییەکەت، هەموو ڕۆژان بەر لەوەی بچمە سەر کار، زوو زوو لە خەو هەڵبستم و بتبەمە لای دکتۆرەکەی لای ماڵمان. ئای ئێستاش گوێم لە دەنگە ناسکەکەتە کە هەموو جاران پێمت دەگوت:‌ ((کوڕە جوانەکەم، سەر و ماڵم هەر ئەتۆی، توو و سەری کاکەی ئاگاداری خۆت بە)).
دراوسێکەم، جگەرگۆشەکەم، خۆشەویستەکەم، دایکە میهرەبانەکەم، ئەوا من ڕۆییم لە لاتان! ئاخۆ دەبێت گیانی من ئەمجارەیان بۆ ناو لاشەی چ بوونەوەرێک دۆنایدۆن بکات! ئاخۆ دەبێت جارێکی تر دایکم ببینمەوە! دەبێت دیسان خۆشەویستەکەم ماچ بکەم! دیسانەوە ڕۆڵەکەم لە باوەش بگرم، یارمەتی دراوسێیەکەم بدەم! ئاخۆ دەبێت سۆمای چاوەکانم جارێکی تر ببینمەوە!

نووسینی: ئامانج شێروانی




گفتوگۆ لەگەڵ شانۆکار خاتوو راز كەمال غەمبار.. هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

خاتوو راز كەمال غەمبار: ڕەخنە بوارێكی سەربەخۆیە و فەلسەفە وپاشخانی مەعریفی خۆی لەپشتە و دەبێ گرنگی زیاتری پێبدرێت
خاتوو راز كەمال غەمبار: زیاترخۆم لەبواری شانۆ ونواندندا دەبینمەوە
خاتوونی هونەرمەند(راز كەمال غەمبار)، یەكێكە لەو هونەرمەندانەی كە بوێرانە لە بواری هونەری شانۆ ،شێوەكار، سینەما كار دەكات خاوەنی چەندین كاری هونەرییە لەهەرسێ بوارەكەدا جگەلەوە لەبواری دۆبلاژ و دیزایندا خاوەن ئەزموونێكی باشە،ئەو بەهۆی ئەوەی كچی نووسەری دیاری كورستان (د.كەمال غەمبار)-ە لەهەمان كاتدا هاوسەری هونەرمەند (ئالان محمەدعارف )-ە كەشێكی ئەرێنی بۆی ڕەخساوە تا زیاتر پەرە بەهونەرەكەی خۆی بدات راز خان دەچووی بەشی شێوەكاری پەیمانگەی هونەرجوانەكانی هەولێر و دەرچووی كۆلیژی هونەرجوانەكان بەشی شانۆیە وە لەئێستادا قوتابی ماستەرە لە شانۆدا بۆ زیاتر ئاشنابوون بە كار و چالاكییەكانی لە نزیەكەوە بەچەند پرسیارێك بەسەرمان كردوە.
هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

*سەرەتا ئەگەر بكرێت بۆ خوێنەرنمان باس لە چۆنیەتی ئاشنا بوونت بە جیهانی هونەری (شێوەركاری، سینەما ،شانۆ) بكەیت ؟

  • سەرەتای ئاشنابوونم بەهونەری شێوەكاری لەرێگەی پەیمانگەی هونەرە جوانەكان بوو كە قوتابی بووم لەم پەیمانگایە وبۆ ماوەی 5 ساڵ ئاشنای ئەم جیهانە بووم ،كەپڕیەتی لەڕەنگ وبۆیە ونەخش ونیگار وجوانی ،وئاشنای چەشنەكانی نیگار كێشان بووم تادەگاتە بەقوتابخانە هونەرییەكان وهونەرمەندە پیشەنگەكان ،هەروەها سەبارەت بەجیهانی شانۆ وەكو هونەرێك كەلەرێگەیەوە ئاشنای ئەم هونەرە باڵایە بووم ،وبەشێوەیەكی پڕاكتیكی چوومە سەرتەختە وستەیجی شانۆ ،وفێری هونەری نواندن بووم وەكو بناغەیەك لەڕێگەی هونەری شانۆ كەباڵاترین هونەرە ،وهەر ئەوەش وایكرد كە بچمە بواری سینما لەرێگەی فلمێكی سینەمایی كەیەكەمین ئەزموونم بوو وەكو ئەكتەرێكی ئافرەت ،لەگەڵ ستافێكی هونەری كەزۆر شتیان لێوە فێربووم .

    *باوكی بەرێزتان(د.كەمال غەمبار) نووسەرێكی دیاری كوردستانە، تاچەند ئەم كەش و هەوای ماڵەوە هاوكار بووە بۆ ئەوەی بیر لە جیهانی هونەری بكەیتەوە؟

  • ئێمە بەحوكمی باوكم (دكتۆر كەمال غەمبار) كە نووسەرێكی دیاری كوردی ولەبواری ئەدەب وڕەخنەی ئەدەبی هونەری دەستێكی باڵای هەبووە لەبەرئەوەی لەخانەوادەیەكی ڕۆشەنبیر بووین ،بێ گومان ئەوشتە ڕاستەوخۆوناڕاستەوخۆ كاریگەری خۆی هەبووە لەسەرم كەڕووبكەمە بواری هونەری وماڵوەش هاوكاربوون ولاریان نەبووە كەخۆم لەم كایەدا ببینمەوە وپەرەی پێ بدەم
    .
    *راز كەمال زیاتر خۆی لە هونەری شێوەكار یاخود هونەری شانۆ دەبینیتەوە؟
  • هەردوو هونەرەكە لەلام خۆشەویستین لە هەردووكیانیش بەشداری كارام هەبووە، بەڵام زیاترخۆم لەبواری شانۆونواندن دادەبینمەوە ولەشێوەكاریش پێشتر بەشداربووم وساڵانە لەبۆنەكانی چالاكیم هەبووە ،بەتایبەتی لە فیستیڤاڵەكانی نێو پەیمانگا.
    *لەئێستادا چۆن دەڕوانیتە ئاست و توانستی ئافرەتانی كوردستان لە هەردوو بواری شانۆ و شێوەركاردا؟
  • لەئێستادا خانمان لەبواری هونەری شانۆ وشێوەكاری بەڕۆڵی خۆیان هەستاون ولەم چەند ساڵانەی دواییدا كۆمەڵێك ئافرەتی كورد هەڵكەوتن وتوانیان پێگەی خۆیان بدۆزنەوە ،لەگەڵ ئەوەی ئەم بوارانە وەكو پێویست بایەخی پێ نەدراوە لەلایەن حكومەت ودام ودەستگایەكی ئەوتۆنییە ،كەسپۆنسەروپاڵپشت بێت بۆ هونەروهونەرمەندان مەگەر هەندێك كەسی خەمخۆری هونەر وكەرتی تایبەت بەم رۆڵە هەستابن وپشتگیری مادی ومەعنەویان كردبێت ،،بەڵام وەكو بزاڤێكی هونەری هێشتا زۆری پێویستە ..

    *تاچەند ڕەخنە بە پێویست وگرنگ دەزانیت بۆ هەردوو بوارەكە (شانۆ ،شێوەكار)؟

  • رەخنە زۆر گرنگە بۆ هەموو بوارێك، بگرە لەڕێگەی ڕەخنەی بنیاتنەروبابەتی وزانستی هەموو كاریكی هونەری هەڵدەسەنگێندرێت وپێشدەكەوێت ،وكەسی شارەزای گەرەكە..ڕەخنە خۆی لەخۆیدا بوارێكی سەربەخۆیە و فەلسەفە وپاشخانی مەعریفی خۆی لەپشتە و دەبێ گرنگی زیاتری پێبدرێت.

    *مەرجە هونەرمەند دەرچووی پەیمانگا یاخود كۆلێژی هونەری بێت؟

  • هونەر لەپێش هەموو شتێك ئیتر هونەری شانۆ یاخوود شێوەكاری بێت بەهرەیە ،بەڵام ئەگەر حەزوخولیایەكی لەپشت بێت دەكرێت پەرەی پێ بدرێت ،لایەنی ئەكادیمی بێ گومان زۆر گرنگە وەكو بناغەیەك بۆ ئاستی هەرهونەرمەندێك ویڕای زانیاری وبەدەستهێنانی مەعریفەت ،بەڵام هەموو شتێك نییە ،دەكرێت كەسێك هیچ بڕوانامەیەكی لەم بوارانەدا نەبێت بەڵام كەسێكی سەركەوتوو ولێهاتوو بێت وپێچەوانەكەشی هەرڕاستە ،هەردوو بوارەكە، بەهرە پێویستە بەڵام هەوڵ وتەقەلاش زۆر گرنگە هەروەها ڕاهێنانی بەردەوام ..

    *ساڵانە چەندین خانم كۆلێژ و پەیمانگاكان تەواو دەكەن بەڵام لە گۆڕپانی هونەری ون دەبن هۆكارەكە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

  • هۆكارەكەی بەشێكی پەیوەندی بەئیش وكارە گوزەران وژیان وخێزانەوە هەیە ،،هەروەها سروشتی رۆڵەكان ڕەنگە كاریگەری خۆی هەبێت ،یاخوود نەبوونی دەستگایەك كە كاری پێویستیان بۆ فەراهەم بكات ،،ولەگەڵ ئەوەش كە پاڵپشتی مادییان هەبێت كەئاسانكارییان بۆ بكات وزۆر هۆكاری تری وەكو ڕێگری ماڵەوەو نەریتی كۆمەڵگا ولایەنی ئایینی ..

    *هیچ پرۆژیەكی هونەری نوێت هەیە؟
    لەئیستادا هیچ پڕۆژەیەكم نییە وسەرقاڵی خوێندنی باڵام ولەماستەر دەخوێنم ،ولەئایندەدا پڕۆژەی ترم لەبەردەستە لەبواری سینەما وفیلم سازای..




سترانە کپەکان.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

ھەرچەند بیر دەکەمەوە
من ھیچی تر نیم
جگە لە ئاگرێکی رەش
تۆش دوکەڵێکی سپی


ھەست ئەکەم
شتێک لە بارەی داھاتوو دەزانم:
ئێوارەیەک قەڵەمەکەم
خۆی دەکوژێت
تۆش
داوای شیعرێکی ژیاندۆستم
لێ دەکەیت


ھەرگیز لەم کۆدە تێناگەم
من دێمە ھەر شوێنێک
تۆی لێی
تۆ دێیتە ھەر شوێنێک
منی لێ نیم


پەندێکی دێرین ھەیە دەڵێت
عاشق کاتێک دەمرێت
لە خاکدا نانێژرێ
لە رۆحی مەعشووقدا
ھەناسە دەدات


سترانێکی قەرەجیم
گوێ لێ بووە:
شاعیر
وشە لە قامووسی عیشق
قەرد دەکات
عەشق خۆیشی
فەرھەنگێکە لە ئازار


گوێم لە موناجاتی دێوانەیەک بوو:
عەشقم وەک پەرداخێک ژەھر فەڕ کرد
سەرلەبەر ھەناوم بوو بە نوور


پرسیارم لە لاپەڕەیەکی سپی کرد
چاوەڕوانی چیت دەکەیت
لە شاعیر؟
وتی:
ھەناوم بە ستایشی یار
رەش بکاتەوە!


پێم سەیرە
دیوار ھێندە بە پێوە وەستاوە!
چۆن ماندوو نابێت
لە دابڕینی جوانی
لە چاوی سروشت؟


عاشقەکان ھەمیشە ماندوون
کێوێک ھەست و
شاخێک عاتیفە بە کۆڵیانەوەیە
ناتوانن لەسەر ھیچ دڵێک داینێن


چیا چەند سەخت و رەق بێت
جۆگەلەیەک دڵی کون کون دەکات
ئیدی من بەم ھەموو نەرمییەوە
چۆن بەرگەی تۆفانی ماچی تۆ بگرم؟


ھەر لە خۆڕا پێموایە
عاشقەکان
ژیان لە نەبوونەوە دەھێننە ئارا
شاعیرەکان
مێژووی ئەوان دەنووسنەوە


شاعیرەکان زۆر سەیرن
ھەوڵدەدەن عەشق بخزێننە
بۆتەی دەقەوە
ئەوە نابینن
گەردوون بەو بەرینییە
جێی ئەوی تێدا نابێتەوە


دان بەوەدا دەنێم بێ ھیوام
ساڵانێک لە دڵێکی مەلولدا
بە دوای ئومێددا دەگەڕام
ساڵانێک
چاوەڕوانی ئاوی گەشبینی بووم
لە گۆزەیەکی درز بردوودا


راستییەک ھەیە
دەمەوێت بیخەمە رستەوە
لەوەتی ھەم وەک ھەڵۆیەک دەفڕم
ھەتا دێ لە خۆم دوور دەکەومەوە
ئیدی تەمەنا دەکەم
بەربمەوە بۆ نێو خۆم


زۆر دەمێکە
دڵێکم لە سینەی گریاندا
ھێندە رووقایمانە
خۆم لە گێلی دەدەم
چاوەڕوانی کلویەک پێکەنین دەکەم
ئەم بەفری زەردەخەنەیە
لەو ئاسمانە روو گرژەی ژیانما
کەنگێ دەبارێت؟


چاوی من
لە دڵی دایکم دەچێت
دەقەکانیشم لە رۆحی باوکم
خەونەکانم
لە نازی خوشکەکانم دەچن
روانینەکانیشم
لە سەرنجی براکانم
تەنھا ئازارەکانم لە خۆم دەچن


خۆشەویستێکم دەوێت
دەست بھێنێت
بەسەر ئاوریشمی ھەستمدا
پەرتبوونم
لە چاوەکانیدا کۆ بکاتەوە
دڕکی حەسرەت
لە خەیاڵەکانم دەربھێنێت
کە گریام بە دەستڕی ماچ
جۆگەلەی فرمێسکم بسڕێت


شەوێکیان بیرم دەکردەوە
ئەگەر ئەمشەو ژنێکی سپی
بێتە ناو پێخەفی رەشمەوە
بە ماچ لێوی شیعرم سوور بکات
لەنێو لەشی گەرمیدا نقوم بم
ئایا ھێشتا گلەییم لە ژیان دەبێت؟


وتم نابێت بڕۆم بۆ جەنگ
سەنگەرەکان پڕ ناکەم
لە ھەنگوینی شیعر
فیشەکەکان تەژی ناکەم
لە مرەبای عیشق
ئەگەر جەنراڵەکان بەم کارە بزانن
لە دۆڵی کینەدا
سەر بەرەو خوار ھەڵمدەواسن


ئەو دەمەی
لە منداڵدانی دایکم
ھاتمە دەرەوە
شێری غەم و غوربەت
دایکمی خوارد
ھەموو ھەوڵی باوکم بۆ ئەوەبوو
من لە دەمی چەقەڵی
بێ دایکی رزگار بکات


من دەمەوێ
فەرھەنگی زمان پاک بکەمەوە
تا عەشق
چیتر بە زەجرکێشان
راڤە نەکرێت
شیعر و ئازار
ھیچی دی
ئامۆزای یەکتر نەبن
وشەی خیانەت
لە زەینی ھەر ژنێکی عاشقدا
بە مرەکەبی ماچ بسڕدرێتەوە


ئەوەندەی من
بە بیرم دێتەوە
ئەو رێبوارە گەڕۆکەی
عەوداڵی وشە بوو
پێیان دەگووت شاعیری سەرشێت
ئەو دێوانەیەی سەوداسەری
ژنێک ببوو
پێیان دەگووت خەڵوەتکێشی نەگبەت
ئەمێستا من شاعیرێکی نەگبەتم


شەقامی دڵم ئێجگار چۆڵە
خانمێک بە چەپکێک گوڵەوە
پیاسەی تێدا ناکات
فوارەیەک لە شادمانی
لە قەراغییەوە بوونی نییە
سەنتورژەنێک وەک میوانێکی ناوەخت
بەسەریدا گوزەر ناکات
کەچی ھەرچی ئازارە
پێیدا ھەڵدەگەڕێت
ھەر کاروانی دوای تەرمی گوڵە
فڕکان فڕکانێتی


دەست ئەخەمە گەردنی شەوگار
بە تاوانی کوشتنی تاریکی
دادگایی دەکرێم
دەست دەخەمە
ناو پرشنگی زێڕین
بە تۆمەتی دڵداریی
لەگەڵ رووناکی زیندان دەکرێم
باوەش دەگرمەوە بۆ باران
بە پاساوی ھەستانی لافاو
گوللە دەنێن بە بەختمەوە
لە ژێر لێزمەی ماچمدا
ژنێک سەما دەکات
بە بیانووی نامووس
چاوی شیعرم ھەڵدەکۆڵن


ھێندە سەرمامە
لەناو ئاگریشدا
ھەست بە تەزینی سەرم دەکەم
بەرگەی ھەوای سارد و
نیگای سارد ناگرم
خانمەکەم
ئەگەر ھاتیت بۆ ئێرە
تکایە بەفری چیای شەرم
لە شانت بتەکێنە


رەنگە سەفەر بکەم
بەرەو کوچەیەک
تەنیا شیعر
رێی تێبکەوێت
بەرەو کەنارێک
تەنیا کەشتی عەشق
لەنگەری لێ بگرێت
بەرەو ئاسمانێک
بە باڵی یاخبوون نەبێت
نەتوانیت تێیدا بفڕیت
بەرەو خۆم
بۆ دۆزینەوەی
ئەو ئاوریشمە ژنەی
بێشکەی ھەستم
بە ئارامی رادەژەنێت





کاریگەریی ڕۆمان لەسەر ڕۆشنبیریی تاک بە نموونە (شاری ســۆران).. محبــوبە حسـێــن حمــد و محمد رمضـــان محمد

(لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانییە)
توێژینەوەیەکە پێشکەشی بەشی کوردی/ فاکەڵتیی ئاداب کراوە لە زانکۆی سۆران وەک بەشێک لە پێداویستی بەدەست هێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە بواری ئەدەبی کوردی

لە لایەن قوتابییان:
محبــوبە حسـێــن حمــد
محمد رمضـــان محمد

بە سەرپەرشتی:
م. کازم شێــخ حسـێـن

بۆ خوێندنەوەی ئەم لێکۆڵینەوەیە کلیکی ئێرەبکەن..




کە ” فڕۆید” دەبێتە میوانی ” پەشێو”.. ڕزگار عومەر

وەکو زۆربەی ڕۆژانی هەفتە بەیانیان زوو یەك دوو کاتژمێر لە پارک کات بەسەر دەبەم. ئەم بەیانیە دوای وەرزش لە گەڵ “بەشدارعوسمان” بۆ حەوانەوەی دوای وەرزش چووین قاوەمان خواردەوە. لەم دانیشتنە بەشدار شیعرێکی مامۆستا “عبدواللە پەشێو”ی بۆ خوێندمەوە بە نێوی (هەم تۆم خۆشدەوێ هەم ئەویش)، کە زۆر کاریگەری لەسەرم دانا، بەشدار ڕۆیشت و من لەو پارکە هەر ئەخولامەوەو بیرم لێدەکردەوە دەتووت من یەکەم جارە گوێم لە شیعری مامۆستا پەشێو بووبێت. کە هاتمەوە هەر لە خەیاڵم بوو ئەو شیعرە هەر لە خەیاڵم بوو، بۆیە پەیوەندیم کردەوە بە بەشدار و دەقەکەی بۆ ناردم، کە وەکو دەقیش هاتە بەرچاوم زانیم من لەبەردەم ئیشێکی گەورەدام ، هەروەها دڵنیابووم کە لەبەردەم ڕیسکێکی گەورە دام لە بەکار‌هێنانی “فرۆید” بۆ تێگەیشتن لە پەشێو! چونکە سیگمۆند فرۆید، باوکی شیکاری دەروونی، حەزێکی قووڵی لە یەکتربڕینی دەروونناسی و ئەدەب، بەتایبەتی شیعر هەبوو. ئەو پێی وابوو ئەدەب وەك بەرهەمێکی عەقڵی مرۆڤ، پەنجەرەیەکی دەگمەن دەکاتەوە بۆ ناو ئەو پاڵنەر و غەریزە نائاگایانەی کە ڕەفتاری مرۆڤ لە قاڵب دەدەن.
بۆچوونەکانی فرۆید سەبارەت بە ڕەنگدانەوەی غەریزەکان لە ئەدەبدا ڕەگ و ڕیشەی لە تیۆرییە فراوانەکانیدا هەیە سەبارەت “بە دەروون” کە تێیدا گریمانە دەکات بەشێکی زۆری ڕەفتاری مرۆڤ لە ژێر کاریگەری ئارەزووە نائاگاکاندایە، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە خۆشەویستی و سێکس و شەڕانگێزییەوە هەیە.
فرۆید شیعری وەك فۆرمێکی بەهێزی تایبەت لە ئەدەبیات دەبینی کە دەتوانێت ئەم پاڵنەرە نائاگایانە ئاشکرا بکات. زۆرجار لە شیکارییەکانیدا سەرنجی لەسەر ئەوە بوو کە چۆن شاعیران غەریزە سەرەتاییەکانیان دەکەنە چوارچێوەیەکی باڵا بۆ دەربڕینی داهێنەرانە. پڕۆسەی بە چوارچێوەکردن وبە باڵاکردنی غەریزەکان لە ئەدەبدا، بە بڕوای فرۆید، میکانیزمێکی بەرگرییە کە تێیدا پاڵنەرەکان یان ئایدیالیزەکردنی “قبوڵنەکراو” لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە دەگۆڕدرێن بۆ کردار یان ڕەفتارو پەسەندکراوێکی کۆمەڵایەتی کە مەقبولیەتی هەبێت وفیلتەرەکانی کلتور ببڕێت، کە زۆرجار لە ئەنجامدا دەستکەوتێکی خودی پڕۆسەکە دەبێتە چاکسازیەکی سادە یان گەورە بۆ هەناسەیەکی زیاتر لە کولتوورە داخراوەکاندا. شیعر بە زمانە دەوڵەمەندە ڕەمزییەکەی و قووڵایی سۆزدارییەوە، فۆرمێکی گونجاوە ئەگەر پێشمەرجە ئیستاتیکەکان و دەوڵەمەندی زمانەوانیەکەی وەڵامی ئەم پڕۆسە بووبێت.
کاتێک باس لە شاعیرانی پیاو دەکرێت، فرۆید بە تایبەتی گرنگی بەو شتە دەدا کە چۆن بەرهەمەکانیان ڕەنگدانەوەی قووڵترین ئارەزوو و ململانێ “چارەسەرنەکراوەکانیانن”، کە زۆرجار ڕەگیان لە ئەزموونە سەرەتاییەکانی خۆشەویستیدا بوو. فرۆید بەناوبانگ بوو کە دەیگوت خۆشەویستی یەکەمی پیاو کە بە شێوەیەکی تایبەت لە سەرەتای منداڵیدا ئەزموون دەکرێت، جێپەنجەیەکی نەسڕاوە لەسەر دەروونی بەجێدەهێڵێت.
ئەم وابەستەییە سەرەتاییە، زۆرجار بە دایک یان کەسایەتییەکی دایک، پەیوەندییە سۆزدارییەکانی داهاتوو و دەربڕینە داهێنەرەکانی لە قاڵب دەدات.
لە چوارچێوەی شیعردا فرۆید پێی وابوو کە شاعیرانی پیاو زۆرجار لە ڕێگەی بەرهەمەکانیانەوە سەردانی ئەم خۆشەویستییە سەرەتاییە دەکەنەوە. شیعرەکانیان دەبێتە ئامرازێک بۆ پرۆسێسکردن و گەڕان و هەندێکجار ئایدیالیزەکردنی ئەم خۆشەویستییە یەکەمە، کە بە درێژایی ژیانیان وەک کاریگەرییەکی بەهێز، هەرچەندە زۆرجار نائاگاییە، دەمێنێتەوە.
بۆ نموونە شیکارییەکانی فرۆید بۆ بەرهەمەکانی یۆهان ڤۆڵفگانگ ڤۆن گۆتێ، تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە چۆن ئەزموونە سەرەتاییەکانی شاعیر و خۆشەویستییە یەکەمەکانی شاعیر کاریگەرییان لەسەر شیعرەکەی هەبووە.
تێڕوانینەکانی فرۆید بۆ ڕەنگدانەوەی غەریزەکان لە ئەدەبدا، بەتایبەتی شیعر، جەخت لەسەر ئەو بیرۆکەیە دەکەنەوە کە بەرهەمە داهێنەرەکان تەنها دەربڕینی هونەری نین بەڵکو “بەڵگەنامەی دەروونیشن” کە کارەکانی ناوەوەی عەقڵی مرۆڤ ئاشکرا دەکەن، کە بە ئەزموونە سەرەتاییەکان و ئارەزووە نائاگاکان لە قاڵب دراون.
بۆ شاعیرانی پیاو، کاریگەریی هەمیشەیی خۆشەویستی یەکەمیان، تەوەری سەرەکییە، کە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی قووڵایی سۆزداری و ئاڵۆزی لە بەرهەمەکانیاندا دابین دەکات.
لە کۆتاییدا، ڕوانگەی فرۆید سەبارەت بە ڕەنگدانەوەی غەریزەکان لە ئەدەبدا جەخت لەسەر پەیوەندی قووڵی نێوان دەربڕینی داهێنەرانە و عەقڵی نائاگا دەکاتەوە. لە چاویلکەی شیکاری دەروونییەوە، شیعر وەک میدیایەکی بەهێز سەرهەڵدەدات کە غەریزە سەرەتاییەکان و ئەزموونە سۆزدارییە سەرەتاییەکان بەرز دەکرێنەوە بۆ ناو دروستکردنی هونەری، تێڕوانینێکی قووڵ بۆ بارودۆخی مرۆڤ پێشکەش دەکەن. بەر لەوەی بچمە ناو شیکردنەوەکە لام گرنگە خوێنەران دەقەکە ببینن وبیخوێنەوە:-
هەم تۆم خۆشدەوێ هەم ئەویش
عەبدواللە پەشێو
کە من تەنیا جارێک بژیم
هەم تۆم خۆشدەوێ، هەم ئەویش
کە من تەنیا جارێک بژیم
نە تیشکی ڕۆژ دەتۆرێنم،
نە تریفەی مانگەشەویش


ئەگەر دوو جار ژیابام
خۆشەویستم هەر تۆ دەبووی لەمەیانا
لەویتردا
ئەوم دەکرد بە تاقانە
بەڵام… چبکەم!
کە من تەنیا جارێک بژیم،
چارەم نییە،
هەم تۆم خۆشدەوێ، هەم ئەویش
هەم تیشکی ڕۆژ دەپەرستم،
هەم تریفەی مانگەشەویش!
 دیوانی “ڕۆژ نییە لێتان تووڕە نەبم” ١٩٧٩
شیکردنەوەی ئەم شیعرە لە چاویلکەی تیۆرییەکانی سیگمۆند فرۆید سەبارەت بە ڕەنگدانەوەی غەریزەی پیاو لە شیعردا، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە چۆن ئارەزووی نائاگا و ململانێ ناوخۆییەکان لە دەقە داهێنەرەکاندا دەردەکەون.
شیعرەکە پیاوێک دەخاتە ڕوو کە لە نێوان دوو ژندا لەت بووە، کە بە مانگ و خۆر بەراوردیان دەکات. ئەم “دووانەیی و بەراوردکردنە” پێشنیاری ململانێیەکی قووڵی ناوخۆیی شاعیر دەکات، کە ڕەنگدانەوەی چەمکی فرۆیدە بۆ خۆشەویست یان مەحبوبەی یەکەم.
لەم شیعرەدا دەکرێ ئەو دوو ژنە وەک نوێنەرایەتی لایەنە جیاوازەکانی حەز و غەریزەی شاعیر سەیر بکرێن.
(( کە من تەنیا جارێک بژیم/
هەم تۆم خۆشدەوێ/ هەم ئەویش ))
فرۆید پێی وابوو کە ئارەزووە چارەسەرنەکراوەکانی پەیوەندییە سەرەتاییەکان زۆرجار لە تەمەنی گەورەییدا سەرهەڵدەدەنەوە، بەتایبەتی لە چوارچێوەی ڕۆمانسیدا. ڕاگەیاندنی خۆشەویستی شاعیر بۆ هەردوو ژنەکە لە یەک کاتدا ئاماژەیە بۆ ململانێیەک بۆ ئاشتکردنەوەی ئەو ئارەزووە کێبڕکێکارانە.
ئەم خۆشەویستییە دووانەیە دەتوانرێت وەک دەرکەوتنی پێداویستییە “سۆزدارییە چارەسەرنەکراوەکان” و سەختی کەناڵکردنی ئەم غەریزانە بۆ پەیوەندییەکی تاک و پەسەندکراوی کۆمەڵایەتی لێکبدرێتەوە.
کە من تەنیا جارێک بژیم/
نە تیشکی ڕۆژ دەتۆرێنم/
نە تریفەی مانگەشەویش
وێنەسازیی “ڕووناکی ڕۆژ” و “ڕووناکی مانگ” هێمای ئەو سیفەتە جیاوازانەن کە ئەو دوو ژنە نوێنەرایەتی دەکەن. خۆر، یان ڕووناکی ڕۆژ، دەتوانرێت پەیوەست بکرێت بە هۆشیاری و ڕوونی و ڕەنگە ڕەزامەندی کۆمەڵایەتییش بگرێتەوە، لە کاتێکدا مانگ، یان تیشکی مانگ، پێشنیاری نائاگایی و نهێنی و ئارەزووە شاراوەکان دەکات.
لێرە بە ئاسانی دەتوانین بڵێین: ئەم دێرە وەک هەوڵی شاعیر بۆ هاوسەنگکردنی پابەندبوونە هۆشیارەکانی لەلایەك، لەگەڵ ئارەزووە نائاگاکانیەتی ، کە ڕەنگدانەوەی گرژییە سروشتییەکەیە لە پڕۆسەی لە چوارچێوە دانان و بە باڵا کردنی غەریزە بۆ فۆرمەکانی پەسەندکراوی کۆمەڵایەتی.
ئەگەر دوو جار ژیابام/
خۆشەویستم هەر تۆ دەبووی لەمەیانا/
لەویتردا
ئەوم دەکرد بە تاقانە/
بەڵام… چبکەم!
ئەم دێرانە؛ خواستی شاعیر بۆ چارەسەرێکی مەحاڵ ئاشکرا دەکات- هەبوونی دوو ژیان و دوو ژن بۆ تێرکردنی سۆز و خۆشەویستییە دابەشبووەکانی.
تیۆری فرۆید بۆ “بەدیهێنانی ئاوات یان ئارەزوو” لێرەدا دیارە، کە شاعیر گوزارشت لە خواستێکی قووڵ و دەستنەکەوتوو دەکات.
دەروونی شاعیرەکە لە ڕێگەی شیعرەکە بەکارهێنانی “ناوەڕاست” و “تاکە” چارەسەرێکی ئایدیالیزەکراو پێشنیار دەکات کە هەر ژنێک بتوانرێت بەبێ ململانێ بە تەواوی خۆشبوێت، کە لە واقیعدا، بە مەحاڵی دەمێنێتەوە.
کە من تەنیا جارێک بژیم/
چارەم نییە/
هەم تۆم خۆشدەوێ/ هەم ئەویش/
هەم تیشکی ڕۆژ دەپەرستم/
هەم تریفەی مانگەشەویش!/
دێڕەکانی کۆتایی جەخت لەسەر قبوڵکردنی دەست لەکارکێشانەوەی شاعیر بۆ دۆخی خۆی دەکەنەوە. دووبارەبوونەوەی “تەنها یەکجار دەژیم” جەخت لەسەر حەتمییەتی ململانێیەکەی دەکاتەوە، لە کاتێکدا “چارەسەر نییە” سروشتی هەڵنەهاتووی غەریزە دابەشبووەکانی پیشان دەدات.
کردەی پەرستنی “هەردوو تیشکی خۆر” ئاماژەیە بۆ ڕێزگرتنێکی قووڵ بۆ هەردوو ئەوینەکەی، کە ڕەنگدانەوەیە بۆ بێتوانایی شاعیر لە هەڵبژاردن و لیست کردنی کامەیان یەکەمە کامەیان دووەمە، ئەو ئەوینی پاکی دابەشبوو بۆسەر دووبەش ڕێگەی پێنەدا ڕیسکی بە یەکەم کردن و بە دووەم کردنی هیچ لە ئافرەتەکان بکات. ئەم دۆخە تەنیا تایبەت نیە بە دوو ئافرەتەکە بەڵکو ئیعتیراف کردنێکی دەروونیشە بۆ لەتبوونی دەروونی شاعیر خۆی، لێرە دەروونی شاعیر بۆ ئەوەی فشار لەم میحنەتە کەم بکاتەوە دێ لە تێکستەکە خۆی دەناسێنێ بە ” ئەوانیتر” ، ئەمە ئەو چرکەساتانەیە کە “دانپێدانانێک” دەروونی شاعیرێك لە فۆرمی داهێنانێکی شیعریدا بە ئاڵۆزیی ئارەزووەکانی مرۆڤ دەخرێتە ڕوو کە بە ئاسانی چارەسەر ناکرێ.
لە کۆتاییدا دەتوانین لە چاویلکەی فرۆیدییەوە ئەم شیعرە وەک گەڕانێکی قووڵ لە غەریزە نائاگاکانی شاعیر و ململانێ ناوخۆییەکانی شاعیر سەیر بکرێت.
یەکخستنی خۆر و مانگ، دەربڕینی خۆشەویستی دووانەیی و تامەزرۆیی بۆ چارەسەرێکی دەستنەکەوتوو، هەموویان ڕەنگدانەوەی ئەو بنەما دەروونییە قووڵانەن کە فرۆید پێیوابوو ڕەفتاری مرۆڤ و دەربڕینی داهێنەرانەیان لە قاڵب داوە.
شیعرەکە وەک وێنایەکی زیندوو دەبینرێت کە چۆن غەریزە و ئارەزووە چارەسەرنەکراوەکانی پیاوان لە شیعردا دەنگێک دەدۆزنەوە، تابلۆیەکی دەوڵەمەندی قووڵایی سۆزداری و دەروونی پێشکەش بکەن، عەبدواللە پەشێو لەم تێکستەدا شاعیر نیە، بەڵکو نیگارکێشەیەکی ڕاستگۆ و پڕ لە جوانییە.




لەساڵڕۆژی مەرگی “خواناس”دا!.. تاهیر عیسا

ئازیزم خواناس!
واساڵێک بە سەر تکانی خوێنی بە ناڕەوا ڕژاوتدا تێپەڕبوو
جارێکی دیکە ئەوانی داماوو کڵۆڵ لە وەڵام و تۆقیوو پساو لەپرسیارو گومان،
سەلماندیانەوە کە ئەوەی هەتا هەنوکەی هێناون، لۆژیکی شمشێرو قەتل و قیتال بووە نەک لۆژیکی جەدەل و گفت وگۆ
ئازیزم خواناس! هەرچەندە من،
بەسەدان فرسەخ لەگۆڕە ئارامەکەتەوە دوورم!
بەڵام دەمەوێت بڵێم،
بەئەندازەی ئەو دوورییە و بەڵکو بێکۆتاییش و هەتا دڵی دۆست و ئازیزانت و هاوچارەنووسانت، بیخوازن لە ئەڵڵای بکوژەکانت دوورم !
نەک هەر ئەو بکوژانەی وەکو ڤایڕۆس، ڕەشەبای شوومی مێژوو هەتا ئێرەی هێناون!
بەڵکو ئەوانەش کە لەناو فەنتەڵۆسی فاسیدو موفسیدی جووت زۆنیدا
بەرژەوەندییان ئەوە دەخوازێت ئەم جڕوجانەوەرانەش لەچوار دەوریاندا وەک تەونی جاڵجاڵۆکە، کۆمەڵگا بەبیری ژەنگاوییان تان وپۆکەن،
خەڵکی لەنێوان ژیان و مەرگدا دووچاری سەرەگێژەو نائومێدی کەن!
ئازیزم! نەمدەزانی تۆ چۆن خواناسێک و خوانەناسێک بووی!
بەڵام ئەو کۆمەڵگایەو ژیان وژیاریشی، کەتۆ عاشقیان بووبوویت و لەپێناویاندا وەک پەپوولە بۆیان سوتایت و دواجاریش پێگەیەکی ئارام نەبوو بۆ ژیانت، چ ئەوساو چ ئەمڕۆش لەبەرامبەر مەرگی کۆستکەوتوتدا لە گۆڕەکەت ئارامترو بێدەنگترن،
بۆنی ڕەوایەتیدان دێت بەوچیرۆکەی تۆیان، بۆ ئەبەد
پێ لەژیان ئەستاند.
ئازیزم خواناس، ئەوساتانەی تۆیان لەژیان تۆراند، من کەم وزۆر پێت ئاشنا نەبووم
تەنانەت ئاشنای هیچکام لە ڕوانگاو خەون و ئەندێشەکانیشت نەبووم!
بۆ جارێکیش پێم نەکەوتۆتە ئەو پێگەیەی تیایدا چاوت بەژیان هەڵهێناو، چاویشتیان لەژیاندا پێداخستیت،
ئاشنای ژیاندۆستیە هەرەباڵاکەشت نەبووم
ئاشنای هونەرو شیعرو مۆسیقا ناوازەکانیشت نەبووم
بەڵام ئەوەی کت وپڕو بروسکئاسا تۆی بەمن ناساند
ئەوەی ناخی جوانی تۆی ژیاندۆستی بۆمن ئاواڵاکرد و
ئەوەی دەنگ وسەداو ناوەرۆکی جوانی شیعرو سەدای شیعر خوێنینتی بەگوێچکەم گەیاند
ئەوەی ئەدای جوانیی شانۆییتی بەمن پیشاندا
ئازیزم تۆ نەبووی
میدیاو سۆسیال میدیاش نەبوو
ڕادیۆو ڕۆژنامە و تیڤیە دووڕووەکانیش نەبوون!؟
بەڵکو ئەوە، ئەو مەرگە شوومە بوو
چیرۆکە تڕاژیدیاکەتی بە گشت کون وکەلەبەرێکی دنیاداگەیاند!
لەکوێ گوێچکەیەکی زمانحاڵی کوردی لێبووبێت
لەوێدا، ئەگەر پەیامی تاریک پەرستان، بەنج و نابیستەو نادیدەی نەکردبێت
لەوێدا تۆ حیکایەتێکی غەدرلێکراوبوویت
لەوێدا تۆ تۆزو خۆڵەمێشی سوتاوی جەستەی حەلاجی لەدیجلەکراودا بوویت
لەوێدا تۆ هەزاران ئەنفالی نوگرەسەلمانی ئازاردیدەی دەستی حەجاجی شەقوەشێنی دامێن سوڕەتی ئەنفال بوویت!
ئەوەی بروسکئاسا هەواڵی مەرگی ناوەختتی بە گشت کون وکەلەبەرێکی دنیا گەیاند
ئەو زوڵمە بێئەندازە گەورەیە بوو کە بۆ پارێزگاری لە خودای تاریک بینە چەقبەستوەکانی مێژوویەکی زۆر دێرین کرا
ئەوانە بوون، کە دەیانەوێت مێژوو لە ڕابردوویەکی دووری زۆر مەحاڵدا بووەستێنن
دەیانەوێت هەموان لەوچیرۆکە کۆن و پڕ ئەفسانەیەی مێژووی قێزەونی سەرهەڵدانیدا، بتاسێنن
ئەوە ئەو زوڵمە گەورەیە بوو بەرامبەر تۆی «خواناس» ی دەروون جوانی خوانەناس کرا
لەمەرگی تۆدا ئازیزم خواناس!؟
من باشتر خودای ئەوانم ناسیی و لە خوداناسی ئەوانیش باشتر تێگەیشتم
زانیم ئەوەی لەخودای ئەوان بەدووربێت وەک تۆی ئازیز چەندە سالم وسەلیم و شیعردۆست و مۆسیقاپەروەرو چەندە ژیان شەیدایە!
ئەوەی لێشی نزیک بێت وەک فتواچیەکان وبکوژەکانت چەندە دڕ ندەو وەحشیی و وزاڵم وناقۆڵایە!
بەڵام ئەوەندە دەزانم کە خوداناسی ئەم شەمشەمەکوێرانە
چبەڵاو چکارەساتێکی درێژمەودایە
بۆ سەر هەرچی زیندەوەری سەر ئەم دنیایە
ئازیزم خواناس!
کەسێک نییە خوداناس بێت وەختێک “خودا” تەنیا زادەی ترس و نائومێدی مرۆڤی کاڵفامی نەوەی نیاندەرتاڵ و هۆمۆسپیان بێت!
زادەی خەیاڵئاسای مرۆڤی سەردەمی بەردبێت
خوداناسی ئەوان مایەی ئەو ناحەقیە گەورەیەبوو، کەلەتۆیەکی خاوەن ڕوئیاو پرسیارکرا
لەتۆیەکی خاوەن شک وگومانکرا
ئازیزم دەزانم کە پرسیارو گومان بۆ کەسێکی خاوەن هۆش وخاوەن بیر،
چەندە ئاسایین کەلەزاتی هەرمرۆڤێکی ئازای وەک تۆدا چەکەرەدەکەن.
دەزانی، ئەو مامۆستایەی لەویژدانەوە لە پێگەی بەرپرسیارێتی گەیاندنی زانست و زانیاریەکانیدایەو مامۆستایەو لەهەوڵی وەڵامی گشت پرسیارێکی قوتابیەکانیدایە
چەندە داناو زانایە!؟
بەڵام ئەوەی گرفتی لە پرسیارەو ئەوەی ترسی لە گومانە
تەنیا ئەڵلای هەڵبەستراوو داتاشراوی نازانا و نادانایە!
ئازیزم، خواناس، بەقەد جوانیت بە قەد گەنجێتیت
بەقەد کزەی جەرگی ئازیزانت منیش کزەی جەرگم دێت وناڕەحەتم
منیش پەرێشانی خوێنی بەناڕەوا ڕژاوتم
ئەگەرچی تۆ ئێستا بەجەستە
لەناو کۆڕی شیعرو نۆتەی موسیقاو ستەیجی شانۆنامەکانتا واساڵێکە دابڕێندراوی!
ئەگەرچی تۆ ئێستا لەپیاسەی ئێوارانەی سەرشۆستەکانی شارۆچکە وەیشومەکەت تۆرێندراوی!
بەڵام یادەوەریەکانت و چیرۆکە تڕاژیدیاکەت،
وەک چیرۆکی حەلاج و فەرەج فۆدەو عەبدولخالق مەعڕوف و فەرهادفەرەج و شاپورو قابیل و ماریاکان، هەزاران هەزار قوربانی دیکەی دامێن ئەم خوڕافاتیانەی مێژووی دین، نەوە لەدوای نەوەو سەدە لەدوای سەدە ميژوو دەیبات، دەیبات، دەیبات و بەردەوام بۆ نەوەکانی داهاتووی دەگێڕێتەوە
هەتا لە کەناری دنیایەکی ئارام و یەکسان و بێ پوول وپارەو بێزوڵم وزۆرو چەوسانەوەو بێ چینی جۆراو جۆردا
کە ئیتر لەوێ هیچ ئایدیاو دینێک هۆکاری چەواشەو فریودانی فەقیرو نەدار نییە!
لەوکەنارەدا، کەس عەوداڵی بەهەشتێکی خەیاڵی
لەپێناوی ڕوباری شیرو شەڕاب و هەنگوین و سێکسی حەفتا حۆریەو غیلمان نییە،
کەس عەوداڵی پارویەک نان و خۆزگەو ئاواتی سفرەو ژەمێکی ڕازاوەی چێژدار نییە
کەسێک عەوداڵی، کەڵەکەی سەرمایەو قازانجپەرەستی نییە!
لەوێدا سوڵتەو دەسەڵاتە زاڵمە سەروخەڵکیەکان بوونیان نییە
ئەوەی هەیەو دەسەڵاتی ڕەهایە
وشیاری و مرۆڤی کامڵ و باڵاو دانایە
لەوێدا نەبافڵەکان و نەمەسرورەکان و بابۆکان بوونیان ماوە نەباسێک لەبارەیان!
مەگەر تەنیا لە گۆشەیەکی بچوکی عەنتیکەخانەو مەتحەفەکاندا بتوانیت شتێکیان لەبارەیەوە ببیستی و ببینی وبخوێنیتەوە
نەئەردۆغان و نە خامنەیی و
نە بایدن و نە پۆتین و نەشی جین پینگەکان هەن
نەمیدیاو ڕۆژنامەو کەناڵی تیڤی و میدیاکارو ڕۆژنامەوانی چەواشەکارو کاسەلێس و چڵکاو خۆر هەن
نە ئەکادیمیست و خاوەن دکتۆرای ویژدان فرۆشی بێقیمەتی ناخ بەتاڵی چەنەباز هەن!
لەوێدا ئیدی شەڕی زۆنەکانیش نەماوە
هەتا هەڵۆ هەڵەوەڕەکان ولەتیف سەلەفییە داوێن بۆگەنەکان لەدژی ململانێی نێوانیان و موتیع و گوێڕایەڵکردنی حەشاماتی کۆمەڵگاو بەلاڕێدابرانیان و سەرمەستکرانیان بە بەهەشتی مەوعودە،
هەوساریان بەرەڵابکرێت و بەئارەزویان ئەوەی لەکاتی جەنگی بەڕبەڕیانەی پەیامبەرەکەیاندا وەک ڕەوشت ونەریتێکی شەرانگێزی، ڕویداوە، بیئاخننە مێشکی لاوانەوە.
لەوێدا ئیدی، باسێک لەو هەزاران مزگەوت و بڵندگۆو کەناڵ و ڕادیۆو ڕۆژنامەو ملیاران دۆلارە نەماوە، وەک ئەمڕۆ بخرێتە ئیختیاریانەوەو کۆمەڵگا بۆ جەنگ وکوشتاری ڕانەگەێندراو ئامادەکەن،
دین و مەسحەف و توراثەکەی، مەگەر وەک هەر کلتور وکەلەپورێکی دیکەی وەک حێل ومێخەک و خڕخاڵ و چارۆگەو تورەکەو بەڕەو جاجمەو تیرۆک ونانبرێشک کوندەو ستریشک و کەندوو و ستەڕک و کولدین و نیرو ئامورو دەیان وسەدان عەنتیکەی کەلەپوری دیکە لە مەتحەفەکان و عەنتیکە خانەکان، بۆ بەسەر بردنی کاتی بەتاڵی و وەبیرهێناوەی، مێژوی پڕ لە عەجایب وغەرایبی ڕابردوو تەماشا بکرێن!؟

تاهیر عیسا
21/6/2024




هاوبەشی لە تاواندا.. عوسمانی حاجی مارف

ڕێکخراوی “بتسێلم” ناوەندی زانیاری ئیسرائیل بۆ مافەکانی مرۆڤ، رایگەیاندوە ٢.٢ ملیۆن کەس ڕۆژ و شەو بەبێ خواردن لە غەززە تێدەپەڕێنن، لەوانەش کۆرپە، منداڵ، ژنانی دووگیان یان شیردەر و بەساڵاچوان…، لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکان، هۆشدارییان داوە سەبارەت بەو دۆخی ئەو برسێتیەی لە غەززەدایە، لەهەمان کاتدا فشارێکی زۆری جیهانی دەخرێتە بەرامبەر ئەم کردارە درەندانەیەی ئیسرائیل، بەڵام ئیسرائیل بەردەوامە لە ڕێگریکردن لە هاتنە ناوەوەی یارمەتییە مرۆییە گرنگەکان بۆ غەززە.
ئەمریکا دەتوانی برسێتی و کوشتار و برسێتی لە غەززە ڕاگرێت، بەڵام نایکات، واتە هەڵوێستی عەمەلی دەربارەی بەر نەگرتن بەو کوشتار و برسێتیەی کە بەرامبەر بە دانیشتوانی غەززەی دەکرێت هەڵبژاردووە، ئەتوانین بڵێین ئەمریکا بەهاوبەشی جینۆسایت دادەنرێت. هاوبەشە لە درێژکردنەوەی داگیرکاریەک کە تێیدا ئیسرائیل تەواوی فشاری خۆی دەخاتە سەر خەڵکی غەززەو برسیان دەکات بۆ ئەوەی ملکەچ بن.
بەپێی ڕێکەوتنامەکانی (حوزەیرانی ١٩٧٧)ی جنێڤ و پەیمانامەی ڕۆمای دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان، برسیکردنی خەڵکی مەدەنی وەک شێوازێکی شەڕ قەدەغەیە و تاوانی جەنگ پێکدەهێنێت، ئەم تاوانانەی ئیسرائیل و هاوبەشی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیان قیزەونترین کردارێکە، دەرکەوتەی ئەو پەری شەرمەزاریە لە مێژوی بەشەریەتدا کە لە بەرامبەر مافەسەرەتاییە مرۆییەکان ئەنجام دەدرێت، ئەمەش بە ئاشکرا هەڵوەشاندەوەی تەواوی ئەو رێکەوتننامانەو پەیماننامانە نێو دەوڵەتیانەیە کە لەبەرامبەر جەنگەکاندا بریاریان لەسەر دراوە، پێشەنگی ئەم پێشێلکردنەش دەوڵەتی ئیسرائیل و دەوڵەتی ئەمریکایە، بایدن و ناتانیاهۆیە.
ئەمریکا دەتوانێ ئەم کوشتار و برسیتیە راگرێت بەڵام هیچی نەکردووە. دەکرێت ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل ڕابگرێت و ئیسرائیلیەکان ناچار بکات ئاگربەست قبوڵ بکەن، بەڵام لەبری ئەوە ڕێگری لە هەموو پێشنیارەکانی هێنانەدی ئاگربەستی هەمیشەیی لە غەززە کردوە. هەروەها دەکرا پاڵ بە ئیسرائیلەوە بنێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە کاتیەی کە لەلایەن دادگای نێودەوڵەتییەوە دەرچووە، بەڵام لەبری ئەوە هەوڵیدا بڕیارەکە بێ بایەخ بکات. واشنتۆن دانی بەوەدا ناوە کە ئیسرائیل لانی کەم هاتنی خۆراک بۆ غەززە سنووردار دەکات، ئەمەش کارێکە کە تەنانەت ڕێکخراوە ئیسرائیلیەکان وەک سیاسەتی برسێتی وەسفیان کردووە، بەڵام بەردەوام بووە لە دەربڕینی پشتیوانی خۆی بۆ ئەو کەسانەی کە بەرپرسیارن لەم کارە قێزەونانە.
سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا باش دەزانێت ئیسرائیل لە سەرەتاوە تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام داوەو دەیدات، وەک بە ئامانجگرتنی خەڵکی مەدەنی و هەوڵدان بۆ پاکتاوکردنی دانیشتوانی غەززە، لە کاتێکادا بایدن بە ئاشکراو بێباکانە چاوی خۆی لەم جینۆسایتە خەواندووە، پێوێستە پێش هەر لایەنێک دانیشتوانی ئەمریکا بە توندی لەبەرامبەر ئەم سیاسەتەی حکومەتەکەیان هەڵوێست بگرن و پەرجەکرداری توند نیشان بدەن.
ئەمریکا بەردەوام بووە لە بەکارهێنانی ڤیتۆی خۆی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان لە دژی هەموو ڕەشنوسی ئەو بڕیارنامانەی داوای ئاگربەست کرواە لە غەززە. ئەمریکا دژی ئەو دۆسیەیە بوو کە ئەفریقای باشوور پێشکەشی دادگای نێودەوڵەتی کرد و ئیسرائیلی بە ئەنجامدانی کردەوەی جینۆساید تۆمەتبار کرد. لە هەمان کاتدا بەردەوامە لە دابینکردنی ئەو چەکانەی کە سوپای ئیسرائیل بۆ بۆردومانی خەڵکی مەدەنی لە غەززە بەکاری دەهێنێت.
پێویستە فراوان بونەوەی نارەزایەتی جەماەری لە تەواوی دنیادا ئەم ملهوریەی ئیسرائیل و ئەمریکا ریسواکات و راگرێت، کۆتایی بە داگیرکاری غەززە بهێنرێت، ناکرێت پەرجەکردار لە بەرامبەر ئەم برسێتی و کوشتارە بەکۆمەڵەدا نیشان نەدەین و لە بەرامبەر بەرەی دژی مرۆڤایەتی کە ئێستا ئیسرائیل و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان نوێنەرایەتی دەکەن نەوەستینەوە.
پێویستە بایدن و ناتانیاهۆ و ئەندامانی حکومەتەکانیان دادگایی بکرێن.




مامزاوا.. شیعری : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

من عومرەکم لە مامزاوا بردیدە سەر
من منداری مامزاوا و لەوێندەرێش لەدایک بووم
خانووەکەمان سەری قووڕ بوو ساڵ نەبوو دڵۆپەی نەکا
زێراب ئەفسانە و خەیاڵ بوو .. جۆگەی چڵکاو
وەک دەمارەی لەشی مرۆڤ بەنێو جەستەی خانووەکانی مامزاوا داکشابوو
لە مامزاوا دەستکورتی دەستی گەیبووە هەموو ماڵێک
هیچ ماڵێکی دەستڕۆیشتووی تێدا نەبوو
ئێمەی منداڵ شانازیمان بە ڕانک و چۆغە دوو ڕەنگییە لێکنەهاتییەکەی ئیختیاری گوندی دەکرد
شانازیمان بە هەژاری و بە بزێوی و تەنانەت بە شەڕەبەردی کۆڵانە شاشەکانی ئەو گوندەش دەکرد
زۆربە چووینە قوتابخانە ، مامۆستامان لا بەرز بوو
ئەفەندی بوو ، پاک و خاوێن
لە مامزاوا ژنان هەر زوو لەگەڵ دەروجێران باسی نەهامەتی ژینیان دەکرد
سەری زار و بنی زاریان (بەناشوکری نەبێتن) بوو
وەکوو ئەوەی ناشوکور بوون کوفرێکی قەبە و گەورە بێ
خەمی شەڕیش وەک بەرچایی میوانی گشت ماڵەکان بوو
شەڕی ژن و مێردی دەستکورت، شەڕی مندارانی گەڕەک
شەڕی ئێران و عێراق هەر مەپرسە ببووە بارێک بەسەر شانی ژیانی ئەو خەڵکە سادە و نەخوێندەوارەی مامزاوا
جاحێرەکان.. لەبری کتێب خیندنەوە.. کەلایانێیان دەکرد و
زۆربەشیان فیراری عەسکەری حکومەت بوون
کە موشتەرەکەیان دەدی هەڵدەهاتن و پارە و کەلایان جێدەهێشت.
لە مامزاوا.. جگە لە سادەیی و دڵباشی خەڵکەکەی، خاوەنی خۆشەویستیش بوون
لەخۆشی و ناخۆشی یەکتر دەبوون بە یەک جەستەی زیندوو
ئەوان بە داتسۆنەکەی حاجی مەغدید و هەندێکجاریش بە سواری ڕیم، دەچوونە شار
سەریان لە شێخەڵڵا دەدا و هەندەک تۆچا و شەکر و قەند و ڕۆن و نەعل و جەمەدانی و
دوو سێ مەترە قوماشیشیان لۆ کەوا و کراسی داکی مندارەکانیان دەکڕی.
چ جوانییەک بوو مامزاوا..وەختێ ڕوو لە باکوور دەتڕوانییە چیای سەفین
لە دوورەوە پیرە قەڵا و منارە دەهاتنە بەرچاو
ئای چەند جوان بوو لە شەواندا سەگەکانیش نەدەحەپین
مەگەر غەریبەیەک بهاتبایە گوندی.
من عومرەکم لە مامزاوا بردیتە سەر
چار پێنج ساڵ جیرانی ماری جەواهیر و خدرەسۆر بووم
ئەو ژن و پیاوەی حەوشەیان بێ منداڵی سەلکە و بنکە مانای نەبوو
شەوەک مەفرەزەیەک پێشمەرگە لۆ چالاکی هاتنە گوندی
خدرەسۆریان وەپێش خۆدا لۆ چاوساغی
من نازانم هێندە نەبێ، پلکە جەواهێری جیران لەو شەوەوە کە خدرەسۆریان وەپێشدا
هەتا مردیش جلکی ڕەشی فڕێ نەدا.
****
ئێستا دوای چل ساڵ مامزاوا لە بۆتەی شارێکی مردوو و
لە گۆڕستانی قەرەباڵغی بێدەربەستی غەرق بووە و دیار نەماوە.
جوانییەکانی بوون بە کەفی سەر لافاوی ئەو غەریبییەی
کە تەقولبابی لە دەرگای هەمووان هەڵسان
من جوانییەکانی مامزاوام لە یادگەی خۆم هەڵگرتووە و
هەرچی کاتێ بمەوێ سەری لێدەدەم.
وەکو جگەرگۆشەکانم، گەر سەرمای بێ،
سۆپای سۆز و عەشق و وەفا پێدەکەم و
نەک لێفەکەم، بەتانی ڕوحی خۆم دێنم و پێیدا دەدەم.

شیعری : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
ئازاری ٢٠٢٤

———————————

چەند تێبینییەک :
مامزاوا؛ گوندێک بوو کەوتبووە باشووری رۆژئاوای شاری هەولێر و ئێستاش گەڕەکێکی ئەو شارەیە.
موشتەرەکە؛ بەو مەفرەزە چەکدارەی حکومەتی بەعس دەگووترا کەلە پۆلیس و جەیشی شەعبی و ئەمن پێکهاتبوو و لە کاتی شەڕی عێراق و ئێراندا، بەدوای فیراری عەسکەرییەوە بوون.
ئەفەندی: بە کەسێک دەوترا کە قاتی چاکەت و پانتۆڵی دەپۆشی.
کەلایانێ: گوللانێ، هەڵماتێن.
داتسۆن : جۆرە پیکابێکی یەک تەنیی بوو و شێوەی وەکو تیۆتا فەللاحی بوو.
ڕیم؛ جۆرە پاسێک بوو قەبارە گەورە و بچووکی هەبوو، بۆ گواستنەوەی هاموشۆکەرانی نێوان گەڕەکەکانی شار و هەروەها شار و ئۆردوگاکان و بۆ گوندە نزیک دەستەکانیش؛ کەڵکی لێوەردەگیرا.
داکێ منداران؛ هاوسەر یان هاوژین.
تەقولباب؛ لەدەرگا دان.




تا شارستانییەت پێشبکەوێت، خۆشەویستی کەمتر دەبێتەوە!.. مۆنۆلۆگی نۆیەم.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

مۆنۆلۆگی نۆیەم لە کنێبی (خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجە)دا

خۆم: ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین چەرخی باڵادەستیی تەکنۆلۆژیایە، شێوەی خۆشەویستی لە سەردەمی تەکنۆلۆژیا زۆر جیاوازە ھەتا بە بەراوورد بە ساتەوەختی باڵابوونی شۆڕشی پیشەسازیی. سەیرە تا شارستانییەت پێشبکەوێت، خۆشەویستی کەمتر دەبێتەوە!! وەک ئەوەی ئەو دووانە لەسەر نەفیکردنی یەکتر وەستابن.
من: خۆی شارستانی دیاردەیەکی رۆمانسی نییە، بەڵکو لەسەر سترۆکتۆری دڵڕەقی رۆنراوە. تۆ سەیرێک بکە ئەوەی ئەوروپای ھێنایە ئەمڕۆ شۆڕشی پیشەسازیی بوو، ئەو شۆڕشە فینۆمینێکی ئیستاتیکی نەبوو، بەڵکو لەسەر رەنجکێشانی چینی کرێکار دروستبوو، ھەر ئەو رەنج و زەحمەتکێشانە بوو سەرنجی “مارکس”ی بەلای خۆیدا راکێشا. بڕوانە بۆ زەمەنێکی دێرینتر و لە ھەڕەمەکانی میسر رابمێنە، کێ زیاتر کۆیلەی ھەبووبێت و زەحمەتی زۆری خستبێتە ئەستۆیان، ھەڕەمی ئەو فیرعەونە گەورەتر و راقیتر بووە، تەنانەت باشتریش بەرگەی تێپەڕینی مێژووی گرتووە.
خۆم: ئەوەی لە بیرت کرد، کرۆکی مەبەستەکە بوو، ئەویش باسی پووکانەوەی خۆشەویستی بوو لە چاخی زانست و تەکنۆلۆژیا، وەک ئەوەی خۆشەویستیش بەشێک بووبێت لە پەرەسەندنی قۆناغێکی مێژوویی ژیار، یان لەوانەیە لەژێر کاریگەریی بارودۆخێکدا وەک دایناسۆرەکان قڕی تێکەوتبێت.
من: تەکنۆلۆژیا بە قەدەر رەھەندە پۆزەتیڤەکانی، ھەڕەشەیە و دڕندەشە.!، لە سایەی تەکنۆلۆژیادا مرۆڤ بەرەو ئامێر و رۆبۆتبوون ھەنگاو دەنێت. ژیانی کۆلێکتیڤی مرۆڤەکان کەوتۆتە ناو دڵڕەقیی سندووقە بچووکە سیحرییەکەوە “ئایپاد و مۆبایل”. رۆبۆت دەتوانێت رۆڵی میکانیکیانەی مرۆڤ ببینێت، بەڵام ناتوانێت چالاکییەکی مرۆڤانەی چەشنی خۆشەویستی ھەبێت، ئەی ئەو کاتەی مرۆڤ بووبێتە رۆبۆت چۆن داوای خۆشەویستی لێ دەکەیت؟. خۆشەویستی لە سەردەمی تەکنۆلۆژیادا بووەتە ترادیسیۆنی ھۆزە پریمیتیڤەکان، مەگەر لەناو خێڵەکانی ئەمازۆندا بیدۆزینەوە.
خۆم: تەنانەت پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیشمان کەوتوونەتە ژێر ھەڕەشەی تەکنۆلۆژیا. دیقەت بدە لەو ئامێری پلەی ستەیشنە نوێیەی منداڵان کە ھەر کام لە منداڵەکان دەتوانن لە ماڵی خۆیانەوە بەشێوەی بلوتوس لەگەڵ یەکتر یاری بکەن، ئەمە کارئاسانییە، بەڵام ھەڕەشەشە، تەنانەت پێشبینی دەکەم دوای سەدەیەکی تر مرۆڤەکان نەتوانن لەمسی یەکتر بکەن، بە زمانی موبایلی زیرەک و ئامێرە تەکنۆلۆژییەکان نەبێت لە یەکتریش تێنەگەن!. لەم قۆناغەدا ئەوەی وەک کەلەپوورێکیش نەماوەتەوە بێگومان خۆشەویستییە.
من: دێڕێک لە یەکێک لەو فیلمانەم بیر دێتەوە کە پاڵەوانی فیلمەکە دەڵێت “خودا لە دۆزەخەوە جوانتر دەبینرێت”. ئێمە بۆ ئەوەی خۆشەویستی ببینین یان ممارەسەی بکەین، دەبێت بێینە دەرەوەی ئەو بەھەشتە دروستکراوەی زانست و تەکنۆلۆژیا، بۆ ماوەکیش بێت خۆمان لە شەپۆلە کارۆ موگناتیسییەکان بشارینەوە، ھەرچەند ئەمە ئەستەمە تۆ وەک پێکھاتە فیزیکییەکەت لە سەردەمی نانۆ تەکنۆلۆژییدا بیت، وەک بیر و دەروون لە قۆناغی پێش شۆڕشی پیشەسازیی.
خۆم: لەگەڵ ئەوەشدا تەکنۆلۆژیا و فیزیای کوانتۆم و نانۆ تەکنۆلۆژیی خزمەتێکی گەورە پێشکەشی مرۆڤ دەکەن، تۆ دەتوانیت لە رێی ماڵپەڕی “گوگڵ”ەوە ھێندەی پەنجا ساڵ کتێب خوێندنەوەی باپیرت لە مانگێکدا زانیاریی بەدەست بخەیت، یان ئەو نەخۆشییانەی ھێندەی جەنگی جیھانی یەکەم مرۆڤیان لەناوبرد، ئێستا بە ھۆی تەکنۆلۆژیای نانۆوە چارەسەریان بۆتە ئاسانترین رێگا. ئەمە رووکارە پۆزەتیڤەکەی تەکنۆلۆژیایە کە نابێت بێ ویژدان بین لە باسکردنی.
من: بابەتەکە قێزکردنەوە و بوغز نییە بەرامبەر بە تەکنۆلۆژیا، قسە لەسەر کاریگەرییە نێگەتیڤەکانێتی کە دەتوانم بێ دوودڵیی بڵێم پترن لە رەھەندە پۆزەتیڤەکانی. ئێمە لە بارەی چەمکی خۆشەویستییەوە قسەمان دەکرد، ھەر چۆنێک بێت تەکنۆلۆژیا بێ ئەوەی مەبەستی بێت، خۆشەویستی لەناو دەبات، ئەو شارستانێتییەی خۆشەویستی تێدا نەبێت، دەست بەسەر ھەموو گەردوونیشدا بگرێت شارستانییەکی مردووە، تەنانەت ئەگەر مردن خۆیشی لەناو ببات!.
خۆم: باس ھاتە سەر مردن. خولیای نەمریی و گەڕان بە دوای نەمریدا، ھەمیشە خولیایەکی دێرینی مرۆڤ بووە، نەمربوون مێشکی مرۆڤی سەرەتایی سەرقاڵ کردبوو، ھەروەک چۆن مێشکی مرۆڤی مودێرنیش بەدەر نییە لەم ویستە. کەچی شتێک مرۆڤی نوێ لە میتۆلۆجییە بابلییەکە جیا دەکاتەوە، ئەویش ئەوەیە لەو ئەفسانەیەدا “گلگامێش” دوای مردنی “ئەنکیدۆ”ی ھاوڕێی خۆشەویستی، بە دوای نەمرییدا دەگەڕێت!، کەچی ئەو ھەموو مەرگە لە چوار دەورماندا وامان لێناکات بە جیددی و بە پاڵپشتی تەکنۆلۆژیا بیرێک لە نەمریی بکەینەوە.
من: مرۆڤی ھاوچەرخ بیر لە ژیان دەکاتەوە، چوونکە کاتی نییە بۆ بیرکردنەوە لە نەمریی، تەنانەت ھێندە خەریک کراوە بە چەرمەسەرییەکانی ژیانەوە، بەسەر ئەوەدا باز دەدات کە ژیان لەناو خۆیدا تۆوی مردنی ھەڵگرتووە. جیاواز لەمەش ھیچ کەسێک ناتوانێت مەرگ لە خۆیدا کەشف بکات.
خۆم: پێموایە مرۆڤی ھاوچەرخ چارەسەرێکی تری دۆزیوەتەوە، ئەویش ھەوڵدانە بۆ نەمرییەکی رەمزیی، نووسەرێک لە کاتی نووسینی کتێبێکدا دەیەوێت لەو رێگەیەوە خۆی بۆ کاتێکی درێژ بە زیندوویی بھێڵێتەوە، ئەمەش بە روونی لە چاوپێکەوتنێکی “ژاک دریدا” لە کاتێکی نزیکی مەرگیدا رەنگیداوەتەوە کە ئەو ھەستەی تێدا بەدی دەکرێت خوازیارە بەو فۆرمە رەمزییە نەمر بێت. جیا لەمەش ئەوەی جێی سەرنجمە نقومبوونی مرۆڤە لە ژیاندا!.
من: ئێمە تاکو لە مەرگ تێنەگەین توانامان نییە تەفسیری ژیان بکەین، ئەمە ھەمان وەزیفەی فەلسەفەشە لەکن پلاتۆ، بەو پێیەی لە دیدی ئەودا فەلسەفە واتە توانای تێگەیشتن لە مەرگ، بەڵام درێدا خۆی وەھا دەبینێت مادام لە مەرگ تێنەگەیشتووە ھێشتا فێری ھونەری ژیانکردن نەبووە!. دەکرێت وەک شاعیرە ژاپۆنییەکە بڵێم خودی “ژیان بە پێی نزیکبوونەوەمان لە مردن، دەدرەوشێتەوە”.
خۆم: ئەو ھەستەم ھەیە سەبارەت بە تۆ، کە خۆی لە دوو فۆرمی جودا دەبینێتەوە، فۆرمی یەکەم، مەشقکردنە لەسەر ئەوەی مردن وەک دیاردەیەکی ترسناک بەڵام حەتمی قبوڵ بکەیت. فۆرمی دووەم، کارکردنتە لە بواری نووسین بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە خۆت لە نێو زیندووەکاندا بھێڵیتەوە بۆ ھەمیشە.
من: نەخێر بەو جۆرە نییە. من پێویستم بە پەلەکردنە، شتێکی سەیر سەرنجی راکێشاوم، تا ئەو کاتەی گەنجیت و وزەت زۆرە بۆ نووسین، دەبێت بە خوێندنەوەوە سەرقاڵ بیت و ھەوڵبدەیت ھیچ نەنووسیت کە تەمەنیشت ھەڵکشا ئەو سەرمایەیەی بە ئەزموون و خوێندنەوە پاشەکەوتت کردووە وزەت نییە بۆ نووسینەوەی!. بەڵام من وا ناکەم چی فێر بووم بە زوویی دەینووسم، ئەمە راستیی منە. دەمەوێت شتێک ھەیە بیگەیەنم، نازانم بە کێ؟ بەڵام دەزانم دەبێت ئەو پەیامەم بگات!.
خۆم: کەواتە تۆ بۆ خەڵک دەنووسیت، وا نییە؟ بەڵام خەڵک ھەمیشە گوێ بۆ زۆربێژیی دەسەڵاتداران دەگرێت.
من: بۆ ئەو بەشە لە خەڵک دەنووسم بیر دەکاتەوە، ئەگەرنا خەڵکم بۆ گرنگ نییە، چون خەڵک ھێندە باش نین، تاکو ترسم لە رقیان بێت، خۆم بە باڵندەیەکی ئازاد دەبینم نەک وەک زۆرینەی خەڵک بە مێگەلبوونی خۆم رازی بم. ھەر لە ریشەوە رقم لە کۆنسێپتی خەڵکە، لەبەرئەوەی بڕوام بە تاک ھەیە. کاری راستەقینەم دژایەتی ئەو خووەی خەڵکە بە کۆمەڵ چەپڵە بۆ ستەمکارانیان لێ دەدەن، لە کاتێکدا من دەمەوێت پەیکەری ئەو دیسپۆتیزمە بڕوخێنم.
خۆم: پارادۆکسێک دەبینم، تۆ بۆ خەڵک دەنووسیت، بەڵام ئەوەی دەیبینم ھیچ کات خەڵکت خۆشناوێت، تەنانەت چێژ لە نەیارێتی خەڵک وەردەگریت!.
من: لە ژیانمدا خەباتم کردووە دژی خەڵک و لە پێناوی پێگەیاندنی تاک دا. ھەمیشە زۆرینە لەسەر رێگا ھەڵەکەن!، ھەمیشە خەڵک ناڕاستن و نامەوێت رەزامەندییان بەدەستبھێنم. کاتێک ھەست بکەم زۆرینە لەگەڵم تەبان، شتێک دەکەم جیاواز و نامۆ بۆ ئەوەی یەکانگیر نەبم لەگەڵ سروشتی سۆزانیانەی خەڵک. ھەمیشە حەزم لەوەیە ئەنتی بم لە بەرامبەر زۆرینەدا، لەو سۆنگەیەی ئەوەی رای گشتیی لەسەری تەبان، وێنایەکی ساختەی ھەقیقەتە، تۆ وێناکە پێچەوانە بکەوە ھەقیقەت لای تۆ دەبێت بە تەنیا. شتێکیش کە نابێت بیرم بچێت، ناو و ناونیشانی قەبە و زل لەسەر خۆم دانانێم و دڵداریی لەگەڵ سۆزی خەڵک ناکەم، بەڵکو تێزاب رۆ دەکەمە سەر برینەکانیان، ئەو منداڵە لاسارەی شانۆگەرییەکەی “ئەپسن”م کە بە پێچەوانەوەی ھەموو خەڵکەوە سەرکێشی وتنی راستییەکەی کرد و ھاواری کرد “پادشا رووتە”.
خۆم: لەوە بگەڕێ ئێستا، دووبارە با بگەڕێینەوە سەر باسی خۆشەویستی، پێتوایە خۆشەویستی بەختەوەریی لە خۆ گرتبێت یان جۆرێک لە شێتی لە ئامێزیدا ھەڵگرتووە؟.
من: بەختەوەریی لە ھیچ شتێکدا بوونی نییە. بۆکۆڤسکی دەیووت “زۆربەی مرۆڤی سەر رووی جیھان شێت بوون”. رەنگە گەڕان بە دوای ھۆکارەکانی شێتیدا سەرئەنجام شێتمان بکات. بۆ نا، وەختێک سەیری ئەو دنیا لنگەوقووچە دەکەین شێت دەبین، ئەگەریش شێت نەبین بە گووتەی بوکۆڤسکی گەمژەین. ئەم جیھانە ھۆکارێکت ناداتێ بۆ خۆشبەختی!, بەڵکو لە بناغەوە بەختەوەریی درۆیەکە لە چەشنی ئازادیی!. مرۆڤی ئەم چاخە مەحکومە بە گەمە “گلگامێش”ییەکە، ئەو تا مردن بە دوای وەھمی نەمریدا دەگەڕا، ئێمەش تاکوو شێتبوون بە دوای بەختەوەرییدا.
خۆم: کەواتە بۆچی خۆشەویستی دەکەین؟.
من: لەبەرئەوەی ھیچ چارەیەکی ترمان نییە.

٢٧-١١-٢٠١٨
کاتژمێر: چواردە و پانزە خولەک
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس

نووسینی: ستیڤان شەمزینی




لێدوانێک لەسەر «گەڕانەوەم بۆ ئەفریقا»ی پێشەوا کاکەیی.. عەلی حسەینی

شێعر چییە و چ پێناسەیەکی بۆ لەبەرچاو گیراوە، پرسیارێکە کە دەتوانێت وەڵامگەلی جیاوازی هەبێت؛ جاری وایە ڕستەیەک کە لە زاری تاکێکی ئاسایی، منداڵێک یان تەنانەت دێوانەیەکەوە دێتە دەر، دەتوانێت شێعرییەتێکی زۆر بنوێنێ، بەڵام ئەو پەیڤگەلە بە ڕێکەوتن و ئامانجدارانە نایەنە خولقاندن؛ زەحمەتێکی ئەوتۆشیان بۆ ناکێشرێ و خۆڕسکانە دێنە بوونەوە. لایەنی شێعرئاسای زمان ئەو لایەنەیە کە لە دەقی واڵادا دەربکەوێت و زەینی بەردەنگ ڕاچڵەکێنێ و خودی بەردەنگ بێنێتە ڕاتڵەکان. لە لایەکی ترەوە، شێعرئاسابوونی زمانیش ڕێژەییە و ئەو دەقەی بۆ تاکێک ڕاچڵەکێنەرە، ڕەنگە بۆ تاکێکی تر ئاستی ڕاچڵەکێنەربوونی لە پلەیەکی خواردا بێت. هەڵبەت لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی تر شێعرییەتی زمان دەتوانێت خوار و ژوور بکات. ئیلیاد و ئۆدیسەی هۆمێر سەردەمانی خۆی شێعرییەتیان لە ئاستێکی باڵادا بوو، بەڵام ڕەنگە بۆ سەردەمانی دواتر ئاستیان هاتبێتە خوارەوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە هەندێک جار بۆ هەندێ دەق لەدایکبوونەوەیەکی شکۆمەند درووست دەبێت؛ لە بێ پرەنسیپی و بەرهەڵدایەتیی بڕێک دەقی تازە بۆ ئەو دەقانەی کە پێشتر ئەزەلییەتیان سەلمێندراوە، لەدایکبوونێکی تازە و شکۆمەند درووست دەبێت. بە واتایەکی تر، بە بۆنەی ناحەزبوونی دەقە تازەکەوە، ئاوڕی بەردەنگ ناوشیارانە دەچێتە سەر ئەو دەقەی کە پێشتر تۆکمەبوونی بۆ خوێنەر دەرکەوتووە. کە وابوو خوێنەر جارێکی تر بەشێک یان هەمووی دەقە پێشووەکە دەخوێنێتەوە و شتی تازەی لێدەردەکێشێت. فاوستی گۆتە، غەزەلیاتی مەولانا، دیڤینا کۆمێدیای دانتە، لەم دواییانەدا دەربەندی پەپوولەی شێرکۆ و… لەو دەقانەن کە ئەگەرچی ئەزەلی بوونیان تا ئاستێکی بەرچاو سەلمێندراوە، لە ناتۆکمەبوون و ناحەزبوونی دەقە تازەکاندا زۆر جار دووبارە لە دایک دەبنەوە و بەردەنگ ئاوڕێکی شکۆمەندانەتریان لێدەداتەوە. بە سەر هەموو خوار و ژوورکردنی زمانی شێعردا ‌هێشتاش ئەم زمانە لای تاکەکان ڕێژەییە و ئەوەی لای تاکێ زۆر شێعرە لای تاکێکی تر زۆر ناشێعرە؛ ئەگەرچی دەسەڵاتی زەینی و فیکریی تاکەکان دەبێت لەبەرچاو بگیرێت. جاری وایە دەقێک یان شاعیرێک کە دواکەوتوویان زۆرە نیشانەیەکی دڵخۆشکەر نییە و ڕەنگە لاوازێتیی دەقەکە یان شاعیر و نووسەرەکە بگەیەنێت؛ چون ئاستی بیرکردنەوە لە تاکەکاندا جیاوازی هەیە دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە چ تاکگەلێک چەپڵەلێدەری دەق و خاوەن دەقن.

لەناو نووسەران و قەڵەمبەدەستانی بەرەی تازەی باشووردا، بە ڕای من، پێشەوا کاکەیی لەو دەنگانەیە کە زۆرێک لە دەقەکانی مۆرکی مودێڕنیتەیان پێوە دیارە و لە هەمان کاتیشدا هەوڵ دەدات پێیەکی لە ڕابردوودا بێت و ڕێچکەگەلی ناسراو ون نەکات و لە ئاستێکی باشدا ئەمڕۆ بە دوێنێ و دوێنێ بە ئەمڕۆوە گرێ بدات. زۆر جار یەکێ لە تایبەتمەندیگەلی ئەدەبیاتی مودێڕن یان تەنانەت پاش مودێڕن ئەوەیە کە لە هەمان کاتدا دەقەکە دەبێت نوێ بێت نابێت سەری گوریسە تاقیکراوەکان بەر بدات. لە بەرگی یەکەمی «گەڕانەوەم بۆ ئەفریقا»دا کە لە یازدە بەش پێک هاتووە و تایبەتە بە گەلانی وڵاتی کینیا، نووسەر هەوڵێکی زۆری داوە کە ئەمڕۆ و دوێنێ لەیەک نیزیک بکاتەوە. زۆر جار بە شێوەیەکی ئامانجدار زمانی لە زمانە تاقیکراوەکان نیزیک دەبێتەوە و زۆر جاریش هەوڵ دەدات سەربەخۆبوونی خۆی نیشان بدات و پێشوازییەکی سەردەمیانە و نوێ لە بەردەنگ بکات. لەم دەقەدا، وەک شاعیر خۆی دەڵێت بە شێوەیەکی گەلدۆزانە هەوڵ دەدرێت سەفەرگەلی ئیمەجینەری یان تەواو خەیاڵی بۆ وڵاتگەلی تر بکرێت و فەرهەنگ و نەریتی ئەوان و ئەو وڵاتەی نووسەری لێدەژی، پێکەوە گرێ بدرێت و جیهانێکی نوێ چێ بکرێت. ئەگەرچی ڕەنگە ئەم کارە کارێکی دژوار بێت، چون بێ ئەوەی مرۆڤ لە شوێنێکدا ژیابێت زۆر سەختە بتوانێت وێنەگەلی شێعریی چڕوپڕ و بی گرێ و گۆڵ لە سرووشت و شێوەی ژیان و فەرهەنگ و هەڵسوکەوتی تاکەکان و هەموو شتێکی ئەو وڵاتەی وا لە خەیاڵیدا سەفەری بۆ کردووە یان هەنووکانە سەفەری بۆ دەکات، بخولقێنێت. لەو ڕووەوەی زمانی شێعر زمانێکی وێنەیی یان ئیمەجینەرییە، شاعیر دەبێت لەو شتەی یان ئەو شتانەی وا تەنانەت ڕاستەوخۆ دەیبینێت بە شێوەیەکی خەیاڵی وێنەساز بکات بۆ ئەوەی شێعرئاسابوونی زمانەکە بە خوێنەر بسەلمێنێت. لەم کارە نوێیەدا، شاعیر ناچارە دوو جار پەنا بباتە بەر خەیاڵ یان ئیمەجینەیشن؛ جاری یەکەم بۆ ئەو شتە یان ئەو شتانەی یان ئەو شوێن و کەسانەی کە لێرە نین و تەنیا لە خەیاڵدا لەگەڵیان دەپەیڤێت یان لە میدیادا دەیانبینێت، دەبێت پەنا بباتە بەر وزەی خەیاڵ؛ جاری دووهەمیش وەک هەر شاعیرێکی دیکە بۆ ئەوەی دەقەکە لە شێعر نیزیک بکاتەوە، دەبێت لە خەیاڵ یارمەتی وەرگرێ تا ڕەزامەندانە بەردەنگ بە ڕێ بکات. لە ڕوانگەی نووسەری ئەم دێڕانەوە، شاعیر لە ئاستێکی بەرچاودا لەم بوارەدا سەرکەوتوو بووە، چون زۆر جار وێنەکان بە بێ کێشە و ڕێکوپێک یان بێ ئەوەی نامۆییەکی زۆریان تێدا بە دی بکرێ دەبنە میوانی بەردەنگ و بەردەنگ پێوەندییەکی شیاو لەگەڵ دەقەکە بگرێ.

بێجگە لەو شتانەی باسیان لێکرا، شاعیر توانیویەتی هەندێک جار بۆ ئەوەی بچێتە ناوەوەی ئەو ژینگەیە، ئەو شتە یان ئەو مرۆڤانەی کە بە پەیژەی خەیاڵ دەیانگاتێ دیسان چەشنێ لە دیژوارێتیی پڕۆسەی نووسین تاقی بکاتەوە. بڕێک جار نووسەر لەگەڵ مرۆڤەکانی وڵاتە خەیاڵییەکەدا یان ئەو وڵاتەی تەنیا لە ڕێگەی میدیاوە دەیناسێ بە جوانی دێت و دەچێت، دەپەیڤێت، حەیرانئاسا بە باڵایاندا دەڵێت؛ هەموو ئەم شتانە لە ئاستێکی شیاودا سەرکەوتوون، چون خوێنەر کەم و زۆر دەتوانێت بچێتە ناو سەفەرە خەیاڵییەکەوە. شاعیر خەیاڵ و زەینی خۆی لەسەر دەقەکە بە باشی وە کار خستووە بۆیە لەو ساتەوەختەدا کە دەقەکە بە بوارێکی سێکشواڵدا دەچێت و مرۆڤەکان خەریکن سێکس دەکەن یان بە چڕوپڕی لە سێکس دەدوێن دەقەکە هەرگیز ناحەز یان پۆخڵ نانوێنێ، چونکوو سێکشواڵیتە بوون و ئەدەبی بوونی دەقەکە بە چەشنێک ئاوێتە کراون کە بەردەنگ جاڕزکەر نەبن. کاتێک دەقەکە بە لای سێکس یان خۆشەویستیی نێوان مرۆڤەکاندا دەکشێت، چەشنێ لە ئەدەبیەت و حەیران شێوەیی یان بەیت شێوەیی بە سەریدا زاڵ دەبێت کە خودبەخود زاخاو دەدرێ و پۆخڵێتیی کەم دەبێتەوە. ئەمە نیشان دەدا کە نووسەر لە پڕۆسەی نووسیندا لە ڕابردوو و پوتانسیەلی زمانی کوردی بە باشی کەڵک وەردەگرێت. لەم سەفەرە خەیاڵییەدا کە وڵاتی کینیا هەڵبژێردراوە ڕەنگە بتوانین بڵێین ئەم هەڵبژاردنە ئامانجدارە؛ شاعیر دەیتوانی کە وڵاتێکی خۆش و ئاووهەوای تر و دەوڵەمەندتر هەڵبژێرێ، بەڵام ئەو کارەی نەکردووە، چون ویستوویەتی چارەنووسی وڵاتێکی کەم پێشکەوتوو لە هەموو بوارێکەوە بە وڵاتەکەی خۆیەوە گرێبدات و بێ وڵاتبوون و ناڕوونبوونی چارەنووسی گەلەکەی بنوێنێت، بەو هیوایەی کە ئەم دەقە بچێتە ناو زمانی گەلانی تریشەوە و ناڕوونبوونی چارەنووسی گەلەکەی بدرێ بە گوێی جیهاندا.

بە گشتی دەستخۆشی لە نووسەر دەکەم و ئارەزووی تەندروستیی بۆ دەکەم؛ لە کۆتاییدا یک شت کە زۆر پێویستە بیڵێم ئەوەیە کە زمانی شاعیر لەم کتێبەدا و لە کتێبەکانی تر وەک گەردووننامە و… هەندێ جار هەڵبەت نە بە ڕێژەیەکی زۆر بە ئاقارێکدا دەڕوات کە وەک قسەی ئاسایی لێدێت؛ ڕەنگە لەو شوێنانەدا وا مۆسیقای دەقەکە دادەکشێت زۆرتر هەست بەم خاڵە نەرێنییە بکرێت.

سەرچاوەکان:
١. طلا در مس، رضا براهنی،
٢. ادبیات چیست، ژان پۆل سارتەر.
٣. شعر زمان ما، نیما یوشیج، محمد حقوقی.




گرنگییەکانی خەیاڵ و خەیاڵکردن بۆ منـداڵان.. رەزا شـوان

لەگەڵ بوونی مـرۆڤ لەسەر هەسارەی زەویـدا، خەیاڵ و خەیاڵکردن هـاودەمی مـرۆڤ بووە. خەیاڵ بەشێکی گرنگە لە ژیانی رۆژانەمان. هـەمـوو ئەو داهـێـنان و پێشکەوتـن و شارستانی و گۆڕانکارییە نـوێیانەی کە مـرۆڤ بەدی هـێـناون و بەدییان دەهـێـنن. لە سایەی خەیاڵـدا هـاتـوونەتەدی و دێنەدی. راستییەکانی ئەمـڕۆمان خەیـاڵ و خەونەکانی دوێـنـێـمانـن، خـەیـاڵ وخـەونـەکانی ئەمـڕۆشـمان، دەبـنە راسـتـیـیەکـانی سـبەیـنـێـمـان. چـونکە خەیـاڵ کـلـیـلی داهـێنانەکانە. پێکهـاتەیەکی بنەڕەتـییە لە پێکهـێـنانی داهـێنانـدا. بـۆیـە گـرنگـیدان بە خەیـاڵ پێـویستـییەکە لە هـەرە پێـویستـییە گـرنـگەکانی مـرۆڤ لە هـەر تەمەنـێکـدا بێـت.
(تایـلـۆر) دەڵـێت:”ئـەوە هـێزی خەیـاڵکـردنە کە کـارەبـای ئـەم شـارەی بەدیهـێـناوە”.

(جـان جـاک رۆسـۆ) دەڵـێـت:”جیهـانی راستی سـنووری هـەیە، بەڵام جیهـانی خەیـاڵ سـنووری نیـیە”.
ئەوە هـێزی خەیاڵە کە مـرۆڤی گەیانـدە سەر مانگ و گەڕاندییەوە بۆ سەر زەوی، هەر خەیـاڵی داهـێـنەرانەش، بـەم زووانە مـرۆڤ دەگـەیەنـێـتە سـەر هـەسـارەی مـەریـخ.

ئەوە خەیاڵە وا لە مـرۆڤ دەکات گەشبین و هـیواداربێت و بە ژیانی چەقـبەستوو قـایل نەبێـت. هـەمیـشە هـەوڵی داهـێـنانی تـازە و گـۆڕانـکاری و پـێـشکەوتـن و هـێـنانەدیی خەونەکانی بدات. خەیاڵکردن و داهـێنانیش هەموو بوارەکانی ژیانی مرۆڤ دەگرێتەوە.
چەمکی خەیـاڵ، بە درێـژایی مـێژوو سەرنـجی بیـرمەنـدانی بـۆ لای خـۆی راکـێـشاوە.
بەڵام بیرمەندان و رەخنەگران و نووسەران لە پێناسەکردن و راڤەکردن و دیاریکردنی چەمکی وشەی”خەیـاڵ” دا، ناکـۆکـن و هـاوڕانین. بەڵام هەمـوویان لە بارەی گـرنگی خەیاڵەوە هـاوڕان. گەلێک پێناسەی جیاواز بۆ چەمکی خەیاڵ کراوە. بە کورتی، وەک:
خەیاڵ بریتییە لە توانای دروستکـردنی وێنە زەینییەکان کە لە راستییەکی بەرجەستەیی و بەرکەوتوودا بوونیان نییە. لەسەر بنەمای بەشێک لە توخمە هەبووەکان. خەیاڵکردن ئـامـرازێـکی تاقـیکـردنەوە و بـیـرکـردنـەوە و چـالاکـیی داهـێـنەرانـە و شـیکـردنـەوە و پـێکەوەنـان و فـێربـوونە. خەیـاڵ بەوە ناسـراوە توانـای دروستکـردنی وێنەی بینراوی لەناو مێشکی مـرۆڤـدا هـەیە. خەیـاڵکـردن ئامـرازێـکە بـۆ چارەسەرکـردنی کـێـشەکان.
خەیاڵکـردن بەو لێهـاتووییە دەوتـرێت، کە بەبێ ئەوەی هـیچ پێدراوەیەکی دەمودەست لە هـەسـتەکانەوە بـوونی هـەبـێت. یان خەیاڵ بە لاساییکـردنەوە دروست دەبێـت. بەو شـتەی کە بـەم جـۆرە لە زەیـندا دروســت بـووە دەوتـرێـت خـەیـاڵ.
(وێـبـیستەر) دەڵـێت:”خەیاڵ توانـای دروستکـردنی وێنەیەکە لە مـێـشکـدا، دەربارەی شتێک کە نە بـیـنیـوتە و نە تاقـیـتکـردۆتەوە، واتا توانای خەیـاڵکـردنی شتی نـوێ”.
ئەوش وتـراوە کە خەیـاڵکـردن، پێکهـاتـن و شێوەگرتنی بەسەرهـاتێکە لەناو زەیـندا. لەوانەیە بەسەرهـاتەکانی رابـردوو کە بە روونی لەبیردا ماونەتەوە خوڵقـانـدێتیانەوە، یان ئـەوەی کە زەیـن دایهـێـنابـێـت. یان لـە پـێکهـێـنای وێـنـەی داهـێـنراوی جیـاواز، دەربارەی بابەتێکی دیاریکـراو، کە پەیوەنـدی بە رابردوو یا ئەمڕۆ یا بە داهاتووەوە هەیە، کە پێشتر مرۆڤ بەو بابەتەدا تێنەپەڕیوە. ئەو کەسە لە شارەزایی و لە هـزر و پێشبینی و تێگەیشتنی خۆیەوە هەڵیهـێنجانـدووە و لە مێشک و هـزریـدا گەڵاڵە بـووە.

خەیـاڵ بـەوەش پێـناسە دەکرێت کە کـردارێـکی ئەقـڵی زانستی یە. خەیـاڵی داهـێـنەرانە پـاڵـپشـتـێکی بەهـێزە بۆ داهـێـنان و گـونجـانـدن لەگـەڵ ژینگەدا.
بە شـێوەیەکی گـشتی خەیـاڵ بـەوە پێنـاسە دەکـرێـت، کە بـریتـیـیە لە توانـای ئەقـڵی بۆ تاقـیکـردنەوە و دۆزینـەوەی تـازە و بۆ بنیاتـنـان و پـێکەوەنـان و داهـێـنان.
(ئەرستۆ) ش دەڵێت:”خەیاڵ بریتییە لەو پرۆسەیەی کە لە میانەیەوە وێنەیەکی زەیـنی دەنـوێـنیـت”
(ئەلـبێرت ئەنیشتاین) دەڵێت:”خەیـاڵ گرنگـترە لە زانین”. زۆر جار زانین سنووردارە بەو شتانەی کە هـەیە. لـۆژیـک لە (ئەلـف) ەوە بۆ (یـێ) یە. بەڵام خەیـاڵ چەمکـێکە، لـۆژیـک و سـنووری نیـیە. خـەیـاڵ دەتبـاتە هـەر شـوێـنـێک کە بتـەوێـت. نە بازگـەی لێ هەیە و نە پاسپۆرتیشی دەوێت. هەر بە خەیاڵیش ئایندەیەکی دڵخواز بنیات دەنێیت.
(کارڵ مارکـس) دەڵـێت:”ئەو کەسەی خەیاڵی نەبێت، باڵیشی نییە”. بۆیە لەو کەسەش هەژارتر نیـیە کە لە خەیـاڵـدا هـەژارە. بەڵام لەگەڵ ئەمەشـدا، وەکو ئەنیشـتاین دەڵێت:
“راسـتی هـەمیـشە لە خەیـاڵ سـەیـرتـرە”
شاعـیری ئینگـلیزی (کریستۆڤـەر) دەڵێـت:”یەکەم تـوانا کە پێـویستە گـرنگی پێـبدەین، پێـش ئەوەی ژەنـگ بکات، خەیـاڵە. ئەوە خەیـاڵە وامان لێـدەکات، کە هەموو رۆژێک بە تـازەیی لە جـیهـان بـڕوانـین”.
پێویستە ئەوەش بـزانین جیاوازییـەکی زۆر لە پـلەی خەیـاڵکـردن لە نێـوان خـەڵکـیدا هـەیە. مـروڤ هـەیە خـەیـاڵ تـیژە، هـەیە خـەیـاڵ نـاوەنـدیـیە، هـەشـە خـەیـاڵ کـزە.

گرنگـییەکانی خەیـاڵ بۆ منـداڵان:
بە وتەی خاتوو (میلانیا کلاین) خەیاڵی منداڵان لەکاتی لەدایکبوونیانەوە دەستپێدەکات. کەواتە منـداڵان ژیانیان بە خەیاڵ دەستـپێدەکەن. دواتر وردە وردە دەچـنە ناو جیهـانی راستەقـینەی سەختەوە. بەڵام لوتکەی خەیاڵی منداڵان لە تەمەنی سێ تا شەش ساڵییە، واتا لە قـۆنـاغی پـێش قـوتـابخـانەی بنـەڕەتی. خەیـاڵی منـداڵان فـراوانە و خەیـاڵ زاڵە بەسەر بیرکـردنەوەکانیانـدا. منـداڵان کاتێک کە لە جیهـانی ئەفـسووناویی خەیـاڵـیـیاندا دەژیـن، دڵخـۆش و میهـرەبـانـن و ئاسـوودەن.
دکتۆر (سـۆزان ئەنگـیل) نووسەری کـتـێبی (منـداڵانی راسـتەقـینە: دروستکردنی واتا لە ژیـانی رۆژانەدا) دەڵـێـت:” منـداڵان لە تەمەنی دوو ساڵ و نیـودا، جیاوازی نـێوان راستی و نوانـدن دەزانـن، بەڵام لە کاتی یاریکردنـدا، دەتوانن ئەو جیاوازییە پشتگوێ بخـەن، کە بە لایـانەوە گـرنـگ نـیـیە”.
خەیاڵ و خەون بینین لەلای منـداڵان، پانتاییەکی ئازادی داهـێنانە، فەزایەکی بێ سنوور و ئاسۆیەکی فراوانە بۆ زۆرێک لە بیرۆکەکانیان و بۆ هیوا و ئاوات و ئارەزووەکانیان. هەمـوو شـتـێک کە منـداڵان نەتـوانـن لە راسـتـیـدا بەدەسـتـبهـێـن، پەنـا بـۆ خـەیـاڵ و خـەون دەبـەن بـۆ قـەرەبـووکـردنـەوەی.
خەیاڵی منداڵان، ئەو ئامرازەیە کە رێگەیان پێـدەدات لە باردۆخێ راستی و سـنوور و کات و شوێـن تێپەڕن. منـداڵان لە رێگەی خەیاڵەوە، گەشتی ئەوپەڕی جیهان دەکەن.
(س. ج. میلـبرانـت) دەڵـێت:”لە منـداڵەکـانت بـگەڕێـن، با باڵـەکانیـان تـاقی بکەنەوە. لەوانەیە نەبـن بە هـەڵـۆ، بەڵام ئەوە بەو مانـایە نییە، کە نابێـت بە ئـازادی بـفـڕن”.
شارەزایـان جـەخـت لەسەر پێـویستی پەرەپـێدانی هەسـتی خەیـاڵی منـداڵان دەکـەنەوە. تا لە منـداڵـیـیەوە، تـۆوی داهـێـنان و باڵادەستی، لە دەروون و زەیـنـیانـدا بچـێـنـن. تا لە گەورەییـدا ببـن بە کەسانـێکی سەرکەوتـوو و چـالاک لە کـۆمەڵگەکەیـاندا. چونکە خەیـاڵ کاریـگەرییـەکی گـەورەی لەسـەر گەشـەکـردنی کەسـایەتـیی منـداڵان هـەیە.
خەیـاڵی منـداڵان بە دوو بە دوو قـۆنـاغـدا تێـدەپـەڕێـت:
١ـ خەیـاڵی وەهـمی: خەیاڵی منـداڵانی بچـووک لەم قـۆنـاغـەدا، خەیاڵـێکی کـێوییە. بە سنووردارکـردنی راستـیـیەوە، سـنووردار نەکـراوە. مـلکەچی یاساکانی لـۆژیـک نـین. لە رێگەی خەیـاڵی وەهـمـیـیەوە، ئەو ئارەزووانەیـان بەدی دەهـێـنـن، کە لە راسـتـیدا ناتـوانـن بەدەستیان بهـێـنـن. جیهـانێکی خەیـاڵی وەنەوشەیی دروستـدەکەن، کە تێـیدا هەمـوو ئارەزووەکانیان بەدی دەهـێـنن. کە لە جیهـانی راسـتیدا، هـیچ رێگەیەک نیـیە بـۆ بەدەسـتهـێـنانیـان. لەبـەردەم خـەیـاڵی فـراوانی بێ سـنووریـانـدا، هـیچ ئەسـتەم و بەربەستێک نییە. لە کورترین کاتدا، لەناو کەشـتییەکی دروستکراو لە کارتـۆن، یا بە سـواری پێـنووسـەکـانیان. دەتـوانـن بە چاونـووقـانـێک، بچـنە ســەر مانـگ یان سـەر دوورتریـن هەسارەکان و بگەڕێنـەوە. بەڵام لە راسـتـیدا ئەمەیـان پێـناکـرێـت. خەیاڵی وەهـمی، لە قۆناغـە سەرەتاییەکانی ژیانی منداڵاندا، یارمەتیان دەدات بۆ دروستکردنی جیهـانێکی ئەفـسانەیی و ئەفـسوونـاوی و فـانتـازیی سەرنجـڕاکـێـش. لـەم قـۆنـاغـەدا منـداڵان خۆشباوەڕن. باوەڕیان بەوە هـەیە، کە ئـاژەڵ و باڵـندە و دار و بەر و هەمـوو شتەکانی تر زمـان دەزانـن. دەتـوانن بە کوردییەکی پەتی قـسەبکەن. دەتوانن، بـڕۆن و بێـن، گـوێ بگـرن، دڵخـۆشبـن، پـێکەنـن، هـەڵـپەڕن، چـاکەخـوازبـن یان خـراپەکاربن، یارمەتیـدەر و فـریـادڕەسـبـن،…هـتـد.

٢ـ خەیـاڵی داهـێـنەرانە: لە ئەنجـامی گەشەکـردن و پـێگەیـشـتـنی دەروون و زەیـنی منـداڵانی قـوتـابخـانەی بنەڕەتی، منـداڵان خەیـاڵـیان ئاراسـتەی ئامـانجـێکی زانـستی دەکـەن، کە لەسەر بنەمـای وەهـم دانەنـراوە.

خەیـاڵ گـرنگـییەکی زۆری هـەیە لە یارمەتـیدانی منـداڵان، بۆ تێگەیـشـتـن لە جـیهـانی دەوروبـەریـان. خەیـاڵ بەشـێکە لە چـالاکـیـیەکـانی رۆژانـەی منـداڵان. ئەگـەر شـتـێک هەبێت منداڵان تێیدا سەرکەوتووبن، ئەوا توانای خەیاڵکـردن و دروستکردنی جیهـانی تایبەتی خۆیانە. لە هەمووی گرنگتر منداڵان، خەیاڵەکانیان بۆ گەڕان بە دوای زانیاری و بیرۆکەی نوێـدا بەکاردەهـێنن. بۆ نمـوونە: کە سەردانی رووبـارێک دەکەن، دەکرێت بـبـێـتە هـۆی خـەیـاڵکـردنیـان لـە ژیـان لەنـاو ئـاودا.
خەیـاڵ لە منـداڵانـدا، یەکـێکە لـەو شـتە بەسـوودانـەی کە بە شـێوەیـەکی سـروشـتی یارمـەتی گـەشـەکـردنی منـداڵان دەدات. بە کـورتی و بـە چـڕی ئەمـانە بەشـێکـن لە سـوودەکـانی خەیـاڵکـردنی منـداڵان:
١ـ لە ساڵانی یەکەمی ژیانی منداڵاندا، خەیاڵ پێگە و جێگەیەکی گەوری لە چالاکییەکانی ئەقـڵی منـداڵان پـڕدەکاتەوە. زۆرێـک لە بیـرۆکە و یـاری و هـیواکانیان، لەسەر بنەمـای خەیـاڵ پێکهـاتـوون. خەیـاڵ بـوارێـکی گرنـگ و ورووژێنـەرە لە گەشـەکردنی منـداڵان. هـەمـوو منـداڵـێک دەرفـەتی ئـەوەی هـەیە، کـە پـەرە بە داهـێـنان و بە خـەیـاڵی بـدات.

٢ـ منـداڵان لە رێـگەی خەیـاڵـەوە، دەتـوانـن بەسـەر بەربەســتەکانی کـات و شـوێـن و بەسەر ئەستەمـدا بازبـدەن و سـنووری هـێزەکانی خـۆیـان تێـبـپەڕێـنن و دەسـتـیان بۆ ئەوشتانە درێـژبکەن و پەرەیان پێـبدەن، کە لە راسـتییدا ناتوانـن بە دەستیان بهـێـنن.

٣ـ منـداڵان لە رێگەی خەیـاڵکردنەوە، دەتـوانـن بەسەر سەخـتییەکانی ژیانی رۆژانەدا زاڵبن و ئاواتەکانیان بەدەست بهـێـنن. بەردەوامیش بەدوای هەموو شـتێکـدا دەگەڕێن کە تازە و بەسوودبن. بەم شێوەیە گەشەیەکی گشتگیر و تەواو و هاوسەنگ بەدەست دەهـێـنـن.

٤ـ خەیـاڵ رێـگەیـەکە بـۆ رێـکخـسـتـنی بەشـێکی زۆری چـالاکـیـیەکـانیـانی منـداڵان. بنەمایەکیشە بۆ راهـێنانی توانا جووڵەییەکانیان و چالاکردنی چالاکـییەکانی دیکەیـان.

٥ـ منداڵانی تەمەن شەش و هەشت و نۆ ساڵان، خەیاڵەکانیان لە بازنەی سنوورداری ژینگە تێـپەڕیـوە. بـەم رۆڵـەش لە رۆڵەکـانی گەشەکـردنی خەیاڵی منداڵان، دەوترێـت رۆڵی خەیـاڵی ئـازاد، کە تێیـدا تـامـەزرۆی ئـەو وێـنە زەیـنیـیە ئاڵـۆزانەن کە بۆیـان دەکـێشن، یان بە خەیاڵی خـۆیـان دروسـتـیان دەکەن. بۆیـە ئـارەزووی وێنەکێشان و چـیرۆک و هـۆنـراوە و پەخشان و شانۆ و ئۆپەرێت و دیالـۆگ و بابەتی تـر دەکەن.

٦ـ منداڵان تا تەمەنی دوانزە ساڵان، دەچنە قـۆناغ و رۆڵێکی ترەوە. کە لە راستییەوە نـزیکە. بایەخـێکی زۆر بە راسـتی دەدەن، بێ ئـەوەی کە واز لە خەیـاڵکـردن بهـێنن.
٧ـ خەیـاڵ یارمـەتی گەشـەکـردنی زانـستی (مەعـریفی) و سـۆزداریی منـداڵان دەدات. یارمەتیـان دەدات، بۆ بیـرکـردنەوە و داهـێنان و بـزوانـدنی تواناکانیان و گەشەکردنی ئارەزوو و بەهـرەکانی ژیـانیان. بۆ دۆزینـەوەی چـارەسـەری داهـێنەرانەی ناوازە بۆ کـێشەکانی رۆژانـەی ژیـانیان. یارمەتیان دەدات لە پـرۆسەی پەروەردەی سەرەتایی.
٨ ـ تـۆژینەوە جۆراجۆرەکانی زۆرێک لە پسپۆرانی پەروەردەیی منداڵان، پشتڕاستیان کـردۆتەوە، کە خەیاڵ توانای پەرەپێـدانی زیـرەکی و لـێهاتـووی و متمانە بەخۆبوونی منـداڵانی هـەیە.
٩ـ منـداڵان لە کـاتی (یاریکـردنی خەیـاڵی) کە بە (یاریکـردنی درامی) یش ناودەبـرێت، لەگەڵ خۆیـان و لەگەڵ هـاوڕێکانیانـدا یـاری دەکەن. ئـەم یارییـە تەنیا پـشت بە خەیـاڵ دەبەستێت. لە کاتی یاریکردنـدا، زۆر قسەدەکەن. بۆیە لە ئەنجامی ئەم گفتوگۆیانەیاندا، زمانیان باشتردەبێـت و وشەسازییان فـراوانـتر دەبێـت. لە پـێکهـێـنانی رسـتەدا باشـتر دەبـن. توانـای پەیـوەنـدیکـردنی کـۆمەڵایەتـیـشیان زیـادەکـات. هـەستی هـاوسـۆزیی و پەیـوەندیی هـاوڕێـتـیـیان بەهـێـزتـر و شـیرینـتر دەبێـت. بـۆ نمـوونە لە کوردەواریـدا، کچـانی بچـووکی کـورد (مـاڵـە بـاجـێـنە) دەکـەن، کە یـارییـەکی خەیـاڵی منـداڵانە. یان یـاریی (مامۆسـتا و قـوتـابیـان) یان یاریی (دکـتۆر و نەخـۆش)،… هـتد.
١٠ـ خەیـاڵ لە گەشەکردنی کەسایەتی منـداڵانـدا، یەکـێکە لە فـاکتەرە هـەرە گرنگ و چـارەنـووسسازەکان. هـانی منـداڵان دەدات بـۆ بیـرکردنەوە و بۆ داهـێنانی شتی نـوێ.
١١ـ هـاوڕێی خەیـاڵی منـداڵان، لەپێـش چـوونە قوتـابخـانەی بنەڕەتی، لە لای منـداڵان باوە. کە هـاوڕێی خەیاڵـییان هـەیە. وەک، بووکـەڵەی باغـە و پلاسـتیک و ورچـوڵە و لە قـەدیـفە دروسـتکراو. یان پشـیلە و کەروێـشکی راسـتەقـینە. دەروونناسان جەخـت لەسەر سـوودەکانی هـاوڕێـتی خەیـاڵی بـۆ منـداڵان دەکـەنەوە.
دەبینین کچـێکی بچـووک لەگەڵ بووکەشووشەکەیدا، رۆژباش دەکات و قسەی لەگەڵدا دەکات، هەڵـیدەپەڕێنێـت و دەیخەوێنـێـت وەک ئەوەی کە هـاوڕێیەکی رۆح لەبەربێـت.
١٢ـ یارییـە خەیاڵـییەکان یارمەتیی منـداڵان دەدەن، بۆ ئەوەی بە رێـگەیەکی باشتر لە جیهـانی دەوەروبەریـان بـڕوانـن و تـێـبگەن.
١٣ـ خەیـاڵ و خەیـاڵکـردن، لە ئەنجـامی بیـرکردنەوەی ئەرێـنیـدا، یارمەتـیی منـداڵان دەدەن بـۆ ئـەوەی لە قـوتابخـانەدا، لە خـوێنـدنـدا سـەرکـەوتـوو و بـاڵادەسـت بـن.
١٤ـ ئـەو منـداڵانەی کە توانـای خەیـاڵکـردنیـان هـەیە، بە رێـگەیـەکی روون، بە زۆری کـنجکاویـن و حـەزی خۆدەرخسـتـنیان هـەیە، توانایەکی زیاتریان بۆ گوزارشـتکـردن لە هەستەکانیان و لە بیـرۆکەکانیان هـەیە، دەیـانەوێت ئەم توانـایـانەیان بۆ هـاوڕێکانیان و بۆ مامۆسـتاکانیـان بسـەلەمێـنن.
١٥ـ خەیـاڵکـردن گەشـبـیـنی و هـیوا و دەروون ئـاسـوودەیی، بـە منـداڵانی خـەیـاڵـکەر دەبەخـشـێت. لە میانەی خەیـاڵکـردن لە ژیـانـێکی خـۆشـتر و لە داهـاتـوویەکی باشـتر.

ئەوانە و چەندین سـوود و گرنگی تری خەیاڵ و خەیـاڵکـردن بۆ منـداڵان. گەلێ رێگە و هـۆکار و ئامـراز و کەرەستەش و بابەتی یاریکردنی جۆراوجۆر بەپێی تەمەنی منـداڵان. هـەن، دەتـوانـن یارمەتیی راهـێـنان و گەشەکـردنی خەیـاڵی منـداڵان بـدەن. کە پێـویستە دایـکان و باوکـان بۆ منـداڵەکانیان دابـینیان بکەن. هەنـدێکـیش لە دایکان و باوکان، لە خەیـاڵکـردنی خەیـاڵیی منـداڵـەکانیان نـیگەرانـن، لـەوەی کە لە شـتە راسـتیـیەکان و لە جیهانی راستییەوە دووردەکەونەوە و دەچنە ناو جیهانێکی فانتازیی دوور لە راستییەوە. بەڵام لە راستیدا گیروودەبـوونی منداڵان بە خەیاڵکردن و بـە یارییـە خـەیـاڵـیـیەکـانـەوە، ئـارامی و ئـاسـوودەیی و دڵخـۆشـیـیان پێ دەبـخـشـن و گـۆڕانکاری لە ریتـمی ژیـانیـان و لە شـێوازی بیـرکـردنەوەیـان و داهـێـنانیـان دەکـەن.

(*) بۆ نووسینی ئەم بابەتە، سوودم لە چەندین سایتی ئینگلیزی و عەرەبی وەرگرتووە.




رووتبوونه‌وه‌.. شیعری ستار ئەحمەد

رووتبه‌ره‌وه‌ له‌و وشانه‌ی
هه‌رگیز نایانخوێنیته‌وه‌
دارچواله‌یه‌كی ره‌نگیبووی
با ده‌یزانی به‌كاملادا هاتیتوچووی
كه‌هه‌ناسه‌م ده‌بووه‌ كاروانچی پرچه‌كه‌ت
سه‌رت به‌لای گڵا ده‌برد
له‌جوانی خاك راده‌مایت و
له‌ ئه‌مه‌كت پاشگه‌زده‌بووی
با وه‌كوو من قه‌له‌نده‌ره‌
با وه‌كوو من
نه‌خشه‌ی سینه‌تی له‌ به‌ره‌
رووتبه‌ره‌وه‌ له‌توێژی خاك
له‌گه‌ڵاو گوڵی خه‌زانت
كراسی شیعرێك له‌به‌ركه‌
تۆی له‌به‌ره‌
ده‌زانی ئه‌شك
بینایی كانی ته‌ڕناكا
زریان حه‌ز له‌به‌هاری
بێئاوو بێفه‌ڕ ناكا
شیعریش له‌ تۆ بێزار بووه‌
عه‌شقیش له‌گه‌ڵ كاڵفامیتدا
له‌ خه‌ونی كه‌سك كاڵبووه‌ته‌وه‌
وشه‌یش له‌گه‌ڵ رووتبوونه‌وه‌ت
له‌مه‌داری هێڵ لایداوه‌
له‌ بێمه‌یایت لاربووه‌ته‌وه‌
لێمگه‌ڕێ با بگریم به‌سه‌ر
پۆشاكیی سووتاوی گڵا
لێمگه‌ڕێ با بگریم به‌سه‌ر
وشكیی دڵا
رووتبه‌ره‌وه‌ له‌و په‌یڤانه‌ی
ده‌روون لێیان حاڵینابێ
رووتبه‌ره‌وه‌ له‌و هه‌ستانه‌ی
عه‌شق لێیان خاڵینابێ

ده‌ركه‌وه‌ وه‌ك ناخی ئاڵت
ئاو فڕێده‌و
شنه‌ی بایه‌ك بكه‌ باڵت
با ده‌زانێ
چۆن شه‌وانه‌ سه‌ما ده‌كه‌ی
با ده‌زانێ
چۆن له‌عه‌شقی پاك راده‌كه‌ی
با ده‌زانێت
با..با

ستار ئەحمەد




ئەمشەو.. شیعری شەهلا نوری

کەیلی دڵم مەیلداری یارە ئەمشەو
مەی فرۆشان بێنەوە ئەمشارە ئەمشەو
لە غوربەتی ئیشقی یارا دەناڵێنم
ئاشق ون و بێگانە نەوارە ئەمشەو
نیگا و ھەستم ئەربابی ژوان نیازە
خەتای بیرە ئامێز بێ سەردارە ئەمشەو
دڵی شەمع و پەروانە بەزمیان دیوە
بێ تۆ خوا پەرستیش حەرامدارە ئەمشەو
ھەر لە کڵێسە و مزگەوت و لە بتخانە
دوور لەھانای ئەم دڵە بێدارە ئەمشەو
گریانی شەو خەندە و قریوەی مەستانە
کەعبە و بتخانە بۆ من وەک ژارە ئەمشەو
وەسڵی دووری وەکو چەرخ و فەلەک بینیم
دڵی تەنگم لەدەوری دەوارە ئەمشەو
نە عەقڵ و دڵ نە ھەستم زانی تۆ لە کوێی
پەردەی دڵی شەھلا لە سەردارە ئەمشەو

شه هلا نوری




بزمارە ماڵ وگۆیژە.. نووسینی: بەکر ئەحمەد

چەند ساڵێکە دیاردەی “بزمارەماڵ” لە چین بۆتە وێردی سەرزاری میدیای ولات و لە ڕێگەی وێنە سەرنجڕاکێشەکانی دیاردەکەیشەوە، ئینسان لە گۆشە و کەنارەکانی دنیادا، روخساری بزمارە مالەکانیش دەبینێت.
“بزمارەماڵ” ناوی دیاردەکەیە و لە سادەترین پێناسەکردنیدا، بریتییە لەو بەریەککەوتنە یاساییانەی کاتێک خواستی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بیناسازی ، ڕووبەڕووی خواستی نەفرۆشتنی ماڵ و زەوی وزاری هاولاتییان دەبێتەوە کاتێک نایانەوێ ماڵ و موڵکیان بە کۆمپانیاکان بفرۆشنەوە. بێگوومان لەو کاتەی کە کۆمپانیاکان دەیانەوێت پرۆژەیەکی نوێ لەو شوێنەدا دروستبکەن کە موڵک و ماڵی هاولاتییانە.
بە کورتییەکەی: ئەو خاوەنماڵانەی ڕییاننەداوە کۆمپانیا مالەکانیان بکاتە بەشێک لە پرۆژەکەیان، مالەکانییان وەک بزمارێکی چەقێنراو لەسەر نەخشەی بیناسازی کۆمپانیاکان دەهێڵنەوە. دیمەنی تاکە ماڵێک کەوەک بزمار لە ناو شۆفڵ و لۆری و سڵنگی کۆمپانیاکاندا سەربەرزانە ڕاوەستاوە، گێرەرەوەی نا وتنێکە بە: ناکرێ هەموو شتێک بە دڵی ئێوە بێت!
هاوکاتیش دیاردەکە وەک ناوهێنانێک بۆ ئەو نەخشە جێبەجێنەکراوانەش بەکاردەهێنرێت کاتێک کۆمپانیا بە نیازە پرۆژەی تازە بخاتە پلاندانانی خۆیەوە و دەبێت حساب و کتابێ بۆ ئەو زەمینانە بکات کە لە سەرەتاوە لە کێلگەیەکی بزمار دەچن، نەبادا لە سبەینێیەکدا بزمارێک بە قاچیدا بچەقێت. ئەم دیمەنانەی خوارەوە، چەند نموونەیەکی کەمی ئەو بزمارە ماڵانەن کە لە مێدیا جیهانییەکاندا سەردێڕی هەواڵ بوون.

بەلام بۆ ئەوەی دیاردەی بزمارەماڵ، ببێتە گرفتی کۆمپانیاکانی ولاتی چین، دەبێ پێشتر ماڵ لە چوارچیوەیەکی یاسایدا جێگایەکی بۆکرابێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێ ببێتە بزمار.

ئەو چوارچێوە یاساییەش بریتییە لە مافی دانپیانان بە موڵک و ماڵی تاکەکەسی ئینسانەکاندا. ئەوە ئەم جێگرتنە یاساییەیە کە ئەو توانایە دەدات بە ماڵ بۆ ئەوەی ببێت بە بزمارێکی سەر رێگای جێبەجێکردنی نەخشەی کۆمپانیاکان.
لە دۆخی پرۆژەکەی گۆیژەدا و ئەو نارەزایەتییەی لە سلێمانی دەستپێکردووە، ئێمە خەریکە رووبەڕوی هەمان دیاردە دەبینەوە، بەلام لە پەیوەندییەکی پێچەوانەتردا. ئاخر گۆیژە، مۆلکی کەسێک نییە وبەڵام موڵکی گشتیشە. هاوکات کەمایەتییەکی کەمی شاریش پێیوایە حزب و کۆمپانیەکەی ناتوانن بەم شێوازە مامەڵە بە مولکی گشتییەوە بکەن.
ئەگەرچی لە دۆخی چیندا، بزمارە ماڵەکان بە ساغ و سەلامەتی دەهێڵرێنەوە تا کێشەی نێوان کۆمپانیا و خاوەنماڵ بەلایەکدا دەکەوێت. لە دۆخی گۆیژەیشدا، کەسانێک هەن دەیانەوێت گۆیژە بکرێتەوە بەو بزمارەماڵەی کە کۆمپانیا نەتوانێ پرۆژەکەی خۆی تیا جێبەجێبکات.
بە کورتییەکەی: کردنەوەی گۆیژەیە بە موڵکی گشتی، مافێک کە لەم کەیسەدا لە گۆیژە سەندراوەتەوە.
لە دۆخی بزمارە ماڵەکانی چیندا، زۆربەی جارەکان، رێککەوتنێک لە نێوان خاوەنموڵک و کۆمپانیادا ئیمزادەکرێ و سازشێک لەسەر ئەو بڕە پارەیە دەکرێت کە خاوەنماڵ دەیەوێ لە بری رووخاندنی ماڵەکەی وەریبگرێت. ئەگینا تا ساڵانێکی زۆر، بزمارەماڵ، لە ناو نەخشەی جێبەجێکراوی کۆمپانیادا وەک نەئێکی جیاواز بە دەنگ و رەنگی قەدیمی خۆیەوە، لە ناو ئەو ئاپارتمانە بە ئاسمانە چووانەدا، قیت و قنج ڕادەوەستێ.
وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا: گۆیژە مولکی کەسیک نییە و هاوکاتیش مولکی گشتە. بەڵام سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە لەلایەن خودی دەسەلاتی سیاسییەوە ، وەک مولکێکی تاکە کەسی مامەلەی پێدەکرێت.
بەلام ئەو لۆژیکەی لە پشت ئەم پرۆژەوەیە، لۆژیکی سەرمایەدارییەکی مافیاییە کە لە زۆر جێگای ئەمرۆی سەرمایەداری دنیادا کاری پێدەکرێت.
لە بەرازیلەوە بگرە کە سەدەها هێکتاری دارستانەکانی ئەمەزۆنی تێدا بڕاوەتەوە، بۆ کارتێلە گەورەکانی ئەمریکای لاتین کە مافیاکانی کۆکایین لە پشت بڕینەوەی داری دارستانەکانەوەن تا بیکەنە کێڵگەی کۆکا. زۆر دوور نەرۆیت، دروستکردنی چەندین بەنداو لە ئێران و تورکیادا کە لەسەر ئاوارەکردنی ئەو گوندنشینانەن کە زەوی و مولک و مالەکانیان بەتالاندەبرێت تا پرۆژە گەورەکانی کۆمپانیاکان جێبەجێبکرێ، ئەمانە چەندین نموونەی بچوکن لە گۆشە و کەنارەکانی دیکەی دنیادا.
ئەمە لۆژیکێکی سەرمایەدارییەوە و لە راستیدا ناکرێ هیچ کەسێک تووشی شۆک بکات. سەیر لەوەدایە، کە نە بڕینەوەی دارستانەکان و نە کۆلەوارکردنی دەموچاوی گۆیژە لە پاراستنی ژینگە و جێگاوڕیگای ئەم شاخە لە یادەوەری ئینسان و شیعرەکانیدا دەبێتە موتیڤی یەکەمی راوەستانەوە لەبەرانبەر ئەم بەرربەرییەتەی سەرمایەداریدا، بەلکو ئەوەی کە دەکرێ خاڵی جەوهەری ئەم کێشەیە بێت: بەهێزکردنی ئەو سنوورە یاساییانەیە کە دەکرێ مولکی گشتی تیا بەهێزبکرێت.
بۆ ئەم مەبەستە، بە جیا لە داخوازی ژینگەپارێزی و هێشتنەوەی بەها ڕەمزیە کولتورییەکان، لەشکرێک لە دادوەر و پارێزەرانێکی ئینسانی پێویستن تا ئەم خەباتە لە ئاستە قانوونییەکەیدا سەبت بکات. بۆئەوەی گۆیژە و شاخ و دۆلە زەوتکراوەکانی دیکەی کوردستان ببنە بزمارە ماڵێکی هەمیشەیی کە ناکرێ سازشی لەسەر بکرێت، دەبێ وەک موڵکی گشتی دووبارە ئەو مافەیان پێبدرێتەوە.
ئەوەی لەم نارەزایەتییە بچکۆلەی ئیستای سلیمانیدا بوونی نییە، ئەو دەنگە یاساییەیە کە موڵکی گشتی بکاتە خاڵێکی سوور کە هیچ هێزێک نەتوانێت دەستی بۆ بەرێت. بە بڕوای من، ئەمە بە تەنها ئەرکی سلێمانییەکان نییە و بەتالانبردنی شاخ و دۆڵی کوردستان لە مێژە لە هەراجکردندایە و لە سەرتاسەری کوردستاندا، شۆفلەکانی لە کاردایە.
سەیر ئەوەیە، رۆژگارێک لە ژێر دەسەلاتدارێتی بەعسدا، کەمەربەندی جادە شەستییەکەی دەوری سلێمانی، ئەو خالە سوورە بوو کە گەشەپێدانی کەرتی نیشتەجێبوونی شار نەیدەتوانی بیبەزێنێت. لەمرۆدا هیچ سنوورێک نییە کە ئەم شارە چەندە دەکرێ گەورە بێت و بە چ ئاراستەیەکدا دەکرێ گەشە بکات.
تێروانینێکی رۆمانسیانە هەیە کە زیاتر لە مێدیای رۆژئاوادا برەوی هەیە و کوردەکانی دەرەوەی ولات لە برەوپێدانیدا، دەستیان هەبووە. ئەویش دەربارەی پەیوندی نێوان و کورد و شاخەکانییەتی. دەربڕینەکە ئاواهییە: کورد بە جیا لە شاخەکانی، کەسی تری نییە تا بیپارێزێ.
چاڵە هەڵکۆڵراوەکانی سەر سینەی گۆیژە، گێڕەرەوەی چیرۆکێکی تراژیدی ترە: شاخەکانمان لە ئێستادا، خۆشیان بۆ ناپارێزرێت، چ جای لەوەی بتوانن، ئینسانەکانی بپارێزن.
رەنگە لە باری رەمزییەوە، شۆفلەکانی سەر گۆیژە، کۆتایی ئەو بانگەشە ناسیۆنالیستییە بێت کە ناسیۆنالیزم و چەکدارەکانی لە دەووری شاخەکانی کوردستانیان دروستکردووە. ئینسانی کورد بۆ ئەوەی شاخەکانیشی بپارێزێت، دەبێ پێشتر لە پاراستنی خۆی و حورمەتی ئینسانی خۆیەوە دەستی پێبکردایە. پرۆژەیەک کە لە هەموو مێژووی ناسیونالیزمی کورد و کوردایەتییەکەیدا، تێکستێک نادۆزیتەوە کە ئینسان تیایدا شایەنی حورمەتی ئینسانی خۆی بێت. لەم نیشتیمانەدا چی هی منەو چی هی دەسەلاتی سیاسییە؟ مافەکانی من کامانەن؟ سنووری نێوان دەرگای مالەکەی من و راوەستانی سەیارەی ئاسایش لە کوێدایە؟ کاتیک شێرپەنجە ڕێمپێدەگرێ، کەرتی تەندروستی دەرمانەکەیە یان خەستەخانەی فاروق؟ ئەمانە ئەو پرسیارانەن کە وەلامەکانیان ڕێک بەو ئاراستەیەدا دەتبات کە چارەنووسی گۆیژە خۆی تیا دەبینێتەوە. بە کورتییەکەی: لە وەلامی ئەم پرسیارانەدا، ئەوەی رێزی بۆ دانەنرابێت، حورمەتی ئینسانی کوردە، بۆیە کارێکی سەرسوهیینەرانە نییە کە شاخەکانیش دەستدرێژییان بکرێتە سەر.
بەڵام هێشتا نەچووە بچێ. گۆێژە لە راستیدا دەکرێ بکرێ بە ماڵ. دەشکرێ بە کرێیەکی کەم بدرێ بەو هەزارەها کرێچی و بێ خانەولانانەی کە لە نیشتیمانی خۆیاندا بستە زەویەکییان نییە. ئەمەش دەکرێ ئەلتەرناتیڤێکی تر بێت: گەرانەوەی مولکی گشتی بۆ هاولاتییان. بە تایبەت لە ولاتێکدا کە هاولاتی بێ دەفتەرە دۆلار، ئیمکانی بە خاوەنماڵبوونی خۆی لێسەندراوەتەوە.

نووسینی : بەکر ئەحمەد
2024/06/17




سەبارەت بە پرسی ڕۆشنبیریی و ڕۆشنبیرانی کورد.. عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

پرسی ڕۆشنبیر بە تێگەیشتنە چینایەتییە ڕادیکاڵەکەی مارکسیزم و لەڕوانگەی بەرژەوەندییە چینایەتییەکانی ستەملێکراوانی ململانێی نێوان کار و سەرمایە، پرسێکی کلتووری و کۆمەڵایەتییە فرە ڕەهەند و ئاراستەیە. هیچ کەسێکی ڕۆشنبیر نییە لەدەرەوەی ئایدیۆلۆژیای چینێکی دیاریکراوەوە بتوانێت ڕاڤەی ژیان و کۆمەڵگە بکات. ڕۆشنبیر ناتوانێت لەسەرووی کێشمەکێشە چینایەتییەکانەوە هیچ هەڵوێست و تێڕوانینێکی هەبێت. لەڕوانگەی مارکسیزمەوە ڕۆشنبیر واتا کەسێکە توانای بینینی دیوە هەڵگێڕدراوەکەی ژیانی هەیە، مرۆڤێکە دەتوانێت پنتکە تاریک و تەریکەکانی ژیان ببینێت و لەوێشەوە بەو سەرمایە مەعریفییەی کە هەیەتی، هەوڵی ڕۆشنکردەوەیان بدات. ڕۆشنبیر ئەرکییەتی نهێنییەکانی پشت سەری بڕیارەکانی چینی دەسەڵاتدار بخوێنێتەوە و ئەوەی لە خزمەتی خەڵکی ستەمدیدە نییە، بیداتە بەر ڕەخنە. ڕۆشنبیر واتا ڕەخنەگری جیددی لە ناشرینییەکانی دەسەڵاتی بۆرژوازی و کلتوور و نەریتە بێبەهاکانی ژیان. ڕۆشنبیر پەیامبەرێک نییە لەسەرووی چینەکان و خەڵک و کۆمەڵگە و لەدەرەوەی ململانێێ چینایەتی – کۆەمڵایەتییەوە لەسەر کورسی مەعریفە دانیشتبێت و فەرمایشت بدات، بەڵکوو ڕۆشنبیر کەسێکە یان هاوڵاتییەکی ئاساییە و مرۆڤێکە وەک هەر مرۆڤیکی تر. ئەوەی کەسی ڕۆشنبیر لە کەسێکی ئاسایی جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە ئاستی رۆشنبیریی و ئاگایی لە بارودۆخ و دیاردەکان و کۆمەڵگە لەئاستێکدایە کە دەتوانێت بەرژەوندییە چینایەتییەکان ببینێت و بپارێزێت و شوناسی مەعریفی خۆی هەر لەو بەرژەوەندییانەوە دیاری بکات. وابەستەبوون بە بەرژەوەندییە چینایەتییەکانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری دیاریکەری هەڵوێستی شۆڕشگێڕبوون و نا شۆڕشگێڕبوونە. ڕۆشنبیر ئەگەر ئەم هەڵوێستەی لێدەربکێشرێت، ئەوا کارەکتەرێکی بەتاڵ لەشۆڕشگێڕییەتی و پڕاوپڕ لە دیماگۆجییەتی لێ دەمێنێتەوە. ئەوەی کە ڕۆشنبیر سڵی لێناکاتەوە، سیاسەتە، سیاسەتی رادیکاڵ و کۆمۆنیستی، سیاسەتی سۆشیالیستانەی پرۆلیتاریا لەخەبات بۆ سۆشیالیزم. بەواتایەکی تر ڕۆشنبیری مارکسیستی واتە قسەکردن لەسەر سیاسەت، بەرژەوەندی چینایەتی، دەسەڵاتی سیاسی، شۆڕش، ئازادی و یەکسانی و ڕزگاری یەکجارەکی. خۆلادان لەم ڕاستییە، لادانە لە حەقیقەتێکی سۆسیۆ – مێژوویی گرنگ کە دەیەها ساڵە بۆرژوازی دەهۆڵی بۆ دەکووتێت و دەزگا زەبەلاحەکانی میدیایی بۆ خستووەتە گەڕ. سیاسەت بۆ کەسی ڕۆشنبیر وەک ئۆکسجین وایە لەپرۆسەی هەناسەدان. ئەمڕۆ لەسایەی بەرهەمهێنانی ئابوورییەوە ئەو غەدرە گەورەیەی لە مرۆڤ و سیاسەت دەکرێت لەم سیستە چەوسێنەرەی سەرمایەداری، لەڕاستیدا غەدرە لە ئازادی و بەها ئینسانییەکانی ژیان و بوون. ڕۆشنبیر دەبێت بە هۆشیارییەکی ڕەخنەییەوە بڕوانێتە دیاردەکان و کۆمەڵگەی ئینسانیی. مەعریفەی ڕەخنەیی ئەو توانایە بە ڕۆشنبیر دەدات کە هەمیشە ڕەخنەگرانە بیر بکاتەوە و ئامادەیی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە دەبێتە هۆی سازکردنی زەمینەی دژەباو و ڕەتکردنەوەی کۆن و ناسینی نوێ. کایەی چالاکی ڕۆشنبیر تەنها مەیدانیکی تایبەت نییە، بەڵکوو سەرجەم کایەکانی ژیان شوێنی چالاکی بیرکردنەوە و ڕەخنەگرانەی ئەون.
شوناسی نەتەوەیی و ئیشکردن لەسەر بەها کلتووری و فەرهەنگییەکان لەسەر بنەمای نەتەوە، ناتوانێت ڕۆڵی پۆزەتیڤ بگێڕێت لە نزیکردنەوەی ڕۆشنبیر لە ئەرکە ئینسانییەکەی. چونکە ناسیونالیزم هەمیشە شۆڤینیزمێک لەناخیدا نووستووە و ئەم شۆڤینیزمە ڕێگرە لە بەردەم ئەرکە مرۆییەکان. بۆ ڕۆشنبیرێکی کوردزمانی تەقلیدیش کە ژینگە سیاسی و کلتوورییەکەی هەمان ژینگەی سیاسی سەرمایەدارییە، تا ئەو جێگەیە تەکان دەدات و قسە دەکات کە دڵی بۆرژوازی نەێشێت و بەرژەوەندی چینایەتی سەرمایەداری نەکەوێتە مەترسییەوە . کایەی ڕۆشنبیری کوردی، گەرچی کەم تا زۆر بارگاوییە بە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، وەلێ نەیتوانیوە خۆی لە پرسە گرنگەکانی ژیان بدات و قسەی مێژوویی خۆی بکات. کۆمەڵگەی کوردیش بۆیە ناتوانێت بچێتە پێش، چونکە ڕۆشنبیرەکانی لە ئەرکە بنەڕەتییەکانی ڕۆشنبیر لایان داوە و سەرقاڵی هەندێ کارن کە ڕۆشنبیربوونەکەیان دەخاتە ژێر پرسیارەوە. زۆربەی هەرە زۆری ڕۆشنبیرانی کورد مووچەخۆری دەسەڵاتن و بە دەیان ڕێکەوتنی ژێربەژێرییان لەگەڵ دەسەڵاتی کوردی واژوو کردووە و ئیمتیازات و دەستکەوتە شەخسییەکانیان بەرچاویانیان تاریک کردووە. یان باشتر بڵێم ڕۆشنبیرانی کورد(کە من بە لاستیکترین دەستەواژەی دەزانم) خۆیان لە ئەرکە گرنگەکانیان دەدزنەوە. لە سی ساڵی ڕابردوودا تەنها و تەنها خەریکی مکیاجکردنی ڕووی دزێوی دەسەڵاتی کوردی بوونە و بۆیە دەبینین لەبری ڕەخنەگری بوێر و ڕاستگۆ، سوپایەک لە ڕۆشنبیری حیزبیی و چاودێری سیاسی و ڕۆژنامەنووس و ئەدیب و نووسەری بەمانای وشە بەکرێگیراو و دواکەوتوو دەبینین کە مووچەکانیان لەلایەن دەسەڵاتەوە بۆ خەرج دەکرێ و تەنانەت زۆربەیان دەبڵ مووچە و خانەنشینن بە پلەی سەربازی جیاجیا. ئەم نەریتی کڕین و سەودایەی کایەی رۆشنبیری لە کوردستان، پەروەردە و فێرکردنیشی گرتۆتەوە. سیستەمی چینایەتی سەرمایەداری داهێنەری ئەم مۆدێلە لە ڕۆشنبیرانی ئەنتی هەژاران و ئەنتی شۆڕش و ئەنتی ئاڵوگۆڕی کۆمەڵگەن. بۆ وەستانەوە بەرامبەر بەم مۆدیلە لەڕۆشنبیری کۆنەپەرستی لیبڕاڵ لە کوردستان، دەبێت خەباتی چیانایەتیمان دژ بە سیستەمی سەرمایەداری و بۆرژوازی کوردستان تووندتر و چڕتر بکەینەوە. بۆیە بەبۆچوونی من :
یەک : ڕۆشنبیر فیرعەونی دانایی نییە و فەرمایشت بدات و لەسەرووی خەڵک و لەسەر کورسی مەعریفە دابنیشێت، بەڵکوو ڕۆشنبیر کەسێکە یان هاوڵاتییەکی ئاساییە و مرۆڤێکە وەک هەر مرۆڤێکی تر. ئەوەی ڕۆشنبیر لە کەسێکی خاکی جیا دەکاتەوە ئەوەیە ئاستی رۆشنبیریی و ئاگایی لە بارودۆخ و دیاردەکان و کۆمەڵگەیە بەبەراورد بە کەسێکی خوێندەواری ئاسایی بەرزترە.
دوو : ڕۆشنبیر هەڵوێستی چینایەتی لێ دەربکێشێت بەتاڵ دەمێنیتەوە. من سەیرم بەم ڕۆشنبیرانەی کورد دێت تەنها ئەو کاتە هەڵویست وەردەگرن کە مەترسی جیدیی هەبێت لەسەر دەستکەوتە شەخسییەکانیان، وەکوتر گەرخەڵکی هەژار و ستەمدیدەی کورد بەقوڕی ڕەشدا بچنە خوارێ، ئەم ڕۆشنبیرانە هەر خەریکی سەفسەتەبازی و گەمەکردن لەگەڵ خوێنەر و خۆڵکردنە چاوی خەڵکەوەن و کێشە و گرفتی خەڵکی هەژار بە گرفت و کێشەی خۆیان نازانن.
سێ : زۆربەی ڕۆشنبیرانی کورد،ڕۆشنبیرانی مۆدێلکن لە فریودان و دیماگۆجییەت و خەریکی شاردنەوەی راستییەکانن لەژێر ناوی فکر. ئەم تەیفە لە ڕۆشنبیران ئەمڕۆ کەسیان ئەو جورئەتەیان نییە لەدەرەوەی لێکدانەوەی ڕەهەندییەکان پێناسەی خۆیان بکەن. هیچ ڕۆشنبیرێک ئامادە نییە لە وتارێکدا بۆچوونی خۆی بنووسێت بێ گەڕانەوە بۆ فۆکۆ یان نیتشە یان هایدگەر..تاد. وەک ئەوەی بڵێی ئەم ناوانە بنەمای ڕۆشنبیرییان دانابێ. ڕەهەندییەکان ڕۆڵیان هەبوو لە گەورەکردنەوەی قەڵشتی نێوان خەڵک و ڕۆشنبیر. ڕۆشنبیری کورد خۆی لە جێگەیەکی بڵندتر لە خەڵک دەبینێ و لەوێوە خەریکە ناشرینترین ڕۆڵ دەگێڕێت لەمێژووی هاوچەرخدا. نەک هەر ڕۆشنبیر، بەڵکە هەر تاکێکی کۆمەڵ پێویستە لەسەری بخوێنیتەوە و ئاگاداری بیر و بۆچوونی فەیلەسوفان و سیاسەتمەداران و بیرمەندانی جیهان بیت.، بەڵام نەک ‌هێنانی تێروانینی هەرچی بیرمەندی کۆنەپەرستە بۆ نێو کایەی ڕۆشنبیری کوردیی.
چوار : ڕۆشنبیریی کورد باسی دەردە قێزەوەنەکانی کۆمەڵگە ناکەن، خۆیان لە گەلێ دیاردە دەبوێرن. بۆ ئەوان کۆمەڵگەی چینایەتی وەک ئەوەیە بوونی نەبێت، باسی مارکسیزم تووشی هیستریا و سەرئێشەیان دەکات. مەسەلەی ژن و منداڵ و قوتابخانە و پەروەردە و بێکاری و..تاد بەکاری خۆیان نازانن. شۆڕش و ڕزگاری لە ستەمی چینایەتی بە ئاسنی سارد کوتین دەبینن. وەک ئەوەی ئەو ڕۆشنبیرانە لە کۆمەڵگە نەژین. من وای دەبینم قسەکردن هەر لە سیستەمی بەرێوەبردنی دەسەڵاتەوە تا دەگاتە چارەسەرکردنی زبڵ و خاشاک ئەرکی ڕۆشنبیرانە.
پێنج : پێویستە ڕۆشنبیر پردی نێوان کۆمەڵگە و کلتورە جیاوازەکان بێت. بەواتایەکی تر، ڕۆشنبیر دەبێت پرد بێت لەنێوان خوێنەرانی کورد زمان و بزووتنەوە فیکری و ئەدەبیی و هونەرییە پێشکەوتووخوازەکانی جیهان. ڕۆشنبیر دەبێت ئەڵقەی نێوان فەرهەنگە جیاوازەکان بێت. ڕۆشنبیر دەبێت دەستکەوتە فیکریی و زانستی و هونەرییە پێشکەوتووەکانی مرۆڤایەتی لەڕێگە جیاوازەکانی بەریەککەوتنی لەگەڵ کۆمەڵکەدا بگوازێتەوە و بتوانێت وەک گەیەنەرێکی بێخەوش ئەو ئەرکە ئەنجام بدات، نەک بە ویستی خۆی و بەپێی بەرژەوەندی چینایەتی خۆی دەستکاری ئەو دەستکەوتانە بکات و بۆ ئافەرین و دەست لەپشتدان و خەڵاتێک ناپاکی لە کۆمەڵگە بکات.
شەش : ڕۆشنبیری کوردی تا ئێستاش هەر ڕۆڵی وەرگر دەبینێت و زۆر کەم دەبەخشێت. ئەمەش جگە لە هۆکارە سیاسییەکەی، ئاماژەی نائامادەیی داهێنانە لەو کایە گرنگەی ژیانی کۆمەڵگەدا. کۆمەڵگەی کوردی نەک بیرمەند ناهێنێتە دەرەوە، بەڵکوو بەهۆی ناکارابوونی پەروەردە و فێربوونەوە، تواناکانی بیرکردنەوەی کۆمەڵگەی لەکار خستووە و لەبری ئەوە دووبارەبوونەوەیەکی بێمانا بەرهەم دێنێتەوە کە زیان بە داهێنان دەگەێنێت. لێرەوە فیکر لە چالاکی دەکەوێت و ناتوانێت بەهاکان وەکوو خۆی ببینیت و بخوێنیتەوە.
حەوت : ئێستا زۆربەی ڕۆشنبیران و ئەڵقەی یەکەمی ڕەهەندییەکان خەریکی سیاسەتمەدارانی کوردن و هەریەکەیان خۆیان خزاندووەتە حیزبێکی بۆرژوازی نەتەوەیی یان ئاینیی و بوونەتە مفتەوێژی ئەو سیاسییە نەخوێندەوارانەی کە ڕۆژانێک لاپەڕەیەکی کتێبێکی ئەم ڕۆشنبیرانەیان نەخوێندۆتەوە. ئەویش تەنها و تەنها لەپێناو ئەو پارە و دەستکەوتە مادییانەی کە وای لێکردوون وەکو لێبوک بکەونە شوێن ئەو سیاسەتمەدارانە. ئەمەش سەلمێنەرێکی واقیعی جوانی هەر ئەو ڕەخنە چینایەتییە جیددییەی ئێمە بوو کە ساڵەهایە لە رەهەندییەکانمان گرتووە و ناوەڕۆکە چینایەتییەکەیمان بەپێی توانا دەرخستووە.
بەم پێیە و لەژێر سێبەری ئەم واقیعیەتەی کۆمەڵگەی کوردی، دەسەڵاتی کوردی لە سێ دەیەی ڕابردوودا، پرسی ڕۆشنبیری وەکو پرسێکی جیددی تەماشا کردووە و بودجەیەکی تایبەتی بۆ تەرخان کردووە تا ڕۆشنبیرانی کورد لەڕێگەی میدیای نووسراو و بیستراو و بینراوەوە بتوانن بەئەرکی خۆیان هەڵبسن. بتوانن ئیرادەی شۆڕشگێرانە لە خەڵکی کوردستان داماڵن و دووریان بخەنەوە لە ڕێبازی شۆڕش و خەبات. نەک هەر ئەوەش تەنانەت شۆڕش و خەباتیان لەلا بێبەها بکەن و باوەڕی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان بۆ ئاڵوگۆڕ پیدانی ژیان بگۆڕن بە باوەڕی تاکگەرایی و وەستانەوە دژ بە کاری دەستەجەمعی و لەهەمووشیان گرنگتر دژایەتیکردنی مارکسیزم و سۆشیالیزم و خەباتی کرێکارانە. لەمەشدا ڕۆشنبیران بەگشتی و ڕەهەندییەکان بەپلە یەک لەئەنجامی غیابی هێزی شۆڕشگێڕ و پاشەکشەی مارکسیزم و چینی کرێکار لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستان، توانیان سەرکەوتنی مێژوویی بۆ چینی بۆرژوازی و کۆنەپەرستانی کوردستان و ناوچەکە تۆمار بکەن.
خوێنەران و ڕۆشنبیرانی کورد دەبێت جارێکی تر لەڕوانگەی شۆڕشگێرانەی مارکسەوە پرسە هەرە گرنگەکانی ژیان و کۆمەڵگە لێکدەنەوە و بزووتنەوەیەکی ڕۆشنگەری چینایەتی وەگەڕ بخەن و ستۆپێکی گەورە بە کۆنەپەرستی بکەن و ڕەوڕەوەی بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگەی کوردستان ڕووەو داهاتوویەکی ڕووناک و گەش بجووڵێنن. ئەمە ئەو ئەرکەیە کە ڕۆشنبیرانی شۆڕشگێڕ و مارکسیستی کورد نابێت بۆ ساتێک چییە فەرامۆشی بکەن.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
کۆتایی شوبات و سەرەتای ئازاری ٢٠٢٤




لەبارەی وەرگێڕانی شیعرەوە.. عەبدولڕەحمان فەرهادی

زۆر له‌باره‌ی وه‌رگێڕانی شیعره‌وه‌ نووسراوه‌، كه‌ له‌نێو ده‌قه‌ ئه‌ده‌بییه‌كاندا، گرانترین جۆری وه‌رگێڕانه‌. ئه‌مه‌ دووباره‌ بنیادنانه‌وه‌ی ده‌قه‌ له‌ ڕووی هونه‌ری و ڕیتمی ناوه‌وه‌ و مۆسیقا و ده‌نگ و وشه‌كان به‌ زمانێكی دیكه‌، كه‌ پێویسته‌ خوێنه‌ر هه‌ست به‌وه‌ بكات ده‌قێكی شیعری ده‌خوێنێته‌وه‌. به‌ ڕای من زیاتر ئه‌و شیعرانه‌ له‌كاتی وه‌رگێڕاندا به‌ها جۆراوجۆره‌كانی شیعریان تێدا ده‌مێنێته‌وه‌ و به‌ جوانی له‌ زمانێكی تره‌وه‌ ده‌گوازرێنه‌وه كه‌ تا ڕاده‌یه‌ك له‌ ده‌قه‌كه‌دا درامایه‌ك یان چیڕۆكه‌ شیعرێكی كورت هه‌بێت.

له‌ وه‌رگێڕانی شیعردا ده‌ق به‌ ته‌واوی ناگوێزرێته‌وه‌، بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر ده‌قێكی شیعری بدرێته‌ چه‌ند زمانزانێك و داوای وه‌رگێڕانیان لێ بكرێت بۆ زمانێكی دیاریكراو، ئه‌وا بێگومان هه‌ریه‌ك له‌ كاره‌كان له‌وه‌ی دیكه‌یان جیاواز ده‌بێت و لێره‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ته‌نیا زمانزانین بۆ وه‌رگێڕانی شیعر به‌س نییه‌، به‌ڵكوو كه‌سی وه‌رگێڕ خۆی تا چه‌ند تێگه‌یشتن و دید و ئاستی ڕۆشنبیریی له‌ بواری هونەرەکانی شیعردا فراوانه‌، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر كه‌سی وه‌رگێڕ خۆی شاعیر بێت، ئه‌وا جوانتر و كارامه‌تر ده‌توانێ یاری به‌ وشه‌كان بكات و هاوواتاكانی ‌وشه‌یه‌ك‌ هه‌ڵبژێرێت، چونكه‌ هه‌ر زمانێك سیستمی تایبه‌ت به‌ ده‌نگ و ڕیتم و پێكهاته‌ی وشه‌ و ڕسته‌كانی هه‌یه‌ و‌ پێویسته كه‌سی وه‌رگێڕ،‌ ئاگاداری هه‌ردوو زمان بێت و به‌ هۆشیارییه‌وه‌ وشه‌ و مانا و وێنه‌كان ئالوگۆڕ بكات.
زۆرجار له‌ شیعردا گواستنه‌وه‌ی ته‌واوی وشه‌ به‌ وشه‌ هێز و جوانیی ده‌قه‌كه‌ له‌ده‌ست ده‌دات و ده‌بێته‌ ده‌قێكی میكانیكانه‌ وه‌رگێڕراو، وه‌ك ئه‌وه‌ی كۆمپیوته‌ر و ئەپە‌كان application ده‌یكه‌ن، هه‌روه‌ها زۆرجاران به‌رهه‌مهێنان و گواستنه‌وه‌ی جوانی و هێزی وشه‌ و وێنه‌ی شیعری بۆ زمانی دووه‌م، واده‌كات وه‌رگێڕانه‌كه‌ ناته‌واو و پڕ له‌ ده‌ستكاری بێت، نموونه‌ی ئه‌مانه‌ له‌ ئه‌ده‌بی كوردیدا زۆره‌.
له‌ وه‌رگێڕانی چوارینه‌كانی خه‌ییامدا كه‌ چه‌ند شاعیرێكی به‌توانا كردوویانه‌ به‌ كوردی، له‌وانه‌: گۆران، شێخ سه‌لام، هه‌ژار، دڵزار، عوسمان عه‌ونی و هیی تر، ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌ بخوێنینه‌وه‌، ئه‌وا جیاوازییه‌ زۆره‌كانی نێوان كاره‌كان تێبینینمان ڕاده‌كێشێت.
هه‌ژار چوارینه‌كانی وا تێك هه‌ڵشێلاوه‌ كه‌ داری به‌سه‌ر به‌رده‌وه‌ نه‌هێشتووه‌، به‌ڵام هه‌ست به‌ خوێندنه‌وه‌ی شیعر و زمانێكی جوان و واتاش ده‌كه‌ین، وای بۆ ده‌چم هه‌ژار له‌ وه‌رگێڕانه‌كانیدا، ته‌واوی ئازادیی به‌خۆی داوه‌، پێموایه‌ ئه‌مه‌ بۆته‌ هۆی ده‌ستكاریی ته‌واوی ده‌قه‌كان، بۆ نموونە وەرگێڕانەکەی شەرەفنامە سەرنج و ڕەخنەی زۆری لەسەرە، هەروەها له‌ وه‌رگێڕانه‌كه‌ی عوسمان عه‌ونی كه‌ له‌م ساڵانه‌ جه‌لال زه‌نگابادی له‌ دووتوێی كتێبێكدا به‌ ڕاڤه‌كراوی له‌چاپیدا، تیایدا ده‌قه‌ فارسییه‌كان به‌رانبه‌ر هه‌ر چوارینه‌یه‌ك دانراون، عه‌ونی ده‌ستكاریی هیچێك له‌ چوارینه‌كانی نه‌كردوون، به‌ڵام خوێنه‌ر یه‌كسه‌ر هه‌ست ده‌كات، ده‌قی وه‌رگێڕدراو ده‌خوێنێته‌وه‌، له‌ ڕێدا تووشی چاڵ و چۆلی و گرد و نشێو و ته‌نانه‌ت له‌نگیی دێڕه‌كانیش ده‌بێت. زۆرجار له‌ وه‌رگێڕانی شیعردا، شیعرییه‌ت له‌بار ده‌چێت و ده‌قی وه‌رگێڕدراو ده‌بێته‌ ڕستەی بێ هەستوخوست و په‌خشانێكی ڕووت! بۆیێ زۆر بیروڕا له‌باره‌ی وه‌رگێڕانی شیعره‌وه‌ هه‌ن.
جارێكیان (وا بزانم!) شێركۆ بێكه‌س له‌ دیدارێكدا گوتی: شیعری وه‌رگێڕراو وه‌ك ماچی پشت شووشه‌ وایه‌. هه‌روه‌ها شاعیری ئەمەریکایی ڕۆبه‌رت فرۆست كه‌ چه‌ندین ده‌قی شیعریی وه‌رگێڕاوه‌، ده‌ڵێ: شیعر له‌كاتی وه‌رگێڕاندا ون ده‌بێ. شیلیی شاعیری ئینگلیز، كه‌ ئه‌ویش له‌ چه‌ندین زمانه‌وه‌ شیعری كردووه‌ به‌ ئینگلیزی، ده‌بێژێ: وه‌رگێڕانی شیعر هه‌وڵێكی ته‌واو نه‌زۆك و بێهوده‌یه‌، وه‌ك گواستنه‌وه‌ی گوڵێكی وه‌نه‌وشه‌یییه‌ له‌ خاكێكی به‌پیته‌وه‌ بۆ زڕە خاكێكی نه‌شیاو بۆ نه‌شونما. هەروەها زمانناس و ڕەخنەگری ڕووس ڕۆمان یاكۆبسن گوتوویه‌تی: تاكه‌ وه‌رگێڕانی شیاو بۆ گواستنه‌وه‌ی داهێنان و جوانی و سه‌رله‌به‌ری واتا و وێنه‌ له‌ شیعردا، دووباره‌ نووسینه‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌یه‌ كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی تر دێته‌ به‌رهه‌م. هه‌قه‌ ئه‌وه‌ی له‌م بواره‌دا كار ده‌كات و جێ په‌نجه‌ی دیاره‌، هه‌وڵ بدات به‌دوای ده‌قێكدا بگه‌ڕێت كه‌ له‌كاتی وه‌رگێڕاندا واتا و ڕه‌گه‌زه‌كانی تری كه‌ پێشتر هه‌یانبووه‌ به‌ هه‌مان نرخ بمانداته‌وه‌. من خۆم له‌م بواره‌دا تا ئێستا ده‌یان شیعرم له‌ زمانی عاره‌بییه‌وه‌ كردووه‌ به‌ كوردی، به‌ڵام كه‌ ئه‌مه‌م كردووه‌، پێشتر تا ڕاده‌یه‌ك دڵنیا بووم له‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌ به‌ هه‌مان به‌ها دێنمه‌وه‌ سه‌ر لاپه‌ڕه‌، بەنیازم سەرلەبەریان لەم ماوەیەدا بە کتێبێک بڵاوبکەمەوە. دەبێ ئاماژە بەوە بکەم کە هەندێ نووسەری دەستەپاچە و کەمدەرامەت و زماننەزانمان هەن، بەهۆی گووگل و ئامێر و هۆکاری نەشیاو، دێن بە زڕە وەرگێڕانەکانیان، دەست دەدەنە شیعری بێگانە و ئەم دنیا پاک و جوانە بە زبڵ و هەڵەوپەڵە دەشێوێنن، چما وەرگێڕانی شیعر و دەقی بەرزی ئەدەبی، هەر ئەوەندەی بەسە بتوانیت ئەو زمانەی لێی وەردەگێڕیت لە بازاڕ قسەی پێ بکەیت؟ بێگومان نەخێر! ئەم دیاردە نەشیاوە مایەی نیگەرانییە و هەقە ئەو کەسانە دەسبەرداری ئەم زبڵوەشێنییە بن.

عەبدولڕەحمان فەرهادی




بەیانییەک هەتا نیوەڕۆ.. چیرۆکی: نەوزاد بەندی

بە دەنگی باران لە خەو ڕابوو ، بڕیاری دا پێش ئەوەی دەم و چاوی بشوات ، بڕواتە بەر دەرگا تێر بۆنی خاک بکا ..هەر دەرگای ترازاند چوار سەگی گەورە هەڵمەتیان بۆ هێنا ، کە لە ڕاستیدا لە برساندا بۆ لای هاتن ، ئەمیش هەر ئەوەندەی پێکرا ، بە ڕاکردن گەڕایەوە ژوورەوە ..لەگەڵ داخستنی دەرگاکە ، ئەژنۆیەکی بریندار بوو ..لەو کاتەدا پۆلێک مراوی کۆچیان ئەکرد ، یەکێکیان دەنگێکی لێ بەرز بۆوە وەک ئەوەی بەم بڵێ گوێ مەدەرێ ، جار جار ئەژنۆیش وای لێ دێ ..
بە شەلە شەل گەڕایەوە ماڵەوە ، خێزانی ووتی : بتڵە غازەکە ئێستا تەواو بوو ، هەردوو بتڵەکەی تریش بەتاڵن ..
ملی بتڵە غازێکی گرت و هەڵی دایە ناو ئوتومبیلەکەی ، پێش ئەوەی سلف لێ بدا ، تێلێکی لە کوڕە ناوەنجێکەیەوە بۆ هات: (باوە ، مەلزەمەی مامۆستا بەشارم بۆ بکڕە ، هەڵبژاردنەکان .. )
سلفی لێ دا و .. چەند مەترێک ڕۆیشتبوو ، زەنگی مۆبایل لێی دایەوە ، کچەکەی بوو : ( زوو وەرەوە ، پێویستم بە سەیارەکەیە ، سیمینارم هەیە )
گەیشتە فولکەکە و ..گڵۆپی سەوز ، پرتەقاڵیی بوو ، پێی پێوە نا ، پرتەقاڵی و سوور بوو ، گوێی لە فیکەی پۆلیسی هات و چۆ بوو ، بێ ویستی خۆی ، ووتی کورە دەبڕۆ تۆیش ، مەعاشجوان .. لەو کاتەی کە ووتی مەعاشجوان ، زەنگێکی ڤایبەری بۆ هات ، واتا ڕێک لە نێوان مەعاش و جوانەکەدا زەنگەکە هات ..( کوڕی باش لە کوێی ؟ بەڕێوەبەری کاڕگێڕیی گەڕا و خۆی ناوی ئامادەبووانی خوێندەوە ، بواری هیچمان نەبوو ، تۆ و دوانزە کەسی تری بە غایب نوسی ..فریاکەوە ، وەرەوە ، پینە و پەڕۆیەکی بکە )
ــ پینە وپەڕۆی چی ؟ ئەی ئەمڕۆ من ئۆفم ..پشووم ..ئەی نازانن ؟
ــ بەڕێوەبەر ئەڵێ مانگی ڕەمەزان دوو موچەتان لە بەغاوە وەرگرتووە ، ئاخ و ئۆف نەماوە .. !
گەیشتە بەردەم بەنزینخانەیەک ، خۆی کرد بە ژووردا و .. زرم ، بتڵە غازەکەی دا بە ئەرزا ..
ـــ غازمان نییە برا ..
تاسێک بردیەوە ، سەرێکی هەڵبڕی بۆ سکرینەکەیان ، نەڕاندی :
ــ ئەی ئەو LPG یە چییە نوسیوتانە ؟
کرێکارەکە لووتێکی بۆ خوراند و تەماشایەکی سکرینەکەی کرد ، ڕێک لە کاتی لوتخوراندنەکە و ..بە تایبەت لە پیتی واوەکەیدا ، زەنگێکی لە تێلیگرامەوە بۆهات ، دایکی بوو : ( ئەرێ ڕۆڵە ئێمە دایک و فرزەندین ، ئەوە بۆ سەرێکمان لێ نادەی .. خۆ هیچمان ناوێ ، هەر حەز ئەکەین بتبینین ! )
کرێکارەکە لە لوتخورادنەکەی بۆوە و وتی :
ــ وەڵا داتا بەیسەکەمان تێکچووە ، ئەوە سەعاتێکە تێلمان بۆ پسپۆڕی داتابەیس کردووە بێ بۆمان بکوژێنێتەوە ..
( بەخوا دایە زۆر مەشغوڵم .. خۆیشم نازانم چی ئەکەم ..تۆزێ سەرم سوک بێ ، دێم بۆ لاتان )
ــ نا نا .. پسپۆڕی داتابەیسی ناوێ ، ئێستا من بە خڕکە بەردێک بۆتان ئەشکێنم ..
لە ساتەوەختی خڕکە بەردەکەدا ، لە مەسنجەرەوە زەنگێکی بۆ هات ، کوڕە گەورەکەی بوو : ( باوکە ، عەسر یاریمان هەیە ، جوتێ پێڵاوی شەقم بۆ بکڕە ، ڕەقەم 40‌، با سپی بێ ..ئەگەر ژمارە حەوتەکەی ڕۆناڵدۆی پێوە بێ ، باشتر ..)
ڕێک لە کاتی ڕۆناڵدۆکەدا ، شڵپەی لە سکرینەکە هەڵساند و LPG ـەیەکە کوژایەوە ..
کرێکارەکەی کە سەری لوتی خوراند ، توشی شۆک بوو ..نەیئەزانی چی بکا ، دەمی داپچڕی بوو وەک هێلانەی خورماخۆرە وابوو ..
کە کرێکاری پەمپەکانی تر ، هەڵمەتیان بۆ هێنا ، ئەم ویستی خۆی قوتار بکا ، نەیتوانی .. لە ڕاستیدا ئەگەر دەستبەرداری بتڵە غازەکەی بووایە ، ئەیتوانی قوتاری بێ بەڵام ڕێک لە کاتی گرتنی ملی بتڵە غازەکە و گرتنی یەخەی خۆی لە لایەن کرێکارێکی بەنغالی فیل ئاساوە ، مۆبایلەکەی دیسان لێی دایەوە ، ملی غازەکەی بەردا و دەستێکی برد بۆ مۆبایلەکەی ، سەعدونی خۆخۆر بوو : ( دوکانەکەت هەر بەناوەوە ماوە ، لە باجەکان بووم .. سێ ساڵیش قەرزاریت ، ئەمڕۆ نەڕۆی بۆ باجەکان ، ڕەنگە نەتوانیت بیکوژێنیتەوە ، باوەسمێڵ ئەیووت شتی وا نییە ، دوا فلسی لێ ئەسێنین )
ڕێک لە کاتی باوە سمێڵەکەدا یاخود لە نێوان باوە و سمێڵەکەدا ناچار بوو کەللەیەک بدات لەناو دەمی کرێکاری بەنگالی و پەلەخوردی زەوییەکەی بکات ..
کرێکارێکی تر هەڵمەتی بۆ هێنا ، ئەم قاچە زامدارەکەی بەرز کردەوە ، بە هێواشی کێشای بە لا ملیدا ، کرێکارەکە وەک پەڕۆ کەوت و بورایەوە ..
ڕێک لە کاتی لێدانی قاچی و لاملی کرێکارەکەدا ، زەنگێکی لە وەتس ئەپەوە بۆ هات ، ویستی مۆبایلەکەی هەڵبگرێ ، لە دواوە دوو پۆلیس توند دەستیان گرت ..
لەناو فۆردی ئێکسپلۆرەری پۆلیسدا چەند زەنگێکی تری بۆهات ، بواریان نەدا وەڵام بداتەوە .. لەگەڵ گەیشتنی بە پۆلیسخانە ، لافاو هەستا ، بەرمیلی ڕیزکراو لە چاوەڕوانی نەوتی پەنجا هەزاریی بەغداد ، تەنەکە خۆڵی ڕەنگا و ڕەنگ ، پشیلەی کوژراو ، لقی داری شکێنراو ، ئەمانە و شتی تریش وەک قردێلە بە قژی شەپۆلەکانی لافاوەکەوە بوون ..
لە ڕێڕەوی پۆلیسخانەکەدا ، پۆلیسێکی لاوازی ڕەنگزەرد ، بە مامۆستا مامۆستا بەرەو ڕووی هات ..
ــ مامۆستا ئەوە خێرە ؟ چۆن تۆ دەستبەسەر کراوی ؟ فەرموو ..فەرموو .. لێرە دانیشە ..
نەیهێشت پۆلیسەکان بیبەنە ژووری بەندکراوەکانەوە ..
ــ چا بە شەکرەوە ئەخۆی یان بێ شەکر ؟
پۆلیسەکان لە پۆلیسە لاوازە ڕەنگزەردەکە مۆڕ بوونەوە :
ــ ئەمە تاوانبارە ..
ــ من بەرپرسم لێی ، با لای من دانیشێ .. ئەمە نووسەرێکی گەورەیە ، نایناسن ؟ بەرهەمەکانیتان نەخوێندۆتەوە ؟
دوو پۆلیسەکە لێی وورد بوونەوە ، هیچیان لێ هەڵنەکڕاند ..
ڕێک له کاتی لێ هەڵنەکڕاندنەکەدا سێ زەنگی جیا جیای بۆ هات .. دەستی برد مۆبایلەکەی بێ دەنگ کرد ..
لە کاتی بێ دەنگ کردنەکەدا ، ووتی : چایەکی بێ شەکر .
هەر ئەو کاتەی کە ووتی چای بێ شەکر ، بەڕێوەبەری پۆلیسخانەکە پەیدا بوو ، مۆڕەیەکی لێ کرد و ..دەستی برد شەقازلەیەک لە پۆلیسە لاوازە ڕەنگ زەردەکە بدات :
ــ گەورەم ! ئەمە نووسەر و شاعیرێکی گەورەیە ..
بەڕێوەبەر لە نێوان نوسەر و شاعیرەکەدا ، ووتی : ( حیسابی تۆ دوایی ئەیکەم ، شاعیر و نوسەرت فێر ئەکەم )
قۆڵی ڕاکێشا و بۆ ژوورەکەی خۆی بردی ..
ــ تۆ ئەزانی چ تاوانێکت کردووە ؟
ــ چی ؟
ــ سکرینی بەنزینخانەیەکت شکاندووە .. لە دوو کارمەندت داوە هێشتا یەکێکیان بێ هۆشە ..
ــ‌ بە گەورەیی نوسیویانە LPG کەچی غازیان نییە ..
بەڕێوەبەری پۆلیس سمێڵی خستە ناو دەمی بە ددانەکانی توند گرتی و لە لووتەوە هەناسەیەکی دایەوە کە زیاتر لە ساڵنسای هەندێ ئوتومبیلی وەرزشیی ئەچوو ، ئەو ئوتومبیلە گرانبەهایانەی کە کوڕی بەرپرسە باڵاکان بە پارەی خەیاڵیی ئەیکڕن ..
ــتۆ ئەزانی ئەو بەنزینخانەیە هی کێیە ؟
ــ هی کێیە ؟
ــ هی حاکم نادرە ..
ــئێ ..
ــ ئی ..کەواتە تۆ دەستدرێژیت کردۆتە سەر شەخسی حاکم نادر
ــ من لە دوو کرێکارم داوە نەک لە حاکم نادر ..ئینجا من بەرگریم لە خۆم کردووە ، چونکە هەردووکیان هێرشیان کردە سەرم ، دانەیەکیان بەنگالیی بوو .. ئەوەی تریان لە شارەزووریی ئەچوو ..
ئەو کاتەی کە ووتی شارەزووریی ، ڕێک لە( زووریەکە ) دا زەنگی بەڕێوەبەری پۆلیسخانە لێی دا ، ئاوازی مونۆ مۆر بوو ..
ــ بەڵێ گەورەم ..
ــ پەیوەندی بە کاک حاکمەوە بکە ، با خۆی سزاکەی بۆ دیاری بکا ..
ــ بەڵێ گەورەم .. ئەمر ئەکەی ..بەڵام ژمارەی کاک حاکمم لە لا نییە ..
ــ بنوسە .. سفر .. حەوت سەد و حەفتا ..پەنجا و دوو …سی و …
ــ دەستخۆش گەورەم ..

لەگەڵ نوسینی هەر ژمارەیەکی مۆبایلەکەی حاکمدا ، مۆڕەیەکی لەم ئەکرد ، واتا یانزە مۆڕە ..
کە زەنگیان بۆ لێدا ، حاکم سەرقاڵی خۆ ڕێکخستن بوو بۆ ئەوەی سەردانی چوار شەکراوخواردنەوەی جیا جیا بکات لە چوار مزگەوتی جیاجیای شار ، مزگەوتی عومەری کوڕی خەتاب ..مزگەوتی حاجی ئەحمەدە سوور ..مزگەتی فایقی کۆڵەک ..مزگەوتی دارولسەلام ..
ــ بەڵێ ..
ــ لە بەنزینخانەیەکی بەڕێزتا ، کابرایەک سکرینی LPG یەکەی شکاندووە و لە دوو کرێکاریشی داوە ،دانەیەکیان هێشتا هۆشی نەهاتۆتەوە ..ئەمرتان بە چییە ؟
لەو کاتەی کە ووتی ئەمرتان بەچییە ، ڕێک لە کاتی (تان ) ــەکەدا ، زەنگێکی بۆ هات :
ــ قوربان کرێکارە گەرمیانییەکە هۆشی هاتەوە ..!
( خێرا داوای سی ڤی ئەو کابرایە بکەن ، بزانن کێیە )
ــ بەڵێ قوربان ..
ــ بیبەنە ژوورەوە ..
( قوربان ، ئەم کابرایە بەکالۆریۆسی لە کارگێڕیدا هەیە .. چوار زمان ئەزانێت .. شێوەکار و شاعیر و نووسەر و ڕۆژنامەنووس و ڕەخنەگرە ..پشتوێنی ڕەشی لە تایکواندۆدا هەیه ..خێزاندارە و پێنج مناڵی هەیه ، گەورەکەیان لە زانکۆیە و بچووکەکەیان سەفی سێی سەرەتاییە ..حەزی لە ڕەنگی خاکییە .. سێ جار لە تورکیا و یۆنان و ئیتاڵیا سنوورداشکراوەتەوە .. خزمی کۆمەڵێ بەرپرسی باڵایە ،بەڵام قسەی لەگەڵ هیچیاندا نییە ـــ )
ــ ( بەسە ..بەس ..بەرەڵای کەن ..بەڵام بەڵێننامەیەکی بە دەستنووسی خۆی لێ وەر بگرن ….)
کە پۆلیسخانەی بە جێهێشت ، تەماشایەکی مۆبایلەکەی کرد :
٭ وەتس ئەپ :
( سڵق و تەماتە و کولەکە و کەرەوز بکڕە ، با تەماتەکە توێکڵەکەی ڕەق نەبێ ..ئەگەر تەرخون و نەعنایشت بەرچاو کەوت ، بیانکڕە )
( بابە ، بیرم نەبوو پێت بڵێم لەگەڵ پێڵاوە شەقەکاندا ، جووتێ گۆرەوی درێژی شینیشم بۆ بکڕە ، هی فتبۆڵێن )
( لەگەڵ مەلزەمەکەی مامۆستا بەشار ، مەلزەمەیەکی کیمیایشم بۆ بکڕە هی مامۆستا…..)
( ئەو بابەتەی ناردووتە ، زۆر تەواوە ، بەڵام ناتوانین بۆت بڵاو بکەینەوە )
( قەیناکا ، با وا بێ .. ئەمزانی تۆ گۆڕاویت … )
( کاکە گیان ! ئەو حەبی خەوە نەماوە ..ئێستا خەڵک بۆ شتی تر بەکاری دێنن ..ئێمە لە تۆ تێ دەگەین ..)
٭ ڤایبەر :
( بۆچی جوابی تەلەفۆن نادەیتەوە ؟ دوانزە کەسەکە هاتنەوە و هەر یەکەی بە بیانوویەک ، کوژاندیانەوە ..غیابی تۆ نەشر‌ کرا )
( ئارەزووی خۆتە ، من خەمی تۆمە ، دوکانەکە بە ناوتەوەیە ..بۆچی تەلەفون هەڵناگری ؟ )
( لە بەیانییەوە تەلەفۆنت بۆ ئەکەم ، خۆت بە چی ئەزانی ؟ )
( ئەمڕۆ ئیتر داشکاندنی کارەبا تەواو ..دیارە تۆ دەوڵەمەن بووی )
( عەسر ئەڕۆمەوە بۆ نەرویج ، حەزم کرد نیوەڕۆ پێکەوە چایەک بخۆینەوە .. دوو جار زەنگم بۆ کردی )
( ببوورە ، بە هەڵە پەنجەم بەرکەوت )

٭ ماسنجەر :
( قەینا بە تەکسی ئەڕۆم ، هەزار جار تەلەفۆنم کرد ..دیسان شەڕت نەکردبێ ؟ )
( ئەزانم تاقەتی ئەو شتانەت نییە ، بەس با گلەیی نەکەی ، تاقە پورزاکەمان مرد …ئەم نیوەڕۆیە …تەلەفون هەڵگرە خۆ ناتخۆین )
( چییە خاڵە ، تاقەتی قسەت نەماوە .. ووتم سبەینێ یان دوو سبەینێ سەرێ لە هەولێر نەدەین ؟ خەریکە دڵم ئەتەقێ ..)
( بۆچی وا لە خۆت ئەکەی ئازیز ؟ تۆ بارێکی قورست لەسەر شانە ..هەر من ئەزانم )

( هیچ ئیشم نەبوو ، هەر حەزم کرد هەواڵێکت بپرسم .. واز لەو جۆرە نوسینانە بێنە ، کەس نایانخوێنێتەوە ..یەک کەباب دابەزێنەوە ، خەڵکەکە وەک مێش لێی ئەنیشن ، تۆ باسی نیتشە و سارتەری چی ئەکەی )
( بەڕێز .. من خانمێکم لە ئەفەریقیا ، مێردەکەم مردووە و خاوەنی پێنج ملیۆن دۆلارە ، تۆ بە کەسێکی شیاو ئەزانم ، ژمارەی بانکیت بنێرە ، هەموویت بۆ ئەنێرم ، لەوێ بیدە بە فەقیر و فوقەرا ..)

٭ تێلیگرام:
( باوکە ، ئەوە بۆچی جواب نادەیتەوە ؟ غازمان نەماوە .. داوای دێلیڤەریمان کرد ..بۆ تۆیش بانگ کەین ؟ )
( ڤێستڤاڵی ئەم جارە ئەبێ بێیت ، قەینا هیچ بڵاو مەکەرەوە … )
( کاکە گیان ، لە خۆت بایی مەبە ..بە پیاوت ئەزانین بۆیە تێلت بۆ ئەکەین )
( ئەزانم مەشغوڵیت .. زێرابی گەڕەک گیراوە ، حەفارەیەک و سێ کرێکار لە بەیانییەوە خەریکن .. یەکی شەشت هەزارمان مەسرەف کردووە ، ئەوەی تۆیش من دەفعم کرد ..مۆبایل مەشغوڵ مەکە )
………………
………………




گۆرانی ئارەزووەکان.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

سەرم دۆڵابێکی ھەڵکورماوە
ھەزارەھا نھێنی
خۆی تێیدا حەشارداوە
ھەزاران وشەی شەرمنی
تێدا قەتیس بووە
دەمەوێت تۆزێک ئازایەتی
قەرز بکەم
تا ھاوارم بگاتە کەشکەڵان
لێرەوە لە دڵی شیعرێکەوە
جاڕ بدەم
ژنێکم خۆشدەوێت
دڵێکی سپی و
رۆحێکی سەوزی ھەیە و
خەونەکانی پەمەیین
ئای چەند ئارەزوو دەکەم
دڵی خومکراو و
رۆحی زەردھەڵگەڕاو و
خەونە خۆڵەمێشییەکانم
لە پەرستگەی عەشقیدا
رەنگ بکەم
چەند بە تاسەوەم
تەکیلای ماچی
بڕژێتە ناو پەرداخی دەمم
مەمکەکانی بەرببنەوە
ناو دەستم
چاوە خومارەکانیشی
ببڕێتە چاوم
ئەو دەمە بەرووتی
خۆمان پێکەوە
گرێ دەدەین


چاوەکانم ماندوون
رەنگە نەتوانن ببینن
پێتان سەیر نەبێت
بڵێم دەبیستن
وەختێک ئەو ژنە دەڵێت
وەرە بمگرە خۆت
با فۆتۆیەک بۆ مێژوو بگرین
تۆ لە باوەشی مندا
منیش
لە شەوێکی ئیرۆتیکی تۆدا
گوێیەکانم کاس بوون
رەنگە نەتوانن ببیستن
پێتان سەیر نەبێت
بڵێم دەبینن
ساتێک ئەو ژنە
بە چرپەوە دەڵێت
وەرە لە ئامێزما بنوو
تەماشام بکە
لەمدیو پەنجەرەیەکی روونەوە
ئەوەتا لە ئاو رووتترم
ئەی ئاگرترین پیاو
کەرەمکە لەناوما دامرکێوە
زمانم زۆر لە مێژە شکاوە
رەنگە نەتوانم بپەیڤم
پێتان سەیر نەبێت
بڵێم فام دەکات
کاتێک ئەو ژنە بە سرتە دەڵێت
وەرە با پێکەوە بنووین
لەسەر سیسەمی نارنجی ئارەزوو
پێکەوە لەسەر بەردی رەقی وجود
وێنەی رووتیمان ھەڵکۆڵین


شتێک لەناو مندا
ھەمیشە کپە
شیعر نەبوایە
کەڕولاڵ دەبووم
زمانێکی ترم دەوێت بۆ وتن
گوێیەکی ترم گەرەکە بۆ بیستن
قەڵەمێکی ترم پێویستە بۆ نووسین
ئەو رێگایانەی پێشوو کۆن بوون
ئەو شیعرانەی تر گشتیان وتران
ئەو گرێیانەی زووتر ھەموو کرانەوە
رێگەیەکی نوێ دەدۆزمەوە بۆ وتن
شێوازێکی نوێ دادەھێنم
بۆ دەربڕینی ئەم ژاوەژاوە کپە
لە ھەوڵدام لەسەر نەریتی رەشەبا
لەگەڵ خۆمدا ئەو ژنە ببەم
بەپێی ئامۆژگاریی حەزرەتی پایز
گەڵا گەڵا
وەک درەخت رووتی بکەمەوە
بە چاوکردن لە لاولاو
بە دیواری غروریدا ھەڵگەڕێم
بە گۆرانییەکی نەشئەئامێز
مەمکەکانی لە زیندانی ستیان
رزگار بکەم
بە دەم چڕینی مارشی ئارەزووەوە
دەمم بخەمە ناو دەمییەوە
من دەمەوێ بە شێوازێکی نوێتر
بلکێم بە قەدەری ئەو ژنەوە





پێویست بە ژماردنی شەوەکان ناکا.. دڵکەش قادر

باسی برینی چیام بۆ مەکە
من نغرۆم لە برین
لەناو لیڵی چیام.
باسی ونکردنی خەیاڵ مەکە
من خەریکی نووسینەوەی مەحاڵم
لەناو ونکردنی ونبووندا.
باسی بارانم بۆ مەکە
من لەبیان ون بووم،
دڵم پڕە کاکتۆزی ژیان.
باسی ڕووناکیم بۆ مەکە
من شەوگارم پڕە لەتەنهایی
سینەم چرچ بۆتەوە
سێوی باغی ئیرەمم
پڕە لە گریان.
لێرەوە پێویست بە ژماردنی شەوەکان ناکا
پێویست بەڕەواندنەوەی خەو ناکا
پێویت بەورتە ورتی بێسوود ناکا
ئیتر تا قیامەت لێرە نابی.
سلێمانیی
دڵکەش قادر




رۆمانێک لەبارەی سیمۆن دو بۆڤوار.. نیهاد جامی

نووسینی ڕۆمان لەبارەی ژیانی تایبەتی فەیلەسووف و نووسەر لەبنەرەتدا گواستنەوەی ئاستی ڕەگەزی هەواڵە بۆ ئاستی گێڕانەوە و دیالۆگ، تاوەکو سەر لەنوێ کۆی زانینی هەواڵی ژیانی تایبەتی و کولتوری وەک گێرانەوەی ئەدەبی خۆی بخاتە ڕوو، ئەوەش کارێکە گەر چی زەمینەی بیرۆکە پەیوەستە بە ژیاننامەوە، بەڵام لەهەمان کاتدا سەختیەکی تەواوی تیایە، بەو پێیەی ناچارت دەکات پابەندی ڕووداوە تایبەتیەکانی ژیانی کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکەت بیت، هەردوو نوسەر ژولیا کۆربیک و ژولیا بێرنارد پابەندی ئەم دۆخە مێژوویە دەبن، لە ڕۆمانی “سیمۆن دو بۆڤوار: من هەموو شتێکم ئەوێت لەژیان” رۆمانەکە بە زمانی ئەڵمانی نووسراوە، ساڵی پار چاپکراوە، ئەمسالیش وەرگێڕانە فەرەنسیەکەی چاپ و بڵاوکرایەوە، لەلایان گایا مانیکوان- رۆگۆزیک وەرگێردراوەتە سەر زمانی فەڕەنسی.
بۆ ئەوەی ڕووداوەکان لەیادداشتی مێژوویی، کە وەک سەرەتا ناومان برد بە ئاستی ڕەگەزی هەواڵ بگوازرێتەوە بۆ ئاستی گێڕانەوە، تەکنیکێکی سادە دەگیرێتە بەر، بەلام لەهەمان کاتدا چێژی خوێندنەوە وەک ڕۆمان دەخاتە ڕوو، ڕۆژنامەنووسێک دێتە پاریس بۆ ئەوەی گفتوگۆیەکی ڕۆژنامەوانی لەتەک ژیان و کارە فەلسەفیەکانی فەیلەسوفی فەڕەنسی سیمۆن دو بۆڤوار ساز بکات، بە زەحمەت دەتوانێت ئەدرەسەکە بدۆزێتەوە، بڕوای وایە هەموو شوێنەکان لەپاریس لەیەک دەچن، سەرەنجام لەکاتی خۆی دەگاتە بەردەرگای ماڵەکەی و خانمی فەیلەسووف پێشوازی لێ دەکات، بەناو ماڵەکەدا تێدەپەڕن کە بەهەموو لایەک کتێب و تابلۆیە، دوو سال بەسەر مەرگی ژان پۆل سارتەر تێپەڕیووە، خوێنەر لەم ساتەدا لەوە تێدەگات دەبێت خۆی ئامادە بکات، بۆ هەموو ئەو ڕووداوانەی ژیانی خانمی فەیلەسووف لە منالیەوە تا ئەم ساتەی دیدارەکەی تیا ئەنجام دەدرێت، لێرەوە گرنگی ڕۆمانەکە چەندە وەک ژیاننامە خۆی دەنوێنێت، هێندەش ئاشنایەتی بە خوێنەر دەبەخشێت بۆ نهێنی چیرۆک، وەک ڕووداوی ڕاستەقینەی ژیان.
ژیانی مناڵی و پەروەردە بوونی کچێک کە جیاواز لەهەر مناڵێکی تر خولیایەکی تەواو جیاوازی هەیە بۆ خوێندنەوەو گەڕان بەدوای بیرکردنەوە، جۆرێک نامۆبونی لەناو خێزان بۆ دروست دەکات، ئەوەیان پەیوەندی بە خەمۆکی و دۆخی دەروونیەوە نیە، هێندەی پابەند نەبوون بە خواستی مناڵانەی خۆی و هاوکاری نەکردنی دایکی بۆ کاری ئاشپەزخانە.
بیرکردنەوە لەنووسین، سەرەتای هەڵوەستە کردنە نەک لەوەی وەک نووسەرێک دەیەوێت بنووسێت، هێندەی دیالۆگی باوک ڕووبەرووی گومانی دەکاتەوە، کە چۆن ژنێک دەبێت بە نووسەر، وەک ئەوەی نووسین کاری پیاوەکان بێت، ئەو تێگەیشتنە تەواو ڕووبەرووی گومانی دەکاتەوە، گومانێک سەرەتای پرسیارکردنە، سەرەتا کاتێک لەگەڵ دایکی دەڕۆن بۆ شانۆ، ئەو گومانەی باوک وەک پرسیار دەخاتە ڕوو، سەرەنجام پرسیارەکە دەگوازرێتەوە ناو نووسین و جیاوازی ڕەگەزیی.
خوێندنی فەلسەفە و ژیانی زانکۆ بۆ ئەو توێژینەوەو گەڕانە بەناو پرسیار، بەواتایەکی تر بە پێچەوانەی زۆرینەی خوێندکارەکان، کەوا هاتوون بۆ ئەوێ بڕوانامە وەربگرن و خوێندن تەواو بکەن، تەنانەت لەگەشتەکانی زانکۆش هێندەی پەیوەندی ڕۆمانسی نێوان هاوڕێکان بۆ هەمووان گرنگی گەشت دەردەخات، بەڵام بۆ سیمۆن سەر لەنوێ کتێب و پرسیارەکانی دەبنە دەرفەتێکی باش تا لەگەڵ کچە هاوڕێکەی مشتوومڕی لەبارەوە بکەن.
هەروەها هەر لەو نێوەندە ئەکادیمیەدا، ئێمە پەیوەندی هاوڕەگەزبازی دەبینین، وەک دیاردەیەکی ئەو رۆژگارەو بەتایبەت لەنێوەندی فەلسەفی فەڕەنسیدا بوونی هەبووە و نەشاردراوەتەوە، بۆیە لەرۆمانەکەشدا ئەوە بەڕوونی دەبینین لەنێوان هەردوو ماوریس، میرلۆ پۆنتی و گاندیلاس.
لەنێوان ڕووداوەکان ئێمە دەگەڕێینەوە ناو گفتوگۆی خانمی فەیلەسووفی و خانمی ڕۆژنامەنووس، چ لەبارەی قسەکردن لەسەر ئەو سالانە یاخود هەندێک جار لەسەر جۆری خواردنەوە، تا بەدەم خواردنەوەوە ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە.
گێڕانەوە وابەستەی ژیانی تایبەتی سیمۆن و روانینی ناو کتێبەکانیەتی، ئەوەش وا دەکات ڕۆمانەکە وێنەیەکی پانۆڕامایی بەژیانی ئەو فەیلەسووفە ببەخشێت، گێڕانەوە نووسینەوەی ژیان و چێژی خوێندنەوەی کتێبە، بۆیە کاتێک خانەوادەکەی لەگەڵ سارتەر بۆ یەکەمجار لەناو سرووشتی نزیک ماڵەکەی دەیبینن، ئەو ئاگاداریان دەکاتەوە، کە بەنیازن لەگەڵ سارتەر کتێبێک لەبارەی مارکس بنووسن، هەڵبەت ئەو دیالۆگ و وێنەیە ئێمە پێشتر لەلایان سیمۆن خوێندومانەتەوە، کاتێک لەکیێبی “من و سارتەر و سیاسەت” باسی ئەو دیدارە دەکات، وەک چۆن ژیانی خوێندنی زانکۆ و چیرۆکی ناسینی بە سارتەر وپەیوەندیەکەیان وێنەیەکی ڕوونی ناو ڕۆمانەکەیە، دەتوانین ڕۆمانەکە وەک دەسپێکێک ناوبەرین بۆ ناسینی خانمی فەیلەسووف.
سەرەتای دەرکەوتن، رۆژێک دەبێت بۆ دابڕان لەنێوان ژیانی سرووشتی و ژیانی نووسین، لەکاتێکدا ئەو لەسەر شەقامدا تێدەپەڕێت لەبەر خۆیەوە ناوی ئەو شتانە دێنێت کە پێویستە بیانکڕێت وەکو هێلکە و ئارد و مەرەکەب و سابوون، کەچی لەولاوە کۆمەڵەک رۆژنامەنووس و بەخۆیان و کامێراکانی دەستیانەوە بەدوای هەواڵ دەگەڕێن، لەپڕ یەکێکیان خانمی فەیلەسووف بەسەر شەقام دەبینێت و هاواریان لێ بەرز دەبێتەوە “سیمۆن.. سیمۆن دو بۆڤوار”، ئەو وێنەیە سەرەتای جیاکاری نێوان دوو کەسێتی مرۆڤە وەک ژیانی سرووشتی و ژیانی نووسین.
سەفەرکردنی بۆ ئەمریکا و پەیوەندی لەگەڵ فەیلەسوفی ئەمریکی برگسۆن، کەوا دەکات تێکست وێنەیەکی ڕاستگۆیانەی ژیانی فەیلەسووفێک بێت کە ڕووداوەکان لە یادداشتەوە دەبنە تێکستی ئەدەبی، تێکست وەک ئەوەی ژیانی ڕاستەقینە بێت.
لەگەڕانەوەی بۆ پاریس و کاریگەری کتێبەکانی بەسەر شەقامەوە دەبینین. چۆن بزووتنەوەی ژنان لەژێر کاریگەری کتێبەکانیەوە دەبنە دەنگی ناڕەزایەتی و سەردانی دەکەن تاوەکو ئامۆژگاریان بکات بۆ ساتی خۆپیشاندان، ئەو کاریگەریە درێژەی دەبێت بەتایبەت دوای وتارەکەی “ئێمە خاوەنی زگی خۆمانین” لەگەڵ بلاوبونەوەی لەرۆژنامەدا پیاوەکان وەک سوکایەتی وەری دەگرن و ژنەکان بەو پەڕی بوێریەوە سەیری نووسینەکە دەکەن و ئەکتەری سینەمایی کاترین دینۆف پشتگیری وتارەکە دەکات، کە وتارەکە بەکردەوە گوازرایەوە ناو ژیانی ژنەکان و لەبەردەم دادگا خۆپیشاندانی ژنەکانی بۆ ساز دەکرێت، بەتایبەت لەکێشەی ماری کلێر کە لاقەی سێکسی کراوەو زگەکەی لەبار بردوور، ئەگەرچی دادگا لەم کەیسەدا لایەنگیری ماری کلێری تەمەن شانزە سالان ناکات، سەرباری ئازادکردنی، بەڵام پارێزەرو پسپۆرانی بوارەکە لەدادگادا پشتگیری هەلوەشاندنەوەی یاسای ڕێگەنەدان بە لەباربردنی مناڵ دەکەن، هەڵبەت سیمۆن دو بۆڤوار یەکێکە لەو کەسانەی لە دادگا ووتەی وەردەگیرێت و ئەویش ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە لەکتێبی «ڕەگەزی دووەم» باسی لەو پرسە کردووە.
سەرەنجام پرسەکە بردرایە ناو هۆلی پەرلەمان و زۆرینەی دەنگی وەدەست هێنا، کتێبە رۆژنامەوانیەکەی ژنە رۆژنامەنووسە ئەلمانیەکە لەگەڵ سیمۆن دو بۆڤوار کۆتایی دێت و بەم کۆتاییە و رۆیشتنەوەی بۆ زێدی خۆی و ماڵئاوایی لە خانمی فەیلەسووف ڕۆمانەکەش تەواو دەبێت، کە کۆی گێڕانەوەی ڕووداوەکان وەک بیۆگرافیایەکی ژیانی بۆڤوارە لەناو تێکستێکی ئەدەبیدا، لەشێوەی وێنەدار، کە کۆمەکی هەموان دەکات بۆ تێگەیشتن، بەواتایەکیتر کتێبەکە بەم ڕێگایە ئاسانکاری لەگوتاری فەلسەفی کردووە تا هەموو تەمەنێک بتوانێت بیخوێنێتەوە، لەهەمان کاتدا بۆ هەموو مرۆڤێکی بێگانەی هاوشێوەی ئێمەش کە کێشەی زمانی هەبێت وەک ئاسانترین کتێب بتوانێت بیخوێنێتەوەو تێیبگات.

نیهاد جامی/ فەڕەنسا




لوسی ئی.پارسنس (١٨٥٣ – ١٩٤٢) سەدەیەک لە بوون و حەفتا ساڵ لە تێکۆشان.. ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

بۆ ماوەی نزیک بە حەفتا ساڵ، لوسی پارسنس بەوپەری جیدییەتەوە دژە بە سیستەمی ئابووری سەرمایەداران تێکۆشا لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانی هەژاران و بێبەشانی کۆمەڵگەی ئەمریکی. هەڵسوڕانە ڕادیکاڵەکانی لوسی دژ بە ڕەگەزپەرستی و هەڵاواردنی جنسی بوون لەسەردەمێکدا کە ئەمریکییە رادیکاڵەکانیش پێیان وابوو شوێنی ژن ماڵەوەیە.
لوسی پارسنس وتاربێژ و نووسەر و ڕێکخەر لەساڵی ١٨٥٣ لە تێکساس لە ئەمریکا لە سەردەمی شەڕی ئەهلی لەدایک و باوکێکی کۆیلە لەدایک بووە.(١) لەساڵی ١٨٧٠ بە ئەلبێرت پارسن ئاشنا دەبێت و هەر زوو دوای ئەو ئاشنابوونە هاوسەرگیری دەکەن. هاوسەرگیرییەکەیان بە فەرمی ناناسرێت لەبەر ئەوەی بەپێی یاسای ڕەگەزە جیاوازەکانی ئەوکاتی ئەمریکا نەدەکرا پیاوێکی سپیپێستی ئازاد و ژنێکی رەشپێستی خاوەن باکگراوندی کۆیلە هاوسەرگیری بکەن.

دوای ماوەیەکی کەم لە هاوسەرگیرییە بەفەرمی نەناسراوەکەی لوسی و ئەلبێرت، ئەم دوو هاوسەرە دەستیان کرد بە داکۆکیکردن لە مافی دەنگدان بۆ کۆیلە ئازادکراوەکان. لوسی و ئەلبێرت دژی قەدەغەکردنی هاوسەرگیری ڕەگەزە جیاوازەکان لە ئەمریکا وەستانەوە و بۆ ئەم مەبەستەش بڵاوکراوەیەکیان دژ بە سەرمایەدارییان لە ویلایەتی تەکساس بەڕێوەبرد. ساڵی ١٨٧٢ ویلایەتی تەکساس یاسای جیم کرۆی دەرکرد، (١) بۆیە ئەم دوو هاوسەرە بەهۆی هەڵسوڕانی سیاسی و باوەڕی کۆمۆنیستییان کەوتنە بەر هەڕەشەی کوشتن و تەنانەت تەقەش لە ئەلبێرت کرا و بریندار کرا، بۆیە ناچاربوون ویلایەتی تێکساس جێبهێڵن و لە ساڵی ١٨٧٣ لە شاری شیکاگۆ بگیرسێنەوە.
لە شاری شیکاگۆ لوسی بوو بە هەڵسوڕاوێک کە ڕابەرایەتیکردنی زۆرێک لە مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکانی دەکرد. ئەمەش سەرەتای شکڵگیری یان هاتنەئاراوەی سەندیکاکان بوو کە ژنانی ڕەشپێستیشیان لەخۆگرتبوو. بەڵام لوسی پارسنس لەم ماوەیەدا بوو بەدیارترین ژنی ڕەسپێست لە شیکاگۆ. لوسی و ئەلبێرت بەنووسین بەشدارییان لە ڕۆژنامە کرێکاریی، سەندیکایی و سۆسیالیستییەکانی ئەمریکا دەکرد. دوای دەیەیەک گیرسانەوەیان لە شیکاگۆ، ڕۆژنامەی ئەنارکیستییان دامەزراند بە ناوی (زە ئەلارم). (٣) لوسی وەک نووسەر و ئەلبێرتیش وەک سەرنووسەر ڕۆڵی گرنگیان تیا گێڕا، نەک تەنها لە ڕۆژنامەی زە ئەلارم؛ بەڵکوو لە ڕۆژنامەی (زە سۆشیالیست) (٤)یش دەیاننووسی و هەروەها هەردووکیان لە ڕیزەکانی پارتی سۆسیالیستی کرێکاریدا ئەندام بوون کە لە ساڵی ١٨٧٦ دامەزرا بوو. ژیانی هاوسەرگیری ئەم دوو هەڵسوڕاوە بە شێوەیەکی ناوازە بە تێڕوانینی دژە سەرمایەداری و دواتریش سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمەوە بەسترابووەوە.
لوسی و ئەلبێرت بڕیاریاندا بەشداری لەو بۆنانەدا بکەن کە بە ئاشووبەکەی هەیمارکێت ناسراون. سەرەتا ئەم چالاکییە بۆ پشتگیریکردن بوو لە کرێکارانی مانگرتووی کۆمپانیای مەککۆرمیک هارڤێست وۆرک لە شیکاگۆ. کرێکارەکانی کۆمپانیای مەککۆرمیک هارڤێست وۆرک لە سێی ئایاری ١٨٨٦ دەستیان دایە مانگرتن و بۆ خواستی هەشت سەعات کار لە ڕۆژێکدا. بۆ سەرکوتی ئەم مانگرتنە،بەشی پۆلیسی شیکاگۆ ڕەوانەی گۆڕەپانی هەیمارکێت کرا و دۆخەکە ئاڵۆز بوو و خۆپیشاندەرانی ئاشتیانە بە شێوەیەکی دڕندانە تەقە لە خۆپێشاندەرانی ئاشتییانەی کرێکاران کرا. بۆ ڕۆژی پاشتی زیاتر ٤ی ئایاری ١٨٨٦ زیاتر لە ٢٠٠٠ کرێکار و هاووڵاتی و خانەوادەکانیان لە گۆڕەپانی هەیمارکێت بە تووڕەییەوە کۆبوونەوە. لە میانی چالاکییەکی دەسەڵات و سەرمایەداران؛ بۆمبێک لەناو خەڵکەکەدا تەقییەوە و بەهۆیەوە حەوت ئەفسەری پۆلیسی شیکاگۆ و چەند تەماشاکەرێک کوژران و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون. هەر دەم و دەست دوای رووداوەکە، حکومەتی سەرمایەداران پێنج کەسیان تۆمەتبار کرد بەو تاوانە کە ئەلبێرتی هاوژینی لوسی پارسنس یەکێک دەبێت لەو پێنج کەسە.

لە ١١ی تشرینی دووەمی ١٨٨٧دا، ئەلبێرت پارسنس و سێ پیاوی دیکە سزایان بەسەردا سەپێندرا و لە زیندانی ویلایەتی جۆلیەت ئیعدام کران. بە درێژایی ئەم کارەساتە، لوسی پارسنس نەک هەر بێدەنگ نەبوو، بەڵکوو وەک هەڵسوڕاوێک درێژەی بە کارەکانیدا. لە کاتێکدا ئەلبێرت لە زیندانی کوک کاونتی بوو، لوسی بڵاوکراوەکانی دەفرۆشت بۆ کۆکردنەوەی پارە بۆ بەرگری یاسایی لە هاوژینەکەی. لوسی هەرچەندە سەرکەوتوو نەبوو لە ئازادکردنی ئەلبێرتی هاوسەری لە زیندان، بەڵام دوای ئیعدامی هاوژینەکەی کتێبی لێبووردنی ئەنارکیستەکان و پێداچوونەوەی وردبینانە لە پەشێوییەکانی هەیمارکێت بڵاوکردەوە، کە لە ئێستادا لە کتێبخانەی کتێب و دەستنووسە دەگمەنەکان پارێزراوە. کتێبی ( ئازادی، یەکسانی و هاوپشتی) کە کۆمەڵی نووسین و وتاری لوسی پارسنسە کە لەنێوان ساڵانی ١٨٧٨ – ١٩٣٧ نووسراوە.
لوسی لە بیست و یەکی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٨٨٦دا لە وتارێکیدا بەناوی من ئەنارکیستم دەڵێت(من ئەنارکیستم. پێم وایە زۆرێک لە ئێوە هاتوون بۆ ئێرە، بۆ ئەوەی بزانن ئەنارکیستی ڕاستەقینە و زیندوو چۆنە. پێم وایە هەندێکتان چاوەڕێی ئەوەتان دەکرد کە بە دەستێک بۆمبێک و بە دەستەکەی ترەوە مەشخەڵێکی بڵێسەدار ببینن، بەڵام بێهیوا بوون لە بینینی هیچ کامیان. ئەگەر بیرکردنەوەتان سەبارەت بە ئەنارکیستێک بەم شێوەیە بووە، ئەوا شایەنی ئەوەن بێهیوا بن. ئەنارکیستەکان مرۆڤی ئاشتیخواز و پابەندی یاسان.)(٥)
تێرا هانتەر پرۆفیسۆر لە زانکۆی پرینستن دەڵێت(لوسی و بنەماڵەکەی کاریگەرییان لەسەر فرواوانتربوونەوەی خەباتی ڕەشپێستەکان هەبووە،)یان جۆن جاکلن دەنووسێت(پێ بە پێ لەگەڵ چوونە سەری ناو و ناوبانگی لوسی پارسۆنس وەک ژنێکی دژبەیەک مایەوە، نەک تەنها لەسەر بنەمای شوناسی رادیکاڵبوون، بەڵکو وەک هەڵسوڕاوێکی ژنیش. بەپێی گوتەی جۆنز، وتارە ئاگرینەکانی لوسی جگە لە وتاری خانمانە هیچی تر نەبوون. هەر بۆیە پۆلیسی شاری شیکاگۆ لوسی بە “مەترسیدارتر لە هەزار یاخیبوو” ناوزەد دەکات.
دواجار پێداگری لوسی لەسەر باوەڕەکانی و هەروەها تووندبوون لەسەر ئەو باوەڕانە وای کردبوو لەلایەن هەوادارانییەوە خۆشەویستییەکی زۆری هەبێت. لوسی دەڵێت (زۆرم پێخۆشە ئەو مەقسەڵەیەم بەدەست بێت کە سەری بارۆنە دزەکانی سەرمایەدارانی دەقرتێنێ.)
لوسی پارسنیس لە حەوتی ئازاری ساڵی ١٩٤٢ لە ئەڤەندەیڵ لە شاری شیکاگۆ بۆ هەمیشە چاوەکانی لێک دەنێت و جیهانی پڕ لە ستەم و چەوسانەوەی چینایەتی جێدەهێڵێت بۆ هەمیشە لە نێو دڵی مێژووی خەباتی چیانەتی کرێکاران دژ بە سەرمایەداران بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

تێبینییەکان :
(١)لەهەندێک سەرچاوە ساڵی لەدایک بوونی لوسی ١٨٥٣ و هەندێک سەرچاوەی تریش پێیان وایە ١٨٥١ ساڵی لەدایک بوونییەتی. بۆیە من لێرە بۆ ساڵی لەدایک بوونی لوسی پشت بە زانیارییەکانی ڕێکخراوی کرێکارانی پیشەسازی جیهان دەبەستم و ساڵی ١٨٥٣ ب ساڵی لەداک بوونی لوسی دادەنێم.
(٢)یاساکانی جیم کرۆ؛ یاسای ویلایەت و ناوخۆیی بوون کە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا لە باشووری ئەمریکا هاتنە ئاراوە و جیاکاری ڕەگەزییان جێبەجێ دەکرد، “جیم کرۆ” زاراوەیەکی سووکایەتیپێکردنە بۆ ئەمریکییەکی ئەفریقایی. ئەم جۆرە یاسایانە تا ساڵی ١٩٦٥ کاری پێدەکرا.
(٣)ڕۆژنامەی زە ئەلارم؛ وەک ڕۆژنامەیەکی ئەنارشیستی ژمارە یەکی لە چواری تشرینی یەکەمی ساڵی ١٨٨٤ لە ویلایەتی شیکاگۆ وەک زمانحاڵی هەفتانەی کۆمەڵەی نێونەتەوەیی کرێکاران، بڵاوکراوەتەوە. سەرنووسەری ڕۆژنامەکە ئەلبێرت پارسنس بوو.زە ئەلەرم یەکێک بوو لەو هەشت ڕۆژنامانەی کە پەیوەستبوونی خۆیان بۆ کۆمەڵەی نێونەتەوەیی کرێکاران ڕاگەیاند و هەروەها تاکە ڕۆژنامەش بووە کە بەزمانی ئینگلیزی دەرچووە.
(٤) ڕۆژنامەی زە سۆسیالیست؛ هەفتەنامەیەکی سۆشیالیستی بوو لە شیکاگۆ کە ژمارە ١ ی لە ١٤ی ئەیلوولی ساڵی ١٨٧٨ بڵاوبۆتەوە و دوا ژمارەشی ژمارە ٤٩ لە ١٦ ی ئابی ١٨٧٩ دەرچووە.
(٥)لەڕوانگەی مارکسیزمەوە جیاوازییەک هەیە لەنێوان ئەنارکسیتەکان و کۆمۆنیستەکان. هەردوو ئەم ڕەوتە هەڵسوڕاوی نێوجەرگەی خەباتی چینایەتی و بزووتنەوەی کرێکارین، بەڵام بە دوو ئاسۆ و تێڕوانینی سیاسی چینایەتی جیاوازەوە هەڵدەسوڕێن.

ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

سەرچاوەکان :
https://en.wikipedia.org/wiki/Lucy_Parsons
https://www.library.illinois.edu/rbx/2019/02/28/lucy-e-parsons/
https://archive.iww.org/history/biography/LucyParsons/1/




به‌ ئایین كردنى سروشت له‌ شیعرى “دیمه‌نێكى به‌هار”ى گۆران دا.. نووسینی/ عەتا قەرەداخی

گۆران ئه‌و شاعیره‌یه‌ كه‌ قسه‌ى زۆرى له‌ باره‌وه‌ كراوه‌، به‌ڵام كارى جدى و په‌یوه‌ست به‌ ئه‌زموونى شیعرى ئه‌م شاعیره‌‌ له‌چاو ئه‌و هه‌موو قسه‌یه‌ى كه‌ كراوه‌و لەچاو ئاستی داهینانی ئەودا كه‌مه‌، هه‌روه‌ك پێشتریش له‌و كتێبه‌ماندا كه‌ له‌سه‌ر شیعرى گۆران به‌ چاپمان گه‌یاندووه‌ له‌وه‌ دواوین هه‌ر قسه‌كردنێك له‌ ده‌ره‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌كانى گۆران و دوور له‌ شیكردنه‌وه‌ى بنیادى ده‌قه‌كانى نه‌ك هه‌ر خزمه‌تى ئه‌م شاعیره‌ ناكات به‌ڵكو ده‌بێته‌ ناهه‌قى لێكردنیشى، كه‌ به‌ داخه‌وه‌ زۆربه‌ى ئه‌و قسانه‌ى له‌ باره‌ى ئه‌م شاعیره‌وه‌ ده‌كرێن به‌ ناوى دڵسۆزى بۆى و نزیكى لێیه‌وه‌ ده‌چنه‌ سنوورى ناهه‌قى ئه‌ده‌بىیه‌وه‌، ئه‌ویش له‌به‌ر دوو هۆ، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆربه‌ى ئه‌و نووسینانه‌ى ده‌رباره‌ى گۆران بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ به‌ تایبه‌تى نووسینه‌كانى نه‌وه‌كانى پێشوو جگه‌ له‌ نووسینى ئینشا هیچى تر نین، دووه‌میان زۆرێك له‌وانه‌ى قسه‌ له‌سه‌ر گۆران ده‌كه‌ن خۆیان به‌ میراتگرى گۆران ده‌زانن، گوایه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ى خۆیان به‌ هه‌ڵگرى هه‌مان ئایدیۆلۆژیاى سیاسى گۆران داده‌نێن و پێیان وایه‌ گه‌وره‌یى گۆران له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵگرى ئایدیۆلۆژیاى کۆمۆنیستی بووه‌. به‌هه‌رحاڵ لێره‌دا مه‌سه‌له‌كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى نىیه‌ به‌و ئایدیۆلۆیایه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ڕاستىیه‌كى حاشا هه‌ڵنه‌گره‌ ئەوەیە گۆران شاعیرى سروشت و ئافره‌ت و جوانىیه‌و هه‌موو ئه‌و شیعرانه‌ى گۆران كه‌ له‌ ژێر كاریگه‌رى ئایدیۆلۆژی حیزبى شیوعیدا نووسیونی کە زۆریس نین، یان باسى كورد و كوردایه‌تى ده‌كه‌ن له‌ ڕووى هونه‌رى و شیعریه‌ت و چه‌مكى شیعره‌وه‌ لەچاو ئاستی باڵای دەاهێنانی هونەری ئەودا به‌هایه‌كى ئه‌وتۆیان نىیه‌ و له‌ به‌رهه‌مه‌ لاوازه‌كانى گۆرانن. گۆران لە لایەکی تریشەوە لە لایەن لوتکەی خوێندەواری باڵی خۆ بە نەتەوەیی زان چ لە ناو پارتی و چ دواتریش کاژیک راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ دژایەتی کراوە، بەڵام هەموو ئەو دژایەتیانەو هەموو پەسن و پیاهەڵدانی دۆستەکانیشی هیچ رۆڵ و کاریگەرییەکیان لەسەر داهیێانی بەرزو باڵای ئەم شاعیرە گەورەیەی ئێمە نەبووە.
توێژه‌رو ڕه‌خنه‌گرى خاوه‌ن ڕۆشنبیرى و خاوه‌ن جیهانبینى له‌ ناوه‌ندى ڕۆشنبیرى ئێمه‌دا ئه‌وانه‌ن كه‌ به‌رهه‌مه‌ داهێنراوه‌كانى ئه‌م شاعیره‌ له‌ ده‌قه‌ مردووه‌ سیاسیه‌كانى جیاده‌كه‌نه‌وه‌، كاتێ گۆران شیعرى سیاسى و كوردایه‌تى و شیعر له‌ژێر كاریگه‌رى ئایدیۆلۆژیادا ده‌نووسێت داده‌به‌زێت بۆ ڕیزى ئه‌و چه‌نده‌ها نووسه‌ره‌ى كه‌ به‌ ساده‌یى له‌و بواره‌دا ده‌نووسن، به‌ڵام كاتێ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دواندنى سروشت و ئافره‌ت و جوانى و نهێنىیه‌كانى ناخى مرۆڤ و گه‌ردوون ئه‌وا ده‌بێته‌ ئه‌و شاعیره‌ى كه‌ پێى ده‌ڵێن خاوه‌نى ئه‌زموون كه‌ ئه‌ویش به‌ ئه‌زموونى گۆران به‌ناوبانگه‌. هه‌ر لێره‌وه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین خوێندنه‌وه‌یه‌كى یه‌كێك له‌و شیعرانه‌ى گۆران بكه‌ین كه‌ په‌یوه‌ندى ئه‌م شاعیره‌ به‌ سروشته‌وه‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌كات، په‌یوه‌ندییه‌ك كه‌ له‌ سنوورى چه‌مكى ئه‌نتۆلۆژیاى نێوان سروشت و مرۆڤدا خۆى ده‌بینێته‌وه‌ به‌و مه‌به‌سته‌ى كه‌ مرۆڤ ده‌بێته‌وه‌ به‌ به‌شێك له‌و پێكهاته‌یه‌ى كه‌ تیایدا ده‌شێت پێناسه‌ى ڕووت بوونه‌وه‌و داماڵین له‌ هه‌موو ئاسه‌واره‌كانى ژیانى بكات و له‌وێدا وه‌كو ئه‌سڵ ئه‌م بوونه‌وه‌ره‌ ده‌ربكه‌وێت كه‌ سه‌روه‌رى گه‌ردوونه‌ و له‌ هه‌وڵى كۆنترۆڵكردنى هه‌موو یاساو نهێنىیه‌كانى جوڵه‌ى ئه‌م گه‌ردوونه‌دایه‌. ئه‌و شیعره‌ش “دیمه‌نێكى به‌هار”ه‌.

ده‌قى شیعره‌كه‌:
ئه‌م لا یه‌ك په‌ڵه‌، ئه‌ولا یه‌ك په‌ڵه‌: هه‌ورى ڕه‌نگاو ڕه‌نگ؛
له‌ ناوه‌ڕاستا: به‌ ده‌م ئاسۆوه‌ ڕۆژى شۆخ و شه‌نگ!
سه‌وزه‌ گیا پاراو، گوڵ و گوڵاڵه‌ مه‌ستى ڕه‌نگ و بۆ،
دره‌خت تازه‌ شین، سه‌ر لق ڕازاوه‌ى گوڵ، گه‌ڵا، چرۆ..
سه‌رتاپاى چیمه‌ن ده‌رئه‌دا چین چین مرواریى ئاونگ،
چه‌شنى تاراى سه‌وز ئه‌دره‌وشێته‌وه‌، لێى ئه‌تكێ پرشنگ
نه‌سیمى بۆن خۆش، كزه‌باى فێنك، وه‌ك نه‌واى ئیلهام
سه‌ماى میوانیى په‌ریى گهبیعه‌ت دێنێته‌ ئه‌نجام!
قاسپه‌ قاسپى كه‌و، نه‌غمه‌ى چۆله‌كه‌و بلبلى ده‌نگ خۆش
پیاڵه‌ى نه‌شئه‌ حه‌تتا به‌ ڕۆحى به‌ردیش ئه‌كا نۆش!
وه‌ك بگرى به‌كوڵ دنیاى سه‌رمه‌ستى قاقاى پێكه‌نین
له‌ هه‌موو عاستێ فرمێسكى كانیى گه‌رمى هه‌ڵقوڵین!
* * *
مه‌لى سه‌ربنچك، په‌ل و پۆ ڕه‌نگین! خۆ من هه‌ڵۆ نیم،
لێم مه‌فڕن جووت جووت، مه‌ترسن ئاخر پێتان بڵێم چیم:
منیش وه‌ك ئێوه‌ له‌ دنیاى گه‌وره‌ گه‌ردێكم بچووك
حه‌تتا ناشتوانم بفڕم، بخوێنم، به‌ باڵ به‌ ده‌نووك!
به‌ڵام وه‌ك ئێوه‌ له‌ دڵما ئه‌گرێت مه‌یلى سه‌ربه‌ستى،
ئه‌مه‌ش ئایینم وه‌ك ئایینتانه‌: هه‌رده‌ په‌رستى!..
گۆران وێنه‌یه‌كى گشتى سروشت و توخمه‌ پێكهێنه‌ره‌كانیمان بۆ به‌رجه‌سته‌ ده‌كات، ئه‌و توخمانه‌ى كه‌ ده‌شێ به‌ ته‌نیا هه‌ریه‌كه‌ جوانیه‌ك ببه‌خشن و هه‌موویشیان پێكه‌وه‌ هارمۆنیاى سروشت پێكبهێنن. سه‌ره‌تا له‌ به‌شه‌ بچووكه‌كانه‌وه‌ ده‌ست ده‌كات به‌ وێنه‌گرتن و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش شوێن دیارى ده‌كات ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ بنه‌ماى سه‌ره‌كى به‌لاى ئه‌وه‌وه‌ شوێنه‌ و هیچ شتێك له‌ ده‌ره‌وه‌ى شوێن شوناسى نىیه‌ كه‌ بێگومان مانا به‌رهه‌م هێنانیش ته‌نیا له‌ سنورى به‌ ده‌ست هێنانى شوناسدا ده‌گاته‌ ئه‌نجام، به‌م پێیه‌ گۆران ده‌یه‌وێت سه‌رجه‌م ڕه‌گه‌زه‌كانى سروشت به‌ جۆرێك له‌ مانا بارگاوى بكات هه‌تا هه‌موو پێكه‌وه‌ له‌ به‌رهه‌م هێنانى هارمۆنیاى سروشتدا به‌شدارى بكه‌ن كه‌ ئه‌و مانایه‌ى له‌ پشتى ئه‌و هارمۆنیاوه‌ ڕاوه‌ستاوه‌ بریتىیه‌ له‌ زه‌مینه‌ى ئاماده‌كراو بۆ پێكه‌وه‌ ژیان و پێكه‌وه‌ كاركردن و پێكه‌وه‌ گونجاندنى سه‌رجه‌م ڕه‌گه‌زه‌كانى گه‌ردوون ته‌نانه‌ت ڕه‌گه‌زه‌ دژو ناكۆكه‌كانیش. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌مان بۆ ئاشكرا ده‌كات كه‌ گه‌ردوون خۆى زه‌مینه‌ى پێكه‌وه‌ گونجاندنه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئه‌و زه‌مینه‌ى شێواندووه‌ ئێمه‌ى مرۆڤین، واته‌ مرۆڤ له‌ ئه‌نجامى ژیان و جوڵه‌و كاركردنیدا له‌نێو سروشتدا ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ هه‌وڵى شێواندنى هارمۆنیاى سروشتى داوه‌، خۆ ئه‌گه‌ر نه‌یشى توانیبێت شێواندن له‌ گه‌وهه‌رى هارمۆنیاى سروشتدا دروست بكات ئه‌وا توانیوویه‌تى خۆى وه‌كو هێزێكى تێكده‌رو خۆكوژ به‌ وێرانكردنى خۆى به‌شێك له‌ خاسێتى ئه‌و هارمۆنیایه‌ى سروشت ته‌ڵخ بكات، یان جوانیه‌كه‌ى ده‌شێوێنێت.
گۆران له‌ به‌رجه‌سته‌كردنى وێنه‌ى سروشتدا له‌ دوورترین وێنه‌ له‌ خۆیه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات، كه‌ ئه‌ویش ڕه‌گه‌زه‌ نازیندووه‌كانن، له‌وێوه‌ دێته‌ خواره‌وه‌ بۆ وێنه‌ نزیكه‌كان و نیمچه‌ زیندووه‌كان كه‌ ڕووه‌كن، پاشان زیاتر وێنه‌كان نزیك ده‌كاته‌وه‌و ده‌گات به‌ زینده‌وه‌ران، كه‌ لێره‌دا مه‌ل و باڵنده‌كان ده‌دوێنێت و ئه‌نجامیش ده‌یه‌وێت په‌یوه‌ندى نزیكى خۆى لێیانه‌وه‌ ئاشكرا بكات. مه‌وداى ڕوانینى گۆران سه‌ره‌تا له‌ دوورترین خاڵه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات كه‌ له‌ سنوورى وه‌سفكردندا ده‌كه‌وێته‌ دواندن، به‌ڵام له‌گه‌لأ نزیك بوونه‌وه‌دا وه‌سفكردن ده‌گۆڕێت بۆ ئاخاوتن بۆ كه‌سى دووه‌م، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ په‌یوه‌ندى گۆران له‌گه‌لأ ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌ى كه‌ له‌ سه‌ره‌تاى شیعره‌كه‌وه‌ وه‌سفیان ده‌كات په‌یوه‌ندى ئه‌مى مرۆڤ و ئه‌و سروشته‌ كه‌ تاكو ئه‌و چركه‌ساته‌ په‌یڤین له‌ نێوانیاندا نه‌گه‌یشتۆته‌ ئاستى ڕاسته‌وخۆ ئه‌مه‌ش ئه‌و مانایه‌ هه‌ڵده‌گرێت كه‌ له‌و ئاسته‌دا مرۆڤ له‌ به‌رامبه‌ر سروشتدا هێشتا بچوكه‌ با خۆزگه‌ى ده‌سه‌ڵاتكردنیشى به‌سه‌ر ئه‌و سروشته‌دا هه‌بێت، به‌ واتا گۆران وه‌كو نوێنه‌رى ئێمه‌ى مرۆڤ به‌ جۆرێك له‌ ده‌ره‌وه‌ڕا وه‌سفى سروشت و ڕه‌گه‌زه‌كانى ده‌كات له‌ به‌شى یه‌كه‌مى شیعره‌كه‌دا وه‌كو ئه‌وه‌ى كه‌ سروشت ئاماده‌ى گوێگرتن نه‌بێت له‌م، ئه‌مه‌ش نایه‌كسانى نێوان ئێمه‌ى مرۆڤ و سروشتى خاوێن و پڕ له‌ نهێنى ئاشكرا نه‌كراو ده‌رده‌خات.
له‌ دوو دێڕى یه‌كه‌مدا گۆران وه‌سفى ئاسمان و هه‌ورو ڕۆژ ده‌كات، وێنه‌یه‌كى به‌رجه‌سته‌كراوى وه‌هامان پێشكه‌ش ده‌كات كه‌ ده‌شێ ئه‌و وێنه‌یه‌ى ئه‌و كێشاویه‌تى له‌ خودى ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌ى سروشت جوانتر بن، دیمه‌نى په‌ڵه‌ هه‌وره‌كانمان به‌ ڕه‌نگاو ڕه‌نگى نیشان ده‌دات و خاسێتى ئافره‌تیش ده‌به‌خشێته‌ ڕۆژ كاتێ ده‌ڵێت “به‌ ده‌م ئاسۆوه‌ ڕۆژى شۆخ و شه‌نگ”. لێره‌دا ئه‌و پرسیاره‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات ئایا سروشت و توخمه‌كانى له‌ جوانیدا ده‌بنه‌ وێنه‌ى باڵا هه‌تا شته‌كانى تر له‌ جوانیدا به‌و به‌راورد یان لێكچواندن بكرێن، یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئافره‌ت ده‌بێته‌ نموونه‌ى باڵا له‌ جوانیدا و ڕه‌گه‌زه‌كانى سروشت به‌و به‌راورد یان لێكچواندن ده‌كات؟
یه‌كه‌م دوو دێڕى ئه‌م شیعره‌ به‌رجه‌سته‌ى وێنه‌یه‌ك ده‌كات كه‌ ئه‌مى شاعیر ده‌ستى پێى ناگات و ته‌نیا له‌سه‌ر بنه‌ماى هه‌ستى بینین ئه‌و وێنه‌یه‌ ده‌كێشێت، به‌ڵام ڕاسته‌وخۆ له‌ به‌رامبه‌ر وێنه‌یه‌كى جواندا ڕامان ده‌وه‌ستێنێت تابلۆیه‌ك له‌ سروشت، لێره‌وه‌ گۆران جۆرێك له‌ بوونى په‌یوه‌ندى له‌ نێوان ئێمه‌و سروشتدا دروست ده‌كات ئه‌ویش له‌ ڕێگاى به‌رهه‌م هێنانى جوانىیه‌وه‌، واته‌ جوانى ده‌كاته‌ هۆكارێك بۆ په‌یوه‌ستبوون و په‌یگرى ئێمه‌ بۆ سروشت، له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌و ڕووه‌ شاراوه‌ى ئێمه‌ش وه‌كو مرۆڤ ده‌رده‌خات كه‌ به‌ خۆڕسكى جوانى په‌رستین، له‌ وه‌سفكردنى سروشتدا به‌و شێوه‌ سه‌رنج ڕاكێشه‌ گۆران ده‌یه‌وێت به‌هاى ڕاسته‌قینه‌ى سروشت ده‌ربخات یان له‌ژێر ئه‌و په‌رده‌ ته‌ڵخه‌ ده‌ریبهێنێت كه‌ ژیانى هاوچه‌رخ داویه‌تى به‌سه‌ر سروشتدا. به‌ واتایه‌كى تر گۆران له‌ وه‌سفكردنى سروشتدا ده‌یه‌وێت به‌هاى ڕاسته‌قینه‌ى سروشت بۆ خودى سروشت بگێڕێته‌وه‌.
له‌ دوو دێڕى دووه‌مدا، گۆران له‌ ئاسمانه‌وه‌ ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ سه‌ر زه‌وى و وێنه‌ى ڕه‌گه‌زه‌كانى سروشت له‌سه‌ر زه‌وى ده‌كێشێت. كه‌ ئه‌م وێنه‌یان ته‌نیا وێنه‌یه‌كى بینراو نىیه‌ له‌ سنوورى خه‌یالأ یان بینینى ئاسایدا به‌ڵكو وێنه‌یه‌كى مادى به‌رجه‌سته‌كراوه‌. له‌ به‌رجه‌سته‌كردنى ئه‌م وێنه‌یاندا شاعیر ته‌نیا شوێنمان پێ ناناسێنێت به‌ڵكو كاتیشمان پێ ده‌ناسێنێت كه‌ له‌ وه‌سفى سه‌وزه‌ گیاو گوڵ و گوڵاڵه‌و دره‌ختى تازه‌ شین بوو، چرۆدا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ كات سه‌ره‌تاى به‌هاره‌. ئه‌مه‌ش ده‌رى ده‌خات كه‌ هه‌رچۆن شوێن لاى گۆران گرنگى تایبه‌تى خۆیى هه‌بوه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانى شوناس و مانا، به‌ هه‌مان شێوه‌ كاتیش گرنگى خۆیى هه‌یه‌ و له‌هه‌ر كاتێك یان وه‌رزێكدا سروشت و ڕه‌گه‌زه‌كانى له‌ هارمۆنیاى خۆیاندا جۆره‌ جوانىیه‌ك به‌رهه‌م دێنن و ئه‌و جوانىیه‌ش پاڵنه‌رى سه‌ره‌كىیه‌ بۆ جوڵاندنى مرۆڤ به‌ ئاڕاسته‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناو سروشت.
گۆران له‌ دوو دێڕى سێیه‌م و چواره‌مدا زیاتر وه‌سفى ڕه‌گه‌زه‌كانى سروشت ده‌كات و كۆمه‌ڵێ خاسێتى وه‌ها به‌هاداریان پێ ده‌به‌خشێت كه‌ سه‌ربارى جوانىیه‌كه‌یان به‌هایه‌كى ڕۆحیشیان پێ ده‌به‌خشێت و له‌و وه‌سفكردنه‌ى ڕه‌گه‌زه‌كانى سروشتدا ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌ سه‌رجه‌م وه‌كو زیندوو ده‌خاته‌ ڕوو كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان جۆره‌ چالاكىیه‌كیان هه‌یه‌ و ده‌شێ بڵێین كارێك ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌وه‌ش به‌خشینى خاسێتى زیندوویىیه‌ به‌و ڕه‌گه‌زانه‌ كاتێ ده‌ڵێت: (چیمه‌ن ده‌رئه‌دا چین چین مروارى ئاونگ، لێى ئه‌تكێ پرشنگ) یان كه‌ ده‌ڵێت (نه‌سیم سه‌ماى جوانى په‌ریى ته‌بیعه‌ت دێنێته‌ ئه‌نجام). هه‌روه‌ك چۆن ئه‌م ڕه‌گه‌زانه‌ى سروشت له‌ جوڵه‌ى به‌رده‌وامدان و به‌رهه‌م ده‌هێنن به‌ مه‌به‌ستى جوانكردنى خودى سروشت به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌رهه‌مه‌كانیشیان له‌ به‌رجه‌سته‌كردنى ئێستاتیكاى سروشتدا به‌شدارى ده‌كه‌ن، لێره‌وه‌ ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌بێت هه‌ریه‌كه‌ له‌م ڕه‌گه‌زانه‌ى سروشت خاسێته‌ گشتىیه‌كانى سروشتیان هه‌یه‌ هه‌م بۆ به‌رهه‌م هێنانى جوانى، هه‌م بۆ دروستكردنى هارمۆنیاى سروشت. لاى گۆران هه‌ریه‌كه‌ له‌ ڕه‌گه‌زه‌كانى سروشت ڕۆڵى خۆى ده‌بینێت له‌ ڕێكخستنى هارمۆنیاى سروشتداو، هه‌م ئیقاعى جوڵه‌و گۆڕان و بزواندن له‌ سروشتدا ڕێك ده‌خه‌ن ئه‌ویش به‌ جۆرێكى ئه‌وتۆ خاسێتى یه‌كه‌مین وێنه‌ى باڵاى هارمۆنیاى هه‌یه‌و هه‌موو ئه‌و وێنانه‌ى كه‌ له‌ مێژووى مرۆڤایه‌تیدا مرۆڤ دروستى كردون و به‌رهه‌مى هێناون سه‌رجه‌م جۆرێك له‌ لاسایى كردنه‌وه‌ى وێنه‌ى یه‌كه‌من واته‌ سروشت به‌ گونجاندنى ڕه‌نگه‌ جیاوازه‌كانیه‌وه‌ له‌گه‌لأ یه‌كترداو له‌وێشه‌وه‌ به‌رهه‌م هێنانى هارمۆنیاى نێوان ڕه‌گه‌زه‌ جیاواز و ته‌نانه‌ت دژه‌كانیش، كه‌واته‌ لێره‌وه‌ له‌ ئاستى قوڵى ئه‌م ده‌قه‌دا ئه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌له‌ سروشتدا هه‌موو ڕه‌نگه‌ جیاواز و ته‌نانه‌ت دژه‌كانیش پێكه‌وه‌ ده‌گونجێن و جوانى سروشت و هارمۆنیاى سروشت له‌ ئه‌نجامى ئه‌و كۆبوونه‌وه‌ى ڕه‌نگ و توخمه‌ جیاواز و دژه‌كاندا پێكهاتووه‌، كه‌ بێگومان جوانى ژیان و جوانى په‌یوه‌ندىیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و جوانى مرۆڤیش ئه‌وكاته‌ به‌رهه‌م دێت كه‌ ڕه‌نگ و ده‌نگ و ڕوانین و بینین و فیكر و ڕه‌گه‌زه‌ جیاوازه‌كان هه‌موو پێكه‌وه‌ بتوانن بژین و یه‌كترى قبوڵ بكه‌ن و له‌سه‌ر بنه‌ماى داننان به‌و جیاوازییانه‌دا پێكه‌وه‌ كاربكه‌ن و هاریكارى بكه‌ن ئه‌وكاته‌ گونجاندنى كۆمه‌ڵایه‌تىو هارمۆنیایى په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و یه‌كتر قبوڵكردنى جیاوازه‌كان ده‌بێته‌ خاسێتى دیارى ژیانى مرۆڤ، به‌ واتا له‌ پشتى ئه‌م ده‌قه‌وه‌ ئه‌و ڕوانینه‌ ڕاوه‌ستاوه‌ كه‌ گونجاندنى ڕه‌گه‌زه‌كانى سروشت و پێكه‌وه‌ كاركردنیان و دروستبوونى هارمۆنیاى سروشت ده‌شێ ببێته‌ نموونه‌ بۆ پێكه‌وه‌ گونجاندنى مرۆڤ پێكه‌وه‌ سه‌ربارى جیاوازییه‌كان له‌و گونجاندن و پێكه‌وه‌ ژیانه‌دا مرۆڤ و ژیان به‌هاى قوڵتریان ده‌بێت و بگره‌ كارێكى له‌م جۆره‌ به‌خشینه‌وه‌ى به‌هایه‌ به‌ خودى مرۆڤ و به‌ ژیان. گۆران هه‌ر ئه‌وه‌ نىیه‌ وه‌كو شاعیرێكى ڕۆمانسى ڕۆژئاوایى له‌ ئه‌نجامى بێزار بوونیدا له‌ ژیانى ئاڵۆزى شارو فشارى سه‌ختى ئه‌و ژیانه‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نێو ئامێزى سروشت و له‌وێشدا هه‌م هه‌ست به‌ ئازادى خۆى بكات، هه‌م سروشت بكات به‌ جێگاى حه‌وانه‌وه‌و ئاسوده‌ بوونى، به‌ڵكو له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ سروشتدا ده‌یه‌وێت وێنه‌یه‌كى دیارى ئاسایى دوور له‌ ده‌سه‌ڵاتى مرۆڤ بۆ سروشت بگرێت و پێشكه‌شى بكات و بڵێت ئه‌مه‌ سروشته‌ به‌م جوانىو گونجاندن و هارمۆنیایه‌وه‌. ئایا ناشێت خودى مرۆڤیش هاوشێوه‌ى گونجاندن و یه‌كتر قبوڵكردنى ڕه‌نگه‌كانى سروشت ئه‌وانیش پێكه‌وه‌ بگونجێن و یه‌كتر قبوڵ بكه‌ن؟
له‌ ده‌ستپێكى ئه‌م شیعره‌دا گۆران وێنه‌ى به‌رجه‌سته‌كراوى ئاسمان و هه‌ورو ڕۆژ پێشكه‌ش ده‌كات، واته‌ وێنه‌ى مه‌ودایه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌ى ده‌ست پێگه‌یشتنى خۆى، واته‌ وێنه‌یه‌ك پێشكه‌ش ده‌كات كه‌ ته‌نیا له‌ سنوورى بینراودایه‌. له‌ دواى دوو نیوه‌ دێڕى یه‌كه‌م وێنه‌ى به‌رجه‌سته‌كراو له‌و ڕه‌گه‌زانه‌ پێشكه‌ش ده‌كات كه‌ ده‌شێ خۆى ده‌ستیى پێیان بگات یان له‌ نزیكه‌وه‌ هه‌ستیان پێ بكات، له‌ دواى هه‌شت نیوه‌ دێڕى یه‌كه‌مه‌وه‌ وێنه‌ى به‌رجه‌سته‌كراو له‌ ڕه‌گه‌زه‌ زیندووه‌كانى سروشت پێشكه‌ش ده‌كات وه‌كو (كه‌و، چۆله‌كه‌، بولبول..) كه‌ هه‌ریه‌كه‌ش سه‌ربارى جوانى خۆیان، به‌ به‌رهه‌مه‌كانیانه‌وه‌ به‌شدارى ده‌كه‌ن له‌ به‌رهه‌م هێنانى جوانىیه‌كى بیستراودا كه‌ ئه‌ویش ده‌نگ و ئاوازى ئه‌م باڵندانه‌یه‌، كه‌ ئه‌و ده‌نگ و ئاوازه‌ش هه‌م ده‌بنه‌ به‌شێك له‌ ئیقاعى قه‌شه‌نگ و سه‌رنج ڕاكێشى سروشت، هه‌م ده‌ور ده‌بینن له‌ ڕاهێنانى ڕه‌گه‌زه‌كانى ترى سروشتدا بۆ په‌سه‌ندكردنى ده‌نگ و ڕه‌نگ و ئیقاعه‌كانى تر، به‌ جۆرێك ئه‌م ئاوازو ئیقاعه‌ دڵگیرانه‌ هه‌موو عه‌قڵه‌ به‌سته‌ڵه‌كىیه‌كان و هه‌موو ڕوانینه‌ ته‌نگه‌ نه‌فه‌سه‌كان بۆ قبوڵكردنى ئه‌وانى تر ڕاده‌هێنن. ئه‌و ئاوازه‌ى كه‌ ئه‌م باڵندانه‌ دروستى ده‌كه‌ن تێكه‌ڵ به‌ ئیقاعى سروشت ده‌بێت و ڕۆحى به‌ردیش بۆ نۆشكردنى پیاڵه‌ى نه‌شئه‌ ئاماده‌ ده‌كات، یان به‌ شێوه‌یه‌كى تر ئه‌و ئاواز و ئیقاعانه‌ ته‌نانه‌ت ڕۆحى به‌ردیش ده‌جوڵێنن و ڕاده‌هێنن، به‌ مانایه‌كى تر زمانى ئه‌م توخمه‌ زیندوانه‌ى ناو سروشت به‌ جۆرێك كاریگه‌رن كه‌ هه‌موو ئه‌و توخم و ڕه‌گه‌زانه‌شى كه‌ هێنده‌ ڕه‌قن له‌ به‌رده‌م هیچ هێزێكدا ناچه‌مێنه‌وه‌ ئاوازى جۆراوجۆرى توخمه‌ زیندووه‌كانى نێو سروشت ده‌یان جوڵێنێ و..
گۆران خاسێتى زیندو یان مرۆیى ده‌به‌خشێته‌ توخمه‌كانى سروشت “ڕۆحى به‌رد ئه‌كا نۆش، دنیا به‌ كوڵ بگرى، دنیاى سه‌رمه‌ستى قاقاى پێكه‌نین، فرمێسكى كانى،..” ئه‌مه‌ش ئه‌و لێكدانه‌وه‌یه‌ هه‌ڵده‌گرێت كه‌ گۆران توخمه‌كانى سروشت به‌ گرنگ و پڕ به‌ها سه‌یر ده‌كات، به‌ هه‌مان شێوه‌ى مرۆڤ، له‌ كاتێكدا له‌ چه‌ند سه‌ده‌ى ڕابردوودا له‌ عه‌قڵى ڕۆژئاوادا مرۆڤ بووه‌ته‌ سه‌نته‌رى به‌ها پێدان و لێكدانه‌وه‌و له‌ ئه‌زموونى شیعرى ڕۆمانسى ئه‌وروپاشدا خودى تاكه‌كه‌س كه‌ خودى شاعیره‌ بووه‌ته‌ ناوه‌ندى گرنگى پێدان، له‌ ئه‌زموونى ڕۆمانسیه‌تى گۆراندا سروشت یه‌كه‌مین ناوه‌ندى گرنگى پێدانه‌، ڕاسته‌ یه‌كێك له‌ خاسێته‌ دیاره‌كانى قۆناغى ڕۆمانسیه‌ت گرنگىدانه‌ به‌ سروشت و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ ئامێزى سروشتى خاوێن و هێوارى دوور له‌ ئاژاوه‌و فشارى په‌یوه‌ندییه‌كانى شار، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ى ڕۆمانسیه‌تى گۆران، ڕۆمانسیه‌تى گواستراوه‌یه‌ له‌ كه‌لتورى ده‌ره‌وه‌ى نێو پانتایى كه‌لتورو ژیان و مێژووى كورده‌وه‌و ده‌رئه‌نجامى په‌ره‌سه‌ندنى كۆمه‌ڵایه‌تى و دروستبوونى شارو په‌یوه‌ندییه‌كانى شار نىیه‌.. بۆیه‌ ناشێت ده‌قاو ده‌ق واى لێكبده‌ینه‌وه‌ كه‌ ڕۆمانسیه‌تى گۆران هه‌مان ڕۆمانسیه‌تى ئینگلیزى و فه‌ره‌نسىیه‌، یان ڕۆمانسێتێكه‌ تایبه‌ت به‌ گۆران به‌ خێر ڕۆمانسیه‌تى گۆران له‌ به‌شدارى كردنى خاسێته‌ گشتىیه‌كانى ڕۆمانسیه‌تى ڕۆژئاواو تایبه‌تمه‌ندى ئێمه‌ پێكهاتووه‌.
گۆران له‌ گه‌ڕانه‌وه‌یدا بۆ نێو سروشت، نایه‌وێت به‌ ته‌واوى له‌ ئامێزى سروشتدا خۆى حه‌شار بدات، واته‌ سروشت به‌ ته‌نیا زه‌مینه‌یه‌ك نىیه‌ بۆ خۆ حه‌شاردان و دفن بوون، به‌ مه‌به‌ستى گه‌یشتن به‌ حه‌وانه‌وه‌و هێورى. به‌ڵكو سروشت و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سروشت له‌ ئاستى یه‌كه‌مدا به‌ مه‌به‌ستى گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ى ئه‌و به‌ها ئێستاتیكایانه‌ى كه‌ له‌ ده‌ستى چووه‌، گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ نێو سروشت به‌ مه‌به‌ستى گه‌یشتنه‌وه‌ به‌ زه‌مینه‌یه‌ك كه‌ خاوه‌نى هارمۆنیاى چه‌سپاوى خۆیه‌تى، ئه‌و به‌ها جوانانه‌ى كه‌ ئه‌و هارمۆنیایه‌ به‌رهه‌مى دێنێت تیایدا له‌ ده‌ست نه‌چووه‌. ئه‌و پێى وایه‌ له‌ دنیاى سه‌رمه‌ستى قاقاى پێكه‌نیندا له‌ هه‌موو ئاستێكیدا به‌ شێوه‌یه‌كى سیستاماتیكانه‌ فرمێسك (كانى) هه‌ڵده‌قوڵێ، گۆران له‌ گه‌ڕانه‌وه‌یدا بۆ سروشت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئامێزى ئه‌و زه‌مینه‌ى كه‌ به‌و جۆره‌ سیستاماتیكانه‌ ڕێكخراوه‌، چونكه‌ پێى وایه‌ كه‌ جوانى ته‌نیا له‌و ڕێكخستنه‌وه‌ به‌رهه‌م دێت و حه‌وانه‌وه‌ش له‌ بوونى هارمۆنیاى ئه‌و ڕێكخستنه‌دا ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت و چێژى ئێستاتیكیش دیسان له‌ بارێكى وه‌ها ڕێكخراوو هێورو هێمندا به‌هاى خۆى ده‌بێت، به‌ واتا گه‌ڕانه‌وه‌ى گۆران بۆ سروشت ڕاكردنى تاكه‌ كه‌سى هه‌ستیار نىیه‌ له‌ ده‌ست فشار و زه‌برو ئاڵۆزییه‌كانى شارو له‌ ده‌ست تێكچوونى هارمۆنیاى ژیان و هێمنى له‌نێو شارداو له‌ سایه‌ى په‌یوه‌ندییه‌ ئاڵۆزه‌كانى كۆمه‌ڵگاى پیشه‌سازیدا كه‌ زه‌مینه‌یه‌ك بۆ هێورى و جوانى و چێژى جوانى نامێنێته‌وه‌، به‌ڵكو گه‌ڕانه‌وه‌ى كه‌سێكى هه‌ستیاره‌ بۆ نێو سروشت به‌ مه‌به‌ستى گه‌یشتنه‌وه‌ به‌ چركه‌ ساتێك كه‌ تیایدا هه‌ست به‌ چێژ و به‌ها ئێستاتیكىیه‌كانى بوون و ژیان بكات.
گۆران له‌و گه‌ڕانه‌وه‌یدا به‌شێك له‌ توخمه‌كانى سروشت وه‌سف ده‌كات و له‌و وه‌سفكردنه‌شدا له‌ لایه‌ك جوانى ئه‌و توخمانه‌و هه‌موو سروشت به‌وانیشه‌وه‌ ده‌رده‌خات، له‌ لایه‌كى تر خاسێته‌كانى مرۆڤ به‌و توخمانه‌ ده‌به‌خشێت به‌ مه‌به‌ستى زه‌مینه‌ خۆش كردن بۆ لێدواندنیان به‌و هیوایه‌ى له‌ ئاستێكى وه‌ها قه‌شه‌نگ و پڕ به‌هادا پێشكه‌شیان بكات كه‌ بیانكاته‌ هاوشانى مرۆڤ ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌ى كه‌ سه‌رجه‌م په‌یامه‌ ئاینى و زه‌مینىیه‌كان و سه‌رجه‌م بیرو بڕوا دیاره‌كان پێیان وایه‌ مرۆڤ ده‌بێ سه‌روه‌رى ئه‌م گه‌ردونه‌و جێگرى خودا بێت له‌سه‌ر ئه‌م زه‌وییه‌، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ سروشت به‌ شایه‌نى ئه‌وه‌ بزانێت كه‌ نه‌ك هه‌ر خۆى بۆى بگه‌ڕێته‌وه‌ به‌ڵكو بانگه‌شه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى گشتى بكات بۆ ئامێزى سروشت.
گۆران له‌ قۆناغى یه‌كه‌مدا هه‌رچۆن وه‌سفى ڕه‌گه‌زه‌كانى سروشت ده‌كات به‌ هه‌ور و ڕۆژ و سه‌وزه‌گیاو گوڵ و دره‌خته‌وه‌.. به‌ هه‌مان شێوه‌ش وه‌سفى ڕه‌گه‌زه‌ زیندووه‌كانى ده‌كات به‌ تایبه‌تى باڵنده‌كان، به‌ڵام له‌ قۆناغى دووه‌مدا له‌گه‌لأ باڵنده‌كان ده‌كه‌وێته‌ گفتوگۆ و ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵیان ده‌دوێت، له‌و گفتوگۆیه‌شدا به‌ مه‌به‌ستى دروستكردنى جۆرێك له‌ په‌یوه‌ندى له‌گه‌لأ ئه‌و باڵندانه‌دا پاكانه‌ بۆ ناسنامه‌ى خۆى ده‌كات، ده‌یه‌وێت په‌رده‌ له‌ ڕووى خۆى لادات و ئه‌و سیما دزێوه‌ش بڕه‌وێنێته‌وه‌ كه‌ ئه‌مى وه‌كو دڕنده‌ ناساندووه‌ یان پێشكه‌ش كردووه‌.
مه‌لى سه‌ر بنچك، په‌ل و پۆ ره‌نگین! خۆمن هه‌ڵۆنیم
لێم مه‌فڕن جووت جووت، مه‌ترسن ئاخر پێتان بڵێم چیم:
ڕاسته‌وخۆ شاعیر پێمان ده‌ڵێت ناسنامه‌ى مرۆڤ له‌ ڕوانگه‌ى تێڕوانینى زینده‌وه‌رانى تره‌وه‌ ناسنامه‌یه‌كى دزێوه‌و سه‌رجه‌م وه‌كو جۆرێك له‌ دڕنده‌ سه‌یرى مرۆڤ ده‌كه‌ن، گۆران ده‌یه‌وێت ئه‌وه‌ ئاشكرا بكات كه‌ زینده‌وه‌ران به‌ چ چاوێك سه‌یرى مرۆڤ ده‌كه‌ن. له‌ ئه‌نجامى تێگه‌یشتن له‌و ڕوانینه‌ى زینده‌وه‌ران بۆ مرۆڤ، گۆران پاكانه‌ بۆ خۆى ده‌كات به‌وه‌ى كه‌ ئه‌م دڕنده‌ نىیه‌، ئه‌م پاكانه‌ كردنه‌ش پاكانه‌یه‌ بۆ هه‌موو مرۆڤ به‌وه‌ى كه‌ شایانى ئه‌وه‌ نىیه‌ وه‌كو دڕنده‌ سه‌یرى بكرێت. له‌ پشتى ئه‌م پاكانه‌ كردنه‌وه‌ گۆران ده‌یه‌وێت پێمان بڵێت له‌م گه‌ردونه‌دا ده‌بێ دۆستایه‌تى و له‌گه‌لأ یه‌كتر گونجاندن هه‌بێت، ناشێت توخمێك باڵاده‌ست بێت و ئه‌وانى تر له‌ناوببات، چونكه‌ هارمۆنیاى سروشت له‌و له‌گه‌لأ یه‌كترگونجاندنه‌ى توخمه‌ جۆراوجۆره‌كانى سروشت خۆیه‌وه‌ به‌رهه‌م دێت. كه‌ له‌وێڕا ته‌نیا غه‌ریزه‌ى ده‌سه‌ڵاتكردن بوونى هه‌یه‌.. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و غه‌ریزه‌یه‌ یه‌كه‌م هۆكاره‌ بۆ هه‌وڵدانى ده‌سه‌ڵاتكردن به‌سه‌ر ئه‌وانى تردا، كه‌ له‌و هه‌وڵه‌شدا دوو لایه‌ن، دوو جه‌مسه‌ر ده‌رده‌كه‌ون، ده‌سه‌ڵاتكه‌ر و ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ردا كراو، جه‌لاد و قوربانى، دڕنده‌ و نێچیر. مرۆڤ له‌ ئه‌نجامى باڵاده‌ست بوونیدا له‌ ڕوانگه‌ى زینده‌وه‌رانى تره‌وه‌ بۆته‌ دڕنده‌، هه‌ر به‌و پێیه‌ش ئه‌وه‌ى كه‌ ده‌ورى بینیووه‌ له‌ شێواندنى هارمۆنیاى سروشتدا مرۆڤه‌. گۆران ده‌یه‌وێت به‌ باڵنده‌كان بڵێت منى مرۆڤ هه‌ڵۆ نیم، دڕنده‌ نیم، من ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ لاى ئێوه‌، بۆ ئامێزى سروشت، به‌و هیوایه‌ى بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ئه‌سڵى خۆم و خۆم له‌ غه‌ریزه‌ى ده‌سه‌ڵات و غه‌ریزه‌ى ئاژه‌ڵى وێرانكردن ڕووت بكه‌مه‌وه‌. ده‌مه‌وێت ببمه‌وه‌ به‌ یه‌كێك له‌ ڕه‌گه‌زه‌ به‌رهه‌م هێنه‌ره‌كانى جوانى و ئێستاتیكاى سروشت و هارمۆنیاى سروشت نه‌ك بكوژى جوانى و شێوێنه‌رى هارمۆنیاى سروشت.
گۆران باڵنده‌كان ده‌دوێنێت و داوایان لێده‌كات كه‌ گوێى لێ بگرن هه‌تا شوناسى خۆییان بۆ ئاشكرا بكات. له‌ پشتى ئه‌م داواكردنه‌وه‌ ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌بێت كه‌ ڕه‌گه‌زه‌ زیندووه‌كانى سروشت به‌ چاوى دۆست سه‌یرى مرۆڤ ناكه‌ن چونكه‌ وه‌كو هێزێكى سامناك ده‌ڕواننه‌ مرۆڤ، هێزێك كه‌ له‌ هه‌وڵى تێكشكاندن و له‌نێوبردنى هه‌موو ئه‌واندایه‌ له‌ پێناوى بوونى خۆیدا، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ى مرۆڤ، مرۆڤ له‌ دیدى ڕه‌گه‌زه‌ زیندووه‌كانى ترى سروشته‌وه‌، به‌ تایبه‌تى ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌ى كه‌ زیندون و مرۆڤ ماڵى نه‌كردون، وه‌كو دوژمن ده‌خاته‌ڕوو. گۆران كاتێ ده‌كه‌وێته‌ گفتوگۆ له‌گه‌لأ ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌دا ده‌یه‌وێت ئه‌و بۆچوونه‌ هه‌ڵبووه‌شێنێته‌وه‌، به‌ڵام به‌ ئاشكرا ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌وه‌ى ده‌دوێت گۆرانه‌، ئه‌وانى زینده‌وه‌ر (مه‌له‌كان) نه‌ك له‌گه‌لأ ئه‌م نادوێن، به‌ڵكو لێیشى دوورده‌كه‌ونه‌وه‌. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ نیشان ده‌دات كه‌ مه‌له‌كان ئاماده‌یى گفتوگۆیان له‌گه‌لأ ئه‌مى مرۆڤدا نىیه‌، ئه‌ویش له‌به‌ر ناسینى گه‌وهه‌رو ناسنامه‌ى ئه‌م زینده‌وه‌ره‌ى كه‌ ناوى مرۆڤه‌، هه‌میشه‌ یاساى دارستان به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌وانى باڵنده‌ و هه‌موو ڕه‌گه‌زه‌ زیندووه‌كانى ترى ئه‌م گه‌ردوونه‌ پیاده‌ ده‌كات، بێ سڵه‌مینه‌وه‌ له‌وه‌ى كه‌ هه‌ر كارێكى كوشتن و گرتن و دیل كردن و سه‌ربڕین و ته‌نانه‌ت شێواندن و تێكدانى ڕه‌گه‌زه‌ نازیندووه‌كانى سروشتیش به‌شێكه‌ له‌ تێكدانى هارمۆنیاى سروشت و ناشیرین كردنى سروشت و ته‌ڵخ كردنى ئێستاتیكاى سروشت، كه‌ هه‌موو جوانىیه‌كانى تر له‌ ڕوانینى ئه‌فلاتونه‌وه‌ فۆتۆكۆپى جوانى سروشتن و ته‌نیا ئه‌و ئه‌سڵه‌ چونكه‌ ئه‌وانى تر هه‌موویان له‌وه‌وه‌ وه‌رگیراون، كه‌چى مرۆڤ له‌ پێناوى ده‌سه‌ڵاتكردندا ئه‌و جوانیه‌ ده‌شێوێنێت.
سه‌ربارى ئه‌وه‌ى كه‌ باڵنده‌كان به‌ چاوى ترسه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ ئه‌مى مرۆڤ و پشتى تێده‌كه‌ن و به‌جێى ده‌هێڵن، ئه‌م ده‌یه‌وێت زه‌مینه‌یه‌ك بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵیاندا ئاماده‌ بكات به‌و هیوایه‌ى له‌و ڕێگایه‌وه‌ شوناسى خۆى بۆ ئه‌وان ئاشكرا بكات، ئه‌ویش له‌و ڕێگایه‌وه‌ كه‌ خۆى ده‌یه‌وێت نه‌ك له‌و ڕێگایه‌وه‌ كه‌ ئه‌وان تێى گه‌یشتوون و ده‌یبینن. ئه‌م ده‌زانێت ئه‌وان لێى ده‌ترسن، بۆیه‌ به‌ مه‌به‌ستى ڕه‌واندنه‌وه‌ى ئه‌و ترسه‌ داوایان لێده‌كات كه‌ ئه‌وه‌نده‌ گوێى لێ بگرن هه‌تا ناسنامه‌ و گه‌وهه‌ر و ماهیه‌تى خۆییان بۆ باس بكات.
منیش وه‌ك ئێوه‌ له‌ دنیاى گه‌وره‌ گه‌ردێكم بچووك
حه‌تتا ناشتوانم بفڕم، بخوێنم، به‌ باڵ به‌ ده‌نووك
به‌ڵام وه‌ك ئێوه‌ له‌ دڵما ئه‌گرێت مه‌یلى سه‌ربه‌ستى
ئه‌مه‌ش ئایینم وه‌ك ئایینتانه‌: هه‌رده‌ په‌رستى!
گۆران به‌ مه‌به‌ستى دروستكردنى په‌یوه‌ندى له‌گه‌لأ باڵنده‌كان و هه‌موو ڕه‌گه‌زه‌ زیندووه‌كانى ترى سروشتدا ناسنامه‌ى خۆى ئاشكرا ده‌كات كه‌ ئه‌میش گه‌ردێكى بچووكه‌ له‌م گه‌ردوونه‌دا. هه‌روه‌ك له‌ ڕێگاى لێكچوواندنه‌وه‌ به‌ باڵنده‌كان ده‌ڵێت “منیش وه‌ك ئێوه‌.. گه‌ردێكم بچووك” به‌ واتا ده‌یه‌وێت جۆرێك له‌ هاوشێوه‌یى له‌ نێوان خۆیى و ئه‌واندا نیشان بدات ئه‌ویش به‌ مه‌به‌ستى گۆڕینى دیدو ڕوانینى ئه‌وانى باڵنده‌ كه‌ نوێنه‌رى هه‌موو ڕه‌گه‌زه‌ زیندووه‌كانى سروشتن به‌رامبه‌ر به‌مى مرۆڤ كه‌ وه‌كو دڕنده‌ و تێكده‌ر و ڕوخێنه‌رى ڕه‌گه‌زه‌ زیندووه‌كانى ترى سروشت سه‌یرى ده‌كه‌ن. گۆران ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناو سنوورى ئه‌و سیسته‌مه‌ ڕێكخراوه‌ى پێشترى سروشت كه‌ ئه‌م تیایدا ناسنامه‌ى دڕنده‌یى نه‌بوو، لێره‌شه‌وه‌ ئه‌گه‌ر شۆڕبینه‌وه‌ بۆ ئه‌و مانایه‌ى له‌ پشتى ئه‌م ڕوانینه‌وه‌ ڕاوه‌ستاوه‌ ئه‌وا ده‌گه‌ین به‌و خاڵه‌ى كه‌ گۆران ده‌یه‌وێت بڵێت مرۆڤ كه‌ هێشتا له‌نێو سروشتدا بووه‌، ئه‌میش هه‌مان شێوه‌ى ڕه‌گه‌زه‌ زیندووه‌كانى ترى سروشت، ڕه‌گه‌زێكى ئاسایى بووه‌، به‌ڵام جێگیر بوون و په‌ره‌سه‌ندنى له‌ژێر كاریگه‌رى فاكته‌رى غه‌ریزه‌ و ده‌سه‌ڵات خوازیدا له‌ زینده‌وه‌رانى ترى جیاكردۆته‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامى په‌ره‌سه‌ندنى به‌رده‌وامیشیدا، له‌ ئه‌نجامى بوونى عه‌قڵ و هۆشه‌وه‌ تا به‌ره‌و پێشه‌وه‌ چووه‌ زیاتر سیماى دڕنده‌یى له‌ ئاستى سروشتدا پێوه‌ ده‌ركه‌وتووه‌، چونكه‌ ئومێدى ئه‌م ئاشكراكردن و ده‌سه‌ڵات كردنه‌ به‌سه‌ر سروشتدا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌بێت ده‌ست نه‌پارێزێت له‌ داگیركردنى ئازادى ڕه‌گه‌زه‌كانى ترى سروشت، ئه‌ویش له‌ ڕێگاى ڕامكردن و ده‌سته‌مۆكردنیانه‌وه‌ یان له‌ ڕێگاى ده‌سه‌ڵات به‌سه‌رداكردنیانه‌وه‌ ئه‌ویش به‌ تێكشكاندن و شێواندنى بارى سروشتیان كه‌ له‌وه‌شدا هه‌م ئێستاتیكاى سروشتى ناشیرین كردووه‌، هه‌م هارمۆنیاى سروشتى شێواندووه‌.
له‌ ئه‌نجامى په‌ره‌سه‌ندنى ژیانى مرۆڤ خۆیدا و له‌ ئه‌نجامى ناكۆكیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و ناته‌بایى و نایه‌كسانى و نه‌بوونى ئازادىدا له‌ ژیانى كۆمه‌ڵدا و دیسان به‌ كۆیله‌بوونى خودى مرۆڤ بۆ ئه‌و ته‌كنۆلۆژیایه‌ى كه‌ به‌رهه‌مى هێناوه‌ و.. له‌ به‌رده‌م فشارى تووندى ژیانى شاردا مرۆڤى هه‌ستیار بۆ گه‌ڕان له‌ دواى به‌ ده‌ست هێنانه‌وه‌ى ئازادى و ده‌ربازبوون له‌ فشارو په‌ستانى شار ڕێگاى گه‌ڕانه‌وه‌ى به‌ره‌و سروشت له‌به‌رگرتووه‌.. گۆران له‌ لایه‌ك بۆ گه‌یشتنه‌وه‌ به‌و ئازادى و هێمنى و هێورییه‌ى ئامێزى سروشت و له‌ لایه‌كى تریشه‌وه‌ بۆ گه‌یشتنه‌وه‌ به‌ جوانیه‌كانى سروشت كه‌ جوانى یه‌كه‌من و چێژ وه‌رگرتن له‌و جوانیانه‌ ڕێگاى به‌ره‌و سروشت له‌به‌رده‌گرێته‌وه‌. واته‌ هه‌روه‌ك پێشتریش گوتومانه‌ گۆران به‌ مه‌به‌ستى گه‌یشتنه‌وه‌ به‌ یه‌قین ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سروشت، یه‌قینى ئازادى و یه‌قینى هێمنى و هێورى و یه‌قینى جوانى و چێژى جوانى.
گۆران له‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه‌دا بۆ ئامێزى سروشت، نایه‌وێت خۆى دفن بكات و سروشت وه‌كو گۆڕستان سه‌یرناكات كه‌ جێگاى خۆشاردنه‌وه‌ و دیارنه‌مان و گۆشه‌گیریى بێت به‌ مه‌به‌ستى حه‌وانه‌وه‌ و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ ئاژاوه‌ و پشێوى ژیانى كۆمه‌ڵ، به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌یه‌وێت له‌ ئامێزى سروشتدا په‌یوه‌ندى كراوه‌ى هه‌بێت له‌گه‌لأ ڕه‌گه‌زه‌كانى ترى سروشتدا چونكه‌ پێى وایه‌ ئازادى نێو ئامێزى سروشتیش به‌ بوونى په‌یوه‌ندى له‌گه‌لأ ئه‌وانى ترى نێو سروشتدا مانا ده‌به‌خشێت. هه‌ر ئه‌م ڕوانینه‌یه‌ وا له‌ گۆران ده‌كات بكه‌وێته‌ گفتوگۆ له‌گه‌لأ ڕه‌گه‌زه‌كانى ترى نێو سروشتدا و پاشان ناسنامه‌ى خۆى بۆ ئه‌وان ئاشكرا بكات. ته‌نانه‌ت له‌ ئاستى باڵنده‌كاندا خۆى به‌ بێ تواناتر و ناكرده‌تر نیشان ده‌دات چونكه‌ ئه‌وه‌ى كه‌ سروشت به‌ باڵنده‌كانى به‌خشیوون كه‌ تواناى فڕینه‌، به‌مى مرۆڤى نه‌به‌خشیووه‌. هه‌ر بۆیه‌ له‌ ئاستى ئه‌واندا ئه‌م خاسێته‌ى كه‌ سروشت به‌وانى به‌خشیووه‌ و به‌مى مرۆڤى نه‌به‌خشیووه‌ ده‌كاته‌ به‌ڵگه‌ بۆ سه‌لماندنى ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌میش زینده‌وه‌رێكى ئاسایىیه‌و دڕنده‌ نىیه‌ و ته‌نانه‌ت تواناى ئه‌وانیشى نىیه‌. ئه‌گه‌ر به‌ ئاڕاسته‌ى قوڵایى ده‌قه‌كه‌ شۆڕببینه‌وه‌ ئه‌وا بۆمان ئاشكرا ده‌بێت كه‌ گۆران پێى وایه‌ كاتێ ئێمه‌ى مرۆڤ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ئامێزى سروشت پێویستمان به‌و خاسێتانه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ سایه‌ى سروشتدا هه‌م ئاسوده‌یى و هه‌م ڕێگاى پاراستنمان بۆ ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌و چه‌كه‌مان نىیه‌ كه‌ بۆ نموونه‌ باڵنده‌كان هه‌یانه‌و جۆرێك له‌ باڵایى ئه‌وان ده‌سه‌لمێنێت، گۆران له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و كه‌موكورتیه‌ى ئێمه‌ى مرۆڤدا له‌ به‌رامبه‌ر باڵنده‌كاندا جۆرێك له‌ هه‌ست به‌ كه‌مى كردن نیشان ده‌دات، كه‌ ده‌شێ ئه‌م پێى وا بێت ماده‌م گه‌ردوون وه‌كو یه‌ك خاسێته‌كانى نه‌به‌خشیووه‌ به‌ سه‌رجه‌م زینده‌وه‌ران كه‌واته‌ ناشێت یه‌كسانى له‌ نێوانیاندا دروست ببێت، بۆ پڕكردنه‌وه‌ى كه‌موكوڕییه‌كانیش هه‌ریه‌كه‌ له‌ بوارێكى تردا تواناى خۆیى په‌ره‌پێداوه‌، مرۆڤ له‌ ئه‌نجامى لاوازیى توانا جه‌سته‌ییه‌كاندا بۆ له‌ ڕوودا وه‌ستانى تووندوتیژى و په‌ستان و فشارى هێزه‌كانى سروشت، له‌ ڕووى عه‌قڵ و هۆشه‌وه‌ په‌ره‌ى سه‌ندووه‌ به‌ جۆرێك كه‌ به‌و جه‌سته‌ لاوازه‌یه‌وه‌ به‌ عه‌قڵ ده‌سه‌ڵاتى به‌سه‌ر تواناى له‌ بن نه‌هاتووى ته‌نانه‌ت دڕنده‌ترین زینده‌وه‌ریشدا كردووه‌.. به‌ڵام گۆران به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى كه‌ عه‌قڵ به‌رهه‌مى هێناوه‌ ئاسوده‌ نىیه‌ و ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نێو ئامێزى سروشت به‌و هیوایه‌ى كه‌ بگاته‌وه‌ به‌و چركه‌ساته‌ى كه‌ له‌ ئامێزى ساده‌ى سروشتدا هه‌ستى به‌ ئازادى كردووه‌ و به‌ هێمنى و هێورى ژیانى به‌سه‌ر بردووه‌.
گۆران پێى وایه‌ سه‌ربه‌ستى خاسێتى نێو سروشته‌و باڵنده‌كانیش وه‌كو هێماى سه‌ربه‌ستى خوازى نیشان ده‌دات و ده‌شێ ئه‌مه‌ش وه‌ها لێكبده‌ینه‌وه‌ كاتێ باڵنده‌ و زینده‌وه‌ران ئامێزى سروشتیان به‌جێنه‌هێشتووه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ عیشقى سه‌ربه‌ستى و ئازادى بوون، به‌ڵام ئه‌مى مرۆڤ له‌ به‌جێهێشتنى سروشتدا ئه‌و سه‌ربه‌ستى و ئازادییه‌ى خۆیى له‌ ده‌ست داوه‌، تاكه‌ ڕێگاش بۆ گه‌یشتنه‌وه‌ به‌ ئازادى و به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ ئامێزى سروشت. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ نیشان ده‌دات كه‌ مرۆڤ چه‌ندێ په‌ره‌ى سه‌ندبێت له‌ چاو ڕه‌گه‌زه‌كانى ترى سروشتدا، ئه‌وا به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ سه‌ربه‌ستى خۆیى دۆڕاندووه‌، مه‌به‌ست له‌و سه‌ربه‌ستیه‌ش سه‌ربه‌ستیه‌ به‌ مانا ڕه‌هاكه‌ى واته‌ سه‌ربه‌ستى له‌ودیوى هه‌ر سنوور و سانسۆرێكه‌وه‌. گۆران به‌ مه‌به‌ستى گه‌یشتنه‌وه‌ به‌ سه‌ربه‌ستى ڕه‌ها ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئامێزى سروشت، به‌ڵام ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ى گۆران گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كى تاكه‌ كه‌سىیه‌، هه‌رچۆن گۆران له‌ ئه‌زموونى خۆیدا موماره‌سه‌ى تاكڕه‌وێتى خۆیى كردووه‌ و هه‌تا ئه‌و كاته‌یشى كه‌ په‌یڕه‌وى تاكڕه‌وێتى خۆیى كردووه‌ شاعیرێكى داهێنه‌ر و خاوه‌ن جیهانبینى بووه‌، به‌ڵام كاتێ ده‌كه‌وێته‌ سنوورى عه‌قڵى باو و ده‌چێته‌ ژێر سایه‌ى عه‌قڵى ده‌سته‌جه‌مى بوونى حیزبایه‌تى و ئایدیۆلۆژیاوه‌ بارى تاكێتى و تاكڕه‌وییه‌كه‌ى هه‌ره‌س ده‌هێنێت و به‌و پێیه‌ش ڕوانینى بۆ ئازادى تاكه‌ كه‌س ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ ئاستێكى تر كه‌ له‌ ڕوانگه‌ى ئایدیۆلۆژیاوه‌ بۆى ده‌ڕوانێت، له‌وێشدا گۆران تواناى داهێنانى پێوه‌ دیار نامێنێت، بۆیه‌ قۆناغى شاعیرێتى و داهێنانى گۆران له‌گه‌لأ په‌یوه‌ندیكردنى به‌ مه‌سه‌له‌ى حیزبایه‌تى و ئایدیۆلۆژیاوه‌ دوایى دێت، به‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌و بۆچوونه‌ ئیفلیجه‌وه‌ كه‌ گه‌وره‌یى گۆران له‌وه‌دا ده‌بینێت كه‌ په‌یوه‌ستبووه‌ به‌ ئایدیۆلۆژیاى چه‌په‌وه‌، بێگومان ئه‌م ڕوانینه‌ نادروسته‌ش به‌رهه‌مى ئه‌و عه‌قڵانه‌یه‌ كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا نازانن شیعر و چه‌مكى شیعر چىیه‌ و هیچ ڕوانینێكیان بۆ شیعریه‌ت نىیه‌.
گۆران كۆیله‌ى ته‌نیا ده‌ستى ناعه‌داله‌تى و نایه‌كسانى نىیه‌، به‌ڵكو كۆیله‌ى ده‌ستى نه‌بوونى ئازادى ڕه‌هایه‌، ئه‌و ئازادییه‌ى كه‌ به‌ ڕوانینى ئه‌و ته‌نیا له‌ ئامێزى سروشتدا ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت نه‌ك له‌ سایه‌ى ئایدیۆلۆژیاو حیزبایه‌تى ته‌سك و بكوژى هه‌موو ئازادییه‌كانى تاكه‌ كه‌س دا. هه‌ر له‌ ئه‌نجامى ئه‌و هه‌ستكردنه‌دایه‌ گۆران ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئامێزى سروشت و پێى وایه‌ باڵنده‌كان به‌رزترین مه‌یلى سه‌ربه‌ستیان هه‌یه‌ بۆیه‌ به‌ ئاسانى ڕام ناكرێن و سه‌ربه‌ستیان لێ زه‌وت ناكرێت مه‌گه‌ر مرۆڤ، ئه‌و مرۆڤه‌ى كه‌ دواى ئه‌وه‌ى سروشتى به‌جێهێشت و ئازادییه‌كانى خۆیى دۆڕاند، هه‌وڵبدات ئه‌وانیش بخاته‌ نێو قه‌فه‌زه‌وه‌. گۆران خۆى ده‌شوبهێنێت به‌ باڵنده‌كان له‌وه‌دا كه‌ هه‌مان مه‌یلى ئازادى ئه‌وانى هه‌یه‌.
به‌ڵام وه‌ك ئێوه‌ له‌ دڵما ئه‌گڕێت مه‌یلى سه‌ربه‌ستى
ئه‌مه‌ش ئایینم وه‌ك ئایینتانه‌: هه‌رده‌ په‌رستى!
ڕاسته‌ ئه‌م ئێستا سه‌ربه‌ستى خۆیى له‌ ده‌ستداوه‌، به‌ڵام له‌ ناخه‌وه‌ هه‌میشه‌ په‌رۆشى سه‌ربه‌ستىیه‌ و ده‌یه‌وێت بگاته‌وه‌ ئاستى به‌ده‌ستهێنانى ئه‌وه‌ى له‌ ده‌ستىداوه‌، به‌ڵام ئایا ئه‌وه‌ چۆن ده‌گاته‌ ئه‌نجام؟
گۆران گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سروشت هه‌ر له‌ سنوورى گواستنه‌وه‌یه‌كى ساده‌ى شوێندا نابینێت، به‌ڵكو ئه‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ مه‌ودایه‌كى قوڵترى هه‌یه‌ و ئه‌م واى ده‌بینێت كاتێ باڵنده‌كان له‌ سروشتدا ماونه‌ته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ ئه‌مان په‌یڕه‌وى ئاینێك ده‌كه‌ن كه‌ ئایینى سروشت په‌رستىیه‌. واته‌ سروشت به‌لاى ئه‌وانه‌وه‌ له‌ جێگاى ئایین و خواوه‌نده‌، له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌ په‌یوه‌ستبوونى باڵنده‌كان و ڕه‌گه‌زه‌كانى ترى سروشت به‌ خودى سروشته‌وه‌ وه‌كو جێبه‌جێكردنى ئه‌ركى ئایینى سه‌یر ده‌كات. ئه‌میش خۆى له‌ ڕیزى ئه‌واندا داده‌نێت و ئایینى ئه‌میش هه‌مان ئایینى ئه‌وانه‌ كه‌ ئه‌ویش سروشت په‌رستىیه‌. كه‌ له‌ پشتى ئه‌م ڕوانینه‌وه‌ سه‌ربه‌ستى ڕه‌ها ڕاوه‌ستاوه‌، به‌ مانایه‌كى تر گۆران ده‌یه‌وێت بڵێت هه‌رچۆن ئایینى ئێوه‌ سه‌ربه‌ستى په‌رستىیه‌، منیش هه‌مان ئایینم هه‌یه‌. ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌دركێنێت كه‌ هاوشێوه‌یى خۆى له‌گه‌لأ باڵنده‌ و هه‌موو ڕه‌گه‌زه‌كانى ترى سروشتدا نیشان بدات. هه‌م بۆ په‌رۆشبوونى سه‌ربه‌ستى ڕه‌ها، هه‌م به‌ مه‌به‌ستى دوورخستنه‌وه‌ى سیماى دڕنده‌یى له‌ خۆى به‌و هیوایه‌ى هه‌م ڕه‌گه‌زه‌كانى ترى سروشت قبوڵى بكه‌نه‌وه‌ و هه‌م سروشت خۆیشى ئامێزى بۆ بكاته‌وه‌.
هه‌ڵوێستى گۆران له‌ گه‌ڕانه‌وه‌یدا بۆ سروشت بۆ لێكدانه‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتكردن به‌سه‌ر سروشتدا نىیه‌، به‌ڵكو به‌ مه‌به‌ستى گه‌یشتنه‌وه‌یه‌ به‌ سه‌ربه‌ستى و ئازادى ڕه‌هاى ئامێزى سروشت و هه‌م گه‌یشتنه‌وه‌یه‌ به‌و ئاسته‌ى كه‌ تیایدا هه‌ست به‌ هارمۆنیاى سروشت و ئێستاتیكاى سروشت ده‌كات.. چونكه‌ پێى وایه‌ ژیانى نێو كۆمه‌ڵ و فشار و په‌ستانه‌كانى ژیانى ناو كۆمه‌ڵگا نه‌ ڕێگاى ده‌سته‌به‌ر كردنى ئه‌و ئازادىیه‌ ده‌دات، نه‌ له‌نێو شار و له‌ كۆمه‌ڵ دا هه‌ست به‌ چێژى ئێستاتیكاى سروشت و هارمۆنیاى سروشت ده‌كرێت.
گۆران له‌ كۆتایى شیعره‌كه‌یدا ناسنامه‌ى خۆى له‌ هه‌موو گومانێك ڕووت ده‌كاته‌وه‌ و تاكه‌ سیمایه‌كى دیارى خۆى ئاشكرا ده‌كات كه‌ ئه‌ویش په‌یوه‌ستبوونیه‌تى به‌ سروشته‌وه‌ به‌ جۆرێك كه‌ هه‌موو بوونێك له‌ ئامێزى سروشتدا ده‌بینێت، به‌ جۆرێك سروشت ده‌كات به‌ ئایین و به‌ خواوه‌ند و ئه‌میش په‌رستیارى ئه‌و ئایینه‌و ئه‌و خواوه‌نده‌یه‌ چونكه‌ ئازادى و جوانى گه‌وهه‌رى بوون و ماهیه‌تى ئه‌و خواوه‌نده‌یه‌و ته‌نیا له‌ سایه‌ى ئه‌ودا ئازادى هه‌یه‌.
تێبینی/ ئەم لێکۆڵینەوەیە پێشکەشە بە گۆرانناسان و بە تایبەتی بە هونەرمەند ئەسعەد قەرداخی کە ئەم دەقە شیعرییەی بە میلۆدیەکی کوردانەو بە دەنگە بەسۆزەکەی گوتووە.




زۆرجار زمان یان وتن وەڵامیان پێ نییە تەنیا بێدەنگی وەڵامە پڕاوپڕەکەیە.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

مۆنۆلۆگی ھەشتەم لە کنێبی (خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجە)دا

من: بەبڕوای خۆم گرنگ بیرکردنەوەی پۆزەتیڤ و جوانە، نەک رووخساری جوان، ئاخر بیرکردنەوەی جوان ئەزەلییە، ھەرچی رووخساری جوانیشە کاتی و ناجێگیر. وەک خۆم لە بیرکردنەوەدا تۆ دەبینم، رووخسارتم زۆر بۆ گرنگ نییە، ھەمیشە جوانی رێژەییە، بەڵام جوانی بیرکردنەوە دەکەوێتە دەرەوەی ئەو تیۆرە. مرۆڤ بەمێشکی دەتوانێ بگاتە جوانی و رەھەندی ون و ئیستاتیکی بیرکردنەوەی کەسێکی دیاریکراو، چاو لەم بوارەدا رۆڵی نییە یان کەمترین رۆڵی ھەیە.
خۆم: کێشەکە مرۆڤی ئێمەیە، پیاوی کورد ژن وەک جەستە دەبینێت، لە بەرامبەریشدا مێینە وێنای پیاو وەک گورگێک دەکێشێت. ئەمەش سوچی ژن یان پیاو نییە وەک تاکەکەس، بەڵکو تاوانەکە لە ئەستۆی سیستمی پاتریارکییە.
من: پیاوی ئێمە “واتە پیاوی رۆژھەڵاتی- الشرقی” ھەمان سەگەکەی پاڤلۆلە، کاتێک گوێی لە سەدای ژن یان دەنگی ھەستی دەبێت خێرا لیکێکی سێکسیی بە شەویلگەیدا دێتە خوارەوە. ژنی ئێمەش پیاوان لە شێوەی مافیاکانی فرانک کۆستێلۆ دەبینن کە بێ ویژدانانە جوانیان دەکرۆژن و جەستەیان تاڵان دەکەن و چێژیان لێ دەدزن.
خۆم: کەواتە ژن و پیاو مەحکومن بە خۆشەویستی یەکتر. پێویستە ئامادە بن لەگەڵ یەک وەک توخمی جودا بەرەو یەک چارەنووس بڕۆن. ئارتەر رامبۆ لە دێڕە شیعرێکدا دەڵێت: پێویستە سەرلەنوێ خۆشەویستی دابھێنینەوە. لەو دنیای بێ رەنگەی خۆشەویستی تێدا نەماوە، وەرە با ئێمە پێکەوە مەشخەڵی خۆشەویستی ھەڵبگرین.
من: ئالان بادیۆ وای دەبینێت خۆشەویستی دووبارە داھێنانەوەی ژیانە. ھەموو رۆژێک لەگەڵ تۆ بە فۆرمی جیا جیا سەرقاڵی داھێنانەوەی ژیانم، مانای نوێ لەسەر جەستەی بە بەردبووی ژیان ھەڵدەکۆڵم. ماندوو نابم، پیر نابم، تەنانەت نامرم تاکو بە خۆشەویستییەوە خەریک بم، ئاخر مرۆڤ تاکو خۆشەویستی بکات نە پیر دەبێت، نە دەمرێت. ئەمێستا ھەموو بوونی خۆمم گرێداوەتەوە بە خۆشەویستییەوە، ھەروەک دێڕێک لە گۆرانییەکەی “جۆ داسین” دەڵێم “ئەگەر تۆ نەبووبایت، پێم بڵێ بۆچی من ھەبم؟”. ئێمە دەبێت پێکەوە ژیان دابھێنینەوە.
خۆم: لەگەڵ ئەوەشدا ھیچ شتێک لەسەروو خۆشەویستییەوە نابینم، بەڵام ھێشتا لە گرێدانی خۆشەویستی و سێکس پێکەوە دەسڵەمێمەوە!!، پێموایە سێکس خۆشەویستی ناپارێزێت و نایگرێتە خۆی بەڵکو خاڵی کۆتایی بۆ دادەنێت.
من: ئەمە ھەمان ئەو روانگەیەیە “ژاک لاکان” پێداگریی لەسەر دەکات، ئەویش پێیوایە خۆشەویستی و سێکس دوو پێدراوی دژ بە یەکترن، بەڵام دروست پێچەوانەکەی راستە، ئەگەرنا لەم کاتەدا خودی خۆشەویستی دەبێتە رەوشێکی سۆفیگەرانەی رووت!. خۆشەویستی نێوان ژن و پیاو، سێکس واتاداری دەکات، چون سێکس تەنیا پرۆسەی منداڵ خستنەوە نییە، یان ھەمان ئەو کردەیە نییە ئاژەڵەکان ممارەسەی دەکەن.
خۆم: خۆشەویستی زۆر جار سەرچاوەی گریانە، جەنگێکە لە ناوخودی خۆماندا، ھیچ کات ئاسایش و جێگیریی لە خۆ ناگرێت، بەڵکو لە ئاکامدا بەختەوەرییەکی سەیری تێدایە کە تەنیا ئەوانەی خۆشەویستی دەکەن چێژ لەو بەختیارییە تاڵە وەردەگرن!!. دەشێت بڵێم بەختەوەریی خۆشەویستی لەوەدایە کەسێتییەکی مازۆخیمان بۆ دروست دەکات. ھەموو عەزابەکانی نێو خۆشەویستی لە دواجاردا دەبنە یادەوەریی شیرینی تەمەن.
من: خۆشەویستی ئەو یاقووتەیە ھەموو کەس دەینێتە ژێر پێی، بەڵام من ھەمیشە لەسەر تەوقە سەرم دامناوە!. خۆشەویستی ئەو جوانییەشە زۆرینەی خەڵک لە توێی داستان و کتێبەکاندا پێشوازیی لێدەکەن، یان پێیان خۆشە وەک دیاردەیەکی سینەمایی بیبینن و نایانەوێت خۆیان بچنە ناو ئەو یارییە ئاگرینەوە، بەڵام من خۆم پاڵەوانی ئەو داستانەم و رووداوەکانی بە دەستی خۆم تۆمار دەکەم، بە خوێنی خۆیشم کتێبی ئەو گەمە ئاگرینە دەنووسمەوە.
خۆم: مرۆڤی ھاوچەرخ ھێندە سەرقاڵە بە رووکاری دەرەوەی ژیان، ھیچ کاتی نەماوە گوێ لە دەنگی ناوەوەی خۆی بگرێت. ھێندەش سەرقاڵە بە ژیانێکی میکانیکییەوە، کاتی نییە لەو خەونانە تێبگات ھەموو شەوێک دەیانبینێت.
من: بێگومان مرۆڤی زیندوو ھەمیشە ھۆکارێک بە ژیانەوە دەیبەستێتەوە، ئەویش توانای خەون بینینە! کارەسات ئەوەیە مرۆڤ خەونی نەمێنێت یان توانای خەونبینین لە دەستبدات، لەم چرکەساتەدا ژیان پووچترین کردەیە.
خۆم: بە پێی ئەفسانەکان خەون پڕۆژەیەکە بۆ ئایندە، بە مانایەکی تر ئەوە خەونە پێتدەڵێت ژیان چی لە ھەگبەدا بۆ ھەڵگرتوویت و دەبێت بە دوایدا بڕۆیت!!. تەنانەت ھەموو ئیپۆسەکانی خۆشەویستیش سەرەتا ھەر خەونێک بوون.
من: رەنگە پێت سەیر بێت بڵێم لە خەونی سەرەتای مندا ژنێک ھەبووە، تازە ناسیوومەتەوە!. خەون زمانێکی جیھانیی ھەیە و ھاوبەشە لەنێوان تێکڕای مرۆڤەکاندا. وەک ئەریک فرۆم باسی دەکات: زمانی خەونی مرۆڤی سەرەتایی، یان زمانی خەونەکەی فیرعەون کە لە کتێبی پیرۆزدا ھاتووە، یاخۆ زمانی خەونی کەسێکیش لە شتوتگارت یا نیۆیۆرک بێت ھەر یەک زمانن. زمانی خەونەکانی من شیعرن، لە دەرەوەی خەونیش ئەوەی بە خۆشەویستی ئەو ژنەوە دەمبەستێتەوە شیعرییەتی ئەو خەونانەیە ھەموو شەوێک دەیانبینم. فرۆم جەختیش لەسەر ئەوە دەکاتەوە ھیچ نوستنێک بێ خەون تێناپەڕێت. زیادەگۆیی نییە بڵێم ھەموو شەوێک خەونی پێوە دەبینم و بە زمانی شیعر دەیدوێنم.
خۆم: رەنگە ئەو ژنە لە دۆخێکی دۆشداماوییدا بڵێت بۆچی دەبێت ئەو کەسە بم لە خەونەکانی تۆدام؟ ئەم رێکەوتە زۆر سەیرە. ناڵێم جێگەی بڕوا نییە، بەڵکو جێگەی سەرسوڕمانە!!.
من: بۆ خۆشم حاڵەتێکی ناوازەیە. بڕوام نەدەکرد کەسێک لە دووری دوورەوە ھەموو شەوێک میوانی ناو خەونەکانم بێت، لەوە زیاتریش بەو خێراییە ببێتە بورکانی گڕگرتووی ناو مێشکم، ھەرچی بنووسم باسی ئەو بکات، بۆ ھەر کوێ بڕۆم لەگەڵمدا بێت، بیر لە ھەرچی بکەمەوە بەو دەستپێبکات و ھەر بە ئەویش کۆتایی بێت!!.
خۆم: زۆرجار زمان یان وتن وەڵامیان پێ نییە، تەنیا بێدەنگی وەڵامە پڕاوپڕەکەیە، نووکە ھەم شۆک و ھەم بێدەنگم لەبەرئەوەی نازانم چی بڵێم. کاتێک بەر ھەندێک راستی لەیادکراو و نەبینراو دەکەوین دەکەوینە دۆخی لاڵبوونەوە.
من: ھەموو کات بیستنی ھەقیقەت تووشی شۆکمان دەکات، لە سۆنگەی ئەوەی راستیی ئەوە نییە بە چاو دەیبینین، بەڵکو مێشک دەیناسێتەوە. تێدەگەم بە چیدا تێدەپەڕیت، لەگەڵ ئەمەشدا دووبارەی دەکەمەوە خەونی سەرەتام دواندنی ژنێک بوو بە زمانی شیعر، ھەنووکە ئەو ژنە لە بەردەممدا وەستاوە و پڕ بە چاوەکانم نیگای دەکەم!.
خۆم: سەیرە! زۆر سەیرە!!. ئەمە رووداوێکی سەیری ژیانمە، لە شێوەی سەرسوڕمان و ھەستم تێبگە.
من: خۆم پێشبینی ئەوەم دەکرد خۆم و خەونەکانم و قسەکانمی پێ سەیر بێت، ئەوەش جێی پرسیار بێت چۆن وا بە خێرایی بەرەو رووی چووم، بەڵام ئەمە بۆ من خەونێکی دێرینە و بۆ ئەویش رووداوێکی زۆر تازە!. ئەگەر لە دواکەوتنم بپرسێت، لە سەرەتاوە بەھۆی سیاسەتەوە خۆشەویستیم لە خۆمدا کوشت، ئێستا “سێبەری یۆنگ” بەسەرمدا زاڵ بووە و پێمدەڵێت ئەو دەمامک و خۆ بەھێزنیشاندانەت فڕێ بدە، خۆت بدە بە دەمی شەپۆلی خەونەکانتەوە کە رووەو یار دەتبات!. لە ئێستادا دڵخۆشم بەوەی خەونێکی مەزن و پێنووسێکم ھەیە، لە کاتێکدا زۆرینەی خەڵک ھیچی تریان نییە جگە لە گەدەیەکی گەورە و گیرفانێکی قووڵ.
خۆم: تۆ دەزانیت من ترسنۆکم بەرامبەر خۆشەویستی؟، تووشی نەخۆشی فیلۆفۆبیا بووم.
من: خۆشەویستی چالاکییەکی مرۆڤانەیە بەو پێیەی خۆشەویستی بەو تانوپۆوە تایبەتە بە مرۆڤ، بۆیە ئاساییە ترس و راڕایش لە ئارادا ھەبێت. منیش تاکو ئەمڕۆ بەشێوەیەکی نارسیستیانە خۆشەویستیم کردووە!. ھەموو دەزانین لە میتۆلۆجی یۆنانیدا نارسیسۆس ئەو گەنجەیە لە ئاوێکدا وێنەی خۆی دەبینێت و ئاشقی خۆی دەبێت. میلان کلاین پێیوایە نارسیسۆس کاتێک سەیری ئاوەکەی کردووە پێیوابووە سەیری جیھانی دەرەوە دەکات، لە راستیشدا خەیاڵی لای ئەو خۆشەویستە بووە ناسنامەکەی لە خۆیدا دۆزیوەتەوە. بۆیە ھەمیشە وێنای ئەوم لە خودی خۆدا دۆزیوەتەوە.
خۆم: ناسینەوەی بۆ وا دواکەوت؟ چۆن و بە چیدا دەزانیت ئەو ژنەی ناو خەونەکانت ئەوە و یەکێکی تر نییە؟.
من: کات مەسەلەیەک نییە، گرنگ ئەوەیە ناسیمەوە و لەناو حەشاماتێک ژندا جیام کردەوە، لە مێژە دەستم بە گەڕان کردووە بە دوایدا، لە زۆر شوێن ھاوشێوەی ژنی ناو خەونەکەم بەرچاو کەوتووە، لەسەر رێگام زۆر ژنی تر ویستویانە خۆیان بەو ژنە بناسێنن، بەڵام وەک رووبارێک لە رۆشتن بە دوایدا نەوەستاوم، ئەمێستا ئەو رووبارەی چەندان ساڵە بەرەو باوەشی دەریای ئەو بەڕێوە بوو، ھێمن ھێمن رژاوەتە ناوییەوە، خۆی لەناویدا ون کردووە، تەنانەت وازی لە سروشت و ناوی خۆی ھێناوە. دەستی لە ھەموو شتێک ھەڵگرتووە، تەنیا شوێن دۆزینەوەی ئەو خەونەی کەوتووە.
خۆم: ھیچم نییە بۆ وتن، جگە لە واق وڕمان بە دیار وشەکانتەوە. ئاخر دەکرێت لەم حاڵەدا چیم ھەبێت بۆ وتن؟.
من: منیش وا ھەست دەکەم خەون لەناو خەوندا دەبینم. تۆ دیقەت بدە ھەموو توێژینەوە زانستییەکانی فرۆید لە بارەی سێکسەوەیە، کەچی خۆی کەسایەتییەکی شەرمنی ھەبووە، بە راددەیەک نەیتوانیوە ھەستی تایبەتی خۆی بۆ ئەو ژنە دەرببڕێت جێگەی سەرسامی بووە. منیش لێ تێمای سەرەکی نووسینەکانم ژنە، بەڵام ھەمیشە شەرمێکم ھەیە لە ژن، وا خەریکم لەگەڵ ئەودا بەسەر ئەو شەرمەدا زاڵ ببم، ھەوڵدەدەم جڵەوی خۆم شل بکەم، تا دڵم بە دەنگی بەرز قسەی بۆ بکات. دەمەوێت سەرنجی لەسەر زارم لاببەم کاتێک بۆی دەدوێم، بەڵکو خوازیارم ھەست بە ترپەکانی دڵم بکات، چەندە خێرا لێدەدەن، چەند دەنگی لێدانیشیان بەرزە.
خۆم: شتێک ھەیە لە تۆدا ھەرچەند دەکەم بۆم راڤە ناکرێت، تەنیا ئەوەندە دەزانم ھێزی کێشکردنت زۆر ھەراشە. ئەوەتا سێوی دڵی ئەو ژنە کاتێک لە داری بێزاریی بووەوە، لە بری بەرزبوونەوە بەرەو ئاسمانی غەمگینی، بەربووەوە ناو کۆشکی ئارامیی تۆوە. ھەروەک جارێک ئەو ژنە پێی وتبوویت: بەدەر لەم فاکتە کە لەسەر خۆم دەیزانم، دەمەوێت گوێم لە دەنگی ھەستت بێت سەبارەت بە من!.
من: سەرەتا ژن وەک پارچەیەک لە جوانی دەبینم، کەچی ئەو لەسەرو ئەو جوانییەوەیە، ئەم ھەستەی خۆمم پێ ئەنالیز ناکرێت. پێشتر بە ھەندێک شتم وتووە جوان کە زۆر لە خوار جوانی ئەوەوە بوون، ھەنووکە ناکرێت بە ئەم و ئەو شتانە وەک یەک و بە یەک ریتم بڵێم جوان، ئەو میتا جوانییە. ھەندێک شتی بچووک ھەبوون خۆشمویستوون، ئێستا ئەو بەو ھەموو خۆشەویستییەوە لە وجودمدا ھەیە، ناکرێت بە ھەمان ئەندازەی ئەو شتە بچووکانە خۆشم بوێ، پێویستی بە میتا خۆشەویستییە. دەبێت شێوازێکی باڵا لە خۆشەویستی دابھێنم تاکو بتوانم پێی بڵێم بەو فۆرمە تایبەت و بێ وێنەیە خۆشم دەوێیت. ئەو لەسەروو جوانییەوەیە، منیش دەبێت لەسەروو خۆشەویستییەوە خۆشم بوێت.
خۆم: کەواتە بۆ ئەو ھەستە بژی بەرامبەر بەئەو ھەتە، بۆ بەردەوامی ئەم خۆشەویستییە مەمرە. لەبەرئەوەی لە چەندین وێستگەدا دەتبینم بەرامبەر مەرگ لاوازیت، دەبێت نەمریت تاکو حکایەتێکی گەورەی خۆشەویستی دەنووسیتەوە.
من: ئەوە ئارەزووی منیشە. جیا لەمەش ژیان کەی ھێندە خۆشە بۆی بپاڕێمەوە و مەرگیش کوا ھێندە سامناکە لێی بتۆقم؟، لەگەڵ ئەمەشدا بۆ خۆشەویستی و بە خۆشەویستی دەژیم. بیرت نەچێت زۆر ناخۆشی تر ماوە بیبینم کە لە مردن تاڵترن، بۆیە مەرگ ئەوەندە میھرەبان نییە وەھا زوو ببێتە میوانم، لەگەڵ ئەوەشدا ژیان بەو تفتییەی خۆیەوە بە قەندی خۆشەویستی شیرین دەکەم.

٢٢-١١-٢٠١٨
کاتژمێر: دە و چارەکی بەیانی
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس
ئەڵمانیا – بیلەفێڵد




بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگا لەڕووی سایکۆلۆژیی و پەروردەییەوە.. نووسین:ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤایی)

پێشكەوتن پێویستە لە ڕووی سایكۆلۆژی و فیكری و سۆسیۆلۆژی و زانستیدا بەرپا بكرێت. یەكەمین ھەنگاویش سیستەمی پەروەردەیە. جارێ دەبێ لە باخچەی ساوایانەوە ئەو دیوارەی نێوان كچ و كوڕ بشكێنرێت، بەداخەوە كە ئەمە واقیعە. چ كچ چ كوڕ تا گرێی سێكسیی لە دەرووندابێت شەڕخواز و تووڕە و هەڵچوو و ناجێگیردەبێ، لەبەر بیركردنەوە لە بوارە سێكسییەكان بواری بیركردنەوە لە بابەتی تری نامێنێتن، وە نێر و مێ تەنھا پێكەوە دەتوانن كۆمەڵگا ھاوسەنگ بكەن.

لێرەدا مەرج نیە ئەم قسانەم واتای ئەوە بێ كچ و كوڕ بە ڕەھایی ئازادبن لە ئەنجامدانی سێكس کە ئەم پرسە پەیوەندی بەم بابەتەوە نییە. چونکە زۆرکات کە پرسی ئازادی و بەرەوپێشچوون یاخود هەر پرسێکی تری پەیوەندیدار و نزیک لەم پرسەوە بۆ هەر ڕەگەزێك دەوروژێنێیت، بەشكێك لە تاکەکانی باشووری کوردستان بە ڕەگەزی نێر و مێیەوە و(ڕەگەزی تر). پێیان وایە کە بریتیە لە بەڕەڵایی و بێ ئەخڵاقی و گوزارەشتە نالۆژییکەکانی تر کە بەم جۆرە لێکدانەوەی بۆ دەکەن.

بەڵام خودی پێكەوەبوونی كچ و كوڕ تەنانەت لە چوارچێوەی ھاوڕێیەتیش بەشێكی گەورە لەو بۆشاییە بایەلۆجی و دەروونیە پڕدەکاتەوە کە پێویستی تاکن. تاك بە سەرکوتکردن لە ئاستێکی بەرزدا نامۆدەبێتن بەخۆی، هەر لەبەر ئەم پرسەیە بە خستنە نێو چواردیوارەوە دۆخێکی پەنگخواردوی تاکەکە دروست دەبێتن کەدواتر قەرەبووی ئەم دۆخە دەکاتەوە لە سۆشییەڵ میدیاکان یاخود ڕێکارەکانی تر بەکاردەهێنیت بۆ دەستەبەرکردنی ئەو ویستە…تاد. تەواوی ئەو بابەتە دەچێتە خانەی ئاسایشی دەروونی، ھەر لەو چوارچێوەیەدا، كێشەی ژیانی ناو خێزانی کوردیش لەباشووری کوردستان دێتە گۆڕێ.

ھەر نەتەوەیەك خاوەنی كلتوورێكی خێزانی سەرتاسەریە. بۆ نموونە لەم سەردەمە ھەرگیز خێزانێكی فەڕەنسی نابینی كە كچەكەیان سەرزەنشت بكەن لەسەر چاتكردن لەگەڵ كوڕێك، ئەمە لە کۆی گشتی خێزانە فەڕەنسیەکان ھەمان شتە. یان دەگمەنە خێزانێكی فارس تەنھا یەكشەممان نانی ئێوارە پێكەوە بخۆن، واتە ئەو نەتەوەیە خاوەنی كلتوورێكی سەرتاسەرییە.
بەڵام كام كلتوور لە كوردستان زۆرینەیە؟ تەنانەت لە خێزانێكدا ئەندامەكان خاوەنی كلتووری جیاوازن(وردە کلتوور)، ئەمەش ئاسایشی نێو خێزان و ئاسایشی دەروونیی تاكە كەسیش تێك دەدات. ئاوا بەمجۆرە وردە کلتور ئاستەنگە لەبەردەم بەرەوپێشچوونی زانست و فیكر و ڕۆشنگەری و پرسی گونجان. پێویستە لەڕێی خێزان و قوتابخانەكانەوە كلتورێكی یەكانگیر و تەندرووست و مرۆڤدۆستی فێری تاکەکان بکرێت.

ھەر لەناو خێزاندا، بابەتێكی دیكەی گرنگ پەروەردەیە.
ئایا دایك و باوكەكان تا چەند توانیویانە لە ڕێی گرنگیدان بە وردترین شتەكانی منداڵەكانیان، منداڵەکانیان بەرەو گونجاوترین و تەندروسترین ڕێگای سەردەم و میتۆدە زانستیەکانی پەروەردە مناڵەکانیان ئاراستە بكەن و پەروەردەبکەن؟ ئایا زانیوتە كە ڕەنگی جل، چۆنییەتیی داھێنانی قژ و شەوشادی و بەیانی باش دەتوانن بە درێژایی تەمەن كاریگەریی گەورە لەسەر دەروون و بیری منداڵەكەت درووست بكەن؟ پێویستە پێش منداڵبوون دایك و باوكان بخرێنە كۆرسی سایكۆلۆژی و سۆسیۆلۆژییەوە. بۆ ئەوەی هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسانە بکەن، تاکو بتوانن هۆشیارانە مناڵ بەخێوبکەن و پەروردەی بکەن، سەرئەنجام کۆمەڵگایەکی تەندروست.

ئەمانە کۆمەڵێك پرسی سادەن کەباسمکردون سەبارەت بە درووستكردنی كۆمەڵگایەكی تەندرووست و دەروون درووست و ھێمن، كۆمەڵگا هیچ کات یەك ھەنگاو لەڕووی زانستی و فیكری ناچێتە پێش كە تاكەكانی ھەڵچوو و توڕە و ڕووخاو و داخ لەدڵ بن بەرامبەر بەخۆیان و دەرووبەریان. لەکۆتایدا دەمەوێت بە یەك دێر کۆتایی بەم بابەتەم بهێنم ئەویش ئەوەیە: تاکو ئاستی هۆشیاریی تاكەکان لەنێو کۆمەڵگا بەرزتربێتەوە، تاکەکان دەتوانن شکۆمەندانەتر بژین…!

نووسین:ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤایی)




2 قەسیدەی ڕامبۆ.. له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: نه‌ژاد عزیز سومێ

(1)
كۆمیدیایه‌ك له‌ سێ ماچدا

لەوەی دایدەپۆشێ‌ داماڵڕابوو
درەختی گەورەی خۆتێهەڵقورتێنیش
لەوێ‌ بوون ،
بە گەڵاكانیان
مینای پەنجەرەیان
لە نزیكەوە … نزیك ،
بە مەكرۆییەوە دەكوتا .

لەسەر كورسییەكی گەورە دانیشت
دەستی تێكئاڵاندبوون
نیوە ڕووت ..

لەسەر زەوی ژوورەكەدا
ئازاد دەلەرێنەوە ..
مەبەستم
لە پێیە جوانە ناوازە ، ناوازەكانییەتی ..

زەینم دایێ
ڕەنگیشم ڕەنگی مۆم بوو ..
تیشكێكی ورشەدار ، دێ و ده‌چێ و
لە خەندەیدا دەشەكێتەوە ..
گوڵەمێشێكیش لەسەری مەمكی ..

هەردوو قاچە نەرمەكانیم
ماچ كردن ..
پێـكەنی ..
له‌مه‌كرۆیی پێكەنینی هەڵوەریویدا ،
بوو بە بلووری جریوە و كریستاڵان ..
پێیەكانی لە ژێر كراسێكی ڕووبەدەردا
دەستووریان دا :
دەكرێ‌ تەواوی كەی ؟
یەكەم لایلایە ئەو دەستی پێـكرد
پێكەنینە هەڕەشاوییەكه‌ی
بە سزایەكی زۆرەوە ..

چاوەكانیم
بە سۆزەوە ماچ كردن ،
كە بە لەرۆزكی
لەژێر لێوی مندا
ئارامیان گرتبوو ..
سەرێكم بەرەو دواوە پاڵدا
هەست بە شەكەت بوون دەكا
ئای … ئەمە باشترە !

(( ڕێگەی تەنیا هەندێ‌ وشەم دەدەی ؟ ))
هاتم ماچەكانی ترم ،
بەسەری مەمكانەوە نووساند
وام لێ كرد
ماچەكە زۆر ئارەزوومەندانە پێبكەنێ‌
كە …
لەوەی دادیدەپۆشی داماڵڕابوو
درەختی گەورەی خۆتێهەڵقورتێنیش
لەوێ‌ بوون
بە گەڵاكانیان
مینای پەنجەرەیان
لە نزیكەوە .. نزیك
بە مەكرۆییەوە دەكوتا .

(2)
بۆ نووستوی دۆڵێ

كە ڕامبۆ ئەم قەسیدەیەی لە 1870 دا لە ( برۆگرێد ) بڵاوكردەوە ناونیشانێكی دیكه‌ی پێدا ، ئەم سۆناتایە ، وێنەیەكی كاریكاتێرییە بۆ شەڕ كە لەو ساڵەدا (1870) لە گۆڕێ‌ بوو .. لەگەڵ تێبینی ئەوەی دیارە كە ئەو سەربازە نەنووستووە ، كوژراوە .
ئەو بەرابەریەش لە نێوان سرووشتی جوان و میهرەبان و كارەساتەكانی شەڕ دەبینرێ‌ ، هەروەها لە نێوان پەڵەی سەوز و پەڵەی خوێن .

مەزرایەكی سەوزە ،
ڕووبارێك
گۆرانی تێدا دەچڕێ ‌ ..
شێتانە
لێشاوی ئاوی سازگاری زیوین
بەسەر گیادا بڵاو دەكاتەوە ..

كه‌ خۆر ،
لە شاخە بەرزەكانەوە دەدرەوشێتەوە
ئەوەتا دۆڵێكی بچووك
بە پڕشنگان شەپۆل دەدا ..

سەربازێكی گەنج هه‌یه‌
– دەمی كراوەتەوە –
سەر ڕووت
ملی لە ژێر
هۆ ئەو شیناییە تازەیە دایە ..
لەناو گیادا ،
لەو سارایەدا ،
ڕەنگپەڕیو
لە پێخەفی سەوزیدا
كە ڕوناهی لێ‌ دەگری .
درێژ بووە دەنوێ ‌ ..
پێی لە ژێر سەوزایدان
خه‌نده‌دار
وەك بزەی مناڵێكی نەخۆش دەنوێ‌
نا ئەو ،
لە سەرخەوشكاندنێكی سادەدایە
ئەی سرووشت !
بە گەرمی ڕایژەنە !
سەرمایەتی
ئەو بۆن و بەرامەیە
كار لە لووتی ناكەن
ئەوەتا لەژێر خۆردا دەنوێ‌ و
دەستی ئارام لەسەر سنگییەتی
دوو كونی سووریش لەكه‌له‌كه‌ی ڕاستی ..

————————————–

(*) ئارسەر ڕامبۆ : شاعیری بەناوبانگ و جێی سەرنجی مێژووی نوێی شیعری فەڕەنسی و جیهانی ( جین نیكۆلاس ئارسەر ڕامبۆ) ، نۆڤمبەری 1845 لەدایك بووە .
گرینگترین و سەرنجڕاكێشترین كاری نووسیبێ‌ لە تەمەنێكی لاوی سنووردار بووە ، فیكتۆر هۆگۆ بە (منداڵیی شەكسپیر)ی چوواندوه‌ لە بیست و یەك ساڵیدا وازی لە شیعر نووسین هێناوە .

(*) بۆ دەقە شيعرەكان بڕوانە سایتی ئەلنور..




ئەم و ئەو و ئەوان.. شیعری نەوزاد بەندی

ئەم ئەیویست ئەوانی له کیس نەچێ
هەرچییەکیان بکردایە ، ئەیووت چاکتان کرد
ئەو ئەیویست ئەوانی لە کیس نەچێ
هەرچییەکیان بکردایە ، ئەیووت چاکتان نەکرد .

ئەم هەتا ئەوانی لە دەست نەچێ ،
بەردەوام سەردانی ئەکردن
ئەو هەتا ئەوانی لە دەست نەچێ ،
بە دەگمەن پەنای بۆ ئەبردن

ئەم بۆئەوەی ئەوان بەجێی نەهێڵن ،
لە گەڵیانا بەڵێننامەی ئاشتی ئیمزا کرد
ئەو بۆ ئەوەی ئەوان بەجێی نەهێڵن
لە گەڵیانا کۆمەڵێ شەڕی بەرپا کرد

ئەم چاوی دائەخست و
ئەوانی لە خەیاڵدانیا ئەبینی
ئەو چاوی ئەکردەوە و
ئەوانی لە ئازارەکانیا ئەبینی

ئەم ماڵەکەی پڕ کرد لە دۆعا و نزا
لە پێناوی تەندروستیی ئەوان
ئەو ماڵەکەی پڕ کرد لە هەوڵ و بەرخۆدان
لە پێناوی بەهێزکردنی ئەوان

سوودی نەبوو ..
چونکە ئەوان ڕۆیشتن
ئەم و ئەویشیان بە جێهێشت ..

نەوزاد بەندی

———————–

لێکدانەوەی ووشەکان :
ئەم = دایک
ئەو = باوک
ئەوان = مناڵەکان




ڕێۆرەسمی ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە لە شاری تۆرۆنتۆ

بانگەوازی گشتی
بەخێر بین بۆ ڕێۆرەسمی ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە،کە ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی مانگی ژۆئن ٢٠٢٣ لە Morningside Park بەڕێوە دەچیت.
کات: ١٢ی نیوەڕوو تا ٧ی ئیوارە.
هاتن بۆ هەموانە
بژی هیزی پێشمەرگەی کۆمەڵە
مەرگ و نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی

فراخوان عمومی
مراسم روز پیشمرگ کومەله در شهر تورنتو
روز یکشنبه ١٨ ماه ژوئن ٢٠٢٣ از ساعت ١٢ ظهر تا ٧ غروب در پارک Morningside Parkبرگزار میگردد.
ورود برای عموم آزاد میباشد.
زنده باد پیشمرگ کومەله
مرگ برجمهوری اسلامی
زنده باد آزادی برابری




ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟.. بەشی یەکەم.. ئازاد حەمە

بەشی یەکەم

پێشەکی: ڕاچڵەکان و سەمەرەیی لە وروژاندنی ئەم جۆرە پرسیارانەدا

بۆ ئێمە ئەم پرسیارە، ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟، کە مۆرێکە بە ناوچەوانی روناکبیریمانەوە و هەڵهاتنلێی ئەستەمە، دەمێکە ساتەوەختی کردنی هاتووە و بالێشیگەڕێین پرسیارەکە خۆی بە شۆڕەسواری گشت پرسیارە هزرییەکانمان بزانێت.
لە گۆشەنیگای ئەوەی لای سەرەوە خرایەڕوو، سەرەتا دەخوازین ئەوە بڵێین، کە وروژاندنی پرسیاری ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ بوێریدەوێت و توخمی پرسیارەکەش تابڵێیت دڵتەزێنە، قەبە و زەبەلاحە و تەنها بە ئێمە بچوکناکرێتەوە. دڵنیاشین لەڕێگای ئەم پرسیارەوە شاندەدەینەبەر گفتوگۆیەکی هێجگار تاقەتپڕوکێن و ناشکرێت ڕووکەشانە لەسەر ئەم پرسیارە کاربکەین و، وەڵامی سۆزاوی، کە بێ بەرهەمە، بۆدابینبکەین. .
لە پرسیارەکەدا کۆڵینکاریی بوونی هەیە. ئەمەش دەمانگەیەنێتە شوێنێک، کە زێدی سەرەکیی فەلسەفە لە وتاری ڕوناکبیرییماندا بەرباسدەخات. هەروەها لەمیانەی ئەم پرسیارەوە شتگەلێک دێنەپێشەوە، کە شایانی ڕاڤەی وورد و تێڕامانی فرەجەمسەرن. ئیدی لە دەرگای ئەم پرسیارەوە دەچینە ژوورەوە بۆناو جیهانی بیرمەندیی و نا بیرمەندییمان، کە دواتر تووڵەڕێیەکانی پرسیارەکە بەرەو شوێن و هەقایەتی دیمان دەبەن.
هەوێنی پرسیاری ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟چییە؟ هەوێنەکە ئەوە نییە، کە فەلسەفەمان هەیە؟ یان ئەوەی، کە مێژوویەکمان لە هزر یاخود بیرکردنەوە فەلسەفیی هەیە؟ روونتر بدوێین، ئەوە دەڵێین، کە ئەم پرسیارە کێشەدارە و جەمسەری زۆریشی لێدەبێتەوە. لەوانە فەلسەفەمان هەیە؟ ئێمە سەر بە چ ئاقارێکی یان قوتابخانەیەکی فەلسەفیین؟ پێگەی ئێمە لە فەلسەفەی جیهاندا چییە؟
ئەوەی جێی سەرنجە لەم پرسیارەدا ئەوەیە، کە خۆی بە پرسیارێکی بنەڕەتی The basic question دەزانێت. پرسیاری بنەڕەتی چ جۆرە پرسیارێکە؟پرسیاری بنەڕەتی ئەو جۆرە پرسیارەیە، کە پرسیارێکی ،سەرەکیی لەخۆیدا حەشاردەدات، لە پرسیارەکەشەوە بۆ وەڵامەکەی بە شتێکی بنەڕەتیدا تێدەپەڕێت، کە ڕێشەییە. ئەوەی بیەوێت دەتوانێت لە میانەی ئەم پرسیارە بنەڕەتییەوە جێپەنجەی خۆی لە مێژوویەکدا بەجێبهێڵێت، کە مێژووی هزرە.
هەروەها پرسیارەکە تیۆریزەکردنە سەبارەت بە سەرمایەی هزری کولتوورێک، شارستانییەک. بەهۆی هەر ئەم پرسیارەوە بە پاشخانی فەلسەفیی خۆمان ئاشنادەبین؛ لە کرۆکی پرسیارەکەدا وەڵامگەلێک خۆیان پەنهانکردووە، کە داوامانلێدەکەن میراتی فەلسەفیی خۆمان بدۆزینەوە.
کۆتا گوزارەی ئەم پێشەکییە کورتە، ئەوەیە، کە ئەم بابەتە لەلایەک بە ئامانجی پێشخستنی ژیانی هزریمان و گفتوگۆکردنی ئەو ژیانە نوسراوە. لەلایەکی تر ئەم پرسیارەی بەندە ڕوناکییەکە، کە لە مەشخەڵانەکانی مێژووی ئێمەوە دەدرەوشێتەوە. داوادەکەم لە خوێنەرانی ئەم بابەتە لێگەڕێن ئەم ڕوناکییە پتر بدرەوشێتەوە و نەکەن فوی ڕقیلێنەکەن و بیکوژێننەوە.

پرسیارەکە لەڕیشەدا تایبەتە بە مێژووی هزرییمان

ڕەنگە هەندێک وەڵامی پرسیارەکە بە بەڵێ بدەنەوە و بڵێین ئەی چۆن فەیلەسوفمان نییە! ئەی نالی، ئاپۆ، مەحوی، سەید کامیل ئیمامی، خانی،حاجی قادری کۆیی، مەلا عەبدولکەریمی مودەریس، هەژار، مەسعود محەمەد و ….. ! ئەڵبەتە ئەم جۆرە بەڵێیە بەڵێیەکە پێداگرییە لە دڵنیایی و لە داکۆکیکردن و هیچیتر.
لەگەڵ کاتیشدا ئەوەی لەو پێداگرییەدا بەدیدەکەین زۆر وتن و درێژدادڕییە لەسەر شتێک، هێشتا ناڕوون و تاریکە. لەبەرئەوە پێویستمان بەوەیە بە تێڕوانینێکی هەمەلایەنەوە تەماشای ڕەهەندە هزرییەکانی ئەم پرسیارە بکەین. ئەگەر وانەکەین دەکەوینە ناو سەرلێشێواوی مێتۆدیی و سەرئەنجام دەکەوینە هەڵەشەوە. ئەمەش دژی بنەماکانی پرۆسەی چاکسازیی هزرییە، کە پێویستە کاری لەسەربکەین، تا وتاری هزرییمان بناسیینەوە.
ڕوانینە ئەم پرسیارە لە گۆشە نیگایەکی فەلسەفیەوە بەرەو زۆر شوێنمان دەبات. سروشتی پرسیارەکە بەو جۆرەیە، کە ناحەزە، لێ پرسیاریشە سەبارەت بە کەڵەکەبوونی مێژوویی هزریمان. پرسیارەکە پرسگەلێک و وەڵامگەلێک دەوروژێنێت بەئاسانی بەریانلێناگیرێت. هەر لەبەرئەوە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە درێغیناکەین لە دروستکردنی وەڵام. ئەگەرچی پرسیارەکە بۆ هەندێک ڕەنگە پێکهاتەیەکی زمانەوانی ناسادەی هەبێت، بەڵام پرسیارەکە تابڵێیت دەمبەگازندە و گوماناوییە.
ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ لەم بارەیەوە زۆر شت هەیە بۆ وتن، ڕەنگە هەندێک وەڵامی بەڵێ بدەنەوە، هەر ڕەنگیشە زۆرێک بڵێن نەخێر. بۆ ئێمە ژمارەی بەڵێ یان نەخێربێژەکان مەبەست نییە. ئەوە مەبەستە لەسەر بناغەیەکی شیکاریی ئەوەیان وتووبێت. چونکە پرسیاری ناوبراو، کە فەلسەفییە پرسیارێکی کولتووری و مێژووییشە. بۆیە پرسیارەکە چەندین وەڵامی سەیری لێدەبێتەوە. لایەنێکی ئەم پرسیارە کێشە هەڵپەسێردراوە هزرریەکانمانیش لەخۆدەگرێت؛ ئەو شتانە لەخۆدا حەشاردەدات، کە ناخوازرێت بوترێت و گفتوگۆبکرێت.
پرسیاری ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ بەتەنها پرسیاری من نییە، پرسیاری هەموانە. پرسیارێکە لێوانلێوە لە ماف. ویست بۆ ئەم پرسیارەش ویستە بۆ دادوەریکردن بەسەر میراتی فەلسەفییمانەوە. ئەم پرسیارە ئەو پرسیارەش دروستدەکات، کە ناویددەنێین پرسیاری دایک: ئایا ئێمە فەلسەفەمان هەیە؟ ئەم پرسیارەش داوای دوو پێناسەمان لێدەکات: پێناسەی فەلسەفە چییە؟ و پێناسەی فەیلەسوف کێیە؟ کە لەدرێژەی نووسینەکەدا ئاوڕیلێدەدەینەوە.

وەڵامی ژەنگاوی بۆ ئەم پرسیارە نامناگەیێنێتە هیچ کوێ

گەر قوڵببینەوە لە پرسیارەکە دەکارین درکبەوەبکەین، کە قەیرانی هزریی ئێمە پێدەچێت بەشێکی گەورەی لە چۆنیەتی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەدا خۆی مەڵاسدابێت. گەر لەڕوی مێژووییەوە ئێمە لەناو فەلسەفە و بیرکردنەوەدا بووبێتین، ساناتر وەڵام بۆ ئەم پرسیارە پێکدێنین، ئەگەریش لە دەرەوەی فەلسەفە و بیرکردنەوە بووبێتین هەر دەبێت وێڵبین بەدوای وەڵامێکی شایان و پەسەند دا. بەس واقیعی ئێمە شتێکی تر دەڵێت. بۆیە پرسیارەکە، کە تامەزرۆی زۆرترین وەڵامە، لە دووتۆیی نووسینەکەدا لق و پۆپی تری لێدەبێتەوە.
زۆرێک، کە ئەم پرسیارەیان ڕووبەڕوودەبێتەوە نموونە لەسەر فەیلەسوفبوونی ئەحمەدی خانی، پیرەمێرد، هەژار، نالی، حاجی قادری کۆی، مەحوی، هێمن، مەسعود محەمەد، مەلا عەبدولکەریمی مودەریس دێننەوە. بەڵام ئایا ئەمانە فەیلەسوفن؟ گەر ئێمە پێمانوابێت فەیلەسوف نیین ئێمە غەدرمان لە میراتی هزریی خۆمان کردووە؟ ناهەقیمانکردووە، بەتایبەت، بەرامبەر ئەو بەشە لە میراتی هزرییمان، کە بە شیعر دەزانرێت؟
سەرباری ئەوە، ئێمە دەپرسین: ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ ئێمە ناپرسین ئایا نووسینی فەلسەفییمان هەیە؟ ئایا وەرگێری کتێبە فەلسەفییەکانمان هەیە؟ ئایا هۆزاننووسی بە سەلیقەمان هەیە؟ باشە گرنگیشە بزانین، ئەو جۆرە نووسینانەی دەچنە خانەی نووسینی ئایینی، زمانەوانی، میرات، یان نەتەوەییەوە نووسینی فەلسەفیین؟ نووسەرەکانی فەیلەسوفن؟ ئایا ئێمە فەیلەسوفێکی گەورەی وەک ئەریستۆ، دێکارت، لایپنێتز، ئیبن روشدمان هەیە؟
ڕەنگە بۆ زۆرێک پرسیاری ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ هێندە گرنگ و سەرەکیش نەبێت. بەڵام لەڕاستیدا ئەم پرسیارە زۆر بنچیینەیی و بنەڕەتییە. هەر لەبەر ئەو هۆکارە وەڵامی پرسیاری ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ ناشێت سۆزاوی بێت. وەڵامی سۆزاوی بەڵێ یان نەخێرێکی سەرپێی و ساکارە؛ وەڵامی سۆزاوی بێ بیرکردنەوەی قوڵدەوترێت و زۆریش خێرائاسا دەوترێت. هەروەها بۆ ئەوانەی وەڵامی خێرا بۆ پرسیارە سەرەکیەکەی نووسینەکەمان ئامادەدەکەن و بە بەڵێش وەڵامیدەدەنەوە لێیاندەپرسین: ئێوە لە شتێك قسەدەکەن زانینتان لەبارەیەوە هەیە؟
سەرباری ئەوە، ڕوونە، کە ئێمەی کورد نەهامەتی و بەدبەختییمان زۆر دیووە، چەند ئەمە کاریگەریی هەبووە لەسەر باشترکردنی بیرکردنەوەی هزرییمان و دەوڵەمەندکردنی هۆشی فەلسەفییمان پێویستە جێگای باس بێت. یان بەپێچەوانەوە نەهامەتی و بەدبەختییەکانمان بەشێکن لە هۆکارەکانی نەبوونمان بە بەشێک لە مێژووی هزریی مرۆڤایەتیی.
ئەوەی وتمان وادەکات لەم نووسینەدا بەدوای وەڵامیتردا بگەڕێین، جۆری تر لە وەڵام. ئەو وەڵامانەی بەئاسانی ڕێکەوتناکرێن. بۆ پرسیاری لەو جۆرە، کە داچڵەکاندنی مێژوویی و کولتووری لە ناخدا حەشارداوە تەنها بیرکردنەوەی قوڵ و وورد وەڵامدروستدەکات.

پرسیاری لەوجۆرە پرسیارێکی ماراوییە

پرسیاری ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ پرسیارێکە گازدەگرێت. پرسیاری لەوجۆرە پرسیارێکی ماراوییە؛ پرسیاری ماراویش پرسیارێکە مەحکومە بە پێوەدان. کردنی پرسیارەکە، بۆ هەموان، ئێشێک بەجێدێڵێت. باشە بۆ پرسیاری ناوبراو پرسیاریکی ماراوییە؟ لەبەرئەوەی پرسیارەکە دەمانخاتە حاڵەتی فڕکانفڕکانی کولتووری و مێژووییەوە. پاش پرسیارەکە لەڕووی هزرییەوە جێگا بەخۆمان ناگرین. لە مارپێوەدانیشدا جۆری ژەهرەکان جێگای باسە بۆ پزیشکانی فریاکەوتن، هاوکات چۆنێتی ئەنجامدانی فریاگوزاریی سەرەتاییش هەر بابەتی سەرنجخستنەسەرە بۆ مارپێوەدان.
پرسیاری ماراوی دەورماندەدات؛ بەدەورمانا خۆی دەکات بە پەرژین. پرسیاری وا مێژوومان لەتوپەت دەکات. پرسیارەکە سروشتی وایە، کە قەیرانی عەقڵی کوردی دەخوێنێتەوە و دادوەریشی بەسەرەوەدەکات. نەک هەر ئەوە، بگرە پرسیارەکە وامانلێدەکات، لە مێژووی فەلسەفە تێبگەین. لەوەش تێڕامێین لە کوێی ئەو مێژووەداین.
ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟دەبێت لەکاتی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە بە بەڵێ ئاگامان لەوەبێت، کە فەلسەفە میتۆدێکی سیستماتیک لەناویا کاردەکات. بۆیە ئەو کولتوور و نەتەوانەی وەڵامی پرسیارەکە بە بەڵێ دەددەنەوە پرسیار لەسەر دۆزی ئێستای فەلسەفەکەیان دەکەن.
پێویستە ئەوەش بزانین، کە هەر هەمان پرسیار گەر ڕوناکبیرێکی فەرەنسی یان عەرەب یاخود رووس بیکات دەبێت چ پێوەرێک بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکە بەکارببات؟ باشە ئەم ڕوناکبیرە نایەت بپرسێت: کێین بیرمەندە دیارەکانی ئێمە لە سەدە جۆراوجۆرەکاندا؟ گەر فەیلەسوفمان نییە، پێویستمان بەوە نییە بەدوای هۆکارە شارستانی و مێژوویەکاندا بگەڕێین؟ بەدڵنیاییەوە ئەو ڕوناکبیرە ئەوەش دەپرسێت، کێ لە ئێمە ناوی واڕۆشتووە کە، کار لەسەر مێژووی فەلسەفە دەکات؟
ئەی ڕوناکبیرێکی کورد؟ ڕوناکبیرێکی کورد، کە وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە پێویستی بەوەیە لە بازنەی زۆر تەسکی بیرکردنەوە ڕزگاری بێت تا بتوانێت بە ڕوونی وەڵامی پرسیارەکە بداتەوە. لەبەرئەوەی پەتا گەورەکەی دۆزی ڕوناکبیریی ئێمە لەوەدایە، کە ناحەزی خۆمانین، ئەمە وایکردووە لەگەڵ بیریاریدا عیلاقەمەندنەبین. بیرمەندی لە شتەکاندا ، بۆنموونە لە سیاسەتدا، لە هونەردا، نەبینینەوە.
پرسیاری ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ لەخودی خۆیدا پرسیارێکی سەرسامکەر و کرۆکدژوارە، بەرهەمهێنەرە، تەڕ و پڕجوڵەشە. شوێنپێی پرسیارەکە مەرج نییە لێرە بێت مارئاسا دەڕوات، دەخولێتەوە؛ دەکرێت لەوێ بێت؛ لە شوێنێکی زۆر دوور. واشمانلێدەکات توخنی زۆر شت بکەوین: خۆناسی، خۆخوێندنەوە، گەڕان بەدوای لەمەوبەر، وێڵبوون بەدوای ڕەچەڵەک و پێشتر. بەجدی پرسیاری لەم شێوەیە پرسیارێکی ماراوییە، بە مێژوو، کولتوورمانەوە دەدات.

چییەتی پرسیاری دیدگائامێز

بۆ ئەوەی ڕەهەند و ئاقاری هزریی پرسیاری ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟بەسەربکەینەوە، كە دەشێت دواتر فەلسەفەیەکی زۆری بەسەرەوە بکرێت، پێویستمان بە تێخوێندنەوەیەکی جۆراوجۆرە بۆ جیهانبینیی فەلسەفیی یان تیۆریی بیرمەندان و بەشێكی زۆر لە تێكستە فەلسەفییە ڕۆژئاواییەكان. لەوێندەرێ دەگەین بەو تەماشاکردنەی، کە پرسیاری لەم شێوەیە دادوەرییە بەسەر خودی کردەی هزرەڤانیی و بیرکردنەوەی نەتەوەیەک. بەمجۆرە بێت، ئەوەی جێی سەرنجە لێرەدا ئەوەیە کردنی ئەم جۆرە پرسیارانە، کە بنەڕەتیی و وروژێنەرن، دژوارییەکی زۆریان دێتەپێش.
پێشتریش هێمامان بۆکردووە، کە پرسیارە فەلسەفییە سامدارەکان، ئەوانەی بەناخی چییەتی شت دا شۆڕدەبنەوە جارێ لەناو ڕوناکبیرانی ئێمەدا سامیان بۆ دروستنەبووە و زەمینەیان بۆ کێشمەکێشی هزریی نەڕەخساندووە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی نیگەرانیی هزریی سەبارەت بە وتاری فەلسەفەی ڕۆژئاوا و بە چۆنێتیی مامەڵەكردنی ئەم وتارە لەگەڵ پرسیاری چیەتیی فەلسەفە لەناو هۆشیاریی ڕوناكبیریماندا دروستنەبووە.
ئەو كارە تیۆرییانەیش، كە سەدە پاش سەدە لە بواری فەلسەفەدا، لە کێڵگەی تیۆریدا، تایبەت بە چیەتیی فەلسەفە نوسراون و ڕەوتی هزریی پرسیاری هزر چییە؟ و دیدی شیكاریی و ڕەخنەیی توێژینەوەكانیان تایبەت بەو شتەی، كە پێیدەڵێن فەلسەفە، گۆڕیوە و ئاقاری هزریی پرسیاری هزر چییە؟ی لە شوێنی خۆی نەهێشتوەتەوە، بۆ ئێمە هەڵگری ئاماژەی گەورە نین.
بۆ ئەوەی تۆوی ئەو تێگەیشتنە لە هۆشیاریی ڕوناكبیریماندا بچێنن، كە چیەتیی ئەم پرسیارە فەلسەفییە پشكنینە لە ڕەچەڵەكی فەلسەفە لەناو ئێمە و لەو شتەی لە جۆری هزر بوونی هەیە، بەپێویستی دەزانین لەڕێگای پرسیاری لەو جۆرەی نووسینەکەمان پێخستووەتە سەرپشت کار لەسەر پرسیاری ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ بکەین. لەبەرئەوەی لەڕێگای چییەتی ئەم پرسیارەوە مێژووی کولتووریمان دەخەینەبەردەم بیركردنەوەی جیاوازەوە و ئەو سەغڵەتیی و لوغزانەش دەخەینەبەرباس، كە فەلسەفە لەناو ئێمە، لە ڕوناکبیرییماندا، لەم ڕووەوە دووچاریدەبێتەوە.
لێرەدا ئەوەش شایانی وتنە، کە زۆرێک لە خوێنەرانی فەلسەفیی و نافەلسەفیی ئەم جۆرە نووسینانە و زۆربەی نوسینە فەلسەفییەكانی تر، نە ئاستی زانینیان هاوشێوەیە و نە قووڵییەكی فەلسەفیی لە زانینیاندا هەیە. لێرەدا و تایبەت بەم لایەنە، بێ سڵەمینەوە هێما بۆ ئەو ڕاستییە دەكەین، کە ئەو جۆرە خوێنەرانەی بە زانینی فەلسەفیی ئاشنا نین، لەلایەکەوە فەلسەفەیان لەلا ئاڵۆز و دژوارە، لەلایەکی ترەوە لەلایان ناپێویستە. بۆیە مەراق و پەرۆشییە شیکارییەکانی ئەم جۆرە بابەتانە لە هەندێك شوێندا پێویستی بەوە دەبێت،زانینی پێشوەختی خوێنەر لەبەرچاوبگرێت. بۆیشە لە زۆر شوێن سادەتر و نەرمتر بابەتەکانمان وروژاندووە.
مەبەست ئێمە ئەو لایەنەمان بەهەند وەرگرتووە، كە ئێمە ئێستا لە جیهانێکدا دەژیین، بەچاوێكی گومانەوە تەماشای بەرپرسیارییەتی فەلسەفە دەکرێت، بگرە لە هەندێك كۆمەڵگەدا، ئێستایشی لەگەڵدا بێت، فەلسەفە دیاردەیەکی بێئیمانییە و گێرەشێوێنئاسا دەبینرێت و لە هەندێك کۆمەڵگەی نوێیشدا فەلسەفە پێویستناكات، یان لە سەرەمەرگدایە. تێگەیشتنەكان بۆ فەلسەفە لەو جۆرە كۆمەڵگانەدا، لە شارستانییە هاوچەرخەكاندا، گەیشتووەتە ئاستێك باس لەوە بكرێت تێكنۆلۆژیای نوێ جێی زانینی فەلسەفیی گرتووەتەوە؛ ئەو زانینە تێكنۆلۆژییە نوێیەیش ڕۆژانە بەجۆرێك نەشونمادەكات، کە هەندێك پێیانوەهایە، کە ناپێویستبوونی فەلسەفەی لە كۆمەڵگەی ئێستادا سەلماندووە.
لە دۆزێكی وەهادا لاوازبوونی بێسنوری كولتووری کتێبخوێندنەوە بەگشتیی و کتێبی فەلسەفیی_خوێندنەوە بەتایبەتیی، پووچیی ڕوناكبیریی دروستکردووە و فەلسەفەیشی خستووەتە دەرەوەی نێوەند و دامەزراوەكانی كۆمەڵگەوە؛ نێوەندی سیاسیی، ڕوناكبیریی، ڕاگەیاندن، ئەكادێمیی و پەروەردەیی و… هتد. ئەمەیش كۆمەڵگە و ساتەوەختی خۆمان بیردەخاتەوە، كە فەلسەفەكردن تێیدا تامی نییە و گەڕانیش بەدوای ڕۆشنگەریدا بێ سودە و ئەمەش وایکردووە، کە لێكەوتەكانی گەندەڵیی هزریی ئەم كۆمەڵگەیە وتارە ڕوناكبیرییەكەی داتەپێنێنێت، مەشقكردنی هزریی لە سەر دیاردە ڕەوشتیی، جوانكاریی و سیاسییەكانی نەکات بە بەشێکی سەرەکیی لە ئەرکی خۆی، بۆیە کەسانی ئەم جۆرە کۆمەڵگەیە نالۆژیکییانە وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەنەوە، کە تایتڵی نووسینەکەمان لەخۆدەگرێت..

کرۆکی وەڵامی پرسیاری لەم جۆرە

گفتوگۆکردن لەسەر پرسێکی لەم جۆرە بەتەنها کاری ئەم نووسینە نییە و بەتەنهاش کاری ئێمە نییە. هاوکات پرسیارە فەلسەفەییەکان پرسیاری تاکەکەسێک نیین، پرسیاری هەموانن. گشت پرسیارێکی فەلسەفیی وەڵامێکی هەیە جا ئەوە ڕەوشتیی بێت یان مێتافیزیکیی، سیاسیی بێت یان ئایینیی.
بۆ ئەوەی وەڵامێکی ناسۆزاوی و لۆژیکی بۆ پرسیاری نووسینەکەمان داڕێژین پێویستمان بەوەیە،خۆمان لە کۆت و بەندی سیاسی، نەتەوەیی و ئایینی بەدووربگرین و لە ڕێگەی گفتوگۆ و ئارگیومێنتەوە وەڵامبسازێنین.
وەڵامی پرسیاری ناوبراو پێویستی بە لێکۆڵینەوەی وردی ڕەخنەگرانەیە. بۆ؟ لەبەرئەوەی ئەم پرسیارە بمانەوێت و نەمانەوێت، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بۆ مرۆڤی ئێمە گرنگە. پرسیارەکە پێویستی بە وێنەیەکی گشتی و لۆژیکیشە لەسەر مێژووی هزرمان، ئەمەش بۆئەوەی بگەینە بەو جۆرە وەڵامانەی، کە بەڵگەئامێز و دروستن.
ئەم پرسیارە پێمامدەڵێت: فەلسەفە کارکردەی خودی مرۆڤە. شتێکی دەرەکی نییە و لەدەرەوەی دەسەڵاتی مرۆڤیش نییە. فەلسەفە هەیە چونکە مرۆڤ هەیە. مرۆڤ تاکە بوونەوەرە دەستی لە گەشە و کۆتایهێنانە بە فەلسەفە. فەلسەفە پێش مرۆڤ نەبووە و لەگەڵ نەمانی مرۆڤیش کۆتای دێت. تا مرۆڤ و بیرکردنەوەکانی هەبێت فەلسەفە بەردەوامە لە بوونی مرۆڤدا.
پرسیاری لەو جۆرەی نووسینەکەمان پێیتایبەت بووە، ئەوەمان فێردەکات،ئەوە مرۆڤە پرسیار دەکات، گورجیش بەدوای وەڵامەکەیدا وێڵدەبێت، بیردەکاتەوە و بیرکردنەوەکانیشی تۆماردەکات، هزری خۆی لێپێکدێنێت. ئەوە مرۆڤە دەپرسێت ئەم شتە چییە؟ئەو شتە بۆ وایە؟جیهان چییە؟دروستکەری ئەم جیهنە کێیە؟ و….هتد.
ئایا من مافی ئەوەم هەیە ئەم پرسیارە بکەم؟

ئەوەی من لەم نووسینە کورتەدا داخوازم ئەنجامیبدەم، بەرسڤدانەوەی ئەم پرسیاریە: ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ ئەم پرسیارەش نامۆ نییە. گشت شارستانییەکان بەشدارییان لە وەڵامدانەوەی دا کردووە و زۆرێک لە ڕوناکبیرانی نەتەوەکانیشی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە.
ئەم پرسیارە، کە هەوێنی ڕوناکبیریمان پێکدەهێنێت، بۆ من دەمێکە بارگرانییەکی هزریی دروستکردووە. لەناو ژینگەیەکی ناکارامە و چەقبەستوو زۆرکات پێتوادەبێت ئەم پرسیارە نەکردنی باشترە. لێ زۆر جار لە سوچێکەوە شتێکی دی دەیبینیت، ئەمە واتلێدەکات خۆتکۆکەیتەوە تا زاڵبیت بەسەر ئەو دۆخە چەقبەستەوەدا. کەمکردنەوەی فشارەکان، ڕووبەڕووبوونەوەی پەراوێزخوازییەکان هەڵمەتن بۆ بەڕەنگاربوونەوەی ئەو دۆخەی، کە پێییوایە ئەم پرسیارە نەکردنی باشترە.
ئایا من مافی ئەوەم هەیە بپرسم: ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ بێگومان ئەو مافەم هەیە. نەک تەنها من، بگرە گشت منێک ئەم مافەی هەیە. پرسیاری ناوبراو مافە بۆ هەموان. گشت کولتوور و نەتەوەیەک مافی کردنی ئەم پرسیارەی هەیە. بەجۆرێک لە جۆرەکان موحاسەبەیەکی راستەوخۆی خودی شارستانی گشت نەتەوەیکیشە.
گەر دانبەوەدابهێنین، کە فەیلەسوفمان نییە ئەوە ئێمە راستییەکمان دیوە، بەس زۆرێک ناخوازێت تاڵی ئەو ڕاستییە تامکات. گەر بشمانەوێ لەژێرکاریگەریی سۆزی نەتەوەیی ئەو ڕاستییە نەبینین و نکوڵیلێکەین دیارە ئێمە ئەو مێژووە کەڵەکەبووەمان دەشێوێنین، کە ئەو ڕاستییەی لەخۆیدا پەنهانداوە.

بەشێک لە دەرئەنجامەکانی ئەم بەشە

ئەفسووس، لە نەبوونی کارلێکی نێوان ڕوناکبیر و ئەکادێمی قاڵبوونەوە لە پرسیاری وا بەرەو نەمان دەچێت. ئەمە وادەکات پرسیارەکە لە ڕوناکبیریی فەلسەفییماندا بەدوای ڕەچەڵەکی فەلسەفەدا وێڵنەبێت. نەک هەر ئەوە، ئەم پرسیارە، کە بەرۆكی كۆمەڵە پرسیارێکی تر دەگرێت، کە بۆ دۆزی ڕوناکبیریی و هزریی ئێمە پێویستن، لە بێ ئاگاییمان لە دۆزی ڕوناکبیریی و هزرییمان لە قورسایی پرسیارەکە ناگەین و بەو تێگەیشتنەش ناگەین، کە ئەم پرسیارە خەمی هزریی چیەتیی فەلسەفەیە لەناو ئێمە.
بەمجۆرە، ئەم پرسیارە گفتوگۆئامێزە شتگەلێکی لە ناخی خۆیدا مەڵاسداوە، کە پرسیارسازیی فەلسەفیی دروستدەکەن، چونکە پرسیاری لەم جۆرە کێشمەکێشێکی زۆری فەلسەفیی دروستدەکات، لێماندەپرسێت کوان شەپۆلە هزرییەكانمان؟ ئێمە بۆ فەلسەفە گرنگیین؟ گەر بەڵێ لە کوێی فەلسەفەدا ئێمە پێویستیین؟
بەڵێ دەپرسین ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ گەر وترا بەڵێ ئەوانە کێن، کە فەیلەسوفی ئێمەن؟ زۆربەی ئەوانەی دەنووسن ئەوانن؟ ئایا ئەوانەی نووسینی مێژوویی و کۆمەڵناسیی و ئەدەبیی و تەنانەت دەروونناسی پەروەردەییانەش دەنووسن بە فەیلەسوف دادەنرێن؟ بێگومان نەخێر.

ئازاد حەمە




“گرژی دەروونی و نەخۆشی دەمار (عوساب- neurosis) لە شانۆنامەی ‘ئاهەنگی لەدایکبوون’ی هارۆڵد پینتەر”

نووسین: ئاریان یوسف

پێشەکی
شانۆنامەی “ئاهەنگی لەدایکبوون”ی هارۆڵد پینتەر کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٥٨ نمایشکرا، شانۆگەرییەکی کۆمیدی تاریکە و لە خانوویەکی بەشەناوخۆیی وێرانەدا لە کەناری دەریای ئینگلیزیدا ڕوودەدات. گرێچنەکەی لە دەوری ستانلی وێبەر، پیانۆژەنێکی خۆبەدەستەوەدەر و دەمارگیرە، کە تاکە میوانە لەو خانووە بەشەناوخۆییەدا کە لەلایەن مێگی خۆشەویستی و لە هەمان کاتدا بێئاگا و پیتی هاوسەرەکەیەوە بەڕێوەدەبرێت. بوونی ئاسایی و بێدەنگی ستانلی کاتێک تێکدەچێت کە دوو پیاوی نهێنی بە ناوەکانی گۆڵدبێرگ و مەککان دەگەن، بەڕواڵەت بۆ ئەوەی ستانلی بە هۆکارێکی نادیار ببەن. ئاهەنگی لەدایکبوونی دواتر کە لەلایەن مێگەوە ڕێکدەخرێت، دەگۆڕێت بۆ لێکۆڵینەوەیەکی کابوساوی، کە تیشک دەخاتە سەر تێکچوونی دەروونی ستانلی.
کارەکانی پینتەر بە گەڕان بەدوای تەوەرە دەروونییەکان بەناوبانگن و “ئاهەنگی لەدایکبوون”یش لەوە بێبەری نییە. شانۆنامەکە بە قووڵی لە ئاڵۆزییەکانی عەقڵی مرۆڤدا قووڵ دەبێتەوە، بە بەکارهێنانی ناڕوونی و گرژی و ترس بۆ ڕەنگدانەوەی دەمارەکانی کارەکتەرەکانی. ژینگەی بەڕواڵەت ئاسایی دەبێتە قۆناغێکی درامی دەروونی چڕ، کە سنوورەکانی نێوان واقیع و وەهم لێی کاڵ دەبنەوە. بەکارهێنانی وەستان و بێدەنگی و دیالۆگی پارچەپارچە لەلایەن پینتەرەوە کەشێکی نائارامی دروست دەکات، بینەر دەکێشێتە ناو گێژاوی ناوەوەی کارەکتەرەکانەوە. ئەم گرنگیدانە بە گرژی دەروونی و نەخۆشییە دەمارییەکان، تایبەتمەندییەکی شێوازی پینتەرە، کە “ئاهەنگی لەدایک بوون” دەکاتە پارچەیەکی سەرنجڕاکێش و نائارامکەری شانۆی مۆدێرن.

بەیاننامەی تێز:
هارۆڵد پینتەر لە شانۆنامەی “ئاهەنگی لەدایک بوون”دا، بە شێوەیەکی وەستایانە و لێهاتووانە گرژی دەروونی و دەمارگیری دەبەستێتە یەکەوە و وایان لێدەکات کە ناوەندی کاریگەری و ماناکانی شانۆنامەکە بێت. داینامیکی چڕ و پڕی دەروونی نێوان کارەکتەرەکان، هەستی بەربڵاوی ترس و نادڵنیایی و بەکارهێنانی دیالۆگ و کردارە ناڕوونەکان کەشێکی بەهێزی نائارامی دروست دەکەن. ئەم توخمانە نەک هەر پڵۆتەکە بەرەو پێشەوە دەبەن بەڵکو ڕەنگدانەوەی تەوەری قووڵتری دڵەڕاوکێی بوونگەرایی و لەدەستدانی ناسنامەن، ئەمەش وایکردووە “ئاهەنگی لەدایک بوون” ببێتە گەڕانێکی قووڵ لە دەروونی مرۆڤ و لاوازییەکانی.
بەشی یەکەم: ڕێکخستن و کەش و هەوا

  • وەسفکردنی ڕێکخستنەکە
    شانۆنامەی “ئاهەنگی لەدایکبوون” لە خانوویەکی بەشەناوخۆیی و خراپ و ترسناکدا لە کەناری دەریای ئینگلیزیدا ڕوودەدات. خانووی بەشەناوخۆییەکە لەلایەن مێگ و پیتی بۆڵزەوە بەڕێوەدەبرێت، تایبەتمەندی ناوەوەی داخراو و وێرانە، کە یەکسەر هەستێکی چەقبەستوویی و خراپبوون دەخولقێنێت. شوێنەکە ئاساییە، پڕە لە پێداویستیە ئاساییەکانی وەک ڕۆتینی ڕۆژانەی مێگ و پیتی و کەلوپەلی نەگونجاوی ماڵەکە. بەڵام ئەم ئاساییبوونە بەشدارییەکی بەرچاوی هەیە لە هەستی نائارامی گشتی شانۆنامەکەدا. شوێنی داخراوی خانووی بەشەناوخۆییەکە دەبێتە ئامێری پەستان بۆ دەمار و گرژییەکانی کارەکتەرەکان، ئەمەش ئەو ناڕەحەتییە دەروونییە گەورەتر دەکات کە ستانلی و دانیشتووانەکەی دیکە تووشی دەبن.

    -کەش و میزاج
    پینتەر وردەکارییە ئاسایی و ڕۆژانەییەکانی خانووی بەشەناوخۆیی بەکاردەهێنێت بۆ دروستکردنی کەشێکی پڕ لە گرژی. گفتوگۆ دووبارە و بێ بایەخەکانی نێوان کارەکتەرەکان، وەک پرسیارکردنی بێوچانی مێگ سەبارەت بە نانی بەیانی یان جێگیربوونی بە وردەکارییە بێ بایەخەکان، جەخت لەسەر بانالییەتی بوونیان دەکەنەوە. ئەم بانالیتە لە بەرامبەردا دەبێتە سەرچاوەی ناڕەحەتی، چونکە جیاوازییەکی توندی لەگەڵ ئەو مەترسییە بنەڕەتییە هەیە کە هاتنی گۆڵدبێرگ و مەککان دروستی دەکات (ئێسلین، ١٩٧٠).
    ناڕوونی و بێدەنگی ڕۆڵی گرنگ دەگێڕن لە بنیاتنانی فشاری دەروونی بە درێژایی شانۆنامەکە. بەکارهێنانی تایبەتمەندی وەستان و بێدەنگی لە دیالۆگدا لەلایەن پینتەرەوە هەستی نادڵنیایی و پێشبینیکردن بەرز دەکاتەوە. زۆرجار کارەکتەرەکان بە ڕستەی پارچەپارچە قسە دەکەن و زۆر شت بە نەگوتراو و کراوە بەڕووی لێکدانەوەدا دەهێڵنەوە. ئەم ناڕوونییە بە ئەنقەستە کەشێک دروست دەکات کە بینەر وەک کارەکتەرەکان بەردەوام لە لێواردایە، دڵنیا نییە لەوەی کە دواتر چی ڕوودەدات (دوکۆر، ١٩٨٨).
    ژینگەی کلۆسترۆفۆبیک، لەگەڵ وردەکارییە ئاساییەکان و بەکارهێنانی ستراتیژی بێدەنگی و ناڕوونی، جیهانێک دروست دەکات کە گرژی دەروونی و دەمارگیری تێیدا گەشە دەکات. شوێنی ئاسایی دەبێتە کانڤاسێک بۆ ئەو دراما دەروونییە نائاساییەی کە دەکرێتەوە، بینەر بە توندی ئاگاداری ناسکی و ناجێگیری عەقڵی مرۆڤ دەکات.

    بەشی دووەم: شیکاری کارەکتەرەکان
    -ستانلی وێبەر

    ستانلی وێبەر کارەکتەری سەرەکی شانۆنامەی “ئاهەنگی لەدایکبوون”ە و ڕەفتارە دەمارگیرەکانی و مەیلە پارانۆیاییەکانی ڕۆڵی سەرەکین بۆ گرژی دەروونی شانۆنامەکە. ستانلی نیشانەکانی دڵەڕاوکێ و پارانۆیا نیشان دەدات، زۆرجار بە وروژاندنی زۆرەوە کاردانەوەی دەبێت بەرامبەر بەو ڕووداوانەی کە بەڕواڵەت بێ زیانن. دۆخی نائارامی بەردەوامی ئەو، ڕابردوویەکی پڕ لە کێشە پیشان دەدات کە هێرش دەکاتە سەری، هەرچەندە پینتەر وردەکارییەکانی بە ناڕوونی بەجێدەهێڵێت. ڕەفتاری ناڕێک و ناڕێکی ستانلی، وەک تەقینەوە شەڕانگێزەکانی و کشانەوە بۆ بێدەنگی، ڕەنگدانەوەی ترس و بێمتمانەیی قووڵی ئەو لە جیهانی دەرەوەدایە (ئێسلین، ١٩٧٠). ئەم پارانۆیایە بەهۆی هاتنی گۆڵدبێرگ و مەککانەوە خراپتر دەبێت، کە لێکۆڵینەوەکانیان هەستی ناسکی ستانلی بۆ ئاسایش دەشکێنێت و زیاتر پاڵدەنێت بە تێکچوونێکی دەروونییەوە.

    -مێگ و پیتی بۆڵز
    مێگ و پیتی بۆڵز، خاوەن خانووی بەشەناوخۆیی، ڕۆڵی گرنگ دەگێڕن لە بەشداریکردن لە گرژییە دەروونییەکانی ناو شانۆنامەکەدا. ڕەفتاری کۆرپەگەرانەی مێگ بەرامبەر بە ستانلی، وەک منداڵێک مامەڵەی لەگەڵ دەکات و وەسوەسە بۆ ئاسوودەییەکەی، دینامیکییەکی نائارامکەر دروست دەکات. پێویستی بەردەوامی بە چەسپاندن و سۆز و خۆشەویستی نەشیاوی بەرامبەر ستانلی تیشک دەخاتە سەر ناسەقامگیری سۆزداری خۆی، ئەمەش ستانلی زیاتر نائارام دەکات (دوکۆر، ١٩٨٨). لە بەرامبەردا پیتی وەک کەسایەتییەکی پاسیڤ و دابڕاو دەمێنێتەوە، پشتگیرییەکی سۆزداری و سەقامگیرییەکی کەم پێشکەش دەکات. بێباکییەکەی ڕێگە دەدات گرژییەکە بەبێ کۆنتڕۆڵکردن پەرەبستێنێت. چاودێری خنکێنەری مێگ و پاسیڤیەتی پیتی پێکەوە بەشدارن لە کەشوهەوای ستەمکارانەدا، کە دەمارگیری و هەستی گیرخواردنی ستانلی توندتر دەکەنەوە.

    -گۆڵدبێرگ و مەککان
    گۆڵدبێرگ و مەککان لە شانۆنامەی “ئاهەنگی لەدایکبوون”دا وەک بریکاری دەستکاریکردنی دەروونی کاردەکەن، کەشوهەوای ترس و دەمارەیی شانۆنامەکە چڕتر دەکەنەوە. هاتنی ئەوان بۆ بەشەناوخۆییەکان گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە شانۆنامەکەدا، چونکە بوونی نهێنی و هەڕەشەئامێزیان بە خێرایی هاوسەنگییە لە ئێستاوە نائارام دەکات. گۆڵدبێرگ بە ڕەفتارە ئارام و دەسەڵاتدارەکەی و مەککان بە ڕێبازە جەستەیی و ترسناکترەکەی، بە هاوبەشی کاردەکەن بۆ شکاندنی بەرگرییە دەروونییەکانی ستانلی. پاڵنەرەکانیان بە ناڕوونی ماونەتەوە، ئەمەش گرژییەکە زیاتر دەکات؛ ئەوان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە ئەرکێکدان بۆ ئەوەی ستانلی ببەن، بەڵام تایبەتمەندییەکان هەرگیز ئاشکرا ناکرێن، ئەمەش هەم کارەکتەرەکان و هەم بینەر لە دۆخێکی نادڵنیاییدا بەجێدەهێڵێت (ئێسلین، ١٩٧٠).
    دیمەنی لێکۆڵینەوە کە گۆڵدبێرگ و مەککان بە کۆمەڵێک پرسیاری بێمانا و دژبەیەک یەکتری تێک دەدەن دەکەن، نموونەی تاکتیکی دەستکاریکردنیان دەهێنێتەوە. ئەم هێرشە دەروونییە ستانلی ناسەقامگیری دەکات و نەخۆشی دەمارەکانی ئێستای توندتر دەکات و پاڵ بەوەوە دەنێت بەرەو تێکچوونی دەروونی. ئەو داینامیکی دەسەڵاتەی کە دامەزراندووە، لەگەڵ ستانلی وەک قوربانی بێ دەسەڵاتی، جەخت لەسەر بابەتەکانی کۆنترۆڵکردن و بێدەسەڵاتی دەکاتەوە. فشارە دەروونییە بێوچانەکانیان ناسنامە و هەستی واقیعی لە ستانلی دەسوتێنێتەوە، ئەمەش کاریگەرییە وێرانکەرەکانی دەستکاریکردنەکەیان دەخاتە ڕوو (دوکۆر، ١٩٨٨). سروشتی مەتەڵاوی گۆڵدبێرگ و مەککان و ڕۆڵی ئەوان لە چڕکردنەوەی دەمارەیی ستانلیدا، ناوەندی گەڕانی شانۆنامەکەن بۆ دڵەڕاوکێی بوونگەرایی و لاوازی مرۆڤ.

    بەشی سێیەم: تێگەیشتن و سیمبۆلیزم
    -تەوەرەکانی دەسەڵات و کۆنترۆڵ
    هارۆڵد پینتەر لە شانۆنامەی “ئاهەنگی لەدایکبوون”دا، بەدواداچوون بۆ بابەتەکانی دەسەڵات و کۆنترۆڵکردن دەکات، بە شێوەیەکی ئاڵۆز ڕەفتاری دەمارگیری بە داینامیکی دەسەڵاتی شانۆنامەکەوە دەبەستێتەوە. زۆرجار کارلێکی کارەکتەرەکان ڕەنگدانەوەی ململانێیە بۆ باڵادەستی، کە تێیدا ڕەفتارە دەمارگیرییەکان دەبنە ئامرازێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەوانی دیکە. ڕەفتاری سەرەتایی دەمارگیری و پارانۆیایی ستانلی وەک قوربانیی هێزە نەبینراوەکان نیشان دەدات، هەستێکی بێدەسەڵاتی بەرجەستە دەکات کە بۆ گرژی شانۆنامەکە زۆر گرنگە (ئێسلین، ١٩٧٠).
    گۆڵدبێرگ و مەککان لە ڕێگەی دەستکاریکردنی دەروونی خۆیانەوە بۆ ستانلی نموونەی تەوەری باڵادەستی و ملکەچبوون دەخەنە ڕوو. دیمەنی لێپرسینەوەیان کە پڕ بووە لە پرسیار و تۆمەتی دژبەیەک، نیشاندانی ڕوون و ئاشکرای بەکارهێنانی دەسەڵاتە. ئەوان بە شێوەیەکی سیستماتیکی هەستی خودی ستانلی هەڵدەوەشێننەوە و کورتی دەکەنەوە بۆ حاڵەتێکی بێدەسەڵاتی و ملکەچبوون. ئەم یارییە دەسەڵاتە دەمارگیری ستانلی خراپتر دەکات، تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە چۆن کۆنترۆڵکردن و باڵادەستی دەتوانێت ببێتە هۆی تێکچوونی دەروونی (Dukore, 1988).
    جگە لەوەش دەتوانرێت ڕەفتاری کۆرپەگەرایی مێگ بەرامبەر بە ستانلی وەک فۆرمێکی دیکەی کۆنترۆڵکردن سەیر بکرێت. سۆز و خۆشەویستییە خنکێنەرەکەی و پێویستی بەردەوام بۆ منداڵکردنی، سەربەخۆیییەکەی تێکدەدات، ئەمەش بەشدارە لە دۆخی دەمارگیرییەکەی. لە بەرامبەردا، هەڵسوکەوتی پاسیڤی پیتی نوێنەرایەتی نەبوونی کۆنتڕۆڵ دەکات، هیچ بەرگرییەک پێشکەش ناکات بەرامبەر بە پەرەسەندنی گرژییەکان. ئەم نموونانە ئەوە دەردەخەن کە چۆن داینامیکی هێز و ڕەفتارە دەمارگیرییەکان لەیەکتردا تێکەڵاون، کە کارلێکەکانی کارەکتەرەکان و کەشوهەوای نائارامی گشتی شانۆنامەکە دەباتە پێشەوە.

  • توخمە هێمادارەکان
    توخمە ڕەمزیەکان لە شانۆنامەی “ئاهەنگی لەدایکبوون”دا، هارۆڵد پینتەر توخمە ڕەمزییە جۆراوجۆرەکان بەکاردەهێنێت بۆ نوێنەرایەتیکردنی حاڵەت و تەوەرە دەروونییە قووڵەکان. یەکێک لە هێما هەرە گرنگەکان خودی ئاهەنگی لەدایک بوونە. ئاهەنگەکە کە بەڕواڵەت ئاهەنگێکە، دەبێتە ڕووداوێکی کابوساوی کە نەخۆشی دەمارەکانی ستانلی توندتر دەکات. هێمای تێکچوونی ئاسایی و دزەکردنی ئاژاوە بۆ ناو ژیانی ستانلی. خۆشحاڵی زۆرەملێی حیزب بە پێچەوانەی هەڕەشەی بنەڕەتییەوەیە، ئەمەش تیشک دەخاتە سەر جیاوازی نێوان ڕواڵەت و واقیع (Esslin, 1970).
    هێمایەکی دیکەی سەرەکی ئەو تەپڵەیە کە لەلایەن مێگەوە بە ستانلی دراوە. سەرەتا تەپڵەکە وەک دیارییەکی بێهۆشکەر و تەنانەت منداڵانە دەردەکەوێت. بەڵام تەپڵ لێدانی توندوتیژانەی ستانلی لە کاتی ئاهەنگەکەدا هێمای گێژاوی ناوەوە و نائومێدییەتی. کردەی تەپڵ لێدان دەبێتە دەرکەوتنی تێکچوونی دەروونی ئەو، کە ڕەنگدانەوەی خەباتی ئەو بۆ پاراستنی هەستی کۆنترۆڵکردنە لە نێوان ئەو ئاژاوەگێڕییەی کە گۆڵدبێرگ و مەککان سەپێنراون (دوکۆر، ١٩٨٨).
    گۆڵدبێرگ و مەککان خۆیان وەک کەسایەتییەکی ڕەمزی سەیر بکرێت، کە نوێنەرایەتی ئەو هێزە ستەمکارانە دەکەن کە داگیرکەری عەقڵ و ناسەقامگیری دەکەن. پاڵنەرە ناڕوونەکانیان و دەستکاریکردنی دەروونی بێوچان، تەوەرەکانی ترسی بوونگەرایی و ناسکی ناسنامە بەرجەستە دەکەن. ئەم توخمە ڕەمزییانە خزمەت بە قووڵکردنەوەی تێگەیشتنی بینەر دەکەن لە دۆخی ناوەوەی کارەکتەرەکان و گەڕانی شانۆنامەکە بۆ لاوازی مرۆڤ. پینتەر لە ڕێگەی ئەم هێمایانەوە بە شێوەیەکی کاریگەر بابەتگەلی دەروونی ئاڵۆز دەگەیەنێت، بەمەش “ئاهەنگی لەدایکبوون” دەکاتە کارێکی دەوڵەمەند و چیندار کە قووڵ دەبێتەوە لە وردەکارییەکانی دەروونی مرۆڤ.

    بەشی چوارەم: تەکنیکەکانی پینتەر

  • دیالۆگ و وەستانەکان
    شێوازی گفتوگۆی ناوازەی هارۆڵد پینتەر ناوەندی گرژی دەروونییە لە شانۆنامەی “ئاهەنگی لەدایکبوون”. بەکارهێنانی گفتوگۆی پوخت و پارچەپارچە و ئاڵوگۆڕی بەڕواڵەت ئاسایی، خزمەت بە دروستکردنی هەستێکی بنەڕەتی نائارامی دەکات. زۆرجار کارەکتەرەکان خەریکی گفتوگۆی باناڵ دەبن کە لە ژێر ڕووی خۆیدا، ژێردەقی بەرچاو و مانای شاراوە هەڵدەگرێت. ئەم شێوازە بینەر ناچار دەکات لە نێوان دێڕەکاندا بخوێنێتەوە، ئەمەش گرژییە گشتییەکان بەرز دەکاتەوە (Esslin, 1970).
    یەکێک لە تایبەتمەندییە جیاوازەکانی دیالۆگی پینتەر بەکارهێنانی وەستان و بێدەنگییە. ئەمانە تەنها پشوودان نین لە گفتوگۆدا بەڵکو بارگاوین بە مانا و هەست. زۆرجار وەستانەکان لە ساتەکانی گرژی زۆر یان نادڵنیاییدا ڕوودەدەن، ئەمەش ڕێگە بە بیرکردنەوە و ترسە نەوتراوەکانی کارەکتەرەکان دەدات کەشەکە بگرێتەوە. ئەم تەکنیکە فشارە دەروونییەکان گەورەتر دەکات، چونکە بینەر بە توندی ئاگاداری ئەو ململانێ و دڵەڕاوکێیە بنەڕەتییانە دەبێت کە کارەکتەرەکان تووشی دەبن (باتی، ٢٠٠١).
    بۆ نموونە لە دیمەنەکانی لێکۆڵینەوەی گۆڵدبێرگ و مەککان لە ستانلی، وەستانەکانی نێوان پرسیارەکانیان و وەڵامەکانی ستانلی خزمەت بە چڕکردنەوەی هەستی هەڕەشە و ناهاوسەنگی دەسەڵات دەکەن. بێدەنگییەکان نزیکەی بەقەد وشە قسەکراوەکان گرنگ دەبن، فەزایەک دروست دەکەن کە ترس و لاوازییەکانی کارەکتەرەکان تێیدا ئاشکرا دەکرێن (باتی، ٢٠٠١).
    ئەم ساتانەی بێدەنگییە بینەر ناچار دەکات ڕاستەوخۆتر ڕووبەڕووی بارە دەروونییەکانی کارەکتەرەکان ببێتەوە، ئەمەش وا دەکات گرژییەکە هەست پێبکرێت. جگە لەوەش، دیالۆگی پینتەر زۆرجار دووبارەبوونەوە لەخۆدەگرێت، کە بەشدارن لە هەستکردن بە سەرلێشێواوی و ناسەقامگیری. ڕەنگە کارەکتەرەکان هەندێک دەستەواژە دووبارە بکەنەوە یان لەناکاو بابەتەکە بگۆڕن، ئەمەش ڕەنگدانەوەی گێژاوی ناوەوەیان و تێکچوونی پەیوەندییە لۆژیکیەکانە. ئەم ناتەباییە ئاوێنەیەکی بارە دەروونییە پارچەپارچەکراوەکانی کارەکتەرەکان و هەستی هەڕەشە بەربڵاوە کە بەناو شانۆنامەکەدا دەڕوات (پرێنتیس، ٢٠٠٠).
    پینتەر لە ڕێگەی بەکارهێنانی جیاوازی دیالۆگ و وەستانەکانییەوە، ئەزموونێکی شانۆیی ناوازە دروست دەکات کە بە قووڵی بینەر لە دیمەنە دەروونییەکانی کارەکتەرەکانیدا سەرقاڵ دەکات. یاریکردنی وشەی قسەکراو و بێدەنگی ستراتیژی نەک هەر گرژییەکە بەرز دەکاتەوە بەڵکو بینەر بانگهێشت دەکات بۆ لێکۆڵینەوە لەو ترس و دەمارییە نەگوتراوانەی کە کردارە دراماتیکییەکانی شانۆنامەکە دەباتە پێشەوە.
  • ناڕوونی و نادڵنیایی
    ناڕوونی و نادڵنیایی تەکنیکێکی سەرەکین لە شانۆنامەی “ئاهەنگی لەدایکبوون”ی هارۆڵد پینتەردا، کە بەشدارییەکی بەرچاویان لە هەستی نائارامی و کەشێکی دەمارگیری شانۆنامەکەدا هەیە. پینتەر بە شێوەیەکی وەستایانە ناڕوونی لە پڵۆت و پاڵنەرەکانی کارەکتەر و دیالۆگدا بەکاردەهێنێت و زۆر شت بۆ خەیاڵ و لێکدانەوەی بینەر بەجێدەهێڵێت. ئەم نەبوونی ڕوونییە هەستێکی نائارامی بەربڵاو دروست دەکات، چونکە بینەران هەرگیز بە تەواوی دڵنیا نین لە سروشتی ڕاستەقینەی ڕووداوەکان یان مەبەستی کارەکتەرەکان (Esslin, 1984).
    یەکێک لە ڕێگا سەرەکییەکانی پینتەر بۆ بەدەستهێنانی ئەمە لە ڕێگەی پاشخانی نهێنی کارەکتەرەکانی وەک گۆڵدبێرگ و مەککانەوەیە. پاڵنەرە ڕاستەقینەکانیان بۆ بە ئامانجگرتنی ستانلی هەرگیز بە ڕوونی ئاشکرا ناکرێت، ئەمەش گرژییەکان بەرزتر دەکاتەوە و کەشێکی پارانۆیا پەروەردە دەکات. بینەر زۆر هاوشێوەی ستانلی لە تاریکیدا دەمێنێتەوە و هەست بە قورسایی هەڕەشە و نادڵنیاییە نەناسراوەکان دەکات (ساکێلاریدۆ، ١٩٨٨).
    سەرەڕای ئەوەش، زۆرجار دیالۆگەکە وەڵامی نا-سێکویتۆر و خۆدزینەوە لەخۆدەگرێت، کە بەشدارە لە هەستکردن بە سەرلێشێواوی. زۆرجار کارەکتەرەکان خۆیان لە وەڵامی ڕاستەوخۆ بەدوور دەگرن و گفتوگۆکانیان پڕن لە دژایەتی و ناتەبایی. ئەم نەبوونی زانیارییە ڕوونە بینەر ناچار دەکات پرسیار لە متمانەپێکراوی ئەو شتانە بکات کە دەوترێت، ئەمەش کەشوهەوای دەمارگیری شانۆنامەکە زیاتر دەکات (Gale, 2001).
    بەکارهێنانی ستراتیژیی پینتەر بۆ ناڕوونی، نەک هەر بینەر سەرقاڵ دەکات بەڵکو ئاوێنەیەکی سەرلێشێواوی و ترسی کارەکتەرەکانی خۆیەتی. ئەم تەکنیکە بە شێوەیەکی کاریگەر گرژییە دەروونییەکان گەورەتر دەکات، “ئاهەنگی لەدایکبوون” دەکاتە گەڕانێکی بەهێز لە دڵەڕاوکێی مرۆڤ و ترسی بوونگەرایی.

    دەرئەنجام

  • پوختەی خاڵە سەرەکییەکان
    لە شانۆنامەی “ئاهەنگی لەدایکبوون”دا، هارۆڵد پینتەر بە شێوەیەکی وەستایانە گرژی دەروونی و دەمارگیری لەیەکتردا تێکەڵ دەکات، شانۆگەرییەک دروست دەکات کە بە قووڵی بەدواداچوون بۆ دەروونی مرۆڤ دەکات. ژینگەی کۆشکی ترسناک لە بەشەناوخۆییەکان، لەگەڵ وردەکارییە ئاساییەکانی ژیانی ڕۆژانە، کەشێکی پێگەیشتوو بۆ ناڕەحەتی دەروونی دادەمەزرێنێت. ڕەفتاری دەمارگیری و مەیلە پارانۆیاییەکانی ستانلی وێبەر کە بەهۆی ڕابردووی ناڕوونەکەیەوە توندتر دەبنەوە، وەک خاڵی سەرەکی ئەم گرژییە کاردەکەن. مێگ و پیتی بۆڵز بە ڕێککەوت لە ڕێگەی ڕەفتارە کۆرپەگەراییەکانیان و بێباکی پاسیڤەوە بەشداری لە کەشوهەوای ستەمکارانەدا دەکەن. گۆڵدبێرگ و مەککان بە تاکتیکی دەستکاریکردن و پاڵنەرە نهێنییەکانیان فشارە دەروونییەکان چڕتر دەکەنەوە، ستانلی زیاتر پاڵدەنێنە ناو نەخۆشی دەمارییەوە. پینتەر لە ڕێگەی تەوەری دەسەڵات و کۆنترۆڵەوە نیشان دەدات کە چۆن باڵادەستی و ملکەچبوون بەستراوەتەوە بە ناسەقامگیری دەروونییەوە. توخمە ڕەمزیەکان وەک ئاهەنگی لەدایک بوون و تەپڵ نوێنەرایەتی حاڵەتە دەروونییە قووڵەکان دەکەن و چینەکانی مانا بۆ گێڕانەوەکە زیاد دەکەن.
  • بیرکردنەوەکانی کۆتایی کاریگەری بەردەوامی ئەم توخمانە لەسەر بینەر قووڵە. بەکارهێنانی دیالۆگی ناڕوون و وەستانی ستراتیژی و بێدەنگی لەلایەن پینتەرەوە هەستێکی نائارامی دروست دەکات کە ئاوێنەیەکی گێژاوی ناوخۆیی کارەکتەرەکانە. نەبوونی زانیاری ڕوون و ناڕوونیی بەربڵاو، بینەر ناچار دەکات ڕووبەڕووی واقیعی نائارامکەری بارە دەروونییەکانی کارەکتەرەکان ببێتەوە. ئەم پەیوەندییە لەگەڵ هەستی نادڵنیایی و ترسی بینەر خۆیدا، ئەوەیە کە “ئاهەنگی لەدایک بوون” دەکاتە پارچە شانۆیەکی بەهێز و بەردەوام.
    بەشداریی پینتەر لە شانۆی مۆدێرندا گرنگە، بە تایبەتی لە ڕێگەی گەڕان بەدوای دەروونی مرۆڤدا. تەکنیکە داهێنەرەکانی وەک بەکارهێنانی وەستان و دیالۆگی پارچەپارچە، کاریگەرییان لەسەر چەندین شانۆنامەنووس هەبووە و لە شانۆی هاوچەرخدا بەردەوام دەنگدانەوەیان هەیە. پینتەر بە قووڵبوونەوە لە ئاڵۆزییەکانی نەخۆشی دەمار و گرژی دەروونی، نەک هەر سەرقاڵ دەکات بەڵکو پشکنینێکی قووڵ و نائارامکەری لاوازی مرۆڤ و دڵەڕاوکێی بوونگەرایی پێشکەش دەکات. “ئاهەنگی لەدایک بوون” وەک بەڵگەیەک دەمێنێتەوە لەسەر توانای گرتنی ئاڵۆزییەکانی دەروون و ناسکی ناسنامە، ئەمەش وایکردووە ببێتە بەردی بناغەی ئەدەبیاتی دراماتیکیی مۆدێرن.

————————-

سەرچاوەکان:
-دوکۆر، بی.ف. (١٩٨٨). هارۆڵد پینتەر. ماکمیلان.
-ئێسلین، م. (١٩٧٠). شانۆی بێماناکان. کتێبی پەنگوین.

  • باتی، م. (٢٠٠١). دەربارەی پینتەر: شانۆنامەنووس و کارەکە. فابەر و فابەر.
  • پرێنتیس، پ. (٢٠٠٠). ئەخلاقی پینتەر: جوانکاری ئیرۆتیک. چاپخانەی گارلاند.
  • ئێسلین، م. (١٩٨٤). پینتەر: شانۆنامەنووس. مێتوین.
  • گەیڵ، س.هـ.(٢٠٠١). بەرزبوونەوەی کەرە: شیکارییەکی ڕەخنەگرانە بۆ کارەکانی هارۆڵد پینتەر. چاپخانەی زانکۆی دوک.
  • ساکێلاریدۆ، ئی. (١٩٨٨).پۆرترێتی مێینەی پینتەر: لێکۆڵینەوەیەک لە کارەکتەرە مێینەکان لە شانۆنامەکانی هارۆڵد پینتەر. ماکمیلان.



ئاژاوەگێڕ.. شیعری ئامانج شێروانی

هەتا ئێستاکەش
لە بیرمە
لە مەکتەبێ
تەنها چوار کورسی دانرابوون
پێنج قوتابیش لە پۆلمدا
هەموو ڕۆژێک
زوو زوو
لە خەو هەڵدەستام و
بێ نانخواردن
یەکسەر لەبۆ قوتابخانە!
کورسییەکیشم گڕ دەدا
وەلێ حەیفێ
هەموو ڕۆژێ
چوار هاوپۆلم
دەهاتنە ژوور
بەبەر پێلاقانیان دەدام
هەر بە پەل ڕایان دەکێشام
پێمیان دەگۆت
ئاژاوەچی
ئارامیی پۆل بۆ تێک دەدەی!
لێگەڕێ با هەر
هاوڕێ بین
لە چیت کەمە؟
چ عەیبتە؟
لەگەڵ ئێمەی، هاوپۆلمانی
وەکوو برای، هاوسێمانی
تۆ بۆ زەوی و ئێمەش کورسی
مافی خۆشت
قەت نەپرسی!


ئێستاش
زۆر جوانم لە بیرە
کە مامۆستا
پرسیارێکی لێ دەکردم
پێمیان دەگۆ
تۆ ڕاوەستە
کوانێ کورسیت؟
بێ دەنگ ببە،
و هیچ نەپرسیت!


وەک ڕۆژی ڕوون
لە یادمە
ڕۆژێکی خۆشی بەهاری
گەرەکم بوو یاخی ببم
هەموو شتێ باشتر بکەم بە یەکجاری
کورسییەکم لۆ خۆم هێنا
دڵم خۆش بوو
گۆتم ئۆخخەی
کێشەم نابێ هەتا سبەی
هێشتا لەوێ فکرێ دابووم
هەر چار هاوپۆل لەسەر سەرم
قیژاندییان
ئاژاوەچی، هەی بێشەرم
کورسییەکەت فڕێ بدە!
لەم پۆلەدا،
تەنێ ئێمە کورسیدارین
ئاژاوەگێڕی بێ ئایین
هەی جوداخواز
هەی دڕندە
هەی بێ ئاواز


خۆ ئەو کاتی نەمدەزانی
تا هاوار کەم پڕ بە دەنگم
گەلی زۆردار
ئەوە سەرتان، ئەوەش دیوار




گێژاوێک لە بڕیار بۆ هەڵبژاردن.. عوسمانی حاجی مارف

یەکێک لە نیگەرانیەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق، پەرەسەندنی گرژیەکانی ئێستای تورکیا و هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنە سەربازیە نوێیەکانیەتی لەدژی چەکدارانی پەکەکە، هەروەها ترسی دووبارەبونەوەی هێرشەکانی ئێرانە بۆ سەر ناوچەکە، کەلەم کەشوهەوا هەڵاوساوە و پشێوییەدا، مایەی مەترسیەکی جدیە لە سەر ژیانی ئەم خەڵکە، لەهەمان کاتدا هەر جموجۆڵێکی سەرکردەکانی هەولێر و سلێمانی بەبێ ئەولەویەت بۆ ئەم دۆسێیەیە، کە هاوتەریبە لەگەڵ ئامانجی سیاسی حزبەکانیان و پاشکۆ بونیانە لە جێبەجێکردنی سیاسەت و بەرژەوەندی ئەو ووڵاتانە، ناتوانن کەشوهەوایەکی بێ مەترسی نیشان بدەن، شتێکیان نیە ناوی پاراستنی دانیشتوان بێت، لەهەمانکاتدا ناتوانێ دۆخێکی ئارام بێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم، بەتایبەتی هەڵبژاردنێک لەنێو گێژاوێکدا چەقی بەستوە.
دانیشتوانی هەرێم بەگشتی پێیانوایە دوو لایەنی سەرەکی، بارزانی و تاڵەبانی پێش ئەوەی هەر هەنگاوێک بنێن سەبارەت بە یەکلاییبونەوەی دۆخی ناوخۆی هەرێم، بەتایبەتی ئێستا لەپەیوەند بە هەڵبژاردن و پەیوەندی لەگەڵ بەغدا، تەنها پێگەو نفوزی سیاسی خۆیان لەهەر بوارێکدا بێت پێ گرنگترە لە ژیانی تەواوی دانیشتوان. بێمتمانەیی لە بەرامبەریاندا لەو ئاستەدایە، لەبری ئەوەی ئەو دوو لایەنە ئەگەری دووبارەبونەوەی هێرشی سەربازیی لابەرن، ئەوە چاوەڕوان دەکرێت هێرش بکرێتە سەر هەرێم و بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستان بۆ چەندەمین جارە بکەنەوە قوربانی بەرژەوەندیە حزبیەکانیان و ململانێی نێوان خۆیان و حکومەتی بەغدا.
بێتوانایی بارزانی و تاڵەبانی لە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و نەتوانینیان لە دەستەبەرکردنی ئاسایش لە ناوچەکەدا، لەهەمانکاتدا کاریگەری ڕۆڵی ململانێی نێوان خۆیان لەسەر زیاتربونی ناسەقامگیری و نەبونی ئاسایش، بێدەسەڵاتیان لەبەرامبەر حکومەتی بەغداو دەرگا ئاواڵەکردن بۆ ئێران و تورکیا، وەها چاوەڕواندەکرێت لێیان کەخەریکن لەهەر مەیدان و کێشەیەکدا گرژیەکان توندترو نائەمنتر دەکەنەوە، بەمانایەکی ڕۆشن بارزانی و تالەبانی ڕۆڵی سەرەکی دەبینین، لە هەر کارەساتێک لە هەرێمدا ڕووبدات.
ئەم ڕۆژانە هەرێمی کوردستان زیاتر شاهیدی جموجۆڵە سیاسیە دەرەکیەکانی هەردوو بنەماڵەیە، بینیمان کە لەم دواییانەدا نێچیرڤان بارزانی، بە هەنگاوێکی جێی سەرنجەوە چووەتە ئێران و لەمیانەی گەشتە دوو ڕۆژەکەیدا بۆ پایتەختی ئێران لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرس و کاربەدەستانی سیاسی و حکومی و فەرماندە دیارەکانی سوپای پاسداران دیدار و وتووێژی کردوە.لەلایەکی دیکەوە، بافڵ تاڵەبانی، بە گەشتێک گەیشتە واشنتۆن کە پێشوەختە ڕانەگەیەندرا بوو، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ئەنجامداوەو بەدەستی بەتاڵ گەڕایەوە.
جوڵەکانی ئێستای هەردولایان زیاتر پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە قەیرانی سیاسی هەرێمەوە هەیە کە لەبەرامبەر ئاراستەی نەخشەو سیاسەتی ناوەندبونەوەی حکومەتی عێراق و بچوکردنەوەی حکومەتی هەرێم بەرەوڕوون، هەروەها کێشەکانی نێوان هەولێر و سلێمانی سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمان، کە لەنێو قەیران و چارەنوسێکی نادیاری وەها دەرگیر بون، کە جێبەجێکردنی ئەم هەڵبژاردنە، یان جێبەجێ نەکردنی، لە هەڵوێستەیەکی خواروخیچدا ڕایوەستاندون، نازانن بە چ بارێکدا خۆیان ڕاست کەنەوە.
ئێستا بارزانی بڕیاری بایکۆتکردنی ئەم هەڵبژاردنانەی داوە، بەڵام تاڵەبانی پێداگری لەسەر ئەنجامدانی ئەو هەڵبژاردنانە دەکات، جوڵەکانیشیان پەنابردنە بۆ ئەوەی هەرلایەکیان هەل بقۆزنەوەو بۆ بەرزکردنەوەی هاوسەنگی هێزەکەیان لە بەرامبەر یەکتردا، ئەمەش درێژبونەوەی هەمان ئەو دۆخەیە کە سی و دوو ساڵە لە کوردستان پیادەی دەکەن، بەجۆرێک سورن لەسەر شێوازی نائسوڵی ئەو بەرامبەرکێیە، بۆ هەموو کەس و لایەنێک ڕۆشنە کە کۆتایی زۆنی زەردو سەوز، تەنها هێزی ناڕەزایەتی جەماوەری بۆ ڕاماڵین مسۆگەری دەکات.
گەندەڵی بەرفراوان و سیستماتیک و بێکۆتایی کە لە لوتکەی سەرکردایەتی هەردولایاندا جێگیر کراوە، لەهەمانکاتدا بۆتە سەرچاوەیەک لە ناکۆکیەکانی نێوانیان، چونکە ناتوانن ئەو تاڵانی و قۆرخکرنەی سەروەت و سامانی کوردستان بە یەکسانی لەنێوان خۆیاندا دابەش بکەن، کە سەرچاوەیەکی مەترسیدارە لە ململانێی نێوانیاندا، هەروەها کێشەیەکی گەورەیە لە ڕێکخستنی پەیوەندیەکانیان بە حکومەتی بەغداوە، کە هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغدا، عێراق و کوردستانیان کردووە بە گەندەڵستان، وڵاتانی ناوچەکەش لەلایەک سود لەم بێدەسەڵاتی و ململانێیەی هەردوو بنەماڵە وەردەگرن، لەلایەکی تریشەوە لە گەڵ هەردولایاندا ڕێک دەکەون و ملکەچی بەرژەوەندیەکانی خۆیان دەکەن.
بەرپرسانی پارتی و یەکێتی لەمێژە بێزاری خۆیان دەربڕیوە لە بەرامبەر مامەڵەی بێباکی ئەمەریکا بەرامبەر بە بارودۆخە نالەبارەکانیان، نامەکانیان بێوەڵام ماونەتەوە، سەردانەکانیان بۆ ئەمریکا بایەخی جدی پێنادرێت، ئەمریکا هیچ ئاسۆیەک لە پاراستنی پێگەیان لە ناوچەکەدا نیشان نادات.
ئەم بێباکیەش مێژوویەکی هەیە، هەر لەکاتی هێرشی داعشدا، ئەمریکا بێباک بووە بەرامبەریان، ئەگەر دەخالەتی ئێران نەبوایە حکومەتی هەولێر دەکەوت. لەڕاستیدا ئێستا قووڵایی گەندەڵیان و فشارەکانی دەسەڵاتی بەغدا، لەلایەکی ترەوە سەرقاڵبونی ئەمریکا لە ناوچەکانی دیکەی جیهان وایکردووە هەولێر زیاتر گۆشەگیر بێت، ئەمریکا چیتر گرەنتی کەشوهەوای پاراستنی ئابوری و دارایی و سەربازی هەرێم نیەو کارێکی پێیان نەماوە.
هۆکارێک کە وەک دوو حزب دەیان هێڵێتەوە، پێویستیەکانی بەغدایە بە بارزانی و تاڵەبەنی کە ئیدارەی هەرێمی بۆ بکەن، بە باڵادەستی و بەرنامەی حکومەتی عێراق دەبێ ئەوکارە ئەنجام بدەن.
له‌ساڵی‌ ٢٠٠٦ەوە ئه‌مه‌ریكا به‌رپرسانی‌ باڵای‌ یه‌كێتی‌‌و پارتیان له‌پێویستی‌ بونی‌ هێزێكی‌ به‌رگری‌ نیشتمانی‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان ئاگاداركردۆ‌ته‌وه‌، هاوكات هانی‌ هه‌ردو حزبه‌كەی داوە، هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ یه‌كبخه‌نه‌وه‌و له‌ژێر یه‌ك فه‌رمانده‌یدا هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن. له ‌زنجیره‌یه‌ك كۆبونه‌وه‌ی‌ لاوه‌كیدا له‌مه‌راسیمی‌ (٦٠)ه‌مین ساڵیادی‌ دامه‌زراندنی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستاندا له‌هه‌ولێر، له‌ڕۆژی‌ ١٦ی ئابی‌ ٢٠٠٦، باڵیۆزی‌ ئه‌مه‌ریكا باسی‌ پلانی‌ یه‌كخستنه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ كردوە.
تاڵه‌بانی‌‌و بارزانی‌ ڕه‌زامه‌ندبوون‌ و باسیان له‌وه‌ كرد كه‌ له‌كۆتایی‌ مانگی‌ ئابی‌ ئه‌و ساڵه‌دا به‌نیازن پلانێك پێشكه‌ش بكه‌ن بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ژێر یه‌ك فه‌رمانده‌یدا، هه‌روه‌ها وا له‌و هێزه‌ یه‌كگرتوه‌ بكه‌ن سه‌ربه‌خۆبێت له‌ده‌سه‌ڵاتی‌ هه‌ردوو حزب. هه‌ردوو لایەن، داوای‌ یارمه‌تیان له‌باڵیۆزی ئەمریکا كردوە بۆ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و پلانه‌، له‌ڕێگه‌ی‌ ڕاهێنانی‌ هێزه‌ یه‌كخراوه‌كه‌وه‌ كه‌ ده‌بێته‌ “هێزێكی‌ پاسه‌وانی‌ نیشتمانی‌”.
ئەمەش ئەو خەون و ئەفسانەیە بوو کە ئاستی قوڵی گەندەڵی و تاڵانی و قۆرخکردنی سەروەت و سامانی کوردستان و بەکارهێنانی هێزە میلیشیاکانیان لەو پێناوەدا، بە هیچ جۆرێک بواری نەهێشتەوە بەڵێنەکەیان بۆ ئەمریکا جێبەجێ بکەن. دوو هێزی میلیشیا لە دوو زۆندا تەنها بەرژەوەندی و گەندەڵیەکانی دوو بنەماڵە دەپارێزن.
ئەوە گەورەترین هەڵەیە کە لە بیرکردنەوەی ئەو کەس و لایەنانەی چاوەڕوانن لەو دوو هێزە میلیشیایە، “هێزی پاسەوانی نیشتمان”ی دروست کەن.!
ئێستاش لەپەیوەند بە بڕیاردان بۆ هەڵبژاردن و دانوسان و گفتوگۆ لە گەڵ حکومەتی عێراق و هێزە سیاسیەکانی عێراق، بە چاوەڕوانیان لە ئەمریکا و ووڵاتانی ناوچەکە، دوای سی ودوساڵ لە پۆزلێدانی دەسەڵات، لەبەردەم سەرگەردانی و گێژاوێکدا سەرەتاتکێ دەکەن، ڕۆژانە ئارەقی ڕیسوایی و شەرمەزای دەسڕن، نازانن چۆن لە قەیرانی ئەم هەڵبژاردنە بێنەدەرەوە.




ژیانی شاعیری کورد (سەید یەعقووب کوڕی سەید وەیسی) ناسراو بەسەید یاقۆ.. ئامدەکردنی سامان خدر

سەید یەعقووب کوڕی سەید وەیسی لە ساڵی١٨٠٢ لە گوندی قەمشەی ناوچەی مایدەشتی کرماشان لەدایک بووە . بە بنەماڵە دەچنەوە سەر سەیدانی سامرەیی و لە قەمشە دەژین. کوردی ئەو ناوچەیە و بنەماڵەی شاعیر لە سەر ئایینزای شیعەی دوازدە ئیمامین. خوێندنی لەسەر دەستووری ئایینی کۆن بووە و لە سەرەتای ژیانیدا ھەوڵی داوە ببێ بە میرزا، واتە خوێندەواری ئەو سەردەمە و بۆ ئەم مەبەستە سەری لە کرماشان داوە، ڕێی کەوتووتە کرند و بێستوون، گەشتی تاران و قوم و شیرازی ھەیە.

دەنگوباسی خوێندەواری و شیعری سەید گەیشتووتە دیوەخانی ئیمام قولی میرزای دوەڵەتشا و پاشان لە لای مامە محەمەدحەسەن خانی فەرمانڕەوای کەلھوڕ وەک نووسەری دیوەخان لە ساڵی١٨٣١ لەوێ دامەزراوە و تا کۆتایی ژیانی لەو ماڵە گەورەیە ماوەتەوە. سەید ڕۆشنبیری چاکی سەردەمی خۆی بووە، بە خەتخۆشی ناوبانگی ەرکردووە و لە زانستی مۆسیقا و بەکارھێنانی ئامێری تەموور ھاوتای کەم بووە و شارەزایی زۆری لە ئاوازی مەقامەکان بە تایبەتی ھۆرە بووە. ھەندێ لەسەر ئەو باوەڕەن چووبێتە سەر ئایینی یارسان، لە شیعریدا شوێنەواری ئەم ئایینە بەرچاو ناوکەوێ، وا دەگێڕنەوە سەید یەعقووب ھەندێ جار کە تووشی باری عیشق و ڕاکێشانی سۆفیزم دەبوو بەسەر وڵاغەوە غار غارێن و جلیتبازی دەکرد و ھۆرەی دەچڕی. نازناوی شیعری سەید یەعقووب “سەیید”ە، ھەندێ جاریش “سەی یاقۆ”ی بەکارھێناوە، لەبەر ئەوە لە ژیانی شاعیریدا بە”سەی یاقۆ”ش ناسراوە، لە ناو خەڵکی بە سەید یەعقووبی ماھیدەشتی ناوبانگی دەرکردووە.

شاعیر لە ساڵی ١٨٨١ کۆچی دواییکردووە و تەرمەکەی براوەتەوە ئاوایی قەمەشە و لەوێ نێژراوە.
ئەو شاعیرە، خۆشنووس و تەمبووورڤانێکی بە تواناش بووە. شیعری سەید یاقۆ لە نێو گۆرانەکاندا بڕەوەێکی زۆری بووە و شێواز و جۆری نیگاشی بەراورد لەگەڵ شاعیرانی پێشووی خۆی، دەتوانین بڵێین زیاتر لە ژێر کاریگەریی خانای قوبادی و ئەڵماس خاندا بووە. هەرچەند کارێک کە ئەو کردووویەتی بەرفراونتر بووە لە کاری ئەوان و وەکی کوتمان بە تاقیکردنەووەی زاراوەکانی دیکەی وەک لەکی و کورمانجی و سۆرانی، بواری زمانی شاعیرانەی خۆی بەرفراوانتر کردووەتەوە. ئەوەش بۆ شاعیرێکی کە دوو سەدە لەوە پێش ژیاوە و وڵات لەوپەڕی بەهێز بووونی کێشەی مەزهەبیدا بووە، کارێکی کارستان و گرینگە و نیشاندەری سەرەتیدانی زمان و نەتەوەیە بەسەر باقی بوارەکانی دیکەی ژیاندا. بابەتی سەرنجڕاکێشی ژیانی شاعیرانەی سەید یاقوووب ئەوەیە کە جواغڕافیای خوێندنەوەی بە نیسبەت شاعیرانی خوارووی کووردستان بەربڵاوتر بووە و هۆگرییەکی زۆری بە شیعری شاعیرانی سۆرانی بووە و لە هەمووان گرینگتر ناسیاویی لە گەڵ شیعری “نالی”ی شارەزووری هەبووە و ئەو بە مامۆستای خۆی دەزانێ و تەنانەت بە لاسایی لە بەرهەمەکانی ئەو شیعریشی هۆنیوەتەوە.

لە شیعری دە بڕگەییدا وەکی کووتمان لە پێشەنگانی بواری شیعری ئەویندارانەی بڕگەییە و شیعرەکانی شان لە شانی شیعری کەسانی وەک مەولەویی تاوەگۆزی و بێسارانی و میرزا ئەولقادری پاوەیی دەدەن. نمووونەی ئەو شیعرانەی دەتوانین شیعری دڵە دامەنی ناوبەرین کە هەم شێوەی دوووپات کردنەوەی ڕستە و دەستەواژەکان، هەم شێوەی ڕوانین بۆ مەعشووق لە گوتاری زاڵی ئەو جۆرە شیعرە وەرگیراوە.

شیعرەکانی

سەی یاقۆ شیعرەکانی بە شێوەزاری کوردیی گۆرانی نووسیوە و سەرەڕای ئەو شێوەزارەش، ھۆنراوەی بە سۆرانی و ھەورامی داناوە. دیوانەکەی نزیکەی ٢٠ ھەزار ھۆنراوە بووە تیاچووە و نەماوە، ئەوەی ماوە و بە دەست گەییشتووە دەوری ھەزار ھۆنراوەیە، بەڵام بە چاپ نەگەییشتووە. ناوەرۆکی شیعرەکانی ئایینی، وەسفی جوانی سروشت، خۆشەویستی و دڵداری بووە. بە شاعیرێکی کلاسیزم دانراوە و بڕێک لە شاعیرانی فارس و ھەروەھا نالی کاریگەرییان لە سەری بووە. شیعرەکانی وشەی بیانی عەرەبی و فارسی لەخۆدەگرێتەوە و لاسایی کردووە لە شاعیرانی شێوەزاری گۆرانی کە کێشی خۆماڵی بەکاردەھێنێت. شارام نازری یەکێک لە شێعرەکانی سەی یاقۆی لە گۆرانییەکدا بە کار ھێناوە.
شیعری ئەم شاعیرە لە ناو دڵی خەڵکی جێگەی خۆی دۆزیوەتەوە و ماوەیەکی زۆر لە دەسنوودا پارێزراوە و ساڵی١٩٨٤ بۆ یەکەم جار دیوانەکەی لە چاپ دراوە. سەید یەعقووب ئاگاداری زاراوەکانی زمانی کوردی بووە: ھەورامی، سۆرانی، لەکی، کورمانجی. شاعیرانی ئەم ناوچانەی ناسیوە، بەتایبەتی نالی خۆشویستووە و بە شاعیرێکی گەورەی داناوە و شانازی پێوە کردووە و سەرکەوتووانە لاسایی شیعری نالی کردووتەوە. لە ڕووی ڕوخسارەوە شیعری سەید لە سەر دوو بەشی شیعری خۆماڵی لەسەر ئاوازی ھۆرە و شیعری عەرووزی دانراوە و لەم بوارەدا لە ژێر کاریگەری نالی بووە.
بەرھەمی شاعیر وێنەی شیعرێکی بەرزی زمانی کوردییە، زادەی تێکەڵاوی بنزاراوەکانی زمانی کوردی ئەو ناوچانەیە بە زاراوەی گۆرانی و ئینجا موتوربەکردنی ئەمە بە زاراوەی کوردی ناوەندی (سۆرانی).




تیۆری کویر و ئاڵنگارییەکان.. ئەحمەد هەولێری

بەشێوەیەکی گشتی کویر دەشێ وەک ڕەخنەداینی ڕەگەزە کڵێشەییەکان بخوێنرێتەوە. لەبری ئەوەی باس پێناسە جێندەریە دیاریکراوەکان بکات، ئاماژە دەکات بۆ ئەوەی کە دەکرێ لە دەرەوەی لەو دوانە دوالیزمیانە. واتە ژن و پیاو بیربکەینەوە.

کویر بەشێویەکی ستراتیژی لە بەرامبەر دوانەی “ژن- پیاو وەک هێترۆسێکسواڵ، هەروەها هۆمۆسێکسواڵ” دەوەستێتەوە. هاوکات لەگەڵ ئەم دوانەییانە ، سێگۆشەی لەش، جێندەری کۆمەڵایەتی، خواستی ڕەگەزی، بە ئەژمارکردنی هەموو نۆڕماڵیزەکراوەکان وەک نەبوو، تیۆرەکەی خۆی لە بردنە نێو مەیدانی گفتوگۆ و مشتومڕەوە درەنگ نەکەوتووە.

لە سەدەی بیستدا وشەی کویر وەک دەستەواژەیەکی سوکایەتی ئامێز لە بەرامبەر کەسانی هۆمۆسێکسواڵدا بەکاردەهات. بەڵام لە سەدەی بیست و یەکدا مانایەکی جیاوازی لەخۆگرتووە. لەگەل ئەو گۆڕانکاریانە لە مانای ئەم دەستەواژەیە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە خواستی ڕەگەزی و پێناسی جێندەری، لەگەڵ ئەو کڵێشانەدا یەک ناگرنەوە کە لەلایەن داڕێژەرانی سیاسەتی ناسنامە و ڕەگەزەکان دیاریکراون، چونکە خواستەکان گوزارشت لە دۆخێکی یەکانگیر و ڕەقهەڵاتوو ناکەن بەڵکو لەم چوارچێوەیەدا دەگونجێ خواستی ڕەگەزی گۆڕانکاری نیشان بدات. ئەو دوانە دوالیزمییانە کە لەلایەن سیاسەتی شوناسەوە ئاسایی کراونەتەوە پێویستە لە دەرەوەی پەیوەندییەکانی دەسەڵات لێکنەدرێنەوە. ئەو بیرۆکەیەی کە ئەم تیۆرە دەیهێنێتە کایەوە ئەوە دەخاتە ژێر پرسیارەوە کە بیرۆکەی زاڵی ئاساییکراوە سەپاندوویەتی و وەک تاکە حەقیقەت ناساندوویەتی، هەروەک ئەوە دەخاتە ژێر پرسیارەوە کە ئەو خواستە ڕەگەزی و پێناسە جێندەرییانەی کە لە چوارچێوەی بیرۆکەی دوانەیی ژن-پیاودا درووست بوون ناسروشتین و لە پڕۆسەیەکی مێژوویی و کەلتووریدا هاتوونەتە ئاراوە. لەبەرئەوە میکانیزمەکانی ئاساییکردنەوەی خواستی ڕەگەزی و پێناسی جێندەری زاڵ و سەپاو و ئاساییکراو دەباتە ژێر پرسیارەوە، لەبەرئەوە لە جیاتی ئەوەی چەمکێکی ئاشتکەرەوە و ئاشکرا بێت، پێکهاتەیەکی ناقاڵبی و بێ شێوە “ئامۆرف” ی هەیە.

ئەم تێرمە کە تا ساڵانی هەشتاکان وەک جۆرێک لە سوکایەتی و پەلامار و تانە و تەشەر لە بەرامبەر کەسانی هۆمۆسێکسواڵ بەکاردەهات، لەو سەردەمە بەدوا لەگەڵ جێگیربوونی کەشی سیاسی جیهان و لەگەڵ فراوانبوونی ئازادییە کەسیەکان و زەمینەی تێکۆشانی مەدەنی بە تایبەت تێکۆشانی هۆمۆسێکسواڵەکان لەپێناو مافەکانیاندا، ئەم چەمکە مانایەکی دیکەی پێچەوانەی لەخۆگرت و بە تێکۆشانی چینی کەمینە ڕەگەزییەکان توانی نەخشی خۆی لەسەر ڕوونکردنەوەی پەیوەندییە دەسەڵاتدارییەکان دیاریبکات، لەگەڵ ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی و دەروونی بەرفراوان لەسەر توێژی کەمینە ڕەگەزییەکان و هاوڕەگەزخوازان، ئەم تێرمە واتە کویر جێگەی خۆی لە وێژمانی ئەدەبیدا گرت.

باشە کە باس لە شوناس دەکرێ مەبەست لە چییە؟ شوناس لەگەڵ خۆیدا چونیەک و یەکسانە. کەواتە چی بنەمای ئەو باوەڕ و ڕوانینە درووست دەکات کە بە تێپەڕبوونی کات ئەم پێکهاتەیە گۆڕانی بەسەردا نایەت؟ لەوەش گرنگتر ئەم هەبوونانە لەسەر پێناسی ڕەگەزی و کۆمەڵایەتی، چۆن کاریگەری دادەنێت؟

جودیت بەتلەر کە توێژینەوەیەکی لەبارەی ڕەگەزەوە ئەنجامداوە، ئەوەی خستووەتەڕوو کە ڕەگەز وەک پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی مێژوویی، لە چوارچێوەی بیرۆکەی هێترۆنۆرماتیڤدا جێکەوتووە. هەر لەبەرئەوەیە کە بۆ ئەوەی لە بنیادنانی دەسەڵاتدا ڕۆڵی ئاکتیڤ ببینێت بە زمانی دەسەڵات دەدوێت.

ئەم تێرمە ڕادیکاڵە کە لە چوارچێوەی گرووپێکی کەمینەی ڕەگەزی دەرچووە و لەنێو مەیدای سیاسەت و کۆمەڵایەتیدا بووەتە تێرمێکی گرنگ لە پێناسەکردنی ڕەگەز و پەیوەندییەکانی دەسەڵات و پێکهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسییە مێژوویەکان. ئەوەی جێی داخە کە لەناوەندی کۆمەڵایەتی و سیاسی کوردیدا قسەی لەسەر ناکرێ، بە بیانووی تابۆئاسا و ترس و خەت کێشان بە دەوریدا، لە کاتێکدا ئەگەر تێرمێک ڕەوتێکی جیهانگیری لەخۆبگرێ و زۆر هاوکێشە و کڵێشەی ڕەگەزی و کۆمەڵایەتی و سیاسی بخاتە ژێر پرسیارەوە، پێویستە قسەی لەسەر بکرێ و دوور لە ڕوانینی ئاینی بەرتەسک بخرێتە بەر ڕوانینی زانستی و کۆمەڵناسیانە و تەلیسمەکانی لێکبدرێتەوە.

ئەحمەد هەولێری




نرکە نرکی نیوەشەو.. بەشی دووەم و کۆتایی.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

لە نیوەشەودا فێ دەمگرێت
بەرد دەگرمە ئاوێنەکانی دوێنێ
چون نەیانتوانی ئەمڕۆم ببینن
بەسەر پشتی ئەسپی عەشقەوە دەگلێم
نرکەم دەگاتە کەشکەڵان
کوندەپەپوو لەسەر ئایندەم دەخوێنێ
ھەموو ئەو ھیوایانە سەردەبڕم
وەک وەھمێک لە بۆشایی خەیاڵدا
دروستم کردبوون و
ھەموو تەمەنمیان ھەڵلووشی
پەلاماری ئەو خەونە دووبارانە دەدەم
وەک چەقۆیەک لە قەبرەغەم دەدرێن و
بۆنی خوێنی بەزینیان لێدێ
لە چیای بەرزی غرورەوە
خۆم ھەڵدەدەمە دۆڵی لەناوچوونەوە
تەنیا بۆ ئەوەی پەریە ژنێک
تەرمی ھەلاھەلام ھەڵبگرێتەوە


لە نیوەشەودا
دەنگێکی غەریب بانگم دەکا
ھێی ئەی موسافیری رێی شکست
خەیاڵە تەڕەکانت لە شیعردا بھۆنەوە
ئەم بەختەوەرییەت زۆر نابات،
دابڕانێکی ئەزەلی چاوەڕێتە
مەرگێکی ئاگراویی لەبەردەم دەرگاتە
ئەمێستا نازانم
خەونەکانم بنووسمەوە
یان بەسەر باڵای رۆژگارمدا بگریم؟!
نازانم سەفەر بکەم بۆ ناو خۆم
یان لە پێش چاوی تۆدا بتوێمەوە؟!
نازانم قەڵەمەکەم لە سێدارە بدەم
یان بیچەقێنمە
چاوی نوقاوی ھەقیقەت؟
نازانم لەم پایزەی عومردا
بە بۆنی گوڵێکی رۆژھەڵات
بە ئامێزی بەھار دەگەمەوە؟!!


لە نیوەشەودا
ھیچم لەسەر خۆم بیر نایەتەوە
جگە لەو چاڵە رەشەی ناو مێشکم
کە ناوی غەمە
ھیچم لە رابردووی خۆم
بیر نەماوە
تەنیا ئەوە نەبێت
چرایەکم ھەبوو شکا
ھیچ لە بارەی ئێستای خۆمەوە نازانم
تەنیا ئەوە نەبێت بە پێی پەتی
بەسەر شووشەی شکاوی
تەمەندا رێ دەکەم
نازانم لە ئایندەدا
چ بەڵایەکی ترم بەسەردێ
تەنیا ئەوەندە نەبێ
لە دڵی یاردا ھەڵدەکوڕزێم
بین دەنێم
بە گۆزەی بەتاڵی ماچەکانییەوە
دەرگایەک بەرووی خۆمدا دەکەمەوە
خاڵی لە ئەو و
تەژی لە نەزعەی خۆکوشتن
ئەو ھەورە رەشەی
سایەی بەسەرمدا کردووە
چەقۆ دەبارێنێت
بۆ لەشی گۆرانییەکانم
ئەو رەشەبایەش کە لرفە لرفێتی
پەیامی ھەڵوەرینی منی پێیە
لە دڵی شۆخە ژنێکدا


لە نیوەشەودا
دەبمە تارماییەک
لە کوچە تاریکەکانی ژیاندا
دەزریکێنم
لە بەردەم درەختی سوورباوی
دڵی ژنێکدا دەوەستم
ھاوار دەکەم
ئەی شەپۆلاویترین خۆرەتاو
ئەو دڵەی من
ھێندە ناسک بۆتەوە
بە باڵەفڕکێی پەروانەیەکیش
درزی تێ دەبێت
رۆحی ئاوریشمیم
بە جۆرێک نەرمە
دەتوانیت بە لۆکەش
سەری ببڕیت
ئەو چاوانەم
ھێندە خەردەلی درۆیان تێزاوە
بە یەک وشەی سارد وەک کانییەک
لە سەردەمی وشکەساڵیدا
کوێر دەبنەوە
ئەو گوێیانەی من ئاخنراون
بە دەنگی ھەرەس
بە چرپە
باسی ئەو شەھیدانەم بۆ مەکە
دڵیان بە ئەستێرەی کاروانکوژە
خۆش کردبوو
ئەو ھەنگاوانەم ھێندە سست بوون
بە ھەزار ساڵیش
ھەورازەکانی ئەوینی تۆ و
نشێوەکانی غەریبیی خۆمم
پێ نابڕدرێ
سەرم ھێندە
لە ئانی کڕنووش ماوەتەوە
لە ئاستی جوانی تۆدا
بە ھەزاران فریشتە بەرز نابێتەوە
دە تۆش وەرە لەم نیوەشەوەدا
مەھێڵە وەنەوزی نائومێدیی بمباتەوە
ئاڵای خۆشەویستییەکی ئەبەدیی
لە ناوەڕاستی جەرگم بچەقێنە

شیعری: ستیڤان شەمزینی





له‌بادا واتاكان كاڵده‌بنه‌وه‌.. ستار ئه‌حمه‌د

باخه‌كان ئاریشه‌ی شنه‌ی با ده‌پێوون..
وه‌رین..به‌ربوونه‌وه‌ی گه‌ڵا له‌ته‌مه‌ن ده‌سێنێ‌.
عومری چۆله‌كه‌یه‌ك
له‌باخه‌ڵی مروه‌تا ژیرده‌كاته‌وه‌
بیركردنه‌وه‌ی مرۆ
له‌ئه‌ندازه‌ی سووڕانه‌وه‌و له‌رزین
راچه‌نینێك به‌جووڵه‌ ده‌بزوێنێ‌
بۆئه‌وه‌ی هاژه‌ به‌ناخمانا تێپه‌ڕێ‌
له‌وه‌چه‌ی داره‌كان ئاواز وه‌رگرین
به‌ره‌و دونیای جوانی
له‌سه‌ر هه‌ڵیه‌ڕكێی گوڵ.
شیوه‌نی باڵدارو چڵ.
شینبوونی گیا له‌سایه‌ی گه‌ڵادا بڕه‌نگێنین
مردن..گوشینی ده‌سته‌ به‌ره‌و هێوربوونه‌وه‌
هه‌ڵكردن..شه‌ماڵی خه‌ونه‌ بۆ هه‌ڵاتن
به‌ره‌و جێگیربوون.
له‌نێوانی چڵ و گوڵا
بێده‌نگی و ئاوازی بادا
خاڵێك هه‌یه‌
بۆ له‌باربردن و زینده‌گی
له‌چركه‌ساتی مه‌ودای كات و
رامان له‌سڕینه‌وه‌ی گوناهێكدا
كانیه‌ك له‌ئه‌ندێشه‌
ده‌موچاوی تیشك له‌ هه‌ور ده‌نێ‌
سروه‌یه‌ك خۆر ده‌كاته‌ ئامێته‌ی گوڵاو
به‌رامه‌یه‌ك مه‌ودای نوور ده‌چێنێ‌
سره‌وتن له‌كۆَشی پیرۆزیا
له‌بۆنی نان و نه‌رمه‌ باران به‌چێژتره‌
خه‌ون.. ده‌رووی هزر ده‌كاته‌وه‌
ده‌چینه‌ ئامێزی پووكانه‌وه‌
دارێكین به‌رمان ته‌نكه‌بایه‌.
باڵمان..لاسكی گوڵه‌گه‌نمی ژێرسایه‌ی هه‌ودایه‌.
ده‌مێنین،هه‌تاكو ده‌روازه‌یه‌ك
په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌كانمان ده‌بزوێنێ‌
ده‌ڕۆین.. بۆئه‌وه‌ی ئێواره‌یه‌كی دیكه‌
تاریكی نه‌خاته‌ گه‌رووی رۆژه‌وه‌
شه‌وه‌كان نیگایان نه‌بێته‌ گوڵه‌با
باخچه‌كان له‌بارێزه‌ سڵنه‌كه‌نه‌وه‌.
گه‌ڵاكان له‌ژێر پێیه‌كانی باراندا نه‌رمبنه‌وه‌.
له‌بادا هه‌موو شتێك سپی ده‌چنه‌وه‌.
له‌بادا هه‌موو ماناكان كاڵده‌بنه‌وه‌.
ژیان په‌لكه‌زێڕینه‌ له‌به‌رۆكی ره‌شه‌با ئه‌دا،
نه‌مان ده‌ست له‌گه‌ردنی با ئه‌دا.
مردن وه‌رینی ئه‌ستێره‌و داخستنی ئاسمان،
سڕینه‌وه‌ی زه‌مین له‌ده‌فته‌ری هه‌وادا ده‌خوێنێته‌وه‌.
كه‌با نه‌بێت مرۆكان ده‌پووكێن،
باخه‌كان هه‌ڵناپه‌ڕن.
په‌ڕتووكه‌ پیرۆزه‌كان هه‌ڵنادرێنه‌وه‌.
بوونه‌وه‌ره‌كان به‌له‌رزه‌ی ئاوو
به‌رزبوونه‌وه‌ی شه‌پۆل و داخزانی كه‌ناره‌كان
له‌گژوگیا تێرنابن و
به‌خۆراكی هه‌ڵاتوو
مووژه‌ی ره‌وه‌نده‌كان ناناسن
ژیان په‌لكه‌زێڕینه‌ له‌به‌رۆكی ره‌شه‌با ئه‌دا،
نه‌مان ده‌ست له‌گه‌ردنی با ئه‌دا.
مردن وه‌رینی ئه‌ستێره‌و داخستنی ئاسمان،
سڕینه‌وه‌ی زه‌مین له‌ده‌فته‌ری هه‌وادا ده‌خوێنێته‌وه‌.
كه‌با نه‌بێت مرۆكان ده‌پووكێن،
باخه‌كان هه‌ڵناپه‌ڕن.
په‌ڕتووكه‌ پیرۆزه‌كان هه‌ڵنادرێنه‌وه‌.
بوونه‌وه‌ره‌كان به‌له‌رزه‌ی ئاوو
به‌رزبوونه‌وه‌ی شه‌پۆل و داخزانی كه‌ناره‌كان
له‌گژوگیا تێرنابن و
به‌خۆراكی هه‌ڵاتوو
مووژه‌ی ره‌وه‌نده‌كان ناناسن

ستار ئه‌حمه‌د




تیشکێک بۆسەر پێکهاتەی چین و توێژەکان و خەباتی چینایەتی لە هەرێمی کوردستاندا.. نادر عەبدولحەمید

دوو چەمکی سیاسی

“هەرێمی کوردستان” و “حکومەتی هەرێم”، لە فەرهەنگی ناسیونالیزمی کوردا، وەک بەرهەمی بزووتنەوەی چەکداری و زیندانی چالاکوانانی سیاسی و لەسێدارەدانیان بۆ لابردنی ستەمی نەتەوایەتی و سەربەخۆیی کوردستان لێکدانەوەی بۆ دەکرێت، بەڵام لە واقعدا ئەم “هەرێم” و “حکومەت”ە، وەک چەمکێکی سیاسی و واقعیەتیێکی مێژوویی، بەرهەمی ئاڵوگۆڕە مێژووییەکانی کۆتایی سەدەی بیستە، لە داڕمانی یەکێتی سۆڤییەت، کۆتایی جەنگی سارد، و خۆداسەپاندنی میلیتاریستانەی ئیمپریالیزمی ئەمریکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە دەروازەی عێڕاقەوە وەک پۆلیسی جیهانی یەک قوتبی، وە بە دیاریکراوی بەرهەمی جەنگی کەنداوی (١٩٩١) و داسەپاندنی ناوچەی دژە فڕینی فڕۆکە (No Fly Zone) و پاشان ڕووخاندنی (ڕژێمی بەعس) بوو لە (٢٠٠٣)دا.
ستڕاتیژی ئیمپریالیزمی ئەمریکی لەو کاتەدا، بۆ پیادەکردن و جێگیرکردنی، پێویستی بە چالاک کردنی ئۆپۆزیسیۆنی قەومی و مەزهەبی عێڕاق بەگشتی و ناسیونالیزمی کورد هەبوو بەتایبەتی. لێرەوە حزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی خۆیان هاوئاهەنگ و هاوخەتی ستڕاتیژی ئیمپریالیستی ئەمریکی و ئەو ئاڵوگۆڕە جیهانی و ناوچەییانە کرد. بۆیە “هەرێمی کوردستان”ی عێڕاق و “حکومەتی هەرێم” بەرهەمی یەکانگیربوونی ستڕاتیژی ئیمپریالیزمی ئەمریکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوخەتبوون و چالاکبوونی ناسیونالیزمی کوردە، وەک بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی چەکدار لەناو ئەو ستڕاتیژ و سیاسەتە ئیمپریالیستیـیەدا.
سنوری پانوپۆڕی و بەرتەسکی ئەم “هەرێم”ە و دەستڕۆیشتوویی “حکومەت”ەکەی، و جێگەوڕێگە و بەهایەکیش کە هەیبووە، بۆ دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان و دەوڵەتانی بۆرژوا کۆنەپەرستی ناوچەکە و بۆ سەرمایەدارانی کوردستان، لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا هەمیشە لە گۆڕاندا بووە، دیارە کە لەم حاڵەتەی ئێستاشدا نامێنـێـتەوە. هەتا ڕوانگەی جەماوەری زەحمەتکێش و ئازادیخوازی کوردستانیش بەرامبەر بە “هەرێم” و “حکومەت”ەکەی ئاڵوگۆڕی زۆر جدی و ڕیشەیی بەسەردا هاتووە.
ناوەڕۆکی چینایەتی دەسەڵاتدارەتی لە هەرێم
ناوەڕۆکی چینایەتی دەسەڵات لەو هەرێمە، لە سێ قۆناغدا و بە شکڵ و شێوازی تایبەت لەهەر قۆناغێکدا خۆی دەرخستووە.
قۆناغی یەکەم. لە دوازدە (١٢) ساڵی یەکەمدا (١٩٩١-٢٠٠٣)، بەو هۆیەوە کە لەو سەردەمەدا، شیرازەی کۆمەڵگە لە سەراسەری عێڕاق و لە کوردستانیشدا لە گرێژنەچوو بوو، نەداری و برسیەتی بەهۆی گەمارۆی ئابووری (نەتەوە یەکگرتووەکان)ەوە لەسەر عێڕاق لە ئارادابوو، جەنگی ناوخۆیی نێوان دوو زلهێزی چەکداری بزووتنەوەی کوردایەتی (پارتی و یەکێتی) کۆمەڵگەی لولدابوو،… بەڵێ لەم بارودۆخەدا ناوەڕۆکی چینایەتی دەسەڵاتدارەتی لەم هەرێمەدا لە شکڵی داسەپاندنی زەبروزەنگی هێزی میلیشیایی پێشمەرگایەتییەوە بۆ تێکشکاندنی ئیرادەی ئازادانە و سەربەخۆی جەماوەر لەو فەزا ئاوەڵە سیاسیـیە و لەو بۆشایـیە سیاسیـیەدا کە هاتبۆ ئاراوە بە ئاشکرا خۆی نیشان دەدا، [بۆ نمونە هەر لەسەرەتاوە کەوتنە گرتنەخۆی هەموو سەرکۆک جاشەکان و پێدانی پلەوپایە پێیان، پەلاماری بزووتنەوەی شۆرایی و (یەکێتی بێکاران)یاندا، دەستیانکرد بە ڕەشەکوژی ژنان، کەوتنە پیادەکردنی سەرکوت و تیرۆری سیاسی و ڕێگری لە ڕێکخراوبوونی ئازادانە و هاوکاری هەردوو ڕژێمی کۆنەپەرستی جمهوری ئیسلامی ئێران و دەوڵەتی تورکیای شۆفێنیست بۆ تیرۆری ئۆپۆزیسیۆنی ئەو دوو وڵاتە و هێرش بۆسەریان]. ئەمە و لە لایەکی ترەوە ناوەڕۆکی چینایەتی دەسەڵاتدارەتییەکە لەوەدا خۆی نیشان دەدات کە قۆرخکردنی ئەو کۆمەگییە ئینساندۆستیانە بوو کە دەهات بۆ کوردستان. بەپێی لێدوانی بەرپرسێکی پلە یەکی حزبێکی دەسەڵات؛ داهاتی هەرێمەکە لە کۆمەگ و لە گومرگی ناوخۆ، کراوە بە سێ بەشەوە؛ (%٣٠)ی بۆ (پارتی)، (%٣٠)ی بۆ (یەکێتی)، و باقییەکەشی بۆ چەند ملیۆن کەس لە جەماوەری بێکار و هەژار و ئاوارە و برسی. ئەمە جگە لە ڕاووڕووت و بەتاڵانبردنی هەر شتێک کە هی کەرتی گشتی و موڵکی کۆمەڵگە بووبێت، لە لایەن ئەو دوو حزبەوە، هەر لە کەلوپەلەکانی (بەنداوی بێخمە)وە بیگرە تا کۆکردنەوەی تەل و سیمی عمودی کارەبا و مس و فافۆن و فرۆشتنی بە بازرگانانی ئێران و تورکیا.
قۆناغی دووەم. دوای ڕووخاندنی (ڕژێمی بەعس ٢٠٠٣) باروودۆخەکە تەواو گۆڕا، ناوەڕۆکی چینایەتی دەسەڵاتدارەتی هەرێم و حکومەتەکەشی، لەم قۆناغی دووەمەدا بە شکڵ و شێوازێکی کامڵتر و ڕوونتر گوزارشی لە خۆی کرد. لە (٢٠٠٣) بەدواوە مۆتەکەی بەعس ڕەویەوە لەبەرچاوان، ئارامی و دڵنییای سیاسی هاتەئاراوە، لە هەمانکاتیشدا پوڵ و پارەیەکی زۆر لە خەزێنەی گشتی عێراقەوە هات بۆ کوردستان، ئەم سەردەمە بە سەردەمی تەخشان و پەخشانی دۆلار و دروستکردنی گەڕەکانی “فیرعەوناوا” لە شارەکاندا ناسراوە، کە تیایدا گەندەڵکاری بە یاسا کراوی لە ڕاددەبەدەری هەردوو حزبی دەسەڵات سەراپای کۆمەڵگەی داپۆشی.
لەم قۆناغەدا پەیوەندی نێوان سەرمایەداران و دەسەڵات زۆر توندوتۆڵتر بوو، ئەڵقەیەکی بەرفراوان لە گەورە بازرگان و بەڵێندەر و خاوەن پڕۆژە و کۆمپانیاکان، لە گەورە بەرپرسانی حکومی و حزبی و پلەدارانی هێزی پێشمەرگە و ئەندام پەرلەمانان و توێژی سەرەوە لە کەسایەتی ناو دامەزراوە ئایینییەکان و بنەماڵە شێخ و عەشایەرەکان و سەرۆک جاشەکانی پێشوو، هەروەها بەڕێوەبەران و هەڵسوڕێنەرانی دامودەزگای زەبەلاحی میدیایی حزبەکان و توێژێک ئەگەرچی بچوکیش لەسەرمایەدارانێکی دەرەوەی کوردستان کە هاتوون بۆ ئەم هەرێمە و سەرقاڵی وەبەرهێنان و خاوەن پشکن وەیا پڕۆژەی ئابوورییان هەیە، هەر هەموو ئەم توێژانە بەدەوری هەردوو حزبی دەسەڵات و (حکومەتی هەرێم)دا کەمەریان بەست و هەر هەمووشیان لە گەندەڵی و مشەخۆی بەهرەمەندبوون وەک توێژی جۆراوجۆری چینی سەرمایەدار و پایە و بنکەی دەسەڵاتی بورژوا ناسیونالیست لە کوردستانی عێڕاقدا.
یەکگرتوویی ئەم توێژە جۆراوجۆرانە لەسەر سفرەخوانی گەندەڵکاری هەر دوو حزبی دەسەڵات، یەکێک لە بنەماکانی یەکگرتنەوەی هەردوو “ئیدارەی هەولێر” و “ئیدارەی سلێمانی” بوو لە حکومەتێکی هاوبەشدا بەناوی (حکومەتی هەرێم)، وە بنەمایەکیش بوو بۆ “هاوپەیمانەتی ستڕاتیژی ٢٠٠٧”ی نێوان (یەکێتی و پارتی).
ئەمە لە کاتێکدا بوو کە خەڵکی بەدەست نەبوونی ئاو و کارەبا و جادە و ڕێگاوبان و نەبوونی باڵەخانە بۆ قوتابخانەکان و کەمی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی و پەروەردەوە دەیانناڵاند و ڕۆژانە توێژە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان ناڕەزایەتیان دەردەبڕی تا ئەوەی لە ئاب/ئۆگۆستی (٢٠٠٦)دا بووە تەقینەوەیەکی جەماوەری و بەدوای ئەویشدا بە کوشتنی (سەردەشت عوسمان، لە ئایاری ٢٠١٠)، بزووتنەوەی دژبە بەرتەسکردنەوەی ئازادییە سیاسی و فکرییەکان سەریهەڵدا، ئەمە و کردەوەکانی ئەم دەسەڵاتە و پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان سەریکێشا بۆ چوونەپێشەوەی ئاگاهی سیاسی جەماوەر و بۆ ڕاپەڕینی (١٧ی شوباتی ٢٠١١) کە هاوکات بوو لەگەڵ شۆڕشەکانی باکوری ئەفریقا لە تونس و میسر و جەماوەر خوازیاری هەڵپێچان و گۆڕینی دەسەڵات بوون.
ئەمە یەکەم جار بوو لە مێژووی ئەم هەرێمەدا، جەماوەر بەئاگا بێتەوە لەو قەڵشتە گەورەی نێوان خۆی و دەسەڵات و بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی بەرفراوان بەڕێبخات بۆ هەڵپێچانی دەسەڵاتی خۆماڵی. ئەڵبەتە حزب و ڕێکخراوەکانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی هەمیشە خوازیاری ئەوە بوون، بەڵام ئەمە جیاوازە لەوەی کە بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی خۆی ئەو خواستە بخاتەڕوو.
قۆناغی سێیەم. هەرچی ناوەڕۆکی چینایەتی ئەو دەسەڵاتدارەتی و حکومەتەیە لە دە (١٠) ساڵی سێـیەمدا (٢٠١٤-٢٠٢٤) زۆر کامڵتر، و بەرجەستەتر بووە پێـبەپـێی کەڵەکەی سەرمایە و پەرەسەندنی سەرمایەداری لە هەرێمەکە و ئینتگرەبوونی بە سەرمایە و سەرمایەداری وڵاتانی دراوسێ و کۆمپانیا جیهانییەکانەوە.
لە هەرێمی کوردستاندا حکومەتێکی تەکنۆکراتمان نیـیە لە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا و بەڕێوەبەر کە موچەخۆری سەرمایەداران بن و خزمەت بە بەرژەوەندیـیەکانی ئەوان بکەن، بە قسەی مارکس و ئنگڵز بڵێین ئەوانە نوێنەری حکومی و سیاسی سەرمایەدارانن و ئیدارەی دەوڵەتیان بۆ دەکەن و موچەیەکی مفتیش وەردەگرن، بەڵکو خودی ئەوانەی کە خاوەنی گروپە کۆمپانیا و پڕۆژە هەر گەورەکانن، خاوەن بانکەکان و ملیاردێری دۆلار و قۆرخکاری سامانی سروشتی نەوت و گاز و کەرتی بازرگانی و زەویوزار (عەقارات)ن، بە بەمانایەک هەر خودی ئەوانەی کە نەهەنگ (حوت) و قرشی سەرمایەدارین و خاوەن سەرمایەی مۆنۆپۆلن لە کوردستاندا، هەر ئەوانەشن کە بەڕێوەبەری حکومەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانن و خاوەن میدیایەکی زەبەلاح و میلیشیا و ڕایەڵەی سیخوڕی و دامودەزگای دژە تیرۆر و دابینکردنی “ئاسایش”ی سەرمایەن لەبەرامبەر ناڕەزایەتییەکانی خەڵکیدا.
ئەمڕۆ لە کوردستانی عێڕاقدا سەرمایە و سیاسەت و حزبایەتی حزبەکانی دەسەڵاتدار یەکەیەکی تۆکمە و لێکهەڵپێکراوی لەیەک جیانەکراوە پێکدەهێنن و خاوەن بەرژەوەندی ستڕاتیژیین لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی وەبەرهێنان و بازرگانی سەربە وڵاتانی زلهێزی ئیمپریالیستی ئەمریکی و ئەوروپی و چینی و ڕوسی … وێڕای گرێدراوی بەرژەوەندە ئابووری و سیاسی و ئەمنیـیەکانیان لەگەڵ بورژوازی وڵاتانی ناوچەکە و میرنشینەکانی کەنداو.

داسەپاندنی سیاسەتی نیولیبرالیزم
هەر لە سەرەتای خۆداسەپاندنی میلیشیانەی (بەرەی کوردستانی)، لە (١٩٩١)ەوە، سیاسەتی بازاڕی ئازدیان گرتۆتەبەر و کۆمپانیا حزبی و بنەماڵەییەکانیان وەگەڕ خستووە، چ لە بواری بەرهەمهێناندا بێت یان بازرگانی و خزمەتگوزاری، بۆ قۆرخکردنی سەروەت و سامانی گشتی و کەڵەکەی سەرمایە، تا ئەوەی کە بارودۆخ گونجاو بوو بۆ دەرکردنی (یاسای وەبەرهێنان) لە (٢٠٠٦)دا.
کە بەپێی ئەو یاسایە نەک هەر کۆمپانیاکانی ناوخۆیی، بەڵکو کۆمپانیا بیانییەکانیش وێڕای ئەوەی لە باجی داهات و گومرگی کەلوپەلی هاوردە دەبەخشرێن، زەویوزاریشیان پێ دەدرێت و هەزار و یەک کۆمەگی و دەستگرۆییشیان دەکرێت لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە. ئەمەش لە کاتێدکدا کە هیچ جۆرە قسەیەک لە مافی کرێکار و یاسای کار و دەستبەرکردنی بیمە کۆمەڵایەتییەکانی کار ناکرێت، وە لە کاتێکیش دابوو کە قەیرانی خانووبەرە و کرێنشینی لە ئارادابوو، وە خەڵکی بەدەست کەمی خزمەتگوزارییەکانەوە دەیان ناڵاند، حکومەت و حزبەکانی دەسەڵات وەڵامی ناڕەزایەتییەکانی جەماوەریشیان نە دەدایەوە، لێرەوە ناوەڕۆکی چینایەتی ئەو سیاسەتە ئابووریانە تەواو ڕۆشنە کە چۆن دژە جەماوەرن و لەبەرژەوەندی توێژە جۆراوجۆرەکانی سەرمایەداران بووە.
بەڵام بەدوای بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لە (٢٠١٤) بەهۆی گرتنەبەری سیاسەتی (سەربەخۆیی ئابووری) لە لایەن حکومەتی هەرێم و هەردوو حزبی دەسەڵاتەوە، تەواوی ئەو یاسایانەی کە دەرکراون لەگەڵ ئەو ڕێنمایی و ڕێکارانەی کە گیراونەتەبەر لە کابینەی هەشتەم و دوای ئەویش کابینەی نۆیەم هەر هەموویان ناوەڕۆکێکی چینایەتی دژ بە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و کەم دەرامەت و هەژاری کوردستان بووە.
ئەم دوو کابینەیە بەردەوام خەریکی بڕینی مووچە بوون سەرەتا لە کابینەی هەشتەمدا بەناوی “پاشەکەوتی موچە”ەوە و دواتریش لە کابینەی نۆیەم بەرپرسیارەتی “پاشەکەوت”ی لەسەر شانی خۆی لابرد و ڕایگەیاند هەر کاتێک حکومەت داهاتی هەبوو بڕی مووچەش بەپێی ئەو داهاتە دەدات، ئەمە جگە لە پشتگوێ خستنی کەرتە خزمەتگوزارییە گشتییەکان، هەموو ئەمانەش لە کاتێکدا بوو کە نەوتی هەرێم لە بازاڕەکانی جیهاندا فرۆشراوە و کۆمپانیاکان بە ملیۆنەها و ملیارەها دۆلاریان پاشەکەوت کردووە.
خاڵێکی جەوهەری کە پێویستە ئاماژەی پێ بدەم سەبارەت بە سیاسەتی ئابووری ئەم ڕژێمە لە هەرێمی کوردستاندا، ئەویش ئەو کۆنفراسەیە کە لەسەر داوای (حکومەتی هەرێم) لە (٣٠-٥-٢٠١٦) لە لایەن (بانکی نێودەوڵەتی) و بە میوانداری (نەتەوە یەکگرتووەکان) لە هەولێری پایتەخت بەڕێوە دەچێت لەژێر ناوی (ڕیفۆرم لە ئابووری هەرێمی کوردستاندا)، کە ستڕاتیژێکی سێ ساڵە و پلانی ڕیفۆرمی ئابووری هەرێمی کوردستانی تیادا ڕاگەێندرا. کە لە ناوەڕۆکدا پیادەکردنی سیاسەتی خەسخەسە و داسەپاندنی سیاسەتەکانی نیو لیبرالیزم بووە.
ناوەڕۆکی ئەو پلان و ڕیفۆڕمە؛ شانخاڵی کردنەوەی حکومەتی هەرێم بووە، هەرچی زووتر و خێراتر، لە خەرجیە گشتییەکان، وەستاندنی دامەزراندن و کارپێدان لە کەرتی گشتی و کەمکردنەوەی ژمارەی کرێکار و کارمەندەکانی، ڕادەستکردنی خزمەتگوزاریەکان و پێشکەشکردنیان بە هاوڵاتیان لە ڕێگەی کۆمپانیاکانەوە کە هەریەکەیان بەجۆرێک سەر بە حزبەکانی دەسەڵاتن. کابینەی نۆهەمیش کە بە دروشمی چاکسازیەوە لە تەمموزی (٢٠١٩)دا دەستبەکار بوو، ئەم ڕەوەندەی بە هەنگاوی گەورەتر و خێراتر بەناوی چاکسازییەوە بردۆتەپێش.
ئاکامی ئەم داسەپاندنی نیولیبرالیزمە بە ئاگاهانە و نەخشەمەندانە و بەپێی ڕێنماییەکانی (بانکی نێودەوڵەتی) لایەک بەربڵاوبوونێکی لەڕاددەبەدەری بێکاری لە نێو لاوانی کوڕ و کچی کوردستاندا هێنایە ئاراوە، سەیرکەن ساڵانە نزیک بە پانزە (١٥) هەزار لاوی کچ و کوڕ خوێندنی زانکۆ و پەیمانگاکانیان تەواوکردووە کە لە دە (١٠) ساڵی ڕابردوودا (٢٠١٤-٢٠٢٤)، ئەم ژمارەیە لەگەڵ ژمارەی ئەوانەی کە لە دەرەوەی پڕۆسەی خوێندن بوون و تەمەنیان بووەتە هەژدە (١٨) ساڵ واتا نزیک بە چارەکە ملیۆنێک لە هێزی کاری ئامادە بەکار و خوێندەوار هاتۆتە بازاڕی کارەوە کە حکومەتی هەرێم دەرگای دامەزراندنی داخستووە و هەلی کاریش لە کەرتی تایبەتیدا وەک ئەوە وایە پەرداخێک ئاو لە دەریایەکی بێکاری دەربهێنی کە دیارە هیچی لێ کەم نابێتەوە. ئەمەش بووە هۆی کۆچ و ڕەوێکی بەکۆمەڵی بەرفراوانی لاوان بۆ دەرەوەی وڵات.
لە لایەکی ترەوە ئەم داسەپاندنەی سیاسەتی نیولیبرالیزمە نەک هەر بۆتە پەرەدار بوونی کاری گرێبەستی کاتی کە کرێکار و کارمەند لە هەر مافێکی بیمە و پاراستنێکی یاسایی بێ بەش دەکات، بەڵکو بۆتە بەربڵاوبوونی کاری خۆبەشی بێ بەرامبەر لەژێر ناوی پڕاتیک و وەرگرتنی ئەزمووندا، نەک هەر لە ناوەندەکانی کاری کەرتی تایبەتدا، بەڵکو هەتا لە ناوەندەکانی کەرتی گشتیشدا لە خەستەخانە و لە خوێندگاکانیشدا ئەم خۆبەشیەی کارکردن بەربڵاوە.
ئەمە جگە لە دیاردەی دەستفرۆشی مناڵانی سەر جادە و پیا و ژنی بەتەمەن کە بەدیار کاڵای جۆراوجۆرەوە بۆ پەیداکردنی چەند هەزار دینارێکی کەم لە ڕۆژێکدا کە بەشی ژەمە خواردنێکیش ناکات لەسەر جادە و شەقامەکان ڕۆژ تا ئێوارە دەوەستن.
ئەم بارودۆخە جەهەننەمییەی کە حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵات بەسەر ئەم کۆمەڵگەیە و بەسەر جەماوەردا دایان سەپاندووە، بارودۆخی سەرمایەدارییەکی بێ هەوساری وەحشیگەرییە، بە پێچەوانەی لێکدانەوەی فکری و سیاسی لیبرالەکانی کوردستان و ئۆپۆزیسیۆنی بورژوا قەومی لیبرال و ئیسلامی، ئاکامی لێنەهاتوویی و نەشارەزایی چەند سیاسەتمەدار و ڕابەڕێکی حزبی و حکومی نییە، بەڵکو ئاکامی کارێکی ئاگاهانەی هاوبەش و هاوئاهەنگی دەسەڵاتی بورژوا لۆکاڵی (خۆماڵی) کوردی و دامەزراوە بورژوا ئیمپریالیستیەکانی جیهانە پێکەوە، کە ئەویش داسەپاندنی سیاسەتی ئابووری نیولیبرالیزمە بەسەر جەماوەردا، کوردستان دەمێکە بۆتە بەشێک لە بازاڕی سەرمایەداری جیهانی و دەسەڵاتەکەشی هاوئاهەنگ و لێکهەڵپێکراوە لەگەڵ دەسەڵاتی دەوڵەتانی بورژوا کۆنەپەرستی ناوچەکە و لەگەڵ ستڕاتیژ و پلانی وڵاتانی ئیمپریالیستی ڕۆژئاوا بەتایبەت ئیمپریالیزمی ئەمریکی.
پێکهاتەی چین و توێژەکان، خەباتی چینایەتی لە هەرێمی کوردستاندا
چینەکان تەنانەت لە کۆمەڵگەی کۆلایەتی و دەرەبەگایەتیشدا وەستاو نەبوون و لە حاڵەتێکی گۆڕانی هێواش هێواشدا بوون، بە بەراورد بە چینەکان لە کۆمەڵگە و سیستمی سەرمایەداریدا، کە خێرایی گۆڕانکاری تێیاندا زۆر بەگوڕە، بە هۆکاری ئەوەی کە سەرمایەداری وەک سیستمێکی کۆمەڵایەتی بەرهەمهێنان ناتوانێت چرکەیەکیش بووەستێت لە داهێنان و پەرەپێدانی تەنکلۆژیا، وەک مارکس لە (مانیفێستی کۆمۆنیستی)دا باسی لێوە کردووە، ئەمەش وا دەکات بەردەوام ڕشتە و لقی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری تازە بێتەئاراوە، هی کۆن بپوکێنەوە و مایەپوچ بن یان ببنە پاشکۆ بۆ ڕشتەی تازەی بەرهەمهێنان، بەمەش کاردابەشکردنی کۆمەڵایەتی دەستخۆشی گۆڕان و خۆنوێکردنەوەیەکی بەردەوام دەبێت و توێژی کۆمەڵایەتی جۆراوجۆر سەربە چینە ئەسڵییەکانی کۆمەڵگە دێنەئاراوە یان دەپوکێنەوە وەیا جێگەوڕێگەی چینایەتیان دەگۆڕێت. ئەمە وەک سەرەتایەکی گشتی.
تا ئەو شوێنەی کە پەیوەستە بە هەرێمەوە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ساڵانی هەفتاکان و هەشتاکان و نەوەتەکان، واتا سی (٣٠) ساڵی کۆتایی سەدەی بیست، دەبینین کە سەرمایەدارانی کوردستانی ئەو کاتە پێکهاتەی توێژە کۆمەڵایەتییەکان و جۆری پەیوەندییان بەسەرمایەداری سەراسەری عێڕاقەوە، زۆر جیاواز بووە لە پێکهاتەی توێژەکانی ئێستا و جۆری پەیوەندییان بە چینی سەرمایەداری عێڕاقەوە، ئەمە بۆ توێژە کۆمەڵایەتییەکانی چینی کرێکار و جۆری پەیوەندیشیان بە چینی کرێکاری عێڕاقەوە هەر دروستە.
پێکهاتەی چینی بورژوازی لە کوردستانی عێڕاقدا لەو توێژە جۆراوجۆرانەی کە ناومان بردوون بە تەعبرە بازاڕییەکەی لە چێشتی مجێور دەچێت، هەندێک لەو توێژانە مێژووییەکی نوێیان هەیە و وەک قارچی بەرهار هەڵتۆقیون و بوون بە ملیۆنێر و ملیاردێر وەک (بەرپرسانی حکومی و حزبی و پلەدارانی هێزی پێشمەرگە و ئەندام پەرلەمانانەکان و بەڕێوەبەران و هەڵسوڕێنەرانی دامودەزگای زەبەلاحی میدیایی سەربە حزبەکان و گەورە بازرگان و بەڵێندەر و خاوەن پڕۆژە و کۆمپانیاکان،…)، لە حاڵەتێکدا توێژەکانی وەک (کەسایەتی ناو دامەزراوە ئایینییەکان و بنەماڵە شێخ و عەشایەرەکان، و سەرۆک جاش و دەرەبەگەکانی پێشوو) سەر بە جیهانێکی کۆنن و تێکەڵ بوون بە بارودۆخی سەرمایەداری و بوون بە بەشێک لە چینی بورژوازی و بەتایبەتیش مناڵەکانیان کە گەوەرە بوون یا بەڕێوەن گەورە بن مۆدێلێکی بەجۆرێک “شارستانی” و “سەردەمیانە”ی ئەو توێژە پێکدەهێنن و دەبنە دەروازەیەکی گونجاوتر بۆ ئینتیگرەبوون (بوون بە بەشێکی ئۆڕگانیکتر) لە چینی بورژوازی.
دیارە ناکۆکی لەسەر بەرژەوەندی ئابووری لەنێوان توێژە جۆراوجۆرەکان و هەروەها کێشمکێش لەسەر بازاڕ و قۆرخکاری و دەستبەسەراگرتنی سود و قازانج لە نێوان سەرمایەدارانی یەک توێژیشدا هەیە، جگە لەمەش سەرمایەدارانی کوردستان لەهەر زۆنێکیشدا بەپێی بەرژەوەندییە مادییەکانیان دابەش بوون بەسەر ڕەوتی فکری و سیاسی و حزبی جۆراوجۆردا، هەر لە ناسیونالیستی دواکەوتووەوە بیگرە تا کۆنەپەرستی ئیسلامی و تا لیبراڵی دووڕوو لە بەهای کۆمەڵایەتیدا، لە شکڵا مۆدێرن و لە ناوەڕۆکدا کۆنەپەرست. ئەم جۆراوجۆریەتیەش بەشێکە لە ناکۆکییەکانی دەرونی ئەو چینە.
بەڵام ئەم هەڵیتوپەڵیتە چینایەتییەی بورژوازی لە کوردستاندا بەو هۆیەوە کە ئۆڕگانێکی ڕێکخەر و ڕابەریان هەیە کە پێکهاتووە لە حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵات و میدیایەکی زەبەلاحی گەوجاندن و هێزی میلیشای پێشمەرگە و دامودەزگای سەرکوت، وە بەو هۆیەشەوە کە بوون بە بەشێک لە هاوکێشەی پاراستنی ئاسایشی سەرمایە و ئەجیندای سیاسی و ئەمنی دەوڵەتانی ناوچەکە، لێرەوە لە پشتیوانی و هاوکاری دەوڵەتانی بورژوا کۆنەپەرستی ئیسلامی ئێران و شۆفێنیستی تورکیاش بەهرەمەندن، وێڕای پشتیوانی ئیمپریالیزمی ئەمریکی وەک بەشێک لە ئەجیندای خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
بەڵێ ئەم چینە بەهەموو ناکۆکی و ناتەبایی و شەپڕێوییەکی ناوخۆییەوە توانیویەتی بەم شێوەیە دەستدابگرێت بەسەر چارەنوسی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ئەم هەرێمە و بشکەوێتە کێشمەکێش (تێنوسان و دانوسان) لەگەڵ ڕەوتە قەومی و تائیفەگەرییەکانی حکومەتی ناوەندی لەسەر پشک و بەش لە سەرمایە و داهاتی سەراسەری عێڕاق.
سەبارەت بە چینی کرێکاریش پێکهاتەکەی تەواو دەستخۆشی گۆڕان هاتووە، لە ڕابردوودا (شەستەکان و هەفتاکان و هەشتاکان) پەرەداربوون و بەرفراوانبوونی داوێنی ئەم چینە لەسەر بنەمای کۆچی جوتیارانی لادێ بوو بۆ شارەکان بۆ کرێکاری بە پلەیەکی بەرز و بەشێوەیەکی سەرەکی، وە لەڕێگەی وەچە خستنەوەی مناڵ لەناو خانەوادە کرێکارییەکانەوە بە پلەی دووەم. ئەم پڕۆسەیە لە کۆتایی هەشتاکانەوە لە کوردستاندا کۆتاییهات بەتایبەت بەهۆی ڕاگواستن و وێرانکردنی زووربەی گوند و دێهاتەکان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بۆ تێکشکاندنی بزووتنەوەی چەکداری لە کوردستان.
لە ئێستادا زانکۆ و پەیمانگا و خوێندگا جۆراوجۆرەکان شوێنی لادێ و گوندەکانیان گرتۆتەوە لە ڕەوانەکردنی دەستی کار بۆ بازاڕی کار، هەروەک پێشتر ئاماژەمان پێداوە ساڵانە نزیک بە پانزە (١٥) هەزار لە خوێندکارانی کچ و کوڕ خوێندن تەواو دەکەن و دێنەبازاڕی کارەوە، جگە لەوانەی کە دەگەنە تەمەنی کارکردن و لەو ڕەنجدەرانەش کە ژیان و گوزەرانیان بە کاروکەسابەتی شەخسی و فامیلیی دابین دەکەن و لە قەیرانەکان و لە کێبڕکێی سەرمایەی گەورە و مام ناوەندیدا مایەپوچ دەبن و وەک بێکار دێنەبازاڕی کارەوە. هەرەوەها ژنان لەمڕۆی کوردستاندا بە بەرفراوانی لە بازاڕای کاردان و بەشێکی ئۆڕگانیکی ئەو چینە پێکدەهێنن، ئەمە و ئەمڕۆ توێژێکی بەربڵاو لە کرێکارانی هاتوو بۆ هەرێم یان هێنراو لەلایەن کۆمپانیاکانەوە، چ لە دەرەوەی وڵاتەوە بێت یان لە بەشەکانی تری ناوخۆی عێڕاقەوە، بەشێک لە چینی کرێکاری کوردستان پێک دەهێنن.
لە ڕابردوودا کێشەی ڕێکخەرانی سەندیکایی و کرێکارانی ڕابەری سۆشیالیست و کۆمۆنیستەکان ڕووبەڕووبوونەوەی زهنیەت و فەرهەنگی ئەو کرێکارانەی کە پێشتر جوتیار و نامۆن بوون بە زهنیەت و فەرهەنگی کرێکاری شاری، ئەوا لە ئێستادا کێشەکە بۆتە ڕووبەڕووبوونەوەی فەرهەنگ و زهنیەتی ناسیونالیستی و لیبڕاڵ قەومی و ئیسلامی سیاسی و فەردگەرایی بورژوازیی کە ئەو کرێکارەی تازە پەیوەست بووە بە چینی کرێکارەوە هەڵگریەتی، چونکە تا دوێنێ وەک خوێندکار کەرەستەیەکی خاو بووە بۆ ئایدیۆلۆژیا جۆراوجۆرەکانی بورژوازی و هەڵگری ئەو شێوە بیرکردنەوانەن کە ڕێگرن لە هۆشیاری چینایەتی و هێنانەدی یەکێتی و یەکگرتوویی چینی کرێکار. دیارە میدیای جیهانی (وێڕای میدیای لۆکاڵی دەسەڵاتەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی) ڕۆڵێکی بەرجەستەیان هەیەلە پەرەپێدانی ئەو زهنیەت و فەرهەنگە جۆراوجۆرانەی بورژوازی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئینتەرنێتی و کەناڵە تەلەفزیۆنیەکانی ماهوارەیییەوە. سەرباری ئەمانە، چەند کێشەی تر ڕووبەڕووی هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی کرێکاری و کرێکارانی پێشڕەو بۆتەوە، کە ئەویش چۆنیەتی ڕێکخراوکردنی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش و هەڵاواردن و جیاکاریانە لەگەڵ جۆرێک لە ڕاسیزم دژبە کرێکارانێکی هاتوو، یا هێنراو لەلایەن کۆمپانیاکانەوە بۆ هەرێم.
دوا وشە لەو پەیوەندە کە پێویستە ئاماژەی پێ بکەین، پەرەسەندنی تەرکیبی ئۆڕگانیکی سەرمایەیە کە تادێت، بڕی ئەو سەرمایەی کە تەرخان دەکرێت بۆ بەکارهێنانی ئامێر و تەکنۆلۆژیای سەردەم و ڕۆبۆت و هۆشی دەستکرد لە پڕۆسەی بەرهەمهێناندا زیاتر و زیاتر دەبێت و بڕی ئەو سەرمایەیەی کە تەرخان دەکرێت بۆ هێزی کار واتا بۆ چینی کرێکار کەم و کەمتر دەبێتە و ئەمەش تا دێت ژیان و گوزەرانی ئەو چینە بەرەو بێکاری و هەژاری و پەراوێزخستن دەبات. وە لەلایەکی تریشەوە تا دێت کەرتەکانی خزمەتگوزاری پەرە دەستێنن و کرێکاری کەرتی پیشەسازی ڕێژەکەی لە چاو ڕێژەی کرێکاری کەرتی خزمەتگوزارییەکان کەمتر دەبێتەوە. ئەمەش لە سەردەمێکی مێژووییدا کە سەرمایەداری بە واقعی جیهانی کردووە بە شارۆچکەیەک لە ڕایەلەی پەیوەندی هەمەچەشنە و ئاڵۆز و سنوری نێوان دەوڵەتان تا دێت کاڵ و کاڵتر دەبێتەوە لەبەرامبەر سەرمایەدا و هەر چەند وڵاتێک لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا لە هەولدان پڕۆژەیەکی زەبەلاحی ستراتیژی و ئابووری وەڕێبخەن و لەگەڵ یەکێک لە زلهێز و قوتبە جیهانییەکانی ئیمپیریالیستیدا پڕۆژە ستڕاتیژەکانیان بەرنەپێشەوە. بەم پێیە سەرمایەداری وەک چۆن زەمینەی بلۆکبەندی و قوتبەندی بورژوازی لە ناوچە جوگرافیا جۆراوجۆرەکاندا دێنێتە ئاراوە ئاواش زەمینەی مادی ئینتەرناسیونالیزمی پڕۆلیتاری لەو ناوچە جوگرافیایانەدا فەراهەم دەکات، ئەمڕۆ لەهەر کات زیاتر هاوپشتی و یەکێتییەکی ئینتەرناسیوناڵی پڕۆلیتاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زەمینەی مادی فەراهەم بووە.
ئەوەی لەو نێوەدا ڕێگرە لە چوونەپێشەوەی خەباتی چینایەتی لەگەڵ ئەم هەموو پەرەسەندنە لە زەمینە مادییەکانیدا، وە لەبەرامبەر دەسەلاتی بورژوازییەکی هەڵیتوپەڵیت و دواکەوتوو لە هەرێمی کوردستاندا، یەکێتی و یەکگرتوویی کرێکاران و توێژە جۆراوجۆرەکانە لە چینێکدا کە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیدا بجەنگێت، نەک هەر بۆ ژێرەوژوورکردنی سیستمی سەرمایەداری و ڕژێمە جۆراوجۆرە سیاسییەکانی دەسەڵاتی بورژوازی، بەڵکو هەتا بۆ پاشەکشە پێکرددنی بورژوازی و داسەپاندنی ڕیفۆڕمیش بەسەر دەسەڵاتەکان و بەسەر توێژە جۆراوجۆرەکانی بورژوازیدا، ڕێکخراوبوون و ئاگاهی چینایەتی و ئاسۆی سۆشیالیستی شتێکە کرێکاری هوشیار و ڕابەر و سۆشیالیست ناتوانێت دەستبەرداری بێت.

ماویەتی …

سەرەتای حوزەیرانی ٢٠٢٤




عێراق لەسەر پشتی ملیشیایە.. دژوار قادر

عەلائەدین سەجادی (١٩٠٧-١٩٨٤) لەبەرگی هەشتەمی ڕشتەی مرواری لە زاری ڕەفیق ناوێک کە ئەویش لە مامۆستایەکی ئایینی بیستوە دەگێڕێتەوە، نووسیویەتی «ئەرز لە سەر پشتی گایە، گا لەسەر پشتی ماسییە، کاسە لە سەر ئاوە، ئاو لە سەر بایە». ئەو تڕەکەڵەکەش سەرناگرێ، بەڵکو سەرەوژوور دەبێت.
ئەو عێراقەی ئێستا هەیە دوای بڕانەوەی جەنگی یەکەمی جیهان لە سەرەتای بیستەکانی سەدەی ڕابردوو ڕۆژئاواییەکان بۆ مەبەستی خۆیان بە زۆردارەکی سێ ویلایەتیان پێکەوەنا و ئەو وڵاتە ناسەقامگیرەیان لێ دروست کرد کە لە هەنگینڕا نە خەڵکەکەی حەساونەتەوە، نە وڵاتانی ئیقلیمی. بۆیە ئەو دەربڕینەی مەلایەکە پر بەپێستی دۆخی عێراقە، چونکە (عێراق لەسەر پشتی ملیشیایە، ملیشیاش لەسەر پشتی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی دیکە و ئیسرائیلی توڕە و ئەمریکا و ڕۆژئاوای نیگەرانە).
هاوشێوەی مەلاکە، ملیشیاکان لەبری ئەوەی لۆژیکانە مامەڵە لەگەڵ ئەو هاوکێشە بێسەروبەرە بکەن (ئەو تڕەکەڵەکە) و دەرفەت بەحکومەت بدەن کار بۆ چارەسەرکردنی کێشە مێژوویی و کەڵەبووەکان و جێبەجێکردنی دەستوور بکات، بۆ حەزی خەڵکی دی کە لەوەتەی هەن قەتماغەی برینی شەڕە بەناوبانگەکانی نێوان ئەوان و عەرەب وشک نەبۆتەوە، بەشێکی زۆر لە توانا مرۆیی و داهاتەکەی بۆ شەڕی بە وەکالەت تەرخان کردووە، سەروەختایەک بەناوی پاراستنی شوێنە پیرۆزەکانی مەزهەبی شیعە، بەشێک لە ملیشیاکانی خۆی ڕەوانەی سوریا کرد کە پڕچەککردن و مووچە و خەرجییەکانیان لە داهاتی عێراقەوەیە، ئێستاش هەر بە وەکالەت، شەڕ بە ئیسرائیل و کۆمپانیا و خاردنگە ئەمریکییەکان دەفرۆشێ.
تایبەت بەو دۆخە شلۆقەی عێراق، گۆڤاری نیوزویك نووسیویەتی؛ ململانێكان و شەڕەكە لە ناوچەكە مەترسیدارتر و فراوانتر دەبێ، زۆر وڵات دەگرێتەوە لەوانە عێراق. هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، رۆژنامەی (شەرقول ئەوست) لە زاری چەند سەرچاوەیەكی حكوومەتی عێراق و میلیشیاكانەوە نووسیبووی، ئیسرائیل ئامادەكاریی دەكات بۆ ئەوەی هێرش بكاتە سەر گرووپە چەكدارەكانی عێراق.
بە ڕامان و قوڵبوونەوە لەو چەند ساڵەی ڕابردووی عێراق، بەتایبەتی دوای پەیدابوونی (ئەلقاعیدە، داعش و ملیشیا مەزهەبگەرییەکان) کە هەر هەموویان بێ جیاوازی خەڵکی غەیرە عێراقیان لە ڕیزەکاندا هەیە، ئەگەر مەحاڵیش نەبێت، بەڵام ئەستەمە ئەو حکومەتەی عێراق بتوانێ جڵەویان بکات کە بەگوێرەی هەواڵەکان ئەمەریكا سەرۆك وەزیرانی عێراقی لەوە ئاگادارکردۆتەوە، كە پێویستە حەشدی شەعبی و میلیشیاكان جڵەو بكات.
واتە، لەماوەی دادێدا، ئەو عێراقە ئەگەر بەو شەڕەی ئیسرائیلیش لەباریەک هەڵنەوەشێتەوە، لەسایەی ئەو گێلمە گێلە ناوخۆییەی هەیە کە لە دەرەوەڕا بەدەستی ئەنقەست دروست کراوە، پێشبینی ناکرێ ئەو عێراقە لە چەند ساڵی دادێدا وەک خۆی بمێنێتەوە کە ڕۆژئاواییەکان دروستیان کرد، نەخاسمە ڕەفتاری ئەو ملیشیانە بەرانبەر پێکهاتەکانی عێراق لەخراپیەوە لە مەزەندە دەرچووە و ئاوساوە.




کورتەیەک لە ژیانی شاعیرو مێژو نوسی کورد (سەید محەمەد تاهیر هاشمی).. سامان خضر محمد

سەید تاهیری هاشمی کوڕی سەید قەیداری سەید قادری شێخ ڕەسوڵی (دەوڵەت ئاوا) ی کوڕی شێخ مستەفای شێخ ڕەسوڵی سۆڵەی قەرەداخە.
شاعیرو خۆش نووس، دەستنووسناس و مێژوونوسی کوردی سەدەی بیستەمە. ساڵی 1915 لەگوندێکی نزیک شاری ڕوانسەر لەگوندی دەولەت ئاوا لەدایک بووە. تاهیر هاشمی سەرەرای نوسینی هۆنراوە هەوڵی کۆکردنەوەی دەستنوسەکانی مێژوی ئەدەبی کوردی داوە. هەروەها لەراگەیاندنە کوردیەکانی ئێرانیش دا کاری کردووە. بۆنمونە لەبەشی کوردی رادیۆی کردماشاندا چاڵاکی بووە. هەوەها لەساڵی 1991 لە شاری کرماشان کۆچی دوایی کردووە، هەر لەوشارەش نێژراوە.

هەر لەشاری کرماشان دا فێری زانستە ئیسلامیەکان بووە و دەرسی خوێندووە.

کاتێک لەرادیۆی کرماشان کاری دەکرد بەردەوام، بەرنامەی پێشکەش دەکرد و، خزمەتی زمان و شعرو ئەدەبیاتی کوردی دەکرد، بەرنامەی هەوارگەی دڵان یەکێک لەو پرۆگرامانەبو کاری ئامادەکاری بۆ دەکرد و شوکرەڵای بابان بە دەنگە زوڵاڵەکەی پێشکەشی دەکرد و تا ئێستاش رۆژگار نەیتوانیوە ئەو دەنگە لە یادەوەری زۆرێکماندا بسڕێتەوە.

دوو شیعری سەید تاهیر..

سەروای چ بکەم؟

نیساری ڕێی کەسێ سەد گەوهەری یەکتا نەکەم چ بکەم
بە شەمسێ مانگی دڵ پڕ شوعلە و ئەحلا نەکەم چ بکەم
لە قاپی پیری مەیخانە دەمێ هانا نەکەم چ بکەم
بە نووری بادە کەشفی زوڵمەتی تەقوا نەکەم چ بکەم
بە شەمعێکی وەها چاری شەوێکی وا نەکەم چ بکەم

سەحیفەی خاترم تۆماری ئالام و سووەیدایە
بە باڵام کیسوەتی غەم وەک خەڵاتێکی سەراپایە
هەزاران گەنجی خانەی ڕەنجی هیجری دڵبەرم لایە
لە خەزنەی دڵمەدا هەر چی هەیە، هەر داغی سەودایە
دەسا ئەم نەقدە دەردی عیشقی پێ سەودا نەکەم چ بکەم

بەمەستی شوهرە نابی تا نەگەیتە مەستەبەی خەممار
مەدەد بگرە لە عیشوەی چاوەکانی حەزرەتی دڵدار
خیلافی عیشقە عوجب و خۆپەرستی و کیبر و عەیب و عار
لەگەڵ دەستی مەلا ڕێ ناکەوێ زونناری زوڵفی یار
وەکوو شێخ ئیختیاری مەزهەبی تەرسا نەکەم چ بکەم

دەریغا سەیلی غەم نەیهێشت لە هەستیم نوون و ئاسارێ
تەبیبی دەردی دڵ نەیبیست دەمێ ناڵینی بیمارێ
لە پرشەی خوێنی من خۆی لا ئەدا ڕەندی جەفاکارێ
لەڕێی ئەو شۆخەدا خۆم کرد بە خاک پێی پیا نەنام جارێ
دەسا خاکی هەموو عالەم بەسەر خۆما نەکەم چ بکەم

زەمانێکە کە ئاشوفتەی نیگاهت مەست و مەدهۆشە
عەزیزم ڕۆزگارێکە کەخۆشم لا فەرامۆشە
دڵا بێ سوودە دانیشتن لە ئەم سووچ و لە ئەو گۆشە
دەمێکە شاری پڕ شۆری موحەببەت مات و خامۆشە
بە قانوونی تەجەننون شۆڕشێ ئینشا نەکەم چ بکەم

دڵم پڕ مەینەتە شادیم غەمی دووری لەپێی سەریە
ویساڵم وەسوەسەی هیجرە خەیاڵم عیشقی تۆ بەریە
فیدای سایەی هومایێکم کە عالەم شێتی سێبەریە
لە چاوا نم نەما بۆ گریە، نۆبەی سەجدە بەر دەریە
سیاساڵم نەبارە، نوێژی ئیستسقا نەکەم چ بکەم

ڕەفیقی هەمدەمم ئاهە شەرابی عیشرەتم دەمعە
غوڵامی سووتن و تاوانەوەم پەروانە و شەمعە
لە تەعنەی ناکەسان بیستن عوقوولم (قاصرالسَمع)ە
لەسەر تۆم دوشمنە دنیا، قەزییەم مانع الجَمعە
کە تەرکی تۆ نەکەم، تەرکی هەموو دنیا نەکەم چ بکەم

ئەیا ئەشکی جەفای جانان بە کوڵ جارێ لەسەر ڕوو بە
ئەیا بەختی ڕەشم وەک زوڵفەکەی پڕ پێچ و واروو بە
دڵی زارم! لە کونجی سینەدا بێ دەنگ و نووستوو بە
بەجێماوم لە یاران، نابەجێ ماوم، ئەجەل، زوو بە
بە مردن لەم قوسووری ژینە ئیستعفا نەکەم چ بکەم

لە مەکتووبی دڵمدا غەیری دەرد و غەم نییە مەتوی
لە تەگبیری ژیانمدا جەماڵی دڵبەرە مەنوی
بە مەیلت فانییە (تاهیر) مەکەن یاران خەیاڵی وی
ئەوا لەیلا بە ڕۆژی حەشر ئەدا وادەی لیقا (مەحوی)
هەتا قامی قیامەت ئاە و واوەیلا نەکەم چ بکەم.

وەتەن..

ئەی دڵم ئایەنەی جەماڵی وەتەن
حاڵ و ماڵم فیدایی حاڵی وەتەن
بولبولێکم بە نەغمە و ئاهەنگ
گوڵشەنم پووش و دڕکوداڵی وەتەن
بە وەتەن سوێند دەخۆم چ ڕۆژ و چ شەو
بووەتە زیکری دڵم خەیاڵی وەتەن
هیچ خوەراکێ نییە لەلام خۆشتر
وەکوو نانی زڕات و گاڵی وەتەن
جەننەتم کێو و بەرد و داری وڵات
سورمەی چاوەکەم زوخاڵی وەتەن
نافرۆشم بە گەنج و تاج و تەخت
سێبەری وەک هومای باڵی وەتەن
شەونم و سەوزە و گوڵاڵە و گوڵ
دوڕڕ و زومڕڕوت و لەعلی ئاڵی وەتەن
دڵەکەم بۆی برێشکەیە بە خودا
وەکوو منداڵی خۆم مناڵی وەتەن
کانی شیلانە تاش و سەختی چیا
بەحرە یام کۆسپ و کێو، چاڵی وەتەن
بای زەلانی وەکوو نەسیمی بەهەشت
جا وەرە سەیری بای شەماڵی وەتەن
بۆپڕووزم لە جەرگ و دڵ هەستا
دیم کە فرمێسکی چاوی کاڵی وەتەن
وەکوو شێت دامە کێو و دەیری بووم
من لەبەر دەرد و ناڵەناڵی وەتەن
خاڵی خووبان لە میسکە یا عەنبەر
چییە تاهیر کە سوورە خاڵی وەتەن




نابێت عاشق ھەست بە تەنگەبەریی بکات لە جیھانی مەعشوقدا.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

مۆنۆلۆگی حەوتەم لە کنێبی (خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجە)دا

خۆم: عاشقەکان ھەمیشە شاعیرن، بەڵام مەرج نییە ھەموو کات شاعیرەکان عاشق بن. پەیوەندیی نێوان شیعر و خۆشەویستی، وەک پەیوەندیی نێوان ئۆکسژین و ھەناسەدان وایە.
من: نەک ھەر شیعر بەڵکو لێکۆڵینەوە ژاپۆنییەکان ئەوەیان دەرخستووە موزیکیش ھۆکارێکە بۆ کەوتنە ناو پرۆسەی خۆشەویستییەوە، من شیعر وەک بەشێک لە موزیک دەبینم، شیعر زمانی ھەستەکانمانە، لەبەرئەمە ھەمیشە عاشقەکان وشەکانیان ھێندە ناسکە شیعرییەتی لێ دەچۆڕێت.
خۆم: شیعرەکانت جیھانێک لە خۆشەویستی رۆدەنێن، زۆربەی جار ئەم جیھانە وەک یۆتۆپیایەک دەبینرێت، ھەمیشە ریتمی شیعرەکانت جۆرێکە وەک ئەوەی حکایەتێک بۆ ئێمە بگێڕیتەوە، زۆر خودی و سایکۆلۆژییانە شیعر دەنووسیت، ناتەوێت پێناسەی ھیچ شتێک بکەیت لە دەرەوەی عەشق، عەشقیشت لە ئەزموونی خۆتدا کورت کردۆتەوە، پێموایە ھەموو جیھانی شیعری تۆ، جیھان و ئەزموونی سۆزداریی خۆتە.
من: ئەو شیعرانەی بۆ خۆشەویستی نوسیوومن ھەموو خەونی بەدینەھاتوون، زۆر جار ئەمە لە شێرپەنجە زیاتر ئازارم دەدات!، چون جیھانێکم لە شیعردا بەتایبەت لەگەڵ مەعشوق دروستکردووە کە تەنیا لە ئەندێشەی خۆم و جوگرافیای خەونە تاکەکەسییەکانمدا ھەیە. ھێشتا نازانم مەعشوق ئەو جیھانە بە ھەموو تانوپۆکەیەوە قبوڵ دەکات؟.
خۆم: ئەو جیھانە بێگەردە ھەرگیز رەت ناکرێتەوە، ھۆکارێک نییە بۆ گەوارنەکردنی ئەو خەونە رەنگاڵییانە.
من: گرفتەکەم ئەوەیە زۆر قووڵم لە خەون بینیندا، پێموایە جیھانی ناو خەونەکانم سبەی دەبێتە واقیع و کەسێک دەتوانێت ئەو جیھانە قبوڵ بکات!. لەگەڵ ئەوەشدا نایشارمەوە تا ئێستا شیعر فریام نەکەوتووە، بەڵکو تیغی زیاتری تێکردووم!، ئیدی ھەموو کات دەڵێم چیدی شیعر نانووسم، بەڵام بێ ئەوەی ھەست بە خۆم بکەم دەبینم دیسانەوە خەریکی نووسینی شیعرم. جیھانی من لەناو خەون و دنیای مەجازیی شیعردایە.
خۆم: کەواتە مافی ئەوەمان ھەیە بڵێین تۆ دنیایەکی راستەقینەی خۆت نییە، یان ئەگەریش ھەبێت تاکو ئێستا کەس نەیتوانیوە راڤەی بکات؟.
من: دروست وایە، کەس ئازایەتی ئەوەی نەبووە، سەرکێشی بکات و بێتە ناو جیھانە ئاڵۆز و جەنجاڵەکەمەوە. سەیرتر لەوە خەڵکانێک ھەن گرەو لەسەر کڕینی خۆم و دنیا یۆتۆپییەکەم دەکەن، ئەوان زۆر گوناھن چوونکە تێناگەن ھیچ کات ناخرێمەوە مەزادەوە و نرخم لەسەر دانانرێت. تا ئێستا کەس جورئەتی نەبووە بمخاتە گیروگازی کڕین و فرۆشتنەوە. ترسناکییەکەش ئەوەیە ھەنووکە دەخوازم ئەو جیھانە، بەسەر خۆمدا وێران و خاپوور بکەم و ئەم گەمە سەخیف و پووچەی ژیان لێرەدا کۆتایی بێت.
خۆم: جیھانی تۆ، جیھانێکی دوالیزمییە، لەسەر چێژ و ئارەزوو لەلایەک و سەرکێشی و یاخیبوون لەلاکەی تر، بونیاد نراوە!!، کۆکردنەوەی ئەو دووانە ھەم نامۆ خۆی دەنوێنێت، ھەم زۆرینەی کەس تەنیا دەتوانن بەشێکی قبوڵ بکەن!.
من: من بەش بەش ناکرێم، کەس ناتوانێت من لە خەون و ئارەزووەکانم جودا بکاتەوە، ھەر کەس بەو نیەتە بێتە ناو جیھانەکەمەوە، نەک فەزیڵەت نییە بۆی، بەڵکو ھەوڵیداوە بۆ تیرۆرکردنیشم.
خۆم: دەگەڕێمەوە سەر باسی شیعر، وتت شیعر فریام نەکەوتووە، ئەوە بە پێچەوانەوە دەبینم، لەبەرئەوەی تەنیا شیعر فریات کەوتووە! ئەو کاتانەی نەتتوانیوە راز و ئازاری ناخت بۆ کەسێک باس بکەیت، شیعر وەک فریادڕەسێک ھاتووە بۆ لات، ئەگەر نا ئەو ھەموو ژانەی نێو ژیانت دەمێک بوو لە ناویان بردبوویت.
من: شیعر وەک دەرمان نابینم، لە شیعردا داستانی خۆم دەگێڕمەوە، کاتێک باسی خۆم دەکەم، مانای ئەوە نییە لە بارەی خودی خۆمەوە دەدوێم، نا، باسی ئەزموونی خۆم لەتەک عەشق دەکەم، ھەمیشە بەڵێنی ئەوە بە مەعشوق دەدەم، پرچی تەڕترین شیعری بۆ دابھێنم، ھەر ئەو شیعرانە دەبنە یادگارییە شیریینە پڕ ئازارەکانی ژیانی، ھەرچەند ئەوەی لە مندا ھەڵدەقوڵێت بە چارەگێکی نەھاتۆتە دەرێ.
خۆم: وتت باسی ئەزموونی خۆت دەکەیت لەگەڵ خۆشەویستی، لەگەڵ ژنێک لەنێوان وەھم و ھەقیقەتدا، ئەمانە ھەوێنی شیعری تۆن، بەڵام ئیدی کە شیعرەکانت دەگەنە خوێنەر، تۆ دەمریت، ھەموو خوێنەرێک مافی ھەیە وا تێبگات باسی جیھانی ئەو دەکات، یان خەونەکانی ئەو راڤە دەکەیت.
من: لە بڵاوکردنەوەی ھەندێک لە نووسینەکانم پەشیمانم، وەھا تێدەگەم منێکی تر ئەو دەقانەی نوسیوە، باوەڕم بە رەوشی دیالێکتیکیی سروشت و زیندەوەران ھەیە، کە ھەمیشە فۆرمیان دەگۆڕێت و بەرەو پێشەوە دەڕوات و نوێ دەبێتەوە، منیش وەک زیندەوەرێک بەدەر نیم لەم رێسا دیالێکتیکییە. لەگەڵ ئەوەشدا نامەوێ خوێنەر بمکاتە موڵکی خۆی، ئاخر خۆ ناتوانم دابەش بم بەسەر مەعشوق و چەند کەسێکی تردا، من خۆشەویستی ئەوم ھەڵبژاردووە، ئەویش ژیانی بێ بەھای من.
خۆم: ئەمە چیرۆکی “پۆسیدۆن”ی برای “زیۆس”م بیر دەھێنێتەوە، کە خودای دەریاکان بوو، ئەو لە قووڵایی دەریاکاندا دەژیا نەک لە ئۆڵۆمپیاد، ھەموو دەسەڵاتێکیشی ھەبوو بۆ زریان ھەستاندن و ھێورکردنەوەشی، ھەندێک جار بە سێ ئەسپ بەسەر شەپۆلەکانەوە پیاسەی دەکرد!. دەبێت عاشق وەک پۆسیدۆن تەنیا “ئەمفیتریتی”ی کچی خودای دەریاکان بکاتە شازادەی کۆشکە ئەفسووناوییەکانی نێو قووڵایی دەریای ئەوین. عاشق دەبێت لە خۆشویستندا بگاتە قووڵایی ئۆقیانووسی ھەست، باوەڕم بە لوتکە نییە لە عەشقدا، بەڵکو بڕوام بە نغرۆبوونە لە یەکێکی تردا، دەبێت وەک پۆسیدۆن یان کەشتییەکی نقومبوو، لە قووڵایی دەریای دڵی مەعشوقدا بژیت، نەک بەسەر پشتی شەپۆلەکانەوە بێیت و بچیت.
من: داستانێکی سەرسوڕھێنەر ھەیە لە بارەی لەیلا و مەجنون!، وا دەگێڕننەوە رۆژێک “لەیلای عامری” شۆربا دابەش دەکات بەسەر پیاوانی ھۆزدا، کاتێک نۆرە دەگاتە سەر قەیسی کوڕی ملەوەح “مەجنون”، لەیلا بەشە شۆربای پێنادات!!. پیاوانی ھۆزیش بە تەوسەوە بە مەجنون دەڵێن تۆ ئاوھا سەوداسەری لەیلا بوویت، کەچی ئەو ئامادە نییە کەوچکە شۆربایەکیشت پێبدا!، ئەمە چ جۆرە عەشقێکە؟. قەیس “مەجنون” لە وەڵامدا دەڵێت: لەیلا بەو کارەی منی لە ھەمووتان جیاکردەوە. دروست عەشق ئەو جیاکردنەوەیەیە، تۆ کەسێک لەنێو ملیارەھا مرۆڤی تردا جیا دەکەیتەوە!. رەنگە لەم بابەتەدا بۆچوونێکی سۆفیستانەشم ھەبێت، پێموایە مرۆڤەکان ناتوانن عاشق بن، تاوەکو ھەزاران ساڵ رۆحیان ئاشنای یەکتر نەبووبێت!، لێرەدا قسە لەسەر تەمەن نییە، بەڵکو باوەڕم بە دۆنادۆنی گیانەکانە بەدەر لە بوعدە ئاینییەکەی ئەم پرسە، لەگەڵ ئەمەشدا عەشق ئەو نەریتە مازۆخییە نییە لە رۆژھەڵاتی دنیادا باوە، ئەو لیبرالیزمە سێکسییەش نییە لە جیھانی خۆرئاوادا دەبینرێت., ئەو عەشقەی من لە بارەیەوە دەدوێم کەوتۆتە نێوان ھەردوو دیاردەکەوە.
خۆم: نابێت عاشق ھەست بە تەنگەبەریی بکات لە جیھانی مەعشوقدا، دەبێت ئەو ھەستە ھێندەی گەردوون بەرین بێت بۆ ژیانکردنی، ھەروەک لە ئەفسانە “گورجستانی”یەکەدا ھەیە: زاوای خۆر لە پاش گەڕانەوەی لەلای دایکی فەرمانڕەوا لە دنیاکەی تر، لە کاتی تێپەڕین بەلای ژن و پیاوێک کە لەسەر دەمی تیژی تەورێک درێژ ببوون، پرسیاریان لێ دەکات و ئەوانیش دەڵێن زۆرمان دیون بە ئێرەدا رەت بوون بێ ئەوەی بگەڕێنەوە، ئەگەر گەڕایتەوە پێتدەڵێین بۆچی لەسەر دەمی ئەم تەورە درێژ بووین، کاتێک زاوای خۆر دەگەڕێتەوە، ژن و پیاوەکە پێی دەڵێن “ئێمە لەو دنیا ئەوینداری یەکتر بووین، لێرەش وەک ئەولا بە دڵی یەکتر گونجاوین، تەنانەت لەسەر دەمی تیژی تەورێکیش جێمان دەبێتەوە بە مەرجێک لێک دانەبڕێین و ھەرگیز یەکدی لە دەست نەدەین”. کەچی ئەمڕۆ خۆشەویستەکان لە کیشوەری دڵی یەکتردا جێگەیان نابێتەوە، دنیای عەشق ئاوەژوو بۆتەوە!، وەختە بڵێم جاران زەوی بەدەوری خۆردا دەورانی دەکرد، ئێستاش خۆر بە مەمنونییەوە بە چوار دەوری زەویدا دەسوڕێتەوە.
من: من و تۆ وەک ئەوەی پاشماوەی خەڵکی بناری “ئارکادیا” بین، زۆر پاکیزانە لە خۆشەویستی دەڕوانین., لێ ئەم چاخە، چەرخی ھەرەسھێنانی خۆشەویستییە، کەچی ئێمە وەک ئەو سەربازە ژاپۆنییانەی کاتی جەنگی جیھانی دووەم، پاش کۆتایی جەنگیش لە دارستانەکاندا مانەوە و خۆیان رادەست نەکرد، دەستمان گرتووە بە چەمکی عەشقەوە. ھەر ئەمە ئێمە جیا دەکاتەوە لەو حەشاماتەی دەژین و دەمرن بێ ئەوەی بە قووڵی نەفەسێک خۆشەویستیان ھەڵمژیبێت.
خۆم: مرۆڤی ھاوچەرخ، عەشق وەک بەشێک لە فۆلکلۆر دەبینێت، پێیوایە زەمەنی خۆشەویستی لە سەردەمی دیجیتاڵدا بووەتە بەشێک لە کەلەپوور کە دەبێت لە مۆزەکاندا ھەڵبگیرێت. مرۆڤایەتی فێری ئاکاری دەستبازیی بووە، لەناو ئەو رەوشتەشدا جێگەیەک بۆ خۆشەویستی بوونی نییە، بەڵکو ئەم ئاکارە بەھەموو شێوەیەک دەستدرێژیی دەکاتە سەر عەشق، لە سایەی فرەیی سێکسیی و پەیوەندیی میکانیکیی بێ رۆحی نێوان ھەردوو رەگەز، خۆشەویستی ئەتک بووە.

١٨-١١-٢٠١٨
کاتژمێر: نۆ و چل و پێنج خولەکی بەیانی
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس

نووسینی: ستیڤان شەمزینی




شیعرەكانم ناخوێنیتەوە.. ستار ئەحمەد

وشەكانم …
دەبنە نامەو
نامەكانم بەر ئاوێنەی ژوورەكەت و
چاویلكەی نیگات دەكەون .
هەڵیان ناگری …
لەژێر پێتدا پان دەبنەوە .
ئێستا خوێناوی نامەو
شیعری منە …..
ژوورەكەتی ئاڵ كردووە.
هەموو شتێك رەنگی چاوو
رۆحی شرینتی گردووە .
تەماشاكە ..
دیواری حەوشەی ماڵتان و
دارەكانتان ..
چۆن گوڵی هۆنراوەی شەنگیان
دەركردووە .
بۆ لەبەرامەی ئەوین و
بۆنی شیعرو
رۆحی شاعیر حاڵی نابی ..؟!
ئەی نابینی …؟!
پەرچەم و بسكۆڵەی كاڵت …
ئاوازی عەشق و
ئەمەكی من ..
لەگەڵ بادا دەڵێنەوە .
هەتاكوو كەی پەیڤەكانم …؟
لەدووری تۆ …
لەنێو رەنگا بتوێنەوە .
سەرینەكەت …
یەك پارچە گوڵی هەڵبەستە،
سنگی نیانت …
دوو كاڵەبەی ..
ژانە شیعری بەرزبووەتەوە .
بۆ هەست ناكەی .. ؟!
جوانی و پاكیی ..
لەعەشقی تۆدا دەبینمەوە ..
لێگەڕێ.. دەروازەكان بكرێنەوە .
سنوورەكان تێكبشكێن و
عاشقەكان ئاشت ببنەوە .
خۆت مەدەرە ..
دەست رارایی و گومانەوە .
رەوا نییە..
من بكوژی بەژانەوە .
شەوان و
تەمەنی جوانیت ..
لەژوورێكی سێبەڕۆیا بەسەر ببەی
بەئازارو گریانەوە .

ستار ئەحمەد




کۆکردنەوەکان.. شیعری نەوزاد بەندی

کە مناڵ بووین
سەرە سۆدەمان کۆ ئەکردەوە ..
کە گەوره بووین ؛ دینار ..
کە پیر بووین ؛ حەب و دەرزی ..

کە مناڵیمان بە جێهێشت ،
ڕەنگەکانیش بە جێی هێشتین ..
هەر یەکەی کەوتینە مەیدانێکی بۆکسێنەوە .. خولەکانی بێ کۆتایی ..بێ دادوەر ..بە بێ ڕاهێنەر
لەو سەری کۆڵانەوە ،
لفکە فرۆشێ هاواری ئەکرد ..
لەمسەری کۆڵانەوە ؛ گەزۆ فرۆشێ ..
ــ مرۆڤ کە کەوتە هاوارکردن بۆ کاڵاکانی ، لە برسا مردنێ خۆی مەڵاس داوە ..لێی دەرباز نابی بە بێ دەنگیی ، سبەینێت دەست ناکەوێ بە ئاسانیی ـــ
لەو سەری مزگەوت ، سواڵکەرێ هاواری ئەکرد ..
لەمسەری مزگەوت ، هەوری ووتارێکی سەدبارە ، گرمانی ..

بڕیارم دا دانیشم ..
بەڵام زەوی لە خولدان نەوەستا ..
هاوارێ له گوڵدان هەستا ..
لەوسەری باخچە ، کوللەیەک گەڵایەکی ئەکرمان بە نهێنی..
لەمسەری باخچە هەنگێ بە مناڵێکیەوە دا ، گریانی ..

ماڵی پیر ، حەب و دەرزییە ،
بەوان نەبێ
دەستا و دەست ناکەن ڕۆژ و شەوەکانی ..
ئەوان نەبن ،
خەبەر بوونەوەیان بە دوادا نایەت خەوەکانی ..
لەو سەری شاخەوە ، کۆمەڵێ شۆڤڵ ئەیاننەڕاند دانەکانی..
لەمسەری شاخەوە ، لوتکە هەرەسی ئەهانی ..

لە سێبەری پێڵاوێکا دانیشتین ،
زەوی نەوەستا ..
خۆر سارد نەبوونەوە تیرەکانی ..
پارتیزان عەقڵی پەیا نەکرد ..
وازی نەهێنا لە نوسینی دیوار
لە هەڵواسینی پۆستەر
پەمپ و کەتیرەکانی ..
گەمژەیەکی تیرەگەری عەلمانی !! دەم و لوت نوقوم بوو ،
لە هێرشی موی لوت و چەناگەدا ،
نەڕانی ..
ئەو تاقەتی لفکە فرۆشتنی نەبوو ..
ئەو غیرەتی گەزۆ فرۆشتنی نەبوو ..
کەرامەتی خۆی ئەفرۆشت ،
لەگەڵ ویژدانی ..
تا ئاغایەکی نەوتفرۆش
نوکی سۆلێکی
بخاتە نێوان دان و زمانی ..
لەمسەری ڕۆژنامەگەرییەوە ،
کۆمەڵێ نەزان ،
بە قڕقێنە زەفەریان بە ڕۆژنامەگەریی ئەبرد ..
لەو سەری ڕۆژنامەگەرییەوە ،
سێ چوار عەبوس ،
لە ڕۆژنامە ناوساجییان دروستکرد
لە ناوساجی ، ویسکی
لە ویسکی ، متمانە ..
لە متمانە دەرگای ژێر زەمینەکان ..
بە فەردە دۆلاریان دەرئەهانی

بە دیار کۆمەڵگایەکی نەخۆشەوە ،
وەک پەرستارێکی کەمتوانا ،
تەمەنم خەسار کرد ..
لەو سەری سیاسەتەوە ،
تەنگە ئەستوورێ ،
داهاتووی مناڵەکانی کردە تەنکەرەوە و
ناردی بۆ ئاغاکانی ..
لەمسەری سیاسەتەوە ،
کۆمەڵێ توتی دەنووکشکاو ،
کەوتنە پاڕانەوە و نزا ..
کەس پێی نەزانی ..
بە دیار تەرمی ڕۆژەکانمەوە ،
زەوی نەوەستا ..
خۆر ساردی نەکردەوە
تیرەکانی ..
بە دیار خەمی شەوەکانمەوە ،
جەردە بەردەوام بوون لە دزی ..
مانگ زیادی نەکرد
گڕی تریفەکانی ..
لەو سەری بازرگانییەوە ،
مەیخۆرێکی قاوشی یانە شەوانەکان ،
بوو بە ملیاردێر بە ئاسانیی ..
مامۆستایەک
بەدیار برسێتیی مناڵەکانییەوە ،
چەندی کرد گیانی دەرنەچوو ،
چەندی کرد کۆڵەپشتی ئەو ژیانەی نەئەتوانی ..
خۆڵ و گەرما لە هەموو قۆڵەکانەوە هێرشیان کرد ..
دیناری ساختە ..
کاڵای ئێکسپایەر ..
بەرپرسی خۆ فرۆش ،
ووڵاتیان کرد بە یانەی شەوانە و
لەبەردەرگا
خاولییان دا بە شانیانا و
خەڵکیان دایه دەست گرانیی ..
خواناسەکان ، لە جیاتی خەبات ،
ڕیشیان ڕەش ئەکردەوە ..
یەک ئایەتیان بە کار ئەهانی ..
لە جیاتی تفەنگ ،
دووان و سیان و چوار ،
قاچی مامزیان ئەکردە شانیان ..
خۆشیشە ساڵی دووان و سیان و چوار ،
گەشتی خەلیج و پیاسه و گەڕانی..
میللەت بەوان چی ؟
خۆ ئەوان خوا نین ..
عەبدێکن هاتوون بۆ بازرگانیی ..




دیـــاری بێ دییار.. شیعری نەوشیروان ئازاد

هەموو سپێدەیەک ،
بەرلەتاوکەوتن..
بەر لەوەی ئەوەڵ کڵافەی ،
زێڕینی خۆر..
بئاڵێتە یەکەم ژانی بێ دیدارت…
بەرلەوەی …
کزەی ساردی بيانەک…
هەڵ لەرزێنێ…،
کزەی یادی ،
ژووانێکی نامرادیم…
بەرلەوەی ،
گەرووی نوساوی مناڵە…
سەموون فرۆشەکەی کۆڵانەکەم …
بەهاوراێکی نوساوی :
وەربۆ سەمونی گەرم ونەرم ..
دواخەیاڵی نیوەشەوم ..،
لێ تێک بدات.
ئەوەمنم دێمەبەر پەنجەرێ ژورەکەو …کەمێک لەتاریک و ڕونی بەیانی ڕادەمێنم …
چاوەڕێتم تابێیتەوە…
من پێم ووتی..
زوو پێم وتی ..
بابۆسوتانت نەبمە..،
سوتو و خۆڵەمێش..
زوو پێم وتی …
وادەی مەرگ زۆر نزیکە…
بگەڕێوە..،
بالەدووریتا …
دواهەناسەم …
نەبێتە…
دوایادگار…
نەبێتە…
کۆتا شەوی …
چاوڕێی و
کۆتاشەوی
پڕ ئینتیزار ..
بەبێ دیدار ….
بێ نیگای

ی….
…..ا
………ر

نەوشیروان ئازاد
نیشتمانی عەشق و جوانی ..

سلێمانی..
27/28-1-2024
….




فاشیسمی نوێ لە ئەوروپادا.. ئەکرەم سەعید

هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا لەم ڕۆژانەدا: لە ٦-٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ بەڕێوە دەچێت، کە ئەنجامەکەی وا چاوەڕوان دەکرێ ئەحزابی ڕاستڕەوی توندڕەو زۆربەی دەنگەکان بەدەست دەهێنن. لە ڕاستیدا پێش ئەم هەڵبژاردنەش، چەند ساڵێکە ئەحزابی ڕاستڕەوی توندڕەو جەماوەریان لە زیادبووندایە.
مارکس و ئه‌نگلس له‌ مانیفێستی کۆمۆنیسمدا نوسیبوویان:(با چینە ده‌ست ڕۆشتوە‌کان له‌ ترسی شۆڕشی کۆمۆنیزمی سه‌رتاپایان بێتە له‌رزین)، به‌ڵام له‌ جیهانی ئه‌مڕۆی سه‌رده‌می سه‌رمایه‌داری دڕنده‌دا، وێنه‌که‌ ته‌واو پێچه‌وانه‌ بۆته‌وه‌، چونکه له ترسی شێتۆکه‌ی و دڕنده‌یی چینی برجوازی و دارو ده‌سته‌که‌ی، له‌ سوپاکه‌ی و ئه‌و گشت بزووتنه‌وه‌و ڕێکخراوه‌ مرۆڤ کوژانه‌ی له‌ نموونه‌ی داعش و ڕاسیزمی نوێ،، هتد، زۆربەی مرۆڤایه‌تی سه‌رتاپایان هاتۆته‌ له‌رزین و له‌ ترس و تۆقاندا ده‌ژین. ئێستاکە ئەو تارماییەی بەسەر سەری ئەوروپادا دەسووڕێتەوە، تارمایی کۆمۆنیستی نییە، بەڵکە تارمایی فاشیسمی نوێیە. ئەمڕۆکە زیاتر لە سەدەیەک، دوای سەرهەڵدانی قەیرانی گەورەی ساڵانی ١٩١٤-١٩٤٥، کە ئەنجامەکەی: فاشیسم لە ئیتالیا، ناسیسم لە ئەڵەمانیا، دەوڵەتی ئیستبدادی لە روسیا و جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی بوو؛ ئێمە شاهیدی گەڕانەوەی لە ناکاوی شەڕ و فاشیزمین لە بەشێکی زۆری جیهاندا.
بەڕای مارکسیسمەکان فاشیزم لە بنەڕەتدا پەیوەستی بە سەرمایەداریەوە هەیە. بۆ نموونە “ڕێنتۆن” دەڵێ:(فاشیزم تایبەتمەندییەکی دووبارەبووەوەی سەرمایەداریی مۆدێرنە)، و “نیوکلیوس” نووسیبووی:(فاشیزم پێش هەموو شتێک ئایدۆلۆژیایەکە کە پیشەسازی مۆدێرن دروستی کردووە). هەروەها “ڕۆبن” لەسەر نازییەکانی ئەڵەمان ڕای وایە کە:(فاشیسم بە پشتیوانی دارایی سەرمایەداری مۆنۆپۆلی مۆدێرن چەکدار کرا، و دیکتاتۆرییەکەی خۆی لە ڕێگەی نوێترین تەکنیکی پڕوپاگەندە بۆ کۆکردنەوەی جەماوەر، وە بە سەرکوت سەپاندی بەسەر کۆمەڵگەدا، و شەڕەکانی بە تێکەڵەیەکی ترسناک لە وردبینی سەربازی و بوێری سیاسی بەڕێوە دەبرد. فاشیزمی ئەڵمانی بۆ گەیشتن بە دەسەڵات هێماکانی هۆزە ئارییە کۆنەکانی زیندووکردەوە ،، ئەستۆڕەی بتپەرستی “خوێن و خاک”ی بڵاودەکردەوە. لە سەرەتاوە تا کۆتایی دژە شۆڕشی سەرمایەی دارایی ئەڵمانی، خۆی بە جلوبەرگی سەردەمی تاریکەوە ڕازاندەوە.) – ۱/ فاشیزم لە ئەڵمانیا – ڕۆبن بلیک/١٩٧٥- بەشی یەکەم.
دیاردەی بە جەماوەربوونی (ڕاستڕەوی توندڕەو یان ڕاسیسم و فاشیسمی نوێ) چەند پرسیارێک دەخاتە بەردەممان:

  • جیاوازی بنکەی جەماوەری و ئەستۆرەکانی فاشیسمی پێشوو لەتەک فاشیسمی نوێ لە چیدایە؟!.
  • ئایا جارێکی دی نازیسم و فاشیسم دەتوانن ڕۆڵی گەورە بگێڕن، و لە تەواوی وڵاتانی سەرمایەداری ڕۆژئاوادا بێنە سەر حوکم؟ کە دیارە ئەمەش بە کۆمەکی باڵێکی بۆرژوازەکان مەیسەر دەبێ، کە لەسەر حیسابی لیبراڵ و چەپی بۆرژوازەکان، ڕاستڕەوی تووندڕەو دەنگ دەهێنێ و بەرزدەبێتەوە بۆ لوتکەی دەسەڵات: واتە هەمان سیناریۆی ساتەوەختی قەیرانی پێش جەنگی جیهانی دووەم، گەرچی کەمێ ئەمڕۆکە دیکۆری شانۆی سیاسی جیهان گۆڕاوە.
  • ئایا دەسەڵاتی فاشیسمی نوێ کارەساتی کۆکوژی هاوشێوەی هۆلاکۆست، بەڵام ئەمجارە بە “کۆکوژی چەپ و موسڵمانەکان و کەمایەتییەکان” دووبارە دەکاتەوە؟!.

    بنکەی جەماوەری فاشیسمی نوێ
    لێرەدا بەکورتی باسی سێ لە مارکسییەکان دەکەین کە شرۆڤەیان بۆ بنکەی جەماوەری فاشیسم کردووە:
    ۱/ “ئەنتۆنیۆ گرامشی” لە ساڵی ١٩٢۱، پێنج ساڵ پێش دەستگیرکردنی لەسەر دەستی هێزەکانی مۆسۆلینی، دەنووسێت:(چینی “وردە بۆرژوازی” کە لە هەموو وڵاتانی سەرمایەداریدا هەن، ئەم چینە بنکەی جەماوەری فاشیزمە). واتە بەڕای گرامشی بنکەی پشتیوانی فاشیستەکان لەو کاتانەدا چینی وردە بۆرژوازی بوو، نەک چینی کرێکاران.
    ۲/ “کلارا زێتکین” لە وتارێکدا ساڵی ١٩٢٣، کە بۆ کۆمینترن پێشکەشی کرد، ڕای وایە کە (هەڵگرانی فاشیزم کاستێکی بچووک نین، بەڵکو کۆمەڵایەتی فراوانن). واتە بەڕای زێتکین بنکەی جەماوەری فاشیزم تەنها چینی وردە بۆرژوازی نییە، بەڵکە تەنانەت چینی کرێکارانیشە. وە دەیگووت:(تەنها کاتێک تێبگەین کە فاشیزم کاریگەرییەکی وروژێنەر و زاڵی بەسەر جەماوەری بەرفراوانی دانیشتوواندا هەیە، ئەوکات دەتوانین بەرەنگاریی ببینەوە.) – کلارا زێتکین (خەبات دژی فاشیزم )- ئەم ڕاپۆرتەی خوارەوە لە ٢٠ی حوزەیرانی ١٩٢٣ دراوە بە پلینۆمی سێیەمی دەستەی بەڕێوەبەری ئینتەرناسیۆنالی کۆمۆنیست./ ۲.
    ۳/ ترۆتسکی پشتیوانی جەماوەری بۆ فاشیزم لە (وردە بۆرژوازی و چینی ناوەڕاستی نوێ؛ پیشەوان و دوکاندارە بچووکەکانی شارەکان، بەرپرسە بچووکەکان، کارمەندان، کارمەندانی تەکنیکی، ڕۆشنبیران، جووتیارە هەژارەکان) پێک دێت. وەک “دانیال گێرین” کە سۆسیالیستێکی شۆڕشگێڕی فەرەنسییە، و لەژێر کاریگەریی ترۆتسکیدا بووە، دەڵێ “وردە بورژوازی “ناخوازن بۆرژوازی گەورە وەک چینێک لەناوببەن”، بەڵکو ” ئەوان حەزدەکەن خۆیان ببنە بۆرژوازی گەورە”. بەڵام وردە بورژوازی بێ توانا بوو لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی سەربەخۆ، هەرچەندە فاشیزم “لەسەر پشتی وردە بورژوازی سەرکەوت بۆ دەسەڵات”.
    بەڕای من هاوڕێیان (گرامشی، زێتکین، ترۆتسکی) بۆ ئەو کاتەی خۆیان، خاڵی دروستیان نووسیووە، بەڵام بۆ سەردەمی سەرمایەداری ئێمە زۆرتر ڕۆشن بۆتەوە کە جگە لە چینی وردە بۆرژوای، لەمڕۆکەدا چینی کرێکاران بنکەێکی جەماوەری فاشیسمی نوێن. ئەمەش لەلاێک ئاکامی گەشەی ئابووری سەرمایەدارییە لە نێو کۆمەڵگەی زۆرێک لە وڵاتانی سەرمایەداری ڕۆژئاوادا، کە لەچاو ساڵانی۱۹۰۰- ۱۹٤۰ ڕێژەی (جوتیاران و خاوەن پیشەییەکان) کەم بۆتەوە.

    چینه‌کان و ڕاسیسم له‌ سوید

    پێته‌ر لارشۆن بڕوای وایه‌:{کرێکاران له‌وه‌ ترسیان هه‌یه‌ که‌ په‌ناهه‌نده‌کان هه‌ڕه‌شه‌ دروست که‌ن له‌سه‌ر جێگاوشوێنی کۆمه‌ڵایه‌تیان؛ واته‌ جێگایان بگرنه‌وه‌ له‌ کارداو بێکاریان که‌ن. به‌ڵام چینی مامناوه‌ند که‌ جێگاوشوێنی کۆمه‌ڵایه‌تی بڵندیان هه‌یه‌، هیچ ترسێکیان نییه‌ له‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌.}.
    له‌ ڕاستیدا ئه‌مه‌ ناوه‌ڕۆکی نامه‌ی دکتۆراکه‌ی “میکایل سڤێنسۆن”ه‌، که‌ له‌ژێر ناونیشانی (چۆن چینایه‌تی جیاوازی دروست ده‌کات) نووسیبووی. لارشۆنیش له‌ ئه‌نجامی لێکۆلینه‌وه‌ێک له‌ته‌ک چه‌نده‌ها کرێکاران و چینی مامناوه‌ند گه‌یشتۆته‌ ئه‌م ئه‌نجامگیریه‌. هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌وه‌ی چه‌ند ساڵێک کاری کردبێ، یان ژیابێ له‌ سوید یان هه‌ر ووڵاتێکی دی ئه‌وروپا، ئه‌نجامگیریه‌که‌ی لارشۆنی به‌لاوه‌ دروسته‌.
    هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر جێگای کۆمه‌ڵایه‌تی مه‌رج نییه‌ به‌ ته‌نها هاتنه‌خواره‌وه‌ی ئاستی کرێ بگرێته‌وه‌، چونکه‌ له‌ هه‌ندێ ووڵاتانی سه‌رمایه‌داری ڕۆژئاوادا بڕی کرێ بۆ کاره‌کان به‌ یاسا و کۆنتراکتی سه‌ندێکا دیاریکراوه‌، بۆیه‌ جیاوازی ڕه‌نگی پێستی مرۆڤه‌کان و که‌لتور ڕۆڵی نییه‌ لێره‌دا.
    هەروەها بەڕای “لارشۆن” چینی مامناوه‌ند(دادوەرەکان، دکتۆرەکان، پارێزه‌ره‌کان، ئه‌فسه‌ری سوپاو ده‌زگا ئه‌منیه‌کان، هونه‌رمه‌نده‌کان، شاره‌زایانی بواری ته‌کنه‌لۆجی) ترسیان لەوە نییه‌ به‌هۆی په‌ناهه‌نده‌کانه‌وه کاره‌کانیان له‌ ده‌ستبدەن، و جێکاو شوێنی کۆمه‌ڵایه‌تیان‌ بێتەخوارەوە.

    بەڕای من ئه‌م تۆلێرانسی چینی مامناوه‌نده‌ که‌ هێشتا په‌ناهه‌نده‌کان هه‌ڕه‌شه‌ نین له‌سه‌ر جێگاوشوێنی کۆمه‌ڵایه‌تیان به‌هۆی بڵندی مه‌قامی کاره‌کانیان‌، له‌ته‌ک هاتنه‌ناوه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێی په‌ناهه‌نده‌کان که‌ له‌و ووڵاتانه‌ له دایک بوون و گه‌وره‌ بوون بۆ نێو باڕازی کار، و به‌ هۆی گه‌شه‌ی ته‌کنه‌لۆجیاوه‌، ئه‌م بێ خه‌می و تۆلێرانسه‌ی چینی مامناوه‌ند هه‌روا وه‌ک خۆی نامێنێ.
    ئه‌ما کرێکارانی جۆری پیشه‌ی ئاسایی ئه‌و ترسه‌یان هه‌ر ئێستا هه‌یه‌. لێره‌وه‌ ئه‌م دڵه‌ڕاوکێیه‌ ئابوورییه‌، مه‌یلی به‌شی خواره‌وه‌ی چینی کرێکارانی ووڵاتانی دایک زیاتر به‌ره‌و ڕاسیسم پاڵ پێوه‌ ده‌نێ. بۆ نموونە: لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی (۲۰۱۹)، ڕێژەی٦۰% دەنگەکان کە ترەمپ بەدەستی هێناوە، لە نێو چینی کرێکاری ئەمەریکییەوە هاتووە.- (سەنتەری توێژینەوەی – ساڵی ۲۰۱۹).
    بێگومان هۆکاری زیادبوونی مه‌یلی به‌شی خواره‌وه‌ی چینی کرێکارانی وڵاتانی دایک به‌ره‌و ڕاسیسم ته‌نها هۆکاری کۆمه‌ڵایه‌تی نییه‌، به‌ڵکه‌ هۆکاری فکری ڕۆڵی گه‌وره‌ ده‌بینێ له‌م نێوه‌دا. بڵاوبوونه‌وه‌ی فکری ڕاسیسم، فکری (ترس له‌ بێگانه‌ – الإكزينوفوبيا Xenophobia / ترس له‌ ئیسلام – Islamophobia) له‌ وڵاتانی سه‌رمایه‌داری ڕۆژئاوادا، ڕۆڵی گه‌وره‌یان بینیوه‌ له‌ زیادکردنی جه‌ماوه‌ری ڕاسیسمه‌کان.
    زیادبوونی مه‌یلی چینی کرێکاران به‌ره‌و ڕاسیسم هۆکاری ئابووری خۆی هه‌یه‌ که‌ سیسته‌می سه‌رمایه‌داری سه‌رچاوه‌یه‌تی، به‌ڵام ئیدۆلۆژیسته‌ بۆرژوازه‌کان هۆکاری جیاوازی ڕه‌گه‌زو که‌لتوری بۆ داده‌تاشن تا سه‌رچاوه‌ی سه‌رمایه‌داری په‌رده‌پۆش که‌ن. واته‌ کرێکارانی وڵاتی دایک ڕقیان له‌ کرێکارانی په‌ناهه‌نده‌ ده‌بێته‌وه‌ له‌ ترسی له‌ ده‌ستدانی کاره‌کانیان. وه‌ک له‌ ئێران به‌ چاوێکی نزم سه‌یری کرێکارانی ئه‌فغانی ده‌کرێ، و له‌ تورکیا ڕاسیستانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌ته‌ک کرێکارانی سوریا ده‌کرێ، کرێکارانی پۆلۆنی و سربی بێزراون له‌ به‌رچاوی کرێکارانی ئه‌وروپیدا، گه‌رچی له‌ نێوان ئه‌و خه‌ڵکه‌دا جیاوازی ئاینی و ڕه‌نگی پێست نییه‌. به‌ڵام نووسه‌رانی بۆرژوازی تێزی ململانێی که‌لتور یان ململانێی شارستانی ده‌هێنه‌ نێوان که‌ له‌ ڕاستیدا هیچ بایه‌خێکی ڕاسته‌قینه‌ی نییه‌و گه‌مه‌ێکی سیاسییه‌ بزووتنه‌وه‌ فاشیه‌کانی بۆرژوازی ده‌یکه‌ن بۆ فریودانی خه‌ڵکی.
    هۆکاری ڕاسته‌قینه‌ی که‌مبوونی کاری ئاسایی له‌ ئه‌وروپادا په‌ناهه‌نده‌کان نین، به‌ڵکه‌ گه‌شه‌ی ته‌کنه‌لۆجیا و گواستنه‌وه‌ی کارگه‌کانه‌ بۆ وڵاتانێ که‌ ئاستی کرێ و باج تێیدا نزمه‌ و بازاڕی گه‌وره‌یان هه‌یه‌.
    به‌هۆی نزمی هۆشیاری سۆسیالیستی له‌ نێو ڕیزه‌کانی کرێکاراندا ڕق و کینه‌ و دووبه‌ره‌کی ده‌که‌وێته‌ نێوان چینی کرێکاران، و هه‌ر به‌شێک له‌ چینی کرێکاران ده‌چێته‌ ژێر هه‌ژموونی ئایدۆلۆژیای بۆرژوازیێک؛ یان ئایدۆلۆژیای ڕه‌گه‌زپه‌رستی و ئاینی مه‌سیحی سیاسی یان ئایدۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی، و به‌مه‌ ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی له‌سه‌ر خۆیان زیاتر ده‌که‌ن.
    لەم ساتەی کە ئەوروپا لە قەیران و پشێویدا دەژی، و خۆی ئامادە دەکات بۆ جەنگ لەتەک ڕوسیا، ئیدی هێزی پۆلیس و ئاسایشی ئاسایی، و ئەحزابی لیبڕال و چەپی بۆرژوازی لەتەک پەرلەمانێکی بێ ئیعتبار، ناتوانن کۆمەڵگە لە دۆخێکی سەقامگیردا ڕابگرن و ئامادە بە جەنگی کەن، بۆیە نوخبەی جەنگی دەسەڵاتی بۆرژوازی ستافی حوکمڕانی دەگۆڕێ، ئیدی نۆرەی ڕژێمی فاشیستییە بێتە سەر شانۆ، و ڕۆڵی خۆی بگێڕێ.

    “کریستۆف ڤاندرایەر” لە پارتی یەکسانی سۆسیالیستیی لە ئەڵمانیا دەڵێ:-
    (چۆن ئەتوانرێت شکست بە پارتی ڕاستڕەویی توندڕەوی (AfD) بهێنرێت؟
    دوابەدوای ئاشکراکردنەکانی کۆبوونەوەیەکی نهێنی نێوان بەرپرسانی پارتی [ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا(AfD)] و نوێنەرانی بازرگانییەکان سەبارەت بە پلاندانانیان بۆ دەرکردنی بەکۆمەڵی ئەو خەڵکانەی کە پێشینەی کۆچبەرییان هەیە، سەدان هەزار کەس لە سەرانسەری ئەڵمانیا دژی سیاسەتە ڕاستڕەو و نامرۆڤەکانی پارتی ئەڵتەرناتیڤ ڕژانە نێو شەقامەکان و خۆپیشاندانیان سازکرد. (پارتی یەکسانی سۆسیالیستیی) پێشوازی لەم ناڕەزایەتی گردبوونەوانە ئەکات. بەڵام نابێت هەر تەنها دژ بە ئەڵتەرناتیڤ (AfD) بێت، بەڵکو ئەبێت بەرامبەر سەرجەم ئەو حکومەتە بێت کە بەرنامەی فاشیستەکان لەخۆئەگرێ و ڕێگایان بۆ خۆش ئەکات.
    کۆبوونەوە نهێنییەکە نیشانی دا کە پلانەکانی دیکتاتۆرییەت و دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵ تا چەند چوونەتەپێش. (AfD) پارتێکی فاشیستە کە درێغی لە جێبەجێکردنی ئەم پلانانە ناکات. پەیوەندییەکی نزیکی بە تۆڕە تیرۆریستییە ڕاستڕەوە بێشومارەکانی ناو دەزگاکانی پۆلیس و سوپا و خزمەتگوزارییە نهێنییەکانەوە هەیە، کە خۆیان بۆ “ڕۆژی X” ئامادە ئەکەن کە ئەیانەوێت نەیارانی سیاسی و کۆچبەران کۆبکەنەوە و بیانکوژن. بەڵام مەترسییەکە تەنها لە (AfD)ەوە نایەت. لە هەموو جیهاندا پارتە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان گەشە ئەکەن و حکومەتەکان پەنا بۆ شێوازە دڕندەییەکانی سەرکوتکردنی سیاسی ئەبەن و تادێت بڕەوی پێ ئەدەن. .
    حکومەتە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان، وەک حکومەتەکانی مێلۆنی لە ئیتاڵیا یان میلای لە ئەرجەنتین، جیاوازییەکی زۆریان لەگەڵ حکومەتە “دیموکرات”ەکانی وەک جۆ بایدن یان ئۆلاف شۆڵزدا نییە هەموویان هەنگاوی دڕندانە دژی پەنابەران ئەگرنەبەر و خۆیان بۆ شەڕی بەرفراوان چەکدار ئەکەن، سەرکوت و پێشێلکردنی ئازادی ڕاده‌ربڕین بڕەو پێ ئەدەن.

    سەرچاوە:

How can the far-right Alternative for Germany be beaten? – 19 January 2024 – Christoph Vandreier

سەرچاوەکان:
۱ / Fascism in Germany. Robin Blick 1975 – Chapter I: The Roots of
German Reaction
۲/ Clara Zetkin – The Struggle Against Fascism / The following report was given June 20, 1923, to the Third Plenum of the Executive Committee of the Communist International.
۳/ هه‌وڵدان بۆ جێگاوشوێنی کۆمه‌ڵایه‌تی ڕاسیسم ده‌بزووێنێ – پێته‌ر لارشۆن / Statusjakten driver fram rasismen
Petter Larsson läser en avhandling, som slår hål på myten om den toleranta medelklassen – Aftonbladet /Publicerad 2020-07-28
٤/ بەشێک لە کتێبی ژیاننامەی “دیدیە ئێریبۆن – گەڕانەوە بۆ ڕیمس”، کە لەنێو شتەکانی تردا باس لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی پۆپۆلیزمی ڕاستڕەو دەکات لەنێو دەنگدەرانی چینی کرێکار لە فەرەنسا. هەروەها وتاری (لە چینایەتییەوە بۆ ڕەگەز) لە سایتی (فلاممان ١٢ی تەمموزی ٢٠١٨). بەڵگەکان ئاشکرای دەکەن کە پۆپۆلیزمی ڕاستڕەو لە ئەوروپا و ئەمریکادا پشتیوانییەکی بەرچاوییان لەنێو کرێکاراندا بەدەستهێناوە.




باڵادی شادی و هەڵگێرانەوەی تێروانینەکان.. ڕانانی: بەکر ئەحمەد

ناوی کتێب: باڵادی شادی، چیرۆکە شیعر
نووسینی : چاوە/ فاتیح شیخ
چاپخانەی هانا سوید
ڕانانی: بەکر ئەحمەد

سەفەر یانی ئازادکردنی غوربەتە لە زیندانەکانی گەڕەکێکدا و
نیشتەجێکردنی ئەوە لە گەڕەکی بێ ماڵیدا
یانی بێکارکردنی “بادی خۆش مروور”ە وەک پۆستەچی بە پەنجەی “بینێرە”ی مەیلێک
سەفەردەکرێ گەورەکردنی وێنەی نیشتیمان وهەڵواسینی بێ بە دیواری ناو ماڵەوە
یان بچووککردنەوەی وێنەی گۆی زەویی و هەڵواسینی بێ بە لای پەنجەرەی نیگاوە
فێربوونی کچەکەمە بۆ وتنی: بە بڕوای من
ڕەوینەوەی ترسی ژنەکەمە لەهەڕەشەکانی دەستی تەڵاق
سەفەر دەکرێ ونبوونی دەمووچاوی باوکێک بێت و
دروستبوونی دەیەها دەمووچاوی دیکەی باوک بێت.

بەشێک لە قەسیدەی: “سەفەر و باپیرەم و کچەکەم” بەکر ئەحمەد

لە ناو “لێکۆلینەوەکانی کۆچ”دا دەربڕینێک هەیە پیی دەوترێت “ئەکولتوراسیۆن”. چەمکەکە بە کورتی باس لە نیگای ئینسانی کۆچکردوو دەکات بۆ ژیان لەناو دوو ژینگەی کولتوریدا و دوو ڕەهەند لە خۆ دەگرێت.
یەکەمییان: چەندە ئینسان دەستدەگرێت بە پێوەر و بەها کولتورییەکانی خۆیەوە و دەستبەردارییان نابێت.
دووەمیشییان: چەندە ئینسان دەیەوێ لە پەیوەندییەکی دانەبڕاودا بێت لە ناو بەها و پێوەرە کولتورییەکانی کۆمەلگای نووێدا.
ڕەنگە دەموچاوی “جانوس” کە یەکێک لە پەیکەرە یۆنانییە کۆنەکانە باشترین دەربڕینێک بێت بۆ ئەم قڵیشانە ڕۆحی و دووکەرتبوونە ناوەکییەی ئینسانی کۆچکردوو. پەیکەرەکە سیمای ئینسانێکی هەیە کە خاوەنی دوو دەمووچاوە. پشت لەیەک. ئینسان لە هەمان کاتدا پێش و پاشی خۆیشی دەبینێ. لە دۆخی کۆچدا، بوونی نیگایەکە لەسەر ڕابردوو و هاوکاتیش نیگایەک لە ئایندە. ڕاگرتنی ئەم باڵانسە و بەئاگابوون لەوەی کە نیگا دەکرێت چۆن ڕابگیرێت ، دەکەوێتە سەر هەڵبژاردنی ئەو ستراتیژیانەی کە کەسی کۆچبەر دەکرێ هەڵیانبژێرێت.

ئەکولتوراسیۆن وکۆچ
لای ” بیرڕی”، پرۆسەی ئەکولتوراسیپن دەکرێ چەند ئاراستەیەک بە خۆیەوە بگرێت وەک ستراتیژییەکی هەڵبژێردراو لەلایەن کەسی کۆچکردووەوە.
یەکەمیان: خۆجیاکردنەوە. لەم ستراتیژییەدا کەسی کۆچکردوو، بەها و پێوەرە کولتورییەکانی گرووپی خۆ لە پێش هەموو شتێکەوە دادەنێت و هیچ پەیوەندییەکی دینامیکی لەگەڵ کۆمەلگای نوێ و بەهاکانیدا پێکناهێنێت. بەشیکی بەرچاوی کۆمەلگای کوردی دەرەوەی وڵات ئەم دۆخە بەسەر دەبەن و دەربڕینی: ئێمە کوردین و ترادیسیۆنە کوردی و بەها کۆمەلایەتیە کوردییەکان دەپارێزین، باشترین دەربڕینێکی ئەم دۆخەیە.
دووەمیان: تواندنەوە یان ئەسیمیلاسیۆن. لەم ستراتیژیەدا، کەسی کۆچکردوو، هەموو پردە کولتوری وبەها ترادیسیۆنییەکانی نێوان خۆی وکۆمەلگای یەکەمی تێکدەڕوخێنێت و لەناو پێوەرە کولتوری و بەهاکانی کۆمەلگای نوێدا دەتوێتەوە.
سێیەمیان: ئاوێزانبوون. لەم ستراتیژییەدا تاکی کۆچکردوو لە نێوان هەردوو کولتوورەکەدا هەلدەکات و پەیوەندی لە گەڵ کۆمەلگای یەکەم و دوومیدا لە بالانسێکی ئاسایدا ڕادەگرێت.
چوارەمییان: لە پەراوێزدا بوون. لەم ستراتیژییەدا کەسی کۆچکردوو هیچ پەیوەندییەک بە کۆمەلگای کۆن و نوێیەوە ناهێلێت. نەوجەوانانێکی بە تەنها هاتوو دەکرێ لەم دۆخەکەدا خۆیان ببیننەوە.
بێگوومان هەلبژاردنی هەریەکێک لەم ستراتیژیانە ، بە تەنها وەک خواستێکی تاکانەی ئینسانەکان چاویلێناکرێت و پێشینە کولتووری و ئینتیما ئەتنییەکانی کەسی کۆچکردو و ستراکتۆرەکانی کۆمەلگای نوێ بۆ دەرگاکردنەوە یان داخستن لەبەرانبەر کۆچبەردا ، گرنگی خۆی هەیە.
بەوەی کە کۆمەلگاگاکی کوردستان چەندین دەیەیە ئینسانی لێهەڵدێت و روودەکەنە ئەوروپا، بە خوێندەوار و نەخوێندەواریەوە، بە نووسەر و سیاسییەکانییەوە، کەچی هێشتاکەش ئێمە لە دەرەوەی وڵات خاوەنی بەرهەمێکی نووسراوی وا نین کە ژیانی ئێرە بناغەی نووسین و تێرامانە ئەدەبییەکان بێت. بێگوومان ئەم دەربڕینەی من گشتیگیر نییە و گەورەبوونی نەوەی دووەم و سییەمی کورد لە دەرەوەی وڵات، کۆمەڵێک ناو و نووسەری پێگەیاندووە کە هێشتا بەرهەمەکانیان وەرنەگێردراونەتە سەر زمانی کوردی. لە ولاتێکی وەک سویددا، ئینسان دەکرێت سەربەرزانە خۆی بەو نووسەرانەوە با بدات و دڵگەرم بێت بە لەدایکبوونی ئەدەبیاتێکی دیکەی کوردی کە لە زێدی یەکەمی خۆیدا گەورە نەبووە و قاچەکانی تووند لە ناو هەر دوو کۆمەلگاکەدا داکوتراوە و وەک مەلەوانێکی کارا، بە نیگایەکی ئەدەبی سەرکەوتوانەوە، بەرهەم دەخوڵقێنێ.
نالی لە ” قوربانی تۆزی ڕێگەتم ئەی بادی خۆش مروور”دا بە دەنگێک دەربڕی ئەم دۆخی دەرپەراندنەی ئینسانی کورد نیشاندەدات لە رۆژگارێکی دوورەوە، کە تا ئێستاش سەداکەی لە گوێچکەی زۆربەماندایە. ئەو لە ئەستەمبوڵەوە کونجی خانەقاکەی خۆی دەبینێ. بەڵام ئەستەمبوڵ دیار نییە. شیرکۆ بێکەس ، درێژترین شیعرو زۆرترین بەرهەمەکانی لە ستۆکهۆڵمی سویددا دەنووسێت، کەچی بە تەنها قاوەخانەیەکی گەرەکی “گاملستادن” دەبێت بە ئیکسسوارێکی ناو شیعر و لەولاشەوە حاجیحان و مەڵکەندی و مەهاباد و دیاربەکر بە هەموو کووچە و کۆلانەکانیانەوە ئامادەییان هەیە. نووسەرێکی کورد دەڵێ:” تا ئێستاش خەونێکم نەبینیوە زەمینەکەی سویدی بێت.” بەڵام بۆ شاعیرێکی تەمەن لەسەر و هەشتاوە ، کانی ئاسکان و سنە و لەندەن و شاخەکانی وێلزلە تەنیشت یەکەوەن و خوێنەر بێ هیچ رێگرییەکی کولتوری و ڕۆحی بە ناو کووچە وکۆلانەکانی ئەم شوینانەدا دەکرێ سەفەر بکات. پرسیار ئەوەیە: نیگا و تێروانینی ئینسان ڕوولەکوێیە؟

“بالادی شادی” سەفەری “چاوە”ی شاعیرە بە ڕابردوو و ئێستا و ئایندەی کۆمەڵێک خێزانی کورددا کە لە کوردستانی خۆرهەڵاتەوە دەردەپەڕێنرێن و لە سلێمانی نیشتەجێدەبن و دواتریش لە لەندەن دا دەگیرسینەوە. ئەوەی لەم بەرهەمەدا جێگای تێرامانی منە، ئەم جێگۆڕکێ نەسرەوت و سووڕانەوە هەمیشەییەی نیگایە لەسەر نەخشەیەک کە کۆچ و دەرپەراندنی ئینسانەکان کێشاویەتی.
بالادی شادی چیرۆکە شیعرێکی درێژەو لە 22 بەش پێکهاتووە.
بەڵام بەرلەوەی سەفەرێکی کورت بەناو دێرەکانی ئەم بەرهەمە شیعرییەدا بکەم، ڕوونکردنەوەیەکی کورتم دەبێت لەسەر ناونیشانی بەرهەمەکە. “بالاد” لە زمانە ئەوروپییەکاندا مێژوویەکی درێژی هەیە و سەرەتاکانی تا سەدەی 12 درێژ دەبێتەوە. بالاد بەو گۆرانییانە دەوترێت کە لەگەڵ سەمادا دەچڕدرێن و بەشێکی زۆر لە چیرۆک و بەسەرهاتی ڕۆژانە لەخۆ دەگرن. مێژووی بالاد درێژ دەبێتەوە و چەندەها لق و پۆپی دیکەی لێدەبێتەوە. لە زمانی کوردیدا، ڕەنگە حەیران نزیکترین شیوازێکی گۆرانی بێت کە لەگەل بالاددا یەککبگرنەوە.
هەڵبژاردنی ئەم ناونیشانە بۆ ئەم بەرهەمە لەلایەن “چاوە”وە، تێرامانێکی قوڵی لە پشتەوەیە و لەگەڵ ناوەرۆکی بەرهەمەکەدا یەکانگیردەبێتەوە.
شەو لە نیوە ترازا بوو، لە دیسکۆ هاتبوونە دەر
بەم گێرانەوە کورتە و برووسکە ئاسایە، چاوە، کیشماندەکاتە ناو دەسپێکی چیرۆکە شیعرییەکە. ئەویش سەرەتای یەکترناسینی دوو لاوی گەنجی لە لەندەندا گەورەبووی کوردە بە ناوەکانی “شاد” و “شادی”یەوە. ئەم یەکترناسینە کورتەی نیوەشەوێکی ناو مێترۆی لەندەن، چەندین ویستگەی تری بەدوادا دێ و دەبێتە هۆکاری یەکترناسینی دوو خێزان کە هەریەکەیان لە سوچ و کەنارێکی نیشتیمانی یەکەمی خۆیانەوە دەرپەڕێندراون و لێرە گیرساونەتەوە. “گەشە”، “دایە حەبیبە”، “شاهۆ” ، “کەسنەزان” و چەندین ناوی دیکە کە هەریەکەیان چمکێکی ئەم چیرۆکە دەکەوێتە سەرشانیان، لە بەرەو پێشەوەچوونی چیرۆکەکەدا ، هەریەکەیان دێنە سەر شانۆی رووداوەکان و لایەنێک لە مێژووی خۆشی و ناخۆشییەکانی خەلکی کورد و ژیانی نویی لە هەردوو دیوی کوردستان و لەندەندا دەگێڕنەوە.
بەڵام “بالادی شادی” هەر بە تەنها داستانی ڕۆژڕەشی و نەهامەتییەکانی خەلکی کورد نیە. بەلکو لە ڕێگەی ئەو ئاستە بەرزە لە وشیاری پالەوانەکانەوە کە نزیکایەیییەکی قوڵییان لەگەل شیعر و گۆرانی کوردی و جیهانیدا هەیە، ئەم بەرهەمە دەکەنە سرود و گۆرانییەک بۆ بەباڵاداهەلدانی شیعر و گۆرانی و بەرزنرخاندنی ئەم لقە ئەدەبییانە لە ژیانی رۆژانەی ئینسانەکاندا. بالادی شادی نەک هەرحەیرانێکی درێژە بە زمانەکانی کوردی و ئینگلیزی و فارسی لە ڕیگای گۆرانی و شیعرەکانی ناو ئەم بەرهەمەوە بەم زمانانە، بەلکو حەیرانێکی “پێشەخۆشە” لە ستایشکردنی شیعر و گۆرانیدا.
یۆسۆ ئاسکەو دەمووچاوێکی دیکە

چاوە لەم حەیرانە درێژەدا، نەک هەر شیعرو گۆرانییە سادەکانی سەر زمانی خەلکی و شیعرە بەناوبانگە کوردی و جیهانییەکان بەسەردەکاتەوە لە ڕیگەی ئاخاوتنی پالەوانەکانەوە، یاخود لە ڕێگەی منی گێڕەرەوەی چیرۆکە شیعرییەکەوە، بەلکو ڕاستکردنەوەیەککیش بۆ ئەم مێژووە هەلەیە دەکات کە بەشێک لە شاعیرە گوومناوەکانی کوردوستان ڕووبەڕویی بوونەتەوە. ئەوەتانێ لە مێژووی ئەدەبی کوردی “”عەللادین سەجادی”دا، مەرگی یەکێک لە شاعیرە جوانەکانی هەورامان “یۆسۆ ئاسکە” دوو دێڕی پێڕەوا دەبینریت: “پیاو، شاعیری خان ئەحمەد خانی ئەردەڵان ( 1638ـ1592)، لە موسل مردووە.”
بەڵام لە زمانی کەسنەزانەوە کە یەکێک لە پالەوانە جوانەکانی “بالادی شادی”یە، ئاواهی ئەم چارەنووسەی یۆسۆ ئاسکە دێتە گێرانەوە: ” یۆسۆ ئاسکە خۆشخوان بووە، جوانخاس بووە، دەمڕاس بووە. لە دیوەخانی خانەکەی مەشهوور بە “خانی کول خانان”، شیعرو گۆرانی وتووە، لە قسان، بە تۆمەت و تاوان بە ئەمری خان لە چینی دیواریان ناوە. قوڕیان بەدەمیا کێشاوە، تا هەناسەی لێبڕاوە. مەشهوورە تا ئاخر نەفەس، یۆسۆ ئاسکە بە شیعرەکانی هەجووی خانی کردووە تا مردووە.”
بالادی شادی و زمان.
بەکارهێنانەکانی زمانی ئینگلیزی چ وەک شیعری شاعیرانی دیکەی ئینگلیز و تیکستی گۆرانییە ئینگلیزییەکان، بەرهەمی شاعیرانی فارس و بەکارهێنانی دیالێکتی کوردی نەوەی دووەم و سییەمی منداڵی کوردی لە ئەوروپا گەورە بوو کە لە دراما تەلەفیزیۆنە کوردییەکاندا جێگای گاڵتەجارییە بۆ زۆر کەس، ئامادەییەکی لەرادەبەدر و بەرچاوی دیالیکتی هەورامی و سنەیی لەم بەرهەمەدا، جوانیەکی لەرادەبەدەر بەم بەرهەمە دەبەخشیت و بێ هیچ سڵکردنەوەیەک لەوەی کە خوێنەر دەکرێ تێیبگات یان نا، لە ناو دێرەکانی ئەم بەرهەمەدا بە بێ هیچ ژێرنووس و دروستکردنی فەرهەنگۆکێک ئامادەییان هەیە.
لەپاڵ ئەم ئامادەییە گەورەیەی زمانە جۆراوجۆر و دیالێکیە پەراوێزخراوەکانی زمانی کوردیدا لەم بەرهەمەدا، زمانجوانییەک لە ناو دێرەکاندا دەدرەوشێتەوە کە تەنها لەنەوەی “چاوە” و “سوارەی ئیلخانیزادە”ی شەستەکانی سەدەی ڕابردووی کوردستانی ئیراندا دەکرێ بەشوێنیدا بگەڕییت. سەیرێکی ئەم وشانە بکەن!
پێشەخۆشە، خێمپێدان، مەیمانی،وەختارێ، وەلێکان، عەلەندەوام،تەمایەر، تیتاڵی،تواشا … هتد

جەنگی نەوەکان یان پێکەوەدوواندی یەکتری
دەربڕینێکی سادە و جوانی منداڵێکی تورک هەیە کە دابڕانی نەوەکان لەیەکتری و ئینتیماکانییان بۆ ژینگەی یەکەمی دایک و باوک و نیشتیمانی دووهەمی دوای نیشتەجێبون لە پرۆسەی کۆچدا، جێگایەکی تایبەتی هەیە بۆ ئاماژەپێدان تا بزانین چۆن چاوە لەم چیرۆکە شیعرییەدا بە دەرئەنجامی پێچەوانەی ئەم دەربڕینە دڵتەنگەی خوارەوە دەگات. دەربڕینەکە ئاواهییە: “نیشتیمانی باوکم، نیشتیمانی غەریبی منە. نیشتیمانی من، نیشتیمانی غەریبی باوکمە” .
ئەم دابەشبوونە سادە و واقعییە کە لە زمانی نەوجەوانێکەوە دێتە دەربڕین، ئەو خاڵی سنوورجیاکردنەوەیە کە ئینتیمای نەوەکان بۆ جوگرافیا جیاوازەکان و دروستکردنی پردی بەیەکگەیشتن لە نێوان منداڵ و دایک وباوکدا، بە سرووەدکانی “چەند شیرینە لام” و “خوایە وەتەن ئاواکەی” دروستناکرێتەوە. ڕەنگە ئەمە وێنەیەکی گشتیگیر نەبێت، بەڵام ڕاستیەکە و زەبرەکانی کۆچ دەیهێنێتە پێش.
“چاوە” لە بالادی شادیدا ئەم دابرانەی نەوەکان هێندە سادە دەهێنێتە پیش کە لەگەڵ بەریەککەوتنە رۆژانەییەکانی دایک و باوکاندا لەسەر پرسیارە سادەکانی ڕۆژانە، جێگایەک دەدۆزێتەوە کە نە نیشتیمانی یەکەمی دایک و باوک مەمەلکەتی غەریبی نەوەکانە و نە نیشتیمانی غەریبی دایک و باوکەکان، بە تەنها نیشتیمانی نەوەکانە. ئەو ڕایەلەیشی کە ئەم نەوە جیاوازانە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، شۆرشی ژینایە کە نەک هەر بە تەنها مەراقێکی گەورەی پالەوانەکانە کە لە زێدی خۆیان دەرپەڕێندراون، بەلکو ئومێد و خەونی ئەوە نەوە نوێیەشە کە بە ئومێدەکانی دایک و باوکەوە پەیوەست دەبن.
بالادی شادی بە تەنها چیرۆکە شیعرێکی ئەو ڕووداوانە نین کە ڕوویانداوە و لە تیکستێکی ئەدەبیدا تۆمارکراون، بەلکو وێناکێشانی دنایەکە کە دەبێت وابێت. ئەو پرسیارەی کە خوێنەر دەکرێ بەزەینیدا بێت رەنگە ئەوەبێت کە ئایا ئەم پالەوانانەی ناو ئەم چیرۆکە شیعرییە چەند نوێنەرایەتی کۆمەلگای دەرەوە و ناوەوەی کوردی دەکەن؟
بە بڕوای من، بالادی شادی تێروانینی ئەو کەمایەتییەی کۆمەلگای کوردییە کە بەشیکی گەورەی ئەو تێروانینە کولتوری و پێوەرە کۆمەلایەتیانەیان تێکشکاندووە کە لەمرۆدا لە ئاستی کولتور وبەها وپێوەری بالادەستدان لە کۆمەلگای کوردستاندا. هەر ئەم نیگایەشە کە ئەم چیرۆکە شیعرییە دەکاتە خەونێکی ئایندەییانە.
دەڵێن: لە کاتی گەیشتنی بنەمالەیەکدا بە دەرەوەی ولات، زەمەنی پێکەوەژیانی ئەندامانی خێزانێک بەم شیوازەی خوارەوە لەتدەبێت.
” باوکەکانمان لە دوێنێدا دەژین، ژنەکانمان لەمڕۆدا و منداڵەکانیش لە سبەێنێدا”
ئەگەر چرکەساتی گەیشتنی خێزانێک بەمشیوازە لەت ببێت و ئەندامانی ئەم خێزانە لە دوینی و ئەمڕۆ و سبەێنیدا جێگا بۆ خۆیان بگرن، ئەوسا بە ڕۆشنی ئەو زەبرە سایکۆلۆژییە قورسە هەستپێدەکرێت کە پرۆسەی کۆچ و دەرپەراندنی ئینسانەکان لە پاش گیرسانەوەیان لە کۆمەلگای دووهەمدا ، دووچاری دەبنەوە.
بەلام چاوەی شاعیر لە بالادی شادیدا، ئەم زەبرە قورسەی تێکشکاندنی کات زۆر سەرکەوتووانە تێکدەشکێنێت و لەبری ئەوەی لە دوێنی و ئەمڕۆدا جێگایەک بۆ خۆی هەلبژێرێت، لە سبەینێدا ڕادەوەستێت. جێگایەک بە پێی هاوکێشەکانی کۆچ دەبوایە وا نەبوایە. هەڵبژاردنی ئەم گۆشەنیگایە بۆ مامەلەکردن بە پرسیاری کۆچ، بۆ پیاوێکی تەمەن سەر و ‌هەشتا ساڵ، بالادی شادی دەکاتە یەکێک لەو بەرهەمە ناوازانەی کە مامەلەیەکی زۆر مۆدیرن بە پرسی بوونی ئینسانی کورد دەکات لە کۆچیاندا. ئەگەرچی کوردستان بە هەموو ئازار و خۆشی و ناخۆشییەکانییەوە لە دێرەکاندا ئامادەیی هەیە.
لە پاش رووداوەکانی ساڵی ١٩٦٨ ی پۆلۆنیادا کە کامپینێکی “جوونەفرەتی” دەولەت لە پشتیەوە بوو، ٢٠ هەزار هاولاتی جوو ناچارکران کە پۆلۆنیا جێبێڵن. لە تەنیشت یەکێک لە ویستگاکانی وارشۆدا، کۆنە تابلۆیەک بەجێماوە کە لەسەری نووسراوە:” ڵیرە ئەوان زیاتریان لە پاش خۆیانەوە بەجێهێشت لەوەی کە پێشتر هەیانبووە”
بالادی شادی، گێرانەوەی مێژووی بەشێکی کەمی خێزانی کوردە کە لە دوای کۆچیانەوە ، زیاتر لەوەمان بۆ جێدەهێڵن کە پێشوو تر خاوەنی بوون.




ڕۆمانى فڕینی پردەکان یان فڕینی وشەکان.. یووسف ئیسماعیل

            

کارى ڕۆمان تەنیا گێڕانەوەى چیرۆک و خستنەڕووى ڕووداو و سەربردەکان نییە، بەڵکو ئەرکى سەرەکى شێوەى گێڕانە و گەمەکردنە بە وشە و زمان و کارى داهێنانە لە ئەدەبدا. مامۆستا حەمەسەعید حەسەن دەڵێت: (( تەکنیکی نوێ لە نووسیندا ئەوەیە، زەوییەک بکێڵین، پێشتر نەکێڵرابێت، یان بە دەربڕینێکی دیکە، بەیار بکەین بە کێڵگە )). بەڕاستی دەتوانم ئەمە لە ڕۆمانی فڕینی پردەکانی نووسەر و ڕۆماننووس دڵشاد کاوانی ببینم، لە دووتووێی ( ٣٤٥ ) لاپەڕەدا جیهانێکی جیاوازی هاوشێوەی جیهانێکى خەیاڵیى لەسەر زەوی دروست کردووە، کە پێشووتر هیچ ڕۆمانووسێک ئەمەى نەکردووە. ئەمەش توانا و لێهاتوویى ڕۆمانووس دەردەخات کە ڕۆمانەکە لە
ێڕانەوەیەکى دەروونى ئاڵۆزى پاقڵە فرۆشێکی ژێر پردی شۆڕش ڕوودەدات، کە تووشى دوو جۆر نەخۆشى دەروونى جنون ال’/مە و انفصالى الشخصیە بووە. دوای ئەوە چەند دەقێک و کتێبێک دەخوێنێتەوە ئیتر ئەم چەمکە تازانەی دێنە دڵ و دەروون و بیرو بڕوای ڕۆمانێکى دەگەمەن و بێ وێنە دەخولقێت(( ٣٤٤ ))، کاوانی ڕۆمانەکەی پڕەلە وەسف و دیالۆگ، گەمە بە شوێن دەکات و کات نادیارە. نەهێنێکی سەر شێتە کە خوێنەر وێڵە بەدوای وەڵامی ئەو پسیارانەی لە مێشکیدا گوزەر دەکات.
کاتێک نووسەر بڕیاری نووسینی ڕۆمان دەدات، ئەوە پێویستی بە کەرستەی ڕۆمان هەیە ( خەیاڵ ، دیالۆگ ، وێنەی شیعری ، وەسف ، …. هتد). ڕۆمان گرنگ نییە درێژ بێت، گرنگ ئەوەیە هەڵگری پەیامێک بێت و ئامانجەکەی خۆی بپێکێت. ڕۆمانی کوردی پڕییەتی لە درێژ دادڕی تا ڕووداوێک ڕوودەدات چەند لاپەڕە هەر وەسف و پێدا هەڵدانە. کاوانی لێرە ڕێگری کردووە لە درێژدادڕی، ناتوانی هیچ ڕستەیەک پاز بدەی بێ ئەوە ئاگاداری ڕووداوەکانى نێو ڕۆمانەکە بیت، بەڵام لە هێزی فکرییدا نووسەر زۆر بە چڕی کاری لەسەر کردووە کە ناتوانی بە جارێک لێى حاڵی بی. وشە گەلێکی سەیری بە کارهێناوە چ لە ناوی کارەکتەرەکان کە بریتین لە ((سوبحلئەزەل ، ئاپۆ ، جیقۆ ڕشکنی مەمک قرتاو ، بەهادوور …هتد ))، تا داگاتە ناوەی شوێن و کار و تەنانەت بنەما ئاینییەکانیش.
کاوانی ڕۆمانەکەی بەدەر نییە لە گوتەی ئاینی و بەکارهێنی چەند ڕستەیەکی کتێبە پیرۆزەکان وەکو ( ئینجیل و تەوڕات ..هتد )، لە ڕۆمانکە نووسەر ئاینێکی نوێ دروست دەکات بەناوی(( ئاینى ئەهلى حەق ))، و کتێبێ: بەناوى (قینات) کە تا ئێستا هیچ ڕۆمانێکم نە خوێندۆتەوە کە نووسەر ئاینێکی نوێ لە نووسینەکانی خۆیدا دروست بکات.
کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە یەک پاڵەوان نییە، بەڵکوو کەسانی تریش هەن کە لەسەرتاوە تا کۆتایی کارەکتەری سەرەکین لە ڕۆمانەکەدا، ڕووداوەکانی گەلێک سەر و سەمەرەن. نووسەر لە هەندێک ڕووداودا بە دەستى ئەنقەست خوێنەر دەخاتە سەر ڕێى هەڵە و کارەکان سەراو ژێر دەکات.
نموونە لە لاپەڕە (١٩٤) دا باسی کەسێک دەکات لە چایەخانەیەکی شاردا خەرکی خواردنەوە شەڕابە؟، لێرە خوێنەر دەبێـت زۆر وریا بێت بزانێت لە چۆن لە ئەدەبى نامەعقووڵ تێدەگات. لەم هەرێمەدا هەموو کەسێک مژوولى شەرابە لە بڕى ئاو و چا شەراپ دەخورێتەوە. ڕەنگە هەندێک کەس وا حاڵى بێـت نووسەر چایەخانە بە یانەی شەوان و باڕ تێگەیشتووە، نەخێر بەڵکو لاى کاوانى مرۆڤ هەر خۆى سەرخۆشە و تائاگاییە، پێچەوانەیە مرۆڤى ناو ڕۆمانەکە بە خواردنەوەى شەڕاب هۆشیان دێتەوە. ئەمەى پێچەوانەى ڕاستەقینە کردۆتەوە. ڕێک ڕۆمانووس باسى تاقیگەکەى فرۆید دەکات. نەک چایخانەیەکى ئاسایی کە چۆن فرۆید بۆ جووڵاندنى نەست پەناى بۆ کۆکاین دەبرد، بەهەمان چەشن سیلۆنی پیر رابەرى ئەم هەرێمە خودى کارەکتەرى فرۆیدە. کاوانی خۆی و خوێنەری خستۆتە گەمەیەکی سەیر کە ناتوانم ناوێکی بۆ دیاری بکەم، ئایین تێکەڵی سیاسەت بووە، خوێنەوارێک شوێنی خۆی لەگەڵ نەخوێنەوارێک گۆڕیوەتەوە، داهێنانی زمانی نوێ لەگەڵ زمانی کوردی تێکهەڵکێشراون (( سپرانتۆ ))، هەندێک مەبەست هەندێک کە خوێنەر تێدا قەڵسە.
ڕۆمان دەبێ چێژ ببەخشێ، کاتێک گۆڕانکارێک ڕوودەدات دەبێ دەمارەکانی مێشکی یاری بکەن و تەواوی چاو ، مێشک ، فیکریان لای ڕۆمانەکە بێت. من لە چەندین دیالۆگ و هاتنی کارەکتەری نوێ دەوەستام و نەم دەتوانی قبووڵی بکەم؟ ئەو کارەکتەرە چۆن هاتە ناو کایییەی ڕۆمانەکە؟ لەبەرەیەوە چی هەیە؟. بۆیە کاوانی لە هەندێک دیالۆگ و کارەکتەری نوێ، خوێنەری فەرامۆش کردووە، بەداخەوە. ئەمە دەبێتە ئەوە خوێنەر لە ڕۆمانەکە بێزار بێت و سارد ببێتەوە.
کۆتایی هاتنی ئایین و کتێبی قینات. نووسەر زۆر بێ باکانە کۆتایی پێدێنێ و هەستی خوێنەر یاری پێدەکات و ساردێک کە گەرمی جەهەنەمی ڕۆمانکە درووستی کردوو دەپوکێنتەوە، پەشیمانی و بەجێهشتنی کابووسێکی تاریک و تەماوی لە مێشکی هەر خوێنەرێک جێ دەهێڵێت. وێنەکانی ناو کابووسەکە هەرگیز ناتوانن لە مێشکت دەری بێنی و بیری لێنەکەیتەوە، دووبارە وەک منداڵێکی بەدبەخت کە نازانی باوکی ڕاستەقینەی کێیە؟، دایکیشی لەبەر چێژ وەرگرتن ئەویش بیری چووە کە منداڵەکەی کوڕی کێیە. ئەم ڕۆمانە تابڵێت ڕۆمانێکى دەوڵەمەند و فرە ڕووداو و فرە ڕەهەندە، لە هەر لایێکەوە بۆى بچیت شتى تازە و نوێت بەرچاودەکەوێت. هەر بۆیە من تەنیا لەچەند سەرەداوێکەوە بۆ شیکردنەوەى ڕۆمانى فڕینى پردەکان چووم. ئەمە بۆچوونى منە و ڕەنگە خوێنەر و تووێژەرانى دیکە چەند لایەک و دیوێ:ى دیکەى ڕۆمانەکە ببینن، من خەیاڵم بۆى نەچووبێت.

سەرچاوە:
فڕینی پردەکان ، ڕۆمان ، چاپخانەی پاندا ، دامەزراوەی ڤیم ، ٢٠٢٣.




هەڤپەیڤینێک لەگەڵ شانۆكار شەیما فریاد.. ئامادەکردنی: كامەران حاجی ئەلیاس

شانۆكار شەیما فریاد: من هەمیشە تینوی شانۆم زۆریش حەز بە تەختەی شانۆ دەكەم
شانۆكار شەیما فریاد: شانۆ لای من رۆحە هەستە ژیانە دەرمانە بۆ ئازارەكان
خاتوونی شانۆكار (شەیما فریاد تۆفیق) یەكێكە لەوشانۆكارانەی كە خاوەن توانستێكی باشی هونەری نواندنە.شانۆكار شەیما لە شاری هەولێر لە دایك بووە دەرچووی بەشی شانۆی پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی شاری هەولێرە هەر لە تەمەنی منداڵییەوە حەزوو ئارەزووی بۆ هونەری شانۆ هەبووە .بۆ پەرپێدانی بە هونەركەی دەچێتە بەشی شانۆی پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی هەولێر لەماوەی پێنج ساڵەی خوێندنییدا بەشداری چەندین كاری شانۆیی كردوە ..لە نزیكەوە بەچەند پرسیارێك بەسەرمان كردوە .

هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

*سەرەتا بابزانین شەیما چۆنە جیهانی شانۆی ناسی؟

  • من هەرمنداڵییەوە حەز و خوولیای هونەری زۆرم بۆ شانۆ هەبووهەر بۆیەكاتێ قۆناغی بنەڕەتیم تەواو كرد بەدوای دەرفەتێك دەگەرام بۆ ئەوەی پەرە بە بەهرەكەی خۆم بدەم تائەو كاتەی مامۆستای هونەرمەند (هیواسوعاد)م ناسی ئەو توانی پەرە بەبەهرەكەم بدات،من بە جیها نی هونەری شانۆ ناساند بەتایبەتی دەرفەتی پێدام بەشداری چەندین شانۆگەری بكەم، لەبەرئەوە جێگای شانازیە بۆ من لەگەڵ ئەو هونەرمەندە گەورە كاربكەم.
  • كێن ئەوانەی هاوكار و پاڵپشتی شەیما بوون لە بواری هونەری شانۆدا؟
  • گومانی تێدانییە خێزاكەم زۆر هاوكار وپاڵپشتم بوون بەجۆرێك هەمیشە هانیان دەدام، هەروەها هونەرمەند هیوا سوعاد زۆر هاوكاری كردووم. هەرچەندە كەبەداخەوە تائێستاش لەلایەن هەندێ كەسەوە تووشی تیرو توانج دەبینەوە ئازار دەدرێن، بەڵام بە پاڵپشتی خێزانەكەم من لە هونەرەكەی خۆم بەردەوام دەبم.

    *پەیمانگای هونەرەجوانەكان بەشێكی گرنگی وێستگەی ژیانی هونەریت بوو ،تاچەندپەیمانگا رۆڵی هەبوو لە برەودان بە توانستەهونەرییەكانت؟

  • من لەپەیمانگای هونەرە جوانەكان ئەلف و بێ شانۆ فێربووم فێرگەیەكی زۆر گرنگە بۆ ئەوەی پەرە بەتوانستەكانی خۆم بدەم..هەرچەندە بەداخەوە زۆر دەرفەتیان بە من نەدەدا،بۆ ئەوەی بەشداری كارام هەبێت لە كاری نواندن.
  • شەیما چۆن پێناسەی شانۆ دەكات ؟
  • شانۆ لای من رۆحە هەستە ژیانە دەرمانە بۆ ئازارەكان..زۆر باوەڕیشم بەم دەستە واژە هەیە كە دەڵێت (نانێك و تەختەی شانۆم بدەنێ گەلێكی هۆشیارت دەدەمێ)،بۆیە تا ئەو كاتەی دەمرم من واز لە شانۆ ناهێنم.
  • بۆچی هەندێك لەو شانۆكارانەی پەیمانگا تەواو دەكەن دوایی لە گۆڕەپانی هونەری دیار نامێنن؟
  • زۆر بەداخەوە زۆرێك لەو قوتابیانە لە ماوەی پێنج ساڵەی پەیمانگا چالاكن بەشداری كارە شانۆییەكانیش دەكەن بەڵام لە دوایی تەواو كردنی پەیمانگا لە كاری شانۆیی دووردەكەونەوە هۆكارەكەشی ئەوەیە بەداخەوە ئەوانە تەنیا مەبەستیان بەدەست هێنانی بڕوانامە بووە،لەبەرئەوەیە دوای دەرچوونیان لە پەیمانگا لەكاری هونەری دووردەكەونەوە.

    *رۆڵی شانۆ لە هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگا چۆن دەبینیت؟

  • بەهۆی ئەوەی هونەری شانۆ لە رێگەی ئەكتەرەوە راستەوخۆ لەگەڵ بینەران، مامەڵە دەكات بۆیە كاریگەری زیاتر دەبێت بۆ وەرگر لە هەمان كاتدا شانۆ،زۆر بەی هونەرەكانی تر لەخۆدەگرێت وەك موزیك، شێوەكار تادەگاتە ئەدەب، بۆیە هونەری شانۆ فاكتەرێكی باش و گرنگە بۆ هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگا لە هەموو رووێكەوە.
  • تاچەند بوونی رەخنەگری شانۆ بەپێویست دەزانیت؟
  • من بوونی رەخنەو رەخنەگر لە بواری هونەری و ئەدەبی بەپێویست دەزانم بۆئەوەی هونەرەكە پێش بكەوێت چونكە هیچ كارێكی هونەری بەدەرنییە لە كەمووكوڕی بە مەرجێك رەخنەی بنیادنەر بێت نەك ڕووخێنەر.

    *ئێمە لە كۆتاییدا زۆر سوپاس دەكەین هیوای سەركەوتن بۆ دەخوازین؟
    -منیش سوپاسی ئەو بەسەركردنەوەتان دەكەم لە كۆتاییدا دەڵێم ” من هەمیشە تینوی شانۆم زۆریش حەز بە تەختەی شانۆ دەكەم”.




سیستمی گەندەڵی عێراق.. عوسمانی حاجی مارف

لە پێوەرەکانی تێڕوانینی گەندەڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ کە لەلایەن ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتیەوە دەرچووە، عێراق لە ڕیزبەندی گەندەڵترین وڵاتانی جیهاندا پۆلێن کراوە، بەو پێیەی لە ئێستادا عێراق لە ڕیزبەندی پێنجەمی گەندەڵترین وڵاتانی جیهاندایە. ئەم گەندەڵیە لەگەڵ هەر گۆرانکاریەکدا هێشتا بەردەوامەو پەرچەکردارێکی جدی لە بەرامبەریدا نەکراوە.
بەرپرسانی عێراق بۆ خۆشیان، لە ڕێگەی وتارە سیاسی و سیمینارەکانیانەوە بۆ میدیاکان، بێشەرمانە، نکۆڵی لە بونی گەندەڵی بەربڵاو لە دەزگاکانی دەوڵەت ناکەن.
ئاشکرایە تاکە پرسێک کە هێزە سیاسیە بەشدارەکانی حکومەت لەسەری ڕێککەوتون، دابەشکردنی وەزارەت و دامودەزگاکانی دەوڵەتە، وەک کردنە سەرچاوەی داهات بۆیان.
ئەم چەسپاندنی گەندەڵیە وەها ڕەگی داکوتاوە بەربەستێکی بەرچاوە لەبەردەم گەشەسەندنی وڵاتدا، چونکە متمانەی خەڵکی تێکداوە و هەموو هەوڵەکان بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان بە هاووڵاتیان ئیفلیج کردوە.
لە ساڵی ٢٠٠٣وە دوای ڕوخانی حکومەتی بەعس بەدەوری ڕاستەوخۆی ئەمریکا، گاڵتەجاریەک لە پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ لە پێکهاتەی ئیسلامی و تائیفی و نەتەوەچێتی ڕیزبەندی کرا، کە بووە گەورەترین سەرچاوەی نەهامەتی بۆ دانشتوانی عێراق، لە خولقاننی شەڕی قەومی و تائیفیدا، ڕەخساندنی باڵادەستی فەزای تاڵانی و گەندەڵیەک، کە ڕێگایەک بۆ کۆتایی هێنانی ڕوناکی تیا بەدی نەدەکرا، هەرچەندە گۆڕانکاریەک لە ئارامکردنەوەی دۆخی شەڕی تائفی و قەومی تاڕادەیەک خاوبۆتەوە، بەڵام زەمینەی بەردەوامی بە گەندەڵی لە شوێنی خۆیدا نەجوڵاوە.
ئەم گەندەڵیە درێژبۆتەوە بۆ ناو تەواوی دەزگا قانونیەکان و دەزگا ئەمئی و سەربازی و حەشدی شەعبی و پێکهاتەی هەر‌ هێزێکی چەکداری، کە حاڵەتێکی تەواو ناجۆری بەرهەم هێناوە، بواری لێپرسینەوەی بە تەواوی قفڵ کردوە.
لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا نوخبە سیاسیەکان سەرپەرشتی سامانێکی بەرفراوانیان خستۆتە ژێر دەستی خۆیان و بەتاڵانیان بردوە، لە هەمان کاتدا نەیان ویستوە زەحمەتی ئەوە بکێشن، خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان وەک ئاو و کارەبا و تەندروستی و خزمەتگوزاریە گشتیەکانی دیکە پێشکەش بکەن.
تاڵانی و دزینی سامانی گشتی کە هۆی کەم وەبەرهێنانی درێژخایەن بوە لە ژێرخانی ئابووریدا، گەشەی ئابووریی خنکاندووە و بەمەش هەژاری و بێکاری زیادکردوە.
پراکتیزەکردنی سیستماتیکی گەندەڵی، بەو پێیەی پەیوەندی متمانەی نێوان هاووڵاتیان و دەوڵەت لەناو دەبات، گەندەڵی یەکێکە لە هۆکارە بنەڕەتیەکانی لاوازی دەوڵەت و دامەزراوەکان و هاووڵاتیان، دواجاریش باجەکەشی هەر بەشی هاووڵاتیانە.
گەورەترین ئامرازی بە سیستماتیککردنی گەندەڵی لە عێراقدا بەکارهێنانی هێزو سود وەرگرتنە لەدەزگا باڵاکانی حکومەت، هەربۆیە لەئاستی یەکسانی هاوسەنگی هێزی لایەنەکاندا، ناچار بون حکومەتی بەشبەشێنە دامەزرێنن.
هەندێ جار دامەزراوەی تایبەت بۆ بەڕەنگاربونەوەی گەندەڵی پێکهێنراوە، بەڵام ئەوەی نەشاردۆتەوە کە بۆ بەئامانجگرتنی نەیارانی سیاسی بەکارهاتون، لە هەمان کاتدا هەنگاوەکانیان بۆ وەستانەوە بەرامبەر گەندەڵی ئەوەی سەلماندوە کە بەربەستێکی لاوازن لەبەردەم بەرپرس و وەزارەتەکانی حکومەتدا، چونکە لەسەر بنەمای پەیوەندی تائیفی و حزبی و میلیشیای پارێزراون.
لەلایەکی تریشەوە بۆ بەڕەنگاربونەوەی گەندەڵی هەندێ هەوڵی نێودەوڵەتیش دراوە بۆ چاکسازی و بەرزکردنەوەی شەفافیەت و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و پشتیوانی لە دەستپێشخەریەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی. بەڵام ڕوبەڕوی بەڕەنگاریەکی بەرچاو بووە لەلایەن دەوڵەت و حزب و هێزە میلیشیاکانەوە کە لە چوارچێوەی سیستەمی سیاسی عێراقدا چەسپاوە.
گەندەڵی بۆتە سیستەمێکی کارکردنی یاسایی، بۆ پاراستنی دەستکەوتی حزبەکان و قۆرخکردنی دەسەڵات بە پارەدارکردنی بەرپرسەکان و میلیشیاکانیان، لە هەمان کاتدا گەندەڵی لە لایەن میلیشیاکانی سەر بە پارتەکانی پاڵپشتی ئێرانەوە دەپارێزرێت و بۆ کۆکردنەوە و پاراستنی داهاتەکانیان، کە تیرۆر و ڕفاندن و جۆرەکانی تری توندوتیژی ئەنجام دەدەن.
چەسپاندنی گەندەڵی بە جؤرێک ئاوەکەی ڕشتووە، کەسەرۆک وەزیرەکان لە حەیدەر عەبادیەوە تا دەگات بە سودانی، نەیان توانیوە لە بەرامبەر نەهەنگی گەندەڵی و حزبەکانی و میلیشیاکانی هەڵوێست گرن و بوەستنەوە، ئیرادەی پێویستیان نیە بۆ جێبەجێکردنی چاکسازیەک لەم بوارەدا، سەرەڕای ئەوەی کە لێدوانەکانیان نەیتوانیوە لە ئاسمان بێتە خوارەوە، لە هەمان کاتدا گەرەنتی ئەوەش نیە گەر لەئاسمان بێتە خوارەوە چی ڕوئەدات.
ئەوەش سەیر نیە گەر بڵێین لە تەواوی ئەو پرۆژە ئابوریانەی ڕێڕەوی گەشەپێدانی گرتۆتە بەر بۆ گۆڕانکاری و دامەزراندنی عێراقێک کە سەقامگیری و ئاسایش دابین کات بۆ سەرمایەگوزاری، بەرەو ڕوی سەختیەکی پڕ زەحمەت دەبێتەوە لە دامەزراندی پڕۆژەکاندا، گەر نەتوانێ ئاڵوگۆڕ لەم سیستمی گەندەڵیەدا نەکات، یاخود بە شێوازێکی تر سەرکەوتوانە هەمان ئەو پڕۆژانەش تێکەڵ بە شێوازێکی تر لە گەندەڵی بکەنەوە.
بۆیە ئاسان نیە بە شێوەیەکی ڕیشەیی تاڵانی و گەندەڵی، حکومەتی عێراق و کوردستان بنەبڕ بکرێت، گەر ئەو حکومەتانە بە پێکاهاتەی هێزە میلیشیاکانی ئیسلامی و تائیفی ونەتەوەچێتی و بنەماڵیەوە بنەبڕنەکرێن.




گرنگی خۆناسی.. ئەحمەد هەولێری

لەدوای ڕاپەڕینی باشووری وڵاتەوە، گەلی ئێمە بەتەواوی پاسیڤ بووە. گەلێک تا دوێنێ تێکۆشانی گەورەی دەکرد و تاقە پارچەی وڵات بوو کە بەو ڕادەیە بزاوتی سیاسی تێدا چالاک بوو. ئەو چالاکیانە گەیشتە ئاستێک کە شۆڤێنیەتی عەرەب بە هەموو هێزی خۆی لێیدا بەڵام نەیتوانی بەری پێ بگرێت و دواجار بە ڕاپەڕینەکە و بەدوایدا کۆڕەوەکەی ساڵی ١٩٩١ گەیشتە ئەنجامێکی سەرەتایی و بەدەستهێنانی پاراستنی نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی هێڵی پاراستنی سی و شەش و دواتریش دامەزراندنی حکومەت.

بەڵام ئەم خرۆشان و جوڵەیە لەوێدا ئەوق بوو و لە بزاوت کەوت، چونکە بەدەستهێنانی ئازادی بەسترابووەوە بە نەویستن و نەفی کردنەوەی داگیرکەر، نەک دیاریکردنی ئەوەی ئێمە چیمان دەوێت و گەرەکمانە بە ڕزگاری چی بکەین! بۆیە هەم گەل و هەم جڤات لەدوای ڕزگاری بێ هیچ هەوڵ و تەقەلایەکی ڕاستەقینە بۆ بەجێهێنانی ئەو کارانەی کە دەبوو بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی ئازاد و یەکسان بیدەن، کەوتنە شەڕی دەسەڵات و دابەشکردنی کۆمەڵگە کە دواجار شەڕ و ماڵوێرانییەکی گەورەی لێکەوتەوە. بۆیە هەموو ئەو گرفت و کێشە و ئاریشانەی لەو کاتەوە کەڵەکە بوون، مرۆڤ و جڤاتی ئێمەی بەڕادەیەک دەرگیر کردووە کە ئیدی لە باسی ناسنامە دابڕاون و تەنانەت بە ئەندازەیەک نامۆ بوون زۆر کات پێیان ناخۆشە وەک کورد گوزارشت لە خۆیان بکەن.

دەرگیر بوون لەگەڵ ئەو خەم و گرفتانە و ونبوون لە ناویدا تا ئەو کاتەیە کە مرۆڤی ئێمە دێتە دەرەوە، ئەوکات بە توندی بەرکەوتنی دەبێت لەگەڵ ئەوەی ئەو کێیە؟ سەر بە چ نەتەوەیەکە؟ پێناسی چیە؟ ئیدی دەبێت لە ڕێی ناسنامەکەیەوە خۆی بەناسین بدات. دروست هەر یەک لە ئێمە لەم ناسنامەیەدا خۆی دەبینێتەوە،کە ناسنامەکە بۆخۆی بنچینەیەکی ئەنترۆپۆلۆژی و مێژوویی و مۆڕاڵی و هەیە. بەم شێوەیە ئەو تاکە ناچارە ئەو سیمبۆڵە بکاتە ئەو مەکۆیەی کە بۆی دەگەڕێتەوە، سەرباری ئەوەی کە لە ڕوانگەی نۆستالۆژیەوە ناخودئاگا بۆی دەگەڕێتەوە، لێرەوەیە کە زۆرکات پرسی شوناسی کورد لە دەرەوە درووست دەبێتەوە. زۆر کاتیش ئەو مژارە کە بۆ وڵاتێکمان نییە، ئاڵامان نییە، مێژوویەکی فەڕمیمان نییە، ئازاردەرە و دۆخێکی کەمبوودی لە دەروونی مرۆڤی ئێمەدا درووست دەکات.

بۆنموونە مرۆڤێکی ئەوروپی هەر لە منداڵیەوە لەنێو ڕەهەندەکانی کیانەکەی خۆیدا ئاشنایەتی پەیدا دەکات. لەڕێی تیڤی و رۆژنامەوە یاخود هەڵبژاردەی وەرزشی نیشتمانییەوە، یان گرووپی موزیکی نەتەوەیی، یاخود ئەو سیمبۆڵەی بەدیاری لەجەژنی لەدایکبوونی دا بۆ دێت. وەک منداڵی گەلێکی خاوەن کیانێکی فەڕمی، بێ ترس و دڕدۆنگی دەنگی بڵندی دەکاتەوە و نیشانی دەدات و سروود و گۆڕانی بە باڵادا دەچڕێت

بەڵام مرۆڤ و جڤاتی ئێمە بە هیچ لەم خەونانەی شاد نەبووە و بێبەرییە لەم بوونانە و ئەم دەرەتانەی نییە ئەمانە بەدەست بهێنێ. چونکە نەتەوەی سەردەست هەموو شتێکی لێ زەوت کردووە، تەنانەت شارەکانی نەتەوەی سەردەست لەگەڵ شارەکانی ئێمەدا لە هەموو ڕوویەکەوە جیاوازی هەیە و هی ئەوان پڕە لە کارگە و شوێنی ژیان، شارەکانی ئێمەش خامۆشن و سەرمایەیان تیا بەگەڕ ناخرێ، ئەوە بۆ هەر چوار بەشەکە ڕاستە. بۆیە ئیدی کاتی ئەوەیە لەنێو ئەو دۆخە لە نامۆیی و دۆشداماوی چ لە ناوخۆی وڵات و چ لە تاراوگەش هەوڵی خۆناسییەکی چڕ بەرپا بکرێتەوە و سەرلەنوێ ئامانجەکان دیاری بکرێنەوە. چونکە ئێمە سێ دەیەیە لە هەموو بزاوتێکی پێویست و ڕاستەقینە دابڕاوین و وەستاوین.

دکتۆریش بەرلەوەی چارەسەر بۆ نەخۆش بنووسێ، خودی نەخۆشییەکە دەستنیشان دەکات. ڕاوچیش کاتێ دەچێ شکار، بیر لەوە دەکاتەوە، سیرەی تەواو لە نێچیرەکان بگرێ. کەواتە بێ ناسین و دیاریکردنی تەواوی ئامانج، کەس بەدروستی و تەواوی بەئاوات و هیواکانی ناگات.هەر لەم ڕوانگەیەوە بۆیەکا دەبینین نە ئەلەکسەندەری گەورە ونە جەنگیزخان، بێ زانین و زانیاری لەمەڕ هێزی تەواوی خۆیان و هەروەها ئەو ناوچانەی داگیریان کردووە، هێرشیان نەکردووە. ئیدی هێرشکەر بیت یاخود هێرش بۆکراو، زاڵم بێت یان زوڵم لێکراو بیت، دەبێت خۆت بناسیت و کە خۆشت ناسی ئەوکات دەتوانیت بەرامبەرەکانت بناسیت.

لای ئێمە تاکی کورد نە پێناسەیەکی دروستی بۆ خۆی هەیە و نە توانیویەتی بۆ داگیرکەر و دوژمنەکەی هەبێت، چونکە لە نێو بۆشاییدا ژیاوە و پەروەردە نەکراوە. مرۆڤ و جڤاتی ئێمە پێویستە هەڵسێتەوە و بۆ ناسینی خۆیی و دیموکراتیزەکردنی ژیارەکەی تێبکۆشێ. بە مێژووی ڕاستەقینەی خۆی ئاشنا ببێت. پەند و وانە لە ڕابووردوو وەرگرێ و بزانێ بۆ ئەو چارەنووسەی بەسەردا هاتووە. چونکە بێ خۆناسی ئەویدی ناسی نابێت و تاکو ئەویدی نەناسیت ناتوانیت بە ڕاستی خۆت بناسی و سنوورەکانی خۆت بناسیت و بیپارێزیت، بێ ئەوانەش ناتوانی ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک بهێنیتە ئاراوە.

ئەحمەد هەولێری




دوو ڕۆمان کە مێژوویەکی گرنگ زیندوودەکەنەوە لە بیرەوەریماندا!.. ئاسۆ کەمال

ڕۆمانی نیشمانی سارا و خانەقای میزرا ی ڕۆماننوس “میران ئەبراهام” گرنگن چونکە ئێمە بە مێژوویەکی خەڵکی شاری سلێمانی ئاشنا دەکا، کە تەنیا نەوەیەک دوای ئەو مێژووە دێین و  شتێکی وای لەسەر نازانین!

نەزانینی زانیاری گشتی لە کوردستاندا لەسەر مێژووی جولەکەکانی سلێمانی و شارەکانی تری کوردستان بەتایبەت کە ئەم خەڵکە بەشێک لە مێژووی کۆنی پێکەوەیی هەزاران ساڵی ئێمەبوون جێگای غەمێکی قوڵ و تێڕامانێکی گەورەیە. میران لەم ڕۆمانەدا ئێمە دەخاتە بەردەم پرسیار لەسەر کەلتوری مرۆڤایەتی ئێمە، کە چۆن ئەم هەموو ئازار و چارەنوسی کۆچی بە کۆمەڵی هاوشاریەکانمان و مێژوو و  بیرەوەریەکانیان  لە زەینی کۆمەڵگەی کوردستاندا سڕاوەتەوە؟!

خانەقای میرزاش پێمان دەڵێ لە کوردستان مێژووی خەباتی مەدەنی و ڕۆشنبیری و چەپی سەرەتا و ناوەڕاستی سەدەی بیستیش مێژوویەکی گەشی خەڵکەکەی بوە و ئەم مێژووەی کوردستان تەنیا داستانی جەلالی و مەلایی و شەڕی بنەماڵە و شێخەکان نەبوە.  میران لێرەشدا ئاشنامان دەکا بە ڕەوتێکی  پێشکەوتنخوازانەی مێژوو، کە دەتوانین شانازی پێوە بکەین و بە سەرنجدانەوەیەکی ڕەخنەگرانەوە گەشە بەم دیوەی مێژوومان بدەین، کە دەمێکە کەوتۆتە ژێر داروپەردووی کەلتوری دواکەوتوانەی دینی و  دژە ڕۆشنبیری دەسەڵاتدارانی کوردستانەوە. 

ئەم دوو ڕۆمانە شایەنی خوێندنەوەیە و گرنگە کە پەرەبدرێ بەم شێواز و ناوەرۆکە لە ڕۆمان و ئەدەب دا. پێویستە  لە پەرەوردە و سیستم و پرۆگرامی خوێندندا ئەم مێژوانە بخوێنرێت تاکو ژیانی ڕاستەقینەی کۆمەڵگە و ئازار و مەینەتەکان و دیوە پێشکەوتنخوازەکانی مێژووی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانمان نیشان بدات.




نرکە نرکی نیوەشەو..1.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

بەشی یەکەم

نیوەشەوە
ئەم شارە بەرگی تاریکیی پۆشیوە
تەنیا خۆم و قەڵەمەکەم بێدارین
خۆم و چرا چاوکزەکانی سەرشەقامەکان
خۆم و ئەو کتێبانەی لە وەرین نزیکن
خۆم و پشیلەی ماڵە دراوسێکەمان
خۆم و ئەو دەستە حەبە
تەواونەبووەی سەر مێزەکەم
خۆم و ئەو دارستانەی
چاوبازی لەگەڵ کشوماتی دەکا
خۆم و وەسوەسەی
ئەو تابلۆ ھەڵواسراوەی
دەیەوێت لە قەدی دیوارەکە
خۆی بخاتە خوارەوە
خۆم و فنجانێک قاوەی چاوەڕوان
خۆم و باڵندەی خەیاڵم
کە لە ئاسمانی
ئەوینی تۆدا باڵەفڕکێمانە


لە نیوەشەودا
گوێ بۆ ئەو دەنگانە دەگرم
لە ئازارەکانمەوە ھاژەیان دێت
بێشکەی ئەو سروودانە رادەژەنم
لە سەنگەری عەشقێکی ناکامدا
چاویان پشکوت
چاوی پڕ رۆندکی
ئەو موسافیرانە دەسڕم
بەدەم گۆرانی نیشتمانەوە
رۆشتن و نەگەڕانەوە
شوێنەواری ئەو پێ چەپەڵانە دەسڕمەوە
بە باخی ھەستمدا تێپەڕین و
ئاوڕیان نەداوە
ئەو فەلسەفەیە تەریق دەکەمەوە
خۆشەویستی پێ تەفسیر نەکرا
گوێ لە چرکە چرکی
کاتژمێرەکەی تەنیشتم دەگرم
دەمەوێت پێم بڵێت چەند چرکە
لە عومرم لە بێ تۆیدا
بەفیڕۆ دەڕوات!؟


لە نیوەشەودا
زۆر بیر دەکەمەوە
بیر لە نوح دەکەمەوە
بۆچی خۆی
کەشتییەکەی کون نەکرد
مرۆڤی تووشی ئەم رۆژە رەشە کرد؟
بیر لە ئاسمان دەکەمەوە
چۆن توانیویەتی
دڵی گەلە ئەستێرە بەدەست بھێنێت
بە کۆمەڵ زەماوەندی لەگەڵ کردوون؟
بیر لە ئادەم دەکەمەوە
کە فڕێدرایە سەر زەوی
چۆن خۆی نەکوشت؟
بیر لە دیستۆیفیسکی دەکەمەوە
تێناگەم قوماری خۆشدەویست
یان نووسین؟
بیر لە بیابان دەکەمەوە
ئەو ھەموو لمەی
بۆ چاوی کام زەریا کۆکردۆتەوە؟
بیر لە قەسابێک دەکەمەوە
چۆن خوێن نەیگرتووە و
دەتوانێت پێبکەنێت؟
بیر لە خودا دەکەمەوە
سەر لە حیکمەتی
ئەو تەنھاییە تولانییەی دەرناکەم!
بیر لە خۆم دەکەمەوە، ئا، خۆم
چۆن ئەو ھەموو تەمەنە ژیاوم
بێ ناسینی تۆ؟
چۆنیش ئەو ھەموو ساڵە بژیم
لە دووریی پاش ناسینی تۆ؟؟


لە نیوەشەودا
سەفەر دەکەم
بەرەو مەیخانەیەک
لە بناری خەیاڵدا
بەدەم سەمای زۆرباوە
شەراب دەخۆمەوە
کاتێ دەزووی خەیاڵم دەپچڕێت
دەستەکانم بۆنی دارمێویان لێ دێت
لە نیوە شەودا
سەفەر دەکەم
بەرەو پەرستگەیەکی دێرینی میترایی
لەوێ زەردەشت و میترا دەبینم
پێکەوە دەست لەناو دەست
نەخشەی رەنگکردنی ژیان دەکێشن
ئەھریمەن لەولاوە لێیان تێکدەدا
لێرەوە ھاوار دەکەم
دەنگم پێیان ناگات
لە نیوەشەودا
سەفەر دەکەم
رووە ئەو شارەی دڵم دەیخوازێت
پاسارییەکی غەریب چاوساغمە
جار جار پرسێک
بە رێبوارانی سەر جادە دەکات
بە کۆڵانە پێچاوپێچەکانی ترسدا دەڕۆین
دەمباتە بەردەم ماڵێکی بەشەونم داپۆشراو
دەڵێت ئەمە ماڵی راستەقینەی تۆیە
دەچم رادەکێشم و لە ھەستانەوەدا
سەرم لە بەردی ئەلحەد دەدا


لە نیوەشەودا
بەناو خۆمدا پیاسە دەکەم
بەنێو ئەو غەمانەدا تێدەپەڕم
لەناو پێکەنینەکانمدا
خۆیان حەشارداوە
گۆچانێک لە بیرەوەریی
دەدەمە دەستی ئەم شەوە پانوپۆڕانە
تا بەناو داھاتوودا پێی بڕۆن
قوم قوم ڤۆدگا دەرخواردی
ئەو پەروانەیە دەدەم
لە مۆم نائومێد بوو
خۆی بە دەزوویەک تیشکەوە ھەڵواسی
پەنجەرەکانی نیگەرانی
لەسەر خۆم دادەخەم
ناھێڵم دووپشکەی گومان
بێتە ژوورەوە
دەرگا لە خەونێک دەکەمەوە
تێیدا دڵی پەشمەکیم
لەسەر سینگی پەریە ژنێک بتوێتەوە


لە نیوەشەودا گڕوو دەگرم
شەڕ بە ئاسمانی ساماڵ دەفرۆشم
کاتێک ئەستێرەیەکی بزر
ماڵی خۆی پێ نادۆزرێتەوە و
بیر لە ئینتیحار دەکاتەوە
شەڕ بە باخی ماڵەکەمان دەفرۆشم
کاتێک خونچە گوڵێک
لەسەر سینگی دەنووێت
لەبەر سەرما رەق دەبێتەوە
شەڕ بە پێنووسەکەم دەفرۆشم
ساتێک شەنگە ژنێک
وەک دەریا
بەرەو لام شەپۆل دەدات و
ناتوانێت
وێنەی کەنارێک بنەخشێنێت
شەڕ بە خۆم دەفرۆشم
کاتێک پەریە ژنێک
بە وێنەی بروسکەیەک
بێدارم دەکاتەوە
منیش لەژێر
پەتۆی گووماندا نووستووم





فرۆشتن…(*).. شیعری پشکۆ ناکام

ئەمانەوێ بتانفرۆشین
بەڵام بە کێ..؟
كێ بۆگەن و “کەڕوو”مان لێ ئەکڕێ
كێ ناپاکی و ئاشوب و خۆ خۆریمان
لێ ئەکڕێ..؟
كێ سیسارکەی ڕەزالەت و زەلیلیمان
لێ ئەکڕێ..؟
کێ موسیبەت و نەگبەتی و خەفەتمان
لێ ئەکڕێ..؟
كێ میکرۆبی داغانکەری جەستەمان
لێ ئەکڕێ..؟
كێ دز و چەتە و شەلاتیەکانمان
لێ ئەکڕێ..؟
كێ گەمژە و مێشک پووت و گەلحۆکانمان
لێ ئەکڕێ..؟
ئەمانەوێ بتانفرۆشین
بەڵام بە کێ..؟
كێ ساختەچی و بێ ئابڕوو و دەمامک کراوەکانمان
لێ ئەکڕێ..؟
كێ مێرووی زەهراویمان
لێ ئەکڕێ..؟
كێ ئاشوبگەرانی نیشتمانمان
لێ ئەکڕێ..؟
كێ ئابڕویەکمان لێ ئەکڕێ
کە بێ ئابڕوویی شەرمەزار کردبێ..؟
ئەتانفرۆشین…بەڵام بە کێ..؟
سەگی پاسەوان نین
تا نرخێکتان هەبێ
مەڕ و ماڵاتێک نین
بەرهەمتان هەبێ..
نەعلێک نین لەپێ بکرێن
بووکە شووشەیەک نین
دڵی مناڵێکی پێ خۆشکرێ
كێ بە بەلاش ئەتانکڕێ
…..کێ ؟
ئەتانفرۆشین
بەڵام کەس ناتانکڕێ..
خێرتان ئەگا ، بڕۆن..
لە کۆڵمان ببنەوە..بڕۆن
نامانەوێن
كەسیش ناتانکڕێ
…………………………………………………
(*) سوود لە دەقێکی”احمد مطر” وەرگیراوە..
“””””””””””””””””””””””””””””””””””




لە کەرکوک فیلمی دیکۆمێنتاری ” فرمێسکی جەلاد” نمایش دەکرێت

لەژێر دروشمی (بەڵێ بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لە سێدارە دان)
نمایشی فیلمی دیکۆمێنتاری ” فرمێسکی جەلاد” نمایش دەکرێت
لە بەرواری ۱۳\٦\٢٠٢٤ ژمارەیەک ڕێکخراو دژی سزای لەسێدارە دان هەڵدەستین بە :
• نمایشکردنی فیلمی دیکۆمێنتاری ” فرمێسکی جەلاد ” کە لە دەرهێنانی لیث عبدالامیرە .‌لە وڵاتی میسر توماركراوه.

• قسەوباسێک لەژێر ناوی “سزای لەسێدارە دان ڕاگرن” لەلایەن چالاکوانى مەدەنی ‌(سمیر نوری)
• گفتوگۆ و پرسیار و وەڵامی ئامادەبوان.
ئەم چالاکیە لەلایەن ئەم ڕێکخراوانەوە ئەنجامدراوە
1- ڕیکخراوی هەڵوەشانەوەی سزای لەسێدارەدان لە عێراق
2- هەڵمەتی ژیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری لە سێدارەدان لە کوردستان
3- کوردستان بێ جینۆساید
بەروار و کات : ڕۆژی پێنج شەممە ، ۱۳\٦\٢٠٢٤ ، کاتژمێر ١٠:٠٠ دەی بەیانی
شوێن : پەیمانگای عیلم
ناونیشان : کەرکوک ئیسکان، پشت مزگەوتی شەهیدان
هاتن بۆ هەموانە




بەرخۆدان.. شیعری نەوشیروان ئازاد

لەسەردەمی بەرخۆدان و یاخی بوندا…
لەڕۆژانی تێکۆشان و ،
سەری بەرزی پڕ شکۆدا ..
تەپۆڵکەو گرد ،
دۆندو چیا
هەم ساتر و پەناگەبو
هەم لانەبوو …
هەڵۆ و بازی تێدا ئەژیا

کەچی ئێستا کەسەردەمی سەری شۆڕ و ،
زەبونیە…
چیاکان مان .
نەسەنگەرەو نەحەشارگە…
زەرد هەڵگەڕاو..
تێیدا نەماوە..
ژیانگە…

نەوشیروان ئازاد
9/6/2024
سلێمانی




خەونەکانى مەتڕان، ڕۆمانێک لە نێوان خەون و بێداریدا.. نووسنى ڕەخەنەیى دڵشاد کاوانى

پێشەکى
ڕۆمانى خەونەکانى مەتڕان، ڕۆمانێکى زرار سەرتاشى ڕۆماننووسە، کورتە ڕۆمانێکە لە (9) بەش و (135) لاپەڕەدا پێکهاتووە و لە دووتوێى کتێبێکى خنجیلانەدا، بە دیزاین و بەرگێى جوان، وەک چوارەمین بەهەرمی ڕۆماننووس دواى ڕۆمانەکانى ژەنگ و شێت و فاتە هەڵۆ کەوتۆتە بەردیدى خوێنەران.
پوختە.
زرار سەرتاشى ڕۆماننووس لە حەفتاکانى سەدەى ڕابردووەوە لە بوارى ئەدەبیات دەنووسێـت و قەڵەمێکى دیارە و لە کۆتایی تەمەنیدا پەڕیوەتەوە سەر ژانرى ڕۆمان و لە ماوەیەکى کەمدا چوار ڕۆمانى خستە نێو کتێبخانەى کوردییەوە، زرار سەرتاش لە هەرسێ ڕۆمانى ڕابردوویدا، ناوەڕۆک و شیوە و گێڕانەوەى ڕۆمانەکانى دەچێتە سەر ڕۆمانى بیۆگۆافى و ژیاننامەیى و ئۆتۆ بیۆگۆافیی یادەوەریی. بەڵام ئەوەى تێبینى دەکرێت، لە ڕۆمانى خەونەکانى مەتڕان بۆ ڕۆمانى شێوەى ڕۆمانى ئۆستۆپیا دەچێت و لەگەڵ ئەوەش ئەو ڕێبازەى زرار سەرتاش پێى دەنووسێت ڕۆمانى ڕیالستییە.

ناوەڕۆکى ڕۆمانى خەونەکانى مەتەڕان.
ناوەڕۆکى خەونەکانى مەتڕان، بەتەواوى ناوەڕۆکى ڕووداو و سەربردەیەکى کوردیی خۆماڵى ناوچەییە. باس لە گەنجێکى کریستییانى شەقڵاوە دەکات، کە لە سەرەتاکانى تەمەنى گەنجییەتى ئاشقى کچێک دەبێت و بەهۆى جیاوازى چینایەتیی و ئایینى، ناتوانێت بە مەعشوقەکەى بگات. بۆیە مەتڕان سەر هەڵدەگرێت و ڕوو لە ئەشکەوتێکى چیاى سەفین دەکات، ساڵانێکى تەمەنى بە تەنهایی و گۆشەگیریی بەسەر دەبات. دواى ئەوەى بڕیارى گەڕانەوە دەدات و ڕوو لە ئاوەدانیی دەکات. گوندەکەیان لەسەردەستى سوپاى عوسمانیی بەتەواوى وێران کراوە و ساراى مەعشووقى مردووە و تەواوى خەونەکانى مەتڕان لە گۆڕدەنێت.
تەکنیک و گێڕانەوە لە خەونەکانى مەتڕان
گێڕانەوە لە خەونەکانى مەتڕان، تا ڕادەییەکى زۆر لەگەڵ هەرسێ ڕۆمانى ڕۆماننووس جیاوازە، دەتوانین بڵێین ڕۆماننووس لە گێڕانەوەدا، هەنگاوێکى زۆرباشى ناوە و گەمەى زیاترى بە گێڕانەوە کردووە و ئەمجارە خۆى لە گێڕانەوەیەکى سادە و ئاسایی ڕۆمانەکانى ڕابردووى پاراستووە. ئەمەش لە ڕێگەى تێکەڵکردتى خەونە پچڕ پچڕ و زنجیرەیی خەونەکانى پاڵەوانى سەرەکی و ڤەگێڕى گشتییە. دەستپێکردنى گێڕەوەى سەرەکى ڕۆمانەکە کە خودى پاڵەوانى سەرەکى و تاکە گێڕەوەى گشتییە، کە سەربردەى خۆى دەگێرێتەوە و هەندێجار لە گێرانەوەدا، خوێنەر لە نێوان بێداریی و خەون دەستەخرۆ دەکات. هەرچەند ئەم تەکنیک و گێڕانەوەیە تەکنیکى تازەنییە لە ناو چیرۆک و ڕۆمانەکەى شەستەکان و حەفتاکانى سەدەى ڕابردووى کوردیدا باوبووە بەڵام تاڕادەییەکى باش تێیدا سەرکەوتوو بووە، وەنەبێت ئەمەش بێ کەموکوڕی بێت، لە گەلێک شوێن، ڕۆماننووس ڕووداوەکانى لێ تێکەڵ دەبێت و ڕۆمانەکەى ئاڵۆز دەکات. نێوانى واقع و خەون تێکەڵ دەبن. لێرە خاڵێکى هاوبەش لە نێوان پایزە خەونى محەمەد مەولودمەم و خەونەکانى مەتڕان هەیە. کاتێک ڕەشید جەردە پاڵەوانى پایزە خەونى مەم لە ماڵەکەى خۆیدا خەون بە ڕووداوى ناو شار دەبنیێت و دەچیتە ڕاو و چیاو چۆڵ دواتر بە هەمان گۆڕستاندا دەگەڕێتەوە، کە مەتڕان پێی دەگات. دواجار هەردوو گێڕەوەى گشتى لە کۆتایی گێڕانەوەدا لەخەوندا بێداردەبنەوە. بۆیە زرار سەرتاش کەوتۆتە ژێر کاریگەرى گێڕانەوە و ناوەڕۆکى پایزە خەونى مەم.
گۆڕانکارى پەڕێنەوە لە گێڕەوەدا و کەمترین دەستاودەستکردنى گێڕەوە لەم ڕۆمانەدا هەیە، تەنیا دوو ڤەگێڕى تێدایە کە ڕووداوەکان دەگێڕنەوە، یەکەمیان ڤەگێڕى لاوەکییە، کە مەتڕانە دووەمیان ڤەگێڕى گشتى نادیارە، کە ڕۆماننووس خۆیەتى.
تەکنیکى گێڕانەوە لە بەشەکاندا لەنێوان بێدارى و خەودایە، لە هەموو بەشەکان ڤەگێر لە بێداریی دەست پێدەکات، دواتر لە زۆربەى بەشەکان دەچێتەوە ناو خەونەوە. هەر لە ڕێگەى بێداریشەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى ڕابردووى مەتڕان.
نابێت ئەوەش لەبیر بکەین کە لەم ڕۆمانەدا دوو تەکینیکى گێڕانەوەى پەیڕەو کردووە، ئەویش کەسی یەکەمى تاکە کە مەتڕانە و کەسی سێیەمى تاکە کە ڕۆماننووسە. بۆ نموونە لە بەشى یەکەمەوە ڤەگێڕ مەتڕانى کەسى یەکەمى تاکە تاکو لاپەڕەى شەش دواتر بۆ کەسى سێیەمى تاک دەگۆڕێت تاکوو لاپەڕەى (49)ى بەشی (2) دیسان دەبێتەوە کەسى یەکەمى تاک. لە لاپەڕەى (54) دەگۆڕێت و تا کۆتایی ڕۆمانەکە لەسەر زارى ڤەگێرى گشتى کەسى سێیەمى تاک ناوە ناوە دەچێتەوە سەر کەسى یەکەمى تاکى مەتڕان. واتە تا ڕادەیکى باش لە هەردوو گێڕانەوەکەدا سەرکەوتووبووە، بەڵام زۆر بە ئەستەم جیاوازى لە نێوان ڤەگێڕى گشتى و لاوەکى کراوە.
زمان لە خەونەکانى مەتڕان
زمان لەم ڕۆمانە کوردییەکە پاڵاو و بێ گیروگرفتە، بە زمانى ستاندارى کوردیى نووسراوە و چەندین وشەى جوانى کۆنى کوردیی و ناوچەیەش تێیدا بەکاربراوە. دەتوانم بڵێم بێ کێشەتیرین بەشى ناو کورتە ڕۆمانەکەیە و ڕۆماننووس ئەزموونێکى باشى لە زمان هەیە، ئەوەى هەشە شایەنى باسکردن نییە.
هەڵە و کەموکوڕییەکانى خەونەکانى مەتڕان
زۆربەى کەموکوڕى و کەند و قۆرتەکانى ئەم ڕۆمانە لە پڵۆت و گێڕانەوە و ناوەڕۆکى ڕووداوەکانى ناو ڕۆمانەکەدایە. کە ڕۆماننووس بەسەریدا تێپەڕیوە. ئەرکى ڕەخنەیە کە لاینە نەرێنیەکانى ڕۆمانەکە دەربخات. ژمارەى هەڵەکانى خەونى مەتڕان زۆرن بۆیە بەپێى زنجیرەى بەشەکان و لاپەڕە و ڕیزبەندى گێڕانەوە هەڵەکان دەخەمەڕوو. سەرەتا لە بەشى یەک و لاپەڕە (3) کاتێک مەتڕان سەرهەڵدەگرێت لە ئەشکەوتى دوورە دەست کە ڕەبەن بویایە دەژیێت ڕۆماننووس دەنووسێت: هەر بە هەمان ئەو بەرگەى کارکردنەوە لەسەر تەختە بەندەکەم ڕادەکشێم. ئایا سیسەمى تەختە لە ئەشکەوت چی دەکات. دواتر هەر خۆشى نووسەر لە بەشى دوو و لاپەڕە (18) ڕاستى دەکاتەوە و دەڵێت: ته‌خته به‌ندێكی لە به‌ردی پان دروستكراوی بۆ خه‌وتن دروستكردبوو‌. یاخود لە هەڵەیەکی دیکەدا لە بەشى یەک و لاپەڕە( ) نووسەر دەنووسێت: بە په‌رۆشیه‌وه بە دوای ده‌نگ و باسی ئاوایی ده‌گه‌ڕا.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش چه‌ندین پرسیاری هه‌مه‌جۆری ڕووبه‌ڕووی ئه‌م ڕێبوارانه ده‌كرده‌وه كە ده‌یدیتن. هه‌میشه بە تامه‌زرۆییه‌وه سه‌یری ده‌می ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌كرد، كە باسی ڕووداوه‌كانی ئاوه‌دانیان بۆ ده‌كرد. حه‌زی ده‌كرد بزانێ له‌ ناو ئاوایی، یان له ‌خواره‌وه چی ده‌گوزه‌رێ. کەواتە مەتڕان لە دەمى ڕێبوارانەوە بەتەواى ئاگادارە لە خوارەوە و ئاوەدانى چى ڕوودەدات. هەروەتر لە بەشى دوو و لاپەڕە (35) بەهەمان شێوە لە دەمى ئەشقیاکاندا هەواڵى خوارەوە دەزانێت و دەڵێت: ئه‌و ئه‌شقیایانه بۆ گه‌یشتنه‌وه‌یان بۆ بێشه‌كانی خۆیان بۆ هه‌وار‌و په‌ناگه‌كانیان به‌م دۆڵه تێده‌په‌ڕین، چونكە به ‌‌‌لایانه‌وه ڕێگایه‌كی لە بار‌و هه‌روه‌ها كورترین ڕێگا بوو بۆ گه‌یشتنه‌وه بۆ بێشه‌كانیان. كە ده‌یبینین لە ده‌می ئه‌وانه‌وه سه‌ربورده‌ و هه‌واڵی جۆراوجۆری وه‌ده‌ست ده‌كه‌وتن‌ و ده‌یبیستن، کەواتە ده‌یزانی لە ئاوایی ‌و ده‌وروبه‌ری چی ده‌گوزه‌رێ. کەچی لاپەڕەى دواتر دیسان دەڵێت: هه‌سته‌كان وایان نیشان ده‌دا، كە له‌و خواره‌وه ڕووداوی زۆر ڕویانداوه‌، یان ڕووده‌ده‌ن. بۆنێك ده‌خزایه ناو لوتی لە بۆنی سووتان‌ و بۆنی خوێن ده‌چوو. دواتر لە بەشى دوو و لاپەڕە (33) ئێژێت: منێك ساڵانێكی زۆر بێ ئاگا بووم، نه‌مده‌زانی له‌و ئاوایه‌ی من چی گوزه‌راوه‌، شه‌ڕ چ كاره‌ساتێكی خولقاندووه‌. كاتێك سه‌یری ناو ئاوایی ده‌كرد، ئه‌وه‌نده‌یتر، ترسی لێده‌نیشت. لێرە نووسەر لەبیرى چۆتەوە کە متران لە دەمى ڕێبواران و ئەشقیاکان ئاگادارى ورد و درشتى ڕووداوەکانى ناو ئاواییە.
لە بەشى یەک و لاپەڕە (10) نووسیویەتى: به‌ ته‌واوی پیته‌كانی لە یه‌كتر جیاده‌كردنه‌وه‌، سه‌روده‌رێكی لێده‌رده‌كرد، هه‌ر ئه‌مه‌ نا، ورده ورده ده‌یتوانی شتێك بنووسێ ‌و بیخوێنێته‌وه‌. هه‌روه‌ها هه‌ندێك شتیشی لە باره‌ی زانستەكانی ئایینه‌وه ده‌زانی ‌و وه‌ك شه‌ماشه‌یه‌ك لە ناو دێره ڕه‌فتاری ده‌كرد. وەلێ لە لاپەڕەى دواتر دەڵێت: مام قه‌شه یان شه‌ماشه بە هۆی سه‌رقاڵبوونیان بە كارێكیتر، یان لە سه‌فه‌ربان، بۆ جێبه‌جێكردنی هه‌ندێك لە ڕێوڕه‌سمه ئاینییه‌كانیان، ڕاده‌ستی ئه‌و ده‌كرد، به‌ویان ده‌سپارد. بە تایبه‌تی لێدانی زه‌نگی كڵێسا، ته‌راتیل خوێندن ‌و نزاكردن، ڕێنمایكردن‌ و پێش نوێژكردن. ئایە جێ بەجێکردنى ئەم سرووشتە ئایینیانە پێویستى بەو زانیاری تەواو نییە. لە کاتێکدا لە سیستەمى ئایینخوازیى مەسیحیی. لەپاڵ خوێندنى ئایینیی کۆمەڵێک زانستی دیکە دەخوێندرێت وەک زمان و فەلسەفەى لاهۆت و تا دوایی.
لە بەشى دوو و لاپەڕە (17) نووسەر وادەپەیڤێنێت: بە هۆی به‌رده‌ستێیه‌كە ئاگری لە پوشه‌كە به‌رداو ئاگری دامركاوی ناو ئاگردانه‌كەی داگیرسانده‌وه‌. هەڵەکە لێرەیە ئاگرەکە دامرکاوەتەوە، نەوەک کوژاوەتەوە، پێویستى بە بەردەستێن نییە، بەڵکوو بە فوکردن و باوەشێن دادەگیرسێتەوە.
بۆیە خۆشى هەڵەکەى بەشى دوو و لاپەڕە (21) ڕاست دەکاتەوە دەڵێت: ده‌كرده‌وه‌و بە فوو ئه‌م ورده پولووه كه‌مێك گه‌رمی تێماوانه‌ی ژێر خۆڵه‌مێشه‌كه‌ی ده‌گه‌شاندنه‌وه‌.
هەر لە لاپەڕە (١٧)دا دەنووسێت: بۆ ئه‌م ئێواره‌یه‌. دوای ئه‌وه‌ی قاوەڵتیه‌كی چه‌وری خوارد تێر‌و پڕبوو لە خواردنی گۆشتی كێویه‌كه‌. لێرەش قاوەڵیتیکردنى بۆ نانى ئێوارە بەکارهێناوە و ئەوە هەڵەیە، هەموومان دەزانین قاوەڵتى واتە کەمێک خواردنى پاڵوە نانێکى نێوان جەمەکان، نەک تێرخورادن لە ئێوارەدا.
لە بەشى دوو و لاپەڕە (30) دەڵێت: ده‌بێت هه‌موو بیركردنه‌وه‌مان بۆ ئه‌و جیهانه‌كه‌‌یتری شاراوه لێگه‌ڕێین. وا بیر بكه‌ینه‌وه خۆمان بده‌ینه ده‌ستی قه‌ده‌رێكی ون، سه‌رجه‌م خه‌ونه‌كانمان له‌ بار ده‌چن. ئەم تێکسەشى لە ڕووى ڕستەییەوە زۆر ناڕوون و ناتەواوە و لەسەرەوە دەڵێت خۆمان بدینە دەست جیهانێکى نادیار لە خوارەوەش دەڵێت خەونەکانمان لەباردەچن.
لەوە خراپتر ڕۆماننووس وەرزەکانى لێ تێکەڵ بووە، لەسەرەتاى ڕۆمانەکەدا نووسەر باسى ئەوە دەکات بەهارە و دەوورى ئەشکەوت گوڵ و گوڵزارە. تا مەتڕان دادەبەزێت کە ماوەى نیو کاتژمێڕ ڕێگەیە کەچى لێی دەبێتە وەرزی پایز، لە بەشى دوو و لاپەڕە (31) دەڵێت: لە گۆشه‌ی په‌ناگایه‌كی ئارامه‌وه‌، به‌ ده‌م ڕامانێ لە ئاواییه‌وه‌، لە سه‌مای هه‌ڵوه‌رینی گه‌ڵاكان ده‌ڕوانین. واتە تا لەشاخەوە گەیشتە شار بووە وەرزی پایز. لەهەمان بەش و لاپەڕە (38) دەنووسێت: خۆشی نه‌یده‌زانی ئه‌و ئاره‌قه كردنه‌ی ئی گه‌رمای وه‌رزه، یان ئی شه‌رمه‌زاری. کە گەیشت ئاوایى بەو پێیەى وەرزەکە گەرممە، کەواتە وەرزەکە بۆتە هاوین.
هەروەها لە بەشى دوو و لاپەڕە (26) دەنووسێت: به‌م به‌یانیه له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه هاژه‌ و ده‌نگی سولاوكه‌كان ده‌هات، بە هۆی ئه‌و بارانه زۆره‌ی، كە ڕۆژی پێشوو باریبوو، بە بن به‌رد‌و لوتكه‌ی شاخه‌كانه‌وه ده‌هاته خواره‌وه‌. جێى سەرسووڕمانە چۆن ئاو بەشاخ و لوتەکەکاندا بە سوولاکەکان دێتەخوارەوە، لە کاتێکدا ڕۆژێک بەسەر باران بارینیدا تێپەڕیووە. هەموومان ئەوە دەزانین ئاو ڕژان لە سولاوکە هەمووى چەند خولێک دواى وەستانى باران کۆتایی دێت.
سەبارەت بە دێوانە یەڵدا لە کار و وەسفەکانى وەک کەسێک ژیر باسى هەڵوێستەکانى دەکات کەچى لە بەشى دوو و لاپەڕە (54) بە کەسێکى نەخۆشى دەروونى وەسفى دەکات و دەڵێت: نه ژنی هه‌بوو نه منداڵ، لەڕووی ده‌ڕوونیشه‌وه كه‌سێكی نه‌خۆش بوو. نەبوونى ژن و منداڵ و بەڵگەنییە لەسەر نەخۆشى دەروونى کە ڕۆماننووس خۆی لە بەشی (دوو) و لاپەڕە (64) ئەوەى ڕوونکردۆتەوە، مرۆڤێکى بەهەڵویست و ژیرە.
لە بەشى چوار و لاپەڕە (84) دەنووسێ: كە چ دایكێكی میهره‌بانی هه‌بووه‌، بۆ‌وی هه‌م دایك ‌و هه‌م باوك، نه‌یده‌هێشت هه‌رگیز هه‌ست بە بێ باوكی بكات. لێرە ڕستەى هه‌م دایك ‌و هه‌م باوك، پێویستى بە بوو هەیە، رستەکەى پچڕاندووە و واتا ناگەیێنێت. لە بەشى پێنج و لاپەڕە (96) دا باسى دەکات دواى وێرانکارییەى شەقڵاوە لەسەردەستى عوسمانییەکان مەتڕان دواى گەڕانەوەى لەبەردەم ماڵە بەکاوڵ بووە کەیدا دادانیشت دەست لە چۆکان وەردێنێت و دەگریێت، کە لە چیرۆکەکەدا مەتڕان هیچ ماڵ و لانەیەکى نەبووە بەڵکوو لە دێرە ژیاوە، ئەگەر ماڵى هەبووبێت بۆ لە دێرە دەژیا؟! ئەگەر ئەم شوێنەى سەرتاش باسى دەکات دێرەبێت کەوتە ماڵ نییە. لە بەشى شەش و لاپەڕە (١٠٢) دا باسى ئەوەدەکات کە مەتڕان چاوی بە گۆڕی هاوبەشی موسڵمان و مەسیحییەکان دەکەوێت تووشی شۆک دەبێت بۆیە دەنووسێت: ئه‌وه‌ی به ‌لایه‌وه سه‌یر بوو ئه‌و هه‌موو مه‌زارگه هاوبه‌شه بوو، كە به‌بێ جیاوازی په‌یڕه‌وكه‌رانی ئاینه جیا جیاكان سه‌ردانیان ده‌كردن ‌و هه‌ر هه‌موویان بە ئی خۆیان ده‌زانی. هه‌ر چه‌ند ده‌یهێنا‌و ده‌یبرد، سه‌ری له‌و بازاڕه ده‌رنه‌ده‌چوو، دووچاری شۆكێك ببوو نه‌یده‌توانی وا بە ئاسانی وه‌ڵامێكی دروستی ده‌ستكه‌وێ. ئەمەش هەڵەیە چونکە مەتڕان خۆی خەڵکی شەقڵاوەیە و دەبێت ئەو ڕاستییە چاک بزانێت ئەمە بۆ کەسێکی لایدە و نەشارەزا بەم کلتوورە تەواوە، نەوەک بۆ کەسێک کە خەڵکی ناوچەکەبێت.
لە لاپەڕەی دواتر هەمدیسان دەکەوێتە هەڵەوە کە مەتڕان ڕۆڵی ڕابەرێکی ئایینی وەک شەماشەی بینیوە و پێشنوێژ و نزا خوێندنەوەی بۆ پەیڕەوانی ئایینی مەسیحی کردووە و شارەزای تەواوی لە نزا و پڕانەوەی ئایینی هەیە، کەسێکی ژیریشە کەچی دەنووسێت: كه‌مێك خۆی ده‌چه‌مانده‌وه‌، لێوه‌كانی ده‌جووڵاندن نزای ده‌كردن‌ و ئینجیلی پیرۆزی ده‌خوێنده‌وه‌. خۆشی له‌ خۆی تێنه‌ده‌گه‌یی چی ده‌ڵێ، به‌ڵام به‌وپه‌ڕی باوه‌ڕ به‌خۆ بوونەوە ده‌یزانی مردووه‌كان گوێبیستی پاڕانه‌وه‌كانی ئه‌ون ‌و لە نزاكانی ده‌گه‌ن. نازانم بۆچی بەم ئەندازەیە دەروون شێواوی دەکات لە کاتێکدا مەتڕان کەسێکی ژیر و هۆشمەندە.
لە بەشى حەوت و لاپەڕە (١٢٤) دا دوای ئەوەی مەتڕان دەگەڕێتەوە گوند چۆڵە و کاوڵبووە و کەسی تێدا ناژیێت. تەنیا چاوی بە یەک کەس دەکەوێت ئەویش فەقێ میرزایە بە پەشۆکاویی و سەر و ڕێش سپییەوە و دەڵێ: وا دیار بوو میرزا نۆبه‌ته ئاوی بوو، میراوی گوند ئه‌و كاته‌ی بۆ دیاری كردبوو، تا باخچه‌كه‌ی سه‌راو بكات، په‌له‌ی بوو، به‌ر له‌وه‌ی بگاته ناو باخچه‌كه‌ی، ڕێڕه‌وی ئاوه‌كە پاك بكاته‌وه‌. سەیرەکە لەوەدایە کە میرزا لە گوندێکی چۆڵبوو و وێران بوودا نۆبەتە ئاوی لەگەڵ کێدایە؟! لە کاتێکدا کە میراویش پێی ڕادەگەیێنێت، کەوەتا دەبێت گوند جمەی بێت تا ئاو بە نۆرە بێت نەوەک گوندێکی چۆڵ.
هەروەتر لە بەشى هەست و لاپەڕە (١٣٠) هەم دیسان گوندێکی کاوڵبووی چۆڵکراو وا دەخاتە بەر باس: (ده‌رباره‌ی سارا هیچ هه‌واڵێكی تازه‌ی ده‌ست نه‌ده‌كه‌وت. گه‌ر كه‌سێكیش لە ئاوایی لێی بپرسیبا هیچ هه‌واڵێكت ده‌ستكه‌وت؟ وه‌ك فیشه‌كە شێته به ‌ڕووی ده‌ته‌قیه‌وه‌،…) درێژەی پێدەدات و دەڵێ: خه‌ڵكی ئاوایی بە گه‌وره‌و بچووكه‌وه شاره‌زای بووبوون، توڕه‌بوون ‌و جوێندانه‌كانی ئه‌ویان به‌ هه‌ند وه‌رنه‌ده‌گرت. کەوتە بە هیچ جۆرێک ئەو گەندە نە گوندێکی چۆڵکراوە و نە وێڕانەیە.

کارەکتەرسازیی
لە ڕۆمانی خەونەکانی مەتڕانی زرار سەرتاشدا پێچەوانەی ڕۆمانەکانی ژەنگ و شێت و فاتە هەڵۆ پڕبوون لە کارەکتەر، کە سەرنجی خوێنەری ئاڵۆز دەکرد. بەڵام رێک لە خەنەکانی مەتڕان پێچەوانە بۆتەوە کارکەتەرانی ناو ڕۆمانەکە زۆر کەمن تەنیا یەک پاڵەوان و سێ چوار کارەکتەری لاوەکی ڕۆڵێکی کەم دەگێڕن کە ژانری ڕۆمان تێرناکات و لە دەوری چیرۆکی درێژ دەسوڕێتەوە.

گۆشەنیگا
زرار سەرتاش لە گۆشەنیگاکانی خەونەکانی مەتڕان زۆر ورد و بە دیقەت بووە، دەتوانین بڵێین لە هەر بەشێکیدا گۆشەنیگایەکی تایبەتی هەیە و بۆ نموونە لە بەشی حەوت و لاپەڕە (١٢٣) دۆزینەوەی فەقێ میرزا و موسڵمان لای مەتڕانی مەسیحیی و لە چەند شوێنێکی دیکەدا گۆشەنیگای ڕوانینی بۆ ئیستبداد و تورکە عوسمانییەکان و بەرچاو دەکەوێت.

پەیام
پەیام لە خەنەکانی مەتڕاندا دەتوانین بڵێین باشترینی بەشی ڕۆمانەکەیە، کە ڕۆماننووس پەیامی ئاشتی و نیشتمانی و نەتەوەیی مرۆڤ دۆستی هەیە، بۆیە خەونەکانی مەتڕان لە پەیامدا زۆر بەرهەمدارە و ئامانجی پەیامەکەی دیار و پێکراوە.

ئەنجام
لە ئەنجامی بابەتەکەمان گەیین بەوەی کە ڕۆمانی خەونەکانی مەتڕان کورتە ڕۆمانە و ڕۆمانی تەواو نییە، وەلێ لە ڕووی زمان و گیڕانەوە و وەسفدا کورتە ڕۆمانێکی جوانە و هەڵگری پەیام و گۆشەنیگای تایبەتە بە جیهان بینی و مرۆڤ دۆستی و هەڵگری پەیامی ئاشتیی و بەیکەوە ژیانە لە کوردستان و ئەمەش لەم کورتە ڕۆمانە بە قووڵی ڕەنگی داوەتەوە.

سەرچاوە:
ڕۆمانى خەوەکانى مەتران. چاپى یەکەم ساڵى 2024چاپخانەى حەمدى سلێمانى.




چیرۆک\ تارمایییەکی بەرجەستە.. ئەدیب نادر

خۆری زەردە هێشتا بە تەمای ڕۆیشتن نەبوو، بێباك لەسەر تەنافە بێپایانە مەیلە و شینەکەی ئاسۆدا پرچی زێڕینی خۆی هەڵخستبوو . تا زوو بگاتەوە، چووە خوار پردەکەی سەیداوە و چاوەڕێی پاسی کرد..دڵتەنگ بوو، بێڕادە دڵتەنگ، هەر ئەو ڕۆژە وانەبوو، بۆ عەیامێك دەچوو بەردەئەستێی شادییەك نەبوو سەرلەنوێ چرا خامۆشەکانی دڵی دابگیرسێنێتەوە.. حەشامەتێکی بێشومار سرەوتبەدەرانە لەو دەوروبەرە کۆببوونەوە، هەموو هەر چاوەڕوان بوون بۆ ئەوەی بە ئاڕاستەیەکی جیاوازی شار جۆبڵاوی لێبکەن.. هەر پاسێك دەهات هینی هێڵەکەی ئەو نەبوو، شۆڕش..سەروەران.. هەڤاڵان..عەنکاوە.. کەسنەزان..هەولێری نوێ…هەناسەیەکی تابڵێی سارد لێوەی سەری کرد..ڕانەهاتبوو وەرەوورد بکات، بەڵام..دواجار دەرووی لێکرایەوە..لەنگە.. سێتاقان..لەنگە..شورتاوا..بە شەڕەشەق کورسییەك گرتییە خۆی..نەفەرەکەی تەنیشتی بە شێوەیەکی سەیر لە سەرو سەکوتی وردبووەوە، نەیزانی بە چ مەبەستێك ئەو چاوانە تێیانڕوانی، گەرچی پاکیش بوو، بەڵام وەك بڵێی تۆزی نەبوون دایگرتبێت، بیری بۆ ئەوە چوو ڕیشەکەی هۆکار بێت، ئاخر لانیکەم سێ هەفتە دەبوو گوێزانی بەر نەکەوتبوو.. ڕیشێکی چەرمووی ئەوتۆ دەتووت گوێزی هیندی هاڕڕاوە..لە هەموو شتێك دابڕابوو، تەنانەت لەو غەڵبە غەڵبەی ناو پاسەکەیش ترازابوو، تا ئەو کاتەی گوێی لە “ئەو کرێیەمان بۆ کۆبکەنەوە”ی شوفێرەکە بوو..پێنج سەد دینارەکەی لە گیرفانەکەی باخەڵی چاکەتە نیلییەکەی دەرهێنا و بۆ ئەو لاوەی درێژ کرد کە کاری کۆکردنەوەکەی گرتبووە ئەستۆ ..دیسان وەك سندیبادێك کەوتە سەر دوورگەیەكی دوور و دابڕایەوە..هەستی ئەوە بەرۆکی گرت کە نە سەر بەو کاتەیە و نە سەر بەو شوێنەشە!.. وەك ئەوەی بە زۆرەملێ هەڵدرابێتە ناویانەوە..ئەم هەستە ستەمکارە کرد بووی بە خاکێکی نەزۆك، خاکێك تەنها وێرانەی دەهێنایە ئارا..لە پەنجەرەکەوە چاوی ئاڕاستەی دەرەوە کرد، ئەگەرچی هێشتا تاریکیش دانەهاتبوو، کەچی ئەو تەنها پەی بە تاریکیی برد.. ئەوەی تاریکییەکەشی تۆختر کرد زەنگێك بوو، زەنگی ماسنجەرە نەعلەتییەکەی..ئەمجارە وەکو جارەکانی پێشوو زەنگی مۆبایەڵە سڕسڕەکەی نییە کە هاوڕێیەکی دووروڵاتی چەندین جار لە سەردانییەکانی بۆی پێی دەوت لە دونیا کەسی تر نەماوە ئەم مۆبایەڵەی پێمابێ تۆ نەبێت!..بیگۆڕە..بیگۆڕە..ئەویش گەرچی حەزی نەدەکرد باگۆبداتەوە، بەڵام دەیووت من تا فێری بەکارهێنانی ئەمە بووم بەرد وتی چەق، چۆن لەگەڵ تازەکاندا ڕادێم کە بە دەیانجار لەمە ئاڵۆزتر و زەحمەت ترن.. نەیدەویست دابڕانەکەی لێ تێکبدرێت و.. لێ زەنگەکە قیرسچمەیەکی وابوو کۆڵی نەدەدا.. تەماشایەکی شاشەکەی کرد، نەیدەویست وەڵام بداتەوە، وەڵامی کێیش؟!ئەمە زەنگە زیقنەکەی پێشووی لە گوێچکەی زرینگاندەوە..هەر کە پاسەکە لە پێچەکەی تەنیشت نەخۆشخانەی ڕزگاریی هاتە ناو جادە سەدییەکە، سەرومڕییەکەی تاقەتپڕووکێن هەڵگەڕا، وەك بڵێی قەرزی لەسەر ئەم بێت و..بێچەندوچوون دەبێ لێی بە دەنگ بێ یان قەرزەکە بداتەوە! پاسەکە بێڕادە قەڵەباڵغبوو، کاتێ لە لەنگە نزیك کەوتنەوە، وەکو ڕوبۆتێك وتی کاکە دابەزین هەیە..لەدوای ئەو ڕۆژەی ئۆکتۆبەرەوە گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ بەسەریدا هاتبوو وەکو ئەوەی لە دەرەوەی خۆی و لە دەرەوەی جیهانیشدا بێت، بۆ خۆیشی نەیدەزانی چۆن پێناسەی ئەو گۆڕانکارییە بکات.. کە دابەزی پەنجەی بە دووگمە سوورەکەدا نا..ئینجا بە نۆڕمەڵ زەنگەکە بەردەوام بوو..دڕدۆنگییەکەی پشتگوێ خست و دۆشاومژەی کەوتە سەر دوگمە سەوزەکە و گوێی سەرپشك کرد، چونکە دەمێك بوو بەڵێنی بەخۆی دابوو لەفزی لە لەفزی نەکەوێت.. ڕاستە گوێی سەرپشك کرد، بەڵام گوێیشی کە هەمیشە ئاژەڵێکی دەستەمۆ بوو، هەقی خۆی بوو بە مۆمی بێئومێدیی خۆی بئاخنێت و هیچ نەژنەفێت، بەتایبەتی هیچێك کە یەکێکی وەکو ئەو بە تەمابوو بیڕێسێ و پەرێزی پیسی خۆی پێ پاکبکاتەوە..پیتیکیش لە زارییەوە دەرنەهات..بەناو تەکسییە بەیەکداچووەکان پێچاوپێچ خۆی نقوومی بۆتەی تێك قژقژانی ئەو شوێنە بە هەراوزەنایە کرد کە لەوەتەی شارەکەی خۆی جێهێشتبوو هەنگاوەکانی لە هەموو شوێنێك زیاتر هەدادان و سەبوورییان پێی دەهات.. بێگومان ناوبەناو هەستەکانی شوورەیان لەدەوری خۆیاندا هەڵدەچنی و لە دونیای دەرەوە دادەبڕان تەنها چاوەکانی و یادەوەرییەکانی نەبێت، چاوەکانی، ئەگەرچی پێڵووەکان نەدەهاتنەوە سەریان، لێ گشت شتێك لەبەردەمیاندا دەبووە تارمایی و تارماییش چەشنی با نە دەبینرا و نە دەستیشی لێ دەدرا..بەڵام یادوەرییەکان..لەم ساتەوەختانەدا فریادڕەس بوون تاکو بە ئامان و زەمان شتەکانیان لەبیر کاڵ نەبێتەوە..چونکە ئەم ئیدی باوەڕی بەوە نەمابوو فرسەتی دی تەنانەت بە هەڵەیەکی بچووکیش ببەخشێت.. نەخوازەڵا ..ئەوەی لەو ڕۆژە بەدیوومەدا ڕوویدا! هیچ پاساوێکیش دڵی نەدەدایەوە..ئەو، ئەوی ئەودیو هێڵەکەیش هەر دەیڕێسا و.. ئەمیش لە دەرگادانەکەی چەند ڕۆژێك بەر لەو ڕۆژە شوومە هەستەکانیان ورووژاند و خستیانە ئاوڕدانەوە..کە گەیشتە دەرگاکە و کردییەوە، ماوەیەکی پێچوو، سەربار سەرکۆنەیەکی ناهەق بە تەنگەیدا درا..ئەوە چییە ئەوانەی لە هەندەران بوونە بۆ لە کردنەوەی دەرگا ئاوها دوا دەکەون؟ دە دەقیقەیە چاوەڕێم! دوای پتر لە بیست ساڵ و دوای ئەوەی لە خوشکە قەیرەکەیەوە بیستبووی کە لەدوای گەڕانەوەی ئەو بۆ شار، زوو زوو لە دەرگای دابوو، بێگومان بە پاساوی هەواڵ پرسینی ئەم، بەڵام لە ڕاستیدا بە نییەتێکی خراپەوە خۆی دەئاخنییە ماڵێکەوە کە پیاوی تێدا نەبوو، باوکی چوارساڵ زیاتر بوو کۆچی دوایی کردبوو، برا بچووکەکەشی ئاشقی ڕێگا هاتونەهاتەکان ببوو و دەمێك ساڵیشبوو سەرو شوێنیان لە ئاوە دوورەکاندا ونکردبوو..هەر خوشکە قەیرەکەی و خوشکە بێوەژنەکەی و کوڕە شەش ساڵانەکەی لە ماڵەوەدا بوون..ئاخر ڕەسەنزادە ڕێ بە خۆی دەدا کۆسپەی ماڵێك ببڕێت کە پیاوی تێدا نییە؟ دونیا تا دەهات بەلەزتر خۆی دەئاخنییە ناو باوەشە بە نهێنی ئابڵووقەدراوەکەی تاریکییەوە، گوێی هەر بە تەلەفۆنەکەوە بوو، بەر لەوەی بەڕوویدا دایبخات تەنها شتێك کە بیستی ئەوە بوو: ناونیشانەکەتم بدەرێ…ناونیشانەکەت…زۆر شت هەبوو وایان لێکردبوو ڕەزای ئەوی لا گران بێت و چاوی پێیدا هەڵنەیەت، وەکو ئەو سەروبەندەی لە شاخ ڕاوشکاری هەنگاوە گڵاوەکان بوون..بە وردیی نایەتەوە یادی گەنگەشە و مشتومڕیان لەسەر چی بوو، بەڵام چاك دێتەوە بیری کاتێ میلی چەکەکەی لێ هێنایەوە و خەریك بوو وەکو هەنگاو گڵاوێك بیکات بە نێچیر، بەڵام پاش قەدەرێكی کەم لوولەکەی کردە ئاسمان..و بە داخێکەوە وتی ئاخخخخخ نانو نمەکەکەی دایکت نەبووایە!..ئیتر لە دڵی خۆیدا وتی نازانم ئەو کاتەیش هەروا بوویت، یاخود من لێت تێنەگەیشتبووم..!؟بەڵێ زۆر شت وایان لێکردبوو، بۆیە بڕیاری دابوو هەرچی چۆنێك بووە دیدار و گوفتاری خۆی لێ حەرام بکات..بەڵام..بە بێ فەرموو..بەرەو ژوورەوە ملی نا و ئەمیش پێیوابوو ئەو دە دوازدە مەترەی نابەینی دەرگاکە و ژوور و هەیوانەکەی وای لێبکەن لەو سەرکۆنە کردنەی تەریق بێتەوە و داوای لێبووردن بکات، وەلێ..!میوانی خۆ داوەتکەر بوو ئیدی!نەدەکرا پێچەوانەی هەڵسوکەوتی بۆماوەی مامەڵە بکات..هەرنەیسە..لەسەر قەنەفە قاوەییئاماڵە ڕەنگبزڕکاوەکە دانیشت و دانەنیشت چاوێکی بە کتێبخانە مامناوەنجییەکە و ژوورە بە کتێب قانگدراوەکەدا خشاند و وتی: هێشتا وازت لەمانە نەهێناوە؟..ئینجا دەستی خستە بەر پشتێنەکەی و دەمانچەکەی دەرهێنا و لە تەنیشت خۆی داینا..زۆر پێی قەڵس بوو، کەچی..کوڕە حەوت ساڵانەکەی ویستی دەستی لێ بدات، ئەم تێیڕاخوڕی.. منداڵەکەیش دڵی پڕبوو، خەریکبوو بداتەگریان، تێیڕاخوڕییەوە، ئەویش دڵشکاو، پچڕ پچڕانە وتی منداڵانی گەڕەك هەموو هەیانە بۆچی بۆ منیشی ناکڕن؟..بە چاوێکی هەڵۆئاسایانە لەوی ڕوانی و بە نیگا بەرپەرچی سەرکۆنەکەی ئەوی دایەوە..ئەو مەتاڵە هێندەی تر مەزاجی لێڵ کرد..بچووکترین شتیشی ئەنجام بدایە قورس لەسەری دەکەوت، بۆیە بە خۆی وت لێگەڕێ با بەخێر بگەڕێت..ئەمە حیکمەتی دانسقەی باوکی بوو، ژێرلێوانە ڕەحمەتێکی بۆ نارد و هەرچۆنێك بوو دانی بەخۆیدا گرت.. بەڵام چاوەکانی وەك پەڕەی گوڵی بەیانیان شەونمیان لێ نیشت..بە هەڵچوونێکەوە وتی شلێر..شلێر.. وەرە یادوەر لەو دەمانچەیە دوورخەرەوە..پاش نیوەڕۆژەکردن، ئەم هەر مەنگ بوو، ئەویش بەردەوامبوو لە کردنەوەی کڵافەی پاڵەوانبازییەکانی خۆی، چۆنیش ببووە پەنجە بۆ ئەم و ئەو تا بیهێنن بە پەلەپیتکەدا..!لە دڵی خۆیدا وتی تۆ نانونمەکی دەستی داکمت کردووە و ئەوا هینی دەستی خێزانەکەی منیشت کرد، بەڵام بە هیچ کلۆجێك گومانم لەوە نییە کە زۆر بەدنمەکی.. بەدنمەكی و شەرتبێ نەهێڵم نانونمەکی کوڕەکەم بکەیت!!..ئەگینا بۆچی چەك لەگەڵ خۆت بۆ ماڵی من دەهێنیت..؟ئیتر دەمەوعەسرێکی درەنگ ئەو هەورە خەڵووزییەی کەشوهەوای ماڵەکەی گەمارۆدابوو ڕەوییەوە..چەند ڕۆژێکی نەبرد، ئەو ڕۆژە لە یادەوەریی ئەمدا تۆمار کرا..وایش تۆمار کرا بە هیچ شێوەیەك نەسڕێتەوە..ئیدی لەگەڵ ئاپۆرەیەکی لە شوماربەدەر شاری بەجێهێشت، لە ڕێگەی نیگاکانیشییەوە وێنەی ملیۆنەها چاوی فرمێسکاویی لە ئەلبوومی یادیدا هەڵگرت و ڕۆیشت..بەڵام بۆ ئەوەی جارێکی تر بۆی نەگەڕێتەوە، چونکە ئیتر چاوی بەرایی نەدەدا شار ببینێتەوە، بەڵکو بۆ ئەوەی لەوەش پەشیمان بێتەوە کە دوای ئەو هەموو ساڵەی تاراوگە، گەڕاوەتەوە، گەڕاوەتەوە ئەو شوێنەی جارێکی تر نابێتە سەرزێدی ئەو، ئەو شوێنەی تەنها و تەنها دەبێ لە دونیای یادوەرییەکانیدا بۆی بگەڕێت و لەڕاستیشدا چیدی بوونی نەماوە..ڕەنگی شەو تادەهات تۆختر دەبوو، تاوایلێهات ئەمیش بووە تارمایییەك..لێ تارمایییەکی بەرجەستە..بیری جەنجاڵتر هەڵگەڕا..تانك و زرێپۆشەکانی هاتەوە یاد کە شاریان گڵاو دەکرد و فس فس پاڵەوانەکانیش لە پێشبڕکێی ئەوەدا بوون کێیان تۆزی زیاتر بەدوای خۆیدا بەجێبهێڵێت.. ئەوانەی سەری زمان و بنی زمانیان با بێن..با بێن.. بوو..ئەوانەی…لە پڕێکا، هاوارێکی بەندکراو لە ناخی بەرهەڵدابوو، هاواری جارێکی تر جارێکی تر دەرگای من بۆ تۆ ناکرێتەوە..هاواری..لەمێژ بوو پێویستم بە گەورەبوون بوو، بەڵام هەر دوام دەخست، ئەوا ئیتر کاتی بەدیهێنانی هات و هیچ پاساوێكیش بۆ دواخستنی نەما..سەداکەی قەرەباڵغییەکی پەرتوبڵاوی لەدەوروبەریدا خستە گەنمگردەوە..سەداکەی..ئاخر ڕووی مەتاڵەکەت بۆ کردبووە من؟! نەدەبوو ئاڕاستەکەی بگۆڕیت؟ ئاخر..ئاخر..لەوێوە بە جادە سەدییەکەدا پەڕییەوە و لەلای مزگەوتەکەی خەدیجەی کوبرا لایدا و خۆی بە کۆڵانەکەیاندا کرد و تاریکییەکی لە تاریکییەکانی تاراوگەیش ڕەشتری بەدوای خۆیدا بەجێهێشت و گەیشتە ماڵەوە.

لەندەن2024 کۆتایی نیسانی




ناشرینكردنی مرۆڤێكی تەنیا لە كەوشەنی كتێبدا.. سەدیق سەعید ڕواندزی

زمان لە مەودا كۆمەڵایەتییەكەیدا، ئامرازێكە بۆ گۆڕینەوەی بیروڕاو ئەڵقەی پەیوەندی كۆمەڵایەتی نێوان تاكەكانە، ئەم جۆرە زمانە كە زۆرجار بە زمانی شەقام، میللی، ڕۆژانە ناو دەبرێت، هیچ جۆرە ڕێكخستنێكی بابەتی و زمانەوانی ناوێت، چونكە لە بنەڕەتدا ئەركی ئەو شێوازەی زمان لای ئێمە، تەنها گەیاندنە نەك شێوازی گەیاندنەكەی، بەمەش ئەركی ئەو زمانە تەنها لە گەیاندنی مەبەستێكدا بە ئامانجی تێگەیشتن كورت دەبێتەوە و لەوێوە ئەركی زمان وەك دەربڕین و گوزارشتكردن كۆتایی دێت، بەڵام هەمان ئەو زمانە كاتێ ئەو مەودا كۆمەڵایەتییە جێدێڵێت و دەبێتە بەشێك لە زمانی نووسین و دەق، ئیدی فۆڕمێكی دیكە وەردەگرێت كە لە پاڵ گەیاندنەوە، شێوازی ئەو گەیاندنە و ماناو ڕەهەندی ئستاتیكی و هونەریشی هەیە، چونكە ئەمە زمانی دەقە، نەك زمانی میللی و شەقام. لێرەوەش ئەو زمانە، بەو تایبەتمەندییانە دەناسرێتەوە و پێی دەگوترێت زمانی نووسین بە مانا ئەدەبی و فەرهەنگییەكەی. لە نووسیندا هەر تەنها گوتن مەبەست نییە، بەڵكو چۆنییەتی ئەو گوتنەش دەبێتە جێی سەرنجی ئێمە. زمانی دەق، زمانێكە لە ڕووی بونیادی ڕێزمانی و كردارەكانی زمانەوانی و داڕشتن و ڕێكخستنەوە، فۆڕمێكی تایبەتی هەیە و ئەگەر ئەم ڕێكخستنەی زمان نەبێت، ئەوا جیاوازی لە نێوان زمانی نووسەرێك و هەژارێك و كاسبكارێك نابێت، بۆیە كە دەگوترێت نووسین هونەر و بەرپرسیاریەتییە، بەشێكی ئەو هونەرە و بەرپرسیاریەتییە، پەیوەندی بە چۆنییەتی بەرجەستەكردنی ئەو زمانە و جیاكردنەوەی لە زمانی ئاسایی و شەقام هەیە. گفتوگۆ و دیمانەی ئەدەبی و ڕۆژنامەوانی، گەلێك شێوەی ئەنجامدانی هەیە، وەك ڕاستەوخۆ، پرسیار و وەڵام، نامە، تۆماركردن و ڕووبەڕوو واتا بێ زەمینە ڕەخساندن و ئامادەكردنی پرسیار و وەڵام، بەڵام لە هەر كامێكی ئەم جۆرە گفتووگۆیانە، خاڵێكی گرنگ هەیە كە دەبێ ئەنجامدەری گفتووگۆكە، وەك ئەلف و بێیەكی سەرەتایی لە كاری ڕۆژنامەوانی و نووسین بیزانێت، ئەویش داڕشتنەوە و ڕێكخستنەوەی دەقی گفتووگۆكەیە، بۆ ئەوەی مۆركێكی ئەدەبی و هونەری وەربگرێت. ئەم جۆرە ڕیكخستنە لە ڕووی زمانەوانی و بابەتییەوە، بەشێكە لەو بەرپرسیاریەتییەی لە نووسین هەیە، بۆ ئەوەی لە میانەی ئەو زمانەدا، هیچ ڕووشانێكی كۆمەڵایەتی و كەسی، زمانێكی زبر بوونی نەبێت. ئەمە بەو مانایە نییە، دەستپاكی لە گواستنەوەی دەربڕین و وەڵامەكان ڕەچاو نەكرێت، بە پێچەوانەوە بەڵكو بەو مانایەی ئەو زمانە وەك زمانی نووسین و ئەدەب ببینرێت و بخوێنرێتەوە. مرۆڤێكی تەنیا لە نێو كەوشەنی كتێبدا، دەقی دیمانەیەكە، كە جووتیار قارەمان لەگەڵ ( عەزیز گەردی) ئەنجامی داوە. ئەم گفتووگۆیە، كە بە شێوەی كتێب بڵاوبۆتەوە، سەرەتاییترین بنەمای دیمانەی ئەدەبی، زمانی نووسین، پرسیاری مەعریفی تێدا نییە. ئەم گفتووگۆیە، بە زمانێك ئەنجامدراوە، نەك زمانی نووسین نییە، بگرە هەنگاوێك لە دواوەی زمانی شەقامیشە بە مانا میللییەكەی. من كاتێ لە خوێنەوەی ئەو كتێبە بوومەوە، شۆك بووم كە ئەمە زمانی وەرگێڕێك بێت، كە نزیكەی دوو سەد كتێبی نووسیوە و وەرگێڕاوە. لەو كتێبەدا، بەر زمانێك كەوتم، سەیرم پێهات دیمانە و گفتووگۆی ئەدەبی بەو زمانە بكرێت! هەر لە دەسپێكی دیمانەكەوە، گەردی بە جووتیار دەڵێت:( وەر با باسی ئەو سەگبابانە بكەین )، وەك ئەوەی دانیشتنی كۆمەڵایەتی و میللی بێت، نەك باسی ئەدەب و زمان ! دواتریش دەكرێ بپرسین، حیكمەت لەوە دا چییە باسی خەڵكی سەگباب بۆ خوێنەر دەكەن؟ لەو كتێبەدا، بەر چەندین وشەی وەك :( قەحپەباب، سەگیاب، فشەكەر، گوو ) كەوتم، كە لە میانەی وەڵامی گەردی بۆ پرسیارەكان دەربڕدراون. بێگومان ئێمە دەزانین گەردی بە هۆی ئەو بارودۆخە دەروونییە كوشندەیەی تیایدا دەژیا، جۆرێك لە ئاڵۆزیی و ناهاوسەنگی لە كەسایەتی و بیركردنەوەو ڕەفتاری ڕۆژانەی دروست ببوو، وەك ئەوەی هەمیشە لە بارەیەوە دەگوترا، بەڵام ئەمە ئەركی ئەنجامدەری دیمانەكە بووە، كە بەو زمانە سادە و بێ ئەرزشە، دەقی وەڵامەكانی گەردی نەنووسێتەوە، بە تایبەتیش كە خۆی لە ژیان نەماوە. گەردی لەو كتێبەیدا، گاڵتە بە دەیان نووسەر و سمبولی هزری و ئەدەبی ئێمە دەكات و بە بێ ئاگا و نەزان ناویان دەبات، بێ ئەوەی بەڵگەیەكی زانستی و بڕوا پێ هێنەر لە بارەیانەوە بخاتە ڕوو. لە بارەی مامۆستا موممتاز خەیدەرییەوە دەڵێت:_ كوڕە هیچ نییە، كابرایەكی داهێنەر نییە، بەڵگەنامە چییە؟ هەر بایەخی نییە) چۆن دەبێت وەرگێڕێكی وەها بە ناو و دەنگ بەم شێوە سادە و بێ بایەخەوە بڕوانێتە بەڵگەنامەی مێژوویی و ئەرشیفی؟ باسی مەسعود محمەد، سەجادی، مارف خەزنەدار، عیزەددین مستەفا ڕەسول، دڵدار) دەیان كەسایەتی ڕۆشبیری دیكە دەكات. واتا لە پاڵ ئەم وشە میللی و زبر و ڕووشكێنانە، ناوی ئەو نووسەرانەش دەهێنێت و زۆربەیان بەنەزان و بێ ئاگا دەناسێنێت. لە كاتێكدا هەموو كورد بە ئێستاشەوە، یەك (مەسعود محمەد) ی هەیە. گریمان لە هەر گفتووگۆیەكی ئەدەبی دابێت، هەندێك وشە ودەربڕین، پرسیار و بابەت پێویست نین، یاخود خزمەت بە لایەنی ئەدەبی و فەرهەنگی ناكەن، یانیش بە جۆرێك لە جۆرەكان، ڕووشانی كەسی و كۆمەڵایەتی بۆ هەندێك كەس تێدایە، بەڵام دەبێ ئەوانە لاببرێن، بە تایبەتیش ئەگەر ئەو وتانە لە سەر زاری كەسێكەوە بگوترێن، كە خۆی لە ژیان نەما بێت، ئەو كات گومان دروست دەبێت، كە دەربڕینەكان هی ئەو بن، یاخود ئەگەر لە ژیانیش مابێت، كێ دەڵێ ڕەزامەند دەبێت بە بڵاوكردنەوەیان؟ بۆیە لە هەردوو ڕووەكەوە، جووتیار قارەمان، كارێكی نا ئەدەبی و نابەرپرسیارانەی كردووە و پێ بزانێت یان نا، ئەوەندەی تر عەزیز گەردی لە نێو كەوشەنی كتێبدا تەنیاتر كرد و بگرە ناشرینیشی كرد، چونكە وەك گوتم ئەمە لە زمانی نووسەرێك و وەرگێڕێك ناچێت، كە یەكێكە لە ئایكۆنە دیارەكانی دنیای فەرهەنگی كوردی. لەلایەكی دیكەوە لەو دیمانەیەدا، گەردی ڕیشەی هەندێك وشەی كوردی دەباتەوە سەر لایەنێكی فەرهەنگی و زمانەوانی، كە هیچ بنەمایەكی زانستی و زمانەوانیان نییە، بۆ نموونە: گەردی دەڵێت وشەی (پسپۆر) هی شوانانە شوان بە كاری دێنن، بێ ئەوەی پێمان بڵێت چۆن ئەم وشە زانستی و فەرهەنگی و دەلالییە هی شوانەكانە؟ یاخود دەڵێت وشەی (كۆڕ) لە مەڕەكانەوە هاتووە و دەگوترا مەڕەكان كۆڕیان كردووە، بەڵام لە ڕاستیدا وشەكە ( ڕێسكە ) نەك كۆڕ. ئەم جۆرە گوزارشتانە لە زمان، بە تایبەتیش كە ئەو كەسەی لێكدانەوەی بۆ كردووە خۆی لە ژیان نەماوە، بۆچوونی زانستی و زمانەوانی نین، بە تایبەتیش كە هەمووان دەیانزانی ئەم وەرگێڕە لە چ بارودۆخێكی دەروونی دابووە، كە ئەم دۆخە دەروونییە كاریگەریەتی بە سەر بیركردنەوەی هەبووە. دواجار دەڵێم ئەم جۆرە دیدارانە، لە بری ئەوەی خزمەتی كایەی فەرهەنگی و ڕۆشنبیریی كوردی بكەن، بە داخەوە لێ كەوتەی كۆمەڵایەتی و كەسی خراپی لێ دەكەوێتەوە. گەردی لەو دیمانەدا، باسی چەندین كەس دەكات، بە نەزان و هیچ لە باردا نەبوو ناویان دێنێت، لە كاتێكدا ئەمانە هەموویان، نووسەر و بیر مەندی دیار و بە توانا بوونە و خزمەتیان بە كایەی زمان و ئەدەبی كوردی گردووە، گریمان ئەمە باری سەرنجی ئەویش بێت، بۆ نووسەران كە هەمیشە هاوڕێیەكی نەبووە و بڕوای وابووە هەموو كەسانی دەوروبەری جاسووسن ! بەڵام نەدەبووایە جووتیار قارەمان، لە دوای مەرگی گەردی بڵاویان بكاتەوە و ئەوەندەی تر ئەو مرۆڤە تەنهاتر و گۆشەگیرتر بكات. دیمانەی ئەدەبی، هەر تەنها گواستنەوەی وەڵامی پرسیار و دەربڕینەكانی نووسەر نییە، بە تایبەتیش ئەگەر تۆماركراوبێت، بەڵكو دەبێ دابڕێژرێتەوە، ڕێكبخرێت و لە ڕووی زمان و نووسینەوە جۆرێك لە هونەرو بەرپرسیاریەتی پێ بدرێت. لە كۆتاییدا ڕووی ڕەخنەم ئاراستەی دەزگای سەردەم دەكەم و دەپرسم، ئێوە ئەو كتێبەتان بەر لە چاپكردنی خوێندۆتەوە ؟ ئەگەر خوێندووتانەوە چۆن دەبێت كتێبێك بەو زمانە و بەو هەموو كەموكوڕییەوە چاپ و بڵاو بكەنەوە؟ ئەگەریش نەتان خوێندۆتەوە دەكرێ كتێبێك بێ خوێندنەوە چاپ بكرێت؟ ئایا مەرجە هەر وەرگێڕێك و نووسەرێك كە بە ناو و دەنگ بوون، هەرچی گوتیان و نووسییان لە جێی خۆی دابێت و شیاوی ڕەخنە و ڕەت كردنەوە نەبێت و دەبێ بۆی چاپ بكرێت؟!

پەراوێز: ناوی كتێب، مرۆڤێكی تەنیا لە كەوشەنی كتێبدا، جووتیار قارەمان، بڵاوكراوەی دەزگای سەردەم، ساڵی چاپ _ 2023.

*ئەم بابەتە لە ژمارە (35)ی گۆڤاری دیوان ئایاری 2024 بڵاوكراوەتەوە.




ڕه‌نگ له‌‮ ‬ڕۆژنامه‌گه‌ریی‮ ‬كوردیدا ‮»‬ شه‌ش ته‌قه‌ڵ و مانگه‌ شه‌و‮.. نه‌ژاد عزیز سورمێ

هه‌موو شتێك به‌ڕه‌نگی‮ ‬خۆیه‌وه‌ جوانه‌‮..‬ سرووشت ‌،‮ ‬به‌ڕه‌نگه‌وه‌ مانایێك په‌یدا ده‌كا و واتایێك ده‌به‌خشێ‮..‬ فه‌نتازیای‮ ‬ئیستاتیك به‌ڕه‌نگ ده‌گاته‌ لووتكه‌ی‮ ‬كاردانه‌وه‌ و روناهیبه‌خشیی‮ ‬و تیشكپژێنی‮ .. ‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
‬خه‌یاڵ‮.. ‬ڕه‌نگ زۆرجار دوور نزیك و نزیك دوور ده‌كاته‌وه‌‮.‬ هه‌ر به‌ڕه‌نگیش گه‌لێ جار ژیانی‮ ‬خۆش تاڵ ده‌كرێ و دیمه‌نی‮ ‬شه‌نگ ده‌بێزێنرێ‮..‬ وام به‌ خه‌یاڵدا دێ ،‮ ‬هه‌ر كه‌سێ به‌چاوی‮ ‬خۆی‮ ‬ڕه‌نگ ده‌بینێ‮..‬ له‌وانه‌یه ‌ڕه‌نگی‮ ‬سوور ،‮ ‬یا زه‌رد ،‮ ‬یا شین به‌و ڕیتم و ئاهه‌نگی‮ ‬تۆ ده‌یبینی ،‮ ‬من نه‌یبینم‮..‬ هه‌مان ڕه‌نگ له‌ كاتێكی‮ ‬دیاریكراودا ‬به‌هۆی‮ ‬هه‌تاو و سێبه‌ر ده‌گۆڕێ ،‮ ‬وه‌ك ئه‌وه‌ی‮ ‬ئینتیباعییه‌كان شاعیرانه‌ هه‌ستیان پێكرد‮.. ‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
‬به‌كورتی‮ ‬ڕه‌نگ جیهانه‌ به‌ ته‌واوی‮ ‬تۆنه‌كانیه‌وه‌ ..‬‬‬‬
ڕه‌نگ شته‌كانیش (با به‌ڕاده‌ی‮ ‬خۆیشیان‮ ‬بن‮) ‬له‌ واقیعی‮ ‬خۆیاندا وه‌ك پێویسته‌ دیاربێ ،‮ ‬به‌رجه‌سته‌ ده‌كا‮..‬ خۆر زه‌رده‌،‮ ‬گه‌لآ سه‌وز ،‮ ‬خوێن سوور‮.. ‬به‌ڵام كام زه‌رد و سه‌وز و سوور‮…‬ ڕه‌نگ وا ده‌كا ماناكان له‌‮ ‬یاداوه‌ری‮ ‬و نه‌ستیشدا جێگیربن‮..‬ ئه‌وی‮ ‬دیش چه‌ندی‮ ‬مه‌به‌ستته‌ لێی‮ ‬وردبه‌وه ‌و باسی‮ ‬بكه‌ و دیقه‌تی‮ ‬بدێ‮..‬ لێره‌دا باس ،‮ له‌ ‬به‌كارهێنانی‮ ڕه‌نگه‌ له‌ ڕۆژنامه‌دا ‬دیاره‌ جارانی‮ ‬زوو ،‮ ‬كه‌ هێشتا چاپ نه‌گه‌یشتبووه‌ ئه‌و ئاسته‌ی‮ ‬ئێستای‮ ، ‬هه‌رچی‮ ‬چاپ ده‌كرا ته‌نیا به‌یه‌ك ڕه‌نگ بوو ئه‌ویش‮ (ڕه‌ش)‬،‮ ‬ته‌نانه‌ت وێنه‌ی‮ ‬فۆتۆگرافیش هه‌ر به‌و جۆره‌ بوو‮..‬ با له‌ مێژووی‮ ‬به‌ره‌وپێشچوون و په‌ره‌سه‌ندنی‮ ‬ته‌كنه‌لۆژیای‮ ‬چاپ گه‌ڕیێن كه‌ باسێكی‮ ‬سه‌ربه‌خۆی‮ ‬ده‌وێ‮..‬ گرینگ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌مڕۆ له‌ توانادایه‌ ڕۆژنامه‌ و كتێب و چاپكراوی‮ ‬تر به‌‮ ‬ڕه‌نگا و‮ ‬ڕه‌نگی‮ ‬له‌ چاپ بدرێن‮.. ‬به‌ڵام دیاره‌ ئه‌م كاره‌یش‮ ‬ڕێسا و ده‌ستوور و هونه‌ری‮ ‬خۆی‮ ‬ده‌وێ هاوسه‌نگی پێ بدا هه‌ر ئه‌وه‌نیه‌ رۆژنامه‌یه‌ك ڕه‌نگ بكرێ‮.. ‬گرینگ ئه‌و ده‌سته‌یه‌ ده‌ور له‌ دابه‌شكردن و ڕه‌نگڕشتندا ده‌بینێ‮.. ‬ به‌كارهێنانی‮ ‬ڕه‌نگ له‌ رۆژنامه‌گه‌ریی‮ ‬كوردیدا له‌چاو خۆیشیدا مێژووییه‌كی‮ ‬ئه‌وه‌نده‌ له‌ مێژی‮ ‬نیه‌‮..‬ پێش ڕاپه‌ڕین له‌ هه‌ندێ گۆڤار و بڵاوكراوه‌ی‮ ‬دیاریكراو بترازێ كه‌ هه‌ندێكیان ته‌نیا دوو لاپه‌ڕه‌‮ ‬یاخود به‌ ته‌نیا به‌رگ ڕه‌نگین بووه‌‮..‬ پاش ڕاپه‌ڕین،‮ ‬ڕه‌نگ بوو به‌ به‌شێك له‌ پرۆسه‌ی‮ ‬ده‌رهێنانی‮ ‬هونه‌ری‮ ‬له‌ ڕۆژنامه ‌و گۆڤاره‌كاندا ، هه‌رچه‌نده‌ زۆربه‌یان به‌تایبه‌تی‮ ‬ڕۆژنامه‌كان‮ ‬یا دوو ڕه‌نگ بوون كه‌ ئه‌ویش هه‌موو لاپه‌ڕه‌كانی‮ ‬نه‌گرتووه‌‌ته‌وه‌كه‌ به‌ ڕه‌نگرابن‮ ‮.. ‬له‌ وانیش زۆبه‌یان ته‌نیا دوو لاپه‌ڕه‌یان ڕه‌نگی‮ ‬بوون‮.. ‬له‌ گۆڤاره‌كانیشدا هه‌یانه‌ بێجگه‌ له‌ به‌رگ‮ ‬یه‌ك تا دوو مه‌لزه‌مه‌یان ڕه‌نگی‮ ‬بووه‌‮.. ‬هه‌یشیان بووه‌ به‌ ته‌نیا به‌رگ‮..‬ ئه‌وه‌ی‮ ‬تێبینی‮ ‬ده‌كرێ له‌ ڕووی‮ ‬به‌كارهێنانی‮ ‬ڕه‌نگ له‌ ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كانماندا ‬هه‌روایی‮ ‬به‌ڕێوه‌ چووه‌ و تا‮ ‬ڕاده‌یه‌كیش كاردانه‌وه‌ی‮ ‬ئه‌و ده‌رهێنانه‌یه‌ كه‌ هونه‌ری‮ ‬دراوه‌ته‌ پاڵ و به‌‮ (‬ده‌رهێنانی‮ ‬هونه‌ری) ‬ناوزه‌د كراوه‌‮..‬ به‌كارهێنانی‮ ‬ڕه‌نگ له‌ ڕۆژنامه‌دا وای‮ ‬ده‌بینم پێشه‌كی‮ ‬ئاسووده‌یی‮ ‬و ئاهه‌نگێك پێك‮ ‬بێنێ خوێنه‌ر‮ ‬ڕابكێشی‮..‬ ده‌رهێنه‌ریش ده‌توانێ به‌كارامه‌یی‮ ‬و به‌كارهێنانی‮ ‬تۆنه‌كان هاڕمۆنیا له‌ ڕووپه‌ڕی‮ ‬ڕۆژنامه‌دا دروست بكا به‌ ڕاده‌یه‌ك كه‌ لایه‌نی‮ ‬چاپخانه‌و ئاستی‮ ‬پێشكه‌وتوویی‮ ‬ده‌زگاكانی‮ ‬چاپ و ئاستی ‬پسپۆڕی‮ ‬كرێكاره‌كانی‮ ‬چاپخانه‌ی‮ ‬له‌ زه‌یندا بێ‮.. ‬ چونكه‌ هه‌ر چه‌ندی‮ ‬له‌ ئاماده‌كردندا ماندوو بێت،‮ ‬كاتێ ده‌زگاكانی‮ ‬چاپ و كرێكار و پسپۆڕانی‮ ‬چاپخانه‌ له‌و ئاسته‌دا نه‌بن،‮ ‬هه‌موو‮ ‬ڕیسه‌كه‌ ده‌بێته‌وه‌ خوری‮ ‬و ڕه‌نج و ماندوو بوونی‮ ‬ده‌رهێنه‌ر و نه‌خشه‌كێش به‌ با ده‌ڕوا‮..‬ زۆربه‌ی‮ ڕۆژنامه‌كانی‮ ‬كوردستان،‮ ‬ئه‌وانه‌ی‮ ‬ڕه‌نگ به‌كار ده‌هێنن،‮ ‬سه‌یر ده‌كه‌ی‮ ‬به‌هۆی‮ ‬ده‌رهێنانی‮ ‬سه‌قه‌ت ،‮ ‬چه‌ندی‮ ‬ڕه‌نگڕشتن و چاپیشیان شایان بێ،‮ ‬به‌رچاو نین‮..‬ له‌سه‌رێكی‮ ‬دیكه‌وه‌ ته‌ماشا ده‌كه‌ی‮ ‬زۆر له‌ ڕۆژنامه‌كان كه‌ ڕه‌نگ به‌كار ده‌هێنن لاپه‌ڕه‌كه‌ هه‌مووی‮ ‬ڕه‌نگڕێژ ده‌كه‌ن و ‬ته‌واو .. وه‌ك ئه‌وه‌ی‮ ‬ئافره‌تێك به‌ خه‌ستی‮ ‬خۆی‮ ‬له‌ میكیاژ وه‌رده‌دا و سیمای‮ ‬له‌ناو‮ ‬ڕه‌نگه‌ گه‌چی‮ ‬و پاستیلیه‌كاندا ون ده‌بێ‮..‬ له‌ ڕۆژنامه‌یشدا هه‌ر به‌و جۆره‌یه‌‮.. ‬به‌كارهێنانی‮ ‬ڕه‌نگ مانای‮ ‬ئه‌وه‌ نیه‌ ڕووپه‌ڕی‮ ‬ڕۆژنامه‌ له‌ ڕه‌نگ وه‌ربدرێ‮.. ‬به‌تایبه‌تیش كه‌ ده‌بینی‮ ڕه‌نگه‌كان هیچ هاڕمۆنیایێكان پێك ناهێناوه‌‮. ‬هونه‌ر له‌ چۆنیه‌تی‮ ‬به‌كارهێنانیدایه‌،‮ ‬له‌ ڕووی‮ ‬ده‌سنیشانكردنی‮ ‬ڕه‌نگی‮ ‬تایتڵ و وێنه‌ كه‌ هاوسه‌نگی‮ ‬و هاڕمۆنیایان تێدا ون نه‌بێت و ئه‌گه‌ر به‌ ده‌زگای‮ ‬پێشكه‌وتوو و كرێكاری‮ ‬كارامه‌ له‌ چاپ بدرێ،‮ ‬بێگومان لاپه‌ڕه‌كان ساده ‌و به‌ بزاوت و سه‌نجڕاكێش ده‌بن‮.. ‬به‌ڵام وه‌ك ده‌بینین ڕه‌نگ له‌ ڕۆژنامه‌كانماندا هه‌رجاره‌ی‮ ‬به‌هۆیه‌ك هارمۆنیا و هاوسه‌نگی‮ ‬له‌ ده‌ستده‌دا‮..‬ هه‌ندێكیان به‌هۆی‮ ‬ده‌رهێنانی‮ ‬سه‌قه‌ت كه‌ وێنه ‌و تایتڵ و ستوونه‌كانی‮ ‬تێكست به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ‮ ‬یه‌كدا نایه‌نه‌وه‌‮..‬ یا ئه‌وه‌نده‌ تێكچڕژاون لێك ناكرێنه‌وه‌‮. ‬كه‌چی‮ ‬هه‌ندێكی‮ ‬تر،‮ ‬له‌ وانه‌یه‌ ده‌رهێنانیان ساده‌ و سه‌رنجڕاكێش بێت،‮ ‬به‌ڵام ده‌بینی‮ ‬له‌ ڕووی‮ ‬ڕه‌نگڕشتنه‌وه‌ ته‌واونین به‌تایبه‌تیش له‌ ڕه‌نگڕێژی‮ ‬وێنه‌دا‮..‬ له‌كاتێكدا هه‌یانه‌ به‌هۆی‮ ‬چاپی‮ ‬بێ سه‌روبه‌ر ڕه‌نگه‌كان له‌ چه‌ند په‌ڵه‌یه‌ك زیاتر ده‌رناكه‌ون‮..‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
‬به‌م جۆره‌ به‌كارهێنانی‮ ‬ڕه‌نگ تا ئێستا له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی‮ ‬كوردیدا نه‌گه‌یوه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌ی‮ ‬پێیانه‌وه‌ دیاربێ و له‌ ڕۆژنامه‌‮ ‬یه‌كڕه‌نگیه‌كان سه‌رنجڕاكێشه‌رتر ده‌ربكه‌ون‮…‬ ‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬




دۆزی جینۆسایدی کورد وەک تاوانی دژە مرۆڤایەتی.. سەڵاح جەلال

  • پوختەیەک لە گرنگترین توێژینەوەکانی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی جینۆساید و بنیاتنانی ئاشتی
    سێیەم كـۆنـفـراسی نـێودەوڵــــەتیی جینۆساید و بنیاتنانی ئاشتی
  • زانكۆی سلێمانی لە رووی پەیوەندییە كەلتورییەکانی و ناساندنی كێشەی رەوای كورد بەجیهان، هەمیشە لە پێشەنگدا بووە.
    بەدەستپێشخەریی مەڵبەندی كوردۆلۆژیی زانکۆی سلێمانی و پەیوەندییەكانی د. عوسمان ئەحمەد قادر، و سةنته ري جينؤسايد. د. فازيل موراديي، توانرا كۆمەڵێك لە پسپۆڕە ئەكادیمییەكانی جیهان كۆبكاتەوە و بەدەیان توێژینەوەی گرنگ لە هەموو بوارەكانی جینۆسایددا لە چوارچێوەی (سێیەمین كۆنفراسی نێودەوڵەتی و بونیادی ئاشتی لەشاری سلێمانی) بخەنەڕوو، کە كۆنفراسێكی پڕ بوو بە بابەتی بەبایەخ و گرنگ لەسەر ئاستی ناوچەكە.
    بەئامانجی ناساندن و توێژینەوەی واقیعی ئەو جینۆسایدانەی وەك ئەنفال و كیمیاباران و کۆمەڵکوژیی کە لەلایەن رژێمە جیاجیاکانەوە بەرامبەر خەڵكی مەدەنیی كورد كراوە و بەهۆی ئەو دۆزەخەی گەلی کوردستان بە درێژایی مێژوو هەیبووە، جگە لە كیمیابارانی هەڵەبجە، زۆربەیان بە هیچ جۆرێک لەڕووی بەڵگە و وێنەوە دیکۆمێنت نەکراوە.
    ئەوەی لێرەش کراوە، وەک ئەو رووداوانەن کە بەسەر نەتەوەکانی دیکەدا هاتوون، بەڵام نەتەوەکانی دیکە لەڕێی بەڵگەنامە و فیلم و ژانرە ئەدەبییەکانەوە دیکۆمێنتیان کردووە و لە بیرەوەری و هەست و نەستی خەڵکەکەیاندا بە زیندوویی هێشتوویانەتەوە و پارێزراون. بۆیە هەرلە وێنەی فۆتۆگرافی و زومی كامێرا و تەختەی شانۆ و بوارەكانی تری ئەدەب و هونەریاندا رەنگی داوەتەوە.

لە نادیارەوە بۆ ئاشکراکردن
چۆن ئەم رووداوانە لە خودەوە بۆ بابەت دەگوێزرێنەوە؟ لە نادیارەوە بۆ دیار؟ لە ناوخۆوە بۆ جیهان؟ چۆن بتوانین وێنای ئەو دیمەنانە بگوازینەوە؟ وێنەی قوربانی و خودی جەللادەكە و وێنەکە لە رووداوەكە بەهێزتر نیشان بدەین؟
لەمڕۆی پێشکەوتنە تەکنۆلۆژییەکاندا، دەکرێت وێنەکان لەڕێی زەخرەفە و وێنەكێشان و هێڵكاریی زومی کامێراکانەوە بخرێتەڕوو و یاخود بەهۆی نواندنێكی بینراو یان گۆڕینی ئەوانی تر لەڕێی تەكنۆلۆژیای زانیارییەكانەوە، بەوەش دەتوانرێت لەشێوەی ئەلیكترۆنیدا وێنەکان بهێڵرێتەوە، ئەوەش بە وێناكردنەوەی ئەو رووداوانەی بەهۆی تێپەڕبوونی بیرەوەرییانەوە بەوێنەی سروشتی پێشتر بینیومانن و لە خەیاڵماندا چەسپاون، دەکرێت سەرلەنوێ لاپەڕەكانی هەڵبدەینەوە و نەوە لەدوای دوا نیشانیان بدرێتەوە.

نەبوونی وێنە و دیکۆمێنت, واتای نەبوونی رووداوەکە نییە
ئەو جینۆسایدەی بەسەر گەلی كوردستاندا هاتووە، تاوانی سەردەمێكی ئەنگوستەچاوە، بەڵام 180 هەزار هاووڵاتی گوندەكان بە زیندویی خراونەتە ژێر زەوییەوە و سەدان كچ و ژنی کورد ئەتکكراون. لەو دەیان و سەدان کۆمەڵکوژیی و نەهامەتییانەش، تەنها دیمەنە ناخهەژێنەکانی کیمیابارانی هەڵەبجە بە ڤیدیۆ و فۆتۆگرافی دیکۆمێنت کراون و بڵاوبوونەتەوە، کە مرۆڤایەتیان لەسەر ئاستی جیهان شۆك كرد.

کۆنفرانسەکە بۆ گواستنەوە و خستنەڕووی تراژیدیا پەنهانەکان بوو
ئەم كۆنفرانسە بۆ گواستنەوەی هەموو ئەو تاوانە مێژووییانە بوو، وەک جینۆسایدی كوردە فەیلییەکان، ئەنفال، كیمیابارانی هەڵەبجە و ئێزدییەكان، بۆ وێنەی دیجیتاڵی و بەئەرشیف كردنیان لە توێژینەوە جیاجیاكاندا. تا لە گێڕانەوە و نووسینەوەی مێژووەوە بگوازرێتەوە بۆ کایەی كارە زانستی و هونەری و ئەدەبییەكان و ببنە وێنەی دیجیتاڵی.
كۆنفراسەکە لە رۆژی سێشەممە 28 ئایاری 2024دا شارێكی وێنەیی جینۆسایدی لە شاری سلێمانیدا خستەڕوو. سەرەتا گروپی ئامادەکاری کۆنفرانسەکە سەردانی ئەمنە سوورەكە و ئینستتیوتی كەلەپووریی كوردییان كرد.
رۆژی چوارشەممەش 29/5/2024 لە هۆڵی کۆنفرانسەکەدا، رێوڕەسمی سێیەهەمین كۆنفراسی نێودەوڵەتیی جینۆساید و بنیاتنانی ئاشتی سازكرا.
سەرەتا هەریەكە لە(پ.ی.د. جەلال حەسەن) و (د.كۆسار محەمەد عەلی)سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بە دوو وتاری كورت رێوڕەسمەکەیان كردەوە.
دواتر چالاكییەكی هونەریی تایبەت بە ئەنفال و فیلمێكی دۆكۆمینتەری بە ناونیشانی(كاتێك شایەتحاڵەكان دەدوێن) پێشکەش کران.
ئەوانەی لە کۆنفرانسەکەدا وتەی سەرەکییان پێشکەش کرد بریتیبوون لە هەریەك لە خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد و خاتوو شازادە حسێن محەمەد و حاكم قاسم رەڤۆ کە وەک پانێلیستەکانی یەکەم هەریەکەیان ئەزموونێکی جیاوازیان لەگەڵ جینۆساید و تاوانەکانی کۆمەڵکوژییدا خستەڕوو.

پانیڵی یەكەم:
لەژێر ناونیشانی جینۆساید و سیاسەت لەلایەن(د. فازیل موراد بی) لە پەیمانگەی جۆهانسبێرگ بەڕێوەبرا:

  1. چی(باشە) لە وشەی جینۆساید!. لەلایەن د. ئاریانا شاهڤیسیی لەزانكۆی سكوڵی پزیشكی برایتن. شانشینی یەكگرتوو.
  2. نایەكسانی دیراساتی جینۆساید. لەلایەن د. یۆگۆر ئومیت ئۆگۆر لە زانكۆی ئەمستردام.
  3. پەرەسەندنی چەمكی جینۆساید لە یاسای نێودەوڵەتی و ناوخۆییدا. د. حسێن عەلی عیسا. لە زانكۆی سلێمانی.
  4. دووبارە ژیانكردنی بەسەرهاتە زەبر ئامێزەكان – یادكردنەوەی فەرمانەكانی ئێزدییەكان لە سەدەی رابردوودا. د. ماریا سیكس- هۆهێنبالكن. ئەكادیمیای نەمسایی بۆ زانستەكان.
  5. زانین و زۆربوونەكەی فەلسەفە و سیاسەت لەم سەردەمەدا. ستیڤن كۆر كۆران. پاریسیا. سكۆڵی فەلسەفە، بەرلین. ئەڵمانیا.
    بەكورتی شیكردنەوەی رەگوڕیشاڵی جینۆساید و تاوانەكانی ئەنفال و ئێزدییەكان و كوردە فەیلییەکان و یاسا نێودەوڵەتییەكان و فەلسەفە و سیاسەت و جیهان روونکرایەوە.

پانێلی دووەم:
یاساو ئاشتیی دواخراو لەلایەن د. مەهدی ئەمین عەبدوڵڵا بەڕێوەبرا.

  1. بنیاتنانی ئاشتیی لەسەر وێرانەی جینۆساید لە عیراق، د. مەهدی ئەحمەد و د.محەمەد عەبدوڵڵا ئەحمەد، زانكۆی سلێمانی.
  2. هۆكارەكانی جینۆساید و رێگرییكردن لێی: لە توێژینەوەیەکی شرۆڤەیی د. ناسیح فەتاح نەسروڵڵا.
  3. ستراتیژەكانی رێگریی لە تاوانی جینۆساید لەسایەی ئەحكامەكانی یاسای ناوخۆیی و شەریعەتی ئیسلامییدا: توێژینەوەی كەیسی عیراق. د. لاجان محەمەد ئەمین، خۆشی عوسمان عبدوللەتیف.
  4. عیراق دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی و جینۆسایدی نەتەوەی بێ دەوڵەت. د. هونەر ئەمین حەسەن.
  5. لێكەوتە خراپەكانی جینۆساید لەسەر رەوشی شارستانیی باشووری عیراق.
    بە قووڵی زۆر لایەنی شاراوەی جینۆساید و تاوانی رژێمەكان و سستیی یاسای نێودەوڵەتی و ئاشتی، ئەم چەمكە پرسیاری زۆری بەدوای خۆیدا هێنا وەک ئەوەی کە ئاخۆ مەبەست لەچەمكی ئاشتیی چییە؟ لەگەڵ ناوخۆدا یاخود لەگەڵ دەرەوەدا؟ پاكژبوونەوەی هەڵچوونەكان لای ئیفلاتۆن؟ یاخود ئەم چەمكە لەوە قووڵتری دەویست. لای شكسپێر مرۆڤ دەیەوێت خۆی لە تاوانەكان پاك بكاتەوە بە پاكژبوونەوەی هەڵچوونەكان. ناوخۆ و دەرەوە دەگرێتەوە.
    ئایا گرنگیی وشەی ئاشتی لای ئەو میللەتانەی جینۆساید كراون دەبێت چی بێت و چۆن بیری لێبكەنەوە؟ لەسەر ئەو رابردووە خوێناوییەوە چۆن بتوانن لاپەڕەی سپی بكەنەوە بۆ پاكژبوونەوە و بۆ یەكگرتوویی و لەخۆبوردوویی تا بتوانن پیکەوە نیشتمانێك دروست بكەن تا جارێکی دیکە تووشی جینۆسایدی تر نەبنەوە؟ یاخود ئەوە پرسیارێكی بێ كۆتاییە و وەڵامەكەی دەكەوێتە دوای زەمەنی بیركردنەوەوە بۆ نەوەكانی تر؟

پانێڵی سێیەم
هیومانیزم و دادپەروەریی (راگوزەر) لە ناوکۆکانی پۆست -جینۆسایددا بەڕێوەبەری پانێڵ: د. سازان میران.

  1. سازش / بەڵێنگەل لە هەموو شوێنێك: سێ رێگا بۆ پێکەوەژیان لە داهاتوودا، 30 ساڵ پاش جینۆسایدەکەی دژبە توتسییەکان لە رواندا. د. ستیفانیی بۆگنیتز، زانکۆی جۆهانسبێرگ، ئەفریقای باشوور/ ئەڵمانیا
  2. (لە رێی زوومەوە) نادادپەروەریی و نەیارەکانی دەوڵەت: چۆن هیومانیزم دووچاری نابەرابەریی و توندوتیژیی بووە. د.لەتیف تاس، زانکۆی ئابێرسوس، شانشینی یەکگرتوو.
  3. ئامرازە دادوەریی – سیاسییەکانی جینۆساید لە سوریا و عیراق: لێکۆڵینەوەیەک لەسەر پۆست – پۆلێنە کۆمەڵایەتییە جینۆسایدییەکان. د. مەنسور تەیفوریی.زانکۆی پاریس هاڤیسین – سان دونی، فەرەنسا
  4. کۆلۆنیاڵداماڵینی هاووڵاتییبوونی عیراقی: نموونە گەلی کوردیی پۆست – جینۆساید. دایان ئی. کینگ، زانکۆی کەنتەکیی، ئەمریکا.
  5. زیانە دامەزراوەییەکان: ئاڵەنگاریی و ئەڵتەرناتیڤەکان لە نێو ناوکۆکانی دادپەروەریی راگوزەرد.ا د. دەیڤد ڤالەنسیا، زانکۆی سانتۆ تۆماس، کۆڵۆمبیا.
  6. ئاشتیی لە ناوخۆدا: چاکبوونەوەی رۆحیی بە گوێرەی شیرازەکان. د. ئیدیس سزانتۆ، زانکۆی ئەلەباما، ئەمریکا.

    پانێڵی چوارەم
    ژنکوژیی/ جینۆسایدی ئێزدییەکان
    بەڕێوەبەری پانێڵ: د. ئیدیس سزانتۆ.زانکۆی ئەلەباما

  7. پەیوەندیی نێوان ئایین و جینۆساید، د.ئیبراهیم سادق، زانکۆی سۆران.
  8. هەڵسەنگاندنەوەی روانگەی ئیسلامیی سەبارەت بە ئێزدییەکان لە پاش جینۆسایدی 2014: بەراوردگەلی مێژوویی و دەستپێشخەریگەلی هاوچەرخ بۆ پێکەوەژیان. د.قادر سەلیم شەممۆ، زانکۆی لایپزیگ، ئەڵمانیا.
  9. جینۆساید و بنیاتنانی ئاشتیی: کەیسی ئێزدییەکان، د. سەباستیان مەیزل. زانکۆی لایپزیگ، ئەڵمانیا.
  10. توندوتیژی سێکچواڵی دژی ژنان و کچان وەک چەکێکی جەنگ: توندوتیژی سێکچواڵی دژی ژنان و کچانی ئێزدی لەسەر دەستی داعش ئابی 2014 وەک نموونە. د.رۆشنا ئەمین، زانکۆی سلێمانی/ زانکۆی لایپزیگ، ئەڵمانیا.
  11. پڕۆسەی کوشتن و کڕین و فرۆشتن بە ژنان و کچانی ئێزدی لەلایەن داعشەوە. حەسۆ هورمیی (سەرۆکی دامەزراوەی نێودەوڵەتیی ئێزدییەکان بۆ رێگریی لە جینۆساید – نەتەوە یەکگرتووەکان).

پانێڵی پێنجەم
رۆژی پێنجشەممە، 30ی ئایار
بۆردومانە کیمیاییەکان لە کوردستان – عیراق و ئەگەری ئاشتیی (هۆڵی A) بەڕێوەبەری پانێڵ: د. ئاریاننا شاهڤیسیی ا.سکوڵی پزیشکیی برایتن و سەسێکس.

  1. کاریگەرییە تەندروستییە درێژخایەنەکانی توخمەکانی چەکی کیمیایی لەسەر منداڵان لە پاش تاکە یەك بەرکەوتنی قورس. د. جوان میران – تاڵەبانی، زانکۆی بێرمینگهام، شانشینی یەکگرتوو (لە ڕێی زوومەوە).
  2. شیاندنەوەی کۆمەڵایەتیی وەك میتۆدێکی سەرکەوتوو بۆ باشکردنی باری تەندروستیی رزگاربووانی چەکی کیمیایی کە نەخۆشییگەلی درێژخایەنی پەیوەست بە بەرکەوتنیان هەیە. د. شەهریار خاتریی، نەخۆشخانەی نیکان، تاران، ئێران.
  3. جۆرێتیی ژیان و تەندروستیی دەروونیی لەنێو کەسانی سڤیلی کوردی رزگاربووی چەکە کیمیاییەکان کە لە کوردستان -عیراق و سوید دەژین. فەرەیدون مورادی، زانکۆی یۆتۆبۆری، سوید.
  4. کاریگەریی سایکۆلۆژیی بەرکەوتەیی توخمەکانی چەکی کیمیایی لە هێرشەکاندا بۆسەر دانیشتووانی سڤیل. سازان میران، ئینستیتیوتی ئۆکسفۆرد بۆ راهێنان و توێژینەوەی سایکۆلۆژیی پزیشکی.
  5. ره‌نگدانه‌وه‌ی كاره‌ساتی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ رۆژنامه‌ی ریساله‌ت (رسالت)ی ئێرانی، ژمارە 640-6390 بە نموونە، ئەرکان ئەحمەد حەسەن + د. کاروان فەتاح عەبدولڕەحمان، زانکۆی هەڵەبجە.

پانێڵی شەشەم
جینۆساید و مافە دەستوورییەکان و یادەوەریی جێندەرکراو، بەڕێوەبەری پانێڵ: نەرمین ئەمین، دکتۆرا، زانکۆی سەلاحەدین.

  1. مافە دەستوورییەکانی کوردە فەیلییەکان لە عیراق. رووبار مەجید ئەحمەد، دکتۆرا. زانکۆی سلێمانی، کوردستان – عیراق
  2. ئاكامەكانی جینۆسایدی كوردە فەیلییەكان، لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی بەراوردکاریی: 1980-2003-، د. هەژار هۆشیار + سۆزان کەریم ساڵح، مامۆستا لە زانکۆی چەرموو.
  3. کۆمەڵکوژیی دەرسیم لە سەرچاوە تورکی و ئینگلیزییەکاندا (1937 – 1938). رابەر سیروان سلێمان، مامۆستای یاریدەدەر، زانکۆی سلێمانی، کوردستان -عیراق و کەیوان سدیق محەمەد.
  4. میکانیزمەکانی کارکردنی نێودەوڵەتیی بۆ دیکۆمێنتکردنی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی بارزانییەکان و دادپەروەریی بۆ قوربانییەکان، مەهدی ئەمین عەبدوڵڵا، دکتۆرا، زانکۆی سۆران، کوردستان -عیراق.
  5. رۆڵی جێندەریی و ژنبوون: ئەزموونی ژنانی بارزانی وەك نموونە. میدیا زەنگەنە، دکتۆرا، زانکۆی سۆران، کوردستان، ئیبراهیم سادق – دکتۆرا، زانکۆی سۆران، کوردستان – عیراق

پانێڵی حەوتەم
لەدەستچوون و ئەرشیفی دیجیتاڵیی و یادەوەرییەکان. بەڕێوەبەری پانێڵ: د. مەنسور تەیفوریی. زانکۆی پاریس.

  1. مۆزەخانە وەك ناوەندێکی کەلتوری و ئابووری. د. نەرمین ع. ئەمین، د. جوان ئیسماعیل، د. رەوا ئەنوەر، زانکۆی سەلاحەدین.
  2. ئەرشیفی نیشتمانیی جینۆساید لە کوردستان. عەدالەت عومەر، توێژەری سەربەخۆ، کوردستان -عیراق.
  3. پڕۆژەیەکی زانستی بۆ ئەرشیفکردنی دیجیتاڵیی جینۆسایدی کورد: کەیسی جینۆسایدی هەڵەبجە. د. نەرمین عەلی و بەشدار عەبدولڕەحمان محەمەد و کارزان عەدنان حەمەسەعید (زانکۆی هەڵەبجە).
  4. ئەنفال: کوشتنی رەنگ و جوانیی. هۆمەر محەمەد، توێژەر، کوردستان.
  5. کاریگەرییەکانی ئەنفال و دابڕان لە ژیان. لەتیف فاتیح فەرەج، توێژەر.
  6. رۆڵ و كاریگەریی مۆنۆمێنت لە ناساندنی كەیسی جینۆسایددا. ئاودێر عوسمان، توێژەر، کوردستان.

پانێڵی هەشتەم
کەلتور و توندوتیژیی سیاسیی بینراو. بەڕێوەبەری پانێڵ: د. جەلال حەسەن مستەفا، زانکۆی سلێمانی.

  1. بەکاربردنی چەمکی فیلم وەک پێنووس: هەوڵێک بۆ ناساندنی مۆرکی حەقیقەت لە تۆمارکردنی رووداوەکانی جینۆسایدی ژنانی ئێزدیی لە رووداوەکانی 2014 دا. د.دڵشاد مستەفا رەحیم رازاوە، زانکۆی سلێمانی.
  2. بەرەو لەچوارچێوەنانێکی شانۆییانەی زەبرئامێزی یادەوەریی قوربانیی لە شاڵاوەکانی جینۆسایددا لە عیراق لە ساڵی 1988 دا. د. مونتەها تارق ئەلمحەنناویی. زانکۆی موستەنسەرییە، بەغداد.
  3. ئاماژە سیمیۆلۆجییەکان لە سێ وێنەی فۆتۆگرافیی جینۆسایدی ئەنفالدا. ئیبراهیم فەتحوڵڵا، زانکۆی سلێمانی و فەتاح مەحمود رۆستەم، توێژەری سەربەخۆ.
  4. دروستکردنی هونەر لە ناوچەکانی جەنگدا: ژیان – مەرگ – زەبر (ترۆما). هونەرمەند بارش سێیتیڤان، ئەڵمانیا.
  5. هەڵکۆڵینی مێژوو لە گۆڕستانی چراکاندا: بەشدارییە شیعرییەکانی شێرکۆ بێکەس لە دۆکومێنتکردنی جینۆسایدی کورددا. د. کامەران محەمەد قادر. زانکۆی سلێمانی، راز ئەسعەد شەریف.
    لەم پانێلەدا جەخت كرایەوە لەسەر گواستنەوەی بیرەوەریی و رووداوەكانی جینۆساید بۆ وێنە. د. دڵشاد مستەفا ئەو بەراوردەی لەنێوان وێنەی فۆتۆگرافی و سینەمادا كرد. وێنە، واقیعێكی دووری رابردووە و سینەما ئێستایە. د.مونتەهـــا تاریق -یش جەختی لەسەر یادەوەریی قوربانی لە چوارچێوەدانی شانۆییانەدا كردەوە.

پانێڵی نۆیەم
هونەر و (خەیاڵدانی) ئاشتیی
بەڕێوەبەری پانێڵ: ستیڤن کۆرکۆران، پارێسیا: سکوڵی فەلسەفە، بەرلین.

  1. بەرجەستەبوونی تراژیدیا و رووداوە مێژووییەکان لە سیرامیکە هاوچەرخەکاندا لە کوردستان: کەیسی سلێمانی. نەعیمە. م. عەبدوڵڵا، زانکۆی سلێمانی.
  2. لێکۆڵینەوەیەکی کەسیی لە هونەر و توندوتیژیی دەوڵەت. فایەق رەسوڵ، توێژەری سەربەخۆ، نەمسا.
  3. یادگارەکان و بیرهاتنەوەکان، گەڕان بەناو کاری هونەریی رزگاربوواندا لە مۆزەخانە ئیمپریالییەکانی جەنگدا، کلێر برینارد، مۆزەخانە ئیمپریالییەکانی جەنگ.
  4. هێڵکارییەکان وەك ئامڕازگەلی خاڵیکردنەوە. د. عوسمان قادر ئەحمەد، سلێمانی.
  5. هونەر و توندوتیژیی سیاسیی و ئەو ئاشتییەی کە دێت. د. فازڵ مورادی. زانکۆی جۆهانسبێرگ.

شاری وێنەیی ئەنفال
دوا وێستگەی رێوڕەسمەکە بریتی بوو لە شاری وێنەیی ئەنفال، ناونیشانێكی نوێی ئەو جینۆسایدانەیە کە رژێمی بەعس بە رەشبگیری بەرامبەر خەڵكی مەدەنیی كورد كردی. بە كۆرپەی سەر بێشكە و پیر و گەنج و ژن و پیاو.
شاری ئەنفال ئەو وێنە و دیكۆمێنت و هێڵكارییانەن کــــــــــە هونەرمەندی جیهانی د. عوسمان ئەحمەد قادر دروستیكردوون. لەو دیمەنانەی بینین و بیستن و گیڕانەوە و واقیعی ئەو تاوانە مێژووییە شارێكی لە وێنەی ئەنفالكراوان دروستكرد.
ئەنفال وەك بوومەلەرزەیەك هات و بەبێ وێناكردنی ئەلەكترۆنی مایەوە. ئەوەی توانی ئەو وێنانە لە خەیاڵیدا وێنا بكاتەوە و بەو ژان و ئازارانەوە بتلێتەوەو هەوڵ بدات ئەو تاوانی جینۆ سایدە لە هێڵكارییەكانیدا زیندووبكاتەوە لاوێكی دەرچووی پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی سلێمانی بوو، كاتێك دەچێتە ریزی پێشمەرگەوە زەمەنی ئەنفال دەستپێدەكات و خۆی یەكێك دەبێت لەوانەی بە موعجیزە رزگاری دەبێت و وێنەی ئەنفال دەگەیەنێتە جیهان و هێڵكاریی دیمەنەکانی ئەنفال دەکێشێت و لە بەریتانیا سێیەم كەس دەبێت کە تابلۆكانی لە مۆزەخانەی ئەو وڵاتەدا دادەنرێت.

سەڵاح جەلال
لەرۆژنامەی كوردستانی نوێ ژمارە9186 چوار شەممە 5/6/2024 دا بڵاوبۆتەوە




رۆح تەنھا زاراوەیەکی ناو فەرھەنگی زمانەوانییە.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

مۆنۆلۆگی شەشەم لە کنێبی (خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجە)دا

من: لەگەڵ “ئالان بادیۆ” ھاوڕام لەوەی پێویستە خۆشەویستی سەرکێشانە بێت، پڕ بێت لە ریسک، لەوەشدا ھاوڕام پێچەوانەی بەشێکی بەرفرەی فێمینستەکان بیر دەکاتەوە کە فەلسەفەی کاریان بریتییە لە دوورخستنەوەی ھەر دوو رەگەز!. ئەی کەواتە لە چیدا ناتەبام؟. لەوێدا ناتەبام خۆشەویستی لە کردە و چێژی سێکسیی جیا دەکاتەوە و پێیوایە خۆشەویستی لە ژێر “ھەڕەشەی” ھیدۆنیزم و لیبرالیزمدایە، ئەو ھەڕەشەیەی ئەو دەیبینێت سەد لە سەد راستە، بەڵام ئەو روانگەیەی پێیوایە دوانەی خۆشەویستی و سێکس ناتەبان لەگەڵ یەکتر تەنھا وەھمە.
خۆم: ئەوەی ھەمیشە جێگەی تێبینیمە دوانەی “خۆشەویستی و سێکس” لە لای تۆ پێکەوە بەستراون، یان ھەوڵ بۆ ئەوە دەدەیت، ئارگۆمێنت بھێنێتەوە تاکو بیسەلمێنیت ھیچکامیان بێ ئەویتر بوونی نییە!. ئەوەی لە بیرت کردووە، رەھەندە رۆحییەکەی خۆشەویستییە.
من: رۆح لەلای من تەنھا زاراوەیەکی ناو فەرھەنگی زمانەوانییە و لە ھەر کوێدا باسی بکەم جیاواز نییە لە جەستە. پێچەوانەی ئەو دیدە ئەفلاتۆنییەم مرۆڤ بە کائینێکی دوالیزمی پێناسە دەکات و دابەشی دەکات بەسەر جەستە و رۆحدا، رۆحیش تەوزیف دەکات بەسەر بیر و ویست و حەزدا.
خۆم: جەستە تەنھا قەباغێکە کە رۆح ھەڵیدەسوڕێنێت، رۆح نەمرە، کەچی جەستە بۆ ماوەیەکی کورت دەژی!!. نادیدە گرتنی رۆح ئەو بە شتبوونەوەی مرۆڤی لێدەکەوێتەوە سیستمی سەرمایەداریی ھەڕمێنی پێداوە.
من: ھیچ کات نامەوێت داکۆکی لە سەرمایەداریی بکەم، بەڵام بابەتی رۆح و جەستە، کێشەی فەلسەفەوە بووە لە ھەر سێ قۆناغەکەی مێژووی فەلسەفەدا “فەلسەفەی کۆن، فەلسەفەی سەدەکانی ناوەڕاست، فەلسەفی نوێ”. مارکس پێیوایە مرۆڤی پریمتیڤ کە توانای ئەنالیزەی خەونەکانی خۆی نەبووە، گەیشتۆتە ئەو باوەڕەی ژێدەری ئەندێشە و ھەستی، خودی جەستەی نییە، بەڵکو بەستوویەتی بەو رۆحەی لە ناو لەشیدا جێگیر بووە و پاش مردن بەجێی دەھێڵێت!. وەک خۆی دەڵێت: بەم جۆرە بیردۆزی نەمریی رۆح سەری دەرھێناوە.
خۆم: مەبەستم ئەو جۆرە ئایدیالیزمە ئەفلاتۆنییە نییە، رۆح و جەستە، وەک دوو شتی جیاواز پێناسە دەکات، بەڵکو مەبەستم ئەو ھەستەیە کە دەتوانێت خۆشەویستی لە خۆ بگرێت، بەبێ بەریەککەوتنی جەستەکان.
من: ئەو ھەستە ھەر لەناو خودی جەستەدایە، لای ئەریستۆ مردنە فیزیکییەکە مردنی رۆحیشە، کە بۆدییەکەی مرۆڤ لەناو چوو، شتێک نامێنێت بە ناوی رۆح یان دەروون، چوونکە ھەموو گرێدراوی جەستەن، بەڵام بیرۆکەی نەمریی رۆح پرسێکی ئاینییە بەتایبەت تێمای فەلسەفەی لاھوتیی سەدەکانی ناوەڕاست بووە، کە لەسەر سترۆکتۆری کریستیانیزم دامەزراوە، بۆ نموونە “تۆماس ئەکوینی” جەختی لەسەر نەمریی رۆح دەکردەوە، ھەڵبەتە ئەمە ھەمان ئەو قسەیە بوو “کتێبی پیرۆز” پێشتر پێداگریی لەسەر کردبوو.
خۆم: ئارەزوویەکی سەیرت تێدا دەبینمەوە بۆ تۆمەتبارکردنی ھەر چەمکێک لەگەڵ ئایدیای خۆتدا نەیەتەوە.
من: من کاتیگۆرییەکان نیشان دەدەم، راستی شتەکان ئەنالیزە دەکەم بێ ھیچ تۆمەت و بڕیارێکی پێشوەخت.
خۆم: ھەندێک پارادۆکس لە بیرکردنەوەتدا بە روونی و زەقیی دیارە، ھاوسەرگیریی رەد دەکەیتەوە، بانگەشەش بۆ خۆشەویستی دەکەیت!!، خۆشەویستی دەبەستیتەوە بە سێکس و چێژ، کەچی ژیان بە شتێکی پووچ لێکدەدەیتەوە!!.
من: راستە لە ژیانی کۆلێکتیڤ دەسڵەمێمەوە، ھەمیشە جەنگێکی نێوخۆیی لە مێشکمدا بوونی ھەیە، جەنگێک بێ دووکەڵ و بارووت کە ھیچ کەسێک نایبینێت جگە لە خودی خۆم، پڕم لە راڕایی و پەشیمانبوونەوەی فیکریی، من بە پێی کۆنتێکستێکی مێژوویی دیاریکراو بڕیارم لەسەر نادرێت. بۆ بڕیاردان لەسەرم، دەبێت لە ھەموو ئەو جەنگانە تێبگەیت لە سەرەتاوە تاوەکو ئێستا دژی خۆم کردوومن. ھێندەش سەیرە ئەوەی لەسەری راڕا نیم و بێ گومان و پرسیارکردن خۆم داوە بەدەستییەوە خۆشەویستییە، بێ ئەوەی بزانم ئەم کەشتییە وێڵە دەمگەیەنێتە چ کەنارێک، من ئامانج و خەونم کەنار نییە، گرنگ ئەوەیە تاکە سەرنشینی کەشتی خۆشەویستی ژنێک بم. خەونەکە زۆر گەورەیە، وا نییە؟.
خۆم: زۆربەی جار، بێ ئومێدیی و رەشبینیت لە پلەیەکدایە، ناتوانم بڕوا بەخۆم بکەم خەونێک یان ئامانجێکت ھەبێت. تۆ خۆشەویستی بەکاردەھێنیت بۆ ئەوەی بە ئاسوودەگی بمریت. شتێک بە شەفافی بیبینم ئەوەیە لەپێناوی خۆدزینەوە لە مردن خۆت داوە بە دەم شەپۆلی خۆشەویستییەوە. رەنگە ئەم رێسایەکی نەگۆڕی خۆشەویستیش بێت.
من: زۆربەی منداڵانی ماڵە دەوڵەمەندەکان لە خەونبینین و ئامانجدا ھەژارن، ئەمە تێزێک بوو منی نەگرتەوە!، ئێستاش کە ھەژاریی وەک قرشێک لاشەم دەخوات، خەونەکانم بە گەورەیی ماونەتەوە. لەوەتی ھەم خەونی گەورە گەورە دەبینم، بەڵام بە ھەنگاوی بچووک بەرەو ھێنانە دی ئەو خەونانە دەچم. ئەگەر پێم بڵێیت کامە خەونت لە ھەموویان گەورەترە؟ بێ دوو دڵی دەڵێم خۆشەویستی. زاناکانیش دەڵێن مێشک دەزگایەکە بۆ دەستنیشانکردنی ئامانج، لە مێشکی مندا پێشنۆرەترین ئامانج تەنھا خۆشەویستییە.
خۆم: ئەو خەون و ئامانجانە بەڵا گەورەکەی مرۆڤن، ئێستا تێدەگەم ھەموو مرۆڤێکی رەشبین، خەونێکی تێکشکاوی ھەیە، لە پشتی ھەر مرۆڤێکی نائومێدەوە چیرۆکێکی حەزین ھەیە.
من: رەنگە پیر بووبین بە دیار خەونەکانمانەوە، بۆیە ھەمیشە بە نوستالیژیاکانمان دەژین. قسە باوەکە دەڵێت “پیر لەسەر رابردووی دەژی و گەنجیش بە چاو بڕینە داھاتوو”. وەک خۆم لە سەرەتاوە بە گڕ و تینەوە کارم بۆ ئایندە دەکرد، ئایندەیەک دنیایەکی جوان و پڕ خۆشەویستی لە رەحمیدا ھەڵگرتبێت و لە دایک بێت. ئێستاکە لەو ئایندەیەدا دەژین و دەبینین دنیا ھەر ھەمان دنیا ناشرینەکەی پێشووە کە ئەو ھەموو رەنجەمان دا لەپێناوی گۆڕینی. وەلێ لەبری گۆڕانی دنیا، رووخساری خۆمان گۆڕاوە، چرچی تەمەن لەسەر پێستمان دەرکەوتووە.
خۆم: گەیشتوومەتە ئەو بڕوایەی ئەم ژیانە زۆر پووچە، چوونکە گەمژەکان بڕیاری لەسەر دەدەن و جەلادەکان ھەڵیدەسوڕێنن.
من: زۆر جار دەگەمە ئەو حەزەی “راینمارک” کە وای دەبینی جیھان پێویستی بە شەڕێکی گەورەیە لە نێوان خواکان و ئەھریمەکاندا کە تیایدا خوداوەندەکان بگلێن و جیھان تاریک دابێت لە پێناوی لە دایکبوونەوەی جیھانێکی نوێدا. ئەمە بیرۆکەیە ھێندە سامناک بوو، نازیزم وەک میتۆلۆژییەکی نوێی ژێرمەنی بۆی دەگەڕایەوە، بەڵام خەریکە دەبێتە ئارەزووی منیش.
خۆم: بیرۆکەکەت ترسناکە، سەیرە مرۆڤ ھەمیشە بە داھێنانی نوێ ژیان تاڵتر دەکات!، رەنگە مرۆڤ تەنیا توانای مەشقکردنی لەسەر وێرانکاریی ھەبێت نەک دامەزراندنی ژیان و ھەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە مەرگ.
من: کێشەکە ئەوەیە ھێشتا مرۆڤ پێناسەی بۆ ژیان نییە و دەیەوێت لە مردن تێبگات!!. راستە تێنەگەیشتن لە مەرگ تۆقێنەرە، ھەروەک “پاسکاڵ” دەیووت “ئەوەی لە ھەموو شت زیاتر بێ ئاگام لێی و نەشارەزاترم لەسەری ئەو مەرگەیە لە چنگی رزگارم نابێت”. ئێستاکە دەمەوێت ژیان بەو ھەنگاوە پێناسە بکەم لاقم بەرەو خۆشەویستی دەینێ، ئیدی کاتم نییە بۆ بیرکردنەوە لە مەرگ، مادام ھێشتا لە نێو دڵی ژنێکدا بوونم ھەیە.
خۆم: ھەروەک زەوی ھێزی کێشکردنت ھەیە، ئەوەی بە سوپایەک نەدەکرا تۆ کردت، کلیلی ئەو قوفڵەت دۆزییەوە، چەندان ساڵ بوو ژەنگی دڵی مردووم گرتبووی!!.
من: ھێزێکی سەیر لە خۆمدا بەدی دەکەم، دەتوانم کاریگەریی لەسەر بەرامبەرەکەم دابنێم، وەک تسۆنامییەک وام ھیچ ھێزێک ناتوانێ رامبگرێت، ھەرچی ناخۆشی سەر رێگای ژیانمە لەگەڵ خۆمدا رایدەماڵم، کەچی ژنێک لەھەستی خۆیدا رایوەستاندم!! بەھێزی خۆشەویستی رایگرتم، ئێستا وەک پەیکەرێک لە بەردەمیدا ئیستم گرتووە و چەقیوم. سەیرە!!.

١٤-١١-٢٠١٨
کاتژمێر: چواردە و دە خولەک
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس




چیرۆک\ هەورەتریشقە.. نووسینی: ئامانج شێروانی

هێشتا چەند کیلۆمەترێکی مابوو بگاتەوە ماڵەوە، دیمەنی دڵڕفێنی ئەو دارستانە جوانە ڕەهایان نوقمی جیهانێکی ئەفسووناوی کردبوو. لەگەڵ هەر دارێک کە ڕەتی دەدا، لەگەڵ هەر جۆگەلەیەک کە بەجێی دەهێشت، لەگەڵ هەر شەماڵێک کە قژەکەی پەخشان دەکرد، دڵی هێندەی تر دەگەشایەوە. لەم هەموو نەهامەتی و ڕاکەڕاکەیە، ئەم یەک دوو کاژێرەی چوون و هاتنەوەی تۆڵەی هەمووی دەکردەوە. هەموو ڕۆژان سەر لە بەیانی زوو، لە خەو هەڵدەستا و بە پەلەپەل خۆی ئامادە دەکرد و پارووە نانێکی دەپەستایە دەمی، کۆرپەکەی دەبردە باخچەی ساوایانی نزیک ماڵیان، دەستبەجێ پازی دەدایە سەر پاسکیلەکەی و بەرەو کارەکەی دەڕۆیشت.
سەیرێکی ئاسۆی کرد، هەورێکی ڕەشی بینی، سەدان پەڵە هەوری ڕەشی تری بەدوای خۆیدا ڕادەکێشا، پەیتا پەیتا بەری ئەو ئاسمانەیان لێ دەگرت. لە دوورەوە سەرنجی تیشکێکی دا، دەنگێکی گەورەش لەدوای ئەو کە هەر لە تەقینەوەیەک دەچوو. برووسکێکی تر و گەوارەیەکی تر، سەدان برووسکی تر و سەدان گەوارەی تر، ئەو سروشتە جوانەیان لێ کرد بە دیمەنی جەنگێکی ترسناک، جەنگێک لەگەڵ ئاسمان، جەنگێک لەگەڵ سروشت! خۆی هەندێک کۆکردەوە و چاپووکانەتر پێیەکانی بە پەیدانی پاسکیلەکەدا دەکرد. ((دەبێت زوو بگەمەوە ماڵەوە، کۆرپەکەم چاوەڕێمە)).
لەگەڵ‌ هەر برووسکێک دڵێکی دەڕژایە سەر زەوی، لەگەڵ هەر گەوارەیەک هەناوێکی دەکەوت. وەک بڵێی خوداوەندی باوبۆران سووڕ بووبێت لەسەر تاساندنی ئەم دایکە بەستەزمانە، ئەم دایکە کۆڵنەدەرە. ئەمجارەیان بارانێکی بەلێزمەی خوڕیشی داکرد. ئاو وەکوو جۆگەلەیەک بە لەشیدا دەهاتە خوارەوە، جلەکانی تەڕ تەڕ، هەگبەکەی پشتیشی تژی ئاو. ڕەها وچانێکی تری دا و هەندێکی تریش پەیدان لێدانەکانی خێرا کرد. لە دڵی خۆیەوە دەیگوت:‌ ((دەبێت زوو بگەڕێمەوە ماڵەوە، دەبێت ڕۆڵەکەم لە باخچەی ساوایان بهێنمەوە)).
دەنگی تەقینەوەیەک لە پشتییەوە هات، دووکەڵێکی چڕ بەری ئاسمانی تاریکتر کرد. بیری کەوتەوە کە دەبێت خواردن بۆ پشیلەکەی دابنێت. ئێستا ئەویش لە ماڵەوە چاوەڕوانیەتی، پەرۆشی کەمێک یاری کردنە. برووسكێکی تر ڕێک لەبەردەمی بەر زەوی کەوت و ئاگری لە دارێکی زەبەلاح بەردا. هێندەی تر هێزی دا بەر خۆی و هێشتا پەیدان لێدانەکانی خێراتر کرد. بیری کەوتەوە کە بەیانی دەبێت ڕاپۆڕتەکەی ڕادەستی بەڕێوەبەرەکەی بکات.
لێزمەی باران بەهێزتر و برووسکەکانیش گەورەتر دەبوون. پەیتا پەیتا هەستی بەرگریکردنی کەمتر و هەستی خۆبەدەستەوەدانی بەهێزتر دەبوو. ئەمجارەیان لەگەڵ هەر برووسکێک شاگەشکە دەبوو، لەگەڵ هەر گەوارەیەک دەیدا لە قاقای پێکەنینێ! خۆ ئەگەر ڕەهات نەناسیبا، گومانت نەدەبوو کە ئەو تەنها کچێکی شێتە، و هیچی تر. پەیدان لێدانەکانی هێواشتر و پەڵەهەورەکانیش چڕتر دەبوون. تەزوویەکی خۆشی بە لەشیدا هات. گومانی نەبوو کە ئەمشەو جگەرگۆشەکەی لەباوەشێکی گەرم خەو دەکاتەوە، گومانی نەبوو کە پشیلەکەی لە ئامێزی میهرەبانێک دەبۆرژێت.
ئاسمان ڕووناک ڕووناک بووەوە. زەوی وشک وشک، نە هەورەتریشقە، نە گەوارە، نە باوبۆران. دارەکان تێراو بوون، گژوگیایەکانیش سەوز سەوز. دیسان ئارامی باڵی خۆی بەسەر ئەو دارستانە چڕەدا کێشایەوە. چاوەکانی کردەوە، ئاسمانی ساماڵ هەناسەیەکی گەرمی بە جەستەیدا هێنا. دوو کەسی بینی، لەبەردەمی شتێکی نامۆ وەستابوون، شتێک کە وەک هیوایەک وابوو، شتێک کە وەک پەرۆشی وابوو، شتێک کە پڕ متمانە، پڕ ئومێد، پڕ ئاوات بوو. لە دوو کەسەکە ورد بووەوە، گوێی خۆی بۆ قوڵاخ کردن، بیستی کە باسی ژنێک دەکەن، کە خاوەنی منداڵێک و پشیلەیەک بووە، دوێنێ ئێوارە بە سواری پاسکیلەکەی لە کارەکەی دەگەڕایەوە، کەچی لەگەڵ باوبۆرانەکەی دوێنێ شەو برووسکێکی بەر کەوتبوو، سەراپای ببووە خەڵووز!




سرودی هیوا.. عەلی حەمەڕەشید

مامۆستا:
وەرن وەرن منــــداڵینــــــــە
هۆی ڕوناکیین بۆ ئـــــــەم ژینە
وەک گوڵ بۆنخۆش و گەشاوەن
بۆ شادی خێزان سەرچــــــاوەن
چـــــەند دڵخۆشـــــــم بەبینینتان
بەدیمەنی زۆر شــــــــــیرینتان
منداڵان:
ئــــــــەوا هــاتین،ئەوا هــاتین
بەبینینتان زۆر دڵخــــــــۆشین
لەلای ئێمــــــــەش ئەو بینینە
بۆ سەرکـــــەوتن توانا و تینە
بۆیە هەنگـــاو بۆ پێش دەنێین
بەهیــــــواوە ســــــرود دەڵێین
مامۆستا:
دنیای ئێوە زۆر جیــــــــاوازە
پڕ لە جوانیی وخــەندە و نازە
پڕ لە خەون و لــە خۆزگەیە
جیهــــــــــــانێکی بێوێنـــەیە
سادە و ناسک وەکــو خۆتان
پڕ ئەوین و ســـۆزە بۆتـان

منداڵان:
دنیای ئێمــە بـــــەو جوانییە
پڕ لــــە قـــا قــــا و گۆرانییە
خۆشــــەویستیی وەکو باران
ناخی کـــردووین بە نیشتمان
بۆیــــە وا ئاســــودە و ئارام
گــــــــۆرانی دەڵێین بەردەوام

٢١/٥/٢٠٢٤




دیرۆکی من.. شیعری: نەوشیروان ئازاد

دێتەیادم ،
کاتێک بەعس کەگوندەێکی خاپور دەکرد…..
شۆرشگێڕان ..
چەندمانگێک پێش ..
لەودێیەدا بارەگایان دروست دەکرد ..،
هەرلەوێوە لەگەڵ دوژمن شەڕیان دەکرد …
ئێستەکە گۆیژە دەسوتێ و ،
سیمای شارێک لەدیرۆکا..دەشێوێنرێ ،
شیوودۆڵ و تەپۆڵکەکان،
بۆکۆمپانیای سەرمایەدار
دەڕوخێنرێ ..
کەنیشتمان تاڵان دەکرێ …و ،
گردی بەرزو دۆندی چیا…دابەش دەکرێ
لەهۆکاری شەڕی دوێنێ باش تێ دەگەم …
بۆیەدەکرا ..
هەتا مێژووی دەیان ساڵەو ،
خەڵکی سبیلک،
جینۆ ساید و ،
ئەنفال بکرێ …
نیشتمان و کورد و شۆڕش بەدناو بکرێ

سلێمانی
28/5/2024




ئێستای (فەلسەفە/ زانست)، بادیۆ، ژیژەك، هەراری.. خوێندنەوەی عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

لە پشت ناونیشانی سەرەكی ئەو بابەتەوە هەر تەنها ئێستای فەلسەفە و زانست نەوەستاوە، بەڵكو ئێستای تەكنۆلۆژیا و ژیری دەستكرد دەشنێتەوە. بەو مانایەش كاری بیریار و داهێنەر و فەیلەسووفان تەنها تیۆریزەكردنی فیكر و فەلسەفە، زانست و تەكنۆلۆژیا نییە، بەڵكو لە پێناو بنەماكانی ئازادی و جیاوازی، داهێنان و سەیرورە، مرۆڤدۆستی و خۆشبەختی… هەوڵدەدەن دەسەڵاتە ستەمكارەكان بە گشتی تێكبشكێنن و تێڕوانین و جیهانبینی پێشكەوتوو بۆ ژیان و پەیوەندییەكان گەشە پێبدەن.
(1)
ئالان بادیۆ
كۆمۆنیستێكی ماوییە و دەستی لە گریمانەی كۆمۆنیستی گیربووە و لە شاری (ریبات)ی وڵاتی (مەغریب)ی عەرەبی لە ساڵی 1937 لە دایكبووە، چل ساڵە كار لە فەلسەفەدا دەكات و كۆمەڵێك بەرهەمی چاپكراوی بە كتێبخانەی فەڕەنسی بەخشیوە.
پێیوایە فەیلەسووف هەمیشە نامۆیە، چونكە كۆمەڵێك بیركردنەوەی نوێی هەیە، كە بەبێدەنگیی زۆرترین شەڕییان لەسەر دەكات. ئەو كەسە نامۆیە، خەڵكانێك بەرەو كۆمەڵێ‌ كێشەی نوێ‌ رادەكێشێت، بەبێ‌ بانگەشەكردن رازییان دەكات: هەموو ئەو كێشانە گەردوونین.

بیركردنەوە لە رێگای رووداوەوە
نموونەی یەكەم

قسە لە دوو جۆر لە بەختیاری دەكرێت: بەختیاری لە رێگای تووندوتیژی و فرتوفێڵ. بەختیاری لە ریگای راستگۆیی و دادپەروەرییەوە. ئەو دوو جۆرە لە بەختیاری هەژارییەكی گەورەیان لە پەیوەندی حەقیقی لە نێواندا هەیە. بەو مانایەش لە نیوان كەسی بەختیار بە مانا سوكراتییەكە (وەك ئەو كەسەی كە بیر دەكاتەوە) و كەسی بەختیار بە مانا كالیكلیسیەكە (وەك ستەمكارێك كە بە فرتوفێڵ بەسەر ئەویتردا زاڵبووە) … هیچ گفتوگۆیەك بۆ رازایكردن لە نێوانیاندا نییە و گفتوگۆی نێوانیان سەركەوتن و دۆڕان دیاری دەكات… ئالان بادیۆ هەوڵدەدات لەنێوان بەختیاری وەك راستگۆیی و بیركردنەوە و بەختیاری لە رێگای ستەمكاری و فرتوفێڵەوە، پرسیاری فەلسەفە چییە بەرز بكاتەوە؟ بۆ ئەوەش پێویستە بكەوینە (هەڵبژاردن) هەڵبژاردن لە نێوان ئەو دوو جۆرە لە بۆچوون… پرسیار ئەوەیە ئایا دەكەوینە لای سوكرات یان كالیكلیس؟. بادیۆ پێیوایە فەلسەفە بیركردنەوەی هەڵبژاردنە، بڕیاردانە… بۆیە دەبێ‌ راڤەی هەڵبژاردنی بیركردنەوە بكەین، ئایا خەیار – هەڵبژاردن وجودە- بوونە، یان خیار- هەڵبژاردنی فیكرە؟

نموونەی دووەم
كاتێك كە رۆمانییەكان بە سەركردایەتی (مارسیلۆس) وڵاتی یۆنانیان داگیر كرد، لەبەر ئەوەی مارسیلۆس شارەزایی زۆری لە ماتماتیك هەبوو، سەربازێكی وەك پەیامنێر بەدوای (ئەرخمیدس)ی یاخی و داهێنەر و ماتماتیكزانی یۆنانیدا نارد، بۆ ئەوەی بیبینێ‌… ئەرخمیدس ئەو كاتیش هەر سەرقاڵی داهێنانەكانی خۆی بوو، بەردەوام دەچووە كەناری دەریا و لەسەر لمەكەی شێوەی ئەندازەیی و هێل و گۆشە و بیركردنەوە و خەیاڵە داهێنەرەكانی خۆی دەنەخشان، بەدوای سەلماندنی بیردۆزەكانیدا وێڵ بوو… دوای ئەوەی سەربازەكە پێی گووت سەركردە مارسیلۆس داوای بینینی تۆ دەكات، ئەرخمێدس هیچ قسەیەكی نەكرد و هەر خەریكی كێشانی شێوەی ئەندازەیی و بیركردنەوە و خەیاڵی داهێنەرانەی خۆی بوو. سەربازە پەیامبەرەكە قسەكەی دووبارە كردەوە (سەركردە دەیەوێ‌ بتبینێ‌) ئەرخمێدسی یاخی چاوی هەڵێناو گووتی: لێگەڕێ‌ با بیردۆزەكەم بسەلمێنم، سەربازەكە گووتی من كارم بە سەلماندنی بیردۆزی تۆدا نییە، سەركردە داوای بینینی تۆ دەكات، بەڵام ئەرخمێدس بێ‌ ئەوەی وەڵامی بداتەوە هەر لە كاری خۆی بەردەوام بوو، سەربازەكە تووڕەیی دەگاتە ترۆپك و راستەوخۆ شیرەكەی دەردەهێنێ‌ و لە ئەرخمێدسی دەوەشێنێ‌ و خوێنی تێكەڵی شێوە ئەندازەییەكانی سەر لمەكە دەبێ‌ و رەنگی هێلەكانی سوور هەڵدەگەڕێنێ‌. لەو نموونەیە دەردەكەوێت گفتوگۆیەكی كردەیی لە نێوان راستییەكانی دەوڵەت و بیركردنەوەی داهێنەرانەدا نییە، هەمیشە مەسافەیەك لە نێوان دەسەڵات و راستییەكاندا هەیە، مەسافەیەك لەنێوان (مارسیلۆس- سەركردەی رۆمانییەكان) و (ئەخەمێدس- ماتماتكزانی یۆنانی)دا هەیە. بادیۆ لەو خاڵەوە قسە لە فەلسەفە دەكات و دەڵێ‌: ئەركی فەلسەفە پڕشنگ خستنە سەر ئەو مەسافەیە. بیركردنەوەی داهێنەرانە تەنها بە یاسایەكەوە بەندە، جەوهەری ئەو یاسایە دەكەوێتە ناوەوەی داهێنەرەوە، كاتێ‌ لە یاسای بیركردنەوەی داهێنەرانە ورد دەبینەوە، دەبینین ئەرخمێدس دەكەوێتە دەرەوەی كردەی دەسەڵاتەوە، چونكە خەسڵەتی كاتی جیا بۆ سەلماندن ناشێ‌ بكەوێتە حاڵەتە بە پەلەكانی سەركەوتنە سەربازییەكانەوە، لێرەوە تووندوتیژی كاری خۆی دەكات و دەكەوێتە دەرەوەی یاساكانی داهێنانەوە.

نموونەی سێیەم
فیلمێكی نایابی ژاپۆنی هەیە، دەرهێنەرەكەی (میزۆگۆشی)یە، فیلمەكە بە ناونیشانی (دوو عاشقی لە سێدارەدراو) یەكێكە لەو فیلمە جوانانەی كە هێلە نەمرەكانی خۆشەویستی دەنەخشێنێ‌. بە سادەیی چیرۆكەكەی بەمشێوەیەیە: رووداوی فیلمەكە لە سەردەمی كلاسیكی ژاپۆنییەوە روویداوە. كچێكی لاو مێرد بە خاوەنی كارگەیەكی بچووك دەكات، خاوەنی كارگەكە ژیانێكی باشی هەیە و پیاوێكی راستگۆیە، بەڵام كچە لاوەكە ئەوی خۆشی ناوێت و دەست لەگەڵ لاوێك لە فەرمانبەرەكانی مێردەكەی تێكەڵ دەكات. لەو زەمەنەشدا سزای ژنی خیانەتكار مردن بووە، دواجار هەردوو خۆشەویست بۆ گوندێك رادەكەن. لەو كاتەدا مێردی ژنەكە، هەوڵدەدات هەردووكیان بپارێزێت، بەوەش دەیسەلمێنێ‌ كە ژنەكەی خۆی خۆشدەوێت… بەكورتی دواجار خۆشەویستەكان دەگیرێن و دوا وێنەی بەر لە مردنیان زەردەخەنەیەكە، ئەوان بە زەردەخەنە و دوور لە بێزارییەوە بەرەو مردن دەبنەوە. لێرەدا وشەی (زەردەخەنە) تەنها میتافۆرە و دەلالەت لەوە دەكات، كە هەردووكیان بە تەواوی یەكتریان خۆش دەوێت. دوا پەیامی فیلمەكە پێماندەڵێت: خۆشەویستی بەر لە مردن دەگرێت.
(ژیل دۆلۆز قسەیەكی مالرۆ وەردەگرێ‌ كە دەڵێ‌: هونەر بەرگریكردنە لە مردن، بادیۆ دەڵێ‌ ئەو قسەیە بەرەو ئەو بیركردنەوەیەمان دەبات كە بڵێین خۆشەویستیش بەرگریكردنە لە مردن. چونكە سەر لە نوێ‌ رووبەرووبوونەوەی ئەوەیە، كە كۆتایی نایەت، خۆشەویستی پەیوەندییەكە بە بێ‌ پەیوەندی! لە نێوان رووداوی خۆشەویستی (بوون سەرەوژێر دەبێتەوە) هبچ یاسایەكی ژیان (یاسای شار، یاسای هاوسەرگیری) نابنە پێوانەی خۆشەویستی! خۆشەویستی رووداوە، ئەوەش فەلسەفەیە.
كەواتە ئەركی فەلسەفە لای بادیۆ (مامەڵكردنە لەگەڵ هەڵبژاردن) (مامەڵكردن لەگەڵ مەسافە) (مامەڵەكردن لەگەڵ جیاوازییەكان -رووداوەكان). فەلسەفە مانا بە ژیان دەبەخشێت، هەر تەنها لقێك نییە، لە مەعریفەی ئەكادیمی، بەڵكو پشكنینی پەیوەندی نێوان هەڵبژاردن و مەسافە و مامەڵەكردنە لەگەڵ رووداو.
(2)
سلاڤۆی ژیژەك
ساڵی 1949 لە لوبلیانای سڵۆڤنیا لە دایكبووە. ئەو ماركسییەكی ئاڵۆز و ڕەخنەگری كولتورییە، لە جیهاندا وەك فەیلەسوفێكی ناوازە سەیر دەكرێت، لە سۆسیالیزمی سەربەخۆی یۆگسلاڤیای پپشوودا گەورەبووە. ساڵی 1981 پلەی دكتۆرای ئایدیالیزمی ئاڵمانیی لە لوبلیانا وەرگرتووە.

فەلسەفە دیالۆگ نییە

ژیژەك دەڵێ‌ فەلسەفە گفتوگۆ نییە، یەك نموونەم لە گفتوگۆیەكی سەركەوتوو بدەیە، كە بە بەدحاڵیبوون كۆتایی نەهاتبێت. ئەرستۆ هەرگیز بە راستی لە ئەفلاتوون نەگەیشتووە، هیگل لە كانت نەگەیشتووە، هایدگەر لە بنەڕەتدا لە هیچییان نەگەیشتووە… كەواتە هیچ دیالۆگێ‌ لە ئارادا نەبووە.
كاتیگۆری سەرەكی فەلسەفەی (كلاسیك) بریتییە لە حەقیقەت… لای (دیكارت- 1596- 1650) هۆش تاكە سەرچاوەی زانینە لە گومانبەدەرەكانە و (كانت- 1724-1804) لە رێگای رەخنەگرتنەوە ئەنەتۆمی زانین دادەمەزرێنێ‌. هۆش و هەست لای كانت تەواوكەری یەكترن و بیرەكانمان بەبێ‌ ناوەڕۆك پووچەڵن. فەلسەفەی (هیگڵ- 1770-1831) لەسەر لۆجیكی دیالێكتیكەوە بەڕێوەدەچێت.
ژیژەك زۆر بە كورتی دەڵێ‌ لە كۆمەڵگای ئێمەدا رۆڵی شیانەیی فەلسەفە زنجیرەیەك هەڵوێستی تەواو ساختەیە، واقیعێكی دروستكراوی درۆینەیە، هەر لە فەلسەفەی دەوڵەتی كانتی نوێ‌، سۆفیگەرایی نوێ‌، دوای تازەگەری، هەموو ئەوانیدیكەش… خراپتر لەوانەش تەئویلی ئەخلاقی دەرەوەی فەلسەفەیە، ئەو لوژیكەی ئەفلاتوون دەڵێت: (من فەیلەسووفم، من راستیم) رێڕەوێكی میتافیزیكی گەورە دادەهێنێ‌، هەرچۆنێ‌ بێ‌، ئایا لە سەرەتادا كێ فەلسەفەی بەو پێوەرە كارەساتئامێزە خستۆتەڕوو؟ دەبێ‌ دژی ئەو كارەساتانە تێبكۆشین… من مرۆڤێكی باشم و بایەخ بە هەموو كارەساتەكانی جیهان دەدەم. دریدا لە ناوەڕاستی كتێبی (تارماییەكانی ماركس) كە هەرگیز كتێبێكی فەلسەفی نییە، بە شێوەیەكی زۆر لاواز كارەساتەكانی ئەو جیهانەی لە (دە) خاڵدا رێزكردووە. ئەوە هەژاری بیركردنەوەیە، هەموو كارەساتەكانی دنیا لە: بێكاری، هەڵاتن لە فێربوون و مانەوەی بەبێ‌ پارە، باندی تریاكی، هەژموونی دەستبەسەرداگرتن، هۆیەكانی راگەیاندن… هتد، ببینیتەوە. ئەو بۆچوونە هی كەسێك نییە فەیلەسووفێكی گەورە بێت، بەڵكو هی كەسێكی عاتیفییە. چونكە لە بنەڕەتدا حەقیقەتی فەلسەفی بریتییە لە كەلێن‌‌.

كەواتە رۆڵی فەلسەفە چییە؟

كاری فەیلەسوفان لای هیگل دۆزینەوەی نهێنی جیهانە. بەڵام فەلسەفە دەگمەنە. ژیژەك دەڵێ‌ ئەو قسەیە دووچاری نێودژییمان دەكاتەوە، چونكە نەك هەر دەگمەن نەبووە، بەڵكو لە قۆناغەكانی داهێنانیشدا زۆر لەو ئاستەی ئێستای نزمتر بووە. چونكە كە دەڵێین فەلسەفە دەگمەنە، پێویستە رۆلی فەلسەفە بە شێوە سرووشتییەكەی هەر تەنها فەلسەفە بیبینێ‌! راستی فەلسەفە بەو مەسەلەیەوە پەیوەستە…
هەتا لە سەدەی نۆزدەشەوە لە زۆر وڵاتدا وەك هەنگاریا، پۆلەندا… ئەدەب رۆڵی فەلسەفەی بینیووە، بۆ نموونە ئەو جیهابینییە فەلسەفی و ئایدیۆلۆژییەی لە بزووتنەوەی نشتیمانیدا دەردەكەوێت، تا پلەیەكی گەورە لە كۆماری ئەدەب وەرگیرابوو. جگە لەوە لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ نموونە لە 99% (نەوەد و نۆ لە سەد) شتێك بە ناوی فەلسەفەی كیشوەری- كۆنتیننتال-بوونی نەبووە ((بەڵام دواتر ئەو فەلسەفەیە لقی زۆری لێبۆتەوە وەك بونیادگەری، دوای بونیادگەری، تیۆری شیكردنەوەی دەروونی، تیۆری ئەدەبی -قوتابخانەی فرانكفۆرت-…)) لەبری فەلسەفەی كۆنتیننتالی، بواری لێكۆڵینەوەی رۆشنبیری لە بەشەكانی زمانەكانی ئینگلیزی، فڕەنسی، ئەڵمانی، ئەوە بووە، كە تۆ بۆ ئەوەی هیگل، یان بادیۆ… بخوێنیت، دەبوایە ئەدەبی بەراوردكاری هەڵبژێریت… بەڵام ئەگەر بتەوێ‌ لێكۆڵینەوە لە مێشكی جورجێكدا بكەیت و تاقیكردنەوە لەسەر ئاژەڵان بكەیت، دەبوایە روو لە كۆلیژی فەلسەفە بكەیت. ئائەوەیە نێودژییەكەیە! هەر ئەوەندەش نا هەندێجار فەلسەفە شوێنی مەعریفەی دیكەی گرتۆتەوە، بۆ نموونە كاتێك شیوعییەت هەرەسی هێنا، فەلسەفە شوێنی بەرەنگاری یەكەمی گرتبۆوە، ئەو كات فەلسەفە لە هەموو كاتێك سیاسیتر بوو. بەڵام دەبێ‌ بزانین هەرگیز ئایدیۆلۆژیا ناتوانێت ناكۆكییەكانی خۆی لە دەرەوەی خۆیدا ببینێت. كەواتە گومانكردن لە خودی فەلسەفە، فەلسەفەیە.
هەر چۆنێ‌ بێ‌، دەبێ‌ دان بەوەدا بنێین، كە فەلسەفەی ئەڵمانیای مەزن جگە لە فەلسەفە بە هیچ جۆرێك هیچی دیكە نییە! بەڵام دەشزانین فەلسەفەی ئەڵمانی بەدیلی شۆڕش بوو… ئەوە خودی گرفتەكەیە، ئەو دوو شتە بەیەكەوە نابێت، دەبێت بزانین هەرگیز مەرجی بوونی فەلسەفەی ئەڵمانی پەیوەندی بە شۆڕشەوە نەبووە. وەك چۆن هەرگیز سەرمایەداری كە مرۆڤی جیهانی سێیەم دەكاتە قوربانی بەرژەوەندی ئابورییەكانی خۆی، مەرجی بوونی ماركسیبوون نییە، لە ململانێی نێوانیاندا ماركسییەت لە دژی سەرمایەداری بەردەوام مرۆڤی جیهانی سێیەم دەكاتە قوربانی كینەی نێو مێشكی خۆی.
لە كۆتاییدا قسەی من ئەوەیە: خەون بە بوونی فەلسەفەیەكی سرووشتییەوە نەبینین. هەمیشە فەلسەفە دەرچوونە لە سرووشتی بوون بە بێ‌ ئەوەی لە ململانێ‌ دابێت. بەمجۆرە دەتوانین تیۆرەكەی بادیۆ و تێزەكەی لەبارەی هەڵومەرجی فەلسەفە بە شێوەیەكی ئاشكرا بخوێنینەوە، كە دەڵێ‌ فەلسەفە، بە پێناسە، زیادەیە، هەڵبەتە، وەك پیت، لەگەڵ مەرجێكی دەرەوە و لە رێگای تەنها پەیوەندی زیادەی خودێكی عاشق، یان سیاسی، یان زانستی، یان هونەری، دەبێت.
رەخنەیەكی دیكە هەیە، ئەگەرچی زۆر خۆشەویستانەیە، بەڵام من و بادیۆ هەڵسەنگاندمان بۆ كانت جیاوازە و رەنگە هیچ هاوگونجانێكمان لە نێواندا نەبێت. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو شتە نێگەتیفانەی لەبارەی كانتی نوێوە گوتوومە، شتێكی دیكەمان لای كانت بۆ مابێتەوە، دەزانی چییە؟ هەموو ئەوەی لە فەلسەفەكەیدا كێشم دەكات، مرۆڤدۆستی و رێزگرتنە لە مرۆڤە كە كانت ئاماژەی بۆ دەكات. ئایا رێزگرتنی مرۆڤ سەرەتای فەلسەفە نییە؟ ئەوەی دەمەوێ‌ سەرنجی ئێوەی بۆ رابكێشم ساتەوەختی رێزلێگرتنە، كە زۆرتر لە كاتی سەفەر و كۆچكردندا دەردەكەوێت، لە وڵاتانی بێگانەدا، بەمجۆرە فەلسەفە وەك ئەوەی هایدگەر دەیەوێت پێمانبڵێت هەر لە سەرەتاوە گوتاری ئەو كەسانە نییە، كە لە وڵاتەكەیاندا هەست بە دڵنیابوون دەكەن. بەڵكو تا رادەیەكی زۆر فەلسەفە لە بەهەرەسهێنانی كۆمەڵگای ئۆرگانییەوەیە. دەتوانین مرۆڤدۆستی و رێزگرتنی مرۆیی لای دیكارتیش بدۆزینەوە. دیكارت رابەری فەلسەفەی نوێ‌ سەر بە فێرگەی هۆشەكی، لە بەشی دووەمی گوتار لەبارەی میتۆدەوە، سەرنجێكی مەزن دەخاتە روو، لە بارەی ئەوەی ئێمە تەنها بە دۆزینەوەی هیومانیزم وەك دابونەریتی ئەویدیكە دڵمان بە كۆچ ئاو ناخواتەوە، بەڵكو رۆشنبیری خودی مرۆڤیش لە رێزگرتنی مرۆڤی غەریبە كەمتر نییە. ئەوە بە بڕوای من خاڵی سفری فەلسەفەیە، هەموو فەیلەسوفێك ئەو ساتەی كۆچكردن بونیاد دەنێت.
كانت لەنێوان دوو چەمكی بەكارهێنانی (گشتی عەقڵ) و بەكارهێنانی (تایبەتی عەقڵ)دا جیاوازی دەكات، ئەوەی كانت بە بەكارهێنانی تایبەتی عەقڵ ناوی دەنێت، پەیوەستە بە كاری فەرمانبەرانی مەدەنی لە دامودەزگاكانی دەوڵەتدا. بەڵام ئەوەی پێی دەگوترێت گفتوگۆی رۆشنبیری، بەكارهێنانی گشتی عەقڵە. وەك من تێگەیشتبم مەبەست لە تایبەتمەندی یەكەم ساتەوەختی چەسپاندنی كۆمەڵگایە. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانە فیكرەی كانت ئەوەیە، كە ئێمەی رۆشنبیران بە شێوەیەكی تاكگەرایی لە شوێنكەوتەی گەردوونیدا بەشدار بین، لە بەیەكگەیشتن لەنێو گەردووندا. ئەوە فەردانیەتە بەشداری راستەوخۆی لە گەردوونگەراییدا هەیە. بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە دەتوانێ‌ چی بكات؟ توانای چ كارتێكردنێكی هەیە؟ دەستەواژەی تاكگەرایی ئاماژەیە بۆ هزر، بیركردنەوە و تێڕوانین و كۆمەڵێ‌ هەڵوێستی رەنگاوڕەنگ كە شێوەی هاوبەشییان قبوڵكردنی رەسەنایەتی و سێنتەربوونی تاكە. بەمجۆرە فیكرەی بوون لە رێگای رێكخستنی دیاریكراوەوە گفتوگۆیەكی رۆشنبیری دەنێتەوە. لێرەدا پەیامی جەوهەری فەلسەفە دەڵێت: دەتوانیت راستەوخۆ بەبێ‌ دیاریكردن بەشداری لە جیهاندا بكەیت، دەكرێ‌ بڵێن ئەوە گرنگی گۆڕانكارییەكانی دوایین قۆناغی تێزی رۆشنبیرانەیە، بەو مانایەش فەلسەفە جۆرە جەوهەرێكی كارا و چالاكی هەیە.

گفتوگۆی نێوان بادیوۆ و ژیژەك

بادیۆ: سەرەتا رەخنەگرتن لە كانتی نوێ‌، یان كانتی ئەكادیمی، كە زێتر لە دە بۆ پانزە ساڵە بۆی دەگەڕێمەوە، لە دوو سەرنجدا كورت دەكەمەوە، یەكەم، سرووشتی مرۆییبوونی فەلسەفە، ئەی چۆن مامەڵە لەگەڵ نامرۆییبوونی دەكات؟ خوا، بێكۆتایی، رەهایی… ئەوەی لە فڕەنسا بە (نامرۆییبوونی تیۆری) ناو دەبرێت. (مرۆڤ) بونیادێكی ئایدیۆلۆژی و مێژوویی بۆ خۆی دیاریكردووە. من پێموایە فەلسەفە هەر لە ئەفلاتوونەوە رووبەڕووی نامرۆییبوون بۆتەوە. فەلسەفە خۆی دەچەپێنێت. فەلسەفە كاری خۆی لە نامرۆییبوون و چەپاندندا دەبینێتەوە.
سەرنجی دووەم، كاتێ‌ باسی تاكگەرایی گەردوونی لای كانت دەكەین. تۆ راستی، چونكە زۆر لە فەیلەسوفان باسی بەشداری راستەوخۆی تاك لە گەردووندا دەكەن، بێ‌ ئەوەی باسی تایبەتمەندی رۆشنبیرییەكان، نەتەوەییەكان، جیاوازییە رەگەزییەكان… بكەن. ئەمڕۆ بەردەوام پێماندەڵێن تایبەتمەندی گرنگە، رێزگرتنی تایبەتمەندی بنەمایە. من لەگەڵتدا هاوڕام و دەبێ‌ ئێمە دژی ئەو شێوەیە كۆنەپەرستییەی تایبەتمەندییە رۆشنبیرییەكان ببینەوە. بەڵام دەبێ‌ ئەوەش بزانین كە پەیوەندی راستەوخۆی تاك و گەردوون، شتێكی نامرۆیشی تێدایە، ئەگەر گەردوونگەرایی تەنها لە پێدراوە مرۆڤییە ئاساییەكەدا كورت بكەینەوە، ئەوە ناتوانین بەرگری لە نامرۆییبوونی بكەین.
لای كانت پەیوەندی راستەوخۆی نێوان تاك و گەردوون بە ساتەوەختێكەوە بەندە، كە مرۆڤ دەخاتە ئاستێك لەسەرووی مرۆڤەوە. ئەو تیۆرە لە بارەی سنوری مرۆڤ و عەقڵ گەورەی كانت دەنوێنێ‌. بەڵام ئەمڕۆ هیچ هێزێكی حەقیقی نییە بەرامبەر بێكۆتاییبوونی عەقڵی زانستی (واتە بەرامبەر هەڵكشان بەرەو داڕمان، بەرامبەر پێشكەوتنی ئامرازەكانی تەكنۆلۆژیا و زیرەكی دەستكرد…) تەنها ئەوەیە كانت فیكرەكانی بە رادەی عەقڵ كۆ كردۆتەوە. ئایا بێكۆتاییبوون چارەنووسی مرۆڤە؟ پرسیاری حەقیقی ئەوەیە، ئایا بێكۆتایی چ مانایەكی بە فەلسەفە دەدات؟ (بە قسەی “هەراری” ئەمڕۆ داهێنانە نوێیەكان هەموو ئەو هاوكێشانەیان بەتەواوی گۆڕیوە، ئێستا زیرەكی دەستكرد توانای باڵادەستی رەهای هەیە…)
ژیژەك: من تەواو لەگەڵت هاوڕام، چونكە مرۆییبوون بەو شێوە تەنها لەگەڵ نامرۆییبوون دەردەكەوێت، بە مانا گەردوونییەكەی و بە شێوەیەكی راستەوخۆ نامرۆییبوون تاكە هۆكارێكە بۆ مرۆییبوون. كانت لە رەخنەی عەقڵی پەتی جیاوازی لە نێوان حوكمی نێگەتیف و حوكمی بێكۆتایی دەكات. با بەشێوەیەكی سادە بڵێین حوكمی نێگەتیف ئەو حوكمەیە كە وەك پشتپێبەستن نكۆڵی لە خود دەكات، حوكمی بێكۆتایی بە شێوەیەكی نێگەتیف پشت بە خود دەبەستێت. حوكمی نێگەتیف وەك ئەوەیە بڵێین (رۆح فانی نییە). حوكمی بێكۆتاییش وەك ئەوەیە بڵێین (رۆح نەمرە). ئایا ئەوە بەرەو كوێمان دەبات؟ رەنگە رۆمانە ترسناكەكان یارمەتیمان بدەن، ئێمە لە مردوو دەگەین. دەزانین بەڕاستی مانای مردن چییە، مردن مردنە، كە دەڵێین ئەو كەسە مردووە بە سادەیی واتە زیندوو نییە. بەڵام ئەو كەسە نەمردووە، وەك ئەدەبی ترسناك دەیڵێت، ئەوە بەو مانایە نییە كە هێشتا زیندووە، ئەوە مردووە، بەڵام لە حاڵەتی ئاساییدا نییە: بەڵكو مردوویەكی زیندووە. ئەوە دنیایەكی نوێ‌ دەكاتەوە، من پێموایە ئەو نەمردووە بۆ خۆی ترانسندنتاڵی كانتییە. بێگومان بە دیاریكراوی نە بە مانای مرۆیی نە بە مانای گیانداری، ئەوە ئادەمیزادی نییە، بەڵكو زیادەی مرۆییە. بەڵام دەمەوێ‌ بڵێم زانست یاری زمانەوانی نییە.
بادیۆ: كێشەی فەلسەفە وەك زۆربە پێیانوایە بە شێوەیەكی بنەڕەتی پەیوەندی بە رەخنەوە هەیە. بەو مانایەش كە دەڵین ئەركی فەلسەفە نێگەتیف دەكەوێتەوە: ئاماژەكردنە بە گومان، رۆحی رەخنەیی و هەموو ئەوانیدیكە. بە راستی دەبێ‌ ئەوانە بسەلمێنێ‌. بەڵام سەلماندن نییە؟ چونكە ئەگەر دەستی لە نێودژییەك وەردا، یان ئەگەر چووە نێو پەیوەندییەكی ناپەیوەندییەوە، ئەوە دەبێت چوارچێوەیەكی نوێی فیكری بخاتەوە بە هەموو هۆكارەكانییەوە، بەمجۆرە دەتوانێ‌ بیركردنەوەیەكی نوێ‌ بۆ نێودژی بخاتەڕوو. كەواتە رەگەزی دیاریكراو بۆ كاری فەلسەفی، نەسەلماندنە. ئەوە خاڵێكە لەگەڵ (دۆلۆز) لەسەری هاوڕام، كاتێ‌ دەڵێت لە جەوهەردا فەلسەفە بونیادنانی چەمكە.
پێویستە (نامرۆییبوون) تێبگەین، وەك ئەوەی رەگەزێكی چەمكی سەلماندن بێت، كە مرۆڤ لە رێگای كۆچكردنی مرۆڤەوە بیری لێدەكاتەوە. هەمیشە مەسەلەی كۆچكردنی مرۆڤ پێشتر خۆی دەسەلمێنێ‌، وەك ئەوەی پەیوەندی ناوەكی پەیوەندی بێ‌ لە نێوانی مرۆییبوون و نامرۆییبوون، نەك نەمری مرۆڤ.
ژیژەك: من گومانم لە هاوڕابوون هەیە، ئێمە لە رەشبینی رەخنەی پاش تازەگەرییەوە هاوڕاین، بە تایبەتی فۆكس خستنە سەر نامرۆییبوون، لە ئایدیۆلۆژییەكانی دوای تازەگەری نامرۆییبوون زیادەیەكی ترسێنەرە و دەبێ‌ لێیدووركەوینەوە.
میتۆلۆژیایەكی ترسناك لە بارەی ئاگرەوە هەیە، كە پێویست ناكات زۆر لە ئاگر بچینە پێشەوە، بەڵكو دەبێ‌ راستی ئەو مەسافەیە بپارێزین، ئەو بیركردنەوەیە وەك ئەوەی لای (ئادگار ئالان پۆ)ش هەیە، ئەوەیە كە ئێمە لە گوێی خەرەندین و پێویستە ئەو مەسافە گونجاوە بپارێزین: نەك بۆ ئەوەی بە ئارەزووی خۆمان كارەكانمان راییكەین، وەك ئەوەی شەڕی رادیكالی لە ئارادا نەبێت، بەڵكو بۆ جەختكردن لەوەی كە بۆ شەڕ راتناكێشێت. هەڵبەتە ئەوەش تەواو پێچەوانەی نامرۆییبوونە: نامرۆییبوون بۆشاییەكە بۆ دووبارە پێناسەكردنەوە.
لەبارەی نێودژییەوە نموونەیەكت بۆ دەهێنمەوە: یەكێك وێنەیەكی تاریكی لەسەر كارەساتی كۆمەڵگا كێشابوو، لە هەمان كاتدا گوتووبووی هەموو بەدیلێك بۆ ئەو حاڵەتە، بەدیلێكی خراپتر دەبێت. ئەوەش نێودژییە لە بارەی بیركردنەوەی نێگەتیف.
بادیۆ: دەمەوێ‌ زۆر بە سادەیی بڵێم رێگای جۆراوجۆر هەیە، بۆ قسەكردن لەسەر ئەو نێودژییە. ئەوەی گرنگە ئەوەیە، فەلسەفە چۆن ئەو كێشانە بەرجەستە دەكات. وەك دەزانین ئەوە رەخنەیە لە شێوازی دیموكراتییەت. ئەوە جەوهەری كێشەكەیە، ئەوە لە دانپێدانان قوڕسترە.
ژیژەك: واپێدەچێت دراوسێی حەقیقی ئەو دراوسێیە بێت، كە مردووە، ئەوە بەكارهێنانی دراوسێیە بە شێوە سیاسییە راستەكەی، ئەوەی دەڵێ‌ دراوسێكەت خۆش بوێت، وەك چۆن خۆت خۆشدەوێت. با لە خۆمان بپرسین لێكبووردن مانای چییە، كاتێ‌ لە نێو كۆمەڵگای خۆرئاوایی هاوچەرخ پرۆسیسەی دەكەین؟ ئێمە تەواو پێچەوانەی دەبینین: لاقە نەكەیت. چونكە لاقەكردن بە شێوەیەكی بنەڕەتی كلیلی وشەكانە: لە ئارەزووەكانت دەترسێم، زۆر لێم نزیك نەبیتەوە. واتە ئەگەر زۆر تەماشای یەكێك بكەیت- ئەوە لاقەكردنی بینینە، ئەگەر قسەیەكی ناشیرین بە یەكێك بڵێیت – ئەوە لاقەكردنی زارەوەییە. بێگومان ئەوە شێوازێكی دیاریكراوی لێكنەبووردنمان بۆ دەكێشێت: لێكنەبووردن بەرامبەر ئەویدیكە.
(3)
ئێستای مرۆڤ
یۆڤاڵ نوح هەراری

بیریار و مێژوونووسی بەناوبانگی ئیسرائیلی (یۆڤاڵ نوح هەراری) ساڵی 1976 لەدایكبووە، ساڵی 2002 بڕوانامەی دكتۆرای مێژووی لە زانكۆی ئۆكسفۆرد‌ بەدەستهێناوە. باسەكانی هەراری و بادیۆ و ژیژەك یەكتر دەبڕن و بەر یەك دەكەون، بەڵام پشت بە شارستانیەت دەبەستن… هەراری وەك ژیژەك و بادیۆ باسی فەلسەفە لە ئێستادا ناكات، ئەو باسی داهێنانەكانی مرۆڤ و تەكنۆلۆژیا و هاوكێشەكانی لۆگاریتم و ماتریكس دەكات و جگە لەوە فەلسەفەش وەك یەكێك لە گێڕانەوەكان دەژمێرێت.
یەك دنیا گومان و ڕامان و پرسیار لە بارەی گێڕانەوەكان و ژیان و مرۆڤ و هەڵسوكەوتەكانی مرۆڤ بەرجەستە دەكات، سەبارەت بە هاوكێشە دژیەكییەكانی نێوان ژیری، لە بەردەوام بوون شتگەلێك دەخاتە ڕوو (جێگای سەرسامیین) لە پاراستنی جۆری مرۆڤ و هەوڵدان بۆ لەناوبردنی ئەستێرەی زەوی. بە خوێندنەوەی بیركردنەوەكانی دەكەوینە بیركردنەوە لە داهاتووی مرۆڤایەتی كە ئاخۆ ڕادەی ژیریی مرۆڤی بۆ (مانەوەی مرۆڤ) دەستدەدات. (هەراری) ئاماژەی بۆ دەكات، یان ئیتر بۆ (مانەوە) پێویستمان بە جۆرێك لە مرۆڤی باڵایە، كە جێگا بەو مرۆڤەی ئێستا لێژ بكات؟ شارستانییەت لە قۆناغی جیاوازدا پێناسەی جیاجیای بە مرۆڤ بەخشیووە … پرسیار ئەوەیە ئایا “نامرۆڤ – inhuman” یان وێنە تەكنۆلۆژییەكانی مرۆڤ لە چەشنی ڕۆبۆتەكان و زۆمبییە… واتای مانەوەی مرۆڤ دەگەیەنێت؟.
یوڤاڵ نوح هەراری دەڵێ‌: ژیان گەیشتۆتە ئاستێك، ئیتر بەبێ ویستی مرۆڤ، مرۆڤ بەرەو داڕمان هەڵدەكشێ‌. هەروەها گومان دەخاتە سەر كۆی رەنگاوڕەنگی گێڕانەوەكان (بە فەلسەفەشەوە) كە خۆیان لە چەند هەزار ساڵێك دوورتر نابیننەوە و هیچ لێكدانەوەیەكشیان بۆ ملیارەها ساڵ نییە. ئەو پێیوایە ئەو هەموو گێڕانەوانە بێ ئاگان لە پێشینە مرۆڤایەتییەكان و زەوی و هەسارەكانی دیكە. دەڵێ‌ ئێمە بەهۆی پێشكەوتنی ئامرازەكانی تەكنۆلۆژیا و زیرەكی دەستكردەوە، لەبەردەم جیهانێكی مۆدرێنی جیاوازداین. ئیتر داهێنانە نوێیەكان هەموو ئەو هاوكێشانەیان بەتەواوی گۆڕیوە و ئێستا زیرەكی دەستكرد توانای باڵادەستی رەهای هەیە… ئەوەی هەراری دەیڵێت ئێستای ئایین و فەلسەفە و سیاسەت و ئایدیۆلۆژیا و ئەدەب و… گێڕانەوە گەورەكان نییە، بەڵكو ئێستای زیرەكی دەستكرد و داهێنانە زانستییەكانە.
لە كتێبی (هۆمۆ دیوس)دا دەڵێ: مرۆڤ بە درێژایی مێژوو بە سێ كێشەی گەورەدا تێپەڕیووە؛ یەكەمیان: (برسێتی) دووەمیان: (نەخۆشی) سێیەمیان: (جەنگ). بەپێی داتاكانیش ئێستا مرۆڤ، بە سێ شێوە كۆنتڕۆڵی ئەو سێ كێشەیەی كردووە: یەكەمیان: (قەڵەوبوون)، كە ترسناكترە لە برسێتی. دووەمیان: (نەخۆشی شەكرە) كە ترسناكترە لە تیرۆر و جەنگ. سێیەمیان: (بەساڵاچوون)، كە هۆكارێكی سەرەكییە بۆ مردن.
دوای ماوەیەكی زۆر مرۆڤ بە چڕی هەوڵیداوە بەرەو (نەمری) و (خۆشبەختی) و (ژیانێكی نەرم و گەرمی خواوەندئاسا) هەنگاو بنێ. لە دوای هەموو ئەوانە ئامانجەكانی مرۆڤایەتی گەیشتنە بە (نەمری) و (خۆشبەختی) و (خوداوەندێتی). یەكەم بە هۆی داهێنان و دروستكردنی هەموو ئەندامەكانی لەشی مرۆڤ، بەشێوەیەكی باشتر لەوەی هەیبووە. دووەم: خۆشبەختییەكی گەورە، بە هۆی نەخۆشنەكەوتن و ماندوونەبوون و بێزارنەبوون و دڵتەنگنەبوون و پیرنەبوون… سێیەم: خوداوەندێتی، بە هۆی بەستنەوەی مێشكی مرۆڤ بە ئامێری زیرەكی دەستكرد و نازیرەكەكان و دەستگەیشتن بە هەموو شوێن و شتێ بە هۆی دانانی كامیراوە.

خوێندنەوەی عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
هەولێر 5/1/2024


سەرچاوە:
1- الفلسفە فی الحاچر- الان بادیو وسلافوی جیجك
سحب وتعدیل: علا‌و بریك هنیدی، تحریر: بیتر انغلمان
ترجمە وتقدیم: یزن الحاج.
دار التنویر للگباعە والنشر- لبنان: بیروت گ1 2013.
2- الانسان الاله_ تاریخ وجیز للمستقیل_ یوفال نوح هراری.
ترجمە: حمد سنان الغیپی وصالح علی الفلاحی.
3- ٢١ وانە بۆ سەدەی 21. یۆڤاڵ نوح هەراری.
وەرگێڕانی لە فارسییەوە ئاری رەشید.
چاپی دووەم، تەمموزی 2022، دەزگای رۆشنبیری جەمال عیرفان.




نه‌خۆشی ئایدیۆلۆژیا.. به‌ختیار محه‌مه‌د

ئایدیۆلۆژیست، چ چه‌پ بێ چ ڕاست، مێژوو نابینێ؛ به‌ڵكو ئه‌و ته‌نها مێژووی سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ئایدیۆلۆژیایه‌كه‌ی خۆی ده‌بینێ و پێی وایه‌ به‌فیعلی مێژوو له‌و كاته‌وه‌ (له‌ كاتی په‌یدابوونی ئایدیۆلۆژیایه‌كه‌ی ئه‌وه‌وه‌) ده‌ست پێده‌كا. له‌مه‌وه‌ ئایدیۆلۆژیست تێڕوانینێكی هه‌ژارانه‌ی تاكڕه‌هه‌ندی هه‌یه‌ و ناتوانێ مێژووی دوور و فره‌ڕه‌نگ ببینێ. له‌مه‌شه‌وه‌ ئه‌و واقیع له‌ قالب ده‌دا و ده‌یخاته‌ قالبی بچووكی ئایدیۆلۆژیایه‌كه‌ی خۆی. ئه‌مه‌شه‌ وا ده‌كا، كه‌ ئایدیۆلۆژیست ڕه‌تكه‌ره‌وه‌ و توندڕه‌و بێ و گاڵته‌ به‌ فره‌ده‌نگی و فره‌ڕه‌نگی و دیموكراسیه‌تی بكا.
لای ئایدیۆلۆژیست هه‌ر شتێك (ڕایه‌ك) له‌گه‌ڵ ئایدیۆلۆژیاكه‌ی ئه‌و ناته‌با و ناكۆك بێ، وه‌ك تاوان لێی ده‌ڕوانێ. ئه‌مه‌ش كرۆكی سه‌ره‌تای دروستبوون و سه‌رهه‌ڵدانی تیرۆره‌ (تۆقاندنه‌). تۆ سه‌یركه‌! نه‌ كۆمۆنیزم (مۆدێلی ستالین)، نه‌ نازیزم، نه‌ ئیسلامیزم… له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئایدیۆلۆژیه‌كه‌یان، هیچ ئایدیۆلۆژیا و ڕایه‌كی جیاواز قبووڵ ناكه‌ن، به‌ڵكو به‌ تاوانی داده‌نێن: ئه‌ویان به‌ ناوی چینی كرێكار و ئه‌وی دیكه‌یان به‌ ناوی عرقی ئاری و ئه‌میشیان به‌ ناوی خوا و شه‌ریعه‌ته‌كه‌ی… تاد.
ئینجا كێشه‌ی گه‌وره‌ی ئایدیۆلۆژیست ئه‌وه‌یه‌، كه‌ به‌ پێوه‌ری ئایدیۆلۆژیایه‌كه‌ی نه‌بێ، هه‌ستی مرۆیی (بۆ مرۆڤایه‌تی) ناجوولێ و نابزوێ. واته‌ موسڵمان ته‌نها له‌گه‌ڵ ئۆمه‌تی موسڵمانان هاوسۆزه‌ و چه‌پیش ته‌نها له‌گه‌ڵ چه‌پ و عه‌لمانیی. لێره‌وه‌ ئایدیۆلۆژیا مرۆڤایه‌تی له‌سه‌ر بنه‌مای ئایدیۆلۆژیا دابه‌ش ده‌كا، نه‌ك ته‌نها له‌سه‌ر بنه‌مای چین و دین و نه‌ته‌وه‌. ئایدیۆلۆژیا هێنده‌ خۆی ته‌سك ده‌كاته‌وه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌م پۆلینكردنانه‌ش تێكده‌شكێنێ. واته‌ ئایدیۆلۆژیا چین و دین و نه‌ته‌وه‌ش له‌ قالبی خۆی ده‌دا و بچووكیان ده‌كاته‌وه‌ بۆ پێناسه‌ و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تییه‌كانی خۆی. هه‌ربۆیه‌شه‌ چه‌ندان بزاڤ و حزبی ئیسلامی و چه‌پ و كۆمۆنیستی و سۆشیالیستی هه‌ن. ئه‌مه‌ تومه‌ز ئایدیۆلۆژیا خۆی له‌ سه‌رووی هه‌موو ئه‌مانه‌ داده‌نێ. له‌مه‌شه‌وه‌ ئایدیۆلۆژیا خۆی ده‌كاته‌‌ دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و فیكری پیرۆز. واته‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی قۆناغی مێژوویی و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ڕه‌خنه‌. واته‌ ده‌بێته‌ حه‌قیقه‌تێكی له‌ كات به‌ده‌ری له‌ ڕه‌خنه‌ به‌ده‌ری ڕه‌ها. لێره‌وه‌ ئایدیۆلۆژسیست به‌ توندی دژی ڕه‌خنه‌یه‌ و دژی ڕای جیاوازه‌.

به‌ختیار محه‌مه‌د




سۆز.. شیعری نەوزاد بەندی

لەوانە نیم کە ڕابوردووم لە بیر بکەم )
( بەڵام گیانە ! تەنها تۆ بووی خۆشت ویستم
ـــ عەبدولوەهاب بەیاتی ــ

پرسیار لەو شتانە ئەکەم
کە قەت وەڵام نادەنەوە
وەک ئەوەی وەڵامم نەوێ
زوو ئەڕۆم و
دەستەکانم ڕائەسپێرم
تا پەردەکان دادەنەوە

ژوورەکەم بێزار ئەبێت و
ئەرز و حاڵێ
ئەخاتە سەر مێزەکەم و
داوای ساڵێ مۆڵەت ئەکا .
ئەڵێم : ئەی من ؟
لە کوێ ئیتر ڕۆژکەمەوە ؟

هەورێ بەری ئاسمان ئەگرێ
تەماشایەکی ئەکەم و
بڕوا ناکەم تەماشای کەی
چونکە ئەزانم چیم بوێ
هەر چیم بە دڵ بێ
تۆ نایکەی

ئەو هەموو چۆڵەوانییەت
بۆ بەجێهێشتم
ئێ بۆچی ؟
ئەی لەو هەموو سەفەرەدا
چنگێ منت بۆ شەوچەرە نەبرد
ئێ بۆ ؟
لەو هەموو پارکە جێت هێشتم
مشتێ منت
لە ژێر دارتوویەک
کۆنەکردەوە ..
ئێ بۆ ؟

دەرگا و پەنجەرە و
کڵاوڕۆژنە و
تیرۆژەکانیشت داخست
وەک کابوس بم
یان شەولەبان
وات لێکردم ،
لە خۆم بترسم
ئاخر بۆ وا لەناکاو
چنگێک
دڵۆپەیەکت لام نەمان ؟

بیرکردنیش لێم بێزار بوو ،
ئەرز و حاڵێکی
خستە سەرمێزەکەم و
داوای جیابوونەوەی کرد لێم ..
ووتم ئەی من ؟
خۆ ناتوانم لە بیریکەم
تکایە لام بمێنەرەوە ،
تۆ پێویستیت بۆ پیرێکەم ..

لە گەلەری مۆبایلەکەما ئەگەڕێم
هیچ وێنەیەکت ڕوون نییە
گەر بە ڕێکەوت
لە کتێبخانەیەک بتبینم
ناتناسمەوە ..
جا گەر بیشتناسمەوە چی ؟
ڕەنگە سەد جار
منت بینی بێ و
وەک هەنگێ
بە تەنیشتمدا ڕەت بووبی
شیعریشم لێ هەڵوەریبێ
بڕوا ناکەم تەماشای کەی
ئەزانم .. خۆ باش ئەزانم
هەرچیم بەدڵ بێ
تۆ نایکەی

نازانم بۆچی ئەم عەسرە
بێ تۆیی ئاوای لێکردووم ؟
بێ تۆیی ئاوای پێکردووم ؟
وەک چۆن لە خەوێکی قوڵا
لە پڕ تینوێتیی خەریکە ئەتخنکێنێ ..
نازانم ئەم ئێوارەیە ،
بێ تۆیی بۆ
هەموو شتێکی خنکاندووم ؟
هەموو شتێکی شکاندووم ..

پرسیار لەو شتانە ئەکەم
کە قەت وەڵام نادەنەوە ..
وەڵامم ناوێ
زۆر ماندووم ..






من و تۆ.. بەشی دووەم و کۆتایی.. شیعری ستیڤان شەمزینی

لەوەتی لە دایکبووین
بە ژێر ئەو بارانەی عەشقەدا
رێ دەکەین
لە ناو لەپی دەستماندا
خۆش دەکاتەوە
زۆر جاریش
لە لێوی حەزەکانمەوە
بە لێزمە دادەکات


من و تۆ
دوو قەرەجی ماندووین
من بەناو گۆرانییەکاندا دەگەڕێم
تۆش بەنێو ئەسرینەکاندا
پێکەوە سترانێکی فرمێسکاوییمان
بۆ زەمەنی پێش
یەکترناسینمان وت


من و تۆ کە یەکتر ماچ دەکەین
ئەسرینەکانمان قاقا پێدەکەن
خەمە تەڕەکانمان وشک دەبنەوە
مەراقە رەشەکانمان مۆر ھەڵدەگەڕێن
کانیاوێکی سەرخۆش
لە لێوی تامەزرۆمان دەچۆڕێت


من و تۆ
بەسەرھاتی ناو رۆمانێکین
ژیان
بە پەڕەمووچی تریفە دەماننووسێتەوە
خوێنەر
بە واق وڕماویی دەمانخوێنێتەوە
ھیچ خوێنەرێک بۆی جیا ناکرێتەوە
کام منە، منم و کام تۆیە، تۆیت
وای لە من، ئای لە تۆ


من و تۆ
چاو ھەڵدەبڕین
رۆژ دەبێتەوە
چاو دادەخەین
شەو بە بەرگی تاریکییەوە دێت
یەکتر لە ئامێز دەگرین
گوڵ دەپشکوێ
لێک دوور دەکەوینەوە
زەمین فێ دەیگرێت
ھەناسە دەدەین
شیعر سەما دەکات
لەژێر لێفەیەکی پەمەیی دەنووین
ئاسمان کۆبوونەوە
بە ئەستێران دەکات
چەند سەیرە یاساکانی سروشت
لە دەستی من و تۆدایە!!


من و تۆ
لە قۆزاخەی تیشکدا دەژین
رووناکیمان
بە ئەستێرەدا ھەڵدەواسین
ھێندە رووناکین
خۆر
داوای مشتێک پرشنگمان
لێ دەکات بە قەرز
ھێندە روونین
تاڤگە
داوای خوازبێنیمان
لێ دەکات بۆ چەم
ھێندە مەستین
عەشق، تامەزرۆیە
بە رۆژی رووناک بمانخواتەوە


من و تۆ
پاشماوەیەکی سۆمەریین
کەس نەیتوانی شرۆڤەمان بکات
پادشا ھات
وایزانی وەسێتی پادشایەکی کۆنین
شاعیر ھات
وایزانی چامەیەکی غەمگینین
بازرگان ھات
بیری لە نرخمان دەکردەوە
شوێنەوارناس ھات
بەدووی تەمەنماندا گەڕا
عاشق ھات بەسەر باڵاماندا گریا


من و تۆ
ھەمیشە لە سەفەرداین
من بە چەپکێک خۆزگەوە
بەرەو لای تۆ
تۆ لە گوڵشەنی سۆزەوە
بەرەو لای من
من بە دیوانێک شیعرەوە
بەرەو لای تۆ
تۆ بە خەونێکی شەرابییەوە
بۆ لای من
من بە بەرچنەیەک ئارەزووی سەوزە
بۆ لای تۆ
تۆ بە رووبارێک ھەنگوینی ماچەوە
بۆ لای من
من و تۆ ھەمیشە لەم سەفەرەداین





گۆرانی ئاسۆ.. شیعری ستار ئەحمەد

باران له‌ قه‌ڵبه‌زو دابه‌زینا
سه‌ری خاكی ده‌شوشته‌وه‌
په‌لكه‌ زێڕینه‌ بۆ ئاسمان
سترانی خۆی ده‌ووته‌وه‌
ئاسۆ لێڵ بوو
هه‌تاو له‌ نێو گه‌واڵه‌دا
بووه‌ بووكی تارای حه‌وت ره‌نگ
نه‌یده‌ توانی گوزه‌ر بكات
به‌ره‌و بروسكه‌ی پڕ له‌ ده‌نگ
له‌گه‌ڵ هه‌موو خشپه‌یه‌كا
له‌گه‌ڵ هۆبه‌ی دڵۆپێكا
ئه‌سپی شادی‌و بووكی ره‌سه‌ن
كه‌وتبوونه‌ گڕی سه‌ما
دڵنیا بوون ئاواره‌ بوو
له‌ نێو پێچه‌ی ره‌شی ته‌ما
تینم دایه‌ هه‌نگاوی وێڵ
به‌ره‌و شه‌قام كه‌وتمه‌ گوزه‌ر
وا بارانه‌
له‌گه‌ڵ هه‌موو تنۆكێكا
یادت ده‌كه‌م
ناگه‌م به‌تۆ
كار مامزی خه‌ونی ئاڵیش
بۆ دیده‌نت له‌ كۆڕژنه‌
ره‌نجی ته‌مگرتووی مه‌ینه‌تیم
له‌ نێو باران سه‌ركه‌وتنه‌

ستار ئەحمەد




یادەوەرییەکانی شاعیرێکی نوێخواز و ڕۆمانی خانەقای میرزای میران ئەبراهام..2.. ناڵە حەسەن

  • بەشی دووەم و کۆتایی

    _ کۆمۆنیزم و کۆمەڵگەی کوردەواری

    بۆ دەستپێکردنی نووسینی ئەو بەشە بە چەند پرسیارێکی گرینگ دەست پێدەکەم و دواتر هەوڵدەدەم ، وەک نووسەرێکی چەپ و مارکسیست لە ڕابردوودا بەپێی ئەزموونی خۆم کە لەو نێوەندەدا تەمەنێکم تیا بەسەر بردووە ، وەڵامی پرسیارەکان بدەمەوە .. کۆمەڵگەی کوردەواری بە سیاسی و غەیرە سیاسی و نوخبە و خوێندەوار و چینی کرێکار و زەحمەتکێش و تەواوی کۆمەڵگە چۆن لە سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم گەیشتوون ؟ هۆکاری هەزم نەکردنی فیکرەی سۆشیالیستی و گەشەنەکردنی حیزبە چەپ و سۆشیالیست و کۆمۆنیستەکان بۆچی دەگەڕێتەوە .. ؟
    ئەگەر بە وردی ڕۆمانی ( خانەقای میرزا )ی میران ئەبراهام بخوێنینەوە ، وەڵامی ئەو پرسیارانەشمان هەر لەنێو خودی ڕۆمانەکە دەست دەکەوێت . هەروەک دەبینین حیزبی شیوعی عێراق لە سییەکانەوە لەسەر دەستی هاوڕێ فەهد و هاوڕێکانی ڕادەگەیەندرێ ، لە سەرەتای ڕۆمانەکە تا کۆتایی ئەم حیزبە دژایەتی دەکرێت چ لە لایەن دەسەڵاتەوە و چ لەلایەن خەڵکەکەشەوە ، تەنانەت لەلایەن خودی خەڵکی هەژار و زەحمەتکێشیشەوە ، هەمیشە توومەتی ئەخلاقییان دەخەنە پاڵ ( گوایە شیوعییەکان لەگەڵ خوشک و دایکی خۆیان دەخەون ! ) ، یان ( شیوعییەکان کافرن دژی خودا و ئایینن ! ، ) ، ( یان شیوعییەکان بەکرێگیراوی دەوڵەتانن بەتایبەت ڕووسیا ! ) ، گەر لە دونیای واقیعیش سەیری بکەین دەبینین لە هەرێمی کوردستان ، حیزبی شیوعی دوای ئەم هەموو ساڵە لە خەبات و تێکۆشان ، دوای ئەم هەموو زیندانی و خەباتی شاخ و شار و شەهید و قوربانی ، دوای نزیکەی سەدەیەک لە خەبات و تێکۆشان لە پەرلەمانی کوردستان تەنها خاوەنی ( یەک کورسی ) پەرلەمانییە !! بە بڕوای من ئەو یەک کورسییەش نەبوونی لە هەبوونی گەڵێک باشتر بوو ! ئایا ئەم وەزعە بۆچی ؟ بەر لەوەی لە ڕوانگەی خۆمانەوە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە با گوێ لە گفتوگۆی یەکدوو کاراکتەری نێو ئەو ڕۆمانە بگرین و کە چۆن باس لە حیزبی شیوعی و شۆڕشی سۆشیالیستی دەکەن ، لە باسی سۆشیالیزم و ئامانج لە کۆمۆنیزم ئەوە دەڵێن ،، دیارە گفتوگۆکەیان کەمێک درێژە بەڵام ئێمە تەنها بەشێکیمان وەرگرتووە ،
    ( موکەرەم گوتی ، میرزا گیان سەردەمی خۆ بە زەلیل زانین و قوڕپێوان بەسەرچووە دارکەر جیاوازی لەگەڵ پارتی کۆمۆنیستی عێڕاق زۆرە ، ( دارکەر هەروەک لە ڕۆمانەکە هاتووە کۆمەڵە کرێکارێکی ئیتالین لە عێراق لە کۆمپانیای دروستکردنی خەڵووز ئیشیان کردووە دیارە مەبەستییان بووە حیزبێکی سۆشیالیستی ڕاگەیەنن ) ، بەرای من ئەگەر پەیڕەو و بەرنامەی حیزبێک دەقاودەق لە چینێک یان ڕوسێکەوە وەرگیرابێت چۆن بۆ ئەم میللەتەی ئێمە دەبێت ؟ ئەگەر هەر هیچ نەبێت وەکو پێویست دەستکاری نەکرێت و خۆماڵی نەکرێت ؟
    میرزا کەریم گوتی : دەی خوای دەکرد سیاسەتی قەرەجەکان ئەبوو ، گرینگ کورد باوەڕی پێ بێنێت و یەک بگرن .
    جەنابی میرزا کەریم ، پێویستە ئێمە بزانین باوەڕ بە چی دێنین ؟ ئێ کەواتە ئەویش وەک قورعانەکەی لێدێت ، کە میللەتی کورد تا هەزار ساڵیتر تێی ناگات ! بەڵام وەکی عەوام سەری بۆ دەلەقێنێ و کوێرانە دوای دەکەوێت بەڵام موکەرەم قسەکەی بە یونس بڕی ، هەرچەندە بیری کۆمۆنیستی لەگەڵ دیندا بەراورد ناکرێت بەڵام ئەوەتانێ لە سەرانسەری جیهاندا ، دەیان میللەتی جیاواز ئازادن و پەیڕەوی هەمان بیروباوەڕی ئیسلام یان مارکسییەت دەکەن ، تەنیا کوردە قوڕ بەسەرەکە نەبێت !
    من وا هەست دەکەم کارێکی زۆر ئەستەم دەبێت ئەگەر ئێمە ئەو بیروباوەرە مارکسیەتە یان یەکێک لەو دیانانەی تر .. ئیتر ئیسلام بێت یان مەسیحییەت باش تێینەگەین و خۆماڵیی نەکەین ، یونس وای گوت ، خۆ هەندێک جار بیر لەوە دەکەمەوە کە هیچ میللەتێک بە قەدەر میللەتی کورد پێویستی بە بیروباوەڕی سۆشیالیزم نییە ، چونکە میللەتی کورد بە سروشتی چەپگەرا و بەخشندەیە ، تا بتوانین زۆرداری و چەوساندنەوە بنەبڕ بکەین ،
    میرزا کەریم بە سرنجەوە گوێی لێ گرتبوون ، لەبەر خۆیەوە گوتی ، موکەڕەم بۆ ئەوەیان من و تۆ هاوڕاین ! ئێ خۆ ئەوە لوبی مەوزوعەکەمانە ! کەواتە هەموو ڕێگەکان دەچنەوە سەربانە ! ) . ئەمە گفتوگۆی سێ کەسی خوێندەوار و ڕۆشنبیری ئەوکاتە ، کە ئەندامی حیزبی شیوعی عێڕاقی بوون ، یونس دڵداری شاعیرە ، میرزا کەریمیش ماڵەکەی کتێبخانەی بیری نوێی تیا بوو ، بنکەی ڕۆشنبیری و سیاسەت و فیکرەی چەپگەرایی بوو . یەکێک بۆ خاڵە درەوشاوەکەی ئەم ڕۆمانە ئەوەیە ، دەتوانین خوێندنەوەیەکی دروستمان دەست کەوێت نزیکەی بۆ نیو سەدەی کۆمەڵگاکەمان لە ڕووی سیاسی و ئەدەبی و وشیاری و کڵتووری و .. لە هەموو بارێکەوە . ئەگەر ئەم گفتوگۆیەی سەرەوە بخوێنینەوە و بپرسین ، کوێی ئەم گفتوگۆیە پەیوەندی بە خەباتی چینایەتی و ململانێی نێوان کێشەی کار و سەرمایە و هەوڵدان بۆ نەهێشتنی کاری کرێ گرتەیی و نەمانی چینە جیاوازەکان و هەڵوەشاندنەوەی موڵکدارێتی تایبەتی و پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی بێ چین و چەوسانەوە و یەکسان هەیە ؟! یان گۆڕینی سیستەمی وڵات لە دەرەبەگایەتیەوە بۆ سۆشیالیزم و دواتر کۆمۆنیزم یان لە سەرمایەدارییەوە بۆ کۆمۆنیزم ؟!. ئەوەی بینیمان و خوێندمانەوە بە شرو وڕی باسکردن بوو لە سۆشیالیزم بە هەستی نەتەوەیی ، یان بە هەستی ئاینپەروەری ! واتە ئەندامبوون لە حیزبێکی سۆشیالیستی بە مەبەستی ڕزگارکردنی میللەتەکەت لەژێر ستەمی میللی ! سەردەمی ئەو گفتوگۆیەی نێوان ( دڵداری شاعیر و موکەڕەم تالەبانی و میرزا کەریم ) ، کە هەرسێکیان ئەندامی حیزبی شیوعی بوون ، لەوکاتەدا ، پارتیش بە سەرۆکایەتی ( مەلا مستەفا بارزانی ) لە سلێمانی و لە هەموو کوردستان بوونی هەبووە ، ئایا جیاوازی بیرکردنەوەی ئەو کادیرە شیوعییانە لەگەڵ مامۆستا یاسین یان قادری کوڕی میرزا کەریم لە چی دابووە کە ئەو دووانە دوو کادیری ئەساسی و پێشکەوتووی پارتی بوون ؟ . یانی باسکردن لە سۆشیالیزم بە خەیاڵ و بە تامی نەتەوایەتیەوە ! بەبڕوای من ئەوە تەنها کێشەی کادیرەکانی خوارەوە نەبووە بەڵکو خودی سەرکردایەتی ئەو حیزبە هەمان ئەو کێشەیەی هەبووە ، بڕۆننێ لە شوێنێک هەر لەنێو ئەو ڕۆمانە و هەر ئەو حیزبی شیوعییە لە ساڵی ١٩٤٨ لەدوای شکستی عەرەب دژ بە ئیسرائیل ، ئیتر جووەکان برای شیوعییەکانن ، لەنێو ئیسلامییەکان و نەتەوە پەرستەکان بڵاوکرایەوە و ( ئیتر حیزبی شیوعی عێڕاقی ناوشیار بوو یان باشترە بڵێین لە لاوازی و نەزانینیاندا خۆیان بوو لە ناوهێنانی سەرکردە جووەکانی وەک یەهودا سدیق و ساسۆن دەلال و شائۆل تەویق و یاقووب کۆهین و هەروەها فێردا واقۆ بپارێزن ! ) لە کۆبوونەوەیەکی نهێنی سەرکردایەتی حیزبی شیوعی لەماڵی یەهودا سدیق ، لە دەمی عەرەبەکان ئەوە دەبیسترا ، ( دەبێت ئێمە زمان و نووسین و گوتاری حیزبی شیوعی تەواو لە زایۆنیزمی جوو پاکبکەینەوە ، ! ) لەوێدا ساسۆن دەلال وەڵامیان دەداتەوە و دەڵێت ( ئێمە بۆ ئەوە ئەم پارتەمان هەڵبژاردووە و هەموومان چاڵاکانە کاری لە پێناودا دەکەین ، کە پەیوەندی بە ئایدیا و ڕووداوەکانی ئێستای عێڕاق و جیهانەوە هەیە ، تەشەنەکردنی زوڵم و زۆر و کێشەی چینایەتی و دژە سامی ، نەهێشتنی جیاکاری ئایینی و نەژادی و کۆمەڵایەتی و ئێمەی جوو بە شوێن ئەو ئایدیا گشتگیرەوەین ! ) ، ئەم کادیرە تا ئاستێکی باش لە سۆشیالیزم و شۆڕشی چینایەتی گەیشت بوو . بەڵام هەر ئەو ڕۆژە و لەو کۆبوونەوەیە بە یەکگرتنی سەرکردە کوردەکان و عەرەبەکان ، سەرکردە جووەکان پەراوێز دەخرێن و نەک هەرئەوەندە دواتر بەیاننامەیەک دەردەکەن و دەڵێن ، ( ئەندامە جووەکان خیانەتیان لە حیزبی شیوعی کرد بوو ، ساسۆن دەلال لە کۆتایی دەڵێت ( ئێوە هیچ لە بیری سۆشیالیزم نەگەیشتوون ، چونکە ئێوەی عەرەب سۆشیالیزم وەک ئایدیۆلۆژییەک بۆ خزمەتی پرسی نەتەوایەتی عەرەبی خۆتان بەکاری دەهێنن ، بەداخەوە کوردەکانیش کوێرانە دواتان کەوتوون !! ) ، یان لە شوێنێکیتر یاقووب کۆهین دەڵێت ،( هاوڕێیان بەو جۆرە سۆشیالیزم لە عێڕاق هیچ پاشە ڕۆژێکی نابێت ! ) ، دواجار سەرکردە جووەکان راستییان کرد و خوێندنەوە و پێشبینیەکانیان هاتەدی ، یەکێک لەو سەرکردە جووانەی دوورخرایەوە یان پەراوێز خران ناوی ( فێردا واقۆ ) بوو ، کە کچی یاقۆ یەهودای ملیۆنێر بوو ، کە لەگەڵ هاوڕێ فەهد یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی حیزبی شیوعی عێراقی ، فەرداش لەگەڵ فەهد هاوڕێ و دڵخوازی یەکتری بوون ، فەهد لە بەندیخانە بە یەعقووب دەڵێت ( من لە ڕێگەی هاوڕێ فێردا یاقۆ یەهوداوە سۆشیالیزمم ناسی ؟ ئەم کارەی سەرکردایەتی حیزبی شیوعی بە دژی سەرکردە جووەکان شتێک نەبوو جگە لە سازشێک بۆ دەسەڵات و ڕژێمی پاشایەتی ئەوکات ، ویستی بەمە خۆی لە زوڵم و دژایەتی دەسەڵات بپارێزێ و دوای شکستەکانی دووبارە خۆی ڕێک بخاتەوە ، لەوەش خراتر سەرکردە جووەکانی هەمووی بەگرتن دابوون ! ئێ ئەمە حاڵ و ئەحواڵی سەرکردایەتی حیزبێکی بەناو شیوعی بێت ، ئەی دەبێت وەزعی کادیر و ئەندامەکانی خوارەوە چۆن بن ؟ بەبروای من کێشەکان لە چەند خاڵێک دەبینم ، کۆمەڵگەی کوردەواری چ ئەوکات و چ ئیستاش بە تایبەت ، چینی کرێکار و زەحمەت کیش بچووکترین وشیاری چینایەتیان نییە ، زێتر لەژێر کاریگەری تۆخی ئایین و خۆشباوەڕن بە ئەحزابی ناسیۆنالیستی ، وەک پێویست لە خەباتی چینایەتی شۆڕشی کۆمۆنیستی نەگەیشتوون ، کرێکاران و زەحمەتکێشان نەیان توانیوە لەڕێگەی داواکاریەکان و ناڕەزایەتییەکان لە دەوری حیزب و مافە ڕەواکانی خۆیان کۆببنەوە ، نەک تەنها چینی کرێکار و زەحمەتکێش بەڵکو ، تەواوی کۆمەڵگە بە هەموو چین و توێژەکانەوە تا ئێستا وەک پێویست ( مارکس ) یان نەخوێندۆتەوە ، مارکسیزم وەک ئایدیۆلۆژییەکی ڕووت مامەڵەی لەگەڵ کراوە ، لە بەرامبەر چەمکەکانی نەتەوە ئایین ڕۆشن نین . حیزبە شیوعی و چەپ و سۆشیالیستەکانیش بە تایبەت ، کادیرە سەرەکیەکانیان ، لەناو جەرگەی ناڕەزایەتییەکانی چینی کرێکاران و زەحمەتکێشان نەهاتوونەتە دەرەوە ، واتە بە مانای وشە ڕابەری کراێکاران و زەحمەتکێشان نین . واتە تەنها بەدوای قەلەباڵەغی کەوتوون ، حیزبی شیوعی عێراق بەدوای هەراو زەنای شۆڕشی ئۆکتۆبەر و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێڕاقیش بەدوای هاتوهاوارەکانی حیزبی کۆمۆنیستی کەرگەرانی ئێران و مەنسوور حیکمەت کەوتبوون ، هەر بۆیە قسە و پێشهاتەکانی ساسۆن دەلال و یاقووب کۆهین هاتەدی و کە ئەوان نە لە سۆشیالیزم گەیشتبوون وە نە حیزبی سۆشیالیستیش ئایندە و پاشەڕۆژێکی هەبوو ، لە کۆتایی ئەم بەشە دەمەوێت زۆر بە کورتی ئەوە بڵێم ، شۆڕشی سۆشیالیستی و چینایەتی ، هەوڵدانێکە بۆ نەمانی کاری کرێگرتەیی و موڵکدارێتی تایبەتی لەرێگەی بەسەرکەوتن گەیشتنی شۆڕشی سۆشیالیستی و ڕووخاندنی سیستەمی دەرەباگایەتی یان سەرمایەداری و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سوشیالیستی ، وەک ئەوەی لە ساڵی ١٩١٧ بە ڕابەرایەتی شۆڕشی ئۆکتۆبەر و لینین و هاوڕێکانی لە رووسیا ڕوویدا . بەڵام ئەم شۆڕشە سۆشیالیستییە دەبێت دواتر کارەکانی تەواو بکات و بەرەو کۆمۆنیزم بچێت ، واتە کیشەی زەوی و زار و کێشەی و کاروسەرمایە و کێشە ئایینی و نەتەوایەتییەکان و هەموو کێشەکان چارەسەر بکات ، کە گرنگترینیان نەمانی موڵکدارێتی تایبەتییە و گۆڕانی بۆ موڵکدارێتی گشتی ، چونکە دواجار هەروەک لینین لە کتێبی ( دەوڵەت ) دا دەڵێت ، مەفهومی دەوڵەت بەمانای دەسەڵاتی چینێک بەسەر چینێکی ترەوە ، بە دەوڵەتی سوشیالیستیشەوە بۆیە ، دەوڵەتی سوشیالیستیش دەبێت بەرەو کۆمۆنیزم هەنگاو بنێت و وەڵام بە هەموو کێشەکان بداتەوە . بگات بە قۆناغێک کە تیایدا ، چینەکان و جیاوازییەکان نەمابن ، چەوساندنەوە بە هەموو شێوازەکانیەوە بنەبڕ کرابێت ، گۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان بەرقەرار کرابێ ، کۆمەڵگە لەژێر سایەی سیستەمێکی مرۆیی بە دروشمی ( بە پێی توانا کار بکە بە پێی پێویست وەربگرە ! ) بەڕێوە بچێت . بەم شێوەیە و لەم قۆناغەدا ، سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم و دونیایەکی باشتر مانا پەیدا دەکەن ! .

    _ عەشق و تراژیدیایەکی خەمناک
    لەنێو ڕۆمانی ( خانەقای میرزا ) ، بەسەرهات و چیڕۆکی عەشقێک دەخوێنیتەوە کە ، بێئەندازە پانتایی جوانی نێو ڕۆمانەکەی بەرین و فراوانتر کردووە ، چیڕۆکی عەشقێکی پاک و بێگەرد لەنێوان دوو کەسی جوان و پڕاوپڕ لە مرۆڤدۆستی و ڕۆحێکی لێوانلێو لە بەرائەت ، ئەو دوو کەسەکەش ، یەکێکیان شاعیرێکی نوێخواز و ئەویتریش شۆخ و شەنگترین کچی گەرەک واتە ، جەلالی میرزا کەریم و بەهاری کچی غالیب عەربەت . عەشقەکە وەک ئەوەی بە زمانی فرمێسک نووسرابێتەوە ئاکامێکی مەرگاوی و پڕ لە حەسرەت و ژانی هەیە ، هەروەکو لە پێشدا گوتم دەکرێت ئەم ڕۆمانەی میران ئەبراهام چ وەک کتێبێکی یادەوەری یان کتێبێکی مێژوویی یان وەک ڕۆمانێک سەیری بکەین ، بە بڕوای من ئەگەر تەنها ئەم چیڕۆکی عەشقە بە شێوەیەکی درێژتر بنووسرابا من پێموایە نووسەر لە کارەکەی بەهەمانشێوە هەر سەرکەوتوو دەبوو ، هەرچەندە لایەنی یادەوەری و مێژوویەکەش چ وەک شێوازوو تەکنیکێکی جودا گرینگ و تایبەتمەندی خۆی هەیە و نووسەر بەم کارەی داهێنانێکی گەورەی پێشکەش کردووین . سەرەتای عەشقەکە لێرەوە دەست پێدەکات .. جەلالی میرزا بەدوای دایکی دەڕوات بۆ قوتابخانەی زەهرای کچان ، دایکی دەیەوێت ڕووناکی خوشکی لەو قوتابخانەیە ناونووس بکات ، لەوێدا جەلال پێویستی بە ئاودەست دەبێت ، مامۆستا تا شوێنی ئاودەستەکە دەیبات ، بەڵام لە بەدبەختی خۆی بەنەخوێن واتە دۆخینی شەرواڵەکەی بۆ ناکرێتەوە ،، دواتر کە سەربەرز دەکاتەوە کچێکی شۆخی باڵابەرز لەوێدا ئامادەبێت و جەلال لەودەمە هەست بە تەڕێتی شەرواڵەکەیی و ناوڕانی دەکات ، کچەکە یارمەتی دەدات بە ددانی بەنەخوێنەکەی بۆ دەکاتەوە ، کاتێک دەچێتە سەر ئاودەستەکە تاڕایی تیا نەمابوو ، کە هاتە دەرەوە کچەکە پێی گوت ، ( گوێ مەدێ خێرا بڕۆ بۆ ماڵەوە ، ئەوە نهێنی نێوان خۆم و خۆت دەبێت ! ، ) ، لەوکاتەیە کچێک بانگی کچە شۆخەکە دەکات و دەڵیت ( بەهار ، بەهار ) ، جەلال لەوەوە دەزانێت ئەو کچەی یارمەتیدا ناوی بەهار بوو ، ماوەک دوای ئەوکاتە ، لە نەورۆزی ئەو ساڵەدا واتە ساڵی ١٩٤٦ ، جەلال و مالیکی ئامۆزای لەسەر داوای میرزا کەریمی باوکی لەگەڵ غەفوور و عەزیزی برایی و چەند هاوڕییەکیان لەوانە کاکەی فەلاح ، بڕۆن بۆ باخەکەی فەرەج بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگی نەورۆز . لەوێدا چەند کچۆڵەیەک یاپراخ بەسەر ئامادەبووان دابەش دەکەن ، لەنێویاندا یەکێکیان بەهار دەبێت ، کاتێک جەلال یەکدوو یاپراخ هەڵدەگرێت بە نیگایەکی تایبەت و سەیرەوە لە یەکتری دەڕوانن ، بەهار لە جەلال نزیک دەبێتەوە و بە چرپەوە پێی دەڵێت ، ( من و تۆ نهێنییەک لە نێوانماندا هەیە ! ) ، ئیدی لێرەوە سەرەتای عەشقێکی گەورە و ئەفسانەیی دەست پێدەکات . هەرچەندە بەهار دوو سێ ساڵێک لە جەلال گەورەتر دەبێت بەڵام ، بەشێوەیەک هۆگر و عاشقی یەکتری دەبن کە ئامادەی هەموو قوربانییەکن لە پێناوی یەکتریدا ، دووساڵێک دوای ئەمە کاتێک لە بەغدا جەلالی میرزا کەریم کامیرایەک بۆ جەلال دەکڕێت ، جەلالیش کە دەگەڕێتەوە یەکەمین وێنە ، وێنەی بەهاری دوڵبەری دەچرکێنێ ،، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ عەشقەکەیان پەرە دەسەنێت ، کاتێک نامەی غەفووری برایی و و بڵاوکراوەی حیزبی شیوعی بۆ ماڵانی گەرەک دەبات ، جەلال هەمیش یەکەمین ماڵ بۆ ماڵی بەهاری دەبات ، جارێکیان بەهار بۆ یەکەمینجار لەناو پەڕۆکێک حەوت دەنکە نوقڵی ڕەنگاوڕەنگی پێچاوەتەوە بە دیاری دەیدات بە جەلال ، چونکە دەزانێت جەلال زۆر حەزی لەو نوقڵانەیە ، ئیدی عەشقەکەیان بە ئەندازەیەک پەرە دەسەنێ و کاریگەری لەسەر جەلال دادەنێ تا ئەو ئەندازەیەی وردە وردە مەیلی بۆ خواردن کەمتر دەبێت و کێشی بەرەو دابەزین دەچێت . کاتێک جەلال لە تەمەنی حەڤدە ساڵیدا یەکەمین شیعری بۆ گۆڤاری گەڵاوێژی ئەوکات دەنێرێت ، دوای ئەوە لای بەهار باسی دەکات ، بەهاریش بەڵێنی ئەوەی پێدەدات گەر بڵاوبێتەوە ماچێک قەرزاری دەبێت ، جەلالیش لەخۆشی ئەوەدا زۆرترین شیعر بۆ ڕۆژنامە و گۆڤارەکان دەنێرێت . عەشقەکەی بەهار هێندە گەورە و کاریگەری بەسەر جەلالەوە هەیە بۆیە لەپاڵ هەستە نەتەوەیی و چینایەتیەکان ، خۆشەویستی بۆ بەهار دەبێتە یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکان بۆ نووسینی شیعرەکانی ، ئیدی عەشقەکەیان بە ئەندازەیەک پەرە دەسەنێت گەنج و لاوانی گەڕەک هەموو بە عەشقی جەلال و بەهار دەزانن . جارێک کەمالی حازم بەگ لەگەڵ کەسێک بە ناوی فەریدە ڕەش ، ڕێگە بە جەلال دەگرێت و پێی دەڵێت ( واز لە بەهاری غالب عەربەت بێنە ، بۆ خوا پێت دەڵێم تەنیا ئەوەندە و بەس ! ) ، هەر لەبەر ئەم عەشق کەمالی حازم بەگ ، جەلال و غەفووری برای بە گرتن دەدات و یەکسەر بۆ بەغدا دەیان گواستنەوە ، دوای بەربوونیاین جەلال بەهار دەبینێت ، بەڵام بەهار جیاوازە تەنانەت ناوێرێ ماچی بکات ، لێوەکانی دەلەرزن ، ئەوەی بۆ باس دەکات کە ، کەمالی حازم بەگ ئەوە بۆ چوار جارە دەنێرێ بۆ داخوازی و دەڵێ ( وابزانم ئەوجارەیان هەرەشەیان لە باوکم کردووە ! ) ، جەلال کە ئەمە دەزانێت زۆر دەڵتەنگ و پەرێشان دەبێت . داوا لە باوکی دەکات بڕۆن بۆ داخوازی بەهاری غالب عەربەت کە دڵخوازی یەکترین . میرزا کەریم ڕازی دەبێ و لەگەڵ مستەفای برای واتە مامی جەلال و جەلال خۆی دەڕۆن بۆ داخوازی بەهار . بەهار باوکی لەماڵ نابێت بەڵام ، بەجلێکی نیمچە ڕووت دێتەلایان ، جەلال و مامی و باوکی سەریان سووڕ دەمێنێ ، شێوازی قسەکردنیشی گۆڕیبوو ، ئەوانیش هەڵدەستن و ماڵی بەهار جێدەهێڵن ، لە ڕێگادا ، باوک و مستەفای مامی پێی دەڵێن ( ئەگەر ئەو کچە ببێتە خێزانت ئێمە کەسوکارت نین ! ) ، جەلال لەم خۆنواندن و ئەو کارەی بەهار سەری سووڕما بەڵام ، خوێنەر لە کۆتایی ئەوەی بۆ ڕوون دەبێتەوە کە بەهار بۆیە ئەوکارەی کرد تا لەوکاتەدا گیانی ( جەلال و باوکی ) بپارێزێت چونکە لەلایەن کەمالی حازم بەگەوە هەڕەشەیان لێکرا بوو !. جەلالی میرزا کەریم وەک غەفووری برای هێندە دلسۆز و خەمخۆری بیروباوەڕ و هاونیشتیمانیان بوو ، بۆیە هەمیشە سجن ماڵی دووەمیان بوو ، لە ساڵی ١٩٦٣ جەلال لە سجنەوە نامەیەک بۆ مامۆستا یاسینی هاورێی دەنیرێت تا بیگەیەنێتە دەستی بەهار ، بەڵام مامۆستا یاسین لەوکاتەدا چاوی بڕیوەتە بەهار و لەلایەن خۆیەوە وەک زۆربەی کوڕانی گەڕەک خۆشی دەوێت ، هێندە سەرسام دەبێ بە نامەکە نایدات بە بەهار ، نامەکە وەک خۆی دەنووسیتەوە و ناوی خۆی لە ژێرەوە دەنووسێت ، بە هاوڕێکانی دەڵێ کە خۆی ئەو نامەیەی نووسیوە و بۆیان دەخوێنێتەوە ، بە تایبەت زۆر بەم چەند دێرە سەرسام بوو کە لە نامەکەدا دەڵێت ، ( ئەگەر ئەمجارە بێمەوە ، ژوورێکت لە شار ، لە دڵمدا بۆ چراخان دەکەم شەو و ڕۆژ ڕووناک بێت بەهار ، تا پێکەوە پیرو خەڕۆ ئەبین ، شیعرت بۆ ئەهۆنمەوە .. ) ، مامۆستا یاسین حەزی دەکرد خۆی ئەم چەند دێرە بۆ بەهار بخوینێتەوە ، بەڵام لە هەوڵەکانی سەرکەوتوو نابێت ، چونکە بەهار تەنها دڵی بە جەلالی میرزا کەریمەوەیە ، مامۆستا یاسین جارێک دەچێتە ماڵی بەهار دەفتەرە شیعرەکەی جەلال وەک ئەمانەتێک لایەتی و دەیگەیەنێتە دەستی بەهار ، بەر لە ڕۆیشتن ئەوەشی پێ دەڵێت کە جەلال نامەیەکی بۆ نووسیوە دەڵی ، بمبوورە کە بەدەستم نەگەیاندووی ، بەهاریش قسەکەی پێ دەبڕێت و دەڵێت ( هەموو شتێک دەزانم ، تۆ خۆت سەغلەت مەکە و ئاگات لە دڵی خۆت بێت ، هاوڕێکانت و دەیان کوڕی ئەو شارە هاوشێوەی ئەو نامەیان فڕێدابووە حەوشەکەمان ، هەموو نامەکان لەیەک ئەچوون ، زانیم ، چونکە پێشتر ئەو قسانەم لە جەلال بیستبوو ! ) . هەر لە پایزی ئەو ساڵە جەلال لە بەندیخانە ڕزگاری دەبێت و دەگاتەوە سلێمانی ، بەڵام چی دوو هەواڵی تراژیدی و ئێجگار خەمناک دەبیستێت ،، یەکەم مردنی حەلاوەخانی دایکی بوو ، دووەم خۆ سووتاندنی بەهار دەبێت . کە ڕۆژی مەنعەتە جەولەکە بەهار و حەلیمەی دایکی خۆیان دەسووتێنن ، دراوسێکان بەر لە خۆسووتانی بەهار و دایکی گوێیان لە دەنگی چەند پیاوێک دەبێت لە ماڵەکەیان ، هەرچەندە بەهار بە سووتاوی خۆی لە پەنجەرەوە ڕزگار دەکات و بە ژێرکراسەکەیەوە و ئەویش بەسەر جەستەیدا تواوەتەوە ، ماوەیەک لە نەخۆشخانەش دەمێنێتەوە و لەو کاتەدا جەلال سەردانی نەخۆشخانەش دەکات بەڵام ، بە شێوەیەک شێواوە کە ناناسریتەوە ، دکتۆرەکانیش لە مانەوەی لەنێو ژیان نائومێد دەبن ،، ئەو کارەساتە ژیان لەبەرچاوی جەلال تاریک دەکات و ناتوانێ لە سلێمانی درێژە بە ژیانی بدات و ئیتر ئەو شارە جێدەهێڵی و ڕوو دەکاتە بەغدا و چەند ساڵێک لەوێ دەژی . لە بەغدا خەریکی نووسینی شیعر و کاری میدیایی دەبێت ، بەڵام لەوێش وەک کەسایەتیەکی شیوعی لە هەڕەشە و چاودێری کردنی پۆلیس بێبەش نابێت ، تا دواجار لە ترسی گیران بەغداش جێدەهێڵێ و دەگەڕێتەوە سلێمانی ، لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول ڕوودەکاتە شاخ و لەوێش وەک پێشمەرگەیەک و شاعیرێک و میدیاکارێک کاری خۆی دەکات ، دوای کۆتایی هاتنی شۆڕش ڕوودەکاتە هەندەران و لە ئەمریکا دەگیرسێتەوە . لە ئەمریکاش هەر خەریکی کاری نووسین و لەگەڵ بەهار و یادەوەرییەکانی دەژیت . شەوێک دەچیتە باڕیک و بەدەم خواردنەوەی وێسکی سەری گەرەم دادێ و چاو بە چواردەوریدا دەگێڕێ لەلای ڕاستییەوە کچێکی قژڕەشی پێست سپی دانیشتبوو ، جەلال بە سرنجەوە لێی دەروانی ، دواتر هەر بەدەم هەڵدانی پێکەکانی دەفتەرە بچووکەکەی گیرفانی دەردێنێ و بەیادی بەهار و ڕۆژانی ڕابردوو دەستدەکات بە نووسینی پەخشانە شیعرێک کە بەو شێوەیە دەست پێدەکات ، ( ئەمشەو دڵم نوقمی ئاخ و حەسرەتی لافاوێکە و نانیشێتەوە ، ئاودامانم شۆڕکراوەی تەنوورێکە و ناکوژێتەوە … لە کۆتاییش دەڵێت ، ئیتر هیواکانم دەبنە پۆلە مەل و بە ئاسمانی کوردستانی پڕ ئاشتیا بالدەگرن و هەر هەڵدەفڕن ،، هەڵدەفڕن و هەڵدەفڕن ! ) . دواتر دواقومی ویسکییەکەی هەڵدەدات و دووبارە لە کچەکە دەڕوانێتەوە ، کچەکە تەمەنی بیست ساڵێک دەبێت و لە بەرچاویدا ببوو بە بەهار ،، ئەوەی هاتە بەر گوێ کە هەموو جارێک لێی دەپرسی جەلال گیان چیت نووسیوە ؟ هەستاوە سەرپێ پاکەتە جگەرەکەی هەڵگرت و چوو لە شانی کچەکە وەستا و داوای لێکرد کە دەتوانێ لەلایەوە دابنیشێت ، کچەکەش گوتی فەرموو ، خۆیان بەیەکتری ناساند کچەکە گوتی من ( سپرینگ ) ! ئەی خودایە ئەوە چی دەبیستێت ، هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا و لە دڵی خۆیدا گوتی ئەوە بەڕێکەوت نییە ، ئێ سپرینگ یانی بەهار ! ژنەکە هەست بە باری دەروونی و شپرزەیی جەلال دەکات ، لێی دەپرسێت ئەوە چیتە ، ئەویش دەڵێ ( ناوەکەت سەرنجڕاکیشە ! ) ، ئیتر دوای دەستخستنە نێو دەستی یەک هەردووکیان خۆشحاڵ دەبن و دواتر بەیەکەوە دەخۆنەوە و قسەدەکەن ، لێرەدا نووسەر زۆر وریایانە وەک چەند شوێنی تر بەریەککەوتنی زۆر نایاب و سەرسوڕهێنەری پڕ چێژی داهێناوە کە جوانکاری زێتری بە دیمەنەکان بەخشیوە ، زێتر لە سێ پێکیان خواردەوە ،، دوای هەندێک بێدەنگی دواتر کچەکە باسی ئەوەی کرد کە بەنیازی سەفەر و گەشتە بۆ چەند وڵاتێک دواتر گوتی بە نیازم بڕۆم بۆ بەغدا ، بەڵام جەلال گوتی ئێستا لە عێراق جەنگە و باشترە نەڕۆیت ، پرسیاری زێتر لە یەکتری دەکەن و کات درەنگ دادێ ، کچەکە بەرلەوەی بڕوات ژمارە تەلەفۆنی خۆی بۆ جەلال دەنووسێت و ڕوومەتی جەلال ماچ دەکات و باوەشی پیا دەکات و دەڕوات ، جەلالیش هیچ ناکات و تەنها لە دواوە سەیری دەکات و پاشان ئەویش دەرواتە دەرەوە ، لە ژێر ڕووناکی گلۆپەکان سەیری کلووە بەفرەکان دەکات ، لەناکاو لە پشتییەوە گوێی لە دەنگی ئوتومبێلێک دەبێت فریای ئاوڕدانەوەش ناکەوێت و دەکەوێتە ژێر ئوتومبێلەکە و بەسەر پشتیدا تێدەپەڕێت ، لەوکاتەدا گوێی لە تێکشکانی ئێسقانەکانی لەشی خۆی دەبێت ، لە هۆشخۆی دەچێت و دواتر لە نەخۆشخانە خۆی دەبینێتەوە ، دواتر بۆی دەردەکەوێت شوفێرەکە سپرینگ ئەو کچەی ئەو شەوە بوو بە هاوڕێی ، ئیتر لێرە بەدوات جەلال دەبێت بە کەسێکی تێکشکاو و نێوە مرۆڤ ،، ئەم شکانی پەراسووەکانی و ئازارەکانی پشتی تا کۆتایی ژیان بە دەستییە دەناڵێنێ و لە زۆر شت مەحروم و بێبەری دەکات ، یەکێک لەوانە کە ناتوانێ جارێکیتر کاری سەرجێیی بکات ، دوای تێپەڕبوونی چەند ساڵێک و مانەوە لە غەریبی و دوای ڕوودانی ئەم کارەساتە ، بە ناچاری بۆ ڕزگاربوون لە دەست ئەم ئازار و تەنیاییە دەیەوێت داخوازی کەسێک بکات بە ناوی ( ڕووناکی کچی جەمال بەختیار ) ، کە هەم کچەکە و هەم باوکی بە خۆشحاڵییەوە ڕازین بەڵام ، جەلال لەبەر ئەو هۆکاری وەزعی جەستەی بێدەنگی لێدەکات و دواتر کچەکەش لە جەلال نائومێد دەبێت هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکیتر دەکات ، ئیتر جەلال لەگەڵ نووسینی شیعر و یادەوەریەکانی و عەشقە غەمگینەکەی لە غوربەت و دونیای تەنیایی ژیان بەسەر دەبات ، بەدەم خواردنەوە زۆرجاران بیر دەکاتەوە و دەکەوێتە نێو دونیای خەیاڵ ، زۆرجار لە خۆی دەپرسی ،، ( ئەگەر زوڵمیان لە بەهار نەکردایە و ئەوا مام زامن بۆ تاهەتایە ماڵئاوایی نەدەکرد و جلەوی ژیان ویژدانی مرۆڤەکان لەو شارەدا ڕەنگی سروشتی خۆیان دەنواند ، منیش بەوجۆرە لە ژیان نائومێد نەدەبووم و وڵاتم بە جێنەدەهێشت ! ) . چ کارەساتێکە ، شاعیرێکی داهێنەر و نوێخواز بەو هەستە ناسک و شاعیرانەی خۆیەوە تا کۆتایی ژیانی لەنێو ژیانی ڕەبەنی و تەنیاییدا بمێنێتەوە ، بە ئاهی عەشێکی ناموراد و خەمناک سەربنێتەوە . عەشقێک لەنێو کوورەی کارەساتەکان سەری هەڵدابی و بە توونێلی ئازارەکان ڕەتبوو بێ و لەدواجاریش بە پانتاییە ڕەشەکانی تراژیدیترین خاڵ گەیشتبێ .

    _ جەلالی میرزا کەریم و گرووپی ڕوانگە و وتوێژێک لەگەڵ شێرکۆ بێکەس
    لەم بەشەدا دەمانەوێت باسی سەرهەڵدانی گرووپی ڕوانگە بکەین ، هاوکات ڕۆل و کاریگەری جەلالی میرزا کەریم ، وەک کەسێکی سەرەکی و دامەزرێنەری ئەم ڕەوتە نوێیەی ئەدەب ، لە ساڵی ١٩٧٠ لەگەڵ چەند هاوڕییەکی لەوانە ( حسێن عارف ، شێرکۆ بێکەس ، کاکە مەم بۆتانی ، جەمال شارباژێری … ) گرووپی ڕوانگە وەک ڕەوتێکی نوێی ئەدەبی و شیعری ڕادەگەیەنن، تەنانەت بایاننامەی ڕوانگەش جەلالی میرزا کەریم خۆی دەینووسێت ، وە دوای ڕاگەیاندنی ڕوانگە گۆڤارێک بە ناوی ڕوانگە سێ ژمارەی لێدەردەکەن بۆ قەڵەمە نوێخوازەکان ، هەرخۆی سەرپەرشتی دەکات و سەرنووسەری دەبێت . بەڵام ئەوەی مێژوو و نووسەران و شاعیران باسی دەکەن ، زێتر شێرکۆ بێکەس وەک خاوەندارێتی ڕوانگە و کەسی سەرەکی ئەم گرووپە دەرکەوتووە ، مەبەستمە ئەوە بڵێم کاتێک ناوی ڕوانگە دەهێندرێ یەکسەر وێنەی شێرکۆ بێکەس دیت بە خەیاڵ و بیرکردنەوەی کەسەکان ، لە چەندین دیمانەش شێرکۆ بێکەس کە باسی ڕوانگەی کردووە بەم شێوە سەرەکی و داینەمۆییە باسی ڕۆلی جەلالی میرزا کەریمی نەکردووە ، ڕاستە ڕاناوی ئێمەی بەکارهێناوە بەڵام ، وەک پێویست ناوی جەلالی میرزا کەریم نەهاتووە وەک یەکێک لە خاوەندارێتیە سەرەکیەکانی گرووپی ڕوانگە . جەلالی میرزا کەریم هەم تەمەنی لە شێرکۆ گەورەترە هەم ئەزموونێکی زێتری هەبوو ، لەو سەردەمانە شێرکۆ شیعری خۆی پێشانی جەلالی میرزا کەریم داوە کە ڕەئی ئەوی بۆ گرینگ بووە ، کە ئەمەش شتێکی زۆر ئاساییە لە نێوان شاعیرەکان . جەلالی میرزا کەریم هەر لەسەرەتای شیعر نووسینیەوە خەونێکی گەورەی هەبووە بۆ داهێنان . کەسێکی بزیو و چاڵاک بووە . لە ساڵی ١٩٥٨ کاتێک دوور دەخرینەوە بۆ بەسرە لەوێندەرێ لە ڕیگەی خوێندنەوەی شیعر و کتێبەکانی ، بەدر شاکر سەیاب و نازیکە مەلائیکە و عەبدولوەهاب بەیاتی ، ئاسۆ و بیرکردنەوەی بۆ شیعر و نوێگەری فراوانتر دەبێت و دواتریش هەریەک لەو سێ شاعیرە نوێخوازە عێڕاقییە هەر یەکەو لە شوێن و کاتی جیاواز دەبینێت و دەبێت بە برادەریان ، بەتایبەت دیدارەکەی لەگەڵ بەدر شاکر سەیاب دا ، کە بەیەکەوە گفتوگۆ لەبارەی نوێخوازی و بەتایبەت ڕەخنە لە حیزبی شیوعی و واتە دەوری نێگەتیڤی ئایدیۆلۆژیا و حیزب بەسەر ئەدەب و شیعر تایبەتتریش قسەکردن لەبارەی شاعیر و ئازادی شیعر نووسین ، ئەم رەخنە و قسەوباسانە سەرنجی جەلالی میرزا کەریم ڕادەکیشن ، ئەوەش دەبێتە ( هەوێنی بیری بزووتنەوەی ئەدەبیی ڕوانگە ) . ئیدی لێرە بەدوا بیر لە بزووتنەوەیەکی نوێی ئەدەبی دەکاتەوە بە ستایل و زمان و ئاسۆیەکی نوێوە ،، بۆ ئەم مەبەستە لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت ، لەگەڵ زۆرێک ئەدیب و نووسەرەکان وتوێژ دەکات و دانیشتن و کۆبوونەوە ڕێک دەخات ، بۆ نموونە جارێک تایبەت دەچێت بۆ هەولێر هەروەک لەنێو یادەوەریەکانی هاتووە و دەڵێت ( مەبەستی چوونم بۆ هەولێر ، بێجگە لە میوانداری هاوڕیکانم بە تایبەت جەمیل رەنجبەر ، گۆڕینەوەی بیرورا بوو دەربارەی ڕوانگە ، کە تاوەکوو ئەو ڕۆژانە تەنیا خەیاڵ بوو ) ، یان لە شوێنێکی تر لەنێو ڕۆمانەکەدا جەلالی میرزا کەریم دەڵێت ( ئەو شەوە من و شوکر مستەفا عەبدوڵا و جەمیل ڕۆژبەیانی میوانی عەلائەدین سەجادی بووین ، باسی دامەزراندنی کۆڕی زانیاری کوردیان بۆ کردم ، داوایان لێکردم لەگەڵیاندا بەشدار بم و تەنانەت ببم بە ئەندامیش . منیش باسی بزووتنەوەی ڕوانگەم بۆ کردن ، عەلائەدین سەجادی گوتی ، ئەگەر ئەوە سەربگرێت ، خەونی هەموومان دێتە دی ! ) . ئیدی لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت ، بەردەوام لە هەوڵدان دابووە بۆ بزووتنەوەیەک یان گرووپێکی نوێگەر دواتر هەوڵەکان سەردەگرن و گرووپەکە ڕادەگەینن . جەلالی میرزا کەریم ئەو کاتەی لە ئەمریکا دەژی بەر لە گەڕانەوەی بۆ کوردستان بە چەند ساڵێک ، چوارشەمەیەکی وەرزی هاوین تەلەفۆنێکی بۆ دێت لەلایەن ( جەمال بەختیار )ەوە پێی دەڵیت ، شێرکۆ بێکەس دێت بۆ ئەمریکا و برادەران پێیان خۆشە تۆش ئامادە بیت ، ئەویش ڕەزامەندی پێشان دەدات بۆ ئامادەبوون لەو ڕۆژەدا ، ئەو ڕۆژە لە شارەکەی خۆیان بلیتی فڕۆکەی بڕی بۆ واشنتۆن ،، ڕێگاکە بە فڕۆکە پێنج کاتژمێر بوو ، لە کتێبخانەی فڕۆکەخانە کتێبێکی ( ئێنگریت یۆنگەر ) ژنە شاعیرێکی ئەفریقای باشوور دەکڕێت ، وەک خۆی دەڵیت کە لە بەغدا تەنها ناوبانگی ئەو شاعیرەی بیستبوو ، هەر لە هۆڵی چاوەڕوانی ، ژیاننامەی ئێنگرێت دەخوێنێتەوە ، کە دەگاتە ناو فڕۆکەش دەست دەکات بەخوێندنەوەی کتێبەکە ، یەکەم شیعر بەوە دەست پێدەکات بەناوی ( ئەو منداڵەی سەربازێک لە نیانگا کوشتی ) شیعرێکی سەرنجڕاکێش و نایاب دەبێت ، هێندە کاریگەر دەبێت هەر ئەوکات دەیکات بەکوردی ، دواتر خەیاڵ دەیباتەوە و بیرۆکەی شیعرێکی بۆ دێت و هەر لەتەنیشت شیعرەکەی ئینگرێت یونگەرەوە دەنووسێت ..
    ئەو منداڵەی لە گەرمیان سەربازەکان کوشتیان
    ئەو منداڵە نەمردووە
    ئەو منداڵە مستی بۆ دایکی هەڵبڕیوە
    کوردستان هاوار دەکات ، بۆن هاوار دەکات
    بۆ ئازادی دەر و دەشت
    لە دڵی گەمارۆدراوی شارەکاندا
    ئەو منداڵە بووەتە سێبەری سەربازەکان
    پاسەوانە بە چەک و زریپۆش و دارەوە
    لە هەموو کۆبوونەوەیەکی یاساداناندا ئامادەیە
    لە پەنجەرەی ماڵەکانەوە لە دڵی دایکی ئەڕوانێت
    ویستی لەژێر خۆردا یاری بکات لە گەرمیان لە هەموو شوێنێک
    ئەو منداڵە گەورە بووە و بە هەموو کوردستاندا ئەگەڕیت
    ئەو منداڵە بووەتە خێوێک و تەواوی جیهان دەگەڕێت .
    ئیتر دوای ئەوە دەکەوێتە نێو خەیاڵی کارەساتەکانی هەڵەبجە و ئەنفال و هەستێکی نائومێدانە دایدەگرێت ، چەندجارێک دەگەڕێتەوە سەر ئەو شیعرە و دەیخوێنێتەوە ، دەگاتە فڕۆکە خانەی واشنتۆن ، لە دووری پێنج سەد مەترێک لە هوتێلێک بۆ ماوەی پێنج شەو ژوورێک دەگرێت ، لە ئیوارەوە تا یانزەی شەو دەخەوێت ، سەعات دوانزە لە فڕۆکەخانە ئامادە دەبێت ، خۆیی و دەسکە گوڵێکی سوور ، لەو ماوە چاوەڕوانییە ئازارێکی زۆری دەبێت ، نزیکەی دە کەسیتریش لە ژن و پیاو لەوێ ئامادەن بۆ پێشوازی ، سەعات سێی شەو شێرکۆ دەگات ، خەڵکەکە بە پیریەوە دەچن ، شێرکۆ کە دەیبینێت یەکسەر دەیناسێتەوە و باوەش بە یەکدا دەکەن و گوڵە سوورەکەی پێشکەش دەکات ، دواتر بە شێرکۆ دەڵێت ، زۆر هیڵاکم ئازارم زۆرە ، ئەوە کارتی هۆتێلەکەم سبەی دوو سبەی کەی کاتت هەبوو چاوەروانت دەبم ، ڕۆژی دواتر شێرکۆ بێکەس دەگاتە هۆتێلەکە ، کاتێک دەگات جەلال ویسکی و لیمۆی لەسەر مێزێک دانابوو پێش گەیشتنی شێرکۆ ئەم دەستی بە خواردنەوە کردبوو ، سەرەتا بە ڕووداوەکانی کوردستان دەست پێدەکەن و بە تایبەت هەڵەبجە و ئەنفال ، شێرکۆ بێکەس شیعری ( عومەری خاوەر )ی بۆ دەخوێنێتەوە . بەدەم خواردنەوە لە قسەوباسەکانیان بەردەوام دەبن ، بەیەکەوە بوتلێک وێسکی تەواو دەکەن و هەر بەردەوام دەبن . سەرەتا جەلال باسی کتێبی ( پەرینامەی ) جەمال شارباژێری دەکات ، کە لەسەر بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە لەلایەن براکانی کچەکە سەروگوێلاگی جەماڵ یان شکاندووە ، بەشێرکۆ دەڵێ ، ئەوکاتیش تۆ و جەماڵ دانووتان بەیەکە نەدەکوڵا ، شێرکۆ دەڵێ لەگەڵ حوسێن عارفیش باسی ئەو بابەتەمان کردووە و من ئاگاداری نەبووم و بەڵکو زۆریشم پێناخۆش بوو ، دواتر بابەتەکە دەگۆڕێت ، کتێبەکەی مارگرێتی پێشان دەدات و هەندێک باسی شاعیرەکە و شیعرەکانی بۆ دەکات پێشنیاری بۆ دەکات کە بیخوێنێتەوە ، شێرکۆش بە پێکەنینەوە دەڵێ ، جا بە ئینگلیزییە مەگەر تۆ بۆمی بخوێنیتەوە ، ئیتر دوای تاوێک بێدەنگی ، جەلالی میرزا کەریم بە شێرکۆ دەڵێت ، ئێستا تەنها خۆم و خۆتین ، تەنها وەکو دەردە دڵ با باسی ئەو ڕۆژە بکەین کە وەک یادەورییەکی تاڵ لەنێو خەیاڵم ماوەتەوە ، دەیەوێت هەرچی لەدڵی دا هەیە بۆی باس بکات ، گلەیی و دەردەڵ ، دەبێ چ ناسۆر و خەمناک بێت ئەو دەمانەی شاعیرێکی بێبەش لەژیان و لە شیعر و لە نیشتیمان و لە عەشق و لە ساتە جوانەکانی ڕامووسانی ، شاعیرێکی نائومێد و جەستە تیشکاو و خەون و هیواکانی تێشکاو ، دەبێ چەند بەسۆ بێت هەڵڕشتنی دەردەدڵ و گلەیی لە شاعیرێکی هاوڕێ و هاوبیر لە گرووپێکی نوێخواز ، گلەیی لە شاعیرێک کە وەک چرایەک لەنێو شیعرەکانیدا بۆ میللەتەکەی دەسووتێت و ئێستا لە شوێنێکی بەرز و بڵندی داهێنان دایە ؟! جەلال ڕاست و ڕەوان دێتە سەر باسی یەکەمین میهرەجانی شیعری کوردی کە لە بەرواری ٢٢/٣/ ١٩٧٢ لە کەرکووک لە قوتابخانەی ئیمام قاسم بەسترا بوو ، پێی دەڵێت ، شێرکۆ گلەییم لێت هەیە کە تۆو عەبدوڵا پەشێو و هاوڕییانی تر ، بەو بڕیارانە ڕازی بوون کە لەسەر بیروڕای جیاواز و ڕەخنەگرتن ، ڕێگە بە من و جەمیل ڕەنجبەر و چەند شاعیرێکیتر نەدرا لەم میهرەجانە بەشدار بین ، ئێوە نەک هەر ڕازی بوون بەڵکو شانازیشتان پێوە دەکرد ، ئێوە لە ژوورەوە و ئێمەش لە حەوشەکە ، دەبوو هەڵوێستتان هەبا و بەم بڕیارانە ڕازی نەبن ، بە تایبەت تۆ کە ئەندامێکی کارای ڕوانگە بووی . واتە بە سیاسی کردنی میهرەجانەکە و کۆنتڕۆلکردنی لەلایەن کەسان و لایەنێکی دیاریکراوەوە . شێرکۆ بێکەسیش وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت ، بڕوا بکە لە بڕیارەکان هیچ دەستی ئێمەی تیا نەبوو ، ( مارف خەزنەدار ) بەرپرسی میهرەجانەکە بوو بڕیارەکان بڕیاری ئەو بوون ، پاشان ( بیرکردنەوەی ئێوە تێگەیشتنی زۆرگران بوو ، هەروەها حیزبی شیوعیش لەبەرەی گەلدا نەبوون هاوپەیمانی بەعس بوون ، ئیتر تۆ و جەمیل و هاوڕێیانیتر باجەکەتان دا ، ئەمە لەساڵی ١٩٧٢ بوو ، کە هەموو کورد گۆرانی بە باڵای ( مستەفا بارزانی ) و حوکمی زاتیدا هەڵدەدا ! ، دەزانی کاتی خۆی لە شاخ جەمیل ڕەنجبەر هەمان گلەیی لێکردم ، ڕەخنەکەی جەلالی میرزا کەریم ، لە دەستەی بەڕێوەبەری میهرەجانەکە نەبوو ، زیاتر ڕووی لە شێرکۆ و یەکدوو شاعیری تر بوو ، چاوەڕێی دەکرد هەڵوێستیان هەبا و هاتبانە دەرەوە و بەشداریان نەکردبا یان ڕێگربان لە چوونە پێشی بڕیارێکی سیاسی لەم چەشنە ، چونکە هۆکاری بەشداری نەکردنی هەندێک لە شاعیرە بە تواناکان . هۆکاری ئەدەبی و شیعری و زمانەوانی ، یان ستایل و ناوەڕۆک نەبوو بەڵکو ، زێتر هۆکارەکە سیاسی بوو ، ئەمەش بۆ کەسێکی نوێخواز و داهێنەری وەک شێرکۆ نابێت قەبووڵکراو بێت ، جەلال لە شوێنێکدا دەڵێت ( لەو میللەتە نەگبەتتر نییە ، کە شاعیرەکانی وەک کەسانی سیاسی و بازرگان بیر دەکەنەوە ! ) ،لەپشتی ئەو دەربڕینە ئەوەمان پێدەڵێت کە ، جەلالی میرزا کەریم چەندە شاعیرێک بووە کە لەنێو ڕووبەری شیعر ئازاد بووە و نەکەوتۆتە ژێر هیچ هێزێکی دەرەکی بە ئایدیۆلۆژییە مارکسیسیەکەی خۆیشیەوە ، ئازادی نووسەر هۆکارێکە بۆ یاخیبوون و نوێگەری نووسەر ، کەسێک ئازاد نەبێ ناتوانێ یاخی بێت ، کەسێکیش یاخی نەبێت ناتوانێت داهێنەرێکی نوێخواز بێت . جەلال لە جانتاکەی فایلێکی زەرد دەردەهێنێ دەڵێت ،( ئەوە دەربارەی میهرەجانی شیعرییەکەی کەرکووکە بەناونیشانی : لە یەکەم میهرەجانی شیعری کوردی لە کەرکووک چی ڕوویدا ؟ بە نیازم بیکەم بە کتێبێک ! ) . وردە وردە بەیەکەوە سەیری لاپەڕەکانی فایلە زەردەکە دەکەن ، جەلال دێتە سەر شیعرەکەی جەمیل ڕەنجبەر بەناوی ( لکە زەیتون لە گێژاوی خوێنا ) ، ستایشی شیعرەکە دەکات و دواتر دەڵێت ، ئەوەش شیعرەکەی عەبدوڵا پەشێو من نامەوێت بەراوردیان بکەم ، بەس توخوا ئەو شیعرەی جەمیل ڕەنجبەر هی ئەوە بوو ، سانسۆر بکرێت و ڕێگەی پێنەدەن بڵاوبکرێتەوە ؟ شێرکۆ دەڵێت جەلال بە عەقلی ئێستام با بێگومان ڕازی نەدەبووم و بیرکردنەوەی ترم دەبوو لە هەمانکات دانبەوەش دادەنێت ، کە شیعرەکەی پەشێو ( هەندێک وانە بۆ منداڵان ) لە ژێر کاریگەری بیرۆکەی شیعرەکەی تۆ بەناوی ( نەمر ) کە ساڵی حەفتا لە ژمارە شەشی هاوکاری بڵاوت کردەوە ، دەبوو سەرچاوەکەی ئاماژە پێکردبا ، کاتی خۆی ئەو گلەییەم لە پەشێو هەبوو ، جەلال دەڵێت ئەی ، ناونیشانی ( شەونامەی دڵدارێکی تینوو ) ، لەگەڵ ( شەونامەی شاعیرێکی تێنوو .. ! ) ، دوای ئەوەش جەلال من پێشێلی بەیاننامەی ڕوانگەم نەکردووە ، تۆ ئەوەت بیرچووە هەموومان بەجۆرێک لە جۆرەکان لەژێر کاریگەری بیرکردنەوەی ئەو سەردەمەیا بووین ، ئەی لە گوتاری ڕوانگە نەهاتووە ( پیشەی شیعر نووسین کارگێڕیشە ، شۆڕشگێڕیشە و جەنگاوەریشە ! ) ، جەلالیش دەڵێت لەوەیا لەگەڵتام ، گوتاری ڕوانگە هێندەی ( بەلاغێکی نەتەوەیی و سەربازی بوو ، هێندە ئەدەبی و هونەری نەبوو ) ، بەردەوام دەبن لە سەیرکردنی لاپەرەکان ، شێرکۆ دەڵێت ، جەلال پێکێکی ترم بۆ تێکە ، ئێستا دێیتە سەر بەراوردکردنی شیعرەکەی خۆم و خۆیشت با خۆم ئامادەکەم . جەلالیش دەڵێت ، با ئەوەی خۆمان نهێنی بێت لەنێوان خۆم و خۆت ، ئەوەندەم بەسە کە توانیم وەک دوو هاوڕێ و دوو شاعیر ڕووبەروو ئەوەت پێبڵێم ، ( کە میللەتانی دونیا بۆیە خاوەنی زمان و فەرهەنگ و هونەری ڕەسەنی خۆیانن چونکە مرۆڤی خاوەن هەڵویستیان هەیە و تا سەر ئێسقان لەگەڵ یەک ڕاستگۆن ! ) . شێرکۆ تۆ زوو پشتت کردە ڕوانگە و دواتر هەر لێشی پەشیمان بوویتەوە ، شێرکۆ بێکەسیش گوتی ، جەلال نابێت ئەوەت لەبیر بچێت ( کە ئێمە باس لە شیعری بەرگری و شۆڕشی ئەیلوول و بە تایبەت بەیانی یازدەی ئازار دەکەین ) ، ئەوەش دەڵێت کە ئەویش بەشداری لە شۆڕشی ئەیلوول کردووە و ڕادیۆی شۆڕشی بەڕێوە بردووە و بۆ ڕۆژنامەی برایەتی نووسیوە ، جەلال دەبینێت شێرکۆ مەست بووە ، فایلە زەردەکەی لێوەر دەگرێت و پێی دەڵێت ، تۆ تازە بووی بە پێغەمبەری میللەتێک من شەڕی تۆم پێناکرێت ، تۆ خاوەنی شیعری ( سوتماک )یت ، هەرچەندە ڕەخنەی لەو شاکارەش دەگرێت و دەڵێت ، لایەنگر بوویت و شیعرت بۆ زۆرکەس نووسی و ناوی شۆڕشگێڕت خستنە پاڵ کە دەستیان هەبوو لە شەڕی براکوژیدا ! یان رەوایەتیدان بە وشەی شەهید لە شیعری کوردیدا . شێرکۆ بێکەس لە وەڵامدا دەڵێت ( جەلال تۆ پێش ئەوەی شاعیر بیت و شۆڕشگێڕ و کەسێکی چەپی بێوێنە بوویت ) ، لێرەدا شێرکۆ دان بە چەند راستییەک دا دەنێت و دەڵێت ( بە بیرت دێت کە یەکەمجار یەکتریمان بینی ، داوات لێکردم بخوێنمەوە ! ، هەموو ڕۆژێ بەدوام ئەگەڕایت و کتێبت بۆ ئەهێنام ! من ئەوسا نە شاعیر و نە سیاسەت هیچیانم لە خەیاڵدا نەبوو ، تۆ تووشی ئەم دەردە سەریەت کردم ! ڕوانگەش بیرۆکەی تۆ و عەبدولا عەباس بوو ، بەیاننامەکەش خۆت نووسیت ! ) ، لەوەش زێتر دەڕوات و دەڵێت ( بەڵێ ، من ئەوسا تەمەنم چواردە ساڵ بوو ، هەموومان بەخیلیمان بە تۆ دەبرد ، تۆ کەسێکی ئازا و چاو نەترس بوویت ، هەروەها ، بەهاری عەربەت ، جوانترین کچی شاری سلێمانی عاشقی تۆ بوو ! ) ، ئەوەش قەدەری تۆ بوو کە لە دووری نیشتیمان کەوتییە ژێر ئۆتۆمبێل و بەو ڕۆژە گەیشتیت ! . لێرەدا وتوێژەکەیان کۆتایی دێت ، ئیتر لێرەوە لە دەمی شێرکۆ خۆی ڕاستیەکانمان بۆ دەردەکەوێت ، کە جەلالی میرزا کەریم ڕۆلی کەسی یەکەم و سەرەکی هەبووە لە دامەزراندنی گرووپی ڕوانگە و خۆی بەیاننامەکەی نووسیوە ، ئەم شار و ئەو شار گەڕاوە خەڵکی بۆ پەیدا کردووە و هەر خۆیشی سەرنووسەر و بەڕێوەبەری گۆڤاری ڕوانگە بووە ، بۆیە لەم نووسینەم دروستبوونی گرووپی ڕوانگە و وتوێژەکەی نێوان جەلالی میرزا کەریم و شێرکۆ بێکەس تا ئاستێک ناوەڕۆکەکەییم وەک خۆی نووسیوەتەوە ، چونکە ویستوومە پێ لەسەر ئەوە دابگرم کە ، پێویستە مێژوو وەک خۆی بخوێندرێتەوە و ڕاستییەکانیش وەک خۆیان باس بکرێن .

    نۆڤەمبەری ٢٠٢٣

سەرچاوە : ڕۆمانی ( خانەقای میرزا ) .. نووسینی ( میران ئەبراهام ) .




ئیسرائیل و ئێران.. عوسمان حاجی مارف

ئەو هۆکارە بنەڕەتیانەی کە بوونە هۆی زیاتر پەرەسەندنی بارگرژی نێوان ئیسرائیل و ئێران، دەرئەنجامی ئەو گێچەڵانە بوون کە ئیسرائیل دژ بە بوونی ئێران لە سوریا بەڕێوەی دەبرد، ئەم گێچەڵانەی ئیسرائیلیش کێشکردنی ئێرانە بۆ شەڕێکی فراوانی ناوچەیی.
دەیان ساڵە ناوچەکە توانیویەتی ژیان لەگەڵ ململانێی سێبەری نێوان هەردوو ئێران و ئیسرائیلدا بەسەر بەرێت. بەڵام هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ڕاستەوخۆی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆی، زەنگێکی هۆشداری مەترسیدار دەربارەی توندبونەوەی ئەو بارگرژیە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێدەدا، ئەوەی لە ڕابردوودا وا بیردەکرایەوە مەحاڵە ئەو بارگرژیە بتەقێتەوە، بەڵام ئەو هێرشانەی بەرامبەر یەکتر نمایشیان کرد، پەیامێکی وەهای ڕاگەیاند، کە هەندێ لێکدانەوە پێیان وایە، ئەو تەقینەوەیە لە هەر ساتێکدا بێت، ئەگەری ئەوەی هەیە ببێتە واقیع، بەم شێوەیە ململانێی سێبەری درێژخایەنی نێوان هەردوو وڵات بەئاشکرا ڕوویدا.
ئەو باوەڕەش کە جەخت دەکات لەسەر ئەوەی ئەم ململانێیە ناتەقێتەوە، لە لایەک لەسەر بنەمای ئەو ئاراستەیەی کە ئەمریکا ڕێگە نادات شەڕی ئیسرائیل و ئێران هەڵبگیرسێت، هەروەها لە ئاستی دنیاو ناوچەکەدا بە هیچ جۆرێک لایەنگری بۆ ئەو شەڕە لە ئارادا نیە، ئێرانیش لەئێستادا بەرژەوەندی نیە بچێتە شەڕێکی گەورەی ناوچەییەوە، چونکە شەڕێکی لەو شێوەیە، ئێرانی دەکێشایە ناو ململانێەکی بێکۆتایی وێرانکارو مەترسیدار، بۆ سەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی.
خولقاندنی شەڕێکی فراوانی ناوچەیی گێژاوێکە تەنها ئسیرائیل بە نوێنەرایەتی ناتانیاهۆ بەدوایەوەیە، ئەوەش بۆ دەرچون لەو قەیران و بنبەستیانەی لەناو غەززەو لە ناوخۆی ئیسرائیلدا دەرگیری بووە، دەنا هیچ ووڵاتێک بە ڕەچاوکردنی ئەو ئاڵوگۆڕانەی لە ناوچەکەدا پێشبینی دەکەن، رودانی ئەو شەڕە لە دژی بەرژەوەندی خۆیان و دژ بە گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ دامەزراندنی سەرمایەگوزاری لە ناوچەکەدا دادەنێن. هەرچەندە وڵاتانی ناوچەکە تاڕادەیەکی گونجاو سەرکەوتوو بوون لە دابڕاندنی خۆیان لە کاردانەوەو ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، بەڵام لە بەردەم ئەگەری توندبوونەوەی دەورەیەکی دیکەی ململانێدان کە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە دەهێنێتە ئاراوە.
لەهەرحاڵدا ئەو گۆڕانکاریەی لە ململانێی ئێران و ئیسرائیل بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بارگرژیەکی مەترسیداری نیشاندا، بەو مانایەیە کە پێویستە ئەو وڵاتانە خۆیان ئامادە بکەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەگەری سیناریۆی شەڕی ئیسرائیل و ئێران، نەک بەردەوام بن لە گرەوکردن لەسەر ئەوەی کە ئەم شەڕە ڕوونادات.
لە هەمان کاتدا ترسی ئەوەش هەیە کە دەیان ساڵەی دوژمنایەتی ئیسرائیل و ئێران، بەجیا لەوەی لێکدانەوەکان و دۆخەکە ئەوە نیشان ئەدات، کە ئەگەری ڕوودانی ئەم شەڕە بە دور دەبینرێت، بەڵام لێکدانەویەکتش هەیە، ڕەتی ئەوەش ناکاتەوە کە ئەم ململانێیە لەدەست دەرچێت و بگۆڕێت بۆ شەڕێکی هەمەلایەنە، بەتایبەتی کە سوپای ئیسرائیل هێرشە دڕندانەکانی بۆسەر غەززە بەردەوامە.
ساڵانێکە ئیسرائیل و ئێران شەڕی بە وەکالەتیان ئەنجامداوە، تاران تۆڕێکی میلیشیای هاوپەیمانی لە سەرانسەری ناوچەکەدا دروستکردووە، کە هێرشەکانیان ئاراستەی ئیسرائیل کردووە، لە بەرامبەریشدا گومانی کوشتنی زانایانی ئەتۆمی لە ئێراندا هەیە و سەدان هێرشی ئاسمانی دەستپێکردووە لەسەر هێزەکانی ئێران و هاوبەشە چەکدارەکانیان بەتایبەت لە سوریا، سەبارەت بەو سیناریۆیانەی کە ئیسرائیل بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران بکاتە ئامانج، بەشێوەیەکی بەرچاوە.
ستراتیژی ئێران لەسەر بنەمای بەکارهێنانی تۆڕی میلیشیاکانی خۆی، هەوڵیداوە بۆ دەرکردنی ئەمریکا لە ناوچەکە و فشارخستنە سەر ئیسرائیل، لە هەمان کاتدا دەیەوێت خۆشی لە شەڕەکە دوور بخاتەوە. تاقمەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بریتین لە حەماس و جیهادی ئیسلامی لە غەززە، حزبوڵڵا لە لوبنان، حوسییەکان لە یەمەن و چەند گروپێکی چەکدار لە عێراق و سوریا، و وەک هێڵی پێشەوەی بەرگری ئێران کاردەکەن.
ئێران لە ڕێگەی ئەم میلیشیایانە سەرکەوتوو بووە لە کێبڕکێ لەگەڵ زلهێزە تەقلیدیە ناوچەییەکان لە ناوچەکەدا، بەو پێیەی پشتیوانی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی زیاتر لە ٢٠ گروپی چەکدار دەکات، کە زۆرینەیان واشنتۆن بە تیرۆریست پۆلێنی کردون.
خالێکیش کە پێویستە بە هەند وەریگرین، ئیسرائیل توانای ئەوەی نییە بە تەنیا بچێتە ناو ئۆپەراسیۆنی شەڕێکی فراوانی ناوچەییەوە، بەڵکو پێویستی بەیارمەتی ئەو هێزەی ئەمریکا دەبێت کە لە کەنداو جێگیرکراون، بەڵام ئیدارەی ئەمریکا ئامادەیی نیشان نەداوە بەشداری هەر پرۆسەیەکی شەڕی فراوان لەوجۆرە بۆ پشتیوانی لە ئیسرائیل بکات.
گورزی ئێران ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە پڕۆژەی پاراستنی ئیسرائیل هێشتا پشت بەو زلهێزانە دەبەستێت کە لەڕووی سیاسی و ئەمنی و سەربازیەوە سپۆنسەریان کردووە، بەتایبەتی بە دەستێوەردانی ئەمریکا و بەریتانیا لە خستنەخوارەوەی زۆربەی ئەو مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە لەلایەن ئێرانەوە هەڵدەدرێن.
دوای هێرشە موشەکیەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، ناتانیاهۆ دەگەڕێتەوە بۆ گێڕانەوەی وێناکردنی ئیسرائیل وەک “قوربانی”، بۆئەوەی شەرعیەتێکی نوێ لەناو ئیسرائیل بەدەستبهێنێت و هاوسۆزی بۆ خۆی بگەڕێنێتەوە، بەتایبەتی لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە، بەڵام بەگشتی وەها دێتەبەرچاو کە ناتانیاهو شەرعیەت و متمانەی خۆی لەدەستداوە بە تایبەتی دوای شکستی ستراتیژی لە غەززە.
بۆیە ئەو پرسیارە دێتەپێشەوە کە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەم کاتەدا تا چەند سوودی لە لێدانی ئێران وەرگرتووە بۆ گەڕاندنەوەی وێنایەکی ئەرێنی لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەکیدا، بەتایبەت کە هەمیشە بزووتنەوەی حەماس خۆی بە ئێرانەوە گرێداوە، هەڵبەتە پاکتاوکردنی خەڵکی غەززە هەلی کردنەوەی هیچ دەرگای شۆردنەوەی ریسوایی بۆ ناتانیاهو نەکردۆتەوە، دوای وەستانی شەڕی داگیرکاری غەززە، ناتانیاهۆ وەک تاوانبارێک لە بەردەم دادگادا ڕوبەروو دەبێت.
هەروەها ڕۆژنامەی ئەمریکی نیویۆرک تایمز ئاماژەی بەوەدا کە بایدن لەبەرامبەردا متمانەی بە نەتانیاهۆ لەدەستداوە، بە شێوەیەکی تایبەت نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە هەوڵەکانی نەتانیاهۆ بۆ ڕاکێشانی ئەمریکا بۆ ناو شەڕێکی فراوان.
وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ هێرشی ئێران بەپلەی یەکەم پشت بەستن بوە بە هەڵوێستی ئەمریکا و حیساباتی واشنتۆن و جۆ بایدن، بەڵکو حساباتێک بۆ دۆخەکە بکەن، ئەوەش لە هەستیاری دۆخی ناوچەکەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە حیساباتی هەڵبژاردن لە ئەمریکا، بەڵام بایدن لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا هۆشداری داوەتە ناتانیاهۆ کە ئەمریکا لەگەڵ ئیسرائیل بەشداری لە هێرشی پێچەوانە بۆ سەر ئێران ناکات.
لەکاتێکدا ئەمریکا لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ ئێران، لە ڕێگەی بەشی بەرژەوەندیەکانی باڵیۆزخانەی سویسرا و جەخت لەوە دەکاتەوە کە کۆنتڕۆڵنەکردنی ململانێکان ڕەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی دۆخێکی کارەساتبار لە ناوچەکەدا، بەرپرسانی ناوچەکە هۆشداری دەدەن لەوەی کە پەرەسەندنەکان ڕەنگە ببێتە هۆی جەنگێکی بەرفراوان.
ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێبدەین چارەنووسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم دۆخەی بارگژی ئێستای نێوان ئێران و ئیسرائیل، ئەتوانین بڵێین بەجؤرێک لە هەوادا هەڵواسراوە، تا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززە بەردەام بێت، بەشێک لە ئیسرائیلتەکان بیر لەوە دەکەنەوە کە چ وەڵامێکی تر بۆ هێرشەکەی ئێران بکەنە ئامانج، ئەگەرەکانی دوبارەبونەوەی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ هێرشەکانی ئێران، ئاماژە بەوە ئەدا کە گوایە بیر لەوە دەکەنەوە، لەوانەیە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بنکە سەربازیەکان یان بارەگاکانی حکومەت، یان هێرشکردنە سەر بارەگاکانی سوپای پاسدارانی ئێران لەخۆ بگرێت.
لە کاتێکدا ناتانیاهۆ و بەرپرسانی ئیسرائیل داوای دەستپێکردنی هێرشێکی گەورە بۆ سەر ئێران دەکەن کە ڕەنگە بەرنامە ئەتۆمیەکەش لەخۆ بگرێت، بەڵام بەگشتی ئیسرائیلیەکان جۆری هێرشەکانی ئێران بۆ سەریان، بە سەرکەوتن بۆ خۆیان ئەژمار دەکەن، دوای ئەوەی نزیکەی هەموو مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران خراونەتە خوارەوە بەبێ ئەوەی هیچ کاریگەریەکی بەرچاویان هەبێت. بەگشتی دەتوانم ئەوە بڵێم لە گەڵ هەر بارگرژی و بونی دۆخێکی دژواردا، هەڵگیرسانی شەری گەورەی نێوان ئێران و ئیسرائیل بەدوور دەزانم.
لەبەر ڕۆشنایی هەڵوێستە نێودەوڵەتیەکان و نەبوونی جۆش و خرۆشی ئەمریکا بۆ پەرەسەندنی شەڕەکە، ئیسرائیل خۆی لە دووڕیانێکدا دەبینێتەوە کە ڕاگرتنی لێدان لە ئێرانیان یان دواخستنی، نە گونجاندنە بۆ ئەوەی کە ناتانیاهو لەگەڵ بارودۆخی ئێستادا خۆی ڕێکبخات، چونکە دواتر سەختە بۆی بتوانێت شەڕێکی گەورە بخولقێنێت کە ئومێدی دەرچونیەتی لەو قەیرانەی بەرەوڕویەتی.
ئیسرائیل بە لاوازترین ساتەکانی خۆیدا تێدەپەڕێت، هاوسۆزی ڕەوتی شەڕی غەززە و بەرەی ناوخۆ هەڵوەشاوەتەوە، هەروەها هیچ کۆدەنگیەکی سەربازی و سیاسی ئیسرائیل لەسەر لێدانی کونسوڵخانەی دیمەشق نەبوو، بەڵکو وەک شکستێکی تر بۆ ناتانیاهۆ تۆمار کرا.
ئەم هێرشانە ڕوبەڕوبونەوەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیلیان لە سێبەر و لە ڕێگەی بە وەکالەتەوە هێنایە دەرەوە، بە ئاشکرا ئیسرائیل هەوڵئەدات بیکاتە شەڕێکی ڕاستەوخۆ لە بەرامبەر یەکتردا.
ئەو ڕێگایانەی کە ماونەتەوە بۆ ڕزگارکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سیناریۆیەکی کارەساتبار، لە ڕێگەی ڕێکخستنی ناڕەزایەتی جەماوەری بەرفراوانی جیهانیەوە هەوڵدانە بۆ ڕێگرتنی تەواوی ئەگەرەکانی ڕودانی شەڕی فراوان لە ناوچەکەدا، وەستانی داگیرکاری ئیسرائیل بۆسەر فەلەستین، هەڵوەشانەوەی میلیشیاکان، دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین،…
ئەوەی لەم نێوەشدا بە گشتی بۆ ئارامی لە ناوچەکە، دەبێت حساباتی جدی لەسەر بکرێت، پێویستی بە ئاڵوگۆڕێکی جدی هەیە لە پێکهاتەی هەردوو حکومەتی ئێران و ئیسرایئل، هەتا ئەگەر لە ڕێگای چاکسازیشەوە بێت لە گۆڕانی ئارایشی پێکهاتەی هەر دوو ئەو حکومەتەدا، ئەتوانێ ڕێگایەک بێت بۆ کۆتایی هێنان بە دۆخی جەنگ و ناسەقامگیر کە دوو دەیە زیاترە ناوچەکە تیا غەرق بووە.




گفتوگۆ لەگەڵ خاتوونی شێوەكار(هەناسە هەژار سەڵاح).. هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

هەناسە هەژار: ڕەنگ كلیلی هەموو تابلۆییەكانە

هەناسە هەژار: ئەلف و بێ هونەری نیگاركردن بەشێوەی زانستی لە پەیمانگا فێربووم
خاتوونی شێوەكار(هەناسە هەژار سەڵاح) ،یەكێكە لەو شێوەكارانەی كە خاوەن بەهرە و سەلیقەیەكی جوانی نیگار كردنی هەیە،ئەوكاتێ قوتابی دەبێت لە قۆناغی بنەڕەتی دەست ڕەنگینی خۆی دەسەلمێنت بەجۆرێك بەشداری سەرجەم چالاكییەكانی ناو قوتابخانە دەكان بە تایبەتی هونەری نیگار كردن، ئەمەش دەبێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی بچێتەپەیمانگەی هونەرە جوانەكان بۆئەوەی پەرە بە هونەری خۆی بدات لە ئێستادا قوتابی قۆناغی چوارەمە بە شداری چەند پیشانگایەكی هاوبەشی كردوە. لەكاتی كردنەوەی پیشانگای ساڵانەی پەیمانگای هونەرجوانەكانی (لاوگ) لە هۆڵی میدیا ی شاری هەولێر لە 27/5/2024 خاتوو هەناسەش بەچەند تابلۆیەك بەشداری پیشانگایەكەی كرد بوو بەچەند پرسیارێك بەسەرمان كردەوە.
هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

*سەرەتا بزانین (هەناسە هەژار) چۆن ئاشنای هونەری شێوەكاری بوو؟

  • بەهۆی ئەوەی لە ماڵەوەمان كەشێكی هونەری لەنێوخێزانەكەمان هەبوو،بەهۆی ئەوەی باوكم دەرچووی بەشی شێوەكاری پەیمانگای هونەرجوانەكانی هەولێر دایكشم دەرچووی بەشی شانۆی هەمان پەیمانگابوو،ئەمە كەشە هونەرییە فاكتەرێك بوو بۆ ئەوەی ئەوە بەهرەی من هەمە زیاتر گرنگی پێبدەم رووبكمە هونەری وێنەكێشان.

    *كێن ئەوانەی هاوكار وپاڵپشتیان كردویت؟

    -جگەلەمامۆستایەكانم دایك و باوكم رۆڵێكی زۆرباشیان هەبوو بۆ پاڵشتی و هاوكاری كردن،بۆیە هەمیشە منتباریانم.

    *بیرۆكەی تابلۆكانت لەچییەوە سەردەگرێت؟

  • سەرچاوەی بیرۆكەی تابلۆكانم زۆرن بەڵام بەشی زۆریان لە سروشت و خەیاڵ سەرچاوە دەگرن.
  • بەكامە كاری هونەری هونەرمەندانی كورد و جیهانی سەرسامیت؟
  • بە تابلۆی زۆرێك لە هونەرمەندان سەرسامم ،بەجۆرێك كاریگەریان لەسەر من هەبووە لە كوردەكان (محمەد عارف،دارا محمەد عەلی ،رەوەند جعفەر..) لە جیهانیش (ڤانكۆخ،سیزان..).

    *تاچەند پەیمانگای هونەرجوانەكان هاوكارت بووە لە پێشڤەچوونی توانستی هونەریت؟

    -راستە من بەهرەی هونەریم هەبوو، بەڵام ئەلف و بێ هونەری نیگاركردن بەشێوەی زانستی لە پەیمانگا فێربووم،هۆكارێك بووە بۆ پێشڤەچوونی توانستە هونەرییەكانم، بۆیە هەمیشە سوپاس گوزاری مامۆستایەكانم.

    *ڕەنگ فاكتەرێكی گرنگی هەرتابلۆیەكە، تۆ زیاتر لەسەر چ ڕەنگێك كاردەكەیت؟

    -ڕەنگ كلیلی هەموو تابلۆییەكانە، من كار لەسەر زۆربەی رەنگەكان دەكەم بەڵام زیاتر حەز بە ڕەنگی (مۆر وپرتەقاڵی) دەكەم.

    *هونەری شێوەكاری یەكێكە لەو هونەرانەی كە،پێویست بە وەڕگێران نەكات تۆ چی دەڵێت؟
    -زۆر جار پیشانگای چەند هونەرمەندێك دەكرێتەوە، بێ ئەوەی خۆیان لە پیشانگایەكەدائامادە بن ئەمە ئەو دەگەیەنێت، كە تابلۆ خۆی قسەدەكات پێوستی بە وەڕگێر نییە لەبەر ئەوە تابلۆی هونەری بینەر خۆی دەتوانێت خوێندنەوەی بۆ بكات.




نامەیەکی کراوە لە کوردێکەوە بۆ پاشا و سەرکردەکانی عەرەب

بۆمبە قورمیشکراوەکەی ئێران و وڵاتانی ناوچەکە و کورد

هەندێک دەڵێن شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران سەدام حوسێن هەڵیگیرساند بۆئەوەی وەک تاکە سەرکردەی ناوچەکە دەرکەوێت و تەواوی عەرەبستان بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی، هەندێکی دی دەڵێن ئێرانی شۆڕشی ئاخوندەکان، هەر لەسەرەتاوە سیاسەتی هەناردەکردنی سیستمی نوێیان بۆ وڵاتانی ناوچەکە هەبوو.
هەر یەکێک لەو دوو بۆچوونە ڕاستییەکی مێژوویان تێدایە.
ڕاستە، سەدام خۆی بە قائید و پاڵەوانی ڕزگاری نەتەوەیی (ئوممەی عەرەبی) ناوزەدکردبوو، بەو ئاراستەیەش هەوڵەکانی دەست پێکردبوو، تاڕادەیەکیش بە کەم سەیری مەلیک و میرەکانی کەنداو و سەرکردەکانی عەرەبی دەکرد، لەبەرئەوەی قەزافیش هەمان خەونی هەبوو، وەک دوژمنی باوەکوشتە سەیری دەکرد، بەڵام کە تێگەیشت ئەوە لە خەونێکی نەزۆک زیاتر هیچی دی نییە، بەلای ئەفریقای بادایەوە و کەوتە کوتینەوەی عەرەب، تەنانەت بەداگیرکاری خاکی خەڵکی دیکەی تاوانبار دەکردن. سەدام بۆ سەرپێخستنی ئەو خەونەی سەرجەلەی خۆی گەڕاندبۆوە سەر پێغەمبەری ئیسلامان. وەک دەستپیکێک بۆ ئەو خەونە بە زەبری کوتەک هێزێکی مرۆیی گەورەی دروست کردبوو کە لە دڕندایەتیدا گاڵتەی پێ نەدەکرا. خۆشی مۆڕەی لە هەریەکێک بکردبایە، لەناوبردن و کوشتن چارەنووسی بوو، تەنانەت دەستی لە دڵسۆزترین و نزیکترین کەسیشی خۆی نەدەپاراست. ئەمەش خەسڵەتی ئیمپراتۆرەکان بوو، واتە لە هەوڵی زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عەرەب بوو.
بەڵام ئەوانە هیچ یەکێکیان ئەوە ڕەت ناکەنەوە کە ئێرانی شۆڕشی ئاخوندەکان چاوی لە داگیرکردنی هەموو وڵاتانە بوو کە بەشێک لە دانیشتوانەکانیان سەر بە مەزهەبی شیعەن. هەوڵی داگیرکردنی ئەو وڵاتانەش بۆ سەردەمی پاشاکانی فارس دەگەڕێتەوە کە بەردەوام ویستیویانە ئاوی کەنداو و دەریای سپی ناوەڕاستیان لە ژێر چنگدا بێت.
بەدیوێکی دیکە، ئەوانەی کۆن خاوەنی ئیمریاتۆریەت بوونە، بەردەوام خەون بە زیندووکردنەوەی دەبینن، ڕەنگە لە بەشە ئەوڕووپییەکەی جیهان ئەو خەونە بەو شێوەیە نەبێت، بەڵام لە وڵاتانی ئیسلامیدا خەونەکە زیندووە. ئەگەر ڕەفتارەکانی ئێستای ئێرانییەکان لە عێراق بکەینە پێوەر، بە ئاسانی بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ئێران لەپێناو خەونە دێرینەکەیەوە شەڕی بە عێراق فرۆشتووە کە هەشت ساڵی خایاند. بۆیە ئێستاش، وێڕای ئەوەی دەزانێ عێراقیش وەکو وڵاتەکەی خۆی فرە نەتەوە و فرەمەزهەبە، بەڵام لە دەرەوەی مەزهەبی شیعە هیچ کەسێکی بەهێزی لە پۆستە سیادییەکان قبوڵ نییە، یان دەبێت بیکاتە بووکەلەی سیاسەتەکانی، یان بە بیانوویەک لە مەیدانەکە دووری دەخاتەوە، وەک دەڵین دەیکاتە “بەردی بن گۆمێ”. ئەگەرنا ئێران کێشەی لەگەڵ دزی و گەندەڵی لە عێراق و خۆ دەوڵەمەندکردنی بەرپرسان لەسەر حسابی هاووڵاتییە بێچارەکانی عێراق نییە، چونکە وەک ئیمپراتۆرەکان خۆدەوڵەمەندکردن بە مافی کەسانی خاوەن پۆستی سیاسی دەزانێت و لە ئێرانیش ئەوە باوە، وەک بڵێی لە ئاسمان ئەو پشکە دیاریکرابێت. واتە ئەوانەی بە بیانوویەک دەردەکرێن، ئەوانەن کە نەچوونەتە ژێرباری سیاسەتەکانی ئێران، بەڵام بۆ ئاوتکردنیان سیاسەتی گەندەڵیان دەداتە پاڵ، چونکە لە ئاستی جیهانیدا گەندەڵی کارێکی نەخواستراوە و خەڵکی ڕەشۆکیش ڕقی لێیە. واتە ئەو بیانوویە بە ئاسانی دەچێتە سەر.
لە (هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو) عەرەب لە شەڕی نێوان ئێران و عێراقدا پشتی سەدامیان نەگرت، چونکە هەترەشیان لە هەوڵ و ڕەفتارەکانی سەدام چووبوو، بۆیە خۆیان نەکردە خاوەنی شەڕەکە، نەمان یان نابووت بوونی سەدامیان پێ باشتر بوو، لەبەرئەوەی لە مێژوو و ئامانجی شەڕەکانی نێوان فارس و عەرەب بێ ئاگابوون. هەرچەندە سەدام بانگەشەی ئەوەی کرد، ئەو شەڕە بەرگریکردنە لە بەوابەی شەرقی ئوممە، بەڵام ئەوە نەدەگەیشتە گوێچکەی پاشا و سەکردەکانی عەرەب، ئەگەرچی یەکێکی وەکو عەلی عەبدوڵا ساڵحی سەرۆکی یەمەن بە لیوایەک بەشدار بوو، بەڵام لەئاست هەوڵەکانی ئێران هیچ نەبوو، چونکە ئێران لەو هەوڵەیدا چەکی مەزهەبگەرایی بەکاردەهێنا. سەدامیش لەوەدا درێغی نەکرد کە شیعەی بە دەستی شیعە بە کوشت دا.
کاتێک لە ئابی ١٩٨٨ ئیمان خومەینی بە ڕاگرتنی شەڕ لەگەڵ عێراق ڕازیبوو، ئەوە بۆ سەدام حوسێن سەرکەوتن بوو، هاوکات منەتێکیش بوو بەسەر سەرکردەکانی عەرەب و هێندەی دی بای چووە بن کلکی کە کار بۆ خەونەکەی بکات. ئێرانیش لای خۆیەوە ئەو هەوڵانەی سەدامی پێ خۆشبوو، چونکە دەیزانی ئاژاوەیەک دروست دەبێت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زێدەڕۆیی لە هیچ سەرکردەیەکی عەرەب قبوڵ ناکات گەمە بە چارەنووسی نەوتی کەنداوەوە بکات. دواجار بە کردەنی ئەوە ڕوویدا کە ئێران پێشبینی کردبوو. ئەوەتە لە گۆڕینی ڕژێمی عێراق لە ٢٠٠٣دا ئەمریکا ڕاوێژ و گفتوگۆیەکی دورودرێژی لەگەڵ ئێران کرد کە حەتمەن ئێران بێ مەرج و بێ دەستکەوت ناچێتە سەر هیچ مێزێک لەگەڵ ڕۆژئاوادا، تەنانەت لەسەردەمی ئەنجوومەنی حکومڕاندا شیعەکانی عێراقیشی وا ڕاهێنابوون یەک هەنگاو بێ ئاگادارکردنەوەی ئێران نەهاوێن. ئێستا بە شێوەیەک لە شێوەکان وەک بەشێک لەئێران مامەڵە لەگەڵ ئیدارە و داهاتی عێراق دەکات. هەر سونەیەک، سەر قیت بکاتەوە بە تیرۆریست تۆمەتباری دەکات، هەر کوردێکیش نەچێتە ژێر باری سیاسەتەکانی بە ئیسرائیلی دووەم تاوانباری دەکات.
بە مانایەکی دیکە، ئێران عێراق نییە و بەهێزی دەرەوەی ناوچەکە ناکەوێ، بەڵکو بەهێزتر دەبێت و دەتوانێ لەیەککاتدا پایتەختی چەند وڵاتێکی ناوچەکە بە تورکیاوە ئاڵۆز بکات. کەواتە بۆئەوەی پادشا و سەکردەکانی عەرەب تووشی هەمان هەڵەی هەشتاکان نەبنەوە کە لە ترسی بوونی سەدام حوسێن بە قائیدی ئوممەی عەرەبی لە شەڕی هەشت ساڵەی لەگەڵ ئێران پشتیان نەگرت، نابێت ئێستاش لەترسی ئەوەی کورد دەبێتە ئیسرائیلی دووەم لە هەوڵەکانیدا پشتی کورد نەگرن، بە پێچەوانەوە لە بەرژەوەندیان دایە لە دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیدا بەهەموو شێوەیەک پشتی کورد بگرن، ئەگەرنا ئەو هەوڵەی ئێران زوو یان درەنگ بەر دەرگەیان لێ دەگرێت و بەچۆکیان دەهێنێ. بەڵام ئەگەر پشتی کورد بگرن، دەتوانن هەم خۆیان لە شەڕفرۆشتنەکانی ئێران بپارێزن، هەم کەمێک لەو قەرزە بە کورد بدەنەوە کە بەدرێژایی مێژوو بەناوی ئایینی ئیسلام بەشداری لە گەشەسەندن و پەرەپێدانی شارستانیەتی عەرەب کردووە. ئەم قسەیە بۆ تورکیاش ڕاستە، لەبری ئەوەی دژایەتی دەوڵەتی کوردی بکات، دەبێت لە دامەزراندنیدا هاوکار بێت، چونکە ئەو باهۆزەی ئێران هەڵیکردووە، گشت ناوچەکە دەگرێتەوە و گەراشی لە تەواوی ناوچەکە هەیە و ژێراوژێر کاری باشیشی بۆی کردووە، واتە بۆمبە قورمیشکراوەکەی داناوەتەوە.




مۆنۆلۆگی پێنجەم لە کنێبی (خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجە)دا.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

ستوونی ھەرە گرنگی فەلسەفە لە دوای رۆشنگەرییەوە ئەوەیە چۆن بژین

خۆم: جارێک وتت مردن ھێندە ناخۆش نییە، گەر وا بوایە کەسێک دەگەڕایەوە!، لە راستیشدا دیمەنی ئاوابوون جوانتر خۆی دەنوێنێت وەک لە ھەڵاتن.
من: مرۆڤ ھەرچی داھێنا بۆ لە بیربردنەوەی مردن یان فەرامۆشکردنی بوو، بەڵام ناکام مایەوە!، بۆیە بڕوا دەکەم مرۆڤ بۆ ژیان لە دایک نابێت، بەڵکو بەناو ژیاندا تێدەپەڕێت بەرەو مەرگ.
خۆم: ھێندە شیرین باسی مەرگ دەکەیت، وەک ئەوەی پەسنی عاشق بۆ مەعشوقەکەی بێت!. تێزە بەناوبانگەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە ھەرچی وتی “بژی مەرگ” بێ راڕایی فاشیستە.
من: باسەکەی ئێمە لە دەرەوەی سیاسەتە، قسەکردنە لەسەر “مەرگی رووت”، بەو مانایەی مردن وەک رەھایەکی سروشتی سەیر بکەین. خۆ دروشمی من تەواو پێچەوانەی دروشمە فاشیستییەکەیە، چوونکە بە دروشمی “بژی ژیان، بمرێ مەرگ، نەفرەت لە سەرەتان”, رووبەڕووی نەخۆشییەکەم دەبمەوە، زۆر جار ئەو مرۆڤانەی باسی مەرگ دەکەن، عاشقی ژیانن.
خۆم: ھەر چۆنێک پێناسەی مەرگ بکەین، لەنگ و ناتەواوە، چوونکە تاکە شتە ناکەوێتە ناو ژیانەوە، مرۆڤ دەتوانێت تەنھا پێناسەی ئەو چەمکانە بکات لە ژیانیدا دەیانبینێت.
من: مردن ئاگرێکی تاریکە، دەتوانین بۆنی دوکەڵەکەی بکەین، من چەندان جار مردووم، ھەموو حاڵەتێکی کۆما جۆرێکە لە مردن، لەوە تێگەیشتووم مردن ھێندە وەحشەتناک نییە، بەڵکو ھەمان خەو و سکونی پێش لە دایکبوونە. بۆ ئەوەی بژین پێویستمان بە ھەناسەدانە، بۆ مردنیش چاونوقاندن، ھەرچەندە ئێستا نامەوێت چاوم دابخەم.
خۆم: بۆچوونەکانی تۆ لەگەڵ روانگەی قوتابخانەی وجودییەکان یەکدەگرێتەوە، ئەوان وتیان ژیان ھەموو چیرۆکەکە نییە!!، بەڵکو مەرگ وەک رەھایەک دەخەنە پێش چاوی مرۆڤ، ئەمە بێ ئەوەی ژیانیش ببوغزێنن.
من: ھەروەک مارکس زیاتر سەرسامم بە “ھیگل” بە تایبەت بە کتێبە ھەرە بەناوبانگەکەی “فینۆمینۆلۆژیای رۆح”، کە ھەر وەک چۆن “کۆژۆ” پێیوایە “لەدوا شیکردنەوەدا دیالێکتیکی ھیگل بە فەلسەفەی مەرگ ناوزەد دەکرێت”. لە دیتنی مندا مەرگ ئەنجامی ژیانە. زیندەوەرێک تاکو نەژی ناشمرێت، ئەمە ھەر ئەو فاکتە بوو لە سوکراتەوە درێژ بۆتەوە تاکو فرۆید و شۆپنھاوەر. لەگەڵ ئەوەشدا مرۆڤ دەبێت ئەو ماوە کورتەی لەبەردەستییەتی “ژیان” چێژی لێ وەربگرێت.
خۆم: فەلسەفە بۆچوونێکی کۆنکرێتی نییە سەبارەت بە مەرگ، سیسرۆن دەیووت “فەلسەفاندن فێربوونە کە چۆن بمریت!”. بەڵام ستوونی ھەرە گرنگی فەلسەفە لە دوای رۆشنگەرییەوە ئەوەیە فەلسەفاندن فێربوونە کە چۆن بژیت. مارکس ھەموو ژیانی فەلسەفیی خۆی بۆ ئەوە تەرخان کرد بڵێت کاری فەلسەفە بە تەنھا شرۆڤەی جیھان نییە، بەڵکو گۆڕینییەتی بە جیھانێک مرۆڤ تێیدا ھەست بە چێژی ژیان بکات.
من: مارکس فەیلەسوفێکی ماتریالیستە، ئەگەرچی وەک فەیلەسووفێک دەست پێدەکات، بەڵام بە کتێبی “کاپیتال” وەک ئابووریناسێکی سەرمایەداریی کۆتایی دێت، لە ھیچ شوێنێکدا مارکس ئاوڕ لە چەمکی مەرگ ناداتەوە، بەڵکو چاوی بڕیوەتە ژیان، مارکس فەیلەسووفی ژیان و ھیومانیزم بوو.
خۆم: مارکس، لە رووی ماتریالیستییەوە درێژکراوەی “دیموکریتس”ە، بە بۆچوونی ئەو فەیلەسوفە یۆنانییە دێرینە جیھان لە ئەتۆم پێکھاتووە، ھیچ بوونێک لە دەرەوەی ئەتۆم نییە، ئەم روانگە ئەتۆمیستییە بە پوختەکراوی دەگاتە سەردەمی مارکس، بۆیە مارکس بیر لە مردن ناکاتەوە، بەڵکو بە چڕی باسی ژیان دەکات، وەک چۆن ئەبیکۆریستەکان پێیانوایە مەرگ پەیوەندیی بە ژیانەوە نییە و ناکەوێتە نێو بازنەی ژیانەوە.
من: تا ئەو شوێنە لایەنگری “مارکس”م بیر لە کوالێتی ژیان دەکاتەوە، بیرکردنەوە لە ژیان کاری مرۆڤی مودێرنە.
خۆم: بەدەر لەم باسە، ئەوەی جێگەی سەرنجە لە نێوان سۆفیست و ماتریالیستدا، لە نێوان موریدی ئیشراق و مرۆڤی نوێی خۆرئاواییدا، لە نێوان حیکمەتی بودا و تێزەکانی مارکسدا، رووخساری تۆم بۆ نادۆزرێتەوە. کۆکردنەوەی ئەو ھەموو شتە ناکۆکە لە خۆتدا کارێکی ئاسان نییە.
من: پرۆتاگۆراس لە سەدەی پێنجەمی پێش زایین وتی “مرۆڤ پێوەری گشت شتێکە”، ھیچ فەلسەفە و ئایدۆلۆژییەک بە پێی پێویست تەواو نییە، مرۆڤبوون پێوەری ھەموو شتێکە، خۆم بە موریدی ھیچ شتێک نازانم، جگە لە بیرکردنەوە و روانگەیەکی ئینسانیانە، ئەمەش بە تەنیا لە یەک شوێن دەست ناکەوێت، دەبێت ھەر بەشەی لە جێگەیەکەوە بھێنیت. ئەمە رێک پەشیمانبوونەوەی منە لە رەھاگەرایی بیری مارکسیزم، بێگومان مارکس لە سەدەی بیست و یەکدا بژیابایە، مانیفێستی کۆمۆنیستی نەدەنووسی!، یان لانیکەم بەو جۆرە نەیدەنووسی وەک لە ساڵی ١٨٤٨دا نوسیوویەتی.
خۆم: تا ئێرە ھەموو شتێک روونە، بەڵام ھەمیشە فۆرمی بیرکردنەوەت لێڵە، چەند دیقەت دەدەم تێناگەم.
من: من زۆر قووڵم، دەریام، تۆ ناتوانیت لەسەر رووی دەریا جگە لە کەف ھیچی تر ببینیت، بۆ ئەوەی مرواری لە ئەندێشەمدا بدۆزیتەوە، دەبێت بگەیتە قووڵایی دەریای بیر و ھەستم، لەوێ تێدەگەیت ئەم دەریا مات و مەلوولە چەندین گەنجینەی گرانبەھای لە ھەناوی خۆیدا شاردۆتەوە، وەرە، وەرە، بەرەو قوڵاییەکەم، ئەی ئەو کەسەی ژیانی خۆمت لەگەڵ بەش دەکەم.
خۆم: کەواتە بۆچی ھێندە لە ژیان دەترسیت؟ یان بۆچی گلەیی لە شانست دەکەیت لە ژیاندا؟.
من: سواڵکەری بەر دەرگای ژیان نیم، ھەمیشە بانگی مەرگ دەکەم، تاکو ژیان بەناچاریی خۆی بێتەوە بەر دەرگام. سەبارەت بە شانسی خۆم لە ژیاندا، پێموایە مرۆڤ پەیوەندییەکی بەتینی بە سروشتەوە ھەیە، ئەستێرەی من لە درەوشانەوەدا نییە، چەند خۆم ماندوو بکەم لە ژیاندا، بە نووسین یان ھەر کارێکی دیکەوە سەرەنجام ھەر تەریک دەبم. ئەستێرەی من رەنگە دوو سەد ساڵی تر بدرەوشێتەوە!، یان ھەرگیز نەدرەوشێتەوە، پێموایە ئەستێرەکان کاریگەریی بەرچاویان ھەیە لە ھەڵکشانی بەختی ھەر کەسێکدا، بۆیە ھەمیشە یارم بە ئەستێرە پێناسە دەکەم لە شیعرەکانمدا.
خۆم: تۆ رەشبینی و پێکەنینت پێکەوە کۆکردۆتەوە، لەو کاتەی دەبێت دڵتەنگ بیت تۆ پێدەکەنیت!.
من: بیرم نایەت کەی بوو گریام، ئەوانەی زۆر دەگرین یان گرفتارن بە خەمێکی زیاد لە پێویست گەورەکراوەوە یان کێشەی عەقڵییان ھەیە، من ھەر کاتێک پێدەکەنم مانای وایە ئازارێکم ھەیە و بە پێکەنین بەرەو رووی دەبمەوە، کە گریانیشم ھات یان تێکستێک لە دایک دەبێت یاخۆ کارەساتێکی گەورە دەقەومێت.
خۆم: ھەمیشە ناڕازیت، ناڕەزایەتییەکەت لە شێوەی “پاسترناک”ە لەسەردەمی ستالیندا. ئەو رۆمانەکەی ناوی “دکتۆر زیڤاگۆ”یە، بەڵام ئەو رۆمانەی تۆ بەنیازیت بینووسیت ناوی “مۆتەکە”یە!. بەڵام ئەو لە سیاسەت، تۆ لە چی ناڕازیت؟.
من: لەگەڵ ئەوەی ھیچ شتێک رازیم ناکات، شتێک نییە ببێتە مایەی دڵخۆشیم، جگە لەتاریکی ھیچی ترم لێ دیار نییە، بەڵام تاکە وشەیەک ھەیە رازیم دەکات، بەڵکو دڵشادیم پێ دەبەخشێت، رووناکم دەکاتەوە، ئەو وشەیەش “خۆشم ئەوێی”یە. بێ ھیوا نیم، بەڵام مەستی ئومێد نیم، ئومێدەواریی نابێت ببێتە تریاک، بەشە باشەکەی ئەم جیھانە رەشبینەکان دروستیان کردووە، چوونکە خۆشبینەکان بە ھەموو شتێک رازین، لەگەڵ ھەموو بارودۆخەکاندا خۆیان دەگونجێنن. لە ریشەوە حەزم بە چارەی ئەو مرۆڤانە نییە بێ ئەوەی چرا دیار بێت، گۆرانی بۆ رووناکی دەڵێن.
خۆم: تۆ چیرۆکت زۆرە بۆ گێڕانەوە، وەک ئەو پیاوەی “ترۆتسکی” کوشت، بەڵام پێش مردنی، ترۆتسکی وتی، ئەو پیاوە نەکوژن چوونکە چیرۆکێکی ھەیە بۆ گێڕانەوە، ئێمە داوا لە کانسەر دەکەین نەتکوژێت تاکو چیرۆکە بێ بنەکەت بگێڕیتەوە.
١١-١١-٢٠١٨
کاتژمێر: دوانزە و بیست خولەک
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس




دز.. شیعر: احمد مطر.. وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام

دزێک بە خشپەیی
خۆی کرد بە ماڵەکەما
سەعات و گوڵدان
و
ملوانکەکەمی دزی
کون و قوژبن گەڕام
بە دوای دزێکا
کەل و پەلەکانمی دزی
لە بازاڕ و بەندیخانەکانا
گەڕام بە دوایا
بەڵکو دەستم کەوێتەوە شتەکانم
بەڵام هیچم بە هیچ نەکرد
بڕیارم یا :
تا لای پۆلیس نەوەستم
چوومە لای فەرماندەی پۆلیس
بۆ گرتنی دزێک ماڵەکەمی دزی
کاتێ شەرحی حاڵم کرد
سەعاتێکم لەوەی خۆم
لە دەستیا بینی
ووتم : ببورە گەورەم
لەوانەیە دزی ماڵەکەم گیرا بێ
ئەو سەعاتەی وا لەدەستتا
لە باوک و باپیرم
ماوەتەوە بە میراتی
بە ڕقەوە سەیری کردم
ووتی :
بیبەن بۆ ژووری ئینفرادی
دوای ساڵێک ئازاد کرام
بڕیارم یا بچم بۆ لای قازی
بۆ شکات کردن لە :
فەرماندەی پۆلیس
و
دزێک ماڵەکەمی دزی
لە بەردەم گەورەی قازێکانا
بۆ گەڕان
بە دوای مافی خۆما ، وەستام
لەبەر دەمیا
گوڵدانەکەی خۆمم بینی
پێمووت : گەورەم
دیارە گیراوە
ئەوەی ماڵەکەمی دزی
ئەو گوڵدانە هی منە
گوڵەکانمم تیا دائەنا
دوای ئەوەی قازی
هاواری کرد : یاساوڵەکان
ئەم شێتە لابەن لەبەر دەمما
و
فێری بکەن ڕێزگرتن لە قازی یانی چی
هەموو بێ دەنگ بوون ، بە خۆمەوە
دوای ساڵێک یان دووان
کەوتەوە بیرم
کە من لای جەنابی قازی بووم
بە پەلە و هاوارەوە
چوومە لای جەنابی” والی”
هەموو شتێكم بۆ باس کرد
بە دوور و درێژی
ووتم گەورەم :
ئەمە ئەوەیە کە ڕووی یا
دز و فەرماندەی پۆلیس و قازی
هەموو بوون بە دوژمنم
بە زەردەخەنەوە سەیری کردم
ووتی : ئەترسم بڵێ ی
ملوانکەکەت ئەمەیە
کە وا لە ملی منا..!!
سەیرم کرد ملوانکەکەم
وا لە ملی جەنابی والی
ئەنجا ” پەند”ەکە تێگەیشتم
خۆم و هەر چییەکم هەیە
موڵکی ” والی ” یە
دز قەت نەهاتبوە ماڵەکەم
بەڵکەمن خۆم
” دز”ەکەی ماڵەکەی خۆم بووم
“”””””””””””””””






لە چیرۆکی ئەفسانەییەوە بۆ چیرۆکی مۆدێرن: پەرەسەندنی منداڵان لە ئەدەبدا.. نووسین: ئاریان یوسف

  1. پێشەکی:
    لێکۆڵینەوە لە پەرەسەندنی منداڵان لە ئەدەبدا زۆر گرنگە بۆ تێگەیشتن لەوەی کە چۆن بەها کۆمەڵایەتییەکان، نۆرمە کولتوورییەکان و تێڕوانینە دەروونییەکان بۆ منداڵی بە تێپەڕبوونی کات گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە. ڕۆڵی منداڵان لە بەرهەمە ئەدەبییەکاندا وەک ئاوێنەیەک کاردەکات کە ڕەنگدانەوەی هەڵوێست و بیروباوەڕی ئەو کۆمەڵگایانەیە کە تێیدا نووسراون. لە سەرەتای بەکارهێنانیان لە فۆلکلۆر و چیرۆکە ئەفسانەییەکاندا بۆ بەخشینی وانەی ئەخلاقی، تا وێناکردنی مۆدێرنیتە وەک تاکێکی ئاڵۆز و بە تەواوی وەدیهاتوو، کارەکتەرە منداڵەکان تێڕوانینێکی بەنرخ لەبارەی بارودۆخی مرۆڤ و چەمکی پەرەسەندنی منداڵیدا دەبەخشن.

  • لە نەریتە ئەدەبییە سەرەتاییەکاندا، وەک ئەوانەی لە چیرۆکە ئەفسانەییەکانی برایانی گریم و چارڵز پێرۆڵتدا دەبینرێن، زۆرجار منداڵان وەک کەسایەتییەکی بێتاوان یان نموونەی ئەخلاقی وێنا دەکران، چیرۆکەکانیان خزمەت بە بەهێزکردنی بەها کۆمەڵایەتییەکان و فێرکردنی وانە. لەگەڵ پێشکەوتنی ئەدەب لە سەدەی نۆزدەهەمدا بە بەرهەمەکانی نووسەرانی وەک لویس کارۆل و لویزا مەی ئەلکۆت، منداڵان بە قووڵایی دەروونی و تاکگەرایی زیاترەوە دەستیان کرد بە وێناکردن. ئەم ڕەوتە تا سەدەی بیستەم و بیست و یەکەم بەردەوام بووە، کە نووسەرانی وەک ج. ڕۆلینگ و مۆریس سێنداک کارەکتەری گەنج دەخەنە ڕوو کە واقیعە کۆمەڵایەتییە ئاڵۆزەکان و گەشەکردنی کەسی بەڕێوەدەبەن.
  • بەیاننامەی تێز: وێناکردنی منداڵان لە ئەدەبدا لە هێما ئەخلاقییە سادەییەکانەوە لە چیرۆکە ئەفسانەییەکاندا پەرەی سەندووە بۆ کارەکتەرە ئاڵۆز و فرەلایەنەکان لە گێڕانەوەی مۆدێرن، کە ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییە فراوانترەکانن. ئەم پەرەسەندنە جەخت لەسەر یارییە دینامیکییەکانی نێوان ئەدەب و گۆڕانی تێڕوانینەکانی منداڵی لە سەرانسەری چوارچێوە مێژووییە جیاوازەکاندا دەکاتەوە.

  1. زەمینەی مێژوویی و نوێنەرایەتییە سەرەتاییەکان
    چیرۆکی ئەفسانەیی و فۆلکلۆر

  • زۆرجار چیرۆکە نەریتییەکانی برایانی گریم، هانس کریستیان ئەندەرسۆن و چارڵز پێرۆڵت، منداڵان وەک کەسایەتییەکی ناوەندی بەکاردەهێنن بۆ بەرجەستەکردنی بێتاوانی و گەیاندنی وانە ئەخلاقییەکان. ئەم حیکایەتانە لە ڕێگەی ئەزموون و فەزیلەتی پاڵەوانە گەنجەکانەوە بەها و نۆرمەکانی کۆمەڵگا ڕەنگ دەدەنەوە و بەهێزیان دەکەن.
  • برایانی گریم، جاکۆب و ویلهێلم، لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا کۆمەڵە بەناوبانگەکەیان بە ناوی “چیرۆکی منداڵان و ماڵەوە” کۆکردەوە. چیرۆکەکانی وەک “هانسێل و گرێتل”، “سەندرێلا” و ” بەفری سپی ” منداڵانی تێدایە کە بە بێتاوانی و فەزیلەت ڕووبەڕووی خراپە و ناخۆشی دەبنەوە. ئەم گێڕانەوەیانە جەخت لەسەر سەرکەوتنی چاکە دەکەنەوە بەسەر خراپەدا و بەهاکانی وەک خۆڕاگری و میهرەبانی و دادپەروەری بەرەوپێش دەبەن. بۆ نموونە “هانسێل و گرێتێل” فێری گرنگی ئیمکانات و دڵسۆزی خوشک و براکان دەکات لە زاڵبوون بەسەر بارودۆخە سەختەکاندا (زیپس، ٢٠٠٢).
  • چیرۆکەکانی هانس کریستیان ئەندەرسۆن، لەوانەش “دەمانچەی بچووک”، “کۆترە ناشرینەکە” و “شاژنی بەفر”، بە هەمان شێوە کارەکتەری منداڵان بەکاردەهێنن بۆ بەخشینی وانەی ئەخلاقی. زۆرجار چیرۆکەکانی ئەندەرسۆن لەسەر گۆڕانی کەسی و گرنگی سیفەتە ناوەکییەکان بەسەر ڕواڵەتەکانی دەرەکیدا جەخت دەکەنەوە. بۆ نموونە “کۆترە ناشرینەکە” تیشک دەخاتە سەر بابەتەکانی خۆقبوڵکردن و گەشەکردنی کەسی، پەرە بەو بیرۆکەیە دەدات کە جوانی و بەهای ڕاستەقینە لەناوەوە دەدۆزرێتەوە (Wullschlager, 2000).
  • هەروەها چیرۆکە ئەفسانەییەکانی چارڵز پێرۆڵت، وەک “سەندرێلا”، ” دووانەی سووری بچووک” و “جوانی خەوتوو”، پاڵەوانی منداڵان بەکاردەهێنن بۆ گەیاندنی پەیامی ئەخلاقی. چیرۆکەکانی پێرۆ، زۆرجار دەرەنجامە ئەخلاقییە ڕوونەکان لەخۆدەگرن، کە جەخت لەسەر دەرئەنجامەکانی فەزیلەت و خراپە دەکەنەوە. “کڵاوی سووری بچووک” هۆشداری دەدات لە مەترسییەکانی نافەرمانی و بێهەڵوێستی، لە کاتێکدا “سەندرێلا” ئاهەنگ دەگێڕێت بۆ پاداشتی میهرەبانی و کۆڵنەدان (تاتار، ١٩٨٧).

  1. سەدەی نۆزدەهەم: سەرهەڵدانی ئەدەبی منداڵان

  • سەدەی نۆزدەهەم شایەتی سەرهەڵدانی ئەدەبی منداڵان بوو وەک ژانرێکی جیاواز، بەتایبەتی لە سەردەمی ڤیکتۆریادا. ئەم قۆناغە گۆڕانکارییەکی بەرچاوی لە وێناکردنی منداڵان لە ئەدەبدا بەخۆیەوە بینی، لە هێما ئەخلاقییە سادەکانەوە بۆ کارەکتەرە ئاڵۆزەکان کە ژیانی ناوەوەی دەوڵەمەند و گەشتە گەشەسەندووەکانیان هەبوو. بەرهەمە سەرەکییەکانی ئەم سەردەمە، وەک “سەرگەرمیەکانی ئەلیس لە وڵاتی سەرسوڕهێنەر”ی لویس کارۆل و “ژنە بچووکەکان”ی لویزا مەی ئەلکۆت، نموونەی ئەم گۆڕانکاریانەن:

سەردەمی ڤیکتۆریا:

  • لە سەردەمی ڤیکتۆریادا، هەڵوێستی کۆمەڵگا بەرامبەر بە منداڵ دەستی بە گۆڕانکاری کرد. ئەو قۆناغە زیاتر ناساندنی منداڵی وەک قۆناغێکی ناوازە و فۆرماتیڤ لە ژیاندا بەخۆیەوە بینی، کە شایەنی سەرنج و ڕێزی تایبەتمەندانە. ئەم گۆڕانکارییە لە ئەدەبدا ڕەنگدانەوەی هەبوو، کە ڕێبازی دیداکتیکی پێشتر بۆ نووسین بۆ منداڵان جێگەی خۆی بە چیرۆکەکان بەخشی کە ئاڵۆزییەکانی ئەزموون و هەستەکانی منداڵان دەکۆڵیەوە، سەردەمی ڤیکتۆریا سەرهەڵدانی ئەدەبی منداڵانی وەک ژانرێکی جیاواز بەخۆیەوە بینی، نووسەران بەرهەمیان بە تایبەتی بۆ خوێنەری منداڵ و لاو دروست دەکرد کە تەنها فێرکاری ئەخلاقی ئەوروژاند. ئەم چیرۆکانە زۆرجار توخمەکانی فانتازیا و سەرگەرمی و ژیانی ناوماڵیان لەخۆگرتبوو، هەم کات بەسەربردن و هەم تێڕوانینیان بۆ بارودۆخی مرۆڤ لە ڕوانگەی منداڵەوە دابین دەکرد.

کارە ئەدەبیە سەرەکییەکان:

  • “سەرگەرمیەکانی ئەلیس لە وڵاتی سەرسوڕهێنەردا” لە نووسینی لویس کارۆل (١٨٦٥):
  • “سەرگەرمیەکانی ئەلیس لە وڵاتی سەرسوڕهێنەردا” لە نووسینی لویس کارۆل، بەرهەمێکی سەرەکییە لە مێژووی ئەدەبیاتی منداڵاندا. چیرۆکەکە باس لە کچێکی گەنج دەکات بە ناوی ئەلیس کە لە کونێکی دوپشکەوە دەکەوێتە ناو جیهانێکی خەیاڵییەوە. بە پێچەوانەی بەرهەمەکانی پێشووتر کە بە پلەی یەکەم لەسەر وانە ئەخلاقییەکان بوون، گێڕانەوەی کارۆل جەخت لەسەر لایەنە ئیحراجکەر و خەیاڵییەکانی منداڵی دەکاتەوە. کارەکتەری ئەلیس بە قووڵییەکی دەروونییەوە وێنا کراوە، کە کنجکاوی و سەرلێشێواوی و بوێرییەکەی دەگرێتەوە کاتێک جیهانێکی سەیر و سەمەرە و پێشبینینەکراو دەڕوات. بەکارهێنانی داهێنەرانەی کارۆل لە توخمە بێمانا و خەوناویەکان تەحەدای چیرۆکگێڕانی نەریتی کرد و ئاهەنگی بۆ شێوازە ناوازەکانی هەستکردن و کارلێککردنی منداڵان لەگەڵ ژینگەکانیان گێڕا (کێلی، ١٩٩٠).

“ژنە بچووکەکان”ی لویزا مەی ئەلکۆت (١٨٦٨)

  • “ژنە بچووکەکان”ی لویزا مەی ئەلکۆت، وێنایەکی ورد و واقیعی دەخاتە ڕوو کە چوار خوشک لە سەردەمی شەڕی ناوخۆی ئەمریکادا گەورە بوون. چیرۆکەکە قووڵ دەبێتەوە لە ژیانی ناوەوەی پاڵەوانە گەنجەکانیدا، بەدواداچوون بۆ گەشەکردنی کەسی و ئاوات و تەحەددیاتەکانیان دەکات. هەر خوشکێک نوێنەرایەتی لایەنە جیاوازەکانی هەرزەکاری و ژنایەتی دەکات، تیشک دەخاتە سەر بابەتەکانی وەکو تەماح، داهێنان، ئەرکی خێزانی و ناسنامەی تاک. وێناکردنی نوانسی ئەلکۆت بۆ گەشتە گەشەسەندنەکانی خوشکەکانی ئازار، ڕەنگدانەوەی دانپێدانانی فراوانتری کۆمەڵگایە بۆ گرنگی پەروەردەکردنی گەشەی سۆزداری و هزری منداڵان. “ژنە بچووکەکان” بەهۆی جەختکردنەوە لەسەر گەشەپێدانی کارەکتەر و وێناکردنی واقیعی لە ئاڵۆزییەکانی ژیانی خێزان و گەشەکردنی کەسیدا جیاوازە (شواڵتەر، ١٩٨٨).
  • گۆڕینی وێناکردن: منداڵان وەک کارەکتەری ئاڵۆز
    سەدەی نۆزدەهەم جیابوونەوە لە وێناکردنی سادەی پێشووی منداڵان بوو. نووسەران دەستیان کرد بە ناسینەوە و وێناکردنی منداڵان وەک تاکێکی ئاڵۆز کە بیرکردنەوە و هەست و ڕێڕەوی گەشەکردنی خۆیان هەیە. ئەم گۆڕانکارییە ڕێگەی بە گەڕانێکی قووڵتر لە منداڵیدا دا، داننان بەو تەحەدایە و ئەزموونە ناوازانەی کە گەشەکردن و ناسنامەی منداڵ لە قاڵب دەدەن.

  1. سەدەی بیستەم و بیست و یەکەم: نوێنەرایەتییە مۆدێرنەکان

  • لە سەدەی بیستەم و بیست و یەکەمدا، ئەدەبیاتی منداڵان پەرەسەندنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، نوێنەرایەتییە مۆدێرنەکانی کارەکتەرە گەنجەکان بە تەوەری ناسنامە، گەشەکردن، خۆڕاگری و گشتگیری پیشان دەدات. نووسەرانی وەک ج.ک. ڕۆلینگ، ڕۆالد داڵ و مۆریس سێنداک بەشدارییەکی بەرفراوانیان لەم پەرەسەندنەدا کردووە، کە باسیان لە پرسە کۆمەڵایەتییەکان و گۆڕانکارییە کولتوورییەکان کردووە و لە هەمان کاتدا نوێنەرایەتی پاشخان و ئەزموونە جۆراوجۆرەکان دەکەن.

    ئەدەبیاتی هاوچەرخ

  • ج.ک. بەرهەمەکانی ڕۆلینگ
    ج.ک. زنجیرەی “هاری پۆتەر”ی ڕۆلینگ کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئەدەبیاتی هاوچەرخی منداڵان هەبووە. زنجیرەکە بەدوای سەرگەرمیەکانی هاری پۆتەر، جادووگەرێکی گەنج و هاوڕێکانیدا دەگەڕێت کە بە جیهانی ئەفسوناوی قوتابخانەی جادووگەری و هۆگوارتسدا دەگەڕێن. گێڕانەوەی ڕۆلینگ دەوڵەمەندە بە تەوەری ناسنامە، سەربەخۆیی، هاوڕێیەتی و شەڕی نێوان چاکە و خراپە. کارەکتەرەکانی وەک هێرمیون گرانگەر و ڕۆن ویزلی بە درێژایی زنجیرەکە گەشە و گەشەیەکی بەرچاویان بەسەردا دێت، مامەڵە لەگەڵ پرسەکانی خۆدۆزینەوە، بوێری و خۆڕاگری لە بەرامبەر ناخۆشیدا دەکەن (ڕۆلینگ، ١٩٩٧-٢٠٠٧).

بەرهەمەکانی ڕۆاڵد داڵ
-بەرهەمەکانی ڕۆالد داڵ، وەک “ماتیڵدا”، “چارلی و کارگەی شوکولاتە” و “بی ئێف جی”، پاڵەوانەکانی تێدایە کە سەرپێچی لە چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگا دەکەن و ناسنامە ناوازەکانیان لە باوەش دەگرن. بۆ نموونە “ماتیڵدا” چیرۆکی کچێکی گەنج دەگێڕێتەوە کە زیرەکی ناوازەی هەیە و توانای تەلەکینێتکی هەیە، تیشک دەخاتە سەر بابەتەکانی بەهێزکردن و پەروەردە و وەستانەوە لە دژی نادادپەروەری. زۆرجار گێڕانەوەکانی داهل ئاهەنگ دەگێڕن بۆ خۆڕاگری و ئیمکاناتی منداڵان، هانی خوێنەران دەدەن تاکایەتی خۆیان لە باوەش بگرن و بەدوای خەونەکانیاندا بگەڕێن (داهل، ١٩٨٨-١٩٩٠).

بەرهەمەکانی مۆریس سێنداک
-کتێبی “شتە کێوییەکان لە کوێن”ی مۆریس سێنداک، نموونەیەکی کلاسیکی کتێبێکی منداڵانە کە لە ئاڵۆزییەکانی هەست و خەیاڵی منداڵیدا قووڵ دەبێتەوە. چیرۆکەکە باس لە ماکس دەکات کە کوڕێکی گەنجە و هەڵدێت بۆ جیهانێکی فانتازیا کە بوونەوەرە کێوییەکان تێیدا نیشتەجێن. سێنداک لە ڕێگەی گەشتەکەی ماکسەوە تەوەرەکانی توڕەیی و تەنیایی و هێزی خەیاڵ وەک میکانیزمێکی ڕووبەڕووبوونەوە دەکۆڵێتەوە. وێناکردن و شێوازی چیرۆکگێڕانی سێنداک دەنگدانەوەی هەیە لەگەڵ منداڵان و گەورەکاندا، وێنایەکی نوانسی ئەزموونەکانی منداڵی پێشکەش دەکات (سێنداک، ١٩٦٣).

  1. وێناکردنی هەمەچەشن و گشتگیر

  • یەکێک لە لایەنە دیارەکانی ئەدەبیاتی مۆدێرن بۆ منداڵان، گرنگیدان بە نوێنەرایەتییە هەمەچەشن و گشتگیرەکانە. نووسەرانی وەک ڕۆلینگ، داڵ و سێنداک بەشدارییان لەم کارەدا کردووە بە خستنەڕووی کارەکتەرەکانی پاشخان و کولتوور و ئەزموونی جیاواز. ئەم گشتگیرییە نەک هەر ڕەنگدانەوەی جۆراوجۆری منداڵانی جیهانی ڕاستەقینەیە بەڵکو هاوسۆزی و تێگەیشتن و قبوڵکردن لە نێو خوێنەراندا پەروەردە دەکات.
    چارەسەرکردنی پرسە کۆمەڵایەتییەکان و گۆڕانکارییە کولتوورییەکان.
  • هەروەها ئەدەبیاتی مۆدێرن بۆ منداڵان باس لە پرسە کۆمەڵایەتییە گرنگەکان و گۆڕانکارییە کولتوورییەکان دەکات. بۆ نموونە زنجیرەی “هاری پۆتەر”ی ڕۆلینگ باس لە بابەتەکانی جیاکاری و پێشوەختە و هێزی وەستانەوە لە دژی سیستەمی ستەمکار دەکات. زۆرجار چیرۆکەکانی داڵ تیشک دەخەنە سەر بێماناییەکانی نۆرمەکانی کۆمەڵگا و تەحەدای بیرۆکە ئاساییەکانی دەسەڵات و یەکسانی دەکەن. گەڕانەکانی سێنداک بۆ هەستەکانی منداڵی و جیهانە ناوەکییەکان لەگەڵ باسەکانی دەوروبەری تەندروستی دەروونی و خۆشگوزەرانی سۆزداریدا دەنگ دەداتەوە.

  1. پەرەسەندنی بابەتیی و هێماسازی
    وێناکردنی منداڵان لە ئەدەبدا پەرەسەندنێکی بابەتیی بەخۆیەوە بینیوە، لە نوێنەرایەتییەکانەوە کە سەرنجیان لەسەر بێتاوانی و هێماسازییە بۆ کارەکتەرە ئاڵۆزتر و فرەڕەهەندەکان. ئەم گواستنەوەیە ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییە بەرفراوانەکانی کۆمەڵگا و پەرەسەندنی هەڵوێستەکانە بەرامبەر بە منداڵی.

  • لە بێتاوانییەوە بۆ ئاڵۆزی
    لە ڕووی مێژووییەوە منداڵان لە ئەدەبدا زۆرجار وەک هێمای بێتاوانی و پاکی و فەزیلەتی ئەخلاقی وێنا دەکران. چیرۆکە ئەفسانەییە نەریتییەکان و فۆلکلۆرەکان زۆرجار کارەکتەرە منداڵەکانیان بەکاردەهێنا بۆ گەیاندنی وانە ئەخلاقییەکان و بەها کۆمەڵایەتییەکان، جەختیان لەسەر پاکی و لاوازییان دەکردەوە. بەڵام لەگەڵ پێشکەوتنی ئەدەب بۆ سەدەی نۆزدەهەم و بیستەم، نووسەران دەستیان کرد بە گەڕان بەدوای ئاڵۆزییەکانی منداڵیدا، پاڵەوانە گەنجەکان وەک تاکێک کە خاوەن بیرکردنەوە و هەست و ئەزموونی ناوازەیان وێنا دەکرد.
  • گواستنەوە لە ڕۆڵی ڕەمزییەوە بۆ کارەکتەری فرەڕەهەند
    گۆڕان لە ڕۆڵی ڕەمزییەوە بۆ کارەکتەری فرەڕەهەند لە بەرهەمەکانی وەک ج.ک. زنجیرەی “هاری پۆتەر”ی ڕۆلینگ. کارەکتەرەکانی وەک هاری و هێرمیون و ڕۆن بە درێژایی زنجیرەکە پەرەدەسەنن و لەگەڵ پرسەکانی ناسنامە و هاوڕێیەتی و دڵسۆزی و ئاڵۆزییەکانی گەورەبوون لە جیهانێکی ئەفسوناویدا دەجەنگن. وێناکردنی ئەم کارەکتەرانە لەلایەن ڕۆلینگەوە وەک تاکێکی فرەلایەنە کە خاڵی بەهێز و کەموکوڕی و کەوانەکانی گەشەکردنی کەسییان هەیە، هەنگاونان بەرەو وێناکردنی نوانستر و واقیعیتری منداڵان لە ئەدەبدا نیشان دەدات.
  • ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان
    وێناکردنی ئەدەبی منداڵان ئاوێنەیەکی پەرەسەندنی هەڵوێستە کۆمەڵایەتییەکان و گۆڕانکارییە کولتوورییەکانە. لەگەڵ زیاتر هۆشیاربوونەوەی کۆمەڵگاکان لەو ئەزموون و تەحەددای جۆراوجۆرانەی کە منداڵان ڕووبەڕووی دەبنەوە، ئەدەب دەستی کرد بە ڕەنگدانەوەی ئەم واقیعانە. نووسەران لە چاوی پاڵەوانە گەنجەکانەوە دەستیان کرد بە چارەسەرکردنی پرسەکانی وەک نایەکسانی کۆمەڵایەتی، تەندروستی دەروونی، داینامیکی خێزان و گەڕان بەدوای ناسنامەدا.

  1. چۆن وێناکردنی ئەدەبی ئاوێنەیەکی هەڵوێستە پەرەسەندووەکانە بەرامبەر بە منداڵی

  • ئەدەب وەک ئاوێنەیەک بۆ کۆمەڵگا کاردەکات، ڕەنگدانەوەی گۆڕانی تێڕوانین و هەڵوێستەکانە بەرامبەر بە منداڵی. بۆ نموونە نووسەرانی هاوچەرخی وەک جاکلین وودسۆن لە فیلمی “خەونبینینی کچە قاوەییەکان” و ئەنجی تۆماس لە فیلمی “The Hate U Give” لە ڕێگەی دیدگای کارەکتەرە گەنجەکانەوە باس لە بابەتەکانی ڕەگەز و ناسنامە و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەکەن. ئەم بەرهەمانە نەک هەر تێڕوانینێک بۆ ئەزموونی گەنجانی پەراوێزخراو دەدەن بەڵکو تەحەدای خوێنەران دەکەن کە هاوسۆزی گێڕانەوە و دیدگای جۆراوجۆر بن.

  1. ڕوانگەی ڕەخنەگرانە

  • دیدگا ڕەخنەگرانەکان لە لێکۆڵینەوە لە ئەدەبیاتی منداڵاندا شیکارییە زانستییەکان دەگرێتەوە کە تێڕوانین لە پسپۆڕانی وەک جاک زیپس، ماریا تاتار و پێری نۆدێلمان وەردەگرن. ئەم زانایانە بەشداری لە ڕێبازە نێوان زانستەکاندا دەکەن بە تێکەڵکردنی تیۆرییە دەروونی و کۆمەڵناسیەکان بۆ قووڵکردنەوەی تێگەیشتنمان لە نوێنەرایەتییە ئەدەبییەکانی منداڵی.
  • شیکاری و تێگەیشتنە زانستییەکان
  • جاک زیپس: زانایەکی دیارە کە بە کارە بەرفراوانەکانی لەسەر چیرۆکی ئەفسانەیی و فۆلکلۆر و ئەدەبیاتی منداڵان ناسراوە. زۆرجار شیکارییەکانی لە چوارچێوەی مێژوویی، کولتووری و سیاسیی بەرهەمە ئەدەبییەکاندا قووڵ دەبنەوە و مانا شاراوەکان و کاریگەرییە کۆمەڵایەتی-فەرهەنگییەکان ئاشکرا دەکەن. بۆ نموونە، لە “چیرۆکی ئەفسانەیی بەرگە نەگیراو”دا، زیپس لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە چۆن چیرۆکە ئەفسانەییەکان ڕەنگدانەوەی دڵەڕاوکێ و ئارەزوو و داینامیکی دەسەڵاتی کۆمەڵگان، تێڕوانینێکی ڕەخنەگرانە پێشکەش دەکات سەبارەت بە ڕۆڵی منداڵان لە چیرۆکگێڕان و گواستنەوەی کولتووریدا (زیپس، ٢٠١٢).
  • ماریا تاتار: کەسایەتییەکی تری کاریگەرە لە بواری خوێندنی ئەدەبیاتی منداڵان، کە گرنگی بە چیرۆکی ئەفسانەیی و فۆلکلۆر دەدات. شیکارییەکانی تاتار زۆرجار تیشک دەخەنە سەر ڕەهەندە دەروونییەکانی گێڕانەوەی منداڵان، بەدواداچوون بۆ تەوەری زەبر و زەنگ و خۆڕاگری و پێکهاتنی ناسنامە دەکەن. لە کتێبی “ڕاستییە سەختەکانی چیرۆکە ئەفسانەییەکانی گریمەکان”دا، تاتار لێکدانەوەی زانستی بۆ چیرۆکە کلاسیکییەکان دەخاتە ڕوو، ئاڵۆزییە دەروونییە بنەڕەتییەکانیان و پەیوەندییە بەردەوامەکانیان ئاشکرا دەکات (تاتار، ١٩٨٧).
  • پێری نۆدێلمان: بەشداری دەکات لە دیدگا ڕەخنەییەکان بە گەڕان بەدوای یەکتربڕینی ئەدەبیاتی منداڵان لەگەڵ تیۆرییە مەعریفی و گەشەسەندووەکان. کارەکانی جەخت لەسەر پرۆسە مەعریفیەکان دەکەنەوە کە لە خوێندنەوە و لێکدانەوەی دەقەکانی منداڵاندا بەشدارن، ڕۆشنایی دەخاتە سەر ئەوەی کە چۆن خوێنەری گەنج لەگەڵ پێکهاتە گێڕانەوە و کارەکتەرەکان و بابەتەکاندا خەریک دەبن. کتێبی “گەورەساڵانی شاراوە”ی نۆدلمان تەحەدای چەمکە نەریتییەکانی ئەدەبیاتی منداڵان دەکات وەک تەنها کات بەسەربردن، بانگەشە بۆ بەرز نرخاندنی قووڵتر بۆ بەها ئەدەبی و دەروونییەکەی دەکات (نۆدێلمان، ٢٠٠٨).

  1. ڕێبازە نێوان زانستەکان

  • ڕێبازە نێوان زانستەکان لە لێکۆڵینەوە لە ئەدەبیاتی منداڵان بریتین لە تێکەڵکردنی تێڕوانینەکانی دەروونناسی، کۆمەڵناسی، پەروەردە و دیسیپلینەکانی تر. زانایانی وەک زیپس، تاتار و نۆدێلمان ئەم ڕێبازانە بەکاردەهێنن بۆ شیکردنەوەی ئەوەی کە چۆن نوێنەرایەتییە ئەدەبییەکانی منداڵی لەگەڵ چوارچێوە کۆمەڵایەتی و کولتوورییە فراوانەکاندا یەکدەگرنەوە. بۆ نموونە، لەوانەیە لێکۆڵینەوە لەوە بکەن کە چۆن گێڕانەوەکان تێڕوانینەکانی منداڵان بۆ خود و ئەوانی دیکە و جیهان لە قاڵب دەدەن، یان چۆن چیرۆکەکان ڕەنگدانەوەی نۆرم و بەها و داینامیکی دەسەڵاتی کۆمەڵگان.
  • یەکخستنی تیۆرییە دەروونی و کۆمەڵناسیەکان
    تیۆرییە دەروونی و کۆمەڵناسیەکان ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕن لە تێگەیشتن لە ئاڵۆزییەکانی ئەدەبیاتی منداڵان. زانایانی وەک تاتار و نۆدێلمان تیۆرییەکانی گەشەکردنی مەعریفی، پێکهاتنی ناسنامە، زەبر و زەنگ و کۆمەڵایەتیبوون لەخۆدەگرن بۆ شیکردنەوەی ئەوەی کە چۆن گێڕانەوەی منداڵان کاریگەرییان لەسەر تێڕوانین و ئەزموونی خوێنەران هەیە. هەروەها ئەم تیۆریانە ڕۆشنایی دەکەنەوە کە نووسەران چۆن کارەکتەرەکان و بابەتەکان و گێڕانەوەکان دروست دەکەن بۆ چارەسەرکردنی پرسە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان کە پەیوەندییان بە بینەرانی گەنجەوە هەیە.
  • کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا و کولتوور
    ئەدەبیاتی منداڵان کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر کۆمەڵگا و کولتوور هەیە، کاریگەری لەسەر پراکتیکەکانی پەروەردەیی هەیە، تێڕوانینەکانی منداڵی لە قاڵب دەدات و لە ڕێگەی گونجانی میدیاییەوە کاریگەری لەسەر گوتاری گشتی هەیە.
  • کاریگەری پەروەردەیی
    ئەدەبیاتی منداڵان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە داڕشتنی پراکتیکەکانی پەروەردەیی لە ڕێگەی پەروەردەکردنی تواناکانی خوێندەواری، پێشخستنی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و چاندنی بەها و هاوسۆزی. کتێبەکانی وەک “بۆ کوشتنی باڵندەیەکی گاڵتەجاڕ” لە نووسینی هارپەر لی و “ڕۆژنامەی کچێکی گەنج” لە نووسینی ئان فرانک بە شێوەیەکی باو لە مەنهەجی قوتابخانەکاندا جێگیر دەکرێن بەهۆی توانای وروژاندنی گفتوگۆ سەبارەت بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی، هاوسۆزی و تێگەیشتنی مێژوویی (لی، ١٩٦٠؛ فرانک ، ١٩٤٧). زۆرجار پەروەردەکاران ئەدەب وەک ئامرازێک بەکاردەهێنن بۆ فێرکردنی وانە ئەخلاقییەکان، هۆشیاری کولتووری و زیرەکی سۆزداری، بە ناسینی هێزی ئەو بۆ سەرقاڵکردنی خوێندکاران و ئاسانکاری بۆ ئەزموونی فێربوونی مانادار.
  • ڕۆڵی ئەدەب لە داڕشتنی پراکتیکەکانی پەروەردەیی
    ڕێبازەکانی فێربوون لەسەر بنەمای ئەدەب، وەک بازنەکانی ئەدەبیات، چالاکییەکانی وەڵامدانەوەی خوێنەر و یەکە بابەتییەکان، بە شێوەیەکی بەرفراوان لە پۆلەکاندا بەکاردەهێنرێن بۆ بەرزکردنەوەی تێگەیشتنی خوێندکاران، لێهاتوویی شیکاری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی-هەستیار. مامۆستایان کتێبی منداڵان بەکاردەهێنن بۆ قسەکردن لەسەر بابەتگەلی جۆراوجۆر، لە پاراستنی ژینگەوە تا هەمەجۆریی و گشتگیری، پەروەردەکردنی تێگەیشتنێکی قووڵتر لە پرسە ئاڵۆزەکان و هاندانی هاوسۆزی و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە (شۆرت، ١٩٩٣).

    خۆگونجاندنەکانی میدیا و کاریگەری لەسەر تێڕوانینە گشتیەکان بۆ منداڵی

  • وەرگێڕانی میدیایی ئەدەبیاتی منداڵان، لەوانەش فیلم، تەلەفزیۆن و میدیای دیجیتاڵی، ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕن لە داڕشتنی تێڕوانینی گشتی بۆ منداڵی. وەرگێڕانەکانی وەک زنجیرە فیلمی “هاری پۆتەر” کە لەسەر بنەمای J.K. کتێبەکانی ڕۆلینگ نەک هەر بینەرانیان سەرقاڵ کردووە بەڵکو بەشدارییان کردووە لە بەناوبانگبوونی جیهانی ئەم فرەنچایزە و گفتوگۆیان لەسەر هاوڕێیەتی و بوێری و هەڵبژاردنی ئەخلاقی لەنێو بینەرانی گەنجدا وروژاندووە (ڕۆلینگ، ١٩٩٧-٢٠٠٧). بە هەمان شێوە وەرگێڕانی چیرۆکە کلاسیکەکانی وەک “مێژووی نارنیا” و “تۆڕی شارلۆت” نەوە نوێیەکانی بە تەوەری بێ کات و وانەی ئەخلاقی ئاشنا کردووە (لویس، ١٩٥٠؛ وایت، ١٩٥٢).
  • ئەم گونجاندنانە دەتوانن کاریگەرییان لەسەر گوتاری گشتی لەسەر منداڵی هەبێت بە نمایشکردنی نوێنەرایەتییە جۆراوجۆرەکان، چارەسەرکردنی پرسە کۆمەڵایەتییەکان و داڕشتنی گێڕانەوەی کولتووری. بەڵام هەروەها پرسیار لەبارەی دڵسۆزی بۆ دەقی ڕەسەن و بازرگانیکردن و کاریگەرییەکانی میدیای بینراو لەسەر ئەزموونە ئەدەبییەکان دەوروژێنن.

  1. دەرئەنجام
    پەرەسەندنی منداڵان لە ئەدەبدا ڕەنگدانەوەی یارییەکی دینامیکی نێوان بەها کۆمەڵایەتییەکان، گۆڕانکارییە کولتوورییەکان و تێڕوانینە پەرەسەندووەکانی منداڵییە. لە چیرۆکە ئەفسانەییە نەریتییەکانەوە بۆ گێڕانەوەی مۆدێرن، وێناکردنی منداڵان لە هێما سادەییەکانەوە بۆ کارەکتەری ئاڵۆز و فرەڕەهەند پەرەی سەندووە، ئەمەش گرنگی تێگەیشتن لەم پەرەسەندنە لە داڕشتنی گێڕانەوەی کولتووری و کۆمەڵایەتیدا دەردەخات.

  • پوختەی دۆزینەوە سەرەکییەکان:
  • پەرەسەندنی مێژوویی: منداڵان لە ئەدەبدا سەرەتا وەک هێمای بێتاوانی و وانەی ئەخلاقی لە چیرۆکە ئەفسانەییە نەریتییەکان و فۆلکلۆرەکاندا وێنا دەکران.
  • گۆڕانی سەدەی نۆزدەهەم: سەدەی نۆزدەهەم سەرهەڵدانی ئەدەبی منداڵان وەک ژانرێکی جیاواز بەخۆیەوە بینی، بەرهەمەکانی وەک “سەرگەرمیەکانی ئەلیس لە وڵاتی سەرسوڕهێنەر” و “ژنە بچووکەکان” منداڵان وەک کارەکتەری ئاڵۆز و ژیانی ناوەوە و گەشتە گەشەسەندووەکانیان پیشان دەدا.
  • داینامیکی سەدەی بیستەم و بیست و یەکەم: نوێنەرایەتییە مۆدێرنەکانی منداڵان لە ئەدەبدا، وەک لە بەرهەمەکانی ڕۆلینگ، داڵ و سێنداکدا دەبینرێت، ڕەنگدانەوەی تەوەری ناسنامە، گەشەکردن، خۆڕاگری و گشتگیرییە، کە باس لە پرسە کۆمەڵایەتییەکان و گۆڕانکارییە کولتوورییەکان دەکات.
  • ڕوانگە ڕەخنەگرانەکان: زانایانی وەک زیپس، تاتار و نۆدێلمان لە ڕێگەی ڕێبازە نێوان زانستەکانەوە تێگەیشتنە بەنرخەکان بەشداری دەکەن، کە تێگەیشتنمان لە نوێنەرایەتییە ئەدەبییەکانی منداڵی بەرز دەکەنەوە.
  • کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا: ئەدەبیاتی منداڵان کاریگەری لەسەر پراکتیکەکانی پەروەردەیی هەیە، هاوسۆزی و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە پەروەردە دەکات و تێڕوانینەکانی گشتی بۆ منداڵی لە ڕێگەی گونجاندنی میدیاوە لە قاڵب دەدات.
  • تێگەیشتن لە پەرەسەندنی منداڵان لە ئەدەبدا لەبەر چەند هۆکارێک زۆر گرنگە:
  • ڕەنگدانەوەی کولتووری: ئەدەب ئاوێنەیەکی بەها و نۆرم و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانە، چاویلکەیەک دەڕەخسێنێت کە لە ڕێگەیەوە دەتوانین لە هەڵوێستە مێژوویی و هاوچەرخەکان بەرامبەر بە منداڵی بکۆڵینەوە.
  • گرنگی پەروەردەیی: ئەدەبیاتی منداڵان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە پەروەردەدا، بەرەوپێشبردنی خوێندەواری، هاوسۆزی، بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و هۆشیاری کولتووری لەنێو خوێنەری گەنجدا.
  • کاریگەری کۆمەڵایەتی: نوێنەرایەتییە ئەدەبییەکانی منداڵی بەشدارن لە گوتاری گشتیدا، گێڕانەوەکان لە دەوری هەمەجۆریی، گشتگیری، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ناسنامە دادەڕێژن.
  • بیرکردنەوە لە کاریگەری بەردەوام
  • ئەم گۆڕانکاریانە لە وێناکردنی منداڵان لە ئەدەبدا بەردەوامن لە داڕشتنی گێڕانەوەی کولتووری و کۆمەڵایەتی بە تەحەدای چەشنە کۆنەپەرستانەکان، پەروەردەکردنی هاوسۆزی و تێگەیشتن و پێشخستنی دیدگا جۆراوجۆرەکان. لەگەڵ پەرەسەندنی کۆمەڵگا، ئەدەبی منداڵان وەک ئامرازێکی بەهێز دەمێنێتەوە بۆ داڕشتنی بەهاکان و بەرەوپێشبردنی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و دەوڵەمەندکردنی ژیانی خوێنەرانی هەموو تەمەنەکان.
    ———————————

سەرچاوەکان:
تاتار، م. (١٩٨٧). ڕاستییە سەختەکانی چیرۆکە ئەفسانەییەکانی گریمەکان. چاپخانەی زانکۆی پرینستۆن.
وولشلاگەر، ج. (٢٠٠٠). هانس کریستیان ئەندەرسۆن: ژیانی چیرۆکنووسێک. چاپخانەی زانکۆی شیکاگۆ.
زیپس، ج. (٢٠٠٢). برایانی گریم: لە دارستانە سیحراوییەکانەوە بۆ جیهانی مۆدێرن. پاڵگرەڤ ماکمیلان.
کێلی، ڕ. (١٩٩٠). لویس کارۆل. بڵاوکەرەوەی توین.
شوالتەر، ئی. (١٩٨٨). هەڵبژاردنی خوشک: نەریت و گۆڕانکاری لە نووسینی ژنانی ئەمریکیدا. چاپخانەی کلارێندۆن.
داڵ، ڕ. (١٩٨٨-١٩٩٠). ماتیڵدا، چارلی و کارگەی شوکولاتە، بی ئێف جی. کتێبی پافین.
ڕۆلینگ، ج.ک. (١٩٩٧-٢٠٠٧). زنجیرەی هاری پۆتەر. چاپخانەی بلومسبێری.
سێنداک، م. (١٩٦٣). شتە کێوییەکان لە کوێن. هارپەر و ڕۆ.
ڕۆلینگ، ج.ک. (١٩٩٧-٢٠٠٧). زنجیرەی هاری پۆتەر. چاپخانەی بلومسبێری.
تۆماس، ئە. (٢٠١٧). The Hate U Give. بالزێر + برای.
وودسۆن، ج. (٢٠١٤). کچێکی قاوەیی خەون دەبینێت. کتێبی نانسی پاوڵسن.
نۆدێلمان، پ. (٢٠٠٨). گەورەساڵی شاراوە: پێناسەکردنی ئەدەبی منداڵان. چاپخانەی زانکۆی جۆنز هۆپکینز.
تاتار، م. (١٩٨٧). ڕاستییە سەختەکانی چیرۆکە ئەفسانەییەکانی گریمەکان. چاپخانەی زانکۆی پرینستۆن.
زیپس، ج. (٢٠١٢). چیرۆکی ئەفسانەیی بەرگە نەگیراو: مێژووی کولتووری و کۆمەڵایەتی ژانرێک. چاپخانەی زانکۆی پرینستۆن.
فرانک، ئە. (١٩٤٧). ڕۆژنامەی کچێکی گەنج. کتێبی بانتام.
لی، هـ.(١٩٦٠). بۆ کوشتنی باڵندەیەکی گاڵتەجاڕ. هارپەرکۆلینز.
ڕۆلینگ، ج.ک. (١٩٩٧-٢٠٠٧). زنجیرەی هاری پۆتەر. چاپخانەی بلومسبێری.
شۆرت، ک. (١٩٩٣). ئەدەب وەک ڕێگەیەک بۆ زانین: سەرچاوە بۆ مامۆستایان و خوێندکارەکانیان. هاینمان.
لویس، سی.س.(١٩٥٠). شێر و جادووگەر و دولاب. جۆفری بلێس.
وایت، ئی.ب. (١٩٥٢). وێبی شارلۆت. هارپەر و برادەرز.

نووسین: ئاریان یوسف




پلاتۆن و نیتچە.. گفتوگۆیەک لە نێوان نا-هاوچەرخاندا.. ڤیلهێلم ڤایشێدل.. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

ئەمڕۆ لە زنجیرەکەماندا بە ناوی “گفتوگۆی ئەندێشەیی” هەردوو فەیلەسوف پلاتۆن و فریدریش نیتچە بەیەکدەگەن.
لە دانوستاندنە توندەکەی نێوانیاندا دوو جیهانبینیی زۆر جیاواز بەریەکدەکەون: تێزی پلاتۆن لەمەڕ ئیدێی چاکە و
نەمریی دەروون، هەروەها جەختکردنی نیتچە لە لێرەبوونی کردەکی یان فاکتی لەنێو جیهانێکی بێخودادا. ڤیلهێلم
ڤایشێدل مانوسکریپتەکەی نووسیوە. لە شانۆییەکەدا برونۆ هیوبنەر رۆڵی پلاتۆن و ڤێرنەر کرایندل رۆڵی فریدریش
نیتچە دەنوێنن. کاتبەسەربردنێکی چاک و پڕمەغزاتان بۆ دەخوازم..

بۆ درێژەی بابەت کلیکی ئێرەبکەن..




کارییگەرییەکانی لێدانی مناڵ لە لایەن دایك و باوکانەوە.. نووسین:- ابراهیم موحەمەد (ئەبڕاهام لێڤایی)

  • لێدانی منداڵ لەلایەن دایکان و باوکانەوە یاخود هەر ئەندامێکی دیکەی خێزانەوە یەکێکە لە خراپترین ڕەفتارەکان لەڕووی تەندروستی دەروونی و کۆمەڵایەتیەوە، چونکە کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر داهاتووی منداڵەکە و کەسایەتی ڕاستەقینەی خۆی ون دەکات وەك مناڵێك لە تەمەنی مناڵیی و لە داهاتوشدا (بەڕێژەیەکی ناجێگیر).

بەگوێرەی توێژینەوە زانستی و دەروونیەکان لێدانی منداڵ زیانی خراپی هەیە، پسپۆڕانی بواری دەروونناسیش جەخت لە مەترسیەکانی دەکەنەوە و هۆشداری دەدەن لە لێدانی منداڵ لەلایەن خێزانەکانیانەوە.
بەگوێرەی توێژینەوەکان لە جیهاندا، زۆرینەی منداڵان لە جیهاندا لەلایەن باوک بە پلەی یەکەم و دایک بە پلەی دووەم ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە بەهۆی توڕەییانەوە، ئەگەر تاکو ئێستا لێدانت بەکارهێناوە بۆ منداڵەکەت، ئەوا پێشنیاز ئەکەم لەمەودوا ڕێگایی گونجاوی تر بەکاربهێنیت چونکە لێدان لە مناڵ دەبێتەوە هۆی:

1-لێدان دەبێتە هۆی دروستکردنی کەسایەتیەکی خراپ و توند ڕەفتار لە تەمەنی منداڵییەتی و لە داهاتووشدا، چونکە وادەکات منداڵ ڕقی لەو کەسە بێتەوە کە توندوتیژە بەرامبەری، ئەمەش کاریگەری نەرێنی دروست دەکات لەسەر دەروونی، لەهەمان کاتیشدا بێ ڕێزی دەکات بەرامبەر خێزانەکەی بەتایبەت ئەو کەسەی لێیداوە و خۆشەویستی بۆی لەدەستدەدات.

2-زاناکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە توندوتیژی بەرامبەر منداڵ، کاریگەری گەورەی لەسەر مێشک و ژیری منداڵ و جەستەی هەیە، چونکە دەبێتە هۆی لاوازبوونی کەسایەتی مناڵەکە بەجۆرێک ڕەنگە بە ئاسانی لەلایەن چواردەورەوە بقۆزرێتەوە بۆ کارپێکردنی هەموو کارێک، لەهەمانکاتدا خۆی بەکەم دەزانێت لەناو هاوڕێکانیدا و پەیوەندییەکانی خراپ دەبێت.

3-پێشبینی دەکرێ کاتێك گەورە دەبێتن ئەوا کەسایەتیەکی داخراو و ڕقاوی لێ دروستبێت و نەتوانێت لەگەڵ چواردەورییدا خۆی بگونجێنێت، بەردەوام توڕەیە.

4-لێدان دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵ لێک تێگەیشتنی نەبێت بەرامبەر خێزانەکەی، هەمیشە هەست بە زوڵم دەکات و خۆشەویستی بۆ کەسەکانی نامێنێت و کاریگەری لەسەر گەشەکردنی دروست دەبێت لەڕووی ئەقڵی و جەستەییەوە.

5-بەهۆی لێدانەوە منداڵ بڕوا و متمانەی بە خۆی نامێنێت و هەمیشە لەهەموو کارێکدا شەرم دەکات و ناتوانێت زاڵبێت بەسەر مامەڵەی لەگەڵ کەسانی دیکە.

6- لێدان دەبێتە هۆکارێک بۆ دروستکردنی هەستی ڕق و توڕەی و تۆڵەسەندنەوە.

هەر بۆیە پێشنیاز ئەکەم و بە گرینگی ئەزانم کە بەهەموو شێوەیەك واز لە توندتیژی بهێنن بەرامبەر بە منداڵەکان، چونکە زۆربەی توێژینەوە زانستیە دەروونییەکان لەگەڵ لێداندا نین بۆ پڕۆسەی فێرکردن و پەروەردەکردنی مناڵ بە شێوەیەکی گشتی لەگەڵ ئەوەدان کە گاریگەری زۆر خراپی هەیە بۆ لایەنی دەروونی و تەندروستی مناڵەکە، لەهەمان کاتیشدا بەمەترسیەکی گەورە لە قەڵەم دەدرێت بۆ داهاتووی تاكەکە.
هەمیشە بەکا‌ر‌هێنانی قسەی خۆش و ئەرێنی و گفتوگۆی گونجاو، هاوکات ڕەفتاری نەرمونیان باشترین هەنگاوە بۆ دروستکردنی مناڵێکی ئارام و دەرووندروست و تەندروست، سەرئەنجام نەوەیەکی باش.

—————————————–

بەشێك لە سەرچاوە زانستییەکان بۆ پاڵپشتیکردنی بابەتەکەم:

1-https://aifs.gov.au/resources/short-articles/what-does-evidence-tell-us-about-physical-punishment-children#:~:text=Other%20studies%20and%20reviews%20have,negatively%20affect%20their%20brain%20development.&text=In%20addition%2C%20physical%20discipline%20can%20quickly%20and%20unintentionally%20escalate%20to%20abuse.&text=The%20adverse%20impacts%20from%20physical%20punishment%20from%20childhood%20may%20last%20into%20adulthood.

2-https://www.developmentalscience.com/blog/2022/2/10/hitting-children-leads-to-trauma-not-better-behavior

3-https://www.winchester.ac.uk/news-and-events/press-centre/media-articles/smacking-children-what-the-research-says.php

4-https://www.msd.govt.nz/about-msd-and-our-work/publications-resources/journals-and-magazines/social-policy-journal/spj27/the-state-of-research-on-effects-of-physical-punishment-27-pages114-127.html

5-https://www.ncbi.nlm.nih.gov/pmc/articles/PMC8612122/
What does the evidence tell us about physical punishment of children?
This short article describes the effects of physical punishment on




پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کۆبانێ” لە ئەڵمانیا بەڕێوەده‌چێت

مەنسوور جیهانی ـ پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کۆبانێ” به یاد و بیرئانینی “ته‌ها که‌ریمی” سینه‌ماکاری کۆچکردووی کورد لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەده‌چێت.

پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کۆبانێ” Kobani بە سه‌رۆکایه‌تی “جه‌نکۆ شەریف” Janko Sharif ده‌رهێنه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری وێنه‌گرتنی کوردyی باکووری کوردستان و دانیشتووی وڵاتی ئه‌ورووپا و به یاد و بیرئانینی “ته‌ها که‌ریمی” سینه‌ماکاری کۆچکردووی بانه‌یی، له ڕۆژانی ٦ تا ٨ی سێپته‌مبه‌ری ٢٠٢٤ لە بەشە جۆراوجۆرەکانی پێشبڕکێی چیرۆکی، ئەنیمەیشن و بەڵگەفیلم لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەده‌چێت و به‌رپرسانی ئه‌م ڕووداوه سینه‌ماییه داوایان له سینه‌ماکارانی سه‌رتاسه‌ری جیهان کردووه تاکوو به‌رهه‌مه‌کانی خۆیان له ڕێگای لینکی https://forms.gle/xAXT5b4FQ5gGuB2i6 بۆ نووسینگه‌ی ئه‌م فێستیڤاڵه ڕه‌وانه بکه‌ن.

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کۆبانێ” به تامه‌جرۆییه‌وه ڕایده‌گه‌یه‌نێت که ده‌روازه‌ی وه‌رگرتنی به‌رهه‌مه‌کان بۆ به‌شداری له پێنجه‌مین خولی ئه‌‌م ڕووداوه سینه‌ماییه، بۆ گه‌شت کردن له نێوان که‌لتووره جۆراوجۆره‌کانی جیهان؛ له ڕۆژی ١ی گوڵانی ٢٠٢٤ کراوه‌ته‌وه و تاکوو ڕۆژی ١ی جوولای (ته‌مووز) ٢٠٢٤ درێژه‌ی ده‌بێت.

ئه‌و سینه‌ماکارانه‌ی که خوازیاری ناردنی به‌رهه‌مه‌کانیانن، ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و لینکه‌ی که ئاماژه‌ی پێکراوه کلیک بکه‌ن و پاشان به داخڵ کردنی زانیارییه‌کان له‌وانه؛ ناوی فیلم به زمانی ئینگلیزی یا عه‌ڕه‌بی، کاتی به‌رهه‌مه‌که، زمانی فیلم، جۆری به‌رهه‌مه‌که، مێژووی به‌رهه‌مهێنان، پوخته‌یه‌ک له سیناریۆ و هه‌روه‌ها زانیارییه‌کانی ته‌‌کنیکی، ده‌نگ و … فۆڕمی ناردنی فیلمه‌که پڕ بکه‌نه‌وه و پاش واژۆی کرد‌ن، فۆڕمه‌که به هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ ئیزنی پێوه‌ست ڕه‌وانه بکه‌ن.

ڕاگه‌یاندنی گشتیی پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کۆبانێ”.

بۆ زانیاری زیاتر:
https://www.facebook.com/share/p/ViB8nvW3ncGF2FbR/?mibextid=WC7FNe
https://www.facebook.com/share/p/nxSxvd57x6bz2zbW/?mibextid=K35XfP




کچۆڵەیەکی سێ ساڵان بوو بە بچووکترین نووسەری جیهـان.. رەزا شـوان

کچـۆڵەیەکی ئیـماراتی ـ لە دوبـەی (ئـەلـمەهـا راشـید ئەلـموهـێری) تەمـەن (٣) ساڵان، لە ئەمساڵدا (٢٠٢٤) بوو بە بچووکترین نووسەر و بە بچووکترین نووسەری زنجـیرە کـتـێـب بۆ منـداڵان لە جـیهـانـدا. دوای ئـەوەی ئەلـمەهـا کە ئـەم دوو کـتـێـبەی نـووسی (گـوڵ) و (هـەنگی هـەنگـوین) هەر خۆشی وێنەکانی بۆ کێشان. کتێبەکانی چاپکـردن و لە مـاوەی (٢٤) کاتـژمـێردا، لە رێـگەی فـرۆشـگای ئەلـیکـترۆنی و بـازرگـانـییەوە، لە هـەر یـەکـە لـەو دوو کـتـێـبـەی، زیـاتـر لە (٢٠٠٠) دانـەیـان لـێ فـرۆشــران. بەمـەش ئەلـمـەهـا ئەلـموهـێری، تـوانی مـەرجـە پێـویستـییـەکـانی، ژمـارەی پێـوانـەیی جـیهـانی “گینس” بەدەسـتبهـێنێـت. دوو ریکـۆردی ژمـارەی پێوانەیی تازەی جـیهـانی تۆمارکرد. لە رۆژی (٧/ ینایـر/ ٢٠٢٤) بە فەرمی دان بە ئەنجامەکەیـدا نـرا و ناویـان لە تۆمـاری “گـینس” بۆ ژمارە پێوانەییەکان تۆمارکرد و دوو بـڕوانامەیان پێـیدا. بەم دوو ریکۆردە جیهـانییە، ئەلـمەهـا راشید ئەلـموهـێری، دەستکەوتـێکی پـڕ لە شانازی و شکـۆداری و مـێژوویی نەمـری بـۆ خـۆی و بـۆ خـێزانـەکەی و بـۆ ئیـماراتی نیـشـتـمـانی تـۆمارکرد.
ئەلـمەها ئەلـموهـێری لە دایەنگە دایە، بەدەر لە منـداڵانی تر، کە لە تەمەنی (٦ بـۆ ٧) سـاڵ، فـێری خـوێنـدنـەوە و نـووسـیـن دەبـن. ئەلـمـەهـا کـارامـەیی و نـاوازەیی خـۆی نیشانـدا. ئەم لە تەمەنی (٣) ساڵی دایە، بـلیمەتانە فـێری خوێنـدنەوە و نووسین بووە. هـەر لە سەرەتـای ئەمساڵـەوە (٢٠٢٤) بە شـێـوە و شـێـوازێـکی سـەرەتـای نایـاب و سەرکەوتـوو دەستی بە چـیرۆک نووسـین کرد. بە توانای بـەرزی لە زمـانـدا، کەسانی دەوروبـەری سەرسـام کـردووە. ئەلـمەهـا بەوەش ناسـراوە، لە تەمـەنی منـداڵـیـیەوە، بە گـفـتووگۆی تـێڕامانی، هەمـوو کەسانی دەوروبـەری رامـان و سەرسام و کردوون.
گوڵکردنی ئارەزووی ئەلـمەهـا، بۆ پاراسـتنی ژینگە، لە کاتی بەشـداریکـردنی دایک و باوکی لە کـۆنفـرانسی (٢٨) تەمی نەتـەوە یەکـگـرتـووەکـان، کە لە دوبـەی لە مـانگی (نۆڤەمبەر/٢٠٢٣) بۆ گۆڕانی کەشوهەوا بەڕێوەچوو. بانگ کرابوون و ئەلمەها شیان لەگەڵ خـۆیانـدا بـرد. لەوێـدا ئیلهـامی بۆ چـیرۆکەکانی تایبـەت بە ژیـنگە بەدەسـتهـێـنا.
دایکی ئەلـمەهـا (مـۆزە ئەلـدەرمەکی) دەڵێت:”سەرەڕای بچـووکی تەمەنی، هەوڵـدەدات لە بـوارە جیـاوازدکـانـدا جیـاوازبـێـت. پـێـداگـری لەسـەر ئـەوە دەکـات، کە بابـەتـەکـانی نووسینەکانی دربـارەی ژینگەبـن. ئەمەش رەنگـدانەوەی کارتـێکـردنی بەشـداریکـردنی ئەلـمەهـایە لە میـوانـداریکـردنی لەگەڵ ئێمەدا، لە کۆنفـرانسی ساڵی رابـردووی نەتەوە یەکگـرتـووەکان لە دوبـەی، دەربـارەی گـۆڕانی کەشـوهـەوا. سەرەڕای ئـەو هـەواڵ و فـیـلـم و ڤـیدیـۆ و ریـکلامـانەی دەربـارەی کەشـوهـەوا و ژیـنـگە، کـە لـە میـدیـاکـانـدا دەیانـبـیـنـێـت و گوێی لـێـيان دەبێـت. هەمـوو ئەمـانە پاڵـنەرێکـن، بۆ ئـەوەی ژیـنگە و گرنگـدان بە ژینگەپارێزی، بخاتە لیستی نیگەرانییەکانییەوە”. سەبارەت بە چـۆنییەتی ئاشناکردنی منداڵ و بەرزکردنەوەی بەهـرەکەی، لە نووسینی چـیرۆکدا، بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش و بە رووداوی زنجـیرەیی و وێنەکـێشراو، دایکی ئەلـمهەهـا دەشـڵـێـت: “بوونی بەهـرە لە منداڵێکدا بەس نییە. دەبێت بە ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری دەوربـدرێـت، کە بەهـرەکەی بە شـێوەیـەکی دروسـت بەرزبـکاتـەوە و پەرەیـپـێـبـدات، گونجـاوبێـت لەگەڵ لەبـاربـوون و توانـا و لـێهاتـووەکانی، سەرەڕای ئەوەش پێـویستە منـداڵان بەشـداربـن لە گـفـتوگـۆکانی خـێزانەکانیانـدا، بۆ پێشخـستنی بیـرکـردنەوەیـان، پاڵـنەریـشـیانە بۆ بیـرکـردنەوە و بـۆ داهـێنانیـان”.
ئەلـمەهـا ئەلـموهـێری، منـداڵـێکی گەشـبـیـن و هـیـواخـواز و مـتـمانە بەخـۆیە. هـێزی پەرەپێدانی کارامەیی و بـیرۆکەکانی، لە رێگەی خوێندنەوەی زۆرەوە، بە دەستهێناون.

شایەنی باسیشە ئەلمەهـا، لە خێزانێکی بلیمەت و زیرەکە. لە گەڵ خوشک و بـراکەیدا لـە کـێـبڕکـێـیەکی هـەمیـشەیـیـدان . بـۆ پـێـشکەوتـن و بـۆ داهـێـنان و بەدەسـتهـێـنان.
خوشکەکەی کە ناوی (ئەلـزەبی) ئەلـمـوهـێری یە، تەمـەنی نـزیکی هـەشـت ساڵە، بە ئیـنگـلیـزییەکی پـەتی دەدوێـت. تا ئـێـستا زیـاتـر لە (٣٠٠٠) کـتـێـبی هـەمـەچـەشـنەی خوێنـدۆتەوە. خاوەنی ریکـۆردی جیهـانی “گـیـنـس” ە، کە لە تەمەنی (٧) ساڵـیدا، لە (٢٠٢٤) بچـووکـتریـن نووسـەری کـتـێـبی چاپکـراو و بڵاوکـراوەیە، بە دوو زمـان لە جـیهـاندا. ناونیـشـانی کـتـێـبەکەشی (بـیـرۆکەیـەکـم هـەیـە) کـە بـە زمـانی عـەرەبـی و ئیـنگـلـیزی نووسـیوێـتی. باس لە منـداڵی خـۆی و لە ژیـانی خـێـزانـیـیان دەکـات.
براکەشی کە ناوی (سەعـید) ئەلمـوهـێری یە و تەمەنی (٤) ساڵە، خاوەنی بـڕوانـامەی ریکۆردی جیهانی “گینس”ە، کە بچووکترین نووسەری (نێر)ە، لە نووسینی چیرۆک بۆ منداڵان لە جیهان. کتێبەکەی بە ناوی (فیلێکی شاد و ورچێک) باس لە هاوڕێتی دەکات.
واتـە بـرا و دوو خـوشـکەکە، خـاوەنی چـوار بـڕوانـامـەی ریـکـۆردی جـیهـانـین، وەک بچـووکترین نووسـەر و بچـووکترین نووسـەری زنجـیرە کـتـێبی چاپکـراو و بڵاوکـراوە بۆ منـداڵان و بچـووکـترین نووسـەری کـتـێـب، بە دوو زمـان بـۆ منـداڵان لە جیهـانـدا.
ئەلـمەها راشـیـد ئەلـموهـێری، لە رێـگەی نـووسـینی هـەردوو چـیرۆکەکەی (گـوڵ) و (هەنگی هەنگوین) پەیامی گرنگی ژینگەپارێزی بە منداڵانی هاوتەمەی رادەگەیەنێت.
پێویسـتە دایکان و باوکان، ئارەزوو و بەهـرە شـاراوەکانی منـداڵەکانیان بـدۆزنـەوە و پشتگـیرییان بـکەن و رێنـمایی پێـویـستـیان بـکەن بۆ گەشـەکـردنیـان و بـۆ داهـێـنان. کەڵە زانـای جیهـانی (تـۆماس ئەدیسۆن)ی داهـێنەری کارەبـا. ئەگەر بە پشـتگـیری و هـانـدانی دایـکی میهـرەبـانی نەبـوایە، نەدەبـوو بـەو زانـا داهـێـنەرە. بۆیـە ئەدیـسـۆن خـۆی بە بە قـەرزاری دایـکی دەزانـی.
لەناو منداڵانی ئێمەی کوردیشدا، بلیمەت و دانا و داهـێنەرمـان زۆرن. بەداخـەوە کە نە پشتگیری و نە هانـدانیان هەیە، بۆ ئەوەی دەربکەون و گرنگی بە بەهـرەکانیان بـدەن.

(*) بۆ ئەم نووسینە، سـوودم لە چەنـد سایتێکی ئینگلـیزی و عـەرەبی وەرگرتـووە.

دوبـەی: ٢٠٢٤




نا بۆ تێکدان و شێواندنی شاخی گۆیژە.. لیژنەی سلێمانی/ ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق

ماوەی چەند ڕۆژێکە ئامێرەکانی هەڵکەندن و تەختکردنی زەوی کەوتوونەتە تێکدان و هەڵکۆڵینی شاخی گۆیژە، بە پێی هەواڵەکان بێت بۆ پڕۆژەیەکی ئابووری کۆمپانیاکانی سەر بە حزبەکانی دەسەڵاتە.
ئەم شاخە کە سیما و سمبولێکی شاری سلێمانیـیە، خۆی سامانێکی سروشتی و مڵکی گشتی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمەیە و بە هیچ پاساوێک و بڕوبیانوویەک ناکرێت ئەم مافە لە هاوڵاتیانی هەرێم و بە تایبەت لە خەڵکی شارەکە زەوت بکرێت و بە مفتی ڕادەستی کۆمپانیاکانی کەرتی تایـبەت بکرێت.
تێکدانی سیمای سروشتی ئەم ناوچەیە کارەساتی ژینگەیی بەدوای خۆیدا دێـنـێـت و کاریگەری لەسەر ئاووهەوای دەڤەرەکە بەجێ دەهێڵێت، سروشت و تەندروستی هاوڵاتیانیش دەکرێتە قوربانی سود و کەڵەکەی سەرمایە بۆ چەند کۆمپانیا و مشتـێک لە سەرمایەداران.
لەوەتەی حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتدارەتی هەردوو زۆنی سەوز و زەرد هەیە درێغییان نەکردووە لە بەخشینی مفتی زەویوزاری دەوروبەری شارەکان بە کۆمپانیاکان و بەرپرسان، بۆ قوتکردنەوەی بارەگای حزبی و دروستکردنی پڕۆژە و تەلار و باڵەخانە و باخ و بێستانەکانیان، ئەمە لە کاتێکدایە کە قەیرانی خانووبەرە و کرێـنـشیـنی یەخەی جەماوەرێکی بەرین و بەربڵاوی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و کرێچی کەم دەرامەت و بێکاری ئەم هەرێمەی گرتووە، وە تا دێت ڕووبەری سەوزایی ناو شارەکان و دەوروبەریان بەهۆی چالاکی ئەم کۆمپانیایانەوە کەم دەبێتەوە و شوێنی سەیران و پشوودانە گشتیـیەکان تەنگبەر دەکرێنەوە لە خەڵکی دەستکورت و هەژار و دەدرێنە پڕۆژە گەشتیاریـیەکانی بزنسمانەکان.
ئەم پلانەی تەختکردنی شاخی گۆیژە، نمونەیەک و ئاکامێکی ڕێباز و سیاسەتی ئابووری نیولیبرالیزمی حکومەتی هەرێم و هەردوو حزبی دەسەڵاتە لە هەرێمی کوردستاندا کە هەرچی سامانی گشتی و کەرتی گشتی دەوڵەتی هەیە ڕادەستی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و سەرمایەداران و گەورە بازرگانانی کوردستانی دەکەن.
نیگەرانی و ناڕەزایەتی جەماوەر بەرامبەر ئەم وێرانکاریـیەی سروشت و بەرامبەر ئەم بێ عەدالەتیـیە لە فەرهود و تاڵانکردنی موڵکی گشتی و ڕادەستکردنی بۆ کۆمپانیاکان، نیگەرانی و ناڕەزایەتیـیەکی بەرحەقە. ئێمە خۆمان بە بەشێک لەم ناڕەزایەتیـیە و لەو بەرە بەرەنگاریـیە دادەنێین کە لە هەوڵدایە بۆ پوچەڵ کردنەوەی ئەم پلانە، وە بەتوندی سەرکۆنەی ڕوخاندن و شێواندنی شاخی گۆیژە دەکەین و داوا لە جەماوەری ناڕازی و ژینگەدۆستان دەکەین کە یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بن لە بەرامبەریدا.

نا بۆ وێرانکردنی سروشت و تێکدانی ژینگەی شاری سلێمانی
٣٠-٥-٢٠٢٤




من و تۆ.. 1.. شیعری ستیڤان شەمزینی

بەشی یەکەم

من و تۆ وەک تۆپەڵێک رووناکی
بەناو تاریکیدا تێدەپەڕین
سەیر بکە
چۆن ژیان بۆتە چراخان


من و تۆ
لە ھەر زەمانێکدا
ناوێکمان ھەبووە
زەمانێک لەیل و مەجنون
زەمانێکی تریش مەم و زین
ئەمێستا گوڵاڵەسوورە و باخ


من و تۆ لە نیشتمان لە دایک بووین
لە غەریبیدا یەکترمان دۆزییەوە
لە بانیژەی خەیاڵدا ماچمان گۆڕییەوە
لە ئاسمانی یەکتردا بۆ ئەبەد دەفڕین


من و تۆ لە یەک جامدا
ئاوی خۆشەویستی دەخۆینەوە
لە یەک چرکەدا پێکەوە دەمرین
لە باوەشی یەکتردا زیندوو دەبینەوە


من و تۆ بۆ یەکەمین جار
پەنجەرە داخراوەکانی ھەستمان کردەوە
تا تیشکی ھەتاوی ئەوین بێتە ژوورەوە
لەو رۆژەوە رەشەبا شەڕ بە من و تۆ و
پەنجەرەی کراوە دەفرۆشێت


من و تۆ پێکەوە خەونمان بینی
ئیبن سیرین خۆی پێی وتین
لە شەقامێکی نارنجیدا پێکدەگەن
لە بن سێبەری دارگێلاسی عیشقدا دەمرن
لە بەھەشتدا سەردەردەھێننەوە


من و تۆ لە مەزرادا گوڵمان رواند
لە ئاسماندا برووسکەمان چاند
لە دڵدا خۆشەویستیمان داکوتا
ھەر خۆشمان گوڵ و برووسکە و
خۆشەویستی بووین


من و تۆ بە قەڵەمێکی سوور
مێژووی بارانمان نووسییەوە
ئەوەمان بۆ نەوەکانی داھاتوو
یاداشت کرد
دەکرێت لە ھەناوی رەشی ھەورێکدا
دڵۆپە بارانی سپی لە دایک بێت


من و تۆ
ئەو تابلۆیەمان رەنگ کرد
کە خۆشەویستی
خودا و شەیتان ئاشت دەکاتەوە!
بۆ کۆتایھێنان بە وەرزی مردن و
رازاندنەوەی بووکی ژیان
با دەست بە ئەوینەوە بگرین


من و تۆ
لە تێپەڕین بە دەریای سۆزدا
ملوانکەی مرواریی ئەوینمان ھۆنییەوە
کردمانە گەردنی رۆژە خەمۆکەکانمەوە


من و تۆ
لە ھەموو شوێنێک دەناسرێینەوە
بەلەمەکان
بە ھەڵاتن لە تەنھایی
رووبارەکان
بە مەلەی پێچەوانەی شەپۆل
ئاگرەکان
بە سووتان لە کورەی غەریبی
“با”کان
بەراکردن بەدوای تەمەنی بابردوو
باخەکان بە ماچی ژوانەکانمان
یەک یەک دەمانناسنەوە


من و تۆ لەوەتی ھەین
بە لەززەتی رامووسانەوە دوو گیانین
بە دزی تەنھاییەوە پێکەوەین
ناوی یەکتر لەسەر پێستی
بێستوونی توانەوە ھەڵدەکۆڵین


من و تۆ پەیمانمان بە یەکتردا داوە
ھەر کات مەرگ پەلی منی گرت
تۆ لە ژیاندا زیندوو بمھێڵیتەوە
ئەو پەیمانەمان لە دامێنی شیعرێکدا
واژۆ کرد


من و تۆ لەسەر ئەوە رێکەوتین
ھەر کاممان مردین
ئەویتر ھاوسەرگیری بکات
من لەگەڵ فرمێسک و
تۆش لەگەڵ یادگارییەکانی من


من و تۆ
لەسەر شتێکی تریش رێکەوتین
چیتر من، من نیم
تۆش، تۆ نیت
ئێمە ھەر یەک بەلەمی عاشقین
لە دەریاچەی سەرکێشیدا
سەوڵ لێ دەدەین





کۆماریەکان و هەڕەشە لە سیستەمی دیموکراتیزمی ئەمریکاو ڕۆژئاوا.. ئاوات ئەسعەی

سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆنالد ترەمپ، هەموو هەوڵێکی دا، بۆ ڕێگریکردن لەو ئیدانەیەی، کە لە 31 ی مانگی پێنجدا کرا. ڕاستەوخۆش هەڵوێستی چاواڕوانکراوی خۆی روونکردەوە، یان راستر بڵێین: دەیان و بگرە سەد بارەی کردەوە، کە گوایە “بێتاوانە”. لەمەش بترازێت، زۆر دەمێکە ترەمپ دەسەڵاتی دادوەری بە گەندەڵ وەسف دەکات، سوکایەتی بە شایەتحاڵ و داواکاری گشتی و دادوەر ئەکات و بەردەوامیشە لەم کارانەی.
خۆڕاگری دەسەڵاتی دادوەری ئەمریکا کەوتە بەر تەحەدایەکی گەورەوە. بەڵام توانی سەربەخۆیی خۆی بپارێزێ، سەرەڕای هەموو هەوڵێکی سەرۆکی پێشووتر بۆ ترساندنی. ئەمەش خۆی لە خۆیدا رووداوێکی مێژوویە. هیچی کەمتر نیە لەوەی، کە یەکەم سەرۆکی ئەمریکا لەلایەن دادگایەکەوە تاوانباربکرێت.
لە راستیدا ئەم هەڵوێستەی ترەمپ زۆر “سروشتیە”. لام وایە بە درێژایی مێژوو، ئەگەر دیکتاتۆرێک، پۆپۆلیستێک، یان ئاوتۆکراتێک یان سەرۆکی باندێکی ئابووری یان چەتەگەری، خرابێتە بەر دادگاو حوکمدرابێت، ئەوا هەرگیز ئەو مەحکوم کراوە خۆی نەک تەنیا بە تاوانبار دانەناوە، بەڵکو بە “قوربانی سیستەمێکی چەوسێنەرو گەندەڵ و دیکتاتۆر هتد…” زانیوە.
ئەوەی لێرەدا بەلامەوە گرنگە سێ خاڵی سەرەکیە لەم بابەتەدا:
یەکەم: ترەمپ لەم چەند ساڵەی رابوردوو توانیویەتی دەست و پێی پارتی کۆماریەکان بەشێوەیەک لە گرێژەنە بەرێت، کە هەر کەسێک زاتی رەخنەگرتنی کردبێت، نەک هەر پەراوێز کراوە، بەڵکو دەمکوت کراوەو، لە زۆر حاڵەتیشدا بێدەسەڵات کراوە. کەواتە کۆنترۆلێکی تەواوی پارتێکی دێرینی کردووە بە هەموو واتایەکی وشە.
دووم: پاش دۆڕاندنی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی لە 2020 و بانگاشەی ترەمپ لەوەی، کە گوایە ساختەکاری کراوە، ئەمەش بێگومان بێئەوەی هیچ یەکێک لە بانگاشەکانی لە لایەن دادگایەکەوە پشت راستبکرێتەوە، ئەم کابرایە توانیویەتی بە هەزاربارەکردنەوەی بانگاشەکەی، گومان لەلای دەیان ملیۆن دەنگدەری ئەو وڵاتە لە “پاکیی و دروستیی” سیستەمی دەنگدان و دیموکراتیزمی ئەو ووڵاتە دروست بکات.
سێیەم: سەرەڕای ئەوەی، وەک لەسەرەوە ئاماژەی پێدرا، دادگایەک تۆمەتەکانی پاش لێکۆڵینەوەیەکی زۆر و گوێگرتن لە پتر لە 20 شایەت بە تاوانباری ناساند، هێشتا ترەمپ نەک هەر سورە لەسەر بێتاوانی، بەڵکو سیستەمی دادی ئەو وڵاتە بە گەندەڵ ناودەبات. لەم کارەشدا میدیا راسترەوەکان زۆر چالاکن. تەنیا فۆکس نیوز لە ماوەی ئەم دوو مانگەی ڕابوردوودا پتر لە 200 جار پەلاماری دادوەری دادگاکە، خوان مێرشان ی، داوە. بەمەش راستڕەوان پتر دنەی لایانگرانی ترەمپ ئەدەن، دژ بەو سیستەمە. رۆژنامەی نیویورک تایمس ئەڵێ: “سەرۆکی پێشووی ئەمریکا هەرگیز ڕاستگۆیی ئەخلاقی گەورەی نیشان نەداوە، بەڵام ئەو ڕاستیانەی لە دادگاییکردنی نیویۆرکدا خراوەنەتەڕوو، زانیاری زیاتریان ئاشکرا کردووە، کە پێویستە خەڵک بزانن سەبارەت بەو شێوازە نائەخلاقییەی ترەمپ ژیان و کارەکانی پێیانەوە بەڕێوەدەبات.”
بەڵام کار لەوە چووەتە دەرەوە، لایەنگرانی ترەمپ گوێیان بۆ دادگا و ڕاستی تاوانەکانی ترەمپ شل بکەن. چونکە زۆر دەمێکە ئەم کابرایە توانیویەتی بە شێوەیەکی گشتی، جەمسەرگیری (إستقطاب) کۆمەڵگای ئەمریکا توندتر بکات.
لەمەش قورستر ئەوەیە، کە تێکڕای ئەو سیاستەمەدارانەی کۆماریەکان، کە دێنە گۆ، بێ پەروا وبە شێوەی جیاواز پشتیوانی لە بانگاشە چەواشەکانی ترەمپ ئەکەن، کە گوایە سیستەمەکە گەندەڵ بێت.
ترەمپ لە لێدوانەکەیدا، پاش ئاشکرا کردنی ئیدانەکردنەکەی، بەمەبەستی تایبەتی و خۆپەرستی خۆی، بابەتی دادگاو و بابەتی سیاسی دەنگدەران لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا کردە یەک شت: “دەنگدەران حوکمی خۆیان لە 5 ی نۆڤەمبەری ئەمساڵدا ئەدەن”. ترەمپ ئەمجارەیان بە پێچەوانەی زۆربەی درۆکانی، شتێکی راستی ووت. چونکە گومان لەوەدا نیە، کە وەک بەربژێری کۆماریەکان ئەمێنێتەوەو هەر هیچ نەبێت، نەک تەنیا 12 کەس، بەڵکو دەیان ملیۆن دەنگدەر لەو ووڵاتەدا، بێگوێدانە ئەوەی تاوانبارە، دەنگی بۆ ئەدەن، با هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیش نەباتەوە.
ئەم کارەی کۆماریەکان گەورەترین مزگێنی و دەسکەوتە بۆ وڵاتانی دیکتاتۆر و ئەوتۆکراتی وەک روسیا و چین و ئێران و هتد، کە ئەوانیش بۆ درێژەپێدانی سیستەمە دڕندەکانیان بتوانن سوودی لێوەربگرن و وێنەی دیموکراتیزم و لیبرالیزمی رۆژئاوا لای خەڵکە داماوەکانیان زیاتر بزڕێنن.

Foto: Mike Segar / REUTERS




شانۆیی ماڵی زەیتون لە ستۆکهۆلـم نمایش دەکرێت.

Olivhemmet

نوسسین و دەرهێنانی: زاهیر عەبەڕەش
کۆریۆگراف: ئۆسە ئێن ئۆستریۆم
ئەکتەرکان: لاسی فرانسێن، عادل ئەحمەد و لۆتە نوێید.
زمانی نمایش سویدیە.
ڕۆژانی 5، 6، 7، 8 ی مانگی حوزەیران لەسەر شانۆی Teaterverket Svea نمایش دەکرێت. لە شاری ستۆکهۆڵم لە وڵاتی سوید.
شانۆییەکە باس لە ژیان و ڕەوشی دووکەس دەکات لە خەڵوەتگایی پیری کە دوا مەنزگڵگای ژیانیانە، یەکێکیان کورد و ئەویتریان سویدی کە دوو کولتور و فەرهەنگ و بارگروندی جیاوازیان هەیە. فاتو کە ئەویش کارگوزارێکە لەوێ کار دەکات، ئەویش چیرۆکێکی خۆی هەیە، ناکۆکیەکانی ئەو دوو کەسە بە ساڵاچووە بەرێوە دەبات، سەرەتا بە کۆنفلیکت و دژیایەتی یەکتر دەست پێ دەکات، پاش تێپەڕبوونی کات دوای ئەوەی کارەکتەری لێنارد دەکەوێت و ئازاری پیدەگات، کارەکتەری دووەم هاوکاری دەکات ئیدی یەکتر قبوڵ دەکەن و پەیوەندیەیەکی بەهێز لە نێوانیان دروست دەبێت، ئەوەش کار دەکاتە گۆڕانی سەر دیدی و بۆچوونیان. چونکێ مرۆڤ لە بەدەنگ هاتنی یەکتری و هاوکاری دا پەیوەندی دروست دەکات، مرڤ ئەگەر پێویستی بەیەکتر بوو ڕایەڵکی کۆمەڵایەتی نزیک بەیەکیانەوە دەبەستێتەوە.
لەم شانۆییەدا بەهۆی ئەو سێ کارەکتەرە فەرهەنگ جیاوازەوە جەخت لەو بۆشاییەو نادڵنیایە دەکات لە لە نێوان کلتورەکاندا هەیە، دین و ئایدۆلۆژیا گەورەترین هۆکارن لە درووستبونی ئەو بۆشاییەدا، لەبەر ئەوەلە ئێستادا ئەوە گەروترین هەڕەشە لەسەر ئێمەیە وەک مرۆڤ، چونکە گەر مرۆڤەكان نەتوانن متمانە بە یەكتری بكەن، ئیدی ناتوانن پێكەوە هەڵبكەن، بەبێ ئەمەش شارستانیەتەكان هەڵدەوەشێنەوە. لەم تێکستەدا دەمەوێت بڵێم پێویستمان بە پەیوەندی و دڵنیایی هەیە. مرۆڤ بە دیدی من تەنها خاڵێکه وسفرە و هیچی تر، هیچ سوبجێکتێکی نییە ئەگەر لە پەیوەندیدا نەبێت. تۆ لە ماڵێکدا تەنها وەک مێز، کورسی و ئوبێکتی ماڵەکەتی، ئەی کەی دەبیت بە مرۆڤ؟ بێگومان ئەو کاتەی لە پەیوەندیدا بیت. شانۆییەکە فۆرمێکی، کۆمیدی، تراژیدی و ئەبسوردی هەیە، جەخت لەو کیشانەش دەکات کە لە ئێستای کۆمەڵگەی سویدیدا هەیە لەگەڵ بیرکدنەوەیەکی قوڵ لە مەرگ.




ژنە قاوەگرەوەکە.. شیعری: نەزار قەبانی.. وەرگێڕانی: عەبدولڕەحمان فەرهادی

شیعری: نەزار قەبانی
بە دەنگی: عەبدولحەلیم حافز
ئاوازی: محەمەد ئەلمەوجی
وەرگێڕانی: عەبدولڕەحمان فەرهادی
«»«»«»«»«»«»«»«»«»«»«»

ڕۆنیشت و
ترس لە دیدەکانیدا بوو
لە فنجانە نخوونکراوەکەمی ڕوانی
ژنە گوتی:
کوڕێ من، غەمگین مەبە
ئەڤینت لە چارەدا نووسراوە
کەسێ لەسەر دینی مێریڤانەکەی
سەربنێتەوە، شەهیدە،

زۆرم فاڵ گرتۆتەوە
گەلێ لە بزاڤی ئەختەران ڕاماوم
وەلێ قەتم نەزانیوە خەم هەبێ
لە شێوەی خەمی تۆ
وەت چارەنووسە، تا هەتایە
بێ گیرسانەوە، بە دەریای ئەڤیندا بڕۆی
هەموو تەمەنت، کتێبی ڕۆندکان بێ
وەت چارەنووسە،
لەنێوان ئاو و ئاگر لە زیندانا بیت.

سەرباری سەراپای سوتانان
سەرباری سەراپای ڕابردووەکانی
سەرباری ئەو خەمەی بە شەو و ڕۆژ
تیاماندا ماوەتەوە
سەرباری باوبۆران و باهۆزان
کوڕێ من، هەر ئەڤینە خۆشترینی قەدەران.

کوڕێ من، لە ژیانتا ژنێ هەیە،
چاوەکانی! وای لە شکۆداریی خوا،
دەمی وەک هێشوو وێنە کراوە
کەنینەکەی ستران و گوڵە.
قژە دینە قەرەجیانەکەی
هەموو دنیا دەگەشتێنێ.

کوڕێ من، لەوەشە ژنێ ببێتە دونیا
کە دڵ دەیهەوێ.
وەلێ، ئاسمانت باراناوی و
ڕێگەشت داخراو.

کوڕێ من، مێریڤانی ئەو دڵەت
لە قەسرێکی چاوەدێریکراودا خەوتووە
ئەوەی بچێتە ناو ئەوێ، ئەوەی بیخوازێ
ئەوەی لە تانۆکی باخچەکەی نزیک بێتەوە
ئەوەی بیەوێ کەزیەکانی بکاتەوە،
کوڕێ من، ئەو کەسە ون دەبێ ون.

هەموو شوێنێکی بەدوادا دەگەڕێی
لە شەپۆلی دەریا، لەو دەپرسیی
لە بەردەپیرۆزەی شەتاوان لێی دەپرسیی
دەریا بە دەریا لێیدەگەڕێی
لەهیی فرمێسکت وەک ڕوبار دادەڕژێ
خەمت هەراش دەبێ، تا دەبێتە درەخت.

کوڕێ من، مێریڤانی دڵت
نە خاکی هەس، نە نیشتمان، نە ناوونیشان

کوڕێ من، هۆۆۆ کوڕێ من
چ سەختە، ژنێکت خۆشبووێ
نەیبێ ناوونیشان.
«»«»«»«»«»«»«»«»

◾️قارئة الفنجان◾️
جلسَت والخوف بعينيها تتأمل فنجاني المقلوب
قالت يا ولدي لا تحزن فالحب عليك هو المكتوب
يا ولدي قد مات شهيداً من مات فداءاً للمحبوب
بصّرت ونجّمت كثيراً
لكني لم أقرأ أبداً فنجاناً يشبه فنجانك
بصّرت ونجّمت كثيراً
لكني لم أعرف أبداً أحزاناً تشبه أحزانك
مقدورك أن تمضي أبداً في بحر الحب بغير قلوع
وتكون حياتك طول العمر كتاب دموع
مقدورك أن تبقى مسجوناً بين الماء وبين النار
فبرغم جميع حرائقه، وبرغم جميع سوابقه
وبرغم الحزن الساكن فينا ليل نهار
وبرغم الريح وبرغم الجو الماطر والإعصار
الحب سيبقى يا ولدي أحلى الأقدار
بحياتك يا ولدي امرأةٌ عيناها سبحان المعبود
فمها مرسوم كالعنقود، ضحكتها أنغام وورود
والشعر الغجري المجنون يسافر في كل الدنيا
قد تغدو امرأة يا ولدي يهواها القلب هي الدنيا
لكن سماءك ممطرة وطريقك مسدودٌ مسدود
فحبيبة قلبك يا ولدي نائمة في قصرٍ مرصود
من يدخل حجرتها، من يطلب يدها
من يدنو من سور حديقتها، من حاول فكّ ضفائرها
يا ولدي مفقودٌ مفقود
ستفتِّش عنها يا ولدي في كل مكان
وستَسأل عنها موج البحر وتسأل فيروز الشطآن
وتجوب بحاراً وبحاراً، وتفيض دموعك أنهاراً
وسيكبر حزنك حتى يصبح أشجاراً أشجارا
وسترجع يوماً يا ولدي مهزوماً مكسور الوجدان
وستعرف بعد رحيل العمر بأنك كنت تطارد خيط دخان
فحبيبةُ قلبك ليس لها أرض أو وطن أو عنوان
ما أصعب أن تهوى امرأةً يا ولدي ليس لها عنوان.
«»«»«»«»«»«»«»«»«»«»«»«»
سەرچاوە: عبدالحليم حافظ، ضمير الحب المتكلم- تأليف عبدالكريم عبدالعزيز الجوادي- بغداد ١٩٨٦