پیشەسازیی وەهمەکان.. نووسینی: کەریم جدی.. و: یاسین لەتیف

‏‏١
‏ئایا وەهمەکان بە مرۆڤەوە نووساون؟ ئایا دروستکردنی وەهم لە ژیانی مرۆڤایەتی و لە ڕۆژگاری ئێستاماندا پێویستییە؟
‏ئایا دڵخۆش دەبیت یان غەمبار، ئەگەر وەهمێکت لەدەست دا؟
‏٢
‏ناتوانین باسی وەهم بکەین بەبێ باسی خەیاڵ و خەون. جگە لەوەی بیرمەندان و فەیلەسوفان مرۆڤ بە “گیانلەبەرە باڵاکە” و “گیانلەبەری قسەکەر” ناودەبەن، سیفەتی تریشیان خستۆتە پاڵی وەک “گیانلەبەری بیرکەرەوە” و “ئەو گیانلەبەرەی خەون دەبینێت”. ‏خەیاڵ لە چوارچێوەی چالاکییە هزرییەکانی مرۆڤدایە. خەیاڵ ئازاد و بێ سنوورە، هەرچەندە پەیوەندی بە دەوروبەر و ئاستی بیرکردنەوەوە هەیە، بەڵام سیفەتی فڕین، کراوەیی، نەرمی و ڕۆشتنی بەرەو دوورترین و نامۆترین شوێنەکانی هەیە. هەر بۆیە، ئەگەر بکرێت جەستەی مرۆڤ لە ڕووی جوڵە و شوێنەوە سنووردار بکرێت، خەیاڵەکەی سنووردار ناکرێت. بگرە سەلمێنراوە کە هەرچی شوێنی مرۆڤ تەسکتر بێتەوە، زیاتر پەنا بۆ ئازادکردنی خەیاڵ دەبات؛ وەک ئەوەی لەگەڵ زیندانییەکاندا ڕوودەدات. بەڵام دەبێت ئاگادار بین کە پشتگیریکردنی ئەم مەسەلەیە وەک ئامانج، جۆرێکە لە “تراژیکۆمیدیا”، چونکە ئێمە هانی زیندان نادەین بەڵکو هانی باخچە دەدەین. ئێمە لەگەڵ فەزا و ئاسۆی ئازاد و ئەو ڕۆحەداین کە پێویستی بە فراوانی هەیە، چونکە بەبێ فراوانی خەیاڵ کز دەبێت و وشک دەبێت.
‏٣
‏خەون پەیوەندییەکی توندوتۆڵی بە خەیاڵەوە هەیە. دەکرێت خەون بەوە پێناسە بکرێت کە خەیاڵێکە بەرەو ئامانجێک هەنگاو دەنێت؛ ئاواتێکە کە تەماح و ئارەزووی تێدایە بۆ تێپەڕاندنی ئەوەی هەیە بەرەو شتێکی تر. ‏سەیر نییە کە خەون بە یەکێک لە نیشانەکانی ژیان دابنرێت. بگرە داهێنان وا مرۆڤ دادەنێت کە بەبێ خەون مردووە، وەک لە فیلمێکدا دەڵێت:
‏(بەبێ خەون، تۆ مردوویت – Without dream you are dead) ئەوەی خەون نەبینێت، بێدەنگ و بێجوڵە دەبێت. بێدەنگی بەم مانایە نەمانی چالاکییە، و بنەمای چالاکیش پەیوەستە بە ژیانەوە. هەندێک کەس ئەگەر لە خەون بینین بوەستن، پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن.
‏٤
‏ڕەخنەگر و ڕۆماننووسی لوبنانی ئیلیاس خووری دەڵێت: شاعیر یەکەم کەسە دەشکێت ئەگەر خەونەکەی بشکێت، هەروەها یەکەم کەسیشە دەشکێت کاتێک خەونەکەی دێتە دی. بەشی یەکەمی ڕستەکە بە ئاسانی قبوڵ دەکرێت. لای شاعیر خاوەن هەستێکی ناسکە و خەونەکانی تا ئاستی عەشق خۆش دەوێت. خەون بۆ ئەو مەسەلەی “بنەما” و “ستراتیژیی ستراتیژییەکانە”. بۆیە سەیر نییە شاعیر بشکێت ئەگەر خەونەکەی لەدەست بدات. بەڵام ئەوەی کە ئایا شاعیر دوای ئەوە هەڵدەستێتەوە یان نا، بابەتێکی ئەگەرییە و پەیوەستە بە واقیع و خودی شاعیرەکەوە. بەڵام بۆچی و چۆن شاعیر دەشکێت کاتێک خەونەکەی دێتە دی؟ مەگەر شاعیر خەبات بۆ هێنانەدی خەونەکەی ناکات؟ لێرەدا کێشەی خەون و دژایەتییەکەی دەردەکەوێت. ‏خەون وەک خۆراک و وزەیە، پاڵت پێوە دەنێت بۆ بەردەوامی و بەرەو پێشەوە و قووڵتربوونەوە. خەون هەمیشە سەرقاڵت دەکات، بەڵام هەر کە هاتە دی، هەست بە جۆرێک لە بۆشایی و لەدەستدان دەکەیت. چارەسەری ئەم کێشەیە ئەوەیە کە مرۆڤ هەمیشە پێویستی بە خەونی نوێ هەیە، و ژیانیش ئەگەر بە باشی لێی بڕوانین، خەونی زیاترمان پێ دەبەخشێت.
‏پەیوەندی شاعیر بە خەونەوە دەکرێت بۆ هەموو داهێنەران و مرۆڤ بە گشتی گشتگیر بکرێت.
‏٥
‏لە نێوان خەون و وەهمدا داوێکی زۆر تەنک هەیە. جۆرە جۆلانەیەک هەیە کە خەون دەباتە شوێنی وەهم، و وەهم دەباتە شوێنی خەون. وەهم خەونێکی درۆینەیە، عەشقێکە کە خیانەت ئاشکرا دەکات. ئەوەی وەهمی هەڵگرتووە نازانێت کە وەهمە، بەڵکو وەک خەون و تەماح و هەوڵێکی ڕەوا دەیبینێت، دوای ئەوە ئاشکرابوون و دڵنیابوونەوە دێت. کاتێک خەونێک دێتە دی، شادییەکی زۆر دامان دەگرێت (هەرچەندە خەمێکی کەمی لەدەستدانیشمان بۆ دروست بێت)، بەڵام کاتێک خەونەکە دەبێت بە وەهم (واتە زانستی و ڕاست نەبێت)، نائومێدییەکی گەورە دەمانپێکێت.
‏٦
‏لە نیشانەکانی بەدبەختی و بەدبەختەکان ئەوەیە کە وەهم پۆشاکی خەون دەپۆشێت. مرۆڤ ناتوانێت بە ئەنقەست وەهم بۆ خۆی دروست بکات، چونکە وەهم زیان و قسەی پووچە. هەندێک وەهم هەن کە لە نەخۆشییە دەروونییەکانەوە سەرچاوە دەگرن، هەندێکی تریش بەهۆی زیادەڕەویکردن لە هەڵسەنگاندن و بیرکردنەوەدا دروست دەبن. بەڵام ئێمە باسی ئەم جۆرە ناکەین. ئێمە باسی بەرهەمهێنانی وەهم دەکەین بە شێوەیەکی بە ئەنقەست، کاتێک ئەوانی تر وەهمت بۆ دروست دەکەن یان تۆ بۆ ئەوانی دروست دەکەیت. تۆڕێک دەخرێتە خوارەوە، تەڵەکە وەهمە، نێچیرەکەش ماسی نییە بەڵکو ئەو مرۆڤانەن کە هۆشیاری و بەختەوەرییان کەمە. بەرهەمهێنان و کڕین و فرۆشتنی وەهمەکان لە سەردەمی ئێستاماندا لە بوارەکانی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووریدا بازاڕی زۆر گەرمە. سیستەمەکان، دەوڵەتەکان، دامەزراوەکان و تاکەکان ئەم کارە دەکەن. پیشەسازیی وەهم کارێکی سادە نییە، بگرە لە تاقیکردنەوە تاقیگەییەکان ئاڵۆزترە و ئەنجامی چەندین ڕەگەزە کە تۆڕێک پێک دەهێنن. ئەو پرۆسە عەقڵییانەی لە پشت ئەمەوەن دەکرێت ناوی بنێین (سیستەمی فیکری) .
٧
‏ئێمە خەونەکانمان خۆش دەوێت و خەمبار دەبین ئەگەر خەونێک لەدەست بدەین، بەڵام هەندێک کەس هەڵدەستنەوە و بەردەوام دەبن و خۆیان نوێ دەکەنەوە، هەندێکی تریش دەکشێنەوە و گۆشەگیر دەبن. شاعیر مەحموود دەروێش دەڵێت:
‏”خەونێکی جوانم لەدەستدا ‏سۆزی گوڵە لۆتۆسەکانم (زەنبەق) لەدەست دا
‏شەوم درێژ بوو
‏لەسەر پەرژینی باخچەکان
‏بەڵام ڕێگاکەم (ئامانجەکەم) لەدەست نەدا
‏٨
‏ئەدۆلف هێتلەر کاتێک خەونەکەی بوو بە وەهم، خۆی کوشت. ئەو کچەی خەون بە گەنجێکی بێ کەموکوڕییەوە دەبینێت و هەموو ڕۆژێک مەرجێکی نوێ زیاد دەکات، لە کۆتاییدا بە تەنیا و قەیرەیی دەمێنێتەوە. ئەو کەسانەی چاوەڕێن ڕووبارەکە بە پەڕەشووت لە ئاسمانەوە بۆیان بێتە خوارەوە بەبێ ئەوەی هۆکارەکانی سەرکەوتن دابین بکەن، هەمیشە لەناو شکستی و ژێردەستەییدا دەمێننەوە. ئایدیۆلۆژیاش، هەر ئایدیۆلۆژیایەک بێت، کە بیەوێت لە هەموو کات و شوێنێکدا بێت و هەمیشە مەدالیای زێڕ بباتەوە بەبێ لەبەرچاوگرتنی شوێن و کات، ئایدیۆلۆژیایەکی پووچەڵە.
‏٩
‏هەندێک کەس دڵخۆش دەبن کاتێک وەهمەکانیان بۆ دەردەکەوێت، کاتێک هەست دەکەن وەهمێکیان لەدەست داوە یان شتێکیان بردووەتەوە. ‏بەڵام هەندێکی تر تووشی شۆک دەبن، ئومێدی گەورەیان لەسەر هەڵچنیبوو، دەیانویست وەهمەکە هەر بە وەهمی بمێنێتەوە بەبێ ئەوەی بزانن وەهمە. ئای وەهمە ئازیزەکەم!

سەرچاوە:
‏( لە لاپەڕەی فەرمی کەریم جدی وەرگیراوە)
‏
‏
‏




ئایا ئێمە وۆرك شۆپی شانۆییمان هەیە؟.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

وۆرك شۆپی شانۆیی خێراترین رێگەیەكە بۆ راهێنانی شانۆكاران و و ئەكتیفترین فۆرمێكی پراكتیكیە لەم بوارەدا.
لەرێگەی وۆرك شۆپەوە دەتوانین ئامادەكارییەكی زانستی و ئەكادیمی دروست بكەین و ئاستی تواناو دەسەڵاتی شانۆكارانمان بەگشتی بۆ ئاستێكی خوازراو بەرز كەینەوە، بەتایبەت لەڕووی جەستەو ئەداو ئیلقای ئەكتەرو تەقاندنەوەی توانا شاراوەكانی، كەوێرای لایەنە پراكتیكییەكان لایەنی تیۆری و جەستەیی ئەكتەر هاوكوف بەیەكتر دەكات.
ئیدی هەر لەئامادەكردنی تێكستەوە،تا دەگاتە پرۆسەی دەرهێنان و ئەدای ئەكتەرو ئیلقاو ریتمی دەنگ وفۆرمە لێك جیاوازەكانی نمایش، كەچی ئەوەتا لەزۆر لەو پەیمانگاو ئەكادیمییانەی لە مەڕ خۆماندا بەدەگمەن كەسانی شارەزاو پسپۆر شارەزاییان لەبواری شانۆدا كەمە، لەوانەی پەنا بۆ ئەنجامدانی وۆرك شۆپ دەبەن، بۆ ئەوەی پێویستیەكانی ئەكتەرو دەرهێنەریان پێ‌ پڕبكرێتەوە، یان زانیارییەكی زێتر دەربارەی ئەزموونی شانۆیی بخەنە سەر ئەزموونەكانی خۆیان.
زۆر لەو وۆرك شۆپانە دەگەڕێنەوە سەر ئەو رێباز و شێوازانەی كە بلیمەتەكانی شانۆی وەك برێخت، ستانسلافیسكی، كرۆتۆفسكی و مایرهۆل، بیتەر برۆك و زۆرانی دیكە، بۆ راهێنان و ئامادەكردنی ئەكتەر، چ بۆ ئەكتەرە باوەڕپێكراوەكان كە پێویستیان بەئەزموونی هەمیشە هەیە بۆ پەرەپێدانی توانایان، چ بۆ ئەكتەرە بەهرەمەندەكان بۆ پێگەیاندنی تواناكانیان بەشێوازێكی ئەكادیمی و زانستی .
هەمیشە ئەكتەر پێویستی بە هەمەڕەنگی هەیە لەنواندندا ، چونكە سنورێك نیە بۆ داهێنان، لەهەمان كاتیشدا لەڕێگەی ئەو وۆرك شۆپانە دەكرێت ئەكتەر خاڵە لاوازەكانی خۆی بدۆزێتەوەو هەوڵی چارەسەركردنی بۆ بدات.
لای ئێمە وۆرك شۆپی شانۆیی بەدەگمەنەو رەنگە ساڵی جارێ‌ وۆرك شۆپێك ساز نەكرێت ، ئەمەش هیچ كاریگەریەكی نابێت بەسەر ئەكتەر و تواناو دەسەڵاتی نواندنی ئەكتەر، ئەگەر ئەو وۆرك شۆپانە بەردەوام نەبن و بەرنامەڕێژییان بۆ نەكرێت و قۆناغ بە قۆناغ پراكتیك نەكرێن.
جگە لەوەی وۆرك شۆب ، سەرچاوەی سەرەكی هوشیاریی و مەعریفی شانۆكارە بۆ گەشە پێدانی توانستە تیۆریەكانی .
بەڵام لەو نێوەندەدا پرسیارێك دروست دەبێت ئەویش ئەوەیە، كێن ئەو لایەنانەی كە بەرپرسن لەكردنەوەی وۆرك شۆپی شانۆیی؟
بێگومان هەر شوێنێك كە ئەكتەری تێدا كاربكات، بۆی هەیە وۆرك شۆپ بۆ راهێنان و پێگەیاندنی ئەكتەرەكانی دروست بكات، هەر لە زانكۆكان و پەیمانگاو ئەكادیمیەكانەوە بگرە تادەگاتە تیپ و گروپە شانۆییەكانەوە.
بەتایبەت ئەو لایەنانەی كە پسپۆڕن بەكاری شانۆیی، وەك بەڕێوەبەرایەتی شانۆ ، یان بەشی شانۆ لە كولێژو ئەكادیمیاو پەیمانگا هونەرییەكاندا، گرنگە ئەگەر لابووری هەمیشەییان هەبێت بۆ گەشە پێدانی توانستی جەستەیی و دەنگ و ئیلقاو ئەدای شانۆیی .
دەرهێنەرانی خۆمان تەنها لەكاتی خۆئامادەكردن بۆ پێشكەشكردنی شانۆگەریەك كاری راهێنان تەنها بۆ بەرهەمەكانی خۆیان دەكەن، نەك بۆ ئامادەكردنی هەمیشەیی ئەكتەر، بەشی زۆری ئەو راهێنانانەش راهێنانی تەقلیدی و سواون، چونكە تێهەڵكێش نەكراون بە هیچ میتۆدێكی جیهانی و ئەزموونی نوێ بۆ ئامادەكردنی ئەكتەر.
لەلایەنەكی دیكەوە من دڵنیام هیچ لەو دەرهێنەرە تەقلیدیانە ئاشنانین بەهیچ ستایلێكی زانستی و ئەكایمی جیهانی كە ئەكتەرانی جیهان بۆ ئامادەكردنی ئەكتەر پیادەی دەكەن،
لەوانەش ستایلە هاوچاخەكانی شانۆ..
دەرهێنەرە لاوەكانیشمان بەهەمان شێوە سەرچاوەیەكیان نیە بۆ خۆڕاهێنان بەو مەنهەجە جیهانییانە، بۆیە زۆر جاران پشت بەئەزموونی تایبەتی خۆیان دەبەستن.
تا ئێًستا زۆرینەی دەرهێنەرانی ئێمە دەڵێن ئێمە بەستایلی ستانسلافسكی یان برێخت كار دەكەین، بەڵام كام لەوانە وۆرك شۆپێكی جیهانی بینیوە لەسەر ئەو قوتابخانانە؟!
لەكوێوە ئەو ئەزمونانەیان وەرگرتووە تا لێرە لە كوردستان پیادەی بكەن؟
كامەیان ئاشنا بەرێبازی مایرهۆڵدو جاك لۆك و كرۆتۆفسكی و پیتەر برۆك و ئەوانی دیكەن؟ بەشدارییان لەچ وۆرك شۆپێكی تایبەت بەسینۆگرافیاو دەرهێنان و هونەری نووسینی تێكست و چەندین پێكهاتەی دیكەی شانۆیی كردووە بۆ ئەوەی لەو قالبە چەسپاوەی خۆیان دەربێن و تەكانێك بەو جەستەو هزرە سواوەی خۆیان بدەن؟
لە هەموو ئەوانەی تا ئێستا لەبواری وۆرك شۆپدا شوێن پەنجەیان دیارە، د. فازڵ جاف- ە كە تا ئێستا چەندین وۆرك شۆپی لەوڵاتانی ئەوروپاو لە وڵاتانی كەنداوو هەندێ‌ وڵاتی دیكەی عەرەبی ئەنجام داوە، وێڕای چەند وۆرك شۆپی دیكە لە كوردستان،
بەڵام ئەوەندەی ئەو كار بۆ مەغریب و تونس مەراكیش و كویت دەكات خۆزگە نیو ئەوەندەی بۆ شانۆكارە لاوەكانی خۆمان بكردایە كە ئەمڕۆ تا ئەوپەڕی ئێسقان پێویستییان بەشارەزای وەك ئەو هەیە، بەڵام ئەویش پاساوی خۆی هەیەو دەڵێت :
من خۆم بێ‌ ئەوەی داوام لێ‌ بكرێت، یان بانگهێشت بكرێم داوام كردووە كە زەمینە خۆش بكەن بۆ ئەوەی وۆرك شۆپیان بۆ ساز بكەم، كەچی ئەوان ئەوەیان بەلاوە مەبەست نییە و كۆمەڵێ‌ گیروگرفتی ئاوات بۆ دەنێنەوە كەتۆ دەست لەو بیركردنەوەیە هەڵگریت! دەتوانم ئەمەت بە بەڵگە بەنووسراوی فەرمی بۆ بسەلمێنم!
هەردوو هونەرمەندی بەتوانا (نیگار حەسیب قەرەداغی) و (شەماڵ عومەر) كە خاوەنی لابوری لالشن لەوڵاتی ڤیەننا و لەسەر ئاستی جیهان وەك دوو مامۆستاو شارەزای دیاری سازكردنی وۆرك شۆپ ناسراون، بەڵام بەگشتی ئەو وۆرك شۆپانە تا ئێستا كاریگەرییەكی ئەوتۆیان بەسەر شانۆكارانی كورد بەجێ‌ نەهێشتووە، یان بەشێوەیەكی دیكە دەتوانین بڵێین رەنگە ئەو ئەزموونەی ئەوان بۆ گەلانی دیكە خێری زێتری بووە وەك بۆ ئێمە، رەنگە ئەمەشیان گەلێك هۆكاری هەبێت.
من سەرم لەو هاوكێشەیە دەرناچێ‌، بۆچی دەبێ‌ نیگار حەسیب قەرەداغی و شەماڵ عومەر ، وۆرك شۆپ لە ژاپۆن و ئێران و بۆسناو چەندین وڵاتی دیكەی جیهان ساز بكەن كەچی وڵاتی خۆمان ئەو پرسە بەهەند هەڵناگرێ‌ و ئەو شارەزاییانە بانگهێشت ناكات بۆ ئەوەی ئەزموونەكانیان بەخزمەتی وڵاتی خۆیان بەرجەستە بكەن؟
رەنگە ئێمە بۆ سازدانی وۆرك شۆپی شانۆیی پێویستیمان بەشارەزایانی جیهانیش هەبێت،
بەڵام گرنگتر ئەوەیە كە ئێمە لەشارەزاكانی خۆمانەوە دەست پێ بكەین و سوودئەزموونەكانی ئەوان وەربگرین لەو هەلو مەرجەدا بۆ ئەمڕۆی شانۆی كوردی لە بارتر بێت . .
بەلای منەوە گەرم و گوڕی باری شانۆیی هەر تەنها بۆ خۆخستنە سەر شانۆ نابێت،بەبێ‌ گوێدانە ئاستی بەرهەم و هاوكێشەی بەرهەم،بەڵكو گرنگتر لەوە ئەوەیە كە ئێمە هەوڵی گۆڕینی خوێنی شانۆییمان بدەین،شانۆكارە لاوەكانی خۆمان بەشێوازێكی ئەكادیمی و زانستی پەروەردە بكەین،لابوور و وۆرك شۆپی بەردەوام بكەینەوە بۆ دروستبوون و پێگەیاندنیان، هەمیشە لەنەخشەو پلانی كاركردنماندا،مەودایەكە بەرفراوان بەجێبهێڵین بۆ وۆرك شۆپو پێشكەشكردنی محازەراتی شانۆیی دەربارەی پێكهاتە شانۆییەكان و چۆنیەتی بەپراكتیك كردنیان لەسەر شانۆ، بەپشت بەستن بەجەستەی ئەكتەرو دەرهاوێشتەكانی جەستەی ئەكتەر.
لەوڵاتی ئێمەدا دەرهێنەر لەكاتی ئامادە كردنی شانۆ پەنا بۆ پرۆڤە دەبات بۆ راپەڕاندنی بەرهەمەكەی خۆی، بەڵام كار ناكەین بۆ دروست كردنی ئەكتەرو بەرجەستە كردنی جەستەو مەعریفەی شانۆیی لای ئەكتەر بە شێوەیەكی هەمیشەیی، بۆیە لە زۆربەی بەرهەمە شانۆییەكاندا توانستی ئەكتەر لای دەرهێنەرێك بۆ ئەوی تر دەگۆڕێت .
لە هەندێ‌ حاڵەتدا پێویستیمان بە لابوری شانۆیی دەبێت كە رەنگە هەندێ‌ خەسڵەت لای دەرهێنەرێك دەست نەكەون تەنها لە لابوور نەبێت، بۆ نموونە ئەكتەرێكی وەك (لۆرانس ئۆلیفیە) بۆ ماوەی شەش مانگ لە لابورە بەریتانیەكان كاری كردووە بۆ فێر بوونی ئیلقا لەشانۆگەری ئۆتیللۆی شكسسپیر .
نەك هەر تەنها بۆ ئەو ئەكتەرانەی هەوڵی پەرە پێدانی توانستی خۆیان دەدەن، بەڵكو بۆ دروست كردنی نەوە شانۆییەكانمان بەشێوەیەكی ئەكادیمی و پیشەیی، هەمیشە پێویستیمان بە لابوری شانۆیی دەبێت،بەتایبەت بۆ دروست كردنی ئەكتەرو دەرهێنەرو سینۆگرافكارو نەخشەساز كە ئێمە لە سەردەمی ئێستاكەدا بە گشتی لە زۆربەیاندا بێبەشین.

حەیدەر عەبدولڕەحمان




ئەهلی كتێب بە كەڵكی هیچ شتێك نایەت كتێب نەبێت!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

         
                                                        

سێ كاتژمێری ڕێك، لە نێو بازاڕی سەرەكی شاری سۆران، لە چاوەڕوانی هاتنی پزیشك بووم بۆ نۆرینگەكەی، تاكو پشكنین بۆ دایكم بكات . لە ماوەی ئەو سێ كاتژمێرەدا، بە سەدان كچی جوان و بەژن زراڤ، كە بۆنەكانیان مەستی دەكردم، بە بەردەمم دا ڕەت بوون، بە سەدان ئوتومبێلی جوان و دوا مۆدێلم بینی، دەیان باڵەخانەی گەورە و بەرز و بە دیزایینی هونەری جۆراو جۆرم بینی، هەزاران كەسی پۆشتە و پەرداخ بە بەردەممدا ڕەت بوون، كەچی من سەرنجم نەكەوتە سەر ئەمانە هیچیان و لەو كاتەدا، بە نیگەرانی و تاسەوە لە بەرخۆمەوە گوتم:( من ئەگەر ئەو سێ كاتژمێرە لە ماڵ بوومایە، ئێستا سەدو پەنجا لاپەڕەم لە كتێبێك دەخوێندەوە ! ) ئەمە چییە وا لە مرۆڤ دەكات ئەو تێڕوانینەی بۆ كتێب هەبێت؟ بێگومان ژیانێكە كە بۆ كتێب و لە پێناو كتێب و خوێنەوەدایە و هەر تەنها بۆ خوێندنەوەش دەژیت. ئەوانەی بە ڕاستەقینەیی ئەهلی كتێب و خوێندنەوەن، ئەوانەی لە بایەخی كتێب و خوێندنەوە گەیشتوون و ژیانیان بە كتێب بەخشیوە، بێگومان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی كە هەموو شتەكانی ژیان، دەبێ لە پەراوێزی كتێب دابن . جارێكیان دیمانەی نووسەرێكیم خوێندەوە، دەڵێت هاوسەرەكەم پێی گوتم:( لە نێوان من و كتێبدا دەبێ یەكیان هەڵبژێری، منیش بێ بیركردنەوە و دوودڵی گوتم كتێب هەڵدەبژێرم ) و سەرەنجام جیابووینەوە. ئەهلی كتێب كەسێكە، خەیاڵی لای كچی جوان و ڕاوی ژنان ( لەگەڵ ئەو پەڕی ڕێزم بۆ ژنان كە مەبەستم پیاوانە ) نییە، ئەهلی كتێب خەیاڵی لای لگسس و ئومبێلی گران بەها و كارگە و كۆمپانیاو پەیداكردنی پارە و قازانج نییە، ئەهلی كتێب، خەمی گەڕان و سەیران بە وڵاتان و سێلڤی و وێنەگرتنی نییە، ئەهلی كتێب ئەهلی ڕابواردن لەگەڵ هاوڕێكانی و دانیشتنی سەر مێز و گەعدە نییە، ئەهلی كتێب، كەسێك نییە ڕۆژانە بە سەدان ماسكی جۆراو جۆر، لە پەیوەندی بە ئەوانیتر دابێت ئەوانەی بە ڕاستەقینەیی ئەهلی كتێبن، شانازیی بە ڕەچەڵەكی خوێن و خێل ناكەن و شانازیی بە هەبوونی عەشیرەت و دیوەخان و ئەقڵیەتی خێلەكی و پەتریاكییانە ناكەن، ئەهلی كتێب كەسێك نییە لەگەڵ عامێ بچێتە شامێ، بەڵكو ئەو هەست دەكات جیاواز لە هەمووان دەژیت و بەهانەی مانەوە و ژیانیشی تەنها و تەنهان كتێب و خوێندنەوەیە. بۆ من (هەڵبەتە من مەبەستم خۆم نییە لە ئەهلی ڕاستەقینەی كتێب، چونكە تەنها خوێنەرێكی زۆر ئاساییم) كتێب نەك تەنها شایەنی ئەوەیە ستاییشی بكەم و شانازیی پێوە بكەم، بەڵكو بەو پەڕی ڕاستگۆیی و ڕاشكاوییەوە ئەوە دەڵێم كە من لە كتێبەكانەوە فێربووم و گەورەبووم و پەروەردە بووم، نەك خێزانە نەخوێندەوارو میللییەكەم. من لەو جۆرە ڕۆشنبیرە خێڵەكییانە نیم، كە تەنها لە سۆنگەی ئەوەی لە نۆڕمە باوەكانی كۆمەڵگە لا نادەن، دێن لە ڕاستی لا دەدەن نە بادا كۆمەڵگە فڕێیان بداتە دەرەوەی بازنەی دواكەوتووی كۆمەڵایەتییانەی خۆیان. نەخێر، من هەر لە منداڵییەوە كەسێكی دڵشكاو، پشتگوێ خراو بوومە و ئێستاش نەك هەر نامەوێ منداڵیم بیر بكەوێتەوە. بەڵكو كە بیری لێ دەكەمەوە، سام و ترس و فۆبیای ئەو كاتانەم دێتەوە بیر. مرۆڤ سەرەتا دەبێ لەگەڵ بوونی خۆی ڕاستگۆ بێت، ئەو كات دەتوانێت لەگەڵ بەرانبەرەكەی ! بۆیە من چەند لە ستاییشی كتێب و خوێندنەوە بدوێم، هێشتا ناتوانم گەردێك لەو بەخششە گەورەیەی كتێب بدەمەوە كە لە سەر بوون و ژیانم هەیەتی، ئاخر من لە كتێبەكانەوە فێری هەموو شت بووم و هەركتێبیش ئەو هەستەی لا دروست كردم كە بتوانم تا ڕادەیەكی زۆر بێ هەمووان بژیم. زۆرجار هەست دەكەم لە نێو ماڵەكەم، شارەكەم، گەڕەكەكەم هیچ كەس نییە، جگە لە من و كتێب نەبێت. بێگومان دەزانم كە نەخۆشكەوتم، كە پیر بووم، كتێب بە هانام نایەت، بەڵام ناتوانم لەو ڕاستییە لابدەم، كە ئەمە واقیعی ژیانی منە و نەك لەگەڵی ئاسوودەم، بگرە شانازییەكی زۆریشی پێوە دەكەم. زۆرجار باوكم پێم دەڵێت:( تۆ ناتوانی مریشكێك سەربڕی، بەلوعەیەكی ئاو چاكەیتەوە، سویچێكی كارەبا ببەستی، بەرمیلێكی قوپاو ڕاستكەیتەوە، دوو كاتژمێر لای میوانێك دانیشی، گەڕان بە وڵاتان و سەیران و خۆشی بكەیت، پێم ناڵێی تۆ چیت هەیە؟) لە وەڵامدا دەڵێم:
تەنها كتێب و خوێندنەوە، من تەنها بوونەوەری نێو كتێبەكانم و ئەوە ژیانی ڕاستەقینەی منە. كەسێك بۆ كتێب و خوێنەوە بژیت، دەبێ زۆر بە ئاسانی دەستبەرداریی زۆرشت لە ژیان بێت و باكی بەوە نەبێت، چۆن لێكدانەوە بۆ ئەو تێگەیشتنەی دەكەن. نابێ خەیاڵی لای ئوتومبێل، ژن و ماڵ و مۆبیلیات و كەیف و سەفا و دانیشتن و ڕابواردن بێت، خەیاڵی لای ماستەر و دكتۆرای بێ مانا بێت، كە لای ئێمە وەقەی بە فلسێكە. یان تۆ نابیتە ئەهلی ڕاستەقینەی كتێب، یان دەبێ ئەم ژیانە قبول بكەیت، كە تەنها بۆ كتێب و لە پێناو كتێب بژیت. كەم نین ئەوانەی خۆیان پێ نووسەر و ڕۆشنبیرە، كەچی ساڵانە دە كتێب ناكڕن، بەڵام بەلایانەوە ئاساییە پێنچ دەفتەر بە ئوتومبێل بدەن، كەم نین ئەوانەی گوایا خوێنەر و ئەهلی كتێبن، كەچی خەیاڵیان لای ئەوەیە چۆن پارەی زیاتر كۆبكەنەوە، كەی ژنی دووەم بێنن، چۆن پەیوەندی لەگەڵ كچێكی جوان ببەستن، چۆن لە كەنار دەریایەك دەربكەون و خۆیان نماییش بكەن. ئەهڵی ڕاستەقینەی كتێب، هەموو مەودای بوون و ژیانی خۆی تەنها لە نێو ڕووبەرەكانی كتێب دەبینێتەوە و لاتەریكانە و دوورە پەرێزانە، سەرقاڵی خوێندنەوە و نووسین و داهێنانی خۆیەتی ! ئەم ژیانە، بە ئاسانی قبول ناكرێت، تانە و تەشەرەی لێ دەدرێت، دەبێ قوربانی بە زۆر شت بدەیت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، كتێب دەتوانێت قەرەبووی ئەو هەموو شتانەت بۆ بكاتەوە. دیستۆفسكی دەڵێت:( تەنیایی گەر دۆزەخیش بێت، هێشتا خۆشترە لەو هەموو دەمامكانەی مرۆڤەكان) دروست ئێمە لە سەردمێكی وا ئەژین، تاكو مرۆڤێكی وەك یاقووت جوان و پاك و مرۆڤدۆست دەبینینەوە، دەبێ بچینە قووڵایی دەریا.
دواجار دەڵێم كتێب خوێندنەوە هیچ بەهایەكی نییە، گەر مرۆڤ لە ڕیشەوە نەگۆڕێت. كاتێ سەرنووسەری گۆڤارێك بە نموونە بەڵێنی ئەوەت پێ دەدا ئەم ژمارەیە وتارەكەت بڵاو بكاتەوە، بەڵام بەڵێنەكەی خۆی دەشكێنێت، ئەوا گەر لە بری كتێبێك سەد كتێبیشی نووسیبێت، لای من هیچ بەهایەكی نییە، چونكە ئەو ڕاستگۆ نییە لەگەڵ خۆی، پاشان هاوڕێكانی، كە ئەمەش دوورە لە خەسڵەتی كەسانێك كە ناویان نووسەران و ڕۆشنبیرانە. كاتێ نووسەرێك ڕێز لە كات ناگرێت، ئەوا هیچ جیاوازییەكی نییە لەگەڵ خەڵكی عەوام. كاتێ بە ناو ڕۆشنبیرێك و هونەرمەندێك، گەندەڵی و بێ یاسایی و درۆ دەكات، ئەوا مەحاڵە ڕۆشنبیر و هونەرمەند بێت، چونكە یان نابێ ڕۆشنبیر و نووسەر بێت، یان نابێ درۆ بكەیت، چونكە وەك ونستن چەرچەل وتەنی هەرگیز دووكەس لە گۆڕێك ناشاردرێنەوە. ئەمە تێگەیشتن و بڕوای منە بۆ دنیای خوێندنەوە و كتێب، تا ئەو چڕكە ساتە، ئیدی چۆن لێكدانەوەی بۆ دەكرێت، بەو پەڕی ڕێزەوە وەریدەگرم.
كتێب دەبێ مرۆڤ لە ڕەگەوە بگۆڕێت و بیكاتە كەسێكی جیاواز لەوانیتر. ئەمەش ناوی ئەو كتێبانەیە، كە لە ماوەی ئەمساڵەدا خوێندوومنەتەوە، كە چەند ساڵێكە كردوومە بە نەریت، ناوی هەموو ئەو كتێبانە دەنووسم، كە لە ماوەی ئەو ساڵەدا خوێندوومنەتەوە:
1_ ئەدەب و مۆدێرنە / ڕەخنە/ كۆمەڵێك نووسەر/ 320 ل.
2_حەشری ئاشقان/ ڕۆمان / زەردەشت نوورەدین / 400 ل.
3_میوانێك لە سەر زەمینی دوورەوە / شانۆنامە/ بەختیار عەلی/ 234 ل.
4_بۆ دۆزەخ ئەی بێ گوناهان/ شانۆنامە/ بەختیار عەلی /150 ل.
4_ ڕێبەری یاسای باری كەسیەتی / یاسایی / عزەدین عەبدوڵا/78 ل.
5_- بیرەوەرییەكانی بەنگلادیشییەك/ تەنز / زیرەك كەمال / 254 ل.
6_ڕەنگدانەوەی لەیلی و مەجنوون لە ئەدەبی كوردیدا/ لێكۆڵینەوە/ خانزاد عەلی قادر/ 232ل.
7_ چەمكی داهێنان لە تێڕوانینی شاعیرانی كورددا / لێكۆڵینەوە/ دیلمان قادر ئەحمەد/ 397 ل.
8_تیۆری بونیاتی شاراوە/ لێكۆڵینەوە/ نەجات حەمید ئەحمەد/ 790 ل.
9_پێت وانەبێ تەنیای/ یاداشت/ ئەلیف شەفەق/ و _ سولێمان ابراهیم زادە/ 251 ل.
10_ دواتر تۆ هاتیت/ یاداشت/ ئیبراهیم دالفیدان/ و _ سیما تەها/ 160 ل.
11_ كتێبی برینی من/ گێڕانەوە/ داستان بارزان/ 127 ل.
12_ڕووبەڕوو لەگەڵ شیعر/ لێكۆڵینەوە/ ناڵە حەسەن/ 312. ل.
13_هونەری ڕەفتاركردن لەگەڵ ژنان/ هزری/ شۆپنهاوەر/ و _ محمود هۆمەر باوزێی/ 106 ل.
14_كۆتای گەمە/ شانۆنامە/ سامۆئیل بیكت/ و هونەر شاهۆ/ 102 ل. 15ژن و جەنگ/ دیمانە/ و _ ڕێزان حەسەن/ 88 ل.
16_سێبەری قەلەبەرد/ بیرەوەری/ مەلەكە سولتانی/ 525 ل.
17_ژانی گەل/ ڕۆمان/ برایم ئەحمەد/ 215 ل.
18_ماركسیزم و ڕەخنەی ئەدەبی/ تێری ئیگلتۆن/ عەبدولخالق یەعقوبی/ 135 ل.
19_پەتی سێدارە بە كاتی بانگی بەیانی/ ڕۆمان/ محمەد رەئوف مورادی/ و _ شوانە عەبدوڵا/ 155 ل.
20_ شاعیر وشەناسی شتناسە/ لێكۆڵینەوە/غازی حەسەن/ 142 ل.
21حەسەن سوورمە/ ڕۆمان/ بەكر ئاڵەیی/ 160 ل.
22_ ئارابخوێن/ ڕۆمان/ محمود نەجمەدین/ 315 ل.
23_داهێنان سەربەكەشفكردن و خەون و دنیابینییە/ دیمانە/ عەبدولموتەڵیب عەبدوڵا/ 208 ل.
24_سێگۆشەی سنوور/ ڕۆمان/ سەلام عەبدوڵا /250 ل.
25_ زمانی حەیزەران/ وتار/ فەرهاد پیرباڵ/ 208 ل.
26_ پرسی كورد لە فیلەمەكانی یەلماز گۆنەیدا/ سینەما/ پێشەوا حەمە / 52ل.
27_مرڤە خۆڵەمێشیەكان/ شانۆنامە/ دانا ڕەئووف/ 117 ل.
28_هەیئە/ ڕۆمان/ سەلام عەبدوڵا / 160 ل.
29_ مۆنۆدۆلۆژی دەق/ لێكۆڵینەوە/ حەمەی كەریمی / 116 ل.
30_پشكۆكانی نێو زمان و شیعر/ لێكۆڵینەوە/ پێشەوا كاكەیی / 189ل.
31_ نامەی دڵ/ شیعر و پەخشان/ دكتۆر كوردستان موكریانی/ 61 ل.
32_خۆشەویستی لە نێوان وەهم و واقیعدا/ توێژینەوە/ سەروەر عومەر/ 158 ل.
33_ هێماكانی دنیای ڕۆمان/ دیمانە/ نەبەز گۆران/ 183 ل.
34_كۆمەڵناسی ئابووری/ كۆمەڵناسی / كارزان عوسمان شێخ وەتمان/ 120ل.
35_ ئەنفال/ شانۆنامە/ ڕاجی عەبدوڵا/ و –یاسین قادر بەرزنجی/ 78 ل.
26_لە پەیوەندییەوە بۆ خۆشەویستی/ مرۆیی/ ڕێوار سیوەیلی/270 ل.
27_ وێژان/ دیمانەی ئەدەبی/ ئارام حاجی/ 610ل.
38_ خوێندنەوە دەردو دەرمان/ خوێندنەوە/ بەڕێز عەباس/ 154 ل.
39_ گۆشتەكەی بۆ ئێوە ئێسقانەكانی بۆ من/ پەروەردەیی / شێرزاد حەسەن/ 206 ل.
40_ئاوەزنامە/ پەروەردەیی/ ئارۆن گاندی/ و شەفیقی حاجی خدر/ 315 ل. 41 بیست و چوار كاتژمێر لە ژیانی ژنێك/ ڕۆمان/ تشیڤان سڤیك/ و بەهزاد حەوێزی / 168 ل. 42 سینەما و شوناس/ سینەما/ هەوراز محمەد/ 250 ل.
43_ ڕووەكی/ ڕۆمان/ هانك كانگ / و _ هەژار عوسمان/ 308 ل.
44_ وردە گەڵای بەر هەتاو/ بیرەوەری/ حەمە عەباس/ 448 ل.
45_ تاقانەترین كچی خودا/ ڕۆمان/ ڤینۆس فایەق/ 155 ل.
46_ زمان و ئەدەبی كوردی/ زمانەوانی/ د – ئەحمەد قەرەنی /230 ل.
47_ ناوی خۆیان بیر نەماوە/ ڕۆمان/ ئارام محمەد/ 235 ل.
48_ مێتەنلێتی خێڵ/ كۆمەڵناسی/ حەمە فەریق حەسەن / 390 ل.
49_ دیوەكەی تری شۆڕش/ بیرەوەری/ جوتیار قادر/ 174 ل.
50_ خاڵبەندی/ زمانەوانی/ كیومەرس نیكڕەفتار/ 104 ل.
51_ئەدەب لە مەترسیدا/ لێكۆڵینەوە/ زەردەشت نورەدین/ 180 ل.
52_ كچی ناو وێنەكە/كۆمەڵە چیڕۆك/ شەهلا فەیزوڵا/ 170 ل.
53_دایە ڕابی/ شیعر/ حوسێن مستەفا/ 320 ل.
54_شتێك لە مندا ونە/ شیعر/ دڵشاد حوسێن/180 ل.
55_ جەمال حەیدەری/مێژوویی/ بارزان محمەد/ 350 ل.
56_حەسرەت/ شیعر/ ئاراس عەزیز / 110 ل.
57_شەقامی شاعیران/ لێكۆڵێنەوە/ بۆتان جەلال/ 220 ل.
58_ شێت/ ڕۆمان/ زرار سەرتاش/ 110 ل.
59_یەكەم بەردی سەنگەر/ بیرەوەری/ هیوا سەید سەلیم/ 315 ل.
60_ لە تاریكییەوە بۆ ڕۆشنایی/ یاداشت/ ڕۆشنا ئیبراهیم/ 112 ل.
61_ فەرهەنگی حاجی قادری كۆیی/ فەرهەنگ/ پێشرەو سەید برایم/ 450ل.
62_ پەیامی گیڤاڕا بۆ گەنجان/ هزری/ گیڤاڕا/ و _ محمەد سەلام/ 346 ل.
63_بنەماكانی شاخەوانی/ وەرزش/ ئەنوەر عەلی محمەد/ 205 ل.
64_هەردوو كتێبی پیرۆزی ئێزیدیان/ ئایینی/ ماكسیمیلیان بیتنەر/ و دحەمید عەزیز/ 40 ل.
65_ڕێگای ڕاستی ژیان/ ئایینی/ مەسیح/ و _ …../ 24 ل.
66_ پرۆسەی ئەنفال و ڕەنگدانەوەی لە ئەدەبی كوردیدا/ توێژینەوە/ مەهدی فاتح عومەر / 275 ل.
67_ لێ گەڕێن مرۆڤ بژی/ شانۆنامە/ پێیر لاگەركڤیست/ و _ خەبات عارف/ 64 ل.
68_ چوارینەكانی بابەتاهیری هەمەدانی/ شیعر/ ئەحمەد تاقانە/ 72 ل.
69_چوارینەكانی بابەتاهیری هەمەدانی/ شیعر/ دڵزار/ 72 ل.
70 سەما/ ڕۆمان/ هارۆكی مۆرۆكامی/ و موكەرەم رەشید تالەبانی/ 463 ل.
71_ڕۆڵی تیپی پاشای گەورە/ هونەری / هێلین یاسین/ 85 ل.
72_ زیوەر/ لێكۆڵینەوە/ نەوزاد كەلهور/ 216 ل.
73 _ نامە بۆ میلینا/ نامە/ كافكا/ و _ ڕەئوف بێگەرد/ 315 ل.
74 _ مەم و زین/ داستان/ خانی/ و – هەژار موكریانی/ 515 ل.
75-گرەوەی چاوەكانی ئەو/ ڕۆمان/ ئەحلام مەنسووڕ/200 ل.
76_زایەلەی دەق/ ڕەخنەی ئەدەبی/ موڕاد ئەعزەمی/ 305 ل.
77_جەمیل سائیب / لێكۆڵینەوە / ئازاد حەمە شەریف / 240 ل.
78_ناتوانین بۆت بگرین / كۆ وتار / ئیسماعیل تەنیا / 366 ل.
79_ڕۆمانی ژیاننامەیی / لێكۆڵینەوە/ كەمال سەعدی/ / 88 ل.
80_ چەپكێ گڕ / لێكۆڵینەوە / عەبدولرحمان ئەحمەد / 115 ل.
81_بەرەو جیهانی شیعری چەند شاعیرێك / لێكۆڵینەوە / كەمال غەمبار / 214 ل.
82_لە بارەی شیعرەوە / لێكۆڵینەوە / كۆمەڵێك نووسەر / و تاهیر عوسمان/ 96 ل. 83تێكۆشانی نیشتمانی / سیاسی / كاوە محمود / 592 ل.
84_ حاجی قادری كۆیی / لێكۆڵینەوە / محمەدی مەلا كەریم/ 180 ل.
85 _ دەنكە هەنارەكانی ناخ / شیعر / سەلام نەورۆز / 118 ل.
86_گێڕانەوەی مۆدێرنی كوردی/ لێكۆڵینەوە/ فەرهاد شاكەلی/ و محمەد ئەعزەمی 176 ل. 87فەلسەفەی شیعر و شیعری فەلسەفی/ لێكۆڵینەوە / سەنگەر قادر محمەد / 376 ل.
88_ناسیۆنالیزم و سەفەر/ / هزری/ مەریوان قانح / 234 ل.
89_قانوونناسی/ یاسایی / د – كەمال میراودەلی/ 266 ل.
90_ڕۆمان و ناسنامە/ لێكۆڵینەوە / حەمە سەعید حەسەن/ 176 ل.
91_نیشتمانی سارا / ڕۆمان/ میران ئەبراهام /448 ل.
92_سایكۆلۆژیای عەقلی كوردی/ دەروونناسی / محمەد تەها حوسێن/ 364 ل.
93_گوڵخاتر/ ڕۆمان/ هەمزە گوڵانی / 238 ل.
94_ ز / ڕۆمان/ سینا خەلیلی/ 62 ل.
95_چیڕۆك بۆ كوڕەكەم/ چیڕۆك / یەڵماز گۆنەی/ و _ سەلاحەددین بایەزیدی / 80 ل.
96_سەربار لە بنبار گرانتر/ زمانەوانی/ جەواد نەورۆز/ 218 ل.
97_بنەماكانی شیعری ئاڵۆز/ لێكۆڵینەوە / نەبەز محمەد/ 80 ل.
98_ شۆربای پێلاو/ ڕۆمان/ تانیا میرزا/ 118 ل.
99_قاچار قۆچار/ ڕۆمان/ ڤیڤیك شانبهاگ / و جەبار سابیر/ 138 ل. 100ئاوێنەی نامەكان/ نامە/ پشكۆ نەجمەدین/ 167 ل.
101_سەرجەم چیڕۆكەكانی ڕەئوف حسن/ كۆ چیڕۆك/ ڕەئوف حسن/ 384 ل.
102_ كەڕەنا/ ڕۆمان/ محمەد ئەلسەفەر/ و سەباح ئیسماعیل/ 214 ل. 103 گوتاری شەوڕۆ / لێكۆلینەوەی ئەدەبی/ فازل شەوڕۆ/ 540 ل.
104_ چۆن ڕووبەڕووی مەرگ و ژیان ببینەوە / كۆمەڵایەتی/ گوهدار شوكر/ 339 ل.
105_ئەزموونی پەروەردەیی / پەروەردە/ فازڵ شەوڕۆ / 327 ل.
106_تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان/ میدیا/ فریاد ئیروانی/ 104 ل.
107_گابۆڕ / ڕۆمان / سەید قادر هیدایەتی / 230 ل.
108_ كوردو ژیانێكی پڕ لە ئەندێشە/ بیرەوەری/ پاكیزە رەفیق حیلمی/ 435 ل،
109_گفتوگۆیەك لە بەردەم ئاوێنەدا / زانستی / توانا ئەمین/ 198 ل.
110_ئافرەتە تێكۆشەرەكانی كورد/ مێژوویی/ دهۆك بەڕۆژی/ 360 ل.
111_ وتەكانی دیستۆ فیسكی/ وتە/ و _ زانا خەلیل / 291 ل.
112_ناسنامە / هزری / فۆكۆ / و _ دلشاد میران/ 380 ل.
113_سلێمانی لە شیعری شاعیراندا/لێكۆڵینەوە/ د ئاراس محمد ساڵح/ 60 ل. 114دووژن لە ژنێكدا / ڕۆمان / نەوال سەعداوی / و _ لەنجە ستار/175 ل.
115_نهێنییە گەورەكانی ژیان / پەرەپێدانی مرۆیی/ واین دایر/ و _ بانۆ عمر/ 346 ل.
116_هەڵاتنی كچەكان/ ڕۆمان / گۆران سەباح / 234ل.
117_یاداشت / بیرەوەری/ ڕەفیق حیلمی/ 690 ل.
118_ لەوێ مەمرە/ ڕۆمان/ ڕەزا عەلی پوور/ 285 ل.
119_ سێیەم چیا كە لێمەوە نزیكە/ چیڕۆك/ حەسەن هەندرێنی/ 124 ل
120_ شیرینی و تاڵییەكانی ژیان/ بیرەوەری / زرار قادر كەریم، 350 ل.
121_ ئەو پیاوەی پێ دەكەنێ / ڕۆمان/ فیكتۆر هۆگۆ / و _ سەعد عەبدوڵا/ 390ل.
122_ ڕۆڵی بگێڕەوە لە ڕۆمانەكانی حیسام بەرزنجیدا/ لێكۆڵینەوە/ د –یوسف حەسەن / 400 ل.
123_ دەروازەیەكی ڕەخنەیی بۆ كۆمەڵناسی/ كۆمەڵناسی/ ئەنتۆنی گیدز/ و _ ئارام ئەمین شوانی / 398 ل.
124_ مێژووی هاوچەرخ و بیری كورد/ مێژوویی/كەمال میراودەلی / 440 ل.
125_ ڕۆمان و واقیع/ لێكۆڵینەوە/ لوسیان گۆڵدمان/ و _ سەلاح عومەر / 120 ل.
126_كاكە ڕەش / ڕۆمان / حازم كوتەك/ 695 ل.
127_ نەخۆشی مەرگ/ ڕۆمان/ مارگرێت دۆڕاس/ و _ كەریم تاقانە / 60 ل.
128_ لاپەڕە پەرشەكان / كۆمەلێك نووسەر/ فیكری، و _ ئازاد بەرزنجی/ 390 ل.
129_ ژیان كورتە/ رشۆمان/ یۆستینگاردەر/و _ ڕێبوار سیوەیلی. 126 ل.

بێگومان، بەشێكی زۆر لەو كتێبانە، خوێندنەوە و ڕانانم بۆ كردوون، بە خوێنەرانم ناساندوون، هەندێكیشیان لە بارەیانەوە نووسیومە، بەڵام وتارەكانم بڵاو نەكردۆتەوە. دواجار دەڵێم خوێنەربوون، لە پێشەوەی نووسەربوونە، شتێك نییە بە ناوی نووسەر و ڕۆشنبیر، بێ خوێنەربوونێكی ڕاستەقینەی نێو دنیای كتێب و خوێندنەوە.

ڕواندز _ 30/12/2025




گەشتکردن لەناو ماڵدا؛ هونەری دۆزینەوەی ئارامی.. وریا مەعروف

ڕۆژانە لە دەرەوەی ماڵەکانمان، لەناو ژاوەژاوی شەقام و لێشاوی هەواڵە نەرێنییەکاندا، تووشی جۆرێک لە شەکەتیی ڕۆحی دەبین. زۆرجار وادەزانین بۆ ڕزگاربوون لەم دڵەڕاوکێیە، دەبێت جانتاکانمان بپێچینەوە و بەرەو شوێنێکی دوور گەشت بکەین. بەڵام ئەوەی فەرامۆشمان کردووە ئەوەیە کە ماڵ وەک یەکەمین پەناگە، دەکرێت ببێتە گەورەترین مەیدانی گەشتکردن و ئارامبوونەوە. دۆزینەوەی ساتێکی بێدەنگی لە سووچێکی ژوورەکەدا یان چێژوەرگرتن لە کوپێک چای گەرم، تەنها کردارێکی سادە نین، بەڵکو گەڕانەوەن بۆ لای خۆمان. کاتی ئەوە هاتووە لەوە تێبگەین کە ئارامی دۆزینەوەیە، نەک کڕین.
بۆ ئارامیت، پێویستت بە ڤیزا نییە بۆ ئەوەی پیاسەیەک لە شەقامە باراناوییەکانی لەندەندا بکەیت؛ تەنها پێویستت بە کتێبێکە. کتێبخانەی ماڵەکەت وەک فڕۆکەخانەیەکە کە هەزاران گەشتی بێ پلیت و بێ ماندوێتی تێدایە. کاتێک کتێبێک بەدەستەوە دەگریت، تۆ تەنها لاپەڕە هەڵ نادەیتەوە، بەڵکو دەچیتە ناو بیرکردنەوەی مرۆڤێکی تر و لە جیهانێکی تردا دەژیت. ئەمە ناوی بنێ “گەشتكردن بە خەیاڵ” ئەو جۆرە گەشتەی کە ڕۆحت نوێ دەکاتەوە بەبێ ئەوەی یەک هەنگاو لە جێگەکەی خۆت بجوڵێیت.
لە فەلسەفەی “ژیانی هێمن”دا، ئامادەکردنی قاوەی بەیانییان یان چایەک تەنها خواردنەوەیەک نییە، بەڵکو ڕێوڕەسمێکی پیرۆزە. سەرنجدان لە قڵپەقڵپی ئاوەکە، بۆنی دارچین یان هێل، و ئەو گەرمییەی کە کوپەکە دەدات بە دەستەکانت، گەشتێکی “ئیستاتیکییە” بۆ ناو هەستەکان. ئەمە ئەو ساتەیە کە تیایدا فێری “ئێستا و لێرە” دەبیت؛ شوێنێک کە تێیدا نە خەمی ڕابردوو هەیە و نە دڵەڕاوکێی داهاتوو، تەنها چێژبینینە لەو ساتە سادەیەی کە هەتە.
هەر ماڵێک مۆزەخانەیەکی تایبەتی تێدایە کە ڕەنگە ساڵانێک بێت لێی ورد نەبووبینەوە. وێنەیەکی کۆن کە کەمێک ڕەنگی زەرد بووە، دیارییەک لە هاوڕێیەکی دێرین، یان تەنانەت ئەو ڕادیۆ کۆنەی سووچی ژوورەکە. گەشتکردن بەناو ئەم شتانەدا، گەشتە بەناو زەمەندا. هەر یەکێکیان چیرۆکێکیان هەیە کە دەتوانێت زەردەخەنەیەک بخاتە سەر لێوت و بیرت بخاتەوە کە ژیان پڕ بووە لە وێستگەی جوان کە شایەنی ئەوەن جارێکی تر یادیان بکەیتەوە.
زۆرجار خەڵک وا دەزانن گەشبینی و دانیشتن لە ماڵدا جۆرێکە لە هەڵاتن لە واقیع، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە “گەیشتنە بە واقیع”. جیهانی مۆدێرن فێری کردووین کە “بەختەوەری لە شوێنێکی ترە”، بەڵام ژیانی هێمن پێمان دەڵێت: “بەختەوەری لێرەیە، ئەگەر بتوانیت بیبینیت”. ئەمە جۆرێکە لە شۆڕش دژی ئەو خێراییە دەستکردەی کە سۆشیاڵ میدیا بەسەرماندا دەسەپێنێت؛ شۆڕشێک بۆ گەڕانەوە بۆ لای خۆمان.
زۆرجار کاتێک باس لە “ژیانی هێمن” دەکرێت، ڕەخنەگرەکان وا دەزانن ئەمە جۆرێکە لە هەڵاتن لە بەرپرسیارێتی یان تەمبەڵی، بەڵام ڕاستییەکە تەواو پێچەوانەیە. ژیانی هێمن بە واتای ئەوە نایەت کە تۆ هیچ نەکەیت، بەڵکو بە واتای ئەوە دێت کە “بە ئاگاییەوە” هەموو شتێک بکەیت. ئەمە هەڵاتن نییە لە ژیان، بەڵکو گەیشتنە بە قووڵایی ساتەکان.
لە ژیانی خێرای ئەمڕۆدا، ئێمە زۆرجار بە پێوە یان لە کاتی سەیری کردنی مۆبایلەکانماندا ژەمەكان دەخۆین؛ لێرەدا ئێمە خواردن ناخۆین، بەڵکو تەنها گەدەمان پڕ دەکەین. بەڵام لە “ژیانی هێمن”دا، تۆ دە خولەک تەرخان دەکەیت، سەیری ڕەنگی خواردنەكانی سەر سفرەكە دەکەیت، تامی پار پارەی نانەکە دەچێژیت و هەست بەو وزەیە دەکەیت کە دەچێتە جەستەتەوە. ئەمە وادەکات مێشکت لە دڵەڕاوکێی “چی بکەم؟”ەوە بگۆڕێت بۆ چێژی “ئێستا چی دەگوزەرێت؟”.
یاخود دەشێ بڵێین ئێمە وەک بزوێنەرێکمان لێ هاتووە کە نابێت بوەستێت. کاتێک بۆ ماوەی كاتژمێرێک مۆبایلەکەت دەخەیتە لایەک و تەنها سەیری دڵۆپە بارانەکانی سەر شووشەی پەنجەرەکە دەکەیت، تۆ کاتت بەفیڕۆ نەداوە، بەڵکو “ڕۆحت بارگاوی کردووەتەوە”. ئەمە جۆرێکە لە خۆشەویستی بۆ خود، کە تێیدا ڕێگە بە مێشکت دەدەیت لە ژاوەژاوی سۆشیاڵ میدیا پاک ببێتەوە.
جیهانی مۆدێرن فێری کردووین کە هەمیشە دەبێت “بەرهەمدار” بین، تەنانەت لە کاتی پشووشدا دەبێت وێنەی پشووەکە بگرین تا بیسەلمێنین کە دڵخۆشین! ژیانی هێمن دێت و ئەم دەمامکە لادەبات، پێمان دەڵێت کە سادەترین جۆری دڵخۆشی ئەوەیە کە بتوانیت بەبێ هیچ هۆکارێکی گەورە، تەنها بەبوونی خۆت و ئارامیی ماڵەکەت، هەست بە دەوڵەمەندی بکەیت. ئەمە ئەو شوێنەیە کە تێیدا مرۆڤ لە “ڕاکردن بەدوای بەختەوەری” دەوەستێت و لەناو “خودی بەختەوەری”دا نیشتەجێ دەبێت.
ماڵ تەنها شوێنێک نییە بۆ خۆشاردنەوە لە باران و سەرما، بەڵکو گەورەترین مۆزەخانەی تایبەتی تۆیە. پێش ئەوەی بەدوای سەرکێشیدا لە وڵاتانی تر بگەڕێیت، جارێکی تر بە وردی و بە چاوێکی نوێوە سەیری گۆشەکانی ژوورەکەت بکەرەوە، ڕەنگە گەورەترین دۆزینەوەی ژیانت لەوێدا بێت، لەناو ئەو سادەییەی کە هەموو ڕۆژ دەیبینیت و تێپەڕ دەبیت، بەبێ ئەوەی بزانیت چەندە سەرسوڕهێنەرە.




لە ساڵی نوێدا.. سەلام عومەر

کێ سەرم دەدۆزێ و ئەسپێ‌ كۆنەكان دەكوژێ‌؟

کێچەکانی ساڵی نوێ‌ كێ‌ راویاندەنێ؟

 هەموان لە چاوەروانی هاتنی ساڵی نوێدان، بێئەوەی بزانن داخۆ لە ئایندەدا چی روودەدات؟ یان ساڵی نوێ چی پێیە؟  تەنیا من نەبێ دەگەڕێمەوە ساڵانی رابردوو، ئەو ساڵانەی بەخۆشی و ناخۆشیەکانەوە جێمانهێشت و دەزانم چی داینێ و چیشی لێبردین، بەدوای جێپێکانی منداڵیم دەکەوم سوپاسی ئەو شیشۆقانە دەکەم خوێنیان لە بنی پێمەوە هێنا و وانەی ئازاری پێخاوسیان فێرکردم، نەفرەتیش لەو کەسانە دەکەم پلان بۆ چاندنی مین لە رۆژەکانی ساڵی نوێدا لە بنپێمان دادەنێن.

دەگەڕێمەوە نێو کۆشی دایە، تا سەرم بدۆزێ و لە ئەسپێیەکانی ئەمڕۆی پاککاتەوە، نوێنەکەم بخاتە بەرتاو تا کێچەکانی ساڵی نوێ راونێ، هەندێ جاریش گوڵەبەڕۆژەم بۆ دەنککا، وەک ئەو دەنکە مرواریانەی لە تەمەنم بوونە و ئەوانیدی خواردیان.

لەساڵی نوێ دەترسم چونکە لە کۆتاییم نزیک دەکاتەوە، دەچمەوە نزیک ئاگردانەکان و بەرکوڵێک لە چێشتی سەرداران دەخۆم، چاو لە دەستی دایکم دەکەم کاتێک شوشەی فانۆسەکە بەهەڵمی هەناسەی پاک دەکاتەوە، ئەو هەناسە ساردانەی تەنیا بۆ روناكی گەرم بوون، بەشداری هەڵپەڕینەکان و یاریە ئاگرینەکانی ساڵی نوێ ناکەم، دەچم ڕۆژانەکەم لە بابم وەردەگرم و لەلای دوکانەکەی مام مەحمود رادەوەستم، نازانم نوقڵی مینۆی پێبکڕم یان پسکیتی ویتانا؟ نەعنەع یان بنێشتی سەهم؟ دواجار نیومەتر تێلی قاپان دەکڕم و شەوێ دەیسوتێنم و لەنێو کۆڵان بایدەدەم و پروشکە ئاور بەهەوایدا بڵاودەکەمەوە، جوانتر لەو یاریە ئاگرینانەی هەموومانیان کردۆتە رۆبۆت.

لە ساڵی نوێ دەترسم چونکە نوچە و موچەکان غەممان دەدەنێ، ئاوڕمان پێ لەساڵانی گرانیەکان دەدەنەوە، ئەو ساڵانەی لەسەر خوانەکان قەوان لە نان زیاتر بوو، ترس ئاشتی راودەنا.

دەترسم ساڵی نوێ هیچی نوێی پێنەبێ جگە لە بەستنەوەمان بە تەکنەلۆژیاوە، بۆیە بادەدەمەوە منداڵی و دەچمەوە سەربانە گڵەکان و کۆلارەی منداڵیم هەڵدەدەم، توند داوەکە دەگرم و نایەڵم بەڕەڵا بێ، چوون دەزانم داوەکە بپسێ یان با لەدەستم بڕفێنێ، منداڵیم لەگەڵ خۆی دەبا و وەک ئێستا بەخەیاڵ نەبێ نامداتەوە.

دایکم نەماوە سەرم بدۆزێ، بابیشم مرد، ئیدی رۆژانەکەم لەکێ وەرگرم؟




کوللەی خۆماڵی.. کەنعان مدحەت

لە خەلە و خەرمانێ دەچم

کوللەی خۆماڵی لە شاڵاو هێنەر

زیاتر

تێم بەربووبێ

ئەمە درمە

یا شەڕفرۆشی ڕیشەیی

حەسرەت بە وردە هاڕاوی

دەمی مەکینەی هاڕین بخوازم؟

ئەڵێی تاوە بارانی بەهارە

لە پڕ و بە پەلە

بە پێپلکەی سەرەولێژما

شاڵاو دێنێ و

وادەزانی منی هەمو

ئێمەی ژەنگی پاشەکەوت و

بڕینی دو و سێ مانگەی هەرس کردوو

تەنیای دەست بە یەخەوەیم




هیچ فەرقم نەکردووە.. شیعری نەوزاد بەندی

هیچ فەرقم نەکردووە، ئازیز ..!
باشت کرد کە بەجێت هێشتم ..
هەر قەفەزە بێ دڵەکەم
هەر ئینجانە بێ گوڵەکەم ..
باش بوو دەستی خۆتت وەشاند،
لە پڕ بەجێت هێشتم، ئازیز!

٭ ٭ ٭

هیچ فەرقێکم نەکردووە ..
کاتێ ئەگەمە ناو بازاڕ،
جا بیرم ئەکەوێتەوە،
مۆبایلەکەم لەسەر قۆڵی
قەنەفەکە له بیر چووە ..
نیوەی شەو دێتەوە بیرم،
حەبی چەوریم نەخواردووە ..
هیچ فەرقێکم نەکردووە،
هێشتا به تەنیا گەشت ئەکەم،
لە تێرمیناڵ،
قەت لە گەشتیار نەچووم ، ئازیز ..
ئەڵێن سەرت هەڵگرتووە ؟
هەر ئینجانە بێ گوڵەکەم
هەر قەفەزە بێ دڵەکەم ..

  • * *

نوسینیەکانم وەک جاران،
بێ خوێنەرن
یان خوێنەرێ
یان دوو خوێنەر ..
لەگەڵ کۆمەڵێ جنێودەر ..
پێش کەشتییەکە،
کەشتییەوانەکە کون بووە ..
نوقوم بووە یان وون بووە ..
باشت کرد زوو بەجێت هێشتم،
هەر ئینجانە بێ گڵەکەم ..
هەر قەفەزه بێ گوڵەکەم ،
گەر بڵێی فەرقت کردووە،
هیچ فەرقێکم نەکردووە ..

٭ ٭ ٭

لەناو ئاپۆڕەی خەڵکیدا،
وەک تارمایی، لە کەس ناچم ..
هەر وەک جاران،
لە کۆڵانێکی کۆنە دێ ..
تازه شارا ، دێم و ئەچم ..
پەشیمانم لەوەی چوومەتە فڵان شوێن ..
پەشیمانم فڵانە کەسم بینیوە ..
پەشیمان لەوەی شتێکم کڕیوە ..
حەز ئەکەم هەر لە ڕێ دەستم
بخەمە گیرفانم ، هەستکەم
ئەو شتەی کڕیم ، وون بووە ..
کەشتیەوان لە پێش کەشتێکە،
کون کون بووە ..
دەلیل پێش وونبوو ، وون بووە ..
باش بوو ڕۆیشتیت ..
هیچ فەرقێکم نەکردووە ..

نەوزاد بەندی




واقیع و وه‌هم.. به‌ختیار محه‌مه‌د

مرۆڤ ژیانی له‌سه‌ر گۆی زه‌ویدا كردۆته‌ دۆزه‌خێك و باسی به‌هه‌شتی خه‌یاڵییش ده‌كا: لێره‌ جه‌هه‌ننه‌م ده‌خوڵقێنێ، له‌ خه‌یاڵیش (به‌ هۆی ئایینه‌وه‌) به‌هه‌شتی خه‌یاڵیی بۆ خۆی داده‌مه‌زرێنێ.

هه‌ڵبه‌ته‌‌ ئه‌مه ته‌ناقووزی بوونی مرۆڤه‌: له‌ نێوان ژیانی سروشتی و ژیانی به‌ عه‌قڵانیی بوونیدا، له‌ نێوان به‌ربه‌ریه‌ت و شارستانییه‌تدا.

مرۆڤ ده‌توانێ واقیع (ژیان) بكاته‌ دۆزه‌خ، به‌ڵام هه‌رگیز ناتوانێ بیكاته‌ به‌هه‌شت. ئه‌و ده‌توانێ دۆزه‌خی خه‌یاڵیی بكاته‌ دۆزه‌خی واقیعیی، به‌ڵام هه‌رگیز ناتوانێ به‌هه‌شتی خه‌یاڵیی بكاته‌ به‌هه‌شتی واقیعیی (كه‌واته‌ به‌هه‌شت ته‌نها له‌ خه‌یاڵدا هه‌یه‌)؛ ئه‌مه‌ش ڕۆحه‌ پڕ له‌ ته‌ناقووزه‌ شه‌ڕانگێزییه‌كه‌ی مرۆڤه‌. ‌

ئه‌و خوا ده‌په‌رستێ، چونكه‌ پڕ له‌ ته‌ناقووزه‌، له‌ تووڕه‌ییشی ده‌ترسێ. له‌م پێناوه‌شدا (تا خوا سارد كاته‌وه‌) كاری ناعه‌قڵانیی شه‌ڕانگێزانه‌ ده‌كا: جاران مرۆڤی بۆ ده‌كرده‌ قوربانی، ئێستاش ئاژه‌ڵی به‌سته‌زمانی بۆ ده‌كاته‌ قوربانی. به‌م شێوه‌یه‌ مرۆڤ كوشتن پیرۆز ده‌كا و مۆركی پیرۆزیی پێ ده‌به‌خشێ. له‌مه‌شه‌وه‌ مرۆڤ دژ به‌ برای مرۆڤی خۆی (له‌ پێناو خوادا؟) جه‌نگی پیرۆز (جیهاد) به‌رپا ده‌كا.

كه‌واته‌ ئایدیۆلۆژیا و ئایینه‌كان هه‌رگیز هیچ نین، جگه‌ له‌ زمانی ئه‌و ته‌ناقووز و ناكۆكییه‌ پڕ له‌ خورافه‌ و شه‌ڕانگێزه‌ی، كه‌ له‌ناو مێژووی بوونی مرۆڤایه‌تیدا ڕه‌گی داكوتاوه‌ (نه‌ ئایین و نه‌ ئایدیۆلۆژیاكان نه‌یانتوانیوه‌ كێشه‌ی ئه‌م ته‌ناقووزه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن).

زۆر جار كێشه‌ی مرۆڤ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ڕقی له‌ ناسینی واقیعه‌ و (به‌ پێی ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ باشی دركی پێ ناكا) به‌ دوای خه‌یاڵی خورافی و ئه‌فسانه‌یی و وه‌هم ده‌كه‌وێ. به‌م شێوه‌یه‌ش مرۆڤایه‌تی باوه‌ڕی ئایین و دیارده‌ی خواپه‌رستیی داهێناوه‌.

هه‌ڵبه‌ته‌ مرۆڤ به‌ ناچاری له‌ ده‌ست دیارده‌ی سروشتیی مه‌رگ هه‌ڵدێ، په‌نا بۆ خه‌یاڵی (خه‌ونی) نه‌مریی (ئایین، خوا) ده‌با. داستانی گه‌لگامێش باشترین نموونه‌ی ئه‌ده‌بی و ئایینیی ئه‌م دیارده‌یه‌یه‌. ڕاستییه‌كه‌ی مه‌رگ سه‌رچاوه‌یه‌كیشه‌ (هۆكارێكیشه‌) بۆ كاری داهێنان و خه‌یاڵی داهێنه‌ر (ئایین خۆی یه‌كێكه‌ له‌م داهێنانانه‌).

مرۆڤ به‌ هۆی مه‌رگه‌وه‌ (له‌ ترسی مه‌رگ)، زۆر شتی له‌ خورافه‌ و ئه‌فسانه‌ و ئه‌ده‌ب و ئایین و هونه‌ر… داهێناوه‌؛ دیسان لێره‌ ته‌ناقووزێكی گه‌وره‌ هه‌یه‌: مرۆڤ له‌ مه‌رگ ده‌ترسێ (خوا و ئایینی بۆ داده‌تاشێ)، كه‌چی له‌ولاوه‌ هه‌ر به‌ ده‌ستی خۆی، سه‌ر گۆی زه‌وی، له‌ ڕێی كوشتار و جه‌نگه‌وه‌‌، به‌ تارمایی مه‌رگ داده‌پۆشێ. خۆی له‌ مه‌رگ ده‌ترسێ، به‌ڵام چێژیش له‌ مه‌رگی (كوشتنی) ئه‌وی دیكه‌ (ئه‌وانی دیكه‌) ده‌بینێ.

مرۆڤ هه‌ندێك جار له‌ناو ته‌ناقووزێكی كوشنده‌دا ده‌ژی: هه‌م ژیاندۆسته‌، هه‌م مه‌رگدۆسته‌؛ هه‌ر بۆیه‌ش له‌ پێناو خوادا جه‌نگ به‌رپا ده‌كا و ژیان پڕ له‌ مه‌رگ ده‌كا (مه‌رگدۆستیی) بۆ ژیانێكی خه‌یاڵیی (به‌هه‌شت = ژیاندۆستیی)؛ ئه‌مه‌ش لوتكه‌ی نائومێدی مرۆڤه‌ له‌ ئاست واقیعدا.

هه‌ڵبه‌ته‌ هه‌رچه‌نده‌ مرۆڤ له‌ واقیعدا نائومێد بێ، هێنده‌ش جیهانی خه‌یاڵ خۆش ده‌بێ. هه‌رچه‌نده‌ بیركردنه‌وه‌ش سه‌ره‌تایی و ساده‌ و ساكار بوو، هێنده‌ش خه‌یاڵ و باوه‌ڕ و بۆچوونی ناماقووڵ به‌رهه‌م ده‌هێنێ: خورافه‌كان له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تیدا، به‌رهه‌می ئه‌م جۆره‌ بیركردنه‌وه‌ و ئه‌م جۆره‌ عه‌قڵییه‌ته‌ن.

به‌ختیار محه‌مه‌د




سێوباران لە ئاسۆی دواڕۆژدا.. شیعر: ​ستار ئەحمەد

​خۆر دەسووتێ..

هەور گیان دەدا،

سروشت بەپێوە نوستووە،

با بەدوای خۆیدا ڕادەکا،

مانگ لە ژانی مناڵبوونە.

خاک بۆ لەتە نانێک دەگری،

مرۆڤ خوناوی لوتکەی چیا

دەکاتە ئاڵای بەرگری.

​دەمێکە بارانی شەڕگە

جەرگی ئاسمانی ناسیوە،

کەچی گوللەی بێناونیشان

لە نەخشەی کوشتن فڕیوە؛

بە شاباڵی فریشتەکان

گیانی شەکاوەی ئەستێرەی

بە سنگی شەو هەڵواسیوە.

​ئەمێستاکە..

تیشکبارانی ئاواتمان،

دەستی گزنگ ڕادەکێشێ؛

بە تیشکی سۆز،

لانکی مرۆ و

کۆرپەی خاکمان دادەپۆشێ.

نیگای هەوار،

دروشمەکان دەنەخشێنێ،

دەروازەکان دەکرێنەوە..

هەرچی فریشتەی مژدەیە

ئاڵای ئازادی هەڵدەکەن.

​زەوی تینوێتی دەشکێت و

وشکی نامێنێ لە گوڵشەن.

خاکمان شادی ڕادەمووسێ..

باران خوناو دەسڕێتەوە،

پەلکە زێڕینە بە سەما

دەبێتە ئاڵای ئاشتی و بوون.

​نیشتمان باڵا دەکات و

پێنووس، مرۆڤ دەورژێنێ؛

چەک خودی خۆی هەڵدەواسێ،

پەپوولەی خۆزگە،

باڵی گەواڵە دەردەکا.

مەبەست شەونم لەبەر دەکا،

باخچە شەونم لە گوێ دەدا،

هیوا چرۆی نوێ دەردەکا.

​مەرگ خۆی دەمرێت،

ژیان کڵاوی خۆر لەسەر دەکا.

ئەستێرە مێژوو دەنووسێتەوە؛

ئاسۆی دواڕۆژی گەردوون،

بە خەندەوە هەڵدێتەوە.

​خودا سروشت،

بە دڵۆپە دەنەخشێنێ..

پەڕتووکی خەون دەکاتەوە،

پیتی ڕژاو بەسەرمانا دەبارێنێ.

شیعر دەکاتە ناسنامە..

نیشتمان گوڵزاری وەڵام،

سات لە کەژدا خرۆشاوە

بۆ نوقڵانەی دوایین پەیام.

​ستار ئەحمەد




هـۆنراوە بـۆ منـداڵان/ خـەونــــەکـانـم.. هـۆنـراوەی: رەزا شـوان

خـەونـەکـــــــانـم جـیـــــــاوازن
پـڕ لـە هـــــیـوا و لـە نـیــــازن

  • * *
    مـن دەبـــــم بـە کـەشـــــتـیـوان
    گەشـتـێـک دەکـەم بـۆ ئاسـمـان
  • * *
    بـۆ ســـەر گــڕەهـــــــــەســارە
    شـــــەوان گـەشــــە و دیــــارە
  • * *
    ئـــاڵای کوردســــــــــتـانـەکــەم
    لـە ســەریـدا هــەڵـــــــــدەکــەم
  • * *
    پـەیـــامی ئـاشــتی کـــــــوردان
    دەنـــێـرم بـۆ گــشــت گـــــەلان
  • * *
    بـەر لـە رووسـیـا و ئـەمــریـکـا
    کـوردێــک ئـەم گـەشـــتـە دەکـا

(*) گڕەهەسارە (بـارام): مەریـخ ـ مارس ـ هەسارەی سوور.

بۆ گۆڤـاری (خاڵخاڵـۆکە) م نارد لە ( ١/ ئۆکـتۆبـەر/ ٢٠٢٥) ئامانج شارباژێڕی.




شیعر بۆ منداڵان/ جەژنی بەفر.. زیاد ڕەشاد قادر

بەم زستانە
لەم کوێستانە
بە ئەسپایی
وا داباری
بەفری جوان بەدەم سەماوە
… … …
خاک سپیپۆش
بەزمێكی خۆش
جەژنی بەفرە
چێژ وەربگرە
قەت دونیا وا نەخەمڵاوە
… … …
وا هاوڕێیان
لە گۆڕەپان
کۆمەڵ کۆمەڵ
شەڕەتۆپەڵ
گەرم دەکەن بە هەراوە
… … …
دیە و کارین
وا دابارین
بەسەر یەکتر
شەڕە بەفر
نییە دۆڕاو و براوە
… … …
لە خوێندنگە
من و شەنگە
شیرین شیرین
ستران دەچڕین
لە خۆشیی بەفر و سەرماوە.

زیاد ڕەشاد قادر/ هەولێر




بەرەو سیلەى هەموو ڕووگەکان.. ئاوات محەمەد ئەمین

لەبارەى ئەزموونى شیعریی (نەژاد عەزیز سورمێ) وە..

بەرایی
دەیەى هەشتاکانى سەدەى رابردوو هەڵگرى چەند خەسڵەتێکى تایبەت بوو پەیوەست بە شیعرى نوێى کوردییەوە(بەجیاوازى ناو وناونیشانەوە) چ لەڕووى ئینتیما بۆ رەوتێکى ئەدەبى جیاواز وچ لەڕووى قۆناغبەندىیەوە. لەگەڵ ئاوابوونى خۆرى (روانگە) لە کۆتایی دەیەى حەفتاکاندا، کە چەقى چالاکی وبرەوى کەوتبووەوە شارى سلێمانییەوە، هەولێر وەك شارێکى زیندوو و دەبێتە درێژەپێدەر و مەڵبەندى بوژاندنەوەى شیعر ونوێگەرى. بە بۆچوونى من دوو هۆکار لەپشت ئەو ئاڵوگۆڕ یا جێگۆڕکێیەوە بوون، یەکەمیان لەو فەزا ئەدەبییە تا رادەیەك سەربەخۆیەدا دەردەکەوت کە نووسەر وئەدیبى ئەو شارە خۆیان تیا نمایش دەکرد و دووەمیشیان ئەو هەلومەرجە سیاسى و ئابوورییەى لەدواى نسکۆى ساڵى ١٩٧٥ه‌وە هاتەپێش کە لەو ساڵانەدا، بزاوتى هونەرى وئەدەبى روو لە گەشەکردن بوو پێ بەپێ لەگەڵ دەرچوونى چەندین گۆڤارو رۆژنامەى ئەدەبى و هونەرى و بەچاپ گەیاندن وبڵاوکردنەوەى بەرهەمێکى زۆرى ئەدەبى.
ئەگەرچى دەیەى هەشتاکان پڕ کارەساترین وئاڵۆزترین ساڵانێك بوو لە مێژووى هاوچەرخى سیاسیماندا، لە هەمان کاتدا درەوشاوەترین سەردەمى دەرکەوتن وداهێنان بوو لەبوارە جیاجیاکانى بەرهەمى ئەدەبی و هونەریدا بەتایبەتى شیعر و چیرۆک و شانۆ. لەو ماوەیەدا و هەر لە شارى هەولێر، دوو رەوتى ئەدەبى دەرکەوتن، یەکەمیا بەناوى پێشەنگییەکان (طليعي) بە رابەرایەتى مەحمود زامدار و نووسەرانى وەک جەلال بەرزنجى وکەریم دەشتى وهاشم سەراج وسەلاح عومەر و محەمەد باوەکر و ئیسماعیل بەرزنجى و چەندانى تر. رەوتى دووەمیشیان لەژێر ناوى (رۆمانسی)یەکان بوو کە هەریە ك لە سەڵاح شوان ونەوزاد رفعەت و سەعدوڵا پەرۆش و چەندانى ترى لەخۆ گرتبوو.
لەم نێوەندەدا، شاعیرانى وەک نەژاد عەزیز سورمێ و عەباس عەبدوڵا یوسف و ئەنوەر مەسیفى لە دەرەوەى رەوت و دەستەگەرییانەدا وەك دەنگى ئازاد وسەربەخۆ درێژەیان بە چالاکى ئەدەبى و نووسین دا. ئه‌گەرچى ئەنوەر مەسیفى هەوڵى دا ستایلێکى تایبەت بە خۆى لە شیعردا بخاتەڕوو، بەتایبەتى لەدواى هەردوو کۆمەڵە شیعرى (خۆرباران) لەژێر ناوى (فۆرمى گران) ودواتریش تێکشاندنى بونیادى رێزمان، بەڵام ئەوە تەنیا لە چێوارچێوەى هەوڵێکدا مایەوە.
سەبارەت بە نەژاد عەزیز سورمێ، کە لە ناوەڕاستى حەفتاکانەوە زیاتر دەستى بە بڵاوکردنەوەى شیعر وبەرهەمى ئەدەبى کردووە، دەتوانم بڵێم؛ ئەگەر نەیتوانى بێت رچکەشکێنى یاخود تازەگەرییەك لە دونیاى شیعرى نەوەى خۆیدا بکات، بەڵام وەک ئەزموونێکى شیعریی بەردەوام بووە و لە فۆرم وستایلێکى جێگیر و باودا نەماوەتەوە. نەژاد لە پرۆسەیەکى بەردەوامى تازەگەریدا بووە لە روئیا ودونیابینى خۆیدا و سەرکەوتووانە لە شیعرەکانیدا تەوزیفى کردوون لەسەر هەموو ئاستەکان وەک فۆرم وزمان وئیستاتیك و مانا.
ئەم نووسینەى من هەوڵێکە بۆ ناساندن وخوێندنەوەیەکى گشتییە بۆ ئەزموونى شیعریى نەژاد لەدوو توێى کۆبەرهەمە شیعرییەکەى (بەو رێیانەدا تێپەڕیم) کە لە ساڵى ٢٠٢٣ لەلایەن (دەزگاى فام)ـەوە چاپکراوە.

سەرەتاى ئاشنایەتیم لەگەڵ شیعرى نەژاددا
تا ساڵى یەکەمى خوێندنى زانکۆم کە هێشتا لە تەمەنى هەژدە ساڵیدا بووم، كةمتر تامەزرۆى شیعرى نوێ بووم وزیاتر هەڵوەداى شیعرى کلاسیکى کوردى بووم ئەگەرچى هەندێك شاعیرى نوێخوازى عەرەبم لا پەسەندبوون وەک سەیاب ونازك الملائکة وحسین مردان ومحمود درویش. تا ئەو ساڵە جگە لە کۆمەڵە شیعرێکى شێرکۆ بێکەس بەناوى (من تینوێتیم بەگڕ دەشکێ) و کۆمەڵە شیعرى (خواو شارە بچکۆلەکەمان)ى لەتیف هەڵمەت و(شەونامەى شاعیرێکى تینوو)ى عەبدوڵا پەشێو هیچ کتێبێکى لەو چەشنەم نەبوو.
هێشتا قوتابى خوێندنى ئامادەیی بووم، لە کتێبخانەیەکى شار چاوم بە کتێبێکى هۆنراوەى قەبارە بچووك کەوت بەناوى (ئەو شەوانەى خەوم نایێ) ی نەژاد عەزیز سورمێ. جگە لەوەى ناونیشانەکە سەرنجى راکێشام، نرخەکەشى لە تواناى گیرفانى مندا بوو، بۆیە دانەیەکم لێ کڕى. لەوێوە بۆ یەکەم جار ناوى نەژادم بیست. ئەو کۆمەڵە شیعرە نزیکەى بیست دەقى لەخۆگرتبوو کە زۆربەیان کورت بوون، بەڵام بەگشتى لە تەوەرى خۆشەویستى وئازارى غەریبى وخەمى نیشتماندا بوون. دیوێکى ترى ئەو کۆمەڵە شیعرە کە جێى سەرنجم بوو بریتى بوو لەو هەموو شوێنەى هۆنراوەکانی تیا نووسرابوون لە ماوەى تەنیا سێ ساڵدا (١٩٧٣-١٩٧٦) کە لە کوردستانى باشوورەوە (هەولێر، گەڵاڵە) دەپەڕێتەوە بۆ ئەودیوى سنوور (زێوە و مەرگەوەڕ و رەشت) تا لە باشوورى عیراق دەگیرسێتەوە لەشارەکانى نەجەف وکەربەلا و دواتریش بەغدا.
ئەم جێگۆڕکێیە لەشوێندا دەرەنجامى گەشت وسەفەر نەبووە بەڵکو لەژێر زەبرى رۆژگار و پەیوەستبوونى شاعیرەوە بووە بە شۆڕش وخەبات بۆ ئازادى تا لە کۆتاییدا وە ك هەزاران کوردى دواى نسکۆى ١٩٧٥ بۆ شارەکانى باشوورى عیراق دوور دەخرێتەوە لەکاتێکا هێشتا لە هەڕەتى لاویدا بووە. بۆیە لەڕووى دەلالەتى زەمەنییەوە شیعرەکان ناوەڕۆکى رەنگدانەوەى رووداوەکانى ئەو چەند ساڵە سەختەى ژیانى شاعیرن. ئەو دەقانەى لە ئاوارەیی و تاراوگەدا نووسراون لێوانلێون لە تاسەى دوورى وژانى غەریبى وتەنیایی لەکاتێکا زۆربەى ئەو دەقانەى لە باوەشى سرووشتى کوردستان وزێد وشارى خۆیدا نووسیویەتى رەنگڕێژن بە رۆمانسییەت وعەشق وجوانى. ئەگەرچى زۆربەى هۆنراوەکان لەڕووى فۆرم وداڕشتنەوە سادە وبێ گرێن، بەڵام بۆ کەسێك لە بوارى لێکۆڵینەوەى ئەدەبیدا بنووسێت پێویستە وەك سەرەتایەك بۆ ئەزموونى بەردەوامى شاعیر بۆ نیوە سەدەى دواتر و تا ئەمڕۆ سوودییان لێ ببینێت.
هەروە ك چۆن لە کۆمەڵە شیعرى دووەمیدا (تاڤگەى مەند – ١٩٨٧) بەڕوونى گۆڕانێکى بەرچاو دەبینرێت لە ئاستى هونەرى شیعریی و زمان وداڕشتن وبابەتەکاندا. ئەم خۆنوێکردنەوە وئەزموونگەرییە لە شیعرى نەژاد لە کۆمەڵە شیعرى (بەو رێیانەدا تێپەڕیم….لەو کانییانەم خوارەدەوە- ٢٠١٠) دەگاتە ئاستێك لە تواناى دەربڕین و قووڵى زمان وشارەزایی لە هونەرەکانى شیعر وئیستاتیك کە دەتوانم بڵێم لەوێوە نەژاد لەسەر ستایلێکى تایبەت بەخۆى دەگیرسێتەوە.

ئاشنایەتیم لەگەڵ شاعیردا
ئەو دەمەى من لە بەشى ئینگلیزى کۆلێژى ئەدەبیاتى زانکۆى بەغدا (١٩٨٠-١٩٨٤) دەمخوێند، نەژاد دواى دابڕانێکى زۆر لە هەمان کۆلێژ لە بەشى شوێنەوارناسى وەرگیرابوو. بەڕاستى بۆ من مایەى خۆشى بوو کە لە نزیکەوە ئەو شاعیرە بناسم کە پێش دوو سێ ساڵ کۆمەڵە شیعرییەکەیم خوێندبووەوە وتاڕادەیەك پێى سەرسام بووم. ئەو بەتەمەن لە من گەورەترە، بەڵام لە مامەڵەکردنى لەتەکەمدا قەت هەستم بەو جیاوازییە نەدەکرد چونکە ئەوەى کۆى دەکردینەوە دونیاى شیعر وئەدەب وکۆمەڵێك خەون وخەمى هاوبەش بوو. زۆرجار بەدەنگى خۆى دەقە شیعرییەکانى خۆى بۆ دەخوێندمەوە، دەنگێکى کەمێك گڕ بەڵام تۆنێکى نزم بەشێوەیەك وام هەست دەکرد وشە ودێرەکان لەگەڵ دووکەڵى جگەرەکەیدا لە سییەکانییەوە دەردەچن.
ئەڵبەت رەوتى ژیانى هەر کەسێك بەچەندین قۆناغ و پلە وپۆست وبەرزى و نزمیدا دەروات، بەڵام لە کۆتاییدا هەر کەس بەیەك وشە پێناسەدەکرێت، بەنیسبەت نەژادەوە ئەو لە کۆتاییدا هەر بە شاعیرى دەمێنێتەوە، چونکە وەك جەیمس جۆیس دەڵێت “….ئەو خۆى بۆ هونەرە باڵاکان تەرخان کرد”.
نەژاد لە هونەرى کۆلاژدا خاوەن بەهرە وسەلیقەیەکى جوانە. چەندین پێشانگاى لەوبوارەدا کردووەتەوە کە خۆم یەکێکیانم بینى بەناونیشانى (پاییزی چاوەکان) کە دواتر لە نامیلکەیەکدا چاپى کرد.
هەروەها لە بوارى وەرگێڕانى ئەدەبى و هونەریدا خاوەن قەڵەمێکى بەبڕشتە و چەندین بەرهەمى بەچاپ گەیاندووە کە بەلاى منەوە کتێبى (سەرەتایەک بۆ تێگەیشتنى هونەرى شێوه‌كاری) یەکێکە لە بەرهەمە ناوازەکان لە بوارى ئەو هونەرەدا.
کەسێکى هێمن، رێکپۆش وخوێنەوارێکى باش بە رادەى وەرگێڕانى چەندین دەق وبەرهەمى ئەدەبى لە هەردوو زمانى فارسى وعەرەبییەوە بۆ کوردى. هاوڕێیەتییەکى بەردەوام و دانەبڕاو کە رایەڵەکەى بریتییە لە باسى شیعر و کۆمەڵێك هیوا وخەمى هاوبەش. لەم رووەوە ئەو مافە بەخۆم ئەدەم کە بەپێى ئەو ئاشنایەتى وشارەزاییەى لەگەڵ نەژاد و بەرهەمە ئەدەبى وهونەرییەکانى هەمە (بەتایبەتى شیعر) قسە لەسەر ئەزموونى شیعریی ئەو بکەم.

رەهەند و مەوداکانى زمان لە شیعرى نەژاد دا

زمان وەک بونیادى سەرەکى لە پێکهاتەى دەقدا هەڵگرى چەندین رەهەند و مەودایە کە ناکرێت تەنیا لە داڕشتنى شێوەدا کورت بکرێتەوە هەروەك فۆرمگەراکان لە چوارچێوەى پەیوەندىیە ناوخۆییەکانى نێوان وشە و ئاماژە و ئاماژەپێکراو (الدال والمدلول) و وێنە شیعرییەکاندا پێناسەى دەکەن، بەڵکو دەپەڕێتەوە بۆ رەهەندى دوورتر و قووڵتر چ لەسەر ئاستى بونیادى سەرخانى دەق وچ لەسەر ئاستى ژێرخانى دەق کە لە مانا و دەلالەتە شاراوەکانى وشەدا دەردەکەون پەیوەست بە ئەندێشە وبیروەرى و یادگەى نووسەرەوە، بۆ نموونە رەهەندە دەلالییەکانى وشەى (لم) لاى کوێستانییەك هەمان ئەو دەلالەتە نییە کە لاى کەسێکى بیابانشین هەیە.
زمانى شیعریى نەژاد
لەتەک زمانى دایکەوە وەک ماکى بیرکردنەوە و ئاخاوتن، زمانێکى ترى تایبەت بە خود گەشە دەکات. زمانێک پێ بەپێى ئاستى هۆشیارى و زانین و تێرامان لەسەر هەردوو ئاستى ستوونى و ئاسۆیی گەشە دەکات. مەبەست لە ئاسۆیی شارەزاییە لە شێوەزار و ئاخاوتنە جیاجیاکانى زمانێکى دیاریکراو لەکاتێکا گەشەى ستوونى قووڵبونەوە و تایبەتمەندییە لە زمان وشێوەزارێکى تایبەتدا. بۆیە کە باس دێتەسەر نووسین بە کوردى، بەتایبەتى لە بوارى شیعردا، پرسەکە لەوێدا تەواو نابێت کە تا چەند پابەندبوون بە رێنووس و رێزمان و پاراوییەوە رەچاوکراوە، بەڵکو کۆمەڵێک رەگەزى تر هەن کە پەیوەندییان بە خودى بەرهەمهێنەرى دەقەوە هەیە وەک بەشێکى دیار لە ناساندن وشوناسى ئەو دەردەکەون، لەوانە میتافۆر و سیحرى وشە ومۆسیقاى ناوەکى و هارمۆنى لە دەنگ وشێوەىدا لە چوارچێوەى کۆنتێکستدا.
یەکێک لە خەسڵەتە دیارەکانى زمانى شیعرى نەژاد ئەو شارەزاییە فراوانەیە کە لە زمانى کوردیدا هەیەتى، ئەو دەسەڵاتە زمانەوانییەیە کە لە دەقەکانیدا رەنگ دەداتەوە. زمانێک کە رەگى لە رۆحى مێژوو و کلتوورى کوردەواریدا رۆچووە و بەپانتایی مەوداکانى دەربڕیندا ئازادانە دێت ودەچێت. لە زمانى ستانداردەوە تا وشە وزاراوە لۆکاڵییەکانى باڵەکایەتى تا موکریان وکرمانجی. لەهەمان کاتدا شارەزایی ئەو لە زمانەکانى عەرەبى وفارسى، فەرهەنگى وشەدانى ئەوى زیاتر دەوڵەمەند کردووە و لە زۆر جێگەى دەقەکانیدا بەجوانى نمایشى کردووە.

جێگۆڕکێى وشە لە خولگەکانى دەربڕیندا
ئاشکرایە کە هەر وشە و زاراوەیەک لەڕووى پۆلێنبەندییەوە دەچێتە فەرهەنگێکى تایبەتەوە، نموونەى فەرهەنگى سیاسى وراگەیاندن، زانست وتەکنەلۆجیا، مێژوو وئاسەوار…..هتد. بەو مانایەى هەر وشە وزاراوەیەک لە خولگەیەکى زماندایە (مدارات الکلمة). ئەوەى لە دەقە شیعرییەکانى نەژاددا دەبینرێت، بەکارهێنانێکى ئازادانەى وشەیە بەپێى ئەو جێگە وخولگەیەى بە حوکمى دەق بۆى دیاری دەکات. بۆ نموونە چۆن زاراوەیەکى دیپلۆماسى یا سەربازى لە خولگەیەکى شیعرییدا جێگیر دەکات ولە کۆنتێکستى دەقدا وێنەیەکى شیعریی جوانیان پێ درووست دەکات، نموونەى ئەم کۆپلە ودێڕانەى لاى خوارەوە؛
ناونیشانى یەکێک لە شیعرەکانى ناو کۆبەرهەمەکەى بریتییە لە (دەست لەکارکێشانەوەى ئەستێران) و لە کۆپلەیەکیدا دەڵێت:
ئەو ژنە حسابێک بۆ کەس ناکا
نە بۆ هێزى هاوپەیمانان،
نە ئەنجومەنى حوکم….
بە نیلۆفەرى چاوى
هەموو هۆیەکانى ژیانى لە شار بڕیوە…
ئەستێرەى لە ئاسمان خانەگومان کردووە
دەستى پێ لە کار کێشاونەتەوە…..
(کۆبەرهەم – ل ١٤٣)
تێبینى ئەکەین کە چەندین زاراوەى لە فەرهەنگى دیپلۆماسى و راگەیاندنەوە هێناوە و لە سیاقى رستەى شیعریدا ماناى نوێى پێ بەخشیون و تێکەڵ بە نەزم و وئیقاعى میوزیکى دەقەکەى کردووە. ئەڵبەت زۆر نموونەى ترى لەو جۆرە لە کۆبەرهەمەکەدا هەیە کە خوێنەر دەتوانێت بە ئاسانى دەرکیان پێ بکات.

بەکارهێنانە جیاواز و شاراوەکانى راناو
ئەوەى لە (من)ى نەژاددا دێتەگۆ دەنگى رۆحێکى سەراسیمە وسەرگەشتەیە، حزوورێکى نیگەرانە یا دەنگدانەوەى زەمەنێکى سەختە لە مێژووى شەخسییدا. لە هەندێک جێدا، جۆرێک لە دابران و دووانەکى لە گوتارى شاعیردا دەبینین، کاتێک خودێکى نادیار موخاتەبەى نەژاد دەکات بەشێوەیەک نازانین کامیان دەنگى شاعیرەکەیە.
نەژاد! خود لە بارێکدا نییە
رەهایی دەربڕێ….
ئیتر نەما،
دیدار ئاخر بوون، جێی سەرنج بێ….
بەسەرچوون
ئەو رۆژگارەى ماسک و رووبەند
هەر لە دوورڕا دەردەکەوتن.
(کۆبەرهەم- ل ١٧٠)

لە دەقێکى تردا دەڵێت؛
نەژاد سەیرکە!
دەفژەن
بە چ روانین وجیهانبینییەک
لە مەوداى کەشف و یەقیندا گیرساوەنه‌تەوە،
کە لە من و تۆ ونە!
(کۆبەرهەم- ل ١٨٤)
بەهەمان شێوە سەبارەت بە راناوى کەسى یەکەمى کۆ (ئێمە) کاتێک وەک دەنگى قسەکەرى سەرەکى نێو دەق دەردەکەوێت، لە یەک کاتدا زمانى ویژدانى دەستەجەمعى ودەربڕى ئینتیمایەکى قووڵى شاعیرە بۆ کۆمەڵەکەى. دەتوانم بڵێم لە زۆربەى ئەو دەقانەدا خەمێکى جڤاکى یا کۆجیتۆیەکى رەگ داکوتاو لە مێژووى کارەستبارى گەلێکدا هەست پێدەکەین. جۆرێک نیگەرانى و وێنەیەک لە بێهیوایی لە زۆربەى ئەو دەقانەدا بەدى دەکرێن کە تیایاندا بە زمانى کەسى یەکەمى کۆ دەنووسێت.
لە دەقى (چەند کۆتەڵێکى جەنازەیی) دا هاتووە؛
هەر چیمان کرد
بەشى ئارەزووى
شازادە تەنپەروەرەکانى نەکرد.
هەرچیمان کرد بۆ (سبەى)
(ئەمڕۆ) لەسەر شەقامە خوارەکانى سەدەى بیستەم
وەک چۆلەکەیەکى سڕ یارى پێدەکەن….
وەرە با پەیمانێک لەگەڵ ئەشکەوتە کوێرەکان مۆر بکەین
وەرە با لە کۆتەڵى بێ تاراى ئەبەدییەتدا بنووین.
(کۆبەرهەم- ل ٩٩)
دەقى (ئەوەى لە دواخوانى برایاندا نەگوترابوو) کە لە ٢١ پارچە شیعر پێکهاتووە زیاتر لە هەر دەقیکى تر سەرنجى راکێشام بەتایبەتى لەڕووى زمانى دەربڕین وئاخاوتنى دەق و بەکارهێنانى راناوەوە. هەروەها لەڕووى بونیاد یا داڕشتنەوە، کارى لەسەر کەرتکردنى رستە کردووە (تقطيع الجملة) لە کۆپلەى سەرەتاى هەر پارچە شیعرێکدا ئەوەش وەک هێمایەک بۆ هەڵبزرکاوى خەون ئاساى دیمەن ورستەکان.
/ بە/ دڵى/ بەدمەستم/گوت:/
/کە/ لە/ ئاهەنگى/ مەعشووقدا/ دەفڕى
/رووناهى/
/ هەمووى/ لە/ تۆدا/ هەڵدەبێ/
/ لێ/گەڕێ/ جێیەکمان/ لە/ کونجێکى/
/ خەراباتا/ بەرکەوێ./
(کۆبەرهەم- ل ٣٠٨)
لەم دەقەدا دەتوانم بڵێم کە زۆربەى راناوەکانى بەکارهێناوە. سەرەتا بەزمانى خودەوە وەک قسەکەر دەدوێت و روو لە (تۆ) دەکات، پاشان دەپەڕێتەوە بۆ کەسى یەکەمى کۆ و جارێکى تر خودى قسەکەر دەدوێت. دەقێک باس لە سرووتەکانى عەشق و ترس و نیگەرانییەکانى سەردەم دەکات. هەستێکى بێگەردى مرۆڤدۆستى، حەسرەتێکى قووڵ بۆ رۆژگارێکى لەدەست چوو.
لە دونیاى فانى ئێمەدا،
چەند هاتن، چەند چوون
تامى عەشقیان نەکرد…
چەند فرمێسک
لەڕێی مەیخانەدا رژان..
چەند بەژنى تاریک،
بە باڵاى نووردا بڕان..
تۆ وەرە گەورەم!
بڕوانە شارى عاشقان
بە بێى تۆ
چەند چۆل و وێرانە.
(کۆبەرهەم- ل ٣١٥)

جوانى لە وێنەى پارادۆکسدا
بەدەر لە بنەما جێگیر و بۆماوەییەکانى رێبازى کلاسیک کە لایەنە ئیستاتیکییەکانى شیعریان لەژێر ناونیشانى بەلاغە یا رەوانبێژیدا کۆکردووەتەوە، نەژاد وێنەیەکى زەینیمان بۆ دەکێشێت کە جوانى لە پەرادۆکسى پێناسەى شتەکاندا دەردەخات، بۆ نموونە لەکاتێکا دۆزەخ لە سزاى گوناهەکاندایە بەڵام دەرخستنى گوناهەکان بەشێوەیەکى جوان لەبەر رووناکى ئاگردا وەزیفەى دۆزەخ پەک دەخات؛ بەهەمان شێوە بۆ چەمکى بەهەشت کاتێ لەبەر تاریكیدا پاکیزەیی حەشاردەدات؛
تۆ لە یەک کاتدا نهێنى چۆلپەرستى و
دڵڕەقى شارستانییەتی..
تۆ..
چراى بەر ئاستانەى پەرستگاى
هەردەمەو لە دەستى کاهینێکداى
تۆ رووناکى دۆزەخى
گوناهەکان جوانتر دەردەخەى..
تۆ تاریکایی بەهەشتى
پاکیزەیی و باشییەکان حەشار ئەدەى….
(کۆبەرهەم – ل ٩٧)

(شوێن) لە نێوان ئینتیما و نامۆییدا
چەمکى شوێن، بەهەردوو مانا و رەهەندى گشتى وتایبەتییەوە، لە زۆربەى دەقەکاندا وەک هەڵگرى چەندین ئاماژە و هێما دەردەکەون. مامەڵەکردن لەگەڵ شوێن لاى نەژاد لە سرووشتەوە دەستپیدەکات لە روانینێکى رۆمانتیكی شاعیرانەوە تا سەرلەنوێ پێناسەکردنى دیمەن ودیاردەکان، لە گوێسوانەى دیوارێکى گڵەوە بۆ نیشتمانێکى هەڵکێشراو لە قەیران ومەترسى بەردەوام تا دەگاتە جیهانى جەنجاڵ و بێ ئامانى سیستمى وەحشیگەرایی و دەسەڵاتى سایبەر و زیرەکى دەستکرد.
سەرەتا لە دەقى (ئاواییە خەمبارەکەم) ـەوە دەست پێدەکات وەك بچووکترین سنوورى ژیانى بەکۆمەڵ کە تیایدا هەستى غەریبى ودەلالەتى کارەساتبارى ئەو شوێنە دەردەخات کە زێدى خۆیەتى، ئەڵبەت ئەم شیعرە لە شارى نەجەف نووسراوە ئەو دەمەى وەك دوورخراوەیەك لەوێ دەژیا؛
ئەى ئاواییە خەمبارەکەم!
من غەریب نیم؟
یا تۆ نەفرەت لە غەریب دەکەى؟!!
من عاشق نیم؟
یا تۆ عاشق لە باوەشى خۆت ناگری؟
من چۆلەکەى باڵکراو نیم؟
یا هێلانەى ژێر سواندەى مزگەوتەکەت
پەڕەندەى بێ باڵ داڵدە نادا؟
ئاواییە خەمبارەکەم؟!
(کۆ بەرهەم – ل ١٣)
پاشان شار دەبێتە رووگەى ئەندێشە وسەرلەنوێ داڕشتنەوەى ئەفسانەى نامۆیی کاتێک جیاوازییەکانى نێوان دوو زەمەن کاڵ دەبنەوە. زەمەنى ژێردەستى وترس وقڕکردن و زەمەنى ئازادى وبانگەشەى ئاوەدانى.
لە نووسینەوەى مێژووى شاردا
هەمیشە گەڕەکەکانى مەرگ
کووچە وکۆڵانەکانى لەبیردەکرێن و
نایەنەوە بەرچاو..
ئەدى (خۆر)تان چى لێکرد؟
کە بە ڕووتى
وەک شێتێکى راوەدوونراو
بەناو شاردا را دەکا؟
(کۆبەرهەم – ل ٢٢٦)
وێناکردنى نیشتمان لە دەقە شیعرییەکانى نەژاددا رەهەندێکى وجودى هەیە، بەو مانایەى وەک بەشێکى دانەبڕاو وزیندوو لە بوونى خود وێنەى دەکات. لە کاتێدا زێد وسەرچاوەى مانەوە وبەردەوامى ژیانە لە هەمان کاتدا لە چەندین وێنەى زەینى ومەجازیدا دەردەکەوێت جارێک وەک دایکێکى بەسۆز وجارێک وەک خۆشەویستێک وهەندیک جاریش رەهەندێکى ئەفسانەیی پێ دەبەخشێت کە مەوداکانى بە پانتایی مێژوو و جوگرافیایەکدا دەکشێن لە کۆێستانە دوورەکانى باکوورەوە تا پێدەشتەکانى ئوور لە باشوور. یاخود ئەو دەمەى نیشتمان دەبێتە بەشێک لە برینێکى کۆن لە رۆحى شاعیردا بەڵام بۆ نیشنتنەوەى ئازارەکانى هەر رووى تێدەکات.
ئاى نیشتمان
وتى شاراوە
هەکەوتەى دیوارى لەرزۆک و
بڵێسەى کوژاوە…
ئاى نیشتمان
نەغمەى گۆشەگیرى
رووبارى لە هاژە کەوتوو
باڵات سێبەرى پێوە نەماوە
لێم گەڕێ لە حەرەمى نهێنییەکانت
سەرخەوێ بشکێنم…
(کۆبەرهەم- ل ٤٣٣)
ئەوەى تێبینیم کردبێت لە زۆربەى دەقەکانى دواى ساڵى ٢٠٠٣وە، پێ بەپێ لەگەڵ رووداوە گەورە و وکاریگەرەکانى قۆناغى دواى رووخانى دیکتاتۆرییەت لە عیراق و ئاڵوگۆڕە خێراکان لەسەر ئاستى جیهان بەگشتى، بەتایبەتى ئەوەى پەیوەندى بە شێوازى ژیان وبیرکرنەوە و ئایندەى مرۆڤەکانەوە هەیە، دونیابینى نەژادیش دەچێتە بازنەیەکى فراوانتر ودیدگایەکى دوور مەوداوە. سیما دیارەکانى ئەو دونیابینییە لە دەقە شیعرییەکانیدا لەو نیگەرانییە قووڵ وپرسیارە بێ وەڵامەکانیدا دەردەکەون بەزمانێک کە هەڵگرى چەندین وشە و زاراوە و دەستەواژەى جیهانى ئەمڕۆى تەکنەلۆجیا و نەزمى بەناو نوێی جیهانن بۆ گوزراشتکردن لە تراژیدیا بەردەوامەکانى کۆمەڵگەى مرۆیی.
ئێمەى ئادەمزاد،
چ دەکەین لێرە
لەسەر ئەم زەمینە،
کە هەر دڕکى تیا دەناسین؟
لەژێر ئاسمانى پێکەوەلکاودا،
ئێمە تا دێ
لە رۆحى سەردەم دوور دەکەوینەوە..
لە سەدەى ئەفسانەکان لەدایک بووین
خوێنى تەکنۆلۆژیامان تیا دەگەڕێ!
(کۆبەرهەم- ل ٣٦٦)

تەوزیفکردنى مێژوو لە دەقدا
بەوپێیەى نەژاد خۆێندنى ئەکادیمى لە بەشى شوێنەوارناسى کۆلێژى ئەدەبییات لە زانکۆى بەغداد تەواوکردووە، زانین وشارەزاییەکى باشى لەو بوارەدا پەیداکردووە. ئەو لە بنەڕتدا خوێنەرێکى ئاسایی نەبووە و ئاشنایەتى لەگەڵ فەرهەنگ وئەدەبى زیاتر لە زمانێک هەبووە، بۆیە زانستى شوێنەوارناسى وەک بەشێک لە مێژوو ئاسۆى مەعریفى ومەوداى بیرکردنەوەى قووڵتر وفراوانتر کردووە. بەوپێیەش کە شیعر خولیا وجێ بایەخى یەکەمى بووە، بۆیە لە چەندین دەقدا سوودى لە ناو وهێما ودەلالەتە مێژوویەکان بینیوە بەتایەبتى لە میزۆپۆتەیمیا (وڵاتى نێوان دوو رووبار) بەڵام زیاتر ئاماژەى بۆ هێماکانى سەرزەمینى سۆمەر کردووە، بەزانینى ئەو راستییەى کە سۆمەرییەکان گەلێکى غەیرە سامى یا وردتر وەک هەندێک لە مێژووناسان پێیان وایە کە لە هۆزە کۆچکردووەکانى چیاکانى زاگرۆسەوە بەرەو پێدەشتەکانى ناوەڕاست وخوارووى عیراقى ئەمڕۆ هاتوون.

لە گۆڕستانى (ئوور) ڕا چیام خۆشویستن
ئه‌گەر ئازاى.
مرۆڤ لە بەرامبەر مرۆڤ بوەستین
لە بیرت نەچێ،
هەور هەمیشە روویان لە چیایە.
(کۆبەرهەم- ل ٢١٦)
ئەنکیدۆ
هێشتا لە جەنگەڵستانە…
تەخت هەڵنەنراوە
گەلگامشى لەسەر دانیشێ..
مەیخانە ئاوا نەکراون
لە کونجە تارەکانیاندا
بچێتە خەڵوەتى ئارەزووەکانی،
لە ناو شکارتە هەڵچووەکان
رێ لە پاکیزان دەگرێ..
(کۆبەرهەم- ل ٤٠٦)
لە رۆژهەڵاتەوە
بۆ رۆژهەڵات…
سۆمەرییە سەرڕەشەکان
لە دونیاى شەودا
خاکى رەنگینیان
لە ناخى خۆیاندا دەدى..
ئایندەیان دەخوێندەوە
پێشبینى کەش وهەوایان دەکرد و
لە زەماوەندى،
شەپۆل و رووبارەکان بەشدار دەبوون.
(کۆبەرهەم- ل ٣٠٥)

عەشق، رووگەى هەمیشە داگیرساوى شاعیر
زێدەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێم چەندین جار ئەو پرسیارەم لا درووست بووە؛ کە ئاخۆ نەژاد شاعیرێکى عاشقە یان عاشقێکى شاعیرە، بەڵام ئەوەى لێى دڵنیام چ لەڕێگەى بەرهەمە شیعرى وهونەرییەکانى و چ لە رێگەى هاوڕێیەتییەوە، ئەوەیە کە عەشق لاى ئەو هەمیشە حزوورێکى باڵاى هەیە. جۆرێکە لە تەجەللاى جوانى وپاکیزەیی و رووناکى کە هەر جارەو لە بەرگ و شێوە و ئیحساسێکدا خۆى نمایش دەکات. لە کرۆنۆلۆجى دەقەکانى نەژاددا، ئەو پەیوەندییە ئینسانییە سەرەتا لە شێوەى دڵدارییەکى تافى لاویدا دەردەکەوێت سەرشار لە کەف وکوڵى حەز وتاسەى دڵیکى بێ ئۆقرەوە دەست پێدەکات؛
لێت نابمەوە..
چەندە دوور بم..
……………….
بم بە سپێدە،
لە باوەشى ساماڵى تۆ ئارام دەگرم..
بم بە سێبەر
حۆم بە بنارەکانى تۆدا هەڵدەواسم..
……….
لێت نابمەوە ….
من هەر بۆ لاى تۆ دێمەوە…

سەبارەت بەو بابەتە، ئەوەى تێبینیم کرد، زۆربەى دەقە شیعرییە سەرەتاکان لە ناوەڕۆکدا دەربڕین وداڕشتنەوەى هەمان ئیحساس وهەڵچوونى دەروونی وتاسەن کە دەرخەرى ئەزموونێکى سۆزداریى بەئاکام نەگەیشتوون.
لەگەڵ تێپەڕبوونى ساڵەکان وچوونەناو تەمەن و کاڵ بوونەوەى بەشێک لە یادەوەرییەکانى رۆژگارى لاوى، ماکى ئەو ئیحساس ودەروونە پڕ لە جۆش و شەوقە زیندووتر لە جاران خۆى نمایش دەکات. کاتێک خودى چەمکى عەشق یا خۆشەویستى فەزایەکى فراوانتر و قووڵتر لە ناخى شاعیردا داگیردەکات. فەزایەک بە چەندین مەوداوە کە رەهایی و رەگەزەکانى جوانى و سرووشت وئیحساس تێکەڵ بە حاڵەتێک لە مرۆڤدۆستى ویەکانەگى دەبن لە بۆتەى عەشقدا.

خەمى تۆ زرێبارێکە
لەچاوى لە خەو تۆراوى هەژارانە..
چیاى سەختى خۆشەویستى
مێژووى نهێنى وحیکمەتى داگیرسانە…
تۆ لە دڵى ئەو دنیایەى کە ناویان ناوە هۆنراوە
چیرۆکێکى تەواو نەبووى…
تەواو نابى..
…………..
باران لە کوێوە دەبارێ؟
گوڵ لە کوێدا چرۆ دەکا؟
خۆشەویستى ئێمە نەبێ
چیا لەسەر چى خۆى رادەگرێ
رووبار بەسەر چیدا دەروا؟
(کۆبەرهەم؛- ل ٣٦)
یەکێک لەو دەقە شیعرییانەى کە پێم وایە نەژاد تیایدا گەیشتووەتە ئاستێک لە زمانى دەربڕین و وێنەسازى شیعریی و نزیکبوونەوە لە کورتکردنەوەى مێژووی کارەسات وخۆشنوودی بریتییه‌ لە دەقی (ئایندەى پاییز). بێ دوودڵى دەتوانم بڵێم ئەگەر وەک ئیستیعارەیەك لە فەرهەنگى شیعرى کلاسیکیمانەوە تەماشاى بکەین، ئەوا کەس وەك نەژاد وشەى (حوسن)ى لە دەقێکى ئازاددا بەو شیوە فرە مەودایە تەوزیف نەکرددوە. (کەمالى) شاعیر لە هۆنراوەیەکیدا دەڵێت:
لە دنیادا هەموو شت قابیلى تەغییر و گۆڕانە
بەتەنیا حوسنى تۆ و عەشقى منە نەیدیوە تەغییرێ
نەژادیش لەو دەقەدا حوسن وجوانى وەک تەجەللاى نوورێک دەردەخات کە هەڵگرى چەندین مانا و پەیامە؛
چرایەک لە حوسنى تۆ هەڵبووە
وێنەى رێژنەى گریانى جودایی…
وەک خەمى نیشتمان دوور…
سێبەرى کز.. .مۆسیقاى ناخ
بێدارى هەمیشە بێدار
دەڵێى سێوە دێرینەکانى باپیرمن
بەسەر کەلارى مێژوودا،
بەو تاڵە قژانە نووساون
بە شەوبا دەلەرێنەوە…
…………
چرایەک لە حوسنى تۆ هەڵبووە
خەم نزیک و نیشتمان دوور…
تەم لە دڵاوایى رێگا
بەرەو دۆزەخى تاریکى،
یا فیردەوسى نوور بچێ؟
(کۆبەرهەم- ل ١٢٦)
بەشى دوایی کۆبەرهەم – وەرگێڕان
هەر لە دووتوێى کۆبەرهەمى نەژاد عەزیز سورمێ دا کە لە دوو بەش پێک هاتووە، بەشى دووەمى تەرخان کراوە بۆ ئەو دەقە شیعرییانەى لە نێوان ساڵانى (١٩٩٥-٢٠٠٦) بە زمانى عەرەبى بڵاوى کردوونەتەوە، کە بریتین لە ١٠٩ دەق و لەلایەن رەوانشاد نەجات حەمیدەوە کراون بە کوردى. لەڕاستیدا من نەمویست لەبارەى ئەو دەقانەوە بدوێم چونکە لە بنەڕتدا بە عەرەبى نووسراوون و لە وەرگێڕاندا بۆ کوردى زۆر لە جێ پەنجە و شێواز و تایبەتمەندى سەلیقە وستایلى دەربڕینى شاعیر نامێنن یا دەگۆڕێن، بۆیە بە پێویستم نه‌زانی لەم نووسینەمدا لەسەریان رابوەستم.
لە کۆتاییدا دەڵێم، چ وەک مێژووى ئەدەبى و چ وەک بنەماکانى هونەرى شیعر، ئێمەى کورد لە ئەحمەدى خانى ومەلاى جزیرى و نالییەوە تا ئەمڕۆی شیعرى کوردیمان، هیچمان لە گەلانى تر کەمتر نییە. فەرهەنگى زمان و ئەدەبیمان تا بڵێى دەوڵەمەندە و رەوتى کاروانى ئەدەبیمان هەمیشە بەردەوام ومایەى شانازیمان بووە. ئەگەر ئەدەبى کلاسیکمان گەواهى بۆ باڵایی ودەوڵمەندى هونەرى شیعرییمان بدات، ئەوا بێ دوودڵى دەڵێم کە ئەمڕۆى شیعرى کوردیمان هیچى لە پێشوو کەمتر نییە. چەندین دەنگ و ئەزموونى شیعرییمان هەیە کە لەسەر ئاستى جیهان هیچیان کەمتر نیە لە شاعیرانى بەناوبانگ هێما ئەدەبییەکانى نەتەوەکانى تر. لێرەدا نامەویت ناوى کەس بهێنم بەڵام لاى من نەژاد یەکێکە لەو دەنگانە.

ئاوات محەمەد ئەمین




بەکورتی40: سێبەر.. تارماییەک لەناخی هەریەکێکماندا خۆیمەڵاسداوە.. ئازاد حەمە

ڕاستە واتای سێبەرShadowدیاردەیەکی فیزیکییە، بەڵام لە ژیانی مرۆڤدا پڕە لە ناڕوونی. سێبەر، کە شتێکە لەنێوان ڕووناکی و ڕووکاریی ئاماژەشە بۆ دیوە شاراوەکانی ژیانی مرۆڤ، وەک: کەوتنە زۆنی سێبەرەوە، خۆشاردنەوە، نادیاربوون و…. . هەروەها سێبەرکردن یاخود کەوتنە بەر سێبەرەوە مانەوەیە لە تارمایی Ghost و بوونیشە لە تاریکییدا. لەناو سێبەردا ڕووناکی ئاوابووە و ژیان لێڵ و نادیارە. کەواتە،کە سێبەر هەبوو وێنەیەکی ڕوون بۆبینیین بوونی نییە. ئەوانەی دەکەونە ناو سێبەرەوە کەسانێکی تارماویی، نادیار و فانتۆم Phantomن. ئەمە بۆ ئێمە مانای ئەوەیە، لەئیستادا کەتووینەتە ناو سەردەم و کاتێکەوە پرە لە شەبەح و تارمایی؛ ئەوەتا هەموو لە تارماییدا پەرە بە بوونی خۆیان دەدەن، چەترێک، سێبەرێک ڕایگرتوون؛ ئارەزووی زۆنی تارکیدەکەن، چونکە لە تاریکیدا هەست بە بوونی خۆیاندەکەن.

وێڕایئەوە، لەناو تاریکییDarknessدا هەردەم ترسێک زیندووە، سێبەریش تاریکییئاسا بێبەری نییە لەو ترسە. ئەوانەی لە سێبەردا دەژین هەمیشە تارماییەک ڕاویاندەنێت. دەرکەوتن لە سێبەردا ئاماژەیە بۆ نادیاریی، بۆ ونبوونی جەستە و مانەوە لەناو تاریکییدا. لەبەرئەوە کەوتنە ناو سێبەرەوە دەرنەکەوتنی جەستەیە، توانای ئامادەنەبوونە بە ئاشکرا.

ناوچەی تاریک ئەو شوێنەیە ڕووناکی نایگاتێ و ناوچەیەکی تارماییدارە. بۆئەوەی سێبەر هەبێت پێویستە ڕووناکی نەبێت، یان ڕێگرێک لە دروستکردنی ڕۆشنایی هەبێت. ئەوانەی پێویستییان بە تاریکییە دوژمنی ڕۆشنایین، چونکە تارمایی تاکە داڵدەیانە.

لێرەدا پۆلێک پرسیار تایبەت بەوەی لای سەرەوە باسکرا دەخەینەڕوو: سێبەر چییە؟ سێبەر دژە جەمسەری ڕووناکییە یان بەشێکە لە ڕووناکی؟ سێبەر یان تارمایی ڕەهەندی خۆی نییە؟ مانەوە لە سێبەردا نێگەتیڤە؟ ژیانی لێڵ یان ژیانی تاریک چ جۆرە ژیانێکە؟ باشە گفتوگۆی سێبەر نامانباتەوە ناو گفتوگۆی تاریکیی؟ تاکەی مانەوە لە تارماییدا؟بۆچی بۆزۆرێک تارمایی ژیانە؟ ئەوە وێنە یاخود جەستە نییە سێبەری خۆی دروستدەکات؟ گەر بەڵێ،کەواتە بۆ ترس لە سێبەر؟بۆ لە سێبەردا دیدگاکانمان بەخێوکەین؟چ جۆرە هەڕەشە و نیگەرانییەک لەپشت مانەوەمانە لە سێبەردا؟چیبکەین تا مۆم و چراکانی ناو ناخمان بۆهەمیشە ڕووناکیی بەخشبن؟

سێبەر چییە؟ کاتێک دەپرسین سێبەر چییە دەکەوینە ناو پرسیارێکی دیکەوە، ئەی ڕووناکی(ڕۆشنایی)چییە؟ هەروەها ئەوەش، کە چۆن سێبەر پێکدێت چییە؟ لە گفتوگۆی سێبەردا زانستی فیزیا دیارترین زانستە کە، لەو بارەیەوە گفتوگۆی تۆکمە و بەرین دێنێتەگۆڕێ. دەبینین لە زانستی فیزیادا لە باسی سێبەر دەکەوینە ناو باسی ڕووناکییەوە؛ هەروەها سێبەری تەواو و نیوەسێبەر. دەکرێت واش لە سێبەر تێبگەین، کە شێوە، فانتۆم، هەڕەشە و نیگەرانیشە.

ئەدی تارمایی چییە؟ تارمایی بریتییە لە ناوچەیەکی تاریک. ئەوکاتە دێتەدروستکردن کە ڕێگرییەک دێتەبەرپێی ڕووناکیی. ڕوونتر بێینەگۆ: سێبەر شتێکی سەرەکیمان بیردەخاتەوە، کە زۆر پەیوەندیدارە بە ڕووناکییەوە، کە دژە جەمسەری سێبەرە، ئەوەش ئاوابوونی خۆرە.

ئاوابوونی خۆر هاتنی تارکیی و لێڵیە. کەوتنە ناو سێبەریشەوە، یان مانەوە لە سێبەر هەر ئەو مانایەی هەیە لای سەرەوە هێمایبۆکرا، کە سێبەر نیشانەیە لەسەر نەدیتن، خۆشاردنەوە و خۆمەڵاسدان لە پەناگەیەک. چونکە ئەوەی لە سێبەردا، لە تاریکییدا، دەکرێت لەبەرڕۆشنایدا ناکرێت. بۆیە سێبەر بینین و دیار Visible دەخاتە ژێرپرسیارەوە.

سەرباریئەوە، کە ڕۆشنایی نەما سێبەر یان تاریکیی دەستپێدەکات. بۆزۆرێک ڕووناکی سەرچاوەی گشت خۆشییەکانە، لێ بۆ هەندێک سێبەر پەناگەیە، داڵدەیە بۆ خۆشاردنەوە. بیرماننەچێت، “لە سێبەردا نائاگایی چالاکە، سەرکوتکراوەکانیش لە سێبەردا” خۆیانبەخێودەکەن و پەناگەی تازە بۆ خۆنمایشکردن دەدۆزنەوە. بۆیە ئامانجی تێگەیشتن لە سێبەر بۆ ئەوانەی هەمیشە لەناو ڕووناکیدا بوونە سانا نییە.

بەپێی مێژووکردی رۆمانی ڤیکتۆر ستۆیچیتا Victor Stoichita، لە کتێبی مێژووی سێبەر Brève histoire de l’ombre ،کە لە تێگەیشتنی ئەفلاتوونەوە بۆ ئەشکەوت دەڕوانێتە سێبەر و ڕووناکی دەبینیین ئاماژە بۆئەوەدەکات، کە ئەفلاتوون پێیوایە مرۆڤ دیلی ئەشکەوتە؛ تەنها لەناو بەدیخانەکەیەوە، کە ئەشکەوتەکەیە، ئەم مرۆڤە دەڕوانێتە جیهانی دەرەوە. تەنها ئەوکاتە بە ڕاستیی جیهانی دەرەکی ئاشنادەبێت، کە ڕووناکیی بەردەکەوێت. ڕووناکیش کە ڕاستییەکەیە لە دەرەوەی ئەشکەوتەکە بوونی هەیە. ئەمەش کەم ئاگایی و کەم ئاسۆیی لە بینین و بیرکردنەوە دەگەیێنێت. سەیرەکە لەوەدایە، کە بۆ مرۆڤی ناو ئەشکەوتەکە ئەوەی لە ئەشکەوتەکەدایە ڕاستییە، کە لەخۆیدا وڕێنە و تارماییە.

خۆر یان مۆم کە سێبەری خۆی دروستدەکات توانای بینینیش دەستنیشاندەکات. کەواتە سێبەرکردن لەگەڵ ڕۆشناییکردندا دێت. هاوکات کاتێک خۆر هەڵدێت ڕووبەری سێبەر تەسکدەبێتەوە، هەرکە خۆریش ئاوابوو ڕووبەری سێبەر فراواندەبێت. بەمجۆرە یاریکردن بە ڕووناکی و سێبەر یاریکردنە بە خودی خۆ. بۆیە لە تاریکییەکاندا، یان لەناو تارماییەکاندا دەکرێت بڵێێن: غەدرەکان، ناپاکییەکان لەدایکدەبن. بەڵام لە ڕووناکییدا لەلایەک شتەکانی دەوروبەرمان دەبینین و لەلایەکی دیکە یاریکردن بە تارمایی کەمدەبێتەوە.

کۆتا گوتنمان لەمەڕ سێبەر ئەو تارماییەیە، کە لە ناخی هەریەکێکماندا پەنهانە. ئەڵبەتە  تارمەیەکانمان لەیەک ناچن. تارماییەکانمان،کە بەرهەمی جۆرە ڵێڵییەکن ئازاربەخشن؛ تا قەبارەی تارمایەکانمان زیادکەن مۆمەکانی ناخمان زووتر دەکوژێنەوە، نیگەرانیی و پەشێوییەکانمان باڵاتردەبن. سەرچاوەی ڕۆشناییەکانی ناخمان بە شڵەژان و پەشێوییەکانمان کز و کزتردەبن. ئەمە وادەکات بێژیین: قایلبوون بە مانەوە لە تارمایی زۆر سەمەرەیە تا ئەو جێگایەی لە کەسایەتی مرۆڤ حاڵینیین. هەرکە لە کەسێتیی مرۆڤ تێگەیشتین ئەوکات تێدەگەین، کە تارمایی یان کەوتنەتارماییەوە بەشێکە لە ژیانی تاک.  

لەبەرئەوە دەپرسیین:”بۆچی تارمایی گرنگە؟ تارماییەکان یارمەتیمان دەدەن لەوە تێبگەین،کە ڕووناکی چۆن کاردەکات. بە سەیرکردنی تارماییەکان دەتوانین بزانین چۆن ڕووناکی و تاریکی یاری بەیەکەوە دەکەن. هەروەها “تارمایی دەتوانێت یارمەتی ئاژەڵەکان بدات بۆ خۆشاردنەوە. زۆرێک لە ئاژەڵەکان تارمایی بۆ خۆدزینەوە لە نێچیرەکان بەکاردەهێنن “، بێگومان ئەوە بۆ مرۆڤیش ڕاستە.

ئازاد حەمە

پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




دەوری ئەمریکا لە پێکهێنانی حکومەتی عێراقدا.. عوسمانی حاجی مارف

واقعی سیاسی ناوخۆی عێراق دوای هەڵبژاردن، بۆتە ئاوێنەیەکی ململانێی قوڵتری نێو دەسەڵات، ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە، بوار بە هیچ لایەنێک نابەخشێت بەتەنها دەسەڵات یەکلایی بکاتەوە، بەبێ هاوپەیمانی لەگەڵ چەند بلۆکی دیکەدا، ئەمەش فرسەتی زیاتری کردۆتەوە بۆ ئەو هێزو گروپانەی حەشدی شەعبین و سەر بەئێرانن هاوبەش بن لە حکومەتدا، کە لەم هەڵبژاردنەدا رێژەیەکی زیاتر لە هەڵبژاردنەکانی رابردو دەنگیان هێناوە، بۆتە ناچاریەک بۆ بەشداری پێکردنیان لە هاوپەیمانی بلۆکەکاندا، لەکاتێکدا خواست و فشاری ئەوەیان لەسەر دەبێت، هەڵوەشێنەوە یان نابێت بەشداری لە پێکهێنانی حکومەتدا بکەن، ئەمەش ناکۆکیەکە، قەیرانی لە پێکهێنانی حکومەتدا دروست کردووە.
لەسەر واقعیەتی ئێستای دوای هەڵبژاردن و کێشەکانی پێکهێنانی حکومەت لە عێراق، ئاستی دابەزینی هاوسەنگی زۆربەی هێزو لایەنەکان، دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە، پێدەچێت هۆکار بێت تا کۆشکی سپی مەیلی پاراستنی دۆخی ئێستای عێراقی هەبێت، لەهەمانکاتدا وردە وردە هەوڵبدات نفوزی ئێران سنووردار بکات، یان ناچار بە رێکەوتنی جۆرێک لە هاوسەنگی بێت لە گەڵ ئێراندا.
ئەمریکا لە هەوڵەکانی بۆ فشارخستنە سەر بەغدا دەیەوێت ڕێگەیەک پەیدا بکات، بۆ ئەوەی میلیشیاکانی لایەنگری ئێران، لەخۆبگرێت و بیانخاتە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی ناوەندیەوە!. لەهەمانکاتدا ئاشکرایە سزا و ڕێوشوێنی سەپاندووە تا تۆڕەکانی پشتیوانی لە هێزە میلیشیاکان بکاتە ئامانج، هەوڵی بەرزکردنەوەی بەهای تێچوی بەردەوامبونی ئەم گروپانە دەدات، لە کۆنترۆڵکردنی بڕیاردان و ڕای گشتیدا. تەنانەت دۆخەکە گەیشتوەتە ئەو ئاستەی کە مارک ساڤایا، نێردەی ترەمپ، زنجیرەیەک ئاگاداری لەبارەی هەوڵی میلیشیاکان، بۆ کۆنترۆڵکردنی بڕیاردانی سیاسی لە عێراق بڵاوکردۆەتەوە. لە دوایین پۆستی مارک ساڤایادا لەسەر ئەوە جەختی کردوە گوایە هیچ ئابووریەک ناتوانێت گەشە بکات، هیچ هاوبەشیەکی نێودەوڵەتیش ناتوانێت سەرکەوتوو بێت، عێراق لە ژینگەیەکدا قەتیس بووە، دەخالەت و سیاسەتی میلیشیاکانی ئێران، تەواو لەگەڵ سەرچاوە نافەرمیەکانی دەسەڵاتدا تێکەڵ بووە. بۆیە ساڤایا ئەم پرسیارە دەخاتە ڕو، بژاردەکانی ئەمریکا لە دەخالەتی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی ئێستای عێراقدا چین؟، ئایا دەتوانێت فشاری ئابووری زیاتر بکات؟، دەتوانرێت چالاکی و توانای میلیشیاکان تێکبدات؟ یان بژاردەی تر هەیە، وەک ڕێگەدان بە ئیسرائیل، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ میلیشیا عێراقیەکان بەو شێوەیەی کە بە گونجاو دەزانرێت، وەک ئەوەی تەلئەبیب لە زیاتر لە بۆنەیەکدا هەڕەشەی لێکردون؟.
لەنێو ئەم جەنجاڵیە، ئەو پرسیارانەی لەمرۆدا بۆ دۆخی سیاسی عێراق دێنەپێشەوە، بەتایبەتی لە دەور و دەخالەتی ئەمریکا بۆ جەختی باڵادەستی بەسەر عێراق و ناوچەکەدا، ئایا دەستێوەردانی سەربازی سنووردار یان بەرفراوان، وەڵام بە چارەسەری کێشەکانی عێراق و پێکهێنانی حکومەت ئەداتەوە؟، لەبەرژەوەندی ئەمریکا بێت؟، یان بەردەوامی بە پەرەسەندنی گەمارۆ ئابووریەکان بدات؟ یان قبوڵکردن و بەردەوامبونی دۆخی ئێستا لەگەڵ کوتلە چەکدارەکان کە نفوزی خۆیان دەپارێزن سازش بکات؟، بەڵام بەشێوەیەک کە کەمتر زیان بە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بگەیەنێت!.
هەڵبەتە هەر بژاردەیەکی ئەمریکا بۆ چۆنیەتی دەخالەت و هەوڵەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی حکومەتی عێراق، کاردانەوەی جیۆپۆلەتیکی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ئاڵۆزی بەرچاوی دەبێت، کە بە ناچاری بە جۆرێک عێراق لەنێو شانۆی سیاسی ململانێی ئەمریکاو ئێراندا دەهێڵێتەوە و کاریگەری نەرێنی زیاتر لەسەر ناجێگیری سیاسی عێراق و ژینگە ناوچەییەکەی دەبێت.
ئەو سزا نێودەوڵەتیانەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەیسەپێنن بەسەر عێراقدا، تەنیا بەربەستی ڕەمزی نین، بەڵکو ئابووری عێراق پەکدەخەن، ئەگەر کەرتی وزە، یان کۆمپانیا بیانیەکانی نەوت کە لە عێراق کاردەکەن بکەنە ئامانج، ئەم جۆرە سزایە دەتوانێت کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق هەبێت، بەمشێوەیەش مەترسی لەسەر داهاتی دەوڵەت دروست دەکات، کە نزیکەی٩٠٪ ی داهاتی ئێستای عێراق، پشت بە نەوت دەبەستێت. جگە لەوەش پێشنیارکردنی ئەو سزایانەی، کە لەلایەن ئەمریکاوە پێش هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ١١ ی ئەم مانگە دواخرا، پێشبینی دەکرێت سیستمی ئابووری عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو ئیفلیج بکات، ئەمەش مەترسی ئاڵۆزبونی دۆخەکە زیاتر دەکات، ناتوانێت بژاردەیەکی سەرکەوتوبێت لە هەوڵی ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی سیاسی عێراق، یان پێکهێنانی حکومەتێک پاشکۆی تەواوی ئەمریکا بێت.
ئەوەی شایانی باسە، گومانی تیا نیە لەبەرامبەردا، دەسەڵاتی سیاسی ئێستای عێراق، بە تایبەتی لە پێکهاتەی هێزە میلیشیاکانی سەر بە ئێران، بێدەنگ نابن و بەناچاری لەگەڵ قەیرانە ئابوریەکاندا دەجەنگن، پارێزگاری لە پاراستی دەسەڵاتەکەیان و جەردەیی و تاڵانی و کەڵەکەی سەرمایە بۆ هێزەکانیان دەکەن، کە لەڕێگەی پاوانخوازی تەواو بەسەر دەسەڵاتدا، توانیویانە دەستبگرن بەسەر سەرەوت سامانێكی بێشوماردا، بەردەوام بەهۆی داهاتی زۆری نەوتەوە کوتلەکان هاوپەیمانی پێکدەهێنن. عێراق لەئێستادا رۆژانە نزیکەی چوار ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، ئەمە جگە لە هەناردەکردن و ئۆپەراسیۆنی قاچاخچێتی، کە لەلایەن حزب و هێزەکانی ناو حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم و سیاسەتمەداران و سەرکردەکانی میلیشیاکانەوە، لەڕێگەی ڕێڕەوی قاچاخی جۆراوجۆرەوە ئەنجام دەدرێن، هەندێکیان لەڕێگای دەریاوە، هەندێکی دیکەشیان لەرێگای وشکانیەوە، زۆرینەی ئەو هەناردەکردنانە لە داهاتی خەزێنەی عێراقدا نین.
هەر دابەزینێکی نرخی نەوت یان پچڕانی گرێبەستی کارکردن لە کێڵگە نەوتیە گەورەکاندا دەستبەجێ کاریگەری دەبێت لەسەر توانای حکومەتی عێراق بۆ پێدانی موچەی فەرمانبەران و دابینکردنی بودجەی خزمەتگوزاریە گشتیەکان.
لەلایەکی ترەوە تێبینی ئەوە دەکرێت کە بژاردەی سەربازی ئەمریکا، بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی، ئەو هێزانەی ئەمریکا قەبوڵ ناکەن، ئەمەش بژاردەیەکی قورسە و دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات، تەنانەت هێرشێکی ئامانجداریش بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە کێشەی میلیشیاکان و دەورو دەخالەتی فراوانبونی ئێران، لە چوارچێوەی عێراقدا چارەسەر ناکات، بە پێچەوانەوە، ڕەنگە متمانە بە بانگەشەی میلیشیاکان بدات کە بڵێن پیلانێکە لەسەر عێراق و بەرگری دەکەین، پەنا بۆ دوا بژارەدی مانەوەی خۆیان ببەن، ئەمەش کارەساتی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
هەڵبەتە ئەو بژاردەیەی ئەمریکا، گەر بیەوێت جەخت لە سەر پاراستنی دۆخی ئێستا بکات، دەبێت هێزەکانی حەشدی شەعبی لە پێکهاتەی حکومەتدا قبوڵ بکات، لەلایەکی تریشەوە ڕێوشوێنی کەمکردنەوەی نفوزی میلیشیاکان پەرەپێبدرێت، دواجار ئامانجی کەمکردنەوەی بازنەی کاریگەریەکانی ئێران بەسەر عێراقدا هەبێت، کە بۆ ئەمریکا گرنگیەکی هەیە. ئەوەی ئەمریکا لەئێستادا دەیەوێت، کەمکردنەوەی گرژیه نێوخۆییەکانه بۆ مسۆگەرکردنی کارکردن بهشێوەی پێکهێنانی حکومەتێک، که دەبێت لە دواجاردا ئەرکی هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان و چالاکیەکیەکان و چەسپاندنی چەک لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا بگرێته ئەستۆ. بەشێکی زۆری هێزەکانی “چوارچێوەی هەماهەنگی” شیعە پێیانوایە ئەمە مومکینە، بەڵام دەبێت وردە وردە جێبەجێ بکرێت، نەک لەناکاو و بە زۆر، بەڵام ئەم بژاردەیە چەند دەخایەنێت و تاچەند سەرکەوتن مسۆگەر دەکات، وەڵامێکی ڕۆشنی نیە!.
کێشەکە لەوەدایە کە بەدوای بۆردومانکردنی کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سلێمانی، بەشێوەیەکی بەرچاو “چوارچێوەی شیعە”ی تێکداوە، هەرچەندە هێزەکانی “چوارچێوە” ڕایانگەیاندووە کە میلیشیاکان هیچ پەیوەندیەکیان بەو هێرشەوە نەبووە، بەڵام بەڵگە هەیە کە ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە گروپێکی سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبی بەرپرسیار بووە، هەروەها ئەم گروپە فەرمانی ڕاستەوخۆی لە هێزە ناوخۆییەکان وەرگرتووە، کە پەیوەندیەکی بەهێزیان لەگەڵ ئێراندا هەیە. ڕەنگە ئەم بۆردومانە واشنتۆن بخاتە سەر بژاردەکانی تر، بەتایبەتی کە کۆمپانیا ئەمریکیەکان لە کێڵگە نەوتیەکان و گازیەکان دەستیان بە کارەکانیان کردووە، بۆیە بۆردومانکردنی کێڵگەی غازی سلێمانی وەک پەیامێکی ئاگرین کاریگەربوو، کە توانای ئەو میلیشیایانە بۆ ئیفلیجکردنی کارەکانی کۆمپانیاکان، ئەوە نیشان ئەدات، ئەگەری ئەوە هەیە فشاری زیاتر بکەن.
دەتوانین دەربارەی هەوڵدانی بژاردەکانی ئەمریکا، بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی سیاسی عیراق ئەوە بڵێین، نەک بە ئاراستەی ئایندەیەکی رۆشن و ئارام و دابینکردنی ئاسایش هەنگاو نانێت، بەڵکو دەخالەتی ئەمریکا بەردەوامی هەمان ئەو ڕێڕەوەیە کە لەجەنگی کەنداوەوە عێراقی وێرانکرد.
لایەنێکی گرنگی ئەم دۆخە ئەوەیە پێشبینی ئەوەش دەکرێت، توڕەیی و ناڕەزایەتی خەڵک دۆخەکە بگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی ناڕەزایەتیەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ و بەشێوەیەکی فروانتر، کە حکومەتی عێراق بە فەرمی و نافەرمی دەخاتە نێو چاڵی قەیرانێکی قوڵترەوە، لەهەمانکاتدا دەوری ئەمریکاش بۆ کۆنترۆڵکردنی عێراق دەباتە دواوە، هەر بۆیە دەکەوێتە بەر بژاردەی ئاڵۆز و پێچیدە ترەوە، بۆ دەورو دەخالەتی لە عێراقدا.




تەنیایی.. شیعری سمکۆ ئەحمەد ڕەشید

شەوە باراناوییەکانی کانون سارد نین
بەفرە ئەستوورەکان سارد نین
گوێم لە پیاوێک بوو
کە سەرما ئێسکەکانی گەستبوو دەیگوت
شەختە هیچ گوناهێکی نییە
مرۆڤ کە لە شەقامە سووتاوەکاندا
شەوی بەسەر دادێ و
ماڵێکی نییە بۆی بگەڕێتەوە
سەرمای دەبێ
مرۆڤ کە سێوێکی کرماند و
نەیکرد بە دوو کەرتەوە
سەرمای دەبێ
مرۆڤ کە لە گۆڕێکی یەک نەفەریدا
ڕۆژ و شەوەکانی ژمارد
سەرمای دەبێ
مرۆڤ کە سەرمای دەبێ
گوناهی هیچ وەرزێک نییە
ئەوەی ئێسک و
ڕۆحی مرۆڤ دەتەزێنێ وەرزەکان نین
تەنیاییە،
تەنیایی




بۆچی سوپاسی خوا ناکەیت؟.. نەوزاد بەندی

نەوزاد بەندی

ئەگەر نەبووتایەتە خاوەنی دانەوێڵە و .. باڵندەکان حەزیان لە خواردنی دانەوێڵە نەبووایه، چۆن چۆنی چاکەت ئەکەت؟ چۆن باڵندەکانت تێر ئەکرد؟ چۆن ویژدانی خۆت ئاسوودە دەکرد ؟ ..ئەگەر پشیلە و سەگ حەزیان لە پاشماوەی خواردنەکانت نەبووایە، حەزیان لەو قوتوکراوانە نەبووایە کە تۆ زۆر بە ئاسانی ئەتوانیت بیانکڕیت، چۆن چاکەت ئەکرد؟ چۆن دڵی سەگ و پشیلەی بێ لانەت ئەدایەوە؟ چۆن بە ئاسودەیی سەرت ئەخستە سەر سەرین ؟
سوپاسی خوا بکە، کە ئەو شتانەی هەتە، گیاندار گەلێک حەزیان لێیە و خەونی پێوە ئەبینن، بەو جۆرەیش نەبێ، تۆ چۆن دڵی خۆت ئاسودە ئەکەیت؟ چۆن چاکە ئەکەیت؟ هەموویان وەک مار و شێر بوونایە، خۆیان خواردنی خۆیان دابین بکردایە و چاوەڕێی هیچ بەخشندەییەکی تۆیان نەکردایە، تۆ چۆن چاکەت ئەکرد؟ .. دوو تانکی ئاو لەسەربانەکەتە و.. گوڵێک لەبەردەرگاکەتان ڕوواوە، ئەگەر نەڕوایە، چۆن چاکەت ئەکرد؟ ئەگەر پێویستی بە گڵاسێک ئاوی تۆ نەبووایە، چۆن هەستت بە ئاسودەیی ویژدان ئەکرد؟ .. کاتێ چەند دەنکە دانەوێڵەیەک لە نزیک شارە مێروولەیەکەوە دادەنێیت، چەند پارچە نانێک هەڵدەدەیتە ناو حەوزێک ئاوی پڕ لە ماسییەوە ، بڕوانە بۆ هێرشی مێروولە و ماسییەکان بۆ دانەوێڵە و پارچە نانەکان، چەند هەستێکی جوانە، تۆ چاکە و ئارامیی و ئاسودەیی دڵ ودەروونت دەست دەکەوێ، ئەوانیش تێریی و چالاکیی و هەرەوەزیی بە دەست دێنن ..
ئەگەر مێروولە و ماسییەکان گڵ و بەردیان بخواردایە، چیمان بکردایە ، ئێمە ؟
خوا دانەوێڵەی بە فەردە داوە بە تۆ، بۆ ئەوەی بە دەنک یان بە چنگ بەشی ئەوانی تری لێ بدەیت، بەوەیش پاداشتی حەفتا ئەوەندە و زیاترت بداتەوە، ئەمە چ پاداشت و قازانج و تەواو کارییەکە ؟
ئەگەر گیاندار و ڕووەکەکان پێویستیان بە ئێمە نەبووایه، ئێمەیش پێویستمان بە یەکتری نەبووایە، چی ڕووی دەدا؟
لە ژیانتا باڵندەیەکت نەدەبینی .. پشیلەیەکت نەدەبینی.. ڕووەکێکت نەدەبینی لە ئینجانە و حەوشەکەتا سەوز بێ،مێروولەیەکت نەدەبینی، هەمووان جیهانی تایبەتیی خۆیان دەبوو، هیچ پێویستیان بە جیهانەکەی تۆ نەدەبوو، لێت نزیک نەدەکەوتنەوە، وەک چۆن جیهانی شەمشەمە کوێرە نابینیت مەگەر له کورتە فیلمی زانستیی دۆکیومێنتاریدا، وەک چۆن جیهانی شێر و پڵنگ نابینی مەگەر لە فیلم و بە دەستەمۆکراویی لە باخچەی ئاژەڵاندا، ئەوەیش کارەساتێکی گەورە و تەنیاییەکی گەورەیە، کاتێ بە هەموو تەمەنت هیچ زیندەوەر و بوونەوەرێک توخنت ناکەون و .. هەلی چاکەکردنێکت بۆ ناڕەخسێنن، ئەوسا تۆ و شتەکانت، بە کاری چی دێن؟
لەوەیش زیاتر بۆچی سوپاسی خوا ناکەیت کە خەڵکێکی هەژار دێنەسەر ڕێگاکەت و داوای یارمەتیت لێ دەکەن؟ ئەگەر وا نەبووایە، ڕێگای چاکەکردنت لە کوێ ئەدۆزێوە؟ سوپاسی خوا بکەن کە بە دێلیڤەری، هەژار و برسیی و تینوو و بێ داڵدەکان ئەنێرێتە بەردەرگا و سەرە ڕێگاکانتان بۆ ئەوەی چاکە له گەڵیاندا بکەن و .. حەفتا ئەوەندە و زیاتر پاداشتتان بداتەوە ؟ بۆ ئەوەی ئاسودەیی ویژدان و ئارامیی دەروون لەو ڕێگایەوە وەربگرن و .. دڵە ڕەقەکانتان خاو بێتەوە و .. ببێ بە باخچەی پڕ لە گوڵ و چیمەن و قەڵبەزەی ئاو و پەپولە و جوانیی ؟؟
بۆچی سوپاسی خوا ناکەن ، گەلۆ ؟
بەرنارشۆ ئەڵێ ئاقڵترین مرۆڤ بێجگە له دڵخۆشکردنی ئەوانی تر، هیچ شتێک دڵی خۆش ناکات ..
لەوە گرنگتر ئەوەیە، خوا کەسان و گیانداران و ڕووەکگەلێکی لە دەور کۆکردووینەتەوە کە پێویستیان بە یارمەتیی و چاکەکردنەکانی ئێمەیە، گەر وا نەبووایه، چ قوڕبەسەرییەک ئەبوو، نەمانزانیوە چاکە لەگەڵ کێدا بکەین و.. هیچ کەس و گیانەوەرێک پێویستی بە چاکەی ئێمە نەبووایە ؟
ئینجا بزانن چەند بەختەوەرن ئێوە کە دەیان مرۆڤ و گیاندار و زیندەوەر لە چواردەورتاندان و بێدەنگ چاوەڕێی چاکەیەکن لەلایەن ئێوەوە بۆ ئەوەی لە دنیا و قیامەتدا ئاسوودەیی بە دەست بێنن ..
زۆر مەچۆرە ژێری .. سوپاسی خوا بکە کە زۆر لە پێداویستی خۆت زیاتری داویتەتێ و .. ژمارەیەکی زۆر لە بوونەوەری له چواردەورت پەرش و بڵاو کردۆتەوە کە پێویستیان بە پارچە نانێک، بە دەنکە گەنمێک یان پارچە ئێسقانێکی سەر سفرەکەتە، بەوەیش هیچت لێ کەم نابێتەوە و پاداشتی زۆر گەورە وەرئەگریت، ئەوەندە گەورە کە بە بینینیان شاگەشگە ئەبیت.
Reply




زووبێت یا درەنگ دەوڵـەتی کوردستان لەدایک دەبێت.. رەزا شـوان

کوردستان واتا خاک و نـیـشـتـمانی کـوردان، شـوێنی نـيشتەجـێبـوونی هەزاران هەزار ساڵەی نەتەوەی کوردە. کوردستان دەکەوێـتە باشووری رۆژئاوای کـێشوەری ئاسیاوە.
هـاوسنوورە لەگەڵ ئەم دەوڵەتانەدا: لە باکوورەوە، ئازەربایجان و ئەرمـینیا و تورکـیا. لـە باشـوورەوە، ئـێران و کەنـداوی عـەرەبی. لە رۆژهـەڵاتـەوە ئـێران. لە رۆژئـاواوە، عـێراق و سـووریا. پـانـتـایی رووبـەری کوردسـتانی گـەورە، نـزیـکەی (٦٠٠) هـەزار کـیلۆمەتـری دووجـایە. زیاتـر لە نیـوەی تـۆپـۆگرافـیای کوردستان، لە چـیا پـێکهـاتووە. کوردستان شـوێنێکی ستراتـیژی گرنگی لە ئاسیادا هـەیە. ژمارەی کورد لە کوردستان و لە وڵاتانی جیهاندا بەپێی تازەترین خەمڵاندن، زیاتر لە (٧٥) ملیون کوردە. زیادەڕرۆیی لەم ژمارەیەدا نیـیە. هەمـیشە نەیارانی کورد، بە ئەنقـەسـت ژمارەی کورد و رووبـەری کوردستانیان، زۆر کەمـتر لە ژمارەی راستـیی کورد و لە رووبـەری راستیی کوردستان دانـاون و هـەوڵی چـەواشـەکـردنی مێـژووی کوردسـتانیان داون. هـەمـیـشە کوردیان بە کەمایەتییەکی نەتـەوەیی ناوبـردوون. ئەمەش لە رەگەزپەرستـییان و لە رقی رەشیانەوە بەرجەستە بـووە. بەڵام بەری تیشکی خـۆر بە بێـژنگ ناگـیرێـت و ناتـوانـن راستییەکان پەردەپـۆش بکەن. لە ئێستادا کورد چـوارەم نەتـەوەی گـەورەی رۆژهـەڵاتی ناوەڕاستە. هـەمـوو بنـەماکانی نەتەوەیی هـەیە و تایبـەتـمەنـدی نەتـەوەیی خـۆشی هـەیە.
بەڵگەکان و پاشماوە دێـرینە مـێژووییەکان و تـوێـژینەوە بێ لایەنەکان، سەلـماندوویانە کە کورد رەسەنترین و کۆنترین نەتەوەی رۆژهـەڵاتی ناوەڕاستە. کوردستانیش لانکەی یەکەمین و رەسەنترین شارستانییە لە هەمـوو جیهانـدا. کورد بـڕبـڕە پشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێکـدەهـێنێت. ئێمەی کورد خاکی خۆمان هەیە و خاوەنی زمان و کولتوور و داب و نـەریـتی رەسـەن و هـونـەر و نـاسـنامـەی نـەتـەوەیی خـۆمـانـین. مـێـژوویـەکی دوورودرێـژی دەوڵەمەنـدی پـڕ لە خەبات و لە شکـۆداری و لە قـوربانیـدانـیمان هـەیە. هـەزاران هـەزار سـاڵ لەپـێـش زایـنییەوە لەسەر خاکی کوردستانی نیـشـتـمانی خۆمـان ژیـاون و دەژیـن و هـیچـمـان لە گـەلانی تـر کەمـتر نـیـیە.

لە ماوەی هـەزاران ساڵـدا، چەندیـن نەتەوەی جیاواز، لە شوێـنەکانی خۆیانەوە کۆچـیان کـردووە و نیـشتەجـێی ناوچـەکانی کوردستان بـوونە. لەوانە: تـورک، فـارس، عـەرەب، ئەرمەن، ئاشـوری، چـیچانی، ئـازەری. هـەنـدێک لەم نەتـەوانە لەسەر خاکی کوردستان دەوڵـەتیـان دروسـت کـردووە. بە واتـا داگـیرکەری کوردستانـن.
کوردستان لەبەر گرنگی و ستراتیژی شـوێنەکەی و دەوڵەمەنـدیی خاکەکەی لە کۆنەوە، تا ئەمـڕۆش بووە بە گۆڕەپـانی مـلمـلانی و رووبـەڕووبـوونـەوەی سەخـتی نەتـەوەیی. کورد لیستێکی درێژی داگیرکەرانی بینی. بەڵام قارەمانانە و سەرسەختانە رووبەڕووی هـێڕشەکانی، فـارسە کـۆنەکان و ئەسکەنـدەری گەورە و عـەرەبی مـوسڵـمان و تورکە سەلجوقیەکان و هۆلاکۆ و مەنگۆلییەکان و عوسمانییەکان بووەتەوە. لەپێاوی مانەوەی و پاراستـنی ناسـنامـەی نەتـەوەیی و پـاراستـنی کوردسـتانی نـیـشـتـمانی دا. هـەمـیـشە خۆڕاگربـووە و سەرسەخـتانە و گیانبەخشانە، بەرگـریی کـردووە و قـوربانییەکی زۆری مـانـەوەی داوە و دەدات. سەرسـەخـتانە بـۆ رزگـاری و ئـازادی خەبـات دەکـات.
لە سەرهەڵـدانی ئیسلامەوە، تا بەرەبەیانی ناسیـۆنالـیزم، یەک لە دوای یەکی دەوڵەتانی بەناوە ئیـسلام، بە گەلەکۆمەیی، بە شـێوەیەکی دڕنـدانە و نامەردانە و رەگەزپەرستانە، رەشەکوژی و کۆمەڵکوژی و ژینۆسایدی کوردیان کردووە و دەکەن، هەر لەبەر ئەوەی کە کـوردیـن. لە ئەمـڕۆشـدا کوردسـتان بـە سـتەمـێکی مـێژوویی دەوڵـەتە زلهـێـزەکـان، دابەشکراوە بەسەر چـوار دەوڵەتی نەتەوەیی رەگـەزپەرسـتـدا، بەسەر تـورکـیا، ئێـران، عـێراق، سووریادا. کە تا ئێستا چەنـدیـن جار، بە گەلەکـۆمەیی و بە مـودێـرتریـن چەکی کوشندەی قەدەغـەکراوی نێـودەوڵەتی و بە دڕندەتـریـن شێوەی نامەردی و نامـرۆییـانە، بە رۆژی روونـاک و بە بەرچـاوی نەتـەوەیەکگـرتـووەکان و رێکخـراوەکـانی مافـەکانی مـرۆڤ و ویـژدانی جیهـانـییەوە، کـۆمەڵکـوژیـیان لە کورد کـردوون و سیاسەتی (زەوی سـووتـماک) یان لە کوردستانـدا جـێبەجێ کـردوون. زلـهـێزەکانیش لەبەر بەرژەوەنـدیی خـۆیـان، لە ئاستی ئەم هەمـوو تاوانانە بێـدەنگـن. بەڵکو بە چەکی کوشـندەی ئەوانیش، ژینۆسایـدی کورد کـرا و دەکـرێـت و کوردسـتان وێـران کـرا.
کـورد لە ئەمـرۆدا، گـەورەتـریـن نەتـەوەی جیهـانە، کە خـاوەنی دەوڵـەتی سـەربـەخـۆ (دەوڵـەتی کوردستان) نـیـیە. لە دوای رووخـانـدنی ئیـمـپراتـۆریەی مـادی کـوردیـیەوە
(٧٠٠ ـ ٥٥٠) لە پـێـش زایـیندا، کە لەلایەن (دیـاکـۆ) وە دامەزرا، کە یەکەم دەوڵەتی یەکگرتـووی کـوردییە لـە مێـژوودا. لە پـەرتـووکی (هـیـرۆدۆت) دا، لە زۆر شـوێـنـدا باسی دیاکۆ و ماد کراوە. لەوەدوا چەند میرنـشینێکی کوردی تا رادەیەک سەبەخۆییان لە سەردەمی دەوڵەتی عـوسـمانی و فـارسـیدا هـەبـووە. بەڵام دەسـەڵاتـێکی نـاوچـەیی بەرتەسکـیان هـەبـووە، نەیانتـوانیـوە رووبـەری دەسەڵات و باڵادەستی و حوکمڕانیان فـراونـتر بـکەن و بە فـەرمی سەربەخـۆییـان رابگەیەنـن و بتـوانـن لەژێـر چەتـرێکی نەتـەوەیی کـوردیـدا یەکـبگـرن و لەشکـرێکی گـەورەی کـوردی پـێکـبهـێـنـن.
بـۆچـی لە دوای جەنـگی جیهـانی یەکـەم و شکـستهـێـنانی دەوڵـەتی عـوسـمانی، کورد نەبوو بە دەوڵەت؟ رێکەوتنامەی (سایکس بیکـۆ) کە لە (١٠/ ئـاب/ ١٩١٦) لە نێوان بەریتـانیا و فەرەنسادا واژۆکـرا، هەریەکەش لە رووسیا و ئـیتالـیا پشـتیوانیان لـێکـرد. میراتی دەوڵەتی عوسمانی بە کوردستانیشەوە دابەشیان کرد، کوردستان بەسەر تورکیا و ئێران و عێراق و سووریادا دابەشکرا. لە (پەیمانی سیڤەر) کە لە (١٠/ ئاب/١٩٢٠) لە نێوان (بەریتانیا، فەرەنـسا، تورکیا، ئیتالیا. ژاپـۆن، ئەرمەنستان، بەلچـیکا، پۆڵەنـدا، رۆمانیا، یۆنان، پورتوگال، یۆگۆسلاڤیا و سلۆانیا و چیکۆسلۆڤاکیا) بە چاودێری ولایەتە یەکگـرتووەکانی ئەمـریکا، لە شاری ( سـیـڤـەر) لە فـەرەنـسا واژۆکـرا. وەک نـوێنەری کوردیـش، بـوار بە (شەریـف پاشـا) درا و بەشـداری کـرد. لە بەشی سێـیەم، لە مـادەی (٦٤،٦٣،٦٢) ی پەیـمانی سیـڤەر، دەربـارەی ناوچـە کوردسـتانـییەکـان. ئامـاژەیان بە مافی چارەنـووسی کورد لە نیشـتمانی خۆیـدا کردوون. مەرجـیان داناوە، کە گەلی کورد لە مـاوەی یـەک سـاڵـدا، لە بەشـێکی کوردسـتانـدا، سـەربـەخـۆیـی بەدەسـتـبهـێـنـێـت و دەوڵـەتی سـەربـەخـۆی کـوردی رابـگەیـەنـێـت. بەداخـەوە، لەگـەڵ هـەڵـوەشـانـدنەوە و دابەشکـردنی میـراتی دەوڵەتی عـوسمانی و سەرهـەڵـدانی دەوڵەتی تورکیا، حکوومەتی نـوێی تـورکـیا بە سەرۆکایەتی مستەفـا کەمال ئەتاتـورک، کە تا سەر ئـێـسقـان دوژمنی کورد بـوو. ئامـادە نەبـوون کە رێ بە سەربـەخـۆیی کـورد بـدەن. لە پەیـمـانی شـوومی (لـۆزان) کە لە رۆژی (٢٤/ تەمـوز/ ١٩٢٣) دا، لە نێوان (بەریتانیا، فەرەنسا، ئـیتالیا، ژاپـۆن، رۆمـانیا، سـربیا، کـرواتـیا، سلـۆنیا، تـورکـیا) لە کـۆشکی (روومـین) لە شاری (لـۆزان) ی سویسرا واژۆکـرا. لە پەیمانی لۆزان لە هـیچ بەندێکیدا، دەربارەی دەوڵەتی کوردی و مافەکانی کوردی تـێـدا نییە و بە هـیچ شـێوەیەکیس نـاوی کورد و کوردسـتان تـێـیدا نەهـاتـوون. بە تەواوی کوردیان سـڕییەوە و بێ هـیوامانیان کرد. پەیمانی لـۆزان گەورەترین ناپاکی و تاوانی مێژووییە کە لە کورد کرا. دواتر ئەتا تورکی رەگەزپەرست، بە شـێویەکی زۆر دڕنـدانە و نامـرۆییانە، بە گەورەتـرین لەشکـر و بە تازەتـرین چەکی کۆمەڵکوژی، هـێڕشی کردە سەر باکووری کوردستان. بە سەدان گـوندیان تـاڵان کـرد و سـووتـانـدیـان و سیاسەتەی زەوی سـووتاویـان لە کوردستانـدا،ـجـێـبەجێ کـرد. کەوتنە کوشتن و گرتن و ژینۆسایـدکردن و راگواستنەوەی زۆرەمـلێی کورد، لە زێـدی هەزاران ساڵەی بـاوک و باپیـرانیـانـدا. زمـانی کوردییان قـەدەغـەکـرد و بـڕیـاری قەدەغـەکـردنی نـاوی (کـورد) و (کوردسـتان) یان لە رۆژنـامە و لە پەرتـووکەکان راگەیـانـد. سیاسەتی بەتـورکـردنی ناوچە کوردستانییەکان و گـۆڕینی دیمـۆگـرافـیای شارە کوردستانییەکانیان جـێبەجیکـرد. زۆریـش بێ رەوشتانە ناوی کوردیان نا، تـورکە شاخاوییەکان. بەڵام کورد چـۆکی دانـەدا و مـلکـەچـیان نەبـوون و لە پـێـناوی پاراستـنی شـونـاسنامەی نەتـەوەیی کوردیـدا، قـوربـانـییەکی زۆری دا. سـەلـمانـدیـان کە کـورد لە مـردنـیـش بەهـێزتـرە.

کورد چـەنـد شۆڕشێکی نەتەوەیی بەرپاکـرد، لە پێـناوی بەدەستهـێـنانی مافـەکانی کورد و سەربەخـۆیی کوردستان. لەوانەش (شۆڕشی شکاک ـ سمکـۆ) لە (١٩١٩ـ ١٩٢١). (شـۆڕشی دیـاربـەکـرـ ١٩٢٥ـ شـێخ سەعـیـدی پـیران)، (شـۆڕشی دەرسـیـم ـ ١٩٣٧ـ ١٩٣٨ـ سەیـد رەزای دەرسـیـم)، (شـۆڕشی ئـاگـری داغ ـ ئـارارات ـ ژەنـەڕاڵ ئـیحسان نوری پاشا) لە (١٩٢٧ـ ١٩٣٢) لە (٢٨/ ئۆکتۆبەر/ ١٩٢٧) سەربەخـۆیی کوردسـتان و دامـەزرانـدنی (کـۆمـاری ئـارارات) یان راگەیـانـد. پایتـەخـتەکەی گـونـدی (کـورداڤـا) بـوو. ئـاڵای کوردسـتانیـان لەسـەر لـووتـکەی (چـیای ئـاگـری ـ کە بـەرزتـریـن چـیـای کوردسـتانە) هـەڵکـرد و حکـوومەتـێکی کوردیـیان پـێکهـێنا. ژەنـەراڵ ئیحـسان نـوری، بە سـەرۆک کـۆمـار هـەڵـبـژێـرا، ئیـبراهـیم هـەسکی (ئیـبراهـیم پاشـا) کـرایە جـێگـری. تورکیا و ئـێران و رووسیا، بە گەلەکـۆمەیی و بە زەبەلاحـترین سـوپا و بە فـڕۆکە و بە تۆپـاران، بە دڕنـدەتـرین شێوە، کۆتاییان بە کۆماری ئارارات هـێنا. بە هـەزاران کوردی سـڤـیلیان ژینۆساید کرد. بە سەدان گونـدیان تـاڵان کرد و سووتانـدیانن و خەڵکەکەشیان لە زسـتانـێکی سـەختـدا، لە زێـدی خۆیـان دەریـانیان کـردن و گۆستـیاننەوە. زۆربەیـان، لەبـرسا و لە سـەرمـا لە رێـگادا مـردن. نیـازی گـڵاوی تـورکیا ئەوەبـوو، ئـەو تاوانـەی لە ئـەرمـەنییەکانیـان کـرد، بە هـەمـان شـێوە، کـورد قـڕانـیـش بـکەن.
(شۆڕشی پـشـتکـۆ ـ قـەدەمخـێری فـەیـلی: ١٩٢٧ ـ ١٩٣٣) لە ناوچـەی لـوڕستان لە
رۆژهـەڵاتی کوردسـتان. وابـزانـم ئـەم دێـڕە هـۆنـراوەیـە، هـی کـامـەران مـوکـری یـە:
(قـەدەمخـێـرد ئـەی خـوشکی پـۆڵایـیـن …. کـۆشـکی پـەهــلـەویـت هـێـنایـە لەرزیـن).

(شـۆڕشی یەکـەمی بـارزان: ١٩٣١ـ ١٩٣٢: شـێخ ئەحـمـەد بـارزانی) و ( شـۆڕشی دووەمـی بـارزان: ١٩٤٣ـ ١٩٤٥: مـەلا مـستـەفـا بـارزانی) هـەردوو شـۆڕشـەکە لە نـاوچـەی بـارزان لـە باشـووری کوردسـتان بـوون. بـە زەبـری هـێـز سـەرکـوتکـران. (شـۆڕشی ئەیـلـوول: ١٩٦١ـ ١٩٧٥) لە باشـووری کوردستان. (شـۆڕشی باکـووری کوردستان ـ پارتی کـرێکارانی کوردستان) بە سەرۆکـایەتی (عـەبـدوڵڵا ئـۆجـەلان) لە (١٩٧٨ـ ) دێژترین شۆڕشی کوردستانە. نزیکەی نیو سەدەیە. دەستپێشخەریان کرد
بۆ دانـانی چـەک و گەیـشتن بە ئاشـتییەکی هـەمـیشەیی. بەڵام هـێـشتا روون نییە، کە بەچی دەگات. چونکە تورکـیا تا ئێستا بە فەرمی و بە کرداری هـیچ هەنگاوێ نەنـاوە. شۆڕشی رزگاریخـوازیش لە رۆژهـەڵات و لە رۆژئـاوای کوردستان درێـژەیان هـەیە.
لە باشوری کوردستانیش شێخ مەحەمـودی نەمر، لە رۆژی (١٧/ نۆڤەمبەر/ ١٩١٩) دا، حکومداری کوردستانی راگەیانـد. خۆی بـوو بە یەکەم مەلـیکی کوردستان و شاری سلـێمانی پایتەختی حکوومەتەکەی بوو. بەڵام ئینگـلـیزەکان بە هـێـزێکی زۆرەوە و بە پاڵپشتی فـرۆکەی جەنگی، پەلاماری سـلـێمانییان دا و بە بـۆمب بۆردوومانیان کرد. لە شەڕی دەستەویەخەی قارەمانانەی (دەربەندی بازیان) شێخ مەحمود بە برینداری گیرا. ئینگـلیزەکان دووریـانخـسـتەوە بـۆ هـيندسـتان. بـەڵام لەژێـر فـشار و ناڕەزایی خەڵکی کوردستانـدا، گەڕانـدیانەوە بـۆ عـێراق و لە شاری بەغـدا دەسـتـبەسەر بـوو.
شۆڕشی نـوێ و راپەڕینی گەلەکەمان لە ساڵی (١٩٩١) دا. لە باشووری کوردستانـدا، فـیـدراڵـیی بەدەسـتهـێـنا. پـەرلـەمـان و حکـوومـەتی کوردستان بـە فـەرمی دامـەزران. ئـاڵای کوردسـتان بـە فـەرمی لە باشـووری کوردسـتانـدا هـەڵکـرا.
لە رۆژهـەڵاتی کوردستانیـش، لە دوای جـەنـگی جیهـانی دووەم، لە ساڵی (١٩٤٦) دا، یەکـەم (کـۆمـاری کوردسـتان) دامـەزرا، کـە پـایـتـەخـتـەکـەی شـاری (مەهـابـاد) بـوو. پـێـشەوا (قـازی محـەمـەد) بـە سـەرۆک کـۆمـاری کـوردسـتان هـەڵـبـژێـرا. بـۆ یەکـەم جاریـش ئـاڵای کوردستان هـەڵکـرا. ئەنجـوومەنی وەزیـران دامـەزرا. بەڵام بە داخەوە کە تەمەنی کۆماری کوردستان لە ساڵێک کەمتر بـوو. بە فـشاری ئەمـریکا و رۆژئاوا، سوپای یەکـێتی سۆڤیەت لە باکووری ئێران کشایەوە. چـرای سەوزیان بـۆ گـۆڕبەگـۆڕ حەمەرەزا شای بەهـلەوی هـەڵکـرد، کە بە سـوپـایەکی زەبەلاحەوە، پەلامـاری شاری مەهـابـادی دا و کۆمـاری کوردستانیان جـوانەمەرگ کرد. لە (٣١/ ئـادار/ ١٩٤٧) دا، پـێـشەوا قـازی محەمـەد و سـەدری قـازی و سەیـفی قـازییـان، لە گـۆڕەپانی چـوارچرا لە مەهـابـاد لە سـێـدارەیـان دان.
لە رۆژئـاوای کوردستانیشدا، لە رۆژی (٢١/ یانـوار/ ٢٠١٤) دا، لە شاری (قـامیشلو) (بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر) راگەیاندرا. ژەنەڕاڵ (مەزڵوم عەبدی) بە فەرماندەی گشتی هـێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هەڵبژێرا. خاتوو (ئیلهـام ئەحمەد) یش وەک هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، هەڵبژێـرا. تورکـیا و حکـوومـەتـە تـازەکـەی سووریا. چاویـان بـەم حـوکـمـڕانـیـیە دیـمـوکـراتـیـیە سەرکەوتـووەی کورد لە رۆژئـاوای کوردستان هەڵـنایـات. بەردەوام دژایـەتی دەکـەن و پیـلان لە لە دژی دەگێڕن و هەڕەشەی بەکارهـێنانی هـێزی لێدەکەن. کـۆنترۆڵی ئەحمەد شەرعی سەرۆکی سـووریا، بە دەستی تورکـیاوەیە و فـەرمان لە تـورکـیا وەردەگـرێـت. تورکیا پـلانی دژایـەتی کوردی بۆ دادەنـێن. بە پـارەی قەتـەر و سعـوودییە دەوڵەتەکەی بەڕێـوەدەچـێت. چاوەڕێی ئەوەن کە ئەمریکا جارێکی تر، چرای سەوزیان بۆ هەڵبکات و سوپای سووریا و تورکیا، هـێڕش بکەنە سەر رۆژئـاوای کوردستان، بۆ لەباربـردنی ئەزمـوونی سەرکەوتـووی حـوکـمڕانـیی رۆژئـاوای کوردستان.
دەامەزرانـدنی دەوڵـەتی کوردستان، تەنهـا خـەون نـیـیە، بەڵکو سـەد ساڵ زیـاتـرە، کە هـیوا و ئامـانجی سـەرەکی هـەمـوو کـوردێکە. دەوڵـەتی کوردستان نابـێـتە مەتـرسی و هەڕەشە بۆ سەر هـیچ نەتەوە و دەوڵەتێک، بەڵکـو دەبێتە هـۆی سەقامگیری و ئاشتی و ئاسـوودەیی بـۆ هـەمـوو رۆژهـەڵاتی ناوەڕاسـت. دەوڵـەتە داگـیرکەرانـی کوردسـتان، لە خۆڕایی تووشی کوردفـۆبیا بوونە. بەردەوام زوڕنای ئەوە لێدەدەن، کە دامەزراندنی دەوڵـەتی کوردسـتان، دەبـێـتـة هـۆی هـەڕەشـە بۆیان و مەتـرسـیـیە بۆ سـەر ئاسایـشی نەتـەوەییـان. بەڵام ئـەم تـومەتـانە زۆر دوورن لە راسـتییەوە، بـیانـوویـەکە بـۆ ئـەوەی گەلەکـۆمەیی لە ئـێـمەی کورد بکەن و سەرکـوتـمان بـکەن. بە قـێـزەوەنـتریـن شـێواز، هـەوڵی سـڕیـنەوەی ناسـنامەی نەتەوەیـیمان دەدەن. ئەوەتـا (ئەحـمـەد شەرع) یـشـیان فـێری ژەنینی هـەمان زۆڕنا و مەبەسـت گڵاو کردووە، گوایە بەڕێوەبەرایەتـیی خۆسـەر و هـێزەکـانی هـەسـەدە لە رۆژئـاوای کوردستان، مەترسییە بـۆ سەر ئاسایشی تورکیا و عـێراق. بـەڵام لە راسـتـیدا، ئـەوەی ئاسـوودەیی و ئاشـتی و سەقـامگـیریی رۆژهـەڵاتی ناوەڕاسـتی تـێکـداوە گـەلی کـورد نـیـیە، بـەڵکـو دەوڵـەتە داگـیرکەرەکانی کوردسـتانـن. چـونکە درێــژە بە کـۆمەڵکـوژی کـورد دەدەن و دان بە نەتەوەی کوردا نانـێن. بەڵام با داگـیرکەرانی کوردستان باش بـزانـن تا کوردێک بـمێـنێـت، ئەستەمە کە دەست لە مافـە نەتەوەییەکانـمان هەڵبگـریـن. ئـەوەی ئێـوە بە خـۆتـانی رەوا دەبیـنن، بـۆچی بـۆ کـورد ناڕەوایە؟! بۆ ئێوە دەوڵەتی نەتەوەییتان هەبێـت، کورد نەیـبێـت؟ بانـێکە و دوو هـەوا؟
بە کورتی باس لە را و بـۆچـوونەکانـم دەکەم، کە بـۆچی تا ئـێستا دەوڵەتی کوردستانمان دانەمەزراندووە. ئەو بەرهەڵستی و بەرۆکگیرییانە چین کە هۆکاربوونە بۆ نەهـێنانەدیی ئەم هـیوا و ئامانجەی ئێمەی کوردی تینوی ئازادی و رزگاری و ئاشتی و سەقامگـیری؟ لەم خـاڵانەدا، بە کـورتی و بە چـڕی، گوزارشــت لە دیـد و لە رای تایبـەتی خـۆم دەکەم. چەنـد هـۆکـارێـکی نەبـوونـمان بـە دەوڵـەتی کوردستانی سـەربـەخـۆ دەخـەمـە روو:
١ـ نەبـوونی سەرکـردەیـەکی کاریـزمـای نەتـەوەیی کورد: ناڵـێم سەرکـردەی شۆڕشگـێڕ و ئـازا و گـیانـبەخـش و دڵـسـۆزمـان لـێـهـەڵـنەکـەوتـووە، بـەڵام لە دوای دیـاکـۆ پاشای دامـەزرێـنەی ئـیمـپراتـۆرییەتی مـادەوە، تا ئێـستا سەرکـردەیەکی کاریـزمـای نەتـەوەیی کوردمان لـێهـەڵـنەکەوتـووە، کە تـوانیبێـتی، لەژێـر چەتـری کوردایـەتـیدا زۆربەی گەلی کوردمان لە شۆڕشێکی رزگاریخوازی گشتی نەتەوەییدا یەکبخات و دەوڵەتی کوردستانی یەکگـرتـوو رابـگەیـەنـێـت. سـەرکـردەی کـاریـزمـای نەتـەوەیی ئـازا، نـابـێـت چـاوەڕێی هـەل بـکات، پێـویـستە خـۆێ هـەل دروسـت بـکات.
٢ـ نەبوونی پلانێکی تـۆکـمەی داڕێـژراو و نە نەخـشەڕێگایەکی ستراتیژی و کۆنکـریتی نەتەوەیی کوردی: تا ئەمڕۆش نە پلان و نەنەخشەڕێگایەکی ستراتیـژیی یەکگـرتـوومان نیـیە. بە کـۆنکـرێـتـیش داوا نەتـەوەییـەکانمان نەکـراون بە پـرۆگرام و بە بەرنامـەیەکی نەتـەوەیی ئـامـادەکـراو، تـا لـە دانـووسـانـەکـان و لـە گـفـتوگـۆکـانـدا لەگـەڵ دەوڵـەتـانی دەستبەسەراگرتـووی کوردستان، بە راشکاوی و بـێـترس و شەرم، پێیان بڵـێـین ئەمانە داواکان و مافـەکانی گەلەکەمانـن. زۆر جـار بە مـافـێکی لاوەکـیـیەوە سەرقـاڵ بـوویـنە.
٣ـ گەلەکـۆمەی بەردەوامی دەوڵـەتـانی داگـیرکەرانی کوردسـتان: لە دژی خەبـاتی کورد بۆ بەدەستهـێنانی مافـەکانمان. ئـەو هەمـوو هـاوپەیمـانییەی کە دەوڵەتانی داگـیرکەرانی کوردستان پێکیان هـێنا، هەموویان لە دژی نەتەوەی کورد بوون. وەک: پەیمانی لۆزان لـە (١٩٢٣) و پـەیـمـانی سـەعــد ئابـاد لە (١٩٣٧) و پـەیـمـانی بەغـدا لە (١٩٥٥) و پەیمـانی جەزائـیر لە (١٩٧٥). ئامـانجی سـەرەکی ئـەم پەمانـانە، دژایەتیکـردنی مـافە رەواکـانی کـورد و رێـگـریکـردن بـوون، لـە سـەرهـەڵـدانی دەوڵـەتی کوردسـتان.
٤ـ ناهـاوسـەنـگی لە ژمـارەی هــێـز و لە چـەکـدا: دوژمنانی کورد، هـەمـوو جارێک بە زەبەلاحـترین سـوپـا و بە مـۆدێـرتـری چـەکی کـوشـنـدە، پەلامـاری کـوردیـان داوە و بە شێوەیەکی دڕندانە و نامەردانە رەشەکوژی و کۆمەڵکوژیی خەڵکی سڤـیلی کوردستانیان کـردوون و سـیاسـەتی زەویی سـووتـاویـان لـە کـوردسـتانـدا پەیـڕەوی کـردوون. بـەڵام زۆرتـریـن ژمـارەی پـێـشـمەرگـەی کوردسـتان، لە (١٥٠) هـەزار تـێـنەپـەڕیـوە. چـەکی سەرەکی پێـشمەرگەش، تـفـەنگ و کڵاشـینکـۆف بـووە، بەرانبەر بە مـۆدێـرتـریـن تـۆپ و تانک و فـرۆکە، تا دەگاتە راجـیمە و رۆکـیتی بالـیستی دوورهـاوێـژ و درۆنی خۆکـژی و چەکی کـیـمـیاوی و فـسـفـۆری. خۆ ئەگەر دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان، چەکی ئەتـۆميـش بەدەسـتبهـێـنن، لـێـیانـدەوەشـێـتەوە کە لە کوشتنی کورد دا، تاقی بکەنەوە.
٥ـ نەبـوونی ژێـرخانێکی دارایی: بۆ دابینکردنی بژێـوی ژیان و کڕینی پێداویستییەکانی درێـژەدان بە شـۆرش و بە خەبـات. ئەگـەرچی کوردسـتان لەسـەر دەریـایەکی نـەوت و گـاز دایە، ئەمـڕۆشی لەگەڵـدا بێت، کـورد خـێری لە نەوتـەکەی نەبـیـنیوە، تەنیا بـۆن و دووکەڵەکەی بۆ کورد بـووە. داگیرکەرانی کوردستان، هەر بە پارەی نەوتی کوردستان، کوشندەتـرین چەکـیان کـڕیـوە و کوردیان پێیان ژینۆسایـد کردووە و کوردستانیان پێیان وێـران کـردوون. ئەوەتا رژێـمی تـازەی عـێراق ناردنی مووچەی باشووری کوردسـتان وەک چەکـێکی بـرسیکـردنی گەلی کوردمان و فـشارێـکی سیاسی و دژی سەربـەخـۆیی ئابـووریی کوردسـتان بەکاردەهـێن، بۆ ئەوەی نـەوت و گاز و داهـاتەکانی کوردستانیان رادەست بـکەن. تا کورد و کوردستان، نەبێـت بە خاوەنی ژێـرخانێکی ئابـووریی خـۆی.
نـزیکترین تاوان دژ بە سامان و ژێـرخانی کوردستان، بۆردمان کـردن و ئاگـرتێبەردانی گازی(کۆرمۆر) بوو لە ناحیەی قادرکەرەم ـ پارێزگای سلێمانی لە باشووری کوردستان.
٦ـ گەمـاروو خـسـتـنە سـەر کـوردسـتان: هـەمـوو جـارێـک داگـیرکـەرانی کـوردسـتان، وەک چەکـێک بـۆ بـرسیکـردنی خەڵکی کوردسـتان و سەرقـاڵکـردنمان بە دابینکـردنی بژێوی ژیان، یان بە مەبەستی لاوازکردنی شۆڕشەکانی کوردستان. گەمارۆی ئابووریی گـشتـییان خـستووەتە سـەر کوردستان، کە ببوونە هـۆی گرانی و سەخـتی ژیـان و کەم دەرمـانی و بـێ کـاری و هـەژاری و کاری قـاچـاغی. بـۆ نمـوونە لە سـەردەمی رژێـمی بەعـسی شۆڤـێنی عەرەبیدا، لە بازگەی نێوان کەرکووک چەمچەماڵ، لەسەر گاڵـۆنـێک نـەوت. کە ژنێکی بە تەمەنی کـورد لە کەرکووکەوە هاردبووی، نەوتـەکەیان بە گـیانی ژنـەکەدا پـرژانـد و ئـاگـریـان تـێـبەردا. لە بـازگـەی نێـوان (کـەرکـووک ـ شـوان) یـش، لەسەر دوو کـیلـۆ چـای، پیـاوێکی گـونـدی حەسـاری گـەورەی سـەر نـاوچـەی شـوان، لـەسەر ئەو دوو کـیلـۆ چـایە لە سێـدارەیـان دا.
لە ئەمڕۆشدا لە رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژی لاوێکی کۆڵبەر یا زیاتر، بە دەستڕێـژی پاسداران و سوپـای دڕنـدەی رژێـمی کۆنەپەرستی، کـۆمـاری پـەت و سـێـداری ئێرانی ئـیـسلامی، جـوانـەمـەرگ دەکـرێـن.
٧ـ زۆربـەی سەرکـردەکـانی کـورد، گەمـەکەرێـکی سـیاسی زیـرەک نەبـوون: سـیاسەت هـونـەری فـڕوفـێـڵ و هـەڵخـەڵـەتـانـدنە. ئەگـەر مـن نەتـوانـم تـۆ هـەڵـبخـەڵـەتـێـنـم، تـۆ دەتـوانیت من هـەڵـبخەڵـەتـێنیـت. سەرکـردەکانی کوردمـان نەیانتوانیـوە بە وردی نـاخ و نیـازی سەرکردەکانی نەیـارانی کورد بخـوێـننەوە. سوود و پەنـد و وانەشیـان لە مـێژوو و لە بەسـەرهـات و لە نەهـامـەتـیـیەکـانی گەلـەکەمـان وەرنـەگـرتـوون و چەنـدیـن جـار کەوتـوونـەتە داوی نەیـارانی کوردەوە. هەمیـشە لە سـیاسـەت و لە دانـووسانـدنەکان و لە گفـتۆگۆکانـدا، هـەڵخـەڵـەتاون و بـڕوایـان بە زەردەخـەنـە ژەهـراویـیەکانی سەرکردە نەیارەکانی کورد کردوون. ئەو دستکەوتانەی کە بە گیانبەخـشینی هـەزاران پێـشمەرگە و بە دەریایەکی خوێن و بە رووبارێکی فرمێسک هـێنایانمانەدی، کەچی سەرکردەکانی کوردمان، بە کەفـرکونـێک، لەسەر مـێزی گفـتوگۆدا دۆڕاندوویانـن. چونکە زۆربەیان کەسی نەشیاون لە شـوێنی شیاودا و لە سیاسەت و لە هـونەری تاکتیک و گـڤـتوکـۆدا، نابەڵـدن. گەلی کوردمان باجـێکی زۆری نەزانـین و هەڵـەکانی سەرکردەکانی کوردیـان داونەتەوە و دەدەنەوە. ئایە ئەوە دۆڕاندن نییە، که پارێـزگای کەرکووک و خانەقـین و ناوچـە داگیرکراوەکانی تـرمان، کە بەشێکـن لە کوردستان و زۆربەیان کـوردن. رازی ببـن بە راپـرسی؟! کە دەزانـن هـیچ گومانـێکی تێـدا نییە و کەرکـووک لە بـوونـییەوە، بەشـێکە بـووە لە کوردستان، بـۆچی بە راپرسی رازیبـوون؟ رازی بوونتان دۆڕانـدنی کەرکووکە. ئـێمەی کورد خۆمان دەڵـێین: بەردێک نەزان بـیخاتە ناو گـۆمێکی ئاوەوە، بە هەزاران زانا دەرنایات. ئێستاش بە عەرەبکردنی ئەو ناوچانەمان، تۆخـتر لەپێشتر درێـژەی هـەیە. کەچی لـێی بێدەنگـن. کـوا دڵی کوردستان و قـودسی کوردسـتان؟؟ بە قـسـەی زل و بە دروشمی بـریقـەدار کەرکـووکتان بۆ رزگار ناکـرێـت. ئەی نەتانـوت: کەرکووک هـێڵی سوورمانە؟؟ کەچی لە ئێستادا، نە سەرکردەکان و نە پەرلەمانتارانی کورد، نـاوی جـێبەجـێکردنی مـادەی “١٤٠” ناهـێـنن. کـورد لە کەرکـووکـدا رۆژانە، باجێکی زۆری ئەم هەڵەیە و دۆڕاندنەتان دەدەنەوە. تاکەی لەسەر پۆست و باڵادەستی حیزبایەتی، لە کەرکـووک و لـە نـاوچـە داگـیرکـراوەکـانی تـرمان، حـیزبـایـەتی دەکـەن و پـشـتان لـە کـوردایـەتی کـرووە؟ بـۆ بـیـر نـاکـەنـەوە؟ بـۆ بەخـۆتـانـدا نـاچـنەوە؟!
٨ـ مـلمـلانێ و ناکـۆکـیی بەردەوامی نێـوان حـیزبە کوردستانییەکـان: فـرە کوێخـایی و نەبـوونی یەکـێـتی و یەکهـەڵـوێـستی و یـەک وتـاری نەتـەوەیی کـوردی، گـەورەتـریـن زیانیان بە پـرسی کورد گەیانـدوون. لە ئەمـڕۆدا لە هەمـوو کوردستاندا، زیاتر لە سەد حـیزبی سیاسی و رێکخـراوی کوردیمان هـەیە. هـیچـیان لەگەڵ یەکـتریـدا تەبا و رێک نـین. دۆژمنانی کورد و کوردستانیش ئـەم خاڵە نەرێنییەیان قـۆسـتوونەتەوە، بەنـزیـن دەکەنە ژێـریان و ئاگـرەکە خۆشتر دەکەن. تا ئەمڕۆش سـیاسەتی ” پەرتکە و زاڵـبە” وەک چەکێک لە دژی کورد بەکاری دەهـێنن. بەداخەوە کە زۆر جار ئەم ملـملانـێیەتان، شەڕی بـراگـوژیی لـێکەوتـووتەوە و بە دەیان پـێـشمەرگەی بێتاوانتان کردە قـوربـانیی بـێـباکـیـتان. بەداخـەوە تا ئـێـستاش پەنـدتـان لـەم هـەڵانـەتـان وەرنەگـرتـوون!

کاتی خۆی (سەدام حوسێن)ی گۆڕبەگۆڕ، لە دانووسانێکـدا لەگەڵ شاندێکی گڤـتوگۆی کـوردیـدا لە بەغـدا، بە تەوسـەوە، بە شانـدە کوردییـەکەی وت: باشـە کە دەتانـەوێـت کەرکـووک بگـەڕێتەوە بۆ سـەر کوردستان، دەتانەوێـت بگەڕێتـەوە بۆ سەر هـەولـێر یان بـۆ سـەر سـلـێـمـانی؟
٩ـ تا ئەمـڕۆش نەبـووینە بە خـاوەنی سـوپایەکی یەکگـرتووی نیشـتـمانی کوردسـتان: بە راستی ئێمەی کورد جیاوازین؟ دوو سەرکردە و دوو هـێـزی پـێـشـمەرگەمان هـەیە. هـێزی حەفـتا و هـێزی هـەشـتا. بـێجگە لەوەی هـەر حـیزبـێک چـەکـداران و پارسـتن و ئاسـایـشی تایـبەتی خـۆی هـەیە. هـەر سـەرۆک هـۆزێـک کـۆمەڵـێک چەکـداری هـەیە. حـیزبـەکـان وایـان کـردووە، کـە پـێـشـمەرگە هـاوبەسـتەبـوونیـان بـۆ حـیزبەکـانیـان هـەبـێـت. ئەمـەش خـاڵـێکی نـەرێـنی و لاوازە و زیـانـێکی زۆری بـە بـزووتنـەوەی رزگـاریخـوازی کـورد گـەیـانـدووە و دەگـەیەنـێـت.
١٠ـ ناپـاکی و جـاشـایەتی و پـێـشکەوتـنی لەشکـری دوژمـنانی کـورد و کوردســتان: زیـانێکی زۆریان لە هەمـوو شـۆرشەکانی کوردستان داون. بەڵکو هـۆیەکی سەرەکـیی شکـستهـێـنانی شـۆرشەکـانی کوردسـتان بـوونە. بەداخـەوە کە جاشـایـەتی و ناپـاکی و خـۆفـرۆشـتن و نـۆکـەری لەنـاو کوردا بـنـبـڕ نەبـوونە.
(ناپـلـيۆن) دەڵـێـت:” نـەمتـوانی ئـیـسـپانیـا بـگـرم، چـونـکە جـاشـیان نەبـوو”
١١ـ تا ئەمـڕۆش چـالاکی دیـپلـۆمـاتی کـورد لە دەرەوەی کوردستانـدا لاوازە: تا ئەمـڕۆ لـۆبییەکی کوردمان نییە، کە بتوانێـت تاوانەکانی کۆمەڵکـوژی و ئەنفـال و کـیمـیابارانی کورد، وەک تاوانی دژ بە مـرۆڤـایەتی و تاوانی نێـودەوڵەتی، بـیانـقـۆزینـەوە و بتوانـین کاریان لەسەر بکەیـن و کاریگەری لەسەر لەسەر حکـوومەت و پەرلەمانەکانی جیهـان دروست بکەین و پاڵپشتیان بۆ پـرسی کـورد و سەربەخۆیی کوردستان بەدەستبهـێـنین.
١٢ـ تا ئەمـڕۆش دەوڵـەتە زلهـێـزەکـان، کە کـاریگەرییان لەسـەر بـڕیارەکـاندا هـەیە: دووفـاقـین و بـە فـەرمی پشـتگـیری لە سەرهـەڵـدانی دەوڵـەتی کوردسـتان نـاکـەن. تا ئیشیان پێمان هـەبێـت دەمناسن، دوایی پـشـتمان تێـدەکەن و بەرژەوەنـدییەکانی خۆیان لەبەرچاودەگرن. بە چەکی مـۆدێرنی دەوڵەتە زلهـێزەکانیش بوو، کورد ژینـۆساید کرا.
١٣ـ تا ئێستا چەند جاریک هەلی راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان بۆ کورد هەڵکەوتووە: بەڵام بە هـۆی ئامادە نەبوونمان و پەرتەوازەییمان و نەبوونی سەرکـردایەتییەکی بوێر، ئـەو هـەلانەمـان لەدەست داون. لە دوای راپەڕیـن و دوای رووخـانی سـەدام و حـیزبی بەعـس لە (٢٠٠٣) دا. دەبـوایە کورد لە باشووری کوردستانـدا، بڕیـاری سەربەخۆیی بـدایە، گەر بەرگـریـشمان بکـردایە. بەقـەد شـەڕەکانی بـراکـوژی، قـوربانـیمان نـەدەدا.
١٤ـ کـێـشەی کـورد، کـێـشەیـەکی سـۆزداری و بـەزەیی نـیـیە: کـێـشەیـەکی نـەتـەوەیی سیاسییە، کێشەی کوردی ماف زەوتکـراو و کوردستان داگیرکراوە. کێشەی رێگرییە لە بەدەستهێنانی مافەکانمان و لە مافی چارەنووسینمان و راگەیانـدنی دەوڵەتی کوردستان.
١٥ـ میـدیـاکـانی کوردسـتان لاوازن: بە داخـەوە کە مـیـدیـاکانـمان بە تـرس و لـەرزەوە ناوی سەربەخـۆیی کوردستان دەهـێنـن. زۆربەشیان میـدیای سـنوورداری حـیزبەکانـن. پێویستیمان بە میـدیای ئازاد هەیە، کە بە راشکاوی باس لە دەوڵەتی کوردستان بکەن.
١٦ـ نەبـوونی دەروازەیەکی کوردستان لەسەر دەریـا: کە ناتوانین راستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ وڵاتـاندا بکەین ـ ئەگـەرچی لکـێکی نەخـشەی کوردستان لەسەر دەریـای سـپیی ناوەڕاسـت و لکـێکی کەشی لەسەر کەنـداوی عـەرەبە ـ بەڵام داگـیرکەرانی کوردستان، ئەو دەروازانەیان لێـداگیرکردوویـن و لە دەریا دایانبڕیـویـن. پێـموایە ئەمە هـۆکارێکی سەرەکـییە، لە دانەمەزرانـدنی دەوڵـەتی کوردسـتان. بـێگـومان یەکـێک لە ئامانجەکانی هـێـڕشکـردنی تـورکـیا بۆ سـەر رۆژئـاوای کوردسـتان و داگـیرکردنی شاری ئەفـریـن، بـۆ ئـەوەیە، کـە نەهـێـڵـن کـورد بگـاتە سـەر دەریـای سـپی نـاوەڕاسـت.
ئـەو هـۆکـار و فـاکـتەرانە و چەنـدیـن هـۆکـار و بەرۆکـگـیـریی دیـکەش هـەن، کـە تا ئەمـڕۆ بەربەستـن لەرێی دامـەزرانـدنی دەوڵەتی کوردسـتان و لە هـێـنانـەدی خەون و هـیوای حـەفـتا و پـێـنج مـلـیـۆن کـورد لە سـەرانـسەری جـیهـانـدا.
ئەو تاوانانە تـراژیـدییانەی کە داگـیرکەرانی کوردستان لە دژی کورد ئەنجـامیان داون، هەمـوویان تاوانی نێودەوڵەتـین و تاوانی جەنگی دژ بە مـرۆڤایەتین. بەداخەوە نەتەوە یەکگرتـووەکان و رێکخراوەکانی مافەکانی مـرۆڤ و هـیومان رایـتـس ۆوچ، لە ئاستی ئەم تاوانانەی کە لە کورد کراون و دەکـرێـن: کوێـرن و کـەڕن و لاڵـن و قـوڕوقـەپـیان لێکردووە. چونکە بەرژەوەنـدییەکانی وڵاتـەکانیـان، لەسەری مـرۆڤـایەتی و ویـژدان و رەوشـتەوەیـە. ئەمەش پەڵـەیەکی رەشە بە نیـوچـەوانی نەتـەوە یەکگـرتووەکانەوە.
بـەڵام هـەرگـیز رەشـبـین و بێ هـیـوا نیـن. لـە ئەمـڕۆدا دەوڵـەتی کوردسـتان لە نـاخی هەمـوو کوردێکی دڵسۆز و گەشبیندا دروست بـووە. زووبێت یا درەنگ بێت، دوژمنان پێـیان خۆشبێـت یان پێـیان ناخۆشبێـت، لە داهاتوودا دەوڵـەتی کوردستان رادەگەیەنین. هـیچ داگـیرکەرێک و هـیچ هـێـزێک، ناتوانـن چـرای هـیوامـان بکـوژێنـنەوە. باشترین بەڵگەش ریـفـرانـدۆمەکەی (٢٥/ سێپتەمبەر/ ٢٠١٧) یە، لە باشـووری کوردستانـدا ـ ئەگەرچی کاتەکەی گونجاو نەبـوو ـ پاڵـپشتی نێـودەوڵەتیـمان لەگەڵـدا نەبوو ـ بەڵام لە (٩٢%) ی خەڵکی کوردستان دەنگـیان بۆ سەربەخـۆیی کوردستان دا، بۆ جیهـانـدیان سەلمـانـد کە دامەزرانـدنی دەوڵـەتی کوردستان خواستی هەمـوو کوردێـکە. دیـسان بە گەلەکۆمەیەکی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردسـتان، کە لەلایـەن هـێـزەکانی ئەمـریکاوە چـرای سـەوزیان بۆ هـەڵکـرا. بە چـەکی قـورس و بە شـێوەیـەکی دڕنـدانـە پـەلامـاری کوردیـان دا و کەرکـووک و ناوچـەکانی تری کوردستانیان داگـیرکـردەوە. تا ئەمـڕۆش ئەم ناوچانەمان سـەقـامگـیرییان تێـدا نیـیە و لە تـرس و دڵەڕاوکـێـدان. چونکە لەژێـر دەسەڵاتی سوپـای عـەرەبیـدان و بـووە بە ناوچـەیەکی سەربـازیی داگـیرکـراو. رۆژانە گـێـچـەڵ بە کـوردانی ئـەم نـاوچـەیە دەکـەن، کـە زێـدی هـەزاران ساڵـەمـانە. کەسـانی نامـۆیان بۆ هـێـناون، دیانـەوێـت بە زەبـری هـێز و بە هەڕەشە و تـرسانـدن، کـۆچ بە کـورد بکەن و دیمـۆگـرافـیای ناوچەکە، لـە بەرژەوەنـدی نەتـەوەی عـەرەب بگـۆڕن و رێـژەی کورد کەم بکەنەوە و دەست بەسەر زەوییەکانی جووتیارانی کوردمان بگرن و بیاندەن بە عـەرەبی هـاوردە. ئەم سیاسەتەش تـازە نییە، نیـازی گڵاوی یەک لە دوای یەکی حکوومەتە شۆڤێنییەکانی عـێراق بووە، بە حکوومەتەکەی عـێراقی ئێستاشەوە. لە عـومـەری کـوڕی خەتـابەوە تا ئەمـڕۆ هـەر هـەمـان نیـازی داگـیرکـارییـە.
من پیـموایە لە دوای دانان بە (دەوڵەتی فەلەستین) دا، پرسی کورد و کوردستان زیاتر دەورووژێـت و دەبـێـتە کـێـشەی سەرەکـیی چارەسەرنەکـراوی رۆژهـەڵاتی ناوەڕاست. بۆیە پێویستە سەرکـردەکانی کورد، لە هەموو کوردستاندا، ئامادە و هـۆشیاربن و پلان
و نەخـشەیان هەبێـت و هـەوڵبدەن بە وردی گریمانە و ئەگەرەکان بخـوێـننەوە. بتوانن سـوود لە هـەل و لە گـۆڕانکارییەکان و لە دۆخەکانی ئەمـڕۆی رۆژهـەڵاتی ناوەڕاسـت وەربگـرن. کە تا رادەیـەک لە بەرژەوەنـدی کورد دان. بۆ ئەم مەبەستەش پێـویستە لە زووتـرین کاتـدا، کۆنگـرەیەکی گـشتی نیـشـتمانی نەتەوەیی کورد ببەستن، کە نوێنەری هەمـوو بەشەکانی کوردستانی تێـدا بێـت. بەبێ تـرس و بە ئازادی باس لە ئەمڕۆ و لە داهـاتـووی کوردسـتان بـکەن. دەرئـەنجـام یـەک وتـاری سـیاسی و نەتـەوەیی و یـەک هەڵـوێـستبن. کارنامەی سەرەکی کۆنگرەکە، دامەزرانـدنی (دەوڵەتی کوردستان) بێـت. بە دەنگی زۆرینە، بڕیارەکانی کۆنگـرە پەسەند بکەن و هەموو لایەنەکان، پابەندبن بە بـڕیـارەکانییەوە. پێـویـستە ئـەوە باش بـزانـن، کە چـارەنـووسی هـەمـوو کـورد، یـەک چـارەنـووسـە. بـۆیـە دەبـێـت بەرژەوەنـدیی بـاڵای گەلـەکەمـان، لە سـەرووی هـەمـوو بەرژەوەنـدیـیـەکـەوە بـێـت. داهـاتـوویـەکی باشـتر بـۆ کـورد و کوردسـتان، لە دەسـتی سەرکـردەکانی ئەمـڕۆمان دایە، ئەمەش بەرپـرسیارێتییەکی نەتەوەی چارەنـووسسازە. هـەر کەمتەرخەمی و سازشکـردن و هـەڵـەیەکی سـتراتیـژی بکەن. یان ناپـاکی بکەن، خـەون و هـیوای حەفـتا و پـێـنج مـلیـۆن کورد لەدەست دەدەن. گـەر ناپـاکی بـکەن نە مێژوو و نە نەوەی داهاتـوومان لـێیان نابوورن و رۆژانەش نەفـرەت بارانیان دەکەن.

راسـتە کە راگەیانـدنی دەوڵـەتی کوردستان، لەنێـو دوورگەیـەکی نەیـاران و ناحـەزانی کورددا، بڕیارێکی ئاسان نییە. بەڵام هەر خۆمان دەڵێین “ئەوی بترسێت ناخەلەسێت”. تا لەژێردەستی داگیرکەراندا بمێنینەوە، هیچ بە هیچ ناکەین و زیاتر دەمانچەوسێننەوە.
لە کـۆتـاییدا، دووبـارەی دەکەمەوە، ئەگەر ئـێـمەی کـورد، یەکگـرتـوو و یەکـدەنـگ و یەکهەڵـوێـست و یەکـوتار بین. دەتوانین گەورترین داگیرکەران و نەیارانی کوردستان بە چـۆکـبهـێـنـین و بـڕیـاری دامـەزرانـدنی دەوڵـەتی کوردسـتان بـدەیـن.
پێـویـستە لۆبـیـیەکی بەهـێز و چالاکی دیـپلـۆمـاتی کوردی، لە دەرەوەی کوردستان، لە نوێنەری هەموو بەشەکانی کوردستان پێکـبهـێـنین و کە ناسراوبـن و زمانـزانێ باشی ئینگـلیزی بن. ئاستێکی نەتـەوەیی و شارەزایی باڵایان هـەبێـت. بانـگەشە بۆ دەوڵـەت کوردستان بکەن و بتـوانن فـشار بخەنە سەر پەرلەمان و حکـوومەتەکانی جیهـان. بە تایبەتـیش وڵاتـانی زلهـێـز. پاڵپشـت و لایەنگـران بۆ راگەیانـدنی دەوڵـەتی کوردسـتان. دەبـێـت خـۆمـان هـەوڵـبدەیـن و بـۆ ئـەم هـیـوا و ئامـانجـە رەوا و پـیرۆزە کـاربکەین.

لـەبـەردەم ویـسـت و ئـیـرادەیـەکی پـۆڵایـن و بـریـارێـکـی تـوکـمـە و سـەرسـەخـتـیی خـەبـات و تـێکۆشـانـدا، شـتێک نـییە کە نـاوی ئەسـتەم بێـت. زەبـەلاحـتریـن سـوپای داگـیرکـەر و دڕنـدەتـریـن دیـکـتـاتـۆر و سـەخـتریـن قـەڵا و شـوورە و مـۆدێـرتـریـن چـەکی کـوشـندەدا، ناتـوانـن لە بـەردەم، تـەوژمی شەپـۆڵەکانی تـسـۆنامی ئێـراردەی پـۆڵایـین و رق و تـووڕەیی راپـەڕینی گـەلـێکی ســتەمـلـێکـراوی مـاف زەوتکـراو و نـیـشـتـمـان داگـیرکـراودا، بـتـوانـن خـۆیـان بـگـرن.

(*) بۆ ئەم نووسـینەم، تا رادەیەک سـوودم لە زیاتر لە (٣٥) ماڵـپەڕی ئینگـلیزی و کـوردی و عـەرەبی و سـەرچـاوەی تـر ر وەرگـرتـووە.

دوبـەی: ٢٠٢٥




شانۆگەریی شیعری.. کەنعان مدحەت

(١)
تولە سەگێ
ڕوو لە گەماڵێ دەکا و دەپرسێ
گەر تۆ دایکمی،
باوکم کێیە و چ ڕەگەیە
سەر بە چ بنەماڵە و تایەفە و لقە زمانێکە.. دایە؟
گەماڵە سەگ،
بۆ وەڵامێکی باوەڕ پێکراو
چاو بە حەشاماتە خوێڕیی دەورووبەرا دێنێ و
لە بێ دڵنیایی
شەرمەزار و سەرشۆڕ
بە حەپەیەکی لە چپە چوو، کۆتا بە
شانۆگەریی سەددە
دێنێ

(٢)
چی ڕیش سپی شارە؛ پەمو لە گوێ
دەسەڵاتدار؛ تینو و
برسیی،
ئاونگی سەر لێو و
نەرمە سەرموهری دوو توێیە.
منی نیگەرانیش؛
لە کونی کلیلی دەرگاوە
پیتی هۆنراوە سەروقنگ هەڵواسراوەکانی
بە تەڵە و داوەوەم
لە ئەلفوبێی،
پێ بە کۆت و زنجیرەوە
بۆسەر زمانێکی کێویی دەستکاری نەکراو
دەگۆڕمەوە
ڕاتەکانێ
لە ڕێی شیعری ئازادەوە
لادێ بە شارەوە
گرێ بدات




ئێریکسن و قۆناغەکانی گەشەی تیۆری دەروونی-کۆمەڵایەتی.. جوتیار

ئامانج لەو کورتە ووتارە نیشاندانی ئەوەیە کە چۆن ژیانی خودی ئێریکسن، بیرۆکە دەروونییە گەشەسەندووەکانی لە قاڵب داوە و چۆن دەتوانرێت تیۆرییەکانی لە بواری پەروەردە و پەروەردەی ڕاوێژکاریدا بە کردەوە بەکاربهێنرێن. وتارەکە دیدگا بیوگرافیەکان لەگەڵ ڕوونکردنەوە پراکتیکییەکانی قۆناغە دەروونی- کۆمەڵایەتییەکان تێکەڵ دەکات و بە نموونەی ڕاستەقینە و پەیوەندیدار نیشانیان دەدات.
ژیانی کەسی و کاریگەری و ئەزموونەکان
ئێریک ئێریکسن لە ساڵی ١٩٠٢ لە شاری (فرانکفۆرت ئەم ماین) لەدایکبووە و لە ژینگەیەکی کولتووری هەمەچەشندا گەورە بووە، بنەچە و ناسنامەکەی هەر لە سەرەتاوە تەوەری سەرەکی بوو بۆ ئەو، ئەو لە خاتونێکی هۆڵەندی بە بنەچە یەهودی کە خەڵکی کۆپنهاگن بووەو دواتر بە هۆی شەرایتێکی تایبەتی کۆمەڵایەتی کۆچی کردووە بۆ ئەڵمانیا هاتۆتە دونیاوە ، بەڵام ئێریکسن لە لایەن باوکێکی نەناسراوەوە بەخێو کراوە و ژیانی بۆ دابینکراوە و هەروەکوو منداڵی راستەقینەی خۆشی بەرخوردی کردوەو سۆزی پێداوە، ئەمەش پرسیارەکانی سەربەخۆیی و ڕەگ و ناسنامەی بۆ ئیریکسن لە سەرەتاوە هێنایە پێشەوە، ئەم خاڵە دەستپێکی ژیانی راستەقینەی، حەزو ئارەزووی ئەوی بۆ ناسنامە و سەربەخۆیی و ئەو ژینگە کۆمەڵایەتییەی کە کاریگەری لەسەر گەشەی تاک هەیە، لە قاڵب دا.
تەنانەت لە تەمەنێکی بچووکیشدا ئێریکسن بەدوای وەڵامدا دەگەڕا بۆ ئەو پرسیارەی کە مرۆڤەکان چۆن جێگەی خۆیان لە ژینگە کۆمەڵایەتیەکەیاندا و چۆن سەقامگیری لەنێوان خۆیاندا دەدۆزنەوە. ئێریکسن بەرژەوەندییە سەرەتایی و توێژینەوەکانی لە هونەر و ئێتنۆلۆژیدا (زانستی بوون) دەستپێکرد؛ ئەو ئاراستە دیسیپلینییە، ڕەنگدانەوەی دیدگای گشتگیرانەی دواتری ئێریکسنی بنیاتنا.
ئەو گەشەکردن وەک پرۆسەیەک تێدەگات کە بە توندی کاریگەری بەها کولتوورییەکان، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و چوارچێوەی مێژوویی لەسەرە. ڕێنماییە سەرەتاییەکانی لە ڕێگەی چاودێریکردن لە ناو خێزانەکان، قوتابخانەکان و شوێنە بیماری و چارەسەریەکان، بناغەی تێگەیشتنێکی دەروونی گەشەسەندووی دانا کە مرۆڤەکان لەناو گەردوونی کۆمەڵایەتی ودەروونی خۆیاندا دەڕوانن و لێکدانەوە بۆ شتەکانی دەوروبەر دەکەن.
ئێریکسن ئەزموونی ئەوەی کرد کە چۆن پرسیارەکانی (ئیدینتیتێت) پێناس ، سەربەخۆیی و پێکهاتنی ڕۆڵ لە بوارە جیاوازەکانی ژیاندا- خێزان، قوتابخانە و شوێنی کار- چەندین جار گرژی و ڕووبەڕوبونەوەی نوێیان بۆ ئەوهێنایە ئاراوە. ئەو گرنگیدانەی تەواوی ژیانی لەسەر گەشەکردن لەناو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، تێزە سێنتڕاڵەکەی لە قاڵب دا. ئەو پێی وایە کە گەشەکردن مۆدێلێک نییە بۆ یەک قۆناغ بچووک بکرێتەوە، بەڵکو پرۆسەیەکی بەردەوام و کاریگەری دەروونی- کۆمەڵایەتییە کە قەیران و دەرفەت و فەزیلەت(ئەخلاقیاتی باڵای) نوێ لە هەموو قۆناغەکانی ژیاندا دروست دەکات.
هەروەها ڕەخنەی لە چەسپاندنی چارەسەرە تاکەکەسییەکان لە چوارچێوەی کولتووری و مێژووییدا گرت، مۆدێلی ڕوونکردنەوەی تەنیا دەروونی ڕەگەزی زۆر تەسک بوو بۆ تێگەشتنی ئەو. بەڵکو ئەو جەختی لە گرنگی کارلێکە کۆمەڵایەتییەکان و نۆرمو بەها کولتووری و واقیعی ژیانی تایبەتی تاک کردەوە.
ئەو ڕێبازە بیۆگرافییە دواتر لە ڕێبازە ئەزموونییەکەیدا ڕەنگدانەوەی هەبوو، ئێریکسن لە نزیکەوە لەگەڵ کەسانی پاشخانئاڵۆزو گروپی تەمەن جیاوازو و بارودۆخی ژیانئامێزی جۆراوجۆردا کاری دەکرد. ئەو چاودێری ڕەوتی ژیانو گوزەرانی لە ناو خێزانەکان، قوتابخانەکان و شوێنە بیماریەکان دەکرد، ئاماژەی بەوەدا کە چۆن وابەستەیی کۆمەڵایەتی و ژیاری پێکدەهێنن، چۆن سەربەخۆیی و دەستپێشخەریی تاک پەروەردە دەکرێن یان ڕێگرییان لێدەکرێت، چۆن چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگا کاریگەرییان لەسەر گەشەسەندنی تاکەکەسی هەیەو دەکرێت بۆ بنیات و داڕوخانی کەسێتی کارلێکەر بن.
ئێریکسن ئەو ئاراستە پراکتیکییەی لە قۆناغەکانی ژیانی خۆیدا وێنا کردووە، کە هەریەکەیان پرسیارێکی ناوەندی و فەزیلەتێک(ئەخلاقێکی باڵا)یان لێدەکەوێتەوە. بۆ ئێریکسن ڕوون بوو کە سەرکەوتن یان شکست لە قۆناغێکدا نابێت بە گۆشەگیری مرۆڤ سەیر بکرێت، بەڵکو ڕێڕەوەکانی ژیانی دواتر لە قاڵب دەدات و دەستنیشانی دەکات. ئاسایش و دڵنیایی سەرەتای تەمەنی منداڵی کاریگەری لەسەر دروستبوونی ناسنامە لە تەمەنی هەرزەکاریدا هەیە، یەکسانی لە گەورەبوونی تەمەندا دەتوانێت یەکپارچەیی ژیانی دواتر بەهێز بکات.
لە کۆتاییدا چیرۆکی ژیانی ئێریکسن بەردەوامییەک ئاشکرا دەکات، ئەویش گەڕان بەدوای سەربەخۆیی، مەیلێک بەرەو ڕوانگەیەکی گشتگیر بۆ تاک لەناو پەیکەری کۆمەڵایەتیدا، نەوەکوو پاڵنانی مۆدێلی ڕوونکردنەوەو توێژینەوەکان تەنیا لەسەر بنەمای ڕەگەزی. بەم پێیە بیۆگرافیای ئێریکسن ڕەنگدانەوەی ئەو بیرۆکە سێنتڕاڵە دەبێت کە گەشەکردن پرۆسەیەکی تەواوی ژیانییە و لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە لە قاڵب دراوە و قەیرانی نوێ و دەرفەتی فێربوونی نوێ و فەزیلەتی(ئەخلاقیاتی باڵای) نوێ لە هەموو قۆناغێکی ژیاندا دەهێنێتە ئاراوە.

تیۆری ئێریکسن و چەمکی بنەڕەتی و قۆناغەکانی ژیانی ڕاستەقینە
بیرۆکەی سینتڕاڵ لای ئێریکسن ئەوەیە کە گەشەسەندنی مرۆڤ لە تەواوی تەمەنیدا بە قەیرانی دەروونی کۆمەڵایەتی تایبەتمەند دەورەدراوە. هەر قۆناغێک پرسیارێک دەخاتە ڕوو، کە چارەسەری سەرکەوتووانەی مۆڕاڵێکی باڵا دروست دەکات کە پشتگیری لە ژیانی یان لە قۆناغێکی دواتر دەکات. قۆناغەکان لەسەر یەکتر بنیات دەندرێن، بەڵام ئەزموونەکانی پێشووتر دەتوانن دەستکاری یان تەواوکەری نەخشەکانی دواتر بکەن. مۆڕاڵە باڵاکان وەک خاڵی دەستپێکی ئەرێنی بۆ ژیانی دواتر کارلێکەرو کاریگەردەبن لە کاتێکدا ڕووبوڕوبونەوەکان لە ئەگەری چارەسەرکردنی قەیرانەکان شکستیان پێبێت و زۆرجاریش دەتوانن ببن بە بەشیکی سەرەکی لە کێشە درێژخایەنەکانی مرۆڤدا.

هەشت قۆناغی گەشەی دەروونی-کۆمەلایەتی بە پێی ریزبەندی تیۆری ئیریکسۆن
١. متمانە بەرامبەر بە بێمتمانەیی ( قۆناغی ٠-١ساڵ): پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا جیهان وەک جێی متمانە ئەزموون دەکرێت؟ کۆرپەلە کاتێک ئەزموونی متمانە دەکات کە پێداویستییەکانی بە شێوەیەکی متمانەپێکراو دابین دەکرێن و هەست بە دڵنیایی و نزیکایەتی بکات. ئەزموونە ئەرێنییەکان وابەستەیییەکی پارێزراو بەرەوپێش دەبەن؛ بەبێ بنیاتی متمانە، بێمتمانەیی بە کەسانی نامۆ و ژینگەی کۆمەڵایەتی دەتوانێت گەشە بکات.
٢. ئۆتۆنۆمی(سەربەخۆیی) بەرامبەر شەرمەزاری و گومان (قۆناغی١-٣ ساڵ): ئەم قۆناغە سەرنج دەخاتە سەر پرسی سەربەخۆیی. پێداویستییە سەرەتایەکانی وەکوو خواردن و پۆشینی جل و بەرگ و لەبەرکردنی جل و بەرگ بە شێوەیەکی سەربەخۆ، یان گەڕان بەدوای ژینگەدا بە تەنیا، هێزی ئیرادە بەهێز دەکات. ڕەخنە یان سزای زیادەڕۆیی دەتوانێت ببێتە هۆی شەرمەزاری یان گومان و ڕێگری لە ئۆتۆنۆمی(سەربەخۆیی) کەسێتی بکات.
٣. دەستپێشخەری بەرامبەر بە تاوانباری (قۆناغی٣-٥ ساڵ): منداڵان لە ڕێگەی ڕۆڵگێڕان و گەڕانی چالاکەوە ڕۆڵی نوێ تاقی دەکەنەوە. هاندانی دوای سەرکەوتنەکان دەستپێشخەری بەرەوپێشچوون زیاد دەکات؛ شەرمەزارکردنی زۆر یان سزادان دەتوانێت تاوانباریی بنیات بکات و ڕیگری لە دەستپێشخەری بکات.
٤. توانایی بەرامبەر بە کەمتەرخەمی (قۆناغی٦-١١ ساڵ): لە قوتابخانەدا، لێهاتوو و خاوەن تواناکان دەبنە جێگەی سەرنج. بەرپەرچی ئەرێنی لەسەر ئەرکەکان و پڕۆژەکانی تاک و گروپ هەستی لێهاتوویی بەهێز دەکات؛ هەڵسەنگاندنە نادروستوو نێگەتیڤەکان دەتوانن هەستی کەمتەرخەمی پەروەردە بکەن ئەگەر پشتیوانی و هاندان بۆ تواناکان کەم بێت.
٥. سەرلێشێواوی ناسنامە بەرامبەر بە ڕۆڵ (قۆناغی هەرزەکاری): هەرزەکاران بەدواداچوون بۆ بەهاکان، پیشە و پلانەکانی ژیان دەکەن. ناسنامەیەکی ڕوون دەتوانێت ئاسانکاری بۆ پەیوەندییەکان و پلاندانانی ژیان بکات. بەبێ ئاراستەیەکی ڕوون، دەکرێت سەرلێشێواوی ڕۆڵ لە کۆمەڵگادا سەرهەڵبدات.
٦. ئینتیما بەرامبەر بە گۆشەگیری (قۆناغی سەرەتای تەمەن): دروستکردنی هاوبەشی و هاوڕێیەتی نزیک، پێویستی بە متمانە و ئامادەیی هەیە بۆ کرانەوە. ترس لە ئازاردان دەتوانێت ببێتە هۆی گۆشەگیری.

٧. بنیادنان بەرامبەر چەقبەستویی (قۆناغی تەمەنی مامناوەند): دۆزینەوەی مانا لە ڕێگەی چاودێریکردن، ڕاهێنەرایەتیکردن، دایک و باوکایەتی، یان دەستپێشخەرییە کۆمەڵایەتییەکان. بەبێ ئەم خاڵە ئاراستەکردنە، وەستان لە بری گەشە دەتوانێت ڕووبدات.
٨. دەستپاکی بەرامبەر بە نائومێدی (قۆناغی تەمەنی پێگەیشتوو): ئاوڕدانەوە لە ژیانی مرۆڤ، قبوڵکردنی سنووردارکردن و هەستکردن بە دۆزینەوەی مانا. شکست یان ئامانجە بەدینەهاتووەکان دەتوانن بێهیوایی لێبکەوێتەوە؛ بیرکردنەوەیەکی سەرکەوتوو پەروەردەی پڕلە حیکمەت دروست دەکات.

چۆن ئێریکسن یارمەتیدەرە لە ژیانی ڕۆژانەدا
لە سیستمی پەروەردەدا دەتوانرێت سود لەو تیۆرە وەربگیرێت و مۆدێلەکە بەکاربهێنرێت بۆ داڕشتنی مەنهەجەکان کە وابەستەیی پێشوەختە، سەربەخۆیی، هاوکاری و ئەزموونی یەکگرتوو لە ڕۆڵدا چالاک بکات. لە پەروەردەکردنی منداڵدا ئەمە بە واتای قبوڵکردنی هەڵەکانە وەک پرۆسەیەکی فێربوون و شانسی گەشە؛ ستایشکردن دەبێت جەخت لەسەر پرۆسەکە بکاتەوە نەک ئاراستەکردنی دەرئەنجامەکان بۆ بەهێزکردنی خۆکارایی. لە ڕاوێژکاری و کاری کۆمەڵایەتیدا، ڕێبازی ئێریکسن پشتگیری لە بونیادی ناسنامە دەکات لە کاتی هەرزەکاریدا و پەرەپێدانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە چوارچێوەی خێزاندا. لە ڕووی کلینیکیەوە(چارەسەرییەوە)، دەتوانرێت تێڕوانینەکانی بۆ تەواوی چارەسەریەکان پشتی پێببەسترێت. ئەو، دەستێوەردانەکانی دەوروبەر، ڕێڕەوی ژیانی جۆراوجۆر، جیاوازییە کولتوورییەکان و کارلێکی سەرچاوە تاکەکەسییەکان لەگەڵ هۆکارە ژینگەییەکان لەبەرچاو دەگرێتوو جەختیان لەسەر دەکاتەوە.

ڕەخنە و کۆنتێکستەکان
پرسی گشتگیری کولتووری قۆناغەکان و مۆڕاڵە باڵاکان خاڵێکی سەرەکی گفتوگۆی ڕەخنەگرانە. ڕێزبەندی هێڵی قۆناغەکان ناتوانێت بە شێوەیەکی گونجاو نوێنەرایەتی ڕێڕەوی ژیانی مرۆڤەکان بکات، بە تایبەتی لە حاڵەتەکانی بیۆگرافیای پەیوەست بە کۆچکردن(میگراسیۆن)، چەندین ناسنامە، یان ڕێڕەوی ژیانی ناتەقلیدی. لێکۆڵینەوەکانی ئەم دواییە جەخت لەسەر گرنگی فرە ناسنامە و لێکدانەوەی نەرم و نیان و وابەستە بە چوارچێوە بۆ قەیرانەکان دەکەنەوە. بۆیە بەکارهێنانی هاوچەرخ پێویستی بە هەستیاری کولتووری و گونجاندن لەگەڵ لێکدانەوە شانۆییەکان و ڕەچاوکردنی ڕێڕەوی ژیانی تاکەکەسی هەیە.
مۆدێلی ئێریکسن گەشەسەندنی کەسیی بە نزیکییەوە بە زەمینە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەبەستێتەوە و خاڵە کۆنکرێتییەکانی لەنگەر بۆ پەروەردە، پەروەردەکردن و ڕاوێژکاری دابین دەکات. ڕوانگەی تەواوی بۆ ژیانێکی تەندروست، پشتگیری لە پراکتیکێکی گشتگیر دەکات، بەڵام دەبێت زیاتر ڕەچاوی جۆراوجۆری کولتووری و ڕێڕەوی ژیانی تاکەکەسی بکات. توێژینەوەکانی داهاتوو دەتوانن جەختێکی زیاتر لەسەر گونجانی فرە کولتوری، ئەزموونی کۆچکردن و ڕێڕەوی ژیانی گشتگیر بکەنەوە و بەپێی ئەو ئامرازە کردارەکان زیاتر پەرەپێبدەن.

جوتیار




ڕزگارکردنی کولتوور لە خراپی و نزمی لە ڕێگەی گەشەپێدانی بیرکردنەوەی فەلسەفی و پێشخستنی کارایی ڕەخنەیی و گفتوگۆی عەقڵانی.. ‏و . لە عەرەبیەوە: یاسین لەتیف

‏پێشەکی
‏”فەلسەفە عەقیدە نییە، بەڵکو چالاکییە.”
‏ ماتیۆ لیپمان

‏‏کولتووری هاوچەرخ بەدەست قەیرانێکی قوڵەوە دەناڵێنێت کە بە “نزمیی کولتووری” یان “سەردەمی هیچو پووچێتی” دەناسرێت، ئەمەش دیاردەیەکە بە بڵاوبوونەوەی بەرهەمی ڕووکەشیی بەکاربەر، پووچیی میدیایی و ڕووکەشبوونی هزری لەژێر سێبەری باڵادەستیی ئابووریی دیجیتاڵی و زیرەکیی دەستکرددا دەناسرێتەوە. تیۆدۆر ئەدۆرنۆ لە “پیشەسازیی کولتوور” (١٩٤٧)دا وا وەسفی دەکات کە بریتیە لە “بەرهەمهێنانێکی کولتووریی یەکخراو کە توانای بیرکردنەوەی سەربەخۆ لە مرۆڤ دەسەنێتەوە”، لە کاتێکدا جان بۆدریار لە “لێکچواندن و لاساییکردنەوە” (١٩٨١)دا وەک “زیادەڕەوی لە واقیعیبوون و واقیعێکی لەڕادەبەدەر” دەیبینێت کە شوێنی ڕەسەنایەتی دەگرێتەوە. ئامانجی ئەم توێژینەوە ئەکادیمییە پێشنیارکردنی مۆدێلێکی ڕزگارکەری سێ ڕەهەندییە: گەشەپێدانی بیرکردنەوەی فەلسەفی وەک ئامرازێک بۆ گەڕاندنەوەی قوڵایی، پەرەپێدانی کارایی ڕەخنەیی وەک چەکێک دژی ڕووکەشبوون، و گفتوگۆی عەقڵانی وەک میکانیزمێک بۆ بنیاتنانەوەی پەیوەندیی مرۆیی. لەمەشدا پشت بە تیۆرییەکانی هابرماس (کردەی پەیوەندی)، فۆکۆ (مەعریفە-دەسەڵات)، و گادامێر (هێرمەنۆتیکا) دەبەستین، لەگەڵ گرتنەبەری نزیکبوونەوەیەکی (دیداکتیکی) یان زانستی فێر کردن بۆ جێبەجێکردنی ئەم مۆدێلە لە پەروەردە و کۆمەڵگەدا. توێژینەوەکە دابەش بووە بەسەر شیکردنەوەی “نزمی”دا، پاشان هەر یەک لە سێ ڕەهەندەکە، دواتر بەراوردکاری و جێبەجێکردنە دیداکتیکییەکان، لەگەڵ نموونەی مێژوویی و هاوچەرخ. چۆن لە ڕۆژی جیهانییەکەیدا، ژیانێکی نوێ بە بەر فەلسەفەدا بکەینەوە؟
‏(شیکردنەوەی دیاردەی نزمیی کولتووری)
‏نزمی تەنها بریتی نییە لە لاوازیی کوالیتی، بەڵکو سیستمێکی کولتوورییە کە “کاڵای کولتووری”ی خێرا-بەکاربردن بەرهەم دەهێنێت. تایبەتمەندییەکانی
‏ڕووکەشکردن: کورتکردنەوەی شتە ئاڵۆزەکان بۆ شتی سادە (وەک: “ڤیدیۆ کورتەکان” لە تیکتۆک).
‏‏دووبارەکردنەوە: بەرهەمهێنانەوەی نموونەکان بەبێ داهێنان (وەک: بەرهەمهێنانەوەی فیلمەکانی هۆلیوود).
‏‏بەکاربەری: بەستنەوەی بەها بە بڵاوبوونەوەوە نەک بە قوڵایی (کولتووری قوتووبەندکراو).
‏هۆکارەکانی: هەژموونی بازاڕ (ئەدۆرنۆ)، لەدەستدانی هالە (واڵتەر بنیامین)، و “مردنی نووسەر” کە بە هەڵە تێگەیشتراوە (بارت). دەرەنجامەکانی: داخورانی ناسنامە، بڵاوبوونەوەی نەزانیی بەئەنقەست و ، هەرەسهێنانی گفتوگۆی گشتی.
‏(ڕەهەندی یەکەم: گەشەپێدانی بیرکردنەوەی فەلسەفی وەک ئامرازێک بۆ قوڵایی)
‏بیرکردنەوەی فەلسەفی بریتییە لە “پرسیارکردنی مەنھەجی دەربارەی واتا و بنەماکان” (هایدگەر). کولتوور بنیات دەنێتەوە لە ڕێگەی
‏ئیشکالیەت: گۆڕینی “زانیاری” بۆ “پرسیار” (وەک: لە “زیرەکیی دەستکرد چییە؟”ـەوە بۆ “واتای ئەوەی مرۆڤ زیرەک بێت چییە؟”).
‏دیالەکتیک: بنیاتنانی مەعریفە لە ڕێگەی دژایەتیەوە (هیگڵ).
‏تێڕامان: بەرەنگاربوونەوەی خێرایی بە وەستان (ئەرستۆ: تیۆری وەک ژیانێکی تێڕاماناوی).
‏لە ڕووبەڕووبوونەوەی نزمیدا، فەیلەسوف وەرگر لە بەکاربەرەوە دەگۆڕێت بۆ بەرهەمهێنەری واتا. نموونە: هەڵمەتی “فەلسەفە بۆ منداڵان” (ماتیۆ لیپمان) کە زیادبوونی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بە ڕێژەی ٤٠٪ لەنێو منداڵاندا سەلماند.
‏(ڕەهەندی دووەم: پەرەپێدانی کارایی ڕەخنەیی وەک چەکێک دژی ڕووکەشبوون)
‏کارایی ڕەخنەیی بریتییە لە “توانای هەڵوەشاندنەوەی گوتارە باڵادەستەکان و بنیاتنانەوەیان” (فۆکۆ). ئەمانە لەخۆ دەگرێت:
‏شیکردنەوەی ڕەخنەیی: ئاشکراکردنی ئایدۆلۆژیای شاراوە (مارکس: “هۆشیاریی ساختە”).
‏ڕەخنە لەخۆگرتن: پێداچوونەوە بە گریمانەکانی تاک (کانت: “بوێریی زانین”).
‏فرەیی: قبوڵکردنی ڕا دژبەیەکەکان بەبێ سڕینەوە (ئەدۆرنۆ: “بیرکردنەوەی نەرێنی”).
‏ئامرازەکانی: تیۆریی ڕەخنەی کولتووری، شیکردنەوەی گوتار (ڤان دایک). لە سیاقی دیجیتاڵیدا، توانای بەرەنگاربوونەوەی “بڵقەکانی پاڵاوتن” (Filter Bubbles) دەبەخشێت لە ڕێگەی ئامرازگەلێکی وەک “ڕێبەری ئاشکراکردنی ساختە”.
‏(ڕەهەندی سێیەم: گفتوگۆی عەقڵانی وەک میکانیزمێک بۆ پەیوەندیی ڕەسەن)
‏گفتوگۆی عەقڵانی بریتییە لە “کردەی پەیوەندیی خاڵی لە شێواندن” (هابرماس لە تیۆریی کردەی پەیوەندیدا، ١٩٨١). ئەمانە دەخوازێت:
‏بابەتیبوون: پشت بەستن بە بەڵگەکان نەک سۆز.
‏گشتگیری: بەشدارپێکردنی هەموو دەنگەکان (لەوانەش پەراوێزخراوەکان).
‏کراوەیی: قبوڵکردنی ئەگەری گۆڕان (گادامێر: “تێکەڵبوونی ئاسۆکان”).
‏لە سەردەمی “پاش-ڕاستی”دا، گفتوگۆ متمانەی گشتی بنیات دەنێتەوە. نموونە: کۆڕبەندەکانی “قاوەخانەی فەلسەفی” لە فەرەنسا، کە لە ساڵی ١٩٩٢ـەوە هەزاران بەشداربووی لە گفتوگۆی قوڵدا کۆکردۆتەوە.
‏(بەراوردکاری لە نێوان سێ ڕەهەندەکەدا)
‏ئەگەر بەراوردێک لە نێوان سێ ڕەهەندەکەدا بکەین، دەبینین ئامانجی سەرەکیی ئەو بنەما تیۆرییەی کە پشتی پێ دەبەستێت، ئەوەیە کە جێبەجێکردن دژی “نزمی کولتوری”، گەڕاندنەوەی قوڵایی و واتا بە بیرکردنەوەی فەلسەفی دەبەخشێت، ئەمەش هەریەک لە هایدگەر، هیگڵ و ئەرستۆ نوێنەرایەتی دەکەن . هەروەها کارایی ڕەخنەیی یارمەتیدەرە بۆ گۆڕینی بەکاربردن بۆ تێڕامان و هەڵوەشاندنەوەی گوتارە ساختەکان، کە هەریەک لە فۆکۆ، کانت و ئەدۆرنۆ نوێنەرایەتی دەکەن و دەبێتە هۆی ئاشکراکردنی چەواشەکاریی میدیایی. هەرچی گفتوگۆی عەقڵانییە، هەوڵی بنیاتنانی سازانێکی پەیوەندی دەدات و دەخوازێت بەڵگە بخاتە شوێنی هاوارکردن، کە هەریەک لە هابرماس، گادامێر و پۆڵ ڕیکۆر نوێنەرایەتی دەکەن. ‏
‏بەگشتی، تەواوکاریی هەر سێ ڕەهەندەکە: گەشەپێدانی بیرکردنەوەی فەلسەفی، بەکارهێنانی کارایی ڕەخنەیی و پشت بەستن بە میکانیزمی گفتوگۆی عەقڵانی، “سێگۆشەی ڕزگارکردنی کولتووریی هەنووکەیی” پێکدەهێنن، چونکە: بیرکردنەوە ناوەڕۆک دابین دەکات، ڕەخنە پاکی دەکاتەوە، گفتوگۆش بڵاوی دەکاتەوە.
‏(نزیکبوونەوەی دیداکتیکی یان”زانستی وانە وتنەوە”: جێبەجێکردنە پڕاکتیکییەکان لە پەروەردە و کۆمەڵگەدا)
‏مۆدێلەکە تێکەڵ بە پرۆگرامەکانی خوێندنی فرەئاست دەکرێت:
‏لە خوێندنی بنەڕەتیدا:
‏بەرنامەکانی “فەلسەفە بۆ منداڵان” (لیپمان): سازدانی دانیشتنی هەفتانە بۆ گفتوگۆکردنی پرسگەلێکی وەک “جوانی چییە؟” لەبری تەڵقینکردن.
‏یارییە ڕەخنەییەکان: “یانەکانی مشتومڕ” (Debate) بۆ ڕاهێنان لەسەر بەڵگەهێنانەوە.
‏لە خوێندنی زانکۆدا:
‏بابەتەکانی “ڕەخنەی کولتووریی دیجیتاڵی”: شیکردنەوەی پلاتفۆرمەکانی وەک نێتفلێکس (Netflix) بە بەکارهێنانی ئامرازەکانی فۆکۆ.
‏پڕۆژەی گفتوگۆیی: “گفتوگۆی فرەپسپۆڕی” لە نێوان کۆلێژەکانی زانست و هونەردا.
‏لە کۆمەڵگەدا:
‏پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان: “کۆڕبەندەکانی فەلسەفە لەسەر ئینتەرنێت” بەپێی ڕێسا هابرماسییەکان.
‏هەڵمەتی گشتی: “هەفتەی گفتوگۆی نیشتمانی” بۆ تاوتوێکردنی پرسگەلێکی وەک گۆڕانی کەشوهەوا بە شێوەیەکی عەقڵانی.
‏بەکارهێنانی هونەرەکان: شانۆگەریی کارلێککار (Interactive) کە نزمی بەرجەستە دەکەن و شیکاری دەکەن (وەک شانۆی برێخت).
‏هەڵسەنگاندنی کارایی: ڕاپرسییەکانی پێش/پاش، شیکردنەوەی گوتار، پێوانەکردنی نیشاندەرەکانی وەک “ئاستی ڕووکەشبوونی میدیایی” (نیشاندەری نەهێشتنی نەخوێندەواریی میدیایی).
‏توێژینەوەی دۆخ: ئەزموونی “ڕزگارکردنی کولتوور” لە بەڕازیل (٢٠٢٢-٢٠٢٤)
‏لە پڕۆژەی وەزارەتی کولتووری بەڕازیلیدا، مۆدێلەکە لەسەر ٥٠ قوتابخانە جێبەجێ کرا:
‏قۆناغی ١: ڕاهێنان بە مامۆستایان لەسەر بیرکردنەوەی فەلسەفی.
‏قۆناغی ٢: وۆرکشوپی ڕەخنەیی بۆ شیکردنەوەی میدیای جەماوەری.
‏قۆناغی ٣: کۆڕبەندی گفتوگۆیی مانگانە.
‏دەرەنجامەکان (ڕاپۆرتی یونسکۆ ٢٠٢٤): کەمبوونەوەی بەکاربردنی “ناوەڕۆکی ڕووکەش” بە ڕێژەی ٥٢٪، بەرزبوونەوەی بەشداریکردن لە چالاکییە کولتوورییە قوڵەکاندا بە ڕێژەی ٦٨٪.

‏کۆتایی
‏فەلسەفە بریتییە لە گفتوگۆیەکی درێژخایەن لە نێوان کەسانێکی جیاوازدا، کە بەدوای چارەسەری بەشەکیدا دەگەڕێن بۆ کێشە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ.
‏(ماتیۆ لیپمان)
‏ڕزگارکردنی کولتوور لە نزمی، خۆشگوزەرانییەکی هزری نییە، بەڵکو پێویستییەکی بوونگەراییە (وجوودییە) لە سەردەمی ئامێردا. لە ڕێگەی گەشەپێدانی بیرکردنەوەی فەلسەفی و ، پەرەپێدانی کارایی ڕەخنەیی و بەهێزکردنی گفتوگۆی عەقڵانییەوە، گەڕاندنەوەی ڕۆڵی مرۆڤ وەک “بوونەوەرێکی بیرکەرەوە” نەک وەک بەکاربەرێک. ئەم مۆدێلە سنووری تیۆری تێدەپەڕێنێت بۆ ئەوەی ببێتە بەرنامەیەکی کردەیی، کە دەکرێت لەسەر ئاستی نیشتمانی پەیڕەو بکرێت. ڕاسپاردە دەکرێت بە دامەزراندنی “ناوەندی نیشتمانی بۆ ڕزگارکردنی کولتووری” و ئەنجامدانی توێژینەوەی درێژخایەن دەربارەی کاریگەریی ئەم نزیکبوونەوەیە لەسەر ناسنامەی بەکۆمەڵ لە سەردەمی زیرەکیی دەستکرددا. ئاخۆ تا چەند کولتوور لە ڕێگەی بکەر و دامەزراوەکانییەوە، یارمەتیدەر دەبێت بۆ درەوشاندنەوەی فەلسەفە؟

د. زوهێر ئەلخوێلیدی – انفاس نت – ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥
‏




ڕۆڵی چین لە هەرێمی کوردستان.. هەڵۆ حەسەن

شرۆڤەكانی ئەم دواییە لەسەر بوونی چین لە هەرێمی كوردستان، چین وەك ئەوەی بە هێمنی فەزا داگیركەر و كاریگەریی بە شێوەیەكی نەبینراو فراوانتر دەكات و وەك هەڕەشەیەكی بێدەنگ و نزیك پێشڕەوی دەكات وێنا دەكرێت. لەم چوارچێوەدانەدا، چین چیتر وەك دەوڵەتێك دەرناكەوێت كە لە ڕێگەی بەرژەوەندییە ناسراوەكان و سیاسەتی شەفافەوە كاردەكات، بەڵكو وەك هێزێكی سێبەر دەردەكەوێت- كە هەموو ئەنجومەنێك تەڵەیە، هەموو ئاڵوگۆڕێك فۆرمێكە لە كۆكردنەوە و هەموو دەستپێشخەرییەكی كولتووری ستراتیژییەكی شاراوەیە،لە ڕووی شیكارییەوە ئەم وێناكردنە چەواشەكارییە. تا ڕادەیەكی زۆر لە گوتاری ڕكابەریی زلهێزەكانی ڕۆژئاوا قەرزكراوە،نەك لە واقیعی هەرێمی كوردستان یان لە ڕەفتاری ڕاستەقینەی چین لەسەر زەویدا.

كۆمەڵەی شورای مەزن

سەرچاوەیەكی ناوەندیی هەڵە تێگەیشتن پەیوەندی بە كۆمەڵەی ” شورای مەزن “ەوە هەیە.كە نە ئەنجومەنێكی سیاسییە و نە دەزگایەكی بڕیاردەرە، نە وەك قۆڵێكی دامەزراوەیی هیچ دەوڵەتێكی بیانی كاردەكات. تۆڕێكە لەسەر شێوازی خوێندكارانی پێشوو كە لە تاكەكانی هەرێمی كوردستان پێكهاتووە كە پێشتر بەشدارییان لە بەرنامەی ڕاهێنان، سیمینار، یان سەردانی ئاڵوگۆڕكردن لە چین كردووە،ناوی كۆمەڵەكە لە “شورای مەزن” وە وەرگیراوە كە یەكێكە لە هێما مێژوویی و كولتوورییە ناسراوەكانی چین و جیهان. سەرلێشێواوی بەشێكی بەهۆی سەریەككەوتنی زمانەوانییەوە سەریهەڵداوە: كۆمەڵەكە “شورای مەزن”دەتوانرێت بە هەڵە پەیوەست كراوە بە “ئەنجومەن” یان دەسەڵاتی فەرمی. ئەم ڕێكەوتە ماناسازییە بووەتە هۆی ئەوەی كە لێكدانەوەی زیادەڕەوی تێدا بكرێت كە هێمای كولتووری هەڵئاوسێنێت بۆ مەبەستی سیاسی،ئەم جۆرە هەڵاوسانە چەواشەكارانەیە. تۆڕە كولتوورییەكان دەبێ بەو شێوەیە هەڵسەنگێندرێن كە هەن، نەك بگۆڕدرێن بۆ ناوەندی دەسەڵاتی خەیاڵی.

چین لە هەرێمی كوردستان

زۆرێك لەو ڕەخنانەی كە ئاراستەی چین دەكرێن، لەسەر تەماحە سیاسی یان ئەمنییەكانی چەواشەكارین و چاوپۆشی لەوە دەكەن كە بە شێوەیەكی بەرجەستە لەسەر زەوی ڕوویانداوە. لە واقیعدا، بەشداریكردنی چین لە هەرێمی كوردستاندا بە شێوەیەكی سەرسەختانە مەدەنی و گەشەپێدان و خەڵك سەنتەری بووە- نەك ستراتیژی و سەربازی
بوارە كۆنكرێتیەكانی بەشداریكردنی چین بریتین لە:
پڕۆگرامی ڕاهێنان و سكۆلەرشیپ بۆ خوێندكاران و ڕۆژنامەنوسان، و پیشەگەرەكانی هەرێمی كوردستان.
ئاڵوگۆڕی گەنجان و ئەكادیمی و كولتووری بە ئامانجی لێكتێگەیشتنی یەكتر.
پاركی دۆستایەتی چین كە لە ڕێگەی بەخشینەكانی كۆمپانیا چینییەكانەوە وەك فەزای گشتی بۆ كۆمەڵگا ناوخۆییەكان دروستكراوە.
بەشداریكردنی كۆمپانیا چینییەكان لە پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری، بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ، و پڕۆژەكانی وزەی نوێبووەوە، كە هەموویان لە چوارچێوەی یاسایی و ڕێكخراوەیی ناوخۆییدا ئەنجام دەدرێن.
ئەم چالاكییانە مەرجدارێتی سیاسی و هەناردەكردنی ئایدیۆلۆژی و دەستوەردان لە حوكمڕانی ناوخۆیی لەگەڵدا نەبووە. ئەوان ڕەنگدانەوەی هاوكارین نەك كۆنترۆڵكردن.
چین چەتری ئەمنی لە هەرێمی كوردستان دابین ناكات. سەربازەكان جێگیر ناكات و پێكهاتەی هەواڵگری بەڕێوە نابات و بیناسازی ئەمنی ناوچەیی لە داناریژیت. ئاسایش لە هەرێمدا لە بنەڕەتدا گەرەنتیكراوە لەلایەن ئەمریكا و هاوپەیمانەكانیەوە. ئەم واقیعە بەهۆی بەشداریكردنی كولتووری و ئابووری چینەوە مەترسی لەسەر نییە،هیچ شتێكی مشتومڕاوی لەبارەی داننان بە كێبڕكێی ستراتیژی نێوان ئەمریكا و چین نییە؛ ڕاستییەكی دامەزراو و جێگیرە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییە هاوچەرخەكاندا. هەڵەكە لە هەڵئاوسانی ئەم ڕكابەرییە لە سەرانسەری هەموو دۆمەینەكاندا و پرۆژەكردنی میكانیكی لەسەر هەرێمی كوردستان- گۆڕینی هەموو ئاڵوگۆڕێكی ئەكادیمی یان پڕۆژەیەكی ئابووری بۆ سەنگەرێكی گریمانەكراو.
بەشداریكردنی چین بە شێوەیەكی بەرچاو لە ڕێگەی هێزی نەرمەوە كاردەكات: گفتوگۆ، بازرگانی، ئاڵوگۆڕی پیشەیی و كارلێكی كولتووری. هێزی نەرم لە ڕێگەی ڕاكێشان و بەشداری خۆبەخشانە كاردەكات نەك ناچاركردن،ئەگەر دەسەڵاتی نەرم بە تەنیا بەس بووایە بۆ بەرهەمهێنانی هەژموونی سیاسی، دەیان ساڵ بەشداریكردنی ڕۆژئاوایی لە بواری پەروەردەیی، كولتووری، میدیایی و كۆمەڵگەی مەدەنیدا لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەژموونێكی بێ ڕكابەری لە هەموو شوێنێكدا بەدوای خۆیدا دەهێنا. واقیع بە ڕوونی ئەم گریمانەیە پووچەڵ دەكاتەوە. كوردستان خۆی وەك بەڵگە وەستاوە: سەرەڕای بەركەوتنی قووڵی بە هێزی نەرمی ڕۆژئاوایی- ڕاگەیاندن، پەروەردە، بودجە، سكۆلەرشیپ و هاوبەشی- لە ڕووی سیاسییەوە نەبووەتە ژێردەستەی ڕۆژئاوا،پێشنیاری ئەوەی كە كۆمەڵگای كوردی لەناكاو لە ڕێگەی پەیوەندی لەگەڵ چین بێ بەرگری دەبێت،هۆشدارییەك نییە سەبارەت بە چین؛ دەربڕینی بێمتمانەییە بە توانای فیكری و سیاسی و دامەزراوەیی كورد،تایبەتمەندییەكی دیاریكەری نووسینی ئەم دواییەی دژە چین، وێناكردنی چینە نەك وەك ئەكتەرێكی كۆنكرێتی خاوەن بەرژەوەندییە دیارەكان، بەڵكو وەك هەڕەشەیەكی جنۆكەیی- لە هەموو شوێنێكدا، نەبینراو و لێپرسینەوە نەكراو. ئەمە شیكاری نییە؛ ئەوە ئەفسانەسازییە،ئەو دەوڵەتانەی كە بەدوای زاڵبووندا دەگەڕێن، بە شێوەیەكی نەبینراو كار ناكەن. مەرجەكان دەسەپێنن، دەرئەنجامەكان دیكتە دەكەن، هێز بڵاودەكەنەوە و پەنجەمۆرێكی هەڵە نەكراو بەجێدەهێڵن. چین لە هەرێمی كوردستان هیچ كام لەمانە ناكات. چالاكییەكانی گشتین، دامەزراوەكانی دەناسرێنەوە و ڕێككەوتنەكانی فەرمین. ئەم خەریكبوونانە دەتوانرێت مشتومڕیان لەسەر بكرێت، ڕێكبخرێن، یان ڕەتبكرێنەوە- بەڵام وێناكردنیان وەك هەڕەشەیەكی نەبینراو واقیع دەشێوێنێت،ئەم گێڕانەوەیەی “چین وەك جنۆكە” ڕاستەوخۆ لە دڵەڕاوكێ ستراتیژییەكانی ڕۆژئاوا سەبارەت بە گۆڕانكارییەكانی دەسەڵاتی جیهانی هاوردە دەكرێت. گوزارشت لە ترسی دەرەكی دەكات نەك واقیعی سەرزەوی لە هەولێر یان سلێمانی،بنەمایەكی سەرەكی سیاسەتی دەرەوەی چین دەستوەرنەدانە لە كاروباری سیاسی ناوخۆیی. چین پارە بۆ بزووتنەوەكانی ئۆپۆزسیۆن نادات و داوای چاكسازی سیاسی ناكات و مۆدێلی ئایدیۆلۆژی هەناردە ناكات. پێویست ناكات هاوبەشەكان سیستەمی سیاسی یان جیهانبینی خۆی بگرنەبەر،ئەوەی چین پێشكەشی دەكات- بە تایبەتی لە ڕێگەی بەرنامەكانی ڕاهێنان و ئاڵوگۆڕەوە- هاوبەشكردنی ئەزموونە نەك گۆڕانكاری ئایدیۆلۆژی. ستراتیژییەكانی گەشەپێدان، مۆدێلی كەمكردنەوەی هەژاری و پراكتیكەكانی كارگێڕی وەك وانە دەخرێنەڕوو نەك وەك عەقیدە..

تایوان و شینجیانگ و تبت

زۆرجار مشتومڕەكان فراوان دەبن بۆ پرسە نێودەوڵەتییە هەستیارەكان، كە پێویستیان بە ڕوونكردنەوە هەیە نەك دروشم

یەك چین وەك بنەمای یاسایی

لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە، بنەمای یەك چین دروشم و پەسەندكردنی سیاسی نییە؛ ئەو بنەما یاساییە پێكهاتەییەیە كە سەروەری چین لەسەری دانپێدانراوە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا،سیستەمی نەتەوە یەكگرتووەكان ناوەندی ئەم بناغەیە. بڕیارنامەی كۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان 2758 (1971) دووپاتی كردەوە كە كۆماری گەلی چین تاكە نوێنەری شەرعی چینە لە نەتەوە یەكگرتووەكان. ئەم بڕیارنامەیە پێگەیەكی نوێی دروست نەكرد؛ هەڵوێستی یاسایی نێودەوڵەتی پشتڕاستكردەوە كە یەك چین و یەك حكومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی نوێنەرایەتی دەكات. لەو كاتەوە تایوان نە ئەندامێتی نەتەوە یەكگرتووەكانی هەبووە و نە پێگەی سەروەری دانپێدانراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، زۆرینەی ڕەهای دەوڵەتەكان پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ پەكین دەپارێزن- بە ڕوونی دان بەوەدا دەنێن كە كۆماری گەلی چین تاكە نوێنەری شەرعی چینە. یاسای نێودەوڵەتی قورسایی یەكلاكەرەوە دەخاتە سەر ئەو جۆرە دانپێدانانە بەكۆمەڵانە، لە چوارچێوەی ئەم چوارچێوە یاساییەدا:
تایوان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان وەك بەشێك لە چین مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت،تبت و شینجیانگ ناوچەكانی ناوخۆی چینن كە هیچ پێگەیەكی یاسایی نێودەوڵەتییان وەك قەوارەی جیاواز نییە. هیچ دەزگایەكی نەتەوە یەكگرتووەكان، دادگایەكی نێودەوڵەتی، یان دەوڵەتێكی دانپێدانراو ،بە هەمان شێوە، باسەكانی شینجیانگ و تبت زۆرجار تەنیا لەسەر تۆمەتەكانە و لە هەمان كاتدا دەرئەنجامە پێوانەكراوەكانی گەشەپێدان پشتگوێ دەخەن. لە ماوەی دەیەكانی ڕابردوودا هەردوو هەرێمەكە پێشكەوتنی بەرچاویان لە ژێرخانی ئابووری، پەروەردە، چاودێری تەندروستی، كەمكردنەوەی هەژاری و تەمەنی چاوەڕوانكراودا بەخۆیەوە بینیوە. داننان بەم پێشهاتانە، مشتومڕ بێدەنگ ناكات؛ هاوسەنگی دەگەڕێنێتەوە،بۆیە پرەنسیپی یەك چین وەك لەنگەری یاسایی كاردەكات كە تایوان و تبت و شینجیانگ لە چوارچێوەی یەك چوارچێوەی سەروەریدا یەكدەخات. هەر شیكارییەكی جددی كە بە جیا مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسانەدا بكات لە كاتێكدا ئەم بناغەیە پشتگوێ بخات، لە یاسای نێودەوڵەتی جیا دەبێتەوە و بە گێڕانەوەی سیاسی و چەواشەكاری جێگەی دەگرێتەوە،لە ڕووی یاساییەوە یەك چین هەیە، كە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا كۆماری گەلی چین نوێنەرایەتی دەكات. هەموو مشتومڕەكانی تر لە چوارچێوەی ئەو چوارچێوە دامەزراوەدا ڕوودەدەن- نەك لە دەرەوەی ئەوەی لە زۆرێك لە نووسینە هاوچەرخەكانی دژە چینەوە سەرهەڵدەدات، تەقلیدییە نەك شیكاری سەربەخۆ. زمانی “چین داگیرمان دەكات” ڕاستەوخۆ لە ئەدەبیاتی ستراتیژی ڕۆژئاواوە هەڵدەگیرێت كە بۆ ڕكابەریی دەسەڵاتە گەورەكان داڕێژراون، نەك لە بیركردنەوەی ستراتیژیی كوردییەوە،ستراتیژی ڕاستەقینە پێویستی بە دوورییەكی ڕەخنەگرانە هەیە لە هەموو هەژموونەكان- سەربازی، ئابووری و ڕۆشنبیری بە هەمان شێوە. دووبارەكردنەوەی گێڕانەوەی هەڕەشەی قەرزكراو، كوردستان ناپارێزێت؛ تەنها عەدەسەیەكی دەرەكی بە عەدەسەیەكی تر دەگۆڕێت،چین جنۆكە نییە. زلهێزێكی جیهانییە كە لە ڕێگەی دیپلۆماسی و خەریكی ئابووری و هێزی نەرمەوە بەدوای بەرژەوەندییەكانیدا دەگەڕێت- بەبێ ئامادەیی سەربازی، هەناردەكردنی ئایدیۆلۆژی، یان مەرجی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا. ئەم واقیعە لە ڕێگەی ڕێكخستن و چاودێری دامەزراوەییەوە بەڕێوەبچێت نەك لە ڕێگەی ترس و دڵەڕاوكێ و پارانۆیا،ئایندەی كوردستان بە ئاڵوگۆڕی كولتووری یان ئەنجوومەنی ئەكادیمی یەكلایی نابێتەوە، بەڵكو بە بەهێزی دامەزراوەكانی و كوالیتی حوكمڕانییەكەی و متمانەی بە حوكمدانی ستراتیژی خۆی یەكلایی دەبێتەوە.

هەڵۆ حەسەن




تبت و كورد، مێژووی بەراوردكاریی سەركوتكردن.. ئاگری قادر*

سەرەڕای مەودای جوگرافیای بەرفراوانی نێوان تبت و كوردستان، ڕێڕەوی مێژوویی هەردوو گەل، شێوازە قووڵە بەراوردكراوەكانی كۆنترۆڵكردنی دەوڵەت، سەركوتكردن و بەرخۆدان. ئەم لێكچوونانە بەڕێكەوت نین؛ ئەوان لە چۆنێتی مامەڵەكردنی دەوڵەتە ناوەندییە مۆدێرنەكان لەگەڵ ناوچە جیاوازەكانی كولتووری، جەختكەرەوەی سیاسی و ناوچە گرنگەكانی خاكیدا سەرهەڵدەدەن،یەكخستنی بە زۆر و پرسی شەرعیەت،تبت لە كۆماری گەلی چین لە سەرەتای ساڵانی ١٩٥٠دا هاوتەریبە لەگەڵ یەكخستنی ناوچە كوردییەكان لە دەوڵەتە مۆدێرنەكانی عێراق، توركیا، ئێران و سوریا دوای داڕمانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی. لە هەردوو حاڵەتەكەدا، دەسەڵاتی دەوڵەت لە ڕێگەی هێزی سەربازی و چوارچێوەی یاساییەوە سەپێندرا كە ئیدیعای شەرعییەت دەكرد بەبێ ڕەزامەندی مانادار لەلایەن هەردوو گەلەوە،هەروەك چۆن پەكین یەكگرتنی تبت وەك “ڕزگارییەكی ئارام” لە چوارچێوەیەكدا دادەنێت، حكومەتە یەك لە دوای یەكەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، كۆنترۆڵی خۆیان بەسەر كوردستاندا ڕەواي پێدا وەك پێویستى بۆ یەكێتی نەتەوەیی و یەكپارچەیی خاك. لە هەردوو باردا، ناكۆكی وەك جیابوونەوە یان خیانەت پێناسەكرایەوە.

دەربەدەری وەك ستراتیژییەكی سیاسی

دەربەدەریی “دالای لاما” دوای ڕاپەڕینی لاسا لە ساڵی ١٩٥٩دا ئاوێنەیەكی ئاوارەیی زۆرەملێ و دەربەدەری سەركردە سیاسی و ڕۆشنبیران و چالاكوانانی سیاسیی كوردە بە درێژایی سەدەی بیستەم،دەربەدەری لە هەردوو حاڵەتەكەدا دوو مەبەستی هەبوو: لابردنی سەركردایەتی هێمادار لە نیشتمان و لاوازكردنی بەرخۆدانی ڕێكخراو. بەڵام دەربەدەریش هەردوو هۆكارەكەی بە نێودەوڵەتی كرد، گۆڕینی بۆ پرسی مافی مرۆڤی جیهانی نەك تەنیا بابەتی ناوخۆیی،چین ناوچەی ئۆتۆنۆمی تبت وەك بەڵگەیەك بۆ خۆبەڕێوەبەری دەخاتە ڕوو، هەروەك چۆن دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە مێژوودا ئۆتۆنۆمی سنووردار یان هێمایان بۆ ناوچە كوردییەكان بەرەوپێش برد. بەڵام لە پراكتیكدا، سەربەخۆیی لە هەردوو حاڵەتەكەدا بە خیانەت پێناسەكراوە،پێش ساڵی 1991، ئۆتۆنۆمی بەڵێندراو بە كوردەكانی عێراق بە شێوەیەكی سیستماتیكی لەلایەن بەغداوە تێكدرا، كە لە هەڵمەتی سەربازیدا گەیشتە لوتكە بە هەمان شێوە، سەربەخۆیی تبت لەلایەن پارتی كۆمۆنیستی چینەوە پێناسە كراوە، كە دەسەڵاتی ڕاستەقینە بە ناوەندگیری دەمێنێتەوە و ناكۆكییەكان بە تاوان دەزانرێت. ئەم مۆدێلانە سەربەخۆیی نەك وەك مافێك ئاشكرا دەكەن، بەڵكو وەك ئامرازێكی كارگێڕی بۆ كۆنترۆڵكردن،هەڵمەتی ئەنفال لە كۆتایی هەشتاكان وەك یەكێك لە توندڕەوترین نموونەكانی سزای بەكۆمەڵ دژی گەلی كورد – لەسێدارەدانی بەكۆمەڵ، لەناوبردنی گوندەكان، دیپۆرتكردنەوەی زۆرەملێ و چەكی كیمیایی. لە كاتێكدا ئەزموونی تبت شەڕی كیمیایی تێدا نەبووە، بەڵام لۆژیكی سزای بەكۆمەڵ بەراورد دەكرێت،لە تبت، تەواوی كۆمەڵگا تووشی چاودێری، ڕاگرتنی بەكۆمەڵ، دووبارە پەروەردەكردنی ئایدیۆلۆژی و داڕشتنەوەی دیمۆگرافی دەبن. لە هەردوو حاڵەتەكەدا، وەڵامی دەوڵەت كۆمەڵگا بەگشتی دەكاتە ئامانج نەك تاوانبارانی تاكەكەسی، بە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی یەكگرتوویی كۆمەڵایەتی و سەركوتكردنی ناسنامەی بەكۆمەڵ،سەركوتكردنی زمانی كورد لە پەروەردە، كارگێڕی و ژیانی گشتیدا، هاوتەریبێكی ڕوون لە سیاسەتەكانی كاریگەری لەسەر فێركاری زمانی تبتییەكان دەبینێتەوە. لە هەردوو حاڵەتەكەدا زمانەكانی دەوڵەتی باڵادەست وەك ئامرازی یەكگرتن و كۆنترۆڵكردن سەپێندرا،ئەم سیاسەتانە وەك ڕێوشوێنی مۆدێرنكردن یان یەكخستنەوە ، بەڵام بۆ كورد و تبتییەكان وەك هەڕەشەی بوونگەرایی ئەزموون كرا- هەوڵدان بۆ بڕینی گواستنەوەی نێوان نەوەكانی كولتوور، مێژوو و ناسنامە،هەردوو تبت و كوردستان شوێنی پڕۆژەكانی گەشەپێدانی وەك بەڵگەیەك بۆ خێرخوازی دەوڵەت پێشكەش كراون. ژێرخانی و پڕۆژەكانی وزە و فراوانكردنی شارەكان بۆ پڕۆژەكردنی دەسەڵات و دووبارە داڕشتنەوەی دیمۆگرافیای شارەكان بەكارهێنران
بۆ كورد، گەشەپێدانی نەوت زۆرجار سوود بە حكومەتە ناوەندییەكان دەگەیەنێت لە هەمان كاتدا كۆمەڵگا ناوخۆییەكانیان بۆ ئاوارە دەكرد. بۆ تبتییەكان، گەشەپێدان زۆرجار لایەنگری كۆچی “هان” و بەرژەوەندییەكانی دەوڵەت بووە. لە هەردوو حاڵەتەكەدا پێشكەوتنی ئابووری نەیتوانی قەرەبووی دەركردنێكی سیاسی و پەراوێزخستنی كولتووری بكاتەوە،مێژووە بەراوردكارییەكانی تبت و كوردستان نیشان دەدەن كە سەركوتكردن و دەربەدەری و ئۆتۆنۆمی بەڕێوەبەردراو ناڕەزایەتییە سیاسییەكان چارەسەر ناكەن- ئەزموونی كوردی نیشان دەدات كە سەقامگیرییەكی بەردەوام تەنیا كاتێك سەرهەڵدەدات كە دانپێدانانی سیاسی، مافە كولتوورییەكان و خۆبەڕێوەبەریی مانادار جێبەجێ بكرێت،بۆ تبت، دۆسیەی كوردی وانەیەكە: پەرەپێدان بەبێ كەرامەت، و سەربەخۆیی بەبێ دەسەڵات، ناتوانێت جێگەی گفتوگۆ و ڕەزامەندی ڕاستەقینە بگرێتەوە،تبت و كوردستان بە ئایدۆلۆژیا و جوگرافیا بەیەكەوە نین، بەڵكو بە ئەزموونی مێژوویی بەیەكەوە گرێدراون. هەردوو گەل بەرگەی یەكگرتنی زۆرەملێیان گرتووە، دەربەدەری سەركردایەتی، و سزای بەكۆمەڵ. بۆ كوردەكان، تبت بیرهێنانەوەی ڕابردووی خۆیانە؛ بۆ تبتییەكان، كوردستان وەك بەڵگەیەك وەستاوە كە بەرخۆدان و یادەوەری و ناسنامە دەتوانێت تەنانەت توندترین هەڵمەتەكانی سڕینەوەش بژین.

  • خوێندكاری دكتۆرا لە یاسای ژینگەیی نێودەوڵەتی،زانكۆی نیشتمانی تایوان



حیکمەتی ڕەگ.. شیعر\ وریا مەعروف

پایز…
تەنیا وەرزێک نییە،
ئاوێنەیەکە بۆ بینینی جەوهەری بوون.
پەنجەرەیەکە بەرەو “ڕوتبوونەوە”،
وانەیەکە کە دەڵێت:
شکۆ، تەنها لە سەوزبوونی هەمیشەییدا نییە.
سەیرکە…
دارەکان چەند بە یەقینەوە،
بەرگی جەنجاڵی لەبەر خۆیان دادەکەنن.
بێ ترس، بێ دڵەخورپێ…
دەزانن مانای ڕاستەقینە لە گەشانەوەی دەرەوەدا نییە؛
ژیان خەونێکی قووڵە لە ژێر خاکدا،
بە دەستی “ڕەگ”ەکان دەنووسرێتەوە و
نەخشەی بەهارێکی چڕتر، لە بێدەنگیدا دەڕوێ.
وەرینی هەر گەڵایەک،
کڕنۆشێکە بۆ دەستبەرداربوون؛
ئازایەتییەکە بۆ سپاردنی ئەو ڕابردووە زەردبووەی
کە بووەتە باری گران بەسەر شانمانەوە.
لەم کەناری کڕنۆشەدا،
دارەکان لە هەرا و زەنای “بوون” دێنە دەرێ،
تا گوێ لە دەنگی ڕەگەکانیان بگرن؛
بەرەو تەنهاییەکی پیرۆز،
بۆ ئەوەی لە پەنا کڕێوەی زستاندا،
بەهێزتر، باڵا بکەنەوە.
ئێمەش وەک پایز…
ئەگەر ئەمڕۆ ڕووت و تەنیاین،
ئەگەر خەونەکانمان وەک گەڵا هەڵوەریون،
ئەمە مەرگ نییە؛
گەڕانەوەیەکی ئەفسوناوییە بۆ ناو “ڕەگ”.
ئێمە لێرەین…
نەک بۆ تێپەڕینی کات،
بۆ ئەوەی لە ناو وەرینەکاندا،
مانایەک لە خۆمان بخوڵقێنین.
پایز کۆتایی نییە…
وەستانێکی پیرۆزە،
بۆ ئەوەی بە هەناسەیەکی قووڵتر
بەرەو ئاسۆیەکی نوێ هەنگاو بنێین.




کۆتایی ساڵ.. شیعر\ خولیا حسێن

بمهەژێنە ئەی کۆتا ساتەکانی ساڵ
بمهەژێنە
وەک ڕەشەبای دواین ساتەکانی پایز
کە درەختان دەهەژێنی
بمهەژێنە
دام تەکێنە
لە هەموو
ئومێدە وشکەوەبووەکانی
زەمەنێکە بوونەتە چەپەری چڵکنی بەردەم ڕووبارەکانی شادمانیم
بمهەژێنە و
دامتەکێنە لەگشت خەونە هەڵبزڕکاوە کابووسیەکانی
مانگە شەوەکانیان
لێ کردمە شەوی تار

ئەی دەمە کورتەکانی کۆتایی ساڵ
شەنەبامکە
شەنە بامکە
شەنا با
جیامکەرەوە
لە پووش و
پەڵاش و
زیوان و زەردەواڵە زیان بەخشەکان
شەنە بامکە
شەنەبا
بە شەنە پەنجە زیوینیەکانی سەر جۆخینی منداڵیم
تا وەکوو قوبەی
یاقووتی
گەنمە ئەسمەریەکانی
بەرهەتاوی تەمووزی تەمەن
دەبریسکێمەوە
هەر شەنەبامکە و
مەوەستە
تاوەکوو هەموو
ئومێدە وشکەوەبووکان و
خەونە کا بووسیەکان و
پووش و پەڵاش و
زیوانە زیان بەخشەکانم لێ جیا دەکەیتەوە
هەر شەنە بامکە و
مەوەستە
منیش
ڕووناکی هەموو گلۆپە داگیرساوەکانی سەری ساڵ
لەسەر شەقام و
لە ماڵەکان و
لە نێو کلێساکان و
بازاڕەکان هەیە
دەیانگوازمەوە نێو شادەمارەکانی بوونم و
دابەشیان دەکەم بەسەر
ناخ و دڵ و
دەروونی هەر هەمووتان
تا سبەینێ و
ساڵی تازە و
هەموو سات و
کات و ڕۆژ و مانگ و ساڵەکانی داهاتوومان
بکەینە چراخانی هەمیشەیی و
ئاوازی پێکەنینمان بگاتە ئەستێرەکان و
خەندەی خۆری بەیانیانیش بگوازینەوە سەر لێوە خەندە لێ دزراوەکانمان




مەهدی زریان لەسەفەری فەنابووندا.. ستار ئەحمەد

خەونی سیمورغ..

لە تۆدا چێژی ئەو بنێشتە وەردەگرم
کە تاکو شرینییەکەی زیاتربێت
شەوێلگەم ماندووتر دەکات،
تۆلەسەرمای زستان دەچیت
بەهاتنت مووی خەیاڵەکانم گرژ دەبن
لە سێبەری کاتێکی نادیاردادەمکوژیت
دەشێ بوونم پرسیارێکبێت
جگە لەمردن هیچ وەڵامێکی تری
لە خۆیدا هەڵنەگرتبێت.
تاکو ئێستاش لەو پەیوەندیە ئاڵۆزەی
نێوانی مانگ و شەو تێناگەم
بۆچی هەمیشە بەیەکەوە نابیندرێن؟!
هەر چۆن فۆرمە دژ بەیەکەکان
دەڕژێنەوە نێو پێناسەیەکی ڕامنەکراو
ناسینی زیاتری منیش بۆ تۆ
خاڵیمدەکاتەوە لە ڕەنگ و بێدەنگی!
گەشتەکانی من هەمیشە لەکۆتایی پایزدا
دەستپێدەکەن،
لەسەفەرەکانم بۆلای تۆ
بەردەوام ئاشنای ئەو ڕێگایانە دەبم کە ناگەن بە ئاوەدانی!،
ئاو بەردەوام لەگەڕاندایە
بۆ ئەوەی مانایەکی جوانتر بدۆزێتەوە بۆ ژیان
کە دەتبینم دڵم وەکو ئەو مناڵەی لێدێت
کە تازە کەوتۆتە سەرپێ لێدانی ناجێگردەبێت!
ئەگەر ڕۆژێک بەلاتدا تێپەڕیم و هیچم نەوت.
نیگەران مەبە
دەشێ لە و ڕۆژەدا
خۆشەویستیت گەیشتبێت بەڕادەیەک
وشە نەتوانێت دەریببڕێت!،
من ئەو باڵندەیە نەبووم
کە لەنێۆچیرۆکەکانداگەیشتن بەلوتکە!،
من لەناخی خۆمدا هەڵفڕیوم تاکو ئەوپەڕی بوون
من لە پولوی ئاگردەچم
بە هەناسەکانی تۆ دەگەشێمەوە
لەبێدەنگیشتدا دەبم بەخۆڵەمێش،
لەکاتی بوونی تۆدا
ئاسمان پڕدەبێت لە هەور و باڵندە
زەوی پڕدەبێت لەڕووبار و دارستان
سەرنجی هەنگاوەکانم دەدەم
ئاراستەی ڕێگاکەم لێ وندەبێت
لەوەتێدەگەم گەیشتن و نەگەیشتن
هەمان ئاراستەیان هەیە،
تۆنەبیت کات دەوەستێت
ڕەنگەکان هەناسەنادەن و
دەنگێک نامێنێت بۆ بیستن!
خەونێک نابێت تاکو بەدوای لێکدانەوەدا بگەڕێت
خەیاڵێک نامینێت تاکو بەسەرباڵای ئومێدێکدا هەڵبفڕێت!

ئەم قەسیدەیە یەکێکە لەو دەقە مۆدێرنانەی کە بە پردی خوازە، جیهانی مادی و جیهانی سۆفیگەرانە بەیەکەوە گرێ دەدات

  • شاعیر لێرەدا تەنها گوزارشت لە عەشقێک ناکات، بەڵکو باس لە دۆخی مرۆڤ دەکات لەبەردەم گەورەیی مەعشووق و گەڕان بەدوای مانادا.

شاعیر بە وێنەیەکی زۆر بوێرانە و مۆدێرن دەست پێدەکات (بنێشت). بنێشت لێرەدا تەنها وێنەیەکی سادە نییە، بەڵکو مێتافۆری چێژی ئازاربەخشە. تا شیرینییەکە (عەشقەکە) پتر بێت، ماندووبوونی شەوێلگە بەرگەی عاشق زیاتر دەبێت. ئەمە ئەوەمان پێ دەڵێت کە عیشق لای زریان حەسانەوە نییە، بەڵکو جۆرێکە لە ماندووبوونێکی پیرۆز.
دواتر بەراوردکردنی مەعشووق بە سەرمای زستان و سێبەری کاتێکی نادیار، مەعشووق لە مرۆڤێکی ئاساییەوە دەگۆڕێت بۆ هێزێکی گەردوونی. عاشق لێرەدا لەبەردەم ئەم هێزەدا گرژ دەبێت و دەکوژرێت، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ فەنابوونی خودی عاشق لەبەردەم ڕەهاییدا.

شاعیر دەڵێت:
دەشێ بوونم پرسیارێک بێت،
جگە لە مردن هیچ وەڵامێکی تری لەخۆیدا هەڵنەگرتبێت.
ئەمە لوتکەی گوزارشتی بوونگەراییە . لێرەدا مردن بە مانای فەوتان نایەت، بەڵکو مردن وەک وەڵام و دەرئەنجام دەبینرێت. لە فەلسەفەی عیشقدا، عاشق تا نەمرێت لە خودی خۆیدا، ناتوانێت بگات بەو مانا باڵایەی کە بەدوایدا دەگەڕێت.

سیمورغ ناونیشانی شیعرەکە خەونی سیمورغە، کە ئاماژەیە بۆ گەشتی سی باڵندەکەی فەرەیدەدین عەتاری نەیشابووری بۆ لوتکەی کێوی قاف. بەڵام مەهدی زریان یاخیبوونێکی گەورە دەکات و دەڵێت:
من ئەو باڵندەیە نەبووم کە لە نێو چیرۆکەکاندا گەیشتن بە لوتکە! من لە ناخی خۆمدا هەڵفڕیوم.
لێرەدا شاعیر جوگرافیای گەشتەکە دەگۆڕێت. لای عەتار گەشتەکە بەرەو دەرەوە و بەرەو لوتکەیە، بەڵام لای زریان گەشتەکە بەرەو ناوەوەیە. ئەمە گەورەترین پەیامی شیعرەکەیە. سیمورغی ڕاستەقینە لە ناوەوەی مرۆڤ خۆیدایە، نەک لە لوتکەی کێوێکی دوورەدەست.

شاعیر باس لە گەشتێک دەکات لە کۆتایی پایزدا کە وەرزی وەرین و ڕاماڵینە و بەرەو ڕێگایەک دەڕوات کە ناگات بە ئاوەدانی. ئاوەدانی لێرەدا سیمبولی:
ژاوەژاوی خەڵک.
پێناسە باوەکان.
ژیانی ڕۆتینی.
شاعیر بە ئەنقەست ڕێگایەکی هەڵبژاردووە کە ناگاتە ئەو شوێنانە، چونکە گەیشتن بە ڕاستی پێویستی بە تەنهایی و دابڕانە لە هەموو ئەو شتانەی کە مرۆڤ بە زەوییەوە دەبەستنەوە.

یەکێک لە جوانترین بەشەکانی ئەم قەسیدەیە، پاساودانەوەیە بۆ بێدەنگی. شاعیر دەڵێت ئەگەر ڕۆژێک بێدەنگ بووم، مانای ئەوەیە خۆشەویستیت لە وشە گەورەتر بووە. لێرەدا زمان دەستەوەستانە. کاتێک مانا دەڕژێتە نێو ڕۆحەوە،
وشە دەخنکێت. ئەمە گوزارشتە لەو حاڵەتە سۆفیگەرانەیەی کە پێی دەڵێن حاڵ، تێیدا تەنها بێدەنگی دەتوانێت گوزارشت لە قووڵایی بکات.

لە کۆتایی شیعرەکەدا، شاعیر جیهان بەبێ مەعشووق وەک جیهانێکی مردوو وێنە دەکات.
کات دەوەستێت.
ڕەنگەکان هەناسە نادەن.
ئومێد باڵی نامێنێت.
ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت کە لای شاعیر، مەعشووق تەنها کەسێک نییە بۆ خۆشویستن، بەڵکو هۆکاری بوون و جووڵەی گەردوونە. بەبێ ئەو، فیزیا و سروشت و کات هەموو مانی خۆیان لەدەست دەدەن.
بەکورتی —
قەسیدەی خەونی سیمورغ دەقێکی تەمومژاوی و قووڵە. سەرکەوتنی مەهدی زریان لەوەدایە کە توانیویەتی چەمکە کۆنەکانی عیرفان (فەنا، بێدەنگی، سیمۆرگ) بێنێتە ناو فەزایەکی نوێوە.
زمانەکەی ئارام و پڕ لە ڕیتمی ناوەکییە.
بۆ وێنەسازیش: لە چەمکی سادەوە دەست پێ دەکات و دەگاتە ئەوپەڕی ئاڵۆزی.
پەیامی شاعیر، گەڕانەوەیە بۆ ناوەوەی مرۆڤ؛ مرۆڤێک کە لە عەشقدا دەبێت بە پریشکی ئاگر و ئامادەیە ببێت بە خۆڵەمێش تاوەکو مانا بە ژیان ببەخشێت.

ستار ئەحمەد




چەپی عێراقی و كوردستانی لە چوار ڕیانێکدایە: نوێبوونەوە و یەکڕیزی و چاکبوونەوەی چالاکی جەماوەری.. ڕزگار ئاکرێی

  1. چەپی عێراقی لە نێوان بەشداریکردن و بایکۆتکردن لە هەڵبژاردنەکانی 2025
    ئەم وتارە لە ساتەوەختێکی سیاسی و ڕێکخراوەیی هەستیاردا دێت بۆ چەپی عێراقی. شکستەکانی ئەم دواییە چیتر ناتوانن تەنیا بە هۆکاری دەرەکی ڕوون بکرێنەوە. ئەوەی ئێمە ئەزموونی دەکەین تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ ویستمان و توانامان بۆ داهێنانی ئامرازی نوێی کردار و میتۆدی نوێ. ئەو ئەنجامانەی زۆرینەی هێزەکانی چەپی عێراق لە هەڵبژاردنەکانی 2025 بەدەستیان هێنا ناتوانرێت وەک دۆڕاندنێکی تێپەڕێندراوی هەڵبژاردن بخوێنرێتەوە و نە تەنها وەک دەرئەنجامێکی ڕاستەوخۆی یاسای هەڵبژاردنی نادادپەروەرانە و هەژموونی پارەی سیاسی بخوێنرێتەوە. ئەم فاکتەرە دەرەکیانە ڕاستەقینە و کاریگەرن، بێ گومان، ئاڵۆزتر دەبن بەهۆی تەحەدایەکی توندتر کە لەلایەن هێزە هەژموونەکانەوە و کاریگەری گەندەڵی پێکهاتەیی کە تەواوی گۆڕەپانی خەبات دەشێوێنێت و کێبڕکێیەکان تا ڕادەیەکی زۆر نایەکسان دەکات.
    لەگەڵ ئەوەشدا، تەرکیز کردن لەسەر کاریگەرییە دەرەکییەکان بەتەنها، سەرەڕای گرنگییان، بەس نییە بۆ تێگەیشتن لە تەواوی وێنەکە. ئەوەی لە واقیعدا ڕوویدا دەربڕینێکی چڕتر بوو لە قەیرانێکی قووڵتر کە کاریگەری لەسەر شێوەکانی ڕێکخستن و شێوازی کارکردن و شێوازی گفتوگۆ و بیرکردنەوەی زاڵ لەناو چەپی عێراقدا بە گشتی و لە هەموو فراکسیۆنەکانیدا هەبوو. قەیرانێکە پەیوەندی بە پارت یان سەرکردەی دیاریکراوەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی شێواوی نێوان بیرۆکەی ڕاست و ئامرازی نادروست هەیە. پەیوەندی نێوان گوتاری گۆڕانخوازی ڕادیکاڵ و شێوازی پێشکەشکردن و بەبازاڕکردنی لە نێو “بازاڕی سیاسی” زۆر ئاڵۆز و دڕندانە، کە ئاسایش و زاڵبوونی دارایی بەڕێوە دەبات نەک کێبڕکێی دیموکراتی ئازاد.
    سەرەڕای ئەم دابەزینە ئاشکرایە، چەپی عێراق بە هەموو فراکسیۆنەکانیەوە هیوای ڕاستەقینە و جدیترین بەدیل بۆ گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی دەمێنێتەوە دادپەروەری پڕۆژەکەی و توانای شاراوەی بۆ ڕێکخستن و کاری بەکۆمەڵ هێشتا ماوە بەڵام چاوەڕێی شێوازی نوێی کردارن کە لەگەڵ گۆڕانی کۆمەڵایەتیدا بگونجێت و نەک هەر توانای پەرەپێدانی ئامادەبوونی جەماوەری هەبێت بەڵکو ئامرازی میتۆدی و زانستیشی هەبێت بۆ کارکردن لە هەلومەرجی ئێستای خەباتی سیاسی و کۆمەلایەتی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا
    لەسەر بنەمای ئەم دەستنیشانکردنە دووانە، لاوازی ناوخۆیی و بەرەنگاری دەرەکی، پرسیاری ڕاستەقینە تەنها ئەوە نییە کە بۆچی زۆربەی هێزە چەپەکان نەیانتوانی لە هەڵبژاردنەکاندا ئەنجامی خوازراو بەدەست بهێنن، یان تەنانەت لە بایکۆتکردندا، هەروەها بۆچی نەیانتوانی ئامادەیی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیان بە گشتی بەهێز بکەن. بەڵکو بۆچی سەرەڕای بارودۆخی خراپی جەماوەر و حوکمی دەستە دیکتاتۆر و گەندەڵەکان لە بەغدا و هەولێر، گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی سەرەڕای دادپەروەری و پێویستی، نەیتوانی ببێتە بژاردەیەکی جەماوەری ڕوون و قەناعەتکەر؟ بۆچی پڕۆژەی چەپ بە هەموو هەمەجۆرییەوە پەرتەوازە و دژ بە یەک مایەوە؟ و بۆچی، سەرەڕای زۆر خاڵی لێکنزیکبوونەوە، هێشتا نەمانتوانیوە چوارچێوەیەکی یەکگرتوو لە دەوری ئەوان دروست بکەین کە وزە هەمەجۆرەکانمان ڕێک بخات و ئاراستەی یەک ئاراستە بکات؟
    لەم دۆخەدا جەماوەر یەک ئەڵتەرناتیڤی پتەو نەبینی، بەڵکو زنجیرەیەک پێشنیاری ڕکابەریان لە دەوری هەمان بیرۆکە دەبینی، زۆربەیان هەمان گوتاری گرتۆتەبەر، تا ئەو ڕادەیەی کە کەسێک بە ئاسانی ناوی ڕۆژنامە یان حیزب لە میدیاکانیدا دەگۆڕێت و خوێنەر هەست دەکات تاکە پارتێک دووبارە دەبێتەوە. بەتایبەتی لەسەر بابەتە ڕاستەوخۆکان.
  2. ئایا دەتوانین سوود لە میتۆدی سەرمایەداری وەربگرین و شەڕ لەگەڵ دوژمن بە ئامرازە پێشکەوتووەکانی بکەین
    بۆ تێگەیشتن لەم ناتەواوییە، بەسوود دەبێت و لەوانەیە پێویست بێت، کە لە گۆشەیەکی نانەریتی سەیری بابەتەکە بکەین. ئەمە پێویستی بە جۆرێک لە “پراگماتیزمی چەکداری” هەیە کە لە ڕەقی ڕۆشنبیری تێدەپەڕێت و بە هۆشیارییەکی ڕەخنەگرانە لە لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کاریگەری و دابەزین و هەڵسەنگاندن و چۆنیەتی سوود وەرگرتن لە ئامرازە تەکنیکی و میتۆدۆلۆژیەکانی بەبێ وەرگرتنی بەها و لۆژیکەکەی بەڕێوە دەچێت.
    لە هەڵوێستێکی چەپەوە دەتوانین هەندێک میکانیزمی پێوانەی زانستی و هەڵسەنگاندنی بابەتی بەکار بهێنین کە لە بنەڕەتدا بەشێکن لە میراتی مارکسیستی کە زانستی لە کرۆکی خۆیدا داناوە، وەک مۆدێلێکی پراکتیکی توند بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ لاوازی و گۆڕینی شکست بۆ ئامرازێک بۆ فێربوون و بنیاتنانەوە.
    لەم ڕوانگەیەوە، قەیرانی چەپی عێراق دەتوانرێت وەک قەیرانی “پڕۆژەی گواستنەوە” دادپەروەرانە و باش بخوێنرێتەوە، لەگەڵ سیاسەتێک کە لە ڕووی تیۆرییەوە ڕاست دەردەکەون، بەڵام هێشتا باشترین شێوەیان بۆ وەرگێڕانی پراکتیکی نەدۆزیوەتەوە کە لەگەڵ ئاستی پێشکەوتنی کۆمەڵگای عێراقدا بگونجێت. بزووتنەوەکە دەبێت لە واقیعەوە بەرەو تیۆری بڕوات، نەک به پێچەوانەوە، لەگەڵ بەڕێوەبردن و بازاڕکردن کە پێویستی بە گەشەپێدان هەیە، و میکانیزمەکانی پێویستیان بە نوێکردنەوەیە، لە نێو بازاڕێکی سیاسی کە بە کێبڕکێی بێ بەزەییانە دەناسرێتەوە، کە پارتە ناسیونالیستە ئایینی و بۆرژوازییەکان خاوەن سەرچاوەی زۆریان بەسەردا زاڵ بێت.
    بە پێی لۆژیکی سەرمایەداری، بەس نییە بەرهەمێک باش بێت یان لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە پێویست بێت بۆ ئەوەی لە بازاڕدا سەرکەوتوو بێت. سەرمایەداری مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵگا وەک بازاڕ دەکات، بیرۆکەکان وەک کاڵا، و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی وەک بەرهەمێک کە دەتوانرێت بەرز بکرێتەوە یان پەراوێز بخرێت. کاتێک چەند کۆمپانیایەک دەچنە بازاڕەوە و ناوی هاوشێوەیان هەڵگرتووە و یەک بەرهەم دەفرۆشن کە پێی دەوترێت “گۆڕانی کۆمەڵایەتی”، بەڵام بەبێ هاوئاهەنگی، هەماهەنگی یان ناسنامەیەکی ڕوون، کوالێتی خۆی دەبێتە کێشە.
    ئەمە ڕێک ئەو شتەیە کە لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا بەسەر چەپەکانی عێراقدا هاتووە. نەک تەنها لە ڕووی ڕێکخراوەییەوە دابەش بوو، بەڵکو لە ڕووی سیاسییەوە دابەش بوو لە نێوان بەشداریکردن و بایکۆتکردن، و ناکۆکی لەسەر هەردووکیان هەبوو. وزەیەکی زۆر لە ململانێی ناوخۆیی و دەرەکیدا لەسەر هەردوو بژاردەی ناوخۆ و دەرەوەی ڕێکخراوەکان بەکار هێنرا، کە بە ئەنجامێکی لاواز لە هەردووکیاندا کۆتاییهات. هیچ هەڵوێستێکی یەکگرتوو، هیچ وتارێکی ڕوون و هیچ تاکتیکێکی کۆمەلایەتی بۆ جەماوەر دەرنەکەوت. بەشداریکردن لە ڕێگەی لیستی جیاوازەوە ڕوویدا نەک تاکە لیستێکی چەپ لە سەرانسەری عێراقدا بەگشتی و وادەکات دیمەنەکە وەک ململانێیەک دەربکەوێت لە نێوان چەند جۆرە پەرشوبڵاو و سەرلێشێواوێکدا.
    لەم حاڵەتەدا جەماوەر “یەک بەرهەم” بە تایبەتمەندی ڕوون نەبینی، بەڵکو زنجیرەیەک بەرهەمی هاوشێوە دەبینێت کە لە جیاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕکابەرە ڕاستەقینەکان کێبڕکێ لەگەڵ یەکتر دەکەن. ئەوەی بۆ ژنانی کرێکار و پیاوانی کرێکار گرنگە ناوی ڕێکخراوە چەپەکان یان سەرچاوە تیۆرییەکانیان نییە، بەڵکو ئەو کەسانەیە کە دەتوانن ژیانیان هەنگاوێک بەرەو پێشەوە ببەن، تەنانەت وردە وردە، لە بواری خزمەتگوزاری، یەکسانی، دادپەروەری، کار و مافەکانی تری مرۆڤدا.
    لێرەدا، ئاژاوە و لاوازی سیاسی ئەرکەکە جێبەجێ دەکەن. بازاڕ خۆی سزای “پڕۆژەی گۆڕان” ناڕێک دەدات، بەتایبەتی لە گۆڕەپانێکدا کە هێزە ڕکابەرەکانی ڕێکخراو کە پارە، میدیا، دەسەڵات و توانای بەرزی جوڵانەوەیان هەیە، بەسەریدا زاڵ دەبێت. فرەچەشنی بێسەروبەر، گوتاری دژ بەیەک، جیاوازی نرخی سیاسی، شێوازی بازاڕی پێشنەکەوتوو، سەرلێشێواوی و ململانێی ناوخۆیی هەمووی متمانە لاواز دەکات. “کڕیار”، لێرەدا مەبەستی ژنانی کارکەر و پیاوە کرێکارەکانی دەست و مێشکیە، متمانە بەخۆبوون لەدەست دەدەن نەک لەبەر ئەوەی بیرۆکەی گۆڕان ڕەتدەکرێتەوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی بە شێوەیەکی پەرتەوازە و نوخبەیی و تیۆری دەگاتە ئەوان کە لەگەڵ گەشەی کۆمەڵایەتی و پێداویستییەکانی ڕۆژانەدا ناگونجێت.
    بە تێپەڕبوونی کات، بیرۆکەی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی لە بەدیلێکی سەرنجڕاکێشەوە دەگۆڕێت بۆ کاڵایەکی گومانلێکراو، پاشان بۆ بەرهەمێکی نەخوازراو، نەک لەبەر لاوازی خۆی، بەڵکو بەهۆی چۆنیەتی گەیاندن و پێشکەشکردنی لە بازاڕێکی سیاسی شێواودا کە بەرژەوەندی ڕکابەرەکانی خاوەن ئامرازی بەهێزتر و پتەوتر هەیە. بەکارهێنانی چەمکی بازاڕ و بەرهەم لێرەدا وەرگرتنی لۆژیکی سەرمایەداری یان بەرزکردنەوەی بەها چەوسێنەرەکانی نییە، بەڵکو وەسفێکی شیکارییە ڕەخنەگرانەیە بۆ میکانیزمەکانی دوژمنی چینایەتی، بە ئامانجی هەڵوەشاندنەوە و تێگەیشتنیان بۆ زاڵبوون بەسەریاندا، نەک بەرهەمهێنانەوەیان.
  3. چەپ و چارەسەرکردنی دابەزین و لاوازی
    کاتێک دابەزین و لاوازی دەردەکەوێت، جیاوازی بنەڕەتی نێوان لۆژیکی سەرمایەداری و لۆژیکی زۆرێک لە هێزە چەپەکان ڕوون دەبێتەوە. سەرمایەداری لە هەموو قەیرانێکدا ناگەڕێتەوە بۆ تیۆریزە کلاسیکییەکانی بۆ ئەوەی بپرسێت ئایا تێکستەکانیان بە تەواوی جێبەجێ کراون، هەروەها تاقیکردنەوەی ناوخۆیی ئەنجام نادات کە بپرسێت ئادەم سمیس، ڕیکاردۆ، هاایک یان فریدمان لە کوێ بە هەڵە تێگەیشتوون. ناڵێت بازاڕ شکستی هێناوە چونکە کتێبەکان باش نەخوێنراون، هەروەها پەنا دەباتە بەر پاساوی ئایدۆلۆژی یان لۆمەی “کڕیارەکان”.
    وەک سیستەمێکی پراکتیک، سەرمایەداری وەک ئاماژەیەکی تەکنیکی مامەڵە لەگەڵ دابەزین دەکات کە دەتوانرێت پێوانە بکرێت و چارەسەر بکرێت. بە خێرایی ئامرازەکان، گفتوگۆکان، ڕووکارەکان و میکانیزمەکانی کار و رێکخستن دەگۆڕێت، بەبێ تاوان، بەبێ پیرۆزکردنی ناو، رێکخراو، یان مێژوو، و بەبێ ترس لە ڕاستکردنەوەی ڕێڕەو. توێژینەوەی زانستی و میتۆدی پراکتیکی بەکاردەهێنێت، داتا کۆدەکاتەوە، ژمارەکان شیدەکاتەوە، هەڵسوکەوتی بەکاربەر دەکۆڵێتەوە، پرسیار دابەش دەکات، چاوپێکەوتن دەکات، مۆدێل دروست دەکات، تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو، دیجیتاڵیزەکردن و زیرەکی دەستکرد بەکاردەهێنێت، گریمانەکان تاقی دەکاتەوە و هەڵەکان بە سیستماتیک هەڵدەسەنگێنێت.
    بە سادەیی و بە وردی دەپرسێت: بۆچی بەرهەمەکە شکستی هێنا؟ متمانە لە کوێ لەدەست چوو؟ چی کڕیارەکانی سەرلێشێواند؟ کەموکوڕی بەڕێوەبردن، ناو، فۆرم، پەیام، کات، یان کەناڵەکانی دەستگەیشتن لە کوێیە؟ لەسەر بنەمای ئەم وەڵامانە، سیاسەت و بەڕێوەبردن و رێکخراوەکانی لە هەموو ئاستەکاندا بنیات دەنێتەوە، قەبارە بچووک دەکاتەوە، میکانیزم و سیاسەتەکان دەگۆڕێت، تێکەڵ دەبێت بۆ قەوارەی گەورەتر، جێگەی سەرکردایەتی دەگرێتەوە و ڕۆڵەکان دابەش دەکات، هەمووی بە یەک ئامانج ڕوون دەکات: گەڕاندنەوەی کاریگەری و فراوانکردن لە بازاڕدا.
    بە پێچەوانەوە، هەندێک لە هێزە چەپەکان کاتێک ڕووبەڕووی دابەزین دەبنەوە، دەگەڕێنەوە بۆ تیۆریزە کلاسیکییەکان بۆ گەڕان بەدوای وەڵامدانەوە، یان بۆ مێژووی شکۆداری حزبەکانیان دەیان ساڵ لەمەوبەر. لەگەڵ ئەوەشدا تەحەدای ڕاستەقینە لە گێڕانەوەی تێکستەکان نییە، بەڵکو لە جێبەجێکردنی خودی میتۆدی مارکسیستدایە، کە داوای شیکردنەوەی بەرجەستەی واقیعی کۆنکریت دەکات. پرسیاری سەرەکی دەبێت ئەوەبێت: بۆچی پەیامەکەمان ئەمڕۆ ناگات، هەرچەندە پەیوەندی بە باشترکردنی ژیانی خەڵکەوە هەیە؟ وە بۆچی ئێمە واقیعی هاوچەرخ بە پێوەری سەدەی ڕابردوو دەپێوین، لەجیاتی ئەوەی ئەدای ئێستامان بە پێوەری زانست و ئەزموون و ئەنجامەکان بە پێی واقیعی ئێستا بپێوین؟
    کێشەکە گەڕانەوە بۆ کەلەپووری چەپ وەک میتۆدێکی ڕەخنەیی زیندوو نییە، بەڵکو کاتێک ئەو کەلەپوور و میکانیزمە ڕێکخراوەییە کۆنانە دەگۆڕێت بۆ ستانداردی ڕەق، دەق لەسەرووی واقیعەوە، یان جێگرەوەی هەڵسەنگاندنی مەیدانی، توێژینەوە، رێکخستن و گەشەپێدان. لەو کاتەدا، ئێمە بەبێ مەبەست وەک دامەزراوەیەک دەبین کە بە میتۆدی بەسەرچوو دەنوسێت چونکە جارێک سەرکەوتوو بووە، لەکاتێکدا مەرجەکانی سەرکەوتن گۆڕاوە پشتگوێ دەخەین، و پاشان دەپرسین بۆچی جەماوەر بەدوای بەدیلی تردا دەگەڕێن، تەنانەت هەژاران.
  4. گێڕانەوەی میتۆدی زانستی وەک کرۆکی بیری چەپ
    دەرسەکە لێرەدا شکۆمەندی سەرمایەداری یان وەرگرتنی بەهاکانی نییە، بەڵکو سوود وەرگرتن لە شێوازی هەڵسەنگاندنی زانستی بۆ دیاریکردنی خاڵە لاوازەکانی خۆمان. تەحەدای سەرەکی ئەوەیە کە چۆن “ئامرازەکە قەرز بکەیت” لە کاتێکدا “ڕۆح” ڕەت بکەیتەوە. ئەم دژایەتییە دەبێت بە هۆشیارییەکی توندەوە بەڕێوە ببرێت.
    چەپی عێراقی ئەمڕۆ پێویستی بەم جۆرە هەڵسەنگاندن و وردی زانستییە هەیە دەبێت ڕاپرسی ڕاستەقینە لە گەڕەکەکانی چینی کرێکار، لە نێوان ژنانی کرێکار و پیاوانی کرێکاری دەست و مێشک، لە زانکۆکان، شوێنی کارەکان، و لە نێو بێکاراندا ئەنجام بدات، نەک بۆ ئەوەی واز لە ئاسۆی چینایەتی یان پڕۆژەی کۆمەڵایەتی خۆی بهێنێت، بەڵکو تێبگات کە پەیامەکەی چۆن دەگات، چۆن تێدەگات، لە کوێ تێکدەشکێت و لە کوێ دەگۆڕێت بۆ گوتارێکی قورس و دابڕاو لە واقیع.
    دەبێت کاریگەری سیاسەت و لێدوان و چالاکیەکانی و بوونی لەسەر زەوی و بۆشایی دیجیتاڵی و زمانی گوتاری و توانای بنیاتنانی متمانەی ڕاستەقینە بخوێنێت و پێوانە بکات. دەبێت پێداچوونەوە بە شێوەی ڕێکخراوەیی و سەرکردایەتیدا بکات و جەماوەری ڕاستەقینەی بخوێنێت. دەبێت بە ڕوونی بپرسین: بۆچی ناگەینە ئەو ئامانجە؟ بۆچی ئێمە کاریگەری ناکەین؟ بۆچی ئێمە نابینە بژاردەیەکی ڕوون؟
    تەنها ئەوکاتە دەتوانرێت بڕیاری سیاسی و ڕێکخراوەیی بوێرانە لەسەر بنەمای ئەنجامەکان وەربگیرێت. گرنگ فراوانبوون، بەدەستهێنانی متمانەی جەماوەر و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتییە. ئەم لۆژیکە هەرچەندە بەشێکە لە میکانیزمی سەرمایەداری، بەڵام وانەیەکی پراکتیکی گرنگی هەڵگرتووە: پشت بە زانست و تاقیکردنەوە و پێداچوونەوە بەردەوامەکان دەبەستێت، نەک لەسەر دروشم و نیازپاکی یان مێژوو.
  5. چەپ لە سەردەمی شۆڕشی دیجیتاڵی
    لە چوارچێوەی شۆڕشی دیجیتاڵیدا، ئەم پێویستییە زۆر بەپەلە دەبێت. ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە بیرۆکەکان بە گەیشتن، کاریگەری، کارلێک و توانای گۆڕین بۆ کرداری بەکۆمەڵ دەپێورێن. ئەمانە پێوەرن کە نەوەی گەنج لێی تێدەگەن و ڕۆژانە لە بۆشایی دیجیتاڵی و لەسەر زەوی پراکتیزە دەکرێن.
    ژنانی گەنجی کرێکار و پیاوانی کرێکار لە ڕێگەی وتاری درێژ یان تێکستی تیۆری قورسەوە سیاسەت وەرناگرن، بەڵکو لە ڕێگەی پلاتفۆرم، ڤیدیۆی کورت، گفتوگۆی کراوە، رێکخراوی ئاسۆیی نەرم و سەرکردایەتی بەکۆمەڵ وەردەگرن. زانستە سیاسی، کارگێڕی و ڕێکخراوەییەکان، گەشەسەندن و بۆشایی دیجیتاڵی دەبێت وەک گۆڕەپانێکی ڕاستەقینەی خەباتی چینایەتی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و بە شێوەیەکی کاریگەر بەکار بهێنرێن، چونکە ئەمە مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ بنیاتنانی چەپێکی هاوچەرخ کە توانای گۆڕینی توڕەیی کۆمەڵایەتی بۆ هێزێکی ڕێکخراو هەیە.
    لەم ڕوانگەیەوە، بیرۆکەی چەپ دەبنە ئامرازێکی زیندووی شیکاری لە دڵی شۆڕشی دیجیتاڵدا، بەردەوام لە پەرەسەندندایە نەک لە تێکستە نەمرەکاندا ببەستێت. ژنان و پیاوانی گەنج لە بینەری ئامانجەوە دەگۆڕن بۆ ئەوەی ببنە ئەکتەری سەرەکی لە بەرهەمهێنانی سیاسی، ڕۆشنبیری و ڕێکخراوەیی. کاتێک چەپ سەرکەوتوو دەبێت لە بەستنەوەی دادپەروەری پڕۆژەی کۆمەڵایەتی خۆی بە پەرەسەندنی زانستی، وەک مارکس و ئەنگلس، بەڵام ئەمڕۆ بە ئامرازی دیجیتاڵی دەتوانێت گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی وەک بەدیلێکی ڕوون و قەناعەت پێکراو پیشان بدات، لە پەرتەوازەیی بجوڵێت بۆ کاری کۆمەڵی ڕێکخراو و هەژموونی سەرمایەداری سیاسی بشکێنێت.

6 . بۆچی پێویستمان بە چوارچێوەیەکی چەپی فراوان و یەکگرتوو لەعیراقدا هەیە
چەپی عێراقی تەنیا تاکە پارتێک یان کۆمەڵێک ڕێکخراو نییە، بەڵکو تەوژمێکی فراوانی سۆزداری و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتییە کە بە قووڵی لە کۆمەڵگای عێراقدا ڕەگی داکوتاوە. ئەم تەوژمە لە هەموو فراکسیۆنەکانیدا ڕۆڵێکی مێژوویی گێڕاوە لە تێکۆشان بۆ مافەکانی ژنانی کرێکار و پیاوانی کرێکار لە برەودان بە بەها چەپ و مەدەنییەکان و یەکسانی و مافەکانی ژنان و مافی کەمینەکان.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەم مێژووە شەرەفمەندانە ئەمڕۆ بەرپرسیارێتییەکی گەورەتر دەخاتە ئەستۆی ئێمە. چەپی عێراق ڕووبەڕووی دابەزینی بەردەوام، زیادبوونی گۆشەگیریی جەماوەری، و دوورکەوتنەوەیەکی ئاشکرا لە نەوەی گەنج دەبێت. تەمەنی سەرکردایەتی زۆرجار لە نێوان شەست بۆ حەفتا ساڵیدا دەبێت، کە پێویستی بە کردنەوەی بۆشایی هەیە بۆ نەوەی گەنج لە چوارچێوەیەکی یەکخراوی ئەزموون و نوێبوونەوەدا.
سەرەڕای هەوڵە ئەرێنییەکان، گەنجان و ژنان هێشتا سنووردارن لە داڕشتنی سیاسەتی گشتی و سەرکردایەتی، بەتایبەتی لە سەردەمی دیجیتاڵدا کە شێوەکانی ڕێکخستن و سەرکردایەتی بەشێوەیەکی بنەڕەتی گۆڕاوە.
لێرەوە بانگەوازی چوارچێوەیەکی چەپی فراوان و یەکگرتوو دەبێتە وەڵامێکی پراکتیکی بۆ قەیران و پێویستییەکی مێژوویی

  1. ئەزموونی جیهانی یەکێتی و کاری هاوبەش لە نێوان هێزە چەپەکاندا
    لێرەدا سوودبەخشە کە لە ئەزموونە جیهانییەکان فێر بین کە لەسەر بیرۆکەی چوارچێوەیەکی چەپی یەکگرتوو کاریان کردووە، نەک وەک ڕەچەتەی ئامادەکراو، بەڵکو وەک وانەی ڕێکخراوەیی و پراکتیکی کراوەیە بۆ بەشداری ڕەخنەگر. ئەم ئەزموونانە نیشانی دەدەن کە چۆن بەڕێوەبردنی جیاوازییەکان و کارکردن لە دەوری خاڵەکانی لێکنزیکبوونەوە دەتوانرێت بگۆڕدرێت بۆ سەرچاوەیەکی سەرەکی و کاریگەری هێز.
    • لە دانیمارک لیستی یەکگرتوو (Enhedslisten – Red Green Alliance) لە ساڵی 1989 دامەزرا وەک پێویستییەک بۆ یەکخستنی چەپ بە تێکەڵکردنی سێ حیزبی مارکسیست لەگەڵ بنکەیەکی فراوانی ژنان و پیاوانی سەربەخۆ. ڕاستییەکی سەرنجڕاکێش و ئیلهام بەخش لێرەدا ئەوەیە کە ئەم سێ پارتە پێش یەکگرتنەوە هیچ نوێنەرایەتییەکی پەرلەمانییان نەبوو و بە تاکەکەسی نەیانتوانی ڕێژەی هەڵبژاردن تێبپەڕێنن. لە ڕێگەی یەکڕیزی و بنیاتنانی رێکخراوێکی نەرم لەسەر بنەمای لق و تۆڕ نەک بیرۆکراسی قورس، ئەم گەمارۆیەیان شکاند. ئەم یەکگرتنەوەیە بووە هۆی ئەوەی کە ئەوان ببنە هێزێکی پەرلەمانی تا ڕادەیەک کاریگەر و چەند جارێک پلەی یەکەمیان لە کۆپنهاگنی پایتەخت بەدەست هێنا. ئەم پێشکەوتنە بەوەوە نەوەستا بەڵکو لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئەم دواییانەدا ڕەنگی دایەوە، کە هاوپەیمانێتییەکە پێگەی خۆی وەک پێنجەم گەورەترین پارت لە وڵاتدا بەهێز کرد و لە سەدا 7.1 ی دەنگەکانی لە سەرتاسەری وڵاتدا بەدەستهێنا. ئەمە ئەوە دووپات دەکاتەوە کە یەکێتی “سفری پەرلەمانی” دەتوانێت هێزێکی یەکلاکەرەوە دروست بکات کاتێک ئیرادە و ئامرازی گونجاوی هەبێت.

• لە ئەڵمانیا، Die Linke لە ساڵی 2007 بە تێکەڵکردنی دوو تەوژمی سەرەکی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا دامەزرا و یەکێتییەکی مێژوویی بەدەست هێنا کە توانی ئەنجامەکانی پەرلەمانی دوو هێندە بکات و بەشێکی گەورەی چەپی هەڵبژاردن و کۆمەڵایەتی لە یەک چوارچێوەکەدا یەکبخات سەرەڕای ناکۆکییە ناوخۆییە ئاڵۆزەکان.

• لە پورتوگال، بلۆکی چەپ (Bloco de Esquerda) لە ساڵی 1999 لە رێگەی تێکەڵبوونی چەند تەوژمێکی چەپەوە دامەزرا. مۆدێلێکی هاوپەیمانی نوێنەرایەتی دەکات کە سەربەخۆیی فیکری و ڕێکخراوەیی تەوژمە دامەزرێنەرەکەی لە چوارچێوەی پێکهاتەیەکی فراوانتر و ئامانجی هەڵبژاردنی هاوبەشدا دەپارێزێت. ئەمەش وای لێکرد کە توانای دانوستاندنەکانی بەهێز بکات و بۆ یەکەم جار لە مێژووی هاوچەرخدا لە ڕێگەی پشتیوانی پەرلەمانەوە بچێتە ناو پێکهێنانی حکومەتەوە.

• لە ئیسپانیا، مۆدێلی پۆدێمۆس جێگەی سەرنجە. لە ساڵی 2014 دامەزراوە و پشت بە پلاتفۆرمی دیجیتاڵی و رێکخراوی ئاسۆیی دەبەستێت بۆ تێکەڵکردنی چالاکوانان، بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان و ڕۆشنبیران و بەرەنگاربوونەوەی پێکهاتە تەقلیدییەکانی حزبەکان. ئەم مۆدێلە توانای چەپ بۆ بەکارهێنانی ئامرازەکانی سەردەمی مۆدێرن بۆ پێکهێنانی خێرای هێزێکی سیاسی ڕادیکاڵ و گشتگیر دەردەخات و لە هیچەوە بۆ سێیەم گەورەترین هێزی پەرلەمانی لە ماوەی چەند ساڵێکدا دەڕوات.

• لە کۆڵۆمبیا، “پەیمانی مێژووی” (Pacto Histórico) پێشکەوتنێکی بێ وێنەی لە مێژووی وڵاتەکەدا بەدەستهێنا. ئەوە تەنها هاوپەیمانییەکی کاتی هەڵبژاردنی نەبوو، بەڵکو پێکهاتەیەکی هاوپەیمانی پتەو بوو کە پارتە مارکسیستەکان، بزووتنەوە ژینگەییەکان، رێکخراوەکانی فێمینیستی و هێزەکانی نوێنەرایەتی خەڵکی ڕەسەن و کۆمەڵگە ڕەچەڵەکەکانی ئەفریقی کۆکردەوە. چەپی کۆڵۆمبیا لەوە تێگەیشت کە دابەشبوون “دیارییە بۆ ڕاستەکان”، بۆیە ئەم چوارچێوەیەیان دامەزراند کە سەرکەوتوو بوو لە هێنانی گوستاڤۆ پێترۆ بۆ سەرۆکایەتی لە ساڵی 2022. ئەم ئەزموونە بە “پراگماتیزمی چەکداری” دەناسرێتەوە کە گوتاری لە دروشمی ئایدۆلۆژیای ئاڵۆزەوە گۆڕا بۆ ئەو بابەتانەی کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵک هەیە، وەک “دادپەروەری کەشوهەوا”، “سەروەری خۆراک” و “دەستەبەرکردنی مافەکانی گروپە پەراوێزخراوەکان”. هاوپەیمانێتییەکە هەروەها دیجیتاڵی و زیرەکی دەستکرد بەکارهێنا بۆ بەڕێوەبردنی هەڵمەتەکانی زەمینی و گەیشتن بە نەوەی گەنج کە هەستیان بە نامۆبوون لە سیاسەتی تەقلیدی کرد. وانەی کۆڵۆمبیا ئەوە دەردەخات کە کاتێک چەپ واز لە “نوخبەی گفتووگۆیی” دەهێنێت و بە بەرنامەیەکی یەکگرتووی کەمترین پرۆگرامەوە دەڕژێتە سەر شەقامەکان، توانای شکاندنی سیستەمە تەقلیدییە چەسپاوەکان و گۆڕینی هیوا بۆ هێزێکی ماددی ڕێکخراو دەبێت.

• لە بەرازیل، ئەزموونی “فیدراسیۆنی هیوای بەرازیل” (Federação Brasil da Esperança) وەک مۆدێلێکی پێشەنگی تاکتیکی سیاسی دەردەکەوێت. پاش چەندین ساڵ لە دابەزین و هێرشی دادوەری و سیاسی کە چەپەکان کرایە ئامانج، پارتی کرێکاران نەگەڕایەوە بۆ نۆستالۆژیا بۆ مێژووی کۆنی خۆی. لەجیاتی ئەوە، دانی بەوەدا نا کە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستڕەوی توندڕەو پێویستی بە بنیاتنانی “بلۆکی چەپی پێشکەوتوو” هەیە. ئەم فیدراسیۆنە ڕۆڵێکی سەرەکی گێڕا لە گێڕانەوەی هاوپەیمانییە تەقلیدییەکان لەگەڵ سەندیکاکانی کرێکاران، لە هەمان کاتدا ژیرانە فراوان بوو بۆ ئەوەی بزووتنەوەکانی زەوی، پارێزەرانی ژینگە، و تەنانەت کەرتەکانی بۆرژوازی و ناوەندی سیاسی زیانی پێگەیشتووی ئاژاوە بگرێتەوە. گرنگترین دەرس بۆ بەرازیل ئەوەیە کە چەپەکان توانیویانە لە 2022 دا دەسەڵات بەدەست بهێننەوە لە رێگەی “هاوپەیمانی گشتگیر” کە لە دروشمی چینایەتی تێدەپەڕێت و خۆی وەک داکۆکیکار لە دیموکراسی و دامەزراوەکان نیشان دەدات و بە کارامەیی ئامرازەکانی پەیوەندی دیجیتاڵی بەکاردەهێنێت بۆ شکاندنی هەژموونی ڕاستڕەوەکان بەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و توڕەیی جەماوەری لەسەر هەڵئاوسان و پەراوێزخستن بۆ پرۆگرامێکی حکومی کۆنکرێتی دەگۆڕێت.

• لە چیلی، ئەزموونی “پەسەندکردنی شکۆمەندی” (Apruebo Dignidad) جێگەی سەرنجە. ئەم هاوپەیمانێتییە لە بەرەیەکی فراوانی ڕێکخراوە چەپەکان و بزووتنەوە ناڕەزایەتیەکان پێکهێنرا و سەرکەوتوو بوو لە هێنانی گابریێل بۆریچ بۆ دەسەڵات لە ساڵی 2021 وەک گەنجترین سەرۆک لە مێژووی وڵاتدا. لە هەمان کاتدا، چیلی دەرسێکی سەخت پێشکەش دەکات لە دۆڕاندنی چەپەکان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە کانوونی یەکەمی 2025 بە ڕاست، شکستێک کە پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی ڕەخنەگرانە بە میکانیزمەکانی پاراستنی متمانەی جەماوەری هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، هاوپەیمانی چەپ ئەمڕۆ یەکێکە لە هێزە کاریگەرە سەرەکییەکانی وڵات بەهۆی پێکهاتەی هاوپەیمانی یەکگرتوو، کە ڕێگری کرد لە هەڵوەشاندنەوە یان پەرتەوازەیی پاش بەجێهێشتنی دەسەڵات و توانی خەباتی ئۆپۆزسیۆن وەک کوتلەیەکی پتەو و ڕێکخراو بەڕێوە ببات.
ئەوەی ئەم ئەزموونانە یەکدەخات دانپێدانان بەوەی کە چەپ چیتر توانای ئەوەی نییە وەک پارتێکی دابڕاو و داخراو لە گۆڕەپانە جیاوازەکانی خەباتدا بە شێوەیەکی کاریگەر کار بکات، بەڵکو وەک هاوپەیمانییەکی نەرم و پلاتفۆرمی فرە کە توانای بەڕێوەبردنی جیاوازییەکان و بەستنەوەی سیاسەت و خاڵەکانی لێکنزیکبوونەوە لەگەڵ داخوازییە کۆمەڵایەتییە ڕاستەوخۆکانی ژنانی کرێکار و پیاوانی کرێکار بەدەست و عەقڵ هەیە. ئەم وانانە لە پراکتیکدا ئەوە دەردەخەن کە لۆژیکی یەکگرتن و رێکخستنەوە وەڵامێکی زانستییە بۆ پێداویستییەکانی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێستا. هەرچەندە ناتوانن بەشێوەیەکی میکانیکی بگوازرێنەوە بۆ عێراق، بەڵام ئاسۆیەکی پراکتیکی دەکەنەوە بۆ بیرکردنەوە و سوود وەرگرتنیان لێیان لە بنیاتنانی چوارچێوەیەکی ڕێکخراوەیی چەپی عێراقی فراوان و یەکگرتوو کە وەڵامی هەلومەرجی سەردەم بداتەوە.

  1. بناغە و میکانیزمەکانی چوارچێوەی چەپی یەکگرتوو، نەخشەڕێگایەکی زانستی بۆ جێبەجێکردن
    پاش دەستنیشانکردنی قەیرانی ئامرازەکان و پەرتەوازەیی ڕێکخراوەکان و وەرگرتنی دەرس لە مۆدێلە جیهانییەکان کە سەرکەوتوو بوون لە یەکگرتن و بەڕێوەبردنی جیاوازییەکان، بیرکردنەوە لە ڕێگای کرداری هاوبەش دەبێتە پێویستییەکی بەپەلە. لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانرێت نەخشەڕێگایەک بۆ دامەزراندنی چوارچێوەیەکی یەکگرتووی چەپی عێراقی پێشنیار بکرێت کە لەسەر بنەمای کۆکردنەوەی هەموو هێزە چەپ و پێشکەوتووەکان لە دەوری خاڵەکانی لێکنزیکبوونەوە و “کەمترین پرۆگرام” و میکانیزمی دیموکراسی ڕوون و ڕۆڵی سەرکردایەتی بەهێزتر بۆ گەنجان و ژنان بێت.
    ئەمە دەتوانرێت لە ڕێگەی ئەم میکانیزمانەی خوارەوە بەدەست بهێنرێت:
    1. بەستنی کۆنفرانسێکی گشتی بۆ سەرجەم چین و کەسایەتییەکانی چەپی عێراقی و کوردستانی بەمەبەستی تاوتوێکردنی بنیاتنانی چوارچێوەیەکی ڕێکخراوی چەپی یەکگرتوو لەسەرتاسەری عێراقدا بەهەرێمی کوردستانیشەوە ئەم چوارچێوەیە پارت و تەوژمەکانی چەپ و پێشکەوتووخواز و سەندیکاکان و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان دەگرێتەوە و هەروەها ڕێگە بە بەشداری چالاکوانانی تاک دەدات کە نایانەوێت بچنە ناو پێکهاتەی ڕێکخراوە تەقلیدییەکانەوە. ئەمە ڕێژەیەکی زۆری ژنان و پیاوانی چەپ لەبەرچاو دەگرێت کە ئێستا لەبەر هۆکاری جۆراوجۆر لە دەرەوەی چوارچێوەی ئێستان، لە هەمان کاتدا مافی ئەندامێتی تاک و ئەندامێتی پارت و ڕێکخراوەکان بە پێی بنەمایەکی ڕێکخراوەیی ڕوون دەستەبەر دەکات.

2. داڕشتنی “کەمترین پرۆگرام” یەکگرتوو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە لە ماوەیەکی کورتدا چی بەدەست دەهێنرێت. بەرنامەیەکی کورت و ڕوون و ڕاستەوخۆ بێت کە چەقی بەرژەوەندییەکانی ژنانی کرێکار و پیاوانی کرێکار و گەشەپێدانی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و بەدەستهێنانی بەرزترین ئاستی دادپەروەری و یەکسانی کۆمەڵایەتی و ڕەخساندنی هەلی کار بێت پرۆگرامەکە دەبێت بە تەواوی مافەکانی ژنان و بێلایەنی ئایین لە دەوڵەت و پاراستنی ئازادییە گشتی و تاکەکەسییەکان لەبەرچاو بگرێت. دەبێت بە زمانێکی هاوچەرخ، بەردەست و پراکتیکی بنووسرێت، دوور لە ئاڵۆزی ئایدیۆلۆژی، و بە پلانی کاری زانستی ببەسترێتەوە کە مەرجی سەلماندن و پێوانەکردن و هەڵسەنگاندن بێت و بە گوێرەی گۆڕانکاری لە واقیعی بەرجەستەدا بەردەوام ئامادە بێت.

3. هەڵبژاردنی ناوێکی سادە و تێگەیشتن بۆ چوارچێوەکە، وەک “هاوپەیمانی نان و ئازادی” یان “یەکێتی”، دوورکەوتنەوە لە ناونیشانی چەپی نەریتی کە چیتر بەشێکی فراوانی کۆمەڵگا ڕادەکێشێت.

4. چوارچێوەکە لەسەر بنەمای سەرکردایەتی بەکۆمەڵ و خولانەوە، یاسای رێکخراوی نەرم و شێوە جۆراوجۆرەکانی ئەندامێتی لەسەر بنەمای هاوپەیمانی و فرەیی دامەزراوە. ئەمە دەبێت ئەندامێتی حیزب و ڕێکخراوەکان لەگەڵ ئەندامێتی تاکەکەسی لە یەک کاتدا تێکەڵ بکات و ڕێگە بە پێکهێنانی تەوژم یان پلاتفۆرم لە چوارچێوەی ئەو چوارچێوەیەدا بە شێوەیەکی گشتی و ڕێکخراو بدات. لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە قەوارە چەپە دامەزرێنەرەکان دەبێت ئامادە بن بۆ دووبارە داڕشتنەوەی چوارچێوەی ڕێکخراوەیی خۆیان و کەمکردنەوەی مەرکەزیەتی پارتی تەقلیدی بۆ خزمەتکردنی پێداویستییەکانی چوارچێوەی یەکگرتوو و دڵنیابوون لەوەی کە ئەم سەرکردایەتییە کۆمەڵایەتییە دەسەڵاتی ڕاستەقینەی هەیە نەک سیمبولی.

5. جەختکردنەوە لەسەر لامەرکەزیەتێکی فراوان لە پارێزگا و هەرێم و دەزگا پسپۆڕەکاندا، بۆ ئەوەی هەر یەکە بتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر بەپێی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و پیشەیی تایبەتی خۆی لە چوارچێوەی هێڵێکی سیاسی گشتی یەکگرتوودا بەڕێوەی ببات. ئەمەش هەروەها پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی ڕەخنەگرانە بە دابەشبوونی نەژادی هەندێک لە پارتە چەپەکانی عێراقی بۆ لقەکانی عێراقی و کوردستانی و دۆزینەوەی فۆرمی ڕێکخراوەیی هەیە کە زیاتر لەگەڵ یەکڕیزی خەباتی کۆمەڵایەتی و چینایەتیدا بگونجێت.

6. بەکارهێنانی کاریگەری زانستە مۆدێرنەکان لە سەرکردایەتی، بەڕێوەبردن، رێکخراو، میدیا، دیجیتاڵیزەکردن و هەڵسەنگاندنی خولی سیاسەت، بە گۆڕانکاری یان گۆڕانکاری بەپێی پێداویستی و ئاستی دەستکەوت و پشت بەستن بە فیدباکی جەماوەر وەک میکانیزمێکی سەرەکی لە بڕیاردان.
7. بەهێزکردنی ڕۆڵی گەنجان لە سەرکردایەتیدا وەک هێزی پاڵنەری سەردەمی دیجیتاڵ، لە ڕێگەی یاساکانی رێکخراوی ناچارکردن لە چوارچێوەی یاساکاندا، وەک پشکی نوێنەرایەتی بۆ گەنجان و ژنان لە دامەزراوەکانی سەرکردایەتی و بەستنەوەی ئەم نوێنەرایەتییە بە دەسەڵاتی ڕاستەقینەوە. گرنگترین دەرس لە ئەزموونی جیهانی ئەوەیە کە نوێبوونەوە لە ڕێگەی دروشمەوە بەدەست ناهێنرێت، بەڵکو لە ڕێگەی یاسا ڕێکخراوەییەکانەوە بەدەست دێت کە دەیسەپێنن و بەرهەمی دەهێنن.

8. بنیاتنانی سیاسەتێکی کاریگەری میدیای دیجیتاڵی زانستی بۆ ئەو چوارچێوەیە کە مامەڵە لەگەڵ بۆشایی دیجیتاڵی وەک گۆڕەپانێکی ڕاستەقینەی خەباتی چینایەتی دەکات. ئەمە بریتییە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی فرە پلاتفۆرم، تیمی ناوەڕۆکی ناوخۆیی لە پارێزگاکان، پرۆگرامەکانی ڕاهێنانی دیجیتاڵی لە ئاستە جیاوازەکان، بەکارهێنانی ورد و کاریگەری زیرەکی دەستکرد، و ئامرازی زانستی ڕاستەقینە بۆ پێوانەکردنی کاریگەری گفتوگۆ و هەڵمەتەکان، وەک ڕاپرسی دیجیتاڵی، شیکردنەوەی داتا، و دینامیکی بڵاوکردنەوەی خوێندنەوە. ئەمە چەپەکان بە نەوەی گەنج دەبەستێتەوە کە ئەمڕۆ لە ڕێگەی دیجیتاڵیزەکردنەوە سیاسەت دەژین.
مەرجی یەکلاکەرەوە بۆ سەرکەوتنی ئەم ڕێگایە ئەوەیە کە چوارچێوەی یەکگرتوو بتوانێت کار لەسەر خاڵەکانی لێکنزیکبوونەوە و بەرنامەی ڕێککەوتوو بکات و جیاوازییەکان بە شێوەیەکی پۆزەتیڤ و بنیاتنەر بگرێتەوە بەبێ ئەوەی ببێتە گۆڕەپانی ململانێ یەک چوارچێوە، چەندین پلاتفۆرم، زمانی گشتی هاوبەش، و ئامرازی مۆدێرن. تەنیا بەم شێوەیە چەپی عێراقی دەتوانێت لە دوورگە پەرتەوازەکانەوە بگۆڕێت بۆ هێزێکی کۆمەڵایەتی ڕێکخراو کە توانای کردار و کاریگەری هەبێت.

  1. لە کۆتاییدا، ئایا ئێمە بەردەوام دەبین لە لێکدانەوەی جیهان لە کاتێکدا دوژمنەکانمان بەردەوام دەبن لە گۆڕینی جیهان
    پرسیاری یەکلاکەرەوەی ئەمڕۆ دەربارەی نیازەکان نییە، بەڵکو دەربارەی کردارە ئایا چەپ ئەڵتەرناتیڤێک پێشکەش دەکات کە لەوەوە دەست پێدەکات کە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و چینایەتییەوە دەگونجێت، و دەتوانرێت لە نێو هاوسەنگی چینایەتیدا بەدەست بهێنرێت، لە ڕێگەی لۆژیکی گۆڕانی کەڵەکەبووەوە و وردە وردە؟ یان خۆی سنوردار دەکات بە بەرزکردنەوەی دروشمی تیۆری ڕاست بەبێ ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە و بەرجەستە لە ژیانی جەماوەردا بەرهەم بهێنێت؟
    سەرەنجام قەیرانی چەپی عێراق لە بنەڕەتدا قەیرانی دڵسۆزی و مێژوو و ڕێکخراو یان سەرکردایەتی دیاریکراو نییە، بەڵکو قەیرانی ئامراز و شێوازەکانی کارکردنە لە جیهانێکدا کە هەلومەرجی سیاسەت و ڕێکخستن و خەباتی بنەڕەتی گۆڕاوە. پەرەسەندنی زانستی و گۆڕانی دیجیتاڵی بۆشاییەکانی کاریگەری، بنیاتنانی هۆشیاری و دەسەڵاتیان کێشاوەتەوە. ئەوانەی ئەم گۆڕانکاریانە پشتگوێ دەخەن بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی هاوکێشەکە دەچنە دەرەوە و توانای گواستنەوە لە دەنگێکی دابڕاوەوە بۆ هێزێکی جەماوەری کاریگەر لەدەست دەدەن.
    ئێمە پێویستمان بە چەپێکی نوێ نییە لە بەهاکانیدا، بەڵکو پێویستمان بە چەپێکی نوێ هەیە لە گوتاری و پراکتیکیدا و میکانیزمەکانی ڕێکخراوەیی، چەپێک کە بیرکردنەوە وەربگێڕێت بۆ گۆڕانکاری بەرجەستە لەسەر زەوی بەبێ ئەوەی واز لە کرۆکی پڕۆژەی سۆسیالیستی خۆی بهێنێت. بەبێ ئەم گۆڕانکارییە میتۆدۆلۆژیا، چەپ بەردەوام دەبێت لە لێکدانەوەی جیهان بە ژیری کۆنی خۆی، لە کاتێکدا دوژمنە ڕێکخراوەکانی بەردەوام دەبن لە گۆڕینی جیهان بە ئامرازە نوێکانیان.
    وەڵامی ئەم تەحەدایە دیاری دەکات کە ئایا چەپی عێراقی تەنها “یادەوەرییەکی گەشاوە” دەمێنێتەوە لە هۆشیاری مێژوویدا یان دەبێتە “هێزێکی چالاک” لە داڕشتنی داهاتوودا. میتۆدی زانستی و ئەزموونی جیهانی ئەوە دووپات دەکەنەوە کە دابەزین و لاوازی چارەنووس نین، بەڵکو دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ئامرازەکانن کە چیتر لەگەڵ پێداویستییەکانی قۆناغەکە ڕێک ناکەون، و پێکهاتە ڕێکخراوەییەکان کە توانای کارکردن و نوێبوونەوەیان کەم بووەتەوە. ئەو ئازایەتییەی ئەمڕۆ پێویستە لە بەرزکردنەوەی دروشم نییە، بەڵکو لە بوێریدایە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتە ڕەقەکان، وازهێنان لە مەرکەزیەتی تەسک، و هەنگاونان بەرەو چوارچێوەیەکی یەکگرتوو، فراوان و نەرم کە بتوانێت هەمووان بگرێتەوە و رێکخراوەکان بە واقیعی زیندووەوە ببەستێتەوە.
    لێرەدا، ئەو پرسیارە لە گۆڕەپانەکانی خەبات و گۆڕەپانەکانی ناڕەزایی هەڵپەسێردراودا دەمێنێتەوە : ئایا ئێمە وەک چەپ بەڕاستی ئامادەیی ڕاستەقینەمان هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەم سەرکێشییە نوێبوونەوەیە، سنوورە مێژووییەکانمان تێپەڕێنین، واز لە چوارچێوەی ڕێکخراوەیی تەسک و شێوازەکانی سەرکردایەتی تەقلیدی بهێنین، خۆمان بەڕووی واقیعدا بکەینەوە بۆ یەکگرتن، و هێزێک بنیات بنێین کە بتوانێت ژیانی جەماوەر بەرەو باشتر بگۆڕێت؟
    هەڵبژاردنێکی یەکلاکەرەوە لەبەردەمماندایە: یان ڕێگای نوێبوونەوە و یەکگرتنەوەی پراکتیکی دەگرینە بەر و ڕۆڵی خۆمان وەک هێزێکی ڕاستەقینە و کاریگەر بۆ گۆڕان بگەڕێنینەوە، یان لەسەر ڕێگای ئێستا بەردەوام دەبین و مەترسی دابەزینی زیاتر و پێشێلکردنی بزووتنەوەی مێژوو دەکەین. ئەزموونی جیهانی هیوامان پێدەبەخشێت کە گۆڕانکاری بەدەست دەهێنرێت و بە ڕوونی ئەوە دەسەلمێنێت کە یەکێتی نەک تەنها مومکین بەڵکو کاریگەرە، تەنانەت لە سەختترین هەلومەرج و قووڵترین جیاوازی فیکری و ڕێکخراوەییدا.
    چەپێک کە دەیان ساڵ لە دیکتاتۆری و سەرکوت بەرگەی گرتووە ئەمڕۆ بوێری پێویستی هەیە بۆ چاککردنەوەی ئامرازەکانی و نوێکردنەوەی زیندوێتی فكري و ڕێکخراوەیی و بەرگری کردن لە خۆی و جەماوەرەکەی.

تێبینیەکان

  • چەپی عێراقی لە چەندین حیزب و ڕێکخراو پێکهاتووە کە دیارترینیان حیزبی شیوعی عێراق، حیزبی شیوعی کوردستان، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکارانی عێراق، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان، ڕێکخراوی شیوعی ئەڵتەرناتیڤ، پارتی چەپی شیوعی و پێکهاتەکانی دیکە.
  • هیچ کام لە لیتە چەپ و پێشکەوتووەکان کە بەشدارییان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تشرینی دووەمی 2025 دا کرد، هیچ کورسییەکی بەدەست نەهێنا.



لەبارەی ڕۆمانی ” مولازم تەحسین و شتی تریش “.. نووسینی: رۆژگار خالید

لەجیاتی پێشەکی..
هەر کەسێک ئەو ڕۆمانەی دکتۆر فەرهاد پیرباڵ بخوێنێتەوە تێدەگا کۆمەڵگەی ئێمە دژی خۆیتی و دژی خۆی دەژی و دژی خۆیشی دەمرێت .
هەربۆیە لەکاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕۆمانە دوو کێشە دروستبوو :.

  1. تۆمارکردنی داوایی یاسایی لەسەر دەزگای چاپ و دکتۆر فەرهاد پیرباڵ .
  2. هەڕەشەی قەدەغەکردنی هاتووچۆ لە دکتۆر فەرهاد پیرباڵ هەبووە .
    دوای خوێندنەوەی ڕۆمانەکە و بینینی کۆد و ڕەمز و ووشەکان ، لێکدانەوەی جیاواز هەیە سەبارەت بەنووسینی ئەم ڕۆمانە بەم شێوەی خوارەوە :.
    • ئەو ڕۆمانە بەجۆرێک لەجۆرەکان لێدانە لەپێگە و ئابڕوو و ناوبانگی پێشمەرگە .
    • نیشاندانی ژن لەنێو ڕۆمانەکە وەک ئافرەتێکی خۆفرۆش و لەشفرۆش ، لەکاتێکدا ئەم ئافرەتە خاوەن دوو وێنەی دژەیەکە و دیدگایەکی دروستی نییە .
    ئەو ڕۆمانە دوو دیوی هەیە دیوێکی ئاشنا بەژیانی ئێمە و دیوێکی دیکەی قێزەوەن و ناشیرین بەژیانی ئێمە .
    دەتوانم بڵێم ڕۆمانێکی خەمهێنە بەردەوام وادەکات خوێنەر بەدوای وەڵامی ئەو ڕووداوانە بێت و پرسیاری جددییا لێبکات دواتر گومان و خەیاڵی جیاوازی هەبێت بۆ مامەڵەی مرۆڤەکان کەچۆن هەڵسوکەوت و نمایشی درۆ و قسەکانیان دەگۆڕن بەپێی بارودۆخ و بەرژەوەندییەکانیان.
    بۆ ئەوەی بەباشی لە ڕۆمانەکە تێبگەی و ساتی ڕووداوەکان و خەیاڵی کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە بناسیتەوە .
    پێویستە ناوی کارەکتەرەکان و کارەکانیان بناسی :.
    • ” مولازم تەحسین ” جەللادێکی پلەباڵای سەربازی دەسەڵاتی حزبی بەعسە لەشاری سلێمانی .
    • ” نازناوی جوامێر ناوی راستەقینەی ئاراس بابەکر عبدالحميد ” بەئاشکرا مودیری بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ و ئاودێری سلێمانی بووە ، لەژێرەوە پێشمەرگە بوو بەرپرسی شانەی نهێنی ناوشار بوو .
    • ” ئەختەر قادر قوتوو ” خاتوونێکی شۆخ وەک فەرمانبەر لە دائیرەی کشتوکاڵی سلێمانی دادەمەزرێت پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ جوامێری هەیە لەوکاتەی مدیرە ، دوای ئەوەی جوامێر دەچێتە شاخ و شەوان دەگەڕێتەوە شاری سلێمانی پەیوەندییان هەر دەمێنێت و وەکو ئامرازێک بەکاردەهێنێت بۆ ئیش و کارەکانی.
    • ” حاجی مەولودی ملیۆنێر ” پیاوێکی دەوڵەمەند و سەرمایەداری شاری سلێمانییە بەقسە واخۆی نیشاندەدا کەسێکە دەیەوێت خزمەتی شاری سلێمانی بکا کەچی لەژێرەوە پیاوێکە خزمەتی حزبی بەعسی و خۆشەویستی بۆ سەدام حسێنی سەرۆکی کۆماری عێڕاق هەیە .
    • هەموو کارەکتەرەکانی دیکەی نێو ڕۆمانەکە ناوی سەیر و سەمەرەیان هەیە وادەکا کۆمیدیایەک بەڕۆمانەکە بدات و قسەکانیان وەک تەنز دەبینرێت ، کاتێکیش رۆمانێک لەناوجەرگەی ژیانی خەڵکی ئاسایی دەنووسرێت پێویستە ناو و نازناو و قسەی خەڵکی ئاسایی بنووسیتەوە .
    بۆیەش دەستبردن بۆ خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە هەستیارە هەڵوەستەی فکری و دەروونی و کۆمەڵایەتی دەوێت :.
    لەلایەک ناوەڕۆکەکەی ئاڵۆزە مامەڵەی ووردی دەوێت وە لەلایەکی دیکە ڕووداوەکان بەخێرایی دێنەپێش فکری ئینسانی تێکدەدات و هەموویان خەریکی فێلکردنن لەیەکدی .
    لەبارەی ڕۆمانەکە لە سێ وێنەی جیاواز پێکدێت هەر وێنەیەکی لەسەردەمێکدا نووسراون :
    • یەکەم لە 1987 کۆپنهاگن دووەم لە 1991 پاریس سێیەم داڕشتنەوەی 2001 هەولێر.
    جیاواز لەهەموو رۆمانێکی دیکەی کوردی لە هەندێک بەشی ڕۆمانەکە بەشێوەی پانی یاخود ئاسۆیی ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە
    • بەشی سەرەوەی ڕۆمانەکە تایبەتە بەژیانی مولازم تەحسین
    • بەشی خوارەوەی ڕۆمانەکە تایبەتە بەشێوە ژیانی جوامێر
    • لەبەشی کۆتایی ڕۆمانەکە هەردوو بەشی ڕۆمانەکە یەکدەگرن و خاڵی یەکگرتنی ڕۆمانەکە دەستپێدەکات ، وە لەهەندێک بەشی ڕۆمانەکە لاپەڕەکە جیهێشتراوە بەتاڵە هیچ شتێکی تێدا نووسراوە .
    • شوێنی ڕووداوەکان شاری سلێمانی .
    گێڕانەوەی مێژووی ڕووداوەکان ساڵانی هەشتاکانی سەدەی بیستەم .
    لەڕووی کارەکتەرە :.
    دووجۆر مرۆڤ و دوو دونیای جیاواز هەیە کاریگەری دوو فیکری جیاواز و کۆمەڵێک شتی دیکەی دووانەش هەیە ئەگەر بمانەوێت تێبگەین .
    لەڕووی کاتەوە تاریکی و شەو زاڵەبەسەر ڕۆژ و ڕووناکی چونکە ڕووناکی نیشانەی دەسەڵات و هێز و خۆسەپێنیە کەچی شەو نیشانەی بوێری و تۆڵەکردنەوەیە بەمانای دونیای نهێنی و خافڵگیری دێت .
    ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە بەم شێوەیە دەبێت :.
    مولازم تەحسین // دوای ئەوەی دەسەڵاتی ئەمنی و سەربازی و ئیداری حزبی بەعس لەشاری سلێمانی لاوازدەبێ مولازم تەحسین لەشاری بەغداد دەگوازرێتەوە بۆشاری سلێمانی بەڕۆژ خەریکی گرتن و چاوترسێن و لێدان و ئازاردان و زیندانیکردنی گەنج و پیاو و پیری ئەم شارەیە .
    جوامێر // دوای چوونەشاخ ئەمجارە وەک پێشمەرگەیەکی چاونەترس و مەفرەزەی دەستوەشێن شەوان دەگەڕێتەوە شاری سلێمانی خەریکی کوشتنی پیاوانی بەعس و کوشتنی رەفیق حزب و ئەو کەسانەیە لە خەڵکی شارەکە دەدەن چاوترسێنیان دەکەن و تۆڵەی ئەو شتانە دەکەنەوە رووبەڕووی خەڵکی و هێزی پێشمەرگەی دەبێتەوە .
    ڕۆمانەکە بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت :
    ” مولازم تەحسین ” لەکاتی پشکنین و گەڕان بەناو ماڵان ئەختەری شۆخ دەناسێت و دەستی لەگەڵ تێکەڵ دەکا و دیاری پێدەدا و شەوەکانی ڕەنگاو ڕەنگ دەکا و تامی ژیانی لەلای دەگۆڕێت و پرسی هاوسەرگیری دێتەپێش.
    ” جوامێر ” هەر شەوێک دەگەڕێتەوە چاوی لەسەر ئەختەری شۆخە و شەوان لەگەڵی دەمێنیتەوە و خەریکە شەوەکانی جوانتر دەکا و هەموو کاتێک بەڵێنی هاوسەرگیری و بردنەشاخی پێدەدا بەڵام بەڵێنەکەی دەشکێنێت وە بیانووی جۆراوجۆری هەیە و سەرکردایەتی شۆڕشی بەهۆکاری نەبردنی دەزانێت .
    هەردووکیان چێژدەبینن لەجەستەی ئەو خاتوونە وە بۆ مەبەستی شارراوەی خۆیان هەیە بەردەوامن .
    ئەو دووبەشە بەم شێوەیە بەردەوام تائەوکاتەی حاجی مەولودی ملیۆنێر لەگەڵ سالاری کوڕی بڕی 80 هەزار دیناری سویسری دەبەنە بەغداد وەک بەخشین بۆ شەڕی قادسیە و سەدام حسین و حزبی بەعس .
    دوای ئەوەی جوامێر هەڵدەستێت سالاری کوڕەکەی حاجی مەولودی ملیۆنێر دەڕفێنی و داوای بڕی 50 هەزار دیناری سویسری دەکات لەبەرانبەر ئازادکردنی .
    دوای ئازادکردنی کوڕەکەی حاجی مەولود مولازم تەحسین وەک دڵنەوایی و پاڵپشتی سەردانی ماڵیان دەکا و حاجی مەولود کۆمەڵێک قسەی خراپ لەسەر پێشمەرگە و شۆڕش و گیانفیدای جوامێر دەکات و وێنەی نیشان دەدا دەڵێ ئەوە دز پارە و شتی زۆری برد کاتەک چووە شاخ وە ئەوانەی لە شاخن جەردەن ، ئەو جوامێرە نازناوی ئاراس بابەکر عبدالحميدە مدیری دائیرەی کشتوکاڵ و ئاودێری سلێمانی بوو .
    ئەم قسەیە بۆ مولازم تەحسین دەبێتە شۆک و یەکسەر بەدواداچوون بکا و دۆسیەی دەربهێنێت و جوامێر وەک بەڕێوەبەری پێشوو و ئەختەریش وەک فەرمانبەری ئەو دائیرەیە کەشف ببن .
    چەند وێنەیەکی ناوڕۆمانەکە دەنووسمەوە :.
    • هاوسەرگیری لەگەڵ مولازم تەحسین :.
    ئەختەر ئەو نیوەڕۆیە وەک دەیان نیوەڕۆی دیکە دەعوەتی مولازم تەحسینی کردبوو دیسان کفتەی سابوونکەرانی بۆ لێنابوو .
    ئەختەر لەسەر نان خواردن گۆتی تەحسین پرسیارێکت لێدەکەم !
    چییە؟
    تۆ لەناوبردنی پێشمەرگە و پیشەکەی خۆتت بەلاوە گرنگترە یا ژیان لەگەڵ مندا؟
    مولازم تەحسین دەستی لە خواردنەکە سارد بووە ئەم پرسیارە عەنتیکەیە چییە ئەمڕۆ لێم دەکەی ئەختەر؟
    ئەختەر بۆ خۆشی پێکەنینی هات .
    نا مەبەستم ئەگەر شووت پێبکەم واز لە پیشەت دەهێنێت؟
    مولازم تەحسین دڵنیابە ئەختەر بەڵام هەردەبێ بڕۆین بۆ بەغدا و لەوێ بژین!
    ئەختەر لەدڵی خۆیدا بەراوردی هەڵوێستی مولازم تەحسینی لەگەڵ هەڵوێستی جوامێر دەکرد.
    • هاوسەرگیری لەگەڵ جوامێر :
    ئەختەر ڕووی لە جوامێر کرد .
    مەسەلەی خوازبێنی من چ پەیوەندییەکی بە مەکتەبی سیاسی حزبەوە هەیە جوامێر؟
    جوامێر شلەژاو وەک پەشیمان ببێتەوە لە درکاندنی ئەم نهێنییە و بەڵام ناچاریش بێت ڕوونی بکاتەوە و ڕوونی کردەوە .
    پێیان وایە ئەگەر تۆ لەگەڵ من بێیتە شاخ کەناڵێکی گرنگی پەیوەندیمان لەگەڵ ناوشار لەقیس دەچێ!
    ئەختەر کە ئەمەی بیست زیاتر شلەژا و دوای قەیرێک بیرکردنەوە سەیرە .
    پێیان وایە هیچ ئافرەتێکی دیکەی وەکو تۆ بۆ ناوشار نادۆزنەوە.
    یەعنی ئێمە ناتوانین پێکەوە لەشاخ ژن و مێرد بین و بەپێشمەرگایەتی بژین .
    جارێ قبووڵ ناکەن لەگەڵ خۆمت ببەم .
    ئەختەر تۆ مانەوەت لەناو حزب لەلا گرنگترە یان گەڕانەوەی شەرەفی ژنێکی کورد کەمن خۆشم دەوێیت و هەموو ژیانم لەپێناوت بەخت کردووە!
    ئەختەر ئەگەر چووینە شاخ و پەسەندیان نەکرد وەک ژن مێرد وەریان نەگرتین؟
    جوامێر بەڵێنت دەدەمێ تەسلیمی حکومەت دەبمەوە و لێرە دەتخوازم و پێکەوە دەژین.
    بەڵێن؟
    بەڵین !
    جوامێر لەکاتێ بەڵێنی خۆی بە ئەختەردا پەنجەکانی دەستی چەپی تا قەراغ هەناوی ئەختەر ڕۆیشتبوون.
    لاپەڕە 84 و 85 و 90 و 91 و 109 ” “
    دوای ئەوەی مولازم تەحسین بەپەیوەندی نێوان جوامێر و ئەختەر دەزانێت و دەچێتە لای ئەختەر هەموو شتێکی لێدەپرسێ و ئەویش هەموو شتێک بە مولازم تەحسین دەڵێت .
    • بەشی کۆتایی
    ئەختەر بەعەرەبی قسەی دەکرد پاشان یەکسەر تێگەیشتم گۆتم ئەوە دیسان مولازم تەحسینی لەلایە باوەڕم پێ بکە رەعنا وەک چۆن ئێستا گوێم لەدەنگی تۆیە ئاوها گوێم لە ئەوانیش بوو قسەیان دەکرد شەو بوو دنیا کش و مات بوو تەنیا دەنگی ئەوان دەهات مولازم تەحسین دیاربوو بە توڕەییەوە پێی گووت
    بچۆ حەوشە ئاگات لە دەرگای دەرەوە بێ!
    ئەختەریش دەیگوت
    دەترسم بەسەر دیوارەکەوە بێتە ژوورەوە
    کۆلان سەرتاپا بۆسەی تێدا دانراوەتەوە مەترسە
    مولازم تەحسین گۆتی
    ئاخر دەترسم ببێتە تەقە بقڵیشێتەوە
    ئینجا مولازم تەحسین دەنگی بەرز کردەوە
    ئەدی تۆ ناڵێی بەتەنیا دێت؟
    پاشان من پێم گوتوون بەهیچ شێوەیەک تەقەی نەکەن لێی گەڕێن بێتە ژوورەوە دەبڕۆ تۆ ئاگاداری دەرگای حەوشە ببە !
    لاپەڕە ” 126″
    پاشان مولازم تەحسین پیلانی کوشتنی جوامێر دادەنێت و دەیکوژێت وەک کویلە تەماشای ئەختەری دەکا و بە پاسەوانەکانی دەڵێت بیهێنن .
    تێبینی لەبارەی کەسایەتی جوامێری دەستەکانی بەجەستەی خاتوونێک گەرمدەکات بێگومان لەگەڵ ڕەوشت و ئاکاری جوانی پێشمەرگەی یەکناگرێتەوە



شه‌وی یه‌لدا له‌به‌ر ڕۆشنایی مێژوودا.. توێژینه‌وه‌،گردکردنه‌وه‌ و ئاماده‌کردن: هۆمه‌ر نۆریاوی

په‌یڤی دەستپێک:
به‌شێكی ئه‌م بابه‌ته‌ی ده‌خرێته‌ به‌ردیده‌ی تۆی خوێنه‌ر،بۆ به‌رنامه‌یه‌کی ڕادیۆیی نووسراوه‌‌ که‌ ساڵانێک پێش ئێستا له‌ شه‌وی یه‌لدادا له‌ ڕادیۆ”سنه‌”و به‌رنامه‌ی”تریفە‌”وه‌‌ پێشکه‌ش به‌ گوێگری کورد زمان کراوه‌. دیوی ده‌ره‌وه‌ی بابه‌ته‌که‌ پتر له‌‌ گردکردنه‌وه‌ و ئاماده‌کردنه‌وه‌ نزیکه‌ به‌ڵام له‌ ڕاستیدا بۆ به‌رهه‌ڤکردن‌ و نووسینه‌وه‌ی،له‌ ده‌رکه‌ی زۆر په‌ڕتووک،ماڵپه‌ڕ و وێبلاگی کوردیی –فارسیم داوه‌ و به‌ ده‌یان دیوانه‌ شیعری کوردییدا داگه‌ڕاوم و ده‌کرێت بڵێم،بابەتەکە ده‌چێته‌ خانه‌ی توێژینه‌وه‌یه‌کی کورت و پوخت له‌سه‌ر یه‌لدا. له‌م ڕێگەیە‌وه‌ زێتر ویستوومه‌ زانیارییه‌ک به‌ بیسه‌ر و گوێگر و خوێنه‌ری کورد سه‌باره‌ت به‌ مێژووی ئه‌م شه‌وه‌ و یه‌لدا له‌ نێو کورد و وێژه‌ی کوردییدا ببه‌خشم. ده‌قی به‌رنامه‌که‌ به‌ پێداچوونه‌وه‌ی نوێ‌ و قووڵترکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌که‌،به‌ هه‌مان شێوه‌ی ڕادیۆیی ده‌خه‌مه‌ به‌رچاوی تۆی خوێنه‌ر،هیواخوازم به‌که‌ڵک و سوودبه‌خش بێت. له‌ به‌شی کۆتاییی بابه‌ته‌که‌دا ده‌یان چه‌پکه‌ شیعری کوردییشتان ده‌خرێته‌ به‌رچاو که‌ بۆ ده‌ستخستن و دیتنه‌وه‌ی ئه‌م شیعرانەیش،گه‌لێک خۆم ماندوو کردووه‌،ئومێده‌ ئه‌م هه‌وڵه،‌سه‌ره‌تا و دەستپێکێک بێت بۆ دنه‌دانی که‌سانی دی،بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ی وردتر و قووڵتر و هه‌روه‌ها به‌رفره‌وانکردنی گوڵجاڕی شیعری یه‌لدایی.
یه‌لدا،فه‌لسه‌فه‌ و مێژووه‌که‌ی:
“شه‌وی یه‌لدا”که‌ به‌ یه‌ک له‌ شه‌وه‌ پیرۆزه‌کان له‌ جوگرافیای ئێرانی کۆندا دانراوه‌،به‌ شێوه‌ی فه‌رمی له‌ ساڵی 502ی پێش زایینه‌وه‌ له‌ سه‌رده‌می داریۆشی یه‌که‌مدا ڕێی که‌وتۆته‌‌ نێو ڕۆژژمێری فه‌رمیی ئێرانییه‌کانه‌وه‌.
له‌ سه‌رده‌می کۆنی فه‌رهه‌نگی ئاڤێستاییدا،ساڵ،به‌ وه‌رزی سه‌رما ده‌ستی پێ ده‌کرد و له‌ ئاڤێستایشدا وشه‌ی”سه‌رێده‌”که‌ به‌ مانای هه‌مان”ساڵ”دێت،بۆ خۆی به‌ واتای سه‌رکه‌وتنی ئه‌هوورامه‌زاد به‌سه‌ر ئه‌هریمه‌ن و ڕۆشنایی به‌سه‌ر تاریکیدا دێت.
شه‌وی یه‌لدا به‌ شه‌وی له‌دایکبوونی خودای خۆر،دادگه‌ری،په‌یمان و شه‌ڕیش ناودێر ده‌که‌ن. له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌یش،دوو بۆچوون هه‌یه‌. یه‌که‌میان ده‌ڵێت که‌ له‌م شه‌وه‌دا،میترا یان ئه‌وه‌ی له‌ ئاڤێستا و نووسراوه‌کانی پاشایانی هه‌خامه‌نشیدا هاتووه‌،مه‌یژه‌(Mithra)ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر زه‌وی. ئه‌و که‌ به‌ خودای کۆنی هیند و ئێرانی داده‌نرێت،ماوه‌ی ڕۆژ درێژ ده‌کاته‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامدا خۆر سه‌ر ده‌که‌وێت.
دینی خۆرپه‌رستی یان هه‌مان ئایینی میهر له‌سه‌ر بنه‌مای په‌رستنی میترا له‌ سه‌رده‌می پێش دینی زه‌رده‌شت سه‌ری هه‌ڵداوه‌ و دروست بووه‌ و له‌ ئه‌ورووپادا به‌ ئایینی میترایزم ناوی ده‌رکردووه‌.
هه‌ندێک له‌ توێژه‌ران له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن که‌ له‌ شه‌وی یه‌لدادا،پێغه‌مبه‌رێک له‌ دایک ده‌بێت که‌ له‌ نێو دوو دۆلفیندا ده‌ری ده‌هێنن. هه‌ر بۆیه‌ له‌ ئایینی میهردا،”ئاو”بایه‌خێکی تایبه‌تی هه‌یه‌. به‌ گوێره‌ی هه‌ر دوو بۆچوونه‌که‌،شه‌وی یه‌لدا،شه‌وی له‌دایکبوونی میترا یان میهره‌. له‌ ڕاستیدا یه‌لدا،جه‌ژنێکی زاگرۆسنشین و ئاریی ڕه‌گه‌زه‌کانه‌ و هه‌زاران ساڵ پێش ئێستا ڕێڕه‌وانی ئایینی میترایی له‌ ئێراندا به‌ڕێوه‌یان بردووه‌.
دوکتۆر “میهرداد به‌هار”(1994-1929)له‌ کتێبی”له‌ ئوستووره‌وه‌ تا مێژوو” ده‌نووسێت: “شه‌وی یه‌لدا،شه‌وی له‌دایکبوونی میهر یان میترا نییه‌،به‌ڵکوو له‌دایکبوونی خۆره‌. میهر و خۆر پێکه‌وه‌ چه‌ند جیاوازییه‌کیان هه‌یه‌”.
به‌ گوێره‌ی ڕۆژژمێری خه‌ڵکانی ئێرانی کۆن،شه‌وی یه‌لدا،شه‌وی ده‌رکه‌وتنی ڕووناکایییه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕاستیی بێت ئه‌م شه‌وه‌ پێوه‌ندییه‌کی فره‌ی به‌ ئایینی میهرپه‌رستییه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ زێترین زانیاریی له‌سه‌ر ئه‌م دینه‌ پێمان ده‌ڵێت که‌ له‌ سه‌ده‌ی دووه‌می پێش زایین تا سه‌ده‌ی چواره‌می زایینی بوونی هه‌بووه‌. هه‌ر بۆیه‌ لای میهرپه‌رستان،شه‌وی یه‌لدا،هه‌مان شه‌وی له‌دایکبوونی میترایه‌.
“وه‌ك زستان به‌ڕێوه‌یه‌،ئایا به‌هاریش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌”‌؟ ئه‌م ڕسته‌ و په‌یڤه‌،ئه‌م چه‌مک و واتایه‌ی له‌ نێوئاخن و کرۆکدایه‌ هه‌تا ورد ببینه‌وه‌ له‌ مژار و پرسێک که‌ گه‌ره‌کمانه‌ په‌ی به‌ سه‌رچاوه‌ و ناوه‌ڕۆکه‌که‌ی ببه‌ین و بزانین چییه‌؟‌واته‌ شه‌وی یه‌لدا یان شه‌وی چله‌ گه‌وره‌ یاخۆ هه‌مان شه‌و زستان. له‌لایه‌كه‌وه‌ ده‌ستپێک و سه‌ره‌تای زستان و ده‌ركه‌وتنی سه‌رما و سۆڵه‌ ‌و به‌سه‌رچوونی وه‌رزی خه‌زان و وه‌رین و ماته‌می سرووشته‌،له‌ لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌،چاوه‌ڕێبوون به‌ دیار به‌هاره‌وه‌،كه‌ ئایا به‌هار و گوڵ و بۆنوبه‌رامه‌ی گوڵزار و سه‌ر له‌ نوێ ژیانه‌وه‌ی سرووشت،ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ؟!
له‌ كاتێكدا مرۆڤ به‌ده‌ست تووڕه‌یی و سازی ناساز و میزاجی سرووشته‌وه‌ گیرۆده‌یه‌ و وێڵی دوای قۆناخی گه‌شه‌كردن و دیتنه‌وه‌ و دۆزینه‌وه‌ی‌ نهێنییه‌كانی سرووشته‌،له‌هه‌مان كاتیشدا مرۆ پێوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌م هێزه‌ یاخییه‌دا له‌ ڕێی‌ ملكه‌چبوونه‌وه‌ به‌رده‌وام کردووه‌.
وشه‌ی‌ یه‌لدا،وشه‌یه‌كی‌ سریانییه‌ كه‌ یه‌كێک له‌ زمانه‌ كۆنه‌كانی‌ ناوچه‌ی‌ ڕۆژهه‌ڵاتی‌ نێوه‌ڕاسته‌. یه‌لدا،هه‌روه‌ها یه‌كێک له‌و جێژنانه‌یه‌ كه‌ ڕه‌چه‌ڵه‌كی‌ له‌ ئایینی میهردایه‌،به‌ چه‌شنێك كه‌ زۆر لێكۆڵه‌ر و ڕۆژهه‌ڵاتناس،به‌ شه‌وی‌ له‌ دایكبوونی”میترا”ی ناو ده‌به‌ن.
شه‌وی یه‌لدا یان شه‌وی چله‌ درێژترین شه‌وی‌ ساڵ له‌ نیوچه‌ گۆی‌‌ باكووری زه‌وییه‌. به‌ هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ی‌ جوگرافیاییه‌وه،‌ئه‌مشه‌وه‌ هه‌ر له‌ خۆراوابوونی 30ی سه‌رماوه‌زه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ هه‌ڵاتنی خۆر له‌ 1ی‌ به‌فرانباردا درێژه‌ی‌ هه‌یه‌ و هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ “شۆڕشی زستانه‌ یان گۆڕانی”و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یشه‌ كه‌ ڕۆژ،درێژتر و ته‌مه‌نی شه‌و،كورتتر ده‌بێته‌وه‌. ئه‌م دیارده‌ سرووشتییه‌ له‌سه‌ر خه‌ڵكانی‌ كه‌ونار و کۆن، كاریگه‌رییه‌كی‌ قووڵی‌ فه‌لسه‌فی داناوه‌ و ئه‌و شه‌وه‌یان به‌ واتای‌ زاڵبوونی ڕووناكی به‌سه‌ر تاریكیدا ناودێر كردووه‌. خه‌ڵک،پیرۆزیی و سه‌ركه‌وتنی خۆر و ڕووناكییان به‌سه‌ر تارمایی شه‌و و تاریكیدا جێژن ده‌گرت،هه‌تا سه‌ركه‌وتنی میهر و تێكشکاندنی ئه‌هریمه‌ن ببینن. ئه‌م جه‌ژنه‌‌ لای زۆر نه‌ته‌وه‌ی‌ ناوچه‌ی‌ ڕۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست،ئاسیای بچووک و ته‌نانه‌ت یۆنان و … به‌ڕێوه‌ ده‌چێت،به‌ڵام هه‌ركام به‌ شێوه‌یه‌كی‌ جیاواز و له‌ ژێر ناوێكی‌ دیكه‌دا.
یه‌لدا و کورد:
ئه‌گه‌ر ئاوڕێكی‌ كورت له‌ مێژووی‌ شه‌وی یه‌لدا له‌ نێو کورد و له‌ كورده‌وارییدا بده‌ینه‌وه‌ و چۆنیه‌تی‌ به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م جێژنه‌،دەبێت بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ مێژوویه‌کی کۆنتر و دابونه‌ریتی كورده‌واری له‌ سه‌رده‌می كه‌وندا. هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای په‌یدابوونی مرۆڤی كورد و تێكه‌ڵاوبوون به‌ سرووشت و دیارده‌كانی‌ و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی‌ ژیانی‌ مرۆی كورده‌وه‌ له‌م سه‌رزه‌وینه‌دا،ئایینیش وه‌ک سیسته‌مێكی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی مانای به‌ ‌ژیانی‌ خه‌ڵكانی‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ به‌خشیوه‌. ژیان،حه‌قیقه‌تێكه‌ كه‌ به‌ بێ دۆزینه‌وه‌ی‌،واتا و مانای نییه‌. مرۆی سه‌رده‌می كۆنیش بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ ئه‌م حه‌قیقه‌ته‌ هه‌وڵ و ته‌قه‌لای خۆی داوه‌. هه‌روه‌ها ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ دانیشتووانی ڕه‌سه‌ن و كۆنی ناوچه‌ی زاگرۆس،پێش هاتنی كۆچبه‌ره‌ ئارییه‌كان،هێز و دیارده‌ سرووشتییه‌كانیان به‌لاوه‌ جێی بایه‌خ و گرینگ بووه‌ و “خۆر،ئاو و ئاگر و با”یان لا گه‌لێک بایه‌خدار بووه‌ كه‌ هه‌تا هه‌نووكەیش،ئه‌م چوار توخمه‌ لای ئێزدییه‌كان هه‌مان نرخی خۆیان هه‌یه‌. شه‌وی چله‌ یان یه‌لداش،ئێستا‌ یه‌كێكه‌ له‌ جەژنە‌ گه‌وره‌كانی‌ ئێزدییه‌کان‌ و هه‌موو ساڵێك به‌ڕێوه‌ی‌ ده‌به‌ن.
له‌ هه‌زاره‌ی دووهه‌می پێش زاییندا،هاتن و نیشته‌جێبوونی هۆزه‌ كۆچه‌ره‌ هیند و ئه‌ورووپاییه‌كان،گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌ له‌ ئایین و زمانی دانیشتووانی زاگرۆس پێک ده‌هێنێت. دین،وه‌ک سیسته‌مێكی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌میشه‌ تاقه‌ ڕێگا بووه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ ماناكانی ژیان و له‌ په‌نایدا زانست بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌حه‌قیقه‌ت،هه‌وڵی‌ خۆی داوه‌. بۆیه‌ ده‌توانین بڵێن كه‌ مانای ژیان،له‌ خودی ژیانی‌ مرۆڤ و ده‌وروبه‌ریدایه‌. مرۆڤ،بوونه‌وه‌رێكی‌ زیندووه‌ و هه‌میشه‌ به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی‌ ماناكانی‌ سرووشته‌وه‌یه‌. به‌ پێی‌ سه‌رچاوه‌ مێژوویییه‌كان له‌ كورده‌وارییدا،بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌”شه‌وی یه‌لدا”وه‌ك جێژنێكی‌ ئایینی له‌ سه‌رده‌می كۆندا چاو لێ كراوه‌ و مینا نه‌ریتێكی‌ دێرینیش پارێزراوه‌ و تا ئێستایش هه‌ر ماوه‌ته‌وه‌.به‌ڵام،مێژووی شه‌وی یه‌لدا و ئاهه‌نگی ئه‌مشه‌وه‌ له‌ جوگرافیای ئێراندا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نزیکه‌ی 1000 ساڵ. له‌ هه‌ر ناوچه‌ و ده‌ڤه‌رێکی ئێراندا ئه‌م شه‌وه‌ به‌وپه‌ڕی شکۆوه‌ یاد ده‌کرێته‌وه‌ و تێیدا ئاهه‌نگێکی تایبه‌ت به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و له‌ هه‌موو شوێنێکیش هه‌تا ڕاده‌یه‌کی زۆر وه‌ک یه‌که‌،چونکه‌ سه‌رچاوەکە‌،یه‌که‌.
به‌ڵام با بزانین شه‌وی یه‌لدا له‌ كورده‌واریدا چۆن به‌ڕێوه‌ ده‌چێت؟
له‌م شه‌وه‌دا بنه‌ماڵه‌ بۆ گلێرکردنەوەی‌ خێزانه‌كه‌ی‌ له‌ ده‌وری یه‌كتر و شه‌وچه‌ره‌ی‌ نێو دیوه‌خانیان و به‌سه‌ربردنی چله‌ گه‌وره‌ی‌ ساڵ واته‌ چله‌ی‌ زستان،پێکه‌وه‌ دانیشتوون و تا ده‌مه‌وبه‌یان یه‌كتریان دواندووه‌ و ئه‌و شه‌وه‌یان به‌ گێڕانه‌وه‌ی‌ سه‌‌ربرده‌ و حه‌كایه‌ت و خوێندنه‌وه‌ی‌ شیعر و حه‌یران،لاوك و هۆره‌ به‌سه‌ر بردووه‌. حه‌كایه‌تێک كه‌ باس له‌ قاره‌مانه‌تی و له‌خۆبوردوویی یان هه‌ندێك جار دڵشكان و نامورادی و بویەری تراژیک ده‌کات كه‌ ئەوەیش له‌ میتۆلۆژی‌ و ئوستووره‌ناسیی کورددا ده‌توانێت ڕاڤه‌ بكرێت. كه‌سایه‌تی ئه‌و چیرۆک و حه‌كایه‌تانه‌،كچانی شۆخ ‌و شه‌نگ و كوڕانی جوامێر و مێرخاس‌ و دركاندنی ڕازی ده‌یان چیرۆك ‌و سه‌ربرده‌ و حه‌كایه‌تی ون بووه‌. خه‌ج‌ و سیامه‌ند،مه‌می ئالان،قه‌ڵای دمدم،دوانزه‌‌سواره‌ی‌ مه‌ریوان،شیرین و فه‌رهاد و ….
خواردنی شێوی زۆربه‌ی‌ ئه‌م جێژنه‌،یاپراخ و دۆڵمه‌ی گه‌ڵامێو و كه‌له‌م بووه‌ و له‌ پاڵیدا شه‌وچه‌ره‌ی‌ دیوه‌خان،سفره‌یه‌كی‌ ڕه‌نگین به‌ “هه‌نار،سێو، شووتی،پسته‌ ‌و بادام و توو و گوڵه‌به‌ڕۆژه‌ و برێشكه‌،گه‌نمی برژاو،مێوژ،هه‌نجیره‌ وشكه‌ …که‌ به‌ گشتیی هه‌ر كام مانایه‌كی تایبه‌تی هه‌یه‌. بۆ نموونه‌ ده‌توانین بڵێین كه‌ شووتی و هه‌نار به‌ هۆی زۆربوونی ده‌نكه‌كانیانه‌وه‌،نیشانه‌ی‌ به‌ره‌كه‌ت بوونه‌.
شه‌وی یه‌لدا هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ كۆتاییهاتنی‌ وه‌رزی‌ خه‌زان،وه‌رزی‌ ماڵاوایی‌ دوایین سه‌فه‌ری‌ سرووشت به‌ره‌و هه‌رێمی‌ به‌فر‌ و با و بۆران،سه‌رما‌ و كڕێوه‌،وه‌شت ‌و زریان‌ و،به‌ستەڵەک و سه‌هۆڵبه‌ندان.
به‌ هزر و بیری‌ زستانە و پشوودرێژییه‌وه‌ و به‌ وردبوونه‌وه‌ و تێڕامان له‌و وته‌یه‌ی‌ كه‌ به‌هار هه‌ر له‌ ڕێدایه‌‌ ‌و دێته‌وه‌!!هیوا به‌ ‌داهاتوو،به‌رده‌وامیی ‌‌و نه‌دۆڕاندنی‌ ئیراده‌،ژیاندۆستیی و مرۆڤدۆستی‌،له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌ به‌رزه‌كانی‌ وه‌رزی زستانن. بۆیه‌ پێویسته‌ به‌ چاوكراوه‌یی ‌‌و به‌رچاوڕوونییه‌وه‌ له‌ ئاسۆ بڕوانین هه‌تا زانست و ماریفه‌ت بكه‌ینه‌ هه‌گبه‌ی‌ داهاتوومان ‌و ئاگردانی‌ زستانی‌ کورده‌واریی پێ گه‌رم و به‌تین ڕابگرین. وه‌ک پێشتریش ئیشاره‌تی پێدرا،شه‌وی یه‌لدا که‌ ده‌که‌وێته‌ دوا شه‌وی وه‌رزی خه‌زان و سه‌ره‌تای وه‌رزی زستان واته‌ 30ی سه‌رماوه‌ز یان 21/12 ی ساڵ(هه‌ندێک جار ئه‌ملا و لای ده‌بێت)،درێژترین شه‌وی ساڵه که تاریکی ئه‌و شه‌وه‌ له چوارده کاژێر تێپه‌ڕ ده‌بێت. له ئایینی زه‌رده‌شتدا به‌ شه‌وێکی پیرۆز داندراوه؛پیرۆزیی ئه‌مشه‌وەیش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و کاتانه‌ی که مرۆڤ هیچ په‌ناگه‌یه‌کی نه‌بووه‌،ئه‌شکه‌وت و که‌ورگ نه‌بێت و هۆکارێکی خۆ گه‌رمکردنه‌وه‌یشی ده‌بێت تا خۆی له سه‌رما و سۆڵه‌ی زستان بپارێزێت.
جەژنی زایین یان شەوی زایین کە بە یەڵدا(هه‌مان یه‌لدا) ناسراوە،جەژنی لەدایکبوونی”مەهاباد”ی باپیری کوردانە.مەهاباد،یەکەم پەیامهێنەری سەر ڕووی زەمینە و دامەزرێنەری ئایینی میتراییە کە بە میهر یان ڤارونەش ناسراوە. میترایی (میترایزم)،یەکەم ئایینە کە بە هەزاران ساڵ پێش ئێستا ڕێگای ژیانی مرۆڤایەتی ڕۆشن کردۆتەوە،بەڵگە نوێیه‌کانی پەرستگه‌ی گیرێ ناڤۆکێ (گۆپکلی تەپە)لە ڕۆژهەڵاتی شاری “ڕۆها” کە بە شاری پێغەمبەران ناسراوە( ئۆرفای ئێستا)لە باکووری کوردستان،له‌ ڕاستیی و نهێنیی سەرەتای سەرهەڵدانی ئایین،نزیکمان ده‌خاتەوە. لە ڕاستیدا ئایینی میترا کە زۆربەی جیهان بە خودی کوردیشه‌وه‌ بە چەوتی،بە ڕۆژپەرستی ناسیویەتی،واتە خودای ئەڤین و پەیمان،خودای ڕۆژ و ڕووناکی و خوای پارێزەری گەردوون و چارەنووس. جەژنی زایین،پیرۆزکردنی درێژبوونەوەی ڕۆژ و ڕووناکییە کە پێغەمبەر،”مەهاباد”ی مەزن بۆ یەکەم جار بۆ مرۆڤایەتی ڕوون کردۆتەوە.لەگەڵ تێپەڕبوونی زه‌مه‌ندا،ئەم بۆنەیە بووە بە جەژنێکی نەریتیی و بەشێکی گرنگی فەرهەنگی کوردی کە بە داگیرساندنی ڕووناکی و ڕازاندنه‌وه‌ی درەختی سنۆبەر و سینیی خواردنی تایبەت،یاد ده‌کرێتەوە،پیاوێکی بە ڕوخسار پیریش بە کڵاوێکی قووچه‌وه‌ و کەوای سووری میترایی و پشتێنێکەوە،تورەیەک بەشانەوە،خواردن کۆ ده‌کاتەوە و پاشان بەسەر هەژاران یان هەموواندا دابەشی ده‌کات. کاتێک کە بەدکاران خەریکن ئایینەکە ناشیرین بکەن،زەردەشتی مەزن چاکسازی تێدا ده‌کات و ئایینی مەزدایی،زەردەشتی (مەزدایزم) جێی میترا ده‌گرێتەوە.میترایی و مەزدایی لە ڕێی گریک و ڕۆمەوە بە ڕۆژاوا و،لە ڕێی هیندستانیشەوە بە ڕۆژهەڵاتی جیهاندا بڵاو ده‌بێتەوە،واتە نەریتی جەژنی زایین بە جیهان ده‌گات. لەگەڵ له‌ دایکبوونی هیندویی و بۆدیی (هیندویزم و بۆدیزم)لە میترایی،ئەم جەژن و یادکردنەوەیە تا ئەمڕۆیش هه‌ر بە گەشەکراوی ده‌مێنێتەوە و پاش لەدایکبوونی عیسای مەزن کە بە پێی بۆچوونی نووسەرانی گریک و جوو بەر ڕۆژانی جەژنی زایین کەوتووە،لە ڕێی ڕۆمەوە کە لە پێشدا میترایی ده‌بن،دوای بوونیان بە کریستیان (مەسیحی)یش‌‌،هەموو نەریتەکە بۆ ئەورووپا و پاشانیش زۆربەی جیهان ده‌گوێزنەوە.جێی پرسیاریشە کە بۆچی سێ پیری مۆگان(موغان) کە لە ئینجیلدا بە سێ پیاوە زاناکە ناسراون،لە خاکی مادەوە بۆ پێشوازی لەدایکبوونی عیسای مەزن ئامادە ده‌بن.
یەڵدا لە بنەڕەتدا بە کوردی واتە زایین،ئارامییەکان وشەی زایین ده‌گۆڕن بە یەڵدا،یادکردنەوەی ئەم کاتە کە لە 20ی مانگی دوانزەوە دەست پێ ده‌کات و بەپێی ناوچەی جوگرافی تا چەند ڕۆژێکی بەدواوە درێژەی هەیە،بۆیە لە کوردستان و ڕۆژاواوە تا ڕووسیا و چین،لە ڕۆژهەڵات جەژنی زایین یان لە هەندێک شوێن جەژنی سەری ساڵ بە چەند ڕۆژێک جیاواز یاد ده‌کرێتەوە.
یه‌لدا و ئه‌ده‌بی کوردی:
شه‌وی یه‌لدا وه‌ک جێژنه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ زاگرۆسنشینان و ئاریی ڕه‌گه‌زه‌کان که‌ کوردیش سه‌رچڵیانه‌،نه‌ورۆز،چوارشه‌ممه‌سووری ‌و … نه‌ریتێكی‌ كۆنه‌ و له‌ ناو كولتوور و ئه‌ده‌بی‌ كوردییشدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌. بۆ نموونه‌ هه‌میشه‌ شه‌وی‌ یه‌لدا له‌ ئه‌ده‌بی‌ گه‌لانی دراوسێ و ته‌نانه‌ت كوردیش به‌”زوڵفی یار”شوبهێندراوه‌ و به‌ واتای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ زوڵفی یار وه‌ک شه‌وی یه‌لدا،ڕه‌‌ش‌ و قه‌ترانیی و درێژه‌.”عه‌بباس حه‌قیقی”له‌ شیعری “ئافه‌تی دین”دا ده‌ڵێت:
چاوت ئه‌ر نێرگسی شه‌هلا نییه،‌بۆ هێنده‌ خومار
په‌رچه‌مت گه‌ر شه‌وی یه‌لدا نییه،‌بۆ هێنده‌ ڕه‌شه‌؟
یه‌لدا،له‌ شیعری کلاسیک و هاوچه‌رخی کوردییدا ئاماده‌بوونێکی تایبه‌تی هه‌یه‌ و هه‌ر هۆزان و شاعیرێک،له‌ گۆشه‌ نیگایەکەوە سه‌یری ده‌کات. که‌م نین ژماری ئه‌و هۆزان و شاعیرانه‌ی یادی یه‌لدایان کردووەته‌وه‌ و ده‌یان چه‌پکه‌ هه‌ڵبه‌ستی یه‌لدایییان به‌ تۆره‌ی کوردی به‌خشیوه‌. دیاره‌ ڕۆچوونی ورد و قووڵتر به‌ ناخی ئه‌م پرسه‌دا بۆ خۆی ته‌وه‌ری توێژینه‌وه‌یه‌که‌ و ئه‌رک و ماندووبوونی تایبه‌تی ده‌وێت؛بۆیه‌ پتر له‌سه‌ری ناچم. من لێره‌دا به‌ گوێره‌ی به‌رهه‌م و سه‌رچاوه‌ی وه‌رده‌ست،ژماره‌یه‌ک شیعری یه‌لدایی ده‌خه‌مه‌ به‌ر دیده‌ی خوێنه‌ری کورد و هیواخوازم که‌سانی دی ئه‌م پرسه‌ بکه‌نه‌ مژاری نووسین و لێکۆڵینەوەیەکی چڕ و پڕتر له‌م پێوه‌ندییه‌دا.

شه‌وی یه‌لدا
نالی

شه‌وی یه‌لدایه‌،یا ده‌یجووره‌ ئه‌مشه‌و
که‌ دیده‌م دوور له‌ تۆ،بێ نووره‌ ئه‌مشه‌و؟!
دڵم وه‌ک حاکمی مه‌عزووله‌،قوربان
خه‌ڵاتی وه‌سڵی تۆی مه‌نزووره‌،ئه‌مشه‌و
دڵیش مایل به‌ دیده‌ی تۆیه‌،بۆیه‌
له‌ من وه‌حشیی و ڕه‌میده‌ و دووره‌،ئه‌مشه‌و
که‌ تۆی شای که‌چ کولاهی دیده‌ مه‌ستان
چ باکم قه‌یسه‌ر و فه‌غفووره‌،ئه‌مشه‌و؟!
له‌ خه‌و هه‌ڵساوه‌،یا ئاڵۆزه‌ چاوت؟
هه‌میشه‌ وایه‌،یا مه‌خمووره‌،ئه‌مشه‌و؟
(لە دوورییت؛من وەکوو بولبول دەناڵم
بە وەسڵت عالەمێ مەسروورە ئەمشەو
سوپای موژگان،بە تیغی ئەبروانت
شکستەی فیرقە و تابوورە ئەمشەو)
سرووشکم نه‌قشی چاوی تۆ ده‌کێشێ
جێگه‌م،سه‌ر داره‌که‌ی مه‌نسووره‌،ئه‌مشه‌و
موسوڵمانان ده‌پرسن حاڵی نالی
(ئەگەر یاران دەپرسن حاڵی کوردی)
له‌ کونجی بێکه‌سیی مه‌هجووره‌،‌ئه‌مشه‌و
تێبینی: بەگوێرەی لێکۆڵینەوە نوێیەکان،خاوەنە ڕاستینەکەی ئەم شیعرە”مستەفا بەگی کوردی”یە و توێژەران شیعرەکە لە شێوازی “کوردی”یەوە بە نزیکتر دادەنین تا نالی و کۆتایی شیعرەکە چەند بەیتێکی تری دەگەڵە.


برا،فکری چرا!کیبریتی فرسه‌ت تا له‌ ده‌ستایه‌
شه‌وی یه‌لدا له‌ پێشه‌،ڕۆژی عومرت وه‌خته‌ ئاوا بێ
مه‌حوی


که‌ ده‌گریم بۆ جه‌مالی تۆ،دیاره‌ ئه‌شک و ئاهی من
له‌ خورشیدی ده‌داتن ده‌م ستاره‌ی شامی یه‌لداکه‌م
وه‌فایی


موغی بێ ئاگری شه‌وی یه‌لدام
چاوه‌ڕێی چاره‌نووسی نه‌په‌یدام
هێمن


به‌ یادی شه‌معی ڕوخسارێکی،دڵ ئیحیا نه‌که‌م،چبکه‌م؟
به‌ شه‌وقێکی وه‌ها چاری شه‌وی یه‌ڵدا نه‌که‌م،چبکه‌م؟
سه‌ید کامیل ئیمامی(ئاوات)
(شیعری “چبکه‌م؟”)


شه‌وی یه‌ڵدا
ڕه‌فیق سابیر

شه‌وی یه‌لدایه‌،یا ده‌یجووره‌ ئه‌مشه‌و
که‌ دیده‌م دوور له‌ تۆ،بێ نووره‌ ئه‌مشه‌و
نالی
**
شه‌وی یه‌ڵدا،شه‌وی ئه‌شق و چاوه‌ڕوانی،
شه‌وی شیعر،
شه‌وی ڕامان،
شه‌وی سه‌رداره‌که‌ی ڕۆح و
شه‌وی ده‌رکه‌وتنی جوانی.
ئه‌گه‌ر ئێستا له‌م شه‌وه‌دا
گوڵه‌باخه‌که‌ی شار لێره‌ بووایه،‌
من ده‌بوومه‌وه‌ به‌ منداڵ،
شه‌ڕه‌ئاو و چاوشارکێم له‌گه‌ڵ ده‌کرد،
ده‌مه‌و ئێواران له‌ پێچی کۆڵاندا
هه‌تا “ئاوی پێم داده‌هات”بۆی ده‌وه‌ستام
به‌ نیازی ئێواره‌باشێک،
به‌ هیوای ماچێک ده‌وه‌ستام و ده‌وه‌ستام،
به‌ ‌ده‌م ترس و دڵه‌خورپێ و له‌رزینه‌وه‌
له‌به‌رده‌میدا لاڵ ده‌بووم،
ده‌شڵه‌ژام و
بێده‌نگانه‌ داده‌گیرسام.
ئه‌گه‌ر ئێستا،
سه‌رداری دڵه‌ شه‌یداکه‌م لێره‌ بووایه،‌
من ئه‌مشه‌و خۆم به‌ میری ئاشقان ده‌زانی،
ژیانی خۆم وه‌ک چه‌پکه‌گوڵ،
ده‌خسته‌ ناو ده‌سته‌کانی،
تا به‌یانی ماچباران و
شیعربارانم ده‌کرد و
سه‌د جار ده‌بووم به‌ قوربانی.
ئه‌گه‌ر ئه‌مشه‌و،
چاوجوانی شار لێره‌ بووایه‌،
من زۆربای کوردستانی بووم،
ئاشقێکی هه‌میشه‌یی و
ڕێبواری ڕێگای جوانی بووم.
ئه‌گه‌ر ئێستا،
شاجوانه‌که‌ی شه‌وی یه‌ڵدا لێره‌ بووایه‌،
من ده‌متوانی به‌رگه‌ بگرم؛
به‌رگه‌ی ته‌نیایی و نامۆبوون،
ته‌نانه‌ت به‌رگه‌ی مردنیش بگرم،
هه‌تا ماوم،
دڵ پڕ هیوا گۆرانی ئاشقانه‌ بچڕم.
من ده‌متوانی له‌ شه‌وێكدا،
ژیان،گوڵئاسا بچێنم،
بێباک،بێخه‌م،
دیده‌ پڕ نوور،
له‌ تاریکیدا ببینم.
ئه‌گه‌ر ئێستا،
له‌ شه‌وی شیعر و ڕامان و جوانیدا
سه‌رداری ڕۆحه‌ ته‌نیاکه‌م لێره‌ بووایه،‌
ترسی شێتبوون،
ترسی ونبوون و ئاوابوون،
هه‌راسانیان نه‌ده‌کردم؛
ونبوون چییه‌!
سه‌رداری دڵه‌ شه‌یداکه‌م ونبوون چییه‌!
من له‌ ناو تۆدا ون ده‌بم،
شێتبوون یان ئاوابوون چییه‌!
من له‌ خۆشیی تۆ شێت ده‌بم،
ئاوێته‌ی ئه‌شقی تۆ ده‌بم.
خۆزگه‌ ئێستا،
سه‌رداری دڵه‌ شه‌یداکه‌م،
سه‌رداری ڕۆحه‌ ته‌نیاکه‌م لێره‌ بووایه‌،
خۆزگه‌ ئێستا لێره‌ بووایه‌…


“پێنجخشته‌کی،ته‌واوی قه‌سیده‌ مه‌زنه‌که‌ی نالی… ته‌نیا گه‌مه‌یه‌که‌ و کردم..ناچێته‌ ناو ئه‌رشیڤه‌وه‌..ئیشێکی ساته‌ وه‌ختییه‌ و زوو به‌سه‌ر ده‌چێت..”
یه‌ڵدا
قوبادی جه‌لیزاده‌

که‌ ده‌ستی تۆ به‌ خوێنم سووره‌ ئه‌مشه‌و
که‌ کۆشکی دڵ ته‌واو خاپووره‌ ئه‌مشه‌و
که‌ فرمێسکم خوڕه‌ی”خابووره‌”ئه‌مشه‌و
“شه‌وی یه‌لدایه‌ یا ده‌یجووره‌ ئه‌مشه‌و
که‌ دیده‌م دوور له‌ تۆ،بێ نووره‌ ئه‌مشه‌و؟!”
له‌ لای خه‌ڵکی هه‌موو مه‌جهووله‌ قوربان
که‌ ڕۆحمی من له‌ ئاگر فووله‌ قوربان
له‌ شێوه‌ی چۆله‌که‌ی مه‌فتووله‌ قوربان
“دڵم وه‌ک حاکمی مه‌عزووله،‌قوربان
خه‌ڵاتی وه‌سڵی تۆی مه‌نزووره‌،ئه‌مشه‌و”
وه‌کوو ئه‌ییووب ده‌می زامم به‌سۆیه‌
له‌ سینه‌مدا سه‌دای هاوار و ڕۆیه‌
هه‌ڵۆی عه‌شقم زه‌لیلی ده‌ستی تۆیه‌
“دڵیش مایل به‌ دیده‌ی تۆیه‌،بۆیه‌
له‌ من وه‌حشیی و ڕه‌میده‌ و دووره‌،ئه‌مشه‌و”
فیراقت هاتووه‌،ڕۆحم بکێشێ
په‌لی گرتووم وه‌کوو شێت ڕامده‌کێشێ
وه‌ره‌ فریادڕه‌سم به‌،بێره‌ پێشێ
“سرووشکم نه‌قشی چاوی تۆ ده‌کێشێ
جێگه‌م،سه‌رداره‌که‌ی مه‌نسووره‌،ئه‌مشه‌و”
له‌ ئاستی ڕووت ده‌وه‌ستم ده‌سته‌وه‌ستان
ده‌وا و ده‌رمانی ده‌رد و زه‌خمی خه‌ستان
وه‌ره‌ با بتخه‌مه‌ سه‌رچاو و ده‌ستان
“که‌ تۆی شای که‌چ کولاهی دیده‌ مه‌ستان
چ باکم قه‌یسه‌ر و فه‌غفووره‌،ئه‌مشه‌و؟!”
ئه‌سیرم من له‌ تاڵی بسکی خاوت
ده‌نۆشم باده‌یی ژه‌هر و زووخات
له‌سه‌ر زارم ئه‌به‌د گوم نابێ ناوت
“له‌خه‌و هه‌ڵساوه‌ یا ئاڵۆزه‌،چاوت
هه‌میشه‌ وایه،‌یا مه‌خمووره‌،ئه‌مشه‌و”
به‌سه‌ر چوو گشت،هه‌موو عومرم به‌ تاڵی
به‌ ڕاکردن به‌شوێن دوو چاوی کاڵی
له‌ خوێن سوور بوو دڵم وه‌ک لێوی ئاڵی
“موسوڵمانان ده‌پرسن حاڵی نالی
له‌ کونجی بێکه‌سیی مه‌هجووره‌،ئه‌مشه‌و”
**
خابوور: ڕووباری خابوور


شه‌وی یه‌لدا
شه‌یدا

ئه‌مشه‌و شه‌وی یه‌لدایه‌ سه‌با فرسه‌ته‌ ئه‌مشه‌و
ماڵی دڵه‌که‌م پڕ خه‌م و بێتاقه‌ته‌،ئه‌مشه‌و
ئه‌ییامی گوڵ و غونچه‌ ئه‌وا ڕۆیی،به‌سه‌ر چوو
گوڵزاری چه‌مه‌ن پاکی ته‌م و ئافه‌ته،‌ئه‌مشه‌و
شه‌وقی شه‌می سه‌ر تاقی حه‌ره‌مخانه‌یی یارم
خامۆشه‌،به‌ بێ جۆشه‌،ده‌می میحنه‌ته‌،ئه‌مشه‌و
هه‌ر جۆش و خرۆشێ که‌ له‌ نێو ماڵ و دڵا بوو
مات و کپ و بێده‌نگه‌،چ پڕ حیره‌ته‌،ئه‌مشه‌و
قوربانه‌ سه‌با ده‌ستی من و دامه‌نی چاکت
دڵ،مونته‌زیری لوتفی گوڵ و ئولفه‌ته‌،ئه‌مشه‌و
زوو هه‌سته‌،بڕۆ وه‌ختی سه‌حه‌ر بۆ حه‌ره‌می گوڵ
چون،واده‌یی میهر و که‌ره‌م و غیره‌ته‌،ئه‌مشه‌و
عه‌رزی که‌،بڵێ،بولبولی دڵ زار و حه‌زینه‌
موشتاقی ویساڵی چه‌مه‌ن و شێوه‌ته‌،ئه‌مشه‌و
هه‌ر بۆیه‌ له‌ دووریی مه‌هی ڕووت،ڕه‌نگی نه‌ماوه‌
جه‌رگی به‌ سه‌ری تیری موژه‌ت له‌ت له‌ته‌،ئه‌مشه‌و
په‌ژمورده‌یه‌ حاڵی دڵی وێرانه‌ به‌ ته‌نها
هه‌مڕه‌نگی خه‌یاڵی خه‌فه‌ت و عیبره‌ته‌،ئه‌مشه‌و
بۆ داخی دڵی ئه‌هلی غه‌م و میحنه‌تی،ساقی
سه‌د داخی گرانم که‌ چ بێمروه‌ته‌،ئه‌مشه‌و
دڵخۆشه‌ ڕه‌قیب،چون ئه‌وه‌ بۆ داخی دڵی من
خاوه‌ن عه‌له‌م و شان و شکۆ و شه‌وکه‌ته‌،ئه‌مشه‌و
هه‌ر عاشقی”شه‌یدا”یه‌ به‌شی گریه‌ و شینه‌


شه‌وی یه‌لدا
جه‌مال شارباژێڕی

شه‌وی یه‌لدایه‌،
هه‌ر خۆم ده‌زانم جێم
له‌ ناخی هه‌ست و دڵدایه،‌
شه‌وی یه‌لدایه،‌
به‌خته‌که‌م، ئه‌مشه‌و
وه‌کوو دوێشه‌و له‌ کل دایه‌،
شه‌وی یه‌لدایه‌،
ته‌نیاییم به‌ خامۆشی له‌گه‌ڵدایه‌،
چی ده‌بوو ئه‌مشه‌و
له‌گه‌ڵ ڕوخساری جوانێکدا،
شه‌رابی ئه‌له‌م هه‌ڵدایه،‌
شه‌وی یه‌لدایه‌،
چی ده‌بوو ئێستا،
شه‌ق و سیخورمه‌یه‌کم له‌و
خه‌م و ئازاره‌ هه‌ڵدایه‌.


یه‌لدای شاعیر
محه‌ممه‌دفاتیح محه‌ممه‌دی(ف.نامۆ)

که‌ دێت و ده‌رده‌خا ئه‌و زولف و په‌رچه‌م
شه‌وی یه‌لدا ئه‌دا ئاڵا له‌ دیده‌م
بزه‌ی مزری هه‌ناری لێوی ئاڵی
ئه‌زێته‌ نێو ده‌م و لێوم،ده‌ماده‌م
ده‌کا چاوی گه‌شی هه‌ستێره‌باران
هه‌موو سووچ و که‌لێنی ڕۆحی خه‌سته‌م
ئه‌دا پێی پاڵه‌په‌ستوو،شه‌وق و شادی
به‌جێدێڵێ هه‌رێمی دڵ،کزه‌ی غه‌م
چ خۆشه‌ ئه‌و شه‌وی یه‌لدایه‌ هه‌ر شه‌و
به‌ دیداری ده‌کا بۆ من فه‌راهه‌م
چ ئاتاجم به‌ یه‌لدای ساڵه‌کاتی
که‌ یه‌لدای بسکی ئه‌و،ڕوو کاته‌ هۆده‌م
هه‌ناری لێوی ئاڵ و چاوی مه‌ستی
بگۆڕن ده‌مبه‌ده‌م،حاڵ و هه‌واکه‌م
بکه‌ن یه‌لدایه‌کی شاهانه‌ به‌رپا
بده‌ن بۆنوبه‌رامه‌ی ئه‌و،له‌ ئێخه‌م
له‌ خۆڕایی نییه‌ به‌و یاره‌”فاتیح”
ئه‌مه‌کدار و وه‌فادارم،هه‌تا هه‌م


یه‌لدا
محه‌ممه‌دفاتیح محه‌ممه‌دی(ف.نامۆ)

شه‌وی یه‌لدا که‌ زولفانت وه‌کوو تاف
به‌سه‌ر شانی سپیتا هاته‌ خوارێ،
ئه‌وه‌نده‌ مه‌حوی تۆ بوو،دیده‌ ئه‌نگووت،
شه‌وی یه‌لدا له‌ چاوم دا،ده‌بارێ.


ناسر حیسامی
شه‌وی یه‌لدا،له‌ ماڵی من خزاوه‌،
که‌ تاریکی و هه‌نار و گڕ له‌ ناوه،‌
گڕ و کڵپه‌ی سته‌م به‌ربووەته‌ ماڵم
له‌سه‌ر خاکم هه‌ناری دڵ پژاوه‌.


ببووره‌
سه‌عدوڵڵا په‌رۆش

ڕوانینێک قووڵتر له‌ ده‌ریا..
خه‌ونێک شینتر له‌ ئاسمان
شیعرێک جوانتر له‌ عیشق؛
دیدارێک پیرۆزتر له‌ نوێژ
بۆ تۆ؛
خه‌مێک قووڵتر له‌ ده‌ریا
خه‌ونێک دوورتر له‌ ئاسمان؛
شیعرێک تاریکتر له‌ ده‌یجوور
دابڕانێک درێژتر له‌ شه‌وی یه‌ڵدا
بۆ من؛؛


ڕه‌حیم لوقمانی
شه‌وی یه‌ڵدایە‌،‌ڕۆژی کورد ده‌بێ چاوانی هه‌ڵبێنێ
ته‌می دێرینی خۆخۆریی،له‌سه‌ر خاکم بتارێنێ
نه‌بینم چاوی ئاسۆمان،نمه‌ی بارانی سوور بگرێ
هه‌تاوی عیشق و ئازادیی،ده‌بێ ئاڵام بڕەنگێنێ


شه‌وی یه‌ڵدا،چراخانی دڵانه‌
شه‌وی عه‌شق و گزنگی به‌ربه‌یانه‌
وه‌کوو ئاواتی دڵمان خۆ ده‌کێشێ
سه‌مای به‌فر و چریکه‌ی سه‌رچڵانه‌
شه‌ماڵ ئیسماعیل پوور


یه‌ڵدا
محه‌ممه‌د پاکژ

خه‌ڵکی ده‌ڵێن…
شه‌وی یه‌ڵدا زۆر درێژه‌..
وه‌کوو ته‌مه‌نی ساڵ وایه‌،نابڕێته‌وه‌.
به‌ڵام لای من…
شه‌وی یه‌ڵدا،وه‌کوو ئه‌ستێره‌ی گه‌لاوێژ،
چرای ئه‌فسوونی شه‌وانی بێدارییمە‌ و ..
دڵم پێی گه‌ش ده‌بێته‌وه‌.
شه‌وی یه‌ڵدا…
چه‌نێ تاریک و نوته‌ک بێ،
ئه‌ستێره‌یه‌ک ڕێبه‌رمانه‌..
ناومان ناوه‌ چرای ئه‌وین.
بۆیه‌ ئیدی…
من و هه‌ناسه‌که‌ی سینه‌م،
هه‌تا مردن قه‌رزداری..
شه‌وی یه‌ڵدا و چرای ئه‌وین.


ده‌ردی ته‌نیایی به‌ شه‌ودا ده‌س له‌ دڵ ناکاته‌وه‌
که‌ی به‌یانی دێ،دڵم،ده‌ستی له‌ خه‌م بشواته‌وه‌
شه‌و ئه‌گه‌ر یه‌ڵدا نییه‌،ئه‌ی بۆچی وا توولانییه‌؟
تۆ بڵێی که‌نگێ سه‌ما سه‌فحه‌ی ڕه‌شی هه‌ڵداته‌وه‌؟
ئه‌مین گه‌ردیگلانی


“یەلدا “
حەسەن شافیعی

لە تەک تۆمە ،سیاخاڵی سیاچەم
سیا ئەگریجەیی یەلدایی پەرچەم
هەناوم بۆتە کوورەی ناری دیدار
لە یەلدای دیدەنت دەدوێ دەمادەم
لە سینە و کوڵم و لێو و زار و دیدە
هەنار و سێو و پستە و نوقڵ و بادەم
هەموو نەخشی جوانیی و سیحری یەلدا
لە خوانی شەوچەرەی تۆدا فەراهەم
منی دەروێشی دڵدۆڕاوی دڵدار
لە دەرگانەی کەرەمتا چاوەڕێ هەم،
کە بێم و وەک گەدای ئاتاجی دەرگات
لە عەتری ماچی دەم،پڕ کەی هەناسەم
بکەی ئاواڵە دەرگاهی دڵ و کۆش
لە ڕووی ئەمنی سەراپا حوزن و ماتەم
لە باخی پرچ و کوڵم و لێو و گەردن
بئاڵێم و بتارێنم کوڵ و خەم
سەری سەوداسەرم دانێم لە سینەت
هەناسەم باوەشێن کا باخەڵ و مەم
دڵەی پڕ حەسرەتم تێر بێ لە ماچی
دوو لێوی ئاڵ و شیلەی نوقڵی ناو دەم
بسووتێم و بسووتێم و بسووتێم
لە گردی ڕوومەتت چەشنی گوڵ و شەم
لە ئامێزی گرم بەژنی زراوت
شەوی یەلدا،بە دیی بێخەون و تاسەم


شه‌وی یه‌ڵدا
ساڵح بێچار

وتت گیانه‌:
شه‌وی یه‌ڵدا چه‌ند تاریک بێت،
که‌ی ده‌گاته‌ په‌رچه‌می من؟
وتم ڕاسته‌؛
شه‌وی یه‌ڵدا چه‌ند درێژ بێت
ناگاته‌ باڵای خه‌می من!


یه‌ڵدا
پشکۆ نه‌جمه‌دین

شه‌وی یه‌ڵدایه‌،
بوو،ده‌بێ.
شه‌و هه‌رچی بێ،
بێ نیگای تۆ،
عیشق نابینا و
نه‌زۆک و
نه‌ تۆ،نه‌ من،
نه‌ هیچ شتێک،له‌دایک ده‌بێ!


شه‌وی یه‌لدا
عه‌زیز میرزاقادری

ئه‌مشه‌و شه‌وی یه‌لدایه‌،خه‌می تۆش له‌ دڵم بار
شاری دڵه‌که‌م شه‌وقی نه‌ما،بوو به‌ شه‌وی تار
ئاخر شه‌وی پاییزه‌،هه‌موو پێکه‌وه‌ شادن
ئه‌مشه‌و من و باده‌ و غه‌زه‌ل و حه‌سره‌تی دیدار
تاسه‌ی خه‌می بی تۆیی،په‌پووله‌ی حه‌زی کوشتم
هه‌ر بۆیه‌ گه‌رووی شیعری منیش پڕ بوو له‌ هاوار
وه‌رزی گوڵ و گوڵزاری ته‌مه‌ن ڕۆیی،به‌سه‌ر چوو
ئاوات و ئه‌وینم،ده‌می لاوی چووه‌ پای دار
ئه‌مشه‌وی مه‌ی و هۆنراوه‌ به‌ جووت،تێکه‌ڵی یه‌ک بوون
سه‌رخۆشم و مه‌دهۆشی دوو چاوی ڕه‌شی دڵدار
چه‌ن ساڵه‌ له‌ به‌ستێنی ئه‌وین،بێکه‌س و ته‌نیا
ده‌خولێمه‌وه‌ به‌و کۆنه‌ برینه‌ش،به‌ ته‌مای یار
به‌ینێکه‌ له‌ پڕشنگی نیگات دوورم و بێبه‌ش
زامی دڵه‌که‌م هه‌ر به‌ ده‌سی تۆیه‌ ده‌بێ،چار
ئه‌مشه‌و وه‌ک په‌روانه‌ له‌ ده‌وری شه‌می باڵات
هاتووم که‌ بسووتێم و بڵێم شۆخی وه‌فادار:
به‌ینی من و تۆ تاقه‌ که‌سێ زانی،ئه‌ویش خۆی
ڕازداره‌،دڵی پاکه‌،وه‌کوو مه‌حره‌می ئه‌سرار
ئیلهامی هه‌موو شیعری”عه‌زیز”،تۆی گوڵی بێناز
تا ماوه‌ ژیان،بۆ تۆ ده‌نووسێ به‌ دڵی زار


به‌شێکی شیعری:شه‌وی عیشقه‌؛ شه‌وی یه‌ڵدا!
ساڵح بێچار

شه‌وی یه‌ڵدا خه‌ڵوه‌تی دڵ له‌ سه‌د جێ مۆم پێ ده‌بێ
له‌و شه‌وگاره‌ی ئه‌ویندا هێلانه‌ی عیشق چێ ده‌بێ!
دڵ هه‌ناره،‌شه‌وی یه‌ڵدا دڵ پڕ له‌ ده‌نکه‌ مرواریی
وه‌ک ملوانکه‌ بۆ گه‌ردنی ئه‌وینێکی یه‌کجاریی!


شه‌وه‌،چله‌یه‌ و میوانێکی باڵابه‌رز
قژی درێژ،له‌سه‌ر شانی،هه‌تا عه‌رز
چاوه‌کانی شیعرم،زوڵفی په‌خشانه‌
ئه‌م کیژۆڵه‌،یه‌که‌م شه‌وی زستانه‌
عه‌بدولڕه‌حمان فه‌هیمی(ده‌روێش)


چه‌ند به‌یتێک له‌ شیعری “ته‌ک و ته‌نیا”
خاڵه‌ قازی

له‌ دونیادا ته‌ک و ته‌نیا به‌جێ مام
ده‌ڵێی تۆزم له‌ ناو سه‌حرا،به‌جێ مام
وه‌کوو مه‌جنوون که‌ بێزار بوو له‌ عاله‌م
له‌ دوای کاروانه‌که‌ی له‌یلا،به‌جێ مام
ئه‌گه‌رچی پێکه‌نینم وا له‌ لێوه‌
ده‌بینی سه‌یلی ئه‌شکم هه‌ر به‌ ڕێوه‌
ئیتر نه‌تپرسی بۆ ڕیسوا به‌جێ مام
له‌به‌رچی عاشق و شه‌یدا،به‌جێ مام
هه‌ناسه‌ی ساردی پاییزیم که‌ ناکام
له‌ ناو بوغزی شه‌وی یه‌لدا،به‌ جێ مام



شه‌وی یه‌ڵدایه‌ هه‌ر من دوور له‌ تۆ مام
له‌گه‌ڵ ئازار،ته‌واو باڵا به‌ باڵام
له‌سه‌ر سینه‌ت هه‌نار و کۆخ و سێون
وه‌ره‌ جێژنه‌ و ببینه‌ لام ئه‌لف لام!
پشکۆ یاسینی


شەوی یەلدا
شەوی یەلدا،شەوی پیرۆزی ژینە
شەوی هێمای ئەوینی ڕاستەقینە
وەرن یاران لە دەوری یەک وەکۆ بین
کە خۆشیی ژین،بە تەنیا هەر ئەوینە
وەرە هیوای شەوی یەلدای خەیاڵم
سەمای بەفر و حەز و شادی ببینە
گوڵم،زستان بە ئەشقی تۆوە خۆشە
بەهار هەر تۆی،بەهەشتیش لێم یەقینە
شەوی یەلدا،شەوی بەفر و هەنارە
بزەی گەرم و تریقەی پێکەنینە
نیگای گەرمت لە نێو ئاسمانی ژینم
وریشەی دوو هەسێرەی چاوی شینە
هەتاوە تاس کڵاوی بووکی جستان
وڵات ئێستا بەهەشتی سەرزەمینە
بە”پشکۆ”ی حەز،ڕنووی بەفریش دەتاوێ
وەرە تاوێ بەرەو ئامێز و سینە
پشکۆ یاسینی


ئه‌مشه‌و له‌ هیچ شه‌وێ ناکا،
کازیوه‌ قه‌ت به‌ ڕۆژ ناگا،
که‌س میوانی “یه‌لدا”م نییه‌
هیچ ده‌ستێ له‌ ده‌رکه‌ نادا.
سیمین چایچی
(به‌شێک له‌ شیعری “یه‌لدا”)


سۆران حوسێنی
یه‌لدا،

بۆ سوور و ساتی خۆی
هه‌ناری کرده‌ قوربانی،
ئه‌و،
به‌ هه‌زار و یه‌ک ده‌نک
شه‌و ده‌خافتێنێ به‌ خۆی و
ڕێ خۆش ئه‌کا بۆ به‌یانی!.


یه‌ڵدا
حه‌سه‌ن نازدار

1
شه‌وی کورد
درێژترین یه‌ڵدای
دونیایه‌…….
که‌ هه‌رگیز خۆری
لێ هه‌ڵنایه‌.
2
یه‌ڵدا
خه‌می بێکۆتایی کورده‌
له‌و ڕۆژه‌وه‌ی که‌ لێره‌
چادری بێکه‌سی هه‌ڵدا.
3
یه‌ڵدا
چاوه‌ڕوانیی ئه‌نفال و
بێبه‌ختیی کورد و
ته‌نیایی خودایه‌
که‌ هه‌رگیز کۆتاییان نایه‌.


یه‌ڵدا
که‌ریم حیکمه‌تی

له‌ مانگێک ده‌گه‌ڕا ناخم،
تریفه‌ی که‌ زه‌وی ته‌ڕ کا و
بژاکێنێ بێتاقه‌تیم،
له‌ ڕووبارێک،
خوڕه‌ی که‌ ته‌نیاییم تووڕ دا و
لیپاولیپی شه‌پۆلم کا،
له‌ تۆیه‌ک ده‌گه‌ڕا دڵم،
که‌ هێمای مانگ و ڕووباری و
ده‌سپێکی وه‌رزێکی سپی….


یه‌لدا
ئازاد سه‌یید ئیبراهیمی(هۆگر)

چله‌یه‌ و بێژه‌ چلۆن ئه‌و شه‌وه‌ ته‌ی بێ،گوڵه‌که‌م؟
مه‌گه‌ر ئه‌م بێکه‌سییه‌م چاره‌ به‌ مه‌ی بێ،گوڵه‌که‌م
له‌ منا تاری ژیان،تان و ته‌لی تازه‌ چڕا
خه‌فه‌تم چاری به‌ نۆتی گڕی نه‌ی بێ،گوڵه‌که‌م
به‌ هه‌نیی لێو و ده‌مت،شه‌وچه‌ره‌ شیرینه‌،وه‌لێ
له‌ په‌نا سێو و هه‌ڵووچه‌ و به‌ری به‌ی بێ،گوڵه‌که‌م
نه‌ به‌ره‌و ته‌شقی شه‌وه‌ق من ده‌چم،ئه‌ر بێت ده‌سم
نه‌گرێ پرچی شه‌وت،مه‌یکه‌ به‌ عه‌یبێ،گوڵه‌که‌م
له‌ شه‌وی بێفه‌ڕی ئه‌م ژینه‌ که‌ یه‌لدایه‌ هه‌موو
سه‌حه‌ری ئه‌و گه‌له‌ چه‌وساوه‌یه‌ که‌ی بێ،گوڵه‌که‌م؟


هه‌تاوم گه‌رچی شه‌و ساتی چله‌ و یه‌لدایه،‌ئه‌مشه‌و
له‌ لێواری دڵم چی بوو سه‌ری هه‌ڵدایه‌،ئه‌مشه‌و
که‌ دێ با،وه‌رزی پاشایی سه‌هۆڵ و به‌سته‌ڵه‌ک بێ
وه‌کوو نه‌ورۆزه‌ ئاواتم له‌ باخه‌ڵدایه‌،ئه‌مشه‌و
ئازاد سه‌ید ئیبراهیمی(هۆگر)


شه‌وی یه‌ڵدا
ستار ئه‌حمه‌د

به‌ عومری وه‌ک شه‌وی یه‌ڵدا،
به‌ تاریکیی قه‌ده‌ر کوێرم،
به‌ باده‌ی عه‌ده‌م سه‌رمه‌ستم،
دێوانه‌ی لووتکه‌ و هه‌ڵدێرم،
چوون ڕزاوم له‌گه‌ڵ شیعرا،
شه‌و گیانی خۆم له ‌کۆش ده‌نێ،
له‌گه‌ڵ چوونی ساتی عه‌شقا،
خه‌م،گۆڕم بۆ هه‌ڵده‌که‌نێ
له‌ هۆره‌ی ڕۆژگاری تاڵ و
له‌ به‌دبه‌ختیی عومری ڕه‌هام
ڕۆحم له‌ جه‌سته‌ما ده‌مرێت،
کاسه‌ی مه‌رگی شه‌وی یه‌ڵدام.


خۆرێک له‌ پاڵ شه‌وی یه‌ڵدا
چنوور نامیق

به‌ دیار کوانووی شه‌وی یه‌ڵداوه‌ دانیشتووم،
مێژوویه‌ک شه‌وگاری ته‌نیا ئه‌سووتێنم،
هه‌ناسه‌ی ئۆغرێکی دوور له‌ ده‌روونما دێت و ده‌چێ،
نه‌زه‌ر ناکه‌م و ته‌ماشات ئه‌خۆمه‌وه،‌
وا لێوم شه‌کره‌ خه‌م ئه‌گرێ،
ئیره‌یی به‌ نۆته‌کانی خه‌یاڵبوونم،
ئه‌وه‌نده‌ی تر نامۆت ئه‌کا…
ئه‌ی ئاده‌م،
من کچی خۆرم،
وریا به‌
نه‌با ته‌ماشات له‌ خه‌می چاوما داگیرسێ،
ناڵه‌م ئاوه‌دانی قه‌قنه‌س ئه‌سووتێنێ،
ئاگه‌دار به‌ په‌نجه‌ت به‌ پرچم گڕ نه‌گرێ،
دڵنیا به‌
به‌ ماچێکی زه‌وتکراوم،
خه‌یاڵ نابی،
ئیره‌یی به‌ نووری چاوم،
بینینت ڕۆشنتر ناکا،
ئێستاکه‌ من زۆر ئازادم،
وریا به‌ ئاشنای ئازیزم،
چرپه‌کانت وه‌ک نزای مۆمێکی له‌رۆزک،
له‌ ناخمدا له‌ بیر نه‌چێ!
ئێستا من دڵم ئازاده،‌
خاڵییه‌ له‌ خه‌ونه‌کانت،
وریا به‌ ئاشنای ئازیزم،
وڵاتێکم،ئاڵام ناوێ
ئاگردانی یه‌ڵدایه‌کی بێ حیکایه‌تی پیاوانم….
ئێستا،تاراوگه‌م له‌ مه‌نفا
ئێستا،مه‌نفام له‌ تاراوگه‌،
حه‌زه‌ر ناکه‌م و ڕێ ئه‌بڕم،
نه‌زه‌ر ناکه‌م و ته‌ماشات ئه‌مخواته‌وه‌،
ئێستا خاڵیتر ده‌بێژم،
نا،هیچ ئاڵایه‌کم ناوێ،
ڕێ ناده‌مه‌ هیچ ئیمپراتۆرێکی تینوو،
بۆ ساتێ بمکاته‌ په‌نا!
ئاشنای هه‌ناسه‌ و دیده‌نیم،
من ئێستاکه‌ کچی خۆرم،
وریا به‌،وریا به‌
په‌نجه‌ت به‌ تاڵه‌کانی پرچمه‌وه‌ دانه‌گیرسێ!!


…شه‌وی یه‌ڵدا…
ساڵه‌ح هه‌لاج

ئه‌مشه‌و ئاسمان
تارای سپی داوه‌ به‌سه‌ر بووکی زه‌وی.
بوون پڕ ده‌کات،
له‌ شه‌وچه‌ره‌ی هه‌ناره‌کان.
گوێی مه‌ست ده‌کات
له‌ ئاوازی ترپه‌ی باران.
ئه‌مشه‌و یه‌ڵدا،
میوانێکی باڵابه‌رزه‌
بۆی هاڵاوی ئاگردانه‌ و
سۆز و به‌زه‌ی خواوه‌نده‌.
شه‌ونشینی نوێژی عه‌شقه‌
له‌ تام و بۆی ڕه‌زازه‌کان…


بۆ شه‌وچله‌
ئه‌سعه‌د که‌وکه‌بیان(ساڕێژ)

شه‌وه‌ و شووشه‌ی شه‌راب و شیعری شاکار
شه‌وم شه‌ق کرد به‌ شه‌وقی وه‌سڵت،ئه‌ی یار
شه‌وه‌ و شه‌وقی ویساڵت شه‌هد و شه‌کره‌
شه‌وه‌ و شێوه‌ی شیرینت،مانگی شه‌وگا


زستان،
ئاخری ڕۆژێک باز ده‌ده‌م به‌سه‌رتدا
یه‌لدای چاوه‌ڕوانی
ماندووم ناکات.
مسته‌فا هوشیار


شـــەوی یەڵـــدایـە؛ (لاڤــا)م لا مـەکــه‌
بۆتان لەتیف ماویلی

ئەم شەو،
پاییز دەستی ئەخاتە ناو دەستی زستان
ئەوە یەکەمین شەوی دیدارە وا درێژە !؟..
ئەوە یەکەم پشکوتنی گوڵی زارە وا درێژە!..
ئەوە یەکەم تێکەڵبوونە وا درێژە ؟!..
پاییز:
ئەوە لەدایکبوونی تۆ و مەرگی منە!
ئا لەو شەوە،
من چاوی مانگیم لێک ئەنێم!..
ئاسمان به‌ فیستانێکی ڕەش
دڵی بۆ خاک ئەکاتەوه‌ و ڕۆندک ئەڕێژێ!..
ئەم شەو تاریکی لێک دەکشێت،
هەموو ڕەنگێک ئەخواتەوه‌ و
شەوی دەیجووری گەردوونە وا درێژە!..
ئەمە شەوی هەڵوەرینی تریفەی چاوی هەیڤیمە!..
ئەمە شەوی زانی تۆیە
ئەمە شەوی دامانی هەموو ڕەنگێکە!..
ئەمە شەوێکی هێدمایی زایەڵەی زار و پەیڤیمە!..
وەرە ئەی گوڵ،
به‌ چاوی ئاڵۆز ببینە
ئەڕژێ سۆزم ،ئەڕژێ چێژم!..
ئەمە شەوی ژانی گەردوون
ژانی هاواری وجوودە کە ئەڵێ چرا ئەنێژم!..
زستان:
ئەمە شەوی گریانی تۆ و بزەی منە!..
ئەمە شەوی یەکەمین تەوقەی ژوانە!..
ئەمە شەوی ئامێزی بەیەک سپاردن
ڕەنگی ڕەشی چاوی منە ئەی پاییزێ!..
له‌ دڵی تۆ هەڵی دێنم ئەی گەشکەی پەروانە!..
پاییز:
نابێ یار به‌ بێ تۆ نابێ!..
شەوی یەڵدا بێ چرا بێ!؟..
ئاشقی تۆم خودایە دڵم سارد،نابێ!..
نابێ گوڵ،نابێ
به‌ بێ تۆ شەو شکاوی واگاهاتنە
هەر چی دەبێژم دڵم سارد، نابێ!..
شەوی یەڵدایە ئەی یار،
وەک نالی دیدەم دوور له‌ تۆ بێ نوورە!..
دڵم مەعزوول،مایل به‌ دیدەی تۆیە
له‌ غوربەتدا تێنی و مەهجوورە!..
نابێ مانگ، نابێ
شەو بێزارە لە دەیجووری
شەوی یەڵدایە
نابێ گوڵێ ڕژدی نابێ!..
لە (لاڤا)م لا مەکە
گێنگڵە بەسە گوڵم دڵساردی نابێ!..
خودایە..
شەوە درێژ ڕاکشاوە له‌ بێدەنگی!..
چەمانەوه‌ و کڕنۆش
حاملاندنی گوڵ و دادانەوەی ڕۆشنایی!..
فەرهەنگۆک:
لاڤا: ڕجا
گێنگڵە:هاتوچۆی بێسوود.
حاملاندن:تەربیەتدان.
دادانەوە: دابارین


بۆیه‌ من له‌ شه‌و بێزارم
چونکه‌ تۆم تێدا له‌ ده‌ست دا،
جا چی له‌ به‌ختی شوومم که‌م
شه‌وگاره‌کان
درێژن وه‌ک شه‌وی یه‌ڵدا.
هه‌ردی محه‌ممه‌د


یه‌لدا
هۆمه‌ر نۆریاوی

ئه‌گه‌ر هاتی”یه‌لدا”وه‌ره‌
چیرۆکی دڵ درێژ درێژ
ناخیش پڕپڕی که‌سه‌ره‌.
ئه‌گه‌ر هاتی ته‌نیا وه‌ره‌،
ئه‌چینه‌وه‌ سه‌ر گرده‌که‌ی په‌نا ماڵتان،
زه‌مه‌ن به‌ دڵ ئه‌سپێرین و
ئه‌چینه‌وه‌ ئه‌و ده‌مانه‌ی
عاله‌م چۆڵ و ئێمه‌ش دوور دوور،
له‌م هه‌موو هات و خه‌به‌ره‌.
که‌چی له‌پڕێک،
ده‌نگێ دێت و ڕۆشنایی
شه‌ودره‌نگان ئه‌شڵه‌قێنێ:
کچێ له‌ کوێی؟
ده‌ وه‌ره‌وه‌،شه‌و ڕاشکا،
زوو به‌ زوو،ده‌ی
وا سه‌حه‌ره‌.


ده‌ره‌نجام:
هه‌ر چۆنێک بێت شه‌وی چله‌(یه‌ڵدا،یه‌لدا)به‌ درێژاییی مێژووی کورد خاوه‌نی سه‌نگ و به‌های خۆ بووه‌ و تا به‌مڕۆ هاتووه‌ به‌ڵام مخابن له‌و هه‌موو تایبه‌تمه‌ندیی و خه‌سڵه‌ته‌ جوانانه‌ی نێو ئه‌م شه‌وه‌،نها،ته‌نێ یادکردنه‌وه‌که‌ی به‌ شێوه‌ی چاولێگه‌ری بۆ ئێمه‌ ماوه‌ته‌وه‌ و دابونه‌ریت و ڕۆح و سۆز و خۆشه‌ویستییه‌که‌ی جارانی له‌به‌ر داکه‌ندراوه‌. ڕه‌نگه‌ لێره‌ و له‌وێ هه‌بێت ده‌ڤه‌رێک،گوندێک یان خێزانێک،هێشتا لێوانلێو له‌و پرسه‌ جه‌وهه‌رییانه‌ی نێو شه‌وی چله‌ بێت به‌ڵام به‌ دڵنیاییه‌وه‌ به‌شی فره‌ی ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و…ده‌خرێته‌ به‌ر دیده‌،زێتر وێنه‌ و دیمه‌نی بێڕۆحی ئه‌و شه‌وه‌یه‌ بۆ پڕکردنه‌وه‌ی که‌لێنه‌ ده‌روونییه‌کانی ئینسانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ که‌ ئومێده‌ تا دێت مرۆ فره‌تر ئاوڕ له‌و پرسانه‌ بداته‌وه‌ که‌ گه‌شه‌ و نه‌شه‌ به‌ گیان و ڕۆحی ده‌به‌خشن.


سه‌رنجێک: بۆ وتن ده‌شێت به‌شێکی ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ژماره‌ 26ی بڵاڤۆکی”لووتکه‌”دا که‌ له‌ شاری”سنه‌”ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌رده‌چێت،چاپ و بڵاو بووه‌ته‌وه‌.




تێبینیەک لەسەر دادگایی ناتانیاهو!.. عوسمانی حاجی مارف

جگە لە دادگایکردنی ناوخۆیی بۆ ناتانیاهۆ، دادگای تاوانە نێودەوڵەتیەکان لە ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤دا، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ناتانیاهۆ دەرکرد، بەهۆی بەرپرسیارێتی لە تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژی فەلەستینیەکان لە کەرتی غەززەدا، لە شەڕێکی دوو ساڵەدا کە ئیسرائیل زیاتر لە ٧٠ هەزار فەلەستینی کوشت و ١٧٠ هەزار کەسی دیکەی بریندارکردوە، چونکە ئەم تاوانەی دژ بە دانیشتوانی غەزە بە گەورەترین و قیزەوەنترین تاوان بە حساب دێت لە سەرەتاکانی سەدەی بیست و یەکدا.
بەڵام پێدەچێت ناتانیاهۆ بڕیاریدابێت کە دۆستایەتی خۆی لەگەڵ ترەمپدا، بۆ ئەو پشتگیریە بەهێزەی لەکاتی شەڕی درندانەی دژ بەغەززەدا وەریگرتبوو، بەکاربهێنێت، بۆئەوەی لەچەندین بۆنەدا فشار بخاتە سەر حکومەتی ئیسرائیل تا لێی خۆشببن! لە ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، ترەمپ نامەیەکی فەرمی بۆ نووسینگەی هێرزۆگ سەرۆکی ئیسرائیل نارد و بە فەرمی داوای لێبوردنی ناتانیاهۆی کرد. ترەمپ، ناتانیاهۆی بە سەرۆک وەزیرانێکی درەوشاوە و یەکلایکەرەوە لە سەردەمی جەنگدا وەسفکرد، گوایە دوای ئەو هەموو هێرشە دژە مرۆڤایەتیە، ئێستا ئیسرائیل بەرەو سەردەمی ئاشتی دەبات!
پارێزەرانی ناتانیاهۆ لە نامەکەیاندا بۆ ئیسحاق هێرزۆگی سەرۆککۆمار ڕایانگەیاندووە، لێخۆشبون دەبێتەهۆی ئەوەی ناتانیاهۆ هەمووکات توانا و وزەی خۆی بۆ پێشخستنی ئیسرائیل لەمکاتە سەختانەدا تەرخانبکات، هەروەها دەڵێن “پێشبینی پێشهاتە نائاساییەکان دەکرێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا”. بۆیە وەها بەیان دەکەن، کە ئەو لێکتێگەیشتنانەی کە لەنێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و دەوڵەتانی عەرەبی و وڵاتانی دیکەدا شێوە دەگرن، پرۆسەیەک پێکدەهێنن کە پێویستی بە ئامادەکاریەکی بەرفراوان و هەوڵی دیپلۆماسی و ئەمنی و گرنگیدانی بەردەوامی دەبێت، واتە چاوپۆشی بکرێت لە تەواوی ئەو تاوانانەی ناتانیاهو کە دنیای هەژاند.
لەلایەکی ترەوە نەیارانی ناتانیاهۆ پێشنیاری ئەوە دەکەن کە پێویستە ناتانیاهۆ لە سیاسەت خانەنشین بکرێت، یان بانگەوازی هەڵبژاردنی پێشوەختە بکات و دان بە تاوانەکەیدا بنێت پێش ئەوەی داوای لێبوردن بکات. بەڵام ناتانیاهۆ ڕایگەیاندووە کە داوای لێبوردن ناکات بۆ ئەو تۆمەتە تاوانکاریەی کە ئاراستەی کراوە.
ئەم داوایە کە بۆ ناتانیاهۆ خراوەتەڕوو، درزێکی لە ئیسرائیل دروست کردووە، بەشێک لە وەزیرەکانی حکومەت پشتگیری لە پێدانی لێبوردنەکەی دەکەن، هاوکات ئۆپۆزسیۆن داوایان لە هێرزۆگ کردووە کە پەسەندی نەکات، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ڕەتکردنەوەی ناتانیاهۆ لەداننان بە تاوانەکەی و کشانەوە لە ژیانی سیاسی.
میدیا ئیسرائیلیەکان لەزاری بەرپرسانەوە ڕایانگەیاندووە، پێداچوونەوە بە داواکاریەکەدا ماوەیەکی زۆری دەوێت، ئایا ناتانیاهۆ لێخۆشبوون وەردەگرێت لەبەرامبەر ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراوە؟ وە بنەمای یاسایی ئەم داواکاریە مشتومڕاویە چیە؟
نووسینگەی ئیسحاق هێرزۆگ، لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥دا ڕایگەیاند، سەرۆککۆمار “هیچ مەرجێکی دانەناوە” بۆ داواکاریەکەی ناتانیاهۆ، بۆ لێخۆشبون لە دادگایکردنی گەندەڵیەکەی و کوشتاری بە کۆمەڵ، لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە هێرزۆگ هێشتا دەستی بە گفتوگۆکردن لەسەر ئەو بابەتە نەکردووە، جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ناچێتە ژێر کاریگەری فشارەکانی هیچ لایەنێکەوە و بەرپرسیارانە و بە جدیەکی پێویستەوە داواکاریەکە لەبەرچاو دەگرێت!.
ڕۆژنامەی عیبری هارێتز بڵاویکردەوە، پێدەچێت هێرزۆگ داوای ئیمتیازات لە ناتانیاهۆ بکات لەبەرامبەر لێخۆشبوونی سەرۆکایەتیدا، وەک دامەزراندنی کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی حکومەت لە ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەر، ڕاگرتنی یاسادانان دژی دەسەڵاتی دادوەری، یان ڕێگریکردن لە کۆنترۆڵکردنی حکومەت بەسەر میدیاکاندا.
بەپێی سەرچاوە نزیکەکانی هیزرۆک کە پێشتر قسەیان لەگەڵ کردووە، ئەو بەو بڕوایە هاتۆتە دەرەوە کە کراوەیە بۆ بەدواداچوونی ڕێککەوتنی لێخۆشبوون، کە کۆتایی بە دادگاییکردنی ناتانیاهۆ دەهێنێت. هێرزۆگ مەبەستی خۆی ڕون نەکردۆتەوە، بەڵام ڕەنگە هەوڵی ئەوە بدات “پاکێجێک” لە بەڵێننامەکان لە ناتانیاهۆوە دەستەبەر بکات وەک بەشێک لە هەر لێخۆشبوونێک.
گومانی تێدانییە کە ناتانیاهۆ هەوڵی کڕینی کات و تێکەڵکردنی کارتەکان ئەدات، داواکاریەکەی لەکاتێکی هەستیاردایە، چونکە ئیسرائیل بەشێوەیەکی کاریگەر چووەتە ناو ساڵێکی هەڵبژاردنەوە کە بڕیارە لە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوودا بەڕێوەبچێت، مەگەر هەڵبژاردنەکان نەهێنرێنە پێشەوە، لەهەمانکاتدا داواکاری ناتانیاهۆ بۆ لێخۆشبوونە بەبێ داننان بە تاوانەکانیدا، ئەمەش بۆ ناتانیاهو مەبەستی سیاسی ڕوونی هەیە، بۆ پاراستنی مانەوەی لەدەسەڵاتداو وەستانەوە لەبەرامبەر ئۆپۆزیسیۆندا.
لە ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥دا، خۆپیشاندەران خۆپیشاندانێکیان لە دەرەوەی شوێنی نیشتەجێبونی ناتانیاهۆ لە قودس ئەنجامدا، داوای ڕەتکردنەوەی داواکاریەکەی بۆ لێخۆشبونی کرا، لە دۆسیەکانی گەندەڵی دژی ناتانیاهۆ، خۆپیشاندەران داوای دادگایکردنی ناتانیاهۆیان کرد، بە ئاماژەدان بەوەی کە “ئیسرائیل لەژێر پاراستنی ترەمپدا نییە”، ئەمەش لە بەرامبەر داواکاریەکەی ترەمپە بۆ لێخۆشبوون. هەروەها داوای “تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان و گەیاندنی بەرپرسان بۆ دادگا و پێکهێنانی کۆمیسیۆنێکی فەرمی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣”یان کرد.
ئەم دۆسیەیەی دادگاییکردنی ناتانیاهو بووەتە تاقیکردنەوەیەکی چارەنووسساز بۆ راستی دیموکراسی لە ئیسرائیلدا، کە دابەشبووە لەنێوان لایەنگرانی سیستەمی دادوەری و لایەنگرانی ناتانیاهۆ، هەروەها ڕوی نامرۆڤانەی ترامپ و دیموکراتخواز و سۆشیال دیموکراتەکانی ڕۆژئاوای ئاشکراکرد، دادگایکردنەکەی ناتانیاهۆ، توانای سیستەمی دادوەری تاقیدەکاتەوە بۆ لێپرسینەوە لە سەرۆکوەزیرانی دانیشتوو لەسەر ئەو تاوانانەی کە ئەنجامیانداوە، بەڵام چۆنیەتی لێپرسینەوەو پرۆسەی دادگایی و داوای لێخۆشبون، بۆتە لادانی ئەو روپۆشەی کە ئیسرائیل و ڕۆژئاواو ئەمریکا نمونەی دیموکراسین!.
ئەوەی شایانی باسەلە ٣٠ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥نوسینگەی ناتانیاهۆ لە بەیاننامەیەکدا، ڕایگەیاندوە کە ناتانیاهۆ بەشێوەیەکی فەرمی داواکاری لێخۆشبونی ئاراستەی ئیسحاق هێرزۆگ کردووە، ڕاستەخۆ داواکاریەکەی گوێزراوەتەوە بۆ بەشی یاسایی بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە لە دۆسیەی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراون.
ڕاگەیەندراوەکە، ئاماژەی بەوەش کردووە کە ناتانیاهۆ دانی بەو تۆمەتانەدا نەناوە کە ئاراستەی کراوە، لەبری ئەوە پاساوی سیاسی پێشکەش کردووە نەک یاسایی بۆ بڕیاردان لەسەر لێخۆشبوونەکەی، ئەمەش لە دۆخی وێرانکاری و کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵکی غەززە کە یاریەکی سیاسیە ئەمریکا و ترامپ و ناتانیاهۆو ئیسرائیل نمایشی دەکەن. دەیان هەزار ئینسان بونەتە قوربانی و چەندین شارو ماڵ وێران بون، بێباکانە لەبەرامبەر ئەو کارەساتانەدا، باسوخواز بۆتە دادگاییکردن یان لێبوردن لە ناتانیاهۆ، ئەمەش ریسوابون و ئابڕوچونێکی مێژوویی سەرەتای سەدەی بیست و یەکی ململانێکانی سیستمی سەرمایەداریە.
ناتانیاهۆ لە داوای لێبوردنەکەیدا، نە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و نە پەشیمانی خۆی دەربڕیوە، بەوپێیەی سەرۆککۆمار دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە تەنانەت بەبێ سزادانیش لێی خۆشبێت. هێرزۆگ وەڵامی داواکاریەکەی ناتانیاهۆی دایەوە و ڕایگەیاند “بەجدی بیری لێدەکاتەوە”، بەڵام داواکاریەکەی ناتانیاهۆ بۆ لێخۆشبون، مشتومڕێکی بەرفراوان و نیگەرانیەکی گەورە” ی لەناو کۆمەڵگەی ئیسرائیلدا دروست کردووە.
بەگوێرەی ڕاپرسیەک کە کراوە، دەریخستووە، ٪٤٤ی ئیسرائیلیەکان، دژایەتی پێدانی لێبوردن بە ناتانیاهۆ دەکەن، لەبەرامبەر ئەو تۆمەتی گەندەڵیەی ئاراستەی کراوە، هاوکات ٪٣٩ پشتگیریان کردووە و ٪١٧وەڵامیان نەبووە.
ماوەیەک لەمەوبەر ترامپ نامەیەکی بۆ هێرزۆگ ناردوە، داوای لێ کردووە بیر لە پێدانی لێخۆشبوون بە ناتانیاهۆ بکاتەوە. هەروەها ترەمپ دۆسیەکانی دژی ناتانیاهۆی بە “دادگاییەکی سیاسی و ناڕەوا” ناو بردووە.
هێرزۆگ، داواکاریەکەی ترەمپی ڕەتکردۆتەوە ڕایگەیاندوە، ئەگەر ناتانیاهۆ ئارەزووی لێخۆشبوونی هەیە، ئەوا دەبێت داواکاریەک پێشکەش بکات کە دان بە تاوانەکانیدا بنێت.
واقعیەتی دادگاییکردن یان لێخۆشبونی ناتانیاهۆ، لە چوارچێوەی ئەو نەخشە سیاسیەدایە کە ئەمریکاو ئیسرائیل، دوای داگیرکاری و هەوڵی زیاتر بۆ بەرجەستەکردنەوەی باڵادەستیان بەسەر ناوچەکەدا وفەرامۆشکردنی چارەنوسی فەلەستین و کوشتاری بەکۆمەڵ، کێشەکە بەرتەسک دەکەنەوە، کە ناتانیاهۆ ڕووبەڕووی سێ تۆمەتی تاوانکاری دەبێتەوە، کە بریتین لە بەرتیلدان، ساختەکاری و پێشێلکردنی متمانە لە سێ دۆسیەی جیاوازدا. بەڵام لە دنیای واقعی هێرشی لەشکرکێشی و بۆردمانی غەزە و کوشتاری بەکۆمەڵ ئەو کەیسەیە کە پێویستە تەواوی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل لێپرسینەوەیان لێبکرێت و دادگایی بکرێن.




ئەدەبی سێبەر و میهرەجانی مۆمیاکراوەکان.. ستار ئەحمەد

لە سایەی حوکمڕانیی سی و پێنج ساڵیدا ، دیاردەیەکی مەترسیدار نەک هەر کایەی ئەدەبی، بەڵکو مێژووی مەعریفیی نەتەوەیەکی شێواندووە. لێرەدا، داهێنان پێوەر نییە، بەڵکو “وەلا” و “سەرشۆڕکردن” بۆ ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو، ناسنامەی نووسەر دیاری دەکات. ئەوەی دەیبینین، میهرەجان نییە بۆ زیندووکردنەوەی وشە، بەڵکو نمایشێکی سارد و سڕی ئەو “مۆمیاکراوانەیە” کە تەنها بە فۆرمالینی حیزب بە زیندوویی ماونەتەوە.

١. مۆمیاکراوەکان کێن؟
مۆمیاکراوەکان ئەو سوپایە لە “بەناو نووسەرانەن” کە ساڵانێکی درێژە هیچ بەرهەمێکی زیندوویان نییە، نە زانیارییەکی نوێیان بە کتێبخانەی کوردی بەخشیوە و نە داهێنانێکیان لە فیکردا کردووە. ئەوان وەک پەیکەرە بێ گیانەکان، تەنها بۆ پڕکردنەوەی کورسییەکانی ڕیزی پێشەوەی میهرەجانەکان و بۆ چەپڵەلێدان بۆ دەسەڵات ئامادە دەکرێن. ئەوان لە ڕووی ئەدەبییەوە مردوون، بەڵام حیزب بە خەڵات و پیاهەڵدان، وەک “ئەستێرە” نیشانیان دەدات.

٢. ئەدەبی سێبەر و تەزویرکردنی مێژوو
کاتێک دەسەڵات هەڵدەستێت بە چاپکردنی کتێبی “ئەستێرەکانی کورد” یان هەر ئینسایکلۆپیدیایەکی تر و ناوی داهێنەرە ڕاستەقینەکان دەسڕێتەوە تەنها لەبەر ئەوەی لە دەرەوەی بازنەی حیزبن، ئەمە تەنها نادادی نییە، بەڵکو تیرۆرکردنی مێژووە. ئەم “ئەدەبی سێبەرە” دەیەوێت نەوەکانی داهاتوو وا تێبگەن کە لوتکەی ئەدەبیاتی ئێمە ئەو ناوە بێ ناوەڕۆکانە بوون کە لە سێبەری حیزبدا گەورە کراون.

٣. تیرۆرکردنی داهێنان لە نێو نەوەی نوێدا
کارەساتی گەورەتر لێرەدایە؛ کاتێک گەنجێکی بەهرەمەند دەبینێت مەرجی دەرکەوتن و بوون بە “ئەستێرە” تەنها لە ڕێگەی مەکتەبەکانی حیزبەوە تێدەپەڕێت، تووشی بێ ئومێدییەکی کوشندە دەبێت. ئەم سیستمە نەوەیەک پەروەردە دەکات کە لە جیاتی خوێندنەوە و قووڵبوونەوە لە مەعریفە، فێری “هونەری ماستاوکردن” و چەپڵەلێدان ببن. نەوەی نوێ کاتێک دەبینێت بلیمەتەکان گۆشەگیر کراون و مۆمیاکراوەکان خەڵات دەکرێن، تێدەگات کە لێرە “قەڵەم” نرخێکی نییە ئەگەر ڕەنگی حیزبی نەبێت، ئەمەش وای کردووە کوردستان ببێتە ژینگەیەک کە داهێنان تێیدا دەخنکێنرێت و تەنها “کۆیلەی ئایدۆلۆژی” بەرهەم دەهێنێت.

٤. سی و پێنج ساڵ لە پەراوێزخستنی بلیمەتەکان
کارەساتەکە لێرەدایە؛ نووسەرێک تەمەنی خۆی لە پێناو وشەدا بەسەر دەبات، خاوەنی ئاستێکی ئەدەبیی بەرزە، بەڵام چونکە نابێتە “مۆمیاکراوی نێو میهرەجانەکان” و نایەوێت شکۆی وشە بۆ پلە و پۆست بفرۆشێت، نەک هەر ڕێزی لێ ناگیرێت، بەڵکو بێبەش دەکرێت لە سادەترین مافی خۆی لە نیشتمانەکەیدا. کوردستان کراوەتە موڵکی چەند کەسێکی دیاریکراو، و هەر کەسێک لە دەرەوەی ئەو بازنەیە بێت، وەک بێگانە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

بەکورتی ؛
ئەم دۆخە نادروستە، نەوەیەکی بێئومێد و زەوقێکی گشتیی شێواو بەرهەم دەهێنێت. بەڵام دەبێت ئەو “بەناو نووسەرانە” بزانن، کە مێژوو بە فەرمانی حیزب نانووسرێتەوە. مۆمیاکراوەکان هەرچەندە بە زێڕیش دابپۆشرێن، هەر تەرمێکی بێ گیانن و لەگەڵ یەکەم بای گۆڕانکاریدا، تۆزیان لێدەنیشێت. تەنها ئەو داهێنەرانە دەمێننەوە کە بە قەڵەمی ئازاد و لە پێناو مرۆڤایەتیدا نووسیویانە، نەک ئەوانەی لە پەراوێزی میهرەجانە حیزبییەکاندا خەریکی کڕنۆش بردنن.




ئایا کوردستان دەبێتە زیمبابۆی؟.. ئاگری قادر

لە 8ی کانوونی دووەمی 2025، کۆماری گەلی چین دامەزراندنی دامەزراوەیەکی لە هەولێر ڕاگەیاند کە بە کۆمەڵەی دیواری گەورە ناسراوە، نۆ ڕاوێژکاری بۆ کارکردن لەسەر پەیوەندییەکانی کورد و چین دەستنیشان کرد. دوای هەفتەیەک، لە ١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، پەکین بە فەرمی ناوەندی لێكۆلینەوەی دەستپێشخەری شارستانیەتی جیهانی- چوارچێوەیەکی جیهانی ڕاگەیاند کە وەک سەکۆیەک بۆ گفتوگۆی کولتووری، ئاڵوگۆڕی شارستانی و لێکتێگەیشتنی یەکتر پێشکەشکرا،لە ڕووکەشدا ئەم پێشهاتانە بێهۆشکەر و تەنانەت بنیاتنەریش دەردەکەون. بەڵام ئەزموونەکانی ئەفریقا، ئاسیا و بەڵکان ئەوە پیشان دەدەن کە ئەم جۆرە دەستپێشخەرییانە بە دەگمەن بێلایەنن. بەڵکو زۆرجار وەک بەشێک لە ستراتیژێکی درێژخایەن بۆ دووبارە داڕشتنەوەی ڕەفتاری سیاسی، ژیانی فیکری و ڕێکخستنی ستراتیژی لە کۆمەڵگا میواندارەکاندا کاردەکەن. پرسیاری سەرەكی چیتر ئەوە نییە کە ئایا کوردستان سوود لە پەیوەندی لەگەڵ چین وەردەگرێت، بەڵکو ئەوەیە کە ئایا لە قوڵایی و سروشتی ئەو مەترسیانەی کە تێیدایە تێدەگات؟
گەورەترین هێزی ستراتیژی چین زۆرەملێی سەربازی نییە بەڵکو دەسەڵاتی دانانی کارنامەیە. دامەزراوەکانی وەک کۆمەڵەی دیواری گەورە و دەستپێشخەری شارستانیەتی جیهانی بە ئاشکرا کۆنترۆڵ ناسەپێنن؛ ئەوان جیهانبینی چین ئاسایی دەکەنەوە لە ڕێگەی کولتوور، ئەکادیمی و بەشداریکردنی نوخبە لە چەندین وڵاتدا ئەم دامەزراوانە بیرۆکەی وەک ڕێژەییکردنی دیموکراسی و مافی مرۆڤ وەک “تایبەتمەندی کولتووری”.
چوارچێوەدان بە سەقامگیری تاکڕەوانە بە باڵاتر لە لێپرسینەوەی دیموکراسی وێناکردنی ڕەخنە لە چین وەک “لایەنگری ڕۆژئاوایی” یان “دژە گەشەسەندن”.
مەترسییەکە لە سانسۆردا نییە، بەڵکو لە خۆسانسۆریدایە. بە تێپەڕبوونی کات، ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسان و داڕێژەرانی سیاسەت ئەم گێڕانەوەیانە دەخەنە ناوەوە و بەو پێیە ڕەفتارەکانیان ڕێکدەخەن. ئەم شێوازە لە زیمبابۆی، کەمبۆدیا و سربیا بەدی کراوە، کە بوونی چین گوتارەکانی بەبێ سەرکوتکردنی ئاشکرای دارشتووە.
دانانی ڕاوێژکاران، کەسایەتییە کولتوورییەکان، ئەکادیمییەکان و ڕۆژنامەنووسان ڕەمزی نییە- ئەوە ستراتیژییە. چین بەدوای جەماوەری جەماوەریدا ناگەڕێت؛ بەدوای دڵسۆزی نوخبەدا دەگەڕێت،لە سەرانسەری ئەفریقا و بەڵکان، گرتنی نوخبە لە ئەنجامدا،سیاسەتمەداران بەرگری لە گرێبەستە ناشەفافەکانی چین دەکەن،خۆدوورگرتن لە ڕۆژنامەنووسان لە ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوە لەسەر پڕۆژەکانی چین،زانکۆکان بەدەرکردنی بابەتگەلی هەستیار لە ئەجێندای توێژینەوەکان،لە کوردستان ئەم مەترسییە توند و تیژە. ئەگەر تۆڕەکانی نوخبە وابەستەی دەستڕاگەیشتن، پارەدان، یان پرێستیژی چینی بن، ژێردەستەیی ئەکادیمی و کۆنترۆڵکردنی زانیاری بەرهەمدەهێنێ.
کاتێک ئەو پرۆگرامانەی کە لەلایەن چینییەوە پارەیان بۆ دابین دەکرێت دەچنە ناو زانکۆ و ناوەندەکانی توێژینەوە، ئازادی ئەکادیمی دەبێتە مەرجدار. حاڵەتە بەراوردکارییەکان لە مالیزیا، تایلەند، و بەشێک لە ئەفریقا شێوازەکانی دووبارەبوونەوەی نیشان دەدەن، كە بودجەی توێژینەوە بەستراوەتەوە بە بابەتەکانی “قبووڵکراو”،وەدەرنانی بێدەنگی بابەتی سیاسی هەستیار،کۆنفڕانس و ئاڵوگۆڕەکان بە ڕەزامەندی سیاسی فلتەر دەکرێن،ئەمەش دەرئەنجامە درێژخایەنەکەی وابەستەیی فیکرییە. كە تەواوی نەوەکانی داهاتوو بەبێ بەرکەوتن بە دیدگای ڕەخنەنەگر سەبارەت بە چین ڕادەهێنرێن، ئەمەش شیکاری سیاسەتی سەربەخۆ و بیرکردنەوەی ستراتیژی لاواز دەکات. بۆ کوردستان ئەمە هەڕەشە لە بناغەکانی بڕیاردانی سەروەریە،چین میدیا قەدەغە ناکات؛ جێگەی گێڕانەوەکان دەگرێتەوە. لە ڕێگەی بەرنامەکانی ڕاهێنان، هاوبەشی و دەستڕاگەیشتن، چیرۆکەکانی لایەنگری چین گەورە دەکرێن لە کاتێکدا ڕاپۆرتکردنی ڕەخنەگرانە وەک ناپیشەیی دەناسێندرێ،زیمبابۆی وەبەرهێنانی چینی وەک ڕزگارکردن پێشکەشکرا نەک وەکو هێڵی کاریگەری گەندەڵی پەیوەست بە پڕۆژە بیانییەکانەوە ،کوردستانیش مەترسیی دەرئەنجامێکی هاوشێوەی لەسەرە: نەک بێدەنگی، بەڵکو کۆدەنگییەکی دروستکراو کە وردە وردە فرەیی دەشێوێنێت،لە مۆنتینێگرۆدا، بەکارهێنانی قەرزەکان هەڵبژاردنی سیاسەتی نیشتمانی سنووردار کرد،لە کەمبۆدیا، یەکخستنی سیاسەتی دەرەوە بوو بە چاوەڕوانی،لە زیمبابۆی، پشتبەستن بە یەک هاوبەشی دەرەکی بووە هۆی گۆشەگیری نێودەوڵەتی،ئەگەر کوردستان ڕێگە بدات کاریگەری چین بەبێ سنوور قووڵتر بێتەوە، مەترسی لەدەستدانی نەرمی ستراتیژی و ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوبەشە دیموکراسیەکان و بەرتەسککردنەوەی بژاردە دیپلۆماسییەکانی.
قەیرانی زیمبابۆی لە ژێر فشارێکی دیاردا سەریهەڵدا- سزا، گۆشەگیری و داڕمانی ئابووری. کوردستان ڕووبەڕووی مەترسییەکی ئاڵۆزتر دەبێتەوە چونكە کاریگەری بەبێ پەنجەمۆر کۆنتڕۆڵکردن بەبێ داگیرکردن وابەستەبوون بەبێ پەیمانی فەرمی
ئەم فۆرمەی دەسەڵات سەختترە بۆ دەستنیشانکردن، وردە وردە کاردەکات، خۆی لە دامەزراوە و نۆرم و چاوەڕوانییەکاندا جێگیر دەکات،پرسیارەکە ئەوە نییە کە ئایا کوردستان بە ناچاری دەبێتە زیمبابۆی؟،پرسیاری ڕاستەقینە ئەوەیە ئایا کوردستان مەترسییەکە دەناسێت پێش ئەوەی ببێتە زیمبابۆی؟،دامەزراوەکانی چین وەک دوژمن ناگەن،ئەوان وەک هاوبەش دەگەن-و وەک دەروازەپارێز دەمێننەوە،بەبێ شەفافیەت و چاودێری دیموکراسی و سنووردارکردنی ستراتیژی، ئەمڕۆ تێچوونەکە نادرێت، بەڵکو لەلایەن نەوەی داهاتوو: لە کەمبوونەوەی سەروەری، تەسکبوونەوەی مشتومڕ و هەڵبژاردنی سنوورداردا، بۆ هەرێمی کوردستان هێشتا کاتی هەڵبژاردنی بەبێ وابەستەیی ماوە. بەڵام ئەو پەنجەرە تا کاتێکی نادیار بە کراوەیی نامێنێتەوە.

ئاگری قادر
خوێندكاری دكتۆرا لە یاسای ژینگەیی نێودەوڵەتی،زانكۆی نیشتمانی تایوان




عەقڵێکی بێ عەقڵ.. شیعری نەوزاد بەندی

یەکێک لە ترسناکترین شتەکانی مرۆڤ،
عەقڵە ..
کاتێ خوێندنەوەت ئەبێ
بۆ دنیایەکی ترسناک ..
بۆ داهاتووە ترسناکەکان ..
بۆ پرسیارە ترسناکەکان ..
٭ ٭ ٭

عەقڵ واتلێئەکا، خەم بخۆی ..
لە جێی خواردن،
ماف بخۆی ..
خوێن بخۆی ..
درۆ بکەی ..
جنێو بەیت و ..
سوێن بخۆی ..
پیرۆزیی بخوڵقێنی و
پیرۆزییەکان هەڕاج کەی ..
هەزار دەرد دروست کەیت و
ئینجا نزای عیلاج کەی..
عەقڵ پێت ئەڵێ بگری
یان قاقا پێ بکەنە ..
عەقڵ ئاوارەت ئەکا،
لە کەمپ و ژێر ڕەشماڵا،
بە پێنج خێزان، یەک سەرئاو،
شاد و شوکر و ڕازی بن ..
یان بە هەزاران ڤێلا وتاوەر و مۆڵ و کارگە،
هێشتاکە هەر برسی بن ..
عەقڵ ئەتکا بە جەلاد ..
بە پیاو کوژ و سۆزانیی ..
بە ژێر دەست و داگیرکەر ..
بە مۆڵگەی پەشیمانیی ..
قەرزار بیت ،یان دەوڵەمەند ..
ڕێزدار یان ببی بە پەند ..
جەنگێکی وا بەرپا کەی،
چوار ملیۆن کەس بکوژی ..
تەپلەیەک لەسەر کەیت و
بە خەیاڵی ئازادی و
نیشتمان و خاکەوە،
ماڵ و مناڵ هەتیوکەی ..
فرمێسکی هەموویان و
خوێنی خۆیشت بڕژی ..
عەقڵ ڕێنماییت ئەکا،
بۆ ڕێگای خیانەت و
بۆ قومار و بۆ نادی ..
فرۆشتنی قەڵەم و
لە گوێکردنی ئەڵقە و
زوڕنا ژەنیی و گەوادیی ..
عەقڵ ڕاپێچت ئەکا
بۆ دەریای نائومێدیی ..
بۆ ڕاکردن لە خۆت و ..
هێرۆیین و
خۆ کوشتن ،
ئەسپایی .. هێدی هێدی ..
هەموو تەمەنت ئەبا
لە ڕێی ماڵ و پارەدا ..
لە دوکانێ بەند ئەبی ..
یان له فەرمانگەیەکا ،
سندم ئەکاتە قاچت،
چل پەنجا ساڵ شانازیی،
ڕۆژەکانت دووبارە و
سەد بارە ئەکەیتەوە،
بە بێ ئەوەی پارە و ماڵ،
خەفەتێکت چاره کا..
عەقڵ ئەتخەڵەتێنێ،
بە دوای تارماییەکانا
ڕا ئەکەی، وەک ڕەشەبا ..
شتێ لێت ئەبێ بە خوا ..
لە خۆیشت ناپرسی کوا ..
عەقڵ سواڵت پێ ئەکا ..
عەقڵ هەر چۆنی بوێ ،
بەو شێوەیەت لێ ئەکا ..
هێشتا شێرێکتان دیوە،
بڵێ من ملیۆنێرم؟
یان بەرخێکتان بینیوە،
واز له بەرغەل بهێنێ و
توشی گۆشەگیریی بێ و
بۆ خۆی شیعر بنوسێ ؟
تیمساحێکتان بینیوە،
لە پڕ جەنگی جیهانیی
تیمساحان هەڵگیرسێنێ ؟
مارێکتان دیوە،
سجنی نهێنی خۆی هەبێت و
سەدان مار بفەوتێنێ ؟
چۆلەکەیەکتان دیوە،
بۆ دانێ درۆ بکا ؟
کەرکەدەنێکتان دیوە،
بە ناز و مەکر و عیشوە،
هەزارەها کەرکەدەن
گەمژە و دەستەمۆ بکا ؟
قەت سەگێکتان بینیوە
یاسای برسیکردنی
سەد ملیۆن سەگ ئیمزا کا؟
گوێدرێژێکتان دیوە ،
شەوان هەتا بەیانی،
لە داخی زوڵم نەخەوێ و
بیر لە شۆڕش کاتەوە و
بانگەشەی کۆدەتا کا ؟
داڵێکتان قەت بینیوە
نان و قوتی ملیۆنان
داڵی هاوڕێی ڕابگرێ ؟
بەکتریایەکتان دیوە،
توشی خەمۆکیی بوو بێ و
هەر کوچە و پەنابگرێ؟
سەقاقوشێکتان دیوە،
خۆی لە سەقاقوشەکان
بکا بە نوێنەری خوا؟
مێگەلێکتان بینیو،
گیا و لەوەڕی لێ بدزن
نەباعێنن ؟ نەڵێن : کوا ؟
٭ ٭ ٭
( قەت یەکێک مەکە بە هەموویان، قەت خۆیشت مەکە بە یەکێکیان..
بۆ ئەوەی نە هەمووانت لە کیس بچێ و .. نە بیشبیتە یەکێک لەوان ..)
٭ ٭ ٭
تەنها ئەو کاتانە خۆتیت،
کە تەنها لەگەڵ خۆتیت ..
تێکەڵاوی ئەوان بووی،
پارچە پارچەت ئەکەن و
لەت لەت ئەتکەن بە خۆیان ..

٭ ٭ ٭
تا زۆر دڵنیا نەبیت،
قەت هەنگاو هەڵمەهێنە ..
ئەوانەی کە پاڵ ئەنرێن
بۆ کەوتن و بۆ دواوە ،
ئەوانەن خوا وەکیلیی
هەنگاویان هەڵهێناوە ..

٭ ٭ ٭

عەقڵ،
ڕێگای قاچاخ و
زیندان و
کۆمەڵکوژیی و
سێدارە و
ئەشکەنجەدان ..
سیخوڕیی و
کورتەی هەواڵ ..
بڕیاری جەنگ و
کورسی و
چەکی کۆکوژ و
زوڵم و
ئابڵوقە و
حیزب و
چاوەڕوانیی، دروست کرد ..
عەقڵ ،
حەیای عەقڵی برد




ڕۆشنبیر کێیەو ئەرکەکانی چیین؟.. ‏ یاسین لەتیف

ئەوڕۆ لە جیهاندا و بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کولتووری هاوچەرخ بەدەست قەیرانێکی قوڵەوە دەناڵێنێت کە بە ” پاشە کشەو نزم بوونەوەی کولتووری” یان “سەردەمی هیچو پووچێتی” دەناسرێت، ئەمەش دیاردەیەکی زەق و ئاشکرایە لە دونیای ئێمەدا بە بڵاوبوونەوەی بەرهەمی ڕووکەشیی بەکاربەر، پووچیی میدیایی و ڕووکەشبوونی هزری بە ناوبانگە ، ئەم دۆخە بە تایبەتیتر لە دونیای ئێمەدا پێویستی بە دەستەبژێرگەلێکە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە پوچگەرایە کە کەرامەتی مرۆڤی تێدا دەشکێنرێت ، پێداویستیەکی هەنوکەییە بۆ تێکشکاندنی ئەو تەوقو تەڵەزگەیەی کە مرۆڤی ئێمەی لە نێو زێراب و زەلکاوی کولتووری شیزۆفرینیای سیستەم جەقاندووە ، بۆ دەرباز بوون و تێپەڕاندنی ڕۆشنبیری شیزۆفرنیای سستەم پێویستی بە مرۆڤی جندڵمان و ڕۆحی بەرەنگاری هەیە کە بوێرانە هەر شتێکی خراپ و نەگەتیڤ و بە دڵی نەبوو لە بەرژەوەندی هاوڵاتیەکانی ڕەدیبکاتەوەو ، ڕاشکاوانە بە دەسەڵات بڵێت تا ئێرەو بەس ئەمە لابەن خراپە و زیانبەخشە ، ئەمەش باشەو لە پێناو بەختەوەری ئینساندایە زیادیکەن .
لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە:
ئایا ڕۆشنبیر کێ یە؟
ئەی ئەرکەکانی چیین؟
چەمکی ڕۆشنبیر(Intellectual) یەکێکە لە چەمکە ئاڵۆز و گرنگەکان کە لە کۆمەڵناسیدا جێگەی مشتومڕە. ئەم چەمکە لەفەرهەنکی سیاسیدا پێناسەی جۆراو جۆری بۆ کراوە . هەر کەسەو بە پێی بەرژەوەندی چینایەتی خۆی پێناسەی کردووە ، بۆیە ناتوانین لە سەر یەک ڕیتمی پێناسە بوەستین ، دواجار دەکرێت بڵێین ڕۆشنبیر واتە ویژدانی بەئاگای کۆمەڵگە.
ئەو کەسەیە کە لە کاتێکدا هەمووان بێدەنگن، ئەو قسە دەکات و دەبێتە دەنگی بێ دەنگەکان و لە دۆخی ئێستا ڕازی نییە و هەمیشە بە دوای دونیایەکی باشتردا دەگەڕێت. ڕۆشنبیر ئەو کەسەیە کە خاوەن ئاستێکی بەرزی زانین و تێگەیشتن و هۆشیارییە. ئەم کەسە توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە وتوێژینەوە و تێڕامانی هەیە دەربارەی سروشتی واقیع، بەتایبەتی سروشتی کۆمەڵگا و چارەسەرییە پێشنیارکراوەکان بۆ کێشەکان.
ڕۆشنبیری بێ ڕا، وەک چرایەکی بێ ڕووناکی وایە و سودی نییە بۆ مرۆڤ چونکە ڕۆشنایی پێ نابەخشێت و بەر پێی مرۆڤ ڕوناک ناکاتەوە ؛ دەکرێت بڵێین ڕۆشنبیری بێ ڕا وەکو ئاوێکی لێڵ و لێخن وایە بەکەڵکی خواردنەوە نایەت و مرۆڤ ناتوانێت لێی بخواتەوەو تاکو تینوێتی خۆی لە مەعریفەی بشکێنێت، بەو مانایەی ڕوشنبیری لەو چەشنە ئێنێرژی مەعریفەی پێ نییە تا وەرگر لێی سودمەند بێت ، ئەم چەشنە ڕۆشنبیرانە دەکرێت پێیان بڵێین ڕۆشنبیری کلاسیک بۆخۆیان لە کاخ و بارگای حیزبەکان و کەناڵەکانی TV دانیشتون سەنای بەرپرس و دگداتۆرەکان دەکەن ، یان خەریکی چەواشەکاری کۆمەڵگان ، زۆربەی کاتیش دژ بە ڕۆشنبیری ئۆرگانیکن ، ڕۆشنبیری کلاسیک ڕەنگە شێوەکەی هەبێت بەڵام ئەرکەکەی جێبەجێ ناکات، سەرەکیترین ئەرکی ڕۆشنبیر ڕەخنەگرتنە لە دەسەڵات، و دابونەریتە کۆنەکان، و هەڵە باوەکانی ناو کۆمەڵگە.
ڕۆشنبیر نابێت زوڕنا ژەن و “تەپڵ لێدەر”ی دەسەڵات بێت، بەڵکو دەبێت وەک ئاوێنەیەک کەمکوڕییەکان نیشان بدات. چونکە ئەرکی ڕۆشنبیر دروست کردنی ژاوە ژاو و قەرەباڵخی نییە بۆ گرداکۆ بوونی حەشامات لە چواردەوری دروشمی پڕوپووچ و بێ مانا کە سودی بۆ ژیانی مرۆڤ نییە ، دواجار زانیاری بە تەنها بەس نییە ئەگەر نەگۆڕێت بۆ هەڵوێست و ئەکت، هەڵوێستیش تەواو نابێت ئەگەر بە ئازایەتییەوە ڕانەگەیەندرێت و کارێگەری نەنوێنێت لە سەر ڕەفتارو بیرکردنەوەی ئینسانەکان، هەروەها وەهم لە ناخی مرۆڤەکاندا نەگۆڕێت بۆ واقیع و کرداری حەقیقی و بەرجەستەی هەنوکەیی ، ڕای ئازاو بوێرانە ئەوەیە کە تایبەتمەندی دەبەخشێت بە ڕۆشنبیرو لە مرۆڤی ئاسایی و عەوام جیای دەکاتەوە، چونکە دەیخاتە بەردەم ڕووبەڕووبوونەوەی جیهان نەک لە سێبەریدا بیهێڵێتەوە، بەڵام ڕای ئاسایی لانیکەم بوونی خۆی لە گۆڕەپانی گفتوگۆدا دەسەلمێنێت و ڕێگری دەکات لەوەی زانیاری ببێت بە بێدەنگییەکی نەزۆک و بێ کەڵک و پاسیف.
دروستکردنی ڕاوبۆچوون و هەڵوێستی جدیانە خۆشگوزەرانی نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقییە ، ڕیسک کردنە بە ژیانەوە لە بەرامبەر سیستەمی باوو سەپاو کە ئامانجی ئەو سیستەمە ئەوەیە ئینسانەکان بکاتە کۆیلە لە ژێر یاسای قەرەقوشی و بنەماڵەیدا بە ناوی نیشتمان و ناسیۆنالیزم و چەندین دەستەواژەی تڕوحات تەنها بۆ ئەوەی مرۆڤ خۆی بکاتە قوربانی تا سیاسیەکان زیاتر دەوڵەمەند بن و ژیانێکی فیرعەونی بۆخۆیان و کەسوکاریان و هاوڕێکانیان بژین.
ڕۆشنبیر تەنها بە وەرگرتنی بیرۆکەکان ناوەستێت، بەڵکو سەرلەنوێ دایاندەڕێژێتەوە و تاقییان دەکاتەوە و دەیانخاتە ناو فەزای کۆمەڵگەوە بۆ ئەوەی ببێتە پرس و ماددەیەک بۆ گفتوگۆ و گۆڕانکاری ، هەروەها لە دۆخی پەسەند بوونی لە لایەن کۆمەڵگاو پۆزەتیڤ بوونی دەکرێت ببێتە کولتوور . ڕۆشنبیری ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە زانیاری و ئازایەتی، و بیر و ویژدان بەیەکەوە دەبەستێتەوە بە بێ ترس و حیساب کردن بۆ سیستەم و دەسەڵات ، دەکرێت ڕۆشنبیر بە بێ ترس سوقراتانە بیرۆکەکانی خۆی بە شێوەیەکی ڕاشکاوانە بخاتە ڕوو بوێرانەش هەنکاو بنێت ، هەروەها زۆربایانە و سارتەرانە تەماشای کایەی ئازادی بکات و هیج ماشین و ئامێرێکی ستەمکاری و ( فا ، شی، زم) پاشگەزی نەکاتەوە لە بیروبۆچون و هەڵوێستەکانی ، ئەنتۆنیۆ گرامشی زۆر بە ڕوونی ئەرکی ڕۆشنبیری ئۆرگانیکی خستۆتە ڕوو، بەمەش ڕۆشنبیر دەق و ڕاستییەکان دەکاتە هەڵوێستی زیندوو و زمان دەکاتە پردێک لە نێوان ئەقڵ و ویژداندا و ڕێگای ڕاست بۆ هاونیشتمانیانی پیشان دەدات و چەوتیەکانی سیستەمیش دەست نیشان دەکات ، لە کۆمەڵگایەکی لەم چەشنەدا دەکرێت پیشەسازی پەروەردە تاکێک بەرهەم بێنێت هیچ کۆتوبەندێکی سیستەم و ستەمکاری نەتوانێت قەمتەری بکات و بیگەمژێنێت و بیکاتە کۆیلە ، چونکە ئەو تاکانە هۆشیارنو پەروەردەیەکی ژان ژاک ڕۆسۆیی کراون ، تاکگەلێکن بە چەشنێک ڕێنمایی کراون هەمیشە پرسیار دەکەن و لە دۆخێکی گوماناوی دەژێن ، بەو مانایەی گومان لەوانە دەکەن کە خۆیان بە ڕاست و بێ ‌کەموکوڕی دەزانن.
لە جیاتی ئەوەی هەمیشە وەڵامی ئامادەکراو بداتەوە، ڕۆشنبیر فێری خەڵک دەکات کە چۆن پرسیار بکەن و گومان لە شتەکان بکەن تا بگەن بە ڕاستی. ئەمە دەستەواژەی “ئیدوارد سەعید”ـە. ڕۆشنبیر دەبێت ئازایەتی ئەوەی هەبێت ڕاستییەکان بڵێت تەنانەت ئەگەر لە بەرژەوەندی خۆشی نەبێت ، یان دوچاری مەترسی بکات . ئەو ڕۆشنبیرەش کە تەنها بە گواستنەوەی زانیاری دەوەستێت، وەک کەسێک وایە لە ناونیشانی کتێبەکاندا نقوم بووبێت بێ ئەوەی جەوهەرەکەیان وەربگرێت، بەڵام ئەو ڕۆشنبیرەی کە ڕایەک دروست دەکات، وەک ئاگرێک وایە کە ڕووناکی دەبەخشێت و گەرمی دەدات، تەنانەت ئەگەر ببێتە هۆی مشتومڕ و گفتوگۆش لە ژێر سێبەریدا.ڕۆشنبیر ئەرکییەتی ئەو تاریکی و نەزانییەی لە ناو کۆمەڵگەدا هەیە بە ڕووناکی زانست و مەعریفە بڕەوێنێتەوە.
دەبێت پردێک بێت لە نێوان بیرۆکە ئاڵۆزەکان و تێگەیشتنی خەڵکی ئاسایی. هاوکات هەمیشە لە بەرەی “مەزڵوم و چەوساوەکان بێت و ئەرکییەتی دژی ستەم و دیکتاتۆرییەت بوەستێتەوە و پارێزەری ئازادی ڕادەربڕین بێت.
‏
‏
‏
‏
‏
‏
‏




گۆڤاری زمان و زار ژمارە ٢٠

بۆ خوێندنەوەی ژمارە ٢٠ی گۆڤاری زمان و زار بە ئەلف و بێی کوردی کلیکی ئێرەبکەن..

بۆ خوێندنەوەی ژمارە ٢٠ی گۆڤاری زمان و زار بە ئەلف و بێی لاتینی کلیکی ئێرەبکەن..

——————




ده‌لالخانه‌ی قسه‌كردن!.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

                         
                                           

ده‌لالخانه‌، بازاڕێكی بچووكی چه‌ند سه‌د مه‌تری بوو، له‌ ناوجه‌رگه‌ی شاری هه‌ولێر و تیایدا سه‌دان كه‌س له‌و بازاڕه‌دا، كاڵاو كه‌لوپه‌له‌كانی خۆیان هه‌راج ده‌كرد و هه‌ر شتێكت ویستبا، بێ ڕه‌چاوكردنی كواڵیتی و بڕاند و كۆن و نوێی، ده‌ستت ده‌كه‌وت و كورد وته‌نی هه‌ر كه‌له‌ و ئاوازێكی لێ ده‌رده‌هات، كه‌ هه‌تا شوێنه‌كه‌ نه‌كرا به‌ پاركی شار، بازاڕه‌كه‌ هه‌ر مابوو. ئه‌م بازاڕه‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كی هه‌بوو، كه‌ هه‌موو كه‌سێك ده‌یتوانی كاڵای خۆی لێ هه‌راج بكات و ڕیكلامی بۆ بكات و وه‌ك بڕاند بیناسێنێت. كاتێ سه‌رنجیش له‌ ڕووبه‌رێكی گه‌وره‌ی دنیای سۆسیال میدیا له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ده‌ده‌م، هه‌مان ئه‌و بازاڕه‌م دێته‌وه‌ بیر، چونكه‌ له‌ به‌شێكی زۆری سۆسیال میدیادا، به‌ ناوی ئازادی ڕاده‌ربڕینه‌وه‌، كه‌ له‌ ڕاستیدا گه‌ڕه‌لاوژێیه‌، هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێت قسه‌ بكات! بۆیه‌ ده‌كرێ ئه‌م ڕووبه‌ره‌ به‌ ده‌لالخانه‌ی قسه‌كردن ناوبه‌رین، چونكه‌ له‌ پڕۆفیسۆرێكه‌وه‌ بۆ بێ بڕوانامه‌یه‌ك، له‌ فه‌یله‌سوفێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكی میللی و ناڕۆشنبیر و له‌ بیرمه‌ندێكه‌وه‌ بۆ به‌قاڵێك و له‌ تێكۆشه‌رێكه‌وه‌ بۆ خۆفرۆشێك و له‌ زانایه‌كه‌وه‌ بۆ نه‌زانێك، هه‌مووان وه‌ك یه‌ك بێ جیاوازی ده‌توانن قسه‌ی تێدا بكه‌ن، كه‌ ئه‌مه‌ مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ و ڕاسته‌قینه‌یه‌، چونكه‌ له‌ هیچ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا، هه‌مووان ڕۆشنبیر و شاعیر و تێكۆشه‌ر و فه‌یله‌سوف و بیرمه‌ند و سه‌ركرده‌ نین و نابێ هه‌مووان ببنه‌ شاعیر، یان بۆ نموونه‌ به‌ ناوی ئازادی ڕاده‌ربڕینه‌وه‌ هه‌ر شتێك مه‌به‌ستیان بوو بیڵێن، به‌ تایبه‌تیش كه‌ كورد ده‌ڵێت: (قسه‌ هه‌زاره‌ یه‌كی به‌كاره‌). له‌و ڕووبه‌ره‌ به‌ ناو ئازاد و كراوه‌یه‌دا كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا بوونی هه‌یه‌، ده‌شێ هه‌موو شتێك بگوترێت و بنووسرێت، به‌و مانایه‌ی هه‌ر كه‌سێك چی مه‌به‌ست بێت ده‌توانێت بیڵێت. بۆ نموونه‌:
شاعیرێكی دۆڕاو دێت ماڵپه‌ڕێك بۆ شیعر داده‌نێت، له‌وێوه‌ زه‌مینه‌ له‌ به‌رده‌م ده‌یان كه‌سی نه‌ناسراو كه‌ له‌ ژیانیان نه‌یانزانیوه‌ ئه‌لف و بێی شیعری چییه‌، ده‌ڕه‌خسێنێت كه‌ شیعری تێدا بڵاو بكه‌نه‌وه‌، كه‌ هه‌مان ئه‌و كه‌سانه‌ ڕه‌نگه‌ نه‌توانن یه‌ك به‌ ناو شیعرییان له‌ گۆڤاریك، یان دوو توێیه‌كی ئه‌ده‌بی بڵاوبكه‌نه‌وه‌. بێگومان ئێمه‌ ده‌زانین ده‌نگی جوان و داهێنه‌رانه‌ی شیعریش له‌وێدا هه‌ن، به‌ڵام له‌ به‌رانبه‌ر هه‌رده‌قێكی شیعری جواندا، چه‌ندین ده‌قی ناشیعریی و ده‌نگی نه‌ناسراو ده‌بینی، كه‌ ورێنه‌یه‌ك به‌ ناوی شیعر ده‌نووسن، كه‌ بچووكترین بنه‌مای هونه‌ریی شیعرییان تێدا نییه‌. له‌و ڕووبه‌ره‌ به‌ ناو كراوه‌دا، هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێت قسه‌ فڕێ بدات و به‌ جۆرێك وێنات بكات، كه‌ خۆی ده‌یه‌وێت. به‌ نموونه‌ یه‌كێك من به‌ پیاوی ده‌سه‌ڵات ده‌ناسێنێت، له‌ كاتێكدا ته‌نها له‌ ماوه‌ی ئه‌و مانگه‌دا، من چوار وتارم له‌ هه‌فته‌نامه‌ی ڕێگای كوردستان له‌ دژی ده‌سه‌ڵات بڵاوكردوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام چونكه‌ خوێنه‌ری سۆسیال میدیا ڕاگوزه‌ر و بێ تێهزرینه‌ و ته‌نها شاشه‌ ده‌بینێت و میدیای كاغه‌زی ناخوێنێته‌وه‌، ئه‌وا نایانبینێت . ئه‌مه‌ وێرای ئه‌وه‌ی ده‌یان وتاری دیكه‌م بڵاوكردوونه‌ته‌وه‌، كه‌ دژی گه‌نده‌ڵی، بێ خزمه‌تگوزاریی، خراپی حوكمڕانی ، سیاسه‌ت و ئیداره‌دانن له‌ كوردستاندا. یان شاعیرێك كه‌ ته‌نانه‌ت له‌ شاره‌كه‌ی خۆشی نه‌ناسراوه‌، پێت ده‌ڵێت تۆ شیعر ناس نیت، به‌ مه‌رجێك ئێمه‌ له‌ كۆی نۆزده‌ كتێب، نۆ كتێبمان له‌ سه‌ر شیعر نووسیوه‌ و هه‌ركه‌سێكیش خۆی به‌ خوێنه‌ری ماڵپه‌ڕێكی سه‌نگینی وه‌ك ده‌نگه‌كان بزانێت، له‌وه‌ ده‌گات كه‌ ئێمه‌ به‌رده‌وام سه‌رنجمان له‌ سه‌ر شیعر نووسیوه‌.
ئێمه‌ ده‌یان جاری تریش وتوومانه‌ نه‌ ڕه‌خنه‌گرین، نه‌ نووسه‌ریشین، ته‌نێ خوێنه‌رێكی ئاسایی دنیای ئه‌ده‌ب و كتێبین. ئێمه‌ له‌ كاتێكدا ئه‌وه‌ ده‌ڵێین، زۆرباش ئه‌و ڕاستییه‌ش ده‌زانین كه‌ وتار و نووسینی پڕ مه‌عریفه‌ و سوودمه‌ندیش له‌و سه‌كۆیانه‌ بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌. هه‌ر بۆنموونه‌: من هیچ تێبینییه‌كه‌م له‌ سه‌ر وتاره‌كه‌ی هاوڕێی ئازیزم كاك ( سۆران محمد) نه‌بوو، چونكه‌ ده‌زانم له‌ من زیاتر شیعر ده‌خوێنێته‌وه‌ و له‌ سه‌ر شیعر ده‌نووسێت و خۆشم خوێنه‌ری وتاره‌كانی ئه‌وم و به‌ بایه‌خه‌وه‌ نووسینه‌كانی ده‌خوێنمه‌وه‌، به‌ڵام ناتوانم له‌ به‌رانبه‌ر تۆمه‌تێكی بێ بنه‌ما بێ ده‌نگ بم كه‌ ده‌ده‌درێته‌ پاڵم، له‌ كاتێكدا من ئه‌گه‌ر ڕووپاماییم بۆ ده‌سه‌ڵات بكردایه‌، ئێستا به‌رزترین پۆست و ده‌سكه‌وت و پایه‌م ده‌بوو، بۆ ئه‌مه‌ش هه‌موو هاوشارییانم ئه‌و ڕاستییه‌ ده‌زانن و گه‌واهیم بۆ ده‌ده‌ن.
من مامۆستایه‌كی ئاساییم و به‌ ڕه‌نج و ئاره‌قه‌ی شكۆمه‌ندانه‌ی پیشه‌كه‌م ده‌ژیم و وه‌ك هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك مووچه‌كه‌م دوا ده‌كه‌وێت. دواجار ده‌ڵێم، جیلی شیعریی، به‌ قسه‌ و هاش و هووش دروست نابێت، كه‌س گۆران و شێركۆ بێكه‌سی دروست نه‌كردووه‌، خۆیان خۆیان دروست كرد، ئیدی جیل هه‌بێت یان نا؟! مه‌گه‌ر شێخ نووری و ڕه‌شید نه‌جیب و پیره‌مێردیش له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌ نه‌بوون؟ بۆ هه‌ر گۆرانی مه‌زن به‌ نوێكه‌ره‌وه‌ی شیعری كوردی ده‌ناسرێت؟!




بە بۆنەو ڕۆ جەهانی مافەکاو مرۆڤیەو.. موختار کەریمی

مافوو ئاڵای پێسەو ئەرمانەروو وێبیەی(هویتی))

ئاڵا سیمبۆل یان ئەرمانەرەو تایبەتمەندیێ گرووپێوی کۆمەڵایەتی، نەتەوێو، گەلێو، وەڵاتێو و یا ڕێکوزیایەوی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگین. ئی قەوارە سیاسی و فەرهنگی و کۆمەڵایەتیا تاوا وێبیەی(هویت)، وجوڎ، داواکاری و یا پەیامەو وێشا جە ڕاو ئاڵایوە بە دنیاو دەورووبەریشا بشناسا. ئاڵا هەرپاسە ئەرمانەرەو سەربەوێبیەی، ئازاڎی، تارێخ، سنووری جۆغرافی و بەها کۆمەڵایەتیەکاو ئی قەوارانە کە ئیشارەم پەنە کەردێ. یۆ جە ئامانجەکاتەری ئاڵای هەستوو یۆگێرتەی و گرێدریای(ئینتیما)ی نیشتیمانی گرووپی خاوەن ئالاین.

مافوو خاوەنداریەتی ئاڵای جە یاسا میادەوڵەتیەکانە:

١. ڕێککەوتنامەو مافەکاو مرۆڤی سەر بە نەتەوە یۆگێرتەکا، جە کۆمەڵە یاساو 2، مادەو ٢٧ی کە مافوو کەمینەکا دیاری کەرۆ، پاگێری کەر سەروو ئانەیرە کە گرد کەمینێوی ئێتنیکی، زوانی، ئایینی و…مافوو بەکارئاردەی فەرهەنگوو وێش جە ژیوای ڕوانەیشەنە و هەرپاسە مافوو پاڕێزنای وێبیەی فەرهەنگیش(هویت فرهنگی) هەن. نیشاندای ئەرمانەری(سیمبۆل) فەرهەنگی بەشێوەن جە مافوو وێبیەی فەرهەنگی ئانزانی.
٢. ڕێککەوتنامەو پارێزنای کەمینەکاو ئوروپای، کە 39 دەوڵەتێ ئوروپایێ پەسەندشا کەردەن و ئەرکدارێنی بە چەسپنای یاساکاو ئی ڕێککەوتنامەیە.

ڕیكکەوتنامەکە جە وەڵینەو وێشەنە ماچۆ:

“ئەرکوو گلێرگەیەوی فرەلایەنی(کثرت گرا) و دێمۆکراتیک و سەقامگیر نە تەنیا ڕێزگێرتەین جە مافی ئێتنیکی، فەرهەنگی، زوانی، ئایینی و وێبیەی(هویتی) کەمینەکا، بەڵکوو ئەرکی یاسایشچەن کە ئێماکاناتی پەیواز پەی ئی کەمێنا فەراھەم کەرۆ تا بتاوا وێبیەی وێشا بەروزا، پارێزناش و گەشەش پەنە بڎا.”
ئی ڕێککەوتنامە جە مادەو پەنجیچشەنە(5) دیسان پاگێری کەرۆ سەرو چەسپنای و پەیڕەوکەردەی ئی مافا.
٠ مافوو وێبیەی(مافی هویتی) جە یاساو بنەڕەتی وەڵاتە دێمۆکراتیکەکایچەنە پەسەند کریان و بە کردەوەیچ ئی مافاشا پارێزناینێ و پەیڕەویچ کریا، پەی نموونەی:

٠ سۆئێد
جە وەڵاتوو سۆئێدیەنە پەنج(5) کەمێنێ ئێتنیکیێ- نەتەوەیێ بە ڕەسمی ئەشناسیاینێ و وێبیەی فەرهەنگی و نەتەویشا بە ڕەسمی ئەشناسیان و هەرکام چی نەتەوەا ئالاو وێشا هەنە:
نەتەوەو سامی، ڕۆمی، فەنلاندی، یەهوودی و تورنەدالین.

Sámi (indigenous people), Swedish Finns, Tornedalians, Roma, and Jews. These groups have specific rights to their languages (Sámi, Finnish, Meänkieli, Romani Chib, Yiddish)
سۆئێد یاسایەوی تایبەتش بە نامێ”یاساو پارێزنای کەمینەکا جە وەلاتوو سۆئیدیەنە دیاری کەردەن کە تایبەتەن بە پارێزنای کەمینەکا و مافی زوانیشا.
(Minoritetsspråkslagen/Minoritetslagen)

ئاڵمان ٠

جە وەڵاتوو ئاڵمانیچەنە پێسەو وەڵاتوو سۆئێدی پەنج(5) کەمێنی ئێتنیکیێ- نەتەوەیێ جە یاسای بنەڕەتی ئی وەڵاتینە بە ڕەسمی ئەشناسیانێ و وێبیەی فەرهەنگی و نەتەویچشا بە ڕەسمی ئەشناسیان و هەرکام چی نەتەوەایچە ئاڵاو وێش هەنە:

کەمە نەتەوەی دانمارکی، کەمە نەتەوەی فریزی، سۆربی، ڕۆمی و سینتی.

the Danish minority, the Frisian ethnic group, the German Sinti and Roma, and the Sorbian people,
Die dänische Minderheit, die friesische Volksgruppe, die deutschen Sinti und Roma sowie das sorbische Volk

یاسای بنەڕەتی ئاڵمانی جە مادەو یەرێ (3)، بەشوو یەرێ (3) جە بارەو وەربەسکەردەی جیاوازی و پاشێلکەردەی مافوو کەمینەکا پێسە ماچۆ:
Diskriminierungsverbot, Artikel 3, Absatz 3, Grundgesetz
“هیچ کەسێو نمەبۆ بە بۆنەو زوانیشەو، ڕەچەڵەکیشەو، وەڵاتیشەو، ڕەگەزیشەو و یان ئایینیشەو زڵم و ستەمش وەنە کریۆ و یان پەراوێز وزیۆ”.

” یاساو مافوو ئازاڎیە گردیەکا پێسەو ئازاڎی ویروپەیلوای، ئازاڎی ئەرەمەرزنای ڕێکوزیای و کۆر و کۆمەڵو کەمینەکایچ گێرۆوە و پارێزنۆشا.

هەورامان و مافوو ئاڵای

بێگومان مافی یاسایی و ئانزانی و سیاسی و فەرهەنگی خەڵکوو هەورامانین کە ئاڵاو وێش بۆ و ئی ئاڵای مشۆ جە گردوو مەحاڵکەکاو هەورامانی هەر جە تەوێڵێ و بیارێوە گێرە تا یاوۆ پاوە و نەوسووذە و نۆتشەو و بێساران و…. و هەرپاسە سەروو کەشە سەربەرزەکاو شاهۆی و کۆساڵانی و تەتەی و ژاڵانەی و …. بە ئازاڎی و بە شانازیەوە ھۆردریۆ و شەکیۆوە.

بڕێو چا نەتەوا کە ئینای جە سۆئێد و ئاڵمان و یاگەکاتەریەنە، مەحاڵیوی دیاریکریاشا چا وەڵاتانە نیەن. بەڵام ئاڵاکێشا گرد یانێوەنە و جە مەکانە گردیەکانە بە ئازاڎی هۆرکریاێنە و شەکیۆوە.
‌هەورامانێو کە دەیان هەزار ساڵێ ویەردەی تارێخی و جۆغرافیایی و فەرەنگی و زوانیش هەن، چی مشۆ ئاڵاش نەبۆ؟ ئینە مافێوی ڕەوان.

هەر کەس و لایەنێو ئی مافە ڕەوایاو خەڵکوو ھەورامانی بە ڕەسمی نەشناسۆ و یا چانەیە خرابتەر دژایەتیشا کەرۆ، جە ڕاسیەنە دژمنایەتی مافە ئانزانی و یاسایی و سیاسی و فەرهەنگی و زوانیەکاو خەڵکوو هەورامانی کەرۆ.
پیمانەو ئێمەی ھەورامی پەی ئەشناسای دۆس و دژمنیما ھۆرز و کەوتوو ئا لایەنانە وەرانوەروو مافە ڕەواکاماوە.

موختار کەریمی– ئاڵمان ١٠.١٢.٢٠٢٥




وێـژەی بـەرگـریی کـوردی.. رەزا شـوان

وێـژە زمانێکی جیهانییە، کە بەربەستەکانی کات و شـوێن و کولـتوورەکـان و زمانەکان تێـدەپەڕێنێـت. وێـژە بۆ چەنـدین سەدە، بەردی بناغـەی کولتووری و مـرۆڤایەتی بـووە. ئەزموونەکانی مـرۆڤی بەرجەستەکردوون و تێـڕوانینێکی قـووڵی بۆ هـۆشیارکردنەوەی کـۆمەڵ پێـشکەش کـردووە. وێـژە هـێزی و کاریگەریی ئـەوەی هـەیە، کە بەرهـەڵـستی بـکات و ئـیلهـامبـەخـش بێـت و کـاتـالـیـستـێکی بەهـێزە بـۆ گـۆڕانـکاریی کـۆمـەڵایـەتی. لە رێـگای وێـژەوە هـاوسـۆزیـمان لەگەڵ کەسانی تـردا دەبێـت. تێگەیشتنمان لە جیهانی دەور و بەرمان فـراوانـتر دەبێـت. وێـژە خۆشی و خەم و شیرینی و تاڵی و ئاڵۆزییەکان، خـەون و هـیواکانی مـرۆڤ، بە وشـە وێنـا دەکـات.

کاتێک کە دەنگی ناڕازیـان، لە شەقـامەکانـد دەنگ دەدەنەوە و دروشـمی داوای ئـازادی و شکـۆمەنـدی بەرزدەبنەوە، وێـژە دەبێـتە ئاوێنەیەکی رەنگـدانەوەی رۆحی سەردەم و و بە هـیوای خـەڵـکی و بە مەشخـەڵی روونـاکـردنـەوە و بـە گـڕگـرتـنی خـەبـات.

زۆرێک لە بـزووتنەوە رزگاری و ئازادیخوازەکان، کاریگەری و رەنگـدانەوەی وێـژەی بەرگـری بـوون. وەک وێـژەی پێـشـڕەوی بـزووتـنەوەی سـەدەی بـیستەمی فـەرەنـسی. هـۆنـراوە و وێـژەی سـیاسی سـەردەمی رێـنـێـسانـسی ئـیـتالـیا. بـە زۆری نـووسـەران بەشێکی کاریگەر بوونە، لە بزووتنەوەی رزگاریخواز. کە لەسەر پـرسە کۆمەڵایەتی و سـیاسییەکان، هـۆنـراوە و چـیرۆک و رۆمـان و شانـۆ و وتـاری بەرگـرییان دەنـووسی، بـۆ هـۆشیارکـردنەوەی خەڵکی و تـیـشک خـستـنە سـەر نـادادپـەروەری و سـتەمکاری. جگە لەوەش بەرهەمە وێـژەییەکان، سەبارەت بە پـرسە گرنگەکان، دەتـوانـن فەزایەک بن، بۆ گفـتوگـۆ و مشـتومـڕ وبیرکردنەوەی رەخنەیی. ئەمەش پاڵنەرە بۆ گۆڕانکاری و هـەنگاونـان بـەرەو داهـاتـوویـەکی باشـتر.

سـەرهـەڵـدانی وێـژەی بەرگـریی کـوردی:

دەوڵـەتـانی داگـیرکەرانی کوردسـتان، زیـاتر لە سـەدەیەکە، هـەوڵـێکی زۆریـان داوە و دەدەن بـۆ کـاڵکـردنەوەی زمـانی کـوردی و رێگـرتن لە گەشـەکـردنی وێـژەی کـوردی. چونکە ئەوە دەزانن کە وێـژەی کوردی چەکـێکی کارای بەرگـرییە و هـانی گەل دەدات بۆ خەبـات و بۆ شـۆڕش و بـۆ رووبەڕووبـوونەوەی کـۆڵـۆنـیالـیزم. وێـژەی بەرگـریی کوردی، لـقـێکی کاریگەر و گـرنگی وێـژەی کوردیـیە. لە مـیراتی کـولتـوور و وێـژەی کوردی دانەبڕاوە. وێژەی بەرگریی کوردی، ئامرازێکە بۆ دەربڕینی ئاڕازاییەکانی گەلی کوردمان و تیشک دەخـاتە سەر پـرەسەکانی و پاڵـپشتی لە بـزووتنەوەی رزگاریخـوازی کـورد و لە خەبـات و بەرخـودانی بـۆ بەدەستهـێـنانی مـافـە رەوا زەوتکـراوەکـانی و بـۆ رزگارکـردنی کوردسـتانی نیـشتـمانی داگـیرکـراوی لە داگـیرکەران، بۆ ئـازادیی و ژیـان. وێژەی بەرگریی کوردی ئامرازێکی گرنگ بووە، بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەییمان و بۆ دەربـڕینی دەنگی ناڕەزایەتی، لەو ستەم و گۆشەگـیریکـردن و تـاوانـە دڕنـدەیـیانەی داگـیرکەرانی کوردسـتان لـێـیـدەکـەن.

پـێموایە کە فـیشەک بە تەنیا ناتوانێت، بـڕیـار لە شەڕی رزگاری و سەربەخـۆیی بـدات. دەبێـت وشـە یاوەری فـیـشەک بێـت. تـفـەنـگ و پـێنووس لـوولەیەکـیان هـەبێـت. وشە رێـگا بۆ شـۆڕش و راپـەڕیـنەکـان روونـاک دەکـاتەوە. بەڵکـو بە زۆری نووسەرانـمان لە سـەنگەرەکانی پـێشەوەدان و دەبنـە پـێـشەوا و بە رابـەری سەرسەختی راپـەڕیـن و شـۆڕش و بەرگـریکـردن لە مافـەکانی گەلـەکەمـان و لە کوردسـتانی نیـشـتـمانـمان. بە دەیـان نووسـەرمان بـوون بە قـوربانیی هـەڵـوێستی بەرگرییان. بە دەیـان نووسـەرمـان خـرانە بەنـدیخانەوە. چەک هەڵگـران و پـێنـووس هەڵگـران، باشتر بـڵـێین، پـێشمەرگە و نووسەرانی کوردمان، هەردوو لایـان گـیانـێکـن لە دوو جەستە دان. بەرپـرسیارێـتی گەیشتنی گەلەکەمان بە سەرکەوتن و بە هـیوا و ئامانجە دڵخوازەکانیان لەخـۆگـرتوون. کە رزگـاری کوردستان و بەرقـەرابـوونی ئـازادی و دیمـوکـراسی و ئـاشـتـییە بۆ کورد.

گەلی کوردمان بە درێژایی سەدەکان، مێژوویەکی دوور و درێژی بەرگری و خـۆڕاگـری و تێکـۆشانی پـڕ لە شـانـازی، بـۆ رزگـاری و ئـازادی و سەربەخـۆیی هـەیە. بەرهـەمە وێـژەییەکانـیـشمان، رەنگـدانەوەی ئـەم کولـتوور و مـیراتە شـۆڕشگـێڕیـیەن. دەکـرێـت بڵـێین، وێـژەی بەرگریی کوردی، چەکـێکی بەهـێزە بۆ بەهـێزکردنی ناسنامەی نەتەوەیی کوردیـمان. هـەڵگـری پەیـامێکی خـۆڕاگـری و بەرخـودانی و سـووربـوونە لە تێکـۆشان و لە کـۆڵنەدان، لە دژی داگـیرکردنی کوردستان و چەوسانەوەی گەلەکەمان و هـەوڵـدان بـۆ سـڕینەوەی ناسـنامەی نەتەوەیـیـمان. ئەو دڕنـدایـەتی و تاوانـانەی کە داگـیرکەرانی کوردسـتان لە سـەدەی بـیـستەم و بـیـست و یەکەمـدا، لە گـەلی کوردمـان کـردوویـانە و دەیـکەن، تـاوانی دژ بە مـرۆڤـایەتـین و لە جیهـانـدا بێـوێنـەن.
لە سەردەمی خەبـاتی مـۆدێـرنی کـورد دا، نـووسـەران و هـونەرمـەنـدانی کوردمـان، لە رێگەی هـۆنراوەی بەرگری و چیرۆک و رۆمان و شانۆ و وتار و گۆرانی و وێنەکـێشان و کاریکاتێرەوە، وەک بەشێک لە خەبـاتی فەرهـەنگی، لە دژی داگـیرکەرانی کوردستان و سـتەم و تاوانەکانیـان دەرهـەق بـە گـەلی کوردمـان، بە نـووسـین و بـە وێنـەکـێـشان، گۆزارشـتیان لە هـەڵـوێستـیان و لە ناڕەزاییـان کـردوون.

وێـژەی بەرگریی کوردی، رۆڵێکی ورووژێنەر و کاریگەری هەبووە و هەیە، لە دانانی بـنـاغـەی بـزووتـنەوەی شـۆڕشگـێڕانـە و لـە راپـەڕینـەکـانی گـەلـەکـەمـان، هـانـدەری شـۆڕشـگـێڕان و جەمـاوەری راپـەڕیـومـان بـووە. لـە ئەمـڕۆشـدا بەردەوامـیی هـەیـە. بـۆیە وێـژەی کـوردی بە پلەی یەکـەم، وێـژەی بەرگـرییە.

هەنـدێـک لە نووسـەران، پێـیان وایە کە سـەرهـەڵـدانی وێـژەی بەرگـریی کـوردی بۆ هـۆزانڤانی گەلەکەمان (ئەحمەدی خانی: ١٦٥٠ ـ ١٧٠٧)ی دەگەڕێتەوە. لە راستیدا، رەگی وێـژەی بەرگریی کوردی، بە زارەکی زۆر لە سەردەمی ئەحمەدی خانی کـۆنترە، لە فـۆلکلـۆری کـوردی و لە گـۆرانی و لە پەنـدی پـێـشـینانی کوردیـدا، بـوونی هـەیە. ئەحمەدی خـانی لـەم کـۆپـلە هـۆنـراوەیـدا دەڵـێـت:

ئـــەز مـــامــە د هــیـــکـمـەتـا خـــوەدێ دا
کـورمـــــانـجـێ د دەوڵــــــــــەتــا دنــــێ دا
ئـایــا ب چ وەچــــــی مــــــانـە مـەهــرۆم؟
بـل جـومـلە ژ بـۆنـە چ بـوونە مەهکـووم؟

خـانی سەرسامی خـۆی بە کاری خودا دەردەبڕێت، گلەیی ئەوەشی هـەیە، کە بـۆچی کوردی لە دەوڵـەت و لە سـەروەری بێـبەش کـردووە، بـۆچی ئێستاش مەحکـووم و چەوسـاوەیـە؟

گەلێک لە هـۆزانـڤانە کلاسیکی و مـودێـرنەکانمان، هـۆنـراوەی بەرگـریی کاریگەریان هـۆنیـونەتەوە، وەک: حاجی قـادری کۆیی، زیـوەر، پیـرەمێرد، فایـق بێکەس، گۆران، هـێمن موکـریانی، هـەژار موکـریانی، جگەرخوێـن، یونس دڵـدار، ئـیـبراهـیم ئەحـمەد، کامەران موکـری، شـێرکۆ بێکەس، خالـید دلـێر، مەدحەت بێخـەو، عـەبـدوڵڵا پەشـێو، لەتـیـف هـەڵـمـەت. چەنـدیـن هـۆزانـڤـانی کـوردی دیـکەش. کە بە دەیـان هـۆنـراوەی بەرگـری و نیشتمانیان هـۆنیونەتەوە. ئەمانە چەنـد نموونەیەکی چەند هـۆزانڤانێکـن:

(یونـس دڵـدار: ١٩١٨ ـ ١٩٤٧) لە مارشی نەتەوەیی کوردی (ئەی رەقـیب) دەڵـێت:

ئـەی رەقـیـب هـەر مـاوە قـەومی کـورد زمــان
نـایـشــــکــێـنی دانــــــەری تــــــــۆپی زەمـــان
کـەس نـەڵێ کـورد مــردووە، کـورد زیـنــدووە
زیـنــدووە قــــــەت نـانــــــەوێ ئــــاڵاکـەمـــان

(جـگەرخـۆێـن: ١٩٠٣ ـ ١٩٨٤) لە هـۆنـراوەی ( کـیمـە ئـەز؟) دا، دەڵـێـت:

کــیـمـە ئــەز؟
کـوردێ کـوردســتان
تـەڤ شـۆڕش و ڤـولکـان
تـەڤ دیـنــامـێـتـم
ئـاگـــــر و پـێــتـم
سـۆرم وەک ئـێـتـوون
ئـاگـر لهـا قـەیـسـوون
گـاڤـــا بـتـــــــــەقــم
دنـیـــــا دەهـــــــەژی
ئـەڤ پـیــت و ئـاگـر
دوژمـــن دکــــــوژی
کـیــمـە ئــەز؟

 

(کامـەران مـوکـری: ١٩٢٩ ـ ١٩٨٦) لە پەرتـووکی (گـوڵاڵە سوورە: ١٩٥٩) یەکەم پەرتووکە کە بە منـداڵی خوێنـدمەوە، تا ئێستا بەشێک لە هـۆنـراوەکانیـم لەیـاد مـاون. ئـەم سێ دێـڕەم بە نەمـوونە بـۆ هـێـنانەوە:

کــاروانی ئـێـمــــە کـەوتــــووەتـە رێــــگـا
بـە ئـامـــانـجی کــورد هــەر ئــەبێ بــــگـا

ئـەگــەرچـی شـــەوی خـەبــــاتی ژیـــــــان
گـیـانی زۆر لاوی وەک گــوڵ هـەڵـــوەران

بـەڵام هــەر ئــەبێ شـەفـــەق دەرکــــەوێ
کـورد لەم هـەورازە سەخـتـە سەرکـــەوێ

(ئـیبراهـیم ئەحـمەد: ١٩١٤ ـ ٢٠٠٠) لە سروودی (هەر کورد ئەبین) کۆپـلەی یەکەم:

داگــــــــیـرکــەری دڵ پـــــــڕ لـە قــــــــیـن
دڕنـــــــدەی بـێ ویــــــــــژدان و دیــــــــن
گـەر قـەنــدیــــــل و ئـاگـــری و شـــیـریـن
یـەکــســان کـەی لەگـــەڵ رووی زەمـــیـن
نـاتــوانـی واکــەی کـــــــــــــورد نەبـــــیـن
هـەر کـورد بـوویـن و هـەر کـورد ئـەبـیـن    

(شـێرکـۆ بێکەس: ١٩٤٠ ـ ٢٠١٣) شایەنی نازناوی هـۆزانڤانی بەرگـری یە. زۆربەی هـۆنـراوەکانی نـیشــتـمانی و بەرگـریـن. شـێرکـۆی نەمـر، بـۆ شـاڵاوەکـانی (ئەنـفـال)ی بەدناو، لەژێر ناوی (خەو نەبوون، کیژۆڵە خەون نەبوون) ئەم کۆپلەیەمان لێوەرگرت:

خـەو نـەبـوون، کـیـژۆڵـە خـەون نەبـوون
ئــەوە رەز بـــــوون و ئـەمـــــــــــــــــردن
ئــەوە ئــــاو بـــــــــوون و  ئـەخـــــنـکـان
ئــەوە بــــــەرد بــــوون شـــل ئـەبـــــوون
ئــەوە گــــــۆم بـــوون و رەق ئـەبـــــوون
ئــەوە دەســـــتی سـەرگــــــــوزەشــــتـە و
خـەیــــــاڵ نـەبــــــوون کـــــــیـژۆڵـەکـــەم
ئـەوە دەســتی نـیــوەی دونـیـا و نـیـــوەی
دەوڵـــەت و قـانــــوون بــوو کە هــــات و
تــــــۆی خـســــــتـە زیــلـــــــــــێـکــەوە و
دوور ئـەیـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــبــردی

…..

(خالـید دلـێر: ١٩٣٣ ـ ٢٠١٣) لە دوا کـۆپـلەی سـروودی (پـێـشمەرگەین) دا دەڵـێت:

زۆری سەرکـەش هـەوڵی داوە کـورد نەهــێــڵـێ
خـاکی کـوردسـتان بـە بـۆمـبا و چـەک بـکـێــڵـێ
هـەڵــــــــــــــدێـراون لــەم کـێــــــــــــــــــــێـوانـە
بـوونــــــــەتـە پـەنــــــــــــدی زەمـــــــــــــــــانـە
ئـەم وڵاتــــە گـۆڕســـــــتـانی دوژمـنـــــــــــــانـە
پـێـشـــــــــــمـەرگـەیـن ، پـێـشــــــــــــمـەرگـەیـن
پـێـشــــــــــمـەرگـەیـن ، بـە هـەڵـمــەتــــــــــــیـن

پـاڵـــــــــــــــــــــەوانـی مـیـلـلــــــــــــــــــەتــــیـن
شـــــــــــــــــێـری رۆژی زیـلـلــــــــــــــــەتــــیـن
لـە پـێـــــنـاوی بـەخـتــــیـاری کوردســـــــــــتـان
بـەخــــت دەکــەیـن ژیـــان و مــاڵ و گـیـــــــــان
لـە پـێــــــنـاوی بـەخـتـــــیـاری کوردســـــــــتـان

دوبـەی: ٢٠٢٥




بیرمەند و نەناس!.. برایم فەڕشی

کەڕڕەی بەیانی، لە سەر بەرزترین لوتکەی شاخی وڵات، کە دەیڕوانییە شار و گوندەکان، بە گوریسێکی دەستچنی خۆماڵی، لەشی بیرمەند بە دارەمەیتەکەوە جڕەبادە درابوو. دەوری بە کتێبەکانی خۆی تەندرابوو. لە چوارسووچی شاخ هەتا دەشتایی و ئەو شوێنەی چاو هەتەری دەکرد، خەڵک گەورە وبچووک، ژن و منداڵ، ماتڵ بوون، ئەوان وەشوێن نەناس کەوتبوون!
نەناس کە هیچ شتێکی لە خەڵکی وڵات نەدەچوو و بە زمانێکی نامۆ قسەی دەکرد، ببووە جێگای باوەڕ و چاوساخی خەڵک. سەیرێکی خەڵک و دەوروبەری کرد و هاتە پێش، ئەستوورترین کتێبی دەستنووسی بیرمەندی لە ناو کتێبەکان دەرکێشا، چووە ژوور سەری، چاوی لە چاوەکانی بڕی، لە بەر خۆیەوە ورتە ورتێکی کرد، کەس لێی تێنەگەیشت، کەسیش پرسیاری لێنەکرد، ئەوجا بە هەموو هێزیی خۆی، کتێبەکەی کوتایە سەری بیرمەند، هێندێک وێستا، سەیری خەڵکەکەی کرد، دەنگ لە کەسەوە دەرنەهات، هەناسەی بیرمەند لە سەر دارەمەیتکە، دەبیسترا! نەناس ئەوجا بە کتێبەکە کەوتە کوتانی گیانی بیرمەند، هەر لە سەر هەتا قولاپەی پێ!
بە لاساییکردنەوە لە نەناس، لە هەرچوارسووچەوە خەڵک ڕژانە سەر بیرمەند، کە لە خۆیان بوو. خەڵک بە قین و نیفرەتێکی زۆرتر لە نەناس، کەوتنە گیانی بیرمەند و وشەکانی نەناسیان دووبارە دەکردەوە، کە ماناکەیان نەدەزانی!
خۆر گەیشتبووە تاقی ئاسمان و ڕووناکی خۆی خستبووە سەر لەشی بێ گیانی بیرمەند و کتێبە شەڵاڵی خوێن کراوەکانی!
خەڵک لە ناکاو لە چوارسووچەوە هێرشیان کردە سەر مەیتی بیرمەند و کتێبەکانی کە بە زمانی ئەوان و بۆ ئەوانی نووسیبوو!
دوای ئەوان کۆمەڵێک چراگەرچەک بە دەست، وەک ئەوەی خۆیان لە گوناە پاک کەنەوە، ڕۆن گەرچەکیان بە سەر کتێبەکان و جەستەی بیرمەنددا، قڵپ کردەوە و هاوکات ئاگریان هاویشتە ناو.
لە چاوتروکاندنێکدا، ئاگر بەرەو ئاسمان بڵێسەی ساند، خەڵک لە خۆشیان بازنە بازنە لە دەوری ئاگر کەوتنە سەما و هەڵپەڕکێ. کابرای نەناس لە خۆشیان قاقا پێدەکەنی.
لە دوور دوورەوە ئێستاش دەنگیان دەبیسترێ!

برایم فەڕشی




قەیرانی گوتار: کۆمەڵگە چۆن گوزارشت لە بوونی خۆی دەکات؟.. وریا مەعروف

بوونی کۆمەڵایەتی، لە بنەڕەتدا پڕۆسەیەکی گوتارییە. کۆمەڵگە وەک تەنێکی بێدەنگ و نەجووڵاو بوونی نییە؛ بەڵکوو بوونی خۆی لە ڕێگەی گوتار، زمان، ڕەمز و ئەو چیڕۆکانەی دەیانگێڕێتەوە دروست دەکات و دەپارێزێت. گوتار ئەو ڕووبەرەیە کە تێیدا واتای شتەکان دیاری دەکرێت، واتا كۆمەڵگە لەرێگەی گووتارەوە خۆی دەناسێنێت، شوناسی خۆی دیاری دەكات. کاتێک گوتار تەندروستە ڕێگە بە گفتوگۆ، ڕەخنە و دروستکردنی واتای بە کۆمەڵ دەدات. کەچی ئەمڕۆ، زۆرێک لە کۆمەڵگەکان ڕووبەڕووی ئەوە دەبنەوە کە دەتوانرێت بە قەیرانی گوتار وەسف بکرێت—دۆخێک کە تێیدا زمان توانای خۆی بۆ نوێنەرایەتیکردنی ڕاستی، دروستکردنی کۆدەنگی، یان دەربڕینی بوونی هاوبەش لەدەست دەدات.
گوتار لە بنەڕەتدا زیاترە لە تەنها قسەکردن. بەڵكو پێکدێت لە ڕەوانبێژیی سیاسی، گێڕانەوەکانی میدیا، ڕەمزە کەلتوورییەکان، دەربڕینەکانی سۆشیال میدیا، زانستی ئەکادیمی و گفتوگۆ ڕۆژانەییەکان. لە ڕێگەیەوە، کۆمەڵگەکان پێناسەی ئەوە دەکەن کە چی ئاساییە و چی نائاساییە، چی ڕەوشتییە و چی ناڕەوشتییە، چی دەکرێت و چی ناکرێت. قەیرانەکە کاتێک سەرهەڵدەدات کە ئەم سیستەمە گوتارییانە پارچە پارچە دەبن، دەستکاری دەکرێن، یان لە واتای ڕەسەنی خۆیان بەتاڵ دەکرێنەوە.
یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی ئەم قەیرانە بریتییە لە گۆڕانکاریی لە گۆڕەپانی گشتیدا. لە ڕووی مێژووییەوە، گوتاری گشتی چ لە گۆڕەپانەکانی شار، ڕۆژنامەکان، یان بازنە ڕۆشنبیرییەکان، ڕێگەی بە چوارچێوەی تا ڕادەیەک جێگیری گفتوگۆ دەدا. ئەمڕۆ، پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان بە شێوەیەکی ڕیشەیی شێوازی گوزارشتکردنی کۆمەڵگەیان گۆڕیوە. سۆشیال میدیا “دەربڕینی” دیموکراسی کردووە، ڕێگە خۆشكەر بووە بۆ ئەوگرووپانەی کە پێشتر پەراوێزخرابوون. بەڵام ئەم فراوانبوونە لاوازی و هەستیاری هەیە لە : خێرایی جێگەی بیرکردنەوەی گرتووەتەوە، سۆز زاڵ بووە بەسەر ئارگیومێنتدا، و بینراو گرنگترە لە ڕاستی.
لە ئەنجامدا، زۆرجار گوتار زیاتر دەبێتە “گوزارشتی نمایشکارانە” نەک پەیوەندیکارانە یان كارلێككارانە. تاکەکان و دامەزراوەکان قسە ناکەن بۆ تێگەیشتن یان قەناعەتپێکردن، بەڵکوو بۆ نیشاندانی شوناس، ڕاکێشانی سەرنج، یان سەپاندنی دەسەڵات. ئەمەش توندبوونی گوتاری لێ دەکەوێتەوە، کورت دەکرێتەوە بۆ دروشم و ناو. لە ژینگەیەکی لەم شێوەیەدا، کۆمەڵگەگوزارشت لە بوونێکی هاوبەش ناکات بەڵکوو کۆمەڵێک مۆنۆلۆگی کێبڕکێکار دروست دەبێت، یان دەشێ بڵێین خەڵک وا بیر دەکەنەوە کە هەمووان وەک ئەوان بیر دەکەنەوە. ئەمەش وا دەکات خەڵکی بەرامبەر بە تەواوی وەک “دوژمن” یان “کەسانی نەفام” ببینن، چونکە هەرگیز بە شێوەیەکی ڕاستەقینە لە دیدگای ئەوان تێناگەن.
ڕەهەندێکی دیکەی قەیرانەکە لە داڕمانی متمانەدایە. کاتێک گوتاری سیاسی بە پڕوپاگەندە، زانیاری هەڵە و لێڵی ستراتیژی دەگوازرێتەوە، وشەکان متمانەی خۆیان لەدەست دەدەن. هاووڵاتیان نەک تەنها گومان لە دامەزراوەکان دەکەن، بەڵکوو گومانیان لە خودی زمانەکەش دەبێت. بەڵێنەکان پووچ دەردەکەون، زانستی شارەزایان و ئەكادیمیست و ڕۆشنبیران وەک بۆچوون پشتگوێ دەخرێت. لەم کەشەدا، گوتار ئیتر ڕەنگدانەوەی واقیعی کۆمەڵایەتی نییە؛ بەڵکوو لێڵی دەکات.
میدیا ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە شێوەدان بەوەی کە کۆمەڵگە چۆن گوزارشت لە خۆی دەکات. ڕۆژنامەگەریی تەقلیدی ڕۆژێک وەک نێوەندگیرێک لە نێوان ڕووداوەکان و تێگەیشتنی گشتی کاری دەکرد. هەرچەندە دوور بوو لە بێ کەموکوڕی، بەڵام خاڵێکی هاوبەشی بۆ ئاماژەپێدان دەستەبەر دەکرد. ئەمڕۆ، سیستەمە ژینگەییەکانی میدیا کە بە ژیری و دیجیتاڵی بەڕێوەدەبرێن، بینەران بەش بەش دەکەن بۆ “ژوورەکانی دەنگدانەوە” بەمانایەكی تر لەو فەزا دیجیتاڵی یان کۆمەڵایەتییانەی کە تێیاندا تەنها بۆچوون، بیروباوەڕ و زانیارییەکانی هاوشێوەی یەکتر دووبارە دەکرێنەوە و دەگەنە گوێی تاکەکان هەر گروپێک وەشانێکی جیاوازی ڕاستی بەکار دەهێنێت، کە بە گێڕانەوەی تایبەتمەند بەهێز دەکرێتەوە. لە ئەنجامدا، کۆمەڵگە ئاستەمە بگاتە هەستێکی یەکگرتوو بۆ دەربڕێنی “ئێمە”.
ئەم قەیرانە تەنها تەکنیکی یان سیاسی نییە؛ بەڵکوو قەیرانێکی قوڵی کەلتوورییە. کۆمەڵگە مۆدێرنەکان بە گۆڕانکاریی خێرا، نادڵنیایی و دڵەڕاوکێ ناسراون. ناسەقامگیریی ئابووری، جیهانگیریی کەلتووری و خێراکردنی تەکنەلۆژی هەستی ناسەقامگیری دروست دەکەن. گوتار ڕەنگدانەوەی ئەم دۆخەیە: زمان دەبێتە بەرگری، حەسرەتئامێز، یان توند. بانگەوازەکان بۆ ڕابردوو، ئەفسانەکانی پاکێتی، یان گێڕانەوەکانی داڕمان زۆرجار جێگەی شیکاری ورد دەگرنەوە. بەم مانایە، قەیرانی گوتار ئاوێنەی قەیرانی واتایە.
کەچی گوتار هەروەها شوێنی بەرگری و نوێبوونەوەشە. بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، دەربڕینە هونەرییەکان و لێکۆڵینەوە ڕەخنەییەکان بەردەوامن لە گومانخستنە سەر گێڕانەوە زاڵەکان. گرووپە پەراوێزخراوەکان زمان بەکار دەهێنن بۆ سەپاندنی بینراوی و پێناسەکردنەوەی پۆلێنە کۆمەڵایەتییەکان. بۆ نموونە، گوتارەکانی فێمینیستی، پۆست-کۆلۆنیالیزم و ژینگەیی چۆنییەتیی تێگەیشتنی کۆمەڵگەیان لە دەسەڵات، شوناس، و بەرپرسیارێتی فراوان کردووە. ئەم دەستوەردانانە نیشان دەدەن کە گوتار جێگیر نییە؛ بەڵکوو کێبڕکێی لەسەرە و داینامیکییە.
کەواتە کۆمەڵگە چۆن گوزارشت لە بوونی خۆی دەکات لەناو ئەم قەیرانەدا؟ بە شێوەیەکی زیاتر، بە شێوازی دژبەیەک ئەم کارە دەکات. لە لایەکەوە، کۆمەڵگە گوزارشت لە پارچەپارچەبوون دەکات—لە ڕێگەی گفتوگۆی دژبەیەك، ململانێ کەلتوورییەکان، و شەڕە ڕەمزییەکان. لە لایەکی دیکەوە، گوزارشت لەوە دەكەن دەیانەوێت قبووڵ بکرێن، هەست بە کەرامەت بکەن، و بزانن کە جێگەیان لەم کۆمەڵگایەدا هەیە. تەنانەت ئەو کەسانەی کە زۆر توڕە و توندوتیژن لە قسەکردندا، لە بنەڕەتدا بەو تووڕەیییە دەیانەوێت بڵێن: ‘کێشەیەکی گەورەمان هەیە کە چارەسەر نەکراوە!”
کەواتە ئەرکەکە ئەوە نییە کە گوتار بێدەنگ بکرێت، بەڵکوو ئەوەیە کە بنەما ئەخلاقی و پەیوەندییەکانی بگەڕێندرێتەوە. ئەمەش پێویستی بە فەزایەک بۆ بیرکردنەوەی ئارام، خوێندەواریی ڕەخنەیی میدیایی، و لێپرسینەوەی دامەزراوەیی هەیە. هەروەها داوای پابەندبوونێکی نوێ دەکات بە گفتوگۆ بە گوێگرتن. کۆمەڵگە بە شێوەیەکی ڕەسەنانە گوزارشت لە بوونی خۆی دەکات کاتێک دەتوانێت جیاوازییەکانی خۆی بگێڕێتەوە بەبێ ئەوەی پەیوەندییەکانی بە یەکەوە بوون ڕەت بکاتەوە، نەک کاتێک بە بەرزترین دەنگ هاوار دەکات.
لە کۆتاییدا، قەیرانی گوتار هۆشدارییەکە. بیرمان دەخاتەوە کە زمان ناسکە، و واقیعی کۆمەڵایەتی پشت بەوە دەبەستێت کە ئێمە چۆن وەسفی دەکەین. ئەگەر گوتار ئاراستەی ژاوەژاوی گرتەبەر، کۆمەڵگە مەترسیی لەدەستدانی توانای خەیاڵکردنی داهاتوویەکی هاوبەشی لەسەرە. بەڵام ئەگەر گوتار وەک فەزای واتادان، ڕەخنە، و هاوپشتی وەربگیرێتەوە، دەتوانێت جارێکی تر ببێتەوە بەو دەنگەی کە کۆمەڵگە خۆی پێ دەناسێت و گوزارشت لە بوونی دەکات.

وریا مەعروف




ترەمپ لە فەنزوێلای هەڵپێچاوەو وەک کەڵەبابی شەڕانی خۆی لێ گیڤ کردۆتەوە.. حەسەن ڕازانی

کێشەی نێوان ئەمریکا، کە وا باشترە بڵێین ئیدارەکەی ترەمپ، و فەنزوێلا بە سەرۆکایەتی مادۆرۆ هەر بەرەو هەڵکشان دەچێت.
ترەمپ نیازی هێرشی سەربازی هەیەو سەرباز دادەبەزێنێتە سەر ئامانجەکانی فەنزوێلاو کوشتاریشی لێکەوتۆتەوە.
پێشتر بەهانەی ترەمپ و ئیدارەی ئەمریکا بابەتی مادەی هۆشبەرو شتی لەوبابەتە بوو، کە فەنزوێلایان پێ تاوانبار دەکرد. بەڵام ئێستا بەهانەکە گۆڕاوە بۆ نەوت و گێڕانەوەی نەوت بۆ خاوەنەکەی.
ترەمپ دەڵێ ئەو نەوتەی فەنزوێللا هی خۆمانەو دەبێ بماندەنەوەو لێیان دەستێنیەوە. بە پێی ئامارەکانیش فەنزوێلا ٣٠٣ ملیار بەرمیل نەوت لە خاکەکەیدا هەیە.. کە سعودیەش ئەوەندەی نیە.
ترەمپ سەری دەخورێت بۆ ئەوەی هێرشێکی سەربازی بکاتە سەر فەنزوێلاو مادۆرۆی سەرۆک و سیستەمەکەی لە ناو بەرێت و لە شوێنیدا سیستەمێ کە سەر بە ئەمریکا بێت دابمەزرێنێت.
ئەمریکا بە سەرۆکایەتی زۆرێک لە سەرۆکەکانی بەهانەیان بە فەنزوێلا گرتووە. گەماررۆیان خستۆتەسەر، تەگەرەو ڕێگرییان بۆ سەرۆکی فەنزوێللا درووست کردوە.
ئیشتا فەنزوێلایان بە مەرەدێک بردووە خەریکە سۆماڵ و ئەفغانستان خۆزگەی پێنابەن لە ڕووی ئابووریەوە. هەڵاوسان درووست بووە لە هەموو ڕوویەکەوە.
جیهان و دەوڵەتە گەورەکان ئەو هەوڵەی ترەمپ و ئیدارەی ئەمریکا دەبینن. هەندێک پێیان خۆشەو هەندێک بێلایەنن و هەندێک بێدەسەڵاتن و هیچیان لەدەست نایەت.
ڕوسیاو چین بە فەڕمی هیچیان دیار نیە. هەردووکلا لە ژێرەوەو بە ئاشکراش هاوکاری فەنزوێللا دەکەن لە ڕووی چەک و چۆڵ و شتی تریشەوە. بەڵام ناتۆ جارێ ڕوسیایان بە ئۆکرانیاوە خەریک کردووە کە بۆی هەیە ڕووسیا بە سەفقەیەک لە گەڵ ترەمپ پێک بێت.
چین بێدەنگە. ڕوسیاو چین نایانەوێت ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی سەربازییەوە بکەونە جەنگەوە لە گەڵ ئەمریکا. هەموولایەک مەترسی ئەو کارە دەزانن.
باش نیە ئێران وەک لایەنێکی سەرەکی لە وێنەی چین یان ڕوسیا وێنا بکەین. بەڵێ دەسەڵاتدارە لە ناوچەکەدا، بەڵام لە هەر ئەگەرو کاتێکدا ناتۆ بیەوێت و بەدیلی هەبێ چۆن شایان لابرد هەر بەوشێوەیەش ئاخوندەکان لادەبن.
لە لایەکی ترەوە ئێران خۆی لە ئاستێکدایە کە دەبێ بیپارێزن لە حاڵەتی ئێستادا نەک بچێت فەنزوێللا بپارێزێت لە هێرشی ترەمپ.
ئەگەر ئێران بیتوانیایە حەماس و حیزبوللەی دەپاراستن یان حوسیەکان و بەشارو شیعەکانی عێڕاقی دەپاراستن. ئێران خۆی پرۆکسی ڕوسیاو چینەو بۆ خۆشی هەندێک پرۆکسی هەن لە ناوچەکەدا.
ئەمریکا لە سەردەمی زۆرێک لە سەرۆکەکانی لە وێنەی بۆش، کوڕەکەی بۆش، ئۆبامەو پیاوە نەخۆشەکەی دوای ئەویش بە ناوی بایدن و ئینجا ترەمپ. هەر جارەی لە وەڵاتێکیان داوەو بەهانەیان بە کەسێک و بە سەرۆکێک و بە دەوڵەت و سیستەمێک گرتووە
هەرجارەش دەستی خۆیان وەشاندووەو وەک بەرزەکی بانانیش بۆی دەرچوون
ڕای گشتی لە دژی ئەمریکا کە وەخۆکەوتووە شتێکی ترەو من پێم وایە چەندە ئیمام عەلی وەک لە چیرۆکە خورافیەکاندا باسی لێوە دەکرێت، کاریگەریی هەبووە لەسەر ئەو نیرگەیەی کە ڕۆستەمی مازندەران بەدوا خۆیدا ڕایدەکێشێت، ڕای گشتیش هەر ئەوەندە هەیبووە لەسەر ئەمریکاو ناتۆ. کوا ئەمریکاو ناتۆ گوێیان بە ڕای گشتی داوە؟
ئەمریکاو ناتۆ ئەوەی ویستبیان وێرانکردن و داگیرکاریی و تێکدانی سیستەمەکان بووە.. ئەوەشیان بۆ کراوەو کردوویانە.
ئەفغانستان ئیتر وێرانەیەو پێی ناگوترێت وەڵات و دەوڵەت، یەمەن بە هەمان شێوە، سوریا واوەتر، لوبنان و فەلەستین زۆر خەراپتر، سۆدان هەر باسی لێوە مەکەن، عێڕاق بۆ چەند دەیەی تریش نابێتەوە بە عێڕاقی خاوەن یاساو سیستەمی هاونیشتیمانیی…. لەم وەڵاتاندا ئاوەدانکردنەوەو بە دێموکراسی کردنی سیستەمەکانیان بوو یان لە ناوبردنی سیستەمەکانیان و یاساو وێرانکردنان بوو؟ ئەمەم بەرەنگاریی نیە لە رژێمەکەی سەدام و ڕژێمە دیکتارو ئیسان کوژەکانی تر.
ئیتر بۆ دەبێ بگوترێت ئەمریکاو ناتۆ ناتوانن هیچ بکەن؟ بۆ دەبێ بگوترێت ئەمریکا لە هەموویدا دۆڕاوە؟
ئەمریکا بە مەبەستی ئاوەدانکردنەوەو کاری باش ئەم کارانەی نەکردووەو نەچۆتە ناو ئەو وەڵاتانەوە بۆ ئاوەدانکردنەوەیان تا بڵێین پێی نەکراوەو دۆڕاوە. یان ئەوەتە هەڵاتووەو بەجێی هێشتووە… کاری باش و ئاوەدانکردنەوەو دێموکراسی و بنیاتنان تەنها زین و مەم بوون و وەک پەردە بۆ سەر کارەکانیان بەکاریان هێناون.
ئیتر من پێم وایە ئەمریکاو ناتۆ ئەوەی ویستوویانە لە سەد ساڵی ڕابردوودا تاکو ئێستاشی لەگەڵدا بێت کردوویانەو سەرکەوتووش بوون لە کارەکانیاندا.
بۆ بەشار ئەسەدیش ڕاستە.. کە هەموومان دەزانین بەشار چۆن چۆنایی ڕۆییشت و عێڕاقیش چۆن چۆنایی کاول کرا.
پێم بڵێن کێ شای ئێرانی ڕوخاندو کێش سیستەمی ئاخوندەکانی دامەزراند لە ئێراندا کە وەک ڕەگی سەرەتان وایە لە ناوچەکەدا.؟
!! بەڵام پیاوی چاک بن هیچیتر بە من مەڵێن هێزی ئۆپۆزسیۆن ئەوکارەی کرد
ئەگەر ئەم قسەیە بۆئەوەی ئێران ڕاست بێت بۆ عێراقیش ڕاستە!
هەروەها بۆ وەڵاتانی سەردەمی بەهاری عەڕەبیش ڕاستە!
مێژوو، پێمان نیشاندەدا کە هێزێک لە پشتی دیوارەکانەوە بە هاوکاری خەڵک ،کە دیارە بە کار هێنراوە، ئەو کارەی کردووە، جا خەڵک وەک سەپانی پووشێ بێجگە لە مانووبوون و ماڵوێرانی هیچی بۆ نەماوەتەوە.. هێزی ئامادەو لایەنی وابەستە هاتوون.. عێڕاق بە نموونە!
ئیتر ئاوێ بێنەو دەستان بشۆ

حەسەن ڕازانی
١٨دێسەمبەری ٢٠٢٥




دیدارێک لەگەڵ هونه‌رمه‌ند شاهین نه‌جمه‌دین.. ئامادەکردنی: كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس

هونه‌رمه‌ند شاهین نه‌جمه‌دین: شانۆ ئێستا له‌كوردستان وا به‌ره‌ و نه‌مان ‌و فه‌نا ده‌چێت‌
هونه‌رمه‌ند شاهین نه‌جمه‌دین: ده‌بێ‌ ره‌خنه‌ به‌شێك بیت له‌پێشكه‌وتنی به‌رهه‌مه‌ شانۆییه‌كان
هونه‌رمه‌ند (شاهین نه‌جمه‌دین)یه‌كێكه‌ له‌ شانۆكارانی كوردستان خاوه‌ن ئه‌زموونێكی ده‌وڵه‌مه‌نده‌ له‌وبواره‌دا،ئه‌و له‌ ساڵی 1963 له‌هه‌ولێر له‌گه‌ڕه‌كی ته‌عجیل له‌دایكبووه‌ ،ساڵی 1985-1986 په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی سلێمانی به‌پله‌ی زۆرباشه‌ ته‌واو كرددوه‌ ،ساڵی 1978 بۆیه‌كه‌مجار هاتۆته‌ سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ.. تاوه‌كو ئێستا له‌هه‌ولێرو له‌سلێمانی وه‌ك نواندن به‌شداری له‌ 76 شانۆگه‌ری كردووه‌ ، به‌شداری له‌ 7 كورته‌ فیلمی سینه‌مایی‌و فیلمی درێژ كردووه‌، ده‌یان شانۆی بوكۆڵه‌ی بۆ منداڵان ده‌رهێناوه‌ كه‌ زۆربه‌یان له‌نووسینی خۆیه‌تی، چه‌ند شانۆگه‌ریه‌كی منداڵانی ده‌رهێناوه‌ و كاری نواندنی تیاكردووه‌، ده‌یان خولی بۆ شانۆی بوكۆڵه‌ له‌رێكخراوی یونیسێف ورێكخراوی منداڵپارێزانی به‌ریتانی، له‌وڵاتی لوبنان و توركیا خولی كاركردنی له‌ته‌له‌فزیۆن بینیوه‌، له‌ساڵی 2005 له‌وڵاتی ئه‌رده‌ن بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ خولی ئه‌نیمه‌یشنی بینیوه‌ خاوه‌نی چه‌ندین ده‌قی شانۆیی منداڵانه‌ خاوه‌نی ده‌یان سوپاسنامه‌و خه‌ڵاتی رێزلێنانیێنه‌.
به‌باشمان زانی به‌ چه‌ند پرسیارێك له‌ نزیكه‌وه‌ به‌سه‌ری بكه‌ینه‌وه‌.
هه‌ڤپه‌یڤین- كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس

  • سه‌ره‌تا بابزانین شاهین نه‌جمه‌دین چۆن ئاشنای هونه‌ری شانۆی بوو؟
  • كه‌منداڵبووم له‌كۆڵانه‌كه‌ی ئێمه‌ ته‌نها ماڵێك ته‌له‌فزیۆنێكی گه‌وره‌ی ره‌ش‌ و سپیان هه‌بوو زۆربه‌ی شه‌وان ماڵه‌دراوسێكان تادره‌نگانی شه‌و ده‌چوونه‌ سه‌یری ته‌له‌فزیۆن، كه‌یه‌كه‌مجار له‌ته‌له‌فزیۆن مرۆڤم دیت زۆرم لاسه‌یر بوو.. ئیتر هه‌ر پرسیارم له‌خاوه‌ن ماڵه‌كه‌ ده‌كرد ئه‌ویش وه‌ڵامی ده‌دامه‌وه‌.. ده‌مگوت ئه‌وانه‌ چۆن چوونه‌ته‌ ناو ئه‌وسه‌ندوقه‌ بچووكه‌ كه‌ی ده‌ردێن؟ توخوا ئه‌گه‌ر هاتنه‌ ده‌رێ‌ حه‌ز ده‌كه‌م بیانبینم.. زۆر به‌وردی سه‌یری دیمه‌نه‌كانم ده‌كرد هه‌ستان‌و دانیشتن‌ و هه‌ڵس‌ وكه‌وت ‌و جوڵانه‌وه‌یان ئیتر ئه‌وحه‌زه‌ تا پۆلی دووی ناوه‌ندی ئه‌وكاته‌ هه‌ر له‌گه‌ڵم مایه‌وه‌. من زیاتر حه‌زم له‌سینه‌ما ده‌كرد وه‌ك له‌شانۆ.. ئه‌وه‌بوو ساڵی 1978 له‌قوتابخانه‌ی ناوه‌ندی قه‌ندیل مامۆستا (حه‌مه‌كه‌ریم هه‌ورامی و مامۆستا یاسین مسته‌فاو وه‌لید مه‌عروف جارۆو صباح عبدالرحمن) وه‌ك ئه‌كته‌ر هه‌ڵیانبژاردم له‌شانۆگه‌ریه‌ك به‌ناوی (په‌یامێكی نوێ‌) له‌چالاكی قوتابخانه‌كان.. دوای ئه‌وه‌ی سێی ناوه‌ندیم ته‌واو كرد چوومه‌ به‌غدا بۆئه‌وه‌ی له‌په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كان به‌شی سینه‌ما بخوێنم.. به‌ڵام وه‌ریان نه‌گرتم.. گوتیان له‌سلێمانی په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كان كراوه‌ته‌وه‌ بڕۆ له‌وێ‌ بخوێنه‌.. ئه‌وه‌بوو چوومه‌ سلێمانی له‌وێ‌ له‌به‌شی شانۆ وه‌رگیرام به‌داخه‌وه‌ به‌شی سینه‌ما نه‌بوو.. ئیتر به‌و شێوه‌یه‌ هاتمه‌ بواری شانۆو ده‌ستم به‌كاری شانۆیی كرد.
  • باشه‌ له‌ ئێستادا شانۆی له‌ كوردستان چۆن ده‌بینیت؟
  • شانۆ ئێستا له‌كوردستان وا به‌ره‌ و نه‌مان‌ و فه‌نا ده‌چێ‌.. كێشه‌ی تازه‌ و ئاسته‌نگی زۆری بۆ په‌یدابووه‌.. له‌سه‌رووی هه‌مویانه‌وه‌ نه‌بوونی بودجه‌یه‌، نه‌بوونی هۆڵێكی ستانداردی شانۆ نه‌ماوه‌ نمایشی تێدا بكرێ‌، له‌لایه‌كیتره‌وه‌ خودی هه‌ندێ‌ شانۆكار ئاستی رۆشنبیری ‌و ئه‌و توانایه‌ی نیه‌ وه‌كو جاران به‌گوڕو تینه‌وه‌ به‌رده‌وام په‌ره‌ به‌پێشوه‌چوونی خۆی بدات‌ و له‌كاروانه‌كه‌ دانه‌بڕێ‌. نه‌بوونی ده‌قی باشی كوردی‌ و نه‌بوونی ئامێری هونه‌ری ته‌كنیكی شانۆ‌و یه‌كنه‌بوونی شانۆكاران چونكه‌ زۆربه‌یان دابه‌شی سه‌ر حیزبه‌كان بوون‌ و حیزبایه‌تیان تێكه‌ڵی شانۆ كردووه‌، به‌داخه‌وه‌ نه‌ده‌بوو هونه‌رمه‌ند به‌حیزبی بكرێ‌.. چونكه‌ په‌یامی شانۆ په‌یامی مرۆڤایه‌تیه‌.. ئه‌مه‌و زۆر كێشه‌یتر وایكردوه‌ شانۆ له‌كوردستان به‌ره‌ و فه‌نابوون بچێت‌..
  • هه‌ندێ له‌ شانۆكاران ده‌ڵێن درامای ته‌له‌فزیۆنی بینه‌رانی له‌ شانۆدا دوورخستۆته‌وه‌ تۆ ده‌ڵێت چی؟
  • به‌ڕای من ئه‌و بۆچوونه‌ وانیه‌.. چونكه‌ بینه‌ری درامای تیڤی جیاوازه‌ له‌بینه‌ری شانۆ.. هه‌ردووكیان دوو هونه‌ری جیاوازن له‌شێوه‌ی كاركردن تیایدا.. كاری شانۆیی زه‌حمه‌ت ‌و قورستره‌ وه‌ك له‌ته‌له‌فزیۆن.. له‌شانۆدا توانای راسته‌قینه‌ی ئه‌كته‌ر به‌دیار ده‌كه‌وێت،چونكه‌ ئه‌كته‌ر راسته‌وخۆ به‌رامبه‌ر بینه‌ر رۆڵی كاراكته‌ره‌كه‌ ده‌بینێ‌.. به‌ڵام له‌شاشه‌ی تیڤیه‌كاندا بوار هه‌یه‌ چه‌ند جارێك جوڵانه‌وه‌یه‌ك یان دیالۆژێك ده‌یانجار دووباره‌ بكرێته‌وه‌ تائه‌وكاته‌ی ده‌رهێنه‌ر قبوڵی ده‌بێت.. پاشان كه‌ره‌سته‌و پێداویستیه‌كانی دراما به‌رده‌ستتره‌ وه‌ك له‌شانۆدا.. خاڵێكیتری زۆر گرنگ درامای تیڤپه‌كان زۆربه‌یان وه‌ك پێویست كاری هونه‌ری تێدا نه‌كراوه‌ واته‌ زنجیره‌ دراماكانیش زۆربه‌یان لاوازو له‌وئاسته‌نین بینه‌ران پێشوازی لێبكه‌ن..
    *ئێوه‌ له‌ شانۆی منداڵان چ له‌ بواری نووسین بێت یان ده‌رهێنان بێت خاوه‌ن ئه‌زموونێكی ده‌وڵه‌مه‌ندن، تاچه‌ند له‌ كوردستان گرنگی به‌ شانۆی منداڵان دراوه‌؟
  • زۆرم پێ‌ سه‌یره‌ تاوه‌كو ئێستا وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و وه‌زاره‌تی رۆشنبیری به‌فه‌رمی دانیان به‌وه‌ نه‌ناوه‌ كه‌هونه‌رێكی گرنگ ئه‌ویش هونه‌ری منداڵانه‌ فه‌رامۆشیان كردووه‌ و خه‌می لێ‌ ناخۆن!! كاتی خۆی دوو سێ‌ پرۆژه‌و به‌رنامه‌ی خوێندنم پێشكه‌ش به‌وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ كرد گوتیان زۆر چاكه‌ ئێمه‌ دیراسه‌ی ده‌كه‌ین‌ و وه‌ڵامت ده‌ده‌ینه‌وه‌.. كه‌چی تا خانه‌نشینیش بووم هه‌ر وه‌ڵامیان نه‌دامه‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی رۆشنبیریش به‌هه‌مان شێوه‌.. كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ گرنگی ئه‌و هونه‌ره‌ به‌هه‌ند هه‌ڵناگیرێ‌، له‌كاتێكدا له‌و رێیه‌وه‌ ده‌كرا به‌هره‌ی ده‌یان منداڵی به‌توانا بدۆزرێته‌وه‌ چونكه‌ منداڵ مافی خۆیه‌تی له‌قوتابخانه‌ به‌شداری له‌كاری هونه‌ری بكات.. ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌به‌نده‌كانی مافی منداڵان.. حكومه‌تی هه‌رێم: وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌و وه‌زاره‌تی رۆشنبیری له‌دوو كاتی جیاوازدا منداڵانیان به‌بیر دێته‌وه‌ یه‌كه‌میان له‌ مانگی یازده‌ به‌بۆنه‌ی جاڕی مافی منداڵان دووه‌میشیان له‌1/6 هه‌موو ساڵێك كه‌پێی ده‌ڵێن جه‌ژنی جیهانی منداڵان.. له‌كاتیكدا ده‌بوو چالاكی قوتابخانه‌كان مانگانه‌ به‌رده‌وام كاری شانۆیی بۆ منداڵان بكه‌ن‌و قوتابیانی قوتابخانه‌كان ببه‌ن بۆ بینیی ئه‌و شانۆگه‌ریانه‌.. له‌باخچه‌ی ساوایاندا گرنگترین وانه‌ پێویسته‌ هه‌بێت ئه‌ویش شانۆی بوكۆڵه‌یه‌ كه‌چی باخچه‌یه‌كی ساوایان نیه‌ شانۆی بوكۆڵه‌ بۆ منداڵان ئه‌نجام بده‌ن.. ئه‌وانه‌ گه‌وره‌ترین كه‌مته‌ر خه‌میه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمن.. لێره‌وله‌وێ‌ تیپی شانۆی منداڵان هه‌یه‌ به‌ڵام داخه‌كه‌م ئه‌وانیش له‌رووی بودجه‌وه‌ ده‌ستكورت وهه‌ژارن، شانۆی منداڵان پێویستی به‌پاره‌یه‌كی زۆره‌ له‌رووی جل‌و به‌رگ ‌و دیكۆر و گواستنه‌وه‌ی منداڵان و هتد..
  • هه‌ندێك له‌ شانۆكاران زۆری په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كان به‌كارێكی نه‌رێنی ده‌بینن روانگه‌ی تۆ له‌م بارییه‌وه‌ چییه‌؟
  • سه‌ره‌تای دروستبوونی په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌كان چه‌ند قوتابیه‌كی زیره‌ك‌ و به‌هره‌مه‌ند تیایدا ده‌رچوون و تائه‌مڕۆش هونه‌رمه‌ندی چاكیان لێ‌ ده‌رچوو.. به‌ڵام دوای ئه‌وان په‌یمانگا بۆ هه‌ندێ‌ قوتابی بووه‌ شوێنی به‌زووترین كات به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌و دامه‌زراندنیان له‌قوتابخانه‌ دووره‌ ده‌سته‌كان ئه‌مه‌ وایكرد به‌لێشاو قوتابی به‌هۆی په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌خاترانه‌ وه‌ربگیرێن.. له‌كۆتاییدا له‌جیاتی ببنه‌ هونه‌رمه‌ند بوونه‌ مامۆستای هونه‌ری له‌قوتابخانه‌كان.. بۆیه‌ ئێستاش من پێم باشه‌ په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كان بكرێته‌ په‌یمانگای ئاماده‌كردنی مامۆستای هونه‌ر.. چونكه‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كان به‌چاوی قوتابخانه‌ ده‌بینێ‌ نه‌ك په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كان.. دڵنیام په‌یمانگای ئێستا ئه‌وانیش ده‌یان كێشه‌یان هه‌یه‌ بۆ خوێندن‌و رێنیشانده‌ری قوتابیه‌كانیان..
  • نمایشی باش ره‌خنه‌گری باش ده‌رده‌كه‌وێت چۆن ده‌ڕوانیته‌ ئاستی ڕه‌خنه‌ له‌ كوردستان؟
  • ره‌خنه‌گرو شانۆكار دوو هێڵی هاو ته‌ریبن وه‌ك یه‌ك به‌یه‌ك رێگادا ده‌ڕۆن.. به‌رای من ده‌بێ‌ ره‌خنه‌ به‌شێك بیت له‌پێشكه‌وتنی به‌رهه‌مه‌ شانۆییه‌كه‌، ئێستا ره‌خنه‌گریش به‌شێكه‌ له‌كێشه‌كانی شانۆمان.. ئه‌وانیش پسپۆریان نیه‌ له‌وبواره‌.. ته‌نیا چه‌ند ره‌خنه‌گرێكن ئاره‌زوومه‌ندانه‌ هاتوونه‌ته‌ مه‌یدانه‌كه‌و كاری ره‌خنه‌یی ده‌كه‌ن.. من پێموایه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ده‌ست به‌پرۆڤه‌كردنی شانۆگه‌ریه‌ك پێویسته‌ ره‌خنه‌گره‌كه‌ش ئاماده‌ی رۆژانی پرۆڤه‌كه‌ بێت تارۆژی نمایش.. پاشان ره‌خنه‌ له‌شانۆگه‌ریه‌كه‌ بگرێت جا چ به‌ئه‌رێنی یا نه‌رێنی بێت.. به‌ڵام ره‌خنه‌گر لای ئێمه‌ هه‌ندێجار به‌هه‌واو هه‌وه‌سی خۆی ده‌نووسێت.. له‌كۆتاییدا پێموایه‌ ره‌خنه‌ بۆچوونی ره‌خنه‌گر خۆیه‌تی، هه‌موو ده‌رهێنه‌رێكیش مافی خۆیه‌تی پابه‌ندی بۆچوون‌و ره‌خنه‌كه‌ نه‌بێت، هه‌روه‌ك یه‌كێك له‌بینه‌ران ئه‌وانیش ره‌خنه‌یان ده‌بێت.. له‌هونه‌ردا هیچ یاسایه‌ك نیه‌ هونه‌رمه‌ند پێیه‌وه‌ پابه‌ندبێ‌.. چونكه‌ كاره‌ شانۆییه‌كه‌ كاری هه‌ست‌ و بۆچوونه‌ هه‌ر كه‌سێك له‌دیدی خۆیه‌وه‌ هه‌ڵیده‌سه‌نگێنێ‌..
  • سازدانی فیستیڤاڵی شانۆیی نێوده‌وڵه‌تی له‌ كوردستان تا چه‌ند به‌گرنگی ده‌زانیت؟
  • به‌رای من سازدانی فێستیڤاڵ كارێكی زۆرباشه‌.. چونكه‌ فێستیڤاڵ هونه‌رمه‌نده‌ بیانیه‌كان به‌یه‌كتر ئاشنا ده‌كات بۆ كاری هونه‌ری یا گۆڕینه‌وه‌ی بیروڕا هه‌روه‌ها شاره‌زابوون به‌ هونه‌ری وڵاتان.. ساڵانێكه‌ فێستیڤاڵی شانۆی نێوده‌وڵه‌تی له‌هه‌ولێر ساز ده‌كرێت كه‌چی له‌وفێستیڤاڵه‌دا شانۆكارانی هه‌ولێر به‌رهه‌مێكی شانۆگه‌ریان نیه‌.. ئه‌وه‌ كارێكی باش نیه‌ ناكرێت تۆ فێستیڤاڵێكی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌نجام بده‌یت كه‌چی خۆت تیایدا به‌شدار نه‌بیت.. كێشه‌كانیش زۆربه‌یان په‌یوه‌ندیان به‌نه‌بوونی بودجه‌وه‌ هه‌یه‌..



نامەیەک بەر لە خۆرهەڵاتن.. شوان عەباس بەدری

دانیشتووم ، پێکەکەم حازر کردووە و لەگەڵ دەنگی فەرهاد و دوکەڵی جگەرەکەی دەستمەوە ڕۆچوومەتە ناو خەیاڵێکی قووڵەوە، قووڵ قووڵ هەروەک تەنیاییەکەم و بێ بن هەر وەک هەناسە ساردەکانم ، بیر ئەکەمەوە ، بیر لە ژیان ، بیر لە دڵە بریندارەکەم ، بیر لە گەنجێکی قژ لوولی عەینەک لەچاوی دڵخۆشی پڕ لە گەرم و گوڕی ماوەیەک لەمەوبەر دەکەمەوە ، هەڵدەستم و گلۆپی ژوورە سارد و ماتەکەم دەکوژێنمەوە و لەگەڵ کوژانەوەی گلۆپی ژوورەکەم و درووستکردنی پێکێکی تازە بۆ دەروونە ماندووەکەم گۆرانییەکی داریوش دەست پێئەکات ، ئەو گۆرانییەی کە ساڵەهای ساڵە خۆمی تیا ئەبینیم و ئەڵەی داریوش ئەم گۆرانییەی بە تایبەتی بۆ من وتووە ، گۆرانییەکە گۆرانی (سقوط ، هەڵدێران ) ە و لەگەڵ وتنی (کەس تەنیاییەکەم لە من نادزێ ، دەرودیوار کوا لە ئازاری من تێئەگەن) نەفەسێکی قووڵ قووڵ لە جگەرەکەم دەدەم و پێکە عەرەقەکەم تا بنی پەرداخەکە هەڵئەدەم و لە جیاتی مەزە، دووبارە نەفەسێکی قووڵ لە جگەرەکەم دەدەم و دوکەڵەکەی دەکەم بە دەم و چاوی مرۆڤە ماندووەکەی ناو ئاوێنە بچووکەکەی دەستم ، بیر لە گەڕانەوە ئەکەمەوە و بە مرۆڤە ماندووە کەشەنگەکەی ناو ئاوێنەکە ئەڵێم : چ لێرە بیت و چ لەوێ خۆ هەر تەنیا و وونیت ، بڕۆڕەوە ، بڕۆڕەوە ، هەر هیچ نەبێت لەوێ بە تەواوی وون ئەبیت و لەناو تەنیاییە ئەبەدییەکەت غەرق ئەبیت و گرنگ نییە چەندی تر هەناسە ئەدەیت و چاوەکانت هەڵهاتنی ڕۆژێکی نوێ ئەبینێت!
بڕۆڕەوەو لەناو باوەشی شەوەزەنگێکی بێ کۆتایی بێ هەناسەی خاک و ووڵات بخەوەو تفێکی هەمیشەیی لەم پارچە جوگرافییە نەفرەتییە بکە کە وا بۆ چەند مانگێکە لەناویا بێ کاریت و سەر بە هەر شوێنێکا ئەکەیت بۆ داوای کار ، ئەڵێن تەنها ڕەگەزی مێینەمان ئەوێ !!!
ئاە، ئێستا مەهەستیشی هاتە سەر و گۆرانی مەیخانە دەڵێت .
لەتاو جگەرە کێشان و ئازاری خەنجەری بێ وەفایی تامی دەمم تاڵە و دڵم تک تک ئازاری لێ ئەچۆڕێت ، ئاوڕێک ئەدەمەوە و لە پشتەوە ، لەسەر دیوارەکە ، وێنەی گەنجێکی دڵخۆشی دەم بە کەنینی ڤژ لوول دەبینم کە چوار مستیلە و سەعاتێکی لە دەستایە و لە گۆشەی چەپی ژوورە تاریک و ساردەکەم ئەڕوانێت و زوو زووش بە بزەیەکەوە نیگام ئەکات !
پێکێکی تر هەڵئەدەم و لەناکاو بە تووڕەییەوە هاواری بە سەرا ئەکەم و ئەقیژێنم بەسەریا : چییییییت ئەوێ ، ئەو گۆشەیە تەنها گۆچانەکەی باوکمی لێیە و تەواو .
ئەو باوکەی نە حەرامی خوارد و نە ویستی لە ڕێی ناو و ناوبانگ و پەیوەندییەکانییەوە کارێک بۆ ئێمە بکات و داهاتوومان دابین بکات ، ( دوای ئەم قسانە قاقایەکی بەرز لیئەدەم و بە دەم قاقاوە فرمێسکەکانم دێنە خوارەوە و پێکەنین و فرمێسکم تێکەڵ ئەبن ) داماوە وایئەزانی دوای ئەوەی ئەمرێت ،هاوڕێ و حزبەکەی ئاگایان لە ژیانمان ئەبێت و ڕێزی ئەو پاکی و دڵسۆزی و دەستپاکییەی ئەگرن ، هاهاهاها، نەیئەزانی کەسیان ناڵێن کەرتان بە چەن و ماون یا مردوون؟
نەیئەزانی کەس حورمەتی ئەو ماندووبوون و تێکۆشان و ڕاکەڕاکەی ناگرێت و کۆنە جاش و کوڕە جاشەکانی ئەو سەردەمە سەخت و یەکلاکەرەوەیە و ئەوانەی شاخیان بەرەو ئۆروپا و ژیانی ئاسوودە بە جێهێشت و بەرگەی نەهامەتییەکانی دوای ئەنفالییان نەگرت ، دەبن بە هەمە کارە و ئێمەش لەناو بەرداشی وونکردنی کەسە پاکەکانی ناو حزب و مێژووی کورد ئەمانهاڕن و ئەمانتیلێننەوە و لەناومان ئەبەن .
داماوە نەیئەزانی حازرخۆرەکانی خیانەت جێی پێ لەق ئەکەن و بە دڵپاکی خۆی دەستی زۆر کەسی گرت و ژیانی زۆر کەسی لە ڕەمی و کووشتن و زیندان ڕزگار کرد و ئێستا زۆربەی ئەوانەی لە مردن ڕزگاری کردن ، هەوڵی نەمانی ناوی و ناوی کوڕەکانی دەدەن .
دوا ڕێگە بۆیاخە ، بۆیاخی پێڵاو ، بۆیاخی پێڵاوی گڵاوی ئەو خائین و خۆفرۆشانەی تا دوێنێ لە باوەشی ئەم و ئەوا شەن و کەویان ئەکرد و ئێستا یاری بە چارەنووسی کەسە دڵسۆزەکانەوە ئەکەن ، دوا ڕێگە ، بۆیاخە ، بۆیاخی پێڵاوی ئەو هەرچی و پەرچییانەی کە گەر سبەی شتێک ڕووبدات ، ڕێک بائەدەنەوە و بە داروبەردی ئەو حزبەی درووستی کردن دێنە خوارەوە و وەک نە بایان دی بێت و نە بۆران ، خۆیان دوبارە فڕێ ئەدەنە باوەشی حزبێکی تر و ڕابەڕێکی تر و لەسەر ئاخورەکەیان بەردەوام ئەبن و دەم ئەنێن بە دادۆشینی گوانی نوێ !
دوا ڕێگە بۆیاخە ، سنووقێکی بۆیاخی پێڵاو بکڕم و تا بەشکوو ڕۆژێ لە ڕۆژان یەکێک لەو کۆنە جاش و خائین و خۆفرۆش و بێ مەبدەئانە بێن و قاچیان لەسەر سنووقی پێڵاو بۆیاخ کردنەکەم دانێن و بە هاتنیان تفێکی خەست لە خۆم و لە مێژوو و لە خاک و پێڵاوەکەیان بکەم و پڕ بە گەرووم هاوار بکەم : ببوورن ئێوە ڕاست بوون و باوکم و چەندانی وەک باوکم هەڵە بوون کە بە پاکی و دڵسۆزی و لەخۆبووردوویی خەباتیان کرد و دواجاریش ژیانی خۆیان و خێزان و مناڵەکانیان شەقار شەقار کرد و ئێستا مناڵەکانیان چاوەڕێی پێڵاوەکانی ئێوەن کە داینێن و بۆیاخی بکەن و بەشکوو بەم جۆرە بتوانن بژێوی ژیانیان دەربێنن !
تف لە ئاوێنەکە و مێژوو و ………..

شوان عەباس بەدری




غوربه‌ت.. شیعری كاوەى خەسرەوكاوانى

                                                     *  * 

پێشكه‌شه‌ به‌ گیانى پاكى هاوسه‌رى كۆچ كردوم كه‌ له‌ 18/6/2020 به‌ نه‌خۆشى كۆچىى دوایى كرد

هێندەی يەکەمین دیدارمان
موشتاقی دیداری تۆمە
ساڵانی دوری وغوربەتیت
ئازارى نێو روحی خۆمە

تۆ نازانی ئەم سەفەرە
چەندە بۆ رۆحم ئازارە
تۆ نازانی هەڵوەرینی
یەکەمین وەرزی بەهارە

لە دوایی تۆوە جەستەیێکی
بێ ناونیشان و بێ گلکۆم
رۆژان دەڕوا و پێکە خەمی
دووریت لە نێو رۆحم دەخۆم

بەبێ تۆ نیشتمانی دڵ
ئەشک وهەنسک وماتەمە
وەڵاتێکی بەبێ ئاڵاو
سەرتاپای تاریکی و خەمە

واتێ نەگەی چرکە ساتێک
عيشقت لە نێو دڵم وونە
ئەو رۆژەی کە دێمەوە لات
خۆشترین ئاهەنگى منه

2023/6/17

                                                     kawa_kiwiny@yahoo.co.uk



لەگەڵ ڕۆحی سەبا.. شاعیر محەمەد حوسێن (شەهریار).. وەرگێڕانی لە فارسییەوە شەهلا نوری

ئەی سەبا بە تۆ چییان گۆت کە وا
خامۆش بووی
چ شەرابێکیان بە تۆ دا کە وا بێهۆش بووی

تۆ پەرستگای ئاگرینی عیشق و سۆز بووی
چ ڕوویدا کە وەک خۆڵەمێش خامۆش بووی

بە چ دەستێ ژەنیت ئەو سازە ، سۆزی شەوانە
کە خۆت لە نەرمە نەغمەی بێخود و بێهۆش بووی

تۆ دەنگی سەدان ئاواز بوویت ، دڵان سەراپا گوێ
چ ژنەفتی کە وا بێدەنگ وە گۆش بووی

گەرچی لە نێو خەڵقا وەفا نیە
بەڵام ،گوڵم
باوەڕ مەکە کە تۆ چوویت و فەرامۆش بووی

نازی دەکرد بە کراسی ناسکت لەش و لاری تۆ
نازەنینم چ بوو کەوا کفن پۆش بووی

شەمعی شەوانی تاریک بوویت و لێوخەندەی ژنان
لەگەڵ شنەی بەرەبەیان هاودەم و باوەش بووی

دەڵێی شەو حۆری بەهشتی بۆ باڵینت هاتووە
کە تۆ شەیدای زوڵف و بناگۆشی ئەو بووی

ئەی ئارامگا کە سەبا خەوتووە لەژێر سەنگت
بە چ گەنجینەی نهێنییەوە کەوا
سەرپۆش بووی

شەهریارا ! چزەی تینوێتیم لە جگەرمی هەڵقرچاند
بۆچ وا دوور لە چاووی پڕنۆش بووی

غەزەلی ژمارە ١٣٣
لەگەڵ ڕۆحی سەبا
شاعیر محەمەد حوسێن (شەهریار)
وەرگێڕانی لە فارسییەوە شەهلا نوری




لافاوناس نییم، بەس ئاخ بۆ لافاوێکی تر!.. ئازاد حەمە*

لافاوناس نییم و لافاوناسییش بواری پسپۆریم نییە، لەبەرئەوە لێرە ناخوازم لە بارینی زۆری باران یان دیاردەی سێڵاو بدوێم، لێ لەوە تێدەگەم، کە لافاوەکە، یان لێزمەبارانەکە پێیگوتین: ماڵ و شوێنی ژیانی ئێمە و ڕێگاوبانەکانمان بەرگەی گەردەلول، زریان و باوبۆران ناگرن.
مافی خۆمە بڵێم: ئاخ بۆ لافاوێکی تر؛ بەو مەرجەی کەس نەبێتە قوربانی، بەڵام با شڕەبەتانی و کۆنەزۆپا و بەڕە و ڕاخەرە بێبەهاکانی ئەو ماڵانە لەگەڵ خۆی بەرێت،کە بێژیان و بێ داهاتوون؛ تا یەک تۆز هەستی ئەرستۆکراتییەکان(خواپێداوەکان) بورووژێت.
ئەگەرچی لافاوناس نییم، بەس کوا ئەو لافاوەی دەبێتەوە هۆکاری لادانی دەیەها بەڕێوەبەری بێباک؛ ئاودیوکردنی دەیەها زوڵم و ئاشکراکردنی قەتماغەی بێدادیی. گومانیناوێت، موسیبەتەکەی چەمچەماڵ، تەکیە و شۆڕش وایلێکردین لە ئەلفوبای بێماڵی و بوونی ماڵێکی درۆیینە، کە شوێنی ژیانی تیانییە، حاڵیبین. ئەی پێش لافاوەکە، چەن بێباکبووین بەرامبەر بێماڵ و هەژار و بیمارییە کۆمەڵایەتییەکان.
بەشەرمەوە دەڵێم بەڵێ بۆ لافاوێکی تر؛ تا دەڤەرەکان لێکدی نزیکبکاتەوە؛ مێتافیزیکی ڕەحم و بەزەیی چرۆدەرکات و نەبوو و داماوەکان لەو شومە سوودمەندبن، کە لە بەرگی لافاو دەبێتە میوانیان.
حەیف و هەزار مخابن، کە دەبێت بڵێین سوپاس بۆ لافاوەکە،کە بێدەرەتان و کرێچییەکانی ماڵە کەلاوەکانی کردە خاوەنی ماڵێ تازە و پێویستییەکانی ناو ماڵی، کە کەمترین مافن، بۆ ئەوانە مسۆگەرکرد ئاستنزمترین ژیان لەناو ماڵە بێماڵەکەیاندا، لە سەردەمی ژیری دەستکرد، دەژین.
بەدڵێکی پڕ لە خەمەوە دیسانەوە دەڵێم: بەڵێ بۆ لافاوێکی تر؛ تا بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەکان بەخۆیانا بچنەوە، قوتابخانە و دایەنگەکان پڕ پێداویستی بکرێن، نەخۆشخانەکان لەوە دڵنیابن چەند بەرگەی کارەساتە سروشتییەکان دەگرن، کتێبخانەکانیش لێوانلێوکرێن لە سەرچاوە و پێداویستیی خۆڕانکبیرکردن.
ئەڵبەتە زۆر بە حەسرەتەوە دەڵێم: ئاخ بۆ لافاوێکی تر؛ تا هەژاریی، داماویی، بێدەرەتانیی، بێماڵیی کەساسەکان ئاشکرابکات، کە دەمێکە پەردەپۆشکراوە. تا ماڵی ئەوانە ببینین، کە رۆژانەی کاسبکارییان پانزە هەزار دینارە(نۆ دۆلار)، ئەو خێزانانەش دەرکەون، کە نزادەکەن بۆکڕینی دەرمان بۆ پەککەوتوەکانیان.
چەند عەیبە دەڵێم: با بۆ لافاوێکی تر؛ ئاخر لەبەرئەوەی خوازیارم لافاو کۆمانکاتەوە، لافاو ڕۆحبکات بە بەر کەلتووری بەخشین و بەتەنگیەکەوەچوون. مەگەر لافاوەکە فێرینەکردین لە پەرۆشدار، ئاتاج و بێخانوەکان بیربکەینەوە؟ لەوە تێبگەین سروشت توانای پەلاماردانی خۆی هەیە، لەسەر ئەوە وەستاوە مرۆڤەکان چەند دەتوانن رووبەرووی ڕووداوە سروشتییەکان ببنەوە.
دەرکەوت ئەو قسانە لە شوێنی خۆیاندا نیین، کە دەلێن کوردەکان بەتەنگ یەکەوە نایەن، خۆخۆر و چیوچین. هەرلەبەرئەوە، تەکیە ، شۆرش و چەمچەماڵ ناوگەلێکن تا ساڵانیک لە گوێماندا دەزرینگێنەوە. ئەمە (سەلیم بەرەکات) گوتەنی لە مەهابادەوە بۆ مەهابادێکیترە، بەس ئەمجارەیان سروشت خستمانیە ناو گەرووی مەهاباد و هەڵەبجەیەکی ترەوە.
حەیف و داخەکەم بۆ لەوە تێناگەین، ئەو جینۆسایدە سروشتییەی هاتەسەر دەڤەری چەمچەماڵ، کاکە مەند، ئاخجەلەر و پیرەمەگرون بەرهەمی نادادیی و خراپدابەشکردنی داهاتە نەک هەقایەتی فاشیزمی بەعسیزم و…. .
بائەوەش بڵێین: هاوخەمیی سیاسییەکان بۆ لێقەوماوان خەمخۆری بوو بۆ ئەوەی نەک لە هەڵبژاردنی داهاتوو لەو دەڤەرانە زەرەرمەندبن لافاو بووە میوانی ناوەختیان. چونکە بۆ سیاسییەکان بەدبەخت، لێقەوماو و پەککەوتەکان ژمارەن بۆ کاتی تەنگانەی سیاسیی(بۆزیادکردنی کورسی).
شەرمە بۆ من، کە دەڵێم ئاخ بۆ لافاوێکی تر. ئاخر ئەو لافاوە بوو،کە دیاردەی بێدەرەتانی و بێ ماڵی لە دەڤەرێک ڕووماڵکرد خاکێ بەپیت و داهاتداری هەیە. بۆلەمەولا سیاسییەکان ڕقیان لە وشەی لافاو و باران دەبێتەوە، چونکە لافاو زۆر شتی کەشفکرد و جەوری ئابووریی و ستەمی بەڕێوەبردنیشی خستەڕوو.
تەماشای ئەو ڕێکەوتە، ڕێک چەند کاژمێرێک پێش لافاوەکە و ڕووداوەکانی تەکیە و شۆڕش و چەمچەماڵ لە خوێندنەوەی شانۆنامەی(زریان)ی شکسپێر بوومەوە… ئەم شانۆنامەیە ئەمەی چرپان بەگوێما: دۆزەخ بەتاڵە و گشت شەیتانەکان وان لێرە.

*ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




پایزی سەرمایەداری *.. ئەکرەم سەعید

(ئێمە شاهیدی پایزی مۆدێلی سەرمایەداریی ئێستاین، بەڵام هێشتا لە بەهاری گەلاندا نین، چونکە هێشتا ئەڵتەرناتیڤەکە نەخەمڵیوە. لەئێستادا بزووتنەوەو ناڕەزایەتییە جیهانییەکان لە قۆناغی ئاژاوەگێڕیدان، و دەکرێت ئەمە ببێتە مایەی بزووتنەوەی توندڕەو، ڕژێمی فاشیستی، تەنانەت ڕووخانی دەوڵەتەکان، یان دەشێت ببێتە هۆی شتێکی تەواو نوێ)- سمير امين: نشهد خريف الرأسمالية/ بِدَايَات/ فصلية ثقافية فكرية/ ساڵی ٢٠١٥.
“سەمیر ئەمین”لە دوا ساڵانی تەمەنیدا زۆر باسی لە پایزی سەرمایەداری دەکرد. پایزی سەرمایەداری زاراوەیەکە ئاماژەیە بۆ خولێکی پڕ لە قەیران و شێواوی و جەنگ لە سیستەمی سەرمایەداریدا؛ دیاردەی وەک نایەکسانی ئابووری، ناسەقامگیری و نائەمنی، نادادپەروەری کۆمەڵایەتی و زیادبوونی کارەساتی ژینگە. لە ڕاستیدا دابەشکردنی مێژوو بۆ خولی”بەهار و پایز”مێژوونووسانی کۆنی وڵاتی چین بەکاریان هێناوە. مەبەستیان لە بەهار خولی سەقامگیری و گەشەکردنی ئابووری(کشتوکاڵ، بازرگانی، کاری پیشەیی و هونەر) بووە، و پایز وەک خولی(داڕمانی ئابووری و شێواوی و جەنگ). لە خولی پایزدا(شانشینی ژۆو)لە ڕۆژهەڵاتی چیندا لاواز بووەو میرنشینە فیۆداڵیەکان سەربەخۆ بوون، و سەردەمی جەنگی میرنشینەکان دەستی پێکردووە **.

سەرمایەداری چەندجار دووچاری قەیرانی ئابووری و سیاسی و جەنگ هاتووەو بە سەلامەتی لێی قووتار بووە. سەرمایەداری لە ساڵی ١٩٠٠ تا ١٩۲۹ بە قۆناغی گەشەسەندنی خێراو بە(ساڵانی بەختیاریی ۱۹۰۰ و بیستەکان) ناوبانگی دەرکردوە، بەڵام دواتر کەسادی گەورەی وێرانکەر بەدوایدا هات، و ئەنجامەکەی لە ٢٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٩ داڕمانی وۆڵ ستریت بوو لە نیویۆرکدا، کە بووە هۆی بێکاری بەکۆمەڵ و شکستی بانکەکان و کەمبوونەوەی بازرگانی لەسەر ئاستی جیهاندا. جارێکی دی له‌ مانگی ئۆکتۆبه‌ری ۲۰۰۸ دا “وۆڵ ستریت” تووشی داڕمان هات – ساڵی ۲۰۱۹ پەتاى کۆڤید/۱۹ – ساڵی ۲۰۲۲ جەنگی ئۆکراینا، و تا ئەمڕۆکە بە گشت کێشەکانی هەڵئاوسانی دراو، گرانی، بێکاری و جەنگ لێرەو لەوێ؛ لەو کاتەوە جیهان چۆتە وەرزێکی پایزی نوێی سەرمایەدارییەوە. یەکەم وەرزی پایزی سەرمایەداری لانیکەم بیست ساڵی خایاندووە، بەڵام هێشتا دیار نییە ئەم خولە نوێیەی پایزی سەرمایەداری کەی و چۆن کۆتایی دێت.

نیشانەکانی خولی پایزی سەرمایەداری
۱/ قەیرانی ئابووری و مەترسی داڕمانی بازاڕ و بازرگانی:
ئەگەر جیهانگیری لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، پاڵنەرو لۆژیکی فراوانبووی سەرمایەداریی بازاڕی ئازاد بووبێ، ئەوا ئەمڕۆکە سیاسەتی سەپاندنی باجی گومرگی تڕەمپ، وە بە زیادبوونی پەلاماری گەشتی بازرگانییەکان لە دەریادا، و بە سیاسەتی داخستنی سنوورەکان بە ڕوی پەناهەندەکان و دیپۆرتکردنەوەیان، ئەوا شتێکی سەیر نییە کە جیهانی سەرمایەداری دەچێتە نێو خولێکی ناکۆک لەتەک خودی پایەکانی سەرمایەدا.
گۆڤاری”ئیکۆنۆمیست”ی بەریتانی لە مانگی نۆڤەمبەردا ژمارەیەکی تایبەتی بەناونیشانی(جیهانێک لە پێشمان/ العالم أمامنا / The World Ahead ***)بڵاوکردەوە. ڕاپۆرتەکە باسی چارەنووسی جیهان دەکات لە ساڵی ٢٠٢٦دا؛ کە ساڵێک لە نادڵنیایی دەبێت! . بەڕای گۆڤارکە جیهان لە ساڵی ٢٠٢٦دا دەچێتە ناو نادیارەوە، بۆیە دەپرسێ: ئایا ئێمە لەبەردەم ساڵێکی”ڕووخان”داین یان ساڵێک لە”دەرفەتەکان”؟. چونکە لەگەڵ گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ و سەرهەڵدانی ئەژدیهای چین، جیهانی کۆن کۆتایی هاتووەو یاساکانی یارییەکەش بە تەواوی گۆڕاون. پێشبینییەکانی ڕۆژنامەکە بۆ ساڵی ٢٠٢٦ وێنەیەکی تاریک و پڕ لە پشێوی بۆ جیهان دەکێشێت، کە ململانێ جیۆپۆلەتیک و جەمسەرگیری سیاسی و پێشبڕکێی تەکنەلۆژی زاڵن بەسەریدا، لە کاتێکدا شەڕ و قەیرانە ئابوورییەکان بەردەوام دەبن.

۲/ زیادبوونی دیاردەی ستەم و شەڕ:
دەوڵەتەکان لەمڕۆدا خەڵکی بە خۆیان و ماڵومنداڵیان بە کۆیلەی خۆیان دەزانن، و دەسەڵاتە دڕندەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بە زۆری هێزو فریودان ژیانی ئەو خەڵکەیان خستۆتە بەردەم مەترسی فەوتان، چونکە بە فرمانی خۆیان لە سەرەوە، بێ هیچ بەشداری خەڵک و ڕەزامەندییان، دەوڵەتەکان بڕیاری جەنگ دەدەن و کۆمەڵگەیان خستۆتە نێو کەشێکی سەربازییەوە؛ بڕوانە: بڕیارەکانی ڕووسیا بۆ جەنگ دژی ئۆکراینا، بڕیاری ئەمەریکا بۆ جەنگ دژی ڤێنیزوێلا، بڕیاری سەرۆک وەزیرانی یابان بۆ چوونە نێو جەنگ ئەگەر چین پەلاماری سەربازی تایوان بدات،، و سەدەها حاڵەتی دی. هەموو ئەو بڕیارانەش لە ئاکامی قەیرانی ئابووری و کێشمەکێشی بازرگانییەوە سەرچاوەیان گرتووە، وە بێگومان لە ئەنجامی جەنگەکانیشدا هێندەی دی قەیرانەکان قوڵتر دەبنەوە.

۳/ سەرهەڵدانەوەی دیاردەی چەتەگەری سەرمایەداران – {عادت حليمة إلى عادتها القديمة} – بۆ نموونە وەک:

  • تەقاندنەوە یان دەستگرتن بەسەر کەشتیەکان لە دەریادا؛ چەتەگەری دەریایی دەوڵەتەکان لە زیادبووندایە.
  • وەزیرانی دارایی ئەوروپا باسی بەکارهێنانی سەروەت و سامانی بەستووی ڕوسیا بۆ دابینکردنی کۆمەکی دارایی بۆ ئۆکراینا دەکەن – دەستگرتن بەسەر بڕی زیاد لە ۳۰۰ ملیار دۆلار لە سەروەت و سامانە داراییەکانی ڕووسیا کە لە بانکەکانی ئەوروپا.
  • بەخۆماڵیکردنی کارگەکانی وڵاتی چین لە ئەوروپا: لەگەڵ پەرەسەندنی شەڕی کانزا دەگمەنەکانی نێوان چین و ڕۆژئاوا، ئەوروپا گەرەکی بوو دەستبگرێ بەسەر”کۆمپانیاکانی چیپ”ی چینی لەسەر خاکەکەی، هۆڵەندا دەست بەسەر”کۆمپانیای نێکسپریای چینی”دروستکەری چیپدا(الرقائق)بگرێت. و بەخۆماڵیکردنی دەگەڕێتەوە بۆ بەریتانیا: شەڕێکە بۆ ڕزگارکردنی دوا کورەی پۆڵا لە چنگی وەبەرهێنەری چینی.
    بەڵام دەستبەسەرداگرتن بەسەر سەروەت و سامانی ڕووسیا لە بانکەکان، پایەکانی ئابووری یەکێتی ئەوروپا وێران دەکات، چونکە متمانە بە بانکە ئەوروپییەکان نامێنێ و زۆربەی وڵاتانی دیکە سەرمایەکانیان دەکێشنەوەو کارەکانیان لە شوێنێکی تر ئەنجام دەدەن.

    ٤/ نوخبەی دەسەڵاتدارانی سەرمایەداران ڕۆژ دوای ڕۆژ وەک(نوخبەێکی سەرکوتگەر و دژی پەناهەندە، گەندەڵ، جەنگخواز و بەدڕەوشت)دەردەکەون؛ بۆ نموونە:

  • نوخبەی جەنگخوازی ئەوروپا دەیانەوێت شەڕ لە ئۆکراینا بەردەوام بێت، ئەوەش لە پێناوی ڕزگارکردنی خۆیان و فراوانکردن و چەسپاندنی کۆنترۆڵییان بەسەر خەڵکی ئەوروپادا.
  • ئیهانەی ترەمپ بۆ خەڵکی وڵاتانی(ئاسیا، ئەمەریکای لاتین وئەفەریقا)، و لێدوانی ڕەگەزپەرستانەی ڕاوێژکاری ئەڵەمانیا”فریدریش مێرتز”:(پەنابەران دیمەنی شارەکانی ئەڵمانیا تێکدەدەن).
  • فەزیحەی(دوورگەی جێفری ئیپستین).
  • هاوشێوەی مرۆڤ کە دەچێتە ساڵەوە زۆر باسی ڕابردوو دەکات، سیستەمی سەرمایەداریش لە خولی پایزیدا زۆر باسی ڕابردوو دەکات و نەریەتە کۆنەکان لە(ئایین، ڕەگەز، خێڵ و بنەماڵە)زیندوو دەکاتەوە. بۆرژوازی دەسەڵاتدار جیهان بەلای ڕاستدا وەردەچەرخێنێ؛ هێندە تووند بەلای ڕاستدا کە مەترسی دەخاتە سەر وجودی سیستەمی سەرمایەداری، چونکە ستافی فەرمانڕەوای بۆرژوازی لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا نوخبەێکی جەنگخوازو سەرکوتگەرو کۆنەپەرستەو گوتارو سیاسەتی لیبڕالی گۆڕیوە بە گوتارو سیاسەتی کۆنەپارێزی ئایینی و نەژادپەرستی و ناسیۆنالیستی توندڕەو.
  • وەرزی پایزی سەرمایەداری وەرزی ناسەقامگیری کۆمەڵگە و شێواوی سیاسییە؛ وەرزی زیادبوونی تەقەکردنە لە خۆپیشاندانی مەدەنی و تیرۆر و کۆکوژی.

ئەم خولی پایزی سەرمایەدارییە سیستەمەکە دەخاتە بەردەم دوو ئەگەر:

  • ئەگەری قوڵبوونەوەی قەیرانە ئابوورییەکان تا پلەی داڕمان، و فراوانبوونی جەنگەکان تا پلەی جەنگی جیهانی سێیەم کە کۆتایی بە ژیان دەهێنێ لەسەر گۆی زەوی.
  • یان دەسەڵاتدارانی سەرمایەداری دانوستان دەکەن و ڕێدەکەون لەسەر دابەشکردنی نوێی کار و سامانی جیهان.
  • وەسفکردنی خولی داڕمانی سەرمایەداری بە (وەرزی پایزی سەرمایەداری) مێتافۆریکییە؛ واتە وەسفکردنی شتێک بە بەکارهێنانی لێکچوون یان وێنەیەک، کە بە شێوەیەکی ڕستەیی ڕاست نییە. مێتافۆریک بەکاردێت بۆ دروستکردنی وەسفێکی بەهێز و مەجازی بۆ شتێک، بەزۆری بە بەراوردکردنی لەگەڵ شتێکی تر کە تایبەتمەندی هاوشێوەی هەیە. بۆ نموونە وتنی”ژیان سەفەرە”، ئەوە وەسفێکی مێتافۆریکە بۆ ژیان، چونکە ژیان بە شێوەیەکی ڕستەیی سەفەر نییە، بەڵکو تایبەتمەندی هاوشێوەی هەیە، وەک هەبوونی سەرەتایەک، شوێنی مەبەست و دەرفەتی ئەزموونکردنی شتی جیاواز لە ڕێگادا. لێرەدا”پایزی سەرمایەداری” هەستێک و ڕوانگەێک وەسف دەکات کە مۆدێلی سەرمایەداریی ئێستا لە قەیرانی بووندایە، واتە خراپبوونی بەردەوام، کە ڕەنگە سەرمایەداری لە گۆڕانکارییەکی بەرچاو یان داڕمان نزیک بێتەوە.

    ** بۆ یەکەم جار وەسفی سەردەمی”بەهار و پاییز”-(نزیکەی ساڵی ٧٧٠-٤٧٦ پێش زایین)، لەلایەن مێژوونووسانی چینی کۆن، لە سەردەمی بەشی یەکەمی(شانشینی ژۆو)بەکارهێنراوە.
    *** بڕوانە: The World Ahead 2026 / from The Economist / 10 nov. 2025
    ڕۆژنامەی ئیکۆنۆمیست ڕاپۆرت دەربارەی ساڵی ۲۰۲٦ بڵاودەکاتەوە. ڕۆژنامەکە ڕای وایە کە وڵاتانی دەوڵەمەند لە دەرەوەی تواناکانی خۆیان دەژین، وە مەترسی قەیرانی بازاڕی بۆندەکان لە زیادبووندایە.




هێزی نەرمی چین و مەترسییەكانی بۆ هەرێمی كوردستان.. ئاگری قادر*

فراوانبوونی ئامادەبوونی دامەزراوەیی و كولتووریی چین لە هەرێمی كوردستانی عێراق- بە تایبەتی لە ڕێگەی دەستپێشخەرییەكانی پەیوەست بە دەستپێشخەری شارستانیەتی جیهانی-كۆمەڵەی شورای چین- پرسیارە گرنگەكان سەبارەت بە هەردوو مەترسییە دەستبەجێ و درێژخایەنەكان دەخاتە ڕوو. لە كاتێكدا ئەم بەشداریكردنە زۆرجار وەك ئاڵوگۆڕی كولتووری یان هاوكاری ئەكادیمی لە چوارچێوەیەكدا دادەنرێت، ئەزموونە بەراوردكارییەكان لە ناوچەكانی دیكەوە ئەوەمان پێدەڵێن كە كاریگەرییەكانی زۆر لە دیپلۆماسی نەرم زیاتر دەبن. بۆ هەرێمی كوردستان، ئەم مەترسیانە لەناكاو یان ئاشكرا نین. بەڵكو وردە وردە و چیندار و پێكهاتەیین، بە تێپەڕبوونی كات بە شێوەیەك گەشە دەكەن كە بتوانن نۆرمەكانی حوكمڕانی، سەربەخۆیی سیاسەت و دەزگای سیاسی كۆنترۆڵ دەكەن. تێگەیشتن لەم داینامیكیانە زۆر گرنگە بۆ دڵنیابوون لە مەترسییەكانی هێزی نەرمی چین بۆ هەرێمی كوردستان

مەترسییەكانی چین بۆ سەر هەرێمی كوردستان

یەكێك لە مەترسییە دەستبەجێیەكان گێڕانەوە و گرتنی گوتارە. ناوەندەكانی توێژینەوەی پەیوەست بە چین، پلاتفۆرمە كولتوورییەكان و دەستپێشخەرییە ئەكادیمییەكان زۆرجار گێڕانەوەی وردی كۆكراوە بەرەوپێش دەبەن كە جەخت لەسەر سەقامگیری، هاوئاهەنگی و دەستوەرنەدان دەكەنەوە. لە كاتێكدا ئەم چەمكانە وەك بێلایەن یان گشتگیر خراوەتەڕوو، بەڵام مەیلیان هەیە كە مشتومڕی ڕەخنەگرانە لەبارەی حوكمڕانی و مافەكانی مرۆڤ و لێپرسینەوەی سیاسییەوە بێهیوا بكەن. لەهەرێمی كوردستان، ئەمە فەزای هزری و میدیایی بەرتەسك دەكاتەوە، چونكە ڕۆژنامەنوسان، ئەكادیمیستەكان و ئەكتەرە مەدەنییەكان هەست بە فشارێكی ناڕاستەوخۆ دەكەن بۆ ئەوەی لەگەڵ گێڕانەوەی “قبووڵكراو”دا هاوتەریب بن، بە مەبەستی پاراستنی دەستڕاگەیشتن، پارەدان، یان هاوكاری دامەزراوەیی. ستراتیژییەكانی بەشداریكردنی چین زۆرجار پەیوەندییەكان لەگەڵ نوخبە سیاسییەكان، بەرپرسە باڵاكان و كەسایەتییە كاریگەرەكان لە پێشینە دادەنێن. ئەم ڕێبازە دەتوانێت كەناڵە ڕاوێژكارییە هاوتەریبەكان یان كەناڵە ڕاوێژكارییەكان دروست بكات كە لە دەرەوەی چاودێری دیموكرات یان پەرلەمانی كاردەكەن. كاتێك هاوكاری وەك تەكنیكی یان كولتووری لە چوارچێوەیەكدا دابنرێت نەك سیاسی، شەفافیەت زیاتر كەم دەبێتەوە. ئەم جۆرە بەشداریكردنە نوخبەیی، لێپرسینەوەی دامەزراوەیی لاواز دەكات و بڕیاردان لە پرۆسەكانی گشتگیر و بەشداریكردن دوور دەخاتەوە. ئەو دەزگا تازە دامەزراوانەی كە پەیوەندییان بە دەستپێشخەرییە بیانییەكانەوە هەیە زۆرجار بە باری یاسایی ناڕوون، ئیختیاری پێناسە نەكراو و لێكۆڵینەوەی سنوورداری گشتی كاردەكەن. لە كوردستان، ئەم ناڕوونییە ڕێگە بە دامەزراوە بیانییە پەیوەندیدارەكان دەدات كە كاریگەرییان لەسەر پەروەردە، گوتاری سیاسەت، یان بەرنامەسازی كۆمەڵایەتی هەبێت بەبێ ئەوەی بخرێتە ژێر چوارچێوەی ڕێكخراوەیی ناوخۆییەوە. ئەمەش مەترسییەكانی حوكمڕانی دروست دەكات و چاودێرییەكی كاریگەر لەلایەن دەسەڵاتە ناوخۆییەكانەوە ئاڵۆزتر دەكات،لە درێژخایەندا، مەترسییەكی جددی و وردە وردە وەرینی نۆرمەكانی دیموكراتەكانە. مۆدێلی حوكمڕانی چین كۆنترۆڵی دەوڵەت، یەكسانی سیاسی و ژێردەستەكردنی مافەكانی تاك بۆ “سەقامگیری” بەكۆمەڵ لە یەكەمایەتی دەكات. ئەگەر لە ڕێگەی بەرنامەكانی ڕاهێنان، دەرئەنجامی توێژینەوە، یان ئامۆژگاری سیاسەتەوە بە شێوەیەكی زیادەڕۆیی ناسێندرا، ئەم بنەمایانە دەتوانن كولتوری حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستاندا دابرێژرێ. پابەندبوون بە فرەیی، دەربڕین ئازاد و كێبڕكێی سیاسی دەتوانێت لاواز بێت- نەك لە ڕێگەی زۆرەملێی ڕاستەوخۆوە، بەڵكو لە ڕێگەی ئاساییكردنەوە. مەترسییەكانی وابەستەیی ستراتیژی و كەمبوونەوەی سەربەخۆیی سیاسەتەكانە. لەگەڵ فراوانبوونی ئامادەبوونی دامەزراوەیی چینی، وابەستەیی نەك تەنیا لە ڕووی ئابوورییەوە، بەڵكو لە ڕووی فیكری و ئیدارییەوە گەشە دەكات. بە تێپەڕبوونی كات، ئەمە دەتوانێت توانای هەرێمی كوردستان سنووردار بكات بۆ بەدواداچوونی هەڵبژاردنی سیاسەتی سەربەخۆ كە لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی پەكین ناكۆك بێت. ئەم جۆرە وابەستەییە لە كاتی قەیرانی سیاسی یان ئابووریدا بە تایبەتی مەترسیدار دەبێت، كاتێك دەتوانرێت هێڵی كاریگەری بگۆڕدرێت بۆ فشارێكی بێدەنگ یان كاریگەری. قووڵكردنەوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ چین ڕەنگە گۆڕانكاری لە چۆنیەتی هەستكردن بە هەرێمی كوردستان لەلایەن هاوبەشە نێودەوڵەتییە نەریتییەكانەوە بكات، بەتایبەتی ڕۆژئاوا كە لە مێژوودا ڕۆڵی سەرەكییان لە هاوكاریی ئەمنی، چاكسازی حوكمڕانی و هاوكاری مرۆییدا بینیوە. پێناچێت چین داكۆكی لە مافە سیاسییە كوردییەكان یان سەربەخۆییەكان بكات كاتێك ئەم جۆرە هەڵوێستانە لەگەڵ پەیوەندییەكانی لەگەڵ حكومەتە ناوەندییەكان یان دەسەڵاتە ناوچەییەكان ناكۆكن. لە ئەنجامدا، بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی كورد مەترسی ئەوە دەكەن كە لەناو حیساباتی جیۆپۆلەتیكی فراوانتردا پەراوێز بخرێن. لە كۆتاییدا، شلكردنەوەی ناسنامە و بێسیاسیكردن مەترسییەكی ورد بەڵام بەرچاوی درێژخایەن نیشان دەدات. بە پێشخستنی گێڕانەوەیەكی ناوەندی و ناسیاسی شارستانیەت و پێشكەوتن، دەستپێشخەرییە كولتووری و پەروەردەییەكانی چین ڕەنگە بەشداربن لە بێسیاسیكردنی داواكارییە شەرعییەكانی كوردی پەیوەست بە ماف، خۆبەڕێوەبەری و دادپەروەری مێژوویی. لە كاتێكدا كە ناسنامە نەسڕدرێتەوە، بەڵام ڕەنگە بە شێوەیەك كە وردە وردە ئاژانسی سیاسی و توانای كۆكردنەوە كەم بكاتەوە، دووبارە چوارچێوەی بۆ دابنرێتەوە.

وانەی بەراوردكاری

كەیسە بەراوردكارییەكان لە ئەفریقا و ئاسیای ناوەڕاست و بەڵكانەوە شێوازە بەردەوامەكان ئاشكرا دەكەن. لە ئەفریقا وڵاتانی وەك زامبیا و كینیا ئەزموونی گەشەسەندنی وابەستەیی لە ڕێگەی پارەداركردنی ژێرخانی، شەفافیەتی سنووردار، و كەمكردنەوەی نەرمی سیاسەت. لە ئاسیای ناوەڕاستدا، هاوتەریبی نوخبەكان لەگەڵ چین زۆرجار كۆمەڵگەی مەدەنی پەراوێزخراو و ناڕەزایی گشتی وروژاند. لە باڵكان، ڕێككەوتنە ناڕوونەكان ستانداردە ڕێكخراوەییەكانیان تێكدا و دەسەڵاتی جێبەجێكاری بەهێزتر كرد لەسەر حیسابی دامەزراوە دیموكراتییەكان. لە سەرانسەری ئەم ناوچانەدا سێ وانە جیاوازن: وابەستەیی وردە وردە پەرەدەستێنێت، بەشداریكردنی نوخبەیی دامەزراوەكان دامەزراوەكان لاواز دەكات، و هاوكاری ئابووری زۆرجار پێش ئیشپێكردنی سیاسی دێت. كاریگەری چین بە دەگمەن لە سەرەتاوە زۆرەملێ دەردەكەوێت؛ لەبری ئەوە، لە ڕێگەی چەسپاندنی دامەزراوەیی، پشتبەستنی دارایی و هاوئاهەنگی گێڕانەوە گەشە دەكات. لە كورتخایەندا، مەترسییەكان لە كۆنترۆڵی گێڕانەوە، هاوپژینی نوخبە و ناڕوونی دامەزراوەییدان. لە درێژخایەندا، هەڕەشەكان درێژدەبێتەوە بۆ وەرینی دیموكراتیی، وابەستەیی ستراتیژی، پەراوێزخستنی جیۆپۆلەتیكی و بێسیاسیكردنی ناسنامە. پێویستە بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ ڕەت بكرێتەوە. بەڵام دەبێت بە شەفافیەت و چاودێری یاسایی و بەشداریكردنی فرەیی و پابەندبوونی پتەو بۆ پاراستنی سەربەخۆیی سیاسی و بەها دیموكراتییەكان بەڕێوەبچێت. بەبێ ئەم جۆرە پارێزبەندییانە، ئەوەی وەك هاوكاری كولتووری دەست پێدەكات، ڕەنگە وردە وردە پەرەبستێنێت و ببێتە سنوورێك بۆ داهاتووی سیاسی كوردستان و سەربەخۆیی ستراتیژی.

*خوێندكاری دكتۆرا لە یاسای ژینگەیی نێودەوڵەتی،زانكۆی نیشتمانی تایوان




دوو وشە سەبارەت بە کتێبی (گەڕانەوە بۆ ماڵی یەکەم)ی ئەدیب نادر!.. عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

کتێبی گەڕانەوە بۆ ماڵی یەکەم (١) لە نووسینی شاعیر و چیرۆکنووس و توێژەر (ئەدیب نادر)، کە چاپی یەکەمی لە شاری هەولێر کە لەلایەن ئەکادیمیای کوردییەوە لەساڵی ٢٠١٤ چاپ و بڵاوکراوەتەوە، نەک هەر شایانی خوێندنەوەیە، بەڵکو شایانی هەڵوەستە لەسەرکردنیشە. ئەم کتێبە ڕەخنەییە بیست و پێنج بابەتی توێژینەوە و ڕەخنەیی لەخۆ گرتووە و لەهەمان کاتیشدا تەژیشە لە زانیاری و مەعریفە. نایشارمەوە لە دوو دەیەی ڕابردوودا هیچ کتێبێکی ڕەخنەیی بە ئەندازەی ( من نەیاری ڕوانگە بووم)(٢) و (گەڕانەوە بۆ ماڵی یەکەم) ڕایان نەگرتووم. هەرچەندە ئەم دوو کتێبە بە دوو میتۆدی ڕەخنەیی جیاواز نووسراون و بەدوو ئاراستەی جیاوازیش ڕێ دەکەن، بەڵام بۆ منێک کە بایەخی ڕەخنە و توێژینەوەی ئەدەبیم هەیە و بەردەوام دەست و پەنجەی لەگەڵدا نەرم دەکەم، شایانی ئاوڕلێدانەوەن. ئەم کتێبە نەک هەر تایبەتمەندی و شەقڵی ڕۆژهەڵاتییانەی پێوە دیار نییە، بەڵکو پەلی هاویشتووە بۆ زۆر جێگا و شوێنی جیاواز و لەدەرگای زۆر بابەتی داوە ( ڕۆمان، شیعر، چیرۆک، شانۆگەری) و هەر لە نووسەرانی ناسراو و نەناسراوی کوردەوە تا دەگاتە ئەستێرە گەشەکانی ئاسمانی ئەدەبی جیهانیی ( فیساریۆن بلینیسکی، ئێزرا پاوەند، تی ئێس، ئیلییەت، فێدریکۆ گارسیا لۆرکا و عەبدولوەهاب بەیاتی) ئەوەش پانتایی ئەو ڕۆشنبیرییە پانوپۆرەیە کە ئەدیب نادر خۆی پێ بارگاوی کردووە. ئەدیب نادر نووسەرێکە لەسەرخۆ و بێ هەڵپەهەڵپ دەنووسێ و بڵاو دەکاتەوە. خەمی گەورەی ئەدیب نادر خەمی ئەدەب و ڕەخنەیە نەک ناو و ناوبانگ و دەرکەوتن. هەر بۆیەشە کەمترین دەرکەوتنی ڕوو بە میدیا هەیە. بەئەندازەیەک ڕەنگە زۆر خوێنەری کوردزمان هەبن ئاشنای بەرهەمەکانی نەبن یان هەر نەیناسن. ئەمەش لە دنیای بێبەزەیی نووسین و خوێندنەوەی کوردیدا شتێکی نامۆ نییە. چونکە خودی دنیای نووسین و خوێندنەوەی کوردی وەک کایەیەکی چالاکی فیکریی مرۆڤی کورد گەلێ نیشانەی پرسیاری لەسەرە، کە باسکردنیان ئەرکی ئەم نووسینە نییە.

میتۆد و ئاڕاستەی فیکریی بینراو لەم کتێبە
ئەدیب نادری خاراو لە خوێندنەوە دوای ساڵانێک دەست بەنووسین دەکات. ئەو زۆر زوو دەست بە خوێندنەوە دەکات و وەک تینوویەکی شەیدا بۆ ئاو، کتێب لەدوای کتێب بینیان پێوە دەنێت و بۆن بە وشەکانیانەوە دەکات. بۆیە کۆنترین توێژینەوەی ڕەخنەیی نێو کتێبەکە نووسینیکە لەسەر ئێزراپاوەند کە دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی ساڵی ١٩٨٠. ئەم نووسینە و نووسینەکانی تری وەک (بەهرە و ڕەهەندەکانی تری داهێنان لای تی ئیس ئیلیەت و لۆرکا ئەو شاعیرەی ڕەنگەکانی یاخیبوونی بە مێژووی ئەدەبی ئیسپانی بەخشی و بلینیسکی سانت بووڤی ڕەخنەی ئەدەبی ڕووسیی) لەمیانی خوێندنەوەی وردی ئەو چەند نووسینەی دەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، خوێنەر هەست دەکات کە میتۆدی بەکارهاتوو لە بنچینەدا میتۆدی ڕیالیزمی سۆشیالیستیی بووە و نووسەر خۆشی دانی پێدا دەنێت، (٣) بەڵام ئەدیب نادر لەسەروبەندی چاپکردنی ئەم کتێبەدا پیایاندا چۆتەوە و دەستکاری کردوون و هەوڵیداوە لە بۆیەی بۆچوونی تێروانینی نوێی خۆی هەڵیان کێشێ و لەمەشدا بە تێگەیشتنی من غەدری لە مێژووی نووسینی خۆی و دەقە نووسراوەکانیش کردووە. بۆیە دەڵێم غەدر چونکە مرۆڤ بەردەوام لەژێر کاریگەری بۆچوونە فیکرییەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییە و بەردەوامیش لە گۆڕاندایە. بۆیە پشت کردنە هەر بۆچوون و باوەڕێک کە ڕۆژگارێک ئینسانێک باوەڕی پێی بووە یان لەژێر کاریگەریدا بووە، مافێکی ئاسایی مرۆڤە. بەڵام لەدنیای نووسین و توێژینەوەدا دەستکاریکردنی بۆچوونەکانی ڕابردوو ئەو ئاڵوگۆڕ و گەشە یان جووڵە فیکرییە کاڵ دەکاتەوە و دەیشێوێنێت. واتە کێرڤی هەڵکشان و داکشانی فیکریی نووسەر لەوێنا ڕاستەقینەکەی خۆی خاڵی دەکرێتەوە. بۆیە ئەگەر ئەمە بۆ نووسەرێکی کەم ئەزموون زۆر جێی ڕامان نەبێت، ئەوا بۆ نووسەرێکی جیددی جێی ڕەخنەیە. لەلایەکی تریشەوە ژێوان بوونەوە لە ڕێبازی ڕیالیزمی سۆشیالیستی لەئەنجامی کەوتنە ژێر کاریگەری شاڵاوی نیولیبراڵیزم کە بەهەردوو چەمکی دیموکراسی و مافی مرۆڤ کەوتنە دژایەتی ئەدەب و هونەری ڕادیکاڵ و شۆڕشگێرانە، مافی بێئەملاو و ئەولای هەر ئینسانێکە، سەرباری هەر ڕەخنە و سەرنجێکم لەسەر ڕێبازی ڕیالیزمی سۆشیالیستی. (٤) بەبۆچوونی من خوێنەری وردبین و خاوەن بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە ئەم دیاردەیەی ژیوان بوونەوە لەڕابردووی نووسین لەئەدەبی کوردیدا بەڕوونی درک پێدەکات و دەیبینێت.(٥) ئیتر جگە لەم چەند نووسینە، تەواوی توێژینەوە ڕەخنەییەکانی تر بە میتۆد یان نەفەسێکی نیولیبڕاڵییەوە نووسراون. ئەدیب نادر تێڕوانینەکانی خۆی نەشادردۆتەوە و بەئاشکرا ڕای گەیاندوون. ئەو وابەستەبوونی بەو جیهانبینییەوە ڕاگەیاندووە کە لەهەموو بوارەکانی ژیاندا بە ئەدەب و هونەریشەوە ناتوانیت ترووسکاییەک ببەخشێتە ئەم تاریکستانەی کە سیستەمی نوێی بازاڕی ئازادی جیهان ژیانی مرۆڤایەتی تیایدا نغرۆ بووە. ئەدیب نادر زیاد لە جێیەک لەو کتێبە ڕەخنە لە مارکسیزم دەگرێت و بە سەقەت ناوزەد دەکات و پێیوایە مارکسیزم مرۆڤی ئاوا بێبەها و ناچیزە کردووە. (٦) بۆیە هیج نامۆ نییە ئەگەر لە نووسینەکانیدا دەست بۆ ئەو میتۆد و ڕێبازە ئەدەبییە بۆرژوازییانە بەرێت کە سەنگەریان لە ئەدەب و هونەری شۆڕشگێرانە و ئینسانیی گرتووە. بۆیە ئەم کتێبە سەرباری هەموو لایەنە پۆزتیڤەکانی، سەرباری مەعریفەی قووڵی ئەدیب نادر لە بوارە جیاجیاکانی ئەدەب و هونەر و کردەی نووسیندا، هەمووئەمانە ناتوانن پارسەنگی ئەم دژە ڕادیکاڵەی ئەم کتێبە بدەنەوە.

زمانی نووسین لەم کتێبەدا
کتێبەکە هەر لەیەکەم دێرەوە کەدەست بەخوێندنەوەی دەکەیت، ڕووبەڕووی شێوازێکی نووسینی جوان و زمانێکی نووسینی سفت و پتەو باڵا دەبیتەوە. زمانێک کە بارگاوییە بە هێزی دەربڕین و گوزارشتکردن لە مەبەست. زمانی نووسین لەم کتێبەدا یان بڵێێن لای ئەدیب نادر دەوڵەمەندە و لە گوزارشتکردنیش بەهێزە. زمانی نووسینی کتێبەکە نەک خوێنەر لەکاتی خوێندنەوەیدا تووشی بێزاری ناکات، بەڵکو لەبری ئەوە خوێنەر دەبەستێتەوە بە ناوەڕۆکی بابەتەکان. ئەم جوانییە لە نووسین زۆر بەدەگمەن لە پانتایی ئەدەبی کوردیدا دەبینرێت. نووسینی ئەمڕۆی کوردی جگە لە خراپی دەربڕین و هەڵە بێبرانەوەکانی ڕێنووس، خاوەن زمانێکی لاوازە. من لێرەدا ئەم بۆچوونە گشتی ناکەمەوە چونکە گەلێ نووسەرمان هەن جوان دەنووسن و وەردەگێڕن و بایەخی زمانیان لایە و ڕێز لە خوێنەرانیان دەگرن. ئەدیب نادر یەکێکە لەو نووسەرانەی کە ڕێز لە خوێنەرەکانی دەگرێت. بۆیە خوێنەری جیددی و بەدەربەست کە کتێبێکی ئەدیب نادر دەخوێنێتەوە، هەست بە بەرپرسیارێتیی نووسەر دەکات لەکردەی نووسیندا. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا جێی خۆیەتی ئەو ڕەخنەیەش بگرین کە بەکارهێنانی هەندێ دەستەواژە و دەربڕین لە نووسینەکانیدا هیچ پێویست نین. بۆ نموونە ( ڕیفلێکشن، کۆمیتمەنت، ئیگزیستەنس، ئێلیمەنت، ترانسدێنتەڵ، سپەیس، ئێسێنس، ئیکۆنۆمی، ناهیومانی، کۆمپۆزئسیۆن، ئایدێنتیفیکەیشن، پرەستیژدار، کۆڵلێکتیڤ، پۆپیەلارێتی، جایەنت، ئەسپێکت، پێرفێکشن، راشناڵیی، کۆنترۆڤێرشیاڵ، لیتراتۆڵ، فیکشن و زۆری تر کە هیچ پێویست ناکات پەنا بۆ ئەو دەربڕینە ئینگلیزییانە ببردرێت لەکاتێکدا بۆ هەر یەک لەم دەبڕێنانە دەربڕینی کوردی هەن و دەتوانن هەمان مەبەست بگەێنن. کێشەیەکی تر لەم کتێبەدا ئەوەیە ئەدیب نادر وتە و قسەی ژمارەیەکی زۆر بیرمەند و نووسەر و ئەدیب و هونەرمەندی بیانیی هێناوەتەوە بێئەوەی سەرچاوەی ئەو وتە و قسانە دەستنیشان بکات. خوێنەر دەتوانێت متمانە بە نووسەر بکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مافی خۆیەتی بپرسێت کە ئەم وتە و قسانەی لە چ کتێبێک و لەچ سەرچاوەیەکەوە وەرگرتووە؟ لەلایەکی تریشەوە ئەم بێدەربەستییە لە فەرامۆشکردنی سەرچاوەکان، بەهای زانستی کتێبەکە دەهێنێتە خوارەوە. دەشی لە گفتوگۆ و مشتومڕدا ئەو وتە و قسانە بگوترێنەوە، وەلێ لە نووسیندا دروستترە سەرچاوەکانیان دەستنیشان بکرێن.

ئەنجام
کتێبی( گەڕانەوە بۆ ماڵی یەکەم)ی شاعیر و چیرۆکنووس و توێژەر ئەدیب نادر ، یەکێکە لەو کتێبە ناوازە و دانسقانەی کە کتێبخانەی کوردی پێویستی پێیەتی. کتێبێکە لێوانلێو لە زانیاری و مەعریفە. نووسەر بە تێڕوانین و بۆچوونێێکی ڕەخنەگرانەوە توێژینەوە و بابەتەکانی نووسیوە. ئەم کتێبە جگە لە ئاوڕدانەو لە ژمارەیەک نووسەری کورد، لای لە گەلێ نووسەر جیهانییش کردۆتەوە و خوێندنەوەی بۆ کردوون. زمانی بەکارهاتوو لەم کتێبەدا پاراو و سفت و جوانە، وەلێ گەلێ وشی ئینگلیزی ئاخنیوەتە نێو بابەتەکانەوە کە هیچ پێویست نین و دەیتوانی هەر بە وشەی کوردی گوزارشتیان لێ بکات. هەورەها وتە و قسەی ژمارەیەک بیرمەند و نووسەری ‌هێناوەتەوە بێئەوەی سەرچاوەکانیان دەستنێشان بکات. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەم کتێبەی ئەدیب نادر شایانی خوێندنەوەیە.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
کەنەدا / ناوەڕاستی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥

—————————————-

پەراوێزەکان:
(١)ئەدیب نادر، گەڕانەوە بۆ ماڵی یەکەم، توێژینەوە و ڕەخنە، لەبڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای کوردی، چاپی یەکەم، ساڵی ٢٠١٤.
(٢)فوئاد مەجید میسری، من نەیاری ڕوانگە بووم، چاپخانەی تاران، چاپی یەکەم، ٢٠٢١.
(٣)ئەدیب نادر، گەڕانەوە بۆ ماڵی یەکەم، توێژینەوە و ڕەخنە، لەبڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای کوردی، چاپی یەکەم، ساڵی ٢٠١٤، لاپەڕە ٣٠.
(٤)بۆ زیاتر ئاشنابوون بە دید و بۆچوونەکانی من لەسەر ڕێبازی ڕیالیزمی سۆشیالیستی بڕوانە کتێبی ( نیولیبراڵیزم و ئەدەبی پرۆلیتاریی کوردی، لەبڵاوکراوەکانی پڕۆژەی ڕێگە، چاپی یەکەم، ٢٠١٩.
(٥)کەم نین ئەو نووسەرە ڕادیکاڵ و چەپ و کۆمۆنیستانەی کە ڕۆژگارێک دەقیان بۆ کرێکاران و سوشیالیزم نووسیوە و پاشان لەگەڵ ئاڵوگۆڕەکانی دنیادا، کاتێک دیوانەکانیان چاپ دەکەنەوە ئەو شیعرە سۆشیالیستییانەی لێ دەردەکەن یان دەستکاری دەکەن و بەدڵی سەردەمەکە ئارایشتی دەکەن.
(٦)ئەدیب نادر، گەڕانەوە بۆ ماڵی یەکەم، توێژینەوە و ڕەخنە، لەبڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای کوردی، چاپی یەکەم، ساڵی ٢٠١٤، لاپەڕە ٣٧.




کتێب\ دیداری یەكەمی شانۆیی نووسەر و هونەرمەند تەڵعەت سامان.. ئامادەکردنی: فەرەیدوون سامان

بۆ خوێنەنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




کتێب\ ملمالنێی ئەمریكا و ئێران لە خۆرهەاڵتی ناوەڕاستدا.. عوسمانی حاجی مارف

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




ئەی ئەگەر بارانێکی تر باری !!؟.. نەوزاد بەندی

خەڵکێکی دڵسۆز و ماندوونەناس و گیانفیدا و خێرخواز و بە ئەمەگ و نیشتمانپەروەر + خەڵکێکی هەلپەرست و تیکتۆک پەرست و خۆپەرست و ماستاوچیی و زلی بێهونەر و بەرژەندیی خواز و ڕیکلامچی و ( لایک و کومێنت و فۆڵۆ و سەبسکرایبخواز) بەردەوام سەرقاڵی شوێنەواری وێرانکەری لافاوەکەی چەمچەماڵ و تەکیەن، چۆن شارەکە پاک بکەنەوە و ماڵەکان ڕێک بخەنەوە و ..پێداویستییە ڕۆژانەکانی زیانلێکەوتووان دابین بکەن ..ئەمەیش لوتکەی مرۆڤایەتیی و ئەرکە مرۆڤایەتییەکانە لە ئاستێکی باڵادا .. بەڵام وەک چۆن هەنگوین، عادیی و ئەسڵیی هەیە ..وەک چۆن مۆبایل ئەسڵی و عادیی هەیە، بە هەمان شێوە مرۆڤایەتییش ئەسڵی و عادیی تێکەوتووە.. فریادڕەسگەلێک هەن نە ناویان دیارە، نە کەس ئەزانێ کێن، نە وێنە ئەگرن، نە ئەهێڵن هیچ کەسێکیش وێنە و پیاهەڵدان و قوربان قوربانیان بۆ بکات.. ئەمانە هەستی ئاینیی و نیشتمانیی (کە لە ڕاستیدا یەک هەستن ) ئەیانجوڵێنێ، بیر لە دەسکەوت و حەقدەست و شت ناکەن، وەک ماندێلا ئەڵێ ئەوانەی کە داوای حەقدەستی خەباتی نیشتمانیی ئەکەن، لە بێڕەوشتترین کەسەکانن.
جۆری دووەمی مرۆڤایەتیش،یان جۆرە عادییەکەی، خەڵکێکن لەبەردەم کامێرا نەبێ کاری خێرخوازیی و کۆمەکیی خەڵک ناکەن، لایڤ لە تیکتۆک ئەکەنەوە و لەگەڵ کارە خێرخوازییەکانیاندا ئەڵێن : ڕەحمەتتان نەبێ لایکی شاشە بکەن، ڕەحمەتتان لێ بێ فۆڵۆمان کەن، شەیرمان کەن، کۆمێنتتان بیر نەچێت ..!!
ئەمانە لە ڕووکەشدا مرۆڤایەتیی ئەنوێنن، بەڵام لە ناخدا ئاڵ و وێڵ بە مرۆڤایەتییەوە ئەکەن، یاری بە ژێی هەست و سۆزی میللەت ئەکەن و وایان لێدەکەن جزدانەکانیان بۆ بکەنەوە و بەو پەڕی ڕەزامەندییەوە داوای ژمارەی مۆبایل و ژمارەی کریدیتەکانیان لێ بکەن بۆ ئەوەی بە مەمنونیەوە پارە و قوتی مناڵەکانیان بۆ بنێرن..ئینجا ئەم ئاڵ و وێڵکەرانە، بەوەیشەوە ناوەستن کە چەپڵە و وێنە و ئافەرین و پارە و لایک و فۆڵۆ و سەبسکرایب و کۆمێنتی خەڵکەکەیان لوش کردووە، لێرە و لەوێ لە ڕێی هەوادارەکانیانەوە داوای پۆستی باڵا و کورسی دەکەن..
ئیتر ئەم دوو جۆرە لە مرۆڤایەتیی هەیە، هەردووکیشیان لەگەڵ یەکتریدا سەرقاڵیی گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی خەڵکی چەمچەماڵ و تەکیەیە .. یەکێکیان بێدەنگ و بێ وێنە و بێ لایڤ و بێ بەرامبەر .. ئەوەی تریشیان بە هات و هاوار و اللە اکبر و ڕەحمەت ناردن و جنێو و دەستڕێژ و لایڤ و وێنە و تیکتۆک و ئینیستیگرام و داواکردنی پلە و پۆستەوەیە..
ئەمانە هەموو تێکەڵاو بوون، لە هەوڵی ئەوەدان خەڵکی چەمچەماڵ و تەکیە بگەڕێنەوە بۆ ژیانی ئاسایی خۆیان، هی پێش لافاوەکە ..
بەڵام ئەپرسم ژیانی ئاسایی چەمچەماڵ و تەکییە چۆن بوو ؟ یان ڕاستتر ئەم هەموو هەوڵە ڕەسەن و فەیکە کە ئەدرێن لە پێناوی گەڕانەوەی خەڵکەکەیە بۆ چ جۆرە ژیانێ ؟ ژیانی ئاسایی واتا ژیانی بێ دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان، ژیانی دوکەڵ و تەپ و تۆزی کۆرمۆر و پاڵاوگەی حیزبیی و پێ لەقە، ژیانی پڕ ژاوە ژاو و دوکەڵ و شەقاموێرانکەری تەنکەرە نەوت و نەفسا، ژیانی بێ موچەیی، ژیانی بێ نەوتیی، ژیانی بێ بەرنامەیی و میلیشایی و بێ یاسایی و خێڵگەرایی و بنەماڵەگەرایی و ئاغایەتیی و کوێخایەتیی ..
باشە وەک کابرای دەشتەکیی ئەڵێ خوامەرگ ..خوامەرگ .. ئەگەر ئەمە ژیانە ئاساییەکە بێ ، سەد ڕەحمەت لە مەرگ و هەر چی شتی نائاساییە..
لە کۆتاییدا لە دەسەڵات و خەڵک ئەپرسم، باشە ئەی ئەگەر بارانێکی بە خوڕی تر باری؟ چیتان کردووە بۆ ئەوەی جارێکی تر شار و ماڵ و قوتابخانە و قوتابی ئاو نەیانبات؟ یان بە تەما نین بارانی تر ببارێ ..کورە دەی ،ئەگەر باریش خوا گەورەیە، خوا کڵاوی بۆ بەڕوو دروستکردووە.. قابیلە چی ئەبێ ؟ ئەو پەڕەکەی جارێکی تر دوو سێ هەزار ماڵ وێران ئەبێ و .. هەڵبەت خەڵکەکەیش لە هەوڵ و کۆمەک و خەمخۆریی ڕاناوەستن ..موسوڵمانان ئەڵێن ژیانی موسوڵمان پڕە لە کارەسات و ئەبێ ئاسایی بێ بە لامانەوە .. ئەوانی تریش ئەڵێن هیچ نییە ، نزمە پاڵەپەستۆیەکی سپارتا ئەنجیلینا ئۆرانۆسی دەریای ناوەڕاستە، هەفتەکەی تر خەڵکەکە ئەگەڕێنەوە بۆ سەر ژیانی ئاسایی خۆیان ..!

نەوزاد بەندی




مــــــاچ.. شیعری\ نەوشیروان ئازاد

تەنیا
ماچێکم بدەرێ ،
ئەی سورەگوڵ،
تەنیا …ماچێک
گەلێ ماندووم ،
ماندووی ڕێگایەکی دوور . لێم مەپرسە ،
ڕێبواری کوێم ،
لەکوێ هاتوم ،
بۆ کوێ ،دەچم ،
من ڕێگەی، عەشقم
لێ وونە ،
دەرگای دڵم
نادۆزمەو ،
تۆ نازانی ،
کە من لەکوێم ؟
منم وونم….
یادنیایە ، لەمن وونە …….. تەنیا ،
ماچێکم بدەیە ،
ئەی سورەگوڵ…
تەنیا ماچێک و هیچی دی .. زۆر شەکەتم …
تینو و برسی ،
شاعیرێکم سەرلێ شێواو بەدوای ناوی خۆما وێڵم ،
تۆ نازانی ، چیەناوم؟
تۆ نازانی کە یەکەم جار ،
بەچ زمانێ ،
بانگ کراوم ؟ ………..
تەنیا ماچێکم پێ بدە ،
ئەی سورەگۆڵ
تەنیا…یەک مـــــــاچ
بەڵێن بێ ، کەناوت نابەم ،
لای هیج کەسێ باسی ناکەم عاشقێکم بێ ناونیشان بەدوای تیشکی خۆرا وێڵم ، ئەی تۆ ..جێی خۆر پێ نازانی بەڵێن بێ کە دۆزیمەوە ، ڕازەکانت نادرکێنم … بۆساڵیادی یەکەم ماچت پڕشنگی خۆرت بۆدێنم
…………
تەنیا ماچێک ،
ئەی سورەگوڵ ،
تەنیا ماچێک و هیچی تر… دێوانەیەکی سەرشێتم بەدوای شەمی خێڵا وێڵم ، لەم لاڕێیە ،
تۆ کۆچی یارت نەدیوە؟
لەکوێ دەواریان هەڵداوە؟ چاوی سەرنج ..
لەکوێ بدەم ،
لەکام لاوە.
…..
تەنیا ماچێک ،
ئەی سورگوڵ ،
تەنیا ماچێک و
هیچی تر تەنیا ،
م
ا
چ
ێ
ک
………….
نەوشیروان ئازاد
كوردستان




باری فریاکەوتن.. شیعر\ کەنعان مدحەت

دەمەوێ پێش کات کەوم
پێم لە نمونەی شەوە نەکەوێ
دوو دنیای جیاواز
سەر بە دوو فەرهەنگ
ئایدیا و
هەڵسوکەوتی لە یەک نامۆتر
ڕازی بە قەدەر
بۆ ئەوەی جێ پێ هەڵگر نەبم و بەشێ
لە بڕینی قوتی دارا و نازدار

حەزم دەکرد پاش کات کەوتبام
لە شارە ئەسێرەیەکی بێ نەوت و غازا
لە دایک ببام
لە قەراغە جۆگەی باخێکا
ڕەشە ڕەیحانە
لە سنگە هەورازی شاخێکا
سەنگەری ئاشتی
لەگەڵ هەڵاتنی ڕۆژیشا
دەسکە گوڵە کێویم بۆ قازی و
شێخ سەعید و شیخ مەحمو بناردبا

ببورن
پەلەمە!
کەسانێ، لە دەرگای حەوشەما
بۆ پاروویە نان
چوونەتە تکا..
پیرە پێاوێ، هێز، پشتی لێکردووە و
ناگا بە گۆچان
بۆ مژە هەوایە دەر و دەشت بکا
مناڵێ
بووکەشوشە شڕەکەی
لێی دەخوڕێ؛ ژیر و بێخەم بە
سێ مانگی دی کە موچە
لە هەوارا بار دەخا
خۆم، شیر و دایبی و لانکەت بۆ دەکڕم و
هەر بە خۆیشم پاشماوەی قنگی هەرێم دەسڕمەوە




نوخبەی شیعر بەرەو کوێ؟.. سۆران محەمەد

پێشەکی:
لە هەموو دەورو زەمانێکدا شیعری باش و خراپ بوونی بووە، ئەوەی باش بووە مانەوەی بۆ خۆی مسۆگەر کردووە، ئەوەش خراپ بووە هەر زوو لە سەردەمی نووسیارەکەیدا لە بیرچووەتەوە، لەم نێوەندەشدا شاعیری کەم بەهرە لە ژیانیاندا زیاتر دەناسرێن، چونکە دەچنە هەموو کونێكەوەو سەربە هەموو کونێکدا دەکەن بۆ ناسین، کە لێرەدا خۆیان دەبنە هۆکاری ناساندنی خۆیان وەكو شاعیر، نەك بەرهەمەکانیان ناسنامەی شاعیرێتیان پێبدات، بەڵام بە مردنیان لە بیر دەچنەوە، بە پێچەوانەی شاعیری ڕاستەقینە کە زۆرجار لە ژیانیاندا ناناسرێن و وەك پێویست بایەخیان پێنادرێت و بگرە ستەمیان لیدەکرێت و دەنگیان کپ دەکرێتەوەو دژیان دەجەنگن، بەڵام لە دوای مردنیان باس دەکرێن.
فريدريك هۆڵدرلينی ئەڵمانی (١٨٤٣ – ١٧٧٠)و شیلی ئینگلیزییش (١٧٩٢-١٨٢٢) لە ژیانیاندا وەك شاعیر سەیرنەکران، بەڵام دوای خۆیان و ئێستاشی لەگەڵدا بێت کارەکانیان جێی لێوردبوونەوەیەو کاریگەرییان بەسەر شاعیرانی ناوداری دوای خۆیانەوە جێهێشتووە، بە نموونەی ڤان کوخی هۆڵەندی(١٨٥٣-١٨٩٠) کە لە ژیانیدا تەنیا یەك تابلۆی فرۆشت و کەچی ئێستا تابلۆکانی بەهەموو ڕێگایەك هەوڵی دزینی دەدرێت لە لایەن دزە موحتەریفەکانەوە لەبەر بەها هونەریی و ماددیەکانیان.
ئەمە ئەوە ناگەیەنێت ئەم پێوانەیە بۆ هەمووان ڕاست بێت، شاعیری واش هەیە کە بەخت یاوەری دەبێت و لە ژیانی خۆیاندا بەهرەکانیان کەشف بووەو ناسراون و شاعیرە سادە نووسەکانیش لە قۆناغێك لە قۆناغەکانی نووسینیاندا هەرخۆیان ساردبوونەتەوەو وازیان هێناوەو بەرۆکی شیعریان بەرداوە، ئەوانەش کە ڕۆژێك لە ڕۆژان چەپڵەیان بۆ لێداون شتێکی ئەوتۆیان لە شیعر نەزانیوەو تەنیا دەربڕینیان لە هەستی ساتەکی خۆیان کردووە بەرانبەر ئەو شیعرە.


شیعری باش وخراپ:
لە کۆن و نوێدا زۆر باسی پێناسەی شیعر کراوەو لەگەڵ ئەوەشدا لە هەر زەمانێکدا تەرزێکی جیاواز لە شیعر ڕەواجی بووەو دواتر بە پێی پێشکەوتنی ژیان و عەقڵ و تێگەشتن و چەشەی مرۆڤ و گۆڕانکارییە هەمەکییەکان، شیعرو ستایڵ و زمانی شیعریش گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، تەنانەت زمانیش لەبەکارهێنانی ڕۆژانەیدا لەم گۆڕانکارییانەدا پشکی خۆی بەردەکەوێت.
بەڵام بۆ ئەوەی بە دەقێك بوترێت شيعر، کە قسەمان لێرەدا لەسەر (شیعری ئازاد)ه دەبێت کە چەند بنەماو خاسییەتێکی شیعر هەیە تێیدا بوونی هەبێت، تا پێی بگوترێت شیعر، لەوانە ڕەچاوکردنی زمانی شیعر کە لە زمانی ئاسایی و قسەکردن باڵاترو چڕترو مۆسیقیتره، ناکرێت لە ژێر ناوی شیعری ئازاددا هەرچییەك بنووسرێت بە شیعر ناوببرێت، بەو واتایەی خۆداماڵین لەهەموو مەرجبوونێكی شیعر و شیعرێتی بەناوی داهێنانەوە، چونکە شیعر خۆی لە خۆیدا دەربڕینێکی هونەرییە نەك ئاسایی، بۆ نموونە گەر دەقێکی دانائامێز لەسەر شێوازی ستوونی بەرهەم بهێنرێت دەکرێت ناوببرێت بە دانائامیزیی یان فەلسەفی یان هزریی یان ڕامیاری بەڵام ناکرێت ناوببرێت بە شیعر، شیعر سەلیقەو کارکردن و خرۆشاندن و تییمەو وێناندنی ئەندێشەیی پێویستە، دوور لەم جوانکارییە زمانەوانییانە خاڵی دەبێتەوە لە ڕەگەزەکانی جیاکاریی و داهێنانی شیعریی، وەك بەداخەوە لە زۆر دەقی بڵاوکراوەی ئەمڕۆدا بەرچاو دەکەون و خوێنەر لە کاتی خوێندنەوەیاندا بەر هیچ جیاوازیی و داهێنان و خۆ ماندووکردنی شاعیرەکەی ناکەوێت، ڕاستە بەهرە هەموو شتێك نییە، بەڵام شاعیری بێ بەهرە ناتوانێت شیعر بنووسێت، کە لێرەدا بونیادو تیمەی شیعر دەکرێت بە (لێشاوی بەهرە) بناسرێت کە دەرگای چوونە ناو نووسینی دەقێکی شیعرییە و ئیتر کارکردنی شاعیرەکە ڕۆڵ دەبینێت لە بەئەنجام گەیاندن و تەواوکردنی شیعرەکەداو شەونخونی بە چنین و ڕازاندنەوەی زمانەکەی و ڕەگەزە بەشداربووەکانی ناو شیعرەکە.
لە لایەکی تریشەوە دووبارەکردنەوەی کۆنەکان بە ناوی نوێخوازییەوە خوێنەری بەئاگا توشی سەرەگێژە دەکات، بۆ نموونە گەر شارل بۆدلێر یان مالارمێ بە باوکی روحی سیمبوڵییەت بناسرێت و ئارتۆر ڕامبۆ بە باوکی روحی سوریالیەت ناوزەد بکرێت، ئەوا چ هونەرێکی تێدایە ئێستا شاعرێك بێت و سیفاتی سەگانە بکاتە ناونیشانی شیعرێکی یان دیوانێكی؟ ئەوەتا ڕامبۆ لە شیعری (دیموکراتی)دا دەنوسێت:” ڕابواردنی زیاتری سەگانە ” یاخود ڕۆڵان بارت لە لاپەڕەکانی سەرەتای ڕەخنەو حەقیقەتدا سەبارەت ئەو هێرشانەی کرانە سەری لە لایەن ڕەخنەنووسی پێشین (بیکار)و هەندێکی ترەوە دەنووسێت: “دەکرێ ڕەخنەی نوێ لە ژێر ئیمپراتۆری دووەمدا دادگایی بکرێت: کە ئاوەز بریندار نەکات بە وەستان دژە ڕێسا سەرەتاییەکانی فیکری زانستی و گۆکراو، لانی کەم بەر ئاکاری گشتی نەکەوێت، لە هەموو بۆنەیەکدا تاوانبار نەکرێت بە بزواندنی هەستی جنسی، بەر ئاوەڵاو سەگیی…ئایا ئەمە مەترسیدار نییە گەر بەرانبەر ئەقڵ و هونەر و هەموو بیرێکی پێچەوانە بخرێتە گەڕ، ئەمە ترسە لە نوێبوونەوە “
دەزانم ئەم قسانە جێی ڕەزامەندی زۆر لە هەوداران و سادەنووسانی شیعر نییە، بەڵام وەکو عەلی وەردی دەڵێت: ڕۆژێك بە دراوسێکەمانم گوت: دەنگی کەڵەشێرەکەتان چیدی نایەت؟ لە وەڵامدا وتی: دراوسێکەمان دەیگوت بەیانیان دەخوێنێت بێزارمان دەکات؛ منیش سەرم بڕی..لەو کاتەوە زانیم ئەوانەی خەڵك هوشیار دەکەنەوە چارەنووسیان ئاوها دەبێت.
ڕەخنەگر دۆستی شاعیرەو لە بەرژەوەندی ئەو دەنووسێت و ماندوو دەبێت، بەڵام لای ئێمە پلاری تێ دەگیرێت و دژی دەجەگن، گەر ڕەخنە نەبێت ئەدەبی باشیش بوونی نابێت، لەبری ئەوەی کاکی شاعیر بچێت بۆ لای ڕۆژنامەوانێك تا لەسەر شیعرەکانی بنووسێت کە زۆربەی موجامەلەی بێ بنەمای زانستییە، بۆچی ناچێت بۆ لای ڕەخنەگرێك، تا پێش بڵاوبوونەوەی بەرهەمەکانی بە دەقەکاندا بچێتەوە؟ مەگەر ئەو بەرهەمانە نابنە موڵکی و لەسەری حساب ناکرێت؟
من وەك خوێنەرو موتابەعەکارێك مافی ئەوەم هەیە سەلیقەم تێك نەدرێت بە دەقی خوارو خێچ، تۆش کە شیعر دەنووسێت دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بکەیت کە شیعرەکەت بە چەشەی هەمووان ناخوات و گەدەی شیعریی هەمووان ڕەنگە پێیان هەرس نەکرێت، لە هەموو حاڵەتەکاندا ئەمە دیاردەیەکی تەندروستەو دەبێتە هۆی بەرپابوونی ئارگیومێنتی بونیاتنەرانە، مادام لە دەق بترازێت باس لە هیچ شتێکی دەرەکی و کەسێتی شاعیرەکە ناکرێت.


جەماوەری سۆشیال میدیاو جەماوەری دەقی باش:
بەرکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە پێی پێویست و لە پێناو سوود وەرگرتنی مەعریفیدا دادەنرێت بە خاڵێکی ئیجابی، بەڵکە پێداویستییەکی سەردەمیانەیە کە ئاسانکاریی بۆ بەڕێوەچوونی کاروباری مرۆڤ لەم سەردەمە خێرایەدا دەکات، بەڵام بە پێچەوانەوە گەر بۆ کات کوشتن و خۆ مەشغوڵکردنی (کاتەکانی بێ ئیشیی) بێت، ئەوا سەردەکێشێت بۆ زیانگەیاندن بە خۆو بە کەسانی تر، هەرواش زۆربەی ئەوانەی خەریکی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانەن خوێنەری سەرپێیی و خێران، بە پێچەوانەی جیهانی پڕ ڕامان و هێمن و قووڵی شیعرەوە کە پێویستی بە هەزمکردن و لێوردبوونەوەیە، من جارێك تەماشای شیعرێکی ئەو تۆڕانەم کرد بینیم ١٦ لایکی بۆ دانرابوو، کە کلیکم کرد تا دەقەکە بخوێنمەوە بینیم ١٢ جار ئەو شیعرە خوێندراوەتەوە بە منەوە! ئەمە ئەگەر بەڵگەی هەر شتێك بێت سەرەتا جەختکردنەوەی ئەو ڕاستییەی سەرەوەیە، پاشان لەوەش خراپتر؛ هەیە تەنانەت پۆستەکەش ناخوێنێتەوە لایكی دەکات و دەستخۆشی دەنووسێت، کە ئەمە لە ڕاستیدا سەرلێشێوانی شاعیرو بەلاڕێدابردنییەتی، چونکە شاعیر بەم لایك و کۆمێنت و دەستخۆشییانە هەڵدەخەڵەتێت و پێی دەخلیسکێت و وادەزانێت باشترین شاعیرەو کەچی لەولاوە گەر پیشانی کەسێکی شارەزای بدات سەیر دەکات شیعرەکەی پڕ لە هەڵەو کەموکوڕیی و کاڵوکرچییە، لێرەوە هۆکاری ئەوە دەردەکەوێت بۆچی شیعری باش کەمترین لایکی بۆ دەکرێت؟ هۆکارەکەش ئەوەیە کە ئەوە شوێنی ئەو شیعرانە نییە، چونکە خوێنەری ئەو شیعرانە لەوێدا نابینرێن، چونکە ئەوان خەریکی کات کوشتن نین بەو تۆڕە کۆمەڵایەتیانەی هەندێك کەس موعتادی بوون کە تا ئێستاش لە ئەدەب و هونەرو مەعریفە هیچ فێر نەبوون. جەماوەری هەر بابەتێك شوێن و کاتی خۆی هەیە، بۆیە گرنگە کاتێك شاعیر شیعر دەنووسێت بزانێت خوێنەرەکانی کێن؟ ئەو کاتە دەزانێت ئاستی شیعرەکەی لە کوێدایە، ڕۆژێك برادەرێك گوتی: باشترین فرۆشی کتێبی شیعر؛ شیعری مۆبایلە. باسی کتێبێکی لەو بابەتە کرد کە چۆن ٢٠ هەزار نوسخەی لێ چاپکراوەو لە بازاڕدا نەماوە، کتێبی جددیش لە ساڵێکدا ڕەنگە چەند دانەیەکی لێ بفرۆشرێت. ئەوە باسمان لەوە نییە کە بەراوردی لایکی مۆدێلەکان یان یاریچی تۆپانێ بەو شاعیرەی ١٦ لایکی بۆ کراوە بکەین و لەگەڵ ئەمەشدا کە هەمووشیان شیعرەکەیان نەخوێندووەتەوە. چ کارەساتێك هەست پێدەکەین کاتێك ببینین مۆدیلەکە سەدان هەزار لایکی بۆ بکرێت! ئەمە دیاردەیەکی کوشندەی کۆمەڵایەتییەو پێویستی بە لێکۆڵینەوەی سۆسیۆلۆژی ئەکادیمی و قووڵ هەیە کە بەرەنجامەکەی زەنگی مەترسی لێدەدات بۆ کۆتایی هاتنی سەردەمی ڕەسەنایەتی و شیعری جددی و چینی نوخبەی خوێنەران، لەو لێشاوە کوێرانەیەدا بەها ژێر پێ دەکەوێت و چی دی نابێتە جێی بایەخ، لەم دووڕیانەدا مردنی ڕاستەقینەی میللەت ڕوودەدات، بە شکستی بەرهەمی باش و دەرکەوتن و برەوی شتی خراپ. لێرەدا گرنگە مرۆڤ شوێنگەی ڕاستەقینەی خۆی بدۆزێتەوە تا نەسووتێت بە دەرد و پەتای ئەو شەپۆلە.


ئایا شیعر بە تەنیا مەعنایە؟
شاعیری ئینگلیزی تۆماس گرەی ١٧١٦-١٧٧١ لە وەسفێکی چڕی شیعردا دەڵێت:
“Poetry is thoughts that breathe, and words that burn.”
مانای: شیعر هەناسەدانی بیرۆکەکان و سووتانی وشەکانە.
وەکو زانراوەو گوتراویشە: شیعر سۆزو ئەندێشەیە، ئاماژەو نیشانەیە، چڕبوونەوەی دەلالەتە، یان تەقینەوەی چڕی هەست و نەستەکانە، کەواتە لێرەوە دەردەکەوێت کە زاراوە و زمان ڕۆڵێکی بەرچاودەگێڕێت لە سنعەتی هۆنینەوەی ئەو هەستە ناخەکیانە کە لە هیچ ژانرێکی تری وێژەییدا جێی نابێتەوەو یەکسەر لەگەڵ گیاندا یەکانگیر دەبێت کە خوێنەر پێی دەگات، جادوی خۆی لەسەری دەڕێژێت. لەم نێوەندەشدا وشەسازی و پشت بەستن بە بەش و زانستەکانی ڕەوانبێژی ڕۆڵێکی باش دەگێڕێت تا شیعر لە قسەی ڕۆژانە جیا بکاتەوەو ئەو وێنە مەجازییە شیعرییانە بكێشرێت کە بەهیچ جۆرێك کۆپی ڕاستەوخۆی واقیع نییە، بەڵکو پێکهاتەیەکی تێکەڵەو بە دەزوویەکی باریك شاعیر لەگەڵ واقیعدا گرێی دەدات و سەلیقەی داهێنان و مەیدانی کارکردنی لێرەدا دەردەکەوێت، کە تا چەندێك تازەن و چاولێکەریی و دووباەکردنەوە نین.
هەیە بۆ نموونە لە ژێر ناوی رەخنەی ڕادیکاڵی و بە تەنیا بینینی گوتارو تییمەی دەقدا هیچ لە پێکهاتە سەرەکییەکانی شیعر نابینێت و دەیەوێت ڕەخنە لە دەقێك بگرێت، هەر وەکو ئەوەی ڕەخنە لە هەڵوێست یان گوتارێکی سیاسی بگرێت، بێ ئەوەی بزانێت شاعیر تا چەند وردەکارانە، جوانییە فەرامۆشکراوەکانی ژیان دەکاتە دەقێك و دەمانهەژێنێت، ئەو دەقە پێش ئەوەی لەگەڵ ئاوەزدا بدوێ، لەگەڵ دڵ و سۆزو هەستەکانماندا دەئاخفێ.
ئەگەر بڵێین بەشێك لە پێکهاتەی هەموو زاراوەیەك مانایەو بە خستنە پاڵ یەکتری، شاعیر ڕێگای نوێ دەدۆزێتەوە بۆ دەربڕین کە پێش ئەو ئەنجام نەدراوەو لەو میانەیەدا شتێکی نوێمان بە زمانی ناڕاستەوخۆو پڕ کۆدی چڕی شیعر پێشکەش دەکات، کەواتە مانا و پەیامی پشت وشەکان بەشێكی شیعرن نەك هەموو، ئەویش دەکرێت ڕاستەخۆو ئاشکرابن یان شاراوەو ناواخندار، یان زیاد لە مانایەك لە دووتوێیاندا خۆی وەشاردبێت. بەڵام هەرگیز شیعر شەرح و ڕوونکردنەوەو درێژدادڕیی نییە، کاتێك زمانی شیعر گەیشتە ئاستی قسەی ڕۆژانە ئەوا لە هونەرکاریی خۆی دادەماڵێ و خواحافیزی لێ بکە.
ئەگەر نا، ئەوا وتاریش کە هەڵگری چەمکی مانایە، دەبوو وەك شیعر تەماشا بکرێت، یاخود پەخشان و نامەو ڕێپۆرتاژو ..تاد، بەڵام ئەوەی شیعر لەمانە جیا دەکاتەوە لە میانەی مانادا، چڕی و خەستییەکەیەتی لە شیعردا، کە ڕەنگە هەر بە ئاماژەیەك دەربڕینی لێ بکرێت، ئەمەش دەبێت لە فۆرم و ستایڵی تایبەتی شیعردا بێت نەك شتێکی تر، ئەمانە ڕاستییەکن هەر لە سەرەتای قۆناغی زارەکی فۆلکلۆری و لاواندنەوەکانەوەو تا دەگاتە کلاسیك و ڕۆمانتیك و سیمبوڵیزم و ڕیالیزم و مۆدێرن ئەو بنەما سەرەکییانەی پێشوو باسمان کردن کەم تا زۆر پەیڕەوکراون، بەڵام لە هەر قۆناغێکدا چەند لایەنێك زاڵبووە بەسەر ستایڵە شیعرییەکاندا، بۆ نموونە گەر لە قۆناغی کلاسیکدا کێش و سەرواو وەزنەکان و مەنتیق بەمەرجی سەرەکی دانرابن، بەڵام لە هەمان کاتدا هەست و هەژان و سۆزو هونەرەکانی مەجازو ڕەوانبێژی تیایاندا بوونی بووە، بەهەمان شێوەش کاتێك لێشاوی شیعری ڕۆمانتیك و شیعری ئازاد پشتی لە کێش و سەرواکردو شیعری لە هەندێك مەرج ئازادکرد کە بەکۆتی بەردەم داهێنان دەیانبینییەوە، بەڵام نەیتوانی خۆی لە مۆسیقاو ئیقاع و ڕەوانبێژی و چڕبوونەوەو وێنە ڕزگار بکات. کەواتە ئەوەی ناوەڕۆکی شیعرو هونەرەکانی تر لەیەکتر جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە لە شیعردا هزرو هەست و سۆز بەمانایەکی تر بوارەکانی(ئاوەز، دڵ، دەروون) تیایاندا ڕۆڵ دەگێڕێت لە بەرهەمهێنانیدا و هیچ یەكێکیش لەوانە نییە بە تەنیا، بۆیە لێرەوە دەتوانین بڵێین ئەستەمە پێناسەیەکی دیاریکراو بۆ شیعر دابڕێژین کە پڕاوپڕی خۆی بێت و لە چەند وشەیەکدا کورتی بکەینەوە. هەرچەندە زۆر لەم بارەوە گوتراوەو نووسراوەو هەرکەسە لە دیدو تێڕوانین و سەلیقەو تێگەیشتنی خۆیەوە تەماشای شیعری کردووە. ڕەنگە ئەمە بێت وای لە شاعیری ئەمەریکی بەناوبانگ ڕۆبەرت فرۆست کردبێت بڵێت: “شیعر ئەو هەستانەیە کە بیرۆکەی خۆیان دۆزیوەتەوە، و بیرۆکەکانیش وشەکانیان دۆزیوەتەوە”.
مەخابن ڕەنگە لەمڕۆدا نووسینی شیعری ئازاد زۆر ئاسان تەماشا بکرێت، بۆیە نووسیارانی هێند زۆربوون و شیعری کاڵوکرچ لە برەودایە، دەبوو بزانرایە بە تەنیا زانین و زانیاری بەس نییە بۆ شیعر نووسین، بەڵکو بەهرەو سەلیقەو کارکردنی لەگەڵدایە، چونکە شیعر کیمیاو فیزیا و جوگرافیاو میژوو نییە تا لەبەربکرێت و بۆ نموونە خاوەنەکەی ببێتە مێژوونووس. ئەمە بۆ ڕەخنەش هەر ڕاستە، بەوەی کەسێك لە بونیادی کەسایەتیدا وردبینی و سەلیقەی شیعریی نەبێت ناتوانێت تەنیا بە زانین ببێتە ڕەخنەگر، بەڵام لە ڕێگەی خوێندنەوەو موتابەعەکردنەوە بەهرەو تواناکانی پەرە پێدەدات.


ئێستای شیعری کوردی:
قسەم لەو لێشاوە بەربڵاوەی نووسینی شیعر نییە، بەڵام با پەنجە بۆ خیانەتکردن لە شیعر درێژ بکەین لە لایەن ئەوانەی خۆیان بە شاعیرو ڕۆشنبیرو کارمەندی دەزگاو جاپەمەنییە ئەدەبییەکان دەزانن، کاتێك دەقێکی شیعری باش دەچێتە بەردەستیان و لەبەر هەر هۆیەكی نابابەتی ڕەفزی دەکەن و لە بەرانبەردا بە چەندان هۆکار شیعری کەم ئاست دادەبەزێنن، قسەم لەوەش نییە هێشتا خۆی وەك شاعیر نەبینراوە، دەڵێت چیرۆکنووسیشم، ڕەنگە بتوانرێت گۆڤارێك بە داواکاریی وتەکلیفکردن لەم ولەو تژی لە بابەتی وەرگێڕان بکرێت و چاپ ببێت، بەڵام هەرگیز ناتوانرێت بگەیەنرێتە ئەو ئاستەی دوو شیعری کوردی داهێنەرانەو دوو ڕەخنەو لێکۆلێنەوەی موعتەبەری خۆماڵی تێدا بڵاوبکرێتەوە، لاپەڕە ڕەش کردنەوە ئاسانەو داهێنان و تازەگەریی و جیاوازنووسین لە دنیای شیعردا زۆر گرانە، هەروەها قسەمان لەوانە نییە وا دەزانن تازەگەریی لە بە بابەتکردنی شتی سەیرو سەمەرەو کەم بایەخدا چڕ دەبێتەوە، وەکو شیعر لەسەر جۆرە جیاوازەکانی مووی جەستە، یان لەویش خراپتر گوو…ببورن کە ئەو وشەیەم نووسی… شاعیرانی پێشوو هێندە شیعریان لا بەرز بووە، هەرگیز نەیانویستووە سومعەی شیعریان وا دابەزێنن و بگاتە ئەو ئاستە نزمە، گەر ویستبێتیان پلارێکیش بگرن هێند هونەریی و وەستایانەو زمانزانانە هۆنیویانەتەوە تەنانەت پلار لێگیراویش چێژی لە خوێندنەوەی بینیوە، نەك ئازار بە چەشەی خوێنەرانی شیعر بگەیەنن.
ئەگەر لای هەندێك بە تەنیا مەعنای شیعر هەموو پێوەرو شتێك بێت، ئەوا بابەتی زاڵی شەپۆلە گشتییەکە هەر سیمای ڕۆژگارەکەمانە، کە غەمباری و تەنیاییە و دەگمەنن ئەوانەی بە جیاوازی خۆیانی لێ دەدەن گەر بریار بێت خۆیانی لێ بدەن! وێڕای ئەوەی زۆرجار دەبینین یەکێتی بابەت پشتگوێ دەخرێت وهەر لە شیعرێکدا لەبابەتەوە بۆ بابەت بازبازێن دەکرێت و ئەستەمە خوێنەر بتوانێت بێ سەرەگێژە دوای ئەو هەموو بازدانانە بکەوێت و ملی نەشکێت، ئەی بۆ باسی ئەو هەموو وێنە نامەعقولە شیعرییە ناکەیت بە ناوی سوریالییەوە کە هیچ ڕایەڵێك خوازەی لێكچوو بە لەوچوو نابەستێتەوە وپاشان بە ناونیشان و تییمەی دەق، هەروا نەبوونی دنیابینی لە شیعرداو نەبوونی شێوازی شیعریی کە بیرکردنەوەو کارکردنی شاعیرەکەی دەردەخات یەکێکە لە کێشەکانی دی، ئەمانە بەڵگەن لەسەر کاری بەپەلەو بێ پێداچوونەوەی شاعیرەکەی، لە لایەکی ترەوە ڕەنگە زەمینەکە لەبار بێت بۆ ئەو جۆرە بەرهەمە لە ڕووی بوونی سیستەمی گەڕەلاوژەو جەماوەرو خوێنەری سادەو کارکردن لە واقیعێکی وا پەرپووتدا کە دەقی وای لێ شین ببێت. خاڵێکی تر لەو سیما دیارو لاوازانەی شیعری ئەمڕۆ چڕبوونەوەی مانای زاتییبوونە؛ بە پلەیەك دابڕان لەگەڵ خوینەران کە خوێنەر خۆی یان بەشێك لە خۆی لەو دەقەدا نادۆزێتەوە، بەڵی زۆربەی دەق لاوازیی تێدا هەیەو ڕەنگە لایەنی ئەرێنی و دڵخۆشکەریشی تێدا بێت، بەس گرنگە لاوازیی و هەڵەو کەموکورتییەکان زاڵ نەبێت بەسەر کۆی جەستەی کارە شیعرییەکەدا، ئەمڕۆ لێشاوی کارە بینراوەکان تەنگی بە کارە زیهنی و هەستەکییەکان هەڵچنیوە کە هۆکەی دەگەڕیتەوە بۆ برەودان بە شەپۆلی پووچی و نادانیی، وەك چۆن هێندەی لە گۆرانییەکانی ئەمڕۆدا گرنگی بە نمایش دەدرێت وەك لە دەنگ و ئاوازی ڕەسەن. هەرواش بڵاوکراوەکان وێنەیەکی گەورەو جوانی شاعیر پێش دانانی شیعرەکە دەخەن وەك ئەوەی ئەوە پێوەر بێت.


شتێك لەبارەی وێنەی شیعرییەوە:
وێنە لە فەرهەنگدا بە مانای شێوە دێت، بەڵام وێنەی شیعریی بریتییە: لە ڕێگای تایبەتی دەربڕینی شاعیرو بونیاتی زمانەوانی کە لە ڕێی دونیابینییەوە دادەڕێژرێت، لە شێوە باوەکەیەوە وێنە دەگۆڕدرێت بۆ شێوەیەکی ناباوی نوێ، ئەمەش کارلێکردنی کرداری درککردن و زمانە پێکەوە، کە ئەندێشە دروستی دەکات و هاوچوونیی و جیاوازیی تێدا هەیە لەگەڵ واقیعدا و لە پێناو دەربڕینی ئەزموونی شاعیردا بە وشە دەکێشرێت. بۆ ئەوەی ئەم باسە زیاتر ڕوون بکەینەوە، دەبیت بزانین وێنە دوو جۆری هەیە: ١- وێنەی زەینی ٢- بەرجەستە. وێنەی شیعریی زەینی ئاماژەدارە و نابەرجەستەیە. جێی باسە ئەم بابەتە کۆنەو لە مێژە شاعیران پەنایان بۆ وێنەی شیعریی بردووە، بۆ نموونە جاحیز ٧٧٦ – ٨٦٨ز، لە کتێبی (حيوان)دا دەڵێت: شیعر سنعەت و چنین و ڕەگەزی وێناندنە. ئەمەش کاری ئەندێشەکردنە. کە لای ڕۆمانتیکیەکان هەست سەرچاوەیەتی و لای سوریالی و سیمبوڵیستەکان شوێنی سەرەکی نەستە. ئەمە لەسەر بنەمای خوازەو میتافۆر بەهەم دێت و وێنەیەکی تێکەڵەمان دەداتێ کە هەڵقوڵاوی توانای ئەندێشەکردن و سۆزو دنیابینی شاعیرە.
کەواتە کرداری کێشانی وێنەی شیعریی زیهنییەو زۆرجار خواستنی سیفەتێکی دیاریکراوی شتێکەو خستنە پاڵی شتێکی ترە کە لە نێوانیاندا هاوبەشییەك هەیە، ئەمیش لە چوار ڕەگەز پێکدێت: ١-لێكچوو، ٢-لەوچوو، ٣-ئامرازی لێكچوون، ٤-ڕووی لێكچوون. هەندێكجار هەردوو ئامرازی لێكچوون و ڕووی لێكچوون لادەبرێت و بەس لێكچوو و لەوچوو دەمێنێتەوەو ئەو کاتە وریایی خوێنەر درك بەم کرداری لابردنە دەکات و میتافۆڕەکە بەهێزتر دەکات و پەی بە مانای دروستکراو دەبات، بۆ نموونە وەك ئەوەی بگوترێت (بریسکانەوەی چاوی) لە بری (چاوی وەك ئەستێرە دەبریسکێتەوە).
لێرەدا باپێكەوە دیقەتی ئەم وێنە شیعرییانە بدەین و ئەو یاسایەی پێشووی بەسەردا جێبەجێ بکەین:

نموونەی یەك/

(وەك گۆچانێك
لە کافێیەك دەڕشێمەوە)

وەك: ئامرازی لێكچوون
گۆچان: لێكچوو
ڕشانەوە: ڕووی لێكچوون
لەوچوو: ڕاناوی ـ م ـ ی من، لە (دەڕشێمەوە)دا

  • تێبینی: سەبارەت ڕووی لێكچوون: لێرەدا ناڕوونە.
    منی خوێنەر لێرەدا دەپرسم ئایا ئەم وێنەیە هی هەستە یان نەست؟ دەبێت هی نەست بێت چونکە لە ڕووی قبوڵکردن و ماقووڵبوونی وێنەکەوە دەبێ بپرسین: ئایا چ ڕایەڵێکی پەیوەندیی و خاڵی هاوبەش هەیە لە نێوان گۆچان و ڕشانەوەدا، کە لێرەدا دەمانباتە سەر لێكچوونێکی زۆر دوورتر، کە لێرەدا ناچارین و دەبێت ڕێ بە خۆ بدەین بۆ ڕاڤەکردن، بڵێین گۆچان کە دەسکەکەی چەماوەتەوە نیشانەی چەمانەوەی پشتە، ئەویش نیشانەی پیر بوونە، پاشان مرۆڤێکی پیر بهێنینە پێشچاو کە دەڕشێتەوە، چ لەبەر نەخۆشی بێت یان لەبەر پێنەکەوتنی ئەو خورادن و خواردنەوەیەی کە لە کافێدا گەدە بۆی هەرس نەکراوە. ئیتر بڕیاری شیعرێتی و بەهێزیی وێنەکە لای وەرگر جێ دەمێنێت، کە ئەزموون و سەلیقەی بڕیاری پێدەدەن.
    ……
    نموونەی دوو/

(زەمینی هەور ئێرە نییە
بۆشاییەکی کزو ساردە
چونکە خەمباریی پەنجەرەیەکی پیرە
ژیان لە دەستەکانی گەمارۆبوونی ساردبۆتەوە
لە بیردەکەم کاتژمێرەکە بشکێنم
ڕەنگە هێشتا
چنینی قوماشێك لە خەڵوز
لە ئەگەری هاتنی تۆفان
هیوایەکی باش بێت).

وێناندن لەم کۆپلەیەدا ئاوێتەیە، واتا زیاد لە وێنەیەكی تێدایەو لێتێگەشتنی کۆپلەکەو هەناسە شیعرییەکە ئاڵۆز دەکات، یەکەم دێڕ لە وێنەیەکی واقیعییەوە دەست پێدەکات: (زەمین و هەور و ئێرە) هەرسێك بەرجەستەن، پاشان دەکرێت بپرسین ئایا هەور یان ئێرە کامییان بۆشاییەکی ساردە؟ ناڵێم کز، چونکە کز بۆ تینی ڕووناکی و گەرمی بەکاردێت، گەر بگوترایە (کزە) ئەوا دەمانزانی مەبەستی لە بای ساردە.
پاشان دێینە سەر خوازە/میتافۆڕی خەمباریی؛ کە شاعیر بە پەنجەرەیەکی پیر دەیچووێنێت، دەزانین پەنجەرە ئاماژەی دیدگایە، ئیتر لە دێڕی دواتردا خوێنەر توشی ئاڵۆسکان دەبێت لە کاتی لێکدانی مانا لێکدراوەکانی (ژیان لە گەمارۆبوونی دەستەکانی ساردبۆتەوە) ئایا گەمارۆبوونی چی؟ و ئاماژەیە بە کێ؟ هەروا دەستەکانی کێ؟ پاشان گەر بگەڕێینەوە بۆ سێ دێڕەکەی پێشوو کە باسی هەورو پەنجەرە بوو. ئەم بازدانە بۆ ژیان و تەواونەکردنی ئەو دوو وێنەیەی پێشوو چ نهێنییەکی لە پشتەوەیە؟
پاشتر دێڕە شیعری (لە بیردەکەم کاتژمێرەکە بشکێنم) دێت، کە دوو مانای هەیە: بەرجەستە و ئەندێشە، بەرجەستەکە ڕوونە کە شکاندنی هەر کاتژمێرێکە، بەڵام شاعیر دیارە لەبری گوتنی زەمەن سیمبوڵی کاتژمێری بەکارهێناوە (وەك گوتمان هەردووك ئامرازی لێكچوون و ڕووی لێكچوون لابردراوە).
دواتر بەر وێنەیەکی تری سوریالی دەکەوین، کە لە قووڵایی دنیای خەون و سوریالیزمدا سەرهەڵدەدات، ئەویش چنینە لە خەڵوز، چونکە وەك زانراوە کاتێك شاعیر خوازەی دنیای هەستی بەکارهێنا و دوو زاراوەی لێکدا بۆ دروستکردنی وێنەیەکی تازەی شیعریی، دەبێت ڕووی لێكچوون لە نێوان ئەو دوو زاراوەدا هەبێت، دەزانین خەڵوز سیفەتی ڕەشێتی لێرەدا لێوەرگیراوە وەکو ڕەشبینی و دەربڕینی باری خەمناکیی، بەڵام رووی لێكچوونی لەگەڵ چنیندا نییە، چونکە لە ڕەگەزی قوماش و پێستەو هەموو ئەو شتانە نییە کە بواری چنینیان هەبێت. بەڵام خوێنەر دەتوانێت مانای ئەم دیدگایە تەواو بکات لە ڕووی ناوەڕۆك و پەیامی دەقەوە، کە شاعیر پێشبینی هاتنی خراپتر دەکات و بە تۆفان دەیچوێنێت، کەواتە هێشتا ڕەشبینی وەکو هیوایەکی باشە بە بەراورد بە ژیان لەناو ئەو تۆفان و ئاژاوەو کارەساتانەی بەڕێوەیەو شاعیر پێشبینی دەکات کە لە ئاکامی گومڕایی و لەخۆباییبوونی مرۆڤ بەرپا دەبێت.

وێنەی سێ/

(زەرفێک بارانی فێنکی حەشاردا بوو،
بێز لە دەنگی خۆی، نا
ژیان، با!
دەکردەوە).
…………..
شاعیر لێرەدا دالی (زەرف) بەکاردەبات وەکو سیمبوڵ، هەروا وەك هەوڵ و دەستپێشکەرییەك لە بەکارهێنانی ئەو زاراوانەی شاعیرانی پێش خۆی بەکاریان نەهێناوە، بەڵام بەکارنەهێنانی ئەم دالەش لە لایەن شاعیرانی پێشترەوە ڕەنگە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە بە زاراوەیەکی شیعرییان دانەنابێت! ڕەنگە ئەمە دیمەنێکی ڕاگوزەر بێت شاعیر لەسەر ڕێدا بینیبێت و لێرەدا لە وێنەیەکی شیعرییدا جێی کردووەتەوە. شایانی ئاماژەیە کە لە بەشێكی ڕۆژهەڵات بە زەرف دەڵێن دڵق، لێرەدا گرنگ نییە گەر زەرفی کاغەز بێت یان نایلۆن، بەڵام بەوەدا توانای لە خۆگرتنی بارانی هەیە ڕەنگە هی نایلۆن بێت، ئەم وێنەیە حسی و بەرجەستەی واقیعە، شاعیر سەرنجی داوە کە چۆن لە کاتی باران باریندا ئەو زەرفە دڵۆپە ئاوی لەخۆ گرتووە، کاتێك هەوا لێی دەدات دەنگێك دروست دەکات، ئەو دەنگە بەراورد دەکات بە دەنگی ژیان کە هەموو هارمۆنیەتییەکی لەم سەردەمەدا لەدەستداوە، ئیدی بڕیار دەدات دەنگی ئەو زەرفە بەرەندە بکات و لای پەسەندتر بێت وەك لە دەنگە فریودەرەکان، وەك ژاوەژاو و ئەو سەدایانەی لە کەناڵەکانی تیڤییەوە بڵند دەبن، کە ئەمڕۆ هروژمەکانی پروپاگەندەو بەلاڕێدابردن زاڵن بەسەر هەقیقەتدا لە کۆمەڵگاکاندا. پرسیارو خرۆشانی خوێنەر سەبارەت (زەرف) لەوەدایە کە چلۆن ئەو بابەتە کەمبایەخەی فڕێ دەدرێت بە بەراورد بە ژیانی هاوچەرخ، پەسەندترە بە بەراورد بە دەنگەکانی تری ژیان؟ ئەمەش درێژکردنەوەی ئەو دنیابینییە پڕ نائومێدیی و ڕەشانەی پێشووی شاعیرە بۆ ژیان کە لە کۆپلەکانی تردا فۆرمی تریان پێدرا بۆ دەربڕین لە هەمان دیدگا.
لێرەدا ئەو بەیتەی مەحویمان یاد دێتەوە کە چلۆن ئەویش لە وێنەیەکی شیعریدا خوازەی (سوراحی) ئەکتیڤ دەکات کە قێزی دێتەوە و یەع دەکات کاتێك ملی شۆڕ دەکاتەوەو ئاو دەکاتە پەرداخ بۆ هەندێك لە کەسەکان کە دەڵێت: (قەی کردنی سوراحی ئەوی تێبگات دەڵێت: دڵ تێکەڵهاتنە لەگەڵ ئەم خەڵکە تێکەڵی)..
کەواتە بەپێی تێڕوانینی بونیادگەرایی، مانا لەم کۆپلەیەدا ئەم فۆرمە گشتییە وەردەگرێت:
بچووکی مانادار………پەسەندترە……..لە گەورەی بێ مانا

نموونەی چوار/

(لە نێو شوشەیەکی دڕاودا،
پشکۆی زەمەن کۆبکەرەوە).
………
چوار دال و پنتی سەرەکی لەم کۆپلەدا هەن کە وێنە شیعرییەکەیان دروست کردووە، (شوشە، دڕاو، پشکۆی زەمەن، کۆکردنەوە). ئەمەش وێنەیەکی نەستییە، بەحوكمی ئەوەی شوشە دەشکێت، بەڵام لە تاقیگەی شاعیردا دەدڕێت؟ بەڵام بۆچی؟ گەر هەندێك بە ناتەبایی وێناندنەکەی لێكبدەنەوە، ئەوا مەبەست لە سینەی شاعیردا پەنهانەو ڕەنگە وەڵامی خۆی هەبێت بۆ ئەم گۆڕینە.
گەر وردتر سەرنج بدەین لەم کۆپلەیەدا هەموو شتەکان لە حاڵەتی نەرێنیدان، هەم دڕان یان شکانی شوشە، هەم بە خۆڵەمێش بوون کە قۆناغی دوای بڕینی درەخت و سوتان و بە پشكۆ بوونە، هەرچەندە کۆکردنەوە حاڵەتێکی ئەرێنییە، بەڵام لە کۆکردنەوەی پشكۆدا خوێنەر نیشانەی پرسیارو سڵەمینەوەی لا دروست دەبێت و دەکرێت بە ڕووەکەی تردا لێکدانەوەی بۆ بکات، وەك دەڵێن: پشكۆی شۆڕش، بەڵام لێرەدا پشكۆی زەمەنە، گەر زەمەنیش زیاتر ورد بکەینەوە کە شوێن لەخۆ دەگرێت و مێژوویەکی پێ ببەخشێن، ئەوا دەکرێت لێکدانەوەی ئەزموونی ژیانیشی بۆ بکرێت، کە ئەمەش مانا دوورەکەی وێناندنەکەیە.

پێنج/
(بوومەتە کۆیلەی بێزاریی.
لەکەلاوەی زەمەن، چرایەکی زامدارم.
هێشتانەکینێ تەنیاییەکەم، لە ئێوەدا دەنێژم)
….
لەم کۆپلەیەدا بەر چەند ئاماژەو ڕەگەزێك دەکەوین، نەك تەنیا وێنەی شیعریی، بەڵکو یەکەم دێڕ ڕەنگە هەندێك وای ببینن کە ئاخاوتنی ڕۆژانەیە، دەکرێت هەر یەکەمان وا بڵێین: (زۆر بێزارم) بەڵام کاتێك دالی (کۆیلە) بخەینە پاڵ بێزاریی ئەوا مانایەکی چڕترمان لە بێزاریی پێدەدات، لە دیوەکەی تریدا ئاماژەشە بە زۆربونی کۆیلە، چونکە شتێك لە ژینگەی شاعیردا نەبێت ئاسان نییە بەکاریبهێنێت و پەی پێ ببات و لە دەرگای شیعری بدات، مەگەر زۆر ئەندێشە بکات و بە تەواوی لە دنیای واقیع و بەرجەستەدا بچێتە دەرەوە لە کاتی نووسینی بەرهەمە شیعرییەکەیدا.
لە دێڕی دوودا جارێکی تر دەگەڕێتەوە بۆ زەمەن و ئەمجارە لەجیاتی پشکۆ، کەلاوە دەخاتە پاڵ زەمەن، تا بڵێت: لەوخەراباتە بێ ڕووناکی و تاریکەدا من وەکو ڕۆشناییەکی ئازار چەشتوو هەناسە دەدەم، چونکە وەك دەزانین چرا بریندار نابێت ( لە دنیای بەرجەستەدا برینداربوون وەسفە بۆ مرۆڤ و گیانلەبەران بەکاردێت و شکان بۆ چرا بەکاردێت) بەڵام لەبەر ئەوەی لێرەدا مانایەکی مەجازی لە پشت ئەو دەربڕینە شیعرییەوەیە بۆیە خۆی وەك چرا شوبهاندووەو بە بریندار وەسفی دەکات، بەڵام ڕەنگە ئەم مانایە پێکدادان بەرپا بکات لەگەڵ ماناکەی پێشوودا کە چۆن لەوێ بێزارو لێرەش ڕووناکی! بۆیە دەبێت شاعیر زۆر وریا بێت لە دانانی هەر وشەیەك لە شیعردا کە جێی تەواوی خۆی بێ زیادو کەم بگرێت، پاش نووسینیش چەندان جار بەسەریاندا بچێتەوە، گەر خۆی کە دانەری شیعرەکەیە درکیان پێ نەکات، دەتوانێت پیشانی کەسانی تری بدات بۆ وەرگرتنی ڕاو بۆچوونیان، پێش ئەوەی پەخشی بکات و ببێتە موڵکی و بەهەموو جوانی و ناشیرینیەکانیەوە لەسەری هەژمار بکرێت.
لە دوا دێڕدا ئەوە دەفامینەوە کە تەنیایی مەرگە، بۆیە لێرەدا ئاوها دەنێژرێت، بەڵام ناشتن لەناو خاکدا نییە بەڵکو لەناو ئەوانی مرۆڤ و قەرەباڵغييەکانیاندایە کە بەگۆڕ چووێنراون، واتا شاعیر تەنیا نییە، یان گەر تەنیاییەکەی بە جەستە بچوێنین و لەگەڵ ئەواندا بگوزەرێنێ، ئەوا ڕوحی بە دڵنیاییەوە بێزارەو هەست بە تەنیایی دەکات. ڕەنگە هەندێك بڵێت شاعیر دەیتوانی دێڕەکە پوختر بکات بە کورتبڕی زیاتروکارکردنی زیاتر لەسەری، لەبری ئەوەی بڕگەی وشەکان درێژ بکاتەوەو قورس بن لەسەر زمان و نامۆسیقی بن، بۆ نموونە دەیتوانی لە بری (هێشتانەکینێ تەنیاییەکەم، لە ئێوەدا دەنێژم) شاعیرانەتر دەبوو بڵێت (ئاوهاش تەنیاییم، تیاتان دەنێژم)، ئەمە هەربۆچوونە بۆ ڕوونکردنەوە، نەك فرمان بە گۆڕین بەم شێوەیە!

شەش/
(لە ئێسک و پروسکی گۆرانییەکی تەنیا؛
پەیکەری باڵندەی هەڵفڕیوی خۆزگەکان:
ئەو خۆزگانەی لە نێو گۆڕی فەرامۆشی
وەرزێکی تر لە مردن دەست پێدەکەنەوەو
دڵتەنگی گەمارۆی داون، بنیات دەنێنەوە)
……………..
نموونەی ئەم دواکۆپلەیەم لەبەرئەوە نەهێنایەوە، کە کەرەسەکانی وەك تەنیا، گۆڕ، دڵتەنگی ..کە هەمان دەربڕینی ناسۆری بارە دەروونییەکانی پێشترن و دووبارەن، هەروەها نیشاندەری شێوازی ڕۆچوونی شاعیرە بە دنیای سایکۆلۆژی و ئاشنا بوونی خوێنەریشە بە تییمەو بابەتی شیعریی و تەنانەت شێوازی لێکدانی وێنە مەجازییە شیعرییەکانی شاعیر، بەڵکو مەبەستی من لێرەدا ئەوەیە لێکدانی چەند وێنەیەکی شیعریی و تێکەڵ کردنیان چ ئاستەنگێك بۆ خوێنەر دروست دەکات لە هەرسکردنی وێنەکان لە چیكڵدانەی شیعرییداو چەند گران دەبێت سیفەتی ئیستاتیکی دەق بپارێزێت.
لە سەرەتا دێڕدا خۆمان لەبەردەم وێنەیەکی مەجازی دەبینینەوە کە بەخشینی سیفەتی (جەستە)یە بە (گۆرانی تەنیا)، ئەو جەستەش لە ئێسك و پروسك پێکدێت، واتا کۆتایی هاتووەو مردووەو بە تەنیا چوارچێوەکەی ماوەتەوە، پاشان وێنەیەکی هاوشێوەی ئەمەمان بۆ دەنەخشێنێت لە دێڕی دوودا، کە (پەیکەری باڵندەن) ئەم بەشەی بەرجەستەیە، بەڵام کە (خۆزگە) دەلکێنێت بە باڵندەوە دەبێتە مەجاز. کەواتە منی وەرگر وای لێدەفاممەوە، باڵندەی خۆزگەکان هەم هەڵفڕیوەو هەم مردووە، یان زۆر لاواز بووە (وەکو کورد وتەنی: هەر پێست و ئێسقانەکەی ماوەتەوە) چونکە هەر پەیکەرەکەی ماوەتەوە. پاشان لە دێڕی سێدا وێنەیەکی تری شیعریی زیاد دەکات بۆ هەمان مانای ئەو کۆپلەیە کە وەسفی شوێنگەی خۆزگەکانە و شوێنیان (گۆڕی فەرامۆشییە)، هەموو ئەو بێهیواییەو تەنیایی و خەمبارییە شوێنیان گۆڕی فەرامۆشی و لەیادچوونە، هەموو ئەو وێناندنانەی پێشووش لە دێڕی چواردا بەردەوامییان پێ دەدرێت و وەسفی خۆزگەکان دەکرێت کە نەمردوون، بەڵام وەرزێکی تریش دابێت هەر مردنە بۆ خۆزگەکان و بێتاقەتن، ئەوا ئەکشن لێرەدا ئەوەیە: پەیکەری هەڵفریوی خۆزگەکان لە ئێسک و پروسکی گۆرانییەکی تەنیا پەیکەری خۆزگەکان بنیات دەنێتەوە.
ئەمە ڕێگای تێگەیشتنی خوێنەرە بۆ ئەم کۆپلە ئاوێتەیەو بەرەنجامەکەشی ئاڵۆسکاندنی وێنەی شیعرییە، بەڵام ڕەنگە لە دڵی شاعیردا مانایەك هەبێت و بەمجۆرە توانیویەتی بیشیعرێنێت، کە ڕەنگە شاعیرێکی تر بەشێوەیەکی جیاوازترو کورتبڕانەتر بتوانێت هەمان وەسفی دۆخی ناوەکی خۆی مانا لێ بکات و دەرببڕێت. ئەمەش بواری ئازادی دنیای نووسینی شیعرو جیاوازی پەنجە مۆری مرۆڤەکانە، لەهەمان کاتیشدا شتێکی سەیر نییە چونکە تەنانەت عەبدوڵڵا گۆرانی شاعیریش جارانێك بە تەواوی نەیتوانیوە ئەندێشەو هزری جێ بکاتەوە لەناو دەقێکی شیعریی بەرهەمهێن و لەمبارەشداو لە (هەڵبەستی دەروون) دا دەڵێت:
هەرچەند ئەکەم ئەو خەیاڵەی پێی مەستم
بۆم ناخرێتە ناو چوارچێوەی هەڵبەستم
لێکدانەوەی دەروون، قســـــەی زمانم
بۆچی وەها دوورن لەیەك ؟ نازانــــم!

————————————

سەرچاوەکان:

1-Understanding Poetry. 4th edition. by: Brooks, Cleanth, Robert Warren, Wadsworth Publishing.
2- Percy Bysshe Shelley, By Bloom, Harold,
Broomall, PA : Chelsea House.2001
٣- النقد والبلاغة. شكري عياد، دار المعارف الطبعة الاولی، ١٩٩٤.
٤- ماڵپەڕی شیعریی (تەم) چەند دەقێك، نەهرۆ جەرجیس، ساڵ٢٠٢٤ .




مرۆڤی بێ پارێزبەندی*.. و. لە عەرەبیەوە: یاسین لەتیف

‏لە دەرەوەی شوورەکانی شار: مرۆڤی (بێ پارێزبەندی- Homo sacer) یان حەڵاڵکراو لە پەیکەری سەروەریدا ، لە هەوڵێکدا بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆدی سیاسەتی ڕۆژئاوا، ڕەنگە دەستبەجێ وێنەی “پەیماننامەی کۆمەڵایەتی” و سندوقەکانی دەنگدان و مافەکانی هاوڵاتیبوون بە مێشکماندا بێت، بەڵام ئەو هەڵکۆڵینە فکرییانەی کە جۆرجیۆ ئاگامبین لە کتێبە دامەزرێنەرەکەیدا ئەنجامیان دەدات، پەردە لەسەر کۆمەڵێک بناغەی زۆر خوێناویتر و تۆقێنەرتر لادەدا. سیاسەتی مۆدێرن -وەک چۆن ئاگامبین وێنای دەکات- تەنها مەیدانێک نییە بۆ دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات، بەڵکو زیاتر لە “ئامێرێکی ئەنسرۆپۆلۆژی” دەچێت کە بە بێدەنگی کار دەکات بۆ بەرهەمهێنانی جەستەگەلێکی ڕووت کراوە لە ماف، کە بە ناوی خودی یاساوە شایانی پێشێلکردنن. کەچی ئەم وێنە دیموکراسییەی دەوڵەتی مۆدێرن، هەر کە دەیخەینە ژێر “مایکرۆسکۆپی مێژوو”ـەوە، خێرا دەڕەوێتەوە، لێرەدا دەسەڵات ڕووت دەکرێتەوە بۆ ئاشکراکردنی ناوکە ڕەقەکەی، بەتایبەتیش لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ چەمکە ڕۆمانییە لێڵەکە: “مرۆڤی پیرۆز” (Homo Sacer). ئەم چەمکە لە هەناویدا پارادۆکسێکی بوونگەرایی تۆقێنەر هەڵدەگرێت . ‏چونکە ئاماژەیە بۆ ژیانێک کە لە تەرازووی ئیلاهیات و بیروباوەڕە ئاینییەکاندا هیچ بەهایەکی نییە (ناکرێت بکرێتە قوربانی بۆ خوداوەندەکان)، لە تەرازووی یاساشدا هیچ سەنگێکی نییە (ئەو کەسە سزا نادرێت کە دەیکوژێت).
ئەو بوونەوەرێکی گیرخواردووە لە “ناوچەی قەدەغەکراو”دا، بەجۆرێک کە تاکە تێکەڵبوونی لە کۆمەڵگەدا، لە ڕێگەی “دوورخستنەوەی”ـەوەیە لێی. بەو مانایەی دورخستنەوەیان لە کۆمەڵگا ،‏لێرەدا ئاگامبین ئامێرەکانی پزیشکی نەشتەرگەری دەگرێتە دەست بۆ توێکاریی پەیکەری سەروەری و ، دەریدەخات کە ئەم شێوازە کۆنەی دوورخستنەوە تەنها پارچە شوێنەوارێکی مۆزەخانەیی نییە، بەڵکو ئەو مۆدێلە شاراوەیەیە کە لە جیهانی هاوچەرخماندا حوکمی سیاسەتی ژیان (Biopolitics) دەکات.

جدەلی(دیالێکتیکی) “زۆی” و “بیۆس”:
بەسیاسیکردنی جەستەی ڕووت ، ئەو قەیرانەی کتێبەکە چاودێری دەکات، لەگەڵ وردبوونەوە لە داڕمانی کارەساتباری سنوورە جیاکەرەوەکانی نێوان دوو چەمکی یۆنانی بۆ ژیان، قووڵتر دەبێتەوە: “زۆی” (Zoē)، کە بریتییە لە ژیانی بایۆلۆژیی سروشتیی هاوبەش لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا، و “بیۆس” (Bios)، کە بریتییە لەو ژیانە سیاسییە شیاوەی هاوڵاتی لە شاردا پیادەی دەکات. ‏ئاگامبین پێی وایە کارەساتە گەورەکەی مۆدێرنیتە لەوەدایە کە دەسەڵات چیتر تەنها بە حوکم کردنی “بیۆس”ەوە ناوەستێت، بەڵکو کشاوە بۆ ئەوەی “زۆی”یش قوت بدات. ئیتر ژیانی بایۆلۆژیی ڕووت بووەتە گرەوی سەرەکی لە گەمەی سیاسیدا؛ چونکە دەوڵەتی مۆدێرن گرنگی بە تەندروستیی دانیشتووان، ڕێژەی لەدایکبوون، جینەکان و مردنی سەرێری دەدات، ئەمەش بەو مانایەیە کە جەستەمان وەک بوونەوەری زیندوو، ڕاستەوخۆ کەوتووەتە چنگی دەسەڵاتی سەروەرەوە. بەپێی ئاگامبین، و بە ئیلهام وەرگرتن لە تێزەکانی کارل شمیت سەبارەت بە “دۆخی نائاسایی”، یان دۆخی ئاوەرتە ئەو شوێنەی کە ئەم ڕاستییەی بە دزێوترین شێوە تێدا بەرجەستە دەبێت، “شار” یان “پەرلەمان” نییە، بەڵکو “ئۆردوگا” (The Camp)ـیە. ئەم ئۆردوگایە جا چ ئۆردوگایەکی دەستبەسەرکردنی نازی بێت یان ناوچەیەکی مۆدێرنی ڕاگرتنی پەنابەران ئەو فەزایەیە کە تێیدا یاسا بە شێوەیەکی هەمیشەیی هەڵدەپەسێردرێت و “دۆخی نائاسایی” تێیدا دەبێتە بنەما. لەم فەزایەدا، مرۆڤ لە هەموو سیفەتە یاساییەکانی دادەماڵرێت تا دەبێتە تەنها “ژیانێکی ڕووت” (Bare Life)، واتە پارچە گۆشتێکی زیندوو کە بەتەواوی ملکەچی دەسەڵاتی ڕەهای سەروەرە بەبێ هیچ نێوەندگیرییەکی یاسایی. ئۆردوگا ئەو شوێنەیە کە تێیدا “مرۆڤی پیرۆز” بە شێوەیەکی پیشەسازی و سیستماتیک دروست دەکرێت. ‏لەکۆتاییدا، ئەم شیکارییە ڕەچەڵەکناسییەی دەسەڵات بەرەو ڕاستییەکی ترسناک دەمانبات، ئەویش ئەوەیە کە دیموکراسییە ڕۆژاواییە مۆدێرنەکان نەک هەر دژی تۆتالیتاریزم (شمولیەت) نین، بەڵکو تۆوەکانی ئەو لە ناخی خۆیاندا هەڵدەگرن. کەلێنی نێوان هاووڵاتیی خاوەن‌ماف و “مرۆڤی بێ پارێزبەندی” یان خوێن حەڵاڵکراو (وەک پەنابەرێکی “نایاسایی”، یان نەخۆشێک لە بێهۆشییەکی درێژخایەندا، یان دەستبەسەرکراوێک لە گوانتانامۆ) کەلێنێکی زۆر لاواز و تەنکە. لەکاتێکدا دەوڵەتان لە سەمای دەستووریی خۆیان و بەباڵاداهەڵدانی مافەکانی مرۆڤ بەردەوامن، چەمکی “مرۆڤی پیرۆز” وەک ئەو سێبەرە قورسە دەمێنێتەوە کە بەدوامانەوەیە؛ ئەوەمان بیردەخاتەوە کە یاسا هەمیشە خاوەنی “دەرگایەکی پشتەوە”یە، کە ڕێگەی پێ دەدات پەلاماری “ژیانی ڕووت” بدات و، ئێمە هەموومان لە ساتی ڕاگەیاندنی باری نائاساییدا، پاڵێوراوین بۆ ئەوەی ببین بەو جەستە بێ پارێزبەندە خوێن حەڵاڵکراوەی کە بە تەنیا و بە ڕووتی لەبەردەم هەژموونی سەروەریدا ڕاوەستاوین .

——————————————
‏‏*((جەمیل سالم، لە دەرەوەی شوورەکانی شار: مرۆڤی بێ پارێزبەندی لە پەیکەری سەروەریدا، کتێبی (Homo Sacer)ی نووسەر جۆرجیۆ ئاگامبن، ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥))




جیریكو و كەڵەكی مێدوسا.. ئاكۆ عه‌بدوڵڵا

ساڵی 1816 كاتێك لەكەنارەكانی رۆژئاوای ئەفریقا كەشتییە ناودارەكەی (مێدوسا) تێكشكا نغرۆ بوو، كاپتن و ئەفسەر و كەسە دیارەكانی سەری به‌به‌له‌می فریاگوزاری، خۆیان دەرباز كرد، كە لەناویاندا حاكمی سەنیگالی داگیركراو هەبوو، بەڵام خەڵكە ئاساییەكەیان لەناو گێژاوی زەریا جێهێشت. دوای گەڕانەوەشیان هیچ باسێكی ئەوانیان نەكرد. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ له‌ناو ده‌ریا‌‌ پانزە كەس لەوانەی بەجێهێشترابوون، بەپارچە تەختە پەرت و بڵاوه‌كانی كەشتییە تێكشاوەكە كەڵەكێكیان دروست كرد و دوای نزیكەی دوو هەفتە مانەوەی ناو زەریا كە ئازاری زۆریان لەدەست برسێتی و تێنویەتی و مەترسی شەپۆڵەكان چێژت و هەندێكیشیان مردن. ئینجا بەڕێكەوت بەكەشتییەك گەیشتن و رزگاریان ده‌بێت. كاتێكیش ده‌گەڕێنەوە فەرەنسا. ئەو هەواڵە وەك بۆمبی ئابڕۆبەر هەموو ئەوروپای هەژاند. ئەوسا جیریكوی نیگاركێش ویستی ئەو رووداوە بەجۆرێك بەرجەستە بكات ببێت به‌په‌یامی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ره‌خنەش له‌‌به‌رپرسیاریه‌تی لادان بگرێت و سه‌ركۆنه‌ی ناعه‌داله‌تیش بكات. ماوه‌ی ساڵێك جۆره‌ها لێكدانه‌وه‌ و تاقیكردنه‌وه‌ی كرد. بۆ ئەو مەبەستەش سەردانی كەسانی رزگاربووی كارەساتەكەی كرد. هەروەها سەردانی نەخۆشخانەیەكی كرد تاكو تێیدا تەرمی مرۆڤی مردوو ببینێ. ئەمەو داوای لەدارتاشێكیش كرد نموونەی كەڵەكێكی بۆ دابڕێژێ. لەئەنجامدا شاكاره‌كه‌ی (كەڵەكی مێدوسا Le Radeau de La Méduse) ی كیشا و ساڵی 1819 لەپیشانگەی ساڵانەی سالۆنی پاریس هەڵواسی كە تێیدا له‌درامای كاره‌ساته‌كه‌، ئه‌و ساته‌ی هه‌ڵبژاردووە كه‌ سه‌رنشینی كه‌ڵه‌كه‌كه‌ له‌دووره‌وه‌ كه‌شتییه‌كی فریاگوزار ده‌بینن و زۆربەیان بەتاسەی كەم ئومێدانە هەوڵی ئاگادار كردنەوەی دەدەن.
تابلۆكه‌ كە شێوەیەكی هەڕەمی وەرگرتووە، پڕە لەهەڵچوون. تێیدا مرۆڤی مردوو و زیندوو و هی وه‌هاش ده‌بینرێن كه ‌له‌سه‌ره‌مه‌رگدان. لەپێناو مانه‌وەشدا‌، لەنێوانیان هه‌ست بەپاڵنان و جۆرێك له‌شه‌ڕ ده‌كرێت. هەروەها لەدیمەنەكەدا كۆمه‌ڵێك ورده‌كاری دیكە هەیە چاوی بینه‌ر كێش ده‌كه‌ن، له‌وانه‌ ئه‌و پیاوه‌ ئه‌سمه‌ره‌ی كه‌ له‌پێشه‌وه‌ی كه‌ڵه‌كه‌كه‌ په‌ڕۆیه‌ك راده‌ته‌كێنێت بۆ ئاگاداركردنه‌وه‌ی كه‌شتییه‌كه‌. ئه‌و به‌شه‌ی تابلۆكه‌ لوتكه‌ی شكۆی دیمه‌نه‌كه‌ و هێزه‌ درامیكیه‌كەیتی. لێرەدا جێگەی ئاماژە بۆ كردنە جیریكو پێداگرانە ویستویەتی تابلۆكه‌ی وێنه‌ی مرۆڤێكی ئه‌فریقی تێدابێت تاكو ببێت به‌هێما بۆ یه‌ك هیوایی هه‌موو مرۆڤ به‌بێ جیاوازی. ئه‌و كاره‌ش بۆ ئه‌وسا ئاسایی نه‌بوو. له‌لایه‌كی دیكه‌ی دیمەنەكە پیاوێكی پیر ده‌بینرێت كه‌ لاشه‌ی كوڕه‌ مردووه‌كه‌ی گرتووه‌. ئه‌مانه‌ و بەشێوەیەكی گشتی لەو كارەدا جیریكو له‌به‌كارهێنانی كاریگه‌رییه‌كانی رووناكی و تاریكی گه‌یشتۆته‌ ئه‌وپه‌ڕی و سه‌رشێتی سرووشتیشی وه‌ها ده‌رخستووه‌ كه‌ هێشتا دانه‌مركابێته‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ ده‌ڵێن هه‌موو كه‌سێك ناتوانێت به‌دیار ئه‌و شاكاره‌‌ بوه‌ستێت. بەوپەڕی ژیری كێشاویەتی تەنانەت ئەو كەشتییەی كە فریاگوزارە، لەدوور تەنیا ئالاكەی دەركەوتووە، ئەوەش بەلای ئەوانەی كە دەیانەوێت فریایان بكەون، ئەوپەڕی سەختی و كەم ئومێدییه.
ئەو شاكارە بەیه‌ك له‌كاره‌ هونه‌رییه‌ ناودار و كاریگه‌ره‌كانی چاخی رۆمانسی دادەنرێ‌. شوێنێكی گرنگیشی هه‌یه‌ لەمێژووی هونه‌ری نوێ. دوای ئەو بەرهەمە دەیان رۆمان لەبارەی چیرۆكی ئەو رووداوە نووسرا. ئەوسا مشتومڕی سیاسی لێكەوتەوە، ئەوەش هێندەی دیكە ڕقی رەخنەگران و مامۆستایانی ئەكادیمیای جولاند و جیریكویان تۆمەتبار كرد بەوەی هونەری كلاسیكی و رێسا رەسەنەكانی هونەری بەزاندووە، نەك هەر ئەوەندە بەلكو شاڵاوی توندیان كردە سەریو جیریكویان دووچاری بارێكی خراپی دەروونیی كرد، ناچار بوو ساڵی دواتر سەر هەڵبگرێ و بەرەو وڵاتی ئینگلتەرا بچێت.

نیگاركێش له‌چه‌ند ستوونێكدا:

  • جان لویس ئەندریا تیۆدۆر جیریكو ناسراو بە تیۆدۆر جیریكو Théodore Géricault ساڵی 1791 لەخێزانێكی دەوڵەمەند و بۆرجوازی شاری روانی هەرێمی نۆرماندی هاتە دونیا. ساڵی 1824 لەشاری پاریس كۆچی دوایی كرد.
  • له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی كورت بوو كه‌چی له‌بواره‌كانی نیگار و پەیكەر و دیزاینەری نەخشە بەیەك لەپێشەنگەكانی هونەری نوێ و رێبەرە بوێرەكەی قوتابخانە نوێیەكەی (رۆمانسی) ئەوسا لەفەرەنسا دادەنرێت.
  • هونەرەكەی جیریكو هەموو ئەو رەشبینییەی بەرجەستە كردووە كە لەدوای شۆڕشی فەرەنسی لەو وڵاتە هاتەئارا. لەناویشیدا راستەوخۆ رەخنەی لەڕژێمی پادشایەتی و بۆچوونی عەقڵگەرایی ئەوسا گرتووە.
  • یه‌ك له‌و نیگاركێشانه‌یه‌ كه‌زۆر شه‌یدای كێشانی دیمه‌نی ئه‌سپ بوو، زۆر حەزیشی لەتاودانی بوو، تا رۆژێك لەسەری هەڵدێرا به‌هۆیه‌وه‌ مرد.
  • جگه‌ له‌و شاكاره‌كه‌ی لێكادنه‌وه‌مان بۆی كرد كۆمه‌ڵێك تابلۆی دیكه‌ی ناوداری هه‌یه‌له‌وانه‌ (ناپلیۆن لەگۆڕەپانی شه‌ڕ، ئەفسەری نیشانە شكێنى سوارەی گاردی ئیمپراتۆری، ئەسپی خۆڵەمێشی عەرەبی، ئەسپەكان لەله‌وه‌ڕگه‌).



خاتوو محەممەدی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دەستگیرکرا.. شورش عزیز سورمێ

دەرگای زیندانەکان بۆ نەرگس محەممەدی چالاکوانی خاوەن خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ئێران کرایەوە: بە نمایشکردنی قژی ڕەشی جیاوازەوە بۆ سەرپێچیکردن لە ڕژێمی ئایەتوڵڵاکان، ئەو گەنجە تەمەن ٥٣ ساڵە گەڕایەوە بۆ قسەکردن لەگەڵ جەماوەر لە میانی ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە پارێزەرێکی مافی مرۆڤ کە لە ژێر بارودۆخێکی ناڕوون گیانی لەدەستدا. پۆلیس ناڕازی بوون و دوای لێدانی ئەو کچە دەستگیریان کرد.
ئەو پارێزەرە ناوی خوسرەو عەلیکۆردی، داکۆکیکارێکی دیار بوو بۆ چالاکوانانی زیندانیکراو و بنەماڵەی ئەو کەسانەی لە سەردەمی ڕاپەڕینەکەی ساڵی ٢٠٢٢دا کوژراون و دەستبەسەرکراون، کە دوای مردنی لە دەستبەسەری مەحسا ئەمینی سەریهەڵدا، کە بەهۆی پۆشینی حیجابەوە بە شێوەیەک کە لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە بە نابەجێی زانیبوو، دەستگیرکرا. ئەو پارێزەرە تەمەن 45 ساڵە لە نووسینگەی خۆی لە شاری مەشهەد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە بە مردوویی دۆزرایەوە، کە دەوترێت جەڵتەی دڵ بووە بەڵام لە هەلومەرجێکدا کە وایکردووە 81 پارێزەر لە نێویاندا نەسرین سۆتودە داوا لە بەرپرسان بکەن دۆخەکە ڕوون بکەنەوە. ڕێکخراوی ناحکومی مافی مرۆڤی ئێران کە بنکەکەی لە نۆروێژە دەڵێت “گومانی جددی”یان هەیە کە ئەمە “کوشتنێکی دەوڵەتی” بووە. عەلیکۆردی چەند جارێک بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی دەوڵەت” دەستگیرکرابوو و سزای زیندانیکردن و قەدەغەکردنی کارەکانی یاسایی و تەنانەت دەربەدەریشی بەسەردا سەپێنرابوو.
لە مەشهەد، لە یادی ئەو پارێزەرەدا، حەوت ڕۆژ دوای مردنی، محەمەدی مایکرۆفۆنەکەی گرت و دەستی کرد بە وتنەوەی ناوی مەجیدرەزا ڕەهنەوارد، ئەو ناڕازییە تەمەن ٢٣ ساڵەی دژە حکومەت کە لە ١٢ی کانوونی دووەم، سێ ساڵ لەمەوبەر، هەروەها لە شاری مەشهەد بە ئاشکرا لە سێدارەدرا، دوای دادگاییکردنێکی مشتومڕاوی کە تێیدا بە کوشتنی دوو بەسیج سزا درا ئەفسەران، هێزی نیمچە سەربازیی ئێران لە پێشەنگی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان، لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا. پاشان خۆپیشاندەران دەستیان کرد بە دروشمی “مەرگ بۆ دیکتاتۆر”، واتە ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی و شەڕ و پێکدادان لە گۆڕەپانەکەدا سەریهەڵدا: هێزە تایبەتەکان بە جلوبەرگی ئاژاوەگێڕییەوە، سواری ماتۆڕسکیلە ڕەشە جیاواز و هەڕەشەئامێزەکانیان بوون، هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران و بە زۆر ڕێگەیان بەناو جەماوەرەکەدا برد و “بە توندوتیژی” براوەی خەڵاتی نۆبڵیان دەستگیرکرد. یەکێک لە براکانی بەناوی حەمید، لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت: “ئەو کچە لە قاچەکانی کەوتووە و بە قژی گرتووە و کێشراوەتە سەر زەوی”. هەروەها هەشت کەسی دیکەش دەستبەسەر کران: لەنێویاندا سێپیدە غولیان، ئەو ڕۆژنامەنووسەی کە بە کتێبەکەی “یانەی نانەواکانی ئەڤین” – ڕێچکەی خۆراک بۆ “مانەوەی لە زیندان”دا گاڵتە بە ڕژیم دەکات و ئەشکەنجە و خراپ بەکارهێنان لە زیندانەکانی ئێران و هەروەها هاستی عامری، پووران نازمی و عەلیە مۆتەلەبزادە ئیدانە دەکات. دەوترێت ئێستا هەموویان لە ناوەندێکی دەستبەسەرکردندا ڕاگیراون کە پەیوەندی بە ئیتلاعاتی پاسدارانەوە هەیە لە مەشهەد.
محەممەدی، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی ٢٠٢٣ کە لەلایەن کچە دووانەکانی تەمەن ١٧ ساڵەوە کێشرایەوە، چونکە ئەو کاتە لە زیندانی ئەڤین بوو، مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوو ئاشکرای کرد کە لەلایەن “بریکارەکانی ڕژێم”ەوە هەڕەشەی کوشتنی لێ کراوە. بەڵام ئەمە ڕێگری لێنەکرد: دواجار لە ٥ی کانوونی دووەمدا، ئەو ڕۆژەی مردنی عەلیکۆردی ڕاگەیەندرا، ئەو چالاکوانە بابەتێکی ئاگرینی نووسی کە لەلایەن تایمەوە بڵاوکرایەوە. ئەو چالاکوانە بە وەبیرهێنانەوەی چوار دەیەی ناڕەزایەتی دژە حکومەت کە بە خوێنی هەزاران خۆپیشاندەر سەرکوتکراون، نووسیویەتی “گەلی ئێران ئازایەتی خۆیان نیشانداوە، بەرگەی زیندان و سانسۆر و چاودێری و فیشەک و لەدەستدانی منداڵەکانیان گرتووە، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوامن لە شەڕکردن”. ڕژێم “لە شەڕدایە دژی گەلەکەی”، بەڵام ناتوانێت شەڕی “کۆتاییهێنان بە دیسپۆتیزمی ئایینی و یارمەتیدانی سەرکردایەتیکردنی گواستنەوە لە پاوانخوازییەوە بۆ دیموکراسی” بوەستێنێت، محەمەدی ڕەشەبای وت.

شورش عزیز سورمێ




هێزو لایەنە شیعەکان لە دەورانێکی هەستیاردا!.. عوسمانی حاجی مارف

گروپە ئیسلامیە شیعەکان لە ساڵی ١٩٧٩وە وەک ئەکتەری سیاسی و ئایدیۆلۆژی کاریگەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەریان هەڵداوە.
پێش چوار دەیە، بەدوای سەرکەوتنی بزوتنەوەی ئیسلامی شیعە بە ڕابەری خومەینی لە ساڵی ١٩٧٩دا، گرووپە ئیسلامیە شیعەکان پێشوەخت وەک ئەکتەری سیاسی و ئایدیۆلۆژی کاریگەر لە ئێران، دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیان دامەزراند، دواتر لە پرۆسەیەکدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەریان هەڵداو تەشەنەیان کرد، ئیتر بوونی ئەوان تەنیا لە کایەی عەقیدەیی و تائیفی و داکۆکیکردن قەتیس نەمایەوە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ پڕۆژەیەکی سیاسی لە بەزاندنی سنورەکاندا، کە ئێران وەک دەوڵەتێکی ناوەندی بەهێز پاڵپشتی دەکات، کۆماری ئیسلامی ئێران، کە پرەنسیپی “هەناردەکردنی ئیسلامی و شیعەگەرا”ی وەک بەردی بناغەی ئایدیۆلۆژیای سیاسی خۆی گرتۆتەبەر، لەوێشەوە نەخشەی نفوزی گروپەکان شێوەیان گرت و خۆیان ناساند، لە تارانەوە تا بەغدا درێژ دەبێتەوە و بە دیمەشق و بەیروتدا تێدەپەڕێت، لە چوارچێوەی ئەوەی لە ئەدەبیاتی سیاسیدا بە “هیلالی شیعە” ناسراوە.
گروپە ئیسلامیە شیعەکان لە پێکهاتە و ڕێکخراو و ئەرکە سیاسیەکانیاندا جیاوازن، لە عێراق پارتە شیعەکانی وەک پارتی دەعوە و ئەنجومەنی باڵا و ڕەوتی سەدری و رێکخراوی بەدر بڕبڕەی پشتی سیستمی سیاسی لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ پێکدەهێنن، لە لوبنان حزبوڵڵا نوێنەرایەتی یەکگرتوترین مۆدێلی گروپە ئیسلامیە شیعەکان دەکات، کە عەقیدەی ئایینی و بەرگری و سیاسەت تێکەڵ دەکەن و دەبنە دەوڵەتێک لەناو دەوڵەتێکدا، لە یەمەن، بزووتنەوەی ئەنسار الله (حوسییەکان) بە سود وەرگرتن لە لاوازی دەوڵەتی یەمەن و پارچەبونی هێزە ناوخۆییەکان، بۆئەوەی ببێتە دیارترین باڵی ئێران لە نیمچە دوورگەی عەرەبیدا، لە بەرامبەر بەحرەین و کوەیت و سعودیەدا.
لەدوای داگیرکاری ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣، هێزە شیعەکان بوونە کاریگەرترین هێز لە پڕۆسەی سیاسیدا و خۆیان بینیەوە لەبەردەم پرسیارێکی بنەڕەتی سەبارەت بە ئایندەی حوکمڕانی لە عێراقدا. عێراق هەرگیز دەوڵەتێکی سەربەخۆی ڕاستەقینە نەبووە، دوور لە دەستێوەردانی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەیدا، بەڵکو وەک گۆڕەپانێکی کراوە بۆ پڕۆژە ناوچەیی و نێودەوڵەتیە تێکەڵاوەکان ماوەتەوە، کە زلهێزەکان هەوڵدەدەن داهاتووەکەی بەپێی حیساباتی ستراتیژی خۆیان لە قاڵب بدەن. ئەو فیدرالیزمەی وەک بژاردەیەکی سیاسی ناوخۆیی پێشنیار کراوە، تەنها بەرهەمی دیدگای لایەن و هێزە سیاسیە عێراقیەکان نییە، بەڵکو پەیوەستە بە پڕۆژە نێودەوڵەتی و هەرێمیەکان کە هەوڵی دووبارە داڕشتنەوەی سیستەمی سیاسی بەغدا دەدەن، بۆئەوەی لەگەڵ بەرژەوەندیەکانیاندا بگونجێت. ئەمریکا و ئێران و ئیسرائیل هەموویان وەک ئامرازێک مامەڵەیان لەگەڵ فیدراڵیزمی عێراق دەکرد بۆ خزمەتکردنی ئەجێنداکانیان. پرسیار لە ناوەندە گەورەکانی بڕیاردان ئەوە نەبوو کە ئایا فیدرالیزم ڕوودەدات یان نا، بەڵکو ئەوە بوو کە کەی و چۆن و کێ زۆرترین سوود لە داڕشتنی نەخشەی سیاسی عێراق وەردەگرێت، کە زیاتر بووە دەستکەوت بۆ کۆنترۆڵی دەسەڵات لە بەغدا و باشوری عێراق لەلایەن هێزە میلیشیا شیعەکان و کۆماری ئیسلامی ئێران.
لەڕووی ئابووریەوە باشوری عێراق بڕبڕە پشتی ئابوری عێراقە و زیاتر لە ٪٨٠ ی یەدەگی نەوتی عێراقی تێدایە و خاوەنی کێڵگە ستراتیژیەکانی وەک ڕومەیلە لە بەسرە و مەجنون لە میسان و ئەلغەرەف و ناسریە لە زیقار، هەربۆیە لایەنە شیعەکان زۆر جەختیان لەسەر کۆنترۆڵکردنی چاڵەنەوتەکانی باشور کرد، توانیان پشکی شێری داهاتی نەوت کۆنتڕۆڵ بکەن.
ناوچەی پارێزگاکانی باشوری بەغدا، بابل، کەربەلا، نەجەف، قادسیە، موسەننا، واست، میسان، و بەسرە لەخۆدەگرێت، بەمەش ئەو شریتە دەگرێتەوە کە لە بەغدای پایتەختەوە تا کەنداوی عەرەبی درێژدەبێتەوە. ئەم ناوچەیە ناوەندی سیاسی و ئابووری و ئایینی شیعەگەری لە عێراقدا دەگرێتەوە، لەوانە مەزارگە ئاینیە گەورەکان، دامەزراوە سەروەریەکان لە بەغدا و دەروازە سەرەکیە نەوتیەکان لە بەسرە، ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە دەوڵەمەندترین ناوچەکانی عێراق، هەروەها نوێنەرایەتی هێزێکی دیمۆگرافی بەرچاو دەکات، کە دانیشتوانەکەی لە ٢٠ ملیۆن کەس تێدەپەڕێنێت، کە زۆرینەی ڕەهایان شیعەن، کەمینە سوننە و مەسیحی، بەتایبەت لە بەغدا. ئەمەش کاریگەری لەسەر توانای حکومەت هەیە بۆ دابینکردنی بودجە، جگە لەوەش، کۆنتڕۆڵکردنی بەندەرەکانی دەریایی بەتایبەتی لە بەسرە، دەبێتە ناوەندێکی سەرەکی بۆ هاوردە و هەناردەکردن، ئەمەش ئەگەری کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکە داناوەو بووە دەستکەوتێکی گەورە بۆ هێزە شیعەکان و ئێران.
بەڵام ئەم باڵادەستی و فراوانبونە، ئێستا لەبەر ڕۆشنایی گۆڕانی خێرای دیمەنی جیۆپۆلەتیکی ناوچەی عەرەبیدا ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی سەخت بۆتەوە، وەک گۆڕانکاری لە هاوپەیمانیە ناوچەییەکان، کەمبوونەوەی ناوەندگەرایی ململانێی ئەمریکا و ئێران، گۆڕانی ئەولەویەتەکانی دەوڵەتانی کەنداو، شەری ئیسرائیل و ئێران، قەیرانی ئابوری ،هەموویان هۆکارن بۆ سنوردارکردنی نەخشەی کاریگەری شیعە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، جگە لەوەش، گۆڕانکاریەکانی ناو وڵاتانی عەرەبی، دوای زیاتر لە دوو دەیە ئەزمونی ڕۆڵی نەرێنی ئیسلامی لە حوکمڕانیدا سەلماند، هەروەها سنورداربونی ئاستی واقعی بێتوانایی ئایدۆلۆژیەکانی بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەرخست، کە سەلماندیان بەرژەوەندیە ئابوریەکانیان لە پێش هەر دروشم و بانگەوازێکی ئایدیۆلۆژی ئاینیەوەیە.
هەروەها ئەو گروپە ئیسلامیانەی دوای ڕاپەڕینەکانی بەهاری عەرەبی هاتنە سەر دەسەڵات، یان بەشداریان لە حکومەتدا کرد، و هیچ پەیوەندیەکیان بە ئیسلامی شیعەوە نەبوو، مۆدێلێکی دیکەی شکستهێنانیان لە پڕۆژەی ئایدۆلۆژی ئایینی خۆیان لە حوکمڕانیدا خستەڕوو.
لە میسر، دەسەڵاتی ئیخوان ئەلموسلمین تەنها ساڵێکی خایاند (٢٠١٢ – ٢٠١٣) پێشئەوەی لە کودەتایەکی سەربازیدا بڕوخێنرێن، لەهەمانکاتدا پڕۆژەکەیان لەگەڵ بۆچونیان بۆ پێکهێنانی دەوڵەت و واقعیەتی خواستی خەڵکدا بەریەککەوتن. لە تونسیشدا بزووتنەوەی هەستانەوە (النهظة) ڕووبەڕووی تەحەددای هاوشێوە بووەوە، چونکە ناچار بوو لە زۆرێک لە ویستە ئایدۆلۆژیەکانی پاشەکشە بکات بۆ خۆپاراستن لە ناسەقامگیری سیاسی.
شکستی مۆدێلی عێراق کە هاوپەیمانی هێزە شیعەکانە، لە ساڵی ٢٠٠٣وە تائێستا سەرکردایەتی عێراق دەکەن، دۆخی سەختی ئیسلامی سیاسی شیعە بەڕوونترین شێوە خۆی ئاشکرا دەکات. دوای زیاتر لە دوو دەیە لە دەسەڵات، حکومەتە یەک لە دوا یەکەکان شکستیان هێنا لە بنیاتنانی دەوڵەتێک کە توانای بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە و ئارامی سیاسی و بەڕەنگاربونەوەی گەندەڵی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و گەیشتن بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی هەبێت، بەجیا لەوەش سیستمەکە جەختی لەسەر ڕێکخستنێکی تائیفی کردەوە بۆ دابەشکردنی دەسەڵات، کە هێزە شیعە و کورد و سوننەکان غەنیمەتە سیاسی و ئابوریەکانیان دابەشکرد، لەکاتێکدا متمانەی هاوڵاتی عێراقی بە تەواوی لەبەرامبەر دەسەڵاتداراندا، بەو لایەنانەشەوە کە پاڵپشتی “بەهێزکردنی شیعە”یان دەکرد، زۆر دابەزی، دووبارەبوونەوەی ڕاپەڕینە جەماوەریەکان لە بەغدا و بەسرە و شارەکانی باشور، کە زۆرینەی شیعە بون، لە جەوهەردا ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینێک بوو لە دژی ئەم سیستمە میلیشیا تائیفی و نەتەوەپەرستیە.
لە لوبنان حزبولڵا هەرچەندە خۆی وەک هێزێکی بەرگری لە دژی ئیسرائیل نیشاندا، بەڵام خۆی ئاشکراکرد کە تێوەگلاوە لە ململانێ ناوخۆیی و دەرەکیەکاندا، لە چوارچێوەی ژینگەی لوبناندا خۆی قەتیس کردبو، دەخالەتی لە سوریا و عێراق و یەمەن هەبوو، بارگرانی لەسەر داڕمانی ئابووری و دابەشبوونی تائیفی بەرجەستە کردبووەوە، بو بە بەشێک لەو دەسەڵاتەی کە ئێستا جەماوەری لوبنان دژایەتی دەکات، چەکەکانی بونە بارگرانیەکی سیاسی و ئابووری لەسەر دەوڵەت و کۆمەڵگا.
لەکاتێکدا حزبولڵا ڕوبەڕوی قەیرانی ناسنامەی ناوخۆیی دەبێتەوە لەنێوان “بەرگری و دەسەڵات”دا، بەتایبەتی دوای ئەوەی بەشێکی زۆری کاریگەریەکانی لەدەست دەدات، کە بە شەڕێکی خوێناوی لەگەڵ ئیسرائیل بە تیرۆرکردنی سەرکردە باڵاکان و فەرماندە باڵاکانی مەیدان کۆتاییهات. لە ژێر ڕۆشنایی ئەم هۆکارانەدا پرسیارێکی بنەڕەتی دێتەپێشەوە، ئایا ئێمە شاهیدی کۆتاییهاتنی گروپە ئیسلامیە شیعەکانین.؟
پێوەرەکان ئەوە پیشان دەدەن ئێران سەرەڕای گوشارەکان و گەمارۆکان و دابەزینی ئاستی هاوسەنگی لە ناوچەکەدا، هێشتا خاوەنی ئامرازی کاریگەرە لە نفوز و چەک، تا ئابووری نافەرمی. بەڵام ئەو بنکە جەماوەریە ئایدۆلۆژیەی کە سەردەمانێک پاڵپشتی شیعەی ئێران و لایەنە شیعەکانیان دەکرد، بەهۆی گەندەڵی و هەژاری و تێکشکان و کورتهێنان و پوچەڵبونەوەی دروشمەکانیان لەبەرامبەر جەنگدا، دەستی بە وەرچەرخان کرد، کە چیتر ئەو لایەنانە وەک بەرجەستەی ناڕەزایەتی و بەرگریکار و دڵسۆز بۆ ئاینەکەیان نابینن، بەڵکو وەک بەشێک لە سیستمێکی شکستخواردو دەبیننەوە و لەبەرامبەریاندا ڕادەوەستن.
هەڵبەتە ئەو لایەنە ئیسلامی و تائیفیانە و کۆماری ئیسلامی ئێران دوای دوو دەیە لە ڕاگەیاندنی خەیاڵاتی ئایدۆلۆژی بۆ بنەمای بەرژەوەندی سیاسیان، دوای ئەوەی دروشمە ئاینیەکانیان، لە پانتاییەکی بەرفراوندا ڕەواجی نەما، گەرکۆتایی بەدەسەڵاتشیان نەیەت، ناچار دەبن بگەڕێنەوە بۆ شێوازێکی تر لە پێکهێنانی دەوڵەت، گەر بۆیان گونجاوبێت لە ژێر ناوی “مەدەنیەتیشدا”! نمایشێک دەکەن.
پێموایە ڕێڕەوی ئەم پرۆسەیە گەر هاتنە مەیدانی کرێکاران و جەماوەری ناڕازی وەک هێزێکی کاریگەرو بەتوانا و یەکگرتو لە مەیداندا نەبێت، ئیسلامی سیاسی شیعە لە گۆڕەپانەکەدا لە ئاستێکدا خۆی ڕادەگرێت و دەمێنێتەوە، هەوڵدەدات ڕۆڵی خۆی لە جیهانێکی عەرەبی گۆڕاودا پێناسە بکاتەوە، هەڵبەتە ململانێ و سیاسەتی ئەمریکاش لە ناوچەکەدا کۆتاییهێنان نیە بە ئیسلامی سیاسی شیعە.
لە دوا شیکردنەوەدا لۆژیکی هەر دەوڵەت و دەسەڵات و ڕابەر و هێزێکی سیاسی، کاتێك ئایدۆلۆژیەکەی بە شکست و بنبەست دەگات، بۆ ئەوەی دانەڕمێ ناچارە واقعی گۆڕانێک لە خۆیدا پیادە بکات، چونکە گەر لەسەر هەمان بنەمای ئایدۆلۆژی و دروشمە سیاسیەکانی پێداگری بکات، ناتوانێ رابەرییەکەی یا دەسەڵاتەکەی بپارێزێت.




باوک.. نەوزاد بەندی

هەرچەندە فەیلەسوفی هاوچەرخی فەڕەنسا، ژان پۆڵ سارتەر ئەڵێ : ( مردنی باوکم زۆر بە سوود بوو بۆم ! ) ئەم پێناسە ترسناکەی باوک لە لایەن سارتەرەوە، لە خواستی ئازادی ڕەهاوە سەرچاوەی گرتووە، ئەو حەزی بە ئازادییەکی بێ سنوور و بێ سانسۆر بوو، دەسەڵاتی باوکی بە گەورەترین ڕێگر دادەنا، بۆیە مەرگی باوک وەک دەسکەوتێکی گەورە تەماشا دەکا.. بەڵام ئەگەر یاسایەکی دادپەروەرانە هەبووایە، ئەکرا لێپێچینەوە لەگەڵ ئەم کەسەدا بکرێ، کە تەنانەت پێگەی فەلسەفیی خۆی خراپ به کاردێنا و..لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە خانماندا پەیوەندیی سۆزداریی هەبوو، ئەکرا به تاوانی شکاندنی داب و نەریت و سنووری ئەوانی تر و خراپ بەکارهێنانی پێگەی فیکریی، دادگایی بکرێت هەروەک چۆن هاونیشتمانەکەی، گۆستاف فلۆبیر لەسەر چەند هەڵوێستێک لەڕۆمانی مەدام بۆڤاریدا و به تایبەت لەسەر سێکشنی ناو عەرەبانەکە، دادگاییەکی دوور و درێژ کرا، بەڵام سارتەر دادگایی نەکرا.

باوک لە ڕووی زمانەوانییەوە ووشەیەکی سادەیە بەڵام لە ڕووی مانا و تێرم و ڕەهەندەوە، ڕەنگە بڵێم درێژترین زاراوەیە.. باوک واتا هەیبەت و ڕێباز و ڕەشماڵ و سۆز و بەزەیی و داڵدە و ڕێنمایی و بەرنامە و ئامۆژگاریی و پەروەردە و دەستگرۆیی و بەرگریی و سیاسەت و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و ڕاگر و سەرپەرشت و جەنگاوەر و .. زۆر شتی تر.
ئەوانەی باوکیان نییە، پێیان ئەڵێن هەتیو..ئەو وشەیە خەمگینترین ووشەیە کە تەنانەت وەک جنێویش بەکارئەهێنرێت..وەک شکاندنی کەسێک، کە بێ خاوەن و سەرپەرشت و بێ پشت و پەنایە، بەکار ئەهێنرێت.
هەر بۆیە ئەبینین ئەوانەی بێ باوک هاتوونەتە دنیاوە، کەسانیکی ئاساییان لێ دەرناچێ، چونکە لە پێگەیەکی ئاساییدا ژیانیان تێ ناپەڕێت، بەڵکو سەختی و لەڕێلادان و ئەشکەنجە و موعاناتی جۆرا و جۆر بەرۆکیان پێدەگرێ، بەو جۆرە کەسانی ترسناکی وەک ئەدۆلڤ هیتلەر یان کەسانی مەزنی وەک پێغەمبەران و داهێنەری وەک ئەدیسۆنیان لێ پەیدا ئەبێت، ئەوەیش ڕەنگە بڵێم سەرکێشییەکی گەورەیە، وەک ئەوە وایە منداڵێک فڕێ بدەیتە ناو دەریایەکەوە، زۆربەیان ئەخنکێن و کەمێکیان ئەبنە مەلەوان و دەریاوانی بەتوانا.
لەسەر ئاستی میللەتانیش، میللەتە بێباوکەکان سەرلێشێواو و بێ داهاتوون، لە ڕووی گوزەران و پەروەردە و کۆمەڵایەتییەوە داڕوخاون، داهاتوویان نادیارە و بچوکترین گۆڕانکاریی ئابووریی و تەندروستیی و سیاسیی و سەربازیی و کەش و هەوا، وێرانیان ئەکا.
بڕوانە بۆ ووڵاتانی ئەمەریکای لاتین و ئەفریقیا و ئاسیا به گشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست به تایبەتی، کە من بە ووڵاتە بێباوکەکان پێناسەیان ئەکەم، بزانە لە چ بارودۆخێکی سەخت و ئازار بەخشدا ئەژین..ساڵانە هەزارانیان لە هەوڵی سەرهەڵگرتندا لە دەریاکاندا ئەخنکێن.. ملیۆنانیشیان بێ ئیش و کار ئەسوڕێنەوە و .. ئەمەیش وا دەکات مل بدەن بۆ براکوژیی و تاوان و لەش فرۆشیی و مادە سڕکەرەکان.. لێکترازانی کۆمەڵایەتیی و هەڵوەشانەوەی خێزان و بڵاوبوونەوەی نەخوێندەواریی و کاڵبوونەوەی ڕێز و بەها بەرزەکان، بەشێکن لە دەرئەنجامی میللەتە بێ باوکەکان..ئەم ووڵاتانە لەلایەن کۆمەڵێک باوە پیارەی دڵڕەق و ناڕەسەنەوە بەڕێوە دەبرێن کە وەک بریکاری هێزە داگیرکەرە جیهانییەکان کار دەکەن و لەسەر کورسێکانیان ئەهێڵرێنەوە.. هەندێک ووڵاتی وەک باشووری ئەفەریقیا و ڕواندا و مالیزیا، دوای ئەوەی ساڵەهای ساڵ لە گێژاوی دەسەڵاتی تۆتالیتاریی و باوە پیارەییدا، تلانەوە و بوونە مۆڵگەی زوڵم و چەوسانەوە و شەڕی ناوخۆ و برسێتیی و نەزانی و دواکەوتن، بەڵام لە پڕێکدا باوکانێکی میهرەبانی وەک پاوڵ کاگامی و ماندێلا و مەهاتیر محەمەدیان تێدا پەیدا بوو، میللەتەکانیان خستە ژێر باڵی سۆز و وەفاوە، دادپەروەریی و ئازادیی و پێشکەوتنی زۆر گەورەیان بە خۆیانەوە بینی و چوونە ڕیزی ووڵاتە تەکنەلۆژیی و مۆدێرنە بەرهەمهێنەکانەوە .. هەر بۆیە لە ئاییندا ڕۆژێک لە ژیانی فەرمانڕەوایەکی دادپەروەردا بەرامبەر عیبادەتی حەفتا ساڵە..
تەماشا بکەن کارەساتێکی چەند گەورەی مرۆیی ڕوودەدات کاتێ میللەت بێ باوک ئەبێ.. کاتێ سەرخان و ژێرخانی ووڵات لەلایەن زڕ باوکەکانەوە تاڵان ئەکرێ.. کاتێ باوەپیارەکان ئەبنە خاوەنی ڕەهای خاک و خەڵکەکە و بە ئارەزووی خۆیان برسی و هەژار و بێکار و بێ داهاتوو و وێرانیان ئەکەن.
جیهان ساداتی خێزانی ئەنوەر ساداتی سەرۆکی پێشووتری ووڵاتی میسر، لە کتێبی یادەوەرییەکانیدا ئەڵێ : دوای ئەوەی سادات ڕێککەتننامەی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئیمزا کرد، ڕۆژێکیان لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ ماڵەوە، زۆر بێزار بوو، نانی بۆ نەخورا و بە تەنیا چووە ژوورەکەی. لێم پرسی : چی ڕووی داوە ؟
ووتی : من وازم لە هەموو بەها مێژوویی و ئاینییەکان هێنا و پەیماننامەی ئاشتیم لەگەڵ ئیسڕائیلدا ئیمزا کرد، لە پێناوی تێر بوون و فێربوون و ئاسودەیی و پێشخستنی میللەتی میسردا، کەچی ئەمڕۆ کونسوڵی ووڵاتانی ئەوروپا هاتوون بۆ لام، ئەڵێن ئەم ڕێککەوتنە هیچ پەیوەندییەکی دارایی و پەروەردەیی ستراتیجی بەسەر گەلانی میسرەوە نییە و تەنها پەیماننامەیەکی سیاسیە، واتا ئەبێ گەلانی میسر هەر برسی و بێکار و نەخوێندەوار و نائومێد بن. منیش پێم وتن ئەم پەیماننامەیەم بۆ خۆشگوزەرانیی و پێشخستنی میسرییەکان کردووە، مکوڕیشم لەسەر ئەوە .
ئەڵێ : کونسوڵەکانی ئەوروپا بە زاری هەڕەشەوە بە جێیان هێشتم، دڵنیام کۆتاییم نزیکە..
دوای ئەوە ئەنوەر سادات لە کاتی ئامادەبوونی لە مانۆڕێکی سەربازیدا، تیرۆر کرا.
شایانی باسە لەم چەند ساڵەی دواییدا سەردانێکی میسرم کرد، هەر میسرییەکم ئەدواند، ڕەحمەتی بۆ گۆڕی سادات ئەنارد و ئەیووت تەنها باوکی دڵسۆزی میسرییەکان، ئەنوەر سادات بوو.. تەنها لەو ماوە کورتەی فەرمانڕەوایی ئەو باوکەدا، میسرییەکان تێر بوون و هەلی کار بۆ هەمووان هەبوو، شەقامەکان پاک بوون و خەڵک ڕوو لە خۆشگوزەرانیی و گەشانەوە بوو.
بەو جۆرە وەک چۆن لە خێزانە بێ باوکەکاندا، مناڵەکان خوێندنیان ئەفەوتێ و ماڵ بە جێدێڵن و توشی ژیانێکی سەخت ئەبن و تەمەن کورت یان ئاوارە یان کەمئەندام ئەبن بە هەمان شێوە میللەتە بێ باوکەکان، سەرلێشێواو و بێ بەرنامە و بێ داهاتوو ، کارەساتبار ئەبن..زاناکانی سەری خۆیان هەڵدەگرن و نەزانەکانیشی بۆ پارووە نانێک ئەبنە جەلاد و کۆیلە و سیخوڕی باوەپیارەکان.. ئەگینا بۆچی زوها حەدید عێراق جێدێڵێت و لە ئەوروپا ئەبێتە گەورەترین ئەندازیاری تەلارسازیی جیهان ؟ بۆچی کۆچەر بیرکار کوردستان جێدێڵێ و لە ئەوروپا ئەبێتە گەورەترین زانای ماتماتیک؟ بۆچی ئەحمەد زوێل میسر جێدێڵێ و له بەریتانیا ئەبێتە گەورەترین زانای کیمیا ؟ بۆچی ستیف جۆبس لە باوکێکی سوریی ئاوارەی ئەوروپا، لە دایک ئەبێ؟ بۆچی ئیبراهیم ئەمین باڵداری دانەری ئەلف و بێی نوێ، لە تاراوگە ئەمرێ … !؟؟




دوو تێبینی لەسەر: ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.. ئەکرەم سەعید

چەند ڕۆژ لەمەوپێش ترەمپ و ستافەکەی نەخشەڕێگاێکیان بڵاوکردەوە، کە بڕێک خەونی وەنەوشەیی و ڕەخنە بوو لە وڵاتانی ئەوروپا.
تێبینی یەکەم: خەونە وەنەوشەییەکانی ترەمپ
(ئێمە بەهێزترین بنکەی پیشەسازی جیهانمان دەوێت. دەسەڵاتی نیشتمانی ئەمریکا پشت بە کەرتێکی پیشەسازی بەهێز دەبەستێت کە توانای دابینکردنی هەردوو داواکاری بەرهەمهێنانی سەردەمی ئاشتی و جەنگی هەبێت.). سەرچاوە – ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا / لاپەڕە ٤ *.
لێرەوە ئەم خەونە بەڵێنی فرسەتی کارو خۆشگوزەرانی دەدات بە خەڵکی ئەمەریکا.
بەپێچەوانەی خەونە وەنەوشەییەکانی ترەمپ و گفتەکانی، لەم چەند ساڵانەی دوواییدا جیهان بەهۆی گەشەکردنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان”ڕۆبۆرت و تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد و ئامێری خۆبزووێن”، وە بەهۆی قەیرانی سەرمایە کە ئیفلاسی زۆرێک لە کارگەکان و کەرتی خزمەتگوزاری دەرئەنجامی بووە، ڕێژەی بێکاری ڕوی لە هەڵکشانە، بەتایبەتی لە چەند ساڵی ئایندەی نزیکدا، فرسەتی کار کەم دەبێتەوە، چونکە پرۆسەی کار پێویستی بە دەستی کاری کرێکاران زۆر نامێنێ، بەتایبەتی لە وڵاتانی پێشکەوتوو لە ڕوی تەکنەلۆژیاوە(وەک ئەمەریکا و ئەوروپا،، هتد)، بەرهەمهێنان لەو وڵاتانەدا لە نێو کارگە تاریکەکان یان کارگە بێ دوکەڵەکان بەڕێوە دەچێ؛ یانی کارگەێک کە کەمترین کرێکاری تێدایە. ئیدی بەڵێنی ترەمپ بە گەڕانەوەی پیشەسازی بۆ ئەمەریکا و زیادکردنی فرسەتی کار، درۆێکی گەورەیە و لە ئەقڵی خەڵکانێکەوە هاتووە کە هێشتا وا دەزانن کارکردن لە جیهانی سەرمایەداری ئەمڕۆدا هاوشێوەی کارگەکانی ساڵانی ۱۹۰۰کانە.
ڕاپۆرتی دەزگاکان و پسپۆڕانی ئابووری بەهۆی گەشەی تەکنەلۆژیاوە باس لە زیادبوونی بێکاری دەکەن لە جیهاندا، ئیدی ترەمپ و ستافەکەی دەتوانن بە خەونە وەنەوشەییەکانی نێو نەخشەڕێگاکەیان بۆ کورت ماوە هەندێ خەڵکی فریو بدەن، بەڵام دواتر ناڕەزایەتی دژی بێکاری وەک بۆمب بە ڕویاندا دەتەقێتەوە. بێکاری بۆمبێکی کاتییە کە سەرەتا ئارام دەردەکەوێ، بەڵام لە ساتێکی دیاریکراودا دەتەقێتەوەو کۆمەڵگە دەهاژێنێ. بۆ نموونە لە وڵاتی سویدا لە چوار گەنج یەکێکیان بێکارە، کە بێگومان ئەوە کارەساتە، بەتایبەتی کاتێ وەزیری کاری ئەو وڵاتە بە کەمکردنەوەی بیمەی بێکاری چارەسەری بێکاری دەکات، لەو بڕوایەوە کە:(گورگە برسییەکان باشتر ڕاو دەکەن). بڕوانە وتاری: بێکاری بۆمبێکی کاتییە/ یان جی ئەندەرسۆن – بەزمانی سویدی **.

تێبینی دووەم: دەربارەی پەناهەندەکان
لە(ئێمە تۆمان دەوێت) بۆ ( ئێمە تۆمان ناوێت) ***
بەهاتنی ترامپ و ستافەکەی بۆ نێو کۆشکی سپی لە ئەمەریکادا، دونیا هێندەی دی ئاڵۆزو پڕ لە کێشە بووە. بەتایبەتی دەربارەی کەیسی پەناهەندەکان کە مۆڵەتی مانەوەی فەرمییان نییە، مامەلەی دەزگاکان لەتەکیان هاوشێوەی مامەلەیە لەتەک تاوانباراندا، تا ئەو ڕادەیەی هەواڵ وایە بەشێک لەو پەناهەندانە بگوازرێنەوە بۆ بەندیخانەی”گوانتانامۆ” کە جێگای تاڵیبان و داعیشییەکان بوو.
هەڵبەتە ئەمە سەرەتای شەپۆلی دیپۆرتکردنەوەی پەناهەندەکانە، کە ھێشتا شێوازێکی نەرمە، و ساڵانێکە لە بەریتانیا و سوید،، هتد، ئەم جۆرە سیاسەتە پەیڕەو دەکرێ، بە تایبەتی لە سوید هانی پەناهەندەکان دەدرێ بە گفتی بەخشینی بڕێک پوڵ، واز لە مۆڵەتی نیشتەجێبوون و پاسپۆرتەکانیان بهێنن و بگەڕێنەوە بۆ نیشتمانی یەکەمی خۆیان. بێگومان چەند ساڵی دی ژینگەی ئابووری و سیاسی و نائەمنی نێو سوید و ئەوروپا، بەشێک لە پەناهەندەکان ناچار دەکات بە کۆچ بەرەو وڵاتانێ کە لێوەی هاتوون، کە بەزۆری دەکەوێتە ئاسیاو ئەفەریکا و ئەمەریکای لاتین، واتە وڵاتانی باشووری گۆی زەوی.
هۆکاری دەرکردنی پەناهەندەکان وەک ڕواڵەت، زاڵبوونی باڵی ڕاستڕەوی توندڕەوە بەسەر فکر و سیاسەتی کۆمەڵگەو حکوماتەکانیاندا، بەڵام لەڕاستیدا بنەمای ئەم دیاردەیە هەلومەرجی ئابووری جیهانی و قەیرانەکانی سەرمایەدارییە، کە لێرەدا هەرچی پەیوەندی بە پەناهەندەکانەوە هەیە لە (ئێمە تۆمان دەوێت) بۆ (ئێمە تۆمان ناوێت)ی کردووە بە ڕێگا چارەی سەرمایەی دڕندە بۆ چارەسەری قەیرانەکانی.
زیاد لە شەست ساڵ لەمەوپێش لە سوید بە خۆشییەوە پێشوازییان لە هاتنی یەکەم شەپۆلی پەناهەندەکانی کارکردنی(یۆنانی و ئیتاڵی) دەکرد، لە نەوەدەکان بەدواوە پەناهەندەی(ئێراق، ئێران، سوماڵ، بۆسنیە، ئەفگانستان، هتد) ژمارەیان لە زیادبوون بوو. هەڵبەتە دیمەنەکە هاوشێوەیە لە وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەوروپا و ئەمەریکا.
ئەو خولە لە گەشەی سەرمایەداری هێشتا کارگەکان، بەشەکانی کەرتی خزمەتگوزاری سەرمایە پێویستی بە هێزیکار بوو، وە پەناهەندەکان دەیانتوانی ئاستی پێویست لە(سوپای یەدەکی هێزیکار/ بێکاران) لە ڕێژەێکی گونجاو بۆ قازانجی سەرمایە ڕابگرن، بۆیە(ئێمە تۆمان دەوێت) دیمەنی گشتی سەرمایەداری ئەو ساڵانە بوو.
بە گەشەکردنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان”ڕۆبۆرت و تەکنەلۆژیای زانیاری و ئامێری خۆبزووێن” لەم چەند ساڵانەی دوواییدا، وە بەهۆی قەیرانی سەرمایە کە ئیفلاسی زۆرێک لە کارگەکان و کەرتی خزمەتگوزاری دەرئەنجامی بووە، ڕێژەی بێکاری ڕووی لە هەڵکشانە، بەتایبەتی چەند ساڵی ئایندەی نزیک، فرسەتی کار کەم دەبێتەوە. بۆیە بە کورتی ئەم هۆکارانە ئابوورییانە لە پاڵ ژینگەی فکری و سیاسی دژی پەناهەندەکان، دیمەنەکەی لە بەشێکی زۆری وڵاتانی سەرمایەداریدا کردۆتە:(ئێمە تۆمان ناوێت).
(بەرەوپێشبردنی گەورەیی ئەوروپی: کاربەدەستانی ئەمریکی کە بیر لە کێشەکانی ئەوروپا دەکەنەوە، وا ڕاهاتوون لە ڕوی کەمی خەرجی سەربازی و چەقبەستوویی ئابوورییەوە لێی بڕوانن. ڕاستی لەم بابەتەدا هەیە، بەڵام کێشە ڕاستەقینەکانی ئەوروپا لەمانە قووڵترن. ئەوروپا پشکی لە بەرهەمی ناوخۆیی جیهانی عDP لەدەست دەدات(لە سەدا ٢٥ لە ساڵی ١٩٩٠بۆ لەسەدا ١٤ لە ئەمڕۆدا دابەزیوە) ،،، بەڵام ئەم دابەزینە ئابوورییە، سێبەر لەسەر ئەگەری ڕاستەقینەی سڕینەوەی شارستانی دادەنێ … سیاسەتی کۆچ کە خەریکە کیشوەرەکە دەگۆڕێ و ململانێ دروست دەکات، سانسۆرکردنی ئازادی قسەکردن و سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی، دابەزینی ڕێژەی لەدایکبوون و لەدەستدانی ناسنامەی نەتەوەیی و متمانە بەخۆبوون. ئەگەر ڕەوتەکانی ئێستا بەردەوام بن، ئەوا کیشوەرەکە لە ٢٠ ساڵ یان کەمتردا ناناسرێتەوە.). سەرچاوە – ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا / لاپەڕە ۲٥.
بەشێک لە خەڵکی پشتیوانی لەم ڕایە دەکەن کە لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، بە پاساوی ئەوەی کە مسوڵمانەکان ڕێزی کەلتوور و یاسای وڵاتانی ئەوروپا ناگرن. ڕاستی لەم قسەیەدا هەیە، بەڵام(ڕاستڕەوە توندڕەوەکان)لە ئەوروپا و ئەمەریکادا هەوڵی دیپۆرتکردنەوەی تەنها مسوڵمانەکانیان نییە، بەڵکو گشت پەناهەندەکانە. ئایا بەڵگە هەیە بۆ ئەم ڕایە؟. بەڵێ؛ بڕوانە ترەمپ یەکەم جار ئیهانەی ئەمەریکا لاتینیەکانی دەکردو داوای دەرکردنیانی دەکردن. بێگومان خەڵکی ئەمەریکای لاتین خەڵکی لیبڕال وچەپیان تێدایە و مەسیحین نەک موسڵمان. ڕاوێژکاری ئەڵەمانیا”فریدریش مێرتز”ڕەگەزپەرستانە لێدوانیداو وتی:(پەنابەران دیمەنی شارەکانی ئەڵمانیا تێکدەدەن)، مەبەستی تەنها مسوڵمانەکان نەبوو، بەڵکو مەبەستی هەرکەسێ کە لە سەنتەری شارەکاندایە و سەری ڕەشە و پێستی سپی نییە. فەلسەفەی سیاسی ڕاسیسم لە سەر بناغەی(ڕەگەز)دامەزراوە؛ ڕەگەزی ژێرمانی(یان جێرمانی – ئەڵمانی، ئینگلیزی، هۆڵەندی، سکاندیناڤی)کە(سپی پێستن و چاویان شینە و قژیان زەردە)، دروشمی ڕاسیستەکان(دەسەڵات بۆ پیاوی سپی)و باقی خەڵکی دەبێ کۆیلە بن. ۲/ سیاسەتی دژی خەڵکی موسڵمان و(ئیسلامفۆبیا)بەشێکە لە پڕوپاگاندەی ڕاسیسمەکان، دەنا ترەمپ پەیوەندی باشی هەیە بە جۆلانی و ستافە تیرۆریستەکەیەوە. هەر لە کۆنەوە لە ساڵانی ۱۹٤۰بەریتانیا کۆمەکی ئیسلامیەکانی کردوە، بەتایبەتی کۆمەکی(حەسەن بەننا)ی دامەزرێنەری برایانی موسڵمانانی کردوە، و ئەمەریکا لە ساڵانی ۱۹۸۰دژی سۆڤیەت کۆمەکی تاڵیبان و قاعیدەی کردوە، و ئەمەریکا بە دانپیانانی سەرکردەکانی خۆیان وەک(ھیلاری کڵینتن)داعشیان دروستکردوە. ڕاسیسم دژی هەموو پەناهەندەکانە و ناپرسێ تۆ چ بیروباوەڕێکت هەیە، لێرەوە سەرکوتی ئازادی و یەکسانی گشت خەڵکی لە وڵاتەکانەدا دەکات؛ لێرەدا خوێندنەوەی ئەزموونی نازیەکانی ئەڵەمانیا لە ساڵانی ۱۹۳۰- ۱۹٤٥بە سوودە بۆ تێگەیشتن لە چۆنایەتی کارکردنی سیاسەتی نازیزمەکان.
هەڵبەتە ڕۆژانە ئێمە گوێمان لە پڕوپاگاندەی دەزگاکانی حکومەتە ڕاستڕەوەکانە کە دەڵێن:(ئێمە ئەو پەناهەندانە دیپۆرت دەکەینەوە کە خۆیان ناگونجێنن لە گەڵ یاسا و کەلتووری ئەوروپا و ئەمریکا). ئەم پڕوپاگاندەیە یەکەم هەنگاوە/ یەکەم پێپلیکانەی سیاسەتی ڕاستڕەوەکانە دژی پەناهەندەکان بە گشتی و دژی یاسای هاوڵاتی بوونە. ڕاستڕەوەکان سیاسەت دەکەن؛(سیاسەتی بۆرژوازەکان بەشێکی زۆری فریودان و تەفرەقە دروستکردنە لە نێوان خەڵکی تا یەک نەگرن)، بۆیە پڕوپاگاندەکەیان لەیەکەم هەنگاویدا سەری ڕمەکەی دەکەنە ڕوی ئەو پەناهەندانەی کە(خۆیان لەگەڵ یاسا و کەلتووری ئەوروپا و ئەمریکادا ناگونجێنن)، و هەرکات ئەمەیان بۆ چووەسەر ئیدی هەنگاوی دووەم دەنێن کە دیپۆرتکردنەوەی تەواوی پەناهەندەکانە. با بپرسین ئایا کەسێ کە ڕەگەزنامەی ئەوروپی وەرگرتوە ئەو کەسە هاوڵاتی نییە؟ وە ئایا نابێ ئەگەر تاوانێکی کرد، ئەوا بەیاسای ناوخۆی دەوڵەت سزا بدرێ و لەوێکانە بەند بکرێ؟. کە حکومەت بڕیار بدات ڕەگەزنامەکەی لێدەستێنێتەوە، ئەوە بۆ خۆی پێشێلکردنی دەستور و یاسایە. خەڵکی کە ڕەگەزنامەی ئەوروپی هەیە یان لە وێکانە لە دایکبوون ئیدی ئەو خەڵکە هاوڵاتین، ناوبردن و ئیهانەکردنیان بەناوی پەناهەندەیە و سەری ڕەشە یان پێستی ئەسمەرە، و ئەگەر موخالفەی یاسا بکات دیپۆرتی دەکەینەوە، ئەوە بۆ خۆی یەکەم شێوەی سیاسەتی ڕاسیسمییە کە دژی مافی هاوڵاتیبوونە کە جێبەجێ دەکرێ. وە ئەمە هێشتا سیاسەتێکی نەرمە، چونکە ئەگەر ڕاستڕەوەکان بە تەواوەتی حوکم بکەن لە ئەوروپادا، بێگومان شێوازی زبر و خراپتر دەبینین.

پوختەی قسە:
ئەوکاتەی پەناهەندەکان لە ئەوروپا و ئەمەریکادا دەردەکرێن، لە هەمان کاتدا ئازادی و یەکسانی لەوێکانە پێشل دەکرێن.

  • National Security Strategy of the United States of America – November 2025
    ** Jan G Andersson : Arbetslösheten – en tickande bomb / 8 december 2025 – Sydöster tidning
    *** بڕوانە وتاری(وەرزی کۆچی پەناهەندەکان بەرەو باشوور – ئەکرەم سەعید/ سایتی دەنگەکان – ۲۷ شوبات ۲۰۲٥).



جیاوازی ئەزموون و شێواز و بەدواداچوونێك.. سۆران محەمەد

پێشەکی
وەکو جۆن کۆهین دەڵێت شیعر زمانە و زمانی شیعریش لادانە لە زمانی ئاسایی، گەر هەوڵی تێكشكانی زمانی ئاساییش بدرێت ئەوا بەشیوازێکی تازەتر بنیاتی دەنێتەوە، هەرچەندە لە سەدەی نۆزدەدا کە شیعری رۆمانتیکی لە ڕۆژئاوا سەریهەڵداو نازك مەلائکە لە سییەکانی سەدەی بیستدا هێنایە عێراقەوەو دوای دوو دەیە گۆران هێنایە ناو شیعری کوردییەوە، بەس وەك کۆهین زمانی شیعر تەنانەت لە زمانی پەخشانیش جیادەکاتەوەو دوەمیان بە زمانی سفری نووسین ناودەبات، لێ لەم زەمانەدا سنووری ژانرە ئەدەبییەکان هێندەی کاڵبوونەوەی بەخۆوە بینیوەو پێکداچوون تێیدا ڕ وویداوە، هێندە سنوورو جیاکارییان لە نێواندا نەماوە، ئاوهاش ئەدۆنیس زمانی شیعر بە زمانی ئاماژە ناودەبات و لەکاتێکدا زمانی ئاسایی زمانی ڕوونکردنەوەیە، ئەمەشە وا لە شیعر دەکات ئەوە بڵێت کە لە زمانی ئاساییدا نییە، کەواتە زمانی شیعر خۆی لە خۆیدا دیاردەیەکی شێوازگەراییەو شێوازی هەر شاعیرێك بریتییە لە بەشێك لە ئەزموونکردنی شیعر نووسین و کۆو سەرجەم هەوڵەکانی ژیانی دادەنرێن بە ئەزموونی هەر شاعیرێك.
وتارێكم
لە گوتاری (شیعر؛ تییمە، بیرۆکەو تەکنیك)دا کە نزیکەی ٢٥٠٠ وشەی لە خۆ گرتووە، لە مەتن و پاشکۆیەك پێکهاتووە، مەتنەکە بابەتێکی شرۆڤەکاریی شیعرە کە بە عەرەبی لەژێر سەردێڕی (الشعر ثييمة، فکرة، تقنية)دا لە رۆژنامەیەکدا بڵاومکردووەتەوە.
لەهەمان وتارداو لە پاشکۆکەدا واتا (بەرەنجام)دا ئەو بۆچوونانەم بەسەر دەقێکی شیعری شاعیر (شوان تۆفیق)دا پراکتیزە کردووە، تیایدا تەنیا بە دوو دێڕ ئاماژەم بە پێگەی ئیلکترۆنی شیعریی (تەم) کردووە کە کۆی گشتی ئەم دوو ڕستەیە ٢٧ وشەیەو بەمجۆرە هاتووە:
١- ئەو شاعیرانەی لە(تەم)دا کۆبوونەتەوە بە شاعیرانی (سەعلوك) ناو دەبەم.
٢-ئەو شاعیرانەی لە(تەم)دا کۆبوونەتەوە هەریەکە خاوەنی شێوازێکی جیای نووسینی شیعرو دنیابینی شیعرە، جیاواز لەوانی دی.

رەخنەیەك
بەڕێزێك وتارێکی نووسیوە لە ژێر ناونیشانی (ڕاكردن به‌ دوای تراویلكه‌ی ئه‌زموونی جیاوازی شیعریی!..) دژی ئەو بۆچوونەی من کە لەو دوو دێڕەی سەرەوەدا هاتووەو تیایدا نووسیویە:
(نووسه‌رێك له‌ وتارێكی درێژدا باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ هه‌موو ئه‌و شاعیرانه‌ی له‌ ماڵپه‌ڕی (ته‌م) ده‌نووسن و شیعر بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌، له‌ ڕووی ئه‌زموون و جیهانبینییه‌وه‌ شاعیری جیاوازن له‌ هه‌ر شاعیرانێكی دیكه‌).

وەڵام و تێبینییەکانی من:

ڕەنگە گەر خوێنەر ئەو دوو ڕستەیەی سەرەوەی من ورد بخوێنێتەوە مەبەستەکانی منی زیاتر بۆ ڕوون ببێتەوە کە بەمجۆرەیە:
١- بۆ ئەوەی نەکەوینە بڕیاری هەڵەوە باشتر وایە شتەکان لە شوێنی خۆیاندا ببینین و دابنێین، بۆ نموونە ئەو وتارە درێژە تایبەت نییە بە باسی (تەم)، بەڵکو لە بەشی بەرەنجامەکەدا تەنیا بە ٢٧ وشە لە کۆی ٢٥٠٠ وشە وەکو بیروڕای خۆم بەرانبەر هەوڵە شیعرییەکانی پێگەی (تەم) نووسیومە.

٢-سەبارەت ڕستەی یەکەم؛ دەربڕین و وەسفکردن و هێنانە ئارای زاراوەی (سەعلوك) لە شیعردا، هاوچوونییەك دەخاتە ڕوو لە نێوان سیماکانی ئەو شاعیرانەی قۆناغێکی کۆن و شاعیرانی ئەو پێگەیەدا، هەر ئەو سیفەتەش بوو ڕامبۆی کردە پێشەنگ لە شیعردا، کەواتە شیعری ڕەسەن دەستەمۆ نابێت.

٣- وەك لە وتارەکەدا نووسیومە هەر شیعرە و مۆرکی تایبەتی و شێوازو تێگەشتنی شاعیرەکەیەتی و پەنجە مۆری کەس بە کەس ناچێت، بەڵام شێواز دەکرێت گۆڕانکاریی و پێشکەوتن بەخۆوە ببینێت، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت هاوشێوەیی لە دنیابینی و شێوازی هەندێکدا نەبێت، من نا بەڵکو تەنانەت هەندێك لە ڕەخنەگران، شیعر بە جۆرێك لەلاساییکردنەوە وەسف دەکەن، ئیتر یا لاساییکردنەوەی سروشتە یان هی ئەوانی تر، بەڵام گرنگە شتێکی تری لێ بخولقێنرێت، واتا وەك فەلسەفە دەڵێت دوو بەرد لە یەك دەخشێنرێت لە ئاکامدا ئاگری لێ پەیدا دەبێت کە ڕەگەزێکی نوێیە.

٤- من بە هیچ جۆرێك باسی ئەزموونم نەکردووە، ئەزموون واتا کۆی هەوڵەکانی شاعیرێك، چ جای هی ئەو هەموو شاعیرەی لەو پێگەیەدا بەرهەمیان بڵاوکردووەتەوە! کە کارکردن لەسەر ئەو پنتە ساڵانێك دەخایەنێت، بەڵکو من باسی (شێواز)و(دنیابینی)م کردووە، هەردووکیشیان بەشێكن لە هەر شیعرێك، واتا هیچ شیعرێك بێ شێوازو دید و روئیا نابن. نەخاسمە ئەم زەمەنە زەمەنی تایەتمەندییەکانەو لەبری ئەوەی بە جوملە ڕەفزی ئەوانی تر بکەینەوە، پێم باش بوو کاکی نووسەر لێكۆڵینەوەی ڕەخنەیی لەسەر چەند دەقێك لەو دەقانە بنووسیایە بەو میتۆدەی خۆی باوەڕی پێیە، چونکە تەنانەت شیعری شاعیرێك لەگەڵ شیعرێکی تری خۆیدا ڕەنگە جیاواز بێت، لەکاتێکدا قەیرانی ڕەخنەی شیعریی لای ئێمە بەڕوونی دیارو بەرچاوەو ئەوەی کە دەیبینین و بووەتە مۆد زیاتر یەخەگرتنی گۆران و شێرکۆ بێکەسە، جگەلەوە شیعر بەس پەیام نییە تا ئێمە وەکو وتارێکی ڕامیاریی سەیری بکەین.
٥-ئەم گشتگیرکردنە ئەوە ناگەیەنێت خاڵی لاواز لە دەقەکاندا نەبێت، بەڵام یەك خاڵی بەهێز لەهەر دەقێکدا هەبێت بەسە بۆ چێژ وەرگرتن و بەهرەمەند بوون لێی و جۆرێك لە جیاوازبوون، چونکە شیعر لە زۆر لایەن و پنت و ڕەگەز پێکهاتووە، هەر بەڵگەش بۆ ڕاستی ئەم ڕایە ئەوەیە کە من لە وتاری (نوخبەی شیعر بەرەو کوێ؟) باسی کێشەکانی (وێنەی شیعر)م کردووە لای شاعیرێك لەو شاعیرانەی لەو پێگەیەدا شیعری بڵاوکردووەتەوەو چاوەڕوانی بەرەوپێشچوونی لێدەکرێت، جگە لەوەی لەسەر دوو شیعری تری ئەو پێگەیە لە وتاری (ئۆنتۆلۆژیاو میتافیزیکیای دەق)دا باسی خاڵی درەوشاوەی دوو دەقی شیعریی ترم کردووە.
٦-تێڕوانینەکان بەرانبەر شیعر جیاوازن، چێژو تێڕوانین وسەلیقە وقووڵبوونەوەو شارەزایی وهتد… ڕۆڵ دەبینن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ڕاکان تەنانەت بەرانبەر شیعرێكیش جیاواز بێت، بۆ نموونە عیزەدین زەکی زادە دەربارەی شیعرەکانی تەم دەنووسێت (دڵخۆشم، لەو پەیجە تا ئێستا دەقی خراپم نەدیوە)، بەڵام لە هەمانکاتدا ئاساییە بەڕێزی خاوەن وتار بەجۆرێکی تر لەشیعرەکان تێبگات و تێبینییەکەی لە خاڵی تییمای شیعردا چڕبکاتەوە و بنووسێت:( زۆر به‌ ڕوونی هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ نه‌ له‌ ڕووی جیهانبینی، نه‌ له‌ ڕووی ئه‌زموونیشه‌وه‌ ئه‌م شاعیرانه‌ نه‌ك له‌ یه‌كتر جیاواز نین، بگره‌ لاسایی یه‌كتریش له‌ ڕووی تێمای شیعری ده‌كه‌نه‌وه‌، وه‌ك بابه‌تی ڕه‌شبینی و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی نیشتمان و ڕه‌خنه‌گرتن له‌ سیاسه‌ت و پووچگه‌رایی ژیان و چه‌ندان بابه‌تی هاوشێوه‌ی دیكه‌ش. ئیدی نازانم كامه‌یه‌ جیهانبینی و ئه‌زموونی جیاواز، گه‌ر شاعیرانێك هه‌موویان هه‌مان بابه‌تیان كاوێژكرده‌وه‌؟)
٧-من خۆم هاوڕای بەڕێزی نووسەری وتار نیم و وابزانم ئەویش ڕێگەی ئەو ئازادییەم پێ بدات لە هەڵبژاردندا، لەو بڕوایەدام بەڕێزیان زۆر بڕیارێکی خێراو گشتگیری داوە بەسەر ئەو دەقە شیعریانەدا، تا بەدەقێك بگوترێت باش یان خراپ زۆر فاکتەر هەن دەبێت پێشچاوبخرێن و هەموو ڕەگەزەکانی شیعر لێکبدرێنەوەو دوایی ئایا ئەدەب پێیەکی لەناو واقیع و پێکەی تری لە ناو ئەندێشەدا نییە؟ ئایا دەبێت خەونی شاعیران سەبارەت واقیع سەرکوت و سەرکۆنە بکرێت؟ ئەی گوایا دەبێت بە (کامۆ)و (سارتەر)و(کافکا)و دەیانی تر بگوترێت هیچیان نەنووسیوەو کاوێژی یەکتری دەکەنەوە چونکە نووسینەکانیان ڕەشبینی تێدایە؟

٨-لە خاڵێکی تری نووسینەکەی بەڕێزیاندا هاتووە:
(گۆران كاتێ شیعری كوردی نوێ ده‌كاته‌وه‌، نایه‌ت وه‌ك نالی و پیره‌مێرد بنووسێت، نایه‌ت به‌ گشتی شیعری سه‌روادار، ئاسۆیی بنووسێت، به‌ڵكو زمان و ده‌ربڕین و تۆپۆگرافیا و ڕووبه‌ری ده‌قی شیعری پێش خۆی جێدێڵێت و به‌ جیهانبینییه‌كی تازه‌وه‌ شیعر ده‌نووسێت. بێگومان گۆران له‌و نوێكاریه‌دا به‌ ته‌نها نه‌بوو، به‌ڵام بۆچی ته‌نها ناوی وه‌ك وه‌ك نوێكه‌ره‌وه‌ی شیعری كوردی ، به‌ ئاراسته‌ی شیعری ئازاد دێت؟ چونكه‌ ته‌نها ئه‌و توانی سیما و خاسیه‌ته‌كانی شیعری ئازاد دابهێنێت).
پێویستە ئەو راستییە بزانرێت کە داهێنان و جیاوازبوون لە شیعردا مانای دەرچوون نییە لە کۆی ئەزموونی شیعری جیهانیی کە بوونی هەیەو لەئارادایە، ئەمە کارێکی نەك ئاستەم بگرە ڕەنگە مەحاڵ بێت، ڕەنگە لە سەدەیەکدا یەك قوتابخانەی شیعریی سەرهەڵبدا، هەر بۆ نموونە تەماشای قۆناغەکانی کلاسیکی و ڕۆمانتیکی بکە بزانە چەندان ساڵیان نێوان بووە؟ دۆخی ژیاریی کاریگەریی گرنگ لەوبوارەدا دەگێڕێت، نازانم گەر بەڕێزیان لە (زمان و ده‌ربڕین و تۆپۆگرافیا!)دا بیبینن ئەوە ڕای خۆیانە. بەڵام ئەو تێگەشتنەی سەبارەت بەوەی کە دەبێت وەکو گۆران بکەین تا جیاواز بین ڕەنگە کەمێك پێداگیری تێدا بێت، ئەمە وێڕای ئەوەی گۆران خاسیەتەکانی شیعری ئازادی دانەهێنا وەك نووسیویەتی، بەڵکو گۆران گواستییەوە بۆ ناو ئەدەبی کوردی کە پێشتر لە ئەدەبی ڕۆژئاواو دوایی عەرەبی پێی دەنووسران، بەڵام سەلیقەی شیعریی گۆران زۆر شاعیرانە بەرجەستە بوو لەگەڵ ئەو قوتابخانەدا و ناوی ئەو بە پێشەنگ هێنرا.

٩-من سوپاسی بەڕێز نووسەری بابەت دەکەم و پێی دەڵێم: ئافەرین بوێریی سیفەتێکی گرنگی نووسینە، با ڕاکانیشمان لێکتر جیاواز بێت، چونکە گەر بابەتێك نەهروژێنرێت هیچ وتوێژێك نایەتە گۆڕێ و ڕەنگە مەودای لێك تێگەشتن زۆر لێك دووربخاتەوە، جارێکی تر سوپاسی دەکەم کە چەندان ساڵە دڵسۆزانە بە دوای وشەدا وێڵەو دەیەوێت خزمەت بە بوارە جیاوازەکانی فەرهەنگی کوردی بکات و لە زۆر بواردا دەنووسێت، بێگومان تا چەندێکیش نووسەر قووڵتربێتەوەو بە مەعریفە پڕ چەك بێت و بە زمانی تر بخوێنێتەوەو بەدواداچوونی هەبێت هێندە گوتارەکان پشت ئەستورتر دەبن بە بەڵگەو سەلماندن و شارەزایی زیاتر.

دوماهیی
لە کۆتاییدا حەز دەکەم ئەو ڕاستییە بڵێم کە نووسینی ئەو ٢٧ پیتەی من لە وتارەکەمدا سەبارەت هەوڵە شیعرییەکانی پێگەی (تەم) مانای ئەوە نەبوو هەموو ئەو وشانەی لەوێدا دەنووسرێن لە ڕووی شیعرەوە هاوڕایان بم، بەڵام من وەك موتابەعەکارێك کە حەز بەسەرودەری شیعر دەکەم، بەشێوەیەکی گشتی باسم کردوون و لە ڕاستیشدا گەر بە ویژدان بم دەبێت دان بەوەدا بنێم ئەو شیعرانە زۆر هەوڵی جوانن و بگرە زۆر لە نوخبەی شیعرنووسانی ئەم نەوەیە لەوێدا دەنووسن، هیچ پەیوەندییەکیش من نابەستێتەوە بە (تەم)ەوە جگە لە موتابەعەکردن و جارجاریش نووسینی شیعر، بەڵگەشم بۆ ئەم قسەیە وتارێکی ڕەخنەییمە کە لە بواری زمانەوە سەبارەت بە هەوڵی شیعریی سەرپەرشتیاری پێگەکەیە، لە ماوەیەکی کەمدا لە بڵاوکراوەیەکی کاغەزیدا چاپ دەبێت، کە ئەوە دەسەلمێنێت پێوەریی هاوڕێتی لای من هەرگیز نابێتە هۆی ئەوەی بڕیارو تێڕوانین و چێژی شیعرم لا شێلو بکات.
………………………………………………..
تێبینی/ وەڵامی ئەو بابەتەی له‌ ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر ژماره‌ ( 4354) له‌ 14/8/2025 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌




جیلی تەم.. بە پێنووسی: ڕێبوارعوسمان یاسین

مستەفا سەباعی هزرڤان لە وتەیەکی بەناوبانگدا دەڵێت: گەر خامە کەوتە دەستی نەفام و چەك لە دەستی تاوانکارو دەسەڵات لە دەستی ناپاکدا بوو، ئەوا نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵێك و کەڵکی ژیانکردنی نامینێت.
ئەم زۆرانبازییە مێژووییەی نێوان ڕاستی و ناڕاستی، ستەم و داد، دەسەڵات و ڕۆشنبیر جەدەلێکی مێژوویی لەخۆ دەگرێت، زۆرانبازییەکەش زۆر شێوەی جۆراوجۆر بەخۆوە دەبینێت، بەڵام هەرگیز نابێت ئەوەمان لە بیر بچێت بڕیارو وشەی زاڵ هەمیشە پێوەر نییە بۆ ڕاست و دروستی بێژەرەکەی، بەو مانایەی : هەمیشە مێژوو بەهێز دەینووسێتەوە، بەڵام کەمینەی ئەوانەی لە دەرەوەی ئەو بازنەیە بوون، هەرچەندە توانای ماددییان نییە، مانای ئەوە نییە چەوت بن و دەبێت سەرکۆنە بکرێن.
وەك چۆن لە کۆمەڵگا پاشکەوتووەکاندا هەر کەسێك دەستی خامەی گرت دادەنرێت بە ڕۆشنبیر، بەڵام ئەم تێڕوانییە گەر جارانێك ڕێژەیی بێت ئەوا جارانێکیش سەر لەبەری ڕاست نییە و ڕەنگە کەسی خامەبەدەست پێچەوانەی ڕۆشنبێرێتی بنووسێت و بجوڵێت.
بەتایبەتی وەك ئەفلاتۆن دەڵێت: زۆرینەی خەڵك لە دیدگای دەسەڵاتەوە شەڕەنگێزن.
ئەوا زۆر ئاساییە ئەو ڕەهاییەی پێوەری دەسەڵاتەکان، کە سەرچاوەی مانەوەو هێزی خۆی لە زۆر ڕووەوە زامن کردووە جێی مشتومڕو وتوێژ بێت، بۆیە ئاوها بە متمانە بەخۆبوون و ڕاشکاوانە دژی خاوەن فیکرو داهێنان وهاونیشتمانینانی خۆیان دەکەونە سەنگەرەوە.
هەرچەندە وەك نعۆم چۆمسکی دەڵێت: ڕۆشنبیری ڕاستەقینە هەڵگری حەقیقەتە بە ڕووی هێزدا. بەڵام مەخابن لە ژینگەی دەسەڵاتە تۆتالیرەکاندا، کە کۆمەڵگای ئێمەش بەشێکە لەو ژینگانە، دەسەڵات سوپایەك لە خامە بەدەستان لەدەوری خۆ دەکاتەوە بۆ ڕەوایی دان بە بوونیان و ڕەفتارو دروشمەکانیان.
کێ هەیە نەزانێت لە کوردستان دەرکردنی گۆڤارێك یان ڕۆژنامەیەك یان دروستکردنی دەزگایەك یان بنکەیەکی ڕۆشنبیریی یان کەناڵێکی ڕاگەیاندن و تاد… تێچوونی ماددی گەرەکەو ئەمەش لە توانای بابای نووسەری بێ کارو بێ داهاتدا نییە، بگرە بەشێك لەو میدیایانەی دەسەڵات و سێبەریش پاداشت دەدەن بە نووسەرەکانیان، ئەوانیش لەبەرانبەردا هاوسۆزی خۆیان لە نووسینەکانیاندا بە جۆرێك لە جۆرەکان بۆ ئەو دەزگاو بڵاوکراوانە و دیدو ئایدیاکانیان دەدەبڕن، جا یان ڕاستەوخۆ ئۆرگانی حیزبین، یان میدیای سێبەرن و خۆیان بە ئازاد ناوزەد دەکەن، بەڵام بە پرسیارێکی ئاسان دەتوانین ڕاستی و ناڕاستی ئەو وەڵامە چنگ بخەین کە سەربەخۆن یان نا؟ کاتێك بپرسین سەرچاوەی داهاتتان لە کوێوە وەردەگرن؟
لە هەمان کاتدا لێرەو لەوێ چەند هەوڵیکی بچووکی تاکەکەسی هەن کە داهاتی ماددی زۆریان تێناچێت، وەك بەڕێوەبردنی پێگەیەکی ئەلەکترۆنی، کە لەبەردەستی زۆر کەسدایە. بەڵام کێشەکە ئەوەیە دەسەڵات چاوی بەو هەوڵە تاکە کەسیانەش هەڵنایەت و گەر هیچیان بەرانبەر نەکرێت، ئەوا فەرامۆش دەکرێن و پەراوێز دەخرێن و دەخرێنە لیستی ڕەشەوە، ئیدی وردە وردە کاتێك بێلایەنییان دەردەکەوێت و ئاوازیان لە گەڵ کۆڕاڵی دەسەڵاتدا یەکنایەتەوە دەخرێنە بەر پلارو هێرشی ناڕەوای خامە بەدەستانی میدیای سێبەر.
یەکێك لەو مالپەرە جوان و وێژەییانەی ڕەوتێکی بێلایەنی هەیەو هیچ پەیوەندی بە پۆڵەتیك و دەسەڵات و کاروباری سیاسەتەوە نییە، ماڵپەڕی شیعری (تەم)ـه، چەند شاعیرێکی لاو بەرهەمەکانیانی تێدا بڵاو دەکەنەوەو سوود لە ئەزموونی یەکتری دەبینن و تێیدا ڕەوتی وێژەو شیعری کوردی هاوچەرخ تاووتوێ دەکرێت و بەهۆیەوە پێشدەکەوێت، تەنیا ئەوەی کۆیان دەکاتەوە شیعرەو هیچ ناسینێکی پێشوەختە لە نێوانیاندا بوونی نییە، بە حوکمی ئەوەی هەریەکەو لە ناوچەیەکەوە دەنووسێت و هەست و نەستی خۆیانی تێدا دەئافرێنن.
شیعر کە ئەرستۆ سەبارەتی دەڵێت:زۆر لە مێژوو فەلسەفئامێزترە، چونکە مێژوو مامەڵە لەگەڵ چەندەکیدا دەکات و شیعر مامەڵە لەگەڵ هەمەکیدا دەکات. یان وەك پاتریك لویس ئاماژەی پێدەکات: شیعر تونێلێکی تری ڕووناکییە. لە کاتێکدا سۆمەرست مۆم بە تاجی ئەدەب ناوی دەبات و بە باڵاترین ئاستی دەربڕینی هۆش دایدەنێت.
کەی ڕەوای حەقە پلار بگیردرێتە ئەو هەوڵانەی کە بێ دەسکەوتی ماددیی بە دوای خزمەتکردندا دەگەڕین و ماندوو و دەبن و شەونخونی دەچێژین.
لەم دواییانەدا نووسەرێك لە ڕۆژنامەی (هەولێر)ەوە ئاوها پلاردەگرێتە ئەو شاعیرانە و دەنووسێت: (بگرە لاسایی یەکتریش لە ڕووی تێمای شیعری دەکەنەوە، وەك بابەتی ڕەشبینی و رەتکردنەوەی نیشتیمان و ڕەخنەگرتن لە سیاسەت و پووچگەرایی ژیان و چەندان بابەتی هاوشێوەی دیکەش، ئیدی نازانم کامەیە جیهانبینی و ئەزموونی جیاواز، گەر شاعیرانێك هەموویان هەمان بابەتیان کاوێژ کردەوە؟).
سەرەتا پێویستە ئەوە بگوترێت کە قسەکردن لەسەر شیعر باشترە بۆ ئەهلی ئەو هونەرە جێبهێڵین، بەڵام وەك چۆن کاکی ڕۆژنامەوان ئەم ڕایەی دەربڕیوە، منیش وەك خوێنەرێك دەبێت ئەوە بڵێم کە شیعر دنیایەکی زۆر بەرفراوانترە لەوەی بە چەند وشەیەك پێناسەی بکەین، ئەوانەی دەنووسرێن تەنیا تێڕوانین و تێگەشتنی ئەو کەسانەیە بۆ شیعر، لەبیرمان نەچێت شیعر لەگەڵ سەرهەڵدانی مرۆڤدا بوونی هەبووەو دەربڕینێکی هونەرییەو هەست و سۆز تیایدا دەستلەملانی تێما دەبێت و مانای قووڵ لە چەند زاراوەیەکی هونەریی چڕدا لە خۆ کۆدەکاتەوە، کاریگەری و خرۆشان لە ناخدا بەرپا دەکات. جۆروشێوەی ئەم هونەرە ڕەوانبێژییە هێندە بەربڵاو و هەمەڕەنگە هەرگیز ناتوانرێت بە چەند وشەیەك هێلێكی ڕاست وچەپ بەسەر ئەو پێکهاتە هزریی و هەستەکی و زمانەوانییانەدا بهێنرێت گەر بمانەوێت بە ویژدانەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەین.
با بوار بەو شاعیرو لاوە خێرلەخۆنەدیوانە بدەین بنووسن و دەم کوتیان نەکەین، ئەوانە ئاوێنەی هونەریی واقیعەکەیانن و بەس لەبەرئەوەی وەکو ئێمە بیر ناکەنەوەو بابەتی شیعرەکانیان بە دڵی ئێمە نییە پەراوێزیان نەخەین، دەستمایەی ئەوان هەر وشەیە و دڵنیام کەسانێکی ئاشتیخوازن و زیانیان بۆ هیچ دەستەو لایەنێك نییە، وەك بەرپرسیارێتی ئاکاریی گەر هانیان نادەین و ئاسانکارییان بۆ ناکەین با پاشقولیان لێ نەگرین، دەرگای ڕەخنەی پرۆفیشناڵیش هەرگیز داخراو نییە، ئەگەر کەسانی تایبەتمەند بیانەوێت لەو دەرگایەوە شیتەڵی پێکهاته جۆراوجۆرەکانی ئەو شیعرانە بکەن، دەتوانن لایەنە گەش و لاوازەکان بێ لایەنگیریی یاخود بەرەنگاربوونەوە دەستنیشان بکەن.
لەو بڕوایەدام جیلی تەم تەنیا ئەوانە نین لەو ماڵپەڕەدا دەنووسن، بەڵکو ئەوەی ئەوان دەینووسن ئازارە جوانەکانی سەراپای میللەتێکە کە بە دەیان ئەزموونی تاڵدا تێپەڕیوەو دەیهەوێت تروسکەی ئاسۆیەکی گەش ببینێتەوەو هەر زوو گەواڵەیەکی ڕەش بەر دیدگایان دەتەنێت و ئەوانیش ئاوها خۆیان و ژیان و ئەزموونەکانیان دەشیعرێنن.


دەڤەری مەرگە
٥/١٢/٢٠٢٥




كۆتایی سته‌مكاران.. نووسینی: حسونە المصباحی.. وەرگێڕانی: ئاكۆ عەبدوڵڵا

پرۆكۆپی مێژوونووسی به‌ناوبانگی بێزەنتی كه‌ ‌ساڵی 562 ی زاینی كۆچی دوایی كردووه‌، ده‌گێڕته‌وه‌: “گیلیهێری دوا پادشای (ڤه‌ندال) كه‌ له‌ ئامێزی بنه‌ماڵه‌یه‌كی ناوداری شاهه‌نشایی په‌روه‌رده ‌ببوو، یه‌كجار به‌هێز و ده‌سه‌ڵاتداریش بوو، له‌كۆتایی فه‌رمانگێڕیەكه‌ی، هه‌ڵات، دواتر پیر بوو و له‌بەرامبەر دوژمنه‌كانی، ساڵانێكی له‌ئازار و بێهیوایی و ترس بەسەربرد. له‌كۆتایدا ده‌ستگیر كرا و به‌كۆت و به‌ندی ئاسنین‌ به‌ره‌و قه‌رتاجه‌ بردرا. ئەوسا له‌بەردەم ئاپۆڕه‌ی زۆری دوژمنەكانی كە له‌سه‌ر رێگەی وه‌ستابوون، ‌دايه‌ قاقای پێكه‌نین و له‌سه‌ر ئەوەش به‌رده‌وام بوو. به‌جۆرێك دوژمنەكانی وه‌هایان زانی به‌هۆی ئه‌و شتانەی له‌پاش شكۆ و ده‌سه‌ڵات‌، دووچاری ببوو، شێت بووه. به‌ڵام پرۆكۆپ وەهای نووسیوە (گیلیهێر له‌قاقای پیكەنینی دا دوای ئەوەی گەیشتە ئه‌و قه‌ناعه‌تەی، ژیان له‌كۆتایدا جگه‌ له‌پێكه‌نینی درێژ بەو و بەهەمان شێوەش به‌ڕووداوه‌ خۆش و ناخۆشه‌كانی، شایانی هیچ شتێكی دیكه‌ نییه)‌.
پێده‌چێت كۆتایی ئه‌و سته‌مكارانه‌ی جیهانی سێیەمیش لەسه‌ده‌ی رابردوو به‌خۆیانه‌وه‌ بینی، هه‌مان شێوه‌ بێت. ئه‌دۆلف هیتله‌ری سه‌ركرده‌ی نازییه‌كان، كە خه‌ونی به‌وه‌ ده‌بینی ئه‌ڵمانیا فه‌رمانڕه‌وای جیهان بكات و نه‌ژادی ئاریش به‌سه‌ر هه‌موو نه‌ژاده‌كانی دیكه‌ باڵاده‌ست بێت، كاتێك دڵنیابوو ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی به‌ره‌و كۆتایی ده‌چێت، خۆ‌كوشتنی پێباشتر بوو. كاتێكیش سوپای سوور گه‌یشته‌ ناو بنكەی نیشتەجێبوونی له‌شاری به‌رلین، هیچ شوێنه‌وارێكی ئەویان نه‌دۆزیه‌وه. پێدەچێت لەترسی ئەوەبێت گاڵتە بەچاوتێبڕینەكەی بكەن، مردنی هەڵبژاردبێ. له‌به‌هاری ساڵی 1945 كاتێك جه‌نگی دووه‌می جیهانی گه‌یشته‌ كۆتاییه‌كه‌ی، به‌رگریكه‌رانی ئیتاڵی توانییان مۆسولینی ده‌ستگیربكه‌ن، كه‌ لەناو جلی جوتیاران خۆی شاردبۆوە. دواتر گوللەبارانیان كرد.
جه‌نه‌راڵ فرانكۆش كه‌ ماوه‌ی چل ساڵ به‌زه‌بری ئاگر و ئاسن، حوكمی وڵاتی ئیسپانیای كرد. ماوەی چەند هەفتەیەك لەگیانەڵادا بوو. پشتیوانەكانی رۆژانه‌ لەده‌وری كۆشكه‌كه‌ی كۆدەبوونەوە بۆ ده‌ربڕینی غه‌مباری خۆیان لەو دابڕانەی ئەو. رۆژێكیان جه‌نەڕاڵ فرانكۆ هۆشی هاته‌وه ‌سه‌رخۆ، كاتێك‌ گوێی له‌ده‌نگه‌ده‌نگی ئەو هەمووە خەڵكە بوو، به‌كه‌سه‌كانی ده‌وروپشتی وت : “ئه‌و هه‌مووه‌ خه‌ڵكه‌ بۆچی لێره‌ وه‌ستاون؟” له‌وه‌ڵامدا پێیان وت: “جەنەڕاڵی بەڕێز، گه‌ل هاتووه‌ ماڵئاوایت لێبكات!” ئه‌ویش‌ پێیان دەڵێت: “جا گه‌له‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌م خەریكە به‌ره‌و كوێ ده‌چێت؟!”.
ده‌ڵێن ستالینیش ژیانی دوا مانگه‌كانی پڕ بوو له‌تارمایی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ پێشتر به‌ره‌و كوشتارگه‌ یاخود ئۆردوگا سه‌خته‌كانی سیبیریای ناردبوون. له‌ناو خه‌ویش به‌توندی هاواری ده‌كرد و لەهه‌مووانیش سڵی ده‌كرد، ته‌نانه‌ت له‌كه‌سه‌ نزیكه‌كانیشی. له‌و بڕوایه‌ بوو به‌نهێنی پلان له‌دژی داده‌ڕێژن.
دوای رووخانی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌شی، شای ئێران له‌وڵاتێك به‌ره‌و وڵاتێكی دیكه‌ ‌چوو. به‌دوای شوێنێك ده‌گه‌ڕا تێیدا نیشته‌جێ بێت، به‌ڵام هه‌موو وڵاته‌كان، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی كه‌ پێشتر پێوه‌ندی هاوڕێیەتیشیان له‌گه‌ڵ رژێمه‌كه‌ی هەبوو، رازی نه‌بوون پێشوازی لێبكه‌ن و بیگرنه‌خۆیان. تا له‌كۆتایدا لەمیسر نیشته‌وه‌ و به‌سه‌ر (ئه‌نوه‌ر سادات) بوو به‌میوان. له‌وێدا دوای ماوه‌یه‌كی كورت بەسەر دروستبوونی ئەوەی بە (كۆماری ئیسلامی ئێران) ناوبراوە، كۆچی دوایی كرد. جه‌نه‌ڕاڵ (پینۆشی)ش كه‌ ساڵی 1973 رژێمی (سلڤادۆر ئه‌للیندی) رووخاند، دوا ساڵه‌كانی ته‌مه‌نی وه‌ك تاوانبار له‌نێو دادگەكان به‌سه‌ربرد. كە‌ مردیش شیللییەكان بەملیۆنەها كه‌وتنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و دڵخۆشی خۆیان ده‌ربڕی.
رۆماننووسه‌ گه‌وره‌كانی ئه‌مه‌ریكای لاتین، له‌وانه‌ ئۆگستۆروا باستۆس و میگال ئه‌ستۆریاس و ڤارگاس یوسا و گابریل گارسیا مارگیز، گرنگییان به‌و رژێمه‌ دیكتاتۆریانه‌دا كه‌ له‌وڵاته‌كانیان فه‌رمانڕه‌وا بوون. له‌هه‌وێنیشیان دا شاكاری وەها هێنرا به‌رهه‌م، كه‌ هه‌رده‌م له‌یادگای مرۆڤایه‌تیدا بەگەشی بمێننه‌وه. رۆمانی (پایزی به‌تریق) ی گابریال گارسیا مارگیز له‌هه‌موویان چاكترە، پاڵەوانەكەی دیكتاتۆرێكە لەتەمەنی 250 دەمرێت كە ئەوە تەمەنی ئەو رژێمە دیكتاتۆریانەیە كە زۆربەی وڵاتانی ئەمەریكای لاتین بەخۆیانەوە بینیوە. ئەو دیكتاتۆرە لەو بڕوایە بوو (پەرستنی دەسەڵات) تاكە چارەنووسیەتی. مرۆڤێكی دڵڕەق و ریسوا بوو. (تێربوونی لەبرسی بوونی سەرچاوەی دەگرت) كه‌ كۆتایی نه‌ده‌هات. بڕوای به‌وه‌ بوو (درۆ له‌ڕاستگۆیی باشتره‌ و له‌خۆشه‌ویستیش به‌سوودتره و لەحەقیقەتیش زیاتر دەمێنێتەوە‌). لەكاتی (وردبوونی گەڵای پەرتبووی پایزیشی) گەیشتە ئەو بڕوایەی (خاوەنی ره‌های دەسەڵاتەكەیتی). دوای گیانەڵای تاڵیش، كاتێك مرد، جەماوەر بەپەلە بەناو شەقام و گۆڕەپانەكان وەردەبن و بەدەڕبرینی خۆشی خۆڕسكانە، گۆرانی بەخاكسپاردنی دەڵێن. هێندەی پێناچێت سیساركە كەچەرەكان لەڕێگەی پەنجەرەكانەوە دەچنە ناو كۆشكەكەی و بەدەنوك دەرگە ئاسنینەكان دەكەنەوە. كاتێكیش خەڵكی بەلێشاو دەچنە ناو كۆشكی سەرۆكایەتی، دەبینن لەسەر مێزێكی دارینی لووسی درێژ، قاپ و قاچاغ هەیە كە هێشتا پاشماوەی خۆراكی نیوەڕۆی رۆژی یەكشەممەی لەناوە كە بەهۆی تەوژمی تۆقانی لەپڕ، دەستبەرداری ببوو. لەژێر پریشكی خۆریشدا چەند ستڵێك ده‌بینن شۆراوی بۆگەنییان لەناودایه‌. ئاودەستەكانیش كراوەبوون و بێ سەرپۆش بوون. قەوزە و كژ و گیاش لەهەموو لایەكدا روابوون. كۆشكی سەرۆكایەتیش كە هێمابوو بۆ خراپە و گەندەڵی و چەوساندەوە و سەركوتكاری، وێران ببوو. لەناویدا چێڵەكان دەسوڕانەوە و بەسمەكانیشیان رایەخە شڕەكانیان دەكوتا و مەخمەلی پەردەكانیشیان هەڵدەڵوشی. ئەو تابلۆیانەشیان شكاند بوو كە قەدیس و جەنگاوەرەكانیان بەرجەستە دەكرد. لەهۆڵی كۆبوونه‌وه‌كانیش‌ تۆپه‌ڵه‌ی كرم لەڕیخی مانگا وەرهاتبوو. بەهۆی ئاوێنە گەورەكانی دیواریش، وێنە ناشیرنەكەی سەرۆك چەند بارە دەبۆوە. ئایا ئه‌و وێنه‌یه‌‌ی گابریال گارسیا ماركیز له‌شاكاری (پایزی به‌تریق) بۆ دیكتاتۆری كێشاوه‌، بەرجەستەكەری هه‌موو ئه‌و سته‌مكاره‌ عه‌ره‌بانه‌ نییە كه‌ له‌سه‌ده‌ی بیست و سه‌ره‌تای ئه‌و سه‌ده‌یه‌ ناسیمانن؟ ئه‌وه‌‌ی ده‌یه‌‌وێت له‌وە دڵنیابێ، با ئه‌و رۆمانه‌ مه‌زنه‌ بخوێنێته‌وه‌ یان لەنوێ بیخوێنێتەوە…




ئێ ئاخر بۆچی بە دەفتەر؟.. نەوزاد بەندی

لە هەموو وڵاتانی جیهاندا، کاتێ کارەساتێکی سروشتیی یان جەنگ ڕوو دەدات، کاربەدەستانی ووڵات بە پێی توانا قەرەبووی زیان لێکەوتووان دەکەنەوە ..
تەنانەت گەورە مافیایەکی یابانی وەک یاکوزا، لە زەمینلەرزە وێرانکەرەکەی 11ی مارتی 2011 دا، خواردن و ئاو و پێویستیەکانی ڕۆژانەی بۆ ژمارەیەک لە زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکە دابین کرد.
ئەمە ئەچێتە قاڵبی مرۆڤایەتیی و هەستکردن بە ئەرکی سەرشان گەر لە بچوکترین ئاستیشدا بێ، بەرامبەر بە مرۆڤەکانی تر.
ساڵی 1991 کە کوردستانی باشور توشی کۆڕەو بوو، ملیۆنان کەس ڕوویان کردە سنوورەکانی تورکیا و ئێران و .. لە ئۆردوگای پەنابەریدا جێگیرکران، تیمەکانی ڕێکخراوە مرۆییەکان بۆ کۆمەک و فریاگوزاریی سەردانی قوتابخانەکانی کوردستانی ئێرانیان دەکرد، منداڵ هەبوو شیرینییەک یان پسکیتێک کە بە ڕۆژانەکەی کڕیبووی، نەیدەخوارد و دەیدایە ڕێکخراوە خێرخوازییەکان هەتا بیدەنە منداڵەکانی ئێمە.
بەڵام ئەوەی لەم دواییەدا سەرنجی ڕاکێشام، دۆخێکی تەواو جیاواز و گاڵتەجاڕە، لە کارەساتەکانی ئەم دواییەی لای خۆماندا، کاتێ بازاڕێک ئەسوتێ یان لافاو هەڵدەستێ یان شەڕە تەقەیەک ڕوو دەدات، هەندێ لەو زیان لێکەوتووانە یان هەموویان جۆرێک لە زیادەڕەویی لە نیشاندانی زیانەکانیاندا پەیڕەو دەکەن، بە تایبەت دوای ئەوەی هەواڵی قەرەبووکردنەوە ئەبیستن.. بە ڕاستی ئەم زیادەڕەوییانە، جێگای داخن، بۆ نمونە فرۆشگایەکی سووتاو کە کۆمەڵێ مەنجەڵ و کەوچکی فافۆنی تێدایە بە قوڕگی پڕ له گریانەوە ئەڵێ زیانی بیست دەفتەر دۆلارم لێ کەوتووە ..یان لافاو دەچێتە ژێر زەمینی خانوویەکەوە، کە کۆمەڵێ کەرەستە و کەل و پەلی تێدایە، خاوەنەکەی خۆی دێنێتە حاڵەتی جاو، بە گریانەوە ئەڵێ : زیانی حەڤدە دەفتەر دۆلارم لێ کەوتووە ..!
لە کاتێکدا خەڵکێک منداڵیان خنکاوە، یان ماڵیان ڕوخاوە، کەچی هێندەی ئەو جۆرە کەسانە داوای قەرەبووی خەیاڵییان نەکردووە یان تەنانەت یەک ووشەیان بۆ ڕاگەیاندنەکان نەدرکاندووە.
من پێم سەیرە بۆچی ئەبێ هەمووان زیانەکانیان بە دۆلار و دەفتەرە دۆلار رابگەیەنن لە کاتێکدا هەندێکیان ڕەنگە بە درێژایی ژیانیان مامەڵەیان بە دۆلار نەکردبێ؟ ئەگەر گریمان حەزیشیان لە دۆلار بێ، بۆچی ئەو ژمارە زۆرانە ئەدەن بە گوێی ڕاگەیاندنەکاندا؟ ئەی دوایی چی دەڵێن بە لیژنەکان کاتێ تەخمینی شتەکان دەکەن ؟ من وەک خۆم هێشتا زیان لێکەوتوویەکم نەدیوە بڵێ دوو هەزار دۆلارم زیانم لێکەوتووە، یان چوار هەزار دۆلار .. هەر هەموویان پانزە و بیست و سەد دەفتەر و زیاتر زیانیان لێکەوتووە ..
ئەم حاڵەتە ئەو حەکایەتانەم بیر دەخەنەوە کە لە کەمپ و دادگاکانی ئەوروپادا ئەخوێنرانەوە لەلایەن کوردەکانی خۆمانەوە کاتێ داوای مافی پەنابەرییان دەکرد و ناویان لێ نا بوو کەیس .. ئەم کەیسانە هەموویان درۆی شاخدار بوون، پێش ئەوەی کوردستان بە جێ بهێڵن، کەیسەکە یان درۆکەیان ئامادە بوو، تەنانەت کار گەیشتبووە ئەوەی قاچاخچییەکە یان کەسانی به ئەزمون کەیسیان بەو کۆچکردووانە ئەوت یان ئەفرۆشت و حەکایەتەکانیان بۆ ئەهۆنینەوە .. ئیتر ئەم کەیسانە وای دەکرد، کۆچکردوو ناوی خۆی و شارەکەیشی بگۆڕێ، واتا زۆر بە ئاسایی کەسێک کە لە ژیانیدا کەرکوکی نەبینیوە ، ئەیووت خەڵکی کەرکوکم و لە زوڵمی بەعس ڕامکردووە، ناوی هەموو گەڕەک و شەقام و بازاڕەکانی کەرکوکی لەبەر دەکرد، بۆ ئەوەی بتوانێ بە کۆمەڵێک درۆ بیسەلمێنی کە ئەو خەڵکی کەرکوکە و شایانی مافی پەناهاندەییە .. ناوی سەعید بوو، لەوێ ئەبوو بە عیزەدین، مەجی بوو ئەبوو بە هەڵۆ عەشیرەتی جاف بوو، لەوێ ئەبوو بە زەنگەنە، شەمێرانیی بوو خۆی ئەکرد بە جەباریی ..یان لە تورکیا ناوی فەرەج بوو، لە تورکیا ئەبوو بە کۆسار، کە ئەچووە ئیتاڵیا ئەیووت ناوم فەرەیدونە، لە دانیمارکیش خۆی ئەکرد سالار ..ئیتر ئەوروپا ناچار بوو هەر کەسێکیان لە یۆنان بگرتایە پەنجە مۆریان لێ وەردەگرت و ب هەموو ئەوروپادا بڵاویان ئەکردەوە، خۆتان بگرن وا هات .. کار گەیشتبووە ئەوەی دادگاکان ناچار بوون کەسانی خەڵکی هەموو شوێنە جیاوازەکانی کوردستان بکەن بە لێکۆڵەری دادگاکانیان هەتا بتوانن ئەم کەیسانە هەڵوەشێننەوە و ڕاستی ئەم بوونەوەرانە ئاشکرا بێ، کە خەڵکی ڕەحیماوا نییە و .. خەڵکی کوێرە دێیەکی ئەو شارەزوورەیە ..یان خەڵکی دوز نییە و لەو دەشتی هەولێرە مەڕفرۆش بووە ..
ڕۆژنامەکانیشیان ئەم دۆخە ئابڕووبەرەیان قۆستەوە و .. لە ڕۆژنامەی هەندێ وڵاتی وەک سوید، لە لاپەڕەی یەکەمیاندا و بە پیتی بۆڵد نوسییان : کوردەکان ئەوانەن کە لە پێناوی وەرگرتنی مافی پەنابەریدا خوشکەکانی خۆیان بە ژنی خۆیان لە قەڵەم دەدەن.. ژیانی لە خەتەردا نییە و بۆ دۆلار کۆکردنەوە هاتووە، زیندانی سیاسیی نەبووە و لە ژیانیدا چرکەیەک ئەودیوی شیشەکانی نەدیوە ..ناوی کامەرانە و فەتحوڵا نییە .
یان بۆیان دەرکەوت هەندێ له کوردەکان کە داوای مافی پەنابەریی دەکەن ئەوانەن کە لەو وڵاتەی گوایا ڕایانکردووە و ژیانیان لە ترسناکیدایه، وەزیر و بەڕێوبەر و خاوەن پله و پایەن !!
جارێکی تر بە داخەوە ..
ئەترسم محمد شیاع سودانی کە بڕیاری قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوانی لافاوەکەی نۆی دیسەمبەر ی داوە، بکەوێتە شک و گومانەوە، کاتێ لە شارۆچکەیەکی بچوکدا زیانلێکەوتوویەک بە قوڕگی پڕ لە گریانەوە ببینێ بڵێ بە دەفلس دەفلس ئەو شتانەم کڕیوە ئێستا حەڤدە دەفتەر ئەشیا لە ژێرخانی خانووەکەمدا لافاو بردوێتی !!
ئەگەر سەرۆک سودانی بە نیسبە تەناسوب لێکی بداتەوە، بۆی دەردەکەوێ ژێر خان و سەرخانی شارەکانی وەک سلێمانی و هەولێر، پڕ پڕن لە لە فەردە دۆلار بە بەراورد بە ژێرخانی شارۆچکەیەکی بچوک کە لافاو حەڤدە دەفتەر دۆلاری لێ فڕاندووە ..ئەوسا ڕەنگه ئەو چۆڕە موچەیەیش ببڕێ .. هەر بۆیه باشتر وایه ڕاگەیاندنەکان ڕاستێکان ئاشکرا بکەن، درۆکان هەڵوەشێننەوە، پێش ئەوەی بە دەردی کەیسەکانی ئەوروپا بچین..

ــ وێنەکەیش ، گەورە مافیا و تاوانباری یابانە کە له کاتی بومەلەرزەکەی ساڵی 2011 دا بە دەستی خۆی یارمەتی و کۆمەک بەسەر هاوزمانە زیانلێکەوتووەکانیدا دابەش دەکات ــ




فرمێسكی كۆچ و تاری دڵ.. عەلی سیرینی

ئەم شیعرە بە بۆنەی كۆچی دوایی زانا و ئەدیب و نوسەری گەورەی كورد مامۆستا مەلا حوسامەددینی مەلا عەبدوڵلا قەڵاتیە، كە لە شەوی یەكشەممە لە سەر دووشەممەی 1ی دیسێمبەری 2025 كۆچی دوایی كرد. مردنی ناوادەی مامۆستا مەلا حوسامەددین خەسارەتێكی هەرە گەورەی كورد و كوردستان و زانست و ئەدەبە. كۆستێكی بێ پایانی خاكی بێ نازی حەریریی و خانی و نورسی و مەولانا و شێخی بیارە و جەزیریی و نالی و سالم و مەحویە.

دامێنی تاریكی دایگرت ئەم شەو كۆچی ڕۆژێكی تر
لە قەیلولەی بێ ئاگایی ڕەتی كرد بە سەرما مەلێكی تر
لە غەفڵەتی گوناهی دووریم مەحروم بووم لە شەوقێكی تر
لە ناكاوی جەمعی بێ ئاگا خامۆش بوو شەوچراغێكی تر
ڕەشەبای بێ بەختیی ڕاپێچی كرد گوڵستانێكی تر
حەسرەتم بۆ كورد باری كرد نالی و خانی و هەژارێكی تر
بە دڵشكاویی ماڵئاوایی كرد لە كورد شۆڕەسوارێكی تر
كە دیم سیس بوو باغستان زانیم وشك بوو ڕوبارێكی تر
لەپی ڕەشی مردن بردی سەر و مێزەری زانست و ئەدەب
كاروانی مەینەتە ڕوو لە كورد بۆ كۆست و خەمانێكی تر
ڕێژنەی حوزنی ئەزەلە بە سەر میللەت جارێكی تر
بێ بەختی كوردە وا شكا لە دەستی حوسامێكی* تر
لە گرانی خەم و حەسرەت وێرانەیە ڕۆح و دەروون
سوتانی خەرمانە و ڕەشپۆشینی بەهارێكی تر
بێ هودەیە بە گریە هانای بڵێسەی دڵ كەوی
سوتان كەوتە بارێكی تر كۆچی نازدارێكی تر
پێ ڕا ناگا چاوانی حوزن و گریان بە هاواری دڵ
دەسەوسانە هزری غەمگین بە دەست ناڵانێكی تر
برینی كۆچت ئازیز هەمیشە سەوزە تا ئەبەد
بە بێ مردن لە بیرمانی نا باتەوە زەمانێكی تر

  • حوسام ناوی مامۆستای كۆچ كردووە، مانای حوسام بە كوردی واتە شمشێر.



گه‌ڕان.. شیعری ستار ئەحمەد

هه‌ڵكه‌ به‌سه‌ر زامی جه‌رگما ..
كه‌ خوێن ره‌نگی كۆچبار ده‌گرێ‌ “
تۆ ئه‌و چاوه‌ی پێی ده‌ڕوانم .
ئیتر بارین له‌باران ناپرسێ‌ ..
بۆ هه‌ناسه‌م دوات ده‌كه‌وم ..
دڵۆپێك با به‌قه‌رز ده‌كڕم “
چاره‌سه‌ر بێت بۆ خنكانم .
له‌وه‌ته‌ی شه‌ماڵ بێزاره‌ ..
له‌خه‌ونی زه‌ردی خۆره‌تاو “
دەفڕم بەرەو نیگای شەوگار .
په‌له‌قاژه‌ی دیده‌نی تۆم ..
له‌پشت ده‌رگای چاوه‌ڕوانی “
له‌نێو تەلبەندی چوار دیوار .
مه‌له‌ ماسی لێیده‌گات و
ئاو فرمێسكی گوڵ ده‌ژمێرێ‌ .
ترپه‌ی ده‌روونم بانگ ده‌دا ..
له‌په‌رستگای تاسه‌كاندا “
جاڕی مردنم بۆ ده‌درێ‌ .
كه‌تۆم ناسی ..
عه‌شق ناخمی وردو خاش كرد.
هه‌رچه‌ند گه‌ڕام ..
پارچه‌كانم كۆكه‌مەوه‌ ” ..
خوێناو به‌ر دیده‌می ده‌گرت .
ساتێك ده‌بم بە رووبارێ‌
ده‌مێك ده‌بم به‌كه‌رته‌ شاخ .
نه‌شیعرم چرۆ ده‌رده‌كات “
نه‌هه‌ناوم ده‌بێت به‌باخ .
ئیتر نازانم بابرده‌ ..
له‌كوێ‌ جێگه‌ی ده‌بێته‌وه‌ .
ئه‌م زریانه‌ ته‌واو نابێت ..
هه‌ستم وشه‌ی هه‌ڵڕژاوه‌ “
بەپێنووس كۆناكرێتەوە .
له‌كوێی ..؟
نسرمی شه‌و هه‌ڵگرم و
رستێك ئه‌ستێره‌ت بۆ بچنم .
خۆ من له‌تۆدا هه‌ڵوه‌ریم ..
هه‌تاكو كه‌ی ـ ؟
ده‌ست هه‌ڵناگری له‌كوشتنم .

ستار ئەحمەد




ئایا بزوتنەوەی کرێکاران، بزوتنەوەی سۆشیالیستی، ئەنارکستییە؟.. زاهیر باهیر

سۆشیالیستە دەسەڵاتخوەازەکان و کۆمۆنیستەکان تا ڕادەیەکیش هەندێك لە ئەنارکستەکان وا دەزانن ئەم دوو بزوتنەوەیە یەکن و یەك ئامانجیان هەیە . من لەم وتارەدا دەمەوێت ئەو جیاوازییە بەیان بکەم و ئەو جۆرە تێگەیشتنە روونبکەمەوە. ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە هێزی کرێکاران کە شەرەیانی ئابووری وڵاتیان بەدەستەوەیە فەرامۆش بکرێت، نا ، بەڵکو دەتوانین بڵێین کە شۆڕشی سۆشیالیستی/ ئەنارکستی بە بێ بەشداریکردنی چینی کرێکاران و ڕۆڵە گەورەکەیان هەرگیز ڕوونادات .
من لێرەدا دەمەوێت بڵێم دەکرێت ئەوە بزانین کە کرێکاران، لە جەوهەردا، (پۆتێنشەڵی) بەو واتایەی کە دەخوازرێت و داوایان لێدەکرێت شۆڕشگێڕ نین. بزوتنەوەی کرێکاران بزوتنەوەیەکی نقابییە سەراپای داخوازیییەکانیان لە واقیعی چەوساندنەوەی خۆیانەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەوان هۆڵیدەی زیاتر، کرێی زیاتر و سەلامەتی باشتری سەر کار، مافی دروسکردنی سەندیکا، کورتکردنەوەی کاتژمێری سەر کار، باشترکردنی ژیانیان، هەلومەرجی باشتری سەر کار و مۆڵەتی زیاتر و هەندێك مافی خێزانی دیکە، کرێکاران ئەمانەیان دەوێت و خەباتی بۆ دەکەن. زیاترین داخوازییان بەشداریکردنیانە لە ئیدارەی کارگە و کۆمپانیاکاندا و دەستکەوتنی پشکە. بەواتایەکی دیکە کار لەسەر ڕتوشکردن و ڕیفۆرمکردنی سیستەمی سەرمایەداری و مانەوەی دەکەن، ئەمە بارودۆخی کرێکاران بووە لە کۆن و ئێستاشدا. بێ گومان لە ئێستادا ئەم بارودۆخە باشتر دەبینین بە تایبەت توێژاڵێکی کرێکاری ئۆرۆستۆقراتی لەناو کرێکراندا دروست بووە کە کرێکارانی پیشەسازییە گرنگەکان و تەکنەلۆجیا پێشکەوتووەکانن.
تا ئێستاش خەباتی کرێکاران خەباتی ئابووریانەیە نەك سیاسیانە، خەباتی نقابیانەیە نەك حیزبییانە، دژ بە دەسەڵات و دەوڵەت نییە، بەڵکو خۆگونجاندن و ڕەواییبوونی خۆیەتی لە سای سیستەمەکەدا بەڵام بە ژیانێکی باشترەوە. کرێکاران دەتوانن حکومەتەکان، دەوڵەتەکان لە ماوەیەکی کەمدا بگۆڕن بەڵام ناتوانن و کاری ئەوانیش نییە کە هەرەس بە سیستەمەکە بهێنن و بیگۆڕن .
بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی/ سۆشیالیزمی/ ئەنارکستی لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکاراندا زۆر جیاوازن. ئەمان لە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی کاری کرێگرتە و سیستەمی سەرمایەداریدان، دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی ناچینایەتی و ناپلەبەندیی.
توخم و حیزبە کۆمۆنیستەکان/ سۆشیالیستە دەسەڵاتخوازەکان خۆیان باش دەزانن کە کرێکاران شۆڕشگێر نین بە واتای لەناوبردنی سیستەمەکە و دامەزراندنی سۆشیالیزم/ کۆمۆنیزم، هەر بەو هۆکارەشە ئەوان خۆیان بە دینەمۆی شۆڕش دەزانن و لە هەوڵی گواستنەوەی هۆشیاری سیاسی و شۆڕشگێڕانەدان بۆ ناویان . چونکە ئەمان تەواو پێجەوانەی ئەوان، کرێکاران، بیر دەکەنەوە بە گرتنەدەستی دەسەلات، گوایە ئەمان ڕیفۆرمیان ناوێت و لە ڕێگەی ئەو دەسەڵاتەوە دەتوانن کۆمەڵ بەرەو کۆمەڵێکی ناچینایەتی و ناپلەبەندیی ببەن .
ئەمان بارودۆخی کرێکاران باش دەزانن کە شادەماری ئابووری وڵاتیان لە دەستدایە و دەتوانن ژیان بوەستێنن، قازانج ڕاگرن، دەوڵەت و سسیستەمەکەی سست بکەن، ئەمانیش دەیانکەنە پەیژەیەك بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات هەر وەکو چۆن پێشتر کردویانە و ڕووی داوە.
ئەوەی لای من ڕوونە: یەك: کرێکاران هۆشیاری چینایەتییان هەیە چونکە هەن، بوونی هەر کەس و هەر زیندەوەر و گیانلەبەر و هەر لایەنێك بوونی هۆشیاریش بە گوێرەی ئەو ژینگەیەی کە تێیدا دەژین لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، هۆشیاریش بە مەبەستی پاراستن لە خۆ و مانەوە و بژێوییان و خوودبەرژەوەندییە. دوو: وەکو لەسەرەوە وتم شۆڕش هەرگیز نابێت گەر کرێکاران بەشداری نەکەن و قوفڵ لە بەرهەمهێنانی زیاتر و قازانجی زیاتر نەدەن. ئەمەش مانای ئەوە نییە کە ئەوان دەتوانن یا دەیانەوێت سیستەمەکە، سیستەمی کاری کرێگرتە هەڵوەشێننەوە، ئەوە کاری ئەوان نییە و بەدەرە لە ئەجەندەی خەباتکردنیان. سێ: ئەوەش دەزانم لە ڕووی مێژووییەوە زۆرێك لە بزووتنەوە سۆسیالیستیەکان، پارتەکان لە ڕێکخستنەکانی چینی کرێکارەوە گەشەیان کردووە و هەر بەهۆی ئەوانییشەوە چینی کرێکاران ئاشنا بوون بە سۆشیالیزم و ئایدیاکە و لە نێویاندا تەشەنەی کردووە.
لە مێژوودا گەلێك ڕاپەڕین و ڕووداو دەبینین کە بە دڵنیاییەوە کرێکاران تێیاندا بەشداری گرنگیان کردووە، ئەمانەش بوونەتە نموونەیەك کە هەمیشە سۆشیالیست و کۆمۆنیستی دەسەڵاتخواز و بڕێك لە ئەنارکستەکانیش ئاماژەی پێدەدەن و دەیکەنە بەڵگە کە گوایە ڕاپەڕین و شۆڕشەکان کە بوون، ئەوە دەسەلمێنن کە بزوتنەوەی کرێکاران و بزوتنەوەی سۆشیالیستی یەك شتن شۆڕش شۆڕشی کرێکارییە. نکوڵی ناکرێت ئەمە ڕای کارل مارکس-یش بووە هەر ئەو هۆکارەش بووە کە ئەو دڵی بە قۆناخی سەرمایەداری و پێشەوەچوونی تەکنەلۆجیا خۆش بووە کە دەبێتە هۆی زیادکردنی ژمارەی کرێکارانی پیشەسازی و هەر ئاواش دەبنە دینەمۆی شۆڕش چونکە لە ڕووی جۆرێتیشەوە[ نەوعییەت] دەگۆڕێن، ئەو دەسەڵاتەشی کە دروستی دەکەن دەوڵەتی دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیتاریایە.
من بە پێویستی دەزانم بۆ سەلماندنی بۆچوونەکەم نموونە گرنگەکانی بزوتنەوە کرێکارییەکان کە لە کۆتایی چەرخی نۆزدە و سەرەتای چەرخی بیستدا ڕوویان داوە بهێنمەوە. لێرەدا پەنا بۆ هەندێك ئامار دەبەم لە ڕونکردنەوە و گەیاندنی مەبەستەکەم سەبارەت بە ژمارەی کرێکارانی ئەو وڵاتانە و ئەندام و لایەنگرانیان بۆ ڕێکخراو و پارتەکانی ئەو سەردەمە.
یەك: کۆموونی پاریس :
کۆموونی پاریس لە ساڵی 1871 روویدا و بۆ ماوەیەی 72 ڕۆژ دەوامی کرد. لەم ماوەیەدا زۆرێك لە بڕیار و دامەزراوە سەرمایەدارییەکانیان هەڵوەشاندەوە وەك کارکردنی شەوانە، قەدەخەکردنی کارکردنی منداڵان، بەکارهێنانی خانووبەرە خراپەکان، کۆمەڵایەتیکردنی موڵك و ماڵ و گۆڕینی وەزارەتە کۆنەکان بە 10 کۆمیسیۆنی جێبەجێکردن کە هەر کۆمیسیۆنێك هاوشێوەی وەزارەتێك بوو لەگەڵ زۆر خاڵی گرنگتری دیکە. کرێکارە شۆڕشگێڕەکان بە زۆری لەژێر هەژموونی بلانکییەکان و سۆشیالیست و ئەنارکستەکاندا بوون. ئەم ئەزموونە زۆر جار لەلایەن مارکسیستەکانەوە وەك یەکەم هەوڵی جددی چینی کرێکار بۆ لەناوبردنی سەرمایەداری ئاماژەی پێدەکرێت.
ئەو ئیدارەیەی کە لەوێ دروست بوو لەبەر ئەوەی تەنها 72 ڕۆژ دەوامی کرد ئیدارەیەکی تەواوی کرێکاران نەبوو هەروەها بیرۆکراتیانەش نەبوو لەبەر ئەوەی کۆموون زۆر تەمەنی کورت بوو. دەسەڵاتی یاسادانان-جێبەجێکاری ئەنجومەنی کۆموون- بوو، کە لە 26ی ئازاری 1871 هەڵبژێردرا. کۆی گشتی ئەندامانی هەڵبژێردراو 92 ئەندام بوون بەڵام ژمارەی ئەوانەی کە لە ڕاستیدا خزمەتیان کردووە لە هەر کاتێکدا 79 ئەندامی چالاك بوون. ژمارەی کرێکارانی نێو ئەنجوومەنەکە نزیکەی 30- 40 ئەندام بوون. ژمارەیەکی دیکەش لە مامۆستایان و ڕۆژنامەنووسان و کارمەندان و دوکاندارە بچووکەکان گروپێکی تر بوون کە لە ئەنجوومەنەکاندا بەشداربوون. لە شانی ئەمانیشەوە پیشەییەکانی وەکو پارێزەران، پزیشکان کەمینەیەکی بچووک بوون زۆرینەیان پاشخانی چینی کرێکارییان یاخود چینی ناوەڕاستی خوارەوەیان هەبوو کە زۆرێکیان داهاتیان لەڕادەبەدەر کەم بوو.

ژمارەی دانیشتوانی ئەو کاتەی پاریس لە نێوانی 1.8 بۆ 2 ملیۆن بوون ، بەڵام شەڕ و برسێتی و دەرکردن زۆر کەمیکردنەوە . لەگەڵ ئەوەدا لایەنگرانی کرێکاران بۆ کۆمارییەکان/ جاکۆبینەکان کە (کۆمارییە سوورەکان)شیان پێدەوترا 400 هەزار – 500 هەزار کرێکار بوون. سۆسیالیستەکان، بلانکویستەکان (سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکان) خاوەنی 200 هەزار – 250 هەزار ئەندامی کرێکار بوون هاوکاتیش ئەندامانی نیونەتەوەیی یەکەم، کە بە ‘ ئای دەبڵی ئەی’ش ناسرابوو، هەردووك لایەنی وەکو مارکسیستەکان و سەر بە پرۆدۆنییەکانیانی لەخۆگرتبوو. ئەمانیش لە پاریس لە ساڵی 1871 دا 65 هەزار بۆ 70 هەزار ئەندمیان هەبوو. کۆمۆنیست و مارکسیستەکان کەمینەیەکی بچووک بەڵام کاریگەر بوون. ئەنارکیستەکان لە ڕووی فیکرییەوە گرنگ و کاریگەر بوون بەتایبەت پرۆدۆنییەکان بەڵام لە ڕووی ژمارەییەوە باڵادەست نەبوون. بەشێکی زۆری کرێکارانی پاریس کۆماریی و چەپ و سۆسیالیست بوون، لەگەڵ هیچ پارتێکی ستراکتۆردا هاوتەریب نەبوون.

دوو: بزوتنەوەی چینی کرێکران و شۆڕشی بەلشەفیکەکان:
شۆڕشی بەلشەفی ڕووسیای ساڵی 1917 کە سۆڤێتات ( ئەنجوومەنی کرێکاران ) دامەزرا و دەست بەسەر کارگەکاندا گیرا و بوونە بەشێك لە بزوتنەوەی بەلشەفیکەکان. هۆکارەکەش ئەوە بوو کە پارتی بەلشەفەیك لایەنگر و ئەندام و چالاکوانێکی زۆریان لە ناو کرێکاراندا هەبوو ئەمەش وای کرد کە لەلایەن زۆرێك لە کرێکارانەوە پشتیوانی لێبکرێت بۆ ڕوخاندنی حکومەتی کاتی ئیدی خاوەندارێتی تایبەتی پیشەسازی گەورە کۆتایی هات، هەمووی بووە موڵکی دەوڵەت.
با سەرنجێك لە ئامارەکان بدەین سەبارەت بە ژمارەی کرێکاران لە روسیا و بەشداریکردنی سۆشیالیست و کۆمۆنیست و ئەنارکستەکان لە شۆڕشی 1917 دەدا.
قەبارەی چینی کرێکارانی ڕووسیا لە ساڵی 1917دا نزیکەی 3 ملیۆن کرێکاری پیشەسازی بوو. بە کرێکارانی گواستنەوە و بیناسازی و جۆرەکانی دیکەی کرێکاران، ژمارەکە هەڵدەکشێت بۆ 4.5 بۆ 5 ملیۆن. بەڵام پرۆلیتاریای پیشەسازی کە مارکسیستەکان مەبەستیانە لە چینی کرێکار، لە دەوروبەری ٣ ملیۆندا بوو.
هاوکاتیش لایەنگرانی پارتی بەلشەفی لە ناویاندا 40-60% بووە، خودی پارتەکەش خاوەنی150 هەزار بۆ 200 هەزار ئەندامی کرێکاری بووە لەکۆی 350 هەزار ئەندام . ئەمە تا ئۆکتۆبەری 1917. مەنشەفیکەکان بە ڕێژەی لەسەدا 10 بۆ لە سەدا 20 ئەندامی کرێکارییان هەبووە. بێ گوومان پارت و ڕێکخراوی تریش هەبوون ئەوانیش ئەندامی کرێکارییان هەبووە . ئەنارکستەکانیش بە بڕی لە سەدا 5 کرێکاری پیشەسازی و کرێکارانی دیکەش کە زۆرترین چالاکییان لە پترۆگراد کرۆنشتاد و ئۆکرانیا بووە کە لایەنگریان بوون مەزەندەکراوە بە لە 5%ی کرێکاران.
ئەمەی کە ڕووی دا لە لە ڕوسیادا ڕووداوێکی مێژووییە کە حیزبی بەلشەفی توانی بزووتنەوەی چینی کرێکاران و جەماوەری ڕووسی بەکاربهێنێت و بەهۆیانەوە بگاتە پایەی دەوڵەت.
سێ: شۆڕشی ئەڵمانیای 1918-1919
لەو شۆڕشەدا ئەنجومەنی شۆڕشگێڕی کرێکاران لە سەرانسەری ئەڵمانیا دروست بوو کە ئامانجیان گۆڕینی سەرمایەداری بە کۆمارییەکی ئەنجومەن (“Räterepublik”) بوو، بەتایبەت لە هەندێك ناوچەی وەك باڤاریا کۆماری سۆسیالیستییان ڕاگەیاندو ئامانجیان ڕوخاندنی سەرمایەداری بوو بەڵام هەر زوو شکستی هێنا.
ژمارەی کرێکارانی ئەڵمانیای ئەو کاتە کە زۆر لە ڕووسیا پیشەسازیتر بوو نزیکەی 12 بۆ 14 ملیۆن بوو کە زۆرێكیان دابەش بووبوون بەسەر سۆشیالدیمۆکرات کە گەورەترین ڕێکخراوی کرێکاران بوو، پارتی سۆشیالدیمۆکرت-ی نوێ و یەك دوو ڕێكخراوی تر کە نزیەکەی 6 بۆ 8 ملییۆن کرێکار لایەنگرانی ئەم پارت و ڕێکخراوانە بوون. ئەنارکستەکانیش کە وەکو ڕوسیا و ئیسپانیا بەهێز نەبوون کرێکارانی لایەنگری ئەمان لە 50 هەزار بۆ 150 هەزار کرێکار بوون .
چوار: شۆڕشی ئیسپانیا 1936-1937
توخم و لایەن شۆڕشگێڕەکانی ئەم شۆڕشە(CNT–FAI)ەکێتییە ئەنارکۆ-سندیکالیستەکانئێإ ئەی ئای- لە ساڵی 1927 لە ئیسپانیا دروستبوون زۆر نزیك بوون لە سی ئێن تی یەوە هەروەها نقابەی گشتی کرێکاران کە لە ساڵی 1888 دروست بوو(UGT) (. ئەمان ئامانجیان هەڵوەشاندنەوەی سەرمایەداری و دەوڵەت بوو ئەوەندەشی بۆیان کرا کارگە و کێڵگە و وەسیلەکانی هاتووچۆ و گواستنەوەیان بەکۆمەڵ کرد. لەم شۆڕشەدا ئاشکرایە کە ئەنارکستەکان و توخمە سۆشیالیستەکانی دژە دەوڵەت و دەسەڵات ڕۆلی هەرە گەورەیان هەبوو کە بەشێکی زۆری کەتەلۆنیا و ئەراگۆن لە ژێر کۆنترۆڵی و ئەواندا بوو. ئەمە گەورەترین هەوڵی چینی کرێکارە ئەنارکیستییەکان بوو بۆ لەناوبرددنی سەرمایەداری لەو شوێنانەی کە سەرکەوتنیان تێدا بەدەست هێنابوو، بەڵام بەداخەوە لە لایەن هێزی یەکگرتووی فرانکۆ و ململانێی ناوخۆیی و شەڕەوە شۆڕشەکە شکستی هێنا.
قەبارەی چینی کرێکاریکارانی ئیسپانی 1936-1937 کە کەمتر پیشەسازی بوو بەراورد بە ئەڵمانیا و بەریتانیا ژمارەیان لە نێوانی 2.8 بۆ 3.2 ملیۆن کرێکار بوون. هەروەها بەشێکی زۆری دانیشتووانەکەی کرێکاری گوندنشین بوون کە بە کرێ کاریان دەکرد و جوتیارانی بێ زەوی بوون. ژمارەی هەر هەموویان دەچووە 5.5 بۆ 6 ملیۆن کرێکار.
ئەندامانی سی ئێن تی لەناو کرێکاراندا لە نێوانی 1.5 ملیۆن بۆ 2 ملیۆن بوو واتە بەڕێژەی سەدی لە سەدا 70 بۆ 80ی کرێکاران بوون. هەروەها لایەنگرانیشیان زۆر بوو کە بەوان و ئەندامەکانەوە ژمارەیان لە نێوانی 2.5 بۆ 3 ملیۆن کرێکار بوون بە تایبەت لە کەتەلۆنیا و بەرشەلۆنا و ئاراگۆن و بەشێكیش لە مەدرید.
گەورەترین گروپی شۆڕشگێڕ لە نێو چینی کرێکارانداFAI (فیدراسیۆنی ئەنارکیستی) بوون کە 70 هەزار بۆ 100 هەزار چەکداری هەبوو کە نزیکەی هەموویان کرێکار بوون.

پێنج: سۆڤێتاتەکانی 1919 ی هەنگاریا
لە هەنگاریا لە ساڵی 1919 دا ئەنجوومەنی کرێکاران لەسەر دەستی حزبە سۆسیالیستی و کۆمۆنیستەکاندا دامەزرا کە ئامانجیان ڕووخاندنی سەرمایەداری و دروستکردنی کۆمارێکی سۆسیالیستی بوو. ئەمەش دروست بوو بەڵام تەنها 133 ڕۆژ دەوامی کرد دواتر لەلایەن هێزەکانی ڕۆمانیا و هێزی ناوخۆوە تێشکا.
قەبارەی چینی کرێکارانی هەنگاریا لە ساڵی 1919دا دوای جەنگی جیهانی یەکەم و داڕمانی نەمسا، کە بۆ ماوەیەکیش مەرجەرستانیان پێ دەوت، بەشە پیشەسازییییەکەی لە شارەکان ژمارەیان 800 هەزار بۆ 1 ملیۆن بوو . هەنگاریای ئەو کاتە هێشتا لە ڕووی کشتوکاڵییەوە باڵادەست بوو. ئەو کرێکارانەی کە لە کشتوکاڵ و کێڵگەی جوتیارانی بێ زەوی، کاریان دەکرد ژمارەیان 1.5 – 2 ملیۆن بوون. سیاسەتی زاڵ لەوێ سیاسەتی سۆسیالیست و کۆمۆنیستەکان بوو، ئەنارکستەکان کەم و ناڕێکخراو بوون لەوێ.

کرێکارەکان بەسەر کۆمۆنیستەکان و سۆشیالدیمۆکراتەکاندا دابەش بووبوون لە سەرەتای ساڵی 1919 دا پارتی سۆشیالدیمۆکرات 500 هەزار بۆ 600 هەزار ئەندامی هەبوو، بە کرێکاران و جوتیارانی بێ زەوییەوە هەر هەمووی دەچووە 800 هەزار بۆ 1 ملیۆن ئەندام .
هەرچیش پارتی کۆمۆنیستی هەنگاریا بوو لە ساڵی 1918 دامەزرا، لە ئازاری 1919دا بە فەرمی 30 هەزار بۆ 50 هەزار ئەندامی هەبوو بەڵام لەگەڵ کەمی ئەندامەکانیدا کاریگەری زۆری هەبوو. ژمارەی ئەو کرێکارانەی کە لایەنگریان بوون 100 هەزار بۆ 150 هەرزار کرێکار بوون.

ئەنجامگیریی

لەم نموونانەی سەرەوە بە گوێرەی ئەو ئامارانە ئەوە دەردەکەێت کە ڕێکخراو و پارتی سۆشیالدیمۆکرات و پارتی بەلشەفی و سۆشیالیستەکان و نقابەکان و ئەنارکستەکان پێگەیەکی زۆر کارا و فراوانیان لەناو کرێکاراندا هەبووە. ئاشکراشە کە ئەم پێگە و هێزە زۆرە لەناو چالاکییەکان و بزوتنەوەکانی ئەو لایەنانەدا ڕەنگی داوەتەوە و زۆر بەهێز بوون بۆیە توانیویانە هەژموونێکی گەورەیان لەسەر کرێکاران هەبێت. بە ئاماژەکردن بەو ئامارانەی سەرەوە لە هەندێك وڵاتدا کرێکاران و ئەندامان و لایەنگرانی پارتەکان وا ئاوێتە بووبوون کرێکاران پارتەکان بوون و پارتەکانیش کرێکاران بوون. ئەمەش ئاوای کردووە کە بزوتنەوەی کرێکارانی ئەو سەردەمە لە هەموو ئەو نمونانەی کە لە سەرەوە هێنامنەوە پاشکۆ و وابەستەی ئەو ڕێکخراو و پارتانە بوون کە لە سەرەوە ناونوسم کردون و بارگاوی بووبوون بە ئایدیا و پرنسپڵەکانی سۆشیالیزم و ئەنارکیزمیش تاڕادەیەك لە هەندێك شوێندا.

ئەی لە ئێستادا؟ ئەوەمان کە تۆزێك بە ئاگا بین یاخود کرێکار بین دەزانین کە کرێکاران و بزوتنەوەکەیان ئەوەند لاوازە کە تەنانەت ناتوانن بەرگری لەوانەش بکەن کە لە دوای ناوەڕاستی چەرخی پێشوودا بەدەستهێنراون. ئیتر دەبێت قسە لەسەر داڕمانی سیستەم و هەڵوەشاندنەوەی کاری کرێگرتە چۆن بکەن ؟ ئاسان نەنەبوو کە ئامارێکی متمانەپێکرا و ڕونم دەستبکەوێت بۆ زانینی ژمارەی کرێکارە سۆشیالیست و کۆمۆنیست و ئەنارکستەکان لەناو ڕیزەکانی کرێکاران لەو وڵاتانەی کە ناوم لە سەرەوە هێنان بەڵام ئەوەی کە لەناو کڕیکارانی ئێستادا دەیبینین بە دەگمەن کەسانی هەڵگری ئایدیای سۆشیالیستی یا ئەنارکسستی لە ناو ڕیزەکانیدا بەرچاو دەکەوێت.

دەتوانین بڵێین بیناکردنی کۆمەڵی سۆشیالیستی لای خودی کرێکارانی ئێستا خەوە و لای ئەوانەشمان کە وادەزانین کە ئەوە ئەرك و وەزیفەی کرێکارانە خەیاڵە.

زاهیر باهیر
کانونی یەکەمی 2025




گەنجان لە سەردەمی دیجیتاڵ و گۆڕانی كۆمەڵایەتی.. وریا مەعروف

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا كە تەكنیكە دیجیتاڵییەكان لە ژیانی ڕۆژانەدا بە شێوەیەكی چڕ و بەربڵاو بەكاردەهێنریت، گەنجان وەك كاراكتەری هەرە دیار و لە هەمان كاتدا لە هەستیارترین كاراكتەری گۆڕانە كۆمەڵایەتییەكان دەردەكەون. سەردەمی دیجیتاڵ تەنها قۆناغی نوێگەری تەكنۆلۆژی نییە؛ بەڵكو پرۆسەیەكی گشتگیری دووبارە داڕشتنەوەیە لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانەوە تا دروستكردنی ناسنامە، لە پەروەردەوە تا بەرهەمهێنانی كەلتووری، تەنانەت شێوەكانی بەشداری سیاسیش دەگرێتەوە.
بۆ گەنجان، گۆڕەپانە دیجیتاڵییەكان تەنها پلاتفۆرمی پەیوەندیكردن نین، بەڵكو مەیدانی كۆمەڵایەتین كە ناسنامەی تێدا دادەمەزرێت، وتوێژی لەسەر دەكرێت و دووبارە بەرهەم دەهێنرێتەوە. ژینگەكانی سۆشیال میدیا پرۆسە تەقلیدییەكانی دروستبوونی ناسنامەیان خێراتر كردووە؛ پێشكەشكردنی خود زیاتر بووەتە كارێكی نمایشكارانە، پارچەپارچە و شڵەقاو. ئەگەر سەرنج بدەین ماوەی ئەو كاتەی گەنجان لە ژینگەكانی ئۆنلایندا بەسەر دەبەن زیادی كردووە؛ دەركەوتن، ژمارەی فۆڵۆوەرەكان و ڕێژەی كارلێككردنەكان بووەتە شێوازێکی نوێی سەرمایەی کۆمەڵایەتی بۆ نەوەی گەنج لەگەڵ ئەوەشدا، میكانیزمەكانی لایك و پێزانینی ڕێو شوێنی پێویستی گەنجان بۆ پەسەندكردنی كۆمەڵایەتی زیاد دەكەن، بەمەش بوارگەلی نوێی هەستیاری دروست دەبن وەك ئالوودەبوونی دیجیتاڵ و فشاری دەروونی و كۆمەڵایەتی.
دیجیتاڵکردن بووەتە هێزێکی یەکلاکەرەوە لە پێکهێنانی ناسنامەی جیهانی گەنجان. بەهۆی ئینتەرنێت و پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا و ئامرازەکانی پەیوەندی ئۆنلاین، ئێستا گەنجان نەک تەنها لە ژێر کاریگەری کولتوری ناوخۆیی بەڵکو لە ژێر کاریگەری شێوازی ژیان و بەها و هێماکانی کۆمەڵگە جیاوازەکاندان. ئەمەش دەبێتە هۆی لاوازبوونی سنوورە نەریتییەکان لە بونیادنانی ناسنامەی گەنجان و سەرهەڵدانی پێکهاتەیەکی ناسنامەی گۆڕاو و فرە ڕەهەند. پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فەزایەكی نوێیان دروست کردووە بۆ خۆ نمایشكردن، و بەشداریکردن لە کەلتوری جیهانی. ئەم فەزا دیجیتاڵیانە گەنجان لە ئاستی جیهاندا پیشان دەدەن، لە ڕێگەی ئەم پڕۆسە دیجیتاڵی و جیهانی بوونەوە، ناسنامەی گەنجان قەبارەیەکی گەورەتر و کەمتر ناوخۆی وەردەگرێ، و بە تێکەڵبوونی کەلتورە جیهانییەکان دادەنرێت، بەم شێوەیەش کارلێکی بەردەوام لە نێوان ناوخۆیی و جیهانیدا دروستدەکەن.
جگە لەوەش، کایەی دیجیتاڵی دەرفەت دەدات بە گەنجان کە ڕووبەڕووی مۆدێلی ناسنامەی جیاواز ببنەوە، پەیوەندی بە تۆڕە کۆمەڵایەتییە نوێیەکانەوە بکەن، و پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەکاندا بکەن کە سنوورەکان تێدەپەڕێنن. ئەمەش هەستکردن بە تاكێكی جیهانی بەهێز دەکات لە هەمان کاتدا بەشداری دەکات لە دووبارە پێناسەکردنەوەی تایبەتمەندی تاکەکەسی. بەڵام دروستبوونی ناسنامەیەكی جیهانی لە ژینگەی دیجیتاڵیدا دەتوانێت ببێتە هۆی کێشەی وەک سەرلێشێواوی ناسنامە یاخود ناسنامەی تێكەڵ، نادڵنیایی سەربەخۆیی و چەوساندنەوەی دیجیتاڵی. بەڵام دیجیتاڵکردن ناسنامەی نەوە گەنجەکان لە چوارچێوەی نیشتمانی دەباتە دەرەوە و فۆرمێکی ناسنامەی فراوانتر و کارلێککارانەتر و هەمەچەشنتر دروست دەکات.
یەكێك لە دیارترین كاریگەرییەكانی دیجیتاڵكردن لەسەر گەنجان لە بواری پەروەردەدا دەردەكەوێت. پلاتفۆرمەكانی فێربوونی ئۆنلاین توانای سەربەخۆیی دەستڕاگەیشتن بە زانیارییان هەیە، بەڵام لە هەمان كاتدا شێوازی نوێی نایەكسانی بەرهەم دەهێنن بەهۆی جیاوازییەكان لە ئامێرە تەكنۆلۆژییەكان و خوێندەواری دیجیتاڵی ئەم كەلێنی دیجیتاڵە كە بەندە بە پێگەی سۆسیۆ-ئابوورییەوە، بووەتە هۆكارێكی یەكلاكەرەوە لە دەستڕاگەیشتنی گەنجان بە دەرفەتە پەروەردەییەكان، ئەم دۆخە نیشان دەدات كە جیاوازییە چینایەتییەكانی كۆمەڵگە لە ژینگەی دیجیتاڵدا دووبارە بەرهەم دەهێنرێنەوە و پرسیاری لەسەر ئیدیعای یەكسانیی سەردەمی دیجیتاڵ دروست دەكات.
هەروەها لە كۆمەڵگەی دیجیتاڵدا، پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی گەنجان بە هۆی كارلێكی ئۆنلاینەوە دووبارە شێوە وەردەگرنەوە. لە لایەك، كۆمەڵگە دیجیتاڵییەكان دەرفەتی هاودەنگی، ئازادی ڕادەربڕین، و تۆڕە كۆمەڵایەتییە گشتگیرەكان پێشكەش بە گەنجان دەكەن؛ لە لایەكی تر، كەمبوونەوەی كارلێكی ڕووبەڕوو، گۆڕانی لێهاتووییەكانی پەیوەندیكردن و كێشەكانی وەك تەنیایی دیجیتاڵ دەخەنە بەرباس. بە تایبەت، زیادبوونی هەڕەشە و ئازاردانی ئەلیكترۆنی بووەتە مەترسییەكی كۆمەڵایەتی نوێ لەناو گەنجاندا. ئەم پێكهاتە دووانەیە ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە كاریگەری دیجیتاڵكردن لەسەر بەرهەمهێنانی سەرمایەی كۆمەڵایەتی، ئاڵۆز و فرە-ڕەهەندە.
لەڕووی سیاسیشەوە نەوەی گەنج هەستیان پێدەکرێ كە كەمتر گرنگی بە پێکهاتە سیاسییە نەریتییەکان بدات، فۆرمەکانی بەشداریکردنی سیاسی لە سەردەمی دیجیتاڵیدا بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕانییان بەسەردا هاتووە. هەڵمەتەکانی سۆشیال میدیا و بزووتنەوەکانی هاشتاگ و تۆڕەکانی هاودەنگی ئۆنلاین دەنگی سیاسی گەنجان بەهێزتر دەکەن؛ گۆڕەپانی دیجیتاڵ وەك شوێنێكی نوێی بۆ وتوێژی گشتی كار دەكات. بەڵام زۆرجار ئەم بەشدارییە وەک چالاکیی ڕووکەش ڕەخنەی لێدەگیرێت و جیاوازی نێوان چالاکیی و پشتیوانی لەبەردەم گفتوگۆدایە. سەرەڕای ئەمەش، بەسیاسیکردنی دیجیتاڵی گەنجان بە ڕەوتێکی بەرچاو دادەنرێت کە داهاتووی بەشداری دیموکراسی لە کۆمەڵگەی مۆدێرن دادەڕێژێت.
سەردەمی دیجیتاڵی هەم دەرفەتی نوێ و هەم لاوازی نوێ بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت. ئاسانتر دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و کارلێکی کەلتووری جیهانی و فراوانبوونی بوارەكانی بەرهەمهێنانی داهێنەرانە، توانای كۆمەڵایەتی و كەلتووری گەنجان زیاد دەكات، هەروەها لەبەرانبەردا نەمانی تایبەتمەندی، چاودێریکردنی داتا، ئاڵوودەبوونی دیجیتاڵی و کەلتووری ئۆنلاین ئەزموونە کۆمەڵایەتییەکانی گەنجان ئاڵۆز دەکەن. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە سەردەمی دیجیتاڵی کاریگەری یەکلایەنەی لەسەر گەنجان نییە؛ بە پێچەوانەوە پرۆسەیەکی دژبەیەک و فرەلایەنە و دینامیکییە.
گەنجان پێگەیەکی سەرەکییان هەیە لە گۆڕانی کۆمەڵایەتی سەردەمی دیجیتاڵیدا. تێگەیشتن لە داینامیکی کۆمەڵگایەکی گۆڕاو پێویستی بە شیکردنەوەی ئەزموونی دیجیتاڵی گەنجان هەیە لە ڕوانگەی کۆمەڵناسی و کەلتووری و سیاسییەوە. سەردەمی دیجیتاڵی تەنیا سەردەمێکی تەکنەلۆژی نییە بۆ گەنجان؛ بەڵكو سەرەتای دیزاینێكی نوێی ژیانی كۆمەڵایەتییە.

وریا مەعروف




زەوی، پرتەقاڵێکی خەمگینە.. غەسان کەنفانی.. و: عومەر عادل عەبدوڵڵا

کاتێک لە «یافا»ەوە بۆ «عەکا» دەرچووین، هیچ پێشهاتێک لەوێدا ڕووی نەدابوو، وەک کەسێک وابوو ساڵانە لە شارێکەوە گەشت بکات بۆ شارێکی تر و ڕۆژانی چەژنی لەوێدا بەسەر بەرێت. ڕۆژەکانمان لە «عەکا» بە شێوەیەکی ئاسایی تێپەڕین و هیچ شتێکی سەیر تێدا ڕووی نەدا، ڕەنگە لەبەر بووێت، ئەو کاتە منداڵ بووم و چێژم لەو ڕۆژانە وەردەگرت، چونکە ڕێگریان لێکردم، بۆ قوتابخانە بچمەوە. هەرچییەک بێت، لە شەوی هێرشە گەورەکەی سەر «عەکا»، دیمەنەکان ڕوونتر و ڕوونتربوونەوە …، ئەو شەوە، لە نێوان تاریکی پیاوان و نزای ژنەکاندا خراپ تێپەڕی. من و تۆ و ئەوانی تر، زۆر لەوە منداڵتر بووین بۆ ئەوەی تێبگەین، چیرۆکەکە لە سەرەتاوە، تا کۆتایی چ واتایەک دەگەیەنێت. ئەو شەوە، هێڵەکانی ڕووناکی دەرکەوتن و بەیانیش کە جولەکەکان کشانەوە و هەڕەشەیان دەکرد و کەفیان لە دەم دەهاتە دەرەوە. بارهەڵگرێکی گەورە، لە بەر دەرگای ماڵەکەمان وەستابوو، کۆمەڵێک کەرەستەی سادەی نووستن بە جووڵەی خێرا و هێمنانە لێرە و لەوێ دەفڕێنران… من بە پشتم بە دیواری خانووە کۆنەکەوە بوو و وەستابووم، کە بینیم دایکت سواری ئۆتۆمبێلەکە بووە، پاشان خاڵۆزاکەت، پاشان منداڵەکان، باوکت تۆ و خوشک و براکانتی فڕێ داوە ناو ئۆتۆمبێلەکەوە، لەسەرەوەی جانتاکان، پاشان لە گۆشەیەکەوە دەریهێنام و بۆ قەفەزی ئاسنی ناو ژووری شۆفێرەکە بەرزیان کردمەوە. بینیم «ڕیاز»ی برام بە هێمنی دانیشتووە. پێش ئەوەی بتوانم خۆم لە شوێنێکی گونجاودا جێگیر بکەم، ئۆتۆمبێلەکە جووڵەی کرد. کە ئۆتۆمبیلەکە چووە سەر ڕاستەڕێی «ڕاس نەقورە»، «عەکا»ی خۆشەویست هێدی هێدی لە ڕێگا پێچاوپێچەکاندا ون دەبوو.

کەشوهەوا، کەمێک هەور بوو، تەزوویەکی ساردیش بەسەر جەستەمەدا دەهات. «ڕیاز» زۆر بە بێدەنگی دانیشتبوو، قاچەکانی بەسەر لێواری قەفەسەکەدا بەرز کردبووەوە، پشتی بە جانتاکەوە دابوو، چاوی لە ئاسمان بوو، چەناگەم دەخستە نێوان ئەژنۆیەکانم و هەردوو قۆڵم بەسەریاندا چەماندەوە. کێڵگە پرتەقاڵییەکان، لە ڕێگاکەدا بەدوای یەکدا دەڕۆن. هەستی ترس ناخی هەموومانی دەخواردەوە. ئۆتۆمبێلەکە بە هەناسەبڕکێ بەسەر ڕێگە قوڕینەکەدا سەرکەوت و تەقەی سەجمەکان لە دوورەوە وەک دەستڕاوەشاندی ماڵئاوایی دەنگیان دەدایەوە.

کاتێک دیمەکانی «ڕاس ناقورە» لە دوورەوە دەرکەوتن، هەور بەشێوەیەکی ئاسۆی بە ئاسمانی شیندا بڵاوەی پێ کردبوو. ئۆتۆمبێلەکە وەستا، ژنەکان لە نێو کەرەستە و جانتاکان دابەزین و چوونە لای جووتیارێک کە بە قاچی بڕاوەوە دانیشتبوو و سەبەتەیەک پرتەقاڵی لەبەردەمیدا بوو، لەو ساتەی پرتەقاڵەکانیان هەڵگرت… گوێمان لە دەنگی گریانیان بوو… ئەوکات پێم وابوو پرتەقاڵ شتێکی خۆشەویستە. ئەم میوە گەورە و پاکانە شتێکی ئازیز بوون بۆ ئێمە. ژنەکان پرتەقاڵیان کڕی و هەڵیانگرت بۆ نێو ئۆتۆمبێلەکە، باوکت کە لە شانی شۆفێرەکە دانشتبوو، شۆفێرەکە هاتە خوارەوە، دەستی درێژ کرد و یەکێکیانی برد، بە بێدەنگی سەیری کرد، پاشان وەک منداڵێکی بەدبەخت، گریانێکی توند و بەهێز، پێیدا تەقییەوە.

لە «ڕاس نەقورە»، تۆئۆمبیلەکەمان لە تەنیشت ئۆتۆمبیلی زۆر کەسی ترەوە ڕاوەستاند. پیاوەکان دەستیان کرد بە ڕادەستکردنی چەکەکانیان بەو پۆلیسانەی کە لەوێدا ڕاوەستابوون، نۆرەی ئێمە هات، بینیم تفەنگ و دۆشکە فڕێدراونەتە سەر مێزەکە. هێڵی ئۆتۆمبێلە گەورەکان پێکەوە قەتارەیان بەستبوو و دەڕۆشتنە نێو خاکی لوبنانەوە، ڕێگا پێچاوپێچەکان، زیاتر و زیاتر…، لە خاکی پرتەقاڵەکان دووریان دەخستینەوە، منیش دەستم کرد بە گریان، دایکت بە قووڵی دەگریا و بە بێدەنگی چاوی لەسەر پرتەقاڵەکە بوو. لە چاوەکانی باوکتدا، هەموو ئەو پرتەقاڵانەی کە بۆ جولەکەکان بەجێ هێشتبوو، دەدرەوشایەوە، هەموو ئەو پرتەقاڵە پاکانەی کە کڕیبووی، دار بە دار، لە ڕووخساریدا تەواو ڕەنگدانەوەی دابووەوە و لە نێو ئەو فرمێسکانەدا دەدرەوشاویەوە، کە نەیتوانی لەبەردەم ئەفسەری بنکەی پۆلیسەکەدا بەرزەفتیان بکات. کاتێک پاش نیوەڕۆ گەیشتین بە شاری «سەیدا»، بۆ هەمیشە بووین بە پەنابەر.

ڕێگاکە تەواو ئێمەی لە ئامێز گرتبوو. باوکت لە جاران پیرتر دەردەکەوت، وا دیار بوو کە ماوەیەکی زۆرە نەخەوتووە. لە شەقامەکەدا ڕاوەستا بوو لەبەردەم ئەو جانتایەی کە لەسەر ڕێگاکە فڕێدرا بوو، دەمتوانی بیهێنمە پێش چاوم کە ئەگەر بچمە سەرەوە بۆ ئەوەی شتێک بڵێم، ئەوا بە ڕووخسارمدا دەتەقێتەوە و دەڵێت: نەفرەت لە باوکت… نەفرەت…، ئەم دوو نەفرەتە، بە ڕوونی بە ڕووخسارییەوە دیار بوو، تەنانەت منیش، ئەو منداڵەی کە لە قوتابخانەیەکی ئایینی کۆنەپەرستدا گەورە بووم، لەو کاتەدا گومانم هەبوو، کە ئەم خودایە بەڕاستی دەیەوێت خەڵک دڵخۆش بکات، گومانم هەبوو کە ئەم خودایە هەموو شتێک بیستبێت و بینیبێت. ئەو وێنە ڕەنگاوڕەنگانەی کە لە کڵێسای قوتابخانە بەسەرماندا دابەشکرابوون، کە گوزارشتی لەوە دەکرد، خودا بەزەیی بە منداڵەکاندا دێتەوە و بە ڕوویاندا زەردەخەنە دەکات، ئەم وێنانە وەک درۆیەکی دیکە لەو کەسانە دەهاتە بەرچاو کە قوتابخانەیەکی کۆنەپەرستانە دادەمەزرێنن، بە مەبەستی ئەوەی زیاتری کرێی خوێندن کۆ بکەنەوە. چیتر گومانم نییە، کە ئەو خودایەی لە فەلەستین دەمانناسی، ئەویشمان جێی هێشتووە، ئێمەی پەنابەر ، لەسەر شۆستە دانیشتووین و چاوەڕێی چارەنووسێکی نوێ دەکەین، کە هەندێک چارەسەری لەگەڵ خۆیدا بهێنێت و بەرپرسیارین لە دۆزینەوەی میچێک(سەقف) بۆ ئەوەی شەوی تێیدا بەسەر بەرین.

شەو دۆخێکی ترسناکە و ئەو تاریکییەی کە وردە وردە بەسەرماندا زاڵ دەبوو، ترسێکی لە ڕادەبەدەری دەخستە دڵمەوە. تەنها بیرکردنەوەیەک لە بارەی ئەوەوە کە شەوەکە لەسەر شۆستە بەسەر دەبەم، هەموو جۆرە ترسێکی لە مندا دەجووڵاند، ترسێکی توند و وشک بوو. کەس ئامادە نەبوو، بەزەیی پێمدا بێتەوە، کەسم نەدەدۆزیەوە ڕووی لێبکەم. نیگای بێدەنگی باوکت، وایدەکرد ترسێکی نوێ لە سینەمدا سەر هەڵبدات و پرتەقاڵی دەستی دایکت ئاگری لە سەرم بەردابوو. هەمووان بێدەنگ بوون، چاویان لە ڕێگا ڕەشەکە بوو، بەو هیوایەی کە چارەنووس لە پێچێکی ئەو ڕێگایانەوە دەربکەوێت، چارەسەری کێشەکانمان بکات و ئێمە بەرەو بنەبانێکی ئارام بەرێت؛ چارەنووس لە پڕێکدا هات، مامت پێش ئێمە گەیشتبووە شار و ئەو چارەنووسی ئێمە بوو.

مامت زۆر باوەڕی بە ڕەوشت نەبوو، بەڵام کاتێک خۆی بینیەوە لەسەر شەقامەکە، وەک ئێمە، ئیتر بە ڕەهای باوەڕی پێی نەما. ڕووی بەرەو ماڵێک کرد کە خێزانێکی جولەکە تێیدا نیشتەجێ بوو، دەرگاکەی کردەوە و کەلوپەلەکانی فڕێدایە ژوورەوە و بە دەموچاوە چرچ و لۆچەکەیەوە ئاماژەی پێکردن و بە تۆنێکی قسەخۆشەوە دەیگوت: “بڕۆ بۆ فەلەستین…” بە دڵنیاییەوە ئەوان نەچوونە فەلەستین، بەڵام ترسیان لە نائومێدییەکەی هەبوو، بۆیە چوونە ژووری تەنیشت و جێیان هێشت تا چێژ لە دیمەنی بنەبان و کاشیەکان وەربگرێت.

مامت بەرەو ژوورەکەی خۆی بردین و لەگەڵ بە کەلوپەلەکان و خێزانەکەیەوە جێی کردینەوە. شەوانە لەسەر زەوی دەخەوتین، جەستە بچووکەکانمان لەسەر زەوییەکە ڕاکشا بوو و بە پاڵتۆی پیاوان خۆمان دادەپۆشی. بەیانی کە لە خەو هەڵساین، پیاوەکان شەویان بە دانیشتن لەسەر کورسی بەسەر دەبرد. کارەسات دەستی کردبوو بە دۆزینەوەی ڕێگایەکی قیرتاوکراو بۆ ئەوە بەرەو خانەکانی جەستەمان هەنگاو بنێت.

لە «سەیدا» زۆر نەماینەوە، ژوورەکەی مامت تەنانەت بەشی نیوەمانی نەدەکرد، لەگەڵ ئەوەشدا سێ شەو جێگەی بۆ کردینەوە. پاشان دایکت داوای لە باوکت کرد کارێک بدۆزێتەوە، یان با بگەڕێینەوە بۆ خاكی پرتەقاڵ، بەڵام باوکت بە دەنگێکی لەرزۆک و پڕ لە ناڕەزایەتی هاوارێکی بەسەردا کرد، بۆیە بێدەنگ بوو. کێشەی خێزانەکەمان دەستی پێکردبوو، ئێمەش لەگەڵ زەوی و خانوو و شەهیدانەکانمان، خێزانە بەختەوەر و نزیک لە یەکەمان بەجێهێشت.

من نەمدەزانی باوکت ئەو پارەی لە کوێوە دەستکەوت بوو، بەڵام دەزانم ئەو زێڕانەی فرۆشت کە بۆ دایکتی کڕی بوو، بە مەبەستی دڵخۆشکردنی و شانازیکردن بە هاوسەرەکەیەوە، بەڵام ئەو زێڕە بای ئەوەندە نەبوو،کێشەکانمان چارەسەر بکات، بۆیە سەرچاوەیەکی دیکەی پێویست بوو، ئایا شتێکی قەرز کردووە؟ ئایا شتێکی تری فرۆشتووە و لەگەڵ خۆی بردوویەتی، بەبێ ئەوەی ئێمە بیبینین؟ نازانم، بەڵام لەبیرمە، کە چووینە گوندێک لە پەراوێزی «سەیدا»، لەوێ باوکت لەسەر باڵکۆنە بەرز و بەردینەکە دانیشتبوو، بۆ یەکەمجار زەردەخەنەی دەکرد، چاوەڕێی گەڕانەوەی پانزەی ئایار دەکات لە دوای سوپای سەرکەوتوو.

لە ١٥ی ئایار دوای چاوەڕوانییەکی تاڵ کۆتایی هات؛ ڕێک کاتژمێر دوانزە، باوکت لە کاتێکدا من بە توندی خەوتبووم بە پێی خۆی چەقاندم و بە دەنگێک کە بە هیوایەکی بوێرەوە دەقیژاندەوە وتی: “هەڵسە… شایەتحاڵی چوونە ژوورەوەی سوپای عەرەب بە، بۆ نێو خاکی فەلەستین.” وەک شێتێک هەستام و لە نیوەی شەودا بە پێی پەتی لە گردەکاندا دابەزین، بۆ ئەو شەقامەی کە کیلۆمەترێکی تەواو لە گوندەکەوە دوورە، هەموومان، گەنج و پیر، وەک شێتێک هەناسەمان دەدا و ڕامان دەکرد. گڵۆپی ئۆتۆمبێلەکان، لە دوورەوە دەبینران، بەرەو «ڕاس نەقورا» بەرز دەبوونەوە، کاتێک گەیشتینە شەقامەکە هەستمان بە سەرما کرد، بەڵام قیڕە هاوارەکانی باوکت بەرزەفتی زۆربەمانی دەکرد و وەک منداڵێکی بچووک دەستی کرد بە ڕاکردن بە دوای ئۆتۆمبێلەکاندا و هاواریان دەکرد، بە دەنگێکی زەق هاوار دەکرد وهەناسەی دەدا، هەر وەک منداڵێکی بچووک بە دوای هێڵی ئۆتۆمبێلەکاندا ڕایدەکرد. ئێمە لە تەنیشتی بە هەمان شێوە ڕامان دەکرد و لەگەڵیدا هاوارمان دەکرد، سەربازەکانیش لە ژێر کڵاوەکانیانەوە، بێدەنگ سەیری ئێمەیان دەکرد… ئێمە هەناسەمان دەدا، لە کاتێکدا باوکت کە لە پەنجا ساڵیدا بوو، ڕای دەکرد و پاکەتە جگەرەی لە گیرفانی دەرهێنا و بۆ سەربازەکان فڕێی دەدا.

ئۆتۆمبێلەکان لەناکاو ڕاوەستان و بە ماندووییەوە بۆ ماڵ گەڕاینەوە، لەسەرخۆ هەناسەمان دەدا. باوکت بێدەنگ بوو، ئێمەش بێدەنگ بووین. کاتێک ئۆتۆمبێلێک تێپەڕی، ڕووناکی لایەتەکان ڕووخساری باوکتی ڕۆشن دەکردەوە. ڕوومەتەکانی پڕ فرمێسک بوون، دوای ئەوە، شتەکان زۆر بە هێواشی دەجووڵان، ڕاپۆرت درۆینە و ڕاستییە تاڵەکان فریوی داین و دووبارە ڕووخسارمان گرژی دایگرت. باوکت زۆر بە سەختی دەستی کرد بە باسکردنی فەلەستین و ئەو ڕابردووە خۆشەی لە باخ و ماڵەکاەیدا بەسەر برد بوو، ئێمە دیوارێکی زەبەلاح بووین، بەرامبەر ئەو کارەساتەی کە زاڵ ببوو، بەسەر ژیانێکی نوێدا. ئێمەش، ئەو نەفرەت لێکراوانە بووین ، کە زۆر بە ئاسانی بۆمان دەردەکەوت، کە بەیانی زوو، دەبێت بە فەرمانی باوکت بەسەر شاخەکەدا سەربکەوین، بۆ ئەوەی داوای ژەمێکی بەیانی بکەین.

شتەکان بەرەو ئاڵۆزبوون دەچوون. سادەترین شت بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر توانای وروژاندنی باوکتی هەبوو. بە تەواوی بیرمە ئەو ڕۆژە کە کەسێک داوای شتێکی لێکرد کە من نایزانم و لەبیرم نییە ئەو شتە چی بوو، یەکسەر تووڕە بوو و هەڵچوو، پاشان هەموو گیانی دەلەرزین وەک ئەوەی ڕەشەبایەک لێیدابێت، چاوەکانی بەدەوری خۆیدا سوڕانەوە و سەیری کردین. بیرۆکەیەکی نەفرەتی لە مێشکدا چەکەرەی کرد، ڕاوەستا وەک ئەوەی کۆتایی دڵخۆشکەری دۆزیبێتەوە. لە ناوەڕاستی هەستکردنی مرۆڤێک بە توانای کۆتاییهێنان بە کێشەکانی و هەستکردنی بە ترس پێش ئەوەی شتێکی مەترسیدار ڕوو بدات، دەستی کرد بە قسەکردن و بە خولانەوە وگەڕان بەدوای شتێکدا، کە ئێمە نەماندەتوانی بیبینین، پاشان پەلاماری سندوقێکێکدا کە لە «عەکا»ەوە لەگەڵ خۆماندا هەڵمانگرتبوو و بەوپەڕی ترس و تووڕەیەوە، دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی شتەکانی نێو سندوقەکە، لە یەکەم ساتدا دایکت لە هەموو شتێک تێگەیشت؛ پاڵنەرێک بوو بەو سەرلێشێواوییەی کە دایکێک دەکەوێتە ناویەوە کاتێک منداڵەکانی ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە، پاشان ئیمەی بەرەو دەرەوە پاڵ پێوەنا و داوای لێکردین بەرەو شاخەکە ڕابکەین، بەڵام لە پەنجەرەکەوە دەرنەچووین، گوێچکە بچووکەکانمان بە دارەکەیەوە چەقاند، بە ترسێکی زۆرەوە گوێمان لە دەنگی باوکت گرت: “دەمەوێت بیانکوژم و دەمەوێت خۆم بکوژم، دەمەوێت تەواو بم، من ئەمەم دەمەوێت.”

باوکت بێدەنگ بوو. کاتێک گەڕاینەوە، تلە درزی دەرگاکەوە سەیری ژوورەکەمان کرد، بینیمان لەسەر زەوی پاڵکەوتبوو و لەسەرخۆ هەناسەی دەدا، ددانەکانی لێکدەخشاند و دەگریا، لە کاتێکدا دایکت لە لایەک دانیشتبوو و بە ئاماژەکانی ئاگادارکردنەوە سەیری دەکرد، ئێمە زۆر تێنەگەیشتین، بەڵام بیرمە کە کاتێک دەمانچە ڕەشەکەم بینی لەسەر زەوی کەوتبوو، لە هەموو شتێک تێگەیشتم، وەک ئەو ترسێکی کوشندە کە بەر منداڵێک دەکەوێت، کە لەناکاو جنۆکەیەک دەبینێت، دەستم کرد بە ڕاکردن بەسەر شاخەکەدا و هەڵهاتم.

کاتێک لە ماڵەوە دوور بووم، لە هەمان کاتدا لە خودی منداڵیم دوور کەوتمەوە، هەستم دەکرد ژیانمان چیتر شتێکی ئاسان نییە، بۆ ئەوەی بە ئارامی بژین، بارودۆخەکە گەیشتوو بەوە کە جگە لەوە کە فیشەکێک بنرێت بە سەری هەریەکێکمانەوە هیچ شتێک چارەسەرێکی دیکە هەڵناگرێت، بۆیە دەبێت وریا بین لە کارەکانمان بۆ ئەوەی شایستە دەربکەوین. نابێت داوای خواردن بکەین، تەنانەت ئەگەر برسیش بین. دەبێت بێدەنگ بین کاتێک باوکمان باسی کێشەکانی دەکات ، بە زەردەخەنەیەکەوە سەرمان بجووڵێنین، کاتێک پێمان دەڵێت بچنە سەر شاخەکە و تا نیوەڕۆ مەگەڕێنەوە.

ئێوارە، کە تاریک داهات، گەڕامەوە ماڵەوە. باوکت هێشتا نەخۆش بوو، دایکت لە تەنیشتی دانیشتبوو. چاوەکانت وەک چاوی پشیلە دەدرەوشایەوە، لێوەکانی بەیەکەوە لکێندرابوون، وەک ئەوەی هەرگیز نەکرابێتەوە، وەک شوێنەواری برینێکی کۆن کە هەرگیز سارێژ نەبووبێت.

لەوێ هەموومان کەڵەکە بوون، وەکوو چۆن لە منداڵیمان دوورکەوتینەوە، بە هەمان شێو لە خاکی پرتقاڵەکاندا دوور کەوتبووینەوە، ئەو پرتەقاڵانەی کە جووتیارێک پێی گووتین: ئەگەر دەستی ئاودانیان بگۆڕدرێت، وشک دەبن.

باوکت هێشتا نەخۆش بوو، لە سەر جێگاکەی پاڵکەوتبوو، دایکت فرمێسکێکی کارەسائامێزی دەڕشت، کە تا ئەمڕۆش، لە چاوەکانیدا قەتیس ماوە، بە دزییەوە چوومە ژوورەکەوە، وەک دەرکراوێک کاتێک سەیری دەموچاوی باوکتم کرد، لە تووڕەیدا دەلەرزی. لە هەمان کاتدا، دەمانچە ڕەشەکەم بینی لەسەر مێزەکە و لە تەنیشتیەوە پرتەقاڵێک دانرا بوو، پرتەقاڵەکە وشک بووەتەوە.

غەسان کەنفانی.

لە پەرتووکی (زەوی، پرتەقاڵێکی خەمگینە)

و: عومەر عادل عەبدوڵڵا




کلتووری جوێن.. رەسووڵ بەختیار

سەنگی کەسایەتی، سەرەتا لەئاخاوتنییەوە دەست پێدەکات، لەوەش گرنگتر، کاتێ بزانیت، بەرانبەرەکەت، هەڵگری بڕوانامەیەکی باڵایە، کاتێک باس لەتوێژینەوە دەکات، سەرەتا حەزت لێیە، گوێی بۆ رادێری، بەڵام نێوەندی قسەکانی سەر بەهیچ تیۆرێک نییە، دەبینی هەر لەخۆڕا جوێن دەدا، ئەم و ئەو تاوانبار دەکات، لەوەی بڕوانامەکەی بەتەزکییە وەرگرتووە، گرنگ نییە، وەک کورد دەبێژێ، ئەو گوێزان دەژمێرێ، بەجوێنی ئاسایی ناوەستێ، چونکە وا هەست دەکا، هەقی خۆی پێ نەداوە، بۆیە پڕ دەداتە کەسوکاری، بیرتانە کاتێک پەتای کڕۆنا بەرپا بوو، خەڵکی جیهان هەموو نێردرایەوە مارێ، دەکرێ بۆ کلتووری جوێندانیش، ئەوانە بخرێنە نێو مەنجەڵێکەوە، تا خڵتی جوێدانی لێ بپارێزرێ.
وەکحۆم ئەوەی لەبیرمە تا سەرەتای نەوەدەکانیش کاتێک یەکێک قسەیەکی پلارهاوێژی پێ بگوترایە، هەرچی کەسوکاری هەبوو بێ، خۆیان لەو دانیشتنانە دوور دەخستەوە، تیایدا باس لەو پلاره بکرێ، خۆ جوێنیش نەبوو، تەنیا پلارێک بوو جێگەی خۆی گرتبوو.
سەیرە، لەگەڵ شەڕی برا کوژی، حاڵەتی جوێندان لەنێو کۆمەڵگەی کوردی بەدەرکەوت، دواتر بوو بەداردە، هەموو شاندەکانیش نەیانتوانی دەرمانێک بدۆزنەوە، لەتەک بەرپابوونی تەکنەلۆژیای ژیریش، لەدیاردە دەرچوو بوو بەکلتوور، پێمان ئاسایی بوو، لەنێو کۆمەڵگەی عەرەبی و تورکی و ئێرانیدا ئەم کلتوورە هەیە، بەڵام ئێمە خاوەنی نەبووین، بەڵام بەهۆی هاتنی رەوەندی ئەو گەلانەی باسمان لێوەکرد، کلتووری جوێندان ، بەتەواویی لەنێو کوردستاندا سەپا.
لەبیرمە لەهەشتاکان تا نەوەدەکان باسی چەند کەسایەتییەکی کوردیان دەکرد، ئەوانەی بڕوانامەی باڵایان هەبوو، لەپێش چاوی خەڵکی دیکەدا جوێنیان بەیەکتر دەدا، لەو رۆژگارە، ئەمە وەک کوفرێک وابوو.
کێشەی ئێمە لەتەک پلار و ئەو جوێندانانە نییە، لەدێرینەوە لەلای خۆماندا بۆتە ئیدیۆم، کێشەکە لەوەدایە کلتووری جوێن، هەموو لایەکی کۆمەڵگەی گرتۆتەوە، لەسۆشیاڵمیدیا، هەر یەکێک دوو قسە بکات، ئەوا جوێن بارانی دەکەن، هەندێک بەناوی راگەیاندنەوە زۆرێک لەخەڵکیان هەراسان کردووە، کاتێکیش دەدرێنە دادگا، ئەوا هەندێک لەدەوروبەریان بابەتەکە بەلایەکی دیکەدا دەبەن، ئەسڵی کێشەکەش بەلاوە دەنێن، ئەوەی زیاتریش کۆمەڵگەی هەراسان کردووە، کەسایەتی و خاوەن بڕوانامەکان لەجیاتی بابەتەکە هێور بکەنەوە، دێن خوێ بەبرینە قووڵەکە دادەکەن.

رەسووڵ بەختیار




زەردەشتی ئاینە رەسەنەکەی کورد لە لێواری لەناوچووندایە!.. نووسینی: پشتیوان حەمە عەلی سابیر

ئاینی زەردەشتی یەکێکە لە کۆنترین ئاینە جیهانییەکان کە سەرهەڵدانی دەگەرێتەوە بۆ سەدەی (٦) ی پێش زاین، ئاینەکەش هەر بەناوی پەیامبەرەکەیەوە بڵاوبووەتەوە کە ئەویش پەیامبەر زەردەشتە.
ئاینی زەردەشتی ئاینێکی یەکتاپەرستیە واتا بەتەنها (ئاهورامزاد)ە دەپەرستێت.
کتێبی پیرۆزی زەردەشتی ناوی ئاڤێستایە کە لە (٢) بەشی گەورە و (٢١) پارچە پێکهاتووە.
بنچینەی زەردەشتی لەسەر (٣) بنەما دەڕوات: (بیری باش، گوفتاری باش ، کرداری باش)، ئاینی زەردەشتی لەسەر خاکی کوردستان بڵاوبووەتەوە.
زەردەشتیەکانی باشوری کوردستان لە سەردەمی رژێمی بەعسدا وەک ئاینێکی دانپێدا نراو نەبوون لە عێراقدا بۆیە بە هیچ شێوەیەک رێگا بەپەرستشیان نەدەدرا ، لەبەر ئەوەی ئاینی فەرمی نەبوون لە عێراقدا زەردەشتیەکان ناچاربوون خۆیان و منداڵەکانیان وەک موسڵمان تۆمار بکەن و پەرستن و مەراسیمە ئاینیەکانیان بە نهێنی ئەنجام دەدا، بارودۆخی زەردەشتیەکان بەم شیوەیە مایەوە هەتا راپەڕینەکەی ساڵی (١٩٩١) و دەرکردنی دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی رژێمی بەعس لە کوردستان و دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئیتر هەموو چین وتوێژەکان هەموو بیروباوەڕ و ئاینەکان هەناسەی ئاسوودەییان هەڵمژی و هیوای گەورەیان بەوە هەبوو کە خۆری ئازادی هەڵهات .
بەڵام لە پاش رووخاندنی رژێمی بەعس لە ساڵی (٢٠٠٣) بە شێوەیەکی بەرفراوان زەردەشتیەکان دەستیانکرد بە جموجوڵی خۆرێکخستن و بانگەشەکردنی زەردەشتی بەئاشکرا وداوایان لە خەڵک کرد ئیتر سەردەمی ئازادیە پێویست ناکات بە نهێنی پەیڕەوی زەردەشتی بکەن.
بەم شێوەیە هەزاران خەڵک زەردەشتی بوونی خۆیان ئاشکراکرد و بە ئاشکرا بانگەوازیان بۆ زەردەشتی بوون دەکرد، هەروەها سەدان کەسی تریش بوون بە زەردەشتی، بەڵام بەداخەوە لەگەڵ گەشەی زەردەشتی لە باشووری کوردستان لە عێراق گروپە جیهادیە ئیسلامەکان سەریان هەڵدا و بیروباوەڕی تووندڕەوەی ئیسلامی لە تەواوی عێراق بە کوردستانیشەوە بڵاوبووەوە، سەرهەڵدانی گروپە توندڕەوە ئیسلامیەکان لە عێراق سەرسامبوونی خەڵکێک لە کوردستان بەم بەروباوەڕە تووندڕەوە ئیسلامیە بووبە هووی ئەوەی مەلا و بانگخوازە ئیسلامیەکان بە ئاشکرا دەستیان کرد بە هێرشکردنە سەر زەردەشتیەکان، لە مزگەوت و راگەیاندنەوە هیرش و سوکایەتی کردن بە زەردوشتیەکان و بیروباوەڕی زەردەشتیەکان، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئیسلامەیان بینیان ‌حکومەتی هەرێمی کوردستان بێباکە لەوەی بەرانبەر بە زەردەشتیەکان دەکرێت. ئیدی ئیسلامیەکان هەر بە هێرش و سوکایەتەوە نەوەستان بەڵکو بە ئاشکرا فتوای کافربوونی زەردەشتیەکانیان دەرکرد، فتوایان دەرکرد کە هەرکەس ببێتە زەردەشتی کافر دەبێت و بەڵکو تەڵاقی دەکەوێت و ئەگەر هاوسەرگیری کردبێت دەبێت کەسوکاری ژنەکە خێزانەکەی لێوەربگرنەوە لە یەکیان جیابکەنەوە، نابێت بە هیچ شێوەیەک کەسانی زەردەشتی لە قەبرستانی موسڵمان بنێژرێت. ئەم فتوادانە و هێرشانە بۆ سەر زەردەشتیەکان بەتەواوەتی کاریگەری کردە سەر زەردەشتیەکان.
بەداخەوە حکومەتی هەرێم هیچ پاڵپشتی و بەرگریەکی لە زەردەشتیەکان نەکرد و ناکات و بە تەنها بەجێیانی هیڵا و دەهێڵێت بۆ هیزە توندڕەوە ئیسلامیەکان.
بەم شێوەیە زەردەشتیەکان لە بارودۆخێکی زۆر خراپدان
سەدان کەسی زەردەشتی رووبەڕووی هەرەشە دەبنەوە، بە هیچ شێوەیەک ناتوانن چالاکی ئاینی خۆیان هەبێت، بەبەردەوامی هەرەشەی کوشتنیان لە سەرە لەلایەن ئیسلامیەکانەوە ، تەنانەت چەندین کەس تەقەی لێکراوە ، بەڵام ئەوەی جێگای داخە و لە هەمانکاتتدا جێی سەرسووڕمانە زۆرێک لە زەردەشتیەکان کاتێک سکاڵا تۆمار دەکەن لە لای پولیس و ئاسایش بە هیچ شێوەیەک سکاڵاکانیان بە هەند وەرناگیرێت و پشتگوێیان دەخەن و وەک ئەوەی ئازادی و تەنانت ژیانی خەڵکی زەردەشی هیچ گرنگ نەبێت لای دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەر ئەمەش نە بەڵکو لە ترسی ئیسلامیەکان هیچ راگەیاندنێک ناوێرێت باسی دۆخی زاردەشتیەکان بکات، هەتا ئێستا سەدان بەرنامەو چاوپێکەوتن و رێپۆرتاژ کراوە سەبارەت بە هەموو ئاینەکانی تری کوردستان کەچی تەنانەت بە یەک وشەش کەس باسی زەردەشتی و دۆخی زەردەشتیەکان ناکات وەک بڵێت ژیانی هەزاران کەسی زەردەشتی هیچ گرنگ نەبێت بۆ کۆمەڵگای کوردستان و بۆ راگەیاندن وتەنانەت بۆ دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، هەربۆیە زەردەشتیەکان بە ناچاری بە لێشاو کوردستان بەجێدەهیڵن کۆچ دەکەن بەتایبەتی ئەوکەسانەی کە هەڕەشی کوشتیان لە سەرە چوونکە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم نایانپارێزن و هیچ چارەیەکیان نیە لەوە زیاتر پەنا بەرنەبەر کۆچکرد بۆ وڵاتانی ئەوروپا بەمەبەستی خۆرزگارکردن لە کوشتن و لە ناوچوون.
ئەوەی لە سەرەوە باسمان کرد راستی یەکی تاڵە کە رەسەنترین ئاینی کوردی لە کوردستانی عێراق لە بەردەم قڕکردن و لەناوچووندایە بەبێ ئەوەی بۆ کەس جێگای سەرنج و گرنگی پێدان بێت.

نووسینی: پشتیوان حەمە عەلی سابیر




هەنگاوی نوێی چین لە کوردستان: هاوکاری یان کۆنترۆڵ؟.. ئاگری قادر*

لە چەند رۆژی ڕابردوودا كە كۆماری گەلی چین ، دامەزراوەیەكی نوێی ئیداری و كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان دامەزراند، كە بە “شورای مەزن” ناودەبرێت. لە كاتێكدا كە لە ژێر زمانی هاوكاری و گەشەپێدان پێشكەش دەكرێت، ئەم رێكخراوە نیگەرانی قووڵ سەبارەت بە فراوانبوونی تاكڕەوی، ئەندازیاری كۆمەڵایەتی و ئەگەری وەرینی سەربەخۆیی ناوخۆیی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. لە ڕوانگەیەكی ئەكادیمی و جیۆپۆلەتیكییەوە، هەوڵەكانی چین دەبێت لە چوارچێوەی فراوانتری ستراتیژی جیهانییەكەیدا تێبگەین — ستراتیژییەك كە كاریگەریی سیاسی، دزەكردنی ئابووری و پێشبینی ئایدیۆلۆژی تێكەڵ دەكات. دامەزراندنی دامەزراوەیەكی لەو جۆرە لە كوردستاندا ناتوانرێت لە مۆدێلی حوكمڕانی لەمێژینەی چین جیا بكرێتەوە كە ڕەگ و ڕیشەی لە كۆنترۆڵی ناوەندی و سنوورداركردنی ئازادییە مەدەنییەكان و ملكەچكردنی تاكەكان بۆ دەسەڵاتی دەوڵەت هەیە،سیستەمی سیاسی ناوخۆیی چین بە حوكمڕانی یەك حزبی و سەركوتكردنی ناڕەزایەتی و میكانیزمی چاودێری كۆمەڵایەتی بەرفراوان تایبەتمەندە. ئەو دامەزراوانەی كە لە ژێر ئەم مۆدێلەدا دروست دەكرێن – چ لە ناوخۆ یان دەرەوە – زۆرجار خزمەت بە دوو مەبەست دەكەن:
درێژكردنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت
داڕشتنی ڕەفتاری گشتی لە ڕێگەی فۆڕمی ورد و ئاشكرای كۆنترۆڵكردنەوە
ئەگەر سیستەمێكی لەو شێوەیە هەناردە بكرێت بۆ كوردستان، تەنانەت بەشێوەیەكی بەشەكی یان ناڕاستەوخۆ، كاریگەرییەكی بەرچاوی لەسەر مافی مرۆڤ، بەشداری سیاسی و ئۆتۆنۆمی كۆمەڵایەتی هەڵدەگرێت. بۆیە پێویستە ناساندنی بەناو “شورای مەزن” بە شێوەیەكی ڕەخنەگرانە وەك ئامرازێكی كاریگەری كاریگەری هەڵسەنگێندرێت نەك پێكهاتەیەكی بێلایەن یان گەشەسەندن
“شورای مەزن” وەك هەنگاوێك بەرەو كۆیلایەتی مۆدێرن – ڕەنگدانەوەی ترسەكانە كە پڕۆژەكەی چین كەناڵی نوێ بۆ چاودێریكردن، دیسپلینكردن، یان دەستكاریكردنی گروپە كۆمەڵایەتییەكان دروست دەكات. لە زۆرێك لەو ناوچانەی كە چین ئۆرگانی كولتووری یان كارگێڕی دامەزراندووە، ئەم دامەزراوانە ئاوێنەیەكی لایەنەكانی مۆدێلی حوكمڕانی ناوخۆیی چین بوون كە :
بڕیاردانی ناوەندی
شەفافیەتێكی سنووردار
دامەزراندنی ستراتیژی نوخبە ناوخۆییەكان بۆ داڕشتنی بۆچوون
بەرنامەی پەروەردەیی و كولتووری كە بۆ گۆڕینی ناسنامە و دڵسۆزیەكان داڕێژراون،ئەم نەخشانە ئەوە دەردەخەن كە “شورای مەزن” دەتوانێت وەك میكانیزمێك بۆ چوونە ناو كۆمەڵگەی مەدەنی كورد و كۆكردنەوەی كاریگەری و وردە وردە ئاساییكردنەوەی نۆرمەكانی پاوانخوازانە كار بكات،لە ڕوانگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانەوە، بەرژەوەندی چین بۆ كوردستان هاوتەریبە لەگەڵ ستراتیژییە فراوانەكانی پشتێن و ڕێگا و خواستی فراوانكردنی كاریگەری لەناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. دامەزراندنی دامەزراوە سیاسییەكان یان نیمچە سیاسییەكان ڕێگە بە چین دەدات خۆی لەناو پێكهاتە ناوخۆییەكاندا جێگیر بكات، ئەمەش كاریگەری دروست دەكات كە دەتوانرێت لە دانوستانە دیپلۆماسییەكان یان ئابوورییەكانی داهاتوودا بەكاربهێنرێت،بۆ كوردستان دروستكردنی دامەزراوەیەكی ئاڕاستەكراوی دەرەكی و خاوەن دەسەڵاتێكی ناڕوون پێناسەكراو پرسیاری ڕەخنەگرانە دەوروژێنێت،ئایا ئەم رێكخراوە خزمەت بە بەرژەوەندییە ناوخۆییەكان دەكات یان ئامانجە ستراتیژییە دەرەكییەكان؟
چ میكانیزمێك لێپرسینەوە و شەفافیەت و چاودێری مسۆگەر دەكات؟
جەماوەری كورد چۆن لە دەستكاری ئایدیۆلۆژی یان سیاسی دەپارێزرێت؟
بەبێ وەڵامی ڕوون، مەترسییەكان لە سوودە ئەگەرییەكان زیاترن
ڕێگریكردن لە دامەزراندنی وەها ئۆرگانێك تەنیا كردەوەیەكی بەرخۆدانی سیاسی نییە؛ ڕێوشوێنێكی پێویستە بۆ پاراستنی كەرامەتی مرۆڤ و سەروەری دامەزراوەیی و خواستە دیموكراسیەكان. ئەزموونی كورد لەگەڵ زلهێزە ناوچەییەكان دەریخستووە كە زۆرجار قەوارە بیانییەكان نەك لە ڕێگەی داگیركاریی بینراوەوە، بەڵكو لە ڕێگەی هاتنە ناوەوەی دامەزراوەیی وردە وردە بەدوای كاریگەریدا دەگەڕێن. لەم چوارچێوەیەدا چین – بە مێژووی كۆنترۆڵكردنی تاكڕەوانە و فراوانبوونی نێودەوڵەتییەوە – نوێنەرایەتی هاوبەشی ڕزگاری نییە بەڵكو بكەرێكی پۆتانسێلی هەژموون دەكات. چین وەك هێزێكی “كۆیلایەتی و داگیركاری” ڕەنگە بەهێز دەربكەوێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕەنگدانەوەی ئەو ترسە ڕاستەقینەكانە كە ڕەگیان لە بەڵگە جیهانییەكانی پراكتیكەكانی حوكمڕانی چیندا هەیە. پێویستە “شورای مەزن” پێشنیاركراوی كوردستان لە چوارچێوەیەكی ئەكادیمی و جیۆپۆلەتیكی گەورەتردا وەك هەوڵێك لەلایەن دەوڵەتێكی تاكڕەوەوە بۆ درێژكردنەوەی كاریگەریی ئایدیۆلۆژی و سیاسی و ئیداری بۆ ناوچەیەكی لاواز تێبگەین. پاراستنی ئۆتۆنۆمی و ئازادییەكانی گەلی كورد پێویستی بە وریایی و شەفافیەت و ڕەتكردنەوەی پتەوی ڕێگەدان بە زلهێزە بیانییەكان هەیە بۆ سەپاندنی پێكهاتەكان كە سازش لەسەر مافەكانی مرۆڤ و سەروەری دەكەن. هەر لەبەر ئەم هۆكارە دەبێت دەستپێشخەرییەكە بە شێوەیەكی ڕەخنەگرانە هەڵسەنگێندرێت – و دواجار ڕەت بكرێتەوە بۆ پاراستنی ئایندە و كەرامەت و چارەنووسی كوردستان.

ئاگری قادر
خوێندكاری دكتۆرا لە یاسای ژینگەیی نێودەوڵەتی لە زانكۆی نیشتمانی تایوان




رۆژی قەدەغەكردنی جینۆسایدو رێزگرتن لە قوربانیان

Message Body

77 ساڵ لەمەوبەر بڕیاری قەدەغەكردنی جینۆسایدو سزادانی بكەرانی دەرچوو, 10 ساڵ لەمەوپێش لە لایەن نەتەوەی كگرتووەكانەوە بە بەشداری 153وڵەت بڕیاری ئەوە درا ئەم رۆژە وەك رۆژی جیهانی قەدەغەكردنی جینۆسایدو رێزگرتن لە قوربانیان و سزادانی بكەرانی بناسرێت , مرۆڤایەتی خرایە بەردەم ئەركێكی ئەخلاقی كە بەرەو رووی جینۆساید ببێتەوە.
جینۆساید یەكێكە لەو تاوانە گەورانەی مرۆڤایەتی بە دەستییەوە دەتلێتەوە, تاوانێكە بوونی گروپە مرۆییەكان لەسەر بنەمای ڕەگەز، نەتەوە، ئایین، بیروباوەڕ……دەكاتە ئامانج, هەڕەشەیەكی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی, ڕێگریكردن لێی بەرپرسیارێتییەكی دەستەجەمعییە, پێویستی بە هاوكاری دەوڵەتان,دامەزراوەكان, تەواوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.
لێ لە كاتێكدا یادی ئەم رۆژە لە كوردستان دەكەینەوە, بە داخەوە لە عێراقەكەی ئێمە كە 66 ساڵە پەیوەست بووە بە رێكەوتننامەكەوە, كەچی پرۆسەی جینۆساید بە دوای پرۆسەی جینۆساید تیایدا دووبارە دەكرێتەوە, تاوانبارانی جینۆساید ئازادن و لە پێگەی خۆیانەوە وەك بەشداربووی تاوان سەیر ناكرێن و دان نانێن بە راستییەكاندا, لە بۆنەكاندا وەك رێزلێگیراو دەردەكەون و دوای مردنیان پرسەی شاهانەیان بە ئاڵای كوردستانەوە بۆ دادەنرێت, ئێستا لەوپەڕی هێزو دەسەڵاتی خۆیاندان لە رووی سیاسی و كۆمەڵایەتی و …..
پێویستە ژینگەی لە بار بۆ دووبارە نەبوونەوەی جینۆساید پێك بهێنرێت وەك پابەند بوون بە پاراستنی مافی مرۆڤ, سزادانی تەمجیدی تاوانبارای جینۆساید و تاوانە گەورەكان, پابەند بوون بە رێكەوتننامە جیهانییەكان, هاندانی كلتوری ئاشتی و پێكەوە ژیان و جیهانێكی ئاشتیانەتر و شكۆمەندتر بۆ هەموو گەلان.
بۆ ئەوەی رێز لەو بڕیارە جیهانییە و قوربانیانی جینۆساید بگرترێت و قوربانیان كەرامەتیان پارێزراو بێت, پێویستە دەست بەجێ تاوانباران دادگایی بكرێن, ئەوە گەڕاندنەوەی رێزو كەرامەتە بۆ قوربانیانی جینۆسایدی گەلی كوردستان. هەر لێرەوە وەك ئەم ڕێكخراوانەی ناوییان لە خوارەوە هاتووە داوا لە حكومەتی هەرێم و حكومەتی عیراق دەكەین ئەم ڕۆژە بە فەرمی بناسێنن بكرێتە ڕۆژێكی تایبەت تیایدا ڕێز لە قوربانیانی جینۆسایدی كوردستان و عێراق بگرن و وەڵام بە سەرجەم داواكارییەكانیان بدرێتەوە لە دادگاییكردنی تاوانباران, باشتركردنی ژیانیان, داوای لێبوردن كردن لێیان, قەرەبووكردنەوەی مادی و مەعنەوییان, گەڕانەوەی ڕوفاتی ئازیزانیان , ئاشكراكردنی راستییەكان و ئازادكردنی هەموو بەڵگەنامەكان, بۆ دووبارە نەبوونەوەی جینۆسایدو دڵنەوایی قوربانیان عێراق دەست بەجێ ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی.

لە كۆتاییدا داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین كە میكانیزمی كاریگەرتر بۆ ئاگاداركردنەوەی پێشوەختە و دەستێوەردانی خێراترو كاریگەرتر و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی تاوانەكان بەبێ جیاوازی پەرەپێبدات, بۆ ئەم مەبەستە دەسەڵاتەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بەهێزترو فراوانتر بكات.
لە كۆتاییدا جگە لە ئیدانەكردنی تاوانەكانی جینۆساید كە بەرامبەر بە گەلەكەمان ئەنجامدراون لە ئێستاو مێژوودا هاوسۆزی تەواومان لەگەڵ قوربانیانی جینۆساید بە درێژایی مێژوو لە تەواوی جیهان دەردەبڕین، لەوانە قوربانیانی هۆلۆكۆست، ئەرمەن, ڕواندا, بۆسنە،بەنگەلادیش………تاوانەكانی دیكە, كە هەرگیز نابێت دوبارە ببنەوە.

ناوی رێكخراوەكان :

1- رێكخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالكراوان
2 تۆڕی ئایكان كوردستان
3 رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژ لە كوردستان
4 رێكخراوی جیهان بێ چەكی كیمیاوی و بایەلۆجی
5 هەلمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە كوردستان
6 هەڵمەتی دادپەروەری
7-ناوەندی داكۆكی پشدەر بۆ قوربانیان وجینۆسایدكراوان
8-رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید
9 -تۆڕی هاوپەیمانی رێكخراوە كوردستانییەكان بۆ دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی-koncicc
10-رۆژنامەی نگرە سەلمان
11-تۆڕی رێكخراوە كوردستانییەكان بۆ قەدەغەكردنی چەكی ئەتۆمی و كۆكوژ-KNOW
12-رێكخراوی چاودێری كوردستان-چاك كوردستان
13-گۆڤاری تۆبزاوە




نزاى دڵ.. شیعری كاوه‌ى خه‌سره‌وكاوانى

                                

          

ئێستاش چاوم له‌و ده‌رگایه‌
بۆیه‌كه‌م جار
كه‌ تۆى لێ هاتیه‌ ژووره‌وه‌…
چاوێكیشم له‌و رێگایه‌
تۆى وون كردو
منى خسته‌ شه‌وه‌زه‌نگى بێ نووره‌وه‌…
له‌و رۆژه‌وه‌ كه‌سێ نه‌ما
هه‌واڵى تۆى لێ نه‌پرسم
خه‌مێك نه‌ما به‌یادى تۆ نه‌یخۆمه‌وه‌…
ئه‌شكێك نه‌ما بۆتۆ نه‌ڕژىّ
له‌ شه‌وانى بێ تۆى دا
ئه‌ستێره‌یێك نه‌ماوه‌ كه‌
نه‌یكه‌مه‌ هاوڕێ خۆمه‌وه‌…
دڵم ئێستا نزا ده‌كات
ئه‌ى چاوه‌كان
گه‌ردنتان قه‌ت ئازاد نه‌بێت
به‌بێ تۆئێستا چۆن بژیم
كاتێك رۆحم به‌دیدارى تۆشادنه‌بێت

4/2/2010

kawa_kiwiny@yahoo.co.uk




لە سۆنگەی دەرژێمە منداڵیمەوە.. مستەفا غەفوور

زۆر جار كە شیعرێك دەخوێنمەوە وەك ئەوەی فاتحای شیعرەكە بێ‌، خەمێك دامدەگرێ‌، هەست دەكەم خەمی لاوازی شیعرەكەیە. لە ئەزموونی دواتری شاعیردا دووبارە شیعرێكی تری هەمان شاعیر دەخوێنمەوە كە هەمان خەم دایگرتم هەست بە بێ ئومێدی دەكەم، لە چاوەڕوانی و قۆناغێكی تری ئەزموونی شاعیردا، دەست بۆ شیعرێكی تری هەمان شاعیر دەبەم، بە دووبارە بوونەوەی فاتیحای شیعرەكە خەمی مردنی شیعرەكانی دامدەگرێت، شاعیریش لەلام دەمرێت، ئیتر نە سۆراغی خۆی دەكەم و نە بە پێودانگی شیعرەكانییەوە دەچم.
رەنگە ئەمە پێوەرێك نەبێ‌ بۆ هەڵسەنگاندنی شیعر، چونكە من شاعیر نیم، رەنگە خەمی شیعرەكە لاوازی شیعرەكە نەبێ‌ تێنەگەیشتن و ئاستی نزمی من بێ‌، بەڵام من ئاوا مامەڵە لەگەڵ شیعردا دەكەم، چونكە منیش مرۆڤم وەك خودی شاعیر كە مرۆڤە خۆم لە ژینگەی شیعرێكدا، لە هەستی شاعیرێكدا، لە ژانری رۆمانێكدا لە بەسەرهاتی نۆڤلێتێكدا نەدۆزمەوە، شاعیر تەنیا بە خەیاڵی خۆیدا رۆچووبێ‌، لە جیهانی واقعی دووركەوتبێتەوە، چی لە شیعر و شاعیر بكەم.
كە دیوانە شیعری (هێلانەیەك لە پەشمەكی) سەلام عومەرم خوێندەوە زۆر سەرنجڕاكێش بوو، لەبەر ئەوە كەوتمە متابەعە و خوێندنەوەی شیعرەكانی سەر پەیجەكەی، بەدەسخۆم نەبوو ناچار دەبووم بە رستەیەكیش بێ‌ تێبینی خۆم دەربڕم و زۆرجار بە ناوی دەسخۆشییەوە ستایشی شیعرەكانی بكەم، ترسی ئەوەشم هەبوو ستایشەكەم لە جێگای خۆیدا نەبێت و سنووری ئاسایی تێبپەڕێنم، چونكە من ئەوە نیم بە مەزندەكردنی ستایشی خۆم ئۆكەی بۆ شیعری شاعیرێك بكەم، ئایار و بایار وەك حەزێك تۆزیك دەم لە زمان و زمانناسی وەردەدەم…، كەچی بینیم شیعر لە دوای شیعر جوانتر و بەهێزترە، ویستم هۆكاری ئەوەش بگەڕێنمەوە بۆ ئەوەی گوزارشت لە حەز و خۆشەویستی، ژینگە، دۆخ و هەستی ئەم تەمەنەی من دەكات یان لەگەڵیدا دەگونجێ.
بەڵام كاتێك دیوانە شیعری (دەرژێمە منداڵیمەوە)ی بڵاوكردەوە بۆم دەركەوت نەخێر سەلام سنووری حەز و هۆگری من و ئاستی كۆمەڵە شیعری پێشووی تێپەڕاندووە، ئەو نوستالیژیایەی لای تاكی كورد بە تایبەتی لە دەڤەری ژینگەی شاعیردا هاوبەشە تەنیا هۆكاری ئیلهامی ئەو نییە، ئەو بیرو بۆچوون و مرۆڤدۆستییەشی هۆكاری سەرەكی و تەنیا ئیلهامبەخشی شیعری ئەو نین، خۆ (هێلانەیەك لە پەشمەك) نەك هەر رەنگدانەوەیەكی نۆستالیژی شاعیر نییە، بەڵكو فەزایەكی وێناكردنی رۆمانسی حەز وخۆشەویستییە، كەواتە لای سەلام شیعر بووە بە خولیا و بەشێكە لە ژیان و ئەدەبی نووسینی ئەو.
لە ژیاندا گەلێك دیاردە هەن نهێنی گەورەیان لەپشتە كە هەموو كەسێك ناتوانێ‌ پەی بە نهینییەكانیان ببا، وێنە و دیمەنی گەلێك جوان هەن بەڵام لە زەینی هەموواندا رەنگدانەوەیان نییە، زۆر رووداو بۆ كەسانێك ئاسایی و لای هەندێك جێگای سەرنج و تێڕامانن.
لە زمانناسیدا گەلێك وێنە هەن دەیان مانای میتافۆڕییان هەیە، بە هەر شێوە و ریتمێك تەنانەت بە هەر ئاواز و ئیقاعێك پەیامێك دەگەیەنن، بۆ نموونە، دەلێی ئاوە: واتە شل و شۆقە، دەڵێی لە ئاوێدایە، واتە زۆر ئارەقەی كردووە ماندووە یان نەخۆشە، هەر ئاوە: واتە بێ‌ تامە، ئاوە و ئاوچووە واتە تێداچووە، لە ئێوە خوێن دێ‌ و لەمن ئاو؟ واتە ئێوە گرنگن و ئێمە هیچین، ئەمە و دەیان مانای تر. لێرەدا توانای شاعیر لەوە دایە كام بژاردە لەو بژاردانە هەڵدەبژێرێ‌، چۆن بژاردەی پێویست و گونجاو دەدۆزێتەوە (كە ئەمە بەشێكە لە توانای شاعیر) چۆن، كەی و لەكوێ‌ و بەچ ریتمێك وێنەكە دادەڕێژی و چۆن و پەیامی وێنەكە دەگوازێتەوە، مەبەستەكەی ئاڕاستەی چ پنتێكی ژینكە و ژیانی مرۆڤ دەكات و بە چ شێوازێك لە وێنەیەكی میتافۆڕیدا رەنگ دەداتەوە.
دەڵێن تا ژینگەی شیعر نەرەخسێ‌، تا خولیای ژانرەكە هەوێن نەگرێ‌ شیعر لە دایك نابێت. جەبار جەمال غەریب لە بنووسە خوێندا دەڵێ‌: كوڕی كورد هەر ئەوندە كچێكی خۆشویست، هەرە گەمژەكەیان دەبێتە شاعیر. زۆربەی شاعیران ئاوا دەسپێدەكەن، لەكۆتاییدا هێندێكیان دەبن بە شاعیر و هێندێكیان كاروانی شیعر بە جیدێڵن و توانای خۆیان لە بواری تردا تاقی دەكەنەوەو هێندێكیان بە هۆكاری جیاواز دەكوژێنەوە.
هەموان بە منداڵیدا تێپەریون، كەچی كەم شاعیر توانیویەتی وەك سەلام بەو قۆناغەدا رۆبچێ‌، وێنەی ئاوا جوان لە سەربوردەی منداڵی خۆی هەڵێنجێ‌، خەیاڵەكان بكات بە وێنەی نایاب و كاریگەری فیزیكی لە دەروونی خوێنەردا بەجێبهێڵێ‌. ئەم رۆچوونەی شاعیر خەمێكی ترە دەكەوێتە خانەی ژانی ئافراندن و بەرهەمی ئەدەبی. ئەوە ژانی لەدایكبوونی شیعرە، دەستاودەست بە كۆرپەی شیعر دەكات، شاعیر بە حەسرەتەوە كۆرپەكەی لەباوەش دەگرێ‌، ئەو ژانەیە خەمی مانەوەی هەڵدەگرێ‌ و بە ئاواتەوەیە نەمر و تەمەن درێژ بێ‌. لەبەر ئەوە شیعرەكانی لێوانلێون لە وێنەی جوان، لە هەڵبژاردنی وێنەكانیشدا شارەزایە.
بە بۆچوونی من شارەزایی شاعیر لە نواندنی وێنەیەكی شیعریدا، لە دەماودەمكردن و گواستنەوەی وێنە شیعرییەكەدا دەردەكەوێ‌، بەمەرجێك لەو پرۆسەیەدا نە وێنەكە ریتمەكە و نە ریتمەكە وێنەكە بەجێ بهێڵێ‌، واتە شێوازی داڕشتنەكە ئەوندە تۆكمە بێت رێگە نەدات لێكداببڕێن یان زیانیان بەر بكەوێ‌، هاوتەریبی و مانەوەی ئەم دوانەش پەیامەكە جێگر دەكات و بوار بە گۆڕنی ئاڕاستەی پەیامەكە نادات. دەكرێ‌ بڵێین ئەمە گەرەنتی پاراستنی و مانەوەی شیعرە و بەدەم بەردەوامی و تەمەنی شیعریشەوە دەدەات.
لەگەڵ ئەوەشدا شیعری دەرژێمە منداڵیمەوە لە (14) بەش پێكهاتووە كە هەر بەشێكیان چەند گرتە وێنەی شیعری لەخۆدەگرێ‌، كە زۆربەی وێنەكان و ئەكتەرەكانی ناو گرتە وێنەكان بۆ خوێنەری دەرەوەی ناوچەی پشدەر و قەڵادزێ‌ نائاشنان، بەڵام هەست دەكەم گەلێك لەم خەسڵەتانەی شیعریان تێدایە، بۆ نموونە لە بەشی (9)دا نووسیویەتی:
… خۆ بە كانییە ژناندا دەكەم
پڕە لە ژن
هێندێكیان لە نێو حەوزا رووتوقوتن
زۆرینەشیان بی سەرپۆشن
دوو سێیەكیان لەسەر ئاودەست
سمتیان سپی سپی دەچێتەوە
دەچریكێنن و خێرا خۆیان دادەپۆشن
باجییەكیش كەمنی ناسی
چاوی گرتم و گوتی لێگەڕێن بچووكە برسییەتی…؟
ئەها ناودەست و باخەڵی
پڕ لە نانە چۆلەكە و خڕنووكە.
وێنەیەكی شیعری جوانە، رەنگە بۆ زۆربەی منداڵانی لادێ‌ دەڤەری پشدەر روویدابێ‌، دەكرا ئەم گرتە شعرییە تا دەگاتە (منداڵیم لێ‌ بەربۆوە) بە تێچووی كەمتری زمانی دەرببڕدرێ‌ و باشتر دابڕێژرێتەوە، بەڵام جوانی وێنەكە و گرینگی پەیامەكە كە دەكەوێتەی كۆتای وێنە شیعرییەكە زۆر لەوە بەهێزترە كۆت و بەندی شیعر رێگەی لێبگرن، كە لە كۆتاییدا دەڵی:
منداڵیم لەوێ‌ بەربۆوە
سپیكردنەوەی خڕنووكیشم
بە توڕەیی نێو سپییەكانی كانییە ژنان لە بیرچۆوە.
دەستەواژەی (سپییەكانی ناو كانییە ژنان) فرەمانایە و راستەوخۆ ئاماژە بە شتێك ناكات، واتە ئەگەرە ماناییەكانی زۆرن، بەڵام ئەوەی ناسنامە بەو دەستەواژەیە دەبەخشێ‌، بەهێزی گرتە وێنەی شیعرەكەیە، بۆیە خوێنەر یەكسەر تێدەگات لە و فرەمانایەدا مەبەست چ مانایەكە. واتە وێنەكە ریتمی شیعرەكەی شاردۆتەوە و زاڵە بەسەر فەزای گەیاندنی پەیامەكەدا، پەیامێك بۆ ئان و ساتی وەرچەرخان لە منداڵییەوە بۆ مێرمنداڵی و بالغ بوون، بەجێهێشتنی قۆناغێك كە هەر دەم مرۆڤ ئارەزوو دەكات بۆی بگەڕێتەوە، قۆناغێكە پاك و بێگەرد خۆشترین قۆناغی تەمەن، كە بە چر كەساتێكی بینین یان تێهەڵەنگوتن، وەك تیشك تێدەپەڕێ‌. وێنەیەكە بەرهەمی زەینێكی ماندوونەناس، قاڵ لە خولیای ئافراندن و داهێنانی شیعردا.
لە هێندێك حاڵەتی تردا دەكرێ‌ بڵێم ئەوە تەنیا گواستنەوەی وێنەی جوان یان ناوازە نییە بەها بە شیعر دەبەخشێ‌، چونكە دیمەنەكانی سروشت بۆ هەموومان ئاشكران، وێنە ئەبستراكتەكانی ژیان و خۆشەویستی كەرستەی هاوبەشی بیر و هزری هەر تاكێكن، بەڵكو ئەوە نواندنی وێنەكەیە بە كەرەستەی زمانی نایاب، گەیاندنی پەیامی وێنە شیعرییەكە بە گەمەی زمانی و ریتمی شایستە، بەهای شیعر مەزندە دەكەن، وەك لە (یەكەم پێلاقەدا) نووسیویەتی:
یەكەم پێلەقەی هاویشتم
دەریایەك فرمێسكی پێڕشتم
دەبینین بە ڕواڵەت پەیوەندییەكی جەدەلی لە نێوان یەكەم پیلەقە و ئەو دەریا فرمێسكەدا نییە،…كە دەبوو بڵێ‌: دواتر (واتە دوای ئەو پیلەقەی رزگاربوون لە لە قۆناغی عەدەمەوە بۆ قۆناغی بوون و هەبوون) قۆناغی ژیانم، هەموو تەمەنم بوو بە فرمێسك رشتن. لێرەدا ریتمی شیعرەكە بە میلۆدییەكی جوان خوێنەر ئامادە دەكات بە تامەزرۆوە بەرەو پیری كۆپلەی دواتردا بچێ‌، وەڵامەكە ببیستێ‌ و وێنەیەكی جوان و گەورە بە قەدەر نیشتمان لە باوەش بگرێ‌:
لەو كاتەوە جیهانی من وەكو دایكم
ناڵە و چریكەی بەرەژانە
لەو كاتەوە نیشتمانم
تەقینی سەراوەكان و خوێن رژانە
وێنەكەش چڕكردنەوە و نیشاندانی مێژووی پر لە ناسۆر و مەینەتی هەر تاكێكی كوردە لە چركەساتی لە دایكبوونیەوە تا ئەم كاتەی ئێستا.
لە هێندێك شیعری تردا وێنەكە بەسەر ریتم و ئاواز و كیشی شیعرەكەدا زاڵە، نەك هەر ئەوە فرەرەهەندە و ئەگەرە ماناییەكانی زۆرن، وەك لە (چیرۆك بە زمانی شیعر) دا تێبینی دەكرێ‌:
منداڵێك دەناسم دایكی نەماوە
باوكی هەموو خۆشەویستی خۆی دەداتێ‌
بەشی ناكا
…
كە هەواڵی دایكی دەپرسێ‌
پشتی تێ‌ دەكەن
تافرمێسكەكانی نەبینێ‌
…
كە لە كۆڵان دایكی دەبینێ‌
دەڵێ‌ ئەمیش هەمە
چونكە باوكم گوتی بۆت دێنمەوە
دەشێ‌ منداڵێكی بێ‌ دایك بێ‌، دەشێ‌ رۆڵەیەكی نیشتمانی زەوتكراو، ئاوارەیەكی هەندەران بێ‌ و… . زۆر جار بە پێی سەلیقە لێكدانەوەی ئەو تۆ بۆ دەقی شیعری دەكرێ‌، كە خودی نووسەر بەلایەوە سەیرە، یان هەر بەخەیاڵیشیدا نەهاتووە، ئەوسا بە پێی هەر پێوەرێك بێ، دەبێ‌ لێكدەرەوەكە (بە ئەگەری زۆر خوێنەر) ببێتە خاوەنی دەقەكە، چونكە ئەوە غەنیمەتی جەنگی نێوان خوێنەر و نووسەرە. واتە لە خاوەندارییەتی نووسەر دەردەچێ‌، ئەمەش ئەگەر بۆ بوارەكانی تری ئەدەب سەركەوتن بێ‌، بۆ شیعر سەركەوتن نییە، بەڵكو دەلالەتی ئەوەیە، لە بێ‌ ماناییدا خوێنەر مانای بە بەرداكردووە…، بەرگێكی جەڵەبییە، هەر كەسێك ئەندازەی بێ بەبەر خۆیدا دەكا.
لەگەڵ ئەوەشدا لە رووی رێزمانییەوە وردە هەڵەی تێدایە، بەڵام سەرەڕای فرمانایی، تێكڕای گرتە وێنەكە بەسەر ریتم و داڕشتنی شیعرەكەدا زاڵە، بەهای شیعرەكەش لە مەزندەی خوێنەر دایە.
لە شیعری (دڵ) دا:
دڵێكی ناسكت هەیە
تا لەلام بێ‌ هەرگیز نایەڵم بشكێ‌
چاوە پڕنیگاكانیشت تا هیمن بێ‌
نا نایەڵم لێوەی بتكێ‌ دلۆپە ئەشكێ‌
….
تۆش دڵێكی سركت لایە
لێوانلێوە لە نهێنی
تەنیا بە تۆ كەوی دەبێ‌
ئەگەر سینگت یان دەستی پێدابهێنی
لە هەردوو كۆپلە كەدا وێنەكان ئەوەندە جوانن، پەیامە خۆشەویستییەكە ئەوەندە قووڵە، زاڵە بەسەر فەزای شیعرەكەدا و كەم و كاسییەكانی شاردۆتەوە. لە وێنەی یەكەمدا هەستی بە بژاردەی تری دێڕی دووەم نەكردووە، چونكە ژانی هەرە گەورەی شاعیر و وەرگێڕ لە بژاردەی لاڕستە و دەستەواژە و رستە دایە:
چاوە پڕ نیگاكانیشت تا هیمن بن
نا ناهێڵم دلۆپێك ئەشكیان لێوە بتكێ‌
یان چاوی پڕ نیگاشت تا هیمن بێ‌
نایەڵم دڵۆپێك ئەشكی لێوە بتكی.
لە كۆپلەی دووهەمدا لە چەند بژاردەی (تۆش دڵێكی سركت لایە / تۆش ئەو دڵە سركەی لاتە/ دڵێكی سركیش لاتە/ تۆش دڵێكی سڵت لە دەسدایە) بژاردەیەكی بەهێزی هەڵبژاردووە بە ئەگەری زۆر هەموو بژاردەكانی تاقیكردۆتەوە، بە پێچەوانەی كۆپڵەی یەكەم، هیچ دەرفەتێكی نەهێشتۆتەوە كۆپڵەی دووهەم گۆڕانی بەسەر دابێت، واپێچراوتەوە لە خوێندنەوە، دەماودەمكردن و گواستنەوەدا هیچ لایەنێكی خۆی لەدەست نادات، كارێكی وایكردووە جوانی وێنەكە بە هەر هاڵاوێكی ناروونیدا بتوانێ‌ تێبپەڕی و پەیامەكەش وەك خۆی بگەیەنێ‌.
پەند و ئیدیۆمەكانیش ئاوان، ئەو پەند و ئیدیۆمانەی هێزی شیعریان تێدایە كاریگەرترن و وێردی سەر زمانن، زووتر لە زەیندا جێگیر دەبن و خێراتر پەیامەكەیان دەگەیەنن، ئامرازێكی بە هێزیشن بۆ مانەوە و دەستاودەست كردن، لە زەینێكەوە بۆ زەینێكی تر، لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی تر لە سەردەمێكەوە بۆ سەردەمێكی تر، جگەلەوە ئەو شیعرانەی مەعریفی و هەڵگری پەیامی مرۆیین، لە پاشەكەوتی زەینیدا هەڵدەگیرێن و لە ئاخاوتندا دەبن بە بەڵگەنەویست و خاوەن بەهای جێگیر، دەیان و بگرە سەدان ساڵە دەماودەم، نەوە بۆ نەوە دەگوازرێنەوە و گۆڕانیان بەسەردا نایات، وەك:
كە كارت كەوتە لێژی / كەس راستت پێ ناێژی
بۆمەڕی هەژار / چ گورگ چ سوار
ئەو كەسە كەسە / ئەلفێكی بەسە
زستانان پینە و پەڕۆ / هاوینان ورد ورد بڕۆ
… .
گەلێك لە شیعرەكانی دەرژیمە منداڵیمەوە لەو ئاستەدان، بە خوێندنەوەی جارێك دووجاری هەر شیعرێك (كە خوێنەر لە خوێندنەوەیان وەرەز نابێ‌) لەبەردەكرێن و دەبن بە نموونەی شیعری ناسك، ئەمەش مانای ئەوەیە زیندوون، گیانلەبەرن لە كوێ‌ پێویست بێ‌ ئامادەن، بەردەستن و دەكەونە بەرخزمەتی زمان و ئەدەبی كوردی، بۆیە دەكرێ‌ لە بەرنامەكانی خوێندن و زمان لە ئەدەبی كوردیدا جیگیر بكرێن، وەك:

  • دایكم فانۆسێكی هەبوو كارەبا كوشتی
  • خۆزگە كرۆنام گرتبا بەڵام بەهار گۆڵێكی بۆنخۆشی بۆ لای پایز نەبردبا
    خۆزگە دڵم بەردەبۆوە بەڵام باڵندەیەكی وێڵ بۆ لای قەفەز نەدەچۆوە
  • تەواوی تەمەنی خۆم خستە باوەشی ئازادی
    پیاسەیەكم پێداكرد
    هەر جاشم دی خۆمم نەدی
  • دڵم وەك هەڵۆی بەرزفڕ تەنیا لوتكەكان دەناسێ‌
    لەهەر شوێنی سەنگەر هەبێ‌ خۆی بەوێدا هەڵدەواسێ‌
  • لە ژێر میچێكدا نانووم ….
  • ئاخر دڵم زۆر نەرم بوو جەنگ رەقی كرد
    هەستم ناسك بەڵام دوژمن شەق شەقی كرد
  • گریانێك چاوی پڕكردووم كەس نایا ژیرم كاتەوە
    … .
    گەلێك لەو دیوانە شیعرانەی روو لە كتێبخانەی كوردی دەكەن، فانتازیا و گوزارشتن لە جوانی و خۆشەویستی ئافرەت، بێ‌ جێ‌ نییە ئەگەر بڵێم شیعر بووە بە پاشكۆی خۆشی و خۆشگوزەرانی، پتر بۆ پلە و پایە بۆ ناو ناوبانگ، بۆ خۆ دەرخستن دەنووسرێن. ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە دوای قۆناغەكە كەوتوون وەك ئەوەی یاخیبوون، دادپەروەری، ململانێ‌ لە پێناوی باشتردا، لە شیعردا سەری خۆی هەڵگرتبێ‌، بەڵام سەلام هەر بە گیانی تێكۆشان و رووبەڕووبوونەوە، لە قاوغی ئەو بێ‌ ئینتمایە دێتەدەرێ‌ و بوێرانە پەیامی خۆی دەگەیەنێ‌ و لە شیعری (بیرەوەری)دا دەڵێ‌: …
    خۆ ئەو جاشەش لەبەر چاومە
    كە ئێستا پێی دەڵێن دێرین
    وەك ئەو پێشمەرگە كۆنانەی
    خەریكی چنینەوەی پیرین
    …
    بیرەوەریم وەك زنجیرە
    شەوانە خەوم دەپسێنێ‌
    وەك ئەو چۆڕە ئازادییەی
    كۆنەیەك دێ‌ و لێم دەستێنێ‌
    ئەم هەست و هەڵویستە شۆڕشگێڕانەیە لە شیعرەكانی (لەوانەیە، نیشتمان، هەستانەوە، دیاری، دلم، هەموان گوندین، ئازادی، نامۆیی و… دەیان شیعری تر) دا بەدی دەكرێ‌.

لەم رووە دەكرێ‌ بڵێم لە ئاڕاستەی ئەدەبی ئەمڕۆدا، شیعر لە ئەركەكانی داماڵڕاوە، بە تامی وتار و بەریتمی شیعر، بە هێماگەرایی سۆریالیستی چێ‌ دەكرێن، پابەندبوون بڤەیە، بیروباوەڕ تەنانەت مرۆڤدۆستیش ناڕاستەوخۆ قەدەغەیە. تەمەنیان هێندەی كاتماوەی خوێندنەوەیان كورتە، ناتوانن هیچ شتێك بگوازنەوە، نەك بۆ چەند ساڵێك یان چەند وەچەیەك تەنانەت لە دەمێكەوە بۆ دەمێكی تریش، هەر كە خوێنرانەوە دەمرن و بە دەگمەن جارێكی تر دەكەونە سەر زاری كەسێكی تر، تەنانەت شاعیرەكەش.
لە كاتێكدا ئەوە شیعرە، تەمەن، ساخڵەمی، بەهای بیرۆكە، زانیاری، وێنە و دیاردەكان بە كورتی ئەو پەیامەی دەیگوازێتەوە دەپارێزێ‌. ئەوە خزمەتێكە لەدەست رۆمانیش نایات.
ئەو شیعرانەی بێ‌ لەبەرچاوگرتنی بنەماكانی شیعر وێنەیەك دەخوڵقێنن، تەنیا وێنەكە دەگوازنەوە، دوای ماوەیەك رێتم و گەلێك لە خەسڵەتە شیعرییەكانی خۆیان لەدەست دەدەن، ئەگەر هەڵگری وێنەیەك بێ‌، پاشماوەكەی تەنیا وێنەیەكی ئاوەڕووتكراو دەبێ‌، كە دوور نییە ئەویش ئەوندە كاڵ و كرچ بێ‌ نەتوانێ‌ پەیامەكە بە روونی بگوازێتەوە، یان لە دەستاو دەستكردندا كاڵ ببێتەوە.
ئەوەشمان لە بیر نەچێ‌ ئەوە تەنیا شاعیر نییە گلەیی و گازندەی دەكەوێتە سەر، خوێنەری بێ‌ ئاگاشمان زۆرە كە بە زەحمەت لە نووسینی ئاسایی تێدەگات چ بگا بە شیعر، كەچی بە رەخنە و لێكدانەوەی بێ‌ جێ دەكەوێتە گیانی شیعر و شاعیر.
دڵنیام گەلێك لە شیعرەكانی سەلام عومەر وەردەگێردرێن بۆ زمانەكانی تر، واتە سنووری ئەدەبی نەتەوەتەیی و زمانی كوردی دەبەزێنن. هەڵدەگرن وەك رۆمانەكانی جەبار جەمال غەریب، شیرزاد حەسەن، كاروان كاكەسوور، ببن بە پەیكی ناساندنی ئەدەی كوردی، سەرەتا بە نەتەوەكانی دەروبەر و دواتر بە ئەدەبی جیهانی. هۆكاری گرنگی ئەمەش بەهاداری شیعرەكانییەتی كە بە پێی پرنسیپەكانی شیعر بونیادنراون و هەموو لایەنە رەسەنەكانی شیعر و بونیادەكانی بەهای شیعری رەسەنیان تێدایە، بێ‌ ئەوەی ئاڵۆز بكرێن، بێ‌ ئەوەی لە گۆلی رەمز و هێماگەرایی سۆریالیستیدا بقووم بكرێن، بێ‌ ئەوەی ئەگەرە مانییەكان ئەوەندە زۆربن لە بەهای شیعرەكان كەم بكەنەوە، بێ‌ ئەوەی لە پشتیری میتافۆڕدا قایم بكرێن و خوێنەر بە مەبەستی وەرگێڕان نەتوانێ‌ مەبەستی سەرەكی شیعرەكە بدۆزێتەوە تا ئەو پەیامەی مەبەستە بیگەیەنێ‌.
ئەوە دەقە بە خوێنەر دەڵێ‌ چەند ئەگەری لێكدانەوەی هەیە و پێویستە خوێنەر بیاندۆزێتەوە، نەك خوێنەر لە خۆیەوە ئەگەرەكانی لێكدانەوەی دەق دیاری بكات و بە پێی بۆچوونی خۆی مانای بۆ دابتاشێ‌. كاتێك شیعر هیچم ناداتی، چی لێ‌ هەڵێنجم، جامێك هیچی تێدا بەدی نەكەم چی لێهەڵگرم (گوایە كەسانێك هەن دەتوانن لە هیچ هیچ بەرهەمبێنن). كاتێك شیعر مانای لێكنادرێتەوە یا مانای نییە چۆن وەردەگێڕدرێ‌، قورسی وەرگێڕانی شیعر هەر لەوە دا نییە ماناكە دیار نییە بەڵكو لەوەدایە كە وەرگێڕ دەبێ‌ مامەڵە لەگەڵ لە چوار زمان و رەهەندەكانی تری شعر بكات، زمانی سەرەكی و زمانی مەبەست، مانا و رەنگدانەوەی مانایی شیعرەكە (واتە مانای میتافۆڕی)، وەرگێڕانی مانا بۆ مانای مەبەست، بەو مەرجەی لە چوارچێوەی فۆڕمەكانی زمانی مەبەست تێنەپەڕێ‌. سەرەڕای ئەم لایەنانە كە مانا و پەیامی شیعرەكە دیار نەبێ‌، وەرگێر چۆن تێبگاو دواتر چۆن وەریبگێڕی بۆ سەر زمانی تر. كەواتە تێكڕای ئەو شیعرانەی بەو شێوازەی سەرەوە دەنووسرێن وەرناگێردرێن، ئەگەر وەریشبگێردرێن هەمان تام و بۆی بۆ خوێنەری بیانی دەبێ‌، كە پتر لەوەی ببێتە پەیكێكی پەیوەندی دەبێتە فاكتەری لێكدابڕان، وەك چۆن خوێنەری خۆماڵی لێی بێزار دەبێ‌ خوێنەری بیانیش پێشوازی لێناكات. واتە ئەم شێوازە لەسەر راوكەیەك كڕ دەكەوێت هیچی لێ‌ بەرهەم نایات، دواتر خۆشی تووشی قەتیسمان دەبێت.
كش مەلیك، یەكێكە لەو شیعرانەی سەرەڕای زمانە سادەكەی، گرتە وێنەیەكی شیعرییە چەند ئەگەری مانایی هەی، بەڵام مانای سەرەكی دیارە، وەرگێڕ دەتوانی هەم فۆڕمی شیعرەكە و هەم وێنەكە بگوازێتەوە، هاوكات هەمان مانای میتافۆڕی زمانی شیعرەكە بە زمانی مەبەست بخوڵقێنێ‌، كە بە دڵنیایەوە لە پاڵ پاراستنی بەهای شیعرەكە، هەمان تام و چێژی خوێنەری شیعرە كوردییەكە بە خوێنەری زمانە وەرگێڕاوەكە دەبەخشێ‌:

  • كش مەلیك
    وەك شتومەكی كۆن
    لە مەزاتخانەكان دەفرۆشرێین
    هەر وەكو داشی دامە لە ئۆینێكدا
    ئاغاكان دەمانخۆن
    ئەم نیشتیمانە زۆر لە شەترەنج دەچێ‌
    كش مەلیك هەمیشە دووبارەیە
    … . ئەمە و دەیان شیعری جوانتر و ناسكتر لەم كۆڵەشیعرەدا بەدی دەكرێ‌.
    هەستی ناسكی شاعیر ئاوێنەیەكە دەبێ‌ رەنگدانەوەی تاڵە موویەكی تێدا بەدی بكرێ‌، نەك دونیا خرابێ‌ و ئەو هەستی نەجووڵێ‌. سەلام ئەم هەستەی خۆی لە (دەرژێمە منداڵیمەوە) دا بەرجەستە كردووە زۆربەی لایەنكانی ژینگەی ئەمڕۆی كوردستانی باشووری بەسەر كردۆتەوە، ناسكتر، جوانتر، پوختەتر و كەمتێچووتر لە كۆمەڵە شیعری هێلانەیەك لە پەشمەك.



خەڵقکردنی مێژوو لە دەقی میتۆلۆژی ئۆدیسا و ئینیادە.. بەشی دووەم.. یونس تانج

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن..




پشوويەک لە ژوانی کتێبفرۆش.. سەردار ڕەزا جاف

پێشەکی..
ڕۆمانی “ کتێبفرۆش “ يەکێکە لەو ڕۆمانانەی سەرنجی ڕاکێشاين و دوور و نزيک خودی نووسەر نەبينين بە بارتەقای ئەوەی خودی دەق دەبينين، قسەکردنيشمان لە پێناو برەودانە بە کاری ئەدەبی خودی تاک پاشان گشتگير، لە سەرەتاوە دەستخۆشانە لە نووسەر دەکەين کە بە لە خۆبردوويەکی بؤ بڕانەوە دەستی داوەتە کارێک کە لە مێژووی ئێمەی کورددا زۆرجاران ڕووی داوە، نەمازە بەڕێز سابير ڕەشيد يەکێکە لە نووسەرە ديار و بەچاوەکانی شاری هەولێر، شارەزایی و سەردەرکردوویی باشی هەيە لە نووسينی ڕۆماندا .. ڕۆمان کارێکی وا سانا نييە هەر کەسێک دوو تەقەڵی لە گەڵ شيعردا هەبوو ئيدی سەروگوێلاکی دابگرێتەوە، لێرەدا “ کتێبفرۆش “مان هێناوەتە بەر نووکی تيژی نەشتەر… ڕۆمان سەرباری ئەوەی کۆمەڵێک بنەمای زانستی و جێگيری رۆماننووسين هەيە، گەرەکە رۆماننووس حەوسەڵەيەکی باشی هەبێت و هەناسەی دوورودرێژ بێت، کەمن ئەوانەی بتوانن ئەسپی خۆيان لەم سارا پان و بەرينە تاو بدەن و بروسک ئاسا تێيدا سەرکەوتوو بن، دەمێک بوو خوليام دنەی دەدام کە ناکرێ لەبارەی رۆمانی (( کتێبفرۆش )) ی نووسەری ديار و بەرچاو “ سابير ڕەشيد “ بێدەنگی بنوێنين ئەو ڕۆمانەی باس و خواسی زۆری لە سەرە و لێرەو لەوێش لە خودی نووسەرانەوە بايەک بەر گوێمان کەوتبوو، کاتی خۆشيی کە کتێبەکەی وێدام، پێم گوت ڕەنگە لە بارەی رۆمانەکەوە بێينە دواندن، گەلەکی پێ باش بوو، هەڵبەتە دواکەوتنی نووسينمان پەيوەستە بە سەرقاڵی و نەخۆشکەوتنەوە، تاوناتاوێ رێی نەخۆشخانە تەنگمان پێ هەڵدەچنێ و ئەمەيش راستەوخۆ کاری لە ژيانی رۆژانەمان کردووە.
خوێندنەوەی هەر دەقێک زۆر جياوازە لای خوێنەری ئاسایی و خوێنەری دەستەبژێر، ئەگەر وەک يەک خوێندنەوەيان هەبێت ئەوا بە هيچ جۆرێ ئەو پێشکەوتنەی ئەمڕۆ لە ئەدەب و کايەکانی ديکەی ژياندا بوونی خۆيان سەلماندووە ڕوويان نەدەدا، دەشێ زۆريش لە جێی خۆی بێت کە خوێنەری ئاسایی بە شان و باڵی هەر دەقێکدا هەڵ بدات، واتا پياهەڵدان پيشەی ڕەخنەگر و خوێنەری ورد نييە، هاوکات ناکرێ بە کۆنە قينەوە لە تەک دەق مامەڵە بکرێت، يان لە ئيرەیی بردنەوە، کە خەڵکانێکی زۆر ستايشی فڵانە دەق دەکات دەبێ بچم وا و وای لێ بکەم، بە داخەوە لای ئێمەی کورد زۆر کەم رێک دەکەوی خوێندنەوە بۆ دەقێک بکرێ خودی دەقەکە ببينرێت، يان خزم خزمێنە و خاتروخۆتر بووە يانيش من بۆت بووم و تۆيش بۆم ببە بووە، حاڵەتێکی ديش ئەوەيە کە باسمان کرد، کۆنە قين و ئيرەیی بردن. لە نووسينە ڕەخنەييەکانمان هەرگيز هێندە ساويلکە نەبوين ڕوومان لە کاری وا کرد بێت، چونکە ئەدەب و زمانی کورديمان لە خۆ زێتر خۆشويستووە. هەر کە لە بەراييەوە ئاماژەمان بەوە داوە کە ناکرێ بێدەنگی لە مەر ئەم ڕۆمانە “ کتێبفرۆش “ بنوێنين مەبەست ئەوە نييە لە سەر چەقی لايەنی نەرێنی حەمەتاڵی بانە ئاسا سەرەڕێيەکەی لێ بگرين….
ڕۆچوون….
کاتێک ڕۆماننووس دەست دەداتە قەڵەم و ڕۆمانێک دەنووسێ هەر لە بەراييەوە تەواوی سەرهات و ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکە تا دەگاتە دوا دوای ڕۆمانەکە هەر هەموو لە هزر و بيريدا ئامادەکراو و سازە جا پێويستی بە نووسين و شەن و کەوی و رێکخستنە، ناکرێ ڕۆماننووس لە ديدی ڕەخنەگرەوە ڕۆمانەکەی دابڕێژێت داخوا لە کوێ دەکرێ ڕاست بکرێتەوە يان باز بە سەريدا بدا، نەبا ڕەخنەگر بەو ديدە يان ئەوی دی ديقەتی لێ بدات، سەرنجەکانی دەبان ئاسا بەر نەشتەر نەکەون، نەخێر ڕۆماننووس بەر لە هەموو ئەو کارانە گەرەکە خاوەن پاشخانێکی ئەبستمۆلۆژی بێت لە بەرایی و کرۆک و دوماهی ئەو ژانرە قاڵبوو بێت، هەڵبەتە لە قاڵبی تەسکی يەک باس وخواس کۆی دەکاتەوە دەرچوونيش لەو چوارچێوەيە دەرچوونە لە خودی بنەما سەرەکييەکانی داڕشتن و نووسينی ڕۆمان، سەبارەت بە ڕەخنەگريش لەو پاژەوەی دەستی پێکردووە بنەما سەرەکييەکانی ڕۆمان يان هەر دەقێک لە بەرچاو بگرێ نەبا بکەوێتە هەڵەيەکی زەقەوە، ڕۆماننووسين تەنها کۆکردنەوەی رووداوگەلێکی پەيوەست پێکەوە نييە بە زمانێکی سادە بخرێتە ڕوو، بە بارتەقای ئەوەی کە داهێنانێکی ئەدەبی ناوازەيە بە جۆرێکی هونەری داڕێژراوەتەوە و خوێنەر موبتەلای دێر دوای دێری رووداوەکان دەکات، زۆر نووسەر لە ڕێی رۆمانەوە داهێنەرن و ناووناوبانگيان دونيای تەنيووە…
زمان ستوندەگی تاوڵی ئەدەبە بە هەموو بەشەکانييەوە نەمازە رۆمان، پێمانوايە هەر کەسێک لە هەر کات و سەردەمێکدا خوێندنەوە بۆ ڕۆمان بکات گەرەکە بە جۆرێ لە جۆرەکان لەمەڕ زمانی رۆمانەکە بدوێ، زمان ڕايەڵەی نێوان نووسەر و خوێنەرە، ئيدی پێويستە نووسەر بزانێت بە چ زمانێک لە گەڵ خوێنەر دەدوێ، ئەگەر ڕەوا بێت کە ڕۆمان و شانۆ زۆر لە يەک نزيکن بن نەک دراوسێن بگرە لە يەک خانوو پێکەوەنشين بن، ئەوا ئەم حاڵەتە ئەوەمان بە هزردا دێنێت کە ڕۆمانيش بۆ کەسانی ئاسایی دەنووسرێت و وەک شيعر بۆ دەستەبژێر نييە، بۆيە ناکرێ لە ڕووی زمانەوە هێندە قووڵ بکرێتەوە کە خوێنەر عەوداڵی فەرهەنگ بێت و دوای خوێندنەوەی هەر چەند دێرێک بگەڕێتەوە بۆ واتای وشەکان، ئەمەيش زنجيرەی چەمکیی لای خوێنەر دەپسێنێت، تاکە کايەی ئەدەب کە زمان دەوڵەمەند بکات لە ڕۆماندا دەيبينينەوە، چونکە ئاخاوتنەکانی کارەکتەرەکان بەردەوام بە زمانی ئەو دەڤەرە دەبێت کە روودارەکانی رۆمانەکەی تێدا بەرجەستەيە، نەک گێڕانەوەی خودی نووسەر، ئەم حاڵەتە لێرەولەوێی “ کتێبفرۆش “ دەبينين، ئەمەيش ئەو واتا ناگەيەنێت کە بە زمانێکی جوان دانەڕێژرا بێت، نەخێر هەرگيز وا نييە، سابير ڕەشيد خاوەن زمانێکی جوانی ئەدەبييە و خودی ئەم ڕۆمانەيشی بەو زمانە جوانەی نووسينی خۆی ڕەنگڕێژ کردووە، لە هەندێ شوێن زمانی دەڤەرەکەی لە نووسينەوەی گێڕەڕەوە بەکار هێناوە، ئەمەيش وا لە خوێنەری ئاسایی دەکات ناوبەناو بگەڕێتەوە بۆ فەرهەنگ، وەک گوتمان شانۆ درامايە درامايش بۆ تاکە هاوکات لە گەڵ رۆمانيش لە يەک ڕێچکەن.

کتێبفرۆش “ ١ “
خەسڵەتی ڕۆمان وايە گەرەکە ڕۆماننووس لە سەرەتادا تەواوی تواناکانی خۆی بۆ پەلکێشکردنی خوێنەر بۆ دێر بە دوای دێری ڕۆمانەکەی بخاتەگەڕ و ئيدی خوێنەر لە خواردن و خواردنەوە بکات و هەموو مەيل و ئارەزووەکانی تەواوکردنی رووداو گەلێک بێت کە چەشنی خۆشترين خۆراک هزری قۆرخ کردووە و دەيەوێت لێی تێر بێت، لە سەرەتای ئەم رۆمانە خوێنەر ئەو مەيل و ئارەزووەی نييە، ئەوەيش ڕەنگە هۆکار گەلی خۆی هەبێت ……
بەر لەوەی غلۆربينەوە بۆ بنەماکانی ڕۆمان جێی خۆيەتی بێژين کە ڕۆمان بۆ خۆی زنجيرە ڕووداوێکی بە دوای يەکدان بە شێوازی پەخشان ئامێزی دەخرێتە بەر ديدی خوێنەر،جا ئەو ڕووداوگەلە راستی بن يان لە ئەندێشەی خودی نووسەرەوە هەڵقوڵابن، هەروەها دەبێ خودی ئەو رووداو و چيرۆکانەيش دوابەداوی يەکی کاتييەوە بن و پاش و پێش نەکرێن چونکە دەبێتە هۆی پچڕانی بيری خوێنەر و زەمەنی لا دەئاڵۆسکێنێ، رۆمانی کتێبفرۆش رۆمانێکی رياليستييە تەواوی رووداوەکانی راستين و نووسەر چۆتە هەناوی مێژووی پاڵەوانەکەوە و وردەکاری دەگێڕێتەوە.(( نووسەر لە ڕۆمانە ڕياليستييەکاندا باشترين خەسڵەت بۆ پاڵەوانی ڕۆمانەکەی دەستنيشان دەکات، تاوەکوو وا لە خوێنەر بکات بە خەسلەتەکانی کاريگەر بێت، بەم جۆرە کۆمەڵگا لە گەندەڵی دوور دەخاتەوە )) “ ٢ “ رێک ئەم حاڵەتە لە کتێبفرۆشدا دەبينين . ئامانجی ڕۆمانی ڕياليستی وێناکردنی ژيانی رۆژانەی تاکی کۆمەڵ و ئەو رووداوانەی لە دۆراندۆريدا ڕوو دەدەن بە جۆرێک بگێڕێتەوە کە وا بکات هەندێجار تراژيدی بن و دەمانێکی دی کۆميدی و دەمانێک کۆمەڵايەتی و ئەو دابونەريتە دواکەوتووانەيش دەخزێنە خانەی ئەم جۆرە ڕۆمانەوە کە وەک خۆی بگوازرێتەوە بۆ خوێنەر بە جۆرێک دابڕێژرێت کە خوێنەر هەم سەرسام هەميش پەلکێش بکات بۆ رووداوەکانی ڕۆمانەکەی….
“ کتێبفرۆش “ باس لە کەسێک دەکات بە ناوی ئومێد کتێب فرۆشە لە شاری هەولێر بژێوی ژيانی لە سەر ئەم کتێبفرۆشتنەيە هاودەم خودی کتێبفرۆشەکە شاعيريشە زێتر دەشی ئەم ئارەزووەی وای لێکرد بێت کتێبفرۆشتن بکاتە پيشەی، بە هۆی کتێبفرۆشتن و سەردانيکردنی بۆ بەغدا، ئاشنای ئافرەتێ دەبێت لە يەکێ لە يانە شەوەکانی ئەو شارە و دواييش ژيانی هاوژينی پێکەوە دەنێن، پاشان يەک دوو برادەری بۆ پەيدا بووە و لێی نزيک بوون، کاريگەرييان بە سەر يەکەوە هەبوو دواتر کەسێک کە ناوی چيادە خۆی لە کتێبفرۆشەکانی هەولێر دەکاتە عەباس سوڵتانی ئەم کەسە خۆی وەک کارمەندێکی ئەمنی بە کتێبفرۆسەکانی ئەو دەوروبەرە ناناسێنێت، بەڵکوو خۆی وەک جێگر ئەفسەری سەربازی نيشان دەدا، ئەم چيادە سەرسام دەبێ بە ئومێد هەر ئەميش کاريگەری بە سەرييەوە دەبێ و هزری ( چياد_ عەباس سوڵتانی ) دەگۆرێ لە مرۆڤێکی بکوژەوە بۆ مرۆڤێکی هەست ناسک، نامەوێ زێتر لە سەر ڕۆمانەکە بدوێين چاکترە خوێنەر بۆ خۆی بيخوێنێتەوە و پاشان لەگەڵ ئەم لێکۆڵينەوە بەراووردکاری بکات…
ئێمە لە کتێبفرۆش دا بنەما سەرەکييەکانی توخمی ڕۆمان هەڵوێستە دەکەين، تەنها لەم خاڵانە و بەم جۆرە (( گێڕانەوە، کات و شوێن ، کرۆک” حبکة “ دەرئەنجام .

١ – گێڕانەوە:
گێڕانەوە ئەو شێوازەيە کە نووسەر پەنای بۆ دەبات و وا دەکات خوێنەر بە شێواز و جۆری نووسينەکانی سەرنجی خوێنەر بۆ ڕۆمانەکەی پەلکێش بکات و رووداوەکان بە دوای يەکدا بۆ خوێنەر بخاتە ڕوو، گێڕەرەوە کە زۆرجار خودی نووسەر دەبێت تەواوی بنەماسەرەکييەکانی توخمی ڕۆمان لە خۆی دەگرێت، کە لێرەدا کتێبفرۆس وا کراوە، کەواتە رووداوێک هەيە کە بوونی رووداو خۆی سەلماند ئەو کات گێڕەڕەوە بە ئەرکەکانی ديکەی ئەو رووداوە هەڵدەسێت، وەک لێرەدا سابير ڕەشيد دەستی پێکردووە کەواتە پێويستە بزانين نووسەر چۆن دەست پێ دەکات: (( نووسەر، کاتێک دەنووسێت، ڕاستەوخۆ لە گەڵ رووداوە ديفاکتۆکە هەڵسوکەوت ناکات، بەڵکوو لە تەک ئەوەی کە لە هزريدا نەخشەی بۆ کێشاوە، يان بيری لێکردۆتەوە، لە وێنايەکدا کە تايبەتە بە ديفاکتۆکەوە))” ٣ “ لێرەدا ئەگەر ديقەتێکی دەسپێکی رۆمانەکە بدەين و هوردبينەوە لێی کە دەڵێ: (( ئومێد ئەو ڕۆژەی لە سەربان وێستا بوو، ئازارێکی بێ ئامان خەريک بوو بە نێو سەرتاپای لەشيدا شۆڕ دەبووەوە، پێی وا بوو ئيدی ژيان، ئەو بەهايەی نەماوە، تاوەکوو خۆتی پێيەوە شۆڕبکەيتەوە، ل ٥ )) هەست دەکەين داڕشتنەکەی لە هزری خودی نووسەرەوە چەکەرەی کردووە، ئەم شێوازە تا کۆتایی ڕۆمانەکە وا دەڕوات، ئومێد هەر لە سەربان وێستاوە و بير لە رووداوگەلی بەسەرهاتەکەی دەکاتەوە. ئەم سەرهاتەيش دەبێتە ڕۆمانی کتێبفرۆش، ئيدی لە هەر بەشە و بير لە سەرهاتێکی خۆی دەکاتەوە، بە سەرهاتەکان رووداوی ڕاستەقينەن و دەست پێکەکە لە هزری نووسەرەوە خوڵقاوە و بەرەو ڕۆمانەکەی ڕاماندەکێشێت، بەپێی ئەوە بێت کە خوێنەر چاوەنواڕ دەکا لەم بەشە نا ئەوی دی ئومێد خۆی دەخاتە خوارەوە و دەمرێت کەچی هەر لە هزری خۆيەوە ڕۆماننووس شتێکی ديمان پێ دەڵێ، چونکە مردنی ئومێدی بە تەمومژاوی بۆ خوێنەر جێهێشتووە ئەمەيش ئەوەمان پێ دەڵێت کە لە هزری خۆيەوە دەستی بە سەرەتا و دەسپێکی نووسينی ڕووداوەکان کردووە و وەک ئەوە نييە کە لە راستيدا رووی دا بێت و بە کردەنی ئومێد لە سەربان وەستابێت خۆی فڕێ بدات و بمرێت… لايەنێکی ديکەی ئەم گێڕانەوەيە ئەوەيە کە نووسەر لە زمانی خۆيەوە بەسەرهاتەکانی ئومێدمان بۆ دەگێڕێتەوە نەک لە زمانی ئومێدەوە کە ئەو لە سەربانە و بير دەکاتەوە، هەندێجار نووسەر وا لە خوێنەر دەکات کە ئەمە بيرکردنەوەی ئومێد نييە بەڵکوو گێڕانەوەی خودی نووسەرەکەيە کە لە راستيدا وا نييە و ئومێدە بير دەکاتەوە، بە جۆرێک وای داڕشتووە کە خوێنەری ئاسایی هەست بەم بازدانە نەکات، تەماشا چ دەڵێ : (( خاتوون خەڵکی موسڵ بوو، بەڵام خەڵکی ڕەسەنی ئەو شارە نەبوون، کاتی خۆی لە بەردەڕەشەوە هاتوونە موسڵ، کەسوکاری لە بەر دوژمنداری لە شوێنی خۆيان نەمان، لە گەڕەکی مەيدانی موسڵ، کە گەڕەکێکی هەژارنشين بوو خانوويەکی دوو ژووری کۆن بە کرێ دەگرن تيايدا دەژين. ل ٢١ )) لێرەدا ئەوە دەردەکەوێ کە ئەم قسانە لە چواچێوەی ياد و بيرهێنانەوەکەی ئومێد نييە، وەلێ ئەوە گێڕانەوەی خودی نووسەرە کەچی لە لاپەڕە ٢٠ لەدەسپێکی پاژی نوێی بەشی يەکەم بەم جۆرەنووسەر باس لە ڕووداوەکە دەکات،(( ئومێد هەردوو دەستی خستە سەر چاوەکانی، بۆ ئەوەی ئامادەی خۆفڕێدان بێت، لەو دەمەدا وەک بروسکە خەياڵی بۆ ئەو شەوە گەڕايەوە، کە يەکەمين جار سەردانی يانەی ئاسياوی سووری کرد لە شەقامی سەعدوندا، ئەو دەمەی هاتەوە بير، کە ئافرەتێک بووە ڕوانگەی چاوەکانی و بە جوانی و شۆخ و شەنگييەکەی سەرسام بوو، هەر لەو ڕوانينەدا تيری ئەڤينێک لە دڵی گير بوو، بە گارسۆنەکە داوەتی سەر مێزی خۆی کرد، پێکەوە ڕۆنيشتن و خوارديانەوە، يەکدييان ناسی )) بەم جۆرە دەچێتە نێو يادەوەرييەکانی ئومێد خوێنەر لێرەدا پەی بەوە دەبات کە ئەمە بە ناوی ئومێدەوە گێڕانەوەکە لە لای خودی نووسەرە دەگێڕدرێتەوە، ئەوەی پێشتريش لە لايەنی خودی نووسەرەوە وەک گێڕانەوەی خۆی بەرجەستە دەبێت، هەڵبەتە ئەمە جۆرێکە لە زيرەکی خودی نووسەر ئاقڵانە بازێک دەدات هيچ کەسێک پەی پێنەبات و جيايان ناکاتەوە، تەنها کەسانی وردبين درکی پێ دەکەن.
هەر لەم چوارچێوەدا بۆ زێتر روونکردنەوە نووسەر هەندێ کات خۆ دەخزێنێتە ناو ئومێد و بە ناوی ئەوەوە دەدوێ و قسە دەکات ئەو کات دەبێتە منی دووەم، کاتێکيش ڕووداو يان روونکردنەوەيەکی پێويست دێنێتەوە بە زيرەکانە دەبێتە منی يەکەم (( کاتێک ڕۆماننووس دێت و نموونەيەک يان ڕوونکردنەوەيەک دەخاتە چواچێوەی دەقەکەيەوە، وەک خۆی دەڵێ، “ خاتوون خەڵکی موسڵ بوو، بەڵام خەڵکی ڕەسەنی ئەو شارە نەبوون، کاتی خۆی لە بەردەڕەشەوە هاتوونە موسڵ …. “. ئەمە نە قسەی يەکێ لە کەسايەتييەکانە نە قسەی گێڕەڕەوە” بە بيرهێنانەوەکانی ئومێدە “ بەڵکوو گێڕانەوەی ڕۆماننووس / نووسەرەکە خۆيەتی لە پشتی گێڕەڕەوەيە، بە پەيڤێک هاتۆتەگۆ کە چوارچێوەکە وای خواستووە )) ( ٤ )، ئێمە لێرەدا لە بری ئەو نمونەی کە لە سەرچاوەکەوە باسکراوە بۆ زيندوو راگرتنی نووسينەکەمان نموونەی سەرچاوەکەمان گۆڕی بە نموونەی ڕۆمانی کتێبفرۆش.
جۆرێکی ديکەيش لە گێڕانەوە لەم رۆمانەدا دەبينرێت ئەويش کاتێک ئومێد بەبيری خۆی دەهێنێتەوە کە ئەو کاتەی دەفتەری ياداشتەکانی “ چياد “ ی دەخوێندەوە نە لە زمانی خودی نووسەرەکەوەيە نە لە زمانی ئومێدەوەيە، بەڵکوو خودی چيادە ياداشتەکانی خۆيمان بۆ دەگێڕێتەوە، لێرەدا خوێنەر گەرەکە جياوازی لە نێوان ئەم سێ گێڕانەوەيە بکات، نووسەر کارێکی باشی کردووە و لێزانانە وای کردووە خوێنەر تووشی سەرلێشێوان نەبێت، لە لايەک بە هۆی کاتەوە سەری لە خوێنەر شێواندووە، لێرەدا قەرەبووی بۆ کردۆتەوە، دەنا ئەم هەموو تێکەڵ و پێکەڵييە لە کرۆک “ حبکة “ ی رۆمانەکەی کەم و لاواز دەکرد.
بەر لە دوماهی لايەنی گێڕانەوە گەرەکمانە هەڵوێستەيەک لە سەر ئەم لايەنە بکەين، گێڕانەوە خۆی لە خۆيدا خاوەن توێژينەوەی قووڵ و کنەکردنی زۆروزەوەندە هەموو ئەو ميتۆد و توێژينەوە و ديراساتانەی لە بارەی گێڕانەوە و گێڕەر هەيە بۆ دەقی رۆمانی، دەکارێ بۆ هەر رۆمانێک لايەنە ئەرێنی و نەرێنييەکەی بخرێتە ڕوو و بەراود بکرێ لە گەل ديدگای نووسەری دەقەکە، کاتێک سابير ڕەشيد باس لە ئومێد دەکات کە لە سەربانی ماڵی خوشکييەتی و بە نيازی خۆ هەڵدانە خوارەوەيە، لێرەدا بە گێڕانەوەی خۆی دەست پێ دەکات، ئەو دەمانەيش کە دەڵێ ئومێد بيری لە فڵانە رۆژ و کات و مانگ و ساڵ دەکردەوە ئەمەيان هەر گێڕانەوەی خۆيەتی وەلێ خزاوەتە گيانی ئومێدەوە و پێمان وايە هەموو ئەوانە گێڕانەوەی ئومێدە، ناوبەناويش هەر لە چوارچێوەی بيرهێنانەوەکانی ئومێد دەردەچێت و روونکردنەوە و کاری پێويستمان پێ دەڵێت کە رۆمانەکە گەرەکييەتی، لە هەمان کات هەست ناکەين کە ئومێدە قسە دەکات وەلێ نووسەر هەر بۆ خۆيەتی، کاتێکيش ياداشتەکانی چياد دەخوێنێتەوە دەچێتە قالب و زمانی چيادەوە، لەوێدا ( من ) دەبێتە گيڕەرەو ئەو منە راستە نووسەرە بەڵام بە زمانی چيادەوەيە. لێرەدا دەمانەوێت بڵێين کە نووسەر لێزانانە ئەم کارەی ئەنجام داوە بە بێ ئەوەی خوێنەر هەست بە لە قاڵب دانی گێڕانەوەی ڕۆمان دەرچوو بێت، وەلێ خوێنەری ورد ئەو لەرەی لادانە هەست پێ دەکات و دەبوايە بە جۆرێ لە جۆرەکان ئەو لايەنەيشی کۆنترۆڵ بکردبا…
ڕۆماننووس پێويستە لە چوارچێوەی گێڕانەوەکەيدا وريای بنەما و پرنسيپە سەرەکييەکانی رۆماننووسين بێت، کە شوێن و کات زۆر زۆر بۆ ڕۆمان گرينگن و هەرگيز ناکرێ پشتگوێ بخرێت، لێرەوە دەچينە سەر ئەم دوو لايەنە ….

٢ – کات و شوێن ؛
أ – کات ….

کات سەرچاوە و بنەمای هەرە سەرەکی ڕۆمانە، ڕۆمان بێ کات دەقێکی مردووە، هەڵبەتە مردوويش بە هيچ کڵۆجێک زيندوو نابێتەوە، کەواتە دەقێکی مردوو جارێکی دی نە خودی ڕۆماننووس نە ڕەخنەگر ناتوانن ڕۆحی بە بەردا بکەنەوە و بيبووژێننەوە، تێکەڵ و پێکەڵکردنی کاتيش ئێمە وای دەبينينەوە هاوشێوەی مرۆڤێکی خاوەن پێداويستی تايبەتە، کە تا ماوە گيرۆدەيە و پێيەوە دەناڵێنێت، يەکێک لە ڕەخنەگران دبێژێت : (( کەسايەتی سەرەکييە لە ڕۆمانی هاوچەرخدا ))، هەروەک گوتمان ئەو مرۆڤە خاوەن پێداويستييەيە بۆيە ڕۆماننووس گەرەکە هەم پشوو درێژ بێت هەميش پەلە پروزەی پێوە ديار نەبێ چونکە دەرئەنجام کارەکەی لە دەقێکی ساغلەم و جوانەوە بۆ دەقێکی لە پەلوپۆ کەوتوو دەبات. (( ئەدەب وەک مۆزيک وايە، هونەری کاتە، چونکە کات نێوەندگيری ڕۆمانە، هەروەها نێوەندگيری خودی ژيانيشە ))” ٥ “ ئەمە گرينگی و هەستياری کاتمان بۆ خودی ڕۆمان و ژيانيش بەرجەستە دەکات، لێرەدا دەردەکەوێت کە ڕۆمان يەکسانە بە ژيان و ژيانيش بێ کات مەحاڵە.
ئەو دەمەی ڕۆماننووس دەست بە نووسينی رۆمانەکەی دەکات گەرەکە زۆر بە ورد ئاگاداری، ئەوە بێت کە زنجيرەی رووداوەکان بە دوای يەکديدا بێن و پاش و پێشی تێدا نەبێت (( کات بۆ خۆی، پێشينەيەکی لۆژيکييە لە گێڕانەوە بە واتا وێنايەکی پێشوەختەييە پارچەکانی چيرۆکەکە لە خۆيدا لە هۆنينەوەيەکی کاتيدا پێکەوە گرێ دەدا ))” ٦ “ لێرەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە نووسەر پێويستە بە ورياييەوە لە کاتی رووداوە ئالۆسکەکانی ناو رۆمانەکە بە ئاگا بێت و لە پاش و پێشخستن نەکەوێتە هەڵەی زەقەوە، هەندێ جار دەشی وەک بيرهێنانەوەيەک رووداوێک بە بير بهێنێتەوە وەلێ زنجيرە رووداوگەلی ناو رۆمانەکە ناکرێ بيری خوێنەر ئاڵۆز بکات، لێرەدا نووسەر دەڵێ : “ فرێياندايە دەرەوەی گرتيگەوە، هاتەوە ناو ژيانی ئاسایی خۆی، وەلێ بە هۆی فەلاقەی زۆر و کارەبا لێدانی لە چووک و ئەندامی نێرينەيدا، سوودی سەر جێی نەما بوو. ئەم ڕووداوە و گرتنەی ئەو، چەند ساڵێک دوای هاوسەرگيری بوو لە گەڵ خاتوون، هۆکاری منداڵ نەبوونيشيان، سەرەتا خاتوون خۆيشی نەيدەزانی، چونکە ئەو هەر لە منداڵييەوەلە ڕەوشێکی سەخت و دژوار و تژی لە ئێش و ئازار لە گەڵ ناخۆشی و چەرمەسەرييەکانداگەورە بووبوو، ل ١٨ “ ئەگەر خوێنەر بە وردی ديقەتی ئەم دوو گەڕاندنەوە بۆ ڕابردوو يان بيرئانينەوەيە بدات کە بە فۆنتی جياواز ئاماژەم پێداون، جياوازن لە يەکدی، ئەوەی يەکەم لە جەستەی ڕۆمانەکەيە واتا زنجيرە گرێدراوە و ناکرێ لێرەدا باسی بکات وەلێ دەبوايە پێشوەخت باسی لەم رووداوە بکردبايە، ئەوەی دووەميان هەرچەندە دەخزێتە ناو خودی رۆمانەکە وەلێ ئاساییە کە وەک بيرئانينەوە باس بکرێ، کەواتە کات لێرە گەمەی پێکراوە و لە خشتەی سيستماتيکەکە دەرچووە، نە دەبوايە سابير ڕەشيد بکەوتبايە وەها هەڵەيەکەوە نەمازە هێشتان لە بەرایی رۆمانەکەدايە کە دەکرا دەسکاری بکردبايە، بە ديدی ئێمە دەکرا هەر لەم بەشی يەکەمەدا نووسەر بەشێکی زياد بکردايە و باسی ئەوينداری قووڵی نێوان ئومێد و خاتوونی بکردايە بە زەماوەندی هاوسەرگيرييەکەيانەوە، نەک وەک هەواڵەکانی ئەمڕۆی دەزگا ميدياييەکانی کوردستان کە لە ناوەڕاست و کۆتاييدا دەلێن (( ئەمە لە کاتێکدا بوو کە ……. )) نووسەر لە لاپەڕەی دوایی شتێکی ديکەی بە هەمان شێوە هێناوەتەوە بەر باسکردن کە دەڵێ ؛ (( ئەمەيش ئەو کاتە بوو کە دايکی دەمرێت و باوکی دەيخاتە بەردەم زڕدايکێک، کە هەرگيز بەزەیی پێدا نەهاتووە و بەردەوام کاری سەختی پێکردووە. ل ١٩ )) ئەم گێڕانەوەيە بۆ رابردوو کە دوایی بە دوور و درێژی باسی لێوە دەکات زۆر لە جێی خۆيەتی مايەی هەڵوێستە لە سەر کردن نييە، بە جوانی باسی لێوە کردووە، وەلێ ئەوەی کە جێی سەرنجە لە پانزە دێڕدا هەر سێ گێڕانەوەکەی پێکەوە لکاندووە، ڕێک وەک ئەوە دێتە پێش چاو کۆمەڵێ کەس وێنە بگرن و هێندە خۆ بەيەکەوە دەلکێنن کە بيريان نييە چەند کەسێکيان دانيشن و بە شێنەیی وێنەکە بگرن، نووسەر پەلە پرووزەی پێوە ديارە ئەمە لای خوێنەری ورد هەستی پێدەکرێت… باشلار لەم بارەوە دەڵێ : (( ئەوەی بە بيرمان دێنێتەوە ياخود تياماندا پەرشوبڵاو دەکاتەوە يادەوەرييەکانی ماڵی منداڵييە)) “ ٧ “ رێک ئەوەی سێيەم جاريان دەخزێتە ئەم خانەيەوە کە باشلار باسی لێوە دەکات، دروستە و لە جێی خۆيەتی، ئەوەی يەکەميان وەک گوتمان بەو جۆرە دەبێت کە لە لای گێڕەڕەوە بەشی تايبەتی بۆ بنووسێت…
کات هاوشێوەی ئەندازەييە کە ناکرێ بازدان بە خۆوە بگرێت، لەم حاڵەتەدا خوێنەر شتێکی لە بەرچاو بەرقەرار نييە هەتاوەکوو هەواڵەکان بگەڕێتەوە بۆ خوێندنەوە يان بير هێنانەوەی خۆی بۆ تەواوی رووداوەکە وەک هەواڵ لە ڕۆژی پێشتر يان چەند رۆژێ بەر لەو کاتە، لێرەدا کە باسی ئەوينداری قووڵی ئومێد و خاتوون نەکرا بە ئاهەنگی گواستنەوەيشە ئەوا لەو بازنە ئەندازەييە ترازاوين، (( لە بير ژيريمان سەرکەوتوو بووين چونکە ئەندازەیی تايبەتمان بۆ کات دانا، و هەستی پێ دەکەين، لە نێوان ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو، لە نێوان ڕۆژ و هەفتە و مانگ و ساڵدا، گەرەکە لەم چواچێوە ئەندازەييەدا بژين، وەلێ رێکخستنی چوارچێوەکە، رێکخستنی ناوەڕۆک ناگەيەنێت، ئەگەر ئەم چوارچێوەيەمان بۆ ساتێک هەڵگرت، فۆرمەلە ناوخۆييە خوازراوەکان دەست پێدەکات و، هەست دەکەين تاکە شت کە تێيدا ڕەقە ئەويش مردنە )) “ ٨ “ ئەوە نەبێت هەندێ لە ڕووداوەکانی بە پێی زنجيرەیی لە ناو خودی هەر بيرهێنانەوەيەکی ئومێد لە ياد کرد بێت، وەلێ خودی بيرهاتنەوەکانی ئومێد دوا بە دواي يەک نين، پچڕپچڕن ئەمەيش لای خوێنەر سەر ئێشە و ئاڵۆزی لە بيرکردنەوەکانی دەخوڵقێت. (( ئەگەر کات لەم سەردەمەماندا جياکاری لە ريتمی پەلەدا دەکات، ئەو دەمە دەبێتە ئاريشەيەکی دەروونی مەترسيدار بۆ مرۆڤ، دەبووايە هەر کاری چيرۆکەکە بەم هەستە کاتييە ڕاڕاييەوە زۆر کاريگەری دەربارەی هەبێت، لە بەر ئەوە ئێمە زۆرجار دەبينين ڕۆمانی هاوچەرخ جەخت لە وێنای کەسايەتی و ڕووداوەکان ناکاتەوە بە بارتەقای ئەوەی بايەخ بە دەرخستنی گۆڕانکارييە دەروونييەکان دەدات، کە لە ناو خودی مرۆڤدا ڕوو دەدەن، لە دەرئەنجامی هەستی ڕاڕاييەوە بە ريتمی کات)) “ ٩ “ باسمان لە مۆزيک و ئەدەب کرد لە بەرايی شرۆڤەی کاتدا، نها ئەو ريتمە دێتە ئاراوە، ناکرێ ئاوازێک بە ريتمی داڕێژراو پاش و پێش بخرێت ئەو دەمە مێشکی مرۆڤ دەئاڵۆسکی، هەڵبەتە زنجيرەی کاتيش لە ڕۆماندا بە هەمان شێوەيە، جارێکی ديکەيش دووپاتی دەکەينەوە کە کاتی درێژە پێدەری خودی ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە بە دوای يەکدا بێن و کات و سەرهاتی دی کە دەکارێ پەيوەست بێت بە ڕۆمانەکەوە بە بير بهێنرێتەوە لێرەدا پاش و پێش هێندە کێشە ناخولقێنێت،
ئەوەی لە جوانی کاتدا دەريخستووە لەم ڕۆمانەدا لايەنی باشی خستۆتەڕوو، نووسەر ئەدا و تەکنيکی جوانی بنەما زانستييەکەی قەڵەمی ڕۆمانەکەی وەگەڕخستووە، ئەويش ئەوەيە هەستکردنی کەسايەتييەکان بە کاتەکە، (( بەر باسکردنی ئێستاتيکای پەيوەندی پێکهاتوو سەبارەت بە کات لە دەستنيشان کردنی کەسايەتييەکان لە نێو بونيادی گێڕانەوەکەدا و ئەوەی ئەم کاتە دەسەپێنێت لە گۆڕانکاری ژيانی کەسايەتييەکانی گێڕانەوە )) “ ١٠ “ تەماشا چۆن تەماسێک خوڵقاوە کە بۆتە تەونی جاڵجۆڵەکە ئومێد نازانێ چۆن لەو کاتە قورتار بێت، لێرەدا خوێنەر رادەکێشين بۆ لاپەڕە “ ١٣٣ “ ی ڕۆمانەکە بزانە عەباس ئەلسوڵتانی ( چياد ) دوای ئەوەی کاتێک دادەنێ ئومێد لە غاباتی کوران ببينێ، لەوێ يەک دی دەبينن و سەرەتا دادەنيشن پاشان عەباس ئەلسوڵتانی بەرامبەری ڕادەوێستێ و دەمانچەکەی دەردێنێ و بە ئومێد دەڵێ : (( ئومێد هەرچەندە من و تۆ برادەرين، بەڵام من بۆ کوشتنی تۆ راسپێردراوم )) ئەمە کردە و قسەيەکی سانا نييە، هەڵبەتە نووسەر بە جوانی کاتەکەی هێناوەتەوە، وەلێ ئەوەی جێی سەرسوڕمانە نووسەر هەر دوا بە دوای ئەمە بێ هيچ بۆشاييەکی کات لە نێوانيان يا تاسان بوونی هەر دووکيان ياخود تەنها تاسانی ئومێد نيشان بدات، کە ئومێد دێتەگۆ هيچ شڵەژان و کاردانەوەيەکی پێوە ديار نييە، دەڵێ: (( بۆچی دەمکوژی و لە سەر چی و کێ ڕايسپاردووی؟ )) لێرەدا هەست بە دوو لايەن دەکرێ لە کاتدا، يەکەم تايبەتە بە خودی ڕۆماننووسەوە کە دەيەوێ کاتەکە دوورودرێژ نەکاتەوە و کاتی دەرەوەی ڕۆمانەکەيش لە بەرچاو دەگرێ کە سەردەم و باوی نووسينی کورتە، دووەميان، کاتەکە لە کارەکتەرەکانی کورت دەکاتەوە بۆ ئەوەی مەبەستەکەی بە زوویی بڵێت، لە کرۆک “ الحبکة “ دا بە ڕوونتر لەمەر ئەم پرسە دەدوێین،
هەر دەربارەی کات لە کۆتایی هەر بەشێک يان پاژێک دا خوێنەر هەميشە کە دەچێتە بەشێکی نوێ يان تازە هزری ئاڵۆز و تێکچڕژاوە و دڵی لە مشتيدايە نووسەر بەرەو لايەکی ديکە و کات و سەردەمێکی دی نەگوازێتەوە، چونکە لە بەراییدا خوێنەری بەو جۆرە گۆش کردووە يانی گەمەی بە کاتی دەرەوەی ڕۆمان کردووە و ئەمەيش شپرزەیی خوڵقاندووە، بەتايبەت کە دەگاتە بەشی پێنجەم و بەرەو ژوور، لێرەوە خوێنەر دەيەوێت تەماسی لە تەک رووداوەکە بەردەوام بێت، لە هەمان کاتدا خوێنەر هەست دەکات کات و کارەکتەر پێکەوە دووانەيەکی لێک دانەبڕاون ئەمە سەرکەوتنی بۆ نووسەر داناوە، نەمازە لە بەشی پێنج و شەشەوە رووداوەکانی بە دوای يەکدا هێناوە و کاتێ خوێنەر لێ دەبێتەوە زۆر سپاس و دەستخۆشی لە نووسەر دەکات لە ناوەڕاستی ڕۆمانەکەوە کاتەکانی بە زنجيرەیی هێناوەتەوە، جەغار ئەوەی لای خوێنەر تەماسی کاتی کارەکتەری ون کردووە ئەو ماوەيەيە کە ئومێد چل ڕۆژ لە دايرەی ئەمن دەگيرێت هيچ سەر و سۆراغێکی خاتوون ناخاتە ڕوو لێرەدا کاتی خاتوون لەو سەردەمە ونە کە نەدەبووا پشتگوێ بخرێت، لە بەر ئەوەی خاتوون پاڵەوانێکی دی و سەرەکی ناو ڕۆمانەکەيە، لە گرتنی ئەم چل ڕۆژە و لە گرتنی لەدوای خۆکوژی چياد، دەبوايە زۆر کار هەبوو بيخستايەتە ڕوو چونکە خوێنەر چاوی لە پاڵەوانی دووەمە دەيەوێ بزانێت لای ئەو چ دەگوزەرێ کاتی چۆن دەباتە سەر، ئەمەيش غيابی هەيە.
بەر لەوەی دۆسييەی کات بپێچينەوە، لە سەر سێ لەو چوار کاتەی ڕۆمانەکە هەڵوێستە دەکەين، لای ئێمە بەم جۆرەيە، يەکەم کاتی نووسينی ڕۆمانەکەيە کە ناديارە و خوێنەر پەی پێ نابات، هەروەها کاتی چوونە سەربانی ئومێديش بە هەمان شێوە ناديارە و ڕوون نييە، ئەوەی تايبەتە بە کاتی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە بەم جۆرە شتێکمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، لە لاپەڕە (٨٥ ) نووسەر باس لەوە دەکات کە ئومێد لە دايک بووی ساڵی ١٩٥٦ و بۆ شەڕی ئێران ئێراق دەگيرێتەوە بە سەرباز و ڕەوانەی بەرەکانی جەنگ دەکرێ و باس لە هێرشی سوپای ئێراق دەکات بۆ سەر شارۆچکەی قەسری شيرين، کە شارەکە دەگرێت، ئەم ڕووداوە لە مانگی نۆی ساڵی ١٩٨٠ ڕووی داوە، جا لێرەدا پێويستە ئەوە بخەينەڕوو کە لە دايک بووانی ١٩٥٦ ساڵی ١٩٧٨ يان سەرەتای ١٩٧٩ لە سوپا نەماون، پێشتريش بە هيچ کڵۆجێ باس لە بوونی سەربازی ئومێد ناکات، دەبێ دەسپێکی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە بۆ کۆتاييەکانی حەفتەکان بگەڕێتەوە، کەچی وانييە و وردبينی گەرەکە، هەر لە بارەی سەرەتای کاتی ڕۆمانەکە، ئەگەر بگوترێت لە لاپەڕە ( ٧٣ ) دا باسی ساڵی ١٩٧٧ دەکات، ئەوا ئەم کات و ڕووداوە لايەنێکی پەيوەستە بە کرۆکی باسەکەوە بۆيە دەکارێ بخزێتە چواچێوەی کاتی دەسپێکی خودی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە. چونکە گێڕانەوەی سەرهاتی کاوە سەرسپی هاورێی ئومێدە، کە دەڵێ (( کاوە ئەو کاتەی ئەو زانيارييەی لە هاوڕێیيکی خۆی وەرگرت، دەنا نەيدەزانی دامەزراندن مەرکەزييە. ڕۆژێکيان لە گەڵ کاروانی هاوڕێی، چوون بۆ بەغدا، داواکاری دامەزراندنيان پێشکەشکرد، ئەو ساڵە ساڵی ١٩٧٧ بوو، هەردووکيان دەرچووی ئامادەیی کشتوکاڵ بوون، ل ٧٣ )). پەيوەست بوونی ئەم ڕووداوە بە ڕۆمانەکەوە لەوێدايە کە دەڵێ : (( لە ناو خزم و کەسوکاری کاوەدا يەک تاکە هاوڕێی هاتبوو، ئەويش ئومێد بوو، چونکە لە هاوسەرگيری ئومێد و خاتوونيشدا کاوە وەک تاکە هاوڕێی ئومێد لە گەڵيدا چوو بوو،ل ٨٠ )) کەواتە ئومێد پێش ساڵی١٩٧٧ خاتوونی گواستۆتەوەو ڕووداوەکان بۆ بەر لە ئەو کاتەمان دەباتەوە، کۆتاييەکەيشی ناديارە هێندە دەزانرێت کە ئومێد بە هۆی لێبوردنی گشتييەوە مانگی نۆی ١٩٨٨ ئازادکراوە، وەلێ ئەمە ناکاتە کۆتایی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە بە بۆچوونی ئێمە دەشێ تا ناوەڕاستی نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو کاتی تەواوی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە بوو بێت.
ب – شوێن :
لە ڕۆمانی ڕياليستی کە ڕووداوە ڕاستييەکان لە خۆ دەگرێت لە گەڵ ئەوەی ڕۆماننووس لە گەڵ بەشێ لە ئەندێشەی خۆی ئاوێتەی دەکات گەرەکە شوێن بە تەواوی دەستنيشان بکات، شوێن پانتاییەکی بەرفراوانی لە ڕۆماندا قۆرخکردووە و بە هيچ جۆرێک لێی جودا نابێتەوە بەشێک و بنەمايەکی سەرەکی ڕۆمانە، نەبوونی شوێن لە ڕۆماندا هەم کرچ وکاڵی ڕووداوەکان نيشان دەدات هەميش وەرگر “ خوێنەر “ چەمکی وێناکەی پێ ناگەيەنێت و خوێنەر ناتوانێت خۆی تێکەڵی رووداوەکان بکات، بە تايبەت لە ڕۆمانی ڕياليستی و مێژووييدا زۆر گرينگە پانتایی شوێن بە وردی دەستنيشان بکرێ بۆ ئەوەی وەرگر بچێتە خودی شوێنە کە لەتەک کاتدا، ئەوا ديمەنێکی ناوازە دێنێتە بەر ديدی خۆی، بۆ نموونە ئەگەر سەردەمی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو بێت ئەوا لە تەک تەوزيفکردنی شوێنەکە لە لايەن ڕۆماننووسەوە خوێنەر لە جل و بەرگی تاکی ئەو کاتەوە تا دەگاتە ترومبێل و پاس و ستايلی دوکان و موغازە و تەنانەت شۆستە و شەقامەکەيش لە بەر چاوی خۆیدا وێنا دەکات، (( نيشانکاری شوێن بە تەنها هاريکار نييە لە دروستکردنی فەزای ڕۆماننووس، گەرەکە مرۆڤ بەرەو شوێنەکە پەلكێش بکرێت، لە تەکيدا هەڵسوکەوت بکات و، لە گەڵيدا بژيت، لە گۆشەنيگايەکی دياريکراوەوە بيناسێنێت، راژەيەکی گشتی بە چوارچێوەی ڕۆمانەکە بگەيەنێت، بە جۆرێک خودی شوێنەکە بگوێزێتەوە بۆ توخمێکی کاريگەر)) “ ١١ “ لێ ئەگەر ڕۆماننووس بە وردەکارييەکانی کات و شوێندا بە جوانی گوزەری نەکرد ئەوا خوێنەر لە فەزايەکی ناديار دەبێت نازانێت ڕووداوەکانی لە چ شوێنێکە.
(( ئومێد ئەو رۆژەی لە سەربان وێستا بوو، ئازارێکی بێ ئامان خەريکبوو بە نێو سەرتاپای لەشيدا شۆڕدەبووەوە، ل ٥ )) نووسەر ڕۆمانەکەی بە ئومێدی پاڵەوان دەست پێ دەکات، واتا کەسايەتی و پاڵەوانی ڕۆمانەکە، پاشان رۆژ کات دێت، دواييش سەربان شوێن، کات و شوێن و پاڵەوان کرۆکی پێويستە کرۆکيش لە ئازارەکەوە سەرەتاتکێی لە گەڵ دەکات، نووسەر دەسپێکێکی زۆرجوانی هێناوەتەوە سێ توخم کەمتر لە دێرێک بوونی هەيە، ئێمە لێرەدا مەبەستمانە ماهيەتی شوێن لە کتێبفرۆش باس بکەين، لێرەدا نووسەر تەنها باس لە سەربان دەکات ئيدی نازانرێت لە کوێيە و لە کام سەربانە، هەتا خوێنەر دەگاتە لاپەڕە ( ٦١ ) و نووسەر پێمان دەڵێ : (( ئەگەرچی لەم ماڵە نوێيەدا، کە ئەوی هاتۆتە ناوی تەنيا نەسرينی خوشکی و مێردەکەی لێ دەژيان، کە ناوی هاوڕێ بوو، ئەويش بوو بە سێيەمين ئەندامی ئەم ماڵە. ٦١ )) خوێنەر لێرە بۆی دەردەکەوێت کە سەربانی ماڵی خوشکی ئومێدە و دوای ئەمە چەند جاڕیکێ ديش باسی دەکاتەوە، (( وەلێ ئەو دوای ئەم ڕووداوە چيدی لە ماڵی نەسرينی خوشکی نەهاتەدەر ل ٦٤ )) لەجێی ديکەيش باسی دەکات و ئێمە هەوڵ دەدەين باسی زۆربەيان بکەين، (( خۆی لە سەربانی ماڵی خوشکەکەی فڕێ دەدات، کە هەر بۆ ئەو مەبەستەش هاتۆتە سەربان. ل ١٨٠ )) لە جێگەيەکی ديش دەڵێ :
(( ئومێد بۆ ماوەيەکی کورت گەڕايەوە ناو باری خۆی، کە لە سەربانی ماڵی خوشکی بوو، ل ٢٠٤ )) هەروەها دەڵێ : (( ئەو کەسايەتييەی کە لە سەربانی ماڵی خوشکی وەستاوە و لە جيابوونەوەی خاتوون و ……. ل ٢٠٦ )) تادەگاتە ئەوەی کە پێمان بڵێ ڕۆيشتنی ئەو بۆ سەربان و خۆ فرێدان و خۆکوشتنی بە هۆی ئەوە بووە ماڵی خوشکی لە ماڵ نەبوون، کە دەڵێ (( ماڵی خوشکی ئەو رۆژە کەسيان لە ماڵ نەبوون. ل ٢١٧ )) ئەوەی خوێنەر لای مەبەستە لە جۆرە ڕۆمانێکی وادا نووسەر دەبێ نيشانکاری شوێن بە وردی بە خوێنەر بڵێ تەنانەت ئەگەر بيەوێ دەقاودەق شوێنەکە نەگوازێتەوە لە خەياڵ يان شوێنێکی ديکە دەستنيشان بکات، لە کام گەڕەک بووە، دەکەوێتە کوێی هەولێرەوە، باخچە و قوتابخانە و مزگەوت و جۆگەلە چی نزيکی ئەو ماڵە هەيە، ڕەنگە ئەمە پێويست بێت بۆ ئەوەی سيمايەکی کۆڵانەکە لای خوێنەر دروست بکەی، تاوەکوو خوێنەر بگەڕێتەوە بۆ بۆنی ئەو گەڕەکە لەو ڕۆژگارەدا و شێوەکەی بهێنێتەوە بەرچاوی خۆی خوێنەر و ڕۆمان تەواوکەری يەکدی بن، ئەوەتا هەر بۆ خۆی سابير ڕەشيد دەمانباتە ناو کۆڵانێکەوە کە هيچ لە بارەيەوە نازانين و شێوە و فۆرمی گەڕەک و کۆڵانەکەمان لا ونە، کە دەڵێ (( گەڕايەوە سەربان، تەماشايەکی کۆڵانی کرد، لەو کاتەدا جەبار کێشکەی بينی، کە عارەبانەکەی ڕيشۆڵە فرۆشتنی لە ماڵەکەياندا دەردەهێنا و دەيبرد بۆ بازاڕ، ئەو پياوە ماڵيان بەرانبەر ماڵی نەسرينی خوشکی ئومێد بوو، کاری ڕيشۆڵەفرۆشتنی دەکرد لە ناو بازار. ل ٢١٩ )) هەر لە هەمان لاپەڕە دەڵێ (( لەو دەمەيدا، کە جەبار لە ماڵەوە هاتە دەرەوە و عەرەبانەکەی ڕاگرتبوو، هێشتا نەڕۆيشتبوو کوڕ و کچێک بەوێدا هاتن، پێدەچوو ئاشق و ماشق بن.ل ٢١٩ )) جگە لە نەبوونی نيشانکاری شوێن، کە پێويست بوو هەبێت، خاڵێکی ديکەيش لەم ديمەنەدا دەبووايە بقۆستايەتەوە بۆ ئەو حاڵەتەی ئومێد، کە بۆ کرۆکی باسەکە سوودی دەبوو، ئێمە لە لايەنی کرۆکی رۆمانەکە دێينە سەر ئەم باسەيش، ئەمە هەڵدەگرين بۆ ئەو کاتە.
لەم ڕۆمانەدا نووسەر دەبووا لە سێ شوێن بە وردی باسی شوێنی ڕووداوەکانی بکردبا، يەکەمين ئەوە بوو باسمان کرد سەربانەکە بوو، دووهەمين شوێن بن ديواری دادگايە، لەم ڕوانگەوە دبێژين، بە داخەوە زۆربەی نووسەرانی کورد کارەکانيان لە بەر تەسکی ديدگای ناوچەکەی خۆيەوە دەبينێت، هەميشە خۆ لە هونەر و تاکتیکی بەر تەسکدا دەخزێنن، هەم دەقەکەی هەم خودی خۆی بچووک دەکاتەوە، کە نووسەری کتێبفرۆش دێت و شوێنی کتێبفرۆشمان پێ دەڵێت وەک ئەوەی منێکی خوێنەر لە هەولێرييە کۆنەکان بم، ڕەنگە خودی نەوەی نوێ نەزانن دادگا لە کوێ بووە، کەچی لە لاپەڕە ( ٨٤ ) دا زۆر بە وردی باس لەو شوێنانەی بەغدا دەکات وێنای شوێنەکان بۆ خوێنەر دەکێشێت، دەبووا بە هەمان شێوە لە باسکردنی شوێنە گرينگەکانی ڕۆمانەکە بەم جۆرە بدوابا، بۆيە پێويست بوو ڕۆماننووس جێی دادگای نيشانم بدايە، کە منێکی نەوەی نوێی هەولێری دادگای ئەو سەردەمە نازانم لەکوێ بووە، ئيدی کەسێکی سلێمانی يان کەرکووک ياخود کوردستانی رۆژهەڵات، ئەگەر دوورتر بڕۆين کە ڕۆمانەکە وەرگێڕدرايە سەر زمانێکی دی بۆ نموونە عارەبێکی ئێراقی کە هاموشۆی هەولێر دەکا چۆن بزانێت دادگا لە کوێ بووە کاتی سەردەمی ڕۆمانەکە، وەک وتمان دەبووا بگوترێت دادگا دەکەوێتە رۆژئاوای قەڵای هەولێرەوە هەر دە پانزە مەترێک لە قەڵاوە دوور بوو، ئەو کاتە تۆ بە خوێنەر دبێژی دادگا لە ناوجەرگەی شار بووە، ئەمە جگە لەوەی چۆنييەتی دانانی کتێبی کتێبفرۆشانی شار و ئەو ژينگە و دەوروبەرە چۆن بووە، پاڵەوانی ڕۆمانەکە زۆربەی ژيانی لەوێ بە سەربردووە نەدەکرا وا بە سەر پێی باس لە ئەو ڕەوشە بکرابا، با پێکەوە ئێرنيست هەمەنگوای لە ڕۆمانی “ ماڵئاوا لە چەک “ چۆن بە وردی پەنجە لە سەر شوێن و دەوروبەر دادەنێت: ((لە دوادوای هاوينی ئەمساڵ، لە خانوويەکدا بووین دەيڕوانييە سەر ڕووبار و دەشتاييەکە کە تا جياکە درێژ دەبۆوە، گۆمی ڕووبارەکە پڕ لە چەو و زيخ بوو وا دەردەکەوتن لە بن تيشکی خۆرەکە، کە سپی و هيشکن، ئاوەکە ڕوون بە تيژی پێچی دەکردەوە، لە کەناڵەکاندا شين باو دەردەکەوت، تيپە سەربازييەکان بە تەنيشت ماڵەکەوە بەرەوژوور سەردەکەوتن، بە ڕێکردنەکەيان کاريگەری تەپوتۆز بە سەر گەڵا دارەکانەوە نيشتبوو، لەو ساڵەدا گەڵاکان بەر لە کاتی خۆی هەڵدەوەرين، ئێمەيش بە درێژایی کاتەکە سەيری تيپە سەربازييەکانمان دەکرد کە ڕێيان دەبری، تەپوتۆزيش بەرز دەبۆوە، گەڵای دارەکانيش بە شنەکە پەرش دەبوون و دەکەوتنەخوارەوە، سەربازەکان لە ڕۆيشتنی خۆيان کۆڵيان نەدەدا، زۆری پێ نەچوو ڕێگاکە ڕەنگی سپی لە هەموو شتێ چۆڵ بوو تەنها گەڵای دارەکان نەبێت ……
دەشتاييەکە بە بەروبووم دەوڵەمەند بوو، باخچەی زۆری تێدا بوو، ميوەی تێدا بوو، و لە پشتييەوە چيايەکی تاريک و ڕووتەن بوو، شەڕەکە لە وێدا ڕووی دەدا، و دەمانتوانی لە کاتی شەودا بڵاچەی تيشکی ئاگری تۆپەکان ببينين، کە وادەردەکەوت لە نوتەکی تاريکيدا بێت وەک ئەوەی ڕوونی هاوين بێت، بەڵام ئێواران سارد بوو، هەستەکانمان خەجاڵەتيان نەدەکردين کە گێژەڵوکەيەک هەڵبکات…)) “ ١” تەماشا چەند بەجوانی ديمەنەکەمان لە بەرچاو ڕوون دەکاتەوە کە ئەمەيش سەرەتای ڕۆمانەکەی نييە، وەڵی .لايەنێکێتی. بە هيواین لە دادێ ئەم حاڵەتانە لە بەر چاو بگيريت سێيەمين شوێن کە دەبووا گرينگی بە باسکردنی بدرێت کە بەلای ئێمەوە ئەم سێ شوێنە گرينگ بوو لە رۆمانەکە، ئەويش ناو زيندان بوو، هەڵبەتە باسی کردووە وەلێ وەک پێويست نەبووە. (( فيڵدينگ، شوێنی ڕوودانی ڕۆمانەکانی بە هەمان ئەو وردەکارييە وەسف دەکرد کە بە دواييەکدا هاتنی کاتی ئەو ڕووداوانە وای کردووە زۆر لەو شوێنانەی کە تۆم جۆنز لە سەر ڕێگەيدا بۆ لەندەن پيايدا ڕەت دەبێ بە ناو دەست نيشان کراون و دەتوانرێ بە وردی شوێنی جوگرافيایی ئەوانی تريش بە بەکارهێنانی بەڵگەی جياجيای ديکە بزانرێ )) “ ١٢ “ ئەم هەنگاونانە وامان لێ دەکات ئەو جۆرە ڕۆمانانە بە زيندوویی بمێننەوە و کاريگەری خۆی بە سەر خوێنەرەوە جێ دەهێڵێت لە هەر کات و سەردەمێک بێت . گرينگی شوێن لە ڕۆماندا وا دەکات رايەڵەی پەيوەندی نێوان نووسەر و خوێنەر لە ڕێی دەقەوە بەهێزتر بکات، مەرج نييە بە وردی کەرەستەکانی دەوروبەر شیبکرێتەوە، بۆ نمونە هەندێ جار نووسەر وا لە خوێنەر دەکات لە دانيشتنی ژوورێکدا گوێ قوڵاغی چرکەچرکی کاتژمێرەکە بێت، يان بۆنی ئەو ياپراغە وا بێنێ بەسەر خوێنەردا کە بۆ خۆی هەست دەکات لە سەر بەڕە شڕێکدایي، نووسەر چ ئێستاتيکايەکی شوێنی لە دەقدا خوڵقاندووە، مەرج نييە ئەم کەش و رەوشە تەنها لە شوێنە داخراوەکاندا روو بدەن دەکرێ بگوازرێتەوە بۆ سروشت کە دەکاری لە شوێنی کتێبفرۆشتنەکە نووسەر وای لە خوێنەر بکردبا کە چ مقۆمقۆيەکی ڕۆشنبيری لەوێوە وەک کانياوێک هەڵدەقوڵێت، ((هەموو دەقێک هێمای شوێنیی خۆی هەيە، کە دەبێتە نێوەندگيری نێوان داهێنەر و خوێنەر، ئەم ئاماژە و هێمايانە بە زانياری وردتر دەست پێدەکات، پاشان لە ناو دەقەکەدا بە هۆی ئەم زانياريانە بۆ هێما دەگۆڕدرێت، هەرکاتێکيش رووداوەکان پەيوەست بوو بەم هێمای شوێنانەوە، بەهرەکان زياد دەکەن هەرجارێ لەدەقدا باسکرايەوە، لقيشی لێ دەبێتەوە، – لە ناو دەقەکەدا – هێمای لقی. لە کۆی گشتيدا کۆدی شوێن پێکدێنێت، بە جۆرێکی زياتر هاوبەش دەبێت لە بەرهەمهێنانی دەلالەتدا، ئەگەر چواچێوەيەکی وێنەیی فەراهەم بوو، ئەو کات هێماکان تیايدا واتابەدستەوە دەدەن، بەواتا کەرەستەی شيکارين بەکاردەهێنرێن. )) ” ١٣ “ کەواتە شوێن خاڵی گرينگ و وەچەرخانی ئەرێنییە لە ڕۆمان .

٣ – کرۆک ( الحبکة ) …
ئێمە بە کرۆکی ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکەی ناوی دەبەين، دەکرێ بگوترێ زۆربەی کاری ڕۆمان، جا بەهۆی ئەوەی سەرلەبەر لايەنەکانی ديکەی بنەمای ڕۆمان دەگرێتەوە، ناڵێين سەرلەبەر، يان باشتر وايە ئەگەر بکارێ بێژين هەموو ئەو ئاريشە و پرس و ئاڵۆزيانەی لە ناو ڕۆمان هەن و دواتريش بەرەو دەريچەيەک رێ دەگرێت، چونکە لە هەمانکاتدا بۆ ڕۆمان گرێيشی پێ دەگوترێت، هێندەی بە لای ئێمەوە گرينگە بزانين مەبەست و چەمک چييە هێندە ناو و دەستەواژەکەی جێی سەرئێشەی ئێمە نييە، کەواتە بابزانين مەبەست لە کرۆک يان گرێ ( الحبکة ) ياخود ( العقدة ) چييە لە ڕۆماندا، (( کەسانی چاودێر بەم پرسە دووپاتی دەکەنەوە، کە کرۆک دەستەواژەيەکی ئەدەبييە مەبەست لێی کۆمەڵێ رووداوی دوابەدوای يەک و زنجيرەدارە کەچيرۆکێکی لێ پێکدێت، لە گەڵ جەختکردنەوە لە سەر پەيوەست بوونی رووداوەکان بە يەکدييەوە، ئەوەيش لە پێناو هاوێربوونی کاريگەری سۆزداری يان هونەری لای خوێنەر يان پەيگير )) ” ١٤ “ بەر لە ڕۆچوونە ژانرەکەمانەوە وەک کرۆک، با خوێنەر لێرەدا ديقەتی ئەوەيش بدات کە لێرەيشدا داوای زنجيرەیی و بە دوای يەکی ڕووداوەکان دووپات دەکرێتەوە، لێرەدا ئەوە دەردەکەوێت کە تەواوی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە و گرفتەکانی دێنە ڕێ هەڵبەت مەبەستمان گرفتی ڕۆمان نووسين نييە وەلێ ئەو گرفتانەی دێنە ناو ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکەوە، هەر لە سەرهەڵدانيانەوە تا دەگاتە زەقکردنەوەيان و قووڵ کردنی ئاريشەکان و پاشان دۆزينەوەی چارەسەر و عەيانکردنی دوا هەنگاوەکانی ڕۆمانەکە و يەکلایی کردنەوەی، (( کرۆک بونيادێکی بزواوە نەک جێگير، لە ناوخۆی خۆيدا نهێنی ئەو ڕۆڵەی بە کەسايەتييەکان و تێڕوانينەکان دەدرێت، دەپارێزێت. هەروەها لە نێو دەقەکەيدا هێڵی چيرۆکیی دەچێنێت کە بە پێی ڕۆمانەکە دەجوڵێتەوە و، فۆرمەکيش بە پێی گێڕانەوەکە گەشە دەکات و، خەسڵەتی دەمودووەکانيش دەخزێتە ناو چيرۆکەکەوە، سەرباری هەموو ئەوانەی پەيوەستە بە ئاستی دەنگی کەسايەتييەکان و داماڵينی زمانەوانی پشت پێ بەستوو، بە واتا بۆ خۆی پرسيار لە ئامێز دەگرێت ڕۆمانەکە ئەگەری فرە وەڵاميشی دەبێت )) “ ١٥ “ ئێستێ بەرچاو ڕوونييەکمان لە بارەی کرۆکی ڕۆمان و کێشە و گرفتەکانی و چارەسەر و خودی ژانری ڕۆمان بە ئاگا بووين .
لە سەرەتاوە بە کورتی لە بارەی ژانری ڕۆمانەکە دواين، هەڵبە بە سەرپێی و گوزەرکردنێکی خێرا مافی خۆی پێ نادات و ئەگەرچی لێرە بە دوورودرێژيش باسی بکەين هێشتان ناتوانين مافی خۆی بێ کەموکوڕی بۆ فەراهەم بکەين، چونکە هەموو دەقێک هەم خوێندنەوەی جياوازی بۆ دەکرێت هەميش لە ڕووی ڕەخنەييەوە بێگومان لايەنی ديکەی فەرامۆش دەکرێت، هەر بۆ نموونە کە لە رووی زمانەوانييەوە بە تەواوی شۆڕنەبووينە نێو وردەکارييەکانی زمانەوانی لە ناو ڕۆمان بە گشتی و لێرەيش بە تايبەتی.
نووسەر بەر لەوەی شێوە و خەسڵەتی پاڵەوانی ڕۆمانەکەيمان لەسەردەمی ڕووداوەکان پێ بناسێنێ، دەگەڕێتەوە بۆ منداڵی پاڵەوانەکە وەک ئەوەی پێمان بڵێ ئەمە رووداوەکانی ديفاکتۆی سەردەمێکی نێو نيشتيمانەکە و شارەکەی منە، هەر لە نێو بيرکردنەوەکانيدا ئومێد گەرەکێتی وەک مناڵی پڕ بە گەرووی هاوار بکا، (( ئاخر بۆ؟! ….. خاتوون بۆ ؟! ل ٦ )) لێرەوە ستايلی پاڵەوانەکەيمان پێ دەناسێنێت، دوای کۆمەڵێک وەسف هێنانەوەی پاڵەوانەکە، نووسەر هەر خۆی هەست بە تەريک بوونی مرۆڤ دەکات، ناکرێ پاڵەوانەکەی لە تەک خەڵکی نەدوێ و قسە نەکات، ئەدی چۆن دەبێتە پاڵەوان دەڵێ : (( مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵايەتييە، بۆيە تا لە دەستی تەنيایی هەڵبێت، لە هەوڵی ئەوەدايە هاوەڵێک بۆ خۆی پەيدا بکات، زۆر جاران بووکەڵەيەک دەکاتە برادەر و هاودەمی خۆی، تەنانەت گلە و گازاندەشی لە کن دەکات، ل ٨ )) نووسەر بەم جۆرە دەريچەيەک دەدۆزێتەوە و لە تەنيایی دەردەکات بەرەو نێو ئەو پەيوەندييە کۆمەڵايەتييە پەلکێشی دەکات ئەگەرچی دياریکراو و کەمە، زۆر بەجوانی نووسەر دێت کەسايەتی پاڵەوانمان لە ڕووی فسيۆلۆژييەوە دەخاتە بەر ديد کە زێتر وێنای پاڵەوان لە بەرچاوەکانماندا بوونی خۆی بسەلمێنێت،(( وا تێبگەن ئێستەش هەر ئەو زارۆکە لاواز و بنێس و دوورەپەرێزەيە، کە پێشتر مەزەندەيان کردبوو، نەياندەزانی ئەو مرۆڤێکی بەخشندە و لە خۆبووردووی لە ناخدايە، نەک کەسێکی لاواز و بنێس ، ل ٦ )) دوا بە دوای ئەويش هەر لە بارەی پاڵەوانی ڕۆمانەکەيەوە دەڵێ : (( پتر بە لای شەرم و فەدی و ئارامیدا بوو، جارجارە تێکەڵی يارييەکانيان دەبوو، لێ وەک ئەوەی خودا بۆ ئەو گەمانەی چێ نەکردبێت، هەردەم دەبووە جێی گلە و گازندەی ئەوانی دی، ل ٧ )) لێرەوە نووسەر وێنەيەکی جوانی پاڵەوانمان دەخاتە بەرچاو کە خودی رۆمانيش ئەوەی گەرەکە، بە وشەکانی وێنەی مرۆڤێکی کێشا، کەواتە لە ڕۆماندا بۆ زۆر لايەنی ئەم کارە پێويستە.
لێرەدا خوێنەر يەکسەر هزری بەلای نەبوونی پەند و وتەی نەستەق کە لە هزری خودی نووسەرەوە هەڵبقوڵێت، نەمازە ئەوانەی دووەمجار ئەم ڕۆمانە دەخوێننەوە، (( زۆرجار رۆمانەکانی ئەدەبی باڵا پرسياری فەلسەفی و ژانری مرۆیی گەورە لە خۆ دەگرێت، شرۆڤەيەکی ئەزموونی مرۆیی دەخاتەڕوو وەک لەوەی تەنها چيرۆکێک بێت” وا ديقەتی ئەم کارانە دەدرێت کە دڵکارانەيە و بەهای هونەری باڵای هەيە، زۆرجاران خەڵاتی ناودار بە دەست دێنێت وەک بۆليترز و بۆکر، هەروەها زۆرجار وەک کاری سەربەخۆ دەردەکەوێت،( نەک بەشێک بێت لە زنجيرەکە ) و ناخزێتە نێو پۆلينی دياريکراو وەک ئەندێشە و زانستی و ڕۆمانسی )) “ ١٦ “ ئەم ڕۆمانە تا ئەندازەيەک ئەم لايەنەی پشتگوێ خستووە، ئێمە لە گەڵ ڕووداوەکانی و چيرۆکەکانی ناو ڕۆمانەکە پێويستيمان بە زۆر شتە بۆ بونيادنانی پاشخانێکی ئەپسمۆلۆژی و دەوڵەمەندکردنی ئاوەزی ناوەوە.
هەر لەم ڕوانگەوە، پێويستە ڕۆماننووس هەميشە و لە هەموو ڕۆمانەکانیدا ئەوە لە بەر چاوی بگرێت و پەيڕەويشی بکات، کە زۆربەی هەرە زۆری ڕۆماننووسە ديار و بەرچاوکان پيادەيان کردووە، ئەويش لايەنی پەند و قسەی نەستەق يان بير و فەلسەفە، کە کرۆکی ڕۆمان لە گێڕانەوەی ئاسایی سەرهات و ڕووداوەکان دەگوازێتەوە بۆ ڕۆمانێکی فرە مەعريفی و فرە ڕەهەندی خوێندنەوە بۆ خودی ڕۆمانەکان، کاتێک وەک خوێنەری ژمارە يەک ديقەت بدرێين، ئەگەر ئەو ئاستەمان پێ ڕەوا ببينرێت، کە ڕۆمانێک دەخوێنينەوە هەميشە شەيدا و وێڵ و لە سۆراغی ئەم لايەنەين، دەگەڕێين بە دووی ئەو ڕستە و چەند ڕستانەی ڕۆماننووس هێزی خۆی تێدا بەکارهێناوە، ئەو پرسيارەيش زۆرجار لە هزرماندا گێنگڵ دەخوات، ئاخۆ ڕۆمان تەنها گێڕانەوەی ڕووداو و سەرهاتەکانە..؟ جا چ رووداوگەلی ڕاستی بن يان سەرهاتی خەياڵ ئامێزی، يانيش گواستنەوەی پەيامی بير و فەلسەفە و ئەبستمۆلۆژی قووڵن، کە دەبنە هۆکار بۆ دەوڵەمەندی پاشخانی مەعريفی..؟ ڕۆمان پێويستە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆمان ئەم لايەنە فەرامۆش نەکات، چونکە لە سەردەمی ئەمڕۆی تەکنۆلۆژيادا بەر دەستی ئەو جيهانە پان و بەرينەی سۆشيال ميديا تاکی تەمەڵ کردووە خوڵق بداتە خوێندنەوەی درێژ، ئەوەی ئەم تەمەڵييەی ڕەواندۆتەوە خودی ڕۆمانە خوێنەری باشيشی هەيە، ئەوەيش بە هۆی ئەوەی دێڕ دوای دێر و لاپەڕە دوای لاپەڕە خوێنەر پەيوەست دەکات بە خۆيەوە و پەلکێشی دەکات بۆ نێو قوڵایی باسوخواس و ڕوداوەکان لەم ڕێگايەوە رۆماننووس جگە لەوەی گوتمان بير و فەلسەفە و قسەی نەستەق و پەندی پڕ وانە بە خوێنەر بگەيەنێت، لێرەوە خزمەت بە پاشخانی ئەبستۆلۆژی تاک و کۆمەڵ دەگەيەنێت، بە پێچەوانەيشەوە هەروەک ئەو چيرۆکە کۆنانە دەبێت کە داپيرە و باپيرانمان لە گوێ ئاگردانی زمستانان بۆيان دەگێڕاينەوە….
کاتێک ڕۆماننووس” چوک پالانيک “* دێت و لە ڕۆمانی “ ياداشتەکان “ پێمان دەڵێ “ ئامانج ئەوە نييە تا هەتايە بژی، بەڵکوو ئەوەيە شتێک لە دوای خۆت جێبهێڵيت تاهەتايە بژی” ( ١٧ ) دەشێ ئەم وتە لە زۆر شوێنی ديکە وترا بێت، يان لە وتاردا نووسرابێت وەلێ وەک ئەوە نييە لە ڕۆمانێکدا هەبێت ڕەنگە لێرەوە باشتر پەيام و مەبەستی خۆی گەياند بێت، بە کورتی و کوردييەکەی دەمانەوێ بێژين ڕۆماننووسين تەنها گێڕانەوە نييە، (( لەم ڕوانگەيەوە، ڕۆمان تەنها گێڕانەوەی سەرهات و ڕووداوە راستی و خەياڵييەکان نييە، بەڵکوو لە کرۆکدا هەوڵێکە بۆ گەياندنی چەمکی پەيوەندی مرۆڤ بە جيهانەوە لە ڕێگای داڕشتنەوەی پرسيارە گەورەکانی بوون، ئەوەيش بە يارمەتی نێوان هەردوو پرۆسەی ڕۆمان ، فەلسەفی و دەربڕينی ڕەهەندی فيکری قووڵی مرۆڤايەتی و ژيانەکەی، ڕۆمان زمانی فەلسەفە بە ژيان دەبەخشێ، لە ميانی کەسايەتی پێگەيشتوو لە ژياندا، ڕووداوەکان بە ململانێ بيرۆکەييەکانەوە ئاراستەی ژيان و کۆمەڵگا دەکرێت )) ( ١٨ ) هەر لێرەدا دەمانەوێت بێژين کە جان پۆل سارتەر و ئەلبير کامۆ پەنايان بۆ ڕۆماننووسين برد بۆ بڵاوبوونەوەی بيری فەلسەفی و بونيادگەرایی، هەروەها نيتشەيش لە ڕۆمانی “زەردەشت ئاوهای گوت” هەمان ڕێچکەی گرتە بەر… ئەوەی تايبەت بێت بەم ڕۆمانە لەم بارەيەوە جێی دەهێڵم بۆ برايەکی ديکە ديدگای بخاتە ڕوو..
با بێينەوە سەر “ کتێبفرۆش “ خودی ڕۆمان پانتايی بەرفرەی هەيە نووسەر لە ڕۆماندا ئازادترە وەک لە ژانرەکانی دی ئەدەب، دەتوانێ بە ئارەزوو و مەيلی خۆی جگە لە تێهەڵکێشکردنی لايەنەکانی ديکەی ئەدەب و هونەر داهێنانی جۆريشی تێدا بخوڵقێنێت، (( ئەوەی دواييێيان ئومێدی بە لای شيعردا کێلکردەوە، دەفتەرێکی پڕ شيعر کردبوو، خۆی لێ بووبووە گەورەترين شاعير، ڤێجا کە پتر چووە نێو دونيای خوێندنەوە و شارەزاييەکی سەرەتایی لە ڕەوتی شيعری کوردی و شيعری جيهانی پەيدا کرد، ئيدی دەفتەرە شڕەی سەرنگووم کرد و هەر باسيشی نەکردەوە. ل ١٠ )) نووسەر بە هزرماندا دەهێنێتەوە کە ئومێد لە ڕێگای شيعر کەوتە نێو دونيای نووسين و خوێندنەوە هەر ئەمەيش بووە هۆی ئەوەی ببێتە کتێبفرۆش، لێ ئەوەی غيابی هەيە دەبووا نووسەر يەک دوو دەقی لە شيعرەکانی بخستبا بەر ديد جا مەرج نييە لە خودی شيعری پاڵەوانی واقيعی ڕۆمانەکە بوايە دەکرا خودی نووسەر بۆ خۆی چەند کۆپلە شيعرێکيشی بخستايەتەڕوو، نەمازە نووسين و شيعر نەک هەر پيشەی بووە بگرە کرۆکی ژانری هەم ژيان هەم ڕۆمانەکەيە بۆيە نەدەکرا لە بير بکرێت، يان ڕەنگە نووسەر مەبەستی بوو بێت لە خۆ پاراستن لەم ڕووەوە، کە بە ڕای ئێمە دەبووا يەک دوو بەشی تايبەت کردبا بۆ دەمودوو و مشتومڕ و باسوخواسی نووسين و ئەدەب و فيکر لە گەڵ چيادی پياوی دەزگای ئەمن.
نووسەر لە مەڕ نازناوی ڕەشپۆش هەڵوێستەيەک دەکات و بۆ خوێنەری شرۆڤە دەکات، (( تۆ بڵێی ئەو ڕەشپۆشييەی، بێ ئەوەی ئاماژەيەکی ئاشکرای پێوە ديار بێت، چارەنووسی ئەو نەبووبێت ياخۆ لە چارەی نووسرا بێت ؟! ئاخر ئەو، بەر لە ژنهێنانيش هەر ڕەشپۆش بوو، ل١١ )) بە وردی حاڵیمان دەکات کە ڕەشپۆشييەکەی هاوتەريبە لە گەڵ سەرهاتەکانی ڕۆمانەکەی، بۆيە هەڵوێستەی لە سەر کردووە، لەم کاتەيشدا کە لە سەربان وێستاوە و گەرەکێتی خۆی بکوژێت هەر گەڕانەوەيە بۆ ڕەشپۆشی، بريا نووسەر زۆر لايەنی گرينگی وەک ئەم ڕەشپۆشييە و خستنە ڕووی کەسايەتی پاڵەوانەکە بۆ خوێنەر شيتاڵ شيتاڵ دەکرەدەوە.
ئەوەی لای خوێنەر دەبێتە جێی پرسيار ئەوەيە کە سابير ڕەشيد لەم ڕۆمانەدا باس لە ژنهێنان و ئاهەنگی گواستنەوەی خاتوون ناکات، کە کرۆکی باسەکەی ئەم ڕووداوانەيە، هەر لە سەربان بوونی نهايشی پەيوەستە بەوەی خاتوونی لە دەست چووە، کەچی نووسەر دێت و پانتاييەکی زۆر دەداتە ژنهێنان و داواکردنی ژن بۆ برادەرەکانی پاڵەوانی ڕۆمانەکەی “ کاوە و سيامەند “ بە ڕای ئێمە ئەمە زيادەيە و دەبووا ئاهەنگی ئومێدی باس بکردبا. تەنها هێندەی لێ دێنمەوە ئەو دوای بۆ خوێنەر جێدێڵين لە ڕۆمانەکەدا پەيگيری بکات (( ئەوان بە مام و خاڵەکانی کاوەيان گوت ئەمجارە دايک و باوکی دژی ئەو هاوسەرگيرييە نەبوون، چونکە حەزيان دەکرد کوڕەکەيان بە دڵی خۆی کێی پێ باش بێت ئەو هاوسەری بێت و نەياندەويست ببنە بەربەست لە بەردەم بەختەوەری کوڕەکەيان، حاجی کاکۆی مامی گەورەی لەم هاوسەرگيرييەدا ڕێگربوو، چونکە ئەو حەزی دەکرد کاوە بکاتە زاوای خۆی، و بێهێنێتەوە هەولێر. ل ٧٨ )) هەڵبەتە نووسەر بۆ سيامەنديش زياد لە پێويستی خستۆتە ڕوو، دەکارێ بۆ خودی خۆيشی نووسەر ديدی جياوازی لەم بارەيەوە هەبێت.
نووسەر ئەو دەمانەی کارێکی ناوازە ئەنجام دەدات گەرەکە زۆر بە وردی بچێتە نێو کرۆکی باساکەی هيچ کون و کەلەبەرێکی بۆ نەهێڵێتەوە، لێرەدا پاڵەوانی ڕۆمان کێشمەکێشی جگە لە تەک خاتوون کە باسمان لێوە کرد لايەنێکی ديکەيش هەيە کە بۆتە خۆرەی جەستەی ئومێد ئەويش دەسەڵات و دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی ڕێژێمی بەعس بوو، با بێین بزانين چی دەڵێ :
(( ئەو دەمە ساڵانی دوای نسکۆی شۆڕشی کورد بوو، ئەوەی دەهاتەوە لە شاخ و چەکی پێشمەرگايەتی دادەنا، يان وازی لە پێشمەرگايەتی دەهێنا بە تايبەتی ئەوانەی بە خێزانەوە دەهاتنەوە، دەيانناردن بۆ شارەکانی خوارووی ئێراق، لە وێش پياو و گەنجيان لە فەرمانگەکانی ميری دادەمەزراند، ئەمەشيان بۆ گۆڕينی ديمۆگرافيای شارەکانی کوردستان بوو، کە کوردی دەبردنە خواروو و عارەبانيشيان دەهێنايە کوردستان، بە تايبەتی لە شارەکانی کەرکووک و خانەقين و مەندەلی و گەرميان و دەوروبەری موسڵ تاکوو خەڵکی ئێمە تێکەڵ بەداب و نەريت و زمانی ئەوان بێت و وردە وردە هەستی نەتەوەیی کورد خامۆش بکەن، ل ٧٢ / ٧٣ )) نووسەر پێويستە هەميشە هزری بەلای ئەوەدا بچێت کە ڕۆژێک دادێت دەقەکەی بۆ زمانێکی ديکە دەگوازرێتەوە، لێرەدا هەست بە دوو يان سێ پرس دەکرێت لەم نووسينەدا، لە لايەک باس لە دامەزراندنە، کە ئەوە خودی ژانرەکەيە لەم کاتەدا، خاڵی دووەم لايەنی شۆڕشی کورد و لايەنێکی ديش گۆڕينی ديمۆگرافيا، لە گۆڕينی ديمۆگرافيايش هەولێر لە باسەکەدا نييە بە بارتەقای ئەوەی باس لە شارەکانی دەرەوەی (( ناوچەی ئۆتۆنۆمی ئەو سەردەمە دەکا )) دەمانەوێت زێتر ئەم لايەنە شرۆڤە بکەين ، بە تايبەت لە ناو ڕۆماندا: (( لە جيهانی ڕۆماندا، کرۆک “ الحبکة “ بڕبڕەی پشتە کە جوڵەی ژيان بە دەقی ئەدەبی دەبەخشێت، هەبوونی بيرۆکە و کارەکتەری ناوازە بەس نين بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن، چونکە پرۆسەی رێکخستنی ڕووداوەکان لە چوارچێوەی دراماتيکێکی پەيوەست بە يەکەوە گووڕ بە کاريگەری و سترێسی دەدات، هەر يەک لە ڕووداوەکان بۆ پارچەيەکی هونەری دەگوازێتەوە کێشمەکێش و ململانێی ناوخۆیی و دەرەکی تێهەڵکێش دەبێت، پاڵنەر و سۆزەکان بە جۆرێک ئاوێزان دەبن بە جۆرێک کە خوێنەر لە تەک کەسايەتييەکاندا دەژيت گەشتێکی پڕ لە سپڕايز و گۆڕانکاری دەبێت، کە خولياکانی هەر لە يەکەمين ساتەوەختەوە هوراژاندووە تا دوا دێری ڕۆمانەکە، دەشێ کرۆک “ الحبکة “ هاوشێوەی هۆنينەوە هەژمار بکرێ کە هەموو توخمەکانی کارەکە يەکانگير دەکات)) “ ١٩ “ لێرەدا بە وردی ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ کە گرينگە کاری خۆمان لا بچووک نەبێت، مادام نەتەوەين و خاوەنی هەموو بنەما سەرەکی و پێکهاتەکانی بين، زۆر زۆر پێويستيشە هەوڵ بدەين کاری ناوازەی خۆمان بچووک نەکەينەوە، دەبوايە نووسەر بە وردی ئەوەی شی بکردايەتەوە کە کورد سنوورێکی تايبەت بە خۆی هەيە و ئەم کێشەی نێو کورد و دەسەڵاتداران لە ئێراق کێشەيەکی بەردەوامە ( مزمن ) ه، باشتر زێتر ڕوونکردنەوەی هەم لە بارەی نسکۆی شۆڕش و هەم دامەزراندن و هەميش گۆڕينی ديمۆگرافيا بدايە، پێمان وايە هێندە لە نيو لاپەڕەيەکدا بۆ خوێنەری بيانی کەمە، هەر لە بارەی ئەوەی سەرەوە پرسە کێشەييەکەی نێوان کورد و دەسەڵاتداران: (( ئەو دەمەی مۆری دەسبەردان و بەخشينی سەربازی لە دەفتەری ڕاژەی سەربازی درا، وايزانی تازە هاتۆتە سەر دنيايێ، خوا هەموو ئەم دنيايەی بەو بەخشيوە، چونکە ئيدی لەم جلکە نەگريسەی سەربازی رزگاری دەبێت و هەموو کاتێک لای خاتوون دەبێت و بە ماڵ و کتێبەکانی شاد دەبێتەوە، جارێکی ديکە بێ منەت دەگەڕێتەوە سەر شۆستەی بن ديواری دادگە و دەبێتەوە کتێبفرۆشەکەی جاران، ل ٨٨ )) لێرە بە تەنها دێرێک نووسەر دەيتوانی ئەم خۆشييەی ئومێد بە هۆی قورتار بوونی لە راژەی سەربازی دەرببڕێت، جگە لەوەيش گرێدانی ( ديمۆگرافي و نسکۆی شۆڕش و دامەزراندنی ) لە تەک ئەم لايەنە پێکەوە گرێدراون ئەويش ئەوەيە کە کورد هەستی بە نامۆ بوون لە سەر خاکی خۆی کردووە، لە رووی هەموو مافێکەوە.
هاوشانی پاڵەوانی ڕۆمانەکە خاتوون کارەکتەری دووەمی کتێبفرۆشە کەچی لە چل رۆژ زيندانيکردنی ئومێد، خاتوون لە بەرچاوان و باسکردن ون دەبێت، دوو پاڵەوانی سەرەکی يان پاڵەوانە سەرەکييەکانی ڕۆمان هەميشە کاريگەری راستەوخۆيان لە گەشەسەندن و پێشکەوتنی کرۆکی ڕۆماندا هەيە بە جۆرێک گرنگيان : (( کەسايەتی سەرەکی چەقی رۆمانەکەن، بزوێنەری سەرەکی ڕووداو و ژانرە سەرەکييەکانن، زۆرجاران کە ئەم کەسايەتييانە لە ميانەی ڕۆمانەکەدا پێشدەکەون ، قووڵاييەکی دەروونی و سۆز بە چيرۆکەکە دەبەخشن )) “ ٢٠ “ بۆيە پێويستە کەسايەتييە سەرەکييەکان لە بەر ديدی خوێنەر ون نەکرێن چونکە خوێنەر هەڵوەدايە بزانێت ئەوی دی لە نەبوونی پاڵەوان کاتەکانی چۆن دەگوزەرێنێت، نەمازە لێرەدا خاتوون لە پاڵەوان هەڵگەڕاوەتەوە و لە سەرەتای ڕۆمانەکەيشەوە پاڵەوان لە سەربانی خۆی فڕێ بداتە خوارەوە، بە هۆی ئەوەی خاتوون شووی بە کەسێکی دی کرد، لە ڕێگای پەيوەندی سۆزدارييەوە، بەش بەحاڵی خۆمان حەزمان دەکرد بزانين خاتوون چی دەکات کاتێ ئومێد لە زينداندايە.
هەموو هێز و کاريگەری و توانای ڕۆمانەکە لەوێدايە کە نووسەر دەڵێ : (( ئەو دەمەی کە چياد هاتە بەردەم ئومێد و لە غاباتی کوران يەکديان بينی، دوای گفتووێژ و يەکدی بينينێکی کورت، دەمانچەکەی بەر پشتی دەرهێنا و بە دەستێکی لەرزۆک و دڵێکی وێران و دەروونێکی ناڕەحەتەوە، کە دڵی لە جاران خێراتر لێی دەدا، بە زمانێکی پچڕ پچر و شپرزەوە، کەسايەتی خۆی و ناوی ڕاستەقينە و ئامانجی کوشتنەکەی و پلە و شوێنی کارەکەی خۆی بە ئومێد گوت، ڤێجا پێی ڕاگەياند کە بۆ کوشتنی ئەو ڕايانسپاردووە، ئێستەکەش کۆتایی پلانەکەيە . ل ١٤١ )) لێرەدا خوێنەر هەست دەکات بە تەواوی ئاوێزانی ڕووداوەکە بووە و جۆرێک لە ترس يان بڵێين دڵەکوتێ و پەلەپەلی دەيگرێت تا بزانێ بە کوێ دەگات: (( کرۆک ” الحبکة ” چی بە دەقی گێڕانەوە دەبەخشێت ؟، وەلامەکەی خۆی لە سروشتی بونيادی هونەری دەبينێتەوە کە چێژێکی تايبەت بە چيرۆک و ڕۆمان دەگەيەنێت، بەڵام سەرکەوتن ياخود شکست، چونکە گرينگی ژانرەکە و ڕووداوەگەورەکان لە چيرۆک يان ڕۆمان، دەشێ گرينگی خۆی لە دەست بدات ئەگەر کرۆکەکە لاواز يان نەبوو بوو، بە واتا چێژ و سوودەکانی پێکەوە لە دەست دەدات)) ” ٢١ “ . ئەم ڕۆمانەی سابير ڕەشيد لێرەدا سەرکەوتنی خۆيمان نيشان دەدات، کاتێک خوێنەر وەک حاڵەتەکەی ئومێدی بە سەر دێت و لە سۆراغی دەرئەنجامە بە کوێ دەگات، بونيادی هونەری و گرينگی ڕووداو و ژانرەکە هەست پێ دەکەين، دەکارێ بڵێين کرۆک لای نووسەر بە هێزە و خوێنەر سەرگەردانی دەرئەنجام دەکات.
رائيد سەلمان کەسايەتييەکی لاوەکييە لە ڕۆمانەکەدا، وەلێ وەک ئەفسەرێکی دڕندە نيشان دەدرێ يان يەکێک بووبێت لە ئەفسەرە ناسراو و ديارەکانی ئەو سەردەمەی ڕێژيم لە هەولێر (( هەر کە يەکەمين جار بە چاوبەستراييەوە برديانە بەردەم ڕائيد سەلمان، دوو ڕۆژ بوو شل و کوتيان کردبوو، بە نيوە مردوویی فڕێياندايە بەردەم ئەو، ل ١٦٥ )) خوێنەر لێرە پێويستی بە ناسينێکی کورتی ئەم ڕائيدەيە .
ئەوينداری و ئيشق زەمەنی جوانی خۆی هەيە و پێويستی بە تەوزيفکردنە (( وا خۆشەويستی ئومێدی لە دڵدا دەرهێنا و بۆ يەکێکی ديکەی کردە کوانووی دڵداری و توانی هەموو ئەو ڕۆژانەی ڕابردوو لە گەڵ ئەودا بسڕێتەوە و ژيانێکی نوێ بۆ خۆی بدۆزێتەوە، ل ١٧٨ )) ئەو جوانی و دەربڕينەی نووسەر بۆ ئەم لايەنە لێرەدا هەيە گەرەک بوو لە سەرەتاوە بە شێوازێکی سەليقەیی و ناوازانەتر کە نکوڵی لە توانای نووسەرەکە ناکرێت، دەرببڕدرايە و هەم خوێنەری زياتری پەلکێش بەرەو قووڵایی ڕۆمانەکەی دەکرد هەميش جواننووسی خۆی لە کارێکی ناوازەدا نيشان دەدا،
نووسەر پێمان وايە لێرەدا کەوتۆتە هەڵەيەکی مێژووییەوە کاتێک ئەنفال هێشتان ڕووی نەداوە و لەزاری ئومێدەوە کە بەرەو بەغدای دەبەن، واتا ساڵی ١٩٨٥ دەڵێ : (( خوايە گيان بۆچی ئێمەت بۆ ژێر دەستەیی چێ کرد، چی دەبوو ميللەتی منيش وەک هەموو ميللەتانی دنيا ئازاد بوايە و مرۆڤەکانی لە جياتی زيندان و تێهەڵدان و کوشتن و قڕکردن و ئەنفالکردن و کيمياباران و چەوساندنەوەی نەتەوەیی، خەريکی ژيانی خۆيان بووان و لە نەتەوە يەکگرتووەکاندا خاوەن وڵات و ئاڵای خۆی بووايە و خەڵکانی بە ئازادی و سەربەستی و ئاسوودەیی بژيابووان، ل ١٨٥ )) چونکە لە کاتی ئازادبوونی نووسەر پێمان دەڵێ سێ ساڵی لە زينداندا بە سەر برد ئازادبوونيشی بە هۆی لێبووردنێکی گشتييەوە بووە لە ساڵی ١٩٨٨.
لە گێڕانەوەی ياداشتەکانی چياد زۆر تێيدا سەرکەوتوو بووە و لە جێی خۆی باسی کردووە و وردەکارييەکانی دەگێڕێتەوە، خوێنەر ئاسوودە دەکات.
لايەنێکی ديکەی کرۆک “ الحبکة “ ئەو باسەبوو لە شوێن ئاماژەمان پێ دا، (( لەو دەمەيدا کە جەبار لە ماڵەوە هاتە دەرەوە و عەرەبانەکەی ڕاگرتبوو، هێشتە نەڕۆيشتبوو کوڕ و کجێک بەوێدا هاتن، پێدەچوو ئاشق و ماشوق بن، چەند چۆلەکەيەکيان لە جەبار کڕی و بەرەڵڵای ئاسمانيان کردن، پێدەچوو بۆ بەرەکەتی بە يەکگەيشتنيان ئەم خێرە بکەن، ل ٢١٩ )) هەڵبەتە ئومێد هەر لە سەربانە و لە دەرئەنجامی لە دەستدانی ئاشقەکەی خاتوون بە نيازی خۆفڕێدانە خوارەوەيە، دەبووا نووسەر ئەم ئيشقەی کوڕ و کچەکەی بقۆزتايەتەوە بۆ باسکردنێکی ديکەی زەمەنی ئيشقی ئومێد، چونکە خوێنەر کە ئاشق و ماشوق دەخوێنێتەوە و لە دواييش خێرکردنەکە بۆ بەيەک گەيشتن بێت، کەواتە هەر دەبێ باسی ئيشقی کۆن بکا، با بزانين نووسەر لە کوێ دەدات: (( ئومێد تەماشای ئەو ديمەنەی دەکرد، کە ڕيشۆڵەکانی بينی ئازاديان پێ بەخشرا و لە قەفەزەوە هێنرانە دەرەوە و توانيان هەوای ئازادی هەڵمژن، ئەو لەو دەمەدا رۆژی ئازادبوونی خۆی هاتەوە ياد لە زيندانی ئەبو غرێب ل ٢١٩ )) سەرەتا دبێژين لە نووسينی يەکەم دەڵێ چۆلەکە و لە دووەم ڕيشۆڵە، با لەوە گەڕێين، ئومێد بۆ خۆی وەڕسە لە ژيان وا خۆی دەکوژی چ دەربەستە ئازادکراوە يان نا، ئەوەی هەناوی ئومێدی هەڵتەکاندووە ئيشق و تەمەنێکی زۆری ژيانێتی لە گەڵ خاتوون، بۆ ئازادی بير بکەوێتەوە ئەی بۆ سەردەمی ئيشقی خۆی و خاتوونی بير نەکەوێتەوە، پێمان وايە لێرەدا نووسەر دەبوايە جەختی لە ئيشق بکردايەتەوە زێتر تەشويقی بە ڕۆمانەکەی دەدا،

دەرئەنجام
هەرچەندە لێرەدا نايەمە سەر دەرئەنجام لە خودی ڕۆمانەکە، وەلێ دەرئەنجامێک لەوەی نووسيگمە، دەمەوێ بێژم ڕەنگە زۆر زۆر زياتر هەڵبگرێ نووسين لە سەر ڕۆمانی کتێبفرۆش لێی دەگەڕێين بۆ کەسێکی دی و شەنوکەوييەکی دی ئەو لايەنانەی ئێمە جێمان هێشتووە و لەوە زياتر درێژ دادڕی نەکەين و جێی خۆيەتی لێرەوە دەستخۆشانە لە برای نووسەر سابير ڕەشيد بکەين، ماندوو بوون بە کارەکەيەوە ديارە، کارێکی باش و ناوازەی خستۆتە بەر دەستی خوێنەر، زۆر لەم ڕووداوانە لە ناو کۆمەڵی کوردی هەن، باس نەکراون و ئاوەوئاو ڕۆيشتوون، بە هيچ کڵۆجێک نەمانەويستووە لە ئەرکی جوانی کەم بکەينەوە، راستييەکەيش ئەوەيە هيچ کارێک بێ کەموکوڕی نابێت و کاری ڕەخنەيش بە شان و باڵ هەڵداندا نييە و وا دەخوازێ پەنجە بخرێتە سەر کەموکوڕييەکان و تا لە دادێ هەم خودی نووسەر و هەميش نووسەری ديکە لە نووسينی هەر دەقێکدا ڕەچاوی بنەما زانستی و ئەکاديمييەکانی دەق بکات، بە هيواين خشتێکمان خستبێتە سەر خشتێک و برای نووسەر تێبينی و سەرنجەکانمان بە دڵ و سينەيەکی فراوانەوە وەربگرێت، هەڵبەتە غيابی ڕەخنەی بونيادنەرانە وامان لێ دەکات هەم ئەدەبی کوردی پێش نەکەوێت هەميش غياب بوونمان لە نێو ئەدەبی هەرێمايەتی و نێودەوڵەتی بەردەوامی هەبێت.

سەردار ڕەزا جاف
شاعير و ڕەخنەگر، ئەڵمانيا

———————————-

سەرچاوەکان :
١ – کتێبفرۆش ، ڕۆمان … سابير ڕەشيد ، ٢٠٢٠ هەولێر
٢ – ماهي أنواع الرواية في الأدب و عناصرها.-، راندا عبدالحميد، موقع مقال، في ١٣ / ٢ / ٢٠٢٠
٣ – تقنيات السرد الروائي في ضوء المنهج البنيوي، دکتور يمنی العيد ، دار الفارابي _ بيروت _ الطبعة الثالثة، ٢٠١٠
٤ – الراوي و المنظور في السرد الروائي ، الدکتور الراحل،محمد عزام ، من سوريا، موقع ديوان العرب، في ٢٠ / ٤ / ٢٠١٦
٥ – الزمن في الرواية، هانز ميرهۆف، ص ٩
٦ – بنية الشکل الروائي ، حسن بحراوي ، لبنان، بيروت . المرکز الثقافي العربي ، الطبعة الأولی، ١٩٩٠
٧ – باشلار، گاستۆن… جمالية المکان ، غالب هلسا ، بيروت، المؤسسة الجامعية للدراسات، الطبعة الثانية، ١٩٨٤
٨ – الشعر العربي المعاصر، عزالدين أسماعيل ، دار الفکر الحربي ، القاهرة، الطبعة الثالثة ، ١٩٦٦
٩ – نقد الرواية، نبيلة أبراهيم، مکتبة غريب
١٠ – بنية الزمن في الرواية، دراسة تطبيقية لروايات التسعينات، ميسون صلاح الدين الجرف، مجلة أتحاد الجامعات العربية ، المجلد ٩ العدد ٢ ب ، ٢٠١٢
١١ – جمالية المکان في الرواية، أحمد زياد محبک، موقع ديوان العرب، ٦ / ٦ / ٢٠٥٥
١٢ – سەرهەڵدانی ڕۆمان ڕياليزم و ژانری ڕۆمان، ئيان وات، کتێبی تيۆری ڕۆمان، کورداندنی : محەمەد کەريم لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم،٢٠٠٢
١٣ – تجليات المکان في الرواية ، مصطفی عطية جمعة ، مجلة الکلمة، نقد – العدد ٣٩ ، يوليو ٢٠١٠
١٤ – الحبکة الروائية، مفاهيم أدبية، علي حسين عبيد . موقع شبکة النباء ، ١ / ٢ / ٢٠٢٣
١٥ – الحبکة … سؤال الرواية الدرامي ، محمد العباس ، موقع ثقافات في ٧ / مايو / ٢٠١٥
١٦ – غياب تصنيف الرواية وأزمة النقد الروائي في العالم العربي ، أبراهيم آل سنان ، في ١٠ / ٣ / ٢٠٢٥
١٧ – أقتباسات عميقة من روايات عربية و عالمية، محمد أحمد ، موقع فرصة في ٨ / ٤ / ٢٠٢٥
١٨ – الرواية کمسألة فلسفية ، فواز حداد ، موقع الحربي الجديد ، في ٢٢ / ٤ / ٢٠٢٥
١٩ – في متاهات السر،: مفاتيح کتابة حبکة روائية تتجاوز حدود الواقع، يوسف الخطيب ، موقع الکتابة الأبداعية في ١٥ / ٢ / ٢٠٢٥
٢٠ – أنواع الشخصيات في الرواية ، کتابة مشاري الحربي ، موقع المرسال في ٢٠ / ١٠ / ٢٠٢٤
٢١ – الحبکة الروائية. علي حسين عبيد ، شبکة النباء ، في ١ / ٢ / ٢٠٢٣

  • – فيڵدينگ: رۆماننووسی ئينگليزی ( ١٧٠٧ _ ١٧٤٥ )
  • چوک پۆلانيک، ناوی چارلز ميشێل چوک پۆلانيکە لە ٢١ / ٢ / ١٩٦٢ لە هەرێمی واشنتۆن لە ويلايەتە يەکگرتووەکانی ئەمريکا لە دايک بووە.
  • ١ رۆژنامەی الشرق الأوسط، ڕۆژی ١٩ / ٤ / ٢٠٢٥ ئەوەی پێويستە لەم بارەوە ڕوونکردنەوە بدەم ئەو بەشەی ڕۆمانەکە بە خۆمان وەرمان گێڕاوە



وەستان لەسەر ڕێی هەسارەی یادەوەری.. شیعر: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

سەیری سەعاتەکەی مەچەکتم بۆ بکە ئەی برادەر
تا بای غەم هەڵینەکردووە و نەبووینەتە گەردوتۆزی
نێو سامناکیی ئەم گەردوونە تاریکەی بوون
تا نەبووینەتە تیشکێکی ڕاوەستاوی نێو زەمەنێکی چەماوە
سەیری سەعاتەکەی دەستت بکە هاوڕێ
با چاوەڕوانی درێژ بێتەوە هەتا گەردوون بۆشاییەکان لەخۆ دەگرێ
با هەتاوەکان بێن و بمانبەن بۆ لێواری ئەو ڕووناکییەی کەچاوی ئێمە نایبینێت.
چی لەو قەدەرە تاڵە بکەین هاوڕێ کە بە فەنا مەحکووم کراوین
ئێمە لەنێو تنۆکێکدا لەتاریکیی لەدایک دەبین و دەمرین
دەزانین و دەست بۆ چڵە هەتاوێک و
پەلی داری زانستێک و
دۆزینەوەیەکی تازە دریژ دەکەین هەتاوەکو
هەنگاوێک بچینە ئەودیو سنوورەکانی ڕووناکی
بچینە ئەودیو هێلەکانی بینین و دیوی ئەودیوی نهێنییە شاراوەکان
هاوڕی زەمەن خێرا دەڕوا..ڕەنگە فریای پێکەنینێک
فریای ماچێک
فریای سەرما و گەرمای وەرزێکی تر نەکەوین
تۆ تەماشای سەعاتەکەی دەستت بکە، بزانە چەند ساڵی تیشکیی لە هەقیقەتەوە دوورین
بزانە چەند هەسارەی درۆمان بڕی و
چەندجار بە دەوری نەزانیی و بێئاگایی خولمان خوارد و نەمانتوانی خێرایی خۆمان تۆمار کەین
بارستەی خۆمان ون کرد و لەنێو زەمەن بووینە هاوکێشە سادەکەی فیزیای ژیان
هێزێک هەیە بەرەو ناوەند بەرەو خۆمان کێشمان دەکات
ئێمە لەنێو سەرسوڕمانی هاوکێشەکەی ئەم ژیانە ورد ورد بووین و ئەنجن ئەنجن کراوین بەکات
جارێک بە گۆشەی تەوژم و جارێکیش بە جووڵەی جێگۆڕ
ئای لە فیزیای ئەم ژیانە پڕ لە مردنە بێمانایە
چۆن وەکو کات، ژیانی چەماندینەوە
سەیری سەعاتەی دەستت بکە هاوڕێ
زۆر درەنگە ..با لەوە زیاتر نەبینە جێی مشتومڕی نۆڤاکان
لەوە زیاتر نەبینە جێی قسە و چیرۆکی نێو داتاکان و هاوکێشەکان
با لەوە زیاتر نەبینە کوژراوی نێو جووڵە و گۆشە دەم تیژەکان
با لەوە زیاتر نەبینە گەردی نێو گەردوونی وشکی و تاریک و سارد
با تۆزێ کات بگرینەوە و دەست بە زەمەنەوە بگرین
تۆش سەعاتی مەچەکت وەک دڵی بێئۆقرەت قورمیش کە
با بەردەوام چرکە چرکە لێبدات و قەت نەوەستێت
هەتا دەگەین بە نهێنی ئەودیو ڕەنگە ڕەشەکان و
هەڵهێنانی ئەو مەتەڵەی تەڵەزگاوییەی ناومان ناوە بوون و ژیان.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
ئەیلوول – تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤




ببووره‌ بـێده‌نگی گوڵه‌كان نـایـلۆن بوون.. شیعر: نه‌ژاد عزیز سورمێ

له‌ نیشتمان بێـزار نیـم
تاڤگه‌ و ڕووباری
به‌قه‌د فرمێسكی ژنانی
به‌ چیا و ده‌شت و بناران
دێنه‌خوار..
بێزار نیم من
له‌ نیشتمانێ،
نهێنی سه‌ت ساڵه‌یان
له‌ بۆڕسان
به‌ با سپارد..
( نیشتمان..
تاڤگه‌ و ڕووبار..
فرمێسكی ژنان..
بۆڕسه‌.. )

شه‌و،
بـۆ ئه‌هلی دڵ
نیشتمانه‌..
گریان و هه‌نسكی تێدا
هاوته‌ریب
گه‌ز گه‌ز ڕاده‌شكێن
ئێمه‌یش تا ونبوون
تا ڕۆحمان دێته‌وه‌ ناو‌
كازیوه‌
له‌ نیشتمان ،
له‌ شه‌و
دانابڕێـین..
( ئه‌هلی دڵ..
گریان و هه‌نسك..
گه‌ز گه‌ز..
كازیوه‌..)

مه‌رگ هه‌ڕه‌شه‌مان لێ نـاكا
مه‌رگ له‌ باوه‌شمانه‌
به‌ زه‌رده‌مسكه‌یه‌ك باوه‌ڕ ده‌كا..
مه‌رگ
جاران لێـكی ده‌كردین
ئێستا له‌ ئاهه‌نگه‌ بێ نه‌شئه‌كانی نیگه‌رانی
كـۆمان ده‌كاته‌وه‌..
( هه‌ڕه‌شه‌..
باوه‌ش..
زه‌رده‌مسكه‌..
بێ نه‌شئه‌..)

شه‌قام نه‌بوو
به‌ شه‌قاممان چوواند..
تووله‌ڕێ نه‌بوون
به‌ تووله‌ڕێـیانمان چوواندن..
كانی نه‌بوون
به‌ كانیـیانمان چوواندن..
برین نه‌بوون
به‌ برینانمان چوواندن..
سه‌رچاوه‌ی میهر و
ئاسووده‌یی نه‌بوون
به‌ سه‌رچاوه‌ی میهر و
ئاسووده‌ییمان چوواندن..
( شه‌قام..
تووله‌ڕێ..
برین..
ئاسووده‌یی..)

چاودێرانی شه‌و
گریـانی بێداران،
به‌ شنه‌ی سپێده‌
ده‌خوێننه‌وه‌..
ته‌م له‌ بێشه‌ڵاندا هه‌ڵخلیسكاوه‌
نێرده‌ی ڕۆشنایی،
به‌ره‌ی كپ و بێده‌نگی مێژوومان،
بـێوچان پێشوازی
له‌ ئاماژه‌ دره‌وشاوه‌كانی ماندووبوون و
نوێنه‌رانی
ڕه‌هێـڵه‌ی تـاولێـبڕاو و
سه‌رده‌مه‌ بازنه‌ییه‌كانی
شه‌ڕ و ئاشتی ده‌كرد..
( شنه‌ی سپێده‌..
هه‌ڵخلیسكان..
ڕه‌هێڵه‌..
شه‌ڕ و ئاشتی..)

ئه‌وه‌یه‌ ڕه‌چه‌ڵه‌كی كوژانه‌وه‌..
ڕووبه‌ندی سه‌حه‌ر..
ئامێـزی له‌بـیركراوی دژواری..
گه‌مه‌ی ژاكان،
دوور له‌ مرۆڤ
دوور له‌و خه‌ونانه‌ی
هه‌میشه‌ خۆمان به‌ هه‌ڵه‌
لێــكیان ده‌ده‌ینه‌وه‌
وێنه‌ی كۆزه‌ سپیداری پاییزیی به‌له‌نجه‌
ده‌شه‌كێـنه‌وه‌..
( ڕه‌چه‌ڵه‌كی كوژانه‌وه‌..
ژاكان..
مرۆڤ..
شه‌كانه‌وه‌.. )

هاواری بێده‌نگیمان،
له‌ داربریایان ئاڵاندووه‌..
نه‌فرینی چیایانه‌،
گوڵی نایلۆنی دووكان و مغـازان
ژه‌نگی ساویلكه‌یی و
په‌نجه‌ی هه‌ڵبڕاوی په‌شیمانی
پێشبینی،
نان و ئاوی سبه‌مان ده‌كا ..
( داربریا..
گوڵی نایلۆن..
په‌نجه‌ی په‌شیمانی..
نان و ئاوی سبه‌ی.. )

جه‌نگێك له‌ سه‌رمدا به‌رپایه‌
مه‌پرسه‌..
شانده‌
كراواتدار و یه‌خه‌ بریقه‌داره‌كانی ئاشتی
به‌ دیارمه‌وه‌ن
چه‌پڵه‌م بۆ لێ ده‌ده‌ن
پێم ده‌ڵێن: ئافه‌رین!
مۆسیقایه‌كی چه‌ند دڵگیره‌
مۆسیقای جه‌نگ
بـازاڕان ئاوه‌دان ده‌كاته‌وه‌..
ڕازی یـاڵه‌ به‌فركووشه‌كان
له‌به‌ر ئاستانه‌ی بێهووده‌ییدا
ده‌دركێنێ..
چه‌ند دڵگیره‌ مۆسیقای جه‌نگ..
( جه‌نگ..
مۆسیقا..
بازاڕ..
ئاستانه‌ی بێهووده‌یی.. )

ئومێدمان له‌ قه‌ده‌حێـكی پیرۆزی زێڕین
له‌پێش نه‌یاران دانا..
ده‌ستمان به‌‌ سێبه‌ری
جه‌سته‌ی شه‌كه‌تمان داهێنا..
چاومان له‌ به‌زه‌یی ئاسمانه‌..
ده‌نووین،
ئێمه‌ دوێنێ
بۆ ئه‌مڕۆ نوستبووین
ئه‌مڕۆش بۆ سبه‌ی..
گه‌وهه‌ری ئایینده‌مان
له‌ ڕامانی سیما شێواوه‌كانه‌وه‌
بۆ ماوه‌ته‌وه‌ ..
شادیمان له‌ بێـچاره‌بوونماندایه‌
ژیانمان،
ئه‌ته‌می هێللانه‌ی باڵدارانه‌
ورد..
گرێـچن..
بڵیند و
ئه‌ندازه‌دار..
لێ هه‌میشه‌
سێره‌لێـگیراو بۆ تێكدان و وێرانكردن..
( شوێنكات..
جه‌سته‌..
ئه‌ندازه‌دار..
تێكدان.. )

خانمی دواڕۆژ
گوڵی نایـلۆنی
گونده‌ نوێـیه‌ بۆگه‌نه‌كانی شارانه‌
به‌ نیگای برسی
گه‌نجانی بێـكار،
دووكه‌ڵی لێ هه‌ڵده‌ستێ..
ئیتر گوڵه‌مێخه‌ك خه‌م ناڕه‌وێننه‌وه‌
خه‌م به‌بیر دێنـنه‌وه‌..
به‌خشش،
كه‌وییه‌به‌فرێكی ڕووتـه‌
له‌به‌ر هه‌تاوی ته‌مووزێ..
( خانمی دواڕۆژ..
نیگای برسی..
دووكه‌ڵ..
به‌خشش.. )

ڕۆژگار،
ڕۆژگاری به‌دنشین و
نه‌رگسیی و لاساران‌..
وه‌رز،
وه‌رزێـكی نـامۆ
نه‌ زستانه‌
نه‌ به‌هار
نه‌ هاوینه‌
نه‌ پاییز..
ڕه‌نگ نه‌ماون، لێچوونه‌ته‌وه‌
هه‌موو ڕه‌نگه‌كان
هه‌موو ژه‌نگه‌كان
هه‌موو خۆزگه‌ و بریاكان..
تێكه‌ڵ بوون..
ژنانی سپی ، گه‌نمڕه‌نگ
له‌به‌ر ده‌روازه‌ی ئــاوه‌ڵای
(جیهانایه‌تی)دا
سنگ بۆ عه‌شقی له‌ده‌ستچوویان
ده‌كوتن..
نه‌وا،
گه‌ردانه‌یه‌كه‌
له‌ ئازاره‌ به‌رده‌وامه‌كانی ڕۆحمان
به‌ ته‌وێڵی سه‌رده‌مه‌وه‌ ..
( وه‌رزی نامۆ..
ژه‌نگ..
جـیهانایه‌تی..
ئازاری ڕۆح.. )

ڕه‌نده‌
مه‌له‌ی پێچه‌وانه‌ی ماسییان
ڕه‌ندن
كه‌روێشكه‌ی به‌رخه‌ل
سه‌مای گه‌رده‌لوول
ئاوی كڕ
په‌شمی خوناو
كوێره‌وه‌ری خوولیا..
( مه‌له‌ی پێچه‌وانه..
كه‌روێشكه‌..
په‌شم..
خوولیا.. )

ڕه‌نگه‌ له‌م ئاوه‌ مه‌ند و بێ ته‌وژم و ڕاوه‌ستاوه‌دا
دوا خنكاو نه‌بم..
هه‌نگاوم به‌ره‌و خۆم گه‌ڕاندنه‌وه‌..
هه‌وڵ ئه‌ده‌م (خود)یشم
به‌ره‌و خۆم بگه‌ڕێـنمه‌وه‌..
ڕوئیاكانم،
له‌ دارستانێكی چڕ ده‌چن
دره‌ختی لێ به‌لادا دێن..
ئێمه‌ ڕۆڵه‌ی دڵسۆزی
(بازنه‌) به‌نـاوبانگه‌كه‌ین
هه‌میشه‌ له‌ پنتێكه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كه‌ین
ماندوو..
شه‌كه‌ت..
خه‌ولێخراو..
دێـینه‌وه‌ هه‌مان پنت..
گه‌مه‌ی له‌دایك بوونمان ئه‌وه‌یه‌‌
سرووتی بێده‌نگیمانی
پێ به‌ڕێ كه‌ین..
ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و سۆزه‌ی
له‌ نیوه‌خه‌ودا،
به‌ خێرایی ڕك و كینه‌
له‌ ته‌نیاییمان نزیك ده‌كاته‌وه‌ و
به‌ دیـوی بـاڵاپـۆشیدا
ڕووتمان ده‌كاته‌وه‌..
( دوا خنكاو..
بازنه‌ی به‌ناوبانگ..
خه‌ولێخراو..
سرووتی بێده‌نگی.. )

شه‌یدایانی شوێن،
كات هه‌ڵیانده‌لووشێ..
شه‌یدای كات،
شوێن هه‌ڵیلووشیوه‌..
چاوشێركانه‌ی گومڕایان بوو،
كه‌ل و په‌لم
له‌ جانتای ده‌ستم نابوو
جانتام لێ دزرا
بێ چاویلكه‌
بێ جگه‌ره‌
بێ زه‌رده‌خه‌نه‌
كه‌ چه‌ند دانه‌یه‌كم
بۆ كاتی پێویست تێداویشت
بێ ده‌سماڵ و
بێ كتێب و ده‌فته‌ر و قه‌ڵه‌م و
بێ گیرفانپووڵی مامه‌وه‌ ..
( شه‌یدای كات..
چاوشێركانه‌ی گومڕایان..
جگه‌ره‌..
گیرفانپووڵی.. )

ببووره‌ بێده‌نگی!
ئه‌و چڵه‌ زه‌یتوونه‌ی باسی ده‌كرێ
ده‌ستمان نه‌گه‌یشتێ ..
له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌
به‌ مه‌رگی دواخراو ده‌وره‌ دراوین..
ببووره‌ بێده‌نگی!
تۆیش هاتیه‌ ناو
ئه‌ڵقه‌ی ته‌وافی
كه‌وانه‌ نه‌بینراوه‌كان
پاك
ڕۆشن
له‌ ده‌ستێـكی ئه‌مین دای
ده‌ستی مرۆڤ
كه‌ كلیلی هه‌موو ده‌رگایانی پێیه‌
ده‌رگای خۆی نه‌بێ..
ببووره‌ بێده‌نگی!
مه‌ودا دووره‌ و
ته‌مه‌ن كورت
شه‌قاوی سه‌فه‌رم
ته‌نێ بایی دیـتنی
مه‌رگی (ئه‌نكیدۆ)ی هاوڕێم بوو
كه‌ هاتمه‌وه‌،
هه‌موو به‌جێیان هێشتم
هه‌ر كه‌س خه‌ریكی خۆی بوو
كه‌س پێی نه‌گوتم:
ماندوو نه‌بی گه‌لگامش
كه‌س سه‌ره‌خۆشی لێ نه‌كردم..
ببوره‌ بێده‌نگی!
گوڵه‌كان
كه‌ داماننابوو
به‌ هه‌وای خوا و
ئاوی سازگاری كوێستانان ڕسكاون
وا ده‌رنه‌چوون..
ببووره‌ بێده‌نگی!
گوڵه‌كان نایلۆن ده‌رچوون.

                                    
نه‌ژاد عزیز سورمێ
  ئه‌یلوولی 2025



ئاوەڕشێن یان بە هەدەر دان.. نەوزاد بەندی

ڕەنگە بڵێم ووشەی ئاوەڕشێن و ئاوپرژێن هەر لە فەرهەنگ و سەر زاری کوردا هەبێ، چونکە ئاو نە بۆ پرژاندن دروستکراوە و نە بۆ ڕژاندن.. لە نانی تیرییەوە هەتا بەردەرگا هەتا پاککردنەوەی ئوتومبیلەکان، ئێمەی کورد خەریکی بێ ڕێزیکردن و بە هەدەردانی ئاوین .. هەڵبەت کە دەڵێم کورد مەبەستم له کوردی باشوورە، ئەگینا من زۆربەی شارە کوردییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات گەڕاوم، ئاو بەردەوام هەیە و نابڕێت و نرخەکەیشی زۆر هەرزانە، تانکی ئاو لە هیچ سەربان و بنبانێکدا نییە، لەگەڵ ئەوەیشدا هیچ کەسێک دڵۆپێک ئاو بە هەدەر نادات و شتێک نییە بە ناوی ئاوڕشێنکردنی بەردەگا، یان شۆردنی ئوتومبیل لە پێش دەرگا.. کارەبای بەردەوام هەیە و نرخەکەیشی زۆر هەرزانە، هیچ کەسێ گڵۆپی زیادە داناگیرسێنێ ..
بە داخەوە لای ئێمەی کوردی باشوور، ئەگەر هەفتەی دوو سەعات ئاوی ڕەئیسیی بێتەوە، هەموومان ئەڕشێینەوە پێیدا، لە تانکییە بێ تەوافەکانمانەوە، کە وەک تاڤگە لە گوێسەبانەی خانۆکانمانەوە دێتە خوارەوە، هەتا ڕشانەوەی خانمان بە سۆندەکانی دەستیان و تەڕکردنی حەوشە و بەردەرگانیان.. سەدان هەزار بیری ئاو لە ماڵەکانماندا لێدراون ، وا ئەزانین ئاوی ژێر زەوی موڵکی کەسیی خۆمانە، بە حەق و ناحەق ئاوی ژێر زەمین بە هەدەر دەدەین .
کارەبا هەتا گرانتر بێ، زیادەڕەوی زیاتری تێدا دەکەین، زنجیرە گڵۆپی ئەمبەر تا ئەوبەری فرۆشگاکان، چلچرا و ملیۆنەها گڵۆپی بێ سوود لە دەرەوەی ماڵەکانماندا ئەسوتێن ..
چونکە ئێمە میللەتێکی بێ هونەرین، بێ منەتین، دووربین نین ..
خواردنیش یەکێکە لەو شتانەی کە زیادەڕەوییەکی زۆری تێدا دەکەین، ڕۆژانە سێ ژەم خواردنی جۆراوجۆر ئەخەینە سەر سفرەکانمان و .. بەشێکی زۆری فڕێدەدەینە ناو تەنەکەی خۆلەکانمان، بەو جۆرە هەم پارەیەکی زۆرمان ئەبێ بە هەڵم و .. هەم تەنەکەی خۆڵەکانمان بۆگەن و چەور و ناشیرین ئەبێ، بەوەیش کۆڵانەکانمان ئەبنە مۆڵگەی مێش و مەگەز و دیمەنی ناشیرین… هەروەها لە جل و بەرگ و ئوتومبیل و مۆبایل و کەل و پەلی ناو ماڵ و ئامێرەکانماندا، خەریکی دەستبڵاوییەکی کوشندەین، بە جۆرێک بازاڕی دەستی دوو، چوار ئەوەندەی بازاڕی نوێ، کەل و پەلی تازە و بێ عەیبی تێدایە، کە مەبەست لە فرۆشتنی، تەنها زیادەڕەویی و لوتبەرزیی و کێبڕکێی یەکترییە.
کاتێ مرۆڤ دەستبڵاو و زیادە ڕەو ئەبێ، بەردەوام لە کێشە و قات و قڕیدا ئەژی، چونکە هەموو شتێ لەم بوونەدا بە پێی پێویست دروستکراوە، کاتێ مرۆڤ زیاد لە پێویست شتێک بە هەدەر ئەدا، ئەو شتە بەش ناکا، کۆتایی دێت، لە بەرامبەردا بە هەدەردەری ئەو شتە، ئەبێتە گیاندارێکی دڕندە و بێ بەزەیی و بەربەریی، وا ئەزانێ هونەری ژیان بریتیە لە دەستبڵاویی و بە هەدەردانی ماڵ و سامانی سەر زەوی..
کاتێ مرۆڤ دەستبڵاو و زیادەڕەو دەبێ، هەژارەکان و گیانەوەرەکانی تریش زیان دەکەن، چونکە ناتوانێ یارمەتییان بدات، ئەگەر موسوڵمانە، ناتوانێ زەکات بە هەژاران بدات، ئەو بە ڕاست و چەپدا، ماڵ و سامان بەهەدەر دەدات و ناتوانێ پاشەکەوت بکات، ئیتر چۆن ئەتوانێ مافی خوا بدات کە بریتییە لە زەکات .. خۆ ئەگەر ئاینداریش نەبێ، دیسان ناتوانێ یارمەتی ئەوانی تر بدات، مرۆڤی زیادە ڕەو هەمیشە لە دڵەڕاوکێدا ئەژی و هەست ئەکا تەنها خۆی شایانی خزمەتکردن و خەرجکردن و بەهەدەردانە ..بەوەیش لە هەموو بەها و هەست و سۆزە مرۆڤایەتییەکان دادەشۆرێتەوە.
شایانی باسە، لەم کۆمەڵگایەدا، لە شا هەنا سەپان خەریکی بە هەدەردانن .. ئەوەنا دەسەڵاتداران زۆر بە بێ باکیی نەوت و گازی سروشتیی بە هەدەر دەدەن، هەرزان فرۆشی ئەکەن و ..ئەڵێن داهاتی نەوت و گازی سروشتیی سفرە..یان ئەڵێن هێشتا قەرزارین.. موچە و مافی خەڵکەکە نادەن و بە هەزار بەهانە، لەو خەڵکە تێدەگەیەنن کە بار و دۆخەکە نەخوازراوە و ناتوانن ماف و حەقدەستی هاووڵاتیان بدەن.. خەڵکەکەیش چونکە خۆیان خەریکی بە هەدەردان و دەستبڵاویین، ئەو دۆخەیان پێ ئاساییە و کاردانەوەیان نابێ .. بەو جۆرە ئیتر کاربەدەستان ئەبینی لە لوتکەی بە هەدەرداندا دەردەکەون و شانازیشی پێوە دەکەن، بۆ نمونە بە کراسێکی چەند هەزار دۆلارییەوە .. یان بە کاتژمێرێکی چەند ملیۆن دۆلارییەوە .. بە ئوتومبیل و کۆشک و فڕۆکەی زۆر گرانەوە دەردەکەون، لە بەرامبەردا میللەتەکەیش ئەکەونە ڕوتاندنەوەی یەکتریی، بۆ ئەوەی هەوڵبدەن وەک بوونەوەرێکی بەهەدەر دەر دەربکەون و مۆدێلی سەرکردەکانیان نمایش بکەن ..وەک خۆیان ئەڵێن تەخشان و پەخشانی پارە بکەن و .. بە شوێنپێی دەسەڵاتدارەکانیاندا بڕۆن و لاساییان بکەنەوە .. بەو جۆرە کۆشکی هاوینە و زستانە و ..کۆشکی هەندەران و ..باخی خەیاڵیی و ..پاسپۆرتی سان کیتس و دۆمینیکان بە دەیان سەدان هەزار دۆلار …ئوتومبیلی زۆر گرانبەها لە کوچە و شەقامە داڕوخاوەکاندا دەردەکەون ..
لێرەدا ئیتر مرۆڤایەتیی کۆتایی دێت .. نیشتمان ئەبێتە گۆڕەپانی کێبڕکێیەکی بازاڕیانە و .. هەر یەکەی لە شوێنی خۆیەوە ئەبێتە فیرعەونێک و ..هەوڵ ئەدات ئەوانی تر تێپەڕێنێت و .. خۆی بە شێوەیەکی شاهانە نیشان بدات .. دواجار ئەو هەموو شا و شاهەنشا ڕاستەقینە و خەیاڵییە، توشی دۆخێک ئەبن، پێی ئەووترێ دۆخی قات و قڕیی .. قات و قڕی لە هەموو بەها و ماف و هەست و سۆزێکی مرۆڤایەتیدا ..قات و قڕیی لە هەستی ئاینیی و نەتەوایەتیدا.. قات و قڕیی لە پەیوەندییە مرۆڤایەتییەکاندا .. ئیدی پیوەری هێز و ڕێز بە ڕێژەی بە هەدەردانەوە پەیوەست دەکرێت، هەتا زیاتر ئەوانی تر بڕوتێنیتەوە و سامانی نەتەوایەتیی دیزە بەدەرخۆنە بکەیت، بەڕێزتر و بەهێزتر ئەبیت .. ئەوانی تریش، لە کەسانی سادە و کەمئەندام و کەمەقڵەکان، ئەبنە سووتەمەنیی بۆ خواست و خەون و غەریزە و حەزە تاکە کەسییەکانی چەند بەهەدەردەرێکی زەبەلاحی بێ هونەر.




لە ستایشی (بێدەنگیی)دا (شیعری –کچێک-ی سەلام عومەر بە نموونە).. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

(كچێك)
جیرانەکەمان کچێکی جوانی هەیە
لە خوێندن دەریان هێناوە
مۆبایلی نییەو
ناشتوانێ بێتە بەر دەرگا
بەڵام
کە بابی دەچێتە مزگەوت
لە حەوشە گۆرانی دەڵێ
تا
كوڕانی گەڕەك گوێیان لێبێت.


کە لەژێر دەرگاوە
ئاو دەپڕژێنێتە کۆڵان
دەزانم کچەکەیە.


هەر گوێی لە دەنگی من بێ
بانگی دایکی دەکا
وەک بڵێ منیش هەم.


دایکی پۆشاکی بۆ دەکڕێ
بۆیە کەسواری ئۆتۆمبێلەکەیان دەبن
دەڵێی دوانەن.


کوڕێکی گچکەم هەیە
کە تۆپەکەی دەکەوێتە ماڵیان
تا تێر ماچی نەکا نایداتەوە.


کە میوانی پیاویان دێ
ئەو دەرناکەوێ
بەڵام کە ڕۆیشتن
دەچێتە ژووری میوان
چونکە بۆنیان جێهێشتووە.


ئەو کچە حەزی زۆر لەخەوە
تا تێر خەیاڵ بێ.


خوازبێنی زۆری هەیە
لە بەختی ئەو
هیچیان نوێژ ناکەن.


هەمیشە تینوویە
بە ئاوی ماڵەوە تێر نابێ
حەزی
لە قومێک ئاوی دەرەوەیە.


پێشەكی:
)بێدەنگی، بەبێ قسەکردن دەتوانێت بوونی هەبێت؛ بەڵام قسەکردن، بەبێ بێدەنگی ناتوانێت بوونی هەبێت.(
شیعری “کچەکە”ی سەلام عومەر وێنەیەکی مرۆیی زیندووی ڕەگەزی مێ، لە فەزایەكی کۆمەڵایەتی داخراودا دەخاتە ڕوو؛ كچەی شیعر، لەگەڵ ئارەزووە سەرکوتکراوەکان و پێداویستییە دەروونییە دابیننەکراوەکانیدا بە بێدەنگی دەجەنگێ، بێدەنگییەك كە هاوشانی چەپێنراوەكانی دەروونە، ژیان ڕۆناك دەكاتەوە؛ لێرەوە کچە هەر تەنیا وێنەیەکی شیعریی سەلام عومەر نییە، بەڵكە وێنەی مرۆڤێکی نەرم و بزۆزی نێو كۆمەڵگای داخراوی كوردییە، لەڕێگای نواندنی ڕەفتار و ئاماژە و هێماکانی بێدەنگی مێینەوە، دەیەوێ بوونی خۆی بسەلمێنێ؛ نەک لەڕێگای تووندوتیژی ڕاستەوخۆی دەنگییەوە!. بۆیە لەم چوارچێوەیەدا شیعری كچەکە گۆڕانکارییەكی نەرمی ناوەکییە لە ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی پڕ ژاوەژاوی کۆنەپەرستانەدا؛ ژینگەیەك کە دەرفەتی بڵاوبوونەوەی سرووشتی بە بۆنی مێینە ڕەوا نابینێ.
(1)
هەمیشە سنووردارکردنی ژیان، مایەی ستەم و ئازارە! ئەوەش لە وێنە شیعرییەكانەوە ڕوون دەبێتەوە کە شاعیر لە فەزای ستەمەوە سنووری ئازاری دەروونی دەكێشێ، بۆ نموونە: مۆبایلی نییە و ناتوانی هەتا بەردەرگای ماڵەکەشیان بە ئازادی هەنگاو بنێ… بەڵام پێشاندانی ستەم هەر تەنیا دەلالەت لە وردەکارییەكانی ئازاری ڕۆژانە ناكات، بەڵكە لەلایەك نەبوونی دادپەروەری کۆمەڵایەتییە و لەلایەكی دیكە بەردی بناغەی تێكچوونی دەروونییە!
دواجار ئەو دنیابینییەی (ستەمی كۆمەڵایەتی) و (ئازاردانی دەروونی) لێدەكەوێتەوە، بە گومانەوە تەماشای پەیوەندی نێر و مێ دەكات؛ وەك چۆن کارلێکی كلتووری خۆماڵی لەگەڵ جیهانی دەرەوەی جیاواز دەخاتە كێشەوە.
(2)
شوێنی داخراو (ماڵ) لە شیعرەکەدا، لە شوێنی نیشتەجێبوون و حەوانەوە هەڵگەڕاوەتەوە؛ ماڵ لە شیعرەكەدا کۆت و بەندێکە ڕێگری لە دەركەوتن و پێگەیشتنی کەسایەتی دەکات؛ بۆیە كاراكتەری سەرەكی لە ماڵی داخراودا هەموو ستەم و ئازارەكان بە گۆرانی گوتن دەڕەوێنێتەوە! (گۆرانی گوتن) وەک ڕێكاری بەرگری دەروونی و جۆرێک لە بەرخۆدان بە ئەڵتەرناتیڤی (داخران) دەكەوێتەوە!
بەمجۆرە لە غیابی دەسەڵاتی (باوک) لەنێو ماڵی داخراودا، بەشێک لە خودی سەرکوتکراوی مێینە لە حەوشەی كراوەی ماڵدا (لەڕێگای گۆرانی گوتنەوە) هەناسە ساردەكانی خۆی بە گەنجانی گەڕەک دەگەیەنێت، ئەو وێنەیە تەواوی جیهانی مێینەی كپكراوی كوردی دەخاتە بەر فۆکس.
(3)
ئەگەرچی دەنگ (گۆرانی گوتن) ناتوانێت كچە دەرباز بکات؛ بەڵام دەرچەیەک بۆ فشارە دەروونییە ناوەکییەکانی دەكاتەوە؛ دەنگ، گۆرانی گوتن لەبری (كچە) هەناسە دەدات؛ واتە ئەگەرچی كچە هیچ جوولەیەکی دەرەكی نییە، بەڵام بێ جوولەیی ئەو (گۆرانی)یەکە بە شێوەیەکی دیار لەبری شیعر نووسراوەتەوە؛ بەو مانایەش دەربڕینی (ناوەكی/ بێدەنگی) لەبەرانبەر سەرکوت و بێبەشکردندا، دەبێتە ئامرازێک بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی (دەرەكی/ دەنگ).
لەڕێگای گۆرانی گوتنەوە دانپێدانان و ئامادەبوونی كپكراوی مێینەیی خۆی لە شیعرەكەدا دەسەلمێنێ؛ بە جۆرێكی دیكە گۆرانی گوتن هونەری ڕاگرتنی هاوسەنگی بێدەنگییە، وەک ئەوە وایە بڵێت: “بێدەنگی- هەناسەیە، بوونی كپكراوی منی مێینەیە” ئەگەرچی ئەو هەناسەیە، ئەو بوونە، ئەو دیمەنە، ئەو جەستەیە، پێویستی بە دانپیانانی ڕەگەزی ئەویدیكەی نێر هەیە؛ ئەگەرچی (مێینە)ی نێو شیعرەكە، لە پەیوەندی و کارلێکی کۆمەڵایەتی بێبەشە… بەڵام هەمیشە لە گەڕان بەدوای شایەتحاڵێکدایە، بۆ پشتیوانیكردنی سۆزدارییەكانی…
“کێ دەیبینێت؟” تەنانەت دایک، دراوسێ، مێوان، یان کەسێکی نامۆ… کێ دەیبینێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە شیعرە! شیعریش هەمیشە خۆی لە ڕەزامەندی ناوەكی و دەرەكی و دووپاتكردنەوەیەكی بەردەوام و پرسیاری بەردەوام و خوێندنەوەی بەردەوامی خوێنەردا هەڵدەگرێتەوە. دەتوانم بڵێم پرسی ئەو شیعرە لە چیرۆکێکی ئاسایی تێپەڕدا قەتیس نابێت، بەڵكە ململانێیەکی وجودییە لەنێوان ڕەگەزی مێ و جیهانێک کە قبووڵی ناكات.
(4)
لەو شیعرەدا جەستەی کچ شوورەییە و نابێ سڵاو لە میوانە نێرەکان وەرگرێتەوە! بەڵام دوای ڕۆیشتنیان دەچێتە ژوورەکانەوە بۆ ئەوەی بۆنەکەیان كە ماوەتەوە، وەك جیاوازی بنرخێنێ؛ كەواتە ئەویدیكەی جیاواز هەر تەنها پەیوەندی بە بینینەوە نییە؛ لەنێوان (هەستی بینین) و (هەستی بۆنكردن) خەیاڵكردن قووڵترین تێڕوانینی دەروونی درووست دەكات؛ بەمجۆرە بۆنی ئەویدیكەی جیاواز لەڕێگای خەیاڵەوە، بۆ بینین دەگۆڕێت، بە دیوەكەی دیكەش هەستی بینین و هەستی بۆنكردن چەشنی گۆڕانی گوتن لە ئارەزوودا ئاوێتەی یەكتر دەبن و بەشداری پەیوەندییە سۆزدارییە خەونئامێزەكان دەكەن.
لێرەوە شاعیر (هەستی بۆنكردن، هەستی بینین و ئارەزووی گۆرانی گوتن) بۆ هەناسەدانێكی ڕەمزی و ئەڵتەرناتیڤی ئازادی دەگۆڕێت، بەمەش ئەو بێدەنگییە ستەملێكراوە لەڕێگای ئەو خەونەوە ئاشکرا دەکات کە کارلێککردنی لەگەڵ بۆن و ئاواز و بینینی وەهمیدا هەیە.
كەواتە هەناسەی ئەوی مێینە تێكەڵ بە: بۆنەکەی، ئاوازەكەی، وێنەكەی…دەبێ؛ ئەوەش قەرەبووکردنەوەیەکی دەروونییە بۆ ناخێكی پڕ لە ئازار و ستەملێكراوی كچە، کە ناتوانێ لە ئاڵوگۆڕییەكی ڕاستەقینەی سرووشتی بەدەستیان بهێنێ؟! ناتوانێ دەست لە ئەویدیكەی جیاواز بدات، تەنها مامەڵە لەگەڵ زڕەوێنەکاندا دەكات.
(5)
لە شیعرەكەدا خەوتن و خەونبینین وەک ئامرازێک بۆ دەربازبوون گرنگی دەروونی وەردەگرێ، کە شاعیر دەڵێت: كچەكە ئەوەندە حەزی لە خەوتنە، كە چاو بكاتەوە خەیاڵ بێتە واقیع؛ لێرەدا خەوتن پشوودان نییە، بەڵكە دەربازبوونە لە واقیعێک کە هیچ پێشکەش خەیاڵی برسی ناکات. بۆ قسەكردن لە (خەوتن) و (خەیاڵ) دەتوانین بەو شێوەیە ڕاڤەی بكەینەوە: خەوتن کشانەوەیە لە ژیانی سەپێنراو و گواستنەوە بۆ جیهانێکی فراوانتر كە جیهانی خەیاڵە. لێرەوە خەوتن و خەیاڵ ئەڵتەرناتیڤی ئازادییە…
بەڵام ئایا خەوتن و خەیاڵ چارەسەری برسێتی ناخ دەكات، یان کێشە دەروونییەکان قووڵتر دەكاتەوە؟! ژیانی ڕاستەقینە لەناو خەون و خەیاڵدا نییە، لە واقعیدایە… خەوتن و خەیاڵ ئاوێکە تینوێتی ناشكێنێ، وەك چۆن ئاوی ماڵ تینوێتی دەروون ناشكێنێ؛ بۆنی ماڵ وەك بۆنی دەرەوە دڵ ناكاتەوە؛ گۆرانی گوتن لە حەوشەدا ئاگری جەستە ناکوژێنێتەوە…
هەمیشە حەزی نرخدانانی بۆ بۆنێكی جیاواز و ڕشتنی ئاو و گۆرانی گوتن نابڕێتەوە؛ بەڵام پێویستی بە فەراهەمكردنی بزاڤێكی كراوەی نەرم و سەربەخۆی مێینە هەیە. بەختی كچەی شیعر، چیتر ناتوانێت بەو شتە سەپێنراوانە ڕازی بێت کە دەوروبەرەکەی بڕوای پێدەكەن. ئەو پێویستی بە “جیاوازی”یە، پێویستی بە ئازادییە، پێویستی بە هەڵبژاردنێكی سەربەخۆ و سەرفرازانە هەیە؛ ئارەزووی ژیانێک دەكات، ژیانێک كە لە شوێنێكی ترە، یەکێکی ترە، نە دیواربەند کراوە و نە قەدەغە، نە بە زۆری سەپێنراوە…
(6)
ئەو شیعرە قووڵایی نەریتی كۆمەڵایەتی و وێنەیەکی دەروونی سەرنجڕاکێشی کچێک دەكێشێ، كە حەز و ئیرادەی سەرکوتکراوە، لە دانپێدانانی مێینەیی بێبەشكراوە، لە تێپەڕین بە قۆناغی سۆزداری و ئازادی هەڵبڕاوە؛ بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا بە نەرمی لە یارییە جیاوازەكانی ژیاندا بەشدارە (تا تێر ماچی نەکا) ناكشێتەوە؛ لە هەموو ئەو ماچانەشدا پێمان دەڵێت: لە کۆمەڵگای داخراودا، مێینە دەنگێکە خۆی دەخواتەوە، مرۆڤێكی شەرمنە فەزای ماڵی كوردی دان بە بوونیدا نانێت… بەڵام ئەو بە نەرمی هەدادانی نییە!
پاشەكی:
(زمان، جیهانی بێدەنگی لە پشتەوەیە و جیهانی ڕاستیشی لە دەستیدایە.)
شاعیر توانیوویەتی جیهانی ناوەوەی كۆمەڵگای كوردی بە گوتارێكی ناڕاستەوخۆ لەڕێگای وردەکاری شیعرییەوە بگوازێتەوە، جێكەوتە و پەیوەندییە نهێنییەكانی بكێشێ؛ هەموو ئەو فەزا داخراو و كۆنەخوازانە ئاشکرا بکات، كە بووەتە هێمای پیرۆزیی و هۆكاری سەرەكی تێكچوونی دەروونی و گۆشەگیری و بنبەستبوونی كلتووری…
ئەو شیعرە تەنیا وەسفێکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵكە گۆرانی گوتنی کچێکە ژیان دەخوێنێتەوە و بۆن بە ژیانەوە دەكات، دەست لە وێنەكانی ژیان دەدات؛ ئەگەرچی كۆمەڵگا بوونی بە هەند نازانێ و کەس نایبینێت! ئەو شیعرە بانگەوازێک نییە بۆ تێپەڕاندنی واقیعی كۆمەڵگای كوردی، هێندەی پەردە هەڵدانەوەیە لەسەر نەریتێكی داخراو، ترسە لە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی نەریتە پیرۆزەكان… نیشاندانی سەرەتایەکی نەرم و كراوەیە، لە كۆمەڵگایەكدا کە ئەرزش بۆ ئەویدیكەی جیاواز و پێكەوە ژیان دانانێت.

23/11/2025

سەرچاوەی شیعرەكە: دیوانی هێلانەیەك لە پەشمەك، سەلام عومەر.
ئەو دوو ڕستەیەی خوارەوە لە كتێبی: عالم الصمت- ماكس بیكارد، ترجمە: قحطان جاسم، دار التنویر للطباعە والنشر- لبنان بیروت ط 1 2018.

  • بێدەنگی بەبێ قسەکردن دەتوانێت بوونی هەبێت، بەڵام قسەکردن بەبێ بێدەنگی ناتوانێت بوونی هەبێت.
  • زمان جیهانی بێدەنگی لە پشتەوەیە و جیهانی ڕاستیشی لە دەستیدایە.



کشانەوەی گەریلاکانی پەکەکە لە ناوخۆی تورکیا.. عوسمانی حاجی مارف

ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی ئۆکتۆبەر، پەکەکە کشانەوەی سەرجەم گەریلاکانی لە خاکی تورکیا بۆ باکووری عێراق ڕاگەیاند! ئەم ڕاگەیاندنە لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا سەرکردەکانی پەکەکە لە ناوچەی چیای قەندیل لەمیانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا خوێندیانەوە، لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەسەر ئەوەکرا، کە بڕیاری کشانەوەکە بۆ دورکەوتنەوەیە لە مەترسی پەرەسەندن یان پێکدادانی نەخوازراو لەناو تورکیادا.
ئەم پێشهاتە نوێنەرایەتی وەرچەرخانێکی بێوێنە دەکات لە ململانێی چوار دەیەی نێوان حکومەتی تورکیا و پەکەکەدا، بەشێوەیەکی کاریگەر کۆتاییە بە بوونی سەربازی لە سنوورەکانی تورکیا و گواستنەوەی چەکدارەکان بۆ ناوچە شاخاویەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق.
ڕاگەیاندنی کشانەوەی پەکەکە لە خاکی تورکیا، کاردانەوەی بەرفراوانی بازنە سیاسیەکانی ئەنقەرە بەدوای خۆیدا هێنا، ئەم هەنگاوە بە وریاییەوە پێشوازیەکی فەرمی لێکرا و حکومەت بە نیشاندەرێکی ئەرێنی زانی بۆ گەیشتن بە ئامانجە ڕاگەیەندراوەکەی کە پاراستنی تورکیایە لە “تیرۆرو تیرۆرستان”، بەتایبەتی کە پەکەکە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لە تورکیا دەستنیشان کراوە! ئەنقەرە چاودێری جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە دەکات، بۆ دڵنیابوون لە جدیەت و بەردەوامیەکەی و کۆتاییهێنان بەهەر گروپێکی چەکداری لە تورکیادا.
ئەم ڕاگەیاندنە بڕگەیەکی گرنگە لە پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی هێزە چەکدارەکانی پەکەکە، کە زنجیرەیەک هەنگاوی وردە وردە بە دەوری ئۆجەلان لەناو خانەی زیندانەکەیەوە کۆتایی پێدەهێنێت، ڕێگە خۆش دەکات بۆ داخستنی یەکێک لە ئاڵۆزترین حاڵەتەکانی توندوتیژی لە مێژووی کۆماری تورکیادا.
لەلایەکی ترەوە ئەم بڕیارەی پەکەکە بەهەر سەرنجێ لەسەر پێگەو ململانێی لەبەرامبەر حکومەتی تورکیادا، وەرچەرخانێکی مێژوویی لە هاوکێشە ئەمنی و سیاسیەکانی تورکیادا نیشان ئەدات، کە وەک داخستنی دیفاکتۆی خەباتی چەکداری دەیان ساڵەیە و گۆڕانکاریەکی ڕاگەیەندراو بەرەو کردەوەی هەڵبژاردەی سیاسی لە بواری تردا دەخوێندرێتەوە!.
پەکەکە لە یەکی ئازاردا ئاگربەستی تاکلایەنەی دەستبەجێی ڕاگەیاند، دوای دوو مانگ، ئەو حزبە دوازدەهەمین کۆنگرەی خۆی لە چیای قەندیل بەست، لەوێ بڕیارێکی چارەنوسسازانەی دا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کۆتایهێنان بە خەباتی چەکداری. ئەم هەنگاوە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە گۆڕانکاریە ناوچەییەکان، دیارترینیان گۆڕانی دۆخی سیاسیە لە سوریا دوای پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە دیمەشق بە پشتیوانی تورکیا، دەرفەتێکی داوە بە ئەنقەرە لە پێگەیەکی سەقامگیرتر و متمانە بەخۆبونەوە خۆی لە ئاستی ناوچەیدا دامەزرێنێتەوە و جێگیر بکات، هەربۆیە بە شێوازێک کە بۆخۆی گونجاو بێت بانگەشەی ئاشتی دەکات و باس لە هەنگاوەکانی کۆتایهێنان بە تیرۆر دەکات.
لەڕووی سەربازییەوە، ئەو بڕیارە دانپێدانانی ناڕاستەوخۆیە بە پاشەکشەی پەکەکە، کە لەباری عەمەلیەوە لەبەرامبەر ئۆپەراسیۆنە سەربازیە بەردەوامەکانی تورکیا لە هەرێمی عێراق و باکوڕو رۆژهەڵاتی سوریا بەرجەستەبۆتەوە، پاشەکشەی گەورەی بە هێزەکانی پەکەکە کردووە لە ناوخۆی تورکیادا. ئەو گۆڕانکاریانەی کە لەناو پەکەکەدا ڕوویداوە، چیتر توانای بەردەوامی یاخیبونی چەکداری نەماوە، بەهۆی ئەو لێدانە قورسانەی بەریکەوتووە، بەتایبەتی لە دوو دەیەی ڕابردوودا.
ئەتوانین بڵێین پەکەکە کشانەوەیەکی ناچاری هەڵبژارد، بۆئەوەی ڕوبەڕوی گورزی ڕوخانی یەکجاری نەبێتەوە، هاوکات ئەنقەرە توانیویەتی هاوسەنگیەک لەسەر بنەمای دابەشنەکردنی ئاسایشی تورکیا دابمەزرێنێت، ئەمەش بەهۆی پەرەسەندنی هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا و هەولێر و فراوانبوونی ئۆپەراسیۆنە پێشوەختەکان دژی بنکەو بارەگانی پەکەکە.
لە ڕاستیدا تەحەدای ڕاستەقینە لە دوای کشانەوەی پەکەکە لەناوخۆی تورکیا دەست پێدەکات، هەنگاوی داهاتوو پەیوەستە بە توانای ئەنقەرە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو کوتلانەی کە لەدەرەوەی تورکیان، بەتایبەتی ئەو هێزانەی لە قەندیلە و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، کە سەختە بۆ تورکیا لەنێو ئەو ململانێ جیهانیەی کاریگەری لەسەر ناوچەکە هەیە، بەئاسانی هەنگاوەکانی بەرێتە پێشەوە، لەکاتێکدا کە تەواو دەرگیرە لەبەرامبەر ڕۆڵی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا.
جگە لەوەش سیاسەتی تورکیا لەبەرامبەر کێشەی کورد گۆڕانی بەسەردا هاتووە، ئەردۆغان هەندێ دەستپێشخەری لەوبارەیەوە کردووە، کە تاڕادەیەک دەرگای بۆ پارتە کوردیەکان بۆ ناساندنی ناسنامەی کوردی کردۆتەوە، هەروەها بارودۆخی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ڕۆڵی هەبووه، لەسەر پرسی کورد له ناوچەکە بەگشتی و تورکیا بەتایبەتی، لەهەمانکاتدا ئەوەی زیاتر ئارامبونەوەی نێوان تورکیا و پەکەکەی خۆشکرد، بونی پێگەی هەسەدەیە وەک هیزێکی بەتواناو دەسەڵاتدار لە سوریا، کە فشارێكی گەورەیە بە نەرێنی لەسەر دەوری تورکیا لە سوریادا.
ئەوەی شایانی باسە هەواڵ هەیە کە کارەکانی لیژنە پەرلەمانیەکەی تورکیا، لەسەر مەسەلەی ئاشتی خاو بووەتەوە یان وەستاوە، تا ئێستا هیچ پرۆژە یاسایەکی سەبارەت بە گەڕانەوە و تێکەڵکردنی چەکدارانی پەکەکە بۆ ژیانی مەدەنی، یان لێبوردن بۆ سەرکردە دیارەکانی باسی نیەو ڕانەگەیەندراوە!. لەلایەکی تریشەوە جوڵەو کشانەوەکانی پەکەکەش زیاتر ڕەمزیە تائەوەی ئاراستەی جدی لە گۆڕانکاریەکەی نیشان بدات، بەوپێیەی لە نمایشەکاندا تەنها ژمارەیەکی سنوورداری چەکداری تێدا بەشداربووە، لەکاتێکدا ئەو حزبە هێشتا چەک و تەقەمەنیە قورسەکان و کەمپەکانی خۆی لە چوارچێوەی خاکی عێراقدا پاراستووە.
جگە لەوەی سەرکردایەتی پەکەکە گواستنەوەی بۆ دەرەوەی تورکیا هەڵبژارد، بەتایبەتی بۆ کوردستانی عێراق کە هاوسنوورە لەگەڵ تورکیا، پێشتریش بۆتە هۆی دروستبونی خۆلێدانێکی قووڵ لەنێوان ئەنقەرە و حکومەتەکانی بەغدا و هەولێر، بەڵام خودی کشانەوەکە تاڕادەیەکی زۆر ڕەمزییە، ژمارەی ڕاستەقینەی ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە پێگەکانیان لە ناوچە سنووریەکانی تورکیا بەجێهێشت و ڕوویان لە کوردستانی عێراق کرد، تەنیا چەند دە کەسێکە، بە بەراورد بەو ژمارە زۆرەی چەکدارەکان کە لە ناوچە شاخاویەکان بەدرێژایی سنووری تورکیا-عێراق-سوریا جێگیرکراون. جگە لەوەش، کشانەوەی ئەو هێزانەی کە ماون، لەلایەن هەواڵگری تورکیاوە ژمارەیان بە هەزاران مەزەندە دەکرێت، کە پەیوەستە بە پابەندبوونی تورکیا بە پرۆسەی ڕێکەوتن لەگەڵ ئۆجەلان.
ئەم کردەوە ڕەمزیە جیاواز نیە لەوەی کە پەکەکە لە ١١ی تەمووزدا کردی، کاتێک لە مەراسیمێکی ڕەمزیدا لە جاسەنە بەڕێوەچوو، گروپێکی ٣٠ کەسی لە ئەندامانی چەکی سووکیان سووتاند. ئەم هەنگاوە ئامانجی دووپاتکردنەوەی پابەندبونی پەکەکە بوو، بە “بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی” کە لە لایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ٢٧ی شوباتدا دەرچووە. ئۆجەلان داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو پارتە و تەسلیمکردنی چەکەکانی و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی کرد، ئەمەش ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ تێکەڵبون بە پرۆسەیەکی سیاسی کە ئایندەکەی بۆ خودی پەکەکەو ئۆجەلان ڕون نیە.
پەکەکە تائێستاش چەکی قورس و ئۆردوگای مەشق و توخمە چەکدارەکانی خۆی لە دەستدایە، تائێستا هیچ ڕاگەیاندنێک سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتە ئیداری یان سەربازیەکەی نەدراوە، هەروەها وادەیەکیش بۆ هەڵوەشاندنەوەی لەو شێوەیە دیاری نەکراوە، ئەمانە داواکارین کە ئەنقەرە پێشتر ڕایگەیاندووە کە دەبێت بەجێی بهێنن!.
ڕاگەیاندنی پەکەکە لە کشانەوەی خۆی لە خاکی تورکیا، پرسیاری لەبارەی ئایندەی نفوزی ئەو ڕێکخراوە لە عێراق و سوریا کە بنکەی لقە چەکدارەکانی لێیە، دروستکردووە. ئەم هەنگاوە دەتوانێت هاوسەنگی هێز لە هەرێمی کوردستان و باکوڕو رۆژهەڵاتی سوریا بە جۆرێکی تر دابڕێژێتەوە، لەکاتێکدا ئەنقەرە هەوڵدەدات ئەم گۆڕانکاریە بۆ یەکلایکردنەوەی ئەمنیەتی ناوچەیی بە قازانجی خۆی بە فراوانتر وەربگێڕێت.
لە واقیعدا تورکیا سەرکەوتنی بەرچاوی لە بەرەنگاربونەوەی گەریلاکانی پەکەکەدا بەدەستهێناوە، ئەمەش بەهۆی پێشکەوتنەکانی لە بواری تەکنەلۆجیا و پیشەسازی بەرگریدا. لەماوەی پێنج شەش ساڵی ڕابردوودا پەکەکە لە ناوخۆی تورکیادا گورزی قورسی بەرکەوتووە و ناچاربووە پاشەکشە بکات، تەنانەت بەهۆی ئەو بنکە سەربازیانەی تورکیا کە بە دووری ٣٠ بۆ ٥٠ کیلۆمەتر لەناو خاکی عێراق دامەزراون، پەکەکە نەیتوانیوە هێرشێکی بەرچاو ئەنجام بدات.
هەرچەندە باس لە چارەنووسی عەبدوڵڵا ئۆجەلان نەکراوە و تا ئێستاش بارودۆخەکەی بە نهێنی پۆشراوە. ئایا ئازاد دەکرێت؟ ئایا دوورگەکە بەجێدەهێڵێت؟، بانگەشەی ئەوەی کە بۆ بەشداریکردن لە چالاکی سیاسیدا دێتە ئەنقەرە، بانگەشەیەکی تەواو بێبنەمایە.
بونی پەکەکە تەنیا قەیرانی تورکیا نیە؛ قەیرانێکی ناوچەییە کە ئێران و عێراق و سوریاش دەگرێتەوە. بەدرێژایی چەندین ساڵ، ئەم قەیرانە بۆتە حاڵەتێکی درێژخایەن کە ناوچەکە لەگەڵیدا ڕاهاتووە، سەرەڕای ئەو نائارامی و وێرانکاریە بێئەندازەیەی کە بەدوای خۆیدا هێناوە. گیانلەدەستدانی دەیان هەزار کەس و پەکخستنی ژیانی سەدان هەزار کەس لە هەموو وڵاتێکدا لێکەوتەی دڵتەزێنی مرۆیی بەجێهێشتووە. لەهەمانکاتدا ناسەقامگیری، نائەمنی، هەژاری، بێکاری، خراپی دۆخی خوێندن و ئاژاوەگێڕی..، هەموویان دەرئەنجامی ئەم دۆخەی شەڕی نێوان ناسیۆنال فاشستی تورک و پەکەکەیە.
هەڵبەتە ئۆجەلان وەک سەرۆکی دیفاکتۆی ئەو ڕێکخراوە دەمێنێتەوە، کشانەوەی لە تورکیا بە فەرمانی ڕاستەوخۆی ئەو ئەنجام دراوە، هەروەها چۆڵکردنی هەندێک ئەشکەوت کە وەک ناوەند بەکاردەهێنرێن لە باکووری عێراقیش ڕاگەیەندراوە.
خاڵێک جێی سەرنج و پرسیارە ئەو گەریلایانەی چەکیان دانا و لە شاخەوە دابەزین پێویستیان بە چوارچێوەیەکی یاسایی هەیە کە چۆن و لە کوێ دەژین، دیاری بکات؟ یان چیان لێدێت؟ قسەیەکی لەسەر نەکراوە.
پێشوازیکردنی ئەنقەرە لە کشانەوەی پەکەکە لە تورکیا و بنکەکانی لە نزیک سنوورەکان، لەهەمانکاتدا جەخت لەسەر پێویستی دانانی چەکەکانیان لە عێراق و سوریاش دەکات، بەڵام پێدەچێت “کشانەوە لە تورکیا” پاشەکشەیەک بێت لە “هەڵوەشاندنەوەی هێزی چەکداری پەکەکە”، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە پەکەکە لە عێراق و سوریا بەردەوام دەبێت لە چالاکیەکانی. واتە پێچەوانەی پڕۆژەی “تورکیای ئازاد لە تیرۆر”ە، کە ئامانجی نەک تەنها کۆتایهێنان بە چالاکیەکانی پەکەکە لە چوارچێوەی خاکی تورکیا بەڵکو لە سەرتاسەری ناوچەکەشدا.
بۆیە کشانەوەی پەکەکە لە خاکی تورکیا پێشهاتێکی بەرچاو نیەو هێزە چەکدارەکانی دەتوانێت لە داهاتوودا ئەندامانی خۆی لە وڵاتانی دراوسێوە ڕەوانەی تورکیا بکات بۆ ئەنجامدانی کاری چەکداری.
ئەم دۆخە تائێستا بە ناجێگیری بەڕێ دەکرێت، نە پەکەکە هەنگاوی جدی و یەکلاییکەرەوە دەنێت، نە حکومەتی تورکیا پێشوازیەکی عەمەلی و جدی و کۆتاییهێنان بە ڕوبەڕوبونەوە لە بەرامبەر پەکەکە نیشان ئەدات، لەهەمانکاتدا هەنگاوی خوازراو دروست بە کێشەی خەڵکی کوردستانی تورکیا ناداتەوە.




لە ژێر سێبەرێکی نامۆدا.. نەوزاد بەندی

ئەزانم ئاگات لێمە و منیش لە تۆ بێ ئاگا
ئەزانم چاوت لێمە و بۆ من نییە یەک نیگا ..
کەی بتەوێ ئەمبینی ، پێت ناگەم نە بە ڕێگا ..
نە به پەنجەرە و دەرگا..
یەکەمجار کە تۆم ناسی ،
هەڵمگرتی لە جێدا ..
کە زانیت ئاڵودەت بووم ،
بۆ دوور منت فڕێدا ..

٭ ٭ ٭

هەر بە هەمان کۆڵانا ..
ساڵی جارێ یان دووجار ،
ڕەت ئەبم بێ خواستی خۆم ..
چل ساڵ زیاتر بوو ئێرە ،
بوو بوو بە ڕێی کانی بۆم ..
کانی بووە بە پەڵاس ..
هاوڕێکانم هەڵوەرین ..
ئەویش چووە دوو توێی خاک،
تۆپێکی نەمساویی جەنگ،
کردی بە کێڵگەی برین ..

٭ ٭ ٭

نەک هەر مرۆڤەکانی،
خانۆکانیش گۆڕاون ..
زۆربەی زۆریان نەماون ..
کۆشک و تەلاری بەرز و ..
تەنیاییان تێدایە ..
بێجگە لە مرۆڤ ، هەرچی
شت هەیە لەوێدایه ..

٭ ٭ ٭

جار جار بێ جانتا و
خاولی و
دەرمانی دان و گوێزان ..
ئەڕۆم بۆ زانکۆی موسڵ ..
وەک سەردانی گۆڕستان،
بەرامبەری ئەوەستم ..
ئەمەوێ یەک شت مابێ،
وەک پێش چل ساڵ و زیاتر ،
هیچ شتێ نادۆزمەوە ..
ئەچمە کافیتریایەک،
بەڵکو ڕێکەوت یەک پیاڵەی
ئەو سەردەمەی لا مابێ ..
ئەڵێ زەحمەتە بە خوا ..!
ئەڕۆمە گۆشە و کوچەی
دوورە دەستی ناو زانکۆ ..
ئەڵێم بەڵکو لێی مابێ،
شوێنپێیەکی من و تۆ ..!

٭ ٭ ٭

ڕیزێ مۆمی کوژاوە،
لە کۆڵانێکی کۆنی
یادگاریدا ئەبینم ..
بڕیار ئەدەم لەمەودوا،
ئەو چەند مانگەی کە ماومە،
بۆینباخێ ببەستم ..
نا .. نەک بە یادی تۆوە ..
زەحمەتە تەقاعود بی
بە تیشێرت و کاوبۆوە ..!

نەوزاد بەندی




فرمێسكی كۆچ و تاری دڵ.. شیعر: عەلی سیرینی

دامێنی تاریكی دایگرت ئەم شەو كۆچی ڕۆژێكی تر
لە قەیلولەی بێ ئاگایی ڕەتی كرد بە سەرما مەلێكی تر
لە غەفڵەتی گوناهی دووریم مەحروم بووم لە ديدارێکی تر
لە ناكاوی جەمعی بێ ئاگا خامۆش بوو شەوچراغێكی تر
ڕەشەبای بێ بەختیی ڕاپێچی كرد گوڵستانێكی تر
حەسرەتم بۆ كورد باری كرد نالی و خانی و هەژارێكی تر
بە دڵشكاویی ماڵئاوایی كرد لە كورد شۆڕەسوارێكی تر
كە دیم سیس بوو باغستان زانیم وشك بوو ڕوبارێكی تر
لەپی ڕەشی مردن بردی سەر و مێزەری زانست و ئەدەب
كاروانی مەینەتە ڕوو لە كورد بۆ كۆست و خەمانێكی تر
ڕێژنەی حوزنی ئەزەلە بە سەر میللەت جارێكی تر

لە گرانی خەم و حەسرەت وێرانەیە ڕۆح و دەروون
سوتانی خەرمانە و ڕەشپۆشینی بەهارێكی تر
بێ هودەیە بە گریە هانای بڵێسەی دڵ كەوی
سوتان كەوتە بارێكی تر كۆچی نازدارێكی تر
پێ ڕا ناگا چاوانی حوزن و گریان بە هاواری دڵ
دەسەوسانە هزری غەمگین بە دەست ناڵانێكی تر
بێ بەختی كوردە وا شكا لە دەستی حوسامێكی تر
برینی كۆچت ئازیز هەمیشە سەوزە تا ئەبەد
بە بێ مردن لە بیرمانی نا باتەوە زەمانێكی تر.

عەلی سیرینی




ویست لە نێوان کێشمەکێشەکانی هزر و کەرەکەی بۆریدان.. شوان عەباس بەدری

دیارە هەموو مانەوە و سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانج و خۆرزگار کردنێک بە هەموو جۆرەکانییەوە پەیوەستە بە ویست ((ئیرادە))ی مرۆڤ و هەر لەو سۆنگەیەشەوە کارکردنو راڤە و شیتەڵکردنی ئەو بابەتە کاری لەپێشینەی ژمارەیەک فەیلەسوفی دیاری مێژوو بووە کە دیارترینیان ئەزموونی هزری و فەلسەفی جۆن بۆریدان فەیلەسووفی سەدەی چواردەیەمی فەرەنسییە، کە بە کێشمەکێشی کەرەکە ی بۆریدان ناسراوە، هەرچەندە باسی ئەو ئەزموون و راڤەیەوە هەر لە سەردەمی سوکراتەوە بەردەوامی هەبووە بەڵام باسە فەلسەفییەکانی ئەو فەیلەسووفە فەرەنسییە لە هەموو باسەکانی تر تێروتەسەلترە و هەر ئەوەش وایکردووە بایەخێکی زۆر بە نووسین و تیۆرییەکانی ئەو فەیلەسووفە بدرێت.

قسەیەکی باوی ناو ناوەندە فەلسەفییەکانی تایبەت بەو پرسە هەیە کە بە ((کەرەکە فەلسەفەی لێدا و دواجار لە برسا و لە تینوویەتییدا مرد))، کە چیرۆکی پشت ئەو قسەیە دەگەرێتەوە بۆ ئەزموونێکی هزری و فەلسەفی بۆریدان، ئەم فەیلەسووفە هەروەک پێشتر باسمانکرد بە تیۆرییە تایبەتەکانی سەبارەت بە کێشمەکێشە هزرییەکانی هەڵبژاردنەکانی مێشک لەو کاتەی دەرفەتەکان وەک یەک یەکسانن ناسراوەو ئەو کێشمەکێشە هزرییانەش بە کێشمەێشی کەرەکەی بۆریدان ناسراوە.

چیرۆکی باسەکە بەوجۆرەیە کەرێکیان بۆ ماوەیەکی زۆر لە ناو تەوێڵەیەک بە برسێتی و تینوویەتی هێشتۆتەوە کە بەجۆرێک برسییەتی و تینوویەتی بەتەواوی بڕستی لێبڕیوە، لە دوای ماوەیەک لەلای راست و چەپی کەرەکە خۆراک و ئاویان لە دوورییەکۆی یەکسان لە کەرەکەوە داناوە.

لێرەدا بۆریدان پرسیارێکی فەلسەفی خستۆتە ڕوو کە لەکاتێکدا کەرەکە هەم برسییەتی هەم تینوو و دووری ئالیک و ئاوەکەش لە کەرەکە دوورییەکی یەکسانە ئاخۆ خۆرسکانە یەکەمجار کەرەکە بەلای ئالیکەکەدا دەڕوات یان بە لای ئاوەکەدا؟

لەکۆتایی تاقیکردنەوەکەدا کەرەکە لە یەکسانی مەودای هەڵبژاردنی ئالیک و ئاوەکە نەیتوانی بڕیار بدات کە ئاخۆ یەکەمجار کامیان هەڵبژێرێت و لە کاتێکدا دەمێک سەیری لای راست و دەمێک سەیری لای چەپی خۆی دەکرد نەیتوانی یەکلا بێتەوە کە ئاخۆ یەکەمجار ئالیکەکە بخوات یان ئاوەکە بخواتەوە.

کرۆک و پەیامی باسەکە کە خۆی لە  کێشمەکێشی فەلسەفی پەیوەست بە ئازادی و ویست((ئیرادە)) و هەڵبژاردن دەبینێتەوە و وەک نموونەیەکی دیاری دەستەوسانی بوونەوەرێک لەکاتە هەستیارەکانی ژیانی دەخرێتەڕوو کە لەبەردەم دوو هەڵبژادە یان چەند هەڵبژاردەیەکی یەکسان راوستاوەو بەبێ پاڵنەر و ڕێنوومایی دەرەکی ناتوانێت بڕیار بدات و دواجار دەبێتە قوربانی بێ ئیرادەیی و لەناو دەچێت.

ئێستا گەر بازنەی باسی چیرۆکە فەلسەفییەکەی بۆریدان فراوانتر بکەین و بە وردی لە چواردەورمان بڕوانین و چەند هەنگاوێک لە کرۆکی سەرەکی بابەتەکە لابدەین دەبینین چەند زۆرن ئەو تاک و کۆمەڵگەیانەی بە بێ پاڵنەر و کاریگەرییەکی دەرەکی ناتوانن بە ئیرادەی خۆیان خەتی ژیان و مانەوەیان دیاری بکەن و بەردەوام چاوەڕێی دەستێکن کە بەرەو کەنارێکی ئارامیان بەرێت و دواجار لەو چاوەڕوانییەش هەم خۆیان و هەم کۆمەڵگەکەیان و هەم داهاتوو و هەم  خاک و نیشتمانەکەیان فڕێ دەدرێنە دەرەوەی شەمەندەفەرەکەی مێژوو و بەرەو فەنابوون دەچن.

شوان عەباس بەدری




بەکورتی39: شێتیی…. شێت ناتوانێت بفەلسەفێنێت.. ئازاد حەمە

پرسی شێتییMadness/ Insanityپرسێکی فەلسەفییە یان پزیشکیی(پزیشکییدەروونی)؟پرسی شێتیی بە درێژایی مێژوو بە شێوازی جۆراوجۆر لێکدراوەتەوە؛ فەلسەفە شێتیی وەک تەحەدایەک بۆ عەقڵ خستووەتەڕوو، وەک دیاردەیەک لە دەرەوەی عەقڵ لێیڕوانیووە. لەدێرزەمانەوە کۆمەڵگە غەدری زۆری لە شێت Madکردووە، هەوڵیداوە لە کۆمەڵگە وەدەرینێت،ئاوارە و بێ پەنایبکات،وەک نەگریس و لاسار دەریخات. ئەوەش هەردەم گوتراوە،کە شێتیی لەخودی خۆیدا داناییەکی یەزدانییە؛ بوونی بەرهەمی یەزدانە و داناییەک لە بوونەکەیدا هەیە. زۆرجاریش وابینراوە،کە شێتیی گوناهێکە بۆیە وایبەسەرهاتووە. لەگەڵکاتدا مرۆڤ کەسی شێتی وەک کەسێک ناساندووە،کە عەقڵی لەدەستداوە،بۆیە بڕیاری زیندانیکردنیدراوە؛ لێرەوە ترس لە شێتیی دەستیپێکردووە؛ شێت بووە بە کەسێک،کە دەروونناساغە.

بەپێی ئەوەبێت لای سەرەوە باسکرا دەپرسین: شێت لە کوێی فەلسەفەدایە؟باشە شێتیی بۆ فەلسەفە چیدەگەیێنێت؟شێتیی لە کایەی عەقڵدا ئامادەیە؟واتە شێتیی بریتی نییە لە لەدەستدانی عەقڵ؟ شێتیی مەترسییە بۆسەر فەلسەفە یان بەپێچەوانەوەیە؟فەیلەسوف فۆرمێکە لە شێتیی؟فەلسەفە لە شێتیی دەترسێت؟ ئامادەیە دیالۆگی لەگەڵدا بکات؟شێتیی خاڵی دەستپێکی گومان نییە؟ بۆ هەندێک پێیانوایە فەیلەسوفەکانن خودی شێتەکان؟شێتیی ئەوەیە،کە ڕۆح جەستەی خۆی ناناسێتەوە (لێیجیادەبێتەوە)(دێکارت)؟توێژەران لە بواری دەروونشیکاریی و پزیشکانی کلینیکیی(لاکان)لەمەڕ شێتیی چییمانپێدەڵێن؟ئەی نەخۆشیناسیی Pathology و دەرمانسازیی؟

شێتیی چییە؟پرسی شێتیی پرسێکی فەلسەفییە، تێڕامانە لە خودی مرۆڤ و ئەو جیهانەی تیایدەژیت. هاوکات پرسی شێتیی ترسیشە لە ئاوابوونی لۆژیک و بیرکردنەوە. لەبەرئەوەی فەلسەفە خۆی بە عەقڵ و هزر لەقەڵەمدەدات شێتیی بە بابەتی خۆیدەزانێت و وەک دژە فەلسەفەش لێێدەڕوانێت. بۆئەوەی پێداگیری لەوەبکەین، کە شێت ناتوانێت فەلسەفەبکات، سەرەتا پێویستمان بەوەیە بزانین فەلسەفە چییە؟کە زانیمان فەلسەفە چییە ئەوکات دەزانیین فەیلەسوف کێیە. پاشان لەسەرناسینی شێت و شێتیی دەوەستیین. بەمجۆرە دەکارین شێت لە فەیلەسوف و شێتییش لە فەلسەفە جیابکەینەوە.

وێڕایئەوە، بەپێی هەندێک گوزارەی ڕەوانبێژیی و زمانەوانیی زۆرجار ئەوانەی بە جۆش و خرۆشەوە بۆ شتێک دەچن پێیاندەگوترێت شێت. ئەوەش بە شێت دادەنرێت،کە بۆنموونە حەزێکی شێتانەی هەیە بۆ موزیک ژەنین یان بۆ شیعر نووسین و…. .زۆرکاتیش دەگوترێت کڕینی ئەو خانووە بەو نرخە شێتییە، چوونە دەرەوە بەم بارانە کارێکی شێتانەیە و خۆشەویستی سەرلەبەری شێتییە، بەختەوەریی ئەبەدیی خەونێکی شێتانەیە و….هتد. بەڵام ئەو شێتییەی لەم نووسینەدا قسەی لەسەر دەکەین ئەم چەشنە نییە لە شێتیی.

بۆیە سەرەتا دەپرسیین:فەلسەفە چییە؟فەیلەسوف کێێە؟ فەلسەفە بریتییە لە لێکۆڵینەوەی سیستماتیکیانە، کە تیاییدا ئاوەز کارا و بکەرە. هەروەها بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەشە لە بنەڕەتیترین پرسیارەکان سەبارەت بە زانین، ڕەوشت، بەهاکان، هۆشیاری و بوون. بریتییشە لە پرسیارکردن لە ڕەچەڵەکی ئەوەی ئێمە بە شتێکی ئاسایی دەزانین و شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی ئارگیومێنتانەشە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی قووڵتر لە جیهان تێبگەین.کەوابێت فەلسەفە گەڕانە بە دوای راستی و تێگەیشتن لە جیهان لە ڕێگەی پرسیارە جەوهەرییەکانەوە.

هەرچی فەیلەسوفە ئەو کەسەیە بەشێوەیەکی شیکارییانە بیر لە پرسە قووڵەکان دەکاتەوە؛ هەوڵی تێگەیشتن لە جیهان، ڕاستی،مانای ژیانی مرۆڤ و پرسیارە بوونگەراییەکان دەدات. ئەم کەسە شێوازێکی ژیان دەژیت،کە عەقڵ و دانایی ڕێنمایی دەکات؛ کەسێکیشە خەریکی بیرکردنەوەیەکی ئاوەزیی و ڕەخنەگرانەیە تایبەت بە مرۆڤ و جیهانەکەی.

هاوکات دەپرسین شێتیی چییە؟شێتیی ئاماژەیە بۆ لەدەستدانی عەقڵ ،نەخۆشییەکی دەروونیی یان تێکچوونی دەروونیی. لە ڕابردوودا شێتیی وەک سزایەکی یەزدانیی تەماشاکراوە، لەئێستادا وەک بابەتێکی پزیشکیی لێیدەڕوانرێت(نەخۆشی دەروونیی، نەخۆشی مێشک، یان کەمئەندامی هزریی).

لەناو شێتییدا، بۆ شێت،هەستێک هەیە، کە جیهان ئاوا نییە،کە عەقڵ دەیبینێت، بەڵکو بەوجۆرەیە،کە خودی شێتیی دەیبینێت. واتە شێتیی لەژێر فشاری واقیعدایە. عەقڵی واقیع عەقڵی شێت ڕەتدەکاتەوە. شێت بینینی خۆی هەیە،بەس ئەو بینینە مخابن دووچاری بەریەکەوتن دەبێت لەگەڵ واقیعدا.

بێگومان فەلسەفەیەک تایبەت بە شێتیی بەناوی فەلسەفەی پزیشکییدەروونیی بوونی هەیە،کە قاچێکی ئەم فەلسەفەیە لەناو فەلسەفە و ئەویتری لەناو پزیشکیی دەروونییPsychiatryدایە،کە ئەمیش کاری لێکۆڵینەوەیە لە دەروونپەرێشانیی psychosis. لەمبارەیەوە دێینەوەسەر فەیلەسوفی ئەڵمانیWouter Kusters،کە پێیوایە لێکۆڵینەوەی فەلسەفیی لەمەڕ دەروونبیماریی psychosis،ڕێبازێکی باشتر و کەمتر لایەنگرانەیە لە چاو زۆرێک لە تیۆرییە دەروونی و پزیشکییەدەروونییەکان.

پزیشکی کلینیکیی چۆن بڕیار لەسەر دۆخی شێتیی دەدات؟بەپێی گەورە بیریار و پزیشکیدەروونی فەرەنسی ژاک لاکان Lacan شێتیی “لە بنەڕەتدا بەرهەمی عەقڵ و زمانە، نوێنەرایەتی شکستی دەربڕین دەکات،کە بەهۆیەوە ناسنامەی خود و قسەکردن دەڕمێت یان دەبێتە وڕێنە.دەکرێت شێتیی وەک”ئەگەرێکی هەمیشەیی” لەناو خودگەرایی مرۆڤدا تێبگەین، کە لە بۆشایی نێوان بوون و ئەوەی کە پێیوایە، سەرچاوەی گرتووە و دەتوانێت وەک”غیابی ڕادیکاڵ” لە فۆرمەکانی پێکهاتەیی زمان و ئەزموون دەربکەوێت”.

لاکان شێتیی دەبەستێتەوە بە تێکچوونی ئامرازەکانی خۆدەربڕینەوە، کە بە پلەی یەکەم لەلایەن زمانەوە پێکهێنراوە.کەوابێت، کاتێک شێتیی دێتە زمان،گوزارەکردن کۆتایدێت. واتە،شێتیی ئاماژەیە لەسەر شکستی زمان. بۆیە لاکان دەڵێت:شێتیی دیاردەیەکە دەتوانرێت لە ڕێگەی زمانەوە لێیتێبگەین، نەک لە دەرەوەی زمان. بەپێی لاکان شێتیی لۆژیکی خۆی هەیە و ئەوەش بە”لۆژیکی شێتیی”ناودەبات.ئەو پێیوابوو،شێتیی نامۆ نییە بە عەقڵ، بگرە ئەوە عەقڵە بە شێتیی داڕێژراوە.

کۆتا گوتن لەبارەی ئەوەی شێت توانای فەلسەفاندنی نییە، ئەوەیە کە خودی فەلسەفە جۆرێک نییە لە کارێکی شێتانە؟ گەر فەلسەفە بیرکردنەوە بێت، شێت ئەو کەسە نییە کە بیرناکاتەوە؟ لەناو کۆگیتۆ Cogitoی(من بیردەکەمەوە) دێکارت Descartesدا شێت جێگاینابێتەوە.چونکە شێت بیرکردنەوەی نییە. دێکارت شێتیی لە فەلسەفەکەی دوردەخاتەوە؛ فەلسەفەی دێکارت کە، بریتییەلە(من بیردەکەمەوە کەواتە من هەم)ئەمە بەو مانایە نایەت، کە شێتیی ناتوانێت فەلسەفەبکات؟ بیرکردنەوە لای شێت باریکردووە، کەوایە چۆن شێت فەلسەفەدەکات، کە بیرکردنەوەی نییە. دێکارت بۆ بەپەیامگەیاندنی فەلسەفەکەی پێویستی بە شێت نییە. “شێتیی دژە فەیلەسوفە، کە لە ڕێگەی گومانی میتۆدییەوە دەگاتە دڵنیایی بوونیخۆی وەک بوونەوەرێکی بیرکەرەوە””.دیدی دێکارت بۆ شێتیی گفتوگۆی گەرمی خستەنێوان فوکۆ و دێریداوە…

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




شكسپیر لەدەرەوەی بازنەی نووسین چی تر بووە ؟.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

ڕەنگە زۆربەمان شكسپیر وەك گەورە نووسەرێكی جیهانی بناسین، بەڵام كەمتر ئەوە دەزانین كە لە پاڵ نووسیندا ، شكسپیر ئەكتەرێكی كارامە بووەو رۆَڵی نواندنی لەچەندین شانۆگەریدا بینیووەو چەندین شانۆگەریشی بۆ شانۆ دەرهێناوە.
ئامانجی سەرەكی شكسپیر لە نووسینەكانیدا ئەوە بووە، ئەو نووسینانە بكرێنە شانۆگەری و لەسەر تەختەی شانۆدا نیشانی بینەر بدرێن، نەك هەر تەنها دەقێك بن بۆ خوێندنەوە .
یەكێك لەبەهێزترین بەڵگەكانیش بۆ سەلماندنی ئەوەی شكسپیر ئەكتەر بووە، ڕەخنەیەكی توندی نووسەرێكی هاوچەرخی خۆیەتی بەناوی (ڕۆبێرت گرین – Robert Greene) كە لەساڵی 1592 دوای بینینی نمایشی ( كۆترێكی ساوا ) لە وتارێكدا سووكایەتیی بەشكسپیر دەكاو دەڵێت:
ئەو ئەكتەرە ( مەبەستی شكسپیرە ) وا دەزانێت دەتوانێت بەو دیمەنە بمان هەژێنێ‌ .
ئەمەش ئاماژەیەكە بەوەی (شكسپیر ) هەر لەسەرەتاوە شكسپیر ئەكتەر بووە و دواتر دەستی داوەتە نووسین ، بەڵام نووسەرانی ئەكادیمیی ئەو سەردەمە وەك (گرین) پێیان خۆش نەبووە ئەكتەرێك دەست بۆ قەڵەم بەرێت.
هەروا لە چاپی یەكەمی بەرهەمەكانی شكسپیردا كە لە ساڵی ١٦٢٣ بڵاوكراوەتەوە، لە لیستی ئەكتەرە سەرەكییەكاندا ناوی ( ولیەم شكسپیر) لە ڕیزبەندی سەرەوەدا هاتووە.
ئەمەش بەڵگەیەكی یەكلاكەرەوەیە كە ئەو پیشەی سەرەكیی نواندن بووە.
هەروا دەبێ‌ ئەوەش بزانین كە (شكسپیر) هەر تەنها لە شانۆگەرییەكانی خۆیدا نواندنی نەكردووە، بەڵكو ئەكتەرێكی پیشەگەر بووە لە گرووپی (Lord Chamberlains Men).
لە دوو بەرهەمی گرنگی هاوڕێ و ڕكابەرەكەی (بێن جۆنسۆن) شكسپیر وەك ئەكتەر ڕۆڵی بینیوە. بەپێی تۆمارەكان، ئەو لەشانۆگەریی (هەر پیاوێك لە نوكتەی خۆیدا Every Man in His Humour (ساڵی1598 ) و شانۆگەریی ( كەوتنی سیجانۆس Sejanus His Fall ساڵی 1603 وەك ئەكتەر بەشدار بووە.
بەڵام لەبەرهەمەكانی خۆشیدا چەند بەشداری كردنێكی هەبووە، (وەك ئەوەی (نیكۆلاس ڕۆ ) كە یەكەم ژیاننامەنووسی شكسپیرە باسی دەكات:
شكسپیر زیاتر ڕۆڵی شاهانە، كەسایەتییە بەتەمەنەكان، یان ڕۆڵە لاوەكییە كاریگەرەكانی بینیوە .
ڕەنگە بەهۆی سەرقاڵ بوونی بەنووسین و بەڕێوەبردنی تیپەكەی، ڕۆڵی پاڵەوانی و سەرەكی وەك (هامڵێت ) ی نەبینیووە ، بەڵام بە پێی دەرفەت چەند رۆڵێكی لاوەكی بینیووە لەوانە:
تارمایی باوكی هامڵێت لە شانۆگەریی هامڵێت.
زۆرێك لە سەرچاوەكان لەسەر ئەوە كۆكن كە شكسپیر خۆی ڕۆڵی (خێو) ە كەی بینیوە كە داوای تۆڵە لەكوڕەكەی دەكات.
هەروا رۆڵی ئادەم (Adam): لە شانۆگەریی (وەك ئەوەی ئارەزووی دەكەیت ).
هەندێ‌ لێكۆڵەریش پێیان وایە شكسپیر خۆی لەبەشی یەكەم و دووەمی شانۆگەری (هێنری چوارەم) دا، خۆی ڕۆڵی پاشای بینیوە.
شكسپیر وەك دەرهێنەر
بەر لەهەموو شتێ‌ كاتێ‌ باس لەلایەنی دەرهێنان دەكەین لای شكسپیر، دەبێت ئاگامان لەوە بێت كە لە سەردەمی ئەلیزابێسدا چەمكی (دەرهێنەر (Director) بەم مانایەی ئەمڕۆ نەبووە، بەڵام لە كاتی خۆیدا شكسپیر بە كردەوە ئەو ئەركانەی بەجێ‌ گەیاندووە كە دەرهێنەرانی ئەمڕۆ بە جێی دەگەیەنن ، لەوانە :
ئاڕاستەكردنی ئەكتەرەكان
لەو سەردەمەدا، نووسەری دەقەكە و ئەكتەرە سەرەكییەكان پێكەوە بڕیاریان لەسەر جووڵە و شێوازی ئیلقا دەدا.
شكسپیر وەك نووسەرو هاوبەشی سەرەكی سەرپەرشتیاری نمایشەكانی كردووە.
وانەكانی نواندن
باشترین بەڵگە بۆ ئەوەی بیسەلمێنین (شكسپیر) تێڕوانینی دەرهێنەرانەی هەبووە، دیمەنی دووەمە لە پەردەی سێیەمی شانۆگەریی هامڵێت.
كاتێك هامڵێت ئامۆژگاریی ئەكتەرەكان دەكات و پێیان دەڵێت:
وا ڕستەكان بڵێن، وەك چۆن من بۆم خوێندنەوە.
ئاگاتان لەوە بێت هەواو ئارەزووی خۆتان تێكەڵ بە نمایش نەكەن… دەستەكانتان زۆر بە هەوادا مەوەشێنن.
ئەمە ئامادەكردنی ئەكتەرو فۆرمی خودی شكسپیرە وەك دەرهێنەرێك كاتێ‌ ڕێنمایی ئەكتەرانی تیپەكەی (Kings Men) دەكات ، كە چۆن لەسەر شانۆ نواندنی سروشتی بكەن و خۆیان لە زێدەڕۆیی وهەڵچوون بەدوور بگرن.
شكسپیر وەك بەڕێوەبەری هونەری و خاوەن پشك
سەردەمێك ( شكسپیر) خۆی خاوەنی شانۆی گڵۆب (The Globe Theatre) بوو، ئەو شانۆیەی شكسپیر ساڵی 1599 بوو بەیەكێك لە خاوەن پشكەكانی ئەو تیپە .
ئەم بە پشك بوونە وایكرد، ئەو تەنها كرێكارێك نەبێت بۆ نووسینی دەقی شانۆیی ، بەڵكو بڕِیاردەر بووە لەوەی چی نمایش بكرێت؟
كێ ڕۆڵ ببینێت؟ یان چۆن پارە خەرج بكرێت؟
ئەم پێگەیەی (شكسپیر) لە تیپ ، دەسەڵاتی تەواوی پێدابوو كە دەقەكانی بەو جۆرەی خۆی دەیەوێت لەسەر تەختە بەرجەستە بكرێن، ئەمەش جۆرێك بوو لەكاری دەرهێنان.
بەگشتی شكسپیر لە دەرەوەی بازنەی نووسین، پیاوێكی پراكتیكیی بووە لە شانۆدا.
ئەو زانیویەتی ئەكتەر چۆن هەناسە دەدات، جەماوەر لە كوێدا بێزار دەبێت، تەختەی شانۆ (ستەیج) چەندە بەرگە دەگرێت و ریتمی شانۆ چۆن بەرز دەبێتەوەو چۆن دادەبەزێ‌ .
وەك دەرهێنەر هەرچەندە نازناوەكە وەك خۆی بوونی نەبووە، بەڵام لە ڕێگەی ڕاهێنانی ئەكتەرەكان و سەرپەرشتی گرووپی (King’s Men)، بە پراكتیك كاری دەرهێنانی كردووە.
زۆربەی كارەكانیشی لە شانۆی (The Theatre)، (The Curtain) و دواتر لە (The Globe) و (Blackfriars) لە لەندەن نمایش كراون .
توانستی شكسپیر وەك ئەكتەر
یەكەم ئاماژەی ڕەخنەیی بەرامبەر شكسپیر لەلایەن ( ڕۆبەرت گرین) ی هاوچاخی بوو، كە نووسەرێكی ئەكادیمی بوو.
لە نووسینەكەی دا، شكسپیری بە قەلەڕەشێكی تازەپێگەیشتوو ناوبرد,
(گرین) لەوە تووڕە بوو كە چۆن ئەكتەرێك بوێری ئەوەی هەیە ، بەئاستێكی نزم هەوڵ بدات دەست بۆ نووسینی دەقی شانۆیی بەرێت .
ئەمەش هەمدیسان ئەوە دەسەلمێنێت كە شكسپیر سەرەتا وەك ئەكتەرێكی دیار دەركەوتووە پێش ئەوەی وەك نووسەرێكی گەورە بناسرێت.
هێنری چێتڵ (Henry Chettle): كەمێك دوای هێرشەكەی گرین، داوای لێبووردنی كرد و ستایشی شكسپیری كرد و گوتی:
شكسپیر لەو هونەرەی كە بانگەشەی بۆ دەكات (واتە نواندن)، زۆر نایابە.
ئەمە بەڵگەیەكی بەهێزبوو لەوەی كە شكسپیر خۆی لەخۆیدا وەك ئەكتەرێكی بەتوانا و ڕێز لێگیراو سەیر كراوە.
بێن جۆنسن (Ben Jonson): هاوڕێ و ڕكابەری شكسپیر، ناوی شكسپیری لە لیستی ئەكتەرانی شانۆنامەكانی خۆیدا (وەك Every Man in His Humour) نووسیوە.
بە گشتی ڕەخنەگرەكان و ژیاننامەنووسانی سەدەی حەڤدەو هەژدە (جەیمس ڕایت) ئاماژە بەوە دەكات كە شكسپیر ئەكتەرێكی باش بووە، بەڵام نووسینەكەی زۆر باڵاتر بووە لە نواندنەكەی.
(نیكۆلاس ڕۆ) كە یەكەم ژیاننامەنووسی فەرمی شكسپیرە دەڵێت:
هەرچەندە بەدواداچوونم كردووە، بەڵام نەمتیوانیوە بگەمە ئەنجامێكی گەورەتر لەوەی كە لووتكەی نواندنی ئەو لە ڕۆڵی (خێوەكە) بووە لە شانۆنامەی هاملێتدا.
ئەمە وا لێك دەدرێتەوە كە شكسپیر لەسەر تەختەی شانۆ خاوەنی دەنگێكی كاریگەر و ئامادەبوونێكی هێمن بووە، نەك جووڵەی زۆر و هاواركردن.
ئەی لەبۆچوونی مۆدێرنی ئەمڕۆ چۆن سەیر كراوە ؟
توێژەرانی ئەمڕۆ وەك (پیتەر ئاكرۆید و ستێفن گرینبلات) پێیان وایە:
شكسپیر لەبەر ئەوەی خۆی ئەكتەر بووە، دەیزانی چۆن دەق بنووسێت، هەم ریتمێكی بەهێزی هەبێت،هەم پڕمانا بێت و لەسەر زاریش ئاسان بێت .
زۆربەی ڕەخنەگران كۆكن لەسەر ئەوەی: ئەگەر شكسپیر ئەكتەر نەبوایە، نەیدەتوانی بەو شێوە زیندووە دیالۆگ بنووسێت.
ڕەخنەگرەكان بەبەڵگە دەیسەلمێنن كە شكسپیر خۆی خوێندنگەیەكی نواندنی ڕیالیزمی بووە، هەمیشە دژی نواندنی دەستكرد و زیدە دەڕۆیی بووە لەنواندندا.




ناڕەزایەتیە چینایەتیەکان لە نێوان بەرداشی دەسەڵاتداریەتی دوو زۆنی ئۆلیگارشیدا.. سابیر محەمەد

ئەڵێن لە هەرێم و لەناو کوردستاندا چینی کرێکار بوونی نیە ، وە شەڕی چینایەتی بیدعەی کۆمۆنیستەکانە !
ئەگەر وایە ئەوە چ هێزێکی کۆمەڵایەتی و چینایەتیە کە کارگەو کارخانەو پاڵاوتگاو پڕۆژە خزمەتگوزاریەکانی ئەم ناوچەیەو عێراق ئەبەن بەڕێوە، وە ژمارەیان لە تەواوی عێراق و هەرێمدا ئەگاتە نزیکەی زیاتر لە ١٥ ملیۆن کرێکار ؟
ئەم پەیوەندی بەرهەمهێنانەی سەرمایەداری لە هەرێم و عێراق، شەڕێکی چینایەتی وە ناڕاەزایەتیەکی بەرینی بەدوای خۆیدا هێناوە، وە لە چەندین نەبەردی جۆراو جۆری چینایەتیدا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دوو زۆنی ئۆلیگارشی قەومیانەی کورد، و دەسەڵاتێکی کۆنەپەرستانەی تائیفی لە عێراقدا دەستەویەخە بوونەتەوە، لە چەشنی ، هەڵچوونە جەماوەریەکەی ١٧ ی شوباتی ساڵی ٢٠١١ شاری سلێمانی، و ڕاپەڕینی قارەمانانەی تشرینی ساڵی ٢٠١٩ شارەکانی ناوەڕاست و باشوور و بەتایبەت شاری بەغدا، هەروەها ناڕەزایەتیە جۆربەجۆرەجەماوەریەکانی تر سەبارەت بە مووچە و نەبوونی خزمەتگوزاریەکان.
خاڵی لاوزای ئەم شەڕە چینایەتی و ناڕەزایەتیانە، ئەوەیە کە تا ئێستا جڵەوەکەی لەدەستی خۆیاندا نەبووەو نیە، وە ئەم ناڕەزایەتیانە لە ژێر کارگرد و دەستێوەردانی ئەجیندای حیزبی دەسەڵاردارانی قەومی و لێبڕالی و ئیسلامیەکان و شەڕی بەرژەوەندی ئەم دوو زۆنە نەخشە بۆ کێشراوەی هەرێم و عێراقدان بەلاڕێدا براون و بەقازانجی ئەجیندای حیزبی ئەم دەسەڵاتدارانە شکاونەتەوە ، وە چەپە بۆرژواکانیش تەنها پاشکۆیی وخۆسازاندنیان لەگەڵ سیاسەتی ئەحزابە بۆرژوا- کۆمبرادۆرەکان بۆ ماوەتەوە، لە ناو جەنگەی ئەم ململانێ و شەڕە چینایەتیانەدا .

ئەمەش لەبەر نەبوونی هێزێکی ڕێکخراووی چینایەتی و سیاسی کە هەڵگری ئامانج و خواستەکانی ئەم جەماوەرە ستەمدیدە بێت تا بتوانێت ئاڕاستەی ئەم ناڕەزایەتیانە بە قازانجی خودی شۆڕشی سەرتاسەری و چینایەتی ئەوان سازمان بدات، وە ڕێگە لەوە بگرێت کە چیتر ئەم ناڕەزایەتی و خەباتە چینایەتیە سەرەتایی و جۆربەجۆرانە نەبنە سووتەمەنی ململانێ و ناکۆکی نێوان ئەم دوو دەسەڵاتە ئۆلیگارشیە ملیاردێریەی زۆنی زەردو سەوز وە تەواوی دەسەڵاتدارانی کۆنەپەرستی عێراق کە وابەستن بە بەرژەوەندی سەرمایەی ئیمپریالیستی جیهانی و مۆنۆپۆڵەکانیان.

قەیرانی ئابووری بنەما و سەرچاوەی قەیرانە سیاسیەکانن
لە دوای ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی پارلەمانی عێراقی ئەم دوایانەوە ، گرژی و ئاڵۆزی و کێشە و ململانێەکی سەخت لە نێوان تەواوی لایەنە سیاسیە جۆر بەجۆرەکانی هەرێم و عێراق سەریان هەڵداوە، لەسەر مەسەلەی دابەشکردنی هەژموونی دەسەڵاتی سیاسی و بەرژەوەندیە ئابووریەکانیان، هەربۆیە ئێستا لە بەغدا کێشمەکێشکی گەورە هەیە لەسەر هەڵبژاردنی (سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران) ، بەتایبەت لەنێوان محمەد شیاع السودانی و نوری المالیکی دا.
یەکێک لەو کێشەو ململانێانە بریتی بوو لە ، تۆپباران کردنی پاڵاوتگەی کۆرو مۆر بوو، کە لە نێوان دەسەڵاتدارانی هەرێم لە لایەک، و میلیشیا ئێرانی و دەسەڵاتە تائیفیەکەی بەغدا سەریان هەڵدا .

ناڕەزایەتیەکانی گوندەکانی لاجان، کە لە ڕۆژی ٢٩ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ دا، کە بەهۆی ئاکامی قەیراناوی و درۆزنانەی هەڵبژاردنەکانیان ، بووە مایەی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی کرێکارانی پاڵاوگەی لاناز ، دژ بە بێکاری و خراپی هەلومەرجی کار لە پاڵوگەکەدا، هەروەها داوای ڕەخساندنی هەلی کارو ، هەر کارکردێکی خراپی ژینگەیی کە ئەم پاڵاوگەیە هێناویەتە ئاراوە، بۆ سەر ژیان و تەندروستی خەڵکی چەوساوەی ناوچەکە ، وە وێڕای دستێوەردانی ئەجیندای حیزبی هەردولای زۆنی زەردو سەوزو و دەسەڵاتە خێڵەکی و عەشیرتیەکانیان ، ناتوانێت ئەو ڕاستیە بشارێتەوە کە ئەم ناڕەزایەتیانە بەشێکن لە پێکدادانێکی چینایەتی لەو ناوچانەدا.
بێگومان خەباتی چینایەتی و ناڕەزایەتیەکان بە بێ هزری میتۆدی ڕێکخراوبوونی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕانە ، توانای چوونە پێشەوەو سەرکەوتنیانیە .
ڕۆشەنبیرانێکی چەپی ووردەبۆرژوازی کە دژ بەم میتۆدیە سیاسیەن ، وە دژ بە ڕێکخراوبوونی سیاسی چینی کرێکار و چەوساوەکان ئەوەستنەوە ، وە بە شان و باڵی ناڕەزایەتیە خۆبەخۆیەکانی لەم جۆرە هەڵئەددەن، بەدوور لە ئامانجی ڕێکخراوبوونیان ، هیچیتر نیە، بێجگە لە زۆربڵێی ڕۆشنبیرانە و شان خاڵی کردنەوە لە خەباتی کۆمۆنیستی .
هەروەها هاوکاری و پشتیوانی چەپە بۆرژواکان لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەو بەڵێن و ئامانجە درۆزنانەی کە پێش هەڵبژاردنەکە بەرزیان کردبۆوە ، خۆی لە خۆیدا جۆرێکە لە خۆڵ کردنە چاوی جەماوەری چەوساوەی ئەم دەڤەرانە و، وە بەلاڕێدا بردن و بەچۆکدادانی خەباتی چینایەتی ئەوانە، لە ڕێگەی بانگەشەو داواکردنی ئەوەی ، کە پێویستە ئەنجامدەرانی تەقەکردن لە خەڵکی گوندی لاجان بدرێنە دادگا !
بەم پێیە ئەوان دادگاکان و یاسا کۆنەپەرستیە ئاینی و خێڵەکییەکانی عێراق و هەرێم، کە بریتین لە بناغەو سەرچاوەی چەوساندنەوەی چینایەتی و سەپاندنی نا دادپەوروەی بەسەر جەماوەری ستەمدیدەدا، بە جێگەی متمانەو فریاد ڕەسی جەماوەری چەوساوە لە قەڵەم ئەدەن، بۆ چارەسەرکردنی ئەم جۆرە دەستدرێژی و سەرکوتە چینایەتیە خوێناویەی دەسەڵاتدارانی بۆرژوا- کۆمبرادۆری عێراق و هەرێمە دوو زۆنیەکەی ، وە خۆی لە خۆیدا پەیامێکە بۆ خودی دەسەڵاتدارانی زۆنی زەرد کە ئەوان وەک ( چەپێکی بۆرژوازی ) دژ بە بنەما سەرەکیەکانی کۆمەڵگای سەرمایەداری و یاساکانی نین .
خەباتێکی چینایەتی سەرەتایی و پڕ لە تەنگوچەڵەمەی سیاسی وتێکەڵ بە بیروبۆچوونی ئاینی و عەشیرەتی و خێڵەکی و ڕیفۆرمیستی کە لە ئارادایە ، هێزی سیاسی و ڕێکخراوی تێکۆشەری سەر بە میتۆدی شۆڕشگێڕانەی مارکس ئەخوازێت ، بێگومان ئەم خەباتە لۆکاڵی و ناوچەیی نیە، بەڵام لەهەمان کاتدا تێکۆشەرانی لۆکاڵی خۆی ئەخوازێت .

و.سابیر
٣/ ١٢ / ٢٠٢٥




گه‌مژه‌یه‌ك له‌ دیداری تیرۆرستێكدا!.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

                             
                                                                   

گه‌ر به‌ مێژووی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مه‌ریكا دابچینه‌وه‌، ده‌بینین له‌ هیچ سه‌رده‌مێكدا، ئه‌م وڵاته‌، سه‌ڕۆكێكی گه‌مژه‌ و هه‌رزه‌ی سیاسی و ڕه‌فتار منداڵانه‌ی وه‌ك تره‌مپی به‌ خۆوه‌ نه‌بینیوه‌، بۆیه‌ كاتێ جارێكی دیكه‌ هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌، هاورێی هێژام كاك گۆران هه‌ڵه‌بجه‌یی، له‌ وتارێكی جواندا نووسبیبووی ( گه‌مژه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، سه‌رۆكه‌ گه‌مژه‌كه‌یان سه‌رخست) كه‌سانێك، كه‌ هیچ شاره‌زایه‌كیان له‌ مێژووی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و سیسته‌می ئه‌و وڵاته‌ نییه‌، كه‌وتنه‌ ڕه‌خنه‌ و توانج له‌ هاوڕێ گۆران كه‌ چۆن ده‌نگده‌ره‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان به‌ گه‌مژه‌ ناو ده‌بات؟ به‌ڵام له‌ ڕاستیدا، ئه‌م ناساندنه‌ نه‌ك له‌ جێی خۆیه‌تی، به‌ڵكو نیشانه‌ی قووڵبوونه‌وه‌ی نووسه‌ری وتاره‌كه‌ و تێگه‌یشتنیه‌تی، له‌ ڕه‌هه‌ندی مێژووی سیاسه‌ت و هه‌ڵبژاردن له‌ ئه‌مه‌ریكا. تۆڵستۆی ده‌ڵێت: (گه‌مژه‌كان هه‌میشه‌ براوه‌ن، چونكه‌ زۆرینه‌ن) . بۆیه‌ من هه‌ر له‌ ساڵی دوو هه‌زار و شانزه‌، كه‌ تره‌مپ بووه‌ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌و كات له‌وتارێكمدا، كه‌ له‌ كوردستانی نوێ بڵاوم كرده‌وه‌، باسم له‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌م پیاوه‌، نه‌ك شیاوی ئه‌وه‌ نییه‌ ببێته‌ سه‌رۆكی زلهێزترین وڵاتی دنیا، به‌ڵكو گه‌مژه‌ و كاڵًفامێكی سیاسییه‌ و نازانێت پڕۆتۆكۆڵ و ڕێسای كارپێكراوی سه‌رۆكه‌كانی پێشووتری ئه‌مه‌ریكا چین و چۆن بوونه‌؟! گه‌ر به‌راوردی هه‌ر چه‌نده‌ شایه‌ن به‌ به‌راورد نییه‌، ئۆباما و كلنتۆن، بۆش و كه‌نه‌دی به‌ تره‌مپ بكه‌ین، ئه‌و كات ده‌زانین ئه‌م پیاوه‌ شیاوی ئه‌وه‌یه‌ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بێت یاخود نا؟
به‌ داخه‌وه‌ تره‌مپ چانسێكی باشی هه‌بوو، كه‌ له‌ هه‌ردوو خولی هه‌ڵبژاردندا، كێبڕكێكی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی ژنێك بوو، له‌ مێژووی ئه‌مه‌ریكاش، كه‌ به‌راورد به‌ ئینگلیز و فه‌ره‌نسی و و سوێدییه‌كان گه‌لێكی هوشیار و ڕۆشنبیر نینه‌، هیچ ژنێك نه‌ بۆته‌ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، ئیدی ئه‌مه‌ ده‌رفه‌تی له‌ به‌رده‌م ئه‌و سه‌رمایه‌دار و بازرگانه‌ ڕه‌خساند، كه‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا بباته‌وه‌. ڕه‌فتار و هه‌لًَسوكه‌وت و زمان و ده‌ربڕینه‌كانی تڕه‌مپ، زیانی زۆریان به‌ ناوبانگ و مێژووی سیاسی ئه‌مه‌ریكا گه‌یاند ! ئه‌م پیاوه‌، جارێك په‌نابه‌ران به‌گه‌مژه‌ ناوده‌بات، جارێك باسی لكاندنه‌وه‌ی كه‌نه‌دا به‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌كات، دواتریش جوێن به‌گه‌لی مه‌كسیك ده‌دات ! جارێك به‌ سه‌رۆكی مۆریتانیا ده‌ڵێت قسه‌كانت كه‌مبكه‌وه‌، ته‌نها ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ت هه‌یه‌، ناوی خۆت و وڵاته‌كه‌ت بڵێی، وه‌ك مامۆستایه‌ك له‌ به‌رانبه‌ر خوێندكاره‌كانی ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌چی ده‌ست به‌ ڕیشی ناموباڕه‌كی شه‌رع دادێنێت ! ئه‌م گه‌مژه‌یه‌، جارێك ڕۆژنامه‌نووسان ده‌رده‌كات، جارێكی دیكه‌ش به‌ وته‌بێژه‌ جوانه‌كه‌ی خۆی ده‌ڵێت ناچیت له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌نگاریا كار بكه‌یت؟ ئه‌مانه‌ و ده‌یان ڕه‌فتاری هه‌رزانه‌ی تر و به‌داخه‌وه‌ دوایین كاری گه‌مژانه‌شی ، پێشوازیكردنی بوو، له‌ سه‌رۆكێكی تیرۆرست، كه‌ خۆی و به‌ ره‌ ئیسلامی و تیرۆرستییه‌كه‌ی ده‌ستیان سووره‌ به‌ كوشتنی هه‌زاران كه‌سی سڤیل و كوردیش، كه‌ ئه‌ویش ئه‌حمه‌د شه‌رعی سه‌رۆكی سوریایه‌. شه‌رع، به‌ داخه‌وه‌ سه‌ركه‌وتوو بوو له‌وه‌ی كه‌ له‌و دیوگوتاره‌ ئیسلامی و تیرۆرستییه‌كه‌ی، جۆرێك له‌ سیناریۆی به‌ ناو كرانه‌وه‌ نماییش بكات و له‌و په‌راوێزه‌وه‌، ده‌رگای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ نێو جیهانی عه‌ره‌بی و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی به‌ سه‌ر دا كرایه‌وه‌. ئه‌م به‌ ناو سه‌رۆكه‌ی ئه‌مڕۆ و داعشه‌كه‌ی دوێنێ، له‌ كاتێكدا ده‌یه‌وێت گوایا سوریا وه‌ك وڵاتێكی كراوه‌ و نوێ و دیموكراسی پیشان بدات، كه‌چی به‌و دیودا هێزه‌ ئیسلامییه‌كانی سه‌رقاڵی ئه‌تككردنی ژنانی كورد و دورز و كریستیان و تیرۆكردنی هه‌موو ئه‌و ده‌نگه‌ جیاواز و ئازادی خوازانه‌یه‌، كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ناسنامه‌ی شۆفێنی عه‌ره‌بی و داعشی و ئیسلامین.
ده‌ستووری نوێی سوریا، ئاڕم و لۆگۆكانی، به‌ ناو كۆنگره‌ ئاشته‌وایی و هه‌وڵدان بۆ دانانی یاسایه‌ك كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی شه‌ریعه‌تی ئیسلامییه‌، ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌ن كه‌ سوریای نوێ، ده‌سه‌ڵاتێكی ئایینی و ئیسلامی و شۆفێنی عه‌ره‌بی ده‌بێت و هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ پایه‌كانی ده‌سه‌ڵات پته‌و كران، ئیدی به‌ گژ هه‌موو پێكهاتێكی ئه‌تنیكی و نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی جیاواز داده‌چێته‌وه‌ و هه‌موو ده‌نگێكی ئازاد و سه‌ربه‌ستیش له‌ نێو ده‌بات. بۆیه‌ بڕوام وایه‌ گه‌ر تره‌مپ نه‌بووایه‌، هه‌ر كه‌سێكی دیكه‌ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بووایه‌، ئاماده‌ نه‌بوو پێشوازی له‌ شه‌رع بكات، كه‌ هێشتا ساڵێك به‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌ ئیسلامییه‌كی تێنه‌په‌ڕیوه‌، كه‌چی ئه‌و وڵاته‌ی كردۆته‌ زیندانێك بۆ ئه‌و نه‌ته‌وه‌وه‌و ئایینانه‌ی عه‌ره‌ب و ئیسلام نین. بۆیه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێو ده‌وڵه‌تی، ده‌بێ به‌ ئاگا بێته‌وه‌وه‌ ئه‌و ڕاستییه‌ له‌ بیر نه‌كات كه‌ شه‌رع، سه‌رۆكی به‌ره‌ی ئه‌حرار شامی ئیسلامی و تیرۆرستین.




کورد و ڕەهەندەکانی ڕۆشنبیری.. دوکتور شەماڵ ئیسماعیل پوور

بەرایی
ڕۆشنبیری و گرینگی ئەم چەمکە بۆ کۆمەڵگا هەمیشە حاشاهەڵنەگرە. ئەم بابەتە لە زانستە مرۆییەکان و لێکۆڵینەوە فەرهەنگی و گوتارە سیاسییەکاندا هەرگیز کۆن و بۆژۆ نابێت. هەربۆیە هەڵدەگرێ بە شێوازی نوێ و نوێتر بخرێتە بەرباس و لێکۆڵینەوەی تایبەت. فەیلەسووف و کۆمەڵناسەکان لە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانەوە ئەم بابەتەیان تاووتوێ کردووە. لەم وتارەدا تیشک دەخەینە سەر کاریگەری و جێ‌پێی دیاردەی ڕۆشنبیری لە کوردستاندا. ئەم کاریگەرییە بە نەتەوەی کورد و بارودۆخی کوردەوە گرێ دەدەین و ڕۆشنبیری نەتەوەی بێ‌دەوڵەت پێناسە دەکەین و لە کۆتاییدا بۆ پرسی ناسنامەی نەتەوەیی لە دەربیجەی ڕۆشنبیرییەوە دەڕوانین.

ڕۆشنبیری
وشەی ڕۆشنبیر لە وشەی فەڕەنسی (Intellect) وەرگیراوە و بە واتای هێزی عەقڵە. ئەم وشەیە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1860ی ز لە وتارێکی پیسارۆفی ڕووسیدا هات و بۆ لاوانی ئاکادیمی بەکار برا . ئەو لاوانەی خاوەنی ئەندێشەیەکی ڕەخنەگرانە بوون. لە ئەندێشەی مارکسیستیدا چەمکی ڕۆشنبیر لەگەڵ چەمکی چەپ بە یەک واتا هاتوون.بە دڵنیاییەوە گەشەی گەلان و ڕزگاربوونیان لە دواکەوتوویی و خورافات و ژێردەستی، لە سۆنگەی چالاکی و کاری ڕۆشنبیرانەوە بووە. ڕۆشنبیران کارێکی زۆر دژواریان لە ئەستۆیە. ڕەنگە هیچ کارێک بەڕادەی وەئاگاهێنانەوەی خەڵک دژوار نەبێت. کاری ڕۆشنبیری جۆرێک لە پەروەردەیە. کاری پەروەردەش گەلێک دژوار و پسپۆڕخواز و کاتبەر و تێچوو هەڵگرە. ئیمانۆئێل کانت دەڵێ :لە نێو داهێنانەکانی بەشەردا دوو شت لەوانی دیکە دژوارترن، یەکیان هونەری بەڕێوەبردنی وڵات و ئەوەی دیکەیان هونەری پەروەردە.

زمانی ڕۆشنبیر
ڕۆشنبیر خاوەنی زمانی تایبەت بە خۆیەتی. ئیدوارد سەعید دەڵێ: کەسی ڕۆشنبیر ئەگەر زۆر پسپۆڕانە بدوێ، کەس لێی حاڵی نابێ و ئەگەریش زۆر ساکار و سادە بدوێ دەچێتە حاڵەتی پۆپۆلیزمەوە . کەوابوو کەسێکی ئەوتۆ دەبێ لەگەڵ ئەوەدا کە خاوەنی زانایی تایبەتە، دەبێ بەزمانی ناپسپوڕانە و تایبەت بدوێ. تاکوو هەموو خەڵک لێی تێبگەن و وتەکانی فام بکەن و بتوانێ قسەی خۆی بە گوێی هەموو خەڵک بگەیەنێ.

کاری ڕۆشنبیر
لە نێو گەلانی خاوەن دەوڵەتدا، کاری بنەڕەتی ڕۆشنبیر ڕەخنە گرتن لە دەسەڵاتە . دەسەڵات بە بێ ڕەخنە لێگرتن و چاودێری کردنی ڕۆشنبیران دەگنخێ. دەسەڵاتدار کە لە دەسەڵاتدا مایەوە، ئاشقە خۆ دەبێت و بێجگە لە خۆی کەس نابینێ و تاکڕەوانە کاران ڕادەپەڕێنێ و دەستی بۆ هەموو خراپەکارییەک ئاوەڵا دەبێت. هێدی هێدی لە یاسا و ڕێساکانی کۆمەڵگا دوور دەکەوێتەوە و دەچێتە چوارچێوەی ئایدیۆلۆژیاوە. لە وەها حاڵەتێکدا لەباتی پێمل‌بوون بە یاسا و داخوازییەکانی گەل و نەتەوە، حەز و ئاواتە تاکڕەوانەکانی خۆی دەکاتە یاسا و خەڵک پێملی ویستەکانی خۆی دەکات. ڕۆشنبیری بوێر و نەترس و ئازا دێتە مەیدانەوە و بە ڕەخنەی ڕۆشنبیرانە بەرهەڵستی دەسەڵاتدار دەبێتەوە. ئەوسا زۆرجار دەسەڵاتدار لەبری پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ و چاکسازی، پەنا دەباتە بەر تیرۆر و ڕەشەکوژی و لەناوبردنی کەسی ڕەخنەگر. مێژووی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین پڕە لەو کوشتن و بڕین و دورخستنەوە و ژیان لێ ئەستاندنانە. ئەم دیاردەیە لە مێژووی وڵاتێکی وەکوو ئێراندا هێندە بەرچاوە کە نووسەرێکی وەکوو عەلیڕەزا قولی کتێبی کۆمەڵناسی بژاردە کوژی (جامعەشناسی نخبە کشی) نووسی و کومەڵناسانە ئەم دیاردە دژە مڕڤانەیەی تاووتوێ کرد. ئەم کتێبە بە شێوەیەکی کۆمەڵناسانە باس لە ملهوڕی و دواکەوتوویی دەسەڵاتداران دەکات کە چۆن کەسانی بژاردەی گەل و نەتەوە خۆشەویست دەکوژن و پێیان خۆشە خەڵک گیل و نەزان بمێننەوە.ڕۆشنبیر لەنێو گەلانی دواکەوتوودا دەکەوێتە بەر غەزەبی خەڵکیش . هەربۆیە زۆر جار ڕۆشنبیر و جیابیران بە دەستی گرووپە توندئاژۆکانی ئەو کۆمەڵگایە کوژراون. ئەم دیاردەیە بەجۆرێک بەربڵاوە کە دەتوانین لەنێو هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا نموونەی بۆ بێنینەوە.

دەردی ڕۆشنبیر
ژان پۆل سارتر پێی وایە کەس ڕۆشنبیری ناوێ و کەسیش بە فەرمی نایناسێ.تەنانەت خەڵکی ئاساییش بە هێندی وەرناگرن و لەلایان گرینگ نییە. ئەو لای وایە کاتێک ڕۆشنبیر هاتە گۆڕەپانی چالاکی ڕۆشنبیرانەوە، چینی دەسەڵاتدار بە خاینی دەزانێ و پێی وایە دژی ئەو سیستمە ڕاساوە کە ئەوی پێ گەیاندووە.چینی هەڵبژاردەش نایانەوێ و لایان وایە بە دژی داخوازی و قازانجی ئەوان دەجووڵێتەوە.دەردی سەرباری دردانیش ئەوەیە کە چینی زوڵم لێکراویش لێی دڕدۆنگ و بەگومانن و دەیخەنە بەر تیری قسە و قسەڵۆک و پاشگر و پێشگری ناحەز و دوور لە ڕاستی . تەنانەت بووە ڕۆشنبیریان بە تاوانی دژە دین و دژە خودا بوون کوشتووە و خەڵکانی دیکەش شادمانی خۆیان لەو کوشتنە دەربڕیوە.ئەمە لە حاڵێکدایە کە وەکوو سارتر دەڵێ ڕۆشنبیر بەرهەمی هیچ بڕیارێکی پێش وەخت نییە.
واتە هیچ کەس و لایەن و گرووپ و حیزب و ڕێکخراوەیەک ڕۆشنبیریان پەروەردە نەکردووە. ڕۆشنبیر بە هۆی تایبەتمەندییەکانی خۆی ڕۆشنبیرە و کەس ناتوانێ ئەو نازناوەی پێ ببەخشێ. هەڵبەت لە کۆمەڵگا نەخۆش و کەمزان و دواکەوتووەکاندا دەسەڵات یاخۆ لایەنە بەهێزەکان ڕۆشنبیری درۆیین و ناڕاست دادەتاشن و وەکوو کورد دەڵێ، سەرلووسی بن پیس دەیخەنە بەر چاوی کۆمەڵگا. بەڕواڵەت ڕۆشنبیرە و لە ڕاستیشدا ناڕۆشنبیر و فریودەر و خەڵک خەڵەتێن.لێرە دایە کە ڕۆشنبیر و ناڕۆشنبیر دەبنە دوو چەمکی ململانێکەر . کردەوەی کەسی ناڕۆشنبیر بە بابەتی ڕۆشنبیری بە خەڵک دەفرۆشرێ و خەیانەتی ڕۆشنبیری وەکوو چەمکێکی حاشا هەڵنەگر دێتە ئاراوە.
ژۆلین بێندا و ژان پۆل سارتر دەڵێن، ڕۆشنبیر بە هەر هۆیەک خەیانەت بە ئارمانی ڕۆشنبیری بکات، واتە خۆی لە هەق و دادپەروەری و ئازادی ببوێرێ، خاینە. هەقیقەت و دادپەروەری و ئازادی سێ‌کوچکەی ڕۆشنبیری و مەزنایەتی مرۆڤ و چەمکە گرینگەکانی ژیانن. فێدریکۆ مایور شاعیری کاتالۆنیایی دەڵێ: ڕۆڵەکانم من بۆ ڕزگارکردنی ئەم سێ وشەیە کە بە میرات بۆتانی بەجێدێڵم، ژیاوم: عەشق و دادپەروەری و ئازادی . لە نێو ئەم سێ وشەیەشدا ڕەنگە ئازادی ئەو بەختەی بووبێ کە زۆرتر لەوانی‌تر کاری بۆ کرابێ و حورمەتی لێ گیرابێ و خوێنی بۆ ڕژابێ و سەربازی ڕۆشنبیری زۆرتر بووبێت. دوکتۆور مستەفا ڕەحیمی دەڵێ: ئازادی ئەگەر ببێ بە دیلی من، ئیتر ئازادی نییە، بەڵکوو دیلییە. کەوابوو ئازادی واتە ئازادی جیا بیران.
مارکس لەسەر ڕۆشنبیر پرسیارێکی جەوهەری هەیە و دەڵێ: ڕۆشنبیر چ کارکردێکی لەسەر بەرهەمی کۆمەڵایەتی هەیە؟
فرانسوا شاتلە لەمەڕ ڕۆشنبیر لێدوانێکی سەرنجڕاکێشی هەیە کە دەکرێ بڵێین بە جۆرێک وڵامی پرسیارەکەی مارکسی تێدایە. بە بڕوای شاتلە ڕۆشنبیر لەخۆیدا دژی پیرۆزییە. دژی کۆمەڵگایەکە کە هەقیقەت و ڕوونی و ڕوون بێژی بە ڕەوا نازانێ. ڕۆشنبیر خۆی بە بەرپرس دەزانێ. نەک لەبەر ئەوەی کە خاوەن زانستە و ئیمان و بڕوایەکی تایبەتی هەیە. یاخۆ نەک لەبەر ئەوەی کە لایقە. بەڵکوو لەبەر ئەوەی کە خاوەن ئیرادەیە. ڕەنگە هەر ئەو ئیرادەیە بێت کە کاڕێڵ مانهایمی کۆمەڵناس دەڵێ: ڕۆشنبیر بەرهەمی کۆمەڵگایە و لە چاو چینەکانی تر پێگەی سەرتری هەیە.

بارودۆخی کولتووریی و سەرهەڵدانی ڕۆشنبیری لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا
ڕۆژهەڵاتی ناوین بەدرێژایی مێژوو گۆڕەپانی ململانێی بزاڤە جۆراوجۆرەکان بووە . ئەم ناوچەیە هیچکات لە توندوتیژی و پێکدادان و شەڕ و ئاژاوە و کێشەی ئایینی و نەتەوەیی و ئازادیخوازی و پاوانخوازی و…. بەدوور و بەدەر نەبووە.
باسکردن لە ڕۆشنبیری و پێناسەی ڕۆشنبیر لە وڵاتان و لە نێو گەلانی ئەم ناوچەیەدا کارێکی هاسان نییە. بەهۆی زاڵبوونی هێژموونی ئایینی لەم ناوچەیەدا، ڕۆشنبیری ئایینیش لە چاو ڕۆشنبیرانی تر دەم لەپێشتر و قسە ڕۆیشتووترن. بەم پێیە لێرەدا باسی ڕۆشنبیری بەگشتی دەکەین و لێکیان هەڵناوێرین. بۆ ئەو مەبەستە پۆلینبەندی مەحموود سەریعولقەلەم لەسەر فەرهەنگی ئێرانی و گشتاندنی ئەم فەرهەنگە بەسەر فەرهەنگی خەڵکانی ناوچەکەدا دەکەینە بەڵگە. ناوبراو دەڵێ: فەرهەنگی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئێران دوو ئاستی لە فەرهەنگ بەخۆوە دیوە: یەکەم، فەرهەنگی شاری وعەقڵی و پیشەسازی . دووهەم، فەرهەنگی عەشیرەیی و گوندی و سونەتی . پاشان لە پێناسەی فەرهەنگی عەشیرەییدا سێ تایبەتمەندی بۆ دادەنێ و ئاوا ڕیزبەندی دەکات: یەکەم، خزمخوازی دووهەم، ڕۆحی شەڕانگێزی و سێهەم، پاراستنی عەشیرە لە ڕێی پەلامار و هێرشەوە.
دیارە لە وەها کۆمەڵگایەکدا کاری ڕۆشنبیر گەلێک دژوارتر لە کاری ڕۆشنبیرانی کۆمەڵگاکانی دیکەیە. لەم کولتوورەدا تا خزموکەس نەبی و بە خوێنی بنەماڵەیی بە عەشیرەوە گرێ نەدرێی، نابیندرێی و دەرەتانی خۆ نیشاندانت نابێ . تاکی کۆمەڵگا کە خاوەنی خوو و خدەی شەڕانگێزی بێت ناتوانێت بکەوێتە بەر کاریگەری کاری ڕۆشنبیر. بۆپاراستنیش دیارە عەشیرە لە هیچ توندوتیژییەک خۆ نابوێرێ و هەموو شێوە توندئاژۆیەکان تاقی دەکاتەوە و لە وەها حاڵەتێکدا بە دڵنیاییەوە بزاڤی ڕۆشنبیری غەوارە دەبێت.

ڕۆشنبیری نەتەوەی بێ دەوڵەت
دیارە نەتەوەخوازی دیاردەی سەردەمی دوای ڕێنێسانس و وەئاگاهاتنەوەی گەلانی ئورووپایە. لە سەردەمی سەدە تاریکییەکاندا نەتەوە و نەتەوەخوازی هیچ واتایەکی نەبوو . ئەوە گرینگ بوو کە هەمووان لەبن سێبەری ئایینی مەسیحییەتدا کۆببوونەوە . بە پێی یاسای ئاسمانی ئەو دینە خەڵک دەژیان. بەڵام پاش شۆڕشی وەئاگاهاتنەوە و ڕزگاری خەڵک لە کۆت و بەندی کڵێسە، هێدی هێدی بیری نەتەوەخوازی سەریهەڵدا و دەوڵەت نەتەوەکان بیچمیان گرت. ئەم دیاردەیە بوو بە هۆی دروست بوونی ئەوینێک بۆ خاک و ئاو و زێد و زمان و نیشتمان و نەتەوە. ئەم ئەوێنە تەشەنەی کرد و هەموو جیهان و هەموو گەلانی جیهانی گرتەوە و بۆ دروستکردنی دەوڵەت نەتەوەی خۆیان تێکۆشان.
دیارە بە هۆی بارودۆخی تایبەتی ناوچەکە و گەلی کورد، ئەم نەتەوەیە بەو ئاستە نەگەیشت و ئێستاشی لەگەڵدا بێت بە بێ دەوڵەت ماوەتەوە. هەر بۆیە مەجبوورین ناوی ڕۆشنبیرانی نەتەوەی بێ دەوڵەت لە ڕۆشنبیری کورد بنێین. ڕۆشنبیری کورد لە وەها حاڵەتێکدا بۆ کارکردن لەسەر دەسەڵات و دروستکردنی هێژموونی و کاریگەری خۆی لەسەر دەسەڵات بە قازانجی نەتەوەکەی دەست بەکار دەبێت. هێندێک لە ڕۆشنبیران دەبنە ڕێبەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەل و بزاڤی ناسیونالیزم وەڕێ دەخەن . هەر بۆیە بەتوندی دەکەونە بەر غەزەبی دەسەڵات و بە هەموو جۆرێک گیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە و بۆ پاراستنی گیان و مانیان دەبێ بچنە جلوبەرگی خەباتکارەوە. شاخ بکەنە ناوەندی ڕۆشنبیری خۆیان و لەوێوە دزە بکەنەوە نێو شار و گوندی وڵاتەکەیان. دیارە ئەو ڕۆشنبیرانە پێش لەوەی وەکوو ڕۆشنبیر مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ و وەکوو ڕۆشنبیر بناسرێنەوە، لەبەر چاوی خەڵک دەبنە شۆڕشگێڕ و خەباتکەر.
دەسەڵاتی سەر نەتەوە بێ دەوڵەتەکان بە هیچ لەونێک ددان بە نەتەوەبوونی ئەو گەلانەدا نانێ. ئەم دەسەڵاتانا لە هیچ شوێن و هیچ وڵاتێکدا بۆ گرووپە جیاوازەکانی نێو کیانی سیاسی خۆیان،چەمکی نەتەوە بەکار نابەن. ئەمە لە حاڵێکدایە کە بە پێی جاڕنامەی مافی مرۆڤ دەبێ سەربەخۆیان بکەن و مافیان پێ بدەن.
تەنانەت ئەگەر مەجبوور بن لە یاسای بنەڕەتیدا ددانیان پێدابنێن لە ئەمری واقعیدا حاشایان لێ دەکەن و بە توندترین شێوە حەز و بژاڤی نەتەوەخوازییان لێ دەستێنێتەوە. لە ئاست ئەم گەلە ژێر دەستانەدا هێندە دڵڕەق دەبن کە مادەدەستوورییەکانی خۆشیان لە حاندیان پێ شێل دەکەن. هەر بۆیە لە وەها حاڵەتێکدا ڕۆشنبیری نەتەوە خواز سەر هەڵدێنێ. یا خود ڕۆشنبیر هەر بیر و بۆچوونێکی بۆ گەلەکەی ببێ دەخرێتە بازنەی ڕۆشنبیری نەتەوەخوازەوە و دەسەڵات بە توندترین شێوە هەڵسووکەوتی لەگەڵ دەکات و ئاستەنگ دەخاتە بەر پێی. زۆر جار بووە کە ڕۆشنبیر لە وەها بارودۆخێکدا بوونی بۆ دەسەڵات بڤڤە بووە و قەبووڵ نەکراوە و گیانی لێ ئەستێندراوە.
هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە دروست بوونی بزاڤی نەتەوەخوازی لەنێو هەر گەل و نەتەوەیەکدا پێویستی بە بوونی ڕۆشنبیران هەیە.

ڕۆشنبیران لەم حاڵەتەدا بە سێ دەستە دابەش دەبن:
یەکەم، ڕۆشنبیرانی ڕێفۆڕمخواز: ئەم ڕۆشنبیرانە دەچنە کار و چالاکی لە دەمودەزگای دەسەڵاتدا و بە هیوان لە ڕێی ڕیفۆڕمەوە بە ئامانجەکانیان بگەن. دەیانەوێ لەڕێی یاسایی و پاڕلمان و چوارچێوەی دەسەڵاتەوە چاکسازی بکەن و بەدەستی ئەوکەسانە ئاڵوگۆڕ دروست بکەن کە بۆخۆیان بوونەتە هۆکاری مافخوراوی نەتەوەکەیان. دیارە ڕیفۆڕم و چاکسازی لەوەها بارودۆخێکدا ئەستەمە و ئەگەریش بڕێک دڕوشم و قەولی کاڵ بدرێت، ناچنە چوارچێوەی کردەوە و دابەزینەوە.
دووهەم ڕۆشنبیرانی نێو دامودەزگا خۆجێییەکان: ئەم ڕۆشنبیرانەش بە کارکردن لە نێو پێکهاتە خۆجێییەکانی پێمل بە دەسەڵاتدا سەرهەڵدەدن و دەیانەوێ بەم کارە خەڵک و نەتەوە بپارێزن و کار بۆ پاراستنی بەهاکانی نەتەوەکەیان بکەن . دیارە ئەگەر دەسەڵاتێک هێندە لە خۆی ڕاببینێ دامودەزگای نەتەوەیی دابمەزرێنێ،دەشتوانێ ڕۆشنبیرانێک لە چوارچێوەی ئەم دەمودەزگایانەدا ببینێ بەڵام لە ڕاستیدا ئەم ڕۆشنبیرانەش بە دەردی ڕۆشنبیرانی پێشتر دەچن و کارێکی ئەوتۆیان لە دەست نایات.
سێهەم ڕۆشنبیرانی وەفادار بە نەتەوە و گەلی خۆیان:ئەم ڕۆشنبیرانە هەموو ژیانیان تەرخانی گەل و نەتەوە دەکەن و ناهێلن نەتەوەکەیان لە نەتەوەی زاڵ و باڵادەستدا قاڵ بێت و بتوێتەوە.
ئەمانە ئیدوارد سەعید گوتەنی بە زمانی نەتەوەی خۆیان دەدوێن و خۆیان لە گەل جیا ناکەنەوە و لە گەڵ ئەواندا دەژین و وەکوو ئەوان دەژین و لە کۆتایشدا سەریان لە ڕێی کاری ڕۆشنبیری دادەنێنەوە.

ڕۆشنبیری کورد
کورد وەکوو نەتەوە و شێوەی ژیانی لە نێو ئاو و خاکی خۆی لە چوار وڵاتدا دەژی. هەر بەشێک لە کوردستان بە پێی بارۆدۆخی ئەم وڵاتانە پێناسەی ئەکرێ. ژیان و کولتوور و جیهان بینی و تەنانەت شێوەزاریشی کاریگەری لەم وڵاتانە وەرگرتووە.
ڕۆشنبیری هەر بەشێک بە پێی دۆخی ئەو بەشە درووست دەبێت.دەتوانین بڵێن ڕۆشنبیرانی کورد بە پێی پارچەی کوردستانی شوێنی ژیانیان لەگەڵ یەکتر وردە جیاوازی تایبەتیان هەیە .ئەم جیاوازیانە دەکرێ ببێتە هەوێنێ ڕۆشنبیری جیاواز لە یەکتر کە ئاسۆی هەموویان کورد بوونە و ئاکامی خەباتی هەموویان بۆ مانەوەی نەتەوەی کوردە.
ڕۆشنبیری هەر بەشێک لە کوردستان لە گەڵ جۆرێک دەسەڵاتی تایبەتدا ڕووبەڕووە کە لە دەسەڵاتی بەشەکانی دیکە ناچێ.هەر بۆیە ئەم ڕۆشنبیرانە مەجبوورن بە پێی بارودۆخی خۆیان کار بکەن و بە پێی ڕادەی دەسەڵات و هێزی ئەژنۆی خۆیان هەنگاو بنێن،دیارە ئەم هێزی ئەژنۆیە لە هێندێک دۆخی زەمانی و شوێنی تایبەتدا دەکرێ بە پڕتاو بەرەو پێش بچێ و لە هێندێک دۆخی زەمانی و شوێنی تایبەتدا بە دارەدارەش ناگات.
بەرپرسایەتی ڕۆشنبیری کورد لەبەر بارودۆخی کورد و کوردستان زۆر زیاترە لە بەرپرسایەتی ڕۆشنبیرانی گەلانی دیکە. گەلانی دیکە دەتوانن لە نێو چوارچێوەی دەسەڵاتدا خاوەن حیزب و گرووپ و هێژموونی خۆیان بن.
بەڵام هیچ دەزگا و دەسەڵاتێک لە پشت ڕۆشنبیری کورد نییە. تەنیا و بێ کەس و بێ پشتیوانە، هەر وەکوو پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد، دەسەڵات بە خاینی دەزانی وچینی هەڵبژاردەش نایەوێ و چینی زوڵم لێکراویش لێی بە گومان و دڕدۆنگە (ژان پۆل سارتر)
ڕۆشنبیری کورد لە هەموو پرس و کێشەکانی کورد دەڕوانێ. دەبێ بۆ جۆری بیرکردنەوەی نەتەوەکەی بە خەم بێت. بۆ زانستی کورد هەوڵ بدات و بە خەمی زمان و کەلتوور و بەهاکانییەوە بێت. یەکێک لە کێشە تایبەتەکانی ڕۆشنبیری کورد ناسەربەخۆیی بڕیار و ڕوانینە. بەختیار عەلی دەڵێ:ڕۆشنبیری کورد خۆی لە چوارچێوەی حیزبێکدا دەبینێتەوە و لە باشترین حاڵەتدا دەبێتە ڕەخنەگری حیزبەکەی. ئەگەر ڕۆشنبیری کورد خۆی لە بازنەی حیزبە کوردییەکانیش ڕزگار نەکات و نەکەوێتە پێش ئەوانەوە،سەربەخۆیی ڕۆشنبیری و فیکری نامێنێ و کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا کەم دەبێتەوە.

ڕۆشنبیر و ناسنامە و کۆمەڵگا
کاری فیکری بۆ کۆمەڵگا سەرەتا لە ئەدەبی مارکسییەوە سەر هەڵدەدات. ئەم بیرۆکەیە لە کۆمەڵگاکانی ئەو کاتەدا زۆر جێنەکەوت و پێشوازی باشی لێ نەکرا، لە لایەکی تریشەوە بیری نامارکسی بە جێی کاری فیکری لە ژیانی فیکری کۆمەڵگا ڕاما. ئەم بۆچوونە بۆ ژیانی فیکری و ڕۆشنبیری، مرۆڤی خوێندەواری کردە هاودەمی ژیانی فیکری و ڕۆشنبیری لێ دروست بوو . بەم پێناسەیە ڕۆشنبیر کەسێکە لەسەر کۆمەڵگا کاریگەری تایبەتی هەبێ و بۆ ناسنامەی نەتەوەش تێبکۆشێ. مادام کە خوێندەواری بوو بە پێناسەی ڕۆشنبیری، ئاخۆ لەو کۆمەڵگایانەدا کە هەمووان خوێندەوارن، هەمووشیان ڕۆشنبیرن؟
لێرەدا پێناسەی تایبەت دەخوازێ و دەبێ کەسی ڕۆشنبیر لە خوێندەواری ئاسایی جیا بکرێتەوە. کەسێک کە بتوانێ لە سەقامگیر کردنی ژیانی فیکریدا شوێن و کاریگەری هەبێ دەبێتە ڕۆشنبیر.

شوناسی نەتەوەیی
کاتێک ئەم شوناسە دروست دەبێت کە کەسێک تێیدا هۆگری و پێوەندی بە دەوڵەت یان نەتەوەکەیەوە دروست بێت و ئەم پێوەندییە بە خەڵکێکەوە گرێ بدات کە نەتەوەیەک ساز دەکات. خاڵی هاوبەشی لەگەڵ ژیانی خەڵکی دەبێتە سەرەکیترین خاڵی شوناسی نەتەوەیی. ئەرێنیترین خاڵی شوناس لە نەتەوەدا دەبێتە نیشتمان پەروەری و خۆشەویستی گەل و نیشتمان. ئەو حاڵەتەی کە مرۆڤی نەتەوەیی، لە پەنا گەلان و نەتەوەکانی دیکەدا سەربەرزی و گەورەیی و سەربەخۆیی بۆ گەلی خۆی دەخوازێ.
مامۆستا هێمن گوتەنی،ئارەزوو دەکات هەموو گەلان بە ئازادی بژین و دیلی و مافخوراوی بۆ کەس ناخوازێ. خاڵی نەرێنی نەتەوەخوازی و توند و تیژبوون لەم حاڵەتەشدا دەبێتە شۆوێنیزم کە تەنیا نەتەوەی خۆی دەبینێ و حەز بە دیلی و نەمان و بێدەرەتانی گەلانی دیکە دەکات. ڕۆشنبیری کورد کارێک دەکات کە تاکی کۆمەڵگای کوردی هەست بە بەرپرسایەتی بکات.بتوانێ لەبەرانبەر ئەوی تردا خۆی پێناسە بکات و شوناسی نەتەوەیی خۆی بەهێند وەربگرێ و بە بێ خۆبەکەمزانین لە نەتەوە و شوناسی خۆی بدوێ. ڕۆشنبیر لە نێو نەتەوەی کورددا و لە ساتە تایبەت و پێویستەکاندا یەکڕیزی و یەکگرتوویی نەتەوەیی درووست بکات. ڕۆشنبیر بە دوور لە هەر بیرێکی مێتافیزیکی و ئاسمانییەوە لە ئاخاوتن و دربڕینی بیری ڕۆشنبیری خۆیدا دەربکەوێت. واتە هیچ پاشگر و پێشگرێکی جیا لە ڕۆشنبیر ییلەگەڵدا نایەت و ئەگەر کەوتە چوارچێوەیەکی بەرتەسکی کۆمەڵایەتییەوە، لە بەشێکی زۆر لە خەڵک جیا دەبێتەوە و ڕۆشنبیریی پێ ناکرێت. کە وابوو ڕۆشنبیر دەبێ سەرتر لە هەموو ئایدیالۆژی و چوارچێوەکان بێت. ڕۆشنبیری کورد تا تیۆری خۆماڵی نەبێت، ناتوانێ کارێک بۆ ناسنامە و کێیەتی گەل بکات. جەلال حاجی زادە دەڵێت:ڕۆشنبیری کورد دەبێ بە پێی کۆمەڵگای خۆی هەوڵی داهێنان و خولقاندنی تیۆری نۆی بدات و ڕووی لە داهاتوو بێت. ڕۆشنبیری کورد دەبێ بە پێی دەقی خۆی پێناسەی لە ناسنامە ببێ. خوێندنەوە ناکوردانە و و دانانی پێناسەی نا کوردی بۆ ناسنامەی کورد، ئەو ناسنامە دڵخوازەی لێ دروست نابێت کە بتوانێ ئەم نەتەوەیە بگەیەنێتە ئاستێک کە سەرێک بێت لە نێو سەرانی دیکەدا. بۆ گەیشتن بە بەرئەنجامێک دەڵێن کە ڕۆشنبیری و گرینگی ئەم بابەتە هەمیشە بۆ کۆمەڵگا پێویستە. ڕۆشنبیر خاوەن زمانی خۆیەتی و دەبێ خەڵک بە دوای خۆیدا بەرێ. هەرگیز لە ڕەخنە گرتن لە دەسەڵات غافڵ نەبێت و ئەم بابەتە بە ئەرکی بنەڕەتی خۆی بزانێ. ڕۆشنبیری لە کۆمەڵگا داخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا کارێکی زۆر ئەستەمە و هێندێ جار گیان لە دەست دانی پێوەیە. ڕۆشنبیر سەر بە هیچ لایەن و ئایدیالۆژیایەک نییە و سەربەخۆ دەمێنێتەوە و هەموو کێشە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگا دەناسێ و بۆ لابردن و چارەسەرییان کار دەکا. بە پێی پێویستییەکانی نەتەوەی خۆی هەوڵ و تێکۆشانی دەبێت و بە پێی کۆمەڵگای خۆی هەوڵی داهێنان و خولقاندنی وتاری تێۆری نوێ دەدات.

دوکتور شەماڵ ئیسماعیل پوور ـ سەقز

——————————–

ژێدەر
۱. کار روشنفکری، بابک احمدی،نشر مرکز،تهران، ۱۳٨٤
۲. در دفاع از روشنفکران، ژان پل سارتر، ترجمە رضا سید حسینی، نشر نیلوفر، چاپ دوم،تهران، ۱۳٨٥
۳. تغییر ذهن ها، هوارد گاردنر، ترجمه سید کمال خرازی، نشر نی تهران، چاپ دوم، ۱۳٨٨
٤. وتاری ڕۆشنبیری لە خۆیدا بۆ….. لە نووسینی جەلال حاجی زادە




بەکورتی38: ناشاعیربوون…. شاعیرەبیرمەندمان پێویستە.. ئازاد حەمە

پێویستمان بەو ئەزموونە شیعرییانەیە، کە سەمەرەیی دەخەنە ناو ئەزموونی ئەدەبیمانەوە، کە بەهۆیەوە پرسیاری چیەتیی شیعر پرسیاری چییەتیی شاعیربوونیش دروستدەکات. لێرەوە دەگەینە ئەو تەماشاکردنەی، کە شاعیرەبیرمەندمان پێویستە، نەک شاعیری بێ بیر. چونکە شاعیرەنابیرمەند هیچی پێنییە بۆ گوتن و وشەسازییەکانیشی شتێكی ئەوتۆ بەرهەمناهێنێت.
شاعیرەهزرەڤان شاعیرە بووناوییەکانن(تراکڵ Trakl، ڕێڵکە Rilke، سیلان Celan و ..)،کە شیعرەکانیان زۆرێک لە بیرمەندانیان بەخۆیانەوە سەرسام كردووە. شیعری شاعیرانی بووناویی جۆرە خەسڵەتێكیان تێدایە، كە شیعری تر دەخەنەوە و ئاسۆش لەبەردەم شیعری دواتردا دەكەنەوە. لەناو شیعری شاعیرانی هزرەڤاندا مەرامێک بوونی هەیە، کە بووناوییە، کە پێویستی بە پەیپێبردنە. هاوکات ئەستەمیەک لەناو شیعری شاعیرەبیریارەکاندا پەنهانە، کە پێویستە بدرکێنرێت، کە گوتنی نەگوتراوی تیابەدیدەکرێت. .
شیعر بۆ هەیە؟ لە نەستی شیعردا چی پەنهانە؟ ناشاعیر کێیە؟ ناشاعیرەکان شاعیرە بێ هزرەکان نیین؟ ئەی شاعیرەهزرەڤانەکان کێن؟چۆن لەڕێگای شیعرەوە هزردێتەبەرهەم؟چۆن شاعیر هزرەڤانی پیادەدەکات؟ چیرۆكی مەراق گێڕانەوە لە شیعردا بەهەموو شاعیرێک دەکرێت؟ چۆن دەكرێت ڕەفتار لەتەك هزری شاعیرێکی هزرەڤاندا بكرێت، کە بە بێدەنگی، بە هێمنی و هیچگەراییانە ڕووداو و گێڕانەوەكان دەهۆنێتەوە و لە ڕێگەی ئەوانەیشەوە هزرەڤانی پیادەكات؟ تێهزرین لەناو شیعردا واتە چی؟ ئەی چۆن شتە لەكیسچووەكان (وون و بزرەكان) بەهۆی شیعرەوە بەدەستبهێنین؟ گەر لە شیعردا شوێنێک بۆ سازدانی بیركردنەوەی فەلسەفیی بوونینەبێت،کەواتە شیعر چیی لێسەوزدەبێت؟
ناشاعیر non poet کێێە؟ناشاعیر ئەو کەسەیە( ئەو شاعیرەیە)کە شیعری هزرەڤانی نانوسێت، یان هزرەڤانیناکات بەسەر شیعرنوسینەوە. کۆمەڵگە کە پڕ بوو لە ناشاعیر، ئیدی کۆمەڵگە وردە وردە نوقمی ناجوانیناسی دەبێت.بەڵام دەربازبوونی کولتورێک لە شیعری ناشاعیرەکان ئاسان نییە.
ئەی شاعیرەهزرەڤانەکان کێن؟ ئەوانەن کە فەلسەفە (بیرکردنەوەی فەلسەفیی) دزەدەکاتە ناو شیعرەکانیان، ئەوانەی هزرەڤانئاسا شیعردەهۆننەوە. ماتریاڵی شیعریی شاعیرەهزرەڤانەکان جودایی ، بێدەنگیی، تەنهایی، مەرگ، تارمایی، دابڕان، خەمۆكی، هاوڕێیەتی و زۆرێک چەمکی هەستیاری ترن. ئەم جۆرە شاعیرانە چ جۆرە شاعیرێکن؟ ئەڵبەتە ئەوانەن، کە بەهۆی شیعرەوە دیدگای نوێ دەخەنەوە؛ جا دیدگای نوێ بێت بۆ وێنەی شیعریی یان زمان. هاوکات بینینیان بۆ جوانکاری كانگای هزرەڤانی پێكدەهێنن، وەکیتر وەک زمانەوانیش قڵپکەرەوەن؛ رۆنێ شار، گۆران، بۆدلێر ، سۆھراب سپێھری یان سیلان لەو جۆرە شاعیرانەن.
کاتێکیش مۆریس بلانشۆ لە ڕوانگەی شیعریی رۆنیە شار دەدوێت بەمجۆرە دێتەگۆ: کارەکانی نموونەیەکی سەرەکین لەسەر شیعری مۆدێرن، کە بەلایەنە بنەڕەتییەکانی زمان(بێدەنگی لە زماندا)، نەبوون و پەیوەندی رەوشتی بە ئەویترگەرییەوە سەرقاڵە. دەبینین بلانشۆ، شار شانبەشانی مالارمێ و هۆڵێدرلین بە خاڵی وەرچەرخان لە ئەدەبی مۆدێرن و کاریگەرییە فەلسەفییەکانی دەناسێنێت.
سەرباری ئەوەی گوترا، ئەوەش دەڵێێن، کە شیعرێک کە دیلی خۆی و دوچاری خورپەی هزرییمان نەکات شیعر نییە. بۆیە پێویستە مەراقی ئەو شیعرانەبیین ئەو شتانەمان بۆ دەگێڕنەوە کە لێمانوونە، کە تامەزرۆیانین بیانبینینەوە. تەنیا ئەو شیعرانە دەرەقەتی گێڕانەوەی شتە لەكیسچووەكانمان دێن،کە شاعیرەبیریارەکان دەینووسن. چونکە شیعر یەکێکە لە نهێنیەكانی بوونمان، شاعیربوونیش بەشێكە لە هەقایەتی بوونمان!
لەناو شیعری شاعیرە هزرەڤانەکاندا گەڕان شتێکی پێشمەرجە، ئەڵبەتە گەڕانیش شڵەژان و گومان دەكات بە بنكە بۆ تێگەیشتن لە شتەكانی ناو بوون و ژیانمان. لەبەرئەوە، بەپێی بینینی ئێمە، بڕێك لەو ئەدەبانەی سەركەوتنی نەك هەر ئەدەبی، بەڵكو هزریشیان وەدەستنەهێناوە ئەو ئەدەبانەن، یان چاترە بڵێین ئەو ئەزموونە ئەدەبیانەن، لەتەك خۆخواردنەوە و گەڕاندا دەستلەملان نەبوونە، بۆ؟چونكە ئەدەبی ڕووكەش ناتوانێت بە گوتنی سادەی بێ ناواخن و دووبارە دونیایەكی هزری ئالۆز دروستبكات. ئەمەیش وادەكات ئەو هزرەی لە پشت ئەو ئەدەبەوە بووە ئەزموونێكی نەك هەر ئەدەبی، بەڵكو هزریش نەخوڵقێنێت.
لێرە زۆر دوور نارۆین گەر بلێین ئەزموونی ئەدەبی كافكا Kafka ، مالارمێ Mallarmé، ڕیلكە ، ئارتۆ Artaud،لەو جۆرە ئەدەبەن ئەزموونیان خستووەتەوە و هزرێكیان لەپاش خۆیان وەگەڕخستەوە، هەر ئەو هزرەشە ئەمڕۆ كارە ئەدەبییەكەی وەك ئەزموون قوتكردووەتەوە و واشی لە بیرمەند و ڕوناکبیرە ڕۆژئاواییەكان كردووە هزرەڤانی بەسەر ئەو جۆرە ئەدەبەوە بكەن، كەسانێكی وەك كافكا، مالارمێ، ڕیلكە، ئارتۆ و…..هتد لەپاش خۆیان بەجێیانهێشتووە و ئێستاش وەك ئەزموونێك لە تێڕامانی فەلسەفی تەماشاكرێن. لێرەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی بڵێین: تەنها ئەو ئەزموونە ئەدەبیانە دەبنە شوێنی تێهزرینی بیریاران، كە لەخودی خۆیاندا هەڵگری تووخمی هزریین.
کۆتا گوتنمان لەسەر پێویستی بۆ شاعیرەبیرمەند ئەوەیە، کە هزرکاریی لە ئەدەبدا کارێکی سانا نییە و گشت ئەدەبی میلەتانیش وەک یەک نەیتوانیووە بەو ئەرکە هەڵستن. ئەدەب، کە بە ئاقاری هزرکارییدا بڕوات بەدڵنیاییەوە شتێک دەخاتە سەر خەرمانەی هزر، کە ئەوەیش لەوسەرەوە کردەی فەلسەفەکردن بەپیتدەکات. ئەدەبی لەم شێوەیە، واتە ئەدەبی هزریی، ئەدەبێک دەهێنێتەکایەوە، کە لە کەناری فەلسەفەدا پشودەدات. چیەتیی ئەدەبیی لەم جۆرە دەکرێت بگوترێت، چیەتیی فەلسەفە، یان هزریش، لەگەڵ خۆیدا دەورووژێنێت. ئەدەبی فەلسەفیی، پاسترناک، بۆدلێر، یان لۆتریامون بۆنموونە، ئەدەبێکە پرسیاری هزریی دروستدەکات و دەچێتە خانەی ئەدەبی نەگوتراوەوە. چیەتیی ئەدەب، هەروەک چیەتیی فەلسەفە، پرسیارە لەسەر ڕەچەڵەک و چۆنێتیی داهێنانی هزر.
مایەوە ئەوەش بگوترێت، کە ئەو جۆرە خوێنەرانەی بە مێژووی ئەدەبی نوێی ڕۆژئاوا ئاشنانیین، ئەوانەش کە بێئاگان لەوەی، کە زێدی ئەدەبی هاوچەرخی ئێمە لە هزری فەلسەفیی ڕەنجاوە بە ئاسانی لە لوغزی هزریی و ئەدەبی بینینە ڕەخنەییەكانی ئەو گوتنانەمان حاڵینابن، کە لایسەرەوە هێمایبۆکرا. بۆیە ئەو جۆرە ئەدەبەی ئێستا زۆرێک كاری تیادەکات ناکارێت پرسیاری چیەتیی شیعر بکاتە بەشێک لە خەمە ئەدەبییەکانی.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




سنووری زمانەکەم سنووری جیهانی منە”.. نووسینی: لودویگ ویتگنشتاین.. وەرگێڕانی: فەرەیدوون سامان

“Tractatu Logico-Philosophicus” کتیبی (تراکتاتۆس لۆجیکۆ-فیلۆسۆفیکۆس) بەرهەمی بەرایی زمانناس ڤیتگنشتاینە، کە تێیدا هەوڵی کێشانی هێڵەکانی نێوان ئەوەی کە دەتوانرێت بە ڕوونی لە فەلسەفەدا بگوترێ و ئەوەی کە پێویستە بێدەنگ بکرێت، بکێشێت. ئەوە لەو بیرۆکەیەدا سەرهەڵدەدات کە پێکهاتەی زمان ڕەنگدانەوەی پێکهاتەی واقیعە و زۆرێک لە کێشەکانی فەلسەفە لە ئەنجامی تێنەگەیشتن لە لۆژیکی زمانەوە سەرچاوەیان گرتووە. مەبەستی سەرەکی کتێبەکە پێناسەکردنی ئەرکی فەلسەفەیە وەک شیکارییەک بۆ زمان، نەک وەک داڕشتنی باوەڕەکان یان حوکمەکان سەبارەت بە جیهاندا.
خاڵە سەرەکییەکان:

  • جیهان وەک ڕاستی نەک ئۆبژە
    ویتگنشتاین جیاوازی دەکات لە نێوان “شتەکان” (سادە، دابەشنەکراو) و “ڕاستییەکان” (تێکەڵکردنی شتە بەیەکەوە گرێدراوەکان).
    ئەو جیهانەی ئێمە هەستی پێدەکەین، کۆی ڕاستییە ئەگەری و ڕاستەقینەکانە، نەک تەنها لیستی شتەکان.
    -فۆڕمی لۆژیکی واقیع
    ڕستە یان گەڵاڵە لە زماندا نوێنەرایەتی “وێنەی” ڕاستییەکان دەکەن.
    پەیوەندی نێوان توخمەکانی ڕستەیەک هاوشێوەی پەیوەندی نێوان توخمەکانی ڕاستییەک لە واقیعدا.
    -سنووری زمان و سنووری جیهان
    ئەوەی دەتوانرێت بە ڕوونی بە زمان دەرببڕدرێت، ئەوەیە کە دەتوانرێت بیری لێبکرێتەوە.
    هەرچی لەوە زیاتر بێت (بەهاکان، جوانیناسی، میتافیزیکی پاک) لە “دەرەوەی” جیهاندایە و دەبێت “بێدەنگ” بێت.
    -شیکاری لۆژیکی زمان
    ئەرکی فەلسەفە بریتییە لە ڕوونکردنەوەی لۆژیکی زمان، بەمەش چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە لە ناڕوونی یان سەرلێشێواوی زمانەوانییەوە سەرهەڵدەدەن.
    شیکاری ئەو پێکهاتە لۆژیکییە ئاشکرا دەکات کە لە ژێر فۆرمولەی زمانەوانی ڕووکەشدا شاراوەتەوە.
    -گەڵاڵەی شیکاری و پێشوەختە
    گەڵاڵە لۆژیکی و بیرکارییەکان وەسفی واقیع نین، بەڵکو یاساکانی ڕستەسازی خودی زمانن.
    ئەوان وەک “چوارچێوە”ی زمان وان، کە بەبێ ئەوەی بکەوێتە ناو ناعەقڵانییەتەوە تێپەڕێنرێت.
    -زمان و مانا و ناعەقڵانیەکان
    مانا ئەگەری نوێنەرایەتیکردنی لۆژیکی واقیعە.
    ئەوەی لە ڕێگەی وێنەیەکی لۆژیکییەوە ناتوانرێت بیری لێبکرێتەوە، ناتوانرێت دەرببڕدرێت و هەر هەوڵێک بۆ دەربڕینی دەکەوێتە دەرەوەی بازنەی مانا.
    بایەخی کتێبەکە:
    نوێنەرایەتی بناخەی فەلسەفی قوتابخانەی شیکاری فەلسەفە دەکات لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا.
    ئەو کاریگەری لەسەر فەیلەسوفە لۆژیکییە پۆزەتیڤیستەکانی بازنەی ڤیەنا هەبوو، هەرچەندە ڤیتگنشتاین خۆی هەموو دەرەنجامەکانیان هاوبەش نەبوو.
    ئەو چەمکی “سنوورەکانی زمان”ی وەک پێوەرێک بۆ ئەوەی کە فەلسەفە دەتوانێت باسی چی بکات، ناساند.
    پوختە:
    کتێبی “Tractatus Logico-Philosophicus” هەوڵێکی ڕادیکاڵە بۆ پێناسەکردنی ئەوەی کە فەلسەفە دەتوانێت چی بڵێت و دەبێت لە چیدا بێدەنگ بێت، بە بەستنەوەی لۆژیکی زمان بە پێکهاتەی جیهانەوە. ویتگنشتاین فەلسەفە وەک کۆمەڵێک بابەتی نوێ نابینێت، بەڵکو وەک چالاکییەکی ڕوونکردنەوە دەبینێت کە ئەو کێشانە چارەسەر دەکات، کە لە تێگەیشتنێکی هەڵە لە زمانەوە سەرهەڵدەدەن. جیهان لە ڕاستییەکان پێکهاتووە و زمان لە ڕێگەی وێنەی لۆژیکییەوە ئەو ڕاستیانە ڕەنگ دەداتەوە. هەر شتێک کە سنووری ئەم وێنانە تێپەڕێنێت، دەکەوێتە دەرەوەی بازنەی لێدوانی ئەگەری.

نووسینی: لودویگ ویتگنشتاین
وەرگێڕانی: فەرەیدوون سامان




کتێب\ بزاڤی رۆژنامەگەری بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی نوێ لە عێراق ١٩٧٥-٢٠٢٥.. ن: عەبدوڵڵا سلێمان(مەشخەڵ)

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




چـیرۆک بۆ منـداڵان.. گەردەلـوول و داربـەڕوو.. نووسـینی: رەزا شـوان

رۆژێـک گەردەلـوولـێکی تاریـک و رەش، لە بـیـابانەوە بەرەو کوردسـتان هـەڵـیکـرد. زیـانـێکی زۆری بەو شـوێـنانە گەیانـد کە لەسەر رێـگای بـوون. رەشـەبایەکە مـلی بە کـۆمـەڵـێک داربـەڕووەوە نـا. رووی دەمـی لـە پـیرە داربـەڕوویـەک کـرد و قـیژانـدی: ئـەوە بـۆ رێـتـان پـێـگـرتـووم؟
پیـرە داربـەڕووەکە: ئـێرە شـوێـن و خـاکی ئـێـمەیە، تـۆی نـامـۆ مـلـت پـێـوەنـاویـن و شـەڕمـان پـێـدەفـرۆشـیـت.
گەردەلـوولەکە، لە دوای مانـدووبـوونێکی زۆو، بەسەر پـیرە داربـەڕووەکەدا هـاواری کـرد: تـا زووە ریـگاکـەم بـۆ چـۆڵ بـکەن، ئەگەر نـا لە رەگـەوەوە هـەڵـتان دەتـەکـێـنم.
پـیرە داربـەڕووەکە بە دەنگـێکی دلـێرەوە: ئـێرە نیـشـتـمانی هـەزاران ساڵەی ئـێـمەیە. هـەرگـیز جـێی نـاهـێـڵـیـن. لـە هـەڕەشـەی تـۆی بـەدکـار و سـتەمـکـاریـش نـاتـرسیـن. گەردەلـوولی لە تۆ گەورەتـر و بەهـێزتـر و پـیستر ملـییان پێوەنایـن، بەڵام نەیانتـوانی هـەڵـمان کـەنـن.
گەردەلـوولەکە زۆر تـووڕە بـوو، بە هـەمـوو گـوڕ و تـوانـایەوە، دڵـڕەقـانە دەستیکـرد بە راوەشانـدنی داربەڕووەکان. بەڕووەکانیانی وەرانـد، گەڵای بە دارەکانەوە نەهـێشت، لـقـوپـۆپی زۆریـانی شکانـدەوە و رایـماڵـین. بـەڵام هـەرچەنـدی کـرد، نەیتـوانی قـەدی داربـەڕووەکان بە ئاستەمیـش بجـووڵـێـنـێـت. زۆر بێ بەزەیـیانە، هـێلانـەی بـە سەدان بـاڵـنـدەی رووخـانـد. باڵـنـدەکـان لانـەواز و سـەرگـەردان بـوون.
گەردەلـوولـەکە لەبـەردەم خـۆڕاگـریی داربـەڕووەکـانـدا، بـەزی و بەسەر شـۆڕی ئـەو
نـاوەی چـۆڵـکـرد. داربـەڕووەکـانیـش سـەربـەرزانـە، لـە جـێگـای خـۆیـانـدا مـانـەوە.
بەهـاتنی وەرزی بەهـار، داربـەڕووەکـان لـقی تـازەی ناسک و گـەڵایـان کـرد. بـەڕووە وەریـوەکـانیـش، لە شوێنەکانی خۆیانـدا شـینبوون و بـوون بە نەمامی ناسک و جـوان.
بە جـارێ ئـەو نـاوە بـوو بە بەڕووسـتان. بـاڵـندەکـانیـش گـەڕانـەوە. لەسـەر لـقەکـانی داربەڕووەکاندا، هـێلانەی جوانتریان دروستکـرد. ژیانێکی نـوێیان دەستپێکـرد.




بەیاننامەی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق) لەسەر ڕووداوەکانی لاجان و شارۆچکەکانی دەوروبەری

دوای ئەوەی هاوڵاتیانى گوندی (لاجان) سەر بە پارێزگای هەولێر، وەڵامی داواکاریـیەکانیان وەرنەگرتەوە لە بەرپرسان سەبارەت بە دابین کردنی خزمەتگوزاری و سوتەمەنی و دامەزراندنی گەنجانی بێکار لە پاڵاوگەی نەوتی (لاناز) لە سنوری گوندەکەیان، ڕۆژی شەممە (٢٩-١١-٢٠٢٥) چوونە بەردەم پاڵاوگەکە وەک ناڕەزایەتی دەربڕین و ڕێگای سەرەکی (هەولێر-گوێر)یان داخست بەڕووی تانکەرەکانی کۆمپانیای (لاناز)دا، کە خاوەنداریـیەتەکەی دەگەڕێتەوە بۆ گەورە بەرپرسانی (پارتی دیموکراتی کوردستان).
پاسەوانانى پاڵاوگە و هێزەکانی ئاسایش بە چەک وەڵامی خۆپـێشاندەرانیانداوەتەوە و لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستدا و زیاتر لە (١٠) کەسیش برینداربووە. هاوکات هێزێکی زۆر لە ئاسایش و یەکە چەکدارەکان لە میلیشیاکانی (پارتی)، بە هەمەر و دۆشکا و چەکی قورسەوە گوندەکەیان گەمارۆ داوە و چەندین کەسیان دەستگیر کردووە، و خانەوادەکانیان لە ماڵەکانیان وەدەرناوە و گوندەکەیان بەزۆر پێ چۆڵکردوون.
وەک کاردانەوە، دژ بەم ملهوڕی و زۆرداریـیە، دوێنێ دوو شەممە (١-١٢-٢٠٢٥) لە چەند شوێنێکی جیاجیا گردبوونەوەی ناڕەزایەتی ڕوویداوە لەوانە لە شارۆچکەی (کەڵەک)ی سەر بە قەزای (بەردەڕەش) لە پارێزگای دهۆک، و لە گەڕێکی شاری هەولێر، و هەروەها خۆپێشاندانیش لە شارۆچکەی (خەبات) ئەنجامدراوە کە ڕێگەی نێوان (هەولێر-موسڵ)یان داخستووە.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە (٢٩-١١-٢٠٢٥)، باس لە هەوڵی نانەوەی ئاژاوە دەکات لە لایەن دەستێکی دەرەکی و بە فیتی هەندێک کەس و لایەنی ناوخۆیی، کە میدیاکانی سەر بە (پارتی) ئەو لایەنە ناوخۆیـیە بە (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) ناوزەد دەکەن و تۆمەتباری دەکەن کە بە هاوکاری (حەشدی شەعبی) دەیانەوێت پێگەی هەرێمی کوردستان لاواز بکەن. هەر لەو ڕاستایەشدا بەرپرسی کۆمیتەی (یەکێتی) لە شارۆچکەی (خەبات) لە لایەن هێزەکانی (پارتی)ـیەوە دەستگیرکراوە، و توندوتیژیش بەرامبەر کەناڵەکەکانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسان ئەنجام دراوە.
ئەم ناوچەیە بە شارۆچکە و گوندەکانیەوە، بەشێکە لە ڕێڕەوی بازرگانی نێوان هەرێم و تورکیا و گواستنەوەی وزە، وە کێڵگەی نەوتی (خورمەڵە) و کۆمپانیای (لاناز) و چەندین پرۆژەی گەورەتر دەگرێتەخۆی، بۆیە ناوچەیەکی هەستیارە بۆ بەرپرسانی (پارتی) لە بنەماڵەی بارزانی و ئەم کۆمپانیانەیان.
هەر لەو ناوچە گرینگ و دەوڵەمەندە بە سامانە سروشتیـیەکان خەڵکی کرێکار و زەحمەتکـێشی ناوچەکە بەدەست نەبوونی سوتەمەنی و خزمەتگوزاریـیەکان و بێکاریـیەکی لە ڕادەبەدەرەوە دەناڵێنن، و هەوروەها دووکەڵ و پیسیی و پاشەڕۆی کۆمپانیاکانیش کێشەی ژینگەیی بۆ سروشتی ناوچەکە و کێشەی تەندروستی بۆ هاوڵاتیان دروست کردووە بەجۆرێک توشبووانی شێرپەنجە و نەخۆشیـیەکانی کۆئەندامی هەناسە و چاو لەو ناوچەیە لە ڕاددەیەکی بەرزدایە.
لە بەرامبەر بارگرانیـیەکانی ئەم بارودۆخە و بۆ بەرگری لە مافەکانیان جەماوەری زەحمەتکـێش هاتوونەتە مەیدانی ناڕەزایەتی دەربڕین و بەم شێوەیە لە وەحشیگەریش ڕەفتاریان لەگەڵدا دەکرێت.
ئەم لەشکرکێشیـیەی (پارتی) لە زۆنی دەسەڵاتدارەتیـیەکەیدا، هاوشێوەی لەشکرکێشیـیەکانی (یەکێتی)یە لە چەند مانگی ڕابردوودا لە زۆنی دەسەڵاتداریەتی خۆیدا، وە تەواوکاری تەنگپێهەڵچنینی هەردوو ئەم حزبەیە بۆ ئازادیـیەکان و ڕاوەدوونان و گرتنی هەڵسوڕاوانی ناڕەزایەتیـیەکان و سەرکوتی خۆپێشاندانەکان، ئەمە نمایشی هەمان سیاسەتی سەرکوتگەرانەیانە کە هەرچی زیاتر نەفرەت و بێزاری جەماوەری بەرامبەریان پەرەپێداوە، و ئەم داپڵۆسین و توندوتیژیی و کوشتارەشیان لەسەر ئاستی کۆمەڵگە بۆ چاوترساندنی جەماوەری زەحمەتکـێش و دواخستنی تەقینەوەیانە بەڕووی خۆیان و حکومەتەکەیاندا.
ئەم ناڕەزایەتیـیانەی (لاجان) و دەوروبەری ڕوداوێکی دابڕاو و لەناکاو نیـیە، بەڵکو دەربڕینێکی واقعیـیە لە کەڵەکەبونی ناڕەزایەتی چەندین ساڵەی ئەو جەماوەرە زەحمەتکـێشە دژی ستەمێکی ئابوری و سەرکوتێکی سیاسی و پەراوێزخستنێکی کۆمەڵایەتی کە ئەم دەسەڵاتە بورژوا ناسیونالیست و ئۆلیگارشیـیە مالیـیەی فەرمانڕەوا لە هەردوو حزب دایسەپاندووە بەسەریاندا. بەرپەرچدانەوەی خوێناوی ملیشیاکان و ملهوڕی بەرامبەر گەنجانی ناڕازیش هەڵە و کاری تاکە کەسی نیـیە، ئەمە سروشتی چینی دەسەڵاتدار و سیاسەتێکی‌ داڕێژراوە لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیـیە چینایەتیـیە سیاسی و ئابووریـیەکانیان.
حکومەتی هەرێم کە ئامڕازی دەستی هەردوو حزبی دەسەڵاتدارە بە پیادەکردنی ڕێبازی نیولیبرالیزمی ئابووری لە ڕادەستکردنی سەروەت و سامانی گشتی کۆمەڵگە بە شێوەیەکی یاسایی بۆ کەرتی تایـبەت و ئاسانکاری بۆیان، و داخستنی دەرگای دامەزراندن لە کەرتی گشتی، دەستی ناوەتە بینەقاقای ژیانی کرێکاران و زەحمەتکـێشان و گەنجانی کچ و کوڕی بێکاری هەرێمەکە و لەو نێوەشدا هەرچی کۆمپانیا هەیە سەرمایەکانیان بە قازانجی ملیۆنی و ملیاردی کەڵەکە دەکەن و خەڵکیشی ناچار کردووە یا بە کۆچ و ڕەوی بەکۆمەڵ بۆ دەرەوەی وڵات یان بە دەستفرۆشی و سەعاتکاری دوورودرێژ بە کرێـیەکی ڕۆژانە کە بە زەحمەت ژەمە خۆراکی ڕۆژێک دابین دەکات بۆ کرێکار.
بەم پێـیە (پارتی) و (یەکێتی) لە ڕێگەی حکومەتی هەرێم و میلیشیاکانیانەوە، لە لایەک بونەتە ئۆڕگانی پاراستنی کۆمپانیا و کۆشک و تەلار و سەرمایەی سەرمایەدارەکان و لە لایەکی تریشەوە بوونەتە ئامرازی خوێناوی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتیـیەکانی جەماوەرێکی زەحمەتکـێش کە بێکاری و هەژاری و پەراوێزخراویان بەسەردا سەپاندوون.
ئەم کێشمەکێشمە جەنگێکی چـینایەتی خوێناوی ڕوون و ئاشکرایە لەم هەرێمەدا و ناسیونالیزمی کورد بەگشتی و بەتایبەت دەسەڵاتدارەکەی بە سەد و یەک شێوە خەریکن خۆڵ بکەنە چاوی جەماوەر و پەردەپۆشی ئەم جەنگە چـینایەتیـیە بکەن لەسەر ئاستی هەرێم و عێڕاق و ناوچەکە.
ئەمەی کە لە (لاجان) ڕوویدا، ئەو وێنەیەی تێکشکاند لەو کەشوهەوا سیاسیـیەی کە بەڕووکەش وەک ماستی مەیوو وابوو لە دەڤەری ژێر دەسەڵاتی ئیستیـبدادی (پارتی)دا و دەریـخست لەگەڵ هەموو سەرکوتیـیەکی فکری و سیاسی جەماوەر، بەڵام ناتوانن تاسەر ئەم باروودۆخە ئاوا ڕابگرن. ئەم ناڕەزایەتیـیە جەماوەریـیانە سەرەتای شکڵگیری هۆشیاریـیەکی سیاسیـیە بە بەرژەوەندەکانی تایبەت بە خۆیان و هاتنەمەیدانیانە.
ئەم ناڕەزایەتیـیانە سەرباری هەموو دەستێوەردانێک بەناوی عەشیرەت و کێشمەکێشی نێوان دوو حزبی دەسەڵات و سەرکوتگەری لەژێر ناوی دەستی دەرەکی و ئاژاوەگێڕیدا، بەڵام ناوەڕۆکی چـینایەتی ئەم ناڕەزایەتیـیانە ڕوون و ئاشکرا دیارە و پێویستە پەرەی پـێـبدرێت و بەرزبکرێتەوە بۆ ئاستی بزووتنەوەیەکی یەکگرتووی سەراسەری و ڕێکخراو بەڕووی هەژاری و بێکاری و ستەمگەری و دکتاتۆریەتی هەردوو حزبی فەرمانڕەوادا.
(ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) لە کاتێکدا کە سەرکۆنەی ئەم توندوتیژی و خوێنـڕێژیـیە دەکات، لایەنگری خۆشی ڕادەگەێـنـێت بۆ داواکاری و خواستە ڕەواکانی جەماوەری ناڕازی ئەو ناوچەیە. هەروەها هاوسۆزی خۆی ڕادەگەێـنێت بۆ خانەوادەی قوربانیان و جەماوەری زوڵملێکراوی ناوچەکە، وە خوازیاری دەستبەجێی بەربوونی گیراوەکان و لێـپرسینەوەیە لە کەسانێک کە بەرپرسن لە توندوتیژیی نواندن بەرامبەریان.
٢-١٢-٢٠٢٥
https://www.albadeel-alsheoi.org/ar/?p=8489




ئەنتۆنیۆ گرامشی و فەلسەفەی پراکتیک.. ‏‏و.لە عەرەبیەوە: یاسین لەتیف

‏گرامشی مارکسیزمێک پێشنیار دەکات و ناوی دەنێت “فەلسەفەی پراکتیک” . ئەم فەلسەفەیە جۆرێک نییە لە پراگماتیزم، بەڵکو شێوازێکە لە بیرکردنەوە کە کێشە تیۆریەکان بە مێژوویی دەکات. بەم شێوەیە جیاوازی دەکات لە نێوان “ئایدۆلۆژیای ئۆرگانیکی مێژوویی، کە پێویستن بۆ پێکهاتەیەکی دیاریکراو، هەروەها ئایدۆلۆژیای عەقڵانی و ئارەزوومەندانە کە جێی شانازیە .

‏١ – کار
‏ئەنتۆنیۆ گرامشی (١٨٩١-١٩٣٧)، گرنگترین فەیلەسوفی مارکسیستی بوو لە ئەوروپای ڕۆژئاوا، لە دوای مردنی زیاتر لە ڕێی بەرهەمەکانیەوە ناسراوە، کە هەموویان لەو ماوەیەدا بڵاوکراونەتەوە کە لەم لێکۆڵینەوەیەدا باسکراوە. ئەم بەرهەمانە بریتین لە سی و دوو دەفتەری زیندان، کە پێکهاتووە لە نزیکەی سێ هەزار لاپەڕەی دەستنووس و (نزیکەی چوار هەزار لاپەڕە لە وەشانی چاپکراو)، پێش مردنی لە زیندان نوسراون لە ساڵی ١٩٢٩ تا ١٩٣٥ . دوای دوور خستنەوەی لە ژیانی سیاسی بە هۆی زیندانی کردنیەوە . گرامشی پلانێکی دراسە کراوی تیۆری داڕشت و هەوڵیدا پەرەی پێبدات سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی کە سیستەمی زیندان سەپاند بووی بە سەریدا ، بۆ ئەمەش سەرسەختانە خەباتی کرد بۆ بە دەستهێنانی کەرەستەی نوسین بۆ پرۆژەکەی . نووسەرانی میراتی گرامشی نموونەی ئەم گرژییە بەردەوامەیان کۆکردۆتەوە لە مانگی ئەیلولی ساڵی ١٩٣٠ گرامشی فەیلەسوف نوسراوێکی نوسی بۆ سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی ئیتالیا و گوتی : من هێشتا پانزە ساڵ زیندانی لە پێشمدایە، ئەمە پرسێکی گرنگە بۆ من، بۆ ئەوەی بزانم کام کتێب بخوێنمەوە . ئەم بارودۆخە بە تەنیا بەسە بۆ ڕوونکردنەوەی زۆری تێبینییە پەرش و بڵاوەکان و وەرگرتتی بیرەوەری و…. هتد، لە دەفتەرەکانی زینداندا هەرچەندە توێژینەوە درێژخایەنەکانیش لەخۆدەگرێت، بەڵام ئەم فەیلەسوفە بەپێی ئامانجەکەی تەواوی کارەکەی داڕشت ، مەبەستی دیاریکردنی بوژانەوەیەکی تەواو بوو بۆ مارکسیزم و پێشخستنی ئەم چەمکە بە هۆی پێداویستی ژیانی پراکتیکی بێکەڵک و کۆن بووەو گەیشتوەتە ئاستێک پێویست بەوە دەکات فریای چارەسەر کردنی ئەو ئەرکە ئاڵۆزانەی بکەوێت کە پەرەسەندنی خەباتی ئێستا دەیخاتە ڕوو . واتە بەرزکردنەوەی بۆ ئاستی دروستکردنی ڕۆشنبیریەکی نوێ و یەکگرتوو. گرامشی وای دەبینێت ئەوەی ئەم پێشهاتە نوێیە جیادەکاتەوە، پێکهێنانی حزبە کۆمۆنیستەکانە بەگشتی و سەرکەوتنی شۆڕشە لە ڕوسیا بەتایبەتی ، لەو ساتەوەختەوە چینێکی ژێردەستە بە ڕاستی سەربەخۆ و باڵادەست دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی جۆرێکی نوێ لە دەوڵەت،پێداویستی بنیاتنانی سیستەمێکی نوێی فیکری و ئەخلاقی لە فۆرمێکی کۆنکرێتیدا دروست دەبێت. لەم دەقەدا دەستەواژەی “چینی ژێردەستە” هاوتایە لەگەڵ دەربڕینی باوی مارکسیستی “چینی باڵادەست” و وشەی باڵادەست ، هەرچەندە ڕۆشنبیری لە جەوهەریدایە بەڵام ئاماژەیە بۆ تیۆری دیکتاتۆری لینینیزم و هاوپەیمانییەکانی پرۆلیتاریا.
گرامشی سانسۆری زیندانی تێپەڕاند بە دەربڕینی جۆرێک لە ئەبستکرات ، ئەویش بە ڕاست کردنەوەو دەستکاریکردنی هەندێک چەمکو گوزارەو ناوی مارکسیزم کە ئەو کات بە کاری دەهێنا . یەکێک لەو فێڵە زمانەوەنیانە کە لە گەڵ مەبەستە فەلسەفیەکەی گرامشی دەگونجا ، مارکسیزمی نوێ بەخت یاوەری بوو بە قەد زاراوەی ژیاری میتافیزیکی ئەرستو گرنکی هەبوو . گرامشی سوور بوو لە سەر ئەوەی کە بە هیچ شێوەیەک وشەی “مارکسیزم” بەکارنەهێنێت، بەڵکو زیاتر “فەلسەفەی پراکتیکی بە کار دەهێناو دەنووسی. ئەوەی ئەو دەیویست ڕووبەڕووبوونەوەی فۆلگاریزەکردنی “ابتذال” یان بێئەرزش بوونی مارکسیزم بوو لە پراکتیکدا . گرامشی لەم ئەرکەیدا ئیلهامی لە مارکسیزمەوە وەر دەگرد ، بەو مانایە نەبوو ناوەندێتی چەمکی مارکسیزم لە پراکتیکدا بسڕێتەوە ، بەڵکو قوڵترین چەمکی پێدەبەخشی کە تاکو ئێستا وێنەی نەبووە لە ئەدەبیاتی فەلسەفەی مارکسیزمدا . دوور لە بناغەی پیشاندان و گوزارشت کردن بە ڕاستی گرامشی فەیلەسوفی پراکتیکی بوو .

‏٢ – زانست و فەلسەفەی پراکتیک
‏بەڵام فەیلەسوفی پراکتیک پراگماتیست نەبوو: جگە لە هێشتنەوەی بەردەوامی “لۆژیکی فۆرماڵی پێویست”، یەکەم کێشەی ئاشتکردنەوەی زانست و پراکتیک بوو . بە دیاریکراوی لە ڕێی ڕەخنەی ( نا وردكراوەوە لە دەفتەری تێبینیەکانیدا) چارەسەری پراکماتیزم و پۆزەتیفیزمی بە شێوەیەکی گشتی کردووە . ئەم ڕەخنەیەی بە پلەی یەکەم دژ بە چەمکی پۆزەتیڤیستی زمانە (گرامشی وەک ئەکادیمیستێک شارەزاو پسپۆری زمانەوانی بوو)، کە تێیدا سنووردارکردنێک دەبینێت : لە ڕاستیدا زمان کۆمەڵێک ڕاستی کەم تا زۆر یەکگرتوو و تۆکمەی ئۆرگانیکە: تا ئەو ڕادەیەی دەتوانرێت بڵێین هەموو بوونەوەرێکی قسەکەر زمانی تایبەتی خۆی هەیە ، بەو مانایەی شێوازی تایبەتی خۆی هەیە بۆ هەست و بیرکردنەوەو ڕۆشنبیری بە پلەی جۆراو جۆر . ‏ژمارەیەکی زۆر یان کەم لە تاکەکان لە چەند چینێکدا یەکدەخات و بەردەوام دەبن لە گوزارشت کردن، بە پلەی جیاواز لە یەکتر تێدەگەن و … هتد.. ئەم جیاوازییە مێژوویی کۆمەڵایەتیانە لە زمانی هاوبەشدا ڕەنگ دەداتەوە. ئەمانە کۆسپن و هۆکارەکانی هەڵەن کە پراگماتیستەکان لێکۆڵینەوەیان لەسەر کردووە. بەم شێوەیە بابەتی تیۆری زمان بریتیە لە کەرەستەی زانست لە پراکتیکی مێژوودایە. گرامشی هەمان کردار لەگەڵ ئەمەدا دەکات بە پشتبەستن بەو هەواڵانەی کە لەو کاتەدا لە کۆنفرانسە زانستیەکانەوە پێیدەگات . وەک ئەوەی بە شێوەیەک لێی تێنەگەیشت بێت لەو ساڵانە لە سایەی دۆخی خۆیدا.
‏گرامشی ئەو کێشانەی چارە سەر کردووە کە مایکرۆفیزیا دەیخستنە ڕوو ،لە یەکێک لە دەفتەرە تێبینیەکانیدا ئاماژەی بۆ دەکات و ناوی ناوە “دیاردەی بچووک” و لە فەلسەفەکەشیدا شرۆڤەی کردووە . ئلهامبەخش بوو لەم پەیوەندیە بینراوەی نێوان چاودێرو دیاردە لە مایکرۆفیزیادا بۆ چەمکێکی نوێی بابەتگەرایی ، بەم پێیە هەنگاوی هاویشت بۆ تێکەڵ کردنی زانست بە فەلسەفەی پراکتیک بە شێوەیەکی سیسماتیکانە . ئەوەی بۆ زانست گرنگە بابەتیەتی واقیع نییە بەڵکو ئەوەی بۆ مرۆڤ گرنگە پەرەپێدانە بە میتۆدەکانی و بەردەوام ڕاست کردنەوەی ئامرازە مادی و لۆژیکەکانیەتی (لەوانەش بیرکاری). ئەوەی بۆ ئەو گرنگە کولتوورە و دواجار پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ واقیع لە ڕێگەی تەکنەلۆژیاوە. تەنانەت لە زانستیشدا گەڕان بەدوای حەقیقەتدا بە دابڕان لە مرۆڤ لە پارادۆکسێک زیاتر نییە . بەم شێوەیە گرامشی سەر لە نوێ تێزێکی بنەڕەتی مارکس (١٨١٨-١٨٨٣) داڕشتەوە ” سەبارەت بە فەلسەفەی پراکتیک .گرامشی دەنووسێت ناتوانرێت بوون لە بیرکردنەوە دابڕێت ، هەروها مرۆڤ لە سروشت، یان چالاکیی لە مادە، یان سوژە لە ئۆبژە دابڕیت . ئەگەر مرۆڤ ئەم دابڕانە پراکتیزە بکات دەکەوێتە ناو ئەبستراکتێکی بێماناوە.

‏3. فەلسەفەی واقیعی و مێژووگەرایی.
‏فەلسەفەی پراکتیک فەلسەفەیەکی واقیعیە ، سەرەتا بەو دانپێدانانە دەست پێدەکات کەهەموو مرۆڤەکان فەیلەسوفن ، پاشان سنوور و تایبەتمەندییەکانی ئەم “فەلسەفە خۆبەخۆیە” لە زمان و عەقڵی ساغدا دەدۆزێتەوە ،هەروەها لە تێڕوانینی گشتی (ئاینی، ئەفسانەیی و خورافات) و گەردووندا دەیاندۆزێتەوە.‏دەشێت فەلسەفە ئەکادیمی بێت بە پێی فەیلەسوف ڕەنگە پەیوەندی بە فەلسەفەی خۆبەخۆوە هەبێت ، بەڵام لایەنێکی هونەری تایبەتی هەیە جەوهەری ئەم لاێەنە هونەریە لەوەدایە کە فەیلەسوفی پیشەیی درک بە مێژووی وردی ئەم کێشانە دەکات ، واتە مێژووی فەلسەفە . ئەگەر ئەوەش لە بەرچاو بگرین کە فەلسەفەی خۆبەخۆ دیسان مێژوویی و گۆڕاوە و هۆکاری مێژوویی بۆ گۆڕانکاری هەیە تێدەگەین بە مانای ڕاستەوخۆو ئاشکرا مرۆڤ ناتوانێت فەیلەسوف بێت ، واتە تێڕوانینێکی ڕەخنەیی یەکگرتووی هەبێت بۆ جیهان [ تەنها فەیلەسوفە ناخۆبەخۆکان] بە بێئەوەی درک بە مێژوویی بوونی بکات لە ئاستی کۆنکرێتیدا، واتە لە ڕووی مێژووییەوە، () دەبێت فەلسەفە لە سیاقی پراکتیزەی (کردەی) مرۆییدا تێبگەین. گرامشی بە کورتی چەند ساتەوەختێک لە مێژووی فەلسەفە دەخاتە ڕوو کە تیایدا بیرمەندە مەزنەکان ئەو ڕێگایەیان خۆشکردووە کە مارکس کردییە ڕێڕەوی سەرەکیی فیکری خۆی: قەشە تۆماس، کە هێشتا لەسەر ڕێچکەی یۆنانییەکان بوو، بەڵام بە جەختکردنەوەیەکی زیاترەوە، فێری کردین کە “ئەقڵی تێڕامانیی فراوانخواز بۆ پراکتیزەی کردەیی گونجاوە”. بەڵام لایبنیتز و ڤیکۆ، بە پێچەوانەی ئەوەوە، کەوتنە شوێن چالاکیی فیکر: “جادووگەرە تێڕامانییەکان چین، جادووگەرانی پراکتیزەن” (گۆتفرید لایبنیتز (١٦٤٦ – ١٧١٦)) “ڕاستی بریتییە لە واقیع” (ڤیکۆ). لە کۆتاییدا، هیگڵ ، گرامشی ئاماژە بە بوونی داڕشتنێکی هاوشێوە دەکات لە ڕووی شێوەوە لای تێرتولیان (نزیکەی ١٥٥/١٦٠ تا دوای ٢٢٠ ز)) فێری دەکردین کە “هەر شتێک واقعی (حەقیقی) بێت، ئەقڵانییە”. فەلسەفەی پراکتیزە (پراکتیس) جارێکی تر ئەم ئاوڕدانەوانە دەخاتەوە ڕوو: مەسەلەکە ئەوە نییە کە تێڕامان درێژ دەبێتەوە بۆ پراکتیزە، یان هاوتەریبی دەبێت، یان لەناو خۆیدا دەیتوێنێتەوە، بەڵکو واقیعی مرۆیی [شتێکی] کردەییە، دەستکردی مرۆڤە و زانینیشی بریتییە لە دروستکردنی . بۆیە بابەتی مرۆڤ بوون دەگەڕێتەوەو کێشەی سەرەکی و یەکەمی فەلسەفەیە . ‏

‏ ‏4. کێشەی یەکەم و سەرەکی
‏ کاتێک پرسیارێک دەکرێت “مرۆڤ چییە؟” ئێمە نامانەوێت (لە ڕووی فەلسەفییەوە) پێکهاتەی بایۆلۆژی مرۆڤ بزانین، چونکە ئەگەر پرسیارەکە ئەوە بوایە، دەبوو چاوەڕێی ئەنجامی هاوتاکانی زانستە سروشتییەکان بکەین، بەڵکو ئەوە شتێکی دیکەیە: “مرۆڤ دەتوانێت ببێتە چی؟” واتە ئایا مرۆڤ دەتوانێت چارەنووسی خۆی کۆنتڕۆڵ بکات، ئایا دەتوانێت خۆی دروست بکات ، ئایا دەتوانێت ژیان بۆ خۆی دروست بکات؟ . هەموو فەلسەفەکان تا ئێستا نەیانتوانیوە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە، چونکە مرۆڤیان وەک کورتکراوەیەک لە تاکایەتیەکەیدا سەیر کردووە. بەڵام ئەو مرۆڤایەتیەی له تاکدا دەردەکەوێت، له سێ جۆر ڕەگەز پێکدێت: یەکەم تاک خۆی؛ دووەم ئەوانی تر ، سێیەم سروشت ، ڕەگەزی دووەم و سێیەم ئاڵۆزن.
‏تاک بە شێوەیەکی میکانیکی لەگەڵ ئەوانی تر و لەگەڵ سروشتدا ناچێتە ناو پەیوەندییەوە، بەڵکو بە شێوەیەکی ئۆرگانیک (لەگەڵ ئەوانی تر)، و نەک تەنها (لەگەڵ سروشت) چونکە سروشت خۆیەتی، بەڵکو بە شێوەیەکی چالاکانە لە ڕێگەی کار و تەکنەلۆژیاوە لەوانەش لەم چەمکە کۆتاییەدا ئامرازە عەقڵانیەکانە واتە زانست و فەلسەفە . لە ڕونکردنەوەی کۆتایدا گرامشی پۆلێک دادەمەزرێنێت بە ناوی “گرێبەست” بێگومان یەکێک لە وڵامە دۆکترینە مارکسیستەکان پێکدێنێت بۆ شیکاری بونگەرایی ، جگە لەوەش ئەم پەیوەندیانە چالاک و هۆشیارن، واتە گونجاوە لەگەڵ تێگەیشتنی مرۆڤایەتی لێیان بە پلەیەکی جێوازەوە .
‏بۆیە دەکرێ بڵێین هەموو مرۆڤێک خۆی دەگۆڕێت و خۆی ڕاست دەکاتەوە ، بە قەد کۆی گۆڕین و ڕاست کردنەوەی ئەو پەیوەندیانەی کە سەنتەرو ناوەندی ئەوە . لەم قۆناغەدا داڕشتنەوەی تەواوکاری سەبارەت بە چەمکی سروشتی مرۆڤ لە لایەن مارکسەوە بۆ گرامشی هەژمار دەکرێت. ئەگەر بڵێین سروشتی مرۆڤ کۆی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانە [وەک مارکس وتی] ، دڵخۆشکەرترین وەڵامە، چونکە بیرۆکەی بوون لەخۆدەگرێت، هەروەها دەشێت بڵێین سروشتی مرۆڤ بریتیە لە مێژوو .

‏٥ – پێکهاتەی سیاسەتی ڕۆشنبیری
‏ڕەگ و ڕیشەی جیهانی مرۆڤ، واتە مێژوو و کولتور جیاوازن و دژ بەیەکن. لە هەموو قۆناغەکانی مێژوودا کۆمەڵێک کەس هەبوون کە چەمکێکی ڕوونیان بۆ جیهان هەیە، بە چەشنێکیتر سەرکردە ڕۆحییەکانی هەر کۆمەڵگایەک وەرگرین چەمکێکی دیکەیان هەیە بۆ جیهان، لانیکەم بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە پراکتیکدا دژایەتی چەمکی یەکەمیان دەکات . ئەمە پێکهاتەی ڕۆشنبیری سەرەتایی چینێکی باڵادەستە، یان چینێکی ژێردەستە، لە فەرهەنگی دیاردەناسیی گرامشیدا لەم دۆخە ڕۆشبیریە دژبەیەک و دابەشبووەدا تێگەیشتن لە [چینە باڵادەستەکانمان] بۆ ئاشکرا دەبێت لەڕێگەی ململان بۆ بە دەست هێنانی هەژموونی سیاسیەت . سەرەتا لە بواری ئەخلاقدا، پاشان لە بواری سیاسەتدا، بۆ ئەوەی بگاتە فۆرمولەیەکی باڵاتری چەمکی تایبەت لە واقیع . هۆشیاریی سەر بە هێزێکی دیاریکراوی باڵادەست =[چینی کۆمەڵایەتی] ، واتە هۆشیاری سیاسی قۆناغی یەکەمی خود هۆشیاری دواتر پێشکەوتنخوازانە، کە تیایدا تیۆری و پراکتیک یەکدەگرن ، دواجار ئەمە ڕێگە بە گەشەکردنی تەواوی تاک دەدات .
بەم پێیە یەکێتی تیۆری و پراکتیک ڕاستیەکی میکانیکی نییە بەڵکو پرۆسەیەکی مێژوویە . کاتێک پرۆلیتاریای دەسەڵاتدار هەژموونی خۆی دەسەپێنێت و دەوڵەتی خۆی دروست دەکات، بناغەکانی گەشەسەندنی تەواوی ڕۆحی خۆی دادەنێت؛ دەگاتە ساتێکی “پاککردنەوە” کە تێیدا چیتر بەهۆی بەرژەوەندیە خۆپەرەستە کۆنەکانەوە ناجووڵێت کە پێشتر بۆ بەردەوامبوونی پێویست بوون. بەڵام سەرکەوتن لەم گەشەکردنەدا لەم داهێنانە کولتوورییەدا تەنیا پەیوەست نییە بە فاکتەرەکانی هێزەوە. گرامشی لێرەدا پێویستی ڕاستی زانستی و ” وێنای لۆژیکی پێویست” بە یاد دەهێنێتەوە. تەنیا کاتێک ئەمانە هەبن دەتوانرێت حەقیقەتی مێژوویی بەدەست بهێنرێت و لە هەمان کاتدا تێکەڵ بە واقیع بکرێت . ئەوەش ڕوونە کە بنیاتنانی بەکۆمەڵ لەم جۆرە ناتوانرێت بە ئارەزووی خۆیان ، لە دەوری هەر ئایدۆلۆژیایەک لە ڕێگەی ئیرادەی بنیاتنەری فەرمی کەسایەتییەک یان گروپێکەوە ئەنجام بدرێت کە لە فەناتیزمەوە بۆ چەمکە فەلسەفی یان ئاینیەکانی خۆی پێشنیاری دەکەن . پابەندبوون یان پابەندنەبوونی جەماوەر بە هەر ئایدۆلۆژیایەکەوە ڕێگای پشتڕاستکردنەوەی ڕەخنەی ڕاستەقینەی عەقڵانییەت و مێژوویبوونی شێوازەکانی بیرکردنەوەیە . ئا لێرەوەیە گاڵتە کردنەکەی گرامشی کە لە (مارکسەوە وەریگردووە) تەنها بە ئایدۆلۆژیەکان ، ئەم بابەتە میراتی گەورە مارکسیستە هاوچەرخەکانی ئیتالیایە وەکو سێزار لوپۆرینی (1909-1993) . ‏

‏گرنگترین بڵاوکراوەکانی گرامشی دوای مردنی بریتین لە: نامەکانی زیندان (1947)؛ ماتریاڵیزمی مێژوویی و فەلسەفەی بێنێدیتۆ کرۆچێ (1948)؛ ڕۆشنبیران و ڕێکخستنی کلتوور (1949)؛ ڕێنێسانس (1949)؛ تێبینیەکانی ماکیاڤێلی و سیاسەت و دەوڵەتی نوێ (1949)؛ ئەدەب و ژیانی نیشتمانی (1950)؛ ڕابردوو و ئێستا (1951). داگۆبێرت دی. ڕۆنیست لە فەرهەنگی فەلسەفەدا (١٩٠٢-١٩٨٢) سەرپەرشتی کردووە و ساکریستان گریاڵبۆ ( ١٩٦٩) وەریگێڕاوەتە سەر زمانی ئیسپانی ، ساکریستان ئەم نووسینەی خوارەوەی دەربارەی نووسەری “دەفتەرەکانی زیندان” خستووەتەڕوو:(١٨٩١-١٩٣٧)؛ سیاسەتمەدار و فەیلەسوفی ئیتاڵی، دامەزرێنەری حزبی شیوعی ئیتاڵیا. لە زانکۆی تۆرینۆدا زمانەوانی و فیلۆلۆژیای خوێندووە (بە تایبەتی زانستی زمانەوانی)، بەڵام بەهۆی خۆبەخشی و خۆ تەرحانکردن بۆ سیاسەت، خوێندنی زانکۆی تەواو نەکرد. بەشداریی لە ڕۆژنامە سۆسیالیستەکانی “شەرەفی گەل” و “پێشکەوتن”دا کردووە. گۆڤاری “سیستەمی نوێ”ی دامەزراندووە، کە ئاراستەی شیوعی (لێنینیزم) کردووەو بناغەی بیرکردنەوەی خۆی و بیرکردنەوەی سیاسەتمەدارە دیارەکانی دیکەی ئیتاڵیا (پالمیڕۆ تۆلیاسی (١٨٩٣-١٩٦٤)) بووە.

دوای دامەزراندنی حزبی شیوعی ئیتاڵی، نوێنەری ئیتاڵیا بوو لە ئینتەرناشناڵی سێیەم (کۆمینتێرن)، پاشان بوو بە ئەمینداری گشتی. لە ساڵی ١٩٢٦ زیندانی کرا و لە ٢٧ی نیسانی ١٩٣٧ کۆچی دوایی کرد، پاش شەش ڕۆژ لەو حوکمەی کە داواکاری گشتی حوکمەکەی بەم قسەیە پاساو دابوو: “دەبێت ڕێگری لەم مێشکە بکەین بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ کار نەکات”.بەرهەمەکانی گرامشی پێکدێن لە وتارە ڕۆژنامەوانیەکان کە پێش زیندانیکردنی بڵاوکراونەتەوە، و نزیکەی سی دەفتەری یاداشتە کە لە زینداندا نووسیونی (“دەفتەرەکانی زیندان”). بێنێدیتۆ کرۆچێ (١٨٦٦-١٩٥٢) نامەکانی گرامشی کە لە زیندانەوە نووسیبوونی، بە کارێکی کلاسیکی نوێی دەزانێت لە ئەدەبیاتی ئیتاڵیدا . گرامشی مارکسیەتێک پێشنیار دەکات کە ناوی لێناوە “فەلسەفەی پراکتیک”.
ئەم فەلسەفەیە پراگماتی نییە، بەڵکو شێوازێکی بیرکردنەوەیە کە کێشە تیۆرییەکان دەکاتە مێژوو بەوەی هەمیشە وەک کێشەی کلتووری و ژیانی مرۆیی گشتگیر دەیانبینێت: “ئەوەی بۆ زانست گرنگە ئەوەندە ئۆبژێکتیڤبوونی ڕاستی نییە، ئەوەندەی بۆ مرۆڤ گرنگە میتۆدەکانی پەرەپێدەدات و بەردەوام ئامرازە ماددییەکانی و لۆژیکیەکانی (لەوانەش بیرکاری) ڕاستدەکاتەوە؛ ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە کلتوورە. پەیوەندیی مرۆڤ بە ڕاستیەوە لە ڕێگەی تەکنەلۆژیاوە. تەنانەت لە زانستیشدا گەڕان بەدوای ڕاستیدا دابڕان لە مرۆڤایەتی جگە لە پارادۆکسێک هیچی تر نیە . فەلسەفە دەبێت لە چوارچێوەی پراکتیکی مرۆڤایەتیدا تێبگەین، “بە شێوەیەکی کۆنکرێتی، واتە بە شێوەیەکی مێژوویی”. کەواتە بابەتی مرۆڤ کێشەی یەکەم و سەرەکیی فەلسەفەی پراکتیکە.
ئەو بابەتانەی کە لای فەیلەسوفە مارکسیە نەریتیەکان یان ئەکادیمیەکان، بەشە سەرەکیەکانی “ماتریاڵیزمی مێژوویی” پێکدەهێنن (واتە ئەو بابەتانەی لە “فەلسەفەی سروشت”ی ڕۆمانسیەتەوە وەرگیراون)، کردەیانە لە کارەکانی گرامشیدا بوونیان نیە. سەرەڕای ئەوەش بیرکردنەوەی گرامشی دوودڵیەکی سەیر دەوروژێنێت سەبارەت بە بابەتی ئایدیۆلۆژیاکان. گرامشی درکی بەوە کردبوو کە کاری فەلسەفی مارکس لە بنەڕەتدا ڕەخنەگرتنە لە ئایدیۆلۆژیاکان. بەڵام لە لایەکی ترەوە گرامشی پێی وایە هەر بیرکردنەوەیەک کە پەیوەندی بە پراکتیکەوە هەبێت وەک مارکسییەت بۆ نموونە پێویستە تا ڕادەیەک بونیادنانی ئایدیۆلۆژی یان “ئەفسانە”ی تێدا بێت، وەک لە وتارە سەرەتایەکانی خۆیدا نووسیویەتی.‏گرامشی لە ساڵانی پێگەیشتنیدا، دوودڵ بوو لە بەکارهێنانی ئەم وشەیەو چەمکی مارکسیزمی خۆی بە تەواوی لە ئایدیۆلۆژیاکەی دانەماڵی. بەڵکو پەنای بردە بەر جیاکردنەوەی نێوان ئایدیۆلۆژیا ئۆرگانیە مێژوویەکان کە بۆ پێکهاتەیەکی دیاریکراو پێویستن، و ئایدیۆلۆژیا هەڕەمەکی و عەقڵانییە “پەسەندکراوەکان”. بەهۆی ئەوەی لە ڕووی مێژووییەوە پێویستن، ئەم ئایدیۆلۆژیایانە خاوەنی باوەڕپێکراویەکی دەروونین، چونکە جەماوەری مرۆیی ڕێکدەخەن و بنەمایەک پێکدەهێنن کە مرۆڤەکان تێیدا خەبات دەکەن و تێیدا هۆشیاری لە هەڵوێستەکانیان بەدەست دەهێنن ….هتد.”

‏‏اکد الجبوری – حوارالمتمدن – ٢٤/ ١٠ / ٢٠٢٥
‏
‏
‏
‏
‏
‏
‏
‏
‏




ئه‌و کتێبانه‌ی یارمەتیت ده‌ده‌ن بۆ چارەسەرکردنی كێشه‌ تایبه‌تییه‌كانت، ‌ژماره‌یان كه‌مه‌.. نووسینی/ هاشم ساڵح

وه‌رگێڕانی / ئاكۆ عه‌بدوڵڵا

ئەگەر کەسێک لێ پرسیبام لەو ماوە درێژه‌ی لەپاریس ده‌ژی گرنگترین کتێب خوێندبێتەوە چییە؟ یەکسەر وەڵامم دەدایەوە: (دانپێدانانەکان) ی جان جاک ڕۆسۆ. له‌وانه‌یه‌ ئەو خوێندنەوەیە گەورەترین دۆزینەوە بووبێت به‌لامه‌وه لەدوای گەیشتنم بەفەرەنسا، ڕێک چل ساڵ لەمەوبەر‌. گەر هیچ شتێکی دیكه‌م نەخوێندباوە، ئەوە بەس بوو بۆ ئەوەی شانازی بکەم و هاتنیشم بۆ وڵاتی مۆلیێر و ڤۆڵتێر به‌هه‌ده‌ر نەچووبێ. بۆچی ئەوەندە گرنگی پێدەدەم؟ چونکە پڕە لەمه‌یلی مرۆڤایەتی.
لەبەشی یەکەمی ئەو کتێبە و لەلاپەڕەی ژمارە ١٢٠ی چاپی فلاماریونی فەرەنسی ساڵی ١٩٦٨دا، ڕۆسۆ چیرۆکێکی بچووک دەگێڕێتەوە کە لەسەرەتای منداڵیدا بەسەریدا هاتووە، ئه‌وه‌ش بوو دواتر وه‌های لێکرد دانپێدانانه‌كانی یان بیرەوەرییەکانی بنووسێت بۆ ئەوەی پاساو بۆ خۆی بهێنێتەوە. یان تۆ بڵێ: یەکێک بوو لەهۆیه‌ سەرەکییەکانی نووسینی.
ئەو لەسەرەتای لاویدا بوو، واتە لەتەمەنی شانزدە ساڵی، تازه‌ له‌منداڵی دەرچووبوو کاتێک ڕووداوەکە ڕوویدا. پوختەکەشی بەو شێوەیەیە: وەک زانراوه دوای ئەوەی لەماڵی خۆیان و خێزانەکەی لەجنێڤ رایكرد، سەرگەردان بوو و نه‌یده‌زانی له‌چۆله‌وانی بۆ كوێ سه‌رهه‌ڵبگرێ. دواتر وەک خزمەتکار لای خێزانێکی ئیتاڵی کاری ده‌كرد. ڕۆژێک ملپێچێكی جوانی كه‌وته‌ به‌ر دیده‌ و بڕیاریدا بیدزێت و پێشكه‌شی كچه‌ خزمەتکارەکەی دیكه‌ی ماڵه‌كه‌ی بكات کە (ماریون) ی ناوبوو.
بەڵام دوای ئەوەی دزییەکە ئاشکرا بوو، له‌ڕیسوابوون‌ ترسا، بۆیە ناچاربوو ئەو کچە تۆمەتبار بکات بەوەی ئەو دزیه‌كه‌ی کردووە. خاوەن ماڵ داوای لەكچه‌ خزمەتکارەکە کرد بێته‌ بەردەمی بۆ ئەوەی له‌گه‌ڵ رۆسۆ رووبه‌ڕوویان بكاته‌وه‌ و ده‌ركه‌وێت كامیان دزه‌‌ و كامیشیان راستگۆیه.‌ بەو پێیەی ئه‌و كچه‌ بێتاوان بوو، سەرەتا سەری سوڕما و وەڵامی نەداوە. نەیدەزانی چی بڵێت، بۆیە دەستی کرد بەپاڕانه‌وه‌ و داوای یارمەتی كردن،و سوێندیشی خوارد کە ئەو نییە. لەو کاته‌ی بەرگری لەخۆی دەکرد، رۆسۆ بەتوڕه‌یی لێی ده‌ڕوانی، وەک ئەوەی هه‌ر زوو شکستی هێنابێت. ئه‌ویش بەنیگای هاوسۆزانه‌ و سەرزەنشت و تاوانبارکردنەوە سەیری ڕۆسۆی دەکرد.
بەدرێژایی ژیانی ئه‌و دیمه‌نه‌ بەردەوام لەخه‌یاڵی دا ماوه‌. پێی گوت: “نا ڕۆسۆ! پێم وانەبوو تۆ وا بیت. نا ڕوسۆ ئەمە لەگەڵ تۆدا ناگونجێت نا ڕوسۆ… من پێم وابوو تۆ کەسێکی باشیت. هەموو شتێکیش به‌ڵگه‌یه‌ بۆ ئەوەی بەڕاستی باشیت. بەڵام بۆچی ئەوەت لەگەڵ کردم؟ بەڕاستی منت خستتە دۆخێکی ناخۆش. حه‌زناكه‌م لەشوێنی تۆ بم”. بەڵام ئه‌و دوای ئەوەی نەیتوانی په‌شیمان بێته‌وه، پێداگری كرد لەسەر درۆیه‌كه‌ی‌. بەو شێوەیە لەکۆتاییدا توانی به‌سه‌ری دا سه‌ركه‌وێت و تاوانەکە بخاتە ئەستۆی ئەو. پاشان هەردووکیان لەماڵەکە دەرکران. رۆسۆ ملپێچه‌كه‌ی دزی بوو تا وەک دەربڕینی خۆشەویستی خۆی بیدات به‌و كچه‌. به‌ڵام لەبری ئەوەی سوودی پێ بگەیەنێت، زیانی پێگەیاند… لەبری ئەوەی كلی بۆ تێبكات؛ کوێری كرد.
کاتێک ڕۆسۆ ئەو چیرۆکەی ماریۆنی لەکتێبی دانپێدانان نووسی، چل ساڵ یان زیاتر تێپەڕیبوو. ئه‌و سوێندی بەخوا دەخوارد کە بەهۆیەوە چەندین جار خه‌وی زڕاوه‌ و نەخەوتووە. ڕاستە بۆ ماوەیەک لەخه‌یاڵی ون دەبوو، جا درێژبێت یان کورت، بەڵام لەکاتی ناڕەحەتیدا ده‌هاته‌وه‌ بیری بۆ ئەوەی بكه‌وتە دڵەڕاوکێ. ویژدانی سەرزەنشتی ده‌ركرد و ئازاری ده‌دا تا ئەو ڕادەیەی هەندێک جار لەخەون دەیبینی كه‌ لەپشت تەمەكان لێی نزیک دەبێتەوە وەک ئەوەی پێی بڵێت: “بۆ وات لەگەڵ کردم ڕۆسۆ؟ نازانیت ناوبانگی منت لەماڵه‌كان لەکەدار کرد؟ نازانیت چیتر وەک خزمەتکار لای خۆیان كارم پێناكه‌ن؟ چیم لێ کردبووی تاكو وێرانم بكه‌ی؟”. دوای چل ساڵ ده‌هاته‌ پێش چاوی وه‌ك ئه‌وه‌ی چیرۆکەکە دوێنێ ڕوویدابێ. فرمێسک لەچاوەکانی ده‌هاته‌خواره‌وه‌ و ڕوومەت و بالیفەکه‌ی تەڕ دەکرد.
پاشان داڵغه‌لێدانه‌كانی گەورەبوون و خەیاڵ به‌ره‌و نه‌خۆشی ده‌یبرد. تا ده‌هات گه‌وره‌ تر ده‌بوو تا نزیک بوو ببێتە تاوان. لەساتەکانی تەنیایی و دڵته‌نگی دا له‌خۆی ده‌پرسی: “ده‌بێ چی بەسەر ماریۆنی هەژار دا هاتبێ؟ چی بەسەر ئەو کچە بچووکەدا هاتووه‌ کە لەژیانیدا هەرگیز ئازاری کەسێكی نەداوە؟ ئایا ڕاستە هەموو خێزانەکان ڕەتیان کردۆتەوە و ئه‌ویش بۆ نموونە ناچاربووە لەشفرۆشی بکات بۆ ئەوەی بتوانێت بژی؟ ماریۆنی هەژار بۆ کوێ چووە و لەچ ڕێگایەکدا ون بوو؟ ئایا داهاتووی وێران بووه‌، یان لەو شەرمەزارییە ڕزگاری بووه‌؟”
زۆر پرسیاری دیكه‌ كه‌ بەدرێژایی ساڵانێك دڵ و مێشکیان ‌شێواند … لەپاییز یان زستانی ته‌مه‌نی دا بوو ئەو پرسیارانەش لێینه‌ده‌بوونه‌وه‌، دوژمنەکانیشی له‌هەموو لایەکەوە بەدوایدا دەگەڕان و هێرشیان دەکردە سەری، دوای ئەوەی زۆر بەناوبانگ بوو، تەنانەت پاش ئەوەی کتێبەکانی لەلایەن ئسولییه‌كان لەپاریس و جنێڤ و ئەمستردام بەجارێك سووتێنران، ببووه‌ نیمچه‌ ئەفسانەیه‌ك. ئه‌وه‌ش پاش گه‌وره‌بوونی ئەو منداڵە بچووکە بیژییه‌ بوو کە کەس نەیدەناسی و بووه‌ جان جاک ڕۆسۆ!
لەهەلومەرجێکی وەها تراژیدی دا كه‌ لەکۆتایی ژیانی دا دەوره‌یدابوو، پێی وابوو بەهۆی ئەو (گوناحه‌ كۆنه‌) ی کە ڕۆژێک ئەنجامی داوە، پەروەردگار تۆڵەی لێدەکاتەوە. خەریک بوو دڵخۆش بێت به‌وه‌ی ئەوانی دی‌ ئەشکەنجەی دەدەن و ناوبانگییه‌كه‌ی ده‌شێوێنن. هەروەک چۆن ئه‌و ماریۆنی ئەشکەنجەدا و ناوزڕاوی كرد. داوای سته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌ی زیاتری دەکرد بۆ ئەوەی خۆی چاک بکاتەوە و ببێته‌ کەفارەتی گوناهەکانیشی.
هەر لەو ساتەوە ڕقی لەدرۆكردن بۆوه‌، وه‌ها لێی دوورکەوتەوە و لێی ترسا وەک ئەوەی تاوان بێت. تا بوو بەڕاستگۆترین نووسەر كه‌ ئەوروپا لەهەموو مێژووی خۆیدا بەرهەمی هێنابێت، بێگومان جگە لەچەند نووسەرێکی دیكه‌. وەک هۆلدەرلین، کانت، گۆته‌. بۆیە لەپشت هەر لاپەڕەیەکی دانپێدانانەوە دەبینیت وەک ئەوەی دەنگی ڕاستی بێ قسە بکات نەک ئەو. له‌شوێن تەواوی چاخێك، بووه‌‌ گوته‌بێژی فه‌رمی به‌ناوی حه‌قیقه‌ت. لەبەر ئەوه‌ بوو کانت زۆر سەرسامی بوو پێی و وێنەکەی لەسەر مێزەکەی دانابوو تاكو چێژی لێ وەربگرێت و بەدڵنه‌وایی و ئارامییه‌وه‌ بنووسێت كاربكات. هەروەها هۆلدرلین، هیگڵ، تۆڵستۆی، دۆستۆیڤسکی و چەندین کەسی دیکەی گەورە، یان گەورەی گه‌وره‌كان پێوه‌ی سەرسام بوون. بووه‌ پێغەمبەری سەردەمی مۆدێرن.
بەو شێوەیە ڕۆسۆ بڕیاری دا لەو کتێبە بەناوبانگەی (دانپێدانانەکان) دا بەڕاشکاوی خۆی لەبەردەم خوێنەران و نەوەکانی داهاتوودا ئاشکرا بكات‌. بڕیاری دا نهێنییەکانی خۆی بخاته‌ڕوو و دانیش بەهەموو لاوازی و کەموکوڕییەکانی دا بنێت. زیاد له‌پێویستیش له‌گه‌ڵ خۆی توند بوو‌ و بەتوندوتیژیس مامەڵەی لەگەڵدا کردووه‌ و قسەی ناشرینی ئاراسته‌كردووه‌، تەنانەت زەویشی پێ سڕیوه‌تەوە! بەوه‌ش‌ لێپرسینەوەی ویژدانی لەهزری هاوچەرخی ئەوروپی دامەزراند. لێرەشه‌وەیە کێشنده‌یی دانپێدانانەکان و نەمرییەکه‌ی، بەدرێژایی سەدەکان.
بەڵێ ئەو چیرۆکەی ماریون بەدرێژایی ڕۆژ و ساڵەکان دڵی ده‌كوشی. خۆزگەی ده‌خواست كاره‌ساتێك بەسەری دا هاتبا و ئەو کارەی نەکردبا. ئەگەر بەلایەکدا ڕایان کێشابا و بەجیا پرسیاری ئەو بابەتەیان لێکردبا، دانی به‌راستی دا ده‌هێنا و هەرگیز تۆمەته‌كه‌ی نەدەخستە پاڵ ئه‌و كچه‌. بەڵام زەحمەت بوو بۆی بەئاشکرا لەبەردەم هەمووان دانی بەگوناهەکەی دا بنێت.
لەو سێ لاپەڕەیەدا به‌و واتایه‌ ده‌ڵێت: دوای كاره‌ساته‌كه‌ ئەوەی لێ ده‌ترسام سزا و لێدان و دەرکردن لەماڵەكه‌ نەبوو. به‌لكو شەرمەزاری بوو. لەهەموو شتێکی دونیا زیاتر لێی دەترسام. لەمردن زیاتر لێی دەترسام. من پێم باشبوو زەوی شه‌ق بێت و لولم دات نەک لەبەردەم خەڵک دان بەوەدابنێم کە من دزم”. بۆیە ناچاربوو درۆ بکات و بەپێچەوانەی ویستی خۆی، ئه‌و تۆمەتبار بکات.
هەندێک جار بەبیرم دا دێت بپرسم و ئەوه‌ بڵێم: ئایا پەیوەندی لەنێوان ئەو هەڵوێستەی ڕۆسۆ و ڕاستگۆیی ڕەفتار‌ لەوڵاتانی زۆر شارستانی وەک سویسرا دا نییە، كه‌ سویسرا وڵاتی ره‌سه‌نی ئه‌وه؟ ئایا ویژدانی ئەخلاقی یان لێپرسینەوەی ویژدانی لەسەرانسەری ئەوروپا دانەمەزراندووە؟ بۆچی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەوڵاتانی پێشکەوتوو، ورد و ڕێکوپێکن؟ بۆچی فێڵ و درۆ و ساختەکاری لەوڵاتەکانی ئێمه‌دا زۆر باون، کە ئێمە بانگەشەی ئیمان و تەقوا و خواپه‌رستی دەکەین؟ بۆچی تا زیاتر نوێژ بکەین و بەڕۆژوو بین و كڕنۆش به‌رین زیاتر فێڵ دەکەین؟ بێگومان هه‌ڵاوێری زۆریش هەیە و خەریکە داوای لێبوردن بکەم له‌وه‌ی وتم… بەڵام ئەوەی مەبەستمە ئەوەیە تۆ لەسویسرا، ئەڵمانیا، دانیمارک، نەرویج، سوید، یان وڵاتانی دیکەی ئەوروپی، ئەگەر بتەوێت، دەتوانیت ڕۆژنامە و کتێب بکڕیت یان سواری پاس ببیت بەبێ ئەوەی یەک فلس بدەیت، چونکە کەسێک نییه‌ چاودێریت بکات. تەنها ویژدانت چاودێری تۆ دەکات. ئەوانە وڵاتانی عیلمانین هیچ شوێنەواری ئایینیان تێدا نییە و بەدەگمەنیش بەڕۆژوو دەبن و نوێژ دەکەن. كه‌چی سەد لەسەد ئەخلاقیین. ئەمە چۆن ڕوون بکرێتەوە؟ دان بەوەدا دەنێم، ئەوە سەرسامی كردم. بەچاوی خۆم ئه‌وه‌م بینی ئه‌و کاته‌ی سەردانی سویسرا و ئەڵمانیا و هۆڵەندام کرد، سەرسام بووم بەو دۆخە. بینیم هەموو هاوڵاتیان پارەی شته‌ كڕدراوه‌كانیان بەکاش دەده‌ن. هەرگیز کەس بیری لەفێڵکردن و پێشێلکردنی یاسا نەده‌کردەوە. كه‌واته‌ له‌وێدا شتێک هەیە پێی دەوترێت ویژدان و لەهەموو پۆلیسێک گرنگترە! ئامۆژگاریكه‌رێكی ناخی هەیە و ڕێگریت لێدەکات ئەگەر لادان، پێشێلکردنی ئەرک، یان کەمتەرخەمی لەکارەکەت به‌خه‌یاڵ دا بێت. چۆن دەترسیت له‌وڵاتێکی لەو جۆرە؟ چۆن گەشە ناکات و پیش ناكه‌وێت و له‌ناوی دا گوزه‌ران خۆش نابێ؟ کێ ویژدانی ئەخلاقی تۆكمه‌ی لەکولتووری ئەوروپی دا دامەزراند؟ ئه‌وان، چاکسازه‌ ئایینییەکان و فەیلەسوفە گەورەکان و زاناکانی… زاناکان میراتگری پێغەمبەرانن.
ئایا تا ئێستا بیستووتە شارستانیەتێک بەبێ کەسایەتییە گەورەکان لەسەر پێی خۆی هەڵسێت و لەسەر حەقیقەت و بنه‌ماكان بوه‌ستێ و بشسووتێ بۆ ئەوەی ڕێگا بۆ ئەوانی دیكه‌ ڕووناک بکاتەوە؟ ئایا شارستانییەتێکتان بیستووە له‌سه‌ر نه‌ریتی ناڕاست و وردی لەمامەڵەکردن دروست بووبێ؟ گوێتان لەشارستانییەتێک بووە لەسەر شتێکی دیكه‌ جگە لەئەخلاقی باش سەریهەڵدابێ و گەشەی کردبێ؟
إنما الأمم الأخلاق ما بقيت
فإن هم ذهبت أخلاقهم ذهبوا
هۆکاری دیكه‌ش هەیە پاڵم پێوه‌ ده‌نێنن سەرسام بم بەدانپێدانانەکانی جان جاک ڕۆسۆ و لێرەشدا ناتوانم هەموویان ئاشکرا بکەم. ڕەنگە گرنگترینیان ئەوە بێت کە لەدایکم و سەرەتای منداڵیم و ئەو ڕووداوە زەبربەخشەی بوونمی دامەزراند نزیكی كردبێتمه‌وه‌. به‌هه‌ر حاڵ چیرۆکی من لەگەڵ ئەو کتێبە دا درێژه،‌ لەو کاتەوەیه‌ کە ده‌یجوره‌ تاریکه‌كانی ژیانی ناوەوەمی ڕۆشن کردۆتەوە، دوای ئەوەی بۆ یەکەم جار لەگوندی شاتنی مالبەری لەده‌وروبه‌ری پاریس خوێندمه‌وه‌. ئه‌وه‌ هەمان گونده‌كه‌ی‌ پۆل ڕیکۆری فەیلەسوفی گەورەیه‌. هەروەها گوندی ڤۆلتێرە چونکە لەوێ لەدایک بووە و پەیکەرەکەشی لەپێشه‌وه‌یه‌. بەختەوەر بووم کە لەکۆتایی سەدەی ڕابردوو دا بەڕێکەوت چەند ساڵێک لەوێ نیشتەجێ بووم. له‌و ساوه‌ ئەو کتێبە هەرگیز لێم جیانه‌بۆته‌وه‌، بەتایبەتی لەساتە سه‌خته‌كاندا. یارمەتی داوم بۆ قوڵبوونه‌وه‌ له‌هەندێک پرسیاری تایبه‌تی و قبوڵكردنی ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌رگه‌یان ناگیرێ. لەڕاستیشدا ئه‌و کتێبانه‌ی یارمەتیت ده‌ده‌ن بۆ چارەسەرکردنی كێشه‌ تایبه‌تییه‌كانت ‌ژماره‌یان كه‌مه‌. ئەوان بریتین له‌كڵاورۆژنه‌ رووناكه‌كانی ناو داخراوه‌كان.

سه‌رچاوه‌: https://aawsat.com ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩




به‌راو یان ڕێكه‌وت؟.. سه‌دیق سه‌عید ڕوانزی

                         
                                          

ئه‌م دوو وشه‌یه‌، وه‌ك دیاریكردنی كات له‌ ڕووی مێژووییه‌وه‌ له‌ زمانی كوردی به‌كاردێن، به‌ڵام به‌شێك له‌ زمانزانان ده‌ڵێن به‌روار هه‌ڵه‌یه‌ و نابێ بنووسرێت و په‌یڕه‌و بكرێت، چونكه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ ناوچه‌یه‌كی كوردستان و ده‌بێ ڕێكه‌وت بنووسرێت. له‌ فه‌رهه‌نگی ئه‌ستێره‌ گه‌شه‌دا، به‌راور له‌ به‌رانبه‌ر( تاریخی) عه‌ره‌بی هاتووه‌. بێگومان (به‌راور) وشه‌یه‌كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ (به‌راوری) یه‌وه‌ نییه‌ كه‌ مه‌به‌ست لێی ئه‌و ناوچه‌ جوگرافییه‌ یه‌ كه‌ كه‌وتۆته‌ سنووری پارێزگای دهۆك. واتا ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ به‌راورییه‌، وه‌ك چۆن ده‌ڵێین( ئه‌له‌ند به‌رواری ) و ناگوترێت( ئه‌له‌ند به‌راور) ئه‌وانه‌ی بڕوایان وایه‌ به‌روار له‌ به‌راورییه‌وه‌ هاتووه‌، وه‌ك ئه‌وه‌یه‌ بێن (سلێمانی) بكه‌نه‌ (سلێمان) كه‌ ئه‌وه‌ی یه‌كه‌میان شاره‌، ئه‌وه‌ی تریان ناوه‌، كه‌ له‌ ڕووی ماناو ڕێنووسیشه‌وه‌ زۆر دوورن له‌ یه‌كتری. سلێمانی و به‌رواری لێره‌دا، له‌ ڕێگه‌ی پیتی (ی)ه‌وه‌، سیفه‌تێكیان پێ ده‌درێت كه‌ ئاماژه‌ن بۆ شوێن و ده‌لاله‌تن بۆ هاوه‌ڵناو. وشه‌ی (به‌روار) له‌ هه‌ردوو وشه‌ی(به‌ر) كه‌ هاوه‌ڵكاری شوێنییه‌، له‌گه‌ڵ (وار) كه‌ ناوێكی ساده‌یه‌ پێكهاتووه‌. به‌ر به‌مانای خواره‌وه‌ دێت، واریش واتا شوێن و جێگه‌یه‌ك كه‌ ئاوه‌دانی تێدا بێت، چونكه‌ گه‌ر ئاوه‌دانی تیا نه‌بێت، پێی ناگوترێت وار. به‌روار واتا دیاریكردنی شوێنێكی تایبه‌ت و دیاریكراوه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش نزیكمان ده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی هه‌مان مه‌به‌ست بۆ ڕۆژ و كاتیش له‌ ڕووی مێژوویه‌وه‌ به‌ كاربێت، كه‌ مه‌به‌ست لێی دیاریكردنه‌ به‌ ته‌واوه‌تی، وه‌ك ئه‌وه‌ی (به‌ر) و (وار) به‌ یه‌كه‌وه‌ بۆته‌ به‌روار، واتا به‌ر له‌وه‌ی بگه‌ینه‌ واره‌كه‌، سه‌ره‌تا له‌ به‌ره‌كه‌ین، دواتر ده‌چینه‌ واره‌كه‌، به‌مه‌ش شوێنه‌ دیاریكراوه‌كه‌ ده‌بێته‌ به‌روار. ئه‌م وشه‌یه‌ هیچ په‌ه‌یوه‌ندی به‌ وشه‌ی (به‌رواری) یه‌وه‌ نییه‌، كه‌ ناوچه‌یه‌كی جوگرافی كوردستانه‌, له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ گه‌ر به‌راوردی به‌راور به‌ ڕێكه‌وت بكه‌ین، ئه‌وا ده‌بینین به‌روار دروستتره‌ له‌ ڕووی واتا، گۆكردن و نووسین، به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ وشه‌ی ڕێكه‌وت كه‌ هاوواتا (سوتفه‌ی) عه‌ره‌بییه‌، گه‌رچی هه‌ردوو وشه‌كه‌ به‌ ئاماژه‌كردن به‌ مێژوو، ڕۆژ و كات دێن كه‌ ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی به‌ بڕشتی زمانی كوردییه‌. بۆیه‌ ئه‌وه‌ نییه‌ به‌روار هه‌ڵه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌سانێك لێكدانه‌وه‌ی بۆ ده‌كه‌ن، ده‌كرێ هه‌ردوو وشه‌كه‌ به‌كار بێنینین، به‌ڵام گه‌ر بێته‌ سه‌ر دیاریكردن و نووسین، ئه‌وا به‌روار جوانتره‌ له‌ ڕێكه‌وت و هیچ هه‌ڵه‌یه‌كی زمانه‌وانی و بابه‌تی و واتایی له‌ وشه‌ی به‌روار نییه‌و ئه‌م وشه‌یه‌، به‌كار هێنانی زۆر ئاساییه‌.

*ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ ژماره‌ (9854) له‌ 25/11/2025 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.




کێشە لەسەر سەرۆک وەزیران!.. عوسمانی حاجی مارف

دوای چەند ڕۆژێک لە هەڵبژاردنی پەرلەمان، لە 17ی نۆڤەمبەردا، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە خۆی وەک گەورەترین بلۆکی پەرلەمانی ڕاگەیاند، کە بە کۆی لیستەکانیان توانیان زۆرینەی دەنگی زیاتر لە ١٧٠ کورسی کۆبکەنەوە، لەهەمانکاتدا لیستی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی سودانی پەیوەندیان بە چوارچێوەکەوە کردەوە.
بەپێی لێکدانەوە یاساییەکان، گەورەترین بلۆکی پەرلەمانی ئەو بلۆکە دەتوانێت هاوپەیمانی دروست بکات، کە زۆرترین کورسی پەرلەمانیان بەدەست هێناوە، بەمەش مافی پێکهێنانی حکومەتی نوێ مسۆگەر دەکەن، هەڵبەتە سودانی وەک لیستەکەی خۆی نەیتوانی بە تەنیا گەورەترین بلۆکی پەرلەمانی پێکبهێنێت، بۆیە سەرەتا بەدوای هاوپەیماناندا دەگەڕا بۆ بەرپەرچدانەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە، بۆیە هەوڵیدا پارتی دیموکراتی کوردستان و محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پارتی پێشکەوتن وەک گەورەترین حزبی کوردی و سوننە ڕازی بکات بۆ ئەوەی هاوپەیمانی لەگەڵ لیستی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان دروست بکەن و گەورەترین بلۆکی پەرلەمانی پێکبهێنن.
پارتی دیموکراتی کوردستان و حەلبوسی پەیوەندیەکی باشیان لەگەڵ سودانی نییه، ڕازی نەبون بەو هاوپەیمانێتیە و نەشیانویست ڕوبەڕوبونەوه لەبەرامبەری چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەدا بکەن.
سودانی هەوڵیدا ئەوەی لە ساڵی 2021 ڕوویدا دووبارەی بکاتەوە، وەک هاوپەیمانی نێوان سەدر و بارزانی و حەلبوسی، سودانی بۆ خۆشی بە باشی دەیزانی هەوڵێکی مەحکومە. تەنانەت ئەگەر پارتی دیموکرات و محەمەد حەلبوسی ڕێکبکەون بۆ هاوپەیمانی لەگەڵیدا، ئەوا توانای ئەوەیان نەدەبوو دژی چوارچێوەی هەماهەنگی بوەستنەوە، کە ئێران پشتیوانیان دەکات!.
هەر بۆیە ئەوەی جێگای سەرنجە سودانی لە ناچاریا پەیوەندی بە چوراچێوەی هەماهەنگی کردەوە، بەڵام لەم پەیوەندی و هاوپەیمانیەدا، چەند دەتوانێت جارێکی تر ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران و حکومەت پێکبهێنێت؟، ئەمە پرسیارێکی جدیە!، لەنێو ئەو کێشەو کێشمەکێشانەی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگیدا، سودانی پێگەیەکی بەهێزی نیە و دۆخەکە وەها نیشان ئەدات فرسەتێکی وەهای بەدەستەوەنیە و شاناسی بونەوەی بە سەرۆک وەزیران زۆر بەرتەسک بۆتەوە.
هەڵبەتە ئاشکرایە کە سودانی ڕووبەڕووی دژایەتیەکی توند دەبێتەوە لەناو لیژنەی هەماهەنگی شیعەدا و لەنێو توندترین نەیارەکانیدا، وەک نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و قەیس خەزعەلی سەرۆکی عەسائیب ئەهلی حەق و باڵە سیاسیەکەی بزووتنەوەی سادقون..، ئەوانە سەرۆک وەزیرانێکیان دەوێت کە هیچ بەرنامەیەکی سیاسی و حزبی و سەربەخۆی نەبێت و بڕیارەکانی جیا نەبێت لە رێکەوتنەکانی نێوان لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی.
عەلی موسەوی، سیاسەتمەداری شیعەی سەر بە ڕێکخراوی بەدر، کە کوتلەیەکی چەکدارە و باڵێکی سیاسیی نزیک لە ئێرانە و هادی عامری سەرۆکایەتی دەکات، ڕایگەیاندووە، خەزعەلی چاوەروانی سیاسی گەورەی هەیە، سودانیش هەڕەشە لەو چاوەروانیە دەکات، بۆیە سروشتیە کە خەزعەلی دژایەتی پێدانی خولی دووەمی سودانی بکات.
جگە لەو ئۆپۆزسیۆنەی کە سودانی لە لایەن مالیکی و خەزعەلیەوە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، هێزە میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران، پێدانی خولی دووەم بە سودانی ڕەتدەکەنەوە و تۆمەتباری دەکەن بەوەی کاردەکات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی واشنتۆن بۆ چەکداماڵینی میلیشیاکان.
عەلا حەدادی، سەرکردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی ئاشکرای کرد کە چەند فراکسیۆنێک لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا بە ئاشکرا دژی درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکوەزیرانی سودانین. جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەو کوتلەیانە نوێکردنەوەی خولی سودانی ڕەتدەکەنەوە و کاندیدێکی دیکەیان پێ باشترە.
سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەدوای سەرۆکوەزیرانێکدا دەگەڕێن، کە بەردەوامیی بەرژەوەندییەکانیان مسۆگەرو پاریزراوبێت، بەتایبەتی بەرژەوەندیەکانی هێزە میلیشیاکان.
جگە لەوەی پەیوەندیی شەخسی مالکی و سودانی لەڕادەبەدەر خراپە، گومانی تیا نیە کە مالیکی بە تەواوی ڕەتیدەکاتەوە خولی دووەمی سەرۆکایەتی بدرێتەوە بە سودانی، مالیکی و خەزعەلی و زۆربەی کتلەکانی چوارچیوەی هەماهەنگی نایەوێت سەرۆکوەزیرانی نوێ، بڕیارەکانی سەربەخۆ بێت، لە ئەنجداو و سیاسەتی چوارچێوەی هەماهەنگی و دەوری ئێران.
لە کاتێکدا ڕاستە کە هاوپەیمانی سودانی سەرکەوتنی بەرچاوی لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستهێناوە، بەتایبەتی لە باشووری عێراق، بەڵام ئەم سەرکەوتنە گەرەنتی خولی دووەمی بۆ ناکات بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دژایەتییە توندەی کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە لەلایەن سەرکردە باڵاکانەوە لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا، تەنانەت بە پشتیوانی ئەمریکاش دانانی سودانی ئاسان نابێت.
لە کاتێکدا پشتبەستنی سودانی بە پشتیوانی ئەمریکا یان بە دەستکەوتەکانی لە خولی یەکەمیدا ناتوانێت ڕووبەڕووی چوارچێوە و فراکسیۆنەکان ببێتەوە، بەڵام گەرانەوەی بۆ چوارچێوەکە بۆ پێکهێنانی گەورەترین بلۆکی پەرلەمانیە، کە ڕەنگە یەک یان دوو وەزارەت بۆ لیستەکەی بەدەست بهێنێت.
دانوستانە سیاسیەکان لە چوارچێوەی بلۆکی شیعە بە سەرۆکایەتی چوارچێوەی هەماهەنگی بەردەوامن، سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، گەر پێشتر بە سودانیەوە هەشت کاندید بەرچاو بون، لەم پرۆسەیەدا ئێستا سێ ناو وەک کاندید دەرکەوتوون: عەبدولئەمیر ئەلشەمەری، وەزیری ناوخۆ، حەمید ئەلشەتری، بەرپرسی هەواڵگری، هەروەها قاسم ئەعەرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، ئەم سێ بژاردەیە دیارترین بژاردەن.
لەلایەکی ترەوە پێویستە ئاماژە بەوە بدەین کە قەیرانێکی ئابوری لە ئارادایە بەهۆی کەمی نەختینەیی و بەرزبوونەوەی قەرزە ناوخۆییەکان و ترس لە دابەزینی نرخی نەوت و دابەزین بەهای دیناری عێراقی لەبەرامبەر دۆلاردا، وەها پێشبینی دەکرێت حکومەتی داهاتوو ناچار دەبێت بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار دابەزێنێت، لە 141 دینارەوە بۆ دەوروبەری 200 دینار، بەمەبەستی پێدانی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینی و چاودێری کۆمەڵایەتی. هەنگاوێکی لەو شێوەیە، ئەگەر ڕووبدات، قەیرانێکی شۆککەر لە عێراقدا بەدوای خۆیدا دەهێنێت و دەشێت ڕوبەڕوبونەوەیەکی نوێ لە نێوان حکومەتی داهاتو و تەواوی سیستەمی سیاسی لەگەڵ ڕای گشتی عێراقدا بهێنێتە ئاراوە.
سێبەری گفتوگۆکانی سۆشیال میدیا و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی عێراقی سەبارەت بە ناسنامەی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق ئەوەیە کەسودانی دووبارە دەستنیشان دەکرێتەوە، یان هێزەکانی هاوپەیمانی (شیعە) کاندیدێکی دیکە هەڵدەبژێرن؟
لە کاتێکدا سەرنج هەیە لە سەرسودانی بەوەی کە لە ماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا خەزێنەی عێراقی کەمکردۆتەوە و ملیۆنێک عێراقی بۆ کارە حکومییەکان دامەزراندووە، وەک هەوڵێک بۆ دامرکاندنەوەی ناڕازیبونی گەنجانی بێکار و بەرگرتن بە گەرانەویان بۆ سەر شەقامەکان، بەمانایەک کاری لەسەر وەڵام بە قەیرانی ئابوری نەکردووە.
خاڵێکی دیکەی پەیوەندی نێوان پرسەکانی کەسایەتی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو، پەیوەستە بە قەیرانی ئابووریەوە، کە قەوارە سیاسیە شیعەکان مەرجیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران داناوە، پێدەچێت هەوڵێک بێت بۆ دابەزاندنی ئەو سەقفەی کە سودانی کاری لەسەر دەکرد. سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەیانەوێت پێگەی سەرۆک وەزیران زیاتر بەرتەسک کەنەوە، تا مالکی یا هەرکەسێکی تر نەتوانێت تەواو کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتەکەی بکات. لەلایەکی تریشەوە شیکارییە ئابوریەکان ئەوە دەردەخەن کە بۆ هەر بەرمیلێک نەوت تەنیا ٩٠ دۆلار دەتوانێت هەموو پێداویستیە دارایەکانی حکومەتی داهاتوو دابین بکات، نرخی ئێستای نەوت لە دەوروبەری ٦٢.٥٦ دۆلاردایە، هیچ ئاماژەیەک بۆ بەرزبوونەوەی لە داهاتویەکی نزیکدا نیە، لە ڕاستیدا پێدەچێت ئەگەری دابەزینی نرخی نەوت زیاتر بێت.
واقیعەکە ئەوەیە کە دانیشتووانی عێراق و کورستان چاوەڕوانییان لە سیستەمی سیاسی ئێستا نیە، کە پێکهاتەیەکە لە لایەن و هێزی تائفی و قەومی میلیشیا، هەڵبژاردنەکان و خواستەکانی هاوڵاتیان بۆ ئاسایش و ئازادی و دادپەروەری و باشبژێوی و خۆشگوزەرانی و لێپرسینەوە لە گەندەڵی و گەندەڵکاران ئاسۆیەک نیشان نادات، ، ئەمەش کەشوهەوای دۆخێکە لە ئێستاوە گرژی و ئاڵۆزی زیاتر خراپتر دەکات.
ئەوەی جێگای سەرنجە ئەنجامی هەڵبژاردن ئاشکرای دەکات کە میلیشیا چەکدارەکان و هاوپەیمانە سیاسیەکانی سەر بە ئێران زیاتر نفوزی خۆیان چەسپاندووە، بە سەرکەوتویی باڵادەستی مەیدانی شەڕەکانیان بۆ دەسەڵاتی فراوانتری پەرلەمانیش گواستۆتەوە. ئەم دەرئەنجامە ڕێگە خۆش دەکات میلیشیاکان لە چوارچێوەی پێکهاتە سیاسیە فەرمیەکان کاربکەن، ڕێگەیان پێدەدات کاریگەرییان لەسەر پێکهێنانی حکومەت هەبێت و سیاسەتەکان ئاراستە بکەن بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندیەکانیان و فراوانکردنی کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر دامەزراوە سیاسی و ئەمنیەکانی عێراقدا.
ئەم چڕبونەوەی دەسەڵات بە هێزە میلیشیاکان دەبێتە هۆی ناهاوسەنگی زیاتری دەسەڵات لە بەرژەوەندی ئەو قەوارانەی کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت کاردەکەن و بە شێوەیەکی سیستماتیکی دامەزراوە حکومیەکان لاواز دەکەن، سنور بۆ هەر سەرۆک وەزیران دادەنێن گەر بەدوای هەڵوەشانەوەی میلیشیاکانەوە بێت.
لە هەمان کاتدا دانوسان و رێکەوتنی نێوان لایەنەکان لەسەر بنەمای شیعە و سونە و کورد، لەلایەکی ترەوە دەوری دەخالەتی بەردەوامی ئەمریکاو ئێران لە سەر چارەنوسی عێراق، تاچەند پێشبینی ئەوەی لێدەکرێت کە بتوانرێت سەقامگیری و ئاسایش لە عێراقدا بەدەست بهێنرێت؟. بەئاشکرا دەبینین ململانێی نێوان “شیعە و سونە و کورد” هەمیشە پرە لە گرژی. بۆیە پێویستە ئەو پێکهاتە تائیفی نەتەوەیی و ئیسلامی سیاسیە لە ریشەوە لەسەر پێکهاتەی حکومەت داببرێت. پێکهێنانی حکومەتێک بکرێتە رێگەی چاکسازی، کەلەسەر بنەمای هاوڵاتی بون و غەیرە دینی و غەیرە نەتەوەیی بەبێ بونی دەسەڵاتی میلیشیا دامەزرێت.




کۆڕی ناساندن بۆ سێ کتێبی نوێی دڵشاد کاوانی لە هەولێر بەڕوەچوو.

بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری نووسەران و ڕۆشنیران لە هۆڵی شەهید مەهدیی خۆشناو لە بارەگای یەکێتیی نووسەرانی کورد، لقی هەولێر. ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ٢٩/١//٢٠٢٥ کۆڕی ناساندن بۆ سێ بەرهەمی نوێی دڵشاد کاوانی نووسەر و ڕۆماننووس بەڕێوەچوو.
کتێبەکان پێکهاتبوون لە کتێبی پەڕینەوە بە قاچ، سەفەری نامەکان. قەسیدەی شیعریی شەوە بیابانییەکانی لم.
سەرەتا نووسەر تیشکی خستە سەر بەرهەمەکانی و پاشان د. هێمن عومەر خۆشناو خوێندنەوە بۆ کتێبەکان کرد ودواتر ڕا و بۆچوونی نووسەران لەسەر کتێبەکان خرانە ڕوو، بە گرینگیی سەیر کرا و پێشوازییەکی باشی لێ کرا.
لەمیانەی کۆڕەکەدا فەرهەنگ غەفوور بەڕوەبەری ڕۆشنبیریی و هونەریی هەولێر. چەپکێ گوڵی بەدیاریی بە نووسەر بەخشی.
دڵشاد كاوانی بۆ ماڵپەڕی گوتی: کۆڕەکە یەکێک بوو لە کۆڕە گەرمووگووڕەکانی لقی هەولێر و جێگەی ڕەزامەندی بەشداربووان بوو.
کۆڕەکە لەلای مەسعوود پەرێشانی شاعیر بەڕێوە چوو. لە کۆتایدا کتێبەکان واژووی لەسەر کرا.




گوندی لاجان، غەزەیەکی بچووک!.. کامل احمد

ناسیۆنالیزم هەر ڕەنگ و ناوێکی هەبێت دژ بە بەرژەوەندییەکانی هەژاران و کرێکارانە.
ئەوەی ئەمڕۆ لە لایەن هێزەکانی پارتی و پارێزەرانی کۆمپانیا و پاڵاوگەی لاناز دژ بە خەڵکی گوندی لاجان دەکرێت لە گەمارۆدانی گوندەکەیان و بەزۆر ڕاگواستنیان، هیچی کەمتر نییە لەو جینۆساید و گەمارۆدان و ڕاگواستنە زۆرەملیانەی ئیسرائیل لە غەزە. ئەم ڕووداوانەی گوندی لاجان باشترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە نەتەوەپەرستی و بەرژەوەندییەکانی سەرمایە هیچ جیاوازییەک ناکات کاتێک بەرژەوەندییەکانی دەکەوێتە مەترسییەوە. جا ئەو دەستدرێژی و گەمارۆدانە خانەخۆیی و خۆماڵی بێت وەک ئەوەی لە لاجان ڕوودەدات یان لە ژێر ناوی زمان و نەتەوەیەکی ترەوە بەڕێوەبچێت و دەرەکی بێت وەک ئەوەی ئیسرائیل لە غەزە پیادەی دەکات. پارتی و ئیسرائیل هەردوولایان هەمان دەسەڵاتی سەرمایەداران و پارێزەرانی بەرژەوەندییەکانی سەرمایە و کۆمپانیا بازرگانییەکانیانن و ئامادەن خەڵکی خانەخوێ و دەرەکیش لە خوێن هەڵکیشن و بێ خانەولانەیان بکەن.
ئەمە دەرسێکی ڕوون و ئاشکرایە کە ناسیونالیزمی کورد دوژمنی سەرسەختی کرێکاران و هەژارانی کوردستانە و هیچ بەرژەوەندییەکی هاوبەش لە نێوان سەرمایەدارن و هەژاراندا نییە و وەهمی نەتەوەیی پووچە. هەموو پشتیوانییەک بۆ خەڵکی گوندی لاجان و کرێکارانی کۆمپانیای لازار لەم بەرەنگاربوونەوەیاندا. گرنگترین کارێکیش ئەوەیە کە کرێکاران و هەژارانی گوندی لاجان بەو هەوڵە فریوکاریانەی هەردوو زۆنی سەوز و زەرد هەڵنەخەڵەتێن ونەبنە بەشیك لەم شەڕەی نێوان ئەوان لە نێوان قازانچپەرستە هەرکییەکان لە هەردوو زۆنەکەدا.

کامل احمد
٠١،١٢،٢٠٢٥




بۆچی خەڵك هیوای بە پەرلەمان نەماوه؟.. رێبوار ياسين فەتاح

لەگەڵ هەر پرۆسەیەكی هەڵبژاردندا، مشتومڕی بەشداریكردن یان بایكۆت لەناو شەقامی سیاسی و میللی دروست دەبێت، تەنانەت ئەو مشتومڕە ڕۆچۆتە ناو خێزانەكانیشەوە، ئەمەش سەرەنجامی گشت ئەو پێشێلكاری و شكاندنانەیە، كە حزبەكان بەرامبەر بە پەرلەمان كردویانە.
خەڵكی ئاسایی، جیاوازی ناكات لە نێوان پەرلەمانی عێراق و كوردستان، چونكە خودی حزبەكانن ئەو جیاوازیەیان نەهێشتوەو لەبەر دەنگ، یەكتر ریسوا دەكەن و بانگەشەكانیان زۆر لۆكاڵی كردوە، جگە لەوەی سوككردنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن ئەم حزبانەوە وای كردوە كە خەڵك بە یەك چاو سەیری هەموو پرۆسەیەكی هەڵبژاردن بكات. بەوەی تەنیا نمایش و شانۆگەرییەكەو هیچ گۆڕانكاری دروست ناكات. ئەمە جگە لە ئەزمونی شكستخواردوی ئۆپۆزسیۆن لەناو كوردستان و عێراقیشدا.
بە هەموو پێوەرێك، پەرلەمان لە كوردستان، تەنیا بۆ ئارایشتی دەسەڵاتی سیاسییە تا وەك ڕوپۆشێكی ئازادی و دیموكراسی پیشانی جیهانی بدەن. ئەگەرنا، لەوەتەی كورد خاوەنی پەرلەمانە، لەوەتەی كورد هەڵبژاردن دەكات لەم باشورە، كەمترین جار ئەنجامەكان وەك خۆی قبوڵ كراوە، زۆرترین جاریش شكۆی پەرلەمان شكێنراوە، سەرەتا بەوەی كە هیچكام لە دەسەڵاتداران و كوڕانی بنەماڵە دەسەڵاتدارەكان ئامادە نین بچنە پەرلەمانەوە، دووەمیش چەندینجار ئەم پەرلەمانە شكێنراوە بە داخستن بێت یان پەكخستن، دوایەمینیان پێکنەهێنانیەتی کە ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنیشدا تێپەڕی.
لایەنێكی دیكەی بێ ئەرزش كردنی پەرلەمان، رەوانە كردنی شایەرو بێژەرو كەسانی نەخوێندەوارو بەتاڵە بۆ ناو ئەو موئەسەسە گرنگە، كە بەشێكیان تەنانەت جگە لە موچەكانیان، ئاگاداری هیچ كارێكی پەرلەمان نین و بەشداری ناكەن و ساڵانە چەند جارێکی کەم قسەیەک دەکەن یان هەر ناشیکەن.
بۆیە پەرلەمان بۆ بەشێكی زۆری حزبەكان و كادرەكانیان بۆتە بازاڕێكی كەسابەت و هیچ پەیوەندی بە بەرگری لە بەرژەوەندی خەڵكەوە نیە.
لەلایەكی دیكەوە، پەرلەمانتاران و فراكسیۆنەكان كەمترین پرۆژەیان هەبوە پەیوەست بێت بە ژیانی خەڵكەوە، بگرە ئەوانەی كە زۆرترین جار دەردەكەون لە مێدیاو سۆشیال مێدیا، كەمترین كاریان لە پەرلەمان كردووە.
دوایین گورزیش لە پەرلەمان درا، داخستنیەتی بەو جۆرەی ئێستا دەیبینین كە ساڵ زیاترە هەڵبژاردن كراوە، نە كۆبۆتەوەو نە هیچ رۆڵێكی هەیە لە خێراتر كردنی پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. لەولاشەوە پەرلەمانتاران هەر رۆژەی لە شوێنێك دەردەكەون و مانگانە موچەی خۆیان وەردەگرن، بێ ئەوەی هەڵوێستێکیان لەسەر نەبونی ئەو شوێنە هەبێت کە موچەی لێ وەردەگرن. ئەمەش هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ ئەوەی کە دەوترا قیتارمان نییەو چەندین موچەخۆری قیتاریش هەن.
سەرەنجامی هەموو ئەم هۆكارانەش، دامەزراوەی پەرلەمان بۆتە دامەزراوەیەكی بێبەها لای خەڵك و بڕوای تەواوی لا دروست كردون كە بەشداری كردنیان لە هەڵبژاردن وەك بەشدارییە لە سێرك و نمایشێكی بێبەها.

بۆچی هەڵبژاردن شەرعیەتی نیە؟

لە ١٩٩١ـەوە حساب بۆ ئینسانی کوردستان نەکراوە، ئێستا سەرکردەی حزب خزمەتگوزاری، ئازادی مرۆڤ و پڕۆژەی گەورە بە خەڵکی دەفرۆشن. گەورەترین پڕۆژە لەلای من، بەرزڕاگرتنی بەهای مرۆڤە، کە حزبی کوردستان ژێرپێی خستووە.

سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی نە گرفتیان لەنێوانە، نە لەگەڵ بەغداد ناکۆکن، دوژمنی وەهمی دەئافرێنرێ لەلایەن سیاسیەوە بۆ شاردنەوەی شکست و نەبوونی ئەقڵی هاوچەرخی حوکمڕانی.

ئەوەی سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی لەلایان گرنگ نەبێ و بێبەها لێی بڕوانن، مرۆڤە، بەتایبەتیش مرۆڤی کوردستان.

هەڵبژاردن نە سیاسەتی دەسەڵاتدار دەگۆڕێ، نە ڕووخساریان، ئیدی دەبێ دەنگدان بۆچی بێ؟

گەر دەنگدان بە پەڕلەمانی کوردستان زیاد لە ساڵێك لەمەوبەر تا ئەمڕۆ هیچی بەرهەم نەهێنابێ، بۆچی هەڵبژاردنی عێراق بەرهەمی دەبێ؟

دەنگ بۆ پەڕلەمان و حکومەت نیە، بەڵکو بۆ نوێکردنەوەی بەمریدبوونە بۆ پارتی و یەکێتی، کە زۆربەی زۆرتان بە زاڵم و گەندەڵ لە قەڵەمیان دەدەن.

دەنگدان گروپێکی نوێی سیاسی ناهێنێتە سەر حوکم تا بە سیاسەتی هاوچەرخ و حەکیم دەسەڵاتی کوردی یەکبخەن و پەڕلەمان، حکومەت و دەسەڵاتی دادوەری ڕیفۆڕم بکەن. نەخێر، هەر ئەو شەڕە قسەیەمان گوێ لێدەبێ کە پارتی و یەکێتی لە ١٩٩١ـەوە سەرقاڵین و خەڵکی پێ چەواشە دەکەن.

دەنگدان کۆتایی بە سەرکوتکردن و تێرۆری نەیاری پارتی و یەکێتی و ڕۆژنامەنووس ناهێنێ، بەڵکو شەرعیەتیان پێدەدات لەوەی کردوویانە و لەوەش لە داهاتوودا دەیکەن.

دەنگدان هیچ کەسێك زیندوو ناکاتەوە کە بووەتە قوربانی پارتی و یەکێتی و شەڕی خۆکوژیان.

دەنگدان کۆتایی بە کاریگەری تورك و فارس لە کوردستاندا ناهێنێ، بەڵکو زیادتری دەکات.

دەنگدان میدیا ئازاد ناکات و کۆتایی بە مۆنۆپۆلی پارتی و یەکێتی بەسەر میدیادا ناهێنێ، شەرعیەتیان پێدەدات.

دەنگدان شەڕی پارتی و یەکێتی لە کەرکوك و ناوچەی جێناکۆکدا کۆتای پێناهێنێ، و نایگۆڕی بە سیاسەتێکی حەکیمانە کە مافی مرۆڤ لەو ناوچانەدا بپارێزێ، بەڵکو شەرعیەت دەدات بە بەردەوامبوونی سیاسەتی شکست.

دەنگدان شەڕی نێو سەرکردایەتی حزب بنەبڕ ناکات، بەڵکو دەسەڵات دەدات بە گروپی دەستڕۆیشتوو بۆ سەرکوتکردنی زیادتر.

دەنگدان کۆتایی بە قەیرانی موچە ناهێنێ، قوڵتری دەکاتەوە. شەڕی موچە بڕبڕەی پشتی ستراتیجی حوکمڕانی پارتی و یەکێتیە، کە هەمووشمان دەزانین چارەسەری تەنیا بنەبڕکردنی گەندەڵی و دامەزراندنی حکومەتی تەکنۆکراتە.

دەنگدان ئابووری کوردستان نابووژێنێتەوە و لاوان ناخاتە سەرکار، ئەوەی لە پۆستی گرنگدا دادەنرێ، دەبێ نزیکی کەسێکی دەستڕۆشتووی نێو حزب خێڵ بنەماڵە بێ.

پارتی و یەکێتی کۆمەڵێکیان دامەزراند، هاوڵاتبوون تێیدا بێبەهایە و پێشکەوتن لەسەر بنەمانی توانای مرۆڤ نیە، بەڵکو لەسەر نزیکیە لە کەسێکی دەستڕۆیشتووە؛ پێشکەوتن لە پیشەدا توند گرێدراوە بە سەرشۆڕیەوە بۆ سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی. ئەوی نەبێ بە گوێڕایەڵی حزب خێڵ به نەماڵە، هەرگیز جێی لە دەسەڵاتی حزبدا نابێتەوە.

دەنگدان کۆتایی بە داگیرکردنی موڵکی گشت ناهێنێ، بەڵکو دەنگت پسوڵەی داگیرکردنی زیادترە.

ئەگەر دەنگدان پێشتر هیچی پۆزەتیڤی نەهێنابێتە نێو ئیدارە و سیاسەتی کوردستانەوە، دەنگت، سەکۆی گەندەڵی و سەرکوترکردن و ئازادی مرۆڤ تەسكتر دەکاتەوە.

لە ژیاندا هەموو ئازادین چیمان دەوێ، ئێوەش ئازادن، بەڵام ئەوەی لەلای من هەناسەی ژیانە ئەمەیە: بیناکردنی مرۆڤ لەنێو کۆمەڵێکی هاوچەرخی ئازاددا کە هەموو مافمان یەکسان بێ لەبەرامبەر قانون و دەستگای هاوچەرخدا.

پارتی و یەکێتی بەربەستن لەبەردەم پێشکەوتنی کوردستان و مرۆڤدا، دەنگدان هیچ ناگۆڕێ.

رێبوار ياسين فەتاح