پیشەسازیی وەهمەکان.. نووسینی: کەریم جدی.. و: یاسین لەتیف

‏‏١
‏ئایا وەهمەکان بە مرۆڤەوە نووساون؟ ئایا دروستکردنی وەهم لە ژیانی مرۆڤایەتی و لە ڕۆژگاری ئێستاماندا پێویستییە؟
‏ئایا دڵخۆش دەبیت یان غەمبار، ئەگەر وەهمێکت لەدەست دا؟
‏٢
‏ناتوانین باسی وەهم بکەین بەبێ باسی خەیاڵ و خەون. جگە لەوەی بیرمەندان و فەیلەسوفان مرۆڤ بە “گیانلەبەرە باڵاکە” و “گیانلەبەری قسەکەر” ناودەبەن، سیفەتی تریشیان خستۆتە پاڵی وەک “گیانلەبەری بیرکەرەوە” و “ئەو گیانلەبەرەی خەون دەبینێت”. ‏خەیاڵ لە چوارچێوەی چالاکییە هزرییەکانی مرۆڤدایە. خەیاڵ ئازاد و بێ سنوورە، هەرچەندە پەیوەندی بە دەوروبەر و ئاستی بیرکردنەوەوە هەیە، بەڵام سیفەتی فڕین، کراوەیی، نەرمی و ڕۆشتنی بەرەو دوورترین و نامۆترین شوێنەکانی هەیە. هەر بۆیە، ئەگەر بکرێت جەستەی مرۆڤ لە ڕووی جوڵە و شوێنەوە سنووردار بکرێت، خەیاڵەکەی سنووردار ناکرێت. بگرە سەلمێنراوە کە هەرچی شوێنی مرۆڤ تەسکتر بێتەوە، زیاتر پەنا بۆ ئازادکردنی خەیاڵ دەبات؛ وەک ئەوەی لەگەڵ زیندانییەکاندا ڕوودەدات. بەڵام دەبێت ئاگادار بین کە پشتگیریکردنی ئەم مەسەلەیە وەک ئامانج، جۆرێکە لە “تراژیکۆمیدیا”، چونکە ئێمە هانی زیندان نادەین بەڵکو هانی باخچە دەدەین. ئێمە لەگەڵ فەزا و ئاسۆی ئازاد و ئەو ڕۆحەداین کە پێویستی بە فراوانی هەیە، چونکە بەبێ فراوانی خەیاڵ کز دەبێت و وشک دەبێت.
‏٣
‏خەون پەیوەندییەکی توندوتۆڵی بە خەیاڵەوە هەیە. دەکرێت خەون بەوە پێناسە بکرێت کە خەیاڵێکە بەرەو ئامانجێک هەنگاو دەنێت؛ ئاواتێکە کە تەماح و ئارەزووی تێدایە بۆ تێپەڕاندنی ئەوەی هەیە بەرەو شتێکی تر. ‏سەیر نییە کە خەون بە یەکێک لە نیشانەکانی ژیان دابنرێت. بگرە داهێنان وا مرۆڤ دادەنێت کە بەبێ خەون مردووە، وەک لە فیلمێکدا دەڵێت:
‏(بەبێ خەون، تۆ مردوویت – Without dream you are dead) ئەوەی خەون نەبینێت، بێدەنگ و بێجوڵە دەبێت. بێدەنگی بەم مانایە نەمانی چالاکییە، و بنەمای چالاکیش پەیوەستە بە ژیانەوە. هەندێک کەس ئەگەر لە خەون بینین بوەستن، پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن.
‏٤
‏ڕەخنەگر و ڕۆماننووسی لوبنانی ئیلیاس خووری دەڵێت: شاعیر یەکەم کەسە دەشکێت ئەگەر خەونەکەی بشکێت، هەروەها یەکەم کەسیشە دەشکێت کاتێک خەونەکەی دێتە دی. بەشی یەکەمی ڕستەکە بە ئاسانی قبوڵ دەکرێت. لای شاعیر خاوەن هەستێکی ناسکە و خەونەکانی تا ئاستی عەشق خۆش دەوێت. خەون بۆ ئەو مەسەلەی “بنەما” و “ستراتیژیی ستراتیژییەکانە”. بۆیە سەیر نییە شاعیر بشکێت ئەگەر خەونەکەی لەدەست بدات. بەڵام ئەوەی کە ئایا شاعیر دوای ئەوە هەڵدەستێتەوە یان نا، بابەتێکی ئەگەرییە و پەیوەستە بە واقیع و خودی شاعیرەکەوە. بەڵام بۆچی و چۆن شاعیر دەشکێت کاتێک خەونەکەی دێتە دی؟ مەگەر شاعیر خەبات بۆ هێنانەدی خەونەکەی ناکات؟ لێرەدا کێشەی خەون و دژایەتییەکەی دەردەکەوێت. ‏خەون وەک خۆراک و وزەیە، پاڵت پێوە دەنێت بۆ بەردەوامی و بەرەو پێشەوە و قووڵتربوونەوە. خەون هەمیشە سەرقاڵت دەکات، بەڵام هەر کە هاتە دی، هەست بە جۆرێک لە بۆشایی و لەدەستدان دەکەیت. چارەسەری ئەم کێشەیە ئەوەیە کە مرۆڤ هەمیشە پێویستی بە خەونی نوێ هەیە، و ژیانیش ئەگەر بە باشی لێی بڕوانین، خەونی زیاترمان پێ دەبەخشێت.
‏پەیوەندی شاعیر بە خەونەوە دەکرێت بۆ هەموو داهێنەران و مرۆڤ بە گشتی گشتگیر بکرێت.
‏٥
‏لە نێوان خەون و وەهمدا داوێکی زۆر تەنک هەیە. جۆرە جۆلانەیەک هەیە کە خەون دەباتە شوێنی وەهم، و وەهم دەباتە شوێنی خەون. وەهم خەونێکی درۆینەیە، عەشقێکە کە خیانەت ئاشکرا دەکات. ئەوەی وەهمی هەڵگرتووە نازانێت کە وەهمە، بەڵکو وەک خەون و تەماح و هەوڵێکی ڕەوا دەیبینێت، دوای ئەوە ئاشکرابوون و دڵنیابوونەوە دێت. کاتێک خەونێک دێتە دی، شادییەکی زۆر دامان دەگرێت (هەرچەندە خەمێکی کەمی لەدەستدانیشمان بۆ دروست بێت)، بەڵام کاتێک خەونەکە دەبێت بە وەهم (واتە زانستی و ڕاست نەبێت)، نائومێدییەکی گەورە دەمانپێکێت.
‏٦
‏لە نیشانەکانی بەدبەختی و بەدبەختەکان ئەوەیە کە وەهم پۆشاکی خەون دەپۆشێت. مرۆڤ ناتوانێت بە ئەنقەست وەهم بۆ خۆی دروست بکات، چونکە وەهم زیان و قسەی پووچە. هەندێک وەهم هەن کە لە نەخۆشییە دەروونییەکانەوە سەرچاوە دەگرن، هەندێکی تریش بەهۆی زیادەڕەویکردن لە هەڵسەنگاندن و بیرکردنەوەدا دروست دەبن. بەڵام ئێمە باسی ئەم جۆرە ناکەین. ئێمە باسی بەرهەمهێنانی وەهم دەکەین بە شێوەیەکی بە ئەنقەست، کاتێک ئەوانی تر وەهمت بۆ دروست دەکەن یان تۆ بۆ ئەوانی دروست دەکەیت. تۆڕێک دەخرێتە خوارەوە، تەڵەکە وەهمە، نێچیرەکەش ماسی نییە بەڵکو ئەو مرۆڤانەن کە هۆشیاری و بەختەوەرییان کەمە. بەرهەمهێنان و کڕین و فرۆشتنی وەهمەکان لە سەردەمی ئێستاماندا لە بوارەکانی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووریدا بازاڕی زۆر گەرمە. سیستەمەکان، دەوڵەتەکان، دامەزراوەکان و تاکەکان ئەم کارە دەکەن. پیشەسازیی وەهم کارێکی سادە نییە، بگرە لە تاقیکردنەوە تاقیگەییەکان ئاڵۆزترە و ئەنجامی چەندین ڕەگەزە کە تۆڕێک پێک دەهێنن. ئەو پرۆسە عەقڵییانەی لە پشت ئەمەوەن دەکرێت ناوی بنێین (سیستەمی فیکری) .
٧
‏ئێمە خەونەکانمان خۆش دەوێت و خەمبار دەبین ئەگەر خەونێک لەدەست بدەین، بەڵام هەندێک کەس هەڵدەستنەوە و بەردەوام دەبن و خۆیان نوێ دەکەنەوە، هەندێکی تریش دەکشێنەوە و گۆشەگیر دەبن. شاعیر مەحموود دەروێش دەڵێت:
‏”خەونێکی جوانم لەدەستدا ‏سۆزی گوڵە لۆتۆسەکانم (زەنبەق) لەدەست دا
‏شەوم درێژ بوو
‏لەسەر پەرژینی باخچەکان
‏بەڵام ڕێگاکەم (ئامانجەکەم) لەدەست نەدا
‏٨
‏ئەدۆلف هێتلەر کاتێک خەونەکەی بوو بە وەهم، خۆی کوشت. ئەو کچەی خەون بە گەنجێکی بێ کەموکوڕییەوە دەبینێت و هەموو ڕۆژێک مەرجێکی نوێ زیاد دەکات، لە کۆتاییدا بە تەنیا و قەیرەیی دەمێنێتەوە. ئەو کەسانەی چاوەڕێن ڕووبارەکە بە پەڕەشووت لە ئاسمانەوە بۆیان بێتە خوارەوە بەبێ ئەوەی هۆکارەکانی سەرکەوتن دابین بکەن، هەمیشە لەناو شکستی و ژێردەستەییدا دەمێننەوە. ئایدیۆلۆژیاش، هەر ئایدیۆلۆژیایەک بێت، کە بیەوێت لە هەموو کات و شوێنێکدا بێت و هەمیشە مەدالیای زێڕ بباتەوە بەبێ لەبەرچاوگرتنی شوێن و کات، ئایدیۆلۆژیایەکی پووچەڵە.
‏٩
‏هەندێک کەس دڵخۆش دەبن کاتێک وەهمەکانیان بۆ دەردەکەوێت، کاتێک هەست دەکەن وەهمێکیان لەدەست داوە یان شتێکیان بردووەتەوە. ‏بەڵام هەندێکی تر تووشی شۆک دەبن، ئومێدی گەورەیان لەسەر هەڵچنیبوو، دەیانویست وەهمەکە هەر بە وەهمی بمێنێتەوە بەبێ ئەوەی بزانن وەهمە. ئای وەهمە ئازیزەکەم!

سەرچاوە:
‏( لە لاپەڕەی فەرمی کەریم جدی وەرگیراوە)





ئایا ئێمە وۆرك شۆپی شانۆییمان هەیە؟.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

وۆرك شۆپی شانۆیی خێراترین رێگەیەكە بۆ راهێنانی شانۆكاران و و ئەكتیفترین فۆرمێكی پراكتیكیە لەم بوارەدا.
لەرێگەی وۆرك شۆپەوە دەتوانین ئامادەكارییەكی زانستی و ئەكادیمی دروست بكەین و ئاستی تواناو دەسەڵاتی شانۆكارانمان بەگشتی بۆ ئاستێكی خوازراو بەرز كەینەوە، بەتایبەت لەڕووی جەستەو ئەداو ئیلقای ئەكتەرو تەقاندنەوەی توانا شاراوەكانی، كەوێرای لایەنە پراكتیكییەكان لایەنی تیۆری و جەستەیی ئەكتەر هاوكوف بەیەكتر دەكات.
ئیدی هەر لەئامادەكردنی تێكستەوە،تا دەگاتە پرۆسەی دەرهێنان و ئەدای ئەكتەرو ئیلقاو ریتمی دەنگ وفۆرمە لێك جیاوازەكانی نمایش، كەچی ئەوەتا لەزۆر لەو پەیمانگاو ئەكادیمییانەی لە مەڕ خۆماندا بەدەگمەن كەسانی شارەزاو پسپۆر شارەزاییان لەبواری شانۆدا كەمە، لەوانەی پەنا بۆ ئەنجامدانی وۆرك شۆپ دەبەن، بۆ ئەوەی پێویستیەكانی ئەكتەرو دەرهێنەریان پێ‌ پڕبكرێتەوە، یان زانیارییەكی زێتر دەربارەی ئەزموونی شانۆیی بخەنە سەر ئەزموونەكانی خۆیان.
زۆر لەو وۆرك شۆپانە دەگەڕێنەوە سەر ئەو رێباز و شێوازانەی كە بلیمەتەكانی شانۆی وەك برێخت، ستانسلافیسكی، كرۆتۆفسكی و مایرهۆل، بیتەر برۆك و زۆرانی دیكە، بۆ راهێنان و ئامادەكردنی ئەكتەر، چ بۆ ئەكتەرە باوەڕپێكراوەكان كە پێویستیان بەئەزموونی هەمیشە هەیە بۆ پەرەپێدانی توانایان، چ بۆ ئەكتەرە بەهرەمەندەكان بۆ پێگەیاندنی تواناكانیان بەشێوازێكی ئەكادیمی و زانستی .
هەمیشە ئەكتەر پێویستی بە هەمەڕەنگی هەیە لەنواندندا ، چونكە سنورێك نیە بۆ داهێنان، لەهەمان كاتیشدا لەڕێگەی ئەو وۆرك شۆپانە دەكرێت ئەكتەر خاڵە لاوازەكانی خۆی بدۆزێتەوەو هەوڵی چارەسەركردنی بۆ بدات.
لای ئێمە وۆرك شۆپی شانۆیی بەدەگمەنەو رەنگە ساڵی جارێ‌ وۆرك شۆپێك ساز نەكرێت ، ئەمەش هیچ كاریگەریەكی نابێت بەسەر ئەكتەر و تواناو دەسەڵاتی نواندنی ئەكتەر، ئەگەر ئەو وۆرك شۆپانە بەردەوام نەبن و بەرنامەڕێژییان بۆ نەكرێت و قۆناغ بە قۆناغ پراكتیك نەكرێن.
جگە لەوەی وۆرك شۆب ، سەرچاوەی سەرەكی هوشیاریی و مەعریفی شانۆكارە بۆ گەشە پێدانی توانستە تیۆریەكانی .
بەڵام لەو نێوەندەدا پرسیارێك دروست دەبێت ئەویش ئەوەیە، كێن ئەو لایەنانەی كە بەرپرسن لەكردنەوەی وۆرك شۆپی شانۆیی؟
بێگومان هەر شوێنێك كە ئەكتەری تێدا كاربكات، بۆی هەیە وۆرك شۆپ بۆ راهێنان و پێگەیاندنی ئەكتەرەكانی دروست بكات، هەر لە زانكۆكان و پەیمانگاو ئەكادیمیەكانەوە بگرە تادەگاتە تیپ و گروپە شانۆییەكانەوە.
بەتایبەت ئەو لایەنانەی كە پسپۆڕن بەكاری شانۆیی، وەك بەڕێوەبەرایەتی شانۆ ، یان بەشی شانۆ لە كولێژو ئەكادیمیاو پەیمانگا هونەرییەكاندا، گرنگە ئەگەر لابووری هەمیشەییان هەبێت بۆ گەشە پێدانی توانستی جەستەیی و دەنگ و ئیلقاو ئەدای شانۆیی .
دەرهێنەرانی خۆمان تەنها لەكاتی خۆئامادەكردن بۆ پێشكەشكردنی شانۆگەریەك كاری راهێنان تەنها بۆ بەرهەمەكانی خۆیان دەكەن، نەك بۆ ئامادەكردنی هەمیشەیی ئەكتەر، بەشی زۆری ئەو راهێنانانەش راهێنانی تەقلیدی و سواون، چونكە تێهەڵكێش نەكراون بە هیچ میتۆدێكی جیهانی و ئەزموونی نوێ بۆ ئامادەكردنی ئەكتەر.
لەلایەنەكی دیكەوە من دڵنیام هیچ لەو دەرهێنەرە تەقلیدیانە ئاشنانین بەهیچ ستایلێكی زانستی و ئەكایمی جیهانی كە ئەكتەرانی جیهان بۆ ئامادەكردنی ئەكتەر پیادەی دەكەن،
لەوانەش ستایلە هاوچاخەكانی شانۆ..
دەرهێنەرە لاوەكانیشمان بەهەمان شێوە سەرچاوەیەكیان نیە بۆ خۆڕاهێنان بەو مەنهەجە جیهانییانە، بۆیە زۆر جاران پشت بەئەزموونی تایبەتی خۆیان دەبەستن.
تا ئێًستا زۆرینەی دەرهێنەرانی ئێمە دەڵێن ئێمە بەستایلی ستانسلافسكی یان برێخت كار دەكەین، بەڵام كام لەوانە وۆرك شۆپێكی جیهانی بینیوە لەسەر ئەو قوتابخانانە؟!
لەكوێوە ئەو ئەزمونانەیان وەرگرتووە تا لێرە لە كوردستان پیادەی بكەن؟
كامەیان ئاشنا بەرێبازی مایرهۆڵدو جاك لۆك و كرۆتۆفسكی و پیتەر برۆك و ئەوانی دیكەن؟ بەشدارییان لەچ وۆرك شۆپێكی تایبەت بەسینۆگرافیاو دەرهێنان و هونەری نووسینی تێكست و چەندین پێكهاتەی دیكەی شانۆیی كردووە بۆ ئەوەی لەو قالبە چەسپاوەی خۆیان دەربێن و تەكانێك بەو جەستەو هزرە سواوەی خۆیان بدەن؟
لە هەموو ئەوانەی تا ئێستا لەبواری وۆرك شۆپدا شوێن پەنجەیان دیارە، د. فازڵ جاف- ە كە تا ئێستا چەندین وۆرك شۆپی لەوڵاتانی ئەوروپاو لە وڵاتانی كەنداوو هەندێ‌ وڵاتی دیكەی عەرەبی ئەنجام داوە، وێڕای چەند وۆرك شۆپی دیكە لە كوردستان،
بەڵام ئەوەندەی ئەو كار بۆ مەغریب و تونس مەراكیش و كویت دەكات خۆزگە نیو ئەوەندەی بۆ شانۆكارە لاوەكانی خۆمان بكردایە كە ئەمڕۆ تا ئەوپەڕی ئێسقان پێویستییان بەشارەزای وەك ئەو هەیە، بەڵام ئەویش پاساوی خۆی هەیەو دەڵێت :
من خۆم بێ‌ ئەوەی داوام لێ‌ بكرێت، یان بانگهێشت بكرێم داوام كردووە كە زەمینە خۆش بكەن بۆ ئەوەی وۆرك شۆپیان بۆ ساز بكەم، كەچی ئەوان ئەوەیان بەلاوە مەبەست نییە و كۆمەڵێ‌ گیروگرفتی ئاوات بۆ دەنێنەوە كەتۆ دەست لەو بیركردنەوەیە هەڵگریت! دەتوانم ئەمەت بە بەڵگە بەنووسراوی فەرمی بۆ بسەلمێنم!
هەردوو هونەرمەندی بەتوانا (نیگار حەسیب قەرەداغی) و (شەماڵ عومەر) كە خاوەنی لابوری لالشن لەوڵاتی ڤیەننا و لەسەر ئاستی جیهان وەك دوو مامۆستاو شارەزای دیاری سازكردنی وۆرك شۆپ ناسراون، بەڵام بەگشتی ئەو وۆرك شۆپانە تا ئێستا كاریگەرییەكی ئەوتۆیان بەسەر شانۆكارانی كورد بەجێ‌ نەهێشتووە، یان بەشێوەیەكی دیكە دەتوانین بڵێین رەنگە ئەو ئەزموونەی ئەوان بۆ گەلانی دیكە خێری زێتری بووە وەك بۆ ئێمە، رەنگە ئەمەشیان گەلێك هۆكاری هەبێت.
من سەرم لەو هاوكێشەیە دەرناچێ‌، بۆچی دەبێ‌ نیگار حەسیب قەرەداغی و شەماڵ عومەر ، وۆرك شۆپ لە ژاپۆن و ئێران و بۆسناو چەندین وڵاتی دیكەی جیهان ساز بكەن كەچی وڵاتی خۆمان ئەو پرسە بەهەند هەڵناگرێ‌ و ئەو شارەزاییانە بانگهێشت ناكات بۆ ئەوەی ئەزموونەكانیان بەخزمەتی وڵاتی خۆیان بەرجەستە بكەن؟
رەنگە ئێمە بۆ سازدانی وۆرك شۆپی شانۆیی پێویستیمان بەشارەزایانی جیهانیش هەبێت،
بەڵام گرنگتر ئەوەیە كە ئێمە لەشارەزاكانی خۆمانەوە دەست پێ بكەین و سوودئەزموونەكانی ئەوان وەربگرین لەو هەلو مەرجەدا بۆ ئەمڕۆی شانۆی كوردی لە بارتر بێت . .
بەلای منەوە گەرم و گوڕی باری شانۆیی هەر تەنها بۆ خۆخستنە سەر شانۆ نابێت،بەبێ‌ گوێدانە ئاستی بەرهەم و هاوكێشەی بەرهەم،بەڵكو گرنگتر لەوە ئەوەیە كە ئێمە هەوڵی گۆڕینی خوێنی شانۆییمان بدەین،شانۆكارە لاوەكانی خۆمان بەشێوازێكی ئەكادیمی و زانستی پەروەردە بكەین،لابوور و وۆرك شۆپی بەردەوام بكەینەوە بۆ دروستبوون و پێگەیاندنیان، هەمیشە لەنەخشەو پلانی كاركردنماندا،مەودایەكە بەرفراوان بەجێبهێڵین بۆ وۆرك شۆپو پێشكەشكردنی محازەراتی شانۆیی دەربارەی پێكهاتە شانۆییەكان و چۆنیەتی بەپراكتیك كردنیان لەسەر شانۆ، بەپشت بەستن بەجەستەی ئەكتەرو دەرهاوێشتەكانی جەستەی ئەكتەر.
لەوڵاتی ئێمەدا دەرهێنەر لەكاتی ئامادە كردنی شانۆ پەنا بۆ پرۆڤە دەبات بۆ راپەڕاندنی بەرهەمەكەی خۆی، بەڵام كار ناكەین بۆ دروست كردنی ئەكتەرو بەرجەستە كردنی جەستەو مەعریفەی شانۆیی لای ئەكتەر بە شێوەیەكی هەمیشەیی، بۆیە لە زۆربەی بەرهەمە شانۆییەكاندا توانستی ئەكتەر لای دەرهێنەرێك بۆ ئەوی تر دەگۆڕێت .
لە هەندێ‌ حاڵەتدا پێویستیمان بە لابوری شانۆیی دەبێت كە رەنگە هەندێ‌ خەسڵەت لای دەرهێنەرێك دەست نەكەون تەنها لە لابوور نەبێت، بۆ نموونە ئەكتەرێكی وەك (لۆرانس ئۆلیفیە) بۆ ماوەی شەش مانگ لە لابورە بەریتانیەكان كاری كردووە بۆ فێر بوونی ئیلقا لەشانۆگەری ئۆتیللۆی شكسسپیر .
نەك هەر تەنها بۆ ئەو ئەكتەرانەی هەوڵی پەرە پێدانی توانستی خۆیان دەدەن، بەڵكو بۆ دروست كردنی نەوە شانۆییەكانمان بەشێوەیەكی ئەكادیمی و پیشەیی، هەمیشە پێویستیمان بە لابوری شانۆیی دەبێت،بەتایبەت بۆ دروست كردنی ئەكتەرو دەرهێنەرو سینۆگرافكارو نەخشەساز كە ئێمە لە سەردەمی ئێستاكەدا بە گشتی لە زۆربەیاندا بێبەشین.

حەیدەر عەبدولڕەحمان




ئەهلی كتێب بە كەڵكی هیچ شتێك نایەت كتێب نەبێت!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

         
                                                        

سێ كاتژمێری ڕێك، لە نێو بازاڕی سەرەكی شاری سۆران، لە چاوەڕوانی هاتنی پزیشك بووم بۆ نۆرینگەكەی، تاكو پشكنین بۆ دایكم بكات . لە ماوەی ئەو سێ كاتژمێرەدا، بە سەدان كچی جوان و بەژن زراڤ، كە بۆنەكانیان مەستی دەكردم، بە بەردەمم دا ڕەت بوون، بە سەدان ئوتومبێلی جوان و دوا مۆدێلم بینی، دەیان باڵەخانەی گەورە و بەرز و بە دیزایینی هونەری جۆراو جۆرم بینی، هەزاران كەسی پۆشتە و پەرداخ بە بەردەممدا ڕەت بوون، كەچی من سەرنجم نەكەوتە سەر ئەمانە هیچیان و لەو كاتەدا، بە نیگەرانی و تاسەوە لە بەرخۆمەوە گوتم:( من ئەگەر ئەو سێ كاتژمێرە لە ماڵ بوومایە، ئێستا سەدو پەنجا لاپەڕەم لە كتێبێك دەخوێندەوە ! ) ئەمە چییە وا لە مرۆڤ دەكات ئەو تێڕوانینەی بۆ كتێب هەبێت؟ بێگومان ژیانێكە كە بۆ كتێب و لە پێناو كتێب و خوێنەوەدایە و هەر تەنها بۆ خوێندنەوەش دەژیت. ئەوانەی بە ڕاستەقینەیی ئەهلی كتێب و خوێندنەوەن، ئەوانەی لە بایەخی كتێب و خوێندنەوە گەیشتوون و ژیانیان بە كتێب بەخشیوە، بێگومان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی كە هەموو شتەكانی ژیان، دەبێ لە پەراوێزی كتێب دابن . جارێكیان دیمانەی نووسەرێكیم خوێندەوە، دەڵێت هاوسەرەكەم پێی گوتم:( لە نێوان من و كتێبدا دەبێ یەكیان هەڵبژێری، منیش بێ بیركردنەوە و دوودڵی گوتم كتێب هەڵدەبژێرم ) و سەرەنجام جیابووینەوە. ئەهلی كتێب كەسێكە، خەیاڵی لای كچی جوان و ڕاوی ژنان ( لەگەڵ ئەو پەڕی ڕێزم بۆ ژنان كە مەبەستم پیاوانە ) نییە، ئەهلی كتێب خەیاڵی لای لگسس و ئومبێلی گران بەها و كارگە و كۆمپانیاو پەیداكردنی پارە و قازانج نییە، ئەهلی كتێب، خەمی گەڕان و سەیران بە وڵاتان و سێلڤی و وێنەگرتنی نییە، ئەهلی كتێب ئەهلی ڕابواردن لەگەڵ هاوڕێكانی و دانیشتنی سەر مێز و گەعدە نییە، ئەهلی كتێب، كەسێك نییە ڕۆژانە بە سەدان ماسكی جۆراو جۆر، لە پەیوەندی بە ئەوانیتر دابێت ئەوانەی بە ڕاستەقینەیی ئەهلی كتێبن، شانازیی بە ڕەچەڵەكی خوێن و خێل ناكەن و شانازیی بە هەبوونی عەشیرەت و دیوەخان و ئەقڵیەتی خێلەكی و پەتریاكییانە ناكەن، ئەهلی كتێب كەسێك نییە لەگەڵ عامێ بچێتە شامێ، بەڵكو ئەو هەست دەكات جیاواز لە هەمووان دەژیت و بەهانەی مانەوە و ژیانیشی تەنها و تەنهان كتێب و خوێندنەوەیە. بۆ من (هەڵبەتە من مەبەستم خۆم نییە لە ئەهلی ڕاستەقینەی كتێب، چونكە تەنها خوێنەرێكی زۆر ئاساییم) كتێب نەك تەنها شایەنی ئەوەیە ستاییشی بكەم و شانازیی پێوە بكەم، بەڵكو بەو پەڕی ڕاستگۆیی و ڕاشكاوییەوە ئەوە دەڵێم كە من لە كتێبەكانەوە فێربووم و گەورەبووم و پەروەردە بووم، نەك خێزانە نەخوێندەوارو میللییەكەم. من لەو جۆرە ڕۆشنبیرە خێڵەكییانە نیم، كە تەنها لە سۆنگەی ئەوەی لە نۆڕمە باوەكانی كۆمەڵگە لا نادەن، دێن لە ڕاستی لا دەدەن نە بادا كۆمەڵگە فڕێیان بداتە دەرەوەی بازنەی دواكەوتووی كۆمەڵایەتییانەی خۆیان. نەخێر، من هەر لە منداڵییەوە كەسێكی دڵشكاو، پشتگوێ خراو بوومە و ئێستاش نەك هەر نامەوێ منداڵیم بیر بكەوێتەوە. بەڵكو كە بیری لێ دەكەمەوە، سام و ترس و فۆبیای ئەو كاتانەم دێتەوە بیر. مرۆڤ سەرەتا دەبێ لەگەڵ بوونی خۆی ڕاستگۆ بێت، ئەو كات دەتوانێت لەگەڵ بەرانبەرەكەی ! بۆیە من چەند لە ستاییشی كتێب و خوێندنەوە بدوێم، هێشتا ناتوانم گەردێك لەو بەخششە گەورەیەی كتێب بدەمەوە كە لە سەر بوون و ژیانم هەیەتی، ئاخر من لە كتێبەكانەوە فێری هەموو شت بووم و هەركتێبیش ئەو هەستەی لا دروست كردم كە بتوانم تا ڕادەیەكی زۆر بێ هەمووان بژیم. زۆرجار هەست دەكەم لە نێو ماڵەكەم، شارەكەم، گەڕەكەكەم هیچ كەس نییە، جگە لە من و كتێب نەبێت. بێگومان دەزانم كە نەخۆشكەوتم، كە پیر بووم، كتێب بە هانام نایەت، بەڵام ناتوانم لەو ڕاستییە لابدەم، كە ئەمە واقیعی ژیانی منە و نەك لەگەڵی ئاسوودەم، بگرە شانازییەكی زۆریشی پێوە دەكەم. زۆرجار باوكم پێم دەڵێت:( تۆ ناتوانی مریشكێك سەربڕی، بەلوعەیەكی ئاو چاكەیتەوە، سویچێكی كارەبا ببەستی، بەرمیلێكی قوپاو ڕاستكەیتەوە، دوو كاتژمێر لای میوانێك دانیشی، گەڕان بە وڵاتان و سەیران و خۆشی بكەیت، پێم ناڵێی تۆ چیت هەیە؟) لە وەڵامدا دەڵێم:
تەنها كتێب و خوێندنەوە، من تەنها بوونەوەری نێو كتێبەكانم و ئەوە ژیانی ڕاستەقینەی منە. كەسێك بۆ كتێب و خوێنەوە بژیت، دەبێ زۆر بە ئاسانی دەستبەرداریی زۆرشت لە ژیان بێت و باكی بەوە نەبێت، چۆن لێكدانەوە بۆ ئەو تێگەیشتنەی دەكەن. نابێ خەیاڵی لای ئوتومبێل، ژن و ماڵ و مۆبیلیات و كەیف و سەفا و دانیشتن و ڕابواردن بێت، خەیاڵی لای ماستەر و دكتۆرای بێ مانا بێت، كە لای ئێمە وەقەی بە فلسێكە. یان تۆ نابیتە ئەهلی ڕاستەقینەی كتێب، یان دەبێ ئەم ژیانە قبول بكەیت، كە تەنها بۆ كتێب و لە پێناو كتێب بژیت. كەم نین ئەوانەی خۆیان پێ نووسەر و ڕۆشنبیرە، كەچی ساڵانە دە كتێب ناكڕن، بەڵام بەلایانەوە ئاساییە پێنچ دەفتەر بە ئوتومبێل بدەن، كەم نین ئەوانەی گوایا خوێنەر و ئەهلی كتێبن، كەچی خەیاڵیان لای ئەوەیە چۆن پارەی زیاتر كۆبكەنەوە، كەی ژنی دووەم بێنن، چۆن پەیوەندی لەگەڵ كچێكی جوان ببەستن، چۆن لە كەنار دەریایەك دەربكەون و خۆیان نماییش بكەن. ئەهڵی ڕاستەقینەی كتێب، هەموو مەودای بوون و ژیانی خۆی تەنها لە نێو ڕووبەرەكانی كتێب دەبینێتەوە و لاتەریكانە و دوورە پەرێزانە، سەرقاڵی خوێندنەوە و نووسین و داهێنانی خۆیەتی ! ئەم ژیانە، بە ئاسانی قبول ناكرێت، تانە و تەشەرەی لێ دەدرێت، دەبێ قوربانی بە زۆر شت بدەیت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، كتێب دەتوانێت قەرەبووی ئەو هەموو شتانەت بۆ بكاتەوە. دیستۆفسكی دەڵێت:( تەنیایی گەر دۆزەخیش بێت، هێشتا خۆشترە لەو هەموو دەمامكانەی مرۆڤەكان) دروست ئێمە لە سەردمێكی وا ئەژین، تاكو مرۆڤێكی وەك یاقووت جوان و پاك و مرۆڤدۆست دەبینینەوە، دەبێ بچینە قووڵایی دەریا.
دواجار دەڵێم كتێب خوێندنەوە هیچ بەهایەكی نییە، گەر مرۆڤ لە ڕیشەوە نەگۆڕێت. كاتێ سەرنووسەری گۆڤارێك بە نموونە بەڵێنی ئەوەت پێ دەدا ئەم ژمارەیە وتارەكەت بڵاو بكاتەوە، بەڵام بەڵێنەكەی خۆی دەشكێنێت، ئەوا گەر لە بری كتێبێك سەد كتێبیشی نووسیبێت، لای من هیچ بەهایەكی نییە، چونكە ئەو ڕاستگۆ نییە لەگەڵ خۆی، پاشان هاوڕێكانی، كە ئەمەش دوورە لە خەسڵەتی كەسانێك كە ناویان نووسەران و ڕۆشنبیرانە. كاتێ نووسەرێك ڕێز لە كات ناگرێت، ئەوا هیچ جیاوازییەكی نییە لەگەڵ خەڵكی عەوام. كاتێ بە ناو ڕۆشنبیرێك و هونەرمەندێك، گەندەڵی و بێ یاسایی و درۆ دەكات، ئەوا مەحاڵە ڕۆشنبیر و هونەرمەند بێت، چونكە یان نابێ ڕۆشنبیر و نووسەر بێت، یان نابێ درۆ بكەیت، چونكە وەك ونستن چەرچەل وتەنی هەرگیز دووكەس لە گۆڕێك ناشاردرێنەوە. ئەمە تێگەیشتن و بڕوای منە بۆ دنیای خوێندنەوە و كتێب، تا ئەو چڕكە ساتە، ئیدی چۆن لێكدانەوەی بۆ دەكرێت، بەو پەڕی ڕێزەوە وەریدەگرم.
كتێب دەبێ مرۆڤ لە ڕەگەوە بگۆڕێت و بیكاتە كەسێكی جیاواز لەوانیتر. ئەمەش ناوی ئەو كتێبانەیە، كە لە ماوەی ئەمساڵەدا خوێندوومنەتەوە، كە چەند ساڵێكە كردوومە بە نەریت، ناوی هەموو ئەو كتێبانە دەنووسم، كە لە ماوەی ئەو ساڵەدا خوێندوومنەتەوە:
1_ ئەدەب و مۆدێرنە / ڕەخنە/ كۆمەڵێك نووسەر/ 320 ل.
2_حەشری ئاشقان/ ڕۆمان / زەردەشت نوورەدین / 400 ل.
3_میوانێك لە سەر زەمینی دوورەوە / شانۆنامە/ بەختیار عەلی/ 234 ل.
4_بۆ دۆزەخ ئەی بێ گوناهان/ شانۆنامە/ بەختیار عەلی /150 ل.
4_ ڕێبەری یاسای باری كەسیەتی / یاسایی / عزەدین عەبدوڵا/78 ل.
5_- بیرەوەرییەكانی بەنگلادیشییەك/ تەنز / زیرەك كەمال / 254 ل.
6_ڕەنگدانەوەی لەیلی و مەجنوون لە ئەدەبی كوردیدا/ لێكۆڵینەوە/ خانزاد عەلی قادر/ 232ل.
7_ چەمكی داهێنان لە تێڕوانینی شاعیرانی كورددا / لێكۆڵینەوە/ دیلمان قادر ئەحمەد/ 397 ل.
8_تیۆری بونیاتی شاراوە/ لێكۆڵینەوە/ نەجات حەمید ئەحمەد/ 790 ل.
9_پێت وانەبێ تەنیای/ یاداشت/ ئەلیف شەفەق/ و _ سولێمان ابراهیم زادە/ 251 ل.
10_ دواتر تۆ هاتیت/ یاداشت/ ئیبراهیم دالفیدان/ و _ سیما تەها/ 160 ل.
11_ كتێبی برینی من/ گێڕانەوە/ داستان بارزان/ 127 ل.
12_ڕووبەڕوو لەگەڵ شیعر/ لێكۆڵینەوە/ ناڵە حەسەن/ 312. ل.
13_هونەری ڕەفتاركردن لەگەڵ ژنان/ هزری/ شۆپنهاوەر/ و _ محمود هۆمەر باوزێی/ 106 ل.
14_كۆتای گەمە/ شانۆنامە/ سامۆئیل بیكت/ و هونەر شاهۆ/ 102 ل. 15ژن و جەنگ/ دیمانە/ و _ ڕێزان حەسەن/ 88 ل.
16_سێبەری قەلەبەرد/ بیرەوەری/ مەلەكە سولتانی/ 525 ل.
17_ژانی گەل/ ڕۆمان/ برایم ئەحمەد/ 215 ل.
18_ماركسیزم و ڕەخنەی ئەدەبی/ تێری ئیگلتۆن/ عەبدولخالق یەعقوبی/ 135 ل.
19_پەتی سێدارە بە كاتی بانگی بەیانی/ ڕۆمان/ محمەد رەئوف مورادی/ و _ شوانە عەبدوڵا/ 155 ل.
20_ شاعیر وشەناسی شتناسە/ لێكۆڵینەوە/غازی حەسەن/ 142 ل.
21حەسەن سوورمە/ ڕۆمان/ بەكر ئاڵەیی/ 160 ل.
22_ ئارابخوێن/ ڕۆمان/ محمود نەجمەدین/ 315 ل.
23_داهێنان سەربەكەشفكردن و خەون و دنیابینییە/ دیمانە/ عەبدولموتەڵیب عەبدوڵا/ 208 ل.
24_سێگۆشەی سنوور/ ڕۆمان/ سەلام عەبدوڵا /250 ل.
25_ زمانی حەیزەران/ وتار/ فەرهاد پیرباڵ/ 208 ل.
26_ پرسی كورد لە فیلەمەكانی یەلماز گۆنەیدا/ سینەما/ پێشەوا حەمە / 52ل.
27_مرڤە خۆڵەمێشیەكان/ شانۆنامە/ دانا ڕەئووف/ 117 ل.
28_هەیئە/ ڕۆمان/ سەلام عەبدوڵا / 160 ل.
29_ مۆنۆدۆلۆژی دەق/ لێكۆڵینەوە/ حەمەی كەریمی / 116 ل.
30_پشكۆكانی نێو زمان و شیعر/ لێكۆڵینەوە/ پێشەوا كاكەیی / 189ل.
31_ نامەی دڵ/ شیعر و پەخشان/ دكتۆر كوردستان موكریانی/ 61 ل.
32_خۆشەویستی لە نێوان وەهم و واقیعدا/ توێژینەوە/ سەروەر عومەر/ 158 ل.
33_ هێماكانی دنیای ڕۆمان/ دیمانە/ نەبەز گۆران/ 183 ل.
34_كۆمەڵناسی ئابووری/ كۆمەڵناسی / كارزان عوسمان شێخ وەتمان/ 120ل.
35_ ئەنفال/ شانۆنامە/ ڕاجی عەبدوڵا/ و –یاسین قادر بەرزنجی/ 78 ل.
26_لە پەیوەندییەوە بۆ خۆشەویستی/ مرۆیی/ ڕێوار سیوەیلی/270 ل.
27_ وێژان/ دیمانەی ئەدەبی/ ئارام حاجی/ 610ل.
38_ خوێندنەوە دەردو دەرمان/ خوێندنەوە/ بەڕێز عەباس/ 154 ل.
39_ گۆشتەكەی بۆ ئێوە ئێسقانەكانی بۆ من/ پەروەردەیی / شێرزاد حەسەن/ 206 ل.
40_ئاوەزنامە/ پەروەردەیی/ ئارۆن گاندی/ و شەفیقی حاجی خدر/ 315 ل. 41 بیست و چوار كاتژمێر لە ژیانی ژنێك/ ڕۆمان/ تشیڤان سڤیك/ و بەهزاد حەوێزی / 168 ل. 42 سینەما و شوناس/ سینەما/ هەوراز محمەد/ 250 ل.
43_ ڕووەكی/ ڕۆمان/ هانك كانگ / و _ هەژار عوسمان/ 308 ل.
44_ وردە گەڵای بەر هەتاو/ بیرەوەری/ حەمە عەباس/ 448 ل.
45_ تاقانەترین كچی خودا/ ڕۆمان/ ڤینۆس فایەق/ 155 ل.
46_ زمان و ئەدەبی كوردی/ زمانەوانی/ د – ئەحمەد قەرەنی /230 ل.
47_ ناوی خۆیان بیر نەماوە/ ڕۆمان/ ئارام محمەد/ 235 ل.
48_ مێتەنلێتی خێڵ/ كۆمەڵناسی/ حەمە فەریق حەسەن / 390 ل.
49_ دیوەكەی تری شۆڕش/ بیرەوەری/ جوتیار قادر/ 174 ل.
50_ خاڵبەندی/ زمانەوانی/ كیومەرس نیكڕەفتار/ 104 ل.
51_ئەدەب لە مەترسیدا/ لێكۆڵینەوە/ زەردەشت نورەدین/ 180 ل.
52_ كچی ناو وێنەكە/كۆمەڵە چیڕۆك/ شەهلا فەیزوڵا/ 170 ل.
53_دایە ڕابی/ شیعر/ حوسێن مستەفا/ 320 ل.
54_شتێك لە مندا ونە/ شیعر/ دڵشاد حوسێن/180 ل.
55_ جەمال حەیدەری/مێژوویی/ بارزان محمەد/ 350 ل.
56_حەسرەت/ شیعر/ ئاراس عەزیز / 110 ل.
57_شەقامی شاعیران/ لێكۆڵێنەوە/ بۆتان جەلال/ 220 ل.
58_ شێت/ ڕۆمان/ زرار سەرتاش/ 110 ل.
59_یەكەم بەردی سەنگەر/ بیرەوەری/ هیوا سەید سەلیم/ 315 ل.
60_ لە تاریكییەوە بۆ ڕۆشنایی/ یاداشت/ ڕۆشنا ئیبراهیم/ 112 ل.
61_ فەرهەنگی حاجی قادری كۆیی/ فەرهەنگ/ پێشرەو سەید برایم/ 450ل.
62_ پەیامی گیڤاڕا بۆ گەنجان/ هزری/ گیڤاڕا/ و _ محمەد سەلام/ 346 ل.
63_بنەماكانی شاخەوانی/ وەرزش/ ئەنوەر عەلی محمەد/ 205 ل.
64_هەردوو كتێبی پیرۆزی ئێزیدیان/ ئایینی/ ماكسیمیلیان بیتنەر/ و دحەمید عەزیز/ 40 ل.
65_ڕێگای ڕاستی ژیان/ ئایینی/ مەسیح/ و _ …../ 24 ل.
66_ پرۆسەی ئەنفال و ڕەنگدانەوەی لە ئەدەبی كوردیدا/ توێژینەوە/ مەهدی فاتح عومەر / 275 ل.
67_ لێ گەڕێن مرۆڤ بژی/ شانۆنامە/ پێیر لاگەركڤیست/ و _ خەبات عارف/ 64 ل.
68_ چوارینەكانی بابەتاهیری هەمەدانی/ شیعر/ ئەحمەد تاقانە/ 72 ل.
69_چوارینەكانی بابەتاهیری هەمەدانی/ شیعر/ دڵزار/ 72 ل.
70 سەما/ ڕۆمان/ هارۆكی مۆرۆكامی/ و موكەرەم رەشید تالەبانی/ 463 ل.
71_ڕۆڵی تیپی پاشای گەورە/ هونەری / هێلین یاسین/ 85 ل.
72_ زیوەر/ لێكۆڵینەوە/ نەوزاد كەلهور/ 216 ل.
73 _ نامە بۆ میلینا/ نامە/ كافكا/ و _ ڕەئوف بێگەرد/ 315 ل.
74 _ مەم و زین/ داستان/ خانی/ و – هەژار موكریانی/ 515 ل.
75-گرەوەی چاوەكانی ئەو/ ڕۆمان/ ئەحلام مەنسووڕ/200 ل.
76_زایەلەی دەق/ ڕەخنەی ئەدەبی/ موڕاد ئەعزەمی/ 305 ل.
77_جەمیل سائیب / لێكۆڵینەوە / ئازاد حەمە شەریف / 240 ل.
78_ناتوانین بۆت بگرین / كۆ وتار / ئیسماعیل تەنیا / 366 ل.
79_ڕۆمانی ژیاننامەیی / لێكۆڵینەوە/ كەمال سەعدی/ / 88 ل.
80_ چەپكێ گڕ / لێكۆڵینەوە / عەبدولرحمان ئەحمەد / 115 ل.
81_بەرەو جیهانی شیعری چەند شاعیرێك / لێكۆڵینەوە / كەمال غەمبار / 214 ل.
82_لە بارەی شیعرەوە / لێكۆڵینەوە / كۆمەڵێك نووسەر / و تاهیر عوسمان/ 96 ل. 83تێكۆشانی نیشتمانی / سیاسی / كاوە محمود / 592 ل.
84_ حاجی قادری كۆیی / لێكۆڵینەوە / محمەدی مەلا كەریم/ 180 ل.
85 _ دەنكە هەنارەكانی ناخ / شیعر / سەلام نەورۆز / 118 ل.
86_گێڕانەوەی مۆدێرنی كوردی/ لێكۆڵینەوە/ فەرهاد شاكەلی/ و محمەد ئەعزەمی 176 ل. 87فەلسەفەی شیعر و شیعری فەلسەفی/ لێكۆڵینەوە / سەنگەر قادر محمەد / 376 ل.
88_ناسیۆنالیزم و سەفەر/ / هزری/ مەریوان قانح / 234 ل.
89_قانوونناسی/ یاسایی / د – كەمال میراودەلی/ 266 ل.
90_ڕۆمان و ناسنامە/ لێكۆڵینەوە / حەمە سەعید حەسەن/ 176 ل.
91_نیشتمانی سارا / ڕۆمان/ میران ئەبراهام /448 ل.
92_سایكۆلۆژیای عەقلی كوردی/ دەروونناسی / محمەد تەها حوسێن/ 364 ل.
93_گوڵخاتر/ ڕۆمان/ هەمزە گوڵانی / 238 ل.
94_ ز / ڕۆمان/ سینا خەلیلی/ 62 ل.
95_چیڕۆك بۆ كوڕەكەم/ چیڕۆك / یەڵماز گۆنەی/ و _ سەلاحەددین بایەزیدی / 80 ل.
96_سەربار لە بنبار گرانتر/ زمانەوانی/ جەواد نەورۆز/ 218 ل.
97_بنەماكانی شیعری ئاڵۆز/ لێكۆڵینەوە / نەبەز محمەد/ 80 ل.
98_ شۆربای پێلاو/ ڕۆمان/ تانیا میرزا/ 118 ل.
99_قاچار قۆچار/ ڕۆمان/ ڤیڤیك شانبهاگ / و جەبار سابیر/ 138 ل. 100ئاوێنەی نامەكان/ نامە/ پشكۆ نەجمەدین/ 167 ل.
101_سەرجەم چیڕۆكەكانی ڕەئوف حسن/ كۆ چیڕۆك/ ڕەئوف حسن/ 384 ل.
102_ كەڕەنا/ ڕۆمان/ محمەد ئەلسەفەر/ و سەباح ئیسماعیل/ 214 ل. 103 گوتاری شەوڕۆ / لێكۆلینەوەی ئەدەبی/ فازل شەوڕۆ/ 540 ل.
104_ چۆن ڕووبەڕووی مەرگ و ژیان ببینەوە / كۆمەڵایەتی/ گوهدار شوكر/ 339 ل.
105_ئەزموونی پەروەردەیی / پەروەردە/ فازڵ شەوڕۆ / 327 ل.
106_تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان/ میدیا/ فریاد ئیروانی/ 104 ل.
107_گابۆڕ / ڕۆمان / سەید قادر هیدایەتی / 230 ل.
108_ كوردو ژیانێكی پڕ لە ئەندێشە/ بیرەوەری/ پاكیزە رەفیق حیلمی/ 435 ل،
109_گفتوگۆیەك لە بەردەم ئاوێنەدا / زانستی / توانا ئەمین/ 198 ل.
110_ئافرەتە تێكۆشەرەكانی كورد/ مێژوویی/ دهۆك بەڕۆژی/ 360 ل.
111_ وتەكانی دیستۆ فیسكی/ وتە/ و _ زانا خەلیل / 291 ل.
112_ناسنامە / هزری / فۆكۆ / و _ دلشاد میران/ 380 ل.
113_سلێمانی لە شیعری شاعیراندا/لێكۆڵینەوە/ د ئاراس محمد ساڵح/ 60 ل. 114دووژن لە ژنێكدا / ڕۆمان / نەوال سەعداوی / و _ لەنجە ستار/175 ل.
115_نهێنییە گەورەكانی ژیان / پەرەپێدانی مرۆیی/ واین دایر/ و _ بانۆ عمر/ 346 ل.
116_هەڵاتنی كچەكان/ ڕۆمان / گۆران سەباح / 234ل.
117_یاداشت / بیرەوەری/ ڕەفیق حیلمی/ 690 ل.
118_ لەوێ مەمرە/ ڕۆمان/ ڕەزا عەلی پوور/ 285 ل.
119_ سێیەم چیا كە لێمەوە نزیكە/ چیڕۆك/ حەسەن هەندرێنی/ 124 ل
120_ شیرینی و تاڵییەكانی ژیان/ بیرەوەری / زرار قادر كەریم، 350 ل.
121_ ئەو پیاوەی پێ دەكەنێ / ڕۆمان/ فیكتۆر هۆگۆ / و _ سەعد عەبدوڵا/ 390ل.
122_ ڕۆڵی بگێڕەوە لە ڕۆمانەكانی حیسام بەرزنجیدا/ لێكۆڵینەوە/ د –یوسف حەسەن / 400 ل.
123_ دەروازەیەكی ڕەخنەیی بۆ كۆمەڵناسی/ كۆمەڵناسی/ ئەنتۆنی گیدز/ و _ ئارام ئەمین شوانی / 398 ل.
124_ مێژووی هاوچەرخ و بیری كورد/ مێژوویی/كەمال میراودەلی / 440 ل.
125_ ڕۆمان و واقیع/ لێكۆڵینەوە/ لوسیان گۆڵدمان/ و _ سەلاح عومەر / 120 ل.
126_كاكە ڕەش / ڕۆمان / حازم كوتەك/ 695 ل.
127_ نەخۆشی مەرگ/ ڕۆمان/ مارگرێت دۆڕاس/ و _ كەریم تاقانە / 60 ل.
128_ لاپەڕە پەرشەكان / كۆمەلێك نووسەر/ فیكری، و _ ئازاد بەرزنجی/ 390 ل.
129_ ژیان كورتە/ رشۆمان/ یۆستینگاردەر/و _ ڕێبوار سیوەیلی. 126 ل.

بێگومان، بەشێكی زۆر لەو كتێبانە، خوێندنەوە و ڕانانم بۆ كردوون، بە خوێنەرانم ناساندوون، هەندێكیشیان لە بارەیانەوە نووسیومە، بەڵام وتارەكانم بڵاو نەكردۆتەوە. دواجار دەڵێم خوێنەربوون، لە پێشەوەی نووسەربوونە، شتێك نییە بە ناوی نووسەر و ڕۆشنبیر، بێ خوێنەربوونێكی ڕاستەقینەی نێو دنیای كتێب و خوێندنەوە.

ڕواندز _ 30/12/2025




گەشتکردن لەناو ماڵدا؛ هونەری دۆزینەوەی ئارامی.. وریا مەعروف

ڕۆژانە لە دەرەوەی ماڵەکانمان، لەناو ژاوەژاوی شەقام و لێشاوی هەواڵە نەرێنییەکاندا، تووشی جۆرێک لە شەکەتیی ڕۆحی دەبین. زۆرجار وادەزانین بۆ ڕزگاربوون لەم دڵەڕاوکێیە، دەبێت جانتاکانمان بپێچینەوە و بەرەو شوێنێکی دوور گەشت بکەین. بەڵام ئەوەی فەرامۆشمان کردووە ئەوەیە کە ماڵ وەک یەکەمین پەناگە، دەکرێت ببێتە گەورەترین مەیدانی گەشتکردن و ئارامبوونەوە. دۆزینەوەی ساتێکی بێدەنگی لە سووچێکی ژوورەکەدا یان چێژوەرگرتن لە کوپێک چای گەرم، تەنها کردارێکی سادە نین، بەڵکو گەڕانەوەن بۆ لای خۆمان. کاتی ئەوە هاتووە لەوە تێبگەین کە ئارامی دۆزینەوەیە، نەک کڕین.
بۆ ئارامیت، پێویستت بە ڤیزا نییە بۆ ئەوەی پیاسەیەک لە شەقامە باراناوییەکانی لەندەندا بکەیت؛ تەنها پێویستت بە کتێبێکە. کتێبخانەی ماڵەکەت وەک فڕۆکەخانەیەکە کە هەزاران گەشتی بێ پلیت و بێ ماندوێتی تێدایە. کاتێک کتێبێک بەدەستەوە دەگریت، تۆ تەنها لاپەڕە هەڵ نادەیتەوە، بەڵکو دەچیتە ناو بیرکردنەوەی مرۆڤێکی تر و لە جیهانێکی تردا دەژیت. ئەمە ناوی بنێ “گەشتكردن بە خەیاڵ” ئەو جۆرە گەشتەی کە ڕۆحت نوێ دەکاتەوە بەبێ ئەوەی یەک هەنگاو لە جێگەکەی خۆت بجوڵێیت.
لە فەلسەفەی “ژیانی هێمن”دا، ئامادەکردنی قاوەی بەیانییان یان چایەک تەنها خواردنەوەیەک نییە، بەڵکو ڕێوڕەسمێکی پیرۆزە. سەرنجدان لە قڵپەقڵپی ئاوەکە، بۆنی دارچین یان هێل، و ئەو گەرمییەی کە کوپەکە دەدات بە دەستەکانت، گەشتێکی “ئیستاتیکییە” بۆ ناو هەستەکان. ئەمە ئەو ساتەیە کە تیایدا فێری “ئێستا و لێرە” دەبیت؛ شوێنێک کە تێیدا نە خەمی ڕابردوو هەیە و نە دڵەڕاوکێی داهاتوو، تەنها چێژبینینە لەو ساتە سادەیەی کە هەتە.
هەر ماڵێک مۆزەخانەیەکی تایبەتی تێدایە کە ڕەنگە ساڵانێک بێت لێی ورد نەبووبینەوە. وێنەیەکی کۆن کە کەمێک ڕەنگی زەرد بووە، دیارییەک لە هاوڕێیەکی دێرین، یان تەنانەت ئەو ڕادیۆ کۆنەی سووچی ژوورەکە. گەشتکردن بەناو ئەم شتانەدا، گەشتە بەناو زەمەندا. هەر یەکێکیان چیرۆکێکیان هەیە کە دەتوانێت زەردەخەنەیەک بخاتە سەر لێوت و بیرت بخاتەوە کە ژیان پڕ بووە لە وێستگەی جوان کە شایەنی ئەوەن جارێکی تر یادیان بکەیتەوە.
زۆرجار خەڵک وا دەزانن گەشبینی و دانیشتن لە ماڵدا جۆرێکە لە هەڵاتن لە واقیع، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە “گەیشتنە بە واقیع”. جیهانی مۆدێرن فێری کردووین کە “بەختەوەری لە شوێنێکی ترە”، بەڵام ژیانی هێمن پێمان دەڵێت: “بەختەوەری لێرەیە، ئەگەر بتوانیت بیبینیت”. ئەمە جۆرێکە لە شۆڕش دژی ئەو خێراییە دەستکردەی کە سۆشیاڵ میدیا بەسەرماندا دەسەپێنێت؛ شۆڕشێک بۆ گەڕانەوە بۆ لای خۆمان.
زۆرجار کاتێک باس لە “ژیانی هێمن” دەکرێت، ڕەخنەگرەکان وا دەزانن ئەمە جۆرێکە لە هەڵاتن لە بەرپرسیارێتی یان تەمبەڵی، بەڵام ڕاستییەکە تەواو پێچەوانەیە. ژیانی هێمن بە واتای ئەوە نایەت کە تۆ هیچ نەکەیت، بەڵکو بە واتای ئەوە دێت کە “بە ئاگاییەوە” هەموو شتێک بکەیت. ئەمە هەڵاتن نییە لە ژیان، بەڵکو گەیشتنە بە قووڵایی ساتەکان.
لە ژیانی خێرای ئەمڕۆدا، ئێمە زۆرجار بە پێوە یان لە کاتی سەیری کردنی مۆبایلەکانماندا ژەمەكان دەخۆین؛ لێرەدا ئێمە خواردن ناخۆین، بەڵکو تەنها گەدەمان پڕ دەکەین. بەڵام لە “ژیانی هێمن”دا، تۆ دە خولەک تەرخان دەکەیت، سەیری ڕەنگی خواردنەكانی سەر سفرەكە دەکەیت، تامی پار پارەی نانەکە دەچێژیت و هەست بەو وزەیە دەکەیت کە دەچێتە جەستەتەوە. ئەمە وادەکات مێشکت لە دڵەڕاوکێی “چی بکەم؟”ەوە بگۆڕێت بۆ چێژی “ئێستا چی دەگوزەرێت؟”.
یاخود دەشێ بڵێین ئێمە وەک بزوێنەرێکمان لێ هاتووە کە نابێت بوەستێت. کاتێک بۆ ماوەی كاتژمێرێک مۆبایلەکەت دەخەیتە لایەک و تەنها سەیری دڵۆپە بارانەکانی سەر شووشەی پەنجەرەکە دەکەیت، تۆ کاتت بەفیڕۆ نەداوە، بەڵکو “ڕۆحت بارگاوی کردووەتەوە”. ئەمە جۆرێکە لە خۆشەویستی بۆ خود، کە تێیدا ڕێگە بە مێشکت دەدەیت لە ژاوەژاوی سۆشیاڵ میدیا پاک ببێتەوە.
جیهانی مۆدێرن فێری کردووین کە هەمیشە دەبێت “بەرهەمدار” بین، تەنانەت لە کاتی پشووشدا دەبێت وێنەی پشووەکە بگرین تا بیسەلمێنین کە دڵخۆشین! ژیانی هێمن دێت و ئەم دەمامکە لادەبات، پێمان دەڵێت کە سادەترین جۆری دڵخۆشی ئەوەیە کە بتوانیت بەبێ هیچ هۆکارێکی گەورە، تەنها بەبوونی خۆت و ئارامیی ماڵەکەت، هەست بە دەوڵەمەندی بکەیت. ئەمە ئەو شوێنەیە کە تێیدا مرۆڤ لە “ڕاکردن بەدوای بەختەوەری” دەوەستێت و لەناو “خودی بەختەوەری”دا نیشتەجێ دەبێت.
ماڵ تەنها شوێنێک نییە بۆ خۆشاردنەوە لە باران و سەرما، بەڵکو گەورەترین مۆزەخانەی تایبەتی تۆیە. پێش ئەوەی بەدوای سەرکێشیدا لە وڵاتانی تر بگەڕێیت، جارێکی تر بە وردی و بە چاوێکی نوێوە سەیری گۆشەکانی ژوورەکەت بکەرەوە، ڕەنگە گەورەترین دۆزینەوەی ژیانت لەوێدا بێت، لەناو ئەو سادەییەی کە هەموو ڕۆژ دەیبینیت و تێپەڕ دەبیت، بەبێ ئەوەی بزانیت چەندە سەرسوڕهێنەرە.




لە ساڵی نوێدا.. سەلام عومەر

کێ سەرم دەدۆزێ و ئەسپێ‌ كۆنەكان دەكوژێ‌؟

کێچەکانی ساڵی نوێ‌ كێ‌ راویاندەنێ؟

 هەموان لە چاوەروانی هاتنی ساڵی نوێدان، بێئەوەی بزانن داخۆ لە ئایندەدا چی روودەدات؟ یان ساڵی نوێ چی پێیە؟  تەنیا من نەبێ دەگەڕێمەوە ساڵانی رابردوو، ئەو ساڵانەی بەخۆشی و ناخۆشیەکانەوە جێمانهێشت و دەزانم چی داینێ و چیشی لێبردین، بەدوای جێپێکانی منداڵیم دەکەوم سوپاسی ئەو شیشۆقانە دەکەم خوێنیان لە بنی پێمەوە هێنا و وانەی ئازاری پێخاوسیان فێرکردم، نەفرەتیش لەو کەسانە دەکەم پلان بۆ چاندنی مین لە رۆژەکانی ساڵی نوێدا لە بنپێمان دادەنێن.

دەگەڕێمەوە نێو کۆشی دایە، تا سەرم بدۆزێ و لە ئەسپێیەکانی ئەمڕۆی پاککاتەوە، نوێنەکەم بخاتە بەرتاو تا کێچەکانی ساڵی نوێ راونێ، هەندێ جاریش گوڵەبەڕۆژەم بۆ دەنککا، وەک ئەو دەنکە مرواریانەی لە تەمەنم بوونە و ئەوانیدی خواردیان.

لەساڵی نوێ دەترسم چونکە لە کۆتاییم نزیک دەکاتەوە، دەچمەوە نزیک ئاگردانەکان و بەرکوڵێک لە چێشتی سەرداران دەخۆم، چاو لە دەستی دایکم دەکەم کاتێک شوشەی فانۆسەکە بەهەڵمی هەناسەی پاک دەکاتەوە، ئەو هەناسە ساردانەی تەنیا بۆ روناكی گەرم بوون، بەشداری هەڵپەڕینەکان و یاریە ئاگرینەکانی ساڵی نوێ ناکەم، دەچم ڕۆژانەکەم لە بابم وەردەگرم و لەلای دوکانەکەی مام مەحمود رادەوەستم، نازانم نوقڵی مینۆی پێبکڕم یان پسکیتی ویتانا؟ نەعنەع یان بنێشتی سەهم؟ دواجار نیومەتر تێلی قاپان دەکڕم و شەوێ دەیسوتێنم و لەنێو کۆڵان بایدەدەم و پروشکە ئاور بەهەوایدا بڵاودەکەمەوە، جوانتر لەو یاریە ئاگرینانەی هەموومانیان کردۆتە رۆبۆت.

لە ساڵی نوێ دەترسم چونکە نوچە و موچەکان غەممان دەدەنێ، ئاوڕمان پێ لەساڵانی گرانیەکان دەدەنەوە، ئەو ساڵانەی لەسەر خوانەکان قەوان لە نان زیاتر بوو، ترس ئاشتی راودەنا.

دەترسم ساڵی نوێ هیچی نوێی پێنەبێ جگە لە بەستنەوەمان بە تەکنەلۆژیاوە، بۆیە بادەدەمەوە منداڵی و دەچمەوە سەربانە گڵەکان و کۆلارەی منداڵیم هەڵدەدەم، توند داوەکە دەگرم و نایەڵم بەڕەڵا بێ، چوون دەزانم داوەکە بپسێ یان با لەدەستم بڕفێنێ، منداڵیم لەگەڵ خۆی دەبا و وەک ئێستا بەخەیاڵ نەبێ نامداتەوە.

دایکم نەماوە سەرم بدۆزێ، بابیشم مرد، ئیدی رۆژانەکەم لەکێ وەرگرم؟




کوللەی خۆماڵی.. کەنعان مدحەت

لە خەلە و خەرمانێ دەچم

کوللەی خۆماڵی لە شاڵاو هێنەر

زیاتر

تێم بەربووبێ

ئەمە درمە

یا شەڕفرۆشی ڕیشەیی

حەسرەت بە وردە هاڕاوی

دەمی مەکینەی هاڕین بخوازم؟

ئەڵێی تاوە بارانی بەهارە

لە پڕ و بە پەلە

بە پێپلکەی سەرەولێژما

شاڵاو دێنێ و

وادەزانی منی هەمو

ئێمەی ژەنگی پاشەکەوت و

بڕینی دو و سێ مانگەی هەرس کردوو

تەنیای دەست بە یەخەوەیم




هیچ فەرقم نەکردووە.. شیعری نەوزاد بەندی

هیچ فەرقم نەکردووە، ئازیز ..!
باشت کرد کە بەجێت هێشتم ..
هەر قەفەزە بێ دڵەکەم
هەر ئینجانە بێ گوڵەکەم ..
باش بوو دەستی خۆتت وەشاند،
لە پڕ بەجێت هێشتم، ئازیز!

٭ ٭ ٭

هیچ فەرقێکم نەکردووە ..
کاتێ ئەگەمە ناو بازاڕ،
جا بیرم ئەکەوێتەوە،
مۆبایلەکەم لەسەر قۆڵی
قەنەفەکە له بیر چووە ..
نیوەی شەو دێتەوە بیرم،
حەبی چەوریم نەخواردووە ..
هیچ فەرقێکم نەکردووە،
هێشتا به تەنیا گەشت ئەکەم،
لە تێرمیناڵ،
قەت لە گەشتیار نەچووم ، ئازیز ..
ئەڵێن سەرت هەڵگرتووە ؟
هەر ئینجانە بێ گوڵەکەم
هەر قەفەزە بێ دڵەکەم ..

  • * *

نوسینیەکانم وەک جاران،
بێ خوێنەرن
یان خوێنەرێ
یان دوو خوێنەر ..
لەگەڵ کۆمەڵێ جنێودەر ..
پێش کەشتییەکە،
کەشتییەوانەکە کون بووە ..
نوقوم بووە یان وون بووە ..
باشت کرد زوو بەجێت هێشتم،
هەر ئینجانە بێ گڵەکەم ..
هەر قەفەزه بێ گوڵەکەم ،
گەر بڵێی فەرقت کردووە،
هیچ فەرقێکم نەکردووە ..

٭ ٭ ٭

لەناو ئاپۆڕەی خەڵکیدا،
وەک تارمایی، لە کەس ناچم ..
هەر وەک جاران،
لە کۆڵانێکی کۆنە دێ ..
تازه شارا ، دێم و ئەچم ..
پەشیمانم لەوەی چوومەتە فڵان شوێن ..
پەشیمانم فڵانە کەسم بینیوە ..
پەشیمان لەوەی شتێکم کڕیوە ..
حەز ئەکەم هەر لە ڕێ دەستم
بخەمە گیرفانم ، هەستکەم
ئەو شتەی کڕیم ، وون بووە ..
کەشتیەوان لە پێش کەشتێکە،
کون کون بووە ..
دەلیل پێش وونبوو ، وون بووە ..
باش بوو ڕۆیشتیت ..
هیچ فەرقێکم نەکردووە ..

نەوزاد بەندی




واقیع و وه‌هم.. به‌ختیار محه‌مه‌د

مرۆڤ ژیانی له‌سه‌ر گۆی زه‌ویدا كردۆته‌ دۆزه‌خێك و باسی به‌هه‌شتی خه‌یاڵییش ده‌كا: لێره‌ جه‌هه‌ننه‌م ده‌خوڵقێنێ، له‌ خه‌یاڵیش (به‌ هۆی ئایینه‌وه‌) به‌هه‌شتی خه‌یاڵیی بۆ خۆی داده‌مه‌زرێنێ.

هه‌ڵبه‌ته‌‌ ئه‌مه ته‌ناقووزی بوونی مرۆڤه‌: له‌ نێوان ژیانی سروشتی و ژیانی به‌ عه‌قڵانیی بوونیدا، له‌ نێوان به‌ربه‌ریه‌ت و شارستانییه‌تدا.

مرۆڤ ده‌توانێ واقیع (ژیان) بكاته‌ دۆزه‌خ، به‌ڵام هه‌رگیز ناتوانێ بیكاته‌ به‌هه‌شت. ئه‌و ده‌توانێ دۆزه‌خی خه‌یاڵیی بكاته‌ دۆزه‌خی واقیعیی، به‌ڵام هه‌رگیز ناتوانێ به‌هه‌شتی خه‌یاڵیی بكاته‌ به‌هه‌شتی واقیعیی (كه‌واته‌ به‌هه‌شت ته‌نها له‌ خه‌یاڵدا هه‌یه‌)؛ ئه‌مه‌ش ڕۆحه‌ پڕ له‌ ته‌ناقووزه‌ شه‌ڕانگێزییه‌كه‌ی مرۆڤه‌. ‌

ئه‌و خوا ده‌په‌رستێ، چونكه‌ پڕ له‌ ته‌ناقووزه‌، له‌ تووڕه‌ییشی ده‌ترسێ. له‌م پێناوه‌شدا (تا خوا سارد كاته‌وه‌) كاری ناعه‌قڵانیی شه‌ڕانگێزانه‌ ده‌كا: جاران مرۆڤی بۆ ده‌كرده‌ قوربانی، ئێستاش ئاژه‌ڵی به‌سته‌زمانی بۆ ده‌كاته‌ قوربانی. به‌م شێوه‌یه‌ مرۆڤ كوشتن پیرۆز ده‌كا و مۆركی پیرۆزیی پێ ده‌به‌خشێ. له‌مه‌شه‌وه‌ مرۆڤ دژ به‌ برای مرۆڤی خۆی (له‌ پێناو خوادا؟) جه‌نگی پیرۆز (جیهاد) به‌رپا ده‌كا.

كه‌واته‌ ئایدیۆلۆژیا و ئایینه‌كان هه‌رگیز هیچ نین، جگه‌ له‌ زمانی ئه‌و ته‌ناقووز و ناكۆكییه‌ پڕ له‌ خورافه‌ و شه‌ڕانگێزه‌ی، كه‌ له‌ناو مێژووی بوونی مرۆڤایه‌تیدا ڕه‌گی داكوتاوه‌ (نه‌ ئایین و نه‌ ئایدیۆلۆژیاكان نه‌یانتوانیوه‌ كێشه‌ی ئه‌م ته‌ناقووزه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن).

زۆر جار كێشه‌ی مرۆڤ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ڕقی له‌ ناسینی واقیعه‌ و (به‌ پێی ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ باشی دركی پێ ناكا) به‌ دوای خه‌یاڵی خورافی و ئه‌فسانه‌یی و وه‌هم ده‌كه‌وێ. به‌م شێوه‌یه‌ش مرۆڤایه‌تی باوه‌ڕی ئایین و دیارده‌ی خواپه‌رستیی داهێناوه‌.

هه‌ڵبه‌ته‌ مرۆڤ به‌ ناچاری له‌ ده‌ست دیارده‌ی سروشتیی مه‌رگ هه‌ڵدێ، په‌نا بۆ خه‌یاڵی (خه‌ونی) نه‌مریی (ئایین، خوا) ده‌با. داستانی گه‌لگامێش باشترین نموونه‌ی ئه‌ده‌بی و ئایینیی ئه‌م دیارده‌یه‌یه‌. ڕاستییه‌كه‌ی مه‌رگ سه‌رچاوه‌یه‌كیشه‌ (هۆكارێكیشه‌) بۆ كاری داهێنان و خه‌یاڵی داهێنه‌ر (ئایین خۆی یه‌كێكه‌ له‌م داهێنانانه‌).

مرۆڤ به‌ هۆی مه‌رگه‌وه‌ (له‌ ترسی مه‌رگ)، زۆر شتی له‌ خورافه‌ و ئه‌فسانه‌ و ئه‌ده‌ب و ئایین و هونه‌ر… داهێناوه‌؛ دیسان لێره‌ ته‌ناقووزێكی گه‌وره‌ هه‌یه‌: مرۆڤ له‌ مه‌رگ ده‌ترسێ (خوا و ئایینی بۆ داده‌تاشێ)، كه‌چی له‌ولاوه‌ هه‌ر به‌ ده‌ستی خۆی، سه‌ر گۆی زه‌وی، له‌ ڕێی كوشتار و جه‌نگه‌وه‌‌، به‌ تارمایی مه‌رگ داده‌پۆشێ. خۆی له‌ مه‌رگ ده‌ترسێ، به‌ڵام چێژیش له‌ مه‌رگی (كوشتنی) ئه‌وی دیكه‌ (ئه‌وانی دیكه‌) ده‌بینێ.

مرۆڤ هه‌ندێك جار له‌ناو ته‌ناقووزێكی كوشنده‌دا ده‌ژی: هه‌م ژیاندۆسته‌، هه‌م مه‌رگدۆسته‌؛ هه‌ر بۆیه‌ش له‌ پێناو خوادا جه‌نگ به‌رپا ده‌كا و ژیان پڕ له‌ مه‌رگ ده‌كا (مه‌رگدۆستیی) بۆ ژیانێكی خه‌یاڵیی (به‌هه‌شت = ژیاندۆستیی)؛ ئه‌مه‌ش لوتكه‌ی نائومێدی مرۆڤه‌ له‌ ئاست واقیعدا.

هه‌ڵبه‌ته‌ هه‌رچه‌نده‌ مرۆڤ له‌ واقیعدا نائومێد بێ، هێنده‌ش جیهانی خه‌یاڵ خۆش ده‌بێ. هه‌رچه‌نده‌ بیركردنه‌وه‌ش سه‌ره‌تایی و ساده‌ و ساكار بوو، هێنده‌ش خه‌یاڵ و باوه‌ڕ و بۆچوونی ناماقووڵ به‌رهه‌م ده‌هێنێ: خورافه‌كان له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تیدا، به‌رهه‌می ئه‌م جۆره‌ بیركردنه‌وه‌ و ئه‌م جۆره‌ عه‌قڵییه‌ته‌ن.

به‌ختیار محه‌مه‌د




سێوباران لە ئاسۆی دواڕۆژدا.. شیعر: ​ستار ئەحمەد

​خۆر دەسووتێ..

هەور گیان دەدا،

سروشت بەپێوە نوستووە،

با بەدوای خۆیدا ڕادەکا،

مانگ لە ژانی مناڵبوونە.

خاک بۆ لەتە نانێک دەگری،

مرۆڤ خوناوی لوتکەی چیا

دەکاتە ئاڵای بەرگری.

​دەمێکە بارانی شەڕگە

جەرگی ئاسمانی ناسیوە،

کەچی گوللەی بێناونیشان

لە نەخشەی کوشتن فڕیوە؛

بە شاباڵی فریشتەکان

گیانی شەکاوەی ئەستێرەی

بە سنگی شەو هەڵواسیوە.

​ئەمێستاکە..

تیشکبارانی ئاواتمان،

دەستی گزنگ ڕادەکێشێ؛

بە تیشکی سۆز،

لانکی مرۆ و

کۆرپەی خاکمان دادەپۆشێ.

نیگای هەوار،

دروشمەکان دەنەخشێنێ،

دەروازەکان دەکرێنەوە..

هەرچی فریشتەی مژدەیە

ئاڵای ئازادی هەڵدەکەن.

​زەوی تینوێتی دەشکێت و

وشکی نامێنێ لە گوڵشەن.

خاکمان شادی ڕادەمووسێ..

باران خوناو دەسڕێتەوە،

پەلکە زێڕینە بە سەما

دەبێتە ئاڵای ئاشتی و بوون.

​نیشتمان باڵا دەکات و

پێنووس، مرۆڤ دەورژێنێ؛

چەک خودی خۆی هەڵدەواسێ،

پەپوولەی خۆزگە،

باڵی گەواڵە دەردەکا.

مەبەست شەونم لەبەر دەکا،

باخچە شەونم لە گوێ دەدا،

هیوا چرۆی نوێ دەردەکا.

​مەرگ خۆی دەمرێت،

ژیان کڵاوی خۆر لەسەر دەکا.

ئەستێرە مێژوو دەنووسێتەوە؛

ئاسۆی دواڕۆژی گەردوون،

بە خەندەوە هەڵدێتەوە.

​خودا سروشت،

بە دڵۆپە دەنەخشێنێ..

پەڕتووکی خەون دەکاتەوە،

پیتی ڕژاو بەسەرمانا دەبارێنێ.

شیعر دەکاتە ناسنامە..

نیشتمان گوڵزاری وەڵام،

سات لە کەژدا خرۆشاوە

بۆ نوقڵانەی دوایین پەیام.

​ستار ئەحمەد




هـۆنراوە بـۆ منـداڵان/ خـەونــــەکـانـم.. هـۆنـراوەی: رەزا شـوان

خـەونـەکـــــــانـم جـیـــــــاوازن
پـڕ لـە هـــــیـوا و لـە نـیــــازن

  • * *
    مـن دەبـــــم بـە کـەشـــــتـیـوان
    گەشـتـێـک دەکـەم بـۆ ئاسـمـان
  • * *
    بـۆ ســـەر گــڕەهـــــــــەســارە
    شـــــەوان گـەشــــە و دیــــارە
  • * *
    ئـــاڵای کوردســــــــــتـانـەکــەم
    لـە ســەریـدا هــەڵـــــــــدەکــەم
  • * *
    پـەیـــامی ئـاشــتی کـــــــوردان
    دەنـــێـرم بـۆ گــشــت گـــــەلان
  • * *
    بـەر لـە رووسـیـا و ئـەمــریـکـا
    کـوردێــک ئـەم گـەشـــتـە دەکـا

(*) گڕەهەسارە (بـارام): مەریـخ ـ مارس ـ هەسارەی سوور.

بۆ گۆڤـاری (خاڵخاڵـۆکە) م نارد لە ( ١/ ئۆکـتۆبـەر/ ٢٠٢٥) ئامانج شارباژێڕی.




شیعر بۆ منداڵان/ جەژنی بەفر.. زیاد ڕەشاد قادر

بەم زستانە
لەم کوێستانە
بە ئەسپایی
وا داباری
بەفری جوان بەدەم سەماوە
… … …
خاک سپیپۆش
بەزمێكی خۆش
جەژنی بەفرە
چێژ وەربگرە
قەت دونیا وا نەخەمڵاوە
… … …
وا هاوڕێیان
لە گۆڕەپان
کۆمەڵ کۆمەڵ
شەڕەتۆپەڵ
گەرم دەکەن بە هەراوە
… … …
دیە و کارین
وا دابارین
بەسەر یەکتر
شەڕە بەفر
نییە دۆڕاو و براوە
… … …
لە خوێندنگە
من و شەنگە
شیرین شیرین
ستران دەچڕین
لە خۆشیی بەفر و سەرماوە.

زیاد ڕەشاد قادر/ هەولێر




بەرەو سیلەى هەموو ڕووگەکان.. ئاوات محەمەد ئەمین

لەبارەى ئەزموونى شیعریی (نەژاد عەزیز سورمێ) وە..

بەرایی
دەیەى هەشتاکانى سەدەى رابردوو هەڵگرى چەند خەسڵەتێکى تایبەت بوو پەیوەست بە شیعرى نوێى کوردییەوە(بەجیاوازى ناو وناونیشانەوە) چ لەڕووى ئینتیما بۆ رەوتێکى ئەدەبى جیاواز وچ لەڕووى قۆناغبەندىیەوە. لەگەڵ ئاوابوونى خۆرى (روانگە) لە کۆتایی دەیەى حەفتاکاندا، کە چەقى چالاکی وبرەوى کەوتبووەوە شارى سلێمانییەوە، هەولێر وەك شارێکى زیندوو و دەبێتە درێژەپێدەر و مەڵبەندى بوژاندنەوەى شیعر ونوێگەرى. بە بۆچوونى من دوو هۆکار لەپشت ئەو ئاڵوگۆڕ یا جێگۆڕکێیەوە بوون، یەکەمیان لەو فەزا ئەدەبییە تا رادەیەك سەربەخۆیەدا دەردەکەوت کە نووسەر وئەدیبى ئەو شارە خۆیان تیا نمایش دەکرد و دووەمیشیان ئەو هەلومەرجە سیاسى و ئابوورییەى لەدواى نسکۆى ساڵى ١٩٧٥ه‌وە هاتەپێش کە لەو ساڵانەدا، بزاوتى هونەرى وئەدەبى روو لە گەشەکردن بوو پێ بەپێ لەگەڵ دەرچوونى چەندین گۆڤارو رۆژنامەى ئەدەبى و هونەرى و بەچاپ گەیاندن وبڵاوکردنەوەى بەرهەمێکى زۆرى ئەدەبى.
ئەگەرچى دەیەى هەشتاکان پڕ کارەساترین وئاڵۆزترین ساڵانێك بوو لە مێژووى هاوچەرخى سیاسیماندا، لە هەمان کاتدا درەوشاوەترین سەردەمى دەرکەوتن وداهێنان بوو لەبوارە جیاجیاکانى بەرهەمى ئەدەبی و هونەریدا بەتایبەتى شیعر و چیرۆک و شانۆ. لەو ماوەیەدا و هەر لە شارى هەولێر، دوو رەوتى ئەدەبى دەرکەوتن، یەکەمیا بەناوى پێشەنگییەکان (طليعي) بە رابەرایەتى مەحمود زامدار و نووسەرانى وەک جەلال بەرزنجى وکەریم دەشتى وهاشم سەراج وسەلاح عومەر و محەمەد باوەکر و ئیسماعیل بەرزنجى و چەندانى تر. رەوتى دووەمیشیان لەژێر ناوى (رۆمانسی)یەکان بوو کە هەریە ك لە سەڵاح شوان ونەوزاد رفعەت و سەعدوڵا پەرۆش و چەندانى ترى لەخۆ گرتبوو.
لەم نێوەندەدا، شاعیرانى وەک نەژاد عەزیز سورمێ و عەباس عەبدوڵا یوسف و ئەنوەر مەسیفى لە دەرەوەى رەوت و دەستەگەرییانەدا وەك دەنگى ئازاد وسەربەخۆ درێژەیان بە چالاکى ئەدەبى و نووسین دا. ئه‌گەرچى ئەنوەر مەسیفى هەوڵى دا ستایلێکى تایبەت بە خۆى لە شیعردا بخاتەڕوو، بەتایبەتى لەدواى هەردوو کۆمەڵە شیعرى (خۆرباران) لەژێر ناوى (فۆرمى گران) ودواتریش تێکشاندنى بونیادى رێزمان، بەڵام ئەوە تەنیا لە چێوارچێوەى هەوڵێکدا مایەوە.
سەبارەت بە نەژاد عەزیز سورمێ، کە لە ناوەڕاستى حەفتاکانەوە زیاتر دەستى بە بڵاوکردنەوەى شیعر وبەرهەمى ئەدەبى کردووە، دەتوانم بڵێم؛ ئەگەر نەیتوانى بێت رچکەشکێنى یاخود تازەگەرییەك لە دونیاى شیعرى نەوەى خۆیدا بکات، بەڵام وەک ئەزموونێکى شیعریی بەردەوام بووە و لە فۆرم وستایلێکى جێگیر و باودا نەماوەتەوە. نەژاد لە پرۆسەیەکى بەردەوامى تازەگەریدا بووە لە روئیا ودونیابینى خۆیدا و سەرکەوتووانە لە شیعرەکانیدا تەوزیفى کردوون لەسەر هەموو ئاستەکان وەک فۆرم وزمان وئیستاتیك و مانا.
ئەم نووسینەى من هەوڵێکە بۆ ناساندن وخوێندنەوەیەکى گشتییە بۆ ئەزموونى شیعریى نەژاد لەدوو توێى کۆبەرهەمە شیعرییەکەى (بەو رێیانەدا تێپەڕیم) کە لە ساڵى ٢٠٢٣ لەلایەن (دەزگاى فام)ـەوە چاپکراوە.

سەرەتاى ئاشنایەتیم لەگەڵ شیعرى نەژاددا
تا ساڵى یەکەمى خوێندنى زانکۆم کە هێشتا لە تەمەنى هەژدە ساڵیدا بووم، كةمتر تامەزرۆى شیعرى نوێ بووم وزیاتر هەڵوەداى شیعرى کلاسیکى کوردى بووم ئەگەرچى هەندێك شاعیرى نوێخوازى عەرەبم لا پەسەندبوون وەک سەیاب ونازك الملائکة وحسین مردان ومحمود درویش. تا ئەو ساڵە جگە لە کۆمەڵە شیعرێکى شێرکۆ بێکەس بەناوى (من تینوێتیم بەگڕ دەشکێ) و کۆمەڵە شیعرى (خواو شارە بچکۆلەکەمان)ى لەتیف هەڵمەت و(شەونامەى شاعیرێکى تینوو)ى عەبدوڵا پەشێو هیچ کتێبێکى لەو چەشنەم نەبوو.
هێشتا قوتابى خوێندنى ئامادەیی بووم، لە کتێبخانەیەکى شار چاوم بە کتێبێکى هۆنراوەى قەبارە بچووك کەوت بەناوى (ئەو شەوانەى خەوم نایێ) ی نەژاد عەزیز سورمێ. جگە لەوەى ناونیشانەکە سەرنجى راکێشام، نرخەکەشى لە تواناى گیرفانى مندا بوو، بۆیە دانەیەکم لێ کڕى. لەوێوە بۆ یەکەم جار ناوى نەژادم بیست. ئەو کۆمەڵە شیعرە نزیکەى بیست دەقى لەخۆگرتبوو کە زۆربەیان کورت بوون، بەڵام بەگشتى لە تەوەرى خۆشەویستى وئازارى غەریبى وخەمى نیشتماندا بوون. دیوێکى ترى ئەو کۆمەڵە شیعرە کە جێى سەرنجم بوو بریتى بوو لەو هەموو شوێنەى هۆنراوەکانی تیا نووسرابوون لە ماوەى تەنیا سێ ساڵدا (١٩٧٣-١٩٧٦) کە لە کوردستانى باشوورەوە (هەولێر، گەڵاڵە) دەپەڕێتەوە بۆ ئەودیوى سنوور (زێوە و مەرگەوەڕ و رەشت) تا لە باشوورى عیراق دەگیرسێتەوە لەشارەکانى نەجەف وکەربەلا و دواتریش بەغدا.
ئەم جێگۆڕکێیە لەشوێندا دەرەنجامى گەشت وسەفەر نەبووە بەڵکو لەژێر زەبرى رۆژگار و پەیوەستبوونى شاعیرەوە بووە بە شۆڕش وخەبات بۆ ئازادى تا لە کۆتاییدا وە ك هەزاران کوردى دواى نسکۆى ١٩٧٥ بۆ شارەکانى باشوورى عیراق دوور دەخرێتەوە لەکاتێکا هێشتا لە هەڕەتى لاویدا بووە. بۆیە لەڕووى دەلالەتى زەمەنییەوە شیعرەکان ناوەڕۆکى رەنگدانەوەى رووداوەکانى ئەو چەند ساڵە سەختەى ژیانى شاعیرن. ئەو دەقانەى لە ئاوارەیی و تاراوگەدا نووسراون لێوانلێون لە تاسەى دوورى وژانى غەریبى وتەنیایی لەکاتێکا زۆربەى ئەو دەقانەى لە باوەشى سرووشتى کوردستان وزێد وشارى خۆیدا نووسیویەتى رەنگڕێژن بە رۆمانسییەت وعەشق وجوانى. ئەگەرچى زۆربەى هۆنراوەکان لەڕووى فۆرم وداڕشتنەوە سادە وبێ گرێن، بەڵام بۆ کەسێك لە بوارى لێکۆڵینەوەى ئەدەبیدا بنووسێت پێویستە وەك سەرەتایەك بۆ ئەزموونى بەردەوامى شاعیر بۆ نیوە سەدەى دواتر و تا ئەمڕۆ سوودییان لێ ببینێت.
هەروە ك چۆن لە کۆمەڵە شیعرى دووەمیدا (تاڤگەى مەند – ١٩٨٧) بەڕوونى گۆڕانێکى بەرچاو دەبینرێت لە ئاستى هونەرى شیعریی و زمان وداڕشتن وبابەتەکاندا. ئەم خۆنوێکردنەوە وئەزموونگەرییە لە شیعرى نەژاد لە کۆمەڵە شیعرى (بەو رێیانەدا تێپەڕیم….لەو کانییانەم خوارەدەوە- ٢٠١٠) دەگاتە ئاستێك لە تواناى دەربڕین و قووڵى زمان وشارەزایی لە هونەرەکانى شیعر وئیستاتیك کە دەتوانم بڵێم لەوێوە نەژاد لەسەر ستایلێکى تایبەت بەخۆى دەگیرسێتەوە.

ئاشنایەتیم لەگەڵ شاعیردا
ئەو دەمەى من لە بەشى ئینگلیزى کۆلێژى ئەدەبیاتى زانکۆى بەغدا (١٩٨٠-١٩٨٤) دەمخوێند، نەژاد دواى دابڕانێکى زۆر لە هەمان کۆلێژ لە بەشى شوێنەوارناسى وەرگیرابوو. بەڕاستى بۆ من مایەى خۆشى بوو کە لە نزیکەوە ئەو شاعیرە بناسم کە پێش دوو سێ ساڵ کۆمەڵە شیعرییەکەیم خوێندبووەوە وتاڕادەیەك پێى سەرسام بووم. ئەو بەتەمەن لە من گەورەترە، بەڵام لە مامەڵەکردنى لەتەکەمدا قەت هەستم بەو جیاوازییە نەدەکرد چونکە ئەوەى کۆى دەکردینەوە دونیاى شیعر وئەدەب وکۆمەڵێك خەون وخەمى هاوبەش بوو. زۆرجار بەدەنگى خۆى دەقە شیعرییەکانى خۆى بۆ دەخوێندمەوە، دەنگێکى کەمێك گڕ بەڵام تۆنێکى نزم بەشێوەیەك وام هەست دەکرد وشە ودێرەکان لەگەڵ دووکەڵى جگەرەکەیدا لە سییەکانییەوە دەردەچن.
ئەڵبەت رەوتى ژیانى هەر کەسێك بەچەندین قۆناغ و پلە وپۆست وبەرزى و نزمیدا دەروات، بەڵام لە کۆتاییدا هەر کەس بەیەك وشە پێناسەدەکرێت، بەنیسبەت نەژادەوە ئەو لە کۆتاییدا هەر بە شاعیرى دەمێنێتەوە، چونکە وەك جەیمس جۆیس دەڵێت “….ئەو خۆى بۆ هونەرە باڵاکان تەرخان کرد”.
نەژاد لە هونەرى کۆلاژدا خاوەن بەهرە وسەلیقەیەکى جوانە. چەندین پێشانگاى لەوبوارەدا کردووەتەوە کە خۆم یەکێکیانم بینى بەناونیشانى (پاییزی چاوەکان) کە دواتر لە نامیلکەیەکدا چاپى کرد.
هەروەها لە بوارى وەرگێڕانى ئەدەبى و هونەریدا خاوەن قەڵەمێکى بەبڕشتە و چەندین بەرهەمى بەچاپ گەیاندووە کە بەلاى منەوە کتێبى (سەرەتایەک بۆ تێگەیشتنى هونەرى شێوه‌كاری) یەکێکە لە بەرهەمە ناوازەکان لە بوارى ئەو هونەرەدا.
کەسێکى هێمن، رێکپۆش وخوێنەوارێکى باش بە رادەى وەرگێڕانى چەندین دەق وبەرهەمى ئەدەبى لە هەردوو زمانى فارسى وعەرەبییەوە بۆ کوردى. هاوڕێیەتییەکى بەردەوام و دانەبڕاو کە رایەڵەکەى بریتییە لە باسى شیعر و کۆمەڵێك هیوا وخەمى هاوبەش. لەم رووەوە ئەو مافە بەخۆم ئەدەم کە بەپێى ئەو ئاشنایەتى وشارەزاییەى لەگەڵ نەژاد و بەرهەمە ئەدەبى وهونەرییەکانى هەمە (بەتایبەتى شیعر) قسە لەسەر ئەزموونى شیعریی ئەو بکەم.

رەهەند و مەوداکانى زمان لە شیعرى نەژاد دا

زمان وەک بونیادى سەرەکى لە پێکهاتەى دەقدا هەڵگرى چەندین رەهەند و مەودایە کە ناکرێت تەنیا لە داڕشتنى شێوەدا کورت بکرێتەوە هەروەك فۆرمگەراکان لە چوارچێوەى پەیوەندىیە ناوخۆییەکانى نێوان وشە و ئاماژە و ئاماژەپێکراو (الدال والمدلول) و وێنە شیعرییەکاندا پێناسەى دەکەن، بەڵکو دەپەڕێتەوە بۆ رەهەندى دوورتر و قووڵتر چ لەسەر ئاستى بونیادى سەرخانى دەق وچ لەسەر ئاستى ژێرخانى دەق کە لە مانا و دەلالەتە شاراوەکانى وشەدا دەردەکەون پەیوەست بە ئەندێشە وبیروەرى و یادگەى نووسەرەوە، بۆ نموونە رەهەندە دەلالییەکانى وشەى (لم) لاى کوێستانییەك هەمان ئەو دەلالەتە نییە کە لاى کەسێکى بیابانشین هەیە.
زمانى شیعریى نەژاد
لەتەک زمانى دایکەوە وەک ماکى بیرکردنەوە و ئاخاوتن، زمانێکى ترى تایبەت بە خود گەشە دەکات. زمانێک پێ بەپێى ئاستى هۆشیارى و زانین و تێرامان لەسەر هەردوو ئاستى ستوونى و ئاسۆیی گەشە دەکات. مەبەست لە ئاسۆیی شارەزاییە لە شێوەزار و ئاخاوتنە جیاجیاکانى زمانێکى دیاریکراو لەکاتێکا گەشەى ستوونى قووڵبونەوە و تایبەتمەندییە لە زمان وشێوەزارێکى تایبەتدا. بۆیە کە باس دێتەسەر نووسین بە کوردى، بەتایبەتى لە بوارى شیعردا، پرسەکە لەوێدا تەواو نابێت کە تا چەند پابەندبوون بە رێنووس و رێزمان و پاراوییەوە رەچاوکراوە، بەڵکو کۆمەڵێک رەگەزى تر هەن کە پەیوەندییان بە خودى بەرهەمهێنەرى دەقەوە هەیە وەک بەشێکى دیار لە ناساندن وشوناسى ئەو دەردەکەون، لەوانە میتافۆر و سیحرى وشە ومۆسیقاى ناوەکى و هارمۆنى لە دەنگ وشێوەىدا لە چوارچێوەى کۆنتێکستدا.
یەکێک لە خەسڵەتە دیارەکانى زمانى شیعرى نەژاد ئەو شارەزاییە فراوانەیە کە لە زمانى کوردیدا هەیەتى، ئەو دەسەڵاتە زمانەوانییەیە کە لە دەقەکانیدا رەنگ دەداتەوە. زمانێک کە رەگى لە رۆحى مێژوو و کلتوورى کوردەواریدا رۆچووە و بەپانتایی مەوداکانى دەربڕیندا ئازادانە دێت ودەچێت. لە زمانى ستانداردەوە تا وشە وزاراوە لۆکاڵییەکانى باڵەکایەتى تا موکریان وکرمانجی. لەهەمان کاتدا شارەزایی ئەو لە زمانەکانى عەرەبى وفارسى، فەرهەنگى وشەدانى ئەوى زیاتر دەوڵەمەند کردووە و لە زۆر جێگەى دەقەکانیدا بەجوانى نمایشى کردووە.

جێگۆڕکێى وشە لە خولگەکانى دەربڕیندا
ئاشکرایە کە هەر وشە و زاراوەیەک لەڕووى پۆلێنبەندییەوە دەچێتە فەرهەنگێکى تایبەتەوە، نموونەى فەرهەنگى سیاسى وراگەیاندن، زانست وتەکنەلۆجیا، مێژوو وئاسەوار…..هتد. بەو مانایەى هەر وشە وزاراوەیەک لە خولگەیەکى زماندایە (مدارات الکلمة). ئەوەى لە دەقە شیعرییەکانى نەژاددا دەبینرێت، بەکارهێنانێکى ئازادانەى وشەیە بەپێى ئەو جێگە وخولگەیەى بە حوکمى دەق بۆى دیاری دەکات. بۆ نموونە چۆن زاراوەیەکى دیپلۆماسى یا سەربازى لە خولگەیەکى شیعرییدا جێگیر دەکات ولە کۆنتێکستى دەقدا وێنەیەکى شیعریی جوانیان پێ درووست دەکات، نموونەى ئەم کۆپلە ودێڕانەى لاى خوارەوە؛
ناونیشانى یەکێک لە شیعرەکانى ناو کۆبەرهەمەکەى بریتییە لە (دەست لەکارکێشانەوەى ئەستێران) و لە کۆپلەیەکیدا دەڵێت:
ئەو ژنە حسابێک بۆ کەس ناکا
نە بۆ هێزى هاوپەیمانان،
نە ئەنجومەنى حوکم….
بە نیلۆفەرى چاوى
هەموو هۆیەکانى ژیانى لە شار بڕیوە…
ئەستێرەى لە ئاسمان خانەگومان کردووە
دەستى پێ لە کار کێشاونەتەوە…..
(کۆبەرهەم – ل ١٤٣)
تێبینى ئەکەین کە چەندین زاراوەى لە فەرهەنگى دیپلۆماسى و راگەیاندنەوە هێناوە و لە سیاقى رستەى شیعریدا ماناى نوێى پێ بەخشیون و تێکەڵ بە نەزم و وئیقاعى میوزیکى دەقەکەى کردووە. ئەڵبەت زۆر نموونەى ترى لەو جۆرە لە کۆبەرهەمەکەدا هەیە کە خوێنەر دەتوانێت بە ئاسانى دەرکیان پێ بکات.

بەکارهێنانە جیاواز و شاراوەکانى راناو
ئەوەى لە (من)ى نەژاددا دێتەگۆ دەنگى رۆحێکى سەراسیمە وسەرگەشتەیە، حزوورێکى نیگەرانە یا دەنگدانەوەى زەمەنێکى سەختە لە مێژووى شەخسییدا. لە هەندێک جێدا، جۆرێک لە دابران و دووانەکى لە گوتارى شاعیردا دەبینین، کاتێک خودێکى نادیار موخاتەبەى نەژاد دەکات بەشێوەیەک نازانین کامیان دەنگى شاعیرەکەیە.
نەژاد! خود لە بارێکدا نییە
رەهایی دەربڕێ….
ئیتر نەما،
دیدار ئاخر بوون، جێی سەرنج بێ….
بەسەرچوون
ئەو رۆژگارەى ماسک و رووبەند
هەر لە دوورڕا دەردەکەوتن.
(کۆبەرهەم- ل ١٧٠)

لە دەقێکى تردا دەڵێت؛
نەژاد سەیرکە!
دەفژەن
بە چ روانین وجیهانبینییەک
لە مەوداى کەشف و یەقیندا گیرساوەنه‌تەوە،
کە لە من و تۆ ونە!
(کۆبەرهەم- ل ١٨٤)
بەهەمان شێوە سەبارەت بە راناوى کەسى یەکەمى کۆ (ئێمە) کاتێک وەک دەنگى قسەکەرى سەرەکى نێو دەق دەردەکەوێت، لە یەک کاتدا زمانى ویژدانى دەستەجەمعى ودەربڕى ئینتیمایەکى قووڵى شاعیرە بۆ کۆمەڵەکەى. دەتوانم بڵێم لە زۆربەى ئەو دەقانەدا خەمێکى جڤاکى یا کۆجیتۆیەکى رەگ داکوتاو لە مێژووى کارەستبارى گەلێکدا هەست پێدەکەین. جۆرێک نیگەرانى و وێنەیەک لە بێهیوایی لە زۆربەى ئەو دەقانەدا بەدى دەکرێن کە تیایاندا بە زمانى کەسى یەکەمى کۆ دەنووسێت.
لە دەقى (چەند کۆتەڵێکى جەنازەیی) دا هاتووە؛
هەر چیمان کرد
بەشى ئارەزووى
شازادە تەنپەروەرەکانى نەکرد.
هەرچیمان کرد بۆ (سبەى)
(ئەمڕۆ) لەسەر شەقامە خوارەکانى سەدەى بیستەم
وەک چۆلەکەیەکى سڕ یارى پێدەکەن….
وەرە با پەیمانێک لەگەڵ ئەشکەوتە کوێرەکان مۆر بکەین
وەرە با لە کۆتەڵى بێ تاراى ئەبەدییەتدا بنووین.
(کۆبەرهەم- ل ٩٩)
دەقى (ئەوەى لە دواخوانى برایاندا نەگوترابوو) کە لە ٢١ پارچە شیعر پێکهاتووە زیاتر لە هەر دەقیکى تر سەرنجى راکێشام بەتایبەتى لەڕووى زمانى دەربڕین وئاخاوتنى دەق و بەکارهێنانى راناوەوە. هەروەها لەڕووى بونیاد یا داڕشتنەوە، کارى لەسەر کەرتکردنى رستە کردووە (تقطيع الجملة) لە کۆپلەى سەرەتاى هەر پارچە شیعرێکدا ئەوەش وەک هێمایەک بۆ هەڵبزرکاوى خەون ئاساى دیمەن ورستەکان.
/ بە/ دڵى/ بەدمەستم/گوت:/
/کە/ لە/ ئاهەنگى/ مەعشووقدا/ دەفڕى
/رووناهى/
/ هەمووى/ لە/ تۆدا/ هەڵدەبێ/
/ لێ/گەڕێ/ جێیەکمان/ لە/ کونجێکى/
/ خەراباتا/ بەرکەوێ./
(کۆبەرهەم- ل ٣٠٨)
لەم دەقەدا دەتوانم بڵێم کە زۆربەى راناوەکانى بەکارهێناوە. سەرەتا بەزمانى خودەوە وەک قسەکەر دەدوێت و روو لە (تۆ) دەکات، پاشان دەپەڕێتەوە بۆ کەسى یەکەمى کۆ و جارێکى تر خودى قسەکەر دەدوێت. دەقێک باس لە سرووتەکانى عەشق و ترس و نیگەرانییەکانى سەردەم دەکات. هەستێکى بێگەردى مرۆڤدۆستى، حەسرەتێکى قووڵ بۆ رۆژگارێکى لەدەست چوو.
لە دونیاى فانى ئێمەدا،
چەند هاتن، چەند چوون
تامى عەشقیان نەکرد…
چەند فرمێسک
لەڕێی مەیخانەدا رژان..
چەند بەژنى تاریک،
بە باڵاى نووردا بڕان..
تۆ وەرە گەورەم!
بڕوانە شارى عاشقان
بە بێى تۆ
چەند چۆل و وێرانە.
(کۆبەرهەم- ل ٣١٥)

جوانى لە وێنەى پارادۆکسدا
بەدەر لە بنەما جێگیر و بۆماوەییەکانى رێبازى کلاسیک کە لایەنە ئیستاتیکییەکانى شیعریان لەژێر ناونیشانى بەلاغە یا رەوانبێژیدا کۆکردووەتەوە، نەژاد وێنەیەکى زەینیمان بۆ دەکێشێت کە جوانى لە پەرادۆکسى پێناسەى شتەکاندا دەردەخات، بۆ نموونە لەکاتێکا دۆزەخ لە سزاى گوناهەکاندایە بەڵام دەرخستنى گوناهەکان بەشێوەیەکى جوان لەبەر رووناکى ئاگردا وەزیفەى دۆزەخ پەک دەخات؛ بەهەمان شێوە بۆ چەمکى بەهەشت کاتێ لەبەر تاریكیدا پاکیزەیی حەشاردەدات؛
تۆ لە یەک کاتدا نهێنى چۆلپەرستى و
دڵڕەقى شارستانییەتی..
تۆ..
چراى بەر ئاستانەى پەرستگاى
هەردەمەو لە دەستى کاهینێکداى
تۆ رووناکى دۆزەخى
گوناهەکان جوانتر دەردەخەى..
تۆ تاریکایی بەهەشتى
پاکیزەیی و باشییەکان حەشار ئەدەى….
(کۆبەرهەم – ل ٩٧)

(شوێن) لە نێوان ئینتیما و نامۆییدا
چەمکى شوێن، بەهەردوو مانا و رەهەندى گشتى وتایبەتییەوە، لە زۆربەى دەقەکاندا وەک هەڵگرى چەندین ئاماژە و هێما دەردەکەون. مامەڵەکردن لەگەڵ شوێن لاى نەژاد لە سرووشتەوە دەستپیدەکات لە روانینێکى رۆمانتیكی شاعیرانەوە تا سەرلەنوێ پێناسەکردنى دیمەن ودیاردەکان، لە گوێسوانەى دیوارێکى گڵەوە بۆ نیشتمانێکى هەڵکێشراو لە قەیران ومەترسى بەردەوام تا دەگاتە جیهانى جەنجاڵ و بێ ئامانى سیستمى وەحشیگەرایی و دەسەڵاتى سایبەر و زیرەکى دەستکرد.
سەرەتا لە دەقى (ئاواییە خەمبارەکەم) ـەوە دەست پێدەکات وەك بچووکترین سنوورى ژیانى بەکۆمەڵ کە تیایدا هەستى غەریبى ودەلالەتى کارەساتبارى ئەو شوێنە دەردەخات کە زێدى خۆیەتى، ئەڵبەت ئەم شیعرە لە شارى نەجەف نووسراوە ئەو دەمەى وەك دوورخراوەیەك لەوێ دەژیا؛
ئەى ئاواییە خەمبارەکەم!
من غەریب نیم؟
یا تۆ نەفرەت لە غەریب دەکەى؟!!
من عاشق نیم؟
یا تۆ عاشق لە باوەشى خۆت ناگری؟
من چۆلەکەى باڵکراو نیم؟
یا هێلانەى ژێر سواندەى مزگەوتەکەت
پەڕەندەى بێ باڵ داڵدە نادا؟
ئاواییە خەمبارەکەم؟!
(کۆ بەرهەم – ل ١٣)
پاشان شار دەبێتە رووگەى ئەندێشە وسەرلەنوێ داڕشتنەوەى ئەفسانەى نامۆیی کاتێک جیاوازییەکانى نێوان دوو زەمەن کاڵ دەبنەوە. زەمەنى ژێردەستى وترس وقڕکردن و زەمەنى ئازادى وبانگەشەى ئاوەدانى.
لە نووسینەوەى مێژووى شاردا
هەمیشە گەڕەکەکانى مەرگ
کووچە وکۆڵانەکانى لەبیردەکرێن و
نایەنەوە بەرچاو..
ئەدى (خۆر)تان چى لێکرد؟
کە بە ڕووتى
وەک شێتێکى راوەدوونراو
بەناو شاردا را دەکا؟
(کۆبەرهەم – ل ٢٢٦)
وێناکردنى نیشتمان لە دەقە شیعرییەکانى نەژاددا رەهەندێکى وجودى هەیە، بەو مانایەى وەک بەشێکى دانەبڕاو وزیندوو لە بوونى خود وێنەى دەکات. لە کاتێدا زێد وسەرچاوەى مانەوە وبەردەوامى ژیانە لە هەمان کاتدا لە چەندین وێنەى زەینى ومەجازیدا دەردەکەوێت جارێک وەک دایکێکى بەسۆز وجارێک وەک خۆشەویستێک وهەندیک جاریش رەهەندێکى ئەفسانەیی پێ دەبەخشێت کە مەوداکانى بە پانتایی مێژوو و جوگرافیایەکدا دەکشێن لە کۆێستانە دوورەکانى باکوورەوە تا پێدەشتەکانى ئوور لە باشوور. یاخود ئەو دەمەى نیشتمان دەبێتە بەشێک لە برینێکى کۆن لە رۆحى شاعیردا بەڵام بۆ نیشنتنەوەى ئازارەکانى هەر رووى تێدەکات.
ئاى نیشتمان
وتى شاراوە
هەکەوتەى دیوارى لەرزۆک و
بڵێسەى کوژاوە…
ئاى نیشتمان
نەغمەى گۆشەگیرى
رووبارى لە هاژە کەوتوو
باڵات سێبەرى پێوە نەماوە
لێم گەڕێ لە حەرەمى نهێنییەکانت
سەرخەوێ بشکێنم…
(کۆبەرهەم- ل ٤٣٣)
ئەوەى تێبینیم کردبێت لە زۆربەى دەقەکانى دواى ساڵى ٢٠٠٣وە، پێ بەپێ لەگەڵ رووداوە گەورە و وکاریگەرەکانى قۆناغى دواى رووخانى دیکتاتۆرییەت لە عیراق و ئاڵوگۆڕە خێراکان لەسەر ئاستى جیهان بەگشتى، بەتایبەتى ئەوەى پەیوەندى بە شێوازى ژیان وبیرکرنەوە و ئایندەى مرۆڤەکانەوە هەیە، دونیابینى نەژادیش دەچێتە بازنەیەکى فراوانتر ودیدگایەکى دوور مەوداوە. سیما دیارەکانى ئەو دونیابینییە لە دەقە شیعرییەکانیدا لەو نیگەرانییە قووڵ وپرسیارە بێ وەڵامەکانیدا دەردەکەون بەزمانێک کە هەڵگرى چەندین وشە و زاراوە و دەستەواژەى جیهانى ئەمڕۆى تەکنەلۆجیا و نەزمى بەناو نوێی جیهانن بۆ گوزراشتکردن لە تراژیدیا بەردەوامەکانى کۆمەڵگەى مرۆیی.
ئێمەى ئادەمزاد،
چ دەکەین لێرە
لەسەر ئەم زەمینە،
کە هەر دڕکى تیا دەناسین؟
لەژێر ئاسمانى پێکەوەلکاودا،
ئێمە تا دێ
لە رۆحى سەردەم دوور دەکەوینەوە..
لە سەدەى ئەفسانەکان لەدایک بووین
خوێنى تەکنۆلۆژیامان تیا دەگەڕێ!
(کۆبەرهەم- ل ٣٦٦)

تەوزیفکردنى مێژوو لە دەقدا
بەوپێیەى نەژاد خۆێندنى ئەکادیمى لە بەشى شوێنەوارناسى کۆلێژى ئەدەبییات لە زانکۆى بەغداد تەواوکردووە، زانین وشارەزاییەکى باشى لەو بوارەدا پەیداکردووە. ئەو لە بنەڕتدا خوێنەرێکى ئاسایی نەبووە و ئاشنایەتى لەگەڵ فەرهەنگ وئەدەبى زیاتر لە زمانێک هەبووە، بۆیە زانستى شوێنەوارناسى وەک بەشێک لە مێژوو ئاسۆى مەعریفى ومەوداى بیرکردنەوەى قووڵتر وفراوانتر کردووە. بەوپێیەش کە شیعر خولیا وجێ بایەخى یەکەمى بووە، بۆیە لە چەندین دەقدا سوودى لە ناو وهێما ودەلالەتە مێژوویەکان بینیوە بەتایەبتى لە میزۆپۆتەیمیا (وڵاتى نێوان دوو رووبار) بەڵام زیاتر ئاماژەى بۆ هێماکانى سەرزەمینى سۆمەر کردووە، بەزانینى ئەو راستییەى کە سۆمەرییەکان گەلێکى غەیرە سامى یا وردتر وەک هەندێک لە مێژووناسان پێیان وایە کە لە هۆزە کۆچکردووەکانى چیاکانى زاگرۆسەوە بەرەو پێدەشتەکانى ناوەڕاست وخوارووى عیراقى ئەمڕۆ هاتوون.

لە گۆڕستانى (ئوور) ڕا چیام خۆشویستن
ئه‌گەر ئازاى.
مرۆڤ لە بەرامبەر مرۆڤ بوەستین
لە بیرت نەچێ،
هەور هەمیشە روویان لە چیایە.
(کۆبەرهەم- ل ٢١٦)
ئەنکیدۆ
هێشتا لە جەنگەڵستانە…
تەخت هەڵنەنراوە
گەلگامشى لەسەر دانیشێ..
مەیخانە ئاوا نەکراون
لە کونجە تارەکانیاندا
بچێتە خەڵوەتى ئارەزووەکانی،
لە ناو شکارتە هەڵچووەکان
رێ لە پاکیزان دەگرێ..
(کۆبەرهەم- ل ٤٠٦)
لە رۆژهەڵاتەوە
بۆ رۆژهەڵات…
سۆمەرییە سەرڕەشەکان
لە دونیاى شەودا
خاکى رەنگینیان
لە ناخى خۆیاندا دەدى..
ئایندەیان دەخوێندەوە
پێشبینى کەش وهەوایان دەکرد و
لە زەماوەندى،
شەپۆل و رووبارەکان بەشدار دەبوون.
(کۆبەرهەم- ل ٣٠٥)

عەشق، رووگەى هەمیشە داگیرساوى شاعیر
زێدەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێم چەندین جار ئەو پرسیارەم لا درووست بووە؛ کە ئاخۆ نەژاد شاعیرێکى عاشقە یان عاشقێکى شاعیرە، بەڵام ئەوەى لێى دڵنیام چ لەڕێگەى بەرهەمە شیعرى وهونەرییەکانى و چ لە رێگەى هاوڕێیەتییەوە، ئەوەیە کە عەشق لاى ئەو هەمیشە حزوورێکى باڵاى هەیە. جۆرێکە لە تەجەللاى جوانى وپاکیزەیی و رووناکى کە هەر جارەو لە بەرگ و شێوە و ئیحساسێکدا خۆى نمایش دەکات. لە کرۆنۆلۆجى دەقەکانى نەژاددا، ئەو پەیوەندییە ئینسانییە سەرەتا لە شێوەى دڵدارییەکى تافى لاویدا دەردەکەوێت سەرشار لە کەف وکوڵى حەز وتاسەى دڵیکى بێ ئۆقرەوە دەست پێدەکات؛
لێت نابمەوە..
چەندە دوور بم..
……………….
بم بە سپێدە،
لە باوەشى ساماڵى تۆ ئارام دەگرم..
بم بە سێبەر
حۆم بە بنارەکانى تۆدا هەڵدەواسم..
……….
لێت نابمەوە ….
من هەر بۆ لاى تۆ دێمەوە…

سەبارەت بەو بابەتە، ئەوەى تێبینیم کرد، زۆربەى دەقە شیعرییە سەرەتاکان لە ناوەڕۆکدا دەربڕین وداڕشتنەوەى هەمان ئیحساس وهەڵچوونى دەروونی وتاسەن کە دەرخەرى ئەزموونێکى سۆزداریى بەئاکام نەگەیشتوون.
لەگەڵ تێپەڕبوونى ساڵەکان وچوونەناو تەمەن و کاڵ بوونەوەى بەشێک لە یادەوەرییەکانى رۆژگارى لاوى، ماکى ئەو ئیحساس ودەروونە پڕ لە جۆش و شەوقە زیندووتر لە جاران خۆى نمایش دەکات. کاتێک خودى چەمکى عەشق یا خۆشەویستى فەزایەکى فراوانتر و قووڵتر لە ناخى شاعیردا داگیردەکات. فەزایەک بە چەندین مەوداوە کە رەهایی و رەگەزەکانى جوانى و سرووشت وئیحساس تێکەڵ بە حاڵەتێک لە مرۆڤدۆستى ویەکانەگى دەبن لە بۆتەى عەشقدا.

خەمى تۆ زرێبارێکە
لەچاوى لە خەو تۆراوى هەژارانە..
چیاى سەختى خۆشەویستى
مێژووى نهێنى وحیکمەتى داگیرسانە…
تۆ لە دڵى ئەو دنیایەى کە ناویان ناوە هۆنراوە
چیرۆکێکى تەواو نەبووى…
تەواو نابى..
…………..
باران لە کوێوە دەبارێ؟
گوڵ لە کوێدا چرۆ دەکا؟
خۆشەویستى ئێمە نەبێ
چیا لەسەر چى خۆى رادەگرێ
رووبار بەسەر چیدا دەروا؟
(کۆبەرهەم؛- ل ٣٦)
یەکێک لەو دەقە شیعرییانەى کە پێم وایە نەژاد تیایدا گەیشتووەتە ئاستێک لە زمانى دەربڕین و وێنەسازى شیعریی و نزیکبوونەوە لە کورتکردنەوەى مێژووی کارەسات وخۆشنوودی بریتییه‌ لە دەقی (ئایندەى پاییز). بێ دوودڵى دەتوانم بڵێم ئەگەر وەک ئیستیعارەیەك لە فەرهەنگى شیعرى کلاسیکیمانەوە تەماشاى بکەین، ئەوا کەس وەك نەژاد وشەى (حوسن)ى لە دەقێکى ئازاددا بەو شیوە فرە مەودایە تەوزیف نەکرددوە. (کەمالى) شاعیر لە هۆنراوەیەکیدا دەڵێت:
لە دنیادا هەموو شت قابیلى تەغییر و گۆڕانە
بەتەنیا حوسنى تۆ و عەشقى منە نەیدیوە تەغییرێ
نەژادیش لەو دەقەدا حوسن وجوانى وەک تەجەللاى نوورێک دەردەخات کە هەڵگرى چەندین مانا و پەیامە؛
چرایەک لە حوسنى تۆ هەڵبووە
وێنەى رێژنەى گریانى جودایی…
وەک خەمى نیشتمان دوور…
سێبەرى کز.. .مۆسیقاى ناخ
بێدارى هەمیشە بێدار
دەڵێى سێوە دێرینەکانى باپیرمن
بەسەر کەلارى مێژوودا،
بەو تاڵە قژانە نووساون
بە شەوبا دەلەرێنەوە…
…………
چرایەک لە حوسنى تۆ هەڵبووە
خەم نزیک و نیشتمان دوور…
تەم لە دڵاوایى رێگا
بەرەو دۆزەخى تاریکى،
یا فیردەوسى نوور بچێ؟
(کۆبەرهەم- ل ١٢٦)
بەشى دوایی کۆبەرهەم – وەرگێڕان
هەر لە دووتوێى کۆبەرهەمى نەژاد عەزیز سورمێ دا کە لە دوو بەش پێک هاتووە، بەشى دووەمى تەرخان کراوە بۆ ئەو دەقە شیعرییانەى لە نێوان ساڵانى (١٩٩٥-٢٠٠٦) بە زمانى عەرەبى بڵاوى کردوونەتەوە، کە بریتین لە ١٠٩ دەق و لەلایەن رەوانشاد نەجات حەمیدەوە کراون بە کوردى. لەڕاستیدا من نەمویست لەبارەى ئەو دەقانەوە بدوێم چونکە لە بنەڕتدا بە عەرەبى نووسراوون و لە وەرگێڕاندا بۆ کوردى زۆر لە جێ پەنجە و شێواز و تایبەتمەندى سەلیقە وستایلى دەربڕینى شاعیر نامێنن یا دەگۆڕێن، بۆیە بە پێویستم نه‌زانی لەم نووسینەمدا لەسەریان رابوەستم.
لە کۆتاییدا دەڵێم، چ وەک مێژووى ئەدەبى و چ وەک بنەماکانى هونەرى شیعر، ئێمەى کورد لە ئەحمەدى خانى ومەلاى جزیرى و نالییەوە تا ئەمڕۆی شیعرى کوردیمان، هیچمان لە گەلانى تر کەمتر نییە. فەرهەنگى زمان و ئەدەبیمان تا بڵێى دەوڵەمەندە و رەوتى کاروانى ئەدەبیمان هەمیشە بەردەوام ومایەى شانازیمان بووە. ئەگەر ئەدەبى کلاسیکمان گەواهى بۆ باڵایی ودەوڵمەندى هونەرى شیعرییمان بدات، ئەوا بێ دوودڵى دەڵێم کە ئەمڕۆى شیعرى کوردیمان هیچى لە پێشوو کەمتر نییە. چەندین دەنگ و ئەزموونى شیعرییمان هەیە کە لەسەر ئاستى جیهان هیچیان کەمتر نیە لە شاعیرانى بەناوبانگ هێما ئەدەبییەکانى نەتەوەکانى تر. لێرەدا نامەویت ناوى کەس بهێنم بەڵام لاى من نەژاد یەکێکە لەو دەنگانە.

ئاوات محەمەد ئەمین




بەکورتی40: سێبەر.. تارماییەک لەناخی هەریەکێکماندا خۆیمەڵاسداوە.. ئازاد حەمە

ڕاستە واتای سێبەرShadowدیاردەیەکی فیزیکییە، بەڵام لە ژیانی مرۆڤدا پڕە لە ناڕوونی. سێبەر، کە شتێکە لەنێوان ڕووناکی و ڕووکاریی ئاماژەشە بۆ دیوە شاراوەکانی ژیانی مرۆڤ، وەک: کەوتنە زۆنی سێبەرەوە، خۆشاردنەوە، نادیاربوون و…. . هەروەها سێبەرکردن یاخود کەوتنە بەر سێبەرەوە مانەوەیە لە تارمایی Ghost و بوونیشە لە تاریکییدا. لەناو سێبەردا ڕووناکی ئاوابووە و ژیان لێڵ و نادیارە. کەواتە،کە سێبەر هەبوو وێنەیەکی ڕوون بۆبینیین بوونی نییە. ئەوانەی دەکەونە ناو سێبەرەوە کەسانێکی تارماویی، نادیار و فانتۆم Phantomن. ئەمە بۆ ئێمە مانای ئەوەیە، لەئیستادا کەتووینەتە ناو سەردەم و کاتێکەوە پرە لە شەبەح و تارمایی؛ ئەوەتا هەموو لە تارماییدا پەرە بە بوونی خۆیان دەدەن، چەترێک، سێبەرێک ڕایگرتوون؛ ئارەزووی زۆنی تارکیدەکەن، چونکە لە تاریکیدا هەست بە بوونی خۆیاندەکەن.

وێڕایئەوە، لەناو تاریکییDarknessدا هەردەم ترسێک زیندووە، سێبەریش تاریکییئاسا بێبەری نییە لەو ترسە. ئەوانەی لە سێبەردا دەژین هەمیشە تارماییەک ڕاویاندەنێت. دەرکەوتن لە سێبەردا ئاماژەیە بۆ نادیاریی، بۆ ونبوونی جەستە و مانەوە لەناو تاریکییدا. لەبەرئەوە کەوتنە ناو سێبەرەوە دەرنەکەوتنی جەستەیە، توانای ئامادەنەبوونە بە ئاشکرا.

ناوچەی تاریک ئەو شوێنەیە ڕووناکی نایگاتێ و ناوچەیەکی تارماییدارە. بۆئەوەی سێبەر هەبێت پێویستە ڕووناکی نەبێت، یان ڕێگرێک لە دروستکردنی ڕۆشنایی هەبێت. ئەوانەی پێویستییان بە تاریکییە دوژمنی ڕۆشنایین، چونکە تارمایی تاکە داڵدەیانە.

لێرەدا پۆلێک پرسیار تایبەت بەوەی لای سەرەوە باسکرا دەخەینەڕوو: سێبەر چییە؟ سێبەر دژە جەمسەری ڕووناکییە یان بەشێکە لە ڕووناکی؟ سێبەر یان تارمایی ڕەهەندی خۆی نییە؟ مانەوە لە سێبەردا نێگەتیڤە؟ ژیانی لێڵ یان ژیانی تاریک چ جۆرە ژیانێکە؟ باشە گفتوگۆی سێبەر نامانباتەوە ناو گفتوگۆی تاریکیی؟ تاکەی مانەوە لە تارماییدا؟بۆچی بۆزۆرێک تارمایی ژیانە؟ ئەوە وێنە یاخود جەستە نییە سێبەری خۆی دروستدەکات؟ گەر بەڵێ،کەواتە بۆ ترس لە سێبەر؟بۆ لە سێبەردا دیدگاکانمان بەخێوکەین؟چ جۆرە هەڕەشە و نیگەرانییەک لەپشت مانەوەمانە لە سێبەردا؟چیبکەین تا مۆم و چراکانی ناو ناخمان بۆهەمیشە ڕووناکیی بەخشبن؟

سێبەر چییە؟ کاتێک دەپرسین سێبەر چییە دەکەوینە ناو پرسیارێکی دیکەوە، ئەی ڕووناکی(ڕۆشنایی)چییە؟ هەروەها ئەوەش، کە چۆن سێبەر پێکدێت چییە؟ لە گفتوگۆی سێبەردا زانستی فیزیا دیارترین زانستە کە، لەو بارەیەوە گفتوگۆی تۆکمە و بەرین دێنێتەگۆڕێ. دەبینین لە زانستی فیزیادا لە باسی سێبەر دەکەوینە ناو باسی ڕووناکییەوە؛ هەروەها سێبەری تەواو و نیوەسێبەر. دەکرێت واش لە سێبەر تێبگەین، کە شێوە، فانتۆم، هەڕەشە و نیگەرانیشە.

ئەدی تارمایی چییە؟ تارمایی بریتییە لە ناوچەیەکی تاریک. ئەوکاتە دێتەدروستکردن کە ڕێگرییەک دێتەبەرپێی ڕووناکیی. ڕوونتر بێینەگۆ: سێبەر شتێکی سەرەکیمان بیردەخاتەوە، کە زۆر پەیوەندیدارە بە ڕووناکییەوە، کە دژە جەمسەری سێبەرە، ئەوەش ئاوابوونی خۆرە.

ئاوابوونی خۆر هاتنی تارکیی و لێڵیە. کەوتنە ناو سێبەریشەوە، یان مانەوە لە سێبەر هەر ئەو مانایەی هەیە لای سەرەوە هێمایبۆکرا، کە سێبەر نیشانەیە لەسەر نەدیتن، خۆشاردنەوە و خۆمەڵاسدان لە پەناگەیەک. چونکە ئەوەی لە سێبەردا، لە تاریکییدا، دەکرێت لەبەرڕۆشنایدا ناکرێت. بۆیە سێبەر بینین و دیار Visible دەخاتە ژێرپرسیارەوە.

سەرباریئەوە، کە ڕۆشنایی نەما سێبەر یان تاریکیی دەستپێدەکات. بۆزۆرێک ڕووناکی سەرچاوەی گشت خۆشییەکانە، لێ بۆ هەندێک سێبەر پەناگەیە، داڵدەیە بۆ خۆشاردنەوە. بیرماننەچێت، “لە سێبەردا نائاگایی چالاکە، سەرکوتکراوەکانیش لە سێبەردا” خۆیانبەخێودەکەن و پەناگەی تازە بۆ خۆنمایشکردن دەدۆزنەوە. بۆیە ئامانجی تێگەیشتن لە سێبەر بۆ ئەوانەی هەمیشە لەناو ڕووناکیدا بوونە سانا نییە.

بەپێی مێژووکردی رۆمانی ڤیکتۆر ستۆیچیتا Victor Stoichita، لە کتێبی مێژووی سێبەر Brève histoire de l’ombre ،کە لە تێگەیشتنی ئەفلاتوونەوە بۆ ئەشکەوت دەڕوانێتە سێبەر و ڕووناکی دەبینیین ئاماژە بۆئەوەدەکات، کە ئەفلاتوون پێیوایە مرۆڤ دیلی ئەشکەوتە؛ تەنها لەناو بەدیخانەکەیەوە، کە ئەشکەوتەکەیە، ئەم مرۆڤە دەڕوانێتە جیهانی دەرەوە. تەنها ئەوکاتە بە ڕاستیی جیهانی دەرەکی ئاشنادەبێت، کە ڕووناکیی بەردەکەوێت. ڕووناکیش کە ڕاستییەکەیە لە دەرەوەی ئەشکەوتەکە بوونی هەیە. ئەمەش کەم ئاگایی و کەم ئاسۆیی لە بینین و بیرکردنەوە دەگەیێنێت. سەیرەکە لەوەدایە، کە بۆ مرۆڤی ناو ئەشکەوتەکە ئەوەی لە ئەشکەوتەکەدایە ڕاستییە، کە لەخۆیدا وڕێنە و تارماییە.

خۆر یان مۆم کە سێبەری خۆی دروستدەکات توانای بینینیش دەستنیشاندەکات. کەواتە سێبەرکردن لەگەڵ ڕۆشناییکردندا دێت. هاوکات کاتێک خۆر هەڵدێت ڕووبەری سێبەر تەسکدەبێتەوە، هەرکە خۆریش ئاوابوو ڕووبەری سێبەر فراواندەبێت. بەمجۆرە یاریکردن بە ڕووناکی و سێبەر یاریکردنە بە خودی خۆ. بۆیە لە تاریکییەکاندا، یان لەناو تارماییەکاندا دەکرێت بڵێێن: غەدرەکان، ناپاکییەکان لەدایکدەبن. بەڵام لە ڕووناکییدا لەلایەک شتەکانی دەوروبەرمان دەبینین و لەلایەکی دیکە یاریکردن بە تارمایی کەمدەبێتەوە.

کۆتا گوتنمان لەمەڕ سێبەر ئەو تارماییەیە، کە لە ناخی هەریەکێکماندا پەنهانە. ئەڵبەتە  تارمەیەکانمان لەیەک ناچن. تارماییەکانمان،کە بەرهەمی جۆرە ڵێڵییەکن ئازاربەخشن؛ تا قەبارەی تارمایەکانمان زیادکەن مۆمەکانی ناخمان زووتر دەکوژێنەوە، نیگەرانیی و پەشێوییەکانمان باڵاتردەبن. سەرچاوەی ڕۆشناییەکانی ناخمان بە شڵەژان و پەشێوییەکانمان کز و کزتردەبن. ئەمە وادەکات بێژیین: قایلبوون بە مانەوە لە تارمایی زۆر سەمەرەیە تا ئەو جێگایەی لە کەسایەتی مرۆڤ حاڵینیین. هەرکە لە کەسێتیی مرۆڤ تێگەیشتین ئەوکات تێدەگەین، کە تارمایی یان کەوتنەتارماییەوە بەشێکە لە ژیانی تاک.  

لەبەرئەوە دەپرسیین:”بۆچی تارمایی گرنگە؟ تارماییەکان یارمەتیمان دەدەن لەوە تێبگەین،کە ڕووناکی چۆن کاردەکات. بە سەیرکردنی تارماییەکان دەتوانین بزانین چۆن ڕووناکی و تاریکی یاری بەیەکەوە دەکەن. هەروەها “تارمایی دەتوانێت یارمەتی ئاژەڵەکان بدات بۆ خۆشاردنەوە. زۆرێک لە ئاژەڵەکان تارمایی بۆ خۆدزینەوە لە نێچیرەکان بەکاردەهێنن “، بێگومان ئەوە بۆ مرۆڤیش ڕاستە.

ئازاد حەمە

پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




دەوری ئەمریکا لە پێکهێنانی حکومەتی عێراقدا.. عوسمانی حاجی مارف

واقعی سیاسی ناوخۆی عێراق دوای هەڵبژاردن، بۆتە ئاوێنەیەکی ململانێی قوڵتری نێو دەسەڵات، ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە، بوار بە هیچ لایەنێک نابەخشێت بەتەنها دەسەڵات یەکلایی بکاتەوە، بەبێ هاوپەیمانی لەگەڵ چەند بلۆکی دیکەدا، ئەمەش فرسەتی زیاتری کردۆتەوە بۆ ئەو هێزو گروپانەی حەشدی شەعبین و سەر بەئێرانن هاوبەش بن لە حکومەتدا، کە لەم هەڵبژاردنەدا رێژەیەکی زیاتر لە هەڵبژاردنەکانی رابردو دەنگیان هێناوە، بۆتە ناچاریەک بۆ بەشداری پێکردنیان لە هاوپەیمانی بلۆکەکاندا، لەکاتێکدا خواست و فشاری ئەوەیان لەسەر دەبێت، هەڵوەشێنەوە یان نابێت بەشداری لە پێکهێنانی حکومەتدا بکەن، ئەمەش ناکۆکیەکە، قەیرانی لە پێکهێنانی حکومەتدا دروست کردووە.
لەسەر واقعیەتی ئێستای دوای هەڵبژاردن و کێشەکانی پێکهێنانی حکومەت لە عێراق، ئاستی دابەزینی هاوسەنگی زۆربەی هێزو لایەنەکان، دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە، پێدەچێت هۆکار بێت تا کۆشکی سپی مەیلی پاراستنی دۆخی ئێستای عێراقی هەبێت، لەهەمانکاتدا وردە وردە هەوڵبدات نفوزی ئێران سنووردار بکات، یان ناچار بە رێکەوتنی جۆرێک لە هاوسەنگی بێت لە گەڵ ئێراندا.
ئەمریکا لە هەوڵەکانی بۆ فشارخستنە سەر بەغدا دەیەوێت ڕێگەیەک پەیدا بکات، بۆ ئەوەی میلیشیاکانی لایەنگری ئێران، لەخۆبگرێت و بیانخاتە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی ناوەندیەوە!. لەهەمانکاتدا ئاشکرایە سزا و ڕێوشوێنی سەپاندووە تا تۆڕەکانی پشتیوانی لە هێزە میلیشیاکان بکاتە ئامانج، هەوڵی بەرزکردنەوەی بەهای تێچوی بەردەوامبونی ئەم گروپانە دەدات، لە کۆنترۆڵکردنی بڕیاردان و ڕای گشتیدا. تەنانەت دۆخەکە گەیشتوەتە ئەو ئاستەی کە مارک ساڤایا، نێردەی ترەمپ، زنجیرەیەک ئاگاداری لەبارەی هەوڵی میلیشیاکان، بۆ کۆنترۆڵکردنی بڕیاردانی سیاسی لە عێراق بڵاوکردۆەتەوە. لە دوایین پۆستی مارک ساڤایادا لەسەر ئەوە جەختی کردوە گوایە هیچ ئابووریەک ناتوانێت گەشە بکات، هیچ هاوبەشیەکی نێودەوڵەتیش ناتوانێت سەرکەوتوو بێت، عێراق لە ژینگەیەکدا قەتیس بووە، دەخالەت و سیاسەتی میلیشیاکانی ئێران، تەواو لەگەڵ سەرچاوە نافەرمیەکانی دەسەڵاتدا تێکەڵ بووە. بۆیە ساڤایا ئەم پرسیارە دەخاتە ڕو، بژاردەکانی ئەمریکا لە دەخالەتی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی ئێستای عێراقدا چین؟، ئایا دەتوانێت فشاری ئابووری زیاتر بکات؟، دەتوانرێت چالاکی و توانای میلیشیاکان تێکبدات؟ یان بژاردەی تر هەیە، وەک ڕێگەدان بە ئیسرائیل، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ میلیشیا عێراقیەکان بەو شێوەیەی کە بە گونجاو دەزانرێت، وەک ئەوەی تەلئەبیب لە زیاتر لە بۆنەیەکدا هەڕەشەی لێکردون؟.
لەنێو ئەم جەنجاڵیە، ئەو پرسیارانەی لەمرۆدا بۆ دۆخی سیاسی عێراق دێنەپێشەوە، بەتایبەتی لە دەور و دەخالەتی ئەمریکا بۆ جەختی باڵادەستی بەسەر عێراق و ناوچەکەدا، ئایا دەستێوەردانی سەربازی سنووردار یان بەرفراوان، وەڵام بە چارەسەری کێشەکانی عێراق و پێکهێنانی حکومەت ئەداتەوە؟، لەبەرژەوەندی ئەمریکا بێت؟، یان بەردەوامی بە پەرەسەندنی گەمارۆ ئابووریەکان بدات؟ یان قبوڵکردن و بەردەوامبونی دۆخی ئێستا لەگەڵ کوتلە چەکدارەکان کە نفوزی خۆیان دەپارێزن سازش بکات؟، بەڵام بەشێوەیەک کە کەمتر زیان بە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بگەیەنێت!.
هەڵبەتە هەر بژاردەیەکی ئەمریکا بۆ چۆنیەتی دەخالەت و هەوڵەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی حکومەتی عێراق، کاردانەوەی جیۆپۆلەتیکی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ئاڵۆزی بەرچاوی دەبێت، کە بە ناچاری بە جۆرێک عێراق لەنێو شانۆی سیاسی ململانێی ئەمریکاو ئێراندا دەهێڵێتەوە و کاریگەری نەرێنی زیاتر لەسەر ناجێگیری سیاسی عێراق و ژینگە ناوچەییەکەی دەبێت.
ئەو سزا نێودەوڵەتیانەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەیسەپێنن بەسەر عێراقدا، تەنیا بەربەستی ڕەمزی نین، بەڵکو ئابووری عێراق پەکدەخەن، ئەگەر کەرتی وزە، یان کۆمپانیا بیانیەکانی نەوت کە لە عێراق کاردەکەن بکەنە ئامانج، ئەم جۆرە سزایە دەتوانێت کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق هەبێت، بەمشێوەیەش مەترسی لەسەر داهاتی دەوڵەت دروست دەکات، کە نزیکەی٩٠٪ ی داهاتی ئێستای عێراق، پشت بە نەوت دەبەستێت. جگە لەوەش پێشنیارکردنی ئەو سزایانەی، کە لەلایەن ئەمریکاوە پێش هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ١١ ی ئەم مانگە دواخرا، پێشبینی دەکرێت سیستمی ئابووری عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو ئیفلیج بکات، ئەمەش مەترسی ئاڵۆزبونی دۆخەکە زیاتر دەکات، ناتوانێت بژاردەیەکی سەرکەوتوبێت لە هەوڵی ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی سیاسی عێراق، یان پێکهێنانی حکومەتێک پاشکۆی تەواوی ئەمریکا بێت.
ئەوەی شایانی باسە، گومانی تیا نیە لەبەرامبەردا، دەسەڵاتی سیاسی ئێستای عێراق، بە تایبەتی لە پێکهاتەی هێزە میلیشیاکانی سەر بە ئێران، بێدەنگ نابن و بەناچاری لەگەڵ قەیرانە ئابوریەکاندا دەجەنگن، پارێزگاری لە پاراستی دەسەڵاتەکەیان و جەردەیی و تاڵانی و کەڵەکەی سەرمایە بۆ هێزەکانیان دەکەن، کە لەڕێگەی پاوانخوازی تەواو بەسەر دەسەڵاتدا، توانیویانە دەستبگرن بەسەر سەرەوت سامانێكی بێشوماردا، بەردەوام بەهۆی داهاتی زۆری نەوتەوە کوتلەکان هاوپەیمانی پێکدەهێنن. عێراق لەئێستادا رۆژانە نزیکەی چوار ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، ئەمە جگە لە هەناردەکردن و ئۆپەراسیۆنی قاچاخچێتی، کە لەلایەن حزب و هێزەکانی ناو حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم و سیاسەتمەداران و سەرکردەکانی میلیشیاکانەوە، لەڕێگەی ڕێڕەوی قاچاخی جۆراوجۆرەوە ئەنجام دەدرێن، هەندێکیان لەڕێگای دەریاوە، هەندێکی دیکەشیان لەرێگای وشکانیەوە، زۆرینەی ئەو هەناردەکردنانە لە داهاتی خەزێنەی عێراقدا نین.
هەر دابەزینێکی نرخی نەوت یان پچڕانی گرێبەستی کارکردن لە کێڵگە نەوتیە گەورەکاندا دەستبەجێ کاریگەری دەبێت لەسەر توانای حکومەتی عێراق بۆ پێدانی موچەی فەرمانبەران و دابینکردنی بودجەی خزمەتگوزاریە گشتیەکان.
لەلایەکی ترەوە تێبینی ئەوە دەکرێت کە بژاردەی سەربازی ئەمریکا، بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی، ئەو هێزانەی ئەمریکا قەبوڵ ناکەن، ئەمەش بژاردەیەکی قورسە و دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات، تەنانەت هێرشێکی ئامانجداریش بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە کێشەی میلیشیاکان و دەورو دەخالەتی فراوانبونی ئێران، لە چوارچێوەی عێراقدا چارەسەر ناکات، بە پێچەوانەوە، ڕەنگە متمانە بە بانگەشەی میلیشیاکان بدات کە بڵێن پیلانێکە لەسەر عێراق و بەرگری دەکەین، پەنا بۆ دوا بژارەدی مانەوەی خۆیان ببەن، ئەمەش کارەساتی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
هەڵبەتە ئەو بژاردەیەی ئەمریکا، گەر بیەوێت جەخت لە سەر پاراستنی دۆخی ئێستا بکات، دەبێت هێزەکانی حەشدی شەعبی لە پێکهاتەی حکومەتدا قبوڵ بکات، لەلایەکی تریشەوە ڕێوشوێنی کەمکردنەوەی نفوزی میلیشیاکان پەرەپێبدرێت، دواجار ئامانجی کەمکردنەوەی بازنەی کاریگەریەکانی ئێران بەسەر عێراقدا هەبێت، کە بۆ ئەمریکا گرنگیەکی هەیە. ئەوەی ئەمریکا لەئێستادا دەیەوێت، کەمکردنەوەی گرژیه نێوخۆییەکانه بۆ مسۆگەرکردنی کارکردن بهشێوەی پێکهێنانی حکومەتێک، که دەبێت لە دواجاردا ئەرکی هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان و چالاکیەکیەکان و چەسپاندنی چەک لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا بگرێته ئەستۆ. بەشێکی زۆری هێزەکانی “چوارچێوەی هەماهەنگی” شیعە پێیانوایە ئەمە مومکینە، بەڵام دەبێت وردە وردە جێبەجێ بکرێت، نەک لەناکاو و بە زۆر، بەڵام ئەم بژاردەیە چەند دەخایەنێت و تاچەند سەرکەوتن مسۆگەر دەکات، وەڵامێکی ڕۆشنی نیە!.
کێشەکە لەوەدایە کە بەدوای بۆردومانکردنی کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سلێمانی، بەشێوەیەکی بەرچاو “چوارچێوەی شیعە”ی تێکداوە، هەرچەندە هێزەکانی “چوارچێوە” ڕایانگەیاندووە کە میلیشیاکان هیچ پەیوەندیەکیان بەو هێرشەوە نەبووە، بەڵام بەڵگە هەیە کە ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە گروپێکی سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبی بەرپرسیار بووە، هەروەها ئەم گروپە فەرمانی ڕاستەوخۆی لە هێزە ناوخۆییەکان وەرگرتووە، کە پەیوەندیەکی بەهێزیان لەگەڵ ئێراندا هەیە. ڕەنگە ئەم بۆردومانە واشنتۆن بخاتە سەر بژاردەکانی تر، بەتایبەتی کە کۆمپانیا ئەمریکیەکان لە کێڵگە نەوتیەکان و گازیەکان دەستیان بە کارەکانیان کردووە، بۆیە بۆردومانکردنی کێڵگەی غازی سلێمانی وەک پەیامێکی ئاگرین کاریگەربوو، کە توانای ئەو میلیشیایانە بۆ ئیفلیجکردنی کارەکانی کۆمپانیاکان، ئەوە نیشان ئەدات، ئەگەری ئەوە هەیە فشاری زیاتر بکەن.
دەتوانین دەربارەی هەوڵدانی بژاردەکانی ئەمریکا، بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی سیاسی عیراق ئەوە بڵێین، نەک بە ئاراستەی ئایندەیەکی رۆشن و ئارام و دابینکردنی ئاسایش هەنگاو نانێت، بەڵکو دەخالەتی ئەمریکا بەردەوامی هەمان ئەو ڕێڕەوەیە کە لەجەنگی کەنداوەوە عێراقی وێرانکرد.
لایەنێکی گرنگی ئەم دۆخە ئەوەیە پێشبینی ئەوەش دەکرێت، توڕەیی و ناڕەزایەتی خەڵک دۆخەکە بگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی ناڕەزایەتیەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ و بەشێوەیەکی فروانتر، کە حکومەتی عێراق بە فەرمی و نافەرمی دەخاتە نێو چاڵی قەیرانێکی قوڵترەوە، لەهەمانکاتدا دەوری ئەمریکاش بۆ کۆنترۆڵکردنی عێراق دەباتە دواوە، هەر بۆیە دەکەوێتە بەر بژاردەی ئاڵۆز و پێچیدە ترەوە، بۆ دەورو دەخالەتی لە عێراقدا.




تەنیایی.. شیعری سمکۆ ئەحمەد ڕەشید

شەوە باراناوییەکانی کانون سارد نین
بەفرە ئەستوورەکان سارد نین
گوێم لە پیاوێک بوو
کە سەرما ئێسکەکانی گەستبوو دەیگوت
شەختە هیچ گوناهێکی نییە
مرۆڤ کە لە شەقامە سووتاوەکاندا
شەوی بەسەر دادێ و
ماڵێکی نییە بۆی بگەڕێتەوە
سەرمای دەبێ
مرۆڤ کە سێوێکی کرماند و
نەیکرد بە دوو کەرتەوە
سەرمای دەبێ
مرۆڤ کە لە گۆڕێکی یەک نەفەریدا
ڕۆژ و شەوەکانی ژمارد
سەرمای دەبێ
مرۆڤ کە سەرمای دەبێ
گوناهی هیچ وەرزێک نییە
ئەوەی ئێسک و
ڕۆحی مرۆڤ دەتەزێنێ وەرزەکان نین
تەنیاییە،
تەنیایی




بۆچی سوپاسی خوا ناکەیت؟.. نەوزاد بەندی

نەوزاد بەندی

ئەگەر نەبووتایەتە خاوەنی دانەوێڵە و .. باڵندەکان حەزیان لە خواردنی دانەوێڵە نەبووایه، چۆن چۆنی چاکەت ئەکەت؟ چۆن باڵندەکانت تێر ئەکرد؟ چۆن ویژدانی خۆت ئاسوودە دەکرد ؟ ..ئەگەر پشیلە و سەگ حەزیان لە پاشماوەی خواردنەکانت نەبووایە، حەزیان لەو قوتوکراوانە نەبووایە کە تۆ زۆر بە ئاسانی ئەتوانیت بیانکڕیت، چۆن چاکەت ئەکرد؟ چۆن دڵی سەگ و پشیلەی بێ لانەت ئەدایەوە؟ چۆن بە ئاسودەیی سەرت ئەخستە سەر سەرین ؟
سوپاسی خوا بکە، کە ئەو شتانەی هەتە، گیاندار گەلێک حەزیان لێیە و خەونی پێوە ئەبینن، بەو جۆرەیش نەبێ، تۆ چۆن دڵی خۆت ئاسودە ئەکەیت؟ چۆن چاکە ئەکەیت؟ هەموویان وەک مار و شێر بوونایە، خۆیان خواردنی خۆیان دابین بکردایە و چاوەڕێی هیچ بەخشندەییەکی تۆیان نەکردایە، تۆ چۆن چاکەت ئەکرد؟ .. دوو تانکی ئاو لەسەربانەکەتە و.. گوڵێک لەبەردەرگاکەتان ڕوواوە، ئەگەر نەڕوایە، چۆن چاکەت ئەکرد؟ ئەگەر پێویستی بە گڵاسێک ئاوی تۆ نەبووایە، چۆن هەستت بە ئاسودەیی ویژدان ئەکرد؟ .. کاتێ چەند دەنکە دانەوێڵەیەک لە نزیک شارە مێروولەیەکەوە دادەنێیت، چەند پارچە نانێک هەڵدەدەیتە ناو حەوزێک ئاوی پڕ لە ماسییەوە ، بڕوانە بۆ هێرشی مێروولە و ماسییەکان بۆ دانەوێڵە و پارچە نانەکان، چەند هەستێکی جوانە، تۆ چاکە و ئارامیی و ئاسودەیی دڵ ودەروونت دەست دەکەوێ، ئەوانیش تێریی و چالاکیی و هەرەوەزیی بە دەست دێنن ..
ئەگەر مێروولە و ماسییەکان گڵ و بەردیان بخواردایە، چیمان بکردایە ، ئێمە ؟
خوا دانەوێڵەی بە فەردە داوە بە تۆ، بۆ ئەوەی بە دەنک یان بە چنگ بەشی ئەوانی تری لێ بدەیت، بەوەیش پاداشتی حەفتا ئەوەندە و زیاترت بداتەوە، ئەمە چ پاداشت و قازانج و تەواو کارییەکە ؟
ئەگەر گیاندار و ڕووەکەکان پێویستیان بە ئێمە نەبووایه، ئێمەیش پێویستمان بە یەکتری نەبووایە، چی ڕووی دەدا؟
لە ژیانتا باڵندەیەکت نەدەبینی .. پشیلەیەکت نەدەبینی.. ڕووەکێکت نەدەبینی لە ئینجانە و حەوشەکەتا سەوز بێ،مێروولەیەکت نەدەبینی، هەمووان جیهانی تایبەتیی خۆیان دەبوو، هیچ پێویستیان بە جیهانەکەی تۆ نەدەبوو، لێت نزیک نەدەکەوتنەوە، وەک چۆن جیهانی شەمشەمە کوێرە نابینیت مەگەر له کورتە فیلمی زانستیی دۆکیومێنتاریدا، وەک چۆن جیهانی شێر و پڵنگ نابینی مەگەر لە فیلم و بە دەستەمۆکراویی لە باخچەی ئاژەڵاندا، ئەوەیش کارەساتێکی گەورە و تەنیاییەکی گەورەیە، کاتێ بە هەموو تەمەنت هیچ زیندەوەر و بوونەوەرێک توخنت ناکەون و .. هەلی چاکەکردنێکت بۆ ناڕەخسێنن، ئەوسا تۆ و شتەکانت، بە کاری چی دێن؟
لەوەیش زیاتر بۆچی سوپاسی خوا ناکەیت کە خەڵکێکی هەژار دێنەسەر ڕێگاکەت و داوای یارمەتیت لێ دەکەن؟ ئەگەر وا نەبووایە، ڕێگای چاکەکردنت لە کوێ ئەدۆزێوە؟ سوپاسی خوا بکەن کە بە دێلیڤەری، هەژار و برسیی و تینوو و بێ داڵدەکان ئەنێرێتە بەردەرگا و سەرە ڕێگاکانتان بۆ ئەوەی چاکە له گەڵیاندا بکەن و .. حەفتا ئەوەندە و زیاتر پاداشتتان بداتەوە ؟ بۆ ئەوەی ئاسودەیی ویژدان و ئارامیی دەروون لەو ڕێگایەوە وەربگرن و .. دڵە ڕەقەکانتان خاو بێتەوە و .. ببێ بە باخچەی پڕ لە گوڵ و چیمەن و قەڵبەزەی ئاو و پەپولە و جوانیی ؟؟
بۆچی سوپاسی خوا ناکەن ، گەلۆ ؟
بەرنارشۆ ئەڵێ ئاقڵترین مرۆڤ بێجگە له دڵخۆشکردنی ئەوانی تر، هیچ شتێک دڵی خۆش ناکات ..
لەوە گرنگتر ئەوەیە، خوا کەسان و گیانداران و ڕووەکگەلێکی لە دەور کۆکردووینەتەوە کە پێویستیان بە یارمەتیی و چاکەکردنەکانی ئێمەیە، گەر وا نەبووایه، چ قوڕبەسەرییەک ئەبوو، نەمانزانیوە چاکە لەگەڵ کێدا بکەین و.. هیچ کەس و گیانەوەرێک پێویستی بە چاکەی ئێمە نەبووایە ؟
ئینجا بزانن چەند بەختەوەرن ئێوە کە دەیان مرۆڤ و گیاندار و زیندەوەر لە چواردەورتاندان و بێدەنگ چاوەڕێی چاکەیەکن لەلایەن ئێوەوە بۆ ئەوەی لە دنیا و قیامەتدا ئاسوودەیی بە دەست بێنن ..
زۆر مەچۆرە ژێری .. سوپاسی خوا بکە کە زۆر لە پێداویستی خۆت زیاتری داویتەتێ و .. ژمارەیەکی زۆر لە بوونەوەری له چواردەورت پەرش و بڵاو کردۆتەوە کە پێویستیان بە پارچە نانێک، بە دەنکە گەنمێک یان پارچە ئێسقانێکی سەر سفرەکەتە، بەوەیش هیچت لێ کەم نابێتەوە و پاداشتی زۆر گەورە وەرئەگریت، ئەوەندە گەورە کە بە بینینیان شاگەشگە ئەبیت.
Reply




زووبێت یا درەنگ دەوڵـەتی کوردستان لەدایک دەبێت.. رەزا شـوان

کوردستان واتا خاک و نـیـشـتـمانی کـوردان، شـوێنی نـيشتەجـێبـوونی هەزاران هەزار ساڵەی نەتەوەی کوردە. کوردستان دەکەوێـتە باشووری رۆژئاوای کـێشوەری ئاسیاوە.
هـاوسنوورە لەگەڵ ئەم دەوڵەتانەدا: لە باکوورەوە، ئازەربایجان و ئەرمـینیا و تورکـیا. لـە باشـوورەوە، ئـێران و کەنـداوی عـەرەبی. لە رۆژهـەڵاتـەوە ئـێران. لە رۆژئـاواوە، عـێراق و سـووریا. پـانـتـایی رووبـەری کوردسـتانی گـەورە، نـزیـکەی (٦٠٠) هـەزار کـیلۆمەتـری دووجـایە. زیاتـر لە نیـوەی تـۆپـۆگرافـیای کوردستان، لە چـیا پـێکهـاتووە. کوردستان شـوێنێکی ستراتـیژی گرنگی لە ئاسیادا هـەیە. ژمارەی کورد لە کوردستان و لە وڵاتانی جیهاندا بەپێی تازەترین خەمڵاندن، زیاتر لە (٧٥) ملیون کوردە. زیادەڕرۆیی لەم ژمارەیەدا نیـیە. هەمـیشە نەیارانی کورد، بە ئەنقـەسـت ژمارەی کورد و رووبـەری کوردستانیان، زۆر کەمـتر لە ژمارەی راستـیی کورد و لە رووبـەری راستیی کوردستان دانـاون و هـەوڵی چـەواشـەکـردنی مێـژووی کوردسـتانیان داون. هـەمـیـشە کوردیان بە کەمایەتییەکی نەتـەوەیی ناوبـردوون. ئەمەش لە رەگەزپەرستـییان و لە رقی رەشیانەوە بەرجەستە بـووە. بەڵام بەری تیشکی خـۆر بە بێـژنگ ناگـیرێـت و ناتـوانـن راستییەکان پەردەپـۆش بکەن. لە ئێستادا کورد چـوارەم نەتـەوەی گـەورەی رۆژهـەڵاتی ناوەڕاستە. هـەمـوو بنـەماکانی نەتەوەیی هـەیە و تایبـەتـمەنـدی نەتـەوەیی خـۆشی هـەیە.
بەڵگەکان و پاشماوە دێـرینە مـێژووییەکان و تـوێـژینەوە بێ لایەنەکان، سەلـماندوویانە کە کورد رەسەنترین و کۆنترین نەتەوەی رۆژهـەڵاتی ناوەڕاستە. کوردستانیش لانکەی یەکەمین و رەسەنترین شارستانییە لە هەمـوو جیهانـدا. کورد بـڕبـڕە پشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێکـدەهـێنێت. ئێمەی کورد خاکی خۆمان هەیە و خاوەنی زمان و کولتوور و داب و نـەریـتی رەسـەن و هـونـەر و نـاسـنامـەی نـەتـەوەیی خـۆمـانـین. مـێـژوویـەکی دوورودرێـژی دەوڵەمەنـدی پـڕ لە خەبات و لە شکـۆداری و لە قـوربانیـدانـیمان هـەیە. هـەزاران هـەزار سـاڵ لەپـێـش زایـنییەوە لەسەر خاکی کوردستانی نیـشـتـمانی خۆمـان ژیـاون و دەژیـن و هـیچـمـان لە گـەلانی تـر کەمـتر نـیـیە.

لە ماوەی هـەزاران ساڵـدا، چەندیـن نەتەوەی جیاواز، لە شوێـنەکانی خۆیانەوە کۆچـیان کـردووە و نیـشتەجـێی ناوچـەکانی کوردستان بـوونە. لەوانە: تـورک، فـارس، عـەرەب، ئەرمەن، ئاشـوری، چـیچانی، ئـازەری. هـەنـدێک لەم نەتـەوانە لەسەر خاکی کوردستان دەوڵـەتیـان دروسـت کـردووە. بە واتـا داگـیرکەری کوردستانـن.
کوردستان لەبەر گرنگی و ستراتیژی شـوێنەکەی و دەوڵەمەنـدیی خاکەکەی لە کۆنەوە، تا ئەمـڕۆش بووە بە گۆڕەپـانی مـلمـلانی و رووبـەڕووبـوونـەوەی سەخـتی نەتـەوەیی. کورد لیستێکی درێژی داگیرکەرانی بینی. بەڵام قارەمانانە و سەرسەختانە رووبەڕووی هـێڕشەکانی، فـارسە کـۆنەکان و ئەسکەنـدەری گەورە و عـەرەبی مـوسڵـمان و تورکە سەلجوقیەکان و هۆلاکۆ و مەنگۆلییەکان و عوسمانییەکان بووەتەوە. لەپێاوی مانەوەی و پاراستـنی ناسـنامـەی نەتـەوەیی و پـاراستـنی کوردسـتانی نـیـشـتـمانی دا. هـەمـیـشە خۆڕاگربـووە و سەرسەخـتانە و گیانبەخشانە، بەرگـریی کـردووە و قـوربانییەکی زۆری مـانـەوەی داوە و دەدات. سەرسـەخـتانە بـۆ رزگـاری و ئـازادی خەبـات دەکـات.
لە سەرهەڵـدانی ئیسلامەوە، تا بەرەبەیانی ناسیـۆنالـیزم، یەک لە دوای یەکی دەوڵەتانی بەناوە ئیـسلام، بە گەلەکۆمەیی، بە شـێوەیەکی دڕنـدانە و نامەردانە و رەگەزپەرستانە، رەشەکوژی و کۆمەڵکوژی و ژینۆسایدی کوردیان کردووە و دەکەن، هەر لەبەر ئەوەی کە کـوردیـن. لە ئەمـڕۆشـدا کوردسـتان بـە سـتەمـێکی مـێژوویی دەوڵـەتە زلهـێـزەکـان، دابەشکراوە بەسەر چـوار دەوڵەتی نەتەوەیی رەگـەزپەرسـتـدا، بەسەر تـورکـیا، ئێـران، عـێراق، سووریادا. کە تا ئێستا چەنـدیـن جار، بە گەلەکـۆمەیی و بە مـودێـرتریـن چەکی کوشندەی قەدەغـەکراوی نێـودەوڵەتی و بە دڕندەتـریـن شێوەی نامەردی و نامـرۆییـانە، بە رۆژی روونـاک و بە بەرچـاوی نەتـەوەیەکگـرتـووەکان و رێکخـراوەکـانی مافـەکانی مـرۆڤ و ویـژدانی جیهـانـییەوە، کـۆمەڵکـوژیـیان لە کورد کـردوون و سیاسەتی (زەوی سـووتـماک) یان لە کوردستانـدا جـێبەجێ کـردوون. زلـهـێزەکانیش لەبەر بەرژەوەنـدیی خـۆیـان، لە ئاستی ئەم هەمـوو تاوانانە بێـدەنگـن. بەڵکو بە چەکی کوشـندەی ئەوانیش، ژینۆسایـدی کورد کـرا و دەکـرێـت و کوردسـتان وێـران کـرا.
کـورد لە ئەمـرۆدا، گـەورەتـریـن نەتـەوەی جیهـانە، کە خـاوەنی دەوڵـەتی سـەربـەخـۆ (دەوڵـەتی کوردستان) نـیـیە. لە دوای رووخـانـدنی ئیـمـپراتـۆریەی مـادی کـوردیـیەوە
(٧٠٠ ـ ٥٥٠) لە پـێـش زایـیندا، کە لەلایەن (دیـاکـۆ) وە دامەزرا، کە یەکەم دەوڵەتی یەکگرتـووی کـوردییە لـە مێـژوودا. لە پـەرتـووکی (هـیـرۆدۆت) دا، لە زۆر شـوێـنـدا باسی دیاکۆ و ماد کراوە. لەوەدوا چەند میرنـشینێکی کوردی تا رادەیەک سەبەخۆییان لە سەردەمی دەوڵەتی عـوسـمانی و فـارسـیدا هـەبـووە. بەڵام دەسـەڵاتـێکی نـاوچـەیی بەرتەسکـیان هـەبـووە، نەیانتـوانیـوە رووبـەری دەسەڵات و باڵادەستی و حوکمڕانیان فـراونـتر بـکەن و بە فـەرمی سەربەخـۆییـان رابگەیەنـن و بتـوانـن لەژێـر چەتـرێکی نەتـەوەیی کـوردیـدا یەکـبگـرن و لەشکـرێکی گـەورەی کـوردی پـێکـبهـێـنـن.
بـۆچـی لە دوای جەنـگی جیهـانی یەکـەم و شکـستهـێـنانی دەوڵـەتی عـوسـمانی، کورد نەبوو بە دەوڵەت؟ رێکەوتنامەی (سایکس بیکـۆ) کە لە (١٠/ ئـاب/ ١٩١٦) لە نێوان بەریتـانیا و فەرەنسادا واژۆکـرا، هەریەکەش لە رووسیا و ئـیتالـیا پشـتیوانیان لـێکـرد. میراتی دەوڵەتی عوسمانی بە کوردستانیشەوە دابەشیان کرد، کوردستان بەسەر تورکیا و ئێران و عێراق و سووریادا دابەشکرا. لە (پەیمانی سیڤەر) کە لە (١٠/ ئاب/١٩٢٠) لە نێوان (بەریتانیا، فەرەنـسا، تورکیا، ئیتالیا. ژاپـۆن، ئەرمەنستان، بەلچـیکا، پۆڵەنـدا، رۆمانیا، یۆنان، پورتوگال، یۆگۆسلاڤیا و سلۆانیا و چیکۆسلۆڤاکیا) بە چاودێری ولایەتە یەکگـرتووەکانی ئەمـریکا، لە شاری ( سـیـڤـەر) لە فـەرەنـسا واژۆکـرا. وەک نـوێنەری کوردیـش، بـوار بە (شەریـف پاشـا) درا و بەشـداری کـرد. لە بەشی سێـیەم، لە مـادەی (٦٤،٦٣،٦٢) ی پەیـمانی سیـڤەر، دەربـارەی ناوچـە کوردسـتانـییەکـان. ئامـاژەیان بە مافی چارەنـووسی کورد لە نیشـتمانی خۆیـدا کردوون. مەرجـیان داناوە، کە گەلی کورد لە مـاوەی یـەک سـاڵـدا، لە بەشـێکی کوردسـتانـدا، سـەربـەخـۆیـی بەدەسـتـبهـێـنـێـت و دەوڵـەتی سـەربـەخـۆی کـوردی رابـگەیـەنـێـت. بەداخـەوە، لەگـەڵ هـەڵـوەشـانـدنەوە و دابەشکـردنی میـراتی دەوڵەتی عـوسمانی و سەرهـەڵـدانی دەوڵەتی تورکیا، حکوومەتی نـوێی تـورکـیا بە سەرۆکایەتی مستەفـا کەمال ئەتاتـورک، کە تا سەر ئـێـسقـان دوژمنی کورد بـوو. ئامـادە نەبـوون کە رێ بە سەربـەخـۆیی کـورد بـدەن. لە پەیـمـانی شـوومی (لـۆزان) کە لە رۆژی (٢٤/ تەمـوز/ ١٩٢٣) دا، لە نێوان (بەریتانیا، فەرەنسا، ئـیتالیا، ژاپـۆن، رۆمـانیا، سـربیا، کـرواتـیا، سلـۆنیا، تـورکـیا) لە کـۆشکی (روومـین) لە شاری (لـۆزان) ی سویسرا واژۆکـرا. لە پەیمانی لۆزان لە هـیچ بەندێکیدا، دەربارەی دەوڵەتی کوردی و مافەکانی کوردی تـێـدا نییە و بە هـیچ شـێوەیەکیس نـاوی کورد و کوردسـتان تـێـیدا نەهـاتـوون. بە تەواوی کوردیان سـڕییەوە و بێ هـیوامانیان کرد. پەیمانی لـۆزان گەورەترین ناپاکی و تاوانی مێژووییە کە لە کورد کرا. دواتر ئەتا تورکی رەگەزپەرست، بە شـێویەکی زۆر دڕنـدانە و نامـرۆییانە، بە گەورەتـرین لەشکـر و بە تازەتـرین چەکی کۆمەڵکوژی، هـێڕشی کردە سەر باکووری کوردستان. بە سەدان گـوندیان تـاڵان کـرد و سـووتـانـدیـان و سیاسەتەی زەوی سـووتاویـان لە کوردستانـدا،ـجـێـبەجێ کـرد. کەوتنە کوشتن و گرتن و ژینۆسایـدکردن و راگواستنەوەی زۆرەمـلێی کورد، لە زێـدی هەزاران ساڵەی بـاوک و باپیـرانیـانـدا. زمـانی کوردییان قـەدەغـەکـرد و بـڕیـاری قەدەغـەکـردنی نـاوی (کـورد) و (کوردسـتان) یان لە رۆژنـامە و لە پەرتـووکەکان راگەیـانـد. سیاسەتی بەتـورکـردنی ناوچە کوردستانییەکان و گـۆڕینی دیمـۆگـرافـیای شارە کوردستانییەکانیان جـێبەجیکـرد. زۆریـش بێ رەوشتانە ناوی کوردیان نا، تـورکە شاخاوییەکان. بەڵام کورد چـۆکی دانـەدا و مـلکـەچـیان نەبـوون و لە پـێـناوی پاراستـنی شـونـاسنامەی نەتـەوەیی کوردیـدا، قـوربـانـییەکی زۆری دا. سـەلـمانـدیـان کە کـورد لە مـردنـیـش بەهـێزتـرە.

کورد چـەنـد شۆڕشێکی نەتەوەیی بەرپاکـرد، لە پێـناوی بەدەستهـێـنانی مافـەکانی کورد و سەربەخـۆیی کوردستان. لەوانەش (شۆڕشی شکاک ـ سمکـۆ) لە (١٩١٩ـ ١٩٢١). (شـۆڕشی دیـاربـەکـرـ ١٩٢٥ـ شـێخ سەعـیـدی پـیران)، (شـۆڕشی دەرسـیـم ـ ١٩٣٧ـ ١٩٣٨ـ سەیـد رەزای دەرسـیـم)، (شـۆڕشی ئـاگـری داغ ـ ئـارارات ـ ژەنـەڕاڵ ئـیحسان نوری پاشا) لە (١٩٢٧ـ ١٩٣٢) لە (٢٨/ ئۆکتۆبەر/ ١٩٢٧) سەربەخـۆیی کوردسـتان و دامـەزرانـدنی (کـۆمـاری ئـارارات) یان راگەیـانـد. پایتـەخـتەکەی گـونـدی (کـورداڤـا) بـوو. ئـاڵای کوردسـتانیـان لەسـەر لـووتـکەی (چـیای ئـاگـری ـ کە بـەرزتـریـن چـیـای کوردسـتانە) هـەڵکـرد و حکـوومەتـێکی کوردیـیان پـێکهـێنا. ژەنـەراڵ ئیحـسان نـوری، بە سـەرۆک کـۆمـار هـەڵـبـژێـرا، ئیـبراهـیم هـەسکی (ئیـبراهـیم پاشـا) کـرایە جـێگـری. تورکیا و ئـێران و رووسیا، بە گەلەکـۆمەیی و بە زەبەلاحـترین سـوپا و بە فـڕۆکە و بە تۆپـاران، بە دڕنـدەتـرین شێوە، کۆتاییان بە کۆماری ئارارات هـێنا. بە هـەزاران کوردی سـڤـیلیان ژینۆساید کرد. بە سەدان گونـدیان تـاڵان کرد و سووتانـدیانن و خەڵکەکەشیان لە زسـتانـێکی سـەختـدا، لە زێـدی خۆیـان دەریـانیان کـردن و گۆستـیاننەوە. زۆربەیـان، لەبـرسا و لە سـەرمـا لە رێـگادا مـردن. نیـازی گـڵاوی تـورکیا ئەوەبـوو، ئـەو تاوانـەی لە ئـەرمـەنییەکانیـان کـرد، بە هـەمـان شـێوە، کـورد قـڕانـیـش بـکەن.
(شۆڕشی پـشـتکـۆ ـ قـەدەمخـێری فـەیـلی: ١٩٢٧ ـ ١٩٣٣) لە ناوچـەی لـوڕستان لە
رۆژهـەڵاتی کوردسـتان. وابـزانـم ئـەم دێـڕە هـۆنـراوەیـە، هـی کـامـەران مـوکـری یـە:
(قـەدەمخـێـرد ئـەی خـوشکی پـۆڵایـیـن …. کـۆشـکی پـەهــلـەویـت هـێـنایـە لەرزیـن).

(شـۆڕشی یەکـەمی بـارزان: ١٩٣١ـ ١٩٣٢: شـێخ ئەحـمـەد بـارزانی) و ( شـۆڕشی دووەمـی بـارزان: ١٩٤٣ـ ١٩٤٥: مـەلا مـستـەفـا بـارزانی) هـەردوو شـۆڕشـەکە لە نـاوچـەی بـارزان لـە باشـووری کوردسـتان بـوون. بـە زەبـری هـێـز سـەرکـوتکـران. (شـۆڕشی ئەیـلـوول: ١٩٦١ـ ١٩٧٥) لە باشـووری کوردستان. (شـۆڕشی باکـووری کوردستان ـ پارتی کـرێکارانی کوردستان) بە سەرۆکـایەتی (عـەبـدوڵڵا ئـۆجـەلان) لە (١٩٧٨ـ ) دێژترین شۆڕشی کوردستانە. نزیکەی نیو سەدەیە. دەستپێشخەریان کرد
بۆ دانـانی چـەک و گەیـشتن بە ئاشـتییەکی هـەمـیشەیی. بەڵام هـێـشتا روون نییە، کە بەچی دەگات. چونکە تورکـیا تا ئێستا بە فەرمی و بە کرداری هـیچ هەنگاوێ نەنـاوە. شۆڕشی رزگاریخـوازیش لە رۆژهـەڵات و لە رۆژئـاوای کوردستان درێـژەیان هـەیە.
لە باشوری کوردستانیش شێخ مەحەمـودی نەمر، لە رۆژی (١٧/ نۆڤەمبەر/ ١٩١٩) دا، حکومداری کوردستانی راگەیانـد. خۆی بـوو بە یەکەم مەلـیکی کوردستان و شاری سلـێمانی پایتەختی حکوومەتەکەی بوو. بەڵام ئینگـلـیزەکان بە هـێـزێکی زۆرەوە و بە پاڵپشتی فـرۆکەی جەنگی، پەلاماری سـلـێمانییان دا و بە بـۆمب بۆردوومانیان کرد. لە شەڕی دەستەویەخەی قارەمانانەی (دەربەندی بازیان) شێخ مەحمود بە برینداری گیرا. ئینگـلیزەکان دووریـانخـسـتەوە بـۆ هـيندسـتان. بـەڵام لەژێـر فـشار و ناڕەزایی خەڵکی کوردستانـدا، گەڕانـدیانەوە بـۆ عـێراق و لە شاری بەغـدا دەسـتـبەسەر بـوو.
شۆڕشی نـوێ و راپەڕینی گەلەکەمان لە ساڵی (١٩٩١) دا. لە باشووری کوردستانـدا، فـیـدراڵـیی بەدەسـتهـێـنا. پـەرلـەمـان و حکـوومـەتی کوردستان بـە فـەرمی دامـەزران. ئـاڵای کوردسـتان بـە فـەرمی لە باشـووری کوردسـتانـدا هـەڵکـرا.
لە رۆژهـەڵاتی کوردستانیـش، لە دوای جـەنـگی جیهـانی دووەم، لە ساڵی (١٩٤٦) دا، یەکـەم (کـۆمـاری کوردسـتان) دامـەزرا، کـە پـایـتـەخـتـەکـەی شـاری (مەهـابـاد) بـوو. پـێـشەوا (قـازی محـەمـەد) بـە سـەرۆک کـۆمـاری کـوردسـتان هـەڵـبـژێـرا. بـۆ یەکـەم جاریـش ئـاڵای کوردستان هـەڵکـرا. ئەنجـوومەنی وەزیـران دامـەزرا. بەڵام بە داخەوە کە تەمەنی کۆماری کوردستان لە ساڵێک کەمتر بـوو. بە فـشاری ئەمـریکا و رۆژئاوا، سوپای یەکـێتی سۆڤیەت لە باکووری ئێران کشایەوە. چـرای سەوزیان بـۆ گـۆڕبەگـۆڕ حەمەرەزا شای بەهـلەوی هـەڵکـرد، کە بە سـوپـایەکی زەبەلاحەوە، پەلامـاری شاری مەهـابـادی دا و کۆمـاری کوردستانیان جـوانەمەرگ کرد. لە (٣١/ ئـادار/ ١٩٤٧) دا، پـێـشەوا قـازی محەمـەد و سـەدری قـازی و سەیـفی قـازییـان، لە گـۆڕەپانی چـوارچرا لە مەهـابـاد لە سـێـدارەیـان دان.
لە رۆژئـاوای کوردستانیشدا، لە رۆژی (٢١/ یانـوار/ ٢٠١٤) دا، لە شاری (قـامیشلو) (بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر) راگەیاندرا. ژەنەڕاڵ (مەزڵوم عەبدی) بە فەرماندەی گشتی هـێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هەڵبژێرا. خاتوو (ئیلهـام ئەحمەد) یش وەک هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، هەڵبژێـرا. تورکـیا و حکـوومـەتـە تـازەکـەی سووریا. چاویـان بـەم حـوکـمـڕانـیـیە دیـمـوکـراتـیـیە سەرکەوتـووەی کورد لە رۆژئـاوای کوردستان هەڵـنایـات. بەردەوام دژایـەتی دەکـەن و پیـلان لە لە دژی دەگێڕن و هەڕەشەی بەکارهـێنانی هـێزی لێدەکەن. کـۆنترۆڵی ئەحمەد شەرعی سەرۆکی سـووریا، بە دەستی تورکـیاوەیە و فـەرمان لە تـورکـیا وەردەگـرێـت. تورکیا پـلانی دژایـەتی کوردی بۆ دادەنـێن. بە پـارەی قەتـەر و سعـوودییە دەوڵەتەکەی بەڕێـوەدەچـێت. چاوەڕێی ئەوەن کە ئەمریکا جارێکی تر، چرای سەوزیان بۆ هەڵبکات و سوپای سووریا و تورکیا، هـێڕش بکەنە سەر رۆژئـاوای کوردستان، بۆ لەباربـردنی ئەزمـوونی سەرکەوتـووی حـوکـمڕانـیی رۆژئـاوای کوردستان.
دەامەزرانـدنی دەوڵـەتی کوردستان، تەنهـا خـەون نـیـیە، بەڵکو سـەد ساڵ زیـاتـرە، کە هـیوا و ئامـانجی سـەرەکی هـەمـوو کـوردێکە. دەوڵـەتی کوردستان نابـێـتە مەتـرسی و هەڕەشە بۆ سەر هـیچ نەتەوە و دەوڵەتێک، بەڵکـو دەبێتە هـۆی سەقامگیری و ئاشتی و ئاسـوودەیی بـۆ هـەمـوو رۆژهـەڵاتی ناوەڕاسـت. دەوڵـەتە داگـیرکەرانـی کوردسـتان، لە خۆڕایی تووشی کوردفـۆبیا بوونە. بەردەوام زوڕنای ئەوە لێدەدەن، کە دامەزراندنی دەوڵـەتی کوردسـتان، دەبـێـتـة هـۆی هـەڕەشـە بۆیان و مەتـرسـیـیە بۆ سـەر ئاسایـشی نەتـەوەییـان. بەڵام ئـەم تـومەتـانە زۆر دوورن لە راسـتییەوە، بـیانـوویـەکە بـۆ ئـەوەی گەلەکـۆمەیی لە ئـێـمەی کورد بکەن و سەرکـوتـمان بـکەن. بە قـێـزەوەنـتریـن شـێواز، هـەوڵی سـڕیـنەوەی ناسـنامەی نەتەوەیـیمان دەدەن. ئەوەتـا (ئەحـمـەد شەرع) یـشـیان فـێری ژەنینی هـەمان زۆڕنا و مەبەسـت گڵاو کردووە، گوایە بەڕێوەبەرایەتـیی خۆسـەر و هـێزەکـانی هـەسـەدە لە رۆژئـاوای کوردستان، مەترسییە بـۆ سەر ئاسایشی تورکیا و عـێراق. بـەڵام لە راسـتـیدا، ئـەوەی ئاسـوودەیی و ئاشـتی و سەقـامگـیریی رۆژهـەڵاتی ناوەڕاسـتی تـێکـداوە گـەلی کـورد نـیـیە، بـەڵکـو دەوڵـەتە داگـیرکەرەکانی کوردسـتانـن. چـونکە درێــژە بە کـۆمەڵکـوژی کـورد دەدەن و دان بە نەتەوەی کوردا نانـێن. بەڵام با داگـیرکەرانی کوردستان باش بـزانـن تا کوردێک بـمێـنێـت، ئەستەمە کە دەست لە مافـە نەتەوەییەکانـمان هەڵبگـریـن. ئـەوەی ئێـوە بە خـۆتـانی رەوا دەبیـنن، بـۆچی بـۆ کـورد ناڕەوایە؟! بۆ ئێوە دەوڵەتی نەتەوەییتان هەبێـت، کورد نەیـبێـت؟ بانـێکە و دوو هـەوا؟
بە کورتی باس لە را و بـۆچـوونەکانـم دەکەم، کە بـۆچی تا ئـێستا دەوڵەتی کوردستانمان دانەمەزراندووە. ئەو بەرهەڵستی و بەرۆکگیرییانە چین کە هۆکاربوونە بۆ نەهـێنانەدیی ئەم هـیوا و ئامانجەی ئێمەی کوردی تینوی ئازادی و رزگاری و ئاشتی و سەقامگـیری؟ لەم خـاڵانەدا، بە کـورتی و بە چـڕی، گوزارشــت لە دیـد و لە رای تایبـەتی خـۆم دەکەم. چەنـد هـۆکـارێـکی نەبـوونـمان بـە دەوڵـەتی کوردستانی سـەربـەخـۆ دەخـەمـە روو:
١ـ نەبـوونی سەرکـردەیـەکی کاریـزمـای نەتـەوەیی کورد: ناڵـێم سەرکـردەی شۆڕشگـێڕ و ئـازا و گـیانـبەخـش و دڵـسـۆزمـان لـێـهـەڵـنەکـەوتـووە، بـەڵام لە دوای دیـاکـۆ پاشای دامـەزرێـنەی ئـیمـپراتـۆرییەتی مـادەوە، تا ئێـستا سەرکـردەیەکی کاریـزمـای نەتـەوەیی کوردمان لـێهـەڵـنەکەوتـووە، کە تـوانیبێـتی، لەژێـر چەتـری کوردایـەتـیدا زۆربەی گەلی کوردمان لە شۆڕشێکی رزگاریخوازی گشتی نەتەوەییدا یەکبخات و دەوڵەتی کوردستانی یەکگـرتـوو رابـگەیـەنـێـت. سـەرکـردەی کـاریـزمـای نەتـەوەیی ئـازا، نـابـێـت چـاوەڕێی هـەل بـکات، پێـویـستە خـۆێ هـەل دروسـت بـکات.
٢ـ نەبوونی پلانێکی تـۆکـمەی داڕێـژراو و نە نەخـشەڕێگایەکی ستراتیژی و کۆنکـریتی نەتەوەیی کوردی: تا ئەمڕۆش نە پلان و نەنەخشەڕێگایەکی ستراتیـژیی یەکگـرتـوومان نیـیە. بە کـۆنکـرێـتـیش داوا نەتـەوەییـەکانمان نەکـراون بە پـرۆگرام و بە بەرنامـەیەکی نەتـەوەیی ئـامـادەکـراو، تـا لـە دانـووسـانـەکـان و لـە گـفـتوگـۆکـانـدا لەگـەڵ دەوڵـەتـانی دەستبەسەراگرتـووی کوردستان، بە راشکاوی و بـێـترس و شەرم، پێیان بڵـێـین ئەمانە داواکان و مافـەکانی گەلەکەمانـن. زۆر جـار بە مـافـێکی لاوەکـیـیەوە سەرقـاڵ بـوویـنە.
٣ـ گەلەکـۆمەی بەردەوامی دەوڵـەتـانی داگـیرکەرانی کوردسـتان: لە دژی خەبـاتی کورد بۆ بەدەستهـێنانی مافـەکانمان. ئـەو هەمـوو هـاوپەیمـانییەی کە دەوڵەتانی داگـیرکەرانی کوردستان پێکیان هـێنا، هەموویان لە دژی نەتەوەی کورد بوون. وەک: پەیمانی لۆزان لـە (١٩٢٣) و پـەیـمـانی سـەعــد ئابـاد لە (١٩٣٧) و پـەیـمـانی بەغـدا لە (١٩٥٥) و پەیمـانی جەزائـیر لە (١٩٧٥). ئامـانجی سـەرەکی ئـەم پەمانـانە، دژایەتیکـردنی مـافە رەواکـانی کـورد و رێـگـریکـردن بـوون، لـە سـەرهـەڵـدانی دەوڵـەتی کوردسـتان.
٤ـ ناهـاوسـەنـگی لە ژمـارەی هــێـز و لە چـەکـدا: دوژمنانی کورد، هـەمـوو جارێک بە زەبەلاحـترین سـوپـا و بە مـۆدێـرتـری چـەکی کـوشـنـدە، پەلامـاری کـوردیـان داوە و بە شێوەیەکی دڕندانە و نامەردانە رەشەکوژی و کۆمەڵکوژیی خەڵکی سڤـیلی کوردستانیان کـردوون و سـیاسـەتی زەویی سـووتـاویـان لـە کـوردسـتانـدا پەیـڕەوی کـردوون. بـەڵام زۆرتـریـن ژمـارەی پـێـشـمەرگـەی کوردسـتان، لە (١٥٠) هـەزار تـێـنەپـەڕیـوە. چـەکی سەرەکی پێـشمەرگەش، تـفـەنگ و کڵاشـینکـۆف بـووە، بەرانبەر بە مـۆدێـرتـریـن تـۆپ و تانک و فـرۆکە، تا دەگاتە راجـیمە و رۆکـیتی بالـیستی دوورهـاوێـژ و درۆنی خۆکـژی و چەکی کـیـمـیاوی و فـسـفـۆری. خۆ ئەگەر دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان، چەکی ئەتـۆميـش بەدەسـتبهـێـنن، لـێـیانـدەوەشـێـتەوە کە لە کوشتنی کورد دا، تاقی بکەنەوە.
٥ـ نەبـوونی ژێـرخانێکی دارایی: بۆ دابینکردنی بژێـوی ژیان و کڕینی پێداویستییەکانی درێـژەدان بە شـۆرش و بە خەبـات. ئەگـەرچی کوردسـتان لەسـەر دەریـایەکی نـەوت و گـاز دایە، ئەمـڕۆشی لەگەڵـدا بێت، کـورد خـێری لە نەوتـەکەی نەبـیـنیوە، تەنیا بـۆن و دووکەڵەکەی بۆ کورد بـووە. داگیرکەرانی کوردستان، هەر بە پارەی نەوتی کوردستان، کوشندەتـرین چەکـیان کـڕیـوە و کوردیان پێیان ژینۆسایـد کردووە و کوردستانیان پێیان وێـران کـردوون. ئەوەتا رژێـمی تـازەی عـێراق ناردنی مووچەی باشووری کوردسـتان وەک چەکـێکی بـرسیکـردنی گەلی کوردمان و فـشارێـکی سیاسی و دژی سەربـەخـۆیی ئابـووریی کوردسـتان بەکاردەهـێن، بۆ ئەوەی نـەوت و گاز و داهـاتەکانی کوردستانیان رادەست بـکەن. تا کورد و کوردستان، نەبێـت بە خاوەنی ژێـرخانێکی ئابـووریی خـۆی.
نـزیکترین تاوان دژ بە سامان و ژێـرخانی کوردستان، بۆردمان کـردن و ئاگـرتێبەردانی گازی(کۆرمۆر) بوو لە ناحیەی قادرکەرەم ـ پارێزگای سلێمانی لە باشووری کوردستان.
٦ـ گەمـاروو خـسـتـنە سـەر کـوردسـتان: هـەمـوو جـارێـک داگـیرکـەرانی کـوردسـتان، وەک چەکـێک بـۆ بـرسیکـردنی خەڵکی کوردسـتان و سەرقـاڵکـردنمان بە دابینکـردنی بژێوی ژیان، یان بە مەبەستی لاوازکردنی شۆڕشەکانی کوردستان. گەمارۆی ئابووریی گـشتـییان خـستووەتە سـەر کوردستان، کە ببوونە هـۆی گرانی و سەخـتی ژیـان و کەم دەرمـانی و بـێ کـاری و هـەژاری و کاری قـاچـاغی. بـۆ نمـوونە لە سـەردەمی رژێـمی بەعـسی شۆڤـێنی عەرەبیدا، لە بازگەی نێوان کەرکووک چەمچەماڵ، لەسەر گاڵـۆنـێک نـەوت. کە ژنێکی بە تەمەنی کـورد لە کەرکووکەوە هاردبووی، نەوتـەکەیان بە گـیانی ژنـەکەدا پـرژانـد و ئـاگـریـان تـێـبەردا. لە بـازگـەی نێـوان (کـەرکـووک ـ شـوان) یـش، لەسەر دوو کـیلـۆ چـای، پیـاوێکی گـونـدی حەسـاری گـەورەی سـەر نـاوچـەی شـوان، لـەسەر ئەو دوو کـیلـۆ چـایە لە سێـدارەیـان دا.
لە ئەمڕۆشدا لە رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژی لاوێکی کۆڵبەر یا زیاتر، بە دەستڕێـژی پاسداران و سوپـای دڕنـدەی رژێـمی کۆنەپەرستی، کـۆمـاری پـەت و سـێـداری ئێرانی ئـیـسلامی، جـوانـەمـەرگ دەکـرێـن.
٧ـ زۆربـەی سەرکـردەکـانی کـورد، گەمـەکەرێـکی سـیاسی زیـرەک نەبـوون: سـیاسەت هـونـەری فـڕوفـێـڵ و هـەڵخـەڵـەتـانـدنە. ئەگـەر مـن نەتـوانـم تـۆ هـەڵـبخـەڵـەتـێـنـم، تـۆ دەتـوانیت من هـەڵـبخەڵـەتـێنیـت. سەرکـردەکانی کوردمـان نەیانتوانیـوە بە وردی نـاخ و نیـازی سەرکردەکانی نەیـارانی کورد بخـوێـننەوە. سوود و پەنـد و وانەشیـان لە مـێژوو و لە بەسـەرهـات و لە نەهـامـەتـیـیەکـانی گەلـەکەمـان وەرنـەگـرتـوون و چەنـدیـن جـار کەوتـوونـەتە داوی نەیـارانی کوردەوە. هەمیـشە لە سـیاسـەت و لە دانـووسانـدنەکان و لە گفـتۆگۆکانـدا، هـەڵخـەڵـەتاون و بـڕوایـان بە زەردەخـەنـە ژەهـراویـیەکانی سەرکردە نەیارەکانی کورد کردوون. ئەو دستکەوتانەی کە بە گیانبەخـشینی هـەزاران پێـشمەرگە و بە دەریایەکی خوێن و بە رووبارێکی فرمێسک هـێنایانمانەدی، کەچی سەرکردەکانی کوردمان، بە کەفـرکونـێک، لەسەر مـێزی گفـتوگۆدا دۆڕاندوویانـن. چونکە زۆربەیان کەسی نەشیاون لە شـوێنی شیاودا و لە سیاسەت و لە هـونەری تاکتیک و گـڤـتوکـۆدا، نابەڵـدن. گەلی کوردمان باجـێکی زۆری نەزانـین و هەڵـەکانی سەرکردەکانی کوردیـان داونەتەوە و دەدەنەوە. ئایە ئەوە دۆڕاندن نییە، که پارێـزگای کەرکووک و خانەقـین و ناوچـە داگیرکراوەکانی تـرمان، کە بەشێکـن لە کوردستان و زۆربەیان کـوردن. رازی ببـن بە راپـرسی؟! کە دەزانـن هـیچ گومانـێکی تێـدا نییە و کەرکـووک لە بـوونـییەوە، بەشـێکە بـووە لە کوردستان، بـۆچی بە راپرسی رازیبـوون؟ رازی بوونتان دۆڕانـدنی کەرکووکە. ئـێمەی کورد خۆمان دەڵـێین: بەردێک نەزان بـیخاتە ناو گـۆمێکی ئاوەوە، بە هەزاران زانا دەرنایات. ئێستاش بە عەرەبکردنی ئەو ناوچانەمان، تۆخـتر لەپێشتر درێـژەی هـەیە. کەچی لـێی بێدەنگـن. کـوا دڵی کوردستان و قـودسی کوردسـتان؟؟ بە قـسـەی زل و بە دروشمی بـریقـەدار کەرکـووکتان بۆ رزگار ناکـرێـت. ئەی نەتانـوت: کەرکووک هـێڵی سوورمانە؟؟ کەچی لە ئێستادا، نە سەرکردەکان و نە پەرلەمانتارانی کورد، نـاوی جـێبەجـێکردنی مـادەی “١٤٠” ناهـێـنن. کـورد لە کەرکـووکـدا رۆژانە، باجێکی زۆری ئەم هەڵەیە و دۆڕاندنەتان دەدەنەوە. تاکەی لەسەر پۆست و باڵادەستی حیزبایەتی، لە کەرکـووک و لـە نـاوچـە داگـیرکـراوەکـانی تـرمان، حـیزبـایـەتی دەکـەن و پـشـتان لـە کـوردایـەتی کـرووە؟ بـۆ بـیـر نـاکـەنـەوە؟ بـۆ بەخـۆتـانـدا نـاچـنەوە؟!
٨ـ مـلمـلانێ و ناکـۆکـیی بەردەوامی نێـوان حـیزبە کوردستانییەکـان: فـرە کوێخـایی و نەبـوونی یەکـێـتی و یەکهـەڵـوێـستی و یـەک وتـاری نەتـەوەیی کـوردی، گـەورەتـریـن زیانیان بە پـرسی کورد گەیانـدوون. لە ئەمـڕۆدا لە هەمـوو کوردستاندا، زیاتر لە سەد حـیزبی سیاسی و رێکخـراوی کوردیمان هـەیە. هـیچـیان لەگەڵ یەکـتریـدا تەبا و رێک نـین. دۆژمنانی کورد و کوردستانیش ئـەم خاڵە نەرێنییەیان قـۆسـتوونەتەوە، بەنـزیـن دەکەنە ژێـریان و ئاگـرەکە خۆشتر دەکەن. تا ئەمڕۆش سـیاسەتی ” پەرتکە و زاڵـبە” وەک چەکێک لە دژی کورد بەکاری دەهـێنن. بەداخەوە کە زۆر جار ئەم ملـملانـێیەتان، شەڕی بـراگـوژیی لـێکەوتـووتەوە و بە دەیان پـێـشمەرگەی بێتاوانتان کردە قـوربـانیی بـێـباکـیـتان. بەداخـەوە تا ئـێـستاش پەنـدتـان لـەم هـەڵانـەتـان وەرنەگـرتـوون!

کاتی خۆی (سەدام حوسێن)ی گۆڕبەگۆڕ، لە دانووسانێکـدا لەگەڵ شاندێکی گڤـتوگۆی کـوردیـدا لە بەغـدا، بە تەوسـەوە، بە شانـدە کوردییـەکەی وت: باشـە کە دەتانـەوێـت کەرکـووک بگـەڕێتەوە بۆ سـەر کوردستان، دەتانەوێـت بگەڕێتـەوە بۆ سەر هـەولـێر یان بـۆ سـەر سـلـێـمـانی؟
٩ـ تا ئەمـڕۆش نەبـووینە بە خـاوەنی سـوپایەکی یەکگـرتووی نیشـتـمانی کوردسـتان: بە راستی ئێمەی کورد جیاوازین؟ دوو سەرکردە و دوو هـێـزی پـێـشـمەرگەمان هـەیە. هـێزی حەفـتا و هـێزی هـەشـتا. بـێجگە لەوەی هـەر حـیزبـێک چـەکـداران و پارسـتن و ئاسـایـشی تایـبەتی خـۆی هـەیە. هـەر سـەرۆک هـۆزێـک کـۆمەڵـێک چەکـداری هـەیە. حـیزبـەکـان وایـان کـردووە، کـە پـێـشـمەرگە هـاوبەسـتەبـوونیـان بـۆ حـیزبەکـانیـان هـەبـێـت. ئەمـەش خـاڵـێکی نـەرێـنی و لاوازە و زیـانـێکی زۆری بـە بـزووتنـەوەی رزگـاریخـوازی کـورد گـەیـانـدووە و دەگـەیەنـێـت.
١٠ـ ناپـاکی و جـاشـایەتی و پـێـشکەوتـنی لەشکـری دوژمـنانی کـورد و کوردســتان: زیـانێکی زۆریان لە هەمـوو شـۆرشەکانی کوردستان داون. بەڵکو هـۆیەکی سەرەکـیی شکـستهـێـنانی شـۆرشەکـانی کوردسـتان بـوونە. بەداخـەوە کە جاشـایـەتی و ناپـاکی و خـۆفـرۆشـتن و نـۆکـەری لەنـاو کوردا بـنـبـڕ نەبـوونە.
(ناپـلـيۆن) دەڵـێـت:” نـەمتـوانی ئـیـسـپانیـا بـگـرم، چـونـکە جـاشـیان نەبـوو”
١١ـ تا ئەمـڕۆش چـالاکی دیـپلـۆمـاتی کـورد لە دەرەوەی کوردستانـدا لاوازە: تا ئەمـڕۆ لـۆبییەکی کوردمان نییە، کە بتوانێـت تاوانەکانی کۆمەڵکـوژی و ئەنفـال و کـیمـیابارانی کورد، وەک تاوانی دژ بە مـرۆڤـایەتی و تاوانی نێـودەوڵەتی، بـیانـقـۆزینـەوە و بتوانـین کاریان لەسەر بکەیـن و کاریگەری لەسەر لەسەر حکـوومەت و پەرلەمانەکانی جیهـان دروست بکەین و پاڵپشتیان بۆ پـرسی کـورد و سەربەخۆیی کوردستان بەدەستبهـێـنین.
١٢ـ تا ئەمـڕۆش دەوڵـەتە زلهـێـزەکـان، کە کـاریگەرییان لەسـەر بـڕیارەکـاندا هـەیە: دووفـاقـین و بـە فـەرمی پشـتگـیری لە سەرهـەڵـدانی دەوڵـەتی کوردسـتان نـاکـەن. تا ئیشیان پێمان هـەبێـت دەمناسن، دوایی پـشـتمان تێـدەکەن و بەرژەوەنـدییەکانی خۆیان لەبەرچاودەگرن. بە چەکی مـۆدێرنی دەوڵەتە زلهـێزەکانیش بوو، کورد ژینـۆساید کرا.
١٣ـ تا ئێستا چەند جاریک هەلی راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان بۆ کورد هەڵکەوتووە: بەڵام بە هـۆی ئامادە نەبوونمان و پەرتەوازەییمان و نەبوونی سەرکـردایەتییەکی بوێر، ئـەو هـەلانەمـان لەدەست داون. لە دوای راپەڕیـن و دوای رووخـانی سـەدام و حـیزبی بەعـس لە (٢٠٠٣) دا. دەبـوایە کورد لە باشووری کوردستانـدا، بڕیـاری سەربەخۆیی بـدایە، گەر بەرگـریـشمان بکـردایە. بەقـەد شـەڕەکانی بـراکـوژی، قـوربانـیمان نـەدەدا.
١٤ـ کـێـشەی کـورد، کـێـشەیـەکی سـۆزداری و بـەزەیی نـیـیە: کـێـشەیـەکی نـەتـەوەیی سیاسییە، کێشەی کوردی ماف زەوتکـراو و کوردستان داگیرکراوە. کێشەی رێگرییە لە بەدەستهێنانی مافەکانمان و لە مافی چارەنووسینمان و راگەیانـدنی دەوڵەتی کوردستان.
١٥ـ میـدیـاکـانی کوردسـتان لاوازن: بە داخـەوە کە مـیـدیـاکانـمان بە تـرس و لـەرزەوە ناوی سەربەخـۆیی کوردستان دەهـێنـن. زۆربەشیان میـدیای سـنوورداری حـیزبەکانـن. پێویستیمان بە میـدیای ئازاد هەیە، کە بە راشکاوی باس لە دەوڵەتی کوردستان بکەن.
١٦ـ نەبـوونی دەروازەیەکی کوردستان لەسەر دەریـا: کە ناتوانین راستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ وڵاتـاندا بکەین ـ ئەگـەرچی لکـێکی نەخـشەی کوردستان لەسەر دەریـای سـپیی ناوەڕاسـت و لکـێکی کەشی لەسەر کەنـداوی عـەرەبە ـ بەڵام داگـیرکەرانی کوردستان، ئەو دەروازانەیان لێـداگیرکردوویـن و لە دەریا دایانبڕیـویـن. پێـموایە ئەمە هـۆکارێکی سەرەکـییە، لە دانەمەزرانـدنی دەوڵـەتی کوردسـتان. بـێگـومان یەکـێک لە ئامانجەکانی هـێـڕشکـردنی تـورکـیا بۆ سـەر رۆژئـاوای کوردسـتان و داگـیرکردنی شاری ئەفـریـن، بـۆ ئـەوەیە، کـە نەهـێـڵـن کـورد بگـاتە سـەر دەریـای سـپی نـاوەڕاسـت.
ئـەو هـۆکـار و فـاکـتەرانە و چەنـدیـن هـۆکـار و بەرۆکـگـیـریی دیـکەش هـەن، کـە تا ئەمـڕۆ بەربەستـن لەرێی دامـەزرانـدنی دەوڵەتی کوردسـتان و لە هـێـنانـەدی خەون و هـیوای حـەفـتا و پـێـنج مـلـیـۆن کـورد لە سـەرانـسەری جـیهـانـدا.
ئەو تاوانانە تـراژیـدییانەی کە داگـیرکەرانی کوردستان لە دژی کورد ئەنجـامیان داون، هەمـوویان تاوانی نێودەوڵەتـین و تاوانی جەنگی دژ بە مـرۆڤایەتین. بەداخەوە نەتەوە یەکگرتـووەکان و رێکخراوەکانی مافەکانی مـرۆڤ و هـیومان رایـتـس ۆوچ، لە ئاستی ئەم تاوانانەی کە لە کورد کراون و دەکـرێـن: کوێـرن و کـەڕن و لاڵـن و قـوڕوقـەپـیان لێکردووە. چونکە بەرژەوەنـدییەکانی وڵاتـەکانیـان، لەسەری مـرۆڤـایەتی و ویـژدان و رەوشـتەوەیـە. ئەمەش پەڵـەیەکی رەشە بە نیـوچـەوانی نەتـەوە یەکگـرتووەکانەوە.
بـەڵام هـەرگـیز رەشـبـین و بێ هـیـوا نیـن. لـە ئەمـڕۆدا دەوڵـەتی کوردسـتان لە نـاخی هەمـوو کوردێکی دڵسۆز و گەشبیندا دروست بـووە. زووبێت یا درەنگ بێت، دوژمنان پێـیان خۆشبێـت یان پێـیان ناخۆشبێـت، لە داهاتوودا دەوڵـەتی کوردستان رادەگەیەنین. هـیچ داگـیرکەرێک و هـیچ هـێـزێک، ناتوانـن چـرای هـیوامـان بکـوژێنـنەوە. باشترین بەڵگەش ریـفـرانـدۆمەکەی (٢٥/ سێپتەمبەر/ ٢٠١٧) یە، لە باشـووری کوردستانـدا ـ ئەگەرچی کاتەکەی گونجاو نەبـوو ـ پاڵـپشتی نێـودەوڵەتیـمان لەگەڵـدا نەبوو ـ بەڵام لە (٩٢%) ی خەڵکی کوردستان دەنگـیان بۆ سەربەخـۆیی کوردستان دا، بۆ جیهـانـدیان سەلمـانـد کە دامەزرانـدنی دەوڵـەتی کوردستان خواستی هەمـوو کوردێـکە. دیـسان بە گەلەکۆمەیەکی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردسـتان، کە لەلایـەن هـێـزەکانی ئەمـریکاوە چـرای سـەوزیان بۆ هـەڵکـرا. بە چـەکی قـورس و بە شـێوەیـەکی دڕنـدانـە پـەلامـاری کوردیـان دا و کەرکـووک و ناوچـەکانی تری کوردستانیان داگـیرکـردەوە. تا ئەمـڕۆش ئەم ناوچانەمان سـەقـامگـیرییان تێـدا نیـیە و لە تـرس و دڵەڕاوکـێـدان. چونکە لەژێـر دەسەڵاتی سوپـای عـەرەبیـدان و بـووە بە ناوچـەیەکی سەربـازیی داگـیرکـراو. رۆژانە گـێـچـەڵ بە کـوردانی ئـەم نـاوچـەیە دەکـەن، کـە زێـدی هـەزاران ساڵـەمـانە. کەسـانی نامـۆیان بۆ هـێـناون، دیانـەوێـت بە زەبـری هـێز و بە هەڕەشە و تـرسانـدن، کـۆچ بە کـورد بکەن و دیمـۆگـرافـیای ناوچەکە، لـە بەرژەوەنـدی نەتـەوەی عـەرەب بگـۆڕن و رێـژەی کورد کەم بکەنەوە و دەست بەسەر زەوییەکانی جووتیارانی کوردمان بگرن و بیاندەن بە عـەرەبی هـاوردە. ئەم سیاسەتەش تـازە نییە، نیـازی گڵاوی یەک لە دوای یەکی حکوومەتە شۆڤێنییەکانی عـێراق بووە، بە حکوومەتەکەی عـێراقی ئێستاشەوە. لە عـومـەری کـوڕی خەتـابەوە تا ئەمـڕۆ هـەر هـەمـان نیـازی داگـیرکـارییـە.
من پیـموایە لە دوای دانان بە (دەوڵەتی فەلەستین) دا، پرسی کورد و کوردستان زیاتر دەورووژێـت و دەبـێـتە کـێـشەی سەرەکـیی چارەسەرنەکـراوی رۆژهـەڵاتی ناوەڕاست. بۆیە پێویستە سەرکـردەکانی کورد، لە هەموو کوردستاندا، ئامادە و هـۆشیاربن و پلان
و نەخـشەیان هەبێـت و هـەوڵبدەن بە وردی گریمانە و ئەگەرەکان بخـوێـننەوە. بتوانن سـوود لە هـەل و لە گـۆڕانکارییەکان و لە دۆخەکانی ئەمـڕۆی رۆژهـەڵاتی ناوەڕاسـت وەربگـرن. کە تا رادەیـەک لە بەرژەوەنـدی کورد دان. بۆ ئەم مەبەستەش پێـویستە لە زووتـرین کاتـدا، کۆنگـرەیەکی گـشتی نیـشـتمانی نەتەوەیی کورد ببەستن، کە نوێنەری هەمـوو بەشەکانی کوردستانی تێـدا بێـت. بەبێ تـرس و بە ئازادی باس لە ئەمڕۆ و لە داهـاتـووی کوردسـتان بـکەن. دەرئـەنجـام یـەک وتـاری سـیاسی و نەتـەوەیی و یـەک هەڵـوێـستبن. کارنامەی سەرەکی کۆنگرەکە، دامەزرانـدنی (دەوڵەتی کوردستان) بێـت. بە دەنگی زۆرینە، بڕیارەکانی کۆنگـرە پەسەند بکەن و هەموو لایەنەکان، پابەندبن بە بـڕیـارەکانییەوە. پێـویـستە ئـەوە باش بـزانـن، کە چـارەنـووسی هـەمـوو کـورد، یـەک چـارەنـووسـە. بـۆیـە دەبـێـت بەرژەوەنـدیی بـاڵای گەلـەکەمـان، لە سـەرووی هـەمـوو بەرژەوەنـدیـیـەکـەوە بـێـت. داهـاتـوویـەکی باشـتر بـۆ کـورد و کوردسـتان، لە دەسـتی سەرکـردەکانی ئەمـڕۆمان دایە، ئەمەش بەرپـرسیارێتییەکی نەتەوەی چارەنـووسسازە. هـەر کەمتەرخەمی و سازشکـردن و هـەڵـەیەکی سـتراتیـژی بکەن. یان ناپـاکی بکەن، خـەون و هـیوای حەفـتا و پـێـنج مـلیـۆن کورد لەدەست دەدەن. گـەر ناپـاکی بـکەن نە مێژوو و نە نەوەی داهاتـوومان لـێیان نابوورن و رۆژانەش نەفـرەت بارانیان دەکەن.

راسـتە کە راگەیانـدنی دەوڵـەتی کوردستان، لەنێـو دوورگەیـەکی نەیـاران و ناحـەزانی کورددا، بڕیارێکی ئاسان نییە. بەڵام هەر خۆمان دەڵێین “ئەوی بترسێت ناخەلەسێت”. تا لەژێردەستی داگیرکەراندا بمێنینەوە، هیچ بە هیچ ناکەین و زیاتر دەمانچەوسێننەوە.
لە کـۆتـاییدا، دووبـارەی دەکەمەوە، ئەگەر ئـێـمەی کـورد، یەکگـرتـوو و یەکـدەنـگ و یەکهەڵـوێـست و یەکـوتار بین. دەتوانین گەورترین داگیرکەران و نەیارانی کوردستان بە چـۆکـبهـێـنـین و بـڕیـاری دامـەزرانـدنی دەوڵـەتی کوردسـتان بـدەیـن.
پێـویـستە لۆبـیـیەکی بەهـێز و چالاکی دیـپلـۆمـاتی کوردی، لە دەرەوەی کوردستان، لە نوێنەری هەموو بەشەکانی کوردستان پێکـبهـێـنین و کە ناسراوبـن و زمانـزانێ باشی ئینگـلیزی بن. ئاستێکی نەتـەوەیی و شارەزایی باڵایان هـەبێـت. بانـگەشە بۆ دەوڵـەت کوردستان بکەن و بتـوانن فـشار بخەنە سەر پەرلەمان و حکـوومەتەکانی جیهـان. بە تایبەتـیش وڵاتـانی زلهـێـز. پاڵپشـت و لایەنگـران بۆ راگەیانـدنی دەوڵـەتی کوردسـتان. دەبـێـت خـۆمـان هـەوڵـبدەیـن و بـۆ ئـەم هـیـوا و ئامـانجـە رەوا و پـیرۆزە کـاربکەین.

لـەبـەردەم ویـسـت و ئـیـرادەیـەکی پـۆڵایـن و بـریـارێـکـی تـوکـمـە و سـەرسـەخـتـیی خـەبـات و تـێکۆشـانـدا، شـتێک نـییە کە نـاوی ئەسـتەم بێـت. زەبـەلاحـتریـن سـوپای داگـیرکـەر و دڕنـدەتـریـن دیـکـتـاتـۆر و سـەخـتریـن قـەڵا و شـوورە و مـۆدێـرتـریـن چـەکی کـوشـندەدا، ناتـوانـن لە بـەردەم، تـەوژمی شەپـۆڵەکانی تـسـۆنامی ئێـراردەی پـۆڵایـین و رق و تـووڕەیی راپـەڕینی گـەلـێکی ســتەمـلـێکـراوی مـاف زەوتکـراو و نـیـشـتـمـان داگـیرکـراودا، بـتـوانـن خـۆیـان بـگـرن.

(*) بۆ ئەم نووسـینەم، تا رادەیەک سـوودم لە زیاتر لە (٣٥) ماڵـپەڕی ئینگـلیزی و کـوردی و عـەرەبی و سـەرچـاوەی تـر ر وەرگـرتـووە.

دوبـەی: ٢٠٢٥




شانۆگەریی شیعری.. کەنعان مدحەت

(١)
تولە سەگێ
ڕوو لە گەماڵێ دەکا و دەپرسێ
گەر تۆ دایکمی،
باوکم کێیە و چ ڕەگەیە
سەر بە چ بنەماڵە و تایەفە و لقە زمانێکە.. دایە؟
گەماڵە سەگ،
بۆ وەڵامێکی باوەڕ پێکراو
چاو بە حەشاماتە خوێڕیی دەورووبەرا دێنێ و
لە بێ دڵنیایی
شەرمەزار و سەرشۆڕ
بە حەپەیەکی لە چپە چوو، کۆتا بە
شانۆگەریی سەددە
دێنێ

(٢)
چی ڕیش سپی شارە؛ پەمو لە گوێ
دەسەڵاتدار؛ تینو و
برسیی،
ئاونگی سەر لێو و
نەرمە سەرموهری دوو توێیە.
منی نیگەرانیش؛
لە کونی کلیلی دەرگاوە
پیتی هۆنراوە سەروقنگ هەڵواسراوەکانی
بە تەڵە و داوەوەم
لە ئەلفوبێی،
پێ بە کۆت و زنجیرەوە
بۆسەر زمانێکی کێویی دەستکاری نەکراو
دەگۆڕمەوە
ڕاتەکانێ
لە ڕێی شیعری ئازادەوە
لادێ بە شارەوە
گرێ بدات




ئێریکسن و قۆناغەکانی گەشەی تیۆری دەروونی-کۆمەڵایەتی.. جوتیار

ئامانج لەو کورتە ووتارە نیشاندانی ئەوەیە کە چۆن ژیانی خودی ئێریکسن، بیرۆکە دەروونییە گەشەسەندووەکانی لە قاڵب داوە و چۆن دەتوانرێت تیۆرییەکانی لە بواری پەروەردە و پەروەردەی ڕاوێژکاریدا بە کردەوە بەکاربهێنرێن. وتارەکە دیدگا بیوگرافیەکان لەگەڵ ڕوونکردنەوە پراکتیکییەکانی قۆناغە دەروونی- کۆمەڵایەتییەکان تێکەڵ دەکات و بە نموونەی ڕاستەقینە و پەیوەندیدار نیشانیان دەدات.
ژیانی کەسی و کاریگەری و ئەزموونەکان
ئێریک ئێریکسن لە ساڵی ١٩٠٢ لە شاری (فرانکفۆرت ئەم ماین) لەدایکبووە و لە ژینگەیەکی کولتووری هەمەچەشندا گەورە بووە، بنەچە و ناسنامەکەی هەر لە سەرەتاوە تەوەری سەرەکی بوو بۆ ئەو، ئەو لە خاتونێکی هۆڵەندی بە بنەچە یەهودی کە خەڵکی کۆپنهاگن بووەو دواتر بە هۆی شەرایتێکی تایبەتی کۆمەڵایەتی کۆچی کردووە بۆ ئەڵمانیا هاتۆتە دونیاوە ، بەڵام ئێریکسن لە لایەن باوکێکی نەناسراوەوە بەخێو کراوە و ژیانی بۆ دابینکراوە و هەروەکوو منداڵی راستەقینەی خۆشی بەرخوردی کردوەو سۆزی پێداوە، ئەمەش پرسیارەکانی سەربەخۆیی و ڕەگ و ناسنامەی بۆ ئیریکسن لە سەرەتاوە هێنایە پێشەوە، ئەم خاڵە دەستپێکی ژیانی راستەقینەی، حەزو ئارەزووی ئەوی بۆ ناسنامە و سەربەخۆیی و ئەو ژینگە کۆمەڵایەتییەی کە کاریگەری لەسەر گەشەی تاک هەیە، لە قاڵب دا.
تەنانەت لە تەمەنێکی بچووکیشدا ئێریکسن بەدوای وەڵامدا دەگەڕا بۆ ئەو پرسیارەی کە مرۆڤەکان چۆن جێگەی خۆیان لە ژینگە کۆمەڵایەتیەکەیاندا و چۆن سەقامگیری لەنێوان خۆیاندا دەدۆزنەوە. ئێریکسن بەرژەوەندییە سەرەتایی و توێژینەوەکانی لە هونەر و ئێتنۆلۆژیدا (زانستی بوون) دەستپێکرد؛ ئەو ئاراستە دیسیپلینییە، ڕەنگدانەوەی دیدگای گشتگیرانەی دواتری ئێریکسنی بنیاتنا.
ئەو گەشەکردن وەک پرۆسەیەک تێدەگات کە بە توندی کاریگەری بەها کولتوورییەکان، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و چوارچێوەی مێژوویی لەسەرە. ڕێنماییە سەرەتاییەکانی لە ڕێگەی چاودێریکردن لە ناو خێزانەکان، قوتابخانەکان و شوێنە بیماری و چارەسەریەکان، بناغەی تێگەیشتنێکی دەروونی گەشەسەندووی دانا کە مرۆڤەکان لەناو گەردوونی کۆمەڵایەتی ودەروونی خۆیاندا دەڕوانن و لێکدانەوە بۆ شتەکانی دەوروبەر دەکەن.
ئێریکسن ئەزموونی ئەوەی کرد کە چۆن پرسیارەکانی (ئیدینتیتێت) پێناس ، سەربەخۆیی و پێکهاتنی ڕۆڵ لە بوارە جیاوازەکانی ژیاندا- خێزان، قوتابخانە و شوێنی کار- چەندین جار گرژی و ڕووبەڕوبونەوەی نوێیان بۆ ئەوهێنایە ئاراوە. ئەو گرنگیدانەی تەواوی ژیانی لەسەر گەشەکردن لەناو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، تێزە سێنتڕاڵەکەی لە قاڵب دا. ئەو پێی وایە کە گەشەکردن مۆدێلێک نییە بۆ یەک قۆناغ بچووک بکرێتەوە، بەڵکو پرۆسەیەکی بەردەوام و کاریگەری دەروونی- کۆمەڵایەتییە کە قەیران و دەرفەت و فەزیلەت(ئەخلاقیاتی باڵای) نوێ لە هەموو قۆناغەکانی ژیاندا دروست دەکات.
هەروەها ڕەخنەی لە چەسپاندنی چارەسەرە تاکەکەسییەکان لە چوارچێوەی کولتووری و مێژووییدا گرت، مۆدێلی ڕوونکردنەوەی تەنیا دەروونی ڕەگەزی زۆر تەسک بوو بۆ تێگەشتنی ئەو. بەڵکو ئەو جەختی لە گرنگی کارلێکە کۆمەڵایەتییەکان و نۆرمو بەها کولتووری و واقیعی ژیانی تایبەتی تاک کردەوە.
ئەو ڕێبازە بیۆگرافییە دواتر لە ڕێبازە ئەزموونییەکەیدا ڕەنگدانەوەی هەبوو، ئێریکسن لە نزیکەوە لەگەڵ کەسانی پاشخانئاڵۆزو گروپی تەمەن جیاوازو و بارودۆخی ژیانئامێزی جۆراوجۆردا کاری دەکرد. ئەو چاودێری ڕەوتی ژیانو گوزەرانی لە ناو خێزانەکان، قوتابخانەکان و شوێنە بیماریەکان دەکرد، ئاماژەی بەوەدا کە چۆن وابەستەیی کۆمەڵایەتی و ژیاری پێکدەهێنن، چۆن سەربەخۆیی و دەستپێشخەریی تاک پەروەردە دەکرێن یان ڕێگرییان لێدەکرێت، چۆن چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگا کاریگەرییان لەسەر گەشەسەندنی تاکەکەسی هەیەو دەکرێت بۆ بنیات و داڕوخانی کەسێتی کارلێکەر بن.
ئێریکسن ئەو ئاراستە پراکتیکییەی لە قۆناغەکانی ژیانی خۆیدا وێنا کردووە، کە هەریەکەیان پرسیارێکی ناوەندی و فەزیلەتێک(ئەخلاقێکی باڵا)یان لێدەکەوێتەوە. بۆ ئێریکسن ڕوون بوو کە سەرکەوتن یان شکست لە قۆناغێکدا نابێت بە گۆشەگیری مرۆڤ سەیر بکرێت، بەڵکو ڕێڕەوەکانی ژیانی دواتر لە قاڵب دەدات و دەستنیشانی دەکات. ئاسایش و دڵنیایی سەرەتای تەمەنی منداڵی کاریگەری لەسەر دروستبوونی ناسنامە لە تەمەنی هەرزەکاریدا هەیە، یەکسانی لە گەورەبوونی تەمەندا دەتوانێت یەکپارچەیی ژیانی دواتر بەهێز بکات.
لە کۆتاییدا چیرۆکی ژیانی ئێریکسن بەردەوامییەک ئاشکرا دەکات، ئەویش گەڕان بەدوای سەربەخۆیی، مەیلێک بەرەو ڕوانگەیەکی گشتگیر بۆ تاک لەناو پەیکەری کۆمەڵایەتیدا، نەوەکوو پاڵنانی مۆدێلی ڕوونکردنەوەو توێژینەوەکان تەنیا لەسەر بنەمای ڕەگەزی. بەم پێیە بیۆگرافیای ئێریکسن ڕەنگدانەوەی ئەو بیرۆکە سێنتڕاڵە دەبێت کە گەشەکردن پرۆسەیەکی تەواوی ژیانییە و لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە لە قاڵب دراوە و قەیرانی نوێ و دەرفەتی فێربوونی نوێ و فەزیلەتی(ئەخلاقیاتی باڵای) نوێ لە هەموو قۆناغێکی ژیاندا دەهێنێتە ئاراوە.

تیۆری ئێریکسن و چەمکی بنەڕەتی و قۆناغەکانی ژیانی ڕاستەقینە
بیرۆکەی سینتڕاڵ لای ئێریکسن ئەوەیە کە گەشەسەندنی مرۆڤ لە تەواوی تەمەنیدا بە قەیرانی دەروونی کۆمەڵایەتی تایبەتمەند دەورەدراوە. هەر قۆناغێک پرسیارێک دەخاتە ڕوو، کە چارەسەری سەرکەوتووانەی مۆڕاڵێکی باڵا دروست دەکات کە پشتگیری لە ژیانی یان لە قۆناغێکی دواتر دەکات. قۆناغەکان لەسەر یەکتر بنیات دەندرێن، بەڵام ئەزموونەکانی پێشووتر دەتوانن دەستکاری یان تەواوکەری نەخشەکانی دواتر بکەن. مۆڕاڵە باڵاکان وەک خاڵی دەستپێکی ئەرێنی بۆ ژیانی دواتر کارلێکەرو کاریگەردەبن لە کاتێکدا ڕووبوڕوبونەوەکان لە ئەگەری چارەسەرکردنی قەیرانەکان شکستیان پێبێت و زۆرجاریش دەتوانن ببن بە بەشیکی سەرەکی لە کێشە درێژخایەنەکانی مرۆڤدا.

هەشت قۆناغی گەشەی دەروونی-کۆمەلایەتی بە پێی ریزبەندی تیۆری ئیریکسۆن
١. متمانە بەرامبەر بە بێمتمانەیی ( قۆناغی ٠-١ساڵ): پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا جیهان وەک جێی متمانە ئەزموون دەکرێت؟ کۆرپەلە کاتێک ئەزموونی متمانە دەکات کە پێداویستییەکانی بە شێوەیەکی متمانەپێکراو دابین دەکرێن و هەست بە دڵنیایی و نزیکایەتی بکات. ئەزموونە ئەرێنییەکان وابەستەیییەکی پارێزراو بەرەوپێش دەبەن؛ بەبێ بنیاتی متمانە، بێمتمانەیی بە کەسانی نامۆ و ژینگەی کۆمەڵایەتی دەتوانێت گەشە بکات.
٢. ئۆتۆنۆمی(سەربەخۆیی) بەرامبەر شەرمەزاری و گومان (قۆناغی١-٣ ساڵ): ئەم قۆناغە سەرنج دەخاتە سەر پرسی سەربەخۆیی. پێداویستییە سەرەتایەکانی وەکوو خواردن و پۆشینی جل و بەرگ و لەبەرکردنی جل و بەرگ بە شێوەیەکی سەربەخۆ، یان گەڕان بەدوای ژینگەدا بە تەنیا، هێزی ئیرادە بەهێز دەکات. ڕەخنە یان سزای زیادەڕۆیی دەتوانێت ببێتە هۆی شەرمەزاری یان گومان و ڕێگری لە ئۆتۆنۆمی(سەربەخۆیی) کەسێتی بکات.
٣. دەستپێشخەری بەرامبەر بە تاوانباری (قۆناغی٣-٥ ساڵ): منداڵان لە ڕێگەی ڕۆڵگێڕان و گەڕانی چالاکەوە ڕۆڵی نوێ تاقی دەکەنەوە. هاندانی دوای سەرکەوتنەکان دەستپێشخەری بەرەوپێشچوون زیاد دەکات؛ شەرمەزارکردنی زۆر یان سزادان دەتوانێت تاوانباریی بنیات بکات و ڕیگری لە دەستپێشخەری بکات.
٤. توانایی بەرامبەر بە کەمتەرخەمی (قۆناغی٦-١١ ساڵ): لە قوتابخانەدا، لێهاتوو و خاوەن تواناکان دەبنە جێگەی سەرنج. بەرپەرچی ئەرێنی لەسەر ئەرکەکان و پڕۆژەکانی تاک و گروپ هەستی لێهاتوویی بەهێز دەکات؛ هەڵسەنگاندنە نادروستوو نێگەتیڤەکان دەتوانن هەستی کەمتەرخەمی پەروەردە بکەن ئەگەر پشتیوانی و هاندان بۆ تواناکان کەم بێت.
٥. سەرلێشێواوی ناسنامە بەرامبەر بە ڕۆڵ (قۆناغی هەرزەکاری): هەرزەکاران بەدواداچوون بۆ بەهاکان، پیشە و پلانەکانی ژیان دەکەن. ناسنامەیەکی ڕوون دەتوانێت ئاسانکاری بۆ پەیوەندییەکان و پلاندانانی ژیان بکات. بەبێ ئاراستەیەکی ڕوون، دەکرێت سەرلێشێواوی ڕۆڵ لە کۆمەڵگادا سەرهەڵبدات.
٦. ئینتیما بەرامبەر بە گۆشەگیری (قۆناغی سەرەتای تەمەن): دروستکردنی هاوبەشی و هاوڕێیەتی نزیک، پێویستی بە متمانە و ئامادەیی هەیە بۆ کرانەوە. ترس لە ئازاردان دەتوانێت ببێتە هۆی گۆشەگیری.

٧. بنیادنان بەرامبەر چەقبەستویی (قۆناغی تەمەنی مامناوەند): دۆزینەوەی مانا لە ڕێگەی چاودێریکردن، ڕاهێنەرایەتیکردن، دایک و باوکایەتی، یان دەستپێشخەرییە کۆمەڵایەتییەکان. بەبێ ئەم خاڵە ئاراستەکردنە، وەستان لە بری گەشە دەتوانێت ڕووبدات.
٨. دەستپاکی بەرامبەر بە نائومێدی (قۆناغی تەمەنی پێگەیشتوو): ئاوڕدانەوە لە ژیانی مرۆڤ، قبوڵکردنی سنووردارکردن و هەستکردن بە دۆزینەوەی مانا. شکست یان ئامانجە بەدینەهاتووەکان دەتوانن بێهیوایی لێبکەوێتەوە؛ بیرکردنەوەیەکی سەرکەوتوو پەروەردەی پڕلە حیکمەت دروست دەکات.

چۆن ئێریکسن یارمەتیدەرە لە ژیانی ڕۆژانەدا
لە سیستمی پەروەردەدا دەتوانرێت سود لەو تیۆرە وەربگیرێت و مۆدێلەکە بەکاربهێنرێت بۆ داڕشتنی مەنهەجەکان کە وابەستەیی پێشوەختە، سەربەخۆیی، هاوکاری و ئەزموونی یەکگرتوو لە ڕۆڵدا چالاک بکات. لە پەروەردەکردنی منداڵدا ئەمە بە واتای قبوڵکردنی هەڵەکانە وەک پرۆسەیەکی فێربوون و شانسی گەشە؛ ستایشکردن دەبێت جەخت لەسەر پرۆسەکە بکاتەوە نەک ئاراستەکردنی دەرئەنجامەکان بۆ بەهێزکردنی خۆکارایی. لە ڕاوێژکاری و کاری کۆمەڵایەتیدا، ڕێبازی ئێریکسن پشتگیری لە بونیادی ناسنامە دەکات لە کاتی هەرزەکاریدا و پەرەپێدانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە چوارچێوەی خێزاندا. لە ڕووی کلینیکیەوە(چارەسەرییەوە)، دەتوانرێت تێڕوانینەکانی بۆ تەواوی چارەسەریەکان پشتی پێببەسترێت. ئەو، دەستێوەردانەکانی دەوروبەر، ڕێڕەوی ژیانی جۆراوجۆر، جیاوازییە کولتوورییەکان و کارلێکی سەرچاوە تاکەکەسییەکان لەگەڵ هۆکارە ژینگەییەکان لەبەرچاو دەگرێتوو جەختیان لەسەر دەکاتەوە.

ڕەخنە و کۆنتێکستەکان
پرسی گشتگیری کولتووری قۆناغەکان و مۆڕاڵە باڵاکان خاڵێکی سەرەکی گفتوگۆی ڕەخنەگرانە. ڕێزبەندی هێڵی قۆناغەکان ناتوانێت بە شێوەیەکی گونجاو نوێنەرایەتی ڕێڕەوی ژیانی مرۆڤەکان بکات، بە تایبەتی لە حاڵەتەکانی بیۆگرافیای پەیوەست بە کۆچکردن(میگراسیۆن)، چەندین ناسنامە، یان ڕێڕەوی ژیانی ناتەقلیدی. لێکۆڵینەوەکانی ئەم دواییە جەخت لەسەر گرنگی فرە ناسنامە و لێکدانەوەی نەرم و نیان و وابەستە بە چوارچێوە بۆ قەیرانەکان دەکەنەوە. بۆیە بەکارهێنانی هاوچەرخ پێویستی بە هەستیاری کولتووری و گونجاندن لەگەڵ لێکدانەوە شانۆییەکان و ڕەچاوکردنی ڕێڕەوی ژیانی تاکەکەسی هەیە.
مۆدێلی ئێریکسن گەشەسەندنی کەسیی بە نزیکییەوە بە زەمینە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەبەستێتەوە و خاڵە کۆنکرێتییەکانی لەنگەر بۆ پەروەردە، پەروەردەکردن و ڕاوێژکاری دابین دەکات. ڕوانگەی تەواوی بۆ ژیانێکی تەندروست، پشتگیری لە پراکتیکێکی گشتگیر دەکات، بەڵام دەبێت زیاتر ڕەچاوی جۆراوجۆری کولتووری و ڕێڕەوی ژیانی تاکەکەسی بکات. توێژینەوەکانی داهاتوو دەتوانن جەختێکی زیاتر لەسەر گونجانی فرە کولتوری، ئەزموونی کۆچکردن و ڕێڕەوی ژیانی گشتگیر بکەنەوە و بەپێی ئەو ئامرازە کردارەکان زیاتر پەرەپێبدەن.

جوتیار




ڕزگارکردنی کولتوور لە خراپی و نزمی لە ڕێگەی گەشەپێدانی بیرکردنەوەی فەلسەفی و پێشخستنی کارایی ڕەخنەیی و گفتوگۆی عەقڵانی.. ‏و . لە عەرەبیەوە: یاسین لەتیف

‏پێشەکی
‏”فەلسەفە عەقیدە نییە، بەڵکو چالاکییە.”
‏ ماتیۆ لیپمان

‏‏کولتووری هاوچەرخ بەدەست قەیرانێکی قوڵەوە دەناڵێنێت کە بە “نزمیی کولتووری” یان “سەردەمی هیچو پووچێتی” دەناسرێت، ئەمەش دیاردەیەکە بە بڵاوبوونەوەی بەرهەمی ڕووکەشیی بەکاربەر، پووچیی میدیایی و ڕووکەشبوونی هزری لەژێر سێبەری باڵادەستیی ئابووریی دیجیتاڵی و زیرەکیی دەستکرددا دەناسرێتەوە. تیۆدۆر ئەدۆرنۆ لە “پیشەسازیی کولتوور” (١٩٤٧)دا وا وەسفی دەکات کە بریتیە لە “بەرهەمهێنانێکی کولتووریی یەکخراو کە توانای بیرکردنەوەی سەربەخۆ لە مرۆڤ دەسەنێتەوە”، لە کاتێکدا جان بۆدریار لە “لێکچواندن و لاساییکردنەوە” (١٩٨١)دا وەک “زیادەڕەوی لە واقیعیبوون و واقیعێکی لەڕادەبەدەر” دەیبینێت کە شوێنی ڕەسەنایەتی دەگرێتەوە. ئامانجی ئەم توێژینەوە ئەکادیمییە پێشنیارکردنی مۆدێلێکی ڕزگارکەری سێ ڕەهەندییە: گەشەپێدانی بیرکردنەوەی فەلسەفی وەک ئامرازێک بۆ گەڕاندنەوەی قوڵایی، پەرەپێدانی کارایی ڕەخنەیی وەک چەکێک دژی ڕووکەشبوون، و گفتوگۆی عەقڵانی وەک میکانیزمێک بۆ بنیاتنانەوەی پەیوەندیی مرۆیی. لەمەشدا پشت بە تیۆرییەکانی هابرماس (کردەی پەیوەندی)، فۆکۆ (مەعریفە-دەسەڵات)، و گادامێر (هێرمەنۆتیکا) دەبەستین، لەگەڵ گرتنەبەری نزیکبوونەوەیەکی (دیداکتیکی) یان زانستی فێر کردن بۆ جێبەجێکردنی ئەم مۆدێلە لە پەروەردە و کۆمەڵگەدا. توێژینەوەکە دابەش بووە بەسەر شیکردنەوەی “نزمی”دا، پاشان هەر یەک لە سێ ڕەهەندەکە، دواتر بەراوردکاری و جێبەجێکردنە دیداکتیکییەکان، لەگەڵ نموونەی مێژوویی و هاوچەرخ. چۆن لە ڕۆژی جیهانییەکەیدا، ژیانێکی نوێ بە بەر فەلسەفەدا بکەینەوە؟
‏(شیکردنەوەی دیاردەی نزمیی کولتووری)
‏نزمی تەنها بریتی نییە لە لاوازیی کوالیتی، بەڵکو سیستمێکی کولتوورییە کە “کاڵای کولتووری”ی خێرا-بەکاربردن بەرهەم دەهێنێت. تایبەتمەندییەکانی
‏ڕووکەشکردن: کورتکردنەوەی شتە ئاڵۆزەکان بۆ شتی سادە (وەک: “ڤیدیۆ کورتەکان” لە تیکتۆک).
‏‏دووبارەکردنەوە: بەرهەمهێنانەوەی نموونەکان بەبێ داهێنان (وەک: بەرهەمهێنانەوەی فیلمەکانی هۆلیوود).
‏‏بەکاربەری: بەستنەوەی بەها بە بڵاوبوونەوەوە نەک بە قوڵایی (کولتووری قوتووبەندکراو).
‏هۆکارەکانی: هەژموونی بازاڕ (ئەدۆرنۆ)، لەدەستدانی هالە (واڵتەر بنیامین)، و “مردنی نووسەر” کە بە هەڵە تێگەیشتراوە (بارت). دەرەنجامەکانی: داخورانی ناسنامە، بڵاوبوونەوەی نەزانیی بەئەنقەست و ، هەرەسهێنانی گفتوگۆی گشتی.
‏(ڕەهەندی یەکەم: گەشەپێدانی بیرکردنەوەی فەلسەفی وەک ئامرازێک بۆ قوڵایی)
‏بیرکردنەوەی فەلسەفی بریتییە لە “پرسیارکردنی مەنھەجی دەربارەی واتا و بنەماکان” (هایدگەر). کولتوور بنیات دەنێتەوە لە ڕێگەی
‏ئیشکالیەت: گۆڕینی “زانیاری” بۆ “پرسیار” (وەک: لە “زیرەکیی دەستکرد چییە؟”ـەوە بۆ “واتای ئەوەی مرۆڤ زیرەک بێت چییە؟”).
‏دیالەکتیک: بنیاتنانی مەعریفە لە ڕێگەی دژایەتیەوە (هیگڵ).
‏تێڕامان: بەرەنگاربوونەوەی خێرایی بە وەستان (ئەرستۆ: تیۆری وەک ژیانێکی تێڕاماناوی).
‏لە ڕووبەڕووبوونەوەی نزمیدا، فەیلەسوف وەرگر لە بەکاربەرەوە دەگۆڕێت بۆ بەرهەمهێنەری واتا. نموونە: هەڵمەتی “فەلسەفە بۆ منداڵان” (ماتیۆ لیپمان) کە زیادبوونی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بە ڕێژەی ٤٠٪ لەنێو منداڵاندا سەلماند.
‏(ڕەهەندی دووەم: پەرەپێدانی کارایی ڕەخنەیی وەک چەکێک دژی ڕووکەشبوون)
‏کارایی ڕەخنەیی بریتییە لە “توانای هەڵوەشاندنەوەی گوتارە باڵادەستەکان و بنیاتنانەوەیان” (فۆکۆ). ئەمانە لەخۆ دەگرێت:
‏شیکردنەوەی ڕەخنەیی: ئاشکراکردنی ئایدۆلۆژیای شاراوە (مارکس: “هۆشیاریی ساختە”).
‏ڕەخنە لەخۆگرتن: پێداچوونەوە بە گریمانەکانی تاک (کانت: “بوێریی زانین”).
‏فرەیی: قبوڵکردنی ڕا دژبەیەکەکان بەبێ سڕینەوە (ئەدۆرنۆ: “بیرکردنەوەی نەرێنی”).
‏ئامرازەکانی: تیۆریی ڕەخنەی کولتووری، شیکردنەوەی گوتار (ڤان دایک). لە سیاقی دیجیتاڵیدا، توانای بەرەنگاربوونەوەی “بڵقەکانی پاڵاوتن” (Filter Bubbles) دەبەخشێت لە ڕێگەی ئامرازگەلێکی وەک “ڕێبەری ئاشکراکردنی ساختە”.
‏(ڕەهەندی سێیەم: گفتوگۆی عەقڵانی وەک میکانیزمێک بۆ پەیوەندیی ڕەسەن)
‏گفتوگۆی عەقڵانی بریتییە لە “کردەی پەیوەندیی خاڵی لە شێواندن” (هابرماس لە تیۆریی کردەی پەیوەندیدا، ١٩٨١). ئەمانە دەخوازێت:
‏بابەتیبوون: پشت بەستن بە بەڵگەکان نەک سۆز.
‏گشتگیری: بەشدارپێکردنی هەموو دەنگەکان (لەوانەش پەراوێزخراوەکان).
‏کراوەیی: قبوڵکردنی ئەگەری گۆڕان (گادامێر: “تێکەڵبوونی ئاسۆکان”).
‏لە سەردەمی “پاش-ڕاستی”دا، گفتوگۆ متمانەی گشتی بنیات دەنێتەوە. نموونە: کۆڕبەندەکانی “قاوەخانەی فەلسەفی” لە فەرەنسا، کە لە ساڵی ١٩٩٢ـەوە هەزاران بەشداربووی لە گفتوگۆی قوڵدا کۆکردۆتەوە.
‏(بەراوردکاری لە نێوان سێ ڕەهەندەکەدا)
‏ئەگەر بەراوردێک لە نێوان سێ ڕەهەندەکەدا بکەین، دەبینین ئامانجی سەرەکیی ئەو بنەما تیۆرییەی کە پشتی پێ دەبەستێت، ئەوەیە کە جێبەجێکردن دژی “نزمی کولتوری”، گەڕاندنەوەی قوڵایی و واتا بە بیرکردنەوەی فەلسەفی دەبەخشێت، ئەمەش هەریەک لە هایدگەر، هیگڵ و ئەرستۆ نوێنەرایەتی دەکەن . هەروەها کارایی ڕەخنەیی یارمەتیدەرە بۆ گۆڕینی بەکاربردن بۆ تێڕامان و هەڵوەشاندنەوەی گوتارە ساختەکان، کە هەریەک لە فۆکۆ، کانت و ئەدۆرنۆ نوێنەرایەتی دەکەن و دەبێتە هۆی ئاشکراکردنی چەواشەکاریی میدیایی. هەرچی گفتوگۆی عەقڵانییە، هەوڵی بنیاتنانی سازانێکی پەیوەندی دەدات و دەخوازێت بەڵگە بخاتە شوێنی هاوارکردن، کە هەریەک لە هابرماس، گادامێر و پۆڵ ڕیکۆر نوێنەرایەتی دەکەن. ‏
‏بەگشتی، تەواوکاریی هەر سێ ڕەهەندەکە: گەشەپێدانی بیرکردنەوەی فەلسەفی، بەکارهێنانی کارایی ڕەخنەیی و پشت بەستن بە میکانیزمی گفتوگۆی عەقڵانی، “سێگۆشەی ڕزگارکردنی کولتووریی هەنووکەیی” پێکدەهێنن، چونکە: بیرکردنەوە ناوەڕۆک دابین دەکات، ڕەخنە پاکی دەکاتەوە، گفتوگۆش بڵاوی دەکاتەوە.
‏(نزیکبوونەوەی دیداکتیکی یان”زانستی وانە وتنەوە”: جێبەجێکردنە پڕاکتیکییەکان لە پەروەردە و کۆمەڵگەدا)
‏مۆدێلەکە تێکەڵ بە پرۆگرامەکانی خوێندنی فرەئاست دەکرێت:
‏لە خوێندنی بنەڕەتیدا:
‏بەرنامەکانی “فەلسەفە بۆ منداڵان” (لیپمان): سازدانی دانیشتنی هەفتانە بۆ گفتوگۆکردنی پرسگەلێکی وەک “جوانی چییە؟” لەبری تەڵقینکردن.
‏یارییە ڕەخنەییەکان: “یانەکانی مشتومڕ” (Debate) بۆ ڕاهێنان لەسەر بەڵگەهێنانەوە.
‏لە خوێندنی زانکۆدا:
‏بابەتەکانی “ڕەخنەی کولتووریی دیجیتاڵی”: شیکردنەوەی پلاتفۆرمەکانی وەک نێتفلێکس (Netflix) بە بەکارهێنانی ئامرازەکانی فۆکۆ.
‏پڕۆژەی گفتوگۆیی: “گفتوگۆی فرەپسپۆڕی” لە نێوان کۆلێژەکانی زانست و هونەردا.
‏لە کۆمەڵگەدا:
‏پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان: “کۆڕبەندەکانی فەلسەفە لەسەر ئینتەرنێت” بەپێی ڕێسا هابرماسییەکان.
‏هەڵمەتی گشتی: “هەفتەی گفتوگۆی نیشتمانی” بۆ تاوتوێکردنی پرسگەلێکی وەک گۆڕانی کەشوهەوا بە شێوەیەکی عەقڵانی.
‏بەکارهێنانی هونەرەکان: شانۆگەریی کارلێککار (Interactive) کە نزمی بەرجەستە دەکەن و شیکاری دەکەن (وەک شانۆی برێخت).
‏هەڵسەنگاندنی کارایی: ڕاپرسییەکانی پێش/پاش، شیکردنەوەی گوتار، پێوانەکردنی نیشاندەرەکانی وەک “ئاستی ڕووکەشبوونی میدیایی” (نیشاندەری نەهێشتنی نەخوێندەواریی میدیایی).
‏توێژینەوەی دۆخ: ئەزموونی “ڕزگارکردنی کولتوور” لە بەڕازیل (٢٠٢٢-٢٠٢٤)
‏لە پڕۆژەی وەزارەتی کولتووری بەڕازیلیدا، مۆدێلەکە لەسەر ٥٠ قوتابخانە جێبەجێ کرا:
‏قۆناغی ١: ڕاهێنان بە مامۆستایان لەسەر بیرکردنەوەی فەلسەفی.
‏قۆناغی ٢: وۆرکشوپی ڕەخنەیی بۆ شیکردنەوەی میدیای جەماوەری.
‏قۆناغی ٣: کۆڕبەندی گفتوگۆیی مانگانە.
‏دەرەنجامەکان (ڕاپۆرتی یونسکۆ ٢٠٢٤): کەمبوونەوەی بەکاربردنی “ناوەڕۆکی ڕووکەش” بە ڕێژەی ٥٢٪، بەرزبوونەوەی بەشداریکردن لە چالاکییە کولتوورییە قوڵەکاندا بە ڕێژەی ٦٨٪.

‏کۆتایی
‏فەلسەفە بریتییە لە گفتوگۆیەکی درێژخایەن لە نێوان کەسانێکی جیاوازدا، کە بەدوای چارەسەری بەشەکیدا دەگەڕێن بۆ کێشە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ.
‏(ماتیۆ لیپمان)
‏ڕزگارکردنی کولتوور لە نزمی، خۆشگوزەرانییەکی هزری نییە، بەڵکو پێویستییەکی بوونگەراییە (وجوودییە) لە سەردەمی ئامێردا. لە ڕێگەی گەشەپێدانی بیرکردنەوەی فەلسەفی و ، پەرەپێدانی کارایی ڕەخنەیی و بەهێزکردنی گفتوگۆی عەقڵانییەوە، گەڕاندنەوەی ڕۆڵی مرۆڤ وەک “بوونەوەرێکی بیرکەرەوە” نەک وەک بەکاربەرێک. ئەم مۆدێلە سنووری تیۆری تێدەپەڕێنێت بۆ ئەوەی ببێتە بەرنامەیەکی کردەیی، کە دەکرێت لەسەر ئاستی نیشتمانی پەیڕەو بکرێت. ڕاسپاردە دەکرێت بە دامەزراندنی “ناوەندی نیشتمانی بۆ ڕزگارکردنی کولتووری” و ئەنجامدانی توێژینەوەی درێژخایەن دەربارەی کاریگەریی ئەم نزیکبوونەوەیە لەسەر ناسنامەی بەکۆمەڵ لە سەردەمی زیرەکیی دەستکرددا. ئاخۆ تا چەند کولتوور لە ڕێگەی بکەر و دامەزراوەکانییەوە، یارمەتیدەر دەبێت بۆ درەوشاندنەوەی فەلسەفە؟

د. زوهێر ئەلخوێلیدی – انفاس نت – ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥




ڕۆڵی چین لە هەرێمی کوردستان.. هەڵۆ حەسەن

شرۆڤەكانی ئەم دواییە لەسەر بوونی چین لە هەرێمی كوردستان، چین وەك ئەوەی بە هێمنی فەزا داگیركەر و كاریگەریی بە شێوەیەكی نەبینراو فراوانتر دەكات و وەك هەڕەشەیەكی بێدەنگ و نزیك پێشڕەوی دەكات وێنا دەكرێت. لەم چوارچێوەدانەدا، چین چیتر وەك دەوڵەتێك دەرناكەوێت كە لە ڕێگەی بەرژەوەندییە ناسراوەكان و سیاسەتی شەفافەوە كاردەكات، بەڵكو وەك هێزێكی سێبەر دەردەكەوێت- كە هەموو ئەنجومەنێك تەڵەیە، هەموو ئاڵوگۆڕێك فۆرمێكە لە كۆكردنەوە و هەموو دەستپێشخەرییەكی كولتووری ستراتیژییەكی شاراوەیە،لە ڕووی شیكارییەوە ئەم وێناكردنە چەواشەكارییە. تا ڕادەیەكی زۆر لە گوتاری ڕكابەریی زلهێزەكانی ڕۆژئاوا قەرزكراوە،نەك لە واقیعی هەرێمی كوردستان یان لە ڕەفتاری ڕاستەقینەی چین لەسەر زەویدا.

كۆمەڵەی شورای مەزن

سەرچاوەیەكی ناوەندیی هەڵە تێگەیشتن پەیوەندی بە كۆمەڵەی ” شورای مەزن “ەوە هەیە.كە نە ئەنجومەنێكی سیاسییە و نە دەزگایەكی بڕیاردەرە، نە وەك قۆڵێكی دامەزراوەیی هیچ دەوڵەتێكی بیانی كاردەكات. تۆڕێكە لەسەر شێوازی خوێندكارانی پێشوو كە لە تاكەكانی هەرێمی كوردستان پێكهاتووە كە پێشتر بەشدارییان لە بەرنامەی ڕاهێنان، سیمینار، یان سەردانی ئاڵوگۆڕكردن لە چین كردووە،ناوی كۆمەڵەكە لە “شورای مەزن” وە وەرگیراوە كە یەكێكە لە هێما مێژوویی و كولتوورییە ناسراوەكانی چین و جیهان. سەرلێشێواوی بەشێكی بەهۆی سەریەككەوتنی زمانەوانییەوە سەریهەڵداوە: كۆمەڵەكە “شورای مەزن”دەتوانرێت بە هەڵە پەیوەست كراوە بە “ئەنجومەن” یان دەسەڵاتی فەرمی. ئەم ڕێكەوتە ماناسازییە بووەتە هۆی ئەوەی كە لێكدانەوەی زیادەڕەوی تێدا بكرێت كە هێمای كولتووری هەڵئاوسێنێت بۆ مەبەستی سیاسی،ئەم جۆرە هەڵاوسانە چەواشەكارانەیە. تۆڕە كولتوورییەكان دەبێ بەو شێوەیە هەڵسەنگێندرێن كە هەن، نەك بگۆڕدرێن بۆ ناوەندی دەسەڵاتی خەیاڵی.

چین لە هەرێمی كوردستان

زۆرێك لەو ڕەخنانەی كە ئاراستەی چین دەكرێن، لەسەر تەماحە سیاسی یان ئەمنییەكانی چەواشەكارین و چاوپۆشی لەوە دەكەن كە بە شێوەیەكی بەرجەستە لەسەر زەوی ڕوویانداوە. لە واقیعدا، بەشداریكردنی چین لە هەرێمی كوردستاندا بە شێوەیەكی سەرسەختانە مەدەنی و گەشەپێدان و خەڵك سەنتەری بووە- نەك ستراتیژی و سەربازی
بوارە كۆنكرێتیەكانی بەشداریكردنی چین بریتین لە:
پڕۆگرامی ڕاهێنان و سكۆلەرشیپ بۆ خوێندكاران و ڕۆژنامەنوسان، و پیشەگەرەكانی هەرێمی كوردستان.
ئاڵوگۆڕی گەنجان و ئەكادیمی و كولتووری بە ئامانجی لێكتێگەیشتنی یەكتر.
پاركی دۆستایەتی چین كە لە ڕێگەی بەخشینەكانی كۆمپانیا چینییەكانەوە وەك فەزای گشتی بۆ كۆمەڵگا ناوخۆییەكان دروستكراوە.
بەشداریكردنی كۆمپانیا چینییەكان لە پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری، بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ، و پڕۆژەكانی وزەی نوێبووەوە، كە هەموویان لە چوارچێوەی یاسایی و ڕێكخراوەیی ناوخۆییدا ئەنجام دەدرێن.
ئەم چالاكییانە مەرجدارێتی سیاسی و هەناردەكردنی ئایدیۆلۆژی و دەستوەردان لە حوكمڕانی ناوخۆیی لەگەڵدا نەبووە. ئەوان ڕەنگدانەوەی هاوكارین نەك كۆنترۆڵكردن.
چین چەتری ئەمنی لە هەرێمی كوردستان دابین ناكات. سەربازەكان جێگیر ناكات و پێكهاتەی هەواڵگری بەڕێوە نابات و بیناسازی ئەمنی ناوچەیی لە داناریژیت. ئاسایش لە هەرێمدا لە بنەڕەتدا گەرەنتیكراوە لەلایەن ئەمریكا و هاوپەیمانەكانیەوە. ئەم واقیعە بەهۆی بەشداریكردنی كولتووری و ئابووری چینەوە مەترسی لەسەر نییە،هیچ شتێكی مشتومڕاوی لەبارەی داننان بە كێبڕكێی ستراتیژی نێوان ئەمریكا و چین نییە؛ ڕاستییەكی دامەزراو و جێگیرە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییە هاوچەرخەكاندا. هەڵەكە لە هەڵئاوسانی ئەم ڕكابەرییە لە سەرانسەری هەموو دۆمەینەكاندا و پرۆژەكردنی میكانیكی لەسەر هەرێمی كوردستان- گۆڕینی هەموو ئاڵوگۆڕێكی ئەكادیمی یان پڕۆژەیەكی ئابووری بۆ سەنگەرێكی گریمانەكراو.
بەشداریكردنی چین بە شێوەیەكی بەرچاو لە ڕێگەی هێزی نەرمەوە كاردەكات: گفتوگۆ، بازرگانی، ئاڵوگۆڕی پیشەیی و كارلێكی كولتووری. هێزی نەرم لە ڕێگەی ڕاكێشان و بەشداری خۆبەخشانە كاردەكات نەك ناچاركردن،ئەگەر دەسەڵاتی نەرم بە تەنیا بەس بووایە بۆ بەرهەمهێنانی هەژموونی سیاسی، دەیان ساڵ بەشداریكردنی ڕۆژئاوایی لە بواری پەروەردەیی، كولتووری، میدیایی و كۆمەڵگەی مەدەنیدا لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەژموونێكی بێ ڕكابەری لە هەموو شوێنێكدا بەدوای خۆیدا دەهێنا. واقیع بە ڕوونی ئەم گریمانەیە پووچەڵ دەكاتەوە. كوردستان خۆی وەك بەڵگە وەستاوە: سەرەڕای بەركەوتنی قووڵی بە هێزی نەرمی ڕۆژئاوایی- ڕاگەیاندن، پەروەردە، بودجە، سكۆلەرشیپ و هاوبەشی- لە ڕووی سیاسییەوە نەبووەتە ژێردەستەی ڕۆژئاوا،پێشنیاری ئەوەی كە كۆمەڵگای كوردی لەناكاو لە ڕێگەی پەیوەندی لەگەڵ چین بێ بەرگری دەبێت،هۆشدارییەك نییە سەبارەت بە چین؛ دەربڕینی بێمتمانەییە بە توانای فیكری و سیاسی و دامەزراوەیی كورد،تایبەتمەندییەكی دیاریكەری نووسینی ئەم دواییەی دژە چین، وێناكردنی چینە نەك وەك ئەكتەرێكی كۆنكرێتی خاوەن بەرژەوەندییە دیارەكان، بەڵكو وەك هەڕەشەیەكی جنۆكەیی- لە هەموو شوێنێكدا، نەبینراو و لێپرسینەوە نەكراو. ئەمە شیكاری نییە؛ ئەوە ئەفسانەسازییە،ئەو دەوڵەتانەی كە بەدوای زاڵبووندا دەگەڕێن، بە شێوەیەكی نەبینراو كار ناكەن. مەرجەكان دەسەپێنن، دەرئەنجامەكان دیكتە دەكەن، هێز بڵاودەكەنەوە و پەنجەمۆرێكی هەڵە نەكراو بەجێدەهێڵن. چین لە هەرێمی كوردستان هیچ كام لەمانە ناكات. چالاكییەكانی گشتین، دامەزراوەكانی دەناسرێنەوە و ڕێككەوتنەكانی فەرمین. ئەم خەریكبوونانە دەتوانرێت مشتومڕیان لەسەر بكرێت، ڕێكبخرێن، یان ڕەتبكرێنەوە- بەڵام وێناكردنیان وەك هەڕەشەیەكی نەبینراو واقیع دەشێوێنێت،ئەم گێڕانەوەیەی “چین وەك جنۆكە” ڕاستەوخۆ لە دڵەڕاوكێ ستراتیژییەكانی ڕۆژئاوا سەبارەت بە گۆڕانكارییەكانی دەسەڵاتی جیهانی هاوردە دەكرێت. گوزارشت لە ترسی دەرەكی دەكات نەك واقیعی سەرزەوی لە هەولێر یان سلێمانی،بنەمایەكی سەرەكی سیاسەتی دەرەوەی چین دەستوەرنەدانە لە كاروباری سیاسی ناوخۆیی. چین پارە بۆ بزووتنەوەكانی ئۆپۆزسیۆن نادات و داوای چاكسازی سیاسی ناكات و مۆدێلی ئایدیۆلۆژی هەناردە ناكات. پێویست ناكات هاوبەشەكان سیستەمی سیاسی یان جیهانبینی خۆی بگرنەبەر،ئەوەی چین پێشكەشی دەكات- بە تایبەتی لە ڕێگەی بەرنامەكانی ڕاهێنان و ئاڵوگۆڕەوە- هاوبەشكردنی ئەزموونە نەك گۆڕانكاری ئایدیۆلۆژی. ستراتیژییەكانی گەشەپێدان، مۆدێلی كەمكردنەوەی هەژاری و پراكتیكەكانی كارگێڕی وەك وانە دەخرێنەڕوو نەك وەك عەقیدە..

تایوان و شینجیانگ و تبت

زۆرجار مشتومڕەكان فراوان دەبن بۆ پرسە نێودەوڵەتییە هەستیارەكان، كە پێویستیان بە ڕوونكردنەوە هەیە نەك دروشم

یەك چین وەك بنەمای یاسایی

لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە، بنەمای یەك چین دروشم و پەسەندكردنی سیاسی نییە؛ ئەو بنەما یاساییە پێكهاتەییەیە كە سەروەری چین لەسەری دانپێدانراوە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا،سیستەمی نەتەوە یەكگرتووەكان ناوەندی ئەم بناغەیە. بڕیارنامەی كۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان 2758 (1971) دووپاتی كردەوە كە كۆماری گەلی چین تاكە نوێنەری شەرعی چینە لە نەتەوە یەكگرتووەكان. ئەم بڕیارنامەیە پێگەیەكی نوێی دروست نەكرد؛ هەڵوێستی یاسایی نێودەوڵەتی پشتڕاستكردەوە كە یەك چین و یەك حكومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی نوێنەرایەتی دەكات. لەو كاتەوە تایوان نە ئەندامێتی نەتەوە یەكگرتووەكانی هەبووە و نە پێگەی سەروەری دانپێدانراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، زۆرینەی ڕەهای دەوڵەتەكان پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ پەكین دەپارێزن- بە ڕوونی دان بەوەدا دەنێن كە كۆماری گەلی چین تاكە نوێنەری شەرعی چینە. یاسای نێودەوڵەتی قورسایی یەكلاكەرەوە دەخاتە سەر ئەو جۆرە دانپێدانانە بەكۆمەڵانە، لە چوارچێوەی ئەم چوارچێوە یاساییەدا:
تایوان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان وەك بەشێك لە چین مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت،تبت و شینجیانگ ناوچەكانی ناوخۆی چینن كە هیچ پێگەیەكی یاسایی نێودەوڵەتییان وەك قەوارەی جیاواز نییە. هیچ دەزگایەكی نەتەوە یەكگرتووەكان، دادگایەكی نێودەوڵەتی، یان دەوڵەتێكی دانپێدانراو ،بە هەمان شێوە، باسەكانی شینجیانگ و تبت زۆرجار تەنیا لەسەر تۆمەتەكانە و لە هەمان كاتدا دەرئەنجامە پێوانەكراوەكانی گەشەپێدان پشتگوێ دەخەن. لە ماوەی دەیەكانی ڕابردوودا هەردوو هەرێمەكە پێشكەوتنی بەرچاویان لە ژێرخانی ئابووری، پەروەردە، چاودێری تەندروستی، كەمكردنەوەی هەژاری و تەمەنی چاوەڕوانكراودا بەخۆیەوە بینیوە. داننان بەم پێشهاتانە، مشتومڕ بێدەنگ ناكات؛ هاوسەنگی دەگەڕێنێتەوە،بۆیە پرەنسیپی یەك چین وەك لەنگەری یاسایی كاردەكات كە تایوان و تبت و شینجیانگ لە چوارچێوەی یەك چوارچێوەی سەروەریدا یەكدەخات. هەر شیكارییەكی جددی كە بە جیا مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسانەدا بكات لە كاتێكدا ئەم بناغەیە پشتگوێ بخات، لە یاسای نێودەوڵەتی جیا دەبێتەوە و بە گێڕانەوەی سیاسی و چەواشەكاری جێگەی دەگرێتەوە،لە ڕووی یاساییەوە یەك چین هەیە، كە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا كۆماری گەلی چین نوێنەرایەتی دەكات. هەموو مشتومڕەكانی تر لە چوارچێوەی ئەو چوارچێوە دامەزراوەدا ڕوودەدەن- نەك لە دەرەوەی ئەوەی لە زۆرێك لە نووسینە هاوچەرخەكانی دژە چینەوە سەرهەڵدەدات، تەقلیدییە نەك شیكاری سەربەخۆ. زمانی “چین داگیرمان دەكات” ڕاستەوخۆ لە ئەدەبیاتی ستراتیژی ڕۆژئاواوە هەڵدەگیرێت كە بۆ ڕكابەریی دەسەڵاتە گەورەكان داڕێژراون، نەك لە بیركردنەوەی ستراتیژیی كوردییەوە،ستراتیژی ڕاستەقینە پێویستی بە دوورییەكی ڕەخنەگرانە هەیە لە هەموو هەژموونەكان- سەربازی، ئابووری و ڕۆشنبیری بە هەمان شێوە. دووبارەكردنەوەی گێڕانەوەی هەڕەشەی قەرزكراو، كوردستان ناپارێزێت؛ تەنها عەدەسەیەكی دەرەكی بە عەدەسەیەكی تر دەگۆڕێت،چین جنۆكە نییە. زلهێزێكی جیهانییە كە لە ڕێگەی دیپلۆماسی و خەریكی ئابووری و هێزی نەرمەوە بەدوای بەرژەوەندییەكانیدا دەگەڕێت- بەبێ ئامادەیی سەربازی، هەناردەكردنی ئایدیۆلۆژی، یان مەرجی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا. ئەم واقیعە لە ڕێگەی ڕێكخستن و چاودێری دامەزراوەییەوە بەڕێوەبچێت نەك لە ڕێگەی ترس و دڵەڕاوكێ و پارانۆیا،ئایندەی كوردستان بە ئاڵوگۆڕی كولتووری یان ئەنجوومەنی ئەكادیمی یەكلایی نابێتەوە، بەڵكو بە بەهێزی دامەزراوەكانی و كوالیتی حوكمڕانییەكەی و متمانەی بە حوكمدانی ستراتیژی خۆی یەكلایی دەبێتەوە.

هەڵۆ حەسەن




تبت و كورد، مێژووی بەراوردكاریی سەركوتكردن.. ئاگری قادر*

سەرەڕای مەودای جوگرافیای بەرفراوانی نێوان تبت و كوردستان، ڕێڕەوی مێژوویی هەردوو گەل، شێوازە قووڵە بەراوردكراوەكانی كۆنترۆڵكردنی دەوڵەت، سەركوتكردن و بەرخۆدان. ئەم لێكچوونانە بەڕێكەوت نین؛ ئەوان لە چۆنێتی مامەڵەكردنی دەوڵەتە ناوەندییە مۆدێرنەكان لەگەڵ ناوچە جیاوازەكانی كولتووری، جەختكەرەوەی سیاسی و ناوچە گرنگەكانی خاكیدا سەرهەڵدەدەن،یەكخستنی بە زۆر و پرسی شەرعیەت،تبت لە كۆماری گەلی چین لە سەرەتای ساڵانی ١٩٥٠دا هاوتەریبە لەگەڵ یەكخستنی ناوچە كوردییەكان لە دەوڵەتە مۆدێرنەكانی عێراق، توركیا، ئێران و سوریا دوای داڕمانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی. لە هەردوو حاڵەتەكەدا، دەسەڵاتی دەوڵەت لە ڕێگەی هێزی سەربازی و چوارچێوەی یاساییەوە سەپێندرا كە ئیدیعای شەرعییەت دەكرد بەبێ ڕەزامەندی مانادار لەلایەن هەردوو گەلەوە،هەروەك چۆن پەكین یەكگرتنی تبت وەك “ڕزگارییەكی ئارام” لە چوارچێوەیەكدا دادەنێت، حكومەتە یەك لە دوای یەكەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، كۆنترۆڵی خۆیان بەسەر كوردستاندا ڕەواي پێدا وەك پێویستى بۆ یەكێتی نەتەوەیی و یەكپارچەیی خاك. لە هەردوو باردا، ناكۆكی وەك جیابوونەوە یان خیانەت پێناسەكرایەوە.

دەربەدەری وەك ستراتیژییەكی سیاسی

دەربەدەریی “دالای لاما” دوای ڕاپەڕینی لاسا لە ساڵی ١٩٥٩دا ئاوێنەیەكی ئاوارەیی زۆرەملێ و دەربەدەری سەركردە سیاسی و ڕۆشنبیران و چالاكوانانی سیاسیی كوردە بە درێژایی سەدەی بیستەم،دەربەدەری لە هەردوو حاڵەتەكەدا دوو مەبەستی هەبوو: لابردنی سەركردایەتی هێمادار لە نیشتمان و لاوازكردنی بەرخۆدانی ڕێكخراو. بەڵام دەربەدەریش هەردوو هۆكارەكەی بە نێودەوڵەتی كرد، گۆڕینی بۆ پرسی مافی مرۆڤی جیهانی نەك تەنیا بابەتی ناوخۆیی،چین ناوچەی ئۆتۆنۆمی تبت وەك بەڵگەیەك بۆ خۆبەڕێوەبەری دەخاتە ڕوو، هەروەك چۆن دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە مێژوودا ئۆتۆنۆمی سنووردار یان هێمایان بۆ ناوچە كوردییەكان بەرەوپێش برد. بەڵام لە پراكتیكدا، سەربەخۆیی لە هەردوو حاڵەتەكەدا بە خیانەت پێناسەكراوە،پێش ساڵی 1991، ئۆتۆنۆمی بەڵێندراو بە كوردەكانی عێراق بە شێوەیەكی سیستماتیكی لەلایەن بەغداوە تێكدرا، كە لە هەڵمەتی سەربازیدا گەیشتە لوتكە بە هەمان شێوە، سەربەخۆیی تبت لەلایەن پارتی كۆمۆنیستی چینەوە پێناسە كراوە، كە دەسەڵاتی ڕاستەقینە بە ناوەندگیری دەمێنێتەوە و ناكۆكییەكان بە تاوان دەزانرێت. ئەم مۆدێلانە سەربەخۆیی نەك وەك مافێك ئاشكرا دەكەن، بەڵكو وەك ئامرازێكی كارگێڕی بۆ كۆنترۆڵكردن،هەڵمەتی ئەنفال لە كۆتایی هەشتاكان وەك یەكێك لە توندڕەوترین نموونەكانی سزای بەكۆمەڵ دژی گەلی كورد – لەسێدارەدانی بەكۆمەڵ، لەناوبردنی گوندەكان، دیپۆرتكردنەوەی زۆرەملێ و چەكی كیمیایی. لە كاتێكدا ئەزموونی تبت شەڕی كیمیایی تێدا نەبووە، بەڵام لۆژیكی سزای بەكۆمەڵ بەراورد دەكرێت،لە تبت، تەواوی كۆمەڵگا تووشی چاودێری، ڕاگرتنی بەكۆمەڵ، دووبارە پەروەردەكردنی ئایدیۆلۆژی و داڕشتنەوەی دیمۆگرافی دەبن. لە هەردوو حاڵەتەكەدا، وەڵامی دەوڵەت كۆمەڵگا بەگشتی دەكاتە ئامانج نەك تاوانبارانی تاكەكەسی، بە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی یەكگرتوویی كۆمەڵایەتی و سەركوتكردنی ناسنامەی بەكۆمەڵ،سەركوتكردنی زمانی كورد لە پەروەردە، كارگێڕی و ژیانی گشتیدا، هاوتەریبێكی ڕوون لە سیاسەتەكانی كاریگەری لەسەر فێركاری زمانی تبتییەكان دەبینێتەوە. لە هەردوو حاڵەتەكەدا زمانەكانی دەوڵەتی باڵادەست وەك ئامرازی یەكگرتن و كۆنترۆڵكردن سەپێندرا،ئەم سیاسەتانە وەك ڕێوشوێنی مۆدێرنكردن یان یەكخستنەوە ، بەڵام بۆ كورد و تبتییەكان وەك هەڕەشەی بوونگەرایی ئەزموون كرا- هەوڵدان بۆ بڕینی گواستنەوەی نێوان نەوەكانی كولتوور، مێژوو و ناسنامە،هەردوو تبت و كوردستان شوێنی پڕۆژەكانی گەشەپێدانی وەك بەڵگەیەك بۆ خێرخوازی دەوڵەت پێشكەش كراون. ژێرخانی و پڕۆژەكانی وزە و فراوانكردنی شارەكان بۆ پڕۆژەكردنی دەسەڵات و دووبارە داڕشتنەوەی دیمۆگرافیای شارەكان بەكارهێنران
بۆ كورد، گەشەپێدانی نەوت زۆرجار سوود بە حكومەتە ناوەندییەكان دەگەیەنێت لە هەمان كاتدا كۆمەڵگا ناوخۆییەكانیان بۆ ئاوارە دەكرد. بۆ تبتییەكان، گەشەپێدان زۆرجار لایەنگری كۆچی “هان” و بەرژەوەندییەكانی دەوڵەت بووە. لە هەردوو حاڵەتەكەدا پێشكەوتنی ئابووری نەیتوانی قەرەبووی دەركردنێكی سیاسی و پەراوێزخستنی كولتووری بكاتەوە،مێژووە بەراوردكارییەكانی تبت و كوردستان نیشان دەدەن كە سەركوتكردن و دەربەدەری و ئۆتۆنۆمی بەڕێوەبەردراو ناڕەزایەتییە سیاسییەكان چارەسەر ناكەن- ئەزموونی كوردی نیشان دەدات كە سەقامگیرییەكی بەردەوام تەنیا كاتێك سەرهەڵدەدات كە دانپێدانانی سیاسی، مافە كولتوورییەكان و خۆبەڕێوەبەریی مانادار جێبەجێ بكرێت،بۆ تبت، دۆسیەی كوردی وانەیەكە: پەرەپێدان بەبێ كەرامەت، و سەربەخۆیی بەبێ دەسەڵات، ناتوانێت جێگەی گفتوگۆ و ڕەزامەندی ڕاستەقینە بگرێتەوە،تبت و كوردستان بە ئایدۆلۆژیا و جوگرافیا بەیەكەوە نین، بەڵكو بە ئەزموونی مێژوویی بەیەكەوە گرێدراون. هەردوو گەل بەرگەی یەكگرتنی زۆرەملێیان گرتووە، دەربەدەری سەركردایەتی، و سزای بەكۆمەڵ. بۆ كوردەكان، تبت بیرهێنانەوەی ڕابردووی خۆیانە؛ بۆ تبتییەكان، كوردستان وەك بەڵگەیەك وەستاوە كە بەرخۆدان و یادەوەری و ناسنامە دەتوانێت تەنانەت توندترین هەڵمەتەكانی سڕینەوەش بژین.

  • خوێندكاری دكتۆرا لە یاسای ژینگەیی نێودەوڵەتی،زانكۆی نیشتمانی تایوان



حیکمەتی ڕەگ.. شیعر\ وریا مەعروف

پایز…
تەنیا وەرزێک نییە،
ئاوێنەیەکە بۆ بینینی جەوهەری بوون.
پەنجەرەیەکە بەرەو “ڕوتبوونەوە”،
وانەیەکە کە دەڵێت:
شکۆ، تەنها لە سەوزبوونی هەمیشەییدا نییە.
سەیرکە…
دارەکان چەند بە یەقینەوە،
بەرگی جەنجاڵی لەبەر خۆیان دادەکەنن.
بێ ترس، بێ دڵەخورپێ…
دەزانن مانای ڕاستەقینە لە گەشانەوەی دەرەوەدا نییە؛
ژیان خەونێکی قووڵە لە ژێر خاکدا،
بە دەستی “ڕەگ”ەکان دەنووسرێتەوە و
نەخشەی بەهارێکی چڕتر، لە بێدەنگیدا دەڕوێ.
وەرینی هەر گەڵایەک،
کڕنۆشێکە بۆ دەستبەرداربوون؛
ئازایەتییەکە بۆ سپاردنی ئەو ڕابردووە زەردبووەی
کە بووەتە باری گران بەسەر شانمانەوە.
لەم کەناری کڕنۆشەدا،
دارەکان لە هەرا و زەنای “بوون” دێنە دەرێ،
تا گوێ لە دەنگی ڕەگەکانیان بگرن؛
بەرەو تەنهاییەکی پیرۆز،
بۆ ئەوەی لە پەنا کڕێوەی زستاندا،
بەهێزتر، باڵا بکەنەوە.
ئێمەش وەک پایز…
ئەگەر ئەمڕۆ ڕووت و تەنیاین،
ئەگەر خەونەکانمان وەک گەڵا هەڵوەریون،
ئەمە مەرگ نییە؛
گەڕانەوەیەکی ئەفسوناوییە بۆ ناو “ڕەگ”.
ئێمە لێرەین…
نەک بۆ تێپەڕینی کات،
بۆ ئەوەی لە ناو وەرینەکاندا،
مانایەک لە خۆمان بخوڵقێنین.
پایز کۆتایی نییە…
وەستانێکی پیرۆزە،
بۆ ئەوەی بە هەناسەیەکی قووڵتر
بەرەو ئاسۆیەکی نوێ هەنگاو بنێین.




کۆتایی ساڵ.. شیعر\ خولیا حسێن

بمهەژێنە ئەی کۆتا ساتەکانی ساڵ
بمهەژێنە
وەک ڕەشەبای دواین ساتەکانی پایز
کە درەختان دەهەژێنی
بمهەژێنە
دام تەکێنە
لە هەموو
ئومێدە وشکەوەبووەکانی
زەمەنێکە بوونەتە چەپەری چڵکنی بەردەم ڕووبارەکانی شادمانیم
بمهەژێنە و
دامتەکێنە لەگشت خەونە هەڵبزڕکاوە کابووسیەکانی
مانگە شەوەکانیان
لێ کردمە شەوی تار

ئەی دەمە کورتەکانی کۆتایی ساڵ
شەنەبامکە
شەنە بامکە
شەنا با
جیامکەرەوە
لە پووش و
پەڵاش و
زیوان و زەردەواڵە زیان بەخشەکان
شەنە بامکە
شەنەبا
بە شەنە پەنجە زیوینیەکانی سەر جۆخینی منداڵیم
تا وەکوو قوبەی
یاقووتی
گەنمە ئەسمەریەکانی
بەرهەتاوی تەمووزی تەمەن
دەبریسکێمەوە
هەر شەنەبامکە و
مەوەستە
تاوەکوو هەموو
ئومێدە وشکەوەبووکان و
خەونە کا بووسیەکان و
پووش و پەڵاش و
زیوانە زیان بەخشەکانم لێ جیا دەکەیتەوە
هەر شەنە بامکە و
مەوەستە
منیش
ڕووناکی هەموو گلۆپە داگیرساوەکانی سەری ساڵ
لەسەر شەقام و
لە ماڵەکان و
لە نێو کلێساکان و
بازاڕەکان هەیە
دەیانگوازمەوە نێو شادەمارەکانی بوونم و
دابەشیان دەکەم بەسەر
ناخ و دڵ و
دەروونی هەر هەمووتان
تا سبەینێ و
ساڵی تازە و
هەموو سات و
کات و ڕۆژ و مانگ و ساڵەکانی داهاتوومان
بکەینە چراخانی هەمیشەیی و
ئاوازی پێکەنینمان بگاتە ئەستێرەکان و
خەندەی خۆری بەیانیانیش بگوازینەوە سەر لێوە خەندە لێ دزراوەکانمان




مەهدی زریان لەسەفەری فەنابووندا.. ستار ئەحمەد

خەونی سیمورغ..

لە تۆدا چێژی ئەو بنێشتە وەردەگرم
کە تاکو شرینییەکەی زیاتربێت
شەوێلگەم ماندووتر دەکات،
تۆلەسەرمای زستان دەچیت
بەهاتنت مووی خەیاڵەکانم گرژ دەبن
لە سێبەری کاتێکی نادیاردادەمکوژیت
دەشێ بوونم پرسیارێکبێت
جگە لەمردن هیچ وەڵامێکی تری
لە خۆیدا هەڵنەگرتبێت.
تاکو ئێستاش لەو پەیوەندیە ئاڵۆزەی
نێوانی مانگ و شەو تێناگەم
بۆچی هەمیشە بەیەکەوە نابیندرێن؟!
هەر چۆن فۆرمە دژ بەیەکەکان
دەڕژێنەوە نێو پێناسەیەکی ڕامنەکراو
ناسینی زیاتری منیش بۆ تۆ
خاڵیمدەکاتەوە لە ڕەنگ و بێدەنگی!
گەشتەکانی من هەمیشە لەکۆتایی پایزدا
دەستپێدەکەن،
لەسەفەرەکانم بۆلای تۆ
بەردەوام ئاشنای ئەو ڕێگایانە دەبم کە ناگەن بە ئاوەدانی!،
ئاو بەردەوام لەگەڕاندایە
بۆ ئەوەی مانایەکی جوانتر بدۆزێتەوە بۆ ژیان
کە دەتبینم دڵم وەکو ئەو مناڵەی لێدێت
کە تازە کەوتۆتە سەرپێ لێدانی ناجێگردەبێت!
ئەگەر ڕۆژێک بەلاتدا تێپەڕیم و هیچم نەوت.
نیگەران مەبە
دەشێ لە و ڕۆژەدا
خۆشەویستیت گەیشتبێت بەڕادەیەک
وشە نەتوانێت دەریببڕێت!،
من ئەو باڵندەیە نەبووم
کە لەنێۆچیرۆکەکانداگەیشتن بەلوتکە!،
من لەناخی خۆمدا هەڵفڕیوم تاکو ئەوپەڕی بوون
من لە پولوی ئاگردەچم
بە هەناسەکانی تۆ دەگەشێمەوە
لەبێدەنگیشتدا دەبم بەخۆڵەمێش،
لەکاتی بوونی تۆدا
ئاسمان پڕدەبێت لە هەور و باڵندە
زەوی پڕدەبێت لەڕووبار و دارستان
سەرنجی هەنگاوەکانم دەدەم
ئاراستەی ڕێگاکەم لێ وندەبێت
لەوەتێدەگەم گەیشتن و نەگەیشتن
هەمان ئاراستەیان هەیە،
تۆنەبیت کات دەوەستێت
ڕەنگەکان هەناسەنادەن و
دەنگێک نامێنێت بۆ بیستن!
خەونێک نابێت تاکو بەدوای لێکدانەوەدا بگەڕێت
خەیاڵێک نامینێت تاکو بەسەرباڵای ئومێدێکدا هەڵبفڕێت!

ئەم قەسیدەیە یەکێکە لەو دەقە مۆدێرنانەی کە بە پردی خوازە، جیهانی مادی و جیهانی سۆفیگەرانە بەیەکەوە گرێ دەدات

  • شاعیر لێرەدا تەنها گوزارشت لە عەشقێک ناکات، بەڵکو باس لە دۆخی مرۆڤ دەکات لەبەردەم گەورەیی مەعشووق و گەڕان بەدوای مانادا.

شاعیر بە وێنەیەکی زۆر بوێرانە و مۆدێرن دەست پێدەکات (بنێشت). بنێشت لێرەدا تەنها وێنەیەکی سادە نییە، بەڵکو مێتافۆری چێژی ئازاربەخشە. تا شیرینییەکە (عەشقەکە) پتر بێت، ماندووبوونی شەوێلگە بەرگەی عاشق زیاتر دەبێت. ئەمە ئەوەمان پێ دەڵێت کە عیشق لای زریان حەسانەوە نییە، بەڵکو جۆرێکە لە ماندووبوونێکی پیرۆز.
دواتر بەراوردکردنی مەعشووق بە سەرمای زستان و سێبەری کاتێکی نادیار، مەعشووق لە مرۆڤێکی ئاساییەوە دەگۆڕێت بۆ هێزێکی گەردوونی. عاشق لێرەدا لەبەردەم ئەم هێزەدا گرژ دەبێت و دەکوژرێت، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ فەنابوونی خودی عاشق لەبەردەم ڕەهاییدا.

شاعیر دەڵێت:
دەشێ بوونم پرسیارێک بێت،
جگە لە مردن هیچ وەڵامێکی تری لەخۆیدا هەڵنەگرتبێت.
ئەمە لوتکەی گوزارشتی بوونگەراییە . لێرەدا مردن بە مانای فەوتان نایەت، بەڵکو مردن وەک وەڵام و دەرئەنجام دەبینرێت. لە فەلسەفەی عیشقدا، عاشق تا نەمرێت لە خودی خۆیدا، ناتوانێت بگات بەو مانا باڵایەی کە بەدوایدا دەگەڕێت.

سیمورغ ناونیشانی شیعرەکە خەونی سیمورغە، کە ئاماژەیە بۆ گەشتی سی باڵندەکەی فەرەیدەدین عەتاری نەیشابووری بۆ لوتکەی کێوی قاف. بەڵام مەهدی زریان یاخیبوونێکی گەورە دەکات و دەڵێت:
من ئەو باڵندەیە نەبووم کە لە نێو چیرۆکەکاندا گەیشتن بە لوتکە! من لە ناخی خۆمدا هەڵفڕیوم.
لێرەدا شاعیر جوگرافیای گەشتەکە دەگۆڕێت. لای عەتار گەشتەکە بەرەو دەرەوە و بەرەو لوتکەیە، بەڵام لای زریان گەشتەکە بەرەو ناوەوەیە. ئەمە گەورەترین پەیامی شیعرەکەیە. سیمورغی ڕاستەقینە لە ناوەوەی مرۆڤ خۆیدایە، نەک لە لوتکەی کێوێکی دوورەدەست.

شاعیر باس لە گەشتێک دەکات لە کۆتایی پایزدا کە وەرزی وەرین و ڕاماڵینە و بەرەو ڕێگایەک دەڕوات کە ناگات بە ئاوەدانی. ئاوەدانی لێرەدا سیمبولی:
ژاوەژاوی خەڵک.
پێناسە باوەکان.
ژیانی ڕۆتینی.
شاعیر بە ئەنقەست ڕێگایەکی هەڵبژاردووە کە ناگاتە ئەو شوێنانە، چونکە گەیشتن بە ڕاستی پێویستی بە تەنهایی و دابڕانە لە هەموو ئەو شتانەی کە مرۆڤ بە زەوییەوە دەبەستنەوە.

یەکێک لە جوانترین بەشەکانی ئەم قەسیدەیە، پاساودانەوەیە بۆ بێدەنگی. شاعیر دەڵێت ئەگەر ڕۆژێک بێدەنگ بووم، مانای ئەوەیە خۆشەویستیت لە وشە گەورەتر بووە. لێرەدا زمان دەستەوەستانە. کاتێک مانا دەڕژێتە نێو ڕۆحەوە،
وشە دەخنکێت. ئەمە گوزارشتە لەو حاڵەتە سۆفیگەرانەیەی کە پێی دەڵێن حاڵ، تێیدا تەنها بێدەنگی دەتوانێت گوزارشت لە قووڵایی بکات.

لە کۆتایی شیعرەکەدا، شاعیر جیهان بەبێ مەعشووق وەک جیهانێکی مردوو وێنە دەکات.
کات دەوەستێت.
ڕەنگەکان هەناسە نادەن.
ئومێد باڵی نامێنێت.
ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت کە لای شاعیر، مەعشووق تەنها کەسێک نییە بۆ خۆشویستن، بەڵکو هۆکاری بوون و جووڵەی گەردوونە. بەبێ ئەو، فیزیا و سروشت و کات هەموو مانی خۆیان لەدەست دەدەن.
بەکورتی —
قەسیدەی خەونی سیمورغ دەقێکی تەمومژاوی و قووڵە. سەرکەوتنی مەهدی زریان لەوەدایە کە توانیویەتی چەمکە کۆنەکانی عیرفان (فەنا، بێدەنگی، سیمۆرگ) بێنێتە ناو فەزایەکی نوێوە.
زمانەکەی ئارام و پڕ لە ڕیتمی ناوەکییە.
بۆ وێنەسازیش: لە چەمکی سادەوە دەست پێ دەکات و دەگاتە ئەوپەڕی ئاڵۆزی.
پەیامی شاعیر، گەڕانەوەیە بۆ ناوەوەی مرۆڤ؛ مرۆڤێک کە لە عەشقدا دەبێت بە پریشکی ئاگر و ئامادەیە ببێت بە خۆڵەمێش تاوەکو مانا بە ژیان ببەخشێت.

ستار ئەحمەد




چەپی عێراقی و كوردستانی لە چوار ڕیانێکدایە: نوێبوونەوە و یەکڕیزی و چاکبوونەوەی چالاکی جەماوەری.. ڕزگار ئاکرێی

  1. چەپی عێراقی لە نێوان بەشداریکردن و بایکۆتکردن لە هەڵبژاردنەکانی 2025
    ئەم وتارە لە ساتەوەختێکی سیاسی و ڕێکخراوەیی هەستیاردا دێت بۆ چەپی عێراقی. شکستەکانی ئەم دواییە چیتر ناتوانن تەنیا بە هۆکاری دەرەکی ڕوون بکرێنەوە. ئەوەی ئێمە ئەزموونی دەکەین تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ ویستمان و توانامان بۆ داهێنانی ئامرازی نوێی کردار و میتۆدی نوێ. ئەو ئەنجامانەی زۆرینەی هێزەکانی چەپی عێراق لە هەڵبژاردنەکانی 2025 بەدەستیان هێنا ناتوانرێت وەک دۆڕاندنێکی تێپەڕێندراوی هەڵبژاردن بخوێنرێتەوە و نە تەنها وەک دەرئەنجامێکی ڕاستەوخۆی یاسای هەڵبژاردنی نادادپەروەرانە و هەژموونی پارەی سیاسی بخوێنرێتەوە. ئەم فاکتەرە دەرەکیانە ڕاستەقینە و کاریگەرن، بێ گومان، ئاڵۆزتر دەبن بەهۆی تەحەدایەکی توندتر کە لەلایەن هێزە هەژموونەکانەوە و کاریگەری گەندەڵی پێکهاتەیی کە تەواوی گۆڕەپانی خەبات دەشێوێنێت و کێبڕکێیەکان تا ڕادەیەکی زۆر نایەکسان دەکات.
    لەگەڵ ئەوەشدا، تەرکیز کردن لەسەر کاریگەرییە دەرەکییەکان بەتەنها، سەرەڕای گرنگییان، بەس نییە بۆ تێگەیشتن لە تەواوی وێنەکە. ئەوەی لە واقیعدا ڕوویدا دەربڕینێکی چڕتر بوو لە قەیرانێکی قووڵتر کە کاریگەری لەسەر شێوەکانی ڕێکخستن و شێوازی کارکردن و شێوازی گفتوگۆ و بیرکردنەوەی زاڵ لەناو چەپی عێراقدا بە گشتی و لە هەموو فراکسیۆنەکانیدا هەبوو. قەیرانێکە پەیوەندی بە پارت یان سەرکردەی دیاریکراوەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی شێواوی نێوان بیرۆکەی ڕاست و ئامرازی نادروست هەیە. پەیوەندی نێوان گوتاری گۆڕانخوازی ڕادیکاڵ و شێوازی پێشکەشکردن و بەبازاڕکردنی لە نێو “بازاڕی سیاسی” زۆر ئاڵۆز و دڕندانە، کە ئاسایش و زاڵبوونی دارایی بەڕێوە دەبات نەک کێبڕکێی دیموکراتی ئازاد.
    سەرەڕای ئەم دابەزینە ئاشکرایە، چەپی عێراق بە هەموو فراکسیۆنەکانیەوە هیوای ڕاستەقینە و جدیترین بەدیل بۆ گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی دەمێنێتەوە دادپەروەری پڕۆژەکەی و توانای شاراوەی بۆ ڕێکخستن و کاری بەکۆمەڵ هێشتا ماوە بەڵام چاوەڕێی شێوازی نوێی کردارن کە لەگەڵ گۆڕانی کۆمەڵایەتیدا بگونجێت و نەک هەر توانای پەرەپێدانی ئامادەبوونی جەماوەری هەبێت بەڵکو ئامرازی میتۆدی و زانستیشی هەبێت بۆ کارکردن لە هەلومەرجی ئێستای خەباتی سیاسی و کۆمەلایەتی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا
    لەسەر بنەمای ئەم دەستنیشانکردنە دووانە، لاوازی ناوخۆیی و بەرەنگاری دەرەکی، پرسیاری ڕاستەقینە تەنها ئەوە نییە کە بۆچی زۆربەی هێزە چەپەکان نەیانتوانی لە هەڵبژاردنەکاندا ئەنجامی خوازراو بەدەست بهێنن، یان تەنانەت لە بایکۆتکردندا، هەروەها بۆچی نەیانتوانی ئامادەیی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیان بە گشتی بەهێز بکەن. بەڵکو بۆچی سەرەڕای بارودۆخی خراپی جەماوەر و حوکمی دەستە دیکتاتۆر و گەندەڵەکان لە بەغدا و هەولێر، گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی سەرەڕای دادپەروەری و پێویستی، نەیتوانی ببێتە بژاردەیەکی جەماوەری ڕوون و قەناعەتکەر؟ بۆچی پڕۆژەی چەپ بە هەموو هەمەجۆرییەوە پەرتەوازە و دژ بە یەک مایەوە؟ و بۆچی، سەرەڕای زۆر خاڵی لێکنزیکبوونەوە، هێشتا نەمانتوانیوە چوارچێوەیەکی یەکگرتوو لە دەوری ئەوان دروست بکەین کە وزە هەمەجۆرەکانمان ڕێک بخات و ئاراستەی یەک ئاراستە بکات؟
    لەم دۆخەدا جەماوەر یەک ئەڵتەرناتیڤی پتەو نەبینی، بەڵکو زنجیرەیەک پێشنیاری ڕکابەریان لە دەوری هەمان بیرۆکە دەبینی، زۆربەیان هەمان گوتاری گرتۆتەبەر، تا ئەو ڕادەیەی کە کەسێک بە ئاسانی ناوی ڕۆژنامە یان حیزب لە میدیاکانیدا دەگۆڕێت و خوێنەر هەست دەکات تاکە پارتێک دووبارە دەبێتەوە. بەتایبەتی لەسەر بابەتە ڕاستەوخۆکان.
  2. ئایا دەتوانین سوود لە میتۆدی سەرمایەداری وەربگرین و شەڕ لەگەڵ دوژمن بە ئامرازە پێشکەوتووەکانی بکەین
    بۆ تێگەیشتن لەم ناتەواوییە، بەسوود دەبێت و لەوانەیە پێویست بێت، کە لە گۆشەیەکی نانەریتی سەیری بابەتەکە بکەین. ئەمە پێویستی بە جۆرێک لە “پراگماتیزمی چەکداری” هەیە کە لە ڕەقی ڕۆشنبیری تێدەپەڕێت و بە هۆشیارییەکی ڕەخنەگرانە لە لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کاریگەری و دابەزین و هەڵسەنگاندن و چۆنیەتی سوود وەرگرتن لە ئامرازە تەکنیکی و میتۆدۆلۆژیەکانی بەبێ وەرگرتنی بەها و لۆژیکەکەی بەڕێوە دەچێت.
    لە هەڵوێستێکی چەپەوە دەتوانین هەندێک میکانیزمی پێوانەی زانستی و هەڵسەنگاندنی بابەتی بەکار بهێنین کە لە بنەڕەتدا بەشێکن لە میراتی مارکسیستی کە زانستی لە کرۆکی خۆیدا داناوە، وەک مۆدێلێکی پراکتیکی توند بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ لاوازی و گۆڕینی شکست بۆ ئامرازێک بۆ فێربوون و بنیاتنانەوە.
    لەم ڕوانگەیەوە، قەیرانی چەپی عێراق دەتوانرێت وەک قەیرانی “پڕۆژەی گواستنەوە” دادپەروەرانە و باش بخوێنرێتەوە، لەگەڵ سیاسەتێک کە لە ڕووی تیۆرییەوە ڕاست دەردەکەون، بەڵام هێشتا باشترین شێوەیان بۆ وەرگێڕانی پراکتیکی نەدۆزیوەتەوە کە لەگەڵ ئاستی پێشکەوتنی کۆمەڵگای عێراقدا بگونجێت. بزووتنەوەکە دەبێت لە واقیعەوە بەرەو تیۆری بڕوات، نەک به پێچەوانەوە، لەگەڵ بەڕێوەبردن و بازاڕکردن کە پێویستی بە گەشەپێدان هەیە، و میکانیزمەکانی پێویستیان بە نوێکردنەوەیە، لە نێو بازاڕێکی سیاسی کە بە کێبڕکێی بێ بەزەییانە دەناسرێتەوە، کە پارتە ناسیونالیستە ئایینی و بۆرژوازییەکان خاوەن سەرچاوەی زۆریان بەسەردا زاڵ بێت.
    بە پێی لۆژیکی سەرمایەداری، بەس نییە بەرهەمێک باش بێت یان لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە پێویست بێت بۆ ئەوەی لە بازاڕدا سەرکەوتوو بێت. سەرمایەداری مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵگا وەک بازاڕ دەکات، بیرۆکەکان وەک کاڵا، و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی وەک بەرهەمێک کە دەتوانرێت بەرز بکرێتەوە یان پەراوێز بخرێت. کاتێک چەند کۆمپانیایەک دەچنە بازاڕەوە و ناوی هاوشێوەیان هەڵگرتووە و یەک بەرهەم دەفرۆشن کە پێی دەوترێت “گۆڕانی کۆمەڵایەتی”، بەڵام بەبێ هاوئاهەنگی، هەماهەنگی یان ناسنامەیەکی ڕوون، کوالێتی خۆی دەبێتە کێشە.
    ئەمە ڕێک ئەو شتەیە کە لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا بەسەر چەپەکانی عێراقدا هاتووە. نەک تەنها لە ڕووی ڕێکخراوەییەوە دابەش بوو، بەڵکو لە ڕووی سیاسییەوە دابەش بوو لە نێوان بەشداریکردن و بایکۆتکردن، و ناکۆکی لەسەر هەردووکیان هەبوو. وزەیەکی زۆر لە ململانێی ناوخۆیی و دەرەکیدا لەسەر هەردوو بژاردەی ناوخۆ و دەرەوەی ڕێکخراوەکان بەکار هێنرا، کە بە ئەنجامێکی لاواز لە هەردووکیاندا کۆتاییهات. هیچ هەڵوێستێکی یەکگرتوو، هیچ وتارێکی ڕوون و هیچ تاکتیکێکی کۆمەلایەتی بۆ جەماوەر دەرنەکەوت. بەشداریکردن لە ڕێگەی لیستی جیاوازەوە ڕوویدا نەک تاکە لیستێکی چەپ لە سەرانسەری عێراقدا بەگشتی و وادەکات دیمەنەکە وەک ململانێیەک دەربکەوێت لە نێوان چەند جۆرە پەرشوبڵاو و سەرلێشێواوێکدا.
    لەم حاڵەتەدا جەماوەر “یەک بەرهەم” بە تایبەتمەندی ڕوون نەبینی، بەڵکو زنجیرەیەک بەرهەمی هاوشێوە دەبینێت کە لە جیاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕکابەرە ڕاستەقینەکان کێبڕکێ لەگەڵ یەکتر دەکەن. ئەوەی بۆ ژنانی کرێکار و پیاوانی کرێکار گرنگە ناوی ڕێکخراوە چەپەکان یان سەرچاوە تیۆرییەکانیان نییە، بەڵکو ئەو کەسانەیە کە دەتوانن ژیانیان هەنگاوێک بەرەو پێشەوە ببەن، تەنانەت وردە وردە، لە بواری خزمەتگوزاری، یەکسانی، دادپەروەری، کار و مافەکانی تری مرۆڤدا.
    لێرەدا، ئاژاوە و لاوازی سیاسی ئەرکەکە جێبەجێ دەکەن. بازاڕ خۆی سزای “پڕۆژەی گۆڕان” ناڕێک دەدات، بەتایبەتی لە گۆڕەپانێکدا کە هێزە ڕکابەرەکانی ڕێکخراو کە پارە، میدیا، دەسەڵات و توانای بەرزی جوڵانەوەیان هەیە، بەسەریدا زاڵ دەبێت. فرەچەشنی بێسەروبەر، گوتاری دژ بەیەک، جیاوازی نرخی سیاسی، شێوازی بازاڕی پێشنەکەوتوو، سەرلێشێواوی و ململانێی ناوخۆیی هەمووی متمانە لاواز دەکات. “کڕیار”، لێرەدا مەبەستی ژنانی کارکەر و پیاوە کرێکارەکانی دەست و مێشکیە، متمانە بەخۆبوون لەدەست دەدەن نەک لەبەر ئەوەی بیرۆکەی گۆڕان ڕەتدەکرێتەوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی بە شێوەیەکی پەرتەوازە و نوخبەیی و تیۆری دەگاتە ئەوان کە لەگەڵ گەشەی کۆمەڵایەتی و پێداویستییەکانی ڕۆژانەدا ناگونجێت.
    بە تێپەڕبوونی کات، بیرۆکەی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی لە بەدیلێکی سەرنجڕاکێشەوە دەگۆڕێت بۆ کاڵایەکی گومانلێکراو، پاشان بۆ بەرهەمێکی نەخوازراو، نەک لەبەر لاوازی خۆی، بەڵکو بەهۆی چۆنیەتی گەیاندن و پێشکەشکردنی لە بازاڕێکی سیاسی شێواودا کە بەرژەوەندی ڕکابەرەکانی خاوەن ئامرازی بەهێزتر و پتەوتر هەیە. بەکارهێنانی چەمکی بازاڕ و بەرهەم لێرەدا وەرگرتنی لۆژیکی سەرمایەداری یان بەرزکردنەوەی بەها چەوسێنەرەکانی نییە، بەڵکو وەسفێکی شیکارییە ڕەخنەگرانەیە بۆ میکانیزمەکانی دوژمنی چینایەتی، بە ئامانجی هەڵوەشاندنەوە و تێگەیشتنیان بۆ زاڵبوون بەسەریاندا، نەک بەرهەمهێنانەوەیان.
  3. چەپ و چارەسەرکردنی دابەزین و لاوازی
    کاتێک دابەزین و لاوازی دەردەکەوێت، جیاوازی بنەڕەتی نێوان لۆژیکی سەرمایەداری و لۆژیکی زۆرێک لە هێزە چەپەکان ڕوون دەبێتەوە. سەرمایەداری لە هەموو قەیرانێکدا ناگەڕێتەوە بۆ تیۆریزە کلاسیکییەکانی بۆ ئەوەی بپرسێت ئایا تێکستەکانیان بە تەواوی جێبەجێ کراون، هەروەها تاقیکردنەوەی ناوخۆیی ئەنجام نادات کە بپرسێت ئادەم سمیس، ڕیکاردۆ، هاایک یان فریدمان لە کوێ بە هەڵە تێگەیشتوون. ناڵێت بازاڕ شکستی هێناوە چونکە کتێبەکان باش نەخوێنراون، هەروەها پەنا دەباتە بەر پاساوی ئایدۆلۆژی یان لۆمەی “کڕیارەکان”.
    وەک سیستەمێکی پراکتیک، سەرمایەداری وەک ئاماژەیەکی تەکنیکی مامەڵە لەگەڵ دابەزین دەکات کە دەتوانرێت پێوانە بکرێت و چارەسەر بکرێت. بە خێرایی ئامرازەکان، گفتوگۆکان، ڕووکارەکان و میکانیزمەکانی کار و رێکخستن دەگۆڕێت، بەبێ تاوان، بەبێ پیرۆزکردنی ناو، رێکخراو، یان مێژوو، و بەبێ ترس لە ڕاستکردنەوەی ڕێڕەو. توێژینەوەی زانستی و میتۆدی پراکتیکی بەکاردەهێنێت، داتا کۆدەکاتەوە، ژمارەکان شیدەکاتەوە، هەڵسوکەوتی بەکاربەر دەکۆڵێتەوە، پرسیار دابەش دەکات، چاوپێکەوتن دەکات، مۆدێل دروست دەکات، تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو، دیجیتاڵیزەکردن و زیرەکی دەستکرد بەکاردەهێنێت، گریمانەکان تاقی دەکاتەوە و هەڵەکان بە سیستماتیک هەڵدەسەنگێنێت.
    بە سادەیی و بە وردی دەپرسێت: بۆچی بەرهەمەکە شکستی هێنا؟ متمانە لە کوێ لەدەست چوو؟ چی کڕیارەکانی سەرلێشێواند؟ کەموکوڕی بەڕێوەبردن، ناو، فۆرم، پەیام، کات، یان کەناڵەکانی دەستگەیشتن لە کوێیە؟ لەسەر بنەمای ئەم وەڵامانە، سیاسەت و بەڕێوەبردن و رێکخراوەکانی لە هەموو ئاستەکاندا بنیات دەنێتەوە، قەبارە بچووک دەکاتەوە، میکانیزم و سیاسەتەکان دەگۆڕێت، تێکەڵ دەبێت بۆ قەوارەی گەورەتر، جێگەی سەرکردایەتی دەگرێتەوە و ڕۆڵەکان دابەش دەکات، هەمووی بە یەک ئامانج ڕوون دەکات: گەڕاندنەوەی کاریگەری و فراوانکردن لە بازاڕدا.
    بە پێچەوانەوە، هەندێک لە هێزە چەپەکان کاتێک ڕووبەڕووی دابەزین دەبنەوە، دەگەڕێنەوە بۆ تیۆریزە کلاسیکییەکان بۆ گەڕان بەدوای وەڵامدانەوە، یان بۆ مێژووی شکۆداری حزبەکانیان دەیان ساڵ لەمەوبەر. لەگەڵ ئەوەشدا تەحەدای ڕاستەقینە لە گێڕانەوەی تێکستەکان نییە، بەڵکو لە جێبەجێکردنی خودی میتۆدی مارکسیستدایە، کە داوای شیکردنەوەی بەرجەستەی واقیعی کۆنکریت دەکات. پرسیاری سەرەکی دەبێت ئەوەبێت: بۆچی پەیامەکەمان ئەمڕۆ ناگات، هەرچەندە پەیوەندی بە باشترکردنی ژیانی خەڵکەوە هەیە؟ وە بۆچی ئێمە واقیعی هاوچەرخ بە پێوەری سەدەی ڕابردوو دەپێوین، لەجیاتی ئەوەی ئەدای ئێستامان بە پێوەری زانست و ئەزموون و ئەنجامەکان بە پێی واقیعی ئێستا بپێوین؟
    کێشەکە گەڕانەوە بۆ کەلەپووری چەپ وەک میتۆدێکی ڕەخنەیی زیندوو نییە، بەڵکو کاتێک ئەو کەلەپوور و میکانیزمە ڕێکخراوەییە کۆنانە دەگۆڕێت بۆ ستانداردی ڕەق، دەق لەسەرووی واقیعەوە، یان جێگرەوەی هەڵسەنگاندنی مەیدانی، توێژینەوە، رێکخستن و گەشەپێدان. لەو کاتەدا، ئێمە بەبێ مەبەست وەک دامەزراوەیەک دەبین کە بە میتۆدی بەسەرچوو دەنوسێت چونکە جارێک سەرکەوتوو بووە، لەکاتێکدا مەرجەکانی سەرکەوتن گۆڕاوە پشتگوێ دەخەین، و پاشان دەپرسین بۆچی جەماوەر بەدوای بەدیلی تردا دەگەڕێن، تەنانەت هەژاران.
  4. گێڕانەوەی میتۆدی زانستی وەک کرۆکی بیری چەپ
    دەرسەکە لێرەدا شکۆمەندی سەرمایەداری یان وەرگرتنی بەهاکانی نییە، بەڵکو سوود وەرگرتن لە شێوازی هەڵسەنگاندنی زانستی بۆ دیاریکردنی خاڵە لاوازەکانی خۆمان. تەحەدای سەرەکی ئەوەیە کە چۆن “ئامرازەکە قەرز بکەیت” لە کاتێکدا “ڕۆح” ڕەت بکەیتەوە. ئەم دژایەتییە دەبێت بە هۆشیارییەکی توندەوە بەڕێوە ببرێت.
    چەپی عێراقی ئەمڕۆ پێویستی بەم جۆرە هەڵسەنگاندن و وردی زانستییە هەیە دەبێت ڕاپرسی ڕاستەقینە لە گەڕەکەکانی چینی کرێکار، لە نێوان ژنانی کرێکار و پیاوانی کرێکاری دەست و مێشک، لە زانکۆکان، شوێنی کارەکان، و لە نێو بێکاراندا ئەنجام بدات، نەک بۆ ئەوەی واز لە ئاسۆی چینایەتی یان پڕۆژەی کۆمەڵایەتی خۆی بهێنێت، بەڵکو تێبگات کە پەیامەکەی چۆن دەگات، چۆن تێدەگات، لە کوێ تێکدەشکێت و لە کوێ دەگۆڕێت بۆ گوتارێکی قورس و دابڕاو لە واقیع.
    دەبێت کاریگەری سیاسەت و لێدوان و چالاکیەکانی و بوونی لەسەر زەوی و بۆشایی دیجیتاڵی و زمانی گوتاری و توانای بنیاتنانی متمانەی ڕاستەقینە بخوێنێت و پێوانە بکات. دەبێت پێداچوونەوە بە شێوەی ڕێکخراوەیی و سەرکردایەتیدا بکات و جەماوەری ڕاستەقینەی بخوێنێت. دەبێت بە ڕوونی بپرسین: بۆچی ناگەینە ئەو ئامانجە؟ بۆچی ئێمە کاریگەری ناکەین؟ بۆچی ئێمە نابینە بژاردەیەکی ڕوون؟
    تەنها ئەوکاتە دەتوانرێت بڕیاری سیاسی و ڕێکخراوەیی بوێرانە لەسەر بنەمای ئەنجامەکان وەربگیرێت. گرنگ فراوانبوون، بەدەستهێنانی متمانەی جەماوەر و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتییە. ئەم لۆژیکە هەرچەندە بەشێکە لە میکانیزمی سەرمایەداری، بەڵام وانەیەکی پراکتیکی گرنگی هەڵگرتووە: پشت بە زانست و تاقیکردنەوە و پێداچوونەوە بەردەوامەکان دەبەستێت، نەک لەسەر دروشم و نیازپاکی یان مێژوو.
  5. چەپ لە سەردەمی شۆڕشی دیجیتاڵی
    لە چوارچێوەی شۆڕشی دیجیتاڵیدا، ئەم پێویستییە زۆر بەپەلە دەبێت. ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە بیرۆکەکان بە گەیشتن، کاریگەری، کارلێک و توانای گۆڕین بۆ کرداری بەکۆمەڵ دەپێورێن. ئەمانە پێوەرن کە نەوەی گەنج لێی تێدەگەن و ڕۆژانە لە بۆشایی دیجیتاڵی و لەسەر زەوی پراکتیزە دەکرێن.
    ژنانی گەنجی کرێکار و پیاوانی کرێکار لە ڕێگەی وتاری درێژ یان تێکستی تیۆری قورسەوە سیاسەت وەرناگرن، بەڵکو لە ڕێگەی پلاتفۆرم، ڤیدیۆی کورت، گفتوگۆی کراوە، رێکخراوی ئاسۆیی نەرم و سەرکردایەتی بەکۆمەڵ وەردەگرن. زانستە سیاسی، کارگێڕی و ڕێکخراوەییەکان، گەشەسەندن و بۆشایی دیجیتاڵی دەبێت وەک گۆڕەپانێکی ڕاستەقینەی خەباتی چینایەتی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و بە شێوەیەکی کاریگەر بەکار بهێنرێن، چونکە ئەمە مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ بنیاتنانی چەپێکی هاوچەرخ کە توانای گۆڕینی توڕەیی کۆمەڵایەتی بۆ هێزێکی ڕێکخراو هەیە.
    لەم ڕوانگەیەوە، بیرۆکەی چەپ دەبنە ئامرازێکی زیندووی شیکاری لە دڵی شۆڕشی دیجیتاڵدا، بەردەوام لە پەرەسەندندایە نەک لە تێکستە نەمرەکاندا ببەستێت. ژنان و پیاوانی گەنج لە بینەری ئامانجەوە دەگۆڕن بۆ ئەوەی ببنە ئەکتەری سەرەکی لە بەرهەمهێنانی سیاسی، ڕۆشنبیری و ڕێکخراوەیی. کاتێک چەپ سەرکەوتوو دەبێت لە بەستنەوەی دادپەروەری پڕۆژەی کۆمەڵایەتی خۆی بە پەرەسەندنی زانستی، وەک مارکس و ئەنگلس، بەڵام ئەمڕۆ بە ئامرازی دیجیتاڵی دەتوانێت گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی وەک بەدیلێکی ڕوون و قەناعەت پێکراو پیشان بدات، لە پەرتەوازەیی بجوڵێت بۆ کاری کۆمەڵی ڕێکخراو و هەژموونی سەرمایەداری سیاسی بشکێنێت.

6 . بۆچی پێویستمان بە چوارچێوەیەکی چەپی فراوان و یەکگرتوو لەعیراقدا هەیە
چەپی عێراقی تەنیا تاکە پارتێک یان کۆمەڵێک ڕێکخراو نییە، بەڵکو تەوژمێکی فراوانی سۆزداری و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتییە کە بە قووڵی لە کۆمەڵگای عێراقدا ڕەگی داکوتاوە. ئەم تەوژمە لە هەموو فراکسیۆنەکانیدا ڕۆڵێکی مێژوویی گێڕاوە لە تێکۆشان بۆ مافەکانی ژنانی کرێکار و پیاوانی کرێکار لە برەودان بە بەها چەپ و مەدەنییەکان و یەکسانی و مافەکانی ژنان و مافی کەمینەکان.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەم مێژووە شەرەفمەندانە ئەمڕۆ بەرپرسیارێتییەکی گەورەتر دەخاتە ئەستۆی ئێمە. چەپی عێراق ڕووبەڕووی دابەزینی بەردەوام، زیادبوونی گۆشەگیریی جەماوەری، و دوورکەوتنەوەیەکی ئاشکرا لە نەوەی گەنج دەبێت. تەمەنی سەرکردایەتی زۆرجار لە نێوان شەست بۆ حەفتا ساڵیدا دەبێت، کە پێویستی بە کردنەوەی بۆشایی هەیە بۆ نەوەی گەنج لە چوارچێوەیەکی یەکخراوی ئەزموون و نوێبوونەوەدا.
سەرەڕای هەوڵە ئەرێنییەکان، گەنجان و ژنان هێشتا سنووردارن لە داڕشتنی سیاسەتی گشتی و سەرکردایەتی، بەتایبەتی لە سەردەمی دیجیتاڵدا کە شێوەکانی ڕێکخستن و سەرکردایەتی بەشێوەیەکی بنەڕەتی گۆڕاوە.
لێرەوە بانگەوازی چوارچێوەیەکی چەپی فراوان و یەکگرتوو دەبێتە وەڵامێکی پراکتیکی بۆ قەیران و پێویستییەکی مێژوویی

  1. ئەزموونی جیهانی یەکێتی و کاری هاوبەش لە نێوان هێزە چەپەکاندا
    لێرەدا سوودبەخشە کە لە ئەزموونە جیهانییەکان فێر بین کە لەسەر بیرۆکەی چوارچێوەیەکی چەپی یەکگرتوو کاریان کردووە، نەک وەک ڕەچەتەی ئامادەکراو، بەڵکو وەک وانەی ڕێکخراوەیی و پراکتیکی کراوەیە بۆ بەشداری ڕەخنەگر. ئەم ئەزموونانە نیشانی دەدەن کە چۆن بەڕێوەبردنی جیاوازییەکان و کارکردن لە دەوری خاڵەکانی لێکنزیکبوونەوە دەتوانرێت بگۆڕدرێت بۆ سەرچاوەیەکی سەرەکی و کاریگەری هێز.
    • لە دانیمارک لیستی یەکگرتوو (Enhedslisten – Red Green Alliance) لە ساڵی 1989 دامەزرا وەک پێویستییەک بۆ یەکخستنی چەپ بە تێکەڵکردنی سێ حیزبی مارکسیست لەگەڵ بنکەیەکی فراوانی ژنان و پیاوانی سەربەخۆ. ڕاستییەکی سەرنجڕاکێش و ئیلهام بەخش لێرەدا ئەوەیە کە ئەم سێ پارتە پێش یەکگرتنەوە هیچ نوێنەرایەتییەکی پەرلەمانییان نەبوو و بە تاکەکەسی نەیانتوانی ڕێژەی هەڵبژاردن تێبپەڕێنن. لە ڕێگەی یەکڕیزی و بنیاتنانی رێکخراوێکی نەرم لەسەر بنەمای لق و تۆڕ نەک بیرۆکراسی قورس، ئەم گەمارۆیەیان شکاند. ئەم یەکگرتنەوەیە بووە هۆی ئەوەی کە ئەوان ببنە هێزێکی پەرلەمانی تا ڕادەیەک کاریگەر و چەند جارێک پلەی یەکەمیان لە کۆپنهاگنی پایتەخت بەدەست هێنا. ئەم پێشکەوتنە بەوەوە نەوەستا بەڵکو لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئەم دواییانەدا ڕەنگی دایەوە، کە هاوپەیمانێتییەکە پێگەی خۆی وەک پێنجەم گەورەترین پارت لە وڵاتدا بەهێز کرد و لە سەدا 7.1 ی دەنگەکانی لە سەرتاسەری وڵاتدا بەدەستهێنا. ئەمە ئەوە دووپات دەکاتەوە کە یەکێتی “سفری پەرلەمانی” دەتوانێت هێزێکی یەکلاکەرەوە دروست بکات کاتێک ئیرادە و ئامرازی گونجاوی هەبێت.

• لە ئەڵمانیا، Die Linke لە ساڵی 2007 بە تێکەڵکردنی دوو تەوژمی سەرەکی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا دامەزرا و یەکێتییەکی مێژوویی بەدەست هێنا کە توانی ئەنجامەکانی پەرلەمانی دوو هێندە بکات و بەشێکی گەورەی چەپی هەڵبژاردن و کۆمەڵایەتی لە یەک چوارچێوەکەدا یەکبخات سەرەڕای ناکۆکییە ناوخۆییە ئاڵۆزەکان.

• لە پورتوگال، بلۆکی چەپ (Bloco de Esquerda) لە ساڵی 1999 لە رێگەی تێکەڵبوونی چەند تەوژمێکی چەپەوە دامەزرا. مۆدێلێکی هاوپەیمانی نوێنەرایەتی دەکات کە سەربەخۆیی فیکری و ڕێکخراوەیی تەوژمە دامەزرێنەرەکەی لە چوارچێوەی پێکهاتەیەکی فراوانتر و ئامانجی هەڵبژاردنی هاوبەشدا دەپارێزێت. ئەمەش وای لێکرد کە توانای دانوستاندنەکانی بەهێز بکات و بۆ یەکەم جار لە مێژووی هاوچەرخدا لە ڕێگەی پشتیوانی پەرلەمانەوە بچێتە ناو پێکهێنانی حکومەتەوە.

• لە ئیسپانیا، مۆدێلی پۆدێمۆس جێگەی سەرنجە. لە ساڵی 2014 دامەزراوە و پشت بە پلاتفۆرمی دیجیتاڵی و رێکخراوی ئاسۆیی دەبەستێت بۆ تێکەڵکردنی چالاکوانان، بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان و ڕۆشنبیران و بەرەنگاربوونەوەی پێکهاتە تەقلیدییەکانی حزبەکان. ئەم مۆدێلە توانای چەپ بۆ بەکارهێنانی ئامرازەکانی سەردەمی مۆدێرن بۆ پێکهێنانی خێرای هێزێکی سیاسی ڕادیکاڵ و گشتگیر دەردەخات و لە هیچەوە بۆ سێیەم گەورەترین هێزی پەرلەمانی لە ماوەی چەند ساڵێکدا دەڕوات.

• لە کۆڵۆمبیا، “پەیمانی مێژووی” (Pacto Histórico) پێشکەوتنێکی بێ وێنەی لە مێژووی وڵاتەکەدا بەدەستهێنا. ئەوە تەنها هاوپەیمانییەکی کاتی هەڵبژاردنی نەبوو، بەڵکو پێکهاتەیەکی هاوپەیمانی پتەو بوو کە پارتە مارکسیستەکان، بزووتنەوە ژینگەییەکان، رێکخراوەکانی فێمینیستی و هێزەکانی نوێنەرایەتی خەڵکی ڕەسەن و کۆمەڵگە ڕەچەڵەکەکانی ئەفریقی کۆکردەوە. چەپی کۆڵۆمبیا لەوە تێگەیشت کە دابەشبوون “دیارییە بۆ ڕاستەکان”، بۆیە ئەم چوارچێوەیەیان دامەزراند کە سەرکەوتوو بوو لە هێنانی گوستاڤۆ پێترۆ بۆ سەرۆکایەتی لە ساڵی 2022. ئەم ئەزموونە بە “پراگماتیزمی چەکداری” دەناسرێتەوە کە گوتاری لە دروشمی ئایدۆلۆژیای ئاڵۆزەوە گۆڕا بۆ ئەو بابەتانەی کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵک هەیە، وەک “دادپەروەری کەشوهەوا”، “سەروەری خۆراک” و “دەستەبەرکردنی مافەکانی گروپە پەراوێزخراوەکان”. هاوپەیمانێتییەکە هەروەها دیجیتاڵی و زیرەکی دەستکرد بەکارهێنا بۆ بەڕێوەبردنی هەڵمەتەکانی زەمینی و گەیشتن بە نەوەی گەنج کە هەستیان بە نامۆبوون لە سیاسەتی تەقلیدی کرد. وانەی کۆڵۆمبیا ئەوە دەردەخات کە کاتێک چەپ واز لە “نوخبەی گفتووگۆیی” دەهێنێت و بە بەرنامەیەکی یەکگرتووی کەمترین پرۆگرامەوە دەڕژێتە سەر شەقامەکان، توانای شکاندنی سیستەمە تەقلیدییە چەسپاوەکان و گۆڕینی هیوا بۆ هێزێکی ماددی ڕێکخراو دەبێت.

• لە بەرازیل، ئەزموونی “فیدراسیۆنی هیوای بەرازیل” (Federação Brasil da Esperança) وەک مۆدێلێکی پێشەنگی تاکتیکی سیاسی دەردەکەوێت. پاش چەندین ساڵ لە دابەزین و هێرشی دادوەری و سیاسی کە چەپەکان کرایە ئامانج، پارتی کرێکاران نەگەڕایەوە بۆ نۆستالۆژیا بۆ مێژووی کۆنی خۆی. لەجیاتی ئەوە، دانی بەوەدا نا کە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستڕەوی توندڕەو پێویستی بە بنیاتنانی “بلۆکی چەپی پێشکەوتوو” هەیە. ئەم فیدراسیۆنە ڕۆڵێکی سەرەکی گێڕا لە گێڕانەوەی هاوپەیمانییە تەقلیدییەکان لەگەڵ سەندیکاکانی کرێکاران، لە هەمان کاتدا ژیرانە فراوان بوو بۆ ئەوەی بزووتنەوەکانی زەوی، پارێزەرانی ژینگە، و تەنانەت کەرتەکانی بۆرژوازی و ناوەندی سیاسی زیانی پێگەیشتووی ئاژاوە بگرێتەوە. گرنگترین دەرس بۆ بەرازیل ئەوەیە کە چەپەکان توانیویانە لە 2022 دا دەسەڵات بەدەست بهێننەوە لە رێگەی “هاوپەیمانی گشتگیر” کە لە دروشمی چینایەتی تێدەپەڕێت و خۆی وەک داکۆکیکار لە دیموکراسی و دامەزراوەکان نیشان دەدات و بە کارامەیی ئامرازەکانی پەیوەندی دیجیتاڵی بەکاردەهێنێت بۆ شکاندنی هەژموونی ڕاستڕەوەکان بەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و توڕەیی جەماوەری لەسەر هەڵئاوسان و پەراوێزخستن بۆ پرۆگرامێکی حکومی کۆنکرێتی دەگۆڕێت.

• لە چیلی، ئەزموونی “پەسەندکردنی شکۆمەندی” (Apruebo Dignidad) جێگەی سەرنجە. ئەم هاوپەیمانێتییە لە بەرەیەکی فراوانی ڕێکخراوە چەپەکان و بزووتنەوە ناڕەزایەتیەکان پێکهێنرا و سەرکەوتوو بوو لە هێنانی گابریێل بۆریچ بۆ دەسەڵات لە ساڵی 2021 وەک گەنجترین سەرۆک لە مێژووی وڵاتدا. لە هەمان کاتدا، چیلی دەرسێکی سەخت پێشکەش دەکات لە دۆڕاندنی چەپەکان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە کانوونی یەکەمی 2025 بە ڕاست، شکستێک کە پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی ڕەخنەگرانە بە میکانیزمەکانی پاراستنی متمانەی جەماوەری هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، هاوپەیمانی چەپ ئەمڕۆ یەکێکە لە هێزە کاریگەرە سەرەکییەکانی وڵات بەهۆی پێکهاتەی هاوپەیمانی یەکگرتوو، کە ڕێگری کرد لە هەڵوەشاندنەوە یان پەرتەوازەیی پاش بەجێهێشتنی دەسەڵات و توانی خەباتی ئۆپۆزسیۆن وەک کوتلەیەکی پتەو و ڕێکخراو بەڕێوە ببات.
ئەوەی ئەم ئەزموونانە یەکدەخات دانپێدانان بەوەی کە چەپ چیتر توانای ئەوەی نییە وەک پارتێکی دابڕاو و داخراو لە گۆڕەپانە جیاوازەکانی خەباتدا بە شێوەیەکی کاریگەر کار بکات، بەڵکو وەک هاوپەیمانییەکی نەرم و پلاتفۆرمی فرە کە توانای بەڕێوەبردنی جیاوازییەکان و بەستنەوەی سیاسەت و خاڵەکانی لێکنزیکبوونەوە لەگەڵ داخوازییە کۆمەڵایەتییە ڕاستەوخۆکانی ژنانی کرێکار و پیاوانی کرێکار بەدەست و عەقڵ هەیە. ئەم وانانە لە پراکتیکدا ئەوە دەردەخەن کە لۆژیکی یەکگرتن و رێکخستنەوە وەڵامێکی زانستییە بۆ پێداویستییەکانی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێستا. هەرچەندە ناتوانن بەشێوەیەکی میکانیکی بگوازرێنەوە بۆ عێراق، بەڵام ئاسۆیەکی پراکتیکی دەکەنەوە بۆ بیرکردنەوە و سوود وەرگرتنیان لێیان لە بنیاتنانی چوارچێوەیەکی ڕێکخراوەیی چەپی عێراقی فراوان و یەکگرتوو کە وەڵامی هەلومەرجی سەردەم بداتەوە.

  1. بناغە و میکانیزمەکانی چوارچێوەی چەپی یەکگرتوو، نەخشەڕێگایەکی زانستی بۆ جێبەجێکردن
    پاش دەستنیشانکردنی قەیرانی ئامرازەکان و پەرتەوازەیی ڕێکخراوەکان و وەرگرتنی دەرس لە مۆدێلە جیهانییەکان کە سەرکەوتوو بوون لە یەکگرتن و بەڕێوەبردنی جیاوازییەکان، بیرکردنەوە لە ڕێگای کرداری هاوبەش دەبێتە پێویستییەکی بەپەلە. لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانرێت نەخشەڕێگایەک بۆ دامەزراندنی چوارچێوەیەکی یەکگرتووی چەپی عێراقی پێشنیار بکرێت کە لەسەر بنەمای کۆکردنەوەی هەموو هێزە چەپ و پێشکەوتووەکان لە دەوری خاڵەکانی لێکنزیکبوونەوە و “کەمترین پرۆگرام” و میکانیزمی دیموکراسی ڕوون و ڕۆڵی سەرکردایەتی بەهێزتر بۆ گەنجان و ژنان بێت.
    ئەمە دەتوانرێت لە ڕێگەی ئەم میکانیزمانەی خوارەوە بەدەست بهێنرێت:
    1. بەستنی کۆنفرانسێکی گشتی بۆ سەرجەم چین و کەسایەتییەکانی چەپی عێراقی و کوردستانی بەمەبەستی تاوتوێکردنی بنیاتنانی چوارچێوەیەکی ڕێکخراوی چەپی یەکگرتوو لەسەرتاسەری عێراقدا بەهەرێمی کوردستانیشەوە ئەم چوارچێوەیە پارت و تەوژمەکانی چەپ و پێشکەوتووخواز و سەندیکاکان و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان دەگرێتەوە و هەروەها ڕێگە بە بەشداری چالاکوانانی تاک دەدات کە نایانەوێت بچنە ناو پێکهاتەی ڕێکخراوە تەقلیدییەکانەوە. ئەمە ڕێژەیەکی زۆری ژنان و پیاوانی چەپ لەبەرچاو دەگرێت کە ئێستا لەبەر هۆکاری جۆراوجۆر لە دەرەوەی چوارچێوەی ئێستان، لە هەمان کاتدا مافی ئەندامێتی تاک و ئەندامێتی پارت و ڕێکخراوەکان بە پێی بنەمایەکی ڕێکخراوەیی ڕوون دەستەبەر دەکات.

2. داڕشتنی “کەمترین پرۆگرام” یەکگرتوو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە لە ماوەیەکی کورتدا چی بەدەست دەهێنرێت. بەرنامەیەکی کورت و ڕوون و ڕاستەوخۆ بێت کە چەقی بەرژەوەندییەکانی ژنانی کرێکار و پیاوانی کرێکار و گەشەپێدانی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و بەدەستهێنانی بەرزترین ئاستی دادپەروەری و یەکسانی کۆمەڵایەتی و ڕەخساندنی هەلی کار بێت پرۆگرامەکە دەبێت بە تەواوی مافەکانی ژنان و بێلایەنی ئایین لە دەوڵەت و پاراستنی ئازادییە گشتی و تاکەکەسییەکان لەبەرچاو بگرێت. دەبێت بە زمانێکی هاوچەرخ، بەردەست و پراکتیکی بنووسرێت، دوور لە ئاڵۆزی ئایدیۆلۆژی، و بە پلانی کاری زانستی ببەسترێتەوە کە مەرجی سەلماندن و پێوانەکردن و هەڵسەنگاندن بێت و بە گوێرەی گۆڕانکاری لە واقیعی بەرجەستەدا بەردەوام ئامادە بێت.

3. هەڵبژاردنی ناوێکی سادە و تێگەیشتن بۆ چوارچێوەکە، وەک “هاوپەیمانی نان و ئازادی” یان “یەکێتی”، دوورکەوتنەوە لە ناونیشانی چەپی نەریتی کە چیتر بەشێکی فراوانی کۆمەڵگا ڕادەکێشێت.

4. چوارچێوەکە لەسەر بنەمای سەرکردایەتی بەکۆمەڵ و خولانەوە، یاسای رێکخراوی نەرم و شێوە جۆراوجۆرەکانی ئەندامێتی لەسەر بنەمای هاوپەیمانی و فرەیی دامەزراوە. ئەمە دەبێت ئەندامێتی حیزب و ڕێکخراوەکان لەگەڵ ئەندامێتی تاکەکەسی لە یەک کاتدا تێکەڵ بکات و ڕێگە بە پێکهێنانی تەوژم یان پلاتفۆرم لە چوارچێوەی ئەو چوارچێوەیەدا بە شێوەیەکی گشتی و ڕێکخراو بدات. لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە قەوارە چەپە دامەزرێنەرەکان دەبێت ئامادە بن بۆ دووبارە داڕشتنەوەی چوارچێوەی ڕێکخراوەیی خۆیان و کەمکردنەوەی مەرکەزیەتی پارتی تەقلیدی بۆ خزمەتکردنی پێداویستییەکانی چوارچێوەی یەکگرتوو و دڵنیابوون لەوەی کە ئەم سەرکردایەتییە کۆمەڵایەتییە دەسەڵاتی ڕاستەقینەی هەیە نەک سیمبولی.

5. جەختکردنەوە لەسەر لامەرکەزیەتێکی فراوان لە پارێزگا و هەرێم و دەزگا پسپۆڕەکاندا، بۆ ئەوەی هەر یەکە بتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر بەپێی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و پیشەیی تایبەتی خۆی لە چوارچێوەی هێڵێکی سیاسی گشتی یەکگرتوودا بەڕێوەی ببات. ئەمەش هەروەها پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی ڕەخنەگرانە بە دابەشبوونی نەژادی هەندێک لە پارتە چەپەکانی عێراقی بۆ لقەکانی عێراقی و کوردستانی و دۆزینەوەی فۆرمی ڕێکخراوەیی هەیە کە زیاتر لەگەڵ یەکڕیزی خەباتی کۆمەڵایەتی و چینایەتیدا بگونجێت.

6. بەکارهێنانی کاریگەری زانستە مۆدێرنەکان لە سەرکردایەتی، بەڕێوەبردن، رێکخراو، میدیا، دیجیتاڵیزەکردن و هەڵسەنگاندنی خولی سیاسەت، بە گۆڕانکاری یان گۆڕانکاری بەپێی پێداویستی و ئاستی دەستکەوت و پشت بەستن بە فیدباکی جەماوەر وەک میکانیزمێکی سەرەکی لە بڕیاردان.
7. بەهێزکردنی ڕۆڵی گەنجان لە سەرکردایەتیدا وەک هێزی پاڵنەری سەردەمی دیجیتاڵ، لە ڕێگەی یاساکانی رێکخراوی ناچارکردن لە چوارچێوەی یاساکاندا، وەک پشکی نوێنەرایەتی بۆ گەنجان و ژنان لە دامەزراوەکانی سەرکردایەتی و بەستنەوەی ئەم نوێنەرایەتییە بە دەسەڵاتی ڕاستەقینەوە. گرنگترین دەرس لە ئەزموونی جیهانی ئەوەیە کە نوێبوونەوە لە ڕێگەی دروشمەوە بەدەست ناهێنرێت، بەڵکو لە ڕێگەی یاسا ڕێکخراوەییەکانەوە بەدەست دێت کە دەیسەپێنن و بەرهەمی دەهێنن.

8. بنیاتنانی سیاسەتێکی کاریگەری میدیای دیجیتاڵی زانستی بۆ ئەو چوارچێوەیە کە مامەڵە لەگەڵ بۆشایی دیجیتاڵی وەک گۆڕەپانێکی ڕاستەقینەی خەباتی چینایەتی دەکات. ئەمە بریتییە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی فرە پلاتفۆرم، تیمی ناوەڕۆکی ناوخۆیی لە پارێزگاکان، پرۆگرامەکانی ڕاهێنانی دیجیتاڵی لە ئاستە جیاوازەکان، بەکارهێنانی ورد و کاریگەری زیرەکی دەستکرد، و ئامرازی زانستی ڕاستەقینە بۆ پێوانەکردنی کاریگەری گفتوگۆ و هەڵمەتەکان، وەک ڕاپرسی دیجیتاڵی، شیکردنەوەی داتا، و دینامیکی بڵاوکردنەوەی خوێندنەوە. ئەمە چەپەکان بە نەوەی گەنج دەبەستێتەوە کە ئەمڕۆ لە ڕێگەی دیجیتاڵیزەکردنەوە سیاسەت دەژین.
مەرجی یەکلاکەرەوە بۆ سەرکەوتنی ئەم ڕێگایە ئەوەیە کە چوارچێوەی یەکگرتوو بتوانێت کار لەسەر خاڵەکانی لێکنزیکبوونەوە و بەرنامەی ڕێککەوتوو بکات و جیاوازییەکان بە شێوەیەکی پۆزەتیڤ و بنیاتنەر بگرێتەوە بەبێ ئەوەی ببێتە گۆڕەپانی ململانێ یەک چوارچێوە، چەندین پلاتفۆرم، زمانی گشتی هاوبەش، و ئامرازی مۆدێرن. تەنیا بەم شێوەیە چەپی عێراقی دەتوانێت لە دوورگە پەرتەوازەکانەوە بگۆڕێت بۆ هێزێکی کۆمەڵایەتی ڕێکخراو کە توانای کردار و کاریگەری هەبێت.

  1. لە کۆتاییدا، ئایا ئێمە بەردەوام دەبین لە لێکدانەوەی جیهان لە کاتێکدا دوژمنەکانمان بەردەوام دەبن لە گۆڕینی جیهان
    پرسیاری یەکلاکەرەوەی ئەمڕۆ دەربارەی نیازەکان نییە، بەڵکو دەربارەی کردارە ئایا چەپ ئەڵتەرناتیڤێک پێشکەش دەکات کە لەوەوە دەست پێدەکات کە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و چینایەتییەوە دەگونجێت، و دەتوانرێت لە نێو هاوسەنگی چینایەتیدا بەدەست بهێنرێت، لە ڕێگەی لۆژیکی گۆڕانی کەڵەکەبووەوە و وردە وردە؟ یان خۆی سنوردار دەکات بە بەرزکردنەوەی دروشمی تیۆری ڕاست بەبێ ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە و بەرجەستە لە ژیانی جەماوەردا بەرهەم بهێنێت؟
    سەرەنجام قەیرانی چەپی عێراق لە بنەڕەتدا قەیرانی دڵسۆزی و مێژوو و ڕێکخراو یان سەرکردایەتی دیاریکراو نییە، بەڵکو قەیرانی ئامراز و شێوازەکانی کارکردنە لە جیهانێکدا کە هەلومەرجی سیاسەت و ڕێکخستن و خەباتی بنەڕەتی گۆڕاوە. پەرەسەندنی زانستی و گۆڕانی دیجیتاڵی بۆشاییەکانی کاریگەری، بنیاتنانی هۆشیاری و دەسەڵاتیان کێشاوەتەوە. ئەوانەی ئەم گۆڕانکاریانە پشتگوێ دەخەن بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی هاوکێشەکە دەچنە دەرەوە و توانای گواستنەوە لە دەنگێکی دابڕاوەوە بۆ هێزێکی جەماوەری کاریگەر لەدەست دەدەن.
    ئێمە پێویستمان بە چەپێکی نوێ نییە لە بەهاکانیدا، بەڵکو پێویستمان بە چەپێکی نوێ هەیە لە گوتاری و پراکتیکیدا و میکانیزمەکانی ڕێکخراوەیی، چەپێک کە بیرکردنەوە وەربگێڕێت بۆ گۆڕانکاری بەرجەستە لەسەر زەوی بەبێ ئەوەی واز لە کرۆکی پڕۆژەی سۆسیالیستی خۆی بهێنێت. بەبێ ئەم گۆڕانکارییە میتۆدۆلۆژیا، چەپ بەردەوام دەبێت لە لێکدانەوەی جیهان بە ژیری کۆنی خۆی، لە کاتێکدا دوژمنە ڕێکخراوەکانی بەردەوام دەبن لە گۆڕینی جیهان بە ئامرازە نوێکانیان.
    وەڵامی ئەم تەحەدایە دیاری دەکات کە ئایا چەپی عێراقی تەنها “یادەوەرییەکی گەشاوە” دەمێنێتەوە لە هۆشیاری مێژوویدا یان دەبێتە “هێزێکی چالاک” لە داڕشتنی داهاتوودا. میتۆدی زانستی و ئەزموونی جیهانی ئەوە دووپات دەکەنەوە کە دابەزین و لاوازی چارەنووس نین، بەڵکو دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ئامرازەکانن کە چیتر لەگەڵ پێداویستییەکانی قۆناغەکە ڕێک ناکەون، و پێکهاتە ڕێکخراوەییەکان کە توانای کارکردن و نوێبوونەوەیان کەم بووەتەوە. ئەو ئازایەتییەی ئەمڕۆ پێویستە لە بەرزکردنەوەی دروشم نییە، بەڵکو لە بوێریدایە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتە ڕەقەکان، وازهێنان لە مەرکەزیەتی تەسک، و هەنگاونان بەرەو چوارچێوەیەکی یەکگرتوو، فراوان و نەرم کە بتوانێت هەمووان بگرێتەوە و رێکخراوەکان بە واقیعی زیندووەوە ببەستێتەوە.
    لێرەدا، ئەو پرسیارە لە گۆڕەپانەکانی خەبات و گۆڕەپانەکانی ناڕەزایی هەڵپەسێردراودا دەمێنێتەوە : ئایا ئێمە وەک چەپ بەڕاستی ئامادەیی ڕاستەقینەمان هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەم سەرکێشییە نوێبوونەوەیە، سنوورە مێژووییەکانمان تێپەڕێنین، واز لە چوارچێوەی ڕێکخراوەیی تەسک و شێوازەکانی سەرکردایەتی تەقلیدی بهێنین، خۆمان بەڕووی واقیعدا بکەینەوە بۆ یەکگرتن، و هێزێک بنیات بنێین کە بتوانێت ژیانی جەماوەر بەرەو باشتر بگۆڕێت؟
    هەڵبژاردنێکی یەکلاکەرەوە لەبەردەمماندایە: یان ڕێگای نوێبوونەوە و یەکگرتنەوەی پراکتیکی دەگرینە بەر و ڕۆڵی خۆمان وەک هێزێکی ڕاستەقینە و کاریگەر بۆ گۆڕان بگەڕێنینەوە، یان لەسەر ڕێگای ئێستا بەردەوام دەبین و مەترسی دابەزینی زیاتر و پێشێلکردنی بزووتنەوەی مێژوو دەکەین. ئەزموونی جیهانی هیوامان پێدەبەخشێت کە گۆڕانکاری بەدەست دەهێنرێت و بە ڕوونی ئەوە دەسەلمێنێت کە یەکێتی نەک تەنها مومکین بەڵکو کاریگەرە، تەنانەت لە سەختترین هەلومەرج و قووڵترین جیاوازی فیکری و ڕێکخراوەییدا.
    چەپێک کە دەیان ساڵ لە دیکتاتۆری و سەرکوت بەرگەی گرتووە ئەمڕۆ بوێری پێویستی هەیە بۆ چاککردنەوەی ئامرازەکانی و نوێکردنەوەی زیندوێتی فكري و ڕێکخراوەیی و بەرگری کردن لە خۆی و جەماوەرەکەی.

تێبینیەکان

  • چەپی عێراقی لە چەندین حیزب و ڕێکخراو پێکهاتووە کە دیارترینیان حیزبی شیوعی عێراق، حیزبی شیوعی کوردستان، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکارانی عێراق، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان، ڕێکخراوی شیوعی ئەڵتەرناتیڤ، پارتی چەپی شیوعی و پێکهاتەکانی دیکە.
  • هیچ کام لە لیتە چەپ و پێشکەوتووەکان کە بەشدارییان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تشرینی دووەمی 2025 دا کرد، هیچ کورسییەکی بەدەست نەهێنا.



لەبارەی ڕۆمانی ” مولازم تەحسین و شتی تریش “.. نووسینی: رۆژگار خالید

لەجیاتی پێشەکی..
هەر کەسێک ئەو ڕۆمانەی دکتۆر فەرهاد پیرباڵ بخوێنێتەوە تێدەگا کۆمەڵگەی ئێمە دژی خۆیتی و دژی خۆی دەژی و دژی خۆیشی دەمرێت .
هەربۆیە لەکاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕۆمانە دوو کێشە دروستبوو :.

  1. تۆمارکردنی داوایی یاسایی لەسەر دەزگای چاپ و دکتۆر فەرهاد پیرباڵ .
  2. هەڕەشەی قەدەغەکردنی هاتووچۆ لە دکتۆر فەرهاد پیرباڵ هەبووە .
    دوای خوێندنەوەی ڕۆمانەکە و بینینی کۆد و ڕەمز و ووشەکان ، لێکدانەوەی جیاواز هەیە سەبارەت بەنووسینی ئەم ڕۆمانە بەم شێوەی خوارەوە :.
    • ئەو ڕۆمانە بەجۆرێک لەجۆرەکان لێدانە لەپێگە و ئابڕوو و ناوبانگی پێشمەرگە .
    • نیشاندانی ژن لەنێو ڕۆمانەکە وەک ئافرەتێکی خۆفرۆش و لەشفرۆش ، لەکاتێکدا ئەم ئافرەتە خاوەن دوو وێنەی دژەیەکە و دیدگایەکی دروستی نییە .
    ئەو ڕۆمانە دوو دیوی هەیە دیوێکی ئاشنا بەژیانی ئێمە و دیوێکی دیکەی قێزەوەن و ناشیرین بەژیانی ئێمە .
    دەتوانم بڵێم ڕۆمانێکی خەمهێنە بەردەوام وادەکات خوێنەر بەدوای وەڵامی ئەو ڕووداوانە بێت و پرسیاری جددییا لێبکات دواتر گومان و خەیاڵی جیاوازی هەبێت بۆ مامەڵەی مرۆڤەکان کەچۆن هەڵسوکەوت و نمایشی درۆ و قسەکانیان دەگۆڕن بەپێی بارودۆخ و بەرژەوەندییەکانیان.
    بۆ ئەوەی بەباشی لە ڕۆمانەکە تێبگەی و ساتی ڕووداوەکان و خەیاڵی کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە بناسیتەوە .
    پێویستە ناوی کارەکتەرەکان و کارەکانیان بناسی :.
    • ” مولازم تەحسین ” جەللادێکی پلەباڵای سەربازی دەسەڵاتی حزبی بەعسە لەشاری سلێمانی .
    • ” نازناوی جوامێر ناوی راستەقینەی ئاراس بابەکر عبدالحميد ” بەئاشکرا مودیری بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ و ئاودێری سلێمانی بووە ، لەژێرەوە پێشمەرگە بوو بەرپرسی شانەی نهێنی ناوشار بوو .
    • ” ئەختەر قادر قوتوو ” خاتوونێکی شۆخ وەک فەرمانبەر لە دائیرەی کشتوکاڵی سلێمانی دادەمەزرێت پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ جوامێری هەیە لەوکاتەی مدیرە ، دوای ئەوەی جوامێر دەچێتە شاخ و شەوان دەگەڕێتەوە شاری سلێمانی پەیوەندییان هەر دەمێنێت و وەکو ئامرازێک بەکاردەهێنێت بۆ ئیش و کارەکانی.
    • ” حاجی مەولودی ملیۆنێر ” پیاوێکی دەوڵەمەند و سەرمایەداری شاری سلێمانییە بەقسە واخۆی نیشاندەدا کەسێکە دەیەوێت خزمەتی شاری سلێمانی بکا کەچی لەژێرەوە پیاوێکە خزمەتی حزبی بەعسی و خۆشەویستی بۆ سەدام حسێنی سەرۆکی کۆماری عێڕاق هەیە .
    • هەموو کارەکتەرەکانی دیکەی نێو ڕۆمانەکە ناوی سەیر و سەمەرەیان هەیە وادەکا کۆمیدیایەک بەڕۆمانەکە بدات و قسەکانیان وەک تەنز دەبینرێت ، کاتێکیش رۆمانێک لەناوجەرگەی ژیانی خەڵکی ئاسایی دەنووسرێت پێویستە ناو و نازناو و قسەی خەڵکی ئاسایی بنووسیتەوە .
    بۆیەش دەستبردن بۆ خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە هەستیارە هەڵوەستەی فکری و دەروونی و کۆمەڵایەتی دەوێت :.
    لەلایەک ناوەڕۆکەکەی ئاڵۆزە مامەڵەی ووردی دەوێت وە لەلایەکی دیکە ڕووداوەکان بەخێرایی دێنەپێش فکری ئینسانی تێکدەدات و هەموویان خەریکی فێلکردنن لەیەکدی .
    لەبارەی ڕۆمانەکە لە سێ وێنەی جیاواز پێکدێت هەر وێنەیەکی لەسەردەمێکدا نووسراون :
    • یەکەم لە 1987 کۆپنهاگن دووەم لە 1991 پاریس سێیەم داڕشتنەوەی 2001 هەولێر.
    جیاواز لەهەموو رۆمانێکی دیکەی کوردی لە هەندێک بەشی ڕۆمانەکە بەشێوەی پانی یاخود ئاسۆیی ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە
    • بەشی سەرەوەی ڕۆمانەکە تایبەتە بەژیانی مولازم تەحسین
    • بەشی خوارەوەی ڕۆمانەکە تایبەتە بەشێوە ژیانی جوامێر
    • لەبەشی کۆتایی ڕۆمانەکە هەردوو بەشی ڕۆمانەکە یەکدەگرن و خاڵی یەکگرتنی ڕۆمانەکە دەستپێدەکات ، وە لەهەندێک بەشی ڕۆمانەکە لاپەڕەکە جیهێشتراوە بەتاڵە هیچ شتێکی تێدا نووسراوە .
    • شوێنی ڕووداوەکان شاری سلێمانی .
    گێڕانەوەی مێژووی ڕووداوەکان ساڵانی هەشتاکانی سەدەی بیستەم .
    لەڕووی کارەکتەرە :.
    دووجۆر مرۆڤ و دوو دونیای جیاواز هەیە کاریگەری دوو فیکری جیاواز و کۆمەڵێک شتی دیکەی دووانەش هەیە ئەگەر بمانەوێت تێبگەین .
    لەڕووی کاتەوە تاریکی و شەو زاڵەبەسەر ڕۆژ و ڕووناکی چونکە ڕووناکی نیشانەی دەسەڵات و هێز و خۆسەپێنیە کەچی شەو نیشانەی بوێری و تۆڵەکردنەوەیە بەمانای دونیای نهێنی و خافڵگیری دێت .
    ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە بەم شێوەیە دەبێت :.
    مولازم تەحسین // دوای ئەوەی دەسەڵاتی ئەمنی و سەربازی و ئیداری حزبی بەعس لەشاری سلێمانی لاوازدەبێ مولازم تەحسین لەشاری بەغداد دەگوازرێتەوە بۆشاری سلێمانی بەڕۆژ خەریکی گرتن و چاوترسێن و لێدان و ئازاردان و زیندانیکردنی گەنج و پیاو و پیری ئەم شارەیە .
    جوامێر // دوای چوونەشاخ ئەمجارە وەک پێشمەرگەیەکی چاونەترس و مەفرەزەی دەستوەشێن شەوان دەگەڕێتەوە شاری سلێمانی خەریکی کوشتنی پیاوانی بەعس و کوشتنی رەفیق حزب و ئەو کەسانەیە لە خەڵکی شارەکە دەدەن چاوترسێنیان دەکەن و تۆڵەی ئەو شتانە دەکەنەوە رووبەڕووی خەڵکی و هێزی پێشمەرگەی دەبێتەوە .
    ڕۆمانەکە بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت :
    ” مولازم تەحسین ” لەکاتی پشکنین و گەڕان بەناو ماڵان ئەختەری شۆخ دەناسێت و دەستی لەگەڵ تێکەڵ دەکا و دیاری پێدەدا و شەوەکانی ڕەنگاو ڕەنگ دەکا و تامی ژیانی لەلای دەگۆڕێت و پرسی هاوسەرگیری دێتەپێش.
    ” جوامێر ” هەر شەوێک دەگەڕێتەوە چاوی لەسەر ئەختەری شۆخە و شەوان لەگەڵی دەمێنیتەوە و خەریکە شەوەکانی جوانتر دەکا و هەموو کاتێک بەڵێنی هاوسەرگیری و بردنەشاخی پێدەدا بەڵام بەڵێنەکەی دەشکێنێت وە بیانووی جۆراوجۆری هەیە و سەرکردایەتی شۆڕشی بەهۆکاری نەبردنی دەزانێت .
    هەردووکیان چێژدەبینن لەجەستەی ئەو خاتوونە وە بۆ مەبەستی شارراوەی خۆیان هەیە بەردەوامن .
    ئەو دووبەشە بەم شێوەیە بەردەوام تائەوکاتەی حاجی مەولودی ملیۆنێر لەگەڵ سالاری کوڕی بڕی 80 هەزار دیناری سویسری دەبەنە بەغداد وەک بەخشین بۆ شەڕی قادسیە و سەدام حسین و حزبی بەعس .
    دوای ئەوەی جوامێر هەڵدەستێت سالاری کوڕەکەی حاجی مەولودی ملیۆنێر دەڕفێنی و داوای بڕی 50 هەزار دیناری سویسری دەکات لەبەرانبەر ئازادکردنی .
    دوای ئازادکردنی کوڕەکەی حاجی مەولود مولازم تەحسین وەک دڵنەوایی و پاڵپشتی سەردانی ماڵیان دەکا و حاجی مەولود کۆمەڵێک قسەی خراپ لەسەر پێشمەرگە و شۆڕش و گیانفیدای جوامێر دەکات و وێنەی نیشان دەدا دەڵێ ئەوە دز پارە و شتی زۆری برد کاتەک چووە شاخ وە ئەوانەی لە شاخن جەردەن ، ئەو جوامێرە نازناوی ئاراس بابەکر عبدالحميدە مدیری دائیرەی کشتوکاڵ و ئاودێری سلێمانی بوو .
    ئەم قسەیە بۆ مولازم تەحسین دەبێتە شۆک و یەکسەر بەدواداچوون بکا و دۆسیەی دەربهێنێت و جوامێر وەک بەڕێوەبەری پێشوو و ئەختەریش وەک فەرمانبەری ئەو دائیرەیە کەشف ببن .
    چەند وێنەیەکی ناوڕۆمانەکە دەنووسمەوە :.
    • هاوسەرگیری لەگەڵ مولازم تەحسین :.
    ئەختەر ئەو نیوەڕۆیە وەک دەیان نیوەڕۆی دیکە دەعوەتی مولازم تەحسینی کردبوو دیسان کفتەی سابوونکەرانی بۆ لێنابوو .
    ئەختەر لەسەر نان خواردن گۆتی تەحسین پرسیارێکت لێدەکەم !
    چییە؟
    تۆ لەناوبردنی پێشمەرگە و پیشەکەی خۆتت بەلاوە گرنگترە یا ژیان لەگەڵ مندا؟
    مولازم تەحسین دەستی لە خواردنەکە سارد بووە ئەم پرسیارە عەنتیکەیە چییە ئەمڕۆ لێم دەکەی ئەختەر؟
    ئەختەر بۆ خۆشی پێکەنینی هات .
    نا مەبەستم ئەگەر شووت پێبکەم واز لە پیشەت دەهێنێت؟
    مولازم تەحسین دڵنیابە ئەختەر بەڵام هەردەبێ بڕۆین بۆ بەغدا و لەوێ بژین!
    ئەختەر لەدڵی خۆیدا بەراوردی هەڵوێستی مولازم تەحسینی لەگەڵ هەڵوێستی جوامێر دەکرد.
    • هاوسەرگیری لەگەڵ جوامێر :
    ئەختەر ڕووی لە جوامێر کرد .
    مەسەلەی خوازبێنی من چ پەیوەندییەکی بە مەکتەبی سیاسی حزبەوە هەیە جوامێر؟
    جوامێر شلەژاو وەک پەشیمان ببێتەوە لە درکاندنی ئەم نهێنییە و بەڵام ناچاریش بێت ڕوونی بکاتەوە و ڕوونی کردەوە .
    پێیان وایە ئەگەر تۆ لەگەڵ من بێیتە شاخ کەناڵێکی گرنگی پەیوەندیمان لەگەڵ ناوشار لەقیس دەچێ!
    ئەختەر کە ئەمەی بیست زیاتر شلەژا و دوای قەیرێک بیرکردنەوە سەیرە .
    پێیان وایە هیچ ئافرەتێکی دیکەی وەکو تۆ بۆ ناوشار نادۆزنەوە.
    یەعنی ئێمە ناتوانین پێکەوە لەشاخ ژن و مێرد بین و بەپێشمەرگایەتی بژین .
    جارێ قبووڵ ناکەن لەگەڵ خۆمت ببەم .
    ئەختەر تۆ مانەوەت لەناو حزب لەلا گرنگترە یان گەڕانەوەی شەرەفی ژنێکی کورد کەمن خۆشم دەوێیت و هەموو ژیانم لەپێناوت بەخت کردووە!
    ئەختەر ئەگەر چووینە شاخ و پەسەندیان نەکرد وەک ژن مێرد وەریان نەگرتین؟
    جوامێر بەڵێنت دەدەمێ تەسلیمی حکومەت دەبمەوە و لێرە دەتخوازم و پێکەوە دەژین.
    بەڵێن؟
    بەڵین !
    جوامێر لەکاتێ بەڵێنی خۆی بە ئەختەردا پەنجەکانی دەستی چەپی تا قەراغ هەناوی ئەختەر ڕۆیشتبوون.
    لاپەڕە 84 و 85 و 90 و 91 و 109 ” “
    دوای ئەوەی مولازم تەحسین بەپەیوەندی نێوان جوامێر و ئەختەر دەزانێت و دەچێتە لای ئەختەر هەموو شتێکی لێدەپرسێ و ئەویش هەموو شتێک بە مولازم تەحسین دەڵێت .
    • بەشی کۆتایی
    ئەختەر بەعەرەبی قسەی دەکرد پاشان یەکسەر تێگەیشتم گۆتم ئەوە دیسان مولازم تەحسینی لەلایە باوەڕم پێ بکە رەعنا وەک چۆن ئێستا گوێم لەدەنگی تۆیە ئاوها گوێم لە ئەوانیش بوو قسەیان دەکرد شەو بوو دنیا کش و مات بوو تەنیا دەنگی ئەوان دەهات مولازم تەحسین دیاربوو بە توڕەییەوە پێی گووت
    بچۆ حەوشە ئاگات لە دەرگای دەرەوە بێ!
    ئەختەریش دەیگوت
    دەترسم بەسەر دیوارەکەوە بێتە ژوورەوە
    کۆلان سەرتاپا بۆسەی تێدا دانراوەتەوە مەترسە
    مولازم تەحسین گۆتی
    ئاخر دەترسم ببێتە تەقە بقڵیشێتەوە
    ئینجا مولازم تەحسین دەنگی بەرز کردەوە
    ئەدی تۆ ناڵێی بەتەنیا دێت؟
    پاشان من پێم گوتوون بەهیچ شێوەیەک تەقەی نەکەن لێی گەڕێن بێتە ژوورەوە دەبڕۆ تۆ ئاگاداری دەرگای حەوشە ببە !
    لاپەڕە ” 126″
    پاشان مولازم تەحسین پیلانی کوشتنی جوامێر دادەنێت و دەیکوژێت وەک کویلە تەماشای ئەختەری دەکا و بە پاسەوانەکانی دەڵێت بیهێنن .
    تێبینی لەبارەی کەسایەتی جوامێری دەستەکانی بەجەستەی خاتوونێک گەرمدەکات بێگومان لەگەڵ ڕەوشت و ئاکاری جوانی پێشمەرگەی یەکناگرێتەوە



شه‌وی یه‌لدا له‌به‌ر ڕۆشنایی مێژوودا.. توێژینه‌وه‌،گردکردنه‌وه‌ و ئاماده‌کردن: هۆمه‌ر نۆریاوی

په‌یڤی دەستپێک:
به‌شێكی ئه‌م بابه‌ته‌ی ده‌خرێته‌ به‌ردیده‌ی تۆی خوێنه‌ر،بۆ به‌رنامه‌یه‌کی ڕادیۆیی نووسراوه‌‌ که‌ ساڵانێک پێش ئێستا له‌ شه‌وی یه‌لدادا له‌ ڕادیۆ”سنه‌”و به‌رنامه‌ی”تریفە‌”وه‌‌ پێشکه‌ش به‌ گوێگری کورد زمان کراوه‌. دیوی ده‌ره‌وه‌ی بابه‌ته‌که‌ پتر له‌‌ گردکردنه‌وه‌ و ئاماده‌کردنه‌وه‌ نزیکه‌ به‌ڵام له‌ ڕاستیدا بۆ به‌رهه‌ڤکردن‌ و نووسینه‌وه‌ی،له‌ ده‌رکه‌ی زۆر په‌ڕتووک،ماڵپه‌ڕ و وێبلاگی کوردیی –فارسیم داوه‌ و به‌ ده‌یان دیوانه‌ شیعری کوردییدا داگه‌ڕاوم و ده‌کرێت بڵێم،بابەتەکە ده‌چێته‌ خانه‌ی توێژینه‌وه‌یه‌کی کورت و پوخت له‌سه‌ر یه‌لدا. له‌م ڕێگەیە‌وه‌ زێتر ویستوومه‌ زانیارییه‌ک به‌ بیسه‌ر و گوێگر و خوێنه‌ری کورد سه‌باره‌ت به‌ مێژووی ئه‌م شه‌وه‌ و یه‌لدا له‌ نێو کورد و وێژه‌ی کوردییدا ببه‌خشم. ده‌قی به‌رنامه‌که‌ به‌ پێداچوونه‌وه‌ی نوێ‌ و قووڵترکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌که‌،به‌ هه‌مان شێوه‌ی ڕادیۆیی ده‌خه‌مه‌ به‌رچاوی تۆی خوێنه‌ر،هیواخوازم به‌که‌ڵک و سوودبه‌خش بێت. له‌ به‌شی کۆتاییی بابه‌ته‌که‌دا ده‌یان چه‌پکه‌ شیعری کوردییشتان ده‌خرێته‌ به‌رچاو که‌ بۆ ده‌ستخستن و دیتنه‌وه‌ی ئه‌م شیعرانەیش،گه‌لێک خۆم ماندوو کردووه‌،ئومێده‌ ئه‌م هه‌وڵه،‌سه‌ره‌تا و دەستپێکێک بێت بۆ دنه‌دانی که‌سانی دی،بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ی وردتر و قووڵتر و هه‌روه‌ها به‌رفره‌وانکردنی گوڵجاڕی شیعری یه‌لدایی.
یه‌لدا،فه‌لسه‌فه‌ و مێژووه‌که‌ی:
“شه‌وی یه‌لدا”که‌ به‌ یه‌ک له‌ شه‌وه‌ پیرۆزه‌کان له‌ جوگرافیای ئێرانی کۆندا دانراوه‌،به‌ شێوه‌ی فه‌رمی له‌ ساڵی 502ی پێش زایینه‌وه‌ له‌ سه‌رده‌می داریۆشی یه‌که‌مدا ڕێی که‌وتۆته‌‌ نێو ڕۆژژمێری فه‌رمیی ئێرانییه‌کانه‌وه‌.
له‌ سه‌رده‌می کۆنی فه‌رهه‌نگی ئاڤێستاییدا،ساڵ،به‌ وه‌رزی سه‌رما ده‌ستی پێ ده‌کرد و له‌ ئاڤێستایشدا وشه‌ی”سه‌رێده‌”که‌ به‌ مانای هه‌مان”ساڵ”دێت،بۆ خۆی به‌ واتای سه‌رکه‌وتنی ئه‌هوورامه‌زاد به‌سه‌ر ئه‌هریمه‌ن و ڕۆشنایی به‌سه‌ر تاریکیدا دێت.
شه‌وی یه‌لدا به‌ شه‌وی له‌دایکبوونی خودای خۆر،دادگه‌ری،په‌یمان و شه‌ڕیش ناودێر ده‌که‌ن. له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌یش،دوو بۆچوون هه‌یه‌. یه‌که‌میان ده‌ڵێت که‌ له‌م شه‌وه‌دا،میترا یان ئه‌وه‌ی له‌ ئاڤێستا و نووسراوه‌کانی پاشایانی هه‌خامه‌نشیدا هاتووه‌،مه‌یژه‌(Mithra)ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر زه‌وی. ئه‌و که‌ به‌ خودای کۆنی هیند و ئێرانی داده‌نرێت،ماوه‌ی ڕۆژ درێژ ده‌کاته‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامدا خۆر سه‌ر ده‌که‌وێت.
دینی خۆرپه‌رستی یان هه‌مان ئایینی میهر له‌سه‌ر بنه‌مای په‌رستنی میترا له‌ سه‌رده‌می پێش دینی زه‌رده‌شت سه‌ری هه‌ڵداوه‌ و دروست بووه‌ و له‌ ئه‌ورووپادا به‌ ئایینی میترایزم ناوی ده‌رکردووه‌.
هه‌ندێک له‌ توێژه‌ران له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن که‌ له‌ شه‌وی یه‌لدادا،پێغه‌مبه‌رێک له‌ دایک ده‌بێت که‌ له‌ نێو دوو دۆلفیندا ده‌ری ده‌هێنن. هه‌ر بۆیه‌ له‌ ئایینی میهردا،”ئاو”بایه‌خێکی تایبه‌تی هه‌یه‌. به‌ گوێره‌ی هه‌ر دوو بۆچوونه‌که‌،شه‌وی یه‌لدا،شه‌وی له‌دایکبوونی میترا یان میهره‌. له‌ ڕاستیدا یه‌لدا،جه‌ژنێکی زاگرۆسنشین و ئاریی ڕه‌گه‌زه‌کانه‌ و هه‌زاران ساڵ پێش ئێستا ڕێڕه‌وانی ئایینی میترایی له‌ ئێراندا به‌ڕێوه‌یان بردووه‌.
دوکتۆر “میهرداد به‌هار”(1994-1929)له‌ کتێبی”له‌ ئوستووره‌وه‌ تا مێژوو” ده‌نووسێت: “شه‌وی یه‌لدا،شه‌وی له‌دایکبوونی میهر یان میترا نییه‌،به‌ڵکوو له‌دایکبوونی خۆره‌. میهر و خۆر پێکه‌وه‌ چه‌ند جیاوازییه‌کیان هه‌یه‌”.
به‌ گوێره‌ی ڕۆژژمێری خه‌ڵکانی ئێرانی کۆن،شه‌وی یه‌لدا،شه‌وی ده‌رکه‌وتنی ڕووناکایییه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕاستیی بێت ئه‌م شه‌وه‌ پێوه‌ندییه‌کی فره‌ی به‌ ئایینی میهرپه‌رستییه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ زێترین زانیاریی له‌سه‌ر ئه‌م دینه‌ پێمان ده‌ڵێت که‌ له‌ سه‌ده‌ی دووه‌می پێش زایین تا سه‌ده‌ی چواره‌می زایینی بوونی هه‌بووه‌. هه‌ر بۆیه‌ لای میهرپه‌رستان،شه‌وی یه‌لدا،هه‌مان شه‌وی له‌دایکبوونی میترایه‌.
“وه‌ك زستان به‌ڕێوه‌یه‌،ئایا به‌هاریش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌”‌؟ ئه‌م ڕسته‌ و په‌یڤه‌،ئه‌م چه‌مک و واتایه‌ی له‌ نێوئاخن و کرۆکدایه‌ هه‌تا ورد ببینه‌وه‌ له‌ مژار و پرسێک که‌ گه‌ره‌کمانه‌ په‌ی به‌ سه‌رچاوه‌ و ناوه‌ڕۆکه‌که‌ی ببه‌ین و بزانین چییه‌؟‌واته‌ شه‌وی یه‌لدا یان شه‌وی چله‌ گه‌وره‌ یاخۆ هه‌مان شه‌و زستان. له‌لایه‌كه‌وه‌ ده‌ستپێک و سه‌ره‌تای زستان و ده‌ركه‌وتنی سه‌رما و سۆڵه‌ ‌و به‌سه‌رچوونی وه‌رزی خه‌زان و وه‌رین و ماته‌می سرووشته‌،له‌ لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌،چاوه‌ڕێبوون به‌ دیار به‌هاره‌وه‌،كه‌ ئایا به‌هار و گوڵ و بۆنوبه‌رامه‌ی گوڵزار و سه‌ر له‌ نوێ ژیانه‌وه‌ی سرووشت،ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ؟!
له‌ كاتێكدا مرۆڤ به‌ده‌ست تووڕه‌یی و سازی ناساز و میزاجی سرووشته‌وه‌ گیرۆده‌یه‌ و وێڵی دوای قۆناخی گه‌شه‌كردن و دیتنه‌وه‌ و دۆزینه‌وه‌ی‌ نهێنییه‌كانی سرووشته‌،له‌هه‌مان كاتیشدا مرۆ پێوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌م هێزه‌ یاخییه‌دا له‌ ڕێی‌ ملكه‌چبوونه‌وه‌ به‌رده‌وام کردووه‌.
وشه‌ی‌ یه‌لدا،وشه‌یه‌كی‌ سریانییه‌ كه‌ یه‌كێک له‌ زمانه‌ كۆنه‌كانی‌ ناوچه‌ی‌ ڕۆژهه‌ڵاتی‌ نێوه‌ڕاسته‌. یه‌لدا،هه‌روه‌ها یه‌كێک له‌و جێژنانه‌یه‌ كه‌ ڕه‌چه‌ڵه‌كی‌ له‌ ئایینی میهردایه‌،به‌ چه‌شنێك كه‌ زۆر لێكۆڵه‌ر و ڕۆژهه‌ڵاتناس،به‌ شه‌وی‌ له‌ دایكبوونی”میترا”ی ناو ده‌به‌ن.
شه‌وی یه‌لدا یان شه‌وی چله‌ درێژترین شه‌وی‌ ساڵ له‌ نیوچه‌ گۆی‌‌ باكووری زه‌وییه‌. به‌ هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ی‌ جوگرافیاییه‌وه،‌ئه‌مشه‌وه‌ هه‌ر له‌ خۆراوابوونی 30ی سه‌رماوه‌زه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ هه‌ڵاتنی خۆر له‌ 1ی‌ به‌فرانباردا درێژه‌ی‌ هه‌یه‌ و هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ “شۆڕشی زستانه‌ یان گۆڕانی”و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یشه‌ كه‌ ڕۆژ،درێژتر و ته‌مه‌نی شه‌و،كورتتر ده‌بێته‌وه‌. ئه‌م دیارده‌ سرووشتییه‌ له‌سه‌ر خه‌ڵكانی‌ كه‌ونار و کۆن، كاریگه‌رییه‌كی‌ قووڵی‌ فه‌لسه‌فی داناوه‌ و ئه‌و شه‌وه‌یان به‌ واتای‌ زاڵبوونی ڕووناكی به‌سه‌ر تاریكیدا ناودێر كردووه‌. خه‌ڵک،پیرۆزیی و سه‌ركه‌وتنی خۆر و ڕووناكییان به‌سه‌ر تارمایی شه‌و و تاریكیدا جێژن ده‌گرت،هه‌تا سه‌ركه‌وتنی میهر و تێكشکاندنی ئه‌هریمه‌ن ببینن. ئه‌م جه‌ژنه‌‌ لای زۆر نه‌ته‌وه‌ی‌ ناوچه‌ی‌ ڕۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست،ئاسیای بچووک و ته‌نانه‌ت یۆنان و … به‌ڕێوه‌ ده‌چێت،به‌ڵام هه‌ركام به‌ شێوه‌یه‌كی‌ جیاواز و له‌ ژێر ناوێكی‌ دیكه‌دا.
یه‌لدا و کورد:
ئه‌گه‌ر ئاوڕێكی‌ كورت له‌ مێژووی‌ شه‌وی یه‌لدا له‌ نێو کورد و له‌ كورده‌وارییدا بده‌ینه‌وه‌ و چۆنیه‌تی‌ به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م جێژنه‌،دەبێت بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ مێژوویه‌کی کۆنتر و دابونه‌ریتی كورده‌واری له‌ سه‌رده‌می كه‌وندا. هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای په‌یدابوونی مرۆڤی كورد و تێكه‌ڵاوبوون به‌ سرووشت و دیارده‌كانی‌ و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی‌ ژیانی‌ مرۆی كورده‌وه‌ له‌م سه‌رزه‌وینه‌دا،ئایینیش وه‌ک سیسته‌مێكی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی مانای به‌ ‌ژیانی‌ خه‌ڵكانی‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ به‌خشیوه‌. ژیان،حه‌قیقه‌تێكه‌ كه‌ به‌ بێ دۆزینه‌وه‌ی‌،واتا و مانای نییه‌. مرۆی سه‌رده‌می كۆنیش بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ ئه‌م حه‌قیقه‌ته‌ هه‌وڵ و ته‌قه‌لای خۆی داوه‌. هه‌روه‌ها ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ دانیشتووانی ڕه‌سه‌ن و كۆنی ناوچه‌ی زاگرۆس،پێش هاتنی كۆچبه‌ره‌ ئارییه‌كان،هێز و دیارده‌ سرووشتییه‌كانیان به‌لاوه‌ جێی بایه‌خ و گرینگ بووه‌ و “خۆر،ئاو و ئاگر و با”یان لا گه‌لێک بایه‌خدار بووه‌ كه‌ هه‌تا هه‌نووكەیش،ئه‌م چوار توخمه‌ لای ئێزدییه‌كان هه‌مان نرخی خۆیان هه‌یه‌. شه‌وی چله‌ یان یه‌لداش،ئێستا‌ یه‌كێكه‌ له‌ جەژنە‌ گه‌وره‌كانی‌ ئێزدییه‌کان‌ و هه‌موو ساڵێك به‌ڕێوه‌ی‌ ده‌به‌ن.
له‌ هه‌زاره‌ی دووهه‌می پێش زاییندا،هاتن و نیشته‌جێبوونی هۆزه‌ كۆچه‌ره‌ هیند و ئه‌ورووپاییه‌كان،گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌ له‌ ئایین و زمانی دانیشتووانی زاگرۆس پێک ده‌هێنێت. دین،وه‌ک سیسته‌مێكی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌میشه‌ تاقه‌ ڕێگا بووه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ ماناكانی ژیان و له‌ په‌نایدا زانست بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌حه‌قیقه‌ت،هه‌وڵی‌ خۆی داوه‌. بۆیه‌ ده‌توانین بڵێن كه‌ مانای ژیان،له‌ خودی ژیانی‌ مرۆڤ و ده‌وروبه‌ریدایه‌. مرۆڤ،بوونه‌وه‌رێكی‌ زیندووه‌ و هه‌میشه‌ به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی‌ ماناكانی‌ سرووشته‌وه‌یه‌. به‌ پێی‌ سه‌رچاوه‌ مێژوویییه‌كان له‌ كورده‌وارییدا،بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌”شه‌وی یه‌لدا”وه‌ك جێژنێكی‌ ئایینی له‌ سه‌رده‌می كۆندا چاو لێ كراوه‌ و مینا نه‌ریتێكی‌ دێرینیش پارێزراوه‌ و تا ئێستایش هه‌ر ماوه‌ته‌وه‌.به‌ڵام،مێژووی شه‌وی یه‌لدا و ئاهه‌نگی ئه‌مشه‌وه‌ له‌ جوگرافیای ئێراندا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نزیکه‌ی 1000 ساڵ. له‌ هه‌ر ناوچه‌ و ده‌ڤه‌رێکی ئێراندا ئه‌م شه‌وه‌ به‌وپه‌ڕی شکۆوه‌ یاد ده‌کرێته‌وه‌ و تێیدا ئاهه‌نگێکی تایبه‌ت به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و له‌ هه‌موو شوێنێکیش هه‌تا ڕاده‌یه‌کی زۆر وه‌ک یه‌که‌،چونکه‌ سه‌رچاوەکە‌،یه‌که‌.
به‌ڵام با بزانین شه‌وی یه‌لدا له‌ كورده‌واریدا چۆن به‌ڕێوه‌ ده‌چێت؟
له‌م شه‌وه‌دا بنه‌ماڵه‌ بۆ گلێرکردنەوەی‌ خێزانه‌كه‌ی‌ له‌ ده‌وری یه‌كتر و شه‌وچه‌ره‌ی‌ نێو دیوه‌خانیان و به‌سه‌ربردنی چله‌ گه‌وره‌ی‌ ساڵ واته‌ چله‌ی‌ زستان،پێکه‌وه‌ دانیشتوون و تا ده‌مه‌وبه‌یان یه‌كتریان دواندووه‌ و ئه‌و شه‌وه‌یان به‌ گێڕانه‌وه‌ی‌ سه‌‌ربرده‌ و حه‌كایه‌ت و خوێندنه‌وه‌ی‌ شیعر و حه‌یران،لاوك و هۆره‌ به‌سه‌ر بردووه‌. حه‌كایه‌تێک كه‌ باس له‌ قاره‌مانه‌تی و له‌خۆبوردوویی یان هه‌ندێك جار دڵشكان و نامورادی و بویەری تراژیک ده‌کات كه‌ ئەوەیش له‌ میتۆلۆژی‌ و ئوستووره‌ناسیی کورددا ده‌توانێت ڕاڤه‌ بكرێت. كه‌سایه‌تی ئه‌و چیرۆک و حه‌كایه‌تانه‌،كچانی شۆخ ‌و شه‌نگ و كوڕانی جوامێر و مێرخاس‌ و دركاندنی ڕازی ده‌یان چیرۆك ‌و سه‌ربرده‌ و حه‌كایه‌تی ون بووه‌. خه‌ج‌ و سیامه‌ند،مه‌می ئالان،قه‌ڵای دمدم،دوانزه‌‌سواره‌ی‌ مه‌ریوان،شیرین و فه‌رهاد و ….
خواردنی شێوی زۆربه‌ی‌ ئه‌م جێژنه‌،یاپراخ و دۆڵمه‌ی گه‌ڵامێو و كه‌له‌م بووه‌ و له‌ پاڵیدا شه‌وچه‌ره‌ی‌ دیوه‌خان،سفره‌یه‌كی‌ ڕه‌نگین به‌ “هه‌نار،سێو، شووتی،پسته‌ ‌و بادام و توو و گوڵه‌به‌ڕۆژه‌ و برێشكه‌،گه‌نمی برژاو،مێوژ،هه‌نجیره‌ وشكه‌ …که‌ به‌ گشتیی هه‌ر كام مانایه‌كی تایبه‌تی هه‌یه‌. بۆ نموونه‌ ده‌توانین بڵێین كه‌ شووتی و هه‌نار به‌ هۆی زۆربوونی ده‌نكه‌كانیانه‌وه‌،نیشانه‌ی‌ به‌ره‌كه‌ت بوونه‌.
شه‌وی یه‌لدا هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ كۆتاییهاتنی‌ وه‌رزی‌ خه‌زان،وه‌رزی‌ ماڵاوایی‌ دوایین سه‌فه‌ری‌ سرووشت به‌ره‌و هه‌رێمی‌ به‌فر‌ و با و بۆران،سه‌رما‌ و كڕێوه‌،وه‌شت ‌و زریان‌ و،به‌ستەڵەک و سه‌هۆڵبه‌ندان.
به‌ هزر و بیری‌ زستانە و پشوودرێژییه‌وه‌ و به‌ وردبوونه‌وه‌ و تێڕامان له‌و وته‌یه‌ی‌ كه‌ به‌هار هه‌ر له‌ ڕێدایه‌‌ ‌و دێته‌وه‌!!هیوا به‌ ‌داهاتوو،به‌رده‌وامیی ‌‌و نه‌دۆڕاندنی‌ ئیراده‌،ژیاندۆستیی و مرۆڤدۆستی‌،له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌ به‌رزه‌كانی‌ وه‌رزی زستانن. بۆیه‌ پێویسته‌ به‌ چاوكراوه‌یی ‌‌و به‌رچاوڕوونییه‌وه‌ له‌ ئاسۆ بڕوانین هه‌تا زانست و ماریفه‌ت بكه‌ینه‌ هه‌گبه‌ی‌ داهاتوومان ‌و ئاگردانی‌ زستانی‌ کورده‌واریی پێ گه‌رم و به‌تین ڕابگرین. وه‌ک پێشتریش ئیشاره‌تی پێدرا،شه‌وی یه‌لدا که‌ ده‌که‌وێته‌ دوا شه‌وی وه‌رزی خه‌زان و سه‌ره‌تای وه‌رزی زستان واته‌ 30ی سه‌رماوه‌ز یان 21/12 ی ساڵ(هه‌ندێک جار ئه‌ملا و لای ده‌بێت)،درێژترین شه‌وی ساڵه که تاریکی ئه‌و شه‌وه‌ له چوارده کاژێر تێپه‌ڕ ده‌بێت. له ئایینی زه‌رده‌شتدا به‌ شه‌وێکی پیرۆز داندراوه؛پیرۆزیی ئه‌مشه‌وەیش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و کاتانه‌ی که مرۆڤ هیچ په‌ناگه‌یه‌کی نه‌بووه‌،ئه‌شکه‌وت و که‌ورگ نه‌بێت و هۆکارێکی خۆ گه‌رمکردنه‌وه‌یشی ده‌بێت تا خۆی له سه‌رما و سۆڵه‌ی زستان بپارێزێت.
جەژنی زایین یان شەوی زایین کە بە یەڵدا(هه‌مان یه‌لدا) ناسراوە،جەژنی لەدایکبوونی”مەهاباد”ی باپیری کوردانە.مەهاباد،یەکەم پەیامهێنەری سەر ڕووی زەمینە و دامەزرێنەری ئایینی میتراییە کە بە میهر یان ڤارونەش ناسراوە. میترایی (میترایزم)،یەکەم ئایینە کە بە هەزاران ساڵ پێش ئێستا ڕێگای ژیانی مرۆڤایەتی ڕۆشن کردۆتەوە،بەڵگە نوێیه‌کانی پەرستگه‌ی گیرێ ناڤۆکێ (گۆپکلی تەپە)لە ڕۆژهەڵاتی شاری “ڕۆها” کە بە شاری پێغەمبەران ناسراوە( ئۆرفای ئێستا)لە باکووری کوردستان،له‌ ڕاستیی و نهێنیی سەرەتای سەرهەڵدانی ئایین،نزیکمان ده‌خاتەوە. لە ڕاستیدا ئایینی میترا کە زۆربەی جیهان بە خودی کوردیشه‌وه‌ بە چەوتی،بە ڕۆژپەرستی ناسیویەتی،واتە خودای ئەڤین و پەیمان،خودای ڕۆژ و ڕووناکی و خوای پارێزەری گەردوون و چارەنووس. جەژنی زایین،پیرۆزکردنی درێژبوونەوەی ڕۆژ و ڕووناکییە کە پێغەمبەر،”مەهاباد”ی مەزن بۆ یەکەم جار بۆ مرۆڤایەتی ڕوون کردۆتەوە.لەگەڵ تێپەڕبوونی زه‌مه‌ندا،ئەم بۆنەیە بووە بە جەژنێکی نەریتیی و بەشێکی گرنگی فەرهەنگی کوردی کە بە داگیرساندنی ڕووناکی و ڕازاندنه‌وه‌ی درەختی سنۆبەر و سینیی خواردنی تایبەت،یاد ده‌کرێتەوە،پیاوێکی بە ڕوخسار پیریش بە کڵاوێکی قووچه‌وه‌ و کەوای سووری میترایی و پشتێنێکەوە،تورەیەک بەشانەوە،خواردن کۆ ده‌کاتەوە و پاشان بەسەر هەژاران یان هەموواندا دابەشی ده‌کات. کاتێک کە بەدکاران خەریکن ئایینەکە ناشیرین بکەن،زەردەشتی مەزن چاکسازی تێدا ده‌کات و ئایینی مەزدایی،زەردەشتی (مەزدایزم) جێی میترا ده‌گرێتەوە.میترایی و مەزدایی لە ڕێی گریک و ڕۆمەوە بە ڕۆژاوا و،لە ڕێی هیندستانیشەوە بە ڕۆژهەڵاتی جیهاندا بڵاو ده‌بێتەوە،واتە نەریتی جەژنی زایین بە جیهان ده‌گات. لەگەڵ له‌ دایکبوونی هیندویی و بۆدیی (هیندویزم و بۆدیزم)لە میترایی،ئەم جەژن و یادکردنەوەیە تا ئەمڕۆیش هه‌ر بە گەشەکراوی ده‌مێنێتەوە و پاش لەدایکبوونی عیسای مەزن کە بە پێی بۆچوونی نووسەرانی گریک و جوو بەر ڕۆژانی جەژنی زایین کەوتووە،لە ڕێی ڕۆمەوە کە لە پێشدا میترایی ده‌بن،دوای بوونیان بە کریستیان (مەسیحی)یش‌‌،هەموو نەریتەکە بۆ ئەورووپا و پاشانیش زۆربەی جیهان ده‌گوێزنەوە.جێی پرسیاریشە کە بۆچی سێ پیری مۆگان(موغان) کە لە ئینجیلدا بە سێ پیاوە زاناکە ناسراون،لە خاکی مادەوە بۆ پێشوازی لەدایکبوونی عیسای مەزن ئامادە ده‌بن.
یەڵدا لە بنەڕەتدا بە کوردی واتە زایین،ئارامییەکان وشەی زایین ده‌گۆڕن بە یەڵدا،یادکردنەوەی ئەم کاتە کە لە 20ی مانگی دوانزەوە دەست پێ ده‌کات و بەپێی ناوچەی جوگرافی تا چەند ڕۆژێکی بەدواوە درێژەی هەیە،بۆیە لە کوردستان و ڕۆژاواوە تا ڕووسیا و چین،لە ڕۆژهەڵات جەژنی زایین یان لە هەندێک شوێن جەژنی سەری ساڵ بە چەند ڕۆژێک جیاواز یاد ده‌کرێتەوە.
یه‌لدا و ئه‌ده‌بی کوردی:
شه‌وی یه‌لدا وه‌ک جێژنه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ زاگرۆسنشینان و ئاریی ڕه‌گه‌زه‌کان که‌ کوردیش سه‌رچڵیانه‌،نه‌ورۆز،چوارشه‌ممه‌سووری ‌و … نه‌ریتێكی‌ كۆنه‌ و له‌ ناو كولتوور و ئه‌ده‌بی‌ كوردییشدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌. بۆ نموونه‌ هه‌میشه‌ شه‌وی‌ یه‌لدا له‌ ئه‌ده‌بی‌ گه‌لانی دراوسێ و ته‌نانه‌ت كوردیش به‌”زوڵفی یار”شوبهێندراوه‌ و به‌ واتای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ زوڵفی یار وه‌ک شه‌وی یه‌لدا،ڕه‌‌ش‌ و قه‌ترانیی و درێژه‌.”عه‌بباس حه‌قیقی”له‌ شیعری “ئافه‌تی دین”دا ده‌ڵێت:
چاوت ئه‌ر نێرگسی شه‌هلا نییه،‌بۆ هێنده‌ خومار
په‌رچه‌مت گه‌ر شه‌وی یه‌لدا نییه،‌بۆ هێنده‌ ڕه‌شه‌؟
یه‌لدا،له‌ شیعری کلاسیک و هاوچه‌رخی کوردییدا ئاماده‌بوونێکی تایبه‌تی هه‌یه‌ و هه‌ر هۆزان و شاعیرێک،له‌ گۆشه‌ نیگایەکەوە سه‌یری ده‌کات. که‌م نین ژماری ئه‌و هۆزان و شاعیرانه‌ی یادی یه‌لدایان کردووەته‌وه‌ و ده‌یان چه‌پکه‌ هه‌ڵبه‌ستی یه‌لدایییان به‌ تۆره‌ی کوردی به‌خشیوه‌. دیاره‌ ڕۆچوونی ورد و قووڵتر به‌ ناخی ئه‌م پرسه‌دا بۆ خۆی ته‌وه‌ری توێژینه‌وه‌یه‌که‌ و ئه‌رک و ماندووبوونی تایبه‌تی ده‌وێت؛بۆیه‌ پتر له‌سه‌ری ناچم. من لێره‌دا به‌ گوێره‌ی به‌رهه‌م و سه‌رچاوه‌ی وه‌رده‌ست،ژماره‌یه‌ک شیعری یه‌لدایی ده‌خه‌مه‌ به‌ر دیده‌ی خوێنه‌ری کورد و هیواخوازم که‌سانی دی ئه‌م پرسه‌ بکه‌نه‌ مژاری نووسین و لێکۆڵینەوەیەکی چڕ و پڕتر له‌م پێوه‌ندییه‌دا.

شه‌وی یه‌لدا
نالی

شه‌وی یه‌لدایه‌،یا ده‌یجووره‌ ئه‌مشه‌و
که‌ دیده‌م دوور له‌ تۆ،بێ نووره‌ ئه‌مشه‌و؟!
دڵم وه‌ک حاکمی مه‌عزووله‌،قوربان
خه‌ڵاتی وه‌سڵی تۆی مه‌نزووره‌،ئه‌مشه‌و
دڵیش مایل به‌ دیده‌ی تۆیه‌،بۆیه‌
له‌ من وه‌حشیی و ڕه‌میده‌ و دووره‌،ئه‌مشه‌و
که‌ تۆی شای که‌چ کولاهی دیده‌ مه‌ستان
چ باکم قه‌یسه‌ر و فه‌غفووره‌،ئه‌مشه‌و؟!
له‌ خه‌و هه‌ڵساوه‌،یا ئاڵۆزه‌ چاوت؟
هه‌میشه‌ وایه‌،یا مه‌خمووره‌،ئه‌مشه‌و؟
(لە دوورییت؛من وەکوو بولبول دەناڵم
بە وەسڵت عالەمێ مەسروورە ئەمشەو
سوپای موژگان،بە تیغی ئەبروانت
شکستەی فیرقە و تابوورە ئەمشەو)
سرووشکم نه‌قشی چاوی تۆ ده‌کێشێ
جێگه‌م،سه‌ر داره‌که‌ی مه‌نسووره‌،ئه‌مشه‌و
موسوڵمانان ده‌پرسن حاڵی نالی
(ئەگەر یاران دەپرسن حاڵی کوردی)
له‌ کونجی بێکه‌سیی مه‌هجووره‌،‌ئه‌مشه‌و
تێبینی: بەگوێرەی لێکۆڵینەوە نوێیەکان،خاوەنە ڕاستینەکەی ئەم شیعرە”مستەفا بەگی کوردی”یە و توێژەران شیعرەکە لە شێوازی “کوردی”یەوە بە نزیکتر دادەنین تا نالی و کۆتایی شیعرەکە چەند بەیتێکی تری دەگەڵە.


برا،فکری چرا!کیبریتی فرسه‌ت تا له‌ ده‌ستایه‌
شه‌وی یه‌لدا له‌ پێشه‌،ڕۆژی عومرت وه‌خته‌ ئاوا بێ
مه‌حوی


که‌ ده‌گریم بۆ جه‌مالی تۆ،دیاره‌ ئه‌شک و ئاهی من
له‌ خورشیدی ده‌داتن ده‌م ستاره‌ی شامی یه‌لداکه‌م
وه‌فایی


موغی بێ ئاگری شه‌وی یه‌لدام
چاوه‌ڕێی چاره‌نووسی نه‌په‌یدام
هێمن


به‌ یادی شه‌معی ڕوخسارێکی،دڵ ئیحیا نه‌که‌م،چبکه‌م؟
به‌ شه‌وقێکی وه‌ها چاری شه‌وی یه‌ڵدا نه‌که‌م،چبکه‌م؟
سه‌ید کامیل ئیمامی(ئاوات)
(شیعری “چبکه‌م؟”)


شه‌وی یه‌ڵدا
ڕه‌فیق سابیر

شه‌وی یه‌لدایه‌،یا ده‌یجووره‌ ئه‌مشه‌و
که‌ دیده‌م دوور له‌ تۆ،بێ نووره‌ ئه‌مشه‌و
نالی
**
شه‌وی یه‌ڵدا،شه‌وی ئه‌شق و چاوه‌ڕوانی،
شه‌وی شیعر،
شه‌وی ڕامان،
شه‌وی سه‌رداره‌که‌ی ڕۆح و
شه‌وی ده‌رکه‌وتنی جوانی.
ئه‌گه‌ر ئێستا له‌م شه‌وه‌دا
گوڵه‌باخه‌که‌ی شار لێره‌ بووایه،‌
من ده‌بوومه‌وه‌ به‌ منداڵ،
شه‌ڕه‌ئاو و چاوشارکێم له‌گه‌ڵ ده‌کرد،
ده‌مه‌و ئێواران له‌ پێچی کۆڵاندا
هه‌تا “ئاوی پێم داده‌هات”بۆی ده‌وه‌ستام
به‌ نیازی ئێواره‌باشێک،
به‌ هیوای ماچێک ده‌وه‌ستام و ده‌وه‌ستام،
به‌ ‌ده‌م ترس و دڵه‌خورپێ و له‌رزینه‌وه‌
له‌به‌رده‌میدا لاڵ ده‌بووم،
ده‌شڵه‌ژام و
بێده‌نگانه‌ داده‌گیرسام.
ئه‌گه‌ر ئێستا،
سه‌رداری دڵه‌ شه‌یداکه‌م لێره‌ بووایه،‌
من ئه‌مشه‌و خۆم به‌ میری ئاشقان ده‌زانی،
ژیانی خۆم وه‌ک چه‌پکه‌گوڵ،
ده‌خسته‌ ناو ده‌سته‌کانی،
تا به‌یانی ماچباران و
شیعربارانم ده‌کرد و
سه‌د جار ده‌بووم به‌ قوربانی.
ئه‌گه‌ر ئه‌مشه‌و،
چاوجوانی شار لێره‌ بووایه‌،
من زۆربای کوردستانی بووم،
ئاشقێکی هه‌میشه‌یی و
ڕێبواری ڕێگای جوانی بووم.
ئه‌گه‌ر ئێستا،
شاجوانه‌که‌ی شه‌وی یه‌ڵدا لێره‌ بووایه‌،
من ده‌متوانی به‌رگه‌ بگرم؛
به‌رگه‌ی ته‌نیایی و نامۆبوون،
ته‌نانه‌ت به‌رگه‌ی مردنیش بگرم،
هه‌تا ماوم،
دڵ پڕ هیوا گۆرانی ئاشقانه‌ بچڕم.
من ده‌متوانی له‌ شه‌وێكدا،
ژیان،گوڵئاسا بچێنم،
بێباک،بێخه‌م،
دیده‌ پڕ نوور،
له‌ تاریکیدا ببینم.
ئه‌گه‌ر ئێستا،
له‌ شه‌وی شیعر و ڕامان و جوانیدا
سه‌رداری ڕۆحه‌ ته‌نیاکه‌م لێره‌ بووایه،‌
ترسی شێتبوون،
ترسی ونبوون و ئاوابوون،
هه‌راسانیان نه‌ده‌کردم؛
ونبوون چییه‌!
سه‌رداری دڵه‌ شه‌یداکه‌م ونبوون چییه‌!
من له‌ ناو تۆدا ون ده‌بم،
شێتبوون یان ئاوابوون چییه‌!
من له‌ خۆشیی تۆ شێت ده‌بم،
ئاوێته‌ی ئه‌شقی تۆ ده‌بم.
خۆزگه‌ ئێستا،
سه‌رداری دڵه‌ شه‌یداکه‌م،
سه‌رداری ڕۆحه‌ ته‌نیاکه‌م لێره‌ بووایه‌،
خۆزگه‌ ئێستا لێره‌ بووایه‌…


“پێنجخشته‌کی،ته‌واوی قه‌سیده‌ مه‌زنه‌که‌ی نالی… ته‌نیا گه‌مه‌یه‌که‌ و کردم..ناچێته‌ ناو ئه‌رشیڤه‌وه‌..ئیشێکی ساته‌ وه‌ختییه‌ و زوو به‌سه‌ر ده‌چێت..”
یه‌ڵدا
قوبادی جه‌لیزاده‌

که‌ ده‌ستی تۆ به‌ خوێنم سووره‌ ئه‌مشه‌و
که‌ کۆشکی دڵ ته‌واو خاپووره‌ ئه‌مشه‌و
که‌ فرمێسکم خوڕه‌ی”خابووره‌”ئه‌مشه‌و
“شه‌وی یه‌لدایه‌ یا ده‌یجووره‌ ئه‌مشه‌و
که‌ دیده‌م دوور له‌ تۆ،بێ نووره‌ ئه‌مشه‌و؟!”
له‌ لای خه‌ڵکی هه‌موو مه‌جهووله‌ قوربان
که‌ ڕۆحمی من له‌ ئاگر فووله‌ قوربان
له‌ شێوه‌ی چۆله‌که‌ی مه‌فتووله‌ قوربان
“دڵم وه‌ک حاکمی مه‌عزووله،‌قوربان
خه‌ڵاتی وه‌سڵی تۆی مه‌نزووره‌،ئه‌مشه‌و”
وه‌کوو ئه‌ییووب ده‌می زامم به‌سۆیه‌
له‌ سینه‌مدا سه‌دای هاوار و ڕۆیه‌
هه‌ڵۆی عه‌شقم زه‌لیلی ده‌ستی تۆیه‌
“دڵیش مایل به‌ دیده‌ی تۆیه‌،بۆیه‌
له‌ من وه‌حشیی و ڕه‌میده‌ و دووره‌،ئه‌مشه‌و”
فیراقت هاتووه‌،ڕۆحم بکێشێ
په‌لی گرتووم وه‌کوو شێت ڕامده‌کێشێ
وه‌ره‌ فریادڕه‌سم به‌،بێره‌ پێشێ
“سرووشکم نه‌قشی چاوی تۆ ده‌کێشێ
جێگه‌م،سه‌رداره‌که‌ی مه‌نسووره‌،ئه‌مشه‌و”
له‌ ئاستی ڕووت ده‌وه‌ستم ده‌سته‌وه‌ستان
ده‌وا و ده‌رمانی ده‌رد و زه‌خمی خه‌ستان
وه‌ره‌ با بتخه‌مه‌ سه‌رچاو و ده‌ستان
“که‌ تۆی شای که‌چ کولاهی دیده‌ مه‌ستان
چ باکم قه‌یسه‌ر و فه‌غفووره‌،ئه‌مشه‌و؟!”
ئه‌سیرم من له‌ تاڵی بسکی خاوت
ده‌نۆشم باده‌یی ژه‌هر و زووخات
له‌سه‌ر زارم ئه‌به‌د گوم نابێ ناوت
“له‌خه‌و هه‌ڵساوه‌ یا ئاڵۆزه‌،چاوت
هه‌میشه‌ وایه،‌یا مه‌خمووره‌،ئه‌مشه‌و”
به‌سه‌ر چوو گشت،هه‌موو عومرم به‌ تاڵی
به‌ ڕاکردن به‌شوێن دوو چاوی کاڵی
له‌ خوێن سوور بوو دڵم وه‌ک لێوی ئاڵی
“موسوڵمانان ده‌پرسن حاڵی نالی
له‌ کونجی بێکه‌سیی مه‌هجووره‌،ئه‌مشه‌و”
**
خابوور: ڕووباری خابوور


شه‌وی یه‌لدا
شه‌یدا

ئه‌مشه‌و شه‌وی یه‌لدایه‌ سه‌با فرسه‌ته‌ ئه‌مشه‌و
ماڵی دڵه‌که‌م پڕ خه‌م و بێتاقه‌ته‌،ئه‌مشه‌و
ئه‌ییامی گوڵ و غونچه‌ ئه‌وا ڕۆیی،به‌سه‌ر چوو
گوڵزاری چه‌مه‌ن پاکی ته‌م و ئافه‌ته،‌ئه‌مشه‌و
شه‌وقی شه‌می سه‌ر تاقی حه‌ره‌مخانه‌یی یارم
خامۆشه‌،به‌ بێ جۆشه‌،ده‌می میحنه‌ته‌،ئه‌مشه‌و
هه‌ر جۆش و خرۆشێ که‌ له‌ نێو ماڵ و دڵا بوو
مات و کپ و بێده‌نگه‌،چ پڕ حیره‌ته‌،ئه‌مشه‌و
قوربانه‌ سه‌با ده‌ستی من و دامه‌نی چاکت
دڵ،مونته‌زیری لوتفی گوڵ و ئولفه‌ته‌،ئه‌مشه‌و
زوو هه‌سته‌،بڕۆ وه‌ختی سه‌حه‌ر بۆ حه‌ره‌می گوڵ
چون،واده‌یی میهر و که‌ره‌م و غیره‌ته‌،ئه‌مشه‌و
عه‌رزی که‌،بڵێ،بولبولی دڵ زار و حه‌زینه‌
موشتاقی ویساڵی چه‌مه‌ن و شێوه‌ته‌،ئه‌مشه‌و
هه‌ر بۆیه‌ له‌ دووریی مه‌هی ڕووت،ڕه‌نگی نه‌ماوه‌
جه‌رگی به‌ سه‌ری تیری موژه‌ت له‌ت له‌ته‌،ئه‌مشه‌و
په‌ژمورده‌یه‌ حاڵی دڵی وێرانه‌ به‌ ته‌نها
هه‌مڕه‌نگی خه‌یاڵی خه‌فه‌ت و عیبره‌ته‌،ئه‌مشه‌و
بۆ داخی دڵی ئه‌هلی غه‌م و میحنه‌تی،ساقی
سه‌د داخی گرانم که‌ چ بێمروه‌ته‌،ئه‌مشه‌و
دڵخۆشه‌ ڕه‌قیب،چون ئه‌وه‌ بۆ داخی دڵی من
خاوه‌ن عه‌له‌م و شان و شکۆ و شه‌وکه‌ته‌،ئه‌مشه‌و
هه‌ر عاشقی”شه‌یدا”یه‌ به‌شی گریه‌ و شینه‌


شه‌وی یه‌لدا
جه‌مال شارباژێڕی

شه‌وی یه‌لدایه‌،
هه‌ر خۆم ده‌زانم جێم
له‌ ناخی هه‌ست و دڵدایه،‌
شه‌وی یه‌لدایه،‌
به‌خته‌که‌م، ئه‌مشه‌و
وه‌کوو دوێشه‌و له‌ کل دایه‌،
شه‌وی یه‌لدایه‌،
ته‌نیاییم به‌ خامۆشی له‌گه‌ڵدایه‌،
چی ده‌بوو ئه‌مشه‌و
له‌گه‌ڵ ڕوخساری جوانێکدا،
شه‌رابی ئه‌له‌م هه‌ڵدایه،‌
شه‌وی یه‌لدایه‌،
چی ده‌بوو ئێستا،
شه‌ق و سیخورمه‌یه‌کم له‌و
خه‌م و ئازاره‌ هه‌ڵدایه‌.


یه‌لدای شاعیر
محه‌ممه‌دفاتیح محه‌ممه‌دی(ف.نامۆ)

که‌ دێت و ده‌رده‌خا ئه‌و زولف و په‌رچه‌م
شه‌وی یه‌لدا ئه‌دا ئاڵا له‌ دیده‌م
بزه‌ی مزری هه‌ناری لێوی ئاڵی
ئه‌زێته‌ نێو ده‌م و لێوم،ده‌ماده‌م
ده‌کا چاوی گه‌شی هه‌ستێره‌باران
هه‌موو سووچ و که‌لێنی ڕۆحی خه‌سته‌م
ئه‌دا پێی پاڵه‌په‌ستوو،شه‌وق و شادی
به‌جێدێڵێ هه‌رێمی دڵ،کزه‌ی غه‌م
چ خۆشه‌ ئه‌و شه‌وی یه‌لدایه‌ هه‌ر شه‌و
به‌ دیداری ده‌کا بۆ من فه‌راهه‌م
چ ئاتاجم به‌ یه‌لدای ساڵه‌کاتی
که‌ یه‌لدای بسکی ئه‌و،ڕوو کاته‌ هۆده‌م
هه‌ناری لێوی ئاڵ و چاوی مه‌ستی
بگۆڕن ده‌مبه‌ده‌م،حاڵ و هه‌واکه‌م
بکه‌ن یه‌لدایه‌کی شاهانه‌ به‌رپا
بده‌ن بۆنوبه‌رامه‌ی ئه‌و،له‌ ئێخه‌م
له‌ خۆڕایی نییه‌ به‌و یاره‌”فاتیح”
ئه‌مه‌کدار و وه‌فادارم،هه‌تا هه‌م


یه‌لدا
محه‌ممه‌دفاتیح محه‌ممه‌دی(ف.نامۆ)

شه‌وی یه‌لدا که‌ زولفانت وه‌کوو تاف
به‌سه‌ر شانی سپیتا هاته‌ خوارێ،
ئه‌وه‌نده‌ مه‌حوی تۆ بوو،دیده‌ ئه‌نگووت،
شه‌وی یه‌لدا له‌ چاوم دا،ده‌بارێ.


ناسر حیسامی
شه‌وی یه‌لدا،له‌ ماڵی من خزاوه‌،
که‌ تاریکی و هه‌نار و گڕ له‌ ناوه،‌
گڕ و کڵپه‌ی سته‌م به‌ربووەته‌ ماڵم
له‌سه‌ر خاکم هه‌ناری دڵ پژاوه‌.


ببووره‌
سه‌عدوڵڵا په‌رۆش

ڕوانینێک قووڵتر له‌ ده‌ریا..
خه‌ونێک شینتر له‌ ئاسمان
شیعرێک جوانتر له‌ عیشق؛
دیدارێک پیرۆزتر له‌ نوێژ
بۆ تۆ؛
خه‌مێک قووڵتر له‌ ده‌ریا
خه‌ونێک دوورتر له‌ ئاسمان؛
شیعرێک تاریکتر له‌ ده‌یجوور
دابڕانێک درێژتر له‌ شه‌وی یه‌ڵدا
بۆ من؛؛


ڕه‌حیم لوقمانی
شه‌وی یه‌ڵدایە‌،‌ڕۆژی کورد ده‌بێ چاوانی هه‌ڵبێنێ
ته‌می دێرینی خۆخۆریی،له‌سه‌ر خاکم بتارێنێ
نه‌بینم چاوی ئاسۆمان،نمه‌ی بارانی سوور بگرێ
هه‌تاوی عیشق و ئازادیی،ده‌بێ ئاڵام بڕەنگێنێ


شه‌وی یه‌ڵدا،چراخانی دڵانه‌
شه‌وی عه‌شق و گزنگی به‌ربه‌یانه‌
وه‌کوو ئاواتی دڵمان خۆ ده‌کێشێ
سه‌مای به‌فر و چریکه‌ی سه‌رچڵانه‌
شه‌ماڵ ئیسماعیل پوور


یه‌ڵدا
محه‌ممه‌د پاکژ

خه‌ڵکی ده‌ڵێن…
شه‌وی یه‌ڵدا زۆر درێژه‌..
وه‌کوو ته‌مه‌نی ساڵ وایه‌،نابڕێته‌وه‌.
به‌ڵام لای من…
شه‌وی یه‌ڵدا،وه‌کوو ئه‌ستێره‌ی گه‌لاوێژ،
چرای ئه‌فسوونی شه‌وانی بێدارییمە‌ و ..
دڵم پێی گه‌ش ده‌بێته‌وه‌.
شه‌وی یه‌ڵدا…
چه‌نێ تاریک و نوته‌ک بێ،
ئه‌ستێره‌یه‌ک ڕێبه‌رمانه‌..
ناومان ناوه‌ چرای ئه‌وین.
بۆیه‌ ئیدی…
من و هه‌ناسه‌که‌ی سینه‌م،
هه‌تا مردن قه‌رزداری..
شه‌وی یه‌ڵدا و چرای ئه‌وین.


ده‌ردی ته‌نیایی به‌ شه‌ودا ده‌س له‌ دڵ ناکاته‌وه‌
که‌ی به‌یانی دێ،دڵم،ده‌ستی له‌ خه‌م بشواته‌وه‌
شه‌و ئه‌گه‌ر یه‌ڵدا نییه‌،ئه‌ی بۆچی وا توولانییه‌؟
تۆ بڵێی که‌نگێ سه‌ما سه‌فحه‌ی ڕه‌شی هه‌ڵداته‌وه‌؟
ئه‌مین گه‌ردیگلانی


“یەلدا “
حەسەن شافیعی

لە تەک تۆمە ،سیاخاڵی سیاچەم
سیا ئەگریجەیی یەلدایی پەرچەم
هەناوم بۆتە کوورەی ناری دیدار
لە یەلدای دیدەنت دەدوێ دەمادەم
لە سینە و کوڵم و لێو و زار و دیدە
هەنار و سێو و پستە و نوقڵ و بادەم
هەموو نەخشی جوانیی و سیحری یەلدا
لە خوانی شەوچەرەی تۆدا فەراهەم
منی دەروێشی دڵدۆڕاوی دڵدار
لە دەرگانەی کەرەمتا چاوەڕێ هەم،
کە بێم و وەک گەدای ئاتاجی دەرگات
لە عەتری ماچی دەم،پڕ کەی هەناسەم
بکەی ئاواڵە دەرگاهی دڵ و کۆش
لە ڕووی ئەمنی سەراپا حوزن و ماتەم
لە باخی پرچ و کوڵم و لێو و گەردن
بئاڵێم و بتارێنم کوڵ و خەم
سەری سەوداسەرم دانێم لە سینەت
هەناسەم باوەشێن کا باخەڵ و مەم
دڵەی پڕ حەسرەتم تێر بێ لە ماچی
دوو لێوی ئاڵ و شیلەی نوقڵی ناو دەم
بسووتێم و بسووتێم و بسووتێم
لە گردی ڕوومەتت چەشنی گوڵ و شەم
لە ئامێزی گرم بەژنی زراوت
شەوی یەلدا،بە دیی بێخەون و تاسەم


شه‌وی یه‌ڵدا
ساڵح بێچار

وتت گیانه‌:
شه‌وی یه‌ڵدا چه‌ند تاریک بێت،
که‌ی ده‌گاته‌ په‌رچه‌می من؟
وتم ڕاسته‌؛
شه‌وی یه‌ڵدا چه‌ند درێژ بێت
ناگاته‌ باڵای خه‌می من!


یه‌ڵدا
پشکۆ نه‌جمه‌دین

شه‌وی یه‌ڵدایه‌،
بوو،ده‌بێ.
شه‌و هه‌رچی بێ،
بێ نیگای تۆ،
عیشق نابینا و
نه‌زۆک و
نه‌ تۆ،نه‌ من،
نه‌ هیچ شتێک،له‌دایک ده‌بێ!


شه‌وی یه‌لدا
عه‌زیز میرزاقادری

ئه‌مشه‌و شه‌وی یه‌لدایه‌،خه‌می تۆش له‌ دڵم بار
شاری دڵه‌که‌م شه‌وقی نه‌ما،بوو به‌ شه‌وی تار
ئاخر شه‌وی پاییزه‌،هه‌موو پێکه‌وه‌ شادن
ئه‌مشه‌و من و باده‌ و غه‌زه‌ل و حه‌سره‌تی دیدار
تاسه‌ی خه‌می بی تۆیی،په‌پووله‌ی حه‌زی کوشتم
هه‌ر بۆیه‌ گه‌رووی شیعری منیش پڕ بوو له‌ هاوار
وه‌رزی گوڵ و گوڵزاری ته‌مه‌ن ڕۆیی،به‌سه‌ر چوو
ئاوات و ئه‌وینم،ده‌می لاوی چووه‌ پای دار
ئه‌مشه‌وی مه‌ی و هۆنراوه‌ به‌ جووت،تێکه‌ڵی یه‌ک بوون
سه‌رخۆشم و مه‌دهۆشی دوو چاوی ڕه‌شی دڵدار
چه‌ن ساڵه‌ له‌ به‌ستێنی ئه‌وین،بێکه‌س و ته‌نیا
ده‌خولێمه‌وه‌ به‌و کۆنه‌ برینه‌ش،به‌ ته‌مای یار
به‌ینێکه‌ له‌ پڕشنگی نیگات دوورم و بێبه‌ش
زامی دڵه‌که‌م هه‌ر به‌ ده‌سی تۆیه‌ ده‌بێ،چار
ئه‌مشه‌و وه‌ک په‌روانه‌ له‌ ده‌وری شه‌می باڵات
هاتووم که‌ بسووتێم و بڵێم شۆخی وه‌فادار:
به‌ینی من و تۆ تاقه‌ که‌سێ زانی،ئه‌ویش خۆی
ڕازداره‌،دڵی پاکه‌،وه‌کوو مه‌حره‌می ئه‌سرار
ئیلهامی هه‌موو شیعری”عه‌زیز”،تۆی گوڵی بێناز
تا ماوه‌ ژیان،بۆ تۆ ده‌نووسێ به‌ دڵی زار


به‌شێکی شیعری:شه‌وی عیشقه‌؛ شه‌وی یه‌ڵدا!
ساڵح بێچار

شه‌وی یه‌ڵدا خه‌ڵوه‌تی دڵ له‌ سه‌د جێ مۆم پێ ده‌بێ
له‌و شه‌وگاره‌ی ئه‌ویندا هێلانه‌ی عیشق چێ ده‌بێ!
دڵ هه‌ناره،‌شه‌وی یه‌ڵدا دڵ پڕ له‌ ده‌نکه‌ مرواریی
وه‌ک ملوانکه‌ بۆ گه‌ردنی ئه‌وینێکی یه‌کجاریی!


شه‌وه‌،چله‌یه‌ و میوانێکی باڵابه‌رز
قژی درێژ،له‌سه‌ر شانی،هه‌تا عه‌رز
چاوه‌کانی شیعرم،زوڵفی په‌خشانه‌
ئه‌م کیژۆڵه‌،یه‌که‌م شه‌وی زستانه‌
عه‌بدولڕه‌حمان فه‌هیمی(ده‌روێش)


چه‌ند به‌یتێک له‌ شیعری “ته‌ک و ته‌نیا”
خاڵه‌ قازی

له‌ دونیادا ته‌ک و ته‌نیا به‌جێ مام
ده‌ڵێی تۆزم له‌ ناو سه‌حرا،به‌جێ مام
وه‌کوو مه‌جنوون که‌ بێزار بوو له‌ عاله‌م
له‌ دوای کاروانه‌که‌ی له‌یلا،به‌جێ مام
ئه‌گه‌رچی پێکه‌نینم وا له‌ لێوه‌
ده‌بینی سه‌یلی ئه‌شکم هه‌ر به‌ ڕێوه‌
ئیتر نه‌تپرسی بۆ ڕیسوا به‌جێ مام
له‌به‌رچی عاشق و شه‌یدا،به‌جێ مام
هه‌ناسه‌ی ساردی پاییزیم که‌ ناکام
له‌ ناو بوغزی شه‌وی یه‌لدا،به‌ جێ مام



شه‌وی یه‌ڵدایه‌ هه‌ر من دوور له‌ تۆ مام
له‌گه‌ڵ ئازار،ته‌واو باڵا به‌ باڵام
له‌سه‌ر سینه‌ت هه‌نار و کۆخ و سێون
وه‌ره‌ جێژنه‌ و ببینه‌ لام ئه‌لف لام!
پشکۆ یاسینی


شەوی یەلدا
شەوی یەلدا،شەوی پیرۆزی ژینە
شەوی هێمای ئەوینی ڕاستەقینە
وەرن یاران لە دەوری یەک وەکۆ بین
کە خۆشیی ژین،بە تەنیا هەر ئەوینە
وەرە هیوای شەوی یەلدای خەیاڵم
سەمای بەفر و حەز و شادی ببینە
گوڵم،زستان بە ئەشقی تۆوە خۆشە
بەهار هەر تۆی،بەهەشتیش لێم یەقینە
شەوی یەلدا،شەوی بەفر و هەنارە
بزەی گەرم و تریقەی پێکەنینە
نیگای گەرمت لە نێو ئاسمانی ژینم
وریشەی دوو هەسێرەی چاوی شینە
هەتاوە تاس کڵاوی بووکی جستان
وڵات ئێستا بەهەشتی سەرزەمینە
بە”پشکۆ”ی حەز،ڕنووی بەفریش دەتاوێ
وەرە تاوێ بەرەو ئامێز و سینە
پشکۆ یاسینی


ئه‌مشه‌و له‌ هیچ شه‌وێ ناکا،
کازیوه‌ قه‌ت به‌ ڕۆژ ناگا،
که‌س میوانی “یه‌لدا”م نییه‌
هیچ ده‌ستێ له‌ ده‌رکه‌ نادا.
سیمین چایچی
(به‌شێک له‌ شیعری “یه‌لدا”)


سۆران حوسێنی
یه‌لدا،

بۆ سوور و ساتی خۆی
هه‌ناری کرده‌ قوربانی،
ئه‌و،
به‌ هه‌زار و یه‌ک ده‌نک
شه‌و ده‌خافتێنێ به‌ خۆی و
ڕێ خۆش ئه‌کا بۆ به‌یانی!.


یه‌ڵدا
حه‌سه‌ن نازدار

1
شه‌وی کورد
درێژترین یه‌ڵدای
دونیایه‌…….
که‌ هه‌رگیز خۆری
لێ هه‌ڵنایه‌.
2
یه‌ڵدا
خه‌می بێکۆتایی کورده‌
له‌و ڕۆژه‌وه‌ی که‌ لێره‌
چادری بێکه‌سی هه‌ڵدا.
3
یه‌ڵدا
چاوه‌ڕوانیی ئه‌نفال و
بێبه‌ختیی کورد و
ته‌نیایی خودایه‌
که‌ هه‌رگیز کۆتاییان نایه‌.


یه‌ڵدا
که‌ریم حیکمه‌تی

له‌ مانگێک ده‌گه‌ڕا ناخم،
تریفه‌ی که‌ زه‌وی ته‌ڕ کا و
بژاکێنێ بێتاقه‌تیم،
له‌ ڕووبارێک،
خوڕه‌ی که‌ ته‌نیاییم تووڕ دا و
لیپاولیپی شه‌پۆلم کا،
له‌ تۆیه‌ک ده‌گه‌ڕا دڵم،
که‌ هێمای مانگ و ڕووباری و
ده‌سپێکی وه‌رزێکی سپی….


یه‌لدا
ئازاد سه‌یید ئیبراهیمی(هۆگر)

چله‌یه‌ و بێژه‌ چلۆن ئه‌و شه‌وه‌ ته‌ی بێ،گوڵه‌که‌م؟
مه‌گه‌ر ئه‌م بێکه‌سییه‌م چاره‌ به‌ مه‌ی بێ،گوڵه‌که‌م
له‌ منا تاری ژیان،تان و ته‌لی تازه‌ چڕا
خه‌فه‌تم چاری به‌ نۆتی گڕی نه‌ی بێ،گوڵه‌که‌م
به‌ هه‌نیی لێو و ده‌مت،شه‌وچه‌ره‌ شیرینه‌،وه‌لێ
له‌ په‌نا سێو و هه‌ڵووچه‌ و به‌ری به‌ی بێ،گوڵه‌که‌م
نه‌ به‌ره‌و ته‌شقی شه‌وه‌ق من ده‌چم،ئه‌ر بێت ده‌سم
نه‌گرێ پرچی شه‌وت،مه‌یکه‌ به‌ عه‌یبێ،گوڵه‌که‌م
له‌ شه‌وی بێفه‌ڕی ئه‌م ژینه‌ که‌ یه‌لدایه‌ هه‌موو
سه‌حه‌ری ئه‌و گه‌له‌ چه‌وساوه‌یه‌ که‌ی بێ،گوڵه‌که‌م؟


هه‌تاوم گه‌رچی شه‌و ساتی چله‌ و یه‌لدایه،‌ئه‌مشه‌و
له‌ لێواری دڵم چی بوو سه‌ری هه‌ڵدایه‌،ئه‌مشه‌و
که‌ دێ با،وه‌رزی پاشایی سه‌هۆڵ و به‌سته‌ڵه‌ک بێ
وه‌کوو نه‌ورۆزه‌ ئاواتم له‌ باخه‌ڵدایه‌،ئه‌مشه‌و
ئازاد سه‌ید ئیبراهیمی(هۆگر)


شه‌وی یه‌ڵدا
ستار ئه‌حمه‌د

به‌ عومری وه‌ک شه‌وی یه‌ڵدا،
به‌ تاریکیی قه‌ده‌ر کوێرم،
به‌ باده‌ی عه‌ده‌م سه‌رمه‌ستم،
دێوانه‌ی لووتکه‌ و هه‌ڵدێرم،
چوون ڕزاوم له‌گه‌ڵ شیعرا،
شه‌و گیانی خۆم له ‌کۆش ده‌نێ،
له‌گه‌ڵ چوونی ساتی عه‌شقا،
خه‌م،گۆڕم بۆ هه‌ڵده‌که‌نێ
له‌ هۆره‌ی ڕۆژگاری تاڵ و
له‌ به‌دبه‌ختیی عومری ڕه‌هام
ڕۆحم له‌ جه‌سته‌ما ده‌مرێت،
کاسه‌ی مه‌رگی شه‌وی یه‌ڵدام.


خۆرێک له‌ پاڵ شه‌وی یه‌ڵدا
چنوور نامیق

به‌ دیار کوانووی شه‌وی یه‌ڵداوه‌ دانیشتووم،
مێژوویه‌ک شه‌وگاری ته‌نیا ئه‌سووتێنم،
هه‌ناسه‌ی ئۆغرێکی دوور له‌ ده‌روونما دێت و ده‌چێ،
نه‌زه‌ر ناکه‌م و ته‌ماشات ئه‌خۆمه‌وه،‌
وا لێوم شه‌کره‌ خه‌م ئه‌گرێ،
ئیره‌یی به‌ نۆته‌کانی خه‌یاڵبوونم،
ئه‌وه‌نده‌ی تر نامۆت ئه‌کا…
ئه‌ی ئاده‌م،
من کچی خۆرم،
وریا به‌
نه‌با ته‌ماشات له‌ خه‌می چاوما داگیرسێ،
ناڵه‌م ئاوه‌دانی قه‌قنه‌س ئه‌سووتێنێ،
ئاگه‌دار به‌ په‌نجه‌ت به‌ پرچم گڕ نه‌گرێ،
دڵنیا به‌
به‌ ماچێکی زه‌وتکراوم،
خه‌یاڵ نابی،
ئیره‌یی به‌ نووری چاوم،
بینینت ڕۆشنتر ناکا،
ئێستاکه‌ من زۆر ئازادم،
وریا به‌ ئاشنای ئازیزم،
چرپه‌کانت وه‌ک نزای مۆمێکی له‌رۆزک،
له‌ ناخمدا له‌ بیر نه‌چێ!
ئێستا من دڵم ئازاده،‌
خاڵییه‌ له‌ خه‌ونه‌کانت،
وریا به‌ ئاشنای ئازیزم،
وڵاتێکم،ئاڵام ناوێ
ئاگردانی یه‌ڵدایه‌کی بێ حیکایه‌تی پیاوانم….
ئێستا،تاراوگه‌م له‌ مه‌نفا
ئێستا،مه‌نفام له‌ تاراوگه‌،
حه‌زه‌ر ناکه‌م و ڕێ ئه‌بڕم،
نه‌زه‌ر ناکه‌م و ته‌ماشات ئه‌مخواته‌وه‌،
ئێستا خاڵیتر ده‌بێژم،
نا،هیچ ئاڵایه‌کم ناوێ،
ڕێ ناده‌مه‌ هیچ ئیمپراتۆرێکی تینوو،
بۆ ساتێ بمکاته‌ په‌نا!
ئاشنای هه‌ناسه‌ و دیده‌نیم،
من ئێستاکه‌ کچی خۆرم،
وریا به‌،وریا به‌
په‌نجه‌ت به‌ تاڵه‌کانی پرچمه‌وه‌ دانه‌گیرسێ!!


…شه‌وی یه‌ڵدا…
ساڵه‌ح هه‌لاج

ئه‌مشه‌و ئاسمان
تارای سپی داوه‌ به‌سه‌ر بووکی زه‌وی.
بوون پڕ ده‌کات،
له‌ شه‌وچه‌ره‌ی هه‌ناره‌کان.
گوێی مه‌ست ده‌کات
له‌ ئاوازی ترپه‌ی باران.
ئه‌مشه‌و یه‌ڵدا،
میوانێکی باڵابه‌رزه‌
بۆی هاڵاوی ئاگردانه‌ و
سۆز و به‌زه‌ی خواوه‌نده‌.
شه‌ونشینی نوێژی عه‌شقه‌
له‌ تام و بۆی ڕه‌زازه‌کان…


بۆ شه‌وچله‌
ئه‌سعه‌د که‌وکه‌بیان(ساڕێژ)

شه‌وه‌ و شووشه‌ی شه‌راب و شیعری شاکار
شه‌وم شه‌ق کرد به‌ شه‌وقی وه‌سڵت،ئه‌ی یار
شه‌وه‌ و شه‌وقی ویساڵت شه‌هد و شه‌کره‌
شه‌وه‌ و شێوه‌ی شیرینت،مانگی شه‌وگا


زستان،
ئاخری ڕۆژێک باز ده‌ده‌م به‌سه‌رتدا
یه‌لدای چاوه‌ڕوانی
ماندووم ناکات.
مسته‌فا هوشیار


شـــەوی یەڵـــدایـە؛ (لاڤــا)م لا مـەکــه‌
بۆتان لەتیف ماویلی

ئەم شەو،
پاییز دەستی ئەخاتە ناو دەستی زستان
ئەوە یەکەمین شەوی دیدارە وا درێژە !؟..
ئەوە یەکەم پشکوتنی گوڵی زارە وا درێژە!..
ئەوە یەکەم تێکەڵبوونە وا درێژە ؟!..
پاییز:
ئەوە لەدایکبوونی تۆ و مەرگی منە!
ئا لەو شەوە،
من چاوی مانگیم لێک ئەنێم!..
ئاسمان به‌ فیستانێکی ڕەش
دڵی بۆ خاک ئەکاتەوه‌ و ڕۆندک ئەڕێژێ!..
ئەم شەو تاریکی لێک دەکشێت،
هەموو ڕەنگێک ئەخواتەوه‌ و
شەوی دەیجووری گەردوونە وا درێژە!..
ئەمە شەوی هەڵوەرینی تریفەی چاوی هەیڤیمە!..
ئەمە شەوی زانی تۆیە
ئەمە شەوی دامانی هەموو ڕەنگێکە!..
ئەمە شەوێکی هێدمایی زایەڵەی زار و پەیڤیمە!..
وەرە ئەی گوڵ،
به‌ چاوی ئاڵۆز ببینە
ئەڕژێ سۆزم ،ئەڕژێ چێژم!..
ئەمە شەوی ژانی گەردوون
ژانی هاواری وجوودە کە ئەڵێ چرا ئەنێژم!..
زستان:
ئەمە شەوی گریانی تۆ و بزەی منە!..
ئەمە شەوی یەکەمین تەوقەی ژوانە!..
ئەمە شەوی ئامێزی بەیەک سپاردن
ڕەنگی ڕەشی چاوی منە ئەی پاییزێ!..
له‌ دڵی تۆ هەڵی دێنم ئەی گەشکەی پەروانە!..
پاییز:
نابێ یار به‌ بێ تۆ نابێ!..
شەوی یەڵدا بێ چرا بێ!؟..
ئاشقی تۆم خودایە دڵم سارد،نابێ!..
نابێ گوڵ،نابێ
به‌ بێ تۆ شەو شکاوی واگاهاتنە
هەر چی دەبێژم دڵم سارد، نابێ!..
شەوی یەڵدایە ئەی یار،
وەک نالی دیدەم دوور له‌ تۆ بێ نوورە!..
دڵم مەعزوول،مایل به‌ دیدەی تۆیە
له‌ غوربەتدا تێنی و مەهجوورە!..
نابێ مانگ، نابێ
شەو بێزارە لە دەیجووری
شەوی یەڵدایە
نابێ گوڵێ ڕژدی نابێ!..
لە (لاڤا)م لا مەکە
گێنگڵە بەسە گوڵم دڵساردی نابێ!..
خودایە..
شەوە درێژ ڕاکشاوە له‌ بێدەنگی!..
چەمانەوه‌ و کڕنۆش
حاملاندنی گوڵ و دادانەوەی ڕۆشنایی!..
فەرهەنگۆک:
لاڤا: ڕجا
گێنگڵە:هاتوچۆی بێسوود.
حاملاندن:تەربیەتدان.
دادانەوە: دابارین


بۆیه‌ من له‌ شه‌و بێزارم
چونکه‌ تۆم تێدا له‌ ده‌ست دا،
جا چی له‌ به‌ختی شوومم که‌م
شه‌وگاره‌کان
درێژن وه‌ک شه‌وی یه‌ڵدا.
هه‌ردی محه‌ممه‌د


یه‌لدا
هۆمه‌ر نۆریاوی

ئه‌گه‌ر هاتی”یه‌لدا”وه‌ره‌
چیرۆکی دڵ درێژ درێژ
ناخیش پڕپڕی که‌سه‌ره‌.
ئه‌گه‌ر هاتی ته‌نیا وه‌ره‌،
ئه‌چینه‌وه‌ سه‌ر گرده‌که‌ی په‌نا ماڵتان،
زه‌مه‌ن به‌ دڵ ئه‌سپێرین و
ئه‌چینه‌وه‌ ئه‌و ده‌مانه‌ی
عاله‌م چۆڵ و ئێمه‌ش دوور دوور،
له‌م هه‌موو هات و خه‌به‌ره‌.
که‌چی له‌پڕێک،
ده‌نگێ دێت و ڕۆشنایی
شه‌ودره‌نگان ئه‌شڵه‌قێنێ:
کچێ له‌ کوێی؟
ده‌ وه‌ره‌وه‌،شه‌و ڕاشکا،
زوو به‌ زوو،ده‌ی
وا سه‌حه‌ره‌.


ده‌ره‌نجام:
هه‌ر چۆنێک بێت شه‌وی چله‌(یه‌ڵدا،یه‌لدا)به‌ درێژاییی مێژووی کورد خاوه‌نی سه‌نگ و به‌های خۆ بووه‌ و تا به‌مڕۆ هاتووه‌ به‌ڵام مخابن له‌و هه‌موو تایبه‌تمه‌ندیی و خه‌سڵه‌ته‌ جوانانه‌ی نێو ئه‌م شه‌وه‌،نها،ته‌نێ یادکردنه‌وه‌که‌ی به‌ شێوه‌ی چاولێگه‌ری بۆ ئێمه‌ ماوه‌ته‌وه‌ و دابونه‌ریت و ڕۆح و سۆز و خۆشه‌ویستییه‌که‌ی جارانی له‌به‌ر داکه‌ندراوه‌. ڕه‌نگه‌ لێره‌ و له‌وێ هه‌بێت ده‌ڤه‌رێک،گوندێک یان خێزانێک،هێشتا لێوانلێو له‌و پرسه‌ جه‌وهه‌رییانه‌ی نێو شه‌وی چله‌ بێت به‌ڵام به‌ دڵنیاییه‌وه‌ به‌شی فره‌ی ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و…ده‌خرێته‌ به‌ر دیده‌،زێتر وێنه‌ و دیمه‌نی بێڕۆحی ئه‌و شه‌وه‌یه‌ بۆ پڕکردنه‌وه‌ی که‌لێنه‌ ده‌روونییه‌کانی ئینسانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ که‌ ئومێده‌ تا دێت مرۆ فره‌تر ئاوڕ له‌و پرسانه‌ بداته‌وه‌ که‌ گه‌شه‌ و نه‌شه‌ به‌ گیان و ڕۆحی ده‌به‌خشن.


سه‌رنجێک: بۆ وتن ده‌شێت به‌شێکی ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ژماره‌ 26ی بڵاڤۆکی”لووتکه‌”دا که‌ له‌ شاری”سنه‌”ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌رده‌چێت،چاپ و بڵاو بووه‌ته‌وه‌.




تێبینیەک لەسەر دادگایی ناتانیاهو!.. عوسمانی حاجی مارف

جگە لە دادگایکردنی ناوخۆیی بۆ ناتانیاهۆ، دادگای تاوانە نێودەوڵەتیەکان لە ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤دا، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ناتانیاهۆ دەرکرد، بەهۆی بەرپرسیارێتی لە تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژی فەلەستینیەکان لە کەرتی غەززەدا، لە شەڕێکی دوو ساڵەدا کە ئیسرائیل زیاتر لە ٧٠ هەزار فەلەستینی کوشت و ١٧٠ هەزار کەسی دیکەی بریندارکردوە، چونکە ئەم تاوانەی دژ بە دانیشتوانی غەزە بە گەورەترین و قیزەوەنترین تاوان بە حساب دێت لە سەرەتاکانی سەدەی بیست و یەکدا.
بەڵام پێدەچێت ناتانیاهۆ بڕیاریدابێت کە دۆستایەتی خۆی لەگەڵ ترەمپدا، بۆ ئەو پشتگیریە بەهێزەی لەکاتی شەڕی درندانەی دژ بەغەززەدا وەریگرتبوو، بەکاربهێنێت، بۆئەوەی لەچەندین بۆنەدا فشار بخاتە سەر حکومەتی ئیسرائیل تا لێی خۆشببن! لە ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، ترەمپ نامەیەکی فەرمی بۆ نووسینگەی هێرزۆگ سەرۆکی ئیسرائیل نارد و بە فەرمی داوای لێبوردنی ناتانیاهۆی کرد. ترەمپ، ناتانیاهۆی بە سەرۆک وەزیرانێکی درەوشاوە و یەکلایکەرەوە لە سەردەمی جەنگدا وەسفکرد، گوایە دوای ئەو هەموو هێرشە دژە مرۆڤایەتیە، ئێستا ئیسرائیل بەرەو سەردەمی ئاشتی دەبات!
پارێزەرانی ناتانیاهۆ لە نامەکەیاندا بۆ ئیسحاق هێرزۆگی سەرۆککۆمار ڕایانگەیاندووە، لێخۆشبون دەبێتەهۆی ئەوەی ناتانیاهۆ هەمووکات توانا و وزەی خۆی بۆ پێشخستنی ئیسرائیل لەمکاتە سەختانەدا تەرخانبکات، هەروەها دەڵێن “پێشبینی پێشهاتە نائاساییەکان دەکرێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا”. بۆیە وەها بەیان دەکەن، کە ئەو لێکتێگەیشتنانەی کە لەنێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و دەوڵەتانی عەرەبی و وڵاتانی دیکەدا شێوە دەگرن، پرۆسەیەک پێکدەهێنن کە پێویستی بە ئامادەکاریەکی بەرفراوان و هەوڵی دیپلۆماسی و ئەمنی و گرنگیدانی بەردەوامی دەبێت، واتە چاوپۆشی بکرێت لە تەواوی ئەو تاوانانەی ناتانیاهو کە دنیای هەژاند.
لەلایەکی ترەوە نەیارانی ناتانیاهۆ پێشنیاری ئەوە دەکەن کە پێویستە ناتانیاهۆ لە سیاسەت خانەنشین بکرێت، یان بانگەوازی هەڵبژاردنی پێشوەختە بکات و دان بە تاوانەکەیدا بنێت پێش ئەوەی داوای لێبوردن بکات. بەڵام ناتانیاهۆ ڕایگەیاندووە کە داوای لێبوردن ناکات بۆ ئەو تۆمەتە تاوانکاریەی کە ئاراستەی کراوە.
ئەم داوایە کە بۆ ناتانیاهۆ خراوەتەڕوو، درزێکی لە ئیسرائیل دروست کردووە، بەشێک لە وەزیرەکانی حکومەت پشتگیری لە پێدانی لێبوردنەکەی دەکەن، هاوکات ئۆپۆزسیۆن داوایان لە هێرزۆگ کردووە کە پەسەندی نەکات، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ڕەتکردنەوەی ناتانیاهۆ لەداننان بە تاوانەکەی و کشانەوە لە ژیانی سیاسی.
میدیا ئیسرائیلیەکان لەزاری بەرپرسانەوە ڕایانگەیاندووە، پێداچوونەوە بە داواکاریەکەدا ماوەیەکی زۆری دەوێت، ئایا ناتانیاهۆ لێخۆشبوون وەردەگرێت لەبەرامبەر ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراوە؟ وە بنەمای یاسایی ئەم داواکاریە مشتومڕاویە چیە؟
نووسینگەی ئیسحاق هێرزۆگ، لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥دا ڕایگەیاند، سەرۆککۆمار “هیچ مەرجێکی دانەناوە” بۆ داواکاریەکەی ناتانیاهۆ، بۆ لێخۆشبون لە دادگایکردنی گەندەڵیەکەی و کوشتاری بە کۆمەڵ، لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە هێرزۆگ هێشتا دەستی بە گفتوگۆکردن لەسەر ئەو بابەتە نەکردووە، جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ناچێتە ژێر کاریگەری فشارەکانی هیچ لایەنێکەوە و بەرپرسیارانە و بە جدیەکی پێویستەوە داواکاریەکە لەبەرچاو دەگرێت!.
ڕۆژنامەی عیبری هارێتز بڵاویکردەوە، پێدەچێت هێرزۆگ داوای ئیمتیازات لە ناتانیاهۆ بکات لەبەرامبەر لێخۆشبوونی سەرۆکایەتیدا، وەک دامەزراندنی کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی حکومەت لە ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەر، ڕاگرتنی یاسادانان دژی دەسەڵاتی دادوەری، یان ڕێگریکردن لە کۆنترۆڵکردنی حکومەت بەسەر میدیاکاندا.
بەپێی سەرچاوە نزیکەکانی هیزرۆک کە پێشتر قسەیان لەگەڵ کردووە، ئەو بەو بڕوایە هاتۆتە دەرەوە کە کراوەیە بۆ بەدواداچوونی ڕێککەوتنی لێخۆشبوون، کە کۆتایی بە دادگاییکردنی ناتانیاهۆ دەهێنێت. هێرزۆگ مەبەستی خۆی ڕون نەکردۆتەوە، بەڵام ڕەنگە هەوڵی ئەوە بدات “پاکێجێک” لە بەڵێننامەکان لە ناتانیاهۆوە دەستەبەر بکات وەک بەشێک لە هەر لێخۆشبوونێک.
گومانی تێدانییە کە ناتانیاهۆ هەوڵی کڕینی کات و تێکەڵکردنی کارتەکان ئەدات، داواکاریەکەی لەکاتێکی هەستیاردایە، چونکە ئیسرائیل بەشێوەیەکی کاریگەر چووەتە ناو ساڵێکی هەڵبژاردنەوە کە بڕیارە لە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوودا بەڕێوەبچێت، مەگەر هەڵبژاردنەکان نەهێنرێنە پێشەوە، لەهەمانکاتدا داواکاری ناتانیاهۆ بۆ لێخۆشبوونە بەبێ داننان بە تاوانەکانیدا، ئەمەش بۆ ناتانیاهو مەبەستی سیاسی ڕوونی هەیە، بۆ پاراستنی مانەوەی لەدەسەڵاتداو وەستانەوە لەبەرامبەر ئۆپۆزیسیۆندا.
لە ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥دا، خۆپیشاندەران خۆپیشاندانێکیان لە دەرەوەی شوێنی نیشتەجێبونی ناتانیاهۆ لە قودس ئەنجامدا، داوای ڕەتکردنەوەی داواکاریەکەی بۆ لێخۆشبونی کرا، لە دۆسیەکانی گەندەڵی دژی ناتانیاهۆ، خۆپیشاندەران داوای دادگایکردنی ناتانیاهۆیان کرد، بە ئاماژەدان بەوەی کە “ئیسرائیل لەژێر پاراستنی ترەمپدا نییە”، ئەمەش لە بەرامبەر داواکاریەکەی ترەمپە بۆ لێخۆشبوون. هەروەها داوای “تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان و گەیاندنی بەرپرسان بۆ دادگا و پێکهێنانی کۆمیسیۆنێکی فەرمی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣”یان کرد.
ئەم دۆسیەیەی دادگاییکردنی ناتانیاهو بووەتە تاقیکردنەوەیەکی چارەنووسساز بۆ راستی دیموکراسی لە ئیسرائیلدا، کە دابەشبووە لەنێوان لایەنگرانی سیستەمی دادوەری و لایەنگرانی ناتانیاهۆ، هەروەها ڕوی نامرۆڤانەی ترامپ و دیموکراتخواز و سۆشیال دیموکراتەکانی ڕۆژئاوای ئاشکراکرد، دادگایکردنەکەی ناتانیاهۆ، توانای سیستەمی دادوەری تاقیدەکاتەوە بۆ لێپرسینەوە لە سەرۆکوەزیرانی دانیشتوو لەسەر ئەو تاوانانەی کە ئەنجامیانداوە، بەڵام چۆنیەتی لێپرسینەوەو پرۆسەی دادگایی و داوای لێخۆشبون، بۆتە لادانی ئەو روپۆشەی کە ئیسرائیل و ڕۆژئاواو ئەمریکا نمونەی دیموکراسین!.
ئەوەی شایانی باسەلە ٣٠ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥نوسینگەی ناتانیاهۆ لە بەیاننامەیەکدا، ڕایگەیاندوە کە ناتانیاهۆ بەشێوەیەکی فەرمی داواکاری لێخۆشبونی ئاراستەی ئیسحاق هێرزۆگ کردووە، ڕاستەخۆ داواکاریەکەی گوێزراوەتەوە بۆ بەشی یاسایی بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە لە دۆسیەی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراون.
ڕاگەیەندراوەکە، ئاماژەی بەوەش کردووە کە ناتانیاهۆ دانی بەو تۆمەتانەدا نەناوە کە ئاراستەی کراوە، لەبری ئەوە پاساوی سیاسی پێشکەش کردووە نەک یاسایی بۆ بڕیاردان لەسەر لێخۆشبوونەکەی، ئەمەش لە دۆخی وێرانکاری و کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵکی غەززە کە یاریەکی سیاسیە ئەمریکا و ترامپ و ناتانیاهۆو ئیسرائیل نمایشی دەکەن. دەیان هەزار ئینسان بونەتە قوربانی و چەندین شارو ماڵ وێران بون، بێباکانە لەبەرامبەر ئەو کارەساتانەدا، باسوخواز بۆتە دادگاییکردن یان لێبوردن لە ناتانیاهۆ، ئەمەش ریسوابون و ئابڕوچونێکی مێژوویی سەرەتای سەدەی بیست و یەکی ململانێکانی سیستمی سەرمایەداریە.
ناتانیاهۆ لە داوای لێبوردنەکەیدا، نە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و نە پەشیمانی خۆی دەربڕیوە، بەوپێیەی سەرۆککۆمار دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە تەنانەت بەبێ سزادانیش لێی خۆشبێت. هێرزۆگ وەڵامی داواکاریەکەی ناتانیاهۆی دایەوە و ڕایگەیاند “بەجدی بیری لێدەکاتەوە”، بەڵام داواکاریەکەی ناتانیاهۆ بۆ لێخۆشبون، مشتومڕێکی بەرفراوان و نیگەرانیەکی گەورە” ی لەناو کۆمەڵگەی ئیسرائیلدا دروست کردووە.
بەگوێرەی ڕاپرسیەک کە کراوە، دەریخستووە، ٪٤٤ی ئیسرائیلیەکان، دژایەتی پێدانی لێبوردن بە ناتانیاهۆ دەکەن، لەبەرامبەر ئەو تۆمەتی گەندەڵیەی ئاراستەی کراوە، هاوکات ٪٣٩ پشتگیریان کردووە و ٪١٧وەڵامیان نەبووە.
ماوەیەک لەمەوبەر ترامپ نامەیەکی بۆ هێرزۆگ ناردوە، داوای لێ کردووە بیر لە پێدانی لێخۆشبوون بە ناتانیاهۆ بکاتەوە. هەروەها ترەمپ دۆسیەکانی دژی ناتانیاهۆی بە “دادگاییەکی سیاسی و ناڕەوا” ناو بردووە.
هێرزۆگ، داواکاریەکەی ترەمپی ڕەتکردۆتەوە ڕایگەیاندوە، ئەگەر ناتانیاهۆ ئارەزووی لێخۆشبوونی هەیە، ئەوا دەبێت داواکاریەک پێشکەش بکات کە دان بە تاوانەکانیدا بنێت.
واقعیەتی دادگاییکردن یان لێخۆشبونی ناتانیاهۆ، لە چوارچێوەی ئەو نەخشە سیاسیەدایە کە ئەمریکاو ئیسرائیل، دوای داگیرکاری و هەوڵی زیاتر بۆ بەرجەستەکردنەوەی باڵادەستیان بەسەر ناوچەکەدا وفەرامۆشکردنی چارەنوسی فەلەستین و کوشتاری بەکۆمەڵ، کێشەکە بەرتەسک دەکەنەوە، کە ناتانیاهۆ ڕووبەڕووی سێ تۆمەتی تاوانکاری دەبێتەوە، کە بریتین لە بەرتیلدان، ساختەکاری و پێشێلکردنی متمانە لە سێ دۆسیەی جیاوازدا. بەڵام لە دنیای واقعی هێرشی لەشکرکێشی و بۆردمانی غەزە و کوشتاری بەکۆمەڵ ئەو کەیسەیە کە پێویستە تەواوی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل لێپرسینەوەیان لێبکرێت و دادگایی بکرێن.




ئەدەبی سێبەر و میهرەجانی مۆمیاکراوەکان.. ستار ئەحمەد

لە سایەی حوکمڕانیی سی و پێنج ساڵیدا ، دیاردەیەکی مەترسیدار نەک هەر کایەی ئەدەبی، بەڵکو مێژووی مەعریفیی نەتەوەیەکی شێواندووە. لێرەدا، داهێنان پێوەر نییە، بەڵکو “وەلا” و “سەرشۆڕکردن” بۆ ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو، ناسنامەی نووسەر دیاری دەکات. ئەوەی دەیبینین، میهرەجان نییە بۆ زیندووکردنەوەی وشە، بەڵکو نمایشێکی سارد و سڕی ئەو “مۆمیاکراوانەیە” کە تەنها بە فۆرمالینی حیزب بە زیندوویی ماونەتەوە.

١. مۆمیاکراوەکان کێن؟
مۆمیاکراوەکان ئەو سوپایە لە “بەناو نووسەرانەن” کە ساڵانێکی درێژە هیچ بەرهەمێکی زیندوویان نییە، نە زانیارییەکی نوێیان بە کتێبخانەی کوردی بەخشیوە و نە داهێنانێکیان لە فیکردا کردووە. ئەوان وەک پەیکەرە بێ گیانەکان، تەنها بۆ پڕکردنەوەی کورسییەکانی ڕیزی پێشەوەی میهرەجانەکان و بۆ چەپڵەلێدان بۆ دەسەڵات ئامادە دەکرێن. ئەوان لە ڕووی ئەدەبییەوە مردوون، بەڵام حیزب بە خەڵات و پیاهەڵدان، وەک “ئەستێرە” نیشانیان دەدات.

٢. ئەدەبی سێبەر و تەزویرکردنی مێژوو
کاتێک دەسەڵات هەڵدەستێت بە چاپکردنی کتێبی “ئەستێرەکانی کورد” یان هەر ئینسایکلۆپیدیایەکی تر و ناوی داهێنەرە ڕاستەقینەکان دەسڕێتەوە تەنها لەبەر ئەوەی لە دەرەوەی بازنەی حیزبن، ئەمە تەنها نادادی نییە، بەڵکو تیرۆرکردنی مێژووە. ئەم “ئەدەبی سێبەرە” دەیەوێت نەوەکانی داهاتوو وا تێبگەن کە لوتکەی ئەدەبیاتی ئێمە ئەو ناوە بێ ناوەڕۆکانە بوون کە لە سێبەری حیزبدا گەورە کراون.

٣. تیرۆرکردنی داهێنان لە نێو نەوەی نوێدا
کارەساتی گەورەتر لێرەدایە؛ کاتێک گەنجێکی بەهرەمەند دەبینێت مەرجی دەرکەوتن و بوون بە “ئەستێرە” تەنها لە ڕێگەی مەکتەبەکانی حیزبەوە تێدەپەڕێت، تووشی بێ ئومێدییەکی کوشندە دەبێت. ئەم سیستمە نەوەیەک پەروەردە دەکات کە لە جیاتی خوێندنەوە و قووڵبوونەوە لە مەعریفە، فێری “هونەری ماستاوکردن” و چەپڵەلێدان ببن. نەوەی نوێ کاتێک دەبینێت بلیمەتەکان گۆشەگیر کراون و مۆمیاکراوەکان خەڵات دەکرێن، تێدەگات کە لێرە “قەڵەم” نرخێکی نییە ئەگەر ڕەنگی حیزبی نەبێت، ئەمەش وای کردووە کوردستان ببێتە ژینگەیەک کە داهێنان تێیدا دەخنکێنرێت و تەنها “کۆیلەی ئایدۆلۆژی” بەرهەم دەهێنێت.

٤. سی و پێنج ساڵ لە پەراوێزخستنی بلیمەتەکان
کارەساتەکە لێرەدایە؛ نووسەرێک تەمەنی خۆی لە پێناو وشەدا بەسەر دەبات، خاوەنی ئاستێکی ئەدەبیی بەرزە، بەڵام چونکە نابێتە “مۆمیاکراوی نێو میهرەجانەکان” و نایەوێت شکۆی وشە بۆ پلە و پۆست بفرۆشێت، نەک هەر ڕێزی لێ ناگیرێت، بەڵکو بێبەش دەکرێت لە سادەترین مافی خۆی لە نیشتمانەکەیدا. کوردستان کراوەتە موڵکی چەند کەسێکی دیاریکراو، و هەر کەسێک لە دەرەوەی ئەو بازنەیە بێت، وەک بێگانە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

بەکورتی ؛
ئەم دۆخە نادروستە، نەوەیەکی بێئومێد و زەوقێکی گشتیی شێواو بەرهەم دەهێنێت. بەڵام دەبێت ئەو “بەناو نووسەرانە” بزانن، کە مێژوو بە فەرمانی حیزب نانووسرێتەوە. مۆمیاکراوەکان هەرچەندە بە زێڕیش دابپۆشرێن، هەر تەرمێکی بێ گیانن و لەگەڵ یەکەم بای گۆڕانکاریدا، تۆزیان لێدەنیشێت. تەنها ئەو داهێنەرانە دەمێننەوە کە بە قەڵەمی ئازاد و لە پێناو مرۆڤایەتیدا نووسیویانە، نەک ئەوانەی لە پەراوێزی میهرەجانە حیزبییەکاندا خەریکی کڕنۆش بردنن.




ئایا کوردستان دەبێتە زیمبابۆی؟.. ئاگری قادر

لە 8ی کانوونی دووەمی 2025، کۆماری گەلی چین دامەزراندنی دامەزراوەیەکی لە هەولێر ڕاگەیاند کە بە کۆمەڵەی دیواری گەورە ناسراوە، نۆ ڕاوێژکاری بۆ کارکردن لەسەر پەیوەندییەکانی کورد و چین دەستنیشان کرد. دوای هەفتەیەک، لە ١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، پەکین بە فەرمی ناوەندی لێكۆلینەوەی دەستپێشخەری شارستانیەتی جیهانی- چوارچێوەیەکی جیهانی ڕاگەیاند کە وەک سەکۆیەک بۆ گفتوگۆی کولتووری، ئاڵوگۆڕی شارستانی و لێکتێگەیشتنی یەکتر پێشکەشکرا،لە ڕووکەشدا ئەم پێشهاتانە بێهۆشکەر و تەنانەت بنیاتنەریش دەردەکەون. بەڵام ئەزموونەکانی ئەفریقا، ئاسیا و بەڵکان ئەوە پیشان دەدەن کە ئەم جۆرە دەستپێشخەرییانە بە دەگمەن بێلایەنن. بەڵکو زۆرجار وەک بەشێک لە ستراتیژێکی درێژخایەن بۆ دووبارە داڕشتنەوەی ڕەفتاری سیاسی، ژیانی فیکری و ڕێکخستنی ستراتیژی لە کۆمەڵگا میواندارەکاندا کاردەکەن. پرسیاری سەرەكی چیتر ئەوە نییە کە ئایا کوردستان سوود لە پەیوەندی لەگەڵ چین وەردەگرێت، بەڵکو ئەوەیە کە ئایا لە قوڵایی و سروشتی ئەو مەترسیانەی کە تێیدایە تێدەگات؟
گەورەترین هێزی ستراتیژی چین زۆرەملێی سەربازی نییە بەڵکو دەسەڵاتی دانانی کارنامەیە. دامەزراوەکانی وەک کۆمەڵەی دیواری گەورە و دەستپێشخەری شارستانیەتی جیهانی بە ئاشکرا کۆنترۆڵ ناسەپێنن؛ ئەوان جیهانبینی چین ئاسایی دەکەنەوە لە ڕێگەی کولتوور، ئەکادیمی و بەشداریکردنی نوخبە لە چەندین وڵاتدا ئەم دامەزراوانە بیرۆکەی وەک ڕێژەییکردنی دیموکراسی و مافی مرۆڤ وەک “تایبەتمەندی کولتووری”.
چوارچێوەدان بە سەقامگیری تاکڕەوانە بە باڵاتر لە لێپرسینەوەی دیموکراسی وێناکردنی ڕەخنە لە چین وەک “لایەنگری ڕۆژئاوایی” یان “دژە گەشەسەندن”.
مەترسییەکە لە سانسۆردا نییە، بەڵکو لە خۆسانسۆریدایە. بە تێپەڕبوونی کات، ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسان و داڕێژەرانی سیاسەت ئەم گێڕانەوەیانە دەخەنە ناوەوە و بەو پێیە ڕەفتارەکانیان ڕێکدەخەن. ئەم شێوازە لە زیمبابۆی، کەمبۆدیا و سربیا بەدی کراوە، کە بوونی چین گوتارەکانی بەبێ سەرکوتکردنی ئاشکرای دارشتووە.
دانانی ڕاوێژکاران، کەسایەتییە کولتوورییەکان، ئەکادیمییەکان و ڕۆژنامەنووسان ڕەمزی نییە- ئەوە ستراتیژییە. چین بەدوای جەماوەری جەماوەریدا ناگەڕێت؛ بەدوای دڵسۆزی نوخبەدا دەگەڕێت،لە سەرانسەری ئەفریقا و بەڵکان، گرتنی نوخبە لە ئەنجامدا،سیاسەتمەداران بەرگری لە گرێبەستە ناشەفافەکانی چین دەکەن،خۆدوورگرتن لە ڕۆژنامەنووسان لە ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوە لەسەر پڕۆژەکانی چین،زانکۆکان بەدەرکردنی بابەتگەلی هەستیار لە ئەجێندای توێژینەوەکان،لە کوردستان ئەم مەترسییە توند و تیژە. ئەگەر تۆڕەکانی نوخبە وابەستەی دەستڕاگەیشتن، پارەدان، یان پرێستیژی چینی بن، ژێردەستەیی ئەکادیمی و کۆنترۆڵکردنی زانیاری بەرهەمدەهێنێ.
کاتێک ئەو پرۆگرامانەی کە لەلایەن چینییەوە پارەیان بۆ دابین دەکرێت دەچنە ناو زانکۆ و ناوەندەکانی توێژینەوە، ئازادی ئەکادیمی دەبێتە مەرجدار. حاڵەتە بەراوردکارییەکان لە مالیزیا، تایلەند، و بەشێک لە ئەفریقا شێوازەکانی دووبارەبوونەوەی نیشان دەدەن، كە بودجەی توێژینەوە بەستراوەتەوە بە بابەتەکانی “قبووڵکراو”،وەدەرنانی بێدەنگی بابەتی سیاسی هەستیار،کۆنفڕانس و ئاڵوگۆڕەکان بە ڕەزامەندی سیاسی فلتەر دەکرێن،ئەمەش دەرئەنجامە درێژخایەنەکەی وابەستەیی فیکرییە. كە تەواوی نەوەکانی داهاتوو بەبێ بەرکەوتن بە دیدگای ڕەخنەنەگر سەبارەت بە چین ڕادەهێنرێن، ئەمەش شیکاری سیاسەتی سەربەخۆ و بیرکردنەوەی ستراتیژی لاواز دەکات. بۆ کوردستان ئەمە هەڕەشە لە بناغەکانی بڕیاردانی سەروەریە،چین میدیا قەدەغە ناکات؛ جێگەی گێڕانەوەکان دەگرێتەوە. لە ڕێگەی بەرنامەکانی ڕاهێنان، هاوبەشی و دەستڕاگەیشتن، چیرۆکەکانی لایەنگری چین گەورە دەکرێن لە کاتێکدا ڕاپۆرتکردنی ڕەخنەگرانە وەک ناپیشەیی دەناسێندرێ،زیمبابۆی وەبەرهێنانی چینی وەک ڕزگارکردن پێشکەشکرا نەک وەکو هێڵی کاریگەری گەندەڵی پەیوەست بە پڕۆژە بیانییەکانەوە ،کوردستانیش مەترسیی دەرئەنجامێکی هاوشێوەی لەسەرە: نەک بێدەنگی، بەڵکو کۆدەنگییەکی دروستکراو کە وردە وردە فرەیی دەشێوێنێت،لە مۆنتینێگرۆدا، بەکارهێنانی قەرزەکان هەڵبژاردنی سیاسەتی نیشتمانی سنووردار کرد،لە کەمبۆدیا، یەکخستنی سیاسەتی دەرەوە بوو بە چاوەڕوانی،لە زیمبابۆی، پشتبەستن بە یەک هاوبەشی دەرەکی بووە هۆی گۆشەگیری نێودەوڵەتی،ئەگەر کوردستان ڕێگە بدات کاریگەری چین بەبێ سنوور قووڵتر بێتەوە، مەترسی لەدەستدانی نەرمی ستراتیژی و ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوبەشە دیموکراسیەکان و بەرتەسککردنەوەی بژاردە دیپلۆماسییەکانی.
قەیرانی زیمبابۆی لە ژێر فشارێکی دیاردا سەریهەڵدا- سزا، گۆشەگیری و داڕمانی ئابووری. کوردستان ڕووبەڕووی مەترسییەکی ئاڵۆزتر دەبێتەوە چونكە کاریگەری بەبێ پەنجەمۆر کۆنتڕۆڵکردن بەبێ داگیرکردن وابەستەبوون بەبێ پەیمانی فەرمی
ئەم فۆرمەی دەسەڵات سەختترە بۆ دەستنیشانکردن، وردە وردە کاردەکات، خۆی لە دامەزراوە و نۆرم و چاوەڕوانییەکاندا جێگیر دەکات،پرسیارەکە ئەوە نییە کە ئایا کوردستان بە ناچاری دەبێتە زیمبابۆی؟،پرسیاری ڕاستەقینە ئەوەیە ئایا کوردستان مەترسییەکە دەناسێت پێش ئەوەی ببێتە زیمبابۆی؟،دامەزراوەکانی چین وەک دوژمن ناگەن،ئەوان وەک هاوبەش دەگەن-و وەک دەروازەپارێز دەمێننەوە،بەبێ شەفافیەت و چاودێری دیموکراسی و سنووردارکردنی ستراتیژی، ئەمڕۆ تێچوونەکە نادرێت، بەڵکو لەلایەن نەوەی داهاتوو: لە کەمبوونەوەی سەروەری، تەسکبوونەوەی مشتومڕ و هەڵبژاردنی سنوورداردا، بۆ هەرێمی کوردستان هێشتا کاتی هەڵبژاردنی بەبێ وابەستەیی ماوە. بەڵام ئەو پەنجەرە تا کاتێکی نادیار بە کراوەیی نامێنێتەوە.

ئاگری قادر
خوێندكاری دكتۆرا لە یاسای ژینگەیی نێودەوڵەتی،زانكۆی نیشتمانی تایوان




عەقڵێکی بێ عەقڵ.. شیعری نەوزاد بەندی

یەکێک لە ترسناکترین شتەکانی مرۆڤ،
عەقڵە ..
کاتێ خوێندنەوەت ئەبێ
بۆ دنیایەکی ترسناک ..
بۆ داهاتووە ترسناکەکان ..
بۆ پرسیارە ترسناکەکان ..
٭ ٭ ٭

عەقڵ واتلێئەکا، خەم بخۆی ..
لە جێی خواردن،
ماف بخۆی ..
خوێن بخۆی ..
درۆ بکەی ..
جنێو بەیت و ..
سوێن بخۆی ..
پیرۆزیی بخوڵقێنی و
پیرۆزییەکان هەڕاج کەی ..
هەزار دەرد دروست کەیت و
ئینجا نزای عیلاج کەی..
عەقڵ پێت ئەڵێ بگری
یان قاقا پێ بکەنە ..
عەقڵ ئاوارەت ئەکا،
لە کەمپ و ژێر ڕەشماڵا،
بە پێنج خێزان، یەک سەرئاو،
شاد و شوکر و ڕازی بن ..
یان بە هەزاران ڤێلا وتاوەر و مۆڵ و کارگە،
هێشتاکە هەر برسی بن ..
عەقڵ ئەتکا بە جەلاد ..
بە پیاو کوژ و سۆزانیی ..
بە ژێر دەست و داگیرکەر ..
بە مۆڵگەی پەشیمانیی ..
قەرزار بیت ،یان دەوڵەمەند ..
ڕێزدار یان ببی بە پەند ..
جەنگێکی وا بەرپا کەی،
چوار ملیۆن کەس بکوژی ..
تەپلەیەک لەسەر کەیت و
بە خەیاڵی ئازادی و
نیشتمان و خاکەوە،
ماڵ و مناڵ هەتیوکەی ..
فرمێسکی هەموویان و
خوێنی خۆیشت بڕژی ..
عەقڵ ڕێنماییت ئەکا،
بۆ ڕێگای خیانەت و
بۆ قومار و بۆ نادی ..
فرۆشتنی قەڵەم و
لە گوێکردنی ئەڵقە و
زوڕنا ژەنیی و گەوادیی ..
عەقڵ ڕاپێچت ئەکا
بۆ دەریای نائومێدیی ..
بۆ ڕاکردن لە خۆت و ..
هێرۆیین و
خۆ کوشتن ،
ئەسپایی .. هێدی هێدی ..
هەموو تەمەنت ئەبا
لە ڕێی ماڵ و پارەدا ..
لە دوکانێ بەند ئەبی ..
یان له فەرمانگەیەکا ،
سندم ئەکاتە قاچت،
چل پەنجا ساڵ شانازیی،
ڕۆژەکانت دووبارە و
سەد بارە ئەکەیتەوە،
بە بێ ئەوەی پارە و ماڵ،
خەفەتێکت چاره کا..
عەقڵ ئەتخەڵەتێنێ،
بە دوای تارماییەکانا
ڕا ئەکەی، وەک ڕەشەبا ..
شتێ لێت ئەبێ بە خوا ..
لە خۆیشت ناپرسی کوا ..
عەقڵ سواڵت پێ ئەکا ..
عەقڵ هەر چۆنی بوێ ،
بەو شێوەیەت لێ ئەکا ..
هێشتا شێرێکتان دیوە،
بڵێ من ملیۆنێرم؟
یان بەرخێکتان بینیوە،
واز له بەرغەل بهێنێ و
توشی گۆشەگیریی بێ و
بۆ خۆی شیعر بنوسێ ؟
تیمساحێکتان بینیوە،
لە پڕ جەنگی جیهانیی
تیمساحان هەڵگیرسێنێ ؟
مارێکتان دیوە،
سجنی نهێنی خۆی هەبێت و
سەدان مار بفەوتێنێ ؟
چۆلەکەیەکتان دیوە،
بۆ دانێ درۆ بکا ؟
کەرکەدەنێکتان دیوە،
بە ناز و مەکر و عیشوە،
هەزارەها کەرکەدەن
گەمژە و دەستەمۆ بکا ؟
قەت سەگێکتان بینیوە
یاسای برسیکردنی
سەد ملیۆن سەگ ئیمزا کا؟
گوێدرێژێکتان دیوە ،
شەوان هەتا بەیانی،
لە داخی زوڵم نەخەوێ و
بیر لە شۆڕش کاتەوە و
بانگەشەی کۆدەتا کا ؟
داڵێکتان قەت بینیوە
نان و قوتی ملیۆنان
داڵی هاوڕێی ڕابگرێ ؟
بەکتریایەکتان دیوە،
توشی خەمۆکیی بوو بێ و
هەر کوچە و پەنابگرێ؟
سەقاقوشێکتان دیوە،
خۆی لە سەقاقوشەکان
بکا بە نوێنەری خوا؟
مێگەلێکتان بینیو،
گیا و لەوەڕی لێ بدزن
نەباعێنن ؟ نەڵێن : کوا ؟
٭ ٭ ٭
( قەت یەکێک مەکە بە هەموویان، قەت خۆیشت مەکە بە یەکێکیان..
بۆ ئەوەی نە هەمووانت لە کیس بچێ و .. نە بیشبیتە یەکێک لەوان ..)
٭ ٭ ٭
تەنها ئەو کاتانە خۆتیت،
کە تەنها لەگەڵ خۆتیت ..
تێکەڵاوی ئەوان بووی،
پارچە پارچەت ئەکەن و
لەت لەت ئەتکەن بە خۆیان ..

٭ ٭ ٭
تا زۆر دڵنیا نەبیت،
قەت هەنگاو هەڵمەهێنە ..
ئەوانەی کە پاڵ ئەنرێن
بۆ کەوتن و بۆ دواوە ،
ئەوانەن خوا وەکیلیی
هەنگاویان هەڵهێناوە ..

٭ ٭ ٭

عەقڵ،
ڕێگای قاچاخ و
زیندان و
کۆمەڵکوژیی و
سێدارە و
ئەشکەنجەدان ..
سیخوڕیی و
کورتەی هەواڵ ..
بڕیاری جەنگ و
کورسی و
چەکی کۆکوژ و
زوڵم و
ئابڵوقە و
حیزب و
چاوەڕوانیی، دروست کرد ..
عەقڵ ،
حەیای عەقڵی برد




ڕۆشنبیر کێیەو ئەرکەکانی چیین؟.. ‏ یاسین لەتیف

ئەوڕۆ لە جیهاندا و بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کولتووری هاوچەرخ بەدەست قەیرانێکی قوڵەوە دەناڵێنێت کە بە ” پاشە کشەو نزم بوونەوەی کولتووری” یان “سەردەمی هیچو پووچێتی” دەناسرێت، ئەمەش دیاردەیەکی زەق و ئاشکرایە لە دونیای ئێمەدا بە بڵاوبوونەوەی بەرهەمی ڕووکەشیی بەکاربەر، پووچیی میدیایی و ڕووکەشبوونی هزری بە ناوبانگە ، ئەم دۆخە بە تایبەتیتر لە دونیای ئێمەدا پێویستی بە دەستەبژێرگەلێکە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە پوچگەرایە کە کەرامەتی مرۆڤی تێدا دەشکێنرێت ، پێداویستیەکی هەنوکەییە بۆ تێکشکاندنی ئەو تەوقو تەڵەزگەیەی کە مرۆڤی ئێمەی لە نێو زێراب و زەلکاوی کولتووری شیزۆفرینیای سیستەم جەقاندووە ، بۆ دەرباز بوون و تێپەڕاندنی ڕۆشنبیری شیزۆفرنیای سستەم پێویستی بە مرۆڤی جندڵمان و ڕۆحی بەرەنگاری هەیە کە بوێرانە هەر شتێکی خراپ و نەگەتیڤ و بە دڵی نەبوو لە بەرژەوەندی هاوڵاتیەکانی ڕەدیبکاتەوەو ، ڕاشکاوانە بە دەسەڵات بڵێت تا ئێرەو بەس ئەمە لابەن خراپە و زیانبەخشە ، ئەمەش باشەو لە پێناو بەختەوەری ئینساندایە زیادیکەن .
لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە:
ئایا ڕۆشنبیر کێ یە؟
ئەی ئەرکەکانی چیین؟
چەمکی ڕۆشنبیر(Intellectual) یەکێکە لە چەمکە ئاڵۆز و گرنگەکان کە لە کۆمەڵناسیدا جێگەی مشتومڕە. ئەم چەمکە لەفەرهەنکی سیاسیدا پێناسەی جۆراو جۆری بۆ کراوە . هەر کەسەو بە پێی بەرژەوەندی چینایەتی خۆی پێناسەی کردووە ، بۆیە ناتوانین لە سەر یەک ڕیتمی پێناسە بوەستین ، دواجار دەکرێت بڵێین ڕۆشنبیر واتە ویژدانی بەئاگای کۆمەڵگە.
ئەو کەسەیە کە لە کاتێکدا هەمووان بێدەنگن، ئەو قسە دەکات و دەبێتە دەنگی بێ دەنگەکان و لە دۆخی ئێستا ڕازی نییە و هەمیشە بە دوای دونیایەکی باشتردا دەگەڕێت. ڕۆشنبیر ئەو کەسەیە کە خاوەن ئاستێکی بەرزی زانین و تێگەیشتن و هۆشیارییە. ئەم کەسە توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە وتوێژینەوە و تێڕامانی هەیە دەربارەی سروشتی واقیع، بەتایبەتی سروشتی کۆمەڵگا و چارەسەرییە پێشنیارکراوەکان بۆ کێشەکان.
ڕۆشنبیری بێ ڕا، وەک چرایەکی بێ ڕووناکی وایە و سودی نییە بۆ مرۆڤ چونکە ڕۆشنایی پێ نابەخشێت و بەر پێی مرۆڤ ڕوناک ناکاتەوە ؛ دەکرێت بڵێین ڕۆشنبیری بێ ڕا وەکو ئاوێکی لێڵ و لێخن وایە بەکەڵکی خواردنەوە نایەت و مرۆڤ ناتوانێت لێی بخواتەوەو تاکو تینوێتی خۆی لە مەعریفەی بشکێنێت، بەو مانایەی ڕوشنبیری لەو چەشنە ئێنێرژی مەعریفەی پێ نییە تا وەرگر لێی سودمەند بێت ، ئەم چەشنە ڕۆشنبیرانە دەکرێت پێیان بڵێین ڕۆشنبیری کلاسیک بۆخۆیان لە کاخ و بارگای حیزبەکان و کەناڵەکانی TV دانیشتون سەنای بەرپرس و دگداتۆرەکان دەکەن ، یان خەریکی چەواشەکاری کۆمەڵگان ، زۆربەی کاتیش دژ بە ڕۆشنبیری ئۆرگانیکن ، ڕۆشنبیری کلاسیک ڕەنگە شێوەکەی هەبێت بەڵام ئەرکەکەی جێبەجێ ناکات، سەرەکیترین ئەرکی ڕۆشنبیر ڕەخنەگرتنە لە دەسەڵات، و دابونەریتە کۆنەکان، و هەڵە باوەکانی ناو کۆمەڵگە.
ڕۆشنبیر نابێت زوڕنا ژەن و “تەپڵ لێدەر”ی دەسەڵات بێت، بەڵکو دەبێت وەک ئاوێنەیەک کەمکوڕییەکان نیشان بدات. چونکە ئەرکی ڕۆشنبیر دروست کردنی ژاوە ژاو و قەرەباڵخی نییە بۆ گرداکۆ بوونی حەشامات لە چواردەوری دروشمی پڕوپووچ و بێ مانا کە سودی بۆ ژیانی مرۆڤ نییە ، دواجار زانیاری بە تەنها بەس نییە ئەگەر نەگۆڕێت بۆ هەڵوێست و ئەکت، هەڵوێستیش تەواو نابێت ئەگەر بە ئازایەتییەوە ڕانەگەیەندرێت و کارێگەری نەنوێنێت لە سەر ڕەفتارو بیرکردنەوەی ئینسانەکان، هەروەها وەهم لە ناخی مرۆڤەکاندا نەگۆڕێت بۆ واقیع و کرداری حەقیقی و بەرجەستەی هەنوکەیی ، ڕای ئازاو بوێرانە ئەوەیە کە تایبەتمەندی دەبەخشێت بە ڕۆشنبیرو لە مرۆڤی ئاسایی و عەوام جیای دەکاتەوە، چونکە دەیخاتە بەردەم ڕووبەڕووبوونەوەی جیهان نەک لە سێبەریدا بیهێڵێتەوە، بەڵام ڕای ئاسایی لانیکەم بوونی خۆی لە گۆڕەپانی گفتوگۆدا دەسەلمێنێت و ڕێگری دەکات لەوەی زانیاری ببێت بە بێدەنگییەکی نەزۆک و بێ کەڵک و پاسیف.
دروستکردنی ڕاوبۆچوون و هەڵوێستی جدیانە خۆشگوزەرانی نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقییە ، ڕیسک کردنە بە ژیانەوە لە بەرامبەر سیستەمی باوو سەپاو کە ئامانجی ئەو سیستەمە ئەوەیە ئینسانەکان بکاتە کۆیلە لە ژێر یاسای قەرەقوشی و بنەماڵەیدا بە ناوی نیشتمان و ناسیۆنالیزم و چەندین دەستەواژەی تڕوحات تەنها بۆ ئەوەی مرۆڤ خۆی بکاتە قوربانی تا سیاسیەکان زیاتر دەوڵەمەند بن و ژیانێکی فیرعەونی بۆخۆیان و کەسوکاریان و هاوڕێکانیان بژین.
ڕۆشنبیر تەنها بە وەرگرتنی بیرۆکەکان ناوەستێت، بەڵکو سەرلەنوێ دایاندەڕێژێتەوە و تاقییان دەکاتەوە و دەیانخاتە ناو فەزای کۆمەڵگەوە بۆ ئەوەی ببێتە پرس و ماددەیەک بۆ گفتوگۆ و گۆڕانکاری ، هەروەها لە دۆخی پەسەند بوونی لە لایەن کۆمەڵگاو پۆزەتیڤ بوونی دەکرێت ببێتە کولتوور . ڕۆشنبیری ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە زانیاری و ئازایەتی، و بیر و ویژدان بەیەکەوە دەبەستێتەوە بە بێ ترس و حیساب کردن بۆ سیستەم و دەسەڵات ، دەکرێت ڕۆشنبیر بە بێ ترس سوقراتانە بیرۆکەکانی خۆی بە شێوەیەکی ڕاشکاوانە بخاتە ڕوو بوێرانەش هەنکاو بنێت ، هەروەها زۆربایانە و سارتەرانە تەماشای کایەی ئازادی بکات و هیج ماشین و ئامێرێکی ستەمکاری و ( فا ، شی، زم) پاشگەزی نەکاتەوە لە بیروبۆچون و هەڵوێستەکانی ، ئەنتۆنیۆ گرامشی زۆر بە ڕوونی ئەرکی ڕۆشنبیری ئۆرگانیکی خستۆتە ڕوو، بەمەش ڕۆشنبیر دەق و ڕاستییەکان دەکاتە هەڵوێستی زیندوو و زمان دەکاتە پردێک لە نێوان ئەقڵ و ویژداندا و ڕێگای ڕاست بۆ هاونیشتمانیانی پیشان دەدات و چەوتیەکانی سیستەمیش دەست نیشان دەکات ، لە کۆمەڵگایەکی لەم چەشنەدا دەکرێت پیشەسازی پەروەردە تاکێک بەرهەم بێنێت هیچ کۆتوبەندێکی سیستەم و ستەمکاری نەتوانێت قەمتەری بکات و بیگەمژێنێت و بیکاتە کۆیلە ، چونکە ئەو تاکانە هۆشیارنو پەروەردەیەکی ژان ژاک ڕۆسۆیی کراون ، تاکگەلێکن بە چەشنێک ڕێنمایی کراون هەمیشە پرسیار دەکەن و لە دۆخێکی گوماناوی دەژێن ، بەو مانایەی گومان لەوانە دەکەن کە خۆیان بە ڕاست و بێ ‌کەموکوڕی دەزانن.
لە جیاتی ئەوەی هەمیشە وەڵامی ئامادەکراو بداتەوە، ڕۆشنبیر فێری خەڵک دەکات کە چۆن پرسیار بکەن و گومان لە شتەکان بکەن تا بگەن بە ڕاستی. ئەمە دەستەواژەی “ئیدوارد سەعید”ـە. ڕۆشنبیر دەبێت ئازایەتی ئەوەی هەبێت ڕاستییەکان بڵێت تەنانەت ئەگەر لە بەرژەوەندی خۆشی نەبێت ، یان دوچاری مەترسی بکات . ئەو ڕۆشنبیرەش کە تەنها بە گواستنەوەی زانیاری دەوەستێت، وەک کەسێک وایە لە ناونیشانی کتێبەکاندا نقوم بووبێت بێ ئەوەی جەوهەرەکەیان وەربگرێت، بەڵام ئەو ڕۆشنبیرەی کە ڕایەک دروست دەکات، وەک ئاگرێک وایە کە ڕووناکی دەبەخشێت و گەرمی دەدات، تەنانەت ئەگەر ببێتە هۆی مشتومڕ و گفتوگۆش لە ژێر سێبەریدا.ڕۆشنبیر ئەرکییەتی ئەو تاریکی و نەزانییەی لە ناو کۆمەڵگەدا هەیە بە ڕووناکی زانست و مەعریفە بڕەوێنێتەوە.
دەبێت پردێک بێت لە نێوان بیرۆکە ئاڵۆزەکان و تێگەیشتنی خەڵکی ئاسایی. هاوکات هەمیشە لە بەرەی “مەزڵوم و چەوساوەکان بێت و ئەرکییەتی دژی ستەم و دیکتاتۆرییەت بوەستێتەوە و پارێزەری ئازادی ڕادەربڕین بێت.









گۆڤاری زمان و زار ژمارە ٢٠

بۆ خوێندنەوەی ژمارە ٢٠ی گۆڤاری زمان و زار بە ئەلف و بێی کوردی کلیکی ئێرەبکەن..

بۆ خوێندنەوەی ژمارە ٢٠ی گۆڤاری زمان و زار بە ئەلف و بێی لاتینی کلیکی ئێرەبکەن..

——————




ده‌لالخانه‌ی قسه‌كردن!.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

                         
                                           

ده‌لالخانه‌، بازاڕێكی بچووكی چه‌ند سه‌د مه‌تری بوو، له‌ ناوجه‌رگه‌ی شاری هه‌ولێر و تیایدا سه‌دان كه‌س له‌و بازاڕه‌دا، كاڵاو كه‌لوپه‌له‌كانی خۆیان هه‌راج ده‌كرد و هه‌ر شتێكت ویستبا، بێ ڕه‌چاوكردنی كواڵیتی و بڕاند و كۆن و نوێی، ده‌ستت ده‌كه‌وت و كورد وته‌نی هه‌ر كه‌له‌ و ئاوازێكی لێ ده‌رده‌هات، كه‌ هه‌تا شوێنه‌كه‌ نه‌كرا به‌ پاركی شار، بازاڕه‌كه‌ هه‌ر مابوو. ئه‌م بازاڕه‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كی هه‌بوو، كه‌ هه‌موو كه‌سێك ده‌یتوانی كاڵای خۆی لێ هه‌راج بكات و ڕیكلامی بۆ بكات و وه‌ك بڕاند بیناسێنێت. كاتێ سه‌رنجیش له‌ ڕووبه‌رێكی گه‌وره‌ی دنیای سۆسیال میدیا له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ده‌ده‌م، هه‌مان ئه‌و بازاڕه‌م دێته‌وه‌ بیر، چونكه‌ له‌ به‌شێكی زۆری سۆسیال میدیادا، به‌ ناوی ئازادی ڕاده‌ربڕینه‌وه‌، كه‌ له‌ ڕاستیدا گه‌ڕه‌لاوژێیه‌، هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێت قسه‌ بكات! بۆیه‌ ده‌كرێ ئه‌م ڕووبه‌ره‌ به‌ ده‌لالخانه‌ی قسه‌كردن ناوبه‌رین، چونكه‌ له‌ پڕۆفیسۆرێكه‌وه‌ بۆ بێ بڕوانامه‌یه‌ك، له‌ فه‌یله‌سوفێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكی میللی و ناڕۆشنبیر و له‌ بیرمه‌ندێكه‌وه‌ بۆ به‌قاڵێك و له‌ تێكۆشه‌رێكه‌وه‌ بۆ خۆفرۆشێك و له‌ زانایه‌كه‌وه‌ بۆ نه‌زانێك، هه‌مووان وه‌ك یه‌ك بێ جیاوازی ده‌توانن قسه‌ی تێدا بكه‌ن، كه‌ ئه‌مه‌ مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ و ڕاسته‌قینه‌یه‌، چونكه‌ له‌ هیچ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا، هه‌مووان ڕۆشنبیر و شاعیر و تێكۆشه‌ر و فه‌یله‌سوف و بیرمه‌ند و سه‌ركرده‌ نین و نابێ هه‌مووان ببنه‌ شاعیر، یان بۆ نموونه‌ به‌ ناوی ئازادی ڕاده‌ربڕینه‌وه‌ هه‌ر شتێك مه‌به‌ستیان بوو بیڵێن، به‌ تایبه‌تیش كه‌ كورد ده‌ڵێت: (قسه‌ هه‌زاره‌ یه‌كی به‌كاره‌). له‌و ڕووبه‌ره‌ به‌ ناو ئازاد و كراوه‌یه‌دا كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا بوونی هه‌یه‌، ده‌شێ هه‌موو شتێك بگوترێت و بنووسرێت، به‌و مانایه‌ی هه‌ر كه‌سێك چی مه‌به‌ست بێت ده‌توانێت بیڵێت. بۆ نموونه‌:
شاعیرێكی دۆڕاو دێت ماڵپه‌ڕێك بۆ شیعر داده‌نێت، له‌وێوه‌ زه‌مینه‌ له‌ به‌رده‌م ده‌یان كه‌سی نه‌ناسراو كه‌ له‌ ژیانیان نه‌یانزانیوه‌ ئه‌لف و بێی شیعری چییه‌، ده‌ڕه‌خسێنێت كه‌ شیعری تێدا بڵاو بكه‌نه‌وه‌، كه‌ هه‌مان ئه‌و كه‌سانه‌ ڕه‌نگه‌ نه‌توانن یه‌ك به‌ ناو شیعرییان له‌ گۆڤاریك، یان دوو توێیه‌كی ئه‌ده‌بی بڵاوبكه‌نه‌وه‌. بێگومان ئێمه‌ ده‌زانین ده‌نگی جوان و داهێنه‌رانه‌ی شیعریش له‌وێدا هه‌ن، به‌ڵام له‌ به‌رانبه‌ر هه‌رده‌قێكی شیعری جواندا، چه‌ندین ده‌قی ناشیعریی و ده‌نگی نه‌ناسراو ده‌بینی، كه‌ ورێنه‌یه‌ك به‌ ناوی شیعر ده‌نووسن، كه‌ بچووكترین بنه‌مای هونه‌ریی شیعرییان تێدا نییه‌. له‌و ڕووبه‌ره‌ به‌ ناو كراوه‌دا، هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێت قسه‌ فڕێ بدات و به‌ جۆرێك وێنات بكات، كه‌ خۆی ده‌یه‌وێت. به‌ نموونه‌ یه‌كێك من به‌ پیاوی ده‌سه‌ڵات ده‌ناسێنێت، له‌ كاتێكدا ته‌نها له‌ ماوه‌ی ئه‌و مانگه‌دا، من چوار وتارم له‌ هه‌فته‌نامه‌ی ڕێگای كوردستان له‌ دژی ده‌سه‌ڵات بڵاوكردوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام چونكه‌ خوێنه‌ری سۆسیال میدیا ڕاگوزه‌ر و بێ تێهزرینه‌ و ته‌نها شاشه‌ ده‌بینێت و میدیای كاغه‌زی ناخوێنێته‌وه‌، ئه‌وا نایانبینێت . ئه‌مه‌ وێرای ئه‌وه‌ی ده‌یان وتاری دیكه‌م بڵاوكردوونه‌ته‌وه‌، كه‌ دژی گه‌نده‌ڵی، بێ خزمه‌تگوزاریی، خراپی حوكمڕانی ، سیاسه‌ت و ئیداره‌دانن له‌ كوردستاندا. یان شاعیرێك كه‌ ته‌نانه‌ت له‌ شاره‌كه‌ی خۆشی نه‌ناسراوه‌، پێت ده‌ڵێت تۆ شیعر ناس نیت، به‌ مه‌رجێك ئێمه‌ له‌ كۆی نۆزده‌ كتێب، نۆ كتێبمان له‌ سه‌ر شیعر نووسیوه‌ و هه‌ركه‌سێكیش خۆی به‌ خوێنه‌ری ماڵپه‌ڕێكی سه‌نگینی وه‌ك ده‌نگه‌كان بزانێت، له‌وه‌ ده‌گات كه‌ ئێمه‌ به‌رده‌وام سه‌رنجمان له‌ سه‌ر شیعر نووسیوه‌.
ئێمه‌ ده‌یان جاری تریش وتوومانه‌ نه‌ ڕه‌خنه‌گرین، نه‌ نووسه‌ریشین، ته‌نێ خوێنه‌رێكی ئاسایی دنیای ئه‌ده‌ب و كتێبین. ئێمه‌ له‌ كاتێكدا ئه‌وه‌ ده‌ڵێین، زۆرباش ئه‌و ڕاستییه‌ش ده‌زانین كه‌ وتار و نووسینی پڕ مه‌عریفه‌ و سوودمه‌ندیش له‌و سه‌كۆیانه‌ بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌. هه‌ر بۆنموونه‌: من هیچ تێبینییه‌كه‌م له‌ سه‌ر وتاره‌كه‌ی هاوڕێی ئازیزم كاك ( سۆران محمد) نه‌بوو، چونكه‌ ده‌زانم له‌ من زیاتر شیعر ده‌خوێنێته‌وه‌ و له‌ سه‌ر شیعر ده‌نووسێت و خۆشم خوێنه‌ری وتاره‌كانی ئه‌وم و به‌ بایه‌خه‌وه‌ نووسینه‌كانی ده‌خوێنمه‌وه‌، به‌ڵام ناتوانم له‌ به‌رانبه‌ر تۆمه‌تێكی بێ بنه‌ما بێ ده‌نگ بم كه‌ ده‌ده‌درێته‌ پاڵم، له‌ كاتێكدا من ئه‌گه‌ر ڕووپاماییم بۆ ده‌سه‌ڵات بكردایه‌، ئێستا به‌رزترین پۆست و ده‌سكه‌وت و پایه‌م ده‌بوو، بۆ ئه‌مه‌ش هه‌موو هاوشارییانم ئه‌و ڕاستییه‌ ده‌زانن و گه‌واهیم بۆ ده‌ده‌ن.
من مامۆستایه‌كی ئاساییم و به‌ ڕه‌نج و ئاره‌قه‌ی شكۆمه‌ندانه‌ی پیشه‌كه‌م ده‌ژیم و وه‌ك هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك مووچه‌كه‌م دوا ده‌كه‌وێت. دواجار ده‌ڵێم، جیلی شیعریی، به‌ قسه‌ و هاش و هووش دروست نابێت، كه‌س گۆران و شێركۆ بێكه‌سی دروست نه‌كردووه‌، خۆیان خۆیان دروست كرد، ئیدی جیل هه‌بێت یان نا؟! مه‌گه‌ر شێخ نووری و ڕه‌شید نه‌جیب و پیره‌مێردیش له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌ نه‌بوون؟ بۆ هه‌ر گۆرانی مه‌زن به‌ نوێكه‌ره‌وه‌ی شیعری كوردی ده‌ناسرێت؟!




بە بۆنەو ڕۆ جەهانی مافەکاو مرۆڤیەو.. موختار کەریمی

مافوو ئاڵای پێسەو ئەرمانەروو وێبیەی(هویتی))

ئاڵا سیمبۆل یان ئەرمانەرەو تایبەتمەندیێ گرووپێوی کۆمەڵایەتی، نەتەوێو، گەلێو، وەڵاتێو و یا ڕێکوزیایەوی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگین. ئی قەوارە سیاسی و فەرهنگی و کۆمەڵایەتیا تاوا وێبیەی(هویت)، وجوڎ، داواکاری و یا پەیامەو وێشا جە ڕاو ئاڵایوە بە دنیاو دەورووبەریشا بشناسا. ئاڵا هەرپاسە ئەرمانەرەو سەربەوێبیەی، ئازاڎی، تارێخ، سنووری جۆغرافی و بەها کۆمەڵایەتیەکاو ئی قەوارانە کە ئیشارەم پەنە کەردێ. یۆ جە ئامانجەکاتەری ئاڵای هەستوو یۆگێرتەی و گرێدریای(ئینتیما)ی نیشتیمانی گرووپی خاوەن ئالاین.

مافوو خاوەنداریەتی ئاڵای جە یاسا میادەوڵەتیەکانە:

١. ڕێککەوتنامەو مافەکاو مرۆڤی سەر بە نەتەوە یۆگێرتەکا، جە کۆمەڵە یاساو 2، مادەو ٢٧ی کە مافوو کەمینەکا دیاری کەرۆ، پاگێری کەر سەروو ئانەیرە کە گرد کەمینێوی ئێتنیکی، زوانی، ئایینی و…مافوو بەکارئاردەی فەرهەنگوو وێش جە ژیوای ڕوانەیشەنە و هەرپاسە مافوو پاڕێزنای وێبیەی فەرهەنگیش(هویت فرهنگی) هەن. نیشاندای ئەرمانەری(سیمبۆل) فەرهەنگی بەشێوەن جە مافوو وێبیەی فەرهەنگی ئانزانی.
٢. ڕێککەوتنامەو پارێزنای کەمینەکاو ئوروپای، کە 39 دەوڵەتێ ئوروپایێ پەسەندشا کەردەن و ئەرکدارێنی بە چەسپنای یاساکاو ئی ڕێککەوتنامەیە.

ڕیكکەوتنامەکە جە وەڵینەو وێشەنە ماچۆ:

“ئەرکوو گلێرگەیەوی فرەلایەنی(کثرت گرا) و دێمۆکراتیک و سەقامگیر نە تەنیا ڕێزگێرتەین جە مافی ئێتنیکی، فەرهەنگی، زوانی، ئایینی و وێبیەی(هویتی) کەمینەکا، بەڵکوو ئەرکی یاسایشچەن کە ئێماکاناتی پەیواز پەی ئی کەمێنا فەراھەم کەرۆ تا بتاوا وێبیەی وێشا بەروزا، پارێزناش و گەشەش پەنە بڎا.”
ئی ڕێککەوتنامە جە مادەو پەنجیچشەنە(5) دیسان پاگێری کەرۆ سەرو چەسپنای و پەیڕەوکەردەی ئی مافا.
٠ مافوو وێبیەی(مافی هویتی) جە یاساو بنەڕەتی وەڵاتە دێمۆکراتیکەکایچەنە پەسەند کریان و بە کردەوەیچ ئی مافاشا پارێزناینێ و پەیڕەویچ کریا، پەی نموونەی:

٠ سۆئێد
جە وەڵاتوو سۆئێدیەنە پەنج(5) کەمێنێ ئێتنیکیێ- نەتەوەیێ بە ڕەسمی ئەشناسیاینێ و وێبیەی فەرهەنگی و نەتەویشا بە ڕەسمی ئەشناسیان و هەرکام چی نەتەوەا ئالاو وێشا هەنە:
نەتەوەو سامی، ڕۆمی، فەنلاندی، یەهوودی و تورنەدالین.

Sámi (indigenous people), Swedish Finns, Tornedalians, Roma, and Jews. These groups have specific rights to their languages (Sámi, Finnish, Meänkieli, Romani Chib, Yiddish)
سۆئێد یاسایەوی تایبەتش بە نامێ”یاساو پارێزنای کەمینەکا جە وەلاتوو سۆئیدیەنە دیاری کەردەن کە تایبەتەن بە پارێزنای کەمینەکا و مافی زوانیشا.
(Minoritetsspråkslagen/Minoritetslagen)

ئاڵمان ٠

جە وەڵاتوو ئاڵمانیچەنە پێسەو وەڵاتوو سۆئێدی پەنج(5) کەمێنی ئێتنیکیێ- نەتەوەیێ جە یاسای بنەڕەتی ئی وەڵاتینە بە ڕەسمی ئەشناسیانێ و وێبیەی فەرهەنگی و نەتەویچشا بە ڕەسمی ئەشناسیان و هەرکام چی نەتەوەایچە ئاڵاو وێش هەنە:

کەمە نەتەوەی دانمارکی، کەمە نەتەوەی فریزی، سۆربی، ڕۆمی و سینتی.

the Danish minority, the Frisian ethnic group, the German Sinti and Roma, and the Sorbian people,
Die dänische Minderheit, die friesische Volksgruppe, die deutschen Sinti und Roma sowie das sorbische Volk

یاسای بنەڕەتی ئاڵمانی جە مادەو یەرێ (3)، بەشوو یەرێ (3) جە بارەو وەربەسکەردەی جیاوازی و پاشێلکەردەی مافوو کەمینەکا پێسە ماچۆ:
Diskriminierungsverbot, Artikel 3, Absatz 3, Grundgesetz
“هیچ کەسێو نمەبۆ بە بۆنەو زوانیشەو، ڕەچەڵەکیشەو، وەڵاتیشەو، ڕەگەزیشەو و یان ئایینیشەو زڵم و ستەمش وەنە کریۆ و یان پەراوێز وزیۆ”.

” یاساو مافوو ئازاڎیە گردیەکا پێسەو ئازاڎی ویروپەیلوای، ئازاڎی ئەرەمەرزنای ڕێکوزیای و کۆر و کۆمەڵو کەمینەکایچ گێرۆوە و پارێزنۆشا.

هەورامان و مافوو ئاڵای

بێگومان مافی یاسایی و ئانزانی و سیاسی و فەرهەنگی خەڵکوو هەورامانین کە ئاڵاو وێش بۆ و ئی ئاڵای مشۆ جە گردوو مەحاڵکەکاو هەورامانی هەر جە تەوێڵێ و بیارێوە گێرە تا یاوۆ پاوە و نەوسووذە و نۆتشەو و بێساران و…. و هەرپاسە سەروو کەشە سەربەرزەکاو شاهۆی و کۆساڵانی و تەتەی و ژاڵانەی و …. بە ئازاڎی و بە شانازیەوە ھۆردریۆ و شەکیۆوە.

بڕێو چا نەتەوا کە ئینای جە سۆئێد و ئاڵمان و یاگەکاتەریەنە، مەحاڵیوی دیاریکریاشا چا وەڵاتانە نیەن. بەڵام ئاڵاکێشا گرد یانێوەنە و جە مەکانە گردیەکانە بە ئازاڎی هۆرکریاێنە و شەکیۆوە.
‌هەورامانێو کە دەیان هەزار ساڵێ ویەردەی تارێخی و جۆغرافیایی و فەرەنگی و زوانیش هەن، چی مشۆ ئاڵاش نەبۆ؟ ئینە مافێوی ڕەوان.

هەر کەس و لایەنێو ئی مافە ڕەوایاو خەڵکوو ھەورامانی بە ڕەسمی نەشناسۆ و یا چانەیە خرابتەر دژایەتیشا کەرۆ، جە ڕاسیەنە دژمنایەتی مافە ئانزانی و یاسایی و سیاسی و فەرهەنگی و زوانیەکاو خەڵکوو هەورامانی کەرۆ.
پیمانەو ئێمەی ھەورامی پەی ئەشناسای دۆس و دژمنیما ھۆرز و کەوتوو ئا لایەنانە وەرانوەروو مافە ڕەواکاماوە.

موختار کەریمی– ئاڵمان ١٠.١٢.٢٠٢٥




وێـژەی بـەرگـریی کـوردی.. رەزا شـوان

وێـژە زمانێکی جیهانییە، کە بەربەستەکانی کات و شـوێن و کولـتوورەکـان و زمانەکان تێـدەپەڕێنێـت. وێـژە بۆ چەنـدین سەدە، بەردی بناغـەی کولتووری و مـرۆڤایەتی بـووە. ئەزموونەکانی مـرۆڤی بەرجەستەکردوون و تێـڕوانینێکی قـووڵی بۆ هـۆشیارکردنەوەی کـۆمەڵ پێـشکەش کـردووە. وێـژە هـێزی و کاریگەریی ئـەوەی هـەیە، کە بەرهـەڵـستی بـکات و ئـیلهـامبـەخـش بێـت و کـاتـالـیـستـێکی بەهـێزە بـۆ گـۆڕانـکاریی کـۆمـەڵایـەتی. لە رێـگای وێـژەوە هـاوسـۆزیـمان لەگەڵ کەسانی تـردا دەبێـت. تێگەیشتنمان لە جیهانی دەور و بەرمان فـراوانـتر دەبێـت. وێـژە خۆشی و خەم و شیرینی و تاڵی و ئاڵۆزییەکان، خـەون و هـیواکانی مـرۆڤ، بە وشـە وێنـا دەکـات.

کاتێک کە دەنگی ناڕازیـان، لە شەقـامەکانـد دەنگ دەدەنەوە و دروشـمی داوای ئـازادی و شکـۆمەنـدی بەرزدەبنەوە، وێـژە دەبێـتە ئاوێنەیەکی رەنگـدانەوەی رۆحی سەردەم و و بە هـیوای خـەڵـکی و بە مەشخـەڵی روونـاکـردنـەوە و بـە گـڕگـرتـنی خـەبـات.

زۆرێک لە بـزووتنەوە رزگاری و ئازادیخوازەکان، کاریگەری و رەنگـدانەوەی وێـژەی بەرگـری بـوون. وەک وێـژەی پێـشـڕەوی بـزووتـنەوەی سـەدەی بـیستەمی فـەرەنـسی. هـۆنـراوە و وێـژەی سـیاسی سـەردەمی رێـنـێـسانـسی ئـیـتالـیا. بـە زۆری نـووسـەران بەشێکی کاریگەر بوونە، لە بزووتنەوەی رزگاریخواز. کە لەسەر پـرسە کۆمەڵایەتی و سـیاسییەکان، هـۆنـراوە و چـیرۆک و رۆمـان و شانـۆ و وتـاری بەرگـرییان دەنـووسی، بـۆ هـۆشیارکـردنەوەی خەڵکی و تـیـشک خـستـنە سـەر نـادادپـەروەری و سـتەمکاری. جگە لەوەش بەرهەمە وێـژەییەکان، سەبارەت بە پـرسە گرنگەکان، دەتـوانـن فەزایەک بن، بۆ گفـتوگـۆ و مشـتومـڕ وبیرکردنەوەی رەخنەیی. ئەمەش پاڵنەرە بۆ گۆڕانکاری و هـەنگاونـان بـەرەو داهـاتـوویـەکی باشـتر.

سـەرهـەڵـدانی وێـژەی بەرگـریی کـوردی:

دەوڵـەتـانی داگـیرکەرانی کوردسـتان، زیـاتر لە سـەدەیەکە، هـەوڵـێکی زۆریـان داوە و دەدەن بـۆ کـاڵکـردنەوەی زمـانی کـوردی و رێگـرتن لە گەشـەکـردنی وێـژەی کـوردی. چونکە ئەوە دەزانن کە وێـژەی کوردی چەکـێکی کارای بەرگـرییە و هـانی گەل دەدات بۆ خەبـات و بۆ شـۆڕش و بـۆ رووبەڕووبـوونەوەی کـۆڵـۆنـیالـیزم. وێـژەی بەرگـریی کوردی، لـقـێکی کاریگەر و گـرنگی وێـژەی کوردیـیە. لە مـیراتی کـولتـوور و وێـژەی کوردی دانەبڕاوە. وێژەی بەرگریی کوردی، ئامرازێکە بۆ دەربڕینی ئاڕازاییەکانی گەلی کوردمان و تیشک دەخـاتە سەر پـرەسەکانی و پاڵـپشتی لە بـزووتنەوەی رزگاریخـوازی کـورد و لە خەبـات و بەرخـودانی بـۆ بەدەستهـێـنانی مـافـە رەوا زەوتکـراوەکـانی و بـۆ رزگارکـردنی کوردسـتانی نیـشتـمانی داگـیرکـراوی لە داگـیرکەران، بۆ ئـازادیی و ژیـان. وێژەی بەرگریی کوردی ئامرازێکی گرنگ بووە، بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەییمان و بۆ دەربـڕینی دەنگی ناڕەزایەتی، لەو ستەم و گۆشەگـیریکـردن و تـاوانـە دڕنـدەیـیانەی داگـیرکەرانی کوردسـتان لـێـیـدەکـەن.

پـێموایە کە فـیشەک بە تەنیا ناتوانێت، بـڕیـار لە شەڕی رزگاری و سەربەخـۆیی بـدات. دەبێـت وشـە یاوەری فـیـشەک بێـت. تـفـەنـگ و پـێنووس لـوولەیەکـیان هـەبێـت. وشە رێـگا بۆ شـۆڕش و راپـەڕیـنەکـان روونـاک دەکـاتەوە. بەڵکـو بە زۆری نووسەرانـمان لە سـەنگەرەکانی پـێشەوەدان و دەبنـە پـێـشەوا و بە رابـەری سەرسەختی راپـەڕیـن و شـۆڕش و بەرگـریکـردن لە مافـەکانی گەلـەکەمـان و لە کوردسـتانی نیـشـتـمانـمان. بە دەیـان نووسـەرمان بـوون بە قـوربانیی هـەڵـوێستی بەرگرییان. بە دەیـان نووسـەرمـان خـرانە بەنـدیخانەوە. چەک هەڵگـران و پـێنـووس هەڵگـران، باشتر بـڵـێین، پـێشمەرگە و نووسەرانی کوردمان، هەردوو لایـان گـیانـێکـن لە دوو جەستە دان. بەرپـرسیارێـتی گەیشتنی گەلەکەمان بە سەرکەوتن و بە هـیوا و ئامانجە دڵخوازەکانیان لەخـۆگـرتوون. کە رزگـاری کوردستان و بەرقـەرابـوونی ئـازادی و دیمـوکـراسی و ئـاشـتـییە بۆ کورد.

گەلی کوردمان بە درێژایی سەدەکان، مێژوویەکی دوور و درێژی بەرگری و خـۆڕاگـری و تێکـۆشانی پـڕ لە شـانـازی، بـۆ رزگـاری و ئـازادی و سەربەخـۆیی هـەیە. بەرهـەمە وێـژەییەکانـیـشمان، رەنگـدانەوەی ئـەم کولـتوور و مـیراتە شـۆڕشگـێڕیـیەن. دەکـرێـت بڵـێین، وێـژەی بەرگریی کوردی، چەکـێکی بەهـێزە بۆ بەهـێزکردنی ناسنامەی نەتەوەیی کوردیـمان. هـەڵگـری پەیـامێکی خـۆڕاگـری و بەرخـودانی و سـووربـوونە لە تێکـۆشان و لە کـۆڵنەدان، لە دژی داگـیرکردنی کوردستان و چەوسانەوەی گەلەکەمان و هـەوڵـدان بـۆ سـڕینەوەی ناسـنامەی نەتەوەیـیـمان. ئەو دڕنـدایـەتی و تاوانـانەی کە داگـیرکەرانی کوردسـتان لە سـەدەی بـیـستەم و بـیـست و یەکەمـدا، لە گـەلی کوردمـان کـردوویـانە و دەیـکەن، تـاوانی دژ بە مـرۆڤـایەتـین و لە جیهـانـدا بێـوێنـەن.
لە سەردەمی خەبـاتی مـۆدێـرنی کـورد دا، نـووسـەران و هـونەرمـەنـدانی کوردمـان، لە رێگەی هـۆنراوەی بەرگری و چیرۆک و رۆمان و شانۆ و وتار و گۆرانی و وێنەکـێشان و کاریکاتێرەوە، وەک بەشێک لە خەبـاتی فەرهـەنگی، لە دژی داگـیرکەرانی کوردستان و سـتەم و تاوانەکانیـان دەرهـەق بـە گـەلی کوردمـان، بە نـووسـین و بـە وێنـەکـێـشان، گۆزارشـتیان لە هـەڵـوێستـیان و لە ناڕەزاییـان کـردوون.

وێـژەی بەرگریی کوردی، رۆڵێکی ورووژێنەر و کاریگەری هەبووە و هەیە، لە دانانی بـنـاغـەی بـزووتـنەوەی شـۆڕشگـێڕانـە و لـە راپـەڕینـەکـانی گـەلـەکـەمـان، هـانـدەری شـۆڕشـگـێڕان و جەمـاوەری راپـەڕیـومـان بـووە. لـە ئەمـڕۆشـدا بەردەوامـیی هـەیـە. بـۆیە وێـژەی کـوردی بە پلەی یەکـەم، وێـژەی بەرگـرییە.

هەنـدێـک لە نووسـەران، پێـیان وایە کە سـەرهـەڵـدانی وێـژەی بەرگـریی کـوردی بۆ هـۆزانڤانی گەلەکەمان (ئەحمەدی خانی: ١٦٥٠ ـ ١٧٠٧)ی دەگەڕێتەوە. لە راستیدا، رەگی وێـژەی بەرگریی کوردی، بە زارەکی زۆر لە سەردەمی ئەحمەدی خانی کـۆنترە، لە فـۆلکلـۆری کـوردی و لە گـۆرانی و لە پەنـدی پـێـشـینانی کوردیـدا، بـوونی هـەیە. ئەحمەدی خـانی لـەم کـۆپـلە هـۆنـراوەیـدا دەڵـێـت:

ئـــەز مـــامــە د هــیـــکـمـەتـا خـــوەدێ دا
کـورمـــــانـجـێ د دەوڵــــــــــەتــا دنــــێ دا
ئـایــا ب چ وەچــــــی مــــــانـە مـەهــرۆم؟
بـل جـومـلە ژ بـۆنـە چ بـوونە مەهکـووم؟

خـانی سەرسامی خـۆی بە کاری خودا دەردەبڕێت، گلەیی ئەوەشی هـەیە، کە بـۆچی کوردی لە دەوڵـەت و لە سـەروەری بێـبەش کـردووە، بـۆچی ئێستاش مەحکـووم و چەوسـاوەیـە؟

گەلێک لە هـۆزانـڤانە کلاسیکی و مـودێـرنەکانمان، هـۆنـراوەی بەرگـریی کاریگەریان هـۆنیـونەتەوە، وەک: حاجی قـادری کۆیی، زیـوەر، پیـرەمێرد، فایـق بێکەس، گۆران، هـێمن موکـریانی، هـەژار موکـریانی، جگەرخوێـن، یونس دڵـدار، ئـیـبراهـیم ئەحـمەد، کامەران موکـری، شـێرکۆ بێکەس، خالـید دلـێر، مەدحەت بێخـەو، عـەبـدوڵڵا پەشـێو، لەتـیـف هـەڵـمـەت. چەنـدیـن هـۆزانـڤـانی کـوردی دیـکەش. کە بە دەیـان هـۆنـراوەی بەرگـری و نیشتمانیان هـۆنیونەتەوە. ئەمانە چەنـد نموونەیەکی چەند هـۆزانڤانێکـن:

(یونـس دڵـدار: ١٩١٨ ـ ١٩٤٧) لە مارشی نەتەوەیی کوردی (ئەی رەقـیب) دەڵـێت:

ئـەی رەقـیـب هـەر مـاوە قـەومی کـورد زمــان
نـایـشــــکــێـنی دانــــــەری تــــــــۆپی زەمـــان
کـەس نـەڵێ کـورد مــردووە، کـورد زیـنــدووە
زیـنــدووە قــــــەت نـانــــــەوێ ئــــاڵاکـەمـــان

(جـگەرخـۆێـن: ١٩٠٣ ـ ١٩٨٤) لە هـۆنـراوەی ( کـیمـە ئـەز؟) دا، دەڵـێـت:

کــیـمـە ئــەز؟
کـوردێ کـوردســتان
تـەڤ شـۆڕش و ڤـولکـان
تـەڤ دیـنــامـێـتـم
ئـاگـــــر و پـێــتـم
سـۆرم وەک ئـێـتـوون
ئـاگـر لهـا قـەیـسـوون
گـاڤـــا بـتـــــــــەقــم
دنـیـــــا دەهـــــــەژی
ئـەڤ پـیــت و ئـاگـر
دوژمـــن دکــــــوژی
کـیــمـە ئــەز؟

 

(کامـەران مـوکـری: ١٩٢٩ ـ ١٩٨٦) لە پەرتـووکی (گـوڵاڵە سوورە: ١٩٥٩) یەکەم پەرتووکە کە بە منـداڵی خوێنـدمەوە، تا ئێستا بەشێک لە هـۆنـراوەکانیـم لەیـاد مـاون. ئـەم سێ دێـڕەم بە نەمـوونە بـۆ هـێـنانەوە:

کــاروانی ئـێـمــــە کـەوتــــووەتـە رێــــگـا
بـە ئـامـــانـجی کــورد هــەر ئــەبێ بــــگـا

ئـەگــەرچـی شـــەوی خـەبــــاتی ژیـــــــان
گـیـانی زۆر لاوی وەک گــوڵ هـەڵـــوەران

بـەڵام هــەر ئــەبێ شـەفـــەق دەرکــــەوێ
کـورد لەم هـەورازە سەخـتـە سەرکـــەوێ

(ئـیبراهـیم ئەحـمەد: ١٩١٤ ـ ٢٠٠٠) لە سروودی (هەر کورد ئەبین) کۆپـلەی یەکەم:

داگــــــــیـرکــەری دڵ پـــــــڕ لـە قــــــــیـن
دڕنـــــــدەی بـێ ویــــــــــژدان و دیــــــــن
گـەر قـەنــدیــــــل و ئـاگـــری و شـــیـریـن
یـەکــســان کـەی لەگـــەڵ رووی زەمـــیـن
نـاتــوانـی واکــەی کـــــــــــــورد نەبـــــیـن
هـەر کـورد بـوویـن و هـەر کـورد ئـەبـیـن    

(شـێرکـۆ بێکەس: ١٩٤٠ ـ ٢٠١٣) شایەنی نازناوی هـۆزانڤانی بەرگـری یە. زۆربەی هـۆنـراوەکانی نـیشــتـمانی و بەرگـریـن. شـێرکـۆی نەمـر، بـۆ شـاڵاوەکـانی (ئەنـفـال)ی بەدناو، لەژێر ناوی (خەو نەبوون، کیژۆڵە خەون نەبوون) ئەم کۆپلەیەمان لێوەرگرت:

خـەو نـەبـوون، کـیـژۆڵـە خـەون نەبـوون
ئــەوە رەز بـــــوون و ئـەمـــــــــــــــــردن
ئــەوە ئــــاو بـــــــــوون و  ئـەخـــــنـکـان
ئــەوە بــــــەرد بــــوون شـــل ئـەبـــــوون
ئــەوە گــــــۆم بـــوون و رەق ئـەبـــــوون
ئــەوە دەســـــتی سـەرگــــــــوزەشــــتـە و
خـەیــــــاڵ نـەبــــــوون کـــــــیـژۆڵـەکـــەم
ئـەوە دەســتی نـیــوەی دونـیـا و نـیـــوەی
دەوڵـــەت و قـانــــوون بــوو کە هــــات و
تــــــۆی خـســــــتـە زیــلـــــــــــێـکــەوە و
دوور ئـەیـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــبــردی

…..

(خالـید دلـێر: ١٩٣٣ ـ ٢٠١٣) لە دوا کـۆپـلەی سـروودی (پـێـشمەرگەین) دا دەڵـێت:

زۆری سەرکـەش هـەوڵی داوە کـورد نەهــێــڵـێ
خـاکی کـوردسـتان بـە بـۆمـبا و چـەک بـکـێــڵـێ
هـەڵــــــــــــــدێـراون لــەم کـێــــــــــــــــــــێـوانـە
بـوونــــــــەتـە پـەنــــــــــــدی زەمـــــــــــــــــانـە
ئـەم وڵاتــــە گـۆڕســـــــتـانی دوژمـنـــــــــــــانـە
پـێـشـــــــــــمـەرگـەیـن ، پـێـشــــــــــــمـەرگـەیـن
پـێـشــــــــــمـەرگـەیـن ، بـە هـەڵـمــەتــــــــــــیـن

پـاڵـــــــــــــــــــــەوانـی مـیـلـلــــــــــــــــــەتــــیـن
شـــــــــــــــــێـری رۆژی زیـلـلــــــــــــــــەتــــیـن
لـە پـێـــــنـاوی بـەخـتــــیـاری کوردســـــــــــتـان
بـەخــــت دەکــەیـن ژیـــان و مــاڵ و گـیـــــــــان
لـە پـێــــــنـاوی بـەخـتـــــیـاری کوردســـــــــتـان

دوبـەی: ٢٠٢٥




بیرمەند و نەناس!.. برایم فەڕشی

کەڕڕەی بەیانی، لە سەر بەرزترین لوتکەی شاخی وڵات، کە دەیڕوانییە شار و گوندەکان، بە گوریسێکی دەستچنی خۆماڵی، لەشی بیرمەند بە دارەمەیتەکەوە جڕەبادە درابوو. دەوری بە کتێبەکانی خۆی تەندرابوو. لە چوارسووچی شاخ هەتا دەشتایی و ئەو شوێنەی چاو هەتەری دەکرد، خەڵک گەورە وبچووک، ژن و منداڵ، ماتڵ بوون، ئەوان وەشوێن نەناس کەوتبوون!
نەناس کە هیچ شتێکی لە خەڵکی وڵات نەدەچوو و بە زمانێکی نامۆ قسەی دەکرد، ببووە جێگای باوەڕ و چاوساخی خەڵک. سەیرێکی خەڵک و دەوروبەری کرد و هاتە پێش، ئەستوورترین کتێبی دەستنووسی بیرمەندی لە ناو کتێبەکان دەرکێشا، چووە ژوور سەری، چاوی لە چاوەکانی بڕی، لە بەر خۆیەوە ورتە ورتێکی کرد، کەس لێی تێنەگەیشت، کەسیش پرسیاری لێنەکرد، ئەوجا بە هەموو هێزیی خۆی، کتێبەکەی کوتایە سەری بیرمەند، هێندێک وێستا، سەیری خەڵکەکەی کرد، دەنگ لە کەسەوە دەرنەهات، هەناسەی بیرمەند لە سەر دارەمەیتکە، دەبیسترا! نەناس ئەوجا بە کتێبەکە کەوتە کوتانی گیانی بیرمەند، هەر لە سەر هەتا قولاپەی پێ!
بە لاساییکردنەوە لە نەناس، لە هەرچوارسووچەوە خەڵک ڕژانە سەر بیرمەند، کە لە خۆیان بوو. خەڵک بە قین و نیفرەتێکی زۆرتر لە نەناس، کەوتنە گیانی بیرمەند و وشەکانی نەناسیان دووبارە دەکردەوە، کە ماناکەیان نەدەزانی!
خۆر گەیشتبووە تاقی ئاسمان و ڕووناکی خۆی خستبووە سەر لەشی بێ گیانی بیرمەند و کتێبە شەڵاڵی خوێن کراوەکانی!
خەڵک لە ناکاو لە چوارسووچەوە هێرشیان کردە سەر مەیتی بیرمەند و کتێبەکانی کە بە زمانی ئەوان و بۆ ئەوانی نووسیبوو!
دوای ئەوان کۆمەڵێک چراگەرچەک بە دەست، وەک ئەوەی خۆیان لە گوناە پاک کەنەوە، ڕۆن گەرچەکیان بە سەر کتێبەکان و جەستەی بیرمەنددا، قڵپ کردەوە و هاوکات ئاگریان هاویشتە ناو.
لە چاوتروکاندنێکدا، ئاگر بەرەو ئاسمان بڵێسەی ساند، خەڵک لە خۆشیان بازنە بازنە لە دەوری ئاگر کەوتنە سەما و هەڵپەڕکێ. کابرای نەناس لە خۆشیان قاقا پێدەکەنی.
لە دوور دوورەوە ئێستاش دەنگیان دەبیسترێ!

برایم فەڕشی




قەیرانی گوتار: کۆمەڵگە چۆن گوزارشت لە بوونی خۆی دەکات؟.. وریا مەعروف

بوونی کۆمەڵایەتی، لە بنەڕەتدا پڕۆسەیەکی گوتارییە. کۆمەڵگە وەک تەنێکی بێدەنگ و نەجووڵاو بوونی نییە؛ بەڵکوو بوونی خۆی لە ڕێگەی گوتار، زمان، ڕەمز و ئەو چیڕۆکانەی دەیانگێڕێتەوە دروست دەکات و دەپارێزێت. گوتار ئەو ڕووبەرەیە کە تێیدا واتای شتەکان دیاری دەکرێت، واتا كۆمەڵگە لەرێگەی گووتارەوە خۆی دەناسێنێت، شوناسی خۆی دیاری دەكات. کاتێک گوتار تەندروستە ڕێگە بە گفتوگۆ، ڕەخنە و دروستکردنی واتای بە کۆمەڵ دەدات. کەچی ئەمڕۆ، زۆرێک لە کۆمەڵگەکان ڕووبەڕووی ئەوە دەبنەوە کە دەتوانرێت بە قەیرانی گوتار وەسف بکرێت—دۆخێک کە تێیدا زمان توانای خۆی بۆ نوێنەرایەتیکردنی ڕاستی، دروستکردنی کۆدەنگی، یان دەربڕینی بوونی هاوبەش لەدەست دەدات.
گوتار لە بنەڕەتدا زیاترە لە تەنها قسەکردن. بەڵكو پێکدێت لە ڕەوانبێژیی سیاسی، گێڕانەوەکانی میدیا، ڕەمزە کەلتوورییەکان، دەربڕینەکانی سۆشیال میدیا، زانستی ئەکادیمی و گفتوگۆ ڕۆژانەییەکان. لە ڕێگەیەوە، کۆمەڵگەکان پێناسەی ئەوە دەکەن کە چی ئاساییە و چی نائاساییە، چی ڕەوشتییە و چی ناڕەوشتییە، چی دەکرێت و چی ناکرێت. قەیرانەکە کاتێک سەرهەڵدەدات کە ئەم سیستەمە گوتارییانە پارچە پارچە دەبن، دەستکاری دەکرێن، یان لە واتای ڕەسەنی خۆیان بەتاڵ دەکرێنەوە.
یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی ئەم قەیرانە بریتییە لە گۆڕانکاریی لە گۆڕەپانی گشتیدا. لە ڕووی مێژووییەوە، گوتاری گشتی چ لە گۆڕەپانەکانی شار، ڕۆژنامەکان، یان بازنە ڕۆشنبیرییەکان، ڕێگەی بە چوارچێوەی تا ڕادەیەک جێگیری گفتوگۆ دەدا. ئەمڕۆ، پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان بە شێوەیەکی ڕیشەیی شێوازی گوزارشتکردنی کۆمەڵگەیان گۆڕیوە. سۆشیال میدیا “دەربڕینی” دیموکراسی کردووە، ڕێگە خۆشكەر بووە بۆ ئەوگرووپانەی کە پێشتر پەراوێزخرابوون. بەڵام ئەم فراوانبوونە لاوازی و هەستیاری هەیە لە : خێرایی جێگەی بیرکردنەوەی گرتووەتەوە، سۆز زاڵ بووە بەسەر ئارگیومێنتدا، و بینراو گرنگترە لە ڕاستی.
لە ئەنجامدا، زۆرجار گوتار زیاتر دەبێتە “گوزارشتی نمایشکارانە” نەک پەیوەندیکارانە یان كارلێككارانە. تاکەکان و دامەزراوەکان قسە ناکەن بۆ تێگەیشتن یان قەناعەتپێکردن، بەڵکوو بۆ نیشاندانی شوناس، ڕاکێشانی سەرنج، یان سەپاندنی دەسەڵات. ئەمەش توندبوونی گوتاری لێ دەکەوێتەوە، کورت دەکرێتەوە بۆ دروشم و ناو. لە ژینگەیەکی لەم شێوەیەدا، کۆمەڵگەگوزارشت لە بوونێکی هاوبەش ناکات بەڵکوو کۆمەڵێک مۆنۆلۆگی کێبڕکێکار دروست دەبێت، یان دەشێ بڵێین خەڵک وا بیر دەکەنەوە کە هەمووان وەک ئەوان بیر دەکەنەوە. ئەمەش وا دەکات خەڵکی بەرامبەر بە تەواوی وەک “دوژمن” یان “کەسانی نەفام” ببینن، چونکە هەرگیز بە شێوەیەکی ڕاستەقینە لە دیدگای ئەوان تێناگەن.
ڕەهەندێکی دیکەی قەیرانەکە لە داڕمانی متمانەدایە. کاتێک گوتاری سیاسی بە پڕوپاگەندە، زانیاری هەڵە و لێڵی ستراتیژی دەگوازرێتەوە، وشەکان متمانەی خۆیان لەدەست دەدەن. هاووڵاتیان نەک تەنها گومان لە دامەزراوەکان دەکەن، بەڵکوو گومانیان لە خودی زمانەکەش دەبێت. بەڵێنەکان پووچ دەردەکەون، زانستی شارەزایان و ئەكادیمیست و ڕۆشنبیران وەک بۆچوون پشتگوێ دەخرێت. لەم کەشەدا، گوتار ئیتر ڕەنگدانەوەی واقیعی کۆمەڵایەتی نییە؛ بەڵکوو لێڵی دەکات.
میدیا ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە شێوەدان بەوەی کە کۆمەڵگە چۆن گوزارشت لە خۆی دەکات. ڕۆژنامەگەریی تەقلیدی ڕۆژێک وەک نێوەندگیرێک لە نێوان ڕووداوەکان و تێگەیشتنی گشتی کاری دەکرد. هەرچەندە دوور بوو لە بێ کەموکوڕی، بەڵام خاڵێکی هاوبەشی بۆ ئاماژەپێدان دەستەبەر دەکرد. ئەمڕۆ، سیستەمە ژینگەییەکانی میدیا کە بە ژیری و دیجیتاڵی بەڕێوەدەبرێن، بینەران بەش بەش دەکەن بۆ “ژوورەکانی دەنگدانەوە” بەمانایەكی تر لەو فەزا دیجیتاڵی یان کۆمەڵایەتییانەی کە تێیاندا تەنها بۆچوون، بیروباوەڕ و زانیارییەکانی هاوشێوەی یەکتر دووبارە دەکرێنەوە و دەگەنە گوێی تاکەکان هەر گروپێک وەشانێکی جیاوازی ڕاستی بەکار دەهێنێت، کە بە گێڕانەوەی تایبەتمەند بەهێز دەکرێتەوە. لە ئەنجامدا، کۆمەڵگە ئاستەمە بگاتە هەستێکی یەکگرتوو بۆ دەربڕێنی “ئێمە”.
ئەم قەیرانە تەنها تەکنیکی یان سیاسی نییە؛ بەڵکوو قەیرانێکی قوڵی کەلتوورییە. کۆمەڵگە مۆدێرنەکان بە گۆڕانکاریی خێرا، نادڵنیایی و دڵەڕاوکێ ناسراون. ناسەقامگیریی ئابووری، جیهانگیریی کەلتووری و خێراکردنی تەکنەلۆژی هەستی ناسەقامگیری دروست دەکەن. گوتار ڕەنگدانەوەی ئەم دۆخەیە: زمان دەبێتە بەرگری، حەسرەتئامێز، یان توند. بانگەوازەکان بۆ ڕابردوو، ئەفسانەکانی پاکێتی، یان گێڕانەوەکانی داڕمان زۆرجار جێگەی شیکاری ورد دەگرنەوە. بەم مانایە، قەیرانی گوتار ئاوێنەی قەیرانی واتایە.
کەچی گوتار هەروەها شوێنی بەرگری و نوێبوونەوەشە. بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، دەربڕینە هونەرییەکان و لێکۆڵینەوە ڕەخنەییەکان بەردەوامن لە گومانخستنە سەر گێڕانەوە زاڵەکان. گرووپە پەراوێزخراوەکان زمان بەکار دەهێنن بۆ سەپاندنی بینراوی و پێناسەکردنەوەی پۆلێنە کۆمەڵایەتییەکان. بۆ نموونە، گوتارەکانی فێمینیستی، پۆست-کۆلۆنیالیزم و ژینگەیی چۆنییەتیی تێگەیشتنی کۆمەڵگەیان لە دەسەڵات، شوناس، و بەرپرسیارێتی فراوان کردووە. ئەم دەستوەردانانە نیشان دەدەن کە گوتار جێگیر نییە؛ بەڵکوو کێبڕکێی لەسەرە و داینامیکییە.
کەواتە کۆمەڵگە چۆن گوزارشت لە بوونی خۆی دەکات لەناو ئەم قەیرانەدا؟ بە شێوەیەکی زیاتر، بە شێوازی دژبەیەک ئەم کارە دەکات. لە لایەکەوە، کۆمەڵگە گوزارشت لە پارچەپارچەبوون دەکات—لە ڕێگەی گفتوگۆی دژبەیەك، ململانێ کەلتوورییەکان، و شەڕە ڕەمزییەکان. لە لایەکی دیکەوە، گوزارشت لەوە دەكەن دەیانەوێت قبووڵ بکرێن، هەست بە کەرامەت بکەن، و بزانن کە جێگەیان لەم کۆمەڵگایەدا هەیە. تەنانەت ئەو کەسانەی کە زۆر توڕە و توندوتیژن لە قسەکردندا، لە بنەڕەتدا بەو تووڕەیییە دەیانەوێت بڵێن: ‘کێشەیەکی گەورەمان هەیە کە چارەسەر نەکراوە!”
کەواتە ئەرکەکە ئەوە نییە کە گوتار بێدەنگ بکرێت، بەڵکوو ئەوەیە کە بنەما ئەخلاقی و پەیوەندییەکانی بگەڕێندرێتەوە. ئەمەش پێویستی بە فەزایەک بۆ بیرکردنەوەی ئارام، خوێندەواریی ڕەخنەیی میدیایی، و لێپرسینەوەی دامەزراوەیی هەیە. هەروەها داوای پابەندبوونێکی نوێ دەکات بە گفتوگۆ بە گوێگرتن. کۆمەڵگە بە شێوەیەکی ڕەسەنانە گوزارشت لە بوونی خۆی دەکات کاتێک دەتوانێت جیاوازییەکانی خۆی بگێڕێتەوە بەبێ ئەوەی پەیوەندییەکانی بە یەکەوە بوون ڕەت بکاتەوە، نەک کاتێک بە بەرزترین دەنگ هاوار دەکات.
لە کۆتاییدا، قەیرانی گوتار هۆشدارییەکە. بیرمان دەخاتەوە کە زمان ناسکە، و واقیعی کۆمەڵایەتی پشت بەوە دەبەستێت کە ئێمە چۆن وەسفی دەکەین. ئەگەر گوتار ئاراستەی ژاوەژاوی گرتەبەر، کۆمەڵگە مەترسیی لەدەستدانی توانای خەیاڵکردنی داهاتوویەکی هاوبەشی لەسەرە. بەڵام ئەگەر گوتار وەک فەزای واتادان، ڕەخنە، و هاوپشتی وەربگیرێتەوە، دەتوانێت جارێکی تر ببێتەوە بەو دەنگەی کە کۆمەڵگە خۆی پێ دەناسێت و گوزارشت لە بوونی دەکات.

وریا مەعروف




ترەمپ لە فەنزوێلای هەڵپێچاوەو وەک کەڵەبابی شەڕانی خۆی لێ گیڤ کردۆتەوە.. حەسەن ڕازانی

کێشەی نێوان ئەمریکا، کە وا باشترە بڵێین ئیدارەکەی ترەمپ، و فەنزوێلا بە سەرۆکایەتی مادۆرۆ هەر بەرەو هەڵکشان دەچێت.
ترەمپ نیازی هێرشی سەربازی هەیەو سەرباز دادەبەزێنێتە سەر ئامانجەکانی فەنزوێلاو کوشتاریشی لێکەوتۆتەوە.
پێشتر بەهانەی ترەمپ و ئیدارەی ئەمریکا بابەتی مادەی هۆشبەرو شتی لەوبابەتە بوو، کە فەنزوێلایان پێ تاوانبار دەکرد. بەڵام ئێستا بەهانەکە گۆڕاوە بۆ نەوت و گێڕانەوەی نەوت بۆ خاوەنەکەی.
ترەمپ دەڵێ ئەو نەوتەی فەنزوێللا هی خۆمانەو دەبێ بماندەنەوەو لێیان دەستێنیەوە. بە پێی ئامارەکانیش فەنزوێلا ٣٠٣ ملیار بەرمیل نەوت لە خاکەکەیدا هەیە.. کە سعودیەش ئەوەندەی نیە.
ترەمپ سەری دەخورێت بۆ ئەوەی هێرشێکی سەربازی بکاتە سەر فەنزوێلاو مادۆرۆی سەرۆک و سیستەمەکەی لە ناو بەرێت و لە شوێنیدا سیستەمێ کە سەر بە ئەمریکا بێت دابمەزرێنێت.
ئەمریکا بە سەرۆکایەتی زۆرێک لە سەرۆکەکانی بەهانەیان بە فەنزوێلا گرتووە. گەماررۆیان خستۆتەسەر، تەگەرەو ڕێگرییان بۆ سەرۆکی فەنزوێللا درووست کردوە.
ئیشتا فەنزوێلایان بە مەرەدێک بردووە خەریکە سۆماڵ و ئەفغانستان خۆزگەی پێنابەن لە ڕووی ئابووریەوە. هەڵاوسان درووست بووە لە هەموو ڕوویەکەوە.
جیهان و دەوڵەتە گەورەکان ئەو هەوڵەی ترەمپ و ئیدارەی ئەمریکا دەبینن. هەندێک پێیان خۆشەو هەندێک بێلایەنن و هەندێک بێدەسەڵاتن و هیچیان لەدەست نایەت.
ڕوسیاو چین بە فەڕمی هیچیان دیار نیە. هەردووکلا لە ژێرەوەو بە ئاشکراش هاوکاری فەنزوێللا دەکەن لە ڕووی چەک و چۆڵ و شتی تریشەوە. بەڵام ناتۆ جارێ ڕوسیایان بە ئۆکرانیاوە خەریک کردووە کە بۆی هەیە ڕووسیا بە سەفقەیەک لە گەڵ ترەمپ پێک بێت.
چین بێدەنگە. ڕوسیاو چین نایانەوێت ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی سەربازییەوە بکەونە جەنگەوە لە گەڵ ئەمریکا. هەموولایەک مەترسی ئەو کارە دەزانن.
باش نیە ئێران وەک لایەنێکی سەرەکی لە وێنەی چین یان ڕوسیا وێنا بکەین. بەڵێ دەسەڵاتدارە لە ناوچەکەدا، بەڵام لە هەر ئەگەرو کاتێکدا ناتۆ بیەوێت و بەدیلی هەبێ چۆن شایان لابرد هەر بەوشێوەیەش ئاخوندەکان لادەبن.
لە لایەکی ترەوە ئێران خۆی لە ئاستێکدایە کە دەبێ بیپارێزن لە حاڵەتی ئێستادا نەک بچێت فەنزوێللا بپارێزێت لە هێرشی ترەمپ.
ئەگەر ئێران بیتوانیایە حەماس و حیزبوللەی دەپاراستن یان حوسیەکان و بەشارو شیعەکانی عێڕاقی دەپاراستن. ئێران خۆی پرۆکسی ڕوسیاو چینەو بۆ خۆشی هەندێک پرۆکسی هەن لە ناوچەکەدا.
ئەمریکا لە سەردەمی زۆرێک لە سەرۆکەکانی لە وێنەی بۆش، کوڕەکەی بۆش، ئۆبامەو پیاوە نەخۆشەکەی دوای ئەویش بە ناوی بایدن و ئینجا ترەمپ. هەر جارەی لە وەڵاتێکیان داوەو بەهانەیان بە کەسێک و بە سەرۆکێک و بە دەوڵەت و سیستەمێک گرتووە
هەرجارەش دەستی خۆیان وەشاندووەو وەک بەرزەکی بانانیش بۆی دەرچوون
ڕای گشتی لە دژی ئەمریکا کە وەخۆکەوتووە شتێکی ترەو من پێم وایە چەندە ئیمام عەلی وەک لە چیرۆکە خورافیەکاندا باسی لێوە دەکرێت، کاریگەریی هەبووە لەسەر ئەو نیرگەیەی کە ڕۆستەمی مازندەران بەدوا خۆیدا ڕایدەکێشێت، ڕای گشتیش هەر ئەوەندە هەیبووە لەسەر ئەمریکاو ناتۆ. کوا ئەمریکاو ناتۆ گوێیان بە ڕای گشتی داوە؟
ئەمریکاو ناتۆ ئەوەی ویستبیان وێرانکردن و داگیرکاریی و تێکدانی سیستەمەکان بووە.. ئەوەشیان بۆ کراوەو کردوویانە.
ئەفغانستان ئیتر وێرانەیەو پێی ناگوترێت وەڵات و دەوڵەت، یەمەن بە هەمان شێوە، سوریا واوەتر، لوبنان و فەلەستین زۆر خەراپتر، سۆدان هەر باسی لێوە مەکەن، عێڕاق بۆ چەند دەیەی تریش نابێتەوە بە عێڕاقی خاوەن یاساو سیستەمی هاونیشتیمانیی…. لەم وەڵاتاندا ئاوەدانکردنەوەو بە دێموکراسی کردنی سیستەمەکانیان بوو یان لە ناوبردنی سیستەمەکانیان و یاساو وێرانکردنان بوو؟ ئەمەم بەرەنگاریی نیە لە رژێمەکەی سەدام و ڕژێمە دیکتارو ئیسان کوژەکانی تر.
ئیتر بۆ دەبێ بگوترێت ئەمریکاو ناتۆ ناتوانن هیچ بکەن؟ بۆ دەبێ بگوترێت ئەمریکا لە هەموویدا دۆڕاوە؟
ئەمریکا بە مەبەستی ئاوەدانکردنەوەو کاری باش ئەم کارانەی نەکردووەو نەچۆتە ناو ئەو وەڵاتانەوە بۆ ئاوەدانکردنەوەیان تا بڵێین پێی نەکراوەو دۆڕاوە. یان ئەوەتە هەڵاتووەو بەجێی هێشتووە… کاری باش و ئاوەدانکردنەوەو دێموکراسی و بنیاتنان تەنها زین و مەم بوون و وەک پەردە بۆ سەر کارەکانیان بەکاریان هێناون.
ئیتر من پێم وایە ئەمریکاو ناتۆ ئەوەی ویستوویانە لە سەد ساڵی ڕابردوودا تاکو ئێستاشی لەگەڵدا بێت کردوویانەو سەرکەوتووش بوون لە کارەکانیاندا.
بۆ بەشار ئەسەدیش ڕاستە.. کە هەموومان دەزانین بەشار چۆن چۆنایی ڕۆییشت و عێڕاقیش چۆن چۆنایی کاول کرا.
پێم بڵێن کێ شای ئێرانی ڕوخاندو کێش سیستەمی ئاخوندەکانی دامەزراند لە ئێراندا کە وەک ڕەگی سەرەتان وایە لە ناوچەکەدا.؟
!! بەڵام پیاوی چاک بن هیچیتر بە من مەڵێن هێزی ئۆپۆزسیۆن ئەوکارەی کرد
ئەگەر ئەم قسەیە بۆئەوەی ئێران ڕاست بێت بۆ عێراقیش ڕاستە!
هەروەها بۆ وەڵاتانی سەردەمی بەهاری عەڕەبیش ڕاستە!
مێژوو، پێمان نیشاندەدا کە هێزێک لە پشتی دیوارەکانەوە بە هاوکاری خەڵک ،کە دیارە بە کار هێنراوە، ئەو کارەی کردووە، جا خەڵک وەک سەپانی پووشێ بێجگە لە مانووبوون و ماڵوێرانی هیچی بۆ نەماوەتەوە.. هێزی ئامادەو لایەنی وابەستە هاتوون.. عێڕاق بە نموونە!
ئیتر ئاوێ بێنەو دەستان بشۆ

حەسەن ڕازانی
١٨دێسەمبەری ٢٠٢٥




دیدارێک لەگەڵ هونه‌رمه‌ند شاهین نه‌جمه‌دین.. ئامادەکردنی: كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس

هونه‌رمه‌ند شاهین نه‌جمه‌دین: شانۆ ئێستا له‌كوردستان وا به‌ره‌ و نه‌مان ‌و فه‌نا ده‌چێت‌
هونه‌رمه‌ند شاهین نه‌جمه‌دین: ده‌بێ‌ ره‌خنه‌ به‌شێك بیت له‌پێشكه‌وتنی به‌رهه‌مه‌ شانۆییه‌كان
هونه‌رمه‌ند (شاهین نه‌جمه‌دین)یه‌كێكه‌ له‌ شانۆكارانی كوردستان خاوه‌ن ئه‌زموونێكی ده‌وڵه‌مه‌نده‌ له‌وبواره‌دا،ئه‌و له‌ ساڵی 1963 له‌هه‌ولێر له‌گه‌ڕه‌كی ته‌عجیل له‌دایكبووه‌ ،ساڵی 1985-1986 په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی سلێمانی به‌پله‌ی زۆرباشه‌ ته‌واو كرددوه‌ ،ساڵی 1978 بۆیه‌كه‌مجار هاتۆته‌ سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ.. تاوه‌كو ئێستا له‌هه‌ولێرو له‌سلێمانی وه‌ك نواندن به‌شداری له‌ 76 شانۆگه‌ری كردووه‌ ، به‌شداری له‌ 7 كورته‌ فیلمی سینه‌مایی‌و فیلمی درێژ كردووه‌، ده‌یان شانۆی بوكۆڵه‌ی بۆ منداڵان ده‌رهێناوه‌ كه‌ زۆربه‌یان له‌نووسینی خۆیه‌تی، چه‌ند شانۆگه‌ریه‌كی منداڵانی ده‌رهێناوه‌ و كاری نواندنی تیاكردووه‌، ده‌یان خولی بۆ شانۆی بوكۆڵه‌ له‌رێكخراوی یونیسێف ورێكخراوی منداڵپارێزانی به‌ریتانی، له‌وڵاتی لوبنان و توركیا خولی كاركردنی له‌ته‌له‌فزیۆن بینیوه‌، له‌ساڵی 2005 له‌وڵاتی ئه‌رده‌ن بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ خولی ئه‌نیمه‌یشنی بینیوه‌ خاوه‌نی چه‌ندین ده‌قی شانۆیی منداڵانه‌ خاوه‌نی ده‌یان سوپاسنامه‌و خه‌ڵاتی رێزلێنانیێنه‌.
به‌باشمان زانی به‌ چه‌ند پرسیارێك له‌ نزیكه‌وه‌ به‌سه‌ری بكه‌ینه‌وه‌.
هه‌ڤپه‌یڤین- كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس

  • سه‌ره‌تا بابزانین شاهین نه‌جمه‌دین چۆن ئاشنای هونه‌ری شانۆی بوو؟
  • كه‌منداڵبووم له‌كۆڵانه‌كه‌ی ئێمه‌ ته‌نها ماڵێك ته‌له‌فزیۆنێكی گه‌وره‌ی ره‌ش‌ و سپیان هه‌بوو زۆربه‌ی شه‌وان ماڵه‌دراوسێكان تادره‌نگانی شه‌و ده‌چوونه‌ سه‌یری ته‌له‌فزیۆن، كه‌یه‌كه‌مجار له‌ته‌له‌فزیۆن مرۆڤم دیت زۆرم لاسه‌یر بوو.. ئیتر هه‌ر پرسیارم له‌خاوه‌ن ماڵه‌كه‌ ده‌كرد ئه‌ویش وه‌ڵامی ده‌دامه‌وه‌.. ده‌مگوت ئه‌وانه‌ چۆن چوونه‌ته‌ ناو ئه‌وسه‌ندوقه‌ بچووكه‌ كه‌ی ده‌ردێن؟ توخوا ئه‌گه‌ر هاتنه‌ ده‌رێ‌ حه‌ز ده‌كه‌م بیانبینم.. زۆر به‌وردی سه‌یری دیمه‌نه‌كانم ده‌كرد هه‌ستان‌و دانیشتن‌ و هه‌ڵس‌ وكه‌وت ‌و جوڵانه‌وه‌یان ئیتر ئه‌وحه‌زه‌ تا پۆلی دووی ناوه‌ندی ئه‌وكاته‌ هه‌ر له‌گه‌ڵم مایه‌وه‌. من زیاتر حه‌زم له‌سینه‌ما ده‌كرد وه‌ك له‌شانۆ.. ئه‌وه‌بوو ساڵی 1978 له‌قوتابخانه‌ی ناوه‌ندی قه‌ندیل مامۆستا (حه‌مه‌كه‌ریم هه‌ورامی و مامۆستا یاسین مسته‌فاو وه‌لید مه‌عروف جارۆو صباح عبدالرحمن) وه‌ك ئه‌كته‌ر هه‌ڵیانبژاردم له‌شانۆگه‌ریه‌ك به‌ناوی (په‌یامێكی نوێ‌) له‌چالاكی قوتابخانه‌كان.. دوای ئه‌وه‌ی سێی ناوه‌ندیم ته‌واو كرد چوومه‌ به‌غدا بۆئه‌وه‌ی له‌په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كان به‌شی سینه‌ما بخوێنم.. به‌ڵام وه‌ریان نه‌گرتم.. گوتیان له‌سلێمانی په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كان كراوه‌ته‌وه‌ بڕۆ له‌وێ‌ بخوێنه‌.. ئه‌وه‌بوو چوومه‌ سلێمانی له‌وێ‌ له‌به‌شی شانۆ وه‌رگیرام به‌داخه‌وه‌ به‌شی سینه‌ما نه‌بوو.. ئیتر به‌و شێوه‌یه‌ هاتمه‌ بواری شانۆو ده‌ستم به‌كاری شانۆیی كرد.
  • باشه‌ له‌ ئێستادا شانۆی له‌ كوردستان چۆن ده‌بینیت؟
  • شانۆ ئێستا له‌كوردستان وا به‌ره‌ و نه‌مان‌ و فه‌نا ده‌چێ‌.. كێشه‌ی تازه‌ و ئاسته‌نگی زۆری بۆ په‌یدابووه‌.. له‌سه‌رووی هه‌مویانه‌وه‌ نه‌بوونی بودجه‌یه‌، نه‌بوونی هۆڵێكی ستانداردی شانۆ نه‌ماوه‌ نمایشی تێدا بكرێ‌، له‌لایه‌كیتره‌وه‌ خودی هه‌ندێ‌ شانۆكار ئاستی رۆشنبیری ‌و ئه‌و توانایه‌ی نیه‌ وه‌كو جاران به‌گوڕو تینه‌وه‌ به‌رده‌وام په‌ره‌ به‌پێشوه‌چوونی خۆی بدات‌ و له‌كاروانه‌كه‌ دانه‌بڕێ‌. نه‌بوونی ده‌قی باشی كوردی‌ و نه‌بوونی ئامێری هونه‌ری ته‌كنیكی شانۆ‌و یه‌كنه‌بوونی شانۆكاران چونكه‌ زۆربه‌یان دابه‌شی سه‌ر حیزبه‌كان بوون‌ و حیزبایه‌تیان تێكه‌ڵی شانۆ كردووه‌، به‌داخه‌وه‌ نه‌ده‌بوو هونه‌رمه‌ند به‌حیزبی بكرێ‌.. چونكه‌ په‌یامی شانۆ په‌یامی مرۆڤایه‌تیه‌.. ئه‌مه‌و زۆر كێشه‌یتر وایكردوه‌ شانۆ له‌كوردستان به‌ره‌ و فه‌نابوون بچێت‌..
  • هه‌ندێ له‌ شانۆكاران ده‌ڵێن درامای ته‌له‌فزیۆنی بینه‌رانی له‌ شانۆدا دوورخستۆته‌وه‌ تۆ ده‌ڵێت چی؟
  • به‌ڕای من ئه‌و بۆچوونه‌ وانیه‌.. چونكه‌ بینه‌ری درامای تیڤی جیاوازه‌ له‌بینه‌ری شانۆ.. هه‌ردووكیان دوو هونه‌ری جیاوازن له‌شێوه‌ی كاركردن تیایدا.. كاری شانۆیی زه‌حمه‌ت ‌و قورستره‌ وه‌ك له‌ته‌له‌فزیۆن.. له‌شانۆدا توانای راسته‌قینه‌ی ئه‌كته‌ر به‌دیار ده‌كه‌وێت،چونكه‌ ئه‌كته‌ر راسته‌وخۆ به‌رامبه‌ر بینه‌ر رۆڵی كاراكته‌ره‌كه‌ ده‌بینێ‌.. به‌ڵام له‌شاشه‌ی تیڤیه‌كاندا بوار هه‌یه‌ چه‌ند جارێك جوڵانه‌وه‌یه‌ك یان دیالۆژێك ده‌یانجار دووباره‌ بكرێته‌وه‌ تائه‌وكاته‌ی ده‌رهێنه‌ر قبوڵی ده‌بێت.. پاشان كه‌ره‌سته‌و پێداویستیه‌كانی دراما به‌رده‌ستتره‌ وه‌ك له‌شانۆدا.. خاڵێكیتری زۆر گرنگ درامای تیڤپه‌كان زۆربه‌یان وه‌ك پێویست كاری هونه‌ری تێدا نه‌كراوه‌ واته‌ زنجیره‌ دراماكانیش زۆربه‌یان لاوازو له‌وئاسته‌نین بینه‌ران پێشوازی لێبكه‌ن..
    *ئێوه‌ له‌ شانۆی منداڵان چ له‌ بواری نووسین بێت یان ده‌رهێنان بێت خاوه‌ن ئه‌زموونێكی ده‌وڵه‌مه‌ندن، تاچه‌ند له‌ كوردستان گرنگی به‌ شانۆی منداڵان دراوه‌؟
  • زۆرم پێ‌ سه‌یره‌ تاوه‌كو ئێستا وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و وه‌زاره‌تی رۆشنبیری به‌فه‌رمی دانیان به‌وه‌ نه‌ناوه‌ كه‌هونه‌رێكی گرنگ ئه‌ویش هونه‌ری منداڵانه‌ فه‌رامۆشیان كردووه‌ و خه‌می لێ‌ ناخۆن!! كاتی خۆی دوو سێ‌ پرۆژه‌و به‌رنامه‌ی خوێندنم پێشكه‌ش به‌وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ كرد گوتیان زۆر چاكه‌ ئێمه‌ دیراسه‌ی ده‌كه‌ین‌ و وه‌ڵامت ده‌ده‌ینه‌وه‌.. كه‌چی تا خانه‌نشینیش بووم هه‌ر وه‌ڵامیان نه‌دامه‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی رۆشنبیریش به‌هه‌مان شێوه‌.. كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ گرنگی ئه‌و هونه‌ره‌ به‌هه‌ند هه‌ڵناگیرێ‌، له‌كاتێكدا له‌و رێیه‌وه‌ ده‌كرا به‌هره‌ی ده‌یان منداڵی به‌توانا بدۆزرێته‌وه‌ چونكه‌ منداڵ مافی خۆیه‌تی له‌قوتابخانه‌ به‌شداری له‌كاری هونه‌ری بكات.. ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌به‌نده‌كانی مافی منداڵان.. حكومه‌تی هه‌رێم: وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌و وه‌زاره‌تی رۆشنبیری له‌دوو كاتی جیاوازدا منداڵانیان به‌بیر دێته‌وه‌ یه‌كه‌میان له‌ مانگی یازده‌ به‌بۆنه‌ی جاڕی مافی منداڵان دووه‌میشیان له‌1/6 هه‌موو ساڵێك كه‌پێی ده‌ڵێن جه‌ژنی جیهانی منداڵان.. له‌كاتیكدا ده‌بوو چالاكی قوتابخانه‌كان مانگانه‌ به‌رده‌وام كاری شانۆیی بۆ منداڵان بكه‌ن‌و قوتابیانی قوتابخانه‌كان ببه‌ن بۆ بینیی ئه‌و شانۆگه‌ریانه‌.. له‌باخچه‌ی ساوایاندا گرنگترین وانه‌ پێویسته‌ هه‌بێت ئه‌ویش شانۆی بوكۆڵه‌یه‌ كه‌چی باخچه‌یه‌كی ساوایان نیه‌ شانۆی بوكۆڵه‌ بۆ منداڵان ئه‌نجام بده‌ن.. ئه‌وانه‌ گه‌وره‌ترین كه‌مته‌ر خه‌میه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمن.. لێره‌وله‌وێ‌ تیپی شانۆی منداڵان هه‌یه‌ به‌ڵام داخه‌كه‌م ئه‌وانیش له‌رووی بودجه‌وه‌ ده‌ستكورت وهه‌ژارن، شانۆی منداڵان پێویستی به‌پاره‌یه‌كی زۆره‌ له‌رووی جل‌و به‌رگ ‌و دیكۆر و گواستنه‌وه‌ی منداڵان و هتد..
  • هه‌ندێك له‌ شانۆكاران زۆری په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كان به‌كارێكی نه‌رێنی ده‌بینن روانگه‌ی تۆ له‌م بارییه‌وه‌ چییه‌؟
  • سه‌ره‌تای دروستبوونی په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌كان چه‌ند قوتابیه‌كی زیره‌ك‌ و به‌هره‌مه‌ند تیایدا ده‌رچوون و تائه‌مڕۆش هونه‌رمه‌ندی چاكیان لێ‌ ده‌رچوو.. به‌ڵام دوای ئه‌وان په‌یمانگا بۆ هه‌ندێ‌ قوتابی بووه‌ شوێنی به‌زووترین كات به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌و دامه‌زراندنیان له‌قوتابخانه‌ دووره‌ ده‌سته‌كان ئه‌مه‌ وایكرد به‌لێشاو قوتابی به‌هۆی په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌خاترانه‌ وه‌ربگیرێن.. له‌كۆتاییدا له‌جیاتی ببنه‌ هونه‌رمه‌ند بوونه‌ مامۆستای هونه‌ری له‌قوتابخانه‌كان.. بۆیه‌ ئێستاش من پێم باشه‌ په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كان بكرێته‌ په‌یمانگای ئاماده‌كردنی مامۆستای هونه‌ر.. چونكه‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كان به‌چاوی قوتابخانه‌ ده‌بینێ‌ نه‌ك په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كان.. دڵنیام په‌یمانگای ئێستا ئه‌وانیش ده‌یان كێشه‌یان هه‌یه‌ بۆ خوێندن‌و رێنیشانده‌ری قوتابیه‌كانیان..
  • نمایشی باش ره‌خنه‌گری باش ده‌رده‌كه‌وێت چۆن ده‌ڕوانیته‌ ئاستی ڕه‌خنه‌ له‌ كوردستان؟
  • ره‌خنه‌گرو شانۆكار دوو هێڵی هاو ته‌ریبن وه‌ك یه‌ك به‌یه‌ك رێگادا ده‌ڕۆن.. به‌رای من ده‌بێ‌ ره‌خنه‌ به‌شێك بیت له‌پێشكه‌وتنی به‌رهه‌مه‌ شانۆییه‌كه‌، ئێستا ره‌خنه‌گریش به‌شێكه‌ له‌كێشه‌كانی شانۆمان.. ئه‌وانیش پسپۆریان نیه‌ له‌وبواره‌.. ته‌نیا چه‌ند ره‌خنه‌گرێكن ئاره‌زوومه‌ندانه‌ هاتوونه‌ته‌ مه‌یدانه‌كه‌و كاری ره‌خنه‌یی ده‌كه‌ن.. من پێموایه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ده‌ست به‌پرۆڤه‌كردنی شانۆگه‌ریه‌ك پێویسته‌ ره‌خنه‌گره‌كه‌ش ئاماده‌ی رۆژانی پرۆڤه‌كه‌ بێت تارۆژی نمایش.. پاشان ره‌خنه‌ له‌شانۆگه‌ریه‌كه‌ بگرێت جا چ به‌ئه‌رێنی یا نه‌رێنی بێت.. به‌ڵام ره‌خنه‌گر لای ئێمه‌ هه‌ندێجار به‌هه‌واو هه‌وه‌سی خۆی ده‌نووسێت.. له‌كۆتاییدا پێموایه‌ ره‌خنه‌ بۆچوونی ره‌خنه‌گر خۆیه‌تی، هه‌موو ده‌رهێنه‌رێكیش مافی خۆیه‌تی پابه‌ندی بۆچوون‌و ره‌خنه‌كه‌ نه‌بێت، هه‌روه‌ك یه‌كێك له‌بینه‌ران ئه‌وانیش ره‌خنه‌یان ده‌بێت.. له‌هونه‌ردا هیچ یاسایه‌ك نیه‌ هونه‌رمه‌ند پێیه‌وه‌ پابه‌ندبێ‌.. چونكه‌ كاره‌ شانۆییه‌كه‌ كاری هه‌ست‌ و بۆچوونه‌ هه‌ر كه‌سێك له‌دیدی خۆیه‌وه‌ هه‌ڵیده‌سه‌نگێنێ‌..
  • سازدانی فیستیڤاڵی شانۆیی نێوده‌وڵه‌تی له‌ كوردستان تا چه‌ند به‌گرنگی ده‌زانیت؟
  • به‌رای من سازدانی فێستیڤاڵ كارێكی زۆرباشه‌.. چونكه‌ فێستیڤاڵ هونه‌رمه‌نده‌ بیانیه‌كان به‌یه‌كتر ئاشنا ده‌كات بۆ كاری هونه‌ری یا گۆڕینه‌وه‌ی بیروڕا هه‌روه‌ها شاره‌زابوون به‌ هونه‌ری وڵاتان.. ساڵانێكه‌ فێستیڤاڵی شانۆی نێوده‌وڵه‌تی له‌هه‌ولێر ساز ده‌كرێت كه‌چی له‌وفێستیڤاڵه‌دا شانۆكارانی هه‌ولێر به‌رهه‌مێكی شانۆگه‌ریان نیه‌.. ئه‌وه‌ كارێكی باش نیه‌ ناكرێت تۆ فێستیڤاڵێكی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌نجام بده‌یت كه‌چی خۆت تیایدا به‌شدار نه‌بیت.. كێشه‌كانیش زۆربه‌یان په‌یوه‌ندیان به‌نه‌بوونی بودجه‌وه‌ هه‌یه‌..



نامەیەک بەر لە خۆرهەڵاتن.. شوان عەباس بەدری

دانیشتووم ، پێکەکەم حازر کردووە و لەگەڵ دەنگی فەرهاد و دوکەڵی جگەرەکەی دەستمەوە ڕۆچوومەتە ناو خەیاڵێکی قووڵەوە، قووڵ قووڵ هەروەک تەنیاییەکەم و بێ بن هەر وەک هەناسە ساردەکانم ، بیر ئەکەمەوە ، بیر لە ژیان ، بیر لە دڵە بریندارەکەم ، بیر لە گەنجێکی قژ لوولی عەینەک لەچاوی دڵخۆشی پڕ لە گەرم و گوڕی ماوەیەک لەمەوبەر دەکەمەوە ، هەڵدەستم و گلۆپی ژوورە سارد و ماتەکەم دەکوژێنمەوە و لەگەڵ کوژانەوەی گلۆپی ژوورەکەم و درووستکردنی پێکێکی تازە بۆ دەروونە ماندووەکەم گۆرانییەکی داریوش دەست پێئەکات ، ئەو گۆرانییەی کە ساڵەهای ساڵە خۆمی تیا ئەبینیم و ئەڵەی داریوش ئەم گۆرانییەی بە تایبەتی بۆ من وتووە ، گۆرانییەکە گۆرانی (سقوط ، هەڵدێران ) ە و لەگەڵ وتنی (کەس تەنیاییەکەم لە من نادزێ ، دەرودیوار کوا لە ئازاری من تێئەگەن) نەفەسێکی قووڵ قووڵ لە جگەرەکەم دەدەم و پێکە عەرەقەکەم تا بنی پەرداخەکە هەڵئەدەم و لە جیاتی مەزە، دووبارە نەفەسێکی قووڵ لە جگەرەکەم دەدەم و دوکەڵەکەی دەکەم بە دەم و چاوی مرۆڤە ماندووەکەی ناو ئاوێنە بچووکەکەی دەستم ، بیر لە گەڕانەوە ئەکەمەوە و بە مرۆڤە ماندووە کەشەنگەکەی ناو ئاوێنەکە ئەڵێم : چ لێرە بیت و چ لەوێ خۆ هەر تەنیا و وونیت ، بڕۆڕەوە ، بڕۆڕەوە ، هەر هیچ نەبێت لەوێ بە تەواوی وون ئەبیت و لەناو تەنیاییە ئەبەدییەکەت غەرق ئەبیت و گرنگ نییە چەندی تر هەناسە ئەدەیت و چاوەکانت هەڵهاتنی ڕۆژێکی نوێ ئەبینێت!
بڕۆڕەوەو لەناو باوەشی شەوەزەنگێکی بێ کۆتایی بێ هەناسەی خاک و ووڵات بخەوەو تفێکی هەمیشەیی لەم پارچە جوگرافییە نەفرەتییە بکە کە وا بۆ چەند مانگێکە لەناویا بێ کاریت و سەر بە هەر شوێنێکا ئەکەیت بۆ داوای کار ، ئەڵێن تەنها ڕەگەزی مێینەمان ئەوێ !!!
ئاە، ئێستا مەهەستیشی هاتە سەر و گۆرانی مەیخانە دەڵێت .
لەتاو جگەرە کێشان و ئازاری خەنجەری بێ وەفایی تامی دەمم تاڵە و دڵم تک تک ئازاری لێ ئەچۆڕێت ، ئاوڕێک ئەدەمەوە و لە پشتەوە ، لەسەر دیوارەکە ، وێنەی گەنجێکی دڵخۆشی دەم بە کەنینی ڤژ لوول دەبینم کە چوار مستیلە و سەعاتێکی لە دەستایە و لە گۆشەی چەپی ژوورە تاریک و ساردەکەم ئەڕوانێت و زوو زووش بە بزەیەکەوە نیگام ئەکات !
پێکێکی تر هەڵئەدەم و لەناکاو بە تووڕەییەوە هاواری بە سەرا ئەکەم و ئەقیژێنم بەسەریا : چییییییت ئەوێ ، ئەو گۆشەیە تەنها گۆچانەکەی باوکمی لێیە و تەواو .
ئەو باوکەی نە حەرامی خوارد و نە ویستی لە ڕێی ناو و ناوبانگ و پەیوەندییەکانییەوە کارێک بۆ ئێمە بکات و داهاتوومان دابین بکات ، ( دوای ئەم قسانە قاقایەکی بەرز لیئەدەم و بە دەم قاقاوە فرمێسکەکانم دێنە خوارەوە و پێکەنین و فرمێسکم تێکەڵ ئەبن ) داماوە وایئەزانی دوای ئەوەی ئەمرێت ،هاوڕێ و حزبەکەی ئاگایان لە ژیانمان ئەبێت و ڕێزی ئەو پاکی و دڵسۆزی و دەستپاکییەی ئەگرن ، هاهاهاها، نەیئەزانی کەسیان ناڵێن کەرتان بە چەن و ماون یا مردوون؟
نەیئەزانی کەس حورمەتی ئەو ماندووبوون و تێکۆشان و ڕاکەڕاکەی ناگرێت و کۆنە جاش و کوڕە جاشەکانی ئەو سەردەمە سەخت و یەکلاکەرەوەیە و ئەوانەی شاخیان بەرەو ئۆروپا و ژیانی ئاسوودە بە جێهێشت و بەرگەی نەهامەتییەکانی دوای ئەنفالییان نەگرت ، دەبن بە هەمە کارە و ئێمەش لەناو بەرداشی وونکردنی کەسە پاکەکانی ناو حزب و مێژووی کورد ئەمانهاڕن و ئەمانتیلێننەوە و لەناومان ئەبەن .
داماوە نەیئەزانی حازرخۆرەکانی خیانەت جێی پێ لەق ئەکەن و بە دڵپاکی خۆی دەستی زۆر کەسی گرت و ژیانی زۆر کەسی لە ڕەمی و کووشتن و زیندان ڕزگار کرد و ئێستا زۆربەی ئەوانەی لە مردن ڕزگاری کردن ، هەوڵی نەمانی ناوی و ناوی کوڕەکانی دەدەن .
دوا ڕێگە بۆیاخە ، بۆیاخی پێڵاو ، بۆیاخی پێڵاوی گڵاوی ئەو خائین و خۆفرۆشانەی تا دوێنێ لە باوەشی ئەم و ئەوا شەن و کەویان ئەکرد و ئێستا یاری بە چارەنووسی کەسە دڵسۆزەکانەوە ئەکەن ، دوا ڕێگە ، بۆیاخە ، بۆیاخی پێڵاوی ئەو هەرچی و پەرچییانەی کە گەر سبەی شتێک ڕووبدات ، ڕێک بائەدەنەوە و بە داروبەردی ئەو حزبەی درووستی کردن دێنە خوارەوە و وەک نە بایان دی بێت و نە بۆران ، خۆیان دوبارە فڕێ ئەدەنە باوەشی حزبێکی تر و ڕابەڕێکی تر و لەسەر ئاخورەکەیان بەردەوام ئەبن و دەم ئەنێن بە دادۆشینی گوانی نوێ !
دوا ڕێگە بۆیاخە ، سنووقێکی بۆیاخی پێڵاو بکڕم و تا بەشکوو ڕۆژێ لە ڕۆژان یەکێک لەو کۆنە جاش و خائین و خۆفرۆش و بێ مەبدەئانە بێن و قاچیان لەسەر سنووقی پێڵاو بۆیاخ کردنەکەم دانێن و بە هاتنیان تفێکی خەست لە خۆم و لە مێژوو و لە خاک و پێڵاوەکەیان بکەم و پڕ بە گەرووم هاوار بکەم : ببوورن ئێوە ڕاست بوون و باوکم و چەندانی وەک باوکم هەڵە بوون کە بە پاکی و دڵسۆزی و لەخۆبووردوویی خەباتیان کرد و دواجاریش ژیانی خۆیان و خێزان و مناڵەکانیان شەقار شەقار کرد و ئێستا مناڵەکانیان چاوەڕێی پێڵاوەکانی ئێوەن کە داینێن و بۆیاخی بکەن و بەشکوو بەم جۆرە بتوانن بژێوی ژیانیان دەربێنن !
تف لە ئاوێنەکە و مێژوو و ………..

شوان عەباس بەدری




غوربه‌ت.. شیعری كاوەى خەسرەوكاوانى

                                                     *  * 

پێشكه‌شه‌ به‌ گیانى پاكى هاوسه‌رى كۆچ كردوم كه‌ له‌ 18/6/2020 به‌ نه‌خۆشى كۆچىى دوایى كرد

هێندەی يەکەمین دیدارمان
موشتاقی دیداری تۆمە
ساڵانی دوری وغوربەتیت
ئازارى نێو روحی خۆمە

تۆ نازانی ئەم سەفەرە
چەندە بۆ رۆحم ئازارە
تۆ نازانی هەڵوەرینی
یەکەمین وەرزی بەهارە

لە دوایی تۆوە جەستەیێکی
بێ ناونیشان و بێ گلکۆم
رۆژان دەڕوا و پێکە خەمی
دووریت لە نێو رۆحم دەخۆم

بەبێ تۆ نیشتمانی دڵ
ئەشک وهەنسک وماتەمە
وەڵاتێکی بەبێ ئاڵاو
سەرتاپای تاریکی و خەمە

واتێ نەگەی چرکە ساتێک
عيشقت لە نێو دڵم وونە
ئەو رۆژەی کە دێمەوە لات
خۆشترین ئاهەنگى منه

2023/6/17

                                                     kawa_kiwiny@yahoo.co.uk



لەگەڵ ڕۆحی سەبا.. شاعیر محەمەد حوسێن (شەهریار).. وەرگێڕانی لە فارسییەوە شەهلا نوری

ئەی سەبا بە تۆ چییان گۆت کە وا
خامۆش بووی
چ شەرابێکیان بە تۆ دا کە وا بێهۆش بووی

تۆ پەرستگای ئاگرینی عیشق و سۆز بووی
چ ڕوویدا کە وەک خۆڵەمێش خامۆش بووی

بە چ دەستێ ژەنیت ئەو سازە ، سۆزی شەوانە
کە خۆت لە نەرمە نەغمەی بێخود و بێهۆش بووی

تۆ دەنگی سەدان ئاواز بوویت ، دڵان سەراپا گوێ
چ ژنەفتی کە وا بێدەنگ وە گۆش بووی

گەرچی لە نێو خەڵقا وەفا نیە
بەڵام ،گوڵم
باوەڕ مەکە کە تۆ چوویت و فەرامۆش بووی

نازی دەکرد بە کراسی ناسکت لەش و لاری تۆ
نازەنینم چ بوو کەوا کفن پۆش بووی

شەمعی شەوانی تاریک بوویت و لێوخەندەی ژنان
لەگەڵ شنەی بەرەبەیان هاودەم و باوەش بووی

دەڵێی شەو حۆری بەهشتی بۆ باڵینت هاتووە
کە تۆ شەیدای زوڵف و بناگۆشی ئەو بووی

ئەی ئارامگا کە سەبا خەوتووە لەژێر سەنگت
بە چ گەنجینەی نهێنییەوە کەوا
سەرپۆش بووی

شەهریارا ! چزەی تینوێتیم لە جگەرمی هەڵقرچاند
بۆچ وا دوور لە چاووی پڕنۆش بووی

غەزەلی ژمارە ١٣٣
لەگەڵ ڕۆحی سەبا
شاعیر محەمەد حوسێن (شەهریار)
وەرگێڕانی لە فارسییەوە شەهلا نوری




لافاوناس نییم، بەس ئاخ بۆ لافاوێکی تر!.. ئازاد حەمە*

لافاوناس نییم و لافاوناسییش بواری پسپۆریم نییە، لەبەرئەوە لێرە ناخوازم لە بارینی زۆری باران یان دیاردەی سێڵاو بدوێم، لێ لەوە تێدەگەم، کە لافاوەکە، یان لێزمەبارانەکە پێیگوتین: ماڵ و شوێنی ژیانی ئێمە و ڕێگاوبانەکانمان بەرگەی گەردەلول، زریان و باوبۆران ناگرن.
مافی خۆمە بڵێم: ئاخ بۆ لافاوێکی تر؛ بەو مەرجەی کەس نەبێتە قوربانی، بەڵام با شڕەبەتانی و کۆنەزۆپا و بەڕە و ڕاخەرە بێبەهاکانی ئەو ماڵانە لەگەڵ خۆی بەرێت،کە بێژیان و بێ داهاتوون؛ تا یەک تۆز هەستی ئەرستۆکراتییەکان(خواپێداوەکان) بورووژێت.
ئەگەرچی لافاوناس نییم، بەس کوا ئەو لافاوەی دەبێتەوە هۆکاری لادانی دەیەها بەڕێوەبەری بێباک؛ ئاودیوکردنی دەیەها زوڵم و ئاشکراکردنی قەتماغەی بێدادیی. گومانیناوێت، موسیبەتەکەی چەمچەماڵ، تەکیە و شۆڕش وایلێکردین لە ئەلفوبای بێماڵی و بوونی ماڵێکی درۆیینە، کە شوێنی ژیانی تیانییە، حاڵیبین. ئەی پێش لافاوەکە، چەن بێباکبووین بەرامبەر بێماڵ و هەژار و بیمارییە کۆمەڵایەتییەکان.
بەشەرمەوە دەڵێم بەڵێ بۆ لافاوێکی تر؛ تا دەڤەرەکان لێکدی نزیکبکاتەوە؛ مێتافیزیکی ڕەحم و بەزەیی چرۆدەرکات و نەبوو و داماوەکان لەو شومە سوودمەندبن، کە لە بەرگی لافاو دەبێتە میوانیان.
حەیف و هەزار مخابن، کە دەبێت بڵێین سوپاس بۆ لافاوەکە،کە بێدەرەتان و کرێچییەکانی ماڵە کەلاوەکانی کردە خاوەنی ماڵێ تازە و پێویستییەکانی ناو ماڵی، کە کەمترین مافن، بۆ ئەوانە مسۆگەرکرد ئاستنزمترین ژیان لەناو ماڵە بێماڵەکەیاندا، لە سەردەمی ژیری دەستکرد، دەژین.
بەدڵێکی پڕ لە خەمەوە دیسانەوە دەڵێم: بەڵێ بۆ لافاوێکی تر؛ تا بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەکان بەخۆیانا بچنەوە، قوتابخانە و دایەنگەکان پڕ پێداویستی بکرێن، نەخۆشخانەکان لەوە دڵنیابن چەند بەرگەی کارەساتە سروشتییەکان دەگرن، کتێبخانەکانیش لێوانلێوکرێن لە سەرچاوە و پێداویستیی خۆڕانکبیرکردن.
ئەڵبەتە زۆر بە حەسرەتەوە دەڵێم: ئاخ بۆ لافاوێکی تر؛ تا هەژاریی، داماویی، بێدەرەتانیی، بێماڵیی کەساسەکان ئاشکرابکات، کە دەمێکە پەردەپۆشکراوە. تا ماڵی ئەوانە ببینین، کە رۆژانەی کاسبکارییان پانزە هەزار دینارە(نۆ دۆلار)، ئەو خێزانانەش دەرکەون، کە نزادەکەن بۆکڕینی دەرمان بۆ پەککەوتوەکانیان.
چەند عەیبە دەڵێم: با بۆ لافاوێکی تر؛ ئاخر لەبەرئەوەی خوازیارم لافاو کۆمانکاتەوە، لافاو ڕۆحبکات بە بەر کەلتووری بەخشین و بەتەنگیەکەوەچوون. مەگەر لافاوەکە فێرینەکردین لە پەرۆشدار، ئاتاج و بێخانوەکان بیربکەینەوە؟ لەوە تێبگەین سروشت توانای پەلاماردانی خۆی هەیە، لەسەر ئەوە وەستاوە مرۆڤەکان چەند دەتوانن رووبەرووی ڕووداوە سروشتییەکان ببنەوە.
دەرکەوت ئەو قسانە لە شوێنی خۆیاندا نیین، کە دەلێن کوردەکان بەتەنگ یەکەوە نایەن، خۆخۆر و چیوچین. هەرلەبەرئەوە، تەکیە ، شۆرش و چەمچەماڵ ناوگەلێکن تا ساڵانیک لە گوێماندا دەزرینگێنەوە. ئەمە (سەلیم بەرەکات) گوتەنی لە مەهابادەوە بۆ مەهابادێکیترە، بەس ئەمجارەیان سروشت خستمانیە ناو گەرووی مەهاباد و هەڵەبجەیەکی ترەوە.
حەیف و داخەکەم بۆ لەوە تێناگەین، ئەو جینۆسایدە سروشتییەی هاتەسەر دەڤەری چەمچەماڵ، کاکە مەند، ئاخجەلەر و پیرەمەگرون بەرهەمی نادادیی و خراپدابەشکردنی داهاتە نەک هەقایەتی فاشیزمی بەعسیزم و…. .
بائەوەش بڵێین: هاوخەمیی سیاسییەکان بۆ لێقەوماوان خەمخۆری بوو بۆ ئەوەی نەک لە هەڵبژاردنی داهاتوو لەو دەڤەرانە زەرەرمەندبن لافاو بووە میوانی ناوەختیان. چونکە بۆ سیاسییەکان بەدبەخت، لێقەوماو و پەککەوتەکان ژمارەن بۆ کاتی تەنگانەی سیاسیی(بۆزیادکردنی کورسی).
شەرمە بۆ من، کە دەڵێم ئاخ بۆ لافاوێکی تر. ئاخر ئەو لافاوە بوو،کە دیاردەی بێدەرەتانی و بێ ماڵی لە دەڤەرێک ڕووماڵکرد خاکێ بەپیت و داهاتداری هەیە. بۆلەمەولا سیاسییەکان ڕقیان لە وشەی لافاو و باران دەبێتەوە، چونکە لافاو زۆر شتی کەشفکرد و جەوری ئابووریی و ستەمی بەڕێوەبردنیشی خستەڕوو.
تەماشای ئەو ڕێکەوتە، ڕێک چەند کاژمێرێک پێش لافاوەکە و ڕووداوەکانی تەکیە و شۆڕش و چەمچەماڵ لە خوێندنەوەی شانۆنامەی(زریان)ی شکسپێر بوومەوە… ئەم شانۆنامەیە ئەمەی چرپان بەگوێما: دۆزەخ بەتاڵە و گشت شەیتانەکان وان لێرە.

*ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




پایزی سەرمایەداری *.. ئەکرەم سەعید

(ئێمە شاهیدی پایزی مۆدێلی سەرمایەداریی ئێستاین، بەڵام هێشتا لە بەهاری گەلاندا نین، چونکە هێشتا ئەڵتەرناتیڤەکە نەخەمڵیوە. لەئێستادا بزووتنەوەو ناڕەزایەتییە جیهانییەکان لە قۆناغی ئاژاوەگێڕیدان، و دەکرێت ئەمە ببێتە مایەی بزووتنەوەی توندڕەو، ڕژێمی فاشیستی، تەنانەت ڕووخانی دەوڵەتەکان، یان دەشێت ببێتە هۆی شتێکی تەواو نوێ)- سمير امين: نشهد خريف الرأسمالية/ بِدَايَات/ فصلية ثقافية فكرية/ ساڵی ٢٠١٥.
“سەمیر ئەمین”لە دوا ساڵانی تەمەنیدا زۆر باسی لە پایزی سەرمایەداری دەکرد. پایزی سەرمایەداری زاراوەیەکە ئاماژەیە بۆ خولێکی پڕ لە قەیران و شێواوی و جەنگ لە سیستەمی سەرمایەداریدا؛ دیاردەی وەک نایەکسانی ئابووری، ناسەقامگیری و نائەمنی، نادادپەروەری کۆمەڵایەتی و زیادبوونی کارەساتی ژینگە. لە ڕاستیدا دابەشکردنی مێژوو بۆ خولی”بەهار و پایز”مێژوونووسانی کۆنی وڵاتی چین بەکاریان هێناوە. مەبەستیان لە بەهار خولی سەقامگیری و گەشەکردنی ئابووری(کشتوکاڵ، بازرگانی، کاری پیشەیی و هونەر) بووە، و پایز وەک خولی(داڕمانی ئابووری و شێواوی و جەنگ). لە خولی پایزدا(شانشینی ژۆو)لە ڕۆژهەڵاتی چیندا لاواز بووەو میرنشینە فیۆداڵیەکان سەربەخۆ بوون، و سەردەمی جەنگی میرنشینەکان دەستی پێکردووە **.

سەرمایەداری چەندجار دووچاری قەیرانی ئابووری و سیاسی و جەنگ هاتووەو بە سەلامەتی لێی قووتار بووە. سەرمایەداری لە ساڵی ١٩٠٠ تا ١٩۲۹ بە قۆناغی گەشەسەندنی خێراو بە(ساڵانی بەختیاریی ۱۹۰۰ و بیستەکان) ناوبانگی دەرکردوە، بەڵام دواتر کەسادی گەورەی وێرانکەر بەدوایدا هات، و ئەنجامەکەی لە ٢٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٩ داڕمانی وۆڵ ستریت بوو لە نیویۆرکدا، کە بووە هۆی بێکاری بەکۆمەڵ و شکستی بانکەکان و کەمبوونەوەی بازرگانی لەسەر ئاستی جیهاندا. جارێکی دی له‌ مانگی ئۆکتۆبه‌ری ۲۰۰۸ دا “وۆڵ ستریت” تووشی داڕمان هات – ساڵی ۲۰۱۹ پەتاى کۆڤید/۱۹ – ساڵی ۲۰۲۲ جەنگی ئۆکراینا، و تا ئەمڕۆکە بە گشت کێشەکانی هەڵئاوسانی دراو، گرانی، بێکاری و جەنگ لێرەو لەوێ؛ لەو کاتەوە جیهان چۆتە وەرزێکی پایزی نوێی سەرمایەدارییەوە. یەکەم وەرزی پایزی سەرمایەداری لانیکەم بیست ساڵی خایاندووە، بەڵام هێشتا دیار نییە ئەم خولە نوێیەی پایزی سەرمایەداری کەی و چۆن کۆتایی دێت.

نیشانەکانی خولی پایزی سەرمایەداری
۱/ قەیرانی ئابووری و مەترسی داڕمانی بازاڕ و بازرگانی:
ئەگەر جیهانگیری لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، پاڵنەرو لۆژیکی فراوانبووی سەرمایەداریی بازاڕی ئازاد بووبێ، ئەوا ئەمڕۆکە سیاسەتی سەپاندنی باجی گومرگی تڕەمپ، وە بە زیادبوونی پەلاماری گەشتی بازرگانییەکان لە دەریادا، و بە سیاسەتی داخستنی سنوورەکان بە ڕوی پەناهەندەکان و دیپۆرتکردنەوەیان، ئەوا شتێکی سەیر نییە کە جیهانی سەرمایەداری دەچێتە نێو خولێکی ناکۆک لەتەک خودی پایەکانی سەرمایەدا.
گۆڤاری”ئیکۆنۆمیست”ی بەریتانی لە مانگی نۆڤەمبەردا ژمارەیەکی تایبەتی بەناونیشانی(جیهانێک لە پێشمان/ العالم أمامنا / The World Ahead ***)بڵاوکردەوە. ڕاپۆرتەکە باسی چارەنووسی جیهان دەکات لە ساڵی ٢٠٢٦دا؛ کە ساڵێک لە نادڵنیایی دەبێت! . بەڕای گۆڤارکە جیهان لە ساڵی ٢٠٢٦دا دەچێتە ناو نادیارەوە، بۆیە دەپرسێ: ئایا ئێمە لەبەردەم ساڵێکی”ڕووخان”داین یان ساڵێک لە”دەرفەتەکان”؟. چونکە لەگەڵ گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ و سەرهەڵدانی ئەژدیهای چین، جیهانی کۆن کۆتایی هاتووەو یاساکانی یارییەکەش بە تەواوی گۆڕاون. پێشبینییەکانی ڕۆژنامەکە بۆ ساڵی ٢٠٢٦ وێنەیەکی تاریک و پڕ لە پشێوی بۆ جیهان دەکێشێت، کە ململانێ جیۆپۆلەتیک و جەمسەرگیری سیاسی و پێشبڕکێی تەکنەلۆژی زاڵن بەسەریدا، لە کاتێکدا شەڕ و قەیرانە ئابوورییەکان بەردەوام دەبن.

۲/ زیادبوونی دیاردەی ستەم و شەڕ:
دەوڵەتەکان لەمڕۆدا خەڵکی بە خۆیان و ماڵومنداڵیان بە کۆیلەی خۆیان دەزانن، و دەسەڵاتە دڕندەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بە زۆری هێزو فریودان ژیانی ئەو خەڵکەیان خستۆتە بەردەم مەترسی فەوتان، چونکە بە فرمانی خۆیان لە سەرەوە، بێ هیچ بەشداری خەڵک و ڕەزامەندییان، دەوڵەتەکان بڕیاری جەنگ دەدەن و کۆمەڵگەیان خستۆتە نێو کەشێکی سەربازییەوە؛ بڕوانە: بڕیارەکانی ڕووسیا بۆ جەنگ دژی ئۆکراینا، بڕیاری ئەمەریکا بۆ جەنگ دژی ڤێنیزوێلا، بڕیاری سەرۆک وەزیرانی یابان بۆ چوونە نێو جەنگ ئەگەر چین پەلاماری سەربازی تایوان بدات،، و سەدەها حاڵەتی دی. هەموو ئەو بڕیارانەش لە ئاکامی قەیرانی ئابووری و کێشمەکێشی بازرگانییەوە سەرچاوەیان گرتووە، وە بێگومان لە ئەنجامی جەنگەکانیشدا هێندەی دی قەیرانەکان قوڵتر دەبنەوە.

۳/ سەرهەڵدانەوەی دیاردەی چەتەگەری سەرمایەداران – {عادت حليمة إلى عادتها القديمة} – بۆ نموونە وەک:

  • تەقاندنەوە یان دەستگرتن بەسەر کەشتیەکان لە دەریادا؛ چەتەگەری دەریایی دەوڵەتەکان لە زیادبووندایە.
  • وەزیرانی دارایی ئەوروپا باسی بەکارهێنانی سەروەت و سامانی بەستووی ڕوسیا بۆ دابینکردنی کۆمەکی دارایی بۆ ئۆکراینا دەکەن – دەستگرتن بەسەر بڕی زیاد لە ۳۰۰ ملیار دۆلار لە سەروەت و سامانە داراییەکانی ڕووسیا کە لە بانکەکانی ئەوروپا.
  • بەخۆماڵیکردنی کارگەکانی وڵاتی چین لە ئەوروپا: لەگەڵ پەرەسەندنی شەڕی کانزا دەگمەنەکانی نێوان چین و ڕۆژئاوا، ئەوروپا گەرەکی بوو دەستبگرێ بەسەر”کۆمپانیاکانی چیپ”ی چینی لەسەر خاکەکەی، هۆڵەندا دەست بەسەر”کۆمپانیای نێکسپریای چینی”دروستکەری چیپدا(الرقائق)بگرێت. و بەخۆماڵیکردنی دەگەڕێتەوە بۆ بەریتانیا: شەڕێکە بۆ ڕزگارکردنی دوا کورەی پۆڵا لە چنگی وەبەرهێنەری چینی.
    بەڵام دەستبەسەرداگرتن بەسەر سەروەت و سامانی ڕووسیا لە بانکەکان، پایەکانی ئابووری یەکێتی ئەوروپا وێران دەکات، چونکە متمانە بە بانکە ئەوروپییەکان نامێنێ و زۆربەی وڵاتانی دیکە سەرمایەکانیان دەکێشنەوەو کارەکانیان لە شوێنێکی تر ئەنجام دەدەن.

    ٤/ نوخبەی دەسەڵاتدارانی سەرمایەداران ڕۆژ دوای ڕۆژ وەک(نوخبەێکی سەرکوتگەر و دژی پەناهەندە، گەندەڵ، جەنگخواز و بەدڕەوشت)دەردەکەون؛ بۆ نموونە:

  • نوخبەی جەنگخوازی ئەوروپا دەیانەوێت شەڕ لە ئۆکراینا بەردەوام بێت، ئەوەش لە پێناوی ڕزگارکردنی خۆیان و فراوانکردن و چەسپاندنی کۆنترۆڵییان بەسەر خەڵکی ئەوروپادا.
  • ئیهانەی ترەمپ بۆ خەڵکی وڵاتانی(ئاسیا، ئەمەریکای لاتین وئەفەریقا)، و لێدوانی ڕەگەزپەرستانەی ڕاوێژکاری ئەڵەمانیا”فریدریش مێرتز”:(پەنابەران دیمەنی شارەکانی ئەڵمانیا تێکدەدەن).
  • فەزیحەی(دوورگەی جێفری ئیپستین).
  • هاوشێوەی مرۆڤ کە دەچێتە ساڵەوە زۆر باسی ڕابردوو دەکات، سیستەمی سەرمایەداریش لە خولی پایزیدا زۆر باسی ڕابردوو دەکات و نەریەتە کۆنەکان لە(ئایین، ڕەگەز، خێڵ و بنەماڵە)زیندوو دەکاتەوە. بۆرژوازی دەسەڵاتدار جیهان بەلای ڕاستدا وەردەچەرخێنێ؛ هێندە تووند بەلای ڕاستدا کە مەترسی دەخاتە سەر وجودی سیستەمی سەرمایەداری، چونکە ستافی فەرمانڕەوای بۆرژوازی لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا نوخبەێکی جەنگخوازو سەرکوتگەرو کۆنەپەرستەو گوتارو سیاسەتی لیبڕالی گۆڕیوە بە گوتارو سیاسەتی کۆنەپارێزی ئایینی و نەژادپەرستی و ناسیۆنالیستی توندڕەو.
  • وەرزی پایزی سەرمایەداری وەرزی ناسەقامگیری کۆمەڵگە و شێواوی سیاسییە؛ وەرزی زیادبوونی تەقەکردنە لە خۆپیشاندانی مەدەنی و تیرۆر و کۆکوژی.

ئەم خولی پایزی سەرمایەدارییە سیستەمەکە دەخاتە بەردەم دوو ئەگەر:

  • ئەگەری قوڵبوونەوەی قەیرانە ئابوورییەکان تا پلەی داڕمان، و فراوانبوونی جەنگەکان تا پلەی جەنگی جیهانی سێیەم کە کۆتایی بە ژیان دەهێنێ لەسەر گۆی زەوی.
  • یان دەسەڵاتدارانی سەرمایەداری دانوستان دەکەن و ڕێدەکەون لەسەر دابەشکردنی نوێی کار و سامانی جیهان.
  • وەسفکردنی خولی داڕمانی سەرمایەداری بە (وەرزی پایزی سەرمایەداری) مێتافۆریکییە؛ واتە وەسفکردنی شتێک بە بەکارهێنانی لێکچوون یان وێنەیەک، کە بە شێوەیەکی ڕستەیی ڕاست نییە. مێتافۆریک بەکاردێت بۆ دروستکردنی وەسفێکی بەهێز و مەجازی بۆ شتێک، بەزۆری بە بەراوردکردنی لەگەڵ شتێکی تر کە تایبەتمەندی هاوشێوەی هەیە. بۆ نموونە وتنی”ژیان سەفەرە”، ئەوە وەسفێکی مێتافۆریکە بۆ ژیان، چونکە ژیان بە شێوەیەکی ڕستەیی سەفەر نییە، بەڵکو تایبەتمەندی هاوشێوەی هەیە، وەک هەبوونی سەرەتایەک، شوێنی مەبەست و دەرفەتی ئەزموونکردنی شتی جیاواز لە ڕێگادا. لێرەدا”پایزی سەرمایەداری” هەستێک و ڕوانگەێک وەسف دەکات کە مۆدێلی سەرمایەداریی ئێستا لە قەیرانی بووندایە، واتە خراپبوونی بەردەوام، کە ڕەنگە سەرمایەداری لە گۆڕانکارییەکی بەرچاو یان داڕمان نزیک بێتەوە.

    ** بۆ یەکەم جار وەسفی سەردەمی”بەهار و پاییز”-(نزیکەی ساڵی ٧٧٠-٤٧٦ پێش زایین)، لەلایەن مێژوونووسانی چینی کۆن، لە سەردەمی بەشی یەکەمی(شانشینی ژۆو)بەکارهێنراوە.
    *** بڕوانە: The World Ahead 2026 / from The Economist / 10 nov. 2025
    ڕۆژنامەی ئیکۆنۆمیست ڕاپۆرت دەربارەی ساڵی ۲۰۲٦ بڵاودەکاتەوە. ڕۆژنامەکە ڕای وایە کە وڵاتانی دەوڵەمەند لە دەرەوەی تواناکانی خۆیان دەژین، وە مەترسی قەیرانی بازاڕی بۆندەکان لە زیادبووندایە.




هێزی نەرمی چین و مەترسییەكانی بۆ هەرێمی كوردستان.. ئاگری قادر*

فراوانبوونی ئامادەبوونی دامەزراوەیی و كولتووریی چین لە هەرێمی كوردستانی عێراق- بە تایبەتی لە ڕێگەی دەستپێشخەرییەكانی پەیوەست بە دەستپێشخەری شارستانیەتی جیهانی-كۆمەڵەی شورای چین- پرسیارە گرنگەكان سەبارەت بە هەردوو مەترسییە دەستبەجێ و درێژخایەنەكان دەخاتە ڕوو. لە كاتێكدا ئەم بەشداریكردنە زۆرجار وەك ئاڵوگۆڕی كولتووری یان هاوكاری ئەكادیمی لە چوارچێوەیەكدا دادەنرێت، ئەزموونە بەراوردكارییەكان لە ناوچەكانی دیكەوە ئەوەمان پێدەڵێن كە كاریگەرییەكانی زۆر لە دیپلۆماسی نەرم زیاتر دەبن. بۆ هەرێمی كوردستان، ئەم مەترسیانە لەناكاو یان ئاشكرا نین. بەڵكو وردە وردە و چیندار و پێكهاتەیین، بە تێپەڕبوونی كات بە شێوەیەك گەشە دەكەن كە بتوانن نۆرمەكانی حوكمڕانی، سەربەخۆیی سیاسەت و دەزگای سیاسی كۆنترۆڵ دەكەن. تێگەیشتن لەم داینامیكیانە زۆر گرنگە بۆ دڵنیابوون لە مەترسییەكانی هێزی نەرمی چین بۆ هەرێمی كوردستان

مەترسییەكانی چین بۆ سەر هەرێمی كوردستان

یەكێك لە مەترسییە دەستبەجێیەكان گێڕانەوە و گرتنی گوتارە. ناوەندەكانی توێژینەوەی پەیوەست بە چین، پلاتفۆرمە كولتوورییەكان و دەستپێشخەرییە ئەكادیمییەكان زۆرجار گێڕانەوەی وردی كۆكراوە بەرەوپێش دەبەن كە جەخت لەسەر سەقامگیری، هاوئاهەنگی و دەستوەرنەدان دەكەنەوە. لە كاتێكدا ئەم چەمكانە وەك بێلایەن یان گشتگیر خراوەتەڕوو، بەڵام مەیلیان هەیە كە مشتومڕی ڕەخنەگرانە لەبارەی حوكمڕانی و مافەكانی مرۆڤ و لێپرسینەوەی سیاسییەوە بێهیوا بكەن. لەهەرێمی كوردستان، ئەمە فەزای هزری و میدیایی بەرتەسك دەكاتەوە، چونكە ڕۆژنامەنوسان، ئەكادیمیستەكان و ئەكتەرە مەدەنییەكان هەست بە فشارێكی ناڕاستەوخۆ دەكەن بۆ ئەوەی لەگەڵ گێڕانەوەی “قبووڵكراو”دا هاوتەریب بن، بە مەبەستی پاراستنی دەستڕاگەیشتن، پارەدان، یان هاوكاری دامەزراوەیی. ستراتیژییەكانی بەشداریكردنی چین زۆرجار پەیوەندییەكان لەگەڵ نوخبە سیاسییەكان، بەرپرسە باڵاكان و كەسایەتییە كاریگەرەكان لە پێشینە دادەنێن. ئەم ڕێبازە دەتوانێت كەناڵە ڕاوێژكارییە هاوتەریبەكان یان كەناڵە ڕاوێژكارییەكان دروست بكات كە لە دەرەوەی چاودێری دیموكرات یان پەرلەمانی كاردەكەن. كاتێك هاوكاری وەك تەكنیكی یان كولتووری لە چوارچێوەیەكدا دابنرێت نەك سیاسی، شەفافیەت زیاتر كەم دەبێتەوە. ئەم جۆرە بەشداریكردنە نوخبەیی، لێپرسینەوەی دامەزراوەیی لاواز دەكات و بڕیاردان لە پرۆسەكانی گشتگیر و بەشداریكردن دوور دەخاتەوە. ئەو دەزگا تازە دامەزراوانەی كە پەیوەندییان بە دەستپێشخەرییە بیانییەكانەوە هەیە زۆرجار بە باری یاسایی ناڕوون، ئیختیاری پێناسە نەكراو و لێكۆڵینەوەی سنوورداری گشتی كاردەكەن. لە كوردستان، ئەم ناڕوونییە ڕێگە بە دامەزراوە بیانییە پەیوەندیدارەكان دەدات كە كاریگەرییان لەسەر پەروەردە، گوتاری سیاسەت، یان بەرنامەسازی كۆمەڵایەتی هەبێت بەبێ ئەوەی بخرێتە ژێر چوارچێوەی ڕێكخراوەیی ناوخۆییەوە. ئەمەش مەترسییەكانی حوكمڕانی دروست دەكات و چاودێرییەكی كاریگەر لەلایەن دەسەڵاتە ناوخۆییەكانەوە ئاڵۆزتر دەكات،لە درێژخایەندا، مەترسییەكی جددی و وردە وردە وەرینی نۆرمەكانی دیموكراتەكانە. مۆدێلی حوكمڕانی چین كۆنترۆڵی دەوڵەت، یەكسانی سیاسی و ژێردەستەكردنی مافەكانی تاك بۆ “سەقامگیری” بەكۆمەڵ لە یەكەمایەتی دەكات. ئەگەر لە ڕێگەی بەرنامەكانی ڕاهێنان، دەرئەنجامی توێژینەوە، یان ئامۆژگاری سیاسەتەوە بە شێوەیەكی زیادەڕۆیی ناسێندرا، ئەم بنەمایانە دەتوانن كولتوری حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستاندا دابرێژرێ. پابەندبوون بە فرەیی، دەربڕین ئازاد و كێبڕكێی سیاسی دەتوانێت لاواز بێت- نەك لە ڕێگەی زۆرەملێی ڕاستەوخۆوە، بەڵكو لە ڕێگەی ئاساییكردنەوە. مەترسییەكانی وابەستەیی ستراتیژی و كەمبوونەوەی سەربەخۆیی سیاسەتەكانە. لەگەڵ فراوانبوونی ئامادەبوونی دامەزراوەیی چینی، وابەستەیی نەك تەنیا لە ڕووی ئابوورییەوە، بەڵكو لە ڕووی فیكری و ئیدارییەوە گەشە دەكات. بە تێپەڕبوونی كات، ئەمە دەتوانێت توانای هەرێمی كوردستان سنووردار بكات بۆ بەدواداچوونی هەڵبژاردنی سیاسەتی سەربەخۆ كە لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی پەكین ناكۆك بێت. ئەم جۆرە وابەستەییە لە كاتی قەیرانی سیاسی یان ئابووریدا بە تایبەتی مەترسیدار دەبێت، كاتێك دەتوانرێت هێڵی كاریگەری بگۆڕدرێت بۆ فشارێكی بێدەنگ یان كاریگەری. قووڵكردنەوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ چین ڕەنگە گۆڕانكاری لە چۆنیەتی هەستكردن بە هەرێمی كوردستان لەلایەن هاوبەشە نێودەوڵەتییە نەریتییەكانەوە بكات، بەتایبەتی ڕۆژئاوا كە لە مێژوودا ڕۆڵی سەرەكییان لە هاوكاریی ئەمنی، چاكسازی حوكمڕانی و هاوكاری مرۆییدا بینیوە. پێناچێت چین داكۆكی لە مافە سیاسییە كوردییەكان یان سەربەخۆییەكان بكات كاتێك ئەم جۆرە هەڵوێستانە لەگەڵ پەیوەندییەكانی لەگەڵ حكومەتە ناوەندییەكان یان دەسەڵاتە ناوچەییەكان ناكۆكن. لە ئەنجامدا، بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی كورد مەترسی ئەوە دەكەن كە لەناو حیساباتی جیۆپۆلەتیكی فراوانتردا پەراوێز بخرێن. لە كۆتاییدا، شلكردنەوەی ناسنامە و بێسیاسیكردن مەترسییەكی ورد بەڵام بەرچاوی درێژخایەن نیشان دەدات. بە پێشخستنی گێڕانەوەیەكی ناوەندی و ناسیاسی شارستانیەت و پێشكەوتن، دەستپێشخەرییە كولتووری و پەروەردەییەكانی چین ڕەنگە بەشداربن لە بێسیاسیكردنی داواكارییە شەرعییەكانی كوردی پەیوەست بە ماف، خۆبەڕێوەبەری و دادپەروەری مێژوویی. لە كاتێكدا كە ناسنامە نەسڕدرێتەوە، بەڵام ڕەنگە بە شێوەیەك كە وردە وردە ئاژانسی سیاسی و توانای كۆكردنەوە كەم بكاتەوە، دووبارە چوارچێوەی بۆ دابنرێتەوە.

وانەی بەراوردكاری

كەیسە بەراوردكارییەكان لە ئەفریقا و ئاسیای ناوەڕاست و بەڵكانەوە شێوازە بەردەوامەكان ئاشكرا دەكەن. لە ئەفریقا وڵاتانی وەك زامبیا و كینیا ئەزموونی گەشەسەندنی وابەستەیی لە ڕێگەی پارەداركردنی ژێرخانی، شەفافیەتی سنووردار، و كەمكردنەوەی نەرمی سیاسەت. لە ئاسیای ناوەڕاستدا، هاوتەریبی نوخبەكان لەگەڵ چین زۆرجار كۆمەڵگەی مەدەنی پەراوێزخراو و ناڕەزایی گشتی وروژاند. لە باڵكان، ڕێككەوتنە ناڕوونەكان ستانداردە ڕێكخراوەییەكانیان تێكدا و دەسەڵاتی جێبەجێكاری بەهێزتر كرد لەسەر حیسابی دامەزراوە دیموكراتییەكان. لە سەرانسەری ئەم ناوچانەدا سێ وانە جیاوازن: وابەستەیی وردە وردە پەرەدەستێنێت، بەشداریكردنی نوخبەیی دامەزراوەكان دامەزراوەكان لاواز دەكات، و هاوكاری ئابووری زۆرجار پێش ئیشپێكردنی سیاسی دێت. كاریگەری چین بە دەگمەن لە سەرەتاوە زۆرەملێ دەردەكەوێت؛ لەبری ئەوە، لە ڕێگەی چەسپاندنی دامەزراوەیی، پشتبەستنی دارایی و هاوئاهەنگی گێڕانەوە گەشە دەكات. لە كورتخایەندا، مەترسییەكان لە كۆنترۆڵی گێڕانەوە، هاوپژینی نوخبە و ناڕوونی دامەزراوەییدان. لە درێژخایەندا، هەڕەشەكان درێژدەبێتەوە بۆ وەرینی دیموكراتیی، وابەستەیی ستراتیژی، پەراوێزخستنی جیۆپۆلەتیكی و بێسیاسیكردنی ناسنامە. پێویستە بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ ڕەت بكرێتەوە. بەڵام دەبێت بە شەفافیەت و چاودێری یاسایی و بەشداریكردنی فرەیی و پابەندبوونی پتەو بۆ پاراستنی سەربەخۆیی سیاسی و بەها دیموكراتییەكان بەڕێوەبچێت. بەبێ ئەم جۆرە پارێزبەندییانە، ئەوەی وەك هاوكاری كولتووری دەست پێدەكات، ڕەنگە وردە وردە پەرەبستێنێت و ببێتە سنوورێك بۆ داهاتووی سیاسی كوردستان و سەربەخۆیی ستراتیژی.

*خوێندكاری دكتۆرا لە یاسای ژینگەیی نێودەوڵەتی،زانكۆی نیشتمانی تایوان




دوو وشە سەبارەت بە کتێبی (گەڕانەوە بۆ ماڵی یەکەم)ی ئەدیب نادر!.. عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

کتێبی گەڕانەوە بۆ ماڵی یەکەم (١) لە نووسینی شاعیر و چیرۆکنووس و توێژەر (ئەدیب نادر)، کە چاپی یەکەمی لە شاری هەولێر کە لەلایەن ئەکادیمیای کوردییەوە لەساڵی ٢٠١٤ چاپ و بڵاوکراوەتەوە، نەک هەر شایانی خوێندنەوەیە، بەڵکو شایانی هەڵوەستە لەسەرکردنیشە. ئەم کتێبە ڕەخنەییە بیست و پێنج بابەتی توێژینەوە و ڕەخنەیی لەخۆ گرتووە و لەهەمان کاتیشدا تەژیشە لە زانیاری و مەعریفە. نایشارمەوە لە دوو دەیەی ڕابردوودا هیچ کتێبێکی ڕەخنەیی بە ئەندازەی ( من نەیاری ڕوانگە بووم)(٢) و (گەڕانەوە بۆ ماڵی یەکەم) ڕایان نەگرتووم. هەرچەندە ئەم دوو کتێبە بە دوو میتۆدی ڕەخنەیی جیاواز نووسراون و بەدوو ئاراستەی جیاوازیش ڕێ دەکەن، بەڵام بۆ منێک کە بایەخی ڕەخنە و توێژینەوەی ئەدەبیم هەیە و بەردەوام دەست و پەنجەی لەگەڵدا نەرم دەکەم، شایانی ئاوڕلێدانەوەن. ئەم کتێبە نەک هەر تایبەتمەندی و شەقڵی ڕۆژهەڵاتییانەی پێوە دیار نییە، بەڵکو پەلی هاویشتووە بۆ زۆر جێگا و شوێنی جیاواز و لەدەرگای زۆر بابەتی داوە ( ڕۆمان، شیعر، چیرۆک، شانۆگەری) و هەر لە نووسەرانی ناسراو و نەناسراوی کوردەوە تا دەگاتە ئەستێرە گەشەکانی ئاسمانی ئەدەبی جیهانیی ( فیساریۆن بلینیسکی، ئێزرا پاوەند، تی ئێس، ئیلییەت، فێدریکۆ گارسیا لۆرکا و عەبدولوەهاب بەیاتی) ئەوەش پانتایی ئەو ڕۆشنبیرییە پانوپۆرەیە کە ئەدیب نادر خۆی پێ بارگاوی کردووە. ئەدیب نادر نووسەرێکە لەسەرخۆ و بێ هەڵپەهەڵپ دەنووسێ و بڵاو دەکاتەوە. خەمی گەورەی ئەدیب نادر خەمی ئەدەب و ڕەخنەیە نەک ناو و ناوبانگ و دەرکەوتن. هەر بۆیەشە کەمترین دەرکەوتنی ڕوو بە میدیا هەیە. بەئەندازەیەک ڕەنگە زۆر خوێنەری کوردزمان هەبن ئاشنای بەرهەمەکانی نەبن یان هەر نەیناسن. ئەمەش لە دنیای بێبەزەیی نووسین و خوێندنەوەی کوردیدا شتێکی نامۆ نییە. چونکە خودی دنیای نووسین و خوێندنەوەی کوردی وەک کایەیەکی چالاکی فیکریی مرۆڤی کورد گەلێ نیشانەی پرسیاری لەسەرە، کە باسکردنیان ئەرکی ئەم نووسینە نییە.

میتۆد و ئاڕاستەی فیکریی بینراو لەم کتێبە
ئەدیب نادری خاراو لە خوێندنەوە دوای ساڵانێک دەست بەنووسین دەکات. ئەو زۆر زوو دەست بە خوێندنەوە دەکات و وەک تینوویەکی شەیدا بۆ ئاو، کتێب لەدوای کتێب بینیان پێوە دەنێت و بۆن بە وشەکانیانەوە دەکات. بۆیە کۆنترین توێژینەوەی ڕەخنەیی نێو کتێبەکە نووسینیکە لەسەر ئێزراپاوەند کە دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی ساڵی ١٩٨٠. ئەم نووسینە و نووسینەکانی تری وەک (بەهرە و ڕەهەندەکانی تری داهێنان لای تی ئیس ئیلیەت و لۆرکا ئەو شاعیرەی ڕەنگەکانی یاخیبوونی بە مێژووی ئەدەبی ئیسپانی بەخشی و بلینیسکی سانت بووڤی ڕەخنەی ئەدەبی ڕووسیی) لەمیانی خوێندنەوەی وردی ئەو چەند نووسینەی دەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، خوێنەر هەست دەکات کە میتۆدی بەکارهاتوو لە بنچینەدا میتۆدی ڕیالیزمی سۆشیالیستیی بووە و نووسەر خۆشی دانی پێدا دەنێت، (٣) بەڵام ئەدیب نادر لەسەروبەندی چاپکردنی ئەم کتێبەدا پیایاندا چۆتەوە و دەستکاری کردوون و هەوڵیداوە لە بۆیەی بۆچوونی تێروانینی نوێی خۆی هەڵیان کێشێ و لەمەشدا بە تێگەیشتنی من غەدری لە مێژووی نووسینی خۆی و دەقە نووسراوەکانیش کردووە. بۆیە دەڵێم غەدر چونکە مرۆڤ بەردەوام لەژێر کاریگەری بۆچوونە فیکرییەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییە و بەردەوامیش لە گۆڕاندایە. بۆیە پشت کردنە هەر بۆچوون و باوەڕێک کە ڕۆژگارێک ئینسانێک باوەڕی پێی بووە یان لەژێر کاریگەریدا بووە، مافێکی ئاسایی مرۆڤە. بەڵام لەدنیای نووسین و توێژینەوەدا دەستکاریکردنی بۆچوونەکانی ڕابردوو ئەو ئاڵوگۆڕ و گەشە یان جووڵە فیکرییە کاڵ دەکاتەوە و دەیشێوێنێت. واتە کێرڤی هەڵکشان و داکشانی فیکریی نووسەر لەوێنا ڕاستەقینەکەی خۆی خاڵی دەکرێتەوە. بۆیە ئەگەر ئەمە بۆ نووسەرێکی کەم ئەزموون زۆر جێی ڕامان نەبێت، ئەوا بۆ نووسەرێکی جیددی جێی ڕەخنەیە. لەلایەکی تریشەوە ژێوان بوونەوە لە ڕێبازی ڕیالیزمی سۆشیالیستی لەئەنجامی کەوتنە ژێر کاریگەری شاڵاوی نیولیبراڵیزم کە بەهەردوو چەمکی دیموکراسی و مافی مرۆڤ کەوتنە دژایەتی ئەدەب و هونەری ڕادیکاڵ و شۆڕشگێرانە، مافی بێئەملاو و ئەولای هەر ئینسانێکە، سەرباری هەر ڕەخنە و سەرنجێکم لەسەر ڕێبازی ڕیالیزمی سۆشیالیستی. (٤) بەبۆچوونی من خوێنەری وردبین و خاوەن بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە ئەم دیاردەیەی ژیوان بوونەوە لەڕابردووی نووسین لەئەدەبی کوردیدا بەڕوونی درک پێدەکات و دەیبینێت.(٥) ئیتر جگە لەم چەند نووسینە، تەواوی توێژینەوە ڕەخنەییەکانی تر بە میتۆد یان نەفەسێکی نیولیبڕاڵییەوە نووسراون. ئەدیب نادر تێڕوانینەکانی خۆی نەشادردۆتەوە و بەئاشکرا ڕای گەیاندوون. ئەو وابەستەبوونی بەو جیهانبینییەوە ڕاگەیاندووە کە لەهەموو بوارەکانی ژیاندا بە ئەدەب و هونەریشەوە ناتوانیت ترووسکاییەک ببەخشێتە ئەم تاریکستانەی کە سیستەمی نوێی بازاڕی ئازادی جیهان ژیانی مرۆڤایەتی تیایدا نغرۆ بووە. ئەدیب نادر زیاد لە جێیەک لەو کتێبە ڕەخنە لە مارکسیزم دەگرێت و بە سەقەت ناوزەد دەکات و پێیوایە مارکسیزم مرۆڤی ئاوا بێبەها و ناچیزە کردووە. (٦) بۆیە هیج نامۆ نییە ئەگەر لە نووسینەکانیدا دەست بۆ ئەو میتۆد و ڕێبازە ئەدەبییە بۆرژوازییانە بەرێت کە سەنگەریان لە ئەدەب و هونەری شۆڕشگێرانە و ئینسانیی گرتووە. بۆیە ئەم کتێبە سەرباری هەموو لایەنە پۆزتیڤەکانی، سەرباری مەعریفەی قووڵی ئەدیب نادر لە بوارە جیاجیاکانی ئەدەب و هونەر و کردەی نووسیندا، هەمووئەمانە ناتوانن پارسەنگی ئەم دژە ڕادیکاڵەی ئەم کتێبە بدەنەوە.

زمانی نووسین لەم کتێبەدا
کتێبەکە هەر لەیەکەم دێرەوە کەدەست بەخوێندنەوەی دەکەیت، ڕووبەڕووی شێوازێکی نووسینی جوان و زمانێکی نووسینی سفت و پتەو باڵا دەبیتەوە. زمانێک کە بارگاوییە بە هێزی دەربڕین و گوزارشتکردن لە مەبەست. زمانی نووسین لەم کتێبەدا یان بڵێێن لای ئەدیب نادر دەوڵەمەندە و لە گوزارشتکردنیش بەهێزە. زمانی نووسینی کتێبەکە نەک خوێنەر لەکاتی خوێندنەوەیدا تووشی بێزاری ناکات، بەڵکو لەبری ئەوە خوێنەر دەبەستێتەوە بە ناوەڕۆکی بابەتەکان. ئەم جوانییە لە نووسین زۆر بەدەگمەن لە پانتایی ئەدەبی کوردیدا دەبینرێت. نووسینی ئەمڕۆی کوردی جگە لە خراپی دەربڕین و هەڵە بێبرانەوەکانی ڕێنووس، خاوەن زمانێکی لاوازە. من لێرەدا ئەم بۆچوونە گشتی ناکەمەوە چونکە گەلێ نووسەرمان هەن جوان دەنووسن و وەردەگێڕن و بایەخی زمانیان لایە و ڕێز لە خوێنەرانیان دەگرن. ئەدیب نادر یەکێکە لەو نووسەرانەی کە ڕێز لە خوێنەرەکانی دەگرێت. بۆیە خوێنەری جیددی و بەدەربەست کە کتێبێکی ئەدیب نادر دەخوێنێتەوە، هەست بە بەرپرسیارێتیی نووسەر دەکات لەکردەی نووسیندا. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا جێی خۆیەتی ئەو ڕەخنەیەش بگرین کە بەکارهێنانی هەندێ دەستەواژە و دەربڕین لە نووسینەکانیدا هیچ پێویست نین. بۆ نموونە ( ڕیفلێکشن، کۆمیتمەنت، ئیگزیستەنس، ئێلیمەنت، ترانسدێنتەڵ، سپەیس، ئێسێنس، ئیکۆنۆمی، ناهیومانی، کۆمپۆزئسیۆن، ئایدێنتیفیکەیشن، پرەستیژدار، کۆڵلێکتیڤ، پۆپیەلارێتی، جایەنت، ئەسپێکت، پێرفێکشن، راشناڵیی، کۆنترۆڤێرشیاڵ، لیتراتۆڵ، فیکشن و زۆری تر کە هیچ پێویست ناکات پەنا بۆ ئەو دەربڕینە ئینگلیزییانە ببردرێت لەکاتێکدا بۆ هەر یەک لەم دەبڕێنانە دەربڕینی کوردی هەن و دەتوانن هەمان مەبەست بگەێنن. کێشەیەکی تر لەم کتێبەدا ئەوەیە ئەدیب نادر وتە و قسەی ژمارەیەکی زۆر بیرمەند و نووسەر و ئەدیب و هونەرمەندی بیانیی هێناوەتەوە بێئەوەی سەرچاوەی ئەو وتە و قسانە دەستنیشان بکات. خوێنەر دەتوانێت متمانە بە نووسەر بکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مافی خۆیەتی بپرسێت کە ئەم وتە و قسانەی لە چ کتێبێک و لەچ سەرچاوەیەکەوە وەرگرتووە؟ لەلایەکی تریشەوە ئەم بێدەربەستییە لە فەرامۆشکردنی سەرچاوەکان، بەهای زانستی کتێبەکە دەهێنێتە خوارەوە. دەشی لە گفتوگۆ و مشتومڕدا ئەو وتە و قسانە بگوترێنەوە، وەلێ لە نووسیندا دروستترە سەرچاوەکانیان دەستنیشان بکرێن.

ئەنجام
کتێبی( گەڕانەوە بۆ ماڵی یەکەم)ی شاعیر و چیرۆکنووس و توێژەر ئەدیب نادر ، یەکێکە لەو کتێبە ناوازە و دانسقانەی کە کتێبخانەی کوردی پێویستی پێیەتی. کتێبێکە لێوانلێو لە زانیاری و مەعریفە. نووسەر بە تێڕوانین و بۆچوونێێکی ڕەخنەگرانەوە توێژینەوە و بابەتەکانی نووسیوە. ئەم کتێبە جگە لە ئاوڕدانەو لە ژمارەیەک نووسەری کورد، لای لە گەلێ نووسەر جیهانییش کردۆتەوە و خوێندنەوەی بۆ کردوون. زمانی بەکارهاتوو لەم کتێبەدا پاراو و سفت و جوانە، وەلێ گەلێ وشی ئینگلیزی ئاخنیوەتە نێو بابەتەکانەوە کە هیچ پێویست نین و دەیتوانی هەر بە وشەی کوردی گوزارشتیان لێ بکات. هەورەها وتە و قسەی ژمارەیەک بیرمەند و نووسەری ‌هێناوەتەوە بێئەوەی سەرچاوەکانیان دەستنێشان بکات. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەم کتێبەی ئەدیب نادر شایانی خوێندنەوەیە.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
کەنەدا / ناوەڕاستی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥

—————————————-

پەراوێزەکان:
(١)ئەدیب نادر، گەڕانەوە بۆ ماڵی یەکەم، توێژینەوە و ڕەخنە، لەبڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای کوردی، چاپی یەکەم، ساڵی ٢٠١٤.
(٢)فوئاد مەجید میسری، من نەیاری ڕوانگە بووم، چاپخانەی تاران، چاپی یەکەم، ٢٠٢١.
(٣)ئەدیب نادر، گەڕانەوە بۆ ماڵی یەکەم، توێژینەوە و ڕەخنە، لەبڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای کوردی، چاپی یەکەم، ساڵی ٢٠١٤، لاپەڕە ٣٠.
(٤)بۆ زیاتر ئاشنابوون بە دید و بۆچوونەکانی من لەسەر ڕێبازی ڕیالیزمی سۆشیالیستی بڕوانە کتێبی ( نیولیبراڵیزم و ئەدەبی پرۆلیتاریی کوردی، لەبڵاوکراوەکانی پڕۆژەی ڕێگە، چاپی یەکەم، ٢٠١٩.
(٥)کەم نین ئەو نووسەرە ڕادیکاڵ و چەپ و کۆمۆنیستانەی کە ڕۆژگارێک دەقیان بۆ کرێکاران و سوشیالیزم نووسیوە و پاشان لەگەڵ ئاڵوگۆڕەکانی دنیادا، کاتێک دیوانەکانیان چاپ دەکەنەوە ئەو شیعرە سۆشیالیستییانەی لێ دەردەکەن یان دەستکاری دەکەن و بەدڵی سەردەمەکە ئارایشتی دەکەن.
(٦)ئەدیب نادر، گەڕانەوە بۆ ماڵی یەکەم، توێژینەوە و ڕەخنە، لەبڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای کوردی، چاپی یەکەم، ساڵی ٢٠١٤، لاپەڕە ٣٧.




کتێب\ دیداری یەكەمی شانۆیی نووسەر و هونەرمەند تەڵعەت سامان.. ئامادەکردنی: فەرەیدوون سامان

بۆ خوێنەنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




کتێب\ ملمالنێی ئەمریكا و ئێران لە خۆرهەاڵتی ناوەڕاستدا.. عوسمانی حاجی مارف

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




ئەی ئەگەر بارانێکی تر باری !!؟.. نەوزاد بەندی

خەڵکێکی دڵسۆز و ماندوونەناس و گیانفیدا و خێرخواز و بە ئەمەگ و نیشتمانپەروەر + خەڵکێکی هەلپەرست و تیکتۆک پەرست و خۆپەرست و ماستاوچیی و زلی بێهونەر و بەرژەندیی خواز و ڕیکلامچی و ( لایک و کومێنت و فۆڵۆ و سەبسکرایبخواز) بەردەوام سەرقاڵی شوێنەواری وێرانکەری لافاوەکەی چەمچەماڵ و تەکیەن، چۆن شارەکە پاک بکەنەوە و ماڵەکان ڕێک بخەنەوە و ..پێداویستییە ڕۆژانەکانی زیانلێکەوتووان دابین بکەن ..ئەمەیش لوتکەی مرۆڤایەتیی و ئەرکە مرۆڤایەتییەکانە لە ئاستێکی باڵادا .. بەڵام وەک چۆن هەنگوین، عادیی و ئەسڵیی هەیە ..وەک چۆن مۆبایل ئەسڵی و عادیی هەیە، بە هەمان شێوە مرۆڤایەتییش ئەسڵی و عادیی تێکەوتووە.. فریادڕەسگەلێک هەن نە ناویان دیارە، نە کەس ئەزانێ کێن، نە وێنە ئەگرن، نە ئەهێڵن هیچ کەسێکیش وێنە و پیاهەڵدان و قوربان قوربانیان بۆ بکات.. ئەمانە هەستی ئاینیی و نیشتمانیی (کە لە ڕاستیدا یەک هەستن ) ئەیانجوڵێنێ، بیر لە دەسکەوت و حەقدەست و شت ناکەن، وەک ماندێلا ئەڵێ ئەوانەی کە داوای حەقدەستی خەباتی نیشتمانیی ئەکەن، لە بێڕەوشتترین کەسەکانن.
جۆری دووەمی مرۆڤایەتیش،یان جۆرە عادییەکەی، خەڵکێکن لەبەردەم کامێرا نەبێ کاری خێرخوازیی و کۆمەکیی خەڵک ناکەن، لایڤ لە تیکتۆک ئەکەنەوە و لەگەڵ کارە خێرخوازییەکانیاندا ئەڵێن : ڕەحمەتتان نەبێ لایکی شاشە بکەن، ڕەحمەتتان لێ بێ فۆڵۆمان کەن، شەیرمان کەن، کۆمێنتتان بیر نەچێت ..!!
ئەمانە لە ڕووکەشدا مرۆڤایەتیی ئەنوێنن، بەڵام لە ناخدا ئاڵ و وێڵ بە مرۆڤایەتییەوە ئەکەن، یاری بە ژێی هەست و سۆزی میللەت ئەکەن و وایان لێدەکەن جزدانەکانیان بۆ بکەنەوە و بەو پەڕی ڕەزامەندییەوە داوای ژمارەی مۆبایل و ژمارەی کریدیتەکانیان لێ بکەن بۆ ئەوەی بە مەمنونیەوە پارە و قوتی مناڵەکانیان بۆ بنێرن..ئینجا ئەم ئاڵ و وێڵکەرانە، بەوەیشەوە ناوەستن کە چەپڵە و وێنە و ئافەرین و پارە و لایک و فۆڵۆ و سەبسکرایب و کۆمێنتی خەڵکەکەیان لوش کردووە، لێرە و لەوێ لە ڕێی هەوادارەکانیانەوە داوای پۆستی باڵا و کورسی دەکەن..
ئیتر ئەم دوو جۆرە لە مرۆڤایەتیی هەیە، هەردووکیشیان لەگەڵ یەکتریدا سەرقاڵیی گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی خەڵکی چەمچەماڵ و تەکیەیە .. یەکێکیان بێدەنگ و بێ وێنە و بێ لایڤ و بێ بەرامبەر .. ئەوەی تریشیان بە هات و هاوار و اللە اکبر و ڕەحمەت ناردن و جنێو و دەستڕێژ و لایڤ و وێنە و تیکتۆک و ئینیستیگرام و داواکردنی پلە و پۆستەوەیە..
ئەمانە هەموو تێکەڵاو بوون، لە هەوڵی ئەوەدان خەڵکی چەمچەماڵ و تەکیە بگەڕێنەوە بۆ ژیانی ئاسایی خۆیان، هی پێش لافاوەکە ..
بەڵام ئەپرسم ژیانی ئاسایی چەمچەماڵ و تەکییە چۆن بوو ؟ یان ڕاستتر ئەم هەموو هەوڵە ڕەسەن و فەیکە کە ئەدرێن لە پێناوی گەڕانەوەی خەڵکەکەیە بۆ چ جۆرە ژیانێ ؟ ژیانی ئاسایی واتا ژیانی بێ دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان، ژیانی دوکەڵ و تەپ و تۆزی کۆرمۆر و پاڵاوگەی حیزبیی و پێ لەقە، ژیانی پڕ ژاوە ژاو و دوکەڵ و شەقاموێرانکەری تەنکەرە نەوت و نەفسا، ژیانی بێ موچەیی، ژیانی بێ نەوتیی، ژیانی بێ بەرنامەیی و میلیشایی و بێ یاسایی و خێڵگەرایی و بنەماڵەگەرایی و ئاغایەتیی و کوێخایەتیی ..
باشە وەک کابرای دەشتەکیی ئەڵێ خوامەرگ ..خوامەرگ .. ئەگەر ئەمە ژیانە ئاساییەکە بێ ، سەد ڕەحمەت لە مەرگ و هەر چی شتی نائاساییە..
لە کۆتاییدا لە دەسەڵات و خەڵک ئەپرسم، باشە ئەی ئەگەر بارانێکی بە خوڕی تر باری؟ چیتان کردووە بۆ ئەوەی جارێکی تر شار و ماڵ و قوتابخانە و قوتابی ئاو نەیانبات؟ یان بە تەما نین بارانی تر ببارێ ..کورە دەی ،ئەگەر باریش خوا گەورەیە، خوا کڵاوی بۆ بەڕوو دروستکردووە.. قابیلە چی ئەبێ ؟ ئەو پەڕەکەی جارێکی تر دوو سێ هەزار ماڵ وێران ئەبێ و .. هەڵبەت خەڵکەکەیش لە هەوڵ و کۆمەک و خەمخۆریی ڕاناوەستن ..موسوڵمانان ئەڵێن ژیانی موسوڵمان پڕە لە کارەسات و ئەبێ ئاسایی بێ بە لامانەوە .. ئەوانی تریش ئەڵێن هیچ نییە ، نزمە پاڵەپەستۆیەکی سپارتا ئەنجیلینا ئۆرانۆسی دەریای ناوەڕاستە، هەفتەکەی تر خەڵکەکە ئەگەڕێنەوە بۆ سەر ژیانی ئاسایی خۆیان ..!

نەوزاد بەندی




مــــــاچ.. شیعری\ نەوشیروان ئازاد

تەنیا
ماچێکم بدەرێ ،
ئەی سورەگوڵ،
تەنیا …ماچێک
گەلێ ماندووم ،
ماندووی ڕێگایەکی دوور . لێم مەپرسە ،
ڕێبواری کوێم ،
لەکوێ هاتوم ،
بۆ کوێ ،دەچم ،
من ڕێگەی، عەشقم
لێ وونە ،
دەرگای دڵم
نادۆزمەو ،
تۆ نازانی ،
کە من لەکوێم ؟
منم وونم….
یادنیایە ، لەمن وونە …….. تەنیا ،
ماچێکم بدەیە ،
ئەی سورەگوڵ…
تەنیا ماچێک و هیچی دی .. زۆر شەکەتم …
تینو و برسی ،
شاعیرێکم سەرلێ شێواو بەدوای ناوی خۆما وێڵم ،
تۆ نازانی ، چیەناوم؟
تۆ نازانی کە یەکەم جار ،
بەچ زمانێ ،
بانگ کراوم ؟ ………..
تەنیا ماچێکم پێ بدە ،
ئەی سورەگۆڵ
تەنیا…یەک مـــــــاچ
بەڵێن بێ ، کەناوت نابەم ،
لای هیج کەسێ باسی ناکەم عاشقێکم بێ ناونیشان بەدوای تیشکی خۆرا وێڵم ، ئەی تۆ ..جێی خۆر پێ نازانی بەڵێن بێ کە دۆزیمەوە ، ڕازەکانت نادرکێنم … بۆساڵیادی یەکەم ماچت پڕشنگی خۆرت بۆدێنم
…………
تەنیا ماچێک ،
ئەی سورەگوڵ ،
تەنیا ماچێک و هیچی تر… دێوانەیەکی سەرشێتم بەدوای شەمی خێڵا وێڵم ، لەم لاڕێیە ،
تۆ کۆچی یارت نەدیوە؟
لەکوێ دەواریان هەڵداوە؟ چاوی سەرنج ..
لەکوێ بدەم ،
لەکام لاوە.
…..
تەنیا ماچێک ،
ئەی سورگوڵ ،
تەنیا ماچێک و
هیچی تر تەنیا ،
م
ا
چ
ێ
ک
………….
نەوشیروان ئازاد
كوردستان




باری فریاکەوتن.. شیعر\ کەنعان مدحەت

دەمەوێ پێش کات کەوم
پێم لە نمونەی شەوە نەکەوێ
دوو دنیای جیاواز
سەر بە دوو فەرهەنگ
ئایدیا و
هەڵسوکەوتی لە یەک نامۆتر
ڕازی بە قەدەر
بۆ ئەوەی جێ پێ هەڵگر نەبم و بەشێ
لە بڕینی قوتی دارا و نازدار

حەزم دەکرد پاش کات کەوتبام
لە شارە ئەسێرەیەکی بێ نەوت و غازا
لە دایک ببام
لە قەراغە جۆگەی باخێکا
ڕەشە ڕەیحانە
لە سنگە هەورازی شاخێکا
سەنگەری ئاشتی
لەگەڵ هەڵاتنی ڕۆژیشا
دەسکە گوڵە کێویم بۆ قازی و
شێخ سەعید و شیخ مەحمو بناردبا

ببورن
پەلەمە!
کەسانێ، لە دەرگای حەوشەما
بۆ پاروویە نان
چوونەتە تکا..
پیرە پێاوێ، هێز، پشتی لێکردووە و
ناگا بە گۆچان
بۆ مژە هەوایە دەر و دەشت بکا
مناڵێ
بووکەشوشە شڕەکەی
لێی دەخوڕێ؛ ژیر و بێخەم بە
سێ مانگی دی کە موچە
لە هەوارا بار دەخا
خۆم، شیر و دایبی و لانکەت بۆ دەکڕم و
هەر بە خۆیشم پاشماوەی قنگی هەرێم دەسڕمەوە




نوخبەی شیعر بەرەو کوێ؟.. سۆران محەمەد

پێشەکی:
لە هەموو دەورو زەمانێکدا شیعری باش و خراپ بوونی بووە، ئەوەی باش بووە مانەوەی بۆ خۆی مسۆگەر کردووە، ئەوەش خراپ بووە هەر زوو لە سەردەمی نووسیارەکەیدا لە بیرچووەتەوە، لەم نێوەندەشدا شاعیری کەم بەهرە لە ژیانیاندا زیاتر دەناسرێن، چونکە دەچنە هەموو کونێكەوەو سەربە هەموو کونێکدا دەکەن بۆ ناسین، کە لێرەدا خۆیان دەبنە هۆکاری ناساندنی خۆیان وەكو شاعیر، نەك بەرهەمەکانیان ناسنامەی شاعیرێتیان پێبدات، بەڵام بە مردنیان لە بیر دەچنەوە، بە پێچەوانەی شاعیری ڕاستەقینە کە زۆرجار لە ژیانیاندا ناناسرێن و وەك پێویست بایەخیان پێنادرێت و بگرە ستەمیان لیدەکرێت و دەنگیان کپ دەکرێتەوەو دژیان دەجەنگن، بەڵام لە دوای مردنیان باس دەکرێن.
فريدريك هۆڵدرلينی ئەڵمانی (١٨٤٣ – ١٧٧٠)و شیلی ئینگلیزییش (١٧٩٢-١٨٢٢) لە ژیانیاندا وەك شاعیر سەیرنەکران، بەڵام دوای خۆیان و ئێستاشی لەگەڵدا بێت کارەکانیان جێی لێوردبوونەوەیەو کاریگەرییان بەسەر شاعیرانی ناوداری دوای خۆیانەوە جێهێشتووە، بە نموونەی ڤان کوخی هۆڵەندی(١٨٥٣-١٨٩٠) کە لە ژیانیدا تەنیا یەك تابلۆی فرۆشت و کەچی ئێستا تابلۆکانی بەهەموو ڕێگایەك هەوڵی دزینی دەدرێت لە لایەن دزە موحتەریفەکانەوە لەبەر بەها هونەریی و ماددیەکانیان.
ئەمە ئەوە ناگەیەنێت ئەم پێوانەیە بۆ هەمووان ڕاست بێت، شاعیری واش هەیە کە بەخت یاوەری دەبێت و لە ژیانی خۆیاندا بەهرەکانیان کەشف بووەو ناسراون و شاعیرە سادە نووسەکانیش لە قۆناغێك لە قۆناغەکانی نووسینیاندا هەرخۆیان ساردبوونەتەوەو وازیان هێناوەو بەرۆکی شیعریان بەرداوە، ئەوانەش کە ڕۆژێك لە ڕۆژان چەپڵەیان بۆ لێداون شتێکی ئەوتۆیان لە شیعر نەزانیوەو تەنیا دەربڕینیان لە هەستی ساتەکی خۆیان کردووە بەرانبەر ئەو شیعرە.


شیعری باش وخراپ:
لە کۆن و نوێدا زۆر باسی پێناسەی شیعر کراوەو لەگەڵ ئەوەشدا لە هەر زەمانێکدا تەرزێکی جیاواز لە شیعر ڕەواجی بووەو دواتر بە پێی پێشکەوتنی ژیان و عەقڵ و تێگەشتن و چەشەی مرۆڤ و گۆڕانکارییە هەمەکییەکان، شیعرو ستایڵ و زمانی شیعریش گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، تەنانەت زمانیش لەبەکارهێنانی ڕۆژانەیدا لەم گۆڕانکارییانەدا پشکی خۆی بەردەکەوێت.
بەڵام بۆ ئەوەی بە دەقێك بوترێت شيعر، کە قسەمان لێرەدا لەسەر (شیعری ئازاد)ه دەبێت کە چەند بنەماو خاسییەتێکی شیعر هەیە تێیدا بوونی هەبێت، تا پێی بگوترێت شیعر، لەوانە ڕەچاوکردنی زمانی شیعر کە لە زمانی ئاسایی و قسەکردن باڵاترو چڕترو مۆسیقیتره، ناکرێت لە ژێر ناوی شیعری ئازاددا هەرچییەك بنووسرێت بە شیعر ناوببرێت، بەو واتایەی خۆداماڵین لەهەموو مەرجبوونێكی شیعر و شیعرێتی بەناوی داهێنانەوە، چونکە شیعر خۆی لە خۆیدا دەربڕینێکی هونەرییە نەك ئاسایی، بۆ نموونە گەر دەقێکی دانائامێز لەسەر شێوازی ستوونی بەرهەم بهێنرێت دەکرێت ناوببرێت بە دانائامیزیی یان فەلسەفی یان هزریی یان ڕامیاری بەڵام ناکرێت ناوببرێت بە شیعر، شیعر سەلیقەو کارکردن و خرۆشاندن و تییمەو وێناندنی ئەندێشەیی پێویستە، دوور لەم جوانکارییە زمانەوانییانە خاڵی دەبێتەوە لە ڕەگەزەکانی جیاکاریی و داهێنانی شیعریی، وەك بەداخەوە لە زۆر دەقی بڵاوکراوەی ئەمڕۆدا بەرچاو دەکەون و خوێنەر لە کاتی خوێندنەوەیاندا بەر هیچ جیاوازیی و داهێنان و خۆ ماندووکردنی شاعیرەکەی ناکەوێت، ڕاستە بەهرە هەموو شتێك نییە، بەڵام شاعیری بێ بەهرە ناتوانێت شیعر بنووسێت، کە لێرەدا بونیادو تیمەی شیعر دەکرێت بە (لێشاوی بەهرە) بناسرێت کە دەرگای چوونە ناو نووسینی دەقێکی شیعرییە و ئیتر کارکردنی شاعیرەکە ڕۆڵ دەبینێت لە بەئەنجام گەیاندن و تەواوکردنی شیعرەکەداو شەونخونی بە چنین و ڕازاندنەوەی زمانەکەی و ڕەگەزە بەشداربووەکانی ناو شیعرەکە.
لە لایەکی تریشەوە دووبارەکردنەوەی کۆنەکان بە ناوی نوێخوازییەوە خوێنەری بەئاگا توشی سەرەگێژە دەکات، بۆ نموونە گەر شارل بۆدلێر یان مالارمێ بە باوکی روحی سیمبوڵییەت بناسرێت و ئارتۆر ڕامبۆ بە باوکی روحی سوریالیەت ناوزەد بکرێت، ئەوا چ هونەرێکی تێدایە ئێستا شاعرێك بێت و سیفاتی سەگانە بکاتە ناونیشانی شیعرێکی یان دیوانێكی؟ ئەوەتا ڕامبۆ لە شیعری (دیموکراتی)دا دەنوسێت:” ڕابواردنی زیاتری سەگانە ” یاخود ڕۆڵان بارت لە لاپەڕەکانی سەرەتای ڕەخنەو حەقیقەتدا سەبارەت ئەو هێرشانەی کرانە سەری لە لایەن ڕەخنەنووسی پێشین (بیکار)و هەندێکی ترەوە دەنووسێت: “دەکرێ ڕەخنەی نوێ لە ژێر ئیمپراتۆری دووەمدا دادگایی بکرێت: کە ئاوەز بریندار نەکات بە وەستان دژە ڕێسا سەرەتاییەکانی فیکری زانستی و گۆکراو، لانی کەم بەر ئاکاری گشتی نەکەوێت، لە هەموو بۆنەیەکدا تاوانبار نەکرێت بە بزواندنی هەستی جنسی، بەر ئاوەڵاو سەگیی…ئایا ئەمە مەترسیدار نییە گەر بەرانبەر ئەقڵ و هونەر و هەموو بیرێکی پێچەوانە بخرێتە گەڕ، ئەمە ترسە لە نوێبوونەوە “
دەزانم ئەم قسانە جێی ڕەزامەندی زۆر لە هەوداران و سادەنووسانی شیعر نییە، بەڵام وەکو عەلی وەردی دەڵێت: ڕۆژێك بە دراوسێکەمانم گوت: دەنگی کەڵەشێرەکەتان چیدی نایەت؟ لە وەڵامدا وتی: دراوسێکەمان دەیگوت بەیانیان دەخوێنێت بێزارمان دەکات؛ منیش سەرم بڕی..لەو کاتەوە زانیم ئەوانەی خەڵك هوشیار دەکەنەوە چارەنووسیان ئاوها دەبێت.
ڕەخنەگر دۆستی شاعیرەو لە بەرژەوەندی ئەو دەنووسێت و ماندوو دەبێت، بەڵام لای ئێمە پلاری تێ دەگیرێت و دژی دەجەگن، گەر ڕەخنە نەبێت ئەدەبی باشیش بوونی نابێت، لەبری ئەوەی کاکی شاعیر بچێت بۆ لای ڕۆژنامەوانێك تا لەسەر شیعرەکانی بنووسێت کە زۆربەی موجامەلەی بێ بنەمای زانستییە، بۆچی ناچێت بۆ لای ڕەخنەگرێك، تا پێش بڵاوبوونەوەی بەرهەمەکانی بە دەقەکاندا بچێتەوە؟ مەگەر ئەو بەرهەمانە نابنە موڵکی و لەسەری حساب ناکرێت؟
من وەك خوێنەرو موتابەعەکارێك مافی ئەوەم هەیە سەلیقەم تێك نەدرێت بە دەقی خوارو خێچ، تۆش کە شیعر دەنووسێت دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بکەیت کە شیعرەکەت بە چەشەی هەمووان ناخوات و گەدەی شیعریی هەمووان ڕەنگە پێیان هەرس نەکرێت، لە هەموو حاڵەتەکاندا ئەمە دیاردەیەکی تەندروستەو دەبێتە هۆی بەرپابوونی ئارگیومێنتی بونیاتنەرانە، مادام لە دەق بترازێت باس لە هیچ شتێکی دەرەکی و کەسێتی شاعیرەکە ناکرێت.


جەماوەری سۆشیال میدیاو جەماوەری دەقی باش:
بەرکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە پێی پێویست و لە پێناو سوود وەرگرتنی مەعریفیدا دادەنرێت بە خاڵێکی ئیجابی، بەڵکە پێداویستییەکی سەردەمیانەیە کە ئاسانکاریی بۆ بەڕێوەچوونی کاروباری مرۆڤ لەم سەردەمە خێرایەدا دەکات، بەڵام بە پێچەوانەوە گەر بۆ کات کوشتن و خۆ مەشغوڵکردنی (کاتەکانی بێ ئیشیی) بێت، ئەوا سەردەکێشێت بۆ زیانگەیاندن بە خۆو بە کەسانی تر، هەرواش زۆربەی ئەوانەی خەریکی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانەن خوێنەری سەرپێیی و خێران، بە پێچەوانەی جیهانی پڕ ڕامان و هێمن و قووڵی شیعرەوە کە پێویستی بە هەزمکردن و لێوردبوونەوەیە، من جارێك تەماشای شیعرێکی ئەو تۆڕانەم کرد بینیم ١٦ لایکی بۆ دانرابوو، کە کلیکم کرد تا دەقەکە بخوێنمەوە بینیم ١٢ جار ئەو شیعرە خوێندراوەتەوە بە منەوە! ئەمە ئەگەر بەڵگەی هەر شتێك بێت سەرەتا جەختکردنەوەی ئەو ڕاستییەی سەرەوەیە، پاشان لەوەش خراپتر؛ هەیە تەنانەت پۆستەکەش ناخوێنێتەوە لایكی دەکات و دەستخۆشی دەنووسێت، کە ئەمە لە ڕاستیدا سەرلێشێوانی شاعیرو بەلاڕێدابردنییەتی، چونکە شاعیر بەم لایك و کۆمێنت و دەستخۆشییانە هەڵدەخەڵەتێت و پێی دەخلیسکێت و وادەزانێت باشترین شاعیرەو کەچی لەولاوە گەر پیشانی کەسێکی شارەزای بدات سەیر دەکات شیعرەکەی پڕ لە هەڵەو کەموکوڕیی و کاڵوکرچییە، لێرەوە هۆکاری ئەوە دەردەکەوێت بۆچی شیعری باش کەمترین لایکی بۆ دەکرێت؟ هۆکارەکەش ئەوەیە کە ئەوە شوێنی ئەو شیعرانە نییە، چونکە خوێنەری ئەو شیعرانە لەوێدا نابینرێن، چونکە ئەوان خەریکی کات کوشتن نین بەو تۆڕە کۆمەڵایەتیانەی هەندێك کەس موعتادی بوون کە تا ئێستاش لە ئەدەب و هونەرو مەعریفە هیچ فێر نەبوون. جەماوەری هەر بابەتێك شوێن و کاتی خۆی هەیە، بۆیە گرنگە کاتێك شاعیر شیعر دەنووسێت بزانێت خوێنەرەکانی کێن؟ ئەو کاتە دەزانێت ئاستی شیعرەکەی لە کوێدایە، ڕۆژێك برادەرێك گوتی: باشترین فرۆشی کتێبی شیعر؛ شیعری مۆبایلە. باسی کتێبێکی لەو بابەتە کرد کە چۆن ٢٠ هەزار نوسخەی لێ چاپکراوەو لە بازاڕدا نەماوە، کتێبی جددیش لە ساڵێکدا ڕەنگە چەند دانەیەکی لێ بفرۆشرێت. ئەوە باسمان لەوە نییە کە بەراوردی لایکی مۆدێلەکان یان یاریچی تۆپانێ بەو شاعیرەی ١٦ لایکی بۆ کراوە بکەین و لەگەڵ ئەمەشدا کە هەمووشیان شیعرەکەیان نەخوێندووەتەوە. چ کارەساتێك هەست پێدەکەین کاتێك ببینین مۆدیلەکە سەدان هەزار لایکی بۆ بکرێت! ئەمە دیاردەیەکی کوشندەی کۆمەڵایەتییەو پێویستی بە لێکۆڵینەوەی سۆسیۆلۆژی ئەکادیمی و قووڵ هەیە کە بەرەنجامەکەی زەنگی مەترسی لێدەدات بۆ کۆتایی هاتنی سەردەمی ڕەسەنایەتی و شیعری جددی و چینی نوخبەی خوێنەران، لەو لێشاوە کوێرانەیەدا بەها ژێر پێ دەکەوێت و چی دی نابێتە جێی بایەخ، لەم دووڕیانەدا مردنی ڕاستەقینەی میللەت ڕوودەدات، بە شکستی بەرهەمی باش و دەرکەوتن و برەوی شتی خراپ. لێرەدا گرنگە مرۆڤ شوێنگەی ڕاستەقینەی خۆی بدۆزێتەوە تا نەسووتێت بە دەرد و پەتای ئەو شەپۆلە.


ئایا شیعر بە تەنیا مەعنایە؟
شاعیری ئینگلیزی تۆماس گرەی ١٧١٦-١٧٧١ لە وەسفێکی چڕی شیعردا دەڵێت:
“Poetry is thoughts that breathe, and words that burn.”
مانای: شیعر هەناسەدانی بیرۆکەکان و سووتانی وشەکانە.
وەکو زانراوەو گوتراویشە: شیعر سۆزو ئەندێشەیە، ئاماژەو نیشانەیە، چڕبوونەوەی دەلالەتە، یان تەقینەوەی چڕی هەست و نەستەکانە، کەواتە لێرەوە دەردەکەوێت کە زاراوە و زمان ڕۆڵێکی بەرچاودەگێڕێت لە سنعەتی هۆنینەوەی ئەو هەستە ناخەکیانە کە لە هیچ ژانرێکی تری وێژەییدا جێی نابێتەوەو یەکسەر لەگەڵ گیاندا یەکانگیر دەبێت کە خوێنەر پێی دەگات، جادوی خۆی لەسەری دەڕێژێت. لەم نێوەندەشدا وشەسازی و پشت بەستن بە بەش و زانستەکانی ڕەوانبێژی ڕۆڵێکی باش دەگێڕێت تا شیعر لە قسەی ڕۆژانە جیا بکاتەوەو ئەو وێنە مەجازییە شیعرییانە بكێشرێت کە بەهیچ جۆرێك کۆپی ڕاستەوخۆی واقیع نییە، بەڵکو پێکهاتەیەکی تێکەڵەو بە دەزوویەکی باریك شاعیر لەگەڵ واقیعدا گرێی دەدات و سەلیقەی داهێنان و مەیدانی کارکردنی لێرەدا دەردەکەوێت، کە تا چەندێك تازەن و چاولێکەریی و دووباەکردنەوە نین.
هەیە بۆ نموونە لە ژێر ناوی رەخنەی ڕادیکاڵی و بە تەنیا بینینی گوتارو تییمەی دەقدا هیچ لە پێکهاتە سەرەکییەکانی شیعر نابینێت و دەیەوێت ڕەخنە لە دەقێك بگرێت، هەر وەکو ئەوەی ڕەخنە لە هەڵوێست یان گوتارێکی سیاسی بگرێت، بێ ئەوەی بزانێت شاعیر تا چەند وردەکارانە، جوانییە فەرامۆشکراوەکانی ژیان دەکاتە دەقێك و دەمانهەژێنێت، ئەو دەقە پێش ئەوەی لەگەڵ ئاوەزدا بدوێ، لەگەڵ دڵ و سۆزو هەستەکانماندا دەئاخفێ.
ئەگەر بڵێین بەشێك لە پێکهاتەی هەموو زاراوەیەك مانایەو بە خستنە پاڵ یەکتری، شاعیر ڕێگای نوێ دەدۆزێتەوە بۆ دەربڕین کە پێش ئەو ئەنجام نەدراوەو لەو میانەیەدا شتێکی نوێمان بە زمانی ناڕاستەوخۆو پڕ کۆدی چڕی شیعر پێشکەش دەکات، کەواتە مانا و پەیامی پشت وشەکان بەشێكی شیعرن نەك هەموو، ئەویش دەکرێت ڕاستەخۆو ئاشکرابن یان شاراوەو ناواخندار، یان زیاد لە مانایەك لە دووتوێیاندا خۆی وەشاردبێت. بەڵام هەرگیز شیعر شەرح و ڕوونکردنەوەو درێژدادڕیی نییە، کاتێك زمانی شیعر گەیشتە ئاستی قسەی ڕۆژانە ئەوا لە هونەرکاریی خۆی دادەماڵێ و خواحافیزی لێ بکە.
ئەگەر نا، ئەوا وتاریش کە هەڵگری چەمکی مانایە، دەبوو وەك شیعر تەماشا بکرێت، یاخود پەخشان و نامەو ڕێپۆرتاژو ..تاد، بەڵام ئەوەی شیعر لەمانە جیا دەکاتەوە لە میانەی مانادا، چڕی و خەستییەکەیەتی لە شیعردا، کە ڕەنگە هەر بە ئاماژەیەك دەربڕینی لێ بکرێت، ئەمەش دەبێت لە فۆرم و ستایڵی تایبەتی شیعردا بێت نەك شتێکی تر، ئەمانە ڕاستییەکن هەر لە سەرەتای قۆناغی زارەکی فۆلکلۆری و لاواندنەوەکانەوەو تا دەگاتە کلاسیك و ڕۆمانتیك و سیمبوڵیزم و ڕیالیزم و مۆدێرن ئەو بنەما سەرەکییانەی پێشوو باسمان کردن کەم تا زۆر پەیڕەوکراون، بەڵام لە هەر قۆناغێکدا چەند لایەنێك زاڵبووە بەسەر ستایڵە شیعرییەکاندا، بۆ نموونە گەر لە قۆناغی کلاسیکدا کێش و سەرواو وەزنەکان و مەنتیق بەمەرجی سەرەکی دانرابن، بەڵام لە هەمان کاتدا هەست و هەژان و سۆزو هونەرەکانی مەجازو ڕەوانبێژی تیایاندا بوونی بووە، بەهەمان شێوەش کاتێك لێشاوی شیعری ڕۆمانتیك و شیعری ئازاد پشتی لە کێش و سەرواکردو شیعری لە هەندێك مەرج ئازادکرد کە بەکۆتی بەردەم داهێنان دەیانبینییەوە، بەڵام نەیتوانی خۆی لە مۆسیقاو ئیقاع و ڕەوانبێژی و چڕبوونەوەو وێنە ڕزگار بکات. کەواتە ئەوەی ناوەڕۆکی شیعرو هونەرەکانی تر لەیەکتر جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە لە شیعردا هزرو هەست و سۆز بەمانایەکی تر بوارەکانی(ئاوەز، دڵ، دەروون) تیایاندا ڕۆڵ دەگێڕێت لە بەرهەمهێنانیدا و هیچ یەكێکیش لەوانە نییە بە تەنیا، بۆیە لێرەوە دەتوانین بڵێین ئەستەمە پێناسەیەکی دیاریکراو بۆ شیعر دابڕێژین کە پڕاوپڕی خۆی بێت و لە چەند وشەیەکدا کورتی بکەینەوە. هەرچەندە زۆر لەم بارەوە گوتراوەو نووسراوەو هەرکەسە لە دیدو تێڕوانین و سەلیقەو تێگەیشتنی خۆیەوە تەماشای شیعری کردووە. ڕەنگە ئەمە بێت وای لە شاعیری ئەمەریکی بەناوبانگ ڕۆبەرت فرۆست کردبێت بڵێت: “شیعر ئەو هەستانەیە کە بیرۆکەی خۆیان دۆزیوەتەوە، و بیرۆکەکانیش وشەکانیان دۆزیوەتەوە”.
مەخابن ڕەنگە لەمڕۆدا نووسینی شیعری ئازاد زۆر ئاسان تەماشا بکرێت، بۆیە نووسیارانی هێند زۆربوون و شیعری کاڵوکرچ لە برەودایە، دەبوو بزانرایە بە تەنیا زانین و زانیاری بەس نییە بۆ شیعر نووسین، بەڵکو بەهرەو سەلیقەو کارکردنی لەگەڵدایە، چونکە شیعر کیمیاو فیزیا و جوگرافیاو میژوو نییە تا لەبەربکرێت و بۆ نموونە خاوەنەکەی ببێتە مێژوونووس. ئەمە بۆ ڕەخنەش هەر ڕاستە، بەوەی کەسێك لە بونیادی کەسایەتیدا وردبینی و سەلیقەی شیعریی نەبێت ناتوانێت تەنیا بە زانین ببێتە ڕەخنەگر، بەڵام لە ڕێگەی خوێندنەوەو موتابەعەکردنەوە بەهرەو تواناکانی پەرە پێدەدات.


ئێستای شیعری کوردی:
قسەم لەو لێشاوە بەربڵاوەی نووسینی شیعر نییە، بەڵام با پەنجە بۆ خیانەتکردن لە شیعر درێژ بکەین لە لایەن ئەوانەی خۆیان بە شاعیرو ڕۆشنبیرو کارمەندی دەزگاو جاپەمەنییە ئەدەبییەکان دەزانن، کاتێك دەقێکی شیعری باش دەچێتە بەردەستیان و لەبەر هەر هۆیەكی نابابەتی ڕەفزی دەکەن و لە بەرانبەردا بە چەندان هۆکار شیعری کەم ئاست دادەبەزێنن، قسەم لەوەش نییە هێشتا خۆی وەك شاعیر نەبینراوە، دەڵێت چیرۆکنووسیشم، ڕەنگە بتوانرێت گۆڤارێك بە داواکاریی وتەکلیفکردن لەم ولەو تژی لە بابەتی وەرگێڕان بکرێت و چاپ ببێت، بەڵام هەرگیز ناتوانرێت بگەیەنرێتە ئەو ئاستەی دوو شیعری کوردی داهێنەرانەو دوو ڕەخنەو لێکۆلێنەوەی موعتەبەری خۆماڵی تێدا بڵاوبکرێتەوە، لاپەڕە ڕەش کردنەوە ئاسانەو داهێنان و تازەگەریی و جیاوازنووسین لە دنیای شیعردا زۆر گرانە، هەروەها قسەمان لەوانە نییە وا دەزانن تازەگەریی لە بە بابەتکردنی شتی سەیرو سەمەرەو کەم بایەخدا چڕ دەبێتەوە، وەکو شیعر لەسەر جۆرە جیاوازەکانی مووی جەستە، یان لەویش خراپتر گوو…ببورن کە ئەو وشەیەم نووسی… شاعیرانی پێشوو هێندە شیعریان لا بەرز بووە، هەرگیز نەیانویستووە سومعەی شیعریان وا دابەزێنن و بگاتە ئەو ئاستە نزمە، گەر ویستبێتیان پلارێکیش بگرن هێند هونەریی و وەستایانەو زمانزانانە هۆنیویانەتەوە تەنانەت پلار لێگیراویش چێژی لە خوێندنەوەی بینیوە، نەك ئازار بە چەشەی خوێنەرانی شیعر بگەیەنن.
ئەگەر لای هەندێك بە تەنیا مەعنای شیعر هەموو پێوەرو شتێك بێت، ئەوا بابەتی زاڵی شەپۆلە گشتییەکە هەر سیمای ڕۆژگارەکەمانە، کە غەمباری و تەنیاییە و دەگمەنن ئەوانەی بە جیاوازی خۆیانی لێ دەدەن گەر بریار بێت خۆیانی لێ بدەن! وێڕای ئەوەی زۆرجار دەبینین یەکێتی بابەت پشتگوێ دەخرێت وهەر لە شیعرێکدا لەبابەتەوە بۆ بابەت بازبازێن دەکرێت و ئەستەمە خوێنەر بتوانێت بێ سەرەگێژە دوای ئەو هەموو بازدانانە بکەوێت و ملی نەشکێت، ئەی بۆ باسی ئەو هەموو وێنە نامەعقولە شیعرییە ناکەیت بە ناوی سوریالییەوە کە هیچ ڕایەڵێك خوازەی لێكچوو بە لەوچوو نابەستێتەوە وپاشان بە ناونیشان و تییمەی دەق، هەروا نەبوونی دنیابینی لە شیعرداو نەبوونی شێوازی شیعریی کە بیرکردنەوەو کارکردنی شاعیرەکەی دەردەخات یەکێکە لە کێشەکانی دی، ئەمانە بەڵگەن لەسەر کاری بەپەلەو بێ پێداچوونەوەی شاعیرەکەی، لە لایەکی ترەوە ڕەنگە زەمینەکە لەبار بێت بۆ ئەو جۆرە بەرهەمە لە ڕووی بوونی سیستەمی گەڕەلاوژەو جەماوەرو خوێنەری سادەو کارکردن لە واقیعێکی وا پەرپووتدا کە دەقی وای لێ شین ببێت. خاڵێکی تر لەو سیما دیارو لاوازانەی شیعری ئەمڕۆ چڕبوونەوەی مانای زاتییبوونە؛ بە پلەیەك دابڕان لەگەڵ خوینەران کە خوێنەر خۆی یان بەشێك لە خۆی لەو دەقەدا نادۆزێتەوە، بەڵی زۆربەی دەق لاوازیی تێدا هەیەو ڕەنگە لایەنی ئەرێنی و دڵخۆشکەریشی تێدا بێت، بەس گرنگە لاوازیی و هەڵەو کەموکورتییەکان زاڵ نەبێت بەسەر کۆی جەستەی کارە شیعرییەکەدا، ئەمڕۆ لێشاوی کارە بینراوەکان تەنگی بە کارە زیهنی و هەستەکییەکان هەڵچنیوە کە هۆکەی دەگەڕیتەوە بۆ برەودان بە شەپۆلی پووچی و نادانیی، وەك چۆن هێندەی لە گۆرانییەکانی ئەمڕۆدا گرنگی بە نمایش دەدرێت وەك لە دەنگ و ئاوازی ڕەسەن. هەرواش بڵاوکراوەکان وێنەیەکی گەورەو جوانی شاعیر پێش دانانی شیعرەکە دەخەن وەك ئەوەی ئەوە پێوەر بێت.


شتێك لەبارەی وێنەی شیعرییەوە:
وێنە لە فەرهەنگدا بە مانای شێوە دێت، بەڵام وێنەی شیعریی بریتییە: لە ڕێگای تایبەتی دەربڕینی شاعیرو بونیاتی زمانەوانی کە لە ڕێی دونیابینییەوە دادەڕێژرێت، لە شێوە باوەکەیەوە وێنە دەگۆڕدرێت بۆ شێوەیەکی ناباوی نوێ، ئەمەش کارلێکردنی کرداری درککردن و زمانە پێکەوە، کە ئەندێشە دروستی دەکات و هاوچوونیی و جیاوازیی تێدا هەیە لەگەڵ واقیعدا و لە پێناو دەربڕینی ئەزموونی شاعیردا بە وشە دەکێشرێت. بۆ ئەوەی ئەم باسە زیاتر ڕوون بکەینەوە، دەبیت بزانین وێنە دوو جۆری هەیە: ١- وێنەی زەینی ٢- بەرجەستە. وێنەی شیعریی زەینی ئاماژەدارە و نابەرجەستەیە. جێی باسە ئەم بابەتە کۆنەو لە مێژە شاعیران پەنایان بۆ وێنەی شیعریی بردووە، بۆ نموونە جاحیز ٧٧٦ – ٨٦٨ز، لە کتێبی (حيوان)دا دەڵێت: شیعر سنعەت و چنین و ڕەگەزی وێناندنە. ئەمەش کاری ئەندێشەکردنە. کە لای ڕۆمانتیکیەکان هەست سەرچاوەیەتی و لای سوریالی و سیمبوڵیستەکان شوێنی سەرەکی نەستە. ئەمە لەسەر بنەمای خوازەو میتافۆر بەهەم دێت و وێنەیەکی تێکەڵەمان دەداتێ کە هەڵقوڵاوی توانای ئەندێشەکردن و سۆزو دنیابینی شاعیرە.
کەواتە کرداری کێشانی وێنەی شیعریی زیهنییەو زۆرجار خواستنی سیفەتێکی دیاریکراوی شتێکەو خستنە پاڵی شتێکی ترە کە لە نێوانیاندا هاوبەشییەك هەیە، ئەمیش لە چوار ڕەگەز پێکدێت: ١-لێكچوو، ٢-لەوچوو، ٣-ئامرازی لێكچوون، ٤-ڕووی لێكچوون. هەندێكجار هەردوو ئامرازی لێكچوون و ڕووی لێكچوون لادەبرێت و بەس لێكچوو و لەوچوو دەمێنێتەوەو ئەو کاتە وریایی خوێنەر درك بەم کرداری لابردنە دەکات و میتافۆڕەکە بەهێزتر دەکات و پەی بە مانای دروستکراو دەبات، بۆ نموونە وەك ئەوەی بگوترێت (بریسکانەوەی چاوی) لە بری (چاوی وەك ئەستێرە دەبریسکێتەوە).
لێرەدا باپێكەوە دیقەتی ئەم وێنە شیعرییانە بدەین و ئەو یاسایەی پێشووی بەسەردا جێبەجێ بکەین:

نموونەی یەك/

(وەك گۆچانێك
لە کافێیەك دەڕشێمەوە)

وەك: ئامرازی لێكچوون
گۆچان: لێكچوو
ڕشانەوە: ڕووی لێكچوون
لەوچوو: ڕاناوی ـ م ـ ی من، لە (دەڕشێمەوە)دا

  • تێبینی: سەبارەت ڕووی لێكچوون: لێرەدا ناڕوونە.
    منی خوێنەر لێرەدا دەپرسم ئایا ئەم وێنەیە هی هەستە یان نەست؟ دەبێت هی نەست بێت چونکە لە ڕووی قبوڵکردن و ماقووڵبوونی وێنەکەوە دەبێ بپرسین: ئایا چ ڕایەڵێکی پەیوەندیی و خاڵی هاوبەش هەیە لە نێوان گۆچان و ڕشانەوەدا، کە لێرەدا دەمانباتە سەر لێكچوونێکی زۆر دوورتر، کە لێرەدا ناچارین و دەبێت ڕێ بە خۆ بدەین بۆ ڕاڤەکردن، بڵێین گۆچان کە دەسکەکەی چەماوەتەوە نیشانەی چەمانەوەی پشتە، ئەویش نیشانەی پیر بوونە، پاشان مرۆڤێکی پیر بهێنینە پێشچاو کە دەڕشێتەوە، چ لەبەر نەخۆشی بێت یان لەبەر پێنەکەوتنی ئەو خورادن و خواردنەوەیەی کە لە کافێدا گەدە بۆی هەرس نەکراوە. ئیتر بڕیاری شیعرێتی و بەهێزیی وێنەکە لای وەرگر جێ دەمێنێت، کە ئەزموون و سەلیقەی بڕیاری پێدەدەن.
    ……
    نموونەی دوو/

(زەمینی هەور ئێرە نییە
بۆشاییەکی کزو ساردە
چونکە خەمباریی پەنجەرەیەکی پیرە
ژیان لە دەستەکانی گەمارۆبوونی ساردبۆتەوە
لە بیردەکەم کاتژمێرەکە بشکێنم
ڕەنگە هێشتا
چنینی قوماشێك لە خەڵوز
لە ئەگەری هاتنی تۆفان
هیوایەکی باش بێت).

وێناندن لەم کۆپلەیەدا ئاوێتەیە، واتا زیاد لە وێنەیەكی تێدایەو لێتێگەشتنی کۆپلەکەو هەناسە شیعرییەکە ئاڵۆز دەکات، یەکەم دێڕ لە وێنەیەکی واقیعییەوە دەست پێدەکات: (زەمین و هەور و ئێرە) هەرسێك بەرجەستەن، پاشان دەکرێت بپرسین ئایا هەور یان ئێرە کامییان بۆشاییەکی ساردە؟ ناڵێم کز، چونکە کز بۆ تینی ڕووناکی و گەرمی بەکاردێت، گەر بگوترایە (کزە) ئەوا دەمانزانی مەبەستی لە بای ساردە.
پاشان دێینە سەر خوازە/میتافۆڕی خەمباریی؛ کە شاعیر بە پەنجەرەیەکی پیر دەیچووێنێت، دەزانین پەنجەرە ئاماژەی دیدگایە، ئیتر لە دێڕی دواتردا خوێنەر توشی ئاڵۆسکان دەبێت لە کاتی لێکدانی مانا لێکدراوەکانی (ژیان لە گەمارۆبوونی دەستەکانی ساردبۆتەوە) ئایا گەمارۆبوونی چی؟ و ئاماژەیە بە کێ؟ هەروا دەستەکانی کێ؟ پاشان گەر بگەڕێینەوە بۆ سێ دێڕەکەی پێشوو کە باسی هەورو پەنجەرە بوو. ئەم بازدانە بۆ ژیان و تەواونەکردنی ئەو دوو وێنەیەی پێشوو چ نهێنییەکی لە پشتەوەیە؟
پاشتر دێڕە شیعری (لە بیردەکەم کاتژمێرەکە بشکێنم) دێت، کە دوو مانای هەیە: بەرجەستە و ئەندێشە، بەرجەستەکە ڕوونە کە شکاندنی هەر کاتژمێرێکە، بەڵام شاعیر دیارە لەبری گوتنی زەمەن سیمبوڵی کاتژمێری بەکارهێناوە (وەك گوتمان هەردووك ئامرازی لێكچوون و ڕووی لێكچوون لابردراوە).
دواتر بەر وێنەیەکی تری سوریالی دەکەوین، کە لە قووڵایی دنیای خەون و سوریالیزمدا سەرهەڵدەدات، ئەویش چنینە لە خەڵوز، چونکە وەك زانراوە کاتێك شاعیر خوازەی دنیای هەستی بەکارهێنا و دوو زاراوەی لێکدا بۆ دروستکردنی وێنەیەکی تازەی شیعریی، دەبێت ڕووی لێكچوون لە نێوان ئەو دوو زاراوەدا هەبێت، دەزانین خەڵوز سیفەتی ڕەشێتی لێرەدا لێوەرگیراوە وەکو ڕەشبینی و دەربڕینی باری خەمناکیی، بەڵام رووی لێكچوونی لەگەڵ چنیندا نییە، چونکە لە ڕەگەزی قوماش و پێستەو هەموو ئەو شتانە نییە کە بواری چنینیان هەبێت. بەڵام خوێنەر دەتوانێت مانای ئەم دیدگایە تەواو بکات لە ڕووی ناوەڕۆك و پەیامی دەقەوە، کە شاعیر پێشبینی هاتنی خراپتر دەکات و بە تۆفان دەیچوێنێت، کەواتە هێشتا ڕەشبینی وەکو هیوایەکی باشە بە بەراورد بە ژیان لەناو ئەو تۆفان و ئاژاوەو کارەساتانەی بەڕێوەیەو شاعیر پێشبینی دەکات کە لە ئاکامی گومڕایی و لەخۆباییبوونی مرۆڤ بەرپا دەبێت.

وێنەی سێ/

(زەرفێک بارانی فێنکی حەشاردا بوو،
بێز لە دەنگی خۆی، نا
ژیان، با!
دەکردەوە).
…………..
شاعیر لێرەدا دالی (زەرف) بەکاردەبات وەکو سیمبوڵ، هەروا وەك هەوڵ و دەستپێشکەرییەك لە بەکارهێنانی ئەو زاراوانەی شاعیرانی پێش خۆی بەکاریان نەهێناوە، بەڵام بەکارنەهێنانی ئەم دالەش لە لایەن شاعیرانی پێشترەوە ڕەنگە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە بە زاراوەیەکی شیعرییان دانەنابێت! ڕەنگە ئەمە دیمەنێکی ڕاگوزەر بێت شاعیر لەسەر ڕێدا بینیبێت و لێرەدا لە وێنەیەکی شیعرییدا جێی کردووەتەوە. شایانی ئاماژەیە کە لە بەشێكی ڕۆژهەڵات بە زەرف دەڵێن دڵق، لێرەدا گرنگ نییە گەر زەرفی کاغەز بێت یان نایلۆن، بەڵام بەوەدا توانای لە خۆگرتنی بارانی هەیە ڕەنگە هی نایلۆن بێت، ئەم وێنەیە حسی و بەرجەستەی واقیعە، شاعیر سەرنجی داوە کە چۆن لە کاتی باران باریندا ئەو زەرفە دڵۆپە ئاوی لەخۆ گرتووە، کاتێك هەوا لێی دەدات دەنگێك دروست دەکات، ئەو دەنگە بەراورد دەکات بە دەنگی ژیان کە هەموو هارمۆنیەتییەکی لەم سەردەمەدا لەدەستداوە، ئیدی بڕیار دەدات دەنگی ئەو زەرفە بەرەندە بکات و لای پەسەندتر بێت وەك لە دەنگە فریودەرەکان، وەك ژاوەژاو و ئەو سەدایانەی لە کەناڵەکانی تیڤییەوە بڵند دەبن، کە ئەمڕۆ هروژمەکانی پروپاگەندەو بەلاڕێدابردن زاڵن بەسەر هەقیقەتدا لە کۆمەڵگاکاندا. پرسیارو خرۆشانی خوێنەر سەبارەت (زەرف) لەوەدایە کە چلۆن ئەو بابەتە کەمبایەخەی فڕێ دەدرێت بە بەراورد بە ژیانی هاوچەرخ، پەسەندترە بە بەراورد بە دەنگەکانی تری ژیان؟ ئەمەش درێژکردنەوەی ئەو دنیابینییە پڕ نائومێدیی و ڕەشانەی پێشووی شاعیرە بۆ ژیان کە لە کۆپلەکانی تردا فۆرمی تریان پێدرا بۆ دەربڕین لە هەمان دیدگا.
لێرەدا ئەو بەیتەی مەحویمان یاد دێتەوە کە چلۆن ئەویش لە وێنەیەکی شیعریدا خوازەی (سوراحی) ئەکتیڤ دەکات کە قێزی دێتەوە و یەع دەکات کاتێك ملی شۆڕ دەکاتەوەو ئاو دەکاتە پەرداخ بۆ هەندێك لە کەسەکان کە دەڵێت: (قەی کردنی سوراحی ئەوی تێبگات دەڵێت: دڵ تێکەڵهاتنە لەگەڵ ئەم خەڵکە تێکەڵی)..
کەواتە بەپێی تێڕوانینی بونیادگەرایی، مانا لەم کۆپلەیەدا ئەم فۆرمە گشتییە وەردەگرێت:
بچووکی مانادار………پەسەندترە……..لە گەورەی بێ مانا

نموونەی چوار/

(لە نێو شوشەیەکی دڕاودا،
پشکۆی زەمەن کۆبکەرەوە).
………
چوار دال و پنتی سەرەکی لەم کۆپلەدا هەن کە وێنە شیعرییەکەیان دروست کردووە، (شوشە، دڕاو، پشکۆی زەمەن، کۆکردنەوە). ئەمەش وێنەیەکی نەستییە، بەحوكمی ئەوەی شوشە دەشکێت، بەڵام لە تاقیگەی شاعیردا دەدڕێت؟ بەڵام بۆچی؟ گەر هەندێك بە ناتەبایی وێناندنەکەی لێكبدەنەوە، ئەوا مەبەست لە سینەی شاعیردا پەنهانەو ڕەنگە وەڵامی خۆی هەبێت بۆ ئەم گۆڕینە.
گەر وردتر سەرنج بدەین لەم کۆپلەیەدا هەموو شتەکان لە حاڵەتی نەرێنیدان، هەم دڕان یان شکانی شوشە، هەم بە خۆڵەمێش بوون کە قۆناغی دوای بڕینی درەخت و سوتان و بە پشكۆ بوونە، هەرچەندە کۆکردنەوە حاڵەتێکی ئەرێنییە، بەڵام لە کۆکردنەوەی پشكۆدا خوێنەر نیشانەی پرسیارو سڵەمینەوەی لا دروست دەبێت و دەکرێت بە ڕووەکەی تردا لێکدانەوەی بۆ بکات، وەك دەڵێن: پشكۆی شۆڕش، بەڵام لێرەدا پشكۆی زەمەنە، گەر زەمەنیش زیاتر ورد بکەینەوە کە شوێن لەخۆ دەگرێت و مێژوویەکی پێ ببەخشێن، ئەوا دەکرێت لێکدانەوەی ئەزموونی ژیانیشی بۆ بکرێت، کە ئەمەش مانا دوورەکەی وێناندنەکەیە.

پێنج/
(بوومەتە کۆیلەی بێزاریی.
لەکەلاوەی زەمەن، چرایەکی زامدارم.
هێشتانەکینێ تەنیاییەکەم، لە ئێوەدا دەنێژم)
….
لەم کۆپلەیەدا بەر چەند ئاماژەو ڕەگەزێك دەکەوین، نەك تەنیا وێنەی شیعریی، بەڵکو یەکەم دێڕ ڕەنگە هەندێك وای ببینن کە ئاخاوتنی ڕۆژانەیە، دەکرێت هەر یەکەمان وا بڵێین: (زۆر بێزارم) بەڵام کاتێك دالی (کۆیلە) بخەینە پاڵ بێزاریی ئەوا مانایەکی چڕترمان لە بێزاریی پێدەدات، لە دیوەکەی تریدا ئاماژەشە بە زۆربونی کۆیلە، چونکە شتێك لە ژینگەی شاعیردا نەبێت ئاسان نییە بەکاریبهێنێت و پەی پێ ببات و لە دەرگای شیعری بدات، مەگەر زۆر ئەندێشە بکات و بە تەواوی لە دنیای واقیع و بەرجەستەدا بچێتە دەرەوە لە کاتی نووسینی بەرهەمە شیعرییەکەیدا.
لە دێڕی دوودا جارێکی تر دەگەڕێتەوە بۆ زەمەن و ئەمجارە لەجیاتی پشکۆ، کەلاوە دەخاتە پاڵ زەمەن، تا بڵێت: لەوخەراباتە بێ ڕووناکی و تاریکەدا من وەکو ڕۆشناییەکی ئازار چەشتوو هەناسە دەدەم، چونکە وەك دەزانین چرا بریندار نابێت ( لە دنیای بەرجەستەدا برینداربوون وەسفە بۆ مرۆڤ و گیانلەبەران بەکاردێت و شکان بۆ چرا بەکاردێت) بەڵام لەبەر ئەوەی لێرەدا مانایەکی مەجازی لە پشت ئەو دەربڕینە شیعرییەوەیە بۆیە خۆی وەك چرا شوبهاندووەو بە بریندار وەسفی دەکات، بەڵام ڕەنگە ئەم مانایە پێکدادان بەرپا بکات لەگەڵ ماناکەی پێشوودا کە چۆن لەوێ بێزارو لێرەش ڕووناکی! بۆیە دەبێت شاعیر زۆر وریا بێت لە دانانی هەر وشەیەك لە شیعردا کە جێی تەواوی خۆی بێ زیادو کەم بگرێت، پاش نووسینیش چەندان جار بەسەریاندا بچێتەوە، گەر خۆی کە دانەری شیعرەکەیە درکیان پێ نەکات، دەتوانێت پیشانی کەسانی تری بدات بۆ وەرگرتنی ڕاو بۆچوونیان، پێش ئەوەی پەخشی بکات و ببێتە موڵکی و بەهەموو جوانی و ناشیرینیەکانیەوە لەسەری هەژمار بکرێت.
لە دوا دێڕدا ئەوە دەفامینەوە کە تەنیایی مەرگە، بۆیە لێرەدا ئاوها دەنێژرێت، بەڵام ناشتن لەناو خاکدا نییە بەڵکو لەناو ئەوانی مرۆڤ و قەرەباڵغييەکانیاندایە کە بەگۆڕ چووێنراون، واتا شاعیر تەنیا نییە، یان گەر تەنیاییەکەی بە جەستە بچوێنین و لەگەڵ ئەواندا بگوزەرێنێ، ئەوا ڕوحی بە دڵنیاییەوە بێزارەو هەست بە تەنیایی دەکات. ڕەنگە هەندێك بڵێت شاعیر دەیتوانی دێڕەکە پوختر بکات بە کورتبڕی زیاتروکارکردنی زیاتر لەسەری، لەبری ئەوەی بڕگەی وشەکان درێژ بکاتەوەو قورس بن لەسەر زمان و نامۆسیقی بن، بۆ نموونە دەیتوانی لە بری (هێشتانەکینێ تەنیاییەکەم، لە ئێوەدا دەنێژم) شاعیرانەتر دەبوو بڵێت (ئاوهاش تەنیاییم، تیاتان دەنێژم)، ئەمە هەربۆچوونە بۆ ڕوونکردنەوە، نەك فرمان بە گۆڕین بەم شێوەیە!

شەش/
(لە ئێسک و پروسکی گۆرانییەکی تەنیا؛
پەیکەری باڵندەی هەڵفڕیوی خۆزگەکان:
ئەو خۆزگانەی لە نێو گۆڕی فەرامۆشی
وەرزێکی تر لە مردن دەست پێدەکەنەوەو
دڵتەنگی گەمارۆی داون، بنیات دەنێنەوە)
……………..
نموونەی ئەم دواکۆپلەیەم لەبەرئەوە نەهێنایەوە، کە کەرەسەکانی وەك تەنیا، گۆڕ، دڵتەنگی ..کە هەمان دەربڕینی ناسۆری بارە دەروونییەکانی پێشترن و دووبارەن، هەروەها نیشاندەری شێوازی ڕۆچوونی شاعیرە بە دنیای سایکۆلۆژی و ئاشنا بوونی خوێنەریشە بە تییمەو بابەتی شیعریی و تەنانەت شێوازی لێکدانی وێنە مەجازییە شیعرییەکانی شاعیر، بەڵکو مەبەستی من لێرەدا ئەوەیە لێکدانی چەند وێنەیەکی شیعریی و تێکەڵ کردنیان چ ئاستەنگێك بۆ خوێنەر دروست دەکات لە هەرسکردنی وێنەکان لە چیكڵدانەی شیعرییداو چەند گران دەبێت سیفەتی ئیستاتیکی دەق بپارێزێت.
لە سەرەتا دێڕدا خۆمان لەبەردەم وێنەیەکی مەجازی دەبینینەوە کە بەخشینی سیفەتی (جەستە)یە بە (گۆرانی تەنیا)، ئەو جەستەش لە ئێسك و پروسك پێکدێت، واتا کۆتایی هاتووەو مردووەو بە تەنیا چوارچێوەکەی ماوەتەوە، پاشان وێنەیەکی هاوشێوەی ئەمەمان بۆ دەنەخشێنێت لە دێڕی دوودا، کە (پەیکەری باڵندەن) ئەم بەشەی بەرجەستەیە، بەڵام کە (خۆزگە) دەلکێنێت بە باڵندەوە دەبێتە مەجاز. کەواتە منی وەرگر وای لێدەفاممەوە، باڵندەی خۆزگەکان هەم هەڵفڕیوەو هەم مردووە، یان زۆر لاواز بووە (وەکو کورد وتەنی: هەر پێست و ئێسقانەکەی ماوەتەوە) چونکە هەر پەیکەرەکەی ماوەتەوە. پاشان لە دێڕی سێدا وێنەیەکی تری شیعریی زیاد دەکات بۆ هەمان مانای ئەو کۆپلەیە کە وەسفی شوێنگەی خۆزگەکانە و شوێنیان (گۆڕی فەرامۆشییە)، هەموو ئەو بێهیواییەو تەنیایی و خەمبارییە شوێنیان گۆڕی فەرامۆشی و لەیادچوونە، هەموو ئەو وێناندنانەی پێشووش لە دێڕی چواردا بەردەوامییان پێ دەدرێت و وەسفی خۆزگەکان دەکرێت کە نەمردوون، بەڵام وەرزێکی تریش دابێت هەر مردنە بۆ خۆزگەکان و بێتاقەتن، ئەوا ئەکشن لێرەدا ئەوەیە: پەیکەری هەڵفریوی خۆزگەکان لە ئێسک و پروسکی گۆرانییەکی تەنیا پەیکەری خۆزگەکان بنیات دەنێتەوە.
ئەمە ڕێگای تێگەیشتنی خوێنەرە بۆ ئەم کۆپلە ئاوێتەیەو بەرەنجامەکەشی ئاڵۆسکاندنی وێنەی شیعرییە، بەڵام ڕەنگە لە دڵی شاعیردا مانایەك هەبێت و بەمجۆرە توانیویەتی بیشیعرێنێت، کە ڕەنگە شاعیرێکی تر بەشێوەیەکی جیاوازترو کورتبڕانەتر بتوانێت هەمان وەسفی دۆخی ناوەکی خۆی مانا لێ بکات و دەرببڕێت. ئەمەش بواری ئازادی دنیای نووسینی شیعرو جیاوازی پەنجە مۆری مرۆڤەکانە، لەهەمان کاتیشدا شتێکی سەیر نییە چونکە تەنانەت عەبدوڵڵا گۆرانی شاعیریش جارانێك بە تەواوی نەیتوانیوە ئەندێشەو هزری جێ بکاتەوە لەناو دەقێکی شیعریی بەرهەمهێن و لەمبارەشداو لە (هەڵبەستی دەروون) دا دەڵێت:
هەرچەند ئەکەم ئەو خەیاڵەی پێی مەستم
بۆم ناخرێتە ناو چوارچێوەی هەڵبەستم
لێکدانەوەی دەروون، قســـــەی زمانم
بۆچی وەها دوورن لەیەك ؟ نازانــــم!

————————————

سەرچاوەکان:

1-Understanding Poetry. 4th edition. by: Brooks, Cleanth, Robert Warren, Wadsworth Publishing.
2- Percy Bysshe Shelley, By Bloom, Harold,
Broomall, PA : Chelsea House.2001
٣- النقد والبلاغة. شكري عياد، دار المعارف الطبعة الاولی، ١٩٩٤.
٤- ماڵپەڕی شیعریی (تەم) چەند دەقێك، نەهرۆ جەرجیس، ساڵ٢٠٢٤ .




مرۆڤی بێ پارێزبەندی*.. و. لە عەرەبیەوە: یاسین لەتیف

‏لە دەرەوەی شوورەکانی شار: مرۆڤی (بێ پارێزبەندی- Homo sacer) یان حەڵاڵکراو لە پەیکەری سەروەریدا ، لە هەوڵێکدا بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆدی سیاسەتی ڕۆژئاوا، ڕەنگە دەستبەجێ وێنەی “پەیماننامەی کۆمەڵایەتی” و سندوقەکانی دەنگدان و مافەکانی هاوڵاتیبوون بە مێشکماندا بێت، بەڵام ئەو هەڵکۆڵینە فکرییانەی کە جۆرجیۆ ئاگامبین لە کتێبە دامەزرێنەرەکەیدا ئەنجامیان دەدات، پەردە لەسەر کۆمەڵێک بناغەی زۆر خوێناویتر و تۆقێنەرتر لادەدا. سیاسەتی مۆدێرن -وەک چۆن ئاگامبین وێنای دەکات- تەنها مەیدانێک نییە بۆ دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات، بەڵکو زیاتر لە “ئامێرێکی ئەنسرۆپۆلۆژی” دەچێت کە بە بێدەنگی کار دەکات بۆ بەرهەمهێنانی جەستەگەلێکی ڕووت کراوە لە ماف، کە بە ناوی خودی یاساوە شایانی پێشێلکردنن. کەچی ئەم وێنە دیموکراسییەی دەوڵەتی مۆدێرن، هەر کە دەیخەینە ژێر “مایکرۆسکۆپی مێژوو”ـەوە، خێرا دەڕەوێتەوە، لێرەدا دەسەڵات ڕووت دەکرێتەوە بۆ ئاشکراکردنی ناوکە ڕەقەکەی، بەتایبەتیش لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ چەمکە ڕۆمانییە لێڵەکە: “مرۆڤی پیرۆز” (Homo Sacer). ئەم چەمکە لە هەناویدا پارادۆکسێکی بوونگەرایی تۆقێنەر هەڵدەگرێت . ‏چونکە ئاماژەیە بۆ ژیانێک کە لە تەرازووی ئیلاهیات و بیروباوەڕە ئاینییەکاندا هیچ بەهایەکی نییە (ناکرێت بکرێتە قوربانی بۆ خوداوەندەکان)، لە تەرازووی یاساشدا هیچ سەنگێکی نییە (ئەو کەسە سزا نادرێت کە دەیکوژێت).
ئەو بوونەوەرێکی گیرخواردووە لە “ناوچەی قەدەغەکراو”دا، بەجۆرێک کە تاکە تێکەڵبوونی لە کۆمەڵگەدا، لە ڕێگەی “دوورخستنەوەی”ـەوەیە لێی. بەو مانایەی دورخستنەوەیان لە کۆمەڵگا ،‏لێرەدا ئاگامبین ئامێرەکانی پزیشکی نەشتەرگەری دەگرێتە دەست بۆ توێکاریی پەیکەری سەروەری و ، دەریدەخات کە ئەم شێوازە کۆنەی دوورخستنەوە تەنها پارچە شوێنەوارێکی مۆزەخانەیی نییە، بەڵکو ئەو مۆدێلە شاراوەیەیە کە لە جیهانی هاوچەرخماندا حوکمی سیاسەتی ژیان (Biopolitics) دەکات.

جدەلی(دیالێکتیکی) “زۆی” و “بیۆس”:
بەسیاسیکردنی جەستەی ڕووت ، ئەو قەیرانەی کتێبەکە چاودێری دەکات، لەگەڵ وردبوونەوە لە داڕمانی کارەساتباری سنوورە جیاکەرەوەکانی نێوان دوو چەمکی یۆنانی بۆ ژیان، قووڵتر دەبێتەوە: “زۆی” (Zoē)، کە بریتییە لە ژیانی بایۆلۆژیی سروشتیی هاوبەش لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا، و “بیۆس” (Bios)، کە بریتییە لەو ژیانە سیاسییە شیاوەی هاوڵاتی لە شاردا پیادەی دەکات. ‏ئاگامبین پێی وایە کارەساتە گەورەکەی مۆدێرنیتە لەوەدایە کە دەسەڵات چیتر تەنها بە حوکم کردنی “بیۆس”ەوە ناوەستێت، بەڵکو کشاوە بۆ ئەوەی “زۆی”یش قوت بدات. ئیتر ژیانی بایۆلۆژیی ڕووت بووەتە گرەوی سەرەکی لە گەمەی سیاسیدا؛ چونکە دەوڵەتی مۆدێرن گرنگی بە تەندروستیی دانیشتووان، ڕێژەی لەدایکبوون، جینەکان و مردنی سەرێری دەدات، ئەمەش بەو مانایەیە کە جەستەمان وەک بوونەوەری زیندوو، ڕاستەوخۆ کەوتووەتە چنگی دەسەڵاتی سەروەرەوە. بەپێی ئاگامبین، و بە ئیلهام وەرگرتن لە تێزەکانی کارل شمیت سەبارەت بە “دۆخی نائاسایی”، یان دۆخی ئاوەرتە ئەو شوێنەی کە ئەم ڕاستییەی بە دزێوترین شێوە تێدا بەرجەستە دەبێت، “شار” یان “پەرلەمان” نییە، بەڵکو “ئۆردوگا” (The Camp)ـیە. ئەم ئۆردوگایە جا چ ئۆردوگایەکی دەستبەسەرکردنی نازی بێت یان ناوچەیەکی مۆدێرنی ڕاگرتنی پەنابەران ئەو فەزایەیە کە تێیدا یاسا بە شێوەیەکی هەمیشەیی هەڵدەپەسێردرێت و “دۆخی نائاسایی” تێیدا دەبێتە بنەما. لەم فەزایەدا، مرۆڤ لە هەموو سیفەتە یاساییەکانی دادەماڵرێت تا دەبێتە تەنها “ژیانێکی ڕووت” (Bare Life)، واتە پارچە گۆشتێکی زیندوو کە بەتەواوی ملکەچی دەسەڵاتی ڕەهای سەروەرە بەبێ هیچ نێوەندگیرییەکی یاسایی. ئۆردوگا ئەو شوێنەیە کە تێیدا “مرۆڤی پیرۆز” بە شێوەیەکی پیشەسازی و سیستماتیک دروست دەکرێت. ‏لەکۆتاییدا، ئەم شیکارییە ڕەچەڵەکناسییەی دەسەڵات بەرەو ڕاستییەکی ترسناک دەمانبات، ئەویش ئەوەیە کە دیموکراسییە ڕۆژاواییە مۆدێرنەکان نەک هەر دژی تۆتالیتاریزم (شمولیەت) نین، بەڵکو تۆوەکانی ئەو لە ناخی خۆیاندا هەڵدەگرن. کەلێنی نێوان هاووڵاتیی خاوەن‌ماف و “مرۆڤی بێ پارێزبەندی” یان خوێن حەڵاڵکراو (وەک پەنابەرێکی “نایاسایی”، یان نەخۆشێک لە بێهۆشییەکی درێژخایەندا، یان دەستبەسەرکراوێک لە گوانتانامۆ) کەلێنێکی زۆر لاواز و تەنکە. لەکاتێکدا دەوڵەتان لە سەمای دەستووریی خۆیان و بەباڵاداهەڵدانی مافەکانی مرۆڤ بەردەوامن، چەمکی “مرۆڤی پیرۆز” وەک ئەو سێبەرە قورسە دەمێنێتەوە کە بەدوامانەوەیە؛ ئەوەمان بیردەخاتەوە کە یاسا هەمیشە خاوەنی “دەرگایەکی پشتەوە”یە، کە ڕێگەی پێ دەدات پەلاماری “ژیانی ڕووت” بدات و، ئێمە هەموومان لە ساتی ڕاگەیاندنی باری نائاساییدا، پاڵێوراوین بۆ ئەوەی ببین بەو جەستە بێ پارێزبەندە خوێن حەڵاڵکراوەی کە بە تەنیا و بە ڕووتی لەبەردەم هەژموونی سەروەریدا ڕاوەستاوین .

——————————————
‏‏*((جەمیل سالم، لە دەرەوەی شوورەکانی شار: مرۆڤی بێ پارێزبەندی لە پەیکەری سەروەریدا، کتێبی (Homo Sacer)ی نووسەر جۆرجیۆ ئاگامبن، ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥))




جیریكو و كەڵەكی مێدوسا.. ئاكۆ عه‌بدوڵڵا

ساڵی 1816 كاتێك لەكەنارەكانی رۆژئاوای ئەفریقا كەشتییە ناودارەكەی (مێدوسا) تێكشكا نغرۆ بوو، كاپتن و ئەفسەر و كەسە دیارەكانی سەری به‌به‌له‌می فریاگوزاری، خۆیان دەرباز كرد، كە لەناویاندا حاكمی سەنیگالی داگیركراو هەبوو، بەڵام خەڵكە ئاساییەكەیان لەناو گێژاوی زەریا جێهێشت. دوای گەڕانەوەشیان هیچ باسێكی ئەوانیان نەكرد. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ له‌ناو ده‌ریا‌‌ پانزە كەس لەوانەی بەجێهێشترابوون، بەپارچە تەختە پەرت و بڵاوه‌كانی كەشتییە تێكشاوەكە كەڵەكێكیان دروست كرد و دوای نزیكەی دوو هەفتە مانەوەی ناو زەریا كە ئازاری زۆریان لەدەست برسێتی و تێنویەتی و مەترسی شەپۆڵەكان چێژت و هەندێكیشیان مردن. ئینجا بەڕێكەوت بەكەشتییەك گەیشتن و رزگاریان ده‌بێت. كاتێكیش ده‌گەڕێنەوە فەرەنسا. ئەو هەواڵە وەك بۆمبی ئابڕۆبەر هەموو ئەوروپای هەژاند. ئەوسا جیریكوی نیگاركێش ویستی ئەو رووداوە بەجۆرێك بەرجەستە بكات ببێت به‌په‌یامی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ره‌خنەش له‌‌به‌رپرسیاریه‌تی لادان بگرێت و سه‌ركۆنه‌ی ناعه‌داله‌تیش بكات. ماوه‌ی ساڵێك جۆره‌ها لێكدانه‌وه‌ و تاقیكردنه‌وه‌ی كرد. بۆ ئەو مەبەستەش سەردانی كەسانی رزگاربووی كارەساتەكەی كرد. هەروەها سەردانی نەخۆشخانەیەكی كرد تاكو تێیدا تەرمی مرۆڤی مردوو ببینێ. ئەمەو داوای لەدارتاشێكیش كرد نموونەی كەڵەكێكی بۆ دابڕێژێ. لەئەنجامدا شاكاره‌كه‌ی (كەڵەكی مێدوسا Le Radeau de La Méduse) ی كیشا و ساڵی 1819 لەپیشانگەی ساڵانەی سالۆنی پاریس هەڵواسی كە تێیدا له‌درامای كاره‌ساته‌كه‌، ئه‌و ساته‌ی هه‌ڵبژاردووە كه‌ سه‌رنشینی كه‌ڵه‌كه‌كه‌ له‌دووره‌وه‌ كه‌شتییه‌كی فریاگوزار ده‌بینن و زۆربەیان بەتاسەی كەم ئومێدانە هەوڵی ئاگادار كردنەوەی دەدەن.
تابلۆكه‌ كە شێوەیەكی هەڕەمی وەرگرتووە، پڕە لەهەڵچوون. تێیدا مرۆڤی مردوو و زیندوو و هی وه‌هاش ده‌بینرێن كه ‌له‌سه‌ره‌مه‌رگدان. لەپێناو مانه‌وەشدا‌، لەنێوانیان هه‌ست بەپاڵنان و جۆرێك له‌شه‌ڕ ده‌كرێت. هەروەها لەدیمەنەكەدا كۆمه‌ڵێك ورده‌كاری دیكە هەیە چاوی بینه‌ر كێش ده‌كه‌ن، له‌وانه‌ ئه‌و پیاوه‌ ئه‌سمه‌ره‌ی كه‌ له‌پێشه‌وه‌ی كه‌ڵه‌كه‌كه‌ په‌ڕۆیه‌ك راده‌ته‌كێنێت بۆ ئاگاداركردنه‌وه‌ی كه‌شتییه‌كه‌. ئه‌و به‌شه‌ی تابلۆكه‌ لوتكه‌ی شكۆی دیمه‌نه‌كه‌ و هێزه‌ درامیكیه‌كەیتی. لێرەدا جێگەی ئاماژە بۆ كردنە جیریكو پێداگرانە ویستویەتی تابلۆكه‌ی وێنه‌ی مرۆڤێكی ئه‌فریقی تێدابێت تاكو ببێت به‌هێما بۆ یه‌ك هیوایی هه‌موو مرۆڤ به‌بێ جیاوازی. ئه‌و كاره‌ش بۆ ئه‌وسا ئاسایی نه‌بوو. له‌لایه‌كی دیكه‌ی دیمەنەكە پیاوێكی پیر ده‌بینرێت كه‌ لاشه‌ی كوڕه‌ مردووه‌كه‌ی گرتووه‌. ئه‌مانه‌ و بەشێوەیەكی گشتی لەو كارەدا جیریكو له‌به‌كارهێنانی كاریگه‌رییه‌كانی رووناكی و تاریكی گه‌یشتۆته‌ ئه‌وپه‌ڕی و سه‌رشێتی سرووشتیشی وه‌ها ده‌رخستووه‌ كه‌ هێشتا دانه‌مركابێته‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ ده‌ڵێن هه‌موو كه‌سێك ناتوانێت به‌دیار ئه‌و شاكاره‌‌ بوه‌ستێت. بەوپەڕی ژیری كێشاویەتی تەنانەت ئەو كەشتییەی كە فریاگوزارە، لەدوور تەنیا ئالاكەی دەركەوتووە، ئەوەش بەلای ئەوانەی كە دەیانەوێت فریایان بكەون، ئەوپەڕی سەختی و كەم ئومێدییه.
ئەو شاكارە بەیه‌ك له‌كاره‌ هونه‌رییه‌ ناودار و كاریگه‌ره‌كانی چاخی رۆمانسی دادەنرێ‌. شوێنێكی گرنگیشی هه‌یه‌ لەمێژووی هونه‌ری نوێ. دوای ئەو بەرهەمە دەیان رۆمان لەبارەی چیرۆكی ئەو رووداوە نووسرا. ئەوسا مشتومڕی سیاسی لێكەوتەوە، ئەوەش هێندەی دیكە ڕقی رەخنەگران و مامۆستایانی ئەكادیمیای جولاند و جیریكویان تۆمەتبار كرد بەوەی هونەری كلاسیكی و رێسا رەسەنەكانی هونەری بەزاندووە، نەك هەر ئەوەندە بەلكو شاڵاوی توندیان كردە سەریو جیریكویان دووچاری بارێكی خراپی دەروونیی كرد، ناچار بوو ساڵی دواتر سەر هەڵبگرێ و بەرەو وڵاتی ئینگلتەرا بچێت.

نیگاركێش له‌چه‌ند ستوونێكدا:

  • جان لویس ئەندریا تیۆدۆر جیریكو ناسراو بە تیۆدۆر جیریكو Théodore Géricault ساڵی 1791 لەخێزانێكی دەوڵەمەند و بۆرجوازی شاری روانی هەرێمی نۆرماندی هاتە دونیا. ساڵی 1824 لەشاری پاریس كۆچی دوایی كرد.
  • له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی كورت بوو كه‌چی له‌بواره‌كانی نیگار و پەیكەر و دیزاینەری نەخشە بەیەك لەپێشەنگەكانی هونەری نوێ و رێبەرە بوێرەكەی قوتابخانە نوێیەكەی (رۆمانسی) ئەوسا لەفەرەنسا دادەنرێت.
  • هونەرەكەی جیریكو هەموو ئەو رەشبینییەی بەرجەستە كردووە كە لەدوای شۆڕشی فەرەنسی لەو وڵاتە هاتەئارا. لەناویشیدا راستەوخۆ رەخنەی لەڕژێمی پادشایەتی و بۆچوونی عەقڵگەرایی ئەوسا گرتووە.
  • یه‌ك له‌و نیگاركێشانه‌یه‌ كه‌زۆر شه‌یدای كێشانی دیمه‌نی ئه‌سپ بوو، زۆر حەزیشی لەتاودانی بوو، تا رۆژێك لەسەری هەڵدێرا به‌هۆیه‌وه‌ مرد.
  • جگه‌ له‌و شاكاره‌كه‌ی لێكادنه‌وه‌مان بۆی كرد كۆمه‌ڵێك تابلۆی دیكه‌ی ناوداری هه‌یه‌له‌وانه‌ (ناپلیۆن لەگۆڕەپانی شه‌ڕ، ئەفسەری نیشانە شكێنى سوارەی گاردی ئیمپراتۆری، ئەسپی خۆڵەمێشی عەرەبی، ئەسپەكان لەله‌وه‌ڕگه‌).



خاتوو محەممەدی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دەستگیرکرا.. شورش عزیز سورمێ

دەرگای زیندانەکان بۆ نەرگس محەممەدی چالاکوانی خاوەن خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ئێران کرایەوە: بە نمایشکردنی قژی ڕەشی جیاوازەوە بۆ سەرپێچیکردن لە ڕژێمی ئایەتوڵڵاکان، ئەو گەنجە تەمەن ٥٣ ساڵە گەڕایەوە بۆ قسەکردن لەگەڵ جەماوەر لە میانی ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە پارێزەرێکی مافی مرۆڤ کە لە ژێر بارودۆخێکی ناڕوون گیانی لەدەستدا. پۆلیس ناڕازی بوون و دوای لێدانی ئەو کچە دەستگیریان کرد.
ئەو پارێزەرە ناوی خوسرەو عەلیکۆردی، داکۆکیکارێکی دیار بوو بۆ چالاکوانانی زیندانیکراو و بنەماڵەی ئەو کەسانەی لە سەردەمی ڕاپەڕینەکەی ساڵی ٢٠٢٢دا کوژراون و دەستبەسەرکراون، کە دوای مردنی لە دەستبەسەری مەحسا ئەمینی سەریهەڵدا، کە بەهۆی پۆشینی حیجابەوە بە شێوەیەک کە لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە بە نابەجێی زانیبوو، دەستگیرکرا. ئەو پارێزەرە تەمەن 45 ساڵە لە نووسینگەی خۆی لە شاری مەشهەد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە بە مردوویی دۆزرایەوە، کە دەوترێت جەڵتەی دڵ بووە بەڵام لە هەلومەرجێکدا کە وایکردووە 81 پارێزەر لە نێویاندا نەسرین سۆتودە داوا لە بەرپرسان بکەن دۆخەکە ڕوون بکەنەوە. ڕێکخراوی ناحکومی مافی مرۆڤی ئێران کە بنکەکەی لە نۆروێژە دەڵێت “گومانی جددی”یان هەیە کە ئەمە “کوشتنێکی دەوڵەتی” بووە. عەلیکۆردی چەند جارێک بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی دەوڵەت” دەستگیرکرابوو و سزای زیندانیکردن و قەدەغەکردنی کارەکانی یاسایی و تەنانەت دەربەدەریشی بەسەردا سەپێنرابوو.
لە مەشهەد، لە یادی ئەو پارێزەرەدا، حەوت ڕۆژ دوای مردنی، محەمەدی مایکرۆفۆنەکەی گرت و دەستی کرد بە وتنەوەی ناوی مەجیدرەزا ڕەهنەوارد، ئەو ناڕازییە تەمەن ٢٣ ساڵەی دژە حکومەت کە لە ١٢ی کانوونی دووەم، سێ ساڵ لەمەوبەر، هەروەها لە شاری مەشهەد بە ئاشکرا لە سێدارەدرا، دوای دادگاییکردنێکی مشتومڕاوی کە تێیدا بە کوشتنی دوو بەسیج سزا درا ئەفسەران، هێزی نیمچە سەربازیی ئێران لە پێشەنگی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان، لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا. پاشان خۆپیشاندەران دەستیان کرد بە دروشمی “مەرگ بۆ دیکتاتۆر”، واتە ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی و شەڕ و پێکدادان لە گۆڕەپانەکەدا سەریهەڵدا: هێزە تایبەتەکان بە جلوبەرگی ئاژاوەگێڕییەوە، سواری ماتۆڕسکیلە ڕەشە جیاواز و هەڕەشەئامێزەکانیان بوون، هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران و بە زۆر ڕێگەیان بەناو جەماوەرەکەدا برد و “بە توندوتیژی” براوەی خەڵاتی نۆبڵیان دەستگیرکرد. یەکێک لە براکانی بەناوی حەمید، لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت: “ئەو کچە لە قاچەکانی کەوتووە و بە قژی گرتووە و کێشراوەتە سەر زەوی”. هەروەها هەشت کەسی دیکەش دەستبەسەر کران: لەنێویاندا سێپیدە غولیان، ئەو ڕۆژنامەنووسەی کە بە کتێبەکەی “یانەی نانەواکانی ئەڤین” – ڕێچکەی خۆراک بۆ “مانەوەی لە زیندان”دا گاڵتە بە ڕژیم دەکات و ئەشکەنجە و خراپ بەکارهێنان لە زیندانەکانی ئێران و هەروەها هاستی عامری، پووران نازمی و عەلیە مۆتەلەبزادە ئیدانە دەکات. دەوترێت ئێستا هەموویان لە ناوەندێکی دەستبەسەرکردندا ڕاگیراون کە پەیوەندی بە ئیتلاعاتی پاسدارانەوە هەیە لە مەشهەد.
محەممەدی، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی ٢٠٢٣ کە لەلایەن کچە دووانەکانی تەمەن ١٧ ساڵەوە کێشرایەوە، چونکە ئەو کاتە لە زیندانی ئەڤین بوو، مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوو ئاشکرای کرد کە لەلایەن “بریکارەکانی ڕژێم”ەوە هەڕەشەی کوشتنی لێ کراوە. بەڵام ئەمە ڕێگری لێنەکرد: دواجار لە ٥ی کانوونی دووەمدا، ئەو ڕۆژەی مردنی عەلیکۆردی ڕاگەیەندرا، ئەو چالاکوانە بابەتێکی ئاگرینی نووسی کە لەلایەن تایمەوە بڵاوکرایەوە. ئەو چالاکوانە بە وەبیرهێنانەوەی چوار دەیەی ناڕەزایەتی دژە حکومەت کە بە خوێنی هەزاران خۆپیشاندەر سەرکوتکراون، نووسیویەتی “گەلی ئێران ئازایەتی خۆیان نیشانداوە، بەرگەی زیندان و سانسۆر و چاودێری و فیشەک و لەدەستدانی منداڵەکانیان گرتووە، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوامن لە شەڕکردن”. ڕژێم “لە شەڕدایە دژی گەلەکەی”، بەڵام ناتوانێت شەڕی “کۆتاییهێنان بە دیسپۆتیزمی ئایینی و یارمەتیدانی سەرکردایەتیکردنی گواستنەوە لە پاوانخوازییەوە بۆ دیموکراسی” بوەستێنێت، محەمەدی ڕەشەبای وت.

شورش عزیز سورمێ




هێزو لایەنە شیعەکان لە دەورانێکی هەستیاردا!.. عوسمانی حاجی مارف

گروپە ئیسلامیە شیعەکان لە ساڵی ١٩٧٩وە وەک ئەکتەری سیاسی و ئایدیۆلۆژی کاریگەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەریان هەڵداوە.
پێش چوار دەیە، بەدوای سەرکەوتنی بزوتنەوەی ئیسلامی شیعە بە ڕابەری خومەینی لە ساڵی ١٩٧٩دا، گرووپە ئیسلامیە شیعەکان پێشوەخت وەک ئەکتەری سیاسی و ئایدیۆلۆژی کاریگەر لە ئێران، دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیان دامەزراند، دواتر لە پرۆسەیەکدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەریان هەڵداو تەشەنەیان کرد، ئیتر بوونی ئەوان تەنیا لە کایەی عەقیدەیی و تائیفی و داکۆکیکردن قەتیس نەمایەوە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ پڕۆژەیەکی سیاسی لە بەزاندنی سنورەکاندا، کە ئێران وەک دەوڵەتێکی ناوەندی بەهێز پاڵپشتی دەکات، کۆماری ئیسلامی ئێران، کە پرەنسیپی “هەناردەکردنی ئیسلامی و شیعەگەرا”ی وەک بەردی بناغەی ئایدیۆلۆژیای سیاسی خۆی گرتۆتەبەر، لەوێشەوە نەخشەی نفوزی گروپەکان شێوەیان گرت و خۆیان ناساند، لە تارانەوە تا بەغدا درێژ دەبێتەوە و بە دیمەشق و بەیروتدا تێدەپەڕێت، لە چوارچێوەی ئەوەی لە ئەدەبیاتی سیاسیدا بە “هیلالی شیعە” ناسراوە.
گروپە ئیسلامیە شیعەکان لە پێکهاتە و ڕێکخراو و ئەرکە سیاسیەکانیاندا جیاوازن، لە عێراق پارتە شیعەکانی وەک پارتی دەعوە و ئەنجومەنی باڵا و ڕەوتی سەدری و رێکخراوی بەدر بڕبڕەی پشتی سیستمی سیاسی لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ پێکدەهێنن، لە لوبنان حزبوڵڵا نوێنەرایەتی یەکگرتوترین مۆدێلی گروپە ئیسلامیە شیعەکان دەکات، کە عەقیدەی ئایینی و بەرگری و سیاسەت تێکەڵ دەکەن و دەبنە دەوڵەتێک لەناو دەوڵەتێکدا، لە یەمەن، بزووتنەوەی ئەنسار الله (حوسییەکان) بە سود وەرگرتن لە لاوازی دەوڵەتی یەمەن و پارچەبونی هێزە ناوخۆییەکان، بۆئەوەی ببێتە دیارترین باڵی ئێران لە نیمچە دوورگەی عەرەبیدا، لە بەرامبەر بەحرەین و کوەیت و سعودیەدا.
لەدوای داگیرکاری ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣، هێزە شیعەکان بوونە کاریگەرترین هێز لە پڕۆسەی سیاسیدا و خۆیان بینیەوە لەبەردەم پرسیارێکی بنەڕەتی سەبارەت بە ئایندەی حوکمڕانی لە عێراقدا. عێراق هەرگیز دەوڵەتێکی سەربەخۆی ڕاستەقینە نەبووە، دوور لە دەستێوەردانی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەیدا، بەڵکو وەک گۆڕەپانێکی کراوە بۆ پڕۆژە ناوچەیی و نێودەوڵەتیە تێکەڵاوەکان ماوەتەوە، کە زلهێزەکان هەوڵدەدەن داهاتووەکەی بەپێی حیساباتی ستراتیژی خۆیان لە قاڵب بدەن. ئەو فیدرالیزمەی وەک بژاردەیەکی سیاسی ناوخۆیی پێشنیار کراوە، تەنها بەرهەمی دیدگای لایەن و هێزە سیاسیە عێراقیەکان نییە، بەڵکو پەیوەستە بە پڕۆژە نێودەوڵەتی و هەرێمیەکان کە هەوڵی دووبارە داڕشتنەوەی سیستەمی سیاسی بەغدا دەدەن، بۆئەوەی لەگەڵ بەرژەوەندیەکانیاندا بگونجێت. ئەمریکا و ئێران و ئیسرائیل هەموویان وەک ئامرازێک مامەڵەیان لەگەڵ فیدراڵیزمی عێراق دەکرد بۆ خزمەتکردنی ئەجێنداکانیان. پرسیار لە ناوەندە گەورەکانی بڕیاردان ئەوە نەبوو کە ئایا فیدرالیزم ڕوودەدات یان نا، بەڵکو ئەوە بوو کە کەی و چۆن و کێ زۆرترین سوود لە داڕشتنی نەخشەی سیاسی عێراق وەردەگرێت، کە زیاتر بووە دەستکەوت بۆ کۆنترۆڵی دەسەڵات لە بەغدا و باشوری عێراق لەلایەن هێزە میلیشیا شیعەکان و کۆماری ئیسلامی ئێران.
لەڕووی ئابووریەوە باشوری عێراق بڕبڕە پشتی ئابوری عێراقە و زیاتر لە ٪٨٠ ی یەدەگی نەوتی عێراقی تێدایە و خاوەنی کێڵگە ستراتیژیەکانی وەک ڕومەیلە لە بەسرە و مەجنون لە میسان و ئەلغەرەف و ناسریە لە زیقار، هەربۆیە لایەنە شیعەکان زۆر جەختیان لەسەر کۆنترۆڵکردنی چاڵەنەوتەکانی باشور کرد، توانیان پشکی شێری داهاتی نەوت کۆنتڕۆڵ بکەن.
ناوچەی پارێزگاکانی باشوری بەغدا، بابل، کەربەلا، نەجەف، قادسیە، موسەننا، واست، میسان، و بەسرە لەخۆدەگرێت، بەمەش ئەو شریتە دەگرێتەوە کە لە بەغدای پایتەختەوە تا کەنداوی عەرەبی درێژدەبێتەوە. ئەم ناوچەیە ناوەندی سیاسی و ئابووری و ئایینی شیعەگەری لە عێراقدا دەگرێتەوە، لەوانە مەزارگە ئاینیە گەورەکان، دامەزراوە سەروەریەکان لە بەغدا و دەروازە سەرەکیە نەوتیەکان لە بەسرە، ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە دەوڵەمەندترین ناوچەکانی عێراق، هەروەها نوێنەرایەتی هێزێکی دیمۆگرافی بەرچاو دەکات، کە دانیشتوانەکەی لە ٢٠ ملیۆن کەس تێدەپەڕێنێت، کە زۆرینەی ڕەهایان شیعەن، کەمینە سوننە و مەسیحی، بەتایبەت لە بەغدا. ئەمەش کاریگەری لەسەر توانای حکومەت هەیە بۆ دابینکردنی بودجە، جگە لەوەش، کۆنتڕۆڵکردنی بەندەرەکانی دەریایی بەتایبەتی لە بەسرە، دەبێتە ناوەندێکی سەرەکی بۆ هاوردە و هەناردەکردن، ئەمەش ئەگەری کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکە داناوەو بووە دەستکەوتێکی گەورە بۆ هێزە شیعەکان و ئێران.
بەڵام ئەم باڵادەستی و فراوانبونە، ئێستا لەبەر ڕۆشنایی گۆڕانی خێرای دیمەنی جیۆپۆلەتیکی ناوچەی عەرەبیدا ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی سەخت بۆتەوە، وەک گۆڕانکاری لە هاوپەیمانیە ناوچەییەکان، کەمبوونەوەی ناوەندگەرایی ململانێی ئەمریکا و ئێران، گۆڕانی ئەولەویەتەکانی دەوڵەتانی کەنداو، شەری ئیسرائیل و ئێران، قەیرانی ئابوری ،هەموویان هۆکارن بۆ سنوردارکردنی نەخشەی کاریگەری شیعە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، جگە لەوەش، گۆڕانکاریەکانی ناو وڵاتانی عەرەبی، دوای زیاتر لە دوو دەیە ئەزمونی ڕۆڵی نەرێنی ئیسلامی لە حوکمڕانیدا سەلماند، هەروەها سنورداربونی ئاستی واقعی بێتوانایی ئایدۆلۆژیەکانی بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەرخست، کە سەلماندیان بەرژەوەندیە ئابوریەکانیان لە پێش هەر دروشم و بانگەوازێکی ئایدیۆلۆژی ئاینیەوەیە.
هەروەها ئەو گروپە ئیسلامیانەی دوای ڕاپەڕینەکانی بەهاری عەرەبی هاتنە سەر دەسەڵات، یان بەشداریان لە حکومەتدا کرد، و هیچ پەیوەندیەکیان بە ئیسلامی شیعەوە نەبوو، مۆدێلێکی دیکەی شکستهێنانیان لە پڕۆژەی ئایدۆلۆژی ئایینی خۆیان لە حوکمڕانیدا خستەڕوو.
لە میسر، دەسەڵاتی ئیخوان ئەلموسلمین تەنها ساڵێکی خایاند (٢٠١٢ – ٢٠١٣) پێشئەوەی لە کودەتایەکی سەربازیدا بڕوخێنرێن، لەهەمانکاتدا پڕۆژەکەیان لەگەڵ بۆچونیان بۆ پێکهێنانی دەوڵەت و واقعیەتی خواستی خەڵکدا بەریەککەوتن. لە تونسیشدا بزووتنەوەی هەستانەوە (النهظة) ڕووبەڕووی تەحەددای هاوشێوە بووەوە، چونکە ناچار بوو لە زۆرێک لە ویستە ئایدۆلۆژیەکانی پاشەکشە بکات بۆ خۆپاراستن لە ناسەقامگیری سیاسی.
شکستی مۆدێلی عێراق کە هاوپەیمانی هێزە شیعەکانە، لە ساڵی ٢٠٠٣وە تائێستا سەرکردایەتی عێراق دەکەن، دۆخی سەختی ئیسلامی سیاسی شیعە بەڕوونترین شێوە خۆی ئاشکرا دەکات. دوای زیاتر لە دوو دەیە لە دەسەڵات، حکومەتە یەک لە دوا یەکەکان شکستیان هێنا لە بنیاتنانی دەوڵەتێک کە توانای بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە و ئارامی سیاسی و بەڕەنگاربونەوەی گەندەڵی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و گەیشتن بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی هەبێت، بەجیا لەوەش سیستمەکە جەختی لەسەر ڕێکخستنێکی تائیفی کردەوە بۆ دابەشکردنی دەسەڵات، کە هێزە شیعە و کورد و سوننەکان غەنیمەتە سیاسی و ئابوریەکانیان دابەشکرد، لەکاتێکدا متمانەی هاوڵاتی عێراقی بە تەواوی لەبەرامبەر دەسەڵاتداراندا، بەو لایەنانەشەوە کە پاڵپشتی “بەهێزکردنی شیعە”یان دەکرد، زۆر دابەزی، دووبارەبوونەوەی ڕاپەڕینە جەماوەریەکان لە بەغدا و بەسرە و شارەکانی باشور، کە زۆرینەی شیعە بون، لە جەوهەردا ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینێک بوو لە دژی ئەم سیستمە میلیشیا تائیفی و نەتەوەپەرستیە.
لە لوبنان حزبولڵا هەرچەندە خۆی وەک هێزێکی بەرگری لە دژی ئیسرائیل نیشاندا، بەڵام خۆی ئاشکراکرد کە تێوەگلاوە لە ململانێ ناوخۆیی و دەرەکیەکاندا، لە چوارچێوەی ژینگەی لوبناندا خۆی قەتیس کردبو، دەخالەتی لە سوریا و عێراق و یەمەن هەبوو، بارگرانی لەسەر داڕمانی ئابووری و دابەشبوونی تائیفی بەرجەستە کردبووەوە، بو بە بەشێک لەو دەسەڵاتەی کە ئێستا جەماوەری لوبنان دژایەتی دەکات، چەکەکانی بونە بارگرانیەکی سیاسی و ئابووری لەسەر دەوڵەت و کۆمەڵگا.
لەکاتێکدا حزبولڵا ڕوبەڕوی قەیرانی ناسنامەی ناوخۆیی دەبێتەوە لەنێوان “بەرگری و دەسەڵات”دا، بەتایبەتی دوای ئەوەی بەشێکی زۆری کاریگەریەکانی لەدەست دەدات، کە بە شەڕێکی خوێناوی لەگەڵ ئیسرائیل بە تیرۆرکردنی سەرکردە باڵاکان و فەرماندە باڵاکانی مەیدان کۆتاییهات. لە ژێر ڕۆشنایی ئەم هۆکارانەدا پرسیارێکی بنەڕەتی دێتەپێشەوە، ئایا ئێمە شاهیدی کۆتاییهاتنی گروپە ئیسلامیە شیعەکانین.؟
پێوەرەکان ئەوە پیشان دەدەن ئێران سەرەڕای گوشارەکان و گەمارۆکان و دابەزینی ئاستی هاوسەنگی لە ناوچەکەدا، هێشتا خاوەنی ئامرازی کاریگەرە لە نفوز و چەک، تا ئابووری نافەرمی. بەڵام ئەو بنکە جەماوەریە ئایدۆلۆژیەی کە سەردەمانێک پاڵپشتی شیعەی ئێران و لایەنە شیعەکانیان دەکرد، بەهۆی گەندەڵی و هەژاری و تێکشکان و کورتهێنان و پوچەڵبونەوەی دروشمەکانیان لەبەرامبەر جەنگدا، دەستی بە وەرچەرخان کرد، کە چیتر ئەو لایەنانە وەک بەرجەستەی ناڕەزایەتی و بەرگریکار و دڵسۆز بۆ ئاینەکەیان نابینن، بەڵکو وەک بەشێک لە سیستمێکی شکستخواردو دەبیننەوە و لەبەرامبەریاندا ڕادەوەستن.
هەڵبەتە ئەو لایەنە ئیسلامی و تائیفیانە و کۆماری ئیسلامی ئێران دوای دوو دەیە لە ڕاگەیاندنی خەیاڵاتی ئایدۆلۆژی بۆ بنەمای بەرژەوەندی سیاسیان، دوای ئەوەی دروشمە ئاینیەکانیان، لە پانتاییەکی بەرفراوندا ڕەواجی نەما، گەرکۆتایی بەدەسەڵاتشیان نەیەت، ناچار دەبن بگەڕێنەوە بۆ شێوازێکی تر لە پێکهێنانی دەوڵەت، گەر بۆیان گونجاوبێت لە ژێر ناوی “مەدەنیەتیشدا”! نمایشێک دەکەن.
پێموایە ڕێڕەوی ئەم پرۆسەیە گەر هاتنە مەیدانی کرێکاران و جەماوەری ناڕازی وەک هێزێکی کاریگەرو بەتوانا و یەکگرتو لە مەیداندا نەبێت، ئیسلامی سیاسی شیعە لە گۆڕەپانەکەدا لە ئاستێکدا خۆی ڕادەگرێت و دەمێنێتەوە، هەوڵدەدات ڕۆڵی خۆی لە جیهانێکی عەرەبی گۆڕاودا پێناسە بکاتەوە، هەڵبەتە ململانێ و سیاسەتی ئەمریکاش لە ناوچەکەدا کۆتاییهێنان نیە بە ئیسلامی سیاسی شیعە.
لە دوا شیکردنەوەدا لۆژیکی هەر دەوڵەت و دەسەڵات و ڕابەر و هێزێکی سیاسی، کاتێك ئایدۆلۆژیەکەی بە شکست و بنبەست دەگات، بۆ ئەوەی دانەڕمێ ناچارە واقعی گۆڕانێک لە خۆیدا پیادە بکات، چونکە گەر لەسەر هەمان بنەمای ئایدۆلۆژی و دروشمە سیاسیەکانی پێداگری بکات، ناتوانێ رابەرییەکەی یا دەسەڵاتەکەی بپارێزێت.




باوک.. نەوزاد بەندی

هەرچەندە فەیلەسوفی هاوچەرخی فەڕەنسا، ژان پۆڵ سارتەر ئەڵێ : ( مردنی باوکم زۆر بە سوود بوو بۆم ! ) ئەم پێناسە ترسناکەی باوک لە لایەن سارتەرەوە، لە خواستی ئازادی ڕەهاوە سەرچاوەی گرتووە، ئەو حەزی بە ئازادییەکی بێ سنوور و بێ سانسۆر بوو، دەسەڵاتی باوکی بە گەورەترین ڕێگر دادەنا، بۆیە مەرگی باوک وەک دەسکەوتێکی گەورە تەماشا دەکا.. بەڵام ئەگەر یاسایەکی دادپەروەرانە هەبووایە، ئەکرا لێپێچینەوە لەگەڵ ئەم کەسەدا بکرێ، کە تەنانەت پێگەی فەلسەفیی خۆی خراپ به کاردێنا و..لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە خانماندا پەیوەندیی سۆزداریی هەبوو، ئەکرا به تاوانی شکاندنی داب و نەریت و سنووری ئەوانی تر و خراپ بەکارهێنانی پێگەی فیکریی، دادگایی بکرێت هەروەک چۆن هاونیشتمانەکەی، گۆستاف فلۆبیر لەسەر چەند هەڵوێستێک لەڕۆمانی مەدام بۆڤاریدا و به تایبەت لەسەر سێکشنی ناو عەرەبانەکە، دادگاییەکی دوور و درێژ کرا، بەڵام سارتەر دادگایی نەکرا.

باوک لە ڕووی زمانەوانییەوە ووشەیەکی سادەیە بەڵام لە ڕووی مانا و تێرم و ڕەهەندەوە، ڕەنگە بڵێم درێژترین زاراوەیە.. باوک واتا هەیبەت و ڕێباز و ڕەشماڵ و سۆز و بەزەیی و داڵدە و ڕێنمایی و بەرنامە و ئامۆژگاریی و پەروەردە و دەستگرۆیی و بەرگریی و سیاسەت و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و ڕاگر و سەرپەرشت و جەنگاوەر و .. زۆر شتی تر.
ئەوانەی باوکیان نییە، پێیان ئەڵێن هەتیو..ئەو وشەیە خەمگینترین ووشەیە کە تەنانەت وەک جنێویش بەکارئەهێنرێت..وەک شکاندنی کەسێک، کە بێ خاوەن و سەرپەرشت و بێ پشت و پەنایە، بەکار ئەهێنرێت.
هەر بۆیە ئەبینین ئەوانەی بێ باوک هاتوونەتە دنیاوە، کەسانیکی ئاساییان لێ دەرناچێ، چونکە لە پێگەیەکی ئاساییدا ژیانیان تێ ناپەڕێت، بەڵکو سەختی و لەڕێلادان و ئەشکەنجە و موعاناتی جۆرا و جۆر بەرۆکیان پێدەگرێ، بەو جۆرە کەسانی ترسناکی وەک ئەدۆلڤ هیتلەر یان کەسانی مەزنی وەک پێغەمبەران و داهێنەری وەک ئەدیسۆنیان لێ پەیدا ئەبێت، ئەوەیش ڕەنگە بڵێم سەرکێشییەکی گەورەیە، وەک ئەوە وایە منداڵێک فڕێ بدەیتە ناو دەریایەکەوە، زۆربەیان ئەخنکێن و کەمێکیان ئەبنە مەلەوان و دەریاوانی بەتوانا.
لەسەر ئاستی میللەتانیش، میللەتە بێباوکەکان سەرلێشێواو و بێ داهاتوون، لە ڕووی گوزەران و پەروەردە و کۆمەڵایەتییەوە داڕوخاون، داهاتوویان نادیارە و بچوکترین گۆڕانکاریی ئابووریی و تەندروستیی و سیاسیی و سەربازیی و کەش و هەوا، وێرانیان ئەکا.
بڕوانە بۆ ووڵاتانی ئەمەریکای لاتین و ئەفریقیا و ئاسیا به گشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست به تایبەتی، کە من بە ووڵاتە بێباوکەکان پێناسەیان ئەکەم، بزانە لە چ بارودۆخێکی سەخت و ئازار بەخشدا ئەژین..ساڵانە هەزارانیان لە هەوڵی سەرهەڵگرتندا لە دەریاکاندا ئەخنکێن.. ملیۆنانیشیان بێ ئیش و کار ئەسوڕێنەوە و .. ئەمەیش وا دەکات مل بدەن بۆ براکوژیی و تاوان و لەش فرۆشیی و مادە سڕکەرەکان.. لێکترازانی کۆمەڵایەتیی و هەڵوەشانەوەی خێزان و بڵاوبوونەوەی نەخوێندەواریی و کاڵبوونەوەی ڕێز و بەها بەرزەکان، بەشێکن لە دەرئەنجامی میللەتە بێ باوکەکان..ئەم ووڵاتانە لەلایەن کۆمەڵێک باوە پیارەی دڵڕەق و ناڕەسەنەوە بەڕێوە دەبرێن کە وەک بریکاری هێزە داگیرکەرە جیهانییەکان کار دەکەن و لەسەر کورسێکانیان ئەهێڵرێنەوە.. هەندێک ووڵاتی وەک باشووری ئەفەریقیا و ڕواندا و مالیزیا، دوای ئەوەی ساڵەهای ساڵ لە گێژاوی دەسەڵاتی تۆتالیتاریی و باوە پیارەییدا، تلانەوە و بوونە مۆڵگەی زوڵم و چەوسانەوە و شەڕی ناوخۆ و برسێتیی و نەزانی و دواکەوتن، بەڵام لە پڕێکدا باوکانێکی میهرەبانی وەک پاوڵ کاگامی و ماندێلا و مەهاتیر محەمەدیان تێدا پەیدا بوو، میللەتەکانیان خستە ژێر باڵی سۆز و وەفاوە، دادپەروەریی و ئازادیی و پێشکەوتنی زۆر گەورەیان بە خۆیانەوە بینی و چوونە ڕیزی ووڵاتە تەکنەلۆژیی و مۆدێرنە بەرهەمهێنەکانەوە .. هەر بۆیە لە ئاییندا ڕۆژێک لە ژیانی فەرمانڕەوایەکی دادپەروەردا بەرامبەر عیبادەتی حەفتا ساڵە..
تەماشا بکەن کارەساتێکی چەند گەورەی مرۆیی ڕوودەدات کاتێ میللەت بێ باوک ئەبێ.. کاتێ سەرخان و ژێرخانی ووڵات لەلایەن زڕ باوکەکانەوە تاڵان ئەکرێ.. کاتێ باوەپیارەکان ئەبنە خاوەنی ڕەهای خاک و خەڵکەکە و بە ئارەزووی خۆیان برسی و هەژار و بێکار و بێ داهاتوو و وێرانیان ئەکەن.
جیهان ساداتی خێزانی ئەنوەر ساداتی سەرۆکی پێشووتری ووڵاتی میسر، لە کتێبی یادەوەرییەکانیدا ئەڵێ : دوای ئەوەی سادات ڕێککەتننامەی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئیمزا کرد، ڕۆژێکیان لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ ماڵەوە، زۆر بێزار بوو، نانی بۆ نەخورا و بە تەنیا چووە ژوورەکەی. لێم پرسی : چی ڕووی داوە ؟
ووتی : من وازم لە هەموو بەها مێژوویی و ئاینییەکان هێنا و پەیماننامەی ئاشتیم لەگەڵ ئیسڕائیلدا ئیمزا کرد، لە پێناوی تێر بوون و فێربوون و ئاسودەیی و پێشخستنی میللەتی میسردا، کەچی ئەمڕۆ کونسوڵی ووڵاتانی ئەوروپا هاتوون بۆ لام، ئەڵێن ئەم ڕێککەوتنە هیچ پەیوەندییەکی دارایی و پەروەردەیی ستراتیجی بەسەر گەلانی میسرەوە نییە و تەنها پەیماننامەیەکی سیاسیە، واتا ئەبێ گەلانی میسر هەر برسی و بێکار و نەخوێندەوار و نائومێد بن. منیش پێم وتن ئەم پەیماننامەیەم بۆ خۆشگوزەرانیی و پێشخستنی میسرییەکان کردووە، مکوڕیشم لەسەر ئەوە .
ئەڵێ : کونسوڵەکانی ئەوروپا بە زاری هەڕەشەوە بە جێیان هێشتم، دڵنیام کۆتاییم نزیکە..
دوای ئەوە ئەنوەر سادات لە کاتی ئامادەبوونی لە مانۆڕێکی سەربازیدا، تیرۆر کرا.
شایانی باسە لەم چەند ساڵەی دواییدا سەردانێکی میسرم کرد، هەر میسرییەکم ئەدواند، ڕەحمەتی بۆ گۆڕی سادات ئەنارد و ئەیووت تەنها باوکی دڵسۆزی میسرییەکان، ئەنوەر سادات بوو.. تەنها لەو ماوە کورتەی فەرمانڕەوایی ئەو باوکەدا، میسرییەکان تێر بوون و هەلی کار بۆ هەمووان هەبوو، شەقامەکان پاک بوون و خەڵک ڕوو لە خۆشگوزەرانیی و گەشانەوە بوو.
بەو جۆرە وەک چۆن لە خێزانە بێ باوکەکاندا، مناڵەکان خوێندنیان ئەفەوتێ و ماڵ بە جێدێڵن و توشی ژیانێکی سەخت ئەبن و تەمەن کورت یان ئاوارە یان کەمئەندام ئەبن بە هەمان شێوە میللەتە بێ باوکەکان، سەرلێشێواو و بێ بەرنامە و بێ داهاتوو ، کارەساتبار ئەبن..زاناکانی سەری خۆیان هەڵدەگرن و نەزانەکانیشی بۆ پارووە نانێک ئەبنە جەلاد و کۆیلە و سیخوڕی باوەپیارەکان.. ئەگینا بۆچی زوها حەدید عێراق جێدێڵێت و لە ئەوروپا ئەبێتە گەورەترین ئەندازیاری تەلارسازیی جیهان ؟ بۆچی کۆچەر بیرکار کوردستان جێدێڵێ و لە ئەوروپا ئەبێتە گەورەترین زانای ماتماتیک؟ بۆچی ئەحمەد زوێل میسر جێدێڵێ و له بەریتانیا ئەبێتە گەورەترین زانای کیمیا ؟ بۆچی ستیف جۆبس لە باوکێکی سوریی ئاوارەی ئەوروپا، لە دایک ئەبێ؟ بۆچی ئیبراهیم ئەمین باڵداری دانەری ئەلف و بێی نوێ، لە تاراوگە ئەمرێ … !؟؟




دوو تێبینی لەسەر: ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.. ئەکرەم سەعید

چەند ڕۆژ لەمەوپێش ترەمپ و ستافەکەی نەخشەڕێگاێکیان بڵاوکردەوە، کە بڕێک خەونی وەنەوشەیی و ڕەخنە بوو لە وڵاتانی ئەوروپا.
تێبینی یەکەم: خەونە وەنەوشەییەکانی ترەمپ
(ئێمە بەهێزترین بنکەی پیشەسازی جیهانمان دەوێت. دەسەڵاتی نیشتمانی ئەمریکا پشت بە کەرتێکی پیشەسازی بەهێز دەبەستێت کە توانای دابینکردنی هەردوو داواکاری بەرهەمهێنانی سەردەمی ئاشتی و جەنگی هەبێت.). سەرچاوە – ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا / لاپەڕە ٤ *.
لێرەوە ئەم خەونە بەڵێنی فرسەتی کارو خۆشگوزەرانی دەدات بە خەڵکی ئەمەریکا.
بەپێچەوانەی خەونە وەنەوشەییەکانی ترەمپ و گفتەکانی، لەم چەند ساڵانەی دوواییدا جیهان بەهۆی گەشەکردنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان”ڕۆبۆرت و تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد و ئامێری خۆبزووێن”، وە بەهۆی قەیرانی سەرمایە کە ئیفلاسی زۆرێک لە کارگەکان و کەرتی خزمەتگوزاری دەرئەنجامی بووە، ڕێژەی بێکاری ڕوی لە هەڵکشانە، بەتایبەتی لە چەند ساڵی ئایندەی نزیکدا، فرسەتی کار کەم دەبێتەوە، چونکە پرۆسەی کار پێویستی بە دەستی کاری کرێکاران زۆر نامێنێ، بەتایبەتی لە وڵاتانی پێشکەوتوو لە ڕوی تەکنەلۆژیاوە(وەک ئەمەریکا و ئەوروپا،، هتد)، بەرهەمهێنان لەو وڵاتانەدا لە نێو کارگە تاریکەکان یان کارگە بێ دوکەڵەکان بەڕێوە دەچێ؛ یانی کارگەێک کە کەمترین کرێکاری تێدایە. ئیدی بەڵێنی ترەمپ بە گەڕانەوەی پیشەسازی بۆ ئەمەریکا و زیادکردنی فرسەتی کار، درۆێکی گەورەیە و لە ئەقڵی خەڵکانێکەوە هاتووە کە هێشتا وا دەزانن کارکردن لە جیهانی سەرمایەداری ئەمڕۆدا هاوشێوەی کارگەکانی ساڵانی ۱۹۰۰کانە.
ڕاپۆرتی دەزگاکان و پسپۆڕانی ئابووری بەهۆی گەشەی تەکنەلۆژیاوە باس لە زیادبوونی بێکاری دەکەن لە جیهاندا، ئیدی ترەمپ و ستافەکەی دەتوانن بە خەونە وەنەوشەییەکانی نێو نەخشەڕێگاکەیان بۆ کورت ماوە هەندێ خەڵکی فریو بدەن، بەڵام دواتر ناڕەزایەتی دژی بێکاری وەک بۆمب بە ڕویاندا دەتەقێتەوە. بێکاری بۆمبێکی کاتییە کە سەرەتا ئارام دەردەکەوێ، بەڵام لە ساتێکی دیاریکراودا دەتەقێتەوەو کۆمەڵگە دەهاژێنێ. بۆ نموونە لە وڵاتی سویدا لە چوار گەنج یەکێکیان بێکارە، کە بێگومان ئەوە کارەساتە، بەتایبەتی کاتێ وەزیری کاری ئەو وڵاتە بە کەمکردنەوەی بیمەی بێکاری چارەسەری بێکاری دەکات، لەو بڕوایەوە کە:(گورگە برسییەکان باشتر ڕاو دەکەن). بڕوانە وتاری: بێکاری بۆمبێکی کاتییە/ یان جی ئەندەرسۆن – بەزمانی سویدی **.

تێبینی دووەم: دەربارەی پەناهەندەکان
لە(ئێمە تۆمان دەوێت) بۆ ( ئێمە تۆمان ناوێت) ***
بەهاتنی ترامپ و ستافەکەی بۆ نێو کۆشکی سپی لە ئەمەریکادا، دونیا هێندەی دی ئاڵۆزو پڕ لە کێشە بووە. بەتایبەتی دەربارەی کەیسی پەناهەندەکان کە مۆڵەتی مانەوەی فەرمییان نییە، مامەلەی دەزگاکان لەتەکیان هاوشێوەی مامەلەیە لەتەک تاوانباراندا، تا ئەو ڕادەیەی هەواڵ وایە بەشێک لەو پەناهەندانە بگوازرێنەوە بۆ بەندیخانەی”گوانتانامۆ” کە جێگای تاڵیبان و داعیشییەکان بوو.
هەڵبەتە ئەمە سەرەتای شەپۆلی دیپۆرتکردنەوەی پەناهەندەکانە، کە ھێشتا شێوازێکی نەرمە، و ساڵانێکە لە بەریتانیا و سوید،، هتد، ئەم جۆرە سیاسەتە پەیڕەو دەکرێ، بە تایبەتی لە سوید هانی پەناهەندەکان دەدرێ بە گفتی بەخشینی بڕێک پوڵ، واز لە مۆڵەتی نیشتەجێبوون و پاسپۆرتەکانیان بهێنن و بگەڕێنەوە بۆ نیشتمانی یەکەمی خۆیان. بێگومان چەند ساڵی دی ژینگەی ئابووری و سیاسی و نائەمنی نێو سوید و ئەوروپا، بەشێک لە پەناهەندەکان ناچار دەکات بە کۆچ بەرەو وڵاتانێ کە لێوەی هاتوون، کە بەزۆری دەکەوێتە ئاسیاو ئەفەریکا و ئەمەریکای لاتین، واتە وڵاتانی باشووری گۆی زەوی.
هۆکاری دەرکردنی پەناهەندەکان وەک ڕواڵەت، زاڵبوونی باڵی ڕاستڕەوی توندڕەوە بەسەر فکر و سیاسەتی کۆمەڵگەو حکوماتەکانیاندا، بەڵام لەڕاستیدا بنەمای ئەم دیاردەیە هەلومەرجی ئابووری جیهانی و قەیرانەکانی سەرمایەدارییە، کە لێرەدا هەرچی پەیوەندی بە پەناهەندەکانەوە هەیە لە (ئێمە تۆمان دەوێت) بۆ (ئێمە تۆمان ناوێت)ی کردووە بە ڕێگا چارەی سەرمایەی دڕندە بۆ چارەسەری قەیرانەکانی.
زیاد لە شەست ساڵ لەمەوپێش لە سوید بە خۆشییەوە پێشوازییان لە هاتنی یەکەم شەپۆلی پەناهەندەکانی کارکردنی(یۆنانی و ئیتاڵی) دەکرد، لە نەوەدەکان بەدواوە پەناهەندەی(ئێراق، ئێران، سوماڵ، بۆسنیە، ئەفگانستان، هتد) ژمارەیان لە زیادبوون بوو. هەڵبەتە دیمەنەکە هاوشێوەیە لە وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەوروپا و ئەمەریکا.
ئەو خولە لە گەشەی سەرمایەداری هێشتا کارگەکان، بەشەکانی کەرتی خزمەتگوزاری سەرمایە پێویستی بە هێزیکار بوو، وە پەناهەندەکان دەیانتوانی ئاستی پێویست لە(سوپای یەدەکی هێزیکار/ بێکاران) لە ڕێژەێکی گونجاو بۆ قازانجی سەرمایە ڕابگرن، بۆیە(ئێمە تۆمان دەوێت) دیمەنی گشتی سەرمایەداری ئەو ساڵانە بوو.
بە گەشەکردنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان”ڕۆبۆرت و تەکنەلۆژیای زانیاری و ئامێری خۆبزووێن” لەم چەند ساڵانەی دوواییدا، وە بەهۆی قەیرانی سەرمایە کە ئیفلاسی زۆرێک لە کارگەکان و کەرتی خزمەتگوزاری دەرئەنجامی بووە، ڕێژەی بێکاری ڕووی لە هەڵکشانە، بەتایبەتی چەند ساڵی ئایندەی نزیک، فرسەتی کار کەم دەبێتەوە. بۆیە بە کورتی ئەم هۆکارانە ئابوورییانە لە پاڵ ژینگەی فکری و سیاسی دژی پەناهەندەکان، دیمەنەکەی لە بەشێکی زۆری وڵاتانی سەرمایەداریدا کردۆتە:(ئێمە تۆمان ناوێت).
(بەرەوپێشبردنی گەورەیی ئەوروپی: کاربەدەستانی ئەمریکی کە بیر لە کێشەکانی ئەوروپا دەکەنەوە، وا ڕاهاتوون لە ڕوی کەمی خەرجی سەربازی و چەقبەستوویی ئابوورییەوە لێی بڕوانن. ڕاستی لەم بابەتەدا هەیە، بەڵام کێشە ڕاستەقینەکانی ئەوروپا لەمانە قووڵترن. ئەوروپا پشکی لە بەرهەمی ناوخۆیی جیهانی عDP لەدەست دەدات(لە سەدا ٢٥ لە ساڵی ١٩٩٠بۆ لەسەدا ١٤ لە ئەمڕۆدا دابەزیوە) ،،، بەڵام ئەم دابەزینە ئابوورییە، سێبەر لەسەر ئەگەری ڕاستەقینەی سڕینەوەی شارستانی دادەنێ … سیاسەتی کۆچ کە خەریکە کیشوەرەکە دەگۆڕێ و ململانێ دروست دەکات، سانسۆرکردنی ئازادی قسەکردن و سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی، دابەزینی ڕێژەی لەدایکبوون و لەدەستدانی ناسنامەی نەتەوەیی و متمانە بەخۆبوون. ئەگەر ڕەوتەکانی ئێستا بەردەوام بن، ئەوا کیشوەرەکە لە ٢٠ ساڵ یان کەمتردا ناناسرێتەوە.). سەرچاوە – ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا / لاپەڕە ۲٥.
بەشێک لە خەڵکی پشتیوانی لەم ڕایە دەکەن کە لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، بە پاساوی ئەوەی کە مسوڵمانەکان ڕێزی کەلتوور و یاسای وڵاتانی ئەوروپا ناگرن. ڕاستی لەم قسەیەدا هەیە، بەڵام(ڕاستڕەوە توندڕەوەکان)لە ئەوروپا و ئەمەریکادا هەوڵی دیپۆرتکردنەوەی تەنها مسوڵمانەکانیان نییە، بەڵکو گشت پەناهەندەکانە. ئایا بەڵگە هەیە بۆ ئەم ڕایە؟. بەڵێ؛ بڕوانە ترەمپ یەکەم جار ئیهانەی ئەمەریکا لاتینیەکانی دەکردو داوای دەرکردنیانی دەکردن. بێگومان خەڵکی ئەمەریکای لاتین خەڵکی لیبڕال وچەپیان تێدایە و مەسیحین نەک موسڵمان. ڕاوێژکاری ئەڵەمانیا”فریدریش مێرتز”ڕەگەزپەرستانە لێدوانیداو وتی:(پەنابەران دیمەنی شارەکانی ئەڵمانیا تێکدەدەن)، مەبەستی تەنها مسوڵمانەکان نەبوو، بەڵکو مەبەستی هەرکەسێ کە لە سەنتەری شارەکاندایە و سەری ڕەشە و پێستی سپی نییە. فەلسەفەی سیاسی ڕاسیسم لە سەر بناغەی(ڕەگەز)دامەزراوە؛ ڕەگەزی ژێرمانی(یان جێرمانی – ئەڵمانی، ئینگلیزی، هۆڵەندی، سکاندیناڤی)کە(سپی پێستن و چاویان شینە و قژیان زەردە)، دروشمی ڕاسیستەکان(دەسەڵات بۆ پیاوی سپی)و باقی خەڵکی دەبێ کۆیلە بن. ۲/ سیاسەتی دژی خەڵکی موسڵمان و(ئیسلامفۆبیا)بەشێکە لە پڕوپاگاندەی ڕاسیسمەکان، دەنا ترەمپ پەیوەندی باشی هەیە بە جۆلانی و ستافە تیرۆریستەکەیەوە. هەر لە کۆنەوە لە ساڵانی ۱۹٤۰بەریتانیا کۆمەکی ئیسلامیەکانی کردوە، بەتایبەتی کۆمەکی(حەسەن بەننا)ی دامەزرێنەری برایانی موسڵمانانی کردوە، و ئەمەریکا لە ساڵانی ۱۹۸۰دژی سۆڤیەت کۆمەکی تاڵیبان و قاعیدەی کردوە، و ئەمەریکا بە دانپیانانی سەرکردەکانی خۆیان وەک(ھیلاری کڵینتن)داعشیان دروستکردوە. ڕاسیسم دژی هەموو پەناهەندەکانە و ناپرسێ تۆ چ بیروباوەڕێکت هەیە، لێرەوە سەرکوتی ئازادی و یەکسانی گشت خەڵکی لە وڵاتەکانەدا دەکات؛ لێرەدا خوێندنەوەی ئەزموونی نازیەکانی ئەڵەمانیا لە ساڵانی ۱۹۳۰- ۱۹٤٥بە سوودە بۆ تێگەیشتن لە چۆنایەتی کارکردنی سیاسەتی نازیزمەکان.
هەڵبەتە ڕۆژانە ئێمە گوێمان لە پڕوپاگاندەی دەزگاکانی حکومەتە ڕاستڕەوەکانە کە دەڵێن:(ئێمە ئەو پەناهەندانە دیپۆرت دەکەینەوە کە خۆیان ناگونجێنن لە گەڵ یاسا و کەلتووری ئەوروپا و ئەمریکا). ئەم پڕوپاگاندەیە یەکەم هەنگاوە/ یەکەم پێپلیکانەی سیاسەتی ڕاستڕەوەکانە دژی پەناهەندەکان بە گشتی و دژی یاسای هاوڵاتی بوونە. ڕاستڕەوەکان سیاسەت دەکەن؛(سیاسەتی بۆرژوازەکان بەشێکی زۆری فریودان و تەفرەقە دروستکردنە لە نێوان خەڵکی تا یەک نەگرن)، بۆیە پڕوپاگاندەکەیان لەیەکەم هەنگاویدا سەری ڕمەکەی دەکەنە ڕوی ئەو پەناهەندانەی کە(خۆیان لەگەڵ یاسا و کەلتووری ئەوروپا و ئەمریکادا ناگونجێنن)، و هەرکات ئەمەیان بۆ چووەسەر ئیدی هەنگاوی دووەم دەنێن کە دیپۆرتکردنەوەی تەواوی پەناهەندەکانە. با بپرسین ئایا کەسێ کە ڕەگەزنامەی ئەوروپی وەرگرتوە ئەو کەسە هاوڵاتی نییە؟ وە ئایا نابێ ئەگەر تاوانێکی کرد، ئەوا بەیاسای ناوخۆی دەوڵەت سزا بدرێ و لەوێکانە بەند بکرێ؟. کە حکومەت بڕیار بدات ڕەگەزنامەکەی لێدەستێنێتەوە، ئەوە بۆ خۆی پێشێلکردنی دەستور و یاسایە. خەڵکی کە ڕەگەزنامەی ئەوروپی هەیە یان لە وێکانە لە دایکبوون ئیدی ئەو خەڵکە هاوڵاتین، ناوبردن و ئیهانەکردنیان بەناوی پەناهەندەیە و سەری ڕەشە یان پێستی ئەسمەرە، و ئەگەر موخالفەی یاسا بکات دیپۆرتی دەکەینەوە، ئەوە بۆ خۆی یەکەم شێوەی سیاسەتی ڕاسیسمییە کە دژی مافی هاوڵاتیبوونە کە جێبەجێ دەکرێ. وە ئەمە هێشتا سیاسەتێکی نەرمە، چونکە ئەگەر ڕاستڕەوەکان بە تەواوەتی حوکم بکەن لە ئەوروپادا، بێگومان شێوازی زبر و خراپتر دەبینین.

پوختەی قسە:
ئەوکاتەی پەناهەندەکان لە ئەوروپا و ئەمەریکادا دەردەکرێن، لە هەمان کاتدا ئازادی و یەکسانی لەوێکانە پێشل دەکرێن.

  • National Security Strategy of the United States of America – November 2025
    ** Jan G Andersson : Arbetslösheten – en tickande bomb / 8 december 2025 – Sydöster tidning
    *** بڕوانە وتاری(وەرزی کۆچی پەناهەندەکان بەرەو باشوور – ئەکرەم سەعید/ سایتی دەنگەکان – ۲۷ شوبات ۲۰۲٥).



جیاوازی ئەزموون و شێواز و بەدواداچوونێك.. سۆران محەمەد

پێشەکی
وەکو جۆن کۆهین دەڵێت شیعر زمانە و زمانی شیعریش لادانە لە زمانی ئاسایی، گەر هەوڵی تێكشكانی زمانی ئاساییش بدرێت ئەوا بەشیوازێکی تازەتر بنیاتی دەنێتەوە، هەرچەندە لە سەدەی نۆزدەدا کە شیعری رۆمانتیکی لە ڕۆژئاوا سەریهەڵداو نازك مەلائکە لە سییەکانی سەدەی بیستدا هێنایە عێراقەوەو دوای دوو دەیە گۆران هێنایە ناو شیعری کوردییەوە، بەس وەك کۆهین زمانی شیعر تەنانەت لە زمانی پەخشانیش جیادەکاتەوەو دوەمیان بە زمانی سفری نووسین ناودەبات، لێ لەم زەمانەدا سنووری ژانرە ئەدەبییەکان هێندەی کاڵبوونەوەی بەخۆوە بینیوەو پێکداچوون تێیدا ڕ وویداوە، هێندە سنوورو جیاکارییان لە نێواندا نەماوە، ئاوهاش ئەدۆنیس زمانی شیعر بە زمانی ئاماژە ناودەبات و لەکاتێکدا زمانی ئاسایی زمانی ڕوونکردنەوەیە، ئەمەشە وا لە شیعر دەکات ئەوە بڵێت کە لە زمانی ئاساییدا نییە، کەواتە زمانی شیعر خۆی لە خۆیدا دیاردەیەکی شێوازگەراییەو شێوازی هەر شاعیرێك بریتییە لە بەشێك لە ئەزموونکردنی شیعر نووسین و کۆو سەرجەم هەوڵەکانی ژیانی دادەنرێن بە ئەزموونی هەر شاعیرێك.
وتارێكم
لە گوتاری (شیعر؛ تییمە، بیرۆکەو تەکنیك)دا کە نزیکەی ٢٥٠٠ وشەی لە خۆ گرتووە، لە مەتن و پاشکۆیەك پێکهاتووە، مەتنەکە بابەتێکی شرۆڤەکاریی شیعرە کە بە عەرەبی لەژێر سەردێڕی (الشعر ثييمة، فکرة، تقنية)دا لە رۆژنامەیەکدا بڵاومکردووەتەوە.
لەهەمان وتارداو لە پاشکۆکەدا واتا (بەرەنجام)دا ئەو بۆچوونانەم بەسەر دەقێکی شیعری شاعیر (شوان تۆفیق)دا پراکتیزە کردووە، تیایدا تەنیا بە دوو دێڕ ئاماژەم بە پێگەی ئیلکترۆنی شیعریی (تەم) کردووە کە کۆی گشتی ئەم دوو ڕستەیە ٢٧ وشەیەو بەمجۆرە هاتووە:
١- ئەو شاعیرانەی لە(تەم)دا کۆبوونەتەوە بە شاعیرانی (سەعلوك) ناو دەبەم.
٢-ئەو شاعیرانەی لە(تەم)دا کۆبوونەتەوە هەریەکە خاوەنی شێوازێکی جیای نووسینی شیعرو دنیابینی شیعرە، جیاواز لەوانی دی.

رەخنەیەك
بەڕێزێك وتارێکی نووسیوە لە ژێر ناونیشانی (ڕاكردن به‌ دوای تراویلكه‌ی ئه‌زموونی جیاوازی شیعریی!..) دژی ئەو بۆچوونەی من کە لەو دوو دێڕەی سەرەوەدا هاتووەو تیایدا نووسیویە:
(نووسه‌رێك له‌ وتارێكی درێژدا باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ هه‌موو ئه‌و شاعیرانه‌ی له‌ ماڵپه‌ڕی (ته‌م) ده‌نووسن و شیعر بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌، له‌ ڕووی ئه‌زموون و جیهانبینییه‌وه‌ شاعیری جیاوازن له‌ هه‌ر شاعیرانێكی دیكه‌).

وەڵام و تێبینییەکانی من:

ڕەنگە گەر خوێنەر ئەو دوو ڕستەیەی سەرەوەی من ورد بخوێنێتەوە مەبەستەکانی منی زیاتر بۆ ڕوون ببێتەوە کە بەمجۆرەیە:
١- بۆ ئەوەی نەکەوینە بڕیاری هەڵەوە باشتر وایە شتەکان لە شوێنی خۆیاندا ببینین و دابنێین، بۆ نموونە ئەو وتارە درێژە تایبەت نییە بە باسی (تەم)، بەڵکو لە بەشی بەرەنجامەکەدا تەنیا بە ٢٧ وشە لە کۆی ٢٥٠٠ وشە وەکو بیروڕای خۆم بەرانبەر هەوڵە شیعرییەکانی پێگەی (تەم) نووسیومە.

٢-سەبارەت ڕستەی یەکەم؛ دەربڕین و وەسفکردن و هێنانە ئارای زاراوەی (سەعلوك) لە شیعردا، هاوچوونییەك دەخاتە ڕوو لە نێوان سیماکانی ئەو شاعیرانەی قۆناغێکی کۆن و شاعیرانی ئەو پێگەیەدا، هەر ئەو سیفەتەش بوو ڕامبۆی کردە پێشەنگ لە شیعردا، کەواتە شیعری ڕەسەن دەستەمۆ نابێت.

٣- وەك لە وتارەکەدا نووسیومە هەر شیعرە و مۆرکی تایبەتی و شێوازو تێگەشتنی شاعیرەکەیەتی و پەنجە مۆری کەس بە کەس ناچێت، بەڵام شێواز دەکرێت گۆڕانکاریی و پێشکەوتن بەخۆوە ببینێت، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت هاوشێوەیی لە دنیابینی و شێوازی هەندێکدا نەبێت، من نا بەڵکو تەنانەت هەندێك لە ڕەخنەگران، شیعر بە جۆرێك لەلاساییکردنەوە وەسف دەکەن، ئیتر یا لاساییکردنەوەی سروشتە یان هی ئەوانی تر، بەڵام گرنگە شتێکی تری لێ بخولقێنرێت، واتا وەك فەلسەفە دەڵێت دوو بەرد لە یەك دەخشێنرێت لە ئاکامدا ئاگری لێ پەیدا دەبێت کە ڕەگەزێکی نوێیە.

٤- من بە هیچ جۆرێك باسی ئەزموونم نەکردووە، ئەزموون واتا کۆی هەوڵەکانی شاعیرێك، چ جای هی ئەو هەموو شاعیرەی لەو پێگەیەدا بەرهەمیان بڵاوکردووەتەوە! کە کارکردن لەسەر ئەو پنتە ساڵانێك دەخایەنێت، بەڵکو من باسی (شێواز)و(دنیابینی)م کردووە، هەردووکیشیان بەشێكن لە هەر شیعرێك، واتا هیچ شیعرێك بێ شێوازو دید و روئیا نابن. نەخاسمە ئەم زەمەنە زەمەنی تایەتمەندییەکانەو لەبری ئەوەی بە جوملە ڕەفزی ئەوانی تر بکەینەوە، پێم باش بوو کاکی نووسەر لێكۆڵینەوەی ڕەخنەیی لەسەر چەند دەقێك لەو دەقانە بنووسیایە بەو میتۆدەی خۆی باوەڕی پێیە، چونکە تەنانەت شیعری شاعیرێك لەگەڵ شیعرێکی تری خۆیدا ڕەنگە جیاواز بێت، لەکاتێکدا قەیرانی ڕەخنەی شیعریی لای ئێمە بەڕوونی دیارو بەرچاوەو ئەوەی کە دەیبینین و بووەتە مۆد زیاتر یەخەگرتنی گۆران و شێرکۆ بێکەسە، جگەلەوە شیعر بەس پەیام نییە تا ئێمە وەکو وتارێکی ڕامیاریی سەیری بکەین.
٥-ئەم گشتگیرکردنە ئەوە ناگەیەنێت خاڵی لاواز لە دەقەکاندا نەبێت، بەڵام یەك خاڵی بەهێز لەهەر دەقێکدا هەبێت بەسە بۆ چێژ وەرگرتن و بەهرەمەند بوون لێی و جۆرێك لە جیاوازبوون، چونکە شیعر لە زۆر لایەن و پنت و ڕەگەز پێکهاتووە، هەر بەڵگەش بۆ ڕاستی ئەم ڕایە ئەوەیە کە من لە وتاری (نوخبەی شیعر بەرەو کوێ؟) باسی کێشەکانی (وێنەی شیعر)م کردووە لای شاعیرێك لەو شاعیرانەی لەو پێگەیەدا شیعری بڵاوکردووەتەوەو چاوەڕوانی بەرەوپێشچوونی لێدەکرێت، جگە لەوەی لەسەر دوو شیعری تری ئەو پێگەیە لە وتاری (ئۆنتۆلۆژیاو میتافیزیکیای دەق)دا باسی خاڵی درەوشاوەی دوو دەقی شیعریی ترم کردووە.
٦-تێڕوانینەکان بەرانبەر شیعر جیاوازن، چێژو تێڕوانین وسەلیقە وقووڵبوونەوەو شارەزایی وهتد… ڕۆڵ دەبینن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ڕاکان تەنانەت بەرانبەر شیعرێكیش جیاواز بێت، بۆ نموونە عیزەدین زەکی زادە دەربارەی شیعرەکانی تەم دەنووسێت (دڵخۆشم، لەو پەیجە تا ئێستا دەقی خراپم نەدیوە)، بەڵام لە هەمانکاتدا ئاساییە بەڕێزی خاوەن وتار بەجۆرێکی تر لەشیعرەکان تێبگات و تێبینییەکەی لە خاڵی تییمای شیعردا چڕبکاتەوە و بنووسێت:( زۆر به‌ ڕوونی هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ نه‌ له‌ ڕووی جیهانبینی، نه‌ له‌ ڕووی ئه‌زموونیشه‌وه‌ ئه‌م شاعیرانه‌ نه‌ك له‌ یه‌كتر جیاواز نین، بگره‌ لاسایی یه‌كتریش له‌ ڕووی تێمای شیعری ده‌كه‌نه‌وه‌، وه‌ك بابه‌تی ڕه‌شبینی و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی نیشتمان و ڕه‌خنه‌گرتن له‌ سیاسه‌ت و پووچگه‌رایی ژیان و چه‌ندان بابه‌تی هاوشێوه‌ی دیكه‌ش. ئیدی نازانم كامه‌یه‌ جیهانبینی و ئه‌زموونی جیاواز، گه‌ر شاعیرانێك هه‌موویان هه‌مان بابه‌تیان كاوێژكرده‌وه‌؟)
٧-من خۆم هاوڕای بەڕێزی نووسەری وتار نیم و وابزانم ئەویش ڕێگەی ئەو ئازادییەم پێ بدات لە هەڵبژاردندا، لەو بڕوایەدام بەڕێزیان زۆر بڕیارێکی خێراو گشتگیری داوە بەسەر ئەو دەقە شیعریانەدا، تا بەدەقێك بگوترێت باش یان خراپ زۆر فاکتەر هەن دەبێت پێشچاوبخرێن و هەموو ڕەگەزەکانی شیعر لێکبدرێنەوەو دوایی ئایا ئەدەب پێیەکی لەناو واقیع و پێکەی تری لە ناو ئەندێشەدا نییە؟ ئایا دەبێت خەونی شاعیران سەبارەت واقیع سەرکوت و سەرکۆنە بکرێت؟ ئەی گوایا دەبێت بە (کامۆ)و (سارتەر)و(کافکا)و دەیانی تر بگوترێت هیچیان نەنووسیوەو کاوێژی یەکتری دەکەنەوە چونکە نووسینەکانیان ڕەشبینی تێدایە؟

٨-لە خاڵێکی تری نووسینەکەی بەڕێزیاندا هاتووە:
(گۆران كاتێ شیعری كوردی نوێ ده‌كاته‌وه‌، نایه‌ت وه‌ك نالی و پیره‌مێرد بنووسێت، نایه‌ت به‌ گشتی شیعری سه‌روادار، ئاسۆیی بنووسێت، به‌ڵكو زمان و ده‌ربڕین و تۆپۆگرافیا و ڕووبه‌ری ده‌قی شیعری پێش خۆی جێدێڵێت و به‌ جیهانبینییه‌كی تازه‌وه‌ شیعر ده‌نووسێت. بێگومان گۆران له‌و نوێكاریه‌دا به‌ ته‌نها نه‌بوو، به‌ڵام بۆچی ته‌نها ناوی وه‌ك وه‌ك نوێكه‌ره‌وه‌ی شیعری كوردی ، به‌ ئاراسته‌ی شیعری ئازاد دێت؟ چونكه‌ ته‌نها ئه‌و توانی سیما و خاسیه‌ته‌كانی شیعری ئازاد دابهێنێت).
پێویستە ئەو راستییە بزانرێت کە داهێنان و جیاوازبوون لە شیعردا مانای دەرچوون نییە لە کۆی ئەزموونی شیعری جیهانیی کە بوونی هەیەو لەئارادایە، ئەمە کارێکی نەك ئاستەم بگرە ڕەنگە مەحاڵ بێت، ڕەنگە لە سەدەیەکدا یەك قوتابخانەی شیعریی سەرهەڵبدا، هەر بۆ نموونە تەماشای قۆناغەکانی کلاسیکی و ڕۆمانتیکی بکە بزانە چەندان ساڵیان نێوان بووە؟ دۆخی ژیاریی کاریگەریی گرنگ لەوبوارەدا دەگێڕێت، نازانم گەر بەڕێزیان لە (زمان و ده‌ربڕین و تۆپۆگرافیا!)دا بیبینن ئەوە ڕای خۆیانە. بەڵام ئەو تێگەشتنەی سەبارەت بەوەی کە دەبێت وەکو گۆران بکەین تا جیاواز بین ڕەنگە کەمێك پێداگیری تێدا بێت، ئەمە وێڕای ئەوەی گۆران خاسیەتەکانی شیعری ئازادی دانەهێنا وەك نووسیویەتی، بەڵکو گۆران گواستییەوە بۆ ناو ئەدەبی کوردی کە پێشتر لە ئەدەبی ڕۆژئاواو دوایی عەرەبی پێی دەنووسران، بەڵام سەلیقەی شیعریی گۆران زۆر شاعیرانە بەرجەستە بوو لەگەڵ ئەو قوتابخانەدا و ناوی ئەو بە پێشەنگ هێنرا.

٩-من سوپاسی بەڕێز نووسەری بابەت دەکەم و پێی دەڵێم: ئافەرین بوێریی سیفەتێکی گرنگی نووسینە، با ڕاکانیشمان لێکتر جیاواز بێت، چونکە گەر بابەتێك نەهروژێنرێت هیچ وتوێژێك نایەتە گۆڕێ و ڕەنگە مەودای لێك تێگەشتن زۆر لێك دووربخاتەوە، جارێکی تر سوپاسی دەکەم کە چەندان ساڵە دڵسۆزانە بە دوای وشەدا وێڵەو دەیەوێت خزمەت بە بوارە جیاوازەکانی فەرهەنگی کوردی بکات و لە زۆر بواردا دەنووسێت، بێگومان تا چەندێکیش نووسەر قووڵتربێتەوەو بە مەعریفە پڕ چەك بێت و بە زمانی تر بخوێنێتەوەو بەدواداچوونی هەبێت هێندە گوتارەکان پشت ئەستورتر دەبن بە بەڵگەو سەلماندن و شارەزایی زیاتر.

دوماهیی
لە کۆتاییدا حەز دەکەم ئەو ڕاستییە بڵێم کە نووسینی ئەو ٢٧ پیتەی من لە وتارەکەمدا سەبارەت هەوڵە شیعرییەکانی پێگەی (تەم) مانای ئەوە نەبوو هەموو ئەو وشانەی لەوێدا دەنووسرێن لە ڕووی شیعرەوە هاوڕایان بم، بەڵام من وەك موتابەعەکارێك کە حەز بەسەرودەری شیعر دەکەم، بەشێوەیەکی گشتی باسم کردوون و لە ڕاستیشدا گەر بە ویژدان بم دەبێت دان بەوەدا بنێم ئەو شیعرانە زۆر هەوڵی جوانن و بگرە زۆر لە نوخبەی شیعرنووسانی ئەم نەوەیە لەوێدا دەنووسن، هیچ پەیوەندییەکیش من نابەستێتەوە بە (تەم)ەوە جگە لە موتابەعەکردن و جارجاریش نووسینی شیعر، بەڵگەشم بۆ ئەم قسەیە وتارێکی ڕەخنەییمە کە لە بواری زمانەوە سەبارەت بە هەوڵی شیعریی سەرپەرشتیاری پێگەکەیە، لە ماوەیەکی کەمدا لە بڵاوکراوەیەکی کاغەزیدا چاپ دەبێت، کە ئەوە دەسەلمێنێت پێوەریی هاوڕێتی لای من هەرگیز نابێتە هۆی ئەوەی بڕیارو تێڕوانین و چێژی شیعرم لا شێلو بکات.
………………………………………………..
تێبینی/ وەڵامی ئەو بابەتەی له‌ ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر ژماره‌ ( 4354) له‌ 14/8/2025 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌




جیلی تەم.. بە پێنووسی: ڕێبوارعوسمان یاسین

مستەفا سەباعی هزرڤان لە وتەیەکی بەناوبانگدا دەڵێت: گەر خامە کەوتە دەستی نەفام و چەك لە دەستی تاوانکارو دەسەڵات لە دەستی ناپاکدا بوو، ئەوا نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵێك و کەڵکی ژیانکردنی نامینێت.
ئەم زۆرانبازییە مێژووییەی نێوان ڕاستی و ناڕاستی، ستەم و داد، دەسەڵات و ڕۆشنبیر جەدەلێکی مێژوویی لەخۆ دەگرێت، زۆرانبازییەکەش زۆر شێوەی جۆراوجۆر بەخۆوە دەبینێت، بەڵام هەرگیز نابێت ئەوەمان لە بیر بچێت بڕیارو وشەی زاڵ هەمیشە پێوەر نییە بۆ ڕاست و دروستی بێژەرەکەی، بەو مانایەی : هەمیشە مێژوو بەهێز دەینووسێتەوە، بەڵام کەمینەی ئەوانەی لە دەرەوەی ئەو بازنەیە بوون، هەرچەندە توانای ماددییان نییە، مانای ئەوە نییە چەوت بن و دەبێت سەرکۆنە بکرێن.
وەك چۆن لە کۆمەڵگا پاشکەوتووەکاندا هەر کەسێك دەستی خامەی گرت دادەنرێت بە ڕۆشنبیر، بەڵام ئەم تێڕوانییە گەر جارانێك ڕێژەیی بێت ئەوا جارانێکیش سەر لەبەری ڕاست نییە و ڕەنگە کەسی خامەبەدەست پێچەوانەی ڕۆشنبێرێتی بنووسێت و بجوڵێت.
بەتایبەتی وەك ئەفلاتۆن دەڵێت: زۆرینەی خەڵك لە دیدگای دەسەڵاتەوە شەڕەنگێزن.
ئەوا زۆر ئاساییە ئەو ڕەهاییەی پێوەری دەسەڵاتەکان، کە سەرچاوەی مانەوەو هێزی خۆی لە زۆر ڕووەوە زامن کردووە جێی مشتومڕو وتوێژ بێت، بۆیە ئاوها بە متمانە بەخۆبوون و ڕاشکاوانە دژی خاوەن فیکرو داهێنان وهاونیشتمانینانی خۆیان دەکەونە سەنگەرەوە.
هەرچەندە وەك نعۆم چۆمسکی دەڵێت: ڕۆشنبیری ڕاستەقینە هەڵگری حەقیقەتە بە ڕووی هێزدا. بەڵام مەخابن لە ژینگەی دەسەڵاتە تۆتالیرەکاندا، کە کۆمەڵگای ئێمەش بەشێکە لەو ژینگانە، دەسەڵات سوپایەك لە خامە بەدەستان لەدەوری خۆ دەکاتەوە بۆ ڕەوایی دان بە بوونیان و ڕەفتارو دروشمەکانیان.
کێ هەیە نەزانێت لە کوردستان دەرکردنی گۆڤارێك یان ڕۆژنامەیەك یان دروستکردنی دەزگایەك یان بنکەیەکی ڕۆشنبیریی یان کەناڵێکی ڕاگەیاندن و تاد… تێچوونی ماددی گەرەکەو ئەمەش لە توانای بابای نووسەری بێ کارو بێ داهاتدا نییە، بگرە بەشێك لەو میدیایانەی دەسەڵات و سێبەریش پاداشت دەدەن بە نووسەرەکانیان، ئەوانیش لەبەرانبەردا هاوسۆزی خۆیان لە نووسینەکانیاندا بە جۆرێك لە جۆرەکان بۆ ئەو دەزگاو بڵاوکراوانە و دیدو ئایدیاکانیان دەدەبڕن، جا یان ڕاستەوخۆ ئۆرگانی حیزبین، یان میدیای سێبەرن و خۆیان بە ئازاد ناوزەد دەکەن، بەڵام بە پرسیارێکی ئاسان دەتوانین ڕاستی و ناڕاستی ئەو وەڵامە چنگ بخەین کە سەربەخۆن یان نا؟ کاتێك بپرسین سەرچاوەی داهاتتان لە کوێوە وەردەگرن؟
لە هەمان کاتدا لێرەو لەوێ چەند هەوڵیکی بچووکی تاکەکەسی هەن کە داهاتی ماددی زۆریان تێناچێت، وەك بەڕێوەبردنی پێگەیەکی ئەلەکترۆنی، کە لەبەردەستی زۆر کەسدایە. بەڵام کێشەکە ئەوەیە دەسەڵات چاوی بەو هەوڵە تاکە کەسیانەش هەڵنایەت و گەر هیچیان بەرانبەر نەکرێت، ئەوا فەرامۆش دەکرێن و پەراوێز دەخرێن و دەخرێنە لیستی ڕەشەوە، ئیدی وردە وردە کاتێك بێلایەنییان دەردەکەوێت و ئاوازیان لە گەڵ کۆڕاڵی دەسەڵاتدا یەکنایەتەوە دەخرێنە بەر پلارو هێرشی ناڕەوای خامە بەدەستانی میدیای سێبەر.
یەکێك لەو مالپەرە جوان و وێژەییانەی ڕەوتێکی بێلایەنی هەیەو هیچ پەیوەندی بە پۆڵەتیك و دەسەڵات و کاروباری سیاسەتەوە نییە، ماڵپەڕی شیعری (تەم)ـه، چەند شاعیرێکی لاو بەرهەمەکانیانی تێدا بڵاو دەکەنەوەو سوود لە ئەزموونی یەکتری دەبینن و تێیدا ڕەوتی وێژەو شیعری کوردی هاوچەرخ تاووتوێ دەکرێت و بەهۆیەوە پێشدەکەوێت، تەنیا ئەوەی کۆیان دەکاتەوە شیعرەو هیچ ناسینێکی پێشوەختە لە نێوانیاندا بوونی نییە، بە حوکمی ئەوەی هەریەکەو لە ناوچەیەکەوە دەنووسێت و هەست و نەستی خۆیانی تێدا دەئافرێنن.
شیعر کە ئەرستۆ سەبارەتی دەڵێت:زۆر لە مێژوو فەلسەفئامێزترە، چونکە مێژوو مامەڵە لەگەڵ چەندەکیدا دەکات و شیعر مامەڵە لەگەڵ هەمەکیدا دەکات. یان وەك پاتریك لویس ئاماژەی پێدەکات: شیعر تونێلێکی تری ڕووناکییە. لە کاتێکدا سۆمەرست مۆم بە تاجی ئەدەب ناوی دەبات و بە باڵاترین ئاستی دەربڕینی هۆش دایدەنێت.
کەی ڕەوای حەقە پلار بگیردرێتە ئەو هەوڵانەی کە بێ دەسکەوتی ماددیی بە دوای خزمەتکردندا دەگەڕین و ماندوو و دەبن و شەونخونی دەچێژین.
لەم دواییانەدا نووسەرێك لە ڕۆژنامەی (هەولێر)ەوە ئاوها پلاردەگرێتە ئەو شاعیرانە و دەنووسێت: (بگرە لاسایی یەکتریش لە ڕووی تێمای شیعری دەکەنەوە، وەك بابەتی ڕەشبینی و رەتکردنەوەی نیشتیمان و ڕەخنەگرتن لە سیاسەت و پووچگەرایی ژیان و چەندان بابەتی هاوشێوەی دیکەش، ئیدی نازانم کامەیە جیهانبینی و ئەزموونی جیاواز، گەر شاعیرانێك هەموویان هەمان بابەتیان کاوێژ کردەوە؟).
سەرەتا پێویستە ئەوە بگوترێت کە قسەکردن لەسەر شیعر باشترە بۆ ئەهلی ئەو هونەرە جێبهێڵین، بەڵام وەك چۆن کاکی ڕۆژنامەوان ئەم ڕایەی دەربڕیوە، منیش وەك خوێنەرێك دەبێت ئەوە بڵێم کە شیعر دنیایەکی زۆر بەرفراوانترە لەوەی بە چەند وشەیەك پێناسەی بکەین، ئەوانەی دەنووسرێن تەنیا تێڕوانین و تێگەشتنی ئەو کەسانەیە بۆ شیعر، لەبیرمان نەچێت شیعر لەگەڵ سەرهەڵدانی مرۆڤدا بوونی هەبووەو دەربڕینێکی هونەرییەو هەست و سۆز تیایدا دەستلەملانی تێما دەبێت و مانای قووڵ لە چەند زاراوەیەکی هونەریی چڕدا لە خۆ کۆدەکاتەوە، کاریگەری و خرۆشان لە ناخدا بەرپا دەکات. جۆروشێوەی ئەم هونەرە ڕەوانبێژییە هێندە بەربڵاو و هەمەڕەنگە هەرگیز ناتوانرێت بە چەند وشەیەك هێلێكی ڕاست وچەپ بەسەر ئەو پێکهاتە هزریی و هەستەکی و زمانەوانییانەدا بهێنرێت گەر بمانەوێت بە ویژدانەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەین.
با بوار بەو شاعیرو لاوە خێرلەخۆنەدیوانە بدەین بنووسن و دەم کوتیان نەکەین، ئەوانە ئاوێنەی هونەریی واقیعەکەیانن و بەس لەبەرئەوەی وەکو ئێمە بیر ناکەنەوەو بابەتی شیعرەکانیان بە دڵی ئێمە نییە پەراوێزیان نەخەین، دەستمایەی ئەوان هەر وشەیە و دڵنیام کەسانێکی ئاشتیخوازن و زیانیان بۆ هیچ دەستەو لایەنێك نییە، وەك بەرپرسیارێتی ئاکاریی گەر هانیان نادەین و ئاسانکارییان بۆ ناکەین با پاشقولیان لێ نەگرین، دەرگای ڕەخنەی پرۆفیشناڵیش هەرگیز داخراو نییە، ئەگەر کەسانی تایبەتمەند بیانەوێت لەو دەرگایەوە شیتەڵی پێکهاته جۆراوجۆرەکانی ئەو شیعرانە بکەن، دەتوانن لایەنە گەش و لاوازەکان بێ لایەنگیریی یاخود بەرەنگاربوونەوە دەستنیشان بکەن.
لەو بڕوایەدام جیلی تەم تەنیا ئەوانە نین لەو ماڵپەڕەدا دەنووسن، بەڵکو ئەوەی ئەوان دەینووسن ئازارە جوانەکانی سەراپای میللەتێکە کە بە دەیان ئەزموونی تاڵدا تێپەڕیوەو دەیهەوێت تروسکەی ئاسۆیەکی گەش ببینێتەوەو هەر زوو گەواڵەیەکی ڕەش بەر دیدگایان دەتەنێت و ئەوانیش ئاوها خۆیان و ژیان و ئەزموونەکانیان دەشیعرێنن.


دەڤەری مەرگە
٥/١٢/٢٠٢٥




كۆتایی سته‌مكاران.. نووسینی: حسونە المصباحی.. وەرگێڕانی: ئاكۆ عەبدوڵڵا

پرۆكۆپی مێژوونووسی به‌ناوبانگی بێزەنتی كه‌ ‌ساڵی 562 ی زاینی كۆچی دوایی كردووه‌، ده‌گێڕته‌وه‌: “گیلیهێری دوا پادشای (ڤه‌ندال) كه‌ له‌ ئامێزی بنه‌ماڵه‌یه‌كی ناوداری شاهه‌نشایی په‌روه‌رده ‌ببوو، یه‌كجار به‌هێز و ده‌سه‌ڵاتداریش بوو، له‌كۆتایی فه‌رمانگێڕیەكه‌ی، هه‌ڵات، دواتر پیر بوو و له‌بەرامبەر دوژمنه‌كانی، ساڵانێكی له‌ئازار و بێهیوایی و ترس بەسەربرد. له‌كۆتایدا ده‌ستگیر كرا و به‌كۆت و به‌ندی ئاسنین‌ به‌ره‌و قه‌رتاجه‌ بردرا. ئەوسا له‌بەردەم ئاپۆڕه‌ی زۆری دوژمنەكانی كە له‌سه‌ر رێگەی وه‌ستابوون، ‌دايه‌ قاقای پێكه‌نین و له‌سه‌ر ئەوەش به‌رده‌وام بوو. به‌جۆرێك دوژمنەكانی وه‌هایان زانی به‌هۆی ئه‌و شتانەی له‌پاش شكۆ و ده‌سه‌ڵات‌، دووچاری ببوو، شێت بووه. به‌ڵام پرۆكۆپ وەهای نووسیوە (گیلیهێر له‌قاقای پیكەنینی دا دوای ئەوەی گەیشتە ئه‌و قه‌ناعه‌تەی، ژیان له‌كۆتایدا جگه‌ له‌پێكه‌نینی درێژ بەو و بەهەمان شێوەش به‌ڕووداوه‌ خۆش و ناخۆشه‌كانی، شایانی هیچ شتێكی دیكه‌ نییه)‌.
پێده‌چێت كۆتایی ئه‌و سته‌مكارانه‌ی جیهانی سێیەمیش لەسه‌ده‌ی رابردوو به‌خۆیانه‌وه‌ بینی، هه‌مان شێوه‌ بێت. ئه‌دۆلف هیتله‌ری سه‌ركرده‌ی نازییه‌كان، كە خه‌ونی به‌وه‌ ده‌بینی ئه‌ڵمانیا فه‌رمانڕه‌وای جیهان بكات و نه‌ژادی ئاریش به‌سه‌ر هه‌موو نه‌ژاده‌كانی دیكه‌ باڵاده‌ست بێت، كاتێك دڵنیابوو ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی به‌ره‌و كۆتایی ده‌چێت، خۆ‌كوشتنی پێباشتر بوو. كاتێكیش سوپای سوور گه‌یشته‌ ناو بنكەی نیشتەجێبوونی له‌شاری به‌رلین، هیچ شوێنه‌وارێكی ئەویان نه‌دۆزیه‌وه. پێدەچێت لەترسی ئەوەبێت گاڵتە بەچاوتێبڕینەكەی بكەن، مردنی هەڵبژاردبێ. له‌به‌هاری ساڵی 1945 كاتێك جه‌نگی دووه‌می جیهانی گه‌یشته‌ كۆتاییه‌كه‌ی، به‌رگریكه‌رانی ئیتاڵی توانییان مۆسولینی ده‌ستگیربكه‌ن، كه‌ لەناو جلی جوتیاران خۆی شاردبۆوە. دواتر گوللەبارانیان كرد.
جه‌نه‌راڵ فرانكۆش كه‌ ماوه‌ی چل ساڵ به‌زه‌بری ئاگر و ئاسن، حوكمی وڵاتی ئیسپانیای كرد. ماوەی چەند هەفتەیەك لەگیانەڵادا بوو. پشتیوانەكانی رۆژانه‌ لەده‌وری كۆشكه‌كه‌ی كۆدەبوونەوە بۆ ده‌ربڕینی غه‌مباری خۆیان لەو دابڕانەی ئەو. رۆژێكیان جه‌نەڕاڵ فرانكۆ هۆشی هاته‌وه ‌سه‌رخۆ، كاتێك‌ گوێی له‌ده‌نگه‌ده‌نگی ئەو هەمووە خەڵكە بوو، به‌كه‌سه‌كانی ده‌وروپشتی وت : “ئه‌و هه‌مووه‌ خه‌ڵكه‌ بۆچی لێره‌ وه‌ستاون؟” له‌وه‌ڵامدا پێیان وت: “جەنەڕاڵی بەڕێز، گه‌ل هاتووه‌ ماڵئاوایت لێبكات!” ئه‌ویش‌ پێیان دەڵێت: “جا گه‌له‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌م خەریكە به‌ره‌و كوێ ده‌چێت؟!”.
ده‌ڵێن ستالینیش ژیانی دوا مانگه‌كانی پڕ بوو له‌تارمایی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ پێشتر به‌ره‌و كوشتارگه‌ یاخود ئۆردوگا سه‌خته‌كانی سیبیریای ناردبوون. له‌ناو خه‌ویش به‌توندی هاواری ده‌كرد و لەهه‌مووانیش سڵی ده‌كرد، ته‌نانه‌ت له‌كه‌سه‌ نزیكه‌كانیشی. له‌و بڕوایه‌ بوو به‌نهێنی پلان له‌دژی داده‌ڕێژن.
دوای رووخانی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌شی، شای ئێران له‌وڵاتێك به‌ره‌و وڵاتێكی دیكه‌ ‌چوو. به‌دوای شوێنێك ده‌گه‌ڕا تێیدا نیشته‌جێ بێت، به‌ڵام هه‌موو وڵاته‌كان، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی كه‌ پێشتر پێوه‌ندی هاوڕێیەتیشیان له‌گه‌ڵ رژێمه‌كه‌ی هەبوو، رازی نه‌بوون پێشوازی لێبكه‌ن و بیگرنه‌خۆیان. تا له‌كۆتایدا لەمیسر نیشته‌وه‌ و به‌سه‌ر (ئه‌نوه‌ر سادات) بوو به‌میوان. له‌وێدا دوای ماوه‌یه‌كی كورت بەسەر دروستبوونی ئەوەی بە (كۆماری ئیسلامی ئێران) ناوبراوە، كۆچی دوایی كرد. جه‌نه‌ڕاڵ (پینۆشی)ش كه‌ ساڵی 1973 رژێمی (سلڤادۆر ئه‌للیندی) رووخاند، دوا ساڵه‌كانی ته‌مه‌نی وه‌ك تاوانبار له‌نێو دادگەكان به‌سه‌ربرد. كە‌ مردیش شیللییەكان بەملیۆنەها كه‌وتنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و دڵخۆشی خۆیان ده‌ربڕی.
رۆماننووسه‌ گه‌وره‌كانی ئه‌مه‌ریكای لاتین، له‌وانه‌ ئۆگستۆروا باستۆس و میگال ئه‌ستۆریاس و ڤارگاس یوسا و گابریل گارسیا مارگیز، گرنگییان به‌و رژێمه‌ دیكتاتۆریانه‌دا كه‌ له‌وڵاته‌كانیان فه‌رمانڕه‌وا بوون. له‌هه‌وێنیشیان دا شاكاری وەها هێنرا به‌رهه‌م، كه‌ هه‌رده‌م له‌یادگای مرۆڤایه‌تیدا بەگەشی بمێننه‌وه. رۆمانی (پایزی به‌تریق) ی گابریال گارسیا مارگیز له‌هه‌موویان چاكترە، پاڵەوانەكەی دیكتاتۆرێكە لەتەمەنی 250 دەمرێت كە ئەوە تەمەنی ئەو رژێمە دیكتاتۆریانەیە كە زۆربەی وڵاتانی ئەمەریكای لاتین بەخۆیانەوە بینیوە. ئەو دیكتاتۆرە لەو بڕوایە بوو (پەرستنی دەسەڵات) تاكە چارەنووسیەتی. مرۆڤێكی دڵڕەق و ریسوا بوو. (تێربوونی لەبرسی بوونی سەرچاوەی دەگرت) كه‌ كۆتایی نه‌ده‌هات. بڕوای به‌وه‌ بوو (درۆ له‌ڕاستگۆیی باشتره‌ و له‌خۆشه‌ویستیش به‌سوودتره و لەحەقیقەتیش زیاتر دەمێنێتەوە‌). لەكاتی (وردبوونی گەڵای پەرتبووی پایزیشی) گەیشتە ئەو بڕوایەی (خاوەنی ره‌های دەسەڵاتەكەیتی). دوای گیانەڵای تاڵیش، كاتێك مرد، جەماوەر بەپەلە بەناو شەقام و گۆڕەپانەكان وەردەبن و بەدەڕبرینی خۆشی خۆڕسكانە، گۆرانی بەخاكسپاردنی دەڵێن. هێندەی پێناچێت سیساركە كەچەرەكان لەڕێگەی پەنجەرەكانەوە دەچنە ناو كۆشكەكەی و بەدەنوك دەرگە ئاسنینەكان دەكەنەوە. كاتێكیش خەڵكی بەلێشاو دەچنە ناو كۆشكی سەرۆكایەتی، دەبینن لەسەر مێزێكی دارینی لووسی درێژ، قاپ و قاچاغ هەیە كە هێشتا پاشماوەی خۆراكی نیوەڕۆی رۆژی یەكشەممەی لەناوە كە بەهۆی تەوژمی تۆقانی لەپڕ، دەستبەرداری ببوو. لەژێر پریشكی خۆریشدا چەند ستڵێك ده‌بینن شۆراوی بۆگەنییان لەناودایه‌. ئاودەستەكانیش كراوەبوون و بێ سەرپۆش بوون. قەوزە و كژ و گیاش لەهەموو لایەكدا روابوون. كۆشكی سەرۆكایەتیش كە هێمابوو بۆ خراپە و گەندەڵی و چەوساندەوە و سەركوتكاری، وێران ببوو. لەناویدا چێڵەكان دەسوڕانەوە و بەسمەكانیشیان رایەخە شڕەكانیان دەكوتا و مەخمەلی پەردەكانیشیان هەڵدەڵوشی. ئەو تابلۆیانەشیان شكاند بوو كە قەدیس و جەنگاوەرەكانیان بەرجەستە دەكرد. لەهۆڵی كۆبوونه‌وه‌كانیش‌ تۆپه‌ڵه‌ی كرم لەڕیخی مانگا وەرهاتبوو. بەهۆی ئاوێنە گەورەكانی دیواریش، وێنە ناشیرنەكەی سەرۆك چەند بارە دەبۆوە. ئایا ئه‌و وێنه‌یه‌‌ی گابریال گارسیا ماركیز له‌شاكاری (پایزی به‌تریق) بۆ دیكتاتۆری كێشاوه‌، بەرجەستەكەری هه‌موو ئه‌و سته‌مكاره‌ عه‌ره‌بانه‌ نییە كه‌ له‌سه‌ده‌ی بیست و سه‌ره‌تای ئه‌و سه‌ده‌یه‌ ناسیمانن؟ ئه‌وه‌‌ی ده‌یه‌‌وێت له‌وە دڵنیابێ، با ئه‌و رۆمانه‌ مه‌زنه‌ بخوێنێته‌وه‌ یان لەنوێ بیخوێنێتەوە…




ئێ ئاخر بۆچی بە دەفتەر؟.. نەوزاد بەندی

لە هەموو وڵاتانی جیهاندا، کاتێ کارەساتێکی سروشتیی یان جەنگ ڕوو دەدات، کاربەدەستانی ووڵات بە پێی توانا قەرەبووی زیان لێکەوتووان دەکەنەوە ..
تەنانەت گەورە مافیایەکی یابانی وەک یاکوزا، لە زەمینلەرزە وێرانکەرەکەی 11ی مارتی 2011 دا، خواردن و ئاو و پێویستیەکانی ڕۆژانەی بۆ ژمارەیەک لە زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکە دابین کرد.
ئەمە ئەچێتە قاڵبی مرۆڤایەتیی و هەستکردن بە ئەرکی سەرشان گەر لە بچوکترین ئاستیشدا بێ، بەرامبەر بە مرۆڤەکانی تر.
ساڵی 1991 کە کوردستانی باشور توشی کۆڕەو بوو، ملیۆنان کەس ڕوویان کردە سنوورەکانی تورکیا و ئێران و .. لە ئۆردوگای پەنابەریدا جێگیرکران، تیمەکانی ڕێکخراوە مرۆییەکان بۆ کۆمەک و فریاگوزاریی سەردانی قوتابخانەکانی کوردستانی ئێرانیان دەکرد، منداڵ هەبوو شیرینییەک یان پسکیتێک کە بە ڕۆژانەکەی کڕیبووی، نەیدەخوارد و دەیدایە ڕێکخراوە خێرخوازییەکان هەتا بیدەنە منداڵەکانی ئێمە.
بەڵام ئەوەی لەم دواییەدا سەرنجی ڕاکێشام، دۆخێکی تەواو جیاواز و گاڵتەجاڕە، لە کارەساتەکانی ئەم دواییەی لای خۆماندا، کاتێ بازاڕێک ئەسوتێ یان لافاو هەڵدەستێ یان شەڕە تەقەیەک ڕوو دەدات، هەندێ لەو زیان لێکەوتووانە یان هەموویان جۆرێک لە زیادەڕەویی لە نیشاندانی زیانەکانیاندا پەیڕەو دەکەن، بە تایبەت دوای ئەوەی هەواڵی قەرەبووکردنەوە ئەبیستن.. بە ڕاستی ئەم زیادەڕەوییانە، جێگای داخن، بۆ نمونە فرۆشگایەکی سووتاو کە کۆمەڵێ مەنجەڵ و کەوچکی فافۆنی تێدایە بە قوڕگی پڕ له گریانەوە ئەڵێ زیانی بیست دەفتەر دۆلارم لێ کەوتووە ..یان لافاو دەچێتە ژێر زەمینی خانوویەکەوە، کە کۆمەڵێ کەرەستە و کەل و پەلی تێدایە، خاوەنەکەی خۆی دێنێتە حاڵەتی جاو، بە گریانەوە ئەڵێ : زیانی حەڤدە دەفتەر دۆلارم لێ کەوتووە ..!
لە کاتێکدا خەڵکێک منداڵیان خنکاوە، یان ماڵیان ڕوخاوە، کەچی هێندەی ئەو جۆرە کەسانە داوای قەرەبووی خەیاڵییان نەکردووە یان تەنانەت یەک ووشەیان بۆ ڕاگەیاندنەکان نەدرکاندووە.
من پێم سەیرە بۆچی ئەبێ هەمووان زیانەکانیان بە دۆلار و دەفتەرە دۆلار رابگەیەنن لە کاتێکدا هەندێکیان ڕەنگە بە درێژایی ژیانیان مامەڵەیان بە دۆلار نەکردبێ؟ ئەگەر گریمان حەزیشیان لە دۆلار بێ، بۆچی ئەو ژمارە زۆرانە ئەدەن بە گوێی ڕاگەیاندنەکاندا؟ ئەی دوایی چی دەڵێن بە لیژنەکان کاتێ تەخمینی شتەکان دەکەن ؟ من وەک خۆم هێشتا زیان لێکەوتوویەکم نەدیوە بڵێ دوو هەزار دۆلارم زیانم لێکەوتووە، یان چوار هەزار دۆلار .. هەر هەموویان پانزە و بیست و سەد دەفتەر و زیاتر زیانیان لێکەوتووە ..
ئەم حاڵەتە ئەو حەکایەتانەم بیر دەخەنەوە کە لە کەمپ و دادگاکانی ئەوروپادا ئەخوێنرانەوە لەلایەن کوردەکانی خۆمانەوە کاتێ داوای مافی پەنابەرییان دەکرد و ناویان لێ نا بوو کەیس .. ئەم کەیسانە هەموویان درۆی شاخدار بوون، پێش ئەوەی کوردستان بە جێ بهێڵن، کەیسەکە یان درۆکەیان ئامادە بوو، تەنانەت کار گەیشتبووە ئەوەی قاچاخچییەکە یان کەسانی به ئەزمون کەیسیان بەو کۆچکردووانە ئەوت یان ئەفرۆشت و حەکایەتەکانیان بۆ ئەهۆنینەوە .. ئیتر ئەم کەیسانە وای دەکرد، کۆچکردوو ناوی خۆی و شارەکەیشی بگۆڕێ، واتا زۆر بە ئاسایی کەسێک کە لە ژیانیدا کەرکوکی نەبینیوە ، ئەیووت خەڵکی کەرکوکم و لە زوڵمی بەعس ڕامکردووە، ناوی هەموو گەڕەک و شەقام و بازاڕەکانی کەرکوکی لەبەر دەکرد، بۆ ئەوەی بتوانێ بە کۆمەڵێک درۆ بیسەلمێنی کە ئەو خەڵکی کەرکوکە و شایانی مافی پەناهاندەییە .. ناوی سەعید بوو، لەوێ ئەبوو بە عیزەدین، مەجی بوو ئەبوو بە هەڵۆ عەشیرەتی جاف بوو، لەوێ ئەبوو بە زەنگەنە، شەمێرانیی بوو خۆی ئەکرد بە جەباریی ..یان لە تورکیا ناوی فەرەج بوو، لە تورکیا ئەبوو بە کۆسار، کە ئەچووە ئیتاڵیا ئەیووت ناوم فەرەیدونە، لە دانیمارکیش خۆی ئەکرد سالار ..ئیتر ئەوروپا ناچار بوو هەر کەسێکیان لە یۆنان بگرتایە پەنجە مۆریان لێ وەردەگرت و ب هەموو ئەوروپادا بڵاویان ئەکردەوە، خۆتان بگرن وا هات .. کار گەیشتبووە ئەوەی دادگاکان ناچار بوون کەسانی خەڵکی هەموو شوێنە جیاوازەکانی کوردستان بکەن بە لێکۆڵەری دادگاکانیان هەتا بتوانن ئەم کەیسانە هەڵوەشێننەوە و ڕاستی ئەم بوونەوەرانە ئاشکرا بێ، کە خەڵکی ڕەحیماوا نییە و .. خەڵکی کوێرە دێیەکی ئەو شارەزوورەیە ..یان خەڵکی دوز نییە و لەو دەشتی هەولێرە مەڕفرۆش بووە ..
ڕۆژنامەکانیشیان ئەم دۆخە ئابڕووبەرەیان قۆستەوە و .. لە ڕۆژنامەی هەندێ وڵاتی وەک سوید، لە لاپەڕەی یەکەمیاندا و بە پیتی بۆڵد نوسییان : کوردەکان ئەوانەن کە لە پێناوی وەرگرتنی مافی پەنابەریدا خوشکەکانی خۆیان بە ژنی خۆیان لە قەڵەم دەدەن.. ژیانی لە خەتەردا نییە و بۆ دۆلار کۆکردنەوە هاتووە، زیندانی سیاسیی نەبووە و لە ژیانیدا چرکەیەک ئەودیوی شیشەکانی نەدیوە ..ناوی کامەرانە و فەتحوڵا نییە .
یان بۆیان دەرکەوت هەندێ له کوردەکان کە داوای مافی پەنابەریی دەکەن ئەوانەن کە لەو وڵاتەی گوایا ڕایانکردووە و ژیانیان لە ترسناکیدایه، وەزیر و بەڕێوبەر و خاوەن پله و پایەن !!
جارێکی تر بە داخەوە ..
ئەترسم محمد شیاع سودانی کە بڕیاری قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوانی لافاوەکەی نۆی دیسەمبەر ی داوە، بکەوێتە شک و گومانەوە، کاتێ لە شارۆچکەیەکی بچوکدا زیانلێکەوتوویەک بە قوڕگی پڕ لە گریانەوە ببینێ بڵێ بە دەفلس دەفلس ئەو شتانەم کڕیوە ئێستا حەڤدە دەفتەر ئەشیا لە ژێرخانی خانووەکەمدا لافاو بردوێتی !!
ئەگەر سەرۆک سودانی بە نیسبە تەناسوب لێکی بداتەوە، بۆی دەردەکەوێ ژێر خان و سەرخانی شارەکانی وەک سلێمانی و هەولێر، پڕ پڕن لە لە فەردە دۆلار بە بەراورد بە ژێرخانی شارۆچکەیەکی بچوک کە لافاو حەڤدە دەفتەر دۆلاری لێ فڕاندووە ..ئەوسا ڕەنگه ئەو چۆڕە موچەیەیش ببڕێ .. هەر بۆیه باشتر وایه ڕاگەیاندنەکان ڕاستێکان ئاشکرا بکەن، درۆکان هەڵوەشێننەوە، پێش ئەوەی بە دەردی کەیسەکانی ئەوروپا بچین..

ــ وێنەکەیش ، گەورە مافیا و تاوانباری یابانە کە له کاتی بومەلەرزەکەی ساڵی 2011 دا بە دەستی خۆی یارمەتی و کۆمەک بەسەر هاوزمانە زیانلێکەوتووەکانیدا دابەش دەکات ــ




فرمێسكی كۆچ و تاری دڵ.. عەلی سیرینی

ئەم شیعرە بە بۆنەی كۆچی دوایی زانا و ئەدیب و نوسەری گەورەی كورد مامۆستا مەلا حوسامەددینی مەلا عەبدوڵلا قەڵاتیە، كە لە شەوی یەكشەممە لە سەر دووشەممەی 1ی دیسێمبەری 2025 كۆچی دوایی كرد. مردنی ناوادەی مامۆستا مەلا حوسامەددین خەسارەتێكی هەرە گەورەی كورد و كوردستان و زانست و ئەدەبە. كۆستێكی بێ پایانی خاكی بێ نازی حەریریی و خانی و نورسی و مەولانا و شێخی بیارە و جەزیریی و نالی و سالم و مەحویە.

دامێنی تاریكی دایگرت ئەم شەو كۆچی ڕۆژێكی تر
لە قەیلولەی بێ ئاگایی ڕەتی كرد بە سەرما مەلێكی تر
لە غەفڵەتی گوناهی دووریم مەحروم بووم لە شەوقێكی تر
لە ناكاوی جەمعی بێ ئاگا خامۆش بوو شەوچراغێكی تر
ڕەشەبای بێ بەختیی ڕاپێچی كرد گوڵستانێكی تر
حەسرەتم بۆ كورد باری كرد نالی و خانی و هەژارێكی تر
بە دڵشكاویی ماڵئاوایی كرد لە كورد شۆڕەسوارێكی تر
كە دیم سیس بوو باغستان زانیم وشك بوو ڕوبارێكی تر
لەپی ڕەشی مردن بردی سەر و مێزەری زانست و ئەدەب
كاروانی مەینەتە ڕوو لە كورد بۆ كۆست و خەمانێكی تر
ڕێژنەی حوزنی ئەزەلە بە سەر میللەت جارێكی تر
بێ بەختی كوردە وا شكا لە دەستی حوسامێكی* تر
لە گرانی خەم و حەسرەت وێرانەیە ڕۆح و دەروون
سوتانی خەرمانە و ڕەشپۆشینی بەهارێكی تر
بێ هودەیە بە گریە هانای بڵێسەی دڵ كەوی
سوتان كەوتە بارێكی تر كۆچی نازدارێكی تر
پێ ڕا ناگا چاوانی حوزن و گریان بە هاواری دڵ
دەسەوسانە هزری غەمگین بە دەست ناڵانێكی تر
برینی كۆچت ئازیز هەمیشە سەوزە تا ئەبەد
بە بێ مردن لە بیرمانی نا باتەوە زەمانێكی تر

  • حوسام ناوی مامۆستای كۆچ كردووە، مانای حوسام بە كوردی واتە شمشێر.



گه‌ڕان.. شیعری ستار ئەحمەد

هه‌ڵكه‌ به‌سه‌ر زامی جه‌رگما ..
كه‌ خوێن ره‌نگی كۆچبار ده‌گرێ‌ “
تۆ ئه‌و چاوه‌ی پێی ده‌ڕوانم .
ئیتر بارین له‌باران ناپرسێ‌ ..
بۆ هه‌ناسه‌م دوات ده‌كه‌وم ..
دڵۆپێك با به‌قه‌رز ده‌كڕم “
چاره‌سه‌ر بێت بۆ خنكانم .
له‌وه‌ته‌ی شه‌ماڵ بێزاره‌ ..
له‌خه‌ونی زه‌ردی خۆره‌تاو “
دەفڕم بەرەو نیگای شەوگار .
په‌له‌قاژه‌ی دیده‌نی تۆم ..
له‌پشت ده‌رگای چاوه‌ڕوانی “
له‌نێو تەلبەندی چوار دیوار .
مه‌له‌ ماسی لێیده‌گات و
ئاو فرمێسكی گوڵ ده‌ژمێرێ‌ .
ترپه‌ی ده‌روونم بانگ ده‌دا ..
له‌په‌رستگای تاسه‌كاندا “
جاڕی مردنم بۆ ده‌درێ‌ .
كه‌تۆم ناسی ..
عه‌شق ناخمی وردو خاش كرد.
هه‌رچه‌ند گه‌ڕام ..
پارچه‌كانم كۆكه‌مەوه‌ ” ..
خوێناو به‌ر دیده‌می ده‌گرت .
ساتێك ده‌بم بە رووبارێ‌
ده‌مێك ده‌بم به‌كه‌رته‌ شاخ .
نه‌شیعرم چرۆ ده‌رده‌كات “
نه‌هه‌ناوم ده‌بێت به‌باخ .
ئیتر نازانم بابرده‌ ..
له‌كوێ‌ جێگه‌ی ده‌بێته‌وه‌ .
ئه‌م زریانه‌ ته‌واو نابێت ..
هه‌ستم وشه‌ی هه‌ڵڕژاوه‌ “
بەپێنووس كۆناكرێتەوە .
له‌كوێی ..؟
نسرمی شه‌و هه‌ڵگرم و
رستێك ئه‌ستێره‌ت بۆ بچنم .
خۆ من له‌تۆدا هه‌ڵوه‌ریم ..
هه‌تاكو كه‌ی ـ ؟
ده‌ست هه‌ڵناگری له‌كوشتنم .

ستار ئەحمەد




ئایا بزوتنەوەی کرێکاران، بزوتنەوەی سۆشیالیستی، ئەنارکستییە؟.. زاهیر باهیر

سۆشیالیستە دەسەڵاتخوەازەکان و کۆمۆنیستەکان تا ڕادەیەکیش هەندێك لە ئەنارکستەکان وا دەزانن ئەم دوو بزوتنەوەیە یەکن و یەك ئامانجیان هەیە . من لەم وتارەدا دەمەوێت ئەو جیاوازییە بەیان بکەم و ئەو جۆرە تێگەیشتنە روونبکەمەوە. ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە هێزی کرێکاران کە شەرەیانی ئابووری وڵاتیان بەدەستەوەیە فەرامۆش بکرێت، نا ، بەڵکو دەتوانین بڵێین کە شۆڕشی سۆشیالیستی/ ئەنارکستی بە بێ بەشداریکردنی چینی کرێکاران و ڕۆڵە گەورەکەیان هەرگیز ڕوونادات .
من لێرەدا دەمەوێت بڵێم دەکرێت ئەوە بزانین کە کرێکاران، لە جەوهەردا، (پۆتێنشەڵی) بەو واتایەی کە دەخوازرێت و داوایان لێدەکرێت شۆڕشگێڕ نین. بزوتنەوەی کرێکاران بزوتنەوەیەکی نقابییە سەراپای داخوازیییەکانیان لە واقیعی چەوساندنەوەی خۆیانەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەوان هۆڵیدەی زیاتر، کرێی زیاتر و سەلامەتی باشتری سەر کار، مافی دروسکردنی سەندیکا، کورتکردنەوەی کاتژمێری سەر کار، باشترکردنی ژیانیان، هەلومەرجی باشتری سەر کار و مۆڵەتی زیاتر و هەندێك مافی خێزانی دیکە، کرێکاران ئەمانەیان دەوێت و خەباتی بۆ دەکەن. زیاترین داخوازییان بەشداریکردنیانە لە ئیدارەی کارگە و کۆمپانیاکاندا و دەستکەوتنی پشکە. بەواتایەکی دیکە کار لەسەر ڕتوشکردن و ڕیفۆرمکردنی سیستەمی سەرمایەداری و مانەوەی دەکەن، ئەمە بارودۆخی کرێکاران بووە لە کۆن و ئێستاشدا. بێ گومان لە ئێستادا ئەم بارودۆخە باشتر دەبینین بە تایبەت توێژاڵێکی کرێکاری ئۆرۆستۆقراتی لەناو کرێکراندا دروست بووە کە کرێکارانی پیشەسازییە گرنگەکان و تەکنەلۆجیا پێشکەوتووەکانن.
تا ئێستاش خەباتی کرێکاران خەباتی ئابووریانەیە نەك سیاسیانە، خەباتی نقابیانەیە نەك حیزبییانە، دژ بە دەسەڵات و دەوڵەت نییە، بەڵکو خۆگونجاندن و ڕەواییبوونی خۆیەتی لە سای سیستەمەکەدا بەڵام بە ژیانێکی باشترەوە. کرێکاران دەتوانن حکومەتەکان، دەوڵەتەکان لە ماوەیەکی کەمدا بگۆڕن بەڵام ناتوانن و کاری ئەوانیش نییە کە هەرەس بە سیستەمەکە بهێنن و بیگۆڕن .
بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی/ سۆشیالیزمی/ ئەنارکستی لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکاراندا زۆر جیاوازن. ئەمان لە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی کاری کرێگرتە و سیستەمی سەرمایەداریدان، دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی ناچینایەتی و ناپلەبەندیی.
توخم و حیزبە کۆمۆنیستەکان/ سۆشیالیستە دەسەڵاتخوازەکان خۆیان باش دەزانن کە کرێکاران شۆڕشگێر نین بە واتای لەناوبردنی سیستەمەکە و دامەزراندنی سۆشیالیزم/ کۆمۆنیزم، هەر بەو هۆکارەشە ئەوان خۆیان بە دینەمۆی شۆڕش دەزانن و لە هەوڵی گواستنەوەی هۆشیاری سیاسی و شۆڕشگێڕانەدان بۆ ناویان . چونکە ئەمان تەواو پێجەوانەی ئەوان، کرێکاران، بیر دەکەنەوە بە گرتنەدەستی دەسەلات، گوایە ئەمان ڕیفۆرمیان ناوێت و لە ڕێگەی ئەو دەسەڵاتەوە دەتوانن کۆمەڵ بەرەو کۆمەڵێکی ناچینایەتی و ناپلەبەندیی ببەن .
ئەمان بارودۆخی کرێکاران باش دەزانن کە شادەماری ئابووری وڵاتیان لە دەستدایە و دەتوانن ژیان بوەستێنن، قازانج ڕاگرن، دەوڵەت و سسیستەمەکەی سست بکەن، ئەمانیش دەیانکەنە پەیژەیەك بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات هەر وەکو چۆن پێشتر کردویانە و ڕووی داوە.
ئەوەی لای من ڕوونە: یەك: کرێکاران هۆشیاری چینایەتییان هەیە چونکە هەن، بوونی هەر کەس و هەر زیندەوەر و گیانلەبەر و هەر لایەنێك بوونی هۆشیاریش بە گوێرەی ئەو ژینگەیەی کە تێیدا دەژین لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، هۆشیاریش بە مەبەستی پاراستن لە خۆ و مانەوە و بژێوییان و خوودبەرژەوەندییە. دوو: وەکو لەسەرەوە وتم شۆڕش هەرگیز نابێت گەر کرێکاران بەشداری نەکەن و قوفڵ لە بەرهەمهێنانی زیاتر و قازانجی زیاتر نەدەن. ئەمەش مانای ئەوە نییە کە ئەوان دەتوانن یا دەیانەوێت سیستەمەکە، سیستەمی کاری کرێگرتە هەڵوەشێننەوە، ئەوە کاری ئەوان نییە و بەدەرە لە ئەجەندەی خەباتکردنیان. سێ: ئەوەش دەزانم لە ڕووی مێژووییەوە زۆرێك لە بزووتنەوە سۆسیالیستیەکان، پارتەکان لە ڕێکخستنەکانی چینی کرێکارەوە گەشەیان کردووە و هەر بەهۆی ئەوانییشەوە چینی کرێکاران ئاشنا بوون بە سۆشیالیزم و ئایدیاکە و لە نێویاندا تەشەنەی کردووە.
لە مێژوودا گەلێك ڕاپەڕین و ڕووداو دەبینین کە بە دڵنیاییەوە کرێکاران تێیاندا بەشداری گرنگیان کردووە، ئەمانەش بوونەتە نموونەیەك کە هەمیشە سۆشیالیست و کۆمۆنیستی دەسەڵاتخواز و بڕێك لە ئەنارکستەکانیش ئاماژەی پێدەدەن و دەیکەنە بەڵگە کە گوایە ڕاپەڕین و شۆڕشەکان کە بوون، ئەوە دەسەلمێنن کە بزوتنەوەی کرێکاران و بزوتنەوەی سۆشیالیستی یەك شتن شۆڕش شۆڕشی کرێکارییە. نکوڵی ناکرێت ئەمە ڕای کارل مارکس-یش بووە هەر ئەو هۆکارەش بووە کە ئەو دڵی بە قۆناخی سەرمایەداری و پێشەوەچوونی تەکنەلۆجیا خۆش بووە کە دەبێتە هۆی زیادکردنی ژمارەی کرێکارانی پیشەسازی و هەر ئاواش دەبنە دینەمۆی شۆڕش چونکە لە ڕووی جۆرێتیشەوە[ نەوعییەت] دەگۆڕێن، ئەو دەسەڵاتەشی کە دروستی دەکەن دەوڵەتی دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیتاریایە.
من بە پێویستی دەزانم بۆ سەلماندنی بۆچوونەکەم نموونە گرنگەکانی بزوتنەوە کرێکارییەکان کە لە کۆتایی چەرخی نۆزدە و سەرەتای چەرخی بیستدا ڕوویان داوە بهێنمەوە. لێرەدا پەنا بۆ هەندێك ئامار دەبەم لە ڕونکردنەوە و گەیاندنی مەبەستەکەم سەبارەت بە ژمارەی کرێکارانی ئەو وڵاتانە و ئەندام و لایەنگرانیان بۆ ڕێکخراو و پارتەکانی ئەو سەردەمە.
یەك: کۆموونی پاریس :
کۆموونی پاریس لە ساڵی 1871 روویدا و بۆ ماوەیەی 72 ڕۆژ دەوامی کرد. لەم ماوەیەدا زۆرێك لە بڕیار و دامەزراوە سەرمایەدارییەکانیان هەڵوەشاندەوە وەك کارکردنی شەوانە، قەدەخەکردنی کارکردنی منداڵان، بەکارهێنانی خانووبەرە خراپەکان، کۆمەڵایەتیکردنی موڵك و ماڵ و گۆڕینی وەزارەتە کۆنەکان بە 10 کۆمیسیۆنی جێبەجێکردن کە هەر کۆمیسیۆنێك هاوشێوەی وەزارەتێك بوو لەگەڵ زۆر خاڵی گرنگتری دیکە. کرێکارە شۆڕشگێڕەکان بە زۆری لەژێر هەژموونی بلانکییەکان و سۆشیالیست و ئەنارکستەکاندا بوون. ئەم ئەزموونە زۆر جار لەلایەن مارکسیستەکانەوە وەك یەکەم هەوڵی جددی چینی کرێکار بۆ لەناوبردنی سەرمایەداری ئاماژەی پێدەکرێت.
ئەو ئیدارەیەی کە لەوێ دروست بوو لەبەر ئەوەی تەنها 72 ڕۆژ دەوامی کرد ئیدارەیەکی تەواوی کرێکاران نەبوو هەروەها بیرۆکراتیانەش نەبوو لەبەر ئەوەی کۆموون زۆر تەمەنی کورت بوو. دەسەڵاتی یاسادانان-جێبەجێکاری ئەنجومەنی کۆموون- بوو، کە لە 26ی ئازاری 1871 هەڵبژێردرا. کۆی گشتی ئەندامانی هەڵبژێردراو 92 ئەندام بوون بەڵام ژمارەی ئەوانەی کە لە ڕاستیدا خزمەتیان کردووە لە هەر کاتێکدا 79 ئەندامی چالاك بوون. ژمارەی کرێکارانی نێو ئەنجوومەنەکە نزیکەی 30- 40 ئەندام بوون. ژمارەیەکی دیکەش لە مامۆستایان و ڕۆژنامەنووسان و کارمەندان و دوکاندارە بچووکەکان گروپێکی تر بوون کە لە ئەنجوومەنەکاندا بەشداربوون. لە شانی ئەمانیشەوە پیشەییەکانی وەکو پارێزەران، پزیشکان کەمینەیەکی بچووک بوون زۆرینەیان پاشخانی چینی کرێکارییان یاخود چینی ناوەڕاستی خوارەوەیان هەبوو کە زۆرێکیان داهاتیان لەڕادەبەدەر کەم بوو.

ژمارەی دانیشتوانی ئەو کاتەی پاریس لە نێوانی 1.8 بۆ 2 ملیۆن بوون ، بەڵام شەڕ و برسێتی و دەرکردن زۆر کەمیکردنەوە . لەگەڵ ئەوەدا لایەنگرانی کرێکاران بۆ کۆمارییەکان/ جاکۆبینەکان کە (کۆمارییە سوورەکان)شیان پێدەوترا 400 هەزار – 500 هەزار کرێکار بوون. سۆسیالیستەکان، بلانکویستەکان (سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکان) خاوەنی 200 هەزار – 250 هەزار ئەندامی کرێکار بوون هاوکاتیش ئەندامانی نیونەتەوەیی یەکەم، کە بە ‘ ئای دەبڵی ئەی’ش ناسرابوو، هەردووك لایەنی وەکو مارکسیستەکان و سەر بە پرۆدۆنییەکانیانی لەخۆگرتبوو. ئەمانیش لە پاریس لە ساڵی 1871 دا 65 هەزار بۆ 70 هەزار ئەندمیان هەبوو. کۆمۆنیست و مارکسیستەکان کەمینەیەکی بچووک بەڵام کاریگەر بوون. ئەنارکیستەکان لە ڕووی فیکرییەوە گرنگ و کاریگەر بوون بەتایبەت پرۆدۆنییەکان بەڵام لە ڕووی ژمارەییەوە باڵادەست نەبوون. بەشێکی زۆری کرێکارانی پاریس کۆماریی و چەپ و سۆسیالیست بوون، لەگەڵ هیچ پارتێکی ستراکتۆردا هاوتەریب نەبوون.

دوو: بزوتنەوەی چینی کرێکران و شۆڕشی بەلشەفیکەکان:
شۆڕشی بەلشەفی ڕووسیای ساڵی 1917 کە سۆڤێتات ( ئەنجوومەنی کرێکاران ) دامەزرا و دەست بەسەر کارگەکاندا گیرا و بوونە بەشێك لە بزوتنەوەی بەلشەفیکەکان. هۆکارەکەش ئەوە بوو کە پارتی بەلشەفەیك لایەنگر و ئەندام و چالاکوانێکی زۆریان لە ناو کرێکاراندا هەبوو ئەمەش وای کرد کە لەلایەن زۆرێك لە کرێکارانەوە پشتیوانی لێبکرێت بۆ ڕوخاندنی حکومەتی کاتی ئیدی خاوەندارێتی تایبەتی پیشەسازی گەورە کۆتایی هات، هەمووی بووە موڵکی دەوڵەت.
با سەرنجێك لە ئامارەکان بدەین سەبارەت بە ژمارەی کرێکاران لە روسیا و بەشداریکردنی سۆشیالیست و کۆمۆنیست و ئەنارکستەکان لە شۆڕشی 1917 دەدا.
قەبارەی چینی کرێکارانی ڕووسیا لە ساڵی 1917دا نزیکەی 3 ملیۆن کرێکاری پیشەسازی بوو. بە کرێکارانی گواستنەوە و بیناسازی و جۆرەکانی دیکەی کرێکاران، ژمارەکە هەڵدەکشێت بۆ 4.5 بۆ 5 ملیۆن. بەڵام پرۆلیتاریای پیشەسازی کە مارکسیستەکان مەبەستیانە لە چینی کرێکار، لە دەوروبەری ٣ ملیۆندا بوو.
هاوکاتیش لایەنگرانی پارتی بەلشەفی لە ناویاندا 40-60% بووە، خودی پارتەکەش خاوەنی150 هەزار بۆ 200 هەزار ئەندامی کرێکاری بووە لەکۆی 350 هەزار ئەندام . ئەمە تا ئۆکتۆبەری 1917. مەنشەفیکەکان بە ڕێژەی لەسەدا 10 بۆ لە سەدا 20 ئەندامی کرێکارییان هەبووە. بێ گوومان پارت و ڕێکخراوی تریش هەبوون ئەوانیش ئەندامی کرێکارییان هەبووە . ئەنارکستەکانیش بە بڕی لە سەدا 5 کرێکاری پیشەسازی و کرێکارانی دیکەش کە زۆرترین چالاکییان لە پترۆگراد کرۆنشتاد و ئۆکرانیا بووە کە لایەنگریان بوون مەزەندەکراوە بە لە 5%ی کرێکاران.
ئەمەی کە ڕووی دا لە لە ڕوسیادا ڕووداوێکی مێژووییە کە حیزبی بەلشەفی توانی بزووتنەوەی چینی کرێکاران و جەماوەری ڕووسی بەکاربهێنێت و بەهۆیانەوە بگاتە پایەی دەوڵەت.
سێ: شۆڕشی ئەڵمانیای 1918-1919
لەو شۆڕشەدا ئەنجومەنی شۆڕشگێڕی کرێکاران لە سەرانسەری ئەڵمانیا دروست بوو کە ئامانجیان گۆڕینی سەرمایەداری بە کۆمارییەکی ئەنجومەن (“Räterepublik”) بوو، بەتایبەت لە هەندێك ناوچەی وەك باڤاریا کۆماری سۆسیالیستییان ڕاگەیاندو ئامانجیان ڕوخاندنی سەرمایەداری بوو بەڵام هەر زوو شکستی هێنا.
ژمارەی کرێکارانی ئەڵمانیای ئەو کاتە کە زۆر لە ڕووسیا پیشەسازیتر بوو نزیکەی 12 بۆ 14 ملیۆن بوو کە زۆرێكیان دابەش بووبوون بەسەر سۆشیالدیمۆکرات کە گەورەترین ڕێکخراوی کرێکاران بوو، پارتی سۆشیالدیمۆکرت-ی نوێ و یەك دوو ڕێكخراوی تر کە نزیەکەی 6 بۆ 8 ملییۆن کرێکار لایەنگرانی ئەم پارت و ڕێکخراوانە بوون. ئەنارکستەکانیش کە وەکو ڕوسیا و ئیسپانیا بەهێز نەبوون کرێکارانی لایەنگری ئەمان لە 50 هەزار بۆ 150 هەزار کرێکار بوون .
چوار: شۆڕشی ئیسپانیا 1936-1937
توخم و لایەن شۆڕشگێڕەکانی ئەم شۆڕشە(CNT–FAI)ەکێتییە ئەنارکۆ-سندیکالیستەکانئێإ ئەی ئای- لە ساڵی 1927 لە ئیسپانیا دروستبوون زۆر نزیك بوون لە سی ئێن تی یەوە هەروەها نقابەی گشتی کرێکاران کە لە ساڵی 1888 دروست بوو(UGT) (. ئەمان ئامانجیان هەڵوەشاندنەوەی سەرمایەداری و دەوڵەت بوو ئەوەندەشی بۆیان کرا کارگە و کێڵگە و وەسیلەکانی هاتووچۆ و گواستنەوەیان بەکۆمەڵ کرد. لەم شۆڕشەدا ئاشکرایە کە ئەنارکستەکان و توخمە سۆشیالیستەکانی دژە دەوڵەت و دەسەڵات ڕۆلی هەرە گەورەیان هەبوو کە بەشێکی زۆری کەتەلۆنیا و ئەراگۆن لە ژێر کۆنترۆڵی و ئەواندا بوو. ئەمە گەورەترین هەوڵی چینی کرێکارە ئەنارکیستییەکان بوو بۆ لەناوبرددنی سەرمایەداری لەو شوێنانەی کە سەرکەوتنیان تێدا بەدەست هێنابوو، بەڵام بەداخەوە لە لایەن هێزی یەکگرتووی فرانکۆ و ململانێی ناوخۆیی و شەڕەوە شۆڕشەکە شکستی هێنا.
قەبارەی چینی کرێکاریکارانی ئیسپانی 1936-1937 کە کەمتر پیشەسازی بوو بەراورد بە ئەڵمانیا و بەریتانیا ژمارەیان لە نێوانی 2.8 بۆ 3.2 ملیۆن کرێکار بوون. هەروەها بەشێکی زۆری دانیشتووانەکەی کرێکاری گوندنشین بوون کە بە کرێ کاریان دەکرد و جوتیارانی بێ زەوی بوون. ژمارەی هەر هەموویان دەچووە 5.5 بۆ 6 ملیۆن کرێکار.
ئەندامانی سی ئێن تی لەناو کرێکاراندا لە نێوانی 1.5 ملیۆن بۆ 2 ملیۆن بوو واتە بەڕێژەی سەدی لە سەدا 70 بۆ 80ی کرێکاران بوون. هەروەها لایەنگرانیشیان زۆر بوو کە بەوان و ئەندامەکانەوە ژمارەیان لە نێوانی 2.5 بۆ 3 ملیۆن کرێکار بوون بە تایبەت لە کەتەلۆنیا و بەرشەلۆنا و ئاراگۆن و بەشێكیش لە مەدرید.
گەورەترین گروپی شۆڕشگێڕ لە نێو چینی کرێکارانداFAI (فیدراسیۆنی ئەنارکیستی) بوون کە 70 هەزار بۆ 100 هەزار چەکداری هەبوو کە نزیکەی هەموویان کرێکار بوون.

پێنج: سۆڤێتاتەکانی 1919 ی هەنگاریا
لە هەنگاریا لە ساڵی 1919 دا ئەنجوومەنی کرێکاران لەسەر دەستی حزبە سۆسیالیستی و کۆمۆنیستەکاندا دامەزرا کە ئامانجیان ڕووخاندنی سەرمایەداری و دروستکردنی کۆمارێکی سۆسیالیستی بوو. ئەمەش دروست بوو بەڵام تەنها 133 ڕۆژ دەوامی کرد دواتر لەلایەن هێزەکانی ڕۆمانیا و هێزی ناوخۆوە تێشکا.
قەبارەی چینی کرێکارانی هەنگاریا لە ساڵی 1919دا دوای جەنگی جیهانی یەکەم و داڕمانی نەمسا، کە بۆ ماوەیەکیش مەرجەرستانیان پێ دەوت، بەشە پیشەسازییییەکەی لە شارەکان ژمارەیان 800 هەزار بۆ 1 ملیۆن بوو . هەنگاریای ئەو کاتە هێشتا لە ڕووی کشتوکاڵییەوە باڵادەست بوو. ئەو کرێکارانەی کە لە کشتوکاڵ و کێڵگەی جوتیارانی بێ زەوی، کاریان دەکرد ژمارەیان 1.5 – 2 ملیۆن بوون. سیاسەتی زاڵ لەوێ سیاسەتی سۆسیالیست و کۆمۆنیستەکان بوو، ئەنارکستەکان کەم و ناڕێکخراو بوون لەوێ.

کرێکارەکان بەسەر کۆمۆنیستەکان و سۆشیالدیمۆکراتەکاندا دابەش بووبوون لە سەرەتای ساڵی 1919 دا پارتی سۆشیالدیمۆکرات 500 هەزار بۆ 600 هەزار ئەندامی هەبوو، بە کرێکاران و جوتیارانی بێ زەوییەوە هەر هەمووی دەچووە 800 هەزار بۆ 1 ملیۆن ئەندام .
هەرچیش پارتی کۆمۆنیستی هەنگاریا بوو لە ساڵی 1918 دامەزرا، لە ئازاری 1919دا بە فەرمی 30 هەزار بۆ 50 هەزار ئەندامی هەبوو بەڵام لەگەڵ کەمی ئەندامەکانیدا کاریگەری زۆری هەبوو. ژمارەی ئەو کرێکارانەی کە لایەنگریان بوون 100 هەزار بۆ 150 هەرزار کرێکار بوون.

ئەنجامگیریی

لەم نموونانەی سەرەوە بە گوێرەی ئەو ئامارانە ئەوە دەردەکەێت کە ڕێکخراو و پارتی سۆشیالدیمۆکرات و پارتی بەلشەفی و سۆشیالیستەکان و نقابەکان و ئەنارکستەکان پێگەیەکی زۆر کارا و فراوانیان لەناو کرێکاراندا هەبووە. ئاشکراشە کە ئەم پێگە و هێزە زۆرە لەناو چالاکییەکان و بزوتنەوەکانی ئەو لایەنانەدا ڕەنگی داوەتەوە و زۆر بەهێز بوون بۆیە توانیویانە هەژموونێکی گەورەیان لەسەر کرێکاران هەبێت. بە ئاماژەکردن بەو ئامارانەی سەرەوە لە هەندێك وڵاتدا کرێکاران و ئەندامان و لایەنگرانی پارتەکان وا ئاوێتە بووبوون کرێکاران پارتەکان بوون و پارتەکانیش کرێکاران بوون. ئەمەش ئاوای کردووە کە بزوتنەوەی کرێکارانی ئەو سەردەمە لە هەموو ئەو نمونانەی کە لە سەرەوە هێنامنەوە پاشکۆ و وابەستەی ئەو ڕێکخراو و پارتانە بوون کە لە سەرەوە ناونوسم کردون و بارگاوی بووبوون بە ئایدیا و پرنسپڵەکانی سۆشیالیزم و ئەنارکیزمیش تاڕادەیەك لە هەندێك شوێندا.

ئەی لە ئێستادا؟ ئەوەمان کە تۆزێك بە ئاگا بین یاخود کرێکار بین دەزانین کە کرێکاران و بزوتنەوەکەیان ئەوەند لاوازە کە تەنانەت ناتوانن بەرگری لەوانەش بکەن کە لە دوای ناوەڕاستی چەرخی پێشوودا بەدەستهێنراون. ئیتر دەبێت قسە لەسەر داڕمانی سیستەم و هەڵوەشاندنەوەی کاری کرێگرتە چۆن بکەن ؟ ئاسان نەنەبوو کە ئامارێکی متمانەپێکرا و ڕونم دەستبکەوێت بۆ زانینی ژمارەی کرێکارە سۆشیالیست و کۆمۆنیست و ئەنارکستەکان لەناو ڕیزەکانی کرێکاران لەو وڵاتانەی کە ناوم لە سەرەوە هێنان بەڵام ئەوەی کە لەناو کڕیکارانی ئێستادا دەیبینین بە دەگمەن کەسانی هەڵگری ئایدیای سۆشیالیستی یا ئەنارکسستی لە ناو ڕیزەکانیدا بەرچاو دەکەوێت.

دەتوانین بڵێین بیناکردنی کۆمەڵی سۆشیالیستی لای خودی کرێکارانی ئێستا خەوە و لای ئەوانەشمان کە وادەزانین کە ئەوە ئەرك و وەزیفەی کرێکارانە خەیاڵە.

زاهیر باهیر
کانونی یەکەمی 2025




گەنجان لە سەردەمی دیجیتاڵ و گۆڕانی كۆمەڵایەتی.. وریا مەعروف

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا كە تەكنیكە دیجیتاڵییەكان لە ژیانی ڕۆژانەدا بە شێوەیەكی چڕ و بەربڵاو بەكاردەهێنریت، گەنجان وەك كاراكتەری هەرە دیار و لە هەمان كاتدا لە هەستیارترین كاراكتەری گۆڕانە كۆمەڵایەتییەكان دەردەكەون. سەردەمی دیجیتاڵ تەنها قۆناغی نوێگەری تەكنۆلۆژی نییە؛ بەڵكو پرۆسەیەكی گشتگیری دووبارە داڕشتنەوەیە لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانەوە تا دروستكردنی ناسنامە، لە پەروەردەوە تا بەرهەمهێنانی كەلتووری، تەنانەت شێوەكانی بەشداری سیاسیش دەگرێتەوە.
بۆ گەنجان، گۆڕەپانە دیجیتاڵییەكان تەنها پلاتفۆرمی پەیوەندیكردن نین، بەڵكو مەیدانی كۆمەڵایەتین كە ناسنامەی تێدا دادەمەزرێت، وتوێژی لەسەر دەكرێت و دووبارە بەرهەم دەهێنرێتەوە. ژینگەكانی سۆشیال میدیا پرۆسە تەقلیدییەكانی دروستبوونی ناسنامەیان خێراتر كردووە؛ پێشكەشكردنی خود زیاتر بووەتە كارێكی نمایشكارانە، پارچەپارچە و شڵەقاو. ئەگەر سەرنج بدەین ماوەی ئەو كاتەی گەنجان لە ژینگەكانی ئۆنلایندا بەسەر دەبەن زیادی كردووە؛ دەركەوتن، ژمارەی فۆڵۆوەرەكان و ڕێژەی كارلێككردنەكان بووەتە شێوازێکی نوێی سەرمایەی کۆمەڵایەتی بۆ نەوەی گەنج لەگەڵ ئەوەشدا، میكانیزمەكانی لایك و پێزانینی ڕێو شوێنی پێویستی گەنجان بۆ پەسەندكردنی كۆمەڵایەتی زیاد دەكەن، بەمەش بوارگەلی نوێی هەستیاری دروست دەبن وەك ئالوودەبوونی دیجیتاڵ و فشاری دەروونی و كۆمەڵایەتی.
دیجیتاڵکردن بووەتە هێزێکی یەکلاکەرەوە لە پێکهێنانی ناسنامەی جیهانی گەنجان. بەهۆی ئینتەرنێت و پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا و ئامرازەکانی پەیوەندی ئۆنلاین، ئێستا گەنجان نەک تەنها لە ژێر کاریگەری کولتوری ناوخۆیی بەڵکو لە ژێر کاریگەری شێوازی ژیان و بەها و هێماکانی کۆمەڵگە جیاوازەکاندان. ئەمەش دەبێتە هۆی لاوازبوونی سنوورە نەریتییەکان لە بونیادنانی ناسنامەی گەنجان و سەرهەڵدانی پێکهاتەیەکی ناسنامەی گۆڕاو و فرە ڕەهەند. پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فەزایەكی نوێیان دروست کردووە بۆ خۆ نمایشكردن، و بەشداریکردن لە کەلتوری جیهانی. ئەم فەزا دیجیتاڵیانە گەنجان لە ئاستی جیهاندا پیشان دەدەن، لە ڕێگەی ئەم پڕۆسە دیجیتاڵی و جیهانی بوونەوە، ناسنامەی گەنجان قەبارەیەکی گەورەتر و کەمتر ناوخۆی وەردەگرێ، و بە تێکەڵبوونی کەلتورە جیهانییەکان دادەنرێت، بەم شێوەیەش کارلێکی بەردەوام لە نێوان ناوخۆیی و جیهانیدا دروستدەکەن.
جگە لەوەش، کایەی دیجیتاڵی دەرفەت دەدات بە گەنجان کە ڕووبەڕووی مۆدێلی ناسنامەی جیاواز ببنەوە، پەیوەندی بە تۆڕە کۆمەڵایەتییە نوێیەکانەوە بکەن، و پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەکاندا بکەن کە سنوورەکان تێدەپەڕێنن. ئەمەش هەستکردن بە تاكێكی جیهانی بەهێز دەکات لە هەمان کاتدا بەشداری دەکات لە دووبارە پێناسەکردنەوەی تایبەتمەندی تاکەکەسی. بەڵام دروستبوونی ناسنامەیەكی جیهانی لە ژینگەی دیجیتاڵیدا دەتوانێت ببێتە هۆی کێشەی وەک سەرلێشێواوی ناسنامە یاخود ناسنامەی تێكەڵ، نادڵنیایی سەربەخۆیی و چەوساندنەوەی دیجیتاڵی. بەڵام دیجیتاڵکردن ناسنامەی نەوە گەنجەکان لە چوارچێوەی نیشتمانی دەباتە دەرەوە و فۆرمێکی ناسنامەی فراوانتر و کارلێککارانەتر و هەمەچەشنتر دروست دەکات.
یەكێك لە دیارترین كاریگەرییەكانی دیجیتاڵكردن لەسەر گەنجان لە بواری پەروەردەدا دەردەكەوێت. پلاتفۆرمەكانی فێربوونی ئۆنلاین توانای سەربەخۆیی دەستڕاگەیشتن بە زانیارییان هەیە، بەڵام لە هەمان كاتدا شێوازی نوێی نایەكسانی بەرهەم دەهێنن بەهۆی جیاوازییەكان لە ئامێرە تەكنۆلۆژییەكان و خوێندەواری دیجیتاڵی ئەم كەلێنی دیجیتاڵە كە بەندە بە پێگەی سۆسیۆ-ئابوورییەوە، بووەتە هۆكارێكی یەكلاكەرەوە لە دەستڕاگەیشتنی گەنجان بە دەرفەتە پەروەردەییەكان، ئەم دۆخە نیشان دەدات كە جیاوازییە چینایەتییەكانی كۆمەڵگە لە ژینگەی دیجیتاڵدا دووبارە بەرهەم دەهێنرێنەوە و پرسیاری لەسەر ئیدیعای یەكسانیی سەردەمی دیجیتاڵ دروست دەكات.
هەروەها لە كۆمەڵگەی دیجیتاڵدا، پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی گەنجان بە هۆی كارلێكی ئۆنلاینەوە دووبارە شێوە وەردەگرنەوە. لە لایەك، كۆمەڵگە دیجیتاڵییەكان دەرفەتی هاودەنگی، ئازادی ڕادەربڕین، و تۆڕە كۆمەڵایەتییە گشتگیرەكان پێشكەش بە گەنجان دەكەن؛ لە لایەكی تر، كەمبوونەوەی كارلێكی ڕووبەڕوو، گۆڕانی لێهاتووییەكانی پەیوەندیكردن و كێشەكانی وەك تەنیایی دیجیتاڵ دەخەنە بەرباس. بە تایبەت، زیادبوونی هەڕەشە و ئازاردانی ئەلیكترۆنی بووەتە مەترسییەكی كۆمەڵایەتی نوێ لەناو گەنجاندا. ئەم پێكهاتە دووانەیە ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە كاریگەری دیجیتاڵكردن لەسەر بەرهەمهێنانی سەرمایەی كۆمەڵایەتی، ئاڵۆز و فرە-ڕەهەندە.
لەڕووی سیاسیشەوە نەوەی گەنج هەستیان پێدەکرێ كە كەمتر گرنگی بە پێکهاتە سیاسییە نەریتییەکان بدات، فۆرمەکانی بەشداریکردنی سیاسی لە سەردەمی دیجیتاڵیدا بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕانییان بەسەردا هاتووە. هەڵمەتەکانی سۆشیال میدیا و بزووتنەوەکانی هاشتاگ و تۆڕەکانی هاودەنگی ئۆنلاین دەنگی سیاسی گەنجان بەهێزتر دەکەن؛ گۆڕەپانی دیجیتاڵ وەك شوێنێكی نوێی بۆ وتوێژی گشتی كار دەكات. بەڵام زۆرجار ئەم بەشدارییە وەک چالاکیی ڕووکەش ڕەخنەی لێدەگیرێت و جیاوازی نێوان چالاکیی و پشتیوانی لەبەردەم گفتوگۆدایە. سەرەڕای ئەمەش، بەسیاسیکردنی دیجیتاڵی گەنجان بە ڕەوتێکی بەرچاو دادەنرێت کە داهاتووی بەشداری دیموکراسی لە کۆمەڵگەی مۆدێرن دادەڕێژێت.
سەردەمی دیجیتاڵی هەم دەرفەتی نوێ و هەم لاوازی نوێ بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت. ئاسانتر دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و کارلێکی کەلتووری جیهانی و فراوانبوونی بوارەكانی بەرهەمهێنانی داهێنەرانە، توانای كۆمەڵایەتی و كەلتووری گەنجان زیاد دەكات، هەروەها لەبەرانبەردا نەمانی تایبەتمەندی، چاودێریکردنی داتا، ئاڵوودەبوونی دیجیتاڵی و کەلتووری ئۆنلاین ئەزموونە کۆمەڵایەتییەکانی گەنجان ئاڵۆز دەکەن. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە سەردەمی دیجیتاڵی کاریگەری یەکلایەنەی لەسەر گەنجان نییە؛ بە پێچەوانەوە پرۆسەیەکی دژبەیەک و فرەلایەنە و دینامیکییە.
گەنجان پێگەیەکی سەرەکییان هەیە لە گۆڕانی کۆمەڵایەتی سەردەمی دیجیتاڵیدا. تێگەیشتن لە داینامیکی کۆمەڵگایەکی گۆڕاو پێویستی بە شیکردنەوەی ئەزموونی دیجیتاڵی گەنجان هەیە لە ڕوانگەی کۆمەڵناسی و کەلتووری و سیاسییەوە. سەردەمی دیجیتاڵی تەنیا سەردەمێکی تەکنەلۆژی نییە بۆ گەنجان؛ بەڵكو سەرەتای دیزاینێكی نوێی ژیانی كۆمەڵایەتییە.

وریا مەعروف




زەوی، پرتەقاڵێکی خەمگینە.. غەسان کەنفانی.. و: عومەر عادل عەبدوڵڵا

کاتێک لە «یافا»ەوە بۆ «عەکا» دەرچووین، هیچ پێشهاتێک لەوێدا ڕووی نەدابوو، وەک کەسێک وابوو ساڵانە لە شارێکەوە گەشت بکات بۆ شارێکی تر و ڕۆژانی چەژنی لەوێدا بەسەر بەرێت. ڕۆژەکانمان لە «عەکا» بە شێوەیەکی ئاسایی تێپەڕین و هیچ شتێکی سەیر تێدا ڕووی نەدا، ڕەنگە لەبەر بووێت، ئەو کاتە منداڵ بووم و چێژم لەو ڕۆژانە وەردەگرت، چونکە ڕێگریان لێکردم، بۆ قوتابخانە بچمەوە. هەرچییەک بێت، لە شەوی هێرشە گەورەکەی سەر «عەکا»، دیمەنەکان ڕوونتر و ڕوونتربوونەوە …، ئەو شەوە، لە نێوان تاریکی پیاوان و نزای ژنەکاندا خراپ تێپەڕی. من و تۆ و ئەوانی تر، زۆر لەوە منداڵتر بووین بۆ ئەوەی تێبگەین، چیرۆکەکە لە سەرەتاوە، تا کۆتایی چ واتایەک دەگەیەنێت. ئەو شەوە، هێڵەکانی ڕووناکی دەرکەوتن و بەیانیش کە جولەکەکان کشانەوە و هەڕەشەیان دەکرد و کەفیان لە دەم دەهاتە دەرەوە. بارهەڵگرێکی گەورە، لە بەر دەرگای ماڵەکەمان وەستابوو، کۆمەڵێک کەرەستەی سادەی نووستن بە جووڵەی خێرا و هێمنانە لێرە و لەوێ دەفڕێنران… من بە پشتم بە دیواری خانووە کۆنەکەوە بوو و وەستابووم، کە بینیم دایکت سواری ئۆتۆمبێلەکە بووە، پاشان خاڵۆزاکەت، پاشان منداڵەکان، باوکت تۆ و خوشک و براکانتی فڕێ داوە ناو ئۆتۆمبێلەکەوە، لەسەرەوەی جانتاکان، پاشان لە گۆشەیەکەوە دەریهێنام و بۆ قەفەزی ئاسنی ناو ژووری شۆفێرەکە بەرزیان کردمەوە. بینیم «ڕیاز»ی برام بە هێمنی دانیشتووە. پێش ئەوەی بتوانم خۆم لە شوێنێکی گونجاودا جێگیر بکەم، ئۆتۆمبێلەکە جووڵەی کرد. کە ئۆتۆمبیلەکە چووە سەر ڕاستەڕێی «ڕاس نەقورە»، «عەکا»ی خۆشەویست هێدی هێدی لە ڕێگا پێچاوپێچەکاندا ون دەبوو.

کەشوهەوا، کەمێک هەور بوو، تەزوویەکی ساردیش بەسەر جەستەمەدا دەهات. «ڕیاز» زۆر بە بێدەنگی دانیشتبوو، قاچەکانی بەسەر لێواری قەفەسەکەدا بەرز کردبووەوە، پشتی بە جانتاکەوە دابوو، چاوی لە ئاسمان بوو، چەناگەم دەخستە نێوان ئەژنۆیەکانم و هەردوو قۆڵم بەسەریاندا چەماندەوە. کێڵگە پرتەقاڵییەکان، لە ڕێگاکەدا بەدوای یەکدا دەڕۆن. هەستی ترس ناخی هەموومانی دەخواردەوە. ئۆتۆمبێلەکە بە هەناسەبڕکێ بەسەر ڕێگە قوڕینەکەدا سەرکەوت و تەقەی سەجمەکان لە دوورەوە وەک دەستڕاوەشاندی ماڵئاوایی دەنگیان دەدایەوە.

کاتێک دیمەکانی «ڕاس ناقورە» لە دوورەوە دەرکەوتن، هەور بەشێوەیەکی ئاسۆی بە ئاسمانی شیندا بڵاوەی پێ کردبوو. ئۆتۆمبێلەکە وەستا، ژنەکان لە نێو کەرەستە و جانتاکان دابەزین و چوونە لای جووتیارێک کە بە قاچی بڕاوەوە دانیشتبوو و سەبەتەیەک پرتەقاڵی لەبەردەمیدا بوو، لەو ساتەی پرتەقاڵەکانیان هەڵگرت… گوێمان لە دەنگی گریانیان بوو… ئەوکات پێم وابوو پرتەقاڵ شتێکی خۆشەویستە. ئەم میوە گەورە و پاکانە شتێکی ئازیز بوون بۆ ئێمە. ژنەکان پرتەقاڵیان کڕی و هەڵیانگرت بۆ نێو ئۆتۆمبێلەکە، باوکت کە لە شانی شۆفێرەکە دانشتبوو، شۆفێرەکە هاتە خوارەوە، دەستی درێژ کرد و یەکێکیانی برد، بە بێدەنگی سەیری کرد، پاشان وەک منداڵێکی بەدبەخت، گریانێکی توند و بەهێز، پێیدا تەقییەوە.

لە «ڕاس نەقورە»، تۆئۆمبیلەکەمان لە تەنیشت ئۆتۆمبیلی زۆر کەسی ترەوە ڕاوەستاند. پیاوەکان دەستیان کرد بە ڕادەستکردنی چەکەکانیان بەو پۆلیسانەی کە لەوێدا ڕاوەستابوون، نۆرەی ئێمە هات، بینیم تفەنگ و دۆشکە فڕێدراونەتە سەر مێزەکە. هێڵی ئۆتۆمبێلە گەورەکان پێکەوە قەتارەیان بەستبوو و دەڕۆشتنە نێو خاکی لوبنانەوە، ڕێگا پێچاوپێچەکان، زیاتر و زیاتر…، لە خاکی پرتەقاڵەکان دووریان دەخستینەوە، منیش دەستم کرد بە گریان، دایکت بە قووڵی دەگریا و بە بێدەنگی چاوی لەسەر پرتەقاڵەکە بوو. لە چاوەکانی باوکتدا، هەموو ئەو پرتەقاڵانەی کە بۆ جولەکەکان بەجێ هێشتبوو، دەدرەوشایەوە، هەموو ئەو پرتەقاڵە پاکانەی کە کڕیبووی، دار بە دار، لە ڕووخساریدا تەواو ڕەنگدانەوەی دابووەوە و لە نێو ئەو فرمێسکانەدا دەدرەوشاویەوە، کە نەیتوانی لەبەردەم ئەفسەری بنکەی پۆلیسەکەدا بەرزەفتیان بکات. کاتێک پاش نیوەڕۆ گەیشتین بە شاری «سەیدا»، بۆ هەمیشە بووین بە پەنابەر.

ڕێگاکە تەواو ئێمەی لە ئامێز گرتبوو. باوکت لە جاران پیرتر دەردەکەوت، وا دیار بوو کە ماوەیەکی زۆرە نەخەوتووە. لە شەقامەکەدا ڕاوەستا بوو لەبەردەم ئەو جانتایەی کە لەسەر ڕێگاکە فڕێدرا بوو، دەمتوانی بیهێنمە پێش چاوم کە ئەگەر بچمە سەرەوە بۆ ئەوەی شتێک بڵێم، ئەوا بە ڕووخسارمدا دەتەقێتەوە و دەڵێت: نەفرەت لە باوکت… نەفرەت…، ئەم دوو نەفرەتە، بە ڕوونی بە ڕووخسارییەوە دیار بوو، تەنانەت منیش، ئەو منداڵەی کە لە قوتابخانەیەکی ئایینی کۆنەپەرستدا گەورە بووم، لەو کاتەدا گومانم هەبوو، کە ئەم خودایە بەڕاستی دەیەوێت خەڵک دڵخۆش بکات، گومانم هەبوو کە ئەم خودایە هەموو شتێک بیستبێت و بینیبێت. ئەو وێنە ڕەنگاوڕەنگانەی کە لە کڵێسای قوتابخانە بەسەرماندا دابەشکرابوون، کە گوزارشتی لەوە دەکرد، خودا بەزەیی بە منداڵەکاندا دێتەوە و بە ڕوویاندا زەردەخەنە دەکات، ئەم وێنانە وەک درۆیەکی دیکە لەو کەسانە دەهاتە بەرچاو کە قوتابخانەیەکی کۆنەپەرستانە دادەمەزرێنن، بە مەبەستی ئەوەی زیاتری کرێی خوێندن کۆ بکەنەوە. چیتر گومانم نییە، کە ئەو خودایەی لە فەلەستین دەمانناسی، ئەویشمان جێی هێشتووە، ئێمەی پەنابەر ، لەسەر شۆستە دانیشتووین و چاوەڕێی چارەنووسێکی نوێ دەکەین، کە هەندێک چارەسەری لەگەڵ خۆیدا بهێنێت و بەرپرسیارین لە دۆزینەوەی میچێک(سەقف) بۆ ئەوەی شەوی تێیدا بەسەر بەرین.

شەو دۆخێکی ترسناکە و ئەو تاریکییەی کە وردە وردە بەسەرماندا زاڵ دەبوو، ترسێکی لە ڕادەبەدەری دەخستە دڵمەوە. تەنها بیرکردنەوەیەک لە بارەی ئەوەوە کە شەوەکە لەسەر شۆستە بەسەر دەبەم، هەموو جۆرە ترسێکی لە مندا دەجووڵاند، ترسێکی توند و وشک بوو. کەس ئامادە نەبوو، بەزەیی پێمدا بێتەوە، کەسم نەدەدۆزیەوە ڕووی لێبکەم. نیگای بێدەنگی باوکت، وایدەکرد ترسێکی نوێ لە سینەمدا سەر هەڵبدات و پرتەقاڵی دەستی دایکت ئاگری لە سەرم بەردابوو. هەمووان بێدەنگ بوون، چاویان لە ڕێگا ڕەشەکە بوو، بەو هیوایەی کە چارەنووس لە پێچێکی ئەو ڕێگایانەوە دەربکەوێت، چارەسەری کێشەکانمان بکات و ئێمە بەرەو بنەبانێکی ئارام بەرێت؛ چارەنووس لە پڕێکدا هات، مامت پێش ئێمە گەیشتبووە شار و ئەو چارەنووسی ئێمە بوو.

مامت زۆر باوەڕی بە ڕەوشت نەبوو، بەڵام کاتێک خۆی بینیەوە لەسەر شەقامەکە، وەک ئێمە، ئیتر بە ڕەهای باوەڕی پێی نەما. ڕووی بەرەو ماڵێک کرد کە خێزانێکی جولەکە تێیدا نیشتەجێ بوو، دەرگاکەی کردەوە و کەلوپەلەکانی فڕێدایە ژوورەوە و بە دەموچاوە چرچ و لۆچەکەیەوە ئاماژەی پێکردن و بە تۆنێکی قسەخۆشەوە دەیگوت: “بڕۆ بۆ فەلەستین…” بە دڵنیاییەوە ئەوان نەچوونە فەلەستین، بەڵام ترسیان لە نائومێدییەکەی هەبوو، بۆیە چوونە ژووری تەنیشت و جێیان هێشت تا چێژ لە دیمەنی بنەبان و کاشیەکان وەربگرێت.

مامت بەرەو ژوورەکەی خۆی بردین و لەگەڵ بە کەلوپەلەکان و خێزانەکەیەوە جێی کردینەوە. شەوانە لەسەر زەوی دەخەوتین، جەستە بچووکەکانمان لەسەر زەوییەکە ڕاکشا بوو و بە پاڵتۆی پیاوان خۆمان دادەپۆشی. بەیانی کە لە خەو هەڵساین، پیاوەکان شەویان بە دانیشتن لەسەر کورسی بەسەر دەبرد. کارەسات دەستی کردبوو بە دۆزینەوەی ڕێگایەکی قیرتاوکراو بۆ ئەوە بەرەو خانەکانی جەستەمان هەنگاو بنێت.

لە «سەیدا» زۆر نەماینەوە، ژوورەکەی مامت تەنانەت بەشی نیوەمانی نەدەکرد، لەگەڵ ئەوەشدا سێ شەو جێگەی بۆ کردینەوە. پاشان دایکت داوای لە باوکت کرد کارێک بدۆزێتەوە، یان با بگەڕێینەوە بۆ خاكی پرتەقاڵ، بەڵام باوکت بە دەنگێکی لەرزۆک و پڕ لە ناڕەزایەتی هاوارێکی بەسەردا کرد، بۆیە بێدەنگ بوو. کێشەی خێزانەکەمان دەستی پێکردبوو، ئێمەش لەگەڵ زەوی و خانوو و شەهیدانەکانمان، خێزانە بەختەوەر و نزیک لە یەکەمان بەجێهێشت.

من نەمدەزانی باوکت ئەو پارەی لە کوێوە دەستکەوت بوو، بەڵام دەزانم ئەو زێڕانەی فرۆشت کە بۆ دایکتی کڕی بوو، بە مەبەستی دڵخۆشکردنی و شانازیکردن بە هاوسەرەکەیەوە، بەڵام ئەو زێڕە بای ئەوەندە نەبوو،کێشەکانمان چارەسەر بکات، بۆیە سەرچاوەیەکی دیکەی پێویست بوو، ئایا شتێکی قەرز کردووە؟ ئایا شتێکی تری فرۆشتووە و لەگەڵ خۆی بردوویەتی، بەبێ ئەوەی ئێمە بیبینین؟ نازانم، بەڵام لەبیرمە، کە چووینە گوندێک لە پەراوێزی «سەیدا»، لەوێ باوکت لەسەر باڵکۆنە بەرز و بەردینەکە دانیشتبوو، بۆ یەکەمجار زەردەخەنەی دەکرد، چاوەڕێی گەڕانەوەی پانزەی ئایار دەکات لە دوای سوپای سەرکەوتوو.

لە ١٥ی ئایار دوای چاوەڕوانییەکی تاڵ کۆتایی هات؛ ڕێک کاتژمێر دوانزە، باوکت لە کاتێکدا من بە توندی خەوتبووم بە پێی خۆی چەقاندم و بە دەنگێک کە بە هیوایەکی بوێرەوە دەقیژاندەوە وتی: “هەڵسە… شایەتحاڵی چوونە ژوورەوەی سوپای عەرەب بە، بۆ نێو خاکی فەلەستین.” وەک شێتێک هەستام و لە نیوەی شەودا بە پێی پەتی لە گردەکاندا دابەزین، بۆ ئەو شەقامەی کە کیلۆمەترێکی تەواو لە گوندەکەوە دوورە، هەموومان، گەنج و پیر، وەک شێتێک هەناسەمان دەدا و ڕامان دەکرد. گڵۆپی ئۆتۆمبێلەکان، لە دوورەوە دەبینران، بەرەو «ڕاس نەقورا» بەرز دەبوونەوە، کاتێک گەیشتینە شەقامەکە هەستمان بە سەرما کرد، بەڵام قیڕە هاوارەکانی باوکت بەرزەفتی زۆربەمانی دەکرد و وەک منداڵێکی بچووک دەستی کرد بە ڕاکردن بە دوای ئۆتۆمبێلەکاندا و هاواریان دەکرد، بە دەنگێکی زەق هاوار دەکرد وهەناسەی دەدا، هەر وەک منداڵێکی بچووک بە دوای هێڵی ئۆتۆمبێلەکاندا ڕایدەکرد. ئێمە لە تەنیشتی بە هەمان شێوە ڕامان دەکرد و لەگەڵیدا هاوارمان دەکرد، سەربازەکانیش لە ژێر کڵاوەکانیانەوە، بێدەنگ سەیری ئێمەیان دەکرد… ئێمە هەناسەمان دەدا، لە کاتێکدا باوکت کە لە پەنجا ساڵیدا بوو، ڕای دەکرد و پاکەتە جگەرەی لە گیرفانی دەرهێنا و بۆ سەربازەکان فڕێی دەدا.

ئۆتۆمبێلەکان لەناکاو ڕاوەستان و بە ماندووییەوە بۆ ماڵ گەڕاینەوە، لەسەرخۆ هەناسەمان دەدا. باوکت بێدەنگ بوو، ئێمەش بێدەنگ بووین. کاتێک ئۆتۆمبێلێک تێپەڕی، ڕووناکی لایەتەکان ڕووخساری باوکتی ڕۆشن دەکردەوە. ڕوومەتەکانی پڕ فرمێسک بوون، دوای ئەوە، شتەکان زۆر بە هێواشی دەجووڵان، ڕاپۆرت درۆینە و ڕاستییە تاڵەکان فریوی داین و دووبارە ڕووخسارمان گرژی دایگرت. باوکت زۆر بە سەختی دەستی کرد بە باسکردنی فەلەستین و ئەو ڕابردووە خۆشەی لە باخ و ماڵەکاەیدا بەسەر برد بوو، ئێمە دیوارێکی زەبەلاح بووین، بەرامبەر ئەو کارەساتەی کە زاڵ ببوو، بەسەر ژیانێکی نوێدا. ئێمەش، ئەو نەفرەت لێکراوانە بووین ، کە زۆر بە ئاسانی بۆمان دەردەکەوت، کە بەیانی زوو، دەبێت بە فەرمانی باوکت بەسەر شاخەکەدا سەربکەوین، بۆ ئەوەی داوای ژەمێکی بەیانی بکەین.

شتەکان بەرەو ئاڵۆزبوون دەچوون. سادەترین شت بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر توانای وروژاندنی باوکتی هەبوو. بە تەواوی بیرمە ئەو ڕۆژە کە کەسێک داوای شتێکی لێکرد کە من نایزانم و لەبیرم نییە ئەو شتە چی بوو، یەکسەر تووڕە بوو و هەڵچوو، پاشان هەموو گیانی دەلەرزین وەک ئەوەی ڕەشەبایەک لێیدابێت، چاوەکانی بەدەوری خۆیدا سوڕانەوە و سەیری کردین. بیرۆکەیەکی نەفرەتی لە مێشکدا چەکەرەی کرد، ڕاوەستا وەک ئەوەی کۆتایی دڵخۆشکەری دۆزیبێتەوە. لە ناوەڕاستی هەستکردنی مرۆڤێک بە توانای کۆتاییهێنان بە کێشەکانی و هەستکردنی بە ترس پێش ئەوەی شتێکی مەترسیدار ڕوو بدات، دەستی کرد بە قسەکردن و بە خولانەوە وگەڕان بەدوای شتێکدا، کە ئێمە نەماندەتوانی بیبینین، پاشان پەلاماری سندوقێکێکدا کە لە «عەکا»ەوە لەگەڵ خۆماندا هەڵمانگرتبوو و بەوپەڕی ترس و تووڕەیەوە، دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی شتەکانی نێو سندوقەکە، لە یەکەم ساتدا دایکت لە هەموو شتێک تێگەیشت؛ پاڵنەرێک بوو بەو سەرلێشێواوییەی کە دایکێک دەکەوێتە ناویەوە کاتێک منداڵەکانی ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە، پاشان ئیمەی بەرەو دەرەوە پاڵ پێوەنا و داوای لێکردین بەرەو شاخەکە ڕابکەین، بەڵام لە پەنجەرەکەوە دەرنەچووین، گوێچکە بچووکەکانمان بە دارەکەیەوە چەقاند، بە ترسێکی زۆرەوە گوێمان لە دەنگی باوکت گرت: “دەمەوێت بیانکوژم و دەمەوێت خۆم بکوژم، دەمەوێت تەواو بم، من ئەمەم دەمەوێت.”

باوکت بێدەنگ بوو. کاتێک گەڕاینەوە، تلە درزی دەرگاکەوە سەیری ژوورەکەمان کرد، بینیمان لەسەر زەوی پاڵکەوتبوو و لەسەرخۆ هەناسەی دەدا، ددانەکانی لێکدەخشاند و دەگریا، لە کاتێکدا دایکت لە لایەک دانیشتبوو و بە ئاماژەکانی ئاگادارکردنەوە سەیری دەکرد، ئێمە زۆر تێنەگەیشتین، بەڵام بیرمە کە کاتێک دەمانچە ڕەشەکەم بینی لەسەر زەوی کەوتبوو، لە هەموو شتێک تێگەیشتم، وەک ئەو ترسێکی کوشندە کە بەر منداڵێک دەکەوێت، کە لەناکاو جنۆکەیەک دەبینێت، دەستم کرد بە ڕاکردن بەسەر شاخەکەدا و هەڵهاتم.

کاتێک لە ماڵەوە دوور بووم، لە هەمان کاتدا لە خودی منداڵیم دوور کەوتمەوە، هەستم دەکرد ژیانمان چیتر شتێکی ئاسان نییە، بۆ ئەوەی بە ئارامی بژین، بارودۆخەکە گەیشتوو بەوە کە جگە لەوە کە فیشەکێک بنرێت بە سەری هەریەکێکمانەوە هیچ شتێک چارەسەرێکی دیکە هەڵناگرێت، بۆیە دەبێت وریا بین لە کارەکانمان بۆ ئەوەی شایستە دەربکەوین. نابێت داوای خواردن بکەین، تەنانەت ئەگەر برسیش بین. دەبێت بێدەنگ بین کاتێک باوکمان باسی کێشەکانی دەکات ، بە زەردەخەنەیەکەوە سەرمان بجووڵێنین، کاتێک پێمان دەڵێت بچنە سەر شاخەکە و تا نیوەڕۆ مەگەڕێنەوە.

ئێوارە، کە تاریک داهات، گەڕامەوە ماڵەوە. باوکت هێشتا نەخۆش بوو، دایکت لە تەنیشتی دانیشتبوو. چاوەکانت وەک چاوی پشیلە دەدرەوشایەوە، لێوەکانی بەیەکەوە لکێندرابوون، وەک ئەوەی هەرگیز نەکرابێتەوە، وەک شوێنەواری برینێکی کۆن کە هەرگیز سارێژ نەبووبێت.

لەوێ هەموومان کەڵەکە بوون، وەکوو چۆن لە منداڵیمان دوورکەوتینەوە، بە هەمان شێو لە خاکی پرتقاڵەکاندا دوور کەوتبووینەوە، ئەو پرتەقاڵانەی کە جووتیارێک پێی گووتین: ئەگەر دەستی ئاودانیان بگۆڕدرێت، وشک دەبن.

باوکت هێشتا نەخۆش بوو، لە سەر جێگاکەی پاڵکەوتبوو، دایکت فرمێسکێکی کارەسائامێزی دەڕشت، کە تا ئەمڕۆش، لە چاوەکانیدا قەتیس ماوە، بە دزییەوە چوومە ژوورەکەوە، وەک دەرکراوێک کاتێک سەیری دەموچاوی باوکتم کرد، لە تووڕەیدا دەلەرزی. لە هەمان کاتدا، دەمانچە ڕەشەکەم بینی لەسەر مێزەکە و لە تەنیشتیەوە پرتەقاڵێک دانرا بوو، پرتەقاڵەکە وشک بووەتەوە.

غەسان کەنفانی.

لە پەرتووکی (زەوی، پرتەقاڵێکی خەمگینە)

و: عومەر عادل عەبدوڵڵا




کلتووری جوێن.. رەسووڵ بەختیار

سەنگی کەسایەتی، سەرەتا لەئاخاوتنییەوە دەست پێدەکات، لەوەش گرنگتر، کاتێ بزانیت، بەرانبەرەکەت، هەڵگری بڕوانامەیەکی باڵایە، کاتێک باس لەتوێژینەوە دەکات، سەرەتا حەزت لێیە، گوێی بۆ رادێری، بەڵام نێوەندی قسەکانی سەر بەهیچ تیۆرێک نییە، دەبینی هەر لەخۆڕا جوێن دەدا، ئەم و ئەو تاوانبار دەکات، لەوەی بڕوانامەکەی بەتەزکییە وەرگرتووە، گرنگ نییە، وەک کورد دەبێژێ، ئەو گوێزان دەژمێرێ، بەجوێنی ئاسایی ناوەستێ، چونکە وا هەست دەکا، هەقی خۆی پێ نەداوە، بۆیە پڕ دەداتە کەسوکاری، بیرتانە کاتێک پەتای کڕۆنا بەرپا بوو، خەڵکی جیهان هەموو نێردرایەوە مارێ، دەکرێ بۆ کلتووری جوێندانیش، ئەوانە بخرێنە نێو مەنجەڵێکەوە، تا خڵتی جوێدانی لێ بپارێزرێ.
وەکحۆم ئەوەی لەبیرمە تا سەرەتای نەوەدەکانیش کاتێک یەکێک قسەیەکی پلارهاوێژی پێ بگوترایە، هەرچی کەسوکاری هەبوو بێ، خۆیان لەو دانیشتنانە دوور دەخستەوە، تیایدا باس لەو پلاره بکرێ، خۆ جوێنیش نەبوو، تەنیا پلارێک بوو جێگەی خۆی گرتبوو.
سەیرە، لەگەڵ شەڕی برا کوژی، حاڵەتی جوێندان لەنێو کۆمەڵگەی کوردی بەدەرکەوت، دواتر بوو بەداردە، هەموو شاندەکانیش نەیانتوانی دەرمانێک بدۆزنەوە، لەتەک بەرپابوونی تەکنەلۆژیای ژیریش، لەدیاردە دەرچوو بوو بەکلتوور، پێمان ئاسایی بوو، لەنێو کۆمەڵگەی عەرەبی و تورکی و ئێرانیدا ئەم کلتوورە هەیە، بەڵام ئێمە خاوەنی نەبووین، بەڵام بەهۆی هاتنی رەوەندی ئەو گەلانەی باسمان لێوەکرد، کلتووری جوێندان ، بەتەواویی لەنێو کوردستاندا سەپا.
لەبیرمە لەهەشتاکان تا نەوەدەکان باسی چەند کەسایەتییەکی کوردیان دەکرد، ئەوانەی بڕوانامەی باڵایان هەبوو، لەپێش چاوی خەڵکی دیکەدا جوێنیان بەیەکتر دەدا، لەو رۆژگارە، ئەمە وەک کوفرێک وابوو.
کێشەی ئێمە لەتەک پلار و ئەو جوێندانانە نییە، لەدێرینەوە لەلای خۆماندا بۆتە ئیدیۆم، کێشەکە لەوەدایە کلتووری جوێن، هەموو لایەکی کۆمەڵگەی گرتۆتەوە، لەسۆشیاڵمیدیا، هەر یەکێک دوو قسە بکات، ئەوا جوێن بارانی دەکەن، هەندێک بەناوی راگەیاندنەوە زۆرێک لەخەڵکیان هەراسان کردووە، کاتێکیش دەدرێنە دادگا، ئەوا هەندێک لەدەوروبەریان بابەتەکە بەلایەکی دیکەدا دەبەن، ئەسڵی کێشەکەش بەلاوە دەنێن، ئەوەی زیاتریش کۆمەڵگەی هەراسان کردووە، کەسایەتی و خاوەن بڕوانامەکان لەجیاتی بابەتەکە هێور بکەنەوە، دێن خوێ بەبرینە قووڵەکە دادەکەن.

رەسووڵ بەختیار




زەردەشتی ئاینە رەسەنەکەی کورد لە لێواری لەناوچووندایە!.. نووسینی: پشتیوان حەمە عەلی سابیر

ئاینی زەردەشتی یەکێکە لە کۆنترین ئاینە جیهانییەکان کە سەرهەڵدانی دەگەرێتەوە بۆ سەدەی (٦) ی پێش زاین، ئاینەکەش هەر بەناوی پەیامبەرەکەیەوە بڵاوبووەتەوە کە ئەویش پەیامبەر زەردەشتە.
ئاینی زەردەشتی ئاینێکی یەکتاپەرستیە واتا بەتەنها (ئاهورامزاد)ە دەپەرستێت.
کتێبی پیرۆزی زەردەشتی ناوی ئاڤێستایە کە لە (٢) بەشی گەورە و (٢١) پارچە پێکهاتووە.
بنچینەی زەردەشتی لەسەر (٣) بنەما دەڕوات: (بیری باش، گوفتاری باش ، کرداری باش)، ئاینی زەردەشتی لەسەر خاکی کوردستان بڵاوبووەتەوە.
زەردەشتیەکانی باشوری کوردستان لە سەردەمی رژێمی بەعسدا وەک ئاینێکی دانپێدا نراو نەبوون لە عێراقدا بۆیە بە هیچ شێوەیەک رێگا بەپەرستشیان نەدەدرا ، لەبەر ئەوەی ئاینی فەرمی نەبوون لە عێراقدا زەردەشتیەکان ناچاربوون خۆیان و منداڵەکانیان وەک موسڵمان تۆمار بکەن و پەرستن و مەراسیمە ئاینیەکانیان بە نهێنی ئەنجام دەدا، بارودۆخی زەردەشتیەکان بەم شیوەیە مایەوە هەتا راپەڕینەکەی ساڵی (١٩٩١) و دەرکردنی دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی رژێمی بەعس لە کوردستان و دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئیتر هەموو چین وتوێژەکان هەموو بیروباوەڕ و ئاینەکان هەناسەی ئاسوودەییان هەڵمژی و هیوای گەورەیان بەوە هەبوو کە خۆری ئازادی هەڵهات .
بەڵام لە پاش رووخاندنی رژێمی بەعس لە ساڵی (٢٠٠٣) بە شێوەیەکی بەرفراوان زەردەشتیەکان دەستیانکرد بە جموجوڵی خۆرێکخستن و بانگەشەکردنی زەردەشتی بەئاشکرا وداوایان لە خەڵک کرد ئیتر سەردەمی ئازادیە پێویست ناکات بە نهێنی پەیڕەوی زەردەشتی بکەن.
بەم شێوەیە هەزاران خەڵک زەردەشتی بوونی خۆیان ئاشکراکرد و بە ئاشکرا بانگەوازیان بۆ زەردەشتی بوون دەکرد، هەروەها سەدان کەسی تریش بوون بە زەردەشتی، بەڵام بەداخەوە لەگەڵ گەشەی زەردەشتی لە باشووری کوردستان لە عێراق گروپە جیهادیە ئیسلامەکان سەریان هەڵدا و بیروباوەڕی تووندڕەوەی ئیسلامی لە تەواوی عێراق بە کوردستانیشەوە بڵاوبووەوە، سەرهەڵدانی گروپە توندڕەوە ئیسلامیەکان لە عێراق سەرسامبوونی خەڵکێک لە کوردستان بەم بەروباوەڕە تووندڕەوە ئیسلامیە بووبە هووی ئەوەی مەلا و بانگخوازە ئیسلامیەکان بە ئاشکرا دەستیان کرد بە هێرشکردنە سەر زەردەشتیەکان، لە مزگەوت و راگەیاندنەوە هیرش و سوکایەتی کردن بە زەردوشتیەکان و بیروباوەڕی زەردەشتیەکان، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئیسلامەیان بینیان ‌حکومەتی هەرێمی کوردستان بێباکە لەوەی بەرانبەر بە زەردەشتیەکان دەکرێت. ئیدی ئیسلامیەکان هەر بە هێرش و سوکایەتەوە نەوەستان بەڵکو بە ئاشکرا فتوای کافربوونی زەردەشتیەکانیان دەرکرد، فتوایان دەرکرد کە هەرکەس ببێتە زەردەشتی کافر دەبێت و بەڵکو تەڵاقی دەکەوێت و ئەگەر هاوسەرگیری کردبێت دەبێت کەسوکاری ژنەکە خێزانەکەی لێوەربگرنەوە لە یەکیان جیابکەنەوە، نابێت بە هیچ شێوەیەک کەسانی زەردەشتی لە قەبرستانی موسڵمان بنێژرێت. ئەم فتوادانە و هێرشانە بۆ سەر زەردەشتیەکان بەتەواوەتی کاریگەری کردە سەر زەردەشتیەکان.
بەداخەوە حکومەتی هەرێم هیچ پاڵپشتی و بەرگریەکی لە زەردەشتیەکان نەکرد و ناکات و بە تەنها بەجێیانی هیڵا و دەهێڵێت بۆ هیزە توندڕەوە ئیسلامیەکان.
بەم شێوەیە زەردەشتیەکان لە بارودۆخێکی زۆر خراپدان
سەدان کەسی زەردەشتی رووبەڕووی هەرەشە دەبنەوە، بە هیچ شێوەیەک ناتوانن چالاکی ئاینی خۆیان هەبێت، بەبەردەوامی هەرەشەی کوشتنیان لە سەرە لەلایەن ئیسلامیەکانەوە ، تەنانەت چەندین کەس تەقەی لێکراوە ، بەڵام ئەوەی جێگای داخە و لە هەمانکاتتدا جێی سەرسووڕمانە زۆرێک لە زەردەشتیەکان کاتێک سکاڵا تۆمار دەکەن لە لای پولیس و ئاسایش بە هیچ شێوەیەک سکاڵاکانیان بە هەند وەرناگیرێت و پشتگوێیان دەخەن و وەک ئەوەی ئازادی و تەنانت ژیانی خەڵکی زەردەشی هیچ گرنگ نەبێت لای دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەر ئەمەش نە بەڵکو لە ترسی ئیسلامیەکان هیچ راگەیاندنێک ناوێرێت باسی دۆخی زاردەشتیەکان بکات، هەتا ئێستا سەدان بەرنامەو چاوپێکەوتن و رێپۆرتاژ کراوە سەبارەت بە هەموو ئاینەکانی تری کوردستان کەچی تەنانەت بە یەک وشەش کەس باسی زەردەشتی و دۆخی زەردەشتیەکان ناکات وەک بڵێت ژیانی هەزاران کەسی زەردەشتی هیچ گرنگ نەبێت بۆ کۆمەڵگای کوردستان و بۆ راگەیاندن وتەنانەت بۆ دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، هەربۆیە زەردەشتیەکان بە ناچاری بە لێشاو کوردستان بەجێدەهیڵن کۆچ دەکەن بەتایبەتی ئەوکەسانەی کە هەڕەشی کوشتیان لە سەرە چوونکە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم نایانپارێزن و هیچ چارەیەکیان نیە لەوە زیاتر پەنا بەرنەبەر کۆچکرد بۆ وڵاتانی ئەوروپا بەمەبەستی خۆرزگارکردن لە کوشتن و لە ناوچوون.
ئەوەی لە سەرەوە باسمان کرد راستی یەکی تاڵە کە رەسەنترین ئاینی کوردی لە کوردستانی عێراق لە بەردەم قڕکردن و لەناوچووندایە بەبێ ئەوەی بۆ کەس جێگای سەرنج و گرنگی پێدان بێت.

نووسینی: پشتیوان حەمە عەلی سابیر




هەنگاوی نوێی چین لە کوردستان: هاوکاری یان کۆنترۆڵ؟.. ئاگری قادر*

لە چەند رۆژی ڕابردوودا كە كۆماری گەلی چین ، دامەزراوەیەكی نوێی ئیداری و كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان دامەزراند، كە بە “شورای مەزن” ناودەبرێت. لە كاتێكدا كە لە ژێر زمانی هاوكاری و گەشەپێدان پێشكەش دەكرێت، ئەم رێكخراوە نیگەرانی قووڵ سەبارەت بە فراوانبوونی تاكڕەوی، ئەندازیاری كۆمەڵایەتی و ئەگەری وەرینی سەربەخۆیی ناوخۆیی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. لە ڕوانگەیەكی ئەكادیمی و جیۆپۆلەتیكییەوە، هەوڵەكانی چین دەبێت لە چوارچێوەی فراوانتری ستراتیژی جیهانییەكەیدا تێبگەین — ستراتیژییەك كە كاریگەریی سیاسی، دزەكردنی ئابووری و پێشبینی ئایدیۆلۆژی تێكەڵ دەكات. دامەزراندنی دامەزراوەیەكی لەو جۆرە لە كوردستاندا ناتوانرێت لە مۆدێلی حوكمڕانی لەمێژینەی چین جیا بكرێتەوە كە ڕەگ و ڕیشەی لە كۆنترۆڵی ناوەندی و سنوورداركردنی ئازادییە مەدەنییەكان و ملكەچكردنی تاكەكان بۆ دەسەڵاتی دەوڵەت هەیە،سیستەمی سیاسی ناوخۆیی چین بە حوكمڕانی یەك حزبی و سەركوتكردنی ناڕەزایەتی و میكانیزمی چاودێری كۆمەڵایەتی بەرفراوان تایبەتمەندە. ئەو دامەزراوانەی كە لە ژێر ئەم مۆدێلەدا دروست دەكرێن – چ لە ناوخۆ یان دەرەوە – زۆرجار خزمەت بە دوو مەبەست دەكەن:
درێژكردنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت
داڕشتنی ڕەفتاری گشتی لە ڕێگەی فۆڕمی ورد و ئاشكرای كۆنترۆڵكردنەوە
ئەگەر سیستەمێكی لەو شێوەیە هەناردە بكرێت بۆ كوردستان، تەنانەت بەشێوەیەكی بەشەكی یان ناڕاستەوخۆ، كاریگەرییەكی بەرچاوی لەسەر مافی مرۆڤ، بەشداری سیاسی و ئۆتۆنۆمی كۆمەڵایەتی هەڵدەگرێت. بۆیە پێویستە ناساندنی بەناو “شورای مەزن” بە شێوەیەكی ڕەخنەگرانە وەك ئامرازێكی كاریگەری كاریگەری هەڵسەنگێندرێت نەك پێكهاتەیەكی بێلایەن یان گەشەسەندن
“شورای مەزن” وەك هەنگاوێك بەرەو كۆیلایەتی مۆدێرن – ڕەنگدانەوەی ترسەكانە كە پڕۆژەكەی چین كەناڵی نوێ بۆ چاودێریكردن، دیسپلینكردن، یان دەستكاریكردنی گروپە كۆمەڵایەتییەكان دروست دەكات. لە زۆرێك لەو ناوچانەی كە چین ئۆرگانی كولتووری یان كارگێڕی دامەزراندووە، ئەم دامەزراوانە ئاوێنەیەكی لایەنەكانی مۆدێلی حوكمڕانی ناوخۆیی چین بوون كە :
بڕیاردانی ناوەندی
شەفافیەتێكی سنووردار
دامەزراندنی ستراتیژی نوخبە ناوخۆییەكان بۆ داڕشتنی بۆچوون
بەرنامەی پەروەردەیی و كولتووری كە بۆ گۆڕینی ناسنامە و دڵسۆزیەكان داڕێژراون،ئەم نەخشانە ئەوە دەردەخەن كە “شورای مەزن” دەتوانێت وەك میكانیزمێك بۆ چوونە ناو كۆمەڵگەی مەدەنی كورد و كۆكردنەوەی كاریگەری و وردە وردە ئاساییكردنەوەی نۆرمەكانی پاوانخوازانە كار بكات،لە ڕوانگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانەوە، بەرژەوەندی چین بۆ كوردستان هاوتەریبە لەگەڵ ستراتیژییە فراوانەكانی پشتێن و ڕێگا و خواستی فراوانكردنی كاریگەری لەناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. دامەزراندنی دامەزراوە سیاسییەكان یان نیمچە سیاسییەكان ڕێگە بە چین دەدات خۆی لەناو پێكهاتە ناوخۆییەكاندا جێگیر بكات، ئەمەش كاریگەری دروست دەكات كە دەتوانرێت لە دانوستانە دیپلۆماسییەكان یان ئابوورییەكانی داهاتوودا بەكاربهێنرێت،بۆ كوردستان دروستكردنی دامەزراوەیەكی ئاڕاستەكراوی دەرەكی و خاوەن دەسەڵاتێكی ناڕوون پێناسەكراو پرسیاری ڕەخنەگرانە دەوروژێنێت،ئایا ئەم رێكخراوە خزمەت بە بەرژەوەندییە ناوخۆییەكان دەكات یان ئامانجە ستراتیژییە دەرەكییەكان؟
چ میكانیزمێك لێپرسینەوە و شەفافیەت و چاودێری مسۆگەر دەكات؟
جەماوەری كورد چۆن لە دەستكاری ئایدیۆلۆژی یان سیاسی دەپارێزرێت؟
بەبێ وەڵامی ڕوون، مەترسییەكان لە سوودە ئەگەرییەكان زیاترن
ڕێگریكردن لە دامەزراندنی وەها ئۆرگانێك تەنیا كردەوەیەكی بەرخۆدانی سیاسی نییە؛ ڕێوشوێنێكی پێویستە بۆ پاراستنی كەرامەتی مرۆڤ و سەروەری دامەزراوەیی و خواستە دیموكراسیەكان. ئەزموونی كورد لەگەڵ زلهێزە ناوچەییەكان دەریخستووە كە زۆرجار قەوارە بیانییەكان نەك لە ڕێگەی داگیركاریی بینراوەوە، بەڵكو لە ڕێگەی هاتنە ناوەوەی دامەزراوەیی وردە وردە بەدوای كاریگەریدا دەگەڕێن. لەم چوارچێوەیەدا چین – بە مێژووی كۆنترۆڵكردنی تاكڕەوانە و فراوانبوونی نێودەوڵەتییەوە – نوێنەرایەتی هاوبەشی ڕزگاری نییە بەڵكو بكەرێكی پۆتانسێلی هەژموون دەكات. چین وەك هێزێكی “كۆیلایەتی و داگیركاری” ڕەنگە بەهێز دەربكەوێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕەنگدانەوەی ئەو ترسە ڕاستەقینەكانە كە ڕەگیان لە بەڵگە جیهانییەكانی پراكتیكەكانی حوكمڕانی چیندا هەیە. پێویستە “شورای مەزن” پێشنیاركراوی كوردستان لە چوارچێوەیەكی ئەكادیمی و جیۆپۆلەتیكی گەورەتردا وەك هەوڵێك لەلایەن دەوڵەتێكی تاكڕەوەوە بۆ درێژكردنەوەی كاریگەریی ئایدیۆلۆژی و سیاسی و ئیداری بۆ ناوچەیەكی لاواز تێبگەین. پاراستنی ئۆتۆنۆمی و ئازادییەكانی گەلی كورد پێویستی بە وریایی و شەفافیەت و ڕەتكردنەوەی پتەوی ڕێگەدان بە زلهێزە بیانییەكان هەیە بۆ سەپاندنی پێكهاتەكان كە سازش لەسەر مافەكانی مرۆڤ و سەروەری دەكەن. هەر لەبەر ئەم هۆكارە دەبێت دەستپێشخەرییەكە بە شێوەیەكی ڕەخنەگرانە هەڵسەنگێندرێت – و دواجار ڕەت بكرێتەوە بۆ پاراستنی ئایندە و كەرامەت و چارەنووسی كوردستان.

ئاگری قادر
خوێندكاری دكتۆرا لە یاسای ژینگەیی نێودەوڵەتی لە زانكۆی نیشتمانی تایوان




رۆژی قەدەغەكردنی جینۆسایدو رێزگرتن لە قوربانیان

Message Body

77 ساڵ لەمەوبەر بڕیاری قەدەغەكردنی جینۆسایدو سزادانی بكەرانی دەرچوو, 10 ساڵ لەمەوپێش لە لایەن نەتەوەی كگرتووەكانەوە بە بەشداری 153وڵەت بڕیاری ئەوە درا ئەم رۆژە وەك رۆژی جیهانی قەدەغەكردنی جینۆسایدو رێزگرتن لە قوربانیان و سزادانی بكەرانی بناسرێت , مرۆڤایەتی خرایە بەردەم ئەركێكی ئەخلاقی كە بەرەو رووی جینۆساید ببێتەوە.
جینۆساید یەكێكە لەو تاوانە گەورانەی مرۆڤایەتی بە دەستییەوە دەتلێتەوە, تاوانێكە بوونی گروپە مرۆییەكان لەسەر بنەمای ڕەگەز، نەتەوە، ئایین، بیروباوەڕ……دەكاتە ئامانج, هەڕەشەیەكی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی, ڕێگریكردن لێی بەرپرسیارێتییەكی دەستەجەمعییە, پێویستی بە هاوكاری دەوڵەتان,دامەزراوەكان, تەواوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.
لێ لە كاتێكدا یادی ئەم رۆژە لە كوردستان دەكەینەوە, بە داخەوە لە عێراقەكەی ئێمە كە 66 ساڵە پەیوەست بووە بە رێكەوتننامەكەوە, كەچی پرۆسەی جینۆساید بە دوای پرۆسەی جینۆساید تیایدا دووبارە دەكرێتەوە, تاوانبارانی جینۆساید ئازادن و لە پێگەی خۆیانەوە وەك بەشداربووی تاوان سەیر ناكرێن و دان نانێن بە راستییەكاندا, لە بۆنەكاندا وەك رێزلێگیراو دەردەكەون و دوای مردنیان پرسەی شاهانەیان بە ئاڵای كوردستانەوە بۆ دادەنرێت, ئێستا لەوپەڕی هێزو دەسەڵاتی خۆیاندان لە رووی سیاسی و كۆمەڵایەتی و …..
پێویستە ژینگەی لە بار بۆ دووبارە نەبوونەوەی جینۆساید پێك بهێنرێت وەك پابەند بوون بە پاراستنی مافی مرۆڤ, سزادانی تەمجیدی تاوانبارای جینۆساید و تاوانە گەورەكان, پابەند بوون بە رێكەوتننامە جیهانییەكان, هاندانی كلتوری ئاشتی و پێكەوە ژیان و جیهانێكی ئاشتیانەتر و شكۆمەندتر بۆ هەموو گەلان.
بۆ ئەوەی رێز لەو بڕیارە جیهانییە و قوربانیانی جینۆساید بگرترێت و قوربانیان كەرامەتیان پارێزراو بێت, پێویستە دەست بەجێ تاوانباران دادگایی بكرێن, ئەوە گەڕاندنەوەی رێزو كەرامەتە بۆ قوربانیانی جینۆسایدی گەلی كوردستان. هەر لێرەوە وەك ئەم ڕێكخراوانەی ناوییان لە خوارەوە هاتووە داوا لە حكومەتی هەرێم و حكومەتی عیراق دەكەین ئەم ڕۆژە بە فەرمی بناسێنن بكرێتە ڕۆژێكی تایبەت تیایدا ڕێز لە قوربانیانی جینۆسایدی كوردستان و عێراق بگرن و وەڵام بە سەرجەم داواكارییەكانیان بدرێتەوە لە دادگاییكردنی تاوانباران, باشتركردنی ژیانیان, داوای لێبوردن كردن لێیان, قەرەبووكردنەوەی مادی و مەعنەوییان, گەڕانەوەی ڕوفاتی ئازیزانیان , ئاشكراكردنی راستییەكان و ئازادكردنی هەموو بەڵگەنامەكان, بۆ دووبارە نەبوونەوەی جینۆسایدو دڵنەوایی قوربانیان عێراق دەست بەجێ ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی.

لە كۆتاییدا داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین كە میكانیزمی كاریگەرتر بۆ ئاگاداركردنەوەی پێشوەختە و دەستێوەردانی خێراترو كاریگەرتر و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی تاوانەكان بەبێ جیاوازی پەرەپێبدات, بۆ ئەم مەبەستە دەسەڵاتەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بەهێزترو فراوانتر بكات.
لە كۆتاییدا جگە لە ئیدانەكردنی تاوانەكانی جینۆساید كە بەرامبەر بە گەلەكەمان ئەنجامدراون لە ئێستاو مێژوودا هاوسۆزی تەواومان لەگەڵ قوربانیانی جینۆساید بە درێژایی مێژوو لە تەواوی جیهان دەردەبڕین، لەوانە قوربانیانی هۆلۆكۆست، ئەرمەن, ڕواندا, بۆسنە،بەنگەلادیش………تاوانەكانی دیكە, كە هەرگیز نابێت دوبارە ببنەوە.

ناوی رێكخراوەكان :

1- رێكخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالكراوان
2 تۆڕی ئایكان كوردستان
3 رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژ لە كوردستان
4 رێكخراوی جیهان بێ چەكی كیمیاوی و بایەلۆجی
5 هەلمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە كوردستان
6 هەڵمەتی دادپەروەری
7-ناوەندی داكۆكی پشدەر بۆ قوربانیان وجینۆسایدكراوان
8-رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید
9 -تۆڕی هاوپەیمانی رێكخراوە كوردستانییەكان بۆ دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی-koncicc
10-رۆژنامەی نگرە سەلمان
11-تۆڕی رێكخراوە كوردستانییەكان بۆ قەدەغەكردنی چەكی ئەتۆمی و كۆكوژ-KNOW
12-رێكخراوی چاودێری كوردستان-چاك كوردستان
13-گۆڤاری تۆبزاوە




نزاى دڵ.. شیعری كاوه‌ى خه‌سره‌وكاوانى

                                

          

ئێستاش چاوم له‌و ده‌رگایه‌
بۆیه‌كه‌م جار
كه‌ تۆى لێ هاتیه‌ ژووره‌وه‌…
چاوێكیشم له‌و رێگایه‌
تۆى وون كردو
منى خسته‌ شه‌وه‌زه‌نگى بێ نووره‌وه‌…
له‌و رۆژه‌وه‌ كه‌سێ نه‌ما
هه‌واڵى تۆى لێ نه‌پرسم
خه‌مێك نه‌ما به‌یادى تۆ نه‌یخۆمه‌وه‌…
ئه‌شكێك نه‌ما بۆتۆ نه‌ڕژىّ
له‌ شه‌وانى بێ تۆى دا
ئه‌ستێره‌یێك نه‌ماوه‌ كه‌
نه‌یكه‌مه‌ هاوڕێ خۆمه‌وه‌…
دڵم ئێستا نزا ده‌كات
ئه‌ى چاوه‌كان
گه‌ردنتان قه‌ت ئازاد نه‌بێت
به‌بێ تۆئێستا چۆن بژیم
كاتێك رۆحم به‌دیدارى تۆشادنه‌بێت

4/2/2010

kawa_kiwiny@yahoo.co.uk




لە سۆنگەی دەرژێمە منداڵیمەوە.. مستەفا غەفوور

زۆر جار كە شیعرێك دەخوێنمەوە وەك ئەوەی فاتحای شیعرەكە بێ‌، خەمێك دامدەگرێ‌، هەست دەكەم خەمی لاوازی شیعرەكەیە. لە ئەزموونی دواتری شاعیردا دووبارە شیعرێكی تری هەمان شاعیر دەخوێنمەوە كە هەمان خەم دایگرتم هەست بە بێ ئومێدی دەكەم، لە چاوەڕوانی و قۆناغێكی تری ئەزموونی شاعیردا، دەست بۆ شیعرێكی تری هەمان شاعیر دەبەم، بە دووبارە بوونەوەی فاتیحای شیعرەكە خەمی مردنی شیعرەكانی دامدەگرێت، شاعیریش لەلام دەمرێت، ئیتر نە سۆراغی خۆی دەكەم و نە بە پێودانگی شیعرەكانییەوە دەچم.
رەنگە ئەمە پێوەرێك نەبێ‌ بۆ هەڵسەنگاندنی شیعر، چونكە من شاعیر نیم، رەنگە خەمی شیعرەكە لاوازی شیعرەكە نەبێ‌ تێنەگەیشتن و ئاستی نزمی من بێ‌، بەڵام من ئاوا مامەڵە لەگەڵ شیعردا دەكەم، چونكە منیش مرۆڤم وەك خودی شاعیر كە مرۆڤە خۆم لە ژینگەی شیعرێكدا، لە هەستی شاعیرێكدا، لە ژانری رۆمانێكدا لە بەسەرهاتی نۆڤلێتێكدا نەدۆزمەوە، شاعیر تەنیا بە خەیاڵی خۆیدا رۆچووبێ‌، لە جیهانی واقعی دووركەوتبێتەوە، چی لە شیعر و شاعیر بكەم.
كە دیوانە شیعری (هێلانەیەك لە پەشمەكی) سەلام عومەرم خوێندەوە زۆر سەرنجڕاكێش بوو، لەبەر ئەوە كەوتمە متابەعە و خوێندنەوەی شیعرەكانی سەر پەیجەكەی، بەدەسخۆم نەبوو ناچار دەبووم بە رستەیەكیش بێ‌ تێبینی خۆم دەربڕم و زۆرجار بە ناوی دەسخۆشییەوە ستایشی شیعرەكانی بكەم، ترسی ئەوەشم هەبوو ستایشەكەم لە جێگای خۆیدا نەبێت و سنووری ئاسایی تێبپەڕێنم، چونكە من ئەوە نیم بە مەزندەكردنی ستایشی خۆم ئۆكەی بۆ شیعری شاعیرێك بكەم، ئایار و بایار وەك حەزێك تۆزیك دەم لە زمان و زمانناسی وەردەدەم…، كەچی بینیم شیعر لە دوای شیعر جوانتر و بەهێزترە، ویستم هۆكاری ئەوەش بگەڕێنمەوە بۆ ئەوەی گوزارشت لە حەز و خۆشەویستی، ژینگە، دۆخ و هەستی ئەم تەمەنەی من دەكات یان لەگەڵیدا دەگونجێ.
بەڵام كاتێك دیوانە شیعری (دەرژێمە منداڵیمەوە)ی بڵاوكردەوە بۆم دەركەوت نەخێر سەلام سنووری حەز و هۆگری من و ئاستی كۆمەڵە شیعری پێشووی تێپەڕاندووە، ئەو نوستالیژیایەی لای تاكی كورد بە تایبەتی لە دەڤەری ژینگەی شاعیردا هاوبەشە تەنیا هۆكاری ئیلهامی ئەو نییە، ئەو بیرو بۆچوون و مرۆڤدۆستییەشی هۆكاری سەرەكی و تەنیا ئیلهامبەخشی شیعری ئەو نین، خۆ (هێلانەیەك لە پەشمەك) نەك هەر رەنگدانەوەیەكی نۆستالیژی شاعیر نییە، بەڵكو فەزایەكی وێناكردنی رۆمانسی حەز وخۆشەویستییە، كەواتە لای سەلام شیعر بووە بە خولیا و بەشێكە لە ژیان و ئەدەبی نووسینی ئەو.
لە ژیاندا گەلێك دیاردە هەن نهێنی گەورەیان لەپشتە كە هەموو كەسێك ناتوانێ‌ پەی بە نهینییەكانیان ببا، وێنە و دیمەنی گەلێك جوان هەن بەڵام لە زەینی هەموواندا رەنگدانەوەیان نییە، زۆر رووداو بۆ كەسانێك ئاسایی و لای هەندێك جێگای سەرنج و تێڕامانن.
لە زمانناسیدا گەلێك وێنە هەن دەیان مانای میتافۆڕییان هەیە، بە هەر شێوە و ریتمێك تەنانەت بە هەر ئاواز و ئیقاعێك پەیامێك دەگەیەنن، بۆ نموونە، دەلێی ئاوە: واتە شل و شۆقە، دەڵێی لە ئاوێدایە، واتە زۆر ئارەقەی كردووە ماندووە یان نەخۆشە، هەر ئاوە: واتە بێ‌ تامە، ئاوە و ئاوچووە واتە تێداچووە، لە ئێوە خوێن دێ‌ و لەمن ئاو؟ واتە ئێوە گرنگن و ئێمە هیچین، ئەمە و دەیان مانای تر. لێرەدا توانای شاعیر لەوە دایە كام بژاردە لەو بژاردانە هەڵدەبژێرێ‌، چۆن بژاردەی پێویست و گونجاو دەدۆزێتەوە (كە ئەمە بەشێكە لە توانای شاعیر) چۆن، كەی و لەكوێ‌ و بەچ ریتمێك وێنەكە دادەڕێژی و چۆن و پەیامی وێنەكە دەگوازێتەوە، مەبەستەكەی ئاڕاستەی چ پنتێكی ژینكە و ژیانی مرۆڤ دەكات و بە چ شێوازێك لە وێنەیەكی میتافۆڕیدا رەنگ دەداتەوە.
دەڵێن تا ژینگەی شیعر نەرەخسێ‌، تا خولیای ژانرەكە هەوێن نەگرێ‌ شیعر لە دایك نابێت. جەبار جەمال غەریب لە بنووسە خوێندا دەڵێ‌: كوڕی كورد هەر ئەوندە كچێكی خۆشویست، هەرە گەمژەكەیان دەبێتە شاعیر. زۆربەی شاعیران ئاوا دەسپێدەكەن، لەكۆتاییدا هێندێكیان دەبن بە شاعیر و هێندێكیان كاروانی شیعر بە جیدێڵن و توانای خۆیان لە بواری تردا تاقی دەكەنەوەو هێندێكیان بە هۆكاری جیاواز دەكوژێنەوە.
هەموان بە منداڵیدا تێپەریون، كەچی كەم شاعیر توانیویەتی وەك سەلام بەو قۆناغەدا رۆبچێ‌، وێنەی ئاوا جوان لە سەربوردەی منداڵی خۆی هەڵێنجێ‌، خەیاڵەكان بكات بە وێنەی نایاب و كاریگەری فیزیكی لە دەروونی خوێنەردا بەجێبهێڵێ‌. ئەم رۆچوونەی شاعیر خەمێكی ترە دەكەوێتە خانەی ژانی ئافراندن و بەرهەمی ئەدەبی. ئەوە ژانی لەدایكبوونی شیعرە، دەستاودەست بە كۆرپەی شیعر دەكات، شاعیر بە حەسرەتەوە كۆرپەكەی لەباوەش دەگرێ‌، ئەو ژانەیە خەمی مانەوەی هەڵدەگرێ‌ و بە ئاواتەوەیە نەمر و تەمەن درێژ بێ‌. لەبەر ئەوە شیعرەكانی لێوانلێون لە وێنەی جوان، لە هەڵبژاردنی وێنەكانیشدا شارەزایە.
بە بۆچوونی من شارەزایی شاعیر لە نواندنی وێنەیەكی شیعریدا، لە دەماودەمكردن و گواستنەوەی وێنە شیعرییەكەدا دەردەكەوێ‌، بەمەرجێك لەو پرۆسەیەدا نە وێنەكە ریتمەكە و نە ریتمەكە وێنەكە بەجێ بهێڵێ‌، واتە شێوازی داڕشتنەكە ئەوندە تۆكمە بێت رێگە نەدات لێكداببڕێن یان زیانیان بەر بكەوێ‌، هاوتەریبی و مانەوەی ئەم دوانەش پەیامەكە جێگر دەكات و بوار بە گۆڕنی ئاڕاستەی پەیامەكە نادات. دەكرێ‌ بڵێین ئەمە گەرەنتی پاراستنی و مانەوەی شیعرە و بەدەم بەردەوامی و تەمەنی شیعریشەوە دەدەات.
لەگەڵ ئەوەشدا شیعری دەرژێمە منداڵیمەوە لە (14) بەش پێكهاتووە كە هەر بەشێكیان چەند گرتە وێنەی شیعری لەخۆدەگرێ‌، كە زۆربەی وێنەكان و ئەكتەرەكانی ناو گرتە وێنەكان بۆ خوێنەری دەرەوەی ناوچەی پشدەر و قەڵادزێ‌ نائاشنان، بەڵام هەست دەكەم گەلێك لەم خەسڵەتانەی شیعریان تێدایە، بۆ نموونە لە بەشی (9)دا نووسیویەتی:
… خۆ بە كانییە ژناندا دەكەم
پڕە لە ژن
هێندێكیان لە نێو حەوزا رووتوقوتن
زۆرینەشیان بی سەرپۆشن
دوو سێیەكیان لەسەر ئاودەست
سمتیان سپی سپی دەچێتەوە
دەچریكێنن و خێرا خۆیان دادەپۆشن
باجییەكیش كەمنی ناسی
چاوی گرتم و گوتی لێگەڕێن بچووكە برسییەتی…؟
ئەها ناودەست و باخەڵی
پڕ لە نانە چۆلەكە و خڕنووكە.
وێنەیەكی شیعری جوانە، رەنگە بۆ زۆربەی منداڵانی لادێ‌ دەڤەری پشدەر روویدابێ‌، دەكرا ئەم گرتە شعرییە تا دەگاتە (منداڵیم لێ‌ بەربۆوە) بە تێچووی كەمتری زمانی دەرببڕدرێ‌ و باشتر دابڕێژرێتەوە، بەڵام جوانی وێنەكە و گرینگی پەیامەكە كە دەكەوێتەی كۆتای وێنە شیعرییەكە زۆر لەوە بەهێزترە كۆت و بەندی شیعر رێگەی لێبگرن، كە لە كۆتاییدا دەڵی:
منداڵیم لەوێ‌ بەربۆوە
سپیكردنەوەی خڕنووكیشم
بە توڕەیی نێو سپییەكانی كانییە ژنان لە بیرچۆوە.
دەستەواژەی (سپییەكانی ناو كانییە ژنان) فرەمانایە و راستەوخۆ ئاماژە بە شتێك ناكات، واتە ئەگەرە ماناییەكانی زۆرن، بەڵام ئەوەی ناسنامە بەو دەستەواژەیە دەبەخشێ‌، بەهێزی گرتە وێنەی شیعرەكەیە، بۆیە خوێنەر یەكسەر تێدەگات لە و فرەمانایەدا مەبەست چ مانایەكە. واتە وێنەكە ریتمی شیعرەكەی شاردۆتەوە و زاڵە بەسەر فەزای گەیاندنی پەیامەكەدا، پەیامێك بۆ ئان و ساتی وەرچەرخان لە منداڵییەوە بۆ مێرمنداڵی و بالغ بوون، بەجێهێشتنی قۆناغێك كە هەر دەم مرۆڤ ئارەزوو دەكات بۆی بگەڕێتەوە، قۆناغێكە پاك و بێگەرد خۆشترین قۆناغی تەمەن، كە بە چر كەساتێكی بینین یان تێهەڵەنگوتن، وەك تیشك تێدەپەڕێ‌. وێنەیەكە بەرهەمی زەینێكی ماندوونەناس، قاڵ لە خولیای ئافراندن و داهێنانی شیعردا.
لە هێندێك حاڵەتی تردا دەكرێ‌ بڵێم ئەوە تەنیا گواستنەوەی وێنەی جوان یان ناوازە نییە بەها بە شیعر دەبەخشێ‌، چونكە دیمەنەكانی سروشت بۆ هەموومان ئاشكران، وێنە ئەبستراكتەكانی ژیان و خۆشەویستی كەرستەی هاوبەشی بیر و هزری هەر تاكێكن، بەڵكو ئەوە نواندنی وێنەكەیە بە كەرەستەی زمانی نایاب، گەیاندنی پەیامی وێنە شیعرییەكە بە گەمەی زمانی و ریتمی شایستە، بەهای شیعر مەزندە دەكەن، وەك لە (یەكەم پێلاقەدا) نووسیویەتی:
یەكەم پێلەقەی هاویشتم
دەریایەك فرمێسكی پێڕشتم
دەبینین بە ڕواڵەت پەیوەندییەكی جەدەلی لە نێوان یەكەم پیلەقە و ئەو دەریا فرمێسكەدا نییە،…كە دەبوو بڵێ‌: دواتر (واتە دوای ئەو پیلەقەی رزگاربوون لە لە قۆناغی عەدەمەوە بۆ قۆناغی بوون و هەبوون) قۆناغی ژیانم، هەموو تەمەنم بوو بە فرمێسك رشتن. لێرەدا ریتمی شیعرەكە بە میلۆدییەكی جوان خوێنەر ئامادە دەكات بە تامەزرۆوە بەرەو پیری كۆپلەی دواتردا بچێ‌، وەڵامەكە ببیستێ‌ و وێنەیەكی جوان و گەورە بە قەدەر نیشتمان لە باوەش بگرێ‌:
لەو كاتەوە جیهانی من وەكو دایكم
ناڵە و چریكەی بەرەژانە
لەو كاتەوە نیشتمانم
تەقینی سەراوەكان و خوێن رژانە
وێنەكەش چڕكردنەوە و نیشاندانی مێژووی پر لە ناسۆر و مەینەتی هەر تاكێكی كوردە لە چركەساتی لە دایكبوونیەوە تا ئەم كاتەی ئێستا.
لە هێندێك شیعری تردا وێنەكە بەسەر ریتم و ئاواز و كیشی شیعرەكەدا زاڵە، نەك هەر ئەوە فرەرەهەندە و ئەگەرە ماناییەكانی زۆرن، وەك لە (چیرۆك بە زمانی شیعر) دا تێبینی دەكرێ‌:
منداڵێك دەناسم دایكی نەماوە
باوكی هەموو خۆشەویستی خۆی دەداتێ‌
بەشی ناكا

كە هەواڵی دایكی دەپرسێ‌
پشتی تێ‌ دەكەن
تافرمێسكەكانی نەبینێ‌

كە لە كۆڵان دایكی دەبینێ‌
دەڵێ‌ ئەمیش هەمە
چونكە باوكم گوتی بۆت دێنمەوە
دەشێ‌ منداڵێكی بێ‌ دایك بێ‌، دەشێ‌ رۆڵەیەكی نیشتمانی زەوتكراو، ئاوارەیەكی هەندەران بێ‌ و… . زۆر جار بە پێی سەلیقە لێكدانەوەی ئەو تۆ بۆ دەقی شیعری دەكرێ‌، كە خودی نووسەر بەلایەوە سەیرە، یان هەر بەخەیاڵیشیدا نەهاتووە، ئەوسا بە پێی هەر پێوەرێك بێ، دەبێ‌ لێكدەرەوەكە (بە ئەگەری زۆر خوێنەر) ببێتە خاوەنی دەقەكە، چونكە ئەوە غەنیمەتی جەنگی نێوان خوێنەر و نووسەرە. واتە لە خاوەندارییەتی نووسەر دەردەچێ‌، ئەمەش ئەگەر بۆ بوارەكانی تری ئەدەب سەركەوتن بێ‌، بۆ شیعر سەركەوتن نییە، بەڵكو دەلالەتی ئەوەیە، لە بێ‌ ماناییدا خوێنەر مانای بە بەرداكردووە…، بەرگێكی جەڵەبییە، هەر كەسێك ئەندازەی بێ بەبەر خۆیدا دەكا.
لەگەڵ ئەوەشدا لە رووی رێزمانییەوە وردە هەڵەی تێدایە، بەڵام سەرەڕای فرمانایی، تێكڕای گرتە وێنەكە بەسەر ریتم و داڕشتنی شیعرەكەدا زاڵە، بەهای شیعرەكەش لە مەزندەی خوێنەر دایە.
لە شیعری (دڵ) دا:
دڵێكی ناسكت هەیە
تا لەلام بێ‌ هەرگیز نایەڵم بشكێ‌
چاوە پڕنیگاكانیشت تا هیمن بێ‌
نا نایەڵم لێوەی بتكێ‌ دلۆپە ئەشكێ‌
….
تۆش دڵێكی سركت لایە
لێوانلێوە لە نهێنی
تەنیا بە تۆ كەوی دەبێ‌
ئەگەر سینگت یان دەستی پێدابهێنی
لە هەردوو كۆپلە كەدا وێنەكان ئەوەندە جوانن، پەیامە خۆشەویستییەكە ئەوەندە قووڵە، زاڵە بەسەر فەزای شیعرەكەدا و كەم و كاسییەكانی شاردۆتەوە. لە وێنەی یەكەمدا هەستی بە بژاردەی تری دێڕی دووەم نەكردووە، چونكە ژانی هەرە گەورەی شاعیر و وەرگێڕ لە بژاردەی لاڕستە و دەستەواژە و رستە دایە:
چاوە پڕ نیگاكانیشت تا هیمن بن
نا ناهێڵم دلۆپێك ئەشكیان لێوە بتكێ‌
یان چاوی پڕ نیگاشت تا هیمن بێ‌
نایەڵم دڵۆپێك ئەشكی لێوە بتكی.
لە كۆپلەی دووهەمدا لە چەند بژاردەی (تۆش دڵێكی سركت لایە / تۆش ئەو دڵە سركەی لاتە/ دڵێكی سركیش لاتە/ تۆش دڵێكی سڵت لە دەسدایە) بژاردەیەكی بەهێزی هەڵبژاردووە بە ئەگەری زۆر هەموو بژاردەكانی تاقیكردۆتەوە، بە پێچەوانەی كۆپڵەی یەكەم، هیچ دەرفەتێكی نەهێشتۆتەوە كۆپڵەی دووهەم گۆڕانی بەسەر دابێت، واپێچراوتەوە لە خوێندنەوە، دەماودەمكردن و گواستنەوەدا هیچ لایەنێكی خۆی لەدەست نادات، كارێكی وایكردووە جوانی وێنەكە بە هەر هاڵاوێكی ناروونیدا بتوانێ‌ تێبپەڕی و پەیامەكەش وەك خۆی بگەیەنێ‌.
پەند و ئیدیۆمەكانیش ئاوان، ئەو پەند و ئیدیۆمانەی هێزی شیعریان تێدایە كاریگەرترن و وێردی سەر زمانن، زووتر لە زەیندا جێگیر دەبن و خێراتر پەیامەكەیان دەگەیەنن، ئامرازێكی بە هێزیشن بۆ مانەوە و دەستاودەست كردن، لە زەینێكەوە بۆ زەینێكی تر، لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی تر لە سەردەمێكەوە بۆ سەردەمێكی تر، جگەلەوە ئەو شیعرانەی مەعریفی و هەڵگری پەیامی مرۆیین، لە پاشەكەوتی زەینیدا هەڵدەگیرێن و لە ئاخاوتندا دەبن بە بەڵگەنەویست و خاوەن بەهای جێگیر، دەیان و بگرە سەدان ساڵە دەماودەم، نەوە بۆ نەوە دەگوازرێنەوە و گۆڕانیان بەسەردا نایات، وەك:
كە كارت كەوتە لێژی / كەس راستت پێ ناێژی
بۆمەڕی هەژار / چ گورگ چ سوار
ئەو كەسە كەسە / ئەلفێكی بەسە
زستانان پینە و پەڕۆ / هاوینان ورد ورد بڕۆ
… .
گەلێك لە شیعرەكانی دەرژیمە منداڵیمەوە لەو ئاستەدان، بە خوێندنەوەی جارێك دووجاری هەر شیعرێك (كە خوێنەر لە خوێندنەوەیان وەرەز نابێ‌) لەبەردەكرێن و دەبن بە نموونەی شیعری ناسك، ئەمەش مانای ئەوەیە زیندوون، گیانلەبەرن لە كوێ‌ پێویست بێ‌ ئامادەن، بەردەستن و دەكەونە بەرخزمەتی زمان و ئەدەبی كوردی، بۆیە دەكرێ‌ لە بەرنامەكانی خوێندن و زمان لە ئەدەبی كوردیدا جیگیر بكرێن، وەك:

  • دایكم فانۆسێكی هەبوو كارەبا كوشتی
  • خۆزگە كرۆنام گرتبا بەڵام بەهار گۆڵێكی بۆنخۆشی بۆ لای پایز نەبردبا
    خۆزگە دڵم بەردەبۆوە بەڵام باڵندەیەكی وێڵ بۆ لای قەفەز نەدەچۆوە
  • تەواوی تەمەنی خۆم خستە باوەشی ئازادی
    پیاسەیەكم پێداكرد
    هەر جاشم دی خۆمم نەدی
  • دڵم وەك هەڵۆی بەرزفڕ تەنیا لوتكەكان دەناسێ‌
    لەهەر شوێنی سەنگەر هەبێ‌ خۆی بەوێدا هەڵدەواسێ‌
  • لە ژێر میچێكدا نانووم ….
  • ئاخر دڵم زۆر نەرم بوو جەنگ رەقی كرد
    هەستم ناسك بەڵام دوژمن شەق شەقی كرد
  • گریانێك چاوی پڕكردووم كەس نایا ژیرم كاتەوە
    … .
    گەلێك لەو دیوانە شیعرانەی روو لە كتێبخانەی كوردی دەكەن، فانتازیا و گوزارشتن لە جوانی و خۆشەویستی ئافرەت، بێ‌ جێ‌ نییە ئەگەر بڵێم شیعر بووە بە پاشكۆی خۆشی و خۆشگوزەرانی، پتر بۆ پلە و پایە بۆ ناو ناوبانگ، بۆ خۆ دەرخستن دەنووسرێن. ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە دوای قۆناغەكە كەوتوون وەك ئەوەی یاخیبوون، دادپەروەری، ململانێ‌ لە پێناوی باشتردا، لە شیعردا سەری خۆی هەڵگرتبێ‌، بەڵام سەلام هەر بە گیانی تێكۆشان و رووبەڕووبوونەوە، لە قاوغی ئەو بێ‌ ئینتمایە دێتەدەرێ‌ و بوێرانە پەیامی خۆی دەگەیەنێ‌ و لە شیعری (بیرەوەری)دا دەڵێ‌: …
    خۆ ئەو جاشەش لەبەر چاومە
    كە ئێستا پێی دەڵێن دێرین
    وەك ئەو پێشمەرگە كۆنانەی
    خەریكی چنینەوەی پیرین

    بیرەوەریم وەك زنجیرە
    شەوانە خەوم دەپسێنێ‌
    وەك ئەو چۆڕە ئازادییەی
    كۆنەیەك دێ‌ و لێم دەستێنێ‌
    ئەم هەست و هەڵویستە شۆڕشگێڕانەیە لە شیعرەكانی (لەوانەیە، نیشتمان، هەستانەوە، دیاری، دلم، هەموان گوندین، ئازادی، نامۆیی و… دەیان شیعری تر) دا بەدی دەكرێ‌.

لەم رووە دەكرێ‌ بڵێم لە ئاڕاستەی ئەدەبی ئەمڕۆدا، شیعر لە ئەركەكانی داماڵڕاوە، بە تامی وتار و بەریتمی شیعر، بە هێماگەرایی سۆریالیستی چێ‌ دەكرێن، پابەندبوون بڤەیە، بیروباوەڕ تەنانەت مرۆڤدۆستیش ناڕاستەوخۆ قەدەغەیە. تەمەنیان هێندەی كاتماوەی خوێندنەوەیان كورتە، ناتوانن هیچ شتێك بگوازنەوە، نەك بۆ چەند ساڵێك یان چەند وەچەیەك تەنانەت لە دەمێكەوە بۆ دەمێكی تریش، هەر كە خوێنرانەوە دەمرن و بە دەگمەن جارێكی تر دەكەونە سەر زاری كەسێكی تر، تەنانەت شاعیرەكەش.
لە كاتێكدا ئەوە شیعرە، تەمەن، ساخڵەمی، بەهای بیرۆكە، زانیاری، وێنە و دیاردەكان بە كورتی ئەو پەیامەی دەیگوازێتەوە دەپارێزێ‌. ئەوە خزمەتێكە لەدەست رۆمانیش نایات.
ئەو شیعرانەی بێ‌ لەبەرچاوگرتنی بنەماكانی شیعر وێنەیەك دەخوڵقێنن، تەنیا وێنەكە دەگوازنەوە، دوای ماوەیەك رێتم و گەلێك لە خەسڵەتە شیعرییەكانی خۆیان لەدەست دەدەن، ئەگەر هەڵگری وێنەیەك بێ‌، پاشماوەكەی تەنیا وێنەیەكی ئاوەڕووتكراو دەبێ‌، كە دوور نییە ئەویش ئەوندە كاڵ و كرچ بێ‌ نەتوانێ‌ پەیامەكە بە روونی بگوازێتەوە، یان لە دەستاو دەستكردندا كاڵ ببێتەوە.
ئەوەشمان لە بیر نەچێ‌ ئەوە تەنیا شاعیر نییە گلەیی و گازندەی دەكەوێتە سەر، خوێنەری بێ‌ ئاگاشمان زۆرە كە بە زەحمەت لە نووسینی ئاسایی تێدەگات چ بگا بە شیعر، كەچی بە رەخنە و لێكدانەوەی بێ‌ جێ دەكەوێتە گیانی شیعر و شاعیر.
دڵنیام گەلێك لە شیعرەكانی سەلام عومەر وەردەگێردرێن بۆ زمانەكانی تر، واتە سنووری ئەدەبی نەتەوەتەیی و زمانی كوردی دەبەزێنن. هەڵدەگرن وەك رۆمانەكانی جەبار جەمال غەریب، شیرزاد حەسەن، كاروان كاكەسوور، ببن بە پەیكی ناساندنی ئەدەی كوردی، سەرەتا بە نەتەوەكانی دەروبەر و دواتر بە ئەدەبی جیهانی. هۆكاری گرنگی ئەمەش بەهاداری شیعرەكانییەتی كە بە پێی پرنسیپەكانی شیعر بونیادنراون و هەموو لایەنە رەسەنەكانی شیعر و بونیادەكانی بەهای شیعری رەسەنیان تێدایە، بێ‌ ئەوەی ئاڵۆز بكرێن، بێ‌ ئەوەی لە گۆلی رەمز و هێماگەرایی سۆریالیستیدا بقووم بكرێن، بێ‌ ئەوەی ئەگەرە مانییەكان ئەوەندە زۆربن لە بەهای شیعرەكان كەم بكەنەوە، بێ‌ ئەوەی لە پشتیری میتافۆڕدا قایم بكرێن و خوێنەر بە مەبەستی وەرگێڕان نەتوانێ‌ مەبەستی سەرەكی شیعرەكە بدۆزێتەوە تا ئەو پەیامەی مەبەستە بیگەیەنێ‌.
ئەوە دەقە بە خوێنەر دەڵێ‌ چەند ئەگەری لێكدانەوەی هەیە و پێویستە خوێنەر بیاندۆزێتەوە، نەك خوێنەر لە خۆیەوە ئەگەرەكانی لێكدانەوەی دەق دیاری بكات و بە پێی بۆچوونی خۆی مانای بۆ دابتاشێ‌. كاتێك شیعر هیچم ناداتی، چی لێ‌ هەڵێنجم، جامێك هیچی تێدا بەدی نەكەم چی لێهەڵگرم (گوایە كەسانێك هەن دەتوانن لە هیچ هیچ بەرهەمبێنن). كاتێك شیعر مانای لێكنادرێتەوە یا مانای نییە چۆن وەردەگێڕدرێ‌، قورسی وەرگێڕانی شیعر هەر لەوە دا نییە ماناكە دیار نییە بەڵكو لەوەدایە كە وەرگێڕ دەبێ‌ مامەڵە لەگەڵ لە چوار زمان و رەهەندەكانی تری شعر بكات، زمانی سەرەكی و زمانی مەبەست، مانا و رەنگدانەوەی مانایی شیعرەكە (واتە مانای میتافۆڕی)، وەرگێڕانی مانا بۆ مانای مەبەست، بەو مەرجەی لە چوارچێوەی فۆڕمەكانی زمانی مەبەست تێنەپەڕێ‌. سەرەڕای ئەم لایەنانە كە مانا و پەیامی شیعرەكە دیار نەبێ‌، وەرگێر چۆن تێبگاو دواتر چۆن وەریبگێڕی بۆ سەر زمانی تر. كەواتە تێكڕای ئەو شیعرانەی بەو شێوازەی سەرەوە دەنووسرێن وەرناگێردرێن، ئەگەر وەریشبگێردرێن هەمان تام و بۆی بۆ خوێنەری بیانی دەبێ‌، كە پتر لەوەی ببێتە پەیكێكی پەیوەندی دەبێتە فاكتەری لێكدابڕان، وەك چۆن خوێنەری خۆماڵی لێی بێزار دەبێ‌ خوێنەری بیانیش پێشوازی لێناكات. واتە ئەم شێوازە لەسەر راوكەیەك كڕ دەكەوێت هیچی لێ‌ بەرهەم نایات، دواتر خۆشی تووشی قەتیسمان دەبێت.
كش مەلیك، یەكێكە لەو شیعرانەی سەرەڕای زمانە سادەكەی، گرتە وێنەیەكی شیعرییە چەند ئەگەری مانایی هەی، بەڵام مانای سەرەكی دیارە، وەرگێڕ دەتوانی هەم فۆڕمی شیعرەكە و هەم وێنەكە بگوازێتەوە، هاوكات هەمان مانای میتافۆڕی زمانی شیعرەكە بە زمانی مەبەست بخوڵقێنێ‌، كە بە دڵنیایەوە لە پاڵ پاراستنی بەهای شیعرەكە، هەمان تام و چێژی خوێنەری شیعرە كوردییەكە بە خوێنەری زمانە وەرگێڕاوەكە دەبەخشێ‌:

  • كش مەلیك
    وەك شتومەكی كۆن
    لە مەزاتخانەكان دەفرۆشرێین
    هەر وەكو داشی دامە لە ئۆینێكدا
    ئاغاكان دەمانخۆن
    ئەم نیشتیمانە زۆر لە شەترەنج دەچێ‌
    كش مەلیك هەمیشە دووبارەیە
    … . ئەمە و دەیان شیعری جوانتر و ناسكتر لەم كۆڵەشیعرەدا بەدی دەكرێ‌.
    هەستی ناسكی شاعیر ئاوێنەیەكە دەبێ‌ رەنگدانەوەی تاڵە موویەكی تێدا بەدی بكرێ‌، نەك دونیا خرابێ‌ و ئەو هەستی نەجووڵێ‌. سەلام ئەم هەستەی خۆی لە (دەرژێمە منداڵیمەوە) دا بەرجەستە كردووە زۆربەی لایەنكانی ژینگەی ئەمڕۆی كوردستانی باشووری بەسەر كردۆتەوە، ناسكتر، جوانتر، پوختەتر و كەمتێچووتر لە كۆمەڵە شیعری هێلانەیەك لە پەشمەك.



خەڵقکردنی مێژوو لە دەقی میتۆلۆژی ئۆدیسا و ئینیادە.. بەشی دووەم.. یونس تانج

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن..




پشوويەک لە ژوانی کتێبفرۆش.. سەردار ڕەزا جاف

پێشەکی..
ڕۆمانی “ کتێبفرۆش “ يەکێکە لەو ڕۆمانانەی سەرنجی ڕاکێشاين و دوور و نزيک خودی نووسەر نەبينين بە بارتەقای ئەوەی خودی دەق دەبينين، قسەکردنيشمان لە پێناو برەودانە بە کاری ئەدەبی خودی تاک پاشان گشتگير، لە سەرەتاوە دەستخۆشانە لە نووسەر دەکەين کە بە لە خۆبردوويەکی بؤ بڕانەوە دەستی داوەتە کارێک کە لە مێژووی ئێمەی کورددا زۆرجاران ڕووی داوە، نەمازە بەڕێز سابير ڕەشيد يەکێکە لە نووسەرە ديار و بەچاوەکانی شاری هەولێر، شارەزایی و سەردەرکردوویی باشی هەيە لە نووسينی ڕۆماندا .. ڕۆمان کارێکی وا سانا نييە هەر کەسێک دوو تەقەڵی لە گەڵ شيعردا هەبوو ئيدی سەروگوێلاکی دابگرێتەوە، لێرەدا “ کتێبفرۆش “مان هێناوەتە بەر نووکی تيژی نەشتەر… ڕۆمان سەرباری ئەوەی کۆمەڵێک بنەمای زانستی و جێگيری رۆماننووسين هەيە، گەرەکە رۆماننووس حەوسەڵەيەکی باشی هەبێت و هەناسەی دوورودرێژ بێت، کەمن ئەوانەی بتوانن ئەسپی خۆيان لەم سارا پان و بەرينە تاو بدەن و بروسک ئاسا تێيدا سەرکەوتوو بن، دەمێک بوو خوليام دنەی دەدام کە ناکرێ لەبارەی رۆمانی (( کتێبفرۆش )) ی نووسەری ديار و بەرچاو “ سابير ڕەشيد “ بێدەنگی بنوێنين ئەو ڕۆمانەی باس و خواسی زۆری لە سەرە و لێرەو لەوێش لە خودی نووسەرانەوە بايەک بەر گوێمان کەوتبوو، کاتی خۆشيی کە کتێبەکەی وێدام، پێم گوت ڕەنگە لە بارەی رۆمانەکەوە بێينە دواندن، گەلەکی پێ باش بوو، هەڵبەتە دواکەوتنی نووسينمان پەيوەستە بە سەرقاڵی و نەخۆشکەوتنەوە، تاوناتاوێ رێی نەخۆشخانە تەنگمان پێ هەڵدەچنێ و ئەمەيش راستەوخۆ کاری لە ژيانی رۆژانەمان کردووە.
خوێندنەوەی هەر دەقێک زۆر جياوازە لای خوێنەری ئاسایی و خوێنەری دەستەبژێر، ئەگەر وەک يەک خوێندنەوەيان هەبێت ئەوا بە هيچ جۆرێ ئەو پێشکەوتنەی ئەمڕۆ لە ئەدەب و کايەکانی ديکەی ژياندا بوونی خۆيان سەلماندووە ڕوويان نەدەدا، دەشێ زۆريش لە جێی خۆی بێت کە خوێنەری ئاسایی بە شان و باڵی هەر دەقێکدا هەڵ بدات، واتا پياهەڵدان پيشەی ڕەخنەگر و خوێنەری ورد نييە، هاوکات ناکرێ بە کۆنە قينەوە لە تەک دەق مامەڵە بکرێت، يان لە ئيرەیی بردنەوە، کە خەڵکانێکی زۆر ستايشی فڵانە دەق دەکات دەبێ بچم وا و وای لێ بکەم، بە داخەوە لای ئێمەی کورد زۆر کەم رێک دەکەوی خوێندنەوە بۆ دەقێک بکرێ خودی دەقەکە ببينرێت، يان خزم خزمێنە و خاتروخۆتر بووە يانيش من بۆت بووم و تۆيش بۆم ببە بووە، حاڵەتێکی ديش ئەوەيە کە باسمان کرد، کۆنە قين و ئيرەیی بردن. لە نووسينە ڕەخنەييەکانمان هەرگيز هێندە ساويلکە نەبوين ڕوومان لە کاری وا کرد بێت، چونکە ئەدەب و زمانی کورديمان لە خۆ زێتر خۆشويستووە. هەر کە لە بەراييەوە ئاماژەمان بەوە داوە کە ناکرێ بێدەنگی لە مەر ئەم ڕۆمانە “ کتێبفرۆش “ بنوێنين مەبەست ئەوە نييە لە سەر چەقی لايەنی نەرێنی حەمەتاڵی بانە ئاسا سەرەڕێيەکەی لێ بگرين….
ڕۆچوون….
کاتێک ڕۆماننووس دەست دەداتە قەڵەم و ڕۆمانێک دەنووسێ هەر لە بەراييەوە تەواوی سەرهات و ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکە تا دەگاتە دوا دوای ڕۆمانەکە هەر هەموو لە هزر و بيريدا ئامادەکراو و سازە جا پێويستی بە نووسين و شەن و کەوی و رێکخستنە، ناکرێ ڕۆماننووس لە ديدی ڕەخنەگرەوە ڕۆمانەکەی دابڕێژێت داخوا لە کوێ دەکرێ ڕاست بکرێتەوە يان باز بە سەريدا بدا، نەبا ڕەخنەگر بەو ديدە يان ئەوی دی ديقەتی لێ بدات، سەرنجەکانی دەبان ئاسا بەر نەشتەر نەکەون، نەخێر ڕۆماننووس بەر لە هەموو ئەو کارانە گەرەکە خاوەن پاشخانێکی ئەبستمۆلۆژی بێت لە بەرایی و کرۆک و دوماهی ئەو ژانرە قاڵبوو بێت، هەڵبەتە لە قاڵبی تەسکی يەک باس وخواس کۆی دەکاتەوە دەرچوونيش لەو چوارچێوەيە دەرچوونە لە خودی بنەما سەرەکييەکانی داڕشتن و نووسينی ڕۆمان، سەبارەت بە ڕەخنەگريش لەو پاژەوەی دەستی پێکردووە بنەما سەرەکييەکانی ڕۆمان يان هەر دەقێک لە بەرچاو بگرێ نەبا بکەوێتە هەڵەيەکی زەقەوە، ڕۆماننووسين تەنها کۆکردنەوەی رووداوگەلێکی پەيوەست پێکەوە نييە بە زمانێکی سادە بخرێتە ڕوو، بە بارتەقای ئەوەی کە داهێنانێکی ئەدەبی ناوازەيە بە جۆرێکی هونەری داڕێژراوەتەوە و خوێنەر موبتەلای دێر دوای دێری رووداوەکان دەکات، زۆر نووسەر لە ڕێی رۆمانەوە داهێنەرن و ناووناوبانگيان دونيای تەنيووە…
زمان ستوندەگی تاوڵی ئەدەبە بە هەموو بەشەکانييەوە نەمازە رۆمان، پێمانوايە هەر کەسێک لە هەر کات و سەردەمێکدا خوێندنەوە بۆ ڕۆمان بکات گەرەکە بە جۆرێ لە جۆرەکان لەمەڕ زمانی رۆمانەکە بدوێ، زمان ڕايەڵەی نێوان نووسەر و خوێنەرە، ئيدی پێويستە نووسەر بزانێت بە چ زمانێک لە گەڵ خوێنەر دەدوێ، ئەگەر ڕەوا بێت کە ڕۆمان و شانۆ زۆر لە يەک نزيکن بن نەک دراوسێن بگرە لە يەک خانوو پێکەوەنشين بن، ئەوا ئەم حاڵەتە ئەوەمان بە هزردا دێنێت کە ڕۆمانيش بۆ کەسانی ئاسایی دەنووسرێت و وەک شيعر بۆ دەستەبژێر نييە، بۆيە ناکرێ لە ڕووی زمانەوە هێندە قووڵ بکرێتەوە کە خوێنەر عەوداڵی فەرهەنگ بێت و دوای خوێندنەوەی هەر چەند دێرێک بگەڕێتەوە بۆ واتای وشەکان، ئەمەيش زنجيرەی چەمکیی لای خوێنەر دەپسێنێت، تاکە کايەی ئەدەب کە زمان دەوڵەمەند بکات لە ڕۆماندا دەيبينينەوە، چونکە ئاخاوتنەکانی کارەکتەرەکان بەردەوام بە زمانی ئەو دەڤەرە دەبێت کە روودارەکانی رۆمانەکەی تێدا بەرجەستەيە، نەک گێڕانەوەی خودی نووسەر، ئەم حاڵەتە لێرەولەوێی “ کتێبفرۆش “ دەبينين، ئەمەيش ئەو واتا ناگەيەنێت کە بە زمانێکی جوان دانەڕێژرا بێت، نەخێر هەرگيز وا نييە، سابير ڕەشيد خاوەن زمانێکی جوانی ئەدەبييە و خودی ئەم ڕۆمانەيشی بەو زمانە جوانەی نووسينی خۆی ڕەنگڕێژ کردووە، لە هەندێ شوێن زمانی دەڤەرەکەی لە نووسينەوەی گێڕەڕەوە بەکار هێناوە، ئەمەيش وا لە خوێنەری ئاسایی دەکات ناوبەناو بگەڕێتەوە بۆ فەرهەنگ، وەک گوتمان شانۆ درامايە درامايش بۆ تاکە هاوکات لە گەڵ رۆمانيش لە يەک ڕێچکەن.

کتێبفرۆش “ ١ “
خەسڵەتی ڕۆمان وايە گەرەکە ڕۆماننووس لە سەرەتادا تەواوی تواناکانی خۆی بۆ پەلکێشکردنی خوێنەر بۆ دێر بە دوای دێری ڕۆمانەکەی بخاتەگەڕ و ئيدی خوێنەر لە خواردن و خواردنەوە بکات و هەموو مەيل و ئارەزووەکانی تەواوکردنی رووداو گەلێک بێت کە چەشنی خۆشترين خۆراک هزری قۆرخ کردووە و دەيەوێت لێی تێر بێت، لە سەرەتای ئەم رۆمانە خوێنەر ئەو مەيل و ئارەزووەی نييە، ئەوەيش ڕەنگە هۆکار گەلی خۆی هەبێت ……
بەر لەوەی غلۆربينەوە بۆ بنەماکانی ڕۆمان جێی خۆيەتی بێژين کە ڕۆمان بۆ خۆی زنجيرە ڕووداوێکی بە دوای يەکدان بە شێوازی پەخشان ئامێزی دەخرێتە بەر ديدی خوێنەر،جا ئەو ڕووداوگەلە راستی بن يان لە ئەندێشەی خودی نووسەرەوە هەڵقوڵابن، هەروەها دەبێ خودی ئەو رووداو و چيرۆکانەيش دوابەداوی يەکی کاتييەوە بن و پاش و پێش نەکرێن چونکە دەبێتە هۆی پچڕانی بيری خوێنەر و زەمەنی لا دەئاڵۆسکێنێ، رۆمانی کتێبفرۆش رۆمانێکی رياليستييە تەواوی رووداوەکانی راستين و نووسەر چۆتە هەناوی مێژووی پاڵەوانەکەوە و وردەکاری دەگێڕێتەوە.(( نووسەر لە ڕۆمانە ڕياليستييەکاندا باشترين خەسڵەت بۆ پاڵەوانی ڕۆمانەکەی دەستنيشان دەکات، تاوەکوو وا لە خوێنەر بکات بە خەسلەتەکانی کاريگەر بێت، بەم جۆرە کۆمەڵگا لە گەندەڵی دوور دەخاتەوە )) “ ٢ “ رێک ئەم حاڵەتە لە کتێبفرۆشدا دەبينين . ئامانجی ڕۆمانی ڕياليستی وێناکردنی ژيانی رۆژانەی تاکی کۆمەڵ و ئەو رووداوانەی لە دۆراندۆريدا ڕوو دەدەن بە جۆرێک بگێڕێتەوە کە وا بکات هەندێجار تراژيدی بن و دەمانێکی دی کۆميدی و دەمانێک کۆمەڵايەتی و ئەو دابونەريتە دواکەوتووانەيش دەخزێنە خانەی ئەم جۆرە ڕۆمانەوە کە وەک خۆی بگوازرێتەوە بۆ خوێنەر بە جۆرێک دابڕێژرێت کە خوێنەر هەم سەرسام هەميش پەلکێش بکات بۆ رووداوەکانی ڕۆمانەکەی….
“ کتێبفرۆش “ باس لە کەسێک دەکات بە ناوی ئومێد کتێب فرۆشە لە شاری هەولێر بژێوی ژيانی لە سەر ئەم کتێبفرۆشتنەيە هاودەم خودی کتێبفرۆشەکە شاعيريشە زێتر دەشی ئەم ئارەزووەی وای لێکرد بێت کتێبفرۆشتن بکاتە پيشەی، بە هۆی کتێبفرۆشتن و سەردانيکردنی بۆ بەغدا، ئاشنای ئافرەتێ دەبێت لە يەکێ لە يانە شەوەکانی ئەو شارە و دواييش ژيانی هاوژينی پێکەوە دەنێن، پاشان يەک دوو برادەری بۆ پەيدا بووە و لێی نزيک بوون، کاريگەرييان بە سەر يەکەوە هەبوو دواتر کەسێک کە ناوی چيادە خۆی لە کتێبفرۆشەکانی هەولێر دەکاتە عەباس سوڵتانی ئەم کەسە خۆی وەک کارمەندێکی ئەمنی بە کتێبفرۆسەکانی ئەو دەوروبەرە ناناسێنێت، بەڵکوو خۆی وەک جێگر ئەفسەری سەربازی نيشان دەدا، ئەم چيادە سەرسام دەبێ بە ئومێد هەر ئەميش کاريگەری بە سەرييەوە دەبێ و هزری ( چياد_ عەباس سوڵتانی ) دەگۆرێ لە مرۆڤێکی بکوژەوە بۆ مرۆڤێکی هەست ناسک، نامەوێ زێتر لە سەر ڕۆمانەکە بدوێين چاکترە خوێنەر بۆ خۆی بيخوێنێتەوە و پاشان لەگەڵ ئەم لێکۆڵينەوە بەراووردکاری بکات…
ئێمە لە کتێبفرۆش دا بنەما سەرەکييەکانی توخمی ڕۆمان هەڵوێستە دەکەين، تەنها لەم خاڵانە و بەم جۆرە (( گێڕانەوە، کات و شوێن ، کرۆک” حبکة “ دەرئەنجام .

١ – گێڕانەوە:
گێڕانەوە ئەو شێوازەيە کە نووسەر پەنای بۆ دەبات و وا دەکات خوێنەر بە شێواز و جۆری نووسينەکانی سەرنجی خوێنەر بۆ ڕۆمانەکەی پەلکێش بکات و رووداوەکان بە دوای يەکدا بۆ خوێنەر بخاتە ڕوو، گێڕەرەوە کە زۆرجار خودی نووسەر دەبێت تەواوی بنەماسەرەکييەکانی توخمی ڕۆمان لە خۆی دەگرێت، کە لێرەدا کتێبفرۆس وا کراوە، کەواتە رووداوێک هەيە کە بوونی رووداو خۆی سەلماند ئەو کات گێڕەڕەوە بە ئەرکەکانی ديکەی ئەو رووداوە هەڵدەسێت، وەک لێرەدا سابير ڕەشيد دەستی پێکردووە کەواتە پێويستە بزانين نووسەر چۆن دەست پێ دەکات: (( نووسەر، کاتێک دەنووسێت، ڕاستەوخۆ لە گەڵ رووداوە ديفاکتۆکە هەڵسوکەوت ناکات، بەڵکوو لە تەک ئەوەی کە لە هزريدا نەخشەی بۆ کێشاوە، يان بيری لێکردۆتەوە، لە وێنايەکدا کە تايبەتە بە ديفاکتۆکەوە))” ٣ “ لێرەدا ئەگەر ديقەتێکی دەسپێکی رۆمانەکە بدەين و هوردبينەوە لێی کە دەڵێ: (( ئومێد ئەو ڕۆژەی لە سەربان وێستا بوو، ئازارێکی بێ ئامان خەريک بوو بە نێو سەرتاپای لەشيدا شۆڕ دەبووەوە، پێی وا بوو ئيدی ژيان، ئەو بەهايەی نەماوە، تاوەکوو خۆتی پێيەوە شۆڕبکەيتەوە، ل ٥ )) هەست دەکەين داڕشتنەکەی لە هزری خودی نووسەرەوە چەکەرەی کردووە، ئەم شێوازە تا کۆتایی ڕۆمانەکە وا دەڕوات، ئومێد هەر لە سەربان وێستاوە و بير لە رووداوگەلی بەسەرهاتەکەی دەکاتەوە. ئەم سەرهاتەيش دەبێتە ڕۆمانی کتێبفرۆش، ئيدی لە هەر بەشە و بير لە سەرهاتێکی خۆی دەکاتەوە، بە سەرهاتەکان رووداوی ڕاستەقينەن و دەست پێکەکە لە هزری نووسەرەوە خوڵقاوە و بەرەو ڕۆمانەکەی ڕاماندەکێشێت، بەپێی ئەوە بێت کە خوێنەر چاوەنواڕ دەکا لەم بەشە نا ئەوی دی ئومێد خۆی دەخاتە خوارەوە و دەمرێت کەچی هەر لە هزری خۆيەوە ڕۆماننووس شتێکی ديمان پێ دەڵێ، چونکە مردنی ئومێدی بە تەمومژاوی بۆ خوێنەر جێهێشتووە ئەمەيش ئەوەمان پێ دەڵێت کە لە هزری خۆيەوە دەستی بە سەرەتا و دەسپێکی نووسينی ڕووداوەکان کردووە و وەک ئەوە نييە کە لە راستيدا رووی دا بێت و بە کردەنی ئومێد لە سەربان وەستابێت خۆی فڕێ بدات و بمرێت… لايەنێکی ديکەی ئەم گێڕانەوەيە ئەوەيە کە نووسەر لە زمانی خۆيەوە بەسەرهاتەکانی ئومێدمان بۆ دەگێڕێتەوە نەک لە زمانی ئومێدەوە کە ئەو لە سەربانە و بير دەکاتەوە، هەندێجار نووسەر وا لە خوێنەر دەکات کە ئەمە بيرکردنەوەی ئومێد نييە بەڵکوو گێڕانەوەی خودی نووسەرەکەيە کە لە راستيدا وا نييە و ئومێدە بير دەکاتەوە، بە جۆرێک وای داڕشتووە کە خوێنەری ئاسایی هەست بەم بازدانە نەکات، تەماشا چ دەڵێ : (( خاتوون خەڵکی موسڵ بوو، بەڵام خەڵکی ڕەسەنی ئەو شارە نەبوون، کاتی خۆی لە بەردەڕەشەوە هاتوونە موسڵ، کەسوکاری لە بەر دوژمنداری لە شوێنی خۆيان نەمان، لە گەڕەکی مەيدانی موسڵ، کە گەڕەکێکی هەژارنشين بوو خانوويەکی دوو ژووری کۆن بە کرێ دەگرن تيايدا دەژين. ل ٢١ )) لێرەدا ئەوە دەردەکەوێ کە ئەم قسانە لە چواچێوەی ياد و بيرهێنانەوەکەی ئومێد نييە، وەلێ ئەوە گێڕانەوەی خودی نووسەرە کەچی لە لاپەڕە ٢٠ لەدەسپێکی پاژی نوێی بەشی يەکەم بەم جۆرەنووسەر باس لە ڕووداوەکە دەکات،(( ئومێد هەردوو دەستی خستە سەر چاوەکانی، بۆ ئەوەی ئامادەی خۆفڕێدان بێت، لەو دەمەدا وەک بروسکە خەياڵی بۆ ئەو شەوە گەڕايەوە، کە يەکەمين جار سەردانی يانەی ئاسياوی سووری کرد لە شەقامی سەعدوندا، ئەو دەمەی هاتەوە بير، کە ئافرەتێک بووە ڕوانگەی چاوەکانی و بە جوانی و شۆخ و شەنگييەکەی سەرسام بوو، هەر لەو ڕوانينەدا تيری ئەڤينێک لە دڵی گير بوو، بە گارسۆنەکە داوەتی سەر مێزی خۆی کرد، پێکەوە ڕۆنيشتن و خوارديانەوە، يەکدييان ناسی )) بەم جۆرە دەچێتە نێو يادەوەرييەکانی ئومێد خوێنەر لێرەدا پەی بەوە دەبات کە ئەمە بە ناوی ئومێدەوە گێڕانەوەکە لە لای خودی نووسەرە دەگێڕدرێتەوە، ئەوەی پێشتريش لە لايەنی خودی نووسەرەوە وەک گێڕانەوەی خۆی بەرجەستە دەبێت، هەڵبەتە ئەمە جۆرێکە لە زيرەکی خودی نووسەر ئاقڵانە بازێک دەدات هيچ کەسێک پەی پێنەبات و جيايان ناکاتەوە، تەنها کەسانی وردبين درکی پێ دەکەن.
هەر لەم چوارچێوەدا بۆ زێتر روونکردنەوە نووسەر هەندێ کات خۆ دەخزێنێتە ناو ئومێد و بە ناوی ئەوەوە دەدوێ و قسە دەکات ئەو کات دەبێتە منی دووەم، کاتێکيش ڕووداو يان روونکردنەوەيەکی پێويست دێنێتەوە بە زيرەکانە دەبێتە منی يەکەم (( کاتێک ڕۆماننووس دێت و نموونەيەک يان ڕوونکردنەوەيەک دەخاتە چواچێوەی دەقەکەيەوە، وەک خۆی دەڵێ، “ خاتوون خەڵکی موسڵ بوو، بەڵام خەڵکی ڕەسەنی ئەو شارە نەبوون، کاتی خۆی لە بەردەڕەشەوە هاتوونە موسڵ …. “. ئەمە نە قسەی يەکێ لە کەسايەتييەکانە نە قسەی گێڕەڕەوە” بە بيرهێنانەوەکانی ئومێدە “ بەڵکوو گێڕانەوەی ڕۆماننووس / نووسەرەکە خۆيەتی لە پشتی گێڕەڕەوەيە، بە پەيڤێک هاتۆتەگۆ کە چوارچێوەکە وای خواستووە )) ( ٤ )، ئێمە لێرەدا لە بری ئەو نمونەی کە لە سەرچاوەکەوە باسکراوە بۆ زيندوو راگرتنی نووسينەکەمان نموونەی سەرچاوەکەمان گۆڕی بە نموونەی ڕۆمانی کتێبفرۆش.
جۆرێکی ديکەيش لە گێڕانەوە لەم رۆمانەدا دەبينرێت ئەويش کاتێک ئومێد بەبيری خۆی دەهێنێتەوە کە ئەو کاتەی دەفتەری ياداشتەکانی “ چياد “ ی دەخوێندەوە نە لە زمانی خودی نووسەرەکەوەيە نە لە زمانی ئومێدەوەيە، بەڵکوو خودی چيادە ياداشتەکانی خۆيمان بۆ دەگێڕێتەوە، لێرەدا خوێنەر گەرەکە جياوازی لە نێوان ئەم سێ گێڕانەوەيە بکات، نووسەر کارێکی باشی کردووە و لێزانانە وای کردووە خوێنەر تووشی سەرلێشێوان نەبێت، لە لايەک بە هۆی کاتەوە سەری لە خوێنەر شێواندووە، لێرەدا قەرەبووی بۆ کردۆتەوە، دەنا ئەم هەموو تێکەڵ و پێکەڵييە لە کرۆک “ حبکة “ ی رۆمانەکەی کەم و لاواز دەکرد.
بەر لە دوماهی لايەنی گێڕانەوە گەرەکمانە هەڵوێستەيەک لە سەر ئەم لايەنە بکەين، گێڕانەوە خۆی لە خۆيدا خاوەن توێژينەوەی قووڵ و کنەکردنی زۆروزەوەندە هەموو ئەو ميتۆد و توێژينەوە و ديراساتانەی لە بارەی گێڕانەوە و گێڕەر هەيە بۆ دەقی رۆمانی، دەکارێ بۆ هەر رۆمانێک لايەنە ئەرێنی و نەرێنييەکەی بخرێتە ڕوو و بەراود بکرێ لە گەل ديدگای نووسەری دەقەکە، کاتێک سابير ڕەشيد باس لە ئومێد دەکات کە لە سەربانی ماڵی خوشکييەتی و بە نيازی خۆ هەڵدانە خوارەوەيە، لێرەدا بە گێڕانەوەی خۆی دەست پێ دەکات، ئەو دەمانەيش کە دەڵێ ئومێد بيری لە فڵانە رۆژ و کات و مانگ و ساڵ دەکردەوە ئەمەيان هەر گێڕانەوەی خۆيەتی وەلێ خزاوەتە گيانی ئومێدەوە و پێمان وايە هەموو ئەوانە گێڕانەوەی ئومێدە، ناوبەناويش هەر لە چوارچێوەی بيرهێنانەوەکانی ئومێد دەردەچێت و روونکردنەوە و کاری پێويستمان پێ دەڵێت کە رۆمانەکە گەرەکييەتی، لە هەمان کات هەست ناکەين کە ئومێدە قسە دەکات وەلێ نووسەر هەر بۆ خۆيەتی، کاتێکيش ياداشتەکانی چياد دەخوێنێتەوە دەچێتە قالب و زمانی چيادەوە، لەوێدا ( من ) دەبێتە گيڕەرەو ئەو منە راستە نووسەرە بەڵام بە زمانی چيادەوەيە. لێرەدا دەمانەوێت بڵێين کە نووسەر لێزانانە ئەم کارەی ئەنجام داوە بە بێ ئەوەی خوێنەر هەست بە لە قاڵب دانی گێڕانەوەی ڕۆمان دەرچوو بێت، وەلێ خوێنەری ورد ئەو لەرەی لادانە هەست پێ دەکات و دەبوايە بە جۆرێ لە جۆرەکان ئەو لايەنەيشی کۆنترۆڵ بکردبا…
ڕۆماننووس پێويستە لە چوارچێوەی گێڕانەوەکەيدا وريای بنەما و پرنسيپە سەرەکييەکانی رۆماننووسين بێت، کە شوێن و کات زۆر زۆر بۆ ڕۆمان گرينگن و هەرگيز ناکرێ پشتگوێ بخرێت، لێرەوە دەچينە سەر ئەم دوو لايەنە ….

٢ – کات و شوێن ؛
أ – کات ….

کات سەرچاوە و بنەمای هەرە سەرەکی ڕۆمانە، ڕۆمان بێ کات دەقێکی مردووە، هەڵبەتە مردوويش بە هيچ کڵۆجێک زيندوو نابێتەوە، کەواتە دەقێکی مردوو جارێکی دی نە خودی ڕۆماننووس نە ڕەخنەگر ناتوانن ڕۆحی بە بەردا بکەنەوە و بيبووژێننەوە، تێکەڵ و پێکەڵکردنی کاتيش ئێمە وای دەبينينەوە هاوشێوەی مرۆڤێکی خاوەن پێداويستی تايبەتە، کە تا ماوە گيرۆدەيە و پێيەوە دەناڵێنێت، يەکێک لە ڕەخنەگران دبێژێت : (( کەسايەتی سەرەکييە لە ڕۆمانی هاوچەرخدا ))، هەروەک گوتمان ئەو مرۆڤە خاوەن پێداويستييەيە بۆيە ڕۆماننووس گەرەکە هەم پشوو درێژ بێت هەميش پەلە پروزەی پێوە ديار نەبێ چونکە دەرئەنجام کارەکەی لە دەقێکی ساغلەم و جوانەوە بۆ دەقێکی لە پەلوپۆ کەوتوو دەبات. (( ئەدەب وەک مۆزيک وايە، هونەری کاتە، چونکە کات نێوەندگيری ڕۆمانە، هەروەها نێوەندگيری خودی ژيانيشە ))” ٥ “ ئەمە گرينگی و هەستياری کاتمان بۆ خودی ڕۆمان و ژيانيش بەرجەستە دەکات، لێرەدا دەردەکەوێت کە ڕۆمان يەکسانە بە ژيان و ژيانيش بێ کات مەحاڵە.
ئەو دەمەی ڕۆماننووس دەست بە نووسينی رۆمانەکەی دەکات گەرەکە زۆر بە ورد ئاگاداری، ئەوە بێت کە زنجيرەی رووداوەکان بە دوای يەکديدا بێن و پاش و پێشی تێدا نەبێت (( کات بۆ خۆی، پێشينەيەکی لۆژيکييە لە گێڕانەوە بە واتا وێنايەکی پێشوەختەييە پارچەکانی چيرۆکەکە لە خۆيدا لە هۆنينەوەيەکی کاتيدا پێکەوە گرێ دەدا ))” ٦ “ لێرەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە نووسەر پێويستە بە ورياييەوە لە کاتی رووداوە ئالۆسکەکانی ناو رۆمانەکە بە ئاگا بێت و لە پاش و پێشخستن نەکەوێتە هەڵەی زەقەوە، هەندێ جار دەشی وەک بيرهێنانەوەيەک رووداوێک بە بير بهێنێتەوە وەلێ زنجيرە رووداوگەلی ناو رۆمانەکە ناکرێ بيری خوێنەر ئاڵۆز بکات، لێرەدا نووسەر دەڵێ : “ فرێياندايە دەرەوەی گرتيگەوە، هاتەوە ناو ژيانی ئاسایی خۆی، وەلێ بە هۆی فەلاقەی زۆر و کارەبا لێدانی لە چووک و ئەندامی نێرينەيدا، سوودی سەر جێی نەما بوو. ئەم ڕووداوە و گرتنەی ئەو، چەند ساڵێک دوای هاوسەرگيری بوو لە گەڵ خاتوون، هۆکاری منداڵ نەبوونيشيان، سەرەتا خاتوون خۆيشی نەيدەزانی، چونکە ئەو هەر لە منداڵييەوەلە ڕەوشێکی سەخت و دژوار و تژی لە ئێش و ئازار لە گەڵ ناخۆشی و چەرمەسەرييەکانداگەورە بووبوو، ل ١٨ “ ئەگەر خوێنەر بە وردی ديقەتی ئەم دوو گەڕاندنەوە بۆ ڕابردوو يان بيرئانينەوەيە بدات کە بە فۆنتی جياواز ئاماژەم پێداون، جياوازن لە يەکدی، ئەوەی يەکەم لە جەستەی ڕۆمانەکەيە واتا زنجيرە گرێدراوە و ناکرێ لێرەدا باسی بکات وەلێ دەبوايە پێشوەخت باسی لەم رووداوە بکردبايە، ئەوەی دووەميان هەرچەندە دەخزێتە ناو خودی رۆمانەکە وەلێ ئاساییە کە وەک بيرئانينەوە باس بکرێ، کەواتە کات لێرە گەمەی پێکراوە و لە خشتەی سيستماتيکەکە دەرچووە، نە دەبوايە سابير ڕەشيد بکەوتبايە وەها هەڵەيەکەوە نەمازە هێشتان لە بەرایی رۆمانەکەدايە کە دەکرا دەسکاری بکردبايە، بە ديدی ئێمە دەکرا هەر لەم بەشی يەکەمەدا نووسەر بەشێکی زياد بکردايە و باسی ئەوينداری قووڵی نێوان ئومێد و خاتوونی بکردايە بە زەماوەندی هاوسەرگيرييەکەيانەوە، نەک وەک هەواڵەکانی ئەمڕۆی دەزگا ميدياييەکانی کوردستان کە لە ناوەڕاست و کۆتاييدا دەلێن (( ئەمە لە کاتێکدا بوو کە ……. )) نووسەر لە لاپەڕەی دوایی شتێکی ديکەی بە هەمان شێوە هێناوەتەوە بەر باسکردن کە دەڵێ ؛ (( ئەمەيش ئەو کاتە بوو کە دايکی دەمرێت و باوکی دەيخاتە بەردەم زڕدايکێک، کە هەرگيز بەزەیی پێدا نەهاتووە و بەردەوام کاری سەختی پێکردووە. ل ١٩ )) ئەم گێڕانەوەيە بۆ رابردوو کە دوایی بە دوور و درێژی باسی لێوە دەکات زۆر لە جێی خۆيەتی مايەی هەڵوێستە لە سەر کردن نييە، بە جوانی باسی لێوە کردووە، وەلێ ئەوەی کە جێی سەرنجە لە پانزە دێڕدا هەر سێ گێڕانەوەکەی پێکەوە لکاندووە، ڕێک وەک ئەوە دێتە پێش چاو کۆمەڵێ کەس وێنە بگرن و هێندە خۆ بەيەکەوە دەلکێنن کە بيريان نييە چەند کەسێکيان دانيشن و بە شێنەیی وێنەکە بگرن، نووسەر پەلە پرووزەی پێوە ديارە ئەمە لای خوێنەری ورد هەستی پێدەکرێت… باشلار لەم بارەوە دەڵێ : (( ئەوەی بە بيرمان دێنێتەوە ياخود تياماندا پەرشوبڵاو دەکاتەوە يادەوەرييەکانی ماڵی منداڵييە)) “ ٧ “ رێک ئەوەی سێيەم جاريان دەخزێتە ئەم خانەيەوە کە باشلار باسی لێوە دەکات، دروستە و لە جێی خۆيەتی، ئەوەی يەکەميان وەک گوتمان بەو جۆرە دەبێت کە لە لای گێڕەڕەوە بەشی تايبەتی بۆ بنووسێت…
کات هاوشێوەی ئەندازەييە کە ناکرێ بازدان بە خۆوە بگرێت، لەم حاڵەتەدا خوێنەر شتێکی لە بەرچاو بەرقەرار نييە هەتاوەکوو هەواڵەکان بگەڕێتەوە بۆ خوێندنەوە يان بير هێنانەوەی خۆی بۆ تەواوی رووداوەکە وەک هەواڵ لە ڕۆژی پێشتر يان چەند رۆژێ بەر لەو کاتە، لێرەدا کە باسی ئەوينداری قووڵی ئومێد و خاتوون نەکرا بە ئاهەنگی گواستنەوەيشە ئەوا لەو بازنە ئەندازەييە ترازاوين، (( لە بير ژيريمان سەرکەوتوو بووين چونکە ئەندازەیی تايبەتمان بۆ کات دانا، و هەستی پێ دەکەين، لە نێوان ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو، لە نێوان ڕۆژ و هەفتە و مانگ و ساڵدا، گەرەکە لەم چواچێوە ئەندازەييەدا بژين، وەلێ رێکخستنی چوارچێوەکە، رێکخستنی ناوەڕۆک ناگەيەنێت، ئەگەر ئەم چوارچێوەيەمان بۆ ساتێک هەڵگرت، فۆرمەلە ناوخۆييە خوازراوەکان دەست پێدەکات و، هەست دەکەين تاکە شت کە تێيدا ڕەقە ئەويش مردنە )) “ ٨ “ ئەوە نەبێت هەندێ لە ڕووداوەکانی بە پێی زنجيرەیی لە ناو خودی هەر بيرهێنانەوەيەکی ئومێد لە ياد کرد بێت، وەلێ خودی بيرهاتنەوەکانی ئومێد دوا بە دواي يەک نين، پچڕپچڕن ئەمەيش لای خوێنەر سەر ئێشە و ئاڵۆزی لە بيرکردنەوەکانی دەخوڵقێت. (( ئەگەر کات لەم سەردەمەماندا جياکاری لە ريتمی پەلەدا دەکات، ئەو دەمە دەبێتە ئاريشەيەکی دەروونی مەترسيدار بۆ مرۆڤ، دەبووايە هەر کاری چيرۆکەکە بەم هەستە کاتييە ڕاڕاييەوە زۆر کاريگەری دەربارەی هەبێت، لە بەر ئەوە ئێمە زۆرجار دەبينين ڕۆمانی هاوچەرخ جەخت لە وێنای کەسايەتی و ڕووداوەکان ناکاتەوە بە بارتەقای ئەوەی بايەخ بە دەرخستنی گۆڕانکارييە دەروونييەکان دەدات، کە لە ناو خودی مرۆڤدا ڕوو دەدەن، لە دەرئەنجامی هەستی ڕاڕاييەوە بە ريتمی کات)) “ ٩ “ باسمان لە مۆزيک و ئەدەب کرد لە بەرايی شرۆڤەی کاتدا، نها ئەو ريتمە دێتە ئاراوە، ناکرێ ئاوازێک بە ريتمی داڕێژراو پاش و پێش بخرێت ئەو دەمە مێشکی مرۆڤ دەئاڵۆسکی، هەڵبەتە زنجيرەی کاتيش لە ڕۆماندا بە هەمان شێوەيە، جارێکی ديکەيش دووپاتی دەکەينەوە کە کاتی درێژە پێدەری خودی ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە بە دوای يەکدا بێن و کات و سەرهاتی دی کە دەکارێ پەيوەست بێت بە ڕۆمانەکەوە بە بير بهێنرێتەوە لێرەدا پاش و پێش هێندە کێشە ناخولقێنێت،
ئەوەی لە جوانی کاتدا دەريخستووە لەم ڕۆمانەدا لايەنی باشی خستۆتەڕوو، نووسەر ئەدا و تەکنيکی جوانی بنەما زانستييەکەی قەڵەمی ڕۆمانەکەی وەگەڕخستووە، ئەويش ئەوەيە هەستکردنی کەسايەتييەکان بە کاتەکە، (( بەر باسکردنی ئێستاتيکای پەيوەندی پێکهاتوو سەبارەت بە کات لە دەستنيشان کردنی کەسايەتييەکان لە نێو بونيادی گێڕانەوەکەدا و ئەوەی ئەم کاتە دەسەپێنێت لە گۆڕانکاری ژيانی کەسايەتييەکانی گێڕانەوە )) “ ١٠ “ تەماشا چۆن تەماسێک خوڵقاوە کە بۆتە تەونی جاڵجۆڵەکە ئومێد نازانێ چۆن لەو کاتە قورتار بێت، لێرەدا خوێنەر رادەکێشين بۆ لاپەڕە “ ١٣٣ “ ی ڕۆمانەکە بزانە عەباس ئەلسوڵتانی ( چياد ) دوای ئەوەی کاتێک دادەنێ ئومێد لە غاباتی کوران ببينێ، لەوێ يەک دی دەبينن و سەرەتا دادەنيشن پاشان عەباس ئەلسوڵتانی بەرامبەری ڕادەوێستێ و دەمانچەکەی دەردێنێ و بە ئومێد دەڵێ : (( ئومێد هەرچەندە من و تۆ برادەرين، بەڵام من بۆ کوشتنی تۆ راسپێردراوم )) ئەمە کردە و قسەيەکی سانا نييە، هەڵبەتە نووسەر بە جوانی کاتەکەی هێناوەتەوە، وەلێ ئەوەی جێی سەرسوڕمانە نووسەر هەر دوا بە دوای ئەمە بێ هيچ بۆشاييەکی کات لە نێوانيان يا تاسان بوونی هەر دووکيان ياخود تەنها تاسانی ئومێد نيشان بدات، کە ئومێد دێتەگۆ هيچ شڵەژان و کاردانەوەيەکی پێوە ديار نييە، دەڵێ: (( بۆچی دەمکوژی و لە سەر چی و کێ ڕايسپاردووی؟ )) لێرەدا هەست بە دوو لايەن دەکرێ لە کاتدا، يەکەم تايبەتە بە خودی ڕۆماننووسەوە کە دەيەوێ کاتەکە دوورودرێژ نەکاتەوە و کاتی دەرەوەی ڕۆمانەکەيش لە بەرچاو دەگرێ کە سەردەم و باوی نووسينی کورتە، دووەميان، کاتەکە لە کارەکتەرەکانی کورت دەکاتەوە بۆ ئەوەی مەبەستەکەی بە زوویی بڵێت، لە کرۆک “ الحبکة “ دا بە ڕوونتر لەمەر ئەم پرسە دەدوێین،
هەر دەربارەی کات لە کۆتایی هەر بەشێک يان پاژێک دا خوێنەر هەميشە کە دەچێتە بەشێکی نوێ يان تازە هزری ئاڵۆز و تێکچڕژاوە و دڵی لە مشتيدايە نووسەر بەرەو لايەکی ديکە و کات و سەردەمێکی دی نەگوازێتەوە، چونکە لە بەراییدا خوێنەری بەو جۆرە گۆش کردووە يانی گەمەی بە کاتی دەرەوەی ڕۆمان کردووە و ئەمەيش شپرزەیی خوڵقاندووە، بەتايبەت کە دەگاتە بەشی پێنجەم و بەرەو ژوور، لێرەوە خوێنەر دەيەوێت تەماسی لە تەک رووداوەکە بەردەوام بێت، لە هەمان کاتدا خوێنەر هەست دەکات کات و کارەکتەر پێکەوە دووانەيەکی لێک دانەبڕاون ئەمە سەرکەوتنی بۆ نووسەر داناوە، نەمازە لە بەشی پێنج و شەشەوە رووداوەکانی بە دوای يەکدا هێناوە و کاتێ خوێنەر لێ دەبێتەوە زۆر سپاس و دەستخۆشی لە نووسەر دەکات لە ناوەڕاستی ڕۆمانەکەوە کاتەکانی بە زنجيرەیی هێناوەتەوە، جەغار ئەوەی لای خوێنەر تەماسی کاتی کارەکتەری ون کردووە ئەو ماوەيەيە کە ئومێد چل ڕۆژ لە دايرەی ئەمن دەگيرێت هيچ سەر و سۆراغێکی خاتوون ناخاتە ڕوو لێرەدا کاتی خاتوون لەو سەردەمە ونە کە نەدەبووا پشتگوێ بخرێت، لە بەر ئەوەی خاتوون پاڵەوانێکی دی و سەرەکی ناو ڕۆمانەکەيە، لە گرتنی ئەم چل ڕۆژە و لە گرتنی لەدوای خۆکوژی چياد، دەبوايە زۆر کار هەبوو بيخستايەتە ڕوو چونکە خوێنەر چاوی لە پاڵەوانی دووەمە دەيەوێ بزانێت لای ئەو چ دەگوزەرێ کاتی چۆن دەباتە سەر، ئەمەيش غيابی هەيە.
بەر لەوەی دۆسييەی کات بپێچينەوە، لە سەر سێ لەو چوار کاتەی ڕۆمانەکە هەڵوێستە دەکەين، لای ئێمە بەم جۆرەيە، يەکەم کاتی نووسينی ڕۆمانەکەيە کە ناديارە و خوێنەر پەی پێ نابات، هەروەها کاتی چوونە سەربانی ئومێديش بە هەمان شێوە ناديارە و ڕوون نييە، ئەوەی تايبەتە بە کاتی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە بەم جۆرە شتێکمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، لە لاپەڕە (٨٥ ) نووسەر باس لەوە دەکات کە ئومێد لە دايک بووی ساڵی ١٩٥٦ و بۆ شەڕی ئێران ئێراق دەگيرێتەوە بە سەرباز و ڕەوانەی بەرەکانی جەنگ دەکرێ و باس لە هێرشی سوپای ئێراق دەکات بۆ سەر شارۆچکەی قەسری شيرين، کە شارەکە دەگرێت، ئەم ڕووداوە لە مانگی نۆی ساڵی ١٩٨٠ ڕووی داوە، جا لێرەدا پێويستە ئەوە بخەينەڕوو کە لە دايک بووانی ١٩٥٦ ساڵی ١٩٧٨ يان سەرەتای ١٩٧٩ لە سوپا نەماون، پێشتريش بە هيچ کڵۆجێ باس لە بوونی سەربازی ئومێد ناکات، دەبێ دەسپێکی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە بۆ کۆتاييەکانی حەفتەکان بگەڕێتەوە، کەچی وانييە و وردبينی گەرەکە، هەر لە بارەی سەرەتای کاتی ڕۆمانەکە، ئەگەر بگوترێت لە لاپەڕە ( ٧٣ ) دا باسی ساڵی ١٩٧٧ دەکات، ئەوا ئەم کات و ڕووداوە لايەنێکی پەيوەستە بە کرۆکی باسەکەوە بۆيە دەکارێ بخزێتە چواچێوەی کاتی دەسپێکی خودی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە. چونکە گێڕانەوەی سەرهاتی کاوە سەرسپی هاورێی ئومێدە، کە دەڵێ (( کاوە ئەو کاتەی ئەو زانيارييەی لە هاوڕێیيکی خۆی وەرگرت، دەنا نەيدەزانی دامەزراندن مەرکەزييە. ڕۆژێکيان لە گەڵ کاروانی هاوڕێی، چوون بۆ بەغدا، داواکاری دامەزراندنيان پێشکەشکرد، ئەو ساڵە ساڵی ١٩٧٧ بوو، هەردووکيان دەرچووی ئامادەیی کشتوکاڵ بوون، ل ٧٣ )). پەيوەست بوونی ئەم ڕووداوە بە ڕۆمانەکەوە لەوێدايە کە دەڵێ : (( لە ناو خزم و کەسوکاری کاوەدا يەک تاکە هاوڕێی هاتبوو، ئەويش ئومێد بوو، چونکە لە هاوسەرگيری ئومێد و خاتوونيشدا کاوە وەک تاکە هاوڕێی ئومێد لە گەڵيدا چوو بوو،ل ٨٠ )) کەواتە ئومێد پێش ساڵی١٩٧٧ خاتوونی گواستۆتەوەو ڕووداوەکان بۆ بەر لە ئەو کاتەمان دەباتەوە، کۆتاييەکەيشی ناديارە هێندە دەزانرێت کە ئومێد بە هۆی لێبوردنی گشتييەوە مانگی نۆی ١٩٨٨ ئازادکراوە، وەلێ ئەمە ناکاتە کۆتایی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە بە بۆچوونی ئێمە دەشێ تا ناوەڕاستی نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو کاتی تەواوی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە بوو بێت.
ب – شوێن :
لە ڕۆمانی ڕياليستی کە ڕووداوە ڕاستييەکان لە خۆ دەگرێت لە گەڵ ئەوەی ڕۆماننووس لە گەڵ بەشێ لە ئەندێشەی خۆی ئاوێتەی دەکات گەرەکە شوێن بە تەواوی دەستنيشان بکات، شوێن پانتاییەکی بەرفراوانی لە ڕۆماندا قۆرخکردووە و بە هيچ جۆرێک لێی جودا نابێتەوە بەشێک و بنەمايەکی سەرەکی ڕۆمانە، نەبوونی شوێن لە ڕۆماندا هەم کرچ وکاڵی ڕووداوەکان نيشان دەدات هەميش وەرگر “ خوێنەر “ چەمکی وێناکەی پێ ناگەيەنێت و خوێنەر ناتوانێت خۆی تێکەڵی رووداوەکان بکات، بە تايبەت لە ڕۆمانی ڕياليستی و مێژووييدا زۆر گرينگە پانتایی شوێن بە وردی دەستنيشان بکرێ بۆ ئەوەی وەرگر بچێتە خودی شوێنە کە لەتەک کاتدا، ئەوا ديمەنێکی ناوازە دێنێتە بەر ديدی خۆی، بۆ نموونە ئەگەر سەردەمی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو بێت ئەوا لە تەک تەوزيفکردنی شوێنەکە لە لايەن ڕۆماننووسەوە خوێنەر لە جل و بەرگی تاکی ئەو کاتەوە تا دەگاتە ترومبێل و پاس و ستايلی دوکان و موغازە و تەنانەت شۆستە و شەقامەکەيش لە بەر چاوی خۆیدا وێنا دەکات، (( نيشانکاری شوێن بە تەنها هاريکار نييە لە دروستکردنی فەزای ڕۆماننووس، گەرەکە مرۆڤ بەرەو شوێنەکە پەلكێش بکرێت، لە تەکيدا هەڵسوکەوت بکات و، لە گەڵيدا بژيت، لە گۆشەنيگايەکی دياريکراوەوە بيناسێنێت، راژەيەکی گشتی بە چوارچێوەی ڕۆمانەکە بگەيەنێت، بە جۆرێک خودی شوێنەکە بگوێزێتەوە بۆ توخمێکی کاريگەر)) “ ١١ “ لێ ئەگەر ڕۆماننووس بە وردەکارييەکانی کات و شوێندا بە جوانی گوزەری نەکرد ئەوا خوێنەر لە فەزايەکی ناديار دەبێت نازانێت ڕووداوەکانی لە چ شوێنێکە.
(( ئومێد ئەو رۆژەی لە سەربان وێستا بوو، ئازارێکی بێ ئامان خەريکبوو بە نێو سەرتاپای لەشيدا شۆڕدەبووەوە، ل ٥ )) نووسەر ڕۆمانەکەی بە ئومێدی پاڵەوان دەست پێ دەکات، واتا کەسايەتی و پاڵەوانی ڕۆمانەکە، پاشان رۆژ کات دێت، دواييش سەربان شوێن، کات و شوێن و پاڵەوان کرۆکی پێويستە کرۆکيش لە ئازارەکەوە سەرەتاتکێی لە گەڵ دەکات، نووسەر دەسپێکێکی زۆرجوانی هێناوەتەوە سێ توخم کەمتر لە دێرێک بوونی هەيە، ئێمە لێرەدا مەبەستمانە ماهيەتی شوێن لە کتێبفرۆش باس بکەين، لێرەدا نووسەر تەنها باس لە سەربان دەکات ئيدی نازانرێت لە کوێيە و لە کام سەربانە، هەتا خوێنەر دەگاتە لاپەڕە ( ٦١ ) و نووسەر پێمان دەڵێ : (( ئەگەرچی لەم ماڵە نوێيەدا، کە ئەوی هاتۆتە ناوی تەنيا نەسرينی خوشکی و مێردەکەی لێ دەژيان، کە ناوی هاوڕێ بوو، ئەويش بوو بە سێيەمين ئەندامی ئەم ماڵە. ٦١ )) خوێنەر لێرە بۆی دەردەکەوێت کە سەربانی ماڵی خوشکی ئومێدە و دوای ئەمە چەند جاڕیکێ ديش باسی دەکاتەوە، (( وەلێ ئەو دوای ئەم ڕووداوە چيدی لە ماڵی نەسرينی خوشکی نەهاتەدەر ل ٦٤ )) لەجێی ديکەيش باسی دەکات و ئێمە هەوڵ دەدەين باسی زۆربەيان بکەين، (( خۆی لە سەربانی ماڵی خوشکەکەی فڕێ دەدات، کە هەر بۆ ئەو مەبەستەش هاتۆتە سەربان. ل ١٨٠ )) لە جێگەيەکی ديش دەڵێ :
(( ئومێد بۆ ماوەيەکی کورت گەڕايەوە ناو باری خۆی، کە لە سەربانی ماڵی خوشکی بوو، ل ٢٠٤ )) هەروەها دەڵێ : (( ئەو کەسايەتييەی کە لە سەربانی ماڵی خوشکی وەستاوە و لە جيابوونەوەی خاتوون و ……. ل ٢٠٦ )) تادەگاتە ئەوەی کە پێمان بڵێ ڕۆيشتنی ئەو بۆ سەربان و خۆ فرێدان و خۆکوشتنی بە هۆی ئەوە بووە ماڵی خوشکی لە ماڵ نەبوون، کە دەڵێ (( ماڵی خوشکی ئەو رۆژە کەسيان لە ماڵ نەبوون. ل ٢١٧ )) ئەوەی خوێنەر لای مەبەستە لە جۆرە ڕۆمانێکی وادا نووسەر دەبێ نيشانکاری شوێن بە وردی بە خوێنەر بڵێ تەنانەت ئەگەر بيەوێ دەقاودەق شوێنەکە نەگوازێتەوە لە خەياڵ يان شوێنێکی ديکە دەستنيشان بکات، لە کام گەڕەک بووە، دەکەوێتە کوێی هەولێرەوە، باخچە و قوتابخانە و مزگەوت و جۆگەلە چی نزيکی ئەو ماڵە هەيە، ڕەنگە ئەمە پێويست بێت بۆ ئەوەی سيمايەکی کۆڵانەکە لای خوێنەر دروست بکەی، تاوەکوو خوێنەر بگەڕێتەوە بۆ بۆنی ئەو گەڕەکە لەو ڕۆژگارەدا و شێوەکەی بهێنێتەوە بەرچاوی خۆی خوێنەر و ڕۆمان تەواوکەری يەکدی بن، ئەوەتا هەر بۆ خۆی سابير ڕەشيد دەمانباتە ناو کۆڵانێکەوە کە هيچ لە بارەيەوە نازانين و شێوە و فۆرمی گەڕەک و کۆڵانەکەمان لا ونە، کە دەڵێ (( گەڕايەوە سەربان، تەماشايەکی کۆڵانی کرد، لەو کاتەدا جەبار کێشکەی بينی، کە عارەبانەکەی ڕيشۆڵە فرۆشتنی لە ماڵەکەياندا دەردەهێنا و دەيبرد بۆ بازاڕ، ئەو پياوە ماڵيان بەرانبەر ماڵی نەسرينی خوشکی ئومێد بوو، کاری ڕيشۆڵەفرۆشتنی دەکرد لە ناو بازار. ل ٢١٩ )) هەر لە هەمان لاپەڕە دەڵێ (( لەو دەمەيدا، کە جەبار لە ماڵەوە هاتە دەرەوە و عەرەبانەکەی ڕاگرتبوو، هێشتا نەڕۆيشتبوو کوڕ و کچێک بەوێدا هاتن، پێدەچوو ئاشق و ماشق بن.ل ٢١٩ )) جگە لە نەبوونی نيشانکاری شوێن، کە پێويست بوو هەبێت، خاڵێکی ديکەيش لەم ديمەنەدا دەبووايە بقۆستايەتەوە بۆ ئەو حاڵەتەی ئومێد، کە بۆ کرۆکی باسەکە سوودی دەبوو، ئێمە لە لايەنی کرۆکی رۆمانەکە دێينە سەر ئەم باسەيش، ئەمە هەڵدەگرين بۆ ئەو کاتە.
لەم ڕۆمانەدا نووسەر دەبووا لە سێ شوێن بە وردی باسی شوێنی ڕووداوەکانی بکردبا، يەکەمين ئەوە بوو باسمان کرد سەربانەکە بوو، دووهەمين شوێن بن ديواری دادگايە، لەم ڕوانگەوە دبێژين، بە داخەوە زۆربەی نووسەرانی کورد کارەکانيان لە بەر تەسکی ديدگای ناوچەکەی خۆيەوە دەبينێت، هەميشە خۆ لە هونەر و تاکتیکی بەر تەسکدا دەخزێنن، هەم دەقەکەی هەم خودی خۆی بچووک دەکاتەوە، کە نووسەری کتێبفرۆش دێت و شوێنی کتێبفرۆشمان پێ دەڵێت وەک ئەوەی منێکی خوێنەر لە هەولێرييە کۆنەکان بم، ڕەنگە خودی نەوەی نوێ نەزانن دادگا لە کوێ بووە، کەچی لە لاپەڕە ( ٨٤ ) دا زۆر بە وردی باس لەو شوێنانەی بەغدا دەکات وێنای شوێنەکان بۆ خوێنەر دەکێشێت، دەبووا بە هەمان شێوە لە باسکردنی شوێنە گرينگەکانی ڕۆمانەکە بەم جۆرە بدوابا، بۆيە پێويست بوو ڕۆماننووس جێی دادگای نيشانم بدايە، کە منێکی نەوەی نوێی هەولێری دادگای ئەو سەردەمە نازانم لەکوێ بووە، ئيدی کەسێکی سلێمانی يان کەرکووک ياخود کوردستانی رۆژهەڵات، ئەگەر دوورتر بڕۆين کە ڕۆمانەکە وەرگێڕدرايە سەر زمانێکی دی بۆ نموونە عارەبێکی ئێراقی کە هاموشۆی هەولێر دەکا چۆن بزانێت دادگا لە کوێ بووە کاتی سەردەمی ڕۆمانەکە، وەک وتمان دەبووا بگوترێت دادگا دەکەوێتە رۆژئاوای قەڵای هەولێرەوە هەر دە پانزە مەترێک لە قەڵاوە دوور بوو، ئەو کاتە تۆ بە خوێنەر دبێژی دادگا لە ناوجەرگەی شار بووە، ئەمە جگە لەوەی چۆنييەتی دانانی کتێبی کتێبفرۆشانی شار و ئەو ژينگە و دەوروبەرە چۆن بووە، پاڵەوانی ڕۆمانەکە زۆربەی ژيانی لەوێ بە سەربردووە نەدەکرا وا بە سەر پێی باس لە ئەو ڕەوشە بکرابا، با پێکەوە ئێرنيست هەمەنگوای لە ڕۆمانی “ ماڵئاوا لە چەک “ چۆن بە وردی پەنجە لە سەر شوێن و دەوروبەر دادەنێت: ((لە دوادوای هاوينی ئەمساڵ، لە خانوويەکدا بووین دەيڕوانييە سەر ڕووبار و دەشتاييەکە کە تا جياکە درێژ دەبۆوە، گۆمی ڕووبارەکە پڕ لە چەو و زيخ بوو وا دەردەکەوتن لە بن تيشکی خۆرەکە، کە سپی و هيشکن، ئاوەکە ڕوون بە تيژی پێچی دەکردەوە، لە کەناڵەکاندا شين باو دەردەکەوت، تيپە سەربازييەکان بە تەنيشت ماڵەکەوە بەرەوژوور سەردەکەوتن، بە ڕێکردنەکەيان کاريگەری تەپوتۆز بە سەر گەڵا دارەکانەوە نيشتبوو، لەو ساڵەدا گەڵاکان بەر لە کاتی خۆی هەڵدەوەرين، ئێمەيش بە درێژایی کاتەکە سەيری تيپە سەربازييەکانمان دەکرد کە ڕێيان دەبری، تەپوتۆزيش بەرز دەبۆوە، گەڵای دارەکانيش بە شنەکە پەرش دەبوون و دەکەوتنەخوارەوە، سەربازەکان لە ڕۆيشتنی خۆيان کۆڵيان نەدەدا، زۆری پێ نەچوو ڕێگاکە ڕەنگی سپی لە هەموو شتێ چۆڵ بوو تەنها گەڵای دارەکان نەبێت ……
دەشتاييەکە بە بەروبووم دەوڵەمەند بوو، باخچەی زۆری تێدا بوو، ميوەی تێدا بوو، و لە پشتييەوە چيايەکی تاريک و ڕووتەن بوو، شەڕەکە لە وێدا ڕووی دەدا، و دەمانتوانی لە کاتی شەودا بڵاچەی تيشکی ئاگری تۆپەکان ببينين، کە وادەردەکەوت لە نوتەکی تاريکيدا بێت وەک ئەوەی ڕوونی هاوين بێت، بەڵام ئێواران سارد بوو، هەستەکانمان خەجاڵەتيان نەدەکردين کە گێژەڵوکەيەک هەڵبکات…)) “ ١” تەماشا چەند بەجوانی ديمەنەکەمان لە بەرچاو ڕوون دەکاتەوە کە ئەمەيش سەرەتای ڕۆمانەکەی نييە، وەڵی .لايەنێکێتی. بە هيواین لە دادێ ئەم حاڵەتانە لە بەر چاو بگيريت سێيەمين شوێن کە دەبووا گرينگی بە باسکردنی بدرێت کە بەلای ئێمەوە ئەم سێ شوێنە گرينگ بوو لە رۆمانەکە، ئەويش ناو زيندان بوو، هەڵبەتە باسی کردووە وەلێ وەک پێويست نەبووە. (( فيڵدينگ، شوێنی ڕوودانی ڕۆمانەکانی بە هەمان ئەو وردەکارييە وەسف دەکرد کە بە دواييەکدا هاتنی کاتی ئەو ڕووداوانە وای کردووە زۆر لەو شوێنانەی کە تۆم جۆنز لە سەر ڕێگەيدا بۆ لەندەن پيايدا ڕەت دەبێ بە ناو دەست نيشان کراون و دەتوانرێ بە وردی شوێنی جوگرافيایی ئەوانی تريش بە بەکارهێنانی بەڵگەی جياجيای ديکە بزانرێ )) “ ١٢ “ ئەم هەنگاونانە وامان لێ دەکات ئەو جۆرە ڕۆمانانە بە زيندوویی بمێننەوە و کاريگەری خۆی بە سەر خوێنەرەوە جێ دەهێڵێت لە هەر کات و سەردەمێک بێت . گرينگی شوێن لە ڕۆماندا وا دەکات رايەڵەی پەيوەندی نێوان نووسەر و خوێنەر لە ڕێی دەقەوە بەهێزتر بکات، مەرج نييە بە وردی کەرەستەکانی دەوروبەر شیبکرێتەوە، بۆ نمونە هەندێ جار نووسەر وا لە خوێنەر دەکات لە دانيشتنی ژوورێکدا گوێ قوڵاغی چرکەچرکی کاتژمێرەکە بێت، يان بۆنی ئەو ياپراغە وا بێنێ بەسەر خوێنەردا کە بۆ خۆی هەست دەکات لە سەر بەڕە شڕێکدایي، نووسەر چ ئێستاتيکايەکی شوێنی لە دەقدا خوڵقاندووە، مەرج نييە ئەم کەش و رەوشە تەنها لە شوێنە داخراوەکاندا روو بدەن دەکرێ بگوازرێتەوە بۆ سروشت کە دەکاری لە شوێنی کتێبفرۆشتنەکە نووسەر وای لە خوێنەر بکردبا کە چ مقۆمقۆيەکی ڕۆشنبيری لەوێوە وەک کانياوێک هەڵدەقوڵێت، ((هەموو دەقێک هێمای شوێنیی خۆی هەيە، کە دەبێتە نێوەندگيری نێوان داهێنەر و خوێنەر، ئەم ئاماژە و هێمايانە بە زانياری وردتر دەست پێدەکات، پاشان لە ناو دەقەکەدا بە هۆی ئەم زانياريانە بۆ هێما دەگۆڕدرێت، هەرکاتێکيش رووداوەکان پەيوەست بوو بەم هێمای شوێنانەوە، بەهرەکان زياد دەکەن هەرجارێ لەدەقدا باسکرايەوە، لقيشی لێ دەبێتەوە، – لە ناو دەقەکەدا – هێمای لقی. لە کۆی گشتيدا کۆدی شوێن پێکدێنێت، بە جۆرێکی زياتر هاوبەش دەبێت لە بەرهەمهێنانی دەلالەتدا، ئەگەر چواچێوەيەکی وێنەیی فەراهەم بوو، ئەو کات هێماکان تیايدا واتابەدستەوە دەدەن، بەواتا کەرەستەی شيکارين بەکاردەهێنرێن. )) ” ١٣ “ کەواتە شوێن خاڵی گرينگ و وەچەرخانی ئەرێنییە لە ڕۆمان .

٣ – کرۆک ( الحبکة ) …
ئێمە بە کرۆکی ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکەی ناوی دەبەين، دەکرێ بگوترێ زۆربەی کاری ڕۆمان، جا بەهۆی ئەوەی سەرلەبەر لايەنەکانی ديکەی بنەمای ڕۆمان دەگرێتەوە، ناڵێين سەرلەبەر، يان باشتر وايە ئەگەر بکارێ بێژين هەموو ئەو ئاريشە و پرس و ئاڵۆزيانەی لە ناو ڕۆمان هەن و دواتريش بەرەو دەريچەيەک رێ دەگرێت، چونکە لە هەمانکاتدا بۆ ڕۆمان گرێيشی پێ دەگوترێت، هێندەی بە لای ئێمەوە گرينگە بزانين مەبەست و چەمک چييە هێندە ناو و دەستەواژەکەی جێی سەرئێشەی ئێمە نييە، کەواتە بابزانين مەبەست لە کرۆک يان گرێ ( الحبکة ) ياخود ( العقدة ) چييە لە ڕۆماندا، (( کەسانی چاودێر بەم پرسە دووپاتی دەکەنەوە، کە کرۆک دەستەواژەيەکی ئەدەبييە مەبەست لێی کۆمەڵێ رووداوی دوابەدوای يەک و زنجيرەدارە کەچيرۆکێکی لێ پێکدێت، لە گەڵ جەختکردنەوە لە سەر پەيوەست بوونی رووداوەکان بە يەکدييەوە، ئەوەيش لە پێناو هاوێربوونی کاريگەری سۆزداری يان هونەری لای خوێنەر يان پەيگير )) ” ١٤ “ بەر لە ڕۆچوونە ژانرەکەمانەوە وەک کرۆک، با خوێنەر لێرەدا ديقەتی ئەوەيش بدات کە لێرەيشدا داوای زنجيرەیی و بە دوای يەکی ڕووداوەکان دووپات دەکرێتەوە، لێرەدا ئەوە دەردەکەوێت کە تەواوی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە و گرفتەکانی دێنە ڕێ هەڵبەت مەبەستمان گرفتی ڕۆمان نووسين نييە وەلێ ئەو گرفتانەی دێنە ناو ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکەوە، هەر لە سەرهەڵدانيانەوە تا دەگاتە زەقکردنەوەيان و قووڵ کردنی ئاريشەکان و پاشان دۆزينەوەی چارەسەر و عەيانکردنی دوا هەنگاوەکانی ڕۆمانەکە و يەکلایی کردنەوەی، (( کرۆک بونيادێکی بزواوە نەک جێگير، لە ناوخۆی خۆيدا نهێنی ئەو ڕۆڵەی بە کەسايەتييەکان و تێڕوانينەکان دەدرێت، دەپارێزێت. هەروەها لە نێو دەقەکەيدا هێڵی چيرۆکیی دەچێنێت کە بە پێی ڕۆمانەکە دەجوڵێتەوە و، فۆرمەکيش بە پێی گێڕانەوەکە گەشە دەکات و، خەسڵەتی دەمودووەکانيش دەخزێتە ناو چيرۆکەکەوە، سەرباری هەموو ئەوانەی پەيوەستە بە ئاستی دەنگی کەسايەتييەکان و داماڵينی زمانەوانی پشت پێ بەستوو، بە واتا بۆ خۆی پرسيار لە ئامێز دەگرێت ڕۆمانەکە ئەگەری فرە وەڵاميشی دەبێت )) “ ١٥ “ ئێستێ بەرچاو ڕوونييەکمان لە بارەی کرۆکی ڕۆمان و کێشە و گرفتەکانی و چارەسەر و خودی ژانری ڕۆمان بە ئاگا بووين .
لە سەرەتاوە بە کورتی لە بارەی ژانری ڕۆمانەکە دواين، هەڵبە بە سەرپێی و گوزەرکردنێکی خێرا مافی خۆی پێ نادات و ئەگەرچی لێرە بە دوورودرێژيش باسی بکەين هێشتان ناتوانين مافی خۆی بێ کەموکوڕی بۆ فەراهەم بکەين، چونکە هەموو دەقێک هەم خوێندنەوەی جياوازی بۆ دەکرێت هەميش لە ڕووی ڕەخنەييەوە بێگومان لايەنی ديکەی فەرامۆش دەکرێت، هەر بۆ نموونە کە لە رووی زمانەوانييەوە بە تەواوی شۆڕنەبووينە نێو وردەکارييەکانی زمانەوانی لە ناو ڕۆمان بە گشتی و لێرەيش بە تايبەتی.
نووسەر بەر لەوەی شێوە و خەسڵەتی پاڵەوانی ڕۆمانەکەيمان لەسەردەمی ڕووداوەکان پێ بناسێنێ، دەگەڕێتەوە بۆ منداڵی پاڵەوانەکە وەک ئەوەی پێمان بڵێ ئەمە رووداوەکانی ديفاکتۆی سەردەمێکی نێو نيشتيمانەکە و شارەکەی منە، هەر لە نێو بيرکردنەوەکانيدا ئومێد گەرەکێتی وەک مناڵی پڕ بە گەرووی هاوار بکا، (( ئاخر بۆ؟! ….. خاتوون بۆ ؟! ل ٦ )) لێرەوە ستايلی پاڵەوانەکەيمان پێ دەناسێنێت، دوای کۆمەڵێک وەسف هێنانەوەی پاڵەوانەکە، نووسەر هەر خۆی هەست بە تەريک بوونی مرۆڤ دەکات، ناکرێ پاڵەوانەکەی لە تەک خەڵکی نەدوێ و قسە نەکات، ئەدی چۆن دەبێتە پاڵەوان دەڵێ : (( مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵايەتييە، بۆيە تا لە دەستی تەنيایی هەڵبێت، لە هەوڵی ئەوەدايە هاوەڵێک بۆ خۆی پەيدا بکات، زۆر جاران بووکەڵەيەک دەکاتە برادەر و هاودەمی خۆی، تەنانەت گلە و گازاندەشی لە کن دەکات، ل ٨ )) نووسەر بەم جۆرە دەريچەيەک دەدۆزێتەوە و لە تەنيایی دەردەکات بەرەو نێو ئەو پەيوەندييە کۆمەڵايەتييە پەلکێشی دەکات ئەگەرچی دياریکراو و کەمە، زۆر بەجوانی نووسەر دێت کەسايەتی پاڵەوانمان لە ڕووی فسيۆلۆژييەوە دەخاتە بەر ديد کە زێتر وێنای پاڵەوان لە بەرچاوەکانماندا بوونی خۆی بسەلمێنێت،(( وا تێبگەن ئێستەش هەر ئەو زارۆکە لاواز و بنێس و دوورەپەرێزەيە، کە پێشتر مەزەندەيان کردبوو، نەياندەزانی ئەو مرۆڤێکی بەخشندە و لە خۆبووردووی لە ناخدايە، نەک کەسێکی لاواز و بنێس ، ل ٦ )) دوا بە دوای ئەويش هەر لە بارەی پاڵەوانی ڕۆمانەکەيەوە دەڵێ : (( پتر بە لای شەرم و فەدی و ئارامیدا بوو، جارجارە تێکەڵی يارييەکانيان دەبوو، لێ وەک ئەوەی خودا بۆ ئەو گەمانەی چێ نەکردبێت، هەردەم دەبووە جێی گلە و گازندەی ئەوانی دی، ل ٧ )) لێرەوە نووسەر وێنەيەکی جوانی پاڵەوانمان دەخاتە بەرچاو کە خودی رۆمانيش ئەوەی گەرەکە، بە وشەکانی وێنەی مرۆڤێکی کێشا، کەواتە لە ڕۆماندا بۆ زۆر لايەنی ئەم کارە پێويستە.
لێرەدا خوێنەر يەکسەر هزری بەلای نەبوونی پەند و وتەی نەستەق کە لە هزری خودی نووسەرەوە هەڵبقوڵێت، نەمازە ئەوانەی دووەمجار ئەم ڕۆمانە دەخوێننەوە، (( زۆرجار رۆمانەکانی ئەدەبی باڵا پرسياری فەلسەفی و ژانری مرۆیی گەورە لە خۆ دەگرێت، شرۆڤەيەکی ئەزموونی مرۆیی دەخاتەڕوو وەک لەوەی تەنها چيرۆکێک بێت” وا ديقەتی ئەم کارانە دەدرێت کە دڵکارانەيە و بەهای هونەری باڵای هەيە، زۆرجاران خەڵاتی ناودار بە دەست دێنێت وەک بۆليترز و بۆکر، هەروەها زۆرجار وەک کاری سەربەخۆ دەردەکەوێت،( نەک بەشێک بێت لە زنجيرەکە ) و ناخزێتە نێو پۆلينی دياريکراو وەک ئەندێشە و زانستی و ڕۆمانسی )) “ ١٦ “ ئەم ڕۆمانە تا ئەندازەيەک ئەم لايەنەی پشتگوێ خستووە، ئێمە لە گەڵ ڕووداوەکانی و چيرۆکەکانی ناو ڕۆمانەکە پێويستيمان بە زۆر شتە بۆ بونيادنانی پاشخانێکی ئەپسمۆلۆژی و دەوڵەمەندکردنی ئاوەزی ناوەوە.
هەر لەم ڕوانگەوە، پێويستە ڕۆماننووس هەميشە و لە هەموو ڕۆمانەکانیدا ئەوە لە بەر چاوی بگرێت و پەيڕەويشی بکات، کە زۆربەی هەرە زۆری ڕۆماننووسە ديار و بەرچاوکان پيادەيان کردووە، ئەويش لايەنی پەند و قسەی نەستەق يان بير و فەلسەفە، کە کرۆکی ڕۆمان لە گێڕانەوەی ئاسایی سەرهات و ڕووداوەکان دەگوازێتەوە بۆ ڕۆمانێکی فرە مەعريفی و فرە ڕەهەندی خوێندنەوە بۆ خودی ڕۆمانەکان، کاتێک وەک خوێنەری ژمارە يەک ديقەت بدرێين، ئەگەر ئەو ئاستەمان پێ ڕەوا ببينرێت، کە ڕۆمانێک دەخوێنينەوە هەميشە شەيدا و وێڵ و لە سۆراغی ئەم لايەنەين، دەگەڕێين بە دووی ئەو ڕستە و چەند ڕستانەی ڕۆماننووس هێزی خۆی تێدا بەکارهێناوە، ئەو پرسيارەيش زۆرجار لە هزرماندا گێنگڵ دەخوات، ئاخۆ ڕۆمان تەنها گێڕانەوەی ڕووداو و سەرهاتەکانە..؟ جا چ رووداوگەلی ڕاستی بن يان سەرهاتی خەياڵ ئامێزی، يانيش گواستنەوەی پەيامی بير و فەلسەفە و ئەبستمۆلۆژی قووڵن، کە دەبنە هۆکار بۆ دەوڵەمەندی پاشخانی مەعريفی..؟ ڕۆمان پێويستە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆمان ئەم لايەنە فەرامۆش نەکات، چونکە لە سەردەمی ئەمڕۆی تەکنۆلۆژيادا بەر دەستی ئەو جيهانە پان و بەرينەی سۆشيال ميديا تاکی تەمەڵ کردووە خوڵق بداتە خوێندنەوەی درێژ، ئەوەی ئەم تەمەڵييەی ڕەواندۆتەوە خودی ڕۆمانە خوێنەری باشيشی هەيە، ئەوەيش بە هۆی ئەوەی دێڕ دوای دێر و لاپەڕە دوای لاپەڕە خوێنەر پەيوەست دەکات بە خۆيەوە و پەلکێشی دەکات بۆ نێو قوڵایی باسوخواس و ڕوداوەکان لەم ڕێگايەوە رۆماننووس جگە لەوەی گوتمان بير و فەلسەفە و قسەی نەستەق و پەندی پڕ وانە بە خوێنەر بگەيەنێت، لێرەوە خزمەت بە پاشخانی ئەبستۆلۆژی تاک و کۆمەڵ دەگەيەنێت، بە پێچەوانەيشەوە هەروەک ئەو چيرۆکە کۆنانە دەبێت کە داپيرە و باپيرانمان لە گوێ ئاگردانی زمستانان بۆيان دەگێڕاينەوە….
کاتێک ڕۆماننووس” چوک پالانيک “* دێت و لە ڕۆمانی “ ياداشتەکان “ پێمان دەڵێ “ ئامانج ئەوە نييە تا هەتايە بژی، بەڵکوو ئەوەيە شتێک لە دوای خۆت جێبهێڵيت تاهەتايە بژی” ( ١٧ ) دەشێ ئەم وتە لە زۆر شوێنی ديکە وترا بێت، يان لە وتاردا نووسرابێت وەلێ وەک ئەوە نييە لە ڕۆمانێکدا هەبێت ڕەنگە لێرەوە باشتر پەيام و مەبەستی خۆی گەياند بێت، بە کورتی و کوردييەکەی دەمانەوێ بێژين ڕۆماننووسين تەنها گێڕانەوە نييە، (( لەم ڕوانگەيەوە، ڕۆمان تەنها گێڕانەوەی سەرهات و ڕووداوە راستی و خەياڵييەکان نييە، بەڵکوو لە کرۆکدا هەوڵێکە بۆ گەياندنی چەمکی پەيوەندی مرۆڤ بە جيهانەوە لە ڕێگای داڕشتنەوەی پرسيارە گەورەکانی بوون، ئەوەيش بە يارمەتی نێوان هەردوو پرۆسەی ڕۆمان ، فەلسەفی و دەربڕينی ڕەهەندی فيکری قووڵی مرۆڤايەتی و ژيانەکەی، ڕۆمان زمانی فەلسەفە بە ژيان دەبەخشێ، لە ميانی کەسايەتی پێگەيشتوو لە ژياندا، ڕووداوەکان بە ململانێ بيرۆکەييەکانەوە ئاراستەی ژيان و کۆمەڵگا دەکرێت )) ( ١٨ ) هەر لێرەدا دەمانەوێت بێژين کە جان پۆل سارتەر و ئەلبير کامۆ پەنايان بۆ ڕۆماننووسين برد بۆ بڵاوبوونەوەی بيری فەلسەفی و بونيادگەرایی، هەروەها نيتشەيش لە ڕۆمانی “زەردەشت ئاوهای گوت” هەمان ڕێچکەی گرتە بەر… ئەوەی تايبەت بێت بەم ڕۆمانە لەم بارەيەوە جێی دەهێڵم بۆ برايەکی ديکە ديدگای بخاتە ڕوو..
با بێينەوە سەر “ کتێبفرۆش “ خودی ڕۆمان پانتايی بەرفرەی هەيە نووسەر لە ڕۆماندا ئازادترە وەک لە ژانرەکانی دی ئەدەب، دەتوانێ بە ئارەزوو و مەيلی خۆی جگە لە تێهەڵکێشکردنی لايەنەکانی ديکەی ئەدەب و هونەر داهێنانی جۆريشی تێدا بخوڵقێنێت، (( ئەوەی دواييێيان ئومێدی بە لای شيعردا کێلکردەوە، دەفتەرێکی پڕ شيعر کردبوو، خۆی لێ بووبووە گەورەترين شاعير، ڤێجا کە پتر چووە نێو دونيای خوێندنەوە و شارەزاييەکی سەرەتایی لە ڕەوتی شيعری کوردی و شيعری جيهانی پەيدا کرد، ئيدی دەفتەرە شڕەی سەرنگووم کرد و هەر باسيشی نەکردەوە. ل ١٠ )) نووسەر بە هزرماندا دەهێنێتەوە کە ئومێد لە ڕێگای شيعر کەوتە نێو دونيای نووسين و خوێندنەوە هەر ئەمەيش بووە هۆی ئەوەی ببێتە کتێبفرۆش، لێ ئەوەی غيابی هەيە دەبووا نووسەر يەک دوو دەقی لە شيعرەکانی بخستبا بەر ديد جا مەرج نييە لە خودی شيعری پاڵەوانی واقيعی ڕۆمانەکە بوايە دەکرا خودی نووسەر بۆ خۆی چەند کۆپلە شيعرێکيشی بخستايەتەڕوو، نەمازە نووسين و شيعر نەک هەر پيشەی بووە بگرە کرۆکی ژانری هەم ژيان هەم ڕۆمانەکەيە بۆيە نەدەکرا لە بير بکرێت، يان ڕەنگە نووسەر مەبەستی بوو بێت لە خۆ پاراستن لەم ڕووەوە، کە بە ڕای ئێمە دەبووا يەک دوو بەشی تايبەت کردبا بۆ دەمودوو و مشتومڕ و باسوخواسی نووسين و ئەدەب و فيکر لە گەڵ چيادی پياوی دەزگای ئەمن.
نووسەر لە مەڕ نازناوی ڕەشپۆش هەڵوێستەيەک دەکات و بۆ خوێنەری شرۆڤە دەکات، (( تۆ بڵێی ئەو ڕەشپۆشييەی، بێ ئەوەی ئاماژەيەکی ئاشکرای پێوە ديار بێت، چارەنووسی ئەو نەبووبێت ياخۆ لە چارەی نووسرا بێت ؟! ئاخر ئەو، بەر لە ژنهێنانيش هەر ڕەشپۆش بوو، ل١١ )) بە وردی حاڵیمان دەکات کە ڕەشپۆشييەکەی هاوتەريبە لە گەڵ سەرهاتەکانی ڕۆمانەکەی، بۆيە هەڵوێستەی لە سەر کردووە، لەم کاتەيشدا کە لە سەربان وێستاوە و گەرەکێتی خۆی بکوژێت هەر گەڕانەوەيە بۆ ڕەشپۆشی، بريا نووسەر زۆر لايەنی گرينگی وەک ئەم ڕەشپۆشييە و خستنە ڕووی کەسايەتی پاڵەوانەکە بۆ خوێنەر شيتاڵ شيتاڵ دەکرەدەوە.
ئەوەی لای خوێنەر دەبێتە جێی پرسيار ئەوەيە کە سابير ڕەشيد لەم ڕۆمانەدا باس لە ژنهێنان و ئاهەنگی گواستنەوەی خاتوون ناکات، کە کرۆکی باسەکەی ئەم ڕووداوانەيە، هەر لە سەربان بوونی نهايشی پەيوەستە بەوەی خاتوونی لە دەست چووە، کەچی نووسەر دێت و پانتاييەکی زۆر دەداتە ژنهێنان و داواکردنی ژن بۆ برادەرەکانی پاڵەوانی ڕۆمانەکەی “ کاوە و سيامەند “ بە ڕای ئێمە ئەمە زيادەيە و دەبووا ئاهەنگی ئومێدی باس بکردبا. تەنها هێندەی لێ دێنمەوە ئەو دوای بۆ خوێنەر جێدێڵين لە ڕۆمانەکەدا پەيگيری بکات (( ئەوان بە مام و خاڵەکانی کاوەيان گوت ئەمجارە دايک و باوکی دژی ئەو هاوسەرگيرييە نەبوون، چونکە حەزيان دەکرد کوڕەکەيان بە دڵی خۆی کێی پێ باش بێت ئەو هاوسەری بێت و نەياندەويست ببنە بەربەست لە بەردەم بەختەوەری کوڕەکەيان، حاجی کاکۆی مامی گەورەی لەم هاوسەرگيرييەدا ڕێگربوو، چونکە ئەو حەزی دەکرد کاوە بکاتە زاوای خۆی، و بێهێنێتەوە هەولێر. ل ٧٨ )) هەڵبەتە نووسەر بۆ سيامەنديش زياد لە پێويستی خستۆتە ڕوو، دەکارێ بۆ خودی خۆيشی نووسەر ديدی جياوازی لەم بارەيەوە هەبێت.
نووسەر ئەو دەمانەی کارێکی ناوازە ئەنجام دەدات گەرەکە زۆر بە وردی بچێتە نێو کرۆکی باساکەی هيچ کون و کەلەبەرێکی بۆ نەهێڵێتەوە، لێرەدا پاڵەوانی ڕۆمان کێشمەکێشی جگە لە تەک خاتوون کە باسمان لێوە کرد لايەنێکی ديکەيش هەيە کە بۆتە خۆرەی جەستەی ئومێد ئەويش دەسەڵات و دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی ڕێژێمی بەعس بوو، با بێین بزانين چی دەڵێ :
(( ئەو دەمە ساڵانی دوای نسکۆی شۆڕشی کورد بوو، ئەوەی دەهاتەوە لە شاخ و چەکی پێشمەرگايەتی دادەنا، يان وازی لە پێشمەرگايەتی دەهێنا بە تايبەتی ئەوانەی بە خێزانەوە دەهاتنەوە، دەيانناردن بۆ شارەکانی خوارووی ئێراق، لە وێش پياو و گەنجيان لە فەرمانگەکانی ميری دادەمەزراند، ئەمەشيان بۆ گۆڕينی ديمۆگرافيای شارەکانی کوردستان بوو، کە کوردی دەبردنە خواروو و عارەبانيشيان دەهێنايە کوردستان، بە تايبەتی لە شارەکانی کەرکووک و خانەقين و مەندەلی و گەرميان و دەوروبەری موسڵ تاکوو خەڵکی ئێمە تێکەڵ بەداب و نەريت و زمانی ئەوان بێت و وردە وردە هەستی نەتەوەیی کورد خامۆش بکەن، ل ٧٢ / ٧٣ )) نووسەر پێويستە هەميشە هزری بەلای ئەوەدا بچێت کە ڕۆژێک دادێت دەقەکەی بۆ زمانێکی ديکە دەگوازرێتەوە، لێرەدا هەست بە دوو يان سێ پرس دەکرێت لەم نووسينەدا، لە لايەک باس لە دامەزراندنە، کە ئەوە خودی ژانرەکەيە لەم کاتەدا، خاڵی دووەم لايەنی شۆڕشی کورد و لايەنێکی ديش گۆڕينی ديمۆگرافيا، لە گۆڕينی ديمۆگرافيايش هەولێر لە باسەکەدا نييە بە بارتەقای ئەوەی باس لە شارەکانی دەرەوەی (( ناوچەی ئۆتۆنۆمی ئەو سەردەمە دەکا )) دەمانەوێت زێتر ئەم لايەنە شرۆڤە بکەين ، بە تايبەت لە ناو ڕۆماندا: (( لە جيهانی ڕۆماندا، کرۆک “ الحبکة “ بڕبڕەی پشتە کە جوڵەی ژيان بە دەقی ئەدەبی دەبەخشێت، هەبوونی بيرۆکە و کارەکتەری ناوازە بەس نين بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن، چونکە پرۆسەی رێکخستنی ڕووداوەکان لە چوارچێوەی دراماتيکێکی پەيوەست بە يەکەوە گووڕ بە کاريگەری و سترێسی دەدات، هەر يەک لە ڕووداوەکان بۆ پارچەيەکی هونەری دەگوازێتەوە کێشمەکێش و ململانێی ناوخۆیی و دەرەکی تێهەڵکێش دەبێت، پاڵنەر و سۆزەکان بە جۆرێک ئاوێزان دەبن بە جۆرێک کە خوێنەر لە تەک کەسايەتييەکاندا دەژيت گەشتێکی پڕ لە سپڕايز و گۆڕانکاری دەبێت، کە خولياکانی هەر لە يەکەمين ساتەوەختەوە هوراژاندووە تا دوا دێری ڕۆمانەکە، دەشێ کرۆک “ الحبکة “ هاوشێوەی هۆنينەوە هەژمار بکرێ کە هەموو توخمەکانی کارەکە يەکانگير دەکات)) “ ١٩ “ لێرەدا بە وردی ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ کە گرينگە کاری خۆمان لا بچووک نەبێت، مادام نەتەوەين و خاوەنی هەموو بنەما سەرەکی و پێکهاتەکانی بين، زۆر زۆر پێويستيشە هەوڵ بدەين کاری ناوازەی خۆمان بچووک نەکەينەوە، دەبوايە نووسەر بە وردی ئەوەی شی بکردايەتەوە کە کورد سنوورێکی تايبەت بە خۆی هەيە و ئەم کێشەی نێو کورد و دەسەڵاتداران لە ئێراق کێشەيەکی بەردەوامە ( مزمن ) ه، باشتر زێتر ڕوونکردنەوەی هەم لە بارەی نسکۆی شۆڕش و هەم دامەزراندن و هەميش گۆڕينی ديمۆگرافيا بدايە، پێمان وايە هێندە لە نيو لاپەڕەيەکدا بۆ خوێنەری بيانی کەمە، هەر لە بارەی ئەوەی سەرەوە پرسە کێشەييەکەی نێوان کورد و دەسەڵاتداران: (( ئەو دەمەی مۆری دەسبەردان و بەخشينی سەربازی لە دەفتەری ڕاژەی سەربازی درا، وايزانی تازە هاتۆتە سەر دنيايێ، خوا هەموو ئەم دنيايەی بەو بەخشيوە، چونکە ئيدی لەم جلکە نەگريسەی سەربازی رزگاری دەبێت و هەموو کاتێک لای خاتوون دەبێت و بە ماڵ و کتێبەکانی شاد دەبێتەوە، جارێکی ديکە بێ منەت دەگەڕێتەوە سەر شۆستەی بن ديواری دادگە و دەبێتەوە کتێبفرۆشەکەی جاران، ل ٨٨ )) لێرە بە تەنها دێرێک نووسەر دەيتوانی ئەم خۆشييەی ئومێد بە هۆی قورتار بوونی لە راژەی سەربازی دەرببڕێت، جگە لەوەيش گرێدانی ( ديمۆگرافي و نسکۆی شۆڕش و دامەزراندنی ) لە تەک ئەم لايەنە پێکەوە گرێدراون ئەويش ئەوەيە کە کورد هەستی بە نامۆ بوون لە سەر خاکی خۆی کردووە، لە رووی هەموو مافێکەوە.
هاوشانی پاڵەوانی ڕۆمانەکە خاتوون کارەکتەری دووەمی کتێبفرۆشە کەچی لە چل رۆژ زيندانيکردنی ئومێد، خاتوون لە بەرچاوان و باسکردن ون دەبێت، دوو پاڵەوانی سەرەکی يان پاڵەوانە سەرەکييەکانی ڕۆمان هەميشە کاريگەری راستەوخۆيان لە گەشەسەندن و پێشکەوتنی کرۆکی ڕۆماندا هەيە بە جۆرێک گرنگيان : (( کەسايەتی سەرەکی چەقی رۆمانەکەن، بزوێنەری سەرەکی ڕووداو و ژانرە سەرەکييەکانن، زۆرجاران کە ئەم کەسايەتييانە لە ميانەی ڕۆمانەکەدا پێشدەکەون ، قووڵاييەکی دەروونی و سۆز بە چيرۆکەکە دەبەخشن )) “ ٢٠ “ بۆيە پێويستە کەسايەتييە سەرەکييەکان لە بەر ديدی خوێنەر ون نەکرێن چونکە خوێنەر هەڵوەدايە بزانێت ئەوی دی لە نەبوونی پاڵەوان کاتەکانی چۆن دەگوزەرێنێت، نەمازە لێرەدا خاتوون لە پاڵەوان هەڵگەڕاوەتەوە و لە سەرەتای ڕۆمانەکەيشەوە پاڵەوان لە سەربانی خۆی فڕێ بداتە خوارەوە، بە هۆی ئەوەی خاتوون شووی بە کەسێکی دی کرد، لە ڕێگای پەيوەندی سۆزدارييەوە، بەش بەحاڵی خۆمان حەزمان دەکرد بزانين خاتوون چی دەکات کاتێ ئومێد لە زينداندايە.
هەموو هێز و کاريگەری و توانای ڕۆمانەکە لەوێدايە کە نووسەر دەڵێ : (( ئەو دەمەی کە چياد هاتە بەردەم ئومێد و لە غاباتی کوران يەکديان بينی، دوای گفتووێژ و يەکدی بينينێکی کورت، دەمانچەکەی بەر پشتی دەرهێنا و بە دەستێکی لەرزۆک و دڵێکی وێران و دەروونێکی ناڕەحەتەوە، کە دڵی لە جاران خێراتر لێی دەدا، بە زمانێکی پچڕ پچر و شپرزەوە، کەسايەتی خۆی و ناوی ڕاستەقينە و ئامانجی کوشتنەکەی و پلە و شوێنی کارەکەی خۆی بە ئومێد گوت، ڤێجا پێی ڕاگەياند کە بۆ کوشتنی ئەو ڕايانسپاردووە، ئێستەکەش کۆتایی پلانەکەيە . ل ١٤١ )) لێرەدا خوێنەر هەست دەکات بە تەواوی ئاوێزانی ڕووداوەکە بووە و جۆرێک لە ترس يان بڵێين دڵەکوتێ و پەلەپەلی دەيگرێت تا بزانێ بە کوێ دەگات: (( کرۆک ” الحبکة ” چی بە دەقی گێڕانەوە دەبەخشێت ؟، وەلامەکەی خۆی لە سروشتی بونيادی هونەری دەبينێتەوە کە چێژێکی تايبەت بە چيرۆک و ڕۆمان دەگەيەنێت، بەڵام سەرکەوتن ياخود شکست، چونکە گرينگی ژانرەکە و ڕووداوەگەورەکان لە چيرۆک يان ڕۆمان، دەشێ گرينگی خۆی لە دەست بدات ئەگەر کرۆکەکە لاواز يان نەبوو بوو، بە واتا چێژ و سوودەکانی پێکەوە لە دەست دەدات)) ” ٢١ “ . ئەم ڕۆمانەی سابير ڕەشيد لێرەدا سەرکەوتنی خۆيمان نيشان دەدات، کاتێک خوێنەر وەک حاڵەتەکەی ئومێدی بە سەر دێت و لە سۆراغی دەرئەنجامە بە کوێ دەگات، بونيادی هونەری و گرينگی ڕووداو و ژانرەکە هەست پێ دەکەين، دەکارێ بڵێين کرۆک لای نووسەر بە هێزە و خوێنەر سەرگەردانی دەرئەنجام دەکات.
رائيد سەلمان کەسايەتييەکی لاوەکييە لە ڕۆمانەکەدا، وەلێ وەک ئەفسەرێکی دڕندە نيشان دەدرێ يان يەکێک بووبێت لە ئەفسەرە ناسراو و ديارەکانی ئەو سەردەمەی ڕێژيم لە هەولێر (( هەر کە يەکەمين جار بە چاوبەستراييەوە برديانە بەردەم ڕائيد سەلمان، دوو ڕۆژ بوو شل و کوتيان کردبوو، بە نيوە مردوویی فڕێياندايە بەردەم ئەو، ل ١٦٥ )) خوێنەر لێرە پێويستی بە ناسينێکی کورتی ئەم ڕائيدەيە .
ئەوينداری و ئيشق زەمەنی جوانی خۆی هەيە و پێويستی بە تەوزيفکردنە (( وا خۆشەويستی ئومێدی لە دڵدا دەرهێنا و بۆ يەکێکی ديکەی کردە کوانووی دڵداری و توانی هەموو ئەو ڕۆژانەی ڕابردوو لە گەڵ ئەودا بسڕێتەوە و ژيانێکی نوێ بۆ خۆی بدۆزێتەوە، ل ١٧٨ )) ئەو جوانی و دەربڕينەی نووسەر بۆ ئەم لايەنە لێرەدا هەيە گەرەک بوو لە سەرەتاوە بە شێوازێکی سەليقەیی و ناوازانەتر کە نکوڵی لە توانای نووسەرەکە ناکرێت، دەرببڕدرايە و هەم خوێنەری زياتری پەلکێش بەرەو قووڵایی ڕۆمانەکەی دەکرد هەميش جواننووسی خۆی لە کارێکی ناوازەدا نيشان دەدا،
نووسەر پێمان وايە لێرەدا کەوتۆتە هەڵەيەکی مێژووییەوە کاتێک ئەنفال هێشتان ڕووی نەداوە و لەزاری ئومێدەوە کە بەرەو بەغدای دەبەن، واتا ساڵی ١٩٨٥ دەڵێ : (( خوايە گيان بۆچی ئێمەت بۆ ژێر دەستەیی چێ کرد، چی دەبوو ميللەتی منيش وەک هەموو ميللەتانی دنيا ئازاد بوايە و مرۆڤەکانی لە جياتی زيندان و تێهەڵدان و کوشتن و قڕکردن و ئەنفالکردن و کيمياباران و چەوساندنەوەی نەتەوەیی، خەريکی ژيانی خۆيان بووان و لە نەتەوە يەکگرتووەکاندا خاوەن وڵات و ئاڵای خۆی بووايە و خەڵکانی بە ئازادی و سەربەستی و ئاسوودەیی بژيابووان، ل ١٨٥ )) چونکە لە کاتی ئازادبوونی نووسەر پێمان دەڵێ سێ ساڵی لە زينداندا بە سەر برد ئازادبوونيشی بە هۆی لێبووردنێکی گشتييەوە بووە لە ساڵی ١٩٨٨.
لە گێڕانەوەی ياداشتەکانی چياد زۆر تێيدا سەرکەوتوو بووە و لە جێی خۆی باسی کردووە و وردەکارييەکانی دەگێڕێتەوە، خوێنەر ئاسوودە دەکات.
لايەنێکی ديکەی کرۆک “ الحبکة “ ئەو باسەبوو لە شوێن ئاماژەمان پێ دا، (( لەو دەمەيدا کە جەبار لە ماڵەوە هاتە دەرەوە و عەرەبانەکەی ڕاگرتبوو، هێشتە نەڕۆيشتبوو کوڕ و کجێک بەوێدا هاتن، پێدەچوو ئاشق و ماشوق بن، چەند چۆلەکەيەکيان لە جەبار کڕی و بەرەڵڵای ئاسمانيان کردن، پێدەچوو بۆ بەرەکەتی بە يەکگەيشتنيان ئەم خێرە بکەن، ل ٢١٩ )) هەڵبەتە ئومێد هەر لە سەربانە و لە دەرئەنجامی لە دەستدانی ئاشقەکەی خاتوون بە نيازی خۆفڕێدانە خوارەوەيە، دەبووا نووسەر ئەم ئيشقەی کوڕ و کچەکەی بقۆزتايەتەوە بۆ باسکردنێکی ديکەی زەمەنی ئيشقی ئومێد، چونکە خوێنەر کە ئاشق و ماشوق دەخوێنێتەوە و لە دواييش خێرکردنەکە بۆ بەيەک گەيشتن بێت، کەواتە هەر دەبێ باسی ئيشقی کۆن بکا، با بزانين نووسەر لە کوێ دەدات: (( ئومێد تەماشای ئەو ديمەنەی دەکرد، کە ڕيشۆڵەکانی بينی ئازاديان پێ بەخشرا و لە قەفەزەوە هێنرانە دەرەوە و توانيان هەوای ئازادی هەڵمژن، ئەو لەو دەمەدا رۆژی ئازادبوونی خۆی هاتەوە ياد لە زيندانی ئەبو غرێب ل ٢١٩ )) سەرەتا دبێژين لە نووسينی يەکەم دەڵێ چۆلەکە و لە دووەم ڕيشۆڵە، با لەوە گەڕێين، ئومێد بۆ خۆی وەڕسە لە ژيان وا خۆی دەکوژی چ دەربەستە ئازادکراوە يان نا، ئەوەی هەناوی ئومێدی هەڵتەکاندووە ئيشق و تەمەنێکی زۆری ژيانێتی لە گەڵ خاتوون، بۆ ئازادی بير بکەوێتەوە ئەی بۆ سەردەمی ئيشقی خۆی و خاتوونی بير نەکەوێتەوە، پێمان وايە لێرەدا نووسەر دەبوايە جەختی لە ئيشق بکردايەتەوە زێتر تەشويقی بە ڕۆمانەکەی دەدا،

دەرئەنجام
هەرچەندە لێرەدا نايەمە سەر دەرئەنجام لە خودی ڕۆمانەکە، وەلێ دەرئەنجامێک لەوەی نووسيگمە، دەمەوێ بێژم ڕەنگە زۆر زۆر زياتر هەڵبگرێ نووسين لە سەر ڕۆمانی کتێبفرۆش لێی دەگەڕێين بۆ کەسێکی دی و شەنوکەوييەکی دی ئەو لايەنانەی ئێمە جێمان هێشتووە و لەوە زياتر درێژ دادڕی نەکەين و جێی خۆيەتی لێرەوە دەستخۆشانە لە برای نووسەر سابير ڕەشيد بکەين، ماندوو بوون بە کارەکەيەوە ديارە، کارێکی باش و ناوازەی خستۆتە بەر دەستی خوێنەر، زۆر لەم ڕووداوانە لە ناو کۆمەڵی کوردی هەن، باس نەکراون و ئاوەوئاو ڕۆيشتوون، بە هيچ کڵۆجێک نەمانەويستووە لە ئەرکی جوانی کەم بکەينەوە، راستييەکەيش ئەوەيە هيچ کارێک بێ کەموکوڕی نابێت و کاری ڕەخنەيش بە شان و باڵ هەڵداندا نييە و وا دەخوازێ پەنجە بخرێتە سەر کەموکوڕييەکان و تا لە دادێ هەم خودی نووسەر و هەميش نووسەری ديکە لە نووسينی هەر دەقێکدا ڕەچاوی بنەما زانستی و ئەکاديمييەکانی دەق بکات، بە هيواين خشتێکمان خستبێتە سەر خشتێک و برای نووسەر تێبينی و سەرنجەکانمان بە دڵ و سينەيەکی فراوانەوە وەربگرێت، هەڵبەتە غيابی ڕەخنەی بونيادنەرانە وامان لێ دەکات هەم ئەدەبی کوردی پێش نەکەوێت هەميش غياب بوونمان لە نێو ئەدەبی هەرێمايەتی و نێودەوڵەتی بەردەوامی هەبێت.

سەردار ڕەزا جاف
شاعير و ڕەخنەگر، ئەڵمانيا

———————————-

سەرچاوەکان :
١ – کتێبفرۆش ، ڕۆمان … سابير ڕەشيد ، ٢٠٢٠ هەولێر
٢ – ماهي أنواع الرواية في الأدب و عناصرها.-، راندا عبدالحميد، موقع مقال، في ١٣ / ٢ / ٢٠٢٠
٣ – تقنيات السرد الروائي في ضوء المنهج البنيوي، دکتور يمنی العيد ، دار الفارابي _ بيروت _ الطبعة الثالثة، ٢٠١٠
٤ – الراوي و المنظور في السرد الروائي ، الدکتور الراحل،محمد عزام ، من سوريا، موقع ديوان العرب، في ٢٠ / ٤ / ٢٠١٦
٥ – الزمن في الرواية، هانز ميرهۆف، ص ٩
٦ – بنية الشکل الروائي ، حسن بحراوي ، لبنان، بيروت . المرکز الثقافي العربي ، الطبعة الأولی، ١٩٩٠
٧ – باشلار، گاستۆن… جمالية المکان ، غالب هلسا ، بيروت، المؤسسة الجامعية للدراسات، الطبعة الثانية، ١٩٨٤
٨ – الشعر العربي المعاصر، عزالدين أسماعيل ، دار الفکر الحربي ، القاهرة، الطبعة الثالثة ، ١٩٦٦
٩ – نقد الرواية، نبيلة أبراهيم، مکتبة غريب
١٠ – بنية الزمن في الرواية، دراسة تطبيقية لروايات التسعينات، ميسون صلاح الدين الجرف، مجلة أتحاد الجامعات العربية ، المجلد ٩ العدد ٢ ب ، ٢٠١٢
١١ – جمالية المکان في الرواية، أحمد زياد محبک، موقع ديوان العرب، ٦ / ٦ / ٢٠٥٥
١٢ – سەرهەڵدانی ڕۆمان ڕياليزم و ژانری ڕۆمان، ئيان وات، کتێبی تيۆری ڕۆمان، کورداندنی : محەمەد کەريم لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم،٢٠٠٢
١٣ – تجليات المکان في الرواية ، مصطفی عطية جمعة ، مجلة الکلمة، نقد – العدد ٣٩ ، يوليو ٢٠١٠
١٤ – الحبکة الروائية، مفاهيم أدبية، علي حسين عبيد . موقع شبکة النباء ، ١ / ٢ / ٢٠٢٣
١٥ – الحبکة … سؤال الرواية الدرامي ، محمد العباس ، موقع ثقافات في ٧ / مايو / ٢٠١٥
١٦ – غياب تصنيف الرواية وأزمة النقد الروائي في العالم العربي ، أبراهيم آل سنان ، في ١٠ / ٣ / ٢٠٢٥
١٧ – أقتباسات عميقة من روايات عربية و عالمية، محمد أحمد ، موقع فرصة في ٨ / ٤ / ٢٠٢٥
١٨ – الرواية کمسألة فلسفية ، فواز حداد ، موقع الحربي الجديد ، في ٢٢ / ٤ / ٢٠٢٥
١٩ – في متاهات السر،: مفاتيح کتابة حبکة روائية تتجاوز حدود الواقع، يوسف الخطيب ، موقع الکتابة الأبداعية في ١٥ / ٢ / ٢٠٢٥
٢٠ – أنواع الشخصيات في الرواية ، کتابة مشاري الحربي ، موقع المرسال في ٢٠ / ١٠ / ٢٠٢٤
٢١ – الحبکة الروائية. علي حسين عبيد ، شبکة النباء ، في ١ / ٢ / ٢٠٢٣

  • – فيڵدينگ: رۆماننووسی ئينگليزی ( ١٧٠٧ _ ١٧٤٥ )
  • چوک پۆلانيک، ناوی چارلز ميشێل چوک پۆلانيکە لە ٢١ / ٢ / ١٩٦٢ لە هەرێمی واشنتۆن لە ويلايەتە يەکگرتووەکانی ئەمريکا لە دايک بووە.
  • ١ رۆژنامەی الشرق الأوسط، ڕۆژی ١٩ / ٤ / ٢٠٢٥ ئەوەی پێويستە لەم بارەوە ڕوونکردنەوە بدەم ئەو بەشەی ڕۆمانەکە بە خۆمان وەرمان گێڕاوە



وەستان لەسەر ڕێی هەسارەی یادەوەری.. شیعر: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

سەیری سەعاتەکەی مەچەکتم بۆ بکە ئەی برادەر
تا بای غەم هەڵینەکردووە و نەبووینەتە گەردوتۆزی
نێو سامناکیی ئەم گەردوونە تاریکەی بوون
تا نەبووینەتە تیشکێکی ڕاوەستاوی نێو زەمەنێکی چەماوە
سەیری سەعاتەکەی دەستت بکە هاوڕێ
با چاوەڕوانی درێژ بێتەوە هەتا گەردوون بۆشاییەکان لەخۆ دەگرێ
با هەتاوەکان بێن و بمانبەن بۆ لێواری ئەو ڕووناکییەی کەچاوی ئێمە نایبینێت.
چی لەو قەدەرە تاڵە بکەین هاوڕێ کە بە فەنا مەحکووم کراوین
ئێمە لەنێو تنۆکێکدا لەتاریکیی لەدایک دەبین و دەمرین
دەزانین و دەست بۆ چڵە هەتاوێک و
پەلی داری زانستێک و
دۆزینەوەیەکی تازە دریژ دەکەین هەتاوەکو
هەنگاوێک بچینە ئەودیو سنوورەکانی ڕووناکی
بچینە ئەودیو هێلەکانی بینین و دیوی ئەودیوی نهێنییە شاراوەکان
هاوڕی زەمەن خێرا دەڕوا..ڕەنگە فریای پێکەنینێک
فریای ماچێک
فریای سەرما و گەرمای وەرزێکی تر نەکەوین
تۆ تەماشای سەعاتەکەی دەستت بکە، بزانە چەند ساڵی تیشکیی لە هەقیقەتەوە دوورین
بزانە چەند هەسارەی درۆمان بڕی و
چەندجار بە دەوری نەزانیی و بێئاگایی خولمان خوارد و نەمانتوانی خێرایی خۆمان تۆمار کەین
بارستەی خۆمان ون کرد و لەنێو زەمەن بووینە هاوکێشە سادەکەی فیزیای ژیان
هێزێک هەیە بەرەو ناوەند بەرەو خۆمان کێشمان دەکات
ئێمە لەنێو سەرسوڕمانی هاوکێشەکەی ئەم ژیانە ورد ورد بووین و ئەنجن ئەنجن کراوین بەکات
جارێک بە گۆشەی تەوژم و جارێکیش بە جووڵەی جێگۆڕ
ئای لە فیزیای ئەم ژیانە پڕ لە مردنە بێمانایە
چۆن وەکو کات، ژیانی چەماندینەوە
سەیری سەعاتەی دەستت بکە هاوڕێ
زۆر درەنگە ..با لەوە زیاتر نەبینە جێی مشتومڕی نۆڤاکان
لەوە زیاتر نەبینە جێی قسە و چیرۆکی نێو داتاکان و هاوکێشەکان
با لەوە زیاتر نەبینە کوژراوی نێو جووڵە و گۆشە دەم تیژەکان
با لەوە زیاتر نەبینە گەردی نێو گەردوونی وشکی و تاریک و سارد
با تۆزێ کات بگرینەوە و دەست بە زەمەنەوە بگرین
تۆش سەعاتی مەچەکت وەک دڵی بێئۆقرەت قورمیش کە
با بەردەوام چرکە چرکە لێبدات و قەت نەوەستێت
هەتا دەگەین بە نهێنی ئەودیو ڕەنگە ڕەشەکان و
هەڵهێنانی ئەو مەتەڵەی تەڵەزگاوییەی ناومان ناوە بوون و ژیان.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
ئەیلوول – تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤




ببووره‌ بـێده‌نگی گوڵه‌كان نـایـلۆن بوون.. شیعر: نه‌ژاد عزیز سورمێ

له‌ نیشتمان بێـزار نیـم
تاڤگه‌ و ڕووباری
به‌قه‌د فرمێسكی ژنانی
به‌ چیا و ده‌شت و بناران
دێنه‌خوار..
بێزار نیم من
له‌ نیشتمانێ،
نهێنی سه‌ت ساڵه‌یان
له‌ بۆڕسان
به‌ با سپارد..
( نیشتمان..
تاڤگه‌ و ڕووبار..
فرمێسكی ژنان..
بۆڕسه‌.. )

شه‌و،
بـۆ ئه‌هلی دڵ
نیشتمانه‌..
گریان و هه‌نسكی تێدا
هاوته‌ریب
گه‌ز گه‌ز ڕاده‌شكێن
ئێمه‌یش تا ونبوون
تا ڕۆحمان دێته‌وه‌ ناو‌
كازیوه‌
له‌ نیشتمان ،
له‌ شه‌و
دانابڕێـین..
( ئه‌هلی دڵ..
گریان و هه‌نسك..
گه‌ز گه‌ز..
كازیوه‌..)

مه‌رگ هه‌ڕه‌شه‌مان لێ نـاكا
مه‌رگ له‌ باوه‌شمانه‌
به‌ زه‌رده‌مسكه‌یه‌ك باوه‌ڕ ده‌كا..
مه‌رگ
جاران لێـكی ده‌كردین
ئێستا له‌ ئاهه‌نگه‌ بێ نه‌شئه‌كانی نیگه‌رانی
كـۆمان ده‌كاته‌وه‌..
( هه‌ڕه‌شه‌..
باوه‌ش..
زه‌رده‌مسكه‌..
بێ نه‌شئه‌..)

شه‌قام نه‌بوو
به‌ شه‌قاممان چوواند..
تووله‌ڕێ نه‌بوون
به‌ تووله‌ڕێـیانمان چوواندن..
كانی نه‌بوون
به‌ كانیـیانمان چوواندن..
برین نه‌بوون
به‌ برینانمان چوواندن..
سه‌رچاوه‌ی میهر و
ئاسووده‌یی نه‌بوون
به‌ سه‌رچاوه‌ی میهر و
ئاسووده‌ییمان چوواندن..
( شه‌قام..
تووله‌ڕێ..
برین..
ئاسووده‌یی..)

چاودێرانی شه‌و
گریـانی بێداران،
به‌ شنه‌ی سپێده‌
ده‌خوێننه‌وه‌..
ته‌م له‌ بێشه‌ڵاندا هه‌ڵخلیسكاوه‌
نێرده‌ی ڕۆشنایی،
به‌ره‌ی كپ و بێده‌نگی مێژوومان،
بـێوچان پێشوازی
له‌ ئاماژه‌ دره‌وشاوه‌كانی ماندووبوون و
نوێنه‌رانی
ڕه‌هێـڵه‌ی تـاولێـبڕاو و
سه‌رده‌مه‌ بازنه‌ییه‌كانی
شه‌ڕ و ئاشتی ده‌كرد..
( شنه‌ی سپێده‌..
هه‌ڵخلیسكان..
ڕه‌هێڵه‌..
شه‌ڕ و ئاشتی..)

ئه‌وه‌یه‌ ڕه‌چه‌ڵه‌كی كوژانه‌وه‌..
ڕووبه‌ندی سه‌حه‌ر..
ئامێـزی له‌بـیركراوی دژواری..
گه‌مه‌ی ژاكان،
دوور له‌ مرۆڤ
دوور له‌و خه‌ونانه‌ی
هه‌میشه‌ خۆمان به‌ هه‌ڵه‌
لێــكیان ده‌ده‌ینه‌وه‌
وێنه‌ی كۆزه‌ سپیداری پاییزیی به‌له‌نجه‌
ده‌شه‌كێـنه‌وه‌..
( ڕه‌چه‌ڵه‌كی كوژانه‌وه‌..
ژاكان..
مرۆڤ..
شه‌كانه‌وه‌.. )

هاواری بێده‌نگیمان،
له‌ داربریایان ئاڵاندووه‌..
نه‌فرینی چیایانه‌،
گوڵی نایلۆنی دووكان و مغـازان
ژه‌نگی ساویلكه‌یی و
په‌نجه‌ی هه‌ڵبڕاوی په‌شیمانی
پێشبینی،
نان و ئاوی سبه‌مان ده‌كا ..
( داربریا..
گوڵی نایلۆن..
په‌نجه‌ی په‌شیمانی..
نان و ئاوی سبه‌ی.. )

جه‌نگێك له‌ سه‌رمدا به‌رپایه‌
مه‌پرسه‌..
شانده‌
كراواتدار و یه‌خه‌ بریقه‌داره‌كانی ئاشتی
به‌ دیارمه‌وه‌ن
چه‌پڵه‌م بۆ لێ ده‌ده‌ن
پێم ده‌ڵێن: ئافه‌رین!
مۆسیقایه‌كی چه‌ند دڵگیره‌
مۆسیقای جه‌نگ
بـازاڕان ئاوه‌دان ده‌كاته‌وه‌..
ڕازی یـاڵه‌ به‌فركووشه‌كان
له‌به‌ر ئاستانه‌ی بێهووده‌ییدا
ده‌دركێنێ..
چه‌ند دڵگیره‌ مۆسیقای جه‌نگ..
( جه‌نگ..
مۆسیقا..
بازاڕ..
ئاستانه‌ی بێهووده‌یی.. )

ئومێدمان له‌ قه‌ده‌حێـكی پیرۆزی زێڕین
له‌پێش نه‌یاران دانا..
ده‌ستمان به‌‌ سێبه‌ری
جه‌سته‌ی شه‌كه‌تمان داهێنا..
چاومان له‌ به‌زه‌یی ئاسمانه‌..
ده‌نووین،
ئێمه‌ دوێنێ
بۆ ئه‌مڕۆ نوستبووین
ئه‌مڕۆش بۆ سبه‌ی..
گه‌وهه‌ری ئایینده‌مان
له‌ ڕامانی سیما شێواوه‌كانه‌وه‌
بۆ ماوه‌ته‌وه‌ ..
شادیمان له‌ بێـچاره‌بوونماندایه‌
ژیانمان،
ئه‌ته‌می هێللانه‌ی باڵدارانه‌
ورد..
گرێـچن..
بڵیند و
ئه‌ندازه‌دار..
لێ هه‌میشه‌
سێره‌لێـگیراو بۆ تێكدان و وێرانكردن..
( شوێنكات..
جه‌سته‌..
ئه‌ندازه‌دار..
تێكدان.. )

خانمی دواڕۆژ
گوڵی نایـلۆنی
گونده‌ نوێـیه‌ بۆگه‌نه‌كانی شارانه‌
به‌ نیگای برسی
گه‌نجانی بێـكار،
دووكه‌ڵی لێ هه‌ڵده‌ستێ..
ئیتر گوڵه‌مێخه‌ك خه‌م ناڕه‌وێننه‌وه‌
خه‌م به‌بیر دێنـنه‌وه‌..
به‌خشش،
كه‌وییه‌به‌فرێكی ڕووتـه‌
له‌به‌ر هه‌تاوی ته‌مووزێ..
( خانمی دواڕۆژ..
نیگای برسی..
دووكه‌ڵ..
به‌خشش.. )

ڕۆژگار،
ڕۆژگاری به‌دنشین و
نه‌رگسیی و لاساران‌..
وه‌رز،
وه‌رزێـكی نـامۆ
نه‌ زستانه‌
نه‌ به‌هار
نه‌ هاوینه‌
نه‌ پاییز..
ڕه‌نگ نه‌ماون، لێچوونه‌ته‌وه‌
هه‌موو ڕه‌نگه‌كان
هه‌موو ژه‌نگه‌كان
هه‌موو خۆزگه‌ و بریاكان..
تێكه‌ڵ بوون..
ژنانی سپی ، گه‌نمڕه‌نگ
له‌به‌ر ده‌روازه‌ی ئــاوه‌ڵای
(جیهانایه‌تی)دا
سنگ بۆ عه‌شقی له‌ده‌ستچوویان
ده‌كوتن..
نه‌وا،
گه‌ردانه‌یه‌كه‌
له‌ ئازاره‌ به‌رده‌وامه‌كانی ڕۆحمان
به‌ ته‌وێڵی سه‌رده‌مه‌وه‌ ..
( وه‌رزی نامۆ..
ژه‌نگ..
جـیهانایه‌تی..
ئازاری ڕۆح.. )

ڕه‌نده‌
مه‌له‌ی پێچه‌وانه‌ی ماسییان
ڕه‌ندن
كه‌روێشكه‌ی به‌رخه‌ل
سه‌مای گه‌رده‌لوول
ئاوی كڕ
په‌شمی خوناو
كوێره‌وه‌ری خوولیا..
( مه‌له‌ی پێچه‌وانه..
كه‌روێشكه‌..
په‌شم..
خوولیا.. )

ڕه‌نگه‌ له‌م ئاوه‌ مه‌ند و بێ ته‌وژم و ڕاوه‌ستاوه‌دا
دوا خنكاو نه‌بم..
هه‌نگاوم به‌ره‌و خۆم گه‌ڕاندنه‌وه‌..
هه‌وڵ ئه‌ده‌م (خود)یشم
به‌ره‌و خۆم بگه‌ڕێـنمه‌وه‌..
ڕوئیاكانم،
له‌ دارستانێكی چڕ ده‌چن
دره‌ختی لێ به‌لادا دێن..
ئێمه‌ ڕۆڵه‌ی دڵسۆزی
(بازنه‌) به‌نـاوبانگه‌كه‌ین
هه‌میشه‌ له‌ پنتێكه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كه‌ین
ماندوو..
شه‌كه‌ت..
خه‌ولێخراو..
دێـینه‌وه‌ هه‌مان پنت..
گه‌مه‌ی له‌دایك بوونمان ئه‌وه‌یه‌‌
سرووتی بێده‌نگیمانی
پێ به‌ڕێ كه‌ین..
ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و سۆزه‌ی
له‌ نیوه‌خه‌ودا،
به‌ خێرایی ڕك و كینه‌
له‌ ته‌نیاییمان نزیك ده‌كاته‌وه‌ و
به‌ دیـوی بـاڵاپـۆشیدا
ڕووتمان ده‌كاته‌وه‌..
( دوا خنكاو..
بازنه‌ی به‌ناوبانگ..
خه‌ولێخراو..
سرووتی بێده‌نگی.. )

شه‌یدایانی شوێن،
كات هه‌ڵیانده‌لووشێ..
شه‌یدای كات،
شوێن هه‌ڵیلووشیوه‌..
چاوشێركانه‌ی گومڕایان بوو،
كه‌ل و په‌لم
له‌ جانتای ده‌ستم نابوو
جانتام لێ دزرا
بێ چاویلكه‌
بێ جگه‌ره‌
بێ زه‌رده‌خه‌نه‌
كه‌ چه‌ند دانه‌یه‌كم
بۆ كاتی پێویست تێداویشت
بێ ده‌سماڵ و
بێ كتێب و ده‌فته‌ر و قه‌ڵه‌م و
بێ گیرفانپووڵی مامه‌وه‌ ..
( شه‌یدای كات..
چاوشێركانه‌ی گومڕایان..
جگه‌ره‌..
گیرفانپووڵی.. )

ببووره‌ بێده‌نگی!
ئه‌و چڵه‌ زه‌یتوونه‌ی باسی ده‌كرێ
ده‌ستمان نه‌گه‌یشتێ ..
له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌
به‌ مه‌رگی دواخراو ده‌وره‌ دراوین..
ببووره‌ بێده‌نگی!
تۆیش هاتیه‌ ناو
ئه‌ڵقه‌ی ته‌وافی
كه‌وانه‌ نه‌بینراوه‌كان
پاك
ڕۆشن
له‌ ده‌ستێـكی ئه‌مین دای
ده‌ستی مرۆڤ
كه‌ كلیلی هه‌موو ده‌رگایانی پێیه‌
ده‌رگای خۆی نه‌بێ..
ببووره‌ بێده‌نگی!
مه‌ودا دووره‌ و
ته‌مه‌ن كورت
شه‌قاوی سه‌فه‌رم
ته‌نێ بایی دیـتنی
مه‌رگی (ئه‌نكیدۆ)ی هاوڕێم بوو
كه‌ هاتمه‌وه‌،
هه‌موو به‌جێیان هێشتم
هه‌ر كه‌س خه‌ریكی خۆی بوو
كه‌س پێی نه‌گوتم:
ماندوو نه‌بی گه‌لگامش
كه‌س سه‌ره‌خۆشی لێ نه‌كردم..
ببوره‌ بێده‌نگی!
گوڵه‌كان
كه‌ داماننابوو
به‌ هه‌وای خوا و
ئاوی سازگاری كوێستانان ڕسكاون
وا ده‌رنه‌چوون..
ببووره‌ بێده‌نگی!
گوڵه‌كان نایلۆن ده‌رچوون.

                                    
نه‌ژاد عزیز سورمێ
  ئه‌یلوولی 2025



ئاوەڕشێن یان بە هەدەر دان.. نەوزاد بەندی

ڕەنگە بڵێم ووشەی ئاوەڕشێن و ئاوپرژێن هەر لە فەرهەنگ و سەر زاری کوردا هەبێ، چونکە ئاو نە بۆ پرژاندن دروستکراوە و نە بۆ ڕژاندن.. لە نانی تیرییەوە هەتا بەردەرگا هەتا پاککردنەوەی ئوتومبیلەکان، ئێمەی کورد خەریکی بێ ڕێزیکردن و بە هەدەردانی ئاوین .. هەڵبەت کە دەڵێم کورد مەبەستم له کوردی باشوورە، ئەگینا من زۆربەی شارە کوردییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات گەڕاوم، ئاو بەردەوام هەیە و نابڕێت و نرخەکەیشی زۆر هەرزانە، تانکی ئاو لە هیچ سەربان و بنبانێکدا نییە، لەگەڵ ئەوەیشدا هیچ کەسێک دڵۆپێک ئاو بە هەدەر نادات و شتێک نییە بە ناوی ئاوڕشێنکردنی بەردەگا، یان شۆردنی ئوتومبیل لە پێش دەرگا.. کارەبای بەردەوام هەیە و نرخەکەیشی زۆر هەرزانە، هیچ کەسێ گڵۆپی زیادە داناگیرسێنێ ..
بە داخەوە لای ئێمەی کوردی باشوور، ئەگەر هەفتەی دوو سەعات ئاوی ڕەئیسیی بێتەوە، هەموومان ئەڕشێینەوە پێیدا، لە تانکییە بێ تەوافەکانمانەوە، کە وەک تاڤگە لە گوێسەبانەی خانۆکانمانەوە دێتە خوارەوە، هەتا ڕشانەوەی خانمان بە سۆندەکانی دەستیان و تەڕکردنی حەوشە و بەردەرگانیان.. سەدان هەزار بیری ئاو لە ماڵەکانماندا لێدراون ، وا ئەزانین ئاوی ژێر زەوی موڵکی کەسیی خۆمانە، بە حەق و ناحەق ئاوی ژێر زەمین بە هەدەر دەدەین .
کارەبا هەتا گرانتر بێ، زیادەڕەوی زیاتری تێدا دەکەین، زنجیرە گڵۆپی ئەمبەر تا ئەوبەری فرۆشگاکان، چلچرا و ملیۆنەها گڵۆپی بێ سوود لە دەرەوەی ماڵەکانماندا ئەسوتێن ..
چونکە ئێمە میللەتێکی بێ هونەرین، بێ منەتین، دووربین نین ..
خواردنیش یەکێکە لەو شتانەی کە زیادەڕەوییەکی زۆری تێدا دەکەین، ڕۆژانە سێ ژەم خواردنی جۆراوجۆر ئەخەینە سەر سفرەکانمان و .. بەشێکی زۆری فڕێدەدەینە ناو تەنەکەی خۆلەکانمان، بەو جۆرە هەم پارەیەکی زۆرمان ئەبێ بە هەڵم و .. هەم تەنەکەی خۆڵەکانمان بۆگەن و چەور و ناشیرین ئەبێ، بەوەیش کۆڵانەکانمان ئەبنە مۆڵگەی مێش و مەگەز و دیمەنی ناشیرین… هەروەها لە جل و بەرگ و ئوتومبیل و مۆبایل و کەل و پەلی ناو ماڵ و ئامێرەکانماندا، خەریکی دەستبڵاوییەکی کوشندەین، بە جۆرێک بازاڕی دەستی دوو، چوار ئەوەندەی بازاڕی نوێ، کەل و پەلی تازە و بێ عەیبی تێدایە، کە مەبەست لە فرۆشتنی، تەنها زیادەڕەویی و لوتبەرزیی و کێبڕکێی یەکترییە.
کاتێ مرۆڤ دەستبڵاو و زیادە ڕەو ئەبێ، بەردەوام لە کێشە و قات و قڕیدا ئەژی، چونکە هەموو شتێ لەم بوونەدا بە پێی پێویست دروستکراوە، کاتێ مرۆڤ زیاد لە پێویست شتێک بە هەدەر ئەدا، ئەو شتە بەش ناکا، کۆتایی دێت، لە بەرامبەردا بە هەدەردەری ئەو شتە، ئەبێتە گیاندارێکی دڕندە و بێ بەزەیی و بەربەریی، وا ئەزانێ هونەری ژیان بریتیە لە دەستبڵاویی و بە هەدەردانی ماڵ و سامانی سەر زەوی..
کاتێ مرۆڤ دەستبڵاو و زیادەڕەو دەبێ، هەژارەکان و گیانەوەرەکانی تریش زیان دەکەن، چونکە ناتوانێ یارمەتییان بدات، ئەگەر موسوڵمانە، ناتوانێ زەکات بە هەژاران بدات، ئەو بە ڕاست و چەپدا، ماڵ و سامان بەهەدەر دەدات و ناتوانێ پاشەکەوت بکات، ئیتر چۆن ئەتوانێ مافی خوا بدات کە بریتییە لە زەکات .. خۆ ئەگەر ئاینداریش نەبێ، دیسان ناتوانێ یارمەتی ئەوانی تر بدات، مرۆڤی زیادە ڕەو هەمیشە لە دڵەڕاوکێدا ئەژی و هەست ئەکا تەنها خۆی شایانی خزمەتکردن و خەرجکردن و بەهەدەردانە ..بەوەیش لە هەموو بەها و هەست و سۆزە مرۆڤایەتییەکان دادەشۆرێتەوە.
شایانی باسە، لەم کۆمەڵگایەدا، لە شا هەنا سەپان خەریکی بە هەدەردانن .. ئەوەنا دەسەڵاتداران زۆر بە بێ باکیی نەوت و گازی سروشتیی بە هەدەر دەدەن، هەرزان فرۆشی ئەکەن و ..ئەڵێن داهاتی نەوت و گازی سروشتیی سفرە..یان ئەڵێن هێشتا قەرزارین.. موچە و مافی خەڵکەکە نادەن و بە هەزار بەهانە، لەو خەڵکە تێدەگەیەنن کە بار و دۆخەکە نەخوازراوە و ناتوانن ماف و حەقدەستی هاووڵاتیان بدەن.. خەڵکەکەیش چونکە خۆیان خەریکی بە هەدەردان و دەستبڵاویین، ئەو دۆخەیان پێ ئاساییە و کاردانەوەیان نابێ .. بەو جۆرە ئیتر کاربەدەستان ئەبینی لە لوتکەی بە هەدەرداندا دەردەکەون و شانازیشی پێوە دەکەن، بۆ نمونە بە کراسێکی چەند هەزار دۆلارییەوە .. یان بە کاتژمێرێکی چەند ملیۆن دۆلارییەوە .. بە ئوتومبیل و کۆشک و فڕۆکەی زۆر گرانەوە دەردەکەون، لە بەرامبەردا میللەتەکەیش ئەکەونە ڕوتاندنەوەی یەکتریی، بۆ ئەوەی هەوڵبدەن وەک بوونەوەرێکی بەهەدەر دەر دەربکەون و مۆدێلی سەرکردەکانیان نمایش بکەن ..وەک خۆیان ئەڵێن تەخشان و پەخشانی پارە بکەن و .. بە شوێنپێی دەسەڵاتدارەکانیاندا بڕۆن و لاساییان بکەنەوە .. بەو جۆرە کۆشکی هاوینە و زستانە و ..کۆشکی هەندەران و ..باخی خەیاڵیی و ..پاسپۆرتی سان کیتس و دۆمینیکان بە دەیان سەدان هەزار دۆلار …ئوتومبیلی زۆر گرانبەها لە کوچە و شەقامە داڕوخاوەکاندا دەردەکەون ..
لێرەدا ئیتر مرۆڤایەتیی کۆتایی دێت .. نیشتمان ئەبێتە گۆڕەپانی کێبڕکێیەکی بازاڕیانە و .. هەر یەکەی لە شوێنی خۆیەوە ئەبێتە فیرعەونێک و ..هەوڵ ئەدات ئەوانی تر تێپەڕێنێت و .. خۆی بە شێوەیەکی شاهانە نیشان بدات .. دواجار ئەو هەموو شا و شاهەنشا ڕاستەقینە و خەیاڵییە، توشی دۆخێک ئەبن، پێی ئەووترێ دۆخی قات و قڕیی .. قات و قڕی لە هەموو بەها و ماف و هەست و سۆزێکی مرۆڤایەتیدا ..قات و قڕیی لە هەستی ئاینیی و نەتەوایەتیدا.. قات و قڕیی لە پەیوەندییە مرۆڤایەتییەکاندا .. ئیدی پیوەری هێز و ڕێز بە ڕێژەی بە هەدەردانەوە پەیوەست دەکرێت، هەتا زیاتر ئەوانی تر بڕوتێنیتەوە و سامانی نەتەوایەتیی دیزە بەدەرخۆنە بکەیت، بەڕێزتر و بەهێزتر ئەبیت .. ئەوانی تریش، لە کەسانی سادە و کەمئەندام و کەمەقڵەکان، ئەبنە سووتەمەنیی بۆ خواست و خەون و غەریزە و حەزە تاکە کەسییەکانی چەند بەهەدەردەرێکی زەبەلاحی بێ هونەر.




لە ستایشی (بێدەنگیی)دا (شیعری –کچێک-ی سەلام عومەر بە نموونە).. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

(كچێك)
جیرانەکەمان کچێکی جوانی هەیە
لە خوێندن دەریان هێناوە
مۆبایلی نییەو
ناشتوانێ بێتە بەر دەرگا
بەڵام
کە بابی دەچێتە مزگەوت
لە حەوشە گۆرانی دەڵێ
تا
كوڕانی گەڕەك گوێیان لێبێت.


کە لەژێر دەرگاوە
ئاو دەپڕژێنێتە کۆڵان
دەزانم کچەکەیە.


هەر گوێی لە دەنگی من بێ
بانگی دایکی دەکا
وەک بڵێ منیش هەم.


دایکی پۆشاکی بۆ دەکڕێ
بۆیە کەسواری ئۆتۆمبێلەکەیان دەبن
دەڵێی دوانەن.


کوڕێکی گچکەم هەیە
کە تۆپەکەی دەکەوێتە ماڵیان
تا تێر ماچی نەکا نایداتەوە.


کە میوانی پیاویان دێ
ئەو دەرناکەوێ
بەڵام کە ڕۆیشتن
دەچێتە ژووری میوان
چونکە بۆنیان جێهێشتووە.


ئەو کچە حەزی زۆر لەخەوە
تا تێر خەیاڵ بێ.


خوازبێنی زۆری هەیە
لە بەختی ئەو
هیچیان نوێژ ناکەن.


هەمیشە تینوویە
بە ئاوی ماڵەوە تێر نابێ
حەزی
لە قومێک ئاوی دەرەوەیە.


پێشەكی:
)بێدەنگی، بەبێ قسەکردن دەتوانێت بوونی هەبێت؛ بەڵام قسەکردن، بەبێ بێدەنگی ناتوانێت بوونی هەبێت.(
شیعری “کچەکە”ی سەلام عومەر وێنەیەکی مرۆیی زیندووی ڕەگەزی مێ، لە فەزایەكی کۆمەڵایەتی داخراودا دەخاتە ڕوو؛ كچەی شیعر، لەگەڵ ئارەزووە سەرکوتکراوەکان و پێداویستییە دەروونییە دابیننەکراوەکانیدا بە بێدەنگی دەجەنگێ، بێدەنگییەك كە هاوشانی چەپێنراوەكانی دەروونە، ژیان ڕۆناك دەكاتەوە؛ لێرەوە کچە هەر تەنیا وێنەیەکی شیعریی سەلام عومەر نییە، بەڵكە وێنەی مرۆڤێکی نەرم و بزۆزی نێو كۆمەڵگای داخراوی كوردییە، لەڕێگای نواندنی ڕەفتار و ئاماژە و هێماکانی بێدەنگی مێینەوە، دەیەوێ بوونی خۆی بسەلمێنێ؛ نەک لەڕێگای تووندوتیژی ڕاستەوخۆی دەنگییەوە!. بۆیە لەم چوارچێوەیەدا شیعری كچەکە گۆڕانکارییەكی نەرمی ناوەکییە لە ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی پڕ ژاوەژاوی کۆنەپەرستانەدا؛ ژینگەیەك کە دەرفەتی بڵاوبوونەوەی سرووشتی بە بۆنی مێینە ڕەوا نابینێ.
(1)
هەمیشە سنووردارکردنی ژیان، مایەی ستەم و ئازارە! ئەوەش لە وێنە شیعرییەكانەوە ڕوون دەبێتەوە کە شاعیر لە فەزای ستەمەوە سنووری ئازاری دەروونی دەكێشێ، بۆ نموونە: مۆبایلی نییە و ناتوانی هەتا بەردەرگای ماڵەکەشیان بە ئازادی هەنگاو بنێ… بەڵام پێشاندانی ستەم هەر تەنیا دەلالەت لە وردەکارییەكانی ئازاری ڕۆژانە ناكات، بەڵكە لەلایەك نەبوونی دادپەروەری کۆمەڵایەتییە و لەلایەكی دیكە بەردی بناغەی تێكچوونی دەروونییە!
دواجار ئەو دنیابینییەی (ستەمی كۆمەڵایەتی) و (ئازاردانی دەروونی) لێدەكەوێتەوە، بە گومانەوە تەماشای پەیوەندی نێر و مێ دەكات؛ وەك چۆن کارلێکی كلتووری خۆماڵی لەگەڵ جیهانی دەرەوەی جیاواز دەخاتە كێشەوە.
(2)
شوێنی داخراو (ماڵ) لە شیعرەکەدا، لە شوێنی نیشتەجێبوون و حەوانەوە هەڵگەڕاوەتەوە؛ ماڵ لە شیعرەكەدا کۆت و بەندێکە ڕێگری لە دەركەوتن و پێگەیشتنی کەسایەتی دەکات؛ بۆیە كاراكتەری سەرەكی لە ماڵی داخراودا هەموو ستەم و ئازارەكان بە گۆرانی گوتن دەڕەوێنێتەوە! (گۆرانی گوتن) وەک ڕێكاری بەرگری دەروونی و جۆرێک لە بەرخۆدان بە ئەڵتەرناتیڤی (داخران) دەكەوێتەوە!
بەمجۆرە لە غیابی دەسەڵاتی (باوک) لەنێو ماڵی داخراودا، بەشێک لە خودی سەرکوتکراوی مێینە لە حەوشەی كراوەی ماڵدا (لەڕێگای گۆرانی گوتنەوە) هەناسە ساردەكانی خۆی بە گەنجانی گەڕەک دەگەیەنێت، ئەو وێنەیە تەواوی جیهانی مێینەی كپكراوی كوردی دەخاتە بەر فۆکس.
(3)
ئەگەرچی دەنگ (گۆرانی گوتن) ناتوانێت كچە دەرباز بکات؛ بەڵام دەرچەیەک بۆ فشارە دەروونییە ناوەکییەکانی دەكاتەوە؛ دەنگ، گۆرانی گوتن لەبری (كچە) هەناسە دەدات؛ واتە ئەگەرچی كچە هیچ جوولەیەکی دەرەكی نییە، بەڵام بێ جوولەیی ئەو (گۆرانی)یەکە بە شێوەیەکی دیار لەبری شیعر نووسراوەتەوە؛ بەو مانایەش دەربڕینی (ناوەكی/ بێدەنگی) لەبەرانبەر سەرکوت و بێبەشکردندا، دەبێتە ئامرازێک بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی (دەرەكی/ دەنگ).
لەڕێگای گۆرانی گوتنەوە دانپێدانان و ئامادەبوونی كپكراوی مێینەیی خۆی لە شیعرەكەدا دەسەلمێنێ؛ بە جۆرێكی دیكە گۆرانی گوتن هونەری ڕاگرتنی هاوسەنگی بێدەنگییە، وەک ئەوە وایە بڵێت: “بێدەنگی- هەناسەیە، بوونی كپكراوی منی مێینەیە” ئەگەرچی ئەو هەناسەیە، ئەو بوونە، ئەو دیمەنە، ئەو جەستەیە، پێویستی بە دانپیانانی ڕەگەزی ئەویدیكەی نێر هەیە؛ ئەگەرچی (مێینە)ی نێو شیعرەكە، لە پەیوەندی و کارلێکی کۆمەڵایەتی بێبەشە… بەڵام هەمیشە لە گەڕان بەدوای شایەتحاڵێکدایە، بۆ پشتیوانیكردنی سۆزدارییەكانی…
“کێ دەیبینێت؟” تەنانەت دایک، دراوسێ، مێوان، یان کەسێکی نامۆ… کێ دەیبینێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە شیعرە! شیعریش هەمیشە خۆی لە ڕەزامەندی ناوەكی و دەرەكی و دووپاتكردنەوەیەكی بەردەوام و پرسیاری بەردەوام و خوێندنەوەی بەردەوامی خوێنەردا هەڵدەگرێتەوە. دەتوانم بڵێم پرسی ئەو شیعرە لە چیرۆکێکی ئاسایی تێپەڕدا قەتیس نابێت، بەڵكە ململانێیەکی وجودییە لەنێوان ڕەگەزی مێ و جیهانێک کە قبووڵی ناكات.
(4)
لەو شیعرەدا جەستەی کچ شوورەییە و نابێ سڵاو لە میوانە نێرەکان وەرگرێتەوە! بەڵام دوای ڕۆیشتنیان دەچێتە ژوورەکانەوە بۆ ئەوەی بۆنەکەیان كە ماوەتەوە، وەك جیاوازی بنرخێنێ؛ كەواتە ئەویدیكەی جیاواز هەر تەنها پەیوەندی بە بینینەوە نییە؛ لەنێوان (هەستی بینین) و (هەستی بۆنكردن) خەیاڵكردن قووڵترین تێڕوانینی دەروونی درووست دەكات؛ بەمجۆرە بۆنی ئەویدیكەی جیاواز لەڕێگای خەیاڵەوە، بۆ بینین دەگۆڕێت، بە دیوەكەی دیكەش هەستی بینین و هەستی بۆنكردن چەشنی گۆڕانی گوتن لە ئارەزوودا ئاوێتەی یەكتر دەبن و بەشداری پەیوەندییە سۆزدارییە خەونئامێزەكان دەكەن.
لێرەوە شاعیر (هەستی بۆنكردن، هەستی بینین و ئارەزووی گۆرانی گوتن) بۆ هەناسەدانێكی ڕەمزی و ئەڵتەرناتیڤی ئازادی دەگۆڕێت، بەمەش ئەو بێدەنگییە ستەملێكراوە لەڕێگای ئەو خەونەوە ئاشکرا دەکات کە کارلێککردنی لەگەڵ بۆن و ئاواز و بینینی وەهمیدا هەیە.
كەواتە هەناسەی ئەوی مێینە تێكەڵ بە: بۆنەکەی، ئاوازەكەی، وێنەكەی…دەبێ؛ ئەوەش قەرەبووکردنەوەیەکی دەروونییە بۆ ناخێكی پڕ لە ئازار و ستەملێكراوی كچە، کە ناتوانێ لە ئاڵوگۆڕییەكی ڕاستەقینەی سرووشتی بەدەستیان بهێنێ؟! ناتوانێ دەست لە ئەویدیكەی جیاواز بدات، تەنها مامەڵە لەگەڵ زڕەوێنەکاندا دەكات.
(5)
لە شیعرەكەدا خەوتن و خەونبینین وەک ئامرازێک بۆ دەربازبوون گرنگی دەروونی وەردەگرێ، کە شاعیر دەڵێت: كچەكە ئەوەندە حەزی لە خەوتنە، كە چاو بكاتەوە خەیاڵ بێتە واقیع؛ لێرەدا خەوتن پشوودان نییە، بەڵكە دەربازبوونە لە واقیعێک کە هیچ پێشکەش خەیاڵی برسی ناکات. بۆ قسەكردن لە (خەوتن) و (خەیاڵ) دەتوانین بەو شێوەیە ڕاڤەی بكەینەوە: خەوتن کشانەوەیە لە ژیانی سەپێنراو و گواستنەوە بۆ جیهانێکی فراوانتر كە جیهانی خەیاڵە. لێرەوە خەوتن و خەیاڵ ئەڵتەرناتیڤی ئازادییە…
بەڵام ئایا خەوتن و خەیاڵ چارەسەری برسێتی ناخ دەكات، یان کێشە دەروونییەکان قووڵتر دەكاتەوە؟! ژیانی ڕاستەقینە لەناو خەون و خەیاڵدا نییە، لە واقعیدایە… خەوتن و خەیاڵ ئاوێکە تینوێتی ناشكێنێ، وەك چۆن ئاوی ماڵ تینوێتی دەروون ناشكێنێ؛ بۆنی ماڵ وەك بۆنی دەرەوە دڵ ناكاتەوە؛ گۆرانی گوتن لە حەوشەدا ئاگری جەستە ناکوژێنێتەوە…
هەمیشە حەزی نرخدانانی بۆ بۆنێكی جیاواز و ڕشتنی ئاو و گۆرانی گوتن نابڕێتەوە؛ بەڵام پێویستی بە فەراهەمكردنی بزاڤێكی كراوەی نەرم و سەربەخۆی مێینە هەیە. بەختی كچەی شیعر، چیتر ناتوانێت بەو شتە سەپێنراوانە ڕازی بێت کە دەوروبەرەکەی بڕوای پێدەكەن. ئەو پێویستی بە “جیاوازی”یە، پێویستی بە ئازادییە، پێویستی بە هەڵبژاردنێكی سەربەخۆ و سەرفرازانە هەیە؛ ئارەزووی ژیانێک دەكات، ژیانێک كە لە شوێنێكی ترە، یەکێکی ترە، نە دیواربەند کراوە و نە قەدەغە، نە بە زۆری سەپێنراوە…
(6)
ئەو شیعرە قووڵایی نەریتی كۆمەڵایەتی و وێنەیەکی دەروونی سەرنجڕاکێشی کچێک دەكێشێ، كە حەز و ئیرادەی سەرکوتکراوە، لە دانپێدانانی مێینەیی بێبەشكراوە، لە تێپەڕین بە قۆناغی سۆزداری و ئازادی هەڵبڕاوە؛ بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا بە نەرمی لە یارییە جیاوازەكانی ژیاندا بەشدارە (تا تێر ماچی نەکا) ناكشێتەوە؛ لە هەموو ئەو ماچانەشدا پێمان دەڵێت: لە کۆمەڵگای داخراودا، مێینە دەنگێکە خۆی دەخواتەوە، مرۆڤێكی شەرمنە فەزای ماڵی كوردی دان بە بوونیدا نانێت… بەڵام ئەو بە نەرمی هەدادانی نییە!
پاشەكی:
(زمان، جیهانی بێدەنگی لە پشتەوەیە و جیهانی ڕاستیشی لە دەستیدایە.)
شاعیر توانیوویەتی جیهانی ناوەوەی كۆمەڵگای كوردی بە گوتارێكی ناڕاستەوخۆ لەڕێگای وردەکاری شیعرییەوە بگوازێتەوە، جێكەوتە و پەیوەندییە نهێنییەكانی بكێشێ؛ هەموو ئەو فەزا داخراو و كۆنەخوازانە ئاشکرا بکات، كە بووەتە هێمای پیرۆزیی و هۆكاری سەرەكی تێكچوونی دەروونی و گۆشەگیری و بنبەستبوونی كلتووری…
ئەو شیعرە تەنیا وەسفێکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵكە گۆرانی گوتنی کچێکە ژیان دەخوێنێتەوە و بۆن بە ژیانەوە دەكات، دەست لە وێنەكانی ژیان دەدات؛ ئەگەرچی كۆمەڵگا بوونی بە هەند نازانێ و کەس نایبینێت! ئەو شیعرە بانگەوازێک نییە بۆ تێپەڕاندنی واقیعی كۆمەڵگای كوردی، هێندەی پەردە هەڵدانەوەیە لەسەر نەریتێكی داخراو، ترسە لە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی نەریتە پیرۆزەكان… نیشاندانی سەرەتایەکی نەرم و كراوەیە، لە كۆمەڵگایەكدا کە ئەرزش بۆ ئەویدیكەی جیاواز و پێكەوە ژیان دانانێت.

23/11/2025

سەرچاوەی شیعرەكە: دیوانی هێلانەیەك لە پەشمەك، سەلام عومەر.
ئەو دوو ڕستەیەی خوارەوە لە كتێبی: عالم الصمت- ماكس بیكارد، ترجمە: قحطان جاسم، دار التنویر للطباعە والنشر- لبنان بیروت ط 1 2018.

  • بێدەنگی بەبێ قسەکردن دەتوانێت بوونی هەبێت، بەڵام قسەکردن بەبێ بێدەنگی ناتوانێت بوونی هەبێت.
  • زمان جیهانی بێدەنگی لە پشتەوەیە و جیهانی ڕاستیشی لە دەستیدایە.



کشانەوەی گەریلاکانی پەکەکە لە ناوخۆی تورکیا.. عوسمانی حاجی مارف

ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی ئۆکتۆبەر، پەکەکە کشانەوەی سەرجەم گەریلاکانی لە خاکی تورکیا بۆ باکووری عێراق ڕاگەیاند! ئەم ڕاگەیاندنە لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا سەرکردەکانی پەکەکە لە ناوچەی چیای قەندیل لەمیانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا خوێندیانەوە، لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەسەر ئەوەکرا، کە بڕیاری کشانەوەکە بۆ دورکەوتنەوەیە لە مەترسی پەرەسەندن یان پێکدادانی نەخوازراو لەناو تورکیادا.
ئەم پێشهاتە نوێنەرایەتی وەرچەرخانێکی بێوێنە دەکات لە ململانێی چوار دەیەی نێوان حکومەتی تورکیا و پەکەکەدا، بەشێوەیەکی کاریگەر کۆتاییە بە بوونی سەربازی لە سنوورەکانی تورکیا و گواستنەوەی چەکدارەکان بۆ ناوچە شاخاویەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق.
ڕاگەیاندنی کشانەوەی پەکەکە لە خاکی تورکیا، کاردانەوەی بەرفراوانی بازنە سیاسیەکانی ئەنقەرە بەدوای خۆیدا هێنا، ئەم هەنگاوە بە وریاییەوە پێشوازیەکی فەرمی لێکرا و حکومەت بە نیشاندەرێکی ئەرێنی زانی بۆ گەیشتن بە ئامانجە ڕاگەیەندراوەکەی کە پاراستنی تورکیایە لە “تیرۆرو تیرۆرستان”، بەتایبەتی کە پەکەکە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لە تورکیا دەستنیشان کراوە! ئەنقەرە چاودێری جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە دەکات، بۆ دڵنیابوون لە جدیەت و بەردەوامیەکەی و کۆتاییهێنان بەهەر گروپێکی چەکداری لە تورکیادا.
ئەم ڕاگەیاندنە بڕگەیەکی گرنگە لە پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی هێزە چەکدارەکانی پەکەکە، کە زنجیرەیەک هەنگاوی وردە وردە بە دەوری ئۆجەلان لەناو خانەی زیندانەکەیەوە کۆتایی پێدەهێنێت، ڕێگە خۆش دەکات بۆ داخستنی یەکێک لە ئاڵۆزترین حاڵەتەکانی توندوتیژی لە مێژووی کۆماری تورکیادا.
لەلایەکی ترەوە ئەم بڕیارەی پەکەکە بەهەر سەرنجێ لەسەر پێگەو ململانێی لەبەرامبەر حکومەتی تورکیادا، وەرچەرخانێکی مێژوویی لە هاوکێشە ئەمنی و سیاسیەکانی تورکیادا نیشان ئەدات، کە وەک داخستنی دیفاکتۆی خەباتی چەکداری دەیان ساڵەیە و گۆڕانکاریەکی ڕاگەیەندراو بەرەو کردەوەی هەڵبژاردەی سیاسی لە بواری تردا دەخوێندرێتەوە!.
پەکەکە لە یەکی ئازاردا ئاگربەستی تاکلایەنەی دەستبەجێی ڕاگەیاند، دوای دوو مانگ، ئەو حزبە دوازدەهەمین کۆنگرەی خۆی لە چیای قەندیل بەست، لەوێ بڕیارێکی چارەنوسسازانەی دا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کۆتایهێنان بە خەباتی چەکداری. ئەم هەنگاوە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە گۆڕانکاریە ناوچەییەکان، دیارترینیان گۆڕانی دۆخی سیاسیە لە سوریا دوای پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە دیمەشق بە پشتیوانی تورکیا، دەرفەتێکی داوە بە ئەنقەرە لە پێگەیەکی سەقامگیرتر و متمانە بەخۆبونەوە خۆی لە ئاستی ناوچەیدا دامەزرێنێتەوە و جێگیر بکات، هەربۆیە بە شێوازێک کە بۆخۆی گونجاو بێت بانگەشەی ئاشتی دەکات و باس لە هەنگاوەکانی کۆتایهێنان بە تیرۆر دەکات.
لەڕووی سەربازییەوە، ئەو بڕیارە دانپێدانانی ناڕاستەوخۆیە بە پاشەکشەی پەکەکە، کە لەباری عەمەلیەوە لەبەرامبەر ئۆپەراسیۆنە سەربازیە بەردەوامەکانی تورکیا لە هەرێمی عێراق و باکوڕو رۆژهەڵاتی سوریا بەرجەستەبۆتەوە، پاشەکشەی گەورەی بە هێزەکانی پەکەکە کردووە لە ناوخۆی تورکیادا. ئەو گۆڕانکاریانەی کە لەناو پەکەکەدا ڕوویداوە، چیتر توانای بەردەوامی یاخیبونی چەکداری نەماوە، بەهۆی ئەو لێدانە قورسانەی بەریکەوتووە، بەتایبەتی لە دوو دەیەی ڕابردوودا.
ئەتوانین بڵێین پەکەکە کشانەوەیەکی ناچاری هەڵبژارد، بۆئەوەی ڕوبەڕوی گورزی ڕوخانی یەکجاری نەبێتەوە، هاوکات ئەنقەرە توانیویەتی هاوسەنگیەک لەسەر بنەمای دابەشنەکردنی ئاسایشی تورکیا دابمەزرێنێت، ئەمەش بەهۆی پەرەسەندنی هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا و هەولێر و فراوانبوونی ئۆپەراسیۆنە پێشوەختەکان دژی بنکەو بارەگانی پەکەکە.
لە ڕاستیدا تەحەدای ڕاستەقینە لە دوای کشانەوەی پەکەکە لەناوخۆی تورکیا دەست پێدەکات، هەنگاوی داهاتوو پەیوەستە بە توانای ئەنقەرە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو کوتلانەی کە لەدەرەوەی تورکیان، بەتایبەتی ئەو هێزانەی لە قەندیلە و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، کە سەختە بۆ تورکیا لەنێو ئەو ململانێ جیهانیەی کاریگەری لەسەر ناوچەکە هەیە، بەئاسانی هەنگاوەکانی بەرێتە پێشەوە، لەکاتێکدا کە تەواو دەرگیرە لەبەرامبەر ڕۆڵی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا.
جگە لەوەش سیاسەتی تورکیا لەبەرامبەر کێشەی کورد گۆڕانی بەسەردا هاتووە، ئەردۆغان هەندێ دەستپێشخەری لەوبارەیەوە کردووە، کە تاڕادەیەک دەرگای بۆ پارتە کوردیەکان بۆ ناساندنی ناسنامەی کوردی کردۆتەوە، هەروەها بارودۆخی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ڕۆڵی هەبووه، لەسەر پرسی کورد له ناوچەکە بەگشتی و تورکیا بەتایبەتی، لەهەمانکاتدا ئەوەی زیاتر ئارامبونەوەی نێوان تورکیا و پەکەکەی خۆشکرد، بونی پێگەی هەسەدەیە وەک هیزێکی بەتواناو دەسەڵاتدار لە سوریا، کە فشارێكی گەورەیە بە نەرێنی لەسەر دەوری تورکیا لە سوریادا.
ئەوەی شایانی باسە هەواڵ هەیە کە کارەکانی لیژنە پەرلەمانیەکەی تورکیا، لەسەر مەسەلەی ئاشتی خاو بووەتەوە یان وەستاوە، تا ئێستا هیچ پرۆژە یاسایەکی سەبارەت بە گەڕانەوە و تێکەڵکردنی چەکدارانی پەکەکە بۆ ژیانی مەدەنی، یان لێبوردن بۆ سەرکردە دیارەکانی باسی نیەو ڕانەگەیەندراوە!. لەلایەکی تریشەوە جوڵەو کشانەوەکانی پەکەکەش زیاتر ڕەمزیە تائەوەی ئاراستەی جدی لە گۆڕانکاریەکەی نیشان بدات، بەوپێیەی لە نمایشەکاندا تەنها ژمارەیەکی سنوورداری چەکداری تێدا بەشداربووە، لەکاتێکدا ئەو حزبە هێشتا چەک و تەقەمەنیە قورسەکان و کەمپەکانی خۆی لە چوارچێوەی خاکی عێراقدا پاراستووە.
جگە لەوەی سەرکردایەتی پەکەکە گواستنەوەی بۆ دەرەوەی تورکیا هەڵبژارد، بەتایبەتی بۆ کوردستانی عێراق کە هاوسنوورە لەگەڵ تورکیا، پێشتریش بۆتە هۆی دروستبونی خۆلێدانێکی قووڵ لەنێوان ئەنقەرە و حکومەتەکانی بەغدا و هەولێر، بەڵام خودی کشانەوەکە تاڕادەیەکی زۆر ڕەمزییە، ژمارەی ڕاستەقینەی ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە پێگەکانیان لە ناوچە سنووریەکانی تورکیا بەجێهێشت و ڕوویان لە کوردستانی عێراق کرد، تەنیا چەند دە کەسێکە، بە بەراورد بەو ژمارە زۆرەی چەکدارەکان کە لە ناوچە شاخاویەکان بەدرێژایی سنووری تورکیا-عێراق-سوریا جێگیرکراون. جگە لەوەش، کشانەوەی ئەو هێزانەی کە ماون، لەلایەن هەواڵگری تورکیاوە ژمارەیان بە هەزاران مەزەندە دەکرێت، کە پەیوەستە بە پابەندبوونی تورکیا بە پرۆسەی ڕێکەوتن لەگەڵ ئۆجەلان.
ئەم کردەوە ڕەمزیە جیاواز نیە لەوەی کە پەکەکە لە ١١ی تەمووزدا کردی، کاتێک لە مەراسیمێکی ڕەمزیدا لە جاسەنە بەڕێوەچوو، گروپێکی ٣٠ کەسی لە ئەندامانی چەکی سووکیان سووتاند. ئەم هەنگاوە ئامانجی دووپاتکردنەوەی پابەندبونی پەکەکە بوو، بە “بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی” کە لە لایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ٢٧ی شوباتدا دەرچووە. ئۆجەلان داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو پارتە و تەسلیمکردنی چەکەکانی و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی کرد، ئەمەش ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ تێکەڵبون بە پرۆسەیەکی سیاسی کە ئایندەکەی بۆ خودی پەکەکەو ئۆجەلان ڕون نیە.
پەکەکە تائێستاش چەکی قورس و ئۆردوگای مەشق و توخمە چەکدارەکانی خۆی لە دەستدایە، تائێستا هیچ ڕاگەیاندنێک سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتە ئیداری یان سەربازیەکەی نەدراوە، هەروەها وادەیەکیش بۆ هەڵوەشاندنەوەی لەو شێوەیە دیاری نەکراوە، ئەمانە داواکارین کە ئەنقەرە پێشتر ڕایگەیاندووە کە دەبێت بەجێی بهێنن!.
ڕاگەیاندنی پەکەکە لە کشانەوەی خۆی لە خاکی تورکیا، پرسیاری لەبارەی ئایندەی نفوزی ئەو ڕێکخراوە لە عێراق و سوریا کە بنکەی لقە چەکدارەکانی لێیە، دروستکردووە. ئەم هەنگاوە دەتوانێت هاوسەنگی هێز لە هەرێمی کوردستان و باکوڕو رۆژهەڵاتی سوریا بە جۆرێکی تر دابڕێژێتەوە، لەکاتێکدا ئەنقەرە هەوڵدەدات ئەم گۆڕانکاریە بۆ یەکلایکردنەوەی ئەمنیەتی ناوچەیی بە قازانجی خۆی بە فراوانتر وەربگێڕێت.
لە واقیعدا تورکیا سەرکەوتنی بەرچاوی لە بەرەنگاربونەوەی گەریلاکانی پەکەکەدا بەدەستهێناوە، ئەمەش بەهۆی پێشکەوتنەکانی لە بواری تەکنەلۆجیا و پیشەسازی بەرگریدا. لەماوەی پێنج شەش ساڵی ڕابردوودا پەکەکە لە ناوخۆی تورکیادا گورزی قورسی بەرکەوتووە و ناچاربووە پاشەکشە بکات، تەنانەت بەهۆی ئەو بنکە سەربازیانەی تورکیا کە بە دووری ٣٠ بۆ ٥٠ کیلۆمەتر لەناو خاکی عێراق دامەزراون، پەکەکە نەیتوانیوە هێرشێکی بەرچاو ئەنجام بدات.
هەرچەندە باس لە چارەنووسی عەبدوڵڵا ئۆجەلان نەکراوە و تا ئێستاش بارودۆخەکەی بە نهێنی پۆشراوە. ئایا ئازاد دەکرێت؟ ئایا دوورگەکە بەجێدەهێڵێت؟، بانگەشەی ئەوەی کە بۆ بەشداریکردن لە چالاکی سیاسیدا دێتە ئەنقەرە، بانگەشەیەکی تەواو بێبنەمایە.
بونی پەکەکە تەنیا قەیرانی تورکیا نیە؛ قەیرانێکی ناوچەییە کە ئێران و عێراق و سوریاش دەگرێتەوە. بەدرێژایی چەندین ساڵ، ئەم قەیرانە بۆتە حاڵەتێکی درێژخایەن کە ناوچەکە لەگەڵیدا ڕاهاتووە، سەرەڕای ئەو نائارامی و وێرانکاریە بێئەندازەیەی کە بەدوای خۆیدا هێناوە. گیانلەدەستدانی دەیان هەزار کەس و پەکخستنی ژیانی سەدان هەزار کەس لە هەموو وڵاتێکدا لێکەوتەی دڵتەزێنی مرۆیی بەجێهێشتووە. لەهەمانکاتدا ناسەقامگیری، نائەمنی، هەژاری، بێکاری، خراپی دۆخی خوێندن و ئاژاوەگێڕی..، هەموویان دەرئەنجامی ئەم دۆخەی شەڕی نێوان ناسیۆنال فاشستی تورک و پەکەکەیە.
هەڵبەتە ئۆجەلان وەک سەرۆکی دیفاکتۆی ئەو ڕێکخراوە دەمێنێتەوە، کشانەوەی لە تورکیا بە فەرمانی ڕاستەوخۆی ئەو ئەنجام دراوە، هەروەها چۆڵکردنی هەندێک ئەشکەوت کە وەک ناوەند بەکاردەهێنرێن لە باکووری عێراقیش ڕاگەیەندراوە.
خاڵێک جێی سەرنج و پرسیارە ئەو گەریلایانەی چەکیان دانا و لە شاخەوە دابەزین پێویستیان بە چوارچێوەیەکی یاسایی هەیە کە چۆن و لە کوێ دەژین، دیاری بکات؟ یان چیان لێدێت؟ قسەیەکی لەسەر نەکراوە.
پێشوازیکردنی ئەنقەرە لە کشانەوەی پەکەکە لە تورکیا و بنکەکانی لە نزیک سنوورەکان، لەهەمانکاتدا جەخت لەسەر پێویستی دانانی چەکەکانیان لە عێراق و سوریاش دەکات، بەڵام پێدەچێت “کشانەوە لە تورکیا” پاشەکشەیەک بێت لە “هەڵوەشاندنەوەی هێزی چەکداری پەکەکە”، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە پەکەکە لە عێراق و سوریا بەردەوام دەبێت لە چالاکیەکانی. واتە پێچەوانەی پڕۆژەی “تورکیای ئازاد لە تیرۆر”ە، کە ئامانجی نەک تەنها کۆتایهێنان بە چالاکیەکانی پەکەکە لە چوارچێوەی خاکی تورکیا بەڵکو لە سەرتاسەری ناوچەکەشدا.
بۆیە کشانەوەی پەکەکە لە خاکی تورکیا پێشهاتێکی بەرچاو نیەو هێزە چەکدارەکانی دەتوانێت لە داهاتوودا ئەندامانی خۆی لە وڵاتانی دراوسێوە ڕەوانەی تورکیا بکات بۆ ئەنجامدانی کاری چەکداری.
ئەم دۆخە تائێستا بە ناجێگیری بەڕێ دەکرێت، نە پەکەکە هەنگاوی جدی و یەکلاییکەرەوە دەنێت، نە حکومەتی تورکیا پێشوازیەکی عەمەلی و جدی و کۆتاییهێنان بە ڕوبەڕوبونەوە لە بەرامبەر پەکەکە نیشان ئەدات، لەهەمانکاتدا هەنگاوی خوازراو دروست بە کێشەی خەڵکی کوردستانی تورکیا ناداتەوە.




لە ژێر سێبەرێکی نامۆدا.. نەوزاد بەندی

ئەزانم ئاگات لێمە و منیش لە تۆ بێ ئاگا
ئەزانم چاوت لێمە و بۆ من نییە یەک نیگا ..
کەی بتەوێ ئەمبینی ، پێت ناگەم نە بە ڕێگا ..
نە به پەنجەرە و دەرگا..
یەکەمجار کە تۆم ناسی ،
هەڵمگرتی لە جێدا ..
کە زانیت ئاڵودەت بووم ،
بۆ دوور منت فڕێدا ..

٭ ٭ ٭

هەر بە هەمان کۆڵانا ..
ساڵی جارێ یان دووجار ،
ڕەت ئەبم بێ خواستی خۆم ..
چل ساڵ زیاتر بوو ئێرە ،
بوو بوو بە ڕێی کانی بۆم ..
کانی بووە بە پەڵاس ..
هاوڕێکانم هەڵوەرین ..
ئەویش چووە دوو توێی خاک،
تۆپێکی نەمساویی جەنگ،
کردی بە کێڵگەی برین ..

٭ ٭ ٭

نەک هەر مرۆڤەکانی،
خانۆکانیش گۆڕاون ..
زۆربەی زۆریان نەماون ..
کۆشک و تەلاری بەرز و ..
تەنیاییان تێدایە ..
بێجگە لە مرۆڤ ، هەرچی
شت هەیە لەوێدایه ..

٭ ٭ ٭

جار جار بێ جانتا و
خاولی و
دەرمانی دان و گوێزان ..
ئەڕۆم بۆ زانکۆی موسڵ ..
وەک سەردانی گۆڕستان،
بەرامبەری ئەوەستم ..
ئەمەوێ یەک شت مابێ،
وەک پێش چل ساڵ و زیاتر ،
هیچ شتێ نادۆزمەوە ..
ئەچمە کافیتریایەک،
بەڵکو ڕێکەوت یەک پیاڵەی
ئەو سەردەمەی لا مابێ ..
ئەڵێ زەحمەتە بە خوا ..!
ئەڕۆمە گۆشە و کوچەی
دوورە دەستی ناو زانکۆ ..
ئەڵێم بەڵکو لێی مابێ،
شوێنپێیەکی من و تۆ ..!

٭ ٭ ٭

ڕیزێ مۆمی کوژاوە،
لە کۆڵانێکی کۆنی
یادگاریدا ئەبینم ..
بڕیار ئەدەم لەمەودوا،
ئەو چەند مانگەی کە ماومە،
بۆینباخێ ببەستم ..
نا .. نەک بە یادی تۆوە ..
زەحمەتە تەقاعود بی
بە تیشێرت و کاوبۆوە ..!

نەوزاد بەندی




فرمێسكی كۆچ و تاری دڵ.. شیعر: عەلی سیرینی

دامێنی تاریكی دایگرت ئەم شەو كۆچی ڕۆژێكی تر
لە قەیلولەی بێ ئاگایی ڕەتی كرد بە سەرما مەلێكی تر
لە غەفڵەتی گوناهی دووریم مەحروم بووم لە ديدارێکی تر
لە ناكاوی جەمعی بێ ئاگا خامۆش بوو شەوچراغێكی تر
ڕەشەبای بێ بەختیی ڕاپێچی كرد گوڵستانێكی تر
حەسرەتم بۆ كورد باری كرد نالی و خانی و هەژارێكی تر
بە دڵشكاویی ماڵئاوایی كرد لە كورد شۆڕەسوارێكی تر
كە دیم سیس بوو باغستان زانیم وشك بوو ڕوبارێكی تر
لەپی ڕەشی مردن بردی سەر و مێزەری زانست و ئەدەب
كاروانی مەینەتە ڕوو لە كورد بۆ كۆست و خەمانێكی تر
ڕێژنەی حوزنی ئەزەلە بە سەر میللەت جارێكی تر

لە گرانی خەم و حەسرەت وێرانەیە ڕۆح و دەروون
سوتانی خەرمانە و ڕەشپۆشینی بەهارێكی تر
بێ هودەیە بە گریە هانای بڵێسەی دڵ كەوی
سوتان كەوتە بارێكی تر كۆچی نازدارێكی تر
پێ ڕا ناگا چاوانی حوزن و گریان بە هاواری دڵ
دەسەوسانە هزری غەمگین بە دەست ناڵانێكی تر
بێ بەختی كوردە وا شكا لە دەستی حوسامێكی تر
برینی كۆچت ئازیز هەمیشە سەوزە تا ئەبەد
بە بێ مردن لە بیرمانی نا باتەوە زەمانێكی تر.

عەلی سیرینی




ویست لە نێوان کێشمەکێشەکانی هزر و کەرەکەی بۆریدان.. شوان عەباس بەدری

دیارە هەموو مانەوە و سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانج و خۆرزگار کردنێک بە هەموو جۆرەکانییەوە پەیوەستە بە ویست ((ئیرادە))ی مرۆڤ و هەر لەو سۆنگەیەشەوە کارکردنو راڤە و شیتەڵکردنی ئەو بابەتە کاری لەپێشینەی ژمارەیەک فەیلەسوفی دیاری مێژوو بووە کە دیارترینیان ئەزموونی هزری و فەلسەفی جۆن بۆریدان فەیلەسووفی سەدەی چواردەیەمی فەرەنسییە، کە بە کێشمەکێشی کەرەکە ی بۆریدان ناسراوە، هەرچەندە باسی ئەو ئەزموون و راڤەیەوە هەر لە سەردەمی سوکراتەوە بەردەوامی هەبووە بەڵام باسە فەلسەفییەکانی ئەو فەیلەسووفە فەرەنسییە لە هەموو باسەکانی تر تێروتەسەلترە و هەر ئەوەش وایکردووە بایەخێکی زۆر بە نووسین و تیۆرییەکانی ئەو فەیلەسووفە بدرێت.

قسەیەکی باوی ناو ناوەندە فەلسەفییەکانی تایبەت بەو پرسە هەیە کە بە ((کەرەکە فەلسەفەی لێدا و دواجار لە برسا و لە تینوویەتییدا مرد))، کە چیرۆکی پشت ئەو قسەیە دەگەرێتەوە بۆ ئەزموونێکی هزری و فەلسەفی بۆریدان، ئەم فەیلەسووفە هەروەک پێشتر باسمانکرد بە تیۆرییە تایبەتەکانی سەبارەت بە کێشمەکێشە هزرییەکانی هەڵبژاردنەکانی مێشک لەو کاتەی دەرفەتەکان وەک یەک یەکسانن ناسراوەو ئەو کێشمەکێشە هزرییانەش بە کێشمەێشی کەرەکەی بۆریدان ناسراوە.

چیرۆکی باسەکە بەوجۆرەیە کەرێکیان بۆ ماوەیەکی زۆر لە ناو تەوێڵەیەک بە برسێتی و تینوویەتی هێشتۆتەوە کە بەجۆرێک برسییەتی و تینوویەتی بەتەواوی بڕستی لێبڕیوە، لە دوای ماوەیەک لەلای راست و چەپی کەرەکە خۆراک و ئاویان لە دوورییەکۆی یەکسان لە کەرەکەوە داناوە.

لێرەدا بۆریدان پرسیارێکی فەلسەفی خستۆتە ڕوو کە لەکاتێکدا کەرەکە هەم برسییەتی هەم تینوو و دووری ئالیک و ئاوەکەش لە کەرەکە دوورییەکی یەکسانە ئاخۆ خۆرسکانە یەکەمجار کەرەکە بەلای ئالیکەکەدا دەڕوات یان بە لای ئاوەکەدا؟

لەکۆتایی تاقیکردنەوەکەدا کەرەکە لە یەکسانی مەودای هەڵبژاردنی ئالیک و ئاوەکە نەیتوانی بڕیار بدات کە ئاخۆ یەکەمجار کامیان هەڵبژێرێت و لە کاتێکدا دەمێک سەیری لای راست و دەمێک سەیری لای چەپی خۆی دەکرد نەیتوانی یەکلا بێتەوە کە ئاخۆ یەکەمجار ئالیکەکە بخوات یان ئاوەکە بخواتەوە.

کرۆک و پەیامی باسەکە کە خۆی لە  کێشمەکێشی فەلسەفی پەیوەست بە ئازادی و ویست((ئیرادە)) و هەڵبژاردن دەبینێتەوە و وەک نموونەیەکی دیاری دەستەوسانی بوونەوەرێک لەکاتە هەستیارەکانی ژیانی دەخرێتەڕوو کە لەبەردەم دوو هەڵبژادە یان چەند هەڵبژاردەیەکی یەکسان راوستاوەو بەبێ پاڵنەر و ڕێنوومایی دەرەکی ناتوانێت بڕیار بدات و دواجار دەبێتە قوربانی بێ ئیرادەیی و لەناو دەچێت.

ئێستا گەر بازنەی باسی چیرۆکە فەلسەفییەکەی بۆریدان فراوانتر بکەین و بە وردی لە چواردەورمان بڕوانین و چەند هەنگاوێک لە کرۆکی سەرەکی بابەتەکە لابدەین دەبینین چەند زۆرن ئەو تاک و کۆمەڵگەیانەی بە بێ پاڵنەر و کاریگەرییەکی دەرەکی ناتوانن بە ئیرادەی خۆیان خەتی ژیان و مانەوەیان دیاری بکەن و بەردەوام چاوەڕێی دەستێکن کە بەرەو کەنارێکی ئارامیان بەرێت و دواجار لەو چاوەڕوانییەش هەم خۆیان و هەم کۆمەڵگەکەیان و هەم داهاتوو و هەم  خاک و نیشتمانەکەیان فڕێ دەدرێنە دەرەوەی شەمەندەفەرەکەی مێژوو و بەرەو فەنابوون دەچن.

شوان عەباس بەدری




بەکورتی39: شێتیی…. شێت ناتوانێت بفەلسەفێنێت.. ئازاد حەمە

پرسی شێتییMadness/ Insanityپرسێکی فەلسەفییە یان پزیشکیی(پزیشکییدەروونی)؟پرسی شێتیی بە درێژایی مێژوو بە شێوازی جۆراوجۆر لێکدراوەتەوە؛ فەلسەفە شێتیی وەک تەحەدایەک بۆ عەقڵ خستووەتەڕوو، وەک دیاردەیەک لە دەرەوەی عەقڵ لێیڕوانیووە. لەدێرزەمانەوە کۆمەڵگە غەدری زۆری لە شێت Madکردووە، هەوڵیداوە لە کۆمەڵگە وەدەرینێت،ئاوارە و بێ پەنایبکات،وەک نەگریس و لاسار دەریخات. ئەوەش هەردەم گوتراوە،کە شێتیی لەخودی خۆیدا داناییەکی یەزدانییە؛ بوونی بەرهەمی یەزدانە و داناییەک لە بوونەکەیدا هەیە. زۆرجاریش وابینراوە،کە شێتیی گوناهێکە بۆیە وایبەسەرهاتووە. لەگەڵکاتدا مرۆڤ کەسی شێتی وەک کەسێک ناساندووە،کە عەقڵی لەدەستداوە،بۆیە بڕیاری زیندانیکردنیدراوە؛ لێرەوە ترس لە شێتیی دەستیپێکردووە؛ شێت بووە بە کەسێک،کە دەروونناساغە.

بەپێی ئەوەبێت لای سەرەوە باسکرا دەپرسین: شێت لە کوێی فەلسەفەدایە؟باشە شێتیی بۆ فەلسەفە چیدەگەیێنێت؟شێتیی لە کایەی عەقڵدا ئامادەیە؟واتە شێتیی بریتی نییە لە لەدەستدانی عەقڵ؟ شێتیی مەترسییە بۆسەر فەلسەفە یان بەپێچەوانەوەیە؟فەیلەسوف فۆرمێکە لە شێتیی؟فەلسەفە لە شێتیی دەترسێت؟ ئامادەیە دیالۆگی لەگەڵدا بکات؟شێتیی خاڵی دەستپێکی گومان نییە؟ بۆ هەندێک پێیانوایە فەیلەسوفەکانن خودی شێتەکان؟شێتیی ئەوەیە،کە ڕۆح جەستەی خۆی ناناسێتەوە (لێیجیادەبێتەوە)(دێکارت)؟توێژەران لە بواری دەروونشیکاریی و پزیشکانی کلینیکیی(لاکان)لەمەڕ شێتیی چییمانپێدەڵێن؟ئەی نەخۆشیناسیی Pathology و دەرمانسازیی؟

شێتیی چییە؟پرسی شێتیی پرسێکی فەلسەفییە، تێڕامانە لە خودی مرۆڤ و ئەو جیهانەی تیایدەژیت. هاوکات پرسی شێتیی ترسیشە لە ئاوابوونی لۆژیک و بیرکردنەوە. لەبەرئەوەی فەلسەفە خۆی بە عەقڵ و هزر لەقەڵەمدەدات شێتیی بە بابەتی خۆیدەزانێت و وەک دژە فەلسەفەش لێێدەڕوانێت. بۆئەوەی پێداگیری لەوەبکەین، کە شێت ناتوانێت فەلسەفەبکات، سەرەتا پێویستمان بەوەیە بزانین فەلسەفە چییە؟کە زانیمان فەلسەفە چییە ئەوکات دەزانیین فەیلەسوف کێیە. پاشان لەسەرناسینی شێت و شێتیی دەوەستیین. بەمجۆرە دەکارین شێت لە فەیلەسوف و شێتییش لە فەلسەفە جیابکەینەوە.

وێڕایئەوە، بەپێی هەندێک گوزارەی ڕەوانبێژیی و زمانەوانیی زۆرجار ئەوانەی بە جۆش و خرۆشەوە بۆ شتێک دەچن پێیاندەگوترێت شێت. ئەوەش بە شێت دادەنرێت،کە بۆنموونە حەزێکی شێتانەی هەیە بۆ موزیک ژەنین یان بۆ شیعر نووسین و…. .زۆرکاتیش دەگوترێت کڕینی ئەو خانووە بەو نرخە شێتییە، چوونە دەرەوە بەم بارانە کارێکی شێتانەیە و خۆشەویستی سەرلەبەری شێتییە، بەختەوەریی ئەبەدیی خەونێکی شێتانەیە و….هتد. بەڵام ئەو شێتییەی لەم نووسینەدا قسەی لەسەر دەکەین ئەم چەشنە نییە لە شێتیی.

بۆیە سەرەتا دەپرسیین:فەلسەفە چییە؟فەیلەسوف کێێە؟ فەلسەفە بریتییە لە لێکۆڵینەوەی سیستماتیکیانە، کە تیاییدا ئاوەز کارا و بکەرە. هەروەها بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەشە لە بنەڕەتیترین پرسیارەکان سەبارەت بە زانین، ڕەوشت، بەهاکان، هۆشیاری و بوون. بریتییشە لە پرسیارکردن لە ڕەچەڵەکی ئەوەی ئێمە بە شتێکی ئاسایی دەزانین و شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی ئارگیومێنتانەشە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی قووڵتر لە جیهان تێبگەین.کەوابێت فەلسەفە گەڕانە بە دوای راستی و تێگەیشتن لە جیهان لە ڕێگەی پرسیارە جەوهەرییەکانەوە.

هەرچی فەیلەسوفە ئەو کەسەیە بەشێوەیەکی شیکارییانە بیر لە پرسە قووڵەکان دەکاتەوە؛ هەوڵی تێگەیشتن لە جیهان، ڕاستی،مانای ژیانی مرۆڤ و پرسیارە بوونگەراییەکان دەدات. ئەم کەسە شێوازێکی ژیان دەژیت،کە عەقڵ و دانایی ڕێنمایی دەکات؛ کەسێکیشە خەریکی بیرکردنەوەیەکی ئاوەزیی و ڕەخنەگرانەیە تایبەت بە مرۆڤ و جیهانەکەی.

هاوکات دەپرسین شێتیی چییە؟شێتیی ئاماژەیە بۆ لەدەستدانی عەقڵ ،نەخۆشییەکی دەروونیی یان تێکچوونی دەروونیی. لە ڕابردوودا شێتیی وەک سزایەکی یەزدانیی تەماشاکراوە، لەئێستادا وەک بابەتێکی پزیشکیی لێیدەڕوانرێت(نەخۆشی دەروونیی، نەخۆشی مێشک، یان کەمئەندامی هزریی).

لەناو شێتییدا، بۆ شێت،هەستێک هەیە، کە جیهان ئاوا نییە،کە عەقڵ دەیبینێت، بەڵکو بەوجۆرەیە،کە خودی شێتیی دەیبینێت. واتە شێتیی لەژێر فشاری واقیعدایە. عەقڵی واقیع عەقڵی شێت ڕەتدەکاتەوە. شێت بینینی خۆی هەیە،بەس ئەو بینینە مخابن دووچاری بەریەکەوتن دەبێت لەگەڵ واقیعدا.

بێگومان فەلسەفەیەک تایبەت بە شێتیی بەناوی فەلسەفەی پزیشکییدەروونیی بوونی هەیە،کە قاچێکی ئەم فەلسەفەیە لەناو فەلسەفە و ئەویتری لەناو پزیشکیی دەروونییPsychiatryدایە،کە ئەمیش کاری لێکۆڵینەوەیە لە دەروونپەرێشانیی psychosis. لەمبارەیەوە دێینەوەسەر فەیلەسوفی ئەڵمانیWouter Kusters،کە پێیوایە لێکۆڵینەوەی فەلسەفیی لەمەڕ دەروونبیماریی psychosis،ڕێبازێکی باشتر و کەمتر لایەنگرانەیە لە چاو زۆرێک لە تیۆرییە دەروونی و پزیشکییەدەروونییەکان.

پزیشکی کلینیکیی چۆن بڕیار لەسەر دۆخی شێتیی دەدات؟بەپێی گەورە بیریار و پزیشکیدەروونی فەرەنسی ژاک لاکان Lacan شێتیی “لە بنەڕەتدا بەرهەمی عەقڵ و زمانە، نوێنەرایەتی شکستی دەربڕین دەکات،کە بەهۆیەوە ناسنامەی خود و قسەکردن دەڕمێت یان دەبێتە وڕێنە.دەکرێت شێتیی وەک”ئەگەرێکی هەمیشەیی” لەناو خودگەرایی مرۆڤدا تێبگەین، کە لە بۆشایی نێوان بوون و ئەوەی کە پێیوایە، سەرچاوەی گرتووە و دەتوانێت وەک”غیابی ڕادیکاڵ” لە فۆرمەکانی پێکهاتەیی زمان و ئەزموون دەربکەوێت”.

لاکان شێتیی دەبەستێتەوە بە تێکچوونی ئامرازەکانی خۆدەربڕینەوە، کە بە پلەی یەکەم لەلایەن زمانەوە پێکهێنراوە.کەوابێت، کاتێک شێتیی دێتە زمان،گوزارەکردن کۆتایدێت. واتە،شێتیی ئاماژەیە لەسەر شکستی زمان. بۆیە لاکان دەڵێت:شێتیی دیاردەیەکە دەتوانرێت لە ڕێگەی زمانەوە لێیتێبگەین، نەک لە دەرەوەی زمان. بەپێی لاکان شێتیی لۆژیکی خۆی هەیە و ئەوەش بە”لۆژیکی شێتیی”ناودەبات.ئەو پێیوابوو،شێتیی نامۆ نییە بە عەقڵ، بگرە ئەوە عەقڵە بە شێتیی داڕێژراوە.

کۆتا گوتن لەبارەی ئەوەی شێت توانای فەلسەفاندنی نییە، ئەوەیە کە خودی فەلسەفە جۆرێک نییە لە کارێکی شێتانە؟ گەر فەلسەفە بیرکردنەوە بێت، شێت ئەو کەسە نییە کە بیرناکاتەوە؟ لەناو کۆگیتۆ Cogitoی(من بیردەکەمەوە) دێکارت Descartesدا شێت جێگاینابێتەوە.چونکە شێت بیرکردنەوەی نییە. دێکارت شێتیی لە فەلسەفەکەی دوردەخاتەوە؛ فەلسەفەی دێکارت کە، بریتییەلە(من بیردەکەمەوە کەواتە من هەم)ئەمە بەو مانایە نایەت، کە شێتیی ناتوانێت فەلسەفەبکات؟ بیرکردنەوە لای شێت باریکردووە، کەوایە چۆن شێت فەلسەفەدەکات، کە بیرکردنەوەی نییە. دێکارت بۆ بەپەیامگەیاندنی فەلسەفەکەی پێویستی بە شێت نییە. “شێتیی دژە فەیلەسوفە، کە لە ڕێگەی گومانی میتۆدییەوە دەگاتە دڵنیایی بوونیخۆی وەک بوونەوەرێکی بیرکەرەوە””.دیدی دێکارت بۆ شێتیی گفتوگۆی گەرمی خستەنێوان فوکۆ و دێریداوە…

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




شكسپیر لەدەرەوەی بازنەی نووسین چی تر بووە ؟.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

ڕەنگە زۆربەمان شكسپیر وەك گەورە نووسەرێكی جیهانی بناسین، بەڵام كەمتر ئەوە دەزانین كە لە پاڵ نووسیندا ، شكسپیر ئەكتەرێكی كارامە بووەو رۆَڵی نواندنی لەچەندین شانۆگەریدا بینیووەو چەندین شانۆگەریشی بۆ شانۆ دەرهێناوە.
ئامانجی سەرەكی شكسپیر لە نووسینەكانیدا ئەوە بووە، ئەو نووسینانە بكرێنە شانۆگەری و لەسەر تەختەی شانۆدا نیشانی بینەر بدرێن، نەك هەر تەنها دەقێك بن بۆ خوێندنەوە .
یەكێك لەبەهێزترین بەڵگەكانیش بۆ سەلماندنی ئەوەی شكسپیر ئەكتەر بووە، ڕەخنەیەكی توندی نووسەرێكی هاوچەرخی خۆیەتی بەناوی (ڕۆبێرت گرین – Robert Greene) كە لەساڵی 1592 دوای بینینی نمایشی ( كۆترێكی ساوا ) لە وتارێكدا سووكایەتیی بەشكسپیر دەكاو دەڵێت:
ئەو ئەكتەرە ( مەبەستی شكسپیرە ) وا دەزانێت دەتوانێت بەو دیمەنە بمان هەژێنێ‌ .
ئەمەش ئاماژەیەكە بەوەی (شكسپیر ) هەر لەسەرەتاوە شكسپیر ئەكتەر بووە و دواتر دەستی داوەتە نووسین ، بەڵام نووسەرانی ئەكادیمیی ئەو سەردەمە وەك (گرین) پێیان خۆش نەبووە ئەكتەرێك دەست بۆ قەڵەم بەرێت.
هەروا لە چاپی یەكەمی بەرهەمەكانی شكسپیردا كە لە ساڵی ١٦٢٣ بڵاوكراوەتەوە، لە لیستی ئەكتەرە سەرەكییەكاندا ناوی ( ولیەم شكسپیر) لە ڕیزبەندی سەرەوەدا هاتووە.
ئەمەش بەڵگەیەكی یەكلاكەرەوەیە كە ئەو پیشەی سەرەكیی نواندن بووە.
هەروا دەبێ‌ ئەوەش بزانین كە (شكسپیر) هەر تەنها لە شانۆگەرییەكانی خۆیدا نواندنی نەكردووە، بەڵكو ئەكتەرێكی پیشەگەر بووە لە گرووپی (Lord Chamberlains Men).
لە دوو بەرهەمی گرنگی هاوڕێ و ڕكابەرەكەی (بێن جۆنسۆن) شكسپیر وەك ئەكتەر ڕۆڵی بینیوە. بەپێی تۆمارەكان، ئەو لەشانۆگەریی (هەر پیاوێك لە نوكتەی خۆیدا Every Man in His Humour (ساڵی1598 ) و شانۆگەریی ( كەوتنی سیجانۆس Sejanus His Fall ساڵی 1603 وەك ئەكتەر بەشدار بووە.
بەڵام لەبەرهەمەكانی خۆشیدا چەند بەشداری كردنێكی هەبووە، (وەك ئەوەی (نیكۆلاس ڕۆ ) كە یەكەم ژیاننامەنووسی شكسپیرە باسی دەكات:
شكسپیر زیاتر ڕۆڵی شاهانە، كەسایەتییە بەتەمەنەكان، یان ڕۆڵە لاوەكییە كاریگەرەكانی بینیوە .
ڕەنگە بەهۆی سەرقاڵ بوونی بەنووسین و بەڕێوەبردنی تیپەكەی، ڕۆڵی پاڵەوانی و سەرەكی وەك (هامڵێت ) ی نەبینیووە ، بەڵام بە پێی دەرفەت چەند رۆڵێكی لاوەكی بینیووە لەوانە:
تارمایی باوكی هامڵێت لە شانۆگەریی هامڵێت.
زۆرێك لە سەرچاوەكان لەسەر ئەوە كۆكن كە شكسپیر خۆی ڕۆڵی (خێو) ە كەی بینیوە كە داوای تۆڵە لەكوڕەكەی دەكات.
هەروا رۆڵی ئادەم (Adam): لە شانۆگەریی (وەك ئەوەی ئارەزووی دەكەیت ).
هەندێ‌ لێكۆڵەریش پێیان وایە شكسپیر خۆی لەبەشی یەكەم و دووەمی شانۆگەری (هێنری چوارەم) دا، خۆی ڕۆڵی پاشای بینیوە.
شكسپیر وەك دەرهێنەر
بەر لەهەموو شتێ‌ كاتێ‌ باس لەلایەنی دەرهێنان دەكەین لای شكسپیر، دەبێت ئاگامان لەوە بێت كە لە سەردەمی ئەلیزابێسدا چەمكی (دەرهێنەر (Director) بەم مانایەی ئەمڕۆ نەبووە، بەڵام لە كاتی خۆیدا شكسپیر بە كردەوە ئەو ئەركانەی بەجێ‌ گەیاندووە كە دەرهێنەرانی ئەمڕۆ بە جێی دەگەیەنن ، لەوانە :
ئاڕاستەكردنی ئەكتەرەكان
لەو سەردەمەدا، نووسەری دەقەكە و ئەكتەرە سەرەكییەكان پێكەوە بڕیاریان لەسەر جووڵە و شێوازی ئیلقا دەدا.
شكسپیر وەك نووسەرو هاوبەشی سەرەكی سەرپەرشتیاری نمایشەكانی كردووە.
وانەكانی نواندن
باشترین بەڵگە بۆ ئەوەی بیسەلمێنین (شكسپیر) تێڕوانینی دەرهێنەرانەی هەبووە، دیمەنی دووەمە لە پەردەی سێیەمی شانۆگەریی هامڵێت.
كاتێك هامڵێت ئامۆژگاریی ئەكتەرەكان دەكات و پێیان دەڵێت:
وا ڕستەكان بڵێن، وەك چۆن من بۆم خوێندنەوە.
ئاگاتان لەوە بێت هەواو ئارەزووی خۆتان تێكەڵ بە نمایش نەكەن… دەستەكانتان زۆر بە هەوادا مەوەشێنن.
ئەمە ئامادەكردنی ئەكتەرو فۆرمی خودی شكسپیرە وەك دەرهێنەرێك كاتێ‌ ڕێنمایی ئەكتەرانی تیپەكەی (Kings Men) دەكات ، كە چۆن لەسەر شانۆ نواندنی سروشتی بكەن و خۆیان لە زێدەڕۆیی وهەڵچوون بەدوور بگرن.
شكسپیر وەك بەڕێوەبەری هونەری و خاوەن پشك
سەردەمێك ( شكسپیر) خۆی خاوەنی شانۆی گڵۆب (The Globe Theatre) بوو، ئەو شانۆیەی شكسپیر ساڵی 1599 بوو بەیەكێك لە خاوەن پشكەكانی ئەو تیپە .
ئەم بە پشك بوونە وایكرد، ئەو تەنها كرێكارێك نەبێت بۆ نووسینی دەقی شانۆیی ، بەڵكو بڕِیاردەر بووە لەوەی چی نمایش بكرێت؟
كێ ڕۆڵ ببینێت؟ یان چۆن پارە خەرج بكرێت؟
ئەم پێگەیەی (شكسپیر) لە تیپ ، دەسەڵاتی تەواوی پێدابوو كە دەقەكانی بەو جۆرەی خۆی دەیەوێت لەسەر تەختە بەرجەستە بكرێن، ئەمەش جۆرێك بوو لەكاری دەرهێنان.
بەگشتی شكسپیر لە دەرەوەی بازنەی نووسین، پیاوێكی پراكتیكیی بووە لە شانۆدا.
ئەو زانیویەتی ئەكتەر چۆن هەناسە دەدات، جەماوەر لە كوێدا بێزار دەبێت، تەختەی شانۆ (ستەیج) چەندە بەرگە دەگرێت و ریتمی شانۆ چۆن بەرز دەبێتەوەو چۆن دادەبەزێ‌ .
وەك دەرهێنەر هەرچەندە نازناوەكە وەك خۆی بوونی نەبووە، بەڵام لە ڕێگەی ڕاهێنانی ئەكتەرەكان و سەرپەرشتی گرووپی (King’s Men)، بە پراكتیك كاری دەرهێنانی كردووە.
زۆربەی كارەكانیشی لە شانۆی (The Theatre)، (The Curtain) و دواتر لە (The Globe) و (Blackfriars) لە لەندەن نمایش كراون .
توانستی شكسپیر وەك ئەكتەر
یەكەم ئاماژەی ڕەخنەیی بەرامبەر شكسپیر لەلایەن ( ڕۆبەرت گرین) ی هاوچاخی بوو، كە نووسەرێكی ئەكادیمی بوو.
لە نووسینەكەی دا، شكسپیری بە قەلەڕەشێكی تازەپێگەیشتوو ناوبرد,
(گرین) لەوە تووڕە بوو كە چۆن ئەكتەرێك بوێری ئەوەی هەیە ، بەئاستێكی نزم هەوڵ بدات دەست بۆ نووسینی دەقی شانۆیی بەرێت .
ئەمەش هەمدیسان ئەوە دەسەلمێنێت كە شكسپیر سەرەتا وەك ئەكتەرێكی دیار دەركەوتووە پێش ئەوەی وەك نووسەرێكی گەورە بناسرێت.
هێنری چێتڵ (Henry Chettle): كەمێك دوای هێرشەكەی گرین، داوای لێبووردنی كرد و ستایشی شكسپیری كرد و گوتی:
شكسپیر لەو هونەرەی كە بانگەشەی بۆ دەكات (واتە نواندن)، زۆر نایابە.
ئەمە بەڵگەیەكی بەهێزبوو لەوەی كە شكسپیر خۆی لەخۆیدا وەك ئەكتەرێكی بەتوانا و ڕێز لێگیراو سەیر كراوە.
بێن جۆنسن (Ben Jonson): هاوڕێ و ڕكابەری شكسپیر، ناوی شكسپیری لە لیستی ئەكتەرانی شانۆنامەكانی خۆیدا (وەك Every Man in His Humour) نووسیوە.
بە گشتی ڕەخنەگرەكان و ژیاننامەنووسانی سەدەی حەڤدەو هەژدە (جەیمس ڕایت) ئاماژە بەوە دەكات كە شكسپیر ئەكتەرێكی باش بووە، بەڵام نووسینەكەی زۆر باڵاتر بووە لە نواندنەكەی.
(نیكۆلاس ڕۆ) كە یەكەم ژیاننامەنووسی فەرمی شكسپیرە دەڵێت:
هەرچەندە بەدواداچوونم كردووە، بەڵام نەمتیوانیوە بگەمە ئەنجامێكی گەورەتر لەوەی كە لووتكەی نواندنی ئەو لە ڕۆڵی (خێوەكە) بووە لە شانۆنامەی هاملێتدا.
ئەمە وا لێك دەدرێتەوە كە شكسپیر لەسەر تەختەی شانۆ خاوەنی دەنگێكی كاریگەر و ئامادەبوونێكی هێمن بووە، نەك جووڵەی زۆر و هاواركردن.
ئەی لەبۆچوونی مۆدێرنی ئەمڕۆ چۆن سەیر كراوە ؟
توێژەرانی ئەمڕۆ وەك (پیتەر ئاكرۆید و ستێفن گرینبلات) پێیان وایە:
شكسپیر لەبەر ئەوەی خۆی ئەكتەر بووە، دەیزانی چۆن دەق بنووسێت، هەم ریتمێكی بەهێزی هەبێت،هەم پڕمانا بێت و لەسەر زاریش ئاسان بێت .
زۆربەی ڕەخنەگران كۆكن لەسەر ئەوەی: ئەگەر شكسپیر ئەكتەر نەبوایە، نەیدەتوانی بەو شێوە زیندووە دیالۆگ بنووسێت.
ڕەخنەگرەكان بەبەڵگە دەیسەلمێنن كە شكسپیر خۆی خوێندنگەیەكی نواندنی ڕیالیزمی بووە، هەمیشە دژی نواندنی دەستكرد و زیدە دەڕۆیی بووە لەنواندندا.




ناڕەزایەتیە چینایەتیەکان لە نێوان بەرداشی دەسەڵاتداریەتی دوو زۆنی ئۆلیگارشیدا.. سابیر محەمەد

ئەڵێن لە هەرێم و لەناو کوردستاندا چینی کرێکار بوونی نیە ، وە شەڕی چینایەتی بیدعەی کۆمۆنیستەکانە !
ئەگەر وایە ئەوە چ هێزێکی کۆمەڵایەتی و چینایەتیە کە کارگەو کارخانەو پاڵاوتگاو پڕۆژە خزمەتگوزاریەکانی ئەم ناوچەیەو عێراق ئەبەن بەڕێوە، وە ژمارەیان لە تەواوی عێراق و هەرێمدا ئەگاتە نزیکەی زیاتر لە ١٥ ملیۆن کرێکار ؟
ئەم پەیوەندی بەرهەمهێنانەی سەرمایەداری لە هەرێم و عێراق، شەڕێکی چینایەتی وە ناڕاەزایەتیەکی بەرینی بەدوای خۆیدا هێناوە، وە لە چەندین نەبەردی جۆراو جۆری چینایەتیدا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دوو زۆنی ئۆلیگارشی قەومیانەی کورد، و دەسەڵاتێکی کۆنەپەرستانەی تائیفی لە عێراقدا دەستەویەخە بوونەتەوە، لە چەشنی ، هەڵچوونە جەماوەریەکەی ١٧ ی شوباتی ساڵی ٢٠١١ شاری سلێمانی، و ڕاپەڕینی قارەمانانەی تشرینی ساڵی ٢٠١٩ شارەکانی ناوەڕاست و باشوور و بەتایبەت شاری بەغدا، هەروەها ناڕەزایەتیە جۆربەجۆرەجەماوەریەکانی تر سەبارەت بە مووچە و نەبوونی خزمەتگوزاریەکان.
خاڵی لاوزای ئەم شەڕە چینایەتی و ناڕەزایەتیانە، ئەوەیە کە تا ئێستا جڵەوەکەی لەدەستی خۆیاندا نەبووەو نیە، وە ئەم ناڕەزایەتیانە لە ژێر کارگرد و دەستێوەردانی ئەجیندای حیزبی دەسەڵاردارانی قەومی و لێبڕالی و ئیسلامیەکان و شەڕی بەرژەوەندی ئەم دوو زۆنە نەخشە بۆ کێشراوەی هەرێم و عێراقدان بەلاڕێدا براون و بەقازانجی ئەجیندای حیزبی ئەم دەسەڵاتدارانە شکاونەتەوە ، وە چەپە بۆرژواکانیش تەنها پاشکۆیی وخۆسازاندنیان لەگەڵ سیاسەتی ئەحزابە بۆرژوا- کۆمبرادۆرەکان بۆ ماوەتەوە، لە ناو جەنگەی ئەم ململانێ و شەڕە چینایەتیانەدا .

ئەمەش لەبەر نەبوونی هێزێکی ڕێکخراووی چینایەتی و سیاسی کە هەڵگری ئامانج و خواستەکانی ئەم جەماوەرە ستەمدیدە بێت تا بتوانێت ئاڕاستەی ئەم ناڕەزایەتیانە بە قازانجی خودی شۆڕشی سەرتاسەری و چینایەتی ئەوان سازمان بدات، وە ڕێگە لەوە بگرێت کە چیتر ئەم ناڕەزایەتی و خەباتە چینایەتیە سەرەتایی و جۆربەجۆرانە نەبنە سووتەمەنی ململانێ و ناکۆکی نێوان ئەم دوو دەسەڵاتە ئۆلیگارشیە ملیاردێریەی زۆنی زەردو سەوز وە تەواوی دەسەڵاتدارانی کۆنەپەرستی عێراق کە وابەستن بە بەرژەوەندی سەرمایەی ئیمپریالیستی جیهانی و مۆنۆپۆڵەکانیان.

قەیرانی ئابووری بنەما و سەرچاوەی قەیرانە سیاسیەکانن
لە دوای ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی پارلەمانی عێراقی ئەم دوایانەوە ، گرژی و ئاڵۆزی و کێشە و ململانێەکی سەخت لە نێوان تەواوی لایەنە سیاسیە جۆر بەجۆرەکانی هەرێم و عێراق سەریان هەڵداوە، لەسەر مەسەلەی دابەشکردنی هەژموونی دەسەڵاتی سیاسی و بەرژەوەندیە ئابووریەکانیان، هەربۆیە ئێستا لە بەغدا کێشمەکێشکی گەورە هەیە لەسەر هەڵبژاردنی (سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران) ، بەتایبەت لەنێوان محمەد شیاع السودانی و نوری المالیکی دا.
یەکێک لەو کێشەو ململانێانە بریتی بوو لە ، تۆپباران کردنی پاڵاوتگەی کۆرو مۆر بوو، کە لە نێوان دەسەڵاتدارانی هەرێم لە لایەک، و میلیشیا ئێرانی و دەسەڵاتە تائیفیەکەی بەغدا سەریان هەڵدا .

ناڕەزایەتیەکانی گوندەکانی لاجان، کە لە ڕۆژی ٢٩ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ دا، کە بەهۆی ئاکامی قەیراناوی و درۆزنانەی هەڵبژاردنەکانیان ، بووە مایەی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی کرێکارانی پاڵاوگەی لاناز ، دژ بە بێکاری و خراپی هەلومەرجی کار لە پاڵوگەکەدا، هەروەها داوای ڕەخساندنی هەلی کارو ، هەر کارکردێکی خراپی ژینگەیی کە ئەم پاڵاوگەیە هێناویەتە ئاراوە، بۆ سەر ژیان و تەندروستی خەڵکی چەوساوەی ناوچەکە ، وە وێڕای دستێوەردانی ئەجیندای حیزبی هەردولای زۆنی زەردو سەوزو و دەسەڵاتە خێڵەکی و عەشیرتیەکانیان ، ناتوانێت ئەو ڕاستیە بشارێتەوە کە ئەم ناڕەزایەتیانە بەشێکن لە پێکدادانێکی چینایەتی لەو ناوچانەدا.
بێگومان خەباتی چینایەتی و ناڕەزایەتیەکان بە بێ هزری میتۆدی ڕێکخراوبوونی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕانە ، توانای چوونە پێشەوەو سەرکەوتنیانیە .
ڕۆشەنبیرانێکی چەپی ووردەبۆرژوازی کە دژ بەم میتۆدیە سیاسیەن ، وە دژ بە ڕێکخراوبوونی سیاسی چینی کرێکار و چەوساوەکان ئەوەستنەوە ، وە بە شان و باڵی ناڕەزایەتیە خۆبەخۆیەکانی لەم جۆرە هەڵئەددەن، بەدوور لە ئامانجی ڕێکخراوبوونیان ، هیچیتر نیە، بێجگە لە زۆربڵێی ڕۆشنبیرانە و شان خاڵی کردنەوە لە خەباتی کۆمۆنیستی .
هەروەها هاوکاری و پشتیوانی چەپە بۆرژواکان لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەو بەڵێن و ئامانجە درۆزنانەی کە پێش هەڵبژاردنەکە بەرزیان کردبۆوە ، خۆی لە خۆیدا جۆرێکە لە خۆڵ کردنە چاوی جەماوەری چەوساوەی ئەم دەڤەرانە و، وە بەلاڕێدا بردن و بەچۆکدادانی خەباتی چینایەتی ئەوانە، لە ڕێگەی بانگەشەو داواکردنی ئەوەی ، کە پێویستە ئەنجامدەرانی تەقەکردن لە خەڵکی گوندی لاجان بدرێنە دادگا !
بەم پێیە ئەوان دادگاکان و یاسا کۆنەپەرستیە ئاینی و خێڵەکییەکانی عێراق و هەرێم، کە بریتین لە بناغەو سەرچاوەی چەوساندنەوەی چینایەتی و سەپاندنی نا دادپەوروەی بەسەر جەماوەری ستەمدیدەدا، بە جێگەی متمانەو فریاد ڕەسی جەماوەری چەوساوە لە قەڵەم ئەدەن، بۆ چارەسەرکردنی ئەم جۆرە دەستدرێژی و سەرکوتە چینایەتیە خوێناویەی دەسەڵاتدارانی بۆرژوا- کۆمبرادۆری عێراق و هەرێمە دوو زۆنیەکەی ، وە خۆی لە خۆیدا پەیامێکە بۆ خودی دەسەڵاتدارانی زۆنی زەرد کە ئەوان وەک ( چەپێکی بۆرژوازی ) دژ بە بنەما سەرەکیەکانی کۆمەڵگای سەرمایەداری و یاساکانی نین .
خەباتێکی چینایەتی سەرەتایی و پڕ لە تەنگوچەڵەمەی سیاسی وتێکەڵ بە بیروبۆچوونی ئاینی و عەشیرەتی و خێڵەکی و ڕیفۆرمیستی کە لە ئارادایە ، هێزی سیاسی و ڕێکخراوی تێکۆشەری سەر بە میتۆدی شۆڕشگێڕانەی مارکس ئەخوازێت ، بێگومان ئەم خەباتە لۆکاڵی و ناوچەیی نیە، بەڵام لەهەمان کاتدا تێکۆشەرانی لۆکاڵی خۆی ئەخوازێت .

و.سابیر
٣/ ١٢ / ٢٠٢٥




گه‌مژه‌یه‌ك له‌ دیداری تیرۆرستێكدا!.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

                             
                                                                   

گه‌ر به‌ مێژووی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مه‌ریكا دابچینه‌وه‌، ده‌بینین له‌ هیچ سه‌رده‌مێكدا، ئه‌م وڵاته‌، سه‌ڕۆكێكی گه‌مژه‌ و هه‌رزه‌ی سیاسی و ڕه‌فتار منداڵانه‌ی وه‌ك تره‌مپی به‌ خۆوه‌ نه‌بینیوه‌، بۆیه‌ كاتێ جارێكی دیكه‌ هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌، هاورێی هێژام كاك گۆران هه‌ڵه‌بجه‌یی، له‌ وتارێكی جواندا نووسبیبووی ( گه‌مژه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، سه‌رۆكه‌ گه‌مژه‌كه‌یان سه‌رخست) كه‌سانێك، كه‌ هیچ شاره‌زایه‌كیان له‌ مێژووی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و سیسته‌می ئه‌و وڵاته‌ نییه‌، كه‌وتنه‌ ڕه‌خنه‌ و توانج له‌ هاوڕێ گۆران كه‌ چۆن ده‌نگده‌ره‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان به‌ گه‌مژه‌ ناو ده‌بات؟ به‌ڵام له‌ ڕاستیدا، ئه‌م ناساندنه‌ نه‌ك له‌ جێی خۆیه‌تی، به‌ڵكو نیشانه‌ی قووڵبوونه‌وه‌ی نووسه‌ری وتاره‌كه‌ و تێگه‌یشتنیه‌تی، له‌ ڕه‌هه‌ندی مێژووی سیاسه‌ت و هه‌ڵبژاردن له‌ ئه‌مه‌ریكا. تۆڵستۆی ده‌ڵێت: (گه‌مژه‌كان هه‌میشه‌ براوه‌ن، چونكه‌ زۆرینه‌ن) . بۆیه‌ من هه‌ر له‌ ساڵی دوو هه‌زار و شانزه‌، كه‌ تره‌مپ بووه‌ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌و كات له‌وتارێكمدا، كه‌ له‌ كوردستانی نوێ بڵاوم كرده‌وه‌، باسم له‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌م پیاوه‌، نه‌ك شیاوی ئه‌وه‌ نییه‌ ببێته‌ سه‌رۆكی زلهێزترین وڵاتی دنیا، به‌ڵكو گه‌مژه‌ و كاڵًفامێكی سیاسییه‌ و نازانێت پڕۆتۆكۆڵ و ڕێسای كارپێكراوی سه‌رۆكه‌كانی پێشووتری ئه‌مه‌ریكا چین و چۆن بوونه‌؟! گه‌ر به‌راوردی هه‌ر چه‌نده‌ شایه‌ن به‌ به‌راورد نییه‌، ئۆباما و كلنتۆن، بۆش و كه‌نه‌دی به‌ تره‌مپ بكه‌ین، ئه‌و كات ده‌زانین ئه‌م پیاوه‌ شیاوی ئه‌وه‌یه‌ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بێت یاخود نا؟
به‌ داخه‌وه‌ تره‌مپ چانسێكی باشی هه‌بوو، كه‌ له‌ هه‌ردوو خولی هه‌ڵبژاردندا، كێبڕكێكی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی ژنێك بوو، له‌ مێژووی ئه‌مه‌ریكاش، كه‌ به‌راورد به‌ ئینگلیز و فه‌ره‌نسی و و سوێدییه‌كان گه‌لێكی هوشیار و ڕۆشنبیر نینه‌، هیچ ژنێك نه‌ بۆته‌ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، ئیدی ئه‌مه‌ ده‌رفه‌تی له‌ به‌رده‌م ئه‌و سه‌رمایه‌دار و بازرگانه‌ ڕه‌خساند، كه‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا بباته‌وه‌. ڕه‌فتار و هه‌لًَسوكه‌وت و زمان و ده‌ربڕینه‌كانی تڕه‌مپ، زیانی زۆریان به‌ ناوبانگ و مێژووی سیاسی ئه‌مه‌ریكا گه‌یاند ! ئه‌م پیاوه‌، جارێك په‌نابه‌ران به‌گه‌مژه‌ ناوده‌بات، جارێك باسی لكاندنه‌وه‌ی كه‌نه‌دا به‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌كات، دواتریش جوێن به‌گه‌لی مه‌كسیك ده‌دات ! جارێك به‌ سه‌رۆكی مۆریتانیا ده‌ڵێت قسه‌كانت كه‌مبكه‌وه‌، ته‌نها ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ت هه‌یه‌، ناوی خۆت و وڵاته‌كه‌ت بڵێی، وه‌ك مامۆستایه‌ك له‌ به‌رانبه‌ر خوێندكاره‌كانی ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌چی ده‌ست به‌ ڕیشی ناموباڕه‌كی شه‌رع دادێنێت ! ئه‌م گه‌مژه‌یه‌، جارێك ڕۆژنامه‌نووسان ده‌رده‌كات، جارێكی دیكه‌ش به‌ وته‌بێژه‌ جوانه‌كه‌ی خۆی ده‌ڵێت ناچیت له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌نگاریا كار بكه‌یت؟ ئه‌مانه‌ و ده‌یان ڕه‌فتاری هه‌رزانه‌ی تر و به‌داخه‌وه‌ دوایین كاری گه‌مژانه‌شی ، پێشوازیكردنی بوو، له‌ سه‌رۆكێكی تیرۆرست، كه‌ خۆی و به‌ ره‌ ئیسلامی و تیرۆرستییه‌كه‌ی ده‌ستیان سووره‌ به‌ كوشتنی هه‌زاران كه‌سی سڤیل و كوردیش، كه‌ ئه‌ویش ئه‌حمه‌د شه‌رعی سه‌رۆكی سوریایه‌. شه‌رع، به‌ داخه‌وه‌ سه‌ركه‌وتوو بوو له‌وه‌ی كه‌ له‌و دیوگوتاره‌ ئیسلامی و تیرۆرستییه‌كه‌ی، جۆرێك له‌ سیناریۆی به‌ ناو كرانه‌وه‌ نماییش بكات و له‌و په‌راوێزه‌وه‌، ده‌رگای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ نێو جیهانی عه‌ره‌بی و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی به‌ سه‌ر دا كرایه‌وه‌. ئه‌م به‌ ناو سه‌رۆكه‌ی ئه‌مڕۆ و داعشه‌كه‌ی دوێنێ، له‌ كاتێكدا ده‌یه‌وێت گوایا سوریا وه‌ك وڵاتێكی كراوه‌ و نوێ و دیموكراسی پیشان بدات، كه‌چی به‌و دیودا هێزه‌ ئیسلامییه‌كانی سه‌رقاڵی ئه‌تككردنی ژنانی كورد و دورز و كریستیان و تیرۆكردنی هه‌موو ئه‌و ده‌نگه‌ جیاواز و ئازادی خوازانه‌یه‌، كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ناسنامه‌ی شۆفێنی عه‌ره‌بی و داعشی و ئیسلامین.
ده‌ستووری نوێی سوریا، ئاڕم و لۆگۆكانی، به‌ ناو كۆنگره‌ ئاشته‌وایی و هه‌وڵدان بۆ دانانی یاسایه‌ك كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی شه‌ریعه‌تی ئیسلامییه‌، ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌ن كه‌ سوریای نوێ، ده‌سه‌ڵاتێكی ئایینی و ئیسلامی و شۆفێنی عه‌ره‌بی ده‌بێت و هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ پایه‌كانی ده‌سه‌ڵات پته‌و كران، ئیدی به‌ گژ هه‌موو پێكهاتێكی ئه‌تنیكی و نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی جیاواز داده‌چێته‌وه‌ و هه‌موو ده‌نگێكی ئازاد و سه‌ربه‌ستیش له‌ نێو ده‌بات. بۆیه‌ بڕوام وایه‌ گه‌ر تره‌مپ نه‌بووایه‌، هه‌ر كه‌سێكی دیكه‌ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بووایه‌، ئاماده‌ نه‌بوو پێشوازی له‌ شه‌رع بكات، كه‌ هێشتا ساڵێك به‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌ ئیسلامییه‌كی تێنه‌په‌ڕیوه‌، كه‌چی ئه‌و وڵاته‌ی كردۆته‌ زیندانێك بۆ ئه‌و نه‌ته‌وه‌وه‌و ئایینانه‌ی عه‌ره‌ب و ئیسلام نین. بۆیه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێو ده‌وڵه‌تی، ده‌بێ به‌ ئاگا بێته‌وه‌وه‌ ئه‌و ڕاستییه‌ له‌ بیر نه‌كات كه‌ شه‌رع، سه‌رۆكی به‌ره‌ی ئه‌حرار شامی ئیسلامی و تیرۆرستین.




کورد و ڕەهەندەکانی ڕۆشنبیری.. دوکتور شەماڵ ئیسماعیل پوور

بەرایی
ڕۆشنبیری و گرینگی ئەم چەمکە بۆ کۆمەڵگا هەمیشە حاشاهەڵنەگرە. ئەم بابەتە لە زانستە مرۆییەکان و لێکۆڵینەوە فەرهەنگی و گوتارە سیاسییەکاندا هەرگیز کۆن و بۆژۆ نابێت. هەربۆیە هەڵدەگرێ بە شێوازی نوێ و نوێتر بخرێتە بەرباس و لێکۆڵینەوەی تایبەت. فەیلەسووف و کۆمەڵناسەکان لە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانەوە ئەم بابەتەیان تاووتوێ کردووە. لەم وتارەدا تیشک دەخەینە سەر کاریگەری و جێ‌پێی دیاردەی ڕۆشنبیری لە کوردستاندا. ئەم کاریگەرییە بە نەتەوەی کورد و بارودۆخی کوردەوە گرێ دەدەین و ڕۆشنبیری نەتەوەی بێ‌دەوڵەت پێناسە دەکەین و لە کۆتاییدا بۆ پرسی ناسنامەی نەتەوەیی لە دەربیجەی ڕۆشنبیرییەوە دەڕوانین.

ڕۆشنبیری
وشەی ڕۆشنبیر لە وشەی فەڕەنسی (Intellect) وەرگیراوە و بە واتای هێزی عەقڵە. ئەم وشەیە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1860ی ز لە وتارێکی پیسارۆفی ڕووسیدا هات و بۆ لاوانی ئاکادیمی بەکار برا . ئەو لاوانەی خاوەنی ئەندێشەیەکی ڕەخنەگرانە بوون. لە ئەندێشەی مارکسیستیدا چەمکی ڕۆشنبیر لەگەڵ چەمکی چەپ بە یەک واتا هاتوون.بە دڵنیاییەوە گەشەی گەلان و ڕزگاربوونیان لە دواکەوتوویی و خورافات و ژێردەستی، لە سۆنگەی چالاکی و کاری ڕۆشنبیرانەوە بووە. ڕۆشنبیران کارێکی زۆر دژواریان لە ئەستۆیە. ڕەنگە هیچ کارێک بەڕادەی وەئاگاهێنانەوەی خەڵک دژوار نەبێت. کاری ڕۆشنبیری جۆرێک لە پەروەردەیە. کاری پەروەردەش گەلێک دژوار و پسپۆڕخواز و کاتبەر و تێچوو هەڵگرە. ئیمانۆئێل کانت دەڵێ :لە نێو داهێنانەکانی بەشەردا دوو شت لەوانی دیکە دژوارترن، یەکیان هونەری بەڕێوەبردنی وڵات و ئەوەی دیکەیان هونەری پەروەردە.

زمانی ڕۆشنبیر
ڕۆشنبیر خاوەنی زمانی تایبەت بە خۆیەتی. ئیدوارد سەعید دەڵێ: کەسی ڕۆشنبیر ئەگەر زۆر پسپۆڕانە بدوێ، کەس لێی حاڵی نابێ و ئەگەریش زۆر ساکار و سادە بدوێ دەچێتە حاڵەتی پۆپۆلیزمەوە . کەوابوو کەسێکی ئەوتۆ دەبێ لەگەڵ ئەوەدا کە خاوەنی زانایی تایبەتە، دەبێ بەزمانی ناپسپوڕانە و تایبەت بدوێ. تاکوو هەموو خەڵک لێی تێبگەن و وتەکانی فام بکەن و بتوانێ قسەی خۆی بە گوێی هەموو خەڵک بگەیەنێ.

کاری ڕۆشنبیر
لە نێو گەلانی خاوەن دەوڵەتدا، کاری بنەڕەتی ڕۆشنبیر ڕەخنە گرتن لە دەسەڵاتە . دەسەڵات بە بێ ڕەخنە لێگرتن و چاودێری کردنی ڕۆشنبیران دەگنخێ. دەسەڵاتدار کە لە دەسەڵاتدا مایەوە، ئاشقە خۆ دەبێت و بێجگە لە خۆی کەس نابینێ و تاکڕەوانە کاران ڕادەپەڕێنێ و دەستی بۆ هەموو خراپەکارییەک ئاوەڵا دەبێت. هێدی هێدی لە یاسا و ڕێساکانی کۆمەڵگا دوور دەکەوێتەوە و دەچێتە چوارچێوەی ئایدیۆلۆژیاوە. لە وەها حاڵەتێکدا لەباتی پێمل‌بوون بە یاسا و داخوازییەکانی گەل و نەتەوە، حەز و ئاواتە تاکڕەوانەکانی خۆی دەکاتە یاسا و خەڵک پێملی ویستەکانی خۆی دەکات. ڕۆشنبیری بوێر و نەترس و ئازا دێتە مەیدانەوە و بە ڕەخنەی ڕۆشنبیرانە بەرهەڵستی دەسەڵاتدار دەبێتەوە. ئەوسا زۆرجار دەسەڵاتدار لەبری پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ و چاکسازی، پەنا دەباتە بەر تیرۆر و ڕەشەکوژی و لەناوبردنی کەسی ڕەخنەگر. مێژووی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین پڕە لەو کوشتن و بڕین و دورخستنەوە و ژیان لێ ئەستاندنانە. ئەم دیاردەیە لە مێژووی وڵاتێکی وەکوو ئێراندا هێندە بەرچاوە کە نووسەرێکی وەکوو عەلیڕەزا قولی کتێبی کۆمەڵناسی بژاردە کوژی (جامعەشناسی نخبە کشی) نووسی و کومەڵناسانە ئەم دیاردە دژە مڕڤانەیەی تاووتوێ کرد. ئەم کتێبە بە شێوەیەکی کۆمەڵناسانە باس لە ملهوڕی و دواکەوتوویی دەسەڵاتداران دەکات کە چۆن کەسانی بژاردەی گەل و نەتەوە خۆشەویست دەکوژن و پێیان خۆشە خەڵک گیل و نەزان بمێننەوە.ڕۆشنبیر لەنێو گەلانی دواکەوتوودا دەکەوێتە بەر غەزەبی خەڵکیش . هەربۆیە زۆر جار ڕۆشنبیر و جیابیران بە دەستی گرووپە توندئاژۆکانی ئەو کۆمەڵگایە کوژراون. ئەم دیاردەیە بەجۆرێک بەربڵاوە کە دەتوانین لەنێو هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا نموونەی بۆ بێنینەوە.

دەردی ڕۆشنبیر
ژان پۆل سارتر پێی وایە کەس ڕۆشنبیری ناوێ و کەسیش بە فەرمی نایناسێ.تەنانەت خەڵکی ئاساییش بە هێندی وەرناگرن و لەلایان گرینگ نییە. ئەو لای وایە کاتێک ڕۆشنبیر هاتە گۆڕەپانی چالاکی ڕۆشنبیرانەوە، چینی دەسەڵاتدار بە خاینی دەزانێ و پێی وایە دژی ئەو سیستمە ڕاساوە کە ئەوی پێ گەیاندووە.چینی هەڵبژاردەش نایانەوێ و لایان وایە بە دژی داخوازی و قازانجی ئەوان دەجووڵێتەوە.دەردی سەرباری دردانیش ئەوەیە کە چینی زوڵم لێکراویش لێی دڕدۆنگ و بەگومانن و دەیخەنە بەر تیری قسە و قسەڵۆک و پاشگر و پێشگری ناحەز و دوور لە ڕاستی . تەنانەت بووە ڕۆشنبیریان بە تاوانی دژە دین و دژە خودا بوون کوشتووە و خەڵکانی دیکەش شادمانی خۆیان لەو کوشتنە دەربڕیوە.ئەمە لە حاڵێکدایە کە وەکوو سارتر دەڵێ ڕۆشنبیر بەرهەمی هیچ بڕیارێکی پێش وەخت نییە.
واتە هیچ کەس و لایەن و گرووپ و حیزب و ڕێکخراوەیەک ڕۆشنبیریان پەروەردە نەکردووە. ڕۆشنبیر بە هۆی تایبەتمەندییەکانی خۆی ڕۆشنبیرە و کەس ناتوانێ ئەو نازناوەی پێ ببەخشێ. هەڵبەت لە کۆمەڵگا نەخۆش و کەمزان و دواکەوتووەکاندا دەسەڵات یاخۆ لایەنە بەهێزەکان ڕۆشنبیری درۆیین و ناڕاست دادەتاشن و وەکوو کورد دەڵێ، سەرلووسی بن پیس دەیخەنە بەر چاوی کۆمەڵگا. بەڕواڵەت ڕۆشنبیرە و لە ڕاستیشدا ناڕۆشنبیر و فریودەر و خەڵک خەڵەتێن.لێرە دایە کە ڕۆشنبیر و ناڕۆشنبیر دەبنە دوو چەمکی ململانێکەر . کردەوەی کەسی ناڕۆشنبیر بە بابەتی ڕۆشنبیری بە خەڵک دەفرۆشرێ و خەیانەتی ڕۆشنبیری وەکوو چەمکێکی حاشا هەڵنەگر دێتە ئاراوە.
ژۆلین بێندا و ژان پۆل سارتر دەڵێن، ڕۆشنبیر بە هەر هۆیەک خەیانەت بە ئارمانی ڕۆشنبیری بکات، واتە خۆی لە هەق و دادپەروەری و ئازادی ببوێرێ، خاینە. هەقیقەت و دادپەروەری و ئازادی سێ‌کوچکەی ڕۆشنبیری و مەزنایەتی مرۆڤ و چەمکە گرینگەکانی ژیانن. فێدریکۆ مایور شاعیری کاتالۆنیایی دەڵێ: ڕۆڵەکانم من بۆ ڕزگارکردنی ئەم سێ وشەیە کە بە میرات بۆتانی بەجێدێڵم، ژیاوم: عەشق و دادپەروەری و ئازادی . لە نێو ئەم سێ وشەیەشدا ڕەنگە ئازادی ئەو بەختەی بووبێ کە زۆرتر لەوانی‌تر کاری بۆ کرابێ و حورمەتی لێ گیرابێ و خوێنی بۆ ڕژابێ و سەربازی ڕۆشنبیری زۆرتر بووبێت. دوکتۆور مستەفا ڕەحیمی دەڵێ: ئازادی ئەگەر ببێ بە دیلی من، ئیتر ئازادی نییە، بەڵکوو دیلییە. کەوابوو ئازادی واتە ئازادی جیا بیران.
مارکس لەسەر ڕۆشنبیر پرسیارێکی جەوهەری هەیە و دەڵێ: ڕۆشنبیر چ کارکردێکی لەسەر بەرهەمی کۆمەڵایەتی هەیە؟
فرانسوا شاتلە لەمەڕ ڕۆشنبیر لێدوانێکی سەرنجڕاکێشی هەیە کە دەکرێ بڵێین بە جۆرێک وڵامی پرسیارەکەی مارکسی تێدایە. بە بڕوای شاتلە ڕۆشنبیر لەخۆیدا دژی پیرۆزییە. دژی کۆمەڵگایەکە کە هەقیقەت و ڕوونی و ڕوون بێژی بە ڕەوا نازانێ. ڕۆشنبیر خۆی بە بەرپرس دەزانێ. نەک لەبەر ئەوەی کە خاوەن زانستە و ئیمان و بڕوایەکی تایبەتی هەیە. یاخۆ نەک لەبەر ئەوەی کە لایقە. بەڵکوو لەبەر ئەوەی کە خاوەن ئیرادەیە. ڕەنگە هەر ئەو ئیرادەیە بێت کە کاڕێڵ مانهایمی کۆمەڵناس دەڵێ: ڕۆشنبیر بەرهەمی کۆمەڵگایە و لە چاو چینەکانی تر پێگەی سەرتری هەیە.

بارودۆخی کولتووریی و سەرهەڵدانی ڕۆشنبیری لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا
ڕۆژهەڵاتی ناوین بەدرێژایی مێژوو گۆڕەپانی ململانێی بزاڤە جۆراوجۆرەکان بووە . ئەم ناوچەیە هیچکات لە توندوتیژی و پێکدادان و شەڕ و ئاژاوە و کێشەی ئایینی و نەتەوەیی و ئازادیخوازی و پاوانخوازی و…. بەدوور و بەدەر نەبووە.
باسکردن لە ڕۆشنبیری و پێناسەی ڕۆشنبیر لە وڵاتان و لە نێو گەلانی ئەم ناوچەیەدا کارێکی هاسان نییە. بەهۆی زاڵبوونی هێژموونی ئایینی لەم ناوچەیەدا، ڕۆشنبیری ئایینیش لە چاو ڕۆشنبیرانی تر دەم لەپێشتر و قسە ڕۆیشتووترن. بەم پێیە لێرەدا باسی ڕۆشنبیری بەگشتی دەکەین و لێکیان هەڵناوێرین. بۆ ئەو مەبەستە پۆلینبەندی مەحموود سەریعولقەلەم لەسەر فەرهەنگی ئێرانی و گشتاندنی ئەم فەرهەنگە بەسەر فەرهەنگی خەڵکانی ناوچەکەدا دەکەینە بەڵگە. ناوبراو دەڵێ: فەرهەنگی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئێران دوو ئاستی لە فەرهەنگ بەخۆوە دیوە: یەکەم، فەرهەنگی شاری وعەقڵی و پیشەسازی . دووهەم، فەرهەنگی عەشیرەیی و گوندی و سونەتی . پاشان لە پێناسەی فەرهەنگی عەشیرەییدا سێ تایبەتمەندی بۆ دادەنێ و ئاوا ڕیزبەندی دەکات: یەکەم، خزمخوازی دووهەم، ڕۆحی شەڕانگێزی و سێهەم، پاراستنی عەشیرە لە ڕێی پەلامار و هێرشەوە.
دیارە لە وەها کۆمەڵگایەکدا کاری ڕۆشنبیر گەلێک دژوارتر لە کاری ڕۆشنبیرانی کۆمەڵگاکانی دیکەیە. لەم کولتوورەدا تا خزموکەس نەبی و بە خوێنی بنەماڵەیی بە عەشیرەوە گرێ نەدرێی، نابیندرێی و دەرەتانی خۆ نیشاندانت نابێ . تاکی کۆمەڵگا کە خاوەنی خوو و خدەی شەڕانگێزی بێت ناتوانێت بکەوێتە بەر کاریگەری کاری ڕۆشنبیر. بۆپاراستنیش دیارە عەشیرە لە هیچ توندوتیژییەک خۆ نابوێرێ و هەموو شێوە توندئاژۆیەکان تاقی دەکاتەوە و لە وەها حاڵەتێکدا بە دڵنیاییەوە بزاڤی ڕۆشنبیری غەوارە دەبێت.

ڕۆشنبیری نەتەوەی بێ دەوڵەت
دیارە نەتەوەخوازی دیاردەی سەردەمی دوای ڕێنێسانس و وەئاگاهاتنەوەی گەلانی ئورووپایە. لە سەردەمی سەدە تاریکییەکاندا نەتەوە و نەتەوەخوازی هیچ واتایەکی نەبوو . ئەوە گرینگ بوو کە هەمووان لەبن سێبەری ئایینی مەسیحییەتدا کۆببوونەوە . بە پێی یاسای ئاسمانی ئەو دینە خەڵک دەژیان. بەڵام پاش شۆڕشی وەئاگاهاتنەوە و ڕزگاری خەڵک لە کۆت و بەندی کڵێسە، هێدی هێدی بیری نەتەوەخوازی سەریهەڵدا و دەوڵەت نەتەوەکان بیچمیان گرت. ئەم دیاردەیە بوو بە هۆی دروست بوونی ئەوینێک بۆ خاک و ئاو و زێد و زمان و نیشتمان و نەتەوە. ئەم ئەوێنە تەشەنەی کرد و هەموو جیهان و هەموو گەلانی جیهانی گرتەوە و بۆ دروستکردنی دەوڵەت نەتەوەی خۆیان تێکۆشان.
دیارە بە هۆی بارودۆخی تایبەتی ناوچەکە و گەلی کورد، ئەم نەتەوەیە بەو ئاستە نەگەیشت و ئێستاشی لەگەڵدا بێت بە بێ دەوڵەت ماوەتەوە. هەر بۆیە مەجبوورین ناوی ڕۆشنبیرانی نەتەوەی بێ دەوڵەت لە ڕۆشنبیری کورد بنێین. ڕۆشنبیری کورد لە وەها حاڵەتێکدا بۆ کارکردن لەسەر دەسەڵات و دروستکردنی هێژموونی و کاریگەری خۆی لەسەر دەسەڵات بە قازانجی نەتەوەکەی دەست بەکار دەبێت. هێندێک لە ڕۆشنبیران دەبنە ڕێبەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەل و بزاڤی ناسیونالیزم وەڕێ دەخەن . هەر بۆیە بەتوندی دەکەونە بەر غەزەبی دەسەڵات و بە هەموو جۆرێک گیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە و بۆ پاراستنی گیان و مانیان دەبێ بچنە جلوبەرگی خەباتکارەوە. شاخ بکەنە ناوەندی ڕۆشنبیری خۆیان و لەوێوە دزە بکەنەوە نێو شار و گوندی وڵاتەکەیان. دیارە ئەو ڕۆشنبیرانە پێش لەوەی وەکوو ڕۆشنبیر مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ و وەکوو ڕۆشنبیر بناسرێنەوە، لەبەر چاوی خەڵک دەبنە شۆڕشگێڕ و خەباتکەر.
دەسەڵاتی سەر نەتەوە بێ دەوڵەتەکان بە هیچ لەونێک ددان بە نەتەوەبوونی ئەو گەلانەدا نانێ. ئەم دەسەڵاتانا لە هیچ شوێن و هیچ وڵاتێکدا بۆ گرووپە جیاوازەکانی نێو کیانی سیاسی خۆیان،چەمکی نەتەوە بەکار نابەن. ئەمە لە حاڵێکدایە کە بە پێی جاڕنامەی مافی مرۆڤ دەبێ سەربەخۆیان بکەن و مافیان پێ بدەن.
تەنانەت ئەگەر مەجبوور بن لە یاسای بنەڕەتیدا ددانیان پێدابنێن لە ئەمری واقعیدا حاشایان لێ دەکەن و بە توندترین شێوە حەز و بژاڤی نەتەوەخوازییان لێ دەستێنێتەوە. لە ئاست ئەم گەلە ژێر دەستانەدا هێندە دڵڕەق دەبن کە مادەدەستوورییەکانی خۆشیان لە حاندیان پێ شێل دەکەن. هەر بۆیە لە وەها حاڵەتێکدا ڕۆشنبیری نەتەوە خواز سەر هەڵدێنێ. یا خود ڕۆشنبیر هەر بیر و بۆچوونێکی بۆ گەلەکەی ببێ دەخرێتە بازنەی ڕۆشنبیری نەتەوەخوازەوە و دەسەڵات بە توندترین شێوە هەڵسووکەوتی لەگەڵ دەکات و ئاستەنگ دەخاتە بەر پێی. زۆر جار بووە کە ڕۆشنبیر لە وەها بارودۆخێکدا بوونی بۆ دەسەڵات بڤڤە بووە و قەبووڵ نەکراوە و گیانی لێ ئەستێندراوە.
هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە دروست بوونی بزاڤی نەتەوەخوازی لەنێو هەر گەل و نەتەوەیەکدا پێویستی بە بوونی ڕۆشنبیران هەیە.

ڕۆشنبیران لەم حاڵەتەدا بە سێ دەستە دابەش دەبن:
یەکەم، ڕۆشنبیرانی ڕێفۆڕمخواز: ئەم ڕۆشنبیرانە دەچنە کار و چالاکی لە دەمودەزگای دەسەڵاتدا و بە هیوان لە ڕێی ڕیفۆڕمەوە بە ئامانجەکانیان بگەن. دەیانەوێ لەڕێی یاسایی و پاڕلمان و چوارچێوەی دەسەڵاتەوە چاکسازی بکەن و بەدەستی ئەوکەسانە ئاڵوگۆڕ دروست بکەن کە بۆخۆیان بوونەتە هۆکاری مافخوراوی نەتەوەکەیان. دیارە ڕیفۆڕم و چاکسازی لەوەها بارودۆخێکدا ئەستەمە و ئەگەریش بڕێک دڕوشم و قەولی کاڵ بدرێت، ناچنە چوارچێوەی کردەوە و دابەزینەوە.
دووهەم ڕۆشنبیرانی نێو دامودەزگا خۆجێییەکان: ئەم ڕۆشنبیرانەش بە کارکردن لە نێو پێکهاتە خۆجێییەکانی پێمل بە دەسەڵاتدا سەرهەڵدەدن و دەیانەوێ بەم کارە خەڵک و نەتەوە بپارێزن و کار بۆ پاراستنی بەهاکانی نەتەوەکەیان بکەن . دیارە ئەگەر دەسەڵاتێک هێندە لە خۆی ڕاببینێ دامودەزگای نەتەوەیی دابمەزرێنێ،دەشتوانێ ڕۆشنبیرانێک لە چوارچێوەی ئەم دەمودەزگایانەدا ببینێ بەڵام لە ڕاستیدا ئەم ڕۆشنبیرانەش بە دەردی ڕۆشنبیرانی پێشتر دەچن و کارێکی ئەوتۆیان لە دەست نایات.
سێهەم ڕۆشنبیرانی وەفادار بە نەتەوە و گەلی خۆیان:ئەم ڕۆشنبیرانە هەموو ژیانیان تەرخانی گەل و نەتەوە دەکەن و ناهێلن نەتەوەکەیان لە نەتەوەی زاڵ و باڵادەستدا قاڵ بێت و بتوێتەوە.
ئەمانە ئیدوارد سەعید گوتەنی بە زمانی نەتەوەی خۆیان دەدوێن و خۆیان لە گەل جیا ناکەنەوە و لە گەڵ ئەواندا دەژین و وەکوو ئەوان دەژین و لە کۆتایشدا سەریان لە ڕێی کاری ڕۆشنبیری دادەنێنەوە.

ڕۆشنبیری کورد
کورد وەکوو نەتەوە و شێوەی ژیانی لە نێو ئاو و خاکی خۆی لە چوار وڵاتدا دەژی. هەر بەشێک لە کوردستان بە پێی بارۆدۆخی ئەم وڵاتانە پێناسەی ئەکرێ. ژیان و کولتوور و جیهان بینی و تەنانەت شێوەزاریشی کاریگەری لەم وڵاتانە وەرگرتووە.
ڕۆشنبیری هەر بەشێک بە پێی دۆخی ئەو بەشە درووست دەبێت.دەتوانین بڵێن ڕۆشنبیرانی کورد بە پێی پارچەی کوردستانی شوێنی ژیانیان لەگەڵ یەکتر وردە جیاوازی تایبەتیان هەیە .ئەم جیاوازیانە دەکرێ ببێتە هەوێنێ ڕۆشنبیری جیاواز لە یەکتر کە ئاسۆی هەموویان کورد بوونە و ئاکامی خەباتی هەموویان بۆ مانەوەی نەتەوەی کوردە.
ڕۆشنبیری هەر بەشێک لە کوردستان لە گەڵ جۆرێک دەسەڵاتی تایبەتدا ڕووبەڕووە کە لە دەسەڵاتی بەشەکانی دیکە ناچێ.هەر بۆیە ئەم ڕۆشنبیرانە مەجبوورن بە پێی بارودۆخی خۆیان کار بکەن و بە پێی ڕادەی دەسەڵات و هێزی ئەژنۆی خۆیان هەنگاو بنێن،دیارە ئەم هێزی ئەژنۆیە لە هێندێک دۆخی زەمانی و شوێنی تایبەتدا دەکرێ بە پڕتاو بەرەو پێش بچێ و لە هێندێک دۆخی زەمانی و شوێنی تایبەتدا بە دارەدارەش ناگات.
بەرپرسایەتی ڕۆشنبیری کورد لەبەر بارودۆخی کورد و کوردستان زۆر زیاترە لە بەرپرسایەتی ڕۆشنبیرانی گەلانی دیکە. گەلانی دیکە دەتوانن لە نێو چوارچێوەی دەسەڵاتدا خاوەن حیزب و گرووپ و هێژموونی خۆیان بن.
بەڵام هیچ دەزگا و دەسەڵاتێک لە پشت ڕۆشنبیری کورد نییە. تەنیا و بێ کەس و بێ پشتیوانە، هەر وەکوو پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد، دەسەڵات بە خاینی دەزانی وچینی هەڵبژاردەش نایەوێ و چینی زوڵم لێکراویش لێی بە گومان و دڕدۆنگە (ژان پۆل سارتر)
ڕۆشنبیری کورد لە هەموو پرس و کێشەکانی کورد دەڕوانێ. دەبێ بۆ جۆری بیرکردنەوەی نەتەوەکەی بە خەم بێت. بۆ زانستی کورد هەوڵ بدات و بە خەمی زمان و کەلتوور و بەهاکانییەوە بێت. یەکێک لە کێشە تایبەتەکانی ڕۆشنبیری کورد ناسەربەخۆیی بڕیار و ڕوانینە. بەختیار عەلی دەڵێ:ڕۆشنبیری کورد خۆی لە چوارچێوەی حیزبێکدا دەبینێتەوە و لە باشترین حاڵەتدا دەبێتە ڕەخنەگری حیزبەکەی. ئەگەر ڕۆشنبیری کورد خۆی لە بازنەی حیزبە کوردییەکانیش ڕزگار نەکات و نەکەوێتە پێش ئەوانەوە،سەربەخۆیی ڕۆشنبیری و فیکری نامێنێ و کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا کەم دەبێتەوە.

ڕۆشنبیر و ناسنامە و کۆمەڵگا
کاری فیکری بۆ کۆمەڵگا سەرەتا لە ئەدەبی مارکسییەوە سەر هەڵدەدات. ئەم بیرۆکەیە لە کۆمەڵگاکانی ئەو کاتەدا زۆر جێنەکەوت و پێشوازی باشی لێ نەکرا، لە لایەکی تریشەوە بیری نامارکسی بە جێی کاری فیکری لە ژیانی فیکری کۆمەڵگا ڕاما. ئەم بۆچوونە بۆ ژیانی فیکری و ڕۆشنبیری، مرۆڤی خوێندەواری کردە هاودەمی ژیانی فیکری و ڕۆشنبیری لێ دروست بوو . بەم پێناسەیە ڕۆشنبیر کەسێکە لەسەر کۆمەڵگا کاریگەری تایبەتی هەبێ و بۆ ناسنامەی نەتەوەش تێبکۆشێ. مادام کە خوێندەواری بوو بە پێناسەی ڕۆشنبیری، ئاخۆ لەو کۆمەڵگایانەدا کە هەمووان خوێندەوارن، هەمووشیان ڕۆشنبیرن؟
لێرەدا پێناسەی تایبەت دەخوازێ و دەبێ کەسی ڕۆشنبیر لە خوێندەواری ئاسایی جیا بکرێتەوە. کەسێک کە بتوانێ لە سەقامگیر کردنی ژیانی فیکریدا شوێن و کاریگەری هەبێ دەبێتە ڕۆشنبیر.

شوناسی نەتەوەیی
کاتێک ئەم شوناسە دروست دەبێت کە کەسێک تێیدا هۆگری و پێوەندی بە دەوڵەت یان نەتەوەکەیەوە دروست بێت و ئەم پێوەندییە بە خەڵکێکەوە گرێ بدات کە نەتەوەیەک ساز دەکات. خاڵی هاوبەشی لەگەڵ ژیانی خەڵکی دەبێتە سەرەکیترین خاڵی شوناسی نەتەوەیی. ئەرێنیترین خاڵی شوناس لە نەتەوەدا دەبێتە نیشتمان پەروەری و خۆشەویستی گەل و نیشتمان. ئەو حاڵەتەی کە مرۆڤی نەتەوەیی، لە پەنا گەلان و نەتەوەکانی دیکەدا سەربەرزی و گەورەیی و سەربەخۆیی بۆ گەلی خۆی دەخوازێ.
مامۆستا هێمن گوتەنی،ئارەزوو دەکات هەموو گەلان بە ئازادی بژین و دیلی و مافخوراوی بۆ کەس ناخوازێ. خاڵی نەرێنی نەتەوەخوازی و توند و تیژبوون لەم حاڵەتەشدا دەبێتە شۆوێنیزم کە تەنیا نەتەوەی خۆی دەبینێ و حەز بە دیلی و نەمان و بێدەرەتانی گەلانی دیکە دەکات. ڕۆشنبیری کورد کارێک دەکات کە تاکی کۆمەڵگای کوردی هەست بە بەرپرسایەتی بکات.بتوانێ لەبەرانبەر ئەوی تردا خۆی پێناسە بکات و شوناسی نەتەوەیی خۆی بەهێند وەربگرێ و بە بێ خۆبەکەمزانین لە نەتەوە و شوناسی خۆی بدوێ. ڕۆشنبیر لە نێو نەتەوەی کورددا و لە ساتە تایبەت و پێویستەکاندا یەکڕیزی و یەکگرتوویی نەتەوەیی درووست بکات. ڕۆشنبیر بە دوور لە هەر بیرێکی مێتافیزیکی و ئاسمانییەوە لە ئاخاوتن و دربڕینی بیری ڕۆشنبیری خۆیدا دەربکەوێت. واتە هیچ پاشگر و پێشگرێکی جیا لە ڕۆشنبیر ییلەگەڵدا نایەت و ئەگەر کەوتە چوارچێوەیەکی بەرتەسکی کۆمەڵایەتییەوە، لە بەشێکی زۆر لە خەڵک جیا دەبێتەوە و ڕۆشنبیریی پێ ناکرێت. کە وابوو ڕۆشنبیر دەبێ سەرتر لە هەموو ئایدیالۆژی و چوارچێوەکان بێت. ڕۆشنبیری کورد تا تیۆری خۆماڵی نەبێت، ناتوانێ کارێک بۆ ناسنامە و کێیەتی گەل بکات. جەلال حاجی زادە دەڵێت:ڕۆشنبیری کورد دەبێ بە پێی کۆمەڵگای خۆی هەوڵی داهێنان و خولقاندنی تیۆری نۆی بدات و ڕووی لە داهاتوو بێت. ڕۆشنبیری کورد دەبێ بە پێی دەقی خۆی پێناسەی لە ناسنامە ببێ. خوێندنەوە ناکوردانە و و دانانی پێناسەی نا کوردی بۆ ناسنامەی کورد، ئەو ناسنامە دڵخوازەی لێ دروست نابێت کە بتوانێ ئەم نەتەوەیە بگەیەنێتە ئاستێک کە سەرێک بێت لە نێو سەرانی دیکەدا. بۆ گەیشتن بە بەرئەنجامێک دەڵێن کە ڕۆشنبیری و گرینگی ئەم بابەتە هەمیشە بۆ کۆمەڵگا پێویستە. ڕۆشنبیر خاوەن زمانی خۆیەتی و دەبێ خەڵک بە دوای خۆیدا بەرێ. هەرگیز لە ڕەخنە گرتن لە دەسەڵات غافڵ نەبێت و ئەم بابەتە بە ئەرکی بنەڕەتی خۆی بزانێ. ڕۆشنبیری لە کۆمەڵگا داخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا کارێکی زۆر ئەستەمە و هێندێ جار گیان لە دەست دانی پێوەیە. ڕۆشنبیر سەر بە هیچ لایەن و ئایدیالۆژیایەک نییە و سەربەخۆ دەمێنێتەوە و هەموو کێشە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگا دەناسێ و بۆ لابردن و چارەسەرییان کار دەکا. بە پێی پێویستییەکانی نەتەوەی خۆی هەوڵ و تێکۆشانی دەبێت و بە پێی کۆمەڵگای خۆی هەوڵی داهێنان و خولقاندنی وتاری تێۆری نوێ دەدات.

دوکتور شەماڵ ئیسماعیل پوور ـ سەقز

——————————–

ژێدەر
۱. کار روشنفکری، بابک احمدی،نشر مرکز،تهران، ۱۳٨٤
۲. در دفاع از روشنفکران، ژان پل سارتر، ترجمە رضا سید حسینی، نشر نیلوفر، چاپ دوم،تهران، ۱۳٨٥
۳. تغییر ذهن ها، هوارد گاردنر، ترجمه سید کمال خرازی، نشر نی تهران، چاپ دوم، ۱۳٨٨
٤. وتاری ڕۆشنبیری لە خۆیدا بۆ….. لە نووسینی جەلال حاجی زادە




بەکورتی38: ناشاعیربوون…. شاعیرەبیرمەندمان پێویستە.. ئازاد حەمە

پێویستمان بەو ئەزموونە شیعرییانەیە، کە سەمەرەیی دەخەنە ناو ئەزموونی ئەدەبیمانەوە، کە بەهۆیەوە پرسیاری چیەتیی شیعر پرسیاری چییەتیی شاعیربوونیش دروستدەکات. لێرەوە دەگەینە ئەو تەماشاکردنەی، کە شاعیرەبیرمەندمان پێویستە، نەک شاعیری بێ بیر. چونکە شاعیرەنابیرمەند هیچی پێنییە بۆ گوتن و وشەسازییەکانیشی شتێكی ئەوتۆ بەرهەمناهێنێت.
شاعیرەهزرەڤان شاعیرە بووناوییەکانن(تراکڵ Trakl، ڕێڵکە Rilke، سیلان Celan و ..)،کە شیعرەکانیان زۆرێک لە بیرمەندانیان بەخۆیانەوە سەرسام كردووە. شیعری شاعیرانی بووناویی جۆرە خەسڵەتێكیان تێدایە، كە شیعری تر دەخەنەوە و ئاسۆش لەبەردەم شیعری دواتردا دەكەنەوە. لەناو شیعری شاعیرانی هزرەڤاندا مەرامێک بوونی هەیە، کە بووناوییە، کە پێویستی بە پەیپێبردنە. هاوکات ئەستەمیەک لەناو شیعری شاعیرەبیریارەکاندا پەنهانە، کە پێویستە بدرکێنرێت، کە گوتنی نەگوتراوی تیابەدیدەکرێت. .
شیعر بۆ هەیە؟ لە نەستی شیعردا چی پەنهانە؟ ناشاعیر کێیە؟ ناشاعیرەکان شاعیرە بێ هزرەکان نیین؟ ئەی شاعیرەهزرەڤانەکان کێن؟چۆن لەڕێگای شیعرەوە هزردێتەبەرهەم؟چۆن شاعیر هزرەڤانی پیادەدەکات؟ چیرۆكی مەراق گێڕانەوە لە شیعردا بەهەموو شاعیرێک دەکرێت؟ چۆن دەكرێت ڕەفتار لەتەك هزری شاعیرێکی هزرەڤاندا بكرێت، کە بە بێدەنگی، بە هێمنی و هیچگەراییانە ڕووداو و گێڕانەوەكان دەهۆنێتەوە و لە ڕێگەی ئەوانەیشەوە هزرەڤانی پیادەكات؟ تێهزرین لەناو شیعردا واتە چی؟ ئەی چۆن شتە لەكیسچووەكان (وون و بزرەكان) بەهۆی شیعرەوە بەدەستبهێنین؟ گەر لە شیعردا شوێنێک بۆ سازدانی بیركردنەوەی فەلسەفیی بوونینەبێت،کەواتە شیعر چیی لێسەوزدەبێت؟
ناشاعیر non poet کێێە؟ناشاعیر ئەو کەسەیە( ئەو شاعیرەیە)کە شیعری هزرەڤانی نانوسێت، یان هزرەڤانیناکات بەسەر شیعرنوسینەوە. کۆمەڵگە کە پڕ بوو لە ناشاعیر، ئیدی کۆمەڵگە وردە وردە نوقمی ناجوانیناسی دەبێت.بەڵام دەربازبوونی کولتورێک لە شیعری ناشاعیرەکان ئاسان نییە.
ئەی شاعیرەهزرەڤانەکان کێن؟ ئەوانەن کە فەلسەفە (بیرکردنەوەی فەلسەفیی) دزەدەکاتە ناو شیعرەکانیان، ئەوانەی هزرەڤانئاسا شیعردەهۆننەوە. ماتریاڵی شیعریی شاعیرەهزرەڤانەکان جودایی ، بێدەنگیی، تەنهایی، مەرگ، تارمایی، دابڕان، خەمۆكی، هاوڕێیەتی و زۆرێک چەمکی هەستیاری ترن. ئەم جۆرە شاعیرانە چ جۆرە شاعیرێکن؟ ئەڵبەتە ئەوانەن، کە بەهۆی شیعرەوە دیدگای نوێ دەخەنەوە؛ جا دیدگای نوێ بێت بۆ وێنەی شیعریی یان زمان. هاوکات بینینیان بۆ جوانکاری كانگای هزرەڤانی پێكدەهێنن، وەکیتر وەک زمانەوانیش قڵپکەرەوەن؛ رۆنێ شار، گۆران، بۆدلێر ، سۆھراب سپێھری یان سیلان لەو جۆرە شاعیرانەن.
کاتێکیش مۆریس بلانشۆ لە ڕوانگەی شیعریی رۆنیە شار دەدوێت بەمجۆرە دێتەگۆ: کارەکانی نموونەیەکی سەرەکین لەسەر شیعری مۆدێرن، کە بەلایەنە بنەڕەتییەکانی زمان(بێدەنگی لە زماندا)، نەبوون و پەیوەندی رەوشتی بە ئەویترگەرییەوە سەرقاڵە. دەبینین بلانشۆ، شار شانبەشانی مالارمێ و هۆڵێدرلین بە خاڵی وەرچەرخان لە ئەدەبی مۆدێرن و کاریگەرییە فەلسەفییەکانی دەناسێنێت.
سەرباری ئەوەی گوترا، ئەوەش دەڵێێن، کە شیعرێک کە دیلی خۆی و دوچاری خورپەی هزرییمان نەکات شیعر نییە. بۆیە پێویستە مەراقی ئەو شیعرانەبیین ئەو شتانەمان بۆ دەگێڕنەوە کە لێمانوونە، کە تامەزرۆیانین بیانبینینەوە. تەنیا ئەو شیعرانە دەرەقەتی گێڕانەوەی شتە لەكیسچووەكانمان دێن،کە شاعیرەبیریارەکان دەینووسن. چونکە شیعر یەکێکە لە نهێنیەكانی بوونمان، شاعیربوونیش بەشێكە لە هەقایەتی بوونمان!
لەناو شیعری شاعیرە هزرەڤانەکاندا گەڕان شتێکی پێشمەرجە، ئەڵبەتە گەڕانیش شڵەژان و گومان دەكات بە بنكە بۆ تێگەیشتن لە شتەكانی ناو بوون و ژیانمان. لەبەرئەوە، بەپێی بینینی ئێمە، بڕێك لەو ئەدەبانەی سەركەوتنی نەك هەر ئەدەبی، بەڵكو هزریشیان وەدەستنەهێناوە ئەو ئەدەبانەن، یان چاترە بڵێین ئەو ئەزموونە ئەدەبیانەن، لەتەك خۆخواردنەوە و گەڕاندا دەستلەملان نەبوونە، بۆ؟چونكە ئەدەبی ڕووكەش ناتوانێت بە گوتنی سادەی بێ ناواخن و دووبارە دونیایەكی هزری ئالۆز دروستبكات. ئەمەیش وادەكات ئەو هزرەی لە پشت ئەو ئەدەبەوە بووە ئەزموونێكی نەك هەر ئەدەبی، بەڵكو هزریش نەخوڵقێنێت.
لێرە زۆر دوور نارۆین گەر بلێین ئەزموونی ئەدەبی كافكا Kafka ، مالارمێ Mallarmé، ڕیلكە ، ئارتۆ Artaud،لەو جۆرە ئەدەبەن ئەزموونیان خستووەتەوە و هزرێكیان لەپاش خۆیان وەگەڕخستەوە، هەر ئەو هزرەشە ئەمڕۆ كارە ئەدەبییەكەی وەك ئەزموون قوتكردووەتەوە و واشی لە بیرمەند و ڕوناکبیرە ڕۆژئاواییەكان كردووە هزرەڤانی بەسەر ئەو جۆرە ئەدەبەوە بكەن، كەسانێكی وەك كافكا، مالارمێ، ڕیلكە، ئارتۆ و…..هتد لەپاش خۆیان بەجێیانهێشتووە و ئێستاش وەك ئەزموونێك لە تێڕامانی فەلسەفی تەماشاكرێن. لێرەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی بڵێین: تەنها ئەو ئەزموونە ئەدەبیانە دەبنە شوێنی تێهزرینی بیریاران، كە لەخودی خۆیاندا هەڵگری تووخمی هزریین.
کۆتا گوتنمان لەسەر پێویستی بۆ شاعیرەبیرمەند ئەوەیە، کە هزرکاریی لە ئەدەبدا کارێکی سانا نییە و گشت ئەدەبی میلەتانیش وەک یەک نەیتوانیووە بەو ئەرکە هەڵستن. ئەدەب، کە بە ئاقاری هزرکارییدا بڕوات بەدڵنیاییەوە شتێک دەخاتە سەر خەرمانەی هزر، کە ئەوەیش لەوسەرەوە کردەی فەلسەفەکردن بەپیتدەکات. ئەدەبی لەم شێوەیە، واتە ئەدەبی هزریی، ئەدەبێک دەهێنێتەکایەوە، کە لە کەناری فەلسەفەدا پشودەدات. چیەتیی ئەدەبیی لەم جۆرە دەکرێت بگوترێت، چیەتیی فەلسەفە، یان هزریش، لەگەڵ خۆیدا دەورووژێنێت. ئەدەبی فەلسەفیی، پاسترناک، بۆدلێر، یان لۆتریامون بۆنموونە، ئەدەبێکە پرسیاری هزریی دروستدەکات و دەچێتە خانەی ئەدەبی نەگوتراوەوە. چیەتیی ئەدەب، هەروەک چیەتیی فەلسەفە، پرسیارە لەسەر ڕەچەڵەک و چۆنێتیی داهێنانی هزر.
مایەوە ئەوەش بگوترێت، کە ئەو جۆرە خوێنەرانەی بە مێژووی ئەدەبی نوێی ڕۆژئاوا ئاشنانیین، ئەوانەش کە بێئاگان لەوەی، کە زێدی ئەدەبی هاوچەرخی ئێمە لە هزری فەلسەفیی ڕەنجاوە بە ئاسانی لە لوغزی هزریی و ئەدەبی بینینە ڕەخنەییەكانی ئەو گوتنانەمان حاڵینابن، کە لایسەرەوە هێمایبۆکرا. بۆیە ئەو جۆرە ئەدەبەی ئێستا زۆرێک كاری تیادەکات ناکارێت پرسیاری چیەتیی شیعر بکاتە بەشێک لە خەمە ئەدەبییەکانی.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




سنووری زمانەکەم سنووری جیهانی منە”.. نووسینی: لودویگ ویتگنشتاین.. وەرگێڕانی: فەرەیدوون سامان

“Tractatu Logico-Philosophicus” کتیبی (تراکتاتۆس لۆجیکۆ-فیلۆسۆفیکۆس) بەرهەمی بەرایی زمانناس ڤیتگنشتاینە، کە تێیدا هەوڵی کێشانی هێڵەکانی نێوان ئەوەی کە دەتوانرێت بە ڕوونی لە فەلسەفەدا بگوترێ و ئەوەی کە پێویستە بێدەنگ بکرێت، بکێشێت. ئەوە لەو بیرۆکەیەدا سەرهەڵدەدات کە پێکهاتەی زمان ڕەنگدانەوەی پێکهاتەی واقیعە و زۆرێک لە کێشەکانی فەلسەفە لە ئەنجامی تێنەگەیشتن لە لۆژیکی زمانەوە سەرچاوەیان گرتووە. مەبەستی سەرەکی کتێبەکە پێناسەکردنی ئەرکی فەلسەفەیە وەک شیکارییەک بۆ زمان، نەک وەک داڕشتنی باوەڕەکان یان حوکمەکان سەبارەت بە جیهاندا.
خاڵە سەرەکییەکان:

  • جیهان وەک ڕاستی نەک ئۆبژە
    ویتگنشتاین جیاوازی دەکات لە نێوان “شتەکان” (سادە، دابەشنەکراو) و “ڕاستییەکان” (تێکەڵکردنی شتە بەیەکەوە گرێدراوەکان).
    ئەو جیهانەی ئێمە هەستی پێدەکەین، کۆی ڕاستییە ئەگەری و ڕاستەقینەکانە، نەک تەنها لیستی شتەکان.
    -فۆڕمی لۆژیکی واقیع
    ڕستە یان گەڵاڵە لە زماندا نوێنەرایەتی “وێنەی” ڕاستییەکان دەکەن.
    پەیوەندی نێوان توخمەکانی ڕستەیەک هاوشێوەی پەیوەندی نێوان توخمەکانی ڕاستییەک لە واقیعدا.
    -سنووری زمان و سنووری جیهان
    ئەوەی دەتوانرێت بە ڕوونی بە زمان دەرببڕدرێت، ئەوەیە کە دەتوانرێت بیری لێبکرێتەوە.
    هەرچی لەوە زیاتر بێت (بەهاکان، جوانیناسی، میتافیزیکی پاک) لە “دەرەوەی” جیهاندایە و دەبێت “بێدەنگ” بێت.
    -شیکاری لۆژیکی زمان
    ئەرکی فەلسەفە بریتییە لە ڕوونکردنەوەی لۆژیکی زمان، بەمەش چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە لە ناڕوونی یان سەرلێشێواوی زمانەوانییەوە سەرهەڵدەدەن.
    شیکاری ئەو پێکهاتە لۆژیکییە ئاشکرا دەکات کە لە ژێر فۆرمولەی زمانەوانی ڕووکەشدا شاراوەتەوە.
    -گەڵاڵەی شیکاری و پێشوەختە
    گەڵاڵە لۆژیکی و بیرکارییەکان وەسفی واقیع نین، بەڵکو یاساکانی ڕستەسازی خودی زمانن.
    ئەوان وەک “چوارچێوە”ی زمان وان، کە بەبێ ئەوەی بکەوێتە ناو ناعەقڵانییەتەوە تێپەڕێنرێت.
    -زمان و مانا و ناعەقڵانیەکان
    مانا ئەگەری نوێنەرایەتیکردنی لۆژیکی واقیعە.
    ئەوەی لە ڕێگەی وێنەیەکی لۆژیکییەوە ناتوانرێت بیری لێبکرێتەوە، ناتوانرێت دەرببڕدرێت و هەر هەوڵێک بۆ دەربڕینی دەکەوێتە دەرەوەی بازنەی مانا.
    بایەخی کتێبەکە:
    نوێنەرایەتی بناخەی فەلسەفی قوتابخانەی شیکاری فەلسەفە دەکات لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا.
    ئەو کاریگەری لەسەر فەیلەسوفە لۆژیکییە پۆزەتیڤیستەکانی بازنەی ڤیەنا هەبوو، هەرچەندە ڤیتگنشتاین خۆی هەموو دەرەنجامەکانیان هاوبەش نەبوو.
    ئەو چەمکی “سنوورەکانی زمان”ی وەک پێوەرێک بۆ ئەوەی کە فەلسەفە دەتوانێت باسی چی بکات، ناساند.
    پوختە:
    کتێبی “Tractatus Logico-Philosophicus” هەوڵێکی ڕادیکاڵە بۆ پێناسەکردنی ئەوەی کە فەلسەفە دەتوانێت چی بڵێت و دەبێت لە چیدا بێدەنگ بێت، بە بەستنەوەی لۆژیکی زمان بە پێکهاتەی جیهانەوە. ویتگنشتاین فەلسەفە وەک کۆمەڵێک بابەتی نوێ نابینێت، بەڵکو وەک چالاکییەکی ڕوونکردنەوە دەبینێت کە ئەو کێشانە چارەسەر دەکات، کە لە تێگەیشتنێکی هەڵە لە زمانەوە سەرهەڵدەدەن. جیهان لە ڕاستییەکان پێکهاتووە و زمان لە ڕێگەی وێنەی لۆژیکییەوە ئەو ڕاستیانە ڕەنگ دەداتەوە. هەر شتێک کە سنووری ئەم وێنانە تێپەڕێنێت، دەکەوێتە دەرەوەی بازنەی لێدوانی ئەگەری.

نووسینی: لودویگ ویتگنشتاین
وەرگێڕانی: فەرەیدوون سامان




کتێب\ بزاڤی رۆژنامەگەری بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی نوێ لە عێراق ١٩٧٥-٢٠٢٥.. ن: عەبدوڵڵا سلێمان(مەشخەڵ)

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




چـیرۆک بۆ منـداڵان.. گەردەلـوول و داربـەڕوو.. نووسـینی: رەزا شـوان

رۆژێـک گەردەلـوولـێکی تاریـک و رەش، لە بـیـابانەوە بەرەو کوردسـتان هـەڵـیکـرد. زیـانـێکی زۆری بەو شـوێـنانە گەیانـد کە لەسەر رێـگای بـوون. رەشـەبایەکە مـلی بە کـۆمـەڵـێک داربـەڕووەوە نـا. رووی دەمـی لـە پـیرە داربـەڕوویـەک کـرد و قـیژانـدی: ئـەوە بـۆ رێـتـان پـێـگـرتـووم؟
پیـرە داربـەڕووەکە: ئـێرە شـوێـن و خـاکی ئـێـمەیە، تـۆی نـامـۆ مـلـت پـێـوەنـاویـن و شـەڕمـان پـێـدەفـرۆشـیـت.
گەردەلـوولەکە، لە دوای مانـدووبـوونێکی زۆو، بەسەر پـیرە داربـەڕووەکەدا هـاواری کـرد: تـا زووە ریـگاکـەم بـۆ چـۆڵ بـکەن، ئەگەر نـا لە رەگـەوەوە هـەڵـتان دەتـەکـێـنم.
پـیرە داربـەڕووەکە بە دەنگـێکی دلـێرەوە: ئـێرە نیـشـتـمانی هـەزاران ساڵەی ئـێـمەیە. هـەرگـیز جـێی نـاهـێـڵـیـن. لـە هـەڕەشـەی تـۆی بـەدکـار و سـتەمـکـاریـش نـاتـرسیـن. گەردەلـوولی لە تۆ گەورەتـر و بەهـێزتـر و پـیستر ملـییان پێوەنایـن، بەڵام نەیانتـوانی هـەڵـمان کـەنـن.
گەردەلـوولەکە زۆر تـووڕە بـوو، بە هـەمـوو گـوڕ و تـوانـایەوە، دڵـڕەقـانە دەستیکـرد بە راوەشانـدنی داربەڕووەکان. بەڕووەکانیانی وەرانـد، گەڵای بە دارەکانەوە نەهـێشت، لـقـوپـۆپی زۆریـانی شکانـدەوە و رایـماڵـین. بـەڵام هـەرچەنـدی کـرد، نەیتـوانی قـەدی داربـەڕووەکان بە ئاستەمیـش بجـووڵـێـنـێـت. زۆر بێ بەزەیـیانە، هـێلانـەی بـە سەدان بـاڵـنـدەی رووخـانـد. باڵـنـدەکـان لانـەواز و سـەرگـەردان بـوون.
گەردەلـوولـەکە لەبـەردەم خـۆڕاگـریی داربـەڕووەکـانـدا، بـەزی و بەسەر شـۆڕی ئـەو
نـاوەی چـۆڵـکـرد. داربـەڕووەکـانیـش سـەربـەرزانـە، لـە جـێگـای خـۆیـانـدا مـانـەوە.
بەهـاتنی وەرزی بەهـار، داربـەڕووەکـان لـقی تـازەی ناسک و گـەڵایـان کـرد. بـەڕووە وەریـوەکـانیـش، لە شوێنەکانی خۆیانـدا شـینبوون و بـوون بە نەمامی ناسک و جـوان.
بە جـارێ ئـەو نـاوە بـوو بە بەڕووسـتان. بـاڵـندەکـانیـش گـەڕانـەوە. لەسـەر لـقەکـانی داربەڕووەکاندا، هـێلانەی جوانتریان دروستکـرد. ژیانێکی نـوێیان دەستپێکـرد.




بەیاننامەی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق) لەسەر ڕووداوەکانی لاجان و شارۆچکەکانی دەوروبەری

دوای ئەوەی هاوڵاتیانى گوندی (لاجان) سەر بە پارێزگای هەولێر، وەڵامی داواکاریـیەکانیان وەرنەگرتەوە لە بەرپرسان سەبارەت بە دابین کردنی خزمەتگوزاری و سوتەمەنی و دامەزراندنی گەنجانی بێکار لە پاڵاوگەی نەوتی (لاناز) لە سنوری گوندەکەیان، ڕۆژی شەممە (٢٩-١١-٢٠٢٥) چوونە بەردەم پاڵاوگەکە وەک ناڕەزایەتی دەربڕین و ڕێگای سەرەکی (هەولێر-گوێر)یان داخست بەڕووی تانکەرەکانی کۆمپانیای (لاناز)دا، کە خاوەنداریـیەتەکەی دەگەڕێتەوە بۆ گەورە بەرپرسانی (پارتی دیموکراتی کوردستان).
پاسەوانانى پاڵاوگە و هێزەکانی ئاسایش بە چەک وەڵامی خۆپـێشاندەرانیانداوەتەوە و لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستدا و زیاتر لە (١٠) کەسیش برینداربووە. هاوکات هێزێکی زۆر لە ئاسایش و یەکە چەکدارەکان لە میلیشیاکانی (پارتی)، بە هەمەر و دۆشکا و چەکی قورسەوە گوندەکەیان گەمارۆ داوە و چەندین کەسیان دەستگیر کردووە، و خانەوادەکانیان لە ماڵەکانیان وەدەرناوە و گوندەکەیان بەزۆر پێ چۆڵکردوون.
وەک کاردانەوە، دژ بەم ملهوڕی و زۆرداریـیە، دوێنێ دوو شەممە (١-١٢-٢٠٢٥) لە چەند شوێنێکی جیاجیا گردبوونەوەی ناڕەزایەتی ڕوویداوە لەوانە لە شارۆچکەی (کەڵەک)ی سەر بە قەزای (بەردەڕەش) لە پارێزگای دهۆک، و لە گەڕێکی شاری هەولێر، و هەروەها خۆپێشاندانیش لە شارۆچکەی (خەبات) ئەنجامدراوە کە ڕێگەی نێوان (هەولێر-موسڵ)یان داخستووە.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە (٢٩-١١-٢٠٢٥)، باس لە هەوڵی نانەوەی ئاژاوە دەکات لە لایەن دەستێکی دەرەکی و بە فیتی هەندێک کەس و لایەنی ناوخۆیی، کە میدیاکانی سەر بە (پارتی) ئەو لایەنە ناوخۆیـیە بە (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) ناوزەد دەکەن و تۆمەتباری دەکەن کە بە هاوکاری (حەشدی شەعبی) دەیانەوێت پێگەی هەرێمی کوردستان لاواز بکەن. هەر لەو ڕاستایەشدا بەرپرسی کۆمیتەی (یەکێتی) لە شارۆچکەی (خەبات) لە لایەن هێزەکانی (پارتی)ـیەوە دەستگیرکراوە، و توندوتیژیش بەرامبەر کەناڵەکەکانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسان ئەنجام دراوە.
ئەم ناوچەیە بە شارۆچکە و گوندەکانیەوە، بەشێکە لە ڕێڕەوی بازرگانی نێوان هەرێم و تورکیا و گواستنەوەی وزە، وە کێڵگەی نەوتی (خورمەڵە) و کۆمپانیای (لاناز) و چەندین پرۆژەی گەورەتر دەگرێتەخۆی، بۆیە ناوچەیەکی هەستیارە بۆ بەرپرسانی (پارتی) لە بنەماڵەی بارزانی و ئەم کۆمپانیانەیان.
هەر لەو ناوچە گرینگ و دەوڵەمەندە بە سامانە سروشتیـیەکان خەڵکی کرێکار و زەحمەتکـێشی ناوچەکە بەدەست نەبوونی سوتەمەنی و خزمەتگوزاریـیەکان و بێکاریـیەکی لە ڕادەبەدەرەوە دەناڵێنن، و هەوروەها دووکەڵ و پیسیی و پاشەڕۆی کۆمپانیاکانیش کێشەی ژینگەیی بۆ سروشتی ناوچەکە و کێشەی تەندروستی بۆ هاوڵاتیان دروست کردووە بەجۆرێک توشبووانی شێرپەنجە و نەخۆشیـیەکانی کۆئەندامی هەناسە و چاو لەو ناوچەیە لە ڕاددەیەکی بەرزدایە.
لە بەرامبەر بارگرانیـیەکانی ئەم بارودۆخە و بۆ بەرگری لە مافەکانیان جەماوەری زەحمەتکـێش هاتوونەتە مەیدانی ناڕەزایەتی دەربڕین و بەم شێوەیە لە وەحشیگەریش ڕەفتاریان لەگەڵدا دەکرێت.
ئەم لەشکرکێشیـیەی (پارتی) لە زۆنی دەسەڵاتدارەتیـیەکەیدا، هاوشێوەی لەشکرکێشیـیەکانی (یەکێتی)یە لە چەند مانگی ڕابردوودا لە زۆنی دەسەڵاتداریەتی خۆیدا، وە تەواوکاری تەنگپێهەڵچنینی هەردوو ئەم حزبەیە بۆ ئازادیـیەکان و ڕاوەدوونان و گرتنی هەڵسوڕاوانی ناڕەزایەتیـیەکان و سەرکوتی خۆپێشاندانەکان، ئەمە نمایشی هەمان سیاسەتی سەرکوتگەرانەیانە کە هەرچی زیاتر نەفرەت و بێزاری جەماوەری بەرامبەریان پەرەپێداوە، و ئەم داپڵۆسین و توندوتیژیی و کوشتارەشیان لەسەر ئاستی کۆمەڵگە بۆ چاوترساندنی جەماوەری زەحمەتکـێش و دواخستنی تەقینەوەیانە بەڕووی خۆیان و حکومەتەکەیاندا.
ئەم ناڕەزایەتیـیانەی (لاجان) و دەوروبەری ڕوداوێکی دابڕاو و لەناکاو نیـیە، بەڵکو دەربڕینێکی واقعیـیە لە کەڵەکەبونی ناڕەزایەتی چەندین ساڵەی ئەو جەماوەرە زەحمەتکـێشە دژی ستەمێکی ئابوری و سەرکوتێکی سیاسی و پەراوێزخستنێکی کۆمەڵایەتی کە ئەم دەسەڵاتە بورژوا ناسیونالیست و ئۆلیگارشیـیە مالیـیەی فەرمانڕەوا لە هەردوو حزب دایسەپاندووە بەسەریاندا. بەرپەرچدانەوەی خوێناوی ملیشیاکان و ملهوڕی بەرامبەر گەنجانی ناڕازیش هەڵە و کاری تاکە کەسی نیـیە، ئەمە سروشتی چینی دەسەڵاتدار و سیاسەتێکی‌ داڕێژراوە لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیـیە چینایەتیـیە سیاسی و ئابووریـیەکانیان.
حکومەتی هەرێم کە ئامڕازی دەستی هەردوو حزبی دەسەڵاتدارە بە پیادەکردنی ڕێبازی نیولیبرالیزمی ئابووری لە ڕادەستکردنی سەروەت و سامانی گشتی کۆمەڵگە بە شێوەیەکی یاسایی بۆ کەرتی تایـبەت و ئاسانکاری بۆیان، و داخستنی دەرگای دامەزراندن لە کەرتی گشتی، دەستی ناوەتە بینەقاقای ژیانی کرێکاران و زەحمەتکـێشان و گەنجانی کچ و کوڕی بێکاری هەرێمەکە و لەو نێوەشدا هەرچی کۆمپانیا هەیە سەرمایەکانیان بە قازانجی ملیۆنی و ملیاردی کەڵەکە دەکەن و خەڵکیشی ناچار کردووە یا بە کۆچ و ڕەوی بەکۆمەڵ بۆ دەرەوەی وڵات یان بە دەستفرۆشی و سەعاتکاری دوورودرێژ بە کرێـیەکی ڕۆژانە کە بە زەحمەت ژەمە خۆراکی ڕۆژێک دابین دەکات بۆ کرێکار.
بەم پێـیە (پارتی) و (یەکێتی) لە ڕێگەی حکومەتی هەرێم و میلیشیاکانیانەوە، لە لایەک بونەتە ئۆڕگانی پاراستنی کۆمپانیا و کۆشک و تەلار و سەرمایەی سەرمایەدارەکان و لە لایەکی تریشەوە بوونەتە ئامرازی خوێناوی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتیـیەکانی جەماوەرێکی زەحمەتکـێش کە بێکاری و هەژاری و پەراوێزخراویان بەسەردا سەپاندوون.
ئەم کێشمەکێشمە جەنگێکی چـینایەتی خوێناوی ڕوون و ئاشکرایە لەم هەرێمەدا و ناسیونالیزمی کورد بەگشتی و بەتایبەت دەسەڵاتدارەکەی بە سەد و یەک شێوە خەریکن خۆڵ بکەنە چاوی جەماوەر و پەردەپۆشی ئەم جەنگە چـینایەتیـیە بکەن لەسەر ئاستی هەرێم و عێڕاق و ناوچەکە.
ئەمەی کە لە (لاجان) ڕوویدا، ئەو وێنەیەی تێکشکاند لەو کەشوهەوا سیاسیـیەی کە بەڕووکەش وەک ماستی مەیوو وابوو لە دەڤەری ژێر دەسەڵاتی ئیستیـبدادی (پارتی)دا و دەریـخست لەگەڵ هەموو سەرکوتیـیەکی فکری و سیاسی جەماوەر، بەڵام ناتوانن تاسەر ئەم باروودۆخە ئاوا ڕابگرن. ئەم ناڕەزایەتیـیە جەماوەریـیانە سەرەتای شکڵگیری هۆشیاریـیەکی سیاسیـیە بە بەرژەوەندەکانی تایبەت بە خۆیان و هاتنەمەیدانیانە.
ئەم ناڕەزایەتیـیانە سەرباری هەموو دەستێوەردانێک بەناوی عەشیرەت و کێشمەکێشی نێوان دوو حزبی دەسەڵات و سەرکوتگەری لەژێر ناوی دەستی دەرەکی و ئاژاوەگێڕیدا، بەڵام ناوەڕۆکی چـینایەتی ئەم ناڕەزایەتیـیانە ڕوون و ئاشکرا دیارە و پێویستە پەرەی پـێـبدرێت و بەرزبکرێتەوە بۆ ئاستی بزووتنەوەیەکی یەکگرتووی سەراسەری و ڕێکخراو بەڕووی هەژاری و بێکاری و ستەمگەری و دکتاتۆریەتی هەردوو حزبی فەرمانڕەوادا.
(ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) لە کاتێکدا کە سەرکۆنەی ئەم توندوتیژی و خوێنـڕێژیـیە دەکات، لایەنگری خۆشی ڕادەگەێـنـێت بۆ داواکاری و خواستە ڕەواکانی جەماوەری ناڕازی ئەو ناوچەیە. هەروەها هاوسۆزی خۆی ڕادەگەێـنێت بۆ خانەوادەی قوربانیان و جەماوەری زوڵملێکراوی ناوچەکە، وە خوازیاری دەستبەجێی بەربوونی گیراوەکان و لێـپرسینەوەیە لە کەسانێک کە بەرپرسن لە توندوتیژیی نواندن بەرامبەریان.
٢-١٢-٢٠٢٥
https://www.albadeel-alsheoi.org/ar/?p=8489




ئەنتۆنیۆ گرامشی و فەلسەفەی پراکتیک.. ‏‏و.لە عەرەبیەوە: یاسین لەتیف

‏گرامشی مارکسیزمێک پێشنیار دەکات و ناوی دەنێت “فەلسەفەی پراکتیک” . ئەم فەلسەفەیە جۆرێک نییە لە پراگماتیزم، بەڵکو شێوازێکە لە بیرکردنەوە کە کێشە تیۆریەکان بە مێژوویی دەکات. بەم شێوەیە جیاوازی دەکات لە نێوان “ئایدۆلۆژیای ئۆرگانیکی مێژوویی، کە پێویستن بۆ پێکهاتەیەکی دیاریکراو، هەروەها ئایدۆلۆژیای عەقڵانی و ئارەزوومەندانە کە جێی شانازیە .

١ – کار
‏ئەنتۆنیۆ گرامشی (١٨٩١-١٩٣٧)، گرنگترین فەیلەسوفی مارکسیستی بوو لە ئەوروپای ڕۆژئاوا، لە دوای مردنی زیاتر لە ڕێی بەرهەمەکانیەوە ناسراوە، کە هەموویان لەو ماوەیەدا بڵاوکراونەتەوە کە لەم لێکۆڵینەوەیەدا باسکراوە. ئەم بەرهەمانە بریتین لە سی و دوو دەفتەری زیندان، کە پێکهاتووە لە نزیکەی سێ هەزار لاپەڕەی دەستنووس و (نزیکەی چوار هەزار لاپەڕە لە وەشانی چاپکراو)، پێش مردنی لە زیندان نوسراون لە ساڵی ١٩٢٩ تا ١٩٣٥ . دوای دوور خستنەوەی لە ژیانی سیاسی بە هۆی زیندانی کردنیەوە . گرامشی پلانێکی دراسە کراوی تیۆری داڕشت و هەوڵیدا پەرەی پێبدات سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی کە سیستەمی زیندان سەپاند بووی بە سەریدا ، بۆ ئەمەش سەرسەختانە خەباتی کرد بۆ بە دەستهێنانی کەرەستەی نوسین بۆ پرۆژەکەی . نووسەرانی میراتی گرامشی نموونەی ئەم گرژییە بەردەوامەیان کۆکردۆتەوە لە مانگی ئەیلولی ساڵی ١٩٣٠ گرامشی فەیلەسوف نوسراوێکی نوسی بۆ سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی ئیتالیا و گوتی : من هێشتا پانزە ساڵ زیندانی لە پێشمدایە، ئەمە پرسێکی گرنگە بۆ من، بۆ ئەوەی بزانم کام کتێب بخوێنمەوە . ئەم بارودۆخە بە تەنیا بەسە بۆ ڕوونکردنەوەی زۆری تێبینییە پەرش و بڵاوەکان و وەرگرتتی بیرەوەری و…. هتد، لە دەفتەرەکانی زینداندا هەرچەندە توێژینەوە درێژخایەنەکانیش لەخۆدەگرێت، بەڵام ئەم فەیلەسوفە بەپێی ئامانجەکەی تەواوی کارەکەی داڕشت ، مەبەستی دیاریکردنی بوژانەوەیەکی تەواو بوو بۆ مارکسیزم و پێشخستنی ئەم چەمکە بە هۆی پێداویستی ژیانی پراکتیکی بێکەڵک و کۆن بووەو گەیشتوەتە ئاستێک پێویست بەوە دەکات فریای چارەسەر کردنی ئەو ئەرکە ئاڵۆزانەی بکەوێت کە پەرەسەندنی خەباتی ئێستا دەیخاتە ڕوو . واتە بەرزکردنەوەی بۆ ئاستی دروستکردنی ڕۆشنبیریەکی نوێ و یەکگرتوو. گرامشی وای دەبینێت ئەوەی ئەم پێشهاتە نوێیە جیادەکاتەوە، پێکهێنانی حزبە کۆمۆنیستەکانە بەگشتی و سەرکەوتنی شۆڕشە لە ڕوسیا بەتایبەتی ، لەو ساتەوەختەوە چینێکی ژێردەستە بە ڕاستی سەربەخۆ و باڵادەست دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی جۆرێکی نوێ لە دەوڵەت،پێداویستی بنیاتنانی سیستەمێکی نوێی فیکری و ئەخلاقی لە فۆرمێکی کۆنکرێتیدا دروست دەبێت. لەم دەقەدا دەستەواژەی “چینی ژێردەستە” هاوتایە لەگەڵ دەربڕینی باوی مارکسیستی “چینی باڵادەست” و وشەی باڵادەست ، هەرچەندە ڕۆشنبیری لە جەوهەریدایە بەڵام ئاماژەیە بۆ تیۆری دیکتاتۆری لینینیزم و هاوپەیمانییەکانی پرۆلیتاریا.
گرامشی سانسۆری زیندانی تێپەڕاند بە دەربڕینی جۆرێک لە ئەبستکرات ، ئەویش بە ڕاست کردنەوەو دەستکاریکردنی هەندێک چەمکو گوزارەو ناوی مارکسیزم کە ئەو کات بە کاری دەهێنا . یەکێک لەو فێڵە زمانەوەنیانە کە لە گەڵ مەبەستە فەلسەفیەکەی گرامشی دەگونجا ، مارکسیزمی نوێ بەخت یاوەری بوو بە قەد زاراوەی ژیاری میتافیزیکی ئەرستو گرنکی هەبوو . گرامشی سوور بوو لە سەر ئەوەی کە بە هیچ شێوەیەک وشەی “مارکسیزم” بەکارنەهێنێت، بەڵکو زیاتر “فەلسەفەی پراکتیکی بە کار دەهێناو دەنووسی. ئەوەی ئەو دەیویست ڕووبەڕووبوونەوەی فۆلگاریزەکردنی “ابتذال” یان بێئەرزش بوونی مارکسیزم بوو لە پراکتیکدا . گرامشی لەم ئەرکەیدا ئیلهامی لە مارکسیزمەوە وەر دەگرد ، بەو مانایە نەبوو ناوەندێتی چەمکی مارکسیزم لە پراکتیکدا بسڕێتەوە ، بەڵکو قوڵترین چەمکی پێدەبەخشی کە تاکو ئێستا وێنەی نەبووە لە ئەدەبیاتی فەلسەفەی مارکسیزمدا . دوور لە بناغەی پیشاندان و گوزارشت کردن بە ڕاستی گرامشی فەیلەسوفی پراکتیکی بوو .

٢ – زانست و فەلسەفەی پراکتیک
‏بەڵام فەیلەسوفی پراکتیک پراگماتیست نەبوو: جگە لە هێشتنەوەی بەردەوامی “لۆژیکی فۆرماڵی پێویست”، یەکەم کێشەی ئاشتکردنەوەی زانست و پراکتیک بوو . بە دیاریکراوی لە ڕێی ڕەخنەی ( نا وردكراوەوە لە دەفتەری تێبینیەکانیدا) چارەسەری پراکماتیزم و پۆزەتیفیزمی بە شێوەیەکی گشتی کردووە . ئەم ڕەخنەیەی بە پلەی یەکەم دژ بە چەمکی پۆزەتیڤیستی زمانە (گرامشی وەک ئەکادیمیستێک شارەزاو پسپۆری زمانەوانی بوو)، کە تێیدا سنووردارکردنێک دەبینێت : لە ڕاستیدا زمان کۆمەڵێک ڕاستی کەم تا زۆر یەکگرتوو و تۆکمەی ئۆرگانیکە: تا ئەو ڕادەیەی دەتوانرێت بڵێین هەموو بوونەوەرێکی قسەکەر زمانی تایبەتی خۆی هەیە ، بەو مانایەی شێوازی تایبەتی خۆی هەیە بۆ هەست و بیرکردنەوەو ڕۆشنبیری بە پلەی جۆراو جۆر . ‏ژمارەیەکی زۆر یان کەم لە تاکەکان لە چەند چینێکدا یەکدەخات و بەردەوام دەبن لە گوزارشت کردن، بە پلەی جیاواز لە یەکتر تێدەگەن و … هتد.. ئەم جیاوازییە مێژوویی کۆمەڵایەتیانە لە زمانی هاوبەشدا ڕەنگ دەداتەوە. ئەمانە کۆسپن و هۆکارەکانی هەڵەن کە پراگماتیستەکان لێکۆڵینەوەیان لەسەر کردووە. بەم شێوەیە بابەتی تیۆری زمان بریتیە لە کەرەستەی زانست لە پراکتیکی مێژوودایە. گرامشی هەمان کردار لەگەڵ ئەمەدا دەکات بە پشتبەستن بەو هەواڵانەی کە لەو کاتەدا لە کۆنفرانسە زانستیەکانەوە پێیدەگات . وەک ئەوەی بە شێوەیەک لێی تێنەگەیشت بێت لەو ساڵانە لە سایەی دۆخی خۆیدا.
‏گرامشی ئەو کێشانەی چارە سەر کردووە کە مایکرۆفیزیا دەیخستنە ڕوو ،لە یەکێک لە دەفتەرە تێبینیەکانیدا ئاماژەی بۆ دەکات و ناوی ناوە “دیاردەی بچووک” و لە فەلسەفەکەشیدا شرۆڤەی کردووە . ئلهامبەخش بوو لەم پەیوەندیە بینراوەی نێوان چاودێرو دیاردە لە مایکرۆفیزیادا بۆ چەمکێکی نوێی بابەتگەرایی ، بەم پێیە هەنگاوی هاویشت بۆ تێکەڵ کردنی زانست بە فەلسەفەی پراکتیک بە شێوەیەکی سیسماتیکانە . ئەوەی بۆ زانست گرنگە بابەتیەتی واقیع نییە بەڵکو ئەوەی بۆ مرۆڤ گرنگە پەرەپێدانە بە میتۆدەکانی و بەردەوام ڕاست کردنەوەی ئامرازە مادی و لۆژیکەکانیەتی (لەوانەش بیرکاری). ئەوەی بۆ ئەو گرنگە کولتوورە و دواجار پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ واقیع لە ڕێگەی تەکنەلۆژیاوە. تەنانەت لە زانستیشدا گەڕان بەدوای حەقیقەتدا بە دابڕان لە مرۆڤ لە پارادۆکسێک زیاتر نییە . بەم شێوەیە گرامشی سەر لە نوێ تێزێکی بنەڕەتی مارکس (١٨١٨-١٨٨٣) داڕشتەوە ” سەبارەت بە فەلسەفەی پراکتیک .گرامشی دەنووسێت ناتوانرێت بوون لە بیرکردنەوە دابڕێت ، هەروها مرۆڤ لە سروشت، یان چالاکیی لە مادە، یان سوژە لە ئۆبژە دابڕیت . ئەگەر مرۆڤ ئەم دابڕانە پراکتیزە بکات دەکەوێتە ناو ئەبستراکتێکی بێماناوە.

3. فەلسەفەی واقیعی و مێژووگەرایی.
‏فەلسەفەی پراکتیک فەلسەفەیەکی واقیعیە ، سەرەتا بەو دانپێدانانە دەست پێدەکات کەهەموو مرۆڤەکان فەیلەسوفن ، پاشان سنوور و تایبەتمەندییەکانی ئەم “فەلسەفە خۆبەخۆیە” لە زمان و عەقڵی ساغدا دەدۆزێتەوە ،هەروەها لە تێڕوانینی گشتی (ئاینی، ئەفسانەیی و خورافات) و گەردووندا دەیاندۆزێتەوە.‏دەشێت فەلسەفە ئەکادیمی بێت بە پێی فەیلەسوف ڕەنگە پەیوەندی بە فەلسەفەی خۆبەخۆوە هەبێت ، بەڵام لایەنێکی هونەری تایبەتی هەیە جەوهەری ئەم لاێەنە هونەریە لەوەدایە کە فەیلەسوفی پیشەیی درک بە مێژووی وردی ئەم کێشانە دەکات ، واتە مێژووی فەلسەفە . ئەگەر ئەوەش لە بەرچاو بگرین کە فەلسەفەی خۆبەخۆ دیسان مێژوویی و گۆڕاوە و هۆکاری مێژوویی بۆ گۆڕانکاری هەیە تێدەگەین بە مانای ڕاستەوخۆو ئاشکرا مرۆڤ ناتوانێت فەیلەسوف بێت ، واتە تێڕوانینێکی ڕەخنەیی یەکگرتووی هەبێت بۆ جیهان [ تەنها فەیلەسوفە ناخۆبەخۆکان] بە بێئەوەی درک بە مێژوویی بوونی بکات لە ئاستی کۆنکرێتیدا، واتە لە ڕووی مێژووییەوە، () دەبێت فەلسەفە لە سیاقی پراکتیزەی (کردەی) مرۆییدا تێبگەین. گرامشی بە کورتی چەند ساتەوەختێک لە مێژووی فەلسەفە دەخاتە ڕوو کە تیایدا بیرمەندە مەزنەکان ئەو ڕێگایەیان خۆشکردووە کە مارکس کردییە ڕێڕەوی سەرەکیی فیکری خۆی: قەشە تۆماس، کە هێشتا لەسەر ڕێچکەی یۆنانییەکان بوو، بەڵام بە جەختکردنەوەیەکی زیاترەوە، فێری کردین کە “ئەقڵی تێڕامانیی فراوانخواز بۆ پراکتیزەی کردەیی گونجاوە”. بەڵام لایبنیتز و ڤیکۆ، بە پێچەوانەی ئەوەوە، کەوتنە شوێن چالاکیی فیکر: “جادووگەرە تێڕامانییەکان چین، جادووگەرانی پراکتیزەن” (گۆتفرید لایبنیتز (١٦٤٦ – ١٧١٦)) “ڕاستی بریتییە لە واقیع” (ڤیکۆ). لە کۆتاییدا، هیگڵ ، گرامشی ئاماژە بە بوونی داڕشتنێکی هاوشێوە دەکات لە ڕووی شێوەوە لای تێرتولیان (نزیکەی ١٥٥/١٦٠ تا دوای ٢٢٠ ز)) فێری دەکردین کە “هەر شتێک واقعی (حەقیقی) بێت، ئەقڵانییە”. فەلسەفەی پراکتیزە (پراکتیس) جارێکی تر ئەم ئاوڕدانەوانە دەخاتەوە ڕوو: مەسەلەکە ئەوە نییە کە تێڕامان درێژ دەبێتەوە بۆ پراکتیزە، یان هاوتەریبی دەبێت، یان لەناو خۆیدا دەیتوێنێتەوە، بەڵکو واقیعی مرۆیی [شتێکی] کردەییە، دەستکردی مرۆڤە و زانینیشی بریتییە لە دروستکردنی . بۆیە بابەتی مرۆڤ بوون دەگەڕێتەوەو کێشەی سەرەکی و یەکەمی فەلسەفەیە . ‏

‏ ‏4. کێشەی یەکەم و سەرەکی
‏ کاتێک پرسیارێک دەکرێت “مرۆڤ چییە؟” ئێمە نامانەوێت (لە ڕووی فەلسەفییەوە) پێکهاتەی بایۆلۆژی مرۆڤ بزانین، چونکە ئەگەر پرسیارەکە ئەوە بوایە، دەبوو چاوەڕێی ئەنجامی هاوتاکانی زانستە سروشتییەکان بکەین، بەڵکو ئەوە شتێکی دیکەیە: “مرۆڤ دەتوانێت ببێتە چی؟” واتە ئایا مرۆڤ دەتوانێت چارەنووسی خۆی کۆنتڕۆڵ بکات، ئایا دەتوانێت خۆی دروست بکات ، ئایا دەتوانێت ژیان بۆ خۆی دروست بکات؟ . هەموو فەلسەفەکان تا ئێستا نەیانتوانیوە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە، چونکە مرۆڤیان وەک کورتکراوەیەک لە تاکایەتیەکەیدا سەیر کردووە. بەڵام ئەو مرۆڤایەتیەی له تاکدا دەردەکەوێت، له سێ جۆر ڕەگەز پێکدێت: یەکەم تاک خۆی؛ دووەم ئەوانی تر ، سێیەم سروشت ، ڕەگەزی دووەم و سێیەم ئاڵۆزن.
‏تاک بە شێوەیەکی میکانیکی لەگەڵ ئەوانی تر و لەگەڵ سروشتدا ناچێتە ناو پەیوەندییەوە، بەڵکو بە شێوەیەکی ئۆرگانیک (لەگەڵ ئەوانی تر)، و نەک تەنها (لەگەڵ سروشت) چونکە سروشت خۆیەتی، بەڵکو بە شێوەیەکی چالاکانە لە ڕێگەی کار و تەکنەلۆژیاوە لەوانەش لەم چەمکە کۆتاییەدا ئامرازە عەقڵانیەکانە واتە زانست و فەلسەفە . لە ڕونکردنەوەی کۆتایدا گرامشی پۆلێک دادەمەزرێنێت بە ناوی “گرێبەست” بێگومان یەکێک لە وڵامە دۆکترینە مارکسیستەکان پێکدێنێت بۆ شیکاری بونگەرایی ، جگە لەوەش ئەم پەیوەندیانە چالاک و هۆشیارن، واتە گونجاوە لەگەڵ تێگەیشتنی مرۆڤایەتی لێیان بە پلەیەکی جێوازەوە .
‏بۆیە دەکرێ بڵێین هەموو مرۆڤێک خۆی دەگۆڕێت و خۆی ڕاست دەکاتەوە ، بە قەد کۆی گۆڕین و ڕاست کردنەوەی ئەو پەیوەندیانەی کە سەنتەرو ناوەندی ئەوە . لەم قۆناغەدا داڕشتنەوەی تەواوکاری سەبارەت بە چەمکی سروشتی مرۆڤ لە لایەن مارکسەوە بۆ گرامشی هەژمار دەکرێت. ئەگەر بڵێین سروشتی مرۆڤ کۆی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانە [وەک مارکس وتی] ، دڵخۆشکەرترین وەڵامە، چونکە بیرۆکەی بوون لەخۆدەگرێت، هەروەها دەشێت بڵێین سروشتی مرۆڤ بریتیە لە مێژوو .

‏٥ – پێکهاتەی سیاسەتی ڕۆشنبیری
‏ڕەگ و ڕیشەی جیهانی مرۆڤ، واتە مێژوو و کولتور جیاوازن و دژ بەیەکن. لە هەموو قۆناغەکانی مێژوودا کۆمەڵێک کەس هەبوون کە چەمکێکی ڕوونیان بۆ جیهان هەیە، بە چەشنێکیتر سەرکردە ڕۆحییەکانی هەر کۆمەڵگایەک وەرگرین چەمکێکی دیکەیان هەیە بۆ جیهان، لانیکەم بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە پراکتیکدا دژایەتی چەمکی یەکەمیان دەکات . ئەمە پێکهاتەی ڕۆشنبیری سەرەتایی چینێکی باڵادەستە، یان چینێکی ژێردەستە، لە فەرهەنگی دیاردەناسیی گرامشیدا لەم دۆخە ڕۆشبیریە دژبەیەک و دابەشبووەدا تێگەیشتن لە [چینە باڵادەستەکانمان] بۆ ئاشکرا دەبێت لەڕێگەی ململان بۆ بە دەست هێنانی هەژموونی سیاسیەت . سەرەتا لە بواری ئەخلاقدا، پاشان لە بواری سیاسەتدا، بۆ ئەوەی بگاتە فۆرمولەیەکی باڵاتری چەمکی تایبەت لە واقیع . هۆشیاریی سەر بە هێزێکی دیاریکراوی باڵادەست =[چینی کۆمەڵایەتی] ، واتە هۆشیاری سیاسی قۆناغی یەکەمی خود هۆشیاری دواتر پێشکەوتنخوازانە، کە تیایدا تیۆری و پراکتیک یەکدەگرن ، دواجار ئەمە ڕێگە بە گەشەکردنی تەواوی تاک دەدات .
بەم پێیە یەکێتی تیۆری و پراکتیک ڕاستیەکی میکانیکی نییە بەڵکو پرۆسەیەکی مێژوویە . کاتێک پرۆلیتاریای دەسەڵاتدار هەژموونی خۆی دەسەپێنێت و دەوڵەتی خۆی دروست دەکات، بناغەکانی گەشەسەندنی تەواوی ڕۆحی خۆی دادەنێت؛ دەگاتە ساتێکی “پاککردنەوە” کە تێیدا چیتر بەهۆی بەرژەوەندیە خۆپەرەستە کۆنەکانەوە ناجووڵێت کە پێشتر بۆ بەردەوامبوونی پێویست بوون. بەڵام سەرکەوتن لەم گەشەکردنەدا لەم داهێنانە کولتوورییەدا تەنیا پەیوەست نییە بە فاکتەرەکانی هێزەوە. گرامشی لێرەدا پێویستی ڕاستی زانستی و ” وێنای لۆژیکی پێویست” بە یاد دەهێنێتەوە. تەنیا کاتێک ئەمانە هەبن دەتوانرێت حەقیقەتی مێژوویی بەدەست بهێنرێت و لە هەمان کاتدا تێکەڵ بە واقیع بکرێت . ئەوەش ڕوونە کە بنیاتنانی بەکۆمەڵ لەم جۆرە ناتوانرێت بە ئارەزووی خۆیان ، لە دەوری هەر ئایدۆلۆژیایەک لە ڕێگەی ئیرادەی بنیاتنەری فەرمی کەسایەتییەک یان گروپێکەوە ئەنجام بدرێت کە لە فەناتیزمەوە بۆ چەمکە فەلسەفی یان ئاینیەکانی خۆی پێشنیاری دەکەن . پابەندبوون یان پابەندنەبوونی جەماوەر بە هەر ئایدۆلۆژیایەکەوە ڕێگای پشتڕاستکردنەوەی ڕەخنەی ڕاستەقینەی عەقڵانییەت و مێژوویبوونی شێوازەکانی بیرکردنەوەیە . ئا لێرەوەیە گاڵتە کردنەکەی گرامشی کە لە (مارکسەوە وەریگردووە) تەنها بە ئایدۆلۆژیەکان ، ئەم بابەتە میراتی گەورە مارکسیستە هاوچەرخەکانی ئیتالیایە وەکو سێزار لوپۆرینی (1909-1993) . ‏

‏گرنگترین بڵاوکراوەکانی گرامشی دوای مردنی بریتین لە: نامەکانی زیندان (1947)؛ ماتریاڵیزمی مێژوویی و فەلسەفەی بێنێدیتۆ کرۆچێ (1948)؛ ڕۆشنبیران و ڕێکخستنی کلتوور (1949)؛ ڕێنێسانس (1949)؛ تێبینیەکانی ماکیاڤێلی و سیاسەت و دەوڵەتی نوێ (1949)؛ ئەدەب و ژیانی نیشتمانی (1950)؛ ڕابردوو و ئێستا (1951). داگۆبێرت دی. ڕۆنیست لە فەرهەنگی فەلسەفەدا (١٩٠٢-١٩٨٢) سەرپەرشتی کردووە و ساکریستان گریاڵبۆ ( ١٩٦٩) وەریگێڕاوەتە سەر زمانی ئیسپانی ، ساکریستان ئەم نووسینەی خوارەوەی دەربارەی نووسەری “دەفتەرەکانی زیندان” خستووەتەڕوو:(١٨٩١-١٩٣٧)؛ سیاسەتمەدار و فەیلەسوفی ئیتاڵی، دامەزرێنەری حزبی شیوعی ئیتاڵیا. لە زانکۆی تۆرینۆدا زمانەوانی و فیلۆلۆژیای خوێندووە (بە تایبەتی زانستی زمانەوانی)، بەڵام بەهۆی خۆبەخشی و خۆ تەرحانکردن بۆ سیاسەت، خوێندنی زانکۆی تەواو نەکرد. بەشداریی لە ڕۆژنامە سۆسیالیستەکانی “شەرەفی گەل” و “پێشکەوتن”دا کردووە. گۆڤاری “سیستەمی نوێ”ی دامەزراندووە، کە ئاراستەی شیوعی (لێنینیزم) کردووەو بناغەی بیرکردنەوەی خۆی و بیرکردنەوەی سیاسەتمەدارە دیارەکانی دیکەی ئیتاڵیا (پالمیڕۆ تۆلیاسی (١٨٩٣-١٩٦٤)) بووە.

دوای دامەزراندنی حزبی شیوعی ئیتاڵی، نوێنەری ئیتاڵیا بوو لە ئینتەرناشناڵی سێیەم (کۆمینتێرن)، پاشان بوو بە ئەمینداری گشتی. لە ساڵی ١٩٢٦ زیندانی کرا و لە ٢٧ی نیسانی ١٩٣٧ کۆچی دوایی کرد، پاش شەش ڕۆژ لەو حوکمەی کە داواکاری گشتی حوکمەکەی بەم قسەیە پاساو دابوو: “دەبێت ڕێگری لەم مێشکە بکەین بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ کار نەکات”.بەرهەمەکانی گرامشی پێکدێن لە وتارە ڕۆژنامەوانیەکان کە پێش زیندانیکردنی بڵاوکراونەتەوە، و نزیکەی سی دەفتەری یاداشتە کە لە زینداندا نووسیونی (“دەفتەرەکانی زیندان”). بێنێدیتۆ کرۆچێ (١٨٦٦-١٩٥٢) نامەکانی گرامشی کە لە زیندانەوە نووسیبوونی، بە کارێکی کلاسیکی نوێی دەزانێت لە ئەدەبیاتی ئیتاڵیدا . گرامشی مارکسیەتێک پێشنیار دەکات کە ناوی لێناوە “فەلسەفەی پراکتیک”.
ئەم فەلسەفەیە پراگماتی نییە، بەڵکو شێوازێکی بیرکردنەوەیە کە کێشە تیۆرییەکان دەکاتە مێژوو بەوەی هەمیشە وەک کێشەی کلتووری و ژیانی مرۆیی گشتگیر دەیانبینێت: “ئەوەی بۆ زانست گرنگە ئەوەندە ئۆبژێکتیڤبوونی ڕاستی نییە، ئەوەندەی بۆ مرۆڤ گرنگە میتۆدەکانی پەرەپێدەدات و بەردەوام ئامرازە ماددییەکانی و لۆژیکیەکانی (لەوانەش بیرکاری) ڕاستدەکاتەوە؛ ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە کلتوورە. پەیوەندیی مرۆڤ بە ڕاستیەوە لە ڕێگەی تەکنەلۆژیاوە. تەنانەت لە زانستیشدا گەڕان بەدوای ڕاستیدا دابڕان لە مرۆڤایەتی جگە لە پارادۆکسێک هیچی تر نیە . فەلسەفە دەبێت لە چوارچێوەی پراکتیکی مرۆڤایەتیدا تێبگەین، “بە شێوەیەکی کۆنکرێتی، واتە بە شێوەیەکی مێژوویی”. کەواتە بابەتی مرۆڤ کێشەی یەکەم و سەرەکیی فەلسەفەی پراکتیکە.
ئەو بابەتانەی کە لای فەیلەسوفە مارکسیە نەریتیەکان یان ئەکادیمیەکان، بەشە سەرەکیەکانی “ماتریاڵیزمی مێژوویی” پێکدەهێنن (واتە ئەو بابەتانەی لە “فەلسەفەی سروشت”ی ڕۆمانسیەتەوە وەرگیراون)، کردەیانە لە کارەکانی گرامشیدا بوونیان نیە. سەرەڕای ئەوەش بیرکردنەوەی گرامشی دوودڵیەکی سەیر دەوروژێنێت سەبارەت بە بابەتی ئایدیۆلۆژیاکان. گرامشی درکی بەوە کردبوو کە کاری فەلسەفی مارکس لە بنەڕەتدا ڕەخنەگرتنە لە ئایدیۆلۆژیاکان. بەڵام لە لایەکی ترەوە گرامشی پێی وایە هەر بیرکردنەوەیەک کە پەیوەندی بە پراکتیکەوە هەبێت وەک مارکسییەت بۆ نموونە پێویستە تا ڕادەیەک بونیادنانی ئایدیۆلۆژی یان “ئەفسانە”ی تێدا بێت، وەک لە وتارە سەرەتایەکانی خۆیدا نووسیویەتی.‏گرامشی لە ساڵانی پێگەیشتنیدا، دوودڵ بوو لە بەکارهێنانی ئەم وشەیەو چەمکی مارکسیزمی خۆی بە تەواوی لە ئایدیۆلۆژیاکەی دانەماڵی. بەڵکو پەنای بردە بەر جیاکردنەوەی نێوان ئایدیۆلۆژیا ئۆرگانیە مێژوویەکان کە بۆ پێکهاتەیەکی دیاریکراو پێویستن، و ئایدیۆلۆژیا هەڕەمەکی و عەقڵانییە “پەسەندکراوەکان”. بەهۆی ئەوەی لە ڕووی مێژووییەوە پێویستن، ئەم ئایدیۆلۆژیایانە خاوەنی باوەڕپێکراویەکی دەروونین، چونکە جەماوەری مرۆیی ڕێکدەخەن و بنەمایەک پێکدەهێنن کە مرۆڤەکان تێیدا خەبات دەکەن و تێیدا هۆشیاری لە هەڵوێستەکانیان بەدەست دەهێنن ….هتد.”

‏‏اکد الجبوری – حوارالمتمدن – ٢٤/ ١٠ / ٢٠٢٥











ئه‌و کتێبانه‌ی یارمەتیت ده‌ده‌ن بۆ چارەسەرکردنی كێشه‌ تایبه‌تییه‌كانت، ‌ژماره‌یان كه‌مه‌.. نووسینی/ هاشم ساڵح

وه‌رگێڕانی / ئاكۆ عه‌بدوڵڵا

ئەگەر کەسێک لێ پرسیبام لەو ماوە درێژه‌ی لەپاریس ده‌ژی گرنگترین کتێب خوێندبێتەوە چییە؟ یەکسەر وەڵامم دەدایەوە: (دانپێدانانەکان) ی جان جاک ڕۆسۆ. له‌وانه‌یه‌ ئەو خوێندنەوەیە گەورەترین دۆزینەوە بووبێت به‌لامه‌وه لەدوای گەیشتنم بەفەرەنسا، ڕێک چل ساڵ لەمەوبەر‌. گەر هیچ شتێکی دیكه‌م نەخوێندباوە، ئەوە بەس بوو بۆ ئەوەی شانازی بکەم و هاتنیشم بۆ وڵاتی مۆلیێر و ڤۆڵتێر به‌هه‌ده‌ر نەچووبێ. بۆچی ئەوەندە گرنگی پێدەدەم؟ چونکە پڕە لەمه‌یلی مرۆڤایەتی.
لەبەشی یەکەمی ئەو کتێبە و لەلاپەڕەی ژمارە ١٢٠ی چاپی فلاماریونی فەرەنسی ساڵی ١٩٦٨دا، ڕۆسۆ چیرۆکێکی بچووک دەگێڕێتەوە کە لەسەرەتای منداڵیدا بەسەریدا هاتووە، ئه‌وه‌ش بوو دواتر وه‌های لێکرد دانپێدانانه‌كانی یان بیرەوەرییەکانی بنووسێت بۆ ئەوەی پاساو بۆ خۆی بهێنێتەوە. یان تۆ بڵێ: یەکێک بوو لەهۆیه‌ سەرەکییەکانی نووسینی.
ئەو لەسەرەتای لاویدا بوو، واتە لەتەمەنی شانزدە ساڵی، تازه‌ له‌منداڵی دەرچووبوو کاتێک ڕووداوەکە ڕوویدا. پوختەکەشی بەو شێوەیەیە: وەک زانراوه دوای ئەوەی لەماڵی خۆیان و خێزانەکەی لەجنێڤ رایكرد، سەرگەردان بوو و نه‌یده‌زانی له‌چۆله‌وانی بۆ كوێ سه‌رهه‌ڵبگرێ. دواتر وەک خزمەتکار لای خێزانێکی ئیتاڵی کاری ده‌كرد. ڕۆژێک ملپێچێكی جوانی كه‌وته‌ به‌ر دیده‌ و بڕیاریدا بیدزێت و پێشكه‌شی كچه‌ خزمەتکارەکەی دیكه‌ی ماڵه‌كه‌ی بكات کە (ماریون) ی ناوبوو.
بەڵام دوای ئەوەی دزییەکە ئاشکرا بوو، له‌ڕیسوابوون‌ ترسا، بۆیە ناچاربوو ئەو کچە تۆمەتبار بکات بەوەی ئەو دزیه‌كه‌ی کردووە. خاوەن ماڵ داوای لەكچه‌ خزمەتکارەکە کرد بێته‌ بەردەمی بۆ ئەوەی له‌گه‌ڵ رۆسۆ رووبه‌ڕوویان بكاته‌وه‌ و ده‌ركه‌وێت كامیان دزه‌‌ و كامیشیان راستگۆیه.‌ بەو پێیەی ئه‌و كچه‌ بێتاوان بوو، سەرەتا سەری سوڕما و وەڵامی نەداوە. نەیدەزانی چی بڵێت، بۆیە دەستی کرد بەپاڕانه‌وه‌ و داوای یارمەتی كردن،و سوێندیشی خوارد کە ئەو نییە. لەو کاته‌ی بەرگری لەخۆی دەکرد، رۆسۆ بەتوڕه‌یی لێی ده‌ڕوانی، وەک ئەوەی هه‌ر زوو شکستی هێنابێت. ئه‌ویش بەنیگای هاوسۆزانه‌ و سەرزەنشت و تاوانبارکردنەوە سەیری ڕۆسۆی دەکرد.
بەدرێژایی ژیانی ئه‌و دیمه‌نه‌ بەردەوام لەخه‌یاڵی دا ماوه‌. پێی گوت: “نا ڕۆسۆ! پێم وانەبوو تۆ وا بیت. نا ڕوسۆ ئەمە لەگەڵ تۆدا ناگونجێت نا ڕوسۆ… من پێم وابوو تۆ کەسێکی باشیت. هەموو شتێکیش به‌ڵگه‌یه‌ بۆ ئەوەی بەڕاستی باشیت. بەڵام بۆچی ئەوەت لەگەڵ کردم؟ بەڕاستی منت خستتە دۆخێکی ناخۆش. حه‌زناكه‌م لەشوێنی تۆ بم”. بەڵام ئه‌و دوای ئەوەی نەیتوانی په‌شیمان بێته‌وه، پێداگری كرد لەسەر درۆیه‌كه‌ی‌. بەو شێوەیە لەکۆتاییدا توانی به‌سه‌ری دا سه‌ركه‌وێت و تاوانەکە بخاتە ئەستۆی ئەو. پاشان هەردووکیان لەماڵەکە دەرکران. رۆسۆ ملپێچه‌كه‌ی دزی بوو تا وەک دەربڕینی خۆشەویستی خۆی بیدات به‌و كچه‌. به‌ڵام لەبری ئەوەی سوودی پێ بگەیەنێت، زیانی پێگەیاند… لەبری ئەوەی كلی بۆ تێبكات؛ کوێری كرد.
کاتێک ڕۆسۆ ئەو چیرۆکەی ماریۆنی لەکتێبی دانپێدانان نووسی، چل ساڵ یان زیاتر تێپەڕیبوو. ئه‌و سوێندی بەخوا دەخوارد کە بەهۆیەوە چەندین جار خه‌وی زڕاوه‌ و نەخەوتووە. ڕاستە بۆ ماوەیەک لەخه‌یاڵی ون دەبوو، جا درێژبێت یان کورت، بەڵام لەکاتی ناڕەحەتیدا ده‌هاته‌وه‌ بیری بۆ ئەوەی بكه‌وتە دڵەڕاوکێ. ویژدانی سەرزەنشتی ده‌ركرد و ئازاری ده‌دا تا ئەو ڕادەیەی هەندێک جار لەخەون دەیبینی كه‌ لەپشت تەمەكان لێی نزیک دەبێتەوە وەک ئەوەی پێی بڵێت: “بۆ وات لەگەڵ کردم ڕۆسۆ؟ نازانیت ناوبانگی منت لەماڵه‌كان لەکەدار کرد؟ نازانیت چیتر وەک خزمەتکار لای خۆیان كارم پێناكه‌ن؟ چیم لێ کردبووی تاكو وێرانم بكه‌ی؟”. دوای چل ساڵ ده‌هاته‌ پێش چاوی وه‌ك ئه‌وه‌ی چیرۆکەکە دوێنێ ڕوویدابێ. فرمێسک لەچاوەکانی ده‌هاته‌خواره‌وه‌ و ڕوومەت و بالیفەکه‌ی تەڕ دەکرد.
پاشان داڵغه‌لێدانه‌كانی گەورەبوون و خەیاڵ به‌ره‌و نه‌خۆشی ده‌یبرد. تا ده‌هات گه‌وره‌ تر ده‌بوو تا نزیک بوو ببێتە تاوان. لەساتەکانی تەنیایی و دڵته‌نگی دا له‌خۆی ده‌پرسی: “ده‌بێ چی بەسەر ماریۆنی هەژار دا هاتبێ؟ چی بەسەر ئەو کچە بچووکەدا هاتووه‌ کە لەژیانیدا هەرگیز ئازاری کەسێكی نەداوە؟ ئایا ڕاستە هەموو خێزانەکان ڕەتیان کردۆتەوە و ئه‌ویش بۆ نموونە ناچاربووە لەشفرۆشی بکات بۆ ئەوەی بتوانێت بژی؟ ماریۆنی هەژار بۆ کوێ چووە و لەچ ڕێگایەکدا ون بوو؟ ئایا داهاتووی وێران بووه‌، یان لەو شەرمەزارییە ڕزگاری بووه‌؟”
زۆر پرسیاری دیكه‌ كه‌ بەدرێژایی ساڵانێك دڵ و مێشکیان ‌شێواند … لەپاییز یان زستانی ته‌مه‌نی دا بوو ئەو پرسیارانەش لێینه‌ده‌بوونه‌وه‌، دوژمنەکانیشی له‌هەموو لایەکەوە بەدوایدا دەگەڕان و هێرشیان دەکردە سەری، دوای ئەوەی زۆر بەناوبانگ بوو، تەنانەت پاش ئەوەی کتێبەکانی لەلایەن ئسولییه‌كان لەپاریس و جنێڤ و ئەمستردام بەجارێك سووتێنران، ببووه‌ نیمچه‌ ئەفسانەیه‌ك. ئه‌وه‌ش پاش گه‌وره‌بوونی ئەو منداڵە بچووکە بیژییه‌ بوو کە کەس نەیدەناسی و بووه‌ جان جاک ڕۆسۆ!
لەهەلومەرجێکی وەها تراژیدی دا كه‌ لەکۆتایی ژیانی دا دەوره‌یدابوو، پێی وابوو بەهۆی ئەو (گوناحه‌ كۆنه‌) ی کە ڕۆژێک ئەنجامی داوە، پەروەردگار تۆڵەی لێدەکاتەوە. خەریک بوو دڵخۆش بێت به‌وه‌ی ئەوانی دی‌ ئەشکەنجەی دەدەن و ناوبانگییه‌كه‌ی ده‌شێوێنن. هەروەک چۆن ئه‌و ماریۆنی ئەشکەنجەدا و ناوزڕاوی كرد. داوای سته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌ی زیاتری دەکرد بۆ ئەوەی خۆی چاک بکاتەوە و ببێته‌ کەفارەتی گوناهەکانیشی.
هەر لەو ساتەوە ڕقی لەدرۆكردن بۆوه‌، وه‌ها لێی دوورکەوتەوە و لێی ترسا وەک ئەوەی تاوان بێت. تا بوو بەڕاستگۆترین نووسەر كه‌ ئەوروپا لەهەموو مێژووی خۆیدا بەرهەمی هێنابێت، بێگومان جگە لەچەند نووسەرێکی دیكه‌. وەک هۆلدەرلین، کانت، گۆته‌. بۆیە لەپشت هەر لاپەڕەیەکی دانپێدانانەوە دەبینیت وەک ئەوەی دەنگی ڕاستی بێ قسە بکات نەک ئەو. له‌شوێن تەواوی چاخێك، بووه‌‌ گوته‌بێژی فه‌رمی به‌ناوی حه‌قیقه‌ت. لەبەر ئەوه‌ بوو کانت زۆر سەرسامی بوو پێی و وێنەکەی لەسەر مێزەکەی دانابوو تاكو چێژی لێ وەربگرێت و بەدڵنه‌وایی و ئارامییه‌وه‌ بنووسێت كاربكات. هەروەها هۆلدرلین، هیگڵ، تۆڵستۆی، دۆستۆیڤسکی و چەندین کەسی دیکەی گەورە، یان گەورەی گه‌وره‌كان پێوه‌ی سەرسام بوون. بووه‌ پێغەمبەری سەردەمی مۆدێرن.
بەو شێوەیە ڕۆسۆ بڕیاری دا لەو کتێبە بەناوبانگەی (دانپێدانانەکان) دا بەڕاشکاوی خۆی لەبەردەم خوێنەران و نەوەکانی داهاتوودا ئاشکرا بكات‌. بڕیاری دا نهێنییەکانی خۆی بخاته‌ڕوو و دانیش بەهەموو لاوازی و کەموکوڕییەکانی دا بنێت. زیاد له‌پێویستیش له‌گه‌ڵ خۆی توند بوو‌ و بەتوندوتیژیس مامەڵەی لەگەڵدا کردووه‌ و قسەی ناشرینی ئاراسته‌كردووه‌، تەنانەت زەویشی پێ سڕیوه‌تەوە! بەوه‌ش‌ لێپرسینەوەی ویژدانی لەهزری هاوچەرخی ئەوروپی دامەزراند. لێرەشه‌وەیە کێشنده‌یی دانپێدانانەکان و نەمرییەکه‌ی، بەدرێژایی سەدەکان.
بەڵێ ئەو چیرۆکەی ماریون بەدرێژایی ڕۆژ و ساڵەکان دڵی ده‌كوشی. خۆزگەی ده‌خواست كاره‌ساتێك بەسەری دا هاتبا و ئەو کارەی نەکردبا. ئەگەر بەلایەکدا ڕایان کێشابا و بەجیا پرسیاری ئەو بابەتەیان لێکردبا، دانی به‌راستی دا ده‌هێنا و هەرگیز تۆمەته‌كه‌ی نەدەخستە پاڵ ئه‌و كچه‌. بەڵام زەحمەت بوو بۆی بەئاشکرا لەبەردەم هەمووان دانی بەگوناهەکەی دا بنێت.
لەو سێ لاپەڕەیەدا به‌و واتایه‌ ده‌ڵێت: دوای كاره‌ساته‌كه‌ ئەوەی لێ ده‌ترسام سزا و لێدان و دەرکردن لەماڵەكه‌ نەبوو. به‌لكو شەرمەزاری بوو. لەهەموو شتێکی دونیا زیاتر لێی دەترسام. لەمردن زیاتر لێی دەترسام. من پێم باشبوو زەوی شه‌ق بێت و لولم دات نەک لەبەردەم خەڵک دان بەوەدابنێم کە من دزم”. بۆیە ناچاربوو درۆ بکات و بەپێچەوانەی ویستی خۆی، ئه‌و تۆمەتبار بکات.
هەندێک جار بەبیرم دا دێت بپرسم و ئەوه‌ بڵێم: ئایا پەیوەندی لەنێوان ئەو هەڵوێستەی ڕۆسۆ و ڕاستگۆیی ڕەفتار‌ لەوڵاتانی زۆر شارستانی وەک سویسرا دا نییە، كه‌ سویسرا وڵاتی ره‌سه‌نی ئه‌وه؟ ئایا ویژدانی ئەخلاقی یان لێپرسینەوەی ویژدانی لەسەرانسەری ئەوروپا دانەمەزراندووە؟ بۆچی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەوڵاتانی پێشکەوتوو، ورد و ڕێکوپێکن؟ بۆچی فێڵ و درۆ و ساختەکاری لەوڵاتەکانی ئێمه‌دا زۆر باون، کە ئێمە بانگەشەی ئیمان و تەقوا و خواپه‌رستی دەکەین؟ بۆچی تا زیاتر نوێژ بکەین و بەڕۆژوو بین و كڕنۆش به‌رین زیاتر فێڵ دەکەین؟ بێگومان هه‌ڵاوێری زۆریش هەیە و خەریکە داوای لێبوردن بکەم له‌وه‌ی وتم… بەڵام ئەوەی مەبەستمە ئەوەیە تۆ لەسویسرا، ئەڵمانیا، دانیمارک، نەرویج، سوید، یان وڵاتانی دیکەی ئەوروپی، ئەگەر بتەوێت، دەتوانیت ڕۆژنامە و کتێب بکڕیت یان سواری پاس ببیت بەبێ ئەوەی یەک فلس بدەیت، چونکە کەسێک نییه‌ چاودێریت بکات. تەنها ویژدانت چاودێری تۆ دەکات. ئەوانە وڵاتانی عیلمانین هیچ شوێنەواری ئایینیان تێدا نییە و بەدەگمەنیش بەڕۆژوو دەبن و نوێژ دەکەن. كه‌چی سەد لەسەد ئەخلاقیین. ئەمە چۆن ڕوون بکرێتەوە؟ دان بەوەدا دەنێم، ئەوە سەرسامی كردم. بەچاوی خۆم ئه‌وه‌م بینی ئه‌و کاته‌ی سەردانی سویسرا و ئەڵمانیا و هۆڵەندام کرد، سەرسام بووم بەو دۆخە. بینیم هەموو هاوڵاتیان پارەی شته‌ كڕدراوه‌كانیان بەکاش دەده‌ن. هەرگیز کەس بیری لەفێڵکردن و پێشێلکردنی یاسا نەده‌کردەوە. كه‌واته‌ له‌وێدا شتێک هەیە پێی دەوترێت ویژدان و لەهەموو پۆلیسێک گرنگترە! ئامۆژگاریكه‌رێكی ناخی هەیە و ڕێگریت لێدەکات ئەگەر لادان، پێشێلکردنی ئەرک، یان کەمتەرخەمی لەکارەکەت به‌خه‌یاڵ دا بێت. چۆن دەترسیت له‌وڵاتێکی لەو جۆرە؟ چۆن گەشە ناکات و پیش ناكه‌وێت و له‌ناوی دا گوزه‌ران خۆش نابێ؟ کێ ویژدانی ئەخلاقی تۆكمه‌ی لەکولتووری ئەوروپی دا دامەزراند؟ ئه‌وان، چاکسازه‌ ئایینییەکان و فەیلەسوفە گەورەکان و زاناکانی… زاناکان میراتگری پێغەمبەرانن.
ئایا تا ئێستا بیستووتە شارستانیەتێک بەبێ کەسایەتییە گەورەکان لەسەر پێی خۆی هەڵسێت و لەسەر حەقیقەت و بنه‌ماكان بوه‌ستێ و بشسووتێ بۆ ئەوەی ڕێگا بۆ ئەوانی دیكه‌ ڕووناک بکاتەوە؟ ئایا شارستانییەتێکتان بیستووە له‌سه‌ر نه‌ریتی ناڕاست و وردی لەمامەڵەکردن دروست بووبێ؟ گوێتان لەشارستانییەتێک بووە لەسەر شتێکی دیكه‌ جگە لەئەخلاقی باش سەریهەڵدابێ و گەشەی کردبێ؟
إنما الأمم الأخلاق ما بقيت
فإن هم ذهبت أخلاقهم ذهبوا
هۆکاری دیكه‌ش هەیە پاڵم پێوه‌ ده‌نێنن سەرسام بم بەدانپێدانانەکانی جان جاک ڕۆسۆ و لێرەشدا ناتوانم هەموویان ئاشکرا بکەم. ڕەنگە گرنگترینیان ئەوە بێت کە لەدایکم و سەرەتای منداڵیم و ئەو ڕووداوە زەبربەخشەی بوونمی دامەزراند نزیكی كردبێتمه‌وه‌. به‌هه‌ر حاڵ چیرۆکی من لەگەڵ ئەو کتێبە دا درێژه،‌ لەو کاتەوەیه‌ کە ده‌یجوره‌ تاریکه‌كانی ژیانی ناوەوەمی ڕۆشن کردۆتەوە، دوای ئەوەی بۆ یەکەم جار لەگوندی شاتنی مالبەری لەده‌وروبه‌ری پاریس خوێندمه‌وه‌. ئه‌وه‌ هەمان گونده‌كه‌ی‌ پۆل ڕیکۆری فەیلەسوفی گەورەیه‌. هەروەها گوندی ڤۆلتێرە چونکە لەوێ لەدایک بووە و پەیکەرەکەشی لەپێشه‌وه‌یه‌. بەختەوەر بووم کە لەکۆتایی سەدەی ڕابردوو دا بەڕێکەوت چەند ساڵێک لەوێ نیشتەجێ بووم. له‌و ساوه‌ ئەو کتێبە هەرگیز لێم جیانه‌بۆته‌وه‌، بەتایبەتی لەساتە سه‌خته‌كاندا. یارمەتی داوم بۆ قوڵبوونه‌وه‌ له‌هەندێک پرسیاری تایبه‌تی و قبوڵكردنی ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌رگه‌یان ناگیرێ. لەڕاستیشدا ئه‌و کتێبانه‌ی یارمەتیت ده‌ده‌ن بۆ چارەسەرکردنی كێشه‌ تایبه‌تییه‌كانت ‌ژماره‌یان كه‌مه‌. ئەوان بریتین له‌كڵاورۆژنه‌ رووناكه‌كانی ناو داخراوه‌كان.

سه‌رچاوه‌: https://aawsat.com ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩




به‌راو یان ڕێكه‌وت؟.. سه‌دیق سه‌عید ڕوانزی

                         
                                          

ئه‌م دوو وشه‌یه‌، وه‌ك دیاریكردنی كات له‌ ڕووی مێژووییه‌وه‌ له‌ زمانی كوردی به‌كاردێن، به‌ڵام به‌شێك له‌ زمانزانان ده‌ڵێن به‌روار هه‌ڵه‌یه‌ و نابێ بنووسرێت و په‌یڕه‌و بكرێت، چونكه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ ناوچه‌یه‌كی كوردستان و ده‌بێ ڕێكه‌وت بنووسرێت. له‌ فه‌رهه‌نگی ئه‌ستێره‌ گه‌شه‌دا، به‌راور له‌ به‌رانبه‌ر( تاریخی) عه‌ره‌بی هاتووه‌. بێگومان (به‌راور) وشه‌یه‌كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ (به‌راوری) یه‌وه‌ نییه‌ كه‌ مه‌به‌ست لێی ئه‌و ناوچه‌ جوگرافییه‌ یه‌ كه‌ كه‌وتۆته‌ سنووری پارێزگای دهۆك. واتا ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ به‌راورییه‌، وه‌ك چۆن ده‌ڵێین( ئه‌له‌ند به‌رواری ) و ناگوترێت( ئه‌له‌ند به‌راور) ئه‌وانه‌ی بڕوایان وایه‌ به‌روار له‌ به‌راورییه‌وه‌ هاتووه‌، وه‌ك ئه‌وه‌یه‌ بێن (سلێمانی) بكه‌نه‌ (سلێمان) كه‌ ئه‌وه‌ی یه‌كه‌میان شاره‌، ئه‌وه‌ی تریان ناوه‌، كه‌ له‌ ڕووی ماناو ڕێنووسیشه‌وه‌ زۆر دوورن له‌ یه‌كتری. سلێمانی و به‌رواری لێره‌دا، له‌ ڕێگه‌ی پیتی (ی)ه‌وه‌، سیفه‌تێكیان پێ ده‌درێت كه‌ ئاماژه‌ن بۆ شوێن و ده‌لاله‌تن بۆ هاوه‌ڵناو. وشه‌ی (به‌روار) له‌ هه‌ردوو وشه‌ی(به‌ر) كه‌ هاوه‌ڵكاری شوێنییه‌، له‌گه‌ڵ (وار) كه‌ ناوێكی ساده‌یه‌ پێكهاتووه‌. به‌ر به‌مانای خواره‌وه‌ دێت، واریش واتا شوێن و جێگه‌یه‌ك كه‌ ئاوه‌دانی تێدا بێت، چونكه‌ گه‌ر ئاوه‌دانی تیا نه‌بێت، پێی ناگوترێت وار. به‌روار واتا دیاریكردنی شوێنێكی تایبه‌ت و دیاریكراوه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش نزیكمان ده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی هه‌مان مه‌به‌ست بۆ ڕۆژ و كاتیش له‌ ڕووی مێژوویه‌وه‌ به‌ كاربێت، كه‌ مه‌به‌ست لێی دیاریكردنه‌ به‌ ته‌واوه‌تی، وه‌ك ئه‌وه‌ی (به‌ر) و (وار) به‌ یه‌كه‌وه‌ بۆته‌ به‌روار، واتا به‌ر له‌وه‌ی بگه‌ینه‌ واره‌كه‌، سه‌ره‌تا له‌ به‌ره‌كه‌ین، دواتر ده‌چینه‌ واره‌كه‌، به‌مه‌ش شوێنه‌ دیاریكراوه‌كه‌ ده‌بێته‌ به‌روار. ئه‌م وشه‌یه‌ هیچ په‌ه‌یوه‌ندی به‌ وشه‌ی (به‌رواری) یه‌وه‌ نییه‌، كه‌ ناوچه‌یه‌كی جوگرافی كوردستانه‌, له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ گه‌ر به‌راوردی به‌راور به‌ ڕێكه‌وت بكه‌ین، ئه‌وا ده‌بینین به‌روار دروستتره‌ له‌ ڕووی واتا، گۆكردن و نووسین، به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ وشه‌ی ڕێكه‌وت كه‌ هاوواتا (سوتفه‌ی) عه‌ره‌بییه‌، گه‌رچی هه‌ردوو وشه‌كه‌ به‌ ئاماژه‌كردن به‌ مێژوو، ڕۆژ و كات دێن كه‌ ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی به‌ بڕشتی زمانی كوردییه‌. بۆیه‌ ئه‌وه‌ نییه‌ به‌روار هه‌ڵه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌سانێك لێكدانه‌وه‌ی بۆ ده‌كه‌ن، ده‌كرێ هه‌ردوو وشه‌كه‌ به‌كار بێنینین، به‌ڵام گه‌ر بێته‌ سه‌ر دیاریكردن و نووسین، ئه‌وا به‌روار جوانتره‌ له‌ ڕێكه‌وت و هیچ هه‌ڵه‌یه‌كی زمانه‌وانی و بابه‌تی و واتایی له‌ وشه‌ی به‌روار نییه‌و ئه‌م وشه‌یه‌، به‌كار هێنانی زۆر ئاساییه‌.

*ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ ژماره‌ (9854) له‌ 25/11/2025 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.




کێشە لەسەر سەرۆک وەزیران!.. عوسمانی حاجی مارف

دوای چەند ڕۆژێک لە هەڵبژاردنی پەرلەمان، لە 17ی نۆڤەمبەردا، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە خۆی وەک گەورەترین بلۆکی پەرلەمانی ڕاگەیاند، کە بە کۆی لیستەکانیان توانیان زۆرینەی دەنگی زیاتر لە ١٧٠ کورسی کۆبکەنەوە، لەهەمانکاتدا لیستی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی سودانی پەیوەندیان بە چوارچێوەکەوە کردەوە.
بەپێی لێکدانەوە یاساییەکان، گەورەترین بلۆکی پەرلەمانی ئەو بلۆکە دەتوانێت هاوپەیمانی دروست بکات، کە زۆرترین کورسی پەرلەمانیان بەدەست هێناوە، بەمەش مافی پێکهێنانی حکومەتی نوێ مسۆگەر دەکەن، هەڵبەتە سودانی وەک لیستەکەی خۆی نەیتوانی بە تەنیا گەورەترین بلۆکی پەرلەمانی پێکبهێنێت، بۆیە سەرەتا بەدوای هاوپەیماناندا دەگەڕا بۆ بەرپەرچدانەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە، بۆیە هەوڵیدا پارتی دیموکراتی کوردستان و محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پارتی پێشکەوتن وەک گەورەترین حزبی کوردی و سوننە ڕازی بکات بۆ ئەوەی هاوپەیمانی لەگەڵ لیستی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان دروست بکەن و گەورەترین بلۆکی پەرلەمانی پێکبهێنن.
پارتی دیموکراتی کوردستان و حەلبوسی پەیوەندیەکی باشیان لەگەڵ سودانی نییه، ڕازی نەبون بەو هاوپەیمانێتیە و نەشیانویست ڕوبەڕوبونەوه لەبەرامبەری چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەدا بکەن.
سودانی هەوڵیدا ئەوەی لە ساڵی 2021 ڕوویدا دووبارەی بکاتەوە، وەک هاوپەیمانی نێوان سەدر و بارزانی و حەلبوسی، سودانی بۆ خۆشی بە باشی دەیزانی هەوڵێکی مەحکومە. تەنانەت ئەگەر پارتی دیموکرات و محەمەد حەلبوسی ڕێکبکەون بۆ هاوپەیمانی لەگەڵیدا، ئەوا توانای ئەوەیان نەدەبوو دژی چوارچێوەی هەماهەنگی بوەستنەوە، کە ئێران پشتیوانیان دەکات!.
هەر بۆیە ئەوەی جێگای سەرنجە سودانی لە ناچاریا پەیوەندی بە چوراچێوەی هەماهەنگی کردەوە، بەڵام لەم پەیوەندی و هاوپەیمانیەدا، چەند دەتوانێت جارێکی تر ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران و حکومەت پێکبهێنێت؟، ئەمە پرسیارێکی جدیە!، لەنێو ئەو کێشەو کێشمەکێشانەی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگیدا، سودانی پێگەیەکی بەهێزی نیە و دۆخەکە وەها نیشان ئەدات فرسەتێکی وەهای بەدەستەوەنیە و شاناسی بونەوەی بە سەرۆک وەزیران زۆر بەرتەسک بۆتەوە.
هەڵبەتە ئاشکرایە کە سودانی ڕووبەڕووی دژایەتیەکی توند دەبێتەوە لەناو لیژنەی هەماهەنگی شیعەدا و لەنێو توندترین نەیارەکانیدا، وەک نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و قەیس خەزعەلی سەرۆکی عەسائیب ئەهلی حەق و باڵە سیاسیەکەی بزووتنەوەی سادقون..، ئەوانە سەرۆک وەزیرانێکیان دەوێت کە هیچ بەرنامەیەکی سیاسی و حزبی و سەربەخۆی نەبێت و بڕیارەکانی جیا نەبێت لە رێکەوتنەکانی نێوان لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی.
عەلی موسەوی، سیاسەتمەداری شیعەی سەر بە ڕێکخراوی بەدر، کە کوتلەیەکی چەکدارە و باڵێکی سیاسیی نزیک لە ئێرانە و هادی عامری سەرۆکایەتی دەکات، ڕایگەیاندووە، خەزعەلی چاوەروانی سیاسی گەورەی هەیە، سودانیش هەڕەشە لەو چاوەروانیە دەکات، بۆیە سروشتیە کە خەزعەلی دژایەتی پێدانی خولی دووەمی سودانی بکات.
جگە لەو ئۆپۆزسیۆنەی کە سودانی لە لایەن مالیکی و خەزعەلیەوە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، هێزە میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران، پێدانی خولی دووەم بە سودانی ڕەتدەکەنەوە و تۆمەتباری دەکەن بەوەی کاردەکات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی واشنتۆن بۆ چەکداماڵینی میلیشیاکان.
عەلا حەدادی، سەرکردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی ئاشکرای کرد کە چەند فراکسیۆنێک لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا بە ئاشکرا دژی درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکوەزیرانی سودانین. جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەو کوتلەیانە نوێکردنەوەی خولی سودانی ڕەتدەکەنەوە و کاندیدێکی دیکەیان پێ باشترە.
سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەدوای سەرۆکوەزیرانێکدا دەگەڕێن، کە بەردەوامیی بەرژەوەندییەکانیان مسۆگەرو پاریزراوبێت، بەتایبەتی بەرژەوەندیەکانی هێزە میلیشیاکان.
جگە لەوەی پەیوەندیی شەخسی مالکی و سودانی لەڕادەبەدەر خراپە، گومانی تیا نیە کە مالیکی بە تەواوی ڕەتیدەکاتەوە خولی دووەمی سەرۆکایەتی بدرێتەوە بە سودانی، مالیکی و خەزعەلی و زۆربەی کتلەکانی چوارچیوەی هەماهەنگی نایەوێت سەرۆکوەزیرانی نوێ، بڕیارەکانی سەربەخۆ بێت، لە ئەنجداو و سیاسەتی چوارچێوەی هەماهەنگی و دەوری ئێران.
لە کاتێکدا ڕاستە کە هاوپەیمانی سودانی سەرکەوتنی بەرچاوی لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستهێناوە، بەتایبەتی لە باشووری عێراق، بەڵام ئەم سەرکەوتنە گەرەنتی خولی دووەمی بۆ ناکات بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دژایەتییە توندەی کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە لەلایەن سەرکردە باڵاکانەوە لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا، تەنانەت بە پشتیوانی ئەمریکاش دانانی سودانی ئاسان نابێت.
لە کاتێکدا پشتبەستنی سودانی بە پشتیوانی ئەمریکا یان بە دەستکەوتەکانی لە خولی یەکەمیدا ناتوانێت ڕووبەڕووی چوارچێوە و فراکسیۆنەکان ببێتەوە، بەڵام گەرانەوەی بۆ چوارچێوەکە بۆ پێکهێنانی گەورەترین بلۆکی پەرلەمانیە، کە ڕەنگە یەک یان دوو وەزارەت بۆ لیستەکەی بەدەست بهێنێت.
دانوستانە سیاسیەکان لە چوارچێوەی بلۆکی شیعە بە سەرۆکایەتی چوارچێوەی هەماهەنگی بەردەوامن، سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، گەر پێشتر بە سودانیەوە هەشت کاندید بەرچاو بون، لەم پرۆسەیەدا ئێستا سێ ناو وەک کاندید دەرکەوتوون: عەبدولئەمیر ئەلشەمەری، وەزیری ناوخۆ، حەمید ئەلشەتری، بەرپرسی هەواڵگری، هەروەها قاسم ئەعەرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، ئەم سێ بژاردەیە دیارترین بژاردەن.
لەلایەکی ترەوە پێویستە ئاماژە بەوە بدەین کە قەیرانێکی ئابوری لە ئارادایە بەهۆی کەمی نەختینەیی و بەرزبوونەوەی قەرزە ناوخۆییەکان و ترس لە دابەزینی نرخی نەوت و دابەزین بەهای دیناری عێراقی لەبەرامبەر دۆلاردا، وەها پێشبینی دەکرێت حکومەتی داهاتوو ناچار دەبێت بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار دابەزێنێت، لە 141 دینارەوە بۆ دەوروبەری 200 دینار، بەمەبەستی پێدانی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینی و چاودێری کۆمەڵایەتی. هەنگاوێکی لەو شێوەیە، ئەگەر ڕووبدات، قەیرانێکی شۆککەر لە عێراقدا بەدوای خۆیدا دەهێنێت و دەشێت ڕوبەڕوبونەوەیەکی نوێ لە نێوان حکومەتی داهاتو و تەواوی سیستەمی سیاسی لەگەڵ ڕای گشتی عێراقدا بهێنێتە ئاراوە.
سێبەری گفتوگۆکانی سۆشیال میدیا و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی عێراقی سەبارەت بە ناسنامەی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق ئەوەیە کەسودانی دووبارە دەستنیشان دەکرێتەوە، یان هێزەکانی هاوپەیمانی (شیعە) کاندیدێکی دیکە هەڵدەبژێرن؟
لە کاتێکدا سەرنج هەیە لە سەرسودانی بەوەی کە لە ماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا خەزێنەی عێراقی کەمکردۆتەوە و ملیۆنێک عێراقی بۆ کارە حکومییەکان دامەزراندووە، وەک هەوڵێک بۆ دامرکاندنەوەی ناڕازیبونی گەنجانی بێکار و بەرگرتن بە گەرانەویان بۆ سەر شەقامەکان، بەمانایەک کاری لەسەر وەڵام بە قەیرانی ئابوری نەکردووە.
خاڵێکی دیکەی پەیوەندی نێوان پرسەکانی کەسایەتی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو، پەیوەستە بە قەیرانی ئابووریەوە، کە قەوارە سیاسیە شیعەکان مەرجیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران داناوە، پێدەچێت هەوڵێک بێت بۆ دابەزاندنی ئەو سەقفەی کە سودانی کاری لەسەر دەکرد. سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەیانەوێت پێگەی سەرۆک وەزیران زیاتر بەرتەسک کەنەوە، تا مالکی یا هەرکەسێکی تر نەتوانێت تەواو کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتەکەی بکات. لەلایەکی تریشەوە شیکارییە ئابوریەکان ئەوە دەردەخەن کە بۆ هەر بەرمیلێک نەوت تەنیا ٩٠ دۆلار دەتوانێت هەموو پێداویستیە دارایەکانی حکومەتی داهاتوو دابین بکات، نرخی ئێستای نەوت لە دەوروبەری ٦٢.٥٦ دۆلاردایە، هیچ ئاماژەیەک بۆ بەرزبوونەوەی لە داهاتویەکی نزیکدا نیە، لە ڕاستیدا پێدەچێت ئەگەری دابەزینی نرخی نەوت زیاتر بێت.
واقیعەکە ئەوەیە کە دانیشتووانی عێراق و کورستان چاوەڕوانییان لە سیستەمی سیاسی ئێستا نیە، کە پێکهاتەیەکە لە لایەن و هێزی تائفی و قەومی میلیشیا، هەڵبژاردنەکان و خواستەکانی هاوڵاتیان بۆ ئاسایش و ئازادی و دادپەروەری و باشبژێوی و خۆشگوزەرانی و لێپرسینەوە لە گەندەڵی و گەندەڵکاران ئاسۆیەک نیشان نادات، ، ئەمەش کەشوهەوای دۆخێکە لە ئێستاوە گرژی و ئاڵۆزی زیاتر خراپتر دەکات.
ئەوەی جێگای سەرنجە ئەنجامی هەڵبژاردن ئاشکرای دەکات کە میلیشیا چەکدارەکان و هاوپەیمانە سیاسیەکانی سەر بە ئێران زیاتر نفوزی خۆیان چەسپاندووە، بە سەرکەوتویی باڵادەستی مەیدانی شەڕەکانیان بۆ دەسەڵاتی فراوانتری پەرلەمانیش گواستۆتەوە. ئەم دەرئەنجامە ڕێگە خۆش دەکات میلیشیاکان لە چوارچێوەی پێکهاتە سیاسیە فەرمیەکان کاربکەن، ڕێگەیان پێدەدات کاریگەرییان لەسەر پێکهێنانی حکومەت هەبێت و سیاسەتەکان ئاراستە بکەن بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندیەکانیان و فراوانکردنی کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر دامەزراوە سیاسی و ئەمنیەکانی عێراقدا.
ئەم چڕبونەوەی دەسەڵات بە هێزە میلیشیاکان دەبێتە هۆی ناهاوسەنگی زیاتری دەسەڵات لە بەرژەوەندی ئەو قەوارانەی کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت کاردەکەن و بە شێوەیەکی سیستماتیکی دامەزراوە حکومیەکان لاواز دەکەن، سنور بۆ هەر سەرۆک وەزیران دادەنێن گەر بەدوای هەڵوەشانەوەی میلیشیاکانەوە بێت.
لە هەمان کاتدا دانوسان و رێکەوتنی نێوان لایەنەکان لەسەر بنەمای شیعە و سونە و کورد، لەلایەکی ترەوە دەوری دەخالەتی بەردەوامی ئەمریکاو ئێران لە سەر چارەنوسی عێراق، تاچەند پێشبینی ئەوەی لێدەکرێت کە بتوانرێت سەقامگیری و ئاسایش لە عێراقدا بەدەست بهێنرێت؟. بەئاشکرا دەبینین ململانێی نێوان “شیعە و سونە و کورد” هەمیشە پرە لە گرژی. بۆیە پێویستە ئەو پێکهاتە تائیفی نەتەوەیی و ئیسلامی سیاسیە لە ریشەوە لەسەر پێکهاتەی حکومەت داببرێت. پێکهێنانی حکومەتێک بکرێتە رێگەی چاکسازی، کەلەسەر بنەمای هاوڵاتی بون و غەیرە دینی و غەیرە نەتەوەیی بەبێ بونی دەسەڵاتی میلیشیا دامەزرێت.




کۆڕی ناساندن بۆ سێ کتێبی نوێی دڵشاد کاوانی لە هەولێر بەڕوەچوو.

بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری نووسەران و ڕۆشنیران لە هۆڵی شەهید مەهدیی خۆشناو لە بارەگای یەکێتیی نووسەرانی کورد، لقی هەولێر. ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ٢٩/١//٢٠٢٥ کۆڕی ناساندن بۆ سێ بەرهەمی نوێی دڵشاد کاوانی نووسەر و ڕۆماننووس بەڕێوەچوو.
کتێبەکان پێکهاتبوون لە کتێبی پەڕینەوە بە قاچ، سەفەری نامەکان. قەسیدەی شیعریی شەوە بیابانییەکانی لم.
سەرەتا نووسەر تیشکی خستە سەر بەرهەمەکانی و پاشان د. هێمن عومەر خۆشناو خوێندنەوە بۆ کتێبەکان کرد ودواتر ڕا و بۆچوونی نووسەران لەسەر کتێبەکان خرانە ڕوو، بە گرینگیی سەیر کرا و پێشوازییەکی باشی لێ کرا.
لەمیانەی کۆڕەکەدا فەرهەنگ غەفوور بەڕوەبەری ڕۆشنبیریی و هونەریی هەولێر. چەپکێ گوڵی بەدیاریی بە نووسەر بەخشی.
دڵشاد كاوانی بۆ ماڵپەڕی گوتی: کۆڕەکە یەکێک بوو لە کۆڕە گەرمووگووڕەکانی لقی هەولێر و جێگەی ڕەزامەندی بەشداربووان بوو.
کۆڕەکە لەلای مەسعوود پەرێشانی شاعیر بەڕێوە چوو. لە کۆتایدا کتێبەکان واژووی لەسەر کرا.




گوندی لاجان، غەزەیەکی بچووک!.. کامل احمد

ناسیۆنالیزم هەر ڕەنگ و ناوێکی هەبێت دژ بە بەرژەوەندییەکانی هەژاران و کرێکارانە.
ئەوەی ئەمڕۆ لە لایەن هێزەکانی پارتی و پارێزەرانی کۆمپانیا و پاڵاوگەی لاناز دژ بە خەڵکی گوندی لاجان دەکرێت لە گەمارۆدانی گوندەکەیان و بەزۆر ڕاگواستنیان، هیچی کەمتر نییە لەو جینۆساید و گەمارۆدان و ڕاگواستنە زۆرەملیانەی ئیسرائیل لە غەزە. ئەم ڕووداوانەی گوندی لاجان باشترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە نەتەوەپەرستی و بەرژەوەندییەکانی سەرمایە هیچ جیاوازییەک ناکات کاتێک بەرژەوەندییەکانی دەکەوێتە مەترسییەوە. جا ئەو دەستدرێژی و گەمارۆدانە خانەخۆیی و خۆماڵی بێت وەک ئەوەی لە لاجان ڕوودەدات یان لە ژێر ناوی زمان و نەتەوەیەکی ترەوە بەڕێوەبچێت و دەرەکی بێت وەک ئەوەی ئیسرائیل لە غەزە پیادەی دەکات. پارتی و ئیسرائیل هەردوولایان هەمان دەسەڵاتی سەرمایەداران و پارێزەرانی بەرژەوەندییەکانی سەرمایە و کۆمپانیا بازرگانییەکانیانن و ئامادەن خەڵکی خانەخوێ و دەرەکیش لە خوێن هەڵکیشن و بێ خانەولانەیان بکەن.
ئەمە دەرسێکی ڕوون و ئاشکرایە کە ناسیونالیزمی کورد دوژمنی سەرسەختی کرێکاران و هەژارانی کوردستانە و هیچ بەرژەوەندییەکی هاوبەش لە نێوان سەرمایەدارن و هەژاراندا نییە و وەهمی نەتەوەیی پووچە. هەموو پشتیوانییەک بۆ خەڵکی گوندی لاجان و کرێکارانی کۆمپانیای لازار لەم بەرەنگاربوونەوەیاندا. گرنگترین کارێکیش ئەوەیە کە کرێکاران و هەژارانی گوندی لاجان بەو هەوڵە فریوکاریانەی هەردوو زۆنی سەوز و زەرد هەڵنەخەڵەتێن ونەبنە بەشیك لەم شەڕەی نێوان ئەوان لە نێوان قازانچپەرستە هەرکییەکان لە هەردوو زۆنەکەدا.

کامل احمد
٠١،١٢،٢٠٢٥




بۆچی خەڵك هیوای بە پەرلەمان نەماوه؟.. رێبوار ياسين فەتاح

لەگەڵ هەر پرۆسەیەكی هەڵبژاردندا، مشتومڕی بەشداریكردن یان بایكۆت لەناو شەقامی سیاسی و میللی دروست دەبێت، تەنانەت ئەو مشتومڕە ڕۆچۆتە ناو خێزانەكانیشەوە، ئەمەش سەرەنجامی گشت ئەو پێشێلكاری و شكاندنانەیە، كە حزبەكان بەرامبەر بە پەرلەمان كردویانە.
خەڵكی ئاسایی، جیاوازی ناكات لە نێوان پەرلەمانی عێراق و كوردستان، چونكە خودی حزبەكانن ئەو جیاوازیەیان نەهێشتوەو لەبەر دەنگ، یەكتر ریسوا دەكەن و بانگەشەكانیان زۆر لۆكاڵی كردوە، جگە لەوەی سوككردنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن ئەم حزبانەوە وای كردوە كە خەڵك بە یەك چاو سەیری هەموو پرۆسەیەكی هەڵبژاردن بكات. بەوەی تەنیا نمایش و شانۆگەرییەكەو هیچ گۆڕانكاری دروست ناكات. ئەمە جگە لە ئەزمونی شكستخواردوی ئۆپۆزسیۆن لەناو كوردستان و عێراقیشدا.
بە هەموو پێوەرێك، پەرلەمان لە كوردستان، تەنیا بۆ ئارایشتی دەسەڵاتی سیاسییە تا وەك ڕوپۆشێكی ئازادی و دیموكراسی پیشانی جیهانی بدەن. ئەگەرنا، لەوەتەی كورد خاوەنی پەرلەمانە، لەوەتەی كورد هەڵبژاردن دەكات لەم باشورە، كەمترین جار ئەنجامەكان وەك خۆی قبوڵ كراوە، زۆرترین جاریش شكۆی پەرلەمان شكێنراوە، سەرەتا بەوەی كە هیچكام لە دەسەڵاتداران و كوڕانی بنەماڵە دەسەڵاتدارەكان ئامادە نین بچنە پەرلەمانەوە، دووەمیش چەندینجار ئەم پەرلەمانە شكێنراوە بە داخستن بێت یان پەكخستن، دوایەمینیان پێکنەهێنانیەتی کە ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنیشدا تێپەڕی.
لایەنێكی دیكەی بێ ئەرزش كردنی پەرلەمان، رەوانە كردنی شایەرو بێژەرو كەسانی نەخوێندەوارو بەتاڵە بۆ ناو ئەو موئەسەسە گرنگە، كە بەشێكیان تەنانەت جگە لە موچەكانیان، ئاگاداری هیچ كارێكی پەرلەمان نین و بەشداری ناكەن و ساڵانە چەند جارێکی کەم قسەیەک دەکەن یان هەر ناشیکەن.
بۆیە پەرلەمان بۆ بەشێكی زۆری حزبەكان و كادرەكانیان بۆتە بازاڕێكی كەسابەت و هیچ پەیوەندی بە بەرگری لە بەرژەوەندی خەڵكەوە نیە.
لەلایەكی دیكەوە، پەرلەمانتاران و فراكسیۆنەكان كەمترین پرۆژەیان هەبوە پەیوەست بێت بە ژیانی خەڵكەوە، بگرە ئەوانەی كە زۆرترین جار دەردەكەون لە مێدیاو سۆشیال مێدیا، كەمترین كاریان لە پەرلەمان كردووە.
دوایین گورزیش لە پەرلەمان درا، داخستنیەتی بەو جۆرەی ئێستا دەیبینین كە ساڵ زیاترە هەڵبژاردن كراوە، نە كۆبۆتەوەو نە هیچ رۆڵێكی هەیە لە خێراتر كردنی پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. لەولاشەوە پەرلەمانتاران هەر رۆژەی لە شوێنێك دەردەكەون و مانگانە موچەی خۆیان وەردەگرن، بێ ئەوەی هەڵوێستێکیان لەسەر نەبونی ئەو شوێنە هەبێت کە موچەی لێ وەردەگرن. ئەمەش هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ ئەوەی کە دەوترا قیتارمان نییەو چەندین موچەخۆری قیتاریش هەن.
سەرەنجامی هەموو ئەم هۆكارانەش، دامەزراوەی پەرلەمان بۆتە دامەزراوەیەكی بێبەها لای خەڵك و بڕوای تەواوی لا دروست كردون كە بەشداری كردنیان لە هەڵبژاردن وەك بەشدارییە لە سێرك و نمایشێكی بێبەها.

بۆچی هەڵبژاردن شەرعیەتی نیە؟

لە ١٩٩١ـەوە حساب بۆ ئینسانی کوردستان نەکراوە، ئێستا سەرکردەی حزب خزمەتگوزاری، ئازادی مرۆڤ و پڕۆژەی گەورە بە خەڵکی دەفرۆشن. گەورەترین پڕۆژە لەلای من، بەرزڕاگرتنی بەهای مرۆڤە، کە حزبی کوردستان ژێرپێی خستووە.

سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی نە گرفتیان لەنێوانە، نە لەگەڵ بەغداد ناکۆکن، دوژمنی وەهمی دەئافرێنرێ لەلایەن سیاسیەوە بۆ شاردنەوەی شکست و نەبوونی ئەقڵی هاوچەرخی حوکمڕانی.

ئەوەی سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی لەلایان گرنگ نەبێ و بێبەها لێی بڕوانن، مرۆڤە، بەتایبەتیش مرۆڤی کوردستان.

هەڵبژاردن نە سیاسەتی دەسەڵاتدار دەگۆڕێ، نە ڕووخساریان، ئیدی دەبێ دەنگدان بۆچی بێ؟

گەر دەنگدان بە پەڕلەمانی کوردستان زیاد لە ساڵێك لەمەوبەر تا ئەمڕۆ هیچی بەرهەم نەهێنابێ، بۆچی هەڵبژاردنی عێراق بەرهەمی دەبێ؟

دەنگ بۆ پەڕلەمان و حکومەت نیە، بەڵکو بۆ نوێکردنەوەی بەمریدبوونە بۆ پارتی و یەکێتی، کە زۆربەی زۆرتان بە زاڵم و گەندەڵ لە قەڵەمیان دەدەن.

دەنگدان گروپێکی نوێی سیاسی ناهێنێتە سەر حوکم تا بە سیاسەتی هاوچەرخ و حەکیم دەسەڵاتی کوردی یەکبخەن و پەڕلەمان، حکومەت و دەسەڵاتی دادوەری ڕیفۆڕم بکەن. نەخێر، هەر ئەو شەڕە قسەیەمان گوێ لێدەبێ کە پارتی و یەکێتی لە ١٩٩١ـەوە سەرقاڵین و خەڵکی پێ چەواشە دەکەن.

دەنگدان کۆتایی بە سەرکوتکردن و تێرۆری نەیاری پارتی و یەکێتی و ڕۆژنامەنووس ناهێنێ، بەڵکو شەرعیەتیان پێدەدات لەوەی کردوویانە و لەوەش لە داهاتوودا دەیکەن.

دەنگدان هیچ کەسێك زیندوو ناکاتەوە کە بووەتە قوربانی پارتی و یەکێتی و شەڕی خۆکوژیان.

دەنگدان کۆتایی بە کاریگەری تورك و فارس لە کوردستاندا ناهێنێ، بەڵکو زیادتری دەکات.

دەنگدان میدیا ئازاد ناکات و کۆتایی بە مۆنۆپۆلی پارتی و یەکێتی بەسەر میدیادا ناهێنێ، شەرعیەتیان پێدەدات.

دەنگدان شەڕی پارتی و یەکێتی لە کەرکوك و ناوچەی جێناکۆکدا کۆتای پێناهێنێ، و نایگۆڕی بە سیاسەتێکی حەکیمانە کە مافی مرۆڤ لەو ناوچانەدا بپارێزێ، بەڵکو شەرعیەت دەدات بە بەردەوامبوونی سیاسەتی شکست.

دەنگدان شەڕی نێو سەرکردایەتی حزب بنەبڕ ناکات، بەڵکو دەسەڵات دەدات بە گروپی دەستڕۆیشتوو بۆ سەرکوتکردنی زیادتر.

دەنگدان کۆتایی بە قەیرانی موچە ناهێنێ، قوڵتری دەکاتەوە. شەڕی موچە بڕبڕەی پشتی ستراتیجی حوکمڕانی پارتی و یەکێتیە، کە هەمووشمان دەزانین چارەسەری تەنیا بنەبڕکردنی گەندەڵی و دامەزراندنی حکومەتی تەکنۆکراتە.

دەنگدان ئابووری کوردستان نابووژێنێتەوە و لاوان ناخاتە سەرکار، ئەوەی لە پۆستی گرنگدا دادەنرێ، دەبێ نزیکی کەسێکی دەستڕۆشتووی نێو حزب خێڵ بنەماڵە بێ.

پارتی و یەکێتی کۆمەڵێکیان دامەزراند، هاوڵاتبوون تێیدا بێبەهایە و پێشکەوتن لەسەر بنەمانی توانای مرۆڤ نیە، بەڵکو لەسەر نزیکیە لە کەسێکی دەستڕۆیشتووە؛ پێشکەوتن لە پیشەدا توند گرێدراوە بە سەرشۆڕیەوە بۆ سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی. ئەوی نەبێ بە گوێڕایەڵی حزب خێڵ به نەماڵە، هەرگیز جێی لە دەسەڵاتی حزبدا نابێتەوە.

دەنگدان کۆتایی بە داگیرکردنی موڵکی گشت ناهێنێ، بەڵکو دەنگت پسوڵەی داگیرکردنی زیادترە.

ئەگەر دەنگدان پێشتر هیچی پۆزەتیڤی نەهێنابێتە نێو ئیدارە و سیاسەتی کوردستانەوە، دەنگت، سەکۆی گەندەڵی و سەرکوترکردن و ئازادی مرۆڤ تەسكتر دەکاتەوە.

لە ژیاندا هەموو ئازادین چیمان دەوێ، ئێوەش ئازادن، بەڵام ئەوەی لەلای من هەناسەی ژیانە ئەمەیە: بیناکردنی مرۆڤ لەنێو کۆمەڵێکی هاوچەرخی ئازاددا کە هەموو مافمان یەکسان بێ لەبەرامبەر قانون و دەستگای هاوچەرخدا.

پارتی و یەکێتی بەربەستن لەبەردەم پێشکەوتنی کوردستان و مرۆڤدا، دەنگدان هیچ ناگۆڕێ.

رێبوار ياسين فەتاح




زانیاری ئازاد لە دژی سەرمایە: کتێبێکی بەخۆڕایی لەسەر زیرەکی دەستکرد بە سی زمان.. ڕزگار ئاکرێی

هەوڵێکی چەپی کۆمەڵایەتی نێودەوڵەتی وای کردووە کە کتێبی “زیرەکی دەستکردی سەرمایەداری: تەحەداکانی چەپ و بەدیلەکانی گونجاو” وەربگێڕدرێت بۆ سەر سی زمان بە خۆڕایی بەردەست بکرێت، لە هەنگاوێکدا بە ئامانجی شکاندنی قۆرخکاری کەلتوور و فراوانکردنی مشتومڕی چەپی نێودەوڵەتی لەسەر تەکنەلۆژیا وەک ئامرازێکی زاڵبوون یان ئامرازی ئازادی.

ڕزگار ئاکرێی
Rezgar Akrawi
بە پشتیوانی چەپی نێودەوڵەتی و هەوڵی بەکۆمەڵ و پێویستی بەپەلە بۆ چالاککردنی دیالۆگی چەپ لەسەر زیرەکی دەستکرد بە زمانە جیاوازەکان، وەرگێڕانی کتێبەکەم “زیرەکی دەستکردی سەرمایەداری، تەحەداکانی چەپ و جێگرەوەکانی گونجاو: تەکنەلۆژیا لە خزمەتی سەرمایە یان ئامرازێک بۆ ئازادی؟”چەند مانگێک لەمەوبەر دەستیپێکرد و بەم دواییانە تەواو بوو. ئێستا بە سی زمان بەخۆڕایی بەردەستە: ئینگلیزی، چینی، ئیسپانی، فەڕەنسی، عەرەبی، کوردی (کرمانجی)، کوردی (سۆرانی)، ڕووسی، هیندی، پورتوگالی، بەنگالی، ئەڵمانی، ژاپۆنی، کۆری، فارسی، تورکی، ئوردو، ڤێتنامی، ئیندۆنیسی، ئۆکرانی، هۆڵەندی، یۆنانی، پۆڵەندی، چیکی، سویدی، دانیمارکی، نەرویجی، سربی، کرواتی، مالایی و تامیل.
ئەم چاپە فرە زمانە تەنها دەستکەوتێکی تەکنیکی نییە لە بڵاوکردنەوەدا، بەڵکو هەنگاوێکە لە پڕۆژەیەکدا کە هەوڵ دەدات مشتومڕی چەپ لەسەر زیرەکی دەستکرد بەهێز بکات، هەم وەک ئامرازێکی هەژموونی سەرمایەداری و لە هەمان کاتدا ئامرازێکی شاراوە بۆ ئازادی مرۆڤایەتی و بیکاتە گفتوگۆیەکی نێودەوڵەتی کراوە کە سنووری زمانەوانی و جوگرافیی تێدەپەڕێنێت.

پرەنسیپی بڵاوکردنەوەی ئەلیکترۆنی ئازاد: زانیاری دژی سەرمایە
لە جیهانی هاوچەرخی ئێمەدا، زانین چیتر تەنها بەهایەکی ڕۆشنبیری یان داهێنەرانە نییە. گۆڕاوە بۆ کاڵایەک کە سەرمایە قۆرخی دەکات. دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە و پلاتفۆرمەکانی دابەشکردن کۆنتڕۆڵی کتێب و بیرۆکەکان دەکەن بەهەمان شێوە سەرمایە کۆنترۆڵی کارگەکان و کێڵگەکان و فەرمانگەکان و بەرهەمهێنانی ماددەکان دەکات. ئەوان لۆژیکی قازانج خوازی خۆیان بەسەر وشەکاندا دەسەپێنن هەروەک چۆن لەسەر کاری دەستی و ڕۆشنبیری دەیکەن. بەم شێوەیە، بیری زاڵ بەرهەم دەهێنرێتەوە بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی چینی فەرمانڕەوا، لە کاتێکدا دەنگە چەپەکان و ئازادیخوازەکان پەراوێز دەخرێن، سنووردار دەکرێن و تەنانەت لە بواری گشتی دوور دەخرێنەوە. ئەم مۆنۆپۆلی کولتوورییە نەک تەنها بەربەستێکی ئابووری نییە کە جەماوەر بە زانست دەگات، بەڵکو چەکێکی چینایەتی و ئایدیۆلۆژیایە بۆ سەرکوتکردنی ئەلتەرناتیڤی چەپی پێشکەوتووخواز. کلتور و بیرکردنەوە دەگۆڕێت بۆ بەشێک لە بازاڕی سەرمایەداری، کە بە هەمان یاسای خستنەڕوو و خواست بەڕێوە دەبرێت کە کۆنتڕۆڵی نان و کار و خانووبەرە و شتی تر دەکات.
گەورەترین مەترسی کە ئەم سیستەمە دروستی دەکات تەنها بەربەستە ماددییەکانی بەردەم زانین نییە، بەڵکو ئەو کۆتوبەندە ڕۆشنبیرییە نادیارەیە کە بەسەر خودی نووسەراندا سەپێنراوە، بەتایبەتی ئەوانەی لە چەپەکانن. زۆربەیان ناچار دەبن بیرۆکەکانیان لەگەڵ هەلومەرجی دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە و یاسا و ڕێساکانی ئەو وڵاتانەی تێیدا دەژین بگونجێنن و مەرجە بازرگانی، سیاسی و یاساییەکان جێبەجێ بکەن تەنها بۆ ئەوەی دەقەکانیان بۆ بڵاوکردنەوە قبوڵ بکرێن. ئەمە جۆرێک لە خۆسانسۆری خۆبەخشانەی پێشوەخت بەرهەم دەهێنێت، کە تێکستەکان پێش گەیشتن بە چاپخانە شێوەیان دەگۆڕدرێت، نەک لە وەڵامی پێداویستییە ڕۆشنبیری یان جوانییەکاندا، بەڵکو بۆ ملکەچبوون بۆ لۆژیکی بازاڕ. بەم شێوەیە ئازادی ڕادەربڕین سنووردار دەبێت و نووسەران پاڵ بە وتارێکی ئایدیۆلۆژیاوە دەنێن کە بازاڕی سەرمایەداری و دەوڵەتە دیکتاتۆرەکان پەسەندی دەکەن.
لەسەر بنەمای ئەوەی کە مەعریفەی چەپ هەرگیز نابێت کاڵا بێت، بڵاوکردنەوەی ئازاد هەڵوێستێکی سیاسییە لە دژی قۆرخکاری کەلتوور و هزر. ئەم وەرگێڕانانە لە ڕێگەی پلاتفۆرمە جیهانییەکانی وەک ئەمازۆن، گووگڵ، Draft2Digital و Leanpub بڵاو کراونەتەوە، بەگوێرەی ئەو زمانانەی پشتگیری دەکرێن. هەموو وەشانەکان بەخۆڕاییە، جگە لەوانەی لە ئەمازۆن کە نرخێکی سیمبولی هەیە، زۆربەیان بەخۆڕایین بۆ بەشداربووان. بڵاوکردنەوەی ئەلیکترۆنی بەخۆڕایی بە هەموو ئەم زمانانە وایکردووە کتێبەکە لە ماوەیەکی کورتدا بگاتە دەیان هەزار دانە و لە ڕێگەی لینکی راستەوخۆ، تۆڕەکانی گەڕان، یان پلاتفۆرمی بڵاوکردنەوەی جیهانی و ناوخۆیی. ئەم بڵاوبونەوەیە لە ڕێگەی کەناڵە تەقلیدییەکانەوە ڕووی نەداوە، کە لەلایەن دەزگاکانی بڵاوکردنەوە سانسۆری سیاسی و بازرگانی و سنووردارکردنی مافی چاپەوە سنووردار کراوە. بڵاوکردنەوەی کراوە ئەو بەربەستانەی شکاند و چاپەکانی گەیاندە زۆرترین خوێنەر بە ئاسانی و بەبێ کۆسپ و تەگەرەی دارایی و زمانەوان.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە بەردەست کردنی ئەم وەرگێڕانە لە پلاتفۆرمە جیهانییەکاندا، سەرەڕای سروشتی سەرمایەداریانەیان، کردارێکی سیاسی بە ئەنقەست و بەکارهێنانی “چەکی دوژمن” بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری چەپ بە ئازادانە و لە ئاستێکی جیهانی فراواندا.
ئەمە بانگەوازێکی ئاشکرایە بۆ هەموو نووسەرە چەپەکان کە مەعریفەی چەپ نابێت بفرۆشرێت و بکڕێت یان بخرێتە ژێر لۆژیکی یاساکانی بازاڕی سەرمایەداریەوە، چونکە لە ناوەرۆکدا پڕۆژەی ئازادیخوازی جەماوەرە. ئەمە گرنگی بڵاوکردنەوەی چاپی کەم ناکاتەوە، کە ئامرازێکی گرنگ بووە بۆ بڵاوکردنەوەی بیروڕاکان، بەڵام جەخت لەوە دەکاتەوە کە شۆڕشی دیجیتاڵی دەرفەتی نوێی گەورەی بۆ بڵاوکردنەوەی ئەلیکترۆنی بەخۆڕایی ڕەخساندووە، کە توانای گەیشتن بە دەیان جار خوێنەری زیاتر هەیە بە بەراورد بە ئەگەرە سنووردارەکانی بڵاوکردنەوەی چاپی بازرگانی. بڵاوکردنەوەی دیجیتاڵی بەخۆڕایی هەروەها بەدیلێکی ئابووری و ژینگەیی گرنگ پێشکەش دەکات: تێچوونی ئابووری بەرهەمهێنان، دابەشکردن و گواستنەوەی کتێبی چاپکراو تێدەپەڕێنێت، لە هەمان کاتدا بەکارهێنانی کاغەز و کاریگەرییە زیانبەخشەکانی لەسەر ژینگە کەم دەکاتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، کتێبی چاپکراو وەک میدیای چاپکراو وردە وردە بەرەو کاڵبوونەوە دەچێت، چونکە زۆربەی نەوەی گەنج لە ئێستادا بە شێوەیەکی سەرەکی پەنا دەبەنە بەر پلاتفۆرمی دیجیتاڵی بۆ زانیاری و بیرۆکەکان. بڵاوکردنەوەی کتێب بە خۆڕایی خۆی لە خۆیدا کردارێکی بەرگرییە: بەرگری لە تایبەتیکردنی کەلتوور، ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی بازاڕی سەرمایەداری بەسەر بیرکردنەوەدا، و هاوتەریب بوون لەگەڵ مافی هەمووان بۆ گەیشتن بە بیرۆکەی چەپ و پێشکەوتووخواز بەبێ بەربەست. بڵاوکردنەوەی ئەلیکترۆنی ئازاد شێوازێکە لە کۆمەلایەتی کولتووری بۆ بەرژەوەندی جەماوەر، هەنگاوێکی سیمبولی و پراکتیکی وەک یەک کە بەرهەمی ڕۆشنبیری بە خەباتی چەپی نێودەوڵەتی دەبەستێتەوە و بۆشایی بۆ بەشداری فراوانی جەماوەر لە بەرهەمهێنان، هاوبەشیکردن و گفتوگۆ دەکات.

دووبارە بڵاوکردنەوەی کتێبەکە لەلایەن پلاتفۆرم و بڵاوکەرەوەکانی ترەوە
بڵاوبوونەوەی کتێبەکە تەنها بە پلاتفۆرمە سەرەتاییەکانەوە سنووردار نەبوو. زۆرێک لە بڵاوکەرەوە و ماڵپەڕە ئەلیکترۆنییەکان، جیهانی و ناوخۆیی، بە زمانە جۆراوجۆرەکانی یان بە بەشێک بڵاویان کردووەتەوە. ئەمەش بەهۆی ئەوەی کتێبەکە لە دەرەوەی چوارچێوەی مافی چاپ و خاوەندارێتی دانرابوو، ئازاد و کراوە بۆ هەمووان، بۆ ئەوەی هەر تاکێک یان قەوارەیەک بتوانێت دووبارە بڵاوی بکاتەوە یان بە ئازادی وەریبگێرێت. ئەم جۆرە دووبارە بڵاوکردنەوەیە ڕەنگدانەوەی جەوهەری بڵاوکردنەوەی کراوە و توانای شکاندنی قۆرخکاری کەلتووری و فراوانکردنی مەعریفەی چەپ بۆ فراوانترین بینەری جیهانی، بەخۆڕایی.
لەنێو ئەو پلاتفۆرمانەی کە کتێبەکەیان دووبارە بڵاوکردۆتەوە بریتین لە: Apple Books, OverDrive, Smashwords, WorldCat, NewPol, ZNetwork, MSN – Microsoft, Rakuten (ژاپۆن)، IBS (ئیتاڵیا)، The Palace Project, Mondadori Store, Indigo (کەنەدا)، Socialist Project, Links (ئوسترالیا)، Saxo, Arbejderen, Solidaritet (دانیمارک)، FNAC, Vivlio (فەرەنسا)، Everand (ئیسپانی و ڕووسی)، Kobo (پورتوگالی)، Hugendubel, Thalia, Orell Füssli (ئەڵمانیا/سویسرا)، Kommon (یۆنانی)، Akhbar-rooz (فارسی)، Kritik Bakis (تورکی)، کوردیپیدیا و چەندین ماڵپەڕی چەپ و پێشکەوتووخواز و میدیایی و هەروەها پلاتفۆرمی بڵاوکردنەوەی دیجیتاڵی عەرەبی و کوردی.

سوپاس و پێزانین: دەستکەوتێکی بەکۆمەڵ
سوپاسگوزاری و پێزانینی قووڵم بۆ هەموو ئەوانەی بەشدارییان کرد لە وەرگێڕان، پێداچوونەوەیەکی زمانەوانیی، بڵاوکردنەوە، بەرزکردنەوە و شتی تر. هەروەها سوپاسی ئەوانە دەکەم کە وتاریان لەسەر کتێبەکە نووسیوە یان بڵاویان کردووەتەوە، کە بە زمانە جۆراوجۆرەکان (عەرەبی، ئینگلیزی، کوردی، ئینگلیزی ئوسترالی، ئینگلیزی کەنەدی، ئەڵمانی، فەڕەنسی، ئیتاڵی، ئیسپانی، دانمارکی، یۆنانی، تورکی، فارسی).
هەروەها سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی بەشدارییان کرد لە گفتوگۆی کراوەی کتێبەکە، چ لە ماڵپەڕ و چ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. ئەم دیالۆگە بەڕاستی کردارێکی چەپی کۆمەڵی زیندووی پێکهێنا کە مشتومڕی زیرەکی دەستکرد بە تایبەتی و تەکنەلۆژیا بە گشتی دەوڵەمەند کرد و ئاسۆیەکی فراوانی بۆ بیرکردنەوە لە بەدیلی چەپی پێشکەوتووخواز کردەوە.
زۆر سوپاسی ئەو هەڤاڵانە دەکەم کە پێش بڵاوکردنەوە کاردانەوەی بەسوودیان لەسەر دەستنووسەکە پێشکەش کردم، هەروەها بۆ هەموو نووسەر و خوێنەرێک کە بەشداری گفتوگۆکەیان کرد، هەموو ئەو دەستانەی کە بەشدارییان لەم گەشتەدا کرد. ئەم پشتگیرییە تەنها کارێکی پراکتیکی نەبوو، بەڵکو دووپاتکردنەوەیەکی زیندوو بوو کە بیرۆکەی چەپ و ئازادخواز دەتوانێت گەشە بکات و ڕەگ بکێشێت لە ڕێگەی کرداری کۆمەلایەتی، کراوە، و ئازاد، لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی سەرمایە.

پرۆژەیەک لە جێبەجێکردندایە: لە دیالۆگەوە بۆ کتێب
ئەم پڕۆژەیە تەنها بە بڵاوکردنەوەی کتێبێکی وەرگێڕدراو سنووردار نییە. بۆ هەوڵێکی فراوانتر درێژ دەبێتەوە. بە ئیلهام وەرگرتن لە بیرۆکە دەوڵەمەندەکان و تێڕوانینەکان کە لە گفتوگۆی کراوە دەربارەی کتێبەکە و ئەو وتارانەی لە چوارچێوەی کتێبەکەدا بەرهەم هاتوون، ئێستا پێویستمان بە دۆکیۆمێنت کردنی ئەم کارلێکردنە هەیە. لەبەر ئەم هۆیە، پرۆژەیەکی بەردەوامە بۆ گۆڕینی ئەم هەوڵە بەکۆمەڵە بۆ کتێبێکی جیا بە چەند زمانێک. ئەم کتێبە وەک ئەرشیفێکی زیندوو خزمەت دەکات بۆ گرنگترین بەشدارییە ڕۆشنبیرییەکان کە تێڕوانینێکی چەپی پێشکەوتووخوازی پێکهێناوە بە ئامانجی ئازادکردنی تەکنەلۆژیا لە هەژموونی سەرمایەداری. ئەمە تەنها پاشکۆیەک نابێت بۆ کتێبە بنەڕەتیەکە، بەڵکو بەشدارییەکی سەربەخۆ و پێویست دەبێت بۆ دەوڵەمەندکردنی مشتومڕی کۆمەڵی نێودەوڵەتی لەسەر ئەگەری بەدیلی چەپ بۆ هەژموونی تەکنەلۆژیای سەرمایەداری.

تێبینیەک لەسەر وەرگێڕان و پێداچوونەوە
کتێبەکە لە ئینگلیزییەوە بۆ 28 زمان وەرگێڕدرا بە پاڵپشتی چەپە نێودەوڵەتیەکان، لە ڕێگەی هەوڵێکی خۆبەخشانەی هاوڕێیانی چەندین وڵاتەوە کە بەشدارییان لە وەرگێڕان و پێداچوونەوە بە زمانەوانیدا کرد. هەندێک وەرگێڕان بە ئامرازی دیجیتاڵی پێشکەوتوو یارمەتی دراوە، بەڵام هەموو وەشانەکان لەلایەن خۆبەخشانی خۆبەخشەوە پێداچوونەوەیان بۆ کراوە. ئامانج بەرهەمهێنانی چاپێکی تەواو نەبوو، بەڵکو گەیاندنی بیرۆکە چەپییە سەرەکییەکان بوو بە ووردی و فراوانکردنی بەشداری نێودەوڵەتی لە دەوری زیرەکی دەستکرد و تەکنەلۆژیا لە ڕوانگەیەکی ئازادیخوازەوە.
وەرگێڕان و چاپکردنەوە لەم چوارچێوەیەدا کارێکی پیشەیی مووچەخۆر نییە، بەڵکو کردارێکی کراوەی کۆمەلایەتییە و بەشێکە لە خەباتی دژ بە قۆرخکاری مەعریفە و زاڵبوونی یەک زمان، بە گوێرەی تێبینی ئەو هەڤاڵانەی کە پێداچوونەوەیان بە دەقەکاندا کردووە، کوالیتی و ڕوونی وەرگێڕانەکە زۆر بەرز بووە و سەرکەوتوو بووە لە گەیاندنی بیرۆکە بنەڕەتییەکانی کتێبەکە بە وردی و ڕوونی. ئەوەی ئەمە دەسەلمێنێت ئەوەیە کە زۆرێک لە دەزگا و پلاتفۆرمەکانی چاپ و بڵاوکردنەوە، سەرەڕای جەختکردنیان لەسەر باشی زمانی وەرگێڕرانەکە، هیچ تێبینییەکیان نیشان نەداوە بەڵکو مامەڵەیان لەگەڵ کردووە و تێکستەکان پێشوازییەکی بەرفراوانیان لێکرا؛ کە ئەوە دووپات دەکاتەوە ناوەڕۆکی سیاسی و مەعریفی زۆر بە ڕوونی گواستراوەتەوە و وەرگێڕان لە ڕەهەندی کۆمەلایەتی و نێودەوڵەتیدا توانیویەتی ئەرکەکەی بە تەواوی جێبەجێ بکات. ئەم هەڵسەنگاندنە پۆزەتیڤە لە ڕوانگەیەکی چەپەوە هاتووە، کە جەخت دەکاتە سەر ناوەڕۆکی ئازادیخوازی و مەعریفی، نەک تەنها لەسەر فۆرمی بازرگانی ڕەق.


بەستەری پەڕتووک و وتارەکان
لە کوێ کتێبەکە بە زمانە جیاوازەکانی بدۆزیتەوە، بڵاوکەرەوە و پلاتفۆرمەکان کە بڵاویان کردووەتەوە؟
• پلاتفۆرمەکانی بڵاوکردنەوەی بەخۆڕایی:
o ئەمازۆن: https://www.amazon.com/stores/Rezgar-Akrawi/author/B0DY1BMMXW
o گووگڵ: https://www.google.dk/search?&q=inauthor:%22Rezgar+Akrawi%22&udm=36
o Leanpub: https://leanpub.com/u/rezgarakrawi
o Draft2Digital: https://books2read.com/b/mvxANj
پلاتفۆرم و بڵاوکەرەوەکانی تری سەرەکی کە کتێبەکە یان بەشەکانی بڵاو دەکەنەوە:
• Apple Books: https://books.apple.com/dk/author/rezgar-akrawi/id1809554162?see-all=books
• ئۆڤەر درایڤ: https://www.overdrive.com/creators/3945582/rezgar-akrawi
• Smashwords: https://www.smashwords.com/profile/view/RezgarAkrawi
• WorldCat: https://search.worldcat.org/search?q=rezgar+akrawi&offset=1
• نیوپۆل: https://newpol.org/authors/akrawi-rezgar/
• Znetwork: https://znetwork.org/author/rezgar-akrawi/
• MSN – Microsoft: https://www.msn.com/en-us/money/other/the-leftist-alternative-to-artificial-intelligence/ar-AA1Miwzu
• International Journal of Socialist Renewal
https://links.org.au/soft-surveillance-and-control-artificial-intelligence-tool-gradual-and-deep-political-repression
Theleftberlin
https://www.theleftberlin.com/author/rezgar-akrawi/

• ڕاکوتین: https://books.rakuten.co.jp/search?g=101&pname=Rezgar+Akrawi
• ئای بی ئێس: https://www.ibs.it/ebook-inglese/autori/rezgar-akrawi
• پرۆژەی کۆشک (ئیتالیا): https://market.thepalaceproject.org/item/6842222?locale=it
Contropiano
https://contropiano.org/news/internazionale-news/2025/10/19/marocco-generazione-z-212-e-le-proteste-giovanili-dalle-reti-digitali-alle-strade-0187721

• فرۆشگای مۆندادوری: https://www.mondadoristore.it/autore/rezgar-akrawi/c/05560552
• : https://www.indigo.ca/en-ca/books/rezgar-akrawi/
• لینکەکان (ئوسترالیا): https://links.org.au/soft-surveillance-and-control-artificial-intelligence-tool-gradual-and-deep-political-repression
• پرۆژەی سۆسیالیستی (کەنەدا): https://socialistproject.ca/2025/07/soft-surveillance-and-control/
• ساکسۆ (دانیمارک): https://www.saxo.com/dk/forfatter/rezgar-akrawi_21556724
• Arbejdern (دانیمارک): https://www.google.com/search?as_q=Rezgar+akrawi&as_sitesearch=https%3A%2F%2Farbejderen.dk%2F
• Solidaritet (دانیمارک): https://solidaritet.dk/den-digitale-kloeft-mellem-venstrefloejen-og-kapitalismen-skal-overvindes-det-haster/
• FNAC (فەرەنسا): https://www.fnac.com/ia12361456/Rezgar-Akrawi
• (فەرەنسا): https://market.thepalaceproject.org/item/6842201?locale=fr
• (فەرەنسا): https://shop.vivlio.com/search?search=Rezgar+Akrawi
• Pour.press https://pour.press/author/rezgarakrawipour-press/

• Everand (ئیسپانی): https://es.everand.com/author/856325135/Rezgar-Akrawi?language_settings_changed=Espa%C3%B1ol
• پڕۆژەی کۆشک (ئیسپانی): https://market.thepalaceproject.org/item/6842222?locale=es
https://espai-marx.net/?p=18671
https://espai-marx.net/?p=18613

• کۆبۆ (پورتوگالی): https://www.kobo.com/pt/pt/ebook/inteligencia-artificial-capitalista-desafios-para-a-esquerda-e-alternativas-possiveis
• هوگندوبێل (ئەڵمانی): https://www.hugendubel.de/de/search/advanced?publishers=Rezgar%20Akrawi
• تالیا (ئەڵمانی): https://www.thalia.de/shop/home/mehr-von-suche/ANY/sp/suche.html?mehrVon=rezgar+akrawi
• ئۆرێل فوسلی (ئەڵمانی/سویسری): https://www.orellfuessli.ch/shop/home/mehr-von-suche/ANY/sv/suche.html?mehrVon=Rezgar%20Akrawi
• ئێڤەراند ( ڕووسی ) : https://de.everand.com/book/855068761/
• کۆمۆن (یۆنانی): https://kommon.gr/politiki/item/25061-ipia-psifiaki-katastoli-pos-axiopoieitai-i-techniti-noimosyni-gia-tin-edraiosi-tis-kapitalistikis-igemonias-tou-rezgkar-akraoui
• ئەخبارڕۆژ ( فارسی): https://akhbar-rooz.com/1404/06/18/27841/
• کریتیک باکیس (تورکی): https://kritikbakis.com/sol-ve-kapitalizm-arasindaki-dijital-ucurumu-kapatmak/




نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگ لەسەر بڕیارنامەیەک سەبارەت بە پلانی ئاشتی ترەمپ بۆ غەززە دەدات.. شورش عزیز شورمێ

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان (ئەمڕۆ) ئامادەکاری دەکات بۆ دەنگدان لەسەر بڕیارنامەیەکی ئەمریکا کە پلانی ئاشتی ترەمپ بۆ کەرتی غەززە پەسەند دەکات. ئەم بەڵگەنامەیە پێشبینی هێزێکی سەقامگیری دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی خاکەکە و باس لە ئەگەری دەوڵەتی فەلەستینی داهاتوو دەکات. بەڵام وەک پاولا کاریدی، رۆژنامەنووس ڕوونی دەکاتەوە، مەترسی ئەوە هەیە لەسەر کاغەز بمێنێتەوە..
ئەوەی “بڕیاردەرەکان” ئیدیعای دەکەن، شتێکە؛ واقیعی ڕاستییەکان کە پێدەچێت دژایەتی نیازە باشەکانی بڕیارنامەکە بکات، شتێکی دیکەیە. جگە لە ئەمریکا، بڕیارنامەکە (کە بە دڵنیاییەوە پێویستی بە دەنگی لەباری چوار ئەندامی هەمیشەیی دیکەی چین، ڕووسیا، فەرەنسا و بەریتانیا دەبێت) هەروەها لەلایەن قەتەر، میسر، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، سعودیە، ئەندەنوسیا، پاکستان، ئوردن و تورکیاشەوە پشتیوانی دەکرێت. بەڵام داگیرکردنی غەززە و کەناری ڕۆژئاوا لەلایەن ئیسرائیلەوە پێشتر لە سنوورەکانی خۆی تێپەڕیوە و تەنانەت ئەگەری دروستبوونی دەوڵەتی فەلەستینیش زەحمەتە پێشبینی بکرێت. وە پێناچێت ئیسرائیل دەستبەرداری 58%ی ئەو ستریپە بێت کە ئێستا کۆنتڕۆڵی دەکات.
بڕیاردەرەکان خۆیان ڕزگار دەکەن. من سەقامگیرییەکی درۆینە دەبینم کە یاری بە ڕووبەڕووبوونەوەی زلهێزەکانی ناوچەیی و جیهانی دەکات. غەززە خەریکە دەبێتە تاقیکردنەوەی لیتموس بۆ زۆرێک لە وڵاتان، ئەمریکا پێش هەموو شتێک: ئەمەش بە هەڵبژاردنی مەمدانی وەک سەرۆکی شارەوانی نیویۆرک دەرکەوتووە، کە بۆ ئەمەش ڕێک ئەمە یەکێک بوو لە پرسە سەرەکییەکان. ستریپ کێشەیەکە بۆ ئیتاڵیا و بەریتانیا و وڵاتانی عەرەبی؛ باشتر وایە لە ڕادار دووری بخەیتەوە. کەواتە لێرەدا بڕیارەکە. بەڵام ئەمە یەکەمجار نییە کە بەڵگەنامەیەکی سازش دەکرێت کە شکست بهێنێت لە چارەسەرکردنی واقیع لەسەر زەوی.
وێنەکانی بارانبارین لە غەززە، کە ئاوەڕۆکان دەچنە ناو چادرەکانەوە، ئەوەیان نیشانداوە: هێشتا نمایشێکی دیکە کە ئەو ڕێککەوتنانەی بڕیاردەران دەیکەن شتێکن و دۆخی کەرتی تەواو شتێکی دیکەیە. بەڵام ڕای گشتی وەک ڕووبارێکی کارست وایە؛ ئەوە نییە کە نابینێت چی ڕوودەدات. هەندێکیان هێشتا پەڕینەوەکان دادەخەن، بۆیە خۆراکی پێویست بەردەوام نییە لە چوونە ژوورەوە؛ لە ڕاستیدا بەس هیچ شتێک ناچێتە ژوورەوە. کەمیی پەناگە، کۆنتێنەر، شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵک هەیە: بیناکان بەردەوامن لە داڕمان، ئیسرائیل بولدۆزەر بەکاردەهێنێت، مین و ماڵەکان دەڕوخێنێت، و بە تەواوی تەواوی بەشی ڕۆژهەڵاتی ئەو ستریپەی کە داگیری کردووە لەناو دەبات.
لەسەدا پەنجا و هەشتی شریت، ئەو بەشەی کە لە شار و زەوییە بەپیتەکان پێکهاتووە، لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیرکراوە؛ لەسەدا ٤٢ی دیکە کە دانیشتووانەکەی کەناڵ کراوە، تەپۆڵکە و خۆڵە، هیچ. ئەمە واقیعی سەر زەوییە. ئەو بڕیارنامەیەی کە پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە، هەوڵ دەدات ئەم واقیعە بشارێتەوە. لەم چوارچێوەیەدا پرسی کەناری ڕۆژئاوا و لەگەڵ ئەوەشدا دۆخی قودس بە چارەنووسساز دەمێنێتەوە، چونکە بەبێ ئەو خاکانە دەوڵەتی فەلەستین بوونی نابێت. ئەگەر لە کەرتی ڕۆژئاوا بەردەوام بن لەوەی کە دانیشتووان و سوپا و دانیشتووانی ناو سوپا دەیکەن، نەک هەر لە ئێستاوە لکاندنی ئەو ڕاستییەیە، بەڵکو دەوڵەتێکی ئاپارتایدی ئیسرائیلیش پشتڕاست دەکرێتەوە، ئەمەش تاوانێکی نێودەوڵەتییە.

لە پێش ٧ی ئۆکتۆبەرەوە بەم شێوەیە بووە. کێشەکە ئەوەیە کە بڕیاردەرەکان لە ماوەی ٢٥ ساڵدا هەڵوێستیان بەرامبەر ئیسرائیل نەگۆڕیوە. ئەوەی پێویستە شۆڕشێکی کۆپەرنیکیانە، کە ناتوانێت لە ئەوانەوە بێت، بەڵکو لە کۆمەڵگەی مەدەنیەوە بێت. تەنها سەیری یەکێتی ئەوروپا بکەن: ئۆرسولا ڤۆن دێر لایین بە پەیمانێک بۆ دەریای ناوەڕاست دێتە دەرەوە کە تێیدا کەلێنی نێوان وشەکان و ئەوەی لەسەر زەوی ڕوودەدات کۆتاییە، وەک ئەوەی ١٥٠-٢٠٠ ساڵ لەمەوبەر بگەڕێینەوە، کاتێک کۆلۆنیالیزمەکان بە هیچ شێوەیەک دەژمێردرێن و دەتوانیت هەرچیت بوێت لەگەڵیان بیکەیت. هەموو ئەمانە بە بڕیارنامەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان چارەسەر ناکرێن دوای دەیان، سەدان بڕیارنامەی دیکە، کە لەبارچوون.
بەلای منەوە سەیرە کە ئەفریقای باشوور بەم شێوەیە فەلەستینییەکان قبوڵ بکات، بە لەبەرچاوگرتنی سیاسەتی ئەو وڵاتە کە پشتیوانییەکی تەواوەتی بۆ فەلەستین هەیە. پێویستە چاوەڕێی دەرئەنجامی ئەم لێکۆڵینەوەیە بکەین، کە ئەلجەزیرە کاری لەسەر دەکات: چیرۆکێکە کە هەندێک کێشانی بەدەستهێناوە. لە لایەکی تریشەوە هەندێک ناڕازیبوون هەیە سەبارەت بەو شتانەی کە ڕوودەدەن: وڵاتانی عەرەبی بڕیارنامەکەی ئەمریکایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان قبوڵ کرد، چونکە ناچارن، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە مەرجە هەڵوێستی ئەمریکا قبوڵ بکەن. لە هەموو ئەمانەدا لایەنێکی تر لەبیر دەکەین:
بوونی سەربازانی نەتەوەکانی تر جگە لە ئیسرائیل لە غەززە. ئیسرائیلییەکان تورکیان ناوێت، قەتەرییەکانیان ناوێت، نایانەوێت سەربازێکی زیاتر 58%ی ستریپ بهێڵنەوە، کە بە درێژایی هێڵی زەردی درێژخایەنی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا دابەشکراوە.
ئایا ئیسرائیل دەتوانێت دوای چەند ڕۆژێک لە ڕەتکردنەوەی چوونە ژوورەوەی بولدۆزەرەکان، سوپای بیانی وەربگرێت، گوایە بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی فەلەستینییەکان نەک تەرمی بارمتەکان؟ گێڕانەوەیەک لەسەر ئەم بابەتەش هەیە کە زۆر شت لەبارەی دۆخەکەوە ئاشکرا دەکات. باسی دوا لاشەیە کە دەبێت بگەڕێندرێتەوە بۆ ئیسرائیل و خۆشبەختانە




ڕاكردن به‌ دوای تراویلكه‌ی ئه‌زموونی جیاوازی شیعریی!.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی



ئێمه‌ به‌رده‌وام له‌ نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی كوردیدا، بێ هیچ ساغكردنه‌وه‌یه‌كی زانستی و میتۆدی، یان پێوه‌رێكی زه‌مه‌نی و مێژوویی، ڕووبه‌ڕووی چه‌ندین چه‌مك و ده‌سته‌واژه‌ی ئه‌ده‌بی ده‌بینه‌وه‌، كه‌ بێ پۆلێنبه‌ندییان له‌ ڕووی قۆناغه‌ مێژووییه‌كه‌وه‌، گیروگازی گه‌وره‌ له‌ ڕووی واتاییه‌وه‌ دروست ده‌كه‌ن. بۆ نموونه‌:
به‌رده‌وام باس له‌ شیعری دوای ڕاپه‌ڕین ده‌كه‌ین، به‌ڵام ئایا سیما هونه‌رییه‌كانی هه‌ر سێ ده‌یه‌كانی شیعری دوای ڕاپه‌ڕین وه‌ك یه‌كن له‌ ڕووی گوتار و تێماوه‌؟ له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ به‌رده‌وام كه‌سانێك باس له‌ ئه‌زموونی جیاوازی شیعریی و دنیابینی شیعری جیاواز ده‌كه‌ن، بێ ئه‌وه‌ی له‌ ڕووی شیكاریی و ده‌قه‌وه‌، به‌ ئه‌رگۆمێنت ئه‌وه‌ بسه‌لمێنن، كه‌ ئه‌و شاعیره‌ و ئه‌زموونه‌ شیعرییه‌ی باسی ده‌كه‌ن، جیاواز و دابڕاو بێت. نووسه‌رێك له‌ وتارێكی درێژدا باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ هه‌موو ئه‌و شاعیرانه‌ی له‌ ماڵپه‌ڕی (ته‌م) ده‌نووسن و شیعر بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌، له‌ ڕووی ئه‌زموون و جیهانبینییه‌وه‌ شاعیری جیاوازن له‌ هه‌ر شاعیرانێكی دیكه‌، له‌ كاتێكدا ئه‌وه‌ی كه‌مێك خوێنه‌ری شیعر بێت، ده‌زانێت ئه‌م ڕایه‌ له‌ دروشمێك ، په‌سن و پێدا هه‌ڵگوتنێكی هاوڕێیانه‌ كه‌ نووسه‌ره‌كه‌ خۆشی شیعر له‌وێ بڵاوده‌كاته‌وه‌ هیچی تر نییه‌، چونكه‌ كاتێ به‌راوردێكی ساده‌ی زۆربه‌ی شیعری ئه‌و شاعیرانه‌ ده‌كه‌ین، زۆر به‌ ڕوونی هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ نه‌ له‌ ڕووی جیهانبینی، نه‌ له‌ ڕووی ئه‌زموونیشه‌وه‌ ئه‌م شاعیرانه‌ نه‌ك له‌ یه‌كتر جیاواز نین، بگره‌ لاسایی یه‌كتریش له‌ ڕووی تێمای شیعری ده‌كه‌نه‌وه‌، وه‌ك بابه‌تی ڕه‌شبینی و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی نیشتمان و ڕه‌خنه‌گرتن له‌ سیاسه‌ت و پووچگه‌رایی ژیان و چه‌ندان بابه‌تی هاوشێوه‌ی دیكه‌ش. ئیدی نازانم كامه‌یه‌ جیهانبینی و ئه‌زموونی جیاواز، گه‌ر شاعیرانێك هه‌موویان هه‌مان بابه‌تیان كاوێژكرده‌وه‌؟
ئه‌مه‌ وێرای ئه‌وه‌ی ده‌بێ زۆر به‌ ڕوونی دان به‌و ڕاستییه‌ دابنێین كه‌ بڵاوكرنه‌وه‌ی شیعر له‌ سۆسیال میدیا دا، هیچ داهێنانێكی تێدا نییه‌ و بگره‌ هه‌موو كه‌س ده‌توانێت شتێك به‌ ناوی شیعر بنووسێت و تیایاندا بڵاوی بكاته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ له‌ میدیای كاغه‌زیدا بوونی نییه‌، چونكه‌ چه‌ندین فلته‌ری هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌ق بوونیان هه‌یه‌. بێگومان شتێك نییه‌ به‌ ناوی ئه‌زموونی جیاواز، بێ زمانی و بیركرنه‌وه‌ و ستایلی جیاوازی شیعری. گۆران كاتێ شیعری كوردی نوێ ده‌كاته‌وه‌، نایه‌ت وه‌ك نالی و پیره‌مێرد بنووسێت، نایه‌ت به‌ گشتی شیعری سه‌روادار ، ئاسۆیی بنووسێت، به‌ڵكو زمان و ده‌ربڕین و تۆپۆگرافیا و ڕووبه‌ری ده‌قی شیعری پێش خۆی جێدێڵێت و به‌ جیهانبینییه‌كی تازه‌وه‌ شیعر ده‌نووسێت. بێگومان گۆران له‌و نوێكاریه‌دا به‌ ته‌نها نه‌بوو، به‌ڵام بۆچی ته‌نها ناوی وه‌ك وه‌ك نوێكه‌ره‌وه‌ی شیعری كوردی ، به‌ ئاراسته‌ی شیعری ئازاد دێت؟ چونكه‌ ته‌نها ئه‌و توانی سیما و خاسیه‌ته‌كانی شیعری ئازاد دابهێنێت. لێره‌وه‌ش باسكردن له‌ ئه‌زموونی شیعری جیاواز، بێ بوونی زمانێكی جیاواز، له‌ ڕاستیدا تێنه‌گه‌یشتنه‌ له‌ شیعر، چونكه‌ كاتێ شاعیرێك به‌ هه‌مان وێنه‌ و وه‌سف و زمان و جیهانبینی شاعیرانی تر ده‌نووسێت، ئیدی نازانم ئه‌زموون و جیهانبینی جیاواز له‌ كوێیه‌؟ كاتێ ڕه‌شبینی و گوتاری ڕه‌تكردنه‌وه‌ و بوهیمیانه‌ی ژیان، كۆی گوتاری ئه‌زموونی سه‌دان به‌ ناو شاعیری گه‌نجی دوای ڕاپه‌ڕین پێكدێنێت، بێگومان شتێك نامێنێته‌وه‌ به‌ ناوی ئه‌زموون و جیهانبینی جیاوازی شیعری، به‌ڵكو ته‌نێ په‌سندانێكه‌، كه‌ ڕه‌نگه‌ فاكته‌رێكی شارچییه‌تی، هاوڕێیه‌تی و گرووپگه‌رایی له‌ پشت بێت، كه‌ ئه‌مه‌ش دووره‌ له‌ دیدگای ڕه‌خنه‌ییانه‌ بۆ شیعر. ئه‌زموونی جیاوازی شیعری، قسه‌ نییه‌ هه‌موو كه‌سێك فڕێی بدات، به‌ڵكو به‌رپرسیاریه‌تییه‌كی ئه‌ده‌بی و مه‌عریفی گه‌وره‌یه‌ نابێ له‌ سۆنگه‌ی هه‌ر پاڵنه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ بێت، كه‌سانێك بیده‌نه‌ پاڵ شاعیرانێك كه‌ هاوڕێی خۆینی.
ڕه‌خنه‌گر كه‌سێكه‌، له‌ ژێر كاریگه‌ریه‌تی هیچ دیدگایه‌كی كه‌سی و كۆمه‌ڵایه‌تی خوێنه‌وه‌ بۆ ده‌ق ناكات، به‌ڵكو ته‌نها ده‌ق ده‌كاته‌ سه‌نته‌ر، هه‌ر لێكۆڵه‌ڕێكیش به‌و شێوه‌یه‌ نه‌ڕوانێته‌ ڕه‌خنه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌، بێگومان له‌ ماهییه‌تی ده‌ق نه‌گه‌یشتووه‌، گه‌ر سه‌دان وتاریشی له‌ باره‌ی شیعره‌وه‌ نووسیبێت.

*ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر ژماره‌ ( 4354) له‌ 14/8/2025 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.




ڕەگەز پەرستیی عەشایەریی.. نەوزاد بەندی

کوڕەکەم لە پۆلی دوانزەی زانستی، کۆنمرەکەی 97 بوو .. لە کۆلێژی پزیشکی زاخۆ وەرنەگیرا، چونکە ئەو خەڵکی سلێمانییە، ئەگەر بادینانیی بووایە، له کۆلێژی پزیشکیی ئەوێندەرێ قبوڵ ئەکرا، لەوێ بادینانییەکان بە کۆنمرەی 96 لە کۆلێژی پزیشکیی ئەخوێنن.
کچی هاوڕێکەم کۆنمرەکەی 97.2 ــە و لە کۆلێژی پزیشکی هەڵەبجە و کۆیە قبوڵ نەکرا، لە بەرئەوەی بابی‌خەڵکی سلێمانییه، نە کۆییە و نە هەڵەبجەیی.
لێرەدا ئەپرسم ئایا پلەی زانستی چ پەیوەندییەکی بە ناوچەگەرییەوە هەیە؟ ئایا کۆلێژی پزیشکی، سەرۆک عەشرەت و ڕیش سپی بەرهەم دێنێت یان پزیشکی زانا و کارامە ؟ ئەگەر وانییە بۆچی مەرجی ناوچەگەریی لە سەری سەری مەرجەکانەوەیە ؟؟ئێوە پزیشک بەرهەم دێنن یان ئەعیان و موختار و شێخ و میرزا ؟
کاتی خۆی خزمێکی پزیشکم چووە پاریس، بەشداری لە تاقیکردنەوەیەکی پزیشکیدا کرد کە هەموو پزیشکانی جیهان بەشدارییان تێدا کرد بوو بۆ تەنها 17 کورسی خوێندنی باڵا، خزمەکەم کورسییەکی بردەوە و بوو بە خاوەنی بۆردی پزیشکیی فەڕەنسیی، نەک لەبەر ئەوەی خزمی جەنڕاڵ دیگۆڵ بوو .. نەک لەبەر ئەوەی لە نەوەی فیکتۆر هیگۆ بوو .. نەک لەبەر ئەوەی لە وەجاخزادەکانی پاریس بوو، نەک لەبەر ئەوەی پورزای سارکوزی بوو .. نا .. ئەو کوردێکی بێ ئاڵا و بێ ووڵات و نەناسراو بوو، ئەو شتانە هیچیان پێوەر نەبوون بۆ بردنەوەی کورسییەکی بۆردی پزیشکیی فەڕەنسیی، یان تەنانەت سەخیفترین شت ئەو شتانە بوون لە کۆلێژی پزیشکیی پاریسدا ، ئەوان تەنها پێوەریان زیرەکیی و بڕینی تاقیکردنەوەکان بوو بە سەرکەوتوویی..
ئاخر سەرۆک، بۆیە کە نەخۆش ئەکەویت، هیچ متمانەیەکت بە پزیشکەکانی خۆت نییە کە بە پێوەری کەوا و سەڵتە و جۆری جامانە و ناوچە و عەشرەت ولق و مەڵبەند چوونەتە کۆلێژی پزیشکیی نەک بە زیرەکیی و بڕینی تاقیکردنەوەکان، هەر بۆیە یەکسەر پەنا ئەبەیت بۆ خەستەخانە و پزیشکەکانی ئەوروپا، ئەو خەستەخانە و پزیشکانەی کە پێوەریان زیرەکییە، نەک جامانە و مشکی و ناوچەگەرێتیی و لق و مەڵبەند و تەلەفۆنی کەسایەتییەکان.. ڕوو دەکەیتە نەخۆشخانەکانی ئەوروپا، چونکە ئەزانیت لەوێ شتێک نییە بە ناوی قبول خاس و بڕوانامەی ساختە و پزیشکی حیزبیی..
جێگای خەم و ناڕەزایەتیی و تێکشکانە، کاتێ تەلەبەیەکی زیرەک کۆنمرەکەی 98 ـە، داواکارییەکەی ڕەت دەکرێتەوە، بەڵام کۆنمرەی96 قبوڵ دەکرێت و لەلایەن وەزیری خوێندنی باڵاوە پیرۆزبایی لێدەکرێت .. ئەمە چ تیرۆرکردنێکی زانستییە ئێوە پەیڕەوی دەکەن؟ ئایا بە چ ویژدانێکەوە زانکۆ دەکەنە موڵکی شار و شارۆچکەکان ؟ ئەی کە وایە بۆچی ڕێگا دەدەن بە کۆڕەو پزیشک و ئەندازیار و مامۆستای ئەو شار و شارۆچکانە بێنە سلێمانی و هەولێر و لەوێ نیشتەجێ بن و عیادە وئۆفێس بکەنەوە ؟
چی وەڵامی خوێندکارێک دەدەنەوە بە کۆنمرەی 97 و 98 ــەوە داواکەی ڕەتکراوەتەوە، لە کۆلێژی پزیشکی کۆیه و زاخۆ و هەڵەبجە ڕەتکراوەتەوە لەبەرئەوەی خەڵکی ئەو شوێنانە نییە، لە بەرامبەردا کورسێکانی کۆلێژی پزیشکی ئەو جێگایانە لەسەر خەڵکی ئەو شوێنانە تاپۆ کراون با کۆنمرەیشیان 96 بێ ؟؟
چی وەڵامی عەقڵ و لۆژیک دەدەنەوە؟
ئاخر بۆیە عەقڵە زیرەکەکان وەک زیندان تەماشای مەملەکەتی کوردستان دەکەن و لە ڕەخساندنی بچوکترین هەلدا بۆ هەتا هەتایە بە جێی ئەهێڵن ..
بێ هۆکار نییە زیاتر لە 2000 زانای عێراقیی لە بەریتانیا جێگیر بوون و یەک دنیا خزمەت و داهێنانیان پێشکەش به ئینگڵیز کردووە ..و هەرگیز به سەردانیش ناگەڕێنەوە بۆ ئاغاسەرای کوردستان و عێراق.
هەتا ناوچەگەرێتیی و حیزبایەتی و خزمخزمێنە و عەقڵی عەشایەریی وازلێنەهێنن، کۆمەڵگا ڕۆژ بە ڕۆژ ناتەباتر و نالۆژیکتر و بێ بەرهەمتر و بەربەریتر ئەبێ .
ئیتر خۆتان و خۆتان ..
چونکە هەر خۆتان هەموو شتێکن، دانەری هەموو یاسا و ڕێسایەکی سەیر و سەمەرەن، کە زیانەکانی لە شا وە تا گەدا پاکۆ ئەدات و .. نیشتمان ئەکاتە مۆڵگەی ناهاوسەنگیی و نادادیی و لێکپچڕانی دەستە و چین و توێژەکان ..

ــ هاوپێچ لیستی 20 خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی هەڵەبجە کە ژمارەیەکیان بە نمرەی 96 ــەوە قبوڵکراون، کەچی 98 و 97 ی دانیشتووی سلێمانی ڕەتکراونەتەوە ـــ




لە رۆژی قوربانیانی چەكی كیمیاوی لە جیهاندا.. كوردۆساید ۆچ-چاك كوردستان

30 نۆڤومبەر لەم ڕۆژەی كە یادی هەموو قوربانیانی چەكی كیمیاوی لە جیهان دەكەینەوە، ڕێز و نەوازش بۆ ئەو كەسانە دادەنێین كە كوژراون یان بریندار بوون بەهۆی ئەو چەكە ترسناكەوە، هەوڵ دەدەین كۆتایی بەم چەكە ترسناكە بهێنین لە بەرهەم هێنان, داهێنان, گواستنەوە, بەكارهێنان, هەڵگرتن.
سالڵانی ڕابردوو وەك مرۆڤایەتی دەستكەوتی گرنگمان بەدەستهێنا بە لەناوبردنی دوایین چەكی كیمیایی لەو كۆگایانەی كە لە لایەن ئەو وڵاتانەوە كە بەشێكن لە ڕێككەوتننامەی چەكی كیمیایی.
بەڵام لەگەڵ پێشكەوتنە خێراكانی زانست و تەكنەلۆژیادا، بەتایبەت زیرەكی دەستكرد مەترسییەكان هێشتا گەورەن.
كۆمەڵگەی جیهانی دەبێت بە یەك دەنگ پابەند بوون بە ڕێككەوتننامەی چەكی كیمیایی دووپات بكاتەوە، كۆتایی بە بێ سزایی بهێنێت بۆ دروستكردن و بەكارهێنان و ….. و بەڵێنی پەیمانی داهاتوو بۆ جیهانێكی دوور لەم چەكانە جێبەجێ بكات.
كۆنفرانسی دەوڵەتانی ئەندام لە كۆنفرانسی چەكی كیمیایی كە رێكخراوی OPCW سالانە ئەنجامی دەدات بەناوی CSP، لە CSP-20 دا بڕیاریدا كە لە ٣٠ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێكدا یان لە كاتی گونجاودا ڕۆژی یادكردنەوە بۆ هەموو قوربانیانی چەكی كیمیایی بەڕێوە بچێت.
ئەم یادكردنەوە دەرفەتێك دەڕەخسێنێت بۆ ڕێزگرتن لە قوربانیانی چەكی كیمیایی، هەروەها دووپاتكردنەوەی پابەندبوونی ڕێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی (OPCW) بە نەهێشتنی مەترسییەكانی چەكی كیمیایییە لە جیهاندا, كە ئێستا 194 وڵات پەیوەست بووە بە رێكەوتننامەكەوە.
مێژووی هەوڵە جدییەكان بۆ بەدیهێنانی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی كە بە ئەنجامدانی ڕێككەوتننامەی چەكی كیمیایی گەیشتە لوتكە، زیاتر لە سەدەیەك لەمەوبەر دەستیپێكرد. لە جەنگی جیهانی یەكەمدا چەكی كیمیایی بە شێوەیەكی بەرفراوان بەكارهێنرا و لە ئەنجامدا زیاتر لە ١٠٠ هەزار كوژراو و ملیۆنێك قوربانی لێكەوتەوە.
بەڵام لە جەنگی جیهانی دووەمدا چەكی كیمیایی لە گۆڕەپانی شەڕدا لە ئەوروپا بەكارنەهێنرا..
ڕێككەوتننامەی چەكی كیمیایی لە ساڵی ١٩٩٣ پەسەندكرا و لە ٢٩ی نیسانی ١٩٩٧ كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، بڕیاردرا، “لە پێناو هەموو مرۆڤایەتیدا، ئەگەری بەكارهێنانی چەكی كیمیایی بە تەواوی نەهێڵرێت.”
دەوڵەتانی ئەندامی ئەم ڕێككەوتننامەیە ڕێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیاوییان دامەزراند, كە هەنووكە 194 وڵات ئەندامە تیایدا, بە سوریاوە, كە هەنگاو دەنێت بێتە ناو رێكەوتننامەكەوە.
هەروەها دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بەكار هێنانی چەكی كیمیاوی لە ململانیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی وەك تاوانی جەنگ ناساند.
گەلی كورد لە جەنگی جیهانی یەكەمەوە چەكی كیمیاوی دژی بەكار دەهێنرێت, لە ساڵانی 1987 و 1988 بەكارهێنانی ئەم چەكە لە دژی دەیان هەزار كوژراو سەدان هەزار برینداری لێكەوتەوە, لەو ماوەیەدا زیاتر لە 250 جار چەكی كیمیاوی لە دژی بەكار هاتووە , شاری سەردەشت بووە یەكەم شار لە جیهان چەكی كیمیاوی تیایدا دژی خەڵكە سڤیلەكەی بەكار هات, وە شاری هەڵەبجەش بووە یەكەم شار لە جیهان كە زۆرترین قوربانی سڤیلی بە چەكی كیاوی هەبێت.
ئێمە كە قوربانی یەكەمی چەكی كیمیاوی بین لە 100 ساڵی رابردووە, بەهەمان شێوە دەبێت یەكەم دوژمنی چەكی كیمیاویش بین لە جیهاندا.
لەم رۆژەدا قوربانیانی چەكی كیمیاوی بە بیر دەهێنرێنەوە, هەوڵدەدرێت هەڵەبجە و سەردەشتەكان دووبارە نەبنەوە, رێز لەو هەوڵانە بگرێت بوونە هۆی بنە بڕكردنی چەكی كیمیاوی لە جیهان كە رۆژی دامەزراندنی رێكخراوی OPCW ە.

30-11-2025

رێكخراوەكان:
-رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید- kwg
-تۆڕی رێكخراوە كوردستانیییەكان له پێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی – Koncicc
-تۆڕی ئایكان كوردستان ــ IKN
-رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژ لە كوردستان ــ OAWMD
-رێكخراوی هەڵمەتی دادپەروەری ــ OJC
-رێكخراوی جیهانی بێ چەكی كیمیاوی و بایەلۆجی-www
-هەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە كوردستان
-گۆڤاری تۆبزاوە
-رۆژنامەی نگرە سەلمان

  • رێكخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالكراوان
    كوردۆساید ۆچ-چاك كوردستان



چـیرۆک بـۆ منـداڵان/ سـەرکەوتـنی چـۆلەکەکـان.. نووسینی: رەزا شـوان

لە گوندێکی جـوان و قەشەنگ، لە نزیک شاری کەرکووک، لە باشووری کوردستان؛ کـۆمەڵێک چـۆلەکە دەژیـان. لەژێـر گـوێـسوانەی خانـووەکانـدا، هـێـلانەیـان کـردبـوو. بەیـانیـان زوو لە خـەو هـەڵـدەسـتان، لەگـەڵ مـریـشکەکەنـدا چـیـنەیـان دەکـرد و تـێر دانیـان دەخـوارد. لە کـانـیـیەکەی نێـو چـەمـەکەی نـزیـک گـونـدەکـەشـدا، تـێـر ئـاوی شـیریـن و ساردیـان دەخـواردەوە. بـە خـۆشی و بـە شـادی دەژیـان.
چەمەکە جـێژوانی رۆژانەی چـۆلەکەکان بوو. لەسەر لـقـوپـۆپی دارەکاندا دەنیـشتنەوە. یارییان دەکـرد و یەکـترییان راودەنـا. بە جـریـوەجـریـوی خـۆشیان، خۆشی و شادییان دەخـستە دڵی خـەڵـکی گـونـدەکەوە. خەڵـکی گونـدکەکەش، منـداڵان و گەورەساڵانـیان، چـۆلەکەیـان زۆر خـۆشـدەویسـت. بە تایبـەتی منـداڵانی گـونـدەکە، زۆر رقـیان لە فـاقە و لە داو و لە دارلاستـیک و لـە تـۆڕ دەبـووەوە.
رۆژێـک کـۆمـەڵـێک قـەلـەڕەشی نـامـۆ، کـە لـە بـیـابـانەوە هـاتـبـوون، دایـان بەسـەر چـەمـەکـەدا. ئـازاێـکی زۆری چـۆلـەکـەکـانـیـان دا و چـەمـەکـەشـیـان لــێـداگـیرکـردن.
چۆلەکەکان زۆر دڵتەنگ بوون. بە شەرمەزارییەوە ئاو و دانی گوندەکەیان دەخوارد.
دامـابـوون و بـیریـان لـە چەمـەکـەیــان دەەکـردەوە.
رۆژێـک گـەورەی چـۆلـەکـەکـان، بـانـگی هـەمـوو چـۆلـەکەکـانی کـرد و پـێـیـانی وت: خوشک و بـراکـانـم، بە خـەم و دڵـتەنگی، بە بێـدەنگی و تـرس، هـیچـمان پـێـناکـرێـت. بە هـەر نرخـێک بـێـت، دەبێـت چەمەکەمان لەو قـەلەڕەشە داگـیرکەرانە رزگاربکەیـن.
چـۆلـەکەیـەک: جـا ئـێـمە چـیـمـان پـێـدەکـرێـت؟
چـۆلەکەیـەکی تـر: قـەلـەڕەشـەکـان لە ئـێـمە گـەورەتـرن. خـاوەنی دەنـووکی گـەرە و چـڕنـووکی بەهــێـزن! ئـێـمە لـەهـەقـیان نـایـەیـن.
چـۆلەکەیەکی تـر: بەڵام ئەوان داگـیرکەرن و ئێـمە خاوەنی راسـتەقـینەی چەمەکەیـن. نابـێـت لـێـیـان بـتـرسیـن و بـێـدەنـگ دابـنـیـشـیـن و هـیچ نـەکـەیـن.
گەورەی چـۆلەکەکـان: دەمخـۆش، ئەگـەر بـترسـین، هـیچـمان پـێـناکـرێـت. راستە کە ئـەوان لە ئـێـمە گەورەتـر و بەهـێزترن، بەڵام گەر یەکـبـین، دەتـوانـین رووبەڕوویان بـبـیـنەوە و لە چەمەکەمـان دەریـان بکەیـن. ئـەوان پانـزە قـەلەڕەشـن. ئـێـمە سـەد و پەنجـا چـۆلـەکەیـن. دەبـین بە پانـزە گـرووپەوە، هـەر گـرووپـێکـمان لـە دە چـۆلـەکە پـێکـدەهـێـنـیـن. لـە بـەرەبـەیـانـدا هـێـڕش دەکـەیـنـە سـەریـان. هـەر گـرووپـێکـمـان، پەلامـاری قـەلـەڕەشـێک دەدەیـن.
چـۆلەکەیەک: مـن ئامادەم لە پـێـناوی رزگارکـردنی چەمەکەمانـدا، خـۆم بەخـت بکەم.
هـەمـوو چـۆلـەکەکـان، بـە یەکـدەنـگ: هـەمـوومـان ئامـادەیـن.
گەورەی چـۆلەکەکـان: هـەر بـژیـن. ئـەم یەکـدەنگی و یەکـهـەڵـوێـستـیـیەمـان مایـەی سـەرکەوتـنـمـان دەبـێـت.
لە بەرەبەیـانی ئـەو شـەودا، چـۆلەکەکـان بـەرەو چەمەکەیـان هـەڵـفـڕیـن.. لە هەمـوو لایەکـەوە هـێڕشـیان کـردە سەر قـەلەڕەشـەکـان.. تا قەلەڕەشێک دەنـووکێکی دەگـرت، چـۆلەکەکـان دە دەنـووکـیان لـێی دەگـرت. زۆری پـێـنەچـوو، قـەلـەڕەشـەکان بەزیـن و هـەڵـفـڕیـن. لە کـوێـوە هـاتـبوون، روویـان لەو شوێـنە کـردەوە. چـۆلەکەکان راوایـان نـان.. تا بە تـەواوی لـە سـنووری خـۆیـان دەریـان کـردن.
ئـیـنجا بە خۆشی و بە سەربەرزیـیەوە، گەڕانـەوە بـۆ چەمـەکەی نـیشـتـمانی خۆیـان و نـیـشـتـمانی هـەزاران ساڵەی باپـیران و داپـیرانیان. بە گەرمی پـیرۆزباییان لە یەکتری کـرد و ئـاهـەنـگی سـەرکـەوتـن و رزگـارییـان سـازکـرد.




مامۆستا عەبدولڕقیب یوسف ویژدانێكی زیندوو لەنێو مێژووی هاوچەرخی كوردا.. یوسف محەمەد بەرزنجی

تێوەردان:
ماندووبوون ولێكۆڵینەوەو كاركردن لەنێو دونیای بەرفراوان و پانوو پۆڕی مێژوودا زۆر گران و سەختە،هەموو كەس ناتوانێت وەك شۆڕەسوارێك لەنێو ئەم زەریا بەرفراوانەدا باڵەكوتێ‌ و مەلە بكات، چونكە مەلەكردن لەنێو ئەم زەریا فراوانەدا كاری هەموو كەسێك نیەو لە حەوسەڵەو پشوودرێژى و تواناو هێزی هەموو كەسێكدانیە ،باوەشپێداكردن بۆ مێژوو وەك كارێكی قورس ،سەخت و دژوارو بەرفراوان و قوڵ بۆ هەموو كەسێك ساناو گونجاو نیە،بۆیە خۆدان لەقەرەی بابەتە مێژووییەكان و بنكۆڵكردن و لێكۆڵینەوەو ساخكردنەوەی بابەتە جۆراو جۆرە مێژووییەكان كارێكی قورسەو ناتوانرێت بەهەموو كەس ئەو بەردە گەوهەرو قورسە بخرێتە سەرشان و بۆنێو ئەودەریا بەرفراوانە هەڵدرێت.
دەربارەی مێژوو وەك سیستەمێكی تیۆری، فەیلەسوفی ئەڵمانی گۆتە دەبێژێت:” هەرچییەك كارو چالاكیم زیاد نەكات یان تەنانەت لەڕێگایەكی تریشەوە هانی چلاكییەكانم نەدات، وتەنها شتم فێربكات بێزارم، بۆیە ئەم وتەیە شایستەی ئەوەیە كە لە هەموو بوارێكی ژیاندا ڕەچاوی بكەین”1 هەربۆ پاڵپشتی و پشتگیری (گۆتە)و بەهەند وەرگرتنی وتەكەی(نیتشە)ی فەیلەسوف “لە پێشەكی توێژینەوەكەی لە مەڕ سوودمەندی و ناسودمەندی مێژووئەم قسەیەی گۆتەی پەسەند كردووەو دەڵێ‌: ئەگەرپێویستمان بە مێژووە بۆ ئەوەیە كە هاوكاری ژیان و كارمان بێت، نەك لەژیان و كارساردمان بكاتەوە،نیتشە دان بەوەشدا دەنێت كە مێژوو مرۆڤ بەكارە مەزنەكانی سەردەمانی پێشوو ئاشنا دەكات”2
مێژوو لە ژیانی مرۆڤدا،هەروەها ئاگاداربوون لێیی مرۆڤ لە خشتەبردن و هەڵفریواندن و بەلاڕێدا بردن وشیارو ئاگاداردەكاتەوەو تاقیكردنەوەو ئەزمۆنی هزری فراوان دەكات و لەڕوگیری دووری دەخاتەوەو ئایندەو پاشەڕۆژ زۆر بەڕونی و گەش دەبینێت، ئەمەوەمان بۆ دەردەخات وپیشان دەدات مێژوو مرۆڤ بەئاگادێنێتەوەو ڕاستییەكانی دەخاتە بەردیدەو لە خەیاڵ و ئەندێشە كەنارگیری دەخات و واقیع بینانە ئاراستەی دەكات.
وینستۆن چەرچڵ”كەتا ڕادەیەك بۆ خۆشی مێژوونووس بوو،بە درێژایی جەنگ میژوویی وەكو ئامرازێك بۆ ئامانج گەیشتنە سیاسییەكانی بەكارنەهێناوە”3؟ وەزۆربەی كەسایەتییەكان و سیاسییەكان لە مێژوو سەردەمی خۆیاندا كەڵك و سوودیان وەرگرتووەو تاقیكردنەوەكانی ناومێژوو هاندەریان بووە بۆ سەركەوتن و بەرەو پێشەوەچوونی گەل و فەرمانڕەوایەتییان و ئاشنایەتیان بەمیژوو(معاویە)، دامەزرێنەری دەوڵەت وخەلافەتی ئەمەوی”بەپێی گێڕانەوەكانی بن، هەموو شەوێك بە شێك لە وەختی خۆیی بۆ گوێگرتن لە سەرگوزشتەكانی مێژوو تەرخان كردووە”4 كەوابوو سودو دەستكەوتەكانی مێژوو یەكجار زۆرن بۆ مرۆڤ و عەقڵی مرۆڤ و كردەوەو خوڕەوشتی بەرەو ئاقاری بەرز وگەشەكردوو دەبات و وڵات و حوكمڕانی بەرەو پێشەوەو سەركەوتن و گەشەكردن بەرزدەكاتەوەو ئایندەی ڕوونی دەخاتە پێش چاو، زهنی ئایندەی گەش دەنوێنێ‌ وپایەكانی پێشكەوتنی فراوان دەكات.

مامۆستا عەبدولڕەقیب يوسف:
ئەم كەسایەتیی ومامۆستایە وەك گەنجێك لە باكورو باشووردا،خەون وخولیایی مێژوو ئەوینداری ئایندەو پاراستنی كەلەپوورو شارستانيەت و بناغەكانی مێژووی گەلەكەیەتی،ئەو حەزو خەونی گەورەی لەئامێزوو مێشكدایە كە بناغەو پایەكانی شارستانیەت و مێژووی گەلەكەیی بپارێزی و لە فەوتان و لە ناوچوون و پووكانەوە ڕزگاری بكات، ئەم ئامانج و خولیایە بۆ كێیە بۆنەوەكانی ئیستاو ئایندەیە،كە مێژووی گەل و وڵات و نەتەوەكەی خۆیان خۆشبوێت و شانازی پێوە بكەن و بەدەسكەوت و سوودەكانی پەلوو پۆیەكانی مێژووی خۆیان ئاشنابن و لەڕیزی نەتەوەو لە ناو كایەی مێژوودا ملەبكەن و ئەوانیش خاوەن پایە بەرزەكانی مێژوو بن، ئەم مامۆستایە لەتەمەنی(50) ساڵی ڕابردووی ئەزمۆن و داهێنانیی پیایە بەرزەكانی مێژوودا بە سەخاوەتەوە خاوەنی بەرهەم و پاراستنی مێژوو كەلەپوورو شوێنەوارەكانە لە پوكانەوەو لە ناوچوون تاكە پشتوو پەنایی بۆ سەركەوتنی ئامانجەكانی گۆڕینی هزرو گۆرینی نەوەكانە بۆ ئەم ئامانجە و هەمیشە لە ململانێ‌ دابوو لەگەڵ گومان وبەدحاڵییەكان و هزر لاوازەكانی تێگەیشتن لەمێژووی سەردەم و هاوچەرخ، ئەم مامۆستایە لەپێناوی گەشەی هزری مرۆڤی كورد بۆمێژوو كەلەپوورو شوێنەوارە دێرێن وگرنگ ومێژووییەكان هەمیشە لە تێكۆشان و ململانێ پێویست و بەخشینەكانی لە بەردەوامیدایەو ماندوو بوون نازانێ‌ كەوتۆتە كوێوە،ڕێگاو بەربەست و ئاستەنگە كانی بەردەم مامۆستا”عەبدولرەقیب” زۆرو دژوار بوون بەدرێژایی پەنجا ساڵی ڕابرووی سێیەكی تەمەنی ئەم مرۆڤە، بەڵام ساردی و گەرمی و سەختی ڕێگاكانی كۆڵی پێنەداوەو ساردی نەكردۆتەوە، بۆ گەیشتن بە ئامانج و سەودا سەریكەیی و پاراستنی گەنجینەكانی مێژووی گەلەكەیی و هەر بەردەوامیشە لە درێژ بوونەوەی ئەو مێژووە كەپەیوەستە بەژیان و بەردەوامییەكانیەوە.

دوایی ڕێكەوتنی 11 ی ئازاری 1970:
ساڵی1970 وەرچەرخان و هەلومەرجێكی سیاسیی وڕۆشنبیری پاش پێكهان وڕێكەوتن هاتەپێشەوە،كۆمەڵگەی كوردی كەوتە قۆناغێكی ئارام وسەقامگیرو دوور لە شەڕ، كۆمەڵە ڕۆشنبیری و ڕووناكبیرییەكان لە سەر دەستی نووسەران و ڕووناكبیرانی كوردا كەوتنە نێودۆخێكی ئارام و چالاكی ڕۆشبیریەوە، كۆڕی زانیاری كورد، یەكێتیی نووسەرانی كورد،دەزگای ڕۆشبیرییەكان بەگشتی… كەوتنە چالاكی و كۆڕو كۆبونەوەو دەركردن و چاپكردنی كتێب و گۆڤارو ڕۆژنامە،گۆڤاری بەیان،گۆڤاری نووسەری كورد، گۆڤاری گۆڕی زانیاری كورد، گۆڤاری ڕۆژی كوردستان، گۆڤاری ڕۆشنبیری نوێ‌، ڕۆژنامەی هاوكاری،ڕۆژنامەی پاشكۆی عێراق بەكوردی و عەرەبیی… هەمووی دەسكەوتی گرنگ و بەكەڵك بوون لەنێو نێوەندی ڕۆشنبیری داو چالاكاییەكانیان وبڵاوكراوەو كۆڕو سیمینارو فیستیڤاڵە ڕۆشنبیرییەكانیان كاریگەری گەورەی لە سەر هەلومەرج و دۆخەكە پەیداكردو دەوری نووسەران و هونەرمەندان و ڕوناكبیری كورد و مامۆستایانی زانكۆكان و خەمخۆران و بەتەنگەوە هاتنی كەسانی دڵسۆزو قەڵەم بەدەستی كورد بەنووسین و هونەرەكەیان، توانیان دۆخی ڕۆشنبیری و ڕووناكبیری لە ئاستیكی نزمەوە بەرنە ئاستێكی پێشكەوتوو بەرز، دەیان بەرهەمی ناوازەی ئەدەبیی و ڕوناكبیری بەگشتی بڵاوبكرێتەوەو خوێنەرێكی زۆر بێتە پێشەوەو دەیان نووسەرو شاعیری بەهرەدار لەنێوەندەی ڕوناكبیریدا چەكەرەو سەردەربێنن و بەشداری دۆخە ڕۆشنبیرییەكە بكەن،بەڵام دەسەڵاتی بەعس زۆری داموودەزگا ڕوناكبیرییەكانی بەگشتی خستبووە ژێر چاوەدێرییەوەو زۆرێكیشی لە نووسەران و ڕوناكبیران و هونەرمەندانی دەستەمۆ كرد بوو،لەژێر فەرمان و دەسەڵاتی بەعسدا بەرهەم و نووسین و هونەریان ڕادەپەڕاندوو، زۆر بابەتی ڕۆشنبیری لەژێر چەقۆیی سانسۆر(الرقابە المطبوعات)دا بوون و كارو چالاكییەكان بەگشتی سنوردار كرابوون، تا لە بەرژوەندی ڕژێمی بەعس و دەسەڵاتیدا بن و دەرنەچن، كاتێكیش شەڕو ڕێكەوتن تووشی پێكادان بوونەوە ساڵی 1974 فشارەكان زیاتر بوون و چالاكییە ڕۆشبیرییەكان كەم بوونەوەو سانسۆر زیاترو زۆرێكیش لە نووسەرانی بەهەڵوێست دایەنە پاڵ شۆڕش و داكۆكییان بە بەرهەمەكانیان لە مەسەلەو خەباتی گەلەكەیان كرد،تانسكۆو پەرتەوازەبوونی شۆڕش نەگەڕانەوە ناوشارەكان و دەزگا ڕۆشنبیرییەكان، بەشێكیش لە نووسەران و هونەرمەندان هەرلەگەڵ حكومەت و داموودەزگاكانیدا بوون و تا هەرەسی شۆڕش لەگەڵیدا بوون و پاشانیش وەك چاودێروو هەواڵگری و جاسوس بەڕاپۆرت و زمان لێدان لەگەڵ ڕژێمی بەعس بوون و لەخزمەتیدا بوون، ئەوكەسانەش لەیاد نەچوون و زۆرینە ڕووناكبیران ئەم توێژوو چینە باش دەناسن، كەسەرجەم وتەو قسەكانی سەرۆك سەدام و ڕاپۆرت و نووسینەكانیان دەكردە كوردی و بەزمانی كوردی لەداموودەزگاكانی بەعسدا چاپ وبڵاودەبوونەوەو نووسەرە مست لەگوێكان پاداشت و ئۆتۆمۆبیل و پارەو زەوی و لێپرسراوێتیان لە سەر بارودۆخی ڕۆشنبیری لە سەر وەردەگرت.

دۆخی ڕۆژنامەو گۆڤارەكانی سەردەمی بەعس:
بەعس و دەسەڵات و حوكمڕانی چاوێكی زەق وكراوە بوون بەسەر نێوەندی ڕۆشنبیری و نووسەرانی كوردەوە هەموو بابەتێك بێ سانسۆرو ڕەقابە بڵاو نەدەبووە، گرنگیدان تەنیا بە بابەتی شیعرو چیرۆك و وتاری ئەدەبیی بوو، ئێمەناڵین شیعرو چیرۆك وەك ژانەری ئەدەبیی گرنگ نین، بەڵكو گرنگ وپێویستن، شاعیرو چیرۆك نووسە كلاسیكی و لەمێژینەكانمان بەهونەریشەوە گەنجینەو سەرمایەیەكی گرنگی گەل و نەتەوەی كوردن،بەڵام ڕۆشنبیر ونێوەندی ڕووناكبیری بچوك كردنەوەو گەشەنەكردنی قەتیسکردنى لە چیرۆك و شیعردا مەترسییەكی یەكجار گەورەیە بۆسەر نێوەندەكەو فەرامۆشكردنی مێژوو كەلەپوورو شوێنەوارو سڕینەوەی لە عەقڵی تاكی كوردا گەورەترین پلان و وێرانكردنی ئەو نێوەندەیەو بەهەدەردانێتی، ئەگەر كێوماڵی نێو ڕۆژنامەو گۆڤارە كوردیی وعەرەبیەكانی ئەوسەردەمە بكەین لەساڵی 1970 تا 1991 بۆمان دەردەكەوێت چەند جەنگیكی كوشندە بەرانبەر بەكەلەپوورو مێژوو شوێنەوارو تەنانەت بابەتە فۆلكلۆرییەكان كراوەو نەوە بەنەوەى خوێندەوار زیاتر بەلای شیعرو چیرۆكدا براون و هیچ ئاسەوارێكی عەقڵی مێژوو كەلەپوورو شوێنەوار وەك گرنگی پێدان لەنێو ڕۆژنامەو گۆڤارەكانی بەعسدا وەك ئامارێكی ڕوون وبەرچاو هەڵكشاو نیەو زۆر لاوازە، بەرهەمەكانیش بەرهەمی لاوازوو ساردوو سڕی زۆرتر تێدایە وەك گرنگ و بەكەڵك، بەمەش بەهۆیی نووسەرانی كورد خۆیانەوە ئەم ڕەوتە لەژێر چاوەدێری بەعس و فەرمانڕەوایەتییەكەی گرنگی پێدراوەو دان ڕۆكردن بوو بۆنووسەرو هونەرمەند و شاعیری كورد تا بیر لەمێژوو كەلەپوورو شوێنەوارو گەنجینەی پڕی كورد نەكرێتەوە بەرەو لە ناو چون ببرێت و هەموو ڕۆشنبیری كورد لە عەقلگەرایی چیرۆك و شیعردا چڕبكرێتە، ئەوەش بەتەواوی لەڕۆژنامەو گۆڤارەكانی ئەوسەردەمەدا دەبینرێت یان پانتاییەکى گەورەى داگیرکردووە، بەڵام یەكێكیی وەك مامۆستا (عەبدولڕەقیب) و پاڵپشتەكانیی توانیان بەگژ ئەو ڕەوتو عەقڵە مردوو داخراوەنادا بچنەو لەململانێی توندو پڕمەترسیدا بن لەگەڵ ئەو نەوەییەی نووسەران و شاعیراندا و مێژوو كەلەپوورو شوێنەوار زیندوو بكەنەوەو هەوڵی ڕزگار كردنی بدەن و لەپێناوی ئەو گەنجیینە گەورەییە قوربانی و تێكۆشانێكی نوێ بكەن و لەپێناوی پاراستنی مێژوو شوێنەوارەكانی كوردا، بەنوسین و بیرۆكەو واژۆكۆكردنەوە توانرا بەر لە مەترسییەكانی وێرانكردنی مێژوو كەلەپوورو شوێنەوارە مێژووییەكان بگیرێت و ئەوەش بخرێتە هزرو عەقڵی تاكەوە، بەلاو پیرەو ڕۆشنبیرو هونەرمەندەوە كە مێژوویی باو باپیرانیان خۆشبوێت وبەرگری لێبكەن و بەملیۆن واژۆ كۆبكرێتەوەو نووسین لەوبارەیەوە بونوسرێت و قەڵەم لەخزمەتی ئەو ڕەوتەدا بەكار بهێنرێت، نەك بەعس تەنیا دژی مێژوو كەلەپوورو شوێنەوارەكانی كورد بوو،بەڵکو وێرانیی كردن و لەنێوەندەكەشدا لەبیری نووسەرانی دەبردەوە،هەروەها هانی نووسەرانیشى دەدا دوو ئەوەندە دژی مێژوو كەلەپوورو شوێنەواربن و هەوڵی چەكرە كردنی بیرۆكەو سەنگەربەندی بن دژی ئەو ئەو ڕەوتە ڕووناكبیرییە كە ئەویش خۆیی لە مێژوو كەلەپوورو شوێنەوارەكاندا دەبینیەوە، كەپێشەوایەتییەكەی لەلایەن مامۆستای دڵسۆز (عەبدولڕەقیب یوسف)ەوە دەكراو توانیی بەهۆیی چەندان كەسی ڕووناكبیرەوە ئەو نێوەند گەشەپێبدەن و تەنیا چیرۆك وشیعر بەنێوەندی ڕوناكبیرییەوە پەیوەست نەكرێت و گرنگی پێنەدرێت، یان فەرامۆش بکرێت،بەڵكو مێژوو كەلەپوورو شوێنەواری كورد بەهەند وەربگیرێ‌ لەپاڵ بابەتە ڕووناكبیرییەكانی تردا،تەنانەت(ڕوانگە)ییەكانیش كە لەداموو دەزگا ڕووناكبیرییە كاندا بڵاوكرابوونەوە، ئەوانیش لەپێشەوایانی ئەوڕەوتە بوون بەس شیعرو چیرۆكیان بە سەرچاوەیی ڕۆشنبیری دەزانیی و هیچ گرنگیدانێك تەنانەت لە(3) ژمارەكەیی ڕوانگەدا بۆمێژوو شوێنەوارو كەلەپوور نەبوو،تەنانەت زۆرێك لەنووسەران و شاعیرانیش دژی ئەم ڕەوتە وەستانەوە زۆر تەمەنی درێژ نەبوو، تەنانەت شاعیری گەورە(لەتیف هەڵمەت) گوتوویەتی: ڕوانگە هێلكەیەكی پیس بوو هیچی لێهەڵنەهات، چونكە دەركەوت ئەمانیش هەرشیعرو چیرۆكی نوێیان بە بنەماوگرنگی ڕوشنبیری دەزانیی و مێژوو شوێنەوارو كەلەپووریان بەدواكەوتوو بێكەڵك دەزانیی و هیچ گرنگییەكیان پێنەدەدا، وەك مامۆستا لەتیف دەڵێت: هیچ شتێكی ئەوتۆ لە بیرۆكەكانیان شین نەبوو پشتگیری جەماوەری و ڕووناكبیریان نەبوو، بۆ ڕەوتەكەیان،بۆیە زۆر بەردەوام نەبوون و وەك بەفرەكەی پار توانەوەو پوكانەوە، بۆیە هەر ڕوناكبیروگەلێك نرخی مێژوو كەلەپوورو شوێنەوار نەزانێت،ڕەنگە ئایندەی ڕوونی نەبێت.

ساڵح حەیدەری و ڕۆژنامەی العراق:
چیرۆكی یەكەم:(ساڵح حەیدری)رئیس تحریر،سەرنووسەری ڕۆژنامەی(العراق)ی سەردە می بەعس و كۆنە شیوعیی بوو،ساڵح حیدری گوتی: بەیانیەك وەك ڕۆژانی ترو پێشتر چووم بۆدەوام لە ڕۆژنامەی(العراق) بینم لە سەرمێزەكەم نامەیەك دانرابوو، كاتێك نامەكەم كردەوەو خوێندمەوە توشی حەپەسان وساكان هاتم: لە نامەكەدا بێ‌ ئاگاداركردنەوەی پێشتر… ناوەرۆكی نامەكە بریتی بوو لەوەی، كاتێك ئەم نامەیە دەكەیتەوەو دەخوێنیتەوە بێ‌ هیچ شتێك بڕۆرەوە بۆماڵەوەو واز لەڕۆژنامەكە بهێنە؟ ساڵح حەیدەری گوتی: كاتێك ئەم نێوەرۆكەم خوێندەوە زۆر بەلامەوە سەیربوو، هیچ ناو ناونیشانێكی لە سەر نەبوو،بۆیە وام بەباش زانی هەر لە ڕۆژنامەكەوە تەلەفۆنێك بۆسكرتێری سەرۆك كۆمار (سەدام حسێن) بكەم و داوام لێكرد لەگەڵ( سەدام حسێن) لە سەر ئەوكێشەو گرفتە بدوێم،كاتێك سكرتێرەكە تەلەفۆنەكەی گواستەوە بۆ سەرۆك، بابەتەكەم بەتەلەفۆنەكە تێگەیاند(سەدام) گوتی: استاذ ساڵح من ئاگاداری ئەو بابەتە نیم، پرسیار دەكەم و وەڵامت دەدەمەوە؟ ووتی: پاش یەك دوو سەعات (سەدام) تەلەفۆنی بۆ كردم و گووتی: استاذ میللەتی شاخ ودەشتەكییەكان لەمێژوو تاریخی خۆیی(عادات وتقالید)خوڕەوشت چی دەزانێ‌، مەبەستی شاخاوی كوردەكان و دەشتەكییەكان بیابان نشینە عەرەبەكان بوو،پاشان(سەدام)گوتی:”جزمن تاریخ و جغرافیا، اكتب الشعروالقصە، ترجمها الكتب اجنبیە الی اللغە العربیە والكردیە وما انشرها “5

چیرۆكی دووەم: كەواتە ڕژێمی بەعس بە هەموو شێوەیەك نووسەران و شاعیران و هونەرمەندانی ئیستغلال و ژێر چەپۆكە كردبوو،لەنێو شیعرو چیرۆكدا تواندبوونیەوە ئاوێتەی كردبوون،تا سەریان نەپەرژێتە سەرمێژوو شوێنەوارو كەلەپوورو بیركردنەوە یان بۆشتە ڕەسەن وگرنگەكان لاوازو بێهەست بێت و ئەو ژانەرە گرنگەیان پێ‌ فەرامۆش و لەبیر بەرنەوە، مامۆستا عەبدولڕەقیب دەڵێت: بەهۆیی نووسەرانی نزیك لە دەسەڵاتی بەعس و سانسۆرەوە، چەندین كتێبیی مێژوویی هاوچەرخ و ڕەسەن و پڕبایەخ و بەكەڵكی نووسەران لەلایەن(الرقابە المطبوعات ــ سانسۆری بڵاوكردنەوە) شوێنبزر كراون و نەدراونەتەوە بەخاوەنەكانیان وەك:
عەبدولڕەقیب یوسف:كتێبی: 1/منهج التاریخ المدن الكردستان، 2/ یوسف وزلیخا، كەڕەنجی حەوت ساڵ بەرهەمهێنان بوو،دەستی بە سەردا گیراو لە ناوبرا،3/ الدولە الدوستكیە ،چاپیشكرا،بەڵام لەچاپخانە دەست بەسەر هەموو ژمارەكانیدا گیراو لەكارگەی كاغەزی شاری بەسرە كرایەوە بەهەویرو كاغەزو كتێبەكە ناوی چووە لیستی ڕەشی چاپەمەنیەكانەوەو قەدەغەكرا. هەروەها مامۆستا عبدولڕەقیب ووتی:چەندین جار وتاری مێژووی و كەلەپووریم وشوێنەوارناسیم ناردووە، بۆگۆڤارەكانی ڕۆشنبیری و كاروان و بەیان و ڕۆژی كوردستان و… دەستی بەسەردا گیراوەو بڵاونەكراوەتەوەو وونكراوە، وتی: جارێك لەكۆڕێكدا،بە (مصلح جەلالی) سەرۆكی دەزگای ڕۆشنبیری بەعس و كۆنە شیوعیم گوتووە، بۆ وتارەكانم بڵاو ناكەنەوەو بزرو وونی دەكەن،گوتوویەتی مامۆستا یان بەدەستمان ناگات یان لەوشوێنانەی بۆی دەنێریت وون دەبن، گووتی منیش وتوومە خۆدەنكی زەنگیانە ودەرزی نیە ونبێت وتارەكانی من هەموو لێكۆڵینەوەن وچەندین لاپەڕە دەبن بۆ بزردەبن،كەواتە ئەمە بەڕوونی دژایەتی و پەراوێز خستنی نوسەرانی نیشتمانپەروەرو نەتەوەیی پیشان دەدات كەلەڕیگەی دەست بەسەرداگرتن و بزركردنی بەرهەمەكانیانەوە دژایەتی و ئاستەنگ دروستكردنیان بۆ دروست دەكەن و دەنگیان لەم ڕیگایانەوە کپ و خامۆش دەكراو بێدەنگیان دەكردن بۆ ئەوەی مێژوو كە لەپوورو شوێنەوارو سڕینەوەی خوڕەوشت و مێژوو بەتەواوی لە ناو بەرن.
خوالێخۆشبوو(لەتیف قەرەداغی): ئەم نووسەرە نیشتمانپەروەرو كەسێكی نەتەوەیی بوو، نووسەرو شاعیربوو،بەشداری شۆڕشی كردبوو گووتی: چەند كتێبێكی مێژوویم پێشكەش بە سانسۆری عێراق لە بەغدا كرد،تا چاپیان بكەم، بەڵام كاتێك بۆ وەڵامەكەی چووم وەری بگرمەوە وتیان دەزگای سانسۆر دەستی بەسەردا گرتووەو نایداتەوە، بۆیە هەرگیز ئەو بەرهەمانەم چنگ نەكەوتەوەو شوێن بزریان كردن، لە ناویان بردن. ئەوەسیاسەتی بەعس بوو،دەربارەی كتێب و مێژوو جوگرافیای كوردو بە خەتەرو مەترسی و ئاستەنگێكی پڕمەترسیان دادەنا لە ئاست گەشەی ڕۆشنبیری و بوارەكانی دیكە. بۆیە لەگەڵ ڕێزدا بۆ شاعیران و نوسەران تەنیا گرنگیان بەچیرۆك و شیعری لاوازو ساردو سڕدەدا كە كاریگەریان لە سەر خەڵك بەگشتی نەبوو،هەرلەو پێوەدانگەوە، سوكایەتییان بە شاعیرو نووسەرە گەورەكانی كورد دەكردو بە بەرهەمە لاوازەكانیان دەستیان بەسەر عەقڵیەت و بەها نیشتمانییەكان و سوكایەتییان بە شەهیدو پیاوانی نیشتمانپەروەردەكردوو، هانی ڕۆژنامەنووسی بەرژەوەندپەرست و لاوازەكانیان دەدا تاچاوپێكەوتن لەگەڵ سەرۆك چاش و دەست وپێوەندو جاسوسەكان بكەن بۆئەوەی مەسەلە نیشتمانیی و بابەتە مێژوویی و شوێنەوارە گرنگەكانی كورد ناشیرین و سوك بكەن، ئەوڕەوتە ڕۆشنبیری و دۆخە سیاسییەش لەباربوو بۆ هاتنە پێشەوەی ئەم كەسەلاوازو مست لەگوێیانەی كەویژدان و خۆیان پێ‌ سوك بێت و لە بەرەی دژی گەلدا بوەستنەوەو دژایەتی دەیان نووسەرو مێژوونوس وشوێنەوارناسی وەك (عەبدولڕەقیب) كان بكەن.

ساڵی(٨٠ ١٩)ڕابوونی نووسەرانی نیشتمانپەروەر:
ساڵى هەشتا بەهۆى بەهێزبوونى بزوتنەوەى چەکدارى لە کوردستانى باشوورو، هاتنى هێزە بەرهەڵستکارەکان وپارت وڕێکخراوەکانى ڕۆژهەڵات وئێرانییەکان بۆ ئەم دیوو سنوورەکانى باشوور، جموجۆڵى سیاسیى وڕوناکبیرى و ئەدەبى چالاک بوو، تووشى ڕاچەنین و بەرگرى زیاتر هات و نوسەرانى پاک ودڵسۆز هەرتەنیا گرنگییان بە ئەدەب وبەرهەمى ئەدەبیى لە چیرۆک وشیعر نەدەدا،بەڵکولێکۆڵینەوەى مێژووى وباتە کەلتوورى وکەلەپوورى شوێنەوارەکانیش بوونە بابەتى گرنگ و سەرنج ڕاکێش و کەسانى وەک عەبدولڕەقیب یوسف وچەندان نووسەرى تر بەرەو ئەم بوارە مێژووییانە سەرنجى ڕۆشنبیرەکانیان ڕادەکێشاو بەرگرییان لەمێژوو کەلەپوورو شوێنەوارەکان دەکرد وبووە مەسەلەى گرنگى ڕۆشنبیرى و تەنانەت وێنەو مێژووى زارەکى لەلایەن عەبدولڕقیب یوسفەوە بووە بابەتى بایەخدارو پیرەمێردو تێکۆشەرو بەتەمەنەکان وەک کەرەسەى زارەکى بوونە سەرچاوەى مێژوو،ئەمەش پێویستى بەکۆشش و ماندووبوونى زۆرێک هەبوو کە ڕێز لەمێژوو بگرن،وەک قەبرسانە دێرینەکان ئەشکەوت و خانووە مێژووییى وکەرەسەکانى بەڵگەنامەى بگیرێت و لەزۆر بواردا تۆمار بکرێت و زۆرێکیش وەک فشار گرنگیان پێبدریت وخوێندەواران وڕوناکبیرانیان لێ وەئاگا بهێنرێت و بەرگرى لێبکرێت، تەنانەت بەعس لە بەرنامەیدا بوو، قەڵاى هەولێرو کەرکوک بە ناوى پرۆژەى بازرگانییەوە وێران بکات و لە ناوى ببات، بەڵام گرنگى ئەم دووشوێنەوارە مەزنە بەهۆى هەوڵو نامەو نوسراو واژۆکۆکردنەوە لە سەردەستى مامۆستا (عەبدولڕەقیب) دەستى پێکردوو، تەنانەت نوسینگەى سەرۆک کۆماریشى لێ ئاگادار کرایەوەو هەردوو قەڵامێژووییەکە لە وێرانکردن ولە ناوبردن پارێزراو ڕزگار کرا، بەڵگە بۆ ئەم بابەتە هەیە.
کەواتە ئەم مامۆستایە هەر لە سەرەتاوە نرخ وبەهاى مێژوو مەغزاو ناوەرۆکى مێژووى بە زۆرێک خەڵک ناساندوو بە گرنگییەوە بەرگرى لە هەموویان کردوو هەوڵەکانى جێگەى بایەخ و گرنگى پێدان بوون. لە وڵاتان کەرەسە مێژووى وشوێنە کەلەپوورى و شوێنەوارەکان ئەرکى حکومەتە بیانپارێزێ وبەرگرییان لێبکات، ئەرکى هاوڵاتیانە، پاشان ڕۆشنبیران ونوسەرانە مێژووى خۆیان بپارێزن و شانازى بەڕابردوو ئایندەیانەوە بکەن.

مامۆستا عبدولڕەقیب ،ڕێنیسانس و بانگەوازەكەی
مامۆستا (عەبدولڕەقیب یوسف) ساڵى١٩٨٥،وەک یەکەم کتێب بەناوەرۆک جیاوازى بڵاوکردەوە کتێبەکە ناوى (بانگەوازێک بۆ ڕوناکبیرانى کوردــ لەپێناوى کۆکردنەوەو زیندووکردنەوەى کەلەپورى کوردیدا)کتێبەکە لە بڵاوکراوەکانى پرۆژەى هاوسەرژمارە (٢) لەچاپخانەى کامەرانى چاپکرا، کتێبەکە بەپشگیرى وخەرجى خوالێخۆشبوو(هوشیار قەفتان)خاوەنى پرۆژەى هاوسەربوو،مامۆستا داواى لە ڕوناکبیران ونووسەران هاوڵاتیانى کورد لە کوردستان کرد بوو لە کتێبەکەدا، گرنگى بە بەڵگەنامە(الوثاق) بدەن وبیان پارێزن.
یەکەم:وەک:دەستنوس،نامەو فەرمانەکان،ئیجازەى مەلایەتى،ئەوراق و کاغەزى فەرمانگە کان،قەواڵەو سەنەد،تاپۆ…. کەئەم بابەتانە زۆر گرنگن لەساخکردنەوەى بابەتە مێژووییى ولێکۆڵینەوەو توێژینەوەکاندا،بۆیە پاراستن و کۆکردنەوەوپارێزگارى لێکردنیان ئەرکى هەموو خەڵکە بەڕۆشنبیرونووسەرو هونەرمەندوکەسایەتییەکانەوە.
دووەم:بیرەوەرى بەساڵاچووەکان،واتەمێژووى زارەکى زۆر گرنگە کە زۆرینەى مێژوو لە سنگى بە ساڵاچواندایە پێویستە ئەومێژووە بخرێتە سەر کاغەزو لە فەوتان بپارێزرێت. بۆیە ئەرکى هەموانە سودى گەورە لە بەتەمەن و بەساڵاچوەکان وەربگرین وتۆماریان بکەن.
سێیەم:بەندو باو ئەفسانە،بابەتە فۆلکلۆرییەکان بەهەموو ڕەگەزو بابەتاکانەوە،هەو ڵبدرێت لە فەوتان ونەمان ڕزگار بکرێن بەهەرشێوەیەک بێت.
چوارەم: هونەرى بیناسازى، ئەمە هونەرێکى گەورەى کوردە،خاوەنى مێژوویەکى کۆن ودێرینن،هەوڵبدرێت،بپارێزرێت،ناوى وەستاو شوێن و هونەرەکە تۆماربکرێت و خانوەکانى ئەم نەخشونیگاردارە..بیناسازییان تێدایە،یان ئەم هونەرەیان تێدایە بپارێزرێن ولێکۆڵینەوەو توێژینەوەیان لە بارەوە ئەنجام بدرێت.
پێنجەم: هونەرى وێنەکێشى وتاشینى(النحت) کوردى، گرنگى پێبدرێت وبپارێزرێت.
شەشەم:یاداشت نوسین، زۆر گرنگە پێویستە هەمووتاکێک گرنگى بەم بابەتە بدات ولاى لێبکرێتەوە، ئەمەش زۆر بابەتى مێژووى ساغ دەکاتەوە.
حەوتەم: پاراستنى بابەتە کەلەپوورى ومێژووییەکان، وەک ئەشکەوت، قەبرسانەکان، کۆڵینەکان، بابەتە کەلەپوورى و کەلتوورییەکان….
ئەمانەو دەیان خاڵ وبابەتى دیکەى گرنگ لەم کتێبەدا خراونەتە ڕوو،هۆکارى پاشکەوتنى بابەتەکان ڕوونکراوەتەوە،گرنگیدان تەنیا وەک پێویست بەشیعر، چیرۆک،وەرگێڕان ناکاتە ئەوەى پێشکەوتنى ڕۆشبیرى و ڕوناکبیرى پێ مسۆگەربکەین، بەڵکو گرنگیدان تەنیا بەو بوارو لایەنانە دەوڵەمەندى ڕۆشنبیرى دەرناخات، بەڵکوگرنگیدان بە باتە کەلەپورى وکەلتوورى مێژووییەکان زیاتر نێوەندەکە دەوڵەمەندو سەنگین دەکات،ئەم کتێبە زۆرینەى نێوەندەکەى ڕاچڵەکاندو بانگەوازێکى تازەگەرى وداهێنان بوو لەنێوەندى ڕوناکبیرى وڕۆشنبیرى کوردا.
کەواتە ئەم مامۆستایە وەک کەسێکى نیشتمانپەروەرو دڵسۆزو خەمخۆر بۆمێژووى کوردو کوردستان،بووە ویژدانێکى سەنگین و زیندوو وبەتەنگەوە هاتووى ئایندەوە پاشەڕۆژ بۆ نەوەکان و بانگەوازگەى زۆر بابەتێکى تازەو نوێخوازانە بوو، بۆپاراستنى مێژووى کورد و وەک شۆڕشێکى ڕۆشنبیرى وڕوناکبیرى بەرجەستە بوو لە ناو نوسەران و ڕوناکبیرانداو بەرەو ڕێگەیەکى ڕۆشن نێوەندەکەى ئاراستەکرد،کە لە مێژوودا بەشانازییەوە نەوەکان هەوڵو ماندووبوونەکانى ئەم کەسایەتییە بەرز دەنرخێنن.

عبدولرقیب یوسف

عەبدولڕەقیب یوسف لە ساڵی١٩٤٣لە دایکبووە،نووسەر و مێژوونووس و شوێنەوار ناسێکى کوردە،لە ١٩٦٠ەکانەوە دەربارەی مێژووی کورد و شوێنەوارەکانی دەنووسێت و چەندین شوێنەواری دۆزیوەتەوە و وتاری دەربارەیان نووسیوە، لە ساڵی ١٩٧٣ یەكەمین شوێنەواری لە دەربەندی رانیە دۆزیوەتەوە ،لە پارێزگای سلێمانی.
عەبدولرەقیب یوسف کەسایەتییەکی گەورەی کەلتوورپەروەر و کەلتوورپارێزی کوردستانە،زۆربەی تەمەنی خۆی تەرخانکردووە بۆ نووسینی مێژوو،پاراستنی کەلتووری کوردستان لە شوێنەوار،بەڵگەنامە، هونەرەکانی تەلارسازی و نەخش و نیگاری خانووەکان. بەهۆی بەرهەمە زانستی و بەنرخەکانییەوە، لەلایەن پسپۆڕانەوە بەفەرهەنگی گەورەی کەلتووری شارستانی ناودێر کراوە.
وەک مامۆستا لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان خزمەتی کردووە.دواتر بۆتە راوێژکاری کاروباری شوێنەوار لەئەنجومەنی وەزیران و٩ ساڵ لەو پۆستەدا خزمەتی کردووە و ساڵی ٢٠١٠ خانەنشین بووە. مامۆستا(عەبدولڕەقیب) هەر لە سەرەتای ژیانی گەنجییەوە خولیای خوێندنەوەی بابەتە مێژووییەکان بووە و بایەخی بەشوێنەوار داوە.
مامۆستا سەعید دێوەچی بەرێوەبەرو دامەزرێنەری مۆزەخانەی موسڵ و مێژوو نووسی ناوداری عیراق، هانی مامۆستا (عەبدولڕەقیب)ی داوە بنووسێت، ئەویش لە شوباتی ١٩٦٠ەوە دەستی بەنووسین کردووە و تائێستا بەردەوامە.
مامۆستا (عەبدولڕەقیب) شەست ساڵە دەنووسێ و خاوەنی زیاتر لە(٥٠) کتێبی چاپکراوو دەستنووسە.
ئەو ساڵی ١٩٨٥ کتێبێکی بەناوی(بانگەوازێک بۆ رووناکبیرانی کورد) دەرکرد، لەم کتێبەدا داوای کۆکردنەوە و زیندووکردنەوەی کەلەپووری کورد و پاراستنی کرد. ئەگەرچی مامۆستا عەبدولڕەقیب چەندین کتێبی نایابی تری هەیە، بەڵام ئەم کتێبەی بەباشترین کتێب دادەنێت، لەبەرئەوەی بەوردی باسی پێویستی پاراستنی هەموو لقەکانی کەلتووری شارستانی کوردستانی کردووە.

ناوی هەندێک لەکتێبە چاپکراوەکانی
(دیوانی کرمانجی،الدولە الدوستکیە فی کردستان،تابلۆکانی شەرەفنامە، بیرەوەرییەکانی ئەحمەدی حەمەئاغای پشدەری،حدود کردستان الجنوبیە، لە بەڵگەنامەکانی حکومەتی شێخ مەحموود،بەرگریکردنمان لەقەڵای هەولێر، وێرانکردنی قەڵای کەرکوک و هەوڵدانم بۆ رزگارکردنی، پەیدابوون و دروستکردنی چەکی ئاگردار) و چەندان کتێبی تر.
سەدان وتارو لێکۆڵینەوەی بەزمانەکانی کوردی و عەرەبی لەرۆژنامە و گۆڤارەکانی عیراق و کوردستان و دەرەوەدا بڵاو کردۆتەوە.
مامۆستا عەبدولڕەقیب یوسف، خولیای سەرەکی گەڕان بووە بەدوای شوێنەوارەکاندا، چەندان شوێنەوار و شاری کۆنی دۆزیوەتەوە، کە پێشتر نەدۆزرابوونەوە، زانایان و شارەزایانی شوێنەوار بەکارەکانی سەرسام و موحەیەر بوون،لەماوەی ٦٠ ساڵ کارکردنیدا، بەتەنها خەرمانێک بەرهەمی بەنرخی بەڵگەنامە و تۆماری کاسێت و فۆتۆ و ڤیدیۆی کۆکردۆتەوە، کە ئەوە کاری دامەزراوەیەکی گەورەی نیشتمانییە، ئەو بەتەنها و لە سەر ئەرکی خۆی ئەنجامی داوە، ئەو ١٨ ملیۆن لاپەڕەی بەڵگەنامە ١٣٠٠ سەعات تۆماری ڤیدۆ و کاسێتی دەنگی تەمەنداران و ٧٠ هەزار وێنەی فۆتۆی هەیە، کە هەموو پێکەوە سامانێکی گەورەی کەلتووری شارستانین. بەشی زۆری بەڵگەنامەکانی پێشکەش بەئەرشیفی نەتەوەیی کوردستان کردووە.
مامۆستا عەبدولڕەقیب یوسف، زۆربەی ئەو ئەرشیفە بەنرخەی دیجیتاڵ کردووە، نزیکەی ١٢ ساڵ کاری تێدا کردووە بۆ ئەوەی لەرێی ماڵپەڕێکی تایبەت بەخۆیەوە، بۆ خوێنەران بخرێنەڕوو. ئەو کارەشی تەواو کردووە و لەماڵپەڕەکەیدا بەشێکی زۆری زانیارییەکانی ئەرشیفەکەی لە ژێر(٣٢)ناوونیشانی سەرەکیدا خراونەتە روو، بە دەوڵەمەنترین ماڵپەڕی بواری کەلتووری شارستانی لە ناوچەکەدا دادەنرێت، لەکۆتاییدا هیوای سەرکەوتن و تەمەن درێژی بۆ مامۆستا عەبدولڕەقیب ئەخوازم،ئەو پیاوەی لە باکووری کوردستانەوە هات و باشوری کردە مەیدانی کارو خزمەت و بەخششەکانی و کوردستانی گەورەی وەک یەک نیشتمان سەیر کرد و لە سەرانسەری ئەو نیشتمانەدا ئەوەی پێی کرا بۆ پاراستن و ناساندنی کەلتووری شارستانیی کوردستان درێغی نەکردوە، یاخوا تەمەن درێژ بێت و هەر شاد و بەختەوەر بێت.


30/١٠/٢٠٢٤

پەراوێزەکان:
1- مێژوو لە تەرازوودا، فەلسەفەولۆجیكی میژوو،وەرگێڕانی د.قادرمحەمەد حسن، سۆران بەها ئەحمەد ساڵی 2011 ل30

2- سەرچاوەی پێشوو،ل30
3- میژوو لەتەرازوودا، فەلسەفەولۆجیكی میژوو، وەرگێڕانی د.قادرمحەمەد حسن، سۆران بەها ئەحمەد ساڵی 2011 ل29
4- سەرچاوەی پێشوو،ل29
5- سەرچاوە یاداشتی مامۆستا عبدولڕەقیب یوسف




كلتووری دیجیتاڵی.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

(شەوێکی سپی لە هەولێری پایتەخت)

نەوەی دیجیتاڵی، نەوەی كلتووری دیجیتاڵی، مۆبایلی زیرەک، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان… ئەو نەوەیە لەنێوان ئاژاوەی زانیاری و خێرایی پەیوەندیکردندا؛ لەنێوان چڕكردنەوەی تەکنۆلۆژیا و میدیا و شێوازەکانی بەکاربردندا؛ لەنێوان گێڕانەوە شاراوەكان و وێنەی ڕووتدا… گرنگی بە پرسە جیهانییەکان و دارایی و تەندروستییەكان و گۆشەنیگانیان دەدەن؛ ئەم تۆڕبەندییەی کۆمەڵگای زانیارییەكان، لە تێگەیشتنی نێوان مرۆڤ و دەوروبەر تێدەپەڕێت و وەك پێویستییەکی بەپەلەی گەشەسەندنی كلتووری دیجیتاڵی خۆی واڵا دەكاتەوە! ئەو تەکنۆلۆژییە دیجیتاڵییە، لە نمایشەكانیدا بانگەشەی ئازادی مرۆڤ و ژیانێكی شایستەتر بۆ مرۆڤ دەكات… بە دیوەكەی دیكە لەو تەكنۆلۆژییە دیجیتاڵییەدا مرۆڤ کەوتۆتە ژێر کاریگەریی زێدە- بەكاربردن و زێدە- قازانج… مرۆڤایەتی لەژێر ترس و خەمۆكی و دڵەڕاوکێی هەسارەیی دەتلێتەوە و ناتوانێ لێی دوور بكەوێتەوە، چوونكە مەستی زێدییەكان و ئازادی و نێرگزییەت….بووە.
بوومەلەرزەی تەکنۆلۆژیا و خێرابوونی ئاڵوگۆڕی زانیارییەكان و نەبوونی مەودای ڕامان و بیركردنەوە لە تۆڕە دیجیتاڵییەكان و چاودێریكردنی ژیان و چوونە ژێر باری ڕێكارە تەکنیکی- ئابوورییەکان، كە هەوڵدەدات ژیانی مرۆڤ لە گێڕانەوەكان و ڕامان دابماڵێ و لە وێنەی ڕووتدا چڕی بکاتەوە… هەر تەنها کۆمەڵێک نەخۆشی دەروونی و دەماری و کۆمەڵایەتی نەخستۆتەوە! دەشێ وەك كەڵكەڵەكانی (ئومێد قەرەنی) شاعیر لە شیعری (قەدەغەی هاتوچۆ- لە شەوێکی سپی لە هەولێری پایتەخت) كورتی بكەینەوە و بڵێین (ئارامییان کوشتوە)؛ بەهای شتەکانیان تەنیا لە (سەرمایە)دا کورت كردۆتەوە… بەو مانایەش كلتووری دیجیتاڵی هەر تەنها پۆزەتیفییەت، ڕاگەیاندن و شێوازەکانی بەکاربردن و ژیانێکی خێرای بەسەردا نەسەپاندووین، هەر تەنها مرۆڤی بە كەڵكەڵە و وەهمی ئازادی و ژیانی شایستەتر و وێنەی ڕووت گەمارۆ نەدراوە… ئیتر لە كلتووری دیجیتاڵیدا پاڵەوانی سەرگوزشتەكان ئاوابوون، ناگەڕێنەوە، دەرگای ماڵەكانیان گاڵەداوە… لەنێوان دەرنەكەوتنی گێڕانەوەكان و دەركەوتنی وێنەدا، مرۆڤی مۆدێرن، مرۆڤی تەنیا و نائومێد و ڕاڕا… بە ویستی خۆی بەردەوام گۆشەنیگاكانی بە زێدەییەكان مۆدێرنیزە دەكات.
زەوی گۆیییە یان شێوەی دڵی؟ ئەوە پرسی گۆشەنیكای (قەدەغەی هاتوچۆ)یە؛ قەدەغەی هاتوچۆ لەنێوان شاردنەوەی گێڕانەوەكان و نمایشكردنی وێنەكاندا؛ لەنێوان زێدە- ئازادی داهاتوو و بەندكردنی ڕابردوودا؛ لەنێوان چاوی شەو و چاوی كامیرادا… پێماندەڵێ هەمیشە (گێڕانەوە، چاوی شەو، بەندەواری ڕابردوو) ساڵەکان، بەدبەختیەکان… بۆیەکتر دەژمێرن! بەڵام (نمایشكردن، چاوی كامیرا، ئازادی داهاتوو) تەنها داوا ناكات، کە بەشێوەیەکی (زیاتر) بژین، بەڵكە خودی (نەسرەوتن/ دەركەوتن) لەبەرانبەر (بەدبەختی/ دەرنەكەوتن) بەرز دەكاتەوە… مرۆڤ لەنێوان (دەرنەكەوتن) و (دەركەوتن)دا دووچاری نیشانەکانی ترس و تێکچوونی مەودا و سۆزداری بووە… لە ئەنجامی داهاتووی تەکنۆلۆژی و خێرایی زانیارییەکاندا گۆشەنیگاكانیان تەنها دەلالەت لە دەرنەكەوتنی گێڕانەوەكان ناكەن، بەڵکە دەلالەت لە دەركەوتنی وێنە و زڕەوێنە و شاردنەوەی گێڕانەوەكانیش دەكەن! پۆلیسی زێدەییەكان (زێدە- بەكاربردن، زێدە- قازانج، زێدە- ئازادی، زێدە- زانیاری…) پۆلیسی تەكنۆلۆژیا، لە هەموو شوێنێکدا چاویان جێهێشتووە؛ زێدەییەكان و زڕەوێنەكان… ئاستی پووكانەوە دەمارییەکان و خەمۆكی و نێرگزییەت… بەرز دەكەنەوە، بەڵام كۆنە فرۆشگای گێڕانەوەکان داخراون… بۆ ئەوان قەدەغەی هاتوچۆیە، دەرگای ماڵەکانیان گاڵەداوە، چاویان تەنها لە شەوە (هەواڵی كاتژمێر هەشت) دەبینێ! تەنها لە سووچێكی فەرامۆشكراو هەناسە دەدەن…
تراژیدیای گێڕانەوە، لە کورتی شەودا نییە، لە هەواڵی کاتژمێر هەشتی گێڕانەوەكاندا نییە، لە دەركەوتنی وێنە و وێنە ڕووتەكاندایە، لە نەسرەوتنی مرۆڤدایە، كە لەبەرانبەر دەرنەكەوتن و شاردنەوەی گێڕانەوەكان بە (ئازاد)ی خۆیان نمایان دەكەن! هەرگیز (زێدەیی) ئازادی نییە، هەرگیز وێنە و وێنە ڕووتەكان، جەوهەری گێڕانەوەكان نیین… جەوهەر جەوهەری ونكردووە، زڕەوێنەیە! وەك چۆن گێڕانەوەكان گێڕانەوە نیین، داخراون، زەمەنی گێڕانەوەكان ئاوابوون… كەواتە ئایا خۆشاردنەوەی گێڕانەوەكان هۆی بەدبەختی (دەرنەكەوتن) گێڕانەوەكانە، یان پشتگوێخستنی جەوهەرە؟! هەڵبەتە ئەمڕۆ كەڵكەڵە و حەزی مرۆڤی مۆدێرن بۆ ئەزموونکردنی زیندووێتی ژیان، دەكەوێتە نێوان چاودێری و زێدە- بەكاربردنەوە، ناكەوێتە نێوان دەرنەكەوتن و شاردنەوەوەی جەوهەرەوە… بۆیە بانگەشەی وسبەلێكراوەكانی (قەدەغەی هاتوچۆ)، ئەوەیە كە ژیان دەبێتە پێشبڕکێیەکی خێرایی وێنە و زڕەوێنە- سیمیۆلاكرا…ناگەڕێتەوە! بۆیە (ئومێد قەرەنی) لەنێوان دەركەوتنی وێنەی ڕووت و دەرنەكەوتنی گێڕانەوەكاندا دەڵێ: (کامێرای چاودێریی یان دەمانچە یەکێکیان دەمکوژێ… ڕێیەک هەیە، بەڵام ئازادیی نییە…) ڕێیەك هەیە، بەڵام جەوهەری نییە!
ئەوەی لە گۆشەنیگای (قەدەغەی هاتوچۆ)دا جەختی لێدەکرێتەوە، چەمکی دەرنەكەوتن و زێدە- دەركەوتنە… لەنێوان خۆشاردنەوە و زێدە- نمایشدا، مرۆڤ بە (نەسرەوتن) مەحکومە، بە هۆی نەسرەوتن و بێ شوێنییەوە (بەدبەختی) شوێنێكی بۆ نیشتنەوە نییە… شاعیر لەنێوان خۆشاردنەوەی نێو گێڕانەوەکان و خۆنمایشکردنی وێنە و زڕەوێنەدا یەکێکیان دەیكوژێ؛ لەنێوان تراژیدیای گێڕانەوەکان و وێنەی بێ جەوهەردا، لەنێوان وێنەی ڕووت و گێڕانەوەی داپۆشراودا… قەدەغەی هاتوچۆ ڕادەگەیەنێ… بەڵام بوونی گۆشەنیگا لەڕێگای ژمارەیەكی بێسنووری سیفەتەكان، تەنها (دەركەوتن) و (دەرنەكەوتن)، (نەسرەوتن) و (بەدبەختی)… نیین، كات و شوێنێكیان بۆ نەماوەتەوە…
هەرگیز تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی گرنگی بە جەوهەری گێڕانەوەكان نادات، بەڵكە لە بەرهەمهێنانەوەی زێدە-دەركەوتنندایە؛ زێدە- دەركەوتن ڕاستی ئاشكرا ناكات، بەڵكە دەبێتە زڕەوێنە، زڕەوێنەكان خۆیان دەبنە گۆشەنیگا و بیركردنەوە و جەوهەری بەسەرچوونی گێڕانەوەكان و دەبنە شێوازێك لە شێوازەكانی بوونی ژمارەیی، بەو مانایەش زڕەوێنە، گێڕانەوە نییە و كێشەی سۆز و تراژیدیا تێدا دەرناكەوێت، بەڵكە ئەوەی بە زەقی لە كلتووری دیجیتاڵی دەردەكەوێت نێرگزییەتە! كەواتە هەر سێ ڕەهەندی (گێڕانەوە، وێنە، زڕەوێنە) بە شێوەیەکی زیندوو لەڕێگای كلتووری دیجیتاڵییەوە بە ژمارەوە بەند دەبێ؛ ئازادی دیجیتاڵی بە ژمارەوە بەستراوەتەوە.
بۆ خوێندنەوەی تەواوی (شەوێکی سپی لە هەولێری پایتەخت) بڕوانە: هەفتەنامەی ڕێگای کوردستان- ژمارە (١٤١٥).

وێنەی ڕووت/ گێڕانەوەی داپۆشراو
بەگشتی ئەم نەوەیە لەدنیای دیجیتاڵیدا دەژین، کە وردە وردە سنوورەکانی نێوان دنیای واقیعی و مەجازی نامێنن؛ لەنێوان گێڕانەوەی داپۆشراو و وێنەی ڕووتدا دەسوڕێنەوە و گرنگی بە گۆشەنیگا ئازادەكانیان دەدەن، هەر لە شیکاری کولتوورییەوە تا دەگاتە سایکۆپاتۆلۆژی و کۆمەڵناسی؛ هەر لە پەیوەندی كۆمەڵایەتییەوە تا تیۆری سیاسی… بۆ ئەوەی واقیعی زانیاریی ئێستا و کاریگەرییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان بخەنەڕوو.
قەدەغەی هاتوچۆیە
نە فلووسێک لە دڵمدایە، نە قسەیەکی خۆش لە گیرفانم
جوانییەکانم لەسەر شەقامە کۆنکرێتییەکە بڵاودەکەمەوە
بە دوو چەرخەیەکی ڕەش بەرەو تاوەرەکان دەچەرخێم
سەدەی بیست و یەکە، مشکەکان حەزدەکەن لە جەنجاڵیدا بژین!
شاعیر کۆمەڵێک ڕووداو بە پێشبینیکەری بەسەرچوونی گێڕانەوەكان دەزانێت، کە بەشداری لە ڕەگ و ڕیشەی گۆشەنیگاكانی سەبارەت بە سەدەی بیست و یەک دەكات، کە تێیدا ژیان دەبێتە پێشبڕکێیەکی خێرا بەرەو جەنجاڵی، كە ئامانج تەنها ژیانکردن نییە، بەڵکە ژیانێکی زیاترە، ژیانێکی دوو هێندە… بەمجۆرە ژیانکردن لە گەڕان بەدوای مانادا بۆ گەڕان بەدوای چڕیدا هەنگاو دەنێت، ژیان دەبێتە کۆکردنەوەی زانیاریییەكان و ئەزموونەکان زیاتر لەوەی بونیادنانەوەی جوانی بێ… بەمجۆرە چڕکردنەوەی ژیان، هەستی ئازادی و کرانەوە بە مرۆڤ دەبەخشێت، بەڵام پەیوەستبوونێكی شاراوەش دروست دەکات، ئەویش حەزی بەكاربردنە تەكنۆلۆژییەكانن، وەک ئەوەی ئارامی و هێمنی مەوداكانیان لەدەست دابێت؛ بەمجۆرەش ئازادیی زۆری تەكنۆلۆژیا بۆ گوشارێکی قورس دەگۆڕێت؛ خۆشەویستی بۆ ئازار؛ گێڕانەوە بۆ وێنەی ڕووت… ئیتر هەوڵدان بۆ ژیانێکی زیاتر ژیان لە ڕامان و جوانی تراژیدی بەتاڵ دەکاتەوە… بەڵام ئایا قەدەغەی هاتوچۆ هاوسەنگییەک لە نێوان تراژیدیا و تەكنۆلۆژیا، لەنێوان كامیرای چاودێریی و دەمانچە دەدۆزێتەوە؟!
بێگوومان زانین هەمیشە بەرەو پێشەوەیە، بەڵام لە دامرکاندنەوەی ئازار و ڕەشبینی و خەمۆکی بێ توانایە! ئومێد قەرەنی دەڵێ (ژیان تێیدا ڕایکردووە، تەنیا زبڵ و پاسەوانەکانی جێهێشتوە) (کامێرای چاودێریی یان دەمانچە یەکێکیان دەمکوژێ)…

(ڕێیەک هەیە، بەڵام ئازادیی نییە)
پێشبینیی ڕێیەك دەکرێت، پێشبینیی بێ مەودایی دەكرێ، بەڵام ئازادیی نییە! بەرەوپێشچوونی زیرەكی- ژیری دەستکرد و زیادبوونی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا دوو تەگەرەی سەرەکیی بەردەم ئەو ڕێگایەن… ڕەنگە ئەرکی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە لە (دەچم کونێک لە ئاسمان دەکەم و تێیدا دەژیم) ڕوون بێتەوە؛ ڕەنگە پەیوەندی نێوان ئۆتۆماتیکیکردنی زمان و زێدەییەكان ئەوە بێ، كە زیرەکی- ژیری دەستکرد زمانی هۆشیاری مرۆڤ پێشدەخات و جێگای گێڕانەوەكان دەگرێتەوە؛ بەو مانایەش بەهۆی پەرەسەندنی ژیری- زیرەکی دەستکرد، ژێرخانی ئازادی لەگەڵ ئامێری جیهانی بەرەو یەكبوون هەنگاو دەنێن!
لێرەوە (ئەرێنیبوون)ی دیجیتاڵی وەک پەرەپێدانی كۆمەڵایەتی و چارەی نوێی سەرکەوتن یان دابینکردنی ئەزموونی خۆشی بۆ کەسانی تر سەیر دەکرێت، یان بە میکانیزم و سەرپەرشتی تەکنۆلۆژیای زمانەوانیی گوتارەكانی بەهێزتر ببێت و ئەمەش دەلالەت لە جەوهەری دەسەڵاتی هاوچەرخ بكات، کە پەیوەستە بە هەماهەنگی بەڵێ و زمانەوە؛ بەڵام بەدیوەكەی دیكەش (قەدەغەی هاتوچۆیە) چوونكە هەستە نەرێنییە تووندەکان و نەخێر دەتوانن ببنە هاندان بۆ بیرکردنەوەیەکی بەهێزی دژە باو و گۆشەنیگای سەرسامكەر و گۆڕانكاری گەورە… كەواتە دەشێ قەدەغەی هاتوچۆ دەرکەوتنی ڕۆحی مرۆڤێكی تاكگەرا و جیاواز و یاخی بێ (مەپرسە چدەکەم، گەر ڕۆژهەڵاتنی گشت جیهانیش بەدەست من با کەسم نەدەکوشت)
مرۆڤە داهێنەرەكان جیهانێکیان پێكهێناوە، کە خێرایی هەستی کاردانەوە و وەڵامدانەوەی بەڵێ و نەخێر تێدا داپۆشراو نییە؛ لە جیهانێکدا دەژین، كە لە پاڵ پۆزەتیفییەت، هونەری نكۆڵیكردن و نەرێنیی بەشدارە، لە جیهانێکدا دەژین، كە لە پاڵ لایك، ڕەتکردنەوە شیاوە… ژیان دەربڕینی کەموکورتی و گۆشەگیری و تەنیایی و دڵەڕاوکێی بوونە! ئەوەش بەهۆی گۆڕانکارییە پۆزەتیف و نێگەتیفەکانەوەیە، بەتایبەتی لە بواری ئاگایی و قووڵبوونەوەی کولتووری و پەیوەندییە جیاوازەکان و قبوڵكردنی ئەویدیكە، بەو مانایە (داهێنان) ئەو جیاوازی و گۆڕانكارییەیە، كە توانای درووستکردنی بیرۆکە یان شتی نوێ و ناوازەی هەڵگرتووە؛ بەو مانایە داهێنان یەکێکە لە گرنگترین بەها مرۆییەكان…
(شەوێکی سپی لە هەولێری پایتەخت) سەرەڕای ئەو چڕکردنەوەیە هەستێکی ئازادی و کرانەوە بە خوێنەر دەبەخشێت، بەڵام وابەستەییەکی شاراوەش دروست دەکات، بەو مانایەی كە ئازادی لەبەرانبەر ئاسایش بریتییە لە ئابڵوقەدانی تاك، چوونكە هیچ ئازادییەك بەبێ ئاسایش نییە، هیچ ئاسایشێكیش بەبێ لە دەستدانی بەشێك لە ئازادی مەیسەر نابێ، ئەوەش ڕیكارێكی لەڕادەبەدەری کۆکردنەوەی كۆمیدیا و تراژیدیایە، بەرلەوەی بڕوات بە قبووڵكردنی ئازادی ئەویدیكەی جیاواز و پارێزگاریكردنی ئەزموونی جیاواز هەبێت…

خەمی مرۆڤی مۆدێرن
(پۆلیسی گەڕۆک لە هەموو شوێنێکن) بۆ ئەوەی حەزی مرۆڤی مۆدێرن لە هەموو بوارەکانی چێژ، کار، پەیوەندییەکان، هونەر، تەنانەت ئازار و ناخۆشی… شی بکەنەوە؛ تاکوو ژیان بۆ هەستکردن بە ژیان بكەنە ئامانجێکی تەكنۆلۆژی؛ بۆیە (مەپرسە بۆ کوێ دەڕۆم، لەو شارەی تەنیا تەنیاییم دەجوێ) كەواتە ئامانجی تەكنۆلۆژیا تەنها ژیانکردن نییە، بەڵکە ژیانێکی زیاترە، كە (ژیان تێیدا ڕایکردووە) لەو نووسینەدا ڕستەی نێوان كەوانەكان لە لایەن شاعیرەوەیە، بۆیە دەتوانین بڵێین (ئەوانەی خۆشەویستی بە پارە دەکڕن) جینۆسایدی ڕاستەقینە پێشنیار دەكەن، چوونكە گوزارشتی (خۆشەویستی بەدەست بێنە، بێ ئەوەی چاوەڕێی ڕێكەوت بكەیت) پێشبینی تەكنۆلۆژیایە، ئەگەرچی لەڕووی دیجیتاڵی سەربەخۆیی بە ژمارە ڕادەگەیەنن، بەڵام لەڕووی تەکنیکییەوە واتە گۆڕینی یاسا بە کۆد؛ دژ بە مەودا و ڕامان و بیركردنەوە و چاوەڕوانی… کۆدکردن بۆ دەستبەسەرداگرتن؛ لە جیهانی دیجیتاڵیدا هەموو مرۆڤەکانی دانیشتووی هەسارەی زەوی خاوەنی كۆدن، لەژێر سەرپەرشتی (تەكنۆلۆژیا)دان، لە زیندانی تاکەکەسی هەمیشەییدان! لە ژیانێكی تەواو خەیاڵیدا ژیانێکی نێرگزی و دڵخۆشکەر…
ئەمڕۆ ژیانی مەجازی ئەوەندە ورووژێنەرە، کە هەمووان ژیانی ڕاستەقینەی پێدەفرۆشن، ڕۆژ بە ڕۆژیش ورووژێنەرتر دەبێ، بەردەوام شانشینی مەجازی بە هەرزانتر ژیان دەكرێ؛ (شەوێکی سپی لە هەولێری پایتەخت) تەنیا پەردە لەسەر ئەم واقیعە هەڵدەگرێت، کە ئێستا بە تەواوی دەستی کردووە بە دەرکەوتن؛ وادیارە شەوە سپییەکان هەموو شتێکیان وەشاندووە؛ لەڕاستیدا تەكنۆلۆژیا لەڕێگای زێدەییەكانەوە ڕێكەوتەكانی وێران کردووە و باڵادەستی دیجیتاڵی و زڕەوێنەكان گۆشەنیگا جیاوازەكانیش بەڕێوە دەبەن، هێزی ڕاستەقینەی گێڕانەوەكان لە پاشەكشە دایە.
زێدەییەكان کە درکیان بەوە کرد، هەموو شتێکیان لەناوبردووە، لەڕێگای زیرەكی- ژیری دەستكردەوە تەحەدای کۆتاییەكانیان دەستپێکرد: بۆ نەهێشتنی نیوەی مرۆڤایەتی و گۆڕینی بۆ ڕۆبۆت و گۆڕینی سیستەمی نێودەوڵەتی بۆ مۆزایکێکی کۆمپانیا تایبەتەکان… بۆ ئەوەش باس لە کۆدێکی کۆدکراو دەکەن، کە چەند کەسێک دەتوانێت دەسەڵات بەدەستبهێنێت، لەوێشەوە باسی ئەو خانانە دەکەن، کە کۆمەڵێک کەسی غەیرە مرۆڤ تێیدا سەركارن و لەوێشەوە ڕێگا بەو کۆمەڵە لاوەکییە تەکنەلۆژییانە دەدەن، کە دەتوانرێت لە هەر شوێنێکی جیهان درووست بکرێن…
شاعیر دەڵێ (مەپرسە کێم، سەرگوزشتەیەکم، پاڵەوانەکانی مردوون) چوونكە ئیتر كلتووری دیجیتاڵی لەسەرووی هەموویانەوە بەرنامەکانی توانای هەماهەنگی و جوانكردن و بێلایەنکردن و ئاراستەکردنی کردەوەکانی مرۆڤی مۆدێرنیان هەیە؛ بەپێی داتاکانی گەشەسەندن، چاوەڕوان دەکرێت لە سەردەمی نەوەی (بێتا) هەردوو ئاڵنگاریی زیرەكی- ژیریی دەستکرد و زیادبوونی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواش ڕوونتر ببنەوە… (مەپرسە بۆ کوێ دەڕۆم، لەو شارەی تەنیا تەنیاییم دەجوێ) دەربڕینێكی شیعرییە.

هەولێر 20/9/2025




کفری وەک نیشتمانی یەکەمینی مەقامبێژیی.. جواد خەلیل

یادهێنانەوەی پێنج کۆڵەکەی مەقامات لە سەدەی نۆزەدهەم

مەقامات بەشێکی گرنگە لە هونەری دەنگخۆشیی خۆرهەڵات، پەیوەستبوونێکی گەورەی بە ڕۆحی ئینسانی ئەم ناوچەیەوە هەیە و ڕیشەکەی بە مێژووی هەرە دێریندا چووەتە خوار، کەس لاری لەوەدا نیە خۆرهەڵات کانگای هەست و سۆزە قووڵ و وجودییەکانی مرۆڤە و لێیەوە هونەری بەرز، بە بارتەقایی واتای وشەکە خۆی، هاتۆتە بوون. لە نێو خۆرهەڵاتیشدا، دۆڵی دوو ئاوان و دامێنی زاگرۆس، نیشتمانی یەکەمینی هونەرە باڵاکانی مێژووه. لێرەوە، لەم خاکە پڕ پیت و پڕ ژیانەوە، هونەر بە چەشنێک تیشکی دایەوە، کە بۆ زۆرێک لە ناوچەکانی دیکەی جیهان ببێتە ئاسۆیەکی ڕوون.
لە کوردستانیش ناوچەی کەرکوک و گەرمیان، بەو پێیەی مێژووەکەی کارتێکراو و ئافرێنراوی نێوان دوو ژیارە، ژیاری دۆڵی دووئاوان و ژیاری زاگرۆسنشینانی دێرین، بۆیە لە هونەرەکەیدا جۆرێک تێکەڵی زمانیی و کلتوریی و ژینگەیی دەبینرێت، ئێمە لەم وتارەدا ناچینەوە بۆ مێژووی دێرینتر، بۆ شێوە جیاوازەکانی هونەر لەم ناوچەیە، بەڵکو تەنها دەمانەوێت هەندێک زانیاری مێژوویی سەبارەت بە ڕۆحی هونەرییانەی ئێرە بکەین لە سەدەی نۆزدەهەمی زایینی، سەدەیەک کە تێیدا دەنگە ئاسمانییەکانی ئەم خاکە هێندە بەرز و زوڵاڵ بوونەوە تا بەوپەڕی جوانییەوە لە کفرییەوە، لە کەرکوکەوە بگەنە ئەوپەڕی خۆرهەڵات، لێرەوە بەغدا و شاره هونەرییەکانی دیکە بە خۆیان سەرسام بکەن و ببنە قوتابخانەیەک بۆ هونەرمەند و مەقامبێژانی سەدەی نۆزدەهەم و سەدەی بیست. ئەم نووسینە، پێنج کۆڵەکەی گەورەی مەقامات لەو سەدەیەدا دێنێتەوە یاد، کە هەریەکە دەکرێت لە ئایندەدا وردتر و تایبەتتر کاریان لەسەر بکرێت و زیاتر بناسێنرێن.
مەقامات ناونیشانی ئەم قۆناغە گرنگەیە، کە لە مەلا وەلییەوە دەست پێدەکات و بە ڕیستێکی گەورە لە مەقامبێژانی ناودار کۆتایی دێت. مەلا عەبدولڕەحمان وەلی ( 1742_1830) لە کفری لە دایکبووە و یەکەمین ناوێکی گەورەی مەقاماتە، قوتابخانەیەکە لێیەوە دەیان قوتابی فێری مەقامبێژی بوون، ئەم پیاوە مامۆستای (شەڵتاغ) بووە و ِدەنگێکی ئەفسووناویی هەبووە، ئەمە جگە لە شارەزاییەکی زۆر لە شێوازەکانی مەقام و جیاکردنەوەی جۆرەکانی لەیەکتر.
ڕەحمەتوڵا شەڵتاغ ( 1793_1871)ز لە کفری دایکبووە و لە بەغدا کۆچی دوایی کردووە، ناوی هەرە دیاری مەقاماتی عێراقییە و داهێنەری مەقامی تەفلیسە، یەکەمین کەسێکە لە مێژووی خۆرهەڵاتدا لە پێناوی هونەرەکەی مردبێت! تا کۆتایی ژیانی له یەکێک لە بەناوبانگترین قاوەخانەکانی بەغدا لە کەناری ڕووباری دیجلە مەقامی گوتووە، بە یاوەری گروپی چاڵغی بەغدادی کە دیارترین میوزیکژەنانی جووی بەغدای تێدا بوو. شەڵتاغ جگە لە داهێنانی مەقامی تەفلیس کە بە بەیتێکی شیعری دەست پێدەکا و بە ئەمانەڵا یاحەی کۆتایی پێ دەهێنێت، چەندین داهێنانی تری هەبووە، لەوانە: ( یەکەمین کەسە مەقامی ئیبراهیمی لە دووگا خوێندووه، یەکەمین کەسە مەقامی مۆجێلای لە کفری و کەرکوکەوە گواستۆتەوە بۆ بەغدا و لەوێ بە ناوی مدمی خوێندراوه، پارچەی سیەڕەنگی بۆ مەقامی ڕەست زیادکردووە و زۆری تریش). زۆرینەی مەقامبێژانی بەغدا خۆیان بە قوتابی شەڵتاغ زانیوە، بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانییە شەش ساڵ دوای مردنی شەڵتاغ ئامێری تۆمارکردنی دەنگ دادەهێنرێت، هەموو قوتابیەکانی شەڵتاغ دەنگی خۆیان تۆمار دەکەن، بەڵام بۆ ئەبەد دەنگی شەڵتاغ دەچێتە ژێر خاک و ناگاتە گوێی ئێمە، تەنها بە دەماودەم لەڕێی هونەرمەند و مەقامبێژانی دواترەوە باسی دەنگخۆشی و گەورەیی ئەم پیاوە دەکەن و وەک ئەفسانەی مێژووی مەقامات چیرۆکی لێدەگێڕنەوە.
محەمەد جەلبەوین، لە ساڵی ( 1798) لە کفری لەدایکبووه و ساڵی ( 1869) کۆچی دوایی کردووە، بە مامۆستای بەشێک لە مەقامبێژانی کەرکوک دانراوە و داهێنەری مەقامی ( جەلبەوین بووه و به تەواوی شارەزای بنەما سەرەکییەکانی مەقامبێژی بووه.
مەوجی والی خونزر، یەکێکی ترە لە ناودارترین مەقامبێژانی عێراق، لە ساڵی (1802) لە کفری لەدایکبووە و لە ساڵی ( 1881) لە کەرکوک کۆچی دوایی کردووە، بەهۆی کاریگەربوونی بە دەنگی شەڵتاغ هاتۆتە نێو دونیای مەقامبێژییەوە، ‌زۆرێک لە مەقامەتەکانی خوێندووە، لەوانە: ( بەیات، ڕەست، حیجاز، ئیبراهیمی، ‌سێگا، پێنجگا، ناری، تەفلیس)، نەک هەر ئەوەندە بەڵکو خۆی داهێنەری جۆرێکی گرنگە لە مەقامات، کە ئەویش مەقامی مۆجێلایە، کە دواتر لەڕێی شەڵتاغەوە ئەم مەقامە دەبرێتە بەغدا و لای مەقامبێژانی عەرەب بەناوی ( مەقامی مدمی) دەناسرێت. هەڵبەت لە پشتی داهێنانی ئەم مەقامەوە، چەندین گێڕانەوەی ئەفسانەیی جۆراوجۆر هەن، دیارترینیان ئەوەیە کە ئەم مەقامبێژە فەرمانی سەرپەڕاندنی بۆ دەرکراوە و لە کاتی جێبەجێکردنیدا داوای لە جەلادەکان کردووە ڕێگەی بدەن مەقامێک بڵێتەوە کە تا ئەو دەمە کەس نەیبستبێ و لەبەرامبەردا ئازادی بکەن، بەم چەشنە مەقامی مۆجێلا دەڵێتەوە و بە دەنگە ئەفسووناوییەکی جەلادەکەی مەست دەکات. مۆجێلا جۆرێک لە تێهەڵکێشی نێوان مەقاماتی کەرکوک و بەغدایه و پێیەکی بە قووڵی لە مێژووی هونەری ناوچەی گەرمیاندا ڕۆچووە و غەمگینیەکی گەورەی پێوە دیاره.
محەمەد عەرەب زەبتییە، لە ساڵی 1833 لە کفری لە دایکبووه و ساڵی 1897 کۆچی دوایی کردووه، لەسەر دەستی محەمەد جەلبەوین فێری مەقامات بووه، ئاشنای زۆرێک لە شێوازەکانی مەقامات بووه و داهێنەری مەقامی ( زەبتییە) یە، زۆرێک لە مەقامبێژانی موسڵ و کەرکوک بە ڕێچکەی ئەم مەقامبێژەدا چوون و لەوەوە فێری مەقامات بوون.
ئەم بناغە پتەوە بۆ مەقامبێژی، کفری کردۆتە خاوەنی زەخیرەیەکی گەورەی هونەری بۆ مەقامبێژان، بۆیە ئەم زەخیرەیە دەبێتە بنەمای کارکردنی مەقامبێژانی دواتر، بەتایبەتی ڕابەرانی مەقاماتی عێراقی و کوردی لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەوە تاوەکو ئێستا. ناسینی پێنج کۆڵەکەی گەورەی مەقامات، کە هەریەکە و خودان ڕێچکە و شێواز تایبەتی خۆیانن، یارمەتی مێژوونووس و لێکۆڵەرانی هونەری ئەم ناوچەیە دەدات، زیاتر لە پتەوی بناغە کلتوریی و فەرهەنگییەکانی کورد تێبگەن و گرێیبدەنە مێژووی لەبیربراو و تۆمارنەکراوی ئەم گەلە ژێردەستەیەوە.

جواد خەلیل




بیست و چوار كاتژمێر لەژیانی ژنێكدا.. ئاكۆ عەبدوڵڵا

له‌ساڵانی هه‌شتاكانه‌وه‌ شه‌یدای كورته‌ رۆمانه‌ وه‌رگێڕدراوه‌كانی شتێفان تسڤایگی شاعیر و نووسه‌ر و وه‌رگێڕ و شانۆنووسی نه‌مساییم كه‌ ئه‌وسا له‌چه‌ندان خانه‌ بۆ زمانی عه‌ره‌بی وه‌رده‌گێڕدران. هه‌ر كات‌ ده‌ستم پێیان ده‌گه‌یشت به‌هه‌ڵپه‌وه‌ ده‌مخوێندنه‌وه‌، له‌وانه‌ (نامەیەك لەژنێكی نه‌ناسراو)، (ئامۆك) ، (بازنەیەك لەسه‌ر دەریاچەی جنێف)، (شەترەنج)، (شلەژانی هەستەكان) و (بیست و چوار كاتژمێر لەژیانی ژنێكدا)… ئه‌وه‌ جگه‌ له‌كتێبه‌كانی دیكه‌ی له‌وانه‌ (به‌لزاك) و (بونتیاتنەرانی جیهان). به‌هزاد حه‌وێزی ئه‌و كورته ‌رۆمانه‌ی دوایی له‌زمانی عه‌ره‌بی بۆ زمانی كوردی وه‌رگێڕا و ساڵی 2023 به‌تیراژی 500 دانه‌ له‌چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری بڵاویكرده‌‌وه‌‌. پێشتر تسڤایگ ساڵی 1927 به‌زمانی ئه‌ڵمانی بڵاویكردبۆوه.‌ هاوشێوه‌ی زۆر رۆمانی دیكه‌شی تێیدا ڕاشكاوانە رەخنەی لەنەریتی بۆرجوازی ئه‌وسای كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌وروپی (چینه‌كه‌ی خۆی) گرتووه‌. هه‌روه‌ها وه‌ك هه‌موو رۆمانه‌كانی دیكه‌ی تێیدا زۆر به‌پوختی چۆته‌ ناخی كاره‌كته‌ره‌كانی و بارودۆخی ئه‌و ساته‌ی تێیدان، شیكردۆته‌وه‌.
سه‌ره‌تا له‌‌و رۆمانه‌ ده‌بینین چیرۆكخوێن پیاوێكه‌ وه‌ك زۆر پاڵه‌وانی دیكه‌ی رۆمانه‌كانی نووسه‌ر، به‌مه‌به‌ستی كات به‌سه‌ربردن گه‌شتی كردووه‌ و له‌كه‌ناراوه‌كانی (ریڤیێرا) لایداوه‌.‌ له‌وێدا له‌گه‌ڵ كه‌سانی هاوچینی (بۆرجوازی) كه‌ دوو هاوسه‌ری ئه‌ڵمانی و دوو هاوسه‌ری ئیتاڵی و كه‌سێكی دا‌نیماركی و ژنێكی ئینگلیزین، له‌هوتێلێكی رازاوه‌ نیشته‌جێن. له‌سه‌ر مێزی نانخواردنیش به‌یه‌كتری ده‌گه‌ن و قسه‌ ده‌كه‌ن. دواتر گه‌نجێكی فه‌ره‌نسی كێشنده‌ له‌وێ لاده‌دات. هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ له‌گه‌ڵ دوو كچی پیاوێكی قه‌ڵه‌وی ده‌وڵه‌مه‌ند یاری تێنس ده‌كات كه‌ ته‌مه‌نیان 12 ساڵ و 16 ساڵه‌. دواتر له‌گه‌ڵ خاتوو (هنرییت) ی دایكییان،‌ قسه‌ ده‌كات. رۆژی دواتریش به‌یه‌كه‌وه‌ رادەكه‌ن. ئه‌و هه‌واڵه‌ ئارامی شوێنه‌كه‌ ده‌هه‌ژێنێ. ئامادەبووان له‌سه‌ر مێزی خوان لێكدانه‌وه‌ی بۆ‌ ده‌كه‌ن و به‌ناپاك له‌قه‌ڵه‌می ده‌ده‌ن. ته‌نانه‌ت گومانی ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن خاتوو هنرییت پێشتر پلانی ئه‌و راكردنه‌ی دانابێت‌، به‌ڵام له‌ناویاندا چیرۆكخوێن بۆچوونی پێچه‌وانه‌ ده‌خاته‌ڕوو. داكۆكیش له‌و كاره‌ی ئه‌و ده‌كات. به‌وه‌ش گفتوگۆكه‌ به‌ره‌و توندی ده‌چێت. وه‌ك چیرۆكخوێن له‌لاپه‌ڕه‌ 21 ئه‌و چاپه‌ كوردییه‌ به‌و جۆره‌ باسی ده‌كات (جا له‌بێبه‌ختیانا بۆ دژایه‌تی و به‌گژاچوونه‌وه‌ی من له‌وه‌ زیاتر چیدیكه‌یان چاكتر چنگ نه‌كه‌وت گوایه‌ كه‌سی ره‌به‌ن ئه‌و به‌ته‌نیا تاكه‌ كه‌سێكه‌ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی من وه‌رگرێ و له‌میانه‌ی سه‌ركێشییه‌ سێكسییه‌ ئاسان و به‌سه‌رچووه‌كانی پیاوێكی بێ ژن، حوكم به‌سه‌ر ویژدانی مێینه‌ بدات) . هاوكات ژنه‌ ئینگلیزه‌كه‌ كە خاتوو (س)ی ناوە به‌هانای چیرۆكخوێن دێت و لێناگه‌ڕێت ئه‌نجامی گفتوگۆكه‌ به‌شه‌ڕ بگات. ئه‌و كه‌ زیاتر گوێی ده‌گرت و كه‌متر ده‌دوا به‌سه‌نگینی خۆی جله‌وه‌كه‌ ده‌گرێت و داوا ده‌كات له‌سه‌رخۆبن.
دواتر وه‌ك له‌ له‌لاپه‌ڕه‌ 25 ده‌بینین به‌و جۆره‌ له‌چیرۆكخوێن ده‌پرسێ (هه‌روه‌ك تێگه‌یشتبم، تۆ پێت وایه‌ خاتوو (هنرییت) یا هه‌ر ئافره‌تێكی دیكه‌ ده‌توانێ به‌بێ پلان و مشوری پێشوه‌خته‌، خۆ بخاته‌ ناو سه‌ره‌ڕۆییه‌كی ئاوا چاوه‌ڕوان نه‌كراو، پێشت وایه‌ ناكرێ ئافره‌تێكی ئاوها جۆرێ له‌و ره‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وته‌ بنوێنێ، كه‌ به‌ر له‌ سعاتێك لای مه‌حاڵ بووه). ئه‌ویش له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێ (به‌ڵێ). ئینجا له‌لاپه‌ڕه‌ 28 به‌و جۆره‌ چیرۆكخوێن له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وان شیكاری كاره‌كه‌ی هنرییت ده‌كات (ئه‌و ته‌نیا ئاشقێكی مه‌زنه‌، من پێش ئه‌وه‌ی به‌و شته‌ بزانم، ئه‌و له‌لای من ته‌نیا ئافره‌تێكی زه‌عیفه‌ی ئاسایی بوو، رێزم هه‌یه‌ بۆی، چونكه‌ به‌دوای خواست و ویسته‌ ئازاكه‌ی خۆی كه‌وت).
دواتر ئه‌و روانینه‌ جیاوازه‌ی چیرۆكخوێن وه‌ها له‌خاتوو (س) ده‌كات داوای لێبكات گوێی بۆ رادێرێ تاكو راستگۆیانه‌‌ چیرۆكی خۆی بۆ بگێڕێته‌وه‌ كه‌ 24 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر روویداوه. چیرۆكی بیست و چوار كاتژمێری ته‌واو جیاواز له‌ژیاندا. كه‌ ئه‌وسا ته‌مه‌نی 42 ساڵ بوو. دوو ساڵ بوو هاوسه‌ره‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ی مرد بوو. دوو كوڕه‌كه‌شی خه‌ریكی ژیانی خۆیان بوون. ئیتر لێره‌وه‌ كێشه‌ی هنرییت له‌ڕۆمانه‌كه‌ نامێنێ و ده‌بێته‌ به‌سه‌رهاتی خاتوو (س) له‌و بیست و چوار كاتژمێره‌یدا، به‌وه‌ش لایه‌نه‌ هونه‌رییه‌كه‌ی رۆمانه‌كه‌ی یه‌كجار نایاب بووه‌‌.
پوخته‌ی ‌گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته‌كه‌ی خاتوو (س) به‌و جۆره‌یه‌: دوای مردنی هاوسه‌ره‌كه‌ی بۆ خه‌مڕه‌وێنی به‌رده‌وام له‌و شار بۆ ئه‌و شار ده‌چوو و له‌هۆتێله‌كان ده‌ماوه،‌ تا شه‌وێك له‌قومارخانه‌یه‌كی مۆنتی كارلۆ گه‌نجێكی كێشنده‌ی 24 ساڵان ده‌بینێ كه‌ له‌ئارستۆكراتییه‌ پۆلۆنییه‌كان بوو بۆ كاری دپلۆماسی خه‌ریك بوو، به‌ڵام ئالوده‌ی قوماركردن بوو.‌ دوای ئه‌وه‌ی پاره‌یه‌كی زۆر ده‌دۆڕێنێ و دڵته‌نگانه‌ ده‌رده‌چێت و له‌ژێر بارانی به‌لێزمه‌ له‌سه‌ر كورسییه‌كی پاركێك داده‌نیشێ و بیرده‌كاته‌وه.‌ خاتوو (س) وه‌های به‌خه‌یاڵی دادێت ئه‌گه‌ر فریای نه‌كه‌وێت ئه‌و كوڕه‌ خۆی ده‌كوژێت، بۆیه‌ لێی نزیك ده‌كه‌وێته‌وه‌ و هه‌وڵی له‌گه‌ڵ ده‌دات. هه‌ر ئه‌و شه‌وه‌ به‌ره‌و هوتێلێكی هه‌رزان به‌های ده‌بات و پاره‌شی پێده‌دات، له‌به‌رامبه‌ردا كوڕه‌ بێهیواكه‌ وه‌ها ده‌زانێت ئه‌و ژنه‌ بۆ پاره‌ دوای كه‌وتووه‌ كه‌چی خاتوو (س) دڵنیای ده‌كاته‌وه‌ ته‌نیا مه‌به‌ستی رزگاركردنی ئه‌وه‌. كاتێكیش ده‌یه‌وێت زۆر له‌كوڕه‌كه‌ بكات بچێته‌ ناو هوتێله‌كه،‌ كوڕه‌ ده‌ستی ده‌گرێت و له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یباته‌ سه‌ره‌وه.‌ ئینجا به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌خه‌ون. رۆژی دواتر كه‌ به‌لای خاتوو (س) زۆر نامۆ ده‌بێت و هه‌ستیش به‌شه‌رمه‌زاری ده‌كات. له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌ ده‌رده‌چن و ناچاریشی ده‌كات په‌یمان بدات جارێكی دیكه‌ قومار نه‌كات. ئه‌ویش‌ له‌كڵێسه‌ به‌ڵێن ده‌دات. ئه‌وسا خاتوو (س) پاره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ و پاره‌ی زێڕه‌ دزراوه‌كه‌‌شی پێده‌دات كه‌ وه‌ك بارمته‌ داینابوون. دوای له‌یه‌كتر جیابوونه‌وه‌ كوڕه‌كه‌ بڕیاربوو به‌ره‌و وێستگه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ر بڕوات. خاتوو (س) یش دووچاری بارێكی خراپی ده‌روونی ده‌بێت كه‌ خۆشی له‌خۆی ناگات، هه‌رچه‌نده‌ به‌گوێره‌ی گێڕانه‌وه‌كانی ده‌یه‌وێت چیڕۆكخوێن دڵنیا بكاته‌وه‌ هه‌رگیز مه‌به‌ستی داڕێژتنی پێوه‌ندی نه‌بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و كوڕه‌ نامۆیه‌، به‌ڵام دڵی پێوه‌ی په‌یوه‌ست ببوو. وه‌ك له‌په‌لاپه‌ڕه‌ 130 به‌و جۆره‌ ده‌بینین (هه‌وڵم دا به‌روونی بیر له‌ هۆیه‌كانی راكردن له‌ هه‌وه‌سی شێتیی ئازاربه‌خش و كوشنده‌ بكه‌مه‌وه‌، هه‌وه‌سی تووڕه‌یی، په‌شیمانی، نائومێدیی). دواتر له‌ناو ئه‌و په‌ستییه‌ی تێیكه‌وتبوو كاتێك كه‌ شه‌وی دواتر ده‌چێته‌وه‌ قومارخانه‌كه‌، ده‌بێت كوڕه‌كه‌ په‌یمانی شكاندووه‌ و له‌ناو ئاپۆڕه‌ی خه‌ڵكی خه‌ریكی رۆلێته.‌
ئه‌وه‌ به‌سه‌رهاتی بیست و چوار كاتژمێری جیاوازی ژیانی بوو.. بۆیه‌ خاتوون له‌شوێنی ئه‌ودا هه‌ر ئه‌و شه‌وه‌ وێستگه‌ به‌وێستگه،‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ر ده‌بڕێ تا ده‌گاته‌ شاری له‌نده‌ن و له‌ماڵی كوڕێكی لاده‌دات. له‌لاپه‌ڕه‌ 147 به‌و جۆره‌ دۆخی دوای ئه‌و رووداوه‌ی ده‌ربڕیوه‌‌ (خانه‌واده‌كه‌م بۆ من نیگه‌ران بوون، هه‌روه‌ك چۆن بۆ نه‌خۆش نیگه‌رانن، وه‌لێ سۆز و خۆشه‌ویستییان ئازاریان سه‌ختتر، به‌سۆزتر ده‌كردم، من شه‌رم دایده‌گرتم، شه‌رمم له‌رێزگرتنیان ده‌كرد، له‌ سۆز و لوتفیان، ده‌بوایه‌ش به‌رده‌وام چاودێری خۆمم كردبا له‌هێكڕا له‌به‌رده‌میانا هاوارم كردبا، كه‌ من ناپاكیم له‌گه‌ڵ هه‌ر هه‌موویان كردووه، له‌بیرم كردوون و به‌هۆی هه‌وه‌سێكی شێتانه‌ و نه‌فامانه‌ ماوه‌یه‌ك به‌جێم هێشتوون).
له‌لاپه‌ڕه‌ 149 هۆكاری گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتی ئه‌و بیست و چوار كاتژمێره‌ی بۆ چیرۆكخوێن به‌و جۆره‌ باس ده‌كات (ئێستاكه‌ش تێده‌گه‌ی، له‌به‌رچی له‌هێكڕا بڕیارم دا ئه‌و چیرۆكه‌ت بۆ بگێڕمه‌وه‌، له‌كاتێكدا تۆ داكۆكی و به‌رگریت له‌خاتوو (هنرییت) ده‌كرد و به‌هه‌موو دڵ و ده‌روونته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ بووی كه‌ بیست و چوار سعات ده‌توانن سه‌رتاپای ژیانی ژنێك بگۆڕن، هه‌ستم كرد ئه‌و وشانه‌ من ده‌گرنه‌وه‌، منیش سوپاسگوزاری تۆ بووم، چونكه‌ من – بۆ یه‌كه‌مجار- هه‌ستم به‌بوونی كه‌سێك كرد هاوڕامه‌).
دوای كۆتایی گێڕانه‌وه‌كه‌ خاتوو (س) ماڵئاوایی لێده‌كات و هیوای گه‌شتێكی خۆشیشی بۆ ده‌خوازێ، چیرۆكخوێنیش له‌لاپه‌ڕه‌‌‌ی كۆتایی، (لاپه‌ڕه‌151) به‌و جۆره‌ به‌باسه‌كه‌ ته‌واوده‌كات (ئایا ئه‌وه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی تاسه‌ و خولیایه‌كی دامركاو و كوژاوه‌ بوو؟ ئایا ئه‌وه‌ ئه‌و نیگه‌رانی و په‌شێویه‌ بوو، كه‌ له‌ناكاو روومه‌ته‌كانی به‌ سوورێكی بێئۆقره‌ ره‌نگ ڕێژكرد و تا پرچه‌ سپیه‌كه‌ی هه‌ڵده‌كشا؟ ئه‌و لێره‌كانه‌ چه‌شنی كچێكه‌، به‌ئابڕوو و حه‌یاوه‌ نیگه‌رانه‌ له‌ بیره‌وه‌ریه‌ك و شه‌رمباره‌ له‌دانپیانانی. من، به‌ده‌ست خۆم نه‌بوو، ئه‌و سه‌ربرده‌یه‌ كاری تێكردم و هه‌ستم به‌ حه‌ز و ئاره‌زوویه‌كی به‌جۆش و خرۆش كرد بۆ ئه‌وه‌ی به‌ وشه‌یه‌ك رێز و سوپاسگوزاری خۆمی بۆ ده‌رببڕم، وه‌لێ ده‌نگ له‌ گه‌رووما خنكا، به‌تاو و تینه‌وه‌ش چه‌میمه‌وه‌ و به‌حورمه‌ته‌وه‌ ده‌سته‌ سیس و بنێسه‌كه‌یم ماچ كرد، ئه‌و ده‌سته‌ی هه‌روه‌ك گه‌ڵای پاییزه‌ تۆزێك هه‌ڵده‌له‌رزی).

ئاكۆ عەبدوڵڵا




عێراق لەبەردەم ئایندەی حکومەتێکی ئیفلیجدا!.. عوسمانی حاجی مارف

١١ی ئەم مانگە ماراسۆنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێکرا، ئەمەش لەکاتێکدایە کە دووبەرەکی قوڵ هەیە لەنێوان کوتلە سیاسیە شیعەکاندا کە هاوپەیمانی “چوارچێوەی هەماهەنگی” پێکدەهێنن. ململانێی دەسەڵات لەنێوان هەردوو کاندیدی شیعە بۆ سەرۆک وەزیران، سودانی و مالیکی چڕتر بۆتەوە. بەدوای ئەم هەڵبژاردنەدا لە ئێستاوە کاردانەوەکانی زیاتر دەبینین، بەتایبەتی کە هیچ لایەنێکیان نەیانتوانی دەنگی یەکلاییکەرەوە بۆ پێکهاتنی حکومەت بەدەست بهێنێت، جگە لەوەش وەک کوتلەیەکیش لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگیدا ناتوانن پێکهێنەری حکومەت بن، ئەمە قوڵبونەوەی ئەو قەیرانەیە کە پێشبینی دەکرا.
لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی مانگی کانونی دووەمی ساڵی٢٠٢٣دا، سودانی بەنیاز بوو بە لیستی جیاواز خۆی کاندید بکات، بەڵام لەژێر فشاری لایەنە شیعەکان و لە هەوڵێک بۆ پاراستنی حکومەتەکەی، بەشدارینەکردنی هەڵبژارد. بەڵام لە ڕێڕەوی ئەم هەڵبژاردنەدا بە لیستی تایبەتی خۆی بەناوی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدان بۆ ڕکابەریکردن لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی بەشداریکردو زۆرترین دەنگی هێنا. لە مانگی ئایاری ٢٠٢٥دا ئەم هاوپەیمانیەی دامەزراند کە لە حەوت بلۆکی سەرەکی پێکهاتووە و سەرکردەی سەربازی و خێڵەکی و سیاسی لەخۆدەگرێت، ئەم هەنگاوە بووە هۆی دابەشبونی بەرچاو لەناو پارتە شیعەکاندا، کە بڕیاریاندا بە زیاتر لە دە لیستی جیاواز لە هەڵبژاردنەکان بەشداری بکەن.
عێراق دەچێتە قۆناغێکی هەستیاری دانوستانەکانی نێوان لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت، قۆناغێک کە زیاتر شاهیدی پەرەسەندنی گرژیە سیاسیەکانە و مامەڵە و ئاڵوگۆڕی تۆمەت لەنێوان بلۆکەکاندا دەردەخات، ئەگەر ئەم قەیرانە بەردەوام بێت، ئەوا دەتوانێت کاریگەری نەرێنی لەسەر دۆخی ژیانی خەڵک زیاترکات، بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئاستی بێزاری و ناڕەزایەتی بەرز دەکاتەوە، بەتایبەتی بەڵێنەکانی هەڵبژاردن بە خێرایی کاڵ دەبنەوە.
ئێستا پێکهێنانی هاوپەیمانی لەنێوان لایەنە جیاوازەکاندا بووەتە پێویستیەکی سیاسی، ئاکامی ئەم هەڵبژاردنە پەرتی و پەرشوبڵاوی هەمەلایەنەی نیشانداوە، ئەمەش بازاڕی دانوستانی کردۆتە ناچاریەک، لیستە کێبڕکێکارەکان نوێنەرایەتی کۆمەڵێک پەیوەندی تائیفی و نەتەوەیی جۆراوجۆر دەکەن، لەوانە شیعە، سوننە، کورد و چەند کەمایەتیەک، بەگوێرەی ڕێکەوتنی ئەم پێکهاتانە لە دامەزراوەی سیاسەتی عێراقدا لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، ئەوەی بەرچاوە بەزۆری بلۆکی شیعە حکومەت پێکدەهێنێت.
ئەوەی پێویستە لەم دۆخەدا سەرنجی بدەین، ئەستەمە بلۆکە سیاسیەکانی بەشدار لە دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتدا دەورو هەڵوێستی ئەمریکا پشتگوێ بخەن، واشنتۆن بەردەوام داوای داماڵینی چەک لە لایەنەکانی سەر بە ئێران دەکات، بەڵام هیچکام لەو داواکاریانە جێبەجێ نەکراون. هەڵبەتە دۆخەکە ئاڵۆزترە، بەتایبەتی کە ئەم گروپە چەکدارانە پەیوەستن بە زۆرێک لە پارتە شیعەکانەوە کە دەستکەوتی بەرچاویان لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستهێناوە، ئەمەش مانای دەوری سەرکەوتوی دەخالەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانە لەم هەڵبژاردنەدا.
لەهەمانکاتدا ئەو بلۆکە میلشیاییانەی سەر بەئێرانن، کورسی زۆرتریان بەدەستهێناوە لەچاو هەڵبژاردنەکانی پێشوودا، بۆیە تاران ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە فاکتەرێکی یەکلایکەرەوە بۆ ڕاگرتنی پڕۆژەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە مامەڵە دەکات و لەهەوڵی دەخالەتی زیاتری خۆیدایە، هەروەها ئێران هۆشداریداوە لەوە کە عێراق جارێکی دیکە ببێتە گۆڕەپانی شەڕ، ئەگەر بلۆکە سیاسیەکان ئەم قۆناغە بە باشی بەڕێوەنەبەن، هەر بۆیە بلۆکە شیعەکانی نزیک بە تاران لەنێو گێژاوی ئەوەدان کە دەبێت کاندیدێکان بۆسەرۆک وەزیران هەبێت کە واشنتۆن قەبوڵی بکات.
دیارترین تەوەر کە ئێستا زاڵ بووە بەسەر دۆخەکەدا ئەو ئاڵۆزیەیە کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن داویەتی بەدەستەوە، وە ئەو پرسیارە دەخاتە بەردەم هەر عێراقیەک؛ ئەم گێژاوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، چۆن حکومەتی لێ پێکدێت؟
ئەوەی ئێستا شاهیدی دەبین، ململانێیەکی بێدەنگ و سەختە لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە، هێزە کاریگەرەکان تواناکانیان لە پشتی پەردەوە خەرجدەکەن بۆ گەیشتن بە ڕێگە چارەیەک، لە پاراستنی هێزەکانیان و پێگەیان لەدەسەڵاتدا، چونکە درک بەوە دەکەن کە دابڕینی ڕاستەوخۆ دوای پرۆسەی هەڵبژاردن، دەتوانێت پێگەو دەستکەوتەکانیان بخاتە مەترسیەوە، بۆیە ئەوان تاکتیکی خۆڕاگری سیاسیان پێباشترە، لەوەی دەستبەجێ حکومەت پێکبهێنن، ئەمەش ئاراستەیەکی ساختەی ئارامی بە دیمەنەکە دەبەخشێت، چونکە دۆخێکی ئاڵۆزو پێچیدە نیشان ئەدات.
بەڵام ئەگەری ئەوەش هەیە دوای ئەم هێمنیە هێزە میلیشیاکان کۆببنەوە بە ئاراستەی خولێکی دیکەی درێژبونەوەی بارگرژی هەنگاو بنێنن، کە لە نێوان لایەنەکاندا بەتایبەتی چوارچێوەی هەماهەنگی دەردەکەێت، بۆ نمونە سەردانی سودانی بۆ لای بارزانی و بەدوایدا مالکیش سەردانی بارزانی دەکات، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە تائێستا کێشەکانی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی نەیتوانیوە بەلایەکدا ساغ بێتەوە، ئەوا بە ناچاری دیمەنەکە دەگەڕێتەوە بۆ ململانێیەکی توند، بەڵام ئەمجارە ڕەنگە چڕتر بێت و لێکەوتەی قووڵتری هەبێت بۆ داهاتووی پێکهاتەی دەوڵەتی عێراق و یەکگرتوییەکەی، مەگەر لەژێر فشاری ئەمریکاو ئێراندا بە ناچاری پێکهاتەیەک پێک بهێنن.
ئێستا لەڕووی ژمارەییەوە وەها دەردەکەوێت کە سودانی بگەڕێتەوە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەکاتێکدا ڕاستە کە لیستەکەی زۆرترین کورسی بەدەستهێناوە و ٤٦ کورسی لە کۆی ٣٢٩ کورسی مسۆگەر کردووە، بەڵام بەهەمانشێوە ئەوەش ڕۆشنە کە سودانی بەشێوەیەکی کاریگەر ٣٨ پەرلەمانتاری سەر بە بلۆکەکەی بۆ کۆنترۆڵ ناکرێت. ئەم ٣٨ پەرلەمانتارە لەنێوان فالح ئەلفەیاز سەرۆکی هێزەکانی حەشدی شەعبی و ئەحمەد ئەسەدی سەرۆکی بلۆکی جوند ئەلئیمام و شێخ حەیدەر غەریفی نوێنەری فراکسیۆنی عوفیە دابەشکراون. ئەمەش بەو مانایەیە کە سودانی بلۆکێکی یەکدەستی نییە و نەیتوانی لەڕێگەی ئەو هەڵبژاردنانەی کە ئەو سەرۆکایەتی و سەرپەرشتی دەکرد، خواستەکانی خۆی بەدیبهێنێت.
پێشبینی دەکرێت لە ماوەیەکی درێژخایەندا بەر لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، ئەم قۆناغە ئاڵۆزەی عێراق پیاتێپەر دەبێت، ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی بلۆکەکەی سودانی بەدور نازانرێت، کە بە “لیستی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان” ناسراوە، بەتایبەتی گەر لەدەرەوەی چوارچێوە هەماهەنگی، هاوپەیمانی تر پێک بهێنێت.
بەگشتی دەتوانین بڵێین نوێنەرایەتی پەرلەمان فاکتەری یەکلاکەرەوە نیە و نابێت بۆ پێکهێنانی حکومەت و داڕشتنی قۆناغی داهاتوو، بەڵکو دانوستان و ڕێکەوتنی زۆرینەی کوتلەکانە، هاوکاتی خۆگونجاندنیان لەبەرامبەر ململانێی ئەمریکاو ئێراندا، ئەمە تەواو سروشتی واقیعی سیاسی عێراق و پێداویستیەکانی سیستمی پەرلەمانی وڵاتێکە کە بە باڵادەستی هێزی میلیشیای تائفی و نەتەوەیی دەناسرێتەوە.
سەرەڕای ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، سودانی هێشتا ناچارە مامەڵەی پاراستنی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بکات، هەرچەندە ئەم بابەتە لە دەستی دەنگدەراندا نەماوە، بەڵکو ئێستا لای هێزە سیاسیەکانە، بەڵام بەهۆی کێشەکانی ئێستای سودانی لەنێوان چوارچێوەی هەماهەنگیدا، پەلدەهاوێت بە هەمو لایەکدا تا هاوپەیمانیەکی تر بۆ پێکهێنانی حکومەت دامەزرێنێت، ئەمەش لەدەرەوەی شیعەکان و چوارچێوەی هەماهەنگی مامەڵەیەکی سەختە.
هەرچەندە سودانی لەماوەی سەرۆکایەتیەکەی سەرکەوتوو بوو لە بەهێزکردنی پێگەی خۆی، لەلایەک بە گواستنەوەی هاوسەنگی هێز لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا لە بەرژەوەندی خۆی، لەلایەکی ترەوە ڕاگرتنی هاوسەنکی لە نێوان ئێران و ئەمریکادا، بۆیە توانی هاوپەیمانیەکی نوێی بەهێز پێکبهێنێت بۆ بەشداریکردن لەم هەڵبژاردنەدا.
دەستپێکردنی دانوستانەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق، ئاشکرایە کە سەخت و ئاڵۆز دەبێت، بە لەبەرچاوگرتنی کێبڕکێی نێوان خودی هێزە شیعەکان لەلایەک و لەنێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و هێزە سوننە و کوردیەکان لەلایەکی دیکەوە.
بۆ بەڕێوەبردنی پەیوەندیەکانی حکومەتی عێراق لەگەڵ ئەمەریکا و ئێران، هەرلایەنێک بەجۆرێک وێنای بەرژەوەندیەکانی دەکات و مامەڵەی دەکات، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی فشارەکانی واشنتۆن بۆ سەر بەغدا بۆ سنووردارکردنی کاریگەری هێزە میلیشیاکانی پەیوەست بە تاران، کە ڕۆڵێکی کاریگەریان لەسەر شانۆی سیاسی عێراق هەیە، هەندێکجاریش دەسەڵاتی دەوڵەتی فەرمی تێدەپەڕێنن. پێشبینی دەکرێت چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم پرسانە بەشێکی سەرەکی بێت لە دانوستانەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران.
لەنێوان ڕەچاوکردنی دۆخی ناوخۆیی و کاریگەری دەرەکی و تەحەددیاتی ئاسایش و ئابووری و بنیاتنانی پەیوەندی لەنێوان حکومەت و هاووڵاتیانیدا، ڕێگای پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو ڕۆشنە کە درێژ دەردەکەوێت. هاوکات، ڕاگەیاندنی هەمان چوارچێوەی هەماهەنگی وەک گەورەترین بلۆکە بۆ جارێکی تری زاڵبوونی بەسەر دیمەنی سیاسیدا، ئەمەش لە ئەگەری پێکهێنانی حکومەتدا گرفتی گەورە دەخاتە سەر ئایندەی بەڕێوەبردنی حکومەت لە عێراقدا، گەر حکومەتیش پێکبهێنن، نەک ناتوانن ئارامی و سەقامگیری بەرجەستەکەنەوە، بەڵکو باگرژی زیاتر دەخەنە بەردەم ئایندەی عێراق و کوردستان.




پـڵـۆت لە وێـژەدا.. رەزا شـوان

پـڵـۆت چـیـيە؟
وشەی (پـڵـۆت) لە وشەی (کـۆمپـڵـۆت) ی فەرەنـسی کـۆنەوە وەرگیراوە، کە ئاماژەیە بۆ (پلانێکی نهـێنی) یان (پیلانگـێڕی). هه‌نـدێک لە توێـژێنەران پێـیان وایە کە وشەی پڵۆت رەسەنایەتی بۆ وێـژەی ئەمریکی دەگەڕێتەوە. لە زمانی ئینگـلیزیشدا (پـڵـۆت) ە. لە زمـانی کوردیـدا. وشەی (گـرێ) بەرانـبەر بە پـڵـۆتە. بەڵام پـڵـۆت لە گـرێ فـراونـتر و گـشتگـیریـترە.
پـێـناسەی پـڵـۆت:

پـڵۆت بریتییە لە نەخشەکێشانی رێکوپێکی ریزبەندیی زنجیرە رووداوەکان و گرێـدانیان بەیەکەوە، کە رووداوی سەرەکی: چیرۆک، کورتە چیرۆک، داستان، رۆمان، شانۆنامە، فـیلم یان هەر بەرهەمێکی وێژەیی گێڕانەوەی تر پێکدەهـێنن. پڵۆت داوەکانی چیرۆکەوە دەچـنێـت. کـارەکـتەرەکان و ژیـنگە و مـلـمـلانـێـیەکـان، لە گـێڕانەوەیەکی یەکگـرتـوودا، بەیەکەوە دەبەستێت. کە تێیدا هەریەکەیان (جگە لە کۆتایی)، لاینکەم کاریگەری لەسەر یەکـتری هـەیە. پڵـۆتی بەهـێز بە دەوری هـۆکار و ئەنجامـدا دەسووڕێتەوە. رووداوێک رووداوێـکی دیکە دەورووژێـنێـت. لە رێـگای بنەمـای هـۆکار و ئەنجـامەوە. واتـە هـەر رووداوێک بە ریـزبەنـدی لۆژیکی و یەک لە دوای یەک، بەرەو رووداوی دواتر دەبات. رووداوەکان بەیـەکەوە گـرێـدراون، کارەکـتەری سـەرەکی یان (کـارەکـتەرەکان) دەخەنە دۆخـێکی بەرۆکگـیری و بـەرگـریـیەوە، نـاچـاریـان دەکـات بـڕیـاربـدەن و رووبـەڕووی دەرئەنجامەکانی ببنەوە. چیرۆکەکە بەرەو رووداوێکی چارەنووسساز و چارەسەرکـردن دەبـات. پـڵـۆت پـاڵ بە کارەکتەرەکانەوە دەنێـت، بەرەو گەشتێک تـێهـەڵـبکەن. لەوانەیە گەشـتەکە جەستەیی، دەروونی، ئەقـڵی، سـۆزداری بێـت. بە زۆری هـەردووکیانـن واتا (جەستەیی و دەروونی) ن. گەشتی سەرەکی پـڵـۆت، دەبێتە رووداوێکی چارەنـووسساز و یەکـلایکـردنـەوە.
پڵـۆت بـڕبـڕەپشت و بـزوێنەری چـیرۆکە، لە ناوەڕۆکـدا ئەو بـزوێنەرەیە، کە چیرۆک بـەرەو پـێـشەوە دەبـات. خـاڵـەکـانی نێـوان سەرەتـا و ناوەڕاست و کۆتـایی بەیـەکەوە دەبەستێتەوە. پـڵـۆت تـوخـمێکی بنـەڕەتـیـیە لە گـێڕانـەوەی چـیرۆک. بەبێ پـڵـۆتـێکی روون، وا دەردەکـەوێـت کە چـیرۆک ئـامـانجـێکی نـیـیە، یـان لەیـکهـەڵـوەشـاوەتـەوە. کارەکتەرەکان بەبێ ئامانـج گوزەردەکەن، رووداوەکانـیش بەبێ دەرئەنجـام روودەدەن.

ئـەم زاراوەیە تیـشک دەخـاتە سەر خـاڵە گرنگەکان لەنـاو چـیرۆکەکەدا، دەرئەنجامیان هـەیە. هـەروەهـا زاراوەی پڵـۆت، دەتـوانێـت کردارێک بێت، وەک بەشێک لە پـیشەی نووسـین. ئاماژەیە بۆ داڕشتن و رێـکخـستنی رووداوەکـانی چـیرۆکەکانی نووسـەران.
سەیـر نیـیە کە بە درێـژایی سـەدەکان، پـڵـۆت لە بەرهـەمە وێـژەیـیە بـێشوومـارەکانـدا بەکارهاتووە. زۆر جار پڵـۆت ئاماژەیە بۆ پوخـتەیەکی گـێڕانەوە یان کورتکردنەوەیەک لە چـیرۆک.
پـڵـۆت نهـێنی سەرکەوتنی هـەر چـیرۆکـێکە. ئامـرازێـکی سەرەکـییە بـۆ سـەرکەوتـنی نووسینی پەرتـووکی منـداڵان: چـیرۆک، کورتە چیرۆک، رۆمـان و زۆربەی بەرهـەمە ناخـەیـاڵـیـیەکـان و زۆرێـک لە هـۆنـراوەکـان (ئەگـەرچی هـەمـوویـان نـین).
پـڵۆتی چیرۆک، تەنهـا زنجیرەیەکی ئاسایی رووداوی هەڕەمەکی گـوزەری نییە. بەڵکـو پێویستە زنجیرەیەکی شەتەکدڕاوی رووداوەکان بێت. ئاڵۆزی و خۆشی لەلای خوێنەران بـوورووژێنێـت. پڵـۆتی چیرۆک هەر ئەوەش نییە، کە چی روودەدات و روون دەکاتەوە، بەڵکـو رووداوە سەرەکـییەکانی، چـۆن و بـۆچی روودەدەن، روون دەکـاتەوە.
پـڵـۆت لە مـێژەوە، بەشێکی سەرەکی بـووە لە گێڕانەوەی چـیرۆک. لە ساڵی (٣٣٥) ی پـێـش زایـنی، بیـرمەنـدی یـۆنـانی (ئەرسـتۆ)، پـڵـۆتی (داسـتان) بـەم شـێوەیە پـێـناسە کـردووە، کە بـریـتـییە لە (رێـکخـستنی رووداوەکـان) لە چـیرۆکـدا. ئەرسـتۆ پێـیـوابـوو کە پـڵـۆت (رۆح) ی هـەمـوو کارەسـاتەکـانە.
هـەر پـڵـۆتـێک، سەرەتـا و ناوەڕاست و کـۆتـایی هـەیە. هـەر بەشـێکـیش خـزمـەت بە ئـامـانجـێکی دیـاریکـراو دەکات لە پـێـشخـستـنی چـیرۆکەکەدا.
بە کورتی پـێناسەکـردنی پـڵـۆت، لەوە تێـدەپـەڕێـت کە تەنهـا گـێڕانـەوەی رووداوبێـت. بەڵکـو پەیـوەنـدی بـە دروسـتکـردنی زنجـیرە رووداوێـکی ئـامـانجـدارەوە هـەیـە، کە چـیرۆکەکە بـەرەو کـۆتـایی دەبـات.

پێکهـاتەی پـڵـۆتی نەریـتی:
پـڵـۆت پـێکهـاتەیەکی تایبەتی هـەیە. بە شێوەیەکی گـشتی لە زنجـیرەیەک، لە تـوخـمە جـیاوازە بەیەکەوە گـرێـدراوەکان پـێکـدێـت. شـێوازێک پەیـڕەو دەکات، کە خـوێنـەران بەلای خـۆیـدا رادەکـێـشـێـت. کارەکـتەکان دەنـاسێـنـێـت.
لێکـدانەوە و چەمکە مـودێـرنەکان، پـشـت بـەوە دەبەستـن کە پـڵـۆت تا رادەیـەکی زۆر لەسـەر بـنەمـای مـۆدێـلی سـاڵی (١٨٦٣) لەلایـەن نـووسـەری ئـەڵـمـانی (گـۆسـتـاف فـرێیتاک)ەوە، پەرەی پێدراوە، بە ناوی (قـوچکەی فـرێـيتاگ). فـرێیتاک ئەمەی لەسەر بنـەمـای شـیکارییـەکـانی ئەرسـتـۆ بـۆ کـارەسـاتی درامـاتـیکی دانـا.
رۆژنـامەنـووس و نووسـەری ئینگـلیزی (کریستۆڤەر) بەشێکی زۆری ژیـانی خۆی بـۆ لـێکۆڵینەوە لە بـڵۆت و چـۆنیەتی بەکارهـێنانی لەلایەن نووسەرانەوە، تەرخان کردووە. کریستۆڤەر ئەو تایبـەتمەنـدییـانەی دەستـنیـشان کردووە، کە نـزیکـن لە گـشتگـیری لە بەکارهـێنانیانـدا، بە پشتبەستن بەو جـۆرە کارەی کە تێدا دەدۆزرێنەوە، کە هەموویـان پابەنـدن بە قـوچکەی فـرێـیتـاگەوە.
لە نێـوان چـیرۆک و پـڵـۆتـدا:
چـیرۆک و پـڵـۆت هەردووکیان، زنجیرەی رووداوەکان لەخـۆدەگـرن. بەڵام لە چیرۆکـدا، پێویست ناکات رووداوەکان پەیـوەنـدییان بەیـەکەوە هـەبێـت. بەڵام لە پـڵـۆتدا، پێویـستە پەیـوەنـدییـان بەیەکەوە هـەبێـت.
رۆمـاننـوسی ئینگـلیـزی (ئی. ئـێـم. فـۆرسـتەر) بە باشـتریـن شـێوە دەڵـێـت:
“شـا مـرد، پـاشـان شـاژنـیـش مـرد”. ئەمـە چـیرۆکـە.
(کەس هـۆی مـردنـەکەی شـاژنی نـەزانی)

“شـا مـرد، پـاشـان شـاژنیـش بە خـەم و پـەژارەوە مـرد”. ئـەمـەیـان پـڵـۆتـە.
(هـۆی مـردنەکـەی زانـرا.. کە شـاژن بەهـۆی خەمخـواردی بۆ شای هاوسەری مرد و سەرینـایـەوە).
(ئـاری لە کەرکـووک بـوو. بەیـانی لەخـەو هـەستا و چـووە دەرەوە). ئەمـە چـیـرۆکە.
رووداوی ئاسایی تێـدایە و بـەڵام سـەرنجی خـوێنـەران رانـاكـێـشێـت.
با پـڵـۆت بـۆ (چـیرۆکی ئـاری لە کەرکـووک بـوو) ، زیـاد بکەیـن:
(ئـاری لە کەرکـووک بـوو، بەیانی لەخـەو هـەستا و چـووە دەروە، بـیـنی کەرکـووک داگـیرکـراوە! باروودۆخـەکە ئاسایی نییە) ئـەمـە پـڵـۆتـە.
جـێی سـەرنـج و ورووژانـدنی هـەست و سـۆزداری دەروونی خـوێـنـەرانە. دەپـرسـن: بـۆچی کەرکـووک داگـیرکـراوە؟ بۆ دۆخی کەرکـووک ئاسایی نـیـیە؟ چـۆن کەرکـووک رزگـاردەبێـت؟
هـەمـوو پـڵـۆتـەکـان چـیرۆکـن، بـەڵام هـەمـوو چـیرۆکـەکـان پـڵـۆت نیـن.
چـیرۆک، بـریتـییە لە زنجـیرەیـەک رووداو، نـزیکە لە گێڕانەوەی راستییەکان، پـێـمان دەڵـێـت کە چـی روویـداوە.
پـڵـۆت، پـێمان دەڵـێـت کە رووداوەکان چـۆن بەیەکەوە گـرێـدراون و بـۆچی چـیرۆکەکە بـەم شـێوەیە گەشەدەکـات.
جیاوازی نـێوان پـڵـۆت و چـیرۆک ئەوەیـە، کە پـڵـۆت تەنها گـێڕانەوەی راسـتـیـیەکـان نیـیە، هـەر راسـتییەک کە بـڵـۆت دەیخاتەڕوو، ئامانجـێکی هـەیە. کارەکتەرەکە دەخاتە دۆخـێکەوە، ناچـاری دەکات کە بـڕیارێک بـدات. بەرەو کۆتـاییش پـاڵ بە چـیرۆکەکەوە دەنێت. بە واتایەکی تر، پـڵـۆت تەنهـا بە (چـی) یەوە پەیـوەست نییە، بەڵکو هەروەهـا (چـۆن) و (بـۆچـی) یـش لەخـۆدەگـرێـت.
تـوخـمەکـانی پـڵـۆت:
تـوخمەکانی پڵۆت، بریتین لەم پێنج توخمە (پێشەکی ـ دەستپێک، هەڵکـشانی رووداو، لووتکە، داکشانی رووداو، کۆتایی ـ دەرنجـام) بۆ زانینی هەمـوو لایەنەکانی هەریەکە لەم توخمانە پێویستیی بە شارەزایی و بە لـێکۆڵینەوە و بە باسێکی دووردرێـژ هـەیە.
زۆر بە کـورتی و بە چـڕی بـاس لـەم تـوخـمـانەی پـڵـۆت دەکـەیـن:
١ـ پـێـشەکی: یان دەستـپـێک یان سەرەتا، یان نـمایـش یان روونکـردنەوە. بریتییە لە نـمایشی رووداوەکـان و ناسانـدنی پاڵـەوان و کارەکـتەرە سـەرەکـییەکـانی چـیرۆکەکە. بـریـتییە لەو پاشخانە دراماتیکـییەی کە باردۆخی دەوروبەری گـێڕانەوەی چـیرۆکەکە روون دەکـاتەوە. شـوێـنی رووداوەکـان دەخـاتەڕوو. لـەم بەشـەدا، پاڵـەوان ئـامـانجی سـەرەکی خـۆی دەدۆزێـتـەوە. بـە زۆری کـێـشەیەکە، پێـویـستە چـارەسـەر بکـرێـت.
٢ـ رووداوە هەڵکـشاوەکان: ئەم بەشە زنجیرە رووداوەکانی داهـاتوو دەخاتەڕوو، کە سەرنج و گریگـیدان و گـرژی و مـلمـلانی و خـۆشـنوودی دەورووژێـنن. لەم بەشەدا، پاڵـەوان رووبـەڕووی چەنـدیـن بەرۆکـگـیری و بەربەسـت دەبـێـتەوە، زۆر جـار ئـەم بەربەستانە، لە شێوەی کارەکـتەرێکی دژایـەتی و کردارە تێکـدەرەکانـییەوە دێـن. ئەم بەربەسـت و بەرۆکـگـیرییـانە، ئیـرادەی پـاڵـەوان بەهـێزدەکـەن ـ هـەنـدێـک جـاریـش بێ هـیـوای دەکـەن ـ گـرژیـیەکان زیـاتر بـەرزدەبـنەوە. لەگـەڵ پـێـشکەوتـنی رووداوە هـەڵکـشاوەکان بـەرەو قـۆنـاغی داهـاتـووی چـیرۆکەکە.
٣ـ لـووتـکە: ئەمـە خـاڵی وەرچەرخـانی سـەرەکـییە لە چـیرۆکـدا. کە رووداوەکـە یان رووداوەکان دەگەنە لـووتکە. بە زۆری دەبـێتە هـۆی کۆتایی هاتـی مـلملانـێیەکان یان کـێـشەی سـەرەکـیی چـیرۆکەکە. زۆربـەی لـووتکەکان بـریتین لـەوەی، کە پـاڵـەوانی چیرۆکەکە بڕیارێکی چارەنووسساز دەدات. کە دەرئەنجامی چیرۆکە یەکلایی دەکاتەوە.
٤ـ رووداوە داکـشاوەکـان: بـریتییە لە زنجـیرەیەک روودان، کە بـاس لە دەرئەنجامی لـووتـکە دەکـەن. لـەم قـۆنـاغـەدا، کـارەکـتەرەکـان کـێـشـەی نـاوەنـدی چـیرۆکـەکـە چارەسەردەکـەن.
٥ـ کـۆتـایی: کـۆتـایی (دەرئەنجـام) بـریـتـیـیە لە گەیـشـتـن بە ئـامـانجی چـیرۆکـەکە و چارەسەرکردنی کـێـشە و کۆتـایی هـاتنی گرژی و ململانێ و دیارکـردنی چارەنـووسی پاڵەوان و کارەکتەرەکـان. پاڵـەوان یان دژەبـەر، لەوانەیە سەرکەوتـن بەدەستبهـێنێت. یان هـەریەکەیـان، پـلـەی جیـاوازی سـەرنەکەوتـن و شکـستـیـیان بـەردەکـەوێـت.

(*) بۆ ئەم نووسینەم. زۆر یا کەم سوودم لە چەندین ماڵپەڕی ئینگلیزی وەرگرتووە.
نەرویـج: ٢٠٢٥




هه‌مزاتۆڤ له‌ (ده‌وڵه‌تی خۆشه‌ویستی)دا.. و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

هاتم (ده‌وڵه‌تی خۆشه‌ویستی)م دامه‌زراند
ئه‌وجا بیرم له‌ دروشمێك
بۆ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ كرده‌وه‌ :
ئه‌ویش،
ده‌ستت له‌ ده‌ستمدا
پرچت،
ئه‌و كه‌وانه‌یه‌ی
سێبه‌رمان لێ ده‌كا..

بۆ ده‌وڵه‌ته‌كه‌م،
بیرم له‌ سروودێك كرده‌وه‌ :
ئه‌و سرووده‌،
ئه‌ڵمانیا نییه‌ له‌ سه‌رووی هه‌مووان
داغستانیش نییه‌..
ئه‌و سرووده‌
خۆشه‌ویستییه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ی هه‌مووان
ئا ئا ، خۆشه‌ویستی له‌ سه‌ره‌وه‌ی هه‌مووان..

ئه‌و جار،
بیرم له‌ ئاڵایه‌ك بۆ ده‌وڵه‌ته‌كه‌ كرده‌وه‌ :
سوور.. خه‌باته‌
سپی.. ئاشتی
زه‌رد.. جیابوونه‌وه‌..

پاشان ده‌سته‌چیله‌یه‌كم چنی و
ڕه‌نگێكم له‌
په‌لكه‌زێڕینه‌ پێكهێنا و
نووسیم:
عاشقانی دونیا یه‌كگرن!
ئه‌وه‌نده‌ی نه‌برد په‌شۆكام
نه‌مده‌زانی ده‌وڵه‌ته‌كه‌م
ئه‌و هێزه‌ له‌بننه‌هاتووه‌ی هه‌بێ،
ملیۆنان ڕوویان تێكرد
داوای په‌نابه‌ری سیاسییان تێدا كرد.‌

() ڕه‌سوول هه‌مزاتۆڤ، شاعیری ناسراوی داغستان نووسه‌ری (داغستانی من). (*) له‌ ڕۆژنامه‌ی (الصباح)ی به‌غدایی ژماره‌ 118 ی16ی11ی2003 وه‌
كراوه‌ به‌ كوردی.




فاتیح سەلام و ڕۆچوون لەسۆزدا.. ستار ئەحمەد

بۆ دوورێک
……….
بە خاکی مندا تێپەڕە
گەر ویستت ببیە رووبارێ
ترۆپکی من سپی پۆشکە
ئەی کلوە بەفری ئارام بەخش
کاتێ دنیا کپ و مەنگە و ..
بە هێمنی دێیتە خوارێ
دەستەکانم پڕ پڕن لەپاڕانەوە و
نزای ئۆخژنی هاتنت
شنەبام راسپاردووە
خۆی لەپرچی زەردتا ونکا و
بیئاڵێنێتە گەردنت
ئەدرێسێ نوێ دیاری بکا
بۆ روانینی نیگای قووڵی
هێمای بێدەنگی و شەرمنت
چەپکێ وشەم لەتریفە بۆ چنیوی
دێم لەسەر دڵتی دادەنێم
ئا لەوێوە دەبم بەتۆ
تۆی مشتێ پیتی رژاوی
جریوەی چاو بزی ئەستێران
دەبی بەمن لەدێڕێکا
بۆ دەسپێکی هەنگاوێ نوێ و ..
جێهێشتنی هەڵوەرین و
پێچانەوەی بنە و بارگەی
ماڵئاوایی لەپاییز و
وەرزی خەزەڵوەر و خەزان
ئەی کانیلکەی بن دەوەنی
تاشەبەردی ئەو بنارە
سروە ی تاریک و روونێکی
ردێن سپی و کووڕەوەبووی
ئا ئەو شارە
لەخۆتا جێگەم بکەوە
ببە رەشماڵی هەتایم
قۆڵکە بە قۆڵی سەفەرا و ..
تێکەڵ لاوکی دووریم بە و
کڵۆمیدە ئەندێشەی رازی تەنیاییم
تا حەزێکی یاخی و سەرکێش
لێوڕێژ بێت لەقوڵپی وتن
تا هەناسەکانی ژنێک
پێدەشتێکە لەخۆشویستن
٭ فاتیح سەلام ٭

ئەم شیعرەی فاتیح سەلام کە بە ناوی “بۆ دوورێکە”، شیعرێکی پڕ لە هەست و وێنەی جوانی شاعیرانەیە.

ناونیشانی “بۆ دوورێک” بەتەنها دەستپێکێکی سەرنجڕاکێشە. “دوور” لێرەدا دەکرێت مانای جیاوازی هەبێت: کەسێک، شوێنێک، خەونێک، یان تەنانەت دۆخێکی دەروونی ئارەزووکراو. ئەم دوورییە سروشتێکی گشتی و نادیاری هەیە، کە دەرفەت دەداتە خوێنەر بۆ ئەوەی بەپێی ئەزموونی خۆی، مانای پێ ببەخشێت. تەنها وشەی “دوورێک” هەستی چاوەڕوانی، ئارەزووکردن، و گەیشتن بە ئامانجێکی نادیار دەگەیەن

بە خاکی مندا تێپەڕە
گەر ویستت ببیە رووبارێ.

  • لێرەدا “خاک” هێمای جەستە، بوون، یان ژیانی شاعیرە کە ئامادەیە بکرێتە ڕێڕەو بۆ گەیشتنی خۆشەویستەکەی (“دوورێک”) بە ئارەزووەکانی.
    ترۆپکی من سپی پۆشکە
    ئەی کلوە بەفری ئارام بەخش.
    “ترۆپک” ئاماژەیە بۆ بەرزترین ئاستی ڕۆح یان هەستی شاعیر کە بە “بەفر”ی پاک و ئارامبەخش ڕازاوەتەوە. ئەمە وێنەیەکی پاکیزەیی و ئۆخژنی دەروونی دەبەخشێت. شنەبام راسپاردووە
    خۆی لەپرچی زەردتا ونکا و
    بیئاڵێنێتە گەردنت.
  • وێنەیەکی ڕۆمانسی و جوانی سروشتییە. شنەبا دەبێتە نێردراوی شاعیر بۆ دەربڕینی سۆز.
    چەپکێ وشەم لەتریفە بۆ چنیوی… جریوەی چاو بزی ئەستێران.
  • تریفە هێمای نەرمی، پاکی، و نهێنییە. شاعیر وشەکانی بەو ڕووناکییە دەچنێتەوە، کە گوزارشت لە قووڵایی و بێگەردی سۆزەکەی دەکات.
    : خاڵی سەرەکی شیعرەکە بریتییە لە خواست بۆ یەکگرتن لەگەڵ “دوورەکە”دا. شاعیر دەیەوێت ببێتە شتێک لەو

ئا لەوێوە دەبم بەتۆ
دەبی بەمن لەدێڕێکا.

ئەمە فەلسەفەی خۆشەویستییەکی تەواوکارانە دەردەخات.
بڕگەی: بۆ دەسپێکی هەنگاوێ نوێ و
جێهێشتنی هەڵوەرین و
پێچانەوەی بنە و بارگەی
ماڵئاوایی لەپاییز و
وەرزی خەزەڵوەر و خەزان

  • زۆر کاریگەرە. پاییز و خەزان هێمای پوکانەوە و خەم و کۆتایین. گەیشتن بە “دوورێک” دەبێتە وەرزی نوێ، وەرزی گەشەکردن و ئومێد.
    هێمای بێدەنگی و شەرمنت” – ئەمە هێمایەکە بۆ ئەو جوانییە شاراوەیەی کە لە دووری خۆشەویستەکەدا هەیە، کەسایەتییەکی ڕەسەن و لەسەرخۆ نیشان دەدات.

زمانی شیعرەکە نەرم و شاعیرانەیە. فاتیح سەلام وشەی سادە و لە هەمان کاتدا پڕمانا بەکار دەهێنێت.

: “کپ و مەنگە”، “خەزەڵوەر و خەزان”، “رژاوی / جریوەی”، کە ڕیتمێکی ناوەکی بە شیعرەکە دەبەخشن و بۆ گوێ خۆشن.
بەکاربردنی وشەی تایبەت بە جوگرافیا و کولتوور:

کانیلکەی بن دەوەنی تاشەبەردی ئەو بنارە
رەشماڵی هەتایم
لاوکی دووری
قۆڵکە بە قۆڵی سەفەرا

ئەم وشانە ڕەنگێکی کوردییانە و ڕەسەنانە بە شیعرەکە دەدەن و وێنەکان زەمینەدار دەکەن.

لەخۆتا جێگەم بکەوە
ببە رەشماڵی هەتایم
قۆڵکە بە قۆڵی سەفەرا و… تا هەناسەکانی ژنێک
پێدەشتێکە لەخۆشویستن”

ئەم چەند دێڕە جەوهەری مانای شیعرەکەن: داواکردنی پەنا و سەقامگیری (ڕەشماڵی هەتایی) و بەشداری لە ژیانی یەکتریدا (قۆڵکە بە قۆڵی سەفەر). دەربڕینی “هەناسەکانی ژنێک / پێدەشتێکە لەخۆشویستن” دێڕێکی زۆر بەهێزە، کە خۆشەویستی ژن بە پێدەشتێکی بێ کۆتایی و بەپیتی خۆشەویستی دەچوێنێت.
بەکورتی :

شیعری “بۆ دوورێک” بەرهەمێکی ناسک، قووڵ، و پڕ وێنەی شیعرییە. شاعیر بە لێهاتوویی توانیویەتی هەستەکانی چاوەڕوانی، ئارەزووی یەکبوون، و ئومێدی نوێبوونەوە لەناو کەشێکی پڕ لە سروشت و
ئارامدا دابڕێژێتەوە. شیعرەکە نیشانەی دەستڕەنگینی فاتیح سەلامە لە بەکارهێنانی زمان و وێنەی شاعیرانەدا بۆ گەیاندنی سۆزێکی مرۆیی گشتگیر.

ستار ئەحمەد




لە بتەکانی عەقڵەوە بۆ نەفرەتی ڕووناکی.. وەرگێڕان: نەوزاد مدحەت (گۆران عەبدوڵڵا)

مرۆڤایەتی تا ئێستا لە پەرستنی بتدا ژیاوە، بتەکان لە ئەخلاقدا، بتەکان لە سیاسەتدا، بتەکان لە فەلسەفەدا.
بەم لێدوانە، چەکوشەکەی نیتچە مرۆڤایەتی رووبەڕوی ئاوێنەی حەقیقەتدەکاتەوە. بتەکان چیتر ئەو بەردانەنین کە لە پەرستگاکاندا لێیان دەپاڕێنەوە، بەڵکو چەمکەکانن کە لە کتێب و مێشکدا پیرۆز کراون.
لە سەرەتاکانی مێژوودا، مرۆڤ خوداوەندەکانی خۆی لە ترسەوە دروستکرد، پاشان دەیپەرستن بۆ ئەوەی ئەو ترسە لەبیر بکات. هەموو بیرۆکەیەک کە لە سەرووی گومانەوە بەرز بکرێتەوە دەبێتە خودایەکی بچووک کە چاوەڕێی پێشکەشکردنی گوێڕایەڵی دەکات. ئەخلاق، ڕاستی، عەقڵ، نەتەوە، خودا، خەڵک، یەکسانی، ئازادی ئەمانە هەموو ناوی جیاوازن بۆ هەمان پێویستی کۆن، پێویستی کڕنۆشبردن.
نیتچە بە تەنیا ئایین تێک ناشکێنێت، ئەو شێوازی بیرکردنەوەیەش تێکدەشکێنێت کە وامان لێدەکات باوەڕمان بە شتێک هەبێت زیاتر لە خۆمان.

ئەو بتانەی ئەو باسی دەکات بەردی بێدەنگ نین بەڵکو بیرۆکەیە کە لە ناخماندا هەناسە دەدەن بەبێ ئەوەی ئێمە هەستی پێبکەین. ئێمە هەموو ڕۆژێک دووبارەیان دەکەینەوە کاتێک دەڵێین: دەبێ ، پێویستە، باشە، خراپە. ئەو وشانە بتەکانی مۆدێرنەن، هۆشیاریمان پێکدەهێنن وەک پەرستگاکان هۆشیاری کۆنانیان پێکهێناوە. خوداوەندەکان لە ئاسمان دوورخرانەوە تەنها بۆ ئەوەی وەک بەها و پرەنسیپ بگەڕێنەوە. ئێمە لێرەین، بۆ چاکە دەپاڕێینەوە وەک باوباپیرانمان نوێژیان بۆ خوداوەندی خۆر دەکرد.
مرۆڤ هەرگیز ئازاد نەبووە، ئەو تەنها فەرشی نوێژەکەی بە مێزێک گۆڕی، ئینجیل بە دەستوور، پەرستگاکەی بە زانکۆ. بتەکان شێوە دەگۆڕن، نەک جەوهەر.

ئەخلاق، لای نیتچە، کۆنترین و فێڵبازترین بتە. ئەوە فێڵێکە قوربانی دایهێناوە بۆ ئەوەی لاوازی خۆی پێبشارێتەوە و بیکاتە یاسا. لە کتێبی ” رەچەڵەکی ئەخلاقی- Genealogy of Morality “، ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن چاکە لە ژیانتاڵی بێدەسەڵاتەکانەوە سەریهەڵداوە، ئەوانەی کە ناتوانن تۆڵە بکەنەوە، ناویان ناوە لێخۆشبوون، ترسنۆکی بە میهرەبانی، ملکەچبوونیان بەستایەوە بە رەحمەتی خوداوە. لەو ساتەوە بەهاکان سەرەو ژێر بوون: چاکە بوو بە وەی کە هیچ رۆژێک نیشانەی لاوازی نەبووە، خراپە هیچ رۆژێک نیشانەی هێز نەبووە.
ئەخلاق تەرازووی ئاسمانی نییە وەک ئێمە منداڵان فێر دەکەین. ئامرازێکی سایکۆلۆژییە خەڵک دایانهێناوە بۆ خنکاندنی هەر تاکێک کە لە سەروی ئەوانەوە بیردەکاتەوە.
لە سوکراتەوە عەقڵی ڕۆژئاوا دەستی کرد بە پەرستنی ئەخلاق وەک ئەوەی خودایەکی نوێ بێت. دانایی ناونرا دەستەمۆکردنی ئارەزوو، شەهوەت یانی کەوتن، بیرکردنەوە لە دژی جەماوەر بە شێتی. بەم شێوەیە خواستی مرۆڤ بە لادابرا و ئارەزووی گوێڕایەڵی جێگەی گرتەوە. ویژدان بوو بە دەنگێکی ناوەکی کە دژی خۆی هەڵگەڕێنرایەوە. ئەخلاق چیتر قەڵغانێک نییە بۆ لاوازەکان بەڵکو زنجیرێکە لە ملی، کە تەنها لە کاتی مردندا ئازاد دەکرێت.
چەکوشەکەی نیتچە چاکە وەک ڕووناکی نابینێت، بەڵکو وەک دەمامکێک دەیبینێت کە ترسنۆکی لەسەری دەکات ئەوکاتەی بە ناوی خوداوە قسە دەکات. ڕەوشت مرۆڤ پاک ناکاتەوە، بەڵکوو ڕێگری لێدەکات لەوەی بە تەواوی مرۆڤ بێت.

سیاسەت، وەک ئەوەی نیتچە دەیبینێت، گەورەترین شانۆی بتپەرستی مۆدێرنەیە. لەوەتەی خودای کۆن مردووە، مرۆڤەکان پەلەیان کرد بۆ دروستکردنی خودای نوێ لە گۆشت و دروشمەکان. نەتەوە، خەڵک، دەوڵەت، نیشتیمان. هەموو ئەو دروشم و ناوانە بەرگی پیرۆزیان کراوەتە بەر، بەڵام لە راستیدا تەنها بتێکی کۆمەڵە بۆ قووتدانی تاکەکان و مانەوەی خۆیان لە “پشت چاکە و خراپە”وە.
چەکوشەکەی نیتچە دەنووسێت کە هەموو وڵاتێک دڕندەیەکی خوێن ساردە و کەسی خۆشناوێت بەڵکو لە دڵسۆزی هاوڵاتیانی خۆی دەخوات وەک پەرستگایەک کە لە نوێژی باوەڕداران دەخوات. ئەمە خودای زەوییە کەس نکۆڵی لێ ناکات، چونکە ئەوانەی گومانیان هەیە بە خیانەتکار ناودەبرێن. لەم جیهانەدا، فەرمانڕەوا پێویستی بە تاج نییە، قسەکردن بە ناوی گەلەوە بەسە بۆ ئەوەی فەرمان بە گوێڕایەڵی مێگەلەکە بکات. دروشمەکان ئینجیلی سەردەمی نوێن، وەک سیمبولی ڕزگاری لە گۆڕەپانەکاندا هەڵواسراون لە کاتێکدا ئازادی ڕۆژانە بە ناوی ئەوانەوە سەردەبڕدرێت. نیشتیمان پەروەر جیاوازی لەگەڵ خوداپەرست نییە، هەردووکیان مێشکیان داوە بەدەست هەستێکی هەڵە لە مانای ژیان.

نیتچە سیاسەتمەدار وەک قەشەی مۆدرن دەبینێت، دەوڵەتیش تەنها درێژکراوەی رۆڵی کڵێسایە بە هۆکارێکی تر بەردەوام دەبێت. پیاوانی ئاینی روو لە ئاسمان قسەیان دەکرد، سیاسەتمەدارەکانی ئەمڕۆ روولە زەوی قسە دەکەن، هەردوو دەنگەکە مرۆڤ بێدەنگ دەکەن بە ناوی حەقیقەتی رەهاوە.

فەلسەفە وەک ئەوەی نیتچە دەیبینێت شاراوەترین پەرستگایە لە نێو مەزارگەی بتەکان. فەیلەسوفەکان لە ئەفلاتونەوە خودایان نەدەپەرست، بەڵکو بیرۆکەکەیان دەپەرست. قوربانگاکەیان بە چەمک و ڕێوڕەسم بە میتۆد و ئیمانیان بە عەقڵ گۆڕی. بەڵام لە ناوەرۆکدا وەک قەشە مانەوە و لە ترسی ئاژاوە و پیرۆزی سیستەم.
نیتچە گاڵتە بە ئەفڵاتوون دەکات کە جیهانی نموونەیی بەرز دەکاتەوە بۆ سەرووی ڕاستی، وە ڕاستی لە بەهەشت دادەنێت، لەکاتێکدا مرۆڤ لە قوڕدا چەقیوە. ئەم دابەشکردنە گەورەترین درۆی لە مێژووی بیرکردنەوەدا هێنایە بوون: کە عەقڵ لە جەستە پاکترە، بیرکردنەوە لە ژیان پیرۆزترە. پاشان هێگڵ هات و مێژووی کرد بە خودایەکی دوو قاچ، ڕۆحی ڕەهای کردە بتێکی نوێ و عەقڵی کردە یاسایەکی گەردوونی بێ هەڵە. بەم شێوەیە فەلسەفە خوداوەندەکانی بە ڕەها و قەدەری بە دیالێکتیکی گۆڕیەوە و بەردەوام برەویاندا بە بنەماکانی پەرستن لە جیاتی ئەزمونگەری.

نیتچە هەموویانی وەک هەڵاتوویەک لە ڕاستی دەبینی، ترسیان لە جوانی دڕندانەی ژیان وەک خۆی هەیە. ئەوان دەیانویست ئەقڵ وەک عەرش بێت، بەڵام لایەنە ئینسانێکەیان لێداماڵی. چەکوشەکەی لە دژی هەموویانی نووسی بۆ گەڕانەوەی فەلسەفە بۆ سەر زەوی، بۆ جەستە، خوێن، ئارەق، غەریزەکان. کاتێک بیرکردنەوە لە سۆز جیا دەبێتەوە، دەبێتە پەیکەر. ئەو جۆرە فەیلەسوفانە لە ئاژاوە دەترسن، بۆیە دەبنە بتەکە خۆی.

کاتێک نیتچە مردنی خودای ڕاگەیاند، ئەو ئاهەنگی نەگێڕا بەڵکو شیوەنی دەگێڕا. خودا بە تەنها نامرێت، بەڵکو هەموو ئەو مانایانەی کە مرۆڤ پێی دەژیا لەگەڵ ئەودا دەمرن. لەگەڵ ئەوەشدا مرۆڤ بەرگەی بۆشاییەکەی نەگرت و پەلەی کرد، پەرستگای نوێی لەسەر وێرانە کۆنەکان بنیادنا، ئەمجارەیان لەسەر وێنەی خۆی. بەم شێوەیە بتێکی ئاینی نوێ لەدایک بوو: مرۆڤ خۆی لەسەر تەختی خودا دانیشت. چیتر ئافەریدگارێک لە سەرەوە ناپەرستێت، بەڵکو خۆی لە ئاوێنەدا دەپەرستێت.
بێ باوەڕی، بۆ نیتچە ئازادی لە ئایین نەبوو، بەڵکو بەردەوامی بوو بە زمانێکی تر مرۆڤ خۆی دەپەرست لە جیاتی ئاسمان. خەڵک قەشەیان بە زانا ئاڵوگۆڕ کرد، کۆمەڵ بە کۆنفرانس، ئاشکراکردن بە میتۆدی تاقیکردنەوە، بەڵام ڕۆحەکە یەکێکە: ملکەچبوون بۆ ڕاستی وەک دەسەڵات. عەقڵی مۆدرن کەمتر لە باوەڕی کۆن ستەمکارانەتر نییە، هەمان دڵنیایی بە شێوەیەکی جیاواز دەسەپێنێت.

ئایین نەمردووە؛ دەنگی گۆڕی، ئێستا بە ناوی مەنتیق، مرۆڤایەتی، زانست، بەرژەوەندی گشتیەوە قسە دەکات. لەبەر ئەوە وشە تاڵەکەی نیتچە دەڵێت: «خودا مردووە، بەڵام بۆنی تەرمەکەی هێشتا ئەشکەوتەکان پڕ دەکات.» مرۆڤی هاوچەرخ لەسەر وێرانەکانی خودا دەژی، بەڵام ئارەزووی بەچۆکدا هاتنی هەر لاماوە ئەگەر بۆ خۆشیبێت. بتی حەقیقەت وەک ئەوەی نیتشە ناوی لێدەنێت ترسناکترینی بتەکانە چوونکە لەناو هزردا دەژێت.
لەوەتەی ئەفڵاتوون ڕاستی بۆ ڕەها بەرز کردووەتەوە، عەقڵی ڕۆژئاوا دەیپەرستێت وەک باوەڕدارێک کە پەروەردگاری خۆی دەپەرستێت. بەڵام نیتچە مێزەکە هەڵدەگێڕێتەوە: حەقیقەت ئەوە نییە کە دەیدۆزینەوە بەڵکو ئەوەیە کە دروستی دەکەین. پێکهاتەیەکی زمانەوانییە، خواستە بۆ هێز بە دەمامکی حەقیقەت دەمامکدراوە لە پشت چاکە و خراپە و خواستی دەسەڵات. ئەو باوەڕە کوێرانەیە ئاشکرا دەکات و دەڵێت: مرۆڤ بەدوای ڕاستیدا ناگەڕێت لەبەر ئەوەی بڕوای پێیەتی، بەڵکو بەرگەی ناڕونێکان ناگرێت. ئەو فەرمانی دەوێت تا دڵنیای بکاتەوە، تەنانەت ئەگەر هەڵەش بێت. هەموو فەلسەفەیەک لە بنەڕەتدا بەرگریکردنە لەشێوەیەک لە ترس.
نیتچە لە ڕەخنە لە بتی ڕاستی، داوا لە درۆ ناکات بەڵکو داوا لە ئازایەتی دەکات بۆ دانپێدانان بەوەی کە ڕاستی خۆی هێزێکی زمانییە. لێرەدا ئەو ڕووبەڕووی ئەوە دەبێتەوە کە دواتر میشێڵ فوکۆ و جاک دەریدا کردیان، ئاشکراکردنی ئەوەی کە زانیاری بێتاوان نییە بەڵکو بەستراوەتەوە بە زاڵبوون. ڕاستی ئازادمان ناکات؛ بەڵکو پێناسەمان دەکات لەناو سیستەمێکدا کە چاودێری دەکات و دیاری دەکات چی بکرێت و بوترێت. لێرەوە نیچە: هەموو سیستەمێکی زانیاری سیستەمێکی ئەخلاقییە لە شێوەی شاراوەدا؛ لە پشت هەموو ڕاستییەک، ویستێک بۆ دەسەڵات هەیە کە جیهانبینی خۆی دەسەپێنێت. فەیلەسوفی ستایشکەری ڕاستی تەنها کاهینێکی نوێیە کە بەرەکەتی زمانی دابەش دەکات بۆ فەرمانبەران.

عەقڵی مۆدرن بوو بە بتێکی نوێ کە بۆخۆی لەلایەن ئەوانەوە دروستکرابوو کە پێیان وابوو هەموو بتەکانیان لەناوبردووە. کانت لە کتێبی ( ڕەخنە لە عەقڵی بێخەوش- Critique of Pure Reason )، هەوڵی دا سنووری عەقڵ دابنێت نەوەک وێڵ ببێت، لۆژیکی کردە یاسا، گومان چاودێری، ئەزموون سەنگی مەحەک. بەڵام نیتچە لە پرۆژەکەی کانت بەردەوامی ڕۆح دەبینێت کە دەبێتە هۆکاری دامەزراندنی ئەخلاق و ئایین، ترس لە ئاژاوە، ئارەزوو بۆ ڕێکخستنی هەمیشەیی. عەقڵ یاساکانی خۆی دادەنێت ئارەزووی هۆکارە بۆ گوێڕایەڵی، ڕاستی ناتوانێت وەک ئاژاوەیەکی جوان بەرگە بگرێت.

پاشان ڕۆشنگەری هات و ئەم بتە نوێیەی لە زانست و پێشکەوتندا پیرۆز کرد. فرانسیس بەیکن- Francis Bacon لە Novum Organum نووسیویەتی کە زانین هێزە، بەڵام نیتچە بە پێچەوانەوە دەیبینێت کە ئەمە بووە بە دەسەڵات. سیستەمێکە ستەم دەکات لە جیهاندا وەک ئەوەی ئایین پێشتر دەیکرد.
دیکارت- Descartes لە (تێڕامان لەسەر فەلسەفەی یەکەم- Meditations on First Philosophy) ڕایگەیاند (من بیر دەکەمەوە، کەواتە هەم،) بیرکردنەوە دەکاتە بتێکی نوێ، من، ناوەندی گەردوون، سەرچاوەی بوونی دڵنیایی. بەم شێوەیە بیرۆکە پەرستی بەردەوام بوو، ئەمجارە بە جلوبەرگی زانستیەوە.

چەکوشەکەی نیتچە لە دژی هەموویان دەوەستێت وەک یەک هۆکار بۆ بینینی بەندیخانەیەکی زێڕین. ئێمە خۆمان بە عەقڵ ئازاد نەکردووە، عەقڵ خۆی لە ئێمە ئازاد کرد بۆ ئەوەی بە ناوی خۆیەوە کۆت و زنجیرمان بکات.

لە روانینی نیتچەدا، دوای مردنی خودا، مرۆڤ وەک بیرکردنەوە نەچووە ناو سەردەمی ئازادییەوە، بەڵکو وەک خۆپەرستی ڕەها. لە هەردوو کتێبی – The Gay Science -Spoke Zarathustra – بەم شێوەیە وێنای مرۆڤی مۆدرن دەکات کە لەسەر داروپەردووی مانای کۆن وەستاوە و هاوار دەکات کە گەورەی بوونە کەچی لە ناوەوە وێرانە. ئەو تەختی خودای بە میرات وەرگرت، بەڵام دانایی نەبوو، بوو بە خودایەکی شێواو و دروستدەکات بەبێ ئەوەی بزانێت بۆچی، کۆنتڕۆڵی کرد بەبێ ئەوەی بزانێت لە کوێ و بەرەو کوێ. بەم شێوەیە مرۆڤ خۆی بوو بە گەورەترین بت. فەیلەسوف بەناوی ئەوەوە قسە دەکات، سیاسەتمەدارەکان وەک بیانوویەک بە ناویەوە قسەدەکەن، هونەرمەندان وەک ناوەندی گەردوون گۆرانی پێدا دەڵێن، لە کاتێکدا ئەو تەنها سێبەرێکە بەدوای ڕووناکی ونبوودا دەگەڕێت.

بەشەر پەرستی لە هەموو هونەرە مۆدرنەکاندا بەرجەستە بوو. لە “ئافراندنی ئادەم”ی مایکل ئەنجێلۆ، دەستی خودا دەگاتە مرۆڤ، بەڵام نیتچە پێچەوانەکەی دەبینێت: ئەو ساتەی ئاگر لە ئافەریدگارێکەوە بۆ بوونەوەرێکی تر تێدەپەڕێت، دەست بە خودپەرستی دەکات.
لە شیعرەکانی بۆدلێر- Baudelaire -، بەتایبەتی گوڵەکانی خراپە، مرۆڤ خۆی وەک بوونەوەرێکی کەوتوو دادەنێت کە پێویستی بە لێخۆشبوون نییە بەڵکو جوانی لە پاییزدا. گۆیا لە (کەیوان کوڕەکەی دەخوات) – Francisco Goya وێنەی پیاوە نوێیەکە دەکێشێت کە ئەوەی دروستی دەکات بە دەستەکانی خۆی دەیخوات.

هونەر بوو بە ئاوێنەیەک بۆ خۆویستی هۆشیاری مۆدرن و موبتەلابوون بە خۆشەویستی خودەوە، هەر وەک ئەو چیرۆکەی نێرگز کاتێک وێنەی خۆی لە ڕووی ئاوەکە دەبینیت و هەوڵدەدات دەست لە خۆی بدات دەکەوێتە ناو ئاوەکەوەو دەخنکێت. خودپەرستی مۆدرن، بە بۆچوونی نیتچە، تەنها خۆشویستنی خود نییە بەڵکو ملکەچبوونە بۆی. مرۆڤ لە کۆیلەی خوداوە گۆڕا بۆ کۆیلەی پەیکەرەکەی، لە کڕنۆشەوە لەبەردەم پەرستگاوە بۆ کڕنۆش بۆ ئاوێنە. لە سەردەمێکدا کە من ناوەندی بوونە، ڕاستی دابەش بووە بۆ ئەزموونی تاکەکەسی. هەموو پیاوێک بوو بە خودایەکی بچووک کە بە دەوری گەلەئەستێرەی تایبەتی خۆیدا دەسوڕێتەوە. بەڵام ئەم خوداوەندە نوێیە فشەڵە، لە سەر ئاستی هۆشیاری ئەوانی تر هەست بە بوونی خۆی دەکات.
لە دونیای نووسینی نیتچەدا مرۆڤ بەگوریسێک شەکەت دراوە لە نێوان ئاژەڵ و مرۆڤی خاوەن پێگەدا، گوریسێک لەسەر بۆشایی. مرۆڤ چیتر بەدوای مانادا ناگەڕێت ئەوەندەی بە دوای نمایشکردنی خۆیدا.

ئەم تراژیدیایە لە هونەردا بە هەمان ئەندازە لە بیرکردنەوەدا دەردەکەوێت. ڤان کوخ وێنەی سروشتی نەکێشاوە بەڵکو سووتانی خۆی لە ناویدا کێشاوە. هەر ڕەنگێک برینێکە لە هۆشیاری، هەر ڕووناکییەک هەوڵێکی مەحاڵە بۆ ڕزگاری. ڕێنێ ماگریت – René Magritte in The Son of Man لە کوڕی مرۆڤدا دەموچاوێکی بە سێو کێشاوە بۆ ئەوەی بڵێت مرۆڤی مۆدرن چیتر ڕوخساری ڕاستەقینەی خۆی ناناسێتەوە بەڵکو لە پشت هێماکانیدا دەژێت. لە شیعرەکانی ڕیلک – Rilke -، بەتایبەتی Duino Elegies خودهۆشیاری دەبێتە ئازارێکی پیرۆز، ململانێ لەنێوان ئارەزووی نەمری و ترس لە سەیرکردنی ئاوێنە.

هونەر لێرە خۆشگوزەرانی نییە بەڵکو توێکاری ڕۆحە، ئاشکرای دەکات کە چۆن مرۆڤ بووە بەکۆیلەی ئەو خودەی دروستی کردووە. جوانی خۆی بوو بە بتێکی نوێ کە تیایدا مرۆڤ فۆرم دەپەرستێت نەوەک جەوهەر. پاش کەوتنی پەرستگا بەردینەکان، پەرستگاکانی وێنە بەرز بوونەوە. لە سەردەمی بۆدلێر، هونەر ڕزگاری نەبوو بەڵکو ماسکێکی جوان بوو بۆ ناشیرینی وەک ئەوەی لە ( گوڵەکانی خراپە )، کە جوانی بەرەو نشێوی دەڕوات، فریودان مردن دادەپۆشێت. ئۆسکار وایڵد لە وێنەی (دۆریان گرەی) جوانی کردە نەفرەتێکی ئەخلاقی، جەستە پیر نابێت، ڕۆح لە پشت کامڵییەکی ڕواڵەتییەوە بۆگەن دەبێت. ئەوە ڕوخساری نوێی بتەکەیە: جوانی لە ئەزموونی هەستییەوە دەگۆڕێت بۆ میتافیزیکی درۆ.

لە مۆسیقادا، ئەم شێتییە گەیشتە لوتکە لەگەڵ واگنەر – Richard Wagner کە هەوڵیدا ئازار بگۆڕێت بۆ سەمفۆنیای پیرۆز. نیتچە کە لەسەرەتاوە کاریگەر بوو پێی، بەڵام دواتر بەرپەرچی دایەوە، لە کەیسی ڤاگنەردا نووسیتی مۆسیقاکەی نەخۆشی دەگۆڕێت بۆ ئاوازێکی جوان. هونەری مۆدرن، بە بۆچوونی ئەو، چیتر چارەسەر نییە بەڵکو جوانکردنی نەخۆشییە، بەنجکردنێکی جوانە بۆ جیهان.

تەنانەت لە تابلۆکانی سلڤادۆر دالی و سیمفۆنیای نۆیەمی ماهلەر- Gustav Mahler-، کە بە کاڵبوونەوە کۆتایی دێت کە لە ئازاری مردنی گەردوون دەچێت گوێمان لە مرۆڤی مۆدرن دەبێت کە لە خۆویستیدا مەلە دەکات تا خنکاندن. هونەر بوو بە نەریتێکی میتافیزیکی نوێ بۆ خودپەرستی. جوانی دوایین پەناگەی بتەکانە کاتێک هەموو خواوەندەکان کەوتن.

وەرگێڕان و ئامادەکردنی لە عەرەبییەوە: نەوزاد مدحەت (گۆران عەبدوڵڵا)

سەرچاوە:
https://www.youtube.com/watch?v=TUvefmWZyxA&t=739s




ماستەر و دکتۆرانامەکانى بوارى ئەدەبى کوردى لە تیلەچاوێکى ڕەخنەییدا-3-.. هەڵمەت بایز

بەشى سێیەم

بابەتەکانى خوێندن و لێکەوتەى توێژینەوەى زانکۆیی

لە زنجیرەکانى پێشتردا هەندێک لە خاڵە لاوازەکانى توێژنەوەى ئەدەبی لە تەوەرەى قوتابی و مامۆستا و لێژنەى زانستی بەشەکان تاوتویکرا. لەم زنجیرەیەدا باسى کاریگەریى و ڕەنگدانەوەى پڕۆگرام و بابەتەکانى خوێندنى بەشە کوردییەکان دەکەین، وەک ڕۆڵێکى نەرێنى لە ئاڕاستە و دەستنیشانکردنى ناونیشان و مێتۆد و شێوازی کارى توێژینەوەى مامۆستایان و فێرخوازاندا.
بەشێوەیەکى گشتى بەشە کوردییەکانى زانکۆکانى کوردستان لە ڕووى چەندایەتى و چۆنایەتییەوە لێکچوونێکى هاوبەش کۆیان دەکاتەوە. واتە کۆى بابەتە خوێندراوەکانى ناو بەشە کوردییەکان، تا ڕادەیەکى زۆر لە یەکترەوە نزیکن، بۆیە کۆى تێگەیشتنەکە بەسەر تەواوى بەشە کوردییەکان جێبەجێ دەبێت. ئەگەرچى لە ناو مفرەداتى پڕۆگرام یان کۆرسبووکى مامۆستایان، مامۆستایەک بۆ مامۆستایەکى دیکە، یان بەشێک بۆ بەشێکى دیکە ڕەنگە تاڕادەیەک ئاستى زانستى جیاواز هەبێت. ئەمەیان خاڵێکى ئەرێنى و دڵخۆشکەرە. سەربارى ئەمەش لە دیوێکى دیکەدا بەشە کوردییەکان یەکدەگرنەوە کاتێک ئاستى زانستى دەرچوان و ئارەزوومەندانى خوێندنى باڵا هاوئاستە و کەمجار ئاستێکى جیاوازتر دەبینرێت، مەگەر ڕێژەیەکى کەم لەو پێوەرە بەدەربێت، هەوڵەکانى خۆیان و خۆپێگەیاندنیان جیاوازتریان بکات، بەڵام بەشێوەیەکى گشتى لە واقیعى ئەمڕۆدا ئەنجامەکانى ئەو لێکچوونانە جێى پرسیارن.
لەبەشە کوردییەکاندا پەیوەندییەکى پێکەوەبەستراویى و ئاگایییەکى هەمە لایەن وەک هەماهەنگییەک بۆ گۆڕانکارى لە پڕۆگرام و کارنامەى بابەتى خوێندن لاوازە (لێرەدا مەبەست ئەوە نییە سیاسەتى بەشەکان لە بارى پرۆگرامەکانى خوێندن یەک بن و یان جیاواز بن، ئەوەش بۆ خۆى مشتومڕه هەڵگرە)، بەڵام ئەوەى مەبەستمانە، دێوێکى نەرێنى لێکچوونى کۆى کایەى خوێندنە لە ڕێى هاوبەشى و نزیکایەتى پڕۆگرامەوە، کە ئاماژە نەرێنى و ئاکامەکان زۆر بەرچاون. زۆر بەکەمى لەوەتەى بەشە کوردییەکانى ناو زانکۆکان هەن، دەست بۆ گۆڕین و گۆڕانکارییان براوە، لە کاتێکدا بەپێى هەلومەرج و قۆناغەکان ڕەوتى گۆڕانکاریى تیۆرى و ڕەخنەیی لە دنیادا و بەردەوام تێگەیشتنى جۆراوجۆرى بۆ ئەدەبیاتناسی دێنە کایەوە. زۆرجاریش بەپاساوى گواستنەوە و خوێندن لە زانکۆیەکى دیکە بەرژەوەندییە بێسەرێشەکان و گۆڕانیان بەسەر دانایێت و پارێزگاریی لە مانەوە و دووبارەبوونەوەى بابەتەکانى پێشتر دەکرێت، دیوێکى دیکەى دەستنەبردن بۆ گۆڕانکارییەکانى ناونیشانى بابەتەکانى خوێندن هۆکارى نەبوونى دیدگایەکى دوورمەوداتر و هاوسەردەمییە بۆ پرسەکە. بە هۆکارى نائەبدەیتى مامۆستان و دابڕانیان لە دنیاى گۆڕانکارى و بیرى نوێبوونەوە بە گشتى، کەمتر گۆڕانکارى لە پڕۆگرام و بابەتەکانى خوێندن دێتە کایەوە، بۆیە سیماى خوێندنى ئێستا هەمان سیماى سی بۆ چل ساڵى پێشترە و یەکشێوازى و ئاڕاستەى بەردەوام دەبێتەوە نۆرمێکى باو کە ئەدەبیاتناسی لەو سیاقەدا بە ئاست و توانست و چوارچێوەى پێشگەیشتنى پێشتر، نەوەیەکى دیکەى هاوئاست لە فۆرمێکى دیکەدا بەرهەم دێنێتەوە. باشترین نموونەش سەیرى هەندێک لە نامەى ماستەرى بیست بۆ سی ساڵ بەر لە ئێستا بکەین، بە زیاد و کەمێک هەمان ناونیشان و هەمان مێتۆد و شێواز و ئاستى نووسین دیکەوە دووبارە دەبنەوە. ڕەنگە لێرە مەبەستم نەبێت بە گۆڕانکارى لە پرۆگرام و کۆى گۆڕانکاریی دیکەى کە پێشتر باسکراون، یان ئەوانەى کە لە داهاتوو باس دەکرێن، چارەسەر دەبن، بەڵکوو ئەو دیدە ڕەخنەییە لە تەواوى کایەکانى دیکەدا پەیوەستە بە کۆى پرسەکە، واتە بە گۆڕینى پڕۆگرام بە تەنها ئەو چاوەڕوانی و دیدگا نوێیە بەرهەم نایەت، ئەگەر تۆڕى کایەکانى دیکە فەزاى گۆڕانکارییان نەبێ.
ئەدەبیات سروشتێکى گۆڕاوى هەیە، گۆڕانى فۆرم و شێوازەکان تیۆر و تێگەیشتن و لێکدانەوەى تازە دەخوازن. بەردەوام ئەدەبیاتى دنیا بە پێى ڕەوتى گۆڕانکارییەکان و لە پەیوەندى دنیاى نوێى گۆڕانکاری دایە. کەم تا زۆر ئەدەبیاتى کوردى بەتایبەتى لە ژانرى شیعر و ڕۆماندا هاوئاستى ئەدەبیاتى دنیا ڕەودەکات، ناکرێت بە خوێندنى یەک ڕیتمى ئەدەبیاتناسی کوردى و بەخوێندنەوە و توێژینەوەى ئێستا، گفتوگۆى ئەو تێگەیشتن و گۆڕانکارییانە بکرێت، کە بەردەوام تیۆر و هەوڵى نوێى ئەدەبیاتناسى لە برەودان و تێەپڕاندنیان هەیە، ناکرێت هەمان پێوەر و تێگگەیشتنى ئێستا دۆخى بەشە کوردییەکان و پڕۆگرامەکانیان ببنە بەربنەماى توێژینەوە و پێوەرى ڕووبەڕووى گۆڕانکارییەکان بن.
بابەتەکانى ئەدەبیاتناسى زانکۆکانى کوردستان زیاتر لە تێگەیشتنى مێژووى ئەدەبیاتى عەرەبی و مێژووى گەشە و ڕێباز و جۆرە ئەدەبییەکانى خۆرائاوا دان، لە باری ئێستا و نوێبوونەوەشدا هاوئاستى خوێندنى دنیاى دیکەى ئێستاى ئەدەبیات نییە، دەرگاى ئەدەبیاتى کوردى وەک ئەدەبی بەراوردکارى و ناسینى هاو نزیکایەتى کەلتوورى ئەوانى دیکەى ڕۆژهەڵاتى ئاسیا و هاودۆخى پۆستکۆڵۆنیالیزم لە ئەفریقا و ناسینى ئەدەبیاتى دیکەى ئەمریکاى لاتین کراوە نییە، تا چەندایەتى و چۆنایەتى ئەدەب و ئەدەبیاتناسیش وەک دنیابینێکى دیکە خۆى ئەزموون بکاتەوە. واتە بەهۆى ئەو تێدامانە فۆرمگرتووە سەرەتاییەى ناو ئەدەبیاتناسی عەرەبى و خۆرئاوایی لە پەیوەندیدابوونێکى کلاسیکییانە و داپچڕانێکى زۆر بێکرانەوەیی ئەویدیکە دایە. بەو خەسڵەت و مانەوەیە بابەتەکانى خوێندن ناوەرۆکى کلاسیکى و مێتۆدى کلاسیکى و بابەتى ناپێویست و شێوازى نووسنى دووبارە و زمانى بێ فەنتازى لە توێژینەوەکاندا بەرهەم دێننن، بۆیە ناکرێت لەسەر ئەو میراتە خوێندنە و فۆرمگرتووەدا بانگەشەى خوێندنى ئەدەبیاتناسی پێویست و سەردەمى بکرێت. ئەگەر لەگەڵ دنیاى گۆڕانکارى مێتۆدى تازە و تێگەیشتنى تازە و خوێندنەوەى تازە بۆ ئەدەبیاتناسی نەکرێت، یان جارێکى دیکە خوێندنەوە بۆ ئەو بابەتانە نەکرێنەوە، کە پێشتر خوێندراونەتەوە، ئەوا دەبێت تا چەند ساڵی دیکەش هەر بە چاوەڕوانى ئەو دۆخە چەقبەستووە ئێشکگرییە بین. ڕەنگە بۆ ناوبردنى چەند زاراوەیەکى تیۆرى و ڕەخنەیی و هەندێک لە مێتۆدەکانى ڕەخنە بە خەسڵەت و پەرەسەندى ئەو زاراوانە و پۆلێن و گوێزانەوەیەکى چەندایەتى بە فۆرمێکى مێتۆدۆلۆژى، لە دۆخێکى کلاسیکى تاڕادەیەک ئەزموونکراودا بین، بەڵام لە بارى چۆنایەتى کە پەیوەندى بە هێزێکى مەعریفى و پاشخانێکى مەعریفى قووڵ هەبێت، زۆر بەکەمى ئامادەیی ئەو پارادایمانەى هەیە، کە خوێندنەوەى ئێستاى ئەدەبی پێویستى پێیان هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا لێرەو لەوێ لە دەرەوەى بەشە کوردییەکان و هەندێکجاریش لە ناوەندەکانى زانکۆ و بەشەکانیش توێژەرانێک هەن بەڕێژەیەکى کەم، ئاقارێکى دیکەى تێگەیشتن بۆ خوێندنەوەى ئەدەبیاتناسی لەو چوارچێوەیە فۆرمگرتووە و کڵێشەییەى زانکۆکان، وەک هەناسەى دڵپێخۆشبوون ئامادەیی هەبێت.
ئەوەى ئێستا لەبەشە کوردییەکان دەخوێندرێت، زۆربەى بابەتەکانى خوێندن دەکەونە ناو خانەى مێژووى ئەدەبەوە سروشتێکى مێژوووییان هەیە وەک ڕەوانبێژى و کێش و سەروا و ڕێبازەکانى ئەدەب و جۆرە ئەدەبییەکان و ئەدەبی کلاسیکى و ئەدەبی کۆن و مێژووى ئەدەب بەگشتى، بۆ ئاستەکانى دیکەى ئەدەبیاتناسی لە ناو بابەتى ڕەخنەى ئەدەبی و تیۆرى ئەدەبی و ئەدەبی بەراوەوەیشەوە چوارچێوەیەکى مێژوویى لە وتنەوەى وانەکاندا زاڵە، زۆربەکەمى دەرچوون لەو چوارچێوە مێژوووییە دەبێتە ئامانج و کەمجار بەریەکەوتنمان لەگەڵ تیۆر و ڕەخنە و گێڕانەوەناسی پاشمۆدێڕن هەیە، بۆیە خولانەوەى لە پێش قۆناغى هاوچەرخ زیاتر ڕیشەیەکى مێژوویی و سروشتێکى مێژووى دەبەخشێتە توێژینەوەى ئەکادیمى، واتە زیاتر لە چوارچێوە یان سیاقێکى مێژووى بەرهەمهاتوو خۆیان دووپات دەکەنەوە.
خوێندنى چوارساڵى زانکۆ لەناو خولانەوەیەکى مێژووی قۆناغێکى ئەدەبی و ناساندنى چەند ناوێکى دوپاتبووەى ئەدەبیدا هەسپێکراوە، ئەوەش دوو لێکدانەوە هەڵدەگرێت یەکیان پچڕانى دۆخى دنیاى نووسینى توێژینەوەى کوردى و خوێندنى زانکۆیە لەگەڵ گۆڕانکارى و هاتنەپێشى ناوە تازەکان و ژانرى تازە و شێوازى تازەى ئەدەبی، کەمجار وەک بەریەککەوتنێکى ڕاستەوخۆ دەبنە پرس و بابەت و توێژینەوەى ئەدەبی، لە لایەکى دیکەش بابەتە خوێندراوەکان وەک میراتى ئەوى دیکەى پێشتر، دەستى دەستى دەکەن، هەمان کاریگەرى ناوە ناسراوەکان و شێواز و بابەت و تێگەیشتنەکانى پێشتر دووبارە دەبنەوە. خوێندنى ئەدەبیاتناسی کوردى لەسەر بنەماى مێژووى ئەدەبیاتى ئەوروپى و عەرەبی، دوور لەو تایبەتمەندییە ناوەخۆیی و خۆخەریکبوونەوە دەکەوێتە ناو خانەى چاولێکەرى و هەنێکجاریش لاسایکردنەوە، کە ڕەنگە ئەمەیان وەک ئەزموونکردن خراپ نەبێت. بەمەش تایبەتمەندیى خوێندنەوە و پۆلێن و نوسینەوەى مێژووی ئەدەبی کوردى ون دەبێت، یان گرفتئامێز و نەشاز دەبێت. لە لایەکى دیکەش ڕۆڵى خوێنەر وەک ئاڕاستەیەکى نوێ لە نووسینەوەى مێژووى ئەدەبیدا دەرناکەوێت. ئەو تێگەیشتنە لە توێژینەوە مێژووى ئەدەبی کوردى زۆر لاوازە، بەو خوێندن و پۆلێن و نووسینەوەى کتێبەکانى پێشترى مێژووى ئەدەبی کوردى، کە لە زانکۆکان دووبارە دەکرێنەوە و دەخوێندرێنەوە هیچ پێشڤەچوونێک و لێکەتەیەک لەناو گۆڕانکارى مێژوووى ئەدەبی کوردى نایەتەکایەوە، ئەگەرچیش بەدەگمەن توێژینەوە لەسەر مێژووى ئەدەبی کوردیش لە ئێستادا دەبینرێت، بێگومان هۆکارى جۆراوجۆرى خۆى هەیە و دیارترین ئەو هۆکارانەش پێویستى بە ئاگاییەکى قووڵى مێژووى و دۆکیۆمێنتى و زمانى و شێوەزارى هەیە، کە قوتابییان و مامۆستایان بوێرى خۆ لەقەرەدانیان وەک پێویست نییە.
بەشێک لەو بابەتانەى کە بژاردەش دەکرێن وەک ڕەوتە ئەدەبی و جۆرە ئەدەبییەکان و ڕێبازەکانى ئەدەب زۆرجار بە زۆر بەسەر ئەدەبیاتى کوردیدا پڕاکتیزە دەکرێن و پۆلێنى قۆناغ و ڕەوتە ئەدەبییەکان، بەزۆر سەپاندن و کڵێشەیی بەسەر ئەدەبیاتى کوردیدا پڕاکتیک دەکرێن، بەتایبەتى ئەو ڕەوتانەى کە لە سیاقێکى کەلتوورى و سیاسی دەروەى کوردى لەدایک دەبن، واتە زۆرجار لە گوێزانەوەى ئەزموونە ئەدەبییەکان بۆ دەرکەوتنى قۆناغێکى نوێى ئەدەبی کوردى دەگونجێندرێن، لە ڕووى ڕاڤە و لێکچوونى بنەماکان پێکناشێن و توانستە تاقیکراوەکەى ئەدەبی کوردى لە فۆرم و سروشتى خۆى لەبار دەبرێت وەک خۆماڵى و سروشتایەتى و تایبەتمەندیى کوردى و جیاواز مامەڵەى لەگەڵدا ناکرێـت. ئەو دیوە گوێزراوە دەبێتە چاولێکەرى، زۆر بە ئاسانى وەک کڵێشە و فۆرمێکى ئامادەى لێدێت کە خوێندکاران بە تێگەیشتنى چەند خەسڵەتێک و دۆزینەوەى لە چەند سیمایەکى ئەدەبی یان شیعرى لە ئەرکى پێویستى توێژینەوەکەى دەردەچێت و هیچ ماندووبوونێکى زانستى ئێستاتکى و دەلالى و داهێنان و بیرێکى ئەوتۆى تێدا بەدینایەت. ئەم کارەش سروشتێکى پۆلێنى و مێژووى هەڵدەگرێت و وەک توێژنەوە زۆر سانا و ساکارە، چونکە لە بنەڕەتدا ئامانجەکە جیاوازە ومەبەستدارە.
وێڕاى ئەوەى ڕێبازە ئەدەبییەکان وەک بابەتێکى مێژوویی ناو ڕەوتى گەشەکردن و گۆڕانکارى ئەدەبیات دەبینرێت، لە بارێکى دیکەدا هەندێک لەو بابەتانە لە دەرەوەى تێگەیشتنى سیاقێکى مێژوویی بۆ خوێندنەوەى تێکستە هاوچەرخەکانى ئێستا مشتومڕهەڵگر دەبێت، واتە لە هەندێک ڕەگەز و سیماى هاوبەشى دەقە ئەدەبییەکاندا بەیەک پێوەر یەکناخرێن و بەراورد ناکرێن. ئەو خوێندنەوە کڵێشەییەى ناو ڕێبازەکانى ئەدەبێکى دیاریکراو بۆ خوێندنەوەى قۆناغێکى دیکە و ئەزموونێکى دیکەى ئەدەبی، لە خوێندەوەیەکى ئێستاتیکى و دەلالییەکانەوە بە شوناسێکى دیکەوە دەبەسترێنەوە، لە کاتێکدا وەک دۆخى کاریگەرى و تایبەتمەندیى ئەدەبی کوردى لە هەندێ باردا زۆر لە پێش قۆناغى کاریگەرییەوەیە.
نموونەیەکى دیکەى خوێندى جۆرە ئەدەبییەکان، پێداهاتنەوەیەکى مێژوویى و ڕەوتەکانى گەشەکردن و دەرکەوتنیان لە بەشە کوردییەکان بە ئامانج گیراوە. بەگشتى وەک پرۆسەیەکى پۆلێنى و دەرخستنى خاسیەتەکانیان و کاریگەریى نێوانیان و چۆنیەتى گوێزانەوەیان باس دەکرێن، ئەمە تاڕادەیەک ئاساییە، بەڵام ئەو تێگەیشتنەش ئەوەندەى دەچێتەوە ناو قۆناغەکانى مێژووى گەشەکردن و گۆڕانى فۆڕمە ئەدەبییەکان لە بارى گەشەى کۆمەڵایەتى و سیاسى و کەلتووریدا، ئەوەندە نابێتە ناساندنى فۆڕمەکانى ئەدەب و تایبەتمەندییەکانى ناو گەشە و گۆڕانى ئەدەبی کوردى. لە لایەکى دیکەش ئێستا لە ئەدەبیاتى جیهانی و ئەدەبیاتى گەلاندا جۆرێکى دیکەى ئەدەبی ئەزموون دەکرێت بەناوى “تێکست”، ئەو جۆرە ئەزموونکردنە کەم تا زۆر لە ئەدەبی کوردیدا لە ئارادا هەیە و فرەناسنامەیە و سەربەهیچ کایەکى ناو جۆرە ئەدەبییەکى دیاریکراو نییە، بۆیە ناکرێت ئەو ئاقارە تێگەیشتنانە وەک ئەزموونێکى یەک فۆرمى و یەک ژانرى جیهانى بخرێتەڕوو، بەڵکوو وەک دۆخى پاشنوێگەرى، فۆرمەکە سەر بەهیچ لاسایکردنەوەیەکى دیاریکراوە نییە و سرکە و بەئاسانى ناخرێتە ناوشوناسێکى ژانرى ئەدەبییەوە. بێ ئاگایی خوێندنى زانکۆ و قەتیسمانیان لەناو جۆرە ئەدەبییەکان وەک کایەى مێژوویی، ئەو ڕەوتە بیرکردنەوە لەڕێڕەوى بیرکردنەوەى قوتابی و نەوەى دواترى وەک تێگەیشتنى پێشتر دەڕوات، مامۆستایانى زانکۆ و قوتابییەکانیشیان دووبارە ئەزموونى دەکەنەوە. لە داهاتووشدا توێژینەوەکان و نامەى مەستەر و دکتۆراکانیش بەربنەماى ئەو تێگەیشتانە دەبن.
لە بارى تیۆری و ڕەخنەیدا بۆشاییەکى زۆرى ئەو باردۆخە تیۆرییە هەیە، کە لە دنیاى ئێستاى ئەدەبیاتدا جێى مشتومڕ و پڕاکتیزەکردنە. ڕووبەرێکى بەفراوانى ئەو پارادایمانە پێک دەهێنێنن کە لە بوارى زانستەمرۆییەکان و لێکەوتەى مشتومڕى پاشنوێگەرین. کەم تا زۆر چەند هەوڵێکى وەرگێڕان و خوێندنەوە زیاتر لە دەرەوەى زانکۆکان خەریکى کارکردنن بە زیاتر و کاریگەرتر لە ناو زانکۆکانەوە کار لەو بۆشاییاییە هەنوکەییانە دەکەن. بەو واتایەى لەناو زانکۆکاندا زۆر بەکەمى پێشوازى لێ دەکرێت، بەشێوەیەکى گشتى ئەوەى هەیە دووپاتبوونەوە و لێکچوونى ئاستەکانى بەکالۆریس و ماستەر ودکتۆرا و توێژنەوەى مامۆستایانە لە دەرەوەى تیۆرى نوێى پاشبنیادگەرى و پاشنوێگەرین کە زیاتر خوێندنەوەکى فرەڕەهەند و ڕۆڵى خوێنەرى تێدا سەنتەرە. پڕاکتیزەکردنەوەى هەندێک لەو تیۆرییە نوێیانەى ناو کایەى ئەدەبی کە سەر بەگەشەى زانستە کۆمەڵایەتییەکانن، لە ئەدەبیاتدا زۆر بێجەوهەر دەردەکەون لە کاتێکدا کایەى ئەدەبی لە گەشە و گۆڕانى ئەو چەمکە تیۆرییە نوێیانەى ناو زانستەمرۆییەکانى پاش نوێگەرى، زۆر کاریگەرە، وەک بەریەکەوتنى کەلتوورەکان و پۆستکۆڵۆنیالیزم و تیۆرە فێمینیستییەکان و ژینگە زۆر وردە بابەتى دیکەى کەلتوورى و سیاسی. لێرە ئەوەندنەى خەریکى گونجاندن و دەرخستنى بنەماى بێ خوێندنەوەیین ئەوەندە خەریکى دۆزینەوەى ئەو گوتارە ڕەخنەییە نین، کە لە فۆرمێکى گشتى ئەدەبیاتى کوردیدا بەتایبەتمەندى و تێگەیشتنی کوردییانە و ناوخۆییانە لێکبدرێنەوە (لە زنجیرەکانى داهاتوو بۆ نا ئامادەیى گوتارى رەخنەییە لە باسێکى تایبەت دەخەینەڕوو)، چونکە نە لە خوێندنەوەى تیۆرى و ڕەهەندە بەرفراوانەکانى پشتى دەقە ئەدەبییەکانەوە و نە لە هەلومەرجى نووسیندا زەمینەسازى مەعریفى و پڕاکتیکى، ئاستى باشى خوێنەر بۆ ئەو تیۆرانە بڕناکات، بەڵکوو هەمیشە کارە پڕاکتیک کراوەکان لە دەرەوەى گوتارە ڕەخنەییەکانەوە، دۆزەرەوەى بنەماکانن، وەک وەسف و خەتپێداهێنانن لەناو دەقەوە بۆ دۆزینەوەى لێکچوونى واتایی، کە لەگەڵ بنەماکاندا هاوسەنگ دەکرێن و دۆزینەوەى وشەسازى ناو دەقە ئەدەبییەکانە لەگەڵ وشەسازى ناو چیرۆک و ڕووداوەکان بەراور دەکرێن و دوورن لە بنەما ئێستاتیکی و دەلالی و گوتارییەکانى دق.
ڕەنگدانەوەى گێڕانەوەناسى وەک بابەتێکى دیکەى خوێندن وتوێژینەوە، خواستێکى زۆرى ناو توێژنەوە و نامە ئەکاییمییەکانى ئەدەبی کوردییە، باشترین نموونە و ڕەنگانەوەى ئەو دۆخەیە، کە قوتابییان بژاردەى ناونیشانەکانیان لە گێڕانەوەناسیدا چڕکردۆتەوە، بەتێگەیشتنى ئێمە قۆتابییان لە گێڕانەوەناسى کار لەو پەیکەربەندیی تیۆرى و گەشە و گۆڕان و ڕەوتەکانى گێڕانەوەناسی ناکەن، بەڵکوو لە ناو بژارەى ناوێکى گشتی و زۆربەرفراواندا خەریکى گێڕانەى حیکایەتەکانى ناو ڕۆمان و چیرۆک و تێکستەکانى دیکەن، واتە زۆر بەدەگمەن ڕێى تێدەچێت ڕوانگەیەکى تیۆرى و گۆشەیەکى گێڕانەوە لەبارى گێڕانەوەى گوتارى ڕەخنەیی یان گێڕانەوەناسی پاشکلاسیزم پرسی گێڕانەوە و دەلالەت و ئێستاتیکاى گێڕانەوە تاوتوێ بکرێت. زۆربەى ناونیشانەکان و بژاردەکردنی ناونیشانەکان وەک ناونیشانى سوار و دووبارە و دەرهێنانى ناواخنە تەکنیکی و کڵێشەیی و بەسەردابەشکردنى ڕستە و بنەماو پێناسە و پۆلێن و خاڵەکانە. ئەم شێوازە کارکردنە دەچێتە ناو خانەى ڕەخنەى تیۆرى ڕۆمان لە پێش قۆناغى کلاسیکدا. ئەگەرچى لە قۆناغى کلاسیکدا یان بەرەو پاشکلاسیک ڕەوتى گێڕانەوە لە حەفتاو هەشتاکان لەبارى تیۆریدا گەشە و گۆڕانێکى چەندییەتى و چۆنایەتى بەخۆیەوە بینیەوە، کەم تازۆر هەندێک لەو تێگەیشتنە تیۆرییانە گوزراونەتەوە ناو توێژنەوەى ئەدەبی کوردى، بەڵام ئەوەى سەیرە زۆرجار لە جیاتى تێپەڕاندنى ئەو قۆناغە و پەرپێدانى دیکە، دیسان بژاردەى ناونیشانى گێڕانەوەناسی بەمانا زۆر کاڵوکرچەکە لە زانکۆیەکى دیکە دەچێتەوە خاڵى دەسپێک، ئەو خاڵە بەجێدەهێڵێت کە پێویستە لە دواى ئەو خاڵە دەستى پێبکرێتەوە و گەشەو گۆڕانى پێبدرێت. تەنانەت بژاردەى ڕۆمانیش بۆ توێژینەوەکانى ئێستا لەبرى کەشفکردنى دیوە گرنگەکانى گێڕانەوەناسی و تیۆریزەکردن و کەشفکردنى گوتارى ڕەخنەیی و ڕۆمانى بێت، زیاتر دۆخێکى خوازراوى ناو کەتوارى بێبزاوتى مەعریفییە و بەئاسانى فێرخواز دەتوانێت بەسەرى دابێتەوە و گێرانەوەسازى بکات.
بۆ تێکشکاندنى ئەو فۆرمە بیرکردنەوانە کە مێژووى لەگەڵ مێژووى دامەزراندنى بەشە کوردییاکانە، بۆ خۆلادان لە سروشتى خوێندنى کلاسیکى و خەریکبوون بە گێڕانەوەى مێژوویی و پڕاکتیکى کڵێشەییانە و وەسفیانە لەگەڵ پرسگەلەکانى دیکەى باسکراودا پێویستى بە بەکارهێنانى دیدێکى ڕەخنەییانەى وردتر و زۆرتر هەیە، بۆ ئەوەى لەو شێواز و نووسین و بیرکردنەوە و یەکپارادایمى ناوخوێندنى ئەدەبیاتناسی دەربچین.

هەڵمەت بایز
مامۆستا لە بەشى کوردى/ فاکەڵتیی ئاداب/ زانکۆى سۆران
١٨/١١/٢٠٢٥




گرژییەكانی گەرووی تایوان و هەڵوێستی نەگۆڕی چین.. هەڵۆ حەسەن

پرسی گەروویی تایوان وەك یەكێك لە هەستیارترین پرسە جیۆپۆلیتیكییەكانی سەردەمی ئەمڕۆ، بۆ كۆماری گەلی چین، ئەمە بابەتی مشتومڕ نییە بەڵكو دڵنیاییەكی مێژوویی و یاساییە كە: ” تایوان بەشێكی بێبەشنەكراوی چینە و یەكگرتنەوەی لە كۆتاییدا هەم حەتمییە و هەم بە شێوەیەكی ئایدیاڵ ئاشتیانە”، ئەم هەڵوێستە بە بەردەوامی لە ڕێگەی لێدوانی دیپلۆماسی و ئامرازە یاساییەكان و هەڵوێستی سەربازییەوە بەهێزتر بووە، بەتایبەتی لە وەڵامی لێدوانەكانی بەرپرسانی ژاپۆن،كاتیك سەرۆكوەزیرانی ژاپۆن “سانای تاكایچی” لە پەرلەمانی ژاپۆن (دایت) وتی: هەنگاوێكی سەربازی چینی – بۆ نموونە، بەكارهێنانی كەشتی جەنگی و هێز دژی تایوان – دۆخێكی مەترسیدار بۆ مانەوەی ژاپۆن پێكدەهێنێت، لە ناوەڕۆكی هەڵوێستی پەكین بنەمای یەك چین هەیە كە جەخت لەوە دەكاتەوە كە تەنها یەك چین لە جیهاندا هەیە و تایوان بەشێكی دانەبڕاوە لەو چینە. حكومەت لە پەكین وەك تاكە نوێنەری شەرعی چین ناسراوە، هەڵوێستێك كە بە بڕیارنامەی 2758ی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان (1971) دووپاتكرایەوە. لەم ڕوانگەیەوە چەمكی “سەربەخۆیی تایوان” تەنیا خواستێكی سیاسی نییە بەڵكو هەڵەیەكی مەترسیدارە، خیانەتێكە لە نەتەوەی چین و هەڕەشەیەكی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر یەكپارچەیی خاكەكەی. یاسای بەرگری نیشتمانی چین بە ڕوونی فەرمانی ئەوە دەكات كە سوپای ڕزگاریخوازی گەل سەروەری و یەكێتی و یەكپارچەیی خاكی وڵاتەكە بپارێزێت، لە كاتێكدا یاسای دژە جیابوونەوە لە ساڵی 2005 ڕێگە بە ڕێوشوێنی نائاشتیانە دەدات ئەگەر تایوان هەوڵی جیابوونەوە بدات،گێڕانەوەی حەتمییەت بە تایبەتی كاتێك كە تەحەدای دەكرێت، بەرپرسانی ژاپۆن، بە تایبەت دوای ململانێی ڕووسیا و ئۆكرانیا، زیاتر ئاسایشی تایوانیان وەك بابەتی نیگەرانی ڕاستەوخۆ بۆ ژاپۆن لە چوارچێوەیەكدا داناوە و زۆرجار جەخت لەوە دەكەنەوە كە “باری نائاسایی تایوان حاڵەتێكی نائاسایی ژاپۆنە”.
ئەم لێدوانانە ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی ترسی ژاپۆنن لە مۆدێرنیزاسیۆنی سەربازی چین و هەڵوێستی جەختكردنەوە لە دەریاكانی ڕۆژهەڵات و باشووری چین. وەزارەتی بەرگری ژاپۆن بە ڕوونی ئاماژە بە نیگەرانییەكان دەكەن سەبارەت بە هاوسەنگی سەربازی لە گەرووی تایوان، ئەمەش ئاماژەیە بۆ گۆڕانكاری بەرەو بەشداریكردنی چالاكانەی نێودەوڵەتی لە داهاتووی تایوان و تەحەدایەك بۆ گێڕانەوەی پەكین سەبارەت بە كاروباری تەواو ناوخۆیی،وەڵامی چین بۆ ئەم تەحەددایانە خێرا و یەكلاكەرەوە و فرەلایەنە بووە. لە ڕووی دیپلۆماسییەوە، پەكین چەندین جار دیپلۆماتكارانی ژاپۆنی بانگهێشتكردووە بۆ تۆماركردنی ناڕەزایەتی فەرمی و لێدوانەكانی بە “نابەرپرسیارانە” و پێشێلكردنی ئەو بنەمایانەی كە لە بەیاننامە هاوبەشەكانی ژاپۆن و چیندا جێگیركراون، كە كۆماری گەلی چین وەك تاكە حكومەتی یاسایی چین دەناسێت، ئیدانە دەكات. سەروەری لە بەیاننامە فەرمییەكاندا دووپاتكرایەوە كە جەخت لەوە دەكاتەوە كە تایوان بەشێكی جیانەكراوەی چینە و كاروباری ناوخۆی وڵاتەكەی كراوە نییە بۆ دەستوەردانی دەرەكی. زۆرجار چوارچێوەی مێژوویی بانگەشە دەكرێت، كە تێبینییە هاوچەرخەكانی ژاپۆن بە ڕابردووی سەربازییەوە دەبەستێتەوە، بەتایبەتی داگیركردنی تایوان لە ساڵانی 1895-1945.
نمایشە سەربازییەكانی سوپای ئازادی گەلی چین، لەوانەش مەشقەكانی نزیك هێڵی ناوەڕاستی گەرووی تایوان، وەك بەڵگەیەكی بەرجەستە بۆ ئامادەیی چین بۆ بەرگریكردن لە سەروەری وڵاتەكەی، بەپێی یاسای دژە جیابوونەوە. ئەم ڕێوشوێنە یەكگرتووانە پەیامێكی ڕوون دەگەیەنن: “یەكگرتنەوە جێگەی دانوستان نییە و كۆماری گەلی چین لەوەدا جدییە”،جەختكردنەوەی چین لەسەر حەتمی یەكگرتنەوە خزمەت بە چەندین ئامانجی ستراتیژی دەكات. لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ئامانجی ئەوەیە گەلانی دیكە لە پشتیوانیكردن لە ناسنامەی جیاوازی تایوان ڕابگرێت، ئەمەش وا دەكات پێشێلكردنی بنەمای یەك چین هەم لە ڕووی دیپلۆماسی و چ لە ڕووی ئابوورییەوە تێچووی زۆری هەبێت. لە ناوخۆدا، گێڕانەوەكە ڕای گشتی لە پشت دیدگای حكومەتەوە بۆ یەكگرتنەوەی نەتەوەیی، بەهێزكردنی شەرعیەت و كۆكردنەوەی هەستی نیشتمانپەروەرانە یەكدەخات. لە تایوان بۆ ئەوە داڕێژراوە كە پشتگیری لە سەربەخۆیی فەرمی بێهیوا بكات، وەك ڕێگایەكی بێهودە وێنا دەكات كە مەترسی ململانێی لەسەرە، لە هەمان كاتدا یەكگرتنی ئاشتیانە لە ژێر سەروەری چین وەك سوودبەخشترین ڕێگا دەخرێتەڕوو،ململانێكانی نێوان بەرپرسانی ژاپۆن و پەكین، كێبڕكێی جیهانی فراوانتر لەسەر داهاتووی تایوان دەخاتە ڕوو.
ژاپۆن و هاوپەیمانەكانی سەرنجیان لەسەر پاراستنی “هیندۆ-ئاسیای ئازاد و كراوە” ، لە كاتێكدا چین ئەم دەستێوەردانانە وەك ئیستفزازییەك لێكدەداتەوە كە ئامانج لێی دابەشكردنی میللەت و تێكدانی چارەنووسی مێژوویی خۆیەتی. ڕێبازی پەكین ئارگومێنتی یاسایی، سكاڵای مێژوویی، فشاری دیپلۆماسی و ئامادەیی سەربازی تێكەڵ دەكات بۆ پێكهێنانی گێڕانەوەیەكی یەكگرتوو: گەڕانەوەی تایوان بۆ وڵاتی دایك نەك هەر خوازراوە بەڵكو حەتمییە،پرسی تایوان تەنیا پرسێكی ناوچەیی نییە- پرسێكی بنەمای قووڵی نیشتمانییە بۆ چین. لە كاتێكدا یەكگرتنەوەی ئاشتیانە وەك دەرئەنجامێكی پەسەندكراو دەمێنێتەوە، ئیرادەی كۆماری گەلی چین بۆ گەیشتن بەم ئامانجە بە هەر شێوەیەك بێت جدیە. گەرووی تایوان وەك لە یەكێك لە هەستیارترین خاڵە ستراتیژییەكانی جیهان، كە ناڕەزایەتییە مێژووییەكان، ئیدیعای یاسایی، مانۆڕی دیپلۆماسی و دۆخی سەربازی تێیدا كۆدەبنەوە. لە ڕوانگەی پەكینەوە، گەڕانەوەی تایوان بۆ وڵاتی دایك پرسیارێك نییە كە ئەگەر، بەڵكو كەی- پرسیارێكی مێژووییە لە ڕزگاربوون كە هیچ دەستێوەردانێكی دەرەكی ناتوانێت بیگۆڕێت.




چۆن مەرگ ڕەوتی ژیانی شكسپیری گۆڕی؟.. حەيدەر عەبدولرەحمان

مردنی (هامنێت) ی كوڕە تاقانەكەی شكسپیر ساڵی 1596 هەم ڕوداوێكی جەرگ بڕ بوو لەژیانی شكسپیر، هەم وەرچەرخانێكی بنەڕەتی بوو لەگۆڕینی ڕەوتی ئەدەبی و هونەری شكسپیر.
ئەو سات تەمەنی (هامنێت) تەنها یازدە ساڵ بوو، كە لە دوای كۆچ كردنی، شكسپیری باوكی كردە بنیادەمێكی ترو وای لێكرد، تێڕوانینی بەرامبەر بە ژیان بگۆڕێت و لەكەسێكی قۆشمەبازەوە ببێت بە كەسێكی وجودی.
ئەم تێڕوانینەی لە دوای مەرگی (هامنێت ) وای كرد، ئێش و ئازارە دەروونییەكانی ببێتە سەرچاوە بۆ هەڵڕشتنی بەرهەمەكانی و زۆر بوونی شانۆگەرییە تراژیدیاكانی .
ڕەخنەگری ئینگلیزی (سافت دونا) لم بارەیەوە دەڵێت : مردنی كوڕە تاقانەكەی گورزێكی وێرانكەر بووبؤ شكسبير.
ئه وه تا ناوی (هامنێت ) پەیوەندییەكی نزیكی بە (هاملێت) ەوە هەیە، شكسبير ئه و كاراكته ره ى كرده گرنگترین پاڵەوانی تراژیدی لە مێژوودا.
زانایانی وەك (شاپیرۆ، گرینبلات) پێیان وایە، لێكچوونی نێوان (هامنێت) و (هاملێت) بە ڕێكەوت نەبووە ، بەڵكو شكسپیر زۆر هوشیارانە ئەو ناوەی بۆ تراژیدیای هاملێت داناوە، چونكە ناوەكە لە ڕەسەندا ئیلهامێكی نا ئاسایی بەشكسپیر بەخشی بۆ نووسینی تراژیدیاكە .
شكسپیر لە(هاملیێت ) دا زۆر جەختی لەسەر مردن كردۆتەوە، هەر لە دیمەنی یەكەمەوە ، تارمایی باوكەكەی لەگەڵ دایە تا كۆتایی.
مەبەست لە لێك جودا نەبوونەوەی باوك و كوڕِێكە ، تەنانەت لە دوای مردنیش .
هەندێكیش پێیان وایە تراژیدیای (هاملێت) نووسینەوەی حاڵەتە دەروونیەكانیەتی و باس لەباوكێك دەكات كە دوای مردنی، بە وێنەی تارمایی هەمیشە لەگەڵ كوڕِەكەیەتی .
چونكە دوای مردنی كوڕەكەی لە هەر وشەیەك دەینووسێ‌ كوڕەكەی لە خەیاڵیدا ئامادە بوو.
هەروا لە زۆربەی شانۆگەرییە دواییەكانیدا شكسپیر فەلسەفەیەكی وجودی دەوروژێنێ‌ و پرسیاری بوون، یان نەبوون دەكات .
(جەیمس شاپیرۆ) لە ساڵی ١٥٩٩: لە كتێبی (ساڵێك لە ژیانی ویلیام شكسپیردا) زیاتر دەڕوات و دەڵێت: مردنی كوڕەكەی خاڵی وەرچەرخان بووە بۆ گۆڕینی فۆرمی نووسین لە شاكارەكانی شكسپیر .
(پارك هۆنان)یش لە كتێبی شكسپیر، ئاماژە بەوە دەكات كە نەبوونی هیچ دەقێكی تایبەتی لە شكسپیرەوە سەبارەت بە مردنی كوڕەكەی، بەو مانایە نییە كە كاریگەری ئازارەكانی مردنی كوڕەكەی پێوە نەماوە، بەڵكو ئەوە مانای ئەوەیە كە شانۆنامەكان خۆیان بوونەتە كتێبی خەم و پەژارەیی ئەو.
یان كە دەڵێت : (هاملێت) تەنها شانۆگەرییەك نیە باس لە شازادەیەكی دانیماركی بكات، بەڵكو باسی باوكایەتی و لەدەستدان و مردنی باوكێك دەكات پێش مردنی كوڕەكەی ، بەڵام بە رۆح وەك تارمایی هەرگیز لە كوڕِەكەی جیا نابێتەوە.
هەر لە هاملێتیش نا شكسپیر لە بەرهەمەكانی دیكەشیدا دا دەرگای لە ڕووی خەمۆكی و فانتازیا ، لە بەرهەمەكانی تری وەك ئۆتیللۆ ، شا لیر، ماكبێس كردەوە. بە هەمان فۆرم .
بۆیە زۆربەی ڕەخنەگران وای دەبینن، كە ئەم خەم و پەژارانە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ لە نووسینەكانی شێكسپیردا ڕەنگی داوەتەوە، بەتایبەتی لە شانۆگەری (هاملێت ) دا كە شكسپیر چەند ساڵێك دوای مردنی كوڕەكەی نووسیوویەتی .
ئەوەتا پەیوەندی نێوان هەردوو ناوەكە (Hamnet / Hamlet) ڕێكەوتێكی زمانەوانی نیە، بەڵكو كاریگەری باوكێكە، كە دوای مردنی ڕۆڵەكەی سێبەری باوكانەی هەر بەسەر كوڕەكەیەوە دەمێنێتەوە،
لەشانۆگەرییەكانی دواتری، وەك (لیر پاشا) و (ئۆتیلو) ش هەمان ئەو كاریگەریانە، شێوازێكی قووڵتر و بیركردنەوەیەكی زیاتریان وەرگرت، كە تێیدا پرسی خەم، لەدەستدان، و پرسیارە فەلسەفییە گەورەكانی تر، دەربارەی چارەنووس و ناسنامەی مرۆڤ زێتر بوون .
لە شانۆگەری (شەوی دوانزەهەم) دا، شكسپیر باس لە چیرۆكی ڤیۆلا (Viola) و ((Sebastian) دەكات، كە دوانەی هاوشێوەن. ئەوان بەهەڵە لە یەكتر جیا دەبنەوە و (ڤیۆلا) وا بیر دەكاتەوە كە براكەی، (سێباستیان) خنكاوە، كەچی لە هەقیقەت دا هەر ماوە، شكسپیر ئەم ڕووداوەی بە شێوەیەك وابەستە كردووە بە هامێنتی كوڕی كە ئەو خۆی بە دوانەی ڕۆحی كوڕەكەی شوبهاندووە مردن لێكیان جیا ناكاتەوە.
هەمان چیرۆك بەسەر دوانەی (هامینت) و )جودیس) یش دەگونجێ‌، كە دوو دوانەی شكسپیر بوون و ساڵی 1585 بە یكەوە لە دایك بوون
هەروا ئەگەری ئەوە هەیە شكسپیر، بە نووسینی ئەم چیرۆكە، حەزی كردبێت دوانەكان بەیەك بگەنەوە و پێكەوە بژین، وەك جۆرێك لە ئارەزووی نائاگایانەی گەڕاندنەوەی ژیان بۆ كوڕە لەدەستچووەكەی، لە ڕێگەی دەربڕینێكی هونەرییەوە، كە پێی وا بووە مردن تەنها بۆ ماوەیەكی كاتییە.
خەمی ئۆلێڤیا
گەورەترین خەمی ئۆلیڤیا ئەو گەمارۆ مردنەیە كە دەوروبەریان تەنیووە، لەوانە مردنی باوكی ، دواتر بە ماوەیەكی كەم لە دەستدانی براكەی، كە تاكە پشتیوان و پارێزەری ئەو بووە،
بۆیە خەفەت وا گەمارۆی دەدات ، كە بڕیار بدات خۆی دوورە پەرێز ڕابگرێت لەپیاوان، ڕووی خۆی داپۆشێت، بۆ ماوەی حەوت ساڵ پرسە دابنێ‌.
مەبەستی ئۆلیڤیا ئەوە بووە، كە دوای ئەو كارەساتانە دنیا لە خۆی حەرام بكات و كەس بیر لەخوازبینیشی نەكاتەوە، ئەو كۆشكەكەی كردبوو بە زیندانێك بۆ سزادانی خۆی.
شكسپیر لە كۆتاییدا دەیەوێ‌ بڵێ‌ بەڵام لە ئەنجامدا خۆشەویستییەكی نوێ ئۆلێڤیا دەگەڕێنێتەوە بۆ ناو ژیان، پەیامێكی گەشبینانە دەبەخشێ‌ و دەڵێت، ئازار و خەم، هەرچەندە قووڵ بن، بەڵام لە كۆتاییدا دەتوانین بەسەریاندا زاڵ بین و ژیان بەردەوامی پێ‌ بدەین .
ئەم دوو نموونەیە لە ( شەوی دوانزەهەم) ئەوە نیشان دەدەن كە چۆن تەنانەت لە ناو كۆمیدیاشدا، خەمی تایبەتی شكسپیر بۆ (هامنیت) ی كوڕی بووەتە سەرچاوەیەك بۆ نووسین و مامەڵەكردن لەگەڵ تەوەری لەدەستدان و بەڵام دووبارە دۆزینەوە.
شكسپیر لە كارەساتی مردنی ( هامنێت ) دا زۆر ئازاری دەروونی چێشتووە، بەڵام بە عەقلانیەت ڕەفتاری لەگەڵ رَووداوەكە كردووەو رێگە هۆشداریەكەی لە بیر نەكردووە بۆ هەڵس و كەوت كردن لە گەڵ ئەم جۆرە ڕووداوە جەرگ بڕانەدا .




رۆمانی رێبیكا شاكارێك له‌نێوان ئاڵۆزی و بێگه‌ردی مرۆڤدا.. ئاكۆ عه‌بدوڵڵا

رۆمانی رێبیكا یه‌كێكه ‌له‌رۆمانه‌ ناودار و وروژێنه‌ره‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو. به‌یه‌كێك له‌سه‌د رۆمانه‌ مه‌زنه‌كانی مێژووش داده‌نرێ. دافنی دو مۆرییه‌ی خانمه‌ نووسه‌ری ئینگلیزی ساڵی 1938 بڵاویكرده‌وه و بەهۆیه‌وه‌ خه‌ڵاتی ئه‌نتۆنی و له‌ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكاش خه‌ڵاتی كتێبی نیشتمانی پێبەخشرا. ناوه‌رۆكی ئه‌و شاكاره‌ بریتییه ‌له‌گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتی كچێكی ساده‌ و بێگه‌رد و نه‌شمیل كه‌ له‌سه‌ره‌تای بیسته‌كانی ته‌مه‌ندایه‌‌. ئه‌و كچه‌ سه‌ره‌تا وه‌ك یارمه‌تیده‌ری ژنێكی ئه‌مه‌ریكی كه‌ (ڤان هۆپه‌ر) ی ناوه‌ لە هوتێلێكی مۆنتی کارلۆ، ئاشنای پیاوێكی ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بێت كه‌ (ماکسیم دی وینتەر)ی ناوه‌. ئه‌و پیاوه‌ ساڵی رابردوو ژنه‌كه‌ی كه‌ رێبیكای ناو بوو‌ له‌ڕووداوێکی کەشتیوانیدا مردبوو‌. بۆ ده‌رچوون له‌ته‌نگژه‌كان ئه‌ویش به‌ره‌و مۆنتی كارلۆ چوبوو‌. ئه‌وسا ماكسیم هێشتا بەو رووداوە كاریگه‌ر‌ و په‌شێوه‌. وه‌ك كه‌سێكی كپیش ده‌رده‌كه‌وت. وشه‌یه‌ك به‌س بوو‌ بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌ رابردوو. هه‌ر زوو شه‌یدای ئه‌و كچه‌ ده‌بێت. دوای دوو حه‌فته‌ له‌پێوەندی خۆشەویستی و گه‌ڕان، كچه‌كه‌ رازی ده‌بێت شووی پێبكات. به‌مجۆره‌ له‌خاتو هوپێر داده‌بڕێت كه‌ ئه‌ویان ده‌یه‌ویست بۆ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بگه‌ڕێته‌وه‌.
ماكسیم ژنه‌ نوێیه‌كه‌ی بۆ ناو كۆشكه‌ گه‌وره‌ و دابڕاوه‌كه‌ی (ما‌نده‌رلی) كه‌ له‌سه‌ر به‌رزایی كه‌نداوێكی ده‌م ده‌ریایه له‌به‌ریتانیا ده‌بات. له‌وێدا كاره‌كه‌ره‌كان پێشوازی لێده‌كه‌ن، له‌ناویاندا خاتوو (دینڤێرس) كه كه‌سایه‌تییه‌كی نامۆی هه‌یه‌، به‌رده‌وام وه‌ك تارمایی و سامۆتكه‌ له‌به‌رده‌می په‌یدا ده‌بێت و زۆرجاریش به‌گوێی داده‌دات ئه‌ویان ناگات به‌جوانی و كاریزمایی خاتوونی پێشوو. به‌مه‌ كچه‌ نه‌شمیله‌كه‌ دووچاری جۆرێك له‌دڵه‌ڕاوكه‌ ده‌بێت. به‌جۆرێك ناو كۆشكه‌كه‌ی لێ ته‌نگ ده‌بێ.‌ بۆشی ده‌رده‌كه‌وێ ئه‌و كۆشكه‌ هه‌موو لایه‌كی نامۆیه‌ و شوێنه‌واری رێبیكا و پیتی (R) ی ئه‌ویش له‌هه‌موو شوێنێكی ناو ئه‌و ماڵه‌ ئاماده‌یه‌. به‌تایبه‌تی ئه‌و پیته‌ كه‌ له‌سه‌ر ده‌سماڵه‌كان هه‌ڵكۆڵدراوه‌. ‌ماكسیمی هاوسه‌ریشی هێشتا له‌كاریگه‌ری رێبیكا رزگاری نه‌بووه‌. به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌دا كه‌چی ئه‌و ده‌وێت ژنێكی نموونه‌یی بێت، مایه‌ی دڵخۆشی و كامه‌رانی هاوسه‌ره‌كه‌ی بێت.
جارێك به‌خه‌یاڵیدادێت شوێنه‌واری رێبیكا نه‌هێلێت تاكو هاوسه‌ره‌كه‌ی ئاسووده‌بێت و رزگاری بێت، به‌ڵام هیچ هه‌نگاوێك ناگرێته‌به‌ر. كاتێكیش ده‌زانێ ساڵانه‌ له‌و كۆشكه‌ ئاهه‌نگی ماسك ساز ده‌كرا‌، داوا له‌هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌كات ئه‌و ساڵیش هه‌مان ئاهه‌نگ بگێڕن. بۆ ئه‌و شه‌وه‌ لەسەر پێشنیاری خاتوو دینڤێرس، هه‌مان ئه‌و جله‌ ده‌پۆشێت كه‌ ساڵی پێشتر رێبیكا له‌ئاهه‌نگه‌كه‌ پۆشیبووی. كاتێك ماكسیم به‌و جۆره‌ ده‌یبینێ بە تووڕەیی فەرمانی پێدەکات خۆی بگۆڕێت. ئه‌مه‌و خاتوو دانڤێرسیش كه‌ به‌رده‌وام دڵی ته‌نگ ده‌كات، هانیده‌دات خۆی بکوژێت و لە پەنجەرە خۆی هه‌ڵداته‌ ده‌ره‌وه‌. ئه‌وسا ده‌نگی ئاگاداركردنه‌ی نغرۆبوونی كه‌شتییه‌ك به‌رز ده‌بێته‌وه‌. به‌وه‌ش دانیشتوانی ناو كۆشكه‌كه‌ ده‌شله‌ژێن و ماكسیم و ژنه‌كه‌ی و پیاوه‌كانی به‌ره‌و كه‌نار ده‌چن. له‌وێدا ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌چنه‌ ژێر ئاو بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌هۆكاری رووداوه‌كه‌، كۆنه‌ به‌له‌مه‌كه‌ی رێبیكا ده‌دۆزنه‌وه‌ كه‌ هێشتا لاشه‌ی ئه‌وی تێدابوو‌‌. ئه‌و ده‌ركه‌وتنه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی وروژانی هه‌مووان و ده‌پرسن ئه‌ی ئه‌وه‌ی پێشتر له‌گۆڕستانی تایبه‌ت به‌ بنه‌ماڵه‌ نێژراوه‌ كێ بوو‌؟ كه‌ ئه‌ویان دوای دوومانگ له‌رووداوه‌كه‌ دۆزرابۆوه‌؟
ئەو دۆزینەوەیه‌ دەبێتە هۆی ئەوەی ماکسیم غه‌مبارانه‌ لای هاوسه‌ره‌‌كه‌ی دان بەوەدا بنێت کە له‌گەڵ ڕیبێکا به‌خته‌وه‌ر نه‌بووه‌. ئه‌وه‌شی پێده‌ڵێت ڕێبیکا ژنێکی دڕندە و خۆپەرست بووە. كاتێكیش كه‌ رێبیكا پێی وتبوو ناپاكی له‌گه‌ڵ كردووه‌ و له‌جاگ فاڤیلی ئاموزای دووگیان بووه. ته‌واو لێی هه‌ڵده‌چێت‌ و ده‌یكوژێت و ده‌یخاته‌ ناو به‌له‌مه‌كه‌ی. بۆ ئه‌وه‌ی نقومیش بێت به‌له‌مه‌كه‌ی كون ده‌كات. به‌و جۆره‌ له‌تاریكی ‌شه‌و به‌ره‌و قوڵایی ده‌ریای ناردبوو.
ئه‌نجام ده‌ركه‌وتنی به‌له‌مه‌كه‌ به‌كونكراوی و دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ی، ده‌بێته‌ بابه‌تێكی دادگا. له‌دادگا جاگ فاڤیل كه‌ خۆی به‌خۆشه‌ویستی رێبیكا داده‌نێ له‌دژی ماكسیم به‌به‌ڵگه‌وه‌ دێته‌‌ قسه‌ و ده‌یه‌وێت تاوانی كوشتن بخاته‌ پاڵی. به‌دادوه‌ریش ده‌ڵێت رێبیكا له‌شاری له‌نده‌ن سه‌ردانی پزیشكێكی ده‌كرد. كاتێكیش ئه‌وان بۆ ده‌ستكه‌وتنی به‌ڵگه‌ ده‌چنه‌ لای پزیشكه‌كه،‌ ده‌رده‌كه‌وێت رێبیكا ئه‌وسا دووچاری نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ ببوو هه‌روه‌ها نه‌زۆكیش بوو. ئه‌و پرسی دووگیانبوونه‌ی به‌درۆ به‌كارهێنابوو. پزیشكیش دڵنیای كردبۆوه‌ زۆری له‌ژیان نه‌ماوه‌. بۆیه‌ ئه‌گه‌ره‌كان بۆ ئه‌وه‌ ده‌چن له‌نائومێدییان خۆی كوشتبێ. به‌مه‌ش هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌دادگا بێتاوان ده‌رده‌چێت و كه‌یسه‌كه‌ش داده‌خرێت. دواتر كه‌ ماكسیم له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی بۆ كۆشكه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كاتێك بۆی ده‌رده‌كه‌وێت دانڤێرس لەناکاو لەماندەرلی ون بووە، پێداگری ده‌كات لەوەی بەدرێژایی شەو بە ئۆتۆمبێل لێبخوڕێت كه‌ نزیك بوونه‌وه‌ ده‌بینن وا كۆشكه‌كه‌ له‌ناو گڕی ئاگردایه‌ و دینڤێرسیش ده‌سووتێت، هه‌ر ئه‌ویش هۆكاری ئه‌و ئاگره ‌بووه‌، چونكه‌ نه‌یده‌ویست ئه‌و ژن و مێرده‌ به‌به‌ختیاری ببینێ. ئینجا هه‌ردووكیان بۆ لایه‌كی دیكه‌ ده‌چن و به‌خۆشی ده‌ژیه‌ن. چیرۆكخوێن هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌جوانی و كایگه‌رانه‌ گێڕاوه‌ته‌وه،‌ بۆ نمونه‌ له‌كۆتاییه‌كه‌یدا ده‌ڵیت: “له‌گه‌ڵ سووتانی كۆشكه‌كه‌ دڵنیابووم تارمایی رێبیكاش كۆتایی هاتووه‌”.
شایانی باسه‌ ناوه‌رۆكی ئه‌و رۆمانه‌ هه‌ر زوو كه‌وته‌ سه‌ر په‌رده‌ی سینه‌ما. ئه‌لفرێد هێتشكۆكی گه‌وره‌ ده‌رهێنه‌ر، شه‌یدای بوو و ساڵی 1940 ده‌ریهێنا كه‌ لۆرانس ئۆلیڤییه‌ و جوان فۆنتین، رۆڵی سه‌ره‌كییان تێدا ‌گێڕاوه‌. فیلمه‌كەش ئه‌وسا وه‌ك شاكارێكی سینه‌مایی، خه‌ڵاته‌كانی ئۆسكاری چاكترین فیلم و چاكترین وێنه‌گرتنی به‌ده‌ستهێنا. ساڵی 2020 به‌شێوازێكی دیكه‌ كراوه‌ فیلم كه‌ بین ویتلی ده‌ریهێنا و لیلی جه‌یمس و ئارمی هامه‌ر و كریستین سكۆت رۆڵیان تێداگێرا‌.

دافنی دو مۆرییه له‌چه‌ند ستوونێكدا:

  • ساڵی 1907 له‌شاری له‌نده‌ن هاته‌ دنیا. ساڵی 1989 له‌شاری كورنوۆال كۆچی دوایی كرد.
  • جیرالد دو مورییه‌ی باوكی، ئه‌كته‌رێكی به‌ناوبانگ و به‌ڕێوه‌به‌ری شانۆی ئینگلیزی بوو. مۆریال بومۆندێ دایكی رۆژنامه‌نووس بوو. جۆرج دو مۆرییه‌ی‌ باپیری نووسه‌ر بوو. ئه‌نجێلای خوشكه‌ گه‌وره‌‌‌ی نووسه‌ر و جەینی خوشكی بچووكیشی، نیگاركێش بوو.
  • ئالفرێد هیتشكۆك جگه‌ له‌ رێبیكا، ناوه‌رۆكی رۆمانه‌كانی (یانه‌ی جامایكا) و (باڵنده‌كان‌) ی دو مۆرییه‌ی بۆ سینه‌ما ده‌رهێناوه،‌ كه‌ ئه‌وه‌ی دوایی له‌ڕاپرسێكی گۆڤاری تایمز له‌لیستی100 فیلمی ترس، به‌درێژایی مێژووی سینه‌ما، له‌پله‌ی حه‌وته‌م دانراوه‌.
  • جگه ‌له‌و سێ شاكاره‌، دو مۆرییه كۆمه‌ڵێك رۆمان و چیرۆك و شانۆگه‌ری و كتێبی دیكه‌ی نووسیوه‌.



زمان و لێكدانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

                                    

مه‌رج نییه‌ ئه‌وه‌ی نووسه‌ر بێت، یاخود چه‌ند كتێبێكی وه‌رگێڕابێت، ئیدی شاره‌زایی له‌ هه‌موو كه‌له‌به‌رێكی زماندا هه‌بێت. به‌ تایبه‌تیش له‌ زمانی كوردی كه‌ زمانێكی فره‌ واتا، فره‌ ڕه‌هه‌نده‌ و لێكدانه‌وه‌ی جیاجیا له‌ ڕووی واتاییه‌وه‌ له‌ خۆ ده‌گرێت. له‌ نێوه‌ندی ڕۆشنبیری كوردیدا، كه‌سانێكی زۆر به‌ ناوی زمانزانییه‌وه‌ لێكدانه‌وه‌ بۆ زمان ده‌كه‌ن، كه‌ له‌ ڕاستیدا ڕه‌نگه‌ بواره‌كه‌یان په‌یوه‌ندی به‌لایه‌نی ڕێزمانی و ڕێساكانی خاڵبه‌ندییه‌وه‌ هه‌بێت و ئه‌م دوو بواره‌ی زمان، له‌ ڕووی مانایی و ڕێسای نووسینه‌وه‌ له‌ یه‌كتری جیا ناكه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ زۆرجار قسه‌ له‌ سه‌ر وشه‌یه‌ك، ده‌ربڕینێك، یاخود ئیدیه‌مێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی ده‌كه‌ن و له‌ ڕوانگه‌ی خۆیانه‌وه‌ لێكدانه‌وه‌ی واتاییانه‌ی بۆ ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌و لێكدانه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕه‌هه‌نده‌ گشتییه‌ی زمان یه‌ك ناگرێته‌وه‌ كه‌ له‌ فه‌رهه‌نگ و كولتووری كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ باوه‌، چونكه‌ له‌ نێو زمانی كوردیدا، چه‌ندین شێوه‌زار و بنزاری دیكه‌ هه‌ن و هه‌ریه‌كه‌یان له‌ ڕووی ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕووبه‌ری جوگرافییه‌وه‌ به‌ پێی په‌یوه‌ندییان به‌ خه‌ڵك و شوێنه‌كه‌وه‌ به‌كاردێن.
بۆ نموونه‌: له‌ هه‌موو كوردستان به‌ ( زڕدایك ) ناگوترێت (باجی) ئه‌م ده‌ربڕینه‌، ڕه‌نگه‌ له‌ سلێمانی یان ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ی كوردستان به‌ كار بێت، به‌ڵام له‌ شێوه‌زاری هه‌ولێر یان ڕواندز، ڕه‌نگه‌ به‌كار نه‌هێنرت، كه‌ واتا نابێ نووسه‌رێك به‌ گشتی باس له‌وه‌ بكات كه‌ كورد هه‌مووی به‌ زڕ دایك ده‌ڵێت باجی ! ئه‌مه‌ له‌ ڕووی واتایی و لێكدانه‌وه‌ی زمانیشه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌. نووسه‌رێك نووسیویه‌تی:_( ئه‌گه‌ر پیاوی كورد ژنی دووه‌م بێنێت، یان چه‌ند ژنێكی دیكه‌ بێنێته‌وه‌، ئه‌وا ئه‌م ژنه‌ بۆ منداڵه‌كانی ده‌بنه‌ زڕدایك یان باوه‌ژن و پێی ده‌ڵێن باجی )(1) به‌ڵام با بپرسین، ئایا منداڵێك هه‌یه‌ چوار زڕدایكی هه‌بێت؟ بێگومان نه‌خێر، ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌یه‌ له‌ هه‌موو بارێكی خێزانی و كۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌ هاوسه‌ری دووه‌م ناگوترێت زڕدایك، به‌ڵكو ده‌بێ چه‌ند دۆخێكی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بێت وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌بێ منداڵه‌كانی زۆر بچووك بن، چونكه‌ كه‌سێك له‌ ته‌مه‌نی په‌نجا ساڵی دابێت، ناڵێت زڕدایكم هه‌یه‌، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی پێویستی به‌ په‌روه‌رده‌كردن و چاودێری و خزمه‌تكردن نییه‌. هاوكات ده‌بێ پیاوه‌كه‌ ژنی یه‌كه‌می مرد بێت و منداڵیشی هه‌بێت، ئه‌و كات ئه‌و ژنه‌ی دوای مه‌رگی ژنی یه‌كه‌می ده‌یهێنێته‌وه‌، بۆ منداڵه‌كانی ده‌بێته‌ زڕدایك و گه‌ر منداڵی نه‌بێت، ئه‌و شوناسه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ وه‌رناگرێت. به‌ دوای ئه‌مه‌ ، هه‌ر ژنێكی دیكه‌ بهێنێته‌وه‌، نابنه‌ زڕدایك، ته‌نێ ئه‌وه‌ی له‌ دوای دایكی ڕاسته‌قینه‌یان دێته‌ نێو خێزانه‌كه‌یان ده‌بێته‌ باوه‌ژن. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ وه‌ك باسمان كرد به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ هه‌موو شوێنێكی كوردستاندا به‌ باوه‌ژن ناگوترێت باجی، چونكه‌ به‌ داخه‌وه‌ زڕدایك له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا به‌ گشتی، به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر نامرۆیی، نا په‌روه‌رده‌یی ، دوور له‌ هه‌موو جۆره‌ سۆز و میهره‌بانییه‌ك ڕه‌فتار له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانی دایكێكی مردوو ده‌كات، كه‌ نه‌ك هه‌ر پێی ناگوترێت باجی كه‌ زۆرجار بۆ پوور، یان خوشكی گه‌وره‌ش به‌كاردێت، به‌ڵكو زۆر ناخۆشه‌ویست و ڕه‌تكه‌ره‌وه‌ و ناشرینیشه‌! مه‌گه‌ر به‌ ده‌گمه‌ن باوه‌ژنێك هه‌بێت ببێته‌ جێگره‌وه‌ی دایكی ڕاسته‌قینه‌ بۆ منداڵه‌كان. بۆیه‌شه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا ده‌گوترێت منداڵ به‌ دایك هه‌تیو ده‌بێت به‌ باوك نا، یاخود ده‌گوترێت كه‌ دایك بووه‌ زڕدایك، ئه‌وا باویش ده‌بێته‌ زڕباو، به‌ڵام قه‌ت ناگوترێت ئه‌گه‌ر باوك بووه‌ زڕ باو، ئه‌وا دایكیش ده‌بێته‌ زڕدایك، چونكه‌ هیچ كه‌سێك بۆ منداڵ نابێته‌ دایك و ناتوانێت ئه‌و هه‌ست و خۆشه‌ویستی و میهره‌بانییه‌ی پێ بدات كه‌ دایكی ده‌یداتێ. له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، كاتێ ژنێك هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌مرێت، یاخود له‌ پیاوه‌كه‌ی جیا ده‌بێته‌وه‌، به‌ داخه‌وه‌ پێی ده‌گوترێت (بێوه‌ژن) كه‌ وشه‌یه‌كی برینداركه‌ره‌، به‌ڵام باوه‌ بۆ ناسینه‌وه‌ی ئه‌م ژنانه‌، به‌ڵام گه‌ر پیاوێك له‌ ژنه‌كه‌ی جیابووه‌وه‌ یاخود ژنه‌كه‌ی مرد، هه‌رگیز پێی ناگوترێت (بێوه‌ پیاو) چونكه‌ وشه‌كه‌ نامۆ و باو نییه‌ و دیدگای نێرسالاریی كۆمه‌ڵگه‌ و پیاوی كورد ڕێگه‌ به‌وه‌ نادات هه‌مان ئه‌و شوناسه‌ وه‌ربگرێت كه‌ دراوه‌ته‌ پاڵ ڕه‌گه‌زی مێ.
كه‌ واتا لێره‌دا ناتوانرێت ئه‌م وشه‌یه‌ به‌رجه‌سته‌ بكرێت و ببێته‌ به‌شێكه‌ له‌ فه‌رهه‌نگی به‌ركارییانه‌ی زمان، چونكه‌ ئه‌قڵیه‌تی كۆمه‌ڵگه‌، كولتووری باوی كۆمه‌ڵایه‌تی و نۆڕمه‌ خێزانی و میللییه‌كان ڕێگه‌ به‌وه‌ ناده‌ن. بۆیه‌ زمانی كوردی له‌و زمانانه‌یه‌ هه‌رگیز نابێ لێكدانه‌وه‌ی تاكڕه‌هه‌ندییانه‌ی بۆ بكرێت، چونكه‌ دواجار هه‌ڵه‌ ده‌كه‌وێته‌وه‌. به‌تایبه‌تیش له‌لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه‌، كه‌ ورده‌كارییه‌كانی زمان شاره‌زا نین. زمانناسی په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌كادیمیبوونه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو شاره‌زایی و قووڵبوونه‌وه‌یه‌، له‌ ڕووبه‌ری زمان له‌ هه‌موو ڕووێكه‌وه‌.

1_ بڕوانه‌ وتاری (وشه‌ی جوان) نووسینی :داستان شه‌ریف، ماڵپه‌ڕی دیاسپۆرا، له‌ 30/7/2025.

*ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ هه‌فته‌نامه‌ی ڕێگای كوردستان ژماره‌ (1454) له‌ 16/9/2025 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.




درەختێکی ڕووت.. عارف کوردە

لەهەڕەتی لاویدای
لێ ناتوانی بوخچەی،
تەمەنت هەڵگریت
لەدرەختی سەرەڕێ دەچی
هەر ڕێبوارێ تێ دەپەڕێ
گەڵایەکت لێ دەکاتەوە
بۆیە، ڕووت.. ڕووتی..!
ئەو بایە..!
یاری بەڕوحت ئەکات
پێویستیت،
بەئامێزێکی گەرمە
ئامێزێک..،
سیسی تەمەنت،
سەوز بهێڵێتەوە
هەرچەند هەڵدەکشێت
ترس لەدەرگا ئەدا
ئازار‌ جەستەت،
سوژن ڕێژ ئەکات
داهەزاوە..داهەزاو
لەدوای ماندووبوونەکان
بەدوای کوانوویەکدا دەگڕێیت،
خەونە شەختەییەکان
گەرم بکاتەوە
چونکە لایەکت، لەبۆشاییدایە
لەسەر نیو بەڕە دەنویت
لادیوارێ نیە؟
پشتی پێوە بدەیت
کۆمڕی ژوورەکەش،
قڵشتێکی گەورەی تێکەوتووە
هەرەس دێنێ.. هەرەس
ئاگردانەکە دەکوژێتەوە
چەند دارەڕایەکی خراپە
دادەتەپێ.. هۆدەکە!
بنۆڕە ئەو دیو تەلارەکان
دێوێک..،
لەنێو مێرگێکدا
باغێک..،
لەپەپوولە ئاو پرژێن دەکات
کوختیەکان..،
لەگمەگم کەوتوون
باڵی ئاسمان،
بەبڵاچەی شمشێر قرتاوە.

عارف کوردە




ئەم مرۆڤانە جێگەی شانازین.. گۆران هەڵەبجەیی

پاش ڕووخانی ڕژێمە دیکتاتۆرو چەوسێنەرەکەی بەشار ئەسەد لەسوریا،لەلایەن میدیاو سۆشیال میدیای جیهانی و عەرەبی و دەفەرەکەوە گرنگیەکی تایبەت بەم ڕووداوە درا.
بەهۆی ئەوەی کوردانی ڕۆژئاوا بەرکەوتەی ڕاستەوخۆیان بەو گۆڕانکاری و ڕووداوانەوە هەیە ،ئاساییە کە ئەوانیش بگرێتەوە .بەوەی کوردانی ڕۆژئاوا لەمێژە خاوەنی کیانێکی سەرکەوتوون ، جا ئەوئەزموونە سەرکەوتووە بۆ دەسەڵاتدارانی تورکیا هاوکات بۆ دەسەڵاتەکەی شەرع جێگەی نیگەرانیەو و وەک مەترسیەک بۆسەر دەوڵەتەکانیان تێی دەڕوانن ،بۆیە بەتایبەت تورکیا بە بەرنامەیەکی هەمەلایەن هەوڵی لەناوبردنی دەدا، دەمێک دەرکەوت ئەو هەوڵە شکستی خوارد ئیدی هەوڵی لاوازکردن و ناشیرین کردنی دەدەن ،کە تا ئێستاش بەردەوامە.بەوەی ئێمە شارەزایمان لە زمانی تورکیدا نیە بۆیە نازانین لەمیدیای تورکیدا چ باسە بەڵام دڵنیام مشتومڕی گەرمی لەبارەوە دەکرێت.

ئەوەی ئێمە لەڕێگەیانەوە هەڵوێستی تورکیا وەک دەسەڵات و نوخبەی ڕووناکبیر بزانین میدیا عەرەبیەکانە کە بەردەوام نووسەر،شرۆڤەکار،ڕۆژنامەنووسانی تورکی عەرەب زمان بەشداری تێدادەکەن.
شایانی ئاماژەیە ژمارەیەک لەو بەشداربووانە عەرەبی سورین و شوناسنامەی تورکیان وەرگرتوەو بەشێک لە ناوی خۆیان گۆڕیوە بۆ تورکی .
چەند دەزگایەکی میدیایی عەرەبی پانتاییەکی فراوانیان بۆ ئەم مەبەستە تەرخان کردوە ،بە وێنەی [العربیە بەهەردوو کەناڵەکەیەوە،الجزیرە بەهەردوو کەناڵەکەیەوە،بی بی سی عرەبی ،سکای نیوز وچەنەد کەناڵێکی دیکە]. دەمێک بەرنامەکان پەیوەندیان بە سێکووچکەی{تورکیا،سوریا،ڕۆژئاوا} دەبێت ئیدی ئاساییە دوو لە میوانەکان تورکێک و کوردێک بن، جاروباریش میوانێکی عەرەبی شۆڤێنی یا مسوڵمانی ئیخوانی لەم بەرنامانەدابەشدار دەبن..
لەکوردەکانیش چەند بەڕێزێک بەردەوام بەشداریان هەیە کە زۆربەیان ڕۆژئاواین ،دەمێک ئەم بەڕێزانە قسەدەکەن گەوهەر لەزاریان دێتە دەر،پەیڤەکانیان حساب بۆکراون ،بەرسیڤەکانیان بۆ تورکە شۆڤێنستەکان هێندە بەهێزن هێندە دەمکووتکەرن هێندە حاشاهەڵنەگرن وەک داکووتانی بزماروایە بە تەختەدا .دەمێک ئەم بەڕێزانە دەدوێن تەنانەت پێشکەشکارانی بەرنامەکانیش ناتوانن سەرسامی خۆیان بشارنەوە کە ئەویش بە گوزارشتی سیمایاندا دەردەکەوێت .مرۆڤ بە گوێگرتن لێیان ئارام و ئاسودە دەببێت،هاوکات شانازی بە کوردبوونی خۆیەوە دەکات کە ئەم کەسە بەتوانایانە هاوزمان و هاونەتەوەین.
کاتێک ئەم بەڕێزانە دەدوێن قسەکایان هێندە کاریگەرو لۆژیکن بەتایبەت کە بە فاکت و بەڵگە تورکەکان بێ دەنگ دەکەن ،ئیدی ئەوانیش هیچیان پێنیە بۆ قەناعەت پێکردنی بەرێوەبەری بەرنامەو و بینەر تەنها هەڵچوون و سوکایەتی نەببێت.زۆر جا کاردەگاتە ئەوەی بەڕێوەبەری بەرنامەکە بەهۆی سنوربەزاندنیان لە ئادابی دیالۆگ ناچار دەبێت ڕایانبگرێت.هەریەک لەم کوردانە لەچەندین بواری تردا کاردەکەن،وەک مامۆستای زانکۆ ،شاعیرو ڕۆماننووس،،نووسەر ،ئەکادیمیست .ئەو زمانەی قسەی پێدەکەن لەئاستێکی باڵادایە،دەتوانم بڵێم هێندە بەجوانی وپاراوی قسەدەکەن لەوانەیە عەرەبەکانیش نەگەن بەو ئاستە.
چەند جێگەی دڵخۆشیە ئێمەی کورد خاوەنی ئەم جۆرە سیاسیانەین کە لە سەنگەرێکی تۆکمەو مەزنەوە داکۆکی لەنەتەوەکەیان دەکەن و جێگەی متمانەن بەوەی کە هەرگیز ئەو سەنگەرە چۆڵ ناکەن. بەڵێ ئێوە جێگەی شانازیمانن و دڵسۆزیتان بەرز دەنرخێنین.
ناوی هەندێک لەو تورکانەی لەبەرنامانەدا بەشداری دەکەن: محمد زاهد گول،ئۆکتای یڵماز،مستەفا ئۆزجان،تەها ئۆغلۆ،بکیر ئاتاجان[ئەم بەکیرە زۆر بێ ئەدەب و بێ ئەتەکێتە و ئیلتیزام بە بەرنامەوە ناکات، لەهەمووی خۆشتر جێ بەخۆی ناگرێت و بەردەوام دەجوڵێت و بەدەنگی بەرز قسەدەکات و زاری پڕدەبێت لە کەف ،هێندە ڕەگەزپەرستە وای بۆدەچم بەهۆی کوردەوە لە خەفەتدا ڕۆژێک دڵی بوەستێت،کارەسات لەوەدایە ئەم ڕەگەزپەرستە بەڕێوەبەری پەیمانگای هزرە لە ئەستەنبوڵ].
سەبارەت بە شداربوانی کوردیش ئەم ئەستێرە گەشانەم لەیادە ،جا داوای لێبووردن لەهەر بەڕیزێک دەکەم کە لەو بەرنامانەدا بەشداری هەبووەو ناویم یاداشت نەکردوە .
دکتۆر سەربەست نەبی،شێرزاد ئەزیدی،شڤان خابووریی،ڕۆستەم مەحمود،شۆڕش دەروێش ،نەواف خلییل ، وتاد.




تەشەبوز.. پشکۆ ناکام

ئەو میللەتەی هەلپەرست و گەندڵ و ساختەچی و دز هەڵبژرێرێ ناکرێ بە قوربانی دابنرێ ،بەڵکو هاوبەش و شەریکی تاوانەکەیە…. “ جۆرج ئۆرۆویل “

ئەگێڕنەوە لە جەنگەڵا حکومەتێک هەبوە بۆ بەڕێوە بردنی کاروباری دارستان ، جارێکیان شێر و ڕێوی و کەر گیر ئەخۆن بە دەست مەعامەلەیەکەوە لە یەکێ لە وەزارەتەکانا و کەسیێکیش شک نابەن بە تەنگیانەوە بچێ و کار ئاسانیان بۆ بکا …ڕۆژیکیان هەرسێکیان بەوپەڕی بێ تاقەتییەوە یەکتر ئەبینن و دوای بۆڵەبۆڵ و توڕەبوونێکی زۆرەوە ڕێوی ئەڵێ: تەواو من قەرارم یاوە خۆم ئەچم بۆ وەزارەت و بە دوای مەعامەلەکەنا ئەچم ، شێر ئەڵێ نەگبەت سوودی نیە ، ڕێوی ئەڵێ ئەی نەتان بیستوە یەکێ زۆڵ و ساختەچی بێ پێی ئەڵێن ئەڵێی ڕێویە ! کەر بەدەم پێکەنینەوە ئەڵێ : نەگبەت ئەوە کاتی خۆی بوو ،ئێستا بە هی وا ئەڵێن ڕێوی بەندە لە چاویا دال نوقتەیە ، بۆ بەیانییەکەی ڕێوی ئەڕوا و بۆ سەبینیەکەی ئەگەڕێتەوە و دەم چاوی بەیکا یاوە و ئەڵێ : هیچ ..هەرخەریک تێشم هەڵەن تەنانەت مودیر عامێ ووتی لەوە ئەچێ تۆ جەنگەڵێکی ئیقایمی ناردبێتیانی !!منیش پێش ئەوەی مەسەکە بگاتە شتی تر بە پەلە هاتمەوە..!!شێر ئەڵێ : دۆزیمەوە ، خۆم ئەچم ، ڕێوی ئەڵێ ئەی جارێک نەچووی ؟
شێر ئەڵێ ئەوە دەورەی پێشوو بوو ، ئەی شێر یانی چی ؟ ئەچم و هەر بە نەڕەنەڕ هەر مەپرسە چی ئەکەم لەوانەیە هەر بۆ سوعبەت دوو سێ گازێکیش بگرم ، ڕێوی ئەڵێ ئەی بێ عەقڵ ئێستا گەجەر و گوجەری وا پەیا بوە بە فیکەیەک بە دە پانزە کەس تێتهەڵئەیەن ، تۆ جاران شێر بووی ، دەی وەختم نیە ..خوایە پشت بە تۆ ..بە دوعا…شێر ئەڕوا و بۆ ڕۆژی دوایی مات و مەلوول ئەگەڕێتەوە و ئەڵێ: هەر لە ئیستعلاماتەوە خەریک بوو سواری هەمبەرێکم بکەن منیش لە تاوا هەر هەنگاوێکم کرد بە بیست و خۆم قووتار کرد ..فایدەی نیە ئەبێ واز لەو مەعامەلەیە بێنین…كەر سەیرێکی هەردووکیان ئەکا و ئەپرسێ ئەڵێن چی منیش خۆم تاقی بکەمەوە < شێر ئەیاتە قرمەی پێکەنین و پێی ئەڵێ ئەوە بەڕاستە ؟ بە شێر و ڕێوی نەکرێ بە کەر ئەرێ؟ ئاخر بۆیە پێت ئەڵێن کەر ..کەر خۆی قیت ئەکاتەوە و بۆینباخەکەی تونگ ئەکات وئەڵێ : با وەخت نەکوژم نەبادا جومعەی بێ بەسەرا……دوعای خێرم بۆ بکەن من خواحافیز….كەر ئەڕوات و بەیانییەکەی بەدەم پێکەنین و هەلهەلەوە یەتەوە لای شێر و ڕێوی و لە خۆشیانا قاچی ئەرز ناگرێ، شێر ئەڵێ ئەوە چیە ؟ سەیرەبێ جێبەجێت کردبێ؟ ڕێوی ئەڵێ :
دیارە لە خەفەتا تێک چوویت …کەر ئەڵێ : تەواو بوو ..کرا و مەعامەلەکەمان موافەقەتی لەسەر کرا هەردووکتان بڵێن بژی کەر …بەسەری هەرسێکمان ئەمجارە کە چووم بۆ وەزارەت سەیرم کرد ئەوانەی جاری پێشوو نین ،هەموو خزم و قەوم و خیشی خۆمن لەوێ ئیش ئەکەن ، یەک ئیحترامیان گرتم هەر مەپرسە..خۆم لەسەر کورسی دانیشتن و مەعامەلەکەش ژوور بە ژووری کرد ، ئەونە چام خواردەوە بووم بە سەماوەر ..ووتیان تۆ بۆ عەزێتت کێشا هاتیت !!بە یەکێ لە حیمایەکانت بتناردایە..کە ووتم حیمایەم نیە ووتیان چۆن ؟ ئەوە ناعەدالەتیەکی گەورەیە ..تۆیەکی ماندوونەناس لەم جەنگەڵەیا بێ حیمایەیت ! ئەبێ چاو پخشێنینەوە بە هەندێ یاسا و ڕاسا کەلەگەڵ واقیعی ئەمڕۆی جەنگەڵا یەک ناگرێتەوە…..کە شێر و ڕێوی بەسەرهاتەکەی کەریان گوێ لێبوو ووتیان: بژی تەشەبووز…




‏لە ڕۆشنگەری کانتەوە بۆ ڕۆشنگەری ژمارەیی “دیجیتاڵی” نوێ.. ‏ و . لە عەرەبیەوە: یاسین لەتیف

‏(لە ڕۆشنگەری کانتەوە بۆ ڕۆشنگەری ژمارەیی “دیجیتاڵی” نوێ: دیدگایەکی شیکاری ڕەخنەیی لەسەر ڕەهەندە فەلسەفی و کۆمەڵایەتیە هاوچەرخەکانی زیرەکی دەستکرد .)

‏ئەگەر ڕۆشنگەریی تەقلیدی پەیوەندی نێوان مرۆڤ و جیهانی سروشتی دووبارە داڕشتبێتەوە، ئەوا ڕۆشنگەریی ژمارەیی پەیوەندی نێوان مرۆڤ و خودی خۆی دووبارە دادەڕێژێتەوە. ئەگەر پرۆسەی ڕۆشنگەریی نەریتی پێشوو بە ئامانجی ئازادکردنی مرۆڤ بووبێت لە چنگی ئەفسانە و دەسەڵاتی ڕەها لە ڕێگەی گەڕانەوەی سەروەری بۆ عەقڵ ، ئەوا ڕۆشنگەریی دیجیتاڵی ڕووبەڕووی کێشەی ئازادبوون لە دەسەڵات و زاڵبوونی مۆدێلە ژمێریاریەکان دەبێتەوە کە کۆنترۆڵی بەسەردا نییە. ڕۆشنگەریی دیجیتاڵی تەنیا پشت بە عەقڵی تاکەکەسی نابەستێت، بەڵکو پشت بە عەقڵی بەکۆمەڵ دەبەستێت کە ئەلگۆریتمەکان دروستی دەکەن، ئەمەش پرسیارێکی فەلسەفی لەبارەی ناسنامە و سنوورەکانی عەقڵی مرۆڤەوە دروست دەکات.
پوختەی ئەم توێژینەوەیە ئامانجی شیکردنەوەی ڕۆڵی زیرەکی دەستکردە وەک دیاردەیەکی فرە ڕەهەند کە تێپەڕ دەبێت لەوەی تەنها گەشەسەندنێکی تەکنیکی بێت ، هاوکات دەبێتە هێزێکی مەعریفی، کۆمەڵایەتی، ئەخلاقی، سیاسی و، ئابووری کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر داهاتووی مرۆڤ و کۆمەڵگەکان هەیە.
وتارەکە پشتی بە میتۆدی شیکاری و ڕەخنەیی بەستووە کە تێیدا چوار تەوەری سەرەکی ژیریی دەستکرد هەڵدەوەشێنێتەوە: ڕەهەندی فەلسەفی و مەعریفی، ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و کلتووری، ڕەهەندی ئەخلاقی و سیاسی و ، ڕەهەندی ئابووری و تەکنیکی، هەروەها کاریگەریەکانی هەموو تەوەرەکان شیدەکاتەوە لەسەر ئاستی تاک و کۆمەڵگە و دەوڵەت . توێژینەوەکە دەگاتە چەندین ئەنجامی سەرەکی یەکەم، زیرەکی دەستکرد وەک درێژکراوەیەکی عەقڵی مرۆڤ دەردەکەوێت، توانای هەیە سنوورەکانی زانین فراوانتر بکات و تێگەیشتن قووڵتر بکات بە شێوەیەک ڕەنگدانەوەی ڕۆحی ڕۆشنگەریە، بەڵام مرۆڤ دەخاتە بەردەم ئاستەنگێکی بەردەوام بۆ پاراستنی سەربەخۆیی بیرکردنەوە.
دووەم، لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و کلتووری، زیرەکی دەستکرد شمشێرێکی دوو دەمەیە: دەتوانێت دەستڕاگەیشتن بە زانین و کارلێکی کلتووری بەهێزتر بکات، بەڵام لە هەمان کاتدا پێکهاتە دەسەڵاتیەکان و کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی دووبارە بەرهەم دەهێنێتەوە ئەگەر بە خراپی بەکاربهێنرێت. سێیەم، لە ڕوانگەی ئەخلاقی و سیاسییەوە، زیرەکی دەستکرد وەک فاکتەرێک دەردەکەوێت کە توانای هەیە دادپەروەری و شەفافیەت بەهێزتر بکات یان کۆنترۆڵ و جیاکاری دووبارە بەرهەم بهێنێتەوە، ئەمەش پێویستی بە چوارچێوەی ئەخلاقی و یاسایی ڕوون هەیە کە ئیلهامی لە چەمکەکانی ڕۆشنگەری کانت و هابرماس وەردەگرێت. چوارەم، لە ڕەهەندی ئابووری و تەکنیکیدا زیرەکی دەستکرد هەلی بێ وێنە بۆ گەشە و داهێنان دەڕەخسێنێت، بەڵام ئاستەنگ لەسەر بازاڕی کار، دابەشکردنی سەرچاوەکان و ، ئاسایشی دیجیتاڵی دروست دەکات، ئەمەش پێویستی بە سیاسەتێکی هاوسەنگ هەیە بۆ بەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام ‏بە پشتبەستن بەم ئەنجامانە.
توێژینەوەکە چەند پێشنیارێکی بنیادنەرانە دەخاتەڕوو بۆ دڵنیابوون لە ئاراستەکردنی زیرەکی دەستکرد بەرەو خزمەتکردنی مرۆڤایەتی ، ئەمانەش بریتین لە بەهێزکردنی ڕۆشنگەریی مەعریفی لەڕێگەی پەروەردەی دیجیتاڵی و توێژینەوەی زانستیەوە دانانی چوارچێوەیەکی ئەخلاقی و سیاسی توند بۆ دڵنیابوون لە دادپەروەری و لێپرسینەوە، ئەوەش پەرەپێدانی ستراتیژییەتی ئابووری و تەکنیکی هاوسەنگ کە بازاڕی کار بپارێزێت و داهێنانی بەردەوام بەهێز بکات. هەروەها توێژینەوەکە جەخت لەسەر گرنگیی کلتووری کۆمەڵایەتی هۆشیار دەکاتەوە کە سەیری زیرەکی دەستکرد دەکات وەک هاوبەشێکی سەرەکی لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرتر، زاناتر، و خۆشگوزەرانتر. بە کورتی زیرەکی دەستکرد وەک دەرفەتێکی مێژوویی دەردەکەوێت بۆ فراوانکردنی ئازادی و زانینی مرۆڤ، بەڵام لە هەمان کاتدا تاقیکردنەوەیەکە بۆ داهاتووی بەها مرۆییەکان.
‏سەرکەوتنی ئەم ئاراستەیە پشت بە بەڕێوەبردنێکی یەکگرتوو و بەرپرسیارانە دەبەستێت، کە مەعریفەو، ئەخلاق و، سیاسەت و ، ئابووری پێکەوە کۆ دەکاتەوە ، بۆ ئەوەی دڵنیا بێت لەوەی کە سەردەمی ڕۆشنگەری نوێ بەڕاستی بەدی دێت و دواجار زیرەکی دەستکرد دەبێتە ئامرازێک بۆ ئازادی نەک باڵادەستی و هەژموون . پێشەکی: لە سەردەمێکدا کە گۆڕانکاریە تەکنیکی و کۆمەڵایەتیەکان بە خێرایی ڕوو دەدەن زیرەکی دەستکرد نەک تەنها وەک ئامرازێکی داهێنەرانە، بەڵکو وەک دیاردەیەکی گشتگیر دەردەکەوێت کە پێناسەی زانین و دەسەڵات و داهێنانی مرۆڤایەتی دووبارە دەکاتەوە.
قسەکردن لەسەر زیرەکی دەستکرد چیتر تەنیا لە مەڕ توانای باشترکردنی بەرهەمهێنان یان ئۆتۆماتیک کردنی پرۆسەکان سنووردار ناکرێت، بەڵکو پرسیارە قووڵەکانی تایبەت بە سروشتی زانین و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و لێپرسینەوەی ئەخلاقی و، سیاسەتە ئابوورییەکانی داهاتووش دەگرێتەوە. ئەم تێکەڵاویەی نێوان تەکنەلۆجیا و مرۆڤایەتی وایکردووە زیرەکی دەستکرد ببێتە بابەتێکی زۆر ئاڵۆز و گرنگ، کە پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی فرەڕەهەند هەیە ، شیکاری فەلسەفی، ڕەخنەی کۆمەڵایەتی، ڕێبازە ئەخلاقی و سیاسییەکان، هەروەها هەڵسەنگاندنی ئابووری و تەکنیکی کۆبکاتەوە.ئەم توێژینەوەیە پشت بە میتۆدێکی شیکاری و ڕەخنەیی دەبەستێت کە ئامانجی شیکردنەوەی چوار ڕەهەندی سەرەکی ژیری دەستکردە: ڕەهەندی فەلسەفی و مەعریفی، کە مامەڵە لەگەڵ پەیوەندی نێوان عەقڵی مرۆڤ و زانستی دەستکرد دەکات.
ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و کلتووری، کە کاریگەریی زیرەکی دەستکرد لەسەر کارلێکی مرۆڤایەتی و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان تاوتوێ دەکات. ڕەهەندی ئەخلاقی و سیاسی، کە لە دادپەروەری و کۆنترۆڵ و بەرپرسیارێتی دەکۆڵێتەوە. ڕەهەندی ئابووری و تەکنیکی کە کاریگەریی زیرەکی دەستکرد لەسەر بەرهەمهێنان و ، داهێنان و ، بازاڕی کار هەڵدەسەنگێنێت.‏گرنگیی ئەم توێژینەوەیە لە خستنەڕووی ئاستەنگ و دەرفەتە تێکەڵەکانی زیرەکی دەستکرددایە، لە ڕێگەی نزیکبوونەوەیەکی گشتگیرەوە کە پشت بە بەڵگە زانستیەکان و سەرچاوە ئەکادیمیە متمانەپێکراوەکان دەبەستێت لەگەڵ شیکردنەوەیەکی ڕەخنەیی کە هاوسەنگیەک لە نێوان تواناکانی زۆری ئەم تەکنەلۆجیایە و مەترسیە ئەگەریەکانیدا ڕادەگرێت. هەروەها توێژینەوەکە هەوڵدەدات دیدکی واقعیانە بۆ داهاتوو بخاتە ڕوو ، کە چۆنیەتی ئاراستەکردنی زیرەکی دەستکرد وەک ئامرازێک بۆ ڕۆشنگەری و ئازادیی مرۆڤایەتی بخاتەڕوو، نەک وەک ئامرازێک بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی هەژموون و کۆنترۆڵکردن . لەم چوارچێوەیەدا توێژینەوەکە ئاسۆیەکی مەعریفی گشتگیر بۆ تێگەیشتن لە زیرەکی دەستکرد وەک فاکتەرێکی کاریگەر لە بنیاتنانی داهاتوودا دەکاتەوە، جەخت دەکاتەوە کە تێگەیشتن لە چوار ڕەهەندەکەی و پێشبینیکردنی کاریگەریەکانی ڕێگەیە بۆ دڵنیابوون لەوەی مرۆڤ لە ناوەندی زانین و بڕیارداندا بمێنێتەوە لەگەڵ بەدیهێنانی هاوسەنگی لە نێوان پێشکەوتنی تەکنەلۆجی و بەها مرۆییەکاندا.

‏یەکەم- ڕەهەندی فەلسەفی و مەعریفی زیرەکی دەستکرد:
چەمکی عەقڵ پێگەیەکی ناوەندی لە مێژووی فەلسەفەدا داگیرکردووە. لە فەلسەفەی یۆنانەوە عەقڵ پەیوەست بووە بە توانای هەستکردن لە گشتیەکان و بنیاتنانی بەڵگە ، ئەمەش وایکرد ئەرستۆ مرۆڤ وەک ‘ئاژەڵێکی عاقڵ” وەسف بکات. لەسەردەمی مۆدێرندا ڕۆشنگەری هات بۆ ئەوەی عەقڵ پێگەیەکی ستاندارد بدات لە تێگەیشتن لە جیهان و ڕێکخستنی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی. ئیمانوێل کانت (١٧٢٤-١٨٠٤) کڕۆکی ئەم پڕۆژەیەی لە وتارەکەیدا بە ناوی “ڕۆشنگەری چییە؟” پوختکردەوە کاتێک وتی: “ڕۆشنگەری بریتیە لە دەرچوونی مرۆڤ لەو کورت بینینەی کە لە مافی خۆیدا ئەنجامیداوە .
کورت بینین لێرەدا بریتیە لە بێتوانایی بەکارهێنانی عەقڵ بەبێ ڕێنمایی کەسێکی تر. ئەم تێڕوانینە سەربەخۆیی و ئازادی بە عەقڵ بەخشی و ئاسۆیەکی نوێی لەبەردەم مرۆڤدا کردەوە بۆ ئەوەی خۆی وەک بوونەوەرێکی بیرکەرەوە وەسف بکات کە توانای بڕیاردانی لەسەر چارەنووسی خۆی هەیە. ‏بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ جیهان بەهۆی زیرەکی دەستکردەوە بەخۆیەوە دەیبینێت، لەم تێڕوانینە کانتیە تێدەپەڕێت چونکە چیتر بابەتەکە تەنیا بریتی نییە لە ئازادکردنی عەقڵی مرۆڤ لە بەربەستە دەرەکیەکان، بەڵکو پەیوەندی بە دووبارە پێناسەکردنی خودی “عەقڵ”ەوە هەیە. زیرەکی دەستکرد تەنیا وەک ئامرازێکی یارمەتیدەر بۆ عەقڵی مرۆڤ زیاد ناکرێت، بەڵکو شێوازێکی نوێی عەقڵانیەت دروست دەکات کە پشت بە توانای فێربوونی خودی ئەلگۆریتمەکان و پڕۆسێسکردنی داتاکان لەسەر ئاستێکی بێ کۆتایی و ، دەرهێنانی شێوازە مەعریفیەکان دەبەستێت کە مرۆڤ توانای تێگەیشتنیانی نەبوو. ماکس تیگمارک (١٩٦٧ – ) ئەم گۆڕانکاریە کوالیتیە دەردەبڕێت کاتێک دەڵێت ئێمە چووینەتە قۆناغی “ژیان “، واتە قۆناغێک کە تێدا پەرەسەندن تەنها بە بایۆلۆجی یان کلتوور ناوەستێت، بەڵکو بە زیرەکی دەستکرد کە شێوازە نوێیەکانی ژیان و زانین دروست دەکات.

‏أ – ژیان 1.0 بریتیە لە ژیانی بایۆلۆجی سادە وەک بەکتریا کە تێیدا هەردوو ‘ڕەقەکاڵا’ (جەستە) و ‘نەرمەکاڵا’ (هەڵسوکەوت) تا ڕادەیەک جێگیرن و تەنها لە ڕێگەی پەرەسەندنی بۆماوەیی خاوەوە دەگۆڕێن.
‏ب – ژیان 2.0 ژیانی مرۆڤایەتیە کە تێیدا ڕەقەکاڵای بایۆلۆجی بە شێوەیەکی ڕێژەیی بە جێگیری دەمێنێتەوە، بەڵام مرۆڤ دەتوانێت “نەرمەکاڵاکانی” بگۆڕێت لە ڕێگەی فێربوون و، کلتوورو ، زمانەوە، واتە دەتوانێت خۆی لە ڕووی مەعریفیەوە دووبارە پڕۆگرام بکاتەوە.
‏ج – ژیان 3.0، کە جێگەی مشتومڕترین خاڵە نوێنەرایەتی ئەو بوونەوەرانە دەکات کە توانای دووبارە دیزاینکردنی هەردوو ڕەقەکاڵا و نەرمەکاڵایان پێکەوە هەیە. ئەمەش دەرگا دەکاتەوە بۆ زیرەکی دەستکرد کە توانای پەرەسەندنی خێرای هەیە لە دەرەوەی سنوورە بایۆلۆجیەکان،و داڕشتنی شێوازگەلی نوێی بوون و زانین.. لە ڕاستیدا ئەم گواستنەوەیە کێشەی فەلسەفی گەورە دروست دەکات. یەکەم ئەوەیە کە زیرەکی دەستکرد هەڕەشە لە جیاکردنەوەی نەریتی نێوان “ئامراز” و “عەقڵ” دەکات. بۆ نموونە ئەگەر چاپەمەنی ئامرازێک بوو بێت بۆ بڵاوکردنەوەی بیرۆکەکان، ئەوا سروشتی بنەڕەتی عەقڵی مرۆڤی نەگۆڕی. بەڵام زیرەکی دەستکرد پێدەچێت لە گەڵ عەقڵی مرۆڤدا بەشداری لە کارە سەرەکیەکەیدا بکات کە بریتیە لە بەرهەمهێنانی واتاو زانیاری. بەو شێوەیە لوسیانۆ فلۆریدی فەیلەسوفی ئیتاڵی (١٩٦٤- )، ئەم گۆڕانکاریە بە هەنگاو نان بۆ سەردەمی “بریکاری زانیاری” وەسف دەکات کە تێیدا زیرەکی دەستکرد تەنها بەرنامە یان ئامێرێک نییە، بەڵکو دەبێتە ئەکتەرێکی مەعریفی نوێ لە ژینگەی مرۆڤدا کە توانای بڕیاردان و بەشداریکردنی هەیە لە دیاریکردنی ئەوەی کە بە حەقیقەت یان زانیاری دادەنرێت.
ئەم گۆڕانکاریە مشتومڕە فەلسەفیە کۆنەکان دەربارەی سنوورەکانی مرۆڤ زیندوو دەکاتەوە: ئەگەر دیکارت “من بیر دەکەمەوە”ی وەک بنەمایەکی یەقینی مەعریفی دانا، ئایا ئەمڕۆ دەتوانین بانگەشە بکەین کە “خوارزمیەکان ( ئەلگوریتمەکان ) بیر دەکەنەوە؟ . ‏ئەم خاڵە تایبەتە مشتومڕێکی فراوانی لێ دەکەوێتەوە بە تایبەتی لە کارەکانی نیک بۆسترۆم فەیلەسوفی سویدی (١٩٧٣- )، لە کتێبەکەیدا دەربارەی “زیرەکی سەروو مرۆیی – ڕێچکەکان و مەترسییەکان و ستراتیژییەکان” لە ساڵی ٢٠١٤دا ناوبراو هۆشداری دەدات کە زیرەکی دەستکرد تواناکانی مرۆڤ تێدەپەڕێنێت ، لەوانەیە عەقڵێکی نوێ بەرهەم بهێنێت کە سەربەخۆ بێت لە مرۆڤ و ڕەنگە لەگەڵ بەرژەوەندیەکانیدا ناکۆک بێت.
ئەم ئەگەرە ئێمە دەخاتە بەردەم پارادۆکسێکی مەعریفی لە کاتێکدا کانت پێی وابوو کە ڕۆشنگەری واتای ڕزگاربوونی عەقڵی مرۆڤ لە ژێردەستی دەرەکی، زیرەکی دەستکرد لەوانەیە خودی عەقڵی مرۆڤ بخاتە ژێر دەسەڵاتی عەقڵێکی تر کە بەهێزتر و خێراترەوە . ‏بەڵام هەموو فەیلەسوفەکان ئەم بۆچوون و نیگەرانیە پەیڕەو ناکەن. هەندێکیان پێیان وایە کە زیرەکی دەستکرد هەڕەشە نییە بۆ سەر عەقڵی مرۆڤ، بەڵکو درێژکراوەیەکە بۆ عەقڵی مرۆڤ.
شۆشانا زوبۆف ژنە فەیلەسوف و دەروونناسی کۆمەڵایەتی (١٩٥١- )، سەرەڕای هۆشداریەکانی دەربارەی “سەرمایەداریی چاودێری”، دانی بەوەدا ناوە کە ژیریی دەستکرد شێوازگەلی نوێی زانین و پەیوەندیکردن فەراهەم دەکات. ئەمەش دەمانباتەوە بۆ لێکچواندنێکی مێژوویی گرنگ هەروەک چۆن چاپ لە سەدەی پازدەهەمدا بە سەرەتای سەردەمێکی نوێی ڕۆشنگەری دادەنرا، زیرەکی دەستکردیش لەوانەیە چاپی سەردەمی دیجیتاڵی ئێمە بێت، چونکە تواناکانمان بۆ بەرهەمهێنان و تێگەیشتن لە زانین دوو هێندە دەکات.بەڵام جیاوازیەکە ئەوەیە کە چاپەمەنی ئامرازێک بوو بۆ بڵاوکردنەوەی ئەوەی کە عەقڵی مرۆڤ بەرهەمی دەهێنا، لە کاتێکدا زیرەکی دەستکرد خۆی ناوەڕۆکی مەعریفی نوێ بەرهەم دەهێنێت. ئەمە پرسیارێکی بوونناسیمان (ئەنتۆلۆژیمان) بۆ دەوروژێنێت: ئایا زیرەکی دەستکرد بەڕاستی “بیر دەکاتەوە” یان لاسایی بیرکردنەوە دەکاتەوە؟ فەیلەسوفە شیکاریەکان وەک جۆن سیرل، فەیلەسوفی زمان (١٩٣٢- ) مشتومڕیەتی و دەڵێت کۆمپیوتەر خاوەنی مەبەست و هۆشیاری نییە، بەڵکو تەنها هێماکان بەپێی ڕێساکان پڕۆسێس دەکات. بەڵام داکۆکیکارانی زیرەکی دەستکرد ئاماژە بەوە دەکەن کە توانای فێربوونی خودکار و خۆگونجاندن لەگەڵ داتاکان ئێمە دەخاتە بەردەم شێوازێکی نوێی عەقڵانیەتی پراکتیکی، تەنانەت ئەگەر بێ خودهۆشیاریش بێت. لێرەدا جیاوازی نێوان “عەقڵ وەک هۆشیاری” و “عەقڵ وەک توانای چارەسەرکردن” دەردەکەوێت، کە ئەمەش جیاوازیەک بوو لە سەردەمی ڕۆشنگەری کلاسیکیدا بوونی نەبوو.
‏لە گۆشەیەکی ترەوە زیرەکی دەستکرد چەمکی ڕاستی دووبارە دادەڕێژێتەوە. لە سەردەمی ڕۆشنگەریدا ڕاستی پەیوەست بوو بە میتۆدی زانستیەوە کە لەسەر بەڵگە و ئەزموون دامەزرا بوو. بەڵام ئەمڕۆ ڕاستی لە ڕێگەی ئەلگۆریتمەکانەوە دووبارە بنیات دەنرێتەوە کە توانای دۆزینەوەی شێوە و نەخشەکانیان هەیە لە داتا گەورەکاندا ، ئەمەش ئاسۆیەکی مەعریفی نوێ دەکاتەوە بەڵام لە هەمان کاتدا نیگەرانیەکان سەبارەت بە “هەژموونی ئەلگۆریتم” لەسەر پڕۆسەی داڕشتنی خودی ڕاستی دروست دەکات. ئەگەر عەقڵی مرۆڤ هەڵە بکات و دوچاری تەفرەدان بێت، ئەوا ئەلگۆریتمەکە لەوانەیە جۆرێک لە حەتمیەت بەسەر زانیندا بسەپێنێت و بیگۆڕێت لە بواری گفتوگۆی ئازادەوە بۆ بواری پابەندبوونی ئۆتۆماتیکی. بۆیە دەتوانرێت بوترێت کە ڕەهەندی فەلسەفی و مەعریفی زیرەکی دەستکرد لە نێوان دوو دیدگای ناکۆکدا دەجووڵێتەوە: دیدگایەک کە بە درێژکراوەی پڕۆژەی ڕۆشنگەری دایدەنێت لە ڕێگەی فراوانکردنی عەقڵی مرۆڤ و ئازادکردنی لە سنوورداربوونی بایۆلۆجی. دیدگایەکی تر کە بە مەترسیەک بۆ سەر خودی ڕۆشنگەری دایدەنێت، چونکە لەوانەیە سەربەخۆیی عەقڵی مرۆڤ بکۆڕێت بۆ ژێردەستی و سەرپەرەشتی عەقڵێکی دەستکرد .
‏لەناو ئەم گرژییەدا ناوازەیی ساتەوەختی ئێستا حەشاردراوە؛ ئەمە دووبارەکردنەوەی ڕۆشنگەری ئەوروپی نییە بەڵکو ساتێکی نوێیە کە پێویستی بە دووبارە بیرکردنەوە هەیە لە واتای عەقڵ و زانین لەسەردەمێکدا کە سنوورەکانی نێوان مرۆڤ و ئامێر تێکەڵاو بوون.
‏دووەم – ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و کلتووری زیرەکی دەستکرد . دیاردەی زیرەکی دەستکرد چیتر تەنها تەکنەلۆژیایەک نییە کە لە تاقیگەکان یان پیشەسازیەکاندا قەتیس کرابێت، بەڵکو بووەتە هۆکارێکی کاریگەر لەسەر پێکهاتەی خودی کۆمەڵگە مرۆیەکان. ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات تەنها ئۆتۆماتیک کردنی پڕۆسەی نەریتیەکان نیە، بەڵکو داڕشتنەوەی پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و کلتووریەکانە بە شێوازێک کە ڕۆڵی تاکەکان و دامەزراوەکان و کۆمەڵگە بە گشتی دەخاتەوە ژێر پرسیار و پێداچونەوە .
توانای پرۆسیسکردنی داتا زۆرەکان، پێشبینیکردنی ڕەفتاری مرۆڤ و ، تایبەتمەندکردنی ناوەڕۆکی کلتووری و ڕاگەیاندن پرسیاری سەرەکی دەوروژێنێت دەربارەی ئەوەی کێ خاوەنی زانیاریە و کێ ئاراستەی دەکات و چۆن دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی بەڕێوە دەبرێت. لەم چوارچێوەیەدا زوبۆف جەخت دەکاتەوە کە زیرەکی دەستکرد کاتێک لە چوارچێوەی “سەرمایەداریی چاودێری”دا بەکاردەهێنرێت، تەنها کار بۆ ئاسانکاری خزمەتگوزاریەکان یان باشترکردنی کارایی ناکات، بەڵکو میکانیزمگەلی نوێ بۆ باڵادەستی و کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی دروست دەکات لە ڕێگەی چاودێریکردنی ڕەفتارەکان و پێشبینیکردنیان و گۆڕینیان بە شێوازێک کە خزمەت بە بەرژەوەندیەکانی لایەنە زاڵەکان بکات.‏بە واتایەکی تر زیرەکی دەستکرد لە ڕووی کلتووری یان کۆمەڵایەتیەوە بێلایەن نییە، بەڵکو هەمیشە هەڵگری گریمانە ئەخلاقی و سیاسیەکانەو پەیوەندیە کۆمەڵایەیەکان بە شێوازێکی نوێ بەرهەم دەهێنێتەوە.‏لەلایەکی ترەوە زیرەکی دەستکرد دەتوانێت کارلێکی کۆمەڵایەتی و کلتووری بە شێوازی بێوێنە بەهێزتر بکات.‏ئێستا گەیشتن بە سەرچاوە زانستیە جۆراوجۆرەکان بە خێرایەکی بێوێنە مومکین بووە، و کارلێککردن لەگەڵ ناوەڕۆکی کلتووری جۆراوجۆر دەرفەتی فراوانتر دەدات بە تاکەکان و کۆمەڵگەکان بۆ تێگەیشتن لە جیهان و ئاڵوگۆڕکردنی بیرۆکەکان.
تیگمارک ڕوونیدەکاتەوە کە زیرەکی دەستکرد دەتوانێت چەند هێندەی توانای عەقڵی مرۆڤ بێت لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و کلتووری ئەگەر ئاراستە بکرێت بۆ بەهێزکردنی هاوکاری و زانینی هاوبەش، نەک تەنها سەرنج خستنە سەر کۆنترۆڵی ئابووری یان سیاسی. ‏ئەم جیاوازییە لە ئەنجامە کۆمەڵایەتی و کلتووریەکاندا، ڕەنگدانەوەی مشتومڕێکی بنەڕەتی هەیە، چونکە زیرەکی دەستکرد ئامرازێک نییە کە ئەنجامە دیاریکراوەکانی هەبێت، بەڵکو پلاتفۆرمێکی ئەگەریە بۆ گۆڕینی پێکهاتە کۆمەڵایەتی و کلتووریەکان بەپێی ئەو هەڵبژاردن و سیاسەتانەی کە دەگیرێنەبەر. بۆ نموونە لە بواری پەروەردەدا زیرەکی دەستکرد بووەتە خاوەنی توانای پێشکەشکردنی شێوازەکانی فێربوونی تاکەکەسی کە پشت بە تواناکانی هەر فێرخوازێک دەبەستێت، ئەمەش ئاسۆیەکی نوێ بۆ دابەشکردنەوەی هەلی خوێندن دەکاتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا مەترسیەکانی جیاوازی کۆمەڵایەتی دروست دەکات ئەگەر دادپەروەری لە بەردەستبوونی ئەم ئامرازانەدا نەبێت. سەرەڕای ئەمانە نیک بۆسترۆم ئاماژە بەوە دەکات کە زیرەکی دەستکرد لەوانەیە جۆرێکی نوێی جیاوازی دروست بکات لە نێوان کۆمەڵگەپێشکەوتووە تەکنەلۆژیەکان و ئەوانەی کە دواکەوتوون لە بواری پیشەسازیدا، ئەمەش نایەکسانی کۆمەڵایەتی و کلتووری قووڵتر دەکاتەوە و شێوازگەلێکی نوێی باڵادەستی ئابووری و سیاسی بەرهەم دەهێنێتەوە. ئەم مەترسیانە هۆشداریەکانی فەیلەسوفانی کۆمەڵناسی دەربارەی تەکنەلۆژیا زیندوو دەکەنەوە، چونکە پێشکەوتنی تەکنیکی بە تەنها گەرەنتی پێشکەوتنی مرۆڤ ناکات، بەڵکو پشت بەوە دەبەستێت کە چۆن ئەم ئامرازانە لە چوارچێوەی کۆمەڵایەتی دادپەروەرانە و یەکساندا بەکاردەهێنرێن .
‏لە ڕەهەندی کلتووریشدا زیرەکی دەستکرد پێناسەی بەرهەمهێنانی کلتووری خۆی دووبارە دەکاتەوە. ئەلگۆریتمەکان توانای دروستکردنی دەق و وێنە و مۆسیقایان هەیە، ئەمەش مرۆڤ دەخاتە بەردەم پرسیارێک دەربارەی واتای داهێنان و کلتوور. ئایا ناوەڕۆکی دروستکراوی ئامێر بەشێکە لە کولتووری مرۆڤایەتی یان بەرهەمێکی لاوەکیە کە تەنها پشت بە چوارچێوەی کولتووری مرۆڤ دەبەستێت؟ ئەم ئاڵنگاریە مشتومڕێکی فەلسەفی کولتووریی نوێ دەوروژێنێت و ڕەنگدانەوەی ئەوەیە کە چۆن زیرەکی دەستکرد چیتر تەنها ئامرازێک نییە بۆ ئاسانکاری بەرهەمهێنان، بەڵکو بووەتە هاوبەشێک لە داڕشتنی خودی کولتووردا، لەگەڵ ئەو دەرئەنجامە کۆمەڵایەتیانەی کە لەسەر بەها و پراکتیکە کولتووریەکان دروست دەبن. لێرەوە ڕوون دەبێتەوە کە ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و کلتووری زیرەکی دەستکرد کۆکەرەوەی نێوان تواناکانی ڕۆشنگەری نوێیە واتە فراوانکردنی زانین و تواناکانی مرۆڤ و مەترسیەکانی باڵادەستیی نوێ ، جا لەسەر ئاستی دەسەڵات بێت یان بەها کلتووریەکان. ئەمەش وای لێدەکات ئەم ڕەهەندە زۆر گرنگ بێت لە تێگەیشتن لە زیرەکی دەستکرد وەک دیاردەیەک کە لە سنووری تەکنەلۆژیا تێدەپەڕێت بۆ ئەوەی ببێتە ئەزموونێکی کۆمەڵایەتی و کلتووری کە جیهانی دەوروبەرمان دووبارە دادەڕێژیتەوە.
‏‏سێیەم – ڕەهەندی ئەخلاقی و سیاسی زیرەکی دەستکرد ‏یەکێکە لەو تەوەرانەی کە زۆرترین مشتومڕی لەسەرە لە گفتوگۆ هاوچەرخەکاندا دەربارەی تەکنەلۆژیا و گۆڕانکاریە کۆمەڵایەتیەکان. توانای ئەلگۆریتمیەکان بۆ کۆکردنەوەی داتا گەورەکان و شیکارکردنی ڕەفتارەکانی تاک و ، پێشبینیکردنی بڕیارەکان وا دەکات زیرەکی دەستکرد ببێتە ئامرازێک کە خاوەنی هێزێکی زۆرە و کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی تاکەکان و کۆمەڵگەکان دەبێت . لەم چوارچێوەیەدا پرسەکانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی سەرهەڵدەدەن چونکە ئەلگۆریتمەکان دەتوانن جیاکاری کۆمەڵایەتی یان ڕەگەزی دووبارە بەرهەم بهێننەوە، یان کەلێنە ئابووری و سیاسییە بەردەستەکان قووڵتر بکەنەوە. ئەو داتا مێژوویانەی کە دەخرێتە ناو مۆدێلەکانی زیرەکی دەستکردەوە، بێلایەن نین، بەڵکو لایەنگریەکیان تێدایە کە ڕەنگە ببێتە هۆی ئەنجامی نادادپەروەرانە، ئەمەش هەڕەشەیەکی ئەخلاقی بنەڕەتی پێکدێنێت . لە هەمان کاتدا ئەم ڕەهەندە سیاسییە پرسیار دەربارەی کۆنترۆڵکردن دەوروژێنیت:
کێ توانای دیزاینکردنی ئەلگۆریتمەکانی هەیەو کێ بڕیار لە سەر ئەولەویەتەکانیان دەدات؟
بۆسترۆم ئاماژە بەوە دەکات کە زیرەکی سەروو مرۆیی لەوانەیە ببێتە ئامرازێک بۆ باڵادەستی ئەگەر چوارچێوەی ڕێکخستنی توند نەسەپێنرێت، چونکە ئەو قەوارانەی کە توانای پەرەپێدانی ئەم زیرەکیەیان هەیە دەتوانن کاریگەریەکی بێوێنە لەسەر ئابووری و سیاسەتی جیهانی پێکبهێنن. لێرەدا زیرەکی دەستکرد دەبێتە زیاتر لە تەنها ئامرازێکی تەکنۆلۆژی، هاوکات دەبێتە هێزێکی سیاسی پۆتانسێڵ کە توانای داڕشتنەوەی پێکهاتە نەریتیەکانی دەسەڵاتی هەیە. بەڵام زیرەکی دەستکرد توانای ئازادبوون و زانینیشی هەیە ئەگەر بە هۆشیاری و ئەخلاقی بەکاربهێنرێت. هەروەها دەتوانێت کۆمەڵگەکان بە هێز بکات بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانیاری دروست و شیکردنەوەی داتاکان بە شێوازێک کە دادپەروەری و یەکسانی بەهێزتر بکات، وەک لە بوارەکانی پەروەردە و تەندروستی و بەڕێوەبردن و کارگێڕی گشتیدا دەبینرێت .
لەم چوارچێوەیەدا ماکس تیگمارک ئاماژە بەوە دەکات کە زیرەکی دەستکرد دەتوانێت تواناکانی عەقڵی مرۆڤ بۆ کارلێکی کۆمەڵایەتی و مەعریفی چەندبارە بکاتەوە بە مەرجێک سیاسەتێکی ڕوون دابنرێت کە پێشینەی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی دیاری بکات. لە ڕوانگەیەکی فەلسەفی ڕەخنەگرانەوە، دەکرێت ئەم ئاڵنگاریانە بەراورد بکرێن بەوەی کانت دەربارەی ڕۆشنگەری خستبوویەڕوو، کانت ڕۆشنگەری بە ئازادکردنی مرۆڤ لە ژێردەستی دەرەکی و توانای بەکارهێنانی عەقڵی خۆی بە شێوەیەکی سەربەخۆ دادەنا. بەڵام زیرەکی دەستکرد پرسیارەکە بە شێوازێکی نوێ دەخاتەوە ڕوو: ئایا مرۆڤ توانای سەربەخۆیی بیرکردنەوەی هەیە ئەگەر بڕیار و زانین بەشێکی بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی سیستەمی ژیرە ناهۆشیارەکانەوە ؟ لێرەدا دیدگای کانت لەگەڵ ڕەخنەکانی هابرماس فەیلەسوفی ڕەخنەگر (١٩٢٩- ) دەپچڕێت ، کە پێی وابوو ڕۆشنگەری ڕاستەقینە تەنها لە چوارچێوەیەکی گشتی کارلێککاردا بەدیدێت کە تێیدا گفتوگۆی ئازاد و لێپرسینەوەی بەکۆمەڵی تێدا ئەنجام دەدرێت، نەک لە گۆشەگیری تاک یان لە چوارچێوەی هێزێکی تاکلایەنەدا. ‏لەم ڕوانگەیەوە دەکرێت بوترێت کە زیرەکی دەستکرد تاقیکردنەوەیەکە بۆ خودی چەمکی ڕۆشنگەری: یان تواناکانی مرۆڤ بۆ بیرکردنەوەی ئازاد و ڕزگاربوون بەهێز دەکات، یان دەبێتە میکانیزمێکی نوێ بۆ زاڵبوون و کۆنترۆڵکردن ئەگەر کۆنترۆڵی ئەخلاقی و سیاسی نەبێت. بەو شێوەیە ڕەهەندی ئەخلاقی و سیاسی وەک گۆڕەپانێکی مشتومڕاوی دەردەکەوێت، کە کۆکەرەوەی نێوان ئەو دەرفەتانەیە کە زیرەکیی دەستکرد پێشکەشی دەکات بۆ بەهێزکردنی دادپەروەری و ئازادی و مەترسییەکانی پەیوەست بە کۆنترۆڵکردن و جیاکاری و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی پێکهاتە دەسەڵاتداریەکان.‏ئەمەش وادەکات بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و فەلسەفی پێویست بێت بۆ ئاراستەکردنی ئەم گۆڕانکاریە تەکنیکیە بە شێوازێک کە لەگەڵ بەها مرۆیە بنەڕەتیەکاندا بگونجێت و بە ڕۆحی ڕۆشنگەریەوە ڕووناک بکرێتەوە، بەڵام ئاگاداری ئەو ئاڵنگاریە نوێیانە بێت کە سەدەی هەژدەهەم نەیبینیون..
‏چوارەم – ڕەهەندی ئابووری و تەکنەلۆژی زیرەکی دەستکرد . ژیریی دەستکرد چیتر تەنها ئامرازێکی تەکنیکی نییە، بەڵکو بووەتە ڕەگەزێکی سەرەکی لە داڕشتنەوەی ئابووری جیهانی و پێکهاتە تەکنیکیەکانی کە لەسەری دامەزراوە. تواناکانی بۆ شیکردنەوەی داتا گەورەکان و پێشبینیکردنی خواست، باشترکردنی بەرهەمهێنان و، ئۆتۆماتیککردنی پڕۆسە ئاڵۆزەکان، بووەتە هۆی گۆڕانکاری قوڵ لە بازاڕی کار، لە مۆدێلەکانی بازرگانی و، لە پرۆسەی بڕیاردانی دامەزراوەیی و کومپاایەکان . زیرەکی دەستکرد سەرچاوە مرۆیی و مادیەکان دووبارە دابەش دەکاتەوەو چەمکی کارایی و بەرهەمهێنان دەگۆڕێت، چونکە سەرکەوتنی ئابووری چیتر تەنها پەیوەست نییە بە سەرچاوە نەریتیەکانەوە، بەڵکو پەیوەستە بە توانای خاوەندارێتی و بەکارهێنانی سیستەمی زیرەکی کاراوە.
‏لەلایەنی بازاڕی کارەوە کاریگەریەکان دوو لایەنەن؛ لە لایەکەوە زیرەکی دەستکرد دەتوانێت بەرهەمهێنان زیاد بکات و دەرفەتی کاری نوێ لە بوارەکانی توێژینەوە، دیزاین و، چاککردنەوەی تەکنیکیدا دروست بکات؛ لە لایەکی ترەوە دەبێتە هۆی خۆکارکردن یان ئۆتۆماتیککردنی کارە ڕۆتینیەکان و فشار لەسەر ئەو کارامەیانە زیاد دەکات کە پێویستن، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی کەلێنی ئابووری لە نێوان وڵاتانی پێشکەوتوو و تازەپێگەیشتووەکان و لە نێوان ئەو کەسانەی کە شارەزایی بەرزیان هەیە و ئەوانەی کە شارەزایی لاوازیان هەیە. ئەم گۆڕانکاریە بڕیار بەدەستانی ئابووری ناچار دەکات بیر لە ستراتیژیەتێک بکەنەوە بۆ دووبارە پەروردە کردنەوەی هێزی کار و پەرەپێدانی سیستەمەکانی پەروەردە کە لەگەڵ سەردەمی زێرەکی دەستکردا بگونجێن. لەسەر ئاستی تەکنیکیش زیرەکی دەستکرد بە شێوەیەکی بێوێنە بەشداری دەکات لە خێراکردنی داهێنانی تەکنەلۆژی.
‏ئەلگۆریتمەکان کە توانای فێربوونی خودکار و باشترکردنی کارایی خۆیان هەیە بە تێپەڕبوونی کات گەشەپێدانی نەرمەکاڵا و بەرهەمەکان خێراتر و وردتر دەکەن. ئەمەش ژینگەیەکی ئابووری دروست دەکات کە زیاتر پشت بە توانای کێبڕکێ لە تەکنەلۆژیا ژیرەکاندا دەبەستێت و ، خاوەندارێتی فیکری و توانای پەرەپێدانی ئەلگۆریتمەکان دەکاتە هۆکاری سەرەکی بۆ باڵادەستی ئابووری. بەڵام ئەم هێزە تەکنیکیە بێ مەترسی نییە. ژێرخانی دیجیتاڵی و پشت بەستنی ئابووریەکان بە سیستەمە زیرەکەکان، وایان لێدەکات زیاتر بەرەوڕووی هێرشی ئەلیکترۆنی و شکستی تەکنیکی ببنەوە ، ئەمەش پرسیار دەربارەی ئاسایشی ئابووری و تەکنیکی دروست دەکات و ، پێویستی بە پەرەپێدانی ستانداردی توند هەیە بۆ بەڕێوەبردنی مەترسیەکان و پاراستنی داتاو زانیاریە هەستیارەکان . سەرەڕای ئەمانەش توێژەران ئاماژە بەوە دەکەن کە زیرەکی دەستکرد خەریکە خودی چەمکی بەهای ئابووری خۆی دەگۆڕێت. داتا بووەتە سەرچاوەیەکی بنەڕەتی و ، مافی گەیشتن بەو داتایە کێبڕکێی ئابووری کۆنترۆڵ دەکات لە کاتێکدا ئەلگۆریتمەکان چۆنیەتی لێکدانەوە و بەکارهێنانی ئەم داتایە کۆنترۆڵ دەکەن. ئەمەش شێوازی نوێی کۆنترۆڵی ئابووری لە نێوان کۆمپانیا گەورەکان و ئەو وڵاتانەی کە توانای وەبەرهێنانیان لە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوودا هەیە بەرهەم دەهێنێتەوەو ، ئاڵنگاری دادپەروەری ئابووری لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دروست دەکات.‏لە ڕێگەی ئەم شیکاریەوە ڕوون دەبێتەوە کە ڕەهەندی ئابووری و تەکنیکی زیرەکی دەستکرد بە تێکەڵبوون لە نێوان دەرفەتەکان و مەترسیەکاندا تایبەتمەندن ، دەرفەتی بێوێنە بۆ گەشە و داهێنان دەڕەخسێنێت، بەڵام لە هەمان کاتدا فشار لەسەر بازاڕی کار دروست دەکات و ، دەسەڵاتی ئابووری بە شێوازێک دادەڕێژێتەوە کە پێویستی بە سیاسەتی ژیرانە هەیە بۆ دڵنیابوون لە هاوسەنگی نێوان پێشکەوتنی ئابووری و سەقامگیری کۆمەڵایەتی. تێگەیشتن لەم ڕەهەندە بنەمایەکی سەرەکیە بۆ هەر گفتوگۆیەکی گشتگیر دەربارەی داهاتووی زیرەکی دەستکرد و ڕۆڵی لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر و بەردەوام.
‏- کۆتایی شیکاری (زیرەکی دەستکرد لە نێوان ڕۆشنگەری و گۆڕانکاریەکانی داهاتوودا): لێکۆڵینەوە لە چوار تەوەرەی زیرەکی دەستکرد ئەوەی دەرخست کە ئەم دیاردەیە تەنها شۆڕشێکی تەکنیکی نییە، بەڵکو نوێنەرایەتی سەردەمێکی نوێی ڕۆشنگەری مەعریفی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی دەکات.
‏لە ڕەهەندی فەلسەفی و مەعریفیەوە، زیرەکی دەستکرد وەک درێژکراوەیەکی عەقڵی مرۆڤ دەردەکەوێت توانای پێناسەکردنەوەی سنوورەکانی زانین و توانای فێربوونی هەیە، هەروەک ماکس تیگمارک لە ڕێگەی تێڕوانینی ژیان 3.0 ڕوونی کردەوە ئەم بازدانە مەعریفیە ڕۆحی ڕۆشنگەری ئەوروپی دەهێنێتەوە یاد، بەڵام پرسیارێکی بنەڕەتیمان دەخاتە بەردەم: ئایا عەقڵی مرۆڤ سەربەخۆ دەمێنێتەوە، یان عەقڵی دەستکرد دەبێتە هاوبەش یان باڵاتر لە بەرهەمهێنانی زانیندا؟ .
لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و کلتووری زیرەکی دەستکرد خەریکە پەیوەندیەکانی نێوان تاکەکان و دامەزراوەکان دووبارە دادەڕێژێتەوە، هەروەها تواناکانی گەیشتن بە زانین و پراکتیکە کلتووریەکان فراوانتر دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا پێکهاتە دەسەڵاتداریەکان دووبارە بەرهەم دەهێنێتەوە ئەگەر خراپ بەکاربهێنرێت. ئەم هاوسەنگیە لە نێوان ڕۆشنگەری و کۆنترۆڵکردندا نوێنەرایەتی ناوەڕۆکی ئاڵنگاریە کۆمەڵایەتیەکەی زیرەکی دەستکرد دەکات، کە تێیدا کاریگەری ڕاستەقینە لە چۆنیەتی ئاراستەکردنی تەکنەلۆژیادا بۆ بەهێزکردنی دادپەروەری و زانیاری هەمەلایەنە .
لەلایەکی ترەوە ڕەهەندی ئەخلاقی و سیاسی سەرنج دەخاتە سەر مەترسیەکان و دەرفەتەکان کە زیرەکی دەستکرد لە بواری دەسەڵات و بەرپرسیارێتیدا دروستی دەکات. ئەلگۆریتمەکان کاتێک بەبێ چوارچێوەی ئەخلاقی و سیاسی ڕوون دیزاین دەکرێن، دەتوانن ببنە ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردن و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی کەلێنە کۆمەڵایەتی و سیاسیە بەردەستەکان، لە بەرامبەردا دەتوانرێت زیرەکی دەستکرد بەکاربهێنرێت بۆ بەهێزکردنی دادپەروەری و شەفافیەت و لێپرسینەوە لە پڕۆسەی دامەزراوەیی و کۆمەڵایەتیدا. ئەمەش ڕەنگدانەوەی ناوەڕۆکی چەمکی ڕۆشنگەریە لای کانت و هابرماس ، لەگەڵ پێویستی نوێکردنەوەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاریە هاوچەرخەکان. لەلایەکی ترەوە دەبینین کە ڕەهەندی ئابووری و تەکنیکی توانای زیرەکی دەستکرد ڕەنگدەداتەوە لەسەر دابەشکردنەوەی هێزی ئابووری، بەهێزکردنی داهێنان و ، بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان، بەڵام لە هەمان کاتدا ئاڵنگاریگەلێک دەخاتە ڕوو کە پەیوەندیان بە بازاڕی کار، دابەشکردنی سەرچاوەکان و ، ئاسایشی تەکنیکیەوە هەیە. لێرەدا زیرەکی دەستکرد وەک فاکتەرێکی سەرەکی دەردەکەوێت لە داڕشتنەوەی سیستەمە ئابووریەکاندا، بە شێوەیەک کە سەرکەوتنی ئابووری تەنها پشت بە سەرچاوە نەریتیەکان نابەستێت، بەڵکو بە توانای بەڕێوەبردنی داتا و ئەلگۆریتمەکان بە شێوەیەکی کاریگەر . لە دەرەنجامی ئەم شیکاریە گشتگیرەدا دەتوانرێت ئەمە هەڵجێنێن کە زیرەکی دەستکرد نوێنەرایەتی دەرفەتێک دەکات بۆ ڕۆشنگەری نوێ، ئەگەر بە هۆشیاری و بەرپرسیارێتیەوە بەکاربهێنرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا نوێنەرایەتی تاقیکردنەوەیەکیش دەکات بۆ مرۆڤایەتی: ئایا دەتوانین سەربەخۆیی عەقڵ، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، بەها ئەخلاقییەکان و، هاوسەنگی ئابووری بپارێزین لە بەرامبەر هێزێکی تەکنیکی باڵادا؟.داهاتوو پێشوەخت دیارینەکراوە، بەڵکو پشت بەوە دەبەستێت کە تا چەندە توانامان هەیە سیاسەتێکی یەکگرتوو و چوارچێوەیەکی ئەخلاقی و ڕێکخراوەیی دابڕێژین، کە زیرەکی دەستکرد بکاتە ئامرازێک بۆ ئازادی مرۆڤایەتی و پێشکەوتنی هەمەلایەنە نەک ئامرازێک بۆ باڵادەستی و کۆنترۆڵکردن.

‏- پێشنیارەکان (تێڕوانینی داهاتوو):
بە لەبەرچاوگرتنی شیکاری یەکگرتووی چوار تەوەرەکە، پێدەچێت ڕوون بێت کە زیرەکی دەستکرد بەردەوام دەبێت لە ڕۆڵ گێڕانی سەرەکی لە داڕشتنی داهاتووی مرۆڤایەتیدا لەسەر ئاستی مەعریفی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری . لە ڕوانگەی داهاتووشەوە دەتوانرێت سێ ڕەهەندی سەرەکی بۆ گەشەپێدانی بەردەوامی زیرەکی دەستکرد وێنا بکرێت، کە ئەمانەن: –
‏١- برەودان بە ڕۆشنگەریی مەعریفی لە ڕێگەی ئاڕاستەکردنی زیرەکی دەستکردەوە بۆ قووڵکردنەوەی توانای مرۆڤ لە تێگەیشتن و بڕیاردانی سەربەخۆدا، ئەمەش لە ڕێگەی ئاوێتەکردنی تەکنیکەکانی فێربوونی خودی و کارلێکی مەعریفیەوە، بە جۆرێک کە توانای شیکردنەوەی زانیاریەکان و بڕیاردانی ڕۆشنبینانە بەهێز بکات. ئەمەش پەرەپێدانی ئامرازە فێرکاریە دیجیتاڵیە پێشکەوتووەکان و ناوەندەکانی توێژینەوە دەگرێتەوە کە پشت بە زیرەکیی دەستکرد دەبەستن، بۆ ئاسانکردنی دەستگەیشتن بە مەعریفەی زانستی و ڕۆشنبیری بە شێوەیەکی بەرفراوانتر.

‏٢- بەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و کولتووری و سیاسی، کە تێیدا پێویستە چوارچێوەی ئەخلاقی و یاسایی توند دابنرێت بۆ ڕێکخستنی دیزاین و بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد، ئەمەش لەپێناو مسۆگەرکردنی شەفافییەت، کەمکردنەوەی جیاکاری و پاراستنی مافە تاکەکەسی و گشتیەکان. هەروەها سیاسەتە ڕێکخراویەکان دەتوانن بەشداریی هاووڵاتیان لە بڕیاردانی تایبەت بە ئەلگۆریتمەکان بەهێز بکەن، ئەمەش لە ڕێگەی ئەنجومەنی چاودێریی سەربەخۆ و میکانیزمی ڕوونی لێپرسینەوە.

‏٣- بەدیهێنانی گەشەپێدانی ئابووری بەردەوام و هاوسەنگی تەکنیکی؛ بۆیە پێویستە وەبەرهێنان لە زیرەکی دەستکردا بکرێت بۆ برەودان بە داهێنان وباشترکردنی بەرهەمهێنان و دابەشکردنەوەی سەرچاوە ئابووریەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، لەگەڵ دانانی بەرنامە بۆ شیاندنەوەی هێزی کار و پەرەپێدانی لێهاتوویە دیجیتاڵیەکان، بۆ دڵنیابون لەوەی کەلێنی نێوان تاکەکان و وڵاتان خراپتر نەبێت . “هەروەها پێویستە جەخت لەسەر ئاسایشی دیجیتاڵی و پاراستنی ژێرخانی هەستیار لە هەڕەشە تەکنیکیەکان بکرێتەوە، بۆ مسۆگەرکردنی بەردەوامی گەشەی ئابووری بەبێ زیانگەیاندن بە سەقامگیری کۆمەڵایەتی. جێبەجێکردنی ئەم دیدگا ئایندەیە پێویستی بە ڕێبازێکی فرە ڕەهەند هەیە کە پەروەردە و ڕاهێنان و چوارچێوە یاسایی و ئەخلاقیەکان و وەبەرهێنانی ئابووریی بەردەوام کۆبکاتەوە. ‏‏پێویستە کلتوورێکی کۆمەڵایەتی هۆشیار سەبارەت بە گرنگی زیرەکی دەستکرد بونی هەبێت، کە تێیدا نەک تەنها وەک ئامرازێکی تەکنیکی، بەڵکو وەک هاوبەشێکی سەرەکی لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرتر و داهێنەرتر و گەشەسەندووتر سەیر بکرێت. لە کۆتایدا دەکرێت بگوترێت زیرەکیی دەستکرد هەڵگری بەڵێنێکی یەکجار گرنگە؛ یا ئەوەتا دەبێتە ئامرازێک بۆ فراوانکردنی ئازادیی مرۆڤ و مەعریفەکەی و بەدیهێنانی دادپەروەری، یان دەبێتە هۆکارێک بۆ بەرهەمهێنانەوەی باڵادەستی و کۆنترۆڵکردن، ئەگەر بێت و پێوەرە ئەخلاقی و سیاسییەکان لە ئارادا نەبن. بەرپرسیارێتیی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لەوەدایە کە ئەم هێزە بە شێوەیەکی ستراتیژی ئاڕاستە بکات، بە جۆرێک کە مسۆگەریی ئەوە بکات سەردەمی ڕۆشنگەریی نوێ بە کردار بێتە دی، نەک تەنها پێشکەوتنێکی تەکنیکیی بێلایەن بێت.

نووسینی: د . حسام الدین فیاض – انفاس نت – من اجل الثقافة العلمانیة وانسان ۱٦ تشرین الثاني نوفمبر ٢٠٢٥
‏ و . لە عەرەبیەوە (یاسین لەتیف)




تاوانبارێكی گرنگی تاوانی جینۆسایدی بارزانیەكان و ئەنفال مرد.. عەلی مەحمود محەمەد

فارس نیعمە حوسێن محیاوی Neama Hussain AL-mihiwai Faris ناسراو بە ئەبو ریم, لەدایكبووی 03-07-1940 , سەر بە خێڵی محێیە كە لە شاری یوسفیەی خوارووی بەغداو ناو شاری بەغدا جێگیرن, لە شیعەو سونە پێك هاتوون, فارس لە باڵە شیعەكەیەتی.
فارس نیعمە دەرچووی خولی 36 ی كۆلێژی سەربازی بووە لە ساڵی 1960, بەشداری كودەتای سەربازی بەعسییەكانی كردووە لە 8ی شوباتی 1958, رۆژی 9ی شوبات سوكایەتی بە جەستەی عەبدالكەریم قاسم كردووە , لە بەردەم كەناڵی راگەیاندن جەستە ساردو سڕەكەی بە قژ رایكێشاوە, هەرچەندە سەرباز بووە, لێ لە ئەشكەنجەدانی سەلام عادیل بەشداری كردووە, دەرچووی خولی 35ی كۆلێجی ئەركانە لە ساڵی 1970.
زۆر پۆستی گرنگی لە سلكی سەربازی عێراقی وەرگرتووە, لەوانە ڕاگری كۆلێژی ئەركان لە ساڵی 1982، جێگری سەرۆكی ئەركانی سوپا بۆ كاروباری راهێنان، سەرۆكی زانكۆی البكر بۆ خوێندنی باڵای سەربازی , لە ساڵی 1983 بووە بە فەرماندەی فەیلەقی 1 , لە ساڵی 1988 بە وەكالەت فەرماندەی فەیلەقی 5 بووە.
عەقید نیعمە فارس محیاوی كە ئەوكاتەی فەرماندەی لیوای 6ی زرێپۆش بوو, فەرماندەیی سەركوتكردنی راپەڕینی سەفەری شیعەكانی كردووە لە لە رێكەوتی 8 و 9ی شوباتی ساڵی 1977, كە بەعس رێگری كرد ئەو ساڵە شیعەكان ئەربەعینییە بكەن, ئەو تاوانە لە مێژوودا بە روداوی خان نص بەناو بانگە( خان ئەلحەماد (خان نص) یەكێكە لە گرنگترین شوێنە مێژووییەكانی قەزای ئەلحەیدەرییە لە پارێزگای نەجەف).
لیواكەی محیاوی لە نزیك شاری موسەیب جێگیر ببوو, نزیكەی 40 كیلۆمەتر لە كەربەلاوە دوور بوو، نزیكترین پێكهاتەی سەربازی بووە لە شوێنی راپەڕینەكەوە. لیوای زرێپۆشی شەشەم بە هەر سێ كەتیبەكەی و فەوجی پیادەی میكانیكیەكەیەوە رۆڵی سەرەكییان گێڕا لە سەركوتكردنی راپەڕینەكە, راپەڕینەكە تاكو رێكەوتی 12ی شوبات بە تەواوی دامركاندەوە, لەو روداوەدا دەیان كەس كوژران و سەدان كەسیش لە راپەڕیوانان دەستگیر كران.
فارس نیعمە لە رێكەوتی 1ی فیبریوەری ساڵی 1976 پلەی سەربازی فەریق روكنی بۆ صەدام حوسێن بەست, لە گەڵ بەخشینی ماجستێر لە بواری زانستی سەربازی, لە كاتێك رۆژێك سەربازی نەكردبوو, لە رێكەوتی 17-7-1979 پلەی موهیب روكن لە لایەن ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆرشەوە پێ بەخشرا, پۆستێك وێنەی لە جیهاندا نەبووە .
بە پێی بەڵگەنامەی كۆمیسیۆنی باڵای نیشتمانی بۆ ریشەكێشكردنی بەعس – بەشی زانیاری، ژمارە 1، ڕیكەوتی 2-1-2005، سەبارەت بە لیوا ڕوكن نیعمە فارس محیاوی هاتووە (لیوا ڕوكن ، ئەفسەری پێشووی هێزە چەكدارەكان، لە ڕیزەكانی سەربازیی بەرز بوەوە تاكو گەیشتە پلەی لیوا روكن، وە لە ڕیزەكانی پارتی بەعسی لە ناوچوو (بیرۆی سەربازی) سەركەوت تا گەیشتە تا بوو بە ئەندامی مەكتەبی سەربازی (سكرتێری لقی سەربازی حوتەین و یەرموك)، پاشان وەك باڵیۆز لە یەكێك لە وڵاتان دامەزرا، یەكێكە لە تاوانبارانی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق، كە سەرۆكایەتی لیژنەكانی لە سێدارەدانی كردووە لە كەرتی چوارەم لە پارێزگای میسان و كەرتی فەیلەقی دوو لە پارێزگای دیالە دادەنرێت, بە یەكێك لە چەقۆكێشانی ڕژێمی پێشوو دادەنرێت, دەبێت لەسەر تاوانەكانی لە كاتی شەڕی ساڵانی نێوان 1980 تاكو 1988 ( شەڕی ئێران-عێراق) دادگایی بكرێت.
فارس نیعمە محیاوی دووا خزمەتی بۆ بەعس وەرگرتنی پۆستی باڵوێزی عێراق لە فلپین و نەمسا بوو, وە یەكێك بوو لەوانەی كاری بازرگانی بۆ عودەی دەكرد, دوای روخانی صەدامیش بەردەوام بوو بۆ كاركردن بۆ پاشماوەی بەعس, لە شاری ڤیەنا هێلانەیەكی سیخوڕی بۆ درووست كردبوون, دووا پۆستیشی دوای روخانی صەدام خانەنشینكردنی بوو بە پۆستی فەریق رووكن تا مردنی لە 28ی ئۆگستستی 2025 بەردەوام بوو, لە كاتێكدا ناوی لە لیستی تۆمەتبارانی ئەنفال هەبوو وە داواكراوی ەیسی تاوانی ئەنفال بوو.

بەشداریكردنی لە سەركوتكردنی گەلی كورد

زانیاری وردمان لەسەر كارەكانی نییە دژ بە گەلی كورد, هەرچەندە بە پێی وتەی عەلی حەسەن مەجید خزمەتی سەربازی بە پلەی ئەفسەری زۆر بووە لە كوردستان, كە لەو كاتەوەی ئەو كۆلێجی سەربازی تەواو كردووەو پلەی جیاجیای سەربازی هەبووە, لەو ماوەیە 26 ساڵی جەنگ بەردەوام بووە, ئەوەی بۆ ئێمە زانراوە بە بەڵگەی تاوانبارییەوە, لە پۆستی باڵاوە بەشداری هەردوو تاوانی جینۆسایدی بارزانی و جینۆسایدی ئەنفالی كردووە.
لە ساڵی 1983 ئەو پۆستی فەرماندەی فەیلەقی 1 وەردەگرێت, لەو كاتەی جەنگێك هاتە پێشەوە بە ناوی فەجری دوو بە كوردییەكەی بەناوی شەڕی حاجی ئۆمەران بە ناو بانگە, بارزانیش لە یاداشتەكانی خۆیدا ئاوا ئاماژەی پێ دەدات ” هێزەكانی ئێران لە لایەن شیرازی و موحسین ڕەزاییەوە فەرماندەیی دەكران, هێزەكانی عێراقیش لە لایەن فەریق ڕوكن, نەعمە حوسێن فارس ئەلمحیاوی, فەرماندەی فەیلەقی پێنجەوە سەرپەرشتیی دەكران. سەددام خۆیشی سەردانی دیانای كردبوو, لەم شەڕە عێراق چەكی كیمیایی بەكار هێنا-بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد – بەرگی چوارەم 1975-1990 شۆڕشی گوڵان- ل 205. “.
لەو كاتە ئەو فەرماندەی فەیەقی یەك بوو نەك پێنج” فەیلەقی پێنج ئەوكات هێشتا پێك نەهێنرابوو”, لەو جەنگە ئەو شكستی هێنا بەشێك زۆر لە خاك و چیاكانی لە دەست دا, لیوای 65ی قوات خاصە بە هاوكاری جاشەكان گردمەندیان گرتەوە.
محیاوی لە پەلاماردانی بارزانییە سڤیلەكانی ناوچەی دیانا و شوێن بزركردنیان بڕیار دەربووە, وەك لە بەڵگەنامەی نهێنی و كەسی سەركردایەتی فەیلەقی یەكی پێشەنگ, ئەركانی گشتی , ئەمن ژمارە امن-11-1 لە رێكەوتی 25-8-1983 بۆ العمید الركن احسان كامل شبیب , بابەت پێكهێنانی لێژنە بە واژۆی اللوا الركن نعمە فارس حسین قائد الفیلق الاول ,وە پرۆفیسۆر عەلی تەتەر ئاماژەی پێ دەدات حكومەتی عێراق پاش ئەم تاوانە، لە ئابی 1983، بە فەرمانی سەركردەی فەیلەقی یەكی سوپای عێراق، لیوای ڕوكن نەعمەت فارس حوسێن بە هەماهەنگی لە گەڵ لقی باكووری لەشكری حزبی بەعس لیژنەیەكیان، بە سەرۆكایەتیی عەمیدی ڕوكن ئیحسان كامل شەبیب پێكهێنا بوو، كە كارەكەیان بریتی بوو، لە ئەنجامدانی ئامارێكی ئەمنی لە سەر هەموو نیشتەجێبووانی قەزای سۆران و ناحیەی دیانا و گوندەكانی دەوروبەر، بۆ ڕێوشوێنی پێویست بۆ دانانی ڕاددەیەك بۆ بزاڤی)خائین و بەكرێگیراوان (بە پێی دەربڕینی ئەوان و دۆزینەوەی جێگایەك، كە یەكەكانی لەشكری و ئیداری عێراق بۆی بگوازرێتەوە كە ئاسانتر بتوانن بیانپارێزین. هەروەها بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر كردەوەیەكی نائاسایی، لە 9ی ئابی 1983 هێزێكی تەواویان پێكهێنا بوو، و پیلانێكی ئەمنییان دانابوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر پێشهاتێك. بەم شێوەیە حكومەتی عێراق لاپەڕەیەكی نوێی لە سەر تاوانەكانی دژ بە مرۆڤایەتی و گەلی كورد لە بێدەنگی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی تۆمار كرد كە تا ئێستاش شوێنەوارەكانی بەسەر كومەڵگای كوردیدا ماوە. بەلام دوای ئازادكردنی عێراق، لەسەر كۆمەڵكوژی بارزانییەكان، هەر یەك لە عەلی حەسەن ئەلمەجید، تارق عەزیز عیسا، سەعدون شاكر مەحموود، سەفیان ماهرحەسەن، وەتبان ئیبراهیم حەسەن، حامد یوسف حەمادی و حكمەت مزبان ئیبراهیم لەلایەن دادگای بالای تاوانەكانی عێراق بە تاوانی كۆمەڵكوژی دادگایی كران -حكومەتی عێراق و جینۆسایدی بارزانییەكان پرۆفیسۆری هاریكار دكتور عەلی تەتەر-تایبەت بۆ گولان نوسیویەتی- كۆمەڵكوژی بارزانیەكان و بێدەنگی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێگەی بۆ ئەنفالی گەرمیان و كیمیاباران خۆشكرد سیاسی ژمارە (940) 05-08-2013. رۆژی دووای دەستنیشانكردن و ئاگاداركردنەوەكەی 9ی ئاب, گرتن و بێسەروشوێنكردنی بارزانییەكانی قەزای سۆران دەستی پێكرد.
تەنانەت ئەو راپۆرتانەی ئیستخباراتی سەربازی دابوویان كە گوایە پارتی ئەفسەری پلە باڵای ئێرانی هێناوەتە ناو عێراقەوە بۆ نەخشە كێشان بۆ هێرشەكەی 23ی یۆلی 1983 ی حاجی ئۆمەران , رۆڵی محیاوی وەك فەرماندەی فەیلەق و بەرزترین بەرپرسی بەعسی سەربازی كوردستانی تێدا بووە, كەچی بە رووكەشیش بێت ناوی لە دۆسیەی بارزانییەكان نەهاتە پێشەوە.
سەبارەت بە كەیسی دووەم كە تاوانی جینۆسایدی ئەنفالە, فەریق ركن (نعمە فارس حسین) یەكێكە لە داواكراوانی كەیسی ئەنفال لە لیستی تۆمەتبارانی دادگای بالای تاوانەكانی عێراقی, وە یەكێكە لەو 24 تۆمەتبارە سەرەكییە داواكراوەی خولی یەكەمی دادگا, لە داوا نامەی دادگای باڵای تاوانەكاندا ناوی 24 تاوانبار هاتووە بە پێی نووسراوی ژمارە ف2، 1445 لە ڕێكەوتی 18-12-2005 ی دادگای باڵای تاوانەكان, ژمارەی فایل 9101 و 9102 لە كۆی 9302 فایلی ئامادەكراو بۆ دادگا لە كەیسی تاوانی ئەنفال, بڕیاری گرتن بۆ 24 تاوانبار دەرچووە لەسەر داوای دادوەری لێكۆڵینەوە, لەو داوا نامەیەدا نیعمە فارس ژمارە 13ەیە, (ناوی لە لیستی 423 تۆمەتباری ئەنفال هاتووە بە ژمارە 86 -الفریق الركن (نعمە فارس حسین) معاون ڕئیس اركان الجیش للتدریب).
لیوا ڕوكن فارس حوسێن محیاوی لە پاڵ كەماڵ ساجت و سوڵتان هاشم سەركردایەتی پرۆسەی ئەنفالی یەكی كردووە (23-02-1988 بۆ 19-03-1988)، لە دانپێدانانەكانی سولتان هاشمدا ناوی هاتووە 8147 بۆ 8179.
ئەو سەرپەرشتی قۆڵی مەرگە -بنگرد-كانی توی كردووە لە هێرشی پەلاماری ئەنفالی یەكدا, كە سەرەتای پرۆسەی ئەنفالی 1 لەو قۆڵەوە درزی تێكەوت, هێزەكەی ئەو كە فرقەی 24ی سەر بە فەیلەقی 5 بوو, لە كاتژمێر شەش و نیوی بەیانی رێكەوتی 5ی ئازاری 1988 گەیشتۆتە كانی تو, ناو قوڵایی ناوچەكە, بە بەشداری ئەم فەوجە جاشانە( 1,26,82,98,112,114,148,175,66,91,140,147,110,17,59,126,22).
” بە پێی وتەی سكاڵاكەرانی دادگای باڵای تاوانەكان هەرچی 80 بۆ 90 ئەنفالكراوەكەی گووندی سێدەرە كە لە رێكەوتی 5-3-1988 ئەنفالكراون, بردراون بۆ رانییە دەوروبەری 10 رۆژ ماونەتەوە(لە بارەگای فرقەی 24), دواتر بردراون بۆ هەولێر نزیك 40 رۆژ لەوێ ماونەتەوە, ئەوجا رەوانی سەربازگەی تۆبزاوە كراون, لەوێ 3 رۆژ ماونەتەوە, دواتر پیرەكانیان بردووە بۆ سەربازگەی نگرە سەلمان و گەنجەكانیان روفاتیات لە گۆڕە بە كۆمەڵەكان حەزەر دۆزراونەتەوە”.
“بەڵام بە پێی نووسراوی بێ ژمارەی بەڕێوەبەرایەتی حەرەكاتی سەربازی لە 2ی ئازار 43 پیاو و 39 منداڵ, 17 ژن لە سنووری مەرگە دەستگیركراون , وەك خێزانی تێكدەران ناسێنراون, وە 43 تێكدەر كوژراوە, 283 ش بریندار كراون”.
“لێ ئەوانەی بە لێبوردنە درۆینەكە گەڕاونەتەوە, وەك خۆیان دەگێڕنەوە لە پرۆسەی دادگایی ئەنفال, لە رۆژانی 28-3 و 7-4 لە گوندی سونێ و گوندەكانی تەنیشت سەنگەسەرەوە, لە رێگای جاشەكانەوە خۆیان داوە بە دەستەوە, لە سونێوە گواستراونەتەوە بۆ فرقەی چوارقوڕنە(فرقەی 24ی سەر بە فەیلەقی 5), رۆژێك لە مودیریەی ئەمنی هەولێر, بردراون بۆ سەربازگەیەك لە نێوان موسڵ و هەولێر 4 رۆژ لەوی ماونەتەوە, پێی دەچێت بارەگای فەیلەق بووبێت, چوار قاعە بووە, ژن و پیاو جیاكراونەتەوە, هەندێكی دیكە لە سونێوە بۆ چارقوڕنەو ئەوجا بۆ هەولێر مانگێك لەوێ ماونەتەوە, دواتر نێردراون بۆ زیندانی سەربازگەی تۆبزاوە”.
محیاوی لە بەرامبەر رۆڵی لە سەركردایەتیكردنی قۆڵێكی سەرەكی ئەنفالی یەك دووجار خەڵات كراوە, لە نووسراوێكی سەركردایەتی گشتی هێزە چەكدارەكان ,پێشنیار دەكرێت رێزلێنان بۆ كۆمەڵێك فەرماندەی سەربازی باڵا بكرێت كە محیاوی یەكەمیانە, نووسراوەكە بە واژۆ ی الفریق الركن علا‌والدین كاڤم حماد امین السر القیادە العامە للقوات المسلحە یە, لە رێكەوتی 8-11-1988 دەرچووە.
ناوەكان بریتین لە هەر یەكە: فریق روكن نعمە فارس حسین محیاوی جێگیری فەرماندەی فەیلەقی 5 ,بەخشینی نیشانەی ئازایەتی پێی, بەهۆی بەشداریكردنی لە پرۆسەی ئەنفالی یەك.
بە پێی نووسراوێكی دیكە, سەرۆكایەتی كۆمار – نووسینگەی سكرتاریەتی گشتی فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكان, بە واژۆی الفریق الركن علا‌والدین كاڤم حماد امین السر القیادە العامە للقوات المسلحە, بە نووسراوی ژمارە 1-18-5812, لە رێكەوتی 10-11-1988, كە بۆ دیوانی سەرۆكایەتی كۆمار نێردراوە, لە ژێر سەردێری بابەت رێزلێنان, رەزامەندی سەرۆك كۆمار فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان وەرگیراوە بۆ بەخشینی نیشانەی ئازایەتی بەمانەی لە خوارەوە ناو لە گەڵ پۆستەكانیان دیاریكراوە كە ناوبراو لە سەرتۆپی فەرماندەكانە: “فریق ركن نعمە فارس حسین جێگیری فەرماندەی فەیلەقی 5, خەڵات بكرێت بە نیشانەی ئازایەتی بەهۆی بەشداریكردنی لە ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی یەك”.
بە وتەی عەلی كیمیاوی بێت محیاوی لە كوردستان لە ماوەی 23 ساڵی جەنگدا خزمەتی زۆر بووە, هاوكات دوودڵ نەبووە لە پشتیوانی جینۆسایدكردنی خەڵكی كوردستان لە تاوانی ئەنفال و خاپوور كردنی لادێكان و كوشت و بڕی خەڵكە سڤیلەكەی( كۆبوونەوەی مەكتەبی باكوور بۆ پێداچوونەوەی پەلامارەكانی ساڵانی 1987 و 1988. نەوارەكە مێژووی لە سەر نییە، بەڵام لە ناو كۆمەڵێكدایە بە رۆژانی 21 و 22ی كانوونی دووەمی 1989 دیاریكراون.
” ترسناكترین قۆناخی هەڕەشەكردن لە عێراق، لە نێوان ئابی 1987 و نیسانی 1988دا بوو. بارودۆخێكی زۆر خەتەرناك بوو، ئێمە لە 18ی شوباتەوە تا 4ی ئەیلوولی 1988 لە بەرەی سەربازیدا كارێكی جیددیمان دەستپێكردبوو، تەواوی فەرماندە یەك لە دوای یەكەكانی فەیلەقی یەك و فەیلەقی پێنج: فەریق نزار (الخزرجی) و سوڵتان هاشمی فەیلەقی یەك و تاڵع الدوری و شەهید محمد الحدیسی و نعمە فارس و ئەیادی فەیلەقی پێنج .. هەموو ئەو پیاوانەی كە ناوم هێنان لەو فەرماندانەن كەوا لە پلەی مولازمییەوە لە باكووری عێراقدا خزمەتیان كردووە، یەكەم كەس لە ناو ئەمانەدا كە هاتبێتە ناو حیزبی بەعسەوە تاڵع الدوری بوو. كاتێ كە بڕیارماندا گوندەكان بڕووخێنین و كۆیان بكەینەوە و هێڵی جیاكەرەوەمان بۆ كێشا (ئەوەی كە بە هێڵی سوور ناودەبرێت) لە نێوان ئێمە و تێكدەراندا، یەكەم كەس كە دوودڵی و گومانی بۆ من دەربڕی لە بەردەم سەرۆكدا تاڵع الدوری بوو، یەكەم كەس كە ئاگاداری كردمەوە تالع الدوری بوو، تا ئەمڕۆش كاریگەریی تالع بە ئاشكرا دیارە. هەموو ئەو گوندانەی نەڕووخاند كە من داوام لێكردبوو، بە لای خۆشیەوە كۆنترین ئەندامی حیزبی بەعسە، ئەی كەوابوو دەبێ خەڵكی تر چۆن بن؟ چۆن قەناعەتمان پێبكردنایە كە كێشەی كورد چارەسەر دەكەین و تێكدەرانیش لە ناو دەبەین؟
بەمجۆرە بە تەلەفزیۆن كەوتینە پیشاندانی (ئەو تێكدەرانەی) خۆیان بەدەستەوە دابوو، بۆ ئەم فەرماندە پایە بەرزانە، باشە دەكرا من ئەمانە هەروا بە سەلامەتی بهێڵمەوە؟ ئەی كەواتە چیم لەم بزنانە بكردایە؟ من پەیامێكم لە پیاوە مەزنەكەوە، لە باوكەوە (واتە سەددام حوسێن) پێگەیشت و پێمڕادەگەیەنێت چاوت لە خێزانی تێكدەرانەوە بێت و ئەمە و ئەوە. فەرماندەی گشتیی ئەمەی بۆ ناردووم و منیش نامەكەم خستە سەرسەرم، بەڵام چاوم لەمانەوە بێت؟ نەخێر، من بە بلدۆزەر دەیانكەمە ژێر خۆڵەوە، پاشان داوای ناوی هەموو گیراوەكانم لێدەكەن بۆ بڵاوكردنەوەیان، منیش وتم: “باشە ئێوە قەناعەتتان نیە بەوەی كەوا لە سەر تەلەفزیۆن بینیوتانن و لە ڕۆژنامەدا خوێندووتانەوە؟” ئەی من ئەم خەڵكە لە ئەژمار نەهاتووە لەكوێ دابنێم؟ بۆیە كەوتمە دابەشكردنیان بە سەر پارێزگاكاندا، ئەوكاتەش دەبوو بلدۆزەرەكان بەملا و بەوڵادا بڵاوە پێبكەم…… ).
لەمانەی خوێندمانەوە, لە زمانی بەڵگەنامەكانەوە, بێ دوودڵی بۆمان دەردەكەوێت محیاوی دوژمنێكی كۆنی سەرسەختی گەلەكەمان بووە.

سكاڵا تۆماردن

لە رێكەوتی 19ی یۆنی ساڵی 2007 ەوە لە لایەن چەند ئەندامێكی ڕێكخراوی چاودێری كوردۆساید چاك و دەرەوەی ئەو رێكخراوەوە, وەك تۆمەتبارێكی ئەنفال سكاڵای یاسایی لەسەر تۆمار كرا لە لای پۆیسی نەمساوی, لە ڕێكەوتی 11-09-2007 سكالای سكاڵاكەران گەیشتبووە دەست دەزگاكانی نەمسا و لەو رێكەوتە وەڵامیان داینەوە, لە رێكەوتی 2-2-2009 داواكاری گشتی نەمسا وەلامیان داینەوە كە دۆسییەكە لە بەردەستیانەو چاوەڕوانی وەرگرتنی زانیارین لە عێراقەوە, وە شاندیان ناردبوو بۆ عێراق بۆ كۆكردنەوی زانیاری لیچ دەست بەتاڵ گەڕانەوە, ئەوانەی بەشدارییان كرد لە پرۆسەی سكالاكە: خوالێخشبوو ناجی عەقراوی, و ف هاوولاتییەكی عەرەب لە نەمسا زانیاری تایبەت بە ناوی فەرمی و ناونیشانی تاوانباری كۆكردەوە, وە كاك ڕەزا حەمەی شاعیر خۆبەخشانە چەند بەڵگەنامەیەك لەسەر تاوانباری ناوبراوی وەرگێڕایە سەر زمانی ئەڵمانی, هەروەها بەڕێزان شاخەوان شۆڕش, گۆران هەڵەبجەیی, هیشام ئاكرەیی,دەرسیم دیبەگەیی, قادر نادر, روناك شوانی و عەلی مەحمود سكاڵایان تۆمار كرد, نابێت ئەوە لە یاد بكەین تا مردنی كاك شاخەوان شۆرش بەردەوام نامەكانی بە ئینگلیزی نووسیووە بۆ لایەنەكان.
بە هۆی گەڕانەوەی من بۆ كوردستان و پچڕِانی پەیوەندییەكان, پشتگوێ خستنەوە لە لایەن دادگای بالای تاوانەكانی عێراقەوە كە هاوكاری داواكاری گشتی نەمسایان نەكرد, وە چەندین جار بانگەوازمان كرد كەس دەستی هاوكاری بۆ درێژ نەكردین, چەند هەوڵمان دا پارێزەرێك بگرین سەركەوتوو نەبووین, تەنانەت لەو كاتە بەڕێز عوسمانی حاجی مەحمود ئامادەیی ئەوەی دەربڕی خەرجی گرتنی پارێزەر بگرێتە ئەستۆ, هەروەها دەست نەگەیشتنمان بە بەڵگەنامە لەسەر ناوبراو, وە پەیوەندییەكانمان لە گەڵ رێكخراوە تایبەتمەندەكان وەك ئێستا نەبوو, بۆیە سەركەوتوو نەبووین ,هەرچەندە ماوەیەك پێش مردنی هەنگاوی باشمان نا بۆ زیندوو كردنەوەی دۆسیەكە كە بەڵگەی چاكمان دەست كەوتبوو, وەلێ كار لە كار ترازا.
هەرچەندە لە 11ی ئۆگستی 2022 لە رێگای پزیشكێكی ئازیزەوە بەناوی ه س بە نامەو ئیمەیل پەیوەندیمان كردەوە بە داواكاری گشتی نەمساوە بەڵام بێ وەڵامبوو, كێشەی كورد ئەوەیە زۆر كەس دڵسۆزەو نەتەوەییە وەلێ كە دەگاتە پرسی دادگایی تاوانباران ستاپ دەكات.
ئەو لە 28ی ئابی 2025 مرد و رزگاری بوو, كوردێك پرسەی گەرمی بۆ دانا, ئەویش تاوانبارێكی ئەنفالی دانیشتووی نەمسایە, نووسەر و رۆژنامەنووسەو ئەندامی ئەمنستی ئەنتەرناسیۆنال, راوێژكاری فەوجی 79ی جاشە سوكەكانی پێشووجەلال چەرمەگا بوو( https://algardenia.com/2014-04-04-19-52-20/qosqsah/68758-2025-08-29-15-11-02.html ),پرسەی ئەو لە نەمساو بەغدا گەرم بوو, لە حكوومەتی نوێی عێراقیش وەك فەریق روكنێكی خانەنشین مرد, لەو وڵاتە سەیرە قوربانی و جەلاد هەموو پێكەوە خانەنشینن, جیاوازییەكانیان ئەوەیە موچەی خانەنشینی زیاترەو پۆستەكانیان باڵاترە.
لەم چەند ساڵە محیاوی چوارەم تاوانباری جینۆسایدی كوردە لە دەرەوەی وڵات دەمرێت لە دوای تاریق رەمەزان, وەفیق سامەڕائی و مەلا عوزێرەوە, مردنی ئەوان بۆ دڵسۆزانی كەیسی جینۆساید ئازارەكەی بە ئەندازەی مەرگی باوكە, چونكە بێ دادگایی و سزا دەڕۆن و رزگاریان دەبێت, دەبێت دووعا بكەین تاوانبارانمان بۆ بهێڵیت بەڵكە رۆژێك غیرەت پەیدا بێت دادگایی بكرێن.




تاوانباری تاوانی گەلکوژیی نعمە فارس محیاوی لە نەمسا مرد و هەرگیز نەدرایە دادگا.. شاخەوان قادر شۆرش

گەورە تاوانبارێکی دیکەی تاوانی گەلکوژیی فەریقی روکن نعمە فارس محیاوی تاوانبار لە کۆمەڵکوژیی بارزانیەکان لە ساڵی ١٩٨٣ و تاوانی ئەنفال لە ساڵی ١٩٨٨دا، داواکراو لە دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراقدا لە ڕۆژی ٢٨/٨/٢٠٢٥دا مرد و نەدرایە دادگا. ئەم تاوانبارە لە وڵاتی نەمسا دەژیا، لەلای حکومەتی ئیراق و حکومەتی هەرێم شاراوە نەبوو، بەڵام نە حکومەتی ئێراق و نە حکومەتی هەرێم ڕۆژێک لە ڕۆژان هەوڵی گرتن و ڕادەستکردنی ئەو تاوانبارەیان نەدا، خۆیان لە ئاستیدا بێدەنگ کرد. ئیسرائیل دوای ٨٠ ساڵ دەچێ پاسەوانێکی سادەی زیندان دەدۆزێتەوە و لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا دەیداتە دادگا، بەڵام لای حکومەتی ئێراق و هەرێم ژەنەڕالێکی تاوانبار ئەو گرنگییەی نەبوو و حەزیشیان بە هەڵدانەوەی کەیسەکەی هەر نەکرد.
تاوانباری تاوانی گەلکوژیی نعمە فارس محیاوی کێ بوو:

  • نعمە فارس محیاوی دەرچوی کۆلێژی سەربازیی لە ساڵی ١٩٦٠ و کۆلێژی ئەرکان لە ساڵی ١٩٧٠، یەکێک بوو لە سەرکردە بەناوبانگەکانی ئەنجومەنی سەربازییی و هاوڕێی نزیكی سەدام حوسێن و ژمارەیەكی دی لە گەنجەکانی حزب بەعس کە لە کودەتای 9ی شوبات 1963دا لە گوللەبارانکردنەکە یا سوکایەتی بە تەرمەکەی سەرۆک وەزیرانی ئەوسای ئێراق عبدالكەریم قاسم بەشداریی هەبووە. ئەم زانیارییە وابڵاوکراوەتەوە، بەڵام هیچ سەرچاوەیەکم لەبەردەستدا نییە کە پشتڕاستی ئەوە بکاتەوە. بەهۆی خزمەتی سەربازییەکەی وەک ئەفسەر لە تۆپخانەی نیشتیمانی، بە پێی پلەی سەربازی بەرزبۆتەوە تا گەیشتۆتە پلەی فەریقی ڕوکن. گەیشتۆتە پلەی ئەمین سڕ لە لقی حطین و یەرموک. ئەو تۆمەتبار بوو بە تاوانی جەنگ کە لە کاتی جەنگی عێراق و ئێراندا ئەنجامدراون، چونکە یەکێک بوو لەو کەسانەی سەرکردەی تاقمی بکوژان لە کەرتی چوارەم لە پارێزگای ميسان و کەرتی فەیلەقی دووەم لە دیالەدا. ئەو یەکێک بوو لە دڵسۆزانی ڕژیمی پێشوو و بە ئەنجامدانی تاوانەکانی جەنگ لە نێوان ساڵانی 1980 تا 1988 تۆمەتبار دەکرێت. ئەوەش لە بڕیاری ژمارە ١ بە ڕێککەوتی ٢/١/٢٠٠٥ لەلایەن فەرمانگەی زانیاری سەربە لیژنەی باڵای نیشتیمانی بۆ هەڵوەشانەوەی بەعس دەرچووە.
  • سەرۆکی فەیلەقی یەکەم بوو لە ساڵی 1983 دا لە کاتی جەنگی عێراق و ئێراندا. ئەو وەکو سەرۆکی فەیلەق لە گرتنی مێرمنداڵ و پیاوانی بارزانیەکان لە هاوینی ساڵی 1983 بەشداری هەبووە. بەپێی بڕیارێکی نهێنی و تایبەت بە ڕێککەوتی ٢٥/٨/١٩٨٣ فەرمان بە جەرد و مەسحی هەموو قەزای سدیق و ناحیەی دیانە دەکات و داوا دەکات هێزێکی ناکایی پێکبهێندرێت بۆ هەر ئەگەرێک. وەکو لەژێر فەرمانی ئەودا یەکەکانی فەیلەقی یەک دەوری ئۆردوگاکانی دیانا، حەریر و بەحرکە و قوشتەپەی گرت. هەموو پیاوان و هەروەها کوڕانی سەرووی 12 ساڵیان لەو شوێنانە دەستگیرکرد و ڕادەستی دائیرەی ئەمنیان کردن. بە هەزاران کەس دەستگیرکران و بەکۆمەڵ کوژران.
  • بەرامبەر بەشداریی گرنگی ئەو وەکو جێگری سەرۆکی فەیلەقی پێنج لە ئەنفالی یەکدا مەدالیای ئازایەتی لەلایەن سەدام حوسێن سەرکردایەتی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێراقەوە،لە 8ی تشرینی دوومی 1988 پێدەدرێت. هێزەکانی فەیلەقی پێنج بە سەرپەرشتی نعمە فارس هاوکاریی سوڵتان هاشمیان لە هێرشی ئەنفالی یەکدا بۆ سەر دۆڵی جافایەتی کردووە. هێزەکەی ئەو لە هێکێ بنگرد و کانی توودا بەشداری کردووە و لەوێدا خەڵک گیراون و ئەنفال کراون.
  • نعمە فارس سەرۆکی زانکۆی بەکر بوو لە ساڵانی ٩٠ کاندا و دوای ئەوە دەبێتە باڵوێزی ئێراق لە ڤیەنای پایتەختی نەمسا، هەر لەوێش داوای پەنابەرێتی دەکات. تاڕووخانی حکومەتی بەعس لە ٩/٤/٢٠٠٣دا پەیوەندی لەگەڵ ڕژێمی بەعسدا هەبووە.
    لە ڕێککەوتی ٨/١٢/٢٠٠٥ دا دادوەری لێکۆڵینەوە فەرمانی گرتنی ٢٤ کەس لە ئەفسەرە پلە باڵاکان و هەندێ سەرۆک جاش دەردەکات، لە ژمارە ١٣دا ناوی نعمە فارس نووسراوە. هەر لە ٨/١٢/٢٠٠٥دا دادوەری لێکۆڵینەوە فەرمانی دەست بەسەرداگرتنی مولک و ماڵی تۆمەتبارەکان دەردەکات. فەرمانەکە لە ٢٧/١٢/٢٠٠٥دا دووبارە دەکرێتەوە. لە لایەن دادوەری لێکۆڵینەوەدا لە ڕێککەوتی ٢٩/١٢/٢٠٠٥ دا داوای زانیاری لەسەر ٨ ئەفسەر دەکرێت کە ناوی نعمە فارس دووەم ناوە و لە دوای ناوی نەزار خەزرەجیەوە هاتووە. ئەو فەرمانە لە ١٨/١/٢٠٠٦دا سێبارە دەکرێتەوە. دادگای باڵای تاوانەکان فەرمانی تایبەت بۆ دەستگیرکردنی نعمە فارس محیاوی وەکو سەرۆکی فەیلەقی یەک بەپێی تاوانی ماددەی ١٢ لە یاسای دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقدا دەردەکات. لە بروسکەیەکی دیکەی فەرمانی گرتندا ئاماژە بە شوێنی دانیشتنی کە وڵاتی نەمسایە دەکرێت.
    هەرچەندە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی نعمە فارس مەحیاوی دەرکرد و لە بەشداریی لە تاوانی ئەنفال تۆمەتبارکرا، ناوی ئەو لە ١١ بەڵگەنامەی دادگا هەبوو و ئاماژەی بۆ کراوە، بەڵام ئەم تۆمەتبارکردنە و داواکردنە هەر وەک نووسینی سەر کاغەز مایەوە و هیچ هەوڵێ بۆ دەستگیرکردنی نەدرا.
    لە هەر وڵاتێکدا دادوەریی هەبێت دەبێت تاوانبارانی تاوانی گەلکوژیی یا تاوانی جەنگ یا تاوان دژ بە مرۆڤایەتی دەستگیربکرێن و بدرێنە دادگا. کاتێ دادگا بڕیاری گرتنی تۆمەتباران دەردەکات، لەسەر دەسەڵاتی جێبەجێککردنی وڵاتە ئەو تاوانبارانەی دادگا داوای کردوون بگیرێن و بدرێنە دادگا، ئەگەر کەسی تۆمەتبار لە دەرەوەی وڵات بوو، ئەوا داواکاریی دەستگیرکردن دەدرێتە ئەو وڵاتەی کە کەسەی تۆمەبتارەی لێیە و بە هاوکاریی ئەو وڵاتە کەسی تۆمەبتار دەستگیر دەکرێت، ئەوە ئەگەر ئەم وڵاتە هاوکاریی بکات.
    لە ئێراقدا بڕیار و فەمانی دادگا کاتێ بڕ دەکات ئەگەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن گرتن و دادگایی ئەو کەسەی لەبەرژەوەنددا بێت، بەڵام ئەگەر بڕیاری سیاسی دەوڵەت دژی گرتن و دادگاییکردن بێت، ئەوا فەرمانی دادگا تەنها نووسراوێکی سەر کاغەزە و کاری پێ ناکرێت. لە کەیسی تاوانی گەلکوژیی ئەنفال و بارزانی و ئەوانی دیکەدا، چەند تۆمەتبارێک هێندران و درانە دادگا، ئەوانیش: لە کەیسی ئەنفالدا عەلی حەسەن، سوڵتان هاشم، فەرحان موتلەگ، سابیر عەزیز، حوسێن ڕەشید و تاهیر تۆفیق هێندرانە دادگا، لە کەیسی بارزانیەکان تاوانباران تاریق عەزیز، وەتبان ئیبراهیم، حەمید یوسف، سەعدون شاکر، حیکمەت مەزبان و سۆفیان ماهیر هێندرانە دادگا، چاوپۆشی لە گرتنی سەدان و بگرە هەزاران تۆمەتبار کرا کە بەپێی بەڵگەنامەکانی بەعس ناو و پلەوپایە و جۆری بەشدارییان تۆمارکراوە. بەڵام هەموو ئەوانە بە ئازادی دەسووڕێنەوە و کەس پێیان ناڵێت چ کارەن. نعمە فارس یەکێ لە ئەفسەرە هەرکۆنەکان و هاوڕێی نزیکی سەدام، بەبەڵگەوە بەشداری لە تاوانی گەلکوژیی ئەنفال و بارزانیەکاندا هەبووە، تەنانەت مەدالیای ئازایەتی لەسەر بەشدارییەکەی وەرگرتووە. واتە ژەنەڕالێکی سەردەمی بەعس کە بەبەڵگەوە بەشداریی ئەو لە تاوانەکاندا ئاماژەی بۆ دەکرێت، سەربازێکی سادەی فیرقەیەکی سوپا نەبوو، یا پاسەوانێکی زیندانەکان نەبوو، بەڵکو سەرکردەیەکی تاوانەکە بوو، بەڵام نە دەسەڵاتی ئێراقی و نە دەسەڵاتی هەرێم هیچیان نەکرد. کاتێ دەسەڵاتی دادوەریی نەمسا داوای هاوکاریی لە ساڵی ٢٠٠٩دا لە دەسەڵاتی ئێراقی دەکات، ڕەتی هاوکاریی دەکەنەوە. ئەوە کاتێک ڕوویدا کە لە ڕێگەی ناوەندی چاکەوە و چەند کەسێکی دیکەش سکاڵایان لە دژی ئەم تاوانبارە لە ساڵی ٢٠٠٧دا تۆمارکرد، پۆلیسی نەمسا وەڵامی داواکەی دایەوە و نوێنەریان بۆ بەغدا بۆ بەدەستهێنانی هاوکاریی بۆ کردنەوەی کەیس لەسەر تۆمەتبار نعمە فارس محیاوی، بەڵام هاوکارییان نەکرا و ئەوانیش کەیسەکەیان داخست، بۆ ئەوان بیانوێکی باش بوو کە خۆیان لە سەریەشەی دادگایکردن دەربازکرد.
    بەڵام چۆن ئەوان کەیس لەسەر کەسێکی ئەوها گرنگ دادەخەن، ئەگەرچی ئێراق ڕەتی هاوکاریش بکاتەوە. دەکرێ بڵێن کە بەڵگەنامەکان لە دژی نعمە فارس لاوازبوون و ئێراقیش هاوکاریی نەکردن بۆیە کەیسەکەیان داخست. بێگومان نەمسا دەیتوانی لێکۆڵینەوەی زیاتر بکات، پەیوەندی بە لایەنە پەیوەستدارەکان بکات و بەڵگەنامەکان بەدەستبهێنێت و کەیس لەسەر تاوانبار نعمە فارس بکاتەوە، بەڵام ئەوەیان نەکرد. ئەگەر لە لایەن جوولەکەکانەوە سکاڵا لە بوونی تاوانبارێکی بچووکی نازیی لە نەمسا بکرابایە، ئایا نەمسا دەیتوانی لێی بێدەنگ بێت؟ بێگومان نەخێر، چونکە حکومەتی ئیسرائیل و لۆبی جوولەکان هەمووی دەهاتنە دەنگ و بابەتەکە لە ڕاگەیاندنەکاندا دەتەقیەوە و لایەن سیاسیەکانیش دەهاتنە دەنگ. ئەوەی بە گەلی جوو و حکومەتی ئیسرائیل دەکرێت و دەیکەن، ئاستێکە کورد زۆری ماوە خۆی لێ بدات. جوولەکان گەلێکی هوشیار و زیندوون هەرچی کوردی باشوورە گەلێکی بێئاگا و نووستووە. حکومەتی هەرێم لەجیاتی گرتن و ڕاوەدوونانی تاوانباران، پەنای تاوانباران دەدات یا بۆ دەرەوە ڕزگاریان دەکات. واپێدەچێ ویستی کردنەوەی کەیس لەسەر ئەم تاوانبارەی تاوانی گەلکوژیی لەسەرەتاوە لای نەمسا لاواز بووە، کە دەکرێ یەکەم بڵێن ئێراق خۆی بێدەنگ بێت بۆ ئەوان لەم کەیسە بکۆڵنەوە، دووەم بێدەنگی ڕاگەیاندنی نەمسا لە ئاست بوونی تاوانبارێکی ئەوها گەورە لە وڵاتدا، دووهەم نەبوونی پشتگیری ڕامیاریی ناوخۆیی نەمسا بۆ کەیسەکە ، سێهەم خۆ دوورخستنەوە لە دەستپێکردنی کەیسێک کە قووڵبوونەوە و لێکۆڵینەوەی گەرەک بوو، ئەوەش بێگومان خەرجی دەوێت. کاتێ تاوانبار نعمە فارس لە نەمسا ژیاوە، زیرەکانە خۆی پەناداوە، دەرنەکەوتووە و دیدار و چاوپێکەوتنی نەبووە. بەمجۆرە خۆی لە ڕاگەیاندن بەدوورگرتووە و خۆی تێکەڵی هیچ چاڵاکیەکەی ئاشکرا نەکردووە.
    ئەگەر ڕەخنە لە لایەنی کوردی کە مەبەستم چاڵاکوان و خەباتگێرانی مافەکانی مرۆڤە نەک پارتەکان و لایەنگرانی سەر بە دەسەڵاتدارانی هەرێم، دەکرێ گونجاو بێت بپرسین جگە لە سکاڵا چیتر لە نەمسا کرا؟ کاتێ دەسەڵاتی دادوەریی وڵات چاوپۆشی یا ساردیی لە دەستپێکردنی کردنەوەی کەیس لەسەر تۆمەتبارێکی تاوانی گەلکوژیی دەکات، پێویستە پەنا ببردرێتە بەر میدیای ئەو وڵاتە، لەو لایەنەوە بوون و شوێنی ژیانی ئەو کەسە تاوانبارە ئاشکرا بکرێت، هەروەها پەیوەندی بە پارتەکانی دۆست و بەرەی ئۆپۆزیسیۆنەوە بکرێت و بابەتەکە بجووڵێندرێت. چونکە کاتێ ئەو کەسە ئاشکرا بوو و میدیا لەسەریان نووسی سەختە بۆ دەسەڵاتی دداوەریی وڵات بێدەنگی لە کەیسەکە بکات. ئەوەندەی من لێی ئاگادار بم لەم لایەنەوە کارێکی ئەوتۆ نەکراوە و نەمزانیووە ناوی نعمە فارس وەکو تاوانباری تاوانی گەلکوژیی لە هیچ ڕۆژنامەیەکی نەمسادا هاتبێت. هەرچۆنی بێت ئەم تاوانبارەش مرد و سزای ڕەوای خۆی لەسەر تاوانەکانی وەرنەگرت.

    بەداخەوە زۆر لە تاوانباران دەمرن و نادرێنە دادگا لەوانە شێخ جەعفەر، عامر ڕەشید، ئەرشەد زێباریی، مەلا عوزێر، وەفیق سامەڕایی، حەمید شەعبان، عزەت دوریی، تارق ڕەمەزان و زۆریتر لە ئەفسەرانی کۆنی بەعس دەمرن و سزای داوەرانەی خۆیان وەرناگرن، ئەوەش خۆی لە خۆیدا قووڵبوونەی ئازاری کەسوکاری قوربانیانە و درێژەی زیاتری ئەم تاوان و ناڕەواییەیە کە تاوانی ئەنفال و تاوانەکانی دی دروستیان کرد. بێگومان ئاگادارم کە زۆر لەو ئەفسەرە ئێراقیانەی بەشداری تاوانی گەلکوژیی ئەنفالیان کردووە ئێستا لە کوردستاندا پەنادراوان و ڕیزیان دەگیرێت، دەسەڵاتداران پسولەی بێتاوانی بۆ تاوانباران دەبەخشنەوە و دەیانپارێزن، بەڵام ئەو هەوڵە حزبیی و ناوچییە هیچ لە تاوانباریی ئەوان ناگۆڕێت. تەنها دادگایەکی سەربەخۆ دەتوانێ تاوانباریی و بێتاوانیی ئەوان یەکلابکاتەوە. هەموو ئەوەشمان بینی کاتێ تەرمی تاوانباران گەیشتەوە کوردستان کۆڕ و ماتەمینیان بۆ گیرا، پرسە لەبەر بەرپرسان و سەرمایەدارەکان بەر نەدەکەوت. ئەم بارەی باشووری کوردستان بەداخەوە وێنای داڕمانی مۆڕال و پرەنسیپەکانی دادوەریی لە کۆمەڵگەدا لەژێر سایەی دەسەڵاتی نانیشتیماندا دەکات کە زۆر نائاساییە و وێنەی لە هیچ شوێنێکی جیهاندا نییە، هەر بۆیە گرنگە بێدەنگی لە تاوانباران نەکرێت و ڕێچکە یاسایی و دادوەرییەکان وەبیربهێندرێنەوە. پێویستە دژ بە هەژموونی بێدادی و ناڕەوایی ڕاستییەکان بخرێنەڕوو و شێلگیرانە بەرگریی لە مافی کەسوکاری قوربانیانی تاوانی گەلکوژیی بکرێت.

شاخەوان قادر شۆرش
٢٠/١١/٢٠٢٥




زارا.. برایم فەڕشی

خۆش ڕابواردن بە دڵی پاکە- ئەوەی دڵی پاکە، بێ باکە، چاکە
هەموو دەوڵەتی دنیات دەسکەوێ- خۆشی نابینی کە دڵ نەسرەوێ

زارا شیعری منداڵانەی دەخوێندەوە، وشەی کوردی جوانی بە زاردا دەهات. ئەو جیاواز بوو لە هەموو منداڵانی گەڕەک، هەر کات ئێمە وشەی ناحەزمان لە زار دەهاتە دەر، دەیگوت:
ئەگەر تۆ زانایت، نەزانێک فێرکە- گەر دەوڵەمەندی هەژارێک تێرکە

بەیەکەوە فێری کوردی نووسین و خوێندنەوە دەبووین. باوکی پێیگوتبووین، ئیجازەمان نییە لای خەڵک باسی ئەو کتێبە کوردیانە بکەین. ئێمەش لای کەس باسمان نەدەکرد. بیستبوومان ساواک خەڵک لە سەر کتێبی کوردی دەگرێ. مەلای مزگەوتی بازاڕ لە سەر کتێبی کوردی بۆ ساواک بانگ کرابوو، باوکی زارا بانگ کرابوو، هەڕەشەیان لێکردبوو، بۆچی کوردی ئەو دیو، دێنە دووکانەکەت! ئێمە فێرببووین بەیەکەوە بین و هیچ شتێک نەدرکێنین.

ئەو هاوینەی پۆلی نۆمان تەواو کردبوو، باوکی گەزیزە بە ماشێنەکەی هەموومانی برد بۆ باخی میراوا. دوای نانی نیوەڕۆ خاڵی زارا بە ئەسپ و تانجی گوێ قوتەوە، پەیدا بوو، پرسی کێ دێت بۆ ڕاوە کەوە؟ هەموو سەیری یەکتریان کرد و گوتمان ئێمە. باوکەکان لە گەڵمان هاتن و دایکەکان مانەوە، هەتا ئێمە بگەڕێینەوە. خاڵی زارا سووتێکی لێدا، دوو کەس، چوار ئەسپی تریان هێنا و هەرکام لە ئێمە لە پشت سەری باوکمان سواری ئەسپ بووین و وەڕێ کەوتین، بۆ کوێ، نەماندەزانی.

پێشتر بە ئێمەیان گوتبوو کەوشی وەرزشی لە پێ بکەین، نەیانگوتبوو دوای میراوا بۆ کوێ دەچین ! کە گەیشتینە ناو گوندی تەرەغە، زانیمان چ باسە. لەوێ ئەسپەکانیان بردە ماڵێک و خاوەن ماڵ لەگەڵمان کەوت و گوتی لە بەر منداڵەکان بە ڕێگایەکی خۆشدا دەچینە سەرێ. لە بەر قەدی کێو سەیری سەرێمان کرد، باوکی گەزیزە گوتی کڵاوەکانتان بەرنەبێتەوە. ئەوە قسەی ناو خەڵک بوو، کە دەیانگوت” هەر کەس لە خوارەوە سەیری تەرەغە بکات، کڵاو لە سەری بەردەبێتەوە. ئێمە هەموو ڕۆژێ لە پەنجەرە و سەر سەربانەوە، لوتکەی ئەو کێوە قیت و جوانەمان دەبینی و هیوامان دەخواست ڕۆژێ بگەینە سەر ئەو لوتکەیە. یەک کەیف خۆشێک بووین، نەبێتەوە. پاش ئارەق ڕژاندنی زۆر و ماندوو بوون، گەیشتینە سەر لوتکە و هەناسەیەکی قووڵمان هەڵکێشا و خۆمان دا بەعەرزدا. لە ناکاو باوکی گەزیزە تێیچریکاند:

تەرەغە خۆشی سەرت هەر بەرزە- لێک جیابوونەوەمان چەند وەرزە؟
هەر لەلاتن! دەمەوێ سەیری بکەم- سەنگەری سارمی خوێنڕێژی عەجەم
دێننەوە بیر کوڕی کورد مەرگی ئەوێ- ئەو سەرەی ناوێ بە حیزی بنەوێ
کارگ و ڕێواسە بەهارانە بەرت- وەکو جاران کوڕ و کچ دێنە سەرت!

لێرە هەموو بەیەکەوە دەیڵێنەوە: وەکو جاران کوڕ و کچ دێنە سەرت؟ کچکەکان هاوار دەکەن ودەڵێن، دێن، دێن! زارا کە فرمیسک بە لاچاویدا دەهاتە خوارێ، گوتی: نەمدەزانی ئەو وڵاتەی ئێمە هێندە جوانە! سروە قسەی ئەوی درێژە دا و گوتی: حەز دەکەم، یەک بە خۆم هاوار بکەم، گەزیزە هاتە پێش، دەستی ئێمەی گرت و دەسرەی دەرهێنا و کەوتە سەرچۆپێ کێشان و بە هەوای ڕۆینە دەستی کرد بە گۆرانی و باوکی بۆ دەگێڕایەوە:

وەکوو ڕۆژ و شەوە فەرقی گودازی شەمع و سووتانم
کە ئەو هەر شەو دەسووتێ، من هەموو دەم؛ گەرچی ئینسانم
بە تەخمین وەسفی فیردەوس و جەهەننەم بۆچ دەکا واعیز
لە سایەی وەسڵ و هیجرانت بە خۆم دیتوومە دەیزانم
لە سیڕڕی حیکمەتی چاوت گەیشتم باعیسی ڕووحە
تەبەسسوم ماوە تێناگەم لە فەهمی ڕەمزی حەیرانم
کزەی جەرگم دەخیلت بم فیراقم کرد ئەوا مردم
دەسا دەی بێرە لام ساتێ نەماوە تابی هیجرانم

گەڕی هەڵپەڕکێ گەورە بۆوە و دەنگ دەنگی دەداوە. هەڵپەڕکێ هێندێ شل بۆوە و گەزیزە دەستی ئێمەی گرت و گوتی وەرن، هەر چوارمان قوڵ لە قوڵی یەک، بە دەوری خۆماندا دەسووڕیانەوە و دەمانگوت :
وەتەن قوربانی کەژ و چیا و بەند و دەربەنددت بم- قوربانی ئاسمان و دەشت و پێدەشتت بم.

سروە: تەرەغە، کێوی لەمێژینەی کورد – کۆنە هاوڕازی «سەفین»و «هەڵگورد»
گەزیزە: کورد هەزاران و هەزاران ساڵە- سایە پەروەردە ئەژین لەو ماڵە

لە ناکاو باوکی زارا گوتی، دانیشن بێدەنگ بن. هەموو بێ ئیختیار دانیشتین. باوکی زارا بە دوربین تەماشای خوارێی دەکرد و گوتی، ماشینی ژاندارم بەرەو دێ دێت، ئاها، دوو ژاندارم و پاتۆڵ لەبەرێک دابەزین و خەریکن بەرەو سەرێ دێن، ئەها پاتۆڵ لەبەر حەمەساڵە جەوانمەردی شایە. زوو شتومەک کۆکەنەوە ، مەجبوورین لە بەری پشتەوەڕا بڕۆینە خوار، هەرچەند توزێک ناخۆشە.

خۆمان کۆکردەوە و بەرەو خوارەوە چووین، لە کاتی چوونە خوار چەند جار قاچمان هەڵخزا، جارێک سروە لاقی لە بەردێک درا، بەرد خزی و ئەگەر باوکی نەیگرتبایەوە، سروە بەردەبۆوە. لە تەختایی نزیک بووینەوە و لە پشت ماڵانەوە، خۆمان گەیاندە ماڵەکە و سواری ئەسپ بووین و بە جیا لە دێ دوور کەوتینەوە، هەتا ئەوان لە سەر شاخەکەوە بە یەکەوە نەمانبینن. خاڵی زارا هەر لە دێ لە ئێمە جیا بۆوە و لە پشتەوەڕا خۆی گواستەوە بۆ ئەو بەری کێو و بەرەو گوندەکەی خۆیان ملی ئەسپی وەرسووڕاند، ئێمەش خۆمان گەیاندەوە سەر جادە و نزیک ئێوارە گەیشتینەوە میراوا و سواری ماشێن بووین و گەڕاینەوە ماڵ.

باوکی زارا دووکاندار بوو، شوێنی کارەکەی مەکۆی هاتوچۆی کوردی ئەو دیو بوو. ئەوان بە ناوی ئاڵوێرچی لە گوندێکی بێورانەوە ئاودیوی ئەم لا دەبوون و لە ڕێگای گەورکایەتییەوە خۆیان دەگەیاندە شارەکەی ئێمە و لای باوکی زارا.

قسەکردنی زارا هەر لە منداڵییەوە پاک و خاوێنتر لە ئاخاڤتنی ئێمە بوو، لە قسەکردنی ئەودا بە دەگمەن وشەی بێگانە هەبوو، خۆی دەیگوت وشەی فارسی و عەڕەبی وشەی بێگانەن. لە ماڵێ کتێب و گۆڤاری کوردیان هەبوو، ئیزنمان نەبوو بە قەرز لێیوەرگرین، بەیەکەوە دەمانخوێندەوە. ئێمە لەو ماڵە فێریی نووسین و خوێندنی کوردی بووین. ئێمە نەماندەزانی ئەو کەسانەی شەوانی پاییز و زستان لە گەڵ باوکی زارا دەهاتنەوە ماڵێ، خەڵکی ئەو دیوی کوردستانن و لە ڕاستیشدا نە ئاڵوێرچی بوون و نە قاچاخچی، ئەوان کەسانی ناو شۆڕشی ئەو دیو بوون، لە ناو سەنندوقی چایی و تایەی پڕ لە خەنە، کتێب و گۆڤاری کوردیان دەهێنا.
ئێمە نەماندەزانی باوکی زارا بۆچی چەند جار بانگهێشتی ساواکی سابڵاخ کراوە، نەماندەزانی خاڵی زارا، پێشمەرگەی سەردەمی کۆمار بووە و خراوەتە زیندان. دواتر زانیمان باوکی گەزیزە و خاڵی زارا دۆستی نزیک بوون و زۆرجار کە باوکی شەوانە نەدەهاتەوە و ئێمە دەچووینە ماڵیان، لە ڕاستیدا خاڵی زارا و باوکی گەزیزە بە بیانووی بارهێنان بە ماشێن، دەچوونە سەردەشت بۆ دیتنی ئەو کەسانەی لەو دیوڕا دەهاتن، جا چ وەک خزم و کەس، چ وەک دۆستی خۆیان. زارا هەموو ئەو شتانەی دەزانی و مەتەقی لێوە نەدەهات و بە ئێمەی نەدەگوت، هەر بۆیە جیاواز لە ئێمە بوو.

ئەو ساڵەی لە کێوی حاجی کیمی شەڕی نێوان کورد و ژاندارم و جەوانمەردی سەر بە شا ڕووی دا، کەڵاکی ژاندارم دەهێندرایەوە شار و ئێمە لە نزیک مزگەوتی بازاڕ لە ناو ماشێنی ژاندارمەری دەمانبینی، زۆرجار بۆنیان دەهات. ئەو پێشمەرگانەی چیای حاجی کیمی، دۆستی باوکی گەلاوێژ و خاڵی زارا بوون. دوایە زانیمان کە باوک و دایکی گەزیزە، چۆن لە ناوچەی ئەردەڵانەوە گەیشتوونەتە موکریان.

ساڵی ١٩٧٥ پێشمەرگەی ئەو دیومان لە شارەکەی خۆمان دەبینی کە بەرەو شارەکانی عەجەم گوێزرانەوە. زارا لە دووکانی باوکی دیتبووی کە چۆن بەشێ لەو پێشمەرگانە قسەیان بە شا گوتبوو، چۆن بەشێکی دی، پووڵی تازە چاپکراویان بە باقە لە گیرفان دەردێنا. ئەو ساڵەی دوو پێشمەرگە لە سەر قوولە، گولەباران کران، گەزیز و زارا روخساری هەرکیان نەقاشی کردبوو. ئەو دوو برایە جلوبەرگی کوردیان لە بەر بوو. دوای چەند ساڵ زارا نووسراوەیەکی خاڵی نیشان داین کە باسی ئەو دوو برایە بوو.

تازە دیپلۆمان وەرگرتبوو، چەند کەس چووبووینە پارکی سەقز و لەوێ زارا گوتی، من بۆ خوێندن ناچمە شاری عەجەمان، یان دەچمە سنەو کرماشان یان ورمێ. دەیگوت نامەوێ لە شارەکانی ئەوان گووم و گۆڕ بم، دەمەوێ شارەکانی خۆمان بناسم و لە خەڵکی خۆمان نزیکتر ببمەوە. سروە و گەزیزە دەستیان بەچەپڵە لێدان کرد.

گەزیزە و دایکی هێشتا نەڕۆیشتبوون و خەریکی ماڵ کۆکردنەوە بوون و ئێمەش یارمەتیمان دەدان، لە پڕ زارا هاتە ژوورێ و گوتی مزگێنی مزگێنی، هەموو گوێگوڵاخ بووین، گوتی لە زانستگای کرماشان وەرگیراوم و دەبم بە هاوسای ئێوە و زوو بە زوو دێم بۆلاتان، گەزیزە خۆی هاویشتە باوەشی وگوتی، ئۆخەیش ئیتر بە تەنیا نابم. هەی لە کێمە و لە کێمە، لە گوڵە زارای خۆمە. هەموو دامان لە قاقای پێکەنین.

زارا ئەو شەوە لە ماڵی گەزیزە گوتی، ئەمشەو دەمەوێ خۆمتان پێناسێنم، گەزیز بە تەوسەوە گوتی، نەبابە! دای لە قاقای پێکەنین. زارا گوتی، بە ڕاستیمە و زۆر شت هەیە کە من باسم نەکردووە و ڕەنگە ئێوە هەستتان پێکردبێ، کێ دەزانێ ئێمە کەی یەکتر دەبینیینەوە!؟
سروە ڕوو لە زارا دەکات و دەڵێ، ئێمە هیچمان لە یەکتر نەشاردۆتەوە و لە دواڕۆژیش ئەو کارە ناکەین، زارا دەڵێ، ڕاستە. جیاوازی ئێمە ئەوە بووە کە کارەکانی ئێوە بە تایبەت سروە و هێندێک لە کارە هونەرییەکانی هەر سێکتان کاری ئاشکرا بوون و توانیوتانە بە ئاشکرا بیکەن، جگە لە کارەکانی نووسینی گەزیزە کە نەیدەتوانی ئاشکرا بیانکات. کاری من جیاواز بوو.

سەیر کەن هەر کام لە ئێمە دوازدە ساڵ لە فێرگە بووین، ئایا ڕۆژێک بەرپرسێک دەرسوێژێک لە گەڵ ئێمە بە کوردی قسەی کرد؟ ئایا هێشتیان ڕۆژێک بە جلوبەرگی خۆمانەوە بچینە حەسار و ژووری فێرگە؟ لە کاتێکدا هەموو فێرکار و ئێمە کورد بووین. فڵان ڕەییسی مەدرەسە بەرپرسی حزبی میللەتی ئێران، فڵان کەس بە شانازییەوە وانەی شاپەرەستی فێر دەکردین و ئەویتر بەرپرسی حزبی پانئیرانیست و ئەوی دی بەرپرسی حزبی ڕەستاخیز و ئەویدی بڵیندگۆی دەوڵەت بوو. کامیان وشەیەکیان لە سەر خۆمان فێرکردین، هەر ئەوان ئێمەیان بەرەو خۆتواندنەوە دەکێشا. زۆربەی هەرە زۆری ئێمە، هەستمان بەوە نەدەکرد وبنەماڵەکانیشمان بۆیان گرنگ نەبوو، یان ناحاڵی بوون، چی بە سەر منداڵەکانیان دەهێندرێ. من دەمەوێ بگەڕێمەو بۆ لای خۆم. ئێمە هەموومان دەبێ لە ڕێگای کارەکانی خۆمانەوە بگەڕێنەوە بۆلای خۆمان. دەشتوانین لە ڕێگای زانست، هونەر، ئەدەبیات و سیاسەت ئەو کارە بکەین. دەزانم ئەو کارە زۆر چەتوونترە لە چەک لە شان کردن و چوونە شاخ. ئێوە ڕێگای خۆتان هەڵبژاردووە، ڕێگای منیش زانست و سیاسەتە.

سروە ڕوو لە زارا دەڵێ، زاراگیان لەبیرتە چەند ساڵ بەر لە ئێستا بەیەکەوە کتێبێکی فەلسەفەمان بۆ یەکەمجار خوێندەوە، لە بیرتە تەقە لە سەرمانەوە دەهات و گوتمان ئەگەر لە دنیا حاڵی نەبین، ژیانی ڕۆژانەشمان نابێ، ئێستا هەر کام دەتوانین بەرەو ئەو داهاتووە بچین و خۆمان بناسین و بە جیهانی بناسێنین. گەزیزە دەڵێ، منیش ئەو باوەڕەم هەیە. لە دوای مردنی باوکم کە زۆر شتی فێرکردم، زانیم دەبێ دەرکەوم، وەک خۆم دەرکەوم، شانۆ ئەو دەرگایەی بۆ کردمەوە، ئێستا نووسین ئەو ئیمکانەی پێبەخشیوم کە دەنگ هەڵبڕم، بۆ ئەوەش یەک دنیا سپاسی تۆ و باوکت و دایکت دەکەم، کە زۆر شتتان فێری ئێمە کرد، بە تایبەت خوێندن و نووسینی زمانی دایک و خوێندنەوەی ئەو کتێبانەی کە باوکت دوور لە چاوی ساواک دەگەیاندە دەست ئێمە و تۆ بۆت دەخوێندینەوە. هەموو ئەوانە بوو بە بۆ هۆی ڕۆشەنبوونی ڕێگامان، لە ڕاستیدا ئێمە یەک گیان و یەک پەیکەر بووین، ئامێزی دەکاتەوە بۆ ئەوەی هەموو یەکتر لە باوش کەن.

زارا ڕوو لە گەزیزە، گەزیزە گیان، ئێمە لە ڕابوردوو، زۆرمان هەڵە کردووە، پێشینیانی ئێمە، سەرەڕای شانازییەکانیان، هەڵە و نەزانی زۆریان هەبووە. ئێمە نابێ ئەو هەڵانە دووبارە کەینەوە. گەزیزە لە وڵامی زارا دا دەلێ، ڕاستە، ئەوە گرنگە بزانی هەڵەت کردووە و چەقبەستوو نەمێنێ و لە ناو جەغزەکاندا نەخولێیەوە. هەڵە کردن دەتوانێ ببێتە ڕۆشنایی ڕێگا، گەر بزانین هەڵەمان کردووە. لە نەزانییدا هەڵەکان دووبارە دەبنەوە، بە هەڵا هەڵا ناگەینە ئامانج، بە ژیریی و تێگەیشتن ڕێگامان ڕوون دەبێ. شانازیش لەوە دایە مرۆڤی سەردەم بین و سەردەمیانە خۆمان ببینین و بناسێنین و سوور بین لە سەر ئامانجی ڕاستەقینەمان، وەک یەک پەیکەر و یەک دڵ و گیان.

ساڵێک و چەند مانگ دواتر، ڕۆژێک لە دەرگای ماڵی ئارژین و ئارتۆس-م دا لە شەقامی خەیامی کرماشان، ئارژین دەرگای کردەوە، دەستی کرد بە هەرا هەرا، لە ناکاو زارا دەرکەوت و هاواری کرد و هەرکیان لە ئامێزیان گرتم. من لەو هەرا و هوریایە و لەوەی زارا لەوێ چ دەکات، سەرم سووڕما بوو.

پاڵیان پێوەنام و چووینە ژوورێ، ئارتوس لە دیوەکە دەهات و دەچوو، پرسیم ئەوە چییەتی، ئارژین گوتی، دیسان لە کەلەی داوە و ئیدەی تازەی بۆ هاتووە، ڕەنگە چەند سەعاتی تر بزێ و کورپەیەکی نوێ بۆ شانۆ بکەوێتە باخەڵییەوە. وەبیر ئەو ساڵە کەوتمە کە چووە ژوورەکە و دەرگای لە سەر خۆی داخست و دوای حەوت سەعات، درگای کردەوە و گوتی خەلاس. ئەو کات شانۆنامەی ” ئەو پیاوەی…” تەواو کردبوو، ئێستاش هەمان بەزم بوو. ئەمە دوا دیداری من لە گەڵ زارا و ئارژین و ئاریۆس و کرماشان بوو.

برایم فەڕشی
پاییزی ٢٠٢٥




دوو و دوو دەکاتە پێنج!.. فەرهاد مەحموود ئیبراهیم

جۆرج ئۆرۆیل دەڵێت: گەر کۆی میللەت هێزی ڕاستەقینەی خۆیان بزانیایە هیچ حەوجیی پلانڕێزیی نەدەبوو، تەنیا ئەوەی پێویست دەبوو: ڕابوونایە وەکو ئەسپ کە چۆن مێشوولە لە خۆی دوور دەخاتەوە.
شەکەسپیریش دەڵێت: ئەوەی ئێمە تێیدا دەژین هەڵبژاردنی خۆمانە کە دەمانەوێت وا بێت، نەك ئەوەی بەسەرماندا بچەسپێنرێت.
کەواتە سەرکوتکردنی ڕای خەڵك لە ڕێگەی تاكڕەوی و ستەم و چەوساندنەوەوە مانای وایە کەمینەیەك ڕێی پێدراوە کە جڵەو بگرێتە دەست و زۆرینە لە مافە سەرەتاییەکانیان بێبەش دەکرێن، ئەمە لە کاتێکدایە هەرگیز فەراهەمهێنانی ئاسایش و خۆشگوزەرانی لە ڕێگەی تۆقاندن و ترسەوە نایەتەدی، بەڵکو ئەمە ڕەوتی برەو و پێشکەوتنی ڕاستەقینە ڕادەگرێت. لە حاڵێکدا بەشداری میللەت لە بڕیاردان و هەڵبژاردنی شێوازی بەڕیوەبردندا دەبێتە هێنانەدی حوکمی دەسەڵاتێکی تەندروست کە لەسەر بناغەی پەیوەندی پتەوی نێوان دەسەڵات و نەتەوە بنیات دەنرێت و خوارییەکان ڕاست دەکاتەوە گەر لە پێشدا بوونی هەبووبێت.
ئازادی و سەرەوەری تاك و یەکسانیان بەرانبەر یاساو بوونی ڕێكخراوی کارای سەربەخۆو مەدەنی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە سیماکانی کۆمەڵگاو دەسەڵاتی تەبا دێنە هەژمارکردن و دیتن.
دیسپۆتیزم و قۆرخکردنی دەسەڵات دەردێکی کوشندەیەو لە دۆخی ناتەندروستدا سەرهەڵدەدات و دەبێتە هۆی قووڵکردنەوەی قەیرانەکان، بۆیە هەمیشە دیکتاتۆریی و تۆتالیتاریزم لە هەر شوێنێکدا بوونی هەبێت هەوڵ دەدات لە ڕێی دەسەڵاتی سیاسییەوە قۆرخی کۆمەڵگا بکات، کە بەم پێنج سیفاتە دەناسرێتەوەو جیا دەکرێتەوە:
١-شێوازی دەوڵەت لە پەیڕەوکردنی یاساوە دەگۆڕدرێت بۆ پەیڕەوکردنی شێوازی پۆلیسی.
٢-لە دەوڵەتی ئازادییەکانەوە بۆ سەرکوتکردن.
٣-دەسەڵاتگرتنە دەستی تاکە حیزب لە کاروبارەکاندا.
٤-دەسەڵات هەوڵی سەرکوتکردنی میللەت ونەهێشتنی فرەیی دەدات.
٥-دەسەڵاتی خۆسەپێن پەنا بۆ ترس و تۆقاندن دەبات وسەرجەم داهاتی ناشەفاف ژێرباری ئەو مەبەستە دەخات.
بەمجۆرە لە دەوڵەتی سەرکوتکاریدا پەیوەندی خەڵك و حاکم و خەڵك و خەڵك لەسەربنەمای دواکەوتن و چەوساندنەوە و ناسەقامگیری و نائامادەیی گشت ڕەنگەکاندا بەرجەستە دەبێت، تێیدا ڕووداوی توندوتیژی زیاد دەکات و حاڵەتەکانی کوشتن زیاترو ئاسایی دەبنەوە، تێیدا سەرکوتی دەنگی ناڕازی دەکرێت و ژمارەی پۆلیسی نهێنی زیاد دەبێت و تەنانەت سەرکوتی نەیاران دەکرێت لە ڕێی پەنابردن و بەکارهێنانی یاساوە، چونکە هیچ سیستەمێکی ژیانی مەدەنی لە ڕژێمی تۆتالیری سەرکوتکاردا بوونی نامێنێت و تەنیا ناوو شێوەکەی دەمێنێتەوەو لە ناوەڕۆکدا خاڵی دەبن لە مەبەستەکانیان، تەنانەت ڕێكخراوە کارا مەدەنییەکانیش ژێر بەژێر دەخرێنە ژێر ڕكێفی دەسەڵاتی دیسپۆتیزمەوە.
بەشێوەیەکی گشتی وەکو ئیبن خەلدون لە پێشەکییەکەیدا نووسیویە: دەسەڵات و مۆراڵ زۆرجار بەریەك کەوتنیان لەگەڵ یەکدا دەبێت، بەحوكمی ئەوەی سروشتی دەسەڵات لە پێناوی مانەوەیدا ئەوە دەخوازێت و میکافیللیش ڕەنگە لەبەر ئەو هۆکارە بێت ئەو دووانەی لێك جیاکردۆتەوە: ئاکاری سیاسی و ئاکاری گشتی، بەڵام ئایا دەبێت دەسەڵاتی ڕاستەقینە ئاوها بێت؟ پاشان بۆمان هەیە بپرسین ئایا تا چەند دەسەڵات بۆی هەیە بەردەوام ئەو پێشێلکارییانە لەمافە سەرەتاییەکانی هاوڵاتیاندا بکات؟ ئایا دەبێ ئەو پێشێلکاریانە تا چەند پێویست بن؟ ئەی ئایا لە ئاکامدا بە کوێ دەگات ئەو هەموو هەنگاوانەی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو خراپ و خراپترو بەکارهێنانی شێوازی تازەی ناڕەواو دڕندانەتر دەچێت؟ ئایا تا سەر دەسەڵات دەتوانێت بەو شێوازانە مانەوەی خۆی مسۆگەر بکات بۆ هەتا هەتایە؟ یان مانای حاكم و مەحكومی تەندروست تەواو لە شوێنێکی ترەو ئەوەی ئێمە لێی دەدوێین بارودۆخی وڵاتان و ناوچەکانی جیهانی سێیەمە بە تەنیا کە نەخوێندەوارەکان دەکرێنە داردەستی تۆقاندن و خوێندەوارەکانیش لە پێناو لە دەستنەدانی ئیمتیازاتەکانیان قوڕوقەپی لێدەکەن.
ئەوەی مەبەستمە لێرەدا خاڵێکی زۆر مەترسیدارە کە ڕەنگە لای زۆر لە خوێنەران ئاشکرا نەبێت و نەزانن ئەوەی ئێستا لە دەوروبەریان دەگوزەرێت زۆر کوشندەیەو ڕەنگە ڕۆژێك ئەویش ڕووبوڕوی بێتەوەو پێی بکرێتە ئامانج و کە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا بێتام زیاد بووەو تەشەنەی کردووە.
هەمیشە هۆکارێکی ڕژێمە تۆتالیتارە سەرکوتکارەکان بریتییە لە پەرەدان بە دەزگاکانی سیخوڕی و چاودێریکردن و زیادکردنی جۆرو ژمارەی سیخوڕان، بەمەبەستی مسۆگەرکردنی مانەوەی دەسەڵاتی ناتەندروستی خۆیان، بەڵام لەولاوە بەخێوکردن و پەروەردەکردن و ژێربارخستنی ئەو لەشکرە لە سیخوڕو کاڵفامان و نەخوێندەواران بۆ پاراستنی بەرژەوەندی کورسی چەند کەسانێك، لەهەموو دام ودەزگاو کۆڵان و بازاڕو مۆڵ و مزگەوت و ناو یانەو ڕێكخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا بڵاوکراونەتەوەو داهاتی ناشەفافی میللەتیان پێ دەدرێت، قێزەونترین ڕێگا لەو پێناوەدا بەکاردەهێنن و گوێ لە پەیوەندییەکان دەگرن و تۆڕی ئینتەرنێتیش دەکەنە مەیدانی بەدواداچوونیان، هەر ئەمانەش سبەی دەبنە بارێکی گران و ناقۆڵا لەسەرشانی کۆمەڵگا، چونکە ئەو هونەرە بەدفەڕییەی کە فێری بوون بە سیخوڕیکردن بەسەر هاوڵاتییانەوە دەبێتە خوویان و هەرگیز بۆیان تەرك ناکرێت، ئەمە جگە لەوەی بە پێی دابونەرێت و ئایین و یاساکانی مافی مرۆڤ دادەنرێت بە تاوانێکی قێزەون و ناڕەواو دژی هەموو پرەنسیپە مرۆییەکانە.
ئیدی بەڕادەیەك ئەو دیاردەیەش ئاسایی دەبێتەوەو تا ئەو ئاستەی ئەو دەزگایانە پەنا بۆ بەکارهێنانی کەسانی خوار تەمەنی هەژدە ساڵ دەبەن بۆ ئەو کارە و جۆرەها شێوازی تەکنەلۆژی و چاودێرییان دەخەنە بەردەست لەو پێناوەدا، ئەمەش جگە لە کۆمەڵێك دەستەو دایەرەی نزیکی دەسەڵاتی دیسپۆتیزم، کەسی تر ئاگاداری کاری ئەو بازنەیە نابێت، تەنانەت کاری سیخوڕیی بەسەر ئەندامانی هەمان حیزبیشەوە دەکرێت و چیدی کەس متمانەی بە کەس نامێنێت، بگرە بابای سیخوڕ ئەگەر هیچ کەسی دەست نەکەوێت دەکەوێتە چاودێریکردنی کەس وکارەکەی خۆی، چونکە ناتوانێت دەستبەرداری ئەو خووە بێتن کە بە میرات وەکو خەڵات لەدەسەڵاتی مافیاو گەندەڵەوە بۆی ماوەتەوەو فێرکراوە، ئەمەیە بەرهەمی دەسەڵاتی پۆلیسیی خۆسەپێن و دوور لە ژیانی مەدەنی، کە لەسەر بنەمای ترس و تۆقاندن و پاکتاوکردنی کەسانی نەیاران دەمێنێتەوە، ئەم دیاردەیە بە جۆرێك زەق بووەتەوە تەنانەت کەسی چاودێریکراو بێ پەردە ئەو لەشکرە دەبینێت کە دوای ئەکەون و وێنەی ئەگرن و چاودێری دەکەن؛ بێ ئەوەی سیخوڕەکان شەرم لە خۆ بکەن و تەریق ببنەوەو بەخۆدا بچنەوەو بستێك واز لە کۆیلایەتی بهێنن، خەریکی هەراسانکردنی کەسانی دەرەوەی بازنەی حیزب و دەسەڵاتن و تەدەخول لە تایبەتمەندییەکانی ژیانیاندا دەکەن و بگرە توهمەتیان بۆ دەهۆننەوەو تاوانیان دەخەنە پاڵ. ئەمانە زەنگی مەترسییەکی جددین کە ڕەنگە سبەی ڕووبەڕووی زۆرینە ببێتەوە، ئاگات لە خۆ نییە و کەسانێك گاڵتە بە نهێنییەکانی ژیانی تایبەتی تۆ دەکەن، ئەمانە گەر بەڵگەی هەر شتێك بن سەرەتا ئەوە دەردەخەن کە ئەو دەسەڵاتانە چۆن بەرەو لوتکەی بێ متمانەیی خەڵك دەچن و هەموو ساتێك لە ئاماداباشیدان بۆ چارەنووسی حەتمی خۆیان؛ ئیدی وای لێدێت بێزاریی لە سیمای شارو خەڵکەکەیدا بە ئاشکرا دەربکەوێت و خەڵکانی ئازادیخواز بیر لە هەڵهاتن لەو زیندانە بەرتەسکە بکەنەوە بەرەو تاراوگە و سەری خۆیان هەڵگرن، دوای ئەوەی بێ هیوا دەبن لە هەموو چاکسازییەك و لەبەرانبەریشدا ڕۆژ بە ڕۆژ ئازادییە تاکە کەسییەکان بەرتەسك دەبنەوەو زەبرو زۆر تا قوڕقوڕاوگەی میللەت دێت، کە هەرگیز ناتوانرێت پەردەپۆش بکرێت بە داهێنانی نازناو و پاشناو بۆ شوێنەکان، نە شاری ڕۆشنبیریی و نە شاریی نموونەیی و نە گوندی ئەوروپی و…… ناتوانێت ئەو تاڵاوە لە قوڕقوڕاگەکاندا بڕەوێنێتەوە کە ڕۆژانە بە شێوەی نالەبارو نوێ خەڵکی ڕەش و ڕووت دەیچێژن و پێوەی دەتلێنەوەو دەناڵێنن، کاتێك خۆیان دەبیننەوە نیشتیمانپەروەرن و خۆیان نەفرۆشتووە بە کەس و هیچ لایەنێك و نە بندیوارن و نە بەرژەوەندیان لەگەڵ هیچ حیزبێکدا هەیە وهەمیشە بە گومانی نەیاریی بێبەش دەکرێن و دەچەوسێنرێنەوە و پلانیان دژ دەگێڕدرێت؛ تا ئەو ئاستەی جڵەوی بێ لەمپەر بە جۆرێك بۆ ئەم جۆرە کۆکوژییە لەسەرخۆیە بەڕەڵڵا دەکرێت کە دەبێت وەکو ڕۆمانی (١٩٨٤)ی جۆرج ئۆریۆڵ لە کۆتاییدا هەمووان لە ژێر فشارەکاندا ناچار بکرێن بڵێن: بەڵێ دوو و دوو دەکاتە پێنج!

فەرهاد مەحموود ئیبراهیم




هێزی هزر – پێری ئەندەرسۆن.. ئەکرەم سەعید


سەرنج لەسەر {بەشی ۱ کتێبی: هێزی هزر – پێری ئەندەرسۆن}

۱/ ڕۆڵی هزر تا چەند گرنگە لەو هەڵچوونە سیاسییانەی کە گۆڕانکاری مێژوویی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە؟ ئایا هزر تەنیا دیاردەی دەروونی پرۆسەی ماددی و کۆمەڵایەتی زۆر قووڵترن، یان خاوەنی سەربەخۆیی یەکلاکەرەوەن وەک هێزی هەڵخرانی سیاسی؟. بە پێچەوانەی ڕواڵەتەکانەوە، ئەو وەڵامانەی کە بۆ ئەم پرسیارە دەدرێن، چەپ لە ڕاست بە توندی جیاناکاتەوە. بێگومان زۆرێک لەکۆنسەرڤاتیڤ و لیبراڵەکان گرنگییەکی زاڵ و گەورەی ئایدیاڵە بەرزەکان و بەها ئەخلاقییەکانیان لە مێژوودا بەرز نرخاندووەو سەرکۆنەی ئەو ماتریالیستە ڕادیکاڵانەیان کردووە کە پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە ناکۆکییە ئابوورییەکان بزوێنەری گۆڕانکاری مێژوون. نموونە بەناوبانگە مۆدێرنەکانی ئەم جۆرە ئایدیالیزمە ڕاستڕەوە بریتین لە کەسایەتی وەک(فریدریش ماینێک، بێنێدێتۆ کرۆس یان کارل پۆپەر). بۆ ئەم جۆرە بیرمەندانە بەوتەی یماینێک:”هزرەکان، کە لەلایەن کەسایەتییە چالاکەکانەوە دەگۆڕدرێن، تابلۆی مێژووی ژیان پێکدەهێنن”، بەڵام دەتوانین کەسایەتییە سەرەکییەکانی دیکەی ڕاست بدۆزینەوە کە هێرش دەکەنە سەر وەهمە عەقڵانییەکان، کە بە ڕای ئەمان عەقیدەی دروستکراون، لەبری ئەوە بڕوایان بەوەیە کە داب و نەریتییەکان یان غەریزە بایۆلۆژییەکان ڕۆڵی مەزن و قوڵ دەبینن،(فریدریش نیچە، لویس نامیر، گاری بێکەر)،لە ڕوانگەی جیاوازەوە، تیۆریستەکانی بەرژەوەندییە مادییەکان بوون، کە سوکایەتییان دەکرد بە بەها ئەخلاقییەکان یان سیاسییەکان, و هەوڵیان دەدا بایەخی ڕۆڵیان کەم بکەنەوە. تیۆری بژاردەگەرایی عەقڵانی، کە هەژموونی لەسەر بوارە بەرفراوانەکانی زانستی کۆمەڵایەتی ئەنگلۆساکسۆن هەیە، ناسراوترین پارادایمی هاوچەرخی ئەم جۆرەیە.
بەڵام هەمان دابەشبوون دەتوانرێت لەلای چەپ بدۆزینەوە. ئەگەر سەیری مێژوونووسە گەورە مۆدێرنەکانی چەپ بکەین، بێباکییەکی تەواو لە ڕۆڵی هزرەکان لەلای”فێرناند براودێلدا” دەبینین، کە بە پێچەوانەی ڕای”ر. هـ. تاونی”کە ڕۆڵی هزری بە گرنگ دەزانی. لە نێو خودی مارکسیستە بەریتانیەکاندا، کەس هەڵوێستەکانی”ئێدوارد تۆمپسۆن”لەیاد ناچێ کە هەموو کارەکانی ژیانی مشتومڕێک بوو لە دژی ئەوەی کە وەک بچووککردنەوە بۆ فاکتەری ئابووری دەیبینی، لەگەڵ هەڵوێستەکانی”ئێریک هۆبسباوم”لە نووسینی مێژووی سەدەی بیستەمدا هیچ بەشێکی جیاوازی تێدا نییە کە تەرخانکرابێت بۆ هزرەکان. ئەگەر سەیری سەرکردە سیاسییەکان بکەین، هەمان دابەشبوون بە شێوەیەکی وردتر خۆی دووبارە دەکاتەوە، بۆ نموونە گووتەی:‘‘بزووتنەوە هەموو شتێکە، ئامانج هیچ نییە‘‘ی بێرنشتاین. ئایا دەکرێت بێبەهاکردنی توندتر لەمە زیاتر بۆ هزرەکان هەبێت لە بەرژەوەندی بزووتنەوە؟ بێرنشتاین پێی وابوو کە ئەو لە دڵسۆزییەوە بۆ مارکس ئەو دیکتۆمەی گوتووە. لەهەمان قۆناغدا، لینین لە ماکسیمێکی(کورتە دەستەواژە)بەهەمان شێوە بەناوبانگدا، کە کاریگەرییەکی تەواو دژە، وەک شتێک کە هەموو مارکسیستێک دەبێ بزانێت، ڕایگەیاند کە‘‘بەبێ تیۆری شۆڕشگێڕانە ناتوانرێت بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە هەبێت‘‘. جیاوازی لێرەدا تەنیا لە نێوان ڕیفۆرمخواز و شۆڕشگێڕدا نەبوو، بەڵکە لە ڕیزەکانی خودی چەپی شۆڕشگێڕدا هەمان دووانەیی دەبینینەوە. بۆ لۆکسمبۆرگ وەک خۆی دەڵێت:‘‘لە سەرەتاوە کردەوە بوو‘‘؛ واتە نەک هیچ بیرۆکەیەکی پێشوەختە، بەڵکو تەنیا کردەوەی خۆبەخۆیی جەماوەر، ئەوە خاڵی دەستپێکی گۆڕانکاری مێژوویی گەورەیە، ئەنارکیستەکان هاوڕای ئەو بیرۆکەیە بوون. لەلایەکی دیکەوە بۆ گرامشی بزووتنەوەی کرێکاری هەرگیز ناتوانێ سەرکەوتنی بەردەوام بەدەست بهێنێت، مەگەر تەنها کاتێک کە سەرکەوتنێکی ئایدیاڵی بەدەست بهێنێ؛ ئەوەی ئەو ناوی لێنابوو‘‘هەژموونی کولتووری و سیاسی‘‘بەسەر کۆمەڵگادا بە گشتی. ستالینیش وەک سەرۆکی دەوڵەت بنیاتنانی سۆسیالیسمی بە گەشەپێدانی ماددی هێزە بەرهەمهێنەرەکان سپارد، وە ماو بە شۆڕشێکی کولتووری کە توانای گۆڕینی عەقڵیەت و عادەتەکانی هەبێت**.
لێرەدا وەرگێڕانی بەشی(۱)ی کتێبەکە تەواو بوو *.

سەرنج لەسەر {بەشی ۱ کتێبی: هێزی هزر – پێری ئەندەرسۆن}
ڕۆڵی هرزەکان لە گۆڕانی کۆمەڵگەدا چەندە گرنگن بەراورد بە بەرژەوەندی و هێزی ماددی؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە بە کورتی ئەندەرسۆن باسی مێژووی هزر دەکات لە لیبڕالیسم و مارکسیزم، تا دەگاتە ئەمڕۆکە لە هەژموونی نیولیبرالیزم و کۆنسەرڤاتیڤ بەسەر جیهاندا.
بەڕای مارکس ‌مرۆڤ ئه‌قڵ به ‌کارده‌هێنێ لە سەرنجدان لە جیهانی دەرەوەی خۆی، لێرەوە دەگات بە هزر، و لێرەوە نه‌خشه‌ دروست ده‌کات له‌ مێشکیدا، پێش ئه‌وه‌ی له‌ پراکتیکدا جێبه‌جێی کات، به‌مه‌ کاری مرۆڤ له‌ کاری هه‌نگ جیاده‌کرێته‌وه‌. به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ی پێیان وایه‌ مارکس بڕوای بە گرنگی کاری ئەقڵ نییە، یان کاری ئەقڵ(تیۆر- هزر)هەمیشە دوای پراکتیکە، دەبێ باش لەم دەربڕینەی مارکس لە سەرمایەدا وردببنەوە، مارکس ده‌نووسێ:{بێگومان جاڵجاڵۆکه‌ هاوشێوه‌ی فه‌رشچن کار ده‌کات، هه‌نگیش له‌ دروستکردنی شانه‌ی هه‌نگوینه‌‌کان زۆرێک لە تەلارسازەکان شەرمەزار دەکات، بەڵام ئەوەی خراپترین تەلارساز لە باشترین هەنگ جیادەکاتەوە ئەمەیە، تەلارساز یه‌که‌م جار لە مێشکی خۆیدا تەلارەکە بنیات دەنێ ‌پێش ئەوەی لە واقیعدا‌ دروستی ‌بکات.}- مارکس/ سه‌رمایه‌ – بەرگی یەکەم/ پرۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری/ لاپەڕە 198.
ئەم بیرۆکەیەی مارکس جەخت لەوە دەکاتەوە کە بیرکردنەوە(هزر- تیۆری)پێش کردار(پراکسیس)دەکەوێت؛ یانی مرۆڤ توانای ناوازەی هەیە بۆ بیرکردنەوە، بۆیە مرۆڤ بە پلانێکی هۆشیار کاری جەستەیی دەکات.
(لە هەموو سەردەمێکدا، هزرەکانی چینی دەسەڵاتدار، هزرە زاڵ و باوەکانن؛ واتە ئەو چینەی کە نوێنەرایەتی دەسەڵاتی ماددی لە کۆمەڵگادا دەکات، هێزی فیکریشی باڵادەستە. ئەو چینەی کە خاوەنی ئامرازە ماددییەکانی بەرهەمهێنانە، هاوکات کۆنتڕۆڵی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی فیکریش دەکات)- مارکس/ئایدۆلۆژیای ئەڵمانی.

دوو جۆر هزر: هزری ڕەسەن و ئایدۆلۆژیا
مارکس بڕوای به‌وه‌ بووه‌ ‌مرۆڤ ئه‌فسانه‌کان به ‌ئه‌قڵ داده‌ڕێژێ، به‌ڵام ئەوانە ده‌ربڕینێکی ئه‌قڵانی نیین‌، بەڵکە ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجی ماتریالی مرۆڤ خۆیه‌تی.
مارکس لەباسکردنی پەیوەندی هۆشیاری به واقیعی کۆمەڵایەتی‌، ئاماژەی بەوەدا کە پەیوەندییەکی نزیک لە نێوان هۆشیاری(وەک هزر و ئایدۆلۆژیا)و ژیانی کۆمەڵایەتی هەیە‌، ئەو پێیوابوو ژیانی ماددی هۆشیاری دیاری دەکات نەک بە پێچەوانەوە‌، ئەما هزری ڕاستەقینەی شۆڕشگێڕییە بە پراکتیک کۆمەڵگە دەگۆڕێ، بەڵام ئایدۆلۆژیا واقیع دەشێوێنێت و شکست دەهێنێت لە کێشانی وێنەیەکی ڕاستەقینە دەربارەی واقیع.
ئیرەجی ئازەرین لە نووسراوێکیدا پەیوەندی نێوان(بوون و هۆش‌ و پراکتیکی هۆشیارانه‌)ی بە شێوەێکی دروست ڕۆشن کربووەوە:{له‌ ماتریالیزمی مێژووی مارکسدا پێکهاتی ئابووری کۆمه‌ڵگه‌ له‌ شێوازێکی به‌رهه‌م هێناندا، پایه‌ و ژێرخانی ئابوورییه‌، و ته‌واوی شێوه‌ی سیاسی، ماف و یاسا، ئیدۆلۆژیای زاڵی نێو کۆمه‌ڵگه‌، دیاری ده‌کات و به‌وه‌وه‌ په‌یوه‌ستن. له‌م تێگه‌یشتنه‌ی ماتریالیزمی مێژووی مارکس ئابووری بڕیارده‌ر و دیاریکه‌ره‌. به‌ڵام له‌م تێگه‌شتنه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌ گه‌ر به‌ ئه‌نجامگیرێکی ئیکۆنۆمیستی وا بێینه‌ ده‌ره‌وه‌ که‌”گه‌شه‌ی هێزه‌کانی به‌رهه‌م هێنان یان هه‌ر جۆرێکی ئابووری ماتۆری پێشکه‌وتن و گۆڕانی مێژووه‌”. چونکه‌ له‌ بیری دروستی مارکس ژێرخانی ئابووری یه‌کسان نییه‌ به‌ هێزه‌کانی به‌رهه‌م هێنان به‌ ته‌نها، وه‌ له‌و بۆچوونه‌ دروسته‌ی ماتریالیسمی مارکس که‌ ژێرخانی ئابووری سه‌رخانی کۆمه‌ڵگه‌ دیاری ده‌کات هێشتا باس له‌ دیاریکردنی دینامیکیه‌تی گۆڕانی ژێرخانی ئابووری و سه‌رخانی کۆمه‌ڵگه‌ له‌ دیدی مارکس ناکات. به‌ ماناێکی ترو به‌ زمانی فه‌لسه‌فی مارکس(ماتریال له‌ پێش ئیدیاڵه‌ یان بوون پێش هۆشه‌)ئەمە ته‌واوی(زانستناسی/ Epistemology)مارکس نییه‌، به‌ڵکه‌ تا ئێره‌ فه‌لسه‌فی ماتریالیسمی پێش مارکسه‌. تایبه‌تمه‌ندی ماتریالیسمی مارکس له‌ یه‌کیه‌تی ماتریاڵ و ئیدیاڵه‌/بوون و هۆش(واقیع و هۆشیاری)له‌ پراکتیکی هۆشیارانه‌ و شۆڕشگێڕانه‌ی مرۆڤدا ده‌ناسێنێ(واته‌ گرنگی ڕۆڵی پراکتیک و کاری شۆڕشگێڕانه‌ له‌ گۆڕانی کۆمه‌ڵگه‌دا} – در نقد سوسیالیسم عرفانی/”دوران گوزار”- بتلهایم -.)
مارکس له‌ گرۆندریسه‌دا ده‌نوسێ :”ئه‌گه‌ر ئێمه‌ نه‌توانین له‌ شیکاری هه‌لومه‌رجی به‌رهه‌م هێنان و په‌یوه‌ندی به‌رهه‌م هێنانی کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داری ئێستادا، پێویستی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی سۆشیالیستی ڕوونکه‌ینه‌وه‌، ئیدی جه‌نگی ئێمه‌ دژی سه‌رمایه‌داری وه‌ک جه‌نگی که‌سانێک وایه‌ دژی ئاشی با / واته‌ دۆنکیشۆتییه‌”. ئه‌م داواکارییەی‌ مارکس چی ده‌گه‌ێنێ و چۆن ئێمه‌ داواکه‌ی جێبه‌جێ که‌ین له‌ ڕاڤه‌کانمان ده‌رباره‌ی ململانێ و کێشه‌کانی سه‌رمایه‌داری سه‌رده‌می ئێمه؟.
بلیخانۆف له‌ دراسه‌ی ڕووداوه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگه‌دا پرسیارێکی جوان ده‌کات:(بۆچی ڕوداوه‌کانی مێژوو به‌م ڕێگه‌یه‌ یان به‌م لایه‌ که‌وته‌وه‌ نه‌ک به‌ ڕێگا و لاکه‌ی دی). هه‌ڵبه‌ته‌ لای مارکس ئاشکرایه‌ که‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ڕووداوه‌ سیاسیه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگه‌ بگه‌ین ده‌بێ دراسه‌ی ناکۆکیه‌کانی”سه‌رمایه‌ و ململانێ چیانیه‌تی”بکه‌ین؛ چونکه ململانێی بیروڕا و سیاسی نێو کۆمه‌ڵگه‌ په‌رده‌یه‌که‌ به‌سه‌ر ململانێی چینایه‌تیدا، و ده‌سپێکی دراسه‌ی ململانێی چیانیه‌تی بریتیه‌ له‌ زانینی ناکۆکیه‌کانی سه‌رمایه‌ و قه‌یرانه‌کانی له‌ سه‌رده‌می سه‌رمایه‌داری دڕنده‌دا. ئه‌مه‌ ماتریالیزمی مێژووی مارکسه‌ که‌ به‌داخه‌وه ‌زۆر که‌س پشت گوێی ده‌خات و به‌ وتنه‌وه‌ی چه‌ند بڕگه ‌و ده‌ربڕینێک که‌ سوودی نییه‌، خۆی له‌ دراسه‌کردنی زیندووی ئێستای کۆمه‌ڵگه‌ ده‌دزێته‌وه‌.

تیۆری بژاردەگەرایی عەقڵانی کە”ئەندەرسۆن”ئاماژەی پێداوە، ئەمڕۆکە لە جیهاندا باوە. بڕێک لە ڕوناکبیران بەتایبەتی کە باسی خەڵکی ڕۆژهەڵات(کوردستان، سوریا، میسر،، هتد)دەکەن، هۆکاری ستەم و بێدەنگی خەڵکی دەخەنەوە سەرشانی تاکەکان و خەڵکی خۆیان، چونکە گوایە خەڵکی وازیان لە ئازادی هێناوە، ئەمە ڕێک وەک ئادەم شاف نووسیبووی:{لیبڕالیسم ئازادی تاکەکەسی بەخشیوە بە مرۆڤ بۆ ئەوەی سەرکۆنەی بکات لەسەر کارەکەی لە جیهانێکدا کە لێی بەرپرسیار نییە، هەروەها ئەقڵانیەت خودی مرۆڤ دەکاتە دادوەری خۆی لە بەکارهێنانی ئاقڵانەی ئازادی و هەڵبژاردەکانی لە دۆخێکدا کە مرۆڤی تاک کۆنترۆڵی نییە بەسەر دۆخەکەدا.}- مارکسیست بوون مانای چییە؟ ئادەم شاف/ .
لە یەکەمین کۆڕبەندی کۆمەڵایەتی جیهانی لە ساڵی ٢٠٠١ کە لە شاری پۆرتۆ ئەلیگری بەڕازیل بەڕێوەچوو، دیدگاێک سەریهەڵدا مژدەی بە جیهانێکی باشتر دەدا، ئەو دیدگایە”ڕۆحی پۆرتۆ ئەلیگری”بوو کە بەسەر چەپدا زاڵ بوو، ئەم گەشبینییەی”پۆرتۆ ئەلیگری”سوودی لە هیواکەی”ئێرنست بلۆخ” وەرگرت بوو، وە دەستەواژەکە کەڵکی لە دیالێکتیکی هیگڵی وەردەگرت بۆ وەسفکردنی ئەم ڕۆحە وەک هێزێک دژی”ڕۆحی داڤۆس”کە پەیوەستە بە کۆڕبەندی بەرژەوەندی نوخبەی ئۆلیگارشی جیهانی. دژایەتی ئەم دوو لایەنە پێکدادانی نێوان لەلاێک بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بوو کە پێشنیاری ئەلتەرناتیڤیان دەکرد بۆ نیولیبرالیزم، و لەلاکەی دی دەسەڵاتدارانی نیولیبڕالیسمی سەرمایەداری کە لە دوای ساڵانی ۱۹۹۰ و ڕوخانی دیواری بەرلین سەرکەوتنی لیبڕالیسمییان ڕاگەیاند.

ئایا دۆخی ئەمڕۆی جیهان لە ساڵی ٢٠٢٥ چۆنە؟
دوای چەند ساڵێک لە قەیرانی ئابووری، ئەمڕۆکە زۆرێک لە شارەزایان هۆشداری ئەگەری داڕمانی ئابووری جیهان دەدەن. جگە لە جەنگ لە(ئۆکراینا و سودان)، مەترسی جەنگ لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڤەنزوێلا و دەریا باشووری چین،، هتد، هەر هەفتەیە و سەرکردەێکی وڵاتانی ئەوروپا بانگی خەڵکی دەکات(خۆتان ئامادەکەن بۆ جەنگ)، زیادبوونی هەڕەشەی بزووتنەوەی ڕاستڕەوی توندڕەو(ڕەگەزپەرستی)لە ئەوروپادا،، هتد.
تروسکایێک لەم نێوەدا بەهێزبوونی باڵی چەپی حیزبی دیموکراسی ئەمەریکایە(دیاردەی زەهران مەمدانی؛ ڕیفۆرم لە خولی داڕماندا)، کە هەوڵێکە بۆ یەکگرتنی خەڵکی کرێکاران و ستەملێکراوەکان(پەناهەندەکان، موسڵمانەکان، یەهودیەکان، ژنان، هۆمۆکان،، هتد)دژی دەسەڵاتی ئیستبدادی سەرمایەداری دڕندەی ترەمپ و بزووتنەوەی ماگا و حیزبی کۆماری و باڵی ڕاستی حیزبی دیموکراتی ئەمەریکی.
ئەمڕۆکە لەهەر جێگاێک لەم جیهانە سەرمایەدارییە دڕندە پڕ لە قەیران و جەنگەدا، هەر کەسێ & لایەنێک، بە هەر شێوەێکی خەبات(هەڵبژاردنی پەرلەمانی، خۆپیشاندانی مەدەنی، یان بە هەر شێوەێکی دی)بۆی بکرێ نانێک بخاتە سەر سفرەی کرێکاران و هەژاران، و ژیانی خەڵکی بپارێزێ لە کوشتارو نائەمنی، و خەڵکی ستەملێکراوان لە دەوری چینی کرێکاران کۆبکاتەوە دژی دەسەڵاتی ئیستبداد و گەندەڵی فەرمانڕەوای بۆرژوازی، ئەو لایەنە شایستەی پشتگیری هەموو مرۆڤێکی یەکسانیخواز و دادپەروەرە. لەم دیدەوە ئەگەر کۆمۆنیستەکان/شیوعیەکان لە هەڵبژاردنی عێراقدا هەوڵ بۆ ئەو ئیسڵاحە گچکەیە دەدەن، بێگومان شایستەی پشتگیرین و هیوادارین هاوشێوەی زەهران مەمدانی لە عێراقدا دەرکەوێت.
ئومێدێکی دی ئەوەیە کە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی کرێکاران دژی سەختی باری ژیان لە جیهاندا زیادبکات. بێگومان بزووتنەوەی پڕۆلیتاریا، بزووتنەوەێکی بابەتییە کە هەلومەرجی پەیوەندی کارو سەرمایە بەشێوەێکی خۆبەخۆیی چینی کرێکاران دەبزوێنێ دژی چینی سەرمایەداران و دەسەڵاتدارانیان بۆ باشترکردنی بژێوی ژیانیان. ئەم بزووتنەوە سەندیکایی و خۆبەخۆییە، لە باشترین حاڵەتیدا کە پەیوەندی هەبوو بە بزووتنەوەی سۆسیالیستی، ئیدی دینامۆی شۆڕشی سۆسیالیستییە، بەڵام بزووتنەوەی خۆبەخۆیی کرێکاران بەبێ سۆسیالیستەکان، دەتوانێ لە چوارچێوەی سیستەمی سەرمایەداریدا تەنها ڕیفۆرمی ئابووری و سیاسی بکات، نەک شۆڕشی سۆسیالیستی.
بەڵام لە دیمەنێکی تری ئەم سەردەمەدا، چەندە زەیتی زەیتوون و هەنگوینی ساختە لە بازاڕدا هەیە، دە هێندە لە سیاسەتدا بیروباوەڕو ئەحزابی ساختە هەیە. بە پێچەوانەی بانگەشەی هەندێ نووسەر کە دەیانگووت(سەردیەتە گەورەکان کۆتاییان هات – سەردەمی کۆتایی ئایدۆلۆژیایە)، ئەم سەردەمەی ئێمە فولە لە ئایدۆلۆژیا؛ سەردەمی زیندووکردنەوەی پەیوەندی هۆزایەتی و عەقیدەی تائیفییە، پڕە لە ئەحزابی ئایینی سیاسی، لیبڕالیسمی، دیموکراسی ساختە و چەپی ساختە.


  • سەرچاوە:- Perry Anderson – IDÉES-FORCES / new left review – 2025 / ئەم چەند دێڕە بەشی یەکەمی کتێبەکەیە.
    **جگە لە”ماو”، “لین پیاو”وەزیری بەرگری چین سەرکردەێکی شۆڕشی ڕۆشنبیری بووە. لە وتارێکدا بۆ جەماوەرێکی بەرفراواندا کە نزیکەی یەک ملیۆن ئەندامی”پاسەوانی سوور”بەشدارییان تێدا کردبوو، ئەرکەکانی شۆڕشی ڕۆشنبیری کورتکردەوەو ڕایگەیاند کە بۆ”لەنێوبردنی چوار ئەهرەمەنە کۆنەکە بووە: بیرۆکە کۆنەکان، کولتوورە کۆنەکان، داب و نەریتە کۆنەکان و خووی کۆن”.



کتێبی کورد و ئیسرائیل و کورتە خوێندنەوەیەك*.. زاهیر باهیر

کورد و ئئسرائیل، شۆڕشی ئەیلول و موساد ، یا وەکو وەرگێڕ خۆی دەڵێت ئەوەی نابێ بگوترێ…دەبێ بگوترێ ، کتێبێکی قەوارە زل، 521 لەپەڕەییە ئەو کتێبە بوو کە زۆر وێڵی بووم بۆیە کە گەڕامەوە بۆ کوردستان ئەم هاوینە لە ناو کۆمەڵە کێبێکدا، ئەو یەکێکیان بوو کە کتێبخانە بە کتێبخانەی سلێمانی بە دوایدا گەڕام بەڵام دەستم نەکەوت، دواجار چومە کتێبخانەی یادگار لەسەر شەقامی پیرەمێرد، ئەویش نەیمابوو بەڵام وتی بە چاپی گەیاندۆتەوە چەند هەفتەیەکی دیکە چاپی نوێی پێدەگات و کۆپیم بۆ دادەنێت .
لە ڕۆژەکانی کۆتایی سەفەرەکەمدا لە بۆنەیەکی خێزانیدا لەتەك کاك ‘ هاوبیر مامۆستا ئەنوەر برزو ‘ کەوتینە یەك و قسەکردنمان لەسەر کتێب و کتێبی مێژوویی باش بوو. ئیدی ئەو ناوی کتێبەکەی لێوەرگرتم و وتی بۆت پەیدا دەکەم . دوای دوو ڕۆژێک پێش گەڕانەوەم سەرم لە کتێبخانەی یادگار دایەوە چاپی دووەمی کتێبەکە گەیشتبووە دەستیان. کاك یادگار دانەیەکی پێشکەش کردم هەر کە گەڕاشمەوە بۆ ماڵی باوکم کۆپییەکی دیکەی کتێبەکە لەسەر مێزەکە دانرابوو، دوایی بۆم دەرکەوت کە کاك هاوبیر بۆی ناردبووم . بەم شێوەیە من بوومە خاوەنی دوو کۆپی لەو کتێبە نازدارە و بۆ ئەمەش زۆر زۆر سوپاسی بێ پایانی کاك یادگار و کاك هاوبیر دەکەم.
بە گەیشتنەوەم بە لەندەن دەستم بە خوێندنەوەی کتێبەکە کرد، بەڵام خوێندنەوەی چ کتێبێك، کتێبێك پڕ لەو نهێنیانەی کە زۆربەی زۆرمان نەمانزانیوە و نایزانین، ئەو کەسە کەمانەشی کە زانیویانە بە هۆکارێك بێ دەنگییان لێ کردووە و ئێمەشیان لەو مێژووە گرنگە بێ ئاگا کردووە. کتێبێك کە پڕاو پڕ لە ڕاستی مێژووی بزوتنەوەی کوردی 1961 و چالاکی و جموجوڵی بارزانی، ڕۆڵی گرنگی وڵاتانی دەوروبەر و ئەمریکا و ئیسرائیل و بە ئاشکرا و بە نهێنی. کتێبێکی مێژوویی گرنگ کە ئەوەی بیەوێت بە جددی و بە ڕاستی لە مێژوی بزوتنەوەی 1961 ی کورد و کەسە چالاکەکانی نێوی چ لە کوردستان و چ لە دەرەوەی کوردستان بە ئیسرائیلیشەوە بزانێت نابێت ئەو کتێبە نەخوێنێتەوە.
لە ڕاستیدا من خۆم یەکەمجار بە ناوی ئەو کتێبە لە ڕێگای قسەکردن و بیننی کاك فوئاد مەجید میسری و کتێبە بە نرخەکەی ‘ مێژوویەکی تر’ ئاشنا بووم دواتریش لە ڕێگای کتێبی ‘ کوردی عێراقی و شیعەی لوبنانبی شای ئێرانەوە’ باشتر ئاشنا بووم. هەموو ئەمانە تامەزرۆی خوێندنەوەی ئەو کتێبەیان لا زیاتر کردم .
بێ گومان زۆرێکمان دەلێین ئێمە لە مێژوونوسانی ئێستادا درۆ و نادروستی لە گێڕانەوەی ڕووداوەکانی کە بە بەرچاومانەوە ڕوویان داوە دەبینین ، ئیتر چۆن بە مێژویەك کە لە لایەن کەسێکی بێانەوە نوسراوەتەوە باوەڕ بهێنین؟ پرسیارێکی ماقوڵ و بەجێیە بۆیە دەبێت هەموو کتێبێکی مێژویی یا سیاسی بە چاوێکی ڕەخنەییەوە بخوێنرێتەوە. من لە وەڵامی ئەو بەڕێزانەدا دەڵێم دوو هۆکار هەیە تاکو ئێمە ئەم مێژووەی کە لەم کتێبەدا نوسراوە بە ڕاست وەریگرین .
یەك : ئەم کتێبە لە لایەن کاك ‘کارزان غەفور’ەوە وەرگێڕراوە. کاك کارزان هەر وەکو وەرگێڕ کتێبەکەی نەکوردانووە بەڵکو هەموو هەڵسوکەوتێك، جالاکییەك، قسە و باسێک، گەشت و سەردانێک، دیمانە و نوسینێك کە لە ئەسڵی کتێبەکەدا کە بە زمانی عیبری نوسراوە بووبێت، کاك کارزان تێبینی خۆیی لەسەر داوە و بۆ ئێمەی خوێنەر و وەکو ئەمانەتێکی مێژوویش بە دەورکردنەوە و پشکنینی دەیەها سەرچاوە لەسەر هەمان بابەت و ڕووداو ساغی کردۆتەوە، ڕاستی و دروستی هەموو ئەوانەی کە باسم کردن سەلماندووە. کەهیچ دڵەڕاوکێ و گومانێکی تێدا نەهێڵاوەتەوە زۆر بە زمانێکی سادەی کوردی پەتی وەریگێڕاوە.
دوو: ئەم کتێبە لە لایەن ‘ شلۆمۆ نەكدیمۆن’ەوە نوسراوە کە نوسەر و ڕۆژنامەنوسێکی دیاری ئیسرائیلە و لە هەر هەموویدا پەنای بەو دۆکۆمێنتانە بردووە کە دیارە زۆرێکیان لەبەر دەستدا بوون. ئەمیش هیچ مەبستێکی وەکو پارە و پلەی لە پشتەوە نەبووە تاکو ئەم هەموو وەختە لە خۆی بگرێتەوە و کون و کەلەبەری پەیوەندی ئیسرئیل بە بزوتنەوەی کوردییەوە بپشکنێ و بیخاتە سەر کاغەز، دواتریش نە ئەو و نە ئیسرائیلییەکان ڕەنگە قازانجێکیان لە سەرکەوتنی بزوتنەوەی کوردی بەدەست نەهێنابێت و بە مەبەستێکی تایبەتی نەبووبێت، ئەوەتا لە بەرانبەر کۆمەکی پێشکەشکراوی ئیسرائیل بە کورد، بەرپرسێکی حیزبێکی ئاینیی ئیسرائیلیش دەڵێت ” من پێم وایە، کۆمەکەی ئێمە بە کوردان لەو سۆنگەوەیە، دەمانەوێ دەستی یارمەتی بۆ کەمینەکان لە خەباتەکەیاندا درێژ بکەین ” ئا لێرەدا ئیسحاق ڕابین ، سەرۆکی حکومەت، وەڵاامی دەداتەوە و دەڵێت ” چونکە جوولەکەین” .
هاوکاری ئەمان تەنها بۆ یەك شت بووە: کە ئیسرائیلییەکان لە ناوچەکەدا تەنها بوون، وەکو دەوڵەت نوێ بوون و شەپۆلی بزوتنەوەی بەناو شۆڕشگێرانەی ئەو سەردەمە کە لایەکی دونیای گرتبووەوە دژ بە ئیمپریالیزمی ئەمەریکا و بریتانیا و داژیەتیکردنی دەوڵەتی ئیسرائیلی و هاوکاتیش یەککەوتنی هێزەکانی بڕێك لە دەوڵەتە عەرەبییەکان و یەکگرتنی سوریا و میسر و پەلکێشکردنی عێراقیش بۆ ناوی، ئەمانە هەموویان لە بەرژەوەندی ئیسرائیل نەبووە. ئەمانیش پێویستیان بە بەرەیەك هەبووە کە دژایەتی دەوڵەتی عێراق بکەن و سەرقاڵی بکەن بەو شەڕ و شۆڕەوە تاکو نەیپەرژێتە سەر ئیسرائیل یا کەمتر بیپەرژێتە سەری.

بە خوێندنەوەی ئەو کتێبە ئەم حەقیقەتە زۆر بە باشی دەردەکەوێت چونکە ئەوەندەی ئیسرائیلییەکان پێداگرییان لەسەر بەهیزبوونی بزوتنەوەی کوردی کردووە لە لاوازبوونی عێراق هیچ لایەکی دیکە نەیکردووە، گەر بە بارێکی دیکەدا بێڵێم ئەوەندەی کە ئیسرائیل بۆ ئەو بزوتنەوەیە دڵسۆز و هاوکار و یارمەتیدەر بووە هەرگیز هیچ کوردێکی کوردستانەکان جگە لە خودی کامەران بەدرخان و دکتۆر عیسمەت شەریف وانلێ کەسی تر وا نەبووە . گەر تەماشای ئەم سیاسەتەی ئیسرائیل بکەیت لە پێناوی مانەوەی خۆیدا چی کردووە و چی پێشکەش بەو بزوتنەوەیە کردووە، زۆر دەچوێنرێت بە سیاسەتی کۆنی ئێرانی سەردەمی نیوەی یەکەمی چەرخی پێشوو کە هەر لەو کاتەوە تاکو ئێستا بۆ دوورخستنەوەی مەترسی لەسەر خۆیان، نانەوەی کووکە و شەڕ بووە لە وڵاتانی دەوروبەریان . ئەم تاکە سیاسەتە بۆ ئەم دوو وڵاتە جیاوازە ، لە دوو کاتی جیاوازدا و لە شوێنی جیاوازدا زۆر لەیەکچوون.
کەواتە لەبەر ڕۆشنایی ئەو دوو هۆکارەی سەرەوەدا، دەکرێت ناوەرۆکی ئەم کتێبە بە ڕاستی و دروستی وەربگرین و شتێکی لێوەفێر ببین و ڕەنگە هەندێك ڕاو بۆچوونیشمان لەسەر چالاکییەکانی ئەو بزوتنەوەیە و سەرکردەکانی و ڕێکەوتنیان لەگەڵ حکومەتی عێراق و دەستپێکردنەوەی شەڕی دوای دانوستانی ساڵی 1974 و دواتر ئاشبەتاڵیش بە باش یا بە خراپ بگۆڕێت ، تەنانەت لەسەر خودی مستەفا بارزانیش .
بائێستاش بێمە سەر ئەو خاڵە گرنگانەی کە من لە خوێندنەوەی ئەو کتێبەدا دەرکم پێکردوون. زەرووە کە بڵێم بە خوێندنەوەی ئەو کتێبە زۆر خۆشحاڵ بووم کە شتی نوێی لێوە فێر بووم و گەیاندمییە ئەو قەناعەتەی کە تاکە وڵاتێك ویستیبێتی کە کورد لە باشووردا لەو زوڵم زۆرەی حکومەتە یەکبەدوایەکەکانی عێراقدا ڕزگاری بێت هەر ئیسرائیل بووە وە لە ئێستەشدا لە باشور و لە باکور و لە ڕؤژئاواش ئەگەر ئیسرئیل پشتگیری کورد دژەچەوساندنەوە و زوڵم و زۆرێك کە لەسەری هەیە نەیکات ،ئەوە وڵاتێکی دیکە نییە ئەوە بکات و بەخۆشی ناکرێت.

ئەو خاڵە گرنگانەی کە لەو کتێبەدا لای من گرنگ و جێگەی سەرنجدان بووە ئەمانەن:
یەك: پەیوەندی کورد و ئیسرائیلییەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمێک پێشتر لە ڕوودانی بزوتنەوەی 1961 ئەویش لە ڕێگەی دکتۆر کامەران بەدرخانەوە ( میری کوردان) ئەو زۆرێك لە کەسە بە تواناکانی جوولەکە کە لە پلە و پێگەی جیا جیای حکومەتەکانی ئەوروپا و ئەمەریکادا بوون دەناسی و پەیوەندی پێیانەوە هەبوو هەروەها ئاگەداری نوسراوەکانی هێرتزل بووە. ئەو خۆشی وەکو ئەکادیمییەکی وانەبێژ لە زانکۆی سۆربۆنی پاریس، تواناو و لێهاتووی زۆری هەبووە. دواتریش هاوسەرگیری لەگەڵ هاوڕێیەکی کە لەگەڵ خۆیدا قوتابی بووە کردووە، ئەو کچە لە خێزانێکی دارا و دەوڵەمەند بووە ئەمەش توانایەکی دیکەی بە میری کوردان داوە. ئەم دوو هۆیە تواناو لێهاتوییی خۆی و دارایی لە ڕێکەی هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو کچەدا، هاوکاری گەورەیان کردووە لە پەیوەندی بەدرخان و جوولەکە و ئیسرائیلییەکاندا . ئەو دەرکی بە توانا و دڵسۆزی و کاری نەکردەی جوولەکەکان بۆ بنیانانی دەوڵەتیان و دواتر پارێزگاری لێکردنی کردووە، هەر لەبەر ئەوەش ئەوانی بە نمونەیەکی باڵا و سەرکەوتو بە کورد و خودی کەسی بارزانی ناساندووە .
هاوکاتیش کەسە ناودار و بە تواناکانی ئیسرائیل و جوولەکە هەمیشە بە بەدرخانیان وتوە دەبێت متمانە بکەنە سەر خۆتان و نابێت پشت بە ئەمریکا ببەستن .
بەدرخان بەڕادەیەك نزیك و دۆستی ئیسرائیلییەکان بووە هەندێك جار پێشنیاری گرنگی هەم بە قازانجی ئەوان هەم کوردیش بۆ کردون. لەوانە کردنی کودەتا لە سوریادا بە هاتنی حکومەتێک کە سەر بەئیسرائیل بێت و ئۆتۆنۆمیش بۆ کورد مسۆگەر دەکات، ئەوەش دەبێتە هۆی لاوازی عێراق و دەستڕانەگەیشتنی بە ئیسرائیل. گەر چی ئەم پێشنیارە لە خوارەوە پەسەند کراوە بەڵام لەسەرەوەی حکومەتی ئیسرائیلەوە ڕازی نەبوون وتراوە ” ئیسرائیل پشتگیری کوودەتا ناکات “
بەدر خان نەك هەر لە سوریا و عێراقدا هەوڵی جددی بۆ کورد و ئۆتۆنۆمی بۆ کورد داوە بەڵکو لە ئێرانیش، لێرەشدا پەیام و قسە لە نێوانی ئەو و شاو دەستە و دایەرەی پادشایەتی گۆڕراوەتەوە . شا دڵخۆش بووە بە کورد، ئامادەبووە کە بەدرخان، میری کوردان، بکاتە سەرۆكی ناوەندێکی زمان و ژیاری کوردی لە زانکۆی تاران بەڵام لە‌ژێر هەل و مەرجی قورسدا، ئەمەش لای میر قەبوڵ نەکراوە .
کاتێکی دیکە شا ویستویەتی بەرخان کۆنترۆڵ بکات و لە چالاکی بخات بۆیە ئۆفەری زەوی و خانوەکەی پاریسی بەدرخان و هاوسەرەکەی بە یەك ملیۆین دۆلار کردووە بەو مەرجەی میری کوردان بچیتە تاران لەوێ نیشتەجێ ببێت . ئەو دەڵێت ئەو ئۆفەرە لە 10 قات لە نرخە ڕاستینەکەی خۆی زیاتر بووە، بەڵام میری کوردان ڕازی نەبووە چونکە دەیزانی گەر لە تاران دانیشێت ئیتر یانی کۆتاییهاتنی هەموو چالاکی و جموجووڵەکانی دەبوو.
دوو: بارزانی و کەسایەتی بارزانی:
لەم کتێبەدا لە کەسایەتی مەلا مستەفا زۆر زیاتر شارەزا دەبیت سەبارەت بە خەمڵاندنی بارودۆخەکە و پێشبینییەکانی و چالاکی و لێزانین لە مامەڵەکردن لەتەك ڕؤژنامەنوس و نوسەرە بێیانەکانەوە هەروەها گەورە سیاسییەکانی ئیسرائیلش.
بارزانی ئەوە نەبووە کە کاتی خۆی جەلالییەکان بە ئێمەیان دەناساند کە کەسێکی نەزان و نەخوێندەوار و عەشایەرە. بە خوێندنەوەی دیمانەکانی نێو ئەم کتێبە بۆت دەردەکەوێت کە ئەو کابرایەکی زۆر سیاسی بووە، زۆر زانا و دووربین بووە زۆر دڵسۆزتر و ڕاستگۆ تر بووە لە هەموو ئەو کەسانەی دەوروبەری خۆی و نەیارەکانیشی کە ئەو دیعایانەیان بۆ دەکرد. ئەو زۆر دڵسۆز بووە بە ئەوەی کە باوەڕی پێی هەبووە وابە ئاسانیش نەدەکەوتە بەر سازشکاری و سازش لە بەرانبەر ئێرانییەکان و عێراقییەکان و تەنانەت ئیسرائیلییەکانیشدا .
لەو کتێبەدا زۆر دیمانە و دیدار لەگەڵ ئەو دا کراوە هەڵسەنگێنراوە ، کە یەکێکیان بە ناوی شمیدت ئاوا وەسفی بارزانی دەکات ” ئەو هێمای شؤڕشەکەیە ، ئەقڵی جێبەجێکارێتی، سەرکردە و سەربازی و سیاسییەکەیەتی ، دڵ و ئارەزوی شۆڕشەکەیە ، پیاوێکی زۆر خۆشەویست و هاوکاتیش زۆر ترسناکە لەناو کورداندا.” ئەم پەسنە، نزیکەی لای هەموو ئەو ڕۆژنامەنوسانەی کە بارزانییان لە نزیکەوە دیوە وەک یەك وایە ، “ڕەفتارە سادەکەی و مامەڵە دۆستانەکەی و زۆرزانییە خۆرهەڵاتییەکەی” سەرنجی ڕاکێشاون، هەمووشیان پێیان وا بووە کەسێکی سەقامگیر و نیازباشە ، لەوەش دڵنیا بوون ، ئەو پیاوە هەرگیز هیچی بۆ خودی خۆی ناوێ. ئەم کەسانە زیاتری لەسەر دەڕۆن دەڵێن ئەو بە ڕۆژنامەنوسانی دەگووت:” من ژەنڕاڵ نیم ، تەنها مستەفام ، پلە و پایە هیچی بۆ من گرنگ نییە ، من تەنها کوردێکی سادەم. بەڵام کەس ئازایەتی ئەوەی نەبوو تەنها بە ناوی خۆیەوە بانگی بکات.”
لەگەڵ ئەو وەسفەی سەرەوەشدا مەلا مستەفا کابرایەکی زۆر دیکتاتۆر و توندوتیژ و بکوژ بووە لەگەڵ ئەوانەی کە هاودەنگ و هاوڕای نەبوون. ئێمە هەموومان باش مێژووی خوێناوی ئەو دەزانین کە تەنانەت ئامادە بوو کوڕەکەی خۆی بکوژێت، دەستی بە خوێنی دەیەها بارزانی و کەسانی نزیک و خزمی خۆیان وەکو حەمە ئاغاو مێرگەسووری و کوڕەکانی و تەنانەت سەرکردەکانی کوردانی ئێران کە دژ بە شا و حوکمەکەی ڕاوەستابوونوە سوورن. ئەو کابرایەکی مەرکەزی بووە دەبوایە خۆی لە سەرەوەی سیاسەتەکان حیزبەکەیەوە بوایە ، ڕاو بۆچوونی خۆی دەسەپاند. ئەو گەر چی سەرۆکی حیزب بووە بەڵام هیچ وەخت پلان و پرس و ڕاوێژی لەگەڵ مەکتەبی سیاسی و لیژنەی ناوەندی پارتەکەی نەکردووە و تەنانەت شەیریشی نەکردووە. سەرقاڵی بارزانی بە ئیسرائیلییەکانەوە زۆر زیاتر بووە لە سەرکردەکانی خۆی. بەڵکو ئەو چەند کەسێکی زۆر نزیکی خۆی هەبووە، هەمیشە لەگەڵ ئەواندا و زۆر جاریش بە ئامادەبوونی نوێنەرەکانی ئیسرائیلیش دانیشتوەو پرس و ڕای پێکردون . ئەوانەش ئیدرس و مەسعود و دکتۆر مەحمود و سامی و شەکیب عەقراوی و کەسێك بە ناوی ‘ ئازاد’ و سێ وچوار کەسێکی دیکە بوون. لەم بارەشدا نەك هەر خودی بزوتنەوەکەی بەڵکو ئەندامانی سەرکردایەتی حیزبەکەشی بێ ئاگا بوون لە زۆربەی پلان و بڕیارەکانی بارزانی.

بارزانی زۆرزان و زیرەك بووە هەر بە هۆی ئەوەوە چەند جارێك لەو تەڵە و داوانەی بۆی نراوەنەتەوە ڕزگاری بووە. زۆر زۆر بە گومان بووە لە ساواكی ئێرانی و شا هەمیشە زانیوێتی کە ئەوان بەکاریان دەهێنن، لەگەڵ ئەوەشدا دەبوایە لە پلانەکانیا ڕاوێژی بە ئێرانییەکان بکردایە چونکە دەیزانی ئەگەر ئێران ڕێگربێت ئەوە ئیسرائیلییەکانیش چەندێك بیانەوێت هاوکارییان بکەن ناتوانن چونکە ئێران تاکە ڕێگەی گەیاندنی هاوکاری ئیسرائیل و ئەمەریکا بووە. ئەم حەقیقەتەشی هەمیشەش بە ئیسرائیلییەکانی وتووە ، بەڵام چاریشی نەبووە. زۆر متمانەی بە ئیسرائیلییەکان کردووە و لە دڵسۆزی ئەوان بێ گومان بووە، بەردەوامیش دیاری بەهاداری بچوکی بەو نوێنەرانە بەخشیوە . ئیسرائیلییەکانیش زۆر ڕاستگۆ بوون لەگەڵیدا.
بە ئاگایی بارزانی وای لەوە کردووە کە بزانێت چەندێك ئەم بزوتنەوەیە و حکومەتی عێراقی میللەتەکەی هیلاك کردووە کە گرانی و نەبوونی و دەردو بەڵاو ڕەو و کوشتن و بڕین ڕوی تێکردون ، جگە لەمەش ئەو هێزەکەی خۆشی زۆر باش دەناسی کە خۆڕاگر و هەمیشەیی نین، بۆیە هەمیشە ئامادە بە وتووێژ لەگەڵ حکومەت بووە، گەرچی گومانیشی هەبووە کە ناگاتە ئەنجام ، لەم بارەشدا زۆربەی وەخت وتووويژی هەندێك لەوانەی کە لە سەرەوە ناویان هاتوە کردوە. ئەمەش وەکو خۆی دەڵێت هۆکار بووە بۆ وەستانی شەڕ لەگەڵ حکومەتدا و چوون بەدەم بانگەشەی ئاگربەستی و ڕێککەوتنەوە .

سێ: ئیسرائیلییەکان: ئیسرائیلییەکان ئەوەندەی دەستیان بە پشتی ئەم بزوتنەوەیە بوە مەگەر دایكێک ئەوەندە دڵسۆز و خەمخۆری کۆرپەکەی بووبێت . ئەوان بە بەردەوامی نوێنەریان دووان یان سیان لای بارزانی بووە، ئەم نوێنەرانە لە هەرە نوخبە بەتوانا و پلاندانەر و خاوەنئەزموونی گەورەی سەرباری و پەیوەندی دیبلۆماسی بوون، ئەمە جگە لە هاوکاری و پەیوەندی بەرپرسی موساد لە ئێران لەگەڵ هەم نوێنەرەکانیان و هەم لەگەڵ بارزانیش دا .

ئەوەی سەرنجی منی ڕاکێشا سەبارەت بەوان لە ناو بزوتنەوەکەدا هەرگیز ئەرك و فەرمانی خۆیان بەسەر بارزانیدا نەسەپاندووە ئەگەر پلانێکیشیان بۆ دانابێت، بارزانی ڕازی نەبووبێت ئەوان پلانەکەیان خستووەتە لاوە ، یاخود کە بارزانی پرسی پێکردوون دەربارەی وتووێژی لەگەڵ عیراقییەکاندا ئەمان لە وەڵامدا پێیان وتووە چی بە باش دەزانیت بۆ گەلەکەت ئەوە بکە.
کورد کە لە شاخی هەندرێن دا گەورەترین سەرکەوتنیان بەدەستهێنا ئەوە پلانی ئیسرائیلییەکان بووە بە بەشداری کردنی خۆشیان . دوای ئەو سەرکەوتنەش پلانێکی تریان بۆ شەڕی زۆزك بۆ بارزانی دانا کە ئەگەر بارزانی ئەوەی بکردایە ڕەنگ بوایە ئاڕاستەی شەڕەکە بگۆڕایە، بەڵام نەی کرد .
بارزانی ئامادەی هەموو شتێک بووە بەڵام سنورداریی هێڕشەکانی کردووە، لە هەندێك جاردا گوێی بۆئیسرائیلییەکان ڕانەگرتووە لە ترسی بەهێزی عێراق و تۆڵەکردنەوەی سوپاکەی هەر لەبەر ئەوەش بارزانی پلانەکانی ئیسرائیلی بە تەواوی جێ بەجێ نەکردووە، هەمیشە لە تۆڵەی دوای تێشکانی خراپی سوپای عێراق ترساوە وتویەتی دواتر ئەوەی لە توانایاندا هەیە دەیکەن بەرانبەرمان .

بارزانی هۆکارێکی دیکەشی هەبووە بۆ وتووێژ لەگەڵ حکومەتی عێراق دا ئەویش خراپی بارودۆخی ئابووری کوردستان بووە : گەمارۆی ئابووری و برسێتی و نەبوونی و تد، ئەمەشی لە ئیسرائیلییەکان نەشاردۆتەوە پێی وتون ” ئەو ژەنڕاڵەی شکستمان پێ دەهێنێ ، ژەنڕاڵێکی سەربازی نییە ، بەڵکو ژەناڵێکی ئابوورییە ، ئەو ژەنراڵە وامان لێدەکات هەموو جەنگەکە بدۆڕێنین” ئیسرائیلییەکانیش باوەڕیان پێکردووە ویستویانە یارمەتی بارزانی بدەن بە هێنانی پسپۆڕ لە چاندنی دەغڵ و دان و بە خێوکردنی مریشك و پەلەوەردا لەبەر بوونی ئابڵوقەدانی عێراق. لەگەڵ باوەڕبوونیش بە بارودۆخی خراپی ئابووری کەچی هێشتا بارزانی پێداگریی لەسەر هاوکاری زیاتری چڕو پڕی سەربازیی ئیسرائیلی کردووە زیاتر لە هەموو شتێکی دیکە.
کوردەکان پلانەکانی ئیسرائیلیان بە تەواوی جێ بەجێ نەکردووە ئیسرائیلیەکانیش گەرچی سەرسام بوون بە ئازایەتی و گیانفیدایی پێشمەرگە ، بەڵام زۆر بە باشیش ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە و دەیانزانی کە کوردەکان ناتوانن شەڕی مۆدیرن بکەن و لە شاخەکان بێنە خوارەوە، ئەوان لە شەڕە کلاسیکییەکاندا بوێر و ئەزمووندارن . ئەم ئەزموون و تێگەیشتنەی ئیسرائیلییەکان لەگەڵ کورداندا ئیسرائیلییەکانی وا لێکردووە کە تانکیان نەدەنێ ، نوێنەری ئیسرائیل لە کوردستان کە بارودۆخەکە بۆ ئیسحاق ڕابین باس دەکات ، ئەوە دەڵێت ، “گەر کوردەکان لە شاخەکان بێنە خوارەوە ئەو پێشنیار دەکات کە ئیسرائیل تەنکیان پێبدات”

هەندێك لە سەرچاوەکان دەڵێن موساد هاوکار و ڕۆڵی لە دروستکردنی پاراستندا هەبووە، بەڵام مەسعود بارزانی ئەمە بە درۆ دەخاتەوە، بەس بەڵگەی زیاتر دەبینرێت لە دروستکردنی ئەو دەزگە سیخوڕییە تۆکمە و بە توانایە ڕۆڵی گەورەی مووسادی تێدا بینراوە.
دوای ئەوەی کە میری کوردان بە هۆکاری جیا جیا لەو نێوەندگیری و پەیوەندییە دیبلۆماسییەی کە هەیبووە سەبارەت بە پێشەوەچوونی پرسی کورد بەتایبەت لە عێراقدا دەکشێتەوە ، دکتۆر عیسمەت شەریف وانلێ ئەو ڕۆڵە دەگرێتە دەست. ئیدی ئەوە کە لە پێوەندی نێوانی بارزانی و ئیسرائیل دا ڕۆڵ دەبینێت ، تەنانەت کۆمەڵی ئیبراهیم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی -شی زۆر جار بینیوە هەر ئەمەش بوو کە لە دوایدا بارزانی باوەڕی پێی نەما. بە گوێرەی ئەو کتێبە دەکرێت بڵێین دکتۆر وانلێ زمانبەدییشی دژ بە دکتۆر کارمەران بەدرخان لای ئیسرائیلییەکان کردووەو لە کۆبونەوەیەکدا پێی گوتون :” بەدرخان لە یارییەکە چووەتە دەرێ، بەدرخان کەسێکی ئەرستۆکراتە و بە کەڵکی کاریکردەیی نایەت، چیتر نوێنەرایەتی هیچ لایەنێکی فەرمی ناکات. کۆمەڵێک بابەتیشی خستەڕوو، تا ئێستە و دوای ئەو هەموو ساڵانە نهێنی ماونەتەوە.”
هاوکاری ئیسرائیلییەکان تا ئەو ڕادەیە بووە کە ئامادە بووە دەستەیەکی تایبەتی کورد لەسەر ئەرك و تێچوونیان بچێتە ئیسرائیل بۆ بەشداریکردنیان لە خولی جیا جیادا و ڕاهێنان لە بواری جیا جیادا. ئەمە جگە لە کردنەوەەی خولی ڕاهێنان لە ناو خودی کوردستان و لە هەمەدانی ئیرانیشدا .
ساڵی 1965 هەر لەو ساڵەدا پاش چوونی دکتۆر وانلێ بۆ ئەمریکا بارزانی زۆر بەباشی سیاسەتی ناوچەیی و نێو دەوڵەتی خوێندۆتەوە، زیرەکانە دەرکی بەوە کردووە کە هیچ دەوڵەلتێك یان نەتەوەیەك ناتوانێت بژی و بەردەوام بێت بێ هاوکاری یەكێك لە لایەنە گەورەکەی جیهان، بەڵام ئەو باوەڕی بە سۆڤییەتی ئەو کاتە نەبووە وتویەیتی کە ئەوان فکری ئەمان پەسەند ناکەن . بۆیە بەلایەوە باش و ئاسایی بووە کە ئەمەریکا یارمەتییان بدات .
پێشبینییەکەی بارزانی تا ڕادەیەك دروست دەرچوو کاتێک کە دڵشکاو بوو لە هاوپەیمانێتی شورەوی و عێراق چەکدارکردنی عێراق بە نوێترین کەرەسە و تەقەمەنی حوکومەتی عێراق، بێ ئەوەی بەعسییەکان ئەمە بەو بڵێن. ئەو کە ئەمەی لە گەڵ ئیسرائیلییەکاند باس دەکرد ئەوان کەمتر باوەڕیان بەوە هەبوو . بەڵام ئەم دەیوت” عێراق ئەو چەکەی بۆشەڕی ئێران نییە ، هەروەها بۆ شەڕی ئیسرائیلیش نییە ئەوە هەر بۆ کوردێتی ” قسەکانی ئەو دروست هاتنە دی کە هاوپویمانییەکەی ڕوسیا نەك هەر نەیتوانی کورد بپارێزێت لە دەست حکومەتی فاشی سەدام بەڵکو خودی شیوعییەکانی سەربەخۆشی بۆ نەپارێزرا و کردنییە قوربانی بەرژەوەندییەکانی خۆیان .

لە 15ی نیسانی 1965 لیڤی ئاشکۆلی سەرۆکی حکومەت کۆبوونەوەیەکی ئەنجام دا ، گۆڵدا مائیری وەزیری دەرەوە و ئیسحاق ڕابینی سەرۆکی ئەرکان و سەرۆکی مووساد ئامادەی بوون، دۆزی کوردان و ئەو پرۆسە تایبەتییەی ئیسرائیل ئەنجامی دەدات خستە ڕوو. ئامادەبووان لەسەر ئەوە کۆك بوون پێویستە ( پێشەنگی بدرێتە دۆزی کوردان).
لەم کتێبەدا هاتووە کە زۆرێك لە هەواڵەکانی هاوکارییەکانی ئیسرائیل بۆ بارزانی دەگەیشتەوە حکومەتی عێراق ، بۆ موسادیش ئەمە پێشبینی کراو بوو بە حوكمی زانینی بابەتی خیانەت لە یەکتر لەناو کورداندا کە مێژوویەکی درێژی هەیە ئەگەر چی ژمارەی شاندەکەش زۆر کەمیش بێت . ئەمەش دروست وابوو باشترین نموونەش رادەستبوونەوەی عەزیز عەقرای بوو کە هەموو شتێکی گەیاندەوە حکومەتی عێراقی.

کردنەوەی خوولی جیاوازی فێربوون بۆ پێشمەرگەکان چەند جارێك بووە کە یەکێکیان لە هەمەدانی ئێران بووە و کۆمەڵێک پێشمەرگە بەشدارییان کردووە . لەوێدا نوێنەری باڵای موساد کە زۆر نزیك بووە لە بارزانیەوە وەختێکی زۆریشی لە کوردستاندا سەرف کردووە ، تێبینی ئەوەی کردووە کە ” سەرەڕای نەخوێندەوای بەربڵاو لەناو کوردانیشدا ، کەچی ئاستی وەرگرتن و تێگەیشتنیان لە فێڕخوازە ئێرانییەکان باشترە “
ئیسرائیلییەکان تەنانەت دکتۆری تایبەتی دانیان لە ئیسرائیلەوە بۆ بارزانی هێناوە لەبەر ئەوەی ئەو دانئێشەکەی هەراسانی کردووە و نەشی دەویست کە دکتۆری عێراقی ببینێت چونکە بەگومان بوو لێیان. ئەمە جگە لەوەی کە ئیسرائیلییەکان خەستەخانەی سەیاری لە گەڵ دوو دکتۆر و نێرس دا هێاوە بۆ گەڵالە بە هەموو کەرەسەی پێویستەوە. هاوکاتیش خولی فێربوونی سەرەتایی [ ئیسعافاتی ئەوەلی ] لەوەش زیاتریان بۆ هەندێك پێشمەرگەر کردۆتەوە و فێری دەرزی لیدانیان کردون .
کیسەنجەر لە کتێبەکەیدا دەڵێ: ” بڕیاری ڕێگریکردن لەوەی کوردەکان لە کاتی جەنگی 1973دا شەڕ دژی عێراقییەکان ئەنجام بدەن بە کۆدەنگی درا لە نێوانی هەواڵگریی ئەمریکا و ئێران و شادا چونکە کوردەکان شکستیان دەهێنا، هەموو لایەنەکانیش لەسەر ئەم مەسەلەیە هاوڕا بوون .”

چوار: ئێرانییەکان :

ئێران وەکو وڵاتتێکی دراوسێی جیا مەزهەب لە حکومەتە یەکبەدوایەکەکانی ئەو کاتەی عێراق، هەم وەکو ناحەزی سەرەکیش بە هۆی دراوسێیەتی و کارایی دانەوەی ئەوەی لەعێراق دا ڕوودەدات هەژموونی خۆی لەسەر ئیران دەبێت ، هەمیشە گرفتێکی سەرەکی شا بووە . هەر لەبەر ئەمەش پارە و وزەیەکی زۆریان لە دەزگە جیاوازاەکاندا سەرف کردووە بۆ ئاشکرابوون لە مەیل و نێت و سیاسەتی حکومەتەکانی عێراق.
لە لایەکی دیکەشەوە درێغیان نەکردووە لە دروستکردن و هاندانی هەر جۆرە ناڕەزایەیتیەك لە عێراق دا دژ بە حکومەت جگە لە هەوڵ و بزوتنەوەی شیوعییەت. زۆر نوسراوە و زۆر وتراوە، زۆر زانراوە لەسەر هاوکاری حکومەتی ئێران بۆ بزوتنەوەی 1961ی کوردی لە کوردستان دا. ئەو هاوکاری و یارمەتیدانەش هەر هەمووی لە پێناوی لاوازکردنی عێراق بووە بە دروستکردنی هەموو گێچەڵێك بۆی. هاوکاتیش هەرگیز نەیان ویستوە کە ئەو بزوتنەوەیە بگاتە هیچ کوێیەك. هاوکارییەکان بە شێوەیەك ڕێکدەخرا و پارسەنگی بۆ دادەنرا نە بززوتنەوەکە کۆتایی پێ بێت و نە ئەوەندەش گەورە بێت کە بتوانێت شتێك بکات بە شتێك.

ئێران ئەم تاکتیکەی لای ئیسرائیلییەکان و لای ئەمەریکییەکان و دۆستەکانی دیکەشیان نەشاردۆتەوە. کاتێ لەو دیدارەی شای ئێران لەگەڵ ڕۆژنامەی لۆمۆندی پاریس دا ئەنجامی داوە دەڵێ: ” ئێمە پاڵپشتی سەربەخۆیی کوردانی عێراق ناکەین ، بەڵام دەخوازین کوردەکان هەموو مافەکانی خۆیان وەربگرن ، کوردەکان لە عەرەبەکان جیاوازن .”

لە وەڵامی کەسایەتیییەکی پلەباڵای ئێرانی لە وەڵامی پرسیاری کەسایەتییەکی ئیسرائیلیدا سەبارەت بە دۆخی کوردان ، بەرپرسە ئێرانییەکە گوتوویەتی: ” ئێمە دەخوازین ئاگری یاخیبوونی کورد لە عێراق نێڵەی بێت، بەڵام نامانەوێت کڵپە بسێنێت و ببێتە ئاگرێکی زەبەلاح.” لە کاتێکیش کە دانوستاندن بوو لە نێوانی بارزانی و عێراق دا ، ئێرانییەکان جامی غەزەبیان بەسەر بارزاندیدا ڕژاندووە ، کاتێك کە نوێنەری ساواك دوو ساڵ بوو لەوێ بوو ڕای حکومەتەکەی خۆی ڕوون کردۆتەوە و وتی : ” مادام دانوستان لەنێوان عێراق و کوردان لە گۆڕێدایە، هیچ پێویستییەك بۆ مانەوەی نێرەدی ئێران و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا نەماوە و شتێکی وایان پێ نییە بیکەن .”
نوسەری کتێبەکە دەڵێت بارزانی لەوە زۆر توڕە بوو وتی ” بۆچی ئێرانییەکان لەوە تێناگەن ، هۆکاری سەرەکی قەبوڵکردنی ئەو دانوستاندنە دۆخی خراپی ئابووریمانە . ئەگەر ئەوان هاوکاری پتریان پێشکەش بکردینایە ، ئەگەر ئێمە متمانەمان بە کۆمەکی ئێرانییەکان هەبایە ، لە شەڕ بەردەواوم دەبوین ، ئەو یارمەتیانەی ئەوان دەماندەن ، مەمرە و مەژییە.”
ئێرانییەکان هەمیشە ڕایان وابووە پێویستە ” کۆلکەدارەکە ئاگراوی بمێنێتەوە، بەڵام ئاگەدار بین سەرنەکێشێ بۆ ئاگرێکی گەورە.”
کرۆن کە کەسێکی پلە بەرزی موسادی ئیسرائیل بووە و لە ئێران بوووە و ناو بەناو سەریشی لە بارزانی داوە لە نامەیەکیدا کە بۆ ئیسرائیلی ناردووە دەنوسێت: ” ئەوان( ئاماژەیە بە ئیڕانییەکان ) گوتیان بارزانی تەنها وەك ئامرازێکی سیاسی تەماشا دەکات، هەر هێندەی ئەو ئامرازەش لە کار کەوت ئیتر پێویستە لەناو ببرێت. هەموو ئەو فشارانەش خراونەتە سەری ئامانج لێیان ئەوە بووە ، لە شوێنی دروستی خۆیدا دابنرێت و لەوەش دڵنیا بکرێتەوە و خۆشی بەوە بزانێت تەنها ئامرازێکە و لەبەردەم دەرگاکان ڕاوەستاوە تا خێرێکی پێبکرێت، پێویستە پێشوەخت بەوە بزانێت، تا بزانێت چۆن ڕەفتار بکات .”

دوای شەڕبوونەوە و ڕێکەوتنی ئێران و عێراق لە 6ی ئازاری 1975 دا دەستبەردانی ئێران لە بزوتنەوەی کوردی، ئیسرائیلییەکان و ئەمریکییەکانیشی تووشی شۆك و داچڵەکین کرد . لەم بارەوە بەرپرسێکی موساد بە ناوی(ب) لەگەڵ بەرپرسێکی ساواك قسە دەکات دەڵێ زۆر سەرم سووڕما و دۆش دامام بەرپرسەکەی ساواك وتی ” وا پێدەچێت ئێوە لە بریتانییەکانەوە فێری چونێتی بەڕێوەبردنی ئیمپراتۆرییەت نەبووبن، پێویستە لەگەڵ کوردەکان وەک کرێگرتە کار بکەیت، کاتێك ئیشەکەیان تەواو دەبێت ، چیرۆکەکەشیان کۆتایی دێت.
پێشی گووت: باشتر وایە ئیسرائیل پاڵپشتی ڕێکەوتنەکە بکات ، چونکە کێشەی سەرەکی ئیسرائیل عێراقە ، بۆیە بەرژەوندییەکی وا دەخوزێت پشتیوانی ئەو دەستکەوتەی ئێران بکات لە شەتتولعەرب بەدەستی هێناوە . کاتێکیش (ب) ناڕەزایی لەسەر ئەو قسانە دەربڕی پیاوەکەی ساواك پێی گوت : لاوازی ئیسرائیل لەوەدایە هەستو سۆز تێکەڵ بە سیاسەت دەکات. نابێت پێشکەشکردنی یارمەتی بە کەمینەکان خۆی لە خۆیدا ئامانج بێت ، بەڵکوو ئامرازێکە بۆ بەدەستهێنانی سازش لە زۆرینە، لە نموونەکەی ئێمەشدا لە عێراق .
سیاسەتی باش ئەو سیاسەتەیە، دەزانێ چ کاتێك دەبێت واز لە یارمەتیدانی کەمینە بهێنێ، بۆ ئەوەی زۆرترین سازش بە زۆرینە بکەی .”
لە کتێبەکەدا هاتووە کە دەستبەجێ ( ب) پەیوەندی بە ئیسرائیلەوە کردووە ، هەروەها بە سەرۆکی مووسادیشەوە ، لەو کاتەدا جێگری ئەو کاتەی سەرۆکی موساد دەڵێت : هەواڵەکە دەتگوت هەورە برسکەیە لێمان دەدات.
هاوکاتیش سەرۆکی موساد بە پەلە ئیسحاق ڕابینی سەرۆکی حکومەتی ئاگەدار کردەوە ئەویش لە 9ی ئازاردا لە بەردەم حکومەتەکەیدا ڕایگەیاند : ” ئێران و عێراق گەیشتونەتە ڕێکەوتنێك، ناوەرۆکەکەی پشتهەڵکردنە لە کوردەکان.”

پێنج ئەمەریکا:
لە کاتێکدا سوپای عێراق دوودڵ بوون لەوەی شەڕ بکەنەوە بارزانی بڕیاری دا لە هێڕشبردندا دەستپێشخەری بکات . ئەمە لە ئارشێڤی سی ئای ئەی دا پارێزراوە کە لە نامەیەکدا بۆ شا لە لایەن بارزانی-یەوە نێرداراوە و ئەمریکییەکانیش دەستیان کەوتوە . نامەکە لە 17ی تەموزی 1973دا دابوو . بارزانی داوای لە شا کردووە کە هاوکارییەکان زیاد بکات لەوە ناکات کە حکومەتی عێراق مەرجەکانی 11ی ئازار جێ بەجێبکات بۆیە ئەوان پێشبنی شەڕ بوونەوە دەکەن .
کە حکومەتی عێراق شەڕ دەستپێدەکاتەوە ئەمەریکییەکان لە سەرەتادا بە بارزانییان ڕەگەیاند کە سوپای عێراق ق حکومەتەکەی دوو دڵن لەوەی شەڕ بکەنەوە، بەڵام بارزانی بڕیاری دا لە هێڕشکردن دەستپێشخەری بکات، بەڵام بارزانی دەڵێت ” بەرپرسێکی سی ئا ئەی پێی وتم ئێمە پاڵپشت لە ئامانجەکانت دەکەین ، حکومەتی عێراق ناخوازێت ڕێز لە پەیمانەکانی خۆی بگرێت، پیلان دادەنێ هێڕشێکی سەختتان بکاتە سەر، حکومەتی ئەمەریکاش ئامادەی تەواوی تێدایە یارمەتیت بدات، ئەگەر ئێستە هێڕش بکەیت بەهەموو هێزێکمانەوە لەگەڵت دەبین”
” بارزانی دەڵێت کاتێکیش لەو بەرپرسەم پرسی هاوکارییەکانمان چۆن پێدەگات؟ گوتی: لە ڕێی ئێرانەوە. پێم گوت: بەڵام ئێرانییەکان دۆستی کورد نین ، پێی گوتم : لە هیچ مەترسە، بارودۆخی ئێران لە ژێر دەسەڵاتی خۆمانە. من نە هێڕشم دەکرد و نە ئەوکاتەش ئامادەی هێڕش بووم، ئەگەر ئەو ئامادەییەی بەرپرسەکەی سی ئای ئەی نەبوایە.”
بارزانی زۆر گەشبین بوو بە وەڵامەکەی سی ئای ئەی ، بە دوای ئەو گەشبینییەدا بە گوێرەی قسەی دکتۆر بەجمەدین کەریم بارزانی هەمویانی کۆکردۆتەوە پێی گوتوون کە شەڕ دەبێتەوە عێراق بە چەکی کیماوی لێیان دەدار . ئەوانیش بۆ پارستنی خۆیان ئەو کەرەسانەی کە ڕێگری لەو چەکە دەکات کۆیان کردۆوتەوە، بەڵام بارزانی پێی وتوون عێراق بە هەرچی لێیان بدات ئەمانیش هەمان شت دژی بەکاردەهێنەوە. بە تانک لێیان بدات بە تانك وەڵامی دەدەنەوە ، بە فڕۆکە لێیان بدات ئەمانیش بە فڕۆکە وەڵامیان دەدەنەوە. دیارە بارزانی بە تەواوی باوەڕی بە قسەکانی ئەمەریکیەکان کردووە .
ئەمەریکییەکان حەزیان دەکرد کە شەڕەکە بەردەوام بێت دژ بە عێراق چونکە زۆر لە فراوانبوونی هەژموونی ڕوسیا لە ناوچەکەدا دەترسا. لە هەوڵەکانی بارزانی بۆ هاوکاری ئەمریکا بۆی ، ئەمریکاییەکان ئامادە بوون ، بەڵام کێشەکە ئەوە بووە کە تاکە ڕێگەیەك کە ئەمرییکییەکان هەموو شتێك بگەیەننە دەستی کوردان ئێران بووە، ئێرانیش سنورەکانی داخستووە و ئامادەش نەبووە کە ئەوی ئەمەریکا دەیویست بیکات، لای ئەوان وەکو پێشتر وتبوویان ” چیرۆکی کوردان تەواو بوو. “
…………

  • گەر دەتەوێت ئەم کتێبە نایابە بکڕیت ئەوە تکایە سەردانی کتێبخانەی یادگار لەسەر شەقامی پیرەمێرد، بەرانبەر مزگەوتی بن تەبەق بکە . بەڕاستی خوێندنەوەی گرنگ و سوودمەندە

Zaherbaher.com




ئەدیب و هەڵسوڕاوی سۆشیالیستیی ئەمریکا!..ئامادەکردن و وەرگێڕانی لەئینگلیزییەوە: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

دەستپێکی ژیان و کار
ڕۆماننووس و چیرۆکنووس و شانۆنامەنووس و ڕۆژنامەنووس و شاعیر و داکۆکیکارێکی سەرسەخت لە مافەکانی کرێکاران و سۆشیالیزم، جاک لەندەن لە ١٢ی کانوونی دووەمی ١٨٧٦ لە سانفرانسیسکۆ لە ئەمریکا، لەدایکبووە. جاک بەمنداڵی کەسێکی زۆر شەرمن و هەستیار بوو. بۆیە هەستی دەکرد تاکە ڕێگە بۆ قبوڵکردنی لەلایەن هاوتەمەنەکانییەوە، سەرکەوتنە، ئەمەش مانای ئەوە بوو کە دەبوو شەڕانیی بێت بەڵام ئەوەندە شەرمنیش نەبوو کە نەتوانێت کار بکات و پارە پەیدا بکات. دۆخی ناسەقامگیری دارایی خێزانەکەی وای لێکرد لە تەمەنی چواردە ساڵیدا واز لە خوێندن بهێنێت و لە دەوروبەری کەنارەکانی ئۆکلاند دەست بە کارکردن بکات. لەهەمان کاتیشدا سوودێکی باشی لە کتێبخانەی ئۆکلاند وەرگرت، جاک دەستی کرد بە قووڵبوونەوە لە مارکس و نیچە. لە نێوان تەمەنی پانزە بۆ هەژدە ساڵیدا چەندین کاری جۆراوجۆری کردووە. جاک لەندەن؛ سەرەڕای ئەوەی ڕەتیکردەوە کاری تاقەت پرووکێن بکات بۆ باشترکردنی دۆخی ژیانی. بەڵام لە تەمەنی نۆزدە ساڵیدا ناوی خۆی لە قوتابخانەیەکی ئامادەیی ئۆکلاند تۆمار کرد و بە وەرگرتنی خولێکی پێنج هەفتەیی، لە تاقیکردنەوەی وەرگرتن لە زانکۆی کالیفۆرنیا دەرچوو، ئەویش تەنها یەک وەرز دەوامی کرد، چونکە دۆخی دارایی خێزانەکەی ناچاری کرد واز لە قوتابخانە بهێنێت و دەست بەکارکردن بکات. جاک لەندەن بەبێ گوێدانە هیچ شتێک کەوتە کارکردن. جاک ئەوەندە هەژار بوو هەفتەی جارێک لە ماڵی کچەخۆشەویستەکەی ( گێلفرێندەکەی) گۆشتی دەخوارد. لەساڵی ١٨٩٣ بەهۆی بەدەستهێنانی خەڵات لە ڕۆژنامەی سەرلە بەیانیانی سانفرانسیسکۆدا بۆ چیرۆکی “گەردەلوول لە کەنارەکانی ژاپۆن، نامەی پشتیوانی پێگەیشت.(١)
جاک لەندەن بێپەروا جارێکی تر ئۆکلاند جێدەهێڵێت و زستانی ساڵی ١٨٩٧ لە ئەلاسکا بەسەر دەبات، کە بڕیار بوو بڕێکی بەرچاو لە بابەت بۆ چیرۆکەکانی داهاتووی دابین بکات. تا ئەو کاتە بۆی دەرکەوتبوو نووسین باشترین ڕێگایە بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیان وەک سۆشیالیستێک لە ژێر سیستەمی سەرمایەداریدا .

جاک لەندەن لە ١٩٠٠ و ١٩٠٥ دووجار هاوسەرگیری دەکات. هاوسەری دووەمی یارمەتیدەر بوو بۆ ئیلهامبەخشین بۆ زۆرێک لەو کارەکتەرە ژنانەی کە دوواتر کەلە بەرهەمەکانیدا دەرکەوتن. جاک لەندەن لە تەمەنی ٣٠ ساڵیدا بە هۆی بەرهەمە ئەدەبی و ڕۆژنامەوانییەکانی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ناسراو و ناوبانگی دەرکرد. هەرچەندە بە پەرۆشەوە لەبارەی پرسیارە گەورەکانی ژیان و مردن و خەبات بۆ مانەوە بە کەرامەت و دەستپاکییەوە دەینووسی، بەڵام بەدوای ئاشتی و ئیلهامێکی بێدەنگیشدا دەگەڕا. چیرۆکەکانی سەرگەرمییەکی باڵا بوون کە لەسەر بنەمای ئەزموونەکانی خۆی بوون لە دەریا و لە خاکی یوکۆن و لە کێڵگە و کارگەکانی کالیفۆرنیا. نووسین و بەرهەمە ئەدەبییەکانی جاک لەندەن سەرنجی ملیۆنان کەسی لە سەرانسەری جیهاندا بۆ لای خۆیان ڕاکێشا.

جاک لەندەن و سۆشیالیزم
جاک لەندەن لە دەیەی نەوەدەکان بوو بە سۆشیالیستێکی چالاک. لە کۆتایی ساڵی ١٨٩٥دا وتاری (سۆشیالیزم چییە؟)ی بۆ ڕۆژنامەی سانفرانسیسکۆ ئێکسامینەری نووسی،(٢) لە ساڵی ١٨٩٦دا ڕۆژنامەی (سانفرانسیسکۆ کرۆنیکڵ) چیرۆکێکی لەسەر “کوڕە سۆشیالیستەکە” بڵاوکردەوە. جاک لەندەن نە بیرمەند و نە سۆشیالیستێکی ڕۆشنبیر بوو، بەڵکوو سۆشیالیزمەکەی جاک لەندەن لە ئەزموونی ژیانییەوە گەشەی کرد. وەک لە وتارەکەیدا بە ناوی (چۆن بووم بە شۆسیالیست) ڕوونی کردووەتەوە، (٣) بۆچوونەکانی لە ژێر کاریگەری ئەزموونگەلێکن لەگەڵ کەسانێک کەلە قووڵایی ململانێ کۆمەڵایەتی ژیاندا بوون. لە ساڵی ١٨٩٦ پەیوەندی بە پارتی کرێکارانی سۆشیالیستییەوە کرد کە دانیال دی لیۆن سەرۆکایەتی دەکرد و دواتر لەو ساڵەدا نامەیەکی لە ڕۆژنامەی (ئۆکلاند تایمز)دا (٤) بڵاوکردەوە و داوای لە خوێنەران کرد کە کتێبی سەرمایەی مارکس بخوێننەوە. جاک لەندەن لە پارتی سۆشیالیست جیابووەوە و پەیوەست بوو بە باڵی یوجین دێبس و لە ساڵی ١٩٠١دا وەک کاندیدی پارتی سۆشیال دیموکرات بۆ سەرۆکی شارەوانی ئۆکلاند خۆی کاندید کرد و نزیکەی ٢٤٥ دەنگی بەدەستهێنا. دوای چەند ساڵێک جارێکی دیکە خۆی کاندید کردەوە و دەنگەکانی چوار هێندە زیادیان کرد. هەرچەندە باسی کاندیدی سۆشیالیستی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی دەکرێت، بەڵام ژیانی سیاسی جاک لەندەن هەرگیز لەم دوو هەوڵە بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی؛ تێپەڕی نەکرد. لەوانەیە ئەمەش لەبەر ئەوە بێت کە هەندێک لە نامەکانی خۆی بەناوی هەرچیت هەیە بۆ شۆڕش واژوو کرد و وتاری لەسەر دزێویی سەرمایەداری پێشکەش کرد و جەختی لەوە کردەوە کە (قازانجی زیادە قازانجی نەدراو بووە.) لە ساڵانی سەرەتای سەدەی بیستەمدا، بۆ بزووتنەوەی سۆشیالیستی ئەمریکیی نووسی و پەیامەکەی لەئاستێکی بەربڵاودا بڵاوکردەوە و میراتێکی ئەدەبی گەورەی بەجێهێشت کە جەماوەر بتوانن لەدەوری هەڵخرێن.
جاک لەندەن لە ساڵی ١٩٠٥ کۆمەڵەی سۆشیالیستی نێوان کۆلێژەکان بۆ بانگەشەی سۆشیالیزم لە نێو خوێندکاراندا دامەزراند. جاک لەندەن لە زانکۆکانی هارڤارد و یێڵ و زانکۆکانی تری ئایڤی لیگ سیمیناری دەگرت و پەیامی خەباتی چینایەتی بڵاوکردەوە. لە کتێبی “شتێک لە ئایداهۆی ڕزیو” (١٩٠٦) بەرگری لە سەرکردەکانی فیدراسیۆنی کرێکارانی کانەکان ڕۆژئاوا ولیەم هایوود و چارڵز مۆیەر کرد کە دەستگیرکرابوون و بۆ ئیعدام ئامادەکرابوون.(٥) ڕۆمانی پاژنەی ئاسنینی لە ساڵی ١٩٠٨دا سەرهەڵدانی فاشیزمی لە ئەمریکادا نیشانداوە کە لە کۆتاییدا لەلایەن پاڵەوانێکی سۆشیالیستییەوە ئازادکرا. نازییەکان لە ساڵی ١٩٣٣دا ئەم بەرهەمە و بەرهەمەکانی دیکەی کە مەیلی سۆشیالیستییان تیایدا باڵا بوو، سووتاند، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چیرۆکە سەرگەرمییەکانی لەندەنیان قەدەغە نەکرد.
جاک لەندەن وەک کارەکتەری ئاڵۆز دەمێنێتەوە. ئەو سۆشیالیستێک بوو کە زۆر ماندوو بوو بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیان، بەڵام بوو بە یەکێک لەو نووسەرانەی کە زۆرترین مووچەی سەردەمی خۆی وەردەگرت؛ نووسەرێک کە زەمینەی شکاند بە هەبوونی کەسانی غەیرە سپی پێست وەک پاڵەوان لە هەندێک کتێبدا و لەگەڵ ئەوەشدا ئاپارتهاید کە جەوهەرەکەی ڕەگەزپەرستییە ڕەت دەکاتەوە. هەروەها جاک لەندەن بە بیروباوەڕە سۆشیالیست و جیهانبینییە ڕادیکاڵەکەی داکۆکی لە گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و سیاسی دەکرد. ئەو وتاردەرێکی بەتوانا بوو، وەک وانەبێژێک لەسەر سۆشیالیزم و بابەتەکانی تری ئابووری و سیاسی جێی پەسەند بوو. زۆربەی خەڵک جاک لەندەنیان بە هێمایەکی زیندوو بۆ ژیانێکی ئازاد و دادپەروەر دەزانی.

جگە لە پابەندبوونەکانی بە نووسین و وتاردان، جاک لەندەن لە ساڵی ١٩١٤ بووە پەیامنێری جەنگ لە مەکسیک، ڕۆڵی سەربازانی ئەمریکا و کەشتییەکانی هێزی دەریایی لە ڕاپەڕینی ڤیلا کارانزادا ڕووماڵ دەکرد. لەندەن تا کۆتایی دەیەی نەوەتەکان وازی لە هەموو سیاسەتێکی چالاکانەی سۆشیالیستی هێنا. لە ساڵی ١٩١٤ لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا پشتگیری لە لایەنی هاوپەیمانان کرد. لە سەرەتای ساڵی ١٩١٦ دەستی لە پارتی سۆشیالیست کێشایەوە، لەندەن لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆیدا بە ڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە دەستبەرداری بیروباوەڕی سۆشیالیزم نەبووە، ئەو هەرگیز وازی لە سۆسیالیزم نەهێنا و دەیوت (من باوەڕم وایە کە چینی کرێکار، بە خەباتکردن، بە تێکەڵنەبوون و ڕێکنەکەوتن لەگەڵ دوژمن، دەتوانێت خۆی ڕزگار بکات.)

ژیانئاوایی
دوای جیابوونەوەی لەگەڵ پارتی سۆشیالیستی، جاک لەندەن لە ساڵانی کۆتایی ژیانیدا زیاتر لە هاوڕێ سیاسییەکانی دابڕاوە و تەندروستی جەستەیی لەندەنیش خراپتر بوو. لە تەمەنی ٣٧ ساڵیدا، ئەو جەستە بەهێزەی لە گەنجیدا کە زۆر شانازی پێوە دەکرد، ئاوساو و چرچ و لۆچی تێکەوت و پێش سەردەمی خۆی پیر بوو. جومگەکانی بەهۆی ڕۆماتیزمەوە ئازاریان دەدا و تووشی یوریمیا بوو و گورچیلەکانیشی لەکار کەوتن. پزیشکەکان داوایان لێکرد کە خووی کارکردن و خۆراکی بگۆڕێت و هەموو بەکارهێنانێکی کحولی ڕابگرێت و وەرزشی زیاتر بکات، ئەو ڕەتیکردەوە. ئەگەر شتێک هەبێت، فشاری پابەندبوونە داراییەکانی بۆ یارمەتیدانی هاوڕێ و کەسوکاری و کێشە تەندروستییەکانی وای لێکرد خەونی گەورەتر ببینێت و کاری قورستر و خێراتر بکات. بەڵام ڕەتیکردەوە ڕێڕەو و نەریتی خۆی بگۆڕێت. ئەو بەردەوام بوو لە جگەرەکێشان و بەردەوام شەکەت بوو و ئازاری هەبوو. جاک بەردەوام بوو لە نووسین کە رۆژانە هەزار وشەی بەبێ گوێدانە شوێن و ئەرک و تەندروستی، دەنووسی. جاک لەندەن لە ٢٢ی تشرینی دووەمی ١٩١٦ لە تەمەنی ٤٠ ساڵیدا لەناو ماڵی خۆی ژیانئاوایی کرد کە ئەگەری ئەوە هەیە کە ژەمی زۆری مۆرفین، بە ڕێکەوت یان بە ئەنقەست، بەشدار بووبێت لە مردنیدا. بەمەش هەموو جیهان بە مردنی ئەم نووسەرە مەزنە غەمبار بوو.
مردنی جاک لەندەن هێشتا مشتومڕی لەسەرە. کەسێکی کحولی و ئالوودەی دەرمانی ئازارشکێن بوو، بەدەست چەندین نەخۆشی جۆراوجۆرەوە دەیناڵاند، بەڵام تا دوا ڕۆژی ژیانی کەسێک بوو پڕ بوو لە پلانی بوێرانە و سۆزی بێئەندازە گەورە بۆ داهاتوو. زۆرێک لە سەرچاوەکان مردنەکەی تا ئێستاش بە خۆکوشتن وەسف دەکەن. بەڵام پێدەچێت ئەمە جگە لە دەنگۆیەک هیچیتر نەبووبێت. لە بەڵگەنامەی مردنیدا هۆکارەکەی بە یوریمیا هاتووە کە لەکارکەوتنی گورچیلەیە. وەکیلی ئەدەبیی جاک لەندەن (ئیرڤینگ شێپەرد) کە چەند هەفتەیەک پێش مردنی سەردانی کردبوو، ڕایگەیاند کە جاک لەندەن وتویەتی (من پێم باشترە بسووتێنرێم نەک ببم بە گەرد و تۆز. ئەرکی مرۆڤ ئەوەیە بژی نەک بوونی هەبێت. من پێم باشە پریشکەکەم لە ئاگرێکی درەوشاوەدا بسووتێت نەک بەهۆی ڕەگی وشکەوە بخنکێم. من پێم باشە نەیزەکێکی نایاب بم لە هەر گەردیلەیەک لە درەوشاوەیییەکی شایستەدا نەک هەسارەیەکی خەوتوو بم. هەمیشەیی ئەرکی مرۆڤ ئەوەیە کە بژێت نەک بوونی هەبێت.)
جاک لەندەن سەرەڕای تەمەنی کورتی، میراتێکی ئەدەبی مەزن و کاریگەری لەپاش بەجێما کە ئیلهام بەخشە بۆ خوێنەران و نەوەکانی داهاتوو. کتێب و نووسینەکانی قسە لەسەر خەبات و تێکٶشانی چینایەتی و هەستی دادپەروەری دەکەن لە کۆمەڵگەیەک کە دادپەروەری تێدا نییە.

ئامادەکردن و وەرگێڕانی لەئینگلیزییەوە: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
٢٢ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤

پەراوێز و سەرچاوەکان :
(١) سایتی تیفیدانسەر بیرکردنەوە هەڕەمەکییەکان لە سەردەمی دیجیتاڵیدا ١٣ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤
https://teifidancer-teifidancer.blogspot.com/2024/01/the-life-and-legacy-of-socialist.html?spref=fb&fbclid=IwY2xjawGuMqFleHRuA2FlbQIxMQABHaUEGE_UdUxcjibgdNZO90ILFHBEfflmavGb-PRKkhJDW3DLyc8vRAO5iA_aem_mNXzN1J0viWZP-Aak9RXBA
(٢)ڕۆژنامەی سان فرانسیسکۆ ئێکسامینەر ڕۆژنامەیەکە لە سانفرانسیسکۆ و دەوروبەری لە ویلایەتی کالیفۆرنیا دابەشکراوە و لە ساڵی ١٨٦٣ەوە بڵاودەکرێتەوە. سەرەتا بەناوی دیموکراتیک پرێس دامەزراوە و پاشان ناوەکەی گۆرانی بەسەردا هاتووە.
(٣)جاک لەندەن لەم وتارەدا ئینتمای خۆی بۆ بیروباوەڕی سۆشیالیستی و هۆکارەکانی پشت ئەم ئینتمابوونە نیشان دەدات. بۆ زانیاری زیاتە لەسەر ئەم وتارە خوینەر دەتوانێت سەردانی ئەمبەستەرە بکات. https://www.online-literature.com/london/3875/
(٤)ڕۆژنامەی (ئۆکلاند تایمز)؛ ڕۆژنامەیەکی هەفتانە بوو ژمارە یەکی لە ٢٩ ی ئەیلوولی ١٩٢٣ بڵاوکراوەتەوە. ڕۆژنامەکە زیاتر بایەخی بە کێشە و گرفتەکانی ئەفیریقی ئەمریکییەکان دەدا. ئەم ڕۆژنامەیە لە کالیفۆڕنیا دەرچووە و ساڵی ١٩٩٩ لە بڵاوبوونەوە وەستاوە.
(٥)ولیەم هایوود و چارڵز مۆیەر؛ دوو ڕابەری فیدراسیۆنی کرێکارانی کانەکانی ڕۆژئاوا و یەکێتیی کرێکارانی پێشەسازی جیهان بوون کە بەتاوانی کوشتنی حاکمی ئایداهۆ لەساڵی ١٩٠٦ زیندانی کرابوون.




نامیلكەی” تایوان، بەشێكی دانەبڕاو لە چین – دیدگا مێژوویی و یاساییەكان”

نامیلكەی: “تایوان: بەشێكی دانەبڕاو لە چین – دیدگا مێژوویی و یاساییەكان”، لە نووسینی هەڵۆ حەسەن بڵاوكرایەوە،كە شیكارییەكی ورد بە زمانی كوردی بۆ پرسی تایوان دەكات ،لە ڕێگەی شیكاری مێژوویی و بەڵگەنامەی یاسایی و هەڵسەنگاندنی جیۆپۆلەتیكییەوە،كە یاسای نێودەوڵەتی بە ڕوونی تایوان وەك بەشێك لە چین دەناسێت، بۆچوونێك كە بە شێوەیەكی زۆر لەلایەن ڕێكخراوە جیهانییەكان و نزیكەی هەموو دەوڵەتەكانی جیهانەوە پشتگیری دەكرێت. نامیلكەكە بەشێكی تەواو تەرخان دەكات بۆ تێڕوانینێكی هەڵە كە لە گوتاری بەشێكی كورددا پەرەی سەندووە، ئەویش مەیلی بەراوردكردنی پرسی تایوان لەگەڵ پرسی كورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا،ڕوونكردنەوەی لێكدانەوە هەڵەكانی پرسی تایوان و كورد، نامیلكەی “تایوان: بەشێكی دانەبڕاو لە چین – دیدگا مێژوویی و یاساییەكان”، سەرچاوەیەكی ئەكادیمی جێی متمانە بۆ داڕێژەرانی سیاسەت و خوێندكار و ڕۆژنامەنووسانی كوردە،روونكردنەوەی ئەوەی زلهێزەكان بە تایبەتی چین و ئەمەریكا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە دەكەن،بەراوردكاری لە نێوان تایوان و پرسی كورد،نامیلكەكە پاشخانی مێژوویی تایوان رووندەكاتەوە كە تایوان بۆ چەندین سەدە پەیوەندی كولتووری و دیمۆگرافیای لەگەڵ چین پاراستووە،لە ژێر دەسەڵاتی شانشینی چینگ لە ساڵی 1683 بۆ جاڕنامەكانی قاهیرە و پۆتسدام ،نامیلكەكە بنەما یاساییە نێودەوڵەتییەكان و بڕیارنامەی 2758ی نەتەوە یەكگرتووەكان (1971)،كە كۆماری میللی چین وەك تاكە نوێنەری چین دەناسێت و تایوان وەك بەشێك لە خاكی چین دووپات دەكاتەوە و بنەمای یەك چین لە ئاستی جیهانیدا،بەشێكی نامیلكەكە تەرخانكراوە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری بۆچی ناتوانرێت پرسی تایوان و كورد بەراورد بكرێت؟،لێكۆڵینەوە لە دۆخی یاسایی و زەمینەی مێژوویی و دانپێدانانی نێودەوڵەتی و پێكهاتەی جیۆپۆلەتیكی پرسی تایوان و كورد دەكات،تایوان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەك بەشێك لە چین ناسراوە؛ بەپێچەوانەی پرسی كورد،زەمینەی مێژوویی: تایوان بە هۆی شەڕی ناوخۆ جیا بووەوە؛ كورد هەرگیز بەشێك نەبووە لە دەوڵەتێكی یەكگرتووی مۆدێرن،دانپێدانانی نێودەوڵەتی: ئیدیعای سەروەری تایوان دانپێدانانیان نییە،پێكهاتەی جیۆپۆلەتیكی: تایوان پەیوەندی بە یەك دەوڵەتەوە هەیە؛ پرسی كورد چوار دەوڵەت دەگرێتەوە،نامیلكەكە بەو ئەنجامە گەیشتووە كە تایوان بەشێكی جیانەكراوەی چینە لەژێر مێژوو و یاسا نێودەوڵەتییەكان.




بە بابەتیکردنی پرسی تایبەتی خود- زات- له‌ هه‌ڵبه‌ستى (وه‌ڵامى پرس)ی گۆران دا.. نووسینی/ عەتا قەرەداخی

( لە یادی تێپەڕینی شەست و سێ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی گۆرانی لوتکەی شیعری کوردیدا)

(وه‌ڵامى پرس) یه‌كێكه‌ له‌ هه‌ڵبه‌سته‌كانى گۆران كه‌ ‌چه‌ند مانگێك له‌پێش مردنی نووسیوێتی ده‌ربڕینێكى راستگۆیانه‌ى بارى ده‌روونى گۆرانه‌ له‌ كاتێكدا كه‌ هه‌ست ده‌كات نه‌خۆشى شێرپه‌نجه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ژیانى ده‌كات. گۆران حاڵه‌تى نه‌خۆشىیه‌كه‌ى خۆی و بارى دواكه‌وتوویی و ژێرده‌سته‌یى میلله‌ت پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستێت و هاوشێوه‌یه‌ك له‌نێوان خۆی و گه‌له‌كه‌یدا پێكده‌هێنێت ‎و هۆى ماتى و خه‌مبارییه‌كه‌شى ده‌گێڕێته‌وه‌ بۆ هۆكاره‌ گشتىیه‌كه‌ واته‌ بارى ناله‌بارى ژیانى كۆمه‌ڵگه‌كه‌ى و نائاسووده‌یى كۆمه‌ڵایه‌تى. سه‌ره‌تا پێم باشه‌ لێره‌دا ده‌قى شیعره‌كه‌ بنووسمه‌وه‌ تا خوێنه‌ر بتوانێت له‌كاتى خوێندنه‌وه‌ى باسه‌كه‌دا له‌ كوێدا ویستى بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر شیعره‌كه‌.
وه‌ڵامى پرس
راكشابووم له‌سه‌ر پشتم
دكتۆره‌كه‌م
مارى شێرپه‌نجه‌ى ئه‌كوشتم
ناڵێم وه‌ك دایكێك دڵسۆز
فرمێسكى بۆ هه‌ڵ ئه‌ڕشتم
به‌ڵام ته‌واو وه‌ك كچى خۆم
ده‌ستى ئه‌خسته‌ ناو مشتم
به‌چاوى پڕ له‌ هه‌ستى جوان
ئه‌یكرد ته‌ماشاى سروشتم
ئه‌یپرسیى لێم: بۆچ واماتى
بۆچ هه‌میشه‌ خه‌مبار دیارى
بۆ من ئه‌م پرسه‌ وه‌ك هه‌نگوین
ئه‌تكایه‌ سه‌ر لێو له‌زارى
به‌ڵام بۆ خوشكانى به‌رده‌ست
سیس كردنى گوڵ بوو كارى،
دوو سێ كچ بوون وه‌ك دكتۆر خۆى
خه‌مخۆرییان لێ ئه‌بارى،
نه‌ك هه‌ر بۆ تیماری ده‌ردم
بۆ چاره‌ش بۆ باغچه‌ى زه‌ردم
* * *
به‌ڵێ، دكتۆر! خوشكان! ماتم،
هه‌ر من نیم ماتى وڵاتم،
له‌ناو هه‌زارانا: تاك تاك
لێومان هه‌یه‌ پێبكه‌نێ
لاى ئێمه‌ بۆ دنیاى شادى
وا تازه‌ خه‌ڵك هه‌نگاو ئه‌نێ
25/5/1962
(وه‌ڵامى پرس) ئه‌و شیعره‌ى گۆرانه‌ كه‌ له‌كاتى كه‌وتندا له‌نه‌خۆشخانه‌ى كرملین نووسیویه‌تى. پێكهاتنى بنیادى شیعره‌كه‌ له‌سه‌ر دووانه‌ى (پرسیار/ وه‌ڵام) هه‌ڵچنراوه‌. هه‌ڵبه‌ته‌ باڵاده‌ست بوونى ئه‌م جۆره‌ سوتراكتوره‌ ده‌لاله‌تێكى قوڵترى هه‌یه‌و له‌ساده‌ترین شێوه‌یدا پێكهێنانى دووانه‌ى (ده‌سه‌ڵاتدار/ ده‌سه‌ڵات به‌سه‌رداكراو) به‌رجه‌سته‌ ده‌كات، ئه‌ویش له‌و روانگه‌یه‌وه‌ كه‌ هه‌موو پرسیارێك كوشتنى ساته‌وه‌ختى بێده‌نگىیه‌و خسته‌ ژێر ركێفى پرسیار لێكراوه‌ بۆ كاتێكى دیارى كراو. له‌لایه‌كى تره‌وه‌ پێكهێنانى دووانه‌ى (پرسیار/ وه‌ڵام) له‌ ئه‌زموونى شیعرى گۆران‎دا به‌ڵگه‌ى گه‌ڕان‎و به‌دوواچوونى گۆرانه‌ بۆ ئاشكراكردن‎و كه‌شف كردنى شته‌ نهێنىو په‌نهانه‌كان. زۆربه‌ى كات (پرسیار) لاى گۆران پرسیارى گۆرانى به‌ئاگایه‌ ده‌رباره‌ى بابه‌تێكى نه‌زانراو یان په‌نهان به‌رزى ده‌كاته‌وه‌. ئه‌گه‌ر به‌و پێوه‌ره‌ بووایه‌ كه‌ گۆران كه‌سێكى خاوه‌ن ئینتیماى سیاسىو ئایدۆلۆژییه‌ ده‌بووا هه‌ر زوو بگه‌یشتایه‌ته‌ حاڵه‌تى یه‌قین‎و وازى له‌ پرسیاركردن بهێنایه‌، به‌ڵام گۆران وه‌كو شاعیرێكى داهێنه‌ر به‌رده‌وام له‌حاڵه‌تى پرسیاركردندایه‌، هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ كه‌ زیندووێتى ئه‌ده‌بى گۆرانىفه‌راهه‌م كردووه‌.
(وه‌ڵامى پرس) هه‌روه‌ك ناونیشانه‌كه‌ خوێنه‌ر ده‌داته‌ ده‌ستى گه‌ڕان له‌دواى یه‌قینێكى ئاماده‌، یه‌قینێك كه‌ پێشتر پرسیارى له‌باره‌وه‌ كراوه‌و گۆران راسته‌وخۆ هه‌ر له‌نێو ده‌قى شیعره‌كه‌دا وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى پێشكه‌ش ده‌كات، به‌ڵام گۆران له‌كاتى نووسینى ئه‌م شیعره‌یدا له‌رووى فیزیكىیه‌وه‌ تووشى شكست هاتووه‌و دووچارى نه‌خۆشى شێرپه‌نجه‌ بووه‌. هه‌موو شتێكیش له‌ده‌ره‌وه‌ڕا كاردانه‌وه‌ى له‌سه‌ر ناوه‌وه‌ ده‌بێت بۆیه‌ شكستى جه‌سته‌ لاى گۆران ده‌یگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ رۆچوون به‌دیوى ناوه‌وه‌دا. تێڕامان‎و بیركردنه‌وه‌ دروست ده‌كات، بیركردنه‌وه‌ش له‌نه‌خۆشییه‌كه‌ى له‌رووى سایكۆلۆژىیه‌وه‌ له‌به‌رده‌م پرسیارى دكتۆردا ئاماده‌ى ده‌كات، كه‌واته‌ مه‌رج نىیه‌ له‌واقیعدا گۆران شیعره‌كه‌ى راسته‌وخۆ له‌كاتى كه‌وتندا له‌ نه‌خۆشخانه‌ى كرملین نووسیبێت، به‌ڵكو ئیحاى درووستبوون‎و بنه‌ماى نووسینى شیعره‌كه‌ حاڵه‌تى نه‌خۆش كه‌وتن‎و بوونیه‌تى له‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌دا. ئه‌و حاڵه‌ته‌ش شێوازى جۆرێك له‌دایه‌لۆگ به‌رجه‌سته‌ ده‌كات، واته‌ ئێسته‌ پرسیاركه‌ر دكتۆره‌و پرسیار لێكراویش گۆرانه‌. دكتۆر پرسیار ده‌گات گه‌رچى ره‌نگه‌ چاوه‌ڕوانى وه‌ڵامیش نه‌كات به‌ڵكو ره‌نگه‌ ته‌نها به‌ مه‌به‌ستى رایكردنى كات پرسیار بكات، به‌ڵام ئاراسته‌كردنى پرسیاره‌كه‌ گۆران ده‌خاته‌ مه‌وقعى گوێگره‌وه‌و له‌رووى سایكۆلۆژییه‌وه‌ ده‌یكات به‌ به‌ركار كه‌ ئه‌مه‌ش دواتر ده‌لاله‌تێكى قوڵتر هه‌ڵده‌گرێت له‌رووى به‌راوردكردنى ناسنامه‌ى گۆران‎و ناسنامه‌ى دكتۆره‌وه‌ له‌رووى ئاماده‌بوونیانه‌وه‌. پرسیاركردن گۆران ده‌خاته‌ بارى تێڕامان‏و‎ به‌خۆدا چوونه‌وه‌وه‌، بۆ دۆزینه‌وه‌ى وه‌ڵامى پرسیاره‌كه‌، كه‌ دواجار گۆران به‌ نووسینى ئه‌م شیعره‌ وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌، كه‌واته‌ گۆران پێش له‌ نووسینى شیعره‌كه‌ زه‌مینه‌یه‌كى ئاماده‌كردووه‌، هه‌ڵبه‌ستى (وه‌ڵامى پرس) له‌سه‌ر بنه‌ماى ئاماده‌كردنى ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ نووسراوه‌.
گۆران له‌و ساته‌وه‌خته‌دا كه‌ (وه‌ڵامىپرس) ده‌نووسێت تووشى نه‌خۆشى بووه‌، ئه‌و حاڵه‌ته‌ش ده‌بێته‌ رێگه‌ خۆشكه‌ر بۆ ئه‌وه‌ى گۆران بكه‌وێته‌ تاوتوكردنى ناوه‌وه‌ى خۆىو شكستى ده‌ره‌وه‌ى له‌یاد بچێته‌وه‌ یا به‌هۆى خوردبوونه‌وه‌ له‌ناوه‌وه‌ى خۆى ده‌ره‌وه‌ى له‌یادبكات. لێره‌شه‌وه‌ (وه‌ڵامى) مه‌ودا قوڵترو پڕماناتر بۆ پرسیاره‌كان بدۆزێته‌وه‌ كه‌ تێكڕا له‌ پانتایى مێژوو و بارى كۆمه‌ڵایه‌تىو سیاسى نه‌ته‌وه‌كه‌یه‌وه‌ هه‌ڵى هێنجاون، هه‌ر ئه‌وه‌ش به‌رهه‌مى داهێنانى گۆران نه‌مرترو باڵاتر ده‌كات.
گۆران دڵنیایه‌ كه‌ نه‌خۆشى شێرپه‌نجه‌ كۆتایى به‌ژیانى دێنێت، به‌ڵام هێشتا په‌ى به‌ئاماده‌بوونى خۆى ده‌بات‎و هه‌ست به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌م له‌به‌رامبه‌ر سه‌رچاوه‌ى پرسیاركردنه‌كه‌دا واته‌ دكتۆر ئاماده‌بوونى هه‌یه‌، بۆ شاردنه‌وه‌ى شكستى جه‌سته‌یى خۆى له‌دواى وه‌ڵامێكى تر بۆ پرسیاره‌كه‌ ده‌گه‌ڕێت‎و راسته‌وخۆ وه‌ڵامه‌كه‌ى وه‌كو نوێنه‌رى هه‌موو نه‌ته‌وه‌كه‌ى ده‌داته‌وه‌و ماهیه‌تى پرسیاره‌كه‌ش به‌جۆرێك ده‌گۆڕێت كه‌ له‌برى ئه‌وه‌ى به‌تایبه‌تى ئاراسته‌ى خۆى كرابێت‎و ده‌رباره‌ى حاڵه‌تى زاتى خۆى بێت ده‌یكاته‌ پرسیار له‌ حاڵه‌تى گشتى نه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش دیسان له‌گه‌ڵ گه‌ڕانى هه‌میشه‌یى گۆران‎دا له‌دواى دۆزینه‌وه‌ى ئه‌ڵته‌رناتیڤ یه‌ك ده‌گرێته‌وه‌.
له‌سه‌ره‌تاى شیعره‌كه‌دا شاعیر له‌شێوه‌ى گێڕانه‌وه‌دا كه‌زیاتر نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌دواندنى ساتى به‌ موگناتیس خه‌ونادنىو بارى كه‌سێتى خۆى پێشكه‌ش ده‌كات كه‌واى نیشان ده‌دات به‌ره‌و پیرێتىو مردن ده‌چێت. دكتۆره‌كه‌ى له‌ناخه‌وه‌ له‌گه‌ڵ بارى پڕكه‌سه‌رى ئه‌مدا وه‌كو ئه‌وه‌ى گۆران هه‌ستى پێده‌كات خه‌م‎و په‌ژاره‌ دایگرتووه‌. له‌وردبوونه‌ى سیماى ئه‌مى چاوه‌ڕوانى مه‌رگدا (ئه‌و) پرسیار ده‌كات. له‌راستیدا پرسیاره‌كان هیچ ده‌لاله‌تێكى قوڵى فیكرییان نىیه‌و ته‌نیا له‌رووكه‌شدا ده‌رخستنى جۆرێك له‌سۆزو به‌زه‌یى نیشان ده‌ده‌ن، ته‌نیا له‌راستیدا پیاده‌كردنى ده‌سه‌ڵات نه‌بێت له‌لایه‌ن ئه‌وى دكتۆره‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ئه‌مى نه‌خۆش شتێكى ئه‌وتۆ ناگه‌یه‌نن، واته‌ ده‌لاله‌تى قوڵى پرسیاره‌كه‌ى دكتۆر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وى سه‌ر به‌ گه‌لێكى خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات‎و شارستانیه‌ت‎و مێژوو كه‌ ئاماده‌بوونى هه‌یه‌ به‌چاوى سۆز سه‌یرى ئه‌مى سه‌ر به‌گه‌لێكى بێده‌سه‌ڵاتى ناشارستانى بێ مێژووى نائاماده‌ ده‌كات. ئه‌گه‌رچى گۆران بارى جووت هه‌ڵوێستى دكتۆره‌كه‌ ده‌خاته‌روو پێكه‌ش ده‌كات، كاتێ پرسیاره‌كانى به‌ئاسووده‌یىو رووخۆشیه‌وه‌ ئاراسته‌ى ئه‌م ئه‌كات، ئه‌مى نه‌خۆش، به‌ڵام بۆ به‌رده‌سته‌كانى له‌ ئاستى (ده‌سه‌ڵاته‌وه‌) هه‌ڵوێست ده‌نوێنێ، لێره‌دا قسه‌مان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نىیه‌ كه‌ئیلغاى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌وى دكتۆر به‌ حوكمى شوێنه‌كه‌ى له‌و مه‌وقیعه‌دا هه‌یه‌تى. ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ كه‌ ماهیه‌تى ده‌سه‌ڵات كۆتایى نایه‌ت تا كۆمه‌ڵگه‌ نه‌گاته‌ به‌رزترین پله‌ى عه‌داله‌تى كۆمه‌ڵایه‌تى ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ ئه‌و قۆناغه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى (سۆڤێتى) كه‌ گۆران له‌ شیعره‌كه‌یدا به‌وجۆره‌ هه‌ڵوێستى دكتۆر به‌رامبه‌ر كارمه‌ندى خوارى خۆیه‌وه‌ ده‌خاته‌روو ئه‌و عه‌داله‌ته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ نه‌بووه‌. هه‌ر ئه‌مه‌ش ماهیه‌تى ده‌سه‌ڵاتى سۆڤێتى ده‌خاته‌ به‌رده‌م پرسیاره‌وه‌. جووت هه‌ڵوێستى دكتۆر له‌وه‌دایه‌ له‌لایه‌ك به‌سۆز (گۆران) ى نه‌خۆش ده‌دوێنێ كه‌چى له‌لایه‌كى تره‌وه‌ به‌ تووندى مامه‌ڵه‌ى خوشكانى به‌رده‌سى ده‌كات. ئه‌وه‌تا گۆران ده‌ڵێت:
بۆ من ئه‌م پرسه‌ وه‌ك هه‌نگوین
ئه‌تكایه‌ سه‌ر لێوى زارى
به‌ڵام بۆ خوشكانى به‌رده‌ست
سیس كردنى گوڵ بوو كارى
كاتێ ئه‌و دكتۆره‌ پرسیار له‌گۆرانى نه‌خۆش ده‌كات وه‌ڵامى پرسیاره‌كان لاى خۆى ئاماده‌ن. كه‌سێك نه‌خۆشىیه‌كى كوشنده‌ى هه‌یه‌و له‌ ئه‌گه‌رى مردندایه‌. ئه‌گه‌رى مردنیش شتێك نىیه‌ مرۆڤ له‌ ئاستیدا غه‌مبار‎و مات نه‌بێت، كه‌واته‌ پرسیارى دكتۆر به‌ مه‌به‌ستى ئاشكراكردنى نه‌زانراو نىیه‌، به‌ڵام گۆران وه‌ڵامه‌كان له‌ ئاستێكى باڵادا، له‌ ئاستێكى ئینسانانه‌ى بێوێنه‌دا ده‌داته‌وه‌. وه‌كو كه‌سێك كه‌وا ده‌ڕوانێت نه‌خۆشىو ره‌نگ زه‌رد ئه‌مى تاك بریتىیه‌ له‌ حاڵه‌تێكى زاتىو هۆیه‌كه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هۆكارى مه‌وزوعى كه‌ ئه‌ویش بارى ناهه‌موارو ناله‌بارى گه‌له‌كه‌یه‌تى.
گۆران له‌دوو حاڵه‌تى خۆى ده‌دوێت، حاڵه‌تى یه‌كه‌م نه‌خۆشىیه‌كه‌یه‌تى وه‌كو شكستى فیزیكى كه‌ مه‌رگ چاوه‌ڕوانى ده‌كات واته‌ له‌رووى مه‌عنه‌ویشه‌وه‌ له‌ مه‌رگ نزیك بۆته‌وه‌. حاڵه‌تى دووه‌م ئاماده‌بوونى نه‌ته‌وه‌كه‌ى له‌رووى پێشكه‌وتن‎و شارستانىیه‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وى خاوه‌ن شارستانێتىو ئاماده‌بووندا له‌سه‌رجه‌م بواره‌ جۆراوجۆره‌كاندا ده‌خاته‌ روو، ئاماژه‌یه‌كیش بۆ ئاسۆى دنیایه‌كى نوێ ده‌كات.
به‌ڵام گۆران له‌ مه‌ودایه‌كى قوڵتردا له‌بارى نائاماده‌بوونى نه‌ته‌وه‌كه‌ى ده‌دوێت، ئه‌وه‌تا كاتێ باسى سسته‌ره‌كان ده‌كات له‌وه‌ ده‌دوێت كه‌ خه‌مخۆرى ئه‌و خوشكانه‌ ته‌نها به‌مه‌به‌ستى تیمارى شكستى فیزیكى نه‌بوو، به‌ڵكو بۆ دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى (باخچه‌ى زه‌رد) واته‌ گۆڕینى ئه‌و ئاینده‌یه‌ كه‌وا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئه‌وش هیچ رووداوێكى تێدا روونه‌دات. (باغچه‌ى زه‌رد) دوو مه‌دلولى هه‌یه‌، یه‌كه‌میان تایبه‌ت به‌ خودى گۆران ئه‌گه‌ر ژیان (باغچه‌) بێت ئه‌وا (باغچه‌ى زه‌رد) هاوشانه‌ له‌گه‌ڵ ژیانى نه‌خۆشیدا، به‌ڵام دێڕى پێشتر كه‌ ده‌ڵێت (نه‌ك هه‌ر بۆ تیمار ده‌ردم) ئه‌و بۆچوونه‌ى سه‌ره‌وه‌ لاواز ده‌كات چونكه‌ (تیمارو چاره‌) په‌یوه‌ست به‌خودى گۆرانى نه‌خۆش هه‌مان پرۆسه‌ى كاركردنن بۆ رزگاركردنى له‌ نۆخشىیه‌كه‌ى. هه‌روه‌ك (ده‌ردو باغچه‌ى زه‌رد) یش هه‌مان مانا ده‌به‌خشن. بۆیه‌ لێره‌وه‌ ده‌شێ له‌دواى مه‌دلولى دووه‌م بگه‌ڕێین بۆ (باغچه‌ى زه‌رد) كه‌ ئه‌ویش له‌راستیدا به‌شى دوایى شیعره‌كه‌ ئاشكراى ده‌كات كه‌ بریتىیه‌ له‌مێژوو و شارستانێتىو ئاماده‌بوونى كه‌سێتى نه‌ته‌وه‌كه‌ى گۆران یان ئه‌و گه‌له‌ى كه‌ گۆران ئه‌ندامێكه‌ لێىو له‌و بوارانه‌دا واته‌ مێژوو و شارستانێتىو ئاماده‌بوونى كه‌سێتى نه‌ته‌وه‌یى لاوازو نادیاره‌و وه‌كو گوڵێكى سیس‎و زه‌رد وه‌هایه‌ له‌ باغچه‌ى گه‌شى شارستانێتىو ئاماده‌بوونى مرۆڤایه‌تیدا. له‌به‌شى كۆتایى شیعره‌كه‌دا ئاشكرا تر ده‌بێت كه‌ گۆران له‌لایه‌ك له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌كه‌ى وه‌كو كورد ده‌دوێو له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ له‌سه‌ر گه‌لى عێراق كه‌ ئه‌وه‌ش بۆ گۆران له‌وكاته‌دا شتێكه‌ مایه‌ى سه‌رسوڕمان نىیه‌ چونكه‌ وه‌كو ئه‌ندامێكى مولته‌زیمى حیزبى شیوعى عێراقى ره‌وایه‌ به‌و شێوه‌یه‌ بیربكاته‌وه‌و له‌میانه‌ى شیعریشدا جیهانبینى سیاسىو فیكرى خۆى به‌رجه‌سته‌ بكات. هه‌روه‌ك چ به‌گوێره‌ى كوردو چ به‌گوێره‌ى عێراقیش گۆران واى ده‌بینێت كه‌ هێشتا له‌په‌راوێزى مێژوو و شارستانێتى دان‎و له‌كاروان به‌جێماون‎و خه‌سڵه‌تى باغچه‌یه‌كى زه‌ردیان هه‌یه‌ له‌نێو باغى گه‌وره‌ى شارستانێتىو پێشكه‌وتن‎و ئاماده‌بوونى نه‌ته‌وه‌و گه‌لانى جیهاندا.
گۆران وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى (بۆچ وا ماتى؟ بۆچ هه‌میشه‌ خه‌مبار دیارى؟) ده‌داته‌وه‌. هۆكارى (ماتى) به‌ته‌واوى له‌سنوورى فاكته‌رى نه‌خۆشى شێرپه‌نجه‌ دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌، له‌ وه‌ڵامه‌كه‌دا روخسارێكى مێژوویىو سیۆسیۆلۆژى به‌ وه‌ڵامه‌كه‌ى ده‌به‌خشێت. گۆران تراژیدیاى (مات بوون) ده‌كاته‌ سیفاتێكى گشتىو له‌سنوورى تایبه‌تى خودى خۆیى ده‌رده‌كات. ئه‌مه‌ش له‌بارى یه‌كه‌مدا ده‌بێته‌ هۆى شاردنه‌وه‌ى یان پشت گوێ خستنى كاریگه‌رى (نه‌خۆشى) بۆ دروستكردنى بارى (ماتىو خه‌فه‌تبارى). له‌بارى دووه‌میشدا رواڵه‌تى مێژوویىو سیۆسیۆلۆژى به‌رووداوه‌كه‌ ده‌به‌خشێت، مۆتیڤى (مات بوون) راسته‌وخۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌لماندنى ئاماده‌ نه‌بوونى ئێمه‌ له‌رووى شارستانىو مێژوویىو كۆمه‌لایه‌تىیه‌وه‌. ئه‌گه‌ر هۆكارى (مات بوون) به‌گوێره‌ى گۆران (نه‌خۆشىیه‌كه‌ى) بوایه‌ ره‌نگه‌ هێنده‌ كاریگه‌رو ترسناك نه‌بوایه‌ چونكه‌ شاعیر له‌ پشتى خۆیه‌وه‌ مێژوو و شارستانێتىیه‌كى خاوه‌ن ناسنامه‌ى ده‌بینى، به‌ڵام له‌ساته‌وه‌ختێكدا كه‌ ئه‌و مێژووه‌ ئاماده‌بوونى نه‌بێت ئه‌وا گۆران له‌ناخه‌وه‌ هه‌ست به‌هه‌ره‌سى گه‌وره‌ ده‌كات‎و كاتێ نه‌خۆشىیه‌كه‌ كۆتایى به‌ژیانى ده‌هێنێت ئه‌م نه‌وه‌كو تاك نه‌وه‌كو كۆمه‌ڵه‌كه‌ى هیچى له‌دوا به‌جێ نامێنێت كه‌ زیاتر ئه‌م بۆچوونه‌ په‌یوه‌ست ده‌بێته‌وه‌ به‌ كه‌سیه‌تى كۆمه‌ڵایه‌تىو مێژوویى ئه‌و میلله‌ته‌وه‌ كه‌ گۆران ئه‌ندامێكه‌ لێى، هه‌ر ئه‌و هۆكاره‌شه‌ هه‌ست كردن به‌ فه‌نابوونى ته‌واوه‌تى لاى گۆران دروست ده‌كات گه‌رچى گۆران له‌رووى داهێنانه‌كه‌یه‌وه‌ هه‌رگیز نامرێ، له‌لایه‌كى تره‌وه‌ گۆران ده‌یه‌وێت خۆى له‌حاڵه‌تى تاكییه‌تى (فردى) قوتار بكات‎و له‌ قه‌واره‌یه‌كى باڵاتردا خۆى جێگیر بكات. به‌مانایه‌كى دى ده‌یه‌وێت وه‌كو هه‌ر ئینسانێكى ترى رۆژهه‌ڵات‎و كۆمه‌ڵگه‌ دواكه‌وتووه‌كان بوونى خۆى له‌نێو پێكهاته‌یه‌كى گه‌وره‌تردا كه‌ ئه‌ویش (كۆمه‌ڵه‌) بپارێزێت كه‌ ئه‌وه‌ش حاڵه‌تى گه‌ڕانه‌وه‌یه‌تى بۆ نێو سیسته‌مى عه‌قڵى ده‌سته‌جه‌مى كۆمه‌ڵگه‌، له‌پشتى ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه‌وه‌ ده‌لاله‌تى ترس له‌مردن وه‌كو مۆتیڤێك كارده‌كات‎و ده‌یه‌وێت خۆى بسپێریت به‌ حاڵه‌تێكى باڵاتر كه‌ ئه‌ویش به‌كۆمه‌ڵایه‌تى كردنى سیفه‌تى (مات) بوونه‌كه‌یه‌تى چونكه‌ له‌رووى ده‌روونیه‌وه‌ له‌نێو پێكهاته‌یه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى گه‌وره‌تدا (ترس) كه‌متر ده‌بێته‌وه‌.
گۆران هه‌ر له‌و حاڵه‌ته‌ى ترس‎و چاوه‌ڕوانى مردنه‌دا نامێنێته‌وه‌و له‌به‌رده‌م مه‌رگى چاوه‌ڕوانكراویدا ده‌سته‌وسان نابێت‎و چۆك دابدات به‌ڵكو هیواى سبه‌ینێیه‌كى گه‌ش‎و داهاتوویه‌كى زیندوو ده‌خوازێت، له‌دواكۆپله‌ى شیعره‌كه‌دا ده‌ڵێت:
له‌ناو هه‌زارانا تاك تاك
لێومان هه‌یه‌ پێبكه‌نێ
لاى ئێمه‌ بۆ دنیا شادى
واتازه‌ خه‌ڵك هه‌نگاو ئه‌نێ
گه‌رچى گۆران بارى ماتىو بێزارى نه‌ته‌وه‌كه‌ى ده‌رده‌خات‎و لاى وایه‌ ئه‌وانه‌ى تروسكه‌یان تیا به‌دى ده‌كرێت‎و هه‌ست به‌ئاسووده‌ییان ده‌كرێت زۆر كه‌من به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێمان ده‌ڵێت هیواى ده‌ركه‌وتنى سه‌ره‌تاى شادىو هه‌نگاونان بۆ دنیاى شادى هه‌ستى پێده‌كرێت. لێره‌وه‌ ئه‌و پرسیاره‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات داخۆ له‌تێڕوانینى گۆرانه‌وه‌ (دنیاى شادى) چى ده‌گه‌یه‌نێت؟ بۆ لێكدانه‌وه‌ى وه‌ڵامى ئه‌م پرسیاره‌ ده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ نێو پانتایى مێژوو و رووداوه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، تا له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ (دنیاى شادى) به‌ بۆچوونى گۆران دیارى بكه‌ین.
ئه‌گه‌ر له‌رووى كرۆنۆلۆژىیه‌وه‌ له‌ (وه‌ڵامى پرس) بڕوانین ئه‌وا له‌مانگى مایسى (1962) دا نووسراوه‌. لێره‌دا مه‌به‌ستمان له‌دیارى كردنى ئه‌و مێژووه‌ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ دوو ساته‌وه‌ختى ترى مێژوویى نزیك له‌گه‌ڵ دوو رووداوى جیاوازدا كه‌ ده‌شێ مه‌دلولى (دنیاى شادى) لاى گۆران په‌یوه‌ست بكرێته‌وه‌ به‌و دوو رووداوه‌وه‌.
رووداوى یه‌كه‌م شۆڕشى چواره‌مى ته‌موزى (1958) و رووداوى دووه‌م هه‌ڵگیرساندنى ئاگرى شۆڕشى ئه‌یلولى (1961) ه‌. شۆڕشى چوارده‌ى ته‌موز به‌گوێره‌ى عێراق گۆڕانكارییه‌كى گه‌وره‌ بوو. خاڵى كۆتایى هاتنى فه‌رمانڕه‌وایه‌ك مه‌لیكىو كۆتایى هێنان به‌ جه‌ورو سته‌م‎و ده‌سه‌ڵاتى راسته‌وخۆى ئیمپریالیزم‎و نۆكه‌رانى بۆ گۆرانى شاعیرو مولته‌زیمى سیاسىو ئه‌ندامى حیزبى شیوعى كه‌ پێش شۆڕش له‌ به‌ندیخانه‌دا بووه‌ رووداوێكى گرنگه‌و ده‌شێ گۆران ئه‌و شۆڕشه‌ به‌سه‌ره‌تاى دنیایه‌كى نوێ دابنێت.
بۆچوونى دووه‌م سه‌رهه‌ڵدانى شۆڕشى كورده‌ له‌ ساڵى (1961) كه‌ شیعره‌كه‌ى گۆران نزیكه‌ى هه‌شت مانگ دواى سه‌رهه‌ڵدانى ئه‌و شۆڕشه‌ گوتراوه‌. هه‌ڵبه‌ته‌ شۆڕشى ئه‌یلول له‌رووى روانین بۆ مێژوو و مه‌سه‌له‌ى نه‌ته‌وایه‌تى كورد رابوونه‌وه‌یه‌كى گه‌وره‌یه‌ وه‌كو سه‌ره‌تایه‌كى نوێى بزاوتى رزگارى خوازانه‌ى نه‌ته‌وایه‌تىو دواى سه‌رجه‌م شكسته‌كانى پێشوو رابوونه‌وه‌یه‌كى نوێ بوو. ئێمه‌ ده‌شێ له‌رووى په‌یوه‌ستكردنه‌وه‌ى شیعره‌كه‌وه‌ به‌ پانتایى ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تىو سیاسىو مێژووییه‌وه‌ ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه‌ى بۆ بكه‌ین چونكه‌ ناكرێت دوور له‌ رووداوه‌ مێژوویىو كۆمه‌ڵایه‌تىو فكرییه‌كان بتوانین باسى ده‌قى زیندووى ئه‌ده‌بى یان هونه‌رى بكه‌ین. به‌ڵام له‌راسیتدا له‌رووكه‌شى ده‌قه‌كه‌دا هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك بۆ ئه‌م جۆره‌ لێكدانه‌وه‌یه‌ نادۆزرێته‌وه‌. به‌ تایبه‌تى ئیلتیزامى گۆران به‌ حیزبى شیوعیه‌وه‌ زیاتر لێكدانه‌وه‌ى یه‌كه‌م به‌هێز ده‌كات. وه‌ڵامى گۆران بۆ پرسیارى دكتۆر بریتىیه‌ له‌ وه‌ڵامى نه‌ته‌وه‌كه‌ى یان گه‌له‌كه‌ى بۆ پرسیارى ئه‌ندامى نه‌ته‌وه‌یه‌كى باڵا. به‌پێى ئه‌و لێكدانه‌وه‌یه‌ى سه‌ره‌وه‌ش وه‌ڵامه‌كه‌ى گۆران زیاتر وه‌ڵامى ئه‌ندامێكى كۆمه‌ڵگه‌ى عێراقیه‌و گۆران وه‌كو ئه‌ندامێكى ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌، له‌بارێكى تردا بریتىیه‌ له‌وه‌ڵامى گۆران یان هه‌ر ئه‌ندامێكى ترى نه‌ته‌وه‌كه‌ى، سه‌ربارى ئه‌وه‌ش گۆران خاڵێكى گرنگ له‌و شیعره‌دا تۆمار ده‌كات ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڕه‌شه‌ى مه‌ترسى مه‌رگیشدا كه‌چى گۆران هیواى به‌ئاینده‌ هه‌یه‌و چاوه‌ڕوانى شادىو به‌خته‌وه‌رىو ئاسۆى دنیاى نوێ ده‌كات. ئه‌مه‌ش بارێكى ده‌گمه‌نه‌، كاتێ مرۆڤ ئاگادارى نزیك بوونه‌وه‌ى مردنى خۆى بێت كه‌چى ئاواته‌خوازى ئاینده‌یه‌كى گه‌ش بێت. واته‌ پێى وایه‌ شكستى (ئه‌م) شكست نه‌ده‌بوو ئه‌گه‌ر مێژوو و بارى ژیان‎و شارستانێتى نه‌ته‌وه‌كه‌ى له‌ ئاستێكدا بوایه‌ ئاماده‌بوونى هه‌بوایه‌، ئه‌وكاته‌ وه‌كو تاكێكى كۆمه‌ڵگه‌ ئه‌م له‌مردنى خۆى بێباك ده‌بوو چونكه‌ گه‌رچى وه‌كو تاك بسڕایه‌ته‌وه‌ له‌نێو مێژوو و ئاماده‌بوونى نه‌ته‌وه‌كه‌یدا ده‌پارێزرا.
بنیادى (پرسیار/ وه‌ڵام) له‌م شیعره‌دا ده‌شێ به‌پێى پرسیاركه‌ر (دكتۆره‌كه‌و) پرسیارلێكراو (گۆران) له‌سه‌ر بنه‌ماى ئاماده‌بوونى مێژوویىو سیۆسیۆلۆژىو شارستانى هه‌ریه‌كه‌یان لێكدانه‌وه‌ى بۆ بكرێت. دكتۆر پرسیار ده‌كات له‌هۆى ماتىو خه‌مبارى گۆران كه‌واته‌ ده‌بێ نیه‌تى چاره‌سه‌ركردنى ماتىو خه‌مبارى ببێته‌ هۆ بۆ پرسیاره‌كه‌ى دكتۆر. به‌ڵام دكتۆر لێره‌دا بریتىیه‌ له‌ عه‌قڵو ئاماده‌بوونى ئه‌و شارستانێتىو مێژووه‌ى كه‌ دكتۆر نوێنه‌رێتى. واته‌ دكتۆر بریتىیه‌ له‌ عه‌قڵى ئاماده‌ى (سۆڤیه‌ت) ى كه‌واى له‌خۆى ده‌ڕوانى ده‌ورى دكتۆر ده‌بینێ بۆ چاره‌سه‌ركردنى ده‌ردى گه‌لان به‌تایبه‌ت دواى شۆڕشى ئۆكتۆبه‌ر كه‌ دكتۆرى چاره‌سه‌ركردنى نه‌خۆشى كوێره‌وه‌رىو دواكه‌وتوویىو ماڵوێرانىو ده‌رد كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانى ترى میلله‌تانى دواكه‌وتوو و چه‌وساوه‌ى ژێر چه‌پۆكى ئیمپرالیزم‎و نۆكه‌رانیه‌تى. هه‌ربۆیه‌ پرسیارى دكتۆر پرسیارى رژێمى سۆڤێتىیه‌. گۆرانیش ته‌نیا بریتى نىیه‌ له‌ گۆرانى شاعیر كه‌ دوو چارى نه‌خۆشى شێرپه‌نجه‌ بووه‌، به‌ڵكو گۆران نوێنه‌رى هه‌موو گه‌لانى به‌شخواروو چه‌وساوه‌ى ژێر ده‌سه‌ڵاتى ئیمپریالیزمه‌ كه‌ هۆى ماتىو خه‌مبارییه‌كه‌یان شیرپه‌نجه‌ى چه‌وساندنه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ره‌و هه‌ره‌س‎و تێكشكاندن‎وهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌و له‌نێوچوونیان ده‌بات. ده‌شێ شیعرى (وه‌ڵامى پرس) له‌ ئه‌نجامى بڕوابوونى گۆران به‌وه‌ى كه‌ تاكه‌ رزگاركه‌رى گه‌لان له‌ده‌ستى ئیپریالیزم‎و نۆكه‌رانىو له‌ده‌ستىكۆنه‌په‌رستىو پاشڤه‌رۆیى كۆمه‌ڵایه‌تى ته‌نیا له‌سایه‌ى هیمه‌تى ده‌وڵه‌تى سۆڤیه‌تدا بگاته‌ ئه‌نجام ئه‌م بۆچوونه‌ش له‌سه‌ر بنه‌ماى ئیلتیزامى ئایدۆلۆژىو حیزبى ئه‌و كاته‌ى گۆران زیاتر به‌هێز ده‌بێت‎و له‌م روانگه‌یه‌شه‌وه‌ ده‌توانین بڵێین گۆران كه‌سییه‌تى حیزبى شیوعى عێراقى ئه‌وكاته‌یه‌و دكتۆره‌كه‌ش سیسته‌مى سۆڤیه‌تى ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه‌ كه‌چۆن حیزبى شیوعى هه‌موو هیوایه‌كى به‌سۆڤیه‌ت بوو كه‌ وه‌كو تاكه‌ هیواى گه‌لانى ماف خوراو به‌ فریاى گه‌لى عێراقیش بكه‌وێت. لێره‌دا وه‌كوشاعیرێكى داهێنه‌ر حاڵه‌تێكى زاتى خۆى كه‌ حاڵه‌تێكى پڕ مه‌ترسىیه‌و هه‌ڕه‌شه‌ى مه‌رگى لێ ده‌كات به‌ حاڵه‌تێكى مه‌وزوعىو ده‌یبه‌ستێته‌وه‌ به‌بارى دواكه‌وتوویىو ژێرده‌سته‌یى كۆمه‌ڵگه‌كه‌یه‌وه‌و چاره‌سه‌رى نه‌خۆشییه‌ تایبه‌تىیه‌كه‌ى خۆى له‌چاره‌سه‌رى ده‌ردى كۆمه‌ڵدا ده‌بینێته‌وه‌. هه‌ر لێره‌وه‌ ئیلتیزامى ئه‌ده‌بىو ئه‌خلاقى گۆران به‌ هونه‌ره‌كه‌ىو به‌ستنى هونه‌ره‌كه‌شى به‌ژیانى میلله‌ت‎و مێژوو و بارى كۆمه‌ڵایه‌تى گه‌له‌وه‌ ئاشكرا ده‌بێت، به‌تایبه‌تى له‌ (وه‌ڵامى پرس) كه‌دوا شیعرى گۆرانه‌ ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ گۆران تادوا ساتى ژیانى به‌هاكانى دوا پله‌ى داهێنانى پابه‌ندو په‌یوه‌ستى گوزارشت كردن بووه‌ له‌ژیان‎و به‌هاكانى ژیان‎و گه‌ش بینیش بووه‌ به‌وه‌ى كه‌ داهاتووىنوێ هه‌ر ده‌بێ بگات به‌و دنیا نوێیه‌ى كه‌ گۆران له‌كاتى نووسینى شیعره‌كه‌یدا ده‌ڵێت:
لاى ئێمه‌ بۆ دنیاى شادى
وا تازه‌ خه‌ڵك هه‌نگاو ئه‌نێ
به‌ڵێ گۆران له‌روانگه‌یه‌كى ئاینده‌خوازىیه‌وه‌ عیرفانیه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ ژیان‎و به‌چاوێكى پڕ له‌ یه‌قینه‌وه‌ بانگه‌شه‌ بۆ گۆڕانكارى ده‌كات، گۆڕانكاریش به‌لاى ئه‌وه‌وه‌ گواستنه‌وه‌یه‌ له‌م حاڵه‌ته‌ نادروسته‌ى ساته‌وه‌ختى له‌دایك بووونى هه‌ڵبه‌ستى (وه‌ڵامى پرس) ه‌وه‌ بۆ دنیایه‌ك كه‌ به‌هیوایه‌ پڕ له‌ شادىو ئاسووده‌یى بێت، ئیتر گرنگ نىیه‌ ئه‌ودنیایه‌ ئه‌م پێى ده‌گات یان نا به‌ تایبه‌تى كه‌ ده‌زانێت دووچارى نه‌خۆشىیه‌كى كوشنده‌ بووه‌و چاوه‌ڕوانى مه‌رگ ده‌كات. لێره‌وه‌یه‌ گۆران حاڵه‌تى زاتى خۆى پشت گوێ ده‌خات‎و قورسى له‌سه‌ر حاڵه‌تى مه‌وزوعى واته‌ ژیانى كۆمه‌ڵگه‌كه‌ى داده‌نێت كه‌ به‌هیوایه‌ به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كى گه‌ش هه‌نگاو بنێت.




گوته‌ و ناپلیۆن.. بەیەكگەیشتنی مێژوویی.. ئاكۆ عه‌بدوڵڵا

ساڵی 2008 گوستاڤ سایبتی نووسەری ئەڵمانی، ساڵی 2008 كتێبی (گۆته‌ و ناپلیۆن.. بەیەكگەیشتنی مێژوویی Goethe und Napoleon: Eine historische Begegnung) بڵاوكردەوە. ئەو كتێبە ‌یه‌كێكه‌ له‌به‌رهه‌مه‌ ناوازه‌كان.‌ تەنیا له‌ماوه‌ی دوو ساڵی یه‌كه‌میدا پێنج جار چاپكراوه‌. لەو ماوەیەش تەنیەوە ناو زمانەكانی دیكە و وەك شاكارێكی هزری و ئەدەبی لەلایان رەخنەگران و خوێنەران بایەخی پێدرا. ناوه‌رۆكه‌كه‌ی تایبه‌ته‌ بەو دیداره‌ هه‌ڵاوێره‌ مێژووییەی 2 نۆفمبری 1808 لەشاری ئیرفورتی پایتەختی هەرێمی تۆرینگنی وڵاتی ئەڵمانیا، لەنێوان (یۆهان ڤۆلفگانگ ڤۆن گۆته‌ ‌1749 – 1832)ی شاعیری گەورەی ئەڵمانی و (ناپلیۆن پۆناپارت 1769 – 1821) ی ئیمپراتۆری فەڕەنسا، له‌دوای شكستی سه‌ركرده‌ی سوپای پروسیا له‌جه‌نگی یه‌نا و ئویرشتین، روویدا. له‌و دیدارەدا گفتوگۆی به‌پێز له‌نێوان ئه‌و دوو بلیمه‌ته‌ روویدا كه‌ كاریگەری بەسەر كاره‌ ئه‌ده‌بیه‌ و داهێنانه‌كانی گۆته‌دا هه‌بوو، تەنانەت پێش ئەو کۆبوونەوە بەناوبانگە، دەگوترا ناپلیۆن به‌هەندێک لەهاوکارە نزیکەکانی ڕاگەیاندبوو لەگەنجیدا ڕۆمانه‌كه‌ی (ئازاره‌كانی فێرته‌ری لاو) ی گۆته‌ى خوێندبۆوه‌ و پێوه‌ی کاریگەر بوو. گۆته‌ش لە ژیانی ناپلیۆن بێ ئاگا نەبوو، بەڵکو ئاگاداربوو چۆن لەسوپای فەرەنسا هه‌ڵكشا تا بوو به‌و‌ ئیمپراتۆره‌ی کە زۆربەی کیشوەری ئەوروپای کۆنترۆڵ کرد و خەونی بە دوورتریش ده‌بینی.
ئه‌و کتێبه‌ لەچوارچێوەی گەڕانەوەی گرنگیدانه‌ به‌ژیاننامەی تاکەکان. گوستاڤ سایبت بەكەم كەس نییە باسی لەو بەیەكگەیشتنە بێهاوتایه‌ی نێوان ئه‌و دوو كه‌سه‌ی كردبێت، به‌لكو ئه‌و به‌یه‌ك گه‌یشتنه‌ و ورده‌كاریه‌كانی نێوانیان، توێژەرانی بۆخۆی كێش كردووه‌ كه‌ هەریەك لەگۆشەنیگای جۆراوجۆر راڤەی بكه‌ن و لەبارەی بدوێن. ئەوەی تالیران 1745 – 1838 ی سیاسەتمەداری فەڕەنسیش تۆماری كردووە، بۆتە پاڵنەر بۆ سایبت. ئه‌و كاره‌ی سایبتیش به‌وه‌ جیاده‌كرێته‌وه‌، لەدیدگای رەخنەی هاوچه‌رخه‌وه‌ له‌و ساته‌ی روانیوه‌، زۆریش هەوڵیداوە پێداگری لەسەر گفتوگۆی نێوانیان بكات و دوریش بێت لەهەر دەمارگرژییەكی ئایدیایی یان لایەنگیری نیشتمانی. پێویستە ئاماژە بەوەش بدەین، ئەو تەنیا لای لەساتەكانی بەیەك گەیشتنەكە نەكردۆتەوە، وەك نووسەرانی دیكە، بەڵكو لەخوڵگەی فراوانتر روانیویەتی و رەوتە هزری و سیاسییەكانی ئەو سەردەمەش بەبیر خوێنەران دەهێنێتەوە. بەشێوەیەكی دیكە دەتوانین بڵێین تەنیا بەخوێندنەوەی ئەوە نەوەستاوە كە گۆته‌ و كەسانی دیكە لە بارەی بەیەكگەیشتنەكە، تۆماریان كردووە، بەڵكو هەوڵیداوە نیگاری ئەو وێنە سەبازیانەش بكێشێ كە لەڕۆژەكانی 14 – 15ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1806بەسەركەوتنی فەڕەنسییەكان كۆتایی هات. لەوكاتەی كە پروسیا لەجەنگی (یه‌نا- ئۆيرشتيت) لەبەرامبەر سوپای ناپلیۆن شكا. بەو ئەنجامەش بناغەی حكومەتی ڤایمار هەژاو بارودۆخ شێوا، گۆته‌ش ئەوسا لەكۆشۆكی هیرتسوگ كارل ئوگست راوێژكار بوو. لەساڵی 1775 به‌ره‌و سه‌ر بەڕێوەبردنی تیپی شانۆ و سەرپەرشتی ئه‌و بازنە و گفتوگۆ زانستیانەشی دەركرد كە لەناو زانكۆی یه‌نا دەبەسترا. ئەو زانكۆیەش پایەكی جیهانی هەبوو، فەلسەفەی ئایدلیستیانەی ئەڵمانیش لەوێدا رێچكەی گرت. پێگەكەی گۆته‌ش رۆڵی گێڕا لە دروستبوونی پەیوەندی هاوڕێەتی لەنێوان گۆته‌ و فریدریش شیللەر 1759 – 1805ی گەورە شاعیر. بۆیە سایبت راستی كردووه‌ كاتێك كە وەسفی ژیانی گۆته‌ی لەڤایمار كردووه‌ و وتویه‌تی ژیانی (كۆشك ـ ئەكادیمیای) بوو. هیرتسوگی ڤایمار فەیلەسوف و نووسەرانی دیکەی لێ کۆبوونەوە کە بەشدارییان لەبنیاتنانی بزوتنەوەی فیکری بەپیتدا کرد، له‌وانه‌ هیگڵ و شلێگل، فیختە و شیللەر، و ئه‌و نووسەرانه‌ی کە بیری مرۆڤیان بەگشتی دەوڵەمەند کرد و بەشداریشیان لە پێکهاتنی ره‌وته‌ ئەدەبی، ڕۆشنبیری، و فەلسەفیەکانی سەرانسەری کیشوەری ئەوروپا كرد.
نووسه‌ر ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات گۆته‌ و ناپلیۆن لەسەر مێزی نانخواردن بەیەك گەیشتن. نووسەر وەسفی وردەكاری دیدارەكە دەكات، لەشوێن و توخمەكان و ئەو شتانەی پەیوەندییان بەژیان و یادگاریەكانی گۆته‌وە هەیە، دەستپێدەكات تا دەگات بەو كەسانەی ئامادەی دیدارەكە بوون. دواتر دەقی دیالۆگی نێوانیان بەو شێوەیە دەچەسپێنێ كە گۆته‌ تۆماری كرد بوو.ئینجا بەوردی رستەكان شیدەكاتەوەو لەرێگای خوێندنەوەی قوڵ كە نەك تەنیا بۆ دەقەكە، بەڵكو بۆ چوارچێوەی جۆراوجۆری سیاسی و رۆشنبیری، خوێنەر بۆ واتا گشتییەكان كێش دەكات. هاوكات نووسەر بەوردی بەدوای شوێنەوار و كاریگەری شكستییە سەربازییەكە بەسەر ژیانی گۆته‌ كەوتووه‌، كە گۆڕانه‌كانی لەبازنەی بچووك بەرەو بازنەی فراوانتر چوون.
دواتر ئاماژە بەدیوانە بەناوبانگەكەی (دیوانی رۆژئاوایی رۆژهەڵاتی) دەكات كە بۆنی ئەو ساتانەی پاش ناپلیۆنی لێدێت. لەناویشیاندا چامەی (كۆچ)ی دیاری كردووه‌ كە گۆته‌ بەلاتینی نوسیویەتی و تێیدا حەزی راكردن بەرەو ئاسۆی مەعریفی بەرجەستە كردووه‌ كە دووربێت لەقەیرانی ئەوسای ئەوروپا. بەڵام پێوەندی نێوان گۆته‌ و ناپلیۆن كە لەشانۆگەریە ناودارەكەی (ڤاوست)ی گۆته‌ دەبینیرێـت، بەئاڵۆزی ماوەتەوە، چونكە تێیدا لەیەك كاتدا گۆته‌ وردە وردە حەزی لەسەركۆنەكردنی سیاسەتی وێرانكاریانەی ناپلیۆن كردووه‌ كە ئەوروپا و جیهانی بەرەو تێكدان برد، به‌ڵام هێشتا كەسایەتی ناپلیۆنی بەلاوە خۆشەویستە بوو. كتێبەكەی سایبتییش لەو ساتە سەخت و ئاڵۆزەی مێژووی ئەدەبی و سیاسی و سەربازی دەوەستێت، ئەو ساتەی كە لەڕابردوو خەڵكانێكی وەها لێكرد هەڵوێستی دژ بەگۆته‌ بگرنەبەر كە كار بەوە گەیشت سەركۆنەشی بكەن.

ئاكۆ عه‌بدوڵڵا




ڕۆژی جیهانیی فەلسەفە چییمان بیردەخاتەوە؟.. ئازاد حەمە

ئەم ساڵ رۆژی جیهانیی فەلسەفە ڕێکەوتی20/11/2025 دەکات، کە سێهەمین پێنجشەمەی ئەم مانگەیە.

دەستپێک: جیهانی پر کارەساتباری ئێستامان دەکرێت بێ فەلسەفە بێت؟

ڕۆژی جیهانیی فەلسەفە چییمان بیردەخاتەوە؟ ئەم ڕۆژە لە ڕووی مێژووییەوە هەردەم سەرەتاتکێیەکی هزرییمان لەگەڵدا دەکات؛ پێماندەلێت فەلسەفە لە هەناوى مرۆڤبوونی ئێمەوە سەریدەرهێناوە، ئەوەی لەوەدا زیاتر لە هەموو شتێک شایانترە بۆ گوتن ئەوەیەکە، فەلسەفە هەردەم موسافرێکی ئۆقرەنەگرتووە، سەرسەخت و دڕدۆنگانە(بەگومانەوە) دەمانخاتەناو دۆخگەلێکی پڕتێڕامانەوە. هەرلێرەدا بەدڵێکی خەمگینەوە دەبێژین: دەبوو فەلسەفە بۆ کورد سەروی گشت زانینێکبایە، سەرمەشقی سیاسەت و هونەر و زانستیشبایە، لێ حەیف فەلسەفە لە پەراوێزی زانکۆ و نێوەندی ڕوناکبیریی و سیاسییشماندایە. لە پەروەردەگەڕێ، کە چەند لە فەلسەفە بێئاگایە، خۆشەویستیش هەروەک پەروەردە و هزری سیاسییمان بە فەلسەفە نامۆ و غەوارە.
لەبەرئەوە جیهانی پر کارەساتباری ئێستامان ناکرێت بێ فەلسەفە بێت. فەلسەفە بۆ ئەم جیهانەی ئێستا، بۆ ئەو فۆڕمەی ئەم جیهانە وەریگرتووە، پێویستییە. لێ ناشێت فەلسەفە لەناو جیهانی ناوبراودا بەهەمان ئامرازی فەلسەفیی شارستانی یۆنانی کۆن و رۆمانی و سەدەکانی ناوەڕاست و سەدەی ڕۆشنگەریی کاریخۆی بکات.

لای خوارەوە بەچەند هەنگاوێک هێمابۆئەوەدەکەم،کە ڕۆژی جیهانیی فەلسەفە دەشێت چییمان بیربخاتەوە:
بۆدەبێت ڕووبەری فەلسەفەکردن فڕاوانبکرێتت؟
لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانیی فەلسەفەدا دەخوازم هێما بۆ ئەوە بکەم، کە لە جیهانی ئێستاماندا گوماندەکەم بەئاسانی هەل و مەرجی فڕاوانکردنی ڕووبەری فەلسەفەکردن بێتەئاراوە، کار لەسەر پرسە سەرەکییە هاوچەرخەکان بکرێت، فەلسەفە بکرێت بە بابەتی گفتوگۆی نێوان کولتوورەکان. ئەم گومانەم بەری تەسکبوونەوەی پرسیار و خودی گومانیشە لەم چرکەساتە ئاستەنگاوییەی حەزی بە چارەی فەلسەفە نییە. حەیف لە ئێستایەکدا دەژین ڕق لە فەلسەفە ئامادەیە. بەڵام گرنگە ئەوەش بزانین، کە فراوانکردنی ڕووبەری فەلسەفەکردن پێویستییەکی ڕۆشنگەریی نیشتیمانیی و جیهانییە. ئەمە دەستپێکی گۆڕانیشە لە پەروەردە و فێربوون، ئەو دەستپێکەی سەرزەوی هەمووی تێکڕا زۆرترین پێویستی پێیەتی. فێربوونی فەلسەفە و وتنەوەی فەلسەفە بەرپرسیارییەکی گشتی مرۆڤە و سەرەتاشە بۆ پێکەوە ڕووبەڕووبوونەوەی پرسە بنەڕەتییە سەردەمییەکان و بۆ تێگەیشتنێکی باشتریش لە جیهان.
ڕووبەری فەلسەفەکردن فراواننابێت تا ڕووبەری ئازادی فراواننەبێت. لەو شوێنەش، کە ئازادی بوونی نییە فەلسەفە بێ شوێنە. ئەو فەلسەفەیەی لە کۆمەڵگەی نائازاد و گەندەڵ دا هەیە نافەلسەفەیە. ئێستا نافەلسەفە لە زۆر جێگا جێگایەکی بۆخۆی دابینکردووە. باشە بۆ دەبێت جێگایەک لە کۆمەڵگە، لەناو ژیان، بۆ فەلسەفە هەبێت؟ لەبەرئەوەی لەڕێگای فەلسەفەوە دەشێت کار لەسەر تەشەنەسەندن و نەشونمای شیکردنەوە و توێژینەوەی پرسیارە چارەنوسسازەکان بکرێت. فەلسەفە دەکارێت ئەمە بکات، چونکە کاری لێخوردبوونەوەیە لە تاک و کۆ، لە بوون و کەتواری ئەم تاک و کۆیە.
داواکان لە فەلسەفە زۆرن. داواکان، کە هیوان هەموو دەخوازن فەلسەفە ئەم داوایانە بهێنێتەکایەوە. هەموو دەخوازن فەلسەفە سەرلەبەری گۆی زەوی بەرەو باشە بگۆڕێت. باشەی لەم جۆرە، کە یەکسانی، ئازادی و ماف لەخۆدەگرێت هەر هەموو ئەمانە هێزی خۆیان لە فەلسەفەوە وەردەگرن. بەڵام هێنانەدی ئەم داوایانە، هیوایانە، کاری بەردەوام و هاوبەشی دەوێت.

فەلسەفە چی پێدەکرێت؟
زۆرێک دەپرسن: فەلسەفە چی پێدەکرێت؟ لێ ئێمە دەپرسین : فەلسەفە چی پێبکرێت؟ ئەو شتە چییە فەلسەفە دەبێت بیکات؟ وەکیتریش فەلسەفە چیپێدەکرێت و چیپێبکرێت هەر لەسەر ئەوە وەستاوە، کە فەلسەفە کێیە تا ئەم داوایەی لێبکرێت؟ فەلسەفە خۆمانین، ئەوانەنن، کە بیردەکەنەوە. فەلسەفە ئەو شێوازەیە، کە بۆ بیرکردنەوە دەگیرێتەبەر. ئەڵبەتە فەلسەفە لە هەرە شێوازە دیار و دانسقەکانی بیرکردنەوەشە. بەهۆی فەلسەفەوە دەگەین بەو زانینەی نییمانە. ئەم زانینە چیپێدەکرێت؟ دەمانبات بەرەو تێگەیشتن. تێگەیشتن لەوەی تا هەنووکە لێیتێنەگەیشتووین. ئەم تێگەیشتنەش خاڵی وەرچەرخانی ئێمەیە لە شتێک هێشتا نییە، کە دەشکرێت ئەوە ڕۆشنگەرییبێت، کە دواتر لەمیانە بیرکردنەوەکانەوە دێتەکایەوە.
ڕۆشنگەریی چرکەی لەدایکبوونی عەقڵە لای تاک/ لای گشت منێک. لێرەوە دەشێت بپرسین: لە ئێستادا شیاویی لەبەردەم ئاڵوگۆڕی میراتی فەلسەفیدا ماوە؟ مرۆڤەکان باوەڕیان بەم پرینسیپە مرۆییە ماوە؟ ئەم شیاویی و باوەڕە پێویستە مابێت. بیرکردنەوە لە جیهان، ئەمە دەبێت کۆمانبکاتەوە. پاش ئەم بیرکردنەوەیە ئەدی کاری سەرەکی فەلسەفە چییە؟ ڕەنگە یەک لەو کارانە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری گشتی بێت. ئەمە ئەرکی یەک کۆمەڵگە و یەک کولتوور یان شارستانی نییە، ئەمە بەرپرسیارییەکی ڕەوشتی مرۆیی گشت سەرزەوییە.
سەرباری ئەوە، شوێنی فەلسەفە تەنیا هۆڵی زانکۆکان نییە، پرسیارە فەلسەفییەکان هەر لەنێو مامۆستا و خوێندکاران نەشونما ناکات. فەلسەفە، کە مافی هەموانی بەسەرەوەیە بەهۆیەوە دەکارین ئەو کێشانە بخەینە ژێر پرسیارەوە، کە ئەمڕۆ جیهان ڕووبەڕووی دەبێتەوە، ئەمەش بەزۆری لەبەرئەوەی، فەلسەفە بەشدارە لە پەرەپێدانی تێگەیشتن لەو بنەما و بەهایانەی ڕێنمایی کردار و بڕیارەکانمان دەکەن.

خەمی ئێستای فەلسەفە چییە؟
خەمی ئێستای فەلسەفە ئەو پرسانەیە، کە ڕووبەڕووی جیهانی هاوچەرخ دەبنەوە. ئەو کێشانەی کە ڕووبەڕووی جیهان دەبێتەوە کێشەگەلێکی کۆن و هاوچەرخیشن. وەکیتریش لە وشەدانی فەلسەفەدا خۆمان لەناو زۆرێک واتای فەلسەفییدا (ڕاستیی، ڕەوشت، هاوڵاتیببون، لێبووردن، ڕێزلەیەکترگرتن، دادپەروەریی،….) دەبینینەوە، کە گرنگن بۆ هەڵکشانی ئاستی تێگەیشتنی ڕۆژانەی ئێمە لە خۆمان و دەورووبەرمان.
فەلسەفە تەنیا دیاردەیەکی ڕوناکبیریی یان ڕۆشنگەریی نییە دیسیپلینیشە، ئەمەو فەلسەفە تەقەلایەکی پراکتیکی ڕۆژانەشە، کە دەکارێت کۆمەڵگاکان بگۆڕێت و کولتوورەکان لەیەکتر نزیکبکاتەوە. واتە، فەلسەفە یارمەتیدەرە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئاسوودەتر و ڕێزدارتر. بەم شێوەیە فەلسەفە وا دەکات بتوانرێت لە بەربەست و ئاستەنگە گەورەکانی هاوچەرخ تێبگەین و بە دروستکردنی هەلومەرجی هزریی بۆ گۆڕانکاری وەڵامیان بدرێتەوە.
لەو پرسانەی، کە ڕووبەڕووی جیهانی هاوچەرخ دەبنەوە بابەتی ڕەوشتە، کە دەتوانێت بابەتگەلێکی تریش لەخۆبگرێت، وەک: ڕێز، ئاکار، تێرۆر، گەندەڵی، ماف. بۆ ئەوەی ئەمە بکرێت پێویستمان بەوەیە، کە زوو زوو پێناسەی فەلسەفە بکرێتەوە. ئەوەش ڕوونبکرێتەوە، کە ئەرک و ئامانجی بنەڕەتی فەلسەفە چییە و دەخوازێتیش چی بۆ مرۆڤ بکات. ئەمەش بە پلەی یەکەم پێویستە بۆ مناڵان و دواتر بۆ لاوان بکرێت. لاوان، کە کەوتوونەتە ژێر فشاری کۆمەڵگەیەکی بەرخۆری دژە بەها و جیهانگیرییەکی پەرت و بۆشەوە پێویستییەکی زۆریان بە خوێندنەوەی فەلسەفەی کلاسیک و هاوچەرخ هەیە.
سەرئەنجام، ئەو پرسانەی، کە ڕووبەڕووی جیهانی هاوچەرخ دەبنەوە خەمی ئێستای فەلسەفەن و گرنگە وا لە فەلسەفە بکەن خۆی لە عەوام نزیکبکاتەوە. ئەمە ڕێگایەکیشە بۆ لە بەدەستەبژێرخستنی فەلسەفە و تیشک خستنە سەر گرنگی دیدگا ڕەخنەییەکانیشی.

لە هەنووکەدا چۆن فەلسەفە سەرقاڵی بیرکردنەوە بکرێت؟
فەلسەفە واتە بیرکردنەوە لە هەنووکە. فەلسەفە هەنووکەی خۆی هەیە. لەو کاتەی، یان سەردەمەی، فەلسەفە ئامادەیە ئەو کاتە، یان سەردەمە، هەنووکەی فەلسەفەیە. فەلسەفە، کە لە هەنووکەی خۆی دورکەوتەوە فەلسەفە نییە. فەلسەفە چاودێرە بەسەر هەنووکەی خۆیەوە. هەنووکە ناشێت لە ژێرکۆنترۆڵی فەلسەفە دەرچێت. ئەو دەمەی فەلسەفە بە ڕاڤەی هەنووکە ناوێرێت ئەوە نەک هەر فەلسەفە نییە، بگرە بیریش لەو هەنووکەیەدا بوونی نییە. هەنووکەکان جۆراوجۆرن، لێ فەلسەفە هەمانە. فەلسەفە لە دەمی دەرکەوتنیەوە دیارە ئامانج و ئەرکی چییە، هەنووکەش، کە دەگۆڕدرێت فەلسەفە لەم گۆڕانە حاڵییە.
گشت ئەوەی لای سەرەوە وترا، بەرەو ئەو تەماشاکردنەمان دەبات، کە نزیکبوونەوەی فەلسەفە لە هەنووکە مەرجە. ئەمە بە ئاسانی نایەتە دی. بیرکردنەوە لە کردارەکانمان سەرەتای گۆڕینی بیرکردنەوەکانمانە بۆ کردار. گشت هەنووکەیەک لەژێر کاریگەریی کردارەکانە. هەنووکە بۆی هەیە کردارەکانمان بخاتەژێرپرسیارەوە. خودی هەنووکەش گومانیلێدەکرێت بەرهەمی کاتی خۆی نەبێت.

تێگەیشتنی قوڵ داوای فەلسەفەیە؟
فەلسەفە وادەکات تێگەیشتنی قوڵت هەبێت. ئەو دەمەی فەلسەفەکردن لە کەسێکدا چرۆدەکات تێگەیشتنی قوڵ زاڵدەبێت. تێگەیشتنی قوڵ لەگەڵ تێگەیشتنی سادە و لاواز دا یەکناگرێتەوە. تێگەیشتنی قوڵ پێویستی بە بیرکردنەوەی زۆر و بەردەوامە. بیرکردنەوەش مەشق و ڕاهێنانی جۆراوجۆری پێویستە. لە تێگەیشتنی قوڵ دا ئاسۆکانی تێڕامان بەرین و کراوەن. لەوێندەرێ فەلسەفە توانای تێپەڕاندن و بڕینی سنورەکانی لەنێوان زانستە جیاوازەکانیش دا هەیە. ئەوەی فەلسەفە لەتەک یەک زانست(دیسیپلین)دا یەکانگیرنابێت ئەمە یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی فەلسەفە. فەلسەفە بە چییەتی بیرکردنەوە دەستپێدەکات و بە پەروەردەکردنی تێگەیشتن کۆتاییدێت.
زۆر جار بۆ زۆرێک پرسیارەکانی فەلسەفە خۆیان لە ناسادەیی دەدەن. ئەمە ڕاستە و بەشێکیشە لە سروشتی فەلسەفە. بەپێی ئەوەی پرسیارەکانی فەلسەفە سەرساممان دەکەن بیرکردنەوەی وروژێنەریش دەسازێنن. بوون بە فەیلەسوف، نزیکبوونەوە لە فەلسەفە، ڕۆڵی فەلسەفە لە خۆشگوزەرانی مرۆیی و لە هێنانەدی ئاشتیخوازی و….، گشت ئەمانە و گەلێک بیرکردنەوەی تریش وروژاندنێک لەخۆدا بەرجەستەدەکەن، کە ئەوەمان پێدەڵێن هزر و تێگەیشتنی مرۆڤ و ڕۆشنبیرییەکەی لەتەک دەرکەوتنی فەلسەفەدا نەشونمایکردووە.

چۆن فەلسەفە لەگەڵ خێرایی ئەلێکترۆنی مامەڵەبکات؟
فەلسەفە بەئاگایە لە گەشەی ئەلێکترۆنی. لەبەرئەوە فەلسەفە لە سەردەمی خێرایی ئەلێکترۆنی دا لەژێرپرسیاردایە. دەمی هەنووکەمان دەمی زێدەڕۆییە لە خێرایی. رەچەڵەکی خێرایی، کە بۆ شۆرشە زانستییەکان دەگەڕێتەوە بەم ڕۆژەیان گەیاندین. واتە، ئەوەی ئەم خێراییەی هێنایەکایەوە مەکینە هایدرۆلی و میکانیکی و ئەلکترۆنییەکان بوو. ئەم خێراییە ڕەفتارەکانی مرۆڤی ئەم دەمەی بەجۆرێک گۆڕیووە، کە رووداوەکان، دیاردەکان خێرا تێپەڕن. جیهانی تازە لە هەناویدا هەڵاوگۆڕان و ڕیکخستنێکی بەردەوام لە خۆدەگرێت و ئەمەش ئەو خێراییە دروستدەکات مرۆڤایەتی کاریپێدەکات. ئەم جیهانە دژی وەستان و سستییە، لە گۆڕان و گەیاندن و گوازتنەوەی بەردەوامی خێرادایە. ئەمە وایکردووە جوڵە وەک جاران نەبێت.
جوڵەی ئێمە لەژێر فشاری خێرایی بووتە بەشێک لە ئێمە. جوڵەکانمان نۆرماڵ نییە. لە گشت جێگایەک ئەم جۆرە جوڵەیە ئامادەیە و مەحکومیشیکراوین بە جوڵە: لە بانق، لە ژوری نوستن، لە کاتی خۆشتن، لەناو شەمەندەفەر، لە…. . هاوکات ئەم جوڵەیەی ئێستا هەیە، کە بەرهەمی خێراییە، خێرایی دیگیتاڵی و سابیریانیCyber جوڵەیەکی سانا و بێ لایەن نییە. تەماشا سێبەری خێرایی لەناو گشت چالاکییەکانماندا بوونی هەیە: هاوڕێیەتی، وەرزش، خوێندن و فێربوون، سێکس، سەما، نانخوادن و….. هتد. هەر ئەم جوڵەیە ئەوەشمان پێدەڵێت، کە ئەو شتەی خێرا دەگۆڕێت لە جێگەی خۆی نامێنێت و چییەتیشی دەگۆڕدرێت. خێرایی دیدی ئێمەی بۆ جیهان گۆڕیوە و کاریگەریشی لەسەر پەروەردە، ئابوری، جیۆسیاسی و ژینگە بەجێهێشتووە.
سەرئەنجام، فەلسەفە لەناو ئەم خێراییەدا سست تێدەپەڕێت و فریای خستنەژێرپرسیار و گومانی دیاردە سایبیریانییەکان (فێمینیزمی سایبیریانیCyberfeminism، تاوان و دزی سایبیریانیCybercrime، سێکس و ئەوینداری سایبیریانی،……)ناکەوێت. فەلسەفە، کە شوێنێکی شیاو و گونجاوە بۆ بیرکردنەوە لە تەنگوچەڵەمە ڕەوشتیی و سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان، پێویستی بەسەرلەنوێ چالاککردنەوە و وەگەڕخستنەوەیە بۆ شیکارکردن و ڕوونکردنەوەی چەمکە سەرەکییە فەلسەفییەکان(ڕاستی، ڕێزلەیەکترگرتن، وەفاداریی، ئەمەک، ئاکار،….).

فەلسەفە لەگەڵکاتدا دەروونشیکاری ناخاتەژێر ڕکێفی خۆیەوە؟
زەفەربردنی فەلسەفە بە دەروونشیکاریی لە دوورمەودادا دەرئەنجامی پۆزەتیڤی دەبێت. فەلسەفە بە بیرکردنەوە(تێهزرین) یەکسانە نەک شیکارکردنی ڕەفتار، بیرکردنەوەش لەسەر بیرکردنەوە گەشە بە بوونی فەلسەفە دەدات. بیرکردنەوە لە چییەتی فەلسەفە بیرکردنەوەشە لە چییەتی ئێمەی بەرهەمهێنەری فەلسەفە. ئەمە، کە بە دەروونشیکاریی ناکرێت ناسنامەیەکی هزریی لەناو دیسیپلینەکانی تر بۆ فەلسەفە دادەتاشیت.
سەرباری ئەوە، دوا کارکردنەکانی پۆلێک لە بیریارانی فەڕەنسی لەم چەند ساڵەی دواییدا بەرەو ئەو تێزەی بردوون، کە کاتی ئەوە هاتووە فەلسەفە دەسەڵاتی شیکاریی لە دەروونناسی وەربگرێتەوە. دەروونناسی ئەم دەسەڵاتەی بە خراپ بەکاربرد: خەمۆکی، بێزاریی، تەنیایی، دابڕان لە خودی خۆ و دواتر لە ئەویتریش وەک خۆیان ماونەتەوە و کەچی دەروونشیکاریی پێیوایە هەر بەردەوام و سەرکەوتووە. بەم تێزەی بیریارانی فەڕەنسی دەگەینە ئەو تێگەیشتنە، کە دەروونناسی پاشەکشەی پێبکرێت لە چارەسەرکردنی مرۆڤ.
هەندێك واتا هەن (سۆزداریی، هاوڕێیەتی، بەختەوەریی، خودگەرایی، خۆشەویستیی و…) تایبەتمەندی گەردووناوی خۆیان هەیە. ئەم تایبەتمەندییە فەلسەفە بەشێوازی خۆی كاری لەسەر دەكات. وەکیتر، هەر ئەوەشە وادەکات فەلسەفە زەفەر بە دەسەڵاتی شیکاریی دەروونناسی بەرێت. دووبارە شیکردنەوەی فەلسەفییانەی ئەم واتایەنەش هیوایەک بەوانە دەبەخشیت قوربانی دەستی دەروونناسی هاوچەرخن
زۆربەمان دەزانین، کە لەگەڵ تاڵیس، یەکەم هزرەڤانی یۆنانی لە سەدەی شەشی پێش زایین، فەلسەفە بووە دەروازەی پاراستنی ڕۆحی ڕوناکبیریی مرۆڤ. هەر لەو دەمەوە لەو شتانەی لە چییەتی فەلسەفەدا پەنهانکرا قسەکردن بوو لە واتاگەلێکی وەک: ڕاستی، هاوڕێیەتی، ئاشتی. وەک بەرپرسیارییەکی فەلسەفیی، لێ دیسیپلینەکانی تر( بەتایبەت دەروونناسی و دواتر سیاسەت، کۆمەڵناسی) بەشێک لەم واتایانەیان خستەژێرڕکێڤی خۆیانەوە و بە شێوازی خۆیان تێۆریزەیان بەسەرەوەکرد.

مەرگی فەلسەفە شیاوە؟
لە ڕۆژی جیهانیی فەلسەفەدا مەرگی فەلسەفە جارێکیتر مایەپووچدەبێتەوە. لەم ڕۆژەدا مەرگی فەلسەفە سەرلەنوێ دەبێتەوە بە بابەت. خودی ڕۆژەکە وەبیرهێنانەوەی گرنگیی فەلسەفەیە، پرسیاریشە لەسەر ڕەچەڵەکی فەلسەفە و دانپێدانان بە ئایدیای بەرەوپێشبردنی لێبوردەیی و ئاشتی، کە داوای توانامان لێدەکەن لە فەلسەفە. بۆیە مەرگی فەلسەفە یەکناگرێتەوە لەگەڵ دۆزی ڕەوشتیی و مرۆیی سەردەم و مەرگی شتێکیشە لە خۆمان پێکهاتووە. فەلسەفە تا بەم جۆرەی ئێستا دروستبووە زۆرێک سەدە و دەڤەر و کولتوور و فەیلەسوف کارییان بۆکردووە. بۆیە فەلسەفە هەر ئێرەیی نییە، ئەوێیشە و خەڵکی گشت جێگا و شارستانییەتێکیشە.
لەبەرئەوە لەناوچوونی فەلسەفە لەناوچوونی ئەو شتەیە، کە هاوبەشە. شتە هاوبەشەکان بە ئاسانی لەناوناچن. نەک هەر لەبەرئەوەی لەخۆڕا دروستنەبوون، لەبەرئەوەش، کە فاکتەری بنچینەیی کاری لە دروستبوون و پەرەسەندنییاندا کردووە. وەکیتریش ئەو شتە هاوبەشانەی هۆکاری دروستبوونی فەلسەفەن تا هەنووکە هەن: جەنگ، ڕەوشت، ماف، ئەوین، دادپەروەریی، سەرباری ئەوانە مرۆڤ. ڕەگەزی مرۆڤ، کە تا هەنووکە ماوە پێویستی بە فەلسەفەیە وەک بیر. ئەم مرۆڤە ڕۆژانە بەریەککەوتنی هەیە لەتەک شەڕ، درۆ، هەڵە، گەندەڵیی، بێ وەفایی، نیگەرانیی و….. بۆیە مرۆڤ بێ فەلسەفە ناشێت هەڵبکات و مەرگی فەلسەفەش لە ئێستای مرۆڤایەتییەوە دوورە.

خوێندنی فەلسەفە لە گشت قۆناغەکانی پەروەردە و زانکۆ پێویست نییە؟
خوێندنی فەلسەفە لە گشت قۆناغەکان پێویستییە. فەلسەفە بنەچەی خۆی هەیە، دێرینترین زانینە و زانینی زانینەکانیشە، کە فەیلەسوفەکان هەر زوو جەختیان لە دەگمەنی ئەم بنەچەیە کردووەتەوە. شوێنی فەلسەفە لە پەروەردەدا بە خوێندنی فەلسەفە لە گشت قۆناغەکانی خوێندن جێگا بۆ خۆی دابیندەکات. خوێندنی فەلسەفە و شوێنی فەلسەفە لە پەروەردەدا جگەلەوەی دەرفەتێکی ناوازەیە بۆ چرۆکردنی تێگەیشتن لە فرە کولتوری، هاوڵاتیبوون و ئازادی بریتیشە لە خوێندنی بیر و هیوایەکیشە لەبەردەم سەرلەنوێ بوژاندنەوەی فەلسەفەدا.
خوێندنی فەلسەفە مەشقکردنیشە لەسەر بوونی فەلسەفە بە بابەتی چارەسەر بۆ کێشە و کەموکوڕییەکان. فەلسەفە، کە قوتارماندەکات لە بیرنەکردنەوە، لێهاتوومان دەکات لە زاڵبوون بەسەر نیگارانی و کاتە قەیراناوییەکاندا. خوێندنی بیر لە گشت قۆناغەکانی خوێندن سەرەتای حاڵیبوونی خودە (قوتابییە) لە خودی خۆی، لە کردار و گشت ئاکارەکانی. ئەمە تەنیا ئەو کاتە دەکرێت، کە فەلسەفە دەبێت بە یەکێک لە مادەکانی قۆناغی بنەڕەتی. خوێندنی فەلسەفە پێش قۆناغی زانکۆ سەرەتای زاڵبوونی قوتابییە بەسەر تەحەدیات و ئەستەمەکان.
خوێندن و فێربوون لە بنەڕەتی بێ فەلسەفە بنەڕەتی دەکات بە شوێنێک بۆ بیرنەکردنەوە، شوێنێک کە زانین تیایدا ناخرێتەژێرپرسیارەوە. فەلسەفە لە قۆناغی بنەڕەتی دا هەر پەیوەندی نێوان زانین و پسپۆرییەکان ڕێکناخات، خودی زانینیش تۆکمە و پرسیارئامێزدەکات، لێ بەبازاڕیکردنی پەروەردە زیانێکی زۆر لە فەلسەفەی خوێندن دەدات. فێربوونی فەلسەفەش لەناو کێبڕکێیەکانی بازاڕ لەگەڵ پەروەردە خودی کردەی فیربوون دوچاری گرفتی گەورەی ڕەوشتی دەکات. هاوکات ئاشناکردنی مناڵ بە فەلسەفە ئاشنابوونیەتی بە پرسیار و وەڵام، بەس ئەمە هەرگیز نایەتەدی تا فەلسەفە نەخرێتە ناو پرۆگرامی خوێندنی دایەنگە، باخچەی مناڵان و بنەڕەتییەوە.

فەلسەفە لە کوێی ڕوناکبیری ئێمەدایە؟
فەلسەفە لە وشەدانی فەلسەفیی ئێمەدا كارەساتبارە. ڕوو نییە لە ڕوناکبیریی ئێمەدا فەلسەفە لە چاوەنواڕی چیبدایە. ئەمەش بەزۆری لەبەرئەوەی، کە فەلسەفە لە نێوەندی سیاسیی و ئەکادێمیی ئێمە ونە. لە ئێستادا دۆزینەوەی فەلسەفە لەو سێ نێوەندە گرنگەدا خۆی لە ئەستەمیی دەدات. ئەوەی دەبینرێتەوە زۆر شتە، لێ فەلسەفە نییە. واتە ڕوناکبیریی هەیە، لێ بێ فەلسەفەیە. نێوەندی سیاسیی و ئەکادێمیی هەیە، کەچی زۆر نا فەلسەفییە، دوورە لە فەلسەفە، خۆی لە فەلسەفە دەدزێتەوە. وەکیتر فەلسەفە لەناو خەڵکی و سۆسیال میدیاش نادیار و ناکاریگەرە.
سەرئەنجام، فەلسەفە ونە، ئەمەش ترۆپکی گومانی ئێمەیە لە وتاربێژیی و بڵندگۆیی رۆمان و شیعری سەردەمی نوێ کوردیمان. فەلسەفە پێویستە لەناو ئێمەدا بدۆزرێتەوە. ونبوونی فەلسەفە، هەڵاوێشتن و توڕدانی فەلسەفە بە زیانی گشت مرۆڤایەتی دەکەوێتەوە، نەک هەر ئێمە. چونکە چەکەرەکردنی فەلسەفە لە گشت نێوەندەکانی ژیانی مرۆڤی سەردەم ،قوتارمان دەکات لە بنەبڕکردنی نەفامی. تەنیا بە فەلسەفە، بە فەلسەفەیەکی کراوە و نەترس، نەفامی و هاوشێوەکانی، بێدادی و تێرۆر، گەندەڵی، بنەبڕدەکرێت.
بەشێك لە ئێمە پێویستە بپرسێت دوای ئەو تێكشكانانەی، کە هاتەسەر كۆمۆنیزم و ناسیۆنالیزم، ئێستاش کە ئەو دوو ئیزمism ە بە ئیسلامی سیاسیی پڕدەکرێتەوە هەمان تێكشكان بەرهەم نایەتەوە؟ ئاییندەی فەلسەفە ئەو دەمە دەبێت چۆن بێت؟

کۆتا گوتن: فەلسەفە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی ناسازێنێت؟
گرنگی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی. فەلسەفە بۆ دامرکاندنەوەی نیگارانییەکان نییە. بەپێچەوانەوە فەلسەفە نیگارانییەکانی مرۆڤ وەک کێشە دەبینێت و بەدوای چارەسەریانەوەیە. ئەمەشە جەوهەری جیاکردنەوەی فەلسەفە لە دەروونشیکاریی. فەلسەفە بەدوای داناییەوەیە، لێ جیهانی ئێستا لەژێر زەبری هەژاری، نەداری، نایەکسانی خەریکە دانایی خۆی لەدەستدەدات، خەریکە گاڵتە بە دانایی و وشەدانی ئەم واتایەش دەکات. لەبەرئەوە دروستکردنی ژینگەی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لە زۆر ڕوەوە کاتیهاتووە.
باشە لە هەل و مەرجێکی وادا چی لە نیگەرانییەکانی زانست بکەین؟ فەلسەفە چی لەو بارەیەوە پێیە بۆ وتن؟ فەلسەفە چاودێری ڕەوشتییە بەسەر زانستەوە. پشتگیریی لە زانست دەکات تا ئەو شوێنەی مرۆیی و ئاکارییە. فەلسەفە لە خودی خۆیدا بریتییە لە ئارەزومەندیەکی خۆییانە و تاکییانە، نەک زۆرەملێیانە. فەلسەفە دوژمنی زۆرەمڵێیی و ستەمە. بۆیە تا ئێستا بابەتی ئاشتی هەمیشەیی بابەتێکی هەستیارە بۆ گفتوگۆکردنێکی فەلسەفییانەی بەردەوام.
بەم جۆرە “فەلسەفە وەک دیسیپلینێک هاندەری بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و سەربەخۆیە و دەتوانێت بەشداری بکات لە تێگەیشتنێکی باشتر لە جیهان و چەسپاندنی بناغە ڕاستەقینەکانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و لێبوردەیی”. ئەمە دروشم نییە، بەڵکو ماهیەتی ڕاستەقینەی فەلسەفەیە. جیهانی پر کارەساتباری ئێستامان پێویستیەکی زۆری بە فەلسەفەیە، بەو شتەی فێربوونی ژیان دێنێتەدی. داخ و جه‌خار کردەی فەلسەفەکردن و فەلسەفاندن لە دەڤەری ئێمە بە ئاسانی نایەتە سەرپێ. لەم شوێنە ناپسپۆڕ لە فەلسەفە داگیرکەری بواری فەلسەفەیە! پشتکردنی کۆلێجەکان لە فەلسەفەوتنەوە زیانی لە گەیاندنی فەلسەفە بۆ زۆرینە داوە. وەکیتر، لە زانکۆکانی هەرێم غەدرێکی زۆر لە فەلسەفە دەکرێت و ناپسپۆر لە فەلسەفە وانەی فەلسەفە دەڵێتەوە و ئەمەش هزر و تێگەیشتنی فەلسەفیی لەو شوێنەدا خستووەتە گیانەڵاوە. بۆیە ڕۆژی جیهانیی فەلسەفە لە وەها دەڤەرێک وەک گشت ڕۆژێک تەماشادەکرێت.

سەرنج: یۆنسکۆ لە ساڵی 2002 وە رۆژێکی بۆ فەلسەفە تەرخانکردووە، کە دەکەوێتە سێهەمین پێنجشەمەی مانگی نۆڤەمبەرەوە(مانگی یانزە).
ئەم ساڵ رۆژی جیهانیی فەلسەفە ڕێکەوتی20/11/2025 دەکات، کە سێهەمین پێنجشەمەی ئەم مانگەیە.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




لە نەبوونی دەوڵەت‌ـدا، زمان و نەتەوە لەناودەچن، کەیسی کورد.. شێرکۆ کرمانج

دامەزراوەکانی دەوڵەت پێویستیی حەتمین بۆ پاراستنی زمان و نەتەوە

پاراستنی زمان و کولتوور و مێژوو و کۆیاد، کە وەک کۆڵەگە سەرەکییەکانی نەتەوە لە بەشی دووەم و سێیەمی ئەم بابەتەدا ناسێنران، ئێجگار گرنگن بۆ مانەوەی هەر نەتەوەیەک. لەم بڕگەیە گفتوگۆی پێویستییەکانی مانەوەی نەتەوە دەکەین، بە واتایەکی دیکە بۆ پاراستن و مانەوەی نەتەوەی چی گرنگن و چی پێویستن. گرنگی زیاتر بە زمان دەدرێت چونکە لە کەیسی کورد دا لەوانەیە زمان گرنگترین بەهای نەتەوە بێت. کورد بە زمانەکەی لە هەموو شتەکانی دیکە زیاتر لە نەتەوەکانی دەوروبەری جیا دەکرێتەوە، هەر بۆیەشە لە هەموو کۆڵەگەکانی دیکەی نەتەوە، زمان، بەر هێرش و یاساغکردن کەوتووە لە هەر چوار پارچەی کوردستان‌دا.

گرنگی زمان بۆ نەتەوە
زمان توخمێکی سەرەکییە لە پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و کولتووریی. لە هەندێک دۆخدا، بۆ نموونە کورد، ڕەنگە تاکە نیشانە بێت بۆ بوونی نەتەوە، یان گرووپێکی ئیتنی ڕەسەن. وەک ڕۆدۆڵفۆ ستاڤينهەیگن، کۆمەڵناسی مەکسیکی، دەڵێت: گرووپەکان لە ڕێگەی زمانەکانیانەوە، گوزارشت لە کولتووری خۆیان دەکەن، ناسنامەی کۆمەڵایەتی خۆیان دەردەخەن. زمانەکان پەیوەندیان بە پرۆسەی بیرکردنەوە و بە شێوازی تێگەیشتنی ئەندامانی گرووپە زمانییەکانەوە هەیە لە سروشت و گەردوون و دەوروبەر و کۆمەڵگە ((Stavenhagen 1996. گرنگی زمان ڕەنگە لە ژێر ڕووناکی تیۆرەکەی بێنیدیکت ئەندرسن بۆ دروستبوونی نەتەوە زیاتر دەرکەوێت کە بە “سەرمایەداریی چاپ” (print capitalism) ناسراوە. تێڕوانینەکەی ئەندرسن کە نەتەوە وەک کۆمەڵگەیەکی وێناکراو دەناسێنێت بنەمای لەسەر زمانێکی هاوبەش داناوە، کە لە ڕێگەی چاپ (میدیا) دەبێت بە زمانی فەرمی و ستانداردی نەتەوە و زەمینەی هۆشیاریی نەتەوەیی دێنێتە گۆڕێ و ئاسانکاری بۆ دەکات (Anderson 1991: 39-49).
هەر لەمەڕ گرنگی زمان بۆ بەهێزکردن و بنیاتنانی ناسنامەی نەتەوەیی، کلێیەر گرامش، زمانناس لە زانکۆی کالیفۆرنیا، دبێژت “زمان بریتییە لە سیستەمێک لە ئاماژە کە لە خودی خۆیدا بەهای کولتووری تێدایە، ئەو کەسانەی بە زمانێکی هاوبەش قسە دەکەن جیاوازی لە نێوان خۆیان و ئەوانی دیکە نیشان دەدەن، زمان وەکوو سیمبولی ناسنامەی خۆیان تەماشا دەکەن” (Kramsch 1998: 3). عەلالی ئەلفاسی، سەرکردەی ڕزگاریخوازی مەغریبییەکان، جەخت لەسەر ڕۆڵی زمان دەکات و یێژت هیچ نەتەوەیەک لەسەر ڕووی زەوی ڕازی نییە زمانەکەی، کە جەوهەری بوونی خۆیەتی، ببێتە قوربانی و بە زمانێکی دیکە ئاخافتن بکات، مەگەر لە ڕێگەی هێز سەپێنرابێتە سەری. ئەو دەڵێت مەعریفەیەک بە زمانی خۆت بەدەستی بهێنیت، ئەوە مەعریفەکە بەدەست دەهێنیت، خۆ ئەگەر بە زمانێکی دیکە بەدەستی بهێنیت، ئەوە مەعریفەکە تۆ بەدەست دێنێت (الفاسي ١٩٥٢: ٣٣٤). کانگاس و بیوجاک، لە پەیوەند بە پرسی کورد و زمانەکەی لە تورکیا، دەڵێن بۆ لەناوبردنی زمانێک، یان دەبێت هەموو ئەندامانی گرووپە زمانییەکە بکوژیت یان دەبێت لە ڕێگەی سیاسەت و بەرنامەی سیستەماتیک و فشاری جیاواز هەوڵی گۆڕینی زمانی دایکیان بدەیت (Kangas & Bucak 1994: 362). لەبەر ئەوەی، ئەوەی یەکەم زۆر سەختە، بەتایبەتی بۆ نەتەوەیەکی وەک کورد کە ژمارەکەی، بۆ نموونە، لە تورکیا دەیان ملیۆنە، بۆیە دەوڵەت تەبەنی بژاردەی دووەمی کردووە، کە دواجار هەر سڕینەوەی کوردی وەک نەتەوە لێ دەکەوێتەوە بەڵام لەڕێگەی هێزی نەرم نەک ڕەق. بەکورتی، هەر چوار دەوڵەت-نەتەوەکە بۆ لەناوبردنی کورد پێش هەموو شتێک زمانەکەیان یاساغ کردووە، زمانی نەتەوەی زاڵیان سەپاندووە، کولتووری کوردییان شێواندووە، مێژوویان ژێر خاک خستووە. هەموو ئەمانە بۆ لاوازکردن و دواجار گۆڕینی ناسنامەی کورد، ئەویش پێش هەموو شتێک لەڕێگەی لاوازکردن و لەناوبردنی ئەو زمانەی کە کورد جیاوازی خۆی پێ دەسەلمێنێت.
پرسیاری گرنگ ئەوەیە، ئەگەر زمان هێندە گرنگ بێت بۆ دروستبوون و مانەوەی نەتەوە، ئەی بۆ مانەوەی زمان چ جۆرە دامەزراوەیەک و سیاسەتێک و ستراتیجێك و میکانیزمێک پێویستن. لەم بڕگەیە گفتوگۆی پێویستییە سەرەکییەکانی مانەوە و گەشەی زمان دەکەین.
ئێمە پێمان وایە لە دنیای مۆدێرن، دنیای دەوڵەت-نەتەوە، هەر زمانێک زمانی خوێندن و فێرکردن و پەروەردە نەبێت؛ زمانی زانست و مەعریفە نەبێت؛ زمانی ئەدەب و هونەر نەبێت؛ زمانی کار و بازاڕ نەبێت، ئەوە ڕۆژ بە ڕۆژ بەکارهێنانی کەم دەبێتەوە؛ ساڵ بە ساڵ لەبیردەچێتەوە و دەپووکێتەوە، لە دوورمەوداش لەناودەچێت.
لە دنیای مۆدێرن زمانەکان لە گەشەیەکی ئێجگار خێرا و فراواندان، خێزان ئەو یەکە و دامەزراوەیە نییە کە ئیستیعاب و ئیدارەی ئەو گەشەیە بکات، ئەوە دەوڵەت و دامەزراوەکانییەتی کە ئەو تونایەیان تێدایە. ئەو گەشەیەی کە زمانەکان بەخۆیانەوە دەیبینن دەبێت سیستەماتیکانە لە ڕێگەی پەروەردەی بەکۆمەڵ (وەک: قوتابخانە) و دامەزراوەی ئەکادیمی (وەک: کۆڕ و ئەکادیمیای زمان) و دەزگەی زانستی (وەک: زانکۆکان)، میدیای بەرپرس (وەک: تەلەفزیۆن و ڕادیۆی کەرتی گشتی) ئەندامانی نەتەوەی پێ ئاشنا و پابەند بکرێت.

بەسێنتەرکردنی زمانی نەتەوە
لە هەر دەوڵەتێک، ئەو زمانەی کە دەکرێت بە زمانی خوێندن و فێرکردن و پەروەردە لە هەموو ئاستەکان، هەر لە دایەنگە و باخچەی ساوایانەوە بگرە تا دەگاتە زانکۆ، دواجار بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەشبێت بە زمانی زانست و مەعریفە و ئەدەب و هونەریش. منداڵان و گەورەساڵان، بگرە کۆمەڵگە بەگشتی، گرنگی بەو زمانە دەدەن کە زمانی خوێندن و پەروەردەیە (وەک: تورکی لە تورکیا و فارسی لە ئێران). زمانێک نەتوانێت کتێبەکانی پڕۆگرامەکانی خوێندنی لە قۆناغی سەرتایی و ئامادەیی پێ بخوێنیتەوە؛ زمانێک (وەک کوردی لە تورکیا و ئێران) نەتوانێت لەمیانییەوە دەستت بە زانکۆ ڕابگات چ پێویست دەکات فێری بیت، ئەگەر فێریشی بیت هیچ گەشەیەک ناکات چونکە وشە و زاراوە و چەمکە زانستی و فکری و فەلەسەفییەکانی نە لە قۆناغی سەرەتایی و ئامادەیی، نە لە زانکۆ، ناخوێندرێت و ناگوترێتەوە. بە دەربڕێنێکی دیکە، کوردەکانی ئێران و تورکیا هیچ گرنگییەک لە فێربوونی زمانی دایکیان نابینن چونکە کاتێک دەچن بۆ قوتابخانە و لەوێشەوە بۆ زانکۆ هیچ پێویستیان بەو زمانە نییە کە لە ماڵەوە لە دایکیان فێری بوون تەنیا لەبەرئەوەی زمانی کوردی لەو دوو وڵاتە زمانی زانست و مەعریفە نییە. کێشەکە هەر ئەوە نییە کە بایەخ و بەهای زمانەکە کەم دەبێتەوە کاتێک زمانەکە زمانی خوێندن و فێربوون و پەروەردە نییە بەڵکوو لەوەش دایە کە زمانەکە گەشە ناکات، وشە و زاراوە و چەمکی نوێی بۆ دروست نابێت.
لەوانەش مەترسیدارتر ئەوەیە کە زمانێک زمانی بازاڕ و کار نەبێت، ڕێک وەک ئەوەی زمانی کوردی لە تورکیا و ئێران. لە ڕاستیدا، سەرەڕای بوونی دامەزراوەی نیمچە-دەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان لە عێراق، لە ٣٣ ساڵی ڕابردوودا، کەچی لانی کەم لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا، ڕۆژ بە ڕۆژ، لە هەرێم خەریکە عەرەبی گرنگتر دەبێت لە کوردی. هۆکارەکانی ئەم دیاردەیە لە دەرەوەی چوارچێوەکانی ئەم بابەتەیە بەڵام بوونی عەرەبێکی زۆر لە هەرێمی کوردستان لە ئاکامی شەڕی ناوخۆی شیعە-سوننە (٢٠٠٣-٢٠١٠) و شەڕی داعش (٢٠١٤-٢٠١٧)، هاوکات، هەستی خۆ بەکەمزانی لە ئاکامی سەدان ساڵ لە داگیرکاریی و بوونی وەبەرهێنێکی زۆر و کۆنتڕۆڵکردنی هەندێک گەڕەک و بازاڕ وایان کردووە کە زمانی عەرەبی شان لە شانی زمانی کوردی بدات وەک زمانی بازاڕ و کار. هەر چۆنێک بێت، دواجار هەر زمانێک زمانی بازاڕ و کار نەبێت و هۆکارێک نەبێت بۆ پەیداکردن و دۆزینەوەی کار بایەخ و بەهایەکی ئابووری و بازرگانیی و دارایی نابێت و ئەندامانی کۆمەڵگە ئەگەر دووریش نەکەونەوە لە فێربوونی، ئەوە هەوڵی فێربوونی زمانێکی دیکە دەدەن، کە بۆ کورد بەگشتی تورکی، فارسی یان عەرەبییە.
زمانی کوردی، عێراقی لێ دەرچێت، چونکە دەیان ساڵە کوردیی تا ڕادەیەک زمانی خوێندن و فێرکردن و پەروەردەیە، لە تورکیا و ئێران و سووریا نەبۆتە زمانی ئەدەب و هونەریش. بۆیە، دەبینین باشترین ڕۆماننووسە کوردەکان (وەک: یەشار کەمال، عەلی ‌ئەشرەف دەروێشیان و سەلیم بەرەکات) لەو سێ وڵاتە بە زمانی دایک نانووسن. هۆکارەکەی تەنیا بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە کە زمانی کوردی لەو وڵاتانە بەفەرمی نەناسراوە یان یاساغ کراوە، بەڵکوو هۆکاری سەرەکی پشت نووسین بە زمانێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، کە لە ژینگەیەک، زمانێک زمانی خوێندن و فێرکردن و پەروەردە و زانست و مەعریفە نەبێت، ئەوا ئەو زمانە ناتوانێت دەرەقەتی ئەوە بێت کە ڕۆمانی پێ بنووسرێت، مەگەر چیرۆکێکی فۆلکلۆری یان ڕۆمانێکی سەدەکانی ناوەڕاستی پێ بنووسرێت کە تەنیا زمانێکی ڕۆژانەی سادەی پێویست بێت.
بێجگە لەوە، وەک تیوری “بژاردەی عەقڵانی” (rational choice)، پێداگری لەسەر دەکات، مرۆڤەکان ئەو شتە لە ژیانیان هەڵدەبژێرن کە قازانجی هەیە. لەژێر تیشکی ئەو تیورە نووسینێک کە نە خوێنەری هەبێت نە بازاڕ بۆچی بنووسرێت. بە دەربڕینێکی دیکە، لەبەر ئەوەی کوردانی تورکیا و ئێران و سووریا بەشی هەرە زۆریان بە کوردی نەیانخوێندوە و زمانەکەیان نەگەیشتۆتە ئاستێک کە بەسەر خوێندنەوەی ڕۆمان و شانۆدا بشکێت، بۆیە، ڕۆماننووسە کوردەکان لەو سێ وڵاتە توانای نووسینی کوردیشیان هەبێت هەر بە زمانە فەرمییەکەی دەوڵەت، بەو زمانەی کە زمانی پەروەردەی فەرمی و بەکۆمەڵە، دەنووسن. وەک گوتم هەم لەبەر ئەوەی تونای نووسینیان لەو زمانە بەرزترە هەم خوێنەریش بەو زمانە هەیە و ئەگەری فرۆشتنی کتێبەکانیان زیاترە.
بەڵام ئەوە کێیە دەتوانێت کە وا لە زمان بکات ببێت بە زمانی فێرکردن و خوێندن و پەروەردەی گشتی و زانست و مەعریفە و بازاڕ و کار؟ بە دڵنیاییەوە، دەوڵەت (وەک: تورکیا و ئێران)، یان لانی کەم یەکەیەکی سیاسی، فیدرالی یان کۆنفێدراڵی (وەک: حکومەتی هەرێمی کوردستان لە عێراق، یان ئیدارەی خۆسەری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا). بەسێنتەرکردنی زمان لە دەسەڵاتی دەوڵەت و کردەیەکی دامەزراوەکانی دەوڵەتە، یان ئەوەی ئێمە ناوماننا دەوڵەتئاسا، ستاتۆیەکی فیدرالی یان کۆنفێدرالی. بەڵام نابێت ئەوە لەبیربکەین کە هەر یەکەیەکی سیاسی (فیدرالی یان کۆنفێدرالی) ئەگەر تاڕادەیەکی باش سەروەر نەبێت و سەربەخۆ نەبێت و لە ڕووی ئابووری و دارایی پشتبەستوو بە خۆی نەبێت، ئەوە ناتوانێت ئەو زەمینە بەهێزە بڕەخسێنێت کە نەتەوە و زمانی کیانە فیدرلییەکە، کۆنفێدرالییەکە، نەکەوێتە ژێر هەڕەشەی نەتەوە و زمانە فەرمییە سەرەکییەکەی دەوڵەتەکە. بۆ نموونە، ویلایەتی کیوبێک لە کەنەدا، لەبەر بەهێزی پێگەی ویلایەتەکە و ئەو میکانیزمە یاسایی و دەستووریانە کە خراونەتە بەر بۆ پارستنی ویلایەت و نەتەوەی کیوبێک و زمانی فەرەنسی، ئەوا ئەگەری پارستنی نەتەوە و زمانەکەیان هەیە.

بەسێنتەرکردنی کولتوور و مێژووی نەتەوە
لەپاڵ بە سێنتەرکردنی زمان بۆ مانەوەی نەتەوە، گرنگی دەوڵەت، یان دەوڵەتئاسا، لە بەسێنتەرکردنی کولتوور و مێژوو و کۆیاد بایەخی خۆی هەیە. وەک لە بڕگەکانی پێشووتر ئاماژەی پێ کرا، وەک زمان، کولتوور و مێژوو و کۆیاد، بەها و ئەستوونی گرنگن بۆ کۆکردنەوەی نەتەوە لەسەر هاوبەشەکان، تاڵ یان شیرین بن. چوار دەوڵەتەکەی کە کوردستانیان دابەش کردووە، بەئاشکرا یان لە پشت پەردەوە، نەک هەر کولتوور و هونەر و مۆسیقای کوردی، پەراوێز و پشتگوێ دەخەن، بەڵکوو خۆیان بە خاوەنی، بەشێک یان تەواوی، کولتوور و مێژووی کورد کردووە. لە تورکیا، لە سەد ساڵی ڕابردوودا هەزاران میلۆدی و گۆرانی فۆلکلۆری کوردی بەتورکی کروان و تورک وەک خاوەنی ئەسڵی ئەم میلۆدییانە دەناسێنن یان وەک نەناسراو (anonymous) ناوزەدیان دەکەن، وەک ئەوەی فۆلکلۆری کوردی بێخاوەن بێت. لەڕاستیدا بێدەوڵەتی نەتەوە بەرەو بێخاوەنداریی دەبات.
وێنەیەکی دیکە لەوانەیە باشتر مەبەستەکە ڕوون بکاتەوە. هەر کەسێک تەماشایەکی مێژووی فەرمی دەوڵەتی تورکیا، عێراق، ئێران یان سووریا بکات، بەتایبەتی ئەوەی لە کتێبەکانی مێژووی قوتابخانەکان دەخوێندرێن، ئەوە دەبینێت کە بە هیچ شێوەیەک هەست ناکات کورد لەو وڵاتانە بوونیان هەیە. لە تورکیا و ئێران، مێژووی کورد کراوە بە مێژووی تورکی یان ئێرانی؛ لە عێراق و سووریا کراوە بە مێژووی عەرەبی-ئیسلامیی. بۆ نموونە، لە هیچ کام لەم وڵاتانە سەلاحەدینی ئەیوبی وەک کورد نەناسێنراوە. لە عێراق وەک سەرکردەیەکی عەرەبی کە پارێزگاری لە خاک و نیشتیمانی عەرەب کردووە وێناکراوە (وزارة التربیة ١٩٩٠: ١٩-٢٢). تا چەند ساڵێک پێش ئێستا، لە عێراق، تورکیا و سووریا، یادکردنەوەی نەورۆز قەدەغە بوو. مەبەست لەم قسانە، وەک ئەوانی پێشووتر ئەوەیە کە ئەوە دەوڵەتە، یان دەوڵەتئاسا، کە بڕیار دەدات چ مێژووییەک مێژووی تۆیە (بۆ نموونە: سەلجوقییەکان یان ئەیوبییەکان)، یان کێ سەرکردەتە ( بۆ نموونە: ئەتاتورک یان شێخ سەعیدی پیران).
ڕوونتر بڵێین، لە غیابی دامودەزگا و دامەزراوەگەلی وا کە بتوانن مێژوو و کولتوور و کۆیاد دروست بکەن و بپارێزن و بسەپێنن، نەتەوە نە مێژوو، نە کولتوور، نە یادەورەی هاوبەشی دەبێت، هەشی بێت ناتوانێت خاوەندارێتی لێ بکات. لە مێژووی نوێی تورکیا، کورد تەنیا و یەکجار وەک چەند “عەشیرەتێک لە ڕۆژهەڵاتی تورکیا”، نەک کوردستان، بوونیان هەبووە کە بەشداریان لە بزووتنەوەی ڕزگاری نیشتیمانیی تورکیا لە ١٩١٩-١٩٢٣ کردووە، لەوە زیاتر هەر مێژوویەک بۆ تورکیا نووسرابێتەوە نەک ناوی کورد، بۆنی کوردیشی لێ نایەت.

بەسێنتەرکردنی ئابووری نەتەوە
بەسێنتەرکردنی ئابووری هاوشێوەی پێداویستییەکانی دیکە بۆ مانەوەی نەتەوە گرنگی خۆی هەیە. مەبەست لە بەسێنتەرکردنی ئابووی ئەوەیە کە گەشە و ئابووری وڵات چۆن دەکرێت لە خزمەت نەتەوەیەک یان لە دژی نەتەوەیەک بێت لەناو هەمان وڵاتدا. بۆ نموونە، هەر چوار وڵاتەکە بەشێوەیەکی سیستەماتیک لە ڕووی ئابوورییەوە کوردستانیان پشتگوێ خستووە. ئەمەش وای کردووە کە ‏گەشەیەکی ناهاوسەنگ (‏uneven development‏) لەنێوان ناوچە کوردستانییەکان‌ بە بەراورد بە ناوچەکانی نەتەوەی باڵادەست (تورک، فارس و عەرەب) ڕووبدات. بێجگە لە بەدواکەوتوویی مانەوەی هەر چوار پارچەکەی کوردستان وەک ئاکامێکی ئەم سیاسەتە بەئانقەست و سیستەماتیکە، کۆچی بە کۆمەڵی کوردی لە ناوچەکانی خۆیان بۆ شارە گەورەکانی وەک تاران، تەورێز، بەغدا، ‏ئەستەمبوڵ، ئەزمیر، دیمەشق و حەلەبی لێکەوتۆتەوە کە پڕۆسەی توانەوەی کورد ئاسانتر کردووە.
ژمارەی ‏کورد لە ئەستەمبوڵ کە سەنتەرێکی ئابووری و پێشەسازی تورکیایە نزیک بە سێ ملیۆنە کە بەشی هەرە زۆریان لە ئاکامی ‏بەئەنقەست پشتگوێخستنی باکووری کوردستان، یان بەشەڕگەبوونی کوردستان، کۆچیان کردووە. لە عێراق، بەهەمانشێوە، تا هەشتاکان چاڵە گەورە دۆزراوەکانی ‏نەوت لە عێراق زۆربەیان لە باشووری کوردستان بوون کەچی لەو نۆ پاڵاوگە نەوتییەی کە تا ٢٠٠٣ لە عێراق دروستکرا بوون ‏تەنیا یەک دانەی لە کوردستان بوو. لەڕاستیدا، ئەو دانەیەش زیاتر بۆ تەعریبکردنی کەرکووک کەڵکی لێ وەردەگیرا لەلایەن حکومەت، ئەویش بەهێنانی کارمەند و کرێکاری عەرەب بۆ پاڵاوگەکە. لە ‏ئێران، سیاسەتی ناگەشە (de-development) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کوردی کردووە بە دەستی کاری کاتیی و هەرزان لە شارە ناکوردییەکانی ئێران. بۆ نموونە، کوردێکی زۆر لە ئێران لە کورەکان کاردەکەن یان کۆڵبەری ‏دەکەن، کە هەم ژیانیان بەردەوام لە مەترسیدایە، هەم پێگەی ئابووری و کۆمەڵایەتییان نزم ڕادەگرێ.
بە کورتی، بۆ مانەوەی نەتەوە و زمان، مەرجە کە یاسا و ستراتیج و میکانیزمی تۆکمە بسەپێنرێت و پەیڕەو بکرێت کە خۆی لە بەسێنتەرکردنی زمان، واتە زمانی نەتەوەکە بکرێت بە زمانی خوێندن و نووسین و فێرکردن و پەروەردەی گشتی و زانست و مەعریفە و بازاڕ و کار. بۆ ئەم ستراتیجییەتە گرنگە و ئامانجە مەزنە‏، دامودەزگا و دامەزراوەی حکومی (بۆ جێبەجێکردن و سەپاندن)، پەرلەمانی (بۆ ڕێگەپێدان و یاسادانان)، واتە دەوڵەت یان دەوڵەتئاسا، زەرورەتێکی حەیاتییە. لە غیابی ئەمانە نەتەوە و زمان ئەگەرەکانی پووکانەوەی دێتەگۆڕێ و لەناودەچێت.

بەرئەنجامی هەر چوار بەشەکە
ئەم بابەتە تەرخان کرابوو بۆ وەڵامدانەوەی دوو پرسیاری سەرەکی، کورد وەک گرووپێکی ئیتنی سەدان ساڵ لەژێر سێبەری ئیمپراتۆرییەتەکان بوون کەچی زمانەکەیان لە دەست نەداوە؟ ئەدی بۆ وەک گرووپێکی نەتەوەیی لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەت-نەتەوەدا ئەگەری ونبوون و نەمانی هەیە؟ سەرەتا، سروشت و دۆخ و ژینگەی ئیمپراتۆرییەت بەراورد کرا بە هی دەوڵەت-نەتەوە. لەژێر ڕووناکیی بەراوردکارییەکە بەو ئاکامە گەیشتین کە هۆکاری هەرە سەرەکی مانەوەی کورد لەناو قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆرییەتەکان (هەر لە ئەمەوی و عەباسییەکانەوە بگرە تا دەگاتە عوسمانی و سەفەوییەکان) بوونی فرەجەمسەریی و قەبوڵکردنی فرەیی بووە لە ئیمپراتۆرییەتەکان کە ژینگەیەک تێیاندا ڕەخسابوو کورد و زمانەکەی هەڕەشەی وجودییان لەسەر نەبووە. هاوکات، ڕۆڵی خێزان لە گەیاندن و گواستنەوەی زمان و کولتوور و ناسنامە لەنێو ئیمپراتۆرییەتەکان بەراورد کرا بە ڕۆڵی لەنێو دەوڵەت-نەتەوەدا. لەوێش بەو بەرئەنجامە گەیشتین کە خێزان یەکەیەک و دامەزراوەیەک بووە لەوەی یەکەم کە تاڕادەیەکی ئێجگار زۆر سەربەخۆییانە کاری کردووە و توانیویەتی زمان و کولتوور و ناسنامە بپارێزت، بەڵام لە دەوڵەت-نەتەوە ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕۆڵی خێزان بەرتەسککراوەتەوە و دەوڵەت وەک دامەزراوەیەکی هەژموونگەرا بەسەر خوێندن و فێرکردن و پەروەردە پێگەی خێزانی لاواز کردووە و ڕۆڵی گەیاندن و فێرکردنی زمان و کولتوور و ناسنامەی تاڕادەیەک لێ ئەستاندووە. لە ئاکامدا، بەو ئەنجامە گەیشتین کە ئەگەر خێزان پارێزەری زمان و کولتوور و ناسنامەی کورد بوو بێت لەنێو ئیمپراتۆرییەتەکان، ئەوە بەو هۆکارەی کە خێزان لاواز بووە و بەو هۆکارەش کە دامەزراوەکانی دەوڵەت نەک هەر پارێزەری زمان و کولتوور و ناسنامەی کورد نەبوون، بەڵکوو تەواوی توانای خۆیان وەگەڕخستووە بۆ هاڕین و لەناوبردنی، بۆیە ئەگەرەکانی پووکانەوەی زمانی کوردی، دواجاریش، لە دوورمەودا، لەناوچوونی کورد هاتۆتە گۆڕێ.
ئەمانە و ئەو هۆکارانەی دیکە کە لە بابەتەکە گفتوگۆ کراون بوونەتە مایەی مانەوەی گرووپە ئیتنییەکان لەژێر سایەی ئیمپراتۆرییەتەکان و پووکانەوە لەژێر نیری دەوڵەت-نەتەوەکان. دامەزراوەکانی دەوڵەت-نەتەوە لەبەرئەوەی ئەختەبووتیانە دەستوەردان لە هەموو شتێک دەکەن و وەک ماشێنێک جیاوازییەکان دەهاڕن و لە ڕێگەی سیستەمی خوێندن و ناوەندگەرایی جیاوازییەکان دەکوژن. مەزەندە دەکرێت لە سەد ساڵی ڕابردوو لانیکەم دە ملیۆن کورد وەک بوون نا بەڵکوو وەک زمان و کولتوور و ناسنامە لەناوبردرابن، بەهێزی ڕەق و بە هێزی نەرم. دەوڵەت لە هەر شوێنێک بێت نەتەوەی زاڵ ‌و سەردەست‌، کولتووری زاڵ‌ و سەردەست، زمانی زاڵ ‌و سەردەستی دەبێت، دیموکراسی بێت یان دیکتاتۆری، بە خۆشی بێت یان بە زۆر، لە ماشێن ‌و دەستاڕی دەوڵەت جیاوازییەکان دەهاڕدرێن ‌و یەکبوون و ستاندارد دروست دەبێت. بۆیە کورد دەوڵەتی نەبێت ئەمڕۆ نا سبەی لە ماشێنی دەوڵەتی نەتەوەی سەردەست دەهاڕدرێت.

سەرچاوەکان
الفاسي، علال. (١٩٥٢). النقد الذاتي. القاهرة: المطبعة العالمیة.
وزارة التربیة (١٩٩٠) المطالعة التوجیهیة للصف السادس الادبی، بغداد: وزارة التربیة – الجمهوریة العراقیة.
Anderson, Benedict (1991). Imagined Communities: Reflections on the Origin and Spread of Nationalism, London: Verso.
Kramsch, Claire (1998). Language and Culture. Oxford: Oxford University Press.
Skutnabb-Kangas, Tove & Bucak, Sertaç (1994). “Killing a mother tongue, how the Kurds are deprived of linguistic human rights”. In Skutnabb-Kangas, Tove & Phillipson, Robert (Eds.), Linguistic Human Rights. Overcoming Linguistic Discrimination. Berlin: Mouton de Gruyter, pp. 347-370.
Stavenhagen, Rodolfo (1996). Ethnic Conflicts and the Nation-State. New York: Palgrave Macmillan.




میرزا حه‌سه‌ن كوردستانی، نووسه‌ره‌ ونه‌كه‌ی ڕواندزێ.. یاسین برایم

ئه‌و نووسه‌ره‌، له‌ ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كانی ساڵانی بیستی سه‌ده‌ی بیسته‌م، ناوی هه‌یه‌، به‌ڵام له‌نێو ڕا و بۆچوونی توێژه‌ران و نووسه‌ران، ون كراوه‌؛ كه‌سێكی چالاك و ڕۆشنبیر و كوردپه‌روه‌ر و باوه‌ڕپێكراو و نووسه‌ری تایبه‌تی سه‌ید ته‌ها بووه‌ له‌ ڕواندز. ئه‌و له‌ نێو شۆڕش و بزوتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیزمی كوردی، نازناوی كوردستانی هه‌ڵده‌گرێت و شانازی پێوه‌ ده‌كات و به‌و ناوه‌ش نووسینی بڵاوكردۆته‌وه‌.

حه‌سه‌ن كوردستانی: ناوی ڕاسته‌قینه‌ی میرزا حه‌سه‌ن عه‌بدولقادر گه‌یلانییه‌. ئه‌و میرزایه‌1، له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشه‌كه‌ی سمكۆ شكاك، له‌ زێدی خۆی نامینێت، له‌ ڕواندز نیشته‌جێ ده‌بێت. ژیانی هاوسه‌ری له‌گه‌ڵ كچێكی شكاك پێكهێناوه‌، خێزانی ناوی (مه‌میخان ئه‌حمه‌د شاهین 1/7/1903_12/11/1986)، له‌ هۆزی شكاك بووه‌، له‌ ڕواندز ژنێكی به‌ناوبانگ بوو. میرزا حه‌سه‌ن، له‌گه‌ڵ سه‌ید ته‌ها بووه‌، خێزانی دووه‌می سه‌ید ته‌هاش، ناوی گولیزارخان2بووه،‌ كچی جه‌عفه‌ر ئاغای شكاك، برای سمكۆ شكاك. ئه‌و ژنه‌ش له‌و خێزانه‌ بووه‌، شكاك بووینه‌. میرزا حه‌سه‌ن له‌ ڕێگه‌ی ژنیه‌وه‌، تێكه‌ڵی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ ده‌بێت، كه‌ خزمی ماڵی سه‌ید ته‌ها، قائیمقامی ڕواندز (1923_1928) و (سه‌ید عه‌بدوڵڵای شه‌مزینی) به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی هه‌ریر بووه‌. كاتێ سه‌ید ته‌ها ده‌بێته‌ قائیمقامی ڕواندز، ئه‌و ده‌بێته‌ نووسه‌ری ئه‌و. ڕۆح به‌ ڕۆح بووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و، هه‌موو پرس و ڕایه‌كانی به‌ ئه‌و كردووه‌، له‌سه‌رده‌می خۆی زۆر چالاك بووه‌. زمانی توركی و عه‌ره‌بی و فارسی باش زانیووه‌، شتی نووسیوه‌، شاعیر و وه‌رگێڕ بووه‌، خوێنده‌وارێكی باشی هه‌بووه‌، پیاوێكی به‌دین و ئه‌هلی مزگه‌وت بووه‌.
ده‌ربا‌ره‌ی ساڵی له‌دایكبوون و مردنی، نه‌وه‌یێكی ئه‌و ده‌ڵێت: “باپیرم تاقانه‌بووه‌ به‌ جاحێلی ژنی هێناوه‌، باوكم به‌ ڕه‌حمه‌ت بی ده‌یگوت، ئه‌وكاته‌ی باوكم مرد، ته‌مه‌نم حه‌وت ساڵان بوو، ئه‌ویش تاقانه‌بوو، له‌ ڕواندز، كچیكی هه‌بووه‌ به‌ناوی نه‌جیبه‌، هاوسه‌ری محه‌مه‌د قودسی بووه‌ له‌ ڕواندز مردووه‌ و له‌ گۆڕستانی گه‌رده‌گه‌رد نێژراوه‌3. هه‌ر ئه‌و كوڕ و كچه‌ی هه‌بووه‌، داپیره‌م له‌سه‌ر ئه‌و دوو منداڵه‌ دانیشتوه‌و زۆر به‌جوانی به‌خێوی كردوون. باوكم حوسێن كه‌ به‌ حوسینی مه‌می خانێ ڕواندزی4 ناسراوه‌، له‌ ساڵی 1924 له‌ ڕواندز له‌ دایكبووه‌، ساڵیك یا دوو ساڵ له‌ خوشكی خۆی نه‌جیبه‌ گه‌وره‌تر بووه‌، براگه‌وره‌ بووه‌و له‌ ڕواندز ده‌چنه‌ به‌رخوێندن”1.
ده‌رباره‌ی مردنی میرزا حه‌سه‌ن، به‌ڵگه‌ و سه‌رچاوه‌یه‌كی نووسراوم ده‌ستنه‌كه‌وت، ئه‌وه‌ی له‌ نه‌وه‌كه‌ی میرزا حه‌سه‌ن پێم گه‌یشتووه‌ :”له‌ هه‌ولێر مردووه‌، له‌ناو بازاڕی هه‌ولێر پیاوچاكێك هه‌یه‌ له‌وی نێژرابوو، به‌س گۆڕه‌كه‌ی به‌ر شه‌قامی گشتیی كه‌وتووه‌ و نه‌ماوه‌”2 پێده‌چێت سه‌ره‌تای ساڵی سییه‌كان مردبێت، چونكه‌ به‌ پێی ته‌مه‌نی له‌ دایكبووی حوسێنی كوڕی، كه‌ وتویه‌تی ئه‌و ته‌مه‌نی حه‌وت ساڵ بووه‌ كه‌ باوكی مردووه‌، ئه‌ویش له‌ ساڵی 1924 له‌دایكبووه‌. ڕه‌نگ بێ له‌ 1890 به‌سه‌ره‌وه‌ تا سه‌ره‌تایی سه‌ده‌ی بیسته‌م، كه‌ نێزیكه‌ له‌ته‌مه‌نی هاوسه‌ره‌كه‌ش، له‌دایكبووبوونی نێزیك بێت، له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واریش، وا باوه‌ منداڵی تاقانه‌، زوو ژنی بۆدێنن. ڕه‌نگه‌ ته‌مه‌نی (35_40) ساڵێك بووبێت. زۆر سۆراغی زانینی مێژووی له‌ دایكبوون و مردنم كرد، چ به‌ڵگه‌یه‌كی وام ده‌ستنه‌كه‌وت. ئه‌و كتێبانه‌ی له‌سه‌ر ڕواندزیش نوسراون، به‌داخه‌وه‌ چی وام به‌رچاو نه‌كه‌وت. زیاتر باس له‌ ڕۆشنبیری و كوردپه‌روه‌ری كوڕه‌كه‌ی ده‌كه‌ن و بنه‌ماڵه‌كه‌یان له‌ ڕواندز ناسراون. “میرزا حه‌سه‌ن، پیاویكی كوردپه‌روه‌ر و شۆڕشگێڕبووه‌، یه‌كێك بووه‌ له‌ كه‌سه‌ ناسراوه‌كانی سمكۆ شكاك و به‌رانبه‌ر داگیركه‌رانی ئه‌وسای ئێران جه‌نگاوه‌و به‌شداری شۆڕشه‌كه‌ی ئه‌وی كردووه‌‌؛ هه‌روه‌ها میرزا حه‌سه‌ن سه‌ركرده‌یه‌كی سه‌ربازیی بووه‌ له‌ هاوكاریكردن و به‌رگیریكردنی له‌ چیاكانی ڕواندز و كورده‌كانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ و باوه‌ڕپێكراو و پشتیوانی گه‌وره‌ی هێزه‌كه‌ی سه‌ید ته‌ها بووه‌ له‌ناوچه‌كه، له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌ید ته‌ها له‌ بنه‌ماڵه‌یێكی دینی بووه‌، بۆ كێشه‌ی هۆز و عه‌شیره‌ته‌كانی ناوچه‌كه، سوودی له‌ پێگه‌ ئایینی و سیاسییه‌كه‌ی وه‌رده‌گرت له‌ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ی ڕوو‌یان ده‌دا، میرزا حه‌سه‌ن له‌م بواره‌ ڕۆڵی ده‌گێڕا‌‌ و ڕێزیان لێده‌گرت و به‌و ئیشانه‌ی سه‌یه‌ ته‌ها هه‌ڵده‌ستا و كێشه‌ی خه‌ڵكی چاره‌سه‌ر ده‌كردن”3.
نه‌وشیروان مسته‌فا، له‌باره‌ی ئه‌م ڕۆشنبیره، ده‌ڵێت: “ئه‌بێ نازناوی یه‌كێ له‌ ڕۆشنبیره‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بێ”4 هه‌روه‌ها له‌ به‌رگی یه‌كه‌می ڕۆژنامه‌ی ژیان، له‌ باسكردنی ناوی نووسه‌ران و شاعیرانی ئه‌و ڕۆژنامه‌یه‌ ناوی دێ، به‌ڵام زانیارییه‌كان ئامانجی خۆیان ناپێكن و ته‌نها هه‌ر گومان و ڕا و بۆچوونه‌. به‌م شێوه‌یه‌ ئاماژه‌ی بۆ كراوه ‌”دوور نییه‌، ئه‌گه‌ر ڕاست ڕه‌واندزی بووبێ، ناوی خواستراوی (ئه‌مین ڕواندزییه‌)ی نیشتمانپه‌روه‌ری كوردی بی، كه‌ ئه‌وكات ئه‌فسه‌ری سوپا بووه‌، به‌ ناوی مه‌لا حه‌سه‌نی باوكی نووسیبێتی. (وه‌طه‌نمیلله‌ت، وه‌طه‌نی، میلله‌ت) ئه‌ی ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌ ژماره‌ (16)ی (دیاری كوردستان)یش بڵاوبویته‌وه‌، ئه‌گه‌ر واشنه‌بێ، له‌وانه‌یه‌ یه‌كێ تر بێ بۆ شوێنونی ونه‌ناسرانه‌وه‌، كه‌ جێ و ڕێ و ناوی خۆی گوڕیبێ”5. به‌ دووری ئه‌زانم ئه‌وه‌ ناوه‌ ڕاسته‌قینه‌ بێ، ڕه‌واندزی ناوه‌ندی ساڵانی بیست كه‌سی ناسراویان به‌و ناوه‌ تێدا نه‌بوه‌. بۆیه‌ زۆرتر پێئه‌چێ خواستراو بێ، به‌ گومانه‌وه‌ بیرم بۆ “حوسێن حوزنی موكریانی” چووه‌. برای نووسه‌ر به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا زه‌نگه‌نه 21/1/2001 پشت به‌ستوو به‌ چه‌ند به‌ڵگه‌ و شیكردنه‌وه‌یه‌ك جه‌ختی كرد كه‌ ئه‌وه‌ “سه‌ید ته‌های نه‌هری”یه‌. حه‌سه‌ن كوردستانی له‌ “ژیانه‌وه‌” و “ژیان” و (زاری كرمانجی)شدا نووسینی بڵاوكردۆته‌وه‌.6 “حه‌سه‌ن كوردستانی” له‌ وتاری “چه‌ند خۆشه‌ ئینسان چشتی كه‌ له‌ دڵیایه‌ به‌ ئه‌زمانی ماده‌رزادی خۆی به‌یانی بكا” دا جه‌ختی كردووه‌ كه‌ “مه‌كاتب و مه‌عاریفمان زۆر لازمه‌ چونكه‌ مه‌داری حه‌یات، ئه‌م نه‌خته‌ ماڵ و مه‌ڕ و جووت نییه‌. كورد به‌ عمومی موحتاجی عیلم و مه‌عاریف وته‌ربیه‌یه‌ تاكه‌ ئه‌قللا ئه‌ولاد و ئه‌حفادمان قه‌دری دین و قیمه‌تی وه‌طه‌نی خۆیان بزانن”. له‌ وتاری “وه‌طه‌ن، میلله‌توه‌طه‌نی میلله‌ت”یشدا به‌و په‌ری حه‌سره‌ته‌وه‌ وتوویه‌”خوڵاصه‌ هه‌ر شتێ به‌ قه‌ده‌ر زه‌ڕڕه‌یێ نه‌فه‌ع و ته‌رقی میلله‌ت و مه‌مله‌كه‌نی تێدا بێ: زراعه‌ت، تیجاره‌ت، صه‌ناعه‌ت و … هه‌موو موقه‌د‌ده‌ساتن و هه‌مووشیان فه‌رعن له‌ بۆ مه‌عاریف، چونكه‌ عموومه‌ن به‌ واسیطه‌ی سه‌عی و مه‌عاریف مومكین ده‌بن. بێ مه‌عاریف مه‌عریفه‌ت نابێ، تا مه‌عریفه‌ش نه‌بێت ڕێ به‌ مه‌نزڵ بردن و مه‌قسه‌د گه‌یشتن هیچ مومكین نییه‌. به‌س مه‌علووم بوو نه‌جاتمان به‌ مه‌عاریفه‌، حه‌یاتمان به‌ مه‌عاریفه‌ بێ مه‌عاریف كارمان زه‌حمه‌ته‌ (ئاخ بۆ مه‌عاریف)، مه‌عاریف بۆچی فه‌قه‌ط له‌ وڵات و مه‌مله‌كه‌تی ئێمه‌دا حوكمی عه‌نقا و صووره‌تی كیمیات هه‌یه‌”.7
میرزا حه‌سه‌ن، كه‌سێكی ڕۆشنبیر و تێگه‌یشتوو و ئاگاداربووه‌ له‌ بارودۆخی سیاسیی و ڕۆشنبیری سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆی، له‌ ساڵانی بیستی سه‌ده‌ی ڕابردوو،‌ دێته‌ مه‌یدان و قه‌ڵه‌مه‌‌كه‌ی ده‌خاته‌ خزمه‌تی گه‌ل و نیشتمان، نووسین له‌ ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كانی ئه‌وكات بڵاوده‌كاته‌وه‌. ئه‌گه‌ر ئاوڕێك بۆ هه‌ندێك نووسینی ئه‌م ڕۆشنبیره‌ بده‌ینه‌وه‌، گه‌وره‌ی ئه‌و مرۆڤه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، له‌ ڕۆژنامه‌ی ژیان، بابه‌تی (شه‌رم و عار زۆر عه‌زیزن، له‌وانیش عه‌زیتر غیره‌ت و عیبره‌ته‌) ژماره‌ (3) و له ژماره‌‌ (16) و (17) بابه‌تی (وه‌طه‌ن، میلله‌ت، وه‌طه‌نی، میلله‌ت) به‌ دووجار دابه‌زیوه‌. له‌ (گۆڤاری دیاری كوردستان)، سێ بابه‌تی به‌رچاو ده‌كه‌ون. وه‌ك (چه‌ند خۆشه‌ ئینسان چشتی كه‌ له‌ دڵیایه‌ به‌ ئه‌زمانی ماده‌رزادی خۆی به‌یانی كا)، له‌ ژماره‌ (7)ی 18ی حوزه‌یرانی 1925 بڵاوكردۆته‌وه‌و گۆڤاره‌كه‌ش له‌ژێر هه‌مان بابه‌ت وه‌ڵامیكی جوان و ده‌ستخۆشیان بۆ حه‌سه‌ن كوردستانی نووسیوه‌. هه‌ر له‌و ژماره‌یه‌‌، بابه‌تێكی سه‌ید عه‌بدوڵڵای شه‌مزینی هه‌یه‌؛ ڕێی تێده‌چێت پێكه‌وه‌ ئه‌و بابه‌تانه‌یان بۆ ئه‌و گۆڤاره‌ نووسی بێـت، چونكه‌ ئه‌م كه‌سایه‌تییه‌، دۆستیكی نێزیكی ئه‌و بووه‌. له‌ ژماره‌ (16)ی دوو بابه‌تی ئه‌وی به‌ناوی (وه‌طه‌ن، میلله‌ت_ وه‌طه‌نی، میلله‌ت)، (له‌ حه‌قی نووسینی تازه‌)8 هه‌یه‌. هه‌روه‌ها له‌ ژیانه‌وه‌ و زاری كرمانجی وتاری ده‌بینین.
له‌سه‌رده‌می سه‌ید ته‌های شه‌مزینی، ماڵی میرزا حه‌سه‌ن له‌ ڕواندز بووه‌، حوزنی موكریانیش دۆستی ئه‌و و میرزا بووه‌، بابه‌تی له‌ گۆڤاری زاری كرمانجی به‌رچاو ده‌كه‌وێت، له‌وانه‌: (التی دیفاعیه‌مان گازانده‌یه)9، (مقام انسان زور بلنده‌ (ما انسان))10، هه‌روه‌ها بابه‌تێكی دیكه‌ به‌ پیت نوسراوه‌ (م. ح) به‌ناوی ردیه‌ بو وكیلیكی …. ملت)11 پێدچێ ئه‌مه‌ ناوی كورتكراوی میرزا حه‌سه‌ن بێت! له‌ ڕووی شێوازه‌وه‌ له‌ نووسینی ئه‌و نێزیكه‌. هه‌روه‌ها له‌ ژماره‌ی دواتر به‌ هه‌مان ناونیشان، گۆڤاره‌كه‌، بابه‌تێكی ڕۆژنامه‌ی (الاوقات البغدادیة‌)، ژماره‌ (4247)، بۆ خوێنه‌رانی گۆڤاره‌كه‌ كردووه‌ به‌ كوردی.
ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه‌ گرینگه‌ و هیچ گومانێكیش هه‌ڵناگرێ، ناساندنی به‌رهه‌می میرزا حه‌سه‌ن كوردستانییه له‌ گوڤاری زاری كرمانجی‌. دوو ڕیكلام بۆ دوو كتێب كراوه‌ له‌ یه‌ك لاپه‌ڕه‌، وه‌ك مژده‌یه‌كی خۆش به‌ خوێنه‌ران دراوه‌، به‌ بایه‌خه‌وه‌ باسی سووده‌كه‌ی ده‌كات. گۆڤاره‌كه‌ ده‌ڵێت: “كتیبانیكی كه‌ بو چاپ كردن حاضر كراون:
(ترازن)
(له‌ سر لهجه‌ی شمالیه‌، سد و پازده‌ سربهوردی واقعی یه‌ نه‌ك خیالی، به‌ مناسبتی هر سربهورده‌ی رسمیكی تیدایه‌، بو لاوانی مكتب زور به‌ كه‌لك و باشه‌، له‌ نشریاتی زار كرمانجی یه‌).

(خیوی رازان)
(كتیبیكی سد و چل حكایتی خیالی یه‌ نه‌ك واقعی، له‌ سر لهجه‌ی جنوبه‌، به‌ مناسبتی هر حكایته‌ی رسمیكی تیدایه‌، له‌ طرف حضرت غبور, فاضلی محترم (میرزا حسن كوردستانی)یه‌وه‌ ترجمه‌ و ریكخراوه‌، اثريكی گه‌لیك چاك و به‌ قازانجه‌ بو لاوانی ریزی چواره‌م و پینجه‌م. له‌ مزره‌كه‌ی زار كرمانجی دا به‌و زوانه‌ ده‌ست به‌ كلیشه‌ كولان و دامزراندنی ده‌كریت.)12
ئه‌گه‌ر له‌م دوو ناونیشانه‌ و وردبینه‌وه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌مه‌ دوو كتێبی جیاوازن، كه‌چی له‌ ڕووی ناونیشانه‌كه‌، نێزیكایه‌تیان هه‌یه‌، یه‌كه‌م (ترازن) و دووه‌م (رازان)، هیچ گومانی تێدانییه‌، ئه‌مه‌ هی یه‌ك نووسه‌ره‌، ئه‌ویش میرزا حه‌سه‌نه‌. من نازانم (د. كوردستان موكریانی) له‌سه‌ر ئه‌م هه‌واڵه،‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ ده‌داته‌ پاڵ كه‌سێكی دیكه‌، كه‌ ناوی له‌ هه‌واڵه‌كه‌‌ نه‌هاتووه‌. له‌ پێشه‌كی گۆڤاری زار كرمانجی ده‌بێژێت “ته‌رازن یادگاری سه‌ید طه‌هایه‌”13سه‌ید ته‌ها پیاویكی ڕۆشنبیر بووه‌ و به‌ڵام نووسه‌ر نه‌بووه‌! “هه‌موو شته‌كانی ئه‌و پارێزرابوون و نووسین و شته‌كانی، به‌داخه‌وه‌ له‌ ساڵی 1974 له‌ ڕواندز ئێمه‌ ئاواره‌ی ئێران بووین و هه‌موو شته‌كان فه‌وتان و ماڵ و خانوومان ڕوخا و سووتا. ئه‌و شتانه‌ی هه‌یبوو هیچی ده‌رنه‌چوو، نه‌ك هی باپیرم به‌ڵكو هی باوكیشم، كه‌ ژیاننامه‌ی خۆی و شیعریشی هه‌موو له‌ناو چوو. له‌سه‌رده‌می خۆی شتی نووسیوه‌. باوكم ئه‌و شتانه‌ی خۆشده‌ویستن، نه‌یده‌هێشت لێیان نێزیك بكه‌وینه‌وه‌”14
ڕێبین سه‌عید مه‌لا، له‌ ماسته‌رنامه‌كه‌ی خۆیدا له‌سه‌ر (سه‌ید ته‌های نه‌هری)، زۆر به‌جوانی ئاماژه‌ی به‌ ڕۆڵی سه‌ید ته‌ها داوه‌ له‌ بواری ڕۆشنبیری؛ له سه‌ر نووسینیش، ده‌ڵێت: “به‌شێك له‌ نووسه‌ران پێیان وایه‌ سه‌ید ته‌ها ده‌ستی نووسینی به‌هێزی هه‌بووه‌، له‌ چه‌ندین ڕۆژنامه‌ و گۆڤاردا بابه‌تی هه‌مه‌ڕه‌نگی به‌ناوی خواستراو بڵاوكردۆته‌وه”‌15، هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی نه‌خستۆته‌ ڕوو، كه‌ ده‌ڵیت (چه‌ندین یا ده‌ستی نووسینی به‌هێزی)هه‌بوو، ده‌كرا ئاماژه‌ی به‌ یه‌ك نووسین بكردبوایه؛ ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ سه‌ر ڕای نووسه‌رێكی دیاركراو، ئه‌ویش به‌ڵگه‌كانی باوه‌ڕپێكراو نین. بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ڕایه‌كه‌ی عه‌بدوڵڵا زه‌نگه‌نه‌، له‌سه‌ر زاری ئه‌و ده‌ڵێت :”ده‌مێك بوو به‌ دوای كه‌سێتی (حه‌سه‌ن كوردستانی) وێل بووم، ئه‌و پیاوه‌ی كه‌ چه‌ندین نووسین و بابه‌تی هه‌مه‌ڕه‌نگی له‌ ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كانی كوردی بڵاوكردۆته‌وه‌، ئه‌وه‌ی سه‌رنجی زیاتری منی ڕاكیشا ئه‌وه‌ بوو، كه‌ نه‌ژادی عه‌بدوڵڵای عه‌زیز بابه‌تێكی له‌ ژماره‌ی 23ی گۆڤاری گولانی عه‌ره‌بی بڵاوكردبۆوه‌. له‌ ژماره‌ (55) ژیانه‌وه‌ بابه‌تێك به‌ناونیشانی (مهاجرام انصار) له‌ نووسینی حه‌سه‌ن كوردستانی بڵاوكرایته‌وه، نووسه‌ر پێی وایه‌ حه‌سه‌ن كوردستانی ناوی خواستراوی ڕۆژنامه‌نووس و مێژوونووس حوسێن حوزنیی خاوه‌نی زاری كرمانجییه‌. به‌ڵام عه‌بدوڵڵا زه‌نگه‌نه‌ به‌ پشتبه‌ستن به‌ چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌ك پێی وایه‌ ئه‌و حه‌سه‌ن كوردستانییه‌ سه‌ید ته‌های نه‌هرییه‌، له‌سه‌ر‌ هه‌مان بابه‌ت عه‌بدوڵڵا زه‌نگه‌نه‌ به‌ڵگه‌كان له‌گه‌ڵ نووسه‌ر تاوتوێ ده‌كات پاشان ئه‌ویش به‌ڵگه‌كانی پێ ماقوول بووه‌، كه‌ حه‌سه‌ن كوردستانی سه‌ید ته‌هایه‌”16.
‌ دوای ڕۆیشتنی سه‌ید ته‌های شه‌مزینی له‌ ساڵی 1928 بۆ ئێران، شه‌هیدكردنی سمكۆ شكاك له‌ ساڵی 1930، ئه‌مانه‌ كاریگه‌ری خراپ ده‌كه‌نه‌ سه‌ر ژیانی میرزا حه‌سه‌ن، وه‌لی ئه‌و له‌گه‌ڵ سه‌ید ته‌ها ناچێت و له‌ ڕواندز ده‌مێنێته‌وه‌. ئیدی له‌ دوای ئه‌و ڕووداوانه‌ بارودۆخ و گوزه‌رانی به‌ره‌و خراپی ده‌چێت، دواتر به‌ هۆی نه‌خۆشی له‌ هه‌ولێر ده‌مرێت، ئه‌مه‌ سه‌ره‌تایی سییه‌كانه‌ و ئیدی نووسینی ئه‌ویش نامینێت، خێزانه‌كه‌شی له‌سه‌ر دوو منداڵه‌كه‌ی داده‌نیشێت. ده‌رباره‌ی شیعره‌كانی چم ده‌ستنه‌كه‌وت، ته‌نها له‌ پارچه‌ نووسینێك، چوارینه‌یه‌كی به‌كارهێناوه‌، پێده‌چێت ئه‌مه‌ هی خۆی بێت!
بو حه‌یات و ژین و شخصی كم بكوشه‌ ئه‌ی رزیل
تا به‌ چنك اغیار خو نخوارت نبی خوار و زه‌لیل
توامنده‌ زلتت دی چاوی عبرت هل بره‌
شرمه‌ بی شرمی هتا كی بسیه‌ اماره‌ و ده‌لیل17
له‌ ئه‌نجامی ئه‌و نووسینه‌، ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه‌، هه‌موو ئه‌و نووسینانه‌ی باسی حه‌سه‌ن كوردستانی ده‌كه‌ن و ده‌یده‌نه‌ پاڵ نووسه‌ری دیكه‌، دوورن له‌ ڕاستیی، پاش مردنی كوڕه‌كه‌ی بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ و یان كوڕه‌كه‌ی نه‌یبینوون، بۆ ئه‌وه‌ی ڕاستییه‌كانیان بۆ ده‌ربخات. زۆر له‌ وێنه‌كانی سه‌ید ته‌های شه‌مزینی و بنه‌ماڵه‌كه‌یم ڕوانی، وێنه‌ی ئه‌وه‌م ده‌ستنه‌كه‌وت، كه‌سێكی دیكه‌ به‌ ناوی (فه‌قێ حه‌سه‌ن گه‌یلانی)، كه‌ ئه‌ویش له‌گه‌ڵ سه‌ید ته‌ها بووه‌، بوونی هه‌یه‌. ڕه‌نگه‌ هه‌ر ئه‌م ناوه‌ش بێت وایكردبیت ناوی خۆی میرزا حه‌سه‌ن عه‌بدولقادر گه‌یلانی، كردبێته‌ حه‌سه‌ن كوردستانی، بۆ جیاكردنه‌وه‌ له‌ حه‌سه‌نه‌كه‌ی دیكه! به‌داخه‌وه‌ ئه‌گه‌ر هاتبوایه‌، له‌ ساڵانی هه‌شتاو به‌ر له‌ مردنی (مه‌میخان)ی هاوسه‌ری و كوڕه‌كه‌ی فریای ئه‌وه‌ كه‌وتباینه‌و چه‌ندین ڕاستیی دیكه‌مان له‌سه‌ر ئه‌و مرۆڤه‌ مه‌زنه‌ بۆ به‌دیار ده‌كه‌وت.

سه‌رچاوه‌ و په‌ڕاوێز
*1 كاتی خۆی یه‌كێك زۆر خوێنده‌وار بوایه‌ ئه‌فه‌ندیان پێ ده‌وت یا میرزا، له‌ ڕواندز و ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی میرزا به‌كارناهێت، بۆیه‌ زوو گومانم له‌ ڕواندزبوونی ئه‌و نووسه‌ره‌ هه‌بوو، تا نیشتمان خان نه‌وه‌ی میرزا حه‌سه‌ن ددانی پیدانا و وتی به‌ڕه‌چه‌ك باپیرم خه‌ڵكی پێنجوین بووه‌، ئێمه‌ دایك و باوكمان و خوشك وبرایه‌كان له‌ ڕواندز له‌ دایكبووین و شانازی به‌ شاری خۆمان ده‌كه‌ین و هه‌تا ده‌مرین ڕواندزین و بنه‌ماڵه‌كه‌شمان به‌ حه‌سه‌نی مه‌میخانی ڕواندزی ناسراون.
*2 گولیزارخان كچی جه‌عفه‌ر ئاغای شكاك، له‌ گوندی (جارێ)ی ڕۆژهه‌ڵات له‌ دایكبووه‌، ژنێكی به‌ناوبانگ و ناسراو بوو له‌ ڕواندز و ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی، به‌ ده‌ستهه‌ڵات و خاوه‌ن پێگه‌ی گه‌وره‌ بوو؛ زمانی توركی و فارسی و عه‌ره‌بی زانیوه‌ و ژنێكی خێرخوازو هه‌ژاردۆست بووه. سێ كوڕی له‌ سه‌ید ته‌های هه‌بوون، له‌وانه:‌ (سه‌ید عیزه‌ددین (چه‌یتۆ)، سه‌ید ئه‌حمه‌د‌ (هه‌كۆ)، سه‌ید ساڵح (دارۆجان). له‌ ساڵی 1975 مردووه‌. ڕێبین سه‌عید مه‌لا، (سه‌ید ته‌های نه‌هری)، ل61_65؛ عه‌قیله‌ ڕواندزی، (یاد و ئافه‌رین)، 2005، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر، 22_23.
*3 نه‌جیبه‌ میرزا حه‌سه‌ن: كچێكی تاقانه‌ و جوان و وشیاربووه‌، (1926!1944) له‌ ڕواندز له‌ دایك بووه‌، هاوسه‌ری محه‌مه‌د قودسی بووه‌. یه‌كه‌مین كچ بووه‌ كه‌ ساڵی 1934 چووه‌ قوتابخانه‌ و خوێندوویه‌، تا پۆلی شه‌شه‌می سه‌ره‌تایی ته‌واو كردووه، پا‌شان بووه‌ به‌ مامۆستا له‌ ڕواندز. كچێكی ڕۆشنبیر و زیره‌ك بووه‌. له‌ ژماره‌ (8)ی ساڵی 1944 گۆڤاری گه‌ڵاوێژ، بابه‌تیكی ئه‌و ده‌بیندرێت، به‌ناوی (اوریكی پاشه‌وه‌). ساڵی 1943 محه‌مه‌د قودسی پله‌كه‌ی به‌رز ده‌كرێته‌وه‌ به‌ ئه‌فسه‌ری سه‌ربازگرتن (ته‌جنید)، پاش شه‌ش مانگ هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ نه‌جیبه‌خان پێكده‌هێنێ. به‌ڵام ته‌مه‌نی ئه‌و هاوسه‌رگیرییه‌، كه‌م و خه‌مناك ده‌بێت. نه‌جیبه‌ خان به‌ منداڵبوونه‌وه‌ ده‌مرێت. له‌ گۆڕستانی گه‌رده‌گه‌رد، خۆی منداڵه‌كه‌ی ده‌نێژرێن، له‌و شوێنه‌ی كه‌ مه‌زارگه‌ی كوردۆی باویل ئاغای لێیه‌. به‌داخه‌وه‌ زۆر گه‌ڕاین، گۆڕه‌كه‌مان نه‌دۆزیه‌وه‌، گوایه‌ به‌ر شه‌قام كه‌وتووه‌. له‌ به‌ڵگه‌نامه‌ی (عقد زواج)ی محه‌مه‌د و نه‌جیبه‌خان، كه‌ له‌ دادگای ڕواندز كراوه‌ له‌ 20/3/1943، به‌ بڕی ماره‌یی پێشه‌كیی (60) دینار و بڕی ماره‌یی دواخراو (40) مسقاڵ زێڕه‌. محه‌مه‌د قودسی، له‌ جوانترین نامه‌ی ئه‌ڤینداریدا، كه‌ بۆ نه‌جیبه‌ خان نوسیویه‌تی. له‌ گۆڤاری گه‌ڵاویژ به‌ناوی (گه‌ڵاڕێزانه‌)، له‌ كۆتاییه‌كه‌ی ده‌ڵێت: “تۆ ڕۆیشتیت خه‌م و خه‌فه‌تت بۆ منی قور به‌سه‌ر به‌جێ هێشت.. ئاه له‌م ساڵه‌ چه‌ند شومه‌… چه‌ند ناخۆشه‌.. به‌ڕاستی گه‌ڵاڕیزانه‌.. كه‌وابوو بنو گیانه‌كه‌م.. نوستنیكی ئه‌به‌دی. بنو..” بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م نامه‌یه‌ بگه‌ڕێوه‌ بۆ گۆڤاری (گه‌ڵاوێژ)، ژ‌ (8)ی ساڵی1944، ل43-46. *4 حاجی حوسین میرزا حه‌سه‌ن (حوسێنه‌ فه‌ندیحوسینی مه‌می خانێ) له‌ 1/7 /1924 له‌ ڕواندز له‌ دایكبووه‌و 1943 ژیانی هاوسه‌ری پێكده‌هێنێت. له‌ ساڵی 1945 ده‌بێته‌ فه‌رمانبه‌ری پۆسته‌ له‌ سیده‌كان. له‌ حیزبی هیوا كاری كردووه‌، ساڵی 1947 به‌ هۆی كاری سیاسییه‌وه‌ ده‌زگیر ده‌كرێت بۆ ماوه‌ی ساڵێك و سێ مانگ له‌ كه‌ركووك ده‌مینێته‌وه‌. دواتر 1957 ده‌بێته‌ فه‌رمانبه‌ری ته‌ندروستی له‌ شه‌قڵاوه‌. له‌ ساڵی 1961 له‌ وه‌زیفه‌ ده‌رده‌كرێت، جاری سێیه‌م له‌ شاره‌وانی ڕواندز بۆ ماوه‌ی ده‌ ساڵ خزمه‌ت ده‌كات. دواتر ئاواره‌ی ئێران ده‌بێت. ساڵی 1976 ده‌یگوازنه‌وه‌ بۆ ناوه‌ڕاستی عێراق له‌ شاری هیت نیشته‌جێ ده‌بێت و ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌بێت. تا ساڵی 1985 له‌و ماوه‌یه‌ له‌ شاره‌وانی هیت ده‌بێته‌ فه‌رمانبه‌ر. دووجار سه‌ردانی ماڵی خوای كردووه‌. كابرایه‌كی كوردپه‌روه‌ و ڕۆشنبیر و به‌دین بووه‌، شێوه‌كارێكی ده‌سترڕه‌نگین و لێهاتوو بووه‌. ساڵی 1985 گه‌ڕایه‌وه‌ هه‌ولێر و ساڵی 1989 خۆی خانه‌نشین ده‌كات. له‌ به‌ره‌به‌یانی 7/6/ 2004 به‌ شێوه‌یه‌كی كتوپر گیانی ده‌سپێرێت و له‌ هه‌ولێر ده‌نێژرێت. منداڵه‌كانی (نه‌ریمان، دڵشاد، دلاوه‌ر، لوقمان، خه‌سره‌و، نیشتمان، كوردستان، نازه‌نین، نه‌سرین).

  1. نیشتمان حاجی حوسێن میرزا حه‌سه‌ن،1967، ڕواندز، دیمانه‌، دانیشتووی هه‌ولێر. 2024.
  2. دیمانه‌، نیشتمان.
  3. خه‌سره‌وه‌ حاجی حوسێن میرزا حه‌سه‌ن، 1971، ڕواندز، دووشه‌ممه‌ /17/3/ 2025، نامه‌ی تایبه‌ت‌، دانیشتووی سوید.
  4. ژیان به‌ته‌مه‌نترین ڕۆژنامه‌ی كوردی 1926_1938، نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی ، 2002، ل18.
  5. ڕۆژنامه‌ی ژیان، ئا: ڕه‌فیق ساڵح و لێكۆڵینه‌وه‌: سه‌دیق ساڵح، بنكه‌ی ژین، سلێمانی، به‌رگی یه‌كه‌م، 2002، ل11،
  6. گۆڤاری دیاری كوردستان (1925_1926) ئاماده‌كردنی ڕه‌فیق ساڵح و لێكۆڵینه‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین، سه‌دیق ساڵح، ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م، سلێمانی، 2001، ل42.
  7. سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل49.
  8. گۆڤاری دیاری كوردستان، ژ (16)ی مایسی 1926.
  9. زار كرمانجی، ژ (2)، 1926، ل3_4.
  10. زار كرمانجی، ژ (3)، 1926، 4-5.
  11. زار كرمانجی، ژ (9)، 1927، ل22_23.
  12. زار كرمانجی، ژ (12)، 25/1/ 1928، ل16.
  13. زار كرمانجی، ئاماده‌كردن و پێشه‌كی، د. كوردستان موكریانی، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر، 2020، ل 54.
  14. دیمانه‌، نیشتمان.
  15. ڕێبین سه‌عید مه‌لا، سه‌ید ته‌های نه‌هری، هه‌ولێر، 2016، ل249.
  16. سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل249_250.
  17. گۆڤاری دیاری كوردستان.

    تێبینی : له‌ گۆڤاری ئاژین، زانكۆی سۆران. ژماره‌ (8)، به‌هار و هاوینی 2025بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.




من کاندیدم، دەتپەرستم ئەی پەرلەمان.. ئەحمەد ڕەسوڵ

من کاندیدم، دەنووشتێمەوە بۆ پۆست و پارە. سوژدەت بۆ دەبەم، ئەی کورسیی پەرلەمان. دەتپەرستم، ئەی مووچەی خەیاڵی. کڕنووشت بۆ دەبەم ئەی ژیانی ڤی ئای پی.

ئەگەر دەربچم، سوپاستان دەکەم.
ئەگەر دەرنەچم، ئێوە تەنها شایان بە دەسەڵاتی دوو بنەماڵەن

تەنها من دەرچم، ئیدی هەموو شتێک بە جەهەننەم.

هەر کاندیدێک، هەرچەندە لیستەکەی یان حزبەکەی دۆڕابێت یان پاشەکشەی کردبێت، بەڵام خۆی دەرچووبێت، دەڵێت پیرۆزە ئەم سەرکەوتنە.

ڕاستە ململانێی لایەنە گەورەکان لە گۆڕێیە، بەڵام لە بنەمادا یارییەکە بە تەواوی بەرژەوەندیی تایبەتیی و کەسییە.

هیچ کاندیدێک نییە، بە ووردیی پلان و بەرنامەی بۆ مووچە و ئیمتیازاتە ماددیەکانی دوای دەرچوونی دانەنابێت. هەر کەسێکیان لە خەمی دەستڕاگەیشتن بەو مووچە خەیاڵیی و سەرمایە مەعنەوی و ڕەمزییەی پەرلەمانە بۆ شەخسی خۆیان.

ئەم قسانە مانای ئەوە ناگەیەنن کە فڵان کاندید دوای دەرچوونی هەندێک قسە لە پەرلەمان ناکات و هەندێ هەڵوێستی میدیایی و گشتی نابێت لە بارەی مووچەی گورگانخواردوو کراوی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، یان لە هەندێک ڕێپێوان و خۆپیشاندان بەشدار نابێت یان بە مۆبایلەکەی هەندێک موداخەلەی خۆی لە پەرلەمان تۆمار ناکات و بڵاوی بکاتەوە.

بەڵێ ئەشێت هەموو ئەوانە بکات، بەڵام لە بنەمادا ئەوانە بۆ ئەو هەڵوێستی ئیختیاریین و هیچی تر نا. واتا دەکرێت هەموویان بکات، دەکرێت هەندێکیان بکات، یان دەکرێت کەمترینیان ئەنجام بدات و دواجار هیچ کەسێکیش ناتوانێت یەخەی بگرێت و بڵێت تۆ بێ هەڵوێست بوویت و داکۆکیکار نەبوویت لە بەرژەوەندی خەڵک. لیست و حزب و ئەم هەموو دەنگەی خەڵکت بۆ بەرژەوەندیی کەسیی خۆت بەکارهێنا و هەموویت کرد بە بەردەبازی پەڕینەوە و گەیشتن بە ژیانێکی باش بۆ خۆت و خانەوادەکەت و هیچی تر نا.

پلە و پۆستە باڵا و تایبەتییەکانی حکومەت و دەزگا قەزاییەکان و ئەندامێتی لە پەرلەمان و هاوتاکانیان لە نێو دەزگا دەوڵەتییەکانی دیکە، لە هەرێمی کوردستان و عێراق، بە هۆکاری مووچەی قەبە و ئیمتیازاتەکانیانەوە، سەرباری ئەوەی بوونەتە بارگرانییەکی کەمەرشکێن لەسەر داهاتی گشتیی و کۆمەڵگا، هەروەها بوونەتە ئەو شوێنەی بوون و بەهای مرۆیی لە ئینسانەکان پایەماڵ دەکەن.

واتا ئەو هەموو قیژە قیژەی بەناوی داکۆکیی لە خەڵک و شەڕی گەندەڵیی، مووچەی مووچەخۆران و … هتد لە ماوەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا دنیای لێ پڕ دەکەن، چەند کاتژمێرێکی کەم لە دوای تەواو بوونی دەنگدان و دەرکەوتنی ئەنجامەکان و دڵنیابوونی هەندێک لە بەربژێرەکان لە دەرچوونیان، هێواش و لەسەرخۆ بەهەڵمبوونیان دەسپێدەکەن و ئەوەی جێگیر دەبیت لە شوێنی ئەو هەموو بەڵێنە سواوەی کاندیدان و سەرۆک حزبەکان، تەنها مووچە و ئیمتیازاتی پەرلەمانتار و پۆستە وەزاریی و سیادییەکان و ڕێککەوتنە سیاسییەکانن، ئەمە ئەگەر سەفەقاتە ژێربەژیرەکان و لیست گۆڕین و سەنگەر گواستنەوەکانیش فەرامۆش بکەین.
لە یەک قسەدا کارەساتە گەورەکەی کوردستان و عێراق جگە لە وەزارەتخانە و پەرلەمان و دەزگا سیادیی و پلە تایبەت و باڵاکان و پەرلەمان، هیچی دیکە نییە.

ئەم نووسینە پێش دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن نووسراوە بەڵام لەبەر لێکنەدانەوەی نووسینەکە و هەڵوێستەکە وەکو بانگەشە بۆ بایکۆت لەلایەن ئەوانەی ناویان ئۆپۆزیسیۆنە و بە هەمان عەقڵییەتی کادێرە مێدیایی و حزبییەکانی دوو حزبخێڵەکە ئاسان و خێرا دەکەونە تۆمەت بەخشینەوە، بڵاونەکراوەتەوە.

ئەم هەستی خۆبەشتزانین و ئیگۆ هەڵئاوساوەی کادێرە حزبییەکان و پەرلەمانتار و وەزیر و پلەدارە باڵاکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق کە جگە لە قاوغێکی بەتاڵ و بێناوەڕۆک چیدیکە نین، کارەساتی ڕاستەقینەی ئەم مەملەکەتەن. تەنها لێرە لە کوردستان و عێراق شتی سەیری وەها دەبینرێت.

لە تەواوی دەوڵەتانی ئەسکەندناڤی و ئەوروپیی و … هتد، پەرلەمانتار و وەزیر و … هتد جگە لە هاونیشتمانی سادە و ئاسایی پتر هیچیدی نین تەنها بە بڕێکی زۆر کەم مووچەی زیاترەوە و بەبێ هیچ ئیمتیازاتێک و بەبێ خانەنشینبوون. بەبێ ئوتومبیل و شۆفێر و پاسەوان و خانوو و ڤیللا و مینحە و … هتد.

لێرە، کوردستان و عێراق، چوار ساڵ جارێک کەڕنەڤاڵی کارەساتبارترکردنی کۆمەڵگا و داماڵینی زیاتری سیاسەت لە مانا ڕاستەقینەکانی و کەوتنی زیاتری ئینسانییەت و بە خوداکردنی زیاتری پلە و پۆست و پارە، بەڕێوەدەچێت.

هەتا چوار ساڵی دیکەی داهێنانی چەمک و دەستەواژە وروژێنەرەکانی چەواشەکردن و لەخشتەبردنی خەڵک، هەتا چوار ساڵی دیکە و تا کەڕنەڤاڵێکی دیکەی کردنی کۆمەڵگا بە چەند بەشێک لە ڕانە مرۆڤ و ڕەوە ئینسان و ئاپۆڕای ژمارەیی و زیاتر نا، دانیشن بەخێر.

ئەحمەد ڕەسوڵ




كێ رێزلێنانی بۆ كرا لە پرۆسەی ئەنفالی 3 دا.. عەلی مەحمود محەمەد

پرۆسەی ئەنفالی سێ بە ئەنفالی گەرمیان یان ئەنفالی ڕەش ناسراوە, لە رۆژی پێنج شەممە رێكەوتی 7-4-1988 بۆ رۆژی چوارشەممە رێكەوتی 20-4-1988 بەردەوام بووە, دوو هەفتەی خایاند, یەكێك لە قورسترین و بە زیانترین پرۆسەكانی ئەنفال بووە.
بە سەركردایەتی لیوا ڕوكن سوڵتان هاشم فەرماندەی فەیلەقی یەكی سوپای عێراق و لیوا ڕوكن كامل ساجت عزیز جەنابی فەرماندەی فەیلەقی دوو وە بە سەرپەرشتی راستەوخۆی وەزیری بەرگری عێراق فەریق روكن عەدنان خەیرواللە و عەلی حەسەن مەجید بەرپرسی بیرۆی باكووری پارتی بەعس و بە بەشداری بارق عەبدوڵا حاجی حەنتە جەلادی گەرمیانیەكان ” فەرماندەی هێزەكانی پارێزگاری نەوت لە كەركوك ” ئەنجامدرا.
سوڵتان هاشم لە پرۆسەی دادگاییكردنەكەیدا لەسەر پرۆسەی ئەنفالی سێ دانی بەوەدا نا كە ئەم قۆناغەی ئەنفال, فەیلەقی 1 و 2 سەرپەرشتیان كردووە, واتا لە لایەن سوپاوە سەركردایەتی كراوە.
لەم ئۆپەراسیۆنە پان و بەرینە دەیان یەكەی سەربازی و هێزی تایبەتی و دەیان فەوجی جاش و چەندین مەفرەزە خاسە بەشدارییان كردووە.
ئەنفالی سێ ناوچەكانی چەمچەماڵ، سەنگاو، سەگرمە, كفری، كەلار، قادركەرەم، دوز، پێباز و تیلەكۆ و لەیلان و قەرەحەسەن و قەرەهەنجیر و جەباری و نەوجول و كەركوكی گرتەوە, بە پانتایی زیاتر لە 6000 كیلۆمەتر چوارگۆشە مەزەندە دەكرێت, لە 18 قۆڵەوە پەلاماری هەڵەت و پێدەشتە كاكی بە كاكییەكانی ناوچەكە درا.
پرۆسەی ئەنفالی سێ لە رۆژی پێنج شەممە رێكەوتی ١٤ی نیسانی ١٩٨٨ گەیشتە لوتكە, تەنها لەو ڕۆژەدا ڕژێمی بەعس ژمارەیەكی زۆر منداڵ و ژن و پیاوی لە هەردوو گوندی كوڵەجۆ و ملە سوورەی گەرمیان كۆكردەوە، كە بەڕێوەبەری ناحیەی ئۆردوگای رزگاری و جاشەكان لە خشتەیانیان بردبوو, پێشتریش لە رێكەوتی 10 و 11 ی مانگ لە قادر كەرەم لە لایەن موستەشارەكان و موختارو مەلای قادر كەرەمەوە بەناوی لێبوردنی گشتییەوە بە هەمان دەرد بردران, گوایە لێبوردن هەیە, لە ئۆردوگا نیشتەجێ دەكرێن. دواتر بە ئیڤای سەربازی و تراكتۆرەكان خۆیان لە ملە سورەوە گواستیانیانەوە بۆ قۆڕەتووی نزیك كەلار” قەڵای قۆرەتوو بارەگای فیرقەی پیادەی 21ی تێدابوو, قەڵایەكی سامناك, بەلای كەمەوە نزیك دە هەزار كەس لە ئەنفالكراوانی تێدا كۆكرابوەوە”.
لە ناوچەی داوێ هێرشەكان فڕۆكەی كۆپتەریشی لە گەلدا بووە بۆ گواستنەوەی ئەنفالكراوان بۆ دوز ” سەنتەری لاوان و دوا ناوەندی رەشید “و قۆناغی دواتر شاری تكریت” كامپی سوپای میلی لە تكریت “, ئەنفالكراوە پیرەكانی تكریت و تۆپزاوە یەكسەر گواسترانەوە بۆ قەڵای سەربازی نگرە سەلمان , ئەوانەی لە تەمەنی نێوان 50 بۆ 110 ساڵ بوون, لە سەنتەری لاوان نزیك 2000 كەس كۆكراونەتەوە, لێ نزیك 500 كەسیان خۆیان رزگار كردووە.
سەرەتا گوندنشینەكانیان لە ملە سورەو قولیجانی ئەمین قارەمان و خۆرنەوازان و تاوێركەوەوە ڕەوانەی قەڵا سەربازیەكەی ناحیەی قۆرەتوو و دوز و لەیلان و چەمچەماڵ و قادر كەرەم و كەلار…كران, دواتر بۆ سەربازگەی تۆبزاوەو دوبزو تكریت گواسترانەوە, لەوێشەوە بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان یان قەڵای نگرە سەلمان د دووبز: میدل ئیست ۆچ ملە سورەو فەقێ مستەفاو مەیدان و ئالیاوەو لەیلانی بە سەنتەری كۆكردنەوەی ئەنفالكراوانی ئەنفالی سێ دیاریكردووە.
بەڵام بە پێی وردبینی ئێمە جگە لەو جێگایانەی میدل ئیست دیاریكردووە لە باوە شاسوار لە سنووری گوندی سەرقەڵای سەنگاو, هەزاران كەس كۆكرانەوە لەناو جێگایەك بە شۆفەڵ ساتری لە دەور دروست كرابوو لە بەر باران بۆ ماوەی تا 5 رۆژ خەڵكەكە ماونەتەوە , لە قادر كەرەمیش چەند رۆژێك راگیراون, ئێرەش ناوەندێكی كۆكردنەوەی سەرەتایی ئەنفالكراوان بووە. لە باوە شاسوارەوە بە ئۆتۆمۆبیلی هەمە جۆر گواستراونەتەوە بۆ قایمقامیەتی چەمچەماڵ , دوای دوو رۆژ بە ئۆتۆمۆبیلی داخراو گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەی تۆبزاوە.
لە لەیلانیش بە پێی هەندێك سەرچاوە سەدان گەنجی نێرینەیان یەكسەر بۆ تیرباران بردووە, ئەوانەی كرابونە نا تەلبەندەكەوە, هەرچەندە شایەدحاڵێك كە دوای كاروانی بردنەكەیان كەوتووە بینیویەتی براونەتە ناو سەربازگەی سوپای میللی تۆبزاوەی نزیك سەربازگەی خالید.
لە رۆژی دووشەممە 11-4 بە كاروانێكی گەورەی ئۆتۆمۆبیل ژن و منداڵ و پیری سنوری سەنگاو گەرمیانی گواستەوە بۆ چەمچەماڵ, هەمان رۆژ برانە تۆبزاوە. حەڤدەی مانگیش كاروانەكەی قۆڕەتوو گەیشتونەتەوە تۆبزاوە.
هەرچەندە ئاماری فەرمیمان نییە بۆ ژمارەی ئەنفالكراوانی ئەم پرۆسەیە, وەلێ ئاماری نافەرمی دەڵێت 45777خێزان ئەنفال و ئاوارە كران. ژمارەی ئەنفالكراوان لە سنوری چەمچەماڵ 5645كەس, قادر كەرەم 14863, كەلار 4567, سەنگاو 4922, تیلەكۆ 3680, پێباز 442 كەسن. بە پێی ئاماری سی دی ئی ڤەی ئار كە ئامارێكی نا فەرمی ئەنفالكراوانی كردووە, لە ناوچەكانی ” تیلەكۆ, كەلار, سەنگاو, قادر كەرەم, چەمچەماڵ, دەربەندیخان”, بە پێی ئامارەكەی ئەوان لە شاڵاوەكەدا 43,204 كەس بێسەرو شوێنكراون, 48,45%ی كۆی ژمارەی دانیشتووان ناوچەكە پێك دەهێنن جگە لە ناوەندی قەزاكان, بەلام ئەم ئامارە بە ژمارەی ورد پشت راست نەكراوەتەوە, بە بۆچوونی من ژمارەی ئەنفالكراوانی پرۆسەی ئەنفالی 3 خۆی لە 15 بۆ 20 هەزار هاوولاتی دەدات.
لە پرۆسەی ئەنفالی سێ زیاتر لە 515 گوند و چوار ناوەندی ناحیە” قادر كەرەم, نەوجول,سەنگاو , تیلەكۆ” وێران كران, 430 مزگەوت و 340 قوتابخانە ,17200 ئۆتۆمۆبیل و تراكتۆر و ئامێری جۆراوجۆری هاووڵاتیان وێڕای مەڕو ماڵات و ماڵەكانیان و هەرچی لە گیرفانیان بوو تاڵانی كرا.
ئەنفالی سێ وەك ئۆپەراسیۆنەكانی دیكەی ئەنفال بە لێدانی كیمیاوی دەستی پێنەكرد, تەنها یەكجار لە شەڕی گوندی تازە شاری سەر رێگای دوز – قادر كەرەم لە رێكەوتی 9ی ئەپرێل واتا سێیەم رۆژی پرۆسەكە بەرامبەر بە بەرگری پێشمەرگەكانی حیزبی شیوعی و یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەكار هاتووە”لێرەش جێگای پرسیارە”, تیایدا 22 پێشمەرگە پاش شەڕێكی مێژویی بێ نموونە بوونە قوربانی.
عەلی حەسەن مەجید لە رێكەوتی 13-4-1988 رێنوێنی ژمارە 434ی دەركرد, بە پێی رێنوێنییەكە ئەوانەی خۆیان بە دەستەوە دەدەن, ئەگەر دانیشتووی ناوچەكانی دەرەوەی پرۆسەی ئەنفالی 1 و 2 و 3 بن, ئەوا لای ئەو هێزەی خۆیان تەسلیمی كردووە دەمێننەوە, لێ ئەوانەی خەڵكی ناوچەكانی ئەنفالی 1 و 2 و 3 ن, بە پێی رێنمایی ژمارە 429 ی رۆژی 12ی نیسان مامەڵەیان لە گەڵدا دەكرێت, دەنێردرێن بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئەمن. ئەوانەشی دەنێردران بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئەمن, ناونووس دەكران دەبردران بۆ تۆبزاوا, یان راستەوخۆ بۆ تۆبزاوە, چونكە هەموو ئەم ناوەندانە ئەمن بەڕێوەی دەبردن.
ئەم رێنوێنییە بۆ مانفیستۆی مامەڵە لەگەڵ ئەنفالكراوان و دەرگای جهەنەمی بۆ گیراوانی ئەنفالی خستە سەر پشت, بڕیاری یەكلا كەرەوەی چارەنووس بوو.
لە 19ی مانگ ناوچەكانی ئەنفالی 3 بەتەواوی كۆنترۆڵ كرا, لە 20ی مانگ پرۆسەكە كۆتایی پێ هێنرا, ئەم ناوچە بەرفراوانە لە مرۆڤ و شوێنەواری ئاوەدانی پاككرایەوە, لا دیوارێك بە پێوە نەما, ئەوەشی نەڕوخابوو رۆژانی داهاتوو روخێنران.

لەم پرۆسەیە بەهۆی رۆڵیان لە قڕكردنی هاوولاتیانی سڤیلی ناوچەكە, كۆمەڵێك تاوانبار نیشانەی ئازایەتیان وەرگرت, لە خوارەوە ئەوەی دەستمان كەوتووە دایدەنێین بۆتان.
بە بڕیاری كۆماری ژمارە 808 لە رێكەوتی نۆی ئۆگستی 1988 بە واژۆی صەدام حوسێن سەرۆك كۆماری عێراق, بەهۆی بەشداری ئازایانەیان لەپرۆسەی ئەنفالی سێ لە سنووری فەیلەقی یەك دژ بە سوپای ئێرانی, نیشانەی ئازایەتی بەخشرا بەم 106 كەسەی كە لە خوارەوە ناویان هاتووە:
1- لیوا روكن رەمزی مەحمود عەبدوڵا قائد فق 33
2- عەمید روكن (ق خ ) بارق عەبدوڵا الحاج حنتە قائد قوات حمایە نفگ
3- عەمید الركن سەعد شەمسەدین خالص قائد ق جح د و -1 وكالە
4- عەقید عەلی شانی عودە مدرسە مدم و مستخدم فی مقر قیادە عملیە الانفال
5- عەقید عەلی عەبد غەزال امر مدم فق-23
6- عەقید الركن( ق خ ) امر ل 65 ق خ
7- عەقید ئەمجەد فەتحی حەسەن ش أ د فل 1
8- عەقید مەروان محەمەد عەبدوڵا امر لمش أ -46
9- عەقید الركن باسل عومەر صاڵح چ ر 2 ح ف ح النفگ
10- عەقید ئەكرەم دحام ئەحمەد امر قاگع 1 اژار
11- عقید خچر علی مگر امر قاگع الانتصار
12- عەقید حوسێن محەمەد حەسەن المقر المسیگر المدم ف ق جح د و -1
13- عەقید ( ق خ ) صباح نعیم غچیب امر ل ق خ-66
14- مقەدەم ئیحسان عەبدالڕەزاق جدوع امر ك مع النصر
15- مقەدەم صاڵح خەلیل ئیبراهیم امر لمش -443
16- مقدم (ق خ ) عصمت حمودی علی امر ف 2 ق خ ل -66
17- مقدم ( ق خ ) هادی حسن شهاب امر ف 1 ق خ ل -66
18- مقەدەم خچر محمود مزبان چ ت س الاقدم
19- مقەدەم هاشم كامل محمود چ ر 2 ا س ق ق ح ن
20- مقدم الركن جاسم محمد صاڵح چ ر2أس ق ق ح ن
21- مقەدەم نزهان خیرو عپمان ك مدرعات صلاحدین
22- مقەدەم محەمەد حوسێن شراد س الواجبات الخاصە فل 1
23- رائید وەلید صاڵح مصتەفا ف 1 ل أ-46
24- رائد ( ق خ ) مجید حوسین حمد امر ف 3 ل ق خ-65
25- رائد ( ق خ ) فاچل خلف رحیم امر ف2 ل ق خ-65
26- رائید (ق خ ) اسماعیل مخلف عبد امر ف 1 ل ق خ-65
27- رائد گیار فریق محمد علوان ج گ ج-1 س4
28- رائد گیار عادل عبداڵلە عبید ج گ ج-1 س4
29- رائد گیار عقیل ابراهیم ادهم ج گ ج-1 س4
30- رائد كامل فوزی وسمی ص ر ه ف ق ح ن
31- رائد احمد علاوی احمد امر ف 2 لمش أ-46
32- رائد لگیف مجید محمد امر ك د ب بن الهیپم
33- رائد محمد خلف حرج ف مغ فق-4
34- رائد محسن كرجی رجا صاڵح امر ك د ب -51
35- نقیب (ق خ ) ابا بكر عبداللە اسماعیل ف1 ل ق خ -66
36- نقیب الگیار ایاد عەبدالرزاق عەبدالگیف ج گ ج-1س-30
37- نقیب ( ق خ ) عبدالحمید سلێَمان عبداڵَلە ف 3 ل ق خ-65
38- نقیب حسین حمودی عبد ك مدرعات صلاحدین
39- ملازم اول گیار عبدالكریم جدعان علی ج گ ج -1س-41
40- ملازم اول گیار احمد ابراهیم احمد ج گ ج -1س-2
41- ملازم اول گیار شجاع یاس رومی ج گ ج -1س-2
42- ملازم اول عماد سعید محمد ف 1 مغ فق-4
43- ملازم علی عبدالحسین عگیە ك م م -10
44- ملازم عادل عزیز جاسم بگ خ-982
45- ملازم گیار مخلف سلیمان خلف ج گ ج -1 س- 30
46- مستەشار ئیبراهیم عەلی حاج عەلۆ فەوج 20
47- مستەشار مەدحەت تۆفیق مەنصور فەوج 47
48- مستەشار موعتەصەم عەبدالكەریم حەسەن فەوج 64
49- مستەشار رەفعەت محەمەد عەلی فەوج 25
50- مستەشار رەشید حەمەئەمین عەزیز فەوج 78
51- مستەشار هەڵگورد عەبدالكەریم كەسنەزانی فەوج 83
52- مستەشار محەمەد تاهیر زیناوە فەوج 107
53- مستەشار تەحسین شاوەیس سەعید فەوج 172
54- مستەشار تەیب شێخ محەمەد بەرزنجی فەوج 203
55- مستەشار محەمەد سەلیم قادر عوسمان فەوج 17
56- مستەشار مامند حمد مولود فەوج 51
57- مستەشار زیوك تاهیر سەعید فەوج 58
58- مستەشار سوعاد فەیزوڵا فەوج 60
59- مستەشار تاهیر عەلی عەبدالڕەحمان فەوج99
60- مستەشار خەلیل عەبدوڵا ئیبراهیم فەوج 109
61- مستەشار حەمە رەشید عەبدالڕەحمان فەوج 200
62- مستەشار رەزا تەها محێدین فەوج 211
63- عەدنان عەبدوڵا نەجم فەوج 212
64- ن چ براد جوی هاشم اسماعیل احمد ج گ ج-1س-4
65- ن ع خالید جبار مەحمود فص ح قائد ق ح ن
66- ج اول مپنی علی محمود فص ح قائد ق ح ن
67- جاش شەعبان محەمەد تەها فەوج 20
68- جاش محمد علی البداوی فەوج 20
69- جاش عەبدوڵا زكری فەوج 20
70- جاش هارون تقی فەوج 47
71- جاش عادل حەسەن ئەمین فەوج 47
72- جاش سنكور عەزیز قادر فەوج 64
73- جاش رەحیم محەمەد ئەمین فەوج 64
74- جاش فاتیح عەزیز حەسەن فەوج 25
75- جاش فرعۆ رەشید حەمەئەمین فەوج 78
76- جاش حەمە صاڵح شەریف فەوج 83
77- جاش حاجی رەشید حەمە فەوج 107
78- جاش هادی شاوەیس سەعید فەوج 172
79- جاش محمد گوڵ رەشید محەمەد فەوج 172
80- جاش سیروان ئیبراهیم محەمەد فەوج 203
81- جاش عەبدوڵا عەلی نادر فەوج 203
82- جاش عەبدالكەریم محەمەد سەلیم قادر فەوج 17
83- جاش رەشید مەحمود یاسین فەوج 17
84- جاش عەبدالڕەحیم سەلیم عەبدالقادر فەوج 17
85- جاش عزەت محەمەد صاڵح تۆفیق فەوج 17
86- جاش ئازاد حەسەن ئەحمەد فەوج 51
87- جاش سەعید دیوالی سەعید الدرزكی فەوج 58
88- جاش مەهدی حوسێن سەعید فەوج 58
89- جاش عبدالامیر غەفور وەلی فەوج 60
90- جاش ئەنوەر محەمەد سەعید فەوج 60
91- جاش حەمید رەشید فەوج 60
92- جاش سیود ئەحمەد خورشید فەوج 60
93- جاش السید فازڵ جابر حەسەن فەوج 99
94- جاش رەشید عەبدوڵا ئیبراهیم فەوج 109
95- جاش عەلی رەحیم حەمە خان فەوج 200
96- جاش دارا حەمە رەشید عەبدالڕەحمان فەوج 200
97- جاش سالار ئەحمەد خان فەوج 211
98- جاش كازم فائیق ئەمین فەوج 211
99- جاش صەڵاح محەمەد غەریب فەوج 212
100- جاشی كوژراو عەبدالڕەحمان عیسا عەزیز فەوج 47
101- جاشی كوژراو جەلال كەریم صاڵەح فەوج 47
102- جاشی كوژراو كەماڵ سلێمان جمعە فەوج 47
103- جاشی كوژراو محەمەد رەشید فەوج 47
104- جاشی كوژراو جبار عباس منصور فەوج 47
105- جاش وەهاب ئەحمەد محەمەد فەوج 211
106- “هاووڵاتی سڤیل” عەبدالكەریم ئەحمەد عەلی فەوج 172
( تاكە كەسی سڤیلە لە پرۆسەی ئەنفالی 3 و یەك و دوو چواریش نیشانەی ئازایەتی لە پرۆسەی ئەنفال وەربگرێت).
هەروەها بە بڕیاری كۆماری ژمارە 810 لە رێكەوتی 9-8-1988 بە واژۆی صەدام حوسێن, نیشانەی ئازایەتی بەخشرا بە 3 لە فەرماندەكانی سوپای عێراقی بەهۆی سەركردایەتیكردنیان لە پرۆسەی ئەنفالی 3 كە ئەوانیش بریتین لە ( لیوا روكن رمزی محمود عبداڵلە قائد فرقە 33, عمید الڕكن (ق خ ) بارق عبداڵلە حاج حنتە قائد قوات حمایە النفگ, لیوا ركن (ق خ ) سعد شمس الدین خالص قائد ق جح د و -1 وكالە.
هەروەها ملازم اول امن محمد عباڵلە ناصر لە بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی سلێمانی لە رێكەوتی 20-10-1988 رێزی لێگیرا, بەپێی نووسراوی بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی سلێمانی لە رێكەوتی 28-11-1988 ژمارە 966 كارگێڕی, بەهۆی بەشداری دیاری لە پرۆسەی ئەنفالی سێدا” پێی دەچێت هەمان ئەو ملازم محەمەدە بێت زۆر ناوی دێتە پێشەوە لە پرۆسەی ئەنفال لە ئەمنی سلێمانی).
هەروەها بە پێی بڕیاری كۆماری ژمارە 1014 لە رێكەوتی 3-10-1988 بە واژۆی صەدام حوسێن , ئەمانەی خوارەوە نیشانەی ئازایەتیان پێ بەخشراوە, بەهۆی بەشداری دیاریان لە پرۆسەی ئەنفالی سێ دا:
1- عەقید الركن سامی محمد عیسی امر لمش 444
2- العمید فتاح كەریم فەتاح جاف مستەشاری فەوجی 35
3- العقید الركن فوئاد ئیبراهیم محەمەد ف 18 الی لمع 70
4- العقید الگیار حمید كاگع السعد مستشار گ ح ف 7
5- المقدم الگیار حامد عگیە خوین
6- المقدم خمیس حسن جاسم ف2 ل 444
7- المقدم محمد كاڤم حسن الدراجی ف م 1 فق 1 خ
8- الرائد باسل تركی عبداللە ف1 لمش 1 خ
9- الرائد منژر ابراهیم یاسین ف مغ 1 فق 1 خ
10- الملازم الاول محمد عبالزهرە علی ف 1 لمش 444
11- الملازم الاول عدنان سلمان مصلح ف 1 مخ ف 1 خ
12- الملازم الاول الامن احمد عبداڵلە ناصر امن محافڤە السلیمانیە
13- الملازم الاول سعید حمید خچیر ف 18 لمغ 70
14- الملازم الاول احمد مصگفی شریف ك د ب الكرامە
15- الملازم كریم جاسم شریف ف مغ 1 فق 2 خ
16- الملازم شهاب عزیز حمزە ف مغ 1 فق 2 خ
17- مستەشار ئیبراهیم نەسرەدین عەزیز بەرزنجی
18- مستەشار محەمەد عیسا پیروەیس عیسا جاف
19- مستەشار كسرا محەمەد سەعید جاف
20- مستەشار محەمەد سەعید احمد محەمەد هارۆنی
21- جێگیری مستەشار عەتا عیسا پیروەیس عیسا جاف
22- جیگیری مستەشار عەلی ئەحمەد محەمەد هارۆنی
23- جاش صەباح عەبدالڕەحمان فتاح جاف
هەروەها بە پێی بڕیاری كۆماری ژمارە 1002 لە رێكەوتی 27-9-1988 بە واژۆی صەدام حوسێن نیشانەی ئازایەتی بەهۆی بەشداریكردنیان لە پرۆسەی ئەنفالی 3 بەخشرا بەم 28 كەسەی لە خوارەوە ناویان هاتووە:
1- نەقیب عبد عواد حمدان
2- ملازم مزحام بدیوی محمد
3- ر ع سعد فرید حوسێن
4- العریف جبار جیاد حمزە
5- العریف عباس موسی حسین
6- ن ع رسن خیبر عبود
7- ج م صلاح عبتالحسین علی
8- ج م مسلم حسین علی
9- ج م منعم جواد جاسم
10- ج م هاشم جاسم محمد
11- ج م سامی احمد حسن
12- ج م عبداڵلە رسن داود
13- ج م حسن خلیفە درویش
14- ج م هادی عبداڵلە محمد
15- ج م حسن هادی رجب
16- ج م عبدالحمید عباس جاسم
17- ج م عدنان عبالحسین
18- جاش علی خزعل جبار
19- جاش كریم احمد فتاح
20- جاش خلیل محمد یاوس
21- جاش شێرزاد حەمە صاڵح حەمەئەمین
22- جاش ئەسعەد عەلی حەمە ئەمین
23- جاش صاڵح فتاح كاكە ئەحمەد
24- جاش محەمەد عەلی محمد تاڵب
25- جاش محمد رەئوف سەعید
26- جاش محەمەد عەزیز محەمەدد
27- جاش صفر اسد ابراهیم الجاف
28- جاش خەلیل حەمید عەبدوڵا
هەروەها لە رێكەوتی 3-10-1988 بە فەرمانی 1013 بە واژۆی صەدام حوسێن نیشانەی ئازایەتی بەخشراوە بە العمید الركن عبدالالە حامد العناز قائید فق مش21 بەهۆی رۆڵی لە پرۆسەی ئەنفالی 3دا.
ئەوەی جیایە لە پرۆسەی رێزلێنان لە ئەنفالی سێ, لە پرۆسەكانی ئەنفالی یەك و دوو ئەوەیە, لەم پرۆسەیە كەسێكی سڤیل و دوو ئەفسەری ئەمن رێزلێنانیان بۆ كراوە, هەرچەندە ئەم لیستانەی من بڵاویان دەكەمەوە, تەنها ئەوانەن من دەستم پێیان گەیشتووە, دەشێت لیستی دیكەش هەبن.




دابەشکارییەکی زاراوەی مۆرفیم و جۆرەکانی لە زمانی کوردیدا.. عومەر ئەحمەد عەزیز

زمانی کوردی لە بواری زاراوەسازیی زمانەوانیدا، تا ڕادەیەک کاریتێداکراوە، بەڵام تا ئێستاش تێکەڵی و بگرە ناڕونی لە بەکارهێنان و ناسینەوەی هەندێک زاراوەدا هەیە، ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەم تێکەڵییە تەنانەت لای زمانەوانەکانیشدا هەیە، یەکێک لە هۆکارەکانی فرە زاراوەییە، بۆ یەک زاراوەی زمانەوانی، ئێمە دو، بۆ سێ زاراوەی کوردیمان داناوە، کە بەداخەوە هۆکاری ناوچەگەرێتی و ئایدۆلۆژی تێکەڵبووە، کە من نامەوێ لێی وردببمەوە، ئەمەش بەشێکە لە کۆی سیستەمی کوردبون، کە دژە بە کاری دەزگایی و پابەندێتی بە ناوەندێکەوە بۆ پاراستنی زمانەکە لەم تێکەڵیی و سەرلێشێواوییە، بەهەرحاڵ وتاری ئەمجارەمان لەسەر چەند زاراوەیەکە لە بواری مۆرفۆلۆجیدا، کە ڕەنگە بۆ هەندێک کەس، زۆر ڕون بن و بۆ هەندێکی تر و خۆشم تۆزێک تێکەڵی هەبێت لە بەکارهێنانیدا.

لە مۆرفۆلۆجیدا، مۆرفیمەکان دابەشدەبنە سەر مۆرفیمی بەند/Bound و مۆرفیمی ئازاد/سەربەست/Free
مۆرفیمە بەندەکان دو جۆرن ئەوانەی، کە ڕێزمانین/Inflectional، کە زاراوەی شکێنەرەوەمان لەلایەن( د. محەمەد مەحوی) بەکارهێنراوە و تاڕادەیەک بەکاردەهێنرێت، مۆرفیمی ڕێزمانی یان شکێنەرەوە گشتییە و دەچنە سەر ناو، ئاوەڵناو، کردار، بەڵام ئەوانەی تەنها دەچنەسەر کردار وەکو ئەسپێکت، مود، بەردەوامی…تاد پێیان دەوترێت/ Conjugation، کە دیسانەوە( د. محەمەد مەحوی) زاراوەی چەمێنەرەوەی بەرانبەر بەکارهێناوە، جۆرەکەی تری مۆرفیمی بەند، وشەداڕێژە/ Derivation کە هەڵگوێزەریشی پێدەوترێت، ئەمە بەشێوەیەکی گشتی، بەڵام بەرانبەر ئەو مۆرفیمە بەندانە،چەند زاراوەیەکمان هەیە وەکو:
لاگر و گیرەک، کە هەردوکیان بەرانبەر بە /Affix ی ئینگلیزی دەوەستن، هەر دو جۆری شکێنەرەوە و هەڵگوێزەر دەگرێتەوە، بەڵام بەپێی شوێنی هاتنیان ئەم مۆرفیمە بەندانە، بە تایبەت هەڵگوێزەرەکان ناویان هەیە، لە زمانی ئینگلیزیدا ئەم سێ جۆرەمان هەیە:
Prefix/پێشگر
Suffix/پاشگر
Infix/ناوگر
تا ئێستاش کێشەیەکی وامان نییە، زۆرینە ڕێککەوتوون لەسەر ئەم زاراوانە، بەڵام مۆرفیممان هەیە، لەکاتێکدا بەکاردێن، کە دەربڕین ئاسان بکەن وەکو:
دەرنەبڕدرا/د/ (دەربڕین) ، چاوگە و کە دەکرێتە بکەرنادیار، دەبێت ڕەگ وەربگیرێت، کاتێک ڕەگەکە کۆتایی بە/ڕ/ دێت و مۆرفیمی بکەر نادیاریش /ر/ ئەم دو مۆرفیمە لەبەر ئەوەی فۆنیمیشن، لەڕوی فۆنەتیکەوە، شوێنی دروستبون و شێوازی گۆکردنیان یەکە، بۆ دەربڕین قورسە، لەوێدا ئەو/د/ دروست دەبێت بۆ ئاسانی دەربڕینەکە. ئەمە بۆ هاتوینەتەوە، کردومانەتەوە، خواردرا…تاد یش، هەر ڕاستە.
باشە بەم مۆرفیمانە بڵێین چی: ئەمانە لەڕوی مۆرفۆلۆژیەوە هەڵگری ئەرک نین بۆیە هەڵەشە بڵێین مۆرفیمن، لە زمانی ئینگلیزیدا پێیان دەوترێت/epenthetic کە لە زمانی کوردیدا ناوبڕ بەکارهاتووە، بەڵام وەکو جۆرێکی مۆرفیم لێکدراوەتەوە.

جۆرێکی تری مۆرفیممان هەیە، کە وشەداڕێژە/ هەڵگوێزەرە، وشەی نوێ دروستدەکات، شوێنەکەی لە نێوان دو مۆرفیمی ئازادە وەکو:
هێلکەوڕۆن/و/ شانبەشان/بە/ ، ئایا بەمانە دەوترێت چی؟
ئەوەی هەیە تا ئێستا پێیان دەوترێت ناوبەند، کە لە ئینگلیزیدا، زۆر بەکەمی هەیە. یان نییە و پێی دەوترێت /interfix، جۆرێکی تر لە مۆرفیمە وشەداڕێژەکان، هەن، کە وشەی لێکدراو دروستدەکەن و بەهەمان شێوەی ناوبەندەکان دەکەونە نێوان هەردو بەشی وشە لێکدراوەکە، ئەمانە هەر Interfix ن، واتە وشەهەڵگوێزەرن، لە کوردیدا پێیان دەوترێت، مۆرفێمی بەستێنەر، کە وشەی لێکدراوی بەستراو دروستدەکەن، ئەم زاراوەیە، د. محەمە مەعروف بەکارهێناوە، وەکو /و/ لە. تەپاوتل، یاڵەویاڵ، گەنموجۆ، شلەوبرنج، تەپوتۆز، بەڵام لەبەرئەوەی ئەمانەش هەر ئەرکیان داڕشتنی وشەی نوێیە، باشترە، مۆرفیمی بەستێنەر بەکار نەهێنرێت.
هەروەها ئەگەر مۆرفیمەکە ئەرکی بەستنەوەی دو فرێز، دو پارچە/cluse ، یان ڕستە بوو، دو جۆرن ئەوانیش مۆرفیمی (لێکدەر و مۆرفیمی گەیەنەر)ن، کە بەرانبەر بە /Coordinating Conjunctions
و Subordinating Conjunctions دەوەستن،
زاراوەیەکی ترمان هەیە، کە ئەویش مۆرفیمی نێوانگرە، کە بەڕای ئێمە هەر، ناوبەندەکەیە، ئەگەریش مەبەست لێی ناوبڕ بێت، ئەوا دەبێت یەکێکیان بەکاربهێنین، هەر لەبارەی مۆرفیمی بەندەوە، جۆرێکی ترمان هەیە، کە پێیان دەوترێت نوسەک/ Clitic، ئەم مۆرفیمانە لە زمانی ئینگلیزیدا بۆ خاوەندارییەتی بەکاردەهێنرێن و زۆرجار بەهۆی ئەو کۆما بچوکە دەناسرێتەوە، کە پێی دەوترێت ئەپۆسترۆفی، ئەمانە ئەرکیان دەربڕینی خاوەندارێتی و گەیاندنی دو وشەیە بەیەکتر، بەڵام هەر وەکو دو وشەیە سەربەخۆ دەمێننەوە، وەکو:
John’s book
She’s happy”
n’t. not
“doesn’t,” “can’t,” “won’t”
‘ll (will
“I’ll go,” “they’ll come”
‘m, ‘re, ‘ve (am, are, have
“I’m tired”
“We’re ready”
“I’ve finished”
لە زمانی کوردیدا، جێناوی لکاوی کۆمەڵەی( م-مان ) بەم ئەرکە هەڵدەستن، بۆیە زۆرجار پێیان دەوترێت جێناوی خاوەندارێتی، بۆیە زمانەوانەکان بەم کۆمەڵەیە ئەڵێن نوسەک:
باوکم، خانوەکەمان…تاد.
کە ئەگەر پڕاوپڕ بەرانبەر بە جیاکارییەکەی زمانی ئینگلیزیش نەوەستێت، لانی کەم لەگەڵ خاڵی یەکەمدا دەگونجێت کە دەربڕینی خاوەندارییە.
دو جۆری تری مۆرفیم هەیە، کە ئەوانیش مۆرفیمی سفر/Zero و مۆرفیمی بۆش، بەتاڵ/Empty morpheme ، یەکەمیان دەرناکەوێت بەڵام ئەرکەکەی هەستیپێدەکرێت، دووەمیان واتە مۆرفیمی بۆش دەردەکەوێت، بەڵام هیچ ئەرکێکی نییە و دەکرێت لاببرێت، هەرچەند ئەمەش دژ بە بیرۆکەی مۆرفیمە، کە مۆرفیم بە بچوکترین، دانەی زمانی ناودەبات، خاوەن ئەرک و واتایە وەکو:
ئەو هات. ( مۆرفیمی بەندی ڕێزمانی ڕێککەوتنی کەسی سێیەمی تاک دەرنەکەوتووە، بەڵام هەست بەبوونی دەکرێت).
لە شێوەزاری سلێمانیدا دەوترێت : هاتنەوە/ هاتمەوانێ/وانێ/ هیچ ئەرکێکی نییە.

لە مۆرفیمە ئازادەکان دا چەند زاراوەیەکی ترمان هەیە لەوانە:
Base/ بناغە
root/ڕەگ
steam/قەد
ڕەگ، بریتییە لەو مۆرفیمەی، کە هەڵگری واتای سەرەکییە، بەبێ هیچ مۆرفیمێکی بەند، وەکو زمان، شاخ، ئاو …تاد
قەد، دوای لابردنی هەموو مۆرفیمە شکێنەرەوەکان دەمێنێتەوە وەکو :
کوڕەکە: کوڕ
بناغە، بریتییە لە ڕەگ و مۆرفیمی هەڵگوێزەر، کە دەبێتە بنەما و بناغە بۆ وشەی نوێ:
(ئاشەوان)بناغەیە بۆ ( ئاشەوانی)
کەواتە ئێستا ئێمە ئەم زاراوانەمان هەیە:

لاگر، گیرەک/Affix
ئازاد، سەربەست/Free
بەند/Bound
پێشگر/prefix
پاشگر/suffixie
ناوگر/infix
ناوبەند/interfix
ناوبڕ/epenthetic
شکێنەرەوە/inflection
چەمێنەرەوە/conjugation
نوسەک/Clitic
سفر/Zero
بۆش، بەتاڵ/Empty
بناغە/Base
ڕەگ/Root
قەد/Steam
لێکدەر/Coordinating
گەیەنەر/Subordinating

پ. ی. د. عومەر ئەحمەد عەزیز
زانکۆی گەرمیان/ کۆلێجی پەروەردە
بەشی کوردی




هەڵبژاردن لەنێوان بایکۆت وبەشداریداو چەند سەرنجێک!.. تاهیر عیسا

هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەڕلەمانی عێڕاق لە یانزەی نۆڤەمبەر، واتە سێ ڕۆژ لەمەوبەر بەڕێوەچوو.
هەرچەندە هەڵبژاردن کراو بۆ خولی داهاتوو کۆمەڵێک لایەن وەک دەورانی ڕابردوو، شەرعیەتی حوکمڕانیان لەم ڕێگایەوە پێدرایەوە.
من لێرەدا نامەوێت قسە لەسەر دەوری پەڕلەمان و کاریگەریی پەڕلەمان لەسەر ژیان و گوزەران وداهاتوی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و ژنان وپیاوانی ئازادیخوازو یەکسانیخواز بکەم، چونکە بەتەجروبە ئەم بابەتە بۆ زۆرینەی خەڵک ڕوونبۆتەوە کە پەڕلەمان لەعێڕاق وکوردستاندا، تەنیا سیناریۆی بۆرژازییە بۆ ڕازاندنەوەی ئەوەی پێی دەوترێت دیموکڕاسی و پلۆڕالیزم، لەو ڕێگایەشەوە توانیویانە بازاڕی دزی وفزی وتاڵانی لەژێر پەردەی دیموکڕاسی وفرەڕەنگیدا بشارنەوەو خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش ئومێدێکی بۆ ئاڵ وگۆڕ لەم ڕێگایەوە و لەڕێگای ئەوانەشەوە کەهەر دەورانە بەناوی نوێنەرایەتی خەڵکەوەدەڕۆنە ناو ئەم بازاڕە پیسخۆریەوە، نەماوە، هەربۆیەش ڕێژەی بایکۆت و دەنگی سوتاو زۆرینەی ناو ئەم بازاڕەبووە لەم چەند هەڵبژاردنانەی دەیەو نیوێکی ڕابردووی عێڕاق وکوردستاندا.
ئەوەی من گەرەکمە لێرەدا شتێک بڵێم پەیوەستە بەبابەت و جەدەلی بەشداری و بایکۆتی کۆمۆنیستەکان لەم خولەدا.
هەرچەندە ئەم جارەش دۆڵ دڕاو تەقەی بڕا، بەڵام پڕۆسەکە لەداهاتوشدا هەر بەمجۆرە بەردەوام دەبێت، بۆیە قسەکردنیش لەسەر ئەم بابەتە هەر بەزیندویی خۆی ماوەتەوەو دەمێنێتەوە.
بەڕای من بەشداری کردن و نەکردن، بۆهەر هێزێکی سیاسیی یان هەر کەس ولایەنێک لە هەر هەڵبژاردنێکی عێڕاق و کوردستاندا، سەنگی مەحەک نییە بۆ دروستی ونادروستی و هەڵەو ناهەڵەیی، یان بۆ کۆمەڵایەتی بوون و حاشیەبوونی ئەو هێزە یان ئەو کەس ولایەنە، بەڵکو، هەر لایەنەو هێزە لەڕوانکای دنیابینینی و بەرژەوەندییە سیاسیی و ئابووری وکۆمەڵایەتیەکانی خۆیەوە، دەتوانێت هەڵسەنگاندن لەسەر بەشداری یان بایکۆت بکات.
بۆ هەر کرێکارێک یان زەحمەتکێشێک ،بەشداریکردن لەهەڵبژاردنەکاندا، دەبێت پەیوەست بێت بە بە بەرژەوەندییە مادی و حقوقی و یاسایی و سیاسییەکانی ئەم چینەوە، کە نەیتوانی ئەمانە بۆ ئەم چینە دەستبەربکات، بێ سێو دوو ڕێگای بایکۆت و سوتاندنی دەنگەکەی دەگرێتەبەر، ئایا هەر هێزێکی سیاسیی کە خۆی ئیدیعای پاراستن وبردنەپێشی خەبات لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانی دەکات، چپاساوێکی ڕەواو بەرحەقی هەیە، کە نەتوانێت ئاوێزانی خولیاو خەونەکانی بێت، جگە لەحاشیەیی و پێ لەهەوایی!؟
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێڕاق لە ساڵی دووهەزاردا بەیەک لیستی هاوبەش لەگەڵ یەکیەتی نیشتمانی کوردستاندا، بەشداری لەهەڵبژاردنی یەکیەتی مامۆستایانی کوردستاندا کردو دوای ئەوەش لەسەر مەبنای نەتیجەکانی ئەو هەڵبژاردنە کەلیستەکە زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری خۆشباوەڕکرد بەوەی لەهەڵبژاردنی شارەوانیەکاندا بەلیستی سەربەخۆ دابەزێت، کەبەداخەوە من خۆم یەکێک بووم لەچاوێرەکانی یەکێک لەبنکەکانی هەڵبژاردن لەقوتابخانەی بیتوێن لەڕانیەو مامۆستا حەوێز کە بەرپژێربوو بۆ شارەوانی ڕانیە، وێڕای ئەوەی لەڕانیە کەسایەتی ناسراوی چەپ وکۆمۆنیست بوو، بەڵام دەنگەکانی لەپەنجەکانی دەست واوەتر نەچوون، لەسلێمانیش وەزع خراپتر بوو.
دوای ئەمە ببڕای ببڕ، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێڕاق کەوتە بایکۆتی هەر هەڵبژاردنێکی دوای ئەم دەورانە..هۆکارەکەی بێئیعتیباربوونی چەپ وکۆمۆنیزم و ئازایخوازیەک بوو، کەحیزب لەو دەورانەدا ئیدیعای نوێنەرایەتی بوونی دەکردو هەربۆیەش دواتر حیزب بایکۆتی بەڕێگایەکی موڕتاحترو کەم ئیحڕاجتر دەبینی لەچاو بەشداریکردن لەپێگەیەکی کۆمەڵایەتی لاوازدا، ئەو سەردەمە پاساوێک بۆ بایکۆت جگە لەلاوازی پێگەی کۆمەڵایەتی حیزب هیچ بابەتێکی تر لەئارادانەبوو. لێدان لەحیزبیش لەچواردەی تەموزی هەمان ساڵدا، هۆکارەکەی ئەگەر هەمووشی نەبێت بەڵام یەکێکە لەو هۆکارانەی یەکیەتی لەڕێگای ئەو هەڵبژاردنەوە هێزی کۆمەڵایەتی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێڕاقی ناسی و لەو هێرشەشدا بۆ سەر حیزب و کوژرانی پێنج هاوڕێی کۆمۆنیست لە سلێمانی سڵی لەوە نەدەکردەوە تەفاعولێکی جەماوەری لەبەرامبەریدا سەرهەڵبدات وبەئاسانی دەستی چووە لێدان لە حزب و بەیاساغکردنی هەڵسوڕانی سیاسییان.
ئەگەر لەم دەورانەی ئێستاشدا، هەر کەس ولایەنێک پێی وابێت، فەزا کراوەیەو هەڵسوڕانی سیاسیی کۆمۆنیستەکان لەمپەری لەبەردەمدا نییە، بەبڕوای من کەوتۆتە هەڵەوە، سەرباری ئەوەی هەڵسوڕانی سیاسیی کۆمۆنیستەکان لەهیچ دەورانێکی مێژووییدا سڵی لەوە نەکردۆتەوە جیهانبینی خۆی ڕووبەکۆمەڵگا بەیان نەکات، لەخراپترین دەورانی خەفەقان و سەرکوتیشدا، کۆمۆنیستەکان هەمیشە شەبەحێک بوون لەکۆمڵگادا بەسەر سەری بۆرژوازی ودەسەڵاتەکەیدا هەربۆیەش کاریگەری ئەو شەبەحە لەڕێگای خەون وخولیای کرێکاران زەحمەتکێشان و بێبەشان و خواست وداواکاریەکانیاندا بەسەر سەری بۆرژوازیدا ڕەنگی داوەتەوە.
بزوتنەی ناڕەزایەتی یەکی تشرینی یەکەمی ۱۹۱۹، کە خەریک بوو دژی بەرژەوەندیەکانی هەیمەنەی دەسەڵاتی ئاخوندەکانی ئێران و میلیشیا شیعەکانی دەسەڵات دەوەستایەوە، کیفایەتە بۆ ئەوەی بتوانین لەوە تێبگەین کە لەعێڕاقدا کەمترین دەرفەتی ئازادی وهەڵسوڕانی سیاسیی هەیە، ڕوبەڕوی وەحشیانەترین شێوەی سەرکوت بووەوە، هەڕبەڕەقەم لەو بزوتنەوە ناڕەزایەتیەدا جەماوەریەدا ۷٤۰ خۆپیشاندەرکوژران، زیاتر لە حەقدە هەزار کەس بریندارکران کە لەناویاندا سێ هەزار کەس کەهەر بەقسە ئاسانە بوترێت، بەڵام پەککەوتەو شەل و کوێرو بێ قاچ بوون و کەوتونەتە سەر جێگاو کراونەتە خاوەن پێداویستی تایبەت!؟
ئەمڕۆ ئەوەی کەلێرەو لەوێدا بەیاننامەیەک دەخوێندرێتەوەو چوار کەس لەشوێنێک گرد دەبنەوەو لێدوانێکی ڕۆژنامەوانی دەدرێت مانای ئەوە ناگەیەنێت فەزای سیاسی ئاوەڵەیە، بەڵکو بۆرژوازی دەسەڵاتداریش و میلیشیاکانیان دەتوانن لەوە تێبگەن، کە لەکوێدا ئەوان ڕوبەڕوی مەترسی و بەرژە،ەندیەکانیان دەکەوێتە مەترسیەوە، بۆیە ئەگەر پێتان وایە، لەوڕێگایەوە دەتوانن ئومێدێک بۆ ئاڵ وگۆڕ بەدەست بهێنن و فەزای سیاسیی و یاسایی کراوەیە خەیاڵ پڵاویێە، هەرکاتێک تۆ لەو ڕێگایەوە بگەیتە ئەو ئاستە کە خەریکە ئومێدێک بۆ ئاڵ وگۆڕ بەدەستدەهێنی، لە کون فەیەکونێکدا وەک یاری مارو قادرمە دەتهێنەوە خاڵی سفرو نائومێدی و دڕدۆنگی و ڕەشبینیش دەبێتە مۆتەکەی سەر سەری بزوتنەوەکە، هەروەک بروتنەوەی تشرین دوچاری هات و ئێستا باسێک لەو بزوتنەوەیە لەڕوی ڕێکخراوەییەوە نەماوە، ئەمەش هۆکارەکەی، ئەگەر لەلایەک سەرکوتکاری دەسەڵاتی شیعەگەرای عێڕاق بووبێت لەلاکەی تریەوە پەیوەستە بەوەی نەیتوانیوە لە شوێنی ژیان کارو گەڕەکدا خۆی ڕێکخراو بکات.
کۆمۆنیستەکان، بەپێی مەنتق پێویست بوو نفوزی کۆمەڵایەتیان لە شوێنی کارو ژیانی کرێکاران وبێبەشان وزەحمەتکێشانی کۆمەڵگادا بێت و چالاکی سیاسییان لەوێدا ڕەنگبداتەوە.
بەڵام بەپێجەوانەوە بزوتنەوە سیاسیە بۆرژوازی وکۆنەپەرەستەکانی دیکە لەناو چینەکەدا ڕیشەی بەرین وبەربڵاویان داکوتاوە، کەوەک هێزێکی ماتریاڵی گرنگ لەزۆر دۆخ وهەل و مەرجی جیاوازدا، دەتوانن کەڵکی لێوەرگرن، کەتۆی کۆمۆنیست لەوێدا بونت نەبێت، بتەوێت ونەتەوێت تۆ لەحاشیەدای، هەر جۆرە ئیدیدعایەکت بۆ لەمەیداندابوونت بەدەر لەم پێگەیە، نیشانەی ئەوەیە کە تۆ لەو ڕێگایەوە مۆری ناکامی خۆت لەخۆت وبزوتنەوەکەت داوەو لەحاشیەدای.

ئەگەر لەم دەورانەشدا ڕەوتە کۆنەپەرستە شیعیەکان وەک نمونە وەربگرین، سەدر وەک بایکۆت لەگەڵ ڕەوتە بەشداربووەکانی دیکەی وەک لیستی حقوقی سەربەحیزبوڵاو لیستی سادیقون و خەدەمات وبەدرو ئەوانی تری ناو حەشدی شەعبی ، تۆزقاێک لەڕووی چینایەتیەوە لەیەکتر جیاناکاتەوە، نەسەدر لەڕوانگەی کرێکارێکی عەڕەبزمانی ناسنامەشیعەمەزهەبی وشیارەوە نوێنەرایەتی ئەو دەکات، نەئەوانی دیکەش وەک بەشدار ناتوانن نوێنەرایەتی ئەو بکەن.
بەڵام هەریەک لەم ڕەوتانە بەهەردوو بارەکەی بەشداری وبایکۆتدا دەتوانن کاریگەری لەسەر هەڵخڕاندن و جوڵاندنی هەست ونەستی دەنگدەرانێک بکەن کەئەم ڕەوتانە توانیویانە لەچوارچێوە کۆمەڵایەتیەکەیاندا بوونێکی بەرفراوانیان هەبێت و خەڵکیان خستۆتە ژێر کاریگەری ئایدیاو ئایدۆلۆجیاو جیهانبینیەکانی خۆیانەوەو لەم سیراع وململانێ سیاسیی وئابووری ویاسایی و کۆمەڵایەتیانەدا بەقازانجی خۆیان بەهرەبەرداری هێزە ماتریالیەکەی بکەن.
بۆ هێزەسیاسیی وکۆمەڵایەتیەکانی تریش بابەتەکە هەر بەمجۆرەیە، بەتایبەت کۆمۆنیستەکان!؟
ئەگەر هەر لایەنێکی سیاسیی چەپ وکۆمۆنیست. هەڵبژاردن وەک کەناڵێک بۆ خۆناساندن و گەیاندنی تێڕوانین و دیدگاو نەخشەڕێگاسیاسییە ئابووریەکەی وەک تاکتیکێکی کاراو گونجاو دەبینێت، بەهەمان ئەندازەش دەتوانێت بایکۆت وەک کەناڵێکی کاراو زەمینەیەکی کارساز بۆ گەیاندنی جیهانبینی و دیدگاسیاسی ونەخشەڕێگاکەی بەکاربهێنێت!؟
لەهەردوو بارەکەدا دەوەستێتە سەر ئەوەی ئەو هێزە چەپ و کۆمۆنیستە چەندە ماتریالی ئینسانی بۆ گەیاندنی نەخشەڕێگاکەی لەبەردەستە!؟
لێرەدا ئەو هێزەی ئیدیعا دەکات و دەڵێت ئێمە خۆمان ناشارینەوە تەنیا بەبەیاننامەو فەیس بووک ئیکتیفا ناکەین و ڕاستەوخۆ دەچینە شەڕەکەوە، لەهەمان کاتدا دەتوانێت بەهەمان نەفەسیشەوە لەدۆخی بایکۆتیشدا ڕاستەوخۆ بڕواتە شەڕەکەوەو لەوێدا هەم دەتوانێت نوێنەرایەتی هەموو ئەو ملیۆنان مرۆڤانە بکات کە لەدۆخی مەوجودی دەسەڵاتدارێتی بۆرژوازی ناڕازین و بایکۆت دەکەن لەنائومێدیدا، ڕێکیان بخات، کەنەتوانێت ئەمە بکات، ناشتوانێت لە ناو زەمینەکەی ترەوەو لەوێدا لەپاڵ گورگەبۆرەکاندا کەهەزارو یەک وەسیلەی کاراو کارسازیان لەبەردەستە و کەڵبەیان هەمیشە بۆ شەڕی ئەوانەی دەکەونە بەرامبەریان و مەترسی بۆسەربەرژەوەندیەکانیان دروست دەکەن، لەخەنجەرتیژترەو وەک کاریلەیەکی بێ ئەزموون و بێتوانا ناتوانن بمێننەوەو بەرگەبگرن، دواجاریش هەیبەت و هەیمەنەی سەداو دەنگی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی لەو مەیدانەدا لەجیاتی ئومێد بەخشین نشست و ناڕەحەتی ونیگەرانی و ڕەشبینی دروست دەکات.
بەڵام ئەگەر هێزێکی سیاسیی چەپ یان کۆمۆنیست ئیدیعای ئەوە دەکات، کە بەشداریکردن ڕێگایەکە بۆ ئەوەی لەو ڕێگایەوە بەدەسەڵاتداران بڵێی کە پەڕلەمانەکەتان پوچ و بێکەڵکەو پەڕلەمان ڕێگایەک نییە بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵک لەو ڕێگایەوە دەورو نەقشیان بێ ئیعتیبار بکەی، وەک ئەوە وایە، لیژنەی چاودێری ته ندروستی شارێک کاتێک دەزانێت خواردنگەکانی ناو شار مەرجی تەندروستییان تێدا نییە، ئەگەر دەسەڵاتی ئەوەشی نەبێت یان گونجاو نەبێت هەموویان دابخات، لانی کەم لەجیاتی ئەوەی هەوڵبدات خەڵکی ڕو لەو خواردنگانە نەکەن و وشیاری تەندروستی لەبارەی جۆری خواردنەکان و شێوازی ئامادەکردنیان بۆ خەڵک ڕونکاتەوە کە زیابەخشن بۆتەندروستی و پێویستە خەڵک ڕویان تێنەکات وبایکۆت بکرێن، پێچەوانەی ئەوە لیژنەکەبڕوات خۆیان تێر بخۆن و بەخەڵکیش بڵێن خواردنگەکان مەرجی تەندروستییان تێدا نییە!؟

تاهیر عیسا
۱٤/۱۱/۲۰۲٥




ڕەسەن و ناڕەسەن.. نەوزاد بەندی

ڕۆژانە گوێمان لە زاراوەی ڕەسەن و ناڕەسەن ئەبێ، لە مرۆڤەکاندا، لە ئاژەڵ و تەنانەت لە ڕووەکەکانیشدا ..
ئەووترێ فڵان کەس ناڕەسەنە، پارێزگاریی لە ئازایەتیی و وەفاداریی و سەرڕاستیی و نیشتمانپەروەریی باب و باپیرانی نەکرد .. یان فڵانە ئەسپ ناڕەسەنە ..فیسار دارگوێز ناڕەسەنە ..
لە ڕاستیدا ڕەسەن و ناڕەسەن دوو سیفەت نین، بەڵکو دوو سیفەتگەلن..
لە دنیادا دوو جۆر بەها و دیاردە هەن، گۆڕاو و نەگۆڕاو.. دیاردە گۆڕاوەکان هەموو شتە ماددیەکانن، بۆ نمونە پێش سەد ساڵ، خانوو لە قوڕ دروست ئەکرا و بە دار سەری ئەگیرا و سەقفەکەیشی قوڕ بوو، بە باگردێن ئەپەسترایەوە بۆ ئەوەی فشەڵ نەبێ و درز نەبات و بارانی لێوە نەیەتە خوارەوە.. پاشان بوو بە خشت .. بەرد ..کۆنکرێت.. بلۆکی دژە سەرما و گەرما و دەنگ.. پلاستیک.. ئەلەمنیۆم و ئەسترۆپۆڵ و کاشی و لامینات و جۆرەها کەرەستەی نوێی بیناسازیی هاتنە ئاراوە، ئەمە پێی دەووترێت پێشکەوتن و پێویستە لەسەرمان پابەند بین پێیانەوە و لێیان سودمەند بین.. بە هەمان شێوە عەرەبانە کە ئەسپ ڕای دەکێشا، بوو بە پاسکیل و مۆتۆر سکیل و ئوتومبیلی سەرەتایی و فڕۆکە و شەمەندەفەر و میترۆ و تراموایی و ئوتومبیلی ئەلەکتریکی پێشکەوتوو.. ووزە لە سوتاندنی دار و خەڵوزەوە، گۆڕا بۆ ووزەی گاز و نەوت و پێکهاتەکانی، پاشان سۆلار سێڵ هاتە ئاراوە.. هەروەها پەیوەندی مرۆڤەکان لە هۆرە و نامە لە ڕێی کۆتر و تەتەر و داهێنانی تەلەفۆنی تەلدار و پۆستی کاغەز و پۆستی ئەلیکترۆنیی و ئیمەیڵ و فاکس و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و تەلەفۆنی بێتەل واتا مۆبایل هەنگاوی خێرا و یەک لەدوای یەکی نا، ئەم شتانە جێی شانازیی میللەتان و مرۆڤایەتیین و هەمووان لەسەریان کۆکن و ژیانی مرۆڤەکانی ئاسان و خۆش کردووە ..
هەمان کات کۆمەڵێک بەها و دیاردە هەن، کە ناکرێ بیانگوڕین، چونکە بە بەها و دیاردە جێگیرەکان دادەنرێن، وەکو وەفا و ئازایەتیی و ڕاستگۆیی و مەردایەتیی و خۆبەختکردن و بیروباوەڕ و نیشتمانپەروەریی و خۆنەویستیی و پاک و خاوێنیی و داوێن پاکیی و ڕەوشت و دەستگرۆیی هەژاران و بەزەیی و غیرەت و هەندێ بەها و دیاردەی تر کە جێگای شانازیی مرۆڤایەتین و ناکرێ دەسکاری بکرێن، چونکە قابیلی دەسکاریکردن نین، بۆ نمونە ڕاستگۆیی چۆن دەستکاریی دەکرێت لە کاتێکدا خۆی دیاردەیەکی جوان و بێ کەم و کوڕییە .. یان وەفاداریی و داوێن پاکیی و خۆبەختکردن، ئەمانە هیچیان کەم نییە تاکو چاکسازییان تێدا بکرێ و پێش بخرێن.
ئەم بەها جێگیرانە ناکرێ گۆڕانکارییان تێدا بکرێ، کڕین و فرۆشتنیان پێوە بکرێ، بکرێنە ئامێرێک بۆ هەڵخەڵەتاندن و بە لاڕێدا بردنی خەڵک ..
هەر بۆیە ناڕەسەن کەسێکە دەستکاریی بەها جێگیرەکانی مرۆڤایەتیی بکات و بە هۆیەوە هەوڵی خۆسەپاندن و فریودانی ئەوانی تر بدات.
ئەووترێ داگیرکەران ناڕەسەنن، چونکە بە جۆرەها دروشمی درۆ و هەڵخەڵتێنەرەوە، میللەتانیان تەفرە داوە و دەستیان بەسەر ژیان و داهات و هیوا و مافەکانیاندا گرتووە..
کەسانی ناڕەسەن، بەردەوام بەها بەرزەکانیان تێدا ئەگۆڕێ، دەستپاکیی باب و باپیرانیان ئەکەن بە دزیی و گەندەڵیی و مافیاگەرێتیی.. نیشتمانپەروەریی و خۆبەختکردنی باب و باپیرانیان تێک دەدەن و ئەیکەنە خۆفرۆشیی و جاشایەتیی و کاسەلێسیی و ئەڵقەلەگوێیی بۆ دوژمنانی میللەتەکەیان.. دەستپاکیی و وەفاداریی و دڵسۆزیی باب و باپیرانیان ئەگۆڕن بە گەندەڵیی و بێ متمانەیی و دوژمنایەتیی هاونیشتمانیان .. ئارامیی ئەگۆڕن بە ترس و نائومێدیی.. هاوژیانیی و هاوسفرەیی ئەگۆڕن بە چینایەتیی و دووبەرەکیی و ..خۆیان و خێزان و بنەماڵەکانیان لە هاوزمانەکانیان جیادەکەنەوە، بۆ خۆیان بەهەشت و بۆ هاونیشتمانەکانیان دۆزەخ دروست ئەکەن .. ئاین و ڕەوشت و داب و نەریتی کۆمەڵگا ئەشێوێنن و .. ئەیکەنە بێ دینیی و بەدڕەوشتیی و لەشفرۆشیی و تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتیی و خێزان ..بۆ ئەوەیش بەردەوام درۆی شاخدار و هەڵخەڵەتاندن بەکاردێنن.
ناڕەسەنەکان ئەوانەن لە مرۆڤایەتیی باب و باپیر و میللەتەکانیان لادەدەن، لە پێناوی مانەوەیان لە پێگەیەکی بازرگانیی یان ئاینیی و سیاسیدا، واتا لای ئەوان پێگە جێگیرە بەڵام شەرەف و کەرامەت و پیاوەتیی گۆڕاوە و ئەبێ لە خزمەتی پێگەدا بن.. لە پێناوی کۆشک و فڕۆکەی تایبەت و ملیارەها دۆلاری دزراودا، کە شتگەلێکی ماددی و گۆڕاون، هەموو بەها جوانە میللیی و مرۆڤایەتییەکان ئەکەنە قوربانیی و تێک و پێکی دەدەن ..
ئیتر ئاین و ئەدەب و هونەر و جوانیی و پاکیی کۆتاییان دێت .. داهێنان و بەرهەمهێنان و ماف و ئەرک و پێشکەوتن، هەرەس دێنن.. ئاشتی کۆمەڵایەتیی و برایەتیی و هاوخەمیی و هاوژیانیی کۆتاییان دێت.
کێشەی هەرە گەورەی کۆمەڵگا داگیرکراوەکان ئەوەیە، لە ڕێی داگیرکەرە زەبەلاحەکانی دنیاوە، دەسەڵاتگەلێکی ناڕەسەن دەکەن بە فەرمانڕەوایان، پێگەی سیاسییان ئەژارێزن له بەرامبەر دەستکاریکردنی هەموو بەها جوان و جێگیرەکانی کۆمەڵگا، کورسی دەسەڵاتۆکەکانیان بۆ جێگیرئەکەن لە بەرامبەر دزینی هەموو داهاتە ستراتیجییەکانی نیشتمان، ئەوسا ئیتر ڕۆژ بە ڕۆژ ئەو کۆمەڵگایانە بە کاری ژیانکردنی مرۆڤی بەشەرەف نامێنن.. کۆمەڵگایەکی نامۆ بە خۆی دێتە ئاراوە، تیایدا شتە گۆڕاوەکانی وەک پارە و پلە و پۆست پیرۆز و جێگیر و تاپۆ دەکرێن لەسەر چەند دەستە و تاقمێکی ناڕەسەن، لە هەمان کاتدا بەها بەرز و جێگیر و نەگۆڕەکانی کۆمەڵگا ئەگۆڕن و ئەشێوێنن .. ئەوانەیشی بەرگریی دەکەن، لە ڕێی زیندان و تیرۆر و ترس و ڕاوەدوونانەوە،ئەیانفەوتێنن .

ناڕەسەن بازاڕ و متمانە و خزمایەتیی و دراوسێیەتیی و غیرەت و بەرگریی و شۆڕش هەرەس پێدێنێ، ئەیانکا بە هەڵخەڵەتاندن و قۆڵبڕین و دوژمنایەتیی و بێ منەتیی و خۆپەرستیی و کۆیلایەتیی و سەرشۆڕیی و کۆڵدان و خۆبەدەستەوەدان ..
دەزگا و دامەزراوە ڕەسەن میللییی و گشتییەکانی ووڵات ئەپوکێنێتەوە، لە بەرامبەردا دەزگا و دامەزراوەی پریڤەیت و گیرفانبڕ و خوێنمژ بنیات دەنێت، واتا ڕۆژ بە ڕۆژ ووڵات لاواز و هەژار و نەخۆشتر ئەبێ و ..خێزانی ناڕەسەنی فەرمانڕەوایش، ملئەستووتر و دەوڵەمەندتر و بەهێزتر.
هەر بۆیە ئەندازیارێکی ژاپۆن بە ئەندازیارێکی ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاستی وتبوو : ئێوە خەڵکێکی ڕەسەنن لەگەڵ کەمینەیەکی ناڕەسەن، بە پێچەوانەی ئێمەوە کە زۆرینەیەکی ناڕەسەن و کەمینەیەکی ڕەسەنین، بەڵام ئیمە کەمینە ڕەسەنەکە فەرمانڕەوان و ئێوە کەمینە ناڕەسەنەکە بوونەتە فەرمانڕەواتان !!! ئەوەیش شۆڕشێکی خوێناویی ئەوێت، چونکە ناڕەسەن کە دەسەڵاتی پەیدا کرد، لە ڕێی ڕۆژنامە و ڕاگەیاندن و سندوقی دەنگدان ومانگرتنەوە لاناچێت..وەک برینێک وایە، ئەبێ لە ڕەگەوە دەربهێنرێ ..
هەر بۆیە حاڵەتی ناڕەسەنایەتیی لە ئاستی تاکدا شتێکی نامۆ و ترسناک نییە، بەڵام کاتێ ناڕەسەن ئەبێتە فەرمانڕەوا، ئا لەوێدا ئیتر ترسناکیی و وێرانکاریی و وێرانبوونی داب و نەریت و یاسا و دەستوور دێنە ئاراوە.. وەک ئەوە وایه کەسێک شۆفێر نەبێ، ئاساییە بچێتە ناو ئۆتۆبوسێکەوە، بەڵام زۆر ترسناکە ئەگەر ببێتە شۆفێری ئۆتۆبوسەکە..
هەر کۆمەڵگایەک ئەمڕۆی لە دوێنێ خراپتر بوو، ئەوە بزانە ناڕەسەنێک شیرازەی دەسەڵاتی ئەو کۆمەڵگایەی گرتۆتە دەست .. لە هەر کۆمەڵگایەکدا دیاردەی دزیی و ساختە و بێهیوایی و کۆچی بە کۆمەڵی لاوان و زانایان سەری هەڵدا، ئەوا بزانن ئەو کۆمەڵگایه ناڕەسەنێک سواری ملی دەسەڵات بووە تێیدا..
لە هەر کۆمەڵگایەکدا مافی کۆمەڵانی خەڵک پێشێلکران و .. مافەکان تایبەت کران بە خێزان و بنەماڵە فەرمانڕەواکان.. نان و قوتی کۆمەڵانی خەڵک بڕان و .. ملیارەها دۆلار و کۆشک و ژیانی سەروو شاهانە تایبەتکران بە دەستە و تاقمی فەرمانڕەوا.. لە هەر کۆمەڵگایەک ناڕەسەنیی و خوێڕێتیی و بەرەڵایی و لەشفرۆشیی و قومار و بێ ئیشیی و تاوانەکان زیادیان کرد، پارە کەوتە دەستی سوک و ڕیسواکانی کۆمەڵگا، کەچی زانا و دانا و مامۆستا و فەرمانبەرانی کۆمەڵگا برسی و هەژار کەوتن..لە هەر کۆمەڵگایەک ڕەوڕەوەی ئەدەب و هونەر و زانست ڕاوەستێنرا، کۆڵانی هەژارەکان و کۆڵانی دەوڵەمەندەکانی تێدا دەرکەوت، ملیاردێری گەمژە و زانای بێ موچەیی تێدا دەرکەوت، دیاردەی ڕاگەیاندنی ساختە و سێکس و خۆفرۆشیی و پاوانکردنی زەوی و ئاسمانەکانی تێدا سەری هەڵدا، بزانە ئەو کۆمەڵگایە لەلایەن چەند ناڕەسەنێکەوە داگیر کراوە و دزراوە و بە لاڕێدا براوە ..
بەها بەرزە جێگیرەکانی قەڵاچۆ و شێوێنراون و .. لە جێیدا شتە گۆڕاو و هیچ و پوچەکان، جێگیر و پیرۆز کراون ..
هەر کۆمەڵگایەکیش ناڕەسەن فەرمانڕەوای بوو، هیچ هۆکارێکی دیموکراسیی نایهێنێتەوە سەر ڕێ، تەنها و تەنها لە ڕێی شۆڕشەوە ناڕەسەنەکان دەردەپەڕێنرێن و .. شکۆ بۆ کۆمەڵگا ئەگەڕێنرێتەوە، ئەگینا هەتاکو زیاتر کات بڕوا، ناڕەسەنایەتیی زیاتر ڕەگ دادەکوتێ و ..سوکایەتیی و شکاندنی میللەت زیاتر پەرە دەسێنێ و .. وای لێ دێت، ئەوەی ناڕەسەن نەبێ ناتوانێ بژی لە مەملەکەتی ناڕەسەنەکاندا ..

نەوزاد بەندی




ئیسلامی سیاسیی کورد و شانۆی ( ژیانەوە ).. هیوا محەمەد ئەمین

… بیهێنەرە پێش چاوی خۆت ؛ کاتێك کە چمکێك لە مێژو یان بەسەرهاتێك لە تەراژیدیای نیشتیمانەکەت و لاپەڕەیەك لە نەهامەتیی گەلە ماندو و ستەمدیدەکەت دەکرێت بە سیناریۆی شانۆیەك ، و شانۆکەش دواتر دەسپێردرێت بەدەستی دەرهێنەر و چەند ئەکتەرێكی ئیسلامی سیاسیی ، ئایا تۆ دواتر نیشتیمان ، مێژو و ڕوداوەکان لە دید و دنیابینیی شانۆ و شانۆنامەیەکی لەوجۆرە دا چۆن دەبینیتەوە ، لە کۆتایی شانۆکە دا ئەو پرسیارە بهێنەرە بەر زیهن و تێڕامانی خۆت کە ، ئایا تۆ دواجار چ بەرهەمێكی مەعریفیی دەچنیتەوە ؟! ئایا دیمەنی کێشەکان ، گرفت و گرێکانی ناو کۆمەڵگە بەرەو چ ئاقار و ئاراستەیەكی چارەسەر دەئاژوێنرێن ؟! پرسیار بکە و بڵێ ئایا بوونی من و هەر تاکێكی کۆمەڵگەکەی من دەکەوێتە کوێی ئەو جیهانە بەشانۆکراوەوە ؟ وەڵامدانەوە بەم جۆرە پرسیارانە سەبارەت بە پێشبینییکردن بۆ وەها دنیا و دیمەنگەلێك لەوانەیە بۆ هەندێك کەس کە خاوەنی پرسیار، ڕامان و گومان نین ، بۆ کەسانێك کە لە نێو تاریکایی بیابانێكی بێکۆتا و هەروەها لە زۆنگاوی بێمەعریفە و مێژویەك ی هەزاروچوارسەدساڵە دا چەقیون و بەدوای وەهم و دنیایەکی ناشاعیرانە دا وێڵن و خۆیان دووبارە دەکەنەوە ، گران و ئەستەم بێت ، بەڵام بۆ کەسانێك ، کە بە چاوی عەقڵ و لۆژیك یان لە ڕۆژنەی دنیا ی زانست و مەعریفەوە بۆ ڕوداو و دەرئەنجامەکانی نێو شانۆیەکی لەوجۆرە دەڕوانن ، بە ئاسانیی دەگەنە ئەو باوەڕ و ئەنجامەی کە ئەم شانۆ پڕمەلەل و لەشداهێزەرە نەك توانایی مامەڵەکردنی لەگەڵ دنیا ی واقیع و پەیبردن بە دیالێکتی ژیان نابێت بەڵکو دەبێتە هۆکارێك بۆ پوکاندنەوە ی عەقڵ ، بکوژی ئازادیی ، دژبەری مەعریفە و ناشیرینکردنی فەلسەفەی جوانناسیی ، بێبایەخکردنی فەلسەفەی ڕەوشت ، بێبەهاکردنی هونەر و پەراوێزخستنی هەرتاکێکی کۆمەڵگەیشە لەنێو پەراوێز و زبڵدانی مێژویەکی پڕلە وەهم ، خورافیات ، و بارگاوییبوو بە دنیا ی ڕق ، کینە ، تۆڵە ، تاڵانکاریی و توندوتیژیی ؟! دواجار جگە لە بەرهەمهێنانی مێژویەکی چەقبەستوو، و بەرجەستەکردنی کەسایەتییەکی ڕۆ‌ح زەبوون ، بێئیرادە ، کۆیلە و تەسلیمبوو بە دنیای قەزا و قەدەر لەسەر تەختی ئەم جۆرە شانۆ بێبەهرە و ناداهێنەرانە هیچی تر نابینێت ، بابزانین چۆن ؟!
( هونەرگەها وەلات ) ؛ کە تیپێکی هونەریی شانۆ و گۆرانیین لە ڕۆژئاوای کوردستان ، چەند ڕۆژێك لەمەوبەر شانۆگەریەك لە سلێمانی پێشکەش دەکەن بەناوی ( ژیانەوە ) ، بەڵام شانۆگەریەك زۆر سادە و کورت ، دوور لە دنیا ی دروشم ، هوریا و هاواری زمان و پێنوسێك بۆ سیناریۆنووسین ، واتا شانۆگەرییەك کە تیای دا کەرەستەکان ی زمانی جەستە (سەما ) و مۆسیقا دەبنە بزوێنەر و ڕیتمێك بۆ شانۆی ژیانەوە .
ناوەندی ڕوداو لەم شانۆگەرییە دا بریتیە لە گێڕانەوە و بەبیرهێنانەوەی چیرۆکێكی پڕ لە کڵۆڵیی و تەراژیدیایی چەند ئافرەتێكی کورد کە دەبنە کۆیلە و دەسکەوتی بیری جیهادیی و تاڵانچێتیی دەستی { دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام ( داعش ) } و دواتر ئازادبوونیان . شانۆگەریەکە لە بازنەی گێڕانەوە و وردەکاریی مێژویی دەردەچێت و دەبێتە هەڵگری حەقیقەت و پەیامێك ، پەیامێك بۆ نەتەوەکەی خۆی و دواتر بۆ کۆی مرۆڤایەتیی . ناوەند و کرۆكی ئەم پەیامەش شۆڕبوونەوەیە بۆ بەدیهێنانی دوو ئامانج ی گرنگ کە فەلسەفەی ژیانەوە و ئازادییە ! ژیانەوە بەمانای بەردەوامیی ژیان ، ژیانەوەیەك بەڵام پڕمانا و ناوەڕۆك ، ئارام و هێدی ، دوور لە ژاوەژاوی دروشم ، وەهم و خەیاڵ .
فەلسەفەی ژیانەوە لەم تابلۆ کورتە شانۆییە دا گەڕاندنەوەی ئیعتیبار و حورمەتە بۆ کەسایەتیی ئافرەتی کورد ، بنیاتنانەوەی خەون و فەلسەفەی ژیان ی مرۆڤی کوردە لەسەر بنەمای ئومێد ، ئینتیما ، مرۆڤدۆستیی و بەگژداچوونەوەی فەلسەفەی مەرگ ، ئازادییش بەمانای گەیاندنی مرۆڤ بە پلەیەك ی باڵاتر لە هەستی لێپرسراوێتیی و بەرپرسیارێتیی بەرامبەر مرۆڤ و کۆمەڵگە ، و دواجاریش پلەیەکی باڵاتر لە ڕەوشت و ویژدان ، بەواقیعکردن یان پراکتیزەکردنی ئەم فەلسەفەی ئازادییەش لەنێو کۆمەڵگە و ڕۆحی هەر تاکێك ی کورد دا نەك پێویستی تەنیا بە قوربانیدانە ، بەڵکو بۆ گەیشتن بەو ئامانجە پێویست بە جۆرێك لە هوشیاریی و تێگەیشتن لە واقیعی مێژو و کۆمەڵگە هەیە ، واتا لە سادەترین دەربڕین دا : کاتێك تاكی کۆمەڵگە لە مێژو و ڕوداوەکانی دەوروبەری خۆی بێئاگا بێت و خوێندنەوەیانی بۆنەبێت ، ئەوا ناتوانێت لە مەفهومی ئازادیی تێبگات و دەستی لە ئازادیی گیرببێت .هەربۆیە ئەم شانۆگەرییە هەوڵێکە بۆ هوشیاریی ، خستنەڕووی ڕوداو ، پێشاندانی ئازارەکانی ئافرەتی کورد و ئەو ڕێگایانەی کە مرۆڤی کورد دەگەێنێتە ئازادیی ، دواجاریش هەموو مرۆڤێك ی کورد مافی ئەوەی هەیە ، کە ئازار ، خەم و خەونەکانی لە چوارچێوە ی هەر شێوازێك ی ئەدەبیی و هونەریی دا بەیان بکات . کاردانەوەکان لە بەرامبەر بەرهەمێك ی هونەریی وەها دا دەبێت ئاوەزدارانە (عەقڵانیی ) و لە چوارچێوەی فەلسەفەی جوانناسیی ( ئێستاتیکا ) دا خۆی دەرببڕێت !! بەڵام بابزانین کاردانەوەکانی ئیسلامیی سیاسیی کورد بەرامبەر بەم بەرهەمە شانۆییە چی و چۆن بوو ؟!
ئەوەی ئاشکرایە لەو دەمەوەی ، کە ئیسلامیی سیاسیی لە کوردستان دا سەریهەڵداوە ، تاکو ئێستا نەیانتوانیوە زمانی گفتوگۆ ، زانست و مەعریفە بکەنە شێواز و بنەمایەك بۆ گەیشتن بە ڕاستییەکان ؟! بەپێچەوانەوە ؛ تاکو بۆیان کراوە و لواوە لێشاوێك لە زمانی نالۆژیکیی ، ناعەقڵانیی ، زبر ، توندوتیژیی و ناتەباییان هێناوەتە نێو کۆمەڵگەی کوردیەوە ، کە پێشتر بوونیان نەبووە یان زۆر دەگمەن بوون . ئیسلامی سیاسیی کورد تاکو ئێستا نەبووەتە خاوەنی کولتور و ئاستێك ی باڵا لە تێگەیشتن لە ستاتیکای هونەر و ئەدەبییات ، نەیانتوانیوە بە زمانی هونەر ئاشنا بن و لە کردار دا مامەڵەی لەگەڵ دا بکەن ، نەیانتوانیوە و نەیانویستووە کولتورێك لە دنیا ی میهرەبانیی ، بەخشندەیی و قبوڵکردنی ئەوانی دی بنیاتبنێن و بیکەنە بنەمایەکی ئەخلاقیی و پەروەردەیی بۆ بنیاتنانی تاك و کۆمەڵگەیەکی تەندروست ؟! بەپێچەوانەوە ئەوەی ئێمە دەیبینین و دەیبیستین تەنیا برەودان و شەرعەنەکردن ی زمانی تەشهیر ، گاڵتەپێکردن ، سوکایەتییپێکردن ، توهمە و بوختان بەخشینەوە و تەکفیرکردن وەك تەنیا کەرەستەیەك بۆ گفتوگۆ و دیالۆگ لەنێو کۆمەڵگە دا ؟! دژایەتیکردنی عەلمانیەت ، بیری نەتەوەیی ، ئازادیخوازیی ، لیبرالیەت ، و شان بە شانیش دژایەتیی هونەر و گاڵتەکردن بە هونەرمەندان و نوسەران …. تاد بوەتە باوی ڕۆژگاری ئیسلامی سیاسیی و بانگخوازی ئیسلامیی کورد .
هەر بۆیە نابێت بەلامانەوە سەیر بێت و حەپەساو بین لەو زمان و کاردانەوانەی کە ئیسلامییەکان بەرامبەر بە شانۆی ( ژیانەوە ) پێشانیان دا ؟! زمان و کاردانەوەیەك کە سنوری هەموو ڕەوشت ، ئیمان ، نەریتی کۆمەڵایەتیی ، بەهایەکی مرۆڤایەتیی و ئەتێکێتی ڕەخنە و زمانیان بەزاند ؟! کاتێك شانۆکارانی کچ لەسەر تەختی شانۆ حیجاب ، عەبا و نیقاب وەك کاردانەوەیەك بەرامبەر بە تاوانەکانی داعش و بەکۆیلەکردنی ئافرەتی کورد فڕێدەدەن ، ئیتر هەموو ئیسلامیی سیاسیی و بانگخوازە ئیسلامییەکان وەك بڵێیت کۆڵەکەی ئیمان و ئەخلاق لەسەر پارچەیەك پەڕۆ بنیاتنرابێت ، خۆیان کردە خاوەنی ڕەوشت و ئیسلام و کەوتنە سکاڵا تۆمارکردن لە دادگە و بەکارهێنانی ناقۆڵاترین و ناپەسەندترین زمان بەرامبەر بە هونەری شانۆ و هونەرمەندان و تەنانەت هیرشکردنە سەر فەلسەفەی دیموکراتیی ، و تاکو ڕادەی ئاواتخواستن بە فەرمانڕەواێتیی و زیندوکردنەوەی حوکم و شەرعی قامچیی خەلیفە عومەری کوڕی خەتاب وەك بەرپەرچدانەوەیەك بەرامبەر بە شکۆی فەلسەفەی ئازادیی و ژیانەوە لە شانۆکە دا و لە هەمان کات دا ڕەوایەتیدان بە ئەنجامدانی کوشتنی بەکۆمەڵ و نیشاندانی چێژێك کە ئیسلامی سیاسیی لەبەرامبەر ئەتککردن و بەکۆیلەکردنی ئافرەتی کوردانی ئێزدیی وەك کافر و شەیتانپەرستناێك ، لەلایەن داعشەوە دەیبینێت .

شانۆی ژیانەوە شێوازێکی هونەریی ؛ هونەری بەرەنگاربوونەوەیە بەرامبەر بە ناعەدالەتیی ، چەوساندنەوە و بەکۆیلەکردنی ئافرەتانی کورد لەلایەن داعشەوە ، بانگەوازی ئازادیی و بچڕاندنی زنجیری کۆیلەیی و ژێردەستییە . ئەوەی شانۆی ژیانەوە توانی بە سەمایەك و پارچە مۆسیقایەك هاوار و ئازاری ئافرەتانی کورد بهێنێتە سەر تەختی شانۆ ، ئیسلامیەکان نەك هەرگیز نەیانتوانیوە هەڵگری وەها ڕۆحیەتێکی مرۆڤایەتیی و توخمێکی بەرەنگاربوونەوە بن بۆ وەستاندنەوە بەرامبەر بە زوڵم و نادادیی ، بەڵکو کار و ئەرکیان وەك کەسانێك کە چێژ لە خۆبچوککردنەوە وەربگرن بریتی بووە لە ناردنی پەیامی پیرۆزباییکردن لە هاتنەسەرکاری دەستەڵاتدارانێکی وەکو محمەد جۆلانیی و دەستخۆشیکردن و شەرعیەتدان بە کۆمەڵکوژیی ، ئەتککردن و بەکۆیلەکردن ی ئافرەتانی کوردی ئێزدیی لەلایەن داعشەوە .

هیوا محەمەد ئەمین
11.14. 2025




‏نامەیەک بۆ نەوال سەعداوی (لە وەحیەکی ئەزموونەوە).. ‏و. لەعەرەبیەوە (یاسین لەتیف)

‏ھەروا بە ڕێکەوت نەبوو کە تۆ ھەر ئەمڕۆ ڕۆیشتیت. تۆ دایکمان و دایکی برینە کراوەکەمان بوویت، ئێمە ژنانی ئەم گۆشە ناخۆش و بەدبەختەی جیھانین. تووڕەیی تۆ ھەمیشە لە ئێمەدا زیندووە. ھەروەک خۆشەویستیت.
‏(جەمانە حەداد)

‏پیاوان و ژنانی تونس بۆ نوال سەعداوی دەگرین و ماتەمینی بۆ دەگێڕن . فەیسبووک لە تونس بەھۆی کۆچی دوایی ئەم ژنە ئازایە گڕی گرت، ئەم ژنە بوێرە ھەندێک جار بە تەنھا ڕووبەڕووی دەسەڵاتی پیاوانی ئایینی و دەسەڵاتی خاوەن بەرژەوەندیەکان و دەسەڵاتی ئەو نەریتانە بووەوە کە جەستەی ژنان ناشرین دەکەن. زۆر لەسەری دەنووسم. بۆ هەمیشە وەک ئەو دەنووسم. بە ھەمان ئازایەتی و بوێری ئەو دەنووسم .
‏( ڕەجاء بن سەلامە )

‏ئەم نوسینە ھەرگیز کۆتایی نایەت. بۆ نوال کە وەک تۆوێکی ھەمیشەیی لە دڵمدا چێنراویت.. تەنھا بۆ تۆ، نەک کەسی تر.
‏نەوالی بەڕێز .‏ڕەنگە نەمتوانیبێت ڕاستەوخۆ دەربارەی تۆ بنووسم، بەڵام من ئاوام، پێویستم بە کاتە بۆ ئەوەی کارەساتەکانی لەدەستدان و خەمەکان قبوڵ بکەم، چونکە مردنی تۆ شتێکی کاتی نییە کە لە شیعرێک یان وتارێکدا جێگەی بێتەوە، یان بچێتە چوارچێوەیەکەوە لە دەقێک یان لە کتێبێکدا .. بۆیە لە بێ دەسەڵاتیم ببورە، و لە سنووری بەخشندەیم ببورە. چونکە تۆ لەوە گەورەتری وشەکان باست بکەن، ھەرچەندە دەزانم کە تۆ ماوەیەکی زۆر ژیاویت بەبێ پێویستی بە ھەموو ستایش و پیاھەڵدانێک.. بەبێ ئەوەی ھیچ شتێکمان لێ داوا بکەیت، ئایا ئەوەی دەینووسم کەمێک مافی تۆ بەجێ دەھێنێت؟ ھەرچەندە گومانم لەوە ھەیە.
ناوی من مەجد حەمشۆیە من لە ساڵی 2017 تۆم ناسی . هۆکارەکەشی ئەوەیە کە لە خێزانێکی خوێندەوار و ڕۆشنبیر لە دایک نەبووم، بۆیە تۆم نەناسی. کتێب هەرگیز هاوڕێی خێزانە سادەکەی من نەبوو. بە بڕوای ئەوان کتێب شتێک بوو کە “بیری لێنەئەکرایەوە” وەک میشێل فۆکۆ دەڵێت. ئەوە یەکەم جارم بوو کە تۆم خوێندەوە بە دوور لەو بۆچوون و پێشداوەریانەی کە لەبارەی تۆوە هەبوون. ‏لێرەوە ئازاری لەدایکبوون دەستی پێکرد، لەدایکبوونێکی نوێ، وەک بڵێی تازە لە سکی دایکم هاتبێتمە دەرەوە. وشەکانت زللەیان لێدەدام و بەردەوام دەیهەژاندم، چونکە بۆ مرۆڤ قورسە هەمیشە ڕاستی ببینێت… وەک هاشم ساڵح دەڵێت، کەشوهەوای ڕاستی زۆر ساردە و ناتوانرێت هەمیشە لەگەڵیدا بژیت. جا چۆن دەبێت کاتێک لە هەر دێڕێکی نووسینەکانتدا تۆم لەگەڵدایە. لەگەڵ هەڵدانەوەی هەر لاپەڕەیەکدا، تەنها یەک ڕەنگ هەست پێدەکەم… ئەمەم زۆر جار بۆ خوێندکارەکانم لە زانکۆ دووبارە کردووەتەوە:
ڕاستگۆیی تەنها یەک ڕەنگی هەیە.
بەڵێ، بەم جۆرە مامۆستا نەوال فێری کردم…
تۆ بە دایکم بانگ دەکەم، چونکە هەر کاتێک سەیری تۆ دەکەم، هەست دەکەم ئازارەکانمت لە ئامێز گرتووە… هەست دەکەم لێم تێدەگەیت و من کوڕی تۆم کە لە جیهانێکی درۆزن لە ڕۆژهەڵاتەوە تا ڕۆژئاوا ئازار دەکێشێت، وەک ئەوەی کەسێکیشت لێ بێبەری نەکردووە .
چەند سەرسام بووم بە هێزت کاتێک ڕەخنەت لە هەموو نەتەوەکان دەگرت لە کۆڕەکانی ڕۆژاوا و عەرەب و شیکردنەوەی سیاسەتە داگیرکاری و قۆرخکاری و سەرمایەداریەکان… چۆن دەنگت بەرز دەکردەوە لە بەرامبەر جیهانێکی پیاوسالاریی و چینایەتی و سەرمایەداریدا.
بیرم دێت، پێش ئەوەی کتێبەکانت لە دەرگای ماڵەکەم بدەن، چۆن سەیری ژنانم دەکرد وەک “نیوەی کۆمەڵگا”، ئەم دەربڕینە یان کلیشەیەم زۆر دووبارە دەکردەوە بەبێ ئەوەی ئاگاداری هیچ ئازارێک بم کە ژنان دەیچێژن. بە بێ ئەوەی بە هیچ شێوەیەک هەستیان پێ بکەم… بە بێ ئەوەی وشەکانت لە ناخمدا جێگا بکەنەوە و دەست لە ڕۆحم بدەن . لە منداڵیەوە ئەم دەسەواژەیەم فێر کرابوو: “ژن نیوەی کۆمەڵگەیە.” ڕۆژانە دووبارەم دەکردەوە بێ ئەوەی گرنگی بە هیچ شتێک بدەم… لە ڕاستیدا، لە هەموو شتێک بێ ئاگا بووم. هەرگیز بیرم لەوە نەکردبووەوە کە ڕەوشی ژن ڕەنگە جیاواز بێت لەوەی کە هەیە؛ ئەو تەنها دایکێکی میهرەبان و بەخشندە و قوربانیدەرە بۆ منداڵەکانی… ئاوا دەمدیت… هیچی تر جگە لەوە.
هەرگیز بە بیرمدا نەهات پرسیارێکی وا سادە بکەم: بۆچی مامۆستای پۆل باسی لەفڕۆکەوانێکی ئاسمانی ژن یان فەیلەسوفێک یان زانایەکی ژن نەکرد؟ چونکە نێرگەرایی زاڵ بووبوو بەسەر هەموو بوارەکانی زانستدا و ژنی لە ژیانی دونیادا دەرکردبوو، وەک چۆن حەوا وەک تاوانبارێک دەرکرا.
ئەم بارودۆخە بەلای منەوە بارودۆخێکی هەتاهەتایی و خودایی بوو، لەسەرووی ڕەخنەگرتن وپرسیارکردنەوە بوو… من ئاوا بووم پێش ئەوەی بە هەردوو دەستت ڕامبکێشیت بۆ جیهانی ڕاستیەکان… بۆ جیهانێک کە بیر لەوە ناکاتەوە چی باوە وەک “ڕازاوەیی عەقڵ”. بۆیە تۆ کەسێکی لاسار بوویت و خەوت لێ نەدەکەوت لە ناو جێگاکانی دڵنیایدا… قەڵەمەکەت بەردەوام هەموو گریمانەکانی دەخستە سەر مێزی نەشتەرگەری ڕەخنە و دەچووە قوڵایی ڕاستیەوە. نەوال پێمخۆشە ناوت بنێم “کچی شەقام”، چونکە ئازارەکانمان دەنووسیت… بە زمانی ئێمە قسە دەکەیت. چۆن نا، لە کاتێکدا تۆ دژی ئەکادیمیا یاخی بویت کە هەمیشە بەوە تۆمەتبارت دەکەردن کە ئەکادیمیا عەقڵ دەکوژێت لەژێر ناوی خودی عەقڵدا چۆن نا، لە کاتێکدا تۆ ئەو کەسە بوویت کە هەرگیز خۆت ڕەنگاوڕەنگ نەکرد و هەرگیز خۆت بەدەستەوە نەدا.
تۆ ڕووبەڕووی ئازار دەبوویتەوە بە ئاڵنگاری، زۆرداری بە زەردەخەنە و ، نەزانی بە زانین. تۆ لە جیهانێکدا کە پڕ بوو لە ڕق و کینە و خراپەکاری لەسەر خۆشەویستی دەنووسیت. ئەم ڕق و کینە شەو و ڕۆژ لەسەر شاشەکان و لە بازاڕەکان و لە کۆبوونەوەکاندا نمایش دەکرێت و بەرهەم دەهێنرێت و هەناردەی دەکرێت بۆ هەموو گۆشەیەکی زەوی و دژی مرۆڤدۆستە ڕاستگۆ و پاکەکان دەجەنگێت. ‏ئەوانەی وشەکانیان و کردەوەکانیان بە کەس نافرۆشن… ئەوانەی گرنگی بە ژیانێکی دووانە نادەن… ئەوانەی تەنها یەک ڕوویان هەیە.تۆ وەک کەسێک بوویت کە گوڵی لە زۆنگاوی نەزانی چاندبێت، و قووڵایی خاکەکەی هەڵکەندبێت و هەموو پیسیەکانمانی هێنایە سەر ڕووی زەوی . ئایا دەزانیت بۆچی لێت دەترسن؟… ڕاستی ترسناکە نەوالی شیرینم… ناتوانرێت لەگەڵیدا بژی، جا چۆن دەبێت ئەگەر لەسەر زمانی ژنێکەوە بێت! . تۆمان خوێندەوە و تۆش ئێمەت خوێندەوە بە سادەیی وشەکانت، بە کتێبەکانت کە هەموو شتێک بە سادەترین دەربڕینەکان ڕەخنە دەکەن… دەربڕینگەلێک کە بێ هیچ زەحمەتێک دەچنە ناو دڵ و مێشکمانەوە وەک شنەبایەکی گەرم خانە خەوتووەکانمان چالاک دەکەن و بەخەبەریان دێنێتەوە . نەوال چەندە دووبارەت دەکردەوە: “لە هۆشیاری جەماوەریدا تەنها سادە و بێ گرێوگۆڵەکان دەمێننەوە… و چەندە دووبارە دەستەواژە بەناوبانگەکەتم خوێندەوە: “ئەو نووسینەی کە نووسەرەکەی پێش هەموو کەسێک ناگۆڕێت بە هیچ شێوەیەک نووسین نییە.”
ئەی لەبارەی تێگەیشتنە فراوانەکەت بۆ خودا؟
خودا دادپەروەریە… ئایا ئەمە قسەی داپیرەت نەبوو کە دژی شارەوانی (عومدەی) هاوکاریکاری داگیرکەر وەستایەوە، و بە نەخوێندەوار و تێنەگەیشتوو لە ئایین ناوی برد، و ئەویش بە نۆرەی خۆی یاخیبوونی پێ بەخشی، هەروەک چۆن یەکەم فەلسەفەی لە ئاییندا پێ بەخشی؟ ئایا عەقڵ قبوڵی دەکات کە مرۆڤێک بڕوای وایە خوا خۆشەویستی و دادپەروەری و چاکەیە بە کافر دابنرێت؟ ئایا تۆ نەبوویت کە دووڕوویی ئەم کولتوورە و فەسادییەکەی و ناتەباییە زەقەکانیت شیکردەوە کە نێر بەسەر مێدا، بەهێز بەسەر لاوازدا، و دەوڵەتی بەهێز بەسەر دەوڵەتی لاوازدا بەرز ڕادەگرێت؟
ئەم کولتوورە کە هەزار پێوەر بە کار دەهێنێت! ئایا تۆ نەبوویت کە ڕووبەڕووی پیاوسالاران و ژنەپیاوسالارەکان و بانگەشە بایۆلۆژییە گاڵتەجاڕەکانیان دەربارەی جەستە و لەشی ژن بوویتەوە، بایۆلۆژییە شڕ و جیاکار و دوورخەرەوە و دیکتاتۆری و پڕ کینە و دوورەپەرێز و ڕق لێبوونەوە و خۆبەزلزانەکانیان پووچەڵ دەکردەوە؟ . لێرە نیم بۆ ئەوەی شینت بۆ بگێڕم، نەوال، بەڵکو بۆ ئەوەی ئەوەی لە ناخمدا بێت بەتاڵی بکەمەوە… بۆ ئەوەی وتەکانت دووبارە بکەمەوە:
ئایا تاوانێکی کلتووری نییە کە خوێندکارانی پزیشکی و ئەندازیاری لە کلینیکەکەت سەردانیان کردیت کاتێک لە زانکۆی دیوکی ناودار گەڕایتەوە و تۆ داهێنان و یاخیبوونت خوێندو فێر بوویت ، بۆ ئەوەی پێت بڵێن: جنۆکەکە لە لەشی خوشکەکەم دەربکە و مشتومڕ لەسەر ڕەگەزی جنۆکەکە دەکەن؛ ئایا نێرە یان مێ؟ . تۆ ئەوکات لە زانکۆی دیوک گەڕابوویتەوە لەوێ داهێنان و یاخیبوونت دەخوێند بۆ خوێندکاران و خوێندکارانی کچان لە هەموو جیهانەوە… ئەوانەی بایۆلۆجی و ئەندازیاری و پزیشکی و مایکرۆبایۆلۆجی دەخوێنن و هاتوون بۆ لای تۆ چونکە تینووی ئەدەب و فیکر بوون . ئایا مامۆستای زمانەکە لەبیر بکەین کە تۆی بە گەمژە و نەزان ناوبرد کاتێک بۆت نووسیبوو هەستەکان زیرەکترن لە عەقڵ، و دوای ئەوە بە چل ساڵ هەمان ڕستەت نووسی لە هۆڵەکانی زانکۆی دیوک لە پۆلی داهێنان و یاخیبووندا. چۆن دەتوانین چیرۆک و هەواڵ و گێڕانەوەکانت لەبیر بکەین کە لە مێشکماندا چەسپیون؟ و چۆن دەتوانین هەموو ئەم هێز و بوێری و ئاڵنگاریەی کە هەتە لەبیر بکەین؟ . چۆن دەربارەی تۆ بنووسم، نەوال لە کاتێکدا ئازار خوێناویە. ئەی ئازیزم کە چەقۆکە توانی درزێک لە دیواری پیاوسالاریی گەمژەدا دروست بکات ، کە بۆ ماوەی سەدەیەک هەژاندوویەتی و وای لێکردووە لە وشەیەکی تۆ بترسێت… چۆن نا، لە کاتێکدا ئێمە دڵخۆشیەکەیان دەبینین بەهۆی مردنتەوە. چەندە ترسنۆک و لاوازن! بەرگری لە پاشماوەی بیرۆکەکان دەکەن… چۆن نا،لە کاتێکدا تۆ مامۆستای داهێنان و یاخیبوونیت… چۆن نا، لە کاتێکدا تۆ هاوار دەکەیت: داهێنان بریتیە لە گۆڕینی ئەزموونێکی نەرێنی بۆ ئەرێنی. ‏من ئەم وشەیە ڕۆژانە لە هەموو بارودۆخێکی سەختدا دووبارە دەکەمەوە، هەوڵ دەدەم شکستەکانم کۆبکەمەوە بەو هیوایەی ئەم بەردانە بگۆڕم بۆ پردێک بۆ پەڕینەوە… چۆن دەتوانم لەبیرم بچێتەوە… یان بیرۆکەی ئەوە قبوڵ بکەم کە تۆ لێرە نیت. بمبەخشن و بمبەخشە لەسەر پرسیارەکانم و سەرلێشێواویم و دووبارەکردنەوەم..
ئایا دەکرێت قبووڵ بکەین کە گوڵی سەردەم ئاوا ڕۆیشت و بەیانیەکەی بەئاگا بێینەوە و بچینە سەر کارمان وەک ئەوەی هیچ شتێک ڕووی نەدابێت؟ ئایا دەکرێت ژنێک، کە ئیزیس و هیپاتیا و معات و نوون و نوت لە ناخیدا کۆکردبێتەوە، بە سادەیی و سووکی دەرگای کتێبێک دابخات؟ چۆن لەبیرت بکەین، ئەی مەرھەمی چاک کردنەوەی ئازارەکانمان و چرای نەوەستاوەی ئێستامان؟!
خۆشەویستت مجد حمشو.

———————–

‏‏(مجد حمشو – الاوان من اجل ثقافة العلمانیة و عقلانیة – العدد ۹۲٦ في ٦ ابریل ۲۰۲۱)




بیرۆکه و کردەوەی کۆنی«برنشتاینی» لەقاڵبی تازەدا!.. ناسر بابامیری

سه بارەت به بەشداری له پارڵمان و هه ڵبژاردنی عێراق!

له مانگی ئۆکتوبری 2025 دا، هاورێیانی کۆمۆنیزم کرێکاری عێراق و کوردستان له راگەیاندنێکی فەرمی دووقولی دا رایانگەیاند، لەم ساڵانه ی دوایی و له ئاکامی قسه و باسێکی زۆر چڕ و پڕی ئەم دوو حیزبه له گەڵ کۆمۆنیزمی کرێکاری ئێران حکمتیست-خەتی رەسمی بەو دەرئەنجامه گه یشتوون تا هه ر دوو حیزبی کۆمۆنیزمی کرێکاری عێراق و کوردستان بۆ دەوری داهاتوو به جێگای پێداگری لەسەر سیاسەتی چەند دەیەی پێشوو واته «بایکۆتی چالاکانه» و رسواکردنی پارڵمان و سیستمی دواکەوتووانەی قەومی و مەزهەبی، بۆ دەورەی داهاتوو له پارڵمان و هه ڵبژاردن چالاکانه بەشداربن!
هەرچەنده لەراگەیاندنەکەدا باس لەوەدەکەن، هەر لەیەکەم هەنگاوەکانیاندا “کۆموسیونی باڵای هه ڵبژاردن” رێگای چوونه پارڵمان و چوونه ناو لیستی کاندیدبوونی بەروودابەستوون و ئەم هاورێیانه هەر لەسەر و بەندی گاڵتەجاری هەڵبژادرن لەگەڵ لەمپەر رووبەرووبوون، دیسان حازرنەبوون ئەم فاکتورەش لەپاڵ دەیان و سەدان فاکتۆری تر بەخەڵک نیشانبدەن که ئەم سیستمه دواکەوتوو و قەومی و مەزهبی و خێلەکیه بەڵگەی سەلمێنەرن ئەم شوێنه جێگای کەسانی شۆرشگێر و کرێکار و کۆمۆنیست نیه، و زیاتر و زیاتر رسوای بکەن، بەڵام خۆیان تا ئاستی زۆر نازمی بوونه که مپینەری خانمی «سائیره یوسف عه زیز» کاندیدی نزیک به حیزبی شیوعی عێراق هێنایه خواری و مەشروعیه تیان دا به پارڵمان و هەڵبژاردنی”سه رۆکایەتی تایفەگەری” حزب و رێکخراوه چەک له شانەکان که زیاتر له هەمیشه خەڵکی وەگیان هاتوو له دژیان وه ستاونه ته وه، ته نیا به و هیوایه له ده روی داهاتوودا رێگایان بۆ بکه نه وه بو چوونه پارڵمان و پرۆسه ی هه ڵبژادن.
جێگای خۆیەتی لێرەدا بەر لەوەی بچینه سەر باسی لێکدانەوەی چۆنیەتی و چلۆنایەتی ئەم پاشگەز بوونەوەیە له ستراتێژی سیاسی رابردوو ئەو دوو لایەنەی کۆمۆنیزمی کرێکاری عێراق و کوردستان و حیزبی حیکمەتیستی خەتی رەسمی سەبارەت به پەیوەست بوونیان بەکەمپی فیدارلیزمی قەومی، سه ێریکی کورتی بار و دۆخی ئێستای جیهان و ناوچه که و عێراق بکه ین، چونکه ئه م گۆرانکارییه ش له ژێر کاریگه ری خێرای گۆرانه جیهانی و ناوچه یه کاندایه.
عێراقی ژێر ده سه ڵاتی رژیمی دیتکاتۆری به عس ساڵانیکی زۆر بۆ دابین کردنی سه ره روویی و داسه پاندنی ئیدئولوژی بورژوازی جیهانی و له چوارچیوه ی هه ڵس و که وتی چینی ده سه لاتدارانی وڵاتانی ناوچه یی، ئوردوی کاری ئه م وڵاته و بزووتنه وه ی کۆمۆنیستی بی ره حمانه سه رکوت کرد، تا رادێک که سه دام حوسه ین با داکۆکی وڵاتانی رۆژ ئاوا زۆری نه مابوو کاندیدی “خەڵاتی نوبێل بکرێت.
مێژوو گواهی ده دا ڵه قولایی ئه م زه بر و زه نگ و سه رکوته شدا ئوردوی کار و کۆمۆنیسته کان ته سلیمی هه ل و مه رج نه بوون. نه ته نیا سوجده یان بو پارڵمان و سیسته می دواکه وتوانه نه برد به ڵکوو به شیوه ێکی شۆرشگیرانه هێز و توانایی خه باتکارانه یان له مه یدانی چالاکی نیوه عه له نی و نیوه نهێنی بۆ رێکخستن و به رێکخراو کردنی خه بات و وه ستانه وه له به رابه ر ئه م موناسه باته دا وه گه ر خست. سه رباری هه زینه گه لێکی زۆر قورس له ئاسۆی کۆمۆنیستی و رزگار بوون و ژێرده سته ی و چه وسانه وه پشت سارد نه بوونه وه و هیوایان له سه ر پارلمان و هه ڵبژاردنی ئه م سیسمه قه ومی و خێله کی و مه زهه بیه هه ڵنه چنی.
ئیعدام و شکنجه و ئازار و ئه زیه تی بی به زه یانه، و راودوونانی و که ش و هه وای ئه منیه تی هه رچه ند ژیانی لی تاڵ کردبوون و گه لێک هه زینه یان بۆ دا به ڵام چون پشت ئه ستور به خه باتی چین و تۆؽژی کرێکار و خه ڵکی زه حمه تکێش و به ش مه ینه ت بوون، هه ر ئه مه ش هۆکار بووو سه رباری هه ڵچوون و داچوونه کان و له مپه ره کانی سه ر رێگای خه بات هیچ کات له م پێگه چینایه تی و سیاسیه خه باتکارانه یه دلسارد نه بوونه وه. له گه ڵ ئه وه شدا که داکۆکی کار هه ر چه شنه پێکهاتنی ئاڵ و گۆری بچووک له ژیان و گوزه رانی کومه ڵانی خه ڵکی کرێکار و زه حمه تکیش بوون ئه و یشیان له بیر نه کرد که ئه م ورده ده سکه وتانه ش به رهه می خه باتی خۆیانه که به سه ر ده سه لاتداراندا دایاسه پاندووه، هه ر به م پێیه هیوایان له سه ئیسڵاح کردنی پارڵمان و سیستمی دواکه وتوانه یان نه کرده رێره و! هه ر به م پێیه ش جگه له ریژه یکی که می چینه جیاجیاکان هیچ کات له ئاستی جه ماوه ریدا خه بات بۆ بنه برکردن و له مه یدان وه ده رنانی ئه م هه ڵس و که وته سه رمایه دارانه و چه وسێنه رانه یان و گۆڕینی هاوسه نگی هێز هیوایان به به شداری له پارڵمان و نیهاد و ئورگانه کانی ئه م سیستمه دواکه وتوانه ی سه ردمی به عس نه بست و ئاسۆی خه باتی خۆیان به م چوارچێوه یه وه گرێ نه دا!
ده مەوێت بڵێم، چینی کرێکار و کۆمۆنیستەکان هیچ کات ستراتیژی سیاسیان دانه به زانده ئه و ئاسته نزمه که له سوخت و سازی ئه و سیستمه دواکەوتوانەیه دا بەشداربن که ساڵانێک رەخنەی کۆمۆنیستی و سه ر سەختانه یان لێی بوو، و رسوایان کردووه، ئه ویش له ژێر ئه و پاساوه پڕوپووچه دا گویا ده یانهه وێت بیکه نه سه نگه رێک بۆ خه بات له دژی پارڵمان و سیسته می کۆنه په ره ستانه فیدراڵی قه ومی و مه زهه بی و تایفه یی! هیچکات کۆمۆنیسته کان و کرێکاران نه چوونه ئه و مه سیره مه ترسیداره وه که له هه ر ئامرازێک بۆ گه یشتن به ئامانجه کانیان که ڵک وه رگرن! بوچی؟ چوونکه سه رباری هه موو کۆسپ و له مپه ره زه ینی و عه ینیه کان سه ر رێگای خه بات ده یانزانی رێره وی رزگای له م نیزامه زاڵمانه و چه ەسنه رە، رێره وی رووبه رووبوونه وه بۆ به چۆکدا هێنانی ئه م موناسباته که شایانی مروفایه تی نییه، له ژێر ئه م پاساوه ساویلکانه یه دا که ده کرێ وه کوو چون له «دوما» ی ده ورانی “سه زاره کان” کۆمۆنیسته کان به شداری هه ڵبژاردنیان کرد، که هیچ وێک چوونیکی له گه ڵ دۆخی ئه م سه رده مه دا نییه، ته نیا وره چه رخانه نه بۆ پێوەست بوون به که مپی راست و هیچ ده سکه وتیکی نابیت و خول کردن له چاوی خه ڵک و به تایبه ت چینی کرێکاره وه ک بربره پشتی شۆرش و کۆمۆنیزم. تازه به پێچه وانه ی ئه م ئیدعایه، ئه مانه مونشویک گه لێکن که به رگی “بولشویک”یان له به رکردووه تا به که مپی بورژوازی په یوه ست بن. ئه مانه مونشویک و کادێت گه لێکن که زۆر ئاگاهانه ستراتیژی سیاسی به شدار بوون له ده سه ڵاتی سیاسی و بوون به به شێک له دام و ده زگای ده سه ڵاتداری ره چاو کردووه و له راستیدا ئه م رێبازه ی هه ڵبژاردووە. ته نیا ئامانجیان ئه وه یه به م پلاتفۆرمه لانی که می ماف و خواسته کانی کریکاران و خه ڵکی بێ داهات و فقیر فریوبده ن و بیانکه نه سیا له شکر بۆ بورژوازی عێراق و کوردستان.
ئاخێزی شاره کانی کوردستانی عێراق به دژی رژیمی به عس له سالی 1991، و راماڵینی هێزی داگیرکه ر و به ده سته وه گرتنی ده سه ڵات له شاراکان به ر له وه ی هێزی ناسیونالیستی و مه زهه بی له کێو و شاخه کان بگه رێنه وه و دابه زنه نێوشار و دێهاته کان، هه ل و ده رفه تێکی گه لێک به نرخی مێژوویی بو هێزی کۆمۆنیستی و چینی کرێکار ره خساند تا بی قوزێته به ڵام به هێندیک هۆکاری روون که لێرده دا باس کردنی گونجاو نییه به گوێرە ی پێویست که ڵکی لی وه رنه گرت و له ده ست چوون. ئه و بۆشایی و مه یدانه مخابن زۆر به خێرایی له لایه نه هێزی قه ومی و مه زهبی به هاوپشتی هێزی ده ره کی وڵاتانی رۆژئاوا و وڵاتانی دواکه تووی ناوچه که پر چه ک کرا و میلشیای چه کداری له سه رسه ری خه ڵک دروست کردوو و ده سه لاتی سیاسی قۆرغ کرد و زیاتر له جاران ئاڵترناتیوی کرێکاری و کۆمۆنیستی خسته لاوه و ته نانه ت پلاماریان برده سه ر شۆراکان و نیقابه کرێکاریه کان و ژنان و ئازدیخوازان که له قۆناخه کانی پێشووتردا سه رباری پرش و بڵاوی که م تا زۆر هێز بوون و ئالای خه بات له دژی رژیمی به عسیان به رز راگرتبوو.

ئه مه له کاتێکدایه بزووتنه وه ی کرێکاری و کۆمۆنیستی ته نانه ت له ده ورانی رژیمی به عس دا سه رباری هه موو ده ستدرێژی و سه رکوتی پولیسی و ئه منی، که س نییه نکوولی له وه بکات له به شه جیاجیاکانی عێراق له شاره کان وه بگره تا دێهات له نێو کۆمه لانی خه ڵکی کرێکار و زه حمه تکێشدا جێگای و پێگه ی تایبه تی بوو. به واتاێک کۆمۆنیزم له بورسدا بوو. هه ر بۆیه رژیمی به عس ده یزانی ئه و بزووتنه وانه به شێوه بیلقوه له نێو خه ڵکدا پایگاێکی چیناتی و سیاسی به رینیان هه یه و ئه گه ر هه ل و ده رفه تی به رێکخراو بوونیان بۆ بره خسێت و فه زایان بۆ بکرێته وه و به سه ر ئه و پرش و بلاویه دا زاڵ بن زۆر به خێرایی ده توانن ئه و ده سه ڵاته زاڵمانه یه راماڵن.
ته نانه ت ماشینی سه رکوت ده وله تیش نه یتوانی به ته واوی پێش به پێکهێنانی شۆراکان و نیقابه کرێکاریه کان بگریت که قۆناخه جیاجیاکاندا سه رباری پرش و بڵاوی و گه لێک کوسپی سه ر رێگا وه گه ر که وتبوون و چالاکی نیوه عه له نی و نیوه نهێنیان ده کرد. کۆمۆنیستکان و پێشره وانی کرێکاری و نیقابه کان به داخه وه به گه لێک هۆکار و له سه رووی هه موویانه وه به هۆی نه بوونی نه قشه رێگاێکی روونی کۆمۆنیستی و کرێکاری له ئه رک و رساله تی سه ره کی و پراتیکی کمونیستی که دە ور یه کتر رێکخراویان کات دور که وتنه وه. و نه یانتوانی له جێگای خۆیدا له و ده رفه ته مێژوویه که کۆمۆنیزم له بوورسدا بوو له پوتنسێلی و نه فووز و پایگای بیلقوه ی له نێو کریکاران و به شه جیاجیاکان کۆمه لانی خه لک له پاش شه ری که ندا و راپه رینه که ی 91 که ڵکی پیویست وه ربگرێت و بزووتنه وه ی کۆمۆنیستی و کریکاری پێ سه رخات و بچێت به ره و ئه وه ی ده سه ڵاتی سیاسی به ده سته وه بگرێت و سیستمی پارڵمانتاریستی و دواتر فدارلیزمی ئه حزابی قومی و مه زهبی له سه ر رێگای خۆیی و کۆمه ڵگاش راماڵی.
ئێستا ئیتر زیاتر سێ ده یه له م ده ورانه تێپه ربووه. “نه زمی نوێی جیهانی” له گه ڵ شکست و ناکامی گه لێک گه وره رووبه رووه. وڵاتانی سه رمایه داری رۆژئاوا نه ته نیا به په لاماردان و زۆره ملی نیزامی ناتو، شه ری نیابه تی و پاکتاوکردن و میلیتاریزم له سی و چه ند ساڵی رابردوودا نه یتوانیوه ئامریکا وه ک رێبه ری بێ ئه م و ئه ولا و سه ره رۆ به سه ر جیهاندا بسپێنێت به ڵکوو ئێستا بۆخۆیشی له ناو زه لکاوێکدا که پێکیان هێناو، گیرودە یه و له حاڵی په له قاژێدایه و جیهانیشی به ره و ته وه حوش و به ربه ریت بردووه. له ماوه ی ئه م سێ ده یه دا وڵاتانی رۆژئاوایی به زۆری شه ر و میلیتاریزم به شوێن دوو ئامانجی سه ره کیدا ده گه رێن. یه که م په ره پێدانی ناسه قامیگری سیاسی له سه راسه ری جیهان تا له م رێگاوه خه باتی ئه سیلی کرێکاری و کومونیستی و هه ر ئاڵ و گۆرێکی ریشه ی و شۆرشگێرانه له گۆشه و کناری دوونیادا بێته ئاراوه له ژێر فه زای شه ر و زه به ر و زه نگی میلیتاریستی و ئاکامه کانی زه مینه ی سه رهه ڵدانی لی بسێنێته وه و لاوازی کا و یان له ناوه روک به تاڵی کات و به لارێیدا ببات. و هه ر به م پێیه ئه م ئوردووه گه وره و به رینه که بربره ی پشتی شۆرش و ته نیا ئاڵترناتیوی شۆرشگیرانه یه بۆ گۆرانی ئه م موناسباته مهار بکات و خه باته که یشی له چوارچێوه ی ئاسۆی بورژوازیدا به رته سک و قه تیس کات. به واتاێکی تر ئه م بزووتنه وانه دایم سه رقاڵی ورده کاری بێت و یان له باشترین حاڵه تدا له به رابه ر ئه م موناسباته دا نارازێک ده سته وه ستان زیاتر نه بێت! مه به ستی دووهه م، ململانی و رکه به رایه تی له گه ڵ جه مسه ره به هێزه کانی تری دوونیایه که ئیتر ئێستا نه ته نیا ژێر باری هه ژمونی ده وڵه تانی ئوروپایی به سه رکردایه تی ئامریکا ناچن به ڵکوو هه رکاه چ له باری ئابووری و چ نیزامی و پێشبرکی ته سلیحاتی و ته نانه ت تکنولوژی و فه نئاوه ری و هۆشی مه سنووعی به ره و ئه وه ده چن هه ر کامه ئیدعای ریبه ری جیهان یا به شێک له جیهان بکات و له م دابه ش کردنه وه ی دووباره ی دونیادا پشکیان بدرێتی!

ئه م لایه نانه ی کومونیزمی کرێکاری عێراق و کوردستان و حیکمه تیستی خه ره رسمی، له م ده وره یدا به جێگای ئه وه پشت به هیزی چینی کرێکار و بزووتنه وه ی کومونیستی ببه ستن، رێره ویان گۆریوه بو به شدار له پارڵمان و دام و ده زگا پیوه ندیداره کانی ئه م سیستمه له ناوچه که و له وانه فیدرالیزمی قه ومی و مه زهبی و تایفه یی که جڵه وه که له ده ستی هێزی میلشیای حزبه کانیاندایه. واته له پاش تێپه ربوونی زیاتر له سێ ده یه به و ده رنجامه گه یشتوون که سه رقال بوون و ورده کاری له چوارچێوه ی هه ر ئه م سیستم و دامه زاروانه ی بورژوازیدا باشتره له وه ی کومه ڵگایان به چه ند ده یه بانگه شه کردووه بو دژایه تی ئه م موناسبه ته که به شێوه ی قه ومی و مه زهه بی و خیله کی دابه ش بووه، به لام نه یانتوانیوه هه وڵه کانیان به هوی نه بوونی نه خشه رێگا و کرده وه ی کومونیستی به کرده وه ده ربهێنینن.
هه ر بۆیه ئێستا نه خشه رێگایان ئه وه یه به ناوی کومونیزم و به به رزکرده وه ی پلاتفورمی لانی که می داخوازیه کان چینی کرێکار و خه ڵکی زه حمه تکێش بخافڵێنن و بۆ ده ورێکی تر به واده و به لێنی پڕ و پووچی هه میشه ی خه ڵک بو به شداری له پارڵمان و سیستمی دواکه وتوانه ی فیدرالیزمی قه ومی و خێڵه کی په لکێش که ن.
سه ریری ئه م چه ند دێره له راگه یاندنی هاوبه شی ئه م دوو لایه نه بکه ن که له وتاره دوور و درێژه که ی هاورێ رێبوار ئه حمه دیشدا هه مه لایه نه تر روون کراوه ته وه: «ئەگەرچی هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان و عێراق، سەرەرای تێبینیە مەبدەئی و سیاسیەکانمان لەسەر هەڵبژاردن بەگشتی و هەڵبژاردن لەژێر سایە دەسەڵاتی میلیشیایی و دابەشکاری قەومی و مەزهەبی و تائیفیدا، بڕیاری بەشداریکردنمان دابوو، بۆئەوەی وەکو مەیدانێکی سیاسی لە ڕەوتی خەباتی سیاسی خۆماندا بەدەستیەوە بگرین و وەکو چۆن لە هەموو مەیدانەکانی تردا بەرگریەکی پەیگیرانەمان لە مافەکانی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش و کارمەندان و ژنان و لاوان کردوە، بەهەمان نەفەسەوە پرۆسەی هەڵبژاردن و هۆڵی پەرلەمانیش بکەینە مەیدانێکی دیکەی ململانێ و شەڕ لەسەر مافەکان و ئازادی و خزمەتگوزاریەکانی ئەوان، بەڵام بەداخەوە بەهۆی هەندێ کەموکوڕی یاساییەوە سەبارەت بە مەرجەکانی بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا، رێگانەدرا ناومان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکاندا تۆماربکەین. بەوهۆیەوە دەرفەتی ئەوەمان لە دەستدا کە پەرلەمانیش بکەین بە مەیدانی خەبات لە پێناو ماف و ئامانجەکانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشدا. بەڵام بێگومان لە دەستدانی ئەم دەرفەتە هیچ لەو ڕاستیە ناگۆڕێ کە حزبەکانی ئێمە چ لە ناو پەرلەمان بن یان لە دەرەوەی پەرلەمان، خەباتی خۆیان بۆ بەرگری لە ماف و داخوازیەکانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و خەڵکی ستەم دیدە، بۆ بەرگری لە مافەکانی ژنان و لاوان، بۆ بەرگری لە ئازادی و خۆشگوزەرانی، درێژەپێدەدەن.»
هاورێ رێبوار ئه حمه د یه کێک له ئه ندامانی مه کته بی سیاسی کومونیزمی کرێکاری کوردستان له وتووێژه که یدا له ژێر سه ردێڕی:« ئێمە دەمانەوێ مەیدانێکی دیکەی جەنگ لەگەڵ سەرمایەداری بکەێنەوە، نەک ئاشتی! » هه ر ئه و رێباز و رێچکه کۆنه کانی «برنشتاین»ی به کار هێناوه ته نیا جل و به رگێکی نوێی له به ر کردووه و له هه وڵدایه تا ئه م تێز و گوتاره کۆنانه نه ده رخواردی هاورێیانی کومونیزمی کرێکاری عێراق و کوردستان و حیزبی حیکمه تیست-هێڵی فه رمی و ته نانه ت ئه گه بکرێت کۆمه ڵگاشی بدات.
ئه و شتێکی روون و حاشا هه ڵنه گره رێبوار ئه حمه د و ئه م حزبانه تووشی هه ڵه ی مه عریفی نه بوون. ئه مان زیاتر له سی ساڵه و ته نانه هێندێکیان زیاتر، له ئاستی توانا و زه رفیه تی تاکه که سی و حیزبی سه رباری هه ڵه و په ڵه ی سیاسی، که م تا زور چالاکانه ره خنه ی بنه ره تیان بووه له سه ر ئابووری سیاسی سه رمایه داری و پێکهاته کانی. یانی سه رباری هه موو ئه و هه وراز و نه شیوانه ی له م ریبازه دا پشت سه ریان ناوه، هه وڵیان داوه بزووتنه وه کومونیستی و کرێکاری وه کو بربره ی پشتی شۆرش به ره و پێکهێنانی حکومه تی کرێکاری به رن.
ده کرێ له سه ر نه بوونی نه خشه رێگا و پراتیکی کومونیستی و خۆ بی وه زیفه کردنی ئه م هاورێیانه له ئه رکی و کار کومونیستی له ماوه ی چه ن ده یه رابردوو زور جیدی ره خنه بگرین به تایبه ت که سالانیکی دوور و دریژ خه باتیان کرددووه و به شێکی گرینگ له ته مه نیان له م پێناوه دا داناوه. ئێستا له م مه یدانی ململانی و رووبه رووبوونه وه جیهانیه دا له سه دابه ش کردنی سه ر له نوێی جیهان، و له پاش چه ند دیه خه بات ئه مانیش ئومێد به شۆرش و به سه رئه نام گه یاندنی کومونیزمیان له ده ست داوه، به ڵام راشکاوانه روو به کومه ڵگا ده رنابرن. ئه ویش به م هۆکاره ساده یه که ئه وانیش بۆ ئه وه ی له مه یدانی ململانی و پێشبرکی بۆ به شداری چالاکانه در پارلمان و دام و ده زگاکانی ئه م سیستمه دواکه تووه، ده یانهه وێ کرێکاران و خه لکی زه حمتکیش بکه نه سیا لشکری خۆیان. ئه وانیش بو به شدار بوون له ده سه ڵاتی سیاسی به فریودانی خه ڵک بۆ کێشانه به رده م سنووقه کانی ده نگ دان بگه ن به به رژه وندی به رته سکی خۆیان، و ده خوازی که ته نانه ت له گه ڵ حیزبی شیوعی هاوتای له مێژینه ی حیزبی تووده ی ئیران و ئه کسریه ت ببنه هاوپه یمان. ئه مه له حاڵێکدایه ده زانن له م سیستمه گه نده له دا ئه گه ر ده نگی خه ڵکی شتێکی بگۆریبا هیچ کات هه ڵبژاردنیان بۆ نه ده کرد! ئه م حزبانه ش له واقعدا وه ک ئه و حزب کومونیست و لایه نانه ی له هه موو گوشه و قوژبنی دوونیا له ده یه کانی
نه ودی زاینی و له پاش رووخانی دیواری بیرلین و تێکچوونی یه کیه تی سویه تی که جیهان له نیوان جه مسه ره جیهانیه کاندا دابه ش بوو، ر ێبازی کومونیستیان وه لاناوه و له باشترین حاڵه تدا چوونه ته سه ر رێبازی سوسیال دێموکراته کان. بویه به دڵنیایی به ئاموژگاری حه کیمانه ی ئیخلاقی ناگرێنه وه سه ر رێبازی کومونیستی! ئه م هاورێیانه له وڵام به ره خنه و نه فی ئێمه کومونیسته کاندا له سه ر به شداریان له پارڵمان و سیسته می دواکه تووی دسته به ندی قه ومی و مه زهه بی میلیشیای ئه و حزبانه ناسیونالیستی و عه شیرانه، به شداری «لنین» و «بولشویکه کان» له دوما به نموونه ده هێننه وه و ده یکه نه پالپشت تا په یوه ست بوونیان به پارڵمان و ئه و سسیتمه دواکه وتوانه پاساو بکه ن.

ده کرێ ده یان و بگره زیاتر فاکت بهێنرێته وه که ئه م پاساوانه بێ بنه مایانه و ته نیا و ته نیا چه واشه کردنی مێژووه و که له نێوان سه رده می تزاریزم و بولشویکه کان له گه ل دوخی ئیستا له عیراق به راوه ردیکی میکانیکی و نادیالکتیکی و نه گونجاو ده کات تا بیکاته پاساو بو به شداری ئێستای له پارڵمان. «لنین» پێش ساڵی 1905 یش له هه ل و مه رجی ئه و کاته سیستمی بورژازی بێرحمانه داوه ته به ر ره خنه و ساڵه کانی دواتریش تا ئوکتوبری 1017 ئه ونده ی ره خنه ی تووند و بن چینه ی له به شداری کردن له «دوما» گرتووه و له سه ری قسه ی کردووه و له قاویداوه که متر بلشویکه کاتی تر کردوویانه! من به ش به حاڵی خۆم له ماوه ی چه ند حه وتوویی رابردوودا له سه ر ئه م ته وه ره له گه ڵ رێبه ری هه دوو لایه نی کومونیزمی کرێکاری و لایه نگرانیان گه لێک له دوونیای مه جازی و ته نانه ت حه قیقی بیر و رامان گوریوه و ره خنه کانی خۆم له گه ڵ باس کردن و ته نانه ت چون ئه وان به شداری «لنین» یان کرد بووه پالپشتی لیکدانه وه بو ئه م دوخه چه ندین سه رچاوه به پێزی «لنین» یشم وه ک فاکتی مێژووی به زمانی ئینگلیزی و فارسی و کوردی بو روون کردنه وه ی زیاتر باسه کان پێشکه ش کردن و لینکی لێکدانه وە کانی «لنین» م پێناساندن تا جارێکی تر پێداچوونه وه ێک بکه ن به خوێنده وه کانیاندا که بۆچی ئه م رێگای گرتوویانه ته پێش پشت کردنه له م رێبازه هه موو ئه و سه رچاوانه که زۆربه یان به زمانی ئینگلیزیه له سایته کانی خۆشیاندا له وانه یه هه بێت.

لێره دا له مێژووی زۆر دووری پشت کردنی رێبه رانی کرێکاری و بزووتنه وی کومونیستی وه ک «لاسال، برنشتارین و کائوتسکی» که پشتیان له رێبازه کانیان کرد نه دواوم، که ئه وانیش هه ر به پێی لێکدانه وانه ی هاورێیان «رێبوار ئه حمه د»، «عوسمان حاجی مارف»، «خه سره و سایه» و «سه میرعادڵ» ه کان «به رنامه ی گوته» یان نووسی تا یه کگرتووتر بچنه شه ری بورژوازی!
ئه وانیش ویستیان له رێگای رێفۆرمیزمه وه خه باتی چینی کرێکار و خه ڵکی زه حمه تکێش له و چوارچێوە دا به رته سک بکه نه وە و قه تیس بکه ن و ئه مه بکه نه پاساو که ده چنه ناو پارڵمان تا له رێگای ئه م سیستم و دام و ده زگاکانیه وە بچنه شه ری بورژوازیه وه!
نموونه ی ئه ورۆیی ئه م پێوه ست بوونه به که مپی راست و ناسیونالیزمی قه ومی، ئاغای «عه بدولای موهته دی» یه که چه ن ده یه پێش ئێستا له نامیلکه ێکدا له ژێر ناوی«سوسیالیزم یان پارڵمانتاریزم» به تێر و ته سه لی بۆ داکۆکی له کومونیزم و سوسیایالیزم و چینی کرێکار قه له می تاوداو، به لام پاش روخانی دیواری برلین و «یه کیه تی سوفیه تی» ئه ویش په یوه ست بوو به که مپی بورژوازی! مه گه ر له بیرتان کردووه ئه ویش له سه ره تای ئه م گۆرانه دا هه ر ئه م لێکدانه وه ی ئێستای ئێوه و بگره گه لێک پوخت و پاراوتریشی هێنایه وه و ده یگوت:« ده کرئ پارڵمان بکرێته سه نگه رێک بۆ خه باتی شۆرشگیرانه به دژی ئه م دۆخه!».
به ڵام زۆری نه خایاند بوو به یه کێک له راوێژکاران و تریبوونه کانی داکوکی کاری پارڵمان و دواتریش پشتیوانی قایمی سیستمی فیدرالی قه ومی و عه شیره ی هێزه چه کداره کانی ناسیونالیزم تا له م رێگایه وه پارڵمان و فیدرالیزم بکاته سه نگه ری خه بات و گه یشتن به ده سه لاتی سیاسی بو وه دیهێنانی ماف و داخوازیه کانی کرێکاران و خه لکی زه حمه تکیش! «ریبوار ئه حمه د» کاتێک ئه و رستانه ی له وڵام به و که سه ی وتوێژه که ی ساز داوه نووسیوه، زۆری هه وڵداوه تا خۆی له ئه ده بیات و ناوه رۆکی ده ربرینه کانی «لاسال و برنشتاین..» دوور بگرێت و زیاتر وشه کان و ناوه رۆکی وتووێژه که رواڵه تێکی رادیکالی بداتێ!
به لام هاوری ریبوار له وه بی ئاگایه، چینی کرێکار و خه ڵکی وه گیان هاتوو له م سیستمه له عێراق و کوردستان سه رباری ئه وه ی له ژێر زه خت و گوشاری زوڵم و زۆردا بێ ده ره تان ماون زۆر له چینی کرێکار و خه ڵکی هه ژاری سه رده می لاسال و و برنشتاین و روسیه ی تزاری…وریاتر و ئاگاترن و به رژه وه ندیه کانی خۆیان باشتر ده ناسن. هه ر بۆیه هیچکات به م سایست و شیعار پۆپۆلیستی و به ڵێنه پڕ و پووچانه فریو ناخۆن. چینی کرێکار و توێژه هه ژار و بن دە سته کانی ئه م کۆمه ڵگایه ئه گه ر به هۆی زه خت و گوشاری ئابووری و سه رکوتی سیاسی، و راکه راکه بو به ده ست هێنانی پاروه نانێک، و دابین کردنی ژیانی مه مره و مه ژی، هه ل و ده ر فه تی ئه وه ی نه بووه شاره زایی ته واوی له م مێژووه بێت، به ڵام ئه زموونه کان و دژواریه کانی سه رێگای خه باتی ئه م چه ند ده یه له به رانبه رکێ له گه ڵ ئوردووی سه رمایه وه ها خاراوی کردوون که بزانن کام مه یلی و حزب نوێنه رانی راسته قینه ی ئه وانن.
چینی کرێکاری و خه ڵکی هه ژار و بێ داهات له کووره ی خه باتی هه ر رۆژه به دژی ده سه لاتداری بورژوازی فێری ئه وه بوو و تێگه یشتوون دۆستانی راسته قینه و دوژمنانی سیاسی و چینایه تی خۆیان بناسن! بۆیه رێبوار ئه حمه د زۆری هه وڵداوه وته کانی ره نگ و بووی ئه ده بیاتی کومونیستی بداتێ، به لام هه وله کانی بێ ئاکامن. چونکه کۆمه ڵگای چینایه تی و سیاسی عێراق و کوردستان، پێناوەته قۆناخێک له خه بات، ناکرێ ئه وه له ئێوه قه بووڵ بکه ن، چه ند ده یه به دژی بنه ما کانی ئابووری سیاسی سه رمایه داری بنووسن و قسه بکه ن، و خه ڵک له دژی ئه م سیستمه زاڵمانیه هان بده ن و بانگه شه ی بکه ن بۆ رسوا کردنی پارڵمان و سیستمی فیدرالی قه ومی و مه زهه بی، به ڵام له م دۆخه به سه د قات خرابتره دا که کۆمه ڵانی خه ڵکی به دژی ئابووری سیاسی و هه موو دام و ده زگاکان وه ستاونه وه پشت له م رێبازه بکه ن و خه ڵکی بانگه شه ی به شداری و چوونه ناو پارڵمان بکه یت!
ئازیزان بورژوازی له وانه یه کۆمه ڵگا وه ک «دارلمجاننین» سه یر کات و هه وڵ بدات خه ڵک دوسته وەستان بن، په نابه رێته به ر هه ر چه شنه قۆرخ کارێک، به ڵام که س هه یه نه زانێت ئه م سیستمه سه رباری به کار هێنانی دام و دە زگاکانی ئه منی ده وله ت و ئه حزابی میلشیای چه کدار بۆ سه رکوتی خه ڵک، هێشتا نه یتوانیوه بو ساتێکیش رێگا خه باتیان کوێربکاته وه!
کۆمه ڵگای عێراق و کوردستان به پێی ده رس و ئه زمونه کانی خه باتکارانه یی ده یان ساڵه یان و چوونه سه ری وشیاری سیاسی و چینایه تیان ئه ونده شناختیان به ده ست هێناوه که ده زانن ئێوه نه ک ته نیا به م پلاتفۆرمه ی لانی که می ماف و داخوازیه کانتان تێد ا گه ڵاڵه کرده وه به ڵکوو ئه گه ر «مانیفیستی کومونیزم» یش به ده سته وه بگرن باورتان پێناکه ن و ده زانن ئه م هه وڵانه تان بو فریودانه و پشتتان له رێبازی کومونیستی کردوه. به تایبه ت کاتێک ده ڵین ده چینه ناو پارڵمان و و دام و ده زگاکانی تا له م رێگاوه خه بات بکه ین بۆ گه یشتن به ده سه ڵات، دیارە له وە نگه رانن خه ڵک ئه مه تان وه ک جووک لێ وه ر ده گرن!
چینی کرێکار و خه ڵکی هه ژار و کومونیسته کانی عێراق له م مێژووه خوێناویه دا گه لێک ده رسی به نرخی وه ر گرتووه. سه رباری هه موو هه وراز و نه شێوه کانی سه رێگایان له ده ورانی به عس دیسان پێداگر بوونه له سه ر ئه و ه شۆراکانیان زیاتر رێکبخه ن و له نێو جه ماوه ری خه ڵکدا جێگه و پێگه ی چینایه تی و سیاسی خۆیان به هێزتر بکه ن. تازه ئه وه یش ده زانن ئێستا کۆمه ڵگای عێراق و کوردستان گه لێک به رفروانتر له ده ورانی رژیمی به عس له به رابه ر ئه م پارڵمان و سیستمه کونه په رستانه یه دا وه ستاوه ته وه که رێبوار ئه حمه ده کان یش ده ورانێک له پێشه نگانی ئه م رێبازه بوون و له به رابه ریدا نووسیویانه و بانگه شه ی خه ڵکیان کردووه بۆ خه بات وه ستانه وه له دژی، و ئێستاش هه ر رێک ئه م فاکته ر و پێناسانه یه بوه ته هۆکار که خه ڵک فریوی بانگه شه کانیان بۆ چوونه ناو پارڵمان ناخۆن.
هه وڵی لێبراوانه و شۆرشگێرانه کومونیسته کان ده ورانێک ئه وه بوو کاریگه رترین رێگا بو پێش بردنی خه باتی چینایه تی و سیاسی ره چاو بکه ن تا چینی کرێکار و تۆیژه کانی تری ژێرده ستی سه رمایه داری به دژی ئه م هه ڵس و که وته رێکخراو بکه ن و به رێره وێکی شۆرشگێرانه و کومونیستی هیدایه تی و ریبه ری بکه ن تا خویان له رێگای شۆراکان و به ده سته وه گرتنی ده سه ڵاتی سیاسی ئه م پارڵمان و سیستمه دواکه وتوانه ی فیدرالیزمی قومی و مه زهبی و خێڵه کیه هه ڵته کێنن و راماڵن. به ڵام ئێستا «رێبوار ئه حمه د» ه کان نیگه رانی ئه وه ن به ئه م یان ئه و نه خشه رێگای بورژوازی کرێکاران فریو بدات و بیانباته ژێر په رچمی بورژازی و به لێنیان پێ بدات پارڵمان به قازانجی کرێکاران و خه ڵکی زه حمه تکیش ئیسلاح دە کات و دە یکاته مه یدانێکی تر له شه ر!

نیگەرانی رێبوار ئه حمەد و ئه و حیزبانه له وە یه، کۆمه ڵگای عێراق به گشتی به و ئاسته له وشیاری گه یشووه که به پێوە ست بوونی و بانگه شه ی رێبوار ئەحمەده کان شتێک له م سیستمه دا ناگۆردرێت و ته نانه ت به رە و خراپتر بوون دەچێت! سه ردێری وتووێژه که ی هاورێ رێبوار هه ر ئه و ئامانجه دە پێکێت که ئه و دوو حیزبه له پارڵمان به شوێنیه وە ن. تێگه یشتن له م مه سه له شتێکی ئاڵۆز نییه و به ڵکوو زۆر راشکاوانه ئه م حیزبانه هه ر ئه و رێباز و سیاسه ت و تاکیکه شۆرشگێرانه و ناشۆرشگێرانانه ی له رابردووی دە یان ساڵه دا بوویان، تا به ئامانجێک که بۆ گه یشتن به شورش و کۆمونێزم چینی کرێکار و زە حمه تێکش له رێگای شۆراکانه وە دە سه ڵات به دە ستە وە بگرن ئێستا به ته واوی به م بانگه شه بۆ چوونه ناو پارڵمان لێێ پاشگه ز بوونه ته وە! ئێستا دەیانهه وێ به جێگای پێداگری و پشت به ستن به هێزی چینی کرێکار و تۆیژه کانی خوارە وە ی کۆمه ڵگا به چوون ناو سیستمی دە سه ڵاتدار له وانه پارڵمان و قه وارە خێله کی قه ومی حیزبه ناسیونالیستی و مه زهه بیه کان که کۆمه ڵگایان به بارمته گرتووە بچنه شه ری سه رمایه داریه وە! هاورێیان له وانه یه حێزبه کانتان له م چوونه پارڵمان و به شداری له هه ڵبژاردنه کان خه ڵکێک له دە وری خۆتان کۆ که نه وە و سه رقاڵ بن ناو دام و دەزکان، به ڵام دڵنیا بن ئیتر له کۆمۆنیزمه ی که ساڵانێکی زۆر بۆ به سه رکه وتن گه یاندنی هه وڵتان دابوو شتێکتان بۆ نامێنێت!

07.11.2025
ناسر بابامیری




قوروەی ئازا و بێ‌ناز.. شیوا میره‌كی

پێشەکی: ئەگەر بمانهەوێ سەبارەت بەقوروە بنووسین لە ڕاستیدا ئەتوانین بڵێین نووسراوە یا لێکۆڵینەوەی بەهێز و ئاکادێمیکی تایبەت بۆ ناسینی ئەم ناوچە لە بەر دەستماندا نییە و ئەوانەی کە هەن تەنیا توانیویانە بەشێكی بچووك لە حەقیقەتی مێژوویی یان فەرهەنگی ئەم ناوچەمانە بۆ ڕوونبکەنەوە کە ئەم کەمتەرخەمییەی نووسەر و چالاکی فەرهەنگیی کورد خەسارێکی زۆرە بۆ لەناوچوونی ڕاستییەکانی ناوچەی فرە دەوڵەمەندی فەرهەنگی مێژوویی قوروە. هەر وەک ئاماژەم پێکرد کتێبگەلێك سەبارەت بە ناوچەی قوروە هەیە و نووسراوه‌، ئەوانەی نووسەری کورد نووسیونی هەم کەمن وه‌ هەم دەبوایه‌ بەهێزتر بنووسرایە نەک ئەوەی بە شێوەی پێرست و کورت ئاماژەی پێبکرێ .لەم ساڵانەی دواییدا کەسێکی تورکزمان بەناوی (موحسێن ساڵحی) لەسەر ئەم ناوچەیەی نووسیویە (بلوک اسفنداباد، جنگ سولچە و…) کە بەداخەوە ناکرێ وەکوو سەرچاوەی متمانەپێکراو بیناسێنین. بۆ نووسینی ئەم بابەتە توانیومە کەڵک لە کتێبی ( آوازهای سرزمین پدریم ) وەربگرم کە یادی بەخێر بێ کتێوێکی زۆر لاوازە و شێعری کوردی و حەقیقەتی ناوچەكه‌ی تورکاندووە و جگە لە پێشەکییە سێ لاپەڕەیه‌كه‌ی شتێکی دیكه‌ی بۆ وتن نییە، هەر وەها لە چەن وتارێکی مێژوویی و مێژووی مادی دیاکۆنۆف و….هتد کەڵکم وەرگرتووە.

کورتەی باس:
شاری قوروە لە چوار گۆشەوە هاوسنوورە لەگەڵ سونقوڕ کولیایی سەر بە پارێزگای کرماشان، ئەسەدئاوای سەربە پارێزگای هەمەدان و وه‌ دێولان و بیجاڕی سەر بە پارێزگای سنە، کە ئەم تایبەتمەندییە بووەتە هۆی ئەوەی پێوەندی پتەو و هاتووچۆی زۆر لەنێوان ئەم شارگەلە پێک بێت و زاراوەکانی ئەم شارگەلە لە شاری قوروەیش بوونی هەبێت. هەندێ جار بەهۆی تێکەڵاوبوونی زاراوەکانی ناو شاری قوروە لەگەڵ ئەو زاراوەگەلەی شارە دراوسێەکان، زاراوەی نوێ درووس بووە کە بە نسبەت زاراوەی ڕەسەنی کوردی جیاوازە و ناتواندرێ وه‌ك زاراوەی ڕەسەنی کوردی بێتە ئەژمار، بەڵام جیا لەکوردیش پێناسە ناکرێ. هاتنی کۆچبەرانی لەک و نیشتەجێبوونیان لەم ناوچەیە و هەبوونی عەشیرەتی زەند و شێخ ئیسماعیلی کە بنەڕەتیان شارەزوورییە و هەر وەها هەبوونی بنەماڵەی ئەردەڵان وەکوو دەسەڵاتداری ناوچەکە کاریگەری زۆریان لەسەر درووسبوونی زاراوە و شێوەزارەکانی لەم ناوچەیەدا بووە. شارەزوور پێش هاتنی ئیسلام بریتی بوو لە (هەولێر، شاربازاڕ، ئارپاخا (کەرکووک)، شیز (هەوشار)، دزدان، پاتیز(زەهاو)، زاموا، دینەوەر (ئەسپەنئاوا بەشێ لە دینەوەر)، نەهاوەند و هەمەدان). یاقووتی حەمەوی وای بۆ ئەچێ کە شارەزوور ناوچەیەکی بەربڵاوە کە لە کێوەکانی نێوان هەولێر تا هەمەدان دەگرێتەوە کە بنەچەیان دەگەڕێتەوە بۆ دەورەی ساسانییەکان و هەروەها شارەزوور شاری پیرۆزی یارسان و شوێنی حەشر و نەشری ئایینی یارسانە.
لەم شارە (165) ئەسەری مێژوویی لە ئاسەواری نەتەوەیی وڵاتی ئێران تۆمار کراوە کە نیشاندەری پێشینەی دوور و درێژ و مێژووی دەوڵەمەندی ئەم ناوچەیەیە، یەکێک لەو ئاسەوارانە (فەرهادتاش)ە لەوێنسار کە لە سی کیلۆمێتری شاری قوروە بەرەو هەمەدانە و بە بڕوای خەڵک پێوەندی لەگەڵ (شیرین و فەرهاد)ی کرماشاندا هەیە کە دێهاتە ژێرزەوییەکانی ئەم ناوچەیە ئەو بڕوا و گومانەی خەڵکە بەهێزتر ئەکا. هەر لە شوێنی فەرهادتاش ئەشکەوتێک هەیە و جۆرێ فۆسیلی زەریایی لێیە کە لەم جۆرە بەردگەلە بۆ بیناسازی (مەعبەدی ئاناهیتا) لەتەخت سلێمان کەڵکوەرگیراوە لە وێنسار هەتا هەوشار دێهاتی ژێرزەوینی بووە کە ڕەنگە پێوەندیدەری ئەم دوو ناوچە بووبێت. هەروەها لە وێنسار کانییەکی بەردچن درووستبووە کە خەڵک بۆ شوکرانەبژێری ئەو کانییە ڕێوڕەسمی گاکوژی بەڕێوە ئەبەن و بەڕێوەچوونی ئەم ئایینە کۆنە ئەتوانێ نیشاندەری میترائیسم لەم ناوچەیە بێت . قوروەی ئەمڕۆیی بەشێک لە لەیلاخ بووە کە شوێنی گەرمێن و کوێستانی کۆچی ئێڵەکانی شێخ ئیسماعیلی، میرەکی، زەنگنە، زەند، بەلیلوەن، لالەای و گورگەیی بووە و نیشتەجێبوونی ئەم خێڵگەلە تا دەورەی فەتحعەلی شا بەردەوام بووە. قوروە لە دەورەی سەفەوی و سەددەی هەشتەمدا بەهاتنی کۆچبەرانی تورک، بەناو ئەسپەنئاوا لە لەیلاخ جیا بووەتەوە. قوروەی ئەمڕۆیی لە درێژەی دەسەڵاتداری میری ئەردەڵان یەکێ لە هەژدە بلووکەکەی ئەم میرنشینە بووە.
بلووکی ئەسپەنئاوا لە نەخشە مێژووییەکاندا بە کیشاسوو ناوی براوە کە یەکێ لە ناوەندە پڕ حەشیمەتەکانی نزیک بە هەگمەتانەیە. قوروه بەهۆی بارودۆخی جۆغرافیایی خۆی یەکێ لەناوەندە ئێستراتژیکەکانی زاگرۆسە کە هەمیشە سوارە نیزامی ئامادەی شەڕی بووە.
بۆ سەلماندنی ئەم وتە ئەتوانین ئاماژە بە شەڕی یەکەمی جیهانی و شەڕی سەنجەرخان لەبەرانبەر ڕووس و شەڕی سۆلچە لەبەرانبەر یۆپرەم خانی ئەرمەنی بۆ دەسەڵاتداریی ئەم ناوچە بەدەس (سالاروددەولەوە) بکەین. ئەم ناوچەیە له‌پێش ئیسلام لە ژێر چاوەدێری (دەوڵەتی ماد)دا بووە و لە سەددەی هەشتەمدا بەهاتنی بەربڵاوی تایفەگەلی تورکمانی بۆ ناوچە کوردییەکان قوروەیش بووە بە بەشێ لەناوچەی دەسەڵاتداری عەلیشەکەر قەراقویونلوو و چەن شوێنێکی تورکنشین لەم ناوچەیەدا درووستبوون. یەکێک لە قەڵاگەلی گرینگ لە بەشی ژوورووی ڕۆخانەی ئامادای یا سپی‌ڕوودا بووە کە لە باکووری ئەم شارە هەڵکەوتووە و سەرەتاییترین برووسکەی شۆڕشی ماد دژ بە ئاشوور لە قەڵای کیشاسۆ و خارخار دەستی پێکردوە و بووە بە هۆی درووسبوونی یەکەمین دەسەڵاتی گشتگیر لەوڵاتی ئێراندا.
ساڵی (716)ی پێش زایین سارگۆن هێرشی کردۆتە سەر دەوڵەتی مەننایی و شوێنگەلێک کە چاودێری مەننایی لەسەریان لاواز بووە، سەرەتا قەڵای گرینگی کیشاسۆ ئەسپەنئاوای داگیرکرووە و خاون دەسەڵاتەکەی بە دیل گرتووە. لەسەددەی نۆی کۆچی بەدوا بەناو بەشێک لە شوێنی دەسەڵاتی قەراقویۆنلوو ناوبانگی دەرکردوە و کۆچبەرانی تورک لە ناوچە کوردییەکاندا نیشتەجێ بوون. لەو هەموو میر و خانە لەم ناوچەیەدا ئەتوانین ئاماژە بە ئیلخانی جاف مورادی و شێخ ئیسماعیلی بکەین کە لە خانە دەسەڵاتدارەکانی ناوچەی ئەسپەنئاوا بوون. خاوەنی ئەسڵی ئەم ناوچەیە خەڵکی گۆران و جافن کە بەردی بنەڕەتی ئەم شارەیان داناوە و دواتر تایفەگەلی لەک، سۆران، هەورام، نۆتەرەکی، وەرمەزیار، پڕپێشە و کەلهۆڕی لەوێدا نیشتەجێ بوون، کە لە دەیەکانی‌ دواتر کۆچبەرانی تورکی قەشقایی، بەهارلوو، شاهسەوەن، خودابەندەلوو، لەم شوێنە نیشتەجێبوون. لە ئەسپەنئاوا قەڵا و تەپەی مێژوویی زۆر هەیە وەکوو؛ دەروازە، کۆڵەوا، قەڵوەز، هانەسارد، قەسڵان، بان سەرانجیک، جنیان، دێوەزەن، خانەڱا، مەیهەم و…. هتد.
ئەم شارە لە دەشتێکی پان و بەرین بەپانتایی (58400) کیلۆمێتر و بەرزایی (1800)مێتر لە زەریاس کە لەڕۆژهەڵاتی شاری سنه و لەسەر ڕێگای سنەهەمەدان هەڵکەوتووه‌. ناوەندی سەرەکی حوکومەتی ئەم شارە لەڕابڕدوودا گوندی مێژوویی قەسڵان بووە کە خاوه‌نی قەڵا، عێمارەت، مزگەوت، گەرماو، باخ و بێشەی گەورە و بازاڕ بووە و دواتر بەهۆی درووستبوونی ڕێگای هەمەدان-سنە و دووری قەسڵان لەو ڕێگایە لادێی قوروە وردە وردە گەورەتر دەبێ و لە ساڵی (1337) ناوەندی حوکومەت بۆ قوروە دیاری ئەکرێ و قەسڵان ئەکەوێتە پەراوێزەوە. له‌م شارە ئاسەواری مێژوویی سروشتی زۆر تۆمار کراوە، وەکوو شاخی کۆڵەوا، گەرماوی قەسڵان، پردی فەراوا، باوەگوڕگوڕ، فەرهادتاش، ئەشکەوتەکانی کانی گەنجی و… هتد، زمان یەکێک لە فاکتە گرنگه‌کانی شوناسی نەتەوە، کۆڵەکە و بنەڕەتی مانەوەی نەتەوەس. هەر چەن خەڵکی شاری قوروەیش لەم شەڕە نەرمەدا دۆڕاوە و تووشی ئاسمیلەبوون بووه‌، بەڵام هێشتا زمان و جلوبەرگیان پاراستووە. خەڵکی ئەم شارە جۆراوجۆری زمانیی و فرە کولتووربوونیان هەیە و زاراوەکانی کەلهوڕی، سۆرانی، گەڕووسی، ئەردەڵانی، هەورامی و لەکی لەم شارەدا بوونی هەیە. شوێنە مێژووییەگەشتیارییەکانی قوروە بریتین لە:
باوەگوڕگوڕ؛ لە گوندی باوەگوڕگوڕ هەڵکەوتووە و کانی ئاهەکسازی زۆری تێدایە کە ئاوی سوێر و تاڵە و بۆ نەخۆشینی مێعدە و پێست بەکەڵکه و لەدەسەی ئاوگەلی (کلر و بیکربنات). هەر لەو شوێنە بەرز و نزمیگەلێک بوونی هەیە، کە لەباوەڕی خەڵکدا ئەژدیها بووە و لەدرێژەی زەماندا وای لێهاتووە کە ئەم ئەژدیها پێوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەفسانە کوردییەکاندا هەیە. پێشتر ئاماژەم بە ئایینی (گاکوژی و میترائیسم) کرد کە (میترا) نەوەکوو ئایین بەڵکوو باوەڕێک له‌پێش زەردەشت کاریگەریی خۆی بووە و دوای دەسەڵاتداریی زەردەشت بەتەواوی لەنێو نەچووە و بەشێکی زۆری تا ئێستاش هەر ماوە و تەنیا بەپێچەوانەوە پیشان دراوە. واتە مانای ڕاستەقینەی خۆی لەدەست داوە، بەڵام هێشتا هەر ماوتەوە و ئاگامان لەوە نییە کە لە باوەڕەکانی میتراییە. میترا لە زەردەشتدا ئەتوێتەوە، پلەوپایەی لە ئەهوورامەزدا نزمتر ئەبێت و هەروەها ناوەڕۆکەکەشی ئەگۆڕدرێت. واتە ئەبێتە هێمای خۆر و ڕووناکی کە ئەهوورامەزدا میترا ئەخوڵقێنێت تا پارێزگاری لە هەستی بکات.
له‌ هه‌موو به‌ردەنووسه‌کان و به‌رهه‌مه‌ کۆنه‌کاندا که‌ له‌ وێنه‌کانی میترا له‌ تاقه‌کاندا به‌جێماوه‌، چ له‌ کاتی ڕاوکردن و چ له‌ کاتی کوشتن و شه‌ڕکردن له‌گه‌ڵ مانگادا، میترا له‌گه‌ڵ مار، دووپشک و شێر نیشان دراوه‌، مار و دووپشک و شێر، هێمای مێهرن و میترا له‌ زۆرێک له‌ هێما که‌ونینه‌کاندا به‌ جه‌سته‌ی مرۆڤ، شێرسه‌ر، له‌گه‌ڵ ئه‌ژدیها/مارێک که‌ لە ده‌وری ئاڵاوه،‌ نیشان دراوه‌. بە بڕوای ماده‌کان خوداکان به‌ شێوه‌گه‌لێکی سه‌رسووڕهێنەر ده‌بینرێن. خوداگه‌لێک‌ کە بەر سه‌ر شێرن و نیوه‌ مرۆڤ بە سەر مار و بە لەش مرۆڤ وەکوو شاماران.
کۆڵەوا یەکێک لە هێماکانی ئەم شارەیە لە نزیکی سەراوی قورووە، کە بەرزییەکەی ئەگاتە (2400)میتر و چەند ئەشکەوتێکی مێژوویی تێدایە و ئاسەوارێ کە دۆزراوەتەوە تایبەت بە دەورەی ساسانی بووە و لە باوەڕی خەڵکدا لووتکەکەی وەکوو ئەژدیهایە کە سەری لە بەردێک ناوە تا بتوانێ پارێزگاری لە شار بکات.
کەسایەتییە بەناوبانگەکانی ئەم شارە بریتین لە : محەمەدڕەزا کوردستانی، ناسراو بە میرزادە عێشقی شاعێر و شانۆنامەنووسی کوڕی ئەبولقاسم خان لە ساڵی (1272) لەگوندی قاسم ئاوا هاتۆتە ژیانەوە کە بەرپرسی ئەوەڵ ڕۆژنامەی ناوچەکە بووە و لە بەر چاونەترسی و ئازایەتی و دەروەستبوون بەدەستی ڕەزاخان تێرۆر کراوە.
عەرەبعەلی شروه پەیکەرتاش و نیگارکێش و مامۆستای زانکۆی هونەرەجوانەکانی تاران بووە کە لە ساڵی (1318) لەگوندی شوکراوا چاوی بە ژیان هەڵێناوە و بنیاتنەری شێوازی نیگارکێشیی نوێ لەئێراندایە و لە ساڵی (1390ی)هەتاوی کۆچی دوایی کردووە .
عەبدولباقی خان سوڵچە سەردار و فەرماندەی شەڕی سوڵچە بوو .ئەم شەڕە دوو بەش بووە، سەرەتا لە ملەی هەمەکەسی ڕوودەدا کە بە شکستهێنانی داگیرکەر کۆتایی پێدێ و بەشی دووهەم لە قەڵای سوڵچە بووە کە لە ئاکامی ئەم شەڕەدا یۆپرەم خان ئەرمەنی، دوکتور سۆهرابی، عەبدولباقی خانی سەرۆکی چەرداوەڕی و عەباس خان چناری سەرۆک ئێلی کەلهوڕ دەکوژرێن .
جلوبەرگی ژنانی ئەم ناوچەیە وەکوو باقی ناوچەکانی کوردەواری کوردییە کە لەکراسی چیندار بە شاڵی سێ گرێ، سەروێن، ژێرچناکە، قازانقوڵف، چارەکە، سینەپۆش، سوخمە و سەڵتە، کوڵە و کەوا پێکهاتووە و جلوبەرگی پیاوانیش وەکوو باقی ناوچەکانی کوردەوارییە.
ژینگە سامانێکی گشتییە و ئەرکی پاراستنی ژینگە لە ئەستۆی تاک بە تاکی کۆمەڵگاس. شاخی بەور و پەرێشان ناوچەیەکە پارێزراوی ژینگەییە کە دیمەنێکی دڵڕفێنی هەیە و ئامانجی شاخەوانەکانە. ژینگەی ناوچەی قوروە زیاتر تەرخان کراوە بۆ کشتوکاڵی گەنم، سێفەزەمینی، ئاڵف، هەنگوور و باخی سێو و … .
پووشەنی گیایی ئەم ناوچه بریتین لە گەون، شنگ ،چەقچەقە، گیابەلەک یا شیرین بەیان، کنیواڵ، قازیاخە، قاخڵی، کنگەر، گیلاخە، پەیکوڵ، داربەلەک، سالمە ،گوڵەحاجیانە، هەزبێ، شمڵی، گوڵەبەڕۆژە، بووماران یا بووژانە، پوونگە، گوڵە هێرۆ ،تورشکە، کەلەمەکاشی، بەلەشوانە و … هتد هەروەها گرنگترین چەم و کانیەکانی قوروە بریتین لە: کانی تاقەدار، کانی کوچکینە، هانەسارد، چەم زەلەجۆ، چەم دزە، گەڵاڵی، گەناو، جیقایە، قەڵا، جامەشۆران، کنگرە، قاملوو، شووراو،فەراوا،پلووسرکان، عەزیزاوا و نارنجەک کە گرنگترین چەمی ناوچە چەم‌شوورە بە درێژایی (35) کیلۆمێتر و زۆربەی چەمەکان ناوچە ئەڕژێتە چەم تەرواڵ و لە کۆتایی ئەڕژێتە ناو زەریای کاسپییەن. هەر وەها شوێنگەلێکی سروشتیی زۆر خۆش وەکوو دۆڵ مەیهەم، قەسڵان، کانی شاپەسەن، ئاسفاوا، سەرتیپاوا، ئەمیناوا، هەوریە و مانگادۆڵ و قەسڵان بۆ حەسانەوەی ڕۆح زۆر خۆشن و گەشتیاران ڕوو لە ئەو شوێنگەلە دەکەن. بای زەلان، بای شەماڵ، ڕەشەبا و گەردەلوولان لەو ناوچە زۆرە و ئەم باگەلە تۆز و خۆڵی ناوچەکە ئەنێرن بۆ ناوچەگەلیتر و بۆیەش بە خاوێنترین شاری ئێران ناسراوە

دەرئەنجام:
قوروە هەم لە بواری ئابووری و هەم بەهۆی زەوی‌وزاری پڕڕزق و کانزای زۆر یەکێکە لە گرنگترین و هەستیارترین شارەکانی کوردستان. هەر وەها بە هۆی جۆراوجۆری زمان و زاراوە و ئایین ئەتواندرێ بە شاری ڕەنگاورەنگییەکانی کوردستان لە کوردستان بێتە ژمار کە بەداخەوە بەهۆی کەمتەرخەمیی خەڵک خراوەتە پەراوێزەوە و خەسڵەتی دوورەپەرێزی لە شەڕ و ئاژاوە حەز بە پاراستنی حاشیەی ئەمن هەرگیز هەنگاوێکی جێددی یا بەهێز بۆ زیندووکردنەوەی مێژوو، کولتوور و …ئەم ناوچەی نەدراوە کە ئەم خەسڵەتی خاوندارێتی‌نەکردن لە نیشتمان یەکێک بەهۆی ئەوەسە کە جۆراوجۆری زۆری هەیە و کەس خۆی بە خاونی رەسەنی ئەم ناوچە نەزانیوە و کوردەکان زیاتر لە کاتی پێناسەکردنی خۆیان ناوی گوندەکەیان دەڵێن و ناڵێن من قوروەییم بۆیەش خاونی ناڕەسەن کەڵک لە قوروەییبوون وەردەگرێ و هۆکاریتریشی ئەوەیە کە لە دەورەگەلێکی پێشووی خەڵک لە ژێر دەسەڵاتی میر و خان و … لە شەڕی جۆراوجۆر چەوسێندراونەتەوە بەڵام لە گۆرانییە کۆنەکانی فولکلۆر سکاڵا لە جەفای ڕۆژکار و ناڵین لە دۆخ بەڕوونی دیارە.

قوروه‌
شیوا میره‌كی




پێ دەچیت پرۆسەکەی باخچەلی و ئەردۆگان بۆ بەڕێکردن وەخت بووبێت.. زاهیر باهیر

ئەوەی بۆ ماوەی نزیکەی 9 مانکە لای پەکەکە و کۆمەڵە خەڵکێکی زۆر بە پرۆسەی ئاشتی ناسراوە و لای ئاکەپە و باخچەلی بە پرۆسەی تورکیای ‘ناتیرۆر’ ئێستاش بە پرۆسەی ‘چارەسەر’ ی ناسراوە تەنها لەبەر بوونی دەرفەتێك بوو بۆ پارێزگاریکردن لە حکومەتی تورکیا لەسەروبەری شەڕی حەماس و ئیسرائیل و کلک وگوێکردنی میلیشیاکانی ئیڕان و لاوازکردنی خودی ئێرانیش .
ئەمانە و ڕاگەیاندنەکانی ئیسرائیل سەبارەت بە گۆڕینی نەخشەی ناوچەکە ترس و لەرزێکی زۆری خستە دڵی دەوڵەتی تورکیاوە کە ئەو بارودۆخە ئەویش لێی ڕزگار نابێت کە لە کاتێکیشدا دەیەها بیانو هەیە بۆ لابردنی حکومەتی ئاکەپە و گۆڕانکاری لە ئیدارەی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و ولاتدا.
ئەمە هۆکار و پاڵنەری تەواو بوو بە دانی ئەو وەهمە بەناوی قسەکردن لەسەر پرۆسەی ئاشتی، نەك باوەڕی تەواوی ئاکەپە و باخچەلی بە گۆڕانکاری بنەڕەتی دەستور و حوکمڕانی و لابەلاکردنەوەی کێشەی کورد لە باکوری کوردستاندا.
بەڵام ئایا ئەو خەونەی ئۆجەلان و هەندێك لە سەرانی قەندیل و خۆشباوەڕانێکی زۆری نێو پەکەکە و کوردانی باشوور ڕوودەدات؟
بەڕای من ئەگەر بمانەوێت بۆچونێکمان لەو بارەوە هەبێت دەبێت تەماشایەکی ڕووداوەکانی سەرەتا و ئەم دوواییە بکەین. ئاشکرایە هەر لە سەرەتاوە تاکو ئێستا دەوڵەتی تورکیا پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە شتێکی ئاوا بە ناوی ئاشتی و ئاشتەواییەوە لە ئارادا نییە، ئەوەی کە هەیە تەنها نەهێشتنی تیرۆرە لە تورکیادا. بە بەردەوامیش ئەمە لەلایەن هەندێك لە بەرپرسان و گەورە دەسەڵاتدارانی تورکیاوە تا ڕادەیەك ڕۆژانە پشتڕاستدەکرێتەوە، ئاوی گوێمان بەوە دادەن و بیرمان دەهێننەوە نە دەستور دەگۆڕێت و نە ئۆجەلان بەردەبێت و نە پرۆسەکەش بە خواست و مەبەستی کوردان دەبێت.
لە لایەکی ترەوە جەنگەکەی ئیسرائیل و حەماس گەر بۆ کاتییش بێت وەستاوە ، ئیسرائیل جارێکی دیکە بەم زوانە هێڕش ناکاتەوە سەر ئێران. پێگەی تورکیاش نەك هەر لەبەهێزبووندایە لە ناوچەکە و لە مەیدانی سیاسەتی ئەمریکی دا بەڵکو بووە بە دانەر و رێکخەر و جێبەوبەجێکەر سیاسەت و سێبەری حکومەتی سوریاش کە ڕەنگدانەوەی کتومتی سیاسەتی حکومەتی تورکیایە .
نزیکبوونەوەی تورکیا و ئەمریکا و چوونی ئەبوجۆلانی بۆ ئەمەریکا و بەشداریکردنی لە پرسە هەرە گرنگەکاندا بە هاوبەشی و هاوکاری فیدان هاکان کە بە گوێرەی میدیا فەرمییەکانیش بارودۆخۆکە لە قازانجی تورکیا و حکومەتی سوریایە .
لەلایەکی دیکەوە بە ناچاری ڕازیبوونی هەسەدە بە مەرجەکانی تورکیا و سوریا و ئەمریکا بە تێکەڵبوونەوەیان و بوون بە بەشێك لە سوپای سوریا لەگەڵ وەرگرتنی هەندێك پلەوپایەی سوپایی و ڕەنگە ئیدارەییش. ئەمەش لە کاتێکدایە کە دەبێت قوربانی بدرێت بەو ئیدارەیەی کە لە ڕؤژئاوادا هەیە و هەڵبووەشێتەوە و ببێتە بەشێك و پاشکۆی دەوڵەتی سوری ، واتە دەستبەرداربوونی تێزی : خۆسەریی ، ئیکۆلۆجی ، فێمینیزم ، کاروباری هەرەوەزی ، ئەکادیمیاکانی کە لەوێ بە ناوی جیاوەزەوە هەن ، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە و پڕۆگرامی خۆێندن و چاوخشاندەنەوە بە پڕۆگرامی زانکۆکان و بێ گومان لابردنی وێنەکانی ئۆجەلان و کۆتاییهێنان بەو سروودانەی کە لە قوتابخانەکاندا دەخوێنرا و دەوترایەوە یا لە کۆبوونەوەکاندا دووبارە دەکرانەوە، ئەمانە و لەپاڵ کردنەوەی مەداریسی زۆری دینی و مزگەوت و کارگەی بەرهەمهێنانی کەسانی زۆر توندڕەو و تیرۆریست .
ئەمانە هەمووی ئاوێکە دەکرێن بەدڵی حوکمڕانانی تورکیا و ڕەواندەنەوەی مەترسییەکانی ئەم یەك دوو ساڵەیان سەبارەت بە لە کارکەوتنیان.
لەبەر ڕۆشانی ئەوەی کە لە سەرەوە وترا دەتوانین بڵێین گەر هەموو ئامانج و ویستی تورکیا لە ڕۆژئاوا و لە سوریا نەهاتبێتە دی ، ئەوە دەکرێت زۆرێك لەوانە بێت کە ویستویانە .
ئالەم بارەشدا تورکیا پێویستی بە پرۆسەیەك بە ناوی ئاشتییەوە نامێنێ بە تایبەت لە ئێستادا، کە لە کاتێکدا هێشتا زۆرێك لە تورکەکانی ئەوێ بەهەژمونی بەکارهێنانی زمانی ڕایسستی و فاشتی دەوڵەت دژی پەکەکە ، ڕاهێنراون، دەکرێت لە ماوەیەکی دیکەدا بە تەواوی کۆتایی بەو پرۆسەیە بێت ، لەوانەشە کە لێبوردنێیکی گشتی بۆ چەکدارانی پەکەکە بەڵام نەك سەران و کەسە دیارەکانی دەرکرێت .
ئەوەی کە وام لێدەکات کە من ئاوا بۆچونێکم هەبێت، ئەوە لێکدانەوەی وردی بارودۆخی ناوچەکە و سیاسەتی ئەمەریکا و گۆڕانکاری گەورە بەسەر ئایدیا و مانیفێستەکیی ئۆجەلان و باس نەکردنی هیچ جۆرە پێشەوەچونێكی ئەم پرۆسەیە و خەریکبوونی ئەو بە ناردنی چەند پەیام و ڕاگەیاندنێکی سارد و سڕ و بێمزەڕاتانە و خۆنەدان لەم پرۆسەیەیە. هەرەها ڕووداوەکانی ئەم هەفتەیە و ئاشکرابوونی باشتری نێتی تورکیا و ئەبوجۆلانی و ئەمەریکا، هەر هەموو ئەمانە وامان لێدەکات کە بڵێم پێدەچێت ئەوەی لای ئێمە پێیی دەوترێت پرۆسەی ئاشتی وەهمێک بووبێت کە لە ئێستادا وەرناگێڕرێتە سەر واقیع.
بەداخەوە ئەمجارەش وەکو هەموو جارانی پێشتر لەوە دەکات سەرکردان و ڕابەرانی کورد نەیانتوانی گەمەیەکی سوودمەند لە بارودۆخێکی ناوازە و لە مەیدانی سیاسەتێکی بێ سەروبەرەی ئەمەریکادا بکەن. ئیتر نازانیین ئەمەش بە شکستێکی دیکە کۆتایی دێت یا بە سەرکەوتنێکی زۆر لاوەکی . دووبارە بەداخەوە کە ‘دەم پارتی’ ش یا كلاویان نراوەتە سەر یاخود هەموو شتێك دەزانن نایانەوێت بیدرکێنن، یا بەمەبەسێك ئاڵاون لە پرۆسەیەکی وا گەورەوە کە زۆر لەبەردانی سەرۆکە گیراوەکانیان گەورەترە.

زاهیر باهیر
12/11/2025




شاری ڕواندز ،مەڵبەندی هونەری ڕەسەن.. ن- كامەران حاجی ئەلیاس

ئەگەر ئاوەڕێك لە مێژووی شاری رواندز بدەینەوە بۆمان دەردەكەوێت كەئەو شارە لە زۆربەی لەبوارەكانی ژیان ، پێشرەو بووە هەمیشەلە گەشەكردن و پێشڤەچوون دابووە ..سروشتی شاری رواندز هەردەم هەوێن و سەرچاوەی داهێنان بووە بۆ هونەرمەندان و نووسەران ،بۆیە لە هەموو سەردەمەكان بوونی خۆی سەلماندووە،چەندین نووسە رو هونەرمەند لەو شارەدا هەڵكەتوون،كە شوێن پەنجەیان لە سەر ئاستی كوردستان و عێراق بەرچاوە بووە.. بۆنموونە لە سەردەمی پاشای گەوەرە لەدیوەخانەكەی میر محەمەد جگەلە پێگەی سیاسی خۆی دیواخانەكەی شوێنی پێشكەش كردنی هونەری ڕەسن بووە لەرێگەی گێرانەوەی چیرۆك وبەسەرهاتەكان بەشێوەی حیكایەت وحەیران ولاوك كەلەلایەن دەنگبێژانی لێهاتووی ئەوسەردەمە بەتایبەتی لە شەوان دا پێشكەش بەئامادە بووان دەكران، جۆش و خۆرشیان بە كۆڕو مەجلیسەكان دەدا.
لەلایەكی تریش لە بواری رۆژنەمەوانیش دا ئەوشارە بۆتە پێگەیەكی گرنگی هەبووە بۆ ئاشنا كردنی هونەر و ئەدەبی ڕەسەنی كوردی ..كاتێ لە ساڵی 1925 كاتی سەید حوسێن حوزنی موكریانی دێتە شاری رواندز لەگەڵ خۆی چاپخانەیەك بەناوی (زاری كرمانجی)لەو شارە دادەمەزراێنێت لە هەمان كات دا گۆڤارێكی هەر بەناوی زاری كرمانجی دەركردوە (24) ژمارەی لێ بڵاوكردۆتەوە، چەندین نووسەری ئەو كاتە بەرهەمی هونەری و ئەدەبی خۆیان لەو گۆڤارەدا بڵاوكردۆتەوە خزمەتێكی زۆری هونەر و ئەدەبی ڕەسەنی ناوچەكە بەتایبەتی و كوردستانیان بەگشتی كردووە.
لەبواری هونەری بەهەرسێ بەشەكەیەوە (شانۆ،شێوەكار، میوزیك) لەپێشكەش كردنی هونەری ڕەسەن شاری رواندزپشكی شێریان بەركەوتووە.
ئەگەر سەیری ئەو شانۆگەریانە بكەین كەلەو شارەپێشكەش كراون زۆربەیان گوزراشت بووە لە كێشەو ناسۆرییەكانی نەتەوەی كورد زۆرجاریش لەرێگەی ئەم نمایشانەوە ئاریشەو كێشە كۆمەڵاتییەكانی نێو كۆمەڵگا نمایش كراون… ڕاستە هونەری كۆمیدیا لە گەیاندنی پەیامەكان ، هیچی كەمتر نییە لە هونەری مەرگەسات، بەڵام هەمیشە نمایشەشانۆییەكانی ئەو شارە نمایشێكی مەرگەساتی بوون چونكە ئەم شانۆگەریانەی لەو شارەدا پێشكەش كراون زیاتر شانۆی (جاد) و رێبازی شانۆی واقعی لەخۆگرتووە كەزیاتر گوزارشت لە هونەری ڕەسەن دەكەن هۆكاری پێشكەش كردنی ئەم جۆرە شانۆگەریانەش دەگەڕێتەوە بۆ بوونی چەند مامۆستا و هونەرمەندی ڕەسەن لەو شارە بۆ نموونە كاتێ لە 15-10-1931 یەكەم شانۆگەری بەناوی (نیرۆن) پێشكەش دەكرێت لەئامادەكرن و دەرهێنانی مامۆستا (فوئاد ڕەشیدبەكر) بووە چەمكی شانۆگەرییەكە ،باس لەچیرۆكی ژیانی ئیمپڕاتۆری نیرۆ ن دەكات تیشك دەخاتە سەر لایەنە جۆراوجۆرەكانی كەسایەتیی خودی ئیمپڕتۆر و حوكمە ستەمكاریەكەی لەگەڵ سوتاندنی شاری ڕۆما و كۆتاییە مەرگەساتەكەی دەكات.لەو ساتەوە تا دوای راپەرنیش بەشی زۆری نمایشەكان لەو شارەدا ئەو جۆرە نمایشانەیان لە خۆگرتووە كە گوزارشتیان لە باردۆخی نەتەوایەتی وسیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی دەكرد. هەر ساڵەكانی پەنجاو شەستەكانی سەدەی رابردوو ساڵانە لە یادی جەژنی نەورۆزدا شانۆگەری (كاوەی ئاسنگەر) لە ژێر چەندین ناونیشان پێشكەش كراوەن لەم روانگەوە نابێ رۆڵی مامۆستای هونەرمەند (زرار محەمەد مستەفا) لەبیر بكەین كە كاریگەری زۆر گەورەی هەبووە لە نمایش كردنی جۆری ئەو شانۆگەریانانەی كە لەو شارە پێشكەش كراوە بۆنموونە ئەگەر ئاماژە بەناوی هەندێ لەو شانۆگەریانە بكەین كە هەموویان نمایشی مەرگەساتی بوون گوزارشتیان لە ڕەسەنایەتی واقعی ژیانی كۆمەڵگای كوردی بەشێوەیەكی گشتی دەكرد..وەكو ئۆپەرێتی (داستانی شۆرش) لە 7-4-1979 نمایش كراوە ، شانۆگەری (خۆراگرتن تاسەركەوتن) 17-7-1979 ،شانۆگەری( نهێنی پیشە) 28-29-8-1982 شانۆگەری (بانێكەو دووهەوا) 3-5-1983 ، شانۆگەری (شاری ئەوین) لە 25-7-1986 لە هۆڵی پاشای گەورە نمایش كرا وە لە سۆرانیش نمایشكرا.شانۆگەری (ئەو پیاوەی مەرگ لێی ئەسڵەمێتەوە) لە رواندز ،سۆران،دهۆك، هەولێر لە 27-3-1988 نمایشكرا . شانۆگەری (مەرگی بەختەوەری) لە 25-26-8-1991 لەرواندز و سۆران نمایش كرا….چەندین شانۆگەری تر كە لێرەدا دەرفەتی ئەوە نییە ئاماژە بەهەموویان بدەن ئەگەر بەگشتی سەیر ناونیشانی تێكستی ئەو شانۆگەریانە بدەین كەو لەو ماوەیەدا نمایش كراون ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە ئەگەر كەسێك نمایششەكانیشی نەبینیبێت ئەوا لە مانشێتی شانۆگەرییەكان لە ناوی نووسەری تێكستەكان بۆی دەردەكەوێت كە سەرجەم شانۆگەرییەكان شانۆی ڕەسەن و شانۆی جاد بوو،گوزارشتیان لە چەمكی كێشەو گرفتی نەتەوەی كورد كردووە.
لە بواری هونەری شێوەكاریش دا هەمیشە هونەرمەندانی شێوەكاری ئەم شارە وەكو (سەلام نەورۆز ، خودالێی خۆش بێت رزگار فەقی عوڵا ، تەیب موعتەسەم ، ئەمیر حمەدەمین ، بێرۆ رواندزی …هتد) سروشتی شارەكەیان لە تابلۆیەكانیان رەنگی داوەتەوە چەندین پیشانگای هاوبەش و تایبەتی كرانەتەوە بەجۆرێك سەرجەم پیشانگاكان گوزارشتیان لە دۆلأ وشاخ وچیا و تاڤگەكان كردوە ئەمەش بەمانای ئەوە دێت كە ئەم هونەرمەندانە كارەیان لەسەر هونەری ڕەسەنی كوردی كردوە…بێگومان ئەمە بەمانای ئەوە نایات كە هونەرمەندانی شێوەكاری شار قوتابخانە شێوەكاری تری فەرامۆش كردبێت وەكو سوریالیستی و ئنتباعی و رۆمانسی وئەبستراك ودادایی… چونكە بەشێوەك لە شێوەكانی لە رێگەی تابلۆكانیان دا لە پیشانگان تابلۆی لەو شێوازە قوتابخانانەش نمایش كراوەن.. لەلایەكی تر ئەگەر سەیری پیشانگای ساڵانەی چالاكی قوتابخانەكانی شاریش بكەین درك بەوە دەكەین كە قوتابیان زۆربەیان لە نیگارەكانیان دا وێنەی خەرەند و بێخاڵ و جوندیان كێو و دۆڵەكان بەدی دەكرێن .
هونەری گۆرانی موزیكیش كاریگەری گەورەی خۆی هەبووە لە پێشكەش كردن وپاراستنی هونەری رەسەنی كوردی لەناوچەی رواندز بەجۆرێك زۆرێك لە لاوك بێژان و حەیران بێژان لە نێو لاوك وحەیرانەكانیادا باسیان لە خەبات و خۆراگری وچیاو دۆڵ وتاڤگەی شاری رواندزیان دەكرد ، باس لە كیژۆڵە جوانەكانی شار دەكەن وەكو هونەرمەندان (محەمەد عارف جزیری و ڕەسول بێزار گەردی و حەسەن سیساوەیی و وەلی دۆسكی ..) جگەلەوەش چەندین بۆنەو داب و نەریتی كوردەواری ئەگەرچی لە ئێستادا كەم بۆتەوە بەڵام بەشێوەك لە شێوەكان ناوبەناو ئەنجام دەردێت وەكو شایی ڕەشبەڵەك ساوار كوتان و دەروێنەوە ..بێگومان لە كاتی بەرێوەچوونی بۆنەو ئەم داب و نەریتانە هەریەكەو گۆرانی و سروەتی تایبەتی بەخۆی لەگەڵیان ئەنجام دەدرێت.
كاتێ باس لە گۆرانی و موزیكی شاری راواندزیش دەكەین ناكرێت رۆڵی تیپی مۆسیقای پاشای گەورە لەبیربكرێت ئەم تیپە لەسەردەستی هونەرمەند مامۆستا زرار محمەد مستەفا لە لە 1-7-1977 دامەزرا چەندین شاكاری نایابیان پێشكەش كردوە بەجۆرێك لەرێگەی ئەم تیپەوە چەندین گۆرانی فۆلكلۆری ڕەسەنی كوردیان لە فەوتاند رزگار كردوە ئەم تیپەخاوە نی فۆرم ستایلێكی تایبەتی بەخۆی هەیە هەركاتی گوێ لە بەرهەمێكی ئەم تپیە دەگرین دەزانین كە ئەمە تیپی موزیكی پاشای گەورەیە.. ئەم تیپە بەرهەمەكانی تایبەت نەبووە تەنیا بە گۆرانیبژانی شاری رواندز بەڵكو لەسەر ئاستی كوردستانی گەورە كاری كردوە چەندین گۆرانیبێژی توانیویانە گۆرانییەكانان لەرێگەی ئەم تیپە بڵاوبكەنەوە بەجۆرێك هەندێ لە گۆرانیەكان دەنگدانەوەیەكی زۆری لێكەوتووە وەكو گۆرانی( كۆچەرێ) كە بەدەنگی هونەرمەند وەلی دۆسكی بڵاو كراوە گۆرانییەكی فۆلكۆری بوو، دوایی چەندین گۆرانیبێژ گۆرانییەكەیان(كۆچەرێ)، دووبارە كردوە وەكو هونەرمەندی كۆچكردوو (تەحسین تەها) ،هەروەها گۆرانی (رواندز ) ، ئەویش بەدەنگی هونەرمەند وەلی دۆسكی تۆمار كرا كە ئێستا بۆتە سمبولی شاری رواندز لەكاتی نمایشكردنی دیمەنە سروشتەكانی ئەو وەكو لۆگۆی شاری ئەو گۆرانییەكەش لەگەڵیدا پەخش دەكرێت . هەروەها گۆرانی (مەندانێ) كەلەلایەن هونەرمەند (ئەحمەد محەمەد شەریف ) تۆمار كرا ئەویش لە كاتی خۆی ناوبانگێكی زۆری دەركرد تائەو رادەییەی گۆرانیبێژەكە لە ناو خەڵك دا بە ناوی (ئەحمەد مەندانە )،ناسرا،گۆرانییەكە باس لە شۆخ و شەنگی كیژۆلەیەكی كوردستان دەكات بە ناوی (مەندانە) هەرچەندە ئەم گۆرانیبێژە چەندین گۆرانی تری هەر لەو تیپە بڵاوكردە بەڵام زیاتری بە گۆرانی (مەندانە) لەناو جەماوەر ناسرا.
یەكێك لە سیفەتەكانی تیپی موزیكی پاشای گەورە ئەوبووە كە بەرهەمەكانی تایبەت نەبوو تەنیا بە گۆرانی بێژانی شارە كە یان ناوچەكە بەڵكو خزمەتی چەندین گۆرانی بێژ تری لە شارەكانی تری كوردستان بگرە لە پارچەكانی تری كوردستان كردوە بەجۆرێك زۆرێك لە گۆرانی بێژان لە رێگەی ئەم تیپەوە ناسران بەڵی ئەم تیپە لەبواری سردووی شۆرشگێریشدا لە سەردەمی رژێمی بەعسی گۆڕبەگۆڕدا چەندین سرودی شۆرگێری بەنهێنی بۆ هونەرمەندانی رۆژهەڵات تۆمار كردوە،تا ئەو رادەییەی لەسەردەمی خەباتی شاخ دا لە زۆربەی رادیۆییەكانی حزبەكانی ئەو كات پەخش دەكران سروودەكانیش لە ستۆدیۆی كۆمەڵەی هونەرەجوانەكانی رواندز تۆمار دەكران كە بارەگاكەی چەندی مەترێك لە دائیرەی ئەمەن ورێكخراوی حزبی بەعس نزیك بوو.. تۆمارەكردنەكەش لەسەردەستی هونەرمەند و رابەری هونەر مامۆستا (زرار محمەد مستەفا) تۆمار دەكران لەبەر بوونی مەترسی لەسەر ژیانیان وئاشكرا نەبوونیان سروودەكان زیاتر درانگانی شەو تۆمار دەكران .
هەر بۆ مێژووش لە دوای راپەرینی گەلی كوردستان لە بەهاری 1991 تیپی موزیكی پاشای گەورە یەكەم تیپ بوو ئاهەنگی جەماوەری وكۆنسێرتی بە ئامادەبوونی زۆرێك لە سەركردەكانی كورد و جەماوەرێكی زۆر لەدوای كۆچ ڕەوەكەی گەلی كوردستان لە شارەكانی رواندز ،سۆران ، شەقڵاوە، رانیە ،چۆمان..) سازكرد بە شداری هونەرمەندان (ناسڕی رەزازی ،شوان پەرەوە ، شیرین پەروەر).
لە كۆتاییدا پێم باشە ئاماژە بەو گۆرانیبێژان بدەین كە لەم تیپەدا بەرهەمەكانی خۆیان پێشكەش كردوە (وەلی دۆسكی ،ناسڕی رەزازی، شوان پەروەر، نەجمەدینی غوڵامی،خدر بێجانی ،سلێمان ئەحمەد، ئەبووبەكر لەگزی ، كاڵێ، شیرین پەروەر،فاتیمە، جەلال ئاوارە، هاوتائەسعەد،سەلام سامان عەلی موردی، سامان عەلی مورادی ..).

ن- كامەران حاجی ئەلیاس




بەراوردێك لەنێوان جاڕنامەی مافەكانی منداڵان و دۆخی منداڵان لە كوردستانی عێراق!.. نووسینی: رەهێن یاسین حەمەدئەمین

منداڵ لە رووی یاسایی و تەندروستیەوە وا پێناسەكراوە كە: مرۆڤێكە كە تەمەنی لە خوار 18 ساڵیەوەیە، ماف و بەرپرسیارەتی جیاوازە لە گەورە، بە تایبەتی لە بوارەكانی تەندروستی و تاوانكاریدا.
لەبەر ئەوەی منداڵ پێنەگەیشتووە لە رووی جەستەیی و هزریەوە بۆیە پێویستی بە رێوشوێنی تایبەتی پاراستن و جاودێری هەیە.
هەربۆیە نەتەوەیەكگرتووەكان جاڕنامەی مافەكانی منداڵی راگەیاند لە ساڵی 1989 بە مەبەستی پاراستنی مندالآن، لەم جاڕنامەیەدا كۆمەڵێك بەندی زۆر گرنگ هەیە لەم وتارەدا لە سەر تیشكی ئەو بەندانە هەڵسەنگاندنێك بۆ بارودۆخی مندالآن دەكەین لە كوردستانی عێراق.
1.جیاكاری نەكردن: دەبێت مندالآن هەموو مافەكانیان بۆ دابین بكرێت بە بێ لە بەرچاوگرتنی جیاوازی رەگەز و رەنگ و زمان و ئایین و بۆچوونی سیاسی یان جیاوازی چینایەتی.
جیاكاریەكی گەورەكە هەیە لە كوردستانی عێراق لە نێوان منداڵی دەوڵەمەند ە هەژار لە نێوان مندالآنی شار و لادی لە ڕووی دابینكردنی پێویستیەكانی ئاو كارەبا و خوێندن و تەندروستی و رێگاوبان و زۆر بواری تر، ئەم جیاكاریە كاریگەری گەورە دەكاتە سەر هەموو بوارێكی منداڵ بە تایبەتی دەروونی منداڵ.

  1. بەرژەوەندی مندالآن: دەبێت لە هەموو بوارەكاندا رچاوی سەرەكی بەرژەوەندی مندالآن بكرێت.
    لە كوردستان لە هەموو بوارەكاندا بەرژەوەندی گەورەكان دەخرێتە پێش بەرژەوەندی مندالآنەوە. هەمیشە ئەوە گەورەكانن بڕیار بە دەستن، بە هیچ شێوەیەك پرس بە منداڵ ناكرێت تەنانەت لەو بوارانەش كە تایبەتە بە منداڵەكە بەتایبەتی لە بوارەكانی جیابوونەوەی هاوسەران منداڵ ناچار دەكرێت لای یەكیك لە دایك و باوك بمێنێتەوە بە بێ ئەوەی پرس بە منداڵ كرابێت، هەروەها لە كاتی دابەشكردنی میرات بە هێچ شێوەیەك كەس بیر لە بەرژەوەندی منداڵ ناكاتەوە بەڵكو گەورەكان بەرژەوەندی خۆیان دابین دەكەن و منداڵ پشتگوێ دەخەن ، زۆر جار تەنانەت بێ بەش دەكرێت لەم مافەیان یان هەوڵی بێبەشكردنی دەدرێت.
  2. مافی ژیان و مانەوە گەشەكردن: هەموو منداڵێك مافی سروشتی ژیانی هەیە و لە سەر دەوڵەتە تا ئەوپەڕی توانای مانەوە و گەشەكردنی منداڵ مسۆگەر بكات.
    لە كوردستان بە هوی كێشە و شەڕ و ململانێی نێوان پارتە سیاسیەكان و بوونی هیزی عەشیرەت و شەر و ململانێ نێو خۆیان زۆربەی جار منداڵان بوونەتە قوربانی، هەوەها بە هوی خراپی رێكاو بان و سیستەمی هاتووچۆوە منداڵ دەبێت بە قوربانی و ژیانی لە دەست دەدات، كەم نین ئەو چیرۆكە تراژیدیایانەی كە زۆر جار منداڵان ژیانیان لە دەست دەدەن بە هووی كێشە و گرفتی نێوان گەورەكانەوە.
  3. چاودێری دایك و باوك: منداڵ مافی ئەوەی هەیە دایك و باوكی بناسێت و چاودێری بكرێت و پەیوەندی لە گەڵیان هەبێت تەنانەت ئەگەر ئەو دایك و باوكە جیاش بووبێتنەوە.
    مندالآن لە كوردستانی عێراق زۆر جار رووی داوە بە هووی جیابوونەوەی دایك و باوكەوە منداڵ بێبەش دەكرێت لە بینینی دایك یان باوك بۆ چەندین ساڵ ئەم منداڵە حەسەرتی بینینی دایك یان باوكی هەیە، بێەبشكردنی منداڵ لە بینینی دایك یان باوك منداڵ تووشی دەیان گرفتی دەروونی و خەمۆكی و پەنابردن بۆ كاری نەشییاو دەبات.
  4. پاراستن: دەبێت منداڵ بپارێزرێت لە هەموو جۆرەكانی توندوتیژی و پشتگویخستن و ئازاردان و دەستدرێژی سیكسی.
    لە زۆربەی خێزانەكاندا لە كوردستانی عێراق هەتا ئێستایش لێدان و سوكایەتی و شكاندنەوەی منداڵ بوونی هەیە، لە زۆربەی قوتابخانەكان یان لێدان یان سوكایەتی و شكاندنەوەی منداڵ بوونی هەیە، منداڵ پشتگوێ دەخرێت لە لایەن خێزان و قوتابخانەوە ،گرنگی بە بۆچوون و قسەكانی نادرێت.
    هەروەها دەستدرێژی كردنە سەر منداڵ هەیە بە تایبەتی لە ناو خێزاندا لە لایەن كەسانی نزیكی خێزان وەك باوك برا مام و خاڵ ئامۆزا و پورزا و خاڵۆزا و خزمەكانی منداڵەوە، یان لە قوتابخانە و گەڕەكاكاندا، بەلآم لەبەر ئەوەی منداڵا هوشیاریان نیە بەم كارە و لە ترسی دایك و باوك و ئابڕوونەچوونیان بە نهێنی ئازاری ئەم كارە قێزەوەنانە دەچێژن و توشی دەیان گرفتی دەروونی دەبن.
  5. پەروەردە: منداڵ مافی دابینكردنی خوێندن و پەروەردە و گەشەدان بە توانا و بەهەركانی هەیە.
    مندالآنی كوردستانی عێراق لە خراپترین ئاستی خوێندندان، قوتابخانە حكومیەكان لە هەموو روویەكەوە خراپە چ لە رووی خراپی بینا و كەرەستەكانی قوتابخانەوە بگرە تا دەگات بە داخستنی دەرگای قوتابخانەكان بۆ ماوەیكی زۆر بە هوی بایكۆتی مامۆستایانەو، یان خراپی وانەكانی خۆێندن بەراوورد بە ولآتانی پێشكەوتووی جیهان.
  6. تەندروستی: مندالآن مافی ئەوەیان هەیە كە بەرزترین ئاستی تەندروسیتیان پێشكەش بكرێت.
    ئاستی پێشكەشكردنی تەندروستی بە منداڵان لە نەخۆشخانەحكومیەكاندا لە كوردستانی عێراق لە خراپترین ئاستدایە، دكتۆرەكان زۆر بە خراپی ئەركەكانیان جێەبەجێ دەكەن و نەك هەر ئەوە بەڵكو لە رێگای نەخۆشخانە حكومیەكانەوە هەوڵ دەدەن نەخۆشەكان ئاراستە بكەن بۆ نورینگە تایبەتەكانی خۆیان لە دەرەوەی نەخۆشخانە، نەبوونی داودەرمان و پێویستیەكانی تری تەندروستی لە نەخۆشخانەكان گرفتی گەورەی دروستكردووە بۆ مندالآن .
    لە كۆتایدا قسە زۆرە بكرێت سەبارەت بە خراپی بارودۆخی مندالآن لە كوردستان بەلآم ئەوەی گرنگە چارەسەر چیە ؟
    دەبێت سیستەمی حوكمڕانی لە كوردستانی عێراق گۆرانكاری گەورە بكات بۆ دابینكردن و بەرگریكردن لە مافی مندلآن،هەروەها لە بەر رۆشنای جاڕنامەی مافەكانی مندالآن هەوڵ بدات گرفتەكانی مندالآن چارەسەر بكات و یاسای تایبەتی بۆ دەر بكات و كۆمەڵێك رێوشوێنی خێرا بگرێتەبەر بە مەبەستی باشتركردنی بارودۆخی مندالآن، دەبێت بە زووترین كات دەست بكات بە بڵاوكردنەوەی هوشیاری لە نێوان مندلآن و خێزان و قوتابخانەكاندا سەبارەت بە مافەكانی مندالآن یاسای توند دەربكات دژ بەو كەسانەی كە ستەم لە مندالآن دەكەن.

نووسینی: رەهێن یاسین حەمەدئەمین

28/08/2024




لەتیف هەڵمەت شایەنی بڕوانامەی”دکتۆرای فەخری”یە.. رەزا شـوان

بڕوانامەی دکـتۆرای فەخـری (دکتۆرای شانازی ـ دکتۆرای رێـزلـێنان)، بـڕوانەمەیەکی بەخـشراوی ئەمـڕۆ نـییە، بەڵکـو مێـژووی بەخـشینی بۆ چەنـدین ساڵ، بەر لە ئەمـڕۆ دەگەڕێـتەوە. زانکـۆی (هـارڤـارد) ی ئەمـریکی مێـژوویەکی دوور و درێـژی هـەیە لە پـێـدانی بـڕوانـامەی دکـتۆرای فەخـریـدا. لە ساڵی (١٧٥٣) دا، بـڕوانـامەی ماسـتەری فـەخـری لـە وێـژەدا بەخـشی بە نـووسـەر (بـنـیامـین فـرانکـلیـن). لـەو ساڵە بـەدواوە زانکـۆی هـارڤـارد، بـێـشوومار بـڕوانامەی دکـتۆرای فـەخری بەخـشیوە بەو کەسانەی کە کارەکانیان سـنووری ئەکـادیـمـییان تـێـپەڕانـدوون. چەنـدیـن بـڕوانـامـەی دکـتۆرای فـەخرییان بەخـشی بە سەرکردەکان و بە کەسایەتـییە ناودارە جیهـانییەکان. بۆ نموونە پێـدانی دکتۆرای فـەخـری بە (نـێـلسۆن مانـدێـلا) لە ساڵی (١٩٩٨) دا. خاتـوو (هـێـلین کیلەر) یش، کە خاوەنی پێداویـستیی تایبەت “نابـینا” بـوو، یەکەم ژن بوو، کە لە ساڵی (١٩٥٥) دا، زانکـۆی هـارڤـارد بـڕوانـامەی فـەخـریی لە فـەلـسەفـەدا پـێـبەخـشی.
زانکـۆی (بـێـل) لە ئەمـریکا، یەکەم زانکـۆ بـوو کە لە ساڵی (١٨٦١) دا، بـڕوانەمەی دکـتۆرای فـەخـری بەخـشی.
پێناسەی دکتۆرای فەخـری، بریییە لە بـڕوانامەیەکی ئەکادیمی. بەبێ پـێشکەشکـردنی دیـزەرتەیـشن (تـێـز) یان لێکـۆڵـینەوە، وەک بە فـەرمی دەربـڕینی سوپـاسگـوزاری و پـێزانین و رێـزلـێنان، یان دانـپێـدانان لەلایەن زانکۆکانەوە. لە ئاهـەنگـێکی شایستەدا دەبەخـشرێـت، بەو کەسـانە یان بە گـرووپ یان بـەو ێـکخـراوانـەی، کە لە بـوارەکانی زانـستی، ویـژەیی، مـرۆیی، نیـشـتـمانی، کـۆمەڵایەتی، پەروەردەیی، سیاسی، وێـژەی منـداڵان، وەرزش، مافـەکانی مـرۆڤ، ئاشـتی، دادپـەروەری، ژیـنگەیی، خـێرخـوازی، … هـتد. کە دەستکەوتی کـوالـیتی بەرز و ناوازەیـان بەدەستهـێـناون. تەنـانەت ئەگەر وەرگـرەکانی دکـتۆرای فەخـری، پـێـشینەی ئەکـادیـمیشیان نەبـێـت. بـۆ جیـاکـردنەوەی دکتۆرای فەخـری لە دکتۆرای ئاسایی، پیـتەکانی (ئـێچ. سی) کە کورتکراوەی هەردوو وشـەی (هـۆنـۆریـس کـاوکـا)ی لاتـیـنـیـیە، دادەنـرێـت. کـەسـێک دەتـوانـێـت زیاتـر لە بـڕوانـامەیەکی دکتۆرای فەخری وەربگـرێـت. زانکۆکان بۆشـیان هەیە، گەر بیانەوێت بە هـۆکـارێـکەوە، بـڕوانـامەی دکـتۆرای فـەخـری لـە وەرگـران وەربـگـرنـەوە. وەکـو زانکـۆی خەرتـووم لە (مـوعـەمـەر قـەزافـی) یان وەرگرتەوە، زانکـۆی قـاهـیرەش لە (سـۆزان مـوبـارەک) یان وەرگـرتـەوە.
کانـدیـدکـراو بـۆ وەرگـرتنی بـڕوانـامەی دکـتۆرای فەخـری، دەبێـت کەسـایەتـییەکی ناسـراو و رێـزداربێـت. دەسـتکەوتەکـانی لـە بـوارەکەیـدا، جیـاواز و نمـوونـەیی و نـاوازەبـن. کـاریگەریی ئەرێـنـیان لەسـەر کـۆمەڵـگاکەی هـەبێـت.
بـڕوانامەی دکـتۆرای فەخـری زۆر گـرنگە، لە ناسانـدن و رێـزلـێـنان لەو کەسانەی
کە بەشـدارییـەکی ناوازەیـان لە کـۆمـەڵگادا کـردوون. دەبێتە هـۆی بەرزبـوونەوەی متمانەبەخۆبوون و ئیلهابەخش و هاندانیان، بۆ درێژەدان لە تێپەڕینی سنوورەکان و
بـۆ داهـێـنان و بۆ دروستکـردنی جـیاوازی و گەیـشـتن بە بەرزتـریـن ئاستی نایـاب. کاتـێک کە کەسایەتییە بـاڵاکان، کە ئەم شانـازییەیان پێـدەبەخـشرێـت. زیاتر هـەست
بە گـرنگی رۆڵـیان و بە بەرپـرسیارێـتی ئەستۆیـان دەکـەن.
بێگومان هەموو کەسێک شایەنی ئەم نازناوە نیـیە. بۆ نموونە، دکـتۆرا فەخرییەکەی گـۆڕبەگـۆڕ (عـودەی سـەدام حـوسێن) کە دکـتۆرای فـەخـری نییە، بەڵکـو دکـتۆرای شەرمـەزاری و رسـواییە بۆ وەرگـر و بۆ ئەو زانکـۆیەی ئەم نازناوەیان پـێبەخشی.
لە زانکـۆکانی کوردستان، وا بـزانـم کە زانکـۆی سـەلاحەدیـن بوو، دەستپێشخەرییان کـرد و بـۆ یەکـەم جـار بـڕوانـامەی دکـتۆرای فـەخـرییـان بەخـشی. پـێـمخۆشـە لـێردا نـاوی بەشـێک لە وەرگـرەکـانی بـڕوانـامەی دکـتۆرای فـەخـری بهـێـنـم، کـە لەلایـەن زانکـۆکـانی کوردسـتان و وڵاتـانـەو پـێـیانـبـەخـشـراوە.
زانکـۆی سـەلاحـەدیـن چـوار بـڕوانـامەی فەخـرییان بـەم کەسایەتییانە بەخـشیـوە:
١ـ لە ساڵی (٢٠١٤) دا، دکـتۆرای فـەخـریـیان بە دکـتۆر (ئـیـسماعـیل بـێـشکـچی)ی تـورک بەخـشی. کە دۆسـتـێکی ناسـراوی گـەلی کوردمـانە.
٢ـ لە ساڵی (٢٠١٥) دا، دکـتۆری فەخـرییان بە زانـا (د. مسـتەفـا زەڵـمی) بەخـشی.
٣ـ لە ساڵی (٢٠١٩) دا، دکـتۆرای فەخـرییان بە پـرۆفـیـسۆر (د. کـۆچـەر بـیرکـار) بەخـشی. دکـتۆر کـۆچـەر چەنـدین خـەڵاتی بـاڵای نێـودەوڵەتی وەرگـرتـووە.
٤ـ لە ساڵی (٢٠٢٢) دا، دکتۆرای فەخرییان بە پرۆفـیسۆر (د. فـریاد فـازل عـومەر)
بەخـشی. کە پـسـپۆرێکی بەنـاوبـانگی کوردە لە بـواری زمـان و وێـژەی کوردیـدا.
زانکـۆی سـلـێـمانی، بـڕوانامەی دکـتۆرای فەخـری، بـەم کەسـایەتـییانە بەخـشیوە:
١ـ لە ساڵی (٢٠١٩) دا، دکـتۆرای فـەخـری، بەخـشی بە هـونەرمـەنـدی ناسراومان (مەزهـەری خالـقی) لە پای خـزمەتکردنی لە بـواری هـونەر و کەلەپـووری کوردی.
٢ـ لە ساڵی (٢٠٢٣) دا، بـڕوانـامـەی دکـتۆرای فـەخـری بـەخـشی بـە عـەمـیدی مافـپەروەر (سـالار عـەبـدوڵڵا) لە سـلـێـمانی.
٣ـ لە ساڵی (٢٠٢٤) دا، بـڕوانـامـەی دکـتۆرای فـەخـری بەخـشی بـە عـەمـیـد
(ئـاسۆ حەسـەن ئەحـمەد).
٤ـ لە ساڵی (٢٠٢٥) دا، زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی، بڕونامەی دکتۆرای فەخری بەخـشی بە (دەیـڤـد پـێـتریـۆس) سەرۆکی پـێـشووی دەزگـای هـەواڵگـری ئەمـریکا.
زانکـۆی کـۆیە، بـڕوانـامـەی دکـتۆرای فـەخـرییـان بەخـشی بـەم کەسـایەتـیـیانە:

١ـ لە ساڵی (٢٠١٥) دا، بـڕوانامەی دکـتۆرای فەخـری لە یاسادا، بەخـشی سەرۆک کـۆمـاری عـێراق (مـام جـەلال ـ جـەلال حـیسامەدیـن تـاڵەبـانی).
٢ـ لە ساڵی (٢٠٢١) دا بڕوانامەی دکتۆرای فەخری بەخشی بە (عـومەر شێخ موس).
زانکۆی کوردستان لە هەولـێر، بـڕوانامەی دکـتۆرای فەخـری بەخـشی بە نووسـەر و هـونەرمەندی ناسراوی کوردمان (خەسرەو جاف). لە پای خزمەتی لە هونەر و ێژەدا.
زانکۆی سۆران بڕوانامەی دکتۆرای فەخری بەخشی بە مامۆستای کۆچکردوو (تالیب عـەبـدولسەمەد) کە خوێـندکاری دکتۆرا بوو لە زانکۆی سۆران. درا بە خانەوادەکەی.
ئەو کەسایەتییە کوردە ئەکادیمییانەش کە لە زانکـۆکانی وڵاتانی دەرەوەدا، بڕوانامەی دکـتۆرای فـەخـرییـان وەرگـرتـوون زۆرن. ئـەو نـاوانەی کە بەرچـاوم کـەوتـوون:
١ـ دکـتۆر (دیاری ساڵح محەمەد شوانی) کە لە ناوەنـدی وێـژە و راگەیانـدن بە دکتۆر (خەڵات شـوانی) بەنـاوبانگە. شاعـیر و نووسەر و رۆژنـامەنـووس و راگەیانـدکار و چالاکـوانی بـواری مافـەکانی مـرۆڤ و باڵـێوزی ئاشـتی و سەرۆکی یەکـێـتی جیهـانی مافـەکـانی مـرۆڤە لە هـەرێـمی کوردسـتان. یەکـەم ژنـی کـوردە، کە (٣) بـڕوانـامەی دکتۆرای فەخـری، لەلایەن زانکـۆی ئیلـیزابێـت لە بەریتانیا و رێکخراو و دامەزراوە نێـودەوڵـەتـییەکان پـێیان بەخـشیوە، بە دەیـان بـڕوانـامەی بـاڵا و خـەڵاتی تایـبەتی و قەڵغـانیان پێبەخـشیوە و لە دەیان چالاکی و کۆنگـرەی نێودەوڵەتیدا بە زۆری بە جلی کوردییەوە بەشـداری کـردووە. دکتۆر خەڵات شـوانی بە زمـانی عـەرەبی دەنووسێت.
٢ـ لە ساڵی (٢٠٢٢) دا، زانکۆی (ئەلـبێرتا) لە کەنەدا، دکـتۆرای فـەخـری لە یاسادا، بەخـشـیـیە هـۆنـراوەنـووسی ناسـراوی کوردمـان (جـەلال بـەرزنـجی).
٣ـ دکـتۆر ئـالان یاسـین بـڵـباس ـ لـە زانکـۆی هـاڤـانـای نێـودەوڵـەتی ـ لـە بـواری چـارەسـەی خـۆراک و رجـێـم. بـڕوانـامەی دکـتۆرای فەخـرییان پـێبەخـشی.
٤ـ وڵاتی میـسر، دکـتۆرای فەخـری بەخـشییە فـەلکـناسی کـورد (رێـبەر رۆسـتەم).
٥ـ یەکـێـتی رۆژهـەڵاتی نـاوەڕاسـت لە میـسر، بـڕوانـامەی دکـتۆرای فـەخـری، بە هـۆنـراوەنـووس و رۆژنـامەنـووسی کورد (عـەدنـان رەشـید رێـکانی) بەخـشی.
٦ـ رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە ئەمریکا، بـڕوانامەی دکتۆرای فەخریان بەخـشی
بە خاتـوو (شـیاو جـەبـار فـەتـاح) ئـاشـتـیخـواز و داکـۆکـیەر لـە مافـەکـانی مـرۆڤ.
٧ـ دەروونناسی ئەکادیـمی نێـودەوڵەتی (عـوسـمان عـەبـدوڵڵا) بـڕوانامەی دکـتۆرای فەخـری وەرگـرت.
٨ـ لە ساڵی (٢٠٢٢) دا، پاکـستان بـڕوانـامەی دکـتۆرای فـەخـری لە چـارەسـەری پـزیـشکی بەخـشیـیە (مـەلا عـەلی کـەڵـەک).
٩ـ وەزاراتی رۆشنبیریی ئێران، لە ساڵی (٢٠٢٢) دا، بـڕوانـامەی دکتۆرای فەخـری بەخشی، بە هـونەرمەنـدی میللی و فـۆلکلۆری، حەیرانبێژی کورد (مام خدر قادری ـ خـدر بلـوێـر). یەکـەمین هـونەرمەنـدی کوردە، کە بـڕوانـامەی دکـتۆرای فەخـری لە رۆژهـەڵاتی کوردستان وەرگـرتـووبـێـت.
١٠ـ بـێگـومان کەسایەتی کوردی کـەش هـەن، کە لەلایـەن زانکـۆکان و رێکخـراوە نێـودەوڵـەتیـیەکانەوە، بـڕوانـامەی دکـتۆرای فـەخـرییان پـێـبەخـشـیون.
ئەوەی ئێمە مەبەستمانە، بەخشینی دکتۆرای فەخرییە بە نووسەرانی بوارەکانی وێـژەی منـداڵان. کە تا ئـێـستا چەنـد نووسـەرێک وەریـان گـرتـوون. وەک: زانکـۆی باشـووری ئـوسـترالیا، بـڕوانامەی دکـتۆرای فەخـری بە نووسـەری وێـژەی منـداڵان (کولـین تیـل) بەخـشی. زانکۆی هـێلسەنگی لە فـیـنلەنـدا، لە ساڵی (٢٠٢٥) دا، بـڕوانامەی دکتۆرای فەخـریی بەخـشی بە نووسـەری پەرتـووکی منـداڵان و شانـۆنـووس و سیـناریـۆنـووس، خاتـوو (تـیـنا نـوبـو لا) کە تا ئـێـستا زیـاتـر لە (٩٠) رۆمـان و چـیرۆکی وێـنەداری بۆ منـداڵان نـووسـیون و چـاپـیانی کـردوون و بـڵاویـانی کـردوونـەتـەوە. پەرتـووکەکـانی بابـەت نـاوازەن لە وێـژەی منـداڵانـدا.
دێینە سەر مەبەستی سەرەکـییمان لەم نووسینەمان. ئایا نووسەرانێکی وێژەی منداڵانی کـورد، شایەنی بەخـشینی بـڕوانـامەی دکـتۆرای فەخـری نـین؟ بـۆ تا ئێـستا زانکـۆکانی کوردستان، دکتۆرای فەخـرییان بە هـیچ نووسەرێکی بـواری وێـژەی منـداڵان نەداون؟
من دوو نامەم بۆ زانکـۆی کـۆیە و زانکـۆی سلـێمانی نووسی و پـێـشنیارم بـۆیـان کرد کە بـڕوانامەی دکـتۆرای فەخـری، بـدەن بە هـۆنـراوەنـووس و نووسـەری هـۆنـراوە و چـیرۆک بۆ منـداڵانی کـورد، کاک (لەتـیـف هـەڵـمەت) کە کەڵەنـووسـەرێکی ناسراوە و نووسـینەکانی ناوازە و داهـێـنان لە بواری وێـژەی منـداڵانی کورد. هەموو مەرجەکانی شایـستەی بەخـشینی بـڕوانـامەی دکـتۆرای فەخـری، لە لەتـیـف هـەڵـمەت دا هـەیە. لە راستـیشـدا، لەتـیـف هـەڵـمـەت خـۆی ئاگـای لـەم داوایـەی مـن نەبـوو. پـێـم نەوتـبوو.
١ـ لە رۆژی (٢/ ئادار/ ٢٠٢٤) دا، بە هـۆی هـاوڕیی بەڕێزم پرۆفـیسۆر (د. هـاوژیـن سلـێـوە) وە، لە نووسـینێکی یەک لاپەڕەییدا، پێشنیارم بۆ سەرۆکایەتی زانکـۆی کـۆیە کردووە، کە بـڕوانامەی دکـتۆرای فـەخـری، لە وێـژەی منـداڵان ببـەخـشـن بە لەتـیـف هەڵـمەت، دکتۆر هـاوژین دەقی پێشنیارەکەمی گەیاندە بە سەرۆکایەتی زانکـۆی کـۆیە.
٢ـ لە رۆژی (٧/ ئۆکتۆبەر/ ٢٠٢٤) لە رێکەی برای بەڕێزم، دکتۆر (نەوزاد ئەحمەد) ەوە، پـێـشنیارەکەم بۆ خـودی سەرۆکی زانکۆی سلـێـمانی، دکـتۆر (کـۆسار محەمەد) نـووسی. کـە بـڕوانامەی دکـتۆرای فەخـری بـدەن بە لەتیـف هـەڵـمـەت. من پـێـمـوایە شایـستەی ئـەم خـەڵاتە و زیـاتـر لەم خـەڵاتەیە. خـوێنـەران و سـەرۆکـایـەتی هەردوو زانکـۆکـەش، لەتـیـف هـەڵـمەت بـاش دەنـاسـن و ئـاشـنای نـووسـیـنە نـاوازەکـانـین.
بەداخەوە نە زانکۆی کۆیە و نە زانکۆی سلـێمانیش، نە بە ئەرێنی و نە بە نەرێنی تا ئێـستا هـیچ وەڵامێکی پـێـشنیارەکەمیان نەداوەتەوە. ئایا لەتـیـف هـەڵـمەت بە شـایەی ئەم خەڵاتە نازانـن؟؟ رێـزگـرتن و بەخـشـیـنی دکـتۆرای فـەخـری بە لەتـیف هەڵـمەت، بە واتا رێزلێنان و بەخشینی بڕوانامەی دکتۆرای فـەخرییە، بە وێـژەی منداڵانی کورد.
نەک تەنهـا لەتـیـف هـەڵـمەت، بەڵکو چەنـدین کەسایەتی ناسـراوی تـرمـان هـەن، کە شایەنی ئەوەن کە زانکـۆکانی کوردستان بـڕوانامەی دکـتۆرای فەخـرییان پێـببەخـشن. بۆ نموونە: (ئـازاد محەمەد) جـووتیارە نموونەیی و نـاوازەکەی شاری هـەڵەبجـە، لە کوردستان. کە داهـێنانی لە بـواری بەرهەمهـێنانی میـوەهـاتی کوالـیتی باشتردا هـەیە.
رۆمانـنووسی بەناوبـانگی کورد (بەخـتیار عـەلی). هـۆنراوەنووسی بەناوبانگ دکتۆر (عـەبـدوڵڵا پەشـیۆ). سەرکردەی شـۆڕشی کوردی لە رۆژئـاوای کوردستان، ژەنەڕاڵ (مـەزڵـوم عـەبـدی) کە سـەرکـردەیەکی لاوی خـاکی و مـیژووپـاکە. سـیاسـەتـمـەداری خـۆڕاگـری کوردمـان (سـەلاحەدیـن دێـمیرتـاش). دەبـوایە پێـشتر بڕوانامەی دکتۆرای فەخـری، بـدرایە بە کەڵـە هـۆنـراوەنـووسی گەلـەکەمان (شـێـرکۆ بـێکەس) ی نەمـر.
بەداخـەوە کـە تـا ئێـستا، وەک مـن بـزانـم، هـیچ زانکـۆیـەکی کـوردستان، بـڕوانـامەی دکتۆرای فەخریان لە بوارێک لە بوارەکانـدا، بە هـیچ ژنێکی کورد نەبەخـشیون. کە بە دەیـان ژنی نـاوداری کـوردمـان هـەیە، خـزمەتـێکی نـاوازەی گەلـەکەمـانـیان کـردوون. شایەنی وەرگـرتی بـڕوانامەی دکتۆرای فەخـریـن. بـۆ نمـوونە: نووسـەر و شانـۆکار و دەرهـێـنەری شانـۆ، مامـۆسـتا (گـەزیـزە عـومـەر). تـێکـۆشەری گـەلەکەمان، خـاتـوو (لەیـلا زانـا). بـزووتـنـەوەی (ژن، ژیـان، ئـازادی).

مـن گـۆڤـاری (پەپـوولە) ی منـداڵانـیـش. کە لە ساڵی (١٩٩١) ەوە، تـا ئـێـستا بەبـێ دابـڕان دەردەچـێـت، بە شـایـەنی بەخـشـیـنی بـڕۆانـامەی دکـتۆرای فـەخـری دەزانـم.

(*) تا رادەیـەک سـوودم لە چەنـد ماڵـپەڕێکی ئـینگـلـیزی و کـوردی وەرگـرتـووە.
نەرویـج: ١٢/ نـۆڤـەمـبەر/ ٢٠٢٥




ناوازەیی جیهانگیری و ئاینی تەکنۆلۆژیا.. ‏و. لە عەرەبیەوە: یاسین لەتیف

‏ مارکس (١٨١٨-١٨٨٣) دەڵێت:
نامۆبوون کاتێک ڕوودەدات کرێکار کۆنترۆڵی کارەکەی و بەرهەمەکەی و جەوهەری کۆمەڵایەتی خۆی لەدەست دەدات.

ئەمڕۆ لە ئابووری دیجیتاڵیدا ئەم نامۆبوونە بە شێوەیەکی ڕیشەیی دووبارە دەبێتەوە . لە سەدەی بیست و یەکدا بێگومان تەکنەلۆژیا ئەرکی خۆی وەک ئامرازێک تێدەپەڕێنێت و دەبێتە سیستەمێکی بیروباوەڕی جیهانی ومێشکمان دەبێتە مەعبەدو پەرەستگای ئاینی تەکنۆلۆژیا کە بە شاشەکانەوە بەستراونەتەوە ، ڕێوڕەسمی پەرەستش لە چەندین کاتژمێری دیجیتاڵی پێکدێت ، عەقیدەی ئەو باوەڕێکە بە پێشکەوتنی بێکۆتایی و تاکایەتی و تەکنۆلۆژیای نزیک . خودا بەڵێنی زیرەکیی باڵاتری پێداوین کە هەموو زانستێکی مرۆڤ لەخۆ بگرێت و کێشەکانمان بۆ چارەسەر بکات. بەڵام
‏خودا نوێکە بە کۆد و داتا ساختە کراوە و پشت بە زانست دەبەستێت . تەکنەلۆجیا نەهاتووە بۆ جێگرەوەی ئایین، هەروەها پێویستیش نییە ئەو کارە بکات ، بەڵام ئەو فەزا سۆزداری و ڕەمزیانەی کۆنترۆڵ کردووە کە پێشتر شتە پیرۆزەکان بەڕێوەیان دەبرد . هەر لە گەڕان بەدوای یەکڕیزیەوە تا بەڵێنی لێبوردن، ئایینی تەکنیکی وەڵامی پێداویستییە سەرەتاییەکانی مرۆڤ دەداتەوە: ئارەزووی پەیوەندی، ترس لە مردن و تینوێتی . نامۆبوون هەمیشە هێزێکی بزوێنەری ئاینداری بووە و ئاینی تەکنەلۆژیاش بەرهەمی سەردەمێکە کە ئەم دیاردەیە گەورەتر دەکات . ئەم ئاینە تەنها لە گەڵ ئاینە نەریتەکان و تێکەڵاوو هاوبەشەکان ناژێت ، بەڵکودەبێتە تەواوکەری ئەوان و تەنانەت لەگەڵیاندا هاوژیانیش دەبێت . لە زۆر ڕووەوە لە ئاینێکی کۆن دەچێت بەڵام جل و بەرگی ئایندەیی لەبەردایە. نامۆبوون لای مارکس کاتێک ڕوودەدات کە کرێکار کۆنترۆڵی کارەکەی و بەرهەمەکەی و جەوهەری کۆمەڵایەتی خۆی لەدەست بدات. ئەمڕۆ لە ئابووریی دیجیتاڵیدا ئەم نامۆبوونە بە شێوەیەکی ڕیشەیی دووبارە دەبێتەوە .

نامۆبوونی داتاکان ڕاستیەکی واقیعیە: بەکارهێنەران بەهای (زیادە بایی) دروست دەکەن لە ڕێگەی چالاکیەکانیانەوە لەسەر پلاتفۆرمەکانی وەک (لایک، گەڕان و ناوەڕۆک) . بەڵام ئەم بەهایە لەلایەن کۆمپانیاکانی وەک گۆگڵ یان مێتا دەستی بەسەردا دەگیرێت و دەگۆڕێت بۆ سەرمایە. پەیوەندییە مرۆییەکان تادێت بە شێوەیەکی زۆر پشت بە ئەلگۆریتمەکان دەبەستن . ئینستاگرام و تیندەر ئینتیما و پەیوەندی سۆزداری دەگۆڕن بۆ کاڵا، پەیوەندییە مرۆییەکانیش دەکەنە تەنها کارلێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو . سەربەخۆیی لە سیستەمی ناڕووندا کەم دەبێتەوە و دواجار ئەلگۆریتمەکان هەڵبژاردنەکانمان دیاری دەکەن، هەر لەو شتانەی کە بەکاریدەهێنین تا ئەو کەسانەی کە پەیوەندییان پێوە دەکەین، دەمانکاتە پاشکۆو پەیوەندیەکانی ئامێری دیجیتاڵی . کەواتە ئێمە پرۆلیتاریای دیجیتاڵین، پەیوەندیمان بە بەرهەمی کاری مەجازیمانەوە پچڕاوە و بەدوای شتێکدا دەگەڕێین کە باوەڕمان پێی هەبێت تا بتوانین بەردەوام بین لە بووندا . ئاینی تەکنەلۆژیای ئەم ئیستغلالکردنە لە ڕێگەی ڕیوایەتی “داهێنان”، “نوێبوونەوە”، “شۆڕش” و “داهێنانەوە” پیرۆز دەکات کە دەرهێنانی بەهای مەعریفی و سۆزداری زیادە دەشارێتەوە، لە دۆخێکی بەردەوامی چاوەڕوانیدا دەمانهێڵێتەوە بەڵێنی داهاتوویەکی پڕ لە شتی باشمان پێدەدات. ئەم ئایینە بە تەواوی لەگەڵ پێداویستیەکانماندا دەگونجێت، چونکە ئیمان و هیوا دەچێنێت بەو شتانەی کە لە داهاتوودا دێت. وەک ئەوەی ئەوە بەس نەبێت، ئەوە تاکە ئاینە کە ڕەزامەندی دەستبەجێ پێشکەش دەکات بە پێچەوانەی ئەوانی ترەوە.
ڕەزامەندی خێرا بریتیە لە پەیوەندیکردن بە هەموو شتێکەوە کە لە ئینتەرنێتدا هەیە ، وەکو ئەوە وایە کە کەنیسەی کاسۆلیکی هێرۆینی مقەدەس ڕۆژانە بە شێوەیەکی نهێنی دابەش بکات. لە کاتێکدا ئینجیلیەکان کۆپی کتێبی پیرۆزیان لە ژێر باوەشدا هەڵدەگرن، شوێنکەوتوانی ئایینی تەکنەلۆژی مۆبایلەکانیان بە دەستەوە هەڵدەگرن . قوربانگایەکی گەورەی گەورە و ئاوێنەیەکی نەرگسی بۆ ڕازیکردنی خێرا ، هەروەک چۆن ئینجیلیەکان بەردەوام چاویان لە کتێبی پیرۆزە بۆ ڕێنمایی، کەسانی خاوەن ئایینی تەکنەلۆژیا سیستەمی جیهانی دیاریکردنی پێگەیشتنیان (GPS) یان هەیە . جگە لەوەش پێغەمبەری خۆیان هەیە کە پێشبینی هاتنی مەسیحی تەکنەلۆژی نوێ دەکەن کە پێدەچێت حەتمی بێت.
هاتنی زیرەکی دەستکردی خۆئاگا ئامادەیە بۆ ئەوەی ببێتە ساتێک لە وەحی خودایی ،ئەو ساتەی کە تاکایەتی تێدەپەڕێنین و دەچینە ناو جیهانێکی ترەوە کە لە مەجازی و دیجیتاڵ تێدەپەڕێت. جگە لەوەش پەیوەندی دیجیتاڵی ئەزموونی بەکۆمەڵ دروست دەکات کە هەستی یەکێتی و تێپەڕاندن دەوروژێنێت هاوشێوەی ئەوانەی پێشتر پەیوەست بوون بە ئاینەوە . ئینتەرنێت پیروز دەبێت و پەیوەندیکردن پێیەوە بەهەشتە، پچڕانی پەیوەندی لێی دۆزەخە. نەمانی لە تۆڕەکە مانای بوونی نەبووە لە بەرامبەر جیهانی دیجیتاڵیدا ، بەڵام ئەم تێڕوانینەی یەکگرتوویی تا ڕادەیەک وەهمیە .
بڵقی ئەلگۆریتمەکان کار بۆ پارچە پارچە کردنی واقیع دەکەن، بەڵام گێڕانەوەی دەستەواژەی “هەموان لە پەیوەندیداین” تامەزرۆیی مرۆڤ بۆ سەر بە شتێکی مانادار تێر دەکات، هەروەک چۆن لە ئاینەکانی وەک بودایی (“بەستنەوەی گشتگیر”) یان مەسیحیەت (“جەستەی مەسیح”) و لە ئیسلامدا…
‏بە هەمان شێوە بەرکەوتنی بەردەوام بە ڕژێمی زانیاری بێکۆتایی (تێپەڕین لە سۆشیال میدیا، پەخش ، ئاگادارکردنەوە) هەستێکی نوقمبوون بە شتێکی گەورەتر لە خۆمان دروست دەکات. ئەوە خۆشحاڵیەکی دیجیتاڵی شل و هۆکارە بۆ ئالوودەبوون ، هاوشێوەی ئاینێکی پڕ لە ڕەهبانیەت و بەرز . ئەم زیادەڕەویەی وابەستەبوونە دەروون نەخۆش دەخات. لەوێدا “ژینگەی گرنگیپێدان” هەیە لەو شوێنەی کە بە پەلەیە جێگەی گرنگ دەگرێتەوە پێویستە زوو زانیاریەکانی پێشووت لەبیربچێت بۆ ئەوەی زانیاریە نوێیەکان ببینیت. دوچاری وەسوەسەی زانیاری دەبینەوەو لەناو ئاژاوەی هاندەرەکاندا گیر دەخۆین و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و خۆکۆنتڕۆڵکردن لەدەست دەدەین . ‏هەروەها دوچاری وەسوەسەی زانیاری دەبینەوە ، لەناو ئاژاوەی هاندەرەکاندا گیر دەخۆین و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و خۆکۆنتڕۆڵکردن لەدەست دەدەین . لە لایەکی ترەوە هەموو ئاینێک ئەفسانەی خۆی هەیە. باوەڕ بە پێشکەوتن و تەکنەلۆژیا وەک چارەسەرێکی گشتگیر بۆ کێشە کۆمەڵایەتیەکان پشتگوێ دەخات.

‏(گۆڕانی کەشوهەوا، نایەکسانی و قەیرانی وجودی) ئاڵۆزی سیستماتیکی ڕزگاریمان لە شێوەی داهێناندا دەفرۆشن بەبێ ئەوەی لێکەوتەکانی بخەنە ژێر پرسیارەوە. لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ژان بۆدریار (١٩٢٩-٢٠٠٧) باسی کۆمەڵگایەکی کرد کە تیایدا لاسایکردنەوە (کۆپی بەبێ ئەسڵی) جێگەی واقیعی گردۆتەوە . ئەمڕۆ ئاینی تەکنیکی گەیشتۆتە قۆناغێکی بەرزتر لەو پرۆسەیە . سۆشیال میدیا واقیعێکی توندڕەو دروست دەکات کە ژیان تێیدا ئازاد دەبێت و خود دەبێتە تەنها مەشهەدێکی دیزاینەر بۆ چەسپاندنی دەرەکی . “لایک” بریتیە لە نیشانەی بەتاڵ، ڕێوڕەسمی پەرەستن نەرگسییە. ئەلگۆریتمە نەبینراوەکان وەک خوداوەندە گۆڕاوەکان دیاری دەکەن کە چی دەبیستین و بیر لە چی دەکەینەوە و باوەڕمان بە چی هەیەئەمەش هێڵی نێوان ئیرادەی ئازاد و بەرنامەسازی کاڵ دەکاتەوە.
‏سەبارەت بە ژان بۆدریار پێیوایە ئاینی تەکنیکی تەنیا نامۆبوون نییە بەڵکو کوشتنی واقیعە. بەم شێوەیە ئەم باوەڕە نوێیە بەرەو نامۆبوونێکی فرە ڕەهەندمان دەبات. لەسەر ئاستی ماددی ئێمە لە ڕووی ئابووریەوە ئیستغلال کراوین لە ڕێگەی گرتنی داتا و گۆڕینی ئەفسوناوی ، ژیان و تەمەنمان دەقۆزرێتەوە بۆ کاتەکانی شاشەی ژمارەیی (دیجیتاڵی)کە بەهای زیادە بەرهەم دەهێنێت ، لە ڕووی مەعریفیەوە بیروباوەڕی ئاڵۆزی مرۆڤایەتیمان بەرتەسک دەکرێتەوە بۆ نەخشەی ئەلگۆریتمیەکان ، هەروەها لە بواری هێمادا ئاڵوگۆڕ کردنی ئەزموونی ڕاستەقینەمان بۆ لاسایکردنەوەی دیجیتاڵی . لە ئەنجامدا دەگەینە دۆخی تەقدیس کردنی تەکنەلۆژیا ، هاوکات ئێمە ئەو ئامرازانە دەپەرەستین کە خۆمان دروستی دەکەین و تا ڕادەیەک هێزی ئیلاهیشی پێدەبەخشین ، زیرەکی دەستکرد وەک بتەکانی دوێنێ تادێت ژیانێکی تایبەت بە خۆی لەبەردەم چاوی ئێمەدا بەدەست دەهێنێت. ئێمە لە سیستەمێکی موقەدەس و گشتگیردا نوقم بوین بۆیە بە ناچاری قفڵی مۆبایلەکانمان دەکەینەوە وەک ئەوەی لە ڕێوڕەسمێکی ڕۆژانەدا بین ، بەردەوام پشکنینیان بۆ دەکەین، لە تویتەکاندا لە تویتەر دان بە تاوانەکانماندا دەنێین و لە بارگاویکردنەوەی وزەی ڕۆژانەدا داوای لێبوردن دەکەین . بەڵام ئەم عیبادەتە ڕزگارمان ناکات و دەمانخاتە نێو بازنەیەکی بەتاڵی وابەستەو دڵەڕاوکێ ، هەروەها لە دۆخێکی نوقمبووی دیجیتاڵیدا دەمانهێڵێتەوەو ئەستەمە لێی دەربازبین . وەک چۆن نەخۆشێکی شیزۆفرینیا حەبەکانی خۆی لە گیرفانیدا هەڵدەگرێت ، بە هەمان چەشن مروڤی مۆدێرنیش خوداکەی خۆی لە گیرفانیدا هەڵدەگرێت ؛ مەبەست لە موبایلەکەیەتی . وەک ئێدگار مۆرین (1921-) نووسیویەتی، “کێشەکە لە تەکنەلۆژیادا نییە، بەڵکو لە تێکەڵکردنیدایە بۆ ناو سیستەمێکی کوێرو نابینا” سیستەمێک کە قازانجی خێرا لە پێشینەیدایە بە بێ لە بەرچاوگردنی ئەخلاق و بیرکردنەوەی سیستماتیکی و ، هەروەها جیا لە ئاڵۆزی مرۆڤ .
دەبێت ئەو ڕاستیە بزانین جیابوونەوە لە ئاینی تەکنیکی مانای ڕەتکردنەوەی تکنۆلۆژیا نییە ، بەڵکو پێناسە کردنەوەیەتی وەکو ئامرازێک تا لە خزمەتی مروڤایەتیدا بێت ، نەک وەک جێگرەوەی ئاین . تەنها بەم شێوەیە دەتوانین لە پەرستگای دیجیتاڵی ڕزگارمان بێت و جیهانێکی هاوبەشی ڕاستەقینە بنیاتبنێنەوە.لەکۆتاییدا سەرباری ئەوەش ئەگەر ڕاستگۆ بم، ڕۆژێک پێشتر بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر بێ ئینتەرنێت بووم. لە ساتێکی نائومێدیدا، بتە شاراوەکەم لە باوەش گرت و نوێژم بۆ خودای ئینتەرنێت کرد و دوای ماوەیەکی کەم گەڕایەوە ، ڕەنگە دوعاکردن بۆی هەندێک سوودی هەبێت. بەڵام لە کۆتاییدا ئایا ئەمە هەمان لۆژیک نییە کە هەموو ئاینەکان کاری لە سەر دەکەن؟ ..

‏(بە پێنوسی ابو ذر الجبوري – وەرگێڕانی لە یابانیەوە اکد الجبوري – حوارالمتمدن – ٣١ – ٣٠ – ٢٠٢٥)
https://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=891623




بانگەشەی هەڵبژاردن، نائامادەیی ڕەهای لۆگۆس و ئیتۆس.. ئەحمەد ڕەسوڵ

لەم کۆمەڵگایەدا، سیاسەت هەروەکچۆن لەمێژە پیشەیەکی هەرزان و سووک بووە هەتا سووکتر و پووچتر ببێت، زیاتر خەڵکی لێ کۆدەبێتەوە. *

لە سەردەمی ئەسینای دەوڵەت-شاردا وتاردان لە ئاستێکی مێتافۆڕیی و ڕیتۆریکی بەرزدا لە فەزای گشتییدا، هەم دیاردەیەکی باو و گرنگ بووە هەم ناوەڕۆکی لۆژیکیی و عەقڵیی ئەو وتارانە گرنگییەکی زۆریان پێدراوە. ئەرستۆ لە کتێبەکەیدا لەبارەی ڕیتۆریکەوە لە کتێبی دووەم و چاپتەری دوو تا چاپتەری یانزە، باس لە پێکهاتە و ناوەڕۆکی وتار دەکات.
وتار سەرباری ئەوەی کە دەبێت یەکگرتووییەکی ناوەکیی هەبێت هەروەها دەبێت چێوەیەکی گشتیی و ئامانجداری هەبێت کە تەواوی تەوەرە جیاوازەکانی لە خۆ بگرێت و دواجار لە ڕووبەرێکدا هەمووان پێکەوە ئاوێتە ببن.
فەیلەسووفی مەزنی ئەسینایی، ئەرستۆ بۆ هەر وتارێک کە ناوەڕۆکێکی لۆژیکی و عەقڵیی هەبێت و هاوکات توانای ڕازیکردنی جەماوەری هەبێت و سەرکەوتوو بێت، سێ ڕەگەزی سەرەکی دیاریدەکات. ئەم سێ ڕەگەزە دەکاتە مەرج و بنەمای سەرەکی هەر وتارێک، کاتێک لە فەزای گشتییدا لەلایەن کەسێکەوە پێشکەشدەکرێت، جا ئەو کەسە، سیاسیی بێت یان فەیلەسووف و ڕۆشنبیر یان کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتیی یان سەربازیی بێت هەمان شتە.
یەکەم، ئیتۆس: بریتییە لە ئەو لایەنەی وتار کە پەیوەندیدارە بە کاراکتەری قسەکەرەوە کە ڕاستگۆیی و توانا و دەسەڵاتی قسەکەر لە وتارداندا دەبێتە دروستبوونی متمانە لەلای ئامادەبووان. واتا ڕێز و متمانە لەلای گوێگران دروستدەبێت بۆ قسەکەر بەهۆی ڕاستگۆیی و توانای دەسەڵاتی لە وتارداندا و هەروەها ئەو تایبەتمەندییانەی کە لە کەسێتیی قسەکەردا هەیە و بەهۆیانەوە دەناسرێتەوە.
دووەم، لۆگۆس: ئەو لایەنەی وتار دەگرێتەوە کە گرنگی دەدات بە عەقڵ و لۆژیک. واتا ئەو مەبەست و ئامانجەی کە قسەکەر دەیەوێت بیگەیەنێت یان بەدیبهێنێت یان بۆ قەناعەتپێهێنان و ڕازیکردنی گوێگر و جەماوەر لەپێناویدا پەنا دەباتە بەر بەڵگاندنی لۆژیکیی و ئەرگیومێنت و سەلماندنی عەقڵیی.
سێیەم، پاتۆس: بریتییە لە ئەو بەشەی وتار کە کاریگەریی دادەنێت لەسەر هەست و سۆزیی گوێگر و جەماوەر. واتا قسەکەر هەوڵدەدات لە ڕێگەی وروژاندنی هەست و سۆزی گوێگرەوە، دەروون و ئاوەزی ئاراستە بکات. ئەمەش لایەنە هەڵچونییەکانی وەکو “توڕەیی، ڕق، بەزەیی، ترس و … هتد” دەگرێتەوە.
لێرەوە و لەسەر بنەمای تێگەیشتنی ئەرستۆ بۆ وتاردان لە فەزای گشتییدا بۆ جەماوەر کە هەتا ئێستاش تێگەیشتنێکی بنەماییە، ئەگەر هەڵسەنگاندنێکی خێرا بکەین بۆ وتارەکانی سەرکردە و سەرۆکی حزبەکانی هەرێمی کوردستان لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق، بە تایبەتی دوو حزبە دەسەڵاتدارەکە و کاندیدەکانی چوار لیستی هەرە سەرەکیی ناو ئۆپۆزیسیۆن!. دەگەینە ئەو ڕاستییە و یان لانیکەم ئەو باوەڕەی کە سەرەڕای خاڵیبوونەوەی کایەی سیاسیی و دەسەڵاتدارێتیی لە کوردستان لە مانا ڕاستەقینەکانی سیاسەت و ڕۆحی دەزگایی و چاکەی گشتیی و بە سێنتەر کردنی ماف و ئازادییەکانی هاونیشتمانییان، هەروەها بەتاڵییەکی کوشندە لە تێگەیشتن و جیهابینیی فیکریی و سیاسیی بکەرە سیاسییەکاندا سەرەتا دوو حزبە دەسەڵاتدارەکە و دواتریش حزبە بەناو ئۆپۆزیسیۆنەکان دەبینین و هەستپێدەکەین.
هەڵبەت، بۆ من و هەر کەسێکی دیکە، بە لانیکەمی چاودێریی و خوێندنەوە و تێگەیشتنەوە بۆ پێکهاتەی کایەی سیاسیی و دەزگاکانی دەسەڵاتدارێتیی، لەمێژە ئەوە ڕۆشنە کە ئەو مێنتاڵیتییەی لە تێگەیشتنییدا بۆ دەسەڵاتدارێتیی سیاسیی، دەزگا کارگێڕیی و قەزاییەکان و پێکهاتە و شوناسە فەرهەنگیی و کولتورییەکان لە پشت تەواوی سیستمەکەوە ئامادەیە و ئاڕاستەی دەکات لێرە لە هەرێمی کوردستان، دوور و نزیک هیچ نزیکایەتیی و ئاشنایەتییەکی نییە نەوەکو تەنها لەگەڵ مافە سیاسیی و مەدەنیی، کۆمەڵایەتیی و کولتورییەکانی هاونیشتمانییان وەکو تاک، ئیندیڤید، یان میدیای ئازاد و سەربەخۆی ڕاستەقینە و ئازادیی ڕادەبڕین یان چاکەی گشتیی و ڕۆحی دەزگایی و یاسایی دامەزراوەکانی دەسەڵاتدارێتیی هەروەکو لە دەوڵەتی سەر بە دنیای مۆدێرن و پیشکەوتوو ئامادەیە، بەڵکو تەنانەت نائاشنایە بە ڕیتۆریکی سەرکردە سیاسییەکانی دەوڵەت و میرنشین و ئیمپراتۆرێتییەکانی سەردەمانی بەر لە دنیای مۆدێرنیش.
بەڵام هێشتا بۆ جەختکردنەوە لەسەر پیشاندانی بێلیاقەیی فیکریی و سیاسیی سەرۆک و دەسەڵاتداران، پێویستمان بە خوێندنەوەی مێنتاڵیتیی و جیهانبینییەکەیان هەیە لە ڕوانگەی جیاواز و گۆشەی دیکەوە.
من بە درێژایی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بە وردیی گوێم بۆ هەر یەک لە وتارەکانی سەرۆک و سەرکردە سیاسییەکانی دوو حزبە دەسەڵاتدارەکە بە پلەی یەک و دواتریش چوار لایەنی ئۆپۆزیسیۆن گرت.
وتارەکان نەوەکو لە پەنابردنە بە ئیستدلالی عەقڵیی و خستنەڕووی ئارگومێنتدا لاواز بوون بەڵکو زیادەڕەویی تێدا نییە ئەگەر بڵێم تەنانەت کەمترین ئاست لە لۆژیک و لۆگۆس لە وتارەکاندا نەبوو.
واتا لە پەیوەند بە ڕەگەزی لۆگۆسەوە بۆ ناوەڕۆکی وتار، ڕەگەزی لۆگۆس نائامادەییەکی ڕەهای لە نێو وتارەکاندا هەبوو.
هەروەها لە پەیوەند بە ڕەگەزی ئیتۆسەوە، وتارەکان کەمترین بڕی هەستکردن بە ڕاستگۆیی و متمانەیان لەلای گوێگر دروستنەدەکرد لە پەیوەند بە ڕاستگۆیی و کەسایەتیی قسەکەرەکانەوە. چونکە لە چەندین بۆنەی حزبی و نیشتمانیی و لە چەندین هەڵبژاردنی دیکەی کوردستان و عێراقدا، ئێمە ئەزموونی درێژمان هەیە لەگەڵ بەڵێن و مژدە زۆرەکانی دەسەڵاتداراندا و کەمترینیان لێ جێبەجێنەکرد و نەیانتوانی خاوەنی کەمترینی قسەکانی خۆیان بن. ئەمەش ئەزموونێکە بۆ تێگەیشتن لە کەسێتیی و کاراکتەری دەسەڵاتداران و قسەکەران کە هیچ تایبەتمەندییەکی ڕاستگۆییان تێدا نابینین و هەستپێناکەین. هەڵبەت لێرەوە ڕایەڵە و پردی متمانەش لە گەڵ وەها کەسانێکدا ناتوانێت دروستببێت.
واتا لە پەیوەند بە ڕەگەزی ئیتۆسەوە، لەسەر بنەمای کەسێتیی قسەکەرانەوە، کاتێک هیچ ڕێز و متمانەیەک لای گوێگران بۆ دەقی وتارەکان دروست نابێت، هەڵبەت ئەمەش وادەکات کە ڕەگەزی ئیتۆسیش لە نائامادەییەکی ڕەهادا بێت.
بەڵام لە پەیوەند بە ڕەگەزی پاتۆسەوە، وتارەکان هەڵئاوسابوون بە دەربڕینە سۆزەکییەکان و گوزارشە وروژێنەرەکان بۆ کاریگەرییدانان لەسەر هەڵچوونەکانی گوێگران. هەڵبەت جەماوەری حزبی کە ئاپۆڕایەکە خاڵیی لە ئاوەز و بیرکردنەوەی عەقڵیی، خاڵیی لە لۆژیک و ئارگیومێنت، ئاساییە و دەبێت لەسەر بنەمای سۆز و هەڵچوونەکانیان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت. لێرەوە قسەکەران واتا سەرۆک و سەرکردەکان، بە ڕستە وروژێنەرەکان و ستەیتمێنتە سۆزەکییەکان کاریگەریی لەسەر ئاپۆڕای حزبیی دادەنێن. تاکی حزبی، وەکو بوونەوەرێکی خاڵیی لە لۆگۆس و کاراکتەرێکی بەتاڵکراوە لە ئازادیی و شکۆمەندیی، تەنها هەڵچوونەکانی کاردەکەن. ئەم مرۆڤە دەبێت بەردەوام بوروژێنرێت و بە وروژێنەرەکان دەجوڵێت و حەماسەت و جۆش و خرۆشیی بەرز دەبێتەوە. ئەم جۆرە بوونەوەرە بە ئیمتیاز بوونەوەرێکی حزبییە و حزب وەکو پێویستییەک لێی دەڕوانێت.
لێرەوە، قسەکەری حزبیی و بەتایبەت لە ساتەوەختی بانگەشەی هەڵبژاردندا، دەبێتە داهێنەر لە ڕستە وروژێنەرەکاندا. هاوار کردن لە کاتی وتارەکاندا و قیژە و نەڕە دەبنە پێوەری کاریگەریی وتارەکان بە تەنیشت دەستەواژە کورتە ئاست نزمەکانەوە. لە ڕاستییدا، هێندەی زمانێک کە ڤەڵگەریزم تانوپۆی تەنیبوو بەشی زۆری وتارەکانی داپۆشیبوو، هێندە تەنانەت پاتۆسیش زاڵ نەبوو. واتا لە ڕەگەزی پاتۆسیش نزمتر بوون تا ئاستی ڤەڵگەریزم**.

  • ڕستەیەکی نێو ڕۆمانی “دەریاس و لاشەکان” دا ، ئێستا لە یادم نییە بە تەواوی، لەلایەن ژەنەڕاڵ بیلالی ئەشکزادەوە یان هاوڕێ هەرە نزیکەکەیەوە لە نێوکۆیی گفتوگۆیەکدا دەبێژرێت.
    ** ڤەڵگەریزم، بریتییە لە زمانێکی ئاست نزم بە هەندێک ووشە و دەستەواژەی هەرزەکارانەی ئاست نزمەوە لەگەڵ ڕستەی کورت و شکاو، کە زیاتر لەنێو نەوجەواناندا بەکاردێت.



جیاوازییەکی ناپایەدار لە نێوان ئەوروپا و ئەمریکادا.. شورش عزیز سورمێ

کەلێنی نێوان ئەمەریکا و ئەوروپا تا دێت فراوانتر دەبێت. ئێستا پرسگەلێکی بێشومار هەن کە دوو جیهان لەسەریان دابەش بووە. لەسەر زیرەکی دەستکرد، ئەمریکا بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە ڕێگای ئازادکردنی تەواو و ڕێکخستنەوەی تەواوەتی گرتۆتەبەر. لەلایەکی دیکەوە، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە پاریس، بەگوێرەی ڕێسای AI کە پێشتر لە ساڵی ٢٠٢٤ پەسەندکرابوو، ستراتیژی ئەوروپی بۆ زیرەکی دەستکردی “مرۆڤانە” دەستیپێکرد.
لە بواری ژینگەدا، ئەمریکا بڕیاری داوە لە ڕێککەوتنی پاریس بکشێتەوە و قسەکانی ئینکاریکەرانی لە باوەش گرتووە. لە بەرامبەردا ئەوروپا دوای ڕێککەوتنی سەوزی نوێ، بەردەوامە لەو باوەڕەی کە بەردەوامیی دەبێت لە ناوەندیدا بمێنێتەوە، هەرچەندە بە هەندێک دەستکاری بەراورد بە هەڵوێستەکانی ساڵانی ڕابردوو (بڕوانە بڕیاری ڕێگەدان بە ئۆتۆمبێلی هایبرید لە دوای ساڵی ٢٠٣٥).
سەبارەت بە ئۆکرانیا، ترەمپ دەستی بە دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پوتین کرد و بە تەواوی ڕاوێژکارییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانانی ئەوروپی بەدەر کرد. یەکێتی ئەوروپا بە سەرسوڕمانەوە مایەوە و خۆی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا گۆشەگیر بوو. هەروەها هەڵوێستەکان سەبارەت بە ئیسرائیل و فەلەستین جیاواز بوون. جیاوازی هەڵسەنگاندن لە نێوان ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا لە چەند مانگی ڕابردوودا پێشتر بە ئاشکرا دیار بوو. بەڵام ئێستا ئەو بۆشاییە زیاتر گەشەی کردووە، ئەمەش دوای پێشنیارەکەی ترەمپ کە غەززە دەتوانێت بچێتە ژێر کۆنترۆڵی ئەمریکاوە.
هەروەها جیاوازی لەسەر ڕۆڵی ئایین لە کایەی گشتیدا سەرهەڵدەدات. لە کاتێکدا ئەوروپا بەدوای عەلمانیزمی شێوازی فەرەنسیدا دەگەڕێت، بە جۆرێک لە حەساسیەت بە هەر ئاماژەیەکی ئایینی، ترەمپ ئۆفیسی ئیمانی لە کۆشکی سپی دروستکردووە. ئاماژە ئاینییەکان لە وتارەکانیدا دووبارە دەبنەوە، لە کاتێکدا سیاسەتەکانی لایەنگری ژیان تەختەیەکی سەرەکی پلاتفۆرمی ئەون.
و هەموو ئەمانە لە پاشخانی ئەو باجە ڕاگەیەندراوانەدا کە ئیدارەی نوێی ئەمریکا خۆی ئامادە دەکات بۆ سەپاندنی بەسەر هاوبەشە ئەوروپییەکانیدا، لەگەڵ دەرئەنجامە ئابووری و کۆمەڵایەتییە جدییەکان و تۆڵەسەندنەوەی حەتمی (و پێشتر ڕاگەیەندراو) لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە.
ئەستەمە ساتێکی مێژوویی لە هەشتا ساڵی ڕابردوودا بەبیر بهێنینەوە کە جیاوازییەکان ئەوەندە زۆر و ئەوەندە جەوهەری بوون. بۆیە پرسیارەکە ئەوەیە کە هەموو ئەمانە ڕەنگە چی بەدوای خۆیدا بهێنێت. لانی کەم تا ئێستا پێدەچێت هیچ کاریگەرییەک لەسەر سەقامگیری ناتۆ نەبێت. بەڵام دۆخی ئۆکرانیا هەندێک سێبەر دەخاتە سەر داهاتووی هاوپەیمانییەکە. لە چوارچێوەی ڕێکخستنەوەی هاوسەنگییە سیاسییە جیهانییەکان، دوورکەوتنەوە لە نێوان ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا دەتوانێت لێکەوتەی بەرچاوی مامناوەندی هەبێت.
ئەوەندەی پەیوەندی بە ئەوروپاوە هەیە، دەرئەنجامی ئەم هەڵچوونە خێرایانە زۆر ڕوونە. بارودۆخە نوێیەکە حاڵەتێکی نائاسایی ڕاستەقینە بۆ یەکێتی ئەوروپا پێکدەهێنێت، کە خۆی لە گۆڕەپانێکی مێژووییدا دەبینێتەوە: بڕیاردان لەسەر ئەوەی کە ئایا وەک قەوارەیەکی سیاسی بوونی هەبێت یان هەڵوەشانەوە لە فرەیی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانیدا.
دۆخەکە ئاسان نییە، چونکە چوارچێوەی ئەوروپی زۆر ناسکە. ماکرۆن لە فەرەنسا بەشێکی زۆری پشتیوانی جەماوەری لەدەست داوە و ناتوانێت ڕۆڵێکی باوەڕپێکراو لەسەر شانۆی ئەوروپا بگێڕێت. ئەڵمانیا قەیرانێکی ئابووری و سیاسی جددی بەخۆیەوە بینیوە. فریدریش مێرز، پاڵێوراو بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا ببێتە ڕاوێژکاری زانکۆ، تازە هەنگاوێکی هەڵەی ناوە بە هەوڵدان بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی دیموکراتی لە پرسی کۆچبەریدا. بەڵام لە دەرەوەی ئەم ڕووداوە، مەترسییەکە ئەوەیە کە سەرکەوتنی ئەگەری CDU جارێکی دیکە لۆژیکی خۆپارێزی بەسەر تەواوی کیشوەری ئەوروپادا بسەپێنێت، کە کاریگەرییە وێرانکەرەکانیشی لەگەڵدایە. لە ئێستادا ئیتاڵیا وەک ئەو وڵاتە ناوزەد دەکرێت کە دەتوانێت وەک پردێک بۆ ئەمریکا مامەڵە بکات، هەرچەندە، لەو دۆخەی باسکراوە، ئەمە پێگەیەکی زۆر قورسە بۆ پاراستنی. لەبیرمان نەچێت، سەرەڕای لێهاتوویی سیاسی سەرۆک وەزیران، حکومەتی ئیتاڵیا بەشێک نییە لە زۆرینەی ئەوروپا. بۆیە بەدووری نازانرێت بتوانێت سەرکردایەتییەکی بەرچاو لە ئاستی کیشوەرەکاندا بەدەستبهێنێت. بە کورتی ڕووبەڕووبوونەوەی بڕیارە تەقینەوەکانی ترەمپ پێویستی بە یەکگرتوویی و ورەی سیاسی دەبێت. بەڵکو یەکێتی ئەوروپا خۆی بە دابەشبوون و لاواز دەبینێتەوە.
موعجیزەیەک پێویستە. ڕەنگە ڕاوێژکاری داهاتووی ئەڵمانیا (چ مێرز بێت یان کەسێکی تر) توانای پێشکەوتنێکی هەبێت، ئەو چەقبەستووە بشکێنێت کە یەکێتی خۆی تێیدا دەبینێتەوە و دەستپێشخەرییەک بۆ پێکەوە کۆکردنەوەی پارچەکانی پلانێک کە مەترسی لەیەکترکەوتنی لەسەرە.
بێگومان پەیمانی ماستریخت ناتوانێت مۆدێل بێت. زەمەن گۆڕاوە. ئەوروپا بەپەلە پێویستی بەوەیە ببێتە یەکێتییەکی سیاسی کە وێڕای ڕێزگرتن لە دەوڵەمەندییە نەتەوەییە زۆرەکانی، دواجار بتوانێت هەڵبژاردن بکات و ئامرازی حوکمڕانی پێویستی هەبێت بۆ مانەوە لە دەریا تۆفاناوییەکانی جیهانی هاوچەرخدا. ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر ئەوروپا پێویستی بە گەشبینی ئیرادە هەیە بۆ ئەوەی لە ڕەشبینی عەقڵ بەهێزتر بێت.




گۆڕانکارییەکانی عێراق: “هەڵبژاردنی پەرلەمان” یان کێبڕکێی “مافیا چەکدارەکان”.. ڕەحمان حوسێن زادە

کۆمۆنیست هەفتانە دەپرسێت؟ نمایشی “هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق” لە بەردەوامیدایە و بەم زووانە لە ١١ی تشرینی دووەمدا لە سەرانسەری عێراق دەنگدان بەڕێوەدەچێت. هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و کوردستان بۆ یەکەمجار بە پاڵپشتی کاندیدێک بە ناوی “سائره یوسف عەزیز” کاندیدی سەربەخۆی ژمارە ٣٤٢ بانگەوازی بەشداری لەم “هەڵبژاردنە”یان ڕاگەیاندووە. لێمان دەپرسن، هەڵوێستی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حیکمەتیست لەم بارەیەوە چییە؟ تکایە بە کورتی ڕوونی بکەنەوە؟

ڕەحمان حوسێن زادە: با قسەی کۆتاییمان هەر لە سەرەتاوە باس بکەین. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران – حیکمەتیست ڕەخنەی جیددی لە تاکتیکی سیاسیی بەشداریی هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و کوردستان لە نمایشی “هەڵبژاردنی پەرلەمانی” عێراق هه یه و دژیەتی. هۆکارەکانمان لە ڕێگەی نامەیەکەوە لە لایەن مەکتەبی سیاسی حزبەوە چەند ڕۆژ لەمەوبەر، واتە لە ٤ی تشرینی دووەم (هەفتەیەک پێش ڕۆژی دەنگدان) بۆ کۆمیتەی ناوەندیی هەردوو حزب نارد و پێشنیازێکی دیاریکراومان بۆ وازهێنان لە سیاسەتی ئێستای ناله بار و بەرگرینەکراوی هەردوو حزب خستەڕوو. وەڵامەکەی من لێرەدا بەشێکە لەو نامەیە.

ئێمە و بە دڵنیاییەوە هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و کوردستانیش لە ڕاگەیاندن و نووسینەکانیاندا جەختیان لەسەر کردووەتەوە و لەسەر ئاستی گشتی جیاوازیی ڕا نەبووە کە پێمان وایە “پەرلەمان و پەرلەمانتاریزم” تەنانەت لە وڵاتانی ئەوروپی و ڕۆژئاوا و بەناو “لانکەی دیموکراسی” ئامرازێکە لە خزمەت پتەوکردنی دەسەڵاتی سەرمایەداری و سیستمی چینایەتیی چەوسێنەر و دۆزەخی ئێستا. کە نەک هەر گۆڕانکاری، بەڵکو چاکسازی و باشتربوونی بەرچاو لە بەرژەوەندی خەڵک لە ڕێگەی “پەرلەمان”ەوە ناڕوات. بەڵام جەختکردنەوەی تایبەت و جیاوازی حزبی حیکمەتیست ئەوەیە کە بەشداری لە پرۆسەکانی بەناو “هەڵبژاردنی پەرلەمانی” بۆ حزبە کۆمۆنیستی و کرێکارییەکان ڕێکارێکی ڕۆتینی و به رده وام و یاسا نییە، بەڵکو لە حاڵەتە تایبەتەکاندا دەبێت بە شێوەیەکی تایبەت و دیاریکراو تاوتوێ بکرێت و بەشداری بکرێت. بە شیکاریی دیاریکراو بۆ تایبەتمەندییەکانی دۆخی سیاسی و هاوکێشەکان و ڕێژەی هێزەکانی نێوان لایەنە بەشداربووەکان و ئامادەبوو لە گۆڕەپانی سیاسیدا، چ حکومەت و چ ئۆپۆزسیۆن لە هەر وڵاتێکدا، بە لەبەرچاوگرتنی هێز و تواناکانی کۆمۆنیستەکان و لە گۆشەنیگای خستنەڕووی بەرژەوەندی کرێکاران و خەڵک و بەرگریکردن لێی لە سەکۆکانی “پەرلەمانی” لە حاڵەتە دیاریکراوەکاندا بڕیار لەسەر بەشداری یان بەشدارینەکردن لە پرۆسەی “هەڵبژاردنی پەرلەمانی بۆرژوازی” دەدرێت. بڕیاردان لەسەر ئەم پرۆسەیە لە وڵاتانی دیکتاتۆری و خنکێنەر، و لە وڵاتێک وەک عێراق کە تەواوی سیستم و “پەرلەمان” لەلایەن مافیا چەکدارە ئایینی و نەتەوەیی و نەتەوەییەکانەوە کۆنترۆڵ دەکرێت، پێویستی بە وردبینی و هەستیارییەکی زۆر هەیە.

لەو بارەیەوە بۆ ئەوەی وێنەیەکی ڕاستمان هەبێت، لە وڵاتی عێراقدا ئێمە ڕووبەڕووی “پەرلەمان و پەرلەمانتاریزمی” بۆرژوازی ئاسایی نین، نەک تەنها وەک وڵاتانی ئەوروپی، بەڵکو وەک وڵاتانی “تورکیا و پاکستان” و هاوشێوەکانیان. پێکهاتەی حکومەتی عێراق کە پەرلەمان و حکومەت و پێکهاتەکانی تری دەگرێتەوە، بەرهەمی “گۆڕینی ڕژێم”ە دوای داگیرکردنی عێراق و ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس لەلایەن ئەمریکا و بەریتانیاوە. هەر لە سەرەتاوە لە پێکهاتەی سەپێنراو و لەسەر سەری خەڵکی عێراقەوە، پۆلێنکردن و دەسەڵاتی هێزە چەکدارەکانی “شیعە، سوننە، کورد” وەک سیناریۆی ڕەش چەسپێنراوە. “پەرلەمان” ئامرازی داپۆشینی ڕەسمی دانە بە مەودای دەسەڵاتی مافیا چەکدارەکانی سەر بەم سێ فراکسیۆنە دواکەوتووەیە. گۆڕەپانی “هەڵبژاردن” گۆڕەپانی نمایشکردنی هێزی مافیا چەکدارەکانی سەربه ئەمریکا و یان سەر به کۆماری ئیسلامین. بە قسەی خۆیان پۆستە سەرەکییەکان و دامودەزگاکانی سەر بەوان، واتە سەرۆک وەزیران، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک کۆمار، لە نێوان هەر سێ فراکسیۆنەکەدا پێشتر دابەش کراون. پەرلەمان و بە تایبەتی سەرۆک وەزیران و کابینەکەی بە ڕەزامەندی و ڕاوێژی ئەمریکا یان کۆماری ئیسلامی یان ڕێککەوتنی نێوان ئەو دوو حکومەتە دەست بە کارەکانیان دەکەن. لەم سیناریۆیەدا کە پێشتر داڕێژراوە، نوێنەرانی ئامادەبوو لە پەرلەمان ڕۆڵی ڕازاندنەوەی شەرعییەتدان بەم پێکهاتە دژە خەڵکییە دەگێڕن. بێگومان بۆ پاراستنی ڕواڵەت، ژمارەیەکی کەم نوێنەرایەتی (کورسی) بۆ نوێنەرانی “سەربەخۆ” بە ناوی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکانەوە تەرخان کراوە. هەر تاک و گرووپێکی کەم کەسەیی “نوێنەرانی سەربەخۆ”ی سەر بە یەکێک لە کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان بۆ بردنە پێشەوەی بەڵێنێکی “هەڵبژاردن”ی خۆیان و جێبەجێکردنی، بەبێ سازش و نزیکبوونەوەی کاتی یان درێژخایەن لەگەڵ یەکێک لەم سێ باندە سیناریۆی ڕەشە لەناو پەرلەماندا ناتوانن کارێک بکەن. هیچ پشکێک بۆ لایەن و دامودەزگا سێکولارە ناناوچەیی و نائایینییەکان تەرخان نەکراوە. ئایا لەم جۆرە “پەرلەمانه دا” دەرفەتی جێبەجێکردنی لانیکەم چاکسازی و باشتربوون و پەسەندکردنی یاسایەکی پێشکەوتوو لە بەرژەوەندی خەڵکی عێراقدا هەیە؟ وەڵامەکەی ئێمە نەرێنییە.
سەرەڕای ئەمەش، هێشتا ئەم بیانووە دەتوانێت کاریگەر بێت، کە بە ئامادەبوون لەم “پەرلەمانە و بەدەستەوەگرتنی سەکۆیەکەی” دەکرێت، دژی سیستەم و حکومەت و یاسای بۆرژوازی و دواکەوتووە باڵادەستەکان کاری وشیاردرانه بکرێت، لە پێناو ئامانجەکانی کرێکاران و خەڵک هۆشیاری بڵاوبکرێتەوە، دەنگی ناڕەزایەتی خەڵک لەوێدا ڕەنگدانەوەی هەبێت. و …
هەرچەندە لە دۆخی بوونی ڕێگری قورس و هەڕەشە و سنووردارکردنی جیددی لە پێکهاتەی “پەرلەمانی پووچی عێراق”دا، هەر ئەم کارەی هۆشیارکردنەوە و ئاشکراکردنەوە زۆر بە سەختی جێبەجێ دەبێت، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە لە بابەتی ئێستای جیگای گفتوگۆمان، ئامادەبوونی ڕاستەوخۆی کاندیدەکانی هەردوو حزب بەپێی ڕێسا و یاساکانی “کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان” نەکراوە. لە یەکەم ڕاگەیەندراوی هاوبەشی هەردوو حزب لە نیوەی یەکەمی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥دا کە بانگەوازی خەڵکی بۆ بەشداری لە نمایشی “هەڵبژاردنەکانی” کردووە، لەو دەقەدا هاوڕێیانمان خۆیان نووسیویانە، “بەڵام بەداخەوە بەهۆی چەند کەموکوڕییەکی یاسایی پەیوەندیدار بە مەرجەکانی بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا، ڕێگە نەدرا ناوی ئێمە لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکاندا تۆمار بکرێت. بەم هۆیەشەوە دەرفەتیک که هؤلی پەرلەمان بکه ین به گۆڕەپانی خەبات لە پێناو مافەکانتان لەدەستدا. ….! لە ئەنجامدا بە قسەی خۆیان ئامانجی سەرەکی بەشداری لەم گاڵتەجاڕییەدا لەدەستدراوە، واتە دەرگای چوونە ژوورەوەی نوێنەرانی کۆمۆنیستی ئەم دوو حزبە لەوێدا داخرا بۆ ئەوەی لە پەرلەماندا دەنگی کرێکار و ئازادیخوازی نوێنەرایەتی بکرێت، وەک لە یەکەم بانگەوازدا ئومێدی پێکهێنانی “فراکسیۆنی حزبی” لە پەرلەمان خرایەڕوو. بەڵام دژواریی و ناکۆکییە لەوێدایە کە لە یەکەم ڕاگەیەندراودا هاوڕێیان وەستانێکیان نەکردووە و بانگەوازی خەڵکیان کردووە، لە پرۆسەی “هەڵبژاردنی پەرلەمان”دا بەشدار بن، بەڵام کاندیدەکانی ئێمە لە ئامادەبوون لە “پەرلەمان”دا بێبەشن؟!هه لؤیستیکی سه یرنییه؟!

بۆ تێکشکاندنی ئەم ناکۆکییە، پەنایان بۆ شێوازێکی سیاسیی بەرگرینەکراوتر و هەڵەتر بردووە. ئەویش کەمکردنەوەی ڕۆڵی هەردوو حزبە بۆ کەمپەینێکی بانگەشەیی مانگێک، و لە دوو هەفتەی کۆتاییدا لە دەوری پشتگیریکردن لە کاندیدێکی جێگرەوەی “سەربەخۆ” کە مەیلی بۆ پشکی کەمینەی کریستیانە نزیک لە حزبی شیوعییە. لە لێدوان و نووسینەکانی ئەندامانی سەرکردایەتیی هەردوو حزبدا ئەم سیاسەتە ناکۆک بە شێوازە بنەڕەتی و دروستەکە بەم شێوەیە ڕوون کراوەتەوە. کە لە “قۆناغی گەرموگوڕی هەڵبژاردنەکاندا، ڕۆژی کۆتایی دەنگدان و هەڵبژاردن و بردنەوە یان نەبردنەوەی کاندیدی مەبەست لای ئەوان گرنگ نییە!؟. بەڵکو کەمپەینی مانگێک بانگەشە و بەشداریی چالاکانە تیایدا بۆ ناساندنی سیاسەت و کەسایەتییەکانی حزب گرنگە.” گرتنەبەری ئەم شێوازە واتە گۆڕینی کاراکتەری ئەو جووڵەیە کە بڕیار بوو، ئەوەی لێ بکەوێتەوە، لە کاتی هەڵبژاردنی نوێنەرانی هەردوو حزب لە ماوەی چوار ساڵی “پەرلەمانی بۆرژوازی” و بیرکردنەوە لە بوونی “فراکسیۆنێکی حزبی” گۆڕەپانی “پەرلەمان” بکەنە گۆڕەپانی بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی کرێکاران و خەڵک و هۆشیارکردنەوە و ئاشکراکردنی بێوچانی دژی مافیا باڵادەستەکان بەسەر چارەنووسی خەڵکدا. هەر بەم هۆیەشەوە بە گشتی کۆمۆنیستەکان و ئەم دوو حزبەش ئامادەبوون تێچووی سیاسی نەرێنی و کاتیی داننان بە پرۆسەی گاڵتەجاڕی “هەڵبژاردنی پەرلەمانی بۆرژوازی”دا قبووڵ بکەن، بەو ئومێدەی کە دەستکەوتێکی سیاسی بەرزتر و بەردەوامتر بە ئامادەبوونی نوێنەرەکانیان لە “گۆڕەپانی پەرلەمان” بۆ ماوەی چوار ساڵ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی کرێکاران و خەڵک بەدەست بێنن و هەست بکەن بە گشتی لە بەرژەوەندی بەرەی کرێکار و کۆمۆنیزمە لە ململانێ سیاسییەکانی کۆمەڵگادا. ئێستا و هەر لە سەرەتای کاردا بەپێی یاسا و ڕێساکانی دواکەوتوویی “کۆمیسیۆنی باڵای گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەکان” دەرگای چوونە ژوورەوەی نوێنەرانی هەردوو حزب داخرا. هاوڕێیانی سەرکردایەتیی هەردوو حزب دەبوو بە خستنەڕووی ڕێگرییە دروستکراوەکان، تاکتیک و شێوازێکی سیاسیی کاریگەر و بەرهەمدارتریان بگرتایەتەبەر. بە پاساوەکانی ئێستا و بە ناوی دەستتێوەردانەوە ڕۆڵی هەردوو حزب بۆ “کەمپەینی چالاکانەی مانگێک” و لەم دواییانەشدا بۆ بەرگریکردن لە کاندیدێکی “سەربەخۆ”ی ناسۆسیالیست کەم نەکەنەوە. لە واقیعدا هەر جووڵەیەک ئامانجێکی سەرەکی هەیە. کەمپەینی هەڵبژاردن بۆ هەر لایەنێک ئامانجی سەرەکیی هەڵبژاردنی کاندیدی مەبەستە. بە هەر هۆکارێک ئەم ئامانجە دابین نەکرێت، لە دنیای سیاسەتدا دەڵێن، ئەو لایەن و حزبە نەگەیشتە ئامانجەکەی. لە هەمان هەنگاوی یەکەمدا بە مەرج و ڕێساکانی “کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان” هەردوو حزب نەگەیشتنە ئامانجی ناردنی کاندیدە ڕاستەوخۆکانی خۆیان بۆ “ناو پەرلەمان”. چاوەڕوان دەکرا، سەرکردایەتیی هەردوو حزب ئەم ڕاستییەیان بناساندایە، لە بری سیاسەتی خۆدڵخۆشکردن “بۆ ئێمە دەنگهێنان و بوونی نوێنەر لە پەرلەماندا” گرنگ نییە و ئامادەبوون لە “کەمپەینی بانگەشەیی مانگێک” گرنگە، پرسیارەکە بە ئارەزووی خۆیان نەگۆڕن. ئامانجی کەمپەینی بەشداری لە “هەڵبژاردنەکان” بە مەبەستی بوونی نوێنەر لە “پەرلەمان”دا لەگەڵ ئامانجی “کەمپەینی بانگەشەیی” و ناساندنی سیاسەت و کەسایەتییەکانی حزب دوو ئامانجی جیاوازن، هەرچەندە ئەم دوو کەمپەینە تەواوکەری یەکتر بن. لۆژیکی بوو، لە بری پشتگیریکردن لە کاندیدێکی جێگرەوە کە ڕۆڵێکی بەرچاوی لە گۆڕانکارییە خەباتگێڕییەکانی چەندین ساڵەی کۆمەڵگەی عێراق و کوردستاندا نەبووە و لە بری کەمکردنەوەی ڕۆڵی هەردوو حزب بۆ کەمپەینچیی مانگێک، نەخشەیەکی کاریگەرتر بگرتایەتەبەر، لەوانە بایکۆتێکی چالاک و کاریگەر، بە تایبەتی بۆ ناساندنی کەسایەتییەکان و سیاسەتە جیاواز و دژە باوەکانیان لە بەرامبەر تەواوی بەرەی دواکەوتووی مافیایی باڵادەست و لە ڕەتکردنەوەی گاڵتەجاڕی “هەڵبژاردنەکانی” ئەوان. لێرەدا ئاماژە بەم خاڵەش دەکەم، لە لێدوانەکانی هاوڕێیاندا “بایکۆت” وەک سیاسەتێکی پاسیفیستی ناسێنراوە. لێرەشدا بێوردبینییەکی سەیر بەدی دەکرێت. چالاکبوون و نەبوونی سیاسەتی بایکۆت یان بەشداری لە پرۆسەکانی هەڵبژاردندا وردبینانە بۆ هەر یەکێک لەم شێوازانە پەیوەستە بە بوونی نەخشەیەکی داهێنەرانە، سەرکردایەتی و هێز و ڕێکخستن و کاردانەوەکان بۆ هەر یەکێکیان. بەشداری یان بایکۆت لە خۆیدا پاسیفیستی نین، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەو حزبانه و لایەنانەی سیاسەتی بەشداری یان “بایکۆتی چالاک و هێرشکارانە”یان گرتووەتەبەر، بە شێوەیەکی داهێنەرانە ئەو پرۆژە و سیاسەتە جێبەجێ دەکەن یان نا؟ ئایا هێز و توانای جێبەجێکردنی چالاکانەی سیاسەتەکەیان هەیە یان نا؟ بۆ نموونە ئەزموونی ئێمە لە زیاتر لە سێ دەیەی ڕابردووی دۆخی سیاسیی ئێران وەک کۆمۆنیزمی کرێکاری و ئەو حزبانەی بەو ناوەوە ناسراون کە هاوڕێیانی هەر دوو حزب بەشێک بوون لە کەمپەینەکانماندا، لە قۆناغەکانی “گاڵتەجاڕیی هەڵبژاردنەکانی” کۆماری ئیسلامی، بە تایبەتی لە قۆناغی نمایشی “هەڵبژاردنەکانی” بەناو دووەمی خەردادی خاتەمی یان لە قۆناغی بزووتنەوەی سەوزی موسەوی، و کەمپەینی وەنەوشەیی ڕۆحانی ئەویش لە کەشێکی ستەمکارانە و زۆر خنکێنەری ئێراندا بە گرتنەبەری سیاسەتی “بایکۆتی چالاک و هێرشکارانە” ڕۆڵێکی گرنگیان لە ناوەوە و دەرەوە و لە پوچه لکردنه وه ی فێڵەکانی کۆماری ئیسلامی و باڵەکانی، لەوانەش چاکسازخوازەکان و بزووتنەوەی سەوزی و میانڕەوەکان و تەنانەت شوێنکەوتووانیان لە نێوان ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازیدا بینی. بە بڕوای ئێمە لە کۆمەڵگەی عێراقدا کە ڕقی لە دەسەڵاتی دەستە و تاقمە مافیاییە چەکدارەکانی شیعە و سوننە و کورد و ڕقی لە دۆخی “هەڵبژاردنەکانی” پەرلەمانی ناوزڕاو و دژە خەڵکی ئەوانە، دەکرا و دەکرێت و زەمینەیەکی جیددی هەیە ڕقی ئەو کۆمەڵگایە نەک بەلای بەشداری لە “هەڵبژاردنەکان” و دەنگدان بە کاندیدێکی “سەربەخۆ” و ئومێد و چاوەڕوانکردنی ڕۆڵی نوێنەرێک هەرچەندە ڕێزدار بێت لەناو پەرلەمانێکی ٣٢٩ کەسی تەواو نەتەوەیی-ئایینی دواکەوتوودا ئاڕاستە بکرێت و بە جۆرێک دۆخەکە ئارام بکرێتەوە. بەڵکو کۆمۆنیستەکان بە ڕەتکردنەوەی چالاکانەی نمایشی “هەڵبژاردنەکان” بە داهێنان و بە نەخشەیەکی چالاکانە ڕق و ناڕەزایەتی خەڵک ئاڕاستەی هۆشیاریی زیاتر بکەن سەبارەت بە “پەرلەمان” و تەواوی سیستەمی ستەمکار باڵادەست و یەکگرتن و ڕێکخستن و ڕێکخراوکردن لە دەوری سیاسەتی کۆمۆنیستەکان و خودی ئەم دوو حزبە. لەسەر ئەم بنەمایە بە سیاسەتی بایکۆتێکی هێرشکارانەی چالاک و داهێنەرانە و نوێخوازانە ڕۆژانە لەم قۆناغە گەرمەی گفتوگۆ و ململانێ سیاسییەکانی “هەڵبژاردن”دا سیاسەتی جێگرەوەی ڕادیکاڵ و کۆمۆنیستی لەسەر زمانی چالاکوانان و کەسایەتییە کۆمۆنیست و ڕادیکاڵەکان و ئەندامانی سەرکردایەتی و چالاکوانانی ئەم دوو حزبە و ڕێکخراو و دامودەزگا کۆمۆنیستییەکانی تر لە هەر کۆڵان و گەڕەکێکدا نوێنەرایەتی بکرێت و لە کرێکاران، ژنان و لاوان و خەڵکی عێراق داوا بکرێت ڕق و بێزاری لە مافیا باڵادەستەکانی عێراق بگۆڕن بۆ یەکگرتن و ڕێکخستن و کۆکردنەوەی هێز بۆ یەکلاکردنەوەی یەکجارەکی لەگەڵ لایەنە دواکەوتوو و دژە خەڵکییەکان.

بە لەبەرچاوگرتنی ڕوونکردنەوەکانی سەرەوە و وەک لە نامەی ٤ی تشرینی دووەمدا بۆ کۆمیتەی ناوەندیی هەردوو حزبمان نووسی، بە دڵسۆزییەوە ڕەخنەی خۆمان لەگەڵ هاوڕێیاندا گواستەوە، لێرەدا بەشێک لەو نامەیە بیردەخەمەوە، کە ڕامانگەیاند، “بەپێی لێکدانەوەی دیاریکراوی ئێمە بۆ دۆخی سیاسیی ئێستای عێراق و دابەشبوونی لایەنە ئایینی و نەتەوەیی و قومییەکان و دابەشکردنی پێشوەخت و داڕێژراوی “پەرلەمان”ی ئێستای عێراق لە نێوان سێ فراکسیۆنی زۆر دواکەوتووی “شیعە و سوننە و کورد” کە هیچ دەرفەتێک بۆ دەرکەوتنی کاریگەریی لایەنەکانی تر بە تایبەتی کاندیدە چەپ و ئازادیخواز و سەربەخۆکان ناهێڵێتەوە، بە بڕوای ئێمە بانگەوازی بەشداری لە پرۆسەی ئێستای “هەڵبژاردنی پەرلەمانی” عێراق تاکتیکێکی زۆر زیانبەخشە بۆ هەردوو حزب و بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاری لە عێراق و کوردستان. بەم هۆکارانە:

١- پرۆسەی ئێستای نمایشی “هەڵبژاردنی پەرلەمانی” عێراق بەپێی بەڵگە و شایەتحاڵی زۆر و لەوانەش بە لەبەرچاوگرتنی ڕاگەیەندراو و نووسینەکانی خودی هاوڕێیانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان کە ئێمە خوێندوومانەتەوە، کەمترین لێکچوونی تەنانەت لەگەڵ ڕێکاری ئێستای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی بۆرژوازیش نییە. سەرەتاییترین ڕێسا و یاساکانی کەشێکی گونجاو بۆ دەنگدانی هاوڵاتیان و تەنانەت چالاکییەکانی کاندیدە “سەربەخۆ و تاکەکەسییەکان” بوونی نییە. “کەمپەینەکانی هەڵبژاردن” بوونەتە گۆڕەپانی هەڕەشە و ترساندن و توندوتیژی دژی هاوڵاتیان و لە یەک حاڵەتدا تیرۆرکردنی کاندیدێکی ئۆپۆزسیۆن لەلایەن مافیا باڵادەستەکانی عێراق و کوردستانەوە. کڕین و فرۆشتنی دەنگ تەنها یەک نموونەیە لە قووڵایی گەندەڵییەکی بەرفراوان لەم پرۆسەیەدا کە بەناو هەڵبژاردنە. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا لەم وه ها دۆخێکدا دەنگی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی و دادپەروەریخوازی تەنانەت لەسەر ئاستی هۆشیارکردنەوە و ئاشکراکردنەوە سەبارەت بە دۆخی پڕ مەینەتی باڵادەست و دژی لایەنە ڕەشە ئایینییە سوننە و شیعە و ناسیۆنالیستییەکان لە “پەرلەمان” و لە ئاشکراکردنیاندا کە دەسەڵاتیان لە عێراق و کوردستان گرتووەتە دەست، ڕاستەقینە نوێنەرایەتی دەکرێت؟ بە بڕوای ئێمە چنین دەرفەتێک بوونی نییە.

٢- خاڵێکی گرنگی دیکە ئەوەیە کە ئاگادار بوینەوە هەردوو حزب بە هۆکاری جیاواز ناتوانن کاندیدی سەربەخۆی خۆیان هەبێت. لە ئەنجامدا، لە دۆخێکدا کە بە هەر هۆکارێک پێویستییەکانی ئامادەبوونی ڕاستەوخۆی کاندیدەکانی هەردوو حزب لە پرۆسەی “هەڵبژاردنەکان”دا نییە، هەر ئەم هۆکارە پاساوێکی قایلکەر بوو بۆ بەشدارینەکردنی هەردوو حزب لە نمایشی “هەڵبژاردندا”. هەر ئەم بەربەستە ئیداری و یاساییەش دەتوانرا ئاشکرا و شەرمەزار بکرێت. نوێنەرایەتی نەکردنی هەردوو حزب لەلایەن کاندیدێکی متمانەپێکراو و پابەند بە ستراتیژ و تاکتیک و سیاسەتی ناسراوی هەردوو حزب، ئەویش لەناو پەیوەندییە پڕ لە گرێ و گۆڵەکانی “پەرلەمان”دا کە پێشتر لەلایەن لایەنە ئایینی و نەتەوەییەکانی سیناریۆی ڕەشەوە داگیرکراوە، پێچەوانەی خۆی لێدیته وه و وەک تەقەکردن لە قاچی خۆت وایە.

٣- هەردوو حزب پشتگیرییان لە کاندیدبوونی خاتوو “سائره یوسف عەزیز” کاندیدی سەربەخۆی ژمارە ٣٤٢ کردووە. بە ڕوونی بە بڕوای ئێمە هەر ئەم هەڵبژاردنە بەڕاستی سه رسورهینه ره. بەم هۆکارانە: أ: بە گریمانەی هەڵبژاردنی، ئەم کەسە هەرچەندە هەوڵیش بدات، لە نێوان ٣٢٩ “نوێنەر”ی پشت بە هەڕەشە و زۆرداری و چەکی دەستە و تاقمە شیعە و سوننە و کوردییەکان لەناو “پەرلەمان”دا ناتوانێت کەمترین چاکسازی و گۆڕانکاری بکات. ب: جگە لەوەش مەترسی گەورە لەوێدایە لە کاتی هەڵبژاردن و ئامادەبوونی چوار ساڵەی ئەم کەسە لە پەرلەمانی عێراقدا، هەردوو حزب بە چ میکانیزمێکی سیاسی و کرداری دەتوانن دڵنیابن کە کار و بڕیارەکانی ئەم کەسە لەو چوار ساڵەدا دژی پلاتفۆرمی بەڵێندراوی ئێستای و پێچەوانەی بنەما سیاسی و کۆمەڵایەتییە ناسراوەکانی هەردوو حزب نابێت. بە دڵسۆزییەوە بڵێین بۆ ئێمە قبوڵ نەکراوە کە چۆن دوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لە عێراق و کوردستان بۆ چوار ساڵ متمانەی خۆیان لەپشت کەسێک دادەنێن کە هیچ پابەندبوونێکی سیاسی و ڕێکخراوەیی و بنەمایی بەرامبەر بەم دوو حزبە نییە. لە کاتێکدا هەر کار و بڕیارێکی ئەرێنی یان نەرێنیی ئەو لەسەر حسابی حزبە پشتگیریکارەکانی دەنووسرێت.

لە کۆتاییدا پێشنیازێکی دیاریکراومان هەیە. ئەم پرۆسە زیانبەخشە دەکرێت ڕاگیرێت. هێشتا هەفتەیەک (ئێستا چوار ڕۆژ) ماوە بۆ ١١ی تشرینی دووەم، ڕۆژی دەنگدان. بەڵگە و بینراوەکان لە پرۆسەی سیاسی و کرداریی گەندەڵ و پڕ لە هەڕەشە و زۆرداری “کەمپەینەکانی هەڵبژاردنی مافیا ئایینی و ناسیۆنالیستییەکان” لە عێراق و کوردستان دژی هاوڵاتیان بە ڕادەی پێویست هۆکاری قایلکەریان دابین کردووە، بۆ ئەوەی هەردوو حزب بە هۆشیارییەکی ڕوون ڕابگەیەنن کە ئەم پرۆسە پڕ لە دژایەتیکردنی بەرژەوەندییەکانی خەڵک بەردەوام ناکەن. بۆ نموونە لە بەشی کۆتایی ڕاگەیەندراوی ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ی خودی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستاندا نووسراوە:
”ئەم هەنگاوانە زیاتر لە پێشتر گەندەڵی پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان لەلایەن خەڵکی عێراق و کوردستانەوە نیشان دەدات و سروشتی هەڵبژاردن و دەنگدانی بۆرژوا میلیشیایی فەرمانڕەوایانی عێراق و کوردستان و بانگەشەکانیان سەبارەت بە دروستکردنی گۆڕانکاری لە ژیان و باشترکردنی داهاتووی سیاسی لە ڕێگەی پەرلەمانەوە زیاتر ئاشکرا دەکات”. (وەرگێڕان لە کوردییەوە بۆ فارسی)

ئایا هەر ئەم هەڵسەنگاندە کورتەی ڕاگەیەندراوی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان بەڵگەی ئەوە نییە کە هەردوو حزب دەستبەجێ بەردەوامبوونیان لە کەمپەینی پەرلەمانێکی بێڕێزدا کۆتایی پێ بهێنن! هەر ئەم یەک پەرەگرافە ڕاستە لە ڕاگەیەندراوی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان دەتوانێت ببێتە چەقی سەرەکی ڕاگەیاندنی سیاسەتی وازهێنان لەم سیناریۆ گەندەڵە پێش ڕۆژی ١١ی تشرینی دووەم. …
گرنگ ئەوەیە پێش ڕۆژی ١١ی تشرینی دووەم چنین هەنگاوێک بگیرێتەبەر. بەم کارە دۆخەکە بە ڕادەیەکی بەرچاو لە بەرژەوەندی هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق و کوردستان دەگۆڕێت.

٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥




کتێبی: سیاسەت و پلاندانانی زمانی بۆ بواری پەروەردە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.. ناساندنی: فازیل شەوڕۆ

مەخابن، زۆرجار لەسەر زاری عەوام و ڕۆشنبیرانیش، ئەوەمان دێتە بەر گوێ کە ساڵانە دەیان بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانی کوردستان وەدەستدێن کە هیچ کەلێنێک لە بوارەکانی زانستی و ئەدەبی و مەعریفی پڕناکەنەوە و پتر خەریکی سووینەوە و کاوێژکردن و خواستنەوەی کاڵای دەستی دووی نووسەرانی دیکەن و لە خەمی داهێنان و ئەفراندن و گەشکردنی زمان و ئەدەب و زانست و مەعریفە دانین و ئاستەکانیان بەڕووداچوون. بە گشتی، ئەمە غەدرێکی گەورە و ناهەقییەکی جەرگبڕە هەم لە زانکۆکان و هەم لە وەدەستهێنەڕانی بڕوانامە باڵاکاندا دەکرێت. لە نێو خەرمانی ئەم بڕوانامانەدا، چەندان بەرهەمی مەزن و بایەخدار و پیرۆز وەبەرهاتوون، کە ناوەڕۆک و دەوڵەمەندی و داهێنانیان لە ئاست، ئەوانەن کە لە زانکۆ جیهانییە ناودارەکاندا پەسند دەکرێن.
کتێبی (سیاسەت و پلاندانانی زمانی بۆ بواری پەروەردە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا)، تێزی دکتۆرای قادر وریا (62 ساڵ)ە کە لە زانکۆی کۆیە بە پلەی نایاب لە سالی 2024 پەسند کرا و لە 2025 ، ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک لە بۆن – ئەڵمانیا، لە کتێبێکی 250 لاپەڕەی جوان دیزاینکراو و تەکنیک سەردەمیانە چاپی کردوە. جکە لە دەیان کانگا و سەرچاوە بە زمانی کوردی و فارسی و ئینگلیزی و سوودوەرگرن لە ئینتەرنێت، نووسەر بۆ بەدەستهێنانی تێگەیشتنێکی ڕوونتر لە سیاسەتی زمان لە ئێران و ئاستی خوێندنی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پەیوەندی بە 51 لایەنی چالاکیی زمانەوانی، شاعیر، نووسەر، هونەرمەند، مامۆستا، و توێژەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردوە و ئەوانەی نوێنەرایەتیی شار و نەتەوە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دەکەن فەرامۆش نەکراون.
نووسەر دەنووسێت:” لە سەرەتای سەدەی بیستەم و بەردەوامی تا ئێستا، تاکە سیاسەتی بواری پەروەردە لە ئێراندا بەکارهێنانی زمانی فارسی وەک ئامرازێک بۆ خزمەتکردنی پاوانخوازی ناسیۆنالیستی و دامەزراوە دەسەڵاتدارەکانی بووە. ئەم سیاسەتەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر زمانەکانی دیکەی غەیرە فارسی هەبووە؛ هەندێک لەو زمانانە بە تەواوی لەناوچوون. بەشێک لەو زمانانە لە لێواری لەناوچووندان، وەک مازینی و کیلکی، هەندێکی تریش مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە، وەک کوردی و بەلوچی. ئەم ترسە لە لەناوچوونی زمان بۆتە هۆی بانگەوازی نوێنەرانی کەمە نەتەوەیەکانی تر کە زمانی دایکیان لە پەروەردەی ئەکادیمیدا بەکاربهێنن و زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەکاربهێنن. ئەم تێزە هەوڵ دەدات بۆچوونی وەڵامدەرەوەکان کۆبکاتەوە بە مەبەستی وەڵامدانەوەی ئەم دوو پرسیارە سەرەکییە:
1- بۆ ئایندەیەکی باشتر بۆ ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستە چ سیاسەتێکی زمانی جێبەجێ بکرێت کە هاوتەریب بێت لەگەڵ واقیعی فرەچەشنی نەتەوەیی و زمانەوانی لە نێو دانیشتوانی ئێراندا، هەروەها لەگەڵ خواستەکانی مافی نەتەوەیی دانیشتوانی ئەم بەشەی کوردستان؟
2- چ میکانیزمێک بۆ جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتە زمانییە دابنرێت؟”
کتێبەکە 127 ناونیشان – جگە لە 15 خشتە و پاشکۆی بەڵگەنامە و پووختە ناوەڕۆکەکەی بە دوو زمان لە خۆدەگرێ، ئەمانیش بەم شێوەیەی خوارەوە بەسەر شەش بەشدا پۆلین کراون:
بەشی یەکەم: چەمکە سەرەکییەکان و بنەما تیۆرییەکانی گرتووەتە خۆ: چییەتیی زمان، پێوەندیی زمان بە هەر یەک لە چەمکەکانی ناسنامە، پەروەردە، ماف، ئایدۆلۆژیا و دەسەڵات. زمان وەک سەرچاوە نەک گرفت، تەوەرێکی دیکەی ئەم بەشەیە و تیشک خراوەتە سەر جیاوازیی پێگەکانی زمانی زۆرینە و زمانی کەمینە.

بەشی دووەم: بۆ باسکردنی ڕۆڵی زمان و پەروەردە لە دەوڵەتسازی و نەتەوەسازیدا
تەرخان کراوە: گرنگیی سیاسەتی زمانی بۆ نەتەوەیەکی بێدەوڵەتی وەک کورد وە کورد چۆن
دەتوانێت پەروەردە و سیاسەتی زمانی بکات بە دەروویەک بۆ پاراستنی زمان و ناسنامەکەی.

بەشی سێیەم: تایبەتە بە سیاسەتی زمانی لە کوردستان و ئێراندا، بە ئاوەڕدانەوەیەکی ڕەخنەگرانە لە لێکۆڵینەوە زمانییەکانی ئێران، ڕوانگەکانی دەسەڵات و دامودەزگا پێوەندیدارەکانی، بۆچوونی لێکۆڵەران و ڕووناکبیرانی ئێرانی لەبارەی زمان و ناسنامەی نەتەوە نافارسەکانی ئێران و پرسی پەروەردە بە زمانی دایک.

بەشی چوارەم: باسکردن لە ڕێبازی لێکۆڵینەوە و مێتۆدۆلۆژیی تێزەکە: چۆنیەتیی کۆکردنەوەی داتاکان، شێوازی دەستنیشانکردنی پرسیارلێکراوان، چۆنیەتیی ئامادەکردنی پرسیارنامە و گەیاندنی بە پرسیارلێکراوان و وەرگرتنەوەی وەڵامەکان. مێتۆدی شیکردنەوەی داتاکان (مێتۆدی شیکاریی بابەتیانە/ تێماتیک) ڕۆشنایەتیان خراوەتە سەر.

پێنجەم بەش: تایبەتە بە ناساندنی پرسیارەکانی لێکۆڵینەوە لە پرسیارلێکراوان و سیاسەت و پلاندانانی زمانی بۆ بواری پەروەردە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.

هەرچی شەشەمین بەشە: تایبەتە بە دۆزراوەکان، ئەنجامەکان، پێشنیاز و ڕاسپاردەکانی لێکۆڵینەوەکە. لەم بەشەدا لێکۆڵەر وێڕای باسێکی کورت لەسەر پڕۆسەیلێکۆڵینەوەکەی، بە گەڕانەوە بۆ سەر چەمکە سەرەکییەکانی پێوەندیدار بە ڕوانگە وبۆچوونی پرسیارلێکراوان، دۆزراوەکان و ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەی خستووەتە ڕوو.
لە بڕگەی ئامانجەکاندا، چەندان خاڵی بایەخدار خراونەتە ڕوو وەک:
• ئەو سیاسەتەی بە ناوی سیاسەتی کولتووری و زمانی و پەروەردەیی لە کۆنەوە تا ئێستا لە ئێران هەیە، لەگەڵ باری ڕاستەقینەی وڵات و کۆمەڵی ئێران کە پێکهاتەیەکی فرەنەتەوەیی و فرەزمانییان هەیە، ناتەبا و نەگونجاوە.
• بەکارهێنانی سیستەمی پەروەردەی سەرانسەریی وڵات بە ئامانجی دروستکردنی یەک
نەتەوە و کردنی زمان فارسی بە زمانی سەرەکی و یەکەمی هەمووان، لە تواندنەوەی نەتەوە
نافارسەکان لە زمانی فارسی و ناسنامەی ئێرانیدا تا هاتووە زیاتڕووبەڕووی بەر هەڵستبوونەوە بووە و ئاکامی پێچەوانەی لێکەوتووەتەوە. نەتەوەی کورد لە ئێران، هەر لە سەردەمی دەسەڵاتدارەتیی ڕەزاشاوە تا ئەمڕۆ، بۆ داکۆکی لە ناسنامەی نەتەوەیی و خەبات دژی ئاسمیلاسیۆنی نەتەوەیی و کولتووری، بۆ داواکردنی مافە نەتەوەیی و زمانییەکان پێشەنگی
نەتەوەکانی دیکەی ئێران بووە.
• تاکزمانی لە پەروەردەی ئێران و بێبەشکردنی نەتەوە نافارسەکانی ئەو وڵاتە لە پەروەردە بە زمانی خۆیان، چەند ڕەهەندی گرنگی هەیە کە بریتین لە: سەپاندنی پێگەیەکی نایەکسان و نزم بەسەر زمانە نافارسییەکاندا و داخستنی دەرگای گەشەکردن و پێشکەوتن بە ڕوویاندا بەهۆی ڕێگەپێنەدانیان لە پەروەردە و فێرکردنی فەرمیدا / پێکهاتنی کێشە و گرفتی جۆراوجۆر بۆ فێرخوازانی نافارس لە ڕەوتی پەروەردە و فێربوون بە تایبەتی لە ساڵانی یەکەمی خوێندنگەدا. ئەو فێرخوازانەی لە پەروەردە بە زمانی دایک بێبەشن، دەگەڵ فێرخوازانێک کە بە زمانی خۆیان دەخوێنن. / بێبەشبوون لە پەروەردە بە زمانی دایک و خوێندن بە زمانێکی داسەپاو، لە ڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە کاریگەریی نەرێنییان لەسەر فێرخوازان هەیە. یەکێک لەو کاریگەرییانە لاوازبوونی متمانە بەخۆیانە. لێکەوتەیەکی دیکەی پەروەردەی تاکزمانی بۆ فێرخوازانێک کە لە مافی پەروەردە بە زمانی دایک بێبەشن، قەیرانی ناسنامەیە / هەستکردن بە پێشێلکرانی سەرەتاییترین ماف و بایەخنەدران بە زمان و ناسنامە، دەبێتە هاندەر و ڕێخۆشکەری تاک بۆ ئەوەی هەستی نامۆیی و دووریکردن لەو دەسەڵات و سیستەم و کۆمەڵەی تێداپێک بێت کە ئەم دۆخەیان بەسەردا سەپاندووە.
• سیاسەتی زمانیی ئێستای ئێران لە ئاستی چاوەڕوانی و ویستەکانی پێکهاتەجیاوازەکانی خەڵکی ئەو وڵاتەدا نین و پێویستیان بە گۆاڕنی بنەڕەتی هەیە؛ پێویستە جێگایان بە سیاسەت و پلاندانانێکی گونجاو و وەڵامدەر پڕ بکرێتەوە. گۆڕانی بنەڕەتی لەو سیاسەتەدا بە پێناسەکردنەوەی سەرلەنوێی ئێران و ئێرانیبوون، داننان بە فرەنەتەوە و فرەزمانبوونی دانیشتووانی ئەو وڵاتە، وەلانانی ئایدۆلۆژیای «یەک نەتەوە و یەک زمان »، بەفەرمی ناسینی زمانە نافارسییەکان و قبووڵکردنی مافی پەروەردە بەو زمانانە پێک دێت.

لە ڕاسپاردە و پێشنیارەکانیشدا، د. قادر وریا، کە خاوەنی 15 کتێبی ئەدەبی زمانەوانی و سیاسی و سەدان وتار و لێکؤلینەوە، زۆر بە لێزانانە ئەوەی بۆ ئەم بوارە پێویستە تۆماری کردوە.

کتێبی (سیاسەت و پلاندانانی زمانی بۆ بواری پەروەردە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا)، جگە لەوەی کە سەرچاوەیەکی زانیاری بەخشە بۆ خوێنەران و بە زمانێکی جوان و ڕەوان و ڕەسەن دارشتراوە. پێویستیشە بۆ ئەوانەی کە لێکۆڵەر و توێژەرن لە بوارەکانی وەک:

(ناسنامە، مافی زمان، نەتەوە، پاراستنی زمان، پێکەوە ژیانی ئاشتیانە، پێشکەوتنی ئابووری و کۆمەڵایەتی، داهێنان لە زمانی کوردیدا، دادپەروەری زمانەوانی، هۆشیاریی زمانەوانی، دەرفەتی زمانەوانی، فرە زمانی لە پەروەردەدا، و سیاسەتی زمانی هاوتەریب).

ئەمەش لینکی کتێبەکەیە بە PDF:

https://tishk.org/ku/language-policy-and-planning-for-education-in-east-kurdistan_pdf.pdf

ناساندنی: فازیل شەوڕۆ – دوبلن




سەردەمی شی و قۆناغی نوێی مۆدێرنیزاسیۆنی چین.. هەڵۆ حەسەن

چوارەمین دانیشتنی پلینۆمی بیستەمین كۆمیتەی ناوەندی پارتی كۆمۆنیستی چین كە لە 20 تا 23ی تشرینی یەكەمی 2025 لە پەكین بەڕێوەچوو، ساتێكی گرینگی یەكلاكەرەوەیە لە حوكمڕانی و پلاندانانی ستراتیژی چین. لە كۆتاییدا بە پەسەندكردنی “پێشنیارەكان بۆ داڕشتنی پلانی پێنج ساڵەی 15 بۆ گەشەپێدانی ئابووری و كۆمەڵایەتی”، دانیشتنەكە هەم وەك پێداچوونەوەیەكی گشتگیر بە دەستكەوتەكانی ژێر پلانی پێنج ساڵەی 14 (2021-2025) و هەم وەك نەخشەیەكی پێشبینیكراو بۆ هەوڵی مۆدێرنكردنی چین بەرەو ساڵی 2035 پەسندكرد،بەیاننامەی پلینۆم “گرنگی یەكلاكەرەوە”ی دامەزراندنی پێگەی سەرەكی شی جینپینگ و ڕۆڵی ڕێنماییكاری بیری شی جینپینگ لەسەر سۆسیالیزم بە تایبەتمەندییە چینییەكان بۆ سەردەمێكی نوێ دووپات دەكاتەوە. ئەم جەختكردنەوە لە دانپێدانانی ئیداری تێدەپەڕێت- نوێنەرایەتی چەسپاندنی سەركردایەتی ئایدیۆلۆژی دەكات كە دید و ئاراستە و دەسەڵاتی ئەخلاقی حیزب بەیەكەوە دەبەستێتەوە،دەقەكە جەخت لەوە دەكاتەوە كە هەموو ئەندامانی پارتی كۆمۆنیستی چین دەبێ “متمانەیان بە ڕێباز و تیۆری و سیستەم و كولتووری سۆسیالیزم بە تایبەتمەندی چینییەوە بمێنێتەوە” و دڵسۆزی سیاسی ڕەها بۆ كۆمیتەی ناوەندی بپارێزن. ئەم جۆرە زمانە سەركردایەتی ناوەندی و یەكگرتووی پارتی كۆمۆنیستی چین وەك ناوكی سیاسی حوكمڕانی نیشتمانی دووپات دەكاتەوە،ئەم یەكێتییە ئایدیۆلۆژییە خزمەت بە دوو ئامانج دەكات. لە ناوخۆدا، یەكدەنگی لە ڕێڕەوی مۆدێرنیزاسیۆنی چیندا مسۆگەر دەكات؛ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، ئاماژەیە بۆ ئەوەی سەقامگیری و گەشەسەندنی سیاسی چین لە سەركردایەتی شی جیاناكرێتەوە. تا ئێستا ڕوونترین دەربڕینی باوەڕی پارتی كۆمۆنیستی چینە كە بەردەوامی لە سەركردایەتیدا مەرجێكی پێشوەختەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجە درێژخایەنەكانی مۆدێرنیزاسیۆن،بەیاننامەكە مۆدێرنیزاسیۆنی چینی نەك تەنیا وەك پێشكەوتنی ئابووری، بەڵكو وەك نوێبوونەوەی شارستانی كە ڕەگ و ڕیشەی لە سۆسیالیزم و متمانەی نەتەوەییدایە، چوارچێوەی بۆ دادەنێت. جەخت لەوە دەكاتەوە كە مۆدێرنیزاسیۆن لە ژێر سەركردایەتی پارتی كۆمۆنیستی چین و لە ڕێگەی “كاری سەختی بێوچانی نەوەیەك لە دوای نەوەیەكی دیكە” بەدی دێت. ئەم دیدە درێژخایەنە گەشەپێدان لە چوارچێوەیەكی ئایدیۆلۆژی چینیدا دادەنێت كە پراگماتیزمی ئابووری و متمانە بەخۆبوونی كولتووری و ئەخلاقی سۆسیالیستی تێكەڵ دەكات،بە پێچەوانەی مۆدێلەكانی مۆدێرنیزاسیۆنی ڕۆژئاوایی كە ئازادكردنی بازاڕ و سیاسەتی فرەیی لە پێشینەدان، مۆدێلی چین سەركردایەتی شی و خەڵك سەنتەری و چاكسازییە. هەوڵدەدات پێشكەوتنی ماددی لەگەڵ یەكگرتوویی ئەخلاقی و كۆمەڵایەتی هاوسەنگ بكات. ڕاگەیاندنی بەیاننامەكە كە دەڵێت “بۆ ئەوەی وڵات بە باشی بەڕێوەببەین، سەرەتا دەبێت حیزب بە باشی بەڕێوەببەین” باوەڕێكی بنەڕەتی ئاشكرا دەكات: مۆدێرنیزاسیۆنی سیاسی لە مۆدێرنیزاسیۆنی حوكمڕانی لەناو خودی حیزبدا دەست پێدەكات.

پلانی پێنج ساڵە بەستنەوەی ئێستا و داهاتوو

دانیشتنەكە ئاراستەی ئایدیۆلۆژی و سیاسەتی بۆ پلانی پێنج ساڵەی (2026-2030) دادەنێت، كە وەك “پەیوەندییەكی سەرەكی نێوان ڕابردوو و داهاتوو” پێناسە كراوە لەسەر ڕێگای چین بەرەو مۆدێرنیزاسیۆنی بنەڕەتی سۆسیالیستی تا ساڵی 2035
بنەما ڕێنماییەكان جەخت لەسەر شەش ئەولەویەت دەكەنەوە: بەرزڕاگرتنی سەركردایەتی ، دانانی خەڵك لە پێشەوە، بەدواداچوون بۆ گەشەپێدانی كوالیتی بەرز، قووڵكردنەوەی چاكسازی، هاوسەنگكردنی كارایی بازاڕ لەگەڵ كاریگەری حكومەت، و دڵنیابوون لە هاوكاری گەشەپێدان و ئاسایش. ئەم بنەمایانە چوارچێوەی سیاسی و فەلسەفی مۆدێلی حوكمڕانی شی جینپینگ پێكدەهێنن، كە هەوڵدەدات دینامیزمی ئابووری لەگەڵ بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتی و ژینگەیی تێكەڵ بكات
لە ئامانجە ناوەندییەكان بریتین لە:
بەهێزكردنی پشت بەخۆبەستنی زانستی و تەكنەلۆژی وەك پارێزبەندییەك لە بەرامبەر خۆگرتنی دەرەكی
بەرزكردنەوەی ئابووری ڕاستەقینە و سیستەمی پیشەسازی، بە بەرهەمهێنانی پێشكەوتوو و گۆڕینی سەوز وەك پایە
فراوانكردنی خواستی ناوخۆیی و پێكهێنانی “شێوازێكی نوێی گەشەپێدان” كە سووڕانەوەی ناوخۆیی لە پێشینەدا بێت و لە هەمان كاتدا كراوەیی جیهانی بپارێزێت
پێشخستنی هاوكاری پشتێن و ڕێگا بە كوالیتی بەرز، كە ڕەنگدانەوەی تێكەڵبوونی مۆدێرنكردنی ناوخۆیی چین و بەشداریكردنی جیهانییە
هەروەها پلانەكە پێشبینی بنیاتنانی ئابوورییەكی بازاڕی سۆسیالیستی مۆدێرن و باشتركردنی حوكمڕانی ئابووریی گەورە و پەرەپێدانی گەشەسەندنی داهێنان دەكات ئەمەش ئەوە دەردەخات كە قۆناغی داهاتووی گەشەپێدانی چین بە شێوەیەك داڕێژراوە كە هەم بەردەوام بێت و هەم خۆبژێو بێت
تەوەری بەرچاو لە بەیاننامەكەدا، خۆچاكسازیی پارتی كۆمۆنیستی چین وەك بناغەی ئەخلاقی و سیاسی حوكمڕانی. دەقەكە جەخت لەوە دەكاتەوە كە “تەنها حزبێك كە گەشە دەكات دەتوانێت وڵاتەكەمان بەهێز بكات”، تیشك دەخاتە سەر پەیوەندی نێوان خۆدیسیپلین و هێزی دەوڵەت،دەركردنی چەند بەرپرسێكی پلە باڵا بەهۆی “پێشێلكارییە قورسەكانی دیسیپلین و یاساكانی دەوڵەت” جەخت لەسەر بەردەوامبوونی هەڵمەتی دژە گەندەڵی شی دەكاتەوە- نەك تەنها وەك پرسێكی ڕاستگۆیی ئەخلاقی، بەڵكو وەك میكانیزمێك بۆ پاككردنەوەی سیاسی و خۆڕاگری دامەزراوەیی. توانای پارتی دەسەڵاتدار بۆ خۆڕاستكردنەوە دەخرێتەڕوو ئا كلیلی بەردەوامبوونی شەرعیەتی مێژوویی و ڕۆڵی وەك پێشەنگی مۆدێرنیزاسیۆنی چینییە،بانگەوازی بەیاننامەكە بۆ “كۆبوونەوە لە نزیكەوە لە دەوری كۆمیتەی ناوەندی و شی جینپینگ لە ناوەڕۆكەكەیدا” حوكمڕانی دەگۆڕێت بۆ كارگەیەكی ئەخلاقی بەكۆمەڵ- كە دڵسۆزی، یەكێتی و دیسیپلین وەك فەزیلەتی نیشتمانی سەیر دەكرێت.

مۆدێرنیزاسیۆنی چین و فرە جەمسەری

هەروەها ئەم بەیاننامەیە گۆڕانكاری ناوخۆیی بە ستراتیژی جیهانی پەرەسەندووی چینەوە دەبەستێتەوە. داوای “كردنەوەی ستانداردی بەرز” و پێشخستنی “كۆمەڵگەیەك كە داهاتوویەكی هاوبەشی هەبێت بۆ مرۆڤایەتی” دەكات، كە مۆدێرنیزاسیۆنی چینی وەك بەدیلێكی جیهانی بۆ مۆدێلەكانی گەشەپێدانی ڕۆژئاوایی-سەنتەری جێگیر دەكات،چین بە بەستنەوەی پلانی پێنج ساڵەی پازدەهەم بە هاوكاریی كوالیتی بەرزی پشتێن و ڕێگا، پابەندبوونی خۆی بە جیهانگیری گشتگیر و گەشەپێدانی هاوبەش دووپات دەكاتەوە. ئەمەش ڕەنگدانەوەی دیدگای مۆدێرنیزاسیۆنی فرە جەمسەرییە، كە تێیدا سەرهەڵدانی چین بەشدارە لە نەزمێكی نێودەوڵەتی هاوسەنگتر و خۆشگوزەرانی هاوبەش،دانیشتنی پلینۆمی چوارەم ئاماژەیە بۆ پێگەیشتنی سەردەمی شی جینپینگ، كە بە كۆكردنەوەی ڕوونی ئایدیۆلۆژی، دیسیپلینی دامەزراوەیی و پلاندانانی ستراتیژی درێژخایەن تایبەتمەندە. چینێك ئاشكرا دەكات كە متمانەی بە ڕێبازی سۆسیالیستی و سیستەمی حوكمڕانی و توانای مۆدێرنیزاسیۆنی هەیە بەبێ ئەوەی ڕۆحی ئایدیۆلۆژیی خۆی لەدەست بدات،بە بەستنەوەی خۆبەڕێوەبەریی بە گەنجبوونەوەی نەتەوەییەوە، بەیاننامەكە مۆدێرنیزاسیۆن وەك گەشتێكی ئەخلاقی، سیاسی و بەكۆمەڵ لە چوارچێوەیەكدا دادەنێت. وێنەیەكی نەتەوەیەك دەخاتە ڕوو كە بە شێوەیەكی بەردەوام بەرەو ساڵی 2035 پێشدەكەوێت- لە ڕووی تەكنەلۆژیاوە پێشكەوتوو، هاوسەنگی كۆمەڵایەتی، لە ڕووی ئیكۆلۆژییەوە تەندروست و لە ڕووی سیاسییەوە یەكگرتووە لە ژێر سەركردایەتی شی،لە بنەڕەتدا، بەیاننامەكە قۆناغی داهاتووی سەرهەڵدانی چین پێناسە دەكات: سۆسیالیزمێكی مۆدێرن و دیسپلینكراو و جیهانی لە ڕوانگەیەوە- بە سەرۆكایەتی پارتێك و سەركردەیەك كە بڕیاریانداوە داهاتوو لەسەر مەرجەكانی خۆیان دابڕێژن.

ژێدەر:
Communique of the Fourth Plenary Session of the 20th Central Committee of the Communist Party of China
https://www.fmprc.gov.cn/eng/xw/zyxw/202510/t20251023_11739505.html




شه‌ڕه‌‌كانی نێوان ڤۆلتێر و رۆسۆ.. نووسینی / حسونه‌ المصباحی.. وه‌رگێڕانی/ ئاكۆ عه‌بدوڵڵا

ئه‌و شانۆگه‌ریه‌ی ئێستا لەپاریس نمایش دەکرێت، ئەو شه‌ڕه‌ سه‌ختانه‌ی هێناوه‌ یاد کە لەنێوان ڤۆلتێر و رۆسۆدا ڕوویان دابوو. ئه‌وانه‌ لەفەلسەفەی فەرەنسی سەدەی هەژدە، دوو کەسایەتی دیار بوون. نەک تەنیا لەفەرەنسا، بەڵکو لەسەرانسەری کیشوەرە کۆنەکە، دوو ئەستێرەی درەوشاوە بوون. بەبیرۆکە و تێزەکانیان ده‌رباره‌ی پرسە جۆراوجۆرەکانی سیاسه‌ت و هزر و کۆمەڵایەتی و ئایینی، بیری لیبراڵی و دیموکراسییان تاودا. ئه‌و بیره‌ی بڵێسەی شۆڕشی فەرەنسای هەڵگیرساند. هەر دووكیشیان بەرەنگاری کۆنەپەرستی ئایینی و دەسەڵاتی کڵێسه‌ و هەموو دیارده‌كانی ستەمکاری و پاوانخوازی بوونه‌وه‌. ئێستا ئەو دووانە لەگۆڕستانی (پانتیۆن)ی تایبەت بەبانگخوازانی فەرەنسا راكشاون.
ڤۆلتێر ساڵی 1694 له‌خێزانێکی خۆشگوزار هاته ‌دنیا. که‌ تەمەنی گەیشتە بیست و پێنج ساڵ، ناوی ڤۆلتێری بۆ خۆی هەڵبژارد. پێشتر ناوی فرانسوا ماری ئاوریە بوو. لەساڵانی خوێندنی زانکۆ تێکەڵی ناوه‌نده‌ رۆشنبیره‌كانی كوڕانی ئەرستۆکراتی بوو. کاتێکیش تەمەنی گەیشتە نۆزدە ساڵی، خوێندنی یاسای جێهێشت تاكو ببێت بەنووسه‌ری باڵیۆزخانە، بەڵام هەڵوێستە سیاسییە لیبڕاڵەکانی به‌ره‌و زیندانه‌ ترسناکه‌كه‌ی باستیلیان برد. ئەو کاته‌ تەمەنی بیست و سێ ساڵ بوو. دوای ئەوه‌ی شانۆگه‌ریه‌كه‌ی (ئۆدیپ) سەرکەوتنی گه‌وره‌ی تۆماركرد، دیسان فڕێیان داوه‌ ناو ئەو زیندانەی کە پێشتر ناومان هێنا. دوای ده‌رچوونی، ژیانی ئاواره‌یی لە لەندەن هەڵبژارد. ئەوسا ساڵی 1726 بوو. لەوێ ئاشنای فەلسەفەی لۆک و تاقیکردنەوە فیزیاییەکانی نیوتن بوو. لەبەرهەمه‌كه‌ی (نامە فەلسەفییەکان) دا کە ساڵی 1734 بڵاوکرایەوە، بیرۆکە نوێیەکانی لەبوارە جیاجیاکان نیشاندا. بەبوێری و ئازایش بۆچوونەکانی خۆی خستەڕوو، بەتایبەتی لەوانه‌ی پەیوەستن بەئایین. ئەو کتێبە لەناو ئەوانەی ئاواتەخوازی جیهانی باشتر و دوور لەستەمکاری سیاسی و کۆنەپەرستی ئایینی بوون، ده‌نگی داوه‌. ساڵی 1762 ڤۆلتێر بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتییه‌ك كه‌ (جان کالاس) ی ناوبوو و تۆمه‌تبار كرابوو بەکوشتنی کوڕەکەی بەهەڵە، هاته‌ده‌نگ و دەقێکی به‌ناوی (لێبووردەیی) نووسی. تێیدا بەتوندی هێرشی کردە سەر کڵێسە، تا مردنیشی لەساڵی 1778، واتا ساڵێک پێش هەڵگیرسانی شۆڕشی فەرەنسی، ڤۆڵتێر وەک هێمایەکی گەورە بۆ بەرگریکه‌رانی ئازادی، ئه‌وانه‌ی کە كۆنه‌په‌رستی و ستەمکاری ڕەتدەکەنەوە، دانرا.
سەبارەت بەجان جاک ڕۆسۆش. ئه‌ویش ساڵی 1712 لە شاری جنێڤ هاته‌ دنیا. چەند ڕۆژێک دوای بوونی، دایکی کۆچی دوایی کرد، بۆیە خاڵی به‌خێوی كرد، ئەو خاڵه‌ی قەشەیه‌كی پرۆتستانتی بوو. جان جاک ڕۆسۆ سه‌ره‌تای ژیانی وه‌ك کرێکار له‌نووسینگه‌ی دادگه‌ كاری كرد. دواتر لای نه‌خش سازێك. کاتێک تەمەنی گەیشتە شانزە ساڵان، جنێڤی جێهێشت و لای خانمێك كە ناوی (ڤارتانس) بوو ژیا. ئەو ژنە لەڕووی ئەده‌بی و سێکسی پەروەردەی کرد. کاتێک تەمەنی گەیشتە سی ساڵی، ڕووی لەپاریس کرد، لەوێ دا پەیوەندی بەبازنەی (ئینسکلۆپیدییەکان) كرد و دیدرۆ و ڤۆلتێر و ئەوانی دیکەی ناسی.
دوای ئەوەی کتێبه‌كانی (ئیمیل) و (په‌یمانی کۆمەڵایەتی) لەساڵی 1762دا بڵاوکردەوە، ڕۆسۆش ناوبانگی گه‌وره‌ی تۆماركرد. بەڵام هێزە کۆنه‌پارێز و کۆنەپەرستەکان بەتوندی هێرشیان کردە سەری. ئه‌وسا رۆسۆ هەستی بەو مەترسیانە ده‌كرد كه‌ ڕووبەڕووی ده‌بوونەوە، بۆیه‌ هەڵاته‌ لەندەن، لەوێدا شەڕی گەرمی دژی (هیوم) ی فەیلەسوف کرد، کە ئه‌ویان یارمەتی دابوو لەپایتەختی بەریتانیا نیشتەجێ بێت، بە(سیخوڕ) یش تۆمەتباری کرد. ساڵانێکی درێژ له‌سه‌ریه‌ك ڕۆسۆ بەتێکچوونی دەمار ناڵاندی. بەڵام ئەوە نەبووە رێگر له‌نووسینی دوو کتێبی گرنگ (دانپێدانانەکان) و (خه‌ونه‌كانی تاكه ‌كه‌سی). رۆژی 2 ی تەمموزی ساڵی 1778 جان جاک ڕۆسۆش کۆچی دوایی کرد، واتا تەنیا دوو مانگ دوای مردنی ڤۆلتێر.
له‌سەرەتا دا رۆسۆ بەڤۆلتێر و بیرۆکەکانی سەرسام بوو. پێش ئەوەی پێی بگات، هەموو کتێبه‌ بڵاوكراوه‌كانی خوێندبۆوه‌. لە (دانپێدانانەکان) یش دا دانی بەوەداناوه‌ (نامە فەلسەفییەکان) کتێبه‌ دڵخوازه‌كه‌ی ئەوە، بەڕادەیەک هەرگیز لەخوێندنەوەی بێزار نابێت. کاتێکیش نمایشی شانۆگه‌ری (زایر) () ی بینی، کە لەشاری گرۆنۆبڵ نمایش ده‌کرا، ڕۆسۆ کە ئەوکات تەمەنی بیست و پێنج ساڵان بوو، به‌هۆی كاریگه‌ری زۆر هەستی بەته‌نگه‌نه‌فه‌سی کرد. خەریک بوو بەهۆیەوە لەهۆش خۆی بچێت. ساڵی 1748نامەیەکی بۆ ڤۆلتێر نووسی و داوای دیداری لێكرد، دیدارێك كه‌ لەتەمەنی پانزە ساڵییەوە بەتامەزرۆییەوە چاوەڕێی دەکرد. بەڵام ڤۆڵتێر کە ناوبانگی بەرفراوانی هەبوو نەک تەنها لەفەرەنسا، بەڵکو لەبەریتانیا و هۆڵەندا و ئەڵمانیاش، وەڵامی بانگهێشتنامەکەی نەدایەوە، بۆیە ڕۆسۆ به‌پەلە پێوەندی بەبازنەی ئینسکلۆپیدیەکان كرد. ئه‌وسا ئەستێرە ئه‌ویش درەوشاوە و له‌ناوه‌نده‌ هزرییه‌كان پێگه‌ی به‌رزی گرت، بەتایبەتیش دوای ئەوەی کتێبەکەی (په‌یمانی کۆمەڵایەتی) ی بڵاوکردەوە. بەڵام ڤۆڵتێر هیچ سەرسامی بۆ ئەو کتێبە دەرنەبڕی، بە (گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دواوه‌) و بانگەواز بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو پێشکەوتنەی دانا کە هێندە بەتوندی و بەهێز بەرگری لێده‌كرد. لەنامەیەکیش کە بۆ رۆسۆی نارد لە 30 ی ئابی 1755دا ڤۆلتێر نووسی، هەر کەسێک (په‌یمانی کۆمەڵایەتی) بخوێنێتەوە، ویستی خۆخزاندن بۆ چوار پێیی دەبزوێت. بۆ ئه‌وه‌ی ڤۆلتێر زیاتر بێزاری بکات، وتی: “من حه‌ز له‌خۆشگوزه‌رانی و لوتبه‌رزی و ته‌نانه‌ت شل و شلۆقی و ده‌وڵه‌مه‌ندی ده‌كه‌م. حه‌زم له‌هەموو خۆشیه‌كه و هەموو هونەرێکیشم بەهەموو جۆرەکانه‌وه‌ خۆشدەوێت”. ئەو نامە توند و تیژە بڵێسەی جه‌نگی گەرمی نێوان ئەو دوو فەیلەسوفە گەورەیەی هەڵگیرساند، دوای پێنج ساڵ لەنامەکەی ڤۆڵتێر، رۆژی 17ی حوزەیرانی 1760 رۆسۆ نامەیەکی بۆ نووسەری کتێبی (نامە فەلسەفییەکان) نارد تێیدا به‌و ڕستەیه‌ ده‌ستی پێكرد (خۆشم ناوێیت به‌ڕێزم!) و بە (ماڵئاوا به‌ڕیزم!) یشم كۆتایی هێنابوو.
لەوەڵامی ئەو نامە پڕ لەنائومێدی و تاڵه ‌دا ڤۆڵتێر وتی: “نە رۆسۆ و نە نووسینەکانیم خۆشده‌وێ”. کاتێکیش ڕۆسۆ به‌رهه‌مه‌كه‌ی (هۆلیوزی نوێ) ی بڵاوکردەوە، ڤۆڵتێر به‌توندی هێرشی کردە سەر و بە (بۆرجوازی) و (به‌گەمژە) ناوی برد. سەبارەت بەپه‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تیش وتی : “كارێكه‌ تەنها بۆ فەیلەسوفێکی بچووک گونجاوە کە سەردانی خانووه‌ بچووکه‌كان ده‌کات”. سه‌رچاوه‌: https://elaph.com/Web/ 2/ 11/ 2017 () مه‌به‌ستی شانۆكه‌ری (Zaïre) یه‌ كه‌ ڤۆلتێر ساڵی 1732 نووسی.‌ (وه‌رگێڕ)




پارلەمان و پاڕلەمانتاریزم لانەو قەڵای نیشتمان پەروەری بۆرژواکانە!.. سابیر محەمەد

بۆ پڕۆلیتاریا و جەماوەری چەوساوەی خەڵک نە (بایکۆت) و نە( بەشداریکردن) لە هەڵبژاردنەکانی بۆرژوازی نیشتمانی لە وڵاتێکدا، پسوڵەی شۆڕشگێڕبوون نابەخشێت بە هیچ پارتێک و بزووتنەوەیەکی سیاسی.
هەردوو ئاڵتەرناتیڤەکە بریتین لە تاکتیکێکی مێژوویی کە وابەستەیە بە تای تەرازووی هێزە چینایەتیەکان و سەنگی سیاسی و حزبی پڕۆلیتاریا لە ناو کێشمەکێشە سیاسی و چینایەتیەکاندا لەو وڵاتەدا.
بەر لەوەی باسەکە بێتە سەر قسەکردن لەسەر ئەم دوو تاکتیک و ئاڵتەرناتیڤە جیاوازە، پێویستە فۆکۆس بخرێتە سەر ناوەرۆکی بەرنامەی سیاسی و چینایەتی و جهانبینی ئەو پارت و ڕێخراوانەی کە ئەچنە ناو پڕۆسەی دەنگدانەوە، یان بایکۆت ئەکەن لە پڕۆسەی دەنگدان .

لەهەلومەرجێکی لەو چەشنەی وەک ئێستا کە کرێکاران و چەوساوەکانی عێراق و هەرێم بێبەشن لە پارتی پێشڕەوی چینایەتی خۆیان، تا بتوانن دژایەتی و خەباتی خۆیان بۆ ڕیسواکردنی مێژووی حاکمیەتی دەسەڵاتداریەتی لە عێراق وە هەرێم وحیزبە قەومی و لێبڕالی و ئیسلامیەکان و میلیشیا شیعەکان و تەواوی پاکێجی سیاسی چەپە ڕیفۆرمیستە جۆر بەجۆرەکانی ئەو ناوچەیە هەرچی زیاتر بۆ جەماوەر ڕۆشن بکەنەوە، پێویستە جەماوەری چەوساوەو تێکۆشەرانی سەربەخۆی مارکسیستی لە تەواوی ناوچەکانی عێراقدا، نابێت چیتر خۆشباوەڕی وئومێدیک وچاوەڕوانیەکیان هەبێت بە ئەنجومەنی پارلەمانی بۆرژوازیەوە، کە بتوانێت گەندەڵی و گرانی و سووکایەتی بە ژنان و کچان و بێکاری و مافە مەدەنی و یاساییەکانی تر لە ڕیشەوە دەربکێشێت و چارەسەریان بکات، چونکە سەرچاوەی هەموو ئەم چەوساندنەوەیە خودی سەرمایەو سیستەمە ئابووری و فەرمانڕەوایەتیە کۆنەپەرستانەکەیەتی.

ئەنجومەنی پارلەمانی هەیئەتی سیاسی بەڕێوەبردنی بەرژەوەندی چینە داراکان و بۆرژواکانە لە سەرتاسەری جیهان و ئامرازی سەرکوتگەر و پارێزەری خاوەنداریەتی تایبەتی و دارێژەری یاساکانی بردنە پێشەوەی کەڵەکەی سەرمایەو خەفەکردنی خەباتی چینایەتی کرێکاران و تەواوی چەوساوەکانە .

پارتە جۆر جۆرە قەومی و ئیسلامی و لێبڕاڵی و عیلمانیە بۆرژوازیەکان و مەدەنیەکان و تەنانەت چەپە ڕیفۆرمیستیە شەعبەویەکانی لە چەشنی ( ح.ش عێراقی و کوردستانیەکەی)، هەمیشەو بەر لە ئێستا لە خولەکانی تری هەڵبژاردنی پارلەمانیدا بەشداریان کردوەو، چونکە ناوەرۆکی بەرنامەی سیاسی و چینایەتی ئەم پارت و ڕێکخراوانە لەگەڵ خودی ئامانجەکانی ئەنجومەنی پارلەمانیدا ناکۆک نەبوون.
حیزبی شیوعی عێراقی کە سەر بە مەیلی ڕیفۆرمیستی شەعبەوی کۆمێنتێرنی ستالینیە، و لە ڕێگەی ئارمانی سیاسی ( نیشتمانێکی ئازاد وگەلێکی بەختەوەر) ئەم سیاسەتە ڕیفۆرمیستی و سازشاکارەیە هەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە لە گەڵ بۆرژوازی نیشتمانی و دەسەڵاتداران پیادە کردووە.

هەروەها تەواوی ئەو تاقم و ڕێکخراوە وردەبۆرژوازیانەی تر کە بەناوی پارتەکانی ( کۆمۆنیزمی کرێکاری) یەوە کار ئەکەن وەک نمایەندەی مەیلێکی ڕیفۆرمیستی کرێکاری سەر بە ئۆردوگای سۆسیال دیمۆکراسی وڵاتانی ڕۆژئاوا، دژایەتی خۆیان بۆ ڕیفۆرمیزکەی کۆمێنتێرمی ستالینی کردووە، وە لە خەباتێکدا کە لە ژێر ناوی دژایەتی ( پۆلۆلیزمی چەپ)دا داکۆکیان لە جۆرێکی ترلە ڕیفۆرمیزمێکی کرێکاری کردووە، لە ژێر ناوی مارکسیزم و سۆسیالیزمدا، بەڵام ئەوەی شایانی باسە هەردوو مەیەلە ڕیفۆرمیستیەکە لەیەک تەوەرەی سەرەکیدا یەک ئەگرنەوەو هاوتەبان ئەویش ( ڕیفۆرم پێشمەرجی شۆڕشی سۆسیالیستیە) !
گەشەی سەرمایەداری و پەرەسەندنی خەباتی پڕۆلیتاریا لە هەرێم و ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، هەرچی زیاتر ئەم هاوتەبایی و یەکگرتنەوەیەیان لە ڕووی پڕاکتیکیەوە لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارلەمانی 2025 دا بەرجەستە کردەوە.

کوڕنوش بردن و سازشکاری سەرانی مەیلی بەناو ( کۆمۆنیزمی کرێکاری) بەتایبەت ئەو بەشەی کە لە هەرێمی کوردستان و لە خوارو وناوەڕاستی عێراق ، لە سەردانەکانیاندا کە کردویانە لە پێناو ڕێکخستنی ڕیزەکانی خۆیان لە گەڵ ( ح.ش) و سەرجەم بۆرژوا قەومی و مەزهەبی و لێبڕاڵییەکانی عێراق و هەرێم، بۆ ئەوەی بتوانن بە یەک دەنگ بەشداری لەم هەڵبژاردنانەی ئەنجومەنی پارلەمانی کۆنەپەرستانەی عێراقدا بکەن، هەنگاوێکی چاوەڕوانکراو بوەو، هیچ کات نامۆ نەبووە بە ماهیەتی چینایەتی ووردەبۆرژوازیانەی ئەم پارتە سیاسیانە.
وە لە بنەڕەتدا چ لە ڕوی بەرنامەی سیاسی ( دنیایەکی باشتر)ەوە ئەم ڕەوتە جۆرێکی ترە لە پاشماوەکانی کۆمۆنیزمێکی بۆرژوازی سۆسیال دیمۆکراسیانە کە بەناوی (کرێکاری) بوونەوە لەم ناوچانادا چالاکی خۆیان درێژە پێداوەو، وکرێکاران و تێکۆشەرە کۆمۆنیستەکانیان چەواشەکردووە.
هەروەها هەردووئەم مەیلە ڕیفۆرمیستیە وئەم جۆرە لە ( کۆمۆنیزم) باوەڕیان بە بنیاتنانی سۆسیالیزمێکی بۆرژوازیانە هەیە لە ژێر چاودێری مۆدێرنیزمی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک ڕێکخراوەیەکی ئیمپریالیستی جیهانی.

بەشداریکردن لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی پارلەمانی 2025 دا، خۆی لە خۆیدا نیشاندەری ئاشکرا بونی ناوەرۆکی چینایەتی وردەبۆرژوازیانەی ئەم جۆرە حیزبانەیە لەسەر ئاستێکی فراوانتردا، وە بوون بە ئامرازێکی تەواوکەری سووکایەتی بە ژنان وکچان کە لە ناوئەنجومەنی پارلەمانی عێراقیدا داب و نەرێتی شەریعەتی مەزهەبی جەعفەری پیادە ئەکەن و بەڕێوە ئەبەن .
بێگومان ئەوەی کە پەیوەست بێت بە ژنان و کچانێک کە بەشداری لەم هەڵبژاردنانەدا ئەکەن وخۆیان کاندید کردووە لەپێناو گەیشتن بە ئیمتیازاتی شەخسی خۆیان، هیچی تر نیە بێجگە لە پاشکۆبوونیان بۆ سیاسەت و دەسەڵاتداریەتی پیاوسالاری کەلە ناو پەرلەمان و یاساکانی عێراق و هەرێمدا پیادەئەکرێن، وە بەم هەنگاوەش ژنان و کچان هێندەی تر زنجیرەکانی کۆیلیەتی وسووکایەتی خۆیان پتەوتر ئەکەنەوە.

هەر بیانوویەک بۆ بەشداریکردن لەم هەڵبژاردنەدا لە هەلومەرجێکی وەک ئێستای خەباتی ڕێکخراوی پڕۆلیتاریا کە لە دەرەوەی پەرلەمانی بۆرژواکاندا لە ئارادا نیە ، جۆرێکە لە هەڵوێستێکی خیانەتکارانەو ئەتک کردنی میتۆدی شۆڕشگێڕانەی مارکس و دژایەتیەکی ڕاشکاوانەی سیاسەتی سەربەخۆی پڕۆلیتاریا و بەرژەوەندی جەماوەری چەوساوەی گشت ناوچەکانی عێراق و هەرێمە .
هەروەها بەراوردکرنی هەلومەرجی پارتی بەڵشەفی و تێزەکانی لێنین سەبارەت بە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی بۆرژوازیدا ، لەگەڵ هەلومەرجێکی ئابووری و سیاسی و بەتایبەت بەراوردکرنی مەیلێکی ڕیفۆرمیستی شەعبەوی ستالینی یان مەیلێکی ڕیفۆرمیستی کرێکاری لەگەڵ چالاکی پارتێکی شۆڕشگێڕی بەڵشەفی بەسەرۆکایەتی لێنین، کارێکی بێهودەو بیانوویەکی شەرمێونانە و بێئابڕوانەیە بۆ ملنان و ڕۆچوون بە ناو زەلکاوی کۆنەپەرستی قەومی و مەزهەبی لە عێراق و هەرێمدا.
هەروەها ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆیانە کە ببن بە جەللادی بەردەستی دامودەزگا سەرکوتگەرەکانی بۆرژوازی، وە چەوساندنەوەی کرێکاران و چەوساوەکانی تر و بەلاڕێدابردنی خەباتی ئەوان بە قازانجی خودی سەرمایەداران و دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێم و پەرلەمانە کۆنەپەرستەکانیان.
هەموو ئەم هەنگاوە وەک توێژە ووردەبۆرژوازیەکانی ناوکۆمەڵگا لەسەردەمی گەشەی نیولێبڕاڵیزم و پاشەکشەی خەباتی مارکسیستی کرێکاران، بە ناچاری وەک ئەرکێکی چینایەتی ڕاڕایانەی خۆیان بوون بە تەرەفدار و پشتیوانی بۆرژوا گەورە دەسەڵاتدارەکان.
پاراستنی ئارامی ژیان و چالاکی سیاسی وردەبۆرژوازیانەی خۆیان لەناوچوار چێوەی ئەم سیستەم ودەسەڵاتە نەگریسە قەومی و میللی و مەزهەبیە سەرتاپا کۆنەپەرستانەیدا، ئەوە ئەخوازێت کە بەمجۆرە و بە کردەوەو بە ئاشکرا ڕایبگەیەنن، کە ئەوان ئامادەن ببن بە بەشێک لە لەشکری باڵی چەپی بۆرژوازی کە دژایەتی خەباتی سیاسی و ڕێکخراوبوونی کرێکاران و تەواوی چەوساوەکانی تر بکەن، و کە ڕەنگە لە داهاتوویەکی تردا جێگە بە دەسەڵاتداریەتی بۆرژوازی لە عێراق و ناوچەکە لەق بکەن.
وە بەم شێوەیە بێشەرمانە دەمامکی درۆزنی مارکسیست بوونیان لەسەر خۆیان لادا، وناوەرۆکی چینایەتی خۆیان خستە ڕوو، وە پەیوەستبوونی خۆیان بە ئۆردوگای گەندەڵی چەپی بۆرژوایی جیهانی کە لە ئەوروپا و شوێنەکانی تری جیهاندا، کە لەناو ئەنجومەنە پارلەمانەکاندا بوون بە باڵی چەپی ئەو ئەنجومەنە بۆرژوازیانە، کە داکۆکی لە خاوەنداریەتی تایبەتی ئەکەن، لە ژێر ناوی داکۆکی کردن لە بەرژەوەندی خەڵک و جەماوەرو کرێکاران.
ئەوان واتە ئەم بزووتنەوە بەناو چەپانەی کەلە عێراق و جیهان هەن، بەدرێژایی مێژوو وەک جەللادانی پرۆلیتاریا وە ( دژە شۆڕش) بەرپرسیاریەتی گەورەیان لە ئەستۆگرتووە بۆ چەواشەکردن و بەلاڕێدابردنی خەباتی پڕۆلیتاریا .

صابر.م
8 / 11 / 2025




کەمترین نۆتە، زۆرترین ترس..(وتاری چوارەم) .. باکۆ رێبوار

(ئاگاداربە سپۆیڵی تێدایە) لە جیهانی بیستراوی سینەمادا، هەندێک ئاواز هەن لە سنووری فیلمەکان تێدەپەڕن و دەبنە بەشێک لە کولتووری گشتی، دەبنە کۆدی نهێنیی نەوەیەک بۆ وروژاندنی هەستێکی دیاریکراو، بێ هیچ گومانێک، تێمە سەرەکییەکەی فیلمی هاڵۆوین یەکێکە لە دیارترینی ئەم دیاردانە، ئەو چەند نۆتە سادە و دووبارەیەی لەسەر کێشێکی نائاسایی ٥/٤ لێدەدرێن، بوونەتە هاوتای دەنگیی ترسێکی سەرەتایی و بوونگەرایانە، بەڵام چیرۆکی مۆسیقای هاڵۆوین زۆر لەم تێمە ئایکۆنییە فراوانترە، چیرۆکێکە بە درێژایی زیاتر لە چوار دەیە و لەرێگەی دەیان فیلمی جیاوازەوە درێژ دەبێتەوە، هەر فیلمێکیش ئاوێنەی سەردەمی خۆی و تێڕوانینی داهێنەرەکانی بووە بۆ چەمکی ترس، بۆ ئەوەی بزانین چۆن مۆسیقای ئەم زنجیرەیە تەنها پاشخانێک نەبووە، بەڵکو دەقێکی مۆسیقیی زیندوو بووە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سینەمای ترسناک و ناسنامەی شێواوی خودی زنجیرەکەدا، بەردەوام لە گۆڕان و پەرەسەندندا بووە، لێرەدا ئێمە شیکاریی دەنگی خودی زنجیرەکە دەکەین، نەک تەنها دەنگی یەک کارەکتەر، چونکە ترس لە هادۆنفیڵددا هەمیشە گەورەتر بووە لە یەک پیاوی دەمامکدار، ترس لێرەدا دیاردەیەکی ژینگەییە، نەخۆشییەکی دەروونیی بەکۆمەڵە مۆسیقاکەی وەک دەنگی لێدانەکانی دڵی ئەم شارۆچکە نەفرەتلێکراوە کاردەکات،

بنەمای ترس (هاڵۆوین ١٩٧٨ و هاڵۆوین ٢ – ١٩٨١): لەدایکبوونی دەنگی دڵەڕاوکێی شارۆچکە، هەموو شتێک لە سادەییەکی بلیمەتانەوە دەستی پێکرد، جۆن کارپێنتەر، نەک تەنها دەرهێنەر بەڵکو ئاوازدانەریش بوو، بە بودجەیەکی کەمەوە، فەلسەفەی کەمینەخوازیی (Minimalism) کردە چەکی سەرەکیی خۆی، لەبری ئۆرکێسترای گەورەی فیلمە ترسناکەکانی پێش خۆی، پشتی بە پیانۆیەکی سادە و سێنتسایزەرێکی ئەنالۆگی سەرەتایی بەست، تێمە سەرەکییەکە، بە کێشە ٥/٤ە نائاساییەکەیەوە، دەنگی شێواندنی ئارامیی شارۆچکەیەکی بچووکی ئەمریکی بوو، ئەو لێدانە زیادەیە لە ڕیتمەکەدا، دەنگی دزەکردنی شتێکی نامۆ بوو بۆ ناو ژیانی ڕۆژانە، دەنگی ئەو ترسە بوو لە پشت پەنجەرەی ماڵە ئارامەکانەوە خۆی حەشارداوە، دەنگی سارد و بێ ڕۆحی سێنتسایزەرەکە، لەو سەردەمەدا هێشتا دەنگێکی نامۆ بوو، دەنگی نامۆبوونی تەکنۆلۆژیا و لەدەستدانی مرۆڤایەتی بوو لە سەردەمێکی نوێدا، مۆسیقاکە بە ئەنقەست سادە و دووبارەبووەوە بوو، بۆ ئەوەی وەک لێدانێکی دڵەڕاوکێی بێکۆتا بچەسپێت لە مێشکی بینەردا، بەڵام جگە لە تێمە سەرەکییەکە، کارپێنتەر چەندین پارچەی دیکەی بچووکی دروستکرد جیهانە دەنگییەکەیان دەوڵەمەندتر دەکرد، بۆ نموونە “تێمی لۆری” (Laurie’s Theme)، مێلۆدییەکی خەمگین و سادەی پیانۆیە، نوێنەرایەتیی بێتاوانی و چارەنووسی تراژیدیی کارەکتەرە سەرەکییەکە دەکات، ئەم ئاوازە لەکاتە ئارامەکاندا دەبیسترێت و وەک ئاگادارکردنەوەیەک لە کارەساتی داهاتوو کاردەکات، کاتێکیش ترسەکە دەست پێدەکات، کارپێنتەر پشت بە دەنگە تیژ و پچڕپچڕەکانی سێنتسایزەر دەبەستێت بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دەردەکەون، ئەم دەنگانە، پێیان دەوترێت “Stingers”، وەک چەقۆیەک گوێی بینەر دەبڕن و گرژیی دیمەنەکە بەرز دەکەنەوە، بەڵام لە فیلمی دووەمدا (Halloween II)، کارپێنتەر هاوشانی ئالان هاوارس کاری لەسەر کرد، مۆسیقاکە گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، هەمان تێمەکان مانەوە، بەڵام بە شێوەیەکی قورستر و چین لەسەر چیتری سێنتسایزەر، هەستی ئۆرکێسترایەکی ئەلیکترۆنی دەدا، ئەمە ڕەنگدانەوەی گۆڕانی تۆنی فیلمەکە بوو، چیتر فیلمەکە باسی دڵەڕاوکێی شاراوە و چاوەڕوانی نەدەکرد، بەڵکو باسی کۆمەڵکوژییەکی ڕاستەوخۆ و دڕندانەی دەکرد لە نەخۆشخانەیەکدا، مۆسیقاکە لە سادەیی و کەمینەخوازییەوە بەرەو شکۆ و سامێکی تاریک هەنگاوی نا، نیشانەی ئەوە بوو ترسەکە چیتر ئەگەر نییە، بەڵکو واقیعێکی خوێناوییە، بەکارهێنانی ئۆرگنی ئەلیکترۆنی لەم فیلمەدا لایەنێکی ئایینی و چارەنووسسازانەی بە ئاوازەکە بەخشی، وەک ئەوەی ئەم ڕووداوانە بەشێک بن لە نەخشەیەکی گەورەتر و ترسناکتر،

لادانە ئەلیکترۆنییەکە (هاڵۆوین ٣: وەرزی جادووگەر – ١٩٨٢): ئاوازی ترسی تەکنۆلۆژی و کۆنتڕۆڵی مێشک، ئەم فیلمە بوێرانەترین هەنگاوی زنجیرەکە بوو، هەوڵیدا ببێتە زنجیرەیەکی ئۆنتۆلۆژی و چیرۆکی نوێ بگێڕێتەوە، ئەم گۆڕانکارییە ڕیشەییەش بە تەواوی لە مۆسیقاکەیدا ڕەنگی دایەوە، کارپێنتەر و هاوارس بە تەواوی وازیان لە تێمە کلاسیکەکە هێنا و ساوندتراکێکی نوێیان دروستکرد، پشتی بە ڕیتمی ئەلیکترۆنیی خێرا و دەنگی سێنتسایزەری ئەتۆمسفێری دەبەست، مۆسیقای ئەم فیلمە دەنگی پارانۆیا و گومانە، دەنگی ترسی سەردەمی جەنگی ساردە، تێیدا دوژمن نادیارە و لە ڕێگەی تەکنۆلۆژیا و میدیاوە دزە دەکاتە ناو ماڵەکانەوە، ئاوازی ڕیکلامی “سیلڤەر شامرۆک” (Silver Shamrock)، بە مێلۆدییە سادە و گیرۆدەکەرەکەیەوە لەسەر ئاوازی “London Bridge Is Falling Down” دانراوە، بووە چەقی ترسەکە، ئەمە چیتر ترسی تاکێکی شێت نییە، بەڵکو ترسی کۆنتڕۆڵی مێشکی بەکۆمەڵە لە ڕێگەی کاڵاوە، ترسی کۆمپانیایەکی گەورەی بێ ویژدانە جادووگەریی کۆن و تەکنۆلۆجیای مۆدێرن تێکەڵ دەکات بۆ کوشتنی بەکۆمەڵ، مۆسیقاکە بە تەواوی ئەم هەستەی دەگواستەوە، هەستێکی سارد، میکانیکی، بێکۆتا دووبارەبووەوە، وەک دووبارەبوونەوەی ڕیکلامەکان لەسەر شاشەی تەلەڤیزیۆن، ساوندتراکەکە پڕە لە پارچەی درێژی ئەتۆمسفێری گرژییەکەیان لەسەر بنەمای دووبارەبوونەوەی ڕیتمێکی سادە (Ostinato) بنیات نراوە، ئەمەش هەستی گەمارۆدان و دەربازنەبوون لای بینەر دروست دەکات، مۆسیقاکە کاریگەریی ئاوازدانەرانی ئەلیکترۆنیی ئەڵمانی وەک Tangerine Dreamی پێوە دیارە، پسپۆڕ بوون لە دروستکردنی دیمەنی دەنگیی فراوان و پڕ لە نهێنی،

سەردەمی سلاشەری باو (هاڵۆوین ٤، ٥ و ٦): گۆڕینی ئاواز بۆ ستایلی سەردەم، دوای شکستی فیلمی سێیەم، زنجیرەکە گەڕایەوە بۆ فۆرمۆلا سەرکەوتووەکەی، و ئالان هاوارس بە تەنها ئەرکی مۆسیقاکەی گرتە ئەستۆ، لە فیلمی چوارەمدا (The Return of Michael Myers)، تێمە سەرەکییەکە گەڕایەوە، بەڵام بە شێوازێکی زۆر جیاواز، مۆسیقاکە زۆر گەورەتر، ئۆرکێستراییتر (بە سێنتسایزەر) و پاڵەوانێتیتر بوو، ئەمە دەنگی سینەمای سلاشەری ساڵانی هەشتاکان بوو، کەمتر پشتی بە دڵەڕاوکێی ورد دەبەست و زیاتر نمایشی توندوتیژی و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی دەکرد، مۆسیقاکە وەک مۆسیقای فیلمێکی ئەکشن-ترسناک دەبیسترا، نیشانەی ئەوە بوو زنجیرەکە دەیەوێت لەگەڵ بازاڕی ئەو سەردەمەدا خۆی بگونجێنێت، هاوارس تێمە کلاسیکەکەی بە چینێکی ئەستوور لە سێنتسایزەر و لێدانی بەهێزی تەپڵی ئەلیکترۆنی داپۆشی، هەستێکی حەماسی و گەورەی دەبەخشی، وەک ئەوەی چیتر باس لە دزەکردنی بێدەنگی خراپەکاریی ناکەین، بەڵکو باس لە هێرشێکی ڕاستەوخۆ دەکەین، لە فیلمی پێنجەمدا (The Revenge of Michael Myers)، مۆسیقاکە زیاتر لایەنێکی گۆتیک و ماتەمینی وەرگرت، ڕەنگدانەوەی چیرۆکە ئاڵۆز و تا ڕادەیەک ناڕوونەکەی بوو، باسی پەیوەندیی تەلەپاتی و هێزە سەرووسروشتییەکانی دەکرد، هاوارس دەنگی کۆراڵی ئەلیکترۆنی و پیانۆی خەمگینی بەکارهێنا بۆ ئەوەی هەستی تراژیدیا و چارەنووسی ڕەش نیشان بدات، بەڵام لە فیلمی شەشەمدا (The Curse of Michael Myers)، دوو وەشانی جیاواز لە مۆسیقا بوونیان هەیە، وەشانە سینەماییەکەی، لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا دەرچوو، کاریگەریی مۆسیقای ڕۆک و ئیندەستریالی پێوە دیار بوو، بە بەکارهێنانی گیتاری کارەبایی و ڕیتمی قورس، ستایلێکی باوی ئەو سەردەمە بوو، تێمە سەرەکییەکە وەک پارچە مۆسیقایەکی مێتاڵ دەبیسترا، ئەمەش هەوڵێک بوو بۆ ڕاکێشانی بینەری گەنجی ئەو سەردەمە، بەڵام وەشانی دەرهێنەر (Producer’s Cut)، دواتر دەرچوو، مۆسیقاکەی کلاسیکتر و ئەتۆمسفێریتر بوو و زیاتر لە ستایلی ئالان هاوارس نزیک بوو، ئەم دوو ستایلە جیاوازە بە تەواوی ڕەنگدانەوەی کێشە و ئاڵۆزییەکانی بەرهەمهێنانی فیلمەکە و دوو دیدگای جیاواز بوون بۆ چیرۆکەکە،

ژیانەوەی پۆست-مۆدێرن (هاڵۆوین H20 و زیندووبوونەوە): دەنگی سەردەمی نوێ و لەدەستدانی ناسنامە، لە کۆتایی نەوەدەکاندا و بەهۆی سەرکەوتنی فیلمی (Scream)ەوە، سینەمای ترسناک پێی نایە قۆناغێکی نوێی پۆست-مۆدێرنەوە، فیلمی (Halloween H20) بە تەواوی بەرهەمی ئەم سەردەمە بوو، مۆسیقاکەی، لەلایەن جۆن ئۆتمانەوە دانرابوو، ئۆرکێسترایەکی گەورە و سینەمایی بوو، زیاتر لە مۆسیقای فیلمە گەورەکانی هۆلیوود دەچوو، تێمە کلاسیکەکەی کارپێنتەری بەکارهێنا، بەڵام تێکەڵی ئاوازێکی پڕ لە هەست و سۆز و گرژیی کرد، جەختی لەسەر لایەنی دەروونی و تراومای کارەکتەری لۆری سترۆد دەکردەوە، مۆسیقاکە چیتر دەنگی ترسی بوونگەرایانەی سارد نەبوو، بەڵکو دەنگی چیرۆکێکی پڕ لە ڕابردوو و هەستی تۆڵەسەندنەوە بوو، ئۆتمان بە شێوەیەکی زیرەکانە ئاماژەی بە مۆسیقای فیلمی (Psycho)ی بێرنارد هێرمانیش دەکرد، ئەمەش یارییەکی پۆست-مۆدێرن بوو بۆ ڕێزگرتن لە مێژووی سینەمای ترسناک، بەڵام لە فیلمی دواتردا (Halloween: Resurrection)، لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠دا دەرچوو، مۆسیقاکە هەوڵیدا “مۆدێرن” بێت، بە تێکەڵکردنی ڕیتمی هیپ-هۆپ و دەنگی ئەلیکترۆنیی سەردەم، ڕەنگدانەوەی چیرۆکی فیلمەکە بوو باسی پڕۆگرامێکی تەلەڤیزیۆنیی ڕاستەوخۆی دەکرد، ئەم هەوڵە بۆ نوێبوونەوە، لەبری ئەوەی ترسەکە قووڵتر بکاتەوە، تێمە کلاسیکەکەی لە شکۆ و سامە ئەزەلییەکەی داماڵی و کردی بە کاڵایەکی بازرگانیی سەردەمیانە، ئەمەش چارەنووسی خودی زنجیرەکە بوو لەو قۆناغەدا، مۆسیقاکە بووە نموونەیەک بۆ ئەوەی کاتێک ناسنامەی دەنگیی زنجیرەیەک بە تەواوی پشتگوێ دەخرێت لە پێناو ڕازیکردنی بازاڕی کاتیدا،
دووبارە تێڕوانینەوەی دڕندانە (هاڵۆوین ٢٠٠٧ و هاڵۆوین ٢ – ٢٠٠٩): دەنگی ڕیالیزمی ژەنگاوی و شیکاریی دەروونی
کاتێک ڕۆب زۆمبی هەستا بە دووبارە دروستکردنەوەی زنجیرەکە، دیدگایەکی تەواو جیاوازی هێنایە کایەوە، ئەو دەیویست ڕووکارە ئەفسانەییەکە لاببات و چیرۆکێکی ڕیالیستی و دڕندانە لەسەر ژینگەیەکی شێواو و دەروونێکی نەخۆش بگێڕێتەوە، مۆسیقاکەی، لەلایەن تایلەر بەیتسەوە دانرابوو، بە تەواوی خزمەتی ئەم دیدگایەی دەکرد، ساوندتراکەکە پڕ بوو لە دەنگی ئیندەستریال، ژاوەژاو، و گیتاری دیستۆرتکراو، تێمە کلاسیکەکە بە شێوەیەکی پچڕپچڕ و شێواو دەبیسترا، وەک ئەوەی لەناو ژەنگ و پیسی ژینگەکەوە بە زەحمەت دەنگی بێت، ئەمە چیتر دەنگی ترسی سەرووسروشتی نەبوو، بەڵکو دەنگی ئازار، تووڕەیی، و ژینگەیەکی تێکشکاو بوو، مۆسیقاکە بە ئەنقەست ناخۆش و بێزارکەر بوو، بۆ ئەوەی بینەر هەست بە قێزەونی و دڕندەیی توندوتیژییەکە بکات، نەک چێژ لە دڵەڕاوکێکە وەربگرێت، بەیتس چەندین پارچەی مۆسیقای ئەتۆمسفێریی دروستکرد لەسەر بنەمای دەنگی ژینگەیی (Ambient Sound) و درۆنی تاریک (Dark Drone) بنیات نرابوون، هەستی بۆشاییەکی دەروونیی شێواو و جیهانێکی بێ هیوای دەگواستەوە، لە فیلمی دووەمدا، زیاتر تەرکیزی لەسەر شێواوی دەروونیی لۆری سترۆد بوو، مۆسیقاکەش زیاتر سایکدێلیک و خەوناوی بوو، ڕەنگدانەوەی کابوس و وەهمەکانی لۆری بوو،

سێینەی میرات (هاڵۆوین ٢٠١٨، دەکوژێت، و کۆتایی دێت): گەڕانەوە بۆ ڕەسەنایەتی و پەرەسەندنی بوێرانە، گەورەترین وەرچەرخانی مۆسیقی لە سێینەی نوێی دەیڤد گۆردن گریندا ڕوویدا، کاتێک خودی جۆن کارپێنتەر، لەگەڵ کوڕەکەی کۆدی کارپێنتەر و هاوکارەکەی دانیێل دەیڤیس، گەڕانەوە بۆ ئاوازدانان، لە فیلمی (Halloween 2018)دا، ئەوان گەڕانەوە بۆ هەمان دەنگە ئەنالۆگە کۆنەکان، بەڵام بە تەکنیکی، تۆمارکردنی مۆدێرن، مۆسیقاکە قورستر، چڕتر، و خەمگینتر بوو، وەک ئەوەی خودی ئاوازەکەش دوای چل ساڵ پیر بووبێت و ئازاری چەشتبێت، ڕیتمەکان خاوتر بەڵام بەهێزتر بوون، وەک لێدانی دڵی پیرێک هێشتا پڕە لە تووڕەیی، لە فیلمی (Halloween Kills)دا، باسی شێتی و تووڕەیی بەکۆمەڵی شارۆچکەکە دەکات، مۆسیقاکەش زۆر شەڕانگێزتر، خێراتر و پڕ لە ژاوەژاو بوو، تێمی نوێ بۆ نوێنەرایەتیکردنی “تووڕەیی جەماوەر” زیادکرا، نیشانەی ئەوە بوو ترسەکە چیتر لە یەک کەسدا قەتیس نەماوە، بەڵکو بووەتە نەخۆشییەکی گشتی، بەڵام گەورەترین سوپرایز لە فیلمی (Halloween Ends)دا بوو، تێمێکی سەرەکیی نوێی ناساند، ئاوازێکی ڕۆمانسی، ئەلیکترۆنی و مێلۆدی، زیاتر لە مۆسیقای فیلمەکانی ساڵانی هەشتاکان دەچوو، ئەم ئاوازە نوێنەرایەتیی چیرۆکی کارەکتەری کۆری کەنینگهام و پەیوەندییە خۆشەویستییەکەی دەکرد، تێمە کلاسیکەکەی هاڵۆوین تەنها لەو ساتانەدا دەبیسترا کاریگەریی خراپەکاریی ڕەسەن دەردەکەوت، ئەمە نیشانەی ئەوە بوو زنجیرەکە لە کۆتاییدا هەوڵیدا لە ڕووی دەنگیشەوە چیرۆکێکی نوێ لەسەر گواستنەوەی خراپەکاری بگێڕێتەوە، نەک تەنها دووبارەکردنەوەی ئەوەی پێشوو، ئەمە یارییەکی بوێرانە بوو لەگەڵ چاوەڕوانیی بینەردا و سەلماندی دەنگی هاڵۆوین هێشتا توانای شۆککردن و نوێبوونەوەی هەیە،

لەم چوارچێوەیەدا، دەردەکەوێت مۆسیقای هاڵۆوین هەرگیز جێگیر نەبووە، بەڵکو تۆمارێکی دەنگیی زیندووە بۆ مێژووی ئەم زنجیرەیە و مێژووی سینەمای ترسناک خۆی، لە سادەیی و نامۆبوونی ساڵی ١٩٧٨ەوە، بۆ ئۆرکێسترای پاڵەوانێتیی هەشتاکان، بۆ ڕۆکی ژەنگاویی نەوەدەکان، بۆ هیپ-هۆپی سەرەتای هەزارە، بۆ ژاوەژاوی ڕیالیستیی ڕۆب زۆمبی، و دواجار بۆ گەڕانەوەی خەمگینانە و پەرەسەندنی بوێرانەی سێینەی کۆتایی، ئەم ئاوازانە هەمیشە زیاتر لە پاشخانێک بوون، ئەوان دەنگی گۆڕاوی ئەو شەوگارە بێکۆتایە بوون لە هادۆنفیڵد، پیشانیان داوە ترس ڕەنگە یەک ناوی هەبێت، بەڵام هەزاران ئاوازی جیاوازی هەیە.




ڕێگایەکیتر بۆ هەڵبژاردن.. سامانی وەستا بەکر

دروست کردنـی بڕیاری سیاسـی، گۆڕانکاری بنچینەی، چاکسازی گشتـی و ڕێفۆرمـی سەرتاسەری پێویستــی بە ئیـرادەی هەمووان یان لایەنـی کەم زۆرینەی ئیـرادەی هەمووان و حیـزبـی هاوچەرخـی تەواو عەیار دیموکراتـی هەیە، کە بڕوای بە خەباتـی پەرلەمانی هەبـێ و سیستمـی سیاسـی نوقسانـی نەبـێ لە دەستور و دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات، پەرلەمانیش کێڵگەیەکبـێ بۆ دەرخستن و پێهەڵاچوونـی توانای فیکری سیاسـی موحەنەکـی حیزبەکان.
وەرچەرخان لە دۆخێکـی ناجێگیرەوە بۆ دۆخێـکـی جێگیـر پێویستـی بە بڕیاری عەقڵانـی و هەلومەرجـی گونجاو و پایەی کۆمەڵایەتـی وشیار هەیە بەو واتایەی کە کۆمەڵگە هەر خۆی جێگیـری سیاسـی و ناجێگیـری ئەچەسپێنـێ ئەگەر بە هۆشیارییەوە بڕوانێتە بارودۆخەکە، چونکە لە نێوان وێستگەکانـی دوو هەڵبژاردنا ماوەیەک هەیە بۆ پێداچوونەوە، ئەو ماوەیە جەمسەرێـکـی لای ئەوانەن کە متمانەیان وەرگرتوەو حاکم و باڵا دەست و حوکمدارن و جەمسەرەکەی تریشـی لای ئەوانەیە کە دەنگـی تەواویان بەدەست نەهێناوە تا دەسەڵات بگرنە دەست.
گۆمەڵگەی چەلەنگ و هۆشیار ئەگەر لەکاتـی دەنگدانا دەنگ بە ئاڕاستەی بەرژەوەندییەکانـی خۆیان بەن نەک بەرژەوەندی حیزب، ئەوا گرنگـی زانینـی نێوان ئەو دوو جەمسەرە یان وێستگەکانـی هەڵبژاردن وائەکات ئەوانەی براوەی هەڵبژاردن بوون و متمانەیەیان وەرگرتووە لەوە بگەن لە ئەو ماوەیەی لە پۆستەکانیانا کارئەکەن، کاری باش و هەڵسوڕان و توانا و لێوەشاوەیـی سەنگـی مەحەکە بۆ مانەوەو بەردەوام بوون لە دەسەڵات و خەمـی یەکەمیان کاری باش کردن و چاکترکردنـی ژیانـی هاوڵاتـی ئەبـێ، بــەڵام هەرچـی جەمسەری دووەمە کە متمانەو دەنگـی تەواوی بەدەست نەهێناوە وەک ئۆپۆزسێۆن ئەبێتە باشترین ڕەقیب، بەم جۆرەش پایەکانـی دیموکراسـی و حوکمـی گەل ئەچەسپێت و گەشانەوەو ئاوەدانـی جێێەک بۆ پێچەوانەکەی ناهێڵێتەوە.
“دانکۆرت رۆستۆ” پێـی وایە سیستمـی دیموکراسـی بە چوار قۆناغا تێئەپەڕێ کە تێیدا وەرچەرخانـی دیموکراسـی ئەگەیەنێتە پنتەکانـی ڕاگیربوونەوە کە ئەونیش بریتین لە:
١.قۆناغـی دەستەبەربوونـی یەکێتـی نیشتمانـی، لەم قۆناغەدا ڕێکەوتنـی گشتـی نییە بەڵکو شوناسێکـی سیاسـی هاوبەش پێکیەت لەلایەن زۆرینەوە.
٢.قۆناغی ئامادەیـی کۆمەڵگا (اعداد)
“Preparatory phays”
بەمانای ئەوەی وڵات لەم حاڵەتەیا بە قۆناغی ململانێـی دوورو درێژو یەکلانەبوونەوەیا تێئەپەڕێ و دیموکراسـی لە مناڵانـی ململانـێ و تەنانەت جاری وا هەیە توندوتیژیشا لە دایک ئەبـێ نەک بەرهەمـی پەرەسەندنی ئاشتینـێ.
٣.قۆناغی بڕیاردان
“Decision phays”
لەم قۆناغەیا لایەنە ناکۆکەنا بڕیار لەسەر ئەوە ئەیەن کە چارەسەرێک و بنەمای دیموکراسـی پەسەند بکەن کە تیایا هەمووان مافـی بەشداری کردنیان پـێ بدرێ لە کۆمەڵگای سیاسیـا.
٤.قۆناغی ڕاهاتن “التعود”
“Habituation phyas”
لەم قۆناغەیا کە لایەنەکان بڕیاریانیاوە دیموکراسـی پەسەند بکەن بـێ ئەوەی قەناعەتیان هەبـێ یان بـێ ئەوەی ململانێکانیان کۆتای پـێ هێنابـێ بەڵام بۆ نەوە “جیل”ی دوای ئەوان ئەم جۆرە پێکەوە ژیانە ئەبێتە قەناعەت و بەمەش دیموکراسـی خۆی ڕاگرو جێگیرئەکا ئەمەش بە “لـبـرنـة”ی سیاسـی واتە بە لیبرالیزەکردنـی پرۆسەی سیاسـی لە قەڵەم ئەیرێ.

مەخابن پاش ٣٤ ساڵ لە ئەزموونی بەناو دیموکراسی بەڵام نە دەسەڵاتێکی خەمخۆر و ڕەشید، نە ئۆپۆسزیۆنێکی ڕەقیب و نابەرژەوەندیخواز و نە کۆمەڵگەیەکی هۆشیار کە پاداشت و ستیاشی حیزب و لایەنی خاون بەڵێن و خزمەتکاری ڕاستەقینەی کۆمەڵکە بکات یان بەدواداچوون بۆ کارو بەڵێنەکانی لایەنکان بکا و حیزب و لایەنی کەمتەرخم سزابات لەڕێێ سندوقی دەنگەدانەوە.
نەنگییە زۆرینەی هەرە زۆری کۆمەڵگەیەک لەماوەی ٣٤ ساڵ بەناو ئەزموونی دیموکراسی هەر بەهەمان ئاڕاستە دەنگبات و هەست و سۆزی حیزبایەتی و ئەقڵی خێل و بە ئایدۆلۆژیای گواستراوەی بەسەرچووی باو باپیران هەمان حیزب هەڵبژێرێتەوە وەک ئەوەی خۆی بوونی نەبێت و ئایدۆلۆژیای گواستراوەی باوانی بەشێکبن لە پێکهاتەو ئەندامنای جەستەی.
نەنگییە کە مرۆڤ ڕەش لە سپی و هەڵە لە ڕاست و خراپە لە چاکە جیانەکاتەوە، مەخابن ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پێشووتر ئەو پەیامەیان گەیاندووە کە کۆمەڵگەی باشوری کوردستان تووشی دۆگما بووە و خۆی ڕادەستی ئەو سیستەمە ئارناشیزمە کردوەو باوڕێشی بە سیاسەتی فیوداڵیزمیش هێناوەو لای وایە سیاسەت ٢٢ لەسەر ٧و گۆڕانکاری لەسەرو دەسەڵاتی کۆمەڵگەوەیە و ئەبێ هەر خودی دەسەڵاتدار بەچاوێکی بەزەییەوە ئەرک بفەرمووێ و گۆڕانکاریی بکات ئەگەرچی زۆر کەمیشبێ یان فریادڕەسێ لە دەرەوەی بازنەکە گۆڕانکاری بکات وەک ئەوەی ئەمریکا کردی لە ئێراق.
باش و خراپ لە خودی کردەکەدا باش و خراپن، نەك لە بکەرەکەیا. لای ئێمە ئەم سەرەتا سادەیە تێکچووە بۆیە ناتوانین هێزی باش بەرهەم بهێنین و هەمیشە ململانێکانمان لەنێوان خراپ و خراپترایە! چونکە چیتر لە سیاسەتی ئێمەیا، ئەوە خراپ نیە کە خراپە، ئەوە خراپە کە فڵان لایەن ئەیکات! ئەوە باش نیە کە باشە، ئەوە باشە کە دژی فیسار لایەنە!
ئەمجۆرە لە سیاسەت کردن و دەنگدان بەم ئاڕاستەیە ئەوەی لێ ئەکەوێتەوە کە ٣٤ ساڵە لە باشور ئەگوزەرێ، سێ شار ی دەستەخوشک کران بە دوو زۆنی دژە یەک، حکومەتێک دروست بووە بۆئەوەی لای خەڵکی سەرکەوتنی حیزبەکەی پشانبات زۆنێک ئاوەدانەکاتەوە لەسەر حسابی خەڵکی سیڤیلی زۆنی ئەولا، لەملاش حیزبێک بۆ برەودان بە عینادی سیاسی زۆنێک لە زۆربەی خزمەتگوزارییەکان بێ بەشەکا بۆئەوەی بە خەڵک بڵێ ئەوە زۆنی ئەولایە سزاتان ئەیەن.
پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا کامیان ڕاستەکەن؟
فەرموون لەسەر سندوقەکانی هەڵبژاردن وەڵامی ئەو ئەو پرسیارەبەنەوە، ئەگەر بۆ تەنها جارێکیشبێ دوور لە ئایدۆلۆژیای حیزبی و بە لەچاوگرتنی کارو کاردانەوە و خزمەتگوزارییەکانی ساڵانی ڕابردوو وە بە ئەنجام گەیاندنی بەڵێنەکانی هەڵبژرادنی هەر حیزبێک لە پێشووترا دەنگبەن.
بگۆڕێن، گۆڕانگاتی دروست بکەن و بیگۆڕن، پێتان ئاساییبێ کە تۆی هەڵگری ئایدۆلۆژیایەکی حیزبی لە هەڵبژردنا دەنگبەی بە حیزبی ڕکابەری حیزبەکەی خۆت، تۆ بەمە هاوکارەبی کە حیزبەکەت باشترکەی نەک پشتی تێکەی یان خیانەتی لێبکەی وەک ئەوەی لە کۆبوونەوە حیزبییەکانا پێیتان ئەوترێ.
مرۆڤ خۆی لە خۆیدا بونەوەرێکی سرکە و شەیدای ئازادییە، چونکە ئازادی کرۆکی بوونی ئادەمیزاد پێک ئەهێنێت. قایلبوونی مرۆڤ بە دەستەمۆی زادەی نائومێدی و ڕەنگدانەوەی ڕۆحێکی خەواڵووە، بەڵام ئەوەی مرۆڤ لە زیندەوەرەکانی دیکە جیا ئەکاتەوە، یاخیبوونە لە ستەم و ڕازی نەبوونە بەوەی شکۆی ژێرپێ بخرێت، ئەکرێ ڕەنگدانەوەی ئەو یاخیبوونەوە لەسەر سنووقەکانی دەنگدان ڕەنگباتەوە.

سامانی وەستا بەکر
١٠-١١-٢٠٢٥ سوید-ستۆکهۆڵم




پێگەی ئەخلاق لە سیاسەت و حیزبایەتیدا ، هەڕەشە و ترس وەک بەشێک لە ژیانی حیزبایەتی.. گۆران هەڵەبجەیی

ئەوەی زانراوە سیاسیەکان لەهەموو جیهاندا گرنگیەکی ئەوتۆ بەئەخلاق نادەن و زۆرجار دەیکەنە قوربانی مەرامە سیاسیەکانیان. مکافیللی{١٤٦٩-١٥٢٧} لەبارەی ئەخلاقی دەسەڵاتدارانەوە دەڵێت[گەر بە سیاسیەکت گووت تۆ بێ ئەخلاقیت،ئەوە سوکایەتی نیە بەڵکو پیاهەڵدانە]، یاخود لە شوێنێکی تردا دەڵێت{سیاسەت هیچ پەیوەندی بە ڕەوشتەوە نیە} ،مەبەستی ئەوەیە کە ئەودوو دەستەواژەیە پێکەوە هەڵناکەن. لەڕۆژهەڵاتی نێویندا ژینگەکە زۆر لەبارە بۆ وەلانانی پرەنسیپەکانی ئەخلاق و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ. هەرێمی کوردستان ئەو دەڤەرەیە کە بەقێزەوەنترین شێوە ئەخلاق لەژێرپێ دەنرێت.
گەر ئەخلاق ، ڕەوشت ، مۆراڵ بخەینە نێو چوارچێوەیەکی گونجاو و پێناسەیەکی شایستەی بکەین بەبەردا، ئەو دەمە وێنەکە ڕوونتر دەردەکەوێت، وەک ئەم نمونانەی خوارەوە:

  • دەمێک سیاسیەک، سەرۆکی حیزبێک بەر لەهەڵبژاردن کۆمەڵێک بەڵێنی ڕەنگاوڕەنگ بەخەڵک دەدات و پاشان هیچی لێ جێبەجێ ناکات،کەواتە ئەمە بێ ئەخلاقیە.
  • حیزبێک سەرکردەیەک داهاتی وڵات بدزێت و خۆیی و دەورووبەری شاهانە بژین و خەڵکیش نغرۆی هەژاری بێت ،بەدڵنیاییەوە ئەمە بێ ئەخلاقیە.
  • گەر حیزبێک بەهەڕەشە یا دەسکەوت و مووچەی چەور ئەندامەکانی ڕاگرتبێت ئەوە بێ ئەخلاقیە.
  • سەرکردەیەک لەبەردەم میدیاکاندا هەڕەشەی قورس لە لایەنەکەی تربکات ،بەڵام لەژوورەداخراوەکاندا لەسەرهەموو شتێک ڕێبکەون،ئەمەش بێ ئەخلاقیە.
  • سەرکردەیەک نەتوانێت شارستانیانە لەگەڵ موخالیفەکانی خۆی ڕەفتار بکات و بۆ یەکاڵاکردنەوەی کێشەکان پەنا بۆ هێزبەرێت،ئەوە بێئەخلاقیە.
  • حیزبێک بەرەگەی ڕەخنەی هاوڵاتیان نەگرێ و بەشێوەیەکی دڕاندانە پاش فڕاندیان بیانکووژن، ئەمەش دەچێتە خانەی بێ ئەخلاقیەوە.
  • دەنگ کڕینی کەسانێک کە سوور دەزانن فڕیان بەسەر دڵسۆزی و بیروباوەڕەوە نیەو تەنها پارە هۆکارە،بەمەش دەوترێت بێ ئەخلاقی.
  • حیزبێک تەنها بیر لە دزی بکاتەوەو ژیانی هاوڵاتیانیش هیچ بایەخێکی نەبێت لەکنیان ،گەر ئەمە بێ ئەخلاقی نەبێت چیە؟
  • گەر دوو حیزب دەستیان نابێتە بینەقاقای کۆمەڵگاو سەرجەم دام و دەزگاو دامەزراوەکان لەژێر هەژموونی حیزب و سەرکردەکانیانابن، بێگومان ئەمەش جۆرێکە لە بێ ئەخلاقی.
  • لە دامەزراندنی فەڕاشێکەوە تا وەزیرێک بە ڕەزامەندنی حیزب بێت ئەمەش بێ ئەخلاقیە.
  • حیزبێک لە کردنەوەی دوکانێکی شەربەت فرۆشیەوە تا دەگاتە مۆڵ و کۆمپانیاکان پشکی هەبێت دیارە بێ ئەخلاقیە.
  • حیزبێک سامانی وڵات بە ژێر زەوی و سەرزەوی و هەوایی لەسەر خۆی تاپۆبکات بێئەخلاقیە.
  • نەوەی سێیەمی سەرکردە باڵاکانی حیزبێک، ملیۆنێرو ملیادیارو خاوەنی زانکۆ،کەناڵی تێڤێ،هەزارەها دۆنمی زەوی ،ڕێکخراوی هەمەجۆر و فڕۆکەی تایبەتبن،ئەوە ئەوپەڕی بێئەخلاقیە.
    +بۆهەر شکستیەک کە خەڵک باجەکەی دەدات، بێ شەرمانە پاساوی بۆ بهێننەوە،تەنها وەک بێئەخلاقی پێناسەی بۆدەکرێت.
  • تەزویر لەهەڵبژاردنەکاندا بەخەبات حساب بکرێت بێگومان بێئەخلاقیە.
  • فەرمانی دراوسێ دوژمنەکانت جێبەجێ بکەیت بەڵام ئامادەنەبیت بچوکترین داوای خەڵکەکەت جێبەجێ بکەیت،ئەمەش ترۆپکی بێ ئەخلاقیە.
  • منداڵانی جیلی سێی سەرکردەکانی بنەماڵە کە هیچ پۆستێکی ئیداری و حیزبیان نیە ، دەستیان لە زۆرێک لەسەرکردەکانی هەمان حیزب و هەر وەزیرێک زیاتر دەڕوات ولەسەردانەکانیاندا فەرشی سوریان بۆرادەخەن و ئەفسەرە پلەدارەکان سڵاوی سەربازیان بۆدەکەن.ئەمەش دیسان بێئەخلاقیە.
  • گچەکەترین خزمەتگوزاریان پێشکەش نەکردوە، کەچی شکستیەکانیان بەنرخی سەرکەوتن دەفرۆشنەوە.
    +تادوێنی ئەوانە بەشێک بوون لە جەستەی هێزە بێبەزەیی و داپڵۆسێنەرەکەت کەچی بەهۆی ناکۆکیتەوە لەگەڵ ئامۆزاکەت بەقێزەوەنترین و دڕندانە ترین شێوە ڕەفتارت لەگەڵیان کرد ،لە کووشتن، ئەشکەنجە ،سوکایەتی،ڕووتکردنەوە،سووتاندن و تاد،بەم کارانەتان ئەخلاقتان لەسنوور تێپەڕاند.
    [هەڕەشە و ترس وەک بەشێک لە ژیانی حیزبایەتی]
    لەکن یەکێتی و پارتی ئەندام هیچ بەهاو مەکانەیەکی نیە بەڵکو ئەندامان بریتین لە جەستەیەکی بێ بزاوت و مێشکێکی زەوت کراو،ئەندامان کۆیلەی گوێڕایەڵن ،هەردەم لە ئامادەباشیدان بۆ جێبەجێ کردنی فەرمانی سەرەوەیان . لەدۆخێکی پڕ لەترس و دەڵەڕاوکێدا دەژین.ئەندامانی ئەم دووحیزبە هەرگیز ناتوانن ئاسوودە بژین، ئەویش بەهۆی ئەو فشارە دەرونیەی لەسەریانە. ئەم ڕەوشەی نێو ئەم دووحیزبە دەلالەت لە ئەوپەڕی بێ متمانەیی دەکات لەسەرەوە بە ئەندامەکانیان. دەمێک لەسەرەوە هەڕەشە لە ئەندامانیان دەکەن کە لەکاتی دەنگداندا وێنەی دەنگدانەکە بگرن،گەر ئەوکارەنەکەن دەبێ چاوەڕێی یەکێک لەم سزایانە بکەن،دەرکردن لەکار،بڕینی مووچەی بندیوار،گواستنەوی بۆشوێنێکی دوور،دابەزاندنی پلەی حیزبی و وەزیفی و سزای دیکەش.جا ئەمە نمونەیەکی حاشاهەڵنەگرە لە بێ متمانەیی.
    هەرحیزبێک گەر نەیتوانی کەشێکی لەبار بۆ ئەندامەکانی فەراهەم بکات ،ئەو ئازادیەیان پێنەدات ڕەخنەبگرن یا ڕای جیاوازی خۆیان دەرببڕن ،کەواتە ئەوە حیزب نیە بەڵکو بەندیخانەی ئەقڵە.



دڵشاد عەبدوڵڵاو دەروازەکانی ئازادی.. ستار ئەحمەد

ئەو مەلەی سبەینان بەئاگام دێنێ
هەوا پڕدەکا لەئاواز
قاوەی بەردەمم پڕدەکا لەبۆن هێل
دندوک دەدا لەنەرمەی گوێ
وەک ئەوەی شتێکم بیربێنێتەوە
دەکەومە بیرکردنەوە.
وەک مایسترۆ لەبەردەم ڕۆژێکی نوێ
پەڕوباڵ لێک دەدا
بێوەی و هەدادان
لەناو قەفەسی بچووک.
بەجۆری جریوە و باڵ گیڤکردنەوەی زۆرشت دەڵێ
لەهەندێکی تێدەگەم، ئەوەی تر لوغزی چریکەیە.
وەک زیندانییەک لەپشت شیشی ئاسنەوە
لەبەرخۆیەوە گۆرانی بڵێ، دڵی خۆی پێ بداتەوە.
حەیف! ناتوانم ئازادی بکەم
لەبەر هۆیەکی مەنتیقی؛ مانەوەی لای من مسۆگەرترە.
ڕێگای سێیەم هەڵدەبژێرم: پەیوەندی دۆستانە.
بەزمانی خۆی پێم دەڵێ، قەدەرمانە
ژیانی کولەمەرگی ناو بازنەی بچووک.


دڵشاد عەبدوڵڵا

ئەم شیعرە، کە بەشێکە لە کتێبی “كات زۆره‌ به‌ڵام چى له‌ كات بكه‌م؟”، دەکرێت وەک هێمایەک بۆ دۆخی مرۆڤی هاوچەرخ و ململانێی ئازادی و سەقامگیری دابنرێت.

ئەم شیعرە کورتە، بە زمانێکی سادە و لە هەمان کاتدا پڕ لە واتا، پەردە لەسەر پەیوەندییەکی ناوازە و پڕ لە فەلسەفە لە نێوان خود (کەسی شاعیر/گێڕەرەوە) و مەلێک (کە هێمایەکی فرەچەشنییە) هەڵدەداتەوە.

: مەلەکە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە دەستپێکی ڕۆژدا. ئەو تەنها بەخەبەر هێنەر نییە، بەڵکو جریوەکەی (ئاواز) و بۆن (هێل) و دەنگی دندوک (لە گوێدان) دەبنە هەوێنی هۆشیاری و بیرکردنەوە بۆ خود. ئەمە نیشانەی پەیوەندییەکی قوڵە لە نێوان سروشت و ڕۆحی مرۆڤدا.
: مەلەکە وەک “مایسترۆ” وەسف دەکرێت کە نمایشێکی هونەری لەبەردەم “ڕۆژێکی نوێ” پێشکەش دەکات. ئەمە بەرز نرخاندنی هەڵسوکەوتێتی، بەڵام هاوکات دەلالەت لەوە دەکات کە ژیانی سادە و سروشتیش دەکرێت وەک هونەرێکی ڕەسەن سەیر بکرێت.
پەیوەندییەکە پەیوەندییەکی تەواو نییە. گێڕەرەوە “لەهەندێکی تێدەگەم، ئەوەی تر لوغزی چریکەیە”. ئەمە ئاماژەیە بۆ سنووری تێگەیشتنی مرۆڤ لە ژیانی سروشتی یان لە واتای قووڵی ژیان، یان تەنانەت سنووری پەیوەندی مرۆڤ بە دەوروبەرییەوە.
ئەمە بەشی فەلسەفی قەسیدەکەیە. مەلەکە وەک “زیندانییەک لەپشت شیشی ئاسنەوە” وەسف دەکرێت. ئەم هێمایە دەکرێت بۆ خودی مرۆڤیش بگوازرێتەوە کە لەناو “بازنەی بچووک”ی ژیانی ڕۆتینی و ڕۆژانەدا گیریخواردووە.
شاعیر لە نێوان دوو بژاردەی ڕکابەردا گیرساوەتەوە:
ئازادکردنی مەلەکە واتای بەجێهێنانی بەهایەکی مرۆیی باڵا و جێبەجێکردنی مافی سروشتیی مەلەکە.
مانەوەی لای خود (مەنتیق و سەلامەتی):
مانەوەی لای من مسۆگەرترە.
ئەمە خاڵی وەرچەرخانە. مەنتیق لێرەدا دەبێتە دژ بە سۆز و ئازادی. مانەوەی مەلەکە مسۆگەرییەکە لە دژی نادیارییەکانی ژیان، بەڵام ئەم مسۆگەرییە بە زیندانیکردن بەدەست دێت.
ڕێگای سێیەم: بریتییە لە “پەیوەندی دۆستانە”. ئەمە هەوڵێکە بۆ پێکەوە ژیانی ئازادیی ڕووکەش و زیندانیبوونی ناوەکی، سازشێکە بۆ دۆزینەوەی ئاسوودەیی لە ناو واقیعێکی ناخۆشدا.
: دواجار، مەلەکە (لە ڕێگەی گێڕەرەوەوە) بە “زمانی خۆی” قسە دەکات و دەڵێت:
“قەدەرمانە ، ژیانی کولەمەرگی ناو بازنەی بچووک.
ئەم دێرە کورتە سەرجەم فەلسەفەی شیعرەکە کورت دەکاتەوە؛ ژیانی مرۆڤی هاوچەرخ (یاخود مەلە زیندانیکراوەکە) بەندە بە بازنەیەکی سنووردارەوە، و ئەو ڕێگایەی هەڵدەبژێردرێت تەنیا کەمکردنەوەی ئازارەکانە، نەک ڕێگای گەیشتن بە ئازادی تەواو.
٣. شێواز ـــ
: شیعرەکە بە شێوازی گێڕانەوەیەکی نزیک و تایبەت نووسراوە، شاعیر ڕاستەوخۆ دەدوێت و هەستەکانی خۆی دەردەبڕێت، ئەمەش خوێنەر بە خێرایی دەباتە ناو دۆخە سۆزییەکەوە.
بەکار‌هێنانی هێما :
مەل: هێمای ئازادی، سروشت، دەستپێکی ڕۆژ، و لە کۆتاییدا هێمای زیندانیبوونی قەدەر.
قەفەس/شیشی ئاسن: هێمای سنوورداربوون، ڕۆتین، مەنتیقی جیهانی مادی، و ڕێگری لە ئازادی.
هێل: هێمای خۆشی، بۆن، چێژێکی سادەی ڕۆژانە.
: زمانی شیعرەکە ڕوونە، بەڵام پڕ لە دەربڕینی هەستئامێزە (وەک: نەرمەی گوێ، لوغزی چریکە، کولەمەرگی).
: شیعرەکە لەسەر جیاوازییەکانی نێوان سروشتی مەل (ئاواز، باڵ لێدان) و دۆخی زیندانیکراوی (قەفەس) دامەزراوە، پاشان ئەم ڕکابەرییەی بە کێشەیەکی فەلسەفی کۆتایی پێهێناوە.
بەکورتی:
شیعری “ئەو مەلەی سبەینان بەئاگام دێنێ” تەنیا باسی پەروەردەکردنی مەلێک ناکات، بەڵکو دەکرێت وەک گوزارشتێک لەسەر دۆخی مرۆڤی گیرخواردوو لە نێوان خولیای ئازادی و پێویستییەکانی ژیاندا لێکبدرێتەوە. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئایا ژیانێکی مسۆگەر بەبێ ئازادی باشترە لە ئازادییەکی پڕ مەترسی و نادیار؟ شاعیر ڕێگای سێیەم هەڵدەبژێرێت، کە بریتییە لە سازشکردن لەگەڵ قەدەرێک کە بە زیندانیکردنی ــ بازنەی بچووک ــ دەستنیشان کراوە. ئەمە شیعرێکی قووڵە و دەتوانێت ببێتە جێگای تێڕامان لەسەر ژیانی خۆمان.

ستار ئەحمەد




خار و مێخەک.. شەهلا نوری

وە سەفایە
خار پێدەخەنێ لە باخی بەهار
وە گوڵی مێخەک ھەناسەی چیمەن و
گوڵی ھەنار
خار لە دەووری مێخەک
وەک ڕۆمانێکە مێخەک بەرێک ڕەش
لە شێداریا نەرم و نیانی
لەتەک دارزیا ھەردووک دەئاڵێن

مێخک سەرسامە بە بۆ و بەرامی
دەھۆنرێمەوە بۆ ڕەنگ و جوانی
نەخۆش سوودمەندە دەبمە دەرمانی

خار دەلاوێنی
گوڵی بۆ وجوان
بزمار وەرگری تیژڕەوی بانی
کە تۆ لە سەفای
من تیژی بزمار ڕوو، بەرەو ناو شانی

مێخەک دێتە جواو
وە کەلوپەلی پەشت وە بەنی خوریت
بۆ ماوەیەکیش بۆنم هەڵدەگریت

خار ئێژێ
تۆ وشک دەکرێیت وە چەشنی جۆراو جۆر
دەهاڕێیت سەر تا خوار هەر وە ژێر خۆر

مێخەک ھات وتی
بومەسیاقەت
دەکرێمە چێشت ،و شرینی و شەرەبەت کەڵکم زۆر ئەوێ
شەوانەی حەسرەت
ھێشتا ھەر خونچەم لێدەکرێمەوە
گەڵا سەوزم و
درەختی گەرمیان
خشڵ و پۆشاکی ژنی شێخان

شەهلا نوری




پێبکەنە باجوانیەکان دەرکەون.. نـــەوشیروان ئازاد

تۆی مرۆڤ ئەگەر پێ دەکەنیت لەناخەوپێ بکەنە.
هەرگیز هەوڵ مەدە ،دەمامک بکەیتە ڕوخسارت …یەک ڕوو بە ، سادەبە ، هەرچەند سادەو یەک ڕوو بیت هێندە لەپەروەردگار نزیک دەبیتەوە، زیاتر لەدڵی بەرانبەرەکەت دەمێنیتەوە…
تۆی مرۆڤ چەند ژمارەی دەمامکەکانت زیاد بکەیت ، دوو هێندو زیاتریش ، سەنگی قورسایی خۆت لەدەست دەدەیت …هەرگیز دووڕو مەبە ، تادەتوانی سادەو ساکاربە ،یەک دڵ و یەک ناخ بە تابتوانی خۆشەویستی خودا وخەڵک بەدەست بێنی …هەوڵبدە بۆ همیشە بەدڵ و لەناخەوەپێ بکەنی …تا بەیەکجاری خاوێن ببیتەوە..لەڕک و کینە با دەروونت خاوێن بێتەوە …بائەودڵە نائارامەت بەشی کەمێک خۆشەویستی تێدابێتەوە …دەزانی گەورەیێ خۆشەویستی لەچی دایە …تۆ دەزانی بۆچی ئێمە همیشە ناخمان نائارامە ، بەدرێژایی ژیان بەشوێن خودی ژیان دا ڕادەکەین و پێی ناگەین ،ئەگەر پێی گەیشتین مەرگ لێمان دەستێنێتەوە ..دەزانی بۆ هیچ کات ئاسودەنین ،؟ چونکە دڵمان خاڵیە لەخۆشەویستی ..،لەبەردەرکی پلەوپایەو سەروەت و ساماندا لەگیرفانی دەوڵەمەند و خاوەن پایەکانداکەس خۆشبەختی نەبینیوەو نایبیبنێ ، بۆیە ئەگەر گەنجی قارون بەدەست بێنی ..ئارام نیت …دڵت خۆشکە بەخۆشەویستی .باخۆشبەخت بیت بادووربیت لەخۆپەرستی …ئازیزم ئەمە ووتەی من نیە بەتەنیا …ووتەی دەیان زاناوفەیلەسوفی ژیانە.

نـــەوشیروان ئازاد




مێژووچەی پڕۆسەی سیاسی پارتە ڕیفۆرمیستیە ماویەکان و ستالینیەکان لە نیپاڵ، وبەلاڕێدابردنی خەباتی پڕۆلیتاریا.. سابیر محەمەد

بەشی کۆتایی

سەرتای ئاشنابوونی نیپاڵ بە باسە کۆمۆنیستیەکان ئەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی 1930 بەدواوە، ئەویش پاش بڵاوبوونەوەی نوسراوە کۆمۆنیستیەکان لەلایەن کادێرانێکی سەرکی وەک ( جانجالا شریستا-Gengalal Shrestha [٦] و ( داشرات تشاند – Dashrath Chand Thakuri )، کە ئیلهامی سیاسیان لە بزووتنەوەی سەربەخۆبوونی هندستان و گۆنگرەی میللی هندستان وەرگرتبوو، وە لە درێژەی ئەم خەباتەدا لە ساڵی 1941 لەگەڵ دوو هاوڕێیانی تریان لە سێدارە دران .
بێگومان وەک پێشتریش ئاماژەمان بەوە کردووە کە بەرنامەی سیاسی پارتە ماویەکانی نیپاڵ و ناوچەکە، لەسەر بنەمای ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی نیشتمانی دژ بە ڕوکاری ڕوکەشی فەرمانڕەوایەتی ڕژێمی پاشایەتی دامەزراوە، کە خۆی لە گۆڕینی سەرانی حاکمڕەواکان و شێوەی حوکمڕانیدا ئەبینیەوە.
ئەوەی شایانی باسە خەباتی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی، خەباتێک نیە دژ بە بنەمای ئابووری و سیاسی ڕژێمی سەرمایەداری، بەڵکە جۆرێکە لە ڕیفۆرمیزمی میللی .

لەسەر ڕۆشنایی ئەم بنەما سیاسیانە، ئەوەبوو لە ساڵی1950 ( پارتی کۆنگرەی نیپاڵ – NC ) ، لە ئەنجامی یەکگرتنی ( پارتی دیمۆکراتی نیپاڵ – NDC ) وە ( کۆنگرەی میللی نیپاڵ- NNC ) پێکهات .
وە ئامانجی سەرەکی تەواوی ئەوبزووتنەوە ڕەوتە سیاسیانەی کە ناڕەزایەتی و هەڵچوونە جەماوەیەکانیان ڕابەرایەتی کردووە، کۆتایی هێنان بووە بە دەسەڵاتداریەتی ڕەهای بنەماڵەی پاشایەتی ( ڕانا – Rana Dynasty ) یەکان بووە، کە لە نێوان ساڵەکانی نێوان ( 1846- 1951) دەسەڵاتی سیاسی وڵاتی نیپاڵیان بەدەستەوە بووە.
گەرچی دوای کۆتاییهاتنی قۆناغی دەسەڵاتداریەتی ڕەهای بنەماڵەی ( ڕانا – Rana Dynsty )، خودی ڕژێمی سیاسی پاشایەتی کۆتایی نەهات و تا ساڵی 2008 ئەم ڕژێمە سیاسیەی پاشایەتی هەربەردەوام بووە، وێڕای هەندێک گۆڕانکاری لاوەکی تیایدا .
لە درێژەی ئەم هەلومەرجەدا و بە نهێنی لە 22. 9. 1949، دا پارتی کۆمۆنیستی نیپاڵ(CPN) لە لایەن (پوشبا لال شیریستها – Pushpa Lal Shrestha و چەندین لە هاوڕێانی تری دروستکرا، ئەوەش دوای لە سێدارە دانی برا گەورەکەی بەناوی (جانجالال شریستا – Gengalal Shrestha ) لەگەڵ چەند هاوڕێەکی تری کە پێشتر ئەندامی بزووتنەوەی ( نیپاڵ براجا باریشاد) بوون، کە خەباتیان ئەکرد لە پێناو کۆتایی هێنان بە ڕژێمی پاشایەتی و ئەو سیستەمەی کە لەوکاتانەدا لە ئارادا بوو بەناوی سیستەمی
( پانشایات-Panchayat ). )
بەڵام بەهۆی دروست بوونی جیاوازی بیروبۆچوونی فکری لە ماوەی نێوان ساڵەکانی نێوان ( 1960- تا 1990)، سەبارەت بە هەڵوێستگرتن لەبەرامبەر ڕژێمی پاشایاتی و هەروەها چۆنیەتی چوونە ناو کوالیسیۆن و یەکگرتن لە ناو پارتەکانی تردا ، بۆ نموونە لە ساڵی 1962 دا جیاوازیەکانیان سەبارەت بە هەڵوێستگرتن لەبەرامبەر ( پارتی کۆنگرەی میللی نیپاڵ )و لە ئەنجامدا جیابوونەوە ڕوویدا و دابەشبوون بەسەر دوو لایەندا ، لایەنێک لایەنگری چین و ماو تسی تۆنگ بوون، لاکەی تریشیان لایەنگری یەکێتی شوورەوی و کۆمێنتێرنی ستالین بوون، هەر بەم هۆیەوە لە ساڵی 1974 دا فراکسیۆنێک بە ناوی ( سەنتەری ناوەندی ) لە ناو پارتەکەدا دروست بوو، کە دژایەتی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان و ڕیفڕاندۆمێک بوو کە پاشا ڕایگەیاند .
وە دواتر لە ساڵی 1978 دا پارتی کۆمۆنیستی ( مارکسی – لێنینی ) بەسەرکردایەتی ( شارما ئۆلی ومان موهان ئەدیکاری ) دروست بوو، کەسەر بە جهانبینی سیاسی ستالین و شوورەوی بوو.
بەڵام لە پاش ساڵی 1990 و بەشداریکردن و یەکگرتنی چەندین گروپ و تاقمی کۆمۆنیستی لەگەڵ پارتی کۆنگرەی میللی نیپاڵدا ، کە بەیەکەوە لە بزووتنەوەیەکی جەماوەریدا کە بە (بزوووتنەوەی گەل – Jana Andolan) ناسرابوو ، وە توانیان کۆتایی بە ڕژێمی ڕەهای پاشایەتی بهێنن و لە شوێنیدا ڕژێمێکی پاشایانەی “دەستووری و دیمۆکراتی فرە حیزبی” دامەزرێنن .
لە درێژەی ئەم ململانێەدا لەساڵی 1991 دا پارتی کۆمۆنیستی ( مارکسی – لێنینی ) ، لەگەڵ دەستەیەکی دیاریکراو بەناوی ( ناوەندی سۆسیالیستی ) توانیان یەکبگرن و بەمجۆرە پارتی کۆمۆنیستی ( یەکگرتووی مارکسی – لێنینی ) ( CPN UML ) دامەزراند.
لە پاش ئەم یەکگرتنەدا ئەوەبوو ( پارتی یەکگرتووی مارکسی- لێنینی- CPN UML ) سەرکەوتنێکی گەورەیان لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکانی ساڵی 1994 دا بەدەستهێنا، وە بەهۆی زۆرینەی دەنگەکانیانەوە لە پەرلەماندا توانیان یەکەمین حوکومەتی بەناو کۆمۆنیستی لە نیپاڵدا ڕابگەیەنن.
بەهۆی ئەم گۆڕانکاری و ڕووداوانە و جیاوازی فکری نێوان پارتە سیاسیەکان لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی حوکومەت شەڕێکی ناوخۆیی هەڵگیرسا لە سەرەتای ساڵەکانی 1995 تا – 2006 دا درێژەی خایاند.
سەرەتای دەسپێکی شەڕی ناوخۆیی لەوێوە دەستی پێکرد، کە کۆمەڵێک لە ئەندامانی پارتی کۆمۆنیستی یەکگرتووی مارکسی- لێنینی CPN UML، بەسەرۆکایەتی ( پاشاشا پڕاچاندا) جیابوونەوە لە حیزب وئەو ڕژێمە سیاسی و حوکومەتە دروستکراو نوێیەیان بە بەکرێگیراوی وڵاتانی ئیمپریالیستی ناساند و، لە سەرەتای ساڵی 1995 دا پارتێکی نوێان بەناوی ( پارتی کۆمۆنیستی نیپاڵی – ماویست – CPN- Maoist) دروستکردو لە 13 .2. 1996 دا بانگەوازی دەستپێکردنی ( شەڕی میللی )یان خەباتی چەکداری ڕاگەیاند، چونکە ئەوان پێیان وابوو لەسەر ڕۆشنایی باسەکانی ماوتسی تۆنگەوە ئەتوانن لە ڕێگەی شەڕی چەکداریەوە ( کۆماری میللی نیپاڵ ) دابمەزرێنن، وە لە گوندەکانەوە هێرش بکەنە سەر شارەکان ودواتر کۆمارێکی دیمۆکراتیک دامەزرێنن.
دواتر لەساڵی 2003 دانوساندن و ڕێکەوتنێکیان ئیمزا کرد کە هێرشە چەکداریەکانیان لەبەرامبەر حوکومەتدا بوەستێنن بۆ ماوەی ساڵێک، بەڵام ئەم ڕێکەوتنە چەند مانگێکی خایاند و هەڵوەشایەوە، وبەمجۆرە درێژەیان بە قۆناغێکیتر لە شەڕو خەباتی چەکداریداو ئەم هەلومەرجە خوێناویەیان بەسەر چینە چەوساوەکانی نیپاڵدا سەپاند کە نزیکەی (10 ساڵ)ی خایاند و نزیکەی 17000 هەزار لە خەڵکی گوند و شارەکانیان بە کوشتدا و سەدەها هەزار کەسی تریان لە دانیشتوانی گوندەکان ئاوارەو دەربەدەرکرد .
ئەوەبوو لەساڵی 2006 لەسەر وەختی دووەمین بزووتنەوەی خرۆشان و ناڕەزایەتی گشتی خەڵک لە نیپاڵ، کە بەسەرۆکایەتی هەر حەوت پارتە سیاسیەکانی ناو وڵاتدا بەڕێوە ئەچوو، وە پارتی کۆمۆنیستی نیپاڵ – ماویستەکانیش بەشێک بوون لەم جووڵە جەماوەریە ، توانیان بەیەکجاری ڕژێمی پاشایاتی بڕوخێنن و بەمجۆرە ( ماویەکان) توانیان ڕێکەوتنامەیەکی بەرفراوانی ئاشتی لەگەڵ سەرانی حوکومەتدا ئیمزا بکەن و هێزەچەکداریەکان تێکەڵ بە سوپای فەرمی نیپاڵ کرد و وە بوون بە بەشێک لە سیستەمی حوکومڕانی وڵات، بەڵام سەرباری بوونی ئەم هەلومەرجە شۆڕشگێڕانەیە و گۆڕینی ڕژێمی پاشایەتی، هەلومەرجی خۆیی( ذاتی) کرێکاران و چینە چەوساوەکان و سیاسەتی کۆمۆنیستی پڕۆلیتاریای شۆڕشگێڕ ئامادە نە بوو بۆ ڕووخاندنی یەکجارەکی سەرمایەداری لە نیپاڵ، کە بە ئەڵقەیەکی گرنگی بەستنەوەی سەرمایەداری لە چین و هندستان دائەنرێت، لە لایەکی ترەوە جیهانبینی دیمۆکراتیزمی بۆرژوایی و ڕیفۆرمیستە ماوی و ستالینیەکان بەتەواوی لەسەر ئاستی ناوچەکەو جیهان ڕیسوابوون وڕیزبەندی سیاسی و فکری خۆیان دژ بە خەباتی چینایەتی کرێکاران و چەوساوەکان ئاشکرا کرد .
بەڵام دوای ئەوە لە ساڵی 2009 دا ماویەکان ناوی پارتەکەیان گۆڕی بە ( پارتی کۆمۆنیستی نیپاڵ – ناوەندی ماویستەکان-(CPN ( Maoist Centre.
دوای ئەم گۆڕانکاریانە قۆناغێکی تازەی یەکگرتن و هاوپەیمانیەتی لە نێوان ئەو دوو پارتە گەورەیەدا هاتە پێش و ئەوکاتە لە ساڵی 2018 دا پارتی ( CPN (UML بەسەرۆکایەتی ک. پ. آولی، و پارتی (CPN ( Maoist Centre بە سەرۆکایەتی پراشاندا، وە لە ئەنجامی ئەم هاوپەیمانی و یەکگرتنەدا توانیان لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکانی وڵاتدا سەرکەوتن بەدەستبهێنن، و بەیەکەوە پارتێکی نوێ لەژێر ناوی ( پارتی کۆمۆنیستی یەکگرتووی نیپاڵ -(CPN (Unified بنیات بنێن بەمەبەستی کۆتایی هێنان بە دووبەرەکی سیاسی و پێکهێنانی پارتێکی سیاسی یەکگرتووی خاوەن توانا.
بەڵام هێندەی نەخایاند ئەوبوو لە ساڵی 2021 دا، بەهۆی کێشەی دابەشکردنی پۆستە حوکومیەکان وە قەوارەی دەسەڵاتیان بە پێچەوانەی ئەو بڕیاڕانەی کە پێشتر لەسەری ڕێکەوتبوون، ئەم یەکگرتنەی نێوان دوو پارتەکە هەڵوەشایەوەو، جارێکیتر هەریەک لە آوڵی و پڕاشاندا پارتە سەرەتایەکەی خۆیان بەهەمان ناوەکانی پێشووی خۆیان سەرلەنوێ زیندوکردەوە.

خەباتی چەکداری و پارلەمانتاریزم
وە تا ئێستاش ئەم دوو پارتە گەورەو سەرەکیە لە نیپاڵ لە بازنەیەکی داخراوی ململانێ و یەکگرتنەوەو هاوپەیمانیەتی وجیهانبینی خەباتی چەکداری و سازش و دانوساندن و بەشداریکردن لە دەسەڵاتی پارلەمانتاریزمی بۆرژوازیانەدا ئەژین و ماونەتەوە، چ لە نێوان خۆیاندا چ لەگەڵ ( پارتی کۆنگرەی میللی ) ، کە خۆی لە خۆیدا بوونەتە هێشتنەوەی ئاسۆیەکی ئاڵۆزو نادیار و پڕ لە ئاشوبی سیاسی لە و وڵاتەدا، وە بوونەتە مایەی چەواشە کاری و بەلاڕێدابردنی خەباتی دروستی چینایەتی لەو ناوچەیەدا.
بازنەی داخراوی سیستەمی هەڵبژارنی بۆرژوازیی پارلەمانی، هێشتا گەورەترین کۆڵەکە و ئامرازی خۆشباوەڕی وسیاسەتی چەواشەکارانەی بزووتنەوە سیاسیەکانی چەپی ڕیفۆرمیست و پۆپۆلیستیە شەعبەویەکانی سەر بە ئۆردوگای ماوتسی تۆنگ و ستالینییەکان وهەروەها چەپە ڕیفۆرمیستیە کرێکاریەکانی تر کە سەر بە ئۆردوگای سۆسیال دیمۆکراسی وڵاتانی ڕۆژئاوان، هەر هەموویان بوونەتە کۆسپ وتەگەرەو ئامرازی فریودان و بەلاڕێدابردنی ناڕەزایەتیە کرێکاری و جەماوەریەکان لە نیپاڵ و وڵاتانی دراوسێ و بگرە جیهانیش، وە ئەم جارەش دیمۆکراتیزمی بۆرژوایی و چەپی ڕیفۆرمیستی ئەم پارتانە لە نیپاڵ شکستی خۆیان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا سەلماند ، وە دەریانخست کە هیچکاتێک ئەوان دۆستی چینە چەوساوەکان نین وناتوانن وەک ئاڵتەرناتیڤی ڕاستەقینەی حاکمیەتی سیاسی چینی کرێکارو چەوساوەکانی نیپاڵ و ناوچەکە ڕۆڵ بگێڕن.
هەروەها سیاسەتی خەباتی چریکی و گەریلایی جوتیارانی ماویەکان وە جیڤارایستیەکان کە لەسەر بنەمای تێڕوانینی ڕزگارکردنی بۆرژوازی نیشتمانی و ئازادی کەڵەکەو جووڵەی سەرمایەی خۆماڵی، کە لە ژێر ناوی ( خەباتی ڕزگاری نیشتمانی ) دا بەڕێوە چوەوە درێژەی هەیە هەمیشە قازانجی بۆرژوازی نیشتمانی و پاڕلەمانتاریزمی بۆرژوایی بە پێشمەرجی سەرەکی وەرگرتووە، وە بزووتنەوەی کرێکاران وجوتیارانیان بە شێوەی جۆراو جۆر سەرکوت وفریودراون وە خەباتی ئەوانیان بەلاڕێدا بردوە، بۆ نموونە سەندیکای کۆنفێدرالیەی سەندیکای مەزنی ANTUFE- R سەر بە پارتی ( CPN-M) ماویەکانە ، وهەمیشە لە ژێر هەڕەشەو بڕیاڕەکانی ئەواندا کاریان کردووەو کرێکارانیان لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی خۆیاندا شەتەکداوە، کە لە دوا ئەنجامدا سیاسەتەکانیان بەدژی بەرژەوەندی خەباتی چینایەتی کرێکاران وە جوتیارانی چەوساوە و هەژارانی گوندەکان شکاوەتەوە، وە هەر هەموو ئەم سیاسەتە سازشاکارانەیەش لە ژێر ناوی پاراستنی یەک ڕیزی خەباتی نیشتمانی بردۆتە پێشەوە.
پارتە ماویەکان بەهەمان چەشنی ئەو وتەیەی مارکس کە ئەڵێت ( جوتیار تەنها سنووری دەوروپشتی لووتی خۆی ئەبینێت ، لە کاتی کێڵانی زەویەکەیدا) ! ، ئەوانیش سنووری نێونەتەوەیی خەباتی چینایەتی پڕۆلیتاریا نابینن و لە چوارچێوەیەکی تەسکی ڕیفۆرمیستی بۆرژوازیانەدا، کە لە سنووری دامێنی چیاکانی نیپاڵ وە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی حوکومەتی وڵاتی نیپاڵدا تێناپەڕێت.

ئەنجامگیریەکان وئاڕاستەی خەباتی چینایەتی بزاڤە جۆر بەجۆرەکانی ( نەوەیZ)
ڕووداەکانی ئەم دوایانەی نیپاڵ، وەک سەرەتایەک و بەشێک لە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی دژ بە گەندەڵی و بێکاری و چاوچنۆکی حاکمان و کاربەدەستانی دەوڵەت و چاوچنۆکی سەرمایەدارانی ناوخۆیی و گرانی و ڕیسوابوونی سیاسەتی ڕیفۆرمیستانەی پارت و ڕێکخراوە کۆمۆنیست و چەپە جۆر بەجۆرەکان لەسەر ئاستێکی بەرفراوانی ناوخۆیی و جیهانی، پاڵنەرێکی سەرەکی بوون بۆهەڵسانێکی شۆڕشگێڕانەی لەم چەشنە.
نەوەی ( Z) سەرقافڵەی ئەم خرۆشانە شۆڕشگێڕانەیە بووە ، نەک لە نیپاڵ بەتەنها بەڵکە لە بنگلادش و سریلانکا و کینیاو مەغریب و پێشتریش لە عێراق، بێگومان ئەم خرۆشانە جەماوەریە شۆڕشگێڕانە بەتەنها لە چوارچێوەی ئەم و ئەو وڵاتاندا نامێننەوە و درێژەشی ئەبێت بەهۆی قەیرانی ئابوری وسیاسەتی سەرکوتگەرانەو داگیرکاری ئیمپریالیستی و بەکرێگیراوی بۆرژوا خۆماڵیەکان و هەڵپەی کەڵەکەی سەرمایەو چەوساندنەوەی هەرچی زیاتری جەماوەرێکی ملیۆنی لە کرێکاران و توێژە چەوساوەکانی تر.
کۆپیکردنەوەی ئەمجۆرە لە خەباتێک کە پشت بە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و بەرنامە دیجیتاڵیەکانی تری وەک دیسکۆرد و جۆرەکانی تر، بوونەتە دەروازەیەکی نوێی و سیمایەکی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان وئامرازێکی ڕێکخستنی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی سەردەمی گڵۆباڵیزمی سەرمایەداری لەسەر ئاستی جیهان .
بێگومان بەرنامە دیجیتاڵیەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وەک ئامرازێکی بەرهەمهێنان و سەرکوتگەری سەرمایەداری نوێ، لە ژێر کۆنتڕۆڵ و چاودێری و کۆنتڕۆڵی خودی ئیمپریالیستەکان و بورژوا ناوخۆییەکاندایە، هەر بۆیە خاڵی وەرچەرخانی سەرەکی کە پێویستە بەسەر ئەم شۆڕشانەدا بێت، ئەوەیە کە جەماوەری ڕاپەڕیوی لاوان و چینە چەوساوەکان، پێویستە بگەڕێنەوە بۆ سەر بنەما واقیعیەکانی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی خۆیان لەسەر زەوی وە کۆڕو کۆمەڵ وڕێکخراوە خۆجێەکانی خۆیان لەسەر بەرپاکردنی شۆڕش تاوتوێ بکەن، نەک بەتەنها لەناو بەرنامە دیجیتاڵی و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا، وە ئامادەسازی بۆ پێکهێنانی پارتی سیاسی شۆڕشگێڕی چینایەتی پڕۆلیتاریا لەسەر ڕۆشنایی میتۆدی دیالێکتیکیانەی مارکس وبەسوود وەرگرتن لە ئەزموونی خەباتی فکری و سیاسی لێنین.
شۆڕشی تەکنۆلۆجیای سەردەم هێندەی تر مرۆڤی کارگەر و تێکۆشەرانی لە جیهانی واقیعی و زیندووی خۆیان دابڕیوەو، توشی نامۆبوونێکی بێوێنەی کردون.
ئەوان ئەگەر لە چوارچێوەی ڕێکخراوبوونێکی کاتی و ڕووکەشیدا هەڵسوکەوت بکەن لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە، بە واتای ئەوە دێت کە مامەڵە لە گەڵ جیهانێکی گریمانەیی ( ئیفتراضی ) ئەکەن، کە ناتوانێت جێگیر بێت ودرێژەی هەبێت، بەمجۆرە شۆڕشی دیجیتاڵیزم وەک هەر ئامرازێکی تری سەرکوتگەرانە کار لەسەر هێشتنەوەی ناڕەزایەتیەکان ئەکەن کە لە مەودایەکی دیاریکراوو داخراودا نەچن بەولاوە، کە خودی بۆرژوازی جیهانی لە پێناو بەتاڵکردنەوەی ئەو هەلومەرجە شۆڕشگێڕانەیە سوودیان لێئەبینێت، وەک بەشێک لە بردنە پێشەوەی سیاسەتی چەواشەکارانەی لێبڕاڵیزمی جیهانی کە بریتیە لە ئەفسانەی درۆزنانەی ( ئازادی بیرو ڕاو ڕەخنەگرتن ) ! کە لە چوارچێوەی یاسا و ڕێسای دەسەڵاتداریەتی سیستەمی سەرمایەداری جیهانیدا ئەیانهێڵێتەوە.
تێکشکانی دامودەزگاکانی دەوڵەت و سوتاندنی پارلەمانە سەرکوتگەرو بەدناوەکەی دەسەڵاتدارانی بۆرژوازی لە نیپاڵ و شوێنەکانی تر، وە ناچارکردنی دەستکێشانەوەی سەرۆک وەزیران و کاربەدەستانی ترلە کارەکانیان، هەنگاوێکی گرنگی مەشخەڵی چوونە پێشەوەی ئامادەیی پرۆلیتاریای شۆڕشگێڕی نیپاڵ و سریلانکا و بەنگلادش و شوێنەکانی ترە، بەرەو ڕووخاندنی تەواوی بنەماکانی دەسەڵاتداریەتی سەرمایەداری.
بەڵام ئەمە تەنها هەنگاوێکە لە ڕاستای شۆڕشێکی مەزنتردا، وە ناکرێت بە کەم بگیرێت بەتایبەت لە شوێنێکی وەک نیپاڵ و سریلانکاو بنگلادش کە ڕەنگە بەدوای خۆیدا پڕۆلیتاریای هندستان و چین و پاکستان بهێنێتە سەر سکەی ئامادەکاری پێکهێنانی پارتی مارکسیستی پڕۆلیتاری لەو ناوچانەدا، هەروەک لێنین ئەڵێت:( هەرکەسێک چاوەڕوانی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی “پاک” بێت، هەرگیز بۆ بینینی ناژی، کەسێکی ئاوا کە باسی شۆڕش دەکات لەوە تێناگات کە شۆڕش چییە.) [٧]

بزاڤی تەشرینی (نەوەی Z) ی ساڵی 2019 لە عێراق
لە پەیوەند بە عێراق وهەرێمەوە، یەکێکی تر لە نمونەو جۆری ئەو خەباتەی کە لاوانی (نەوەیZ ) لە نیپاڵ و شوێنەکانی تری جیهان کە پێی هەستاون، بریتیە لە ڕاپەڕینی تەشرینی ساڵی 2019 لە بەغداو شارەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق، کە ئەو کاتە ئەزموونێکی شۆڕشگێڕانەی لەم چەشنەیان نمایش کرد، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارتی پێشڕەوی شۆڕشگێڕی ئەم قۆناغەی سەرمایەداری، وە زاڵبوونی مەیلی ڕیفۆرمیستانەو لێبڕاڵی و مەزهەبی و میللی نیشتمانپەروەری لەناو ڕیزەکانیاندا، نەتوانرا ئاڕاستەی ئەم ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕانەیە بەرەو ڕوخاندنی سیستەمی سەرمایەداری و دەسەڵاتداریەتی بۆرژواکان لە عئێراق و ناوچەکە.
تێکۆشەرانی سەربەخۆی مارکسیستی لە بەغداو ناوچەکانی تری عێراق، نابێت چیتر بێدەربەستی و خۆشباوەڕیەک نیشانبدەن لەبەرامبەر هەلومەرجێکی لەو چەشنەدا کە کرێکاران و چەوساوەکانی عێراق و لەوانەش هەرێم پێویستیان بە ئامرازی سیاسی شۆڕشگێڕانەی خۆیان هەیە، لە پێناو دژایەتی و ڕیسواکردنی مێژووی حاکمیەتی دەسەڵاتداریەتی لە عێراق وە هەرێم وحیزبە قەومی و لێبڕالی و ئیسلامیەکان و میلیشیا شیعەکان و تەواوی پاکێجی سیاسی چەپە ڕیفۆرمیستە جۆر بەجۆرەکانی ئەو ناوچەیە.
یەکێک لە دەستەخوشکەکانی پارتە کۆمۆنیستیەکانی نیپاڵ، بریتیە لە حیزبی شیوعی عێراقی لەروی مەیلی ڕیفۆرمیستی شەعبەوییەوە، کە هەمیشە سات و سەودای لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق کردوەو بگرە بەشێکیش بوون لەم دەسەڵاتە کۆنەپەرستانەیە وە گەندەڵی خۆیان لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقیدا هەر لە سەرەتای دروستبوونیانەوە وەک مەیلێکی ڕیفۆرمیستی شەعبەوی کۆمنتێرنی ستالینی نیشانداوە.
هەروەها تەواوی ئەو تاقم و ڕێکخراوە وردەبۆرژوازیانەی تر کە بەناوی پارتەکانی ( کۆمۆنیزمی کرێکاری) یەوە کار ئەکەن وەک نمایەندەی مەیلێکی ڕیفۆرمیستی کرێکاری سەر بە ئۆردوگای سۆسیال دیمۆکراسی وڵاتانی ڕۆژئاوا.
گەشەی سەرمایەداری و پەرەسەندنی خەباتی پڕۆلیتاریا لە هەرێم و ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، ناوەرۆکی ووردەبۆرژوازیانەی هەموو ئەم پارت و ڕێکخراوانەی خستەڕوو، وە شانبەشانی ( ح.ش) ڕیزبەندی چینایەتی خۆیان لە گەڵ بەرژەوەندیەکانی بۆرژوا-کۆمبرادۆرەکانی عێراق و هەڵبژاردنەکانی پارلەمانی عێراق نیشانداوە، بەتایبەت ئەودوو بەشەی کە پەیوەندیان بە کوردستان وعێراقەوە هەیە.
چونکە بەرنامەی فکری وسیاسی هەردووئەم مەیلە ڕیفۆرمیستیە وئەم جۆرە لە ( کۆمۆنیزم) بریتیە لە کۆمۆنیزمێکی بۆرژوازیانە و ڕیفۆرمستانە، ئیتر چ مەیلی شەعبەوی کۆمێنتێرنی ستالینی بێت ، یان مەیلی ڕیفۆرمیستی کرێکاری بێت، کە هەردووکیان باوەڕیان بە بنیاتنانی سۆسیالیزمێکی بۆرژوازیانە هەیە لە ژێر چاودێری مۆدێرنیزمی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک ڕێکخراوەیەکی ئیمپریالیستی جیهانی.
پارلەمان و پاڕلەمانتاریزم لانەو قەڵای نیشتمان پەروەری بۆرژواکانە بەشداریکردن لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی پارلەمانی 2025 دا، خۆی لە خۆیدا نیشاندەری ئاشکرا بونی ناوەرۆکی چینایەتی وردەبۆرژوازیانەی ئەم جۆرە حیزبانەیە لەسەر ئاستێکی فراوانتردا، وە بوون بە ئامرازێکی تەواوکەری سووکایەتی بە ژنان وکچان کە لە ناو دەسەڵاتداریەتی پارلەمانی عێراقیدا وەک عورف و یاسای جەعفەریە مەزهەبیەکان پیادەئەکرێن.
ژنان و کچانێک کە بەشداری لەم هەڵبژاردنانەدا ئەکەن وخۆیان کاندید کردووە لەپێناو ئیمتیازاتی شەخسی خۆیان، هیچی تر نین بێجگە لە کەسانێکی گومڕاو وسەرلێشواو و بوون بە پاشکۆی دەسەڵاتداریەتی پیاوسالاری کەلە ناو پەرلەمان و یاساکانی عێراق و هەرێمدا پیادەئەکرێن،و هەرچی زیاتر زنجیرەکانی کۆیلیەتی وسووکایەتی بە کچان و ژنان پتەوتر ئەکەن.
هەروەها بەشداریکردن لە هەڵبژاردنێکی لەم جۆرەدا لە ژێر ناوی ( مارکسیست) بوونەوە، جۆرێکە لە ئۆپۆرتۆنیزمی بێشەرمانەی خیانەتکارانەی جیهانی وردەبۆرژواکان کە پێشتریش هەمیشە بەناوی (سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمەوە) لە شوێنەکانی تری جیهان یپیادەکراوە.
هەر بیانوویەک بۆ بەشداریکردن لەم هەڵبژاردنەدا لە هەلومەرجێکی وەک ئێستای خەباتی ڕێکخراوی پڕۆلیتاریا کە لە دەرەوەی پەرلەمانی بۆرژواکاندا لە ئارادا نیە ، جۆرێکە لە هەڵوێستێکی خیانەتکارانەو وکوڕنوشێک وسەردانەواندنێکی موریدانەی بۆرژوا ئاساییانەیە، کە دژ بە بەرژەوەندی چینایەتی کرێکاران و چەوساوەکانە، هەروەها بەراوردکرنی هەلومەرجی پارتی بەڵشەفی و تێزەکانی لێنین سەبارەت بە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی بۆرژوازیدا ، لەگەڵ هەلومەرجێکی ئابووری و سیاسی و بەتایبەت بەراوردکرنی مەیلێکی ڕیفۆرمیستی شەعبەوی ستالینی یان مەیلێکی ڕیفۆرمیستی کرێکاری لەگەڵ پارتێکی شۆڕشگێڕی بەڵشەفی بەسەرۆکایەتی لێنین، کارێکی بێهودەو بیانوویەکی شەرمێونانەیە بۆ داخزانی یەکجارەکی وعەمەلی ئەوانە بۆ ناو دامودەزگایەکی سەرکوتگەری چینە چەوساوەکانی عێراق و پەرلەمانە کۆنەپەرستەکەیان، ئەویش تەنها و تەنها لەبەر پاراستنی ئارامی ژیان و چالاکی سیاسی وردەبۆرژوازیانەی خۆیانە لەناوچوار چێوەی ئەم سیستەم ودەسەڵاتە نەگریسە قەومی و میللی و مەزهەبیە سەرتاپا کۆنەپەرستانەیدا، وە ئەوان بەمجۆرە و بە کردەوە ڕایانگەیاند و سەلماندیان کە لەشکری دژە شۆڕشی پڕۆلیتاریان کە ڕەنگە لە داهاتوویەکی تردا جێگە بە دەسەڵاتداریەتی بۆرژوازی لە عێراق و ناوچەکە لەق بکات.
وە بوون بە نموونەیەکی نوێی تر لە ڕیزی ئەو پارت و چەپە ڕیفۆرمیست و گەندەڵ و دژ بە شۆڕشەی کە لە نیپاڵ وڵاتانی تردا بوونیان هەیە، کە بەدرێژایی چەندین ساڵە وەک جەللادی پرۆلیتاریا بەرپرسیاریەتی گەورەیان لە چەواشەکارن و بەلاڕێدابردنی خەباتی پڕۆلیتاریا لە ئەستۆ گرتووە .

صابر.م
٥ / ١١ / ٢٠٢٥

————————————————————-

[٦] https://en.wikipedia.org/wiki/Gangalal_Shrestha

[٧] https://www.marxists.org/archive/lenin/works/1916/jul/x01.htm




لە ستایشی (نەمنی)دا.. عەبدولموتەڵیب عەبدوڵلآ

(ئەوی دەیبینن.. من نیم)

کاتێک کەسێک زۆر بیر لە خۆی دەکاتەوە، بیر لە خۆی ناكاتەوە بەو مانایەی كە ئیگۆیەکی گەورەی هەیە، بەڵكە دەشێ وەك (ئەویدیكە) بیر لەخۆی بكاتەوە! چوونكە مەرج نییە هەمیشە ئیگۆ وێنەیەکی خۆ بەگەورەزان و نێرگزی هەڵگرتبێ… دەشێ (نەمنی) بێ، یان بەشە چەپێنراو و خۆشەویستەكەی ئیگۆ ئەویدیكەی جیاواز بێ (من ئەویدیكەم وەك خۆم، خۆش دەوێ)…
بیرکردنەوە لە پرسی ئەویدیكە (الغیریة) دەمانباتەوە بۆ قسەکردن لەسەر خود (الذات)ی خۆنەویست؛ بەو قسانەش كۆی ئەو گفتوگۆیانە فەرامۆش دەكەم، كە لە بارەی (من) وەك: (كەس، ئیگۆیزم، سوبێكت) و (ڕۆح، عەقڵ، فیكر) و (زمان) كراون و تەنها ئەوە دەڵێم، كە جیاوازی نێوان (من) و (خود) ئەوەیە: کاتێک كە (من) بەپێی دیدگا ئازادەکانی خۆی (نەك غەریزەكانی مێگەل) شوێنی خۆی بونیاد دەنێت، ئەوە پێی دەڵێن (خود)ی هۆشیار! خودی بناس بە هاوکاریی ئەویدیكەی جیاواز، ژیان دادەهێنێ… ئەگەرچی پەیوەندی نێوان من و ئەویدیكە پەیوەندییەکی ئاڵۆز و فرەلایەنە و پێویستی بەشیکردنەوە و وردەکاری زۆر هەیە، بەڵام ئەمڕۆ لەسەردەمی تەكنۆلۆژیادا سوبێكت دووچاری شلۆكی ئازادی بووە…
لە شیعری (نەمنی)دا (مەولود ئیبراهیم حەسەن)ی شاعیر چەمکی نەمنی وەک نوێنەرێكی خۆنەویست و ئازادی تاکگەرا بەکارهێناوە؛ لەوێشەوە هەموو شتێکی بۆ (خودی هۆشیاری- دیكارتی) و دەرکەوتنی ماهیەتی- ئەویدیكە گەڕاندۆتەوە! شاعیر چەمکی نەمنی وەك ڕێبەری خۆنەویستی و بەرپرسیاری ئازادی بەكارهێناوە، کە ئامانجی یارمەتیدانی ئەویدیكەیە بۆ ڕزگاربوون لەو وەهمانەی کە ئیگۆی خۆبەگەورەزان درووستی دەکات؛ چەمكی نەمنی وەك گەیشتن بە حاڵەتێک لە ئاشتی ناوەوە و هۆشیاری ڕاستەقینە بەكارهێناوە؛ چوونكە بەرپرسیارێتی هەڵبژاردنی ئازادی ڕاستەقینە و ئاشتبوونەوە لەگەڵ ناخ کاتێک دەست پێدەکات، کە تێدەگەیت ئیگۆ تەنها تۆ نیت؛ بەڵكە ئەویدیكەیە!
كەواتە ئاشتەوایی و سەربەخۆیی ئەو سیستمەیە کە (مەولود ئیبراهیم حەسەن) داهێنانەكانی ڕووداوی بوونی نەمنی لەڕێگای زمانەوە لەسەر بونیادناوە؛ (زمان) لە ڕووداوی بوونی نەمنیدا وەک چرکەساتی سەرهەڵدانی گوتارێکی (وجودی) جێگیر و تۆکمە خۆی دەنوێنێ… بەڕای من ئەوەی ڕێگا بۆ شاعیر خۆش دەکات دەروازەیەکی نوێ لەبەردەم زانستی مۆدێرنی زماندا بکاتەوە، درككردنی هەوڵە پێشینەکانی شیكاری دەروونی (زیگمۆند فرۆید)ە، لەبارەی چارەكردنی نەخۆش لەڕێگای دەربڕینی ناخ بە ئازادییەوە … بەو مانایەش وەك شاعیرێك، پەنا بۆ یاساکانی دەروونشیكاری فرۆید دەبات و لە درككردنی ئەو ڕێگایەوە وادەكات (نەمنی) بە ئازادی قسەی خۆی بکات، بەو مانایە نەمنی شیعری، لەلایەك بە ئازادی خۆی دەردەبڕێ و لەلایەكی دیكە بەشێوەی واتای بوونی (هایدگەریی) بوونی شاراوە دەکاتە بینراو و نهێنییەكان ئاشکرا دەکات… لەوێشەوە (من و کێشەكانی منـی چەپێنراو) لە ڕووداوێكی بوونگەرییانەدا (نەمنی) وەك کردنەوەی (شوێنی خودی بناس) و (بنەماكانی زمان) وەك شیعر لە دەروونشیكاری تێدەپەڕێنێ و لە گوتارێكی تۆكمەی ئازادانەی شیعریدا خۆی بەیان دەكات، وەك ڕووداوێکی بوونگەرانە دەڵێت:-
بێ دەنگیم
دەمامکێکە
شیتێم دەشارێتەوە
شێتیم
دەمامکێکە
تاوانباریم دەشارێتەوە
تاوانباریم
کرمێکە جەرگم دەخوا
ئەوی دەیبینن.. من نیم .

منی شلۆك
شێوازی شلۆك (السیولة) چەمكێكی كۆمەڵناسی پۆڵەندی (زیگمۆنت باومەن)ە؛ شێوازی شلۆك: بارێکە لە بەرەنجامی گۆڕانکارییە خێراكانی سەردەمی گلۆبالیزم و شۆڕشی ئەلیکترۆنییەوە ڕوو دەدەن؛ ڕۆشنبیریی شلۆكیش هەموو شێوە و ماناکانی ڕۆشنبیریی تۆكمە و چەسپاو دەگۆڕێت؛ لە ڕۆشنبیرییی شلۆكدا، دەشێ لە هەموو چرکەساتێکدا بەها و باوەڕ و پێوەرە کۆمەڵایەتییەکان و ئەخلاق و ڕەفتاری تاک بگۆڕدرێن! لێرەوە لەو نووسینەدا دەمەوێ (ڕۆشنبیریی تۆكمە) و (سوبێكت) لە ڕووداوی (نەمنی)ی شاعیر و (نەمنی)ی شاعیریش لە (منی شلۆك) گەڵاڵە بكەم و لەسەر ئاستی شێوازە شلۆكەكانی (زیگمۆنت باومەن) وەك توانەوەی شێوە و ماناکانی (من) و لەڕێگای گۆڕانكاری بەردەوامەوە، کە هیچ سنوورێك ناس ناكات و هیچ ئامانجێکی دیاریكراویشی لەخۆ نەگرتووە، هەوڵی خوێندنەوەی ڕووداوی بوونی (نەمنی) شاعیر بدەم!
كەواتە ئەوەی دەتوانین وەك شیكاری دەروونی لەڕێگای دەربڕینی ئازادانە بیبینین، جیابووەتەوە یان دابڕاوە لەوەی كە دەبێت وەك ڕووداوی بوونی شیعری بیخوێنینەوە؛ لە هەموو ئەو بەدواچوونەشدا (زیگمۆنت باومەن) لە كتێبی (مۆدێرنەی شلۆك) وای دەبینێت كە: بەرخۆری لە كاڵای ماددییەوە هەنگاوی بەرەو بەرخۆری لە ھەست و سۆز و پەیوەندییە مرۆیی و تەكنۆلۆژییەكان ناوە؛ بەو مانایەش ڕۆشنبیریی تۆكمە و چەسپاو هەنگاوی بەرەو ڕۆشنبیریی شلۆك ناوە؛ قسەكردنی ئازادانەی فرۆیدی هەنگاوی بەرەو ڕووداوی بوونگەرایی هایدگەر ناوە…
هەڵبەتە لە ڕۆشنبیریی شلۆكدا (خۆشەویستی و کەوتنە داوی خۆشەویستی) بۆتە ئەزموون و توانست، ئەزموونەکانیش بوونەتە ڕاهێنان! دەمەوێ بڵێم بەو مانایە (منی شلۆك) دەتوانێت هەمان ڕستە (ئەوەی دەیبینن.. من نیم) وەك ئەزموون بە گۆڕانكاری جۆراوجۆرەوە بەکار بهێنێت، یان بێ بەرنامە لە دەرگای (تاقیکردنەوەی خۆشەویستی) ڕۆشنبیریی تۆكمە و چەسپاو بدات و بەردەوام ئەزموونێکی دیکە لە کەسێکی دیکەدا بە مەبەستی جیاوازی و لوتکەی چێژ و خۆشی بەسەربردن… تاقیبکاتەوە!
لە کۆمەڵگای بەکاربەردا کاڵاکان زوو بەرهەمدەهێنرێن و زوو تەواو دەبن؛ واتە سوبێكت هەمیشە لە خاڵی سفردایە! لە خاڵی سفری ئازادیدا، زانیاری پێش کۆکردنەوەی زانیاریی دەكەوێت؛ خێرایی پێش کاردانەوە و وەڵامدانەوە؛ ڕۆشنبیریی شلۆك پێش ڕۆشنبیریی تۆكمە و چەسپاو؛ ئازادی تەكنۆلۆژی پێش بوونی ڕەسەن… لێرەوە لە خوێندنەوەی ڕووداوی (نەمنی) شاعیردا دەمەوێ نەمنی و منی شلۆك بەهۆی شۆڕشی زانیارییەكان و گۆڕانكاری خێرای كۆمەڵگای تەكنۆلۆژی و پلەی سفری ئازادی و پەیوەندییە دیجیتاڵییەكانەوە، لەیەكنزیك بكەمەوە؛ بەو سیفەتانەی كە (نەمنی) شیعری و (منی شلۆك)ی تەكنۆلۆژی هەڵیانگرتووە.
ئیگۆ لە كۆمەڵگای تەكنۆلۆژیدا گەورەترین وەهمی ئازادییە، ئیگۆ ناسنامەی ڕاستەقینە نییە! تەنها پێکهاتەیەکی دەروونییە کە لەسەر بنەمای ترس، ئارەزوو و پابەندبوون و پلەی سفری ئازادی دامەزراوە! بەڵام ئیگۆ هەرچەندە هۆشیار بیت، کەمتر پێویستی بە بەرگریکردن دەبێت؛ ڕاستی پێویستی بە سەلماندن نییە، پێویستی بە ئازادی ڕاستەقینەیە، پێویستی بە سەلماندنی بوونە لەلایەن ئەویدیكەی جیاوازەوە… بۆیە لە شیعری (نەمنی)دا دەتوانین بڵێین هەمیشە ئازادی لە خستنەڕووی چەپێنراوەكانی ناوەوە دەرفەتێكی دیكە بۆ تێپەڕاندنی سنوورەکانی (نەمنی) تاقی دەکاتەوە: (ئەوەی دەیبینن.. من نیم.) ئەوەش وەك گوتمان هەر خۆنەویستی نییە، دەشێ قسەكردن بێ لە جیاوازی بوونی ئەویدیکە، بەڵام نەك بەو مانایەی كە ئەویدیكە ڕەنگدانەوەی من بێ، بەڵکوو بەو مانایەیەی كە ئەویدیكە نهێنییەکە و من ناتوانم خاوەندارێتی بوونی بکەم…
(ئیمانوێل لێڤیناس) لە كتێبی (کات و ئەویدیکە) پێیوایە کە ئەویدیکە بوونەوەرێک نییە، بەو شێوەیەی من دەمەوێت، بەکاری بهێنم یان لێکیبدەمەوە یان پرۆجێکتی بکەم، بەڵکوو بوونێکی ئازادە کە ڕووخساری داوایەکی ئەخلاقیی لێ دەکات؛ هەر بەو مانایەش منی ئازادی شاعیر لە ڕووداوی بوونی (نەمنی)دا گوزارشت لە ئەویدیكە دەكات؛ هەر بەو مانایەش هەڵبژاردنی ئازادی (نەمنی) بە پەیوەندی لەگەڵ بوونی ئەویدیکە دەپێورێت! پاش (ئەوەی دەیبینن..) ئیتر گەڕانەوەی منی خۆنەویست (منی شاراوە) بۆ (نەمنی)ی شیعری، وەك حاڵەتێكی دەروونی نا، بەڵكە وەك پرسیارێكی بوونگەرانەی شیعری باسی جیهانی منی شلۆك دەكات…

جیهانی شلۆك
ئایا پرسیاری بوونگەرانەی (نەمنی) ڕەنگدانەوەی جیهانی (منی شلۆكە)ە، یان نهێنییەکە ناتوانم (وەك ڕووداو) خاوەندارێتی بکەم؟! دەشێ لەنێوان كردەی (خاوەندارێتی نەكردن) و چەمكی (منی شلۆك)دا هاوتاییەك هەبێ، یان هاوتایەك لەنێوان کاری شیعری وەك بابەتێكی جوان (كە چێژ تێیدا دەردەكەوێت) و ڕووداوی شیعری (كە بوون تێیدا دەردەكەوێت) هەبێ، بەڵام حاڵەتی دەروونی نەبێ…
لەوێوە دەڵێم جیهانی (منی شلۆك) نزیكە لە تەكنۆلۆژیا و ڕۆشنبیریی شلۆك و چێژ؛ بەڵام ڕووداوی (نەمنی) شیعری شوێنێكە لە ڕۆشنبیریی تۆكمە و ئەویدیكەی جیاواز و بوونگەرایی؛ واتە نەمنی شاعیر بە پەیوەندی لەگەڵ بوونی ئەویدیکە دەپێورێت؛ نەك چێژی تەكنۆلۆژی؛ بە پەیوەندی لەگەڵ مرۆڤایەتی دیاری دەكرێت، نەك سوپەرمانی نیچەیی؛ بە پەیوەندی لەگەڵ ڕووداوی بوون شوێنێك بونیاد دەنێت، نەك لەگەڵ ڕازاندنەوەی زمانی شیعری…
کاتێک شاعیر من لە خۆی دەردەهێنێ، ئەویدیکە دەبینێ؛ بەرپرسیارێتی منی شاعیر بەرانبەر بوونی ئەویدیکە سەرچاوەكانی لە هۆشیارییەوەیە، بەرپرسیارییەتی منی شاعیر بەرانبەر ڕووداوەكانی نەمنی سەرچاوەكانی لە هەڵبژاردنی ئازادییەدایە… بەكورتی ئازادی من شوێنی بوونی ئەویدیكەی جیاوازە، كە وەك شیعر ناتوانم لە ڕووداوی (نەمنی) تێیپەڕێنم؛ بەو مانایەش ئەوەی دەیبینن.. من نیم، بەڵكە منی خۆنەویستە؛ شوێنی نەمنی ڕووداوی شیعری لە داخوازییە مرۆڤایەتییەكانەوە سەرچاوە دەگرێت؛ بەڵام ئەوەی ئەو جیهانە درووستکراوە ڕەخسێنراوەی ڕووداوی نەمنی بە منی شلۆك دەبەستێتەوە، لە داخوازییەكانی چێژ و هێزی سوپەرماندایە! چوونكە داخوازییەكانی ڕووداوی (نەمنی) خۆشەویستیی مرۆییە؛ داخوازییەكانی (منی شلۆك) خۆشەویستی تەكنۆلۆژییە؛ خۆشەویستی مرۆیی پەیوەندی بە بەخشینەوە دەكات؛ خۆشەویستی تەكنۆلۆژی پەیوەندی بە چەمكی زێدەییەكانەوە هەیە!
بە كورتی لێرەوە دەتوانم بڵێم پەیوەندی نێوان تەكنۆلۆژیا و منی شلۆك لە (پلەی سفری ئازادی، یان ئازادی وەك كەرستە) درووست دەبێت؛ نەك وەك دیاریكردنی پەیوەندی خۆشەویستی… (زیگمۆنت باومەن) لە كتێبی (خۆشەویستی شلۆك)دا پەیوەندی نێوان تەكنۆلۆژیا و منی شلۆك ناو دەنێت (خۆشەویستی کەرەستەیی)؛ بەو مانایەش لە جیهانی تەكنۆلۆژیادا پەیوەندی خۆشەویستی بۆ بوونی ئەویدیكەی جیاواز لە پەیوەندییەوە بۆتە ئەزموون و توانست، ئەزموونەکان ژمارە و زێدە ژمارەن؛ ژمارەكان بوونەتە کاڵا؛ پەیوەندییەكان بوونەتە پەیوەندی بەرژەوەندیخوازانە و کاتی؛ بەو مانایەش دیاریكردنی پەیوەندی خۆشەویستی تەكنۆلۆژی بە لۆژیکی (ئابووری و بازرگانی) دەپێورێن، لەسەر بنەمای (زیان و قازانج)؛ یان ئەو خۆشەویستییە وەك (تاقیکردنەوەی خۆشەویستی) تەماشا دەكرێت! كەواتە ئەوەی لە پلەی سفری ئازادیدا دەیبینن، من نیم، بەڵكە ئەزموونێکی دیکەی منی شلۆكە و کەسێکی دیکە تاقیدەکاتەوە؛ واتە گۆڕینی بە کەسێکی دیکە!.
جیهانی منی شلۆك، جیهانی زێدە تاقیكردنەوەیە، جیهانی زێدە قازانج… جیهانی منی شلۆك لەسەر بنەمای ئابووری تەكنۆلۆژی وەستاوە… بەڵام شوێنی نەمنی، شوێنی بەخشین و ڕێزگرتن… شوێنی ڕووداوەكانی نەمنی وێنە و بوونی ئەو بەخشینە ڕاستەقینەیە دەكێشێ كە (جۆرج باتاى) لەسەر بنه‌مای–ئابوورى هەتاوی- باسی دەكات؛ واتە: بەخشینێكى تاكلایەنانەى وزەی هەتاو بە بوونی ئەویدیكەی جیاواز؛ بەخشینى ئەو شتەى كە خۆت بە خاوەنى نازانیت، پشت بە مامەڵەكردن نابەستێت؛ هەتاو دەسووتێت و هێدی هێدی لە وزە (خۆشەویستە) بێڕادەكەیدا (مەستمان) دەكات، (ژیانمان پێدەبەخشێت)… بڕوانە: كتێبی (تیۆری ئایین) و: هاوار محەمەد، دەزگای ئایدیا، 2017، چ حەمدی- سلێمانی، ل122-123.
دەمەوێ بڵێم بوونی خۆشەویستی مرۆییانە وەك (تیشكى هەتاو) پشت بە مامەڵەكردن نابەستێ؛ پشتبەستن بە مامەڵەكردن، دەكەوێتە سەر سووكایەتیپێكردن (زیاتر قەرزبار كردن)! لەبەرانبەریشدا (تاقیكردنەوەی خۆشەویستی) تەكنۆلۆژی پەیوەندی بە زێدە قازانج و زێدە مامەڵەكردندایە…
بێگوومان ئامادەیى بوونی خۆشەویستى لەسەر بنەمای (ئابوورى هەتاوی) دەلالەت لە بەخشینى وزەی دەروونی و بەخشینى (خۆشەویستى) بێ‌ بەرانبەر دەكات… ئامادەیى خۆشەویستى لەسەر بنەمای (ئابووری تەكنۆلۆژی) كاڵایە، قازانجە… یەكەمیان، بەردەوام بیر لە نرخ و شكۆی بوونی ئەویدیكەی جیاواز دەكاتەوە؛ دووەمیان، بیر له‌ زێدە سوود و ئاڵوگۆڕ و زێدە به‌رهه‌مهێنان و هەبوونی زێدە ده‌ستكه‌وت دەكاتەوە… یەكەمیان، هەمیشە خۆشەویستی وەك خاڵی سەرەتایی دەبینێ؛ دووەمیان، خۆشەویستی وەك كاڵا سەرف دەکات و لە پلەی سفردا (زێدە- خۆشەویستی) تاقی دەكاتەوە؛ (ئالان بادیۆ) لە كتێبی (لە ستایشی خۆشەویستی)دا، دار التنوير، 2014، ترجمة: غادة الحلواني- لە بەشى (خۆشەویستى لە ژێر هەڕەشەدایە)؛ بە ناوى (خۆشەویستی ئازادانە)ى سەردەمى بەكاربردنى خۆشەویستى… دەڵێت: من پابەند نیم، من پابەند نیم، واتە: خۆشەویستی لە پلەی سفردا! بەو مانایە دووەمیان، پلەی سفری خۆشەویستییە… كەواتە (ئەوەی دەیبینن.. من نیم) واتە دوور لە پلەی سفری خۆشەویستی دەلالەت لە بونیادنانی خۆشەویستی دەكات.

مۆدێرنەی شلۆك
لە دیدی (زیگمۆنت باومەن) كۆمەڵگای تەكنۆلۆژی دەلالەت لە توانەوەی پێکهاتە کۆمەڵایەتییە چەسپاوەکان و دامەزراوە تۆکمەکان دەكات؛ بە مانایەكی دیكە كۆمەڵگای تەكنۆلۆژی مۆدێرنەی شلۆكە و لەڕێگای گوزارەی تاکگەرایی و مەسرەفگەرایی جێگای بە گوزارەی هاوڵاتیبوون و ڕووداوەكانی بوونی ئەویدیكە، چۆل كردووە؛ لەڕێگای پەیوەندی هاوبەندییەوە جێگای بە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان تەنگ كردووە… لەوێشەوە (زیگمۆنت باومەن) ئاماژە بە لەرزۆکی و کەمخایەنی پەیوەندییە مرۆییەکان دەدات و دەڵێ پەیوەندییە مرۆییەکان، تا دێت زیاتر شلۆک و کەمخایەن و زوو تێپەڕ دەبن؛ شلۆکی پەیوەندییە مرۆییەکان، هەستی تاوانباربوونمان بۆ درووست دەکەن، هەرچۆنێک ئەو هەستە بخەینەڕوو، هەست بە تاوان دەکەین، هەرگیز ئەو پەیوەندییە هەستی بەکۆمەڵبوون درووست ناكات، بەڵکە وەك هاوبەندی ئەو کاتە کۆتایی دێت کە داواکاری و ئارەزووەکانی ئێمە جێبەجێ ناکات، ڕێک وەک کاڵایە… لە کۆمەڵگای بەکاربەردا کاڵاکان زوو بەرهەمدەهێنرێن و زوو زوو تەواو دەبن؛ لە کۆمەڵگای بەکاربەردا چێژ بۆتە بەشێک لە بەکاڵابردنی سوبێكت، چێژ بۆتە هۆکاری سەرەکی درووستکردنی پەیوەندیەکان…
تاوانباریم
کرمێکە جەرگم دەخوا
دەشێ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەكان و هاوبەندی تەكنۆلۆژی لەنێوان منی خۆنەویست و کێشەكانی منـی چەپێنراو لەو پرسیارە (نالۆژیكی/ لۆژیكی)یانەدا هەڵگرینەوە و بڵێین: خۆزگە (تاوانباریم) وەك كرمێك بە ئازادی جەرگی خواردم، لە دەرەوەی ئامێری بێ هەستی تەكنۆلۆژیاوە؛ ئەی (بێدەنگیم) كرمی نەبینراوی جەرگم بوو… چی بوو؟! ئەی چی دەبێت بەبێ دەنگی لەلایەكی جەرگم ڕێبکەم، یان گوێم لەدەنگی تاوانە شاراوەكانم بێ… بەڵام لە هەموو ئەوانەشدا ئەی چی دەبێت ئەگەر زەنگی چەێنراوەكانم لەبری زەنگی تەكنۆلۆژیا، سڵاوی ڕووداوەكانی بوونی (نەمنی)ی بە پلەی سفری ئازادی (منی شلۆك) بگۆڕێتەوە؟!.
دەمەوێ بڵێم ئەو لێکۆڵینەوە قووڵەی (زیگمۆنت باومەن) لە بارەی مرۆڤ لە سەردەمی مۆدێرنیتە شلەکاندا پێشکەشی كردووە، ترسەکانی چیتر لە مەترسییە کۆنکرێتییەکان و کۆنتڕۆڵکراوەکاندا قەتیس نین، بەڵکە گۆڕاون بۆ دۆخێکی بەردەوامی دڵەڕاوکێ و نادڵنیایی… لەو قەسیدەیەشدا وەك ڕوونمانكردەوە (ترسی ڕووداوەكانی- نەمنی) چیتر لە هەڕەشەیەکی دیاریکراو و دوورەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکە لە ناسکییەکی بێ مەودا و نزیكەوە هەڵقوڵاوە، کە خۆیان لە تایبەتمەندی دیجیتاڵی و مامەڵەی تەكنۆلۆژی و مەترسییە ئابووری و ژینگەییەکانەوە تا ناسکی چاودێریكردنی ئەمنیی و دڵەڕاوکێ و نادڵنیایی هەڵدەگرنەوە… هەموو ئەوانەش وەك كۆمەڵێ زانیاری كەڵەكەكراو و زیرەكی/ ژیری دەستكرد و ڕەفتاری بەکۆمەڵ لە قاڵب دراو شلتر دەردەكەوێت و لەوێوە هەموو سنوورەکانی مرۆڤایەتی بەزاندووە و لە هەموو شوێنێ بەشێوەی سوپەرمانی نیچەیی بڵاودەبێتەوە و بەردەوام دەگۆڕێت…
ئیتر ئەوە شوێنی كۆمەڵگای تۆكمە و چەسپاوە، كە جیهانی كۆمەڵگای ئەلكترۆنی بەرهەمهێناوە؛ ئەوە هاوبەندی تەكنۆلۆژییە، كە مۆدێرنیتە شلەکانی لێكەوتۆتەوە… کۆمەڵگایەکی بەرهەمهێناوە، کە لە ناسکی بەردەوامی ئامێرە بێ هەستەكاندا بژی… ئیتر پەیوەندی كۆمەڵایەتی ڕاستەقینە و دامەزراوەی سەقامگیر و دڵنیایی تۆکمە و دەروونشیكاری… ڕۆژیان ئاوابوو؛ ئیتر تاکەکان ڕووبەڕووی ترسی هەمیشە گۆڕاو دەبنەوە! (زیگمۆنت باومەن) لە كتێبی (الخوف السائل)، ترجمة: حجاج أبو جبر- ط1، بیروت-2017. دەڵێت: مەترسییەکان چیتر تەنیا لە کارەساتە تەقلیدییەکاندا سنووردار ناكرێن، بەڵکە بوونەتە بێکاری شلۆك و داڕمانی بازاڕ و پیسبوونی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا… جگە لە هەموو ئەوانەش (ترسی خەیاڵی) ترسی شەوە تاریكەكانی نادڵنیایی کە لەلایەن میدیا و سیاسەتەوە وەک ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردن بەردەوام تووند و تووندتر دەکرێت؛ یان لەسەر بنەمای تاریكی نادڵنیایی كۆنتڕۆڵی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان دەكات و کۆمەڵگا دەخاتە دڵەڕاوکێی بەردەوامەوە.

عەبدولموتەڵیب عەبدوڵلآ
هەولێر 29/9/2025




تێكدانی زمانی كوردی لە پڕۆگرامەكانی خوێندندا.. سەدیق سەعید ڕواندزی

              
      

پڕۆگرامەكانی خوێندن، وەك نێوەندێكی بنەڕەتی فێركاری، ڕۆڵێكی هەرە گرنگ و كاریگەریان هەیە لە ڕێكخستنی زمان و بە ستانداربوونی، چونكە ئامرازیی فێركردنی نەوەكانن. لەو سۆنگەیەوە پڕۆگرامەكان لە ڕووی زمان و ڕێنووسەوە، دەبێ یەك شێوە بن و بە وردی پەیڕەو لە خاڵبەندی و لایەنی ڕێنووسی زمانەوە بكەن و زمانێكی ڕاست و دروست و بێ هەڵەیان تێدا بێت، كەچی بەداخەوە لە هەرێمی كوردستاندا، پڕۆگرامەكانی خوێندن لە بری ئەوەی ڕۆڵی بە ستانداربوونی زمان ببینن، بە جۆرێك لە جۆرەكان لە ڕێگەی ئەو گۆڕانكارییە نا فەرهەنگی و نا دەستووریانەی زمان كە ساڵانە بە ناوی نوێكردنەوە ئەنجام دەدرێن، ئەوەندەی تر زمانی كوردی دەشێوێنن و پەرتەوازەتری دەكەن. بۆ ئەمساڵی خوێندن، لە پڕۆگرامەكاندا پیتی (وو ) بزوێنی درێژیان لاداوە. بێگومان ئەم پیتە، پیتێكی سەربەخۆیە و لە ڕێزبەندی هەفت پیتە بزوێنەكەیە و ئەو وشانەی ئەم پیتەیان تێدایە، بۆ نموونە: وەك (بوون، چوون، هەمووان، سەركەوتوو، شاتوو، دووربین، مووچە، ڕوون، ڕوو، ڕووگە، هاتووچۆ ) و گەلێك وشەی دیكەش، خۆیان لە بنچینەدا هەڵگڕی ئەو پیتەن و پیتەكە بەشێكە لە سرووشتی بوونی زمانییانەی وشەكە، نەك ئەوەی پیتێكی زیادكراو بێت، تاكو بتوانرێت لاببردرێت یان گۆڕانكاری تێدا بكرێت. گەر هەمان ئەم وشانە بە شێوەی (بو، چو، ڕو، شاتو هەموان) بە نموونە بنووسین، دەبینین لەلایەكەوە لە ڕووی فۆڕمی نووسینەوە چەندە ناڕێزمانی و نا ئستاتیكی دەردەكەون، لەلایەكی دیكەشەوە لە ڕووی دەربڕینیشەوە چەند لەنگییان پێوە دیارە، چونكە كە دەڵێین (ڕوو) ئەوا ( وو) دەردەبڕین نەك (و) . یاخود گەر لە بری (ڕوون) كە بە مانای ساف دێت بنووسین (ڕون) ئەوا دەبینین ئاسمان و ڕێسمان لە ڕووی ماناوە جیاواز دەكەونەوە، چونكە ئەوەی دوایان، پێداویستییەكی ئامادەكردنی خواردنە. ئەوانەی ئەو گۆڕانكاریەیان لەو پیتەدا كردووە، لە ڕاستیدا بای ئەوەندە ئاگایان لە زمانی كوردی نەبووە، كە زمانی كوردی نووسین و گۆكردنی وەك یەكە و جیاوازە لە زمانەكانی دیكەی وەك عەرەبی و ئینگلیزی و هەموو زمانەكانی دیكەی دنیا، كە زۆرجار وشەیەك لە ڕووی نووسینەوە هەڵگری پیتێكە، بەڵام خوێندنەوەی جیاوازە، ئەمە لە زمانی كوردی نییە. كاتێ دەڵێین (هاوڕێ) ئەوا دەبێ بنووسرێت (هاوڕێ) كاتێ دەڵێین (گورگ) ئەوا دەبێ بنووسین (گورگ). هەموو وشەیەك لە زمانی كوردیدا دەبێ وەكو خۆی بنووسرێت، چونكە تاكە زمانە نووسین و گۆكردنی هاوشێوەن. دواجار دەڵێم گۆڕانكاریی لە پڕۆگرامەكانی خوێندن لە ڕووی زمانەوە ئەركی بەڕێوەبەرایەتییەك و چەند لیژنەیەك و زمانزانێك نییە، كە ڕەنگە تیایان دابێت ساڵانە دە كتێب لە سەر زمان نەخوێنێتەوە، بەڵكو ئەمە دەبێ بە ڕاوێژكردنی زانستییانە و فەرهەنگییانە و پلانی پەروەردەیی و میتۆدی بێت، بە مەرجێك گەر پێویست بوو گۆڕانكارییەكە بكرێت، نەك ئەوەی كەسانێك وا بزانن (و) و (وو) هەریەكن وەك ئەوەی تێی گەیشتوون !

ئەم بابەتە لە ئەدەب و هونەری كوردستانی نوێ ژمارە(1393) ڕۆژی 23/10/2025 بڵاوكراوەتەوە.




گەزیزە.. برایم فەڕشی

لە حەوشی ماڵی خۆیان ڕووت و قووت دەخولایەوە و گۆرانی دەگوت. منی بینی و دای له‌ قاقای پێکەنین. کاتێک دایکی لە بەر ترومپا دەیشووشت، ئەو یەک بە خۆی دەینەڕاند، دەنگی قیژە و هەرای گەڕەکی دادەگرت. ڕۆژێک پێخاوس، پاپەتی هاتبووە ناو کۆڵان، دەنگی گریانی بەرز بۆوە، ئێمە خۆمان گەیاندێ، دیتمان پۆنیز بە لاقیدا چووە و خوێنی لێدەتکێ، من پڕم بە لاقیدا کرد، هەڵمهێنا و دەمم بە پۆنیز داکرد و تفم کردەوە. گەزیزە خۆی پێدا کێشام ماچم بکات، کەوتم و سەرم بە بەردێکدا کەوت و هەڵتۆقی. ژانی زۆر بوو، نەگریام. لە سبەی ئەو ڕۆژەوە گەزیزە بە کەوشێکی سوورەوە دەهاتە دەر.

لە شارەکەی ئێمە کۆڵان و شەقام ئەسفاڵت نەبوون، جگە لە لای سینەما و دوخانیات. منداڵ دەچوون لەوێ شێلاقە و مه‌زراق و شاتیان دەخولاندەوە و ئێمەش دەچووین. ڕۆژێک لە ناکاو گەزیزە نەڕاندی، ئای حەسەن زیرەک، حەسەن زیرەک. ئەوەی گوت و شوێنی کەوت، ئێمەش بە دوایدا. لە نزیک شیرکەتی نەوت کە هێندەی نەدەما بۆ دەرەوەی شار ، خۆی کرد بە ماڵێکدا، کە چووینە بەر دەرگا، دیتمان شایی و زەماوندە و خەڵک هەڵدەپەڕن. گەزیزە خۆی کرد بە ژوورەوەدا و یەکسەر چووە گاوانی . وەها خۆی بادەدا، نەبێتەوە. زۆربەی خەڵک چاویان تێبڕیبوو. حەسەن زیرەک کە کاتی هاوارکردنی ئه‌و، لە بەر دوخانیات ئاوڕی دابۆوە و پێکەنیبوو، زانی ئەوە کچه‌ کەوش سوورە. لێی نزیک بۆووە و پرسی کچۆڵه‌ ناوت چییە، وتی گەزیزە. زیرەک یەکسەر تێیچریکاند:

ئەی لە کێم و لە کێمە
لە گەزیزە و لە خۆمە
لە ماڵ زاوا و بوکێمە
کەوش سووری هاوڕێمە
کچە کوردی بۆکانی
زێڕ و زێوەی ئازیزی.

خەڵکی ناو حەوش و حەسار و سەربان و بەر دەرگا، دەستیان کرد بە چەپڵە لێدان و چەند ژن چوون، گەزیزەیان لە باوەش گرت و ئەولاو ئەو لایان ماچ کرد و چەند کەس وێنەیان لە گەزیزە و زیرک گرت.کە هاتینە دەرێ گەزیزە هەتا ماڵی خۆیان بە سەما وهەڵبەز هەڵبەز، بە ڕێگادا دەچوو. کە گەیشتینەوەوە نزیک ماڵی خۆیان، بە دەنگی بەرز چریکاندنی، کچە کوردی بۆکانی، زێڕ و زێوی ئازیزی.

باوکی گەزیزە شۆفری ماشێن بوو. ئەو شەوانەی باوکی نەدەهاتەوە، دایکی بە منی دەگوت، بچم لە ماڵیان بخەوم. دایکی گەزیزە، کاتی چێشتلێنان لە بەر خۆیەوە گۆرانی دەگوت و دەنگی لە فەتانەی وەلیدی هاوشاریی ده‌چوو، چۆن گەیشتبوونە ئێرە، نەماندەزانی. گوڵدۆزی دەکرد و گۆرەوی و کراسی ده‌چنی و گەزیزە بە دەستکردی ئه‌و ده‌ڕازاندرایه‌وه‌، هاوسا و جیران دەهاتنە لای بۆ ئەوەی گۆرەوی و دەستکێش و شاڵی ملیان بۆ بچنێ و گوڵدۆزی دەسرەی سەر تاقەیان بۆ بکات. ئەو جگە لە فڕنی و مەشکەفی و هەڵوا و غوڕابی، شەربەتی خۆشی ساز دەکرد.

تازە کەوتبووینە پۆلی چوار، دوای فێرگه‌، هەتا ئێوارە لە دەرێ ده‌ماینه‌وه‌. ئەو ڕۆژە گەزیزه‌ نەهات. بە هەڵاتن چووینە بەر دەرگای ماڵەکەیان، لە سەر پێپلیکانەکان مات دانیشتبوو، چووینە ناو حەسار، هەرچەند هەستی بە هاتنی ئێمە کردبوو، سەری هەڵنەهێنا. لە تەنیشتی دانیشتین، ڕووی وەرنەگێڕا. زارا پرسی، گەزیزە چ بووە؟ سەری خستە سەر شانی و بێدەنگ مایه‌وه‌. دەزانی، باوکم لە ڕێگای میاندوا تەسادوفی کردووە! بردوویانە بۆ ورمێ! دایکم و جیرانەکەمان چوون بۆ لای. زارا گوتی، که‌ وایه‌ دەچین بۆ ماڵی ئێمە. گوتم نا، هەموومان لێرە دەبین و دەچین خەبەر دەدەین بە ماڵێ و دێینەوە.

ئەو شەوە تا بەیانی لە حاڵی نیگەرانی و دوو دڵی و چاوەڕوانیدا بووین، ڕۆژی دوایە نەچووینە فێرگە و لای گەزیزە ماینەوە. ئێوارە، شار شڵەقا و دەنگە دەنگ لە کۆڵانەوە ده‌هات و خەڵک بۆ لای دەرەوی شار هەڵدەهاتن، ئێمەش لە گەڵیان کەوتین و لە نزیک بێنزینخانە و ئەو ماڵەی شاییەکەی تێدا گەڕا بوو، چاومان بە ماشێنی نەخۆشخانە کەوت.

دایکی گەزیزە لە پێشەوە دانیشتبوو. گەزیزە ڕایکرد، دایکی ئەوی بینی، پەڕییە خوارێ و باوەشی پێدا کرد. گەزیزە دەینەڕاند کوا باوە، کوا باوە! دایکی پەشۆکابوو، فرمێسک بە لا چاویدا شۆڕ ببووە، خەڵک هەموو وێستابوون، چەند ژن بە لکی دەسماڵ چاوی خۆیان دەسڕی. گەزیزە دەینەڕاند، کوا باوە، کوا باوە. ژنێکی بە ساڵاچوو، لێی نزیک بۆوە و لە ئامێزی گرت و دەستی بە سەرییدا هێنا، چەند ژنی دی ناو خەڵک، چوون و قۆڵیان لە ناو قۆڵی گەزیزە و دایکی خست و هێدی هێدی بەرەو مزگەوتی بازاڕ وه‌ڕێ که‌وتن. زۆربەی خەڵک هاتبوونە بەر دووکان و ماڵەکان و خەمناک ڕاوستابوون و سەریان بەردابووە. هەر ئەو ئێوارە بە بەشداری خەڵکی شار، باوکی گەزیزە ناشترا. ئەو شەوە و ڕۆژانی دواتر، جیران نەیانهێشت گەزیزە و دایکی بە تەنیا بن و بە یەکەوە پرسە و سەرەخۆشیان بەڕێوە برد و هەتا درانگانی شەو خەڵک دەهاتن و دەچوون.

زیاتر لە هەفتەیەکی کێشا هەتا گەزیزە هێندێک ئارام بۆوە، خەڵکی گەڕەک و خاوەن ماشێن، یارمەتی دایکی گەزیزەیان دا و کارگەیەکی جوان، بۆ چنین و دروین و گوڵدۆزی سازکرا و چەند ژنی هاوسا، فێری چنین و گۆڵدۆزی کران و بەرهەم و ناوبانگی کارگای گەزیزە شار و شار ڕۆیشت.

ساڵ هاتو چوو، هەتا ئەوەی گرووپی شانۆ ساز کرا و گەزیزە لە گەڵیان کەوت. ئەو کات گەزیزە پۆلی دەی دەبیرستان بوو.
کزەی سەرما دەستی پێکردبوو، هۆڵی شانۆ پڕ لە حەشیمەت، دەنگ لە کەسەوە نەدەهات، پەردە هێدی هێدی لا درا، دەنگێکی خۆش هۆڵەکەی داگرت:
ئەی یاری نازادرم
ئەی شۆخی عەیارم
هەر تۆ بە تەنیا
بوڵبوڵی گوڵزاری منی
هەر تو بەتەنیا
یاری منی دڵداری منی

ئەوە یەک لەو گۆرانیانە بوو کە دایکی لە کاتی چێشت لێنان لە بەر خۆیەوە دەیگوتەوە، ئێستا لە ڕیزی پێشەوە دانیشتووە و چاوی بڕیوەتە سەر سەکۆ و نائارام هەر دوو دەستی لە ناو یەک ناوە و خۆی کۆ کردۆتەوە، وەک ئەوەی کەوتبێتە ناو خەیاڵ. گەزیزە جلی کوردی سوور لە بەر و کەوشی سوور لە پێ، لە قووڵایی سەکۆوە نەرم نەرم دەهات، لە پڕ بینەران هەڵستانە سەر پێ و دەستیان کرد بە‌ چەپڵەلێدان. گەزیزه‌، گەیشتە بەر لێواری سەکۆ ، چووە‌ سەر چۆک و ڕوو لە شوێنێکی نادیار، ئاوا هاتە دەنگ:

ژیان، دەفتەری نووسراو، چیرۆک و ڕۆمان نییە!
حەکایەتی ئاسمان، گفتی شاعیر و ئاوازەخوان نییە!
چرکەیە! هەناسەیە، دێ و نایا!
هەست و بیر و هزرە، هەتە و نیتە!
ژیان، من و تۆین!
بەیەکەوە هەین و بێ یەک نین!

هەڵستایە سەر پێ، پێخاوس، پشت لە بینەر، بەرەو قووڵای سەکۆ گەڕایەوە و لە تەک دەنگی نەرمی تەموورە، دەنگێک هاتە گوێ: ژیان…… دەفتەری نووسراو…. چیرۆک و ڕۆمان… حەکایەتی ئاسمان…. گفتی شاعیر….ئاوازەخوان…نییە…!

شانۆ پاش دوو سەعات بەم ڕستەیەی منداڵێک کۆتایی پێهات.
منداڵ: کە گەڕامەوە گوێبیستی چیرۆکی ژیانم بە، گەر نەگەڕامەوە، بزانە ژیانی من، دەفتەر و چیرۆک و ڕۆمان نەبووە.

چرا هەڵکرایەوە، بینەر لە بێدەنگی خۆیدا، یەک یەک و دوو دوو، هۆڵی شانۆیان بەجێهێشت، هەرکام نوقمی بیر و خەیاڵ بوو. گەزیزە لە پشت پەردە هاتە دەر و بەرەوڕووی دایکی هات و پرسی، بۆ دەگری؟ گەزە گیان، ئەوە چ بوو، چ داستان و چیرۆک و بەسەرهاتێک بوو؟ منت گەڕاندەوە بۆ قووڵایی ژیانم، بۆ ڕۆژانی لە بیرکراو. نەمدەزانی تۆ ئاگاداری ژیان و بەسەرهاتی منی، نەمدەزانی ڕۆڵەکەم، نووسەر و حەکایەتخوانی! دایە زێڕێنەکەم، تەنیا ئاگاداری ژیانی تۆ نیم، لە پاش مەرگی باوکم کەوتمە گەڕان بۆ ئەوەی خۆم ببینمەوە. لە نەبوونی باوکدا لە خۆم گەڕام، ئەوجا گەیشتم بە تۆ، لە تۆوە گەیشتم بە بنەماڵە و بنەچەکی خۆمان. گووم بووەکانی خۆم، دزراوەکانی خۆمان، دۆزییەوە. ئێستا دزەکانیش دەناسم. ئەوانەی ئێمەیان بە گوومکردنی خۆمان دابوو، بۆ ئەوەی ببین بە وان و خۆمان لە بیر بچێتەوە. دایە گیان، هەموومان گووم کراو و دزراوین. ئێستا دەزانم من و تۆ و ئەو خەڵکەی لێرە بوون ،کێین. ئەم خەڵکەت بینی لە بێدەنگی خۆیاندا هۆڵەکەیان بە جێهێشت؟ ئەوان سەریان پڕ لە پرسیاری بێوڵام کراوە. ڕۆڵەکەم، سەری منیشتان پڕ لە پرسیار کرد.

گەزیزە دوای ئەو شەوە ، نووسراوەکانی دەدا بە ئێمە بیخوێنیننەوە. لە ڕێگای باوکی زاراوە، کە دووکانی هەبوو، کوردی ئەودیو هاتوچۆیان دەکرد و چای عێراقیان دەهێنا و کوتاڵیان دەبردەوە، نووسراوەکانی گەزیزە دەگەیشتە ڕادیۆ کوردی بەغدا و گۆڤارەکانی ئەو دیو، زۆر جار لە بەرنامەی ڕۆژێک لە ڕۆژان لە ژێر ناوی ز. زێڕینە، بڵاو دەکرانەوە. چەند جار لە ڕێگای یەکێک لە فێرکارانی دەبیرستان، کە دۆستی کاکە سوار بوو، نووسراوکانی دەگەیشتنە دەست ئەو و لە ژێر ناوی ز. زێڕینە، خەڵکی سولەیمانی لە بەرنامەی تاپۆوبومەلێڵ بڵاو دەکرانەوە و تاکە کەس دەیانزانی ز. زێڕینە کێیە. دوو ساڵ دواتر، پاش وەگرتنی دیپلۆم، دایکی گەزیزە گەڕایەوە زێدەکەی خۆی و گەزەش بە تەمای خوێندن، ڕۆیشت.

ڕۆژێک لە شاری کۆڵن میوانی دۆستێکی شاعیر و شانۆکار بووم کە لە تارانەوە یەکترمان دەناسی، گوتی کاتێکی چاک گەیشتووی، ئەمشەو لە لیتراتور هاوس، ماڵی ئەدەبیات، بەرنامەیەکی ئەدەبی و هونەری هەیە. دە خولەک درانگ گەیشتین و بەرنامە دەستی پێکردبوو، نووسەرێکی ئاڵمانی خەریکی خوێندنەوەی چیرۆک بوو، لە تەنیشت ئەو خانمێکی چاویلکە ڕەش دانیشبوو، دیار بوو پێشتر هەموویان ناسێندرا بوون.
پاش کابرا نۆرەی ئەو خانمە هات و میکڕۆفۆن کێشرایە بەر دەمی، وەرگێڕدراوی ناوی چیرۆکەکەی دەبووە زەنگیانە، کە دەستی بە خوێندنەوە کرد، دەنگیم ناسییوە، خۆم بۆ ڕانەگیرا و بە کوردی گوتم، زەنگیانە! سەری هەڵهێنا. ئەو کەسانەی لە هۆڵەکە دانیشتبوون ڕوویان بۆ لای من وەرگێڕا و خانمی نووسەر هەستایە سەر پێی، چاویلکەی لە چاو دەرهێنا، هەرکمان بێ ئەوەی بە خۆمان بزانین، بەرەوپیری یەکتر هاتین و ڕوو بە ڕووی یەکتر وەستاین.
پرسی، تۆ لێرە چ دەکەی؟ هاتووم پۆنیز لە ناو پێت دەرکێشم.
خۆی هاویشتە ناو باوەشم و وەخت بوو بە سەر ئەو خەڵکەدا بکەوم. دەستی ڕاکێشام و چوو میکرۆفۆنی وەرگرت و گوتی، ئەو کەسە، یەکێک لە کەسایەتییەکانی ناو چیرۆکەکانی منە. منی لە سەر کورسییەک ڕووبەڕووی خۆی دانا و گەڕایەوە سەر جێگاکەی و داستانی زەنگیانەی خوێندەوە و منی گەڕاندەوە ناو چەقی ڕووداوەکان.چیرۆکی زەنگیانە بە مەرگی زێڕینە خانم، دایکی گەزیزە کۆتایی پێدێت، کە لە نێوان سەڵەواتاوا و سنە تووشی کارەساتی ماشێن دەبێ.

پاش بەرنامەکە، سێ کەسی لە گەڵ ناسر چووینە کافەیەکی نزیک ئیزگەی قەتار کە زۆرتر شوێنی نووسەر و هونەرمەندان بوو. گەزیزە دەبوو سەعات یازدەی شەو بە قەتار بگەڕێتەوە شاری بازل لە سویس. دەیگوت حەزم لە تەیارە نییە و زۆرتر بە قەتار هاتوچۆ دەکەم و بێزارم لە ماشێن. گوتی جارێ هیچت بۆ ناگێرمەوە کە چیم کردووە و چیم بە سەر هاتووە، دەبێ بێی بۆ بازل و ئەو جا چیرۆکی یازدە ساڵەم دەبیستی. سەعات یازدەی شەوی ڕۆژی شەممە یازدەی ئۆکتۆبر، پاییزی ساڵی ١٩٨٦ یەکترمان لە ئامێز گرت، بەو هیوایەی لە بازل شاری کارنەواڵ، یەکتر ببینینەوە.

هاوینی ساڵی دواتر لە سەر وبەندی کارنەواڵ لە شاری گیسنەوە چوومە فڕانکفۆرت و بە قەتار بەرەو بازل وەڕێ کەوتم و نزیک نیوەڕۆ گەیشتم. لە قەتار دابەزیم و هەرچی چاوم گێڕا، خەبەرێک لە گەزیزە نەبوو. لام ئاسایی بوو، ئەو لە شارۆچکەی بیل دەژیا و دەبوو بەشێک لە ڕێگا بە پاپۆڕ بێت و دوایە سواری قەتار بێت و ڕەنگە وەدرانگی کەوتبێت.

ئەو شارۆچکەی ئەو لێی دەژیا و ناوچەکە بۆ نووسەرانی وەک فردریش دوڕنمات و ڕووداوی ناو ڕۆمانەکان، شوێنێکی گونجاو بوو. بۆ وێنە ڕووداوەکانی ڕۆمانی قازی و جەلادەکەی ڕێک لەم شارۆچکەیە ڕوو دەدەن. ناوچەکە هەم دار ودرخت و بەرزایی و پێچ وپەنای هەیە، هەم زێ و ئاو و لە هەمان کات بەندەری بەلەم و پاپۆڕ و شوێنی هاتوچۆی گەڕیدەی بیانی و خەڵکی ناوچە و شوێنی ژیانی گەلێک دەوڵەمەند و زەنگینەکانی جیهان و نووسەر و هونەرمەندە و نزیک شاری بازل لە قەراخ چۆمی ڕاین هەڵکەوتووە، کە شاری هونەر و کارنەواڵ و مۆزەیە و هەموو دەوەرەکە بۆ چیرۆک و ڕۆمان و فیلم دەست دەدا. هەر بۆیە حەزم دەکرد لە گەڵ گەزیزە هەموو ئەو شوێنانە جارێکی دیکە بەسەر بکەمەوە.

چاوەڕوانی من درێژەی کێشا و گەزیزە نەگەیشت، چووم سەیری تابڵۆی قەتارەکانم کرد، هیچم دەست نەکەوت، لە بەشی ڕاگەیاندن و زانیاری پرسیارم کرد، گوتیان ئەو قەتارە سەعاتێک و بیست خولەک پێشتر گەیشتووە و بەرەو زوریخ چووە. پرسیم لە کوێڕا دەتوانم تەلەفوون بکەم؟ ئەو خانمە لە شوێنەکەی هەستا و دەستی بۆ دەرگایەک ڕاکێشا و گوتی دەرگات لێدەکەمەوە، وەرە ژوور. خۆی لە گەڵم هات و تەلەفوونی نیشان دام، ژمارەکەم گرت و نزیک چەند خولەک وێستام هیچ دەنگ نەبوو. ژنە ئاگای لێ بوو، گوتم نازانم چ بکەم، من لە ئاڵمانەوە هاتووم و بڕیار بوو لێرە یەکتر ببینین.

ژنە پرسی گەرەکتە پۆلیسی ناو ئیزگەی قەتار ئاگادار کەم، تێدا مابووم، چ بڵێم لە ناچاری گوتم بەڵێ. چەند خولەک دواتر ژن و پیاوێکی پۆلیس هاتن و داوایان کرد ناو و ئادرەسیان بدەمێ، هەرکە ناوی گەزیزەم هێنا، هەرسێ واقیان وڕما و گوتیان، خانم گەزیزە …! ئەو یەکێک لە بەناوبانگترین و خۆشەویسترین نووسەری ئەم وڵاتەیە و ڕۆمانەکانی هەر کەس دەیخوێنێتەوە. پۆلیسی ژن، تەلەفوون بۆ ناوەندی پۆلیس دەکات و ئەوان پێوەندی لە گەڵ پۆلیسی بیل دەگرن. ئێمە گوێمان لە دەنگی ئەو بەری تەلەفوون نەبوو، بەڵام دەماندی کە ڕوخساری پۆلیس گۆڕا و زۆرتر و زۆرتر بەرەو تێکچوون چوو. ئێمە مات سەیری ئەومان دەکرد. قامکی بە دوگمەی تەلەفوونەکەوە نا، سەرتەیەکی لە بن گوێچکەی کارمەندی دەفتەری قەتار کرد و ڕوو لە من پرسی خانم گەزیزە چی تۆیە، گوتم منداڵی یەک گەڕەکین و هەموو ژیانی منداڵی و لاوەتیمان هەتا کۆتایی خوێندن بەیەکەوە بووە و پاش چەند ساڵ بە هەڵکەوت یەکترمان دیتۆتەوە.

پۆلیس دەستی لە سەر شانم دانا و گوتی بچین. پرسیم چی بووە، گوتی با بچین بۆ لای دۆستەکەت. سواری ماشێنیان کردم و بەرەو بیل وەڕێ کەوتین. لەوێ لە بەر دەرگای نەخۆشخانە ڕایانگرت. هەر سێ چووینە ژوور. لەوێ دوو دوکتور هاتن بەرەو پیرمان و دەستیان لە گەڵ لێداینەوە، دیار بوو ئاگادار کرابوون. یەک لە دەکتورەکان گوتی ماوەی سێ سەعاتە لە ژووری نەشتەرگەرییە و دوکتورەکان خەریکن، دەبێ چاوڕوان بین. پرسیم چی بووە؟
خانم دوکتور گوتی، وەرن لە ژووری خۆم باستان بۆ دەکەم، لەو دەمەدا دوو پۆلیسی دیکە هاتن و پاش خۆ ناساندن بە هاوکارەکانیان، گوتیان ئێمە لێرە دەبین. دوو پۆلیسەکەی کە لە گەڵم هاتبوون، گوتیان ئەو هاوکارانە ئاگاداری هەموو ڕووداوەکەن و بۆت باس دەکەن، ئێمە دەبێ بگەڕێینەوە بازل. تۆقەیان کرد و چوون و دوو پۆلیس و خانم دوکتور چووینە ژوورەکەی.
یەک لە پۆلیسەکان پاش ناساندنی خۆی گوتی، “سەعات نۆی بەیانی ئاگاداریان کردین کە کارەساتێک ڕووی داوە کە چووینە شوێنەکە دووچەرخەیەک لە قەراخ جادە کەوتبوو، ماشێنێک خۆی لە دارچرابەرقی تەنیشت شەقام وەشاندبوو، چەند بەرگ سپی نەخۆشخانە خەریکی گواستنەوی ژنێکی بێهۆش کەوتوو بۆ ناو ئامبولانس بوون. بە ێپێ پرسوجۆ ی ئێمە، گەزیزە خانم وەک هەر ڕۆژ لە ماڵ دێتە دەر، سواری دووچەرخەکەی دەبێت بۆ ئەوەی خۆی بگەێنێتە پاپۆڕ، بەڵام کە دەگاتە سەر جادەی سەرەکی، ماشێنێک کە تاکە کەسێکی تێدا دەبێ، بە خێرایی دێت و ماشێنی بۆ ڕاناگیرێ و خۆی بە دووچەرخە دادە.”
لێرە خانم دوکتور دێتە دەنگ و دەڵێ، پشکنینی ئێمە دەریخستووە کە گەزیزە خانم تووشی خوێنڕژی مێشک بووە، هیوادارین لە کارەکەماندا سەرکەوین..! هێشتا قسەکەی تەواو نەکردبوو لە دەرگایان دا . پۆلیسەکان زوو ڕابوونە سەر پێ، خانم دوکتور چووە دەرێ و کە هاتەوە ژوور ، بێدەنگ بوو. دەستێکی لە سەر شانم دانا و گوتی، ببوورە، نەمانتوانی…! نەیتوانی درێژە بە قسەکانی بدات.

منیان بردەوە ماڵی گەزیزە، کلیلی ماڵەکە و هەموو ئەو شتانەی لە گیرفان و کیفە دەستییەکەیدا بوو، دایان بە من وگوتیان ئاگادارت دەکەینەوە. کە لە دەرگای ماڵەکەی چوومە ژوور، وەک ئەوە دەچوو، سەرم بە موزەخانەدا کردبێ. وێنەکانی خۆی و دایکی و باوکی، وێنەی گەڕەک و دەیان وێنەی ئێمە و وێنەکانی شار ، هەڵواسرابوون. زۆربەی کارەکانی دایکی وەک کڵاو، دەسرە، دەستکەش، ڕوو مێز و ڕوو تەختی و دەسرەی سەر تاقە، جووتێ کەوشی سووری منداڵانە و ئەو کراسە سوورەی کە لە سەر سەکۆی شانۆ لە بەری کردبوو، لە ناوەڕاستی ژوورەکە هەڵواسرابوو. سەر مێز پڕ بوو لە کتێب و دەفتەری نووسراو، لە گۆشەیەکی وەتاخ ماشێنی نووسین و تایپ کردن داندرا بوو، ئەوە هەمان ماشێن بوو کە بە ساڵان هەرکمان پێمان دەنووسی.
ڕۆژی بەخاک سپاردن، گۆڕستان پڕ لە خەڵک بوو، لە ناویاندا نووسەر و شاعیر و هونەرمەند و سیاسەتمەداری ئەو وڵاتە دەبیندران. من تەنیا بیانی ناویان بووم. لە گەڕانەوە بۆ ئاڵمان، ئەم ڕستەیە بەردەوام لە گوێمدا دەزرینگایەوە: ،، کە گەڕامەوە، گوێبیستی چیرۆکی ژیانم بە، گەر نەگەڕامەوە، بزانە ژیانی من، دەفتەر و چیرۆک و ڕۆمان نەبووە.،،

برایم فەڕشی
ڕۆژێک لە ڕۆژان




عێراق لە گێژاوی هەڵبژاردندا.. عوسمانی حاجی مارف

هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی عێراق ژینگەیەکە تەواو جیاوازی هەیە لەچاو خولەکانی پێشوودا، ئەم هەڵبژاردنە لەکاتێکدایە کە موقتەدا سەدر، داوای لە لایەنگرانی کردووە بەتەواوی بایکۆتی بکەن، ئەمەش هەنگاوێکە کاریگەری بێوێنەی لەسەر دیمەنی سیاسی عێراق دەبێت.
بانگەوازی ئەمجارەی موقتەدا سەدر بۆ بایکۆت فراوانترە، لەبەرئەوەی بانگەشەی قەدەغەکردنی نمایشی لافیتەی بانگەشەی کاندیدەکانی لە شاری سەدر (مەدینە ئەلسەورە) کردووە، کە بارەگای سەرەکی بزووتنەوەکەی لێیە. لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی پێشوودا ئەم دیمەنە نەبینراوە، تەنانەت لە گرژترین قۆناغەکانیشدا.
بایکۆتکردنی ڕەوتی سەدر، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کاریگەریە جەماوەریەی کە نوێنەرایەتی دەکات، گورزێکی گەورە لە رەوتی بەرێوەبردنی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو دەدات، کە تەنیا هەڵوێستێکی “سیاسی هەلومەرجی” نییە، بەڵکو نوێنەرایەتی ستراتیژیەکی ڕوون دەکات کە ڕەنگدانەوەی بەرزترین ئاستەکانی ناڕەزایەتیە لە نێو ململانێی هێزە سیاسیەکانی شانۆی سیاسی ئێستای عیراقدا، بەرامبەر بە پرۆسەی سیاسی و پێكهێنانی حکومەتی دوای هەڵبژاردن.
ئەم هەڵبژاردنە دۆخێکی ناوازەی هەیە، نەک تەنها لەسەر ئاستی ناوخۆیی، بەڵکو لەچوارچێوەیەکی ناوچەیدا کە شاهیدی پەرەسەندنی گرژی و ململانێ جیۆپۆلەتیکیە و ئەگەری ئەوە هەیە عێراق تیادا پارێزراو نەبێت.!
بەهۆی دەخالەتی زلهێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکانەوە لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا، لەهەمان کاتدا ئاستی چۆنیەتی ململانێی لایەنەکان لەم هەڵبژاردنەدا، پرۆسەی هەڵبژاردن وەک ناچاری و مەرجێکی دەستووری مامەڵەی دەکرێت، وەک ئامرازێک بۆ نیشاندانی ڕۆتینی گۆڕینی شێوازی دەسەڵات. بەڵام پارتە سیاسیەکان ترسیان لەوە هەیە کە ئەگەر هەڵبژاردن نەتوانێ دەسەڵاتێکی سیاسی بەهێز یان نوێنەرایەتیەکی هاوسەنگ بەرهەم بهێنێی، ئەوا رەنگە کوتلە چەکدارەکان ئەم بۆشاییە بە دەرفەتێک بزانن بۆ فراوانکردنی کاریگەری خۆیان و باڵا دەستیان بەسەر حکومەتی عێراقدا. ئەوان ترسیان هەیە سیناریۆی ئاژاوە یان ململانێ و شەری ناوخۆیی دروست بێتەوە، کە ڕەنگە دۆخی سیاسی عێراق لە پرسە هەستیارەکاندا وەک شەری ناوخۆ و شەرێک لە ناوچەکەدا لە قاڵب بداتەوە، بەتایبەتی سەبارەت بەو کوتلە چەکدارانەی کە بەجۆرێک پەیوەستن بە ئێرانەوە.
پێشوەخت لایەنە سیاسیەکان هۆشداری ئەوەیان داوە کە دواخستن یان هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردن، دەکرێت دەرگای بۆشایی دەستوری بکاتەوە و ئەگەری ئەوە هەیە ئاژاوەی سیاسی و ئەمنی زیاتر بکات، بۆیە بەگشتی هەموویان جەختیان لەسەر ئەوەکرد کە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت. بۆیە هەر لەو چوارچێوەیەدا نوری مالیکی جەختی لەوەکردەوە کە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا پێویستییەکی “نیشتمانیە بۆ پاراستنی سەقامگیری و پاراستنی پرۆسەی دیموکراسی وڵات”!، لەهەمانکاتدا ئەوەی جێگای پرسیارە کەدوای هەڵبژاردن هیچ گەرەنتیەک نیە بۆ ڕوونەدانی ئاژاوەو ناجێگیری سیاسی و پێکهێنەهاتنی حکومەت.
هەڵبەتە بەشداری ئەو گروپانەی لەئاستی نێودەوڵەتیدا وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی دەستنیشان کراون، قەیرانی پرۆسەی هەڵبژاردنەکە گەورەتر دەکات، ئەمەش وا دەکات کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە حەزەرەوە مامەڵە لەگەڵ ئەنجامی هەڵبژاردن بکات، کە لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبیەوە بە چەک کۆنتڕۆڵ دەکرێن. بەمشێوەیە هەڵبژاردنی ئەمساڵ ئەگەر لەوادەی دیاریکراویشدا ئەنجام بدرێت، دەکرێت دەستپێکی قۆناغێکی نوێی ململانێی سیاسی و کۆمەڵایەتی بێت لە عێراقدا، کە پرۆسەی هەڵبژاردن و حکومەتەکەی لەژێر چاودێری و پرسیاردا دەهێڵێتەوە.
لەڕاستیدا گۆڕەپانی سیاسی عێراق شاهیدی زیادبوونی گرژیەکانە لەگەڵ نزیکبونەوەی وادەی هەڵبژاردن، بەجیا لەبایکۆتی سەدر، لەهەمانکاتدا دابەشبوون و ململانێی توند لەناو هاوپەیمانیە تەقلیدیەکانی وەک “چوارچێوەی هەماهەنگی” دا پێشهاتووە، کە بە باڵادەستی هێزی حەشدی شەعبی و بوونی لایەنەکان هەوڵدەدەن توندوتیژی سیاسی بقۆزنەوە وەک ئامرازێک لەدووبارە کردنەوەی نەخشەی کاریگەر بۆ باڵادەستی لایەنە شیعەکانی سەربە ئێران.
ئەو لایەنە سیاسیە ئیسلامیانەی وەک هێزی شیعەکان هاتنەوە ناو عێراق و حکومەتیان پێکهێنا، هاوکات بوو لەگەڵ لەشکرکێشی ئەمریکا، بەشێک لە سەرکردەکانی هیوایان خواست سەرکردایەتی ئەو گۆڕانکاریە نەخوازراوە بکەن کە بە لەشکرکێشی ئەمریکا ئەنجام درا، بۆیە هیچ بژاردەیەکیان نەبوو جگە لە دابەشکردنی دەسەڵات و کاریگەریان لەڕێگەی بەرجەستەکردنی پشکی تائیفی و نەتەوەییەوە.
ئەم سیستەمە لە دابەشکردنی دەسەڵاتی سێ سەرۆکایەتی سەرەکی و سەروەریەوە دەستپێدەکات، تا دەگاتە کێبڕکێکردن بۆ پۆستەکانی تر، ئەمەش ئەگەری هەیە، ململانێیەکی خوێناوی لەنێوان باڵەکانی کوتلە چەکدارەکاندا بەدوای خۆیدا بهێنێ.
ئیستغلالکردنی دامودەزگاکانی دەوڵەت و دەستبەسەراگرتنی تەواوی جومگە ئابوریەکان و بەکارهێنانی دەسەڵاتی سیاسی و نەبوونی یاسا، هەموو ئەو هۆکارانەن کە قەیرانی پێکنەهێنانی حکومەت و رەسمیەتدان بە حکومەت قووڵتر و سەختترکردوە، لەدوای ئەم هەڵبژاردنەدا زۆر زیاتر ئەو کێشانەیان بەرەوڕو دەبێتەوە.
لەبەرئەوەی هێزە میلیشیاکان، باڵادەستی سەربازی و سیاسیان بەدەستهێناوە، ئەستەمە بەئاسانی کۆتاییان پێبهێنرێت. هەڵوەشاندنەوەی ئەوان بەبێ بونی بەدیلێکی بە‌هێز و ڕوون و دەورو دەخالەتی ڕاستەخۆی خەڵک و جەماوەری ناڕازی، دەتوانێت بۆشاییەک بەجێبهێڵێت کە هەڕەشەی جدی لە سەقامگیری دەکات و عێراق دەخاتەناو گێژاوی زریانێکی ترەوە.
لەم چوارچێوەیەدا کە “هێزی میلیشیاو پرسی چەک” بۆتە یەکێک لە کێشە هەستیارەکانی دۆخی سیاسی ئێستای عێراق و کاریگەری لەسەر ئەم هەڵبژاردنە داناوە، دوای ئەم هەڵبژاردنە گەر مامەڵەیەکی ژیرانە نەکرێت، ئەگەری خولقاندنی کارەساتی هەیە.
بەردەوامبوونی ئەو کەسایەتیانەی ئێستا حکومەتی عێراق بەڕێوەدەبەن، هەوڵدەدەن لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە خۆیان بەرهەمبهێننەوە و هیچ ئاماژەیەکیش بە گۆڕانکاری نادەن، جگە لەوەی بەربەستێکی گەورە لە بەردەم ئاڵوگۆڕ بۆ سەقامگیری و هەر چاکسازیەک پێکدەهێنن، لەهەمانکاتدا پرسیاری جدی دەخاتە بەردەم ئایندەی عێراق لەدوای ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنە، چونکە ئیستغلالکردنی نفوزی هێزی میلیشیا و بوونی چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، هۆکارێکن کە بوونەتە هۆی وەرینی دەوڵەت.
پێگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە گرنگترین پۆست دادەنرێت بۆ شیعەکان، ئەوانیش پاساو بۆ ئەوە دەهێننەوە بەئاماژەدان بەوەی کە گەورەترین ژمارەن لە عێراقدا، دەبێت پۆستی باڵای جێبەجێکردنی (تنفیذی) وڵات (سەرۆک وەزیران) بۆ شیعەکان بێت.
وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا گۆڕەپانی سیاسی عێراق شاهیدی زیادبوونی گرژیەکانە لەنێو بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا، ئەمەش لەکاتێکدایە کە بە دابەشبونێکی توند لەناو خودی چوارچێوەی هەماهەنگیدا دەرکەوتووە.
لەگەڵ ئەوەی بڕیارە لە ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥دا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، بەڵام لەکاتێکدایە کە گرژی سیاسی و بێهیوایی و فەرامۆشی و بەربڵاوی گشتی زاڵە بەسەر پرۆسەی ئەم هەڵبژاردنەدا. سەرەڕای ئەوەی شەقامەکان بە پۆستەری هەڵمەتی هەڵبژاردن ڕازێنراونەتەوە، بەڵام حەماسەتی گشتی کەم بووە و پێشبینی دەکرێت بەشێکی زۆر لە عێراقیەکان لە ماڵەوە بمێننەوە. هەڵبژاردنی ئەمجارە بەڕۆشنی وەک فۆرماڵیەك دەبینرێت، کە بەئاشکراو بێپەردە تیشک خراوەتەسەر دابەشکردنی دەسەڵات لەنێوان نوخبە سیاسیەکاندا.
“پێکهاتەی هاوپەیمانی عێراق” لە دوای یەکەم هەڵبژاردنی دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە، وەک هێزێک بەرزبونەوەی ئاستی هاوسەنگی بەرچاوی نیشاندا، وەک هاوپەیمانی یەکگرتوی عێراقی کە هەموو گروپە شیعەکانی لەخۆگرتبوو بە پاڵپشتی عەلی سیستانی، هەروەها لیستی تەوافوق کە نوێنەرایەتی هەندێک عەرەبی سوننەیان دەکرد، لیستی هاوپەیمانی نیشتمانی عێراق بو بە سەرۆکایەتی ئەیاد عەللاوی بوو. ئەمڕۆ ئەم بلۆکانە پارچەپارچە بوون، دەیان لیست و حزبی سەربەخۆ کێبڕکێیان لەسەرە، هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٥ نزیکەی ٣١ هاوپەیمانی و ٣٨ حزب و ٧٥ کاندیدی سەربەخۆ لەخۆدەگرێت.
لە هاوپەیمانی عێراقی یەکگرتووەوە ململانێ و کێبرکێی کوتلە شیعەکان سەریانهەڵدا، دیارترینیان هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بوو، بە سەرۆکایەتی سودانی، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی، هاوپەیمانی صادقون بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی، لیواکانی بەدر بە سەرۆکایەتی هادی عامری، هاوپەیمانی هێزە نیشتمانیەکان بە سەرۆکایەتی عەمار ئەلحەکیم، بەشێک لەو فراکسیۆنانە پەیوەندی مێژوویی و سیاسیان بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەیە.
ئەم لایەنانە کە پێکەوە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە پێکدەهێنن، پاڵپشتی پێکهێنانی حکومەت دەکەن و پۆستەکانی جێبەجێکردن دیاریدەکەن، سەرەڕای ئەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا بەجیا خۆیان کاندید دەکەن، هاوکات موقتەدا سەدر سەرکردایەتی بزووتنەوەی بایکۆت دەکات، ئەمەش ئەگەری بەشداریکردنی بەشێکی زۆری دەنگدەرانی شیعە کەمدەکاتەوە، کە بنکەیەکی فراوانی هەڵبژاردن پێکدەهێنن.
لایەنەکانی حزبە کوردەکانیش دابەشبون بەسەر کۆمەڵێک حزبی جیاوازدا و بە لیستی جیاوازەوە بەشداریدەکەن، ڕۆشن نین لەوەی لەم هەڵبژاردنەدا ڕۆڵیان چۆن دەبێت و نەخشەیان چییە، بەتایبەتی کە تائێستا بۆ خۆشیان نەیانتوانیوە حکومەتی هەرێم پێکبهێنن.
سیستەمی هەڵبژاردنی عێراق لەدوای ساڵی ٢٠٠٣وە زۆر ئاڵۆزە لەڕووی تیۆریەوە ڕێگە بە هاووڵاتیان دەدات ٣٢٩ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێرن، کە دواتر سەرۆککۆمار و پاشان سەرۆکوەزیران کاندید دەکات. بەڵام لە پراکتیکدا پێکهێنانی حکومەت پشت بە دانوستانێکی درێژخایەن و ڕێکەوتن لەنێوان لایەنەکاندا دەبەستێت، کورسیە بەدەستهێنراوەکان دەبنە ئامرازێک بۆ دیاریکردنی پۆستە وزاریەکان و پۆستە جێبەجێکاریەکانی دیکە، ئەم سیستمە ئاشکرایە لەم هەڵبژاردنەدا، کێشەکانی جێبەجێکردنی پێکهێانی حکومەت ئاڵۆزتر دەکات.
واقیعی سیاسی عێراق بەستراوەتەوە بە چوارچێوەی باڵادەستی ناسنامەی هێزە تائیفی و قەومیەکانەوە، شیعەکان بەشێوەیەکی ئاسایی دەنگ بە پارتەکانیان دەدەن، سوننە بە پارتەکانی خۆیان و کوردەکان دەنگ بە پارتەکانیان دەدەن. ڕێککەوتنێکی نافەرمی لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە هاوسەنگی لەنێوان پۆستە باڵاکاندا دەپارێزێت، سەرۆکوەزیران شیعەیە، سەرۆککۆمار کوردە، سەرۆکی پەرلەمانیش سوننەیە، ئەم هەڵبژاردەیە بۆ ئەو سێ سەرۆکایەتیە، ئاشکرایە دوای ئەم هەڵبژاردنە کێشەی گەورە بەداوی خۆیدا دەهێنێت.




قۆناغی گەشەكردن و راگەیاندنی تایبەتمەند.. کارزان عزیز

ئەگەر بەشێوەیەكی گشتی راگەیاندن بریتیی بێت لە گواستنەوەی هەواڵ و زانیاری و بیروبۆچوون بۆ جەماوەر، ئەوا راگەیاندنی تایبەتمەند، بریتییە لە گواستنەوەی زانیارییەكان و بیروبۆچوونەكان لە بوارێكی دیاریكراودا بۆ جەماوەرێكی دیاریكراو. بە واتایەكیتر، راگەیاندنی تایبەتمەند، گوزارشتێكی تایبەتە لە بوارێكی زانیاری و رەنگدانەوەی دابەشبوونی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەیە.
لە ئێستادا بەهۆی پێشكەوتنەكانی تەكنەلۆژیا و زانستی نوێ و فراوانبوونی پانتایی زانیاریی لە تەواوی بوارەكانی ژیاندا، هەروەها دابەشبوونی بوارەكان بۆ بەشی وردتر و بوونی خواستەكان لەسەر زیاتر وردی لە بابەتەكان، تایبەتمەندبوونی كردووەتە پێویستیی قۆناغەكە بە تایبەت لەراگەیاندندا.
راگەیاندنی تایبەتمەند بۆچی؟
فراوانبوونی بازنە رۆشنبیرییەكان و زیاتربوونی پانتایی زانست و كرانەوە بەردەوامەكانی كۆمەڵگە جیاوازەكان بە رووی بوارە جۆراوجۆرەكانی زانیاریدا، شارەزابوونی كۆمەڵگەی بەدواداهات لە زانست و زانیارییە گشتییەكاندا، ئێستا بەهۆی بوونی هۆكارە زۆر و زەوەندەكانی گەیاندنی زانیاریی، هەموو تاكێكی كۆمەڵگە پڕە لە زانیاریی جۆراوجۆر، بە جۆرێك وایلێهاتووە وەرگر بە هەموو زانیارییەك رەزامەند نابێت و خواستی زانیاریی زیاتر و وردتر دەكات.
وەرگری ئێستا بایەخ بەتایبەتمەندیی دەدات، سەرقاڵبوونی تاكەكان و جەنجاڵبوونی ژیان وایكردووە بابەتە گشتی و درێژدادڕەكان خواستیان لەسەر كەم بێتەوە، جەختكردنەوە لە بوارێكی دیاركراودا و وردبوونەوە لەوبوارەدا خواستی زیاتر لەسەربووە و راگەیاندنی تایبەتمەندی بەرهەمهێناوە.
تایبەتمەندیی راگەیاندنی تایبەتمەند
سەرباری ئەوەی راگەیاندنی تایبەتمەند، تایبەتمەندیی راگەیاندنی گشتی هەیە، لە هەمان كاتیشدا چەند تایبەتمەنییەكی تایبەت بەخۆی هەیە، لەوانە: راگەیاندنی تایبەتمەند بە جۆرێكی وردی راگەیاندن دادەنرێت، چونكە زانیاریی ورد و تایبەت پێشكەش بە وەرگرەكانی دەكات، لەگۆشەنیگای جیاوازەوە رەهەندەكانی ئەو بابەتە شی دەكاتەوە و دەچێتە قوڵاییەوە، ئەمەش وادەكات جەماوەرێكی زیاتری لەدەور كۆ ببێتەوە، مینبەرێك بێت بۆ كۆكردنەوەی زۆرترین هزر و بیرە جیاوازەكان، كاتێكیش بیروهزرەكان گەشە دەكەن دەبنە هۆی بەرهەمهێنانی كۆ زانیاریی و داهێنان، دواتریش پانتایی نەزانین بەرتەسك دەبێتەوە و كۆمەڵگە لە قۆناغی تینوێتی زانینەوە بۆ قۆناغی گەشەكردن دەگوازێتەوە، كۆمەڵگەش قۆناغی گەشەكردنی كلاسیك جێدەهێڵێت و بەرەو قۆناغی پێشكەوتن هەنگاودەنێت و پەیدابوونی پسپۆڕی لەسەرجەم بوارەكان دێتە ئاراوە.
وەرگری راگەیاندنی تایبەتمەند
وەرگری راگەیاندنی تایبەتمەند دەكرێت وەرگرێكی گشتی بێت، لە هەمان كاتدا راگەیاندنی تایبەتمەند لەهەر بوارێكی دیاریكراودا وەرگری تایبەت بە خۆی هەیە، كۆمەڵە وەرگرێكی دیاریكراون لەناو وەرگری گشتیدا بایەخ بە بوارێكی تایبەت دەدەن، بۆ نموونە هەروەك مەرج نییە هەموو كەسێك وەرگری بواری وەرزشیی بێت، بەڵام وەرگری بابەتی وەرزش تایبەتمەندن بە بوارەكەوە، بایەخ بە وەرزش دەدەن و رەنگە بابەتی ئەدەبیاتیان بۆ گرنگ نەبێت، یان بە پێچەوانەوە.
دەتوانین بڵێین وەرگری تایبەتمەند، كۆمەڵە كەسانێكن لەپانتاییەكی تەسكی جواگرافیای وەرگردا، زۆركات ناسراون لەلایەن دەزگا و دامەزراوەكانی راگەیاندندا كە پەیامیان ئاڕاستە دەكەن و بابەتەكانیان بۆ تەرخان كردوون، خاوەن باكگراوندێكی بەرزی زانیارین لە بوارەكەیاندا، رەخنەگرێكی باشن و بە زانیاریی كەم و رووكەش رازی نابن، دەزگای راگەیاندن ناچار دەكەن لە قوڵاییدا هەوڵی كاركردن بدەن.
ماوەتەوە بڵێین، لەم رۆژگارەدا كە كاری راگەیاندن جۆرێكیتری جیاوازی لە قۆناغەكانی پێش خۆی بەخۆوە بینیوە، پانتایی زانین رۆژ بە رۆژ لە فراوانبووندایە، دامەزراوەكانی راگەیاندن بۆ ئەوەی جێی خۆیان لای وەرگر بكەنەوە، پێویستە زیاتر بچنە قوڵایی بابەتەكانەوە و وردتر كار بكەن، بە جۆرێك ببنە جێی بایەخی وەرگر، بەتایبەت راگەیاندنی تایبەتمەند، هەروەها پێویستە رەچاوی داب و نەریتە كۆمەڵایەتییە باوەكانی كۆمەڵگە بكەن و نەبێتە هۆكاری لەبەریەك هەڵوەشاندنەوەی خێزان و تێكدانی بەها كۆمەڵایەتییەكان، هەروەها پابەندبن بەبنەماكانی بەهای راگەیاندنەوە و بەرپرسیارانە و بێ لایەنانە و راستگۆییانە مامەڵە بكەن، چونكە وەرگر لە ئاستێكی بەرزی زانیارییدایە و بە ئاسانی ناكەوێتە ژێر كاریگەریی پەیامە میدیاییەكانەوە، لەكاتێكدا ئێستا ژمارەی دامەزراوە میدیاییەكان لەهەڵكشاندان و هەروەها شەپۆلی تەكنەلۆژیا و میدیای نوێ وایكردووە وەرگرێكی دوو جەمسەر دروست ببێت.




مشتێک لە خەرمانێک.. شیعری نەوزاد بەندی

ئەوانەی ڕابوردوویەکی ناخۆشیان هەبوو ،بەختەوەرن ..
یادگارییەکی جوانیان نییە ،
دڵیان بۆی توند بێ ،
بۆی بگرین ..

جاران شەقام بانگی ئەکردین،
بۆ پیاسه و
خواردنەوەی چایەک و
بینینی ئەو ..
کڕینی ڕۆژنامەیەکی هاوکاری ..
گۆڤارێکی کاروان .. بەیان ..
ڕۆشنبیری نوێ ..
نووسەری کورد ….
بزمارڕێژکردنی پێڵاو،
بۆ بەرەنگاربوونەوەی لێزمە بارانی پاییز،
کەڵەکە بەفری زستان ..
بۆ بینینی ئوتومبیلێکی ڤۆڵگسن واگۆنی تاقانە، پێمان ئەوت بۆقیی،
کە دەرمانسازێکی سوورفل،
بە دوو چاویلکەی خڕەوە بە هێواشیی پارکی ئەکرد..وا بزانم ناوی سورکێو بوو..
بۆ بینینی سێ چوار مامۆستای بۆینباخ لە مل،
لەبەردەم چایخانەی شەعب،
باسی ڕاپۆرتێکی ڕادیۆی مۆنتیکارلۆیان ئەکرد،
سەبارەت بە دۆزی کورد ..
ئەمڕۆ، شەقام ڕاوم ئەنێ ..
لە تێکڕژانی ئوتومبیل ..ماتۆڕ سکیل ..
لە گەواڵە دوکەڵی تاریک ..
لە حەشاماتی گەنجی بێ ئیش ..
لە ڕشانەوەی نێرگەلە ..
لە پرسەی هەمیشەیی باران..
لە کۆچی دوایی گۆڤار ..
لە تیرۆرکردنی ڕۆژنامە ..
لە ئاڵودە بوونی ووشە و
کۆپلە و
ئیلهام، بە حەبی میبرۆبامێت..
لە ئایفۆن بە دەستی خەواڵوو ..
لە سوپای لوتبڕاو و.. لێو ئاوساو و ..دێراوی قژی وەک کڵاو ..
لە فرۆشیاریی نائومێد ..
لە کڕیاری هەڵخەڵەتاو ..
لە نادادیی ..
لە وێنەی گەورەی ئەوانەی
نانیان سەرنگون کرد ..
ئاویان ڕەدوو خست ..
پێکەنینیان بە یاساکانی تیرۆر، ڕاپێچ کرد ..
مەمکەکانی نیشتمانیان فرۆشت ..
خوێنی مێژوویان پڕ کرد لە جەڵتە ..
جنێویان لەسەر فیشەک موتوربە کرڕ
فیشەک و تفیان لە یەکتری پێوەن کرد..
کۆڕەو و تاراوگەیان لە یەکتر مارە کرد ..
جوانکارییان بۆ جاش و مستەشار کرد ..
سەنتەری توێژینەوەیان بۆ جڕت دامەزراند ..
درەختیان خستە ژێر ئابڵوقەی ئاوەوە ..
پۆستی باڵایان دا بە مشار و ..
ڕێزلێنانیان بۆ، سن و کیسەڵە و کولە و
دوو پشک و ئەژدیها کرد ..
هەنگ و گوڵ و تریفەی مانگ و
کانییان بێ بەها کرد ..

ئەوەی کورد نەبێ، بەختەوەرە..
چەندین کۆڕەو، بە بێ ڤیزه،
بە بێ فڕۆکە و ئوتومبیل،
به پێی پەتی و لە نیوەشەوا،
لەبەر باران،
ڕاپێچی سنوورەکانی نەکردووە ..
براکوژیی چەندین خولی پاڵەوانێتیی بۆ نەکردۆتەوە ..
ڕق و دووبەرەکیی،
لێ نەبۆتە بیر و باوەڕی سەرەکی..
لە شەیتانی نەبردۆتەوە..
لوتبەرزیی و تەمەڵیی و حەرامخواردن ..
قڕە قڕ و یەکتر شکاندن ..
وڵاتی بێ موچە و
بێ ئامانە و
بێ تراموای و
بێ میترۆ و
بێ کارەبا و
بێ ئاو و
بێ بارانی نەدیوە ..
به مێژوویەکا تێنەپەڕیوە،
کرێکارەکانی برسی بن و
بێکارەکانی ملیاردێر ..
گەمژەکانی بەرپرسی باڵا بن و
زاناکانی لە زیندان و
لە چایخانە کۆنەکانا،
ببنە گاڵتەجاڕی خەڵک و
پڕ کردنەوەی بۆشاییەکانی پەیج و
پرسیارە بێ تامەکانی
ڕۆژنامەنوس و پەیامنێر ..
لە پاریس سەرکردەکانی تیرۆر نەکراوە ..
فەرماندەکانی له زیندانا دانەڕزاوە ..
لە ڕابوردووی پەشیمان نییە..
بۆ داهاتووی بێ ئاوات و دەستەوسان نییە..
دەیان جار نەیوتووە ئەم پەنجەیەم ئەبڕم و گەر جارێکی تر
بیخەمە ناو مرەکەبە شینەکەوە..
ئەوەی کورد نەبێ، بەختەوەره،
هەر هیچ نەبێ لە خۆیەوە
ڕقی دنیای لە دراوسێکەی نییە ..
ئێرەیی به براکەی نابا..
چاودێری ژمارەی دینارەکانی
گیرفانی هاوڕێکەی ناکا..
هەوڵ نادا نوسەرێکی بەناوبانگی خۆیان سوک و ڕیسوا کا ..
جنێو به ناودارەکانی نادا ..
هەوڵ نادا داستانێکی لەشفرۆشیی
لەسەر کچە بێژەرێ بنوسێ ..
بە ئەکتەرەکانی ناڵێ هیچ و پوچ..
هەوڵ نادا وێنەی سێڵفی
لەگەڵ خوێن ڕێژێ بگرێ ..
حەزی لە بوختان و
لە غەیبەت و
لە درۆ و
لە ترس و
لە ئوتومبیلی کیلۆمەتر سفر و
لە موچەی بندیوار نییە..
نازانێ خوله چەخماخە و کەمال و مارف کێن ..
وشەی پاراڵێل و قبول خاس و سیمیپڕایڤەیتی نەبیستووە ..
کۆڵانە تازەکانی
بەناوی شار و وڵاتانی ئەوروپاوە نییە ..
سەد جۆر کۆمۆنیست و
سەد جۆر ئیسلامی تیا نییە ..
پەتپەتێن و سەنگەر گواستنەوە ..
شەڕی نێوان شاعیرەکان
شەڕی نێوان بێژەرەکان ..
شەڕی نێوان ماستفرۆشەکان ..
شەڕی نێوان ئەوانەی باڵی برژاوی مریشک ئەفرۆشن ..
شەڕی شیعردز و شیعردزراو
ڕۆماندز و ڕۆماندزراو ..
تابلۆ دز و تابلۆ دزراو ..
شەڕی قۆڵبڕ و قۆڵبڕراو ..ی نەدیوە ..
ئەوەی کورد نەبێ، بەختەوەرە ..
هەر هیچ نەبێ لە وڵاتە یەکگرتووەکان، ئاڵایەکی هەیه ..
هەر هیچ نەبێ لە مافیاکانی ،
مافی سکاڵایەکی هەیە ..

ئەوەی بە ساوایی بێ کەس بوو،
بەختەوەره ..
لەگەڵ تەنیاییدا ڕادێ و
دایک و باوکێ وەک دوو بەردی دەستاڕ نایهاڕن ..
نایکەن بە کۆپییەک له خۆیان ..
له بێژنگ نادرێ هەزار جار ..
نابێ به بوونەوەرێکی خاڵیی لە خۆی ..
دوای ئەوە بۆ مەرگی جەلادەکانی ،
قوڕ ناپێوێ ..
بە مەرگی جەلادەکانی ،
ژیانی ناشێوێ ..
ئەتوانێ گۆڕانکاریی بکا، چونکە خۆیەتی ..
عەقڵ عەقڵی خۆی ..
چاو ، چاوی خۆی ..
خوێن خوێنی خۆیەتی، ئەیڕژێنێ ..
لە ترسی جەلادەکانی،
خۆی ناخەسێنێ ..
….. هەتا دوایی .. هتد …




یـادی (٣٦) ەمـینی رۆژی جیهـانیی ئـازادی.. رەزا شــوان

هەموو ساڵێک لە رۆژی (٩/ نۆڤـەمبەر) دا، لە زۆر شوێنی جیهانـدا، قوتابیان و لاوان و رێـکخـراوە ئازادیـخـوازەکان، بە بـۆنـەی (رۆژی جیهـانیی ئـازادی) یـەوە، ئاهـەنگی شایستە سازدەکەن و جەخـت لەسەر ئازادی و ئازادیی دەربـڕیـن لە جیهانـدا دەکەنەوە. رۆژی جیهـانیی ئـازادی، یـادی رووخـادنی (دیـواری بەرلـین) ه، لە ساڵی (١٩٨٩) دا. بەشێک لە سەرکـردەکانی ئەڵمانیـای رۆژئـاوا، ناویـان نابـوو (دیـواری شەرمـەزاری).
لە رۆژی (١٣/ سێپتەمبەر/١٩٦١) دا، ئەڵمانیای رۆژهـەڵات، دەستی بە دروستکـردنی دیواری بەرلین کرد. دیوارەکە لە ناوەڕاستی شاری بەرلیندا دروستکرا، درێژی (١٥٥) کیلـۆمەتـر بـوو، بەرزییـەکەی (٣،٦) مەتـر بـوو، پانیشی (١،٥) مەتـر بـوو. تێچـووی دروستکـردنی (٤٠٠) ملیـۆن مـارک بـوو. دروسـتکـردنی ئـەم دیـوارە، بـوو بە هـێمای (شەڕی سارد) لەنێوان یەکێتی سۆڤیەت و وڵاتانی رۆژئاوادا. دیوارەکە بۆ جیاکردنەوەی ئەڵمـانیـای رۆژهـەڵات (کـۆماری دیموکـراتی ئەڵمانیـا) و ئەڵمـانیـای رۆژئـاوا (کـۆماری فـیدراڵی ئەڵمانیا) بوو. دیوارێکی کۆنکریتی سەخت بوو. بووە هۆی لێکدابـڕانی خێزانە ئەڵمانییـەکان. بۆ ئەوەی خەڵـکی نەتـوانـن لـێی بپـەڕننەوە، تـەلی دڕکـاوی و شـوورەی تـەزووی کارەبـایی و سـەگی دڕ و چـەکی ئـۆتـۆمـاتیکی و کـێڵگەی مـینڕێـژکـراویان بە دەوریــدا دانـا. بە سەدان قـولەی چاودێـریشـیان بۆ دانـا. بـۆ ماوەی (٢٨) ساڵ هـەروا مایەوە. پێش دروستکردنی دیـوارەکە، زیـاتر لە ملـیـۆن و نیـوێک خەڵکی، لە ئەڵـمانیا رۆژهەڵاتەوە کۆچیان بۆ ئەڵمانیای رۆژئاوا کرد. دوای دروستکـردنی دیوارکە (٥٠٠٠) هـەزار کەس، لە ئەڵـمانیای رۆژهـەڵاتـەوە، بەسەر ئەم دیـوارەدا تێپەڕیـن و چـوون بـۆ لای کەسـوکـاریـان و بـۆ ئـێـشکـردن. بـە زۆری گـەنجـان و کـریکاران و پیشەوەرەکان بـوون. نـزیـکەی (٣٠٠) کەسیـش لەکـاتی پەڕینـەوە بەسـەر دیـوارەکـەدا کـوژران، بە سەدان کەسیش برینداربوون. بۆیە دیواری بەرلین بە (هـێڵی مەرگ) یش ناویان دەبرد.
گەلێ چیرۆکی سەیر و دڵتەزێنیش هەیە، کە لە کاتی پەڕینەوە بەسەر دیوارەکە و بەناو تونێـلەکاندا روویـان داون. بە کـورتی ئـەوە دەڵـێـین، کە رۆحی مـرۆڤایـەتی و ئەویـنی ئـازادی، هەرگـیز بە هـیچ دەسەڵاتێکی زۆردار و ستەمکار و دیکتاتـۆر کپ ناکـرێـت و هـیچ دیوارێکیش، ئەگەر لە پۆڵاش دروستکرابێت، ناتوانێت لەبەردەم راپەڕینی گەلانی ئازادیخـوازدا خـۆی بگـرێت. بۆیـە لەبەردەم ئـیرادە و ویـستی یەکگـرتنەوەی هـەردوو ئەڵمانیا و تسۆنامی هـێڕشی گەلی ئەڵمانیادا، لە هەردوو لاوە، ئەو هەموو بەربەست و دیـوارە زەبـەلاحـەش خـۆی نەگـرت و بە چەکـوش و مێکـوت و تالـیبەر رووخـانـدیان. هـاواریان دەکرد (دەرگا کرایەوە). باوەشیان لە یەکـتری دەدا و پیرۆزباییان لە یەکتری دەکـرد. بە درێـژایی دیـواری بەرلـین، لە هەردوو لاوە، دەستکـرا بە ئاهـەنگی خۆشی وگـۆرانی و هـەڵـپەڕکی. لە زۆربـەی وڵاتـانی جیهـانیـشـدا، بـەم بـۆنـەیەوە ئـاهـەنگی خـۆشییان گـێڕا.
لە (٣/ ئـۆکتـۆبەر/١٩٩٠) دا، هـەردردوو ئەڵـمـانیـا یەکیـان گـرتـەوە. لە ئـێسـتادا بە (کـۆماری ئەڵـمانیـای دیـمـوکـرات) نـاودەبـرێـت و پـایتـەخـتـەکەی شاری (بەرلیـن) ە.
رۆژی رووخـانـدنی دیـواری بـەرلـیـن، رۆژێـکی مـێـژوویـیـە و سـیـمبـولی ئـازادیـیە. بـوو بـە (رۆژی جیهـانـیی ئـازادی) لە جـیهـانـدا. کـۆتـاییـش بـە شـەڕی سـارد هـات.
بـۆ بیـرەوەری، بەشــێکـیان لـە دیـوارەکـەی بـەرلـین، بـە درێـژایـی (١٣٠٠) مـەتـر نەڕووخـانـد. لە ئێستادا، لە (١٣) وڵاتی جـیهـان (١٢٠) هـونەرمەنـدی وێـنەکـێـشی ناوداری جیهانی، تابـلـۆیان لەسەر ئەم بەشە دیـوارەدا کـێشاوە. ساڵانە چوار ملیـۆن گەشـتـیار سـەردانی ئـەم دیـوارە دەکـەن و وێـنـەی دیـوارەکە و تـابـلـۆکـان دەگـرن.
ئەگەرچی ئازادیی بیـروڕا و گوزارشتکردن و بڕیـاردان و گەشتکـردن و لەبەرکـردنی جۆری جلوبەرگ، لە ماف و پێویستییە سەرەکییەکانی هـەر کەسێکـن. بەڵام بەداخەوە تا ئەمـڕۆش، لە سایەی رژێـمە خۆسەپـێـنە دیکتـاتـۆرییەکـان و زورداران و لە لایـەن هەڵگـرانی ئایـدۆلـۆژیـای بـۆگەن و تووشـبووانی ڤـایـرۆسی رەگـەزپـەرستی، کە دژی ئازادیـن، ئـازادی و دیمـوکـراسی لەژێـر هەڕەشـەدایە. زیـاتر لە دوو ملیـارو کـەس لە جیهاندا، ئازادییان نییە و بە ترس و نا ئارامییەوە دەژین. ستەمکاران و دیکتاتـۆرەکان بە ئاشکرا پێشـێلی ئازادی و دیموکراسی و مافـەکانی مـرۆڤ و مافـەکانی گەلان دەکەن و گـوێ بە یاسا و رێسا نێـودەوڵەتییەکان نادەن و خۆیـان لە سەرووی یاساوە دەزانـن. بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە و بێبەزەییانە، دەمکوت و سەرکوتی ئازادیخوازان و گەلانی مـافـخـراو و نیشـتمان داگـیرکـراو دەکەن و بە هەمـوو شـێوەیەک دەیـانچـەوسێننەوە و
دەیـانگـرن و دەیـاکـوژن و مافی ئـازادی و ژیـانیـان پێ رەوا نـابیـنن.

بێگـومان گەلی کوردمـان، گەورەتـریـن گەلە لە جیهـانـدا، کە مافـەکانی زەوتکـراوە و کوردستانی نیشـتمانمان داگیرکـراوە. داگـیرکەرانی کوردستان، لەسەر خاکی خۆمـاندا،
نە ئازادی و نە هـیچ مافـێکـمان پێ رەوانـابـیـنـن. بە دڕنـدەتـریـن شـێوە، دەیانەوێـت، ناسنامەی کورد بـسـڕنەوە. بەڵام هەرگـیز ئەم نیـازە گڵاوەیـان نایەتەدی، چونکە ئەوە ئەستەمە کە بتـوانـن هـێـڵی راسـت و چـەپ، بەسەر نـزیکەی (٧٠) ملـیـۆن کـورد لە کوردستاندا بهـێنن. ئێمەی کوردیش ئازادی و ژیانمان دەوێـت. هەمیشە ئازادیخـواز و رزگـاریخـواز و ئاشتـیخـواز بـووینـە و دەبـین، تا هـیوا و ئامـانج و مافـە رەواکـانمان نەینـەدی، ئـەسـتەمـە کە دەسـت لە خـەبـات و بەرگـری و قـوربـانـیـدان هـەڵـبگـریـن.
رۆژی ئـازادیـیــــە نـــەک زەبـــونـــیـیـە
ئەی منـیش وەک گەلان مافـم بـۆ نـیـیـە
بـۆچـی تـاوانـە گـەر دیـلی کـەس نـەبــم
یـا پـلـیـشــاوەی ژێـــر هـــەرەس نـەبــم

ئازادی رزگاربوونە لە کۆت و زنجـیر و پێوەنـد، کە توانای بەرهەمهـێنانی مـرۆڤـیان پێـوەنـدکـردوون. ئـازادی بـریتیـیە لە رزگاربـوونی کەسان و گەلان لە کۆیـەلایەتی و ژێـردەستی. (جان جاک رۆسۆ) دەڵـێت:”مـرۆڤ بە ئـازادی لەدایک دەبێـت، بەڵام لە هەمـوو شـوێـنێکـدا، زنجـیری کـۆیـلایەتی بەکـێـش دەکـات”.

شایـەنی باسـە و شانـازییە بـۆ هـەمـوو کوردێـک، کە پەڕلـەمـانی ئەوروپـا، (خـەڵاتی ساخارۆف) بۆ ئازادیی بیرکردنەوە، ساڵ (٢٠٢٣)ی بەخشی بە شەهیدی جوانەمەرگ (ژینا ئەمـینی) و بە بزووتنەوەی (ژن، ژیـان، ئـازادی). ئەم خەڵاتەش ساڵانە دەدرێت، بـەو کەسە یا گـروپـانـەی، کـە دژی سـتەمکـاری دەوەسـتـنەوە و بەرگـری لـە ئـازادی رادەربـڕیـن و بیـرکـردنـەوە دەکـەن.
نەرویـج: ٢٠٢٥




بۆچی کورد لە سایەی ئێمپراتۆرییەتەدا پارێزراو بوو، لەژێر ڕکێفی دەوڵەت-نەتەوەشدا لەناودەچێت؟.. شێرکۆ کرمانج

بەشی سێیەم

نزیک بە هەزار ساڵ پێش سەرهەڵدانی دەوڵەت-نەتەوە لە ناوچەکە و دابەشکردنی فەرمیانەی کوردستان، کورد و کوردستان ئەگەر ئازاد و سەربەخۆش بووبن، ئەگەر خاوەنی میرنشینی دەسەڵاتدار و فەرمانڕەواش بووبن، ئەوا بەگشتی، بە ڕاستەوخۆ یان بە ناڕاستەوخۆ، لەژێر قەڵەمڕەوی یەکێک لە ئیمپراتۆرییەتەکانی ناوچەکەدا بوون، جا ئەمەوی و عەباسییەکان بووبن یان عوسمانی و سەفەوییەکان/قاجارییەکان بووبن. بە سەدان ساڵ پێش ئەم قۆناغە، کورد وەک گرووپێکی ئیتنی، خەڵکانێک کە بە زمانی کوردی قسەیان کردبێت، بوونیان هەبووە و ڕۆڵیان لە مێژوودا کەم تا زۆر دیوە. قسەی ئێمە لەم بابەتە لەسەر ڕۆڵ و پێگەی کورد نییە بەڵکوو بوون و مانەوەیەتی. پرسیارەکە ئەوەیە بۆ کورد لانی کەم زیاتر لە هەزار ساڵ دەبێت لەم ناوچەیە، بەگشتی ژێر دەستبووە یان لە سێبەری گرووپێکی باڵادەستتر ژیاوە، کەچی بوون و زمانی هەبووە و ماوە، کەچی ئێستا ئەوە تەنیا ١٠٠ ساڵە لەژێر دەسەڵاتی چوار دەوڵەت-نەتەوەیە، بەڵام، وەک ئێمە بانگەشەی بۆ دەکەین، زمانەکەی و ناسنامەکەی کەوتۆتە مەترسی و لەناوچوون. بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت بەرواردی نێوان سیستەمی حوکمڕانی ئیمپراتۆرییەت و دەوڵەت-نەتەوە بکەین، لەو بەراوردکارییەدا نیشان بدەین کە بۆچی و چۆن کورد وەک گرووپێکی ئیتنی، لە یەکەمیان توانای گەشەپێدان و پاراستن و مانەوەی گرووپەکە و زمانەکەی هەبووە و لەوەی دووەمیان نییەتی. ئەمە بەشی سێیەمە لەو وتارە چوار بەشییەی کە لەسەر ئەگەرەکانی لەناوچوونی نەتەوە بێدەوڵەتەکان نووسراوە، کەیسی کورد وەک نموونە وەرگیراوە، بەشی یەکەم و بەشی دووەمی لە ماڵپەڕی سەکۆ بڵاوکراوەتەوە.

فرەیی و فرەجەمسەریی
یەکێک لە جیاوازییە هەر سەرەکییەکانی نێوان ئیمپراتۆرییەت و دەوڵەت-نەتەوە بوونی فرەییە (pluralism) لە ئیمپراتۆرییەت، لەبەرانبەر وەکیەکیی (standardization) لە دەوڵەت-نەتەوەدا. ئیمپراتۆرییەتەکان لەسەر بنەمای فرەیی دامەزراون، جا فرەیی دینیی، نەتەوەیی، ئیتنیی یان کولتووری بێت. لە سەدەکانی ناوەڕاست، لەسەردەمی عەباسییەکان، کورد چەندین میرنشینی بەهێزی هەبووە، ڕەوادی (٨٤٤-١٠٥٤)؛ شەدادی (٩٥١-١٠٥٤)؛ حەسنەوی (٩٤١-١٠١٥)؛ عەنازی (٩٩٠-١٠٥٤)؛ دۆستەکی/مەروانی (٩٨٣-١٠٥٤) و دەوڵەتی ئەیوبی (١١٧١-١٢٥٠). ئەوانەی کوردستان، دووانیان هەم باڵادەست بوونە هەم ماوەیەکی زۆر فەرمانڕەوا بوون، حەسنەوی (لە دەڤەری کرماشان و سنە) لەگەڵ دۆستەکی لە دەوروبەری دیاربەکر، کە دراوی خۆیان هەبووە (تۆفیق ٢٠١١). لێرە کەمتر قسە لەسەر دۆخی میرنشینە کوردییەکانی سەردەمی عەباسییەکان دەکەین بەڵکوو قسەی زیاتر لەسەر ئەوانەی قەڵەمڕەوی عوسمانییەکان دەکەین.
لە سەدەی پازدە و شازدە، لە سەرزەمینە بەربڵاوەکەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی کە ئاقارەکانی بۆ سەر سێ کیشوەر درێژ ببووەوە، کورد، عەرەب، ئەرمەنی، یۆنانی، بولگاری، سێربی، ڕۆمانی وەک گرووپی ئیتنی بوونیان هەبوو. لە قۆناغی جیاجیادا، عوسمانییەکان بەشێوازی جیاواز مامەڵەیان لەگەڵ گرووپە ئیتنی و کۆمەڵگە دینییەکان دەکرد. لەسەرەتا لەبەر بچووکیی دەوڵەتەکەیان و لە کۆتاییشدا لەبەر بچووکبوونەوەی قەڵەمڕەوەییەکەیان و بە چاولێکەری ئەوروپییەکان بەرەو ناوەندێتی هەنگاویان نا، ئەگینا لە سەدەی پازدە تا سەرەتاکانی سەدەی نۆزدە لەبەر بەرفراوانی تخووبەکانیان دەسەڵاتێکی زۆریان بۆ جەمسەرەکانی دیکە شۆڕکردبۆوە، ئەمەش بوو بە مایەی دروستبوونی چەندین میرنشین، وەک میرنشینە کوردییەکان (بەدلیس، بادینان، سۆران، بابان، هەکاری، بۆتان).
بێجگە لە پاراستنی دابونەریت و کولتوور لەژێر سێبەری ئەم میرنشینانە (بە میرنشینە کوردییەکانی قەڵەمڕەوی سەفەوییەکانیش، (وەک ئەردەلان [١١٦٩- ١٨٦٧] و زەندییەکان)، هەوڵێکی زۆریش دەدرا بۆ پێشخستنی زمان و وێژەی کوردی. بەگشتی، لە سێبەری عوسمانییەکان، مادام باج دەنێردرا و سەقامگیری پارێزراو بوو، عوسمانییەکان زۆر گوێیان بە کولتوور و دابونەریت و پراکتیزە جۆراوجۆرە ناوخۆییەکان نەدەدا، بەتایبەتی بۆ گرووپە ناتورکە موسڵمانەکان. ئەم دید و هەڵوێستە بووە هۆی دروستبوونی مۆزایکێکی ئیداری و دارایی کە تێیدا قەڵەمڕەوەکەیان پڕ بوو لە فرەیی و ڕەنگی خۆڵەمێشی و سێبەری جیاواز. عوسمانییەکان زیاتر حەزیان لە کارایی بوو نەک وەکیەکیی، ئەم نەرمییە ئیدارییە بوو کە وای لەوان کرد بۆ ماوەیەکی زۆر حوکمڕانی بەسەر خاکی عەرەب و کورد و سیرب و یۆنانییەکان، هتد، بکەن (Cleveland 1994: 45). ئەمە کەم تا زۆر لە ژێر دەسەڵاتی سەفەوییەکانیش بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاست بوو، چونکە دەسەڵاتی میرنشینی ئەردەڵان، بۆ نموونە، کە حەفت سەد ساڵی خایاند لە دەسەڵاتی میرنشینە کوردییەکانی قەڵەمڕەوی عوسمانییەکان زۆرتر نەبووبێت کەمتر نەبووە.
بەپێچەوانەی ئیمپراتۆرییەت، دەوڵەت-نەتەوە، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نەک هەر فرەیی و فرەڕەنگ نین، بەڵکوو لە سەد ساڵی ڕابردوودا، ئەو دەوڵەتانەی لەسەر خۆڵەمێشی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و قاجاری/سەفەوی دامەزراوان (وەک تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا) بەردەوام لە هەوڵی لەناوبردنی فرەیی و یەکڕەنگکردنی دەوڵەتەکانیاندا بوون. هەر چوار دەوڵەت، کە کوردستانیان دابەش کردووە، هەر زوو دروشمی یەک ئاڵا و یەک نەتەوە و یەک زمانیان بەئاشکرا، یان لەپشت پەردەوە، بەرزکردۆتەوە.
لە ئێران و تورکیا، زمان و کولتووری کوردی، بۆ چەندین دەیە یاساغ بوون، کە کاریگەرییەکانی زۆر زەحمەتە ئاوەژوو بکرێنەوە، ئێستاش ئەگەر کوردی ڕێگەپێدراوە، ئەوە لە ئاستە فەرمییە-سیاسییەکەی نییە بەڵکوو لە ئاستی خێزان و ئاستێکی ناوخۆیی زۆر سنووردار. لە تورکیا، ئەوە سەد ساڵە، کوردکوژی، زمانکوژی، کولتوورکوژی، ژینگەکوژی، ناسنامەکوژی، شوێنەوارکوژی بەردەوامە. لە عێراق، هەر لە زووەوە کورد وەک نەتەوە و زمان کەم تا زۆر دانی پێنراوە، بەڵام هاوکات و هاوتەریب، حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق لە هەوڵی پەراوێزخستنی کورد و زمانەکەی بوون. سیاسەتی تەعریبی کورد و کوردستان زۆر بە چڕی لە ١٩٦٣ ەوە جێبەجێ کراوە. لە حەفتاکان و هەشتاکان پڕۆسەی ڕاگواستن و چۆڵکردن و دەرپەڕاندن و قڕکردن گەیشتە ترۆپک، ئیدی کورد، نەک هەر زمان و کولتووری کەوتە مەترسی، بەڵکوو وەک نەتەوە بوونی کەوتە مەترسییەوە. لە ٢٠٠٥، عێراق، لەوکاتەی لە لێواری تەپین بوو، بەفەرمی زمانی کوردی و بەشێکی کوردستانی وەک هەرێمێکی فێدرالی ناساند. لەگەڵ زیندووبوونەوە و بەهێزبوونی لە ٢٠١٧ ەوە، لە هیچ هەوڵێک سڵی نەکردۆتەوە بۆ لاوازکردنی پێگەی کورد و هەرێمی کوردستان، بەڕادەیەک کە سیاسەتی تەعریب لە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان تا ئێستا بەخەستی بەردەوامە. لە سووریا، هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە کورد پەراوێزخراوە، لە ١٩٦٣ ێشەوە، ئەو بەشەی کوردستان بەشێوەیەکی سیستەماتیکی تەعریب دەکرێت. دەوڵەتی سووریا خۆی بەپێی دەستوور خۆی وەک دەوڵەتێکی عەرەبی ناساندوە، ڕێک وەک ئەوەی کورد و کوردستان بوونیان نەبێت لەو وڵاتە.
هاوکات، ئیمپراتۆرییەتەکان، بە عوسمانی و سەفەوییەوە، بەگشتی هێترۆجینیەس و فرەجەمسەرن (multipolarity)، ڕێک پێچەوانەی چوار دەوڵەت-نەتەوەکە کە لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ هۆمۆجینیەسکردنی وڵاتەکەیان و فرەجەمسەری ڕەت دەکەنەوە و مۆنۆپۆلی دەسەڵات دەکەن.

نەتەوەی ناوک
لەوانەش گرنگتر ئیمپراتۆرییەت نەتەوەی ناوک (national core) ی نییە، بەڵام لە دەوڵەت-نەتەوەکان بەگشتی و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نەتەوەیەک دەبێتە، دەکرێتە، یان بووەتە، نەتەوەی ناوک. بەواتایەکی دیکە، ئیمپراتۆرییەتەکان سیاسەتی لەناوبردن و قڕکردن و ئەسیمیلەکردنی ئەوانی دیکەیان لەناو یەک نەتەوەدا پەیڕەو نەدەکرد. بۆ نموونە، عوسمانییەکان و سەفەوییەکان/قاجارییەکان، پێش ئەوان، ئەمەوییەکان و عەباسییەکانیش، ئەگەر گرنگیشیان بە زمانێک لە زمانەکان دابێت بەڵام سیاسەتی قەدەغەکردنی زمان و سەپاندنی زمانێکی دیاریکراویان پەیڕەو نەدەکرد. عوسمانییەکان زمانی تورکی و سەفەویی و قاجارییەکان زمانی فارسییان لە دامودەزگا فەرمییەکانی خۆیان بەکاردەهێنا، هەندێک جار عەرەبیش لە کایەی دینییدا، بەڵام سیاسەتی بەتورککردن و بەفارسکردن تا دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەی تورکیا و ئێران سەپێنراو نەبوو. بەپێچەوانەوە، هەر کە ئەو دوو دەوڵەت-نەتەوەیە لەسەر میراتی ئەو دوو ئیمپراتۆرییەتە دامەزران، ئیدی سیاسەتی بەتورککردن و بەفارسکردن بەڕادەیەک سەپێنران کە کورد لەسەر بەکارهێنانی زمانی کوردی زیندانی دەکرا. ئێران وەک تورکیا توند نەبوو لە سەپاندنی سیاسەتی یاساغکردنی زمانی کوردی، بەڵام دەکرێت ئەم جیاوازییە بۆ جیاوازی لە پراکتیزی سیاسەت لەنێوان ئەو دوو دەوڵەتە بگەڕێتەوە. تورکەکان زیاتر مەیل بە بەکارهێنانی هێزی ڕەقن، کەچی فارسەکان بە خشکەیی و بە بەکارهێنانی هێزی نەرم کوردییان لەبیر خەڵک دەبردەوە.
لە سووریا، کوردەکان نەک وەک نەتەوە و گرووپی ئیتنی و زمانی دانیان پێنەنراوە، بەڵکوو لە میوانێکی ڕەزاقوورس وەک هیچ شتێکی دیکە حیسابیان بۆ نەکراوە. سیاسەتی کەمەربەندی ستراتیجی عەرەبی لە سەرەتای شەستەکانەوە جێبەجێ کراوە. بەپێی ئەم سیاسەتە سیستەماتیکییە سنووری نێوان تورکیا و سووریا بە قوڵایی ١٥ کیلۆمەتر لە کورد خاڵی کرا، لە شوێنەکانی دیکەش حکومەت دەستی کرد بە ‏دروستکردنی نیشینگەی (مستەوتەنەی) عەرەبی لە تەنیشت هەر گوندێکی کوردی (مەلازادە ٢٠٢٢: ٢٦٥-٢٦٦).
لە عێراق، لە ١٩٦٣ وە تا کۆتایی هەشتاکانی سەدەی بیستەم، نزیکەی ٣٦ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە، واتە ٤٢% ‏ی باشووری کوردستان، بەشێوەیەک لە شێوەکان بەر سیاسەتەکانی تەعریب کەوتن. هاوکات، دەوڵەتی عێراق سەدان هەزار ‏کوردی فەیلی لە عێراق بە زۆرەملێ دەرپەڕاند بۆ ئێران. تا ١٩٨٧، حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق ١٩٢٨ گوندی کوردستانیان خاپوور کرد بە پاسا و بیانووی جیاجیا، لەنێوان ساڵانی ١٩٨٧ و ١٩٨٨ هەرچی گوندی دیکەی کە مابوو لەگەڵ زەوی تەخت کران (کرمانج ٢٠١٧: ٢٦٢-٢٩١)، بەمەش تاکوتەرا نەبێت، گوند لە سەرتاسەری کوردستان نەما.
ئەو نموونانەی کە ئاماژەیان پێ کرا، لە ڕاستیدا، لەوەی دەرهەق بە کورد و کوردستان لە هەر چوار دەوڵەت-نەتەوەکە کراوە مشتێکە لە خەروارێک، چونکە لەم کورتە بەسەرکردنەوەیە تەنیا مەبەستمان ئەوەیە کە جیاوازی لە نێوان مامەڵە و ڕەفتار و کرداری ئیمپراتۆرییەتەکان لەگەڵ دەوڵەت-نەتەوەکان دەرخەین. ئێمپراتۆرییەتی عوسمانی و سەفەوی چەند خراپ بووبن بەرانبەر بە کورد بەڵام سیاسەتی جینۆساید و زمانکوژی و کولتوورکوژی و ژینگەکوژییان پەیڕەو نەکردووە لە دژی. یەکێک لە هۆکارەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە هەردوو ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و سەفەوی/قاجاری نەتەوەی ناوکیان نەبووە. لەبەرابەردا، نەتەوەی تورک، فارس یان عەرەب ئەستوونێکی سەرەکی وڵاتانی تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا-یان پێکهێناوە. بەڕادەیەک کە دروشمی یەک نەتەوە و یەک زمان و یەک ئاڵا ئەگەر بە ئاشکراش دروشمی هەر چوار دەوڵەتەکە نەبوو بێت، ئەوە بە پراکتیز کار بۆ ئەم تێگەیشتن و دیدە کراوە، کە نەتەوەیەک وەک ناوک وەرگیراوە و کورد و کوردی پەراوێز و یاساغ کراون.
وەک بەشێک لە بەناوککردنی نەتەوەکانی تورک و فارس و عەرەب لە چوار دەوڵەت-نەتەوەکە، کە لە ئیمپراتۆرییەتدا هاوتای نەبووە، تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا چوار دەوڵەتی توێنەر (assimilative) بوون، کەچی ئیمپراتۆرییەتەکانی ئەمەوی و عەباسی و عوسمانی و سەفەوی/قاجاری ناتوێنەر (non-assimilative) بوون. لەم نێوەدا و بۆ ئەم مەبەستە دەوڵەت-نەتەوە خوێندن و فێرکردن و پەروەردەی بەکۆمەڵ وەگەڕدەخا هەم بۆ قووڵکردنەوەی سیاسەتی نەتەوەی ناوک، هەم بۆ تواندنەوەی ئەوانی دیکە، کورد بۆ نموونە، لە قازانی نەتەوەی زاڵدا. لە ڕێگەی خوێندن و فێرکردن و پەروەردەی بەکۆمەڵ، دەوڵەت-نەتەوە دەگاتە هەموو کونوقوژبنێکی وڵاتەکە، بەڕادەیەک وڵات و هەرێم و جوگرافیاکان چەندی سەخت و دوورەپەرێز بن بەڵام دەست و گوێچکە و زمان و سیاسەتی دەوڵەت-نەتەوە پێیان ڕادەگات و زمانی دایک و نەتەوە بێدەوڵەتەکان یاساغ دەکات، پەراوێز دەکات، لە فەزای گشتی وەدووریان دەخاتەوە.

خوێندنی بەکۆمەڵ
لە ئیمپراتۆرییەتە ئیسلامییەکانی سەرەتای پەیدابوونی ئیسلام تا دەگاتە ڕووخانیان لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم، خوێندن و فێرکردن و پەروەردەی بەکۆمەڵ و فەرمی بوونی نەبوو. کەسانێک، نەک خەڵک، ئەگەر بە زمانێکی دیکەش (عەرەبی، فارسی یان تورکی) لە قوتابخانە دینییەکان (ئەوەی لەنێو کورد وەک “حوجرە” ناسراوە) خوێندنیشیان کردبێت، ئەوا، یەکەم، ژمارەیان هێندە کەم بووە هیچ کاریگەرییان لە زمانی گرووپە ئیتنییەکان نەبووە. دووەم، دەرچووانی حوجرەکان دواتر بوون بە مەلا لە شار و گوندەکان کە لەوێ بەگشتی لە مزگەوتەکان، تەنانەت ڕۆژانی جومعە لە خوتبەکانیش، هەر بە کوردی قسەیان کردووە.
بە واتایەکی دیکە، زمانی فەرمی ئیمپراتۆرییەت هیچ ڕێگە و ڕێچکەیەکی نەبووە بگات بە خەڵک/عەوام. لە ڕاستیدا، لە هەزار ساڵی پێش دروستبوونی دەوڵەت-نەتەوە لە ناوچەکە، کورد بەگشتی، مەلاکانی لێ دەرچێت، یان ئەو فەرمانبەرانەی لە بەغدا و تاران و ئەستەمبوڵ کاریان دەکرد، کەسی دیکە بێجگە لە کوردی زمانێکی دیکەی نەزانیوە و بەکارنەهێناوە، بەدەگمەن نەبێت. بەواتایەکی دیکە، کورد و کوردی، وەک گرووپێکی ئیتنی و زمان نەک هەر مەترسی لەناوچوونی لەسەر نەبوو، بگرە هیچ هەڕەشەیەکی توانەوە و ئەسیمیلەبوونی ڕووبەڕوو نەبۆتەوە چونکە ئیمپراتۆرییەتەکان بەگشتی توێنەر نین بە بەراورد بە دەوڵەت-نەتەوە کە کۆڵەگەی لەسەر وەکیەککردن و سڕینەوەی فرەیی و جیاوازییەکان داناوە و کەڵک لە خوێندن و پەروەردەی بەکۆمەڵ بۆ ئەم مەبەستە وەردەگرێت.
بەپێچەوانەی ئیمپراتۆرییەت، یەکێک لە کۆڵەگەکانی دەوڵەت-نەتەوە خوێندنی فەرمی و بەکۆمەڵە. دەوڵەت-نەتەوەکان (وەک تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا) هەر لەگەڵ دامەزراندنیانەوە لە چەند دەیەیەکدا، خوێندن بە زمانی تورکی، فارسی یان عەرەبی‌ـیان کرد بە زمانی فەرمی و زمانی خوێندن و پەروەردە و زانست، ئەمەش وای کرد کە ئەم زمانانە ببن بە زمانی ئەدەب و نووسین و مەعریفە. بەمەش زمانی کوردی پەراوێزخرا و لە پێگەیەکی نزمتر نیشتەجێ کرا. دەوڵەت، لەڕێگەی خوێندن و پەروەردە گەیشتە هەموو کونوقوژبنێکی وڵات (بە کوردستان‌ـیشەوە)، نەک هەر زمانی نەتەوە سەردەستەکانی سەپاند بەسەر منداڵانی کورد، بەڵکوو عەقڵییەت و زهنییەت و تێگەیشتن و بیرکردنەوەی دەوڵەت و نەتەوە داگیرکەرەکەی خزاندە نێو مێشکی منداڵ و لاوانی کورد. ئەمەش لە هەموو شتێک زیاتر ئاسانکاریی بۆ تواندنەوەی نەتەوەی کورد کرد. شتگەلی لەم شێوەیە، لەژێر سایەی ئیمپراتۆرییەتەکاندا نموونەیان نەبوو.

ڕۆڵی خێزان
لەوانەیە گرنگترین جیاوازی نێوان ئیمپراتۆرییەت و دەوڵەت-نەتەوە پەیوەندی بە ڕۆڵی خێزانەوە هەبێت وەک دامەزراوەیەک و ناوەندێک بۆ گەیاندن و گواستنەوە و دروستکردن و گۆڕینی زمان، دابونەریت و کولتوور و مێژوو و ناسنامە. لە سەردەمی ئیمپراتۆرییەتەکان، خێزان وەک یەکەیەک و دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی ڕۆڵی سەرەکی بینیوە لە فێرکردن و پەروەردەکردن و گەورەکردنی منداڵان و نەوەکانی دواڕۆژ، هاوکات، گەیاندن و گواستنەوە و دروستکردنی زمان، دابونەریت و کولتوور (بەهاکان و ماناکان و تێگەیشتنەکان و تێڕوانینەکان و ڕەوشتەکان). ئەوە بەو مانایە نییە کە دامەزراوەکانی ئیمپراتۆرییەت ئەو ڕۆڵەی بە فەرمی و ڕاستەخۆ بە خێزان سپاردبێت بەڵکوو لاوازی ناوەندێتی و سروشتی ئیمپراتۆرییەتەکان و نەبوونی خوێندن و فێرکردن و پەروەردەی بەکۆمەڵ ژینگەیەکی لەو شێوەیەی خولقاندبوو. لە بارودۆخێکی ئاوەهادا منداڵ ئەو زمانە فێر دەبێت کە داییوبابی قسەی پێدەکەن؛ هەڵگری دابونەریت و کولتوورێکیش دەبێت کە ماڵەوە و لە گوندەکەی پێیەوە ئاشنا دەبێت. ناسنامەکەشی ڕەنگدانەوەی کارەکتەرەکانی خێزان و گوند و دەوروبەرەکەی دەبێت. بەکورتی، کاتێک منداڵێک لە گوندێکی هەکاری، شارباژێر، عەفرین، یان مەریوان لە دایک دەبێت، بە زمانی دایکی، کە کوردییە، قسە دەکات؛ جلوبەرگ و دابونەریتەکانیش هاوشێوەی خەڵکی گوندەکەی و دەڤەرەکەی دەبێت؛ ناسنامەکەشی لە ئاستە بچووکەکەی سەر بە بنەماڵەیەکی دیاریکراو لە گوندێک و عەشیرەتێک لە دەڤەرێک دەبێت و لە ئاستە گەورەکەش هەڵگری ناوی گرووپێکی ئیتنی (وەک: کورد، عەرەب، تورک) یان دینیی (وەک: موسڵمان، کرستیان، جوو) دەبێت. کارتی باری کەسی و کارتی نیشتیمانی و پاسپۆرت لە بەشی هەرە زۆری ئیمپراتۆرەکاندا بوونیان هەر نەبوو تاوەکوو خەڵکیان پێ پێناس بکرێت یان بناسرێنەوە.
بەپێچەوانەوە، ئەگەر لە سەرەتاش وا نەبووبێت، بەڵام لەگەڵ دامەزراندن و بەناوەندبوونی دەوڵەت-نەتەوە، ئەرک و ڕۆڵی خێزان ڕۆژبەڕۆژ لاوازتر و بێکاریگەرتر بۆتەوە، بەڕادەیەک لە بیست ساڵی ڕابردوودا، بەتایبەتی لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی تەکنۆلۆجی و ئینتەرنێت و مۆبایلی زیرەک و زیرەکیی دەستکرد، خێزان خەریکە کاریگەریی هەر نەمێنێت و دەوڵەت و دامەزراوەکانی دیکە، وەک میدیا و سۆشیالمیدیا ببنە جێگرەوەی خێزان لە پەروەردەکردن و دروستکردن و گۆڕینی منداڵ و گەنجان. وەک لە پەیوەند بە ئیمپراتۆرییەت ئاماژەی پێکرا، ئەم جێگۆڕکێیە لە ڕۆڵەکان هەندێک ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سروشتی ناوەندگەرایی و حەز و تەماحی دەستوەردانە لە دەوڵەت-نەتەوەکاندا، بەڵام هەندێکیشیان مەرج نییە لە جەوهەری دەوڵەت-نەتەوەوە سەرچاوەیان گرتبێت بەڵکوو زیاتر پەیوەندی بە پێشکەوتن و پێشهات و گۆڕانکارییە تەکنۆلۆجییەکانەوە هەیە.
لە پەیوەند بە پرسی کورد، چوار دەوڵەت-نەتەوەکە هەر لەسەرتای دامەزراندنییانەوە، لەڕێگەی خوێندن و فێرکردن پەروەردەی بەکۆمەڵ بەردەوام ڕۆڵی دەوڵەتیان بەهێز و خێزان بێهێز کردووە. هاوتەریب، زمان فەرهەنگ و کولتوور و دابونەریت و مێژوو و یادەوری هاوبەش و ناسنامەی نەتەوەکانی تورک و فارس و عەرەب بەسەر منداڵانی کورد دا سەپێنراوە. ئەگەر لە باشوور و ڕۆژاڤای کوردستان لە چەند دەیەی ڕابردوودا بۆ کوردانی ئەو دوو بەشەی کوردستان هەلێک ڕەخسا بێت، ئەوا کاریگەریی دەوڵەت و ناسنامەی نەتەوەی داگیرکەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئێجگار زیاتر بووە.
لە میانی دامەزراوە پەروەردەیی و سەربازیی و ئەمنیی و تەکنۆلۆجییەکان، کوردستانی پڕ شاخ و داخ و دۆڵی سەخت و دژوار تەخت بووە، تەخت کراوە، بە مانا مەجازییەکەی، وەک چۆن تۆماس فریدمان ئەم تێرمە بەکاردێنێت لە بەستێنی جیهان لەئاکامی جیهانگیرییدا (Friedman 2007). بە واتایەکی دیکە، لەسەردەمی ئیمپراتۆرییەتەکان ئەگەر سەختی ناوچە کوردستانییەکان لەمپەڕێک بوو بێت لەپێش گەیشتنی زمان و کولتوور و ناسنامەی نەتەوەی باڵادەست، ئەوا لەژێر ڕکێفی دەوڵەت-نەتەوە، هیچ کونوقوژبنێکی کوردستان نەماوە کە دەزگا پەروەردەییەکان، ئەمنییەکان، یاساییەکان، تەکنۆلۆجییەکان، میدییاییەکان، هتد، دەستیان پێڕانەگەیشتبێت و کاریگەریی دراماتیکی و جەوهەری و یەکلاکەرەوەییان جێنەهێشتبێت. بۆ نموونە، لە سەد ساڵی ڕابردوودا لە دوورەدەستترین گوندەکانی شرناخ (تا ئێستا)، سەردەشت (تا ئێستا)، کانی ماسی (تا ١٩٩١) و کۆبانێ (تا ٢٠١٣) قوتابخانە کراوەتەوە و دەوڵەت لەڕێگەی پەروەردەی بەکۆمەڵ منداڵانی کورد، لە شەش ساڵی تا ١٨ ساڵی، نەک هەر فێری خوێندن و نووسین دەکات بە زمانێکی دیکە، بەڵکوو زمانی نەتەوەیەکی دیکەیان بەسەردا دەسەپێنرێت و زمانی دایکیان یاساغ دەکرێت و بە مێژوو و کۆیادی تورک و فارس و عەرەبیش جۆش دەکرێن. لە دوای ١٨ ساڵیشەوە ڕاکێش دەکرێن بۆ خزمەتی سەربازی و لەوێ بە فەلسەفە و تێگەیشتنی نەتەوەی داگیرکەر پەروەردە دەکرێن و زۆرجار دەکرێن بە بەشێک لەو سوپایەی کە سەد ساڵە کوردستانی داگیرکردووە و خاپوور دەکات.
بۆیە دەکرێت بڵێین ئەگەر کورد وەک گرووپێکی ئیتنی، کوردی وەک زمان، لە هەزار ساڵی ڕابردوودا ماون ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ سروشت و ژینگەی ئیمپراتۆرییەت، کە بەئاگایی بێت یان بێئاگایی، دنیایەکی ڕەخساندبوو کە فرەیی تێیدا گەشەش نەکات لەناونەچێت. پانتاییەک کە فارس و تورک و عەرەب، بەبەراورد بە کورد، ئەگەر باڵادەستریش بووبن بەڵام هەژموونگەرا نەبوون کە ببن بە نەتەوەی ناوک لە سەرتاسەری ئیمپراتۆرییەتەکە و سیاسەتێکی سیستەماتێک بوونی نەبوو بۆ تواندنەوەی کورد لە قازانی ئەوانی دیکە. بە چەقبوونی خێزان و دووردەستی ئەم دامەزراوەیە لە دەستوەردانی ئیمپراتۆرییەت ژینگەیەکی دروستکردبوو کە منداڵێک ئەگەر لە خێزانێکی کورد لە دایک ببێت ئەوە بەو زمانە قسە دەکات و هەڵگری ئەو ناسنامەیش دەبێت. ئیمپراتۆرییەتەکان، وەک دەوڵەت-نەتەوەکان نەبوون کە سروشتێکی ئەختەبووتیان هەیە و دەستوەردان لە هەموو کونوکەلەبەرێک بکەن و پەروەردەی بەکۆمەڵ بسەپێنن، لەڕێگەی ئەویشەوە هەژموونگەرایی نەتەوەی ناوک (تورک، فارس یان عەرەب) بەسەر کورد دا دروست و زاڵ بکەن. هەژموونگەراییەکە بەڕادەیەک بێت کە پێگەی خێزان و ماڵ جێلەق بکەن و جێگۆڕکێ بە ڕۆڵەکەی بکەن لە پەروەردەکردن و گواستنەوەی زمان و کولتوور و ناسنامە.

ماویەتی..
شێرکۆ کرمانج

—————————

سەرچاوەکان
تۆفیق، زرار سدیق. (٢٠٢٠). کورد و کوردستان لە ڕۆژگاری خیلافەی ئیسلامی. هەولێر: خانەی موکریان.
کرمانج، شێرکۆ. (٢٠١٧). شوناسی عێراق، ململانێ نەتەوەیی و مەزهەبییەکان. سلێمانی: دەزگای سەردەم.
مەلازادە، ئیبراهیم سادق. (٢٠٢٢). “سەد ساڵ نکوڵیکردن وەک فۆڕمێکی جینۆساید، خەسڵەتەکانی کۆڵۆنیالیزم. بەشێک لە کتێبی: سەد ساڵ دوای سیڤەر، کورد لە کوێوە بۆ کوێ. سلێمانی: دەزگای جەمال عیرفان، پ.پ. ٢٢٥-٢٩٥.
Cleveland, William L. (1994) A History of Modern Middle East, Oxford: Westview Press.
Friedman, T. L. (2007). The world is flat: A brief history of the twenty-first century. Farrar, Straus and Giroux.




بۆ فرمێسکەکانی باوکی ڕێکار.. ئازاد حەمە

گریان…. نووسینەوەی دیرۆکی فرمێسک ئاسان نییە

هەڵکۆڵین لە بنەچەی گریان و نووسینەوەی دیرۆکی فرمێسک ئاسان نییە. بۆزۆرێکیشمان روونە،کە سەردەمی فرمێسک دەمێکە بەڕێوەیە و ڕەچەڵەکی فرمێسکیش زۆر مرۆییە. بۆیە لێکۆڵینەوە لە گریان یان فرمێسک ڕشتن هیچنەبیت ئەزموونی ڕژاندنی فرمێسک و بەکوڵ گریانی دەوێت. ئایا ئەوە لە هەموواندا هەیە؟ هاوکات دۆزینەوەی تێڕوانینی قووڵ لە فرمێسکەکانی ئەوانیتر توانایەکی سۆزدارییشی دەوێت.
نهێنی فرمێسک تەنیا گریان تێیدەگات. ئەو ڕژێنانەی فرمێسک بەرهەم دەهێنن هەقایەتیان لەپشتەوەیە. هەڵچوونی هەست،کە گریان دروستدەکات لەڕێگای ڕژانی فرمێسکەوە لە دیرۆکی مرۆڤایەتییدا گۆڕانی بونیادی بەسەردا هاتووە. ئەمە ئەوەشمان پێدەڵێت،کە شیکارییکردنی فرمێسک، تێگەیشتنی کۆمەڵایەتی بۆ گریان وەک خۆی نەماوە. چونکە لە گریان تێگەیشتن دووبارەتێگەیشتنی فرمێسک ڕشتنمان لیداوادەکات. هەروەها ڕاستە فرمێسکەکان لاواز دەرماندەخەن، لێ بە فرمێسکەکان دەتوانین هەستی ئەوانیتر بۆخۆمان ڕاکێشین و خۆشمان تاڕادەیەک ئاسوودەبکەین.
لێرەدا دەپرسین:چاوەکان،کە فرمێسک دەردەدەن، ئەم فرمێسکە دیرۆکی هەیە؟ هەموو فرمێسکێک یەک مانای هەیە؟ لەڕووی بایۆلۆجییەوە یەک تام و یەک پێکهاتەی هەیە؟گریان چارەسەرە(تێڕاپییە)؟ ئێرە، واتە کوردستان، یان رۆژهەڵات، بەشێک نییە لە مێژووی فرمێسک؟ وەکیتر کوێن ئەو شوێنانەی دەستپێکی مێژووی نەک گریان بەڵکو پێکەنیینیشن؟ ئارکۆلۆژیای(هەڵکۆڵیناسی)گریان چییمانپێدەڵێت؟ ئەو مێژووکردانەی گریان دەنووسنەوە سەر بەو شوێنانەن، کە منداڵدانی تراژیدیا و کارەساتباریین؟ مانای سایکۆلۆجی فرمێسک لەگەڵ مانا کولتووریەکەی یەکە؟ فرمێسکی یۆنانییەکان لەسەردەمی سوکرات هەمان مانای ئەو فرمێسکانەی هەیە باوکی رێکار ڕشتی؟
فرمێسک چییە؟ فرمێسکەکان لە ئاو(شلەیێکی خوێیین)پێکاهاتوون، کە لەگەڵ پێکهاتەی تریشدا تێکەڵن( چەوری، ئەنزیم و هتد…). کاتێک دەگریەین فرمێسک دەڕێژین، کە هۆرمۆنی تایبەتی تیایە. فرمێسکی سۆزداریی بەپێی توێژینەوەکان پێکاتە هۆرمۆنییەکەی جوداوازە. لێرە قسەی ئێمە نە لە پێکهاتەی کیمیایی فرمێسک یان گریانە نە سوودی ڕشتنی فرمێسک، بەقەدئەوەی فرمێسک وەک دیاردەیەکی خەمناک و ئاماژەیەکی وروژێنەری سۆزداریی تەماشادەکەین.
باشە مێژووی گریان چییە؟ هەموو شتێک مێژووی خۆی هەیە. گریان، کە دەرهێنەری فرمێسکە لە کولتوورێکەوە بۆ ئەوی دیکە جیاوازە. هەرهەمووشمان جارێک لە جاران فرمێسکمان ڕشتووە، بەڵام فرمێسکی باوک(پیاو) و فرمێسکی دایک(ژن)، فرمێسکی هەژار و فرمێسکی دەوڵەمەند، فرمێسکی تاوانکار و فرمێسکی قوربانی و.. وەک یەک نیین.
بیرمەندە گەورەکان لە یۆنانەوە(هیپۆکراتیس، ئەفلاتون و…) تا دەگاتە زانایانی بایۆلۆجی(داروین) و هونەرمەندەکان(پێکاسۆ و ..) هەوڵیان داوە لە مانا و ناواخنی گریان حاڵیبن. تەنانەت ئاماژەکانی فرمێسک لە فیلمەکان تادەگاتە فرمێسکی سەرتابلۆکان ئەوەمان بیردەخەنەوە،کە فرمێسک تەنها دیاردەیەکی مرۆیی نییە، بەڵکو ئاژەڵیشە. بەڵام ئەوەی مرۆڤ ناخهەژێنترە چونکە بەهۆشەوەیە و ڕشتنەکەشی بۆ هەردولایە.
ڕاستە تەنگژەی جەستەیی و ڕۆحیی یان دەروونییەکان سەرچاوەی فرمێسک دەردانن، لێ کولتوورە جیاوازەکان بەپێی ئاماژەکانیان مانای خۆیان بەبەر فرمێسکەکاندا کردووە. بۆ زۆرێکمان ئەوەش جێگای سەرنجە،کە فرمێسکی چینییەک لەگەڵ فرمێسکی لاتینئەمریکای یان ئەفغانییەک لە چییدا لەیەک دەچن. ئەوە کولتوورەکانن، کە پێماندەڵێن فرمێسکی هەژاران و دەوڵەمەندان، ئیمانداران و بیئیمانەکان، یان کۆمەڵگە غەدرلێکراو و ئازاد و خۆشبەختەکان هاوشێوەی یەکنیین.
خۆشیی (سەرکەوتن، بردنەوە، تەندروستبوون و..) و خەم(مەرگ، غەدر، دابڕان و..) فرمێسک هێنەرن. ئەڵبەتە ئەوەش کاتێک تەنێک دەچێتە چاومان یان بەشتێک هەستیارییمان هەیە. بەڵام ئەو مانایەی ئێستا فرمێسک هەیەتی هەمان ئەوە نییە، کە مرۆڤ لە سەرەتای مێژوو هەیبووە. فرمێسکی تاکی کورد لە ئێستادا ڕەنگە بەرهەمی هۆکارگەلێکی جیاواز بێت لەو فرمێسکانەی هەزار ساڵ لەمەوبەر ڕشتوونی. کەوابێت ڕژاندنی فرمێسکی کوردی ئەمڕۆ هەمان پێکهاتە کیمیاییەکەی پێشووی هەیە بەس هۆکارە سۆزدارییەکە هەمان نییە.
فرمێسک هەستگەیێنەرە، کۆدەکان دەخاتە بەردەست کەسانی ترەوە، پێیاندەڵێت فرمێسکەکانم لەخۆڕانیین، ناخهەژێنییان تێدایە. کەواتە فرمێسکەکان دەتوانن ناخەکان پۆلینکەن. ئەمەو جەستەی ئەو کەسەی دەگری و فرمێسکی سۆزداری دەڕێژێت دەچێتە ئاستێکی هاوسەنگ و بە ڕشتنی فرمێسکەکە فشاری دەروونی کەمدەبێتەوە.
کردەی گریان دروستکەری فرمێسکە. واتە دەستپێک گریانە و بەرهەمەکەی ڕشتنی فرمێسکە. وێڕایئەوە، سۆز و هەستی قوڵ و بەهێزیش فرمێسک هێنەرن. ئەڵبەتە سۆزیی رەوشتییش هۆکارە بۆ فرمێسک ڕشتن. کەواتە، کاتێک بەزییمان بەکەسێکا یان خۆمانا دێتەوە، هاوسۆزدەبین لەگەڵ دیاردە یان کێشەیەک، بەرهەمی ئەوە دەبێتە گریانێک.
ئەوەتا دەبینیین، کە نوسەری ئەمەریکی تۆم لوتز Tom Lutzلە کتێبێکیدا بەناوی(مێژووی سروشتیی و کولتووریی فرمێسک)ئاماژە بۆئەوەدەکات، کە””چۆن فرمێسکەکان هەم وەک چێژبەخش و هەم وەک مەترسیدار، هەم وەک شتێکی نهێنی و هەم قووڵ سەیر کراون. لێکۆڵینەوە لەوە دەکات،کە چۆن هەمان دەربڕینی هەست، وەک فرمێسکی خۆشی یان خەم، دەتوانرێت بەپێی چوارچێوەی کولتووریی بە شێوازی زۆر جیاواز لێکبدرێتەوە.””
کۆتا گوتنمان سەبارەت بە گریان و ڕژانی فرمێسک، ئەوەیە، کە مخابن کەوتووینەتە ناو دەمی گاڵتەکردن بە گریان. بۆیە باشە بزانیین،کە فرمێسکی کوردی لە دیدی مێژووییەوە سەرچاوەی جۆراوجۆریی هەبووە، کە زۆرینەی نەهامەتی سیاسیی بۆهێناوە، کە هۆکاری ڕژانی فرمێسکەکانی بووە. ئێمە زۆرترین ئازادیمان لە فرمێسک ڕشتن هەبووە. ئەو ئازادییە بۆ گریان هەمانبووە وایلێکردووین لەبەردەم دیاردە سۆزاوییەکاندا گرینۆک و لاوازبین. هەربۆیە کوردستان بووەتە فرمێسکخانە. ئافەرین بۆ ئەوانەی لە فرمێسکەکانی باوکی ڕێکار وەک خۆی حاڵیبوون.

سەرنج: ئەم بابەتە بەشی 37 لە زنجیرەنووسینی )بەکورتی( پێکدێنێت.




لەتیف هەڵمەت و واتا زێڕینەکان.. ستار ئەحمەد

چاو
ئەگەر ئاواز لە گیتاری دڵما نەما
چاوەکانم مەنێنە چاڵ
چاوەکانم… بە گەردنی حەسارۆسدا ھەڵواسن
با ھەر چاوم لە لوتکە بێ و مەرگی دوژمن…
ئەگەر دڵم
وەکو چاوگەی کانییەکی بچکۆلانە وشکی کرد
وام بنێژن… کونە گوێم پڕ نەبن لە لم
با نەبڕێ لە گوێم
چپەی ئەستێرەی شەوی گوێی سیروان
ھاژەی ڕەشەبای سلێمانی
گرمەی ھەوری سەر ترۆپکی ھەیبەت سوڵتان…
ئەگەر دڵم وەک کاتژمێرێکی شکاو
لە چرکە… کەوت…
کوژایەوە…
وەکو چرایەکی بێ نەوت
وام مەنێژن مێروولە

کەپووم بخۆن وەک پەڕەی باڵی پەپوولە
با ھەمیشە پڕ بە شانەکانی دەروون
ھەڵبمژم بۆنی عەتری
ڕووباری پرچی فێنکی کچانی ڕێی تووی مەلیک و
گوڵی لوتکەی پیرەمەگروون…
ئەگەر بووم بە میوانی دوا جێ و ھەوارم
مەیەڵن گڵ بڕژێتە ناو گەروو و زارم
بەڵێن دەدەم دوای ھەزاران ساڵ و سەدە
ئێسکم ببێ بە دارێکی دەم بە خەندە
لە جێی گەڵا بە گشت لق و چڵێکییەوە
بشنێتەوە ھۆنراوەی جوان
ئەگەر بە لای گڵکۆکەمدا گوزەر بکات
کچی باڵابەرز و نیان…
ئەم شیعرەی “چاو” لەتیف هەڵمەت، یەکێکە لە شیعرە جوان و پڕ واتاکانی کە بە شێوازێکی نوێ و جیاواز، پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لەنێوان خۆشەویستی خاک و مەرگ و ژیانی دوای مەرگدا دروست دەکات.
خۆشەویستی خاک: شیعرەکە پڕە لە خۆشەویستی بۆ کوردستان و خاکی نیشتمان. شاعیر نایەوێت بە شێوەیەکی ئاسایی و تەقلیدی بمێنێتەوە، بەڵکوو دەیەوێت تەنانەت دوای مەرگیش هەست و سۆز و بیری لەگەڵ نیشتمان و سروشتەکەی بەردەوام بێت.
: شاعیر یاخییە لە شێوازی ناشتنی ئاسایی (چاوەکانم مەنێنە چاڵ، کونە گوێم پڕ نەبن لە لم). ئەم یاخیبوونە نیشانەی ئەوەیە کە ژیانی دڵی بەندە بە بەردەوامی سۆز و هەستی نیشتمانپەروەرییەوە.
بەردەوامیی خەبات و ئومێد: داوا دەکات چاوەکانی بە گەردنی حەسارۆسدا هەڵبواسرێن تا هەمیشە چاوی لە لوتکە بێت و مەرگی دوژمن ببینێت، ئەمە نیشانەی بەردەوامیی خەباتە تەنانەت پاش مەرگیش.

: وێنەی شیعری و زمان:
وێنەی سەرنجڕاکێش: لەتیف هەڵمەت بە وێنەی شیعریی ناسروشتی و دەگمەن (سوریالی) ناسراوە. لەم شیعرەدا چەند وێنەیەکی جوانی بەکارهێناوە:
چاوەکانم بە گەردنی حەسارۆسدا هەڵواسن: وێنەیەکی بەهێزە بۆ نەمرکردنی بینین و ئاواتەکانی (لوتکە و مەرگی دوژمن).
کونە گوێم پڕ نەبن لە لم… با نەبڕێ لە گوێم… هاژەی ڕەشەبای سلێمانی: داوا دەکات دەنگەکانی نیشتمان نەبڕێن، ئەمەش بەندبوونی گوێی شاعیرە بە سروشتی کوردستانەوە.
دڵم وەک کاتژمێرێکی شکاو… وەک چرایەکی بێ نەوت: بەراوردکارییەکی جوان و سادەیە بۆ مردن.
ئێسکم ببێ بە دارێکی دەم بە خەندە… بشنێتەوە ھۆنراوەی جوان: گۆڕینی فەنابوون (مردن) بۆ بەردەوامیی ژیان و هونەر (شیعر) و ئومێدی داهاتوو.
ناوە جوگرافییەکان: بەکارهێنانی ناوە جوگرافییە دیارەکانی کوردستان وەک (حەسارۆس، سیروان، سلێمانی، هەڵبەت سوڵتان، تووی مەلیک، پیرەمەگروون) شیعرەکە بە واقیع و جوگرافیای نیشتمانەوە دەبەستێتەوە و خۆشەویستی بۆ ئەو ناوچانە دەردەبڕێت.

3. تەکنیک و ستایلی نووسین:
: شیعرەکە بە شێوازی شیعری نوێ (شیعری ئازاد) نووسراوە، کە شاعیر دەستبەرداری کێشی تەقلیدی بووە و زیاتر گرنگی بە واتاکان و وێنە شیعرییەکان داوە.
بەکارهێنانی “ئەگەر”: بەکارهێنانی وشەی “ئەگەر” (ئەگەر ئاواز لە گیتاری دڵما نەما، ئەگەر دڵم وشکی کرد، ئەگەر دڵم کەوت) جۆرێک لە مەرج و پەیمان دروست دەکات، و واتای ئەوە دەگەیەنێت کە تەنیا لە حاڵەتی نەمانی ئەم شتانەدا (مردن) داوای ئەو شێوازە ناشتنە تایبەتە دەکات.
داواکارییە تایبەتەکان: شیعرەکە بریتییە لە چەند داواکاری و وەسیەتێکی تایبەت لەسەر شێوازی مردن و ناشتنی، کە نیشانەی قووڵیی بیرکردنەوە و بڕوای شاعیرن بە بەها باڵاکان (نیشتمان، جوانی، شیعر).

بەکورتی :
شیعری “چاو”ی لەتیف هەڵمەت شیعرێکی نیشتمانیی قووڵە، بەڵام بە شێوازێکی زۆر نوێ و فەلسەفییانە دەربڕدراوە. شاعیر مردنی خۆی دەکاتە پردێک بۆ بەردەوامیی ژیان و خەبات و خۆشەویستی بۆ خاک. وێنە شیعرییە جوان و یاخییەکان لەگەڵ بەکارهێنانی ناوە جوگرافییە خۆشەویستەکان، ئەم شیعرەی کردووە بە یەکێک لە دەقە دیارەکانی شیعری کوردیی هاوچەرخ.

ستار ئەحمەد




نادری نادرپوور له‌ قه‌سیده‌ی (سته‌م)دا(*).. و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

جگه‌ له‌ گۆڕه‌پانی پڕ له‌ ئاگر و دووكه‌ڵ
بێجگه‌ ‌ لافاوی نه‌خۆشی و كوشتار و خوێن
به‌ده‌ر له‌ ناڵه‌ی تـژی نه‌فره‌ت ، تـووڕه‌یی
جگه‌ دۆزه‌خی سه‌رنگوون و وه‌رگه‌ڕاو
بێجگه‌ ڕه‌شه‌با
كه‌ له‌سه‌رخۆ
سروودی خه‌می
به‌ گوێی بـیاباندا ده‌خوێنێ
به‌ده‌ر له‌ تۆڵه‌ی تاڵ و كاڵ
پێم بڵێ ئه‌ی دڵ
چی به‌ پـیاو ماوه‌؟

ئێوه‌ ئه‌ی میره‌كان!
گه‌وره‌كان!
ئه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌ بڵیندییان دانیشتوون!
ئێوه‌
خاوه‌ن كۆشك و بێ خه‌مه‌كان!
ئێوه‌
جه‌نگاوه‌ره‌ داناكان!
نازی چی به‌سه‌ر
داستانه‌كانی مێژووه‌وه‌ ده‌كه‌ن؟
پشتی چی
به‌ زۆردارانی سبه‌ی ده‌به‌ستن؟
بمرن!
ئێوه‌ سزاتان مردنه‌
بمرن!
چونكه‌ ئێوه‌ن ده‌رد و ئافات.

له‌وه‌ ده‌ترسم ئاگرپـژێـنه‌كان
ڕۆژێ زاری خوێنینی خۆیان بكه‌نه‌وه‌..
ترسم له‌وه‌یه‌،
ده‌ریای سه‌رشێت
نه‌ریت و ڕه‌وشت
به‌ جارێ سه‌رنگوون كات
شار و ماڵ و كۆساران
تێك و پێك دا و
له‌ مه‌شخه‌ڵی كینه‌دا بیانسووتێنێ..
ئاسمانه‌ شینه‌كان،
له‌ یه‌كدی بـپچڕێنێ و
ئه‌و گومبه‌زه‌ تریفه‌ییه‌ به‌ربێته‌وه‌ ..

سه‌یره‌
له‌و تاریكه‌شه‌وه‌ به‌سامه‌دا
خوا ده‌رگایه‌كی لێ كردمه‌وه‌
له‌و ده‌رگایه‌وه‌،
له‌سه‌رخۆ ته‌ماشام كرد:
له‌ هه‌ر گۆشه‌یێ
لاشه‌یه‌كی بێ سه‌رم بـینی..
تۆ ئه‌ی هه‌موو سه‌رزه‌مینی گـێـتی!
ئه‌وه‌ چ ئازادییه‌كه‌
به‌ ناڕه‌سه‌نانت داوه‌!

دایخه‌!
چۆنی به‌چاكی ده‌زانی ڕێی لێ بگره‌
جیهان له‌ گوناهه‌كانی بشۆره‌وه‌
زه‌مین
له‌ قینی نهێنیدا ده‌توێته‌وه‌
كینه‌یه‌ك له‌ وێنه‌ی تاریكه‌شه‌ودا..

خۆشن ئه‌و ساته‌ تاڵ و
ئه‌وڕۆژه‌ شیرینانه‌
كینه‌ی ئه‌و
به‌ گوناهان سزا ده‌دا..
وه‌ڕس بووم
له‌و هه‌موو خۆخواردنه‌وه‌یه‌ ، وه‌ڕس بووم..
ئای ژیان له‌گه‌ڵ ڕه‌شایێدا چه‌ند خۆشه‌.

كه‌ سرووشت نوقمی خاك و خوێن بوو
شارستانییه‌ت گه‌ر ئه‌مه‌ بێ
ده‌بێ دڕ‌نده‌یی چی بێ؟
() نادرپوور له‌ تاران له‌ دایك بووه‌ ،خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی له‌وێ ته‌واو كردووه‌ .سێ ساڵان له‌ پاریس و ساڵ و نیوێكیش له‌ ئیتاڵیا ماوه‌ته‌وه‌ و هه‌ردوو زمانیش ده‌زانێ. (*) له‌ (برگذیده‌ شعرهای نـادر نـادرپور)ل. 43 كراوه‌ به‌ كوردی.




منـداڵانی ئەمـڕۆمان.. منـداڵانی دوێـنێـمان نیـن.. رەزا شـوان

ئەگـەرچی (دوێـنی و ئەمـڕۆ و سـبەیـنێ) ئـەڵـقە تـێکهـەڵـکـێـشراوەکـانی مـێـژوون و ئەمـڕۆمـان لەسەر پەرگەمـای دوێـنـێـمان چـنراوە و سبەیـنێـشمان لەسەر دوا ریـزی چـنراوی ئەمـڕۆمـان دەچـنرێـت؛ بـەڵام نـە ئەمـڕۆمـان دوێـنی یـە، نە سـبەیـنـێـشمان ئەمـڕۆمـان دەبـێت. چونکە پـێچکەی رەوڕەوەی ژیـان وەستانی نـییە و هـەمیـشە بـۆ پـێشەوە دەخولـێتەوە. هەموو داهـێنانەکانی ئەمڕۆ، لە ئەنجامی پێویستییەکانی ژیـانی ئەمڕۆمان داهـێنراون. وەک دەڵـێن (پـێـویستی دایـکی داهـێـنانە). ئەوانەی کە ئەمڕۆ بەلامانەوە سەیـر و سەمەرن. لە سبەینـێدا دەبنە شتگەلـێکی ئاسایی و ئـێکـسپایەر و باونەمـاو. چـونـکە شـتگەلـێکی مـۆدێـرنـتر و سـەیـر و سـەمـەرەتـر دادەهـێـنرێـن.

بێگومان منداڵانی ئەمڕۆمان وەک منداڵانی بیست و پێنج ساڵ لەمەوبەر نین. خواست و پێـداویستییەکانیشیان، هەمان خواست و پێداویستییەکانی منداڵانی نەوەی رابردوو نـین.
خەون و خۆزگە و هـیوا و بەهـرە و ئارەزووەکانیشیان جیاوازن لەگەڵ منداڵانی پێـشتر. منـداڵانی ئەمـڕۆمان زیـاتر کـنجکاویـن و دەیانەوێـت زیاتر و زیاتر بـزانن و بـدۆزنەوە. منـداڵانی ئەمـڕۆمـان لـە ژیـنگەیـەکی دیجـیـتاڵی هـەمەچەشنە و جیهـانیـدا گەورەدەبـن.
(ویـس سـتانـفـۆرد) دەڵـێت:”ئەگـەر خەونـەکـانی منـداڵان لەبـەچـاوبگـریـن.. جـیهـان بەختەوەر دەبێت.. ئەگەر خەونەکانیان لەناوبەرین.. چارەنووسی جیهان لەناوچوونە”.

جـیهـانی منـداڵانی ئەمـڕۆمـان، جـیاوازە لەگەڵ جـیهـانی منـداڵانی دوێـنـێـمان. منـداڵانی ئـەمـڕۆمـان، منـداڵانی سـەردەمی ئـیـنـتەرنـێـت و ئـایپـاد و ئـایـفـۆنی زیـرەک و ژیـریی دەستکـردن. نەوەی تەکنەلـۆژیای خـێرا و شۆڕشی دیجـیتاڵین. لە تەمەنێکی بجووکەوە کارلیکـیان لەگەڵ ئامێرە زیـرەکەکاندا کردوون. بە خـێراییەکی زیاتر لە نەوەکانی پێشوو کارامەییـان بەدەستهـێـناون. پێـویـسـتیشیان بـە کـارامـەیی زیـاتـریـش هـەیە، تا لەگـەڵ گۆڕانکاریـیەکان و داواکارییە جیاوازەکانی جیهـانی داهـاتوودا، بگـونجـین و دەربەرن.
منـداڵانی ئەمـڕۆمـان، وریـاتر و کـراوەتـر و زیـرەکـتر و زۆرزانتر و رۆشنبیریـترن لە منداڵانی بیستەکانی رابردوو. منداڵانی ئەمڕۆمان هـەڵـناخەڵەتین و بە بابەتی بێ بایەخ رازی نابـن. بە دوای شتگەلـێکی مـۆدێـرن و هاوچەرخ دەگەڕێـن. بـۆیە رازیکـردن و دابینکردنی پێداویستییەکان و خۆشگوزەرانی منداڵانی ئەمـڕۆ، نیگەرانییەکی سەرەکی کـۆمەڵـگایە. چونکە منـداڵانی ئەمـڕۆ، زیاتر پـشت بە تەکـنۆلـۆژیا دەبەستن و ئامـێرە تەکـنۆلـۆژییـەکان بوونە بە بەشـێک و بە پێویـستییەکی سەرەکی لە ژیانی رۆژانەیـان.
بڕواننە منداڵێکی دوو ساڵان، کە چۆن کاتێکی زۆر بە بەکارهێنانی ئایپاد بەسەردەبات.
تا زیاتر بچـینە ناو جیهـانی وەنەوشەیی و ئەفسووناوی سەیر و سەمەرەی منداڵانەوە، زیـاتر دەتـوانـین لـێیان تـێبگەیـن و هـاوڕێـتیان بەدەستبهـێـنین. لـێـشیان تێـدەگەیـن کە چـییان خۆشـدەوێـت و چـییان خـۆش ناوێـت. جیهـانی منـداڵان، جیهـانـێکە سەرتـاپا لە جـوانی و لە دڵپاکی و لە راستگۆیی و بێتاوانی. دڵە قـنجەکانیان لە پەڕەی گوڵ پاکترن. پـڕن لە سـۆز و خـۆشـەویستی و لە ئاشـتی و لە میهـرەبانی و لە لـێـبووردن. جیهـانی منـداڵان، جیهـانـێکە پـڕە لـە خـەونی سـەوز و لە هـیوای بـەرز و لـە راز و لـە نیـازی پاک. پـڕە لە بـزەی ناسک و لە پـێکەنـینی شـیریـن. لە قـسەی قوت و خـۆش. جیهانی پاکـیزەیی منـداڵان، جیهـانێکی بێ ئەستەم و بێ سـنوور و بێ سانسۆرە. پێـویستە ئـەم جیهـانە خـۆشـەیان لـێـتـێکـنەدەیـن و ژیـانی ساوێـلکەییان لێ تـاڵـنەکەیـن. پێویستە بە هـەنـدیـان بـزانـین و گـرنگی رۆڵـیان لـە ئەمـڕۆ و لـە داهـاتـوودا لەبـەرچـاو بـگـریـن. نابێت بەری ئازادییان لـێبگریـن، وەک منداڵان، با چـێژ و خۆشییەکانی لە تافی منداڵیی خۆیان وەربگرن. با راکەن و هەڵـبەزنەوە و وەک پەپـوولە هەڵـفـڕن و بە کامی دڵیان مەسـتی یـاری و شـادی بـن. نابـێـت بـەو پێـوەر و شێـوازە پـەروەردەیـان بکەیـن، کە ئێمەیـان پەروەردەکردووە. دەبێـت ئەوە بـزانین کە سەردەمی ئێـستا، لەگەڵ سەردەمی منـداڵی ئـێـمەدا زۆر جـیاوازە. لە ئەمـڕۆدا، گـۆڕانکاری و چـاکـسازییەکی ریـشەیی لە پەروەرەکردنی منـداڵانی مـۆدێرنـدا هاتووەتەدی. لەبەر گـرنگی رۆڵی چارەنووسسازی منداڵان، ئەم سەردەمە، بە سەردەمی منداڵان ناودەبرێت. گەر بمانەوێت هەر چاکسازی و گۆڕانکارییەکیش بۆ داهاتوویەکی باشتر بکەیـن. دەبێت لە منداڵانەوە دەستپێبکەین. چـونکە داهـاتـوومـان لە دەستی منـداڵانی ئەمـڕۆمان دایـە.
(ئـیـلیانـور رۆزفـڵـت) دەڵـێت:” منـداڵانی ئەمـڕۆ، ئەنـدازیاری داهـاتـوون”.
(جـۆن کـنـێـدی) یـش دەڵـێت:”منـداڵان بەنـرخـتریـن سـەرچـاوەی جیهـانـن و باشتریـن هـیوا بـۆ داهـاتـوو”.
ئەم هـیوا و داهاتـووە دڵخوازەشـمان، لە سایەی پەروەردەکـردنێکی مۆدێـرنی راست و دروستی منـداڵەکانـمان و پـلانێکی پەروەردەیی ستراتـیژی و مامۆستایانی مـۆدێـرزم و گـۆڕانکاری لە پەیـڕەو و لە پـروگـرامـەکانی خوێنـدنی قوتـابخانەی بنەڕەتـیدا دێـتەدی. (کۆنـفـۆشیۆس) دەڵـێت:”منـداڵان، منداڵانی سەردەمی ئـێـمە نین.. منـداڵانی سەردەمی خـۆیـانـن”.

بـەڵام ئایـا پـرۆگـرامـەکـانی خـوێـنـدن و ئـاسـتی مامـۆسـتایان و شـێوازی فـێرکـردن و پەروەردەکـردن و وتنەوەی وانەکان لە قـوتابخانەکانی کوردستان، لە ئاستی ویـست و هـیواخـوازی و پێـداویستییەکانی منـداڵانی مۆدێـرنی کوردستانن؟ ئایا پلاداڕێـژراوی و پـرۆگرامـسازی کـراوە، بـۆ ئـەوەی ئینـتەرنێـت و ژیـریی دەستکـرد، ببـن بە بەشـێک
لە پرۆسەی فێرکردن و خوێندن؟ بەداخەوە تا ئەمـڕۆش، بەشێکی زۆری مامۆستایان شیوازی تەڵقینی و رێبازی کلاسیکیی ئێکسپایەر، لە وتنەوەی وانەکاندا پەیڕەودەکەن. لە راستیدا هـەست بە چـاکسازی و گۆڕانکارییەکی کەم دەکـرێت. قوتابخانەی بنەڕەتی لە پـەروەردەی نـوێ و سـەردەمـدا، رۆڵ و گـرنگی و پـێگەیـەکی گـەورەی هـەیە، لە راهـێنان و ئامادەکردنی قـوتابیان بۆ کۆمەڵگایەکی بەختەوەر و بۆ داهاتوویەکی باشتر
و ئاسوودەتر. بۆیـە پێویستە بـە وردی و بە بایەخـەوە لـە هەمـوو کـار و پـرۆگـرام و بەرنامەکان و چالاکییە پـێشکەوتووەکانی قوتابخانەکانی بنەڕەتی بـڕوانین و بە وردی هەڵـیان بسەنگـێنین. قـوتابخانە تا ئەمـڕۆش کەناڵێکی گـرنگە و هـەڵگـری رەهـەنـدە رۆحی و رەوشـتی و داهـێنان و هـونـەر و وێـژە و بەهـا تایـبەتی و گەردوونییەکانە.
ئەگەر فـێرکـردن و پەروەردەکـردنێکی راست و دروست و مۆدێـرنی قـوتابییەکانمان دەوێـت، کە بتـوانن پێـداویستییەکانی داهـاتـوو بەدیبهـێـنن و بتوانـن بەرپـرسیارێـتی هـەڵـبگـرن و کوردسـتانـێکی شـیاوتـر و دڵخـوازتـر بەڕێـوەبـبەن. پێـویــستە بـیر لە شـێواز و رێبـازی مـۆدێـرنی وانـەوتنـەوە و فـێرکـردن و پـەروەردەکـردن قـوتـابیـان بکەیـنەوە، گـۆڕانکاری و چـاکـسازی لە پـروگـرامەکـانی خـوێنـدن بـکەیـن، ئـامـێرە مـۆدێـرنەکانی وەک ئینتەرنێـت و ئایپـاد بکرێـن وەک هـۆکانی مۆدێرنی فـێرکردن. لە قـوتابخانەکانـدا بەکاربهـێنین. سێ ساڵ جـارێکـیش، پێـویستە ماموستایان بۆ مـاوەی مانگـێک بەشـداری لە خـولی هـاوینەی راهـێنانی مامۆستایان بکەن. تا لە تازەتریـن تيـۆر و رێبـاز و شـێواز و ستایـلی مـۆدێـرنی فـێرکـردن و وانـەوتـنەوەی وانەکـان و گـۆڕانکاریـیە پەروەردەییـەکان و لە هـۆیـە داهـێـنراوکانی فـێرکـردن بە ئـاگابـن. بـۆ ئـەوەی قـوتـابـییەکانیـان، لە رەوتی پـێـشکەوتـن و لە شارستانی نـوێ، دانەمـێـین.
لە ئەمڕۆدا، پەروەردەی منداڵان بریتی نییە، لە تەنها فـێرکردن وەرگرتنی زانست و زانیاری، بەڵکو ئەم سنوورەی تێپەڕانـدووە و هەمـوو ئـەو لایەنانە دەگـرێتەوە، کە پەیـوەنـدییان بە ژیـانی منـداڵانی ئەمـڕۆ و بە داهـاتـوویانەوە هـەیە. بۆ ئەوەی ئەو ئامـانجە بەرزانە بهـێنێتەدی کە پـەروەردە مودێرن خـوازیـاریـانـێـتی.
لە ئەمڕۆدا، پەروەردەکردنی منداڵان شۆڕشێکی بێدەنگی بەخۆیەوە بینیـوە. ڕۆژانی شـێواز و رێبـازی پەروەردەکردنی تاکـڕەوانە ڕۆیـشت، کە بە یاسای تـونـدوتـیژی و چاوسوورکرنەوەی دوور لە سـۆزداری و لە میهـرەبانی منـداڵانیان پەروەردە دەکرد. دەبوایە منـداڵان گوێـڕایەڵی ڕەهـای گەورەساڵان بوونایە. وا لە منـداڵانیان دەڕوانی،
کە پیاوی بچووک و ژنی بچووکن. شتێک نەبوو بە ناوی منداڵی و چێژی منداڵییەوە.

لە ئەمـڕۆدا، دایـکان و بـاوکانی مـۆدێـرن وا منـداڵـەکانیان پـەروەردە دەکـەن، کـە لە ڕووی سۆزدارییەوە، گەشبینتر و هـیواخوازتر و زیرەکتر و گونجاوتر و خۆڕاگرتربن.
(جـۆن دێـوی) دەڵـێت:”منـداڵ ئـەو خـۆرەیە، کە هەمـوو دامـودەزگا پەروەردەییەکان
بە دەوریـدا دەسـووڕێـنەوە”.
(لـیۆ تـۆڵـستـۆی) یـش دەڵـێت:”هـەمـوو شـتـێک.. بەنـدە بـە پـەروەردەکـردنەوە”.

نەرویـج: ٢٠٢٥




بەکورتی36: نووسینی گرگن یاخود زبڵەنووسین، ژیانمان لا لێڵ و بوغزاویی دەکەن.. ئازاد حەمە

غەدر لە خۆمان دەکەین،کە ئەو جۆرە نووسینانە دەخوێنینەوە، گوێ لەو جۆرە سێمینار و قسەکردنانە دەگرین بوغز و تاریکییمان تیادروستدەکەن، کە ئاسایشیی روناکبییریمان دەشێوێنن و ڕامانیشدێنن لەسەر خۆگەمژەکردن. گشت ئەو نووسینانەی(یان سێمینارانەی)بۆشایی سۆزیی ئێمە بەکاردەبەن و بۆ هەمیشە لە سێبەردا دەمانهێلنەوە شایانی پشتگوێخستنن.
لێرە، کە باس لە نووسینی گرگنانە یان زبڵەنووسین دەکەین، وەکیتر قسە لە گوتن و ئاخافتنی گرگنانەش دەکەین، ئەو جۆرە نووسینانەمان مەبەستە چەنەبازیی و زۆربڵێی لەپاش خۆیان بەجێدێڵن. بەمجۆرە دەگەینە ئەوەی بپرسین: نووسینی گرگن کام جۆرە لە نووسین؟چۆن لە نووسینی گرگن و کارەکتەری گرگن دەربازمانبێت؟ ئایا نووسینە گرگنەکان وەک سێمینار و ئاخافتنی بەدفڕ و تاریکی هێنەرەکان بەزیان نیین؟ زبڵەنووسین و باسی لێڵ و ناڕوون چ سودێکی بۆ ئێمە هەیە؟ ناماقوڵی نییە لەناو لێشاوی نووسینی زیرەکیی دەستکرددا خوێنەری نووسینی گرگن یاخود زبڵەنووسین بیین؟گوێگری سێمینار و ئاخافتنی بێئاییندە و تێکەڵوپێکەڵ و نالۆژیکیی بیین؟
زبڵەنووسین یان نووسینی گرگن، ج شێوە نووسینێکە؟ ئەم جۆرە نووسینانە، کە لە ئێستادا لە هەڵکشاندان نووسینی نازیندوو و هەڵگری توخمی درۆن. هەروەها نووسینەزبڵ سەرچاوە لە نووسینی هاوجۆری خۆی و هیچ نەگوتن، نەپێکان و بێ کەڵکییەوە وەردەگرێت. ئەم جۆرە نووسینانە کاتیی و لۆکاڵیین. نەبڕدەکەن، نە توانای گۆڕین دروستکردنیشیان هەیە.
کۆمەڵگەی ئێمە، کە ڕۆژانە لەناو دژوارەیی و کارەساتەکانەوە سەردەردێنێت، چ پێویستدەکات نووسینی ناساغ و ناواخن گاڵتەجارانە بخوێنینەوە، جا ئەوە راڤەیەک(نووسینێک، سێمینارێک) بێت یان شیعرێک یان رۆمانێک. ئێمە، کە کارەساتباریی بووتە چارەنووسمان، نادادیی بەردەرگای لێگرتووین، بێ مافیش میوانێکی ئێسکگرانی بەردەواممانە، چییمانداوە لەو نووسینانەی لەگەڵ چارەسەر و ڕێگاچارەدا پەیوەندیان قرتاندووە؟ ئێمە کە ژیانی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی، ئابووریی و دەروونییمان پڕە لە تەنگژە و قەیرانی جۆراوجۆر چ پێویستییەکمان بەم جۆرە سێمینار و نووسینانەیە؟ ئەو نووسینانەمان بۆچییە ژەهر بڵاودەکەنەوە؟ چ پێویستیەک لە کۆمەڵگەی ئیستای ئێمە بۆ نووسینی(گوتار و گوتنی) ژەهرئامێز لەئارادایە؟ بێگومان هیچ.
ئێمە پێویستمان بەوەیە، بەدوای ئەو ئاخافتن و نووسینانەوە وێڵبین ئاسۆمان نیشاندەدەن، فێرماندەکەن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئاستەنگ و تەنگژەکاندا بکەین. ئەو نووسین یان سێمینارانە بە ئێمە چی هەستی وونبوون و سەرگەردانییمان تیادروستدەکەن، ئەمەو هەڵەوێژیی و نالۆژیکییمان تیا بڵاودەکەنەوە؟بەدڵنیاییەوە هیچ.
گومانیناوێت، نووسینی لەو جۆرەی ڕەتمانکردەوە بێئومێدیی و خەمۆکییمان بۆدێنێت. بەپێچەوانەوە لەم دەمە تەنگژاویەماندا پێویستمان بەو جۆرە نووسینانەیە(یان شیکاریی و هەڤپەیڤینانەیە) ئەوەمان فێرکەن، چۆن لەناو شکست و ململانێکانەوە سەرکەوتوانە بێینەدەر.
پێشدادوەرییەکی رەوشتی نییە، گەربڵێین نووسینی گرگن نووسینگەلێکی پووچ و بێمانان. نووسینی لەم جۆرە، کە زبڵەنووسینە دەستکاری ژیانمان بەرەو باشە ناکات و هیچ پەیوەندیەکیشی لەگەڵ چارەسەرسازییدا نییە. بەڵگەنەویستیشە، بێزارییەک، کە هەرگیز بووناویی نییە بەڵکو بێباکیی و بێ بەرپرسیارییەتییە، بەنووسینە گرگنەکانەوە دیارە. ئەم جۆرە نووسینە،کە خەم و پەژارەی ئێمەی بەلاوە مەبەست نییە، نووسەرەکەی تەنها سەرقاڵی جیهانە بچووکەکەی خۆیەتی.
تایبەتمەندیەکی تری گوتنە پووچ و نووسینە گرگن و زبڵەنووسینەکان ئەوەیە، کە لە ڕاستگۆییەوە دوورن، جۆرە نووسینێکی بێناواخن و ڕووکەشن، لەگەڵ کاتدا هەڵیشماندەدەنە ناو گەرووی تاریکیی و هەڕەمەکیبوونەوە، ناو پەشیمانیی و ناتێگەیشتنەوە لە دۆزی خۆمان. هەرچەندە نووسینی گرگنانە ناپێویست و ناگرنگن، لێ هەشن و گوتنیشن لەبارەی ئێمەوە. لەم حاڵەتدا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم لایەنەدا بکەین؟ نووسینە گرگنەکان، کە لێوانلێون لە بێبەهایی لە گوتن و بێباکیی لە کردار تابڵێیت نائاسوودە و نامورادکەرمانن.
لەبەرئەوەی نووسین لەلایەک کردارە و لەلایەکیتر بەرپرسیاریەتییە، نووسینی گرگنئامێز یان سێمیناری بۆش هەردەم کاریان ئەوەیە فرێماندەنە ناو بازنەی داخراوەوە، کە لەوێڕا بیرکردنەوە دروستنابێت. بۆیە خوێندنەوەی ئەم شێوە نووسینانە و گوێگرتن لەم جۆرە سێمینارانە دڵتەنگیی و بێهیوایی لەگەڵ خۆیاندا دێنن.

سەرباری ئەوە، ئاماژە بۆ ئەوەشدەکەین، کە لەم نووسینە پوختەدا قسەمان لە پاکیزەیی نووسین نەبوو، ئەوەی، کە نووسین فریشتەیە، نەخێر، بەڵکو ویستمان ئەوە بڵێین،کە لە ئێستادا ئێمە پێویستمان بەو نووسینانەیە (سێمینار و قسە و گێڕانەوانەیە) هەنووکەبوونمان لاپێویستدەکەن و متمانە بەخۆبوونمان لابەهێزدەکەن. بەواتایەکی دیکە، پێویستمان بەو شێوە نووسینانەیە(ئاخافتن و گوتنانەیە) هیوائامێز و دژە شکستیین، کە قسەی بەدفڕ و ناشایستە بێبنەمادەکەن، وامانلێدەکەن بەرامبەربە خۆمان بەئەمەک و بەرپرسیارئامێزبیین.
کۆتا گوتنمان لەسەر نووسینی گرگن یان زبڵەنووسین تایبەتە بە خودی گرگنیی سێمیناریی تاراوگەییەکانەوە، کە زۆر مخابن، بەشێک لە سێمیناری هەندەرانییەکان، ئەوانەی ماوەی جارێک لە هاوینانا خۆیان دەکەنەوە بە کوردستان، لەناوەڕۆکدا هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ نووسینە گرگنەکاندا نییە، کە لێرە و لەوێ بەرۆکمان دەگرن.
ئێمە لە چ دۆخێکی ناهەمواری سیاسیی، دەروونی و ئابوورییداین و ئەوانیش لە هاتنەوەکانیاندا چ جۆرە باسگەلێگی گرنگن دەکەنە ناونیشان بۆ سێمینارە زۆربارە و سواوەکانیان. ئەوان بێ ئاگان لەوەی، کە لە گشت کوچە و کۆڵانێکی شار زانکۆ و پەیمانگایەکی ئینگلیزی هەیە(ئەڵبەتە لەگەڵ هەموو ئاست خراپیشیان)، خەڵک چ پێویستییەکی بەو جۆرە باس و گفتوگۆ ناگرنگ و ئاستنزمانە هەیە ئەو جۆرە سێمینارانە دەیوروژێنن. سێمینارەکان گەر سەرسامیی و سەرکێشیی لە پرسیار و بیرکردنەوە لەگەڵ خۆیان نەهێنن چ پێویستیەکمان بەو بابەتە مردارەوەبوانەیە، ئەم هەندەرانیانە دەیدەن بەگوێماندا.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




پزیشکی ئارامکەرەوە “پاڵاتیڤ” لەبەرامبەر ئازاری دەرونناسیدا.. وەرگێڕانی لە عەرەبیەوە: یاسین لەتیف

‏بیونگ-چول هان (1959- ) فەیلەسوف و تیۆریستێکی کولتووری لەدایکبووی کۆریای باشوورە. لە ئەڵمانیا دادەنیشێت و مامۆستای هونەرە لە زانکۆی بەرلین
‏دەقەکە؛
‏- پێم بڵێ ئازار بۆ تۆ چی دەگەیەنێت، منیش پێت دەڵێم تۆ کێیت!

‏ئەم قسەیەی ئێرنست یونگەر (١٨٩٥-١٩٩٨) دەتوانرێت بۆ کۆمەڵگا بە گشتی بەکاربهێنرێت. پەیوەندیمان بە ئازارەوە سروشتی ئەو کۆمەڵگایە ئاشکرا دەکات کە تێیدا دەژین. ئازار ئاماژەیەکی کۆدکراوەو کلیلی تێگەیشتنە لەو کۆمەڵگەیەی کە قسەی لەسەر دەکرێت. ‏هەر لەبەر ئەم هۆکارە دەبێت هەموو سۆسۆلۆکێک و ڕەخنەیەکی کۆمەڵایەتی لێکدانەوەو شرۆڤەکانی خۆی بۆ ئازار پەرەپێبدات. دەبێت ئەوەش بزانین ئێمە سروشتی کۆدکراوی ئازار لەدەست دەدەین ئەگەر بە تەنیا بۆ پزیشکی جێبهێڵین بۆ ئەوەی مامەڵەی لەگەڵدا بکات.
ئەمڕۆ، “فۆبیای ئازار”، یان فۆبیای ئەلگۆریتم(خوارزمیات) بە ئازار- لە هەموو جێگایەک ترسێکی باوە لە ئازارەکان . هەروەها بەرگەگرتنی ئازار بە خێرایی کەم دەکاتەوە. فۆبیای ئازار دەبێتە هۆی سڕبوونی هەمیشەیی ، ئامانج لێی دوورکەوتنەوەیە لە هەر دۆخێکی پڕ لە ئازار. لە هەمان کاتدا تەنانەت دڵشکانیش بە گومانەوە سەیر دەکرێت. فۆبیای ئازار لە کایەی کۆمەڵایەتیدا بڵاودەبێتەوەو فەزای ململانێ و مشتومڕ بچووک دەکاتەوە، ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەی ئازاربەخش. فوبیای ئازاریش هەژموونی خۆی دەسەپێنێت بەسەر سیاسەتدا.
فشارەکان بۆ پابەندبوون بە ڕێککەوتنەکان و گەیشتن بە کۆدەنگی زیاتر دەبێت.هاوکات سیاسەت لە ناوچەیەکی ئازارشکێندا جێگیر دەبێت و دینامیزمی خۆی لەدەست دەدات. “نەبوونی ئەڵتەرناتیف” یان بەدیل دەبێتە پەناگایەکی سیاسی. دواجار “ناوەند”ی پارچەپارچەبوو دەبێتە پەناگەیەک . هەروەها مرۆڤ لەبری مشتومڕ و هەوڵدان بۆ ئارگیومێنتی باشتر ملکەچی فشارەکانی سیستەمەکە دەبێت . دواجار دیمۆکراسی (پۆست دیمۆکراسی) بڵاو دەبێتەوە کە بریتیە لە دیمۆکراسی ئازار شکێن و چەسپاو . هەر لەبەر ئەمەشە کە شانتاڵ مۆفێ (١٩٤٣-) داوای “سیاسەتێکی پڕ لە ئازار” دەکات کە خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی پڕ لە ئازار بەدوور نەگرێت. سیاسەتی ئارامکردنەوە بێتوانایە لە خاوەندارێتی دیدگا یان جێبەجێکردنی چاکسازی قووڵ کە ڕەنگە بە ئازار بێت. ئەوان پێیان باشە پەنا بۆ دەرمانی ئازارشکێن ببەن، کە کاریگەری کاتییان هەیە و هیچ شتێک ئەنجام نادات جگە لە داپۆشینی ناهاوسەنگی سستەم و هاوسەنگی میتۆدی نەبێت .سیاسەتی هێورکردنەوە چەکدار نییە بە ئازایەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئازارەکان.
بەم شێوەیە هەموو شتێک دەبێتە تەنیا درێژەپێدەری هەمان چیرۆکی کۆن . ترسی ئەمڕۆ لە ئەلگۆریتمەکان (خوارزمیات) لەسەر بنەمای گۆڕانکاریەکی ڕیشەیی پارادایم دامەزراوە. ئێمە لە کۆمەڵگایەکی ئەرێنیدا دەژین کە هەوڵی نەهێشتنی هەموو جۆرەکانی نەرێنی دەدات.ئازار جەوهەری نەرێنییە. تەنانەت دەروونناسیش ئەم گۆڕانکارییە پارادایمە پەیڕەو دەکات، لە دەروونناسی نەرێنی کە دەروونناسی ئازارە دەگوێزێتەوە بۆ دەروونناسی ئەرێنی . تەرکیز دەخاتە سەر خۆشگوزەرانی و دڵخۆشی و گەشبینی. هەروەها پێویستە خۆمان لە بیرکردنەوە نەرێنییەکان بەدوور بگرین و بیگۆڕین بە بیرکردنەوە ئەرێنییەکان . تەنانەت دەرونناسی ئەرێنی ئازار وەکو لۆژیکی کار کردن بە کار دێنێت ، ئایدۆلۆژیای هێورکەرەوەی نیولیبرالیزم ئەزموونە ئازاربەخشەکان وەک پاڵنەرێک بۆ باشترکردنی ئەدای کارکردن دەبینێت. تەنانەت باس لە “گەشەکردنی دوای کارەسات” دەکات ، ڕاهێنانی خۆڕاگری وەکو ڕاهێنانێک بۆ هێزی دەروون ، ئەم ڕاهێنانە ئامانجی گواستنەوەی مرۆڤەکانە بۆ تاکی بە توانا تا دەکرێت هەست بە ئازار نەکەن و هەمیشە دڵخۆشْ بن .
ئەرکی دەرونناسی ئەرێنی پەیوەندیەکی تۆکمەو نزیکی هەیە بە دابین کردنی بەختەوەری و بەڵێنی داوە بە دابین کردنی پانتاییەک لە بەختەوەری هەمیشەیی دەکرێت لە ڕێی دەرمانەوە دەستەبەر بکرێت.قەیرانی مادەو دەرمانی (افیون)لە ئەمریکا نموونەیەکی سەرەکییە ، هەروەها تەماحی ماددی پیشەسازی دەرمان تاکە هۆکاری ئەم قەیرانە نییە؛ بەڵکو گریمانەیەکی بنەڕەتییە سەبارەت بە بوونی مرۆڤ . تەنها ئایدۆلۆژیای خۆشگوزەرانی هەمیشەیی دەتوانێت لە ئاستی فرەواندا ئەو دەرمانانە دابەشبکات کە لە بنەڕەتدا پزیشکی ئارامکەرەوە بە کاری دەهێنێت بۆ کەسانی تەندروست .
بەڕێکەوت نییە کە دەیڤید بی مۆریس (1942-)، ئەلگۆریتمزان یان پسپۆڕی ئازاری ئەمریکی، دەیان ساڵ لەمەوبەر لێدوانێکی داوە : ڕەنگە ئەمریکییەکانی ئەمڕۆ یەکەم نەوە بن لەسەر زەوی کە ژیانێکی بێ ئازاریان بە مافێکی دەستووری زانیبێت. کە بریتیە لە ئازاری شەرمەزاری . کۆمەڵگای پزیشکی ئارامکەرەوە هاوتەریبە لە گەڵ کۆمەڵگای جێبەجێکەر ، ئازار وا لێکدەدرێتەوە کە نیشانەی لاوازیە؛ هەروەها شتێکە دەبێت بشاردرێتەوە یان کۆتایی پێبهێندرێت لە ڕێگەی چاک کردنیەوە ، ئەمەش بۆ خۆی لەگەڵ ئەدای کارکردندا ناکۆکە . لە کۆمەڵگایەکی چالاک و بە توانادا جێگەی پاسیڤیەتی ئازارەکان نابێتەوە ، ئەمڕۆ ئازار لە هەر ئەگەرێکی دەربڕین ڕەتدەکرێتەوە. مەحکومە بە بێدەنگی، کۆمەڵگەی پزیشکی ئارامکەرەوە ڕێگە نادات ئازار زیندوو بکرێتەوە یان لە ڕووی زمانەوانییەوە گوزارشت لە خۆی بکات و بگۆڕێت بۆ سۆز . کۆمەڵگەی ئارامکەرەوە کۆمەڵگەیەکی “ئایدیاڵ”ە. قوربانی وەهمی خۆڕازیبوونە. هەموو شتێک پۆلێش دەکرێت و پاڵاوتە دەکرێت تاوەکو ڕازی دەبێت.
سەرسام بوون هێمای ئێستایە ‌هەروەها ڕەوێنەوەی ئازارەکانیەتی. ئەوان نەک تەنها سۆشیال میدیا، بەڵکو هەژمونیان سەپاندووە بە سەر هەموو بوارەکانی کولتوریدا . نابێت ئازاری هیچ شتێک بدات ، نەک هەر هونەر، بەڵکو ژیان خۆی دەبێت لە ئینستاگرامدا تەسویر بکرێت؛ بەو مانایەی خاڵی بێت لە لایەنی توندو ململان و ناکۆکی کە ڕەنگە ئازار بەخش بێت . لەبیرمان دەچێت کە ئازار پاکی دەکاتەوە و لە ڕێگەی پاککردنەوە کاردەکات:‏‏کولتووری خۆڕازیبوون توانای پاک کردنەوەی نییە و بەمجۆرە مرۆڤ لە نێوان ئەو نیشتووانەی ئەرێنیدا کە لە ژێر ڕووی ئەو ڕۆشنبیرە خۆڕازیبوونەدا کۆدەبێتەوە دەخنکێت. ئەم شرۆڤەیە لەسەر موزایەدەی هونەری مۆدێرن و هاوچەرخ دەڵێت: جا چ مۆنێت (١٨٤٠-١٩٢٦) بێت یان کوونس (١٩٥٥-) یان تابلۆ ڕووتە بە ناوبانگەکانی مودیگلیانی، یان فیگەرە مێینەکانی پیکاسۆ (١٨٨١-١٩٧٣)، یان کێڵگە ڕەنگاوڕەنگەکانی ڕۆتکۆ (١٩٠٣-١٩٧٠)، یان تەنانەت تابلۆی سەر نۆژەنکراوی لیۆناردۆ (١٤٥٢-١٥١٩)، هەموویان سەر بە بەرزترین بڕاکێتی نرخەکانن. پێدەچێت هەموو بەرهەمە هونەریەکان لە یەکەم نیگادا بگەڕێندرێنەوە بۆ هونەرمەندێکی (پیاو)، و تا ڕادەی قسەی ناشرینیش دڵخۆشکەر بن . بەلایەنی کەمەوە هونەرمەندێک هێواش هێواش لەم پۆلە نزیک دەبێتەوە:
لویس بۆرژوا کە بە پەیکەرێکی زەبەلاح ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی تۆمارکرد. 32 ملیۆن دۆلار نرخی(جاڵجاڵۆکە) فیلمی “The Spider” بوو، کە بەرهەمێکی ساڵانی نەوەدەکانە . بەڵام تەنانەت جاڵجاڵۆکە زەبەلاحەکانیش لەبری ئەوەی هەڕەشە بن بە شێوەیەکی نایاب ڕازێنراونەتەوە. لە بەرهەمەکانی (ئای ویویدا)ئەخلاق بە شێوەیەک خراوەتەڕوو کە ئیلهامبەخشە بۆ سەرسامبوون. ئەخلاق و ڕازیبوون لە هاوژیانییەکی سەرکەوتوودا یەکتر دەبینن . دیزاینی پێگەی ئۆپزسیۆن کەم دەکاتەوە ، لە لایەکی دیکەوە (جێف کونز) هونەرێکی نائەخلاقی دیکۆراتی نایاب دەخاتە ڕوو ئەویش سەرسامکەرە ، کاتێک ڕووبەڕووی هونەرەکەی دەبێتەوە، تاکە کاردانەوەی لۆژیکی وەک خۆی پشتڕاستی دەکاتەوە ئەوەیە کە هاوار بکات: “واو!” .

‏ئەمڕۆ هونەر ناچارە ملکەچ بێت بۆ “سەرسامی”. ئەم بێهۆشکردنەی هونەر تەنانەت بۆ وەستا کۆنەکانیش هیچ ڕێزێک نیشان نادات. تەنانەت خەریکە دەخرێتە ناو دیزاینی مۆدەوە . بۆ نموونە پێشانگای پۆرترێتی هەڵبژێردراو لەگەڵ ڤیدیۆیەکدا بوو کە نیشانی دەدا ڕەنگی جلوبەرگی دیزاینەرانی هاوچەرخ چەندە جوان هاوئاهەنگ بووە لەگەڵ تابلۆ مێژووییەکانی لوکاس کراناخی گەورە (١٤٧٢-١٥٥٣) یان پیتەر پاوڵ ڕوبێنس (١٥٧٧-١٦٤٠). بێگومان ئەو پێشنیارەش هەبوو کە پۆرترێتی مێژوویی نسخەیەکی سەرەتایی وێنەی سێڵفی هاوچەرخ بووە”. ڕۆشنبیری خۆڕازیبوون هۆکاری زۆریان هەیە. یەکەم:
ئەمە ڕوون دەکرێتەوە بۆ بە بازاڕکردن و بە کاڵاکردن .بەرهەمە ڕۆشنبیریەکان تادێت دوچاری فشاری بەکاربەردن دەبنەوە ، پێویستە وێنایەک لە خۆ بگرێت کە گونجاو بێت بۆ بەکاربردن ، بەو مانایەی چێش بەخش بێت . ئەم گۆڕانە لە ڕۆشنبیریەوە بۆ ئابووری لەگەڵ گۆڕانی ئابووری بۆ ڕۆشنبیری بەهای ڕۆشنبیری زیادە بۆ کاڵا بەکاربەرەکان زیاد دەکرێت . بەڵێنی ئەزموونی کولتووری و جوانکاری دەدات کە دیزاین گرنگتر دەبێت لە بەهای بەکارهێنان.
‏کایەی بەکابەر کایەی ڕۆشنبیری داگیر دەکات. کاڵای بەکاربەر وەک بەرهەمی هونەری پێشکەش دەکرێت. بەم شێوەیە کایەی هونەر و بەکاربردن تێکەڵ بە یەکتر دەبن، ‏ئەمەش ڕێگا دەدات بە هونەر سودمەند بێت لە جوانیناسی بە کاربردن و دواجاریش چێشبەخش دەبێت . گۆڕینی کولتوور بۆ ئابووری و گۆڕینی ئابووری بۆ کولتوور یەکتر بەهێز دەکەن. دابڕان لە نێوان کولتوور و بازرگانی، نێوان هونەر و بەکاربردن، نێوان هونەر و پڕوپاگەندە بە هەمان چەشن .تەنانەت هونەرمەندان ناچارن خۆیان وەک نیشانەی بازرگانی تۆمار بکەن. خۆیان لەگەڵ بازاڕدا دەگونجێنن و هەست بە باشی خۆیان دەکەن بۆ ئەوەی سەرسامیان بەدەست بهێنن . هەروەها گۆڕینی ئابووری بۆ ڕۆشنبیری کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنان هەیە ،بەرهەمهێنانی دوای پیشەسازی غەیرە مادی دەست دەگرێت بە سەر شێوە جۆراو جۆرەکانی پراکتیکی هونەریدا . دەبێت داهێنەرانە بێت بەڵام وەک ستراتیژییەکی ئابووری ، هاوکات داهێنان ڕێگە نادات تەنها بە شێوە جۆراو جۆرەکانی هەمان شتی خۆی نەبێت . ناتوانێت جیاوازییەکی تەواو بەدەستبهێنێت.
ئەو نەرێنی شکاندنی نییە و ئەوەش بە ئازارە. هەروەها ئازار و بازرگانی لە یەکتر دوور دەکەونەوە ، یان یەکتر لە دەست دەدەن . لە سەردەمێکدا کە کایەی هونەر بە تەواوی لە کایەی بەکاربردن جیا بووەوە، ملکەچی لۆژیکی خۆی بوو هیچ چێژێکی لێ چاوەڕوان نەدەکرا. هونەرمەندان خۆیان لە بازرگانی دوور خستەوە ، تا ئێستاش ئەو ڕستەیەی ئادرنۆ دروستە کە دەڵێت: هونەر بەشدارە لە دروست کردنی ڕوداوی نامۆیی لە جیهاندا. بە پێی ئەو گوتەیە کارێگەری هونەری خۆشگوزەرانی ناکۆکە لە گەڵ دەستەواژەکان . هونەر دەبێت توانای شۆککردن و بێزار کردن و تێکدان و تەنانەت ئازاردانیشی هەبێت. هونەر لە شوێنێکی جیاوازدایە ، هەروەها ماڵەکەی لە شوێنێکی غەریبدایە ، بە دیاریکراوی ئەم نامۆییە کارە هونەریەکە پێکدێنێت ، ئازار ئەو بۆشایەیە کە تەواو جیاوازەکان لە ڕێگەیەوە دەچنە ژوورەوە. هەر نەرێنیی جیاوازەکان بە تەواوی وا دەکات هونەر بتوانێت دژایەتی گێڕانەوەی خۆی لەگەڵ سیستەمی باودا بکات. سەبارەت بە خۆڕازیبوون بە هەمان شێوە بەردەوام دەبێت . بە گوتەی ئادۆرنۆ، “یەکەم وێنەی جوانکاری” لەرزێکە”یان هەژانێکە گوزارشت لە سەرهەڵدانی جیاوازی دەکات.
هۆشیاریەک کە توانای لەرزین و هەژانی نەبێت هۆشیارییەکی بەرجەستەکراوە.ئەو بێتوانایە لە ئەزموونکردنی چونکە ئەمە لە جەوهەرەکەیدا ئەو ئازارەیە کە جیاوازییە جەوهەریەکەی دەردەکەوێت ، ئەوەی کە هەیە لە پەیوەندیدایە لە گەڵ ئەوەی کە نەریتیە ، ژیانێک کە هەموو ئازارێک ڕەت بکاتەوە، دیسان ژیانێکە کە لە جەستەدایە.تاکە شتێک کە ژیان بە زیندووی دەهێڵێتەوە “کاریگەری کەسانی دیکەیە”. ئەگەرنا لە دۆزەخی لە یەکچوندا بە دیلی دەمێنێتەوە .

‏(بە پێنوسی یۆنگ – چول هان) وەرگێڕانی لە ژاپونیەوە اکد الجبوری – حوار المتمدن – ٣٠ – ١٠ – ٢٠٢٥




ئەو پیاوانەی صەدام كە لە ئەنفالی دوو خەڵات كران.. عەلی مەحمود محەمەد

لە ڕۆژی سێشەممە رێكەوتی ٢٢ی ئازاری ١٩٨٨ ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی دوو دەستی پێكرد, تاكو رۆژی شەممە رێكەوتی 2-4 بەردەوام بوو, 12 رۆژی خایاند” هۆكاری كەوتنی زووی ناوچەكە لە داهاتوودا ئاشكرای دەكەین, ئەوەی لە ژێر پەردەیە دەیهێنینە سەر بەردە” لەم ئۆپەراسیۆنە ئەنفال ژمارە بەندی كرا.
ئۆپەراسیۆنەكە بە سەركردایەتی لیوا ڕوكن ئەیاد خەلیل زەكی البیاتی سەرۆكی ئۆپەراسیۆنەكانی فەیلەقی دوو، وە بەسەرپەرشتی راستەوخۆی فەریق روكن عەدنان خیراللە وەزیری بەرگری عێراق و عەلی حسن مەجید بەرپرسی بیرۆی باكووری حزبی بەعس و فەریق روكن نزار عبدولكریم فەیسەڵ الخزرەجی سەرۆكی ئەركانی سوپا ئەنجامدرا.
لە دە قۆڵەوە ‌هێرشكرایە سەر ناوچەكانی كڵەزەردە, قەرەداغ، سەنگاو، بازیان، عەربەت، زەڕایەن، ئۆردوگای نەسر و دەربەندیخان, ئۆپەراسیۆنەكە روپێوی پانتایی زیاتر لە 1000 بۆ نزیك 1500 كیلۆمەتر چوارگۆشەی گرتەوە.
ئەم شاڵاوەی ئەنفال بە كیمیابارانكردنی گوندی سێوسێنانیان لە رێكەوتی 22-3-1988 دەستیپێكرد, تیایدا 69 كەس لە هاووڵاتیانی گوندەكە بوونە قوربانی و زیاتر لە 85 كەسیش بریندار بوون, هەرەها لە رێكەوتی 23-3 گوندەكانی جافەران و ولیان و دوكەرۆ كیمیاباران كرانەوە, هەروەها لە رێكەوتی 24 ی ئازار گوندەكانی بەڵەكجارو ناحیەی قەرەداغ كیمیاباران كرانەوە, لە ئەنجامدا كەسێك بووە قوربانی و چەندینی دیكەش بریندار بوون. 27ی مانگیش گوندەكانی تەكیە, بەلەكجاڕ, بەڵخەو گومەتە كیمیاباران كران, لە ئاكامدا 2 قوربانی و 40 برینداری لێكەوتەوە, بە گشتی لە پرۆسەی ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی دوودا, 7 جار بە چەكی كیمیاوی هاووڵاتیانی ناوچەكە كیمیابارانكران.
جگە لە لیوا و تیپەكانی سوپای عێراق كە ژمارەیان 27 تیپ بوو، دەیان فەوجی جاشی سوك و مەفرەزە تایبەتەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی بەشدار بوون, لە یەك پرۆسەی رێزلێناندا 77 موستەشار نیشانەی ئازایەتیان وەرگرت بەهۆی بەشداری دڵسۆزانەیان بۆ سوپای دڕندە لە ئەنفالی یەك و دوودا, وە 29 راوێژكاری دیكەش بە فەرمانێی سەرۆك كۆماری تایبەت رێزیان لێگیرا, وێڕای مەفرەزە خاسەكانی 29,68,87,119 … هتد و تەواری سلێمانی و هەندێك مەفرەزەی جاشی تایبەت و جاشە تایبەتەكانی ناوچەكە بەشدار بوون لە ئۆپەراسیۆنەكە.
ئەم سوپا تاوانكارە سەرجەم گوندەكانی‌ ئەم ناوچەیەیان‌ روخاند كە زیاتر لە 235 گوند بوون, 203 مزگەوت و 92 قوتابخانەیان تێدا بوو, (80) گوندیان راستەوخۆ كەوتنە بەر شاڵاوی ئەنفالكردنەكە, لە (2241) خانوو پێك دەهاتن, (12254) كەس لەم ناوچەیەدا دەژ‌یان.
هاووڵاتیانی ناوچەی پرۆسەی ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی دوو بە دوو قۆڵا ویستویانە خۆیان رزگار بكەن, “سەنگاو , گەرمیان ” و سلێمانی, یەكەم رێگا دوواتر لە پرۆسەی ئەنفالی 3 زۆریان گیراون, لە گەڵ خەڵكی ئەو ناوچانە ئەنفالكران, گواسترانەوە بۆ چەمچەماڵ و سەربازگەی قۆڕەتوو” قەڵای قۆرەتوو كە بارەگای فیرقەی پیادە بوو, لەوێوە بۆ سەربازگەی تۆبزاوە,لێ رێگای دووەم چوونە بۆ ناو شاری سلێمانی, ئەم بەشەیان زۆریان رزگاریان بووە, بەڵام ئەوانەی كەس داڵدەیانی نەداوە, یان لە پشكنینەكان لە رێگا دەستگیر كراون گواسترانەوە بۆ بارەگای هێزەكانی تەواری لە گەڕەكی چوارباخی شاری سلێمانی كە بە تەواریەكەی چوارباخ ناسرابوو, ئیتر ئەوانیش خۆیان لە تۆبزاوە بینییەوە.
بە وتەی كەسێكی سكاڵاكەر لە دادگای باڵای تاوانەكان, لە پرۆسەی ئەنفالی 2 نزیك گڵە زەردە لە دەربەندی چالكە لوغم زیاتر لە 20 كەسی كوشتبوو, هێزی مغاویر نزیك 500 كەسی گرتووە لەو كاتە, سكاڵاكەرێكی دیكە دەگێڕێتەوە كە دوای سێ رۆژ ژن و منداڵیان ناردووە بۆ سلێمانی, بە مێگەلی مەڕەوە گەیشتۆتە تانجەڕۆ لەوێ دەستگیر كراون, سێ رۆژ لە زیندانی فرقە ماونەتەوە, لە نێوان 31-3 و 1-4 بردراون بۆ تەوارییەكەی شاری سلێمانی, لەوكاتە لە تەوارییەكە نزیك 500 كەسی لێبووە, خەڵكی دیكەش گیراون, دوای هەژدە رۆژ بردراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوە, حەوتی رەمەزان, واتا رێكەوتی 24-4 گەیشتۆتە زیندانی قەڵای نگرە سەلمان, لەو سەرو بەندە لە ناو شاری سلێمانی لە ئاسمانەوە كۆپتەر بانگەوازی كردووە كە دەرگا بكەنەوە بۆ گەڕان بە دوای هەلاتووەكان قەرەداغ.
ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی دوو بە شێوەی فەرمی لە رۆژی شەممە رێكەوتی 2-4-1988 بە بەیانی ژمارە 3109ی فەرماندەیی هێزە چەكدارەكانی عێراق كۆتایی هات, لە بەیانەكە وێڕای ستایشی رۆڵی هێزە عێراقییەكان, دەستخۆشی لە چەكدارە كوردەكان كراوە كە دڵسۆزانە ئەركەكانیان راپەڕاندووەو لە پاداشتدا مەدالیای ئازایەتیان وەرگرتووە.
لە بەرامبەر ئەنفالكردنی هەزاران كەسی ناوچەی قەراغ و وێران كردنی گوندو قوتابخانەو مزگەوت و نەخۆشخانە و كیمیابارانكردنی ناوچەكە, پەلامار لە زەوی و ئاسمانەوە, سەدان كەس كە رۆڵیان هەبووە لە تاوانەكە لە لایەن خودی صەدام حوسێنەوە بە بڕیاری فەرمی كۆماری رێزیان لێ گیراوە, لە خوارەوە ناویان دەنووسین, دەشێت كەسی دیكەش هەبێت رێزی لێنرابێت ئیمە دەستمان بەو بەڵگەنامانە نەگەیشتبێت, یان كەسانی دیكە هەبێت هەقی رێزلێنانیان هەبووبێت بەڵام صەدام خەڵاتیانی نەكردبێت.
بە واژۆی دكتاتۆر صەدام حوسێن و فەرمانی كۆماری ژمارە 347 لیوا الركن ئەیاد خەلیل زەكی لە رێكەوتی 11-4-1988 نیشانەی ئازایەی پێ بەخشرا.
هەروەها بە پێی نووسراوی ئەمینداری فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكان زۆر نهێنی ژمارە ا-14-2057 لە رێكەوتی 5ی نیسانی 1988 بۆ دیوانی سەرۆكایەتی بابەت رێزلێنان , بە واژۆی الفریق الركن علا‌والدین كاڤم حماد ئەمینداری فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكان, بەهۆی رۆڵی نموونەییان لە سەركردایەتیكردنی ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی 1 و 2 , نیشانەی ئازایەتیان پێ دەبەخشرێت .
1- اللوا‌و الركن سلگان هاشم احمد قائد عملیە الانفال الاولی
2- اللوا‌و الركن ایاد خلیل زكی قائد عملیە الانفال الپانیە
هەروەها بە پێی نووسراوێكی نووسینگەی فەرماندەیی گشتی ئەمینداریەتی هێزە چەكدارەكان ژمارە ا-24-942 لە رێكەوتی 28-5-1988 زۆر نهێنی بۆ دیوانی سەرۆكایەتی بە واژۆی فەریق الركن علا‌والدین كاڤم حماد ئەمینداری فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكان, بابەت رێزلێنان, بە پێی ئەو دەسەلاتەی دراوە بە سەرۆكی ئەركانی سوپا لە لایەن سەرۆكی عێراقەوە , بە پێی نووسراوێكی زۆر نهێنی نێردراوە بۆتان لە رێكەوتی 3ی نیسانی 1988, بە ژمارە 2016 , ئەم ئەفسەرانەی لە خوارەوە ناویان هاتووە, هەر یەكەی بە 500 دینار خەڵات بكرێن, بەهۆی بەشداریكردنی راستەوخۆیان لە هەردووو ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی 1 و 2 , سەرباری ئامادەبوونیان لە گۆڕەپانی جەنگ بۆ جێبەجێكردنی نەخشەكان:
1-العمید الركن خالد حسین علی مدیریە الخگیگ
2-العمید الركن عدنان عبد چاحی مدیریە الخگیگ
3-العمید الركن علی عزیز الفدعم هیئە الامن الداخلی
4-العمید الركن كنعان خورشید عبدالوهاب مدیریە الصنف الكیمیاوی
5-العمید سعدی محمود محمد مدیریە مدفعیە المیدان
6-العقید الركن ولید نایف شبیب مدیریە الاستخبارات العسكریە العامە
7-العقید الركن صدام رشك عاتی مدیریە التخگیگ
8- العقید الركن ناصح توفیق سلمان مدیریە الاستخبارات العسكریە العامە

هەروەها بە فەرمانی كۆماری ژمارە 813 لە رێكەوتی 9ی ئۆگستی 1988 نیشانەی ئازایەتی بەخشرا بە هەر یەكە لە عەمید روكن زوهەیر یونس عەلی و لیوا روكن سەعد شەمسەدین خالص بەهۆی بەشداری ئازایانەیان لە پرۆسەی ئەنفالی دوو دا.
هەروەها لە رێكەوتی 09-08-1988 بە واژۆی دكتاتۆر صەدام حوسێن 130 كەس لە بەشداربووانی ئەنفالی 2 خەڵات كران, بە پێی فەرمانی كۆماری ژمارە 807 ئ, ەمەی خوارەوە ناوەكانیانە:
1- عەمید ركن زوهەیر یونس عەلی قائد قوات 50
2-عەمید ركن سەعد شەمسەدین خالص قائد ق جح د و -1
3-عەمید سەعد ودیع سەعید امر جح د و -3
4-عەمید محەمەد مستەفا اسماعیل شا د فل-5
5-عەمید محەمەد یاسین عەبدوڵا جح د و -2
6-عەمید روكن فائق عزەدین حەمودی چ ر 2 ح ش ا د فل-1
7-عەقید روكن عاصم مەهدی رەشید چ ر 2 ا س فل-1
8-عەمید روكن ژنون عبداللە جاسم قاگع ازمر
9-عەقید نصیف جاسم جواد امر لمش -420
10-عەقیدی تەیار(فڕۆكەوان) محەمەد عەلی مەحمود مستشار فل 1
11-عەقید فەهمی السید عادل رەشید امر قاگع قەرەداغ
12-مەحمود عەبدالڕەزاق امریە جح د و -3
13-عەقید روكن صكر هاشم حەسەن چ ر 1 ق جح د و -1
14-مقەدەم روكن ئەحمەد عەبد خەڵەف مستخدم فی ح ا د فل 1
15-مقەدەم حوسێن حەمزە خەلیل موقع الموصل
16-مقەدەم تەیار نجم عەبدالڕەزا عەبدالواحید المستشار الجوی ج گ ج-1
17-مقەدەم عەبدالكازم عبید جبار ف2 لمغ 2 فل-4
18-مقەدەم نەزهان خەلیل ئیبراهیم چ ر 3 ا س ش ا د فل-1
19-مقەدەم صعاب جدوع ژیاب ك م م -10
20-مقەدەم زیا عەباس بێجان امر ف 1 ل -438
21-رائید سعد كریم حوسێن امر ف 1 ل -420
22-رائید مەهدی مەزهەر علێوی ك م مت-40
23-رائید عەبدالستار محەمەد شانی ف 1 لمغ 2 فل-4
24-رائید عوسمان عەبدوڵا محەمەد عەلی ف 3 لمش-438
25- نەقیب موتان شفین عەباس فرت س ل -438
26-نەقیب مبدر خەڵخاڵ حوسێن امر بگ -982
27-نەقیب مزاحم عەبدالغەنی زەنون ف3 لمغ 2فل-4
28-نەقیب حەقی ئیسماعیل حەسەن و-امر ف 2 ل-438
29-نەقیب مەشعەل محەمەد صاڵەح امریە جح د و -3
30- نەقیب مەندوب ئەیوب حەسەن امر ف 2ل -420
31-نەقیب عەبدالقادر مەهدی حەبیب امر س 3 ك مع النصر
32-نەقیب خالید عەباس جاسم امر س 3 ك مع النصر
33-نەقیب مشرف حەمود نەجم امر ف 3 ل-420
34-نەقیب خچیر عەباس عەلی بگ 3 ك م م -949
35-ملازم ئەوەل فازڵ عەبدالسادە فەرەح س مغ ل -420
36-ملازم اول گلال كازم عەبدالئەمیر س 2 ك د ب-41
37-ملازم اول كاڤم سعد عاتی ك مت-762
38-ملازم اول نازم یونس عەلی ق ق -50
39-ملازم اول عەبدالئەمیر عەجیل عەكبابە بگ ا خ -3
40-ملازم اول تەیار قەیس حەبیب مصتەفا س -41
41- ملازم اول تەیار شەلال رەشید عەتیە س -41
42-ملازم اول تەیار سالم فەتحی حەسەن س-2
43-ملازم اول تەیار ئەحمەد عابد داود س-2
44- ملازم اول تەیار صەلاحەدین حەسەن یونس محەمەد ج گ ج -1س-4
45-ملازم اول مغاویر سامی نسەیف جاسم س مغ لمش-39
46-ملازم اول عیسا باقر شەلال بگ 1 ك م مت-40
47-ملازم تەیار حافز ئەحمەد حەسەن ج گ ج -1 س-30
48-ملازم عەبد الرەسوڵ جاسم محەمەد ك مت-40
49-مستەشار صاڵەح ئەحمەد حوسێن فەوج 162
50- مستەشار حەمە رەشید عەبدالڕەحمان فەوج 200
51- مستەشار خەلیل عەبدوڵا ئیبراهیم فەوج 109
52- مستەشار جەماڵ فەقێ حوسێن فەوج 97
53- مستەشار محەمەد عومەر ئەمین باساكی فەوج 81
54- مستەشار ئەنوەر محەمەد حەسەن فەوج 131
55- مستەشار خدر رەشید بەحری فەوج 173
56- مستەشار سوعاد فەیزوڵا محەمەد فەوج 60
57- مستەشار سالار نصراڵلە قادر فەوج 166
58- مستەشار مەحمود حەمە ئەمین حەمە صاڵەح فەوج 69
59- مستەشار مەحمود حەمە رەسوڵ ئاغا فەوج 26
60- مستەشار شێخ مەحمود سەید گوڵ فەوج 137
61- مستەشار حەمە خان دارا رەشید فەوج 202
62- مستەشار محەمەد عیسا جاف فەوج 100
63- مستەشار تاهیر عەلی عەبالڕەحمان فەوج 99
64- مستەشار عەباس حاجی ئاغا رەسوڵ فەوج 66
65- مستەشار حەمزە عەباس ماندا فەوج 22
66- مستەشار محەمەد سەعید ئەحمەد محەمەد فەوج 197
67- مستەشار سەعید قادر محەمەد جاف فەوج 199
68- مستەشار محەمەد حوسێن عەلی میرزا فەوج 74
69- مستەشار كسری محەمەد سەعید جاف فەوج 75
70- مستەشار عومەر بابەكر سەلیم ئاغا فەوج 114
71- مستەشار نەوزاد ئەنوەر بێتواتە فەوج 4
72- مستەشار فەتاح كەریم الجاف فەوج 35
73- مستەشار بایز عەزیز رەشید فەوج 213
74- مستەشار سەعید ئەحمەد شێتە فەوج 34
75- مستەشار حەسەن محەمەد عوسمان فەوج 175
76- مستەشار سەلیم مەمەند رەسوڵ ئاغا فەوج 98
77- مستەشار كەریم عەبدوڵا محەمەد فەوج 62
78-نائب زابت مقاتل جوی عوەید خیزران خەڵەف ج گ ج-1 س-30
79-نائب زابت براد جەوی خالد سەلمان حەبیب السرب 2
80-جاش محەمەد عەلی سەعید فەوج 34
81- جاش عەبدوڵا ئاغا مەولود فەوج 98
82- جاش حوسێن محەمەد حوسێن فەوج 175
83- جاش ئیسماعیل عەلی رەسوڵ فەوج 148
84- جاش عادل حوسێن ئەحمەد فەوج 62
85- =عەبدوڵا محەمەد موصتەفا فەوج 114
86- جاش حەسەن ئەحمەد حەمەد قادر فەوج 4
87- جاش جەماڵ مەولود فەوج 35
88- جاش تۆفیق ئەحمەد كەریم فەوج 213
89- جاش ئەحمەد مەجید ئیبراهیم فەوج 180
90- جاش ئەحمەد قادر سواری فەوج 80
91- جاش عەلی رەحیم حەمە خان فەوج 200
92- جاش رەزا مەجید رەحمان فەوج 200
93- جاش حوسێن عەبدوڵا حەسەن فەوج 109
94- جاش محەمەد رەشید جاسم محەمەد فەوج 109
95- جاش محەمەد قادر محەمەد فەوج 97
96- جاش محەمەد ئەحمەد صاڵەح فەوج 97
97- جاش ئەحمەد عومەر ئەمین باساكی فەوج 81
98- جاش جەماڵ رەئوف عومەر ئەمین فەوج 81
99- جاش عوسمان محەمەد رەزا فەوج 131
100- جاش رەشید عەباس فەوج 131
101- جاش عوسمان ئەحمەد عەبدوڵا فەوج 173
102- جاش عەتا مەحمود مەولود فەوج 173
103- جاش رەحمان حەمە عەلی فەرەج فەوج 60
104- جاش محەمەد عەبدوڵا محەمەد فەوج 137
105- جاش سەعید تۆفیق حەسەن فەوج 166
106- جاش فەتاح محەمەد رەزا فەوج 69
107- جاش محەمەد مەحمود رەزا فەوج 69
108- جاش ئیبراهیم عەلی حاج حلو فەوج 20
109- جاش عەبدوڵا زكری حاجی فەوج 20
110- جاش عابد محەمەد ئەحمەد فەوج 20
111- جاش كەماڵ ئیبراهیم محەمەد فەوج 20
112- جاش محەمەد عەرەب حاجی فەوج 20
113- جاش كەماڵ ئەحمەد محەمەد فەوج 58
114- جاش چیای دیوالی الدۆسكی فەوج 58
115- جاش سەعید دیوالی سەعید فەوج58
116- جاش سەعدی قادر سەعدی فەوج 58
117- جاش سكڤان رەشید محەمەد عەلی فەوج 58
118- جاش رەشید حەمە ئەمین عەزیز فەوج 78
119- جاش حەیدەر رەشید محەمەد ئەمین فەوج 78
120- عەبدولا رەشید محەمەدەمین فەوج 78
121- جاش تاهیر حەسەن میر محەمەد فەوج 78
122- جاش مام یەحیا عوسمان عومەر فەوج 86
123- جاش بێستون عوسمان عومەر فەوج 86
124- جاش نەوزاد صدیق ئەحمەد فەوج 86
125- جاش ئاسۆس عوسمان عومەر فەوج 86
126- جاش عەلی ئاوڕەحمان حەسەن فەوج 168
127- جاش عەبدولا ئیسماعیل خدر فەوج 168
128- جاش مەجید ئاوڕەحمان حوسێن فەوج 168
129- جاش جاسم زێباری فەوج 225
130- جاش تەیار زێباری فەوج 225
131- جاش ئەحمەد موحسین امر مجموعە
132- جاش سالار مەحمود امر مجموعە
هەروەها لە رێكەوتی 17-4-1988, بەشێك لەو سەرۆك جاشە موستەشارانەی بەشدار بوون لە هەردوو پرۆسەی ئەنفالی یەك و دوو نیشانەی ئازایەتییان پێ بەخشرا, وەك رێزلێنانێك بۆ رۆڵیان لە پرۆسەی تاوانی ئەنفالی یەك و دوو, لە رووی سەربازییەوە ئەم دوو پرۆسەیە مەترسییەكانی ئێرانی لە ناوچەكە كەم كردەوە, كە بە هاوكاری چەند پارتێكی سیاسی پەلاماری هاوبەشیان ئەنجام دەدا, كە راستەوخۆ نزار خەزرەجی سەرۆكی ئەركانی سوپا فەرماندەییانی كردووە.

1-لەتیف ئەحمەد زێباری.
2-سابیر ڕەقیب سورچی.
3-محەمەد كەریم زێباری.
4-ئیبراهیم عەلی حاج.
5-عاسف ئەحمەد زێباری.
6-سعید یونس زراری.
7-فەتاح كەریم جاف.
8-سادق زیڕۆ هەركی.
9-تاریق فایەق كاكەیی.
10-مەدحەت تۆفیق داودی.
11-مامەند محەمەد ڕەئوف.
12-جیای دێوانی دۆسكی.
13-سوعاد فەیزوڵا تاڵەبانی.
14-تاریق شەفیق نەعمان كافرۆشی.
15-موعتەسەم عەبدوالكەیم بەرزنجی.
16-رەفعەت محەمەد گلی.
17-محەمەد عەلی حوسێن شەمێرانی.
18-كیسرا محەمەد سەعید جاف.
19-ڕەشید حەمە دەمین.
20-الكور عبدالكریم الكزندانی.
21-تاهیر عەلی جەباری.
22-محەمەد عیسا جاف.
23-ئیبراهیم نەسروڵا.
24-محەمەد تاهیر زیناوە.
25-خەلیل ئیبراهیم شەریفانی.
26-ئەنوەر محەمەد ڕەزا جاف.
27-خدر فەتاح حوسێن قامیشی(خدر قامێشی).
28-شێخ نەجمەدین شێخ ساڵەح بەرزنجی.
29-تەحسین شاوەیس سەعید.
30-محەمەد سەعید هارۆنی.
31-محەمەد ڕەشید جاف.
32-شێخ تەیب شێخ عوسمان جاف.
33-شێخ ڕەزا تەها محێدین.
34-عەدنان عەبدوڵا نەجم جاف.
35-محێدین شێخ عەزیز بەرزنجی.
36-سەعید مەحمد غەریب جاف.
37-حسێن مەحمود الهورفانی.
38-سدیق عەلی محمد امین.
39-نوزاد انور خۆشناو.
40-ئیسماعیل محمود ڕەسوڵ پشدەری.
41-حەمزە عەباس مامند ئاكۆ.
42-مەحمود حەمە ڕەسوڵ ئاغا پشدەری.
43-مەجید بایز حەسەن بەرزنجی(شێخ مەجید).
44-كەریم عەبدوڵا محەمەد.
45-عەباس حاجی ئاغا ڕەسوڵ تركوش.
46-مەحمود حەمە ئەمین گولی.
47-فوئاد كەریم محەمەد هەمەوەندی.
48-سەعید ئەسعەد شێتنە.
49-قادر سوارا ئاغا بلباسی.
50-محەمەد عومەر ئەمین باسكای بەرزنجی.
51-فارس تاهیر مستەفا غەفوری.
52-عوسمان عومەر مام یەحیا الكورنی.
53-عەباس بایز بلە.
54-خالید مەحمود احمد علی غوارە(خالید خولە سور).
55-جەماڵ فەقێ حوسێن كەڵوڕی.
56-ڕەسوڵ مەمەند میراودەلی(ڕەسول میراودەلی).
57-عومەر حەمە رۆستەم شرمكە.
58-سەباح سەعید كەریم هواری.
59-عومەر بابكر سەلیم اغا پشدەری(عومەر پشدەری).
60-مەحمود ئەحمەد شەریف غەوارە.
61-ئیبراهیم كانی بالو
62-محەمەد عەلی بسكۆل.
63-عەبدوڵا حەسەن ساڵەح بابان.
64-محەمەد ئەحمەد بسكۆل.
65-خدر ڕەشید بەحری.
66-بایز عەزیز ڕەشید.
67-عەلی ئاوڕەحمان الكورانی.
68-سوارە فەتاح فەرەج.
69-تۆفیق سلێمان یاسین.
70-حەمید نوری خورشید هەركی.
71-عەلی شێخ ئەمین فەرەج.
72-حوسێن سورچی(حوسێن ئاغای سورچی).
73-ئەسعەد هەركی.
74-فەخری ئیسماعیل عەبدالقادر.
75-شەریف محەمەد مەعروف كرداری.
76-قاسم كەریم ئەحمەد شنكی.
77-كەماڵ محەمەد مام سۆرانی.




کاندیدی ژمارە ١٣.. نووسینی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)


شانۆگەرییەکی یەک پەردەییە لە سێ دیمەنێکدا

کارەکتەرەکان
ڕەئوف : پیاوێکی کەڵەگەتی چوارشانەیە، تەمەن نزیکەی چل ساڵ دەبێت. چاکەت و پانتۆڵی لەبەردایە و بۆینباغی بەستووە. قژی ماش و برنجی تێکەوتووە. لەدەزگایەکی حیزبیی کار دەکات.
عوسمان : هاوڕێی ڕەئوفە. تەمەنی نزیک بە چل ساڵ دەبێت. قاتی شاڵی لەبەردایە. خاوەنی چێشتخانەیە لەناو جەرگەی شار.
کامیل : برای شەوبۆیە. تەمەنی دەوروبەری بیست و هەشت ساڵێک دەبێت. کابۆیەک و تیشێرتێکی لەبەردایە. خاوەن کۆگای فرۆشتنی جلوبەرگی ژنانەیە.
شەوبۆ : هاوسەری ڕەئوفە. تەمەنی سی و پێنج ساڵ دەبێت. مامۆستایە و جلێکی ئاسایی لەبەردایە.
گێلاس : هاوسەری عوسمانە. تەمەنی سی و شەش ساڵ دەبێ. جلی ئاسایی لەبەردایە. فەرمانبەرە لە کتێبخانەی گشتی شار.
ماکوان : کورێکی هەشت ساڵانی ڕەئوف و شەوبۆیە. جلێکی ئاسایی ماڵەوەی لەبەردایە.
فرمێسک : کچێکی شەش ساڵانی ڕەئوف و شەوبۆیە. جلێکی ئاسایی ماڵەوەی لەبەردایە.

تێبینی : جلەکان بەپێی دیمەنەکان دەگۆڕێن.

دیمەنی یەکەم
شوێنکات : ئێوارەیە و ماڵی ڕەئوف و شەوبۆیە. شانۆ بەجۆرێک دزاین کراوە کە ڕێک وەک ژووری دانیشتنی ماڵێکی ئاساییە. یەک دوو قەنەفە و دوو سێ تەپڵەکی بچووک و گوڵدانێکی بچکۆلانەی پڕ لە گوڵ لەسەر یەکێک لە تەپڵەکەکان دانراوە. دەرگایەک لەلایەکی شانۆوە هەیە. پەنجەرەیەکیش لەناوەڕاست دیواری شانۆوە هەیە کە بە پەردەیەک داپۆشراوە. ماکوان و فرمێسکیش لەلایەکی شانۆکە و لەسەر قەنەفەیەک دانیشتوون و لە زمانی جەستەیانەوە دیارە کە سەرگەرمی یاریکردنن. ڕووناکی تا ئاستێکی یەکسان لەسەر ڕەئوف و منداڵەکانە.
ڕەئوف : ( ڕوو بە ماکوان و فرمێسک) ئەرێ ماکوان ڕۆڵە دایکت لەکوێیە و خەریک چییە؟
ماکوان : ( ئاوڕ بەرەو لای باوکی دەداتەوە) بابە دایکم خەریکی چێشت لێنانە و وا لە مووبەقەکەیە.
ڕەئوف : باشە کوڕم خەریکی یاری خۆتان بن.
( زەنگی موبایلەکەی ڕەئوف لێدەدات و ڕەئوف موبایلەکە هەڵدەگرێت و وەڵام دەداتەوە.)
ڕەئوف : ئەلو.. قوربان سڵاوتان لێبێت. (کورتە وچانێک) نا، نا ناوەخت نییە و بۆ بەڕێزتان هەمیشە وەختەکەی گونجاوە.(بێدەنگییەکی درێژ) بەڵێ ، بەڵێ، قوربان ، هاوڕاتم. وەک جەنابیشت فەرمووت ئێمە بەرژەوەندیمان لە سەرکەوتنی حیزب دایە. بێ حیزب ئێمە هیج نین و هیچیشمان پێناکرێت. ( تۆزێک دەوەستێت وەک بڵێی گوێ بۆ قسە هەڵبخات) زۆر ڕاستە قوربان چارەنووسی ئێمە و حیزبیش بە خەڵکەوە پەیوەستە. ئەگەر خەڵک نەبێت ئێمە چین؟ هیچ!.(وچانێک دەدات) ئێمە هەوڵ دەدەین و شەو و ڕۆژ پێکەوە گرێ دەدەین تا زۆرترین خەڵک بەرینە سەر سندوقی دەنگدان.
( ڕەئوف بێدەنگ دەبێ و وا دیارە گوێی بۆ ڕێنماییەکانی بەرپرسەکەی هەڵخستووە. لەسەر قەنەفەکە هەڵدەستێت و لەسەر شانۆ دەکەوێتە هاتوچۆ. موبایلەکەی لە گوێیەکەوە دەگوازێتەوە گوێکەی تری.)
ئینجا قوربان چۆن دەهێڵین ئەوە ڕوو بدات. ئەی ئێمە ئیشمان چییە. من خۆم لەم شارە سەرپەرشتی ئەم پرۆسەیە دەکەم و جگە لە هەڤاڵانمان، تەواوی کەس و کار و عەشیرەت هەڵدەخڕێنم. عەشیرەت بۆ ئەمڕۆ نەبێت بەکەڵکی چی دێت. ( پێدەکەنێ و ئینجا ڕوو لە جەماوەر یان بینەر دەوەستێت) من دەبێت سەرپەرشتی ئەم پرۆسەیە بە ڕێک و پێکی ئەنجام بدەم. دوای ئەوە بەرژەوەندی حیزب و بەڕێزتان و هەموولایەکی تیایە. ( کۆخەیەکی بۆ دەکات و وچانێک دەدات)
( لەو کاتەدا ماکوان و فرمێسک لەسەر قەنەفەکە هەڵدەستن و بەڕاکردن بەسەر شانۆدا بۆ ماوەی چەند چرکەیەک ڕاوی یەکتر دەنێن. ڕەئوف دەیەوێت هێوریان بکاتەوە. منداڵەکان دەچن لەگۆشەیەکی شانۆ لەسەر پارچەیەک لە قەنەفەکە دادەنیشنەوە)
ئەی چۆن قوربان ڕاست ئەفەرمووی نەیارەکانمان چاویان بە حیزبمان هەڵ نایەت. ئێمە دەبێت کارێک بکەین ئەو ناحاڵییانە فێر بن ڕێز لە حیزبمان بگرن. دەزانم ئەوانیش خۆیان مەڵاس داوە بۆ تەزویر و ساختەکاری. بەڵام خەیاڵیان خاوە. (بێدەنگییەک وەک ئەوەی گوێ بۆ قسەی جەناب هەڵخات) بەسەرچاو قوربان وا دەکەین و ئەوەی تۆ دەیڵێی وەکو خۆی پیادەی دەکەین.( وچانێکی کورت) بەچاوان .. قوربان.. بەچاوان بێخەمبە. ( وچانێکی کورت) مەمنوونم قوربان من جگە لە تۆ و حیزب و خوا کەسی ترم نییە. پشتم بە ئێوە قایمە.(وچانێکی کورت)ئەمر دەکەی قوربان. لە خزمەتدام. (وچانێکی کورت) سەرچاوم قوربان..خوا ئاگادارت بێت.
(ڕەئوف موبایلەکەی دەکوژێنێتەوە و لەسەر مێزەکەی دادەنێ. خۆشی لەسەر قەنەیەک ڕوو بە جەماوەر دادەنیشێت.)
ڕەئوف : ( لەبەر خۆیەوە دەست بە قسەکردن دەکات) وەی ئەمجارە سەربگرێت کاندید بکرێم و دەربچم، خۆش ئەبێ. لەلایەکەوە پۆستی ئەنجوومەنی شار بەدەست دێنم و لەلایەکی تریشەوە وەزعی مادیم باش دەبێت و موستەقبەلی منداڵەکانم مسۆگەر دەبێت و شەوبۆش دڵخۆش دەکەم و خزم و کەس و کاریش دەورەم دەدەن و ئیتر ڕۆژ ڕۆژی پۆزە و ئەوەی ڕۆژێک پۆزی بەسەرمدا لێدابێت، دەبێت ڕۆژانە پۆزی بەسەردا لێدەمەوە. (پەنجەی هەڕەشە ڕادەوەشێنێ) دەردتان لە گیانم. جارێ با وابێت، ئیستا قسە خۆش و گوفتار شیرینم، بەڵام دوایی خۆم ئەزانم چی ئەکەم.
(شەوبۆ لە دەرگای شانۆوە دێتە ژوورەوە. سەدرییەکی مووبەقی لەسەر جلەکانەوە لەبەردایە کە نیشانەی ئیشکردنی ناو مووبەقە. دێتە نزیک ڕەئوف و لەسەر قەنەفەکە دادەنیشێت)
شەوبۆ : (بەجۆرێک لە حەپەساوییەوە) ئەرێ بێقەزا بیت پیاوەکە ئەم بۆڵەبۆڵەت لەچییە؟ تۆ مێشکی سەری خۆت و من و مناڵەکانیشت بردووە. لەمووبەقەکەوە گوێم لە هەڕەشە و گوڕەشە بوو! پێمناڵێی هەڕەشەت لە کێ دەکرد؟
ڕەئوف : ( ڕوو لە شەوبۆ دەکات) کچی ژنەکە تۆ بۆ لەخۆتەوە تێ هەڵئەچی بێئەوەی ئاگات لە هیچ بێت. من هەڕەشەم لە کەس نەکردووە. بەس ئەوەندە وتم با کاندید بکرێم ئەوسا خۆم ئەزانم چۆن قسە لەگەڵ هەندێ کەس دەکەم.
شەوبۆ : ( ڕوو بە بینەران) ئینجا ئەگەر کاندید نەکرایت؟
ڕەئوف : کاندید دەکرێم.
شەوبۆ : ( ڕوو بە ڕەئوف) بە چی ئەزانیت کاندید دەکرێیت؟
ڕەئوف : ( خۆشی لە ڕووخساریدا دیارە) ئەی ئاگات لێنەبوو ئێستا تەلەفۆنم بۆکرا و پێم ڕاگەیەنرا کە من بە فەرمی لەلایەن حیزبەوە بۆ ئەنجوومەنی شار وەک کاندید دەستنیشان کراوم.
شەوبۆ : ( بە سەرسوڕمانەوە) توخوا بەڕاستتە؟
ڕەئوف : ( بزە لەسەر لێوەکانییەتی) ئەری وەلڵا بەڕاستمە و ژمارەکەشی پێدام.
شەوبۆ : ژمارە چەندیت؟
ڕەئوف : ژمارە ١٣م.
شەوبۆ : ( هۆپێک دەکات یان ئیستێک دەکات) ئەی خاک بەسەرم بۆ ژمارە ١٣؟ ژمارە بڕان بوو، سیانزە نەبێت.
ڕەئوف : بۆ ژمارە ١٣ چییەتی؟
شەوبۆ : ئەی ژمارە ١٣ نیشانەی شووم و نەگبەتی نییە؟
ڕەئوف : ( خۆشییەکەی سەر ڕووخساری نەماوە) نەخێر ، من گوێ بەو قسە بێمانایانە نادەم. گرنگ ئەوەیە من کاندیدم و هەموو حیزب لە پشتمە. دڵنیاشم دەردەچم و دەگەین بە ئاواتەکانمان.
شەوبۆ : دەی بزانین چۆن دەبێت. (ڕوو بە ڕەئوف) هەستە بچینە ئەودیو نانەکەمان بخۆین. (ئینجا ڕوو لە ماکوان و فرمێسک دەکات) دەی ڕۆڵە ماکوان، فرمێسک هەستن با بڕۆین نان بخۆین.
( ماکوان و فرمێسک پێکەوە هەڵدەستن و ڕەئوفیش موبایلکەی دەخاتە سەر شەحن و ئینجا هەر هەموو لە دەرگاکەی شانۆوە دەچنە دەرێ و شانۆ تاری دەبێت.)

دیمەنی دووەم
هەمان دیمەنی یەکەمە . ژووری دانیشتنی ماڵی ڕەئوفە و هەریەک لە ڕەئوف و شەوبۆ و عوسمان و گێڵاس دانیشتوون و خەریکی دەمەتەقێن. سەرەتا دەنگی مۆسیقایەک دێتە گوێ. پاشان وردە وردە دەنگی مۆسیقاکە خامۆش دەبێت و ڕووناکی دەچێتە سەر دانیشتنەکە.
ڕەئوف : ( ڕوو لە عوسمان دەکات) ئا بەسەری تۆ کاک عوسمان، خۆت دەزانی من چاوم لە پۆست و پلە و پایە نییە. ئەمەی دەیکەم لەبەر دڵی حیزبە. من دڵی حیزبم پێناشکێت. ئێ مەعلوومیشە بنەماڵەی ئێمە هەر هەموومان سەر بەو حیزب و ڕێبازەین و لەڕابردووشدا قوربانیمان داوە. ئێ خۆ ناکرێت دەست لەو سەروەرییانە هەڵبگرم. من ئامادەی خەبات کردنم. ئەمڕۆش حیزب ڕووم لێدەنێ تا خۆم کاندید بکەم. منیش ناتوانم ئەو داوایەی ڕەت بکەمەوە.
عوسمان : بەڵێ کاک ڕەئوف ئێوە و بنەماڵەکەتان درێخیتان نەکردووە. بەڵام خۆت دەزانی نە ئەم حیزبە حیزبەکەی چل ساڵ بەر لەئێستایە و نە خەباتیش ئەو خەباتەی جارانە. ئێستا هەموو شتێک گۆراوە.
ڕەئوف : ئێ وایە زۆر شی گۆراوە، بەڵام خۆ مەبدەء و بیروباوەڕ نەگۆڕاوە.

گێلاس : (بە جۆرێک لە تەوازوع) ببوورە کاک ڕەئوف هەموو شتێک گۆڕاوە. دنیای ئێستا دنیاکەی جاران نییە. ڕێز و خۆشەویستی و تەنانەت ئەخلاقیش گۆڕاوە. جاران خەڵکی شار ڕووحیان لەسەر یەکتر بوو، ئێستا پاشقوول لەیەکتر دەگرن. جاران دڵسۆزی و وەفا دەتتوانی حیسابیان لەسەر بکەی، ئێستا خەڵک گاڵتەیان بە دڵسۆی و وەفا و مەبدەئیش دێت. (وچانێکی ئێجگار کورت)پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان لە پارەدا کورت بۆتەوە.(پژمینی دێ و دەپەژمێت)
عوسمان : ( بە سوود وەرگرتن لەو پژمینە) ببوورە گێلاس ئەگەرچی قسەکەشت تەواو نەکرد. ئەمڕۆ پارە جێی هەموو شتێکی گرتۆتەوە. پارە حوکم بەسەر شتەکاندا دەدات. ‌هێزی پارە زۆر لە ‌هێزی بیروباوەڕ کاریگەرترە. جاران برا پشتی برای دەگرت، ئەمڕۆ لەسەر پارە و تەماح برا برا دەکوژێت. جاران باوک ڕەزمی پیرۆزی و ڕێز بوو، ئەمڕۆ باوک لەژێر سایەی دەسەڵاتی پارەدا فڕێ دەدرێتە سەر شەقامەکان.
ڕەئوف : ( ڕوو بە عوسمان) ئێ هەر لەبەر ئەوەشە من خۆم کاندید کردووە یان با بڵێین کاندید کراوم تا ئاوڕێک لە باری ژیانی خەڵک بدەمەوە و لەسەریان هەڵبڵێم.
شەوبۆ : ( بە هێمنییەوە دەدوێت) ئێوە ئاگاتان لێ نییە و من ئاگادارم کە ڕەئوف شەو و ڕۆژ خەمی ژیانی خەڵکییەتی. دوێنێ دەیوت ئەگەر بەخت یاوەرم بێت و دەربچم، دەبێ شەو و ڕۆژم پێکەوە گرێ بدەم بۆ خزمەتکردنی ئەم خەڵکە هەژار و دەستەنگە.
گێلاس : (لەسەرەخۆ ڕوو بە شەوبۆ ) شەوبۆ خان من مەبەستم ئەوە نییە بڵێم کاک ڕەئوف خەمی خەڵکی نییە. بەڵام لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوو بینیمان کاندیدکراوان لەسەروبەندی هەڵبژاردندا قسەی شیرین دەکەن و دیاری دەبەخشنەوە و کاتێکیش دەردەچن و دەستیان لە پلە و پایە گیر دەبێت، ئیتر موبایلەکانین هەمیشە داخراوە و کەس نایان بینێت.
ڕەئوف : ( ڕوو بە گێلاس) نا گیلاس خان لەڕابردوودا ڕاستە شتی لەوبابەتە ڕوویداوە و کەسی وا هەبووە، بەڵام ئێمە نەک هەر وا نابین، بەڵکو بەکردەوە دەبمە خزمەتکاری دەنگدەرانم و بەدوای کێشە و گرفتەکانیانەوە دەبم.
عوسمان : هیوادارم کاک ڕەئوف بتوانیت بەرنامەکانت جێبەجێ بکەیت و نیشانی بدەیت جیاوازیت و وەکو ئەوانی تر نەبیت. ئەوکات (تەماشایەکی گێلاس و شەوبۆ دەکات) هەم ئێمە و هەم خەڵکیش شانازیت پێوە دەکەن. بەڵام بیرت نەچیت گەر تەسلیمی پارە و پلە و پایە ببیت و پشت لە خەڵک بکەیت، ئەوا خەڵکیش پشتت تێدەکەن و بەباشە ناوت ناهێنن.
ڕەئوف : (ڕوو بە عوسمان) نا کاک عوسمان من چۆن خۆم خەجاڵەتی هاورێکانم و خەڵک دەکەم. تا بۆم بکرێت و لەتوانامدا بێت بۆ خزمەتی خەڵک درێغی ناکەم.
گێلاس : ( ڕوو بە ڕەئوف) بیریشمان نەچێت زۆر شت دەکرێن و گەلێ بڕیاری هەڵە و پێچەوانە دەدرێن بەناوی خزمەتی خەڵکەوە و لەڕاستیشدا دژ بە خەڵکن. گرنگ ئەوەیە بەرژەوەندی خەڵک بناسن و پێی لەسەر دابگرن.
ڕەئوف : ( سەر دەلەقێنێ) وایە ، زۆر ڕاستە.
( بۆ ساتێکی کەم دەنگەکان کز دەبن و هەر چواریان بە زمانی جەستە خەریکی گفتوگۆن. ئینجا عوسمان و گێلاس ماڵئاوایی دەکەن و دەڕۆن و لە دەرگای شانۆوە ئاودیو دەبن. ڕووناکی لەسەر ڕەئوف و شەوبۆ چر دەبێتەوە)
شەوبۆ : ( ڕوو بە ڕەئوف) گوێت لێ بوو چۆن قسەی دەکرد؟
ڕەئوف : مەبەستت کامیانە؟
شەوبۆ : گێلاس، مەبەستم گێلاسە. ئەو گێلەیە خۆی لێ کردبووین بە فەیلەسوف و ئامۆژگاری دەکردین. ( بەتووڕەییەوە) لەبەر تۆ نەبێت ناهێڵم گێڵی پێ بخاتە ئەم ماڵەوە. ئەو چاو بەللە چییە ئاوا مامۆستاییمان بەسەرەوە بکات.
ڕەئوف : کچێ تۆ بۆ وا خۆت تێکداوە. ئەوان هاتن سەردانیان کردین و بەس. ئێ منیش کادیدکراوم و دەبێت گوێ لەوانیش بگرم.
شەوبۆ : ئەزانم.. بەڵام با لەناو نانێکی گەرم بێت بۆی. بەس دەربچیت، دەبێت کارێک بکەم ئەم گێلاسە و هاوشێوەکانی بە سێ پرسگەش نەگەنە لام.
ڕەئوف : خوا ئەکا دەرئەچم و دەنگ دێنم. ئەوکات دەزانم چی دەکەم. دەزانم چۆن خۆم لە هەرچی و پەرچییانە جیا دەکەمەوە. دەزانم چۆن لەگەڵ هاوشانی خۆم هەڵسوکەوت دەکەم. بڕوا بکە ئەوکات ئاوڕ لە هەزاری وەکو ئەم عوسەیە نادەمەوە. ( ڕوو بە شەوبۆ) گوێت لێبوو هەر پارە پارەی بوو. خۆی وا دەردەخست ڕقی لە دەوڵەمەندی و پارەیە. بەڵام ڕاست ناکات و ئێستا بۆی بکرێت پارەی ئەو دنیایە دەخاتە گیرفانییەوە.
شەوبۆ : ( بە گاڵتەپێکردنەوە) کوڕە با هەر بۆ خۆیان بڵێن. ڕێوی دەمی نەدەگەیشتە ترێ و دەیوت ترشە.
( هەردووکیان پێدەکەنن. وردە وردە بەدەم قسەکردنەوە دەنگیان کز دەبێت و ڕووناکیش بەرەو خامۆش بوون دەچێت)

دیمەنی سێیەم
هەر هەمان ژووری دانیشتنی ماڵی ڕەئوفە. دزاینی ماڵەکە دەستکاری نەکراوە. کامیل و شەوبۆ دانیشتوون و قسان دەکەن. ڕووناکی لەسەریانە.
شەوبۆ : یاخوا بەخێر بێی کامیل گیان. ئیش و کار چۆنە، ئەوە چییە ماوەیەکە کەم کەم دەردەکەوێت؟
کامیڵ : خراپ نییە شەوبۆ گیان. چی بکەم خەریکی دوکان و کەسابەتم و سەرم قاڵە. ( سەیری شەوبۆ دەکات) ئەی پێمبڵێ کاک ڕەئوف کوا، لەکوێیە؟ بۆ نەهاتۆتەوە؟
شەوبۆ : ڕەئوف لە کۆبوونەوەیە و وتی ئێوارە درەنگ دێمەوە و ئێوە نانی خۆتان بخۆن و چاوەڕێی من مەبن. ( وچانێکی کورت) خۆت دەزانیت کامیل گیان؛ لەوەتەی ڕەئوف کاندید کراوە بۆ ئەنجوومەن، زۆر سەرقاڵە و هەر خەریکی کۆبوونەوەیە لەگەڵ بەرپرسان و حیزب.
کامیڵ : ( بە سوعبەتەوە) ئەزانم، خەریکن دەبنە بەرپرس و خێزانە بەرپرس. ئەوسا ڕەنگە کەس نەناسن.
شەوبۆ : ( کەیفی بەو سوعبەتانەی کامیل دێت وەک ئەوەی ختووکەی بدەن) نا کامیل وا مەڵێ.. ئێمە چۆن لە خۆمان ئەگۆڕێین.
(دەنگی دەرگا کردنەوە دێت و ڕەئوف لە دەرگای شانۆوە دێتە ژوورەوە.)
ڕەئوف : ( دەست بەرز دەکاتەوە.) ئای سڵاوتان لێبێت.
کامیل : (هەڵدەستێتە سەر پێ و تەوقەی لەگەڵ دەکات). بەخێر بێیتەوە کاک ڕەئوف گیان. ئەوە چییە کوڕی باش لەوەتەی بۆ ئەنجوومەن کاندیدکراویت، کەس ناتبینێت و بوویت بە هەنارە شیرینە.
ڕەئوف : ( بەجۆرێک لە خۆباییەوە) نە بەخوا کامیل گیان وا نییەو زۆر سەرقاڵی کۆبوونەوەم. خۆ ئەزانیت ئەمجۆرە بەرپرسیارەتییانە گاڵتە نین و دەبێ خۆمیان بۆ ئامادە بکەم.
کامیل : ڕاست ئەکەیت. لەشت ساغ بێت. ( بە شۆخییەوە) بەس کوڕی باش ئاگات لە پیاوی فەقیریش بێت.
ڕەئوف : کوڕە ئەوە ئەڵێی چی.. من چۆن ئاگام لێت نابێت. بەس دەنگ بهێنم و دەربچم دەتکەم بە بەرپرسی ڕاگەیاندنی خۆم و هەروەها بەرپرسی پاسەوانەکانم.
کامیل : وەی بەسەرچاو. لەخزمەتدام.

(زەنگی تەلەفۆنی ڕەئوف لێدەدات. ڕەئوف تەلەفۆنەکەی وەڵام دەداتەوە.)

ڕەئوف : ( بە هێنمییەوە) ئەلو سڵاو. ( وچانێکی کورت) لەخزمەتدام جەناب گیان. ( موبایلەکەی بەگوێوەیە و بێدەنگە و گوێ دەگرێت. دوای یەک دوو دەقیقە زەوق و ڕەنگ تێک دەچێت و دەنگی کز دەبێت.) باشە بەسەرچاو جەناب گیان . نا ئاساییە. کێشە نییە. بەس بەڕاستی زۆر ناخۆشە. من دنیام تێگەیاندووە کە کاندیدکراوم و حیزب بڕیاری داوە و بڕاوەتەوە، کەچی ئێستا بە بڕیارێک لا دەبردرێم؟ ( بێدەنگییەک) ئەزانم بڕیار و بەرژەوەندی حیزب لەسەرووی هەموو شتێکەوەیە. ( کامیل و شەوبۆ ئەبڵەق بوونە و بە حەپەساوییەوە سەیری ڕەئوف دەکەن و گوێیان هەڵخستووە) من گوێرایەڵی بڕیارەکانی حیزبم قوربان. بەڵام بەداخەوە بێئومێد بووم. دامنابوو خزمەت بکەم. بەس ئەو دەرفەتەم بۆ نەڕەخسا. ( لەسەر قەنەفەکە دادەنیشێت) چی قوربان چوار ساڵی تر؟ ئینجا کێ ئەڵێ وەکو ئەمجارە لانادرێم؟ ( وچانێکی کورت) باشە قوربان بەسەرچاو.. باشە ئاسایی وەری دەگرم. سوپاس قوربان گیان سوپاس. خوات لەگەڵ.

شەوبۆ : ( بە حەپەساوییەوە) ها چیبوو، بۆ وا قڵپ بوویتەوە؟
ڕەئوف : بەبڕیاری حیزب منیان لە پرۆسەی کاندیکردن دەرهێناوە.
شەوبۆ : ( بە تووڕەییەوە) چی چی؟ چیت وت؟ ئێ بۆ؟
ڕەئوف : ( بە مەلوولییەوە) نازانم، خۆشم نازانم بۆ لابردراوم.
کامیل : ئەی پێت نەوت من دنیام تێگەیاندووە و ئێستا ئەمە دەبێتە ئیحراجییەکی زۆر بۆم؟
ڕەئوف : با وتم. (ڕوو لە کامیل دەکات) ئەی گوێت لێنەبوو پێموت. بەس چیبکەم . بڕیار لای حیزبە حیزب چی بڕیار بدات هەر ئەوەیە.
شەوبۆ : (ڕوو لە ڕەئوف دەکات) وتم، هەر زوو وتم ئەو ژمارە ١٣ یە شوومە. کەچی تۆ دەتوت وا نییە. بزانە قسەکەم ڕاست دەرچوو یانا نا؟
ڕەئوف : ( تووڕەیی بە دەنگ و ڕووخساریدا دیارە) بڕیاری حیزب چ پەیوەندییەکی بە ژمارە ١٣ وە هەیە؟
شەوبۆ : ( بەدەم هەنسکەوە) ئەی خوایە بۆچی وات لێکردین؟ گوناهمان چیبوو؟ تازە ناگەینە ئاواتەکانمان.
کامیل : ( ڕوو بە شەوبۆ) دەی گوێی مەدەرێ و تازە هەرچی بووە گەڕانەوەی نییە. کاک ڕەئوفیش چی بکات فەقیرە هەوڵی زۆریدا و سەری نەگرت.
ئیتر بەمجۆرە هەرسێکیان بە زمانی جەستە نیشانی دەدەن کە لەقسەکردن بەردەوامن . دەنگیان کز دەبێت و ڕووناکیش کز کز دەبێت تا شانۆ تاریک دادێت.

کۆتایی

نووسینی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
کەنەدا / ٢٠٢٢




دانا عەسکەرو سرەوتن لەخەوندا.. ستار ئەحمەد

به‌یانیه‌ك

به‌یانییه‌ك به‌ په‌رداخێك فرمێسك و قاژێك په‌نیره‌وه‌
به‌جانتایه‌ك ئومێدی شین و له‌تێك نانی ترسه‌وه‌
تا ده‌گه‌مه‌ ئۆفیسه‌كه‌م
خه‌یاڵم پڕده‌بێت له‌ فلته‌ری جگه‌ره‌و
مه‌خزه‌نی به‌تاڵ .
شه‌ڕ ته‌واوبوو،
من هه‌ر نه‌گه‌یشتم
پله‌ی گه‌رما وه‌ك شۆڕه‌بی ده‌له‌رزێ‌
چه‌رخه‌كه‌م كه‌وته‌ هه‌ناسه‌بڕكێ‌
جگه‌ره‌یه‌ك خۆی پێچایه‌وه‌ بۆ شه‌ڕ
من هه‌ر نه‌گه‌یشتم
به‌یانییه‌ك وه‌ك عه‌لاگه‌یه‌كی دڕاو
به‌ده‌ستی مناڵێكه‌وه‌ پڕه‌ له‌ گرێی برسێتی
منیش بێ‌ په‌روا پڕم له‌ كه‌روێشكی دڵه‌ڕاوكێ‌
خۆر وه‌ك بۆمبێكی ته‌وقیتكراو به‌ په‌ڵه‌هه‌ورێكدا ته‌قییه‌وه‌
كاره‌با ئاوی تێدا نه‌ما ،
ئاو خه‌ریكی راوه‌ كیسه‌ڵه‌ .
به‌یانیه‌ك كاتژمێره‌كه‌ی ده‌ستم بورایه‌وه‌
تۆش له‌ خه‌ونێكی قوڵدای
وه‌ك ئه‌وه‌ی هێشتا خه‌ون به‌ عیسایه‌وه‌ ببینی
به‌و خاچی غه‌دره‌وه‌ هه‌ڵواسرابێت
من هه‌ر نه‌گه‌یشتم ..
شه‌ڕ ته‌واو
ئه‌م ناو پڕه‌ له‌ورده‌ ئاوێنه‌ی شكاو ،
قالی عه‌جه‌م و پێڵای ژنانه‌ و سه‌به‌ته‌یه‌ك هێلكه‌ی قه‌تێ‌
من هه‌ر نه‌گه‌یشتم
داناعه‌سكه‌ر.
ــــــ
ئەم قەسیدەیە یەکێکە لەو دەقانەی کە بە شێوەیەکی قووڵ و چەندین وێنەی بەهێز، هەست و دۆخی ڕۆژانەی مرۆڤێک لەناو واقیعێکی پڕ لە دڵەڕاوکێ، بێئومێدی و چاوەڕوانییەکی بەردەوامدا نمایش دەکات.
: شاعیر بە لێهاتوویی ـ زمانێکی پڕ لە وێنەی سەرسوڕهێنەر و تێکەڵاو بەکار هێناوە. وێنەکان هەندێکیان زۆر تایبەت و نوێن، وەک:

به‌په‌رداخێك فرمێسك و قاژێك په‌نیره‌وه‌
(سرووشتی بەیانییەکی تاڵ و نائاسایی نیشان دەدات).
“جانتایه‌ك ئومێدی شین و له‌تێك نانی ترسه‌وه‌” (جیاوازی نێوان هیوا و ترس بە شێوەیەکی جوان کۆ دەکاتەوە).
“خۆر وه‌ك بۆمبێكی ته‌وقیتكراو به‌ په‌ڵه‌هه‌ورێكدا ته‌قییه‌وه‌” (وێنەیەکی گەورە و هەستبزوێن بۆ گەیشتنی خۆر).
“كاره‌با ئاوی تێدا نه‌ما ، ئاو خه‌ریكی راوه‌ كیسه‌ڵه‌” (وێنەیەکە بۆ قەیرانی خزمەتگوزاری و پشێوی، کە یاسای سرووشتی تێکچووە).

؛ قەسیدەکە پشت بە شیعری ئازاد دەبەستێت، بەڵام هاوکات ریتمێکی تایبەت و ناوخۆیی هەیە کە لە دووبارەکردنەوەی هەندێک دەربڕین دروست دەبێت، وەک
“من هه‌ر نه‌گه‌یشتم” یان ئاماژەدان بە “شه‌ڕ ته‌واوبوو”.

تەوەرەی سەرەکی (چاوەڕوانی و دواکەوتن): تەوەرەی سەرەکی قەسیدەکە بریتییە لە هەستی “نەگەیشتن” یان “دواکەوتن” لەگەڵ ئەوەی “شەڕ تەواو بووە”. ئەمەش دەتوانێت ئاماژە بێت بۆ:
نەگەیشتن بە ئارامی دەروونی : مرۆڤەکە لە ژیانێکی ئاساییدایە (دەچێتە ئۆفیس)، بەڵام هێشتا لەناو هەستی شەڕ و پشێویدا دەژی.
نەگەیشتن بە ئاوات و ماف : لەگەڵ کۆتایی هاتنی قۆناغێکی سەخت، قۆناغی نوێ هێشتا نەیگەیاندووەتە ژیانێکی باشتر.
: چەندین هێما بەکارهێنراون کە بارودۆخێک نیشان دەدەن:
“فلته‌ری جگه‌ره‌و مه‌خزه‌نی به‌تاڵ”: وێنەی ماندووبوون، دوودڵی، بیرکردنەوە و بێسوودبوونی تێکۆشانە.
“پله‌ی گه‌رما وه‌ك شۆڕه‌بی ده‌له‌رزێ‌”: نیشاندەری ناسەقامگیری و لەرزی دەروونییە.
“عیسا و خاچی غه‌در”: بەکارهێنانی مێژوویی و ئایینی بۆ نیشاندانی غەدرێکی گەورە و قوربانیدانێکی بێئەنجام.
“كه‌روێشكی دڵه‌ڕاوكێ‌”
: وێنەیەکی نایاب بۆ نیشاندانی زۆری ترس و دڵەڕاوکێ لە ناخی مرۆڤەکەدا.

٣.. کۆتایی ..

کۆتایی قەسیدەکە بە گەڕانەوە بۆ وێنەی تێکشکاو و پاشماوەی شەڕ یان ژیانێکی سەخت، کاریگەرییەکەی بەهێزتر دەکات: “ورده‌ ئاوێنه‌ی شكاو، قالی عه‌جه‌م و پێڵای ژنانه‌ و سه‌به‌ته‌یه‌ك هێلكه‌ی قه‌تێ‌”. ئەم پاشماوانە نیشاندەری تێکچوونی ژیانی خێزانی، جوانی (قالی عەجەم) و بەرهەم (هێلکەی قەتێ) و شکانی ئاوێنەی دەروونی مرۆڤەکانن.

بەکورتی ــ

“به‌یانیه‌ك” قەسیدەیەکی قووڵ و هونەرییە، بە زمانی وێنەی نوێ و تایبەت توانیوێتی دۆخێکی دەروونی و کۆمەڵایەتی نائارام بە جوانی شی بکاتەوە. هەستی بێئومێدی و بەردەوامبوونی ژیان لەناو پاشماوەی کارەساتەکاندا بە شێوەیەکی سەرکەوتوو نیشان بدات.

ستار ئەحمەد




بایکۆت بۆچی؟.. زاهیر باهیر

بایکۆتی هەڵبژاردن کارێکی ڕەوایە ، چالاکییەکی کەسی و دروستە شێوەیکەی ناڕازایی گرنگە . ئەوانەی کە بایکۆت دەکەن دیارە هەر یەکەیان بۆچون و بیانوی خۆیان هەیە. من دژ بە بەشداریکردنی هەڵبژاردانم ، واتە بایکۆتی دەکەم لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە:

یەك: هەڵبژارنی گشتی گەورەترین درۆی مێژوییە. یەکەم جار کە هەڵبژاردن کراوە ساڵی 1708 بووە لە بریتانیا دواتر لە ساڵی 1792 لە فەرەسا بووە. هەر لەو کاتەوە تا ئێستا کۆت و زنجیری پێمان توندتر دەبێت لە سای هەڵبژاردنیشدا گۆڕانێکی وا کە سیستەمەکە لەبەر بەرژەوندی خۆی و تێکۆشانی خەڵکی نەبێت بەسەر ژیانماندا, بە بەراورد بە تێپەڕینی ئەم هەموو ساڵانە نەهاتووە. هەڵبژاردن هەر درۆیەکی مێژوویی نییە، بەڵکو لەوە خراپتر ئەو هەژموون و کاریگەرە خراپەیەتی کە بۆ ماوەی 517 ساڵە خەڵکی پێ دەگەمژێرێنری بووەتە باشترین وەسیلە و دەزگە بۆ مانەوەی سیستەمی کۆیلەیەتی و لێدانی بزوتنەوەی ڕاستەقینەی خەڵکیش .

دوو: گەر هەڵبژاردن شتێکی بگۆڕیایە ، بێ گومان هەر زوو یاساخ دەکرا. لە ڕەدەڵ و بەدەڵی حیزبەکان و هاتنە سەرحوکمیان چەند گۆڕانکارییەکی بچوك دەکرێت، بەڵام گۆڕانکاری بنەڕەتی نا، ئەو گۆڕانکاریانەی کە هەڵبژاردن دەیانکات گۆڕانکاری سەرەکی نیین لە ئاستی داخوازییە سەرەکییەکانی خەڵک و پێداویستییەکانیاندا نیین .
دەوڵەت و سامانداران و حوکمڕانان ئەوەندە گەلحۆ و گەمژە نیین گەر بزانن ئەوەی کە هەیانە لە سامان و دەسەڵات و دەستڕۆیشتن لە دەستیان دەچێت ئەوە هەر زوو ڕێگایان لە هەڵبژاردن دەگرت.

سێ: دەبێت ئەوەو بزانین کە هیچ وڵاتێك ، هیچ دەوڵەتێك سەربەخۆ نییە لە هیچ ڕویەکەمەوە بە مەسەلەی ئابووریشەوە ، سیستەمەکە هەموویانی بە یەکەوە واگرێ داوە و بەستوونیەتەوە، پێویستیان بە یەکدییە.
هەر لەبەر ئەمەش چەندێك دروشم و ئامانجی کاندیدەکان بریقەدار و قەشەنگ بێت، ناتوانن گۆڕانکاری بنەڕەتی بکەن ، ناتوانن لە پاشکۆیی دەرودراوسێ و ولاتانی دیکە دەرچن . پرسی بازرگانی و ئاڵووێڵ و قەرزو قۆڵە و هاوکاری و یارمەتی یەکدی دەبێتە ئەو ڕێگرییە کە هەرگیز ناتوانن بە بێ یەك بژین و بمێننەوە. پرسی ئابووری ئەو پرسەیە کە ئەمڕۆ هیچ وڵاتێك بە ئەمەریکاشەوە ناتوانێت سەربەخۆیانە بژی، خودئیکتیفایی خۆیان مەحاڵە و هەمیشە پێویستیان بە دەوڵەتان و دەزگە دراوییەکانی جیهان دەبێت .

چوار: دەنگدان هۆکارێکی ‘ شەرعییە’ و بایکۆتکردنی تاکە ڕێگایەکە کە خەڵکی بتوانێت دەنگی ناڕەزایی خۆیان هەڵبڕن و سزای ستەمکارانی پێبدەن ویژدانی خۆشیانی پێ ساف بکەن . ئەو حیزبانەی کە هەڵپەی گرتنەدەستی دەسەڵاتیانە زۆر باش لە دەنگنەدانی خەڵکی تێدەگەن.
ئەمڕۆ لە بریتانیا لیژنەی Think Tank ، بیرکردنەوەی پۆڵایانە ( گەر وەرگێڕانەکە بگونجێ] دروست بووە تاکو لە هۆکاری سایکۆلۆجی و سیاسی و کۆمەڵایەتی خەڵکی بکۆڵنەوە و لە دەنگنەدانیان لە هەڵبژاردنەکاندا. ئەم پرسە دەوڵەتی بریتانی و ئەوانەی کە لە پشتەوە بەڕێوەی دەبەن هەراسان کردووە و هەستیان بەم شکستەی دەنگدان کردووە ، کە وردە وردە کەشفبوونی درۆ گەورە مێژووییەکەیە ، بۆیە بە ملیۆن پاوەند تەرخان کراوە تاکو ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت.

زاهیر باهیر
01/11/2025




ئیسرائیل دوای ڕێکەوتن لەگەڵ حەماس.. عوسمانی حاجی مارف

لە کاتژمێرەکانی کۆتایی دوای واژۆکردنی ڕێکەوتنی ئاگربەست لە غەززە، گۆڕەپانی سیاسی و حزبەکانی ئیسرائیل شایەتحاڵی مشتومڕێکی گەرم بوون. هەندێک وەک ناچاریەک و تەسلیمبونێک بۆ واشنتن سەیریان دەکرد، هەندێکیش وەک بۆنەیەکی گرنگ دەیخوێننەوە کە ئامادەکاریە بۆ کۆتاییهاتنی حکومەت و هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، بەمانایەک ئەم ڕێککەوتنە وەک سەرەتای کۆتایی حکومەتی نەتانیاهۆی دەزانن، هاوکاتی ئەو ئاڵوگۆرانەی لە دۆخی سیاسی ناوچەکەدا پێشدێت.
گەر سەرنجێک لەسەر کاردانەوەی لایەنەکانی ناو سیستەمی سیاسی ئیسرائیل بدەین، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە بەگشتی زۆربەی لایەنەکان پێشوازیان لەوەکردووە کە بە ساتێکی مێژوویی دەزانن بۆ گەڕانەوەی چاوەڕوانکراوی زیندانیە ڕفێنراوەکان، بەڵام ئەمە ڕێگری نەکرد لە سەرهەڵدانی وەڵامە جیاوازەکان، کە دەتوانرێت بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەنێوان لایەنە جیاوازەکاندا دەربکەوێت، کە هەڵگری لێکدانەوەی جیاوازن بۆ دۆخەکە و هەڵوێستیان بەرامبەر ناتانیاهۆ، لەگەڵ گرنگیدان بە چارەنوسی مانەوە یان نەمانەوەی ناتانیاهۆ لەحکومەتدا، بەتایبەتی دوای ڕێکەوتنەکە، کە ئایا ناتانیاهۆ دەتوانێت لە دەسەڵاتدا بمێنیتەوە، یان دادگایی دەکرێت..!؟.
ئەنجامی دواین ڕاپرسی کە لەسەر نمونەیەکی نوێنەرانیی نێو حزبی لیکود ئەنجامدرا، بە سەرۆکایەتی ناتانیاهۆ، دەریخست زۆرینەی ڕەهایان پشتگیری لە کۆتایهێنان بە شەڕ دەکەن، وەک بەشێک لە ڕێکەوتنێکی هەمەلایەنە، هەروەها پێیانوایە کە ئیسرائیل پێویستە گوێ لە خواستی ترەمپ بگرێت بۆ بەرەوپێشبردنی کۆتاییهاتنی خێرا بە شەڕەکان.
ڕێکەوتنی ئاگربەست لەکاتێکی زۆر هەستیاردایە بۆ ناتانیاهۆ، چ لەڕووی سیاسی و چ لەڕووی کاردانەوەی جیهانی و کاردانەوەی ناوخۆی ئیسرائیلەوە، چونکە واپێدەچێت بۆ مانگەکانی داهاتوو ئەگەری ئەوە هەیە نەخشەی هێزە حزبیەکان لە دەوری مێزی حکومەت پێویست دەکات گۆڕانی بەسەر بێت. لەهەمانکاتدا کۆمەڵەی جولەکەکان و پارتی زایۆنیزمی ئاینی، هێڵی سووری ڕوونیان داڕشتووە، دەڵێن ئەگەر حەماس دوای کۆتاییهاتنی جەنگ لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، ئەوا لە حکومەت دەکشێنەوە، ئەمەش بەو مانایەیە کە ناتانیاهۆ لەئێستادا لە ناوەندی هاوکێشەیەکی ئاڵۆزدایە، دوور نیە ئەو هاوپەیمانیە سیاسیە هەڵبوەشێنێتەوە کە حکومەتەکەی بەیەکەوە گرێداوە.
تاقیکردنەوەی نەتانیاهۆ تەنیا بە سەرکەوتنی ڕێکەوتنەکەی لەسەر زەوی غەززە و گوێڕایەڵی بۆ ترامپ، سنووردار نییە، بەڵکو توانای پاراستنی کۆنتڕۆڵی خۆی بەسەر گۆڕەپانی سیاسی و حکومەتەکەیدا کە ڕۆژانی دواتر دیاریدەکات، دوای هەر ئاڵوگۆڕێک بەبێ جەنگ ناتانیاهۆ دەتوانێ چی بکات؟، کێشەکانی لەبەرامبەر ئێراندا بەچی دەگەیەنێت؟ بەتایبەتی کە ئەم ڕێکەوتنە لەڕوانگەی نەیارانی ناو حکومەتەوە، گەرەنتی لەناوبردنی حەماس ناکات، ڕێگەی پێدەدات لە غەززە بمێنێتەوە و ئەگەر بیەوێت دەتوانێت چەکەکانی وەربگرێتەوە، ئەمەش وایکردووە ببێتە نیشانەی لاوازی بۆ ئیسرائیل، بۆیە ئەستەمە هاوپەیمانەکانی ناتانیاهۆ ئەمە قەبوڵ بکەن و وابەستەبن بە پشتگیری بەردەوامی ئامادەیی خۆیان لە هاوپەیمانیدا.
ناتانیاهۆ چەندجارێک دڵنیایی ئەوەی ڕاگەیاندووە کە بەرژەوەندیە ئەمنیەکانی ئیسرائیل پارێزراو دەبن، بەڵێنی ئەوەشی داوە کە حەماس جارێکی دیکە هەڕەشە لە شوێنی نیشتەجێبون لە باشوور و ناوچەکانی دەوروبەری نەکات، بەڵام ئەم بەڵێنانە جێگای متمانەی ئیسرائیلیە توندرەوکان نیە.
سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی نەتانیاهۆ بۆ تەواوکردنی خولی حکومەتەکەی تا مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ و هەوڵدان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان تا ئەو جێگایەی کە دەکرێت، ئەمەش بۆ ئیستغلالکردنی ماوەی مانەوەیەتی لە پۆستەکەیدا بۆ دەستپێکردنی هێرشێکی نوێ بۆ سەر ئێران و تەواوکردنی پرۆسەی داماڵینی چەک لە لوبنان و واژۆکردنی ڕێکەوتننامەی ئاسایکردنەوەی زیاتر لە باخەکانی کۆشکی سپیدا.
هەڵوێستەکانی ئێستای ئیسرائیل لەسەر ڕێککەوتنی ئاگربەست پەیوەستە بە قەیرانێک کە ئیسرائیل دوو ساڵە لەشەڕێکی بەردەوامدایە و کەوتۆتە ناو حساباتی سیاسی و حزبیەوە، بەتایبەتی کە ئیسرائیلیەکان دەچنە ناو ساڵێکی چارەنووسساز بۆ هەڵبژاردن، لەکاتێکدا نەتانیاهۆ ئەوە بەیان دەکات کە ئیسرائیل لەم ڕێکەوتنەدا ئامانجی هەردوو هۆکارە جەنگیەکانی خۆی بەدی دەهێنێت، ئەویش ئازادکردنی هەموو بارمتەکانە، لەگەڵ تێکەڵکردنی دەستکەوتی ئەمنی و سیاسی کە پێگەی خۆی بەهێزتر دەکات و توانای پاراستنی کۆنترۆڵی فراوان بەسەر کەرتی غەززەدا دەکات.
هەرچەندە ئیسرائیلەیەکان بەگشتی ڕێگەیانداوە ئەو ڕێکەوتنە ئەنجام بدرێت، بەڵام لەهەمانکاتدا هەنگاوێک دەگرنەبەر کە کاریگەری لەسەر داهاتووی گۆڕینی حکومەت هەبێت.
ئەوەی شایانی باسە دیارترین دەستکەوت بۆ حەماس ئازادکردنی ژمارەیەکی زۆر لە دیلەکانی فەلەستینە، کە پێگەی لەنێو جەماوەری فەلەستیندا بەهێزتردەکات و لەڕوانگەی سەربازیەوە هەندێک مەودای هەناسەدانی پێدەبەخشێت، لەهەمانکاتدا ئەوەی دەبینرێت ئیسرائیلیە توندڕەوەکان بە پاشەکشەیەکی مەترسیدار لە سیاسەتی حکومەتی ئیسرائیل بەرامبەر بە حەماس لێکی ئەدەنەوە.
لەلایەکی ترەوە لایەنگرانی ڕێکەوتنەکە لەناو هاوپەیمانی و ئۆپۆزسیۆن، پێیانوایە دەرفەتێک دەدات بە ئیسرائیل بۆ گەڕاندنەوەی پێگەی نێودەوڵەتی خۆی و ڕاگرتنی ئەو گۆشەگیریە جیهانیەی بەهۆی هێرشەکانی بۆسەر غەزە بەرەوڕویان بۆتەوە، لەهەمانکاتدا بۆ ڕاگرتنی ئەو سزایانەی بەسەریدا سەپێنراوە، هەروەها هاوپەیمانیەکەی لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا بەهێزتر دەبێت کە ترامپ سەرۆکایەتی دەکات، کە ڕۆڵێکی سەرەکی بینی لە داڕشتنی ڕێکەوتنەکەدا.
ئاوارەبوونی فەلەستینیەکانی ئیسرائیل بۆتە ئامانجێکی ستراتیژی ڕوونی ئیسرائیل، بەردەوام لە هەوڵی جێبەجێکردنیدایە، لەهەمانکاتدا ئیسرائیل بەهیچ جۆرێک بەدوای دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی لە کەرتی ڕۆژئاوا و قودس و کەرتی غەززەوە نیە و نایەوێت، هەروەها خاڵەکانی پێشنیاری ترامپیش هەر لەچوارچێوەی بەرژەوەندی ئیسرائیل و داننەنان بەدەوڵەتێ فەلەستیندا داڕێژراوە.
هەروەها بە ڕوونی کار و شەڕی بەردەوامی ئیسرائیل، هەوڵدانە بۆ قووتدان و لکاندنی زەویەکانی فەلەستین، ساڵانێکە ئیسرائیل ڕوبەڕوی زۆرینەی فەلەستینیەکان بووەتەوە لەناو ئەو خاکانەی کە کۆنترۆڵی دەکات، ئەمەش وایکردووە بیانخاتە ژێر ڕژێمێکی ئاپارتایدی ناپایەدارەوە، بۆیە لەڕوانگەی خۆیەوە تەنها یەک بژاردەی لەبەردەمدایە، ئەویش کوشتن یان ئاوارەکردنی زۆرترین فەلەستینی و دەستبەسەرداگرتنی خاکەکە بەبێ دانیشتووانەکەی و دڵنیابوون لەوەی زۆرینەی فەلەستینیەکان لەسەر ئەم خاکە دروست نەبێتەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەم ڕێکەوتنی ئاگربەستەی ئێستا بەهیچ جۆرێک جێگای متمانەو بەردەوامی نیە، لە هەر چرکەو پێشهاتێکدا قابیلی ئەوەیە ئەم ڕێکەوتنە هەڵبوەشێتەوەو ژێرپێی حکومەتی ئیسرائیل چۆڵ ببێت و بکەوێت.
ئەگەر ئەو جینۆسایدەی ئەمجارە کە ئیسرائیل لە غەززە ئەنجامیداوە، تێگەیشتن لە ئامانجی ستراتیژی ئیسرائیل ئاسان دەکات، تەنانەت ئەگەر هێشتا بارودۆخی کەرتی ڕۆژئاوا وەک غەززە لەبارنەبێت، ئەمە بەو مانایە نییە کە ئامانجی ستراتیژی ئیسرائیل سنوردار دەبێت، مانای ئەوەیە ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە دروستکردنی هەلومەرجی گونجاو، لە بەکارهێنانی هێرش بۆ سەر دانیشتوانی فەلەستین و لکاندنی ناوچەیەکی فراوانی کەناری ڕۆژئاوا.
دیدگای ستراتیژی ئیسرائیل بەهیچ شێوەیەک باوەڕی بە ئاشتی نییە، لەسەر بنەمای ئەو قەناعەتە هەڵسوکەوت دەکات کە دەسەڵاتی سەربازی خۆی ڕێگەی پێدەدات هەر یاسایەکی نێودەوڵەتی پێشێل بکات کە بە بەربەستی بزانێت لەبەردەم پڕۆژەکەیدا، بەبێ ئەوەی لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت یان پرسیاری لێبکرێت.
ئەمڕۆ ئیسرائیل بەردەوامه له پێشێلکردنی سەروەری سوریا و لوبنان، زیاتر ڕێبازێک دووپات دەکاتەوه که لەسەر بنەمای هێز و فراوانبوون و باڵادەستیە، نەک شەرعیەتی نێودەوڵەتی یان پێداویستیەکانی سەقامگیری ناوچەکه، وەک هێزێکی ئیقلیمی بە پشتیوانی ئەمریکا لە هەوڵی باڵادەستیە بەسەر ناوچەکەدا، بۆ ئەم نەخشەو پرۆژەیە دەوڵەتی فەلەستین جێگای نابێتەوە.
هەر گۆڕانکاریەکیش کە لە گوتاری ووڵاتانی ئەوروپی سەبارەت بە دەوڵەتی فەلەستین پێشنیارکرا، لە چوارچێوەیەکی ئاڵۆزدا خرایەڕوو، تەنها وەک گوشارێک بۆ سەر واشنتۆن دەبینرێت، نەک چارەسەری کێشەی فەلەستین، یان بۆ ئارامکردنەوەی خەڵکی ناوخۆ و هەوڵدان بۆ ڕێکخستنەوەی حکومەتی ئیسرائیل کە لە نۆرم لایداوە. واتە بە مانای گۆڕانکاریەکی بنەڕەتی لە پێگەی ئەوروپادا نیە بەڵکو تەنیا شێوازێکە بۆ بێدەنگکردنی نارەزایەتیەکان، چونکە بۆ خۆشیان باش دەزانن داننان بە دەوڵەتێکی فەلەستینی، لەم هەلومەرجەدا لە دانپێدانانێکی ڕەمزی زیاتر هیچی تر نامێنێتەوە، بە تایبەتی دوای بیست خاڵەکەی پرۆژەی ترامپ بۆ ئاگربەست، لای ئەورپیەکان باسێک لەسەر دەوڵەتی فەلەستین قسەیەکی لەسەر نەکرا، ئەو دەوڵەتانە باش دەزانن کە هیچ کاریگەریەکی پراکتیکی و کاردانەوەی ڕاستەقینەی لەسەر زەوی نییە، بۆئەوەی دەوڵەتێک بۆ فەلەستین کاری لەسەر بکرێت، واتە ڕاگەیاندنی بەس نییە؛ بەڵکو دەبێت پراکتیزە بکرێت.
ئەوەی دەتوانێت بەربەستێکی گەورەبێت لەبەرامبەر ئەم ستراتیژەی ئیسرائیلدا و هەوڵی کۆنەپەرستانەی ترامپ لەسەر کێشەی فەلەستین و دووڕویی وڵاتە ئەروپیەکان، فراوانبونی ناڕەزایەتی بەربڵاوی جەماوەریە لە ئاستی جیهاندا، تائەوکاتەی ئیسرائیل و ئەمریکا ناچاردەکرێن، کە تەئمینی ئەوە بکرێت ئاگربەست جێگیر دەبێت و دەوڵەتی فەلەستین بە بێمەرج دادەمەزرێت.




كارەسات لەوەدایە دوای ٣٣ساڵ دەنگ بدەیتەوە بە یەكێتی و پارتی!.. ريبوار ياسين فتاح

ئەمەی له ڕابردوو لە سلێمانی ڕوویدا جەختکردنەوەیە لە چەند بارەبوونەوەی کلتوری بەعس، ڕاستە ڕاپەڕین کرا و ڕژێمی بەعسی پێشوو لە کوردستان نەما، بەڵام کلتورەکەی ماوە. بەکارهێنانی تانک و درۆن و هێزی حیزب لەناو شارێک کە خۆیان پێی دەڵێن شاری ڕۆشنبیری، بەتەنیا شکستی سیاسیی نییە و داڕمانی گەورەی کۆمەڵگای مەدەنییە و نەمانی هێزی قانوونە.

ئەم زنجیرە ڕووداوانەی ئەم دوایەیە لە سینارۆکانی کەیسی شێروان شێروانی و هەڵدانەوەی کەیسی شاسوار لەم کاتەدا لە کاتێکدا چەندین ساڵە خۆیان دۆسێیەکانی دوادەخەن و هەڵکوتانە سەر لاهور جەنگی پێمان دەڵێن لەم دوو زۆنە سەوز و زەردە شتێک نییە بەناوی قانوون. دادگا و دادوەرەکانیش تا ئەو جێگەیە بڕیارەکانیان بڕدەکات، کە حیزب و خێڵ نیگەران نەبن، بەڵام هەرگیز ناتوانن سنورەکانی حیزب و خێڵ ببەزێنن، ئەوە هەیچ کە ناتوانن خۆیان لەقەرەی سنوری بنەماڵەکان بدەن. دادگا و پەڕلەمان و زاکۆکان و میدیاکان باقی دامەزراوەکانی دیکە زیاتر پێكهاتەیەکی ملکەچی حیزبین نەوەک دامەزراوەی سەبەخۆ و دروستکردنی بڕیار لەپێناوی سوودی گشتی.

كابينەکانی ئه م دوو جووت حيزبە دزو یاسا شکێنەی پارتي و يەکێتي ناتوانێت ژیانی هاولاتيان چاک بکات.
خراپترین دۆخی ژیانی مرۆڤ ئەوەیە کە لە ژێر دەسەڵاتی ستەمکارێک ژیان بەسەر بەرێت ، کە ئەو ستەمکارە تەنها خۆی لەلا قبوڵ بێت و نەیەوێت هیچ کەسێک دژی بێت ، لەم نێوەندەدا ئۆپۆزسیۆن وون دەبێت ، ڕای جیاواز نامێنێت ، تەنها ڕای خۆی لەسەروو هەموانەوەیە ، کۆیلەی کورسی و دەسەڵات و پارە و پاسەوان و سوڵتان و گەورە هەرخۆیەتی و هەموو کارێکی قێزەون دەکات لە پێناو پاراستنی عەرشەکەی .

دەسەڵاتتداری گەندەڵ و ستەمکار لە کەشێکی زۆر پیس ژیان بەسەر دەبات کە پڕیەتی لە ڤایرۆسی غدر و خیانەت و لەناو بردن و تاریکی سەرکوتکەر هەردەم کار بۆ درووستکردنی کۆگایەک لە شوێنکەوتوان دەکات کە گوێڕایەڵ و جێ بەجێکاری کار و فەرمانە قێزەونەکانی بن ، هەر ئەم شوێنکەوتوانە وا لێدەکات کە ئەوانی دیش بخەنە ژێر ڕکێفی ستەمکار و گوێڕایەڵی خاڵ بە خاڵی فەرمانەکانی ستەمکار بن .

هیچ ڕایەکی دژ بوونی نامێنێت ئەوەی دژ بێت لەلایەن شوێنکەوتوانی ستەمکارەوە یا دوور دەخرێتەوە یاخوود دەخرؿتە کونجی زیندان و بە تۆمەت و سیناریۆی هەڵبەستراو ، ئەم کۆمەڵە لە گوێڕایەڵانی ستەمکار هەموو تواناکانی خۆیان دەخەنە گەڕ بۆ هەڵخەڵەتاندن و سەرکوتکردن و ترساندن و تۆقاندنی خەڵک بە زەبری هێز و هەندێک کات هێز وەلا دەنێن کاری مۆدێرن لە شۆردنەوەی مێشک دەگرنە بەر ، لەم نێوەندەشدا هاوڵاتی ئاسایی بێ حەول هەموو ڕۆشنفکریەکەی لە کەناڵەکانی سەر بە دەسەڵاتەوە پێ دەگات کە هەردەم ستەمکار بە ڕزگارکەر و باوکی ئازا و خۆشەویستی گەل و باوکی هەژاران وێنا دەکەن و خیانەت دەڕازێننەوە بەبەرژەوەندی میللەت و نیشتیمان و نیشتیمانپەروەری و داواکردنی هەنگاوی بنیاتنەرانە بە خیانەت هەژمار دەکرێت .

دەسەڵاتتداری ستەمکار لەتوانایدایە کە پیاوانی ئاینی بۆلای خۆی ڕابکێشێت ئەتوانم بڵێم کەسانێک لە بانگخواز و مەلایانە ڕادەکێشن کە مەیلی گەشتنیان بە دەسەڵات و پارەیە یاخوود کەسانێک نزیک لە خۆیان کە هیچ بڕواشیان بە دین نیە وەک مەلا و پیاوانی ئاینی درووستیان دەکەن بۆ کاتی پێویست ، کاری ئەم مەلا و بانگخوازانە ئەوەیە بە خەڵک بڵێن بە زمانی سمع و طاعە ئەوەی دژی ستەمکار بێت دژی پێغامبەر و دینەکەیەتی

نموونەیەک لەسەردەمی خەلیفە یزدی کوڕی عبدالملیک کاتێک هەندێک فەقێی ئەو سەردەمە پرسیارێکیان ئاراستەی گەورە موفتی خەلیفە کرد بە هۆکاری ستەمەکانی خەلیفە و ووتیان ئایا خودا لێپێچینەوە لە خەلیفەی موسوڵمانان دەکات ؟؟
هەر لەوێدا چەند مەلایەکی بەرژەوەندخوازی نزیک لە یزد هاتنە جواب و ووتیان خەلیفەکانی موسوڵمانان لێپێچینەوەیان لەسەر نیە و هەرکارێک بکەن دەچنە بەهەشت .

نموونەیەکی تر لەسەردەمی معاویە خەڵک هاواری لێبەرزبۆوە لە ستەمی معاویە ڕاستەوخۆ سەرۆکی موفتیەکانی ئەو سەردەمە هاتە وەڵام و ووتی هەرکەس دژی خەلیفە بوەستێتەوە ئەوا خەلیفە بۆی هەیە سەری بپەڕێنێت و ئەوانە جێنشینی پێغەمبەرن و لێپرسینەوەیان لەسەر نیە و هەر لێپرسینەوەیەک دەچێتە بابی خیانەتی گەورە لە خوا و پێغەمبەر و دینەکەی .

دەسەڵاتتداری ستەمکار هەرگیز خۆی بە ستەمکار نابینێت ، بەڵکو خۆی بە کەسێکی پاک و دوور لە هەڵە دەبینێت .
بۆ ئەم شێوازی بیرکردنەوەیەش کۆمەڵێک لە بەرژەوەند خواز و ماستاوچییەکان یارمەتی دەرین و هەردەم وێنای ستەمکار وا نیشاندەدەن کە مانەوەی لەسەر کورسی دەسەڵات پێویستیە و بەبێ ستەمکار ژیان بوونی نامێنێت و ووڵات بەرەو وێرانی و کارەسات دەڕوات ، هەر بەم شؿوازە ووردە وردە گەندەڵی و بەرتیلدان و دزی و جەردەیی درووست دەبێت ، خەڵکانێ ئاست نزم و پۆخڵەواتی کۆمەڵگا دەبنە دەسەڵاتتدار ، دەرگاوان و حەس حەس دەبنە فەرمانداری هێز و چەقۆکێش و شەلاتی و سەرسەریەکان دەخرێنە بەڕؿوبەرایەتیەکانی ئاسایش بۆ نموونە ئاسۆی بەڕێوبەری پۆلیسی سلێمانی یەکێک بوو لە شەلاتیەکانی کە خۆی و هاوشێوەکانی کەوتبوونە گیانی خۆپیشاندەران بەڵام ئێستا دەیبینین کراوە بە بەڕێوبەری پاراستنی خەڵکی شارێک .

کێشەیەک کە گەلی سەرکوتکراو پێوەی دەناڵێنێت ئەوەیە هەردەم لە ترسدا دەژی ، ترس لە جوڵە لە هەنگاونان ، ترسێک کە هیچ بناغەیەکی نیە بەڵام وای وێنا دەکەن لە کاتێکدا داوای ئازادی دەکەیت دەبێت نەترسیت و ئازادی باجی گرانە خوێنی دەوێت ڕۆحی دەوێت هەستی دەوێت وونبونی ئازیزانت و هاوڕێیانت و دۆستەکانتی دەوێت ، دەبێ دڵۆپە خوێنی سور و فرمێسکی سپی بڕێژیت بۆی و بۆ ئەوکەسانەی کە لە پێناویدا گیانیان بەخشیوە و چاونەترسانە تا سەر شۆڕ نەبن تا کۆیلە نەبن گیانفیدا بوون .

دەسەڵاتداری ستەمکار هەردەم بیردۆزی پلانگێڕی درووست دەکات و هەموو بیرۆکەکەی لە ڕێگەی ئۆرگان و دامەزراوەکانی بڵاو دەکاتەوە و هەر کەس پێ بڵێت ستەمکار ستەمەکانت بوەستێنە ئەوا بە خۆفرۆش و سیخوڕ و جێ بەجێکاری ئەجیندای دەرەکی ناوزەند دەکرێت ، هەموو ستەمکارێک هەردەم کۆمەڵێکی زۆر لە گەلەکەی بەم بیردۆزە هەڵدەخەڵەتێنێت و ئەوەی جێی سەرسوڕمانە باوەڕیشی پێ دەکرێت کە لەڕاستیدا پلانگێڕی و دوژمنکاری ستەمکار خۆیەتی کە ڕەش و ڕووت و برسی و تینوی کردوون لەسەرو هەمووشیەوە ئازادی لێسەندونەتەوە . ئەمە ڕۆژانە ژیانی ستەمکارەکانە و بۆشیان چۆتە سەر لە بؿ دەنگی زۆرینە .

ريبوار ياسين فتاح




هەڵواسین.. شیعری ستار ئەحمەد

خۆم هەڵدەواسم
بەنیشانەیەکی پرسیارا
کەوانەیەک دەکەمە تەلبەند
لەخوارووی هیچەوە
بەرەو کۆتایی ڕستەیەک
خاڵ بارانت دەکەم
لەنێوەندی هێشووە شیعرێکدا
ترێی پەیڤێک هەڵدەمژم
هەڵاوی پیت
لەبادەی تینوێتیا کۆدەکەمەوە
گوڵاوی مەبەست
بەسەر پەڕەیا دەپرژێنم
گەیشتن بەتۆ
لەداردانی هەنگاوە
دابەزینی لوتکەی چیایە
سەربڕینی زاری پێدەشت و ڕێگایە
شوێن هەیە باسکت دەشکێنێ
هەشە چرۆی عەشق
لەڕێگەی کۆچتا دەڕوێنێ
چەند پەرۆشم
لەنسێی پرچتا ڕۆنیشم
خوازیارم
لەسێبەری باڵای شەنگتا
سەرخەوێک بیخۆم بشکێنم
ببم بەتۆو
لەخۆمی ونبوودا بمرم
بەگێلاسی پەنجەکانت
وردە سەمای حەز بدوێنم
لەگۆشەی دیواری ماڵتان
بەگژ هەستی هەڵڕژاوما
سەرکەوم بۆ سنووری ژان
نەتۆ ئەشکت
دیدەی وشەیەکمی ناسی
نەتوانیشم
بزانم بۆ گیانی تینووم
بەنیشانەی پرسیارێکا
نیوە شەوێک خۆی هەڵواسی

ستار ئەحمەد




کۆیلایەتی هزری.. وەرگێڕان و ئامادەکردنی لە عەرەبییەوە: گۆران عەبدوڵڵا

کۆیلایەتی هزری مەترسیدارترە لە کۆیلەی جەستەیی، چونکە کاتێک مێشکی کەسێک کۆیلە دەکەیت، پێویست بە کەلەپچەکردنی دەستی ناکات. بەم لێدوانە مارکس ئاشکرای دەکات کە ترسناکترین زیندانەکان بۆمرۆڤایەتی ئەوانەنین کە لە ئاسن و دیوار دروستکراون، بەڵکو ئەوانەن کە لە ناو مێشکدا دروستدەکرێن.

 کەلەپچەی جەستەیی دەبینرێت و دەستی لێدەدرێت، دەتوانرێت بشکێنرێن و خۆتیان لێدەربازبکەیت، کۆتی دەروونی وەک قەناعەتێک، باوەڕێک یان ڕاستییەکی جێگیر دەگۆڕدرێت. بەڵام کۆیلەی هزری بەشدارە لە کۆیلەکردنی خۆیدا، تەنانەت وەک پاسەوانێکی هۆشیاری زیندانی ناوخۆی، چونکە بڕوایان وایە ئەوەی ئەزموونی دەکات خودی ئازادییە.

ستەمکار کە دەیەوێت جەستە ملکەچ بکات پێویستی بە سەرباز و قامچی هەیە. بەڵام ئەو کەسەی دەیەوێت مێشک ملکەچ بکات، تەنها پێویستی بە بیرۆکەیەکی قەناعەت پێکراو هەیە، بیرۆکەیەک کە واقیع ڕێک دەخاتەوە بۆ ئەوەی نادادپەروەری وەک دادپەروەری دەربکەوێت، چەوساندنەوە وەک چارەنووس و گوێڕایەڵی وەک ڕزگاری. لێرەدا مانای قووڵی هۆشیاری کۆیلایەتی دەردەکەوێت تەنانەت لەناو هۆشیاری کۆیلەی  بەجەستە کۆتکراو لەوانەیە ڕۆژێک خەون بە ئازادییەوە ببینێت، بەڵام مێشکی داگیرکراو تەنها خەون بەو شتانەوە دەبینێت کە خزمەتی زیندانەکەی دەکات.

نیتچە ئەم مانایەی خستە ژێر هەژموونی فیکری خۆیەوە کاتێک چەمکی ئەخلاقی کۆیلەی داڕشت. ئەگەر مرۆڤ نەتوانێت بەرگری لە ڕاستی بکات، یاخی نابێت. لە جیاتی ئەوە، لاوازی خۆیان دەگۆڕن بۆ چاکە و ملکەچبوونیان بۆ جۆرێک لە پیرۆزی.

 لێرەدا مەترسیدارترین شێوەی دیلکردن دەست پێدەکات، کاتێک کۆیلە خۆبەدەستەوەدانی خۆی وەک کارێکی ئەخلاقی دەبینێت و گوێڕایەڵی خۆی بەوەدەزانێت کە بە ئازادی دەژیت. ئەوان چیتر پێویستیان بە مامۆستایەک نییە تا سنوورەکانیان بەبیر بهێنێتەوە، چونکە ئەو دۆخەی بیرکردنەوەوەیان وەک پەرژینێک دەورەیانی داوە. بەم مانایە، ئەو هۆشیاری کۆیلایەتییە تەنها پاڵنەری یاخیبوون سەرکوت ناکات، بەڵکو دووبارە وەک دڵسۆزێک پابەندی کۆیلایەتێکەی دەبێت. لەم دۆخەدا مرۆڤ دەگۆڕێت بۆ ڤێرژنێکی شێواو، هەموو ڕۆژێک سنوورەکانی خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە وەک ئەوەی پێویستییەکی سروشتی بێت. هەر بۆیە نیتچە بەشێوەیەکی تووند ڕایگەیاند کە ئەخلاق بێتاوان نییە، بەڵکو مێژووی ڕامکردنە. ستەمکاران دەمرن و دەڕۆن، بەڵام ئەو بەهایانەی لە مێشکدا چێنراون بۆ چەندین سەدە دەمێننەوە بۆ ئەنجامدانی ئەرکی خۆیان.

فۆکۆ، میکانیزمەکانی ئەم کۆیلەکردنە شاراوەیە ڕوونتر دەکاتەوە. دەسەڵاتی مۆدێرن چیتر پشت بە زنجیر و زیندان نابەستێت، بەڵکو پشت بە شتێکی زیرەکتر و مەترسیدارتر دەبەستێت, وادەکات تاک چاودێری خۆی بکات.

 بیرۆکەی پانۆپتیکۆن- Panopticon ، کە فۆکۆ لە بێنتام- Jeremy Bentham-  وەریگرتووە، تەنها مۆدێلێک نییە بۆ بەندیخانەیەکی بازنەیی. ئەمە خواستێکە بۆ مێشکی مرۆڤ کاتێک هەست دەکات بەردەوام چاوێکی نەبینراو لە هەموو ساتەکاندا سەیری دەکات. لێرەدا، کۆیلایەتی زۆرەملێ دەرەکی نییە، بەڵکو دیسپلینێکی ناوەکییە کە بۆتە بەشێک لە پێکهاتەی ژیانی ڕۆژانەی. بەم گۆڕانە، سەرکوتکردنی ڕاستەوخۆ چیتر گرنگ نییە. ئەوە بەسە بۆعەقڵ کە تێبگات کە هەموو کردارێک چاودێری دەکرێت، هەموو وشەیەک تۆمار دەکرێت و هەموو بیرۆکەیەک دەتوانرێت لە دژی بەکار بهێنرێت. پاشان کەسەکە دەبێتە پۆلیس بەسەر خۆیەوە، بیرکردنەوە دەکوژێت، پرسیارەکانیان دەخنکێنێت پێش ئەوەی بوێری دەربڕینیان بۆی هەبێت. بەم شێوەیە، درووستی وتەکەی مارکس بەدی دێت: کۆیلەیەکی بێ کەلەپچە، بەڵام کۆت و زنجیرەکان لە زهنیەتییان چێنراوە.

ئەم ڕوخسارە ترسناکەی کۆیلەی هزری لە ئەدەبدا بەرجەستە کراوە، بەتایبەتی لە ڕۆمانی جۆرج ئۆروێڵ 1984. لەوێ کۆیلایەتی چیتر بە هێزی ماددی ناسەپێنرێت، بەڵکو لەلایەن خودی زمانەوە دەسەپێنرێت. کاتێک دەسەڵات کۆنترۆڵی وشە دەکات، سنوورەکانی بیرکردنەوە کۆنتڕۆڵ دەکات. “قسەی نوێ” تەنها زمانێکی خراپ نییە. ئەوە سنوورێکی نادیارە لەسەر خەیاڵ. ئەوەی وشەی ئازادی لە فەرهەنگەکەیدا نەبێت ناتوانێت لە مێشکیدا بیری لێ بکاتەوە. بەم شێوەیە، مرۆڤ دەبێتە بەندکراو لە فەرهەنگێکی شێواودا، وا بیر دەکاتەوە کە ئەوان تەنها ئەو شتانە دووبارە دەکەنەوە کە دەسەڵات دایڕشتووە. ئەمە کرۆکی تراژیدیاکەیە کەسی بەجەستە زیندان دەزانێت کە زیندانیکراوە و خەون بە هەڵاتنەوە دەبینێت، بەڵام کەسێک کە دەروونی زیندانیکراوە تەنانەت قەفەسەکەی خۆشی نابینێت، دەکرێت بەرگریشی لێبکات وەک ئەوەی شوێنێکی سروشتیبێت بۆ ژیان. ئۆروێڵ تەنها پێشبینییەکی خەیاڵی نەنووسیوە. ئەو توێکاری سیستەمێکی نووسی کە خەڵک ملکەچ دەکات بەبێ دەنگ و دیوار، سیستەمێک کە فێریان دەکات کۆت و زنجیرەکانیان خۆشبوێت و ڕقیان لە هەر هەوڵێک بێت بۆ شکاندنیان، وەک ئەوەی ئازادی مەترسی ڕاستەقینەبێ!.

مارکس خۆی لە بۆشاییدا قسەی نەدەکرد. ئەو چاودێری دەکرد کە چۆن ئایدیۆلۆژیا وەک هێزێکی ماددی کار دەکات کە مێشک دەگرێت پێش ئەوەی جەستە بگرێت. لە “ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانی”دا هۆشیاری هەڵە وەک میکانیزمێک وەسف دەکات کە کرێکار چەوساندنەوەکەی وەک ئەوەی چارەنووسێکی سروشتیە قبوڵ بکات، وەک ئەوەی هەژاری لە ئاسمانەوە بۆیان دابەزیبێت و سامانی ئەوانی تر مافێکە کە لە یاساکانی گەردووندا چەسپێنراوە. لێرەدا، بیرۆکەکان دەگۆڕێن بۆ کۆت و زنجیری بەهێزتر لە ئاسن چونکە بە زۆر ناسەپێنرێن بەڵکو وەک باوەڕ دەچێنرێن. ئەمە ئەو شتەیە کە کۆیلایەتی هزری لە کۆیلەی جەستەیی مەترسیدارتر دەکات.

ئەو کرێکارەی کە دەستەکانی کۆت و زنجیر کراوە لەوانەیە خەون بە شۆڕشەوە ببینێت، بەڵام ئەو کرێکارەی کە هۆشیاری دزراوە تەنیا خەون بە گوێڕایەڵییەوە دەبینێت. سەرمایەدار پێویستی بە پۆلیس یان تەلبەند نابێت تا ئەو کاتەی عەقڵ خۆی بووە بە ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنانەوەی چەوساندنەوە. ئەو هێزەی مێشک کۆیلە دەکات تەنها کۆیلە گوێڕایەڵ ناهێڵێتەوە، وایان لێدەکات ڕۆژ لەدوای ڕۆژ مەرجەکانی گوێڕایەڵییان دابین بکەن.

لای هایدگەر- Heidegger -، دەنگدانەوەیەکی تری ئەم تێگەیشتنە دەدۆزینەوە، بەڵام لە ڕەهەندێکی ئۆنتۆلۆژیای قووڵتردا. مرۆڤ، وەک لە چەمکی ”  Das Man “دا باسکراوە، دەکەوێتە ناو “ڕۆژانە”، کە ئەوان وەک هەموو کەس دەژین، وەک هەموو کەس بیر دەکەنەوە، وەک هەموو کەس قسە دەکەن. لێرەدا، ستەمکار نە پێویستی بە زیندان هەیە و نە ئایدیۆلۆژیایەکی پتەو، چونکە مێگەل خۆی بووە بە زیندان. تاک لەناو جەماوەردا دەتوێتەوە تاوەکو کەسایەتی خۆی لەدەست دەدات، توانای پرسیارکردن لەدەست دەدات، لەجیاتی ئەوە تەنها ئەو شتانە بەبێ بەرگری دووبارە دەکاتەوە کە بەسەریدا دەسەپێنرێت. کۆیلایەتی هزری لەم چوارچێوەیەدا تەنها سەرکوتکردنی ئازادی نییە، بەڵکو سڕینەوەی خودیە. ئەمە حاڵەتێکی نەبوونە کە تێیدا “بایەخ” جێگەی بیری تاک دەگرێتەوە و دەنگی “من” لەناو کۆرسی دەنگە هاوشێوەکاندا دیار نامێنێت. لێرەدا، مەترسیەکە دەگاتە لوتکە، نەک تەنها ئەو کەسە توانای شۆڕشگێڕی نییە، بەڵکو تەنانەت ناتوانێت بزانێت کە کۆیلەیە. ئەوان بوونەتە سێبەرێک لە نێو سێبەرەکاندا، لەسەر ڕێگایەکی پێشوەخت دەڕۆن بەبێ ئەوەی بزانن کە ڕێگاکە هی ئەوان نییە.

ئەگەر سەیری مێژوو بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە ئایین کاتێک لە ئەزموونێکی ڕۆحی زیندووەوە دەگۆڕێت بۆ دامەزراوەیەکی دیکتاتۆر، دەبێتە یەکێک لە مەترسیدارترین شێوەکانی کۆیلایەتی هزری. لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، پیاوانی ئاینی پێویستیان بە زنجیری ئاسنین نەبوو، بەڵکو پێویستیان بە گوتارێک بوو کە ترس لە ڕۆحدا بچێنێت: بیرکردنەوە گوناهە، پرسیارکردن یاخیبوونە لە خودا، ڕزگاری تەنها لە ڕێگەی گوێڕایەڵی ئەوانەوە دێت. کەواتە، کۆیلایەتی تەنها گوێڕایەڵی قەشەکان نەبوو، بەڵکو ناوخۆیی ترسێکی هەمیشەیی بوو لە خودی بیرکردنەوە.

 مەترسیدارترین لایەنی ئەم سیستەمە ئەوەیە کە مرۆڤ لە ئازادی خۆی دەترسێت وەک نەفرەت و وەک زیندانییەک لە نێوان دوو دیواردا دەژێت: دیواری سزای سەر زەوی و دیواری سزای هەتاهەتایی. بە تێپەڕبوونی کات، ترس دەبێتە خوو، ترس دەبێتە سروشتی دووەم، مێشک خۆی دەبێتە پاسەوان. پێویست بە لێکۆڵەرەوانی دەرەکی ناکات کاتێک لێپرسینەوەکە لە ناوەوە جێگیردەبێت. ئەمە ئەو کۆیلایەتیەیە کە مارکس مەبەستی بوو: عەقڵ خۆی لە ژێرزەمینێکی تاریکدا زیندانی دەکات و باوەڕی وایە کە گەنجینەیەکی پیرۆز دەپارێزێت.

تەنانەت لە دنیای هونەریشدا کە گوایە بۆشاییەکی فراوانی بۆ ئازادی هەیە، کەچی کۆیلایەتی هزری دەتوانێت ڕەگی ریشەی خۆی لە تاریکیدا نقومبکات. کاتێک سینەما دەبێتە ئامرازی پڕوپاگەندە، یان مۆسیقا دەگۆڕێت بۆ سروودی ملکەچبوون، یان تابلۆکان دەبنە شکۆمەندی سەرکردەکان، خەیاڵ خۆی کۆیلە دەبێت. لەجیاتی کردنەوەی دەرگای خەیاڵ، هونەر دەبێتە قەفەزێک کە ڕەنگ کراوە. ئەمە لەلایەن ڕژێمە تۆتالیتارەکانەوە ناسراوبوو، کە ئەوەندە پێویستیان بە زیندان نەبوو ئەوەندەی پێویستیان بە شانۆ و گۆرانی هەبوو بۆ دروستکردنی هۆشیارییەکی هەڵە کە دڵسۆزی بە چاکە دەبەستێتەوە. لێرەدا دەردەکەوێت کە سایکۆلۆژیا پێی دەڵێت “سێگۆشەی تاریک”: خۆپەرستی، ماکیاڤیلیزم و سایکۆپاتی. ئەم ستەمکارە نوێیانە تەنها بە قامچی فەرمانڕەوایی ناکەن، بەڵکو بە توانای دەستکاریکردنی عەقڵ لە ڕێگەی پڕوپاگەندە، دروستکردنی وێنەیەکی کاریزماتیک و بەکارهێنانی هەست وەک چەک. جەستە زیندانی ناکەن، بەڵام هۆشیاری کۆمەڵ زیندانی دەکەن لە نمایشێکی گەورەدا کە هەموو هاووڵاتییەک دەبێتە ئەکتەر لە دیمەنێکدا کە نەینووسیوە. کاتێک هونەر و دەسەڵات تێکەڵ دەبن، جوانی خۆی دەگۆڕێت بۆ ئامرازی زاڵبوون و تاک دەبێتە بەندی گۆرانی و ئەفسانە و وێنەی خۆی.

لە سایکۆلۆژیادا، قوتابخانەی فرۆید دەریدەخات کە کۆیلەکردن سنووردار نییە بە رووکەشی دەرەوەی مرۆڤ، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ قووڵایی ناخ. سەرکوتکردنی چەسپاو لە نائاگاییدا لەگەڵ تێپەڕبوونی کات دەگۆڕێت بۆ فەرمانی نادیار. ئەو منداڵەی لە ژێر قورسایی ترس و هەڕەشەدا گەورە دەبێت بەندیخانەیەکی بێدەنگ لە ناخەوە هەڵدەگرێت، بەردەوام بەبیری دەهێنێتەوە کە ئازادی مەترسیدارە و یاخی بوون گوناهە. کەواتە، ئەگەر لە کۆتوبەندەکانی کۆمەڵگە ڕزگاریان بێت، دیلی ئەو دەنگە سەرەتاییانە دەمێننەوە کە وێنەی جیهانیان پێکهێناوە. کۆیلەی هزری لێرە لەلایەن سوپەرئیگۆ بەڕێوە دەبرێت کە بە ناوی دەسەڵات و باوک و نۆرمە کۆمەڵایەتیەکانەوە قسە دەکات و خود دەگۆڕێت بۆ دادگەیەکی دڵڕەق.

یۆنگ -Carl Gustav Jung- زیاتر ڕۆیشت کاتێک باسی سێبەری کرد: ئەو بەشە تاریکە کە مرۆڤ ڕەتی دەکاتەوە دانی پێدا بنێت. کاتێک تاک لە ناوخۆیدا دڵڕەقی، ئارەزوو و دەستدرێژی سەرکوت دەکات، لێیان ڕزگار نابێت، بەڵکو لە گۆشەیەکی دەروونیدا بەجێی دەهێڵێت، لەوێ لە تاریکیدا گەشە دەکات و بە شێوەیەکی ئاڵۆز کۆنتڕۆڵی هۆشیاری دەکات. لەوانەیە ئەو کەسە وا بیر بکاتەوە کە ئازادانە بیردەکاتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا فەرمانەکانی ئەو هێزە نائاگایانە جێبەجێ دەکەن. لێرەدا، کۆیلایەتی دەگاتە لوتکە. ئەوەی دوێنێ لە ناخی خۆتدا زیندانت کرد، ئەمڕۆ دەیەوێت ئاراستەی ژیانت بگۆڕێت، کێشەکە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئەو هێزە شاردراوەی ناخمان لە کاتی خۆیدا رووبەڕووی نەوەستاوینەتەوە.

کاتێک لە سایکۆلۆژیای تاکەکەسەوە دەچینە سایکۆلۆژیای جەماوەری، وێنەیەکی ترسناکتر لە کۆیلەی هزری دەردەکەوێت. گوستاڤ لۆبۆن لە کتێبەکەیدا باسی ئەوە دەکات کە چۆن تاک کاتێک لەناو جەماوەردا دەتوێتەوە توانای ڕەخنەگرتن لەدەست دەدات و ملکەچی پێشنیارەکانی مێگەل دەبێت. لێرەدا، ئەوان چیتر بیر لە خۆیان ناکەنەوە، بەڵکو مێشکێکی کۆمەڵی نادیار دەگرنەبەر کە ڕێنماییان دەکات. لە یەک ساتدا، مرۆڤی عەقڵانی دەتوانێت ببێتە ئامرازی توندوتیژی و ڕۆشنبیریش دەتوانێت ببێتە قسەکەری پڕوپاگەندە، چونکە جەماوەر، وەک خۆی دەڵێت، نەک بە لۆژیکەوە بەڵکو بە ئەفسانە و هەست بەڕێوە دەبرێن. ئەمە ساتێکی نامۆبوونی تەواوە، کە مێشک دەبێتە ئاوێنەیەک تەنها دەبێتە رەنگدانەوەی ئەو شتانەی کە فڕێ دەدرێت. ئەمە ئەو شتەیە کە کۆیلایەتی هزری دڕندانەتر دەکات. نەک تەنها تاک دەکاتە ئامانج بەڵکو هەموو گرووپەکە لە تۆڕێک لە هێما و دروشمدا زیندانی دەکات. کاتێک میدیا گوتارێکی دیاریکراو دووبارە دەکاتەوە، کاتێک درۆ لە ڕێگەی دووبارەکردنەوەوە دەبێتە ڕاستی، ئەو هۆشیارییە هەڵەیە کە مارکس باسی لێوە کرد، بەدی دێت. خەڵک دەبنە زیندانی ئەو باوەڕانەی کە هەڵیان نەبژاردووە، بەڵام لەلایەن میکانیزمی دەستکاریکردنی سۆزەوە بۆیان هەڵبژێردراوە. لێرەدا، زنجیرەکە چیتر ئاسن نییە، بەڵکو زمانەوانی و سایکۆلۆژییە، خەیاڵ دەورە دەدات و گوێڕایەڵی بە شێوەیەکی گەورە بەرهەم دەهێنێتەوە.

مەترسیدارترین شت دەربارەی کۆیلایەتی هزری ئەوەیە کە وەهمی ئازادی لە کەسەکەدا دەچێنێت. کەسی کۆیلە هەست بە کۆیلە بوون ناکات. ئەوان وا بیردەکەنەوە کە ئازادن لەهەڵبژاردندا، بڕیار دەدەن و خاوەنی باوەڕی خۆیانن، لە ڕاستیدا ئەو شتانە بەرهەم دەهێننەوە کە ئەوانی تر بۆیان داڕشتووە. ئەمە زیرەکی دەسەڵاتە کاتێک دەگۆڕێت بۆ ئایدیۆلۆژیا، وات لێدەکات باوەڕ بکەیت کە بیرکردنەوەکانت هی خۆتن و هەڵبژاردنەکانت لە خۆتەوە سەرچاوە دەگرن، بەڵام لە بنەڕەتدا، ڕەنگدانەوەی پرۆگرامی درێژخایەنن. وەک ئالتوسەر- Louis Althusser ئاماژەی پێکرد، دەزگاکانی دەوڵەتی ئایدۆلۆژی (قوتابخانە، میدیا، ئایین) بە زۆرەملێ کار ناکەن بەڵکو بە “لێپرسینەوە” کار دەکەن، وادەکات تاک خۆی بە ئازاد ببینێت بەڵام لە ڕاستیدا تەنها گوێرایەڵێکە و هیچی تر. لەم چوارچێوەیەدا دەتوانین لەوە تێبگەین کە بۆچی سپینۆزا دەڵێت: «مرۆڤ بۆ کۆیلایەتی دەجەنگێت وەک ئەوەی ڕزگاری بێت.» ئەوان بەرگری لە زنجیرێکی سەپێنراو ناکەن، بەڵکو وێنەیەکی عەقڵی لە مێشکیاندا دروست بووە.

هونەر خۆی لەم تۆڕە دەرباز نەبووە؛ هەندێک جار وەک ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنانەوەی کۆیلایەتی هزری بەکارهاتووە. لە سیستەمە تۆتالیتارییەکاندا، شیعر دەبێتە ناونیشانێک بۆ سەرکردە، شانۆ دەبێتە ئاهەنگێک بۆ سەرکەوتنە خەیاڵییەکان و سینەما دەبێتە ئامێرێک بۆ رتووشکردنی وێنەی ستەمکار. ئەوەی دەبوو پەناگەیەک بێت بۆ خەیاڵ، دەبێتە ئاوێنەی ڕەنگدانەوەی ئەو شتانە کە دەسەڵات دەیەوێت خەڵک بیبینن. لەم ساتەوەختەدا هونەر چیتر ئازادی ڕۆح نییە، بەڵکو ئەندازیاری هۆشیارییەتی. بەڵام پارادۆکسەکە ئەوەیە کە هونەریش دەتوانێت ئەم زنجیرەیە ئاشکرا بکات. لە دیوارەکەی پینک فلۆیدەوە – Pink Floyd’s “The Wall”  تا شانۆنامەکانی برێخت کە میکانیزمەکانی دەسەڵاتیان ئاشکرا کرد، هونەر هەمیشە گۆڕەپانێکی دووانە بووە: یان وەک ئامرازی کۆیلەکردن بەکار دەهێنرێت یان وەک چەکی بەرگری. بۆیە ستەمکاران زیاتر لە هونەرمەندی ڕاستەقینە دەترسن نەک لە سیاسەتمەداری بەرامبەر، چونکە هونەرمەند بە شمشێر و بە وشەی ڕاستەوخۆ شەڕ ناکات، بەڵکو بەو سیمبولەی کە نائاگایی دەهەژێنێت و عەقڵ لە خەوەکەی بەئاگا دەهێنێتەوە.

ئەگەر بڕوانینە ڕۆژهەڵات، بۆمان دەردەکەوێت کە بیرۆکەی ڕۆشنبیری کۆیلە بۆ داناکانی چین و هیندستان نامۆ نەبوون. کۆنفوشیوس- Confucius هۆشداری دا لە مەترسی ئەوەی کەسێک ملکەچی نەریتەکان بێت بەبێ تاقیکردنەوە، کاتێک دابونەریت دەبنە کۆت و زنجیری نەبینراو کە مێشک کۆت و زنجیر دەکات و گوێڕایەڵی خۆی دەکاتە ئامانج. هەرچەندە کۆنفوشیوس لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سیستەمی کۆمەڵایەتی بنیات نراوە، بەڵام مەترسییەکەی کاتێک کورت دەکرێتەوە بۆ تەنها دووبارەکردنەوەی وتەکانی بە شێوەیەکی گشتی کەسەکان دەبنە سێبەری ڕابردوویەکی بێ کۆتا. لێرەدا، کۆیلایەتی لە شێوەی ڕێزگرتن کوێرانە بۆ دابونەریت دەردەکەوێت، کە تێیدا تاک ناوێرێت پرسیار بکات لە ترسی تۆمەتکردنی بە تێکدانی پیرۆزی باوباپیران.

لە هیندستان، بودا هۆشداری دا کە نەزانی (avidya) ڕەگی سەرەکی ئازارەکانە. کۆیلایەتی هزری لەوێ تەنها ملکەچبوون بۆ دەسەڵاتی سیاسی نییە، بەڵکو وابەستەبوونە بە وەهمی “خود” و وێنە درووستکراوەکانی مێشک کە ئارەزووەکان دروستیان کردووە. تاک وا بیر دەکاتەوە کە ئازادە لە کاتێکدا لە ڕاستیدا بەندی ئارەزوو و بیروباوەڕەکانیەتی، بەدوای تراویلکەیەکی بێ کۆتایدا دەکەون. لەبەر ئەوە فەلسەفەی بودایی ڕێگای ئازادی بە شکاندنی زنجیرە دەرەکییەکان دەست پێنەکرد، بەڵکو بە هەڵوەشاندنەوەی خەیاڵە ناوخۆییەکان لە ڕێگەی تێڕامان و کوژاندنەوەی ئاگری وابەستەبوون. بانگەوازێکە بۆ ئازادکردنی مێشک لە زیندانە شاراوەکانی پێش ئەوەی بیر لە ئازادکردنی جەستە بکەیتەوە لە زیندانە دیارەکانی.

فەیلەسوفەکان بۆیان دەرکەوت کە کۆیلایەتی هزری تەنها مرۆڤ ناهێڵێتەوە بە کۆیلەی ئەوانی تر. وایان لێدەکات دوژمنی خۆیان بن. ئارەزوویان ڕێک دەخاتەوە بۆ ئەوەی بەدوای کۆت و زنجیرەکانیاندا بگەڕێن هەروەک تینووەکان بەدوای ئاودا دەگەڕێن. لە چینی تاوئیستی، لاو تزو- Taoist China, Lao Tzu هۆشداریدا لەوەی دەوڵەت یاساکان چەند هێندە دەکات، چونکە بڵاوبوونەوەی یاساکان ئەوەندەی مرۆڤەکان ڕێکناخات ئەوەندەی ڕۆحیان هەژار دەکات و وایان لێدەکات خوو بە ملکەچبوونەوە بگرن. گوێڕایەڵی کوێرانە بۆ سیستەم تەنها ڕوویەکی تری کۆیلایەتی فیکرییە، کە تاک لە پێکهاتەیەکی ڕەقدا دەتوێتەوە و دەنگی ناوەوەی خۆی لەدەست دەدات و وەک ئامرازێک لە دەستی دەسەڵاتێکی نەناسراودا دەژی.

لە هیندۆیزمدا، دەقی “بهاگاڤاد گیتا- Bhagavad Gita ” وەک ئاوێنەیەکی ئەم ململانێیە دەردەکەوێت. ئارجونا، جەنگاوەرە دوودڵەکە، خۆی ئیفلیج دەبینێتەوە بەهۆی قورسایی ئەرک و نەریت، بەڵام ئەو نازانێت کە زیندانی ڕاستەقینەی ئەو مەیدانی جەنگ نییە بەڵکو دوودڵی ناوخودی خۆیەتی. فەلسەفەی هیندۆ نیشانی دەدات کە مرۆڤ دەتوانرێت نەک تەنها لەلایەن دەسەڵاتی دەرەکیەوە کۆیلە بکرێت بەڵکو بە دەنگێکی ناوەکی پڕ لە ترس و داب و نەریت و نەتوانینی بڕیاردانی ڕاستەقینە کۆیلەبکرێت. لێرەدا زنجیرەکە دەگاتە لوتکە، گەمارۆدراو لەلایەن ئەو سنوورانەی کە کەسەکە خۆی لە باوەڕە تاقینەکراوەکانەوە دروستی کردووە.

لە سەردەمی مۆدێرن، کۆیلایەتی هزری لەو شتەدا دەردەکەوێت کە ئادۆرنۆ و هۆرکهایمەر – Adorno and Horkheimer لە کتێبی “دیالێکتیکی ڕۆشنگەری” ناویان ناوە “پیشەسازی کەلتوور”. کەسی هاوچەرخ چیتر کۆیلە نییە بە کۆت و زنجیر، بەڵکو بەهۆی ئەو ناوەرۆکەیەوە کە بەرهەم دەهێنرێتەوە بۆ ئەوەی وەک بەکاربەرێکی هەمیشەیی بیهێڵێتەوە. سینەما، ڕیکلامەکان، و مۆسیقای بازرگانی هەموویان وەک ئامرازێک کار دەکەن بۆ ڕێکخستنەوەی هۆشیاری کۆمەڵ بۆ ئەوەی تاک وا بیر بکاتەوە کە ئازادانە هەڵدەبژێرێت، لە کاتێکدا ئەوان لەناو تۆڕێکی ئارەزووەکان دەجوڵێن کە پێشتر بۆیان دروستکراوە. ئازادی لێرەدا تەنیا خەیاڵە چونکە هەڵبژاردنەکە خۆی لە تاقیگەکانی سەرمایەدا دیزاین کراوە.

گای دیبۆرد- Guy Debord لە کتێبی “The Society of the Spectacle” باسی لەوە کرد کە جیهانی مۆدێرن چیتر لە واقیعدا ناژیت بەڵکو لە وێنەکەیدا دەژیت. خەڵک مامەڵە لەگەڵ شتەکان ناکات بەڵکو لەگەڵ نوێنەرایەتیکردنیان لەسەر شاشە و ڕیکلامەکان و سیاسەت مامەڵە دەکەن. کاتێک وێنەکە بەهێزتر دەبێت لە ڕاستی، مێشک دەبێتە کۆیلەی زیرەکی خۆی. کۆیلایەتی هزری لێرە پێویستی بە جەلادێک نییە بەڵکو شاشەیەکی ڕووناککەرەوەی دەوێت. ئەو کەسە وا بیر دەکاتەوە کە جیهان دەبینێت، بەڵام تەنها ڕەنگدانەوەی بە وریاییەوە دەبینێت کە خزمەتی دەکات وەک بەکاربەرێکی گوێڕایەڵ.

میشێل فۆکۆ لە “دیسپلین و سزادا” زیاتر دەڕوات و ئاشکرای دەکات کە دەسەڵاتی مۆدێرن چیتر توندوتیژی ڕاستەوخۆ بەکار ناهێنێت بەڵکو جەستەی بە دیسپلین و مێشکی گوێڕایەڵ بەرهەم دەهێنێت. قوتابخانە، نەخۆشخانە، سەربازگە، و کارگە تەنها دامەزراوەی کرداری نین. ئەوان ئامرازێکن بۆ دووبارە شێوەپێدانی تاک بۆ ئەوەی ببێتە بوونەوەرێکی گوێڕایەڵ بەبێ ئەوەی هەستی پێبکات. لێرەدا، کۆیلایەتی هزری لە بەرگێکی نوێدا بەدەست دێت: مێشکێک کە پێی وایە فێر دەبێت، مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، یان کار دەکات، لەکاتێکدا بەپێی ستانداردەکانی سیستەمەکە شێوە دەگۆڕدرێت.

فۆکۆ دەریدەخات کە مۆدێرنیتە زنجیرەکەی هەڵنەوەشاندەوە بەڵکو بە شێوازێکی نەرمتر و قووڵتر دایڕشت. لە جیاتی زیندانی فیزیکی، ئەو کەسە لە شوێنێکی کراوەدا دەژی کە پڕە لە چاوی نەبینراو کە دەیکاتە کۆیلەی تەمبێکردن. ئەوەی کێشەکە ئاڵۆزتر دەکات ئەوەیە کە ئەم دەسەڵاتە خۆی وەک ستەمکار ڕاناگەیەنێت بەڵکو وەک شوان و پارێزەر ڕادەگەیەنێت. بۆیە خەڵک باوەڕی پێدەکەن و بە ئارەزووی خۆیان ملکەچی دەبن. لێرەدا کۆیلایەتی هزری دەگاتە لوتکە، کاتێک تاک باوەڕی وایە گوێڕایەڵی پاراستن و چاودێری، چاودێرییە.

لە “پیاوی یەک ڕەهەندی”، هێربێرت مارکۆز-“One-Dimensional Man,” Herbert Marcuse هۆشداری دا کە سەرمایەداری دواکەوتوو تەنها جەستەی لە کارگەکاندا کۆیلە نەکردووە، بەڵکو هۆشیاری خۆی لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی پێداویستی هەڵە کۆیلەکردووە. تاک ئارەزووی ئەو کاڵایانە دەکات کە تەنها دووبارە بەکارهێنانەوەی ئارەزووەکانن کە پێشتر بۆی دروستکراون و مێشکیان دەگۆڕێت بۆ بازنەیەکی داخراو، بۆ پڕکردنەوەی بۆشایییەک بەکاری دەهێنن، پاشان بەکارهێنانیان بۆشاییەکە زیاد دەکات.

ئەم کۆیلایەتییە پێویستی بە سەرکوتکردن نییە چونکە مرۆڤ دەخاتە دۆخێکی ڕازیکردنی خەیاڵییەوە کە وای لێدەکات نقووم بێت لە ئاسوودەیی، لە کاتێکدا جەوهەری ئازادییەکەی دەدزرێت. مارکۆز ڕوونی دەکاتەوە کە مەترسیەکە لە زنجیرەی بینراو نییە، بەڵکو لە ڕازیبوونی هەڵخەڵەتێنەردایە. کۆمەڵگە بەختەوەرییەکی بچووک بۆ تاک دابین دەکات کە بێهەستی دەکات لە بینینی بەختەوەری گەورەتر و لەدەست چوو. لێرەدا، کۆیلایەتییەکی مەترسیدارتر لە چەوساندنەوەی جەستەیی سەرهەڵدەدات، کۆیلایەتییەکی هزری کە وا لە کەسەکە دەکات هاوبەش بێت لە ژێردەستەیی خۆیدا، چونکە قەناعەتیان بەوە هەیە کە ئەوەی ئەزموونی دەکات باشترین حاڵەتە. بەم شێوەیە، ئەگەری شۆڕش لەناودەچێت، نەک بەهێز، بەڵکو بە تێربوونی وەهمی کە هەموو دەرگایەک بۆ بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە دادەخات.

لە کتێبی “کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنەکانی”، کارل پۆپەر-“The Open Society and Its Enemies,” Karl Popper هۆشداری داوە لە مەترسی ئایدیۆلۆژیای تۆتالیتاری کە دەرگای ڕەخنە دادەخات و ڕاستی دەکاتە دەقێکی داخراو. دیکتاتۆری ڕۆشنبیری کاتێک دەست پێدەکات کە پرسیارکردن قەدەغە دەکرێت بە ناوی دڵنیاییەکی ڕەها، چ ئایینی بێت یان ئایدۆلۆژی. لێرەدا، کۆیلایەتی هزری لە پاکترین شێوەیدا بەدی دەکرێت، مێشک لە ناوەوە دەستی بەسەردا گیراوە، تەنها ئەو شتانە دەبینێت کە دۆگمای زاڵ ڕێگەی پێدەدات. مرۆڤ پێویستی بە کۆت و زنجیر نییە تا ئەو کاتەی لە دیوارێکی ئایدیۆلۆژیدا بەند بکرێت کە خۆی بە ڕاستی ڕەها دادەنێت.

هانا ئارێنت لە کتێبی “بنچینەکانی تۆتالیتاریزم”The Origins of Totalitarianism,” ڕوونی کردووەتەوە کە چۆن ئایدیۆلۆژیا دەتوانێت درۆ بگۆڕێت بۆ سیستەمێکی پێکەوە بەستراو کە مێشک قووت دەدات. بە کۆنتڕۆڵکردنی جەستە ڕازی نابێت، بەڵکو واقیع ڕێکدەخات بۆ ئەوەی تاک تێیدا بتوێتەوە. مەترسیدارترین شت ئەوەیە کە قوربانی بچێتە ناو ئەم سیستەمەوە و دروشمەکانی دووبارە بکاتەوە و بەرگری لێبکات. تەنانەت لە کاتێکدا قوربانیشی بێت لەم خاڵەدا، کۆیلایەتی هزری دەبێتە سووتەمەنی بۆ تۆتالیتاریزم، هۆشیارییەکی دزراو کە دژی خۆی کار دەکات، مێشکێک کە بووە بە ئامرازێک لە دەستی ئامێرێک کە تاکەکان دەخوات.

مارکس باسی کۆیلایەتی هزری وەک حاڵەتێکی ڕێکەوت نەکرد بەڵکو وەک پێکهاتەیەکی قووڵ کە بەردەوامی سیستەمەکانی چەوساندنەوە دەپارێزێت. لە “ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانی” ئاشکرای کرد کە خەڵک بیرۆکەکانیان لە بۆشاییدا بەرهەم ناهێنن بەڵکو لە هەلومەرجی ماددی بەرهەم دێنن کە خۆیان بەسەریاندا دەسەپێنن و لە پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان کە هۆشیارییان و سنوورەکانی خەیاڵیان پێناسە دەکات.

لێرەدا، عەقڵ خۆی دەبێتە درێژکراوەی ئامێری کۆمەڵایەتی، جیهان نەک وەک خۆی دەبینێت، بەڵکو بەو شێوەیەی کە ئەو پێکهاتەیە ڕێگەی دەدات. کەواتە، کەسی چەوساوە قەناعەت بەوە دەکات کە پێگەی لە ژیاندا سروشتییە و سنوورەکانی بەشێکن لە ڕێکخستنی گەردوونی. ئەمە ساتی نامۆبوونی تەواوە، کە ئایدیۆلۆژیا دەگۆڕێت بۆ قەفەزێکی ناوخۆیی. لە “سەرمایە”دا، ئەم نامۆبوونە بە دڕندانەترین شێوە دەردەکەوێت: پەرستنی کاڵا. ئەو شتانەی کە بە ئارەقی مرۆڤ دروست دەکرێن وەک قەوارەیەکی جادوویی و سەربەخۆ نیشان دەدرێن کە ژیانێکی تایبەت بە خۆیان هەیە. کاتێک مرۆڤ کاڵایەک دەکڕێت، پەیوەندی چەوساندنەوە و کاری بەفیڕۆدراو لە پشتیەوە نابینێت. ئەوان تەنها جوانییەکی سەرنجڕاکێش دەبینن. ئەم پێچەوانەبوونەوەیە وا لە هۆشیاری دەکات خەیاڵ وەک ڕاستی ببینێت. لێرەوەیە زنجیرەکە زیاتر ئەستوور دەبێت.

 لێرەدا، ئەوەی لە نیتچە و فۆکۆ و ئۆروێڵ بینیمان تەواو بوو، کۆیلە یاخی نابێت چونکە نازانێت کۆیلەیە و مێشکی کۆت و زنجیرەکانی ناشکێنێت، چونکە هەر خۆی دروستی کردوون و بۆخۆشی لە دەستیکردوون. کەواتە مارکس هەموو ئەو شتانەی پێش خۆی لە یەک تەوەرەدا دەبەستێتەوە: لە ئەخلاقی کۆیلایەتی لای نیتچە، بۆ پانۆپتیکۆن لای فۆکۆ، تا ئۆروێڵ. ئەمانە هەموویان لایەنی هەمان ڕاستین، کۆیلایەتی هزری پێویستی بە زنجیری دەرەکی نییە چونکە زنجیری ناوەکی دەچێنێت کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گوێڕایەڵی بەرهەم دەهێنێتەوە. بەم شێوەیە، مرۆڤ لە خانەیەکی ماددی بەند ناکرێت، بەڵکو لە نەخشەیەکی مێشکیدا کە بە وریاییەوە بۆی داڕێژراوە بۆ ئەوەی بڕوا بکات کە تاکە ڕێگا ئەو ڕێگایەیە کە بەرەو نامۆبوونی زیاتری دەبات.

بەم شێوەیە دەگەینە لوتکە: کۆیلایەتی هزری تەنها کاریگەری لاوەکی مێژوو نییە. ئەوە یاسای شاراوەیەتی. ئەو دەزووەی ستەمکاران ئیمپراتۆریەتەکانیان پێچنیوە، کڵێسا دەسەڵاتەکەی، سەرمایەداری بازاڕەکەی و جەماوەر خەیاڵەکانی. لە مارکسەوە تا فۆکۆ، لە نیتچەوە بۆ ئۆروێڵ، لە سپینۆزاوە تا گرامشی، ڕوونە کە مەترسیدارترین زیندان بۆ مرۆڤایەتی زیندان نییە، بەڵکو ئەو باوەڕەیانە کە وایان لێدەکات لەگەڵ ئەو شیشانە ئاشت ببنەوە. جەستە دەتوانێت یاخی بێت، بەڵام مێشک ئەگەر کۆیلە بێت، دەبێتە چەکێک لە دژی خۆی. هونەر، فەلسەفە، ئایین، سیاسەت.. هەمووی ئەو بوارانەن کە دەتوانن ببنە گۆڕەپانی کۆیلایەتی، یان بۆشایی ئازادی و مرۆڤ لە نێوانیاندا بوونەوەرێکی تراژیدییە کە لەسەر لێواری بیرێکی سەر دانەپۆشراو دەڕوات، یان وەک پاسەوانی خەیاڵێک دەمێنێتەوە کە لە مێشکیاندا دانراوە، یان بوێری ئەوە پەیدادەکات کە ڕووبەڕووی کۆتەکانی ناوەوەی بێتەوە. لەو چرکەساتەی هۆشیاریدا، ئەوان تێدەگەن کە ئازادی نابەخشرێت بەڵکو دەستی بەسەردا دەگیرێت، سەرەتا لە دەستی مێشکەوە پێش ئەوەی  قامچی لەدەست وەربگیرێت. ئەمە دوایین هاواری مارکس و هەموو ئەوانەی بڕوایان بەو رێبازە هەیە «ئەو زیندانە بشکێنن کە لە مێشکتاندایە چونکە هەموو کۆت و زنجیرەکانی جیهان لەوێوە دەست پێدەکەن.»

سەرچاوە:

https://www.youtube.com/watch?v=ysBNUYmmoTE




‏دیدی ئاینەکان بۆ مرۆڤ.. یاسین لەتیف

‏هەرکە مرۆڤ لەسەر پێیەکانی وەستاو دارستان و ئەشکەوتەکانی بەجێهێشت، تۆوی هەستی ئایینی و سەرسامی و سەرسوڕمانی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرت لە بووندا .لەو چرکە ساتەی مرۆڤ چاوی کردۆتەوەو دەورو بەرەکەی خۆی ناسیوەو هۆشیاری لا گڵاڵە بووە ئاینیش بەشێکی دانەبڕاو بووە لە بیر کردنەوەی مرۆڤەکان و کارێگەری هەبووە لە دیاری کرنی پەیوەندیەکانی بەرهەم هێنان و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و شێوازی داڕشتنی ژیان و پەیوەست بوون بەو نۆرمانەوە کە لایەن کاهینەکانەوە بۆیان دیاری کراوە ، موغ وکاهینەکان نوێنەرایەتی هێزی میتافیزیکیان کردووە بۆ ڕێکخستنی شێوازی پەرەستش و پابەند بوون بەو نۆرمانەوە کە بوون بە بەشێک لە کولتوور و پەرەستراو ، هەروەها ئایین بەشێکی سەرەکی ئایدۆلۆژی دەسەڵات بووە ..
ساکاری بیر کردنەوەی مرۆڤە سەرەتایەکان و نەبوونی زانیاری و تێنەگەیشتن لە دونیاو کارەساتە سروشتیەکان فاکتی سەرەکی بووە بۆ ئەوەی بیرۆکەی هێزی بانسروشتی ببێتە نۆرم و کولتوری کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و ئاراستە کردنی چۆنێتی ژیانی ڕۆژانەی ئینسانەکان . نەبوونی زانیاری مرۆڤ وای کردووە ئاینەکان فاکتەرێکی سەرەکی بن بۆ چاندنی ترس لە ناخی مرۆڤەکان بە چەشنێک کارەساتە سروشتیەکانیان لێ بووە بە خالق و هێزێکی بانسروشتی و پەرەستویانن بۆ ئەوەی لێیان توڕە نەبێت و بەڵایەکیان بە سەردا نەهێنێت ، ئیتر لەو چرکە ساتەوە بیرۆکەی پەرەستن و خالق و خودا بوو بە پیرۆزی کۆمەڵگا و بەشێک لە کۆلتوور، دواجار کەسانێک کە خاوەن دەسەڵات بوون خۆیان کردە نوێنەری خودا لە سەر زەوی و هێدی هێدی خەسڵەتی خودایان لە خۆیان بەر جەستە کردو خۆیان ناو نا خوداکان لە سەردەمی فیرعەونەکانی میسری کۆن و سۆمەری میزوپۆتۆمیا بە یونانی کۆن . تا هاتنی ئاینە یەک تا پەرەستەکان وەکو ڕیفۆرمێکی ئاینی و سیاسی خەسڵەت بوونی خوداییان لە ئینسان سەندەوەو لە زەویەوە گواسترایەوە بۆ ئاسمان و وێنایەکی پیرۆزیان پێ بەخشی لە دوتوێی هێزێکی نادیارو میتافیزیکدا ،،کە تا ئێستاش زۆرێک لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی درێژە بە هەمان ڕەوشی سەردەمی کلاسیک دەدەن ..
لە ڕاستیدا لەو قۆناغەی ئایینە یەک تا پەرەستەکان تێیدا سەری هەڵداوە ئەو ئاینانە جۆرێک بووە لە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی دژ بە دەسەڵاتی جەبروت و ئیمپراتۆرەکان ، جۆرێک بووە لە بزووتنەوەی سیاسی وەکو فۆرمی حیزبی سیاسی سەردەمی مۆدێرنەی ئێستای خۆمان خەون و خولیایان بە دەست هێنانی جەبروتی دەسەڵات بووە ، کە چی ستەمکاری و چەوساندنەوە هەمان شێوەی پێشوو بەردەوام دەبێت ، ئیتر لەو ساتەوە بۆ خۆڕاپسکاندن لە ژێر ئەو ستەمکاریەدا ، یاخی بوون و ڕۆحی بەرەنگاری دەبێتە ماکی مرۆڤەکان و لە چوارچێوەی ئاینێکی دیاریکراودا نوێدا خۆی مانڤێست دەکات و کەسێکیش وەکو پەیامهێنەر دەبێتە دەمڕاست و کارێزمای بزووتنەوەکەو هەرچەندە ئەو بزووتنەوە نوێیە خەسڵەتێکی ئۆپزسیۆنی هەبووە ، بەڵام وێنایەکی مقەدەسی پێ بەخشراوە تەواوی هەوادارانی ئاینەکە ملکەچی دەبن ، ئەمیش دەبێتە کەسێکی تۆتالیتارو بزووتنەوەکەشی دەبێتە سیستەمێکی سەرتاپاکیری پیرۆزو هەژموونی خۆی دەسەپێنێت بە سەر تەواوی جومگەکانی کۆمەڵگاکەی لە بوارە جیاجیاکانی ژیاندا ، هەر ئەویش چارەنوسیان دیاردەکات و ، بڕیار لە سەر چۆنیەتی ژیانی ڕۆژانەیان دەدات ، چونکە ئەمانیش هەدەفیان ڕزگار کردنی ئینسان نەبووە وەکو بوونەوەرگەلێکی ستەم لێکراو تەنها خەونیان خۆ سەپاندن و بە دەست هێنانی جەبروتو پایەکانی دەسەڵات بووە ، ئامانجیان زیاتر بە کۆیلە کردنی ئینسانەکان بووە لە ژێر پەردەی ئایین و خوداو پەرەستراودا و کەسیش نەیتوانیوە سەرپێچی نۆرمەکانی ئاینکە بکات ، چونکە سەرپێچی کردن لەو نۆرمانەی کە پەیامهێنەر بۆیانی دیاریکردووە کردارێکی ناوازەو ناپەسەند بووەو دەرچوون بووە لە کایەی موقەدەس و سزاکەشی مەرگ بووە ..
فەیلەسوف ویلیام جەیمس (١٨٤٢-١٩١٠) پێی وابوو کە ئیمانی ئاینی باوەڕێکە بە مانەوە کە وابەستەی هێزێکە لە دەرەوەی دیاردە گەردوونییەکان. پشکنینی ئایینە بەراوردکارییەکان یارمەتیدەرمانە بۆ ئەوەی تێبگەین کە ڕۆحی ئایینی لە سەرانسەری سەردەمەکاندا یەکسان نییە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەندێک ڕەگەزی هاوبەشی تێدایە. هەستکردن بە “پیرۆزیەت” لە هەموو بیروباوەڕێکی ئایینیدا وەک سروشتی دەمێنێتەوە. هەروەها هەموو ئایینێک مەیلێکی بۆ ڕوونکردنەوە و لێکدانەوە و تێگەیشتن لەخۆدەگرێت، چونکە مرۆڤەکان ئاگادارن کە بە هێزێکی سەروو سروشتی دەورە دراون. بەڵام هەستی پیرۆزی قووڵترین بناغەی هەموو ڕەگەزێکی ئایینییە . دەبێت ئەو ڕاستیەش بزانین هەر بزووتنەوەیەکی ڕیفۆرمخوازی کۆمەڵایەتی لە سەردەمە دێرینەکاندا سەری هەڵبدایە دەبوایە بە ناو ئایین و ناوی ئایینی لە خۆی بنیایە ، چونکە پارەدایمی سیاسی و بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی ئەو سەردەمە تەنها ئایینی بووە ئەگینا لە ئامانج و ئەرکەکەی خۆی سەر کەوتوو نەدەبوو شکستی دەهێنا ، هاوکات بە هەر ناوێکی تر ئەو ئیعترازو بزووتنەوانە بە ڕێبخرایە شکستی دەهێناو نەیدەتوانی ئامانجەکانی خۆی بپێکێت ، بۆ نموونە لەو سەردەمەدا تەنها بزووتنەوەی مانی وەک پارەدایمی ئاینی خۆی ڕێک نەخست زیاتر وەکو بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی ڕیفۆرمخواز خۆی بەیانکرد کە چی شکستی هێناو جگە لە ناوەکەی هیچ ئاسەوارو ژیارێکی لە مێژوودا لێ بە جێ نەماوەتەوە ، ئەمڕۆ پەیڕەوانێکی زۆر کەمی لە چین ماوەتەوە ، ئەگەر چی ئەم ئاینە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تەنیبووەوە ،، ئاینەکان ئایدۆلۆژی گوزارشتی سەردەمی فیوداڵی و پاشماوەی قۆناغی کۆیلایەتی بوون و نەیانتوانیوە چاکسازی و دابڕانی ڕادیکاڵانەی تەواو لە قۆناغی کۆیلایەتی بکەن و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە قۆناغی کۆیلایەتیەوە بگوێزنەوە بۆ قۆناغی فیوداڵی ، ‏هەلوێستەکانیان شەرمنانەو لەرزۆک بووە لە بەرامبەر پەیوەندی کۆیلایەتی. چونکە خودی پیاوانی لاهوت و خزمەت کارەکانی چوار دەوری پەرەستگاکان کۆیلەو کۆیلەداری سەرچاوەی بە دەست خستنی داهات و سەرمایە بووە بۆیان ،، تەواوی ئاینەکان نەیانتوانیوە شکۆمەندی و ئازادی بگێڕنەوە بۆ ئینسان و ئازادی ئینسان ببێتە سەنتێزی بزووتنەوەکانیان ، ئەمانیش ئامێرک بوون بۆ تێک شکاندنی حورمەت و کرامەتی ئینسان لە ژێر پەردەی ئاین و پەرەستندا ، ئەوەی ویستویانە بریتی بووە لە بە کەرەستە کردنی ئینسان بۆ پەرەستن و بۆ بە ئامێر کردن، ئاینەکانیش ویسویانە هەمان ڕەوشی پێش خۆیان درێژە پێ بدەن و ڕەوڕەوەی مێژوو ڕابگرن ، هاو شێوەی ئیمراتۆرو سوڵتانەکان و پادشاکان ئینسانەکان بکەنە سەر چاوەی بە دەست هێنانی سەرمایەو سامان ، چ بە گەڕ خستنیان لە کێڵگەکانی بەرهەم هێنانی کشتوکاڵیدا و ، چ بە سوتەمەنی کردن و بە خۆراک کردنیان بۆ چەرخاندنی ماشینی جەنگەکانیان تا ڕووبەری قەڵەمڕەوی دەسەڵاتیان فرەوان تر بکەنەوەو باجی زیاترو تاڵانی زیاتریان چنگ بکەوێت . کەواتە دیدی ئاینەکان بۆ مرۆڤ بە تایبەتی هەر سێ ئاینە ئاسمانیەکە((یەهودی ، کریستان ، ئیسلام)) بریتی بووە لە بە کەرەستە کردنی ئینسان ،بۆیە لە قورئاندا هاتووەو دەڵێت : – ((وما خلقنا الجن والانس الا ليعبدون)) واتای مرۆڤ و دێومان بۆ پەرەستن دروست کردووە ، ئینسان هیچ نییە تەنها ئامێرێکە بۆ پەرەستن ، پەرەستنیش بە لای ئاینەوە بە دیهێنانی فەرمانەکانی خودایە ، فەرمانی خوداش ڕاگەیاندنی بندایەتی و جێبەجێکردنی جەوهەری تێکستەکانیەتی ، خۆداش نوێنەری هەیە لە سەر زەوی کە پەیامهێنەرەکانن مرۆڤ دەبێت قسەو فەرمانەکانی جێبەجێ بکات ، هەر ئەوان کاروبارە ئاینیەکان بەڕێوە دەبەن و ئامۆژگاری مرۆڤ دەکەن چیبکەن و چینەکەن بۆ ئەوەی خودایان لێڕازی ببێت و لێیان توڕە نەبێت . کەواتە ئاین هەرجەندە وەکو بزووتنەوەیەکی ڕیفۆرمخواز خۆی بەیان کردووە بەڵام نەیتوانیوە بەختەوەری و ئاسودەیی بۆ مرۆڤ دەستەبەر بکات ،بەڵکو درێژەپێدەری هەمان ڕەوشی ستەمکاری و چەوساندنەوە بوون . فەرمانەکانی خوداش بە دیهێنانی فەرمان و بڕیارەکانی خوداو پەیامهێنەرە کە بریتیە لە ڕاگەیاندنی خۆ بە کۆیلە کردنە بۆ ئەوان و خۆ بە سوتەمەنی کردنە بۆ جەنگەکانیان و ، هەروەها بکوژیت و بکوژرێیت لە پێناوی بە جێگەیاندنی کەڵکەڵەی فرەوان خوازی ئایین و پیاوانی لاهوت تا بتوانن تاڵانی زیاتر بە دەست بێنن ، هەروەها بە جێگەیاندنی ڕێو ڕەسمی ئاینی ..
تەنانەت ئاین سەرچاوەی چاندنی ڕق و قین بووە لە دڵی مرۆڤەکان بەرامبەر یەکتر بۆیە ئاینی یەهودی دەڵێت ((ئێمە نەتەوەی هەڵبژێردراوی خۆداین لە سەر زەوی)) بەو مانایەی حەقیقەت تەنها لای ئێمەیە ، ئەوانیتر تەنها ڕووکەش و نا ئەسڵن ، ئەم دیدە تۆتالیتارە سەرتاپاگیرە ترسناکە، گوزارشت کردنە لە سڕینەوەی ئەوانیتر و لە ناو بردنی جێوازی بیرکردنەوەو کایەی تورالانیزم ، ئەمەیە ماکی تەواوی ئاینەکان بەرامبەر ئینسان ، هەرگیز ژیان و ئازادی مرۆڤ جێی بایەخیان نەبووە .

یاسین لەتیف




شانۆیی (وشەی نا) سەرەتایەك بۆ گەڕانەوە.. حەيدەر عەبدولرڕەحمان

ئەگەر یتەوێ‌ هەر خوێندنەوەیەك بۆ نمایشی (وشەی نا)ی دەرهێنەر(سدیق حسێن) بكەیت، دەبێ‌ لەناونیشانی نمایشەكەوە دەست پێ‌ بكەیت، چونكە ناونیشانەكەی كۆمەڵێ‌ دەلالاتی فەلسەفی و ڕه مزی قوڵ هەڵدەگرێ‌، لەڕووی یاخی بوون و هەڵوێست وەرگرتن لەئاست قۆناغێكی دوورو درێژ لە بێ‌ دەنگی و ستەمكاری و بێ‌ بەری بوون لەئازادی و نا عەدالەتی و پێ‌ شێڵ كردنی مافی مرۆڤ و سەروەرییەكانی.
نمایشەكە بە (وشەی نا) ..بەرحەستەی هاواری كۆمەڵگایەك دەكات كە لەتاو ئەشكەنجەو ئازارێكی رۆحی و دەروونی و فیكری سەرهەڵدەدت و دەیەوێت سنوورێك بۆ كۆتایی هێنانی دابنێ‌.
بۆیە وشەی نا ..تەنیا ناونیشانێك نیە بۆ نمایشێكی شانۆیی، بە قەد ئەوەندەی گەیاندنی خیتابێكی سیاسی، كۆمەڵایەتی، فیكریە بۆ وروژاندنی كۆمەڵگایەك لەرێگەی شانۆیەك كە لە رێگەی پێنج كاراكتەرەوە، بە دەیان دیاردەی قێزەوەنی ئەو سەردەمە ناشیرینە نیشان دەدات، هەر لەپەیدا بوونی مرۆڤ بەو قودسیتەی خۆیەوە، كە خوا رێزی لێناوە و كردویەتی خاوەنی گەورەترین داهاتی مرۆڤایەتی، تا ئەو كاتەی ئەوەندە سووك و ڕیسوا دەكرێت، هیچ مەنفەزێكی ژیان بوون و سەروەریەكی بۆ نامێنێتەوە، تا ئەو ئاستەی ببێت بەسەگ و بحەپێ‌ .
دەرهێنەر لە نێوەندی ئەو سوكایەتی كردنە بەمرۆڤ، شانۆش وەك هەر ئامرازێكی دیكەی هاوشێوەی دیاردە قێزەوەنەكانی دیكەی كۆمەڵگای نوێ‌ ناشیرین ناكات و نایكات بەئامرازێكی دیكە بۆ چۆك دادان و مل كەچی، سوكایەتی كردن بە كولتوورو ڕەسانایەتی و كەڕامەت شكاندن، بەڵكو شانۆ دەكاتە مینبەرێكی بەهێزو كاریگەر بۆ هوشیار كردنەوەی ئەو كۆمەڵگایەو ئەو مەترسیانەی وەك لافاوێكی خەتەر ناك، خەریكە بەها گەورەكانی مرۆ ڤ لەڕەگو ڕیشەوە هەڵكێشێ‌ و شتێ‌ بەجێ‌ نەهێڵێ‌ بۆ هیچ شانازی بەخۆ كردنێكی مرۆڤ بوون.
ئەوەتا كاراكتەرەكانی ( وشەی نا ) پێكەوە ئەو جلە سپیەی كۆیلایەتی و (بەڵێ‌ بەڵێ‌ ) فڕێ‌ دەدەن و جلێكی ڕەش بە هێمای مردن لەپێناو ئازادی و سەروەری مرۆڤ لەبەر دەكەن و هەموو تێكڕا یاخی دەبن و دەنگی نەخێر بەرز دەكەنەوە دژی بەڵێ‌
بینەر لەو نمایشەدا دوای خستنە ڕووی دەیان وێنەی تاڵو نەگریسی كۆمەڵگا، هەست دەكات كە ئەمجارە بۆ كات بەسەر بردن و بینینی كۆمێدیایەكی چەواشەكار نەهاتۆتە هۆڵی شانۆ، ئەمجارە شانۆ پرسیاری قورسی لێ‌ دەكات و زەنگی مەترسی بۆ لە گۆڕنانی چارەنووسە ڕەش قەتران ئاساكانی مرۆڤی بۆ لێ‌ دەدات و پێیان دەڵێ‌ : هۆ گەلو ..ئەی ئەوانەی لە گوێ‌ ی گادا خەوتوون، ئاگاتان لە خۆتان بێت، ئەگەر هەتا زووە ، فریای خۆتان نەكەون و سنوورێك بۆ ئەو مەسخەرەیە دا نەنێن، ئەوە هیچ چارەنووسێكی دیكەتان لەبەردەمدا نامێنێ‌، جگە لە بژاردە كردنی بوون بە سەگێكی بەڕەڵڵای تۆڕی، نەك سەگێكی بەوەفاو نمەكدار.
هەمیشە شانۆی (جاد) لە رۆژگارە سەخت و دژوارەكاندا دەستە پاچە نابێت بۆ هوشیاركردنەوەی كۆمەڵگاكەی، ئەوەتا رۆژانێك بوو كە كورد قاتو قڕ دەكرا، بەهێزترین چەكێك بۆ مقاوەمەت كردن ،شانۆ بوو، كە وەك دۆزێكی نەتەوەیی و نیشتمانی و مرۆیی ، گوزارشتی لەو دۆزە ناهەموارانەی ڕابووردوو دەكرد.
ئێستاش كە هەمان ئەو نەهامەتیانەی ئەو قۆناغەی جاران، بە رەنگێكی تر دووبارە دەبنەوە، ئێش و ئازارە دەروونیی و مرۆییەكان زۆر بەكۆڵترو بە ئێشترن لە سەردەمی ڕابووردوو، بۆیە ناكرێت شانۆ لە دەرەوەی بازنەی ئەو هاوكێشەیە دابێت و هیچ پرسیارێكی نەبێت !.
ئەگەر وابێت خەڵكی مافی خۆیەتی بڵێت، ئەگەر شانۆیەك لە رۆَژانێكی ئاوا تەنگەتاودا رۆڵی نەبێت لە نیشاندانی ئەو واقیعە تاڵە من شانۆم بۆ چیە؟
ئیدی نامەوێ‌ زێتر لەوەندە فۆكس لەسەر ناوەرۆكی نمایشەكە بەجێ‌ بێڵم، چونكە گوتاری نمایشەكە كراوەیەو بەزمانێكی سادەش نووسراوە، كە بینەر بەئاسانی پەیامەكەی پێ‌ بگات .
ئیدی لێرەوە دەچینە ناو لایەنە هونەریی و پێكهاتەكانی شرۆڤە دەكەین ، بۆ ئەوەی بزانین (سدیق حسێن) كەساڵانێكی زۆر لەكاری شانۆیی دابڕاوە، دوای ئەو كۆمەڵە ئەرشیفە دەوڵەمەندەی وەك ( فرمێسكەكانی مۆم، چۆلەكەیەك لە تاو ئازارەكانی سەما دەكات ، رۆژە خۆشەكان بەسەرچوون و ئەنتیگۆنا،نیشتمانی تابووت، شەوێك لە دۆزەخدا ) لەوسەرەتا نوێیەی دا، بە چ گوڕ وتینێك گەڕاوەتەوە گۆڕەپانەكە؟
لەو نمایشەدا وەك دەرهێنەر لەچ ئاستێك دایە؟ ئەو دوور كەوتنەوەیە چ كاریگەریەكی بەسەر هونەری سدیق بەجێ‌ هێشتووە؟
لەم دوا نمایشەدا و دوای هەشت مانگ خۆ ئامادەكردن و پرۆڤە كردن، چ ئەنجامێكی بەبینەر بەخشیووە؟
بەڵام وەك لۆژیك ڕوونە كە هەر دابڕانێ لە هەر پیشەیەكدا، بە تایبەت لەشانۆدا، كاریگەری خۆی دەبێت بەسەر توانستی دەرهێنەر، یا ئەوەتە ئەو دابڕانە بروا بەخۆ بوونی بۆ گەڕانەوە شلۆق دەكات ، یا ئەوەتە دەبێتە دەرفەتێكی گونجاو بۆ خۆ ئامادەكردن و كەڵەكە بوونی فانتازیای جوان ، لە پێناو قەرەبوو كردنەوەی ئەوەی لە دەست چووە.
هەرچۆنێ‌ بێ‌ .. من وەك بینەر، كاتێ‌ نمایشەكە دەبینم، هەقی ئەوەم نیە، ئەو دەرهێنەرە لەسەر چ بنەماو ئالیەتیك كاری كردووە، هیچ پاساوێكیش بۆ هیچ لەمپەرێك لەبەر چاو ناگرم ، تەنیا لەبەرچاو گرتنی ئەو نمایشە نەبێت كە لە هۆڵەكەدا دەیبینم.

شانۆى سات
لەو نمایشەدا شتێكم نەبینی بە ناوی (شانۆی سات) چ لە ڕووی دەق ، چ لە ڕووی دەرهێنان، چ ئەكتەر، ئەوەی بینیم نمایشێكی ئاسایی ئامادە كراو بوو، دەرهێنەر هەم دەقەكەی نوسیووە، هەم كاری دەرهێنانی ئەنجام داوە، ئینجا لە ژێر هەر ناوێك بێت.
هاوسەنگی لە نێوان ناوەرۆك و وێنەی دراماتۆرگی
ئەگەر بەراوردێك لە دوا نمایشی( وشەی نا ) بكەیت، لە نێوان شێوەو ناوەرۆكدا، ئەوە هەست بە لێكترازانی هاوسەنگی لە نێوان ناوەرۆك و شێوەدا دەكەیت .
لە ناوەرۆكدا پانتاییەكی ئێجگار فرەوان دراوەتە دەق و دووبارەكردنەوەی چەمكی دیالۆگ بە فۆرمی جیاواز جیاواز.
بەگشتی دەقەكە بۆتە ئامانجی سەرەكی لە گوتارە شانۆییەكەدا، بۆ ئەوەی دەرهێنەر بەوشە زێتر لەوێنەو فیعلی درامی ئامانجەكانی خۆی بگەیەنێ‌.
لەم پشت بەستنەش بە دەق لە هەندێ‌ دیمەندا ڕوو بە ڕووی درێژە دادڕیەك بۆتەوە، كە هاندەر بووە بۆ دروست كردنی سارد بوونەوەی بینەر لەگەڵ ڕیتمی خاوی هەندێ‌ دیمەن ، لەوانەش لە دیمەنی گەڕان بە دوای كاری كاراكتەرێك و لێدان و ئازاردانی و لاوانەوەی گەنجەكە لەسەر كۆشی ژنەكەی ..هەموو ئەو درێژە دادڕیانەی دەق لەسەر حیسابی دروست كردنی وێنەی ستاتیكی و درامی دەوەستێت ، چونكە بینەر كاتێ‌ لە قسە تێر دەبێت، چاوەڕێ‌ ی وێنەو فیعلی درامی دەكات رزگاری بكات ، یان وێنە لە ناو وێنە ، كاراكتەر لە ناو كاركتەر ، دیمەن لە ناو دیمەن دەكات بۆ رزگار بوون لە ساردبوونەوەی ڕیتم..
بۆ نموونە كاتێ‌ كاراكتەری ژنەكە چیرۆكی باوكی دەگێڕێتەوە، جامانەی باوكی لەسەر دەنێ‌ ، چاویلكەی باوكی لە بەر دەكا، تۆنی دەنگی بە دەنگی باوكی دەگۆڕێ‌، بەمه كاراكتەرێك لە ناو كاركتەرێك دروست دەكات

لە نمایشی (وشەی نا) دا هێڵێكی ڕاستەوخۆی درامی نیە، بەئاراستەی ئامانجێكی دیاری كراو بڕوات، یان بە فۆرمێكی رێكخراو دابەشی چەند تەوەرێك كرابێت، هەر تەوەرێك سەربەخۆیی خۆیان هەبێت، لە ئەنجامدا لە یەك ئامانجدا یەكتر بگرنەوە.
كێشەی ئەو نمایشە لەوە دایە كە بابەتەكانی زۆرو پەرت و بڵاون، هەر كاراكتەرێك دەیان كێشە هەڵدەگرێ‌، بۆیە ئاستەمە دەرهێنەر بەوێنەی درامی، بتوانێت ئەو پانتاییە بەر فرەوانە بە فیعلی درامی پڕ كاتەوە، بە گێڕانەوەو تێپەڕاندن نەبێت.
ڕاستیەكەی ئەوەیە هەریەكێ‌ لەو كێشانە، ئەگەر لەسەریان بوەستی و نرخ و بەهای فەلسەفی و درامی خۆیانیان بدەیتێ‌، هەریەكێ‌ لەوان پێویستیان بەنمایشێكی سەربەخۆ هەیە، وەك پرسی تەڵاق، بێكاری، دووڕوویی، كرێكاری بیانی، دەسەڵاتی ژن و دەیان بابەتی تركە لە یەك نمایش ئاخێندراون.
ئەم زۆری و بۆریە لەبابەت بەمانای بەهێزی و گەورەیی بابەت نیە، بەڵكو فاكتەرێكن بۆ لاواز بوونی ئامانجەكانی نمایش، چونكە دەرهێنەر ناتوانێ‌ هیچ لەو بابەتانە وەك پێویست تێر بكات و نرخی خۆیانیان بداتێ‌، جگە لەسەرە قەڵەم نەبێت .
لەهەمان كاتیشدا ناتوانێ‌ دەرفەتیكی باشتر بە بینەر بدات، بۆ ئەوەی ئەو پرسانە بەناو قوڵایی بابەتەكان شۆِڕ بیتەوەو چێژیان لىَ وەر بگرێت، یا لەزاكیرەیاندا بمێنێتەوە.
ئەوە جگە لەوەی لەناو گێژەڵوكەی ئەو هەموو ڕوداوە لاوەكییانە، خیتابە سەرەكییەكەی نمایشیش لاواز دەبێت و ناتوانێ‌ وەك پێویست ئامانجەكانی خۆی بپێكێنێ‌.
دەرهێنان:
ئەوەی لە پرۆسەی دەرهێناندا بۆ دەرهێنەر گرنگ بێت، گەیاندنی گوتارە شانۆییەكەیەتی بەهەر شێوەو ستایلێك بێت كە خۆی بڕوای پێیەتی.
گرنگیش بۆ بینەر چێژ وەرگرتنە لەوەی پێشكەشی دەكرێت .
بۆیە لەهەندێ‌ حاڵەتی خوازراو بۆی هەیە دەرهێنەر چەند میتۆدێك لەسەر شانۆ موتربە بكات بە پێی خواستی نمایش, بێ‌ ئەوەی هیچ ستایلێك كێشەی گەیاندنی بۆ دروست بكات، هەر بۆ نموونە دەرهێنەر پا بەند نیە بەدەرنەچوون لەستایلێكی هاوچاخ.
لە دیمەنێكی وەك دیمەنی بووك گواستنەوەكە، دەرهێنەر دەگەڕێتەوە ناو كەش و هەوای نمایشێكی واقیعی لەهەناوی نمایشێكی هاوچاخ دا، ئەمەیان ڕێ‌ ی تێ‌ دەچێ‌ بەو مەرجەی خزمەتی ڕەوتی نمایشەكە بكاو ببێتە سەرچاوە بۆ سەرنج ڕاكێشانی بینەر .
سدیق حسین ـ بۆ ئەوەی كەش و هەوای نمایشەكەی تەڕ كات و هەناسەیەك لە ناو كەش و هەوایەكی پڕ لەنیگەرانی بڕەوێنێتەوە، بە دیمەنی گۆرانی و سەماو تەپڵ لێدان ڕەوتی نمایشەكەی گۆڕی و هەناسەیەكی تری خستە بەر بینەر..
هەر لە دیمەنی بووك گواستنەوەكە نا، لە دیمەنێكی تریش دا دەرهێنەر كاتێ‌ گۆرانی ( لێ‌ قەدەرێ‌) ی (ئایشەشان) دەخاتە بەر گوێ‌ ی بینەر، بۆ ئەوەی ئەو دیمەنە تێر كات كە باس لە غوربەت و قەدەری نەخوازراوی مرۆڤ دەكات و بینەر دوور دەكاتەوە لە ئەتمۆسفیرێكی نەگۆڕ، كە هەندێ‌ جار بەسەر بینەردا دەسەپێ‌ .
بەم دیمەنەش دیسان دەرهێنەر ئامرازی گۆرانی بەكار دێنێ‌ بۆ تێركردنی دیمەن و بزواندنی هەستی بینەرو گۆڕینی ریتمی نمایش .
ئەم موتوربە فۆرمانە، حاڵەتێكی ئەرێنین بۆ گۆڕینی ریتم و حەسانەوەی بینەرو كەش و هەوا.

سینۆگرافیا:
لەو نمایشانەی كە گرنگی بە ناوەرۆك و گەیاندنی وتار دەدەن، پێویستی زۆرتریان بەسینۆگرافیا هەیە لە نمایشی دیكەی ئاسایی .
بۆ ئەوەی دەرهێنەر فشاری دەروونی زیاتر بەكار بێنێ‌ بۆ پاراستنی حاڵەتی دەروونی بینەرو ڕەحساندنی ئەو كەرەستە و ئامرازە هونەریانەی سەقامگیری دەروونی بینەر ڕادەگرن.
بۆ هەموو ئەو فشارە دەروونی و فیكریانەی لە نمایشی (وشەی نا) وەك باران خرانە سەر ڕۆحی بینەر و چەق بوونی لەناو گۆمێكی پیسی كۆمەڵایەتی و ژینگەیەكی خنكێنەر، لە واقعێكی بەسەردا سەپاودا.
بەهێزترین ئامرازێكیش بۆ رزگار بوون لەو حاڵەتە دەروونیە تەنیا سینۆگرافیایە كە كاری خۆی دەكات بۆ هێور بوونەوە بە ستاتیكای ڕەنگ و موزیكی هێور كەرەوەی مێشك ..
بەڵام ئاخۆ دەرهێنەر تا جه ند دەسەڵاتی دابین كردنی ئەو سینۆگرافیا خوازراوەی هەبوو ؟
ئەمە پرسیارێكە بۆ ئەو بینەرانەی نمایشەكەیان بینی، هەستیان بەو ستاتیكا ورو ژێنەرە كرد، كە ببن بەسەرچاوە بۆ ئارامی چاوو هێور كردنەوەی مێشك؟
جگە لەخیتابی نمایش، یەكەم ڕەگەزێك لە نمایشی (وشەی نا) کە لە هزرو فانتازیای بینەردا بە زیندوویەتی دەمێنێتەوە، ڕەگەزی ئەكتەرە.
ئەو پێنج ئەكتەرەی لەو نمایشەدا توانیان بە جەستەو ئەداو لیاقەتی خۆیان وێنەیەكی جوان لەهزرو فانتازیای بینەردا بەجێ‌ بێڵن، هەر یەك لەئەكتەرانی وەك : كارمەند خدر، زیاد كەریم، ئاواز ئەحمەد، ڕەشوان ئەحمەد، بڵند كاوە، هەر یەكەو بە ڕێژەیەك توانستی خۆیان نیشاندا،
یەکێ لەوان (ئاواز ئەحمەد) بوو کە لەم ئەزموونەدا، هەموو توانا جەستەیی و فیزیكی و سروشتیەكانی خۆی تەقاندەوەو توانی بەجەسارەتەوە رۆَڵی هەموو ئەو كاراكتەرانە ببینێ‌ كە پپێی سپاردرابوو، ئەو لەدوو ڕەهەندەوە نواندنێكی جیاوازی پێشكەش كرد:
یەكەم : وەك ئەكتەرێكی پرۆفیشنال توانایەكی نموونەیی لە ڕووی جەستەو ئەدای گوزارشت بەخش نیشاندا كە كەم ئەكتەر بتوانێ ڕكابەری بكات لەسەر شانۆ.
دووهەم: لە ئاست نواندنی ئەكتەری ئافرەت، هاوكێشەی داگیركردنی عەرشی نواندنی لەزۆر لەو ئەكتەرە پیاوانە سەندەوە، كە تووشی وەهمی پیاوسالاری شانۆ بوونە لەنواندن دا.
ئەگەرچی (ئاواز) ماوەیەكە بەهۆی ئەو قەیرانەی شانۆ ڕوو بەڕووی بۆتەوە، بەردەوام نەبووە لە مومارەسەكردنی پیشەكەی خۆی وەك ئەكتەر، بەڵام (سدیق حسێن) وەك دەرهێنەر لەماوەی دە مانگی ڕابووردووی پڕۆڤە، ڕۆڵێكی كاریگەری هەبووە لە ئەبجێدكرنەوەی جەستەیی و مەعنەوی ئاواز.
سَییەم : گوتارە فەلسەفیەكەی نمایش، هاندەرێكی ڕۆحی بووە بۆ ئەكتەرێك كە خۆشی كاراكتەرێكی نێو ڕووداوەكانە .
ئاواز لە ڕەسم كردنی وێنەی هەموو ئەو كاراكتەرانی ڕۆڵیانی دەبینی، وەك پێویست فۆرمی نواندنی خۆی دەگۆڕێ،، بەتایبەت ڕۆڵی ئەو ژنەی مێردە ئاشقەكەی لە ئامێز دەگرێت و بە فرمێسكەوە حەكایەتی ڕۆژانی زانكۆ دەگێڕێتەوە.
یان كاراكتەری ئەو ژنە جل سپی و دڵ ڕەشەی لە پەنای دەسەڵاتەوە، سوكایەتی بە مرۆڤ دەكات و بەدەم پێكەنینەوەوە چێژ لەئەشكەنجەو ئازاری گەنجێك وەردەگرێ، كە بەدوای كارێكی شەڕەف مەندانەدا دەگەڕێ، بۆ بژێوی ژیانی خۆی، بەڵام ئەوان داوای لێ دەكەن ببێت بەسەگ.
هەر (ئاواز) نا، هەر چوار ئەكتەرەكانی تر، هەر یەكەو ڕۆڵی چەندین كاراكتەر دەبینن، هەر كاراكتەرێكیش پێویستی بە فۆرمێكی تایبەتی خۆی هەیە، بەشێوەو ئەدای نواندن و دەنگ و ئیلقا.سه ركه وتوانه رؤلى خؤيان بينى.
دەرهێنەر هەموو ئەو كاراكتەرانەی لە هەناوی كاراكتەرە سەرەكیەدا دروست كردووە، بەمەش دوو ئامانجی سەرەكی پێكاندووە:
یەكەم: توانای هەر یەك لەو ئەكتەرانەی خستۆتە لابوری تاقیكردنەوە، كە تا چەند توانای گۆڕینی فۆرمی هەر كاراكتەرێكیان هەیە لەساتێكی دیاری كراودا.
دوو: بەنواندنی كاراكتەر لەناو كاراكتەردا، ژمارەی ئەكتەرەكانی سەرشانۆی چڕ كردۆتەوە، بە پێچەوانەی ئەو دەرهێنەرانەی ئەكتەر وەك كۆمبارس و ئێكسسواراراتی شانۆ دروست دەكەن، بۆ پڕكردنەوەی فەزای شانۆ.
بەگشتی نمایشی (وشەی نا) سەركەوتنی لە یەك گرتنەوەی هەموو توخم و ڕەگەزەكانی دابوو، بە تایبەت كۆڵەگە هەرە بەهێزەكانی وەك ئەكتەر و نواندن و هونەری باڵای دەرهێنان .
سدیق حسێن ـ بەم نمایشەی لەگرەوێكی هەستیار سەركەوتنی بەدەست هێناو جارێكی تر شكۆی شانۆی لەهەولێر گەڕاندەوە رۆژانی سەر فرازی .
دەرگایەكی نوێ‌ ی كردەوە كە گەنجە شانۆكارەكانی هەولێر بەهەمان بڕوا بەخۆ بوون و هەمان گوڕو تین، بگەڕێنەوە گۆڕەپانەكەو پێكەوە بڵێن نا بۆ كپ كردنی شانۆ لەهەولێر .

.




ناپەنابەر.. ئالان فەرمان

پەنابەر بونەوەرێکە دەرەنجامی شکستی عەدالەتە، پەنابەری ئەو ساتەوەختە توڕە و ئینهیاڕەیە بڕیاردەدات شەقام و شۆستە و سیاسیەکانیشی بۆ هەتا هەتایە بە شوێنێکی تر بگۆڕێتەوە. پەنابەر ئەو ساتە دروست دەبێ کە هەموو تەفسیرەکانی ژیان لەوەدا بچووک دەبنەوە کە چیتر سەر بە ئێرە و شوێنەکانی نەبیت. کۆچبەر تەنگەبەر و دەریا و هەرێمەکان بە دوودڵی و ترسەوە دەبڕێت تا شوێنێکی سەلامەت بدۆزێتەوە و ببێتە مەخلوقێکی خاوەن ماف، ببێتە شتێک لەمەودوا هەوای عەدالەت و قانون بیناسێتەوە. بە بڕوای ئاگامبن ئەو ساتەی کۆچبەر نیشتمان جێ دیڵێ و دەبێتە پەنابەر لەوێوە دەردەسەرییە گەورەکانی دەست پێدەکات، لەوێوە مرۆڤبوونی بۆ یەکەمجار دەکەوێتە بەر هەڕەشەی ڕاستەقینە کاتێک وەک مرۆڤی بێ ماف و ناهاوڵاتی لەلایەن ئۆردوگاکان و کەمپەکانەوە دەناسێنرێت.

لای (جۆرجیۆ ئاگامبن) کەمپ ساتی حەساس و مێژوویی جیاکردنەوەی مرۆڤی ڕووت و بێ مافە لە هاوڵاتی. هاوڵاتی سەر بە ڕەگەزەکانی قانونە و هەموو مافە سەرەتایی و کۆتاییەکانی هەیە. پەنابەر هێشتا وەرنەگەڕاوەتە سەر هاوڵاتی، هێشتا بونەوەرێکە پلەیەک لە مرۆڤبوون و حساباتەکانی دوورە. هۆمۆساکەر لە دونیای ئاگامبن سیمبولی ئەو لێبوکی گاڵتەجاریەی مرۆڤە، پەنابەر لە کەمپەکاندا نوێنەری ئەو شێوە ڕوخسارەی مرۆڤە کە دەستکردی دونیای مۆدێرنە. لای ئەو کەمپ جیاوازیەکی بنەڕەتی نییە لەگەڵ ئاوشڤیتز و گۆلاکەکانی ڕوسیا. کەمپ دۆخی ئاوارتەیە لەلایەن سۆڤێرنیتەیتەوە دروست کراوە تا ببێتە ڕێسا. ئاگامبن بۆ پێناسەکردنی دۆخی بەشەریەت لە مۆدێرنەدا بۆ پێناسەکەی کارڵ شمیت دەگەرێتەوە دەربارەی(دۆخی سەروەری-سۆڤێرنیتەتیت). شمیت پێی وایە باڵادەستی لەدەرەوەی مەنزومەی یاسایی و دەستوورەوەیە، تاکە هێزە توانای هەبێت دەستوور و یاساکان هەڵپەسێرێت و دۆخی (ئاوارتە) دروست بکات. ئاوارتە چەمکی هەرە گرنگی ئاگامبنە نیشانەی تەجمیدبوونی دەستوور و قانونە مەبەستی دروستکردنی فەزایەکی نادەستووری و پڕ لە عەدەمی قانونی. لێرەشەوە حاکمی موتڵەق و فاناتیکی دروست دەبێ کە بڕیارەکانی دەچنە سەرووی هەموو یاساکانەوە. دۆخی ئاوارتە بە بیانووی گرفتێکی کاتیەوە دروست دەبێ بەڵام لای ئاگامبن ئەو دۆخە کاتی نییە و بۆ هەتا هەتایە دۆخەکە دەبێتە ڕێسا. لە کۆڕۆنا و کەرەنتینەوە بگرە بۆ کەمپەکانی پەنابەران نموونەی دۆخی ئاوارتەن کە سۆڤێرنیتەیت دروستیان دەکات. کەمپەکان کە بەرهەمی دۆخی ئاوارتەن پڕ دەکرێن لە ئینسانی بێ ماف، مرۆڤی بێ شوناس و پلەی سفری حقوق کە بەتەواوی ئەنیماڵیزەکراون.

لای بەختیار دۆخەکە شتێکی ترە. ئەو ئەگەرچی تەبایە لەگەڵ ئاگامبن بەڵام کێشەشی هەیە لەگەڵ زیادەڕەوییەکانی ئاگامبن دەرحەق بە کەمپ. پێی وایە کەمپ ساتی لەدەستدان و کۆتایی ماف نییە هێندەی سەرەتایەکە بۆ دروستکردنی ماف. کێشەی بەختیار لەگەڵ ئاگامبن لەسەر کەمپ نییە، هێندەی لەسەر لێکچواندن و موبالەغەکانی کەمپە بە کەمپەکانی نازی. پەنابەر لای بەختیار تەنیا سەر بەو تەقسە سیاسی و ئەفسانە پۆلیسیەی دەسەڵات نییە، بەڵکو پەنابەری جۆرێک لە داڕمان و هەرەسهێنانی سیستمی دەروونیشە کە پەنابەر تراژیدیانە ئەو هەستە دەژی. لە ناشوێندا بەختیار جۆرێک پەنابەر کەشف دەکات کە ئاڵۆزترین و تراژیکترین جۆری پەنابەرە. پەنابەرێک سەر بە ناشوێنە و ناتوانێت کۆنکرێتیزە بکرێت. ناشوێن عەدەم نییە بەڵکو هەزارن شوێنن لە سەر تەپوتۆزەکانی واقع کە پەنابەر لەسەر هیچ کامیان ناژییت. پەنابەری ساتی پچڕان و لێکترازانی دەست و قاچە بە شوێنەکانەوە. مرۆڤێک بەدروستی نازانێ لە تاراوگەیە یان لە نیشتمانە. جیاوازی مەنفا و ماڵ بەهێڵێکی بچووکی مەجازیەوە لێککراوەتەوە. ئەوەش عەزابێکە زۆرێک لە پەنابەرانی دونیا توشی
دەبن.

بە بۆچوونی من وێرای ئەو سەرنجە قوڵ و سەرنجراکێشانە لەسەر پەنابەری کە لە ئارێنتەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە ئاگامبن و بەختیار و هتد… بەڵام دەبێ تێکستی گەورەشمان هەبێت لەسەر نا-پەنابەر. بەدبەختی ناپەنابەر لە هەموو بەدبەختیەکانی دیکە تراژیکترە. ناپەنابەر هێمایە بۆ مرۆڤێک وێرای ئامادەبوونی هەموو سیفاتەکانی کۆچ بەڵام هێشتا ناتوانێت سەرزەمینەکە بەجێبێڵێت. مرۆڤ لە بێ توانستیدا ناچارە بین بنێ بە پوچی و داگەڕان و ئیبتزالی ماناکانەوە. ناچارە لەگەڵ تەواوی ئەو واقعە درۆزنە و هەرەسی بەها و ئەخلاقەکانی نیشتماندا خۆی بگونجێنێت. ناپەنابەری سامناکترین هەستی غەریبییە بەڵام هەموو کێشەکەی ئەوەیە لە ماڵەوەیە. ناچارە لەگەڵ هەموو توندوتژییە ڕەمزی و ناڕەمزییەکانی دەسەڵاتدا بگونجێت و بەرگە بگرێت. ناپەنابەر ڕەمزیەتی ئەو مرۆڤەیە کە ڤاکلاڤ هاڤێڵ باسی دەکات. لای هاڤێڵ ئەو مرۆڤەی لەژێر چەتری تۆتالیتاردا دەژێت بێ هێزترین جۆری مرۆڤە لە مێژوودا. نموونەکەی سەوزە فرۆشێکە لە دوکانی سەوزەکەی تابلۆی (کرێکارانی دونیا یەک بگرن) هەڵواسیوە. لە جەوهەردا دروشمەکە کێشەدار نییە و بگرە جوانیشە، بەڵام سەوزەفرۆشەکە لەترسی دەسەڵات هەڵیواسیوە.

لێرەوە تەفاهە و پوچی فەزای ژیان بەتەواوی سەردەردەهێنێت.
لە ئێستادا مرۆڤی ئێمە لەهەمان تەفاهەدا غەرق بووە و بەشی زۆری کوردی باشوور ئەو مرۆڤە بەدبەختانەن دەست و لاقیان بە نیشتمانەوە نوساوە و ناتوانن هەڵێن.
ناپەنابەر زۆر لەو پەنابەرە بێ مافترە کە لای ئاگامبن دەیبینین، زۆر لەو پەنابەرە نوقمترە لە ناشوێندا کە لای بەختیار ئامادەیە. ناشوێن بۆ ناپەنابەر بەتەواوی ڤێرچوێل و خەیاڵیە، بەڵام ترسناکتر لەوانە دەژی کە بە واقعی دەژین. نیشتمان بەهەموو فراوانیەکەی بچووک بۆتەوە بۆ وێنەی ئۆردوگایەکی بچووک. ناپەنابەر هاوڵاتییە و بێ مافە. ئەگەر بۆ ئارێنت مەنفا کێشەی شوناس بێت، ناپەنابەر ڕۆژانە لە نیشتمانەوە تف لە شوناس دەکات و ئاوڕیش ناداتەوە. ناپەنابەر بە پاسپۆرتەوە لە نیشتمانەوە ئیحساس بەکەمپ دەکات، غەمگینییەکانی ناپەنابەر مەودایان زۆر درێژتر و بەرینترە لەڕۆحی پەنابەرێتی.
ئەگەر لای بەختیار پەنابەر ئەدەواتێکی سایکۆلۆجی بێ بۆ خاوەن ماڵ تا لەڕێگەیەوە تەماسێکی دەروونی دروستبکات و لەڕێگەی پەنابەرەوە ئیگۆ و نارسیزمەکانی تێربکات، ئەوا بۆ ناپەنابەر هەمان شتە. کوردانی تاروگە هەمیشە لە ڕێگەی ناپەنابەرەوە (ئەو کوردانەی نەیانتوانیوە بگەنە هەمان شوێنگە و پێگەی ئەوان) وێنە نوقستان و ئیشکالیەکانی خۆیان دەچەپێنن. ئەویتری ناپەنابەر پێداویستیێکی ڕۆحی و دەروونییە بۆ ئەوانەی پەنابەرن و دەربازیان بووە. بەردەوام دەڵێن (سەیرکە منیش لە مەعدەنی تۆم بەڵام دەبینی چەند خاوەن مافم). ناپەنابەر ئەو پاریایەیه کە لەناوەوە بەرە دەرەوە دەردەکرێت و ناتوانێت بڕوات. سزای گەورەی ناپەنابەر دەرنەکردن و بەستنەوەیەتی بەزەویەوە، نەک فڕێدان و دەرکردنی. پەنابەر دەرکراوێکە حیکایەتەیەکەی تا ئێرەیە ئایا لەو ماڵەی تازە دۆزیویەتیەوە قبوڵ دەکرێت یاخود نا؟ ئایا دەتوانێت ببێتە مرۆڤێکی مافدار یاخود نا؟ ئایا بەتەواوی دەبێتە هاوڵاتی ئەو سەرزەمینە یان ئەوە یاریێکە تا ناکۆتا دووبارە دەبێتەوە؟ بەڵام ناپەنابەر لە گەشتێکی بەردەوامی ڕەمزی و ئیفترازیدایە بەرەوە شوێن و دەستیشی ناگات. ناپەنابەر کەرتبوونی ڕۆحە لەنیوان خواست و بێدەربەستی هەڵاتن. ڕەنگە ( ئاڕنۆڵد تۆینبی) لەسەر حەق بێ کە گوتی: کۆچبەر بەوانە دەگوترێت کە لە شوێنی خۆیان ناجوڵێن. لای بەختیار تەفسیری ئەو تێکستە بۆ ڕۆحی پەنابەر دەگەرێتەوە کە هەموو دونیا بە شوێنی خۆی دەزانێت. واتا پەنابەر بۆیە ناجوڵێت چونکە هەموو شوێنەکانی دونیا بۆیەک ماڵ یەکسان دەکات، بەو شێوەیەش لە ڕاستیدا پەنابەر ناجوڵێت. بەبڕوای من تێکستەکەی تۆینبی هێندە قسە لەسەر ناپەنابەر و بوحڕانەکانی دەکات هێندە قسە لەسەر پەنابەر و پەنابەرێتی ناکات. نا کۆچبەری دۆخی متبوون و وەستانی ڕۆحێکە وێڕای نەجوڵان و قەتیسبوونی بەڵام زۆر هەستی پەنابەریی دەژیت. ناپەنابەر مەنفیێکە لەماڵەوە دیلە و ناتوانێت بجوڵێت، ناپەنابەر هۆمۆساکەری ماڵ و نیشتمانە بە مانا سیاسیەکەی. مەنفای ترسناک ئەوەیە شوێن نەگۆڕێت بەڵام غەریبە بی. پاریا ئەو ناپەنابەرانەن هەموو هۆیەکانی هەڵاتنیان لەگیرفانە بەڵام هێزێکی تر دەست و قاچیان دیل دەکات و ناهێڵێت ببنە پەنابەر.

ئالان فەرمان




فازڵ عه‌زاوی له‌ شیعری (قومارچی)دا.. و : نه‌ژاد عزیز سورمێ

جیهان لە پێش خۆتدا

لەسەر سفرە دابنێ و

پارچە پارچە

قوماری پێ بکە..!

قومار لەسەر خۆر و مانگ بکە !

ئەگەر دۆڕاندت ،

ڕوناهی ئەستێرانت بۆ دەمێنێـتەوە.

قومار لەسەر درەختی دارستان و باخچان بکە !

ئەگەر دۆڕاندت ،

قومار لەسەر بیابان و دەریا بکە

قومار لەسەر شار و گوند و شەقامان بکە.

هەمیشە ئەشکەوت و بنـتاوێـرم خۆشویستوون.

قومار لەسەر زێڕ و زیو بکە !

دەتوانی گەنجینەکانت پڕ لە خۆڵیش بکەی ..

قومار لەسەر خواوەند بکە !

ئەگەر دۆڕاندت لانی کەم شەیتانت بۆ دەمێنێـتەوە..

لە بەرابەر ژووری پڕ لە دووکەڵتدا

ئارام لێبڕاو دادەنیشێ چاوەڕێت دەکا..

ئینجا بەیەکجاری قومار لەسەر هەموو شتێک بکە

چ باکتە ببەیەوە یا بدۆڕێنی ؟

مادەم دەزانی جارێکی دی.. تا کۆتایی

یارییەکە دەکەیـتەوە.

(*) له‌ كۆشیعری شاعیر(فراشة فی طریقها الی النار) بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌زگای (المدی)- 1998 كراوه‌ به‌ كوردی.




پشت دیواری مه‌رگ.. به‌ختیار محه‌مه‌د

له‌ پشت دیواری مه‌رگ
وه‌ك مناڵێكی هاری چه‌توون
بانگت ده‌كه‌م
ژیان چه‌ند خۆشه‌ ئاوا!
له‌وێ ده‌چینه‌ باخی نه‌مری خواوه‌نده‌كان
وه‌ك دوو باڵنده‌ش
ئاسمان ده‌كه‌ینه‌‌ ماڵمان
ژیان بروسكه‌ی گۆرانییه‌كه
له‌ نێوان عه‌شقی زه‌وی و ئاسماندا
له‌وێ،
چه‌پكێك گوڵه‌ نێرگزی ئه‌ستێره‌ت
پێشكه‌ش ده‌كه‌م
ئێستا ئێمه‌‌ ماڵمان له‌ پشت دیواری مه‌رگه‌
ئه‌رێ دێی بۆ ئه‌وێ؟
ئه‌گه‌ر هاتی
با جێژوانیشمان له‌ باخچه‌كه‌ی
خواوه‌ند بێ!
هه‌ردووكیشمان به‌یانی
له‌ ماڵی عه‌شتار ده‌عوه‌تین
به‌ڵام ئه‌وه‌ش له‌بیر نه‌كه‌ی
كه‌ هاتی، بۆنی خۆشی ئازادی له‌ خۆت بده‌ی!
عه‌شتار به‌ڵێنی داوه‌
كه‌ خۆشترین گۆرانیی
عه‌شقمان بۆ بڵێ
ئێمه‌ش دڵخۆش، پێی ده‌ڵێین:
سوپاس ئه‌ی خواوه‌ندی عه‌شق!
سوپاس.
سوپاس
بۆ ئه‌و خه‌ونه خۆشه‌‌‌ جاویدانییه‌‌ت.

به‌ختیار محه‌مه‌د




سەلام عومەری شاعیرو..هێما واڵاکان.. ستار ئەحمەد

ــ پاشا ــ
ئەو كەسەی درەختی ئازادی دەبڕێ‌
رۆژێك دێ‌ تەورێك ورگی بدڕێنێ‌
باڵندەیەكیش فێرە قەفەس بێ
هیچ كەس ناتوانێ‌ هەڵیفڕێنێ‌

پاشایەك رەزی خۆی پێ‌ ئاو نەدرێ‌
وەك چرای بەرخۆر كز كز دەنوێنێ‌
نزاو لایلایەی لەلای خەڵكەكەی
وەك ئەوە وایە منداڵ بنوێنێ‌

كەی باڵندەكان بوونە خاوەنی
درەخت و دان و هێلانەی خۆیان
ئەوكات دڵنیام جووتیارەكانمان
بەدەستی خۆیان دان دەبەن بۆیان
ــــ
لەم شیعرەی “پاشا”ی سەلام عومەردا، دەتوانین چەندین لایەنی هونەری و ناوەرۆکی گرنگ هەڵسەنگێنین:
١. ناوەڕۆک و پەیام (سیاسی و کۆمەڵایەتی):
هێمای ئازادی و ستەمکاری: شیعرەکە بە ڕوونی باس لە چەمکی ئازادی و ستەمکاری دەکات.
“درەختی ئازادی” هێمایە بۆ ماف و سەربەستی گشتی.
“ئەو كەسەی درەختی ئازادی دەبڕێ” ئاماژەیە بۆ دیکتاتۆر و دەسەڵاتدارە ستەمکارەکان.
سزای ستەمکار: دێڕی “رۆژێك دێ‌ تەورێك ورگی بدڕێنێ‌” پەیامێکی توند و ئاشکرایە لەسەر سزای کۆتایی زۆرداران، کە سزاکە لەسەر دەستی هەمان ئامرازی تاوانکاری (تەور) دەبێت.
کاریگەریی زیندانیکردن:
“باڵندەیەكیش فێرە قەفەس بێ / هیچ كەس ناتوانێ‌ هەڵیفڕێنێ‌” ئەمە یەکێکە لە دێڕە کاریگەرەکان، باس لە مەترسیی ڕاهاتن بە ژێردەستەیی دەکات. ئازادی لێ سەندنەوەی بەردەوام، وا لە مرۆڤ (باڵندە) دەکات کە لەبیری بکات دەتوانێت بفڕێت، ئیتر ناتوانرێت بە زۆر ئازاد بکرێت. ئەمە ڕەخنەیەکی قووڵە لە دۆخی چەقبەستوویی کۆمەڵگا.
سەرکردەی بێدەسەڵات (پاشا):
کۆپلەی دووەم باس لە “پاشایەک” دەکات کە لە دۆخێکی لاواز و بێکاریگەریدا دەژی (وەك چرای بەرخۆر كز كز دەنوێنێ‌).
کردارەکانی (نزاو لایلایە) هیچ سوودێکی نییە بۆ خەڵکەکەی، بەڵکو تەنها وەک “منداڵ نوواندن”ێکە، ئەمەش نیشانەی بێهودەیی و نەبوونی متمانەی خەڵکە بەو دەسەڵاتە.
خاوەندارێتی و چارەسەر:
کۆپلەی سێیەم چارەسەرەکە دەخاتەڕوو، کە لە خاوەندارێتی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی دایە. کاتێک مافەکان (درەخت، دان، هێلانە) دەگەڕێنەوە بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکانیان (باڵندەکان)، ئەوکات دۆخەکە بە تەواوی دەگۆڕێت و خەڵک (جووتیارەکان) بە دڵسۆزییەوە خزمەت داهاتەکەی خۆیان دەکەن.
٢. شێواز و هونەری شیعر (ڕەوانبێژی):
زمانێکی سادە و ڕوون: شیعرەکە بە زمانێکی پاراو و سادە نووسراوە کە ڕاستەوخۆ دەگاتە خوێنەر.
کاریگەریی وێنەکان (مێتافۆر): شاعیر بە لێهاتوویی چەندین هێما و وێنەی جوانی بەکارهێناوە:
“درەختی ئازادی”، “تەور”، “باڵندە و قەفەس”، “پاشا”، “رەز” و “چرای بەرخۆر” هەموویان هێمان بۆ چەمکی گەورەتر.
چیرۆک گێڕانەوە ، بە هۆی ئەم هێمایانەوە، قووڵییەکی زیاتری بە پەیامەکە داوە.
ڕیتم و کێش (سروود): شیعرەکە گونجاوە بۆ گۆڕان و وتنەوە، ڕیتمێکی سادە و نزیک لە کێشی بڕگەیی کوردی هەیە، کە یارمەتی لەبەركردن و گواستنەوەی پەیامەکە دەدات.
چوارخشتەکی : شیعرەکە لە سێ چوارخشتەکی پێکهاتووە، کە هەر یەکەیان بیرۆکەیەکی سەرەکی لەخۆ گرتووە و پێکەوە تەواوکەری یەکترن بۆ پەیامە گشتییەکە.
کۆبەند:
شیعری “پاشا” لە ڕووی ناوەرۆکەوە شیعرێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی نیشانەدارە کە ڕەخنەیەکی توند لە دەسەڵاتی ستەمکار و بێدەسەڵاتی کۆمەڵگای بە قەفەس کراو دەگرێت. لە ڕووی هونەریشەوە، بەهۆی سادەیی زمان و بەکارهێنانی سەرکەوتووانەی هێما و وێنەی شیعرییەوە، شیعرێکی کاریگەرە و پەیامەکەی بە ئاسانی دەگەیەنێت.

ستار ئەحمەد




کاریگەریی دەوڵەت لەسەر مانەوەی زمان و نەتەوە، چەمکسازی و پێناسەکان.. شێرکۆ کرمانج

ئەمە بەشی دووەمە لە بابەتێکی چوار بەشی بەناونیشانی “لە نەبوونی دەوڵەت‌ـدا، زمان و نەتەوە لەناودەچن، کەیسی کورد”. لە بەشی یەکەمدا قسەمان لەسەر پێگەی زمانی کوردی کرد لەگەڵ ئەو مەترسیانە کە ئەمڕۆ بەتایبەتی زمانی کورد لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی وڵات ڕووبەڕووی بوونەتەوە. لەم بەشەدا قسە لەسەر پێگەی دەوڵەت دەکەین لەسەر مانەوەی زمان.
بۆ ئەوەی بزانین لەناوچوونی نەتەوە بە چییەوە بەندە سەرەتا دەبێت پێناسەی نەتەوە بکەین. ئەوە زانراوە کە پێناسەی جیاجیا و لە دید و تێگەیشتنی جیاوازەوە نەتەوە ناسێنراوە. بەڵام ئێمە بۆ پێناسەی نەتەوە ئەو پێناسانە بە چاک دەزانین کە بنەماکان و کۆڵەگەکانی نەتەوە دیاری دەکەن، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە پەیوەند بە ئارگیومێنتی سەرەکی ئەم بابەتە کە پێشنیاز دەکات “نەتەوە لە بێدەوڵەتیدا ئەگەرەکانی پووکانەوە و لەناوچوونی دێتەگۆڕێ” گرنگە کە بنەما و کۆڵەگەکانی نەتەوە دیاری بکەین، چونکە ئێمە پێمان وایە کە تەنیا دەوڵەت یان کیانێکی/بوونێکی دەوڵەتئاسا دەتوانێت بنەماکان و ئەستونەکانی نەتەوە دروست بکات و پەرە پێ بدات بپارێزێت، بەرزڕاگرێت، واتە لە لەناوچوونی ڕزگاریان بکات.
بۆ ئەم مەبەستە لێرە “نەتەوە” وەک گرووپێک پێناسە کراوە کە بە ئاگایی ‌و ئیرادەی خۆیان کۆمەڵگەیەکیان پێکهێناوە، کۆمەڵگەکەش خاوەنی ناسنامە و کۆیاد و کولتوور (زمان، دابونەریت، کەلەپوور) و مێژوو و ڕەچەڵەک و خاکێکی هاوبەشن. هاوکات، هەستی هاوپشتیوانی بەیەکەوەیان گرێ دەدا و پڕۆژەیەکی هاوبەشیشیان هەیە بۆ دواڕۆژ و بانگەشەی مافی خۆبەڕێوەبردن دەکەن. مافی خۆبەڕێوەبردنیش دەکرێت لە چوارچێوەکانی سەربەخۆیی، کۆنفیدرالی، فیدرالی یان ئۆتۆنۆمی بەدەست بێنێت (Guibernau 2004: 132). لێرەدا دەبێت ئەو جیاوازییە دیاری بکەین کە لەنێوان “نەتەوە” و “دەوڵەت-نەتەوە”دا هەیە. هاووڵاتییانی “دەوڵەت-نەتەوە” بەگشتی نیشتەجێی هەمان وڵاتن ‌و مافی یەکسانیان هەیە و ئامێزانی چەندین پەیوەندی شاقووڵیی ئابوورین. “نەتەوە” هەموو کارەکتەر و خەسڵەتەکانی “دەوڵەت-نەتەوە”ی تێدایە بێجگە لە مافی هاووڵاتییبوون بە یەکسانانە لەگەڵ پەیوەندییە ئابوورییە شاقووڵییەکە. بە شێوازێکی دیکە، ئەوەی نەتەوە لە دەوڵەت-نەتەوە جیادەکاتەوە ئەوەیە کە نەتەوە کیانێکی کۆمەڵایەتییە بەڵام دەوڵەت-نەتەوە کیانێکی هەم کۆمەڵایەتییە هەم یاسایی.

هەندێک گرووپ هەن کە نیشتەجێی وڵاتێکی دوای-کۆڵۆنیاڵن (وەک عێراق و سووریا) یان دەوڵەت-نەتەوەیەکن (وەک تورکیا و ئێران) کەچی بەخۆیان دەڵێن “نەتەوە” یان گەشەیان کردووە بۆ “نەتەوە”. ئەم گرووپانە وەک نەتەوەی-بێ-دەوڵەت (nation-without-state) ناسراون. نەتەوە-بێ-دەوڵەتەکان گرووپی وابەستەن بە خاك (territorial community) کە خاوەن ناسنامەی نەتەوەیی/نیشتیمانیی خۆیانن ‌و ئارەزووی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان هەیە بەڵام کەوتونەتە نێو سنووری وڵاتێک، یان چەند وڵاتێک، کە بەگشتی خۆیان بە دەوڵەتەکە ناناسێنن (وەک: کوردەکان، کەتەلۆنەکان، تامیلەکان‌ و سکۆتلەندییەکان).
ئەم بابەتە چوارچێوە و تێگەیشتنەکانی بنیاتگەراکان (constructivists) دەکات بە چاویلکەیەک بۆ شرۆڤە و گفتوگۆی دیدگایەک بۆ سەرهەڵدان/دروستبوونی نەتەوە، وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی-سیاسیی. لە ڕوانگەی بیناتگەراکان، هەموو دیاردە و مانا و بەها و ڕاستییەکان و ناڕاستییەکان، دیاردەگەلێکن، ماناگەلێکن، بەهاگەلێکن، ڕاستییگەلێکن کە لە پڕۆسەیەکی کۆمەڵایەتیی-سیاسیی-ئابووریی-مێژووییدا دروست بوون و هەر لە پڕۆسەیەکی هاوشێوەش لەوانەیە لەناوبچن. بەم پێیە، بنیاتگەراکان، کە لە پەیوەند بە نەتەوە و ناسیونالیزم زیاتر وەک تازەگەراکان (modernists) ناسراون، پێیان وایە کە نەتەوەکان بەرهەمی ناسیۆنالیزمن، نەک بە پێچەوانەوە (Walicki 1998). ئەوە بەو مانایەیە کە نەتەوە شتێکی ڕاستەقینە و بابەتیی و پێویست نییە بەڵکو “بنیاتنراو” و “دەستکرد” و “بەرهەمی” نوخبەی سیاسیی و ڕووناکبیرییە. ئێمە تەواو هاوڕای ئەو دیدە نین کە هەموو نەتەوەکان دروستکراوی دەوڵەتن، بەڵکوو لەوەدا هاوڕاین کە هەندێک نەتەوە (وەک ئەمریکی، ئوسترالی، کەنەدی) دروستکراون، بەڵام هەندێک نەتەوە هەن کە ڕەگی ئیتنیان هەیە (وەک، ئەڵمانی، فەرەنسی، کورد، کەتەلۆنی). هاوکات، ڕۆڵی نوخبەی سیاسی و ڕووناکبیریی بەهەند وەردەگرین لە گەشەپێدانی نەتەوە لە گرووپی ئیتنییەوە (وەک ئینگلیزی)، یان لە چەند گرووپێکی ئیتنییەوە (وەک فەرەنسی).
ئێمە لە خوارەوە کە باس لە تیورەکانی نەتەوە دەکەین ڕای خۆمان زیاتر ڕوون دەکەینەوە، بەڵام لێرە گرنگە ئەوە بدرکێنین کە ئەوەی ئێمە لە پەیوەند بە بنیاتگەراییەوە پشتی پێ دەبەستین ئەوەیە کە لە دنیای مۆدێرن، لە سەدەی بیستەم و بیست و یەکەم، لە دنیایەک کە لەسەر بنەمای دەوڵەت-نەتەوە دامەزراوە، هیچ دامەزراوە و دەزگایەک لە دەوڵەت بەهێزتر نییە لە دروستکردنی ماناکان (وەک: تورکییبوون یانی چ و کوردبوون یانی چی؟)؛ پلەبەندکردنی بەهاکان (وەک: زمانی فارسی “فەرمیی و باڵایە” و کوردی زمانی “لۆکاڵ و خێڵ و عەشیرەتە”)؛ لە بەفەرمیکردن و بەهێزکردنی هەندێک زمان (وەک: تورکی لە تورکیا) و لە پەراوێزخستن و یاساغکردنی هەندێک زمانی دیکە (وەک: کوردی لە تورکیا)؛ لە دروستکردنی مێژوو (وەک: بە هیتییکردنی ڕەچەڵەکی تورک) و چەواشەکردنی مێژوو (وەک: ناساندنی کورد وەک “تورکە شاخاوییەکان”)؛ لە برەودان بە کولتوور و کەلەپوورێک (وەک: عەرەبی-ئیسلامی لە عێراق و سووریا) و یاساغکردن و بنبڕکردنی کولتوور و کەلەپوورێکی دیکە (وەک: تەعریبکردنی کورد و کوردستان لە عێراق و سووریا). ئەمانە و سەدان نموونەی دیکە، هەموو پێمان دەڵێن کە بە بەراورد بە دامەزراوەکانی دیکە (بۆ نموونە، حیزب و کۆمەڵگەی مەدەنی)، دەوڵەت بەهێزترین و کاریگەرترین دەزگا و دامەزراوەی دروستکەری مانا و بەها و ڕاستییەکان و ناڕاستییەکانە. ئەو نموونەیەی ئێستا ئاماژەی پێ دەکەین زۆر لایەنی ئەم ڕاستییە دەخاتەڕوو. لە ١٩٨٧-١٩٨٨، حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی کە تاکە حیزب بوو لە عێراق، لەبەرانبەردا لە باشووری کوردستان (کوردستان لە عێراق) هەشت حیزب بەرەی کوردستانیان پێک هێنابوو، کەچی حیزبی بەعس توانی شکست بە هەر هەشت حیزبی کوردستانی بهێنێت. ئەوەی کە ئەو هێز و توانایەی دابووە حیزبی بەعس ئەوە تەنیا تواناکانی بەعس نەبوو وەک حیزبێک بەڵکوو ئەوە دامەزراوەکانی دیکەی دەوڵەت بوون وەک: سوپا (هێزی زەمینی و دەریایی و ئاسمانی، ئیستیخباراتی عەسکەری، تەسنیعی عەسکەری)، پۆلیس بە هەموو لق و پۆپەکانی، ئەمنی عام و خاس، موخابەراتی ناوخۆ و دەرەوە، جەیشی شەعبی، ئەفواجی خەفیفە، لەگەڵ تەواوی وەزارەتەکانی دیکە (بۆ نموونە، پەروەردە و کار و نیشتەجێکردن)، کە توانای بەعسیان سەدبارتەقای حیزبە کوردستانییەکان کردبوو، توانای تەفروتووناکردنی ئەوانی فەراهەم کردبوو.
بە دەربڕینێکی دیکە، ئەوەی تێگەیشتن و بەها و مانا و مێژوو و ناسنامەی مرۆڤەکان (وەک تاک یان دەستەجەمعی) دروست دەکات، دەکرێت لەمانە کورت بکرێنەوە: دین؛ کولتوور؛ حکومەت (جۆری سیستەمی حوکمڕانی و یاسا و دەستوور و پۆلەسی)؛ خوێندن و پەروەردە؛ زانست؛ میدیا و خێزانن. لەمانە، خێزانی لێ دەرچێت، کەم تا زۆر، دەوڵەت دەسەڵاتی بەسەر زۆربەی دامەزراوە و دەزگاکانی دیکە، کە لێرە ئاماژەیان پێ کرا، لە دروستکردنی ڕەفتار و هەڵسوکەوت و تێگەیشتن و ناسنامەی مرۆڤەکاندا هەیە و لە هەمووشیان کاریگەرترە. دەوڵەت تاکە دامەزراوەیە کە بتوانێت پڕۆسەگەلی ئاڵۆز وەک جینۆساید، زمانکوژی، کەلتوورکوژی، تواندنەوە، ڕاگواستن، چۆڵکردن، بەعەرەبکردن، بەفارسکردن، بەتورککردن، ئەشکەنجە و زیندانیکردنی بەکۆمەڵ، ترس و تۆقاندن وەگەڕبخات ‌و ڕێکبخات‌ و بەئەنجامی بگەیەنێت لەڕێگەی کەڵکوەرگرتن لە دامەزراوە فەرمی و نافەرمییەکانییەوە، لەڕێگەی تەجنیدی زۆرەملێی و لەشکر و پەروەردەی گشتیی‌ و وەیەککردنی زمان‌ و کولتوور، هتد‌.
پرسیارێکی دیکەی گرنگ لەو پەیوەندەدا ئەوەیە کە نەتەوە چۆن دروست دەبێت؟ ئێمە دەزانین نەتەوە لە پڕۆسەیەکی کۆمەڵایەتی-سیاسیی-مێژوویی لەدایک دەبێت، بۆیە ئەگەری ئەوەی هەیە لە پڕۆسەیەکی پێچەوانە لەناوبچێت. ئەم پرۆسە بۆ ئێمە زۆر گرنگە چونکە ئەگەر نەتەوە ڕێگری لە پرۆسەی دروستبوونی یان کاملبوونی بکرێت یان پڕۆسەی دروستبوونی پێچەوانە بکرێتەوە ئەوە دەپووکێتەوە و ون دەبێت. لێرە مەبەست لە لەناوچوون مەرج نییە ئینقیراز (extinction) بێت، ونبوونی یەکجارەکی، بەڵكوو نزمبوونەی پێگەی نەتەوەکە و زمانەکەیەتی بە ئاستێک کە بوون و نەبوونی وەک یەک وابێت. بۆیە زۆر گرنگە بزانین کە نەتەوە چۆن دروست دەبێت.
دروستبوونی نەتەوە (nation formation) ئەو پڕۆسە کۆمەڵایەتیی-سیاسییەیە کە تێیدا خێڵ ‌و قەبیلەکان وردە وردە لە پڕۆسەیەکی مێژووییدا گەشە دەکەن بۆ گرووپی ئیتنیی (ethnic)، لەوێشەوە هەنگاودەنێن بۆ ئەوەی ببن بە نەتەوە (nation)، ئەگەریش قەوارەیەکی سەربەخۆ لە هەرێمێک یان دەوڵەتێکدا پێکبێنن ئەوا دەگەن بە، یان دەبن بە، دەوڵەت-نەتەوە (nation-state). دیارە ئەم پڕۆسە و گۆڕانکارییانە لە خودوخۆڕاییەوە ڕوونادەن بەڵکوو لە ژێر کاریگەریی هەندێک هۆکاری مەوزوعی‌ ‌و هەندێکی زاتیی ڕوو دەدەن. هۆکارە مەوزوعییەکان، بەکورتی، بریتین لەو گەشە کۆمەڵایەتیی-سیاسییانەی لە میانی پڕۆسەی مۆدێرنەتە دێنەپێش. بۆ نموونە، پەیدابوونی چاپ‌ و چاپەمەنی‌ و قوتابخانە و خوێندنی بەکۆمەڵ (mass education)، سەرهەڵدانی میدیا و سەرهەڵدانی پیشەسازی (industrialization) لەگەڵ کۆچکردن‌ و بەشاربوون (urbanization)، واتە گەورەبوونی شارەکان (Anderson 1991: 18, 37-40; Gellner 1998: 32; 1994: 55-63; 1983: 5-7). هۆکارە زاتییەکانیش، دیسان بەکورتی، برییتین لە دەستێوەرەدان‌ و کاریگەریی دەستەبژێری سیاسیی‌ و ڕووناکبیریی گرووپە ئیتنییەکان لە زیندووکردنەوە و زیندوڕاگرتن‌ و دروستکردنی کولتوور و کۆیاد ‌و دیاریکردنی چارەنووسی هاوبەش. بۆ نموونە، دانانی سەربەخۆیی‌ و ڕزگاری نیشتیمانیی وەک ئامانجێکی نەتەوەیی/نیشتیمانیی هاوبەش لەلایەن دەستەبژێرەوە. ئەویش لە ئەفراندنی سروود بۆ نەتەوە و نیشتیمان لەلایەن شاعیر (وەک: پیرەمێرد) و گۆرانیبێژان ‌(حەسەن زیرەک) و بەرزکردنەوەی ئاڵا و زیندووکردنەوە و زیندوڕاگرتنی یادە نەتەوەیی ‌و کولتوورییەکان.
ئێرنست گێلنەر کە ناسراوترین تیوریستە لەنێو تازەگەرەکان پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە پڕۆسەی گەشەی پیشەسازی‌ و مۆدێرنەتە (modernization)، کە بەشاربوون‌ ‌و دروستبوونی سەدان شاری نوێی لێکەوتەوە، بوون بە مایەی لە ڕیشە هەڵکێشان ‌و سڕینەوەی دابونەریت‌ و وابەستەییە (ئینتیما) سونەتییەکانی کۆمەڵگە کشتوکاڵییەکان‌ و تێکچوونی هاوسەنگییە کۆنەکەی نێوان شار و دێ. لە ئاکامی ئەم پێشهاتەدا کولتووری شار جێگەی بنیات‌ و کولتووره‌ سونەتییەکان‌ و وابەستەیی بۆ گوند و عەشیرەتی گرتەوە. ئەم گۆڕانکارییە فیزیکی‌ و کولتوورییانه‌ وای کرد کە هەستی وابەستەیی لە ڕێگەی هاووڵاتییبوونەوە گەشە بکات. گێلنەر پەروەرده‌ی بەکۆمەڵ بە پێشمەرجێک بۆ دروستبوونی نەتەوە دادەنێت. بێنیدیکت ئەندرسن پێی وایە ناسیونالیزم لە سەدەی نۆزدەدا بە تەواوی دەرکەوت‌ و ناسرا چونکە زمان بوو بە هۆکارێکی سەرەکی یەکگرتنی کۆمەڵگە هاوزمانەکان، ئەویش لە ئاکامی بڵاوبوونەوەی خوێندەواری. لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی خوێنەرانی ڕۆژنامە و کتێب‌ و بڵاوکراوەکان، ئیدی خەڵکەکە وای لێهات ئاگاداری هەواڵ ‌و پێشهاتەکانی کەسانی دوور و نزیک بن. ئەو هەواڵ‌ و پێشهاتانەی کە خەڵک ڕۆژانە و حەفتانە بەرچاو و بەرگوێیان دەکەوت و سنوورە لۆکاڵییەکانی دەبڕی‌ و ببوون بە مایەی دروستبوونی هەست‌ و سۆز و وابەستەییەک لەو دیوی سنوورەکانی کۆمەڵگە لۆکاڵییە بچووکەکان بۆ قەراغێک کە تخووبی وڵاتەکەی، نەتەوەکەی، زمانەکەی، نیشتیمانەکەی پێک دەهێنا، ئەمەش نەتەوە یان “دەوڵەت-نەتەوە”ی لێکەوتەوە.
هاوتای، گێلنەر و ئەندرسن، ئێریک هۆبزباوم، کە تازەگەرێکی مارکسییە، دەڵێت نەتەوە لەلایەن دەستەبژێرەوە، بە بەکارهێنانی کۆمەڵێک “دابونەریتی داهێنراو”، دروست کراوە، دروست دەکرێت. ئەم دابونەریتانەش لە سیمبول‌ و ئەفسانە نەتەوەییەکان‌ و مێژوویەکی داڕێژراوەوە هەڵهێنجراون (Hobsbawm 1994: 77). ئەو لەو باوەڕەدایە کە سیاسەتە مەرکەزییەکانی دەوڵەتەکان لە هەموو شتێک زیاتر لە پشت بڵاوبوونەوە و توندوتۆڵکردنی گرنگیی نەتەوەن. بەگوێرەی دیدی تازەگەرەکان، نەتەوە پێش مۆدێرنەتە بوونی نەبووە و دەوڵەت ڕۆڵی کاریگەر لە دروستکردنی نەتەوەدا دەبینێت. ئەگەر ئەم دیدە وەک تێگەیشتنێک وەربگرین، ئەوە بۆ دروستبوونی نەتەوە دەوڵەت زەرورە، بە واتایەکی دیکە لە غیابی دەوڵەت نەتەوە دروست نابێت، ئەگەر دروستیش بووبێت ئەوە لەوانەیە لەناوبچێت.
دیدێکی دیکە بۆ دروستبوونی نەتەوە لەلایەن ئانتنی سمیس و جۆن هەچینسن گەشەی پێدراوە و وەک ئیتنۆسیمبولیی (ethno-symbolic) ناسراوە. سمیس دەڵێت لەوەدەچێت نەتەوە دیاردەیەکی مۆدێرن بێت بەڵام ڕەگوڕیشەکانی پێش-مۆدێرنەتەی لەناخی خۆیدا هەڵگرتووە و پێیەوەدیارە. بەواتایەکی دیکە، نەتەوەکان هەڵگری خەسڵەت‌ و توخمەکانی گرووپە ئیتنییەکانن، لەوانە: ڕەچەڵەکی هاوبەش، سیمبول ‌و ئەفسانە و یادەوەریی مێژوویی هاوبەش، لەگەڵ شوناسێکی کولتووریی باڵکێش (Smith 2002: 8-9; 1999: 36-42; 1987: 154). ئەگەر زیاتر قووڵبینەوە و وردبینەوە ئەوە پێکهاتە و خەسڵەت‌ و توخمە ئیتنییەکان لە زۆربەی نەتەوەکان (ئەڵمانی، فەرەنسی، تورکی، ڕووسی، کوردی) دەبینین، ئەو نەتەوانەی لێ دەرچێت کە لە پڕۆسەی نیشتەجێبوون و لەلایەن دەوڵەتەوە دروستکراون (وەک ئەمریکی، ئوسترالی، کەنەدی)، کە ڕەگێكی ئیتنی دیاریکراویان نییە بەڵکوو نەتەوەگەلێکن کە لە نیشتەجێبوونی خەڵکانێکی سەر بە گرووپی ئیتنی جیاجیا دروستکراون لەلایەن دەوڵەتەوە. بەشداری گرنگی هاچینسن لەم تێگەیشتنە قسەکردن‌ و ڕەخنەگرتنیەتی لە ڕۆڵی دەوڵەت لە دروستکردنی نەتەوە. ئەو بیرۆکەکان‌ و تێڕوانینەکانی گێلنەر و ئەندرسن‌ و هۆبزباوم لەمەڕ ڕۆڵی دەوڵەت‌ و دامودەزگاکانی لە دروستکردنی نەتەوەدا دەخاتە ژێر پرسیار و ڕەخنە دەکات. هاچینسن پێی وایە نەتەوە و دەوڵەت پەیوەندییەکی لاوەکییان هەیە ‌و تواناکانی دەوڵەت بۆ ڕێکخستن و دروستکردنی نەتەوە سنووردارن‌ و بەرزی‌ و نزمی بەخۆیانەوە دەبینن (Hutchinson 2000: 654). ئەو بۆچوونەکانی خۆی بە دیاردەی سەرهەڵدانی ناسیونالیزمێک لەناو خودی دەوڵەتێک لە دژی ناسیونالیزمی دەوڵەت یان دەسەڵات، وەک ناسیونالیزمی سکۆتلاندی لە دژی دەوڵەتی بەریتانی یان ناسیونالیزمی کوردی لە دژی ئەو دەوڵەتانەی کە کوردیان تێدادەژی، پشتڕاست دەکاتەوە. واتە هاچینسن دەڵێت، مادام دەوڵەت نەتەوە دروست دەکات، ئەی چۆنە لەناو دەوڵەتێکدا دوو، یان زیاتر، لە ناسیونالیزمێک سەرهەڵدەدەن، یان بوونیان هەیە.
ئێمە هاوڕاین لەوەی کە ناسیونالیزم لە پەراوێز و لە کەنارەکانی ناسیونالیزمی دەوڵەت-نەتەوە دروستبوون و هەر دوو نموونەکە (سکۆتلاندی و کوردی) پشتڕاستی ئەو تێگەیشتنە دەکەنەوە بەڵام ئەوەی ئێمە هاوڕای نین دوو شتە: یەکەم، ناسیونالیزم و نەتەوەی کەنار و پەراوێز لە درێژمەودا لە غیابی دامەزراوەکانی دەوڵەت (حکومەت، پەرلەمان، سوپا، وەزارەتی پەروەردە، هتد) یان دامەزراوەی دەوڵەتئاسا (کیانێکی کۆنفیدراڵی، فیدرالی، ئۆتۆنۆمی) کە بتوانێت سیاسەتەکانی گەشە و پاراستن و بەرزڕاگرتنی ناسنامە و زمان و کولتوور و مێژوو و کەلەپوور و کۆیاد بەرجەستە بکات، ئەوا دەپووکێتەوە و ئەگەرەکانی لەناوچوونی دێتەگۆڕێ. دووەم، ئەوەی ناسنامە و زمان و کولتوور و دابونەریتی گرووپە ئیتنی و نەتەوەییەکان لە پەراوێز و کەناردا لە سەدان ساڵی ڕابردوودا پاراستبوو ئەوە خێزان و گوندە دوورەدەستەکان بوون. لە دنیای مۆدێرن و جیهانگیرییدا خێزان لاوازترین دامەزراوەیە بۆ پاراستن و پارێزگارییکردن لە ناسنامە و زمان و کولتوور. ئەوەی ئەمڕۆ ناسنامە و کولتوور دروست دەکات و زمان زاڵ دەکات ئەوە دەوڵەت و دامودەزگاکانی دەوڵەتن لە باشترین حاڵدا، لە خراپترینیش ئەوە هێز و تواناکان و دامەزراوەکانی جیهانگیریین کە هەم ناسنامە هەم زمان هەم کولتوور دەسەپێنن، جا ئەو ناسنامەیە کۆزمۆپۆلیتان بێت، زمانی ئینگلیزی یان چینی بێت، یان کولتووری ڕۆژئاوایی بێت.
بەبنەما لەسەر ئەو گفتوگۆیانەی پێشووتر، هاوکات، هەندێک پێشنیاز کە میراسلۆڤ هرۆچ (Hroch 1996: 79) خستوونەتییەڕوو دەکرێت سێ پێشمەرج بۆ دروستبوونی نەتەوە دەستنیشان بکەین.
یەکەم، کۆیادێکی هاوبەشی دیرۆکیی، جا چ سەرکەوتن بێت چ شکست، چ ڕاستی بێت چ ئەفسانە. بۆ نموونە، سەرکەوتنی کاوە بەسەر زووحاک بۆ کورد کە نەورۆز، جەژنی نەتەوەیی کوردی، لێکەوتۆتەوە؛ سەرکەوتنە یەک لەدوای یەکەکانی عەرەبە-موسڵمانەکانی نیمچە دوورگەی عەرەب بەسەر بێزەنتییەکان‌ و ساسانییەکان ‌و دامەزراندنی دەوڵەتەکانی ئەمەوی ‌و عەباسی بۆ عەرەب، کە بە سەردەمی زێڕین لە مێژوودا لای عەرەبەکان ناوزەد دەکرێت؛ گرتن‌ و ڕاپێچ کردنی جووەکان لەلایەن نەبوخوزنەسەر ‌و فڕێدانیان لەسەر کەنارەکانی زێی فورات لە بابل بۆ جووەکان، وەک کۆیادێکی تاڵ بۆ جووەکان. ئایا کۆیاد بەبێ بوونی مۆزخانەی نەتەوەیی/نیشتیمانیی دەکرێت، ئایا بەبێ دەوڵەتی نیشتیمانیی نەتەوەکە دەکرێت مۆزخانەت هەبێت. بە دەربڕینێکی دیکە، ئایا کورد و کوردستانیان لە تورکیا یان لە ئێران دەتوانن مۆزەخانەی نەتەوەیی-نیشتیمانیی-کوردستانییان هەبێت، یان ئەوەی هەشە وەک تورکی/تورکیایی، یان فارسی/ئێرانیی هەژمار دەکرێت. بەدڵنیاییەوە، وەڵامەکە دووەمە.
دووەم، پەیوەندییە، ‌کولتووریی ‌و زمانییەکان لەنێو ئەندامانی گرووپەکە گەیشتبێتە ئاستێک کە ببێتە مایەی دروستبوونی پەیوه‌ندییەکی کۆمەڵایەتی لەنێویاندا کە لە پەیوەندی ئەندامانی گرووپەکە لەگەڵ کەسانی دەرەوەی گرووپەکەی خۆیاندا زۆر بەهێزتر بێت. بۆ نموونە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوخۆی کوردەکان لە پەیوەندی کوردەکان لەگەڵ گرووپە دراوسێکانییاندا (عەرەب‌، فارس‌ و تورک) بەهێزتر بێت. بەڵام ئایا ئەوە لە غیابی دەوڵەتدا دەکرێت، داخۆ چۆن پەیوەندییەکی وا ڕێک دەخرێت کاتێک کە زمانی گرووپێکیان زمانی پەروەردە و خوێندن و نووسین بێت، زمانی بازاڕ و مەعریفە و زانست و ئەدەب بێت، زمانی فەرمی دەوڵەت و زمانی پەیوەندی بێت، وەک زمانی فارسی و تورکی لە ئێران و تورکیا. داخۆ ئەمە دەکرێت کاتێک زمانەکەی دیکە، کوردی بۆ نموونە، تەنیا لە ماڵەوە و لە چەند بازنەیەکی داخرا و بێکاریگەر بەکار بێت؟ بەدڵنیاییەوە ئەمە ناکرێت، بۆ هەڵگێڕانەوەی ئەمەش، بوونی دەوڵەت بۆ نەتەوە یەکلاییکەرەوەیە.
سێیەم، جۆرێک لە یەکسانی لەنێو ئەندامانی کۆمەڵگە، کە لە ڕێگەی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە ڕێکخرابێت، ئامادەیی هەبێت. ئەگەر خاڵی یەکەم‌ و دووەم پێشمەرجن بۆ دروستبوونی نەتەوە ئەوە خاڵی سێیەم پێشمەرجێکە بۆ دەوڵەت-نەتەوە چونکە تەنیا لە سایەی بوونی دەوڵەتدا دەکرێت باس لە یەکسانیی هاووڵاتییان بکرێت. ئەگەر گرووپێک دوو مەرجی یەکەمیانی تێدا نەبێت ئەوا زۆر سەختە، ئەگەر نەڵێین مەحاڵە، کە وەک نەتەوە ناویان ببەین، ئەگەر هەر سێ مەرجەکەش ئامادەیی نەبێت ئەوە بەهەمانشێوە ناکرێت وەک گرووپێک تەماشا بکرێن کە گەیشتبن، یان ببن، بە دەوڵەت-نەتەوە. پێشمەرجی سێیەمی هرۆچ پێمان دەڵێت هەر گرووپێک دەوڵەت یان دامەزراوەی دەوڵەتئاسای وای نەبێت کە نەتوانێت ناسنامە و زمان و کولتوور و مێژووی بپارێزت، ئەندامانی کۆمەڵگەکەی لە ڕێگەی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە ڕێکبخات و یەکسانیی لەنێوانیاندا بەرقەرار بکات، ئەوا ئەو کۆمەڵگەیە، گرووپە، ناتوانێت گەشە بکات بۆ نەتەوە لە باشترین حاڵەت و دەوڵەت-نەتەوە لە دوا گەشەدا.
وەک لە سەرەتا ئاماژەی پێکرا ئەم بابەتە هەوڵدەدات وەڵامی دوو پرسیاری سەرەکی بداتەوە، کورد بۆ سەدان ساڵە ماوە و بۆ ئێستا ئەگەرەکانی لەناوچوونی هاتۆتەگۆڕێ. هاوکات، بۆ مانەوەی نەتەوە چ پێویستە، ئایا دەوڵەت، یان دامەزراوەی دەوڵەتئاسا، تاکە زامنی پاراستن و مانەوەی نەتەوەن. لە بەشەکانی داهاتوودا هەوڵدراوە وەڵامی ئەم دوو پرسیارە و پرس و پرسیارە پەیوەندارەکان گفتوگۆ بکرێن.

شێرکۆ کرمانج

ماویەتی..
————————-
سەرچاوەکان

Anderson, Benedict (1991). Imagined Communities: Reflections on the Origin and Spread of Nationalism, London: Verso.
Gellner, Ernest. (1983). Nations and Nationalism, Oxford: Blackwell.
Gellner, Ernest. (1994) “Nationalism and Modernization,” in Nationalism, eds. J. Hutchinson and A. D. Smith, Oxford: Oxford University Press, pp. 55-63.
Gellner, Ernest. (1998) Nationalism, London: Phoenix.
Guibernau, Montserrat (2004) “Anthony D. Smith on Nations and National Identity: a Critical Assessment,” Nations and Nationalism, vol. 10, no. 1-2, pp. 125-141.
Hobsbawm, Eric J. (1994) “The Nation as Invented Tradition,” in Nationalism, edited by J. Hutchinson and A. D. Smith. Oxford: Oxford University Press, pp. 76–83.
Hroch, Miroslav. “From National Movement to the Fully-Formed Nation,” in The Nation-Building Process in Europe, edited by G. Balakrishnan. New York: Verso, 1996, pp. 78–97.
Hutchinson, John. (2000) “Ethnicity and Modern Nations.” Ethnic and Racial Studies 23, no. 4, pp. 651–669.
Smith, Anthony D. (1987) The Ethnic Origins of Nations, Oxford: Blackwell.
Smith, Anthony D. (1999) “The Nation: Real or Imagined,” in People, Nation and State: The Meaning of Ethnicity and Nationalism, eds. E Mortimer & R Fine, London: I.B. Tauris, pp. 36-42.
Smith, Anthony D. (2002) “When is a Nation?” Geopolitics, vol. 7, no. 2, pp. 5-32.
Walicki, Andrzej. (1998) “Ernest Gellner and the ‘Constructivist’ Theory of Nation.” Harvard Ukrainian Studies, vol. 22, pp. 611–19.




پشتیوان عەلی و ڕەخنەی شارێک لە ناشاردا.. پێشەوا کاکەیی

شارەکان مێژوویەکی دوورودرێژیان هەیە لە بەشداریکردن لە شیعردا، بەڵام سەرهەڵدانی ئەوەی پێی دەگوترێت ‘شیعری شار’ تا ڕادەیەک تازەیە. لە مێژووی ئەدەبیدا ئەوە بۆدلێر، ‘شاعیری لیریکی سەردەمی سەرمایەداری پێشکەوتوو’ بوو کە لە ڕێگەی بەرهەمەکانی وەک ‘وێنەکانی پاریس’ـەوە هەوڵیدا مانایەکی شیعری ڕاستەقینە بخاتە سەر بابەتی پاریس لە ئەدەبدا، شیعری شار وەک ژانرێکی ئەدەبی بە کەسایەتی و شوناس و جوانیناسیی ناوازە و بەهاکانی تایبەت بە خۆی دامەزراند. لێرەوە، بۆ ئەوەی بەر شیعری شار بکەوین و ڕەخنەی شار بکەین کە چووەتە قۆناغێکی ترەوە کە ئەویش ‘ناشار’ە، پێویستە لەسەر چەند خاڵێک بوەستین کە لە شیعری (مێژووی شارێک)ـی پشتیوان عەلیدا دەیخەینە ڕوو.

یەکەم:
شیعری (مێژووی شارێک)ـی پشتیوان عەلی بە تەنیا ئاماژەیەک نییە بە ڕووکەشی شارەکانەوە وەک تەوەر یان پێکهاتەکەی؛ بەڵکوو لەگەڵ قووڵترینی کارەکتەرەکاندا پەیوەندی دەکات، لەوانەیش چوارچێوەی شار و هۆشیاری شار. ژیانی شارستانی نوێیەتی، ئەزموون و سەرچاوەیەکی زانیاری دەوڵەمەندتر و خێراتر و ئاڵۆزتر و توندترە لە هەر کاتێکی دیکەی مێژوو پێشکەش بە خەڵک دەکات. توندترین و پشێوترین و کاریگەرترین و پێشبینینەکراوترین زریانەکانی شارستانییەت دەخاتە ڕوو. بۆیە ڕەخنەی مێژووی شارێک دەکات تا ڕوانگەیەکی جوانیناسی بۆ شارەکە بونیاد بنێت کە شاعیران لە پێکهاتە ڕووکەشەکانی ژیانی شاردا بڕوانن و قووڵ ببنەوە لە ناوەرۆکەکەیدا.

دووەم:
شاعیر هەوڵی ئەوە دەدات هاوسەنگی لە نێوان تایبەت و گشتگردا درووست بکات. لە ڕێگەی شیعرەوە، قووڵبوونەوە لە پەیوەندییە بێشومار و ئاڵۆزەکانی ‘شارێک لە ناشاردا’ دەخاتە ڕوو. دەکرێت بڵێین شاعیر بە داننان بە شاری ڕۆشنبیری [وەک ئەوەی ئێستاکە لە مێژوودا دەژیێت] ڕازی نییە، بەڵکوو لەبری ئەوە، بەدواداچوون بۆ ئەرک و پێکهاتە ئاڵۆز و شاراوەکانی شارەکەی دەکات. ئەوەتا ڕاستەوخۆ دەڵێت: (شارێکە دەنگی بەقاڵەکانی بەرزترە لە دەنگی نووسەراکانی ). لە ئاستەکانی ‘فیزیۆلۆژی’، ‘دەروونناسی’ و ‘فینۆمینۆلۆژیای ڕۆح’ـەوە، لە ڕێی شیعرەوە، لێکۆڵینەوەی لە کاریگەرییە ئەگەرییەکانی شارستانییەتی شارستانی لەسەر بوونی مرۆڤ و هەست و سۆز و بارە ڕۆحییەکانی کردووە کە داڕووخاوە.
لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی بابەت و بەدواداچوونی کۆنەپەرستانە بۆ فاکتەرە جەوهەرییەکان، ڕووناکی هۆشیاری هێناوەتە سەر ڕەخنە لە شارێک کە لە ناشاردا ئێسقانەکانی دەردەکەوێت. شاعیری ڕاستەقینە، هەمیشە لە شوێندایە و خۆی دەخاتە دەرەوەی ناشوێن تا شوێن لە ناشوێندا بدۆزێتەوە. بە مانایەکی تر، ناشوێن و ناشارمان بۆ دەردەخات با شاعیر سەر بەو جیهانە شارییەش بێت. ئەو لە قووڵاییی شارێکەوە کێشەکانمان بۆ دەردەخات کە (دەنگی زڕە بێژەر، ئیمام و ئیمانی ساختە، جنێوفرۆش، کچە مۆدێل، سەماکاری کرێگرتە)، جێی قووڵاییی شاری گرتووەتەوە و شار چووەتە ناو ناشاربوونەوە، ئەمە شارێکە دەورە دراوە بەو هەموو ئاڕاستەکردنانە، شارەکانی تری (هەرێمی کوردستانی باکووری عێراق) نەک هەر داڕووخاون، لە قووڵاییی شاردا سەریان دەرنەهێناوە. ئەم ڕەخنانە لە مێژووی شارێک بە تەنیا بۆ شارێکی دیاری کراو نییە، بەڵكوو ئەو لە قووڵاییی شارەکەوە ناشاربوون دەردەخات بۆ ئاستێک کە بوونی مرۆڤ گرینگترە لە شار، چونکە شار بەرهەمی بونیادی مرۆڤە.

سێیەم:
بیرکردنەوەی شیعری پشتیوان عەلی و ڕەخنەی لە شار، لە جێگرەوەی داهێنەرانەی ئەزموونی شیعری بۆ ئەزموونی شارستانیدایە، بە کەڵکوەرگرتن لە شیعر بۆ گەیاندنی ئەو وزە جووڵاوەی کە کەتوار دەیباتە پێشەوە، ئەویش ئەو کەتوارەی کە وا مێژووی داڕووخانمان بۆ دەنووسێتەوە. کاتێک شاعیر لە ڕێگەی شیعری ڕەخنەییەوە دەستکاری شارمان بۆ دەکات، ڕاستییەکەی ‘وێنەی ناشارمان’ نیشان دەدات. بە شێوەیەکی کاریگەر فەزای جوگرافی بە فەزای دەروونی، کەتواری فیزیکی بە کەتواری کولتووری، ماددی بە وزەی ڕۆحی و هەروا ئەزموونە ڕۆژانەییەکانی ژیانی شاریش بە ئەزموونە جوانکارییەکانی بەهای گشتگر دەگۆڕێت. لە ڕێی شیعرەکەیەوە، فێرمان دەکات کە لە ڕوانگەی توندی ژیانەوە هەمیشە بپشکنین، لە ڕوانگەی ئاڵۆزییەکەیەوە لە ژیان تێبگەین، هەست بە ژیان لە چڕییەکەیدا بکەین و ژیان لە کۆی خۆیدا ئەزموون بکەین. دەپرسین کە ئایا مێژوو چ تۆمار دەکات کە شیعر تۆماری نەکات! بۆیە پشتیوان عەلی شیعر دەباتە ناو هەموو تەوەر و کارەکتەر و جومگەکانی شارەوە کە لە هەموو شوێنێکدا ناشار خۆی دەردەخات. ئەم ناشاربوونەیش تەواوی هەموو شارەکانی ئەو هەرێمەی بە خۆوە گرێداوە.
بە ڕاستی کاتێک شاعیر هەوڵی دەربڕینی ستەم و خنکاندن و گرژی و پارچەپارچەبوون و تەنیایی و وێرانبوونی ژیانی شارێک دەدات، ڕەنگینی و ڕووکەشی شێوە و هەوا و ناوەرۆکی بە تابۆیەکی سەرەکی وێنا دەکات. پشتیوان عەلی تێگەیشتن و ڕەنگدانەوەی خۆی لە بەها فرەلایەنە سیاسیی و کولتوورییەکەی ‘ئێستاکە’دا، بە هەموو شتێک لە شاردا دەردەبڕێت. ئەو (زانا، نووسەر، کتێب، شاعیر، هونەرمەند و مێژوونووسەکانی) وەک قوربانییەکی سیاسیی و کولتووری ئەم شارە بەر باس دەدات. ئەو سەردەمەی کە بۆدلێر شیعرەکانی تێدا نووسیوە، دژایەتییەکی توند بوو کە لە زنجیرەیەک دژایەتی سەرنجڕاکێش پێک هاتبوو: گەورەیی و مامناوەندی، ساماندار و هەژاری، تازەیی و بەسەرچوون، بنیاتنانەوە و لەناوچوون. ئەم جۆرە دژایەتیانە ڕێگە بە تێگەیشتوان دەدات کە مامناوەندی لە گەورەییدا، هەژاری لە ساماندا، بەرجەستەبوونەوە لە تازەگەریدا و لەناوچوون لە بیناسازیدا دەستنیشان بکەن. ئەنجامەکەی تەنیا هەستێکی جوانیناسی نوێ نییە، بەڵکوو دیدێکی تازەیە بۆ جیهان. پشتیوانیش لە هەناسەبڕکێترین وشەکاندا کە تا ئێستا نووسراوە، دۆخی ناجێگریبوونی مرۆڤ و ئازاری ڕەتکردنەوەی قبووڵکردنی چارەنووسێکی پێشوەختە و دیاریکراو دەخاتە ڕوو.

چوارەم:
پشتیوان عەلی وەک پابەندبوونی بە ڕوانگەیەکی کەتواریانە بۆ شیعری شار، لە ڕێی شیعری ‘مێژووی شارێک’ـەوە، بە شێوەیەکی بابەتیانە و ڕەسەنایەتی کەتواری شار و ڕۆحی شاری، شاری ڕەخنە کردووە، بۆ ئەوەی بونیاد بنرێتەوە و لە ناشار دوور بکەوێتەوە. ڕەخنەی شیعری شاری، لە ڕوانگەیەکی کەتواربینییەوە، لە دوو ئاستدا خۆی دەردەخات؛ یەکەم: گەشەسەندنی شارەکان ڕێنمایی گەشەسەندنی شیعری شارەکان دەکات. شاعیران لەسەر بنەمای ناسینەوەیان لەگەڵ شارستانییەتی شارستانی، بە تۆنێکی گەرم و سۆزداری، ستاییشەکانیان بۆ شارەکە دەردەبڕن. دووەم: بە گرنگیدان بە سەرکوت و لەناوچوونی توندی سرووشتی مرۆڤ کە بە هۆی شارستانییەتی تەکنەلۆژیای نوێیەتییەوە درووست بووە، شاعیر وەک بیرکەرەوە و ڕەخنەکارێک لە زمانی شیعرەوە، زەمینەسازی دەکات و بە دەوریدا بسووڕێتەوە.
شاعیر بە چاویلکەیەکی مۆدێرنەوە، دەچێتە ناو قووڵاییی شارەوە کە شار لە جووڵەدایە، لێ جووڵەیەکی ناشارییە. ئەم جووڵە ناشارییە بەرەنجامی لێسەندنەوەی خودی جووڵە و ڕۆحی و سێرکەکەی هاوشاری و ڕۆحی کولتووری و مەعریفییە و جووڵەی تێخزاوی سیاسییە. ئەو فەزای شارێکمان پیشان دەدات کە تێیدا شارەکانی تریش بە دوای ئەوەوە وێڵن و چۆن خۆیان لە سەرگەردانی ڕزگار بکەن. لێرەدا تێگەیشتن لە ڕیالیزم پابەندە بە هەڵوێستێکی تا ڕادەیەک لێبووردەیی. نە گەڕانەوەیە بۆ ڕیالیزمی کلاسیک و نە خۆبەدەستەوەدانی ڕیالیزمی سۆسیالیستییە، بەڵکوو ڕەنگدانەوەیە لەسەر شیعری شار بە ڕۆحی ڕیالیزم، بۆ ئەوەی کەتواری شار و ڕۆحی شارستانی بە شێوەیەکی ڕاستەقینە و بابەتیانە بەرهەم بهێنێتەوە.
شاعیر لەبری تەوەرگەلێکی بنکۆڵکارییانە بۆ شار، بە شیعر سەرقاڵی هەڵتەکاندنی ڕوانگەی بابەتەکانی شارە، هەر لە وێنەی شار، پێکهاتەی شار، هەستی شار، ڕۆحی شار، عەقڵیەتی شار و ئەوانەی شاریان کورت کردووەتەوە لە هێزدا. بە ڕوونی بەر کۆمەڵێک تایبەتمەندی ڕەخنەی شاری دەکەوین کە ناشاریان بەرهەم هێناوە، هەر وەک پشتیوان عەلی هاتووە شانۆیەکمان لە شیعردا بۆ نمایش دەکات و دەبێت بەرانبەر دوو شت بوەستین، هەم تەماشای شانۆکە بکەین و هەمیش سەیری تەنیشت خۆمان بکەین کە لە کوێی شانۆکەداین. بۆیە هەر لە (پاشا، سەرۆک، کۆمیدیانووس و شانۆ، سینەماکار و دەرهێنەر و ئەکتەر، ماسیگر و بەلەم، بازرگان و بازاڕ، پزیشک و نەخۆش، پاسەوان و فەرماندە، مامۆستا و قوتابی، هەتا شیرین و فەرهادەکان، پیاو و سەرقاڵی مێبازی، باوک و بەڕەڵایی منداڵ، گەنج و دڵشکانی دۆست، جووتیار و کێڵگە، بەرگدروو و پۆشاک…) جووڵە و کارەکتەر و دەنگ و ئاژاوەچییەکانی بۆ دیاری کردووین. ئەوەی سەیرە لەم شیعرەدا، هیچمان بەرگەی شانۆکە ناگرین تا تەواو دەبێت، چونکە شانۆکە هەموومان هەڵدەتەکێنێت کە ئێمە سیناریۆی شانۆکەمان داڕشتووە. شاعیر ئەم دیمەنە لێکدراوانەی بۆ ئەوە کردووە کە گواستنەوەی شوێن و کات، کارەکتەر و پیشە، جۆرێکی تری بەرجەستەبوون دەگێڕن. ئەم بەرجەستەبوونە، ناشاریبوونی بەرهەم هێناوەتەوە.
گرنگی شیعر و ڕەخنەکردنی جومگەکان تەنیا لە دەربڕینی ‘هێماکانی شارستانییەتی نوێیەتی’ـدا نییە، لە کاتێکدا ڕواڵەتی جەستەیی شارەکە بە دڵنیاییەوە بابەتێکی گرنگی شیعری شارەکانە، بەڵام پێویستە هەست و ڕۆحی دانیشتوانی شارەکانیش لە بەرچاو بگرێت کە بە هۆی گەشەسەندنی شارەکەوە لە قاڵب دراون. کارەکتەرەکانی شار کە لە هاونیشتمانی کەوتوون و بوونەتە ‘ناهاووڵاتی’، بەرەنجامی هەردوو بەرەکەیە کە لای شاعیر (بەقاڵێک دەنگی بەرزترە لە ڕۆشنبیرێک!) بۆچی؟ چونکە ڕۆشنبیر بە ئەرکە (پەیام، جووڵە، ئاڕاستەکردن، بێلایەنی)ـیەکەی هەڵنەستاوە، بەڵکوو خۆی چووەتە ناو ماشێنی هێزە خێڵحیزبەکانەوە.
کلیلی شیعری ڕەخنەی شاری لای شاعیر، تەنیا لە بەکارهێنانی شار و دانیشتوانەکەیدا نییە وەک خاڵی دەستپێک، بەڵکوو دەربڕینی کاریگەریی پەرەسەندنی کەتواری شارە لەسەر ژیانی دەوڵەمەندی ناوەوەی ماشێنی هێزە خێڵحیزبەکانەوە. ئەوەتا ماشێنە هێزە خێڵحیزبەکان تەراتێن بەناو شاردا دەکەن تا شار لە ناشاردا هەناسە بدات و گیانەڵای بێت.
(پاشاکان بۆ ئەوەی ڕێ لە پیربوونیان بگرن، دێن بۆ ئێرە
دۆستەکانیان بۆ ئێرە میوانداریی دەکەن.
دوژمنەکانیان لێرە ئاشت دەکەنەوە/ گرێبەستەکانیان لێرە دەنووسن
شەرابی سەرکەوتنەکانیان لێرە هەڵدەدەن
نەیارەکانیان لێرە دەخەنە قەفەزەوە/ نەوەکانیان لێرە دەکەن بە جێنشین. )

شاعیر سەرقاڵە بە ئاشکراکردنی باری دەروونی و تێڕوانینەکانیان و لە کۆتاییدا نمایشکردنی یاری نێوان گەشەسەندنی مرۆیی شار و گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی و زاڵبوونی ماشێنی هێزەکان کە هەموو شتەکان پێچەوانە دەکاتەوە. هەموویان دێن بەشداری بە کارەکتەرەکان دەکەن تا بەشدار بن لە ناشاردا. ناشار خۆپێناسەکردنەوەیەکی ترە لە شاردا کە جووڵەیەکی بێ جووڵەیە. وتار دەدەن، بۆ ئەوەی بێدەنگی بەسەر گوتاردا بێت. نمایش دەسازێنن، بۆ ئەوەی شانۆ بێدەنگ بکرێت. بۆ نمایش ساز دەسازێنن و شانۆ بێدەنگ دەکرێت، چونکە ماشێنی هێزە خێڵحیزبەکان، هاتوون کارەکتەرەکانی شاریان هێناوە لە هاونیشتمانییەوە بیگۆڕن بۆ هاوخێڵحیزبی و ئەوەی ئازادانەش لە شاردا سەرقاڵی گوتارە و نایەوێت شار بەرەو ناشار بڕوات، ڕووبەڕووی دۆخی ‘ناهاووڵاتیبوون’ـی دەکەنەوە.
شیعری شار تەنیا هەر بابەتی بابەت نییە؛ لەوەش گرنگتر، دەرەکیکردنی هەست و ئەزموونە جۆراوجۆرەکانی مرۆڤە لەناو شارستانییەتی شارەکەدا. تەنانەت ئەگەر ئەو شیعرە کە لەم هەست و ئەزموونە دەرەکییانەدا سەر هەڵدەدات، تەوەر و ناوەرۆکی شارستانییش نەبێت، هەر دەبێت بە شیعری شارستانی هەژمار بکرێت. شیعری شار بنکۆڵکارییە لەسەر کۆی جومگەکان. وەک لە سەرەوە شاعیر کارەکتەرەکانی پێکەوە گرێ داوە، بۆ ئەوەی بەرەنجامی ‘ئاڕاستەکردنی ناشار’ دەربخات. تیشک دەخاتە سەر تێڕوانینی دەروونی و باری دەروونی ئەوان. ئەمە ئامانجی بنەڕەتی شیعری شارە کە بە ناوی ‘مێژووی شارێک’ـەوە تۆماری کردووە. بۆ مێژووی شارێک؟ بۆ ئەوەی شاعیر پێمان بڵێت کە ئەو شارەی تێیدا خۆی مێژوویەکی بەرهەم هێناوە، پاشاکان و سەرۆکەکان دێن بە کارەکتەر و چینەکانی کۆمەڵ ناشار بخەنە ناو مێژووە. ئەم بە ناشارکردنە بۆ ئەوەیە وزەکان بگەڕێنەوە ناو ماشینی هێزەکانی خێڵحیزبەوە.

پێنجەم:
شیعری شاری لە مێژووی شارێکـی پشتیوان عەلیدا، کلیلێکە؛ ئەویش هەر ئەوە نییە کە ئایا بۆ چوارچێوەی ژیانی شارە کە بکرێتەوە یان نا، بەڵکوو ئەوەیە کە ئایا خاوەنی هۆشیارییەکی شارستانییە یان نا. تەنانەت ئەگەر ئامانجی دەربڕینی جەوهەری شاریش نەبێت، ئەگەر هۆشیارییەکی شارستانی ڕوون پیشان بدات، دەبێت هەر بە شیعری شارستانی هەژمار بکرێت. ڕەنگە شێوەی دەرەکی شارەکە بە شێوەیەکی کۆنکرێتی وێنا نەکرێت، بەڵام بیرکردنەوەی شارەکە گشتگیرە. بە کورتی ڕەخنەکردنی لە ڕێی شیعری شارییەوە، سنووردار نییە بە وێناکردنی دیمەنە ڕاستەقینەکانی شار و ئیکۆلۆژیای شار، بەڵکوو شار وەک شوێنێک و هەندێک شێوازی هونەری بە کار دەهێنێت بۆ دەربڕینی هەست و ئەزموونە دەروونییە شێوێنراوەکانی مرۆڤ و ئەو کولتوورە ڕۆحییەی کە شاری لەسەر بونیاد نراوە.
کە واتە عەقڵیەتی شار چییە؟ ئەوە ئەو جۆرە خۆبەزلزانینە نییە کە دانیشتوانی شار بەرانبەر بە ناهاووڵاتییانی تری شارەکان نیشانی دەدەن، هەروەها ئەوە خۆبەزلزانین و کورتبینییەش نییە کە لە جیهانی دەرەوە دایانببڕێت. ڕوانگەی شاعیر بۆ شارەکە یارمەتیدەرمانە بۆ تێگەیشتن لە عەقڵیەتی شار.

(بینەران لە هەموو شارە دوورەکانەوە دێن، دێن و لە ڕیزە درێژەکاندا سەرە دەگرن.
شەمەندەفەرەکان دێن و فارگۆنە پڕ لە سەرنشینەکانیان لێرە خاڵیی دەکەنەوە.
ئەم شارە سەکۆیەکی گەورەیە/ گەر دارتاشەکان شەووڕۆژ لە کاردا بن/
هێشتا ناتوانن کورسی پێویست بۆ هۆڵی نمایشەکانی دابین بکەن. )

ئەم شیعرە ڕوون و ئاشکرایەی مێژووی شارێکی پشتیوان عەلی، بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی بە سەرهەڵدان و گەشەسەندنی شیعری شارەکانی داوە. باوەڕبوون بە شار و ئینکاریکردنی، پەرستنی تەکنەلۆژی و سرووشتپەرستی، هەستە نەتەوەیی و تاکەکەسییەکانی یان دنیاییەکانی، هەستە مێژوویی و نوێیەتییەکانی، هەموویان یەکدەگرنەوە، ناکۆکن، دەچەمێننەوە و دەچنە ناو یەکترەوە و گرژییەکی گەرماوی پێک دەهێنن. ئەمە تایبەتمەندییەکی ڕۆحی هاوبەشی شاعیرە و پاشخانێکی دەروونی بەرچاوە بۆ تێکچوون و گۆڕانی شێوەی جوانیناسیی شار بۆ ناشار. ئەم دەرکەوتنەی ڕۆح دەبێت لەگەڵ کەتواری شاردا تێکەڵاو بێت و هەست و ئەزموون و ڕەنگدانەوەی شارەکە بجووڵێنێت لە ئاڵوگۆڕێکی دینامیکیدا کە دیمەنی شار و دەروونناسی و ڕۆح و هێزی خێڵحیزب ئاشکرا دەکات.
شاعیر لە مێژووی شارێکدا، شایەتحاڵی چاوی یەکەمی ژیانی شارە. ئەم شاعیرە بە شێوەیەکی شاردۆستانە، کەتوارەکانی ژیانی شار بۆ چاندنەوەی عەقڵیەتی شارستانی ڕاستەقینە دەخاتە ڕوو. لایەنی هەرە چارەنووسساز، چاندنی بیرکردنەوەی شارنشینێکە. ئەم بیرکردنەوەیە لە ڕێگەی هەوڵەوە ناچێنرێت، بەڵکوو بە شێوەیەکی سرووشتی گەشە دەکات. کاتێک شاعیر شیعر دەنووسێت و ڕەخنەی مێژووی ئێستای شارەکە دەکات و لە ناشاردا ڕەخنەی بە پیرۆزگردنی شار دەکات، پێی وایە کە سرووشتی شار هەم دەستکاری کراوە و هەم شێوێنراوە و هەم کارەکتەری چینەکانی تریش بەشدارن لە ناشاردا. بۆیە شاعیر دەبینێت پڕۆژەی ناشار لە شاردا بەرانبەری دەکرێت. پڕۆژە بکات.
شاعیر لە ڕێگەی شیعرەوە هەوڵیداوە ئەزموونە ناوازەکانی ژیان دەرببڕێت، نەک تەنیا تێگەیشتنێکی قووڵ لە جەوهەری شار، بەڵکوو تێگەیشتن و ئاشکراکردنی نهێنییەکانی بوونی مرۆڤی ئەمڕۆی شاریش. شاعیر ئەرکی بەرپرسیارێتییەکی حەتمیی هەیە لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەی مێژووی شاردا. نەک هەر دۆخی ژیانی شارەکان وێنا دەکات، بەڵکوو گوزارشت لە ڕەنگدانەوەی دانیشتوانی شارەکانیش دەکات لەسەر سەردەم و شوێنکەوتنە ڕۆحییەکانیان.
شیعری شارەکان لە سەدەی بیستویەکەمەوە گۆڕانکاری نوێی بەسەردا هاتووە. ئەم شیعرەی پشتیوان عەلییش هەر بیرەوەریی شارێک نییە، بەڵکوو مێژووی شیعری شارێکە لە قووڵاییی شارەکاندا کە ئەمەیش سەنتەری شارە و بەرەو ناشار ڕۆیشتووە. لە مێژووی شیعری شاردا، نووسین لەسەر ئەم پێوەرە سەبارەت بە تاکە شارێک دەگمەنە. بڵاوبوونەوەی ئەم شیعرە، پەرەسەندنی شیعری شارەکان بەرزتر دەکاتەوە بۆ قۆناغێکی نوێ، لە ئاهەنگێکی سادەی شاردا تێدەپەڕێت بۆ سەرلەبەر لێکۆڵینەوە لە پەیوەندییە ئاڵۆزەکەی نێوان شار و مرۆڤایەتی.
لە پشت بریقەی درەوشاوەی شارەکانەوە، شلەیەکی دووکەڵاوی هەیە کە فشارێکی بێئەندازە بۆ ژیانی درووست کردووە. ئاشکراکردن و ڕەخنەگرتن لە نەخۆشییەکانی شار، بابەتێکی سەرەکییە لە شیعری شارەکاندا. ئەم شیعرەش ڕەخنەی ‘کۆیلەبوونی تێکڕای چینەکانی کۆمەڵ’ دەکات. کە بێگومان شیعری شارستانی لە نوێنەرایەتیکردنی کەتواردا، فرەچەشنی و دەوڵەمەندی و ئاڵۆزی پیشان دەدات. کلیلی ئەم ‘شێوە سادەیە’ لە پەیوەندییە دانەبڕاوەکەیدایە لەگەڵ ڕیالیزمدا. دەتوانرێت بڵێین شیعری مێژووی شارێک، چ بە سۆزەوە ستاییشکردنی شار بێت یان بیرکردنەوە و ڕەخنەگرتن لێی، ڕەگ و ڕیشەی لە کەتوارە شارییەکاندا هەیە کە نووسەران ڕووبەڕووی دەبنەوە.

پێشەوا کاکەیی

تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
شوێنپێ: قەڵادزێ- ئاسیا- زەوی

———————————
پەراوێز:

[1]. خنکاو لە مێژوودا، پشتیوان عەلی، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، چ١، ٢٠٢٥، ل٣٠

[2]. خنکاو لە مێژوودا، هەمان سەرچاوەی پێشوو… ل٢٥

[3]. هەمان سەرچاوەی پێشوو… ل٢٧




چرۆ ڕەشید و جیهانی پاکی و مناڵان.. ستار ئەحمەد

ئاودان
پەڵە هەوری بچکۆلە
دێن ودەچن لەئاسمان
خۆ منیش ڕاناوەستم
گورج وگۆڵم وەک ئەوان
پێمخۆشە ئێستا بفڕم
ڕێگام بدە دایە گیان
گوڵ وڕووەک ئاودەدەم
دەبمە هاوڕێی گیانداران
ئەها سیس ولاوازن
ڕەنگیان زەرد هەڵگەڕاوە
تەماشاکە خۆ دیارن
پێویستییان بەئاوە
دەچم بۆ هاوکارییان
یەک دەگرین لەگشت لاوە
دەبم بەپەڵە هەور
هاوڕێکەم ناڕەنجێنم
بەنیگاوخەندەی لێوم
تینوێتی بۆ دەشکێنم
چرۆ ڕەشید
ــــــ. ــــــ.

بەڕاستی ئەم شیعرە، شیعرێکی مناڵانەی جوان و پڕ واتایە، دەکرێت بەم خاڵانەی خوارەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت:
ناوەڕۆکی پەروەردەیی و مرۆڤدۆستانە:
شیعرەکە بایەخ بە ئاودان و یارمەتیدانی سروشت و گیانداران دەدات، ئەمەش پەیامێکی زۆر باشە بۆ منداڵان کە گرنگی بە ژینگە و بوونەوەرەکانی بدەن.
چاوی منداڵەکە کراوە بۆ ئەوەی کە گیا و گوڵەکان سیس و لاوازن و پێویستیان بە هاوکاری هەیە. ئەمەش واتای هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی دەگەیەنێت.
بیرۆکەی بوون بە “پەڵە هەور” بۆ ئاودان، خەیاڵێکی شیرین و داهێنەرانەیە کە لەگەڵ جیهانبینی منداڵاندا گونجاوە.
خەیاڵ و وێنەی شیعری:
شیعرەکە خەیاڵێکی کراوەی تێدایە، وەک “دەبمە پەڵە هەور” و “گورج وگۆڵم وەک ئەوان” (پەڵە هەورەکان)، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ گەشەکردنی خەیاڵی منداڵ.
لێکچواندنی جوانی هەیە لەنێوان چالاکی منداڵ و جووڵەی پەڵە هەوری بچکۆلە.
زمان و شێوازی دەربڕین:
زمانێکی سادە، ڕوون و شیرینی هەیە، کە زۆر گونجاوە بۆ تێگەیشتنی منداڵان.
کێش و ڕیتمێکی خۆش و گونجاوی تێدایە (ئەگەرچی شیعری کوردی کێشی دیاریکراوی کەمترە، بەڵام ئەمەیان خوێندنەوەی ئاسانە و ئاوازێکی باشی هەیە).
دواندنی “دایە گیان” دەربڕینێکی خۆشەویستی و سۆزداری تێدایە، کە وای لێدەکات منداڵ هەست بە ئارامی بکات و داوای مۆڵەت بکات بۆ ئەنجامدانی کاری باش.
بەکارھێنانی وشەکانی وەک “گورج وگۆڵ” و “تینوێتی بۆ دەشکێنم” وشەی گونجاون و دەوڵەمەندی بە زمانەکە دەدەن.
پێکهاتە (بونیاد):
شیعرەکە بە شێوەیەکی لوژیکی پێشکەوتووە:
دەستپێک: وەسفی پەڵە هەورەکان و ئاواتی منداڵ بۆ بەشداری کردن لەو جووڵەیەدا.
ناوەڕاست: باسکردنی پێویستی گوڵ و ڕووەکەکان بە ئاو و هۆکاری هاوکاری کردن.
کۆتایی: بڕیاردان لەسەر یارمەتیدان و گۆڕانی بۆ سیمبولی بەخشندەیی (پەڵە هەور) و دەربڕینی سۆز بۆ هاوڕێکانی.
کورتە:
شیعرەکە زۆر سەرکەوتووە لە گەیاندنی پەیامی خۆشەویستی بۆ سروشت، هاوکاری، بەخشندەیی و گورجوگۆڵی، بە شێوازێکی سادە، خەیاڵاوی و لەگەڵ ئاستی تێگەیشتنی منداڵدا گونجاوە. شایەنی خوێندنەوە و گوتنەوەیە بۆ منداڵان.

ستار ئەحمەد




ئـازادی و ژیـان یـەکـن.. رەزا شـوان

ئـازادی بە واتا ژیـان، ژیـان و ئـازادی یەکـن. گـیانێک لە دوو جەستەدان. ژیـان بەبێ ئـازادی هـیچ نـرخـێکی نـییە. بـۆیـە نـرخی ئـازادی گـرانە. ئـازادی چـەمکـێکە، کە بە درێـژایی مـێـژوو، چـەنـدیـن سەدەیـە، بووەتـە جـێی مـشـتومـڕ و گـفـتـوگـۆیەکی زۆر.
چەندین پێناسە و لـێکـدانەوە بۆ ئازادی کراون. ئازادی تەنها چەمکێکی دەرەکی نییە، بەڵکو خواستێکی رەگـداکوتـراوی قـووڵە، لە ناخی دەروونی ئازادیخوازانـدا لـێدەدات. مـرۆڤـایەتی ئازارێکی زۆری لە ئەنجـامی نەبـوونی ئازادیـدا چـێـشـتووە. بە هـەزاران کەس لە پـێناوی بەدەستهـێـنانی ئازادیـدا، گیانیان بەخـشـین. زۆر ئەستەمە لە هەموو جیهـانـدا، کەسـێک بـدۆزینـەوە، کە چـێـژ لە کـۆت و کـۆیـلەبـوون وەربگـرێـت.
هـەموومان حەزدەکـەیـن، بـڕیـار لە سەربـەخـوۆیی و لە چارەنـووسی خۆمان بـدەیـن. هـەرگـیز بـە ویـست و بە ئـارەزووی خـۆمـان، دەسـتـمـان لە ئـازادی هـەڵـنەگـرتـووە.
وشەی ئازادی لە زمانی ئینگـلیزیـدا “فـریـدۆم”ە، واتـای (ئـازدی، هـێزی هەڵـبژاردن، ئیرادەی ئازاد، بڕیاری چارەنووس، رزگاری، رزگاربوون لە کویلایەتی و ستەمکاری) دەگەیـەنێـت.
مـرۆڤ بە ئازادی لەدایک دەبێـت. ئـازادی مافـێکی سروشتی و رەمەکـییە لە مافـەکانی مـرۆڤ. ئازادی مافی ئەوەمان پێدەبەخـشێت، کە لەگەڵ ناسنامەی راستەقینەی خۆماندا بـژیـن. ئـازادی هـەناسە و ئـۆکـسجـینی رۆحـمانە. ئـازادی شـادی و بەخـتەوەریـمـانە.

زۆر جـار پـێـناسەکـردنی چەمکی ئـازادی قـورسـە، بەڵکـو بەدیهـێـنانـیشی قـورسـترە.
ئـازادی بـریتییە، لە تـوانـای بـڕیـاردانی خۆمـان. ئـێـمە ئـازادیـن لە بیـرکـردنەوە و لە رادەربـڕین و لە بۆچوونەکانمان، لە هەڵـبژاردنی رەوتی ژیانمان. وەک ئەوەی خۆمان دەمانەوێـت، بەبێ بەربەسـت و ئاستەنـگی و کـۆنتـرۆڵکـردن. یەکـێک لە گـرنگـتریـن لایەنەکانی ئازادی، بیرۆکەی سەربەخـۆیی کەسییە. ئەمەش بەو مانایەیە، کە تاکەکان مـافی خۆیانە، بـڕیار لەسەر ژیانی تایبەتی خۆیان بـدەن و بەدواداچـوون بۆ ئامانج و بەرژەوەنـدییەکانی خـۆیان بکەن. بە مەرجـێک زیـان بە کەسانی دیکە نەگەیەنـن یان مافـەکانیان پـێشـێل نەکەن. هـەرکەسێکیش ئـازادە، کە پەیـوەنـدیی کۆمەڵایەتی لەگەڵ هـەرکەسـێکـدا بـکات، کە خـۆی هـەڵـیـبژێـرێـت. ئـازادن لـە بەشـداریکـردن لـە هـەر پـیـشەیەکی دڵخـوازی خۆیـان یان چـالاکـیـیەکی سیاسی بـکەن.
ئازادی یەکـێکە لە گرنگـترین شتەکانی جیهـان. جیهـان بەبێ ئـازادی تاریک و تەنگە.
ئـازادی و رزگـاری، دوو چـەمکی پەیـوەنـدیـدارن، بـەڵام جیـاوازن.
سەرەڕای جۆرەکانی لێکـدانەوە و بەکارهـێنانی ئازادی، گرنگە کە ئاماژە بەوە بکەیـن، کە ئـازادیی رەهـا نیـیە. ئەوە ناگەیـەنێـت سـنوور ببـەزێـنـین و ئـازادی کەسـانی دیـکە پـێـشێـل بکەیـن و قـسەی ناشـیریـن و هـەست بـرینـدارکردن بە کەسانی دیکە بـڵـێـیـن.
ئازادییەکی هاوسەنگی ناسکیش، لەنێوان ئازادیی کەسی و نۆرمەکانی کۆمەڵگادا هەیە.
لە سـەردەمی مـۆدێـرنـدا، چەمـکی ئـازادی، رۆڵـێکی سـەرەکـیی هـەیە، لـە داڕشـتـنی سیستەمی سیاسی و ئابـووری و کۆمەڵایەتیدا. هەروەهـا ئیلهـامبەخـشە بۆ بزووتنەوە بـێـشوومارەکـانی گـۆڕانکاری و چاکـسازی. فـاکـتەرێـکی سـەرەکـيـشە لـە داڕشـتـن و گەشـەکـردنی دیـمـوکـراسی مـۆدێـرن.
بە گـشتی ئـازادی، چەمکـێکی ئاڵـۆز و فـرە لایـەنە. بنەڕەتـییە بۆ بەڕێوەچـوونی هەر کۆمەڵگایەکی دیموکراسی. بناغەی ماف و ئازادییەکانی تاکەکانە، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە خـەڵکی بـە شکـۆمەنـدی بـژیـن و رێـز لـە بەهـاکـانیـان و باوەڕەکـانیان بگـیرێـن.
ناپلیۆن دەڵێت:”نەتەوەیەک ئاڵای ئازادی و یەکێتی بشەکێتەوە.. هیچ کات نانەوێت”.
ئـازادی رادەربـڕیـن، یەکـێکە لە کـۆڵـەکە بنەڕەتـیـیەکانی ئـازادی، کە پـشتگـیری لە پـرۆسەی دیمـوکراسی دەکات. ئـازادی پێویـستە بۆ ئەوەی پێکەوە بە ئاشتی بـژیـن. بێگـومان لە کـۆمەڵگایـەکی ئـازاد و دیمـوکـراسیـدا، هـیچ شـتـێک نییە، کە رێگـری
لە گـوێگـرتـن و لە رادەربـڕیـن و لە رەخـنەگـرتـنی تاکـەکان بکـات.
تـوخـمێکی گـرنگی تری ئـازادی، بـریتـییە لە چەمکی ئـازادیی سـیاسی، کە ئاماژەیە
بـۆ مـافی تاکـەکـان، بـۆ بەشـداریکـردن لە بەڕێـوەبـردنی کـۆمـەڵـگا و وڵاتـەکانیـان.
لایەنێکی گرنگی تـری ئازادی، کە زۆرجار چاوپـۆشی لـێـدەکـرێـت، چەمکی ئـازادیی کـۆمـەڵایەتـییە. کە ئامـاژەیە بـۆ تـوانای تاکەکـان بـۆ ژیـانی خـۆیان، بـەبێ جیـاوازی
لەنێـوان رەگـەز و رەچـەڵەک و تـوێـژە کـۆمەڵایـەتـییەکان. یان تایبەتمەنـدیی کەسی. وەک مافی ئازادیی هـاوسەرگیری و پـێکهـێنانی خـێزان، دەستڕاگەیـشتن بە خوێنـدن، چاودێـریی تەنـدروستی، بەشـداریکردنی تەواو لە ژیـانی کـۆمـەڵایـەتی و کولتـووری دەگـرێتـەوە.
ئازادیـش ئەگەرچی مافـە و بەخـشیـن نییە. لەگەڵ ئەوەشدا بەبێ هەوڵـدان نایەتەدی.
(جەیـمـس باڵـدویـن) دەڵـێـت:” ئازادی شتێک نییە بە هـیچ کەسێک بدرێـت، بەڵکو شـتـێکە مـرۆڤـەکـان وەریـدەگـرن، ئەوانـیش ئـەوەنـدەی دەیـانەوێـت ئـازادن”.
(*) تا رادەیـەک سـوودم لە چەنـد ماڵـپەڕێکی ئـینگلـیزی وەرگرتـووە.




‏وەرگێڕانی فەلسەفی و فەلسەفەی وەرگێڕان – ڕێبازێکی ستراتیژی.. ‏ ‏و. لە عەرەبیەوە: یاسین لەتیف

نووسینی: د . زهیر خویلدي

پێشەکی
‏”وەرگێڕان بریتییە لە ڕوداوگەلێک کە کارێگەری هاوشێوەی هەیە بە ئامرازی جیاواز” (پۆڵ فالێری )

‏‏وەرگێڕانی فەلسەفی بوارێکی ئاڵۆزە لەوە تێدەپەڕێت کە تەنها گواستنەوەی دەقی فەلسەفی بێت لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر ، هاوکات پێویستی بە تێگەیشتنێکی قووڵ هەیە لە کۆنتێکستی ڕۆشنبیری و زمانەوانی چەمکەکان کە بیرۆکە فەلسەفییەکان دروست دەکەن . بەڵام فەلسەفەی وەرگێڕان بریتییەلەڕەنگدانەوەی تیۆری لەسەر سروشتی وەرگێڕان و ئامانجەکانی و ئاڵنگاریەکانی، لەگەڵ گرنگیدان بە چۆنیەتی کاریگەری زمان لەسەر بەرهەمهێنان و گواستنەوەی زانین. ئامانجی ئەم توێژینەوەیە ئەوەیە کە شیکارییەکی قووڵی وەرگێڕانی فەلسەفی و فەلسەفەی وەرگێڕان پێشکەش دەکات لە ڕێگەی ڕێبازێکی ستراتیژییەوە کە لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوە لە ئاڵانگاری زانستی و زمانەوانی و ڕۆشنبیری ، لە هەمان کاتدا پێشنیاری ستراتیژییەکان دەکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم ئاڵانگاریانە.بابەتەکە لە ڕێگەی چوار تەوەری سەرەکییەوە باس دەکرێت : (١) پێناسەی وەرگێڕانی فەلسەفی و فەلسەفەی وەرگێڕان، (٢) ئاڵانگاری زانستی و زمانەوانی، (٣) کۆنتێکستی ڕۆشنبیری و مێژوویی، و (٤) ستراتیژییەکانی وەرگێڕانی فەلسەفی ،چۆن وەرگێڕانی فەلسەفی سود لە فەلسەفەی وەرگێڕان وەر دەگرێت ؟ .
‏(پێناسەی وەرگێڕانی فەلسەفی و فەلسەفەی وەرگێڕان)
‏وەرگێڕی فەلسەفی دەبێت ڕووبەڕووی ئەو سەختی و دژواریانە بێتەوە کە بە بێ شێواندن چەمکی دەقی ڕەسەن بگەیەنێت ، لە هەمان کاتدا هەوڵی خۆی بخاتە گەڕ بۆ پاراستنی دەوڵەمەندی چەمک و جێوازیە وردەکان .”

‏(وەرگێڕانی فەلسەفی)
‏وەرگێڕانی فەلسەفی بریتییە لە پرۆسەی گواستنەوەی دەقە فەلسەفیەکان لە زمانێکی سەرچاوەوە بۆ زمانێکی ئامانج، لە هەمان کاتدا پاراستنی وردبینی چەمک و بەستێنی فیکری دەقی ڕەسەن. وەرگێڕانی فەلسەفی جیاوازە لە وەرگێڕانی ئەدەبی یان تەکنیکی بەهۆی سروشتی ئەبستراکتی دەقە فەلسەفیەکان کە هەندێک جار بە مەبەست ناڕوون و تەمومژاوین و پشت بە چەمکە ڕۆشنبیری و زمانەوانیە تایبەتەکان دەبەستن. ‏بۆ نموونە وەرگێڕانی زاراوەی وەک دازاین “ Dazein” لە هایدگەردا یان (emeepist ) لە ئەرستۆدا پێویستی بە تێگەیشتنێکی قووڵ هەیە لە چوارچێوەی فەلسەفی و زمانەوانیدا .

‏(فەلسەفەی وەرگێڕان)
‏فەلسەفەی وەرگێڕان بریتییەلە ڕەنگدانەوەی ڕەخنەگرانە لەسەر سروشت و ئامانج و سنوورداربوونی وەرگێڕان. ئەم فەلسەفەیە پرسیارگەلێک لەخۆدەگرێت سەبارەت بە ئەگەری گواستنەوەی ماناکان لە سەرانسەری زمانەکاندا،هەروها کاریگەریی زمان لەسەر بیرکردنەوە و پەیوەندی وەرگێڕان بە ناسنامەی ڕۆشنبیریەوە. فەیلەسوفانی وەک واڵتەر بنیامین،لە وتارەکەیدا بەتایتڵی“ئەرکی وەرگێڕ” (١٩٢٣) و جاک دێریدا، لەبەرهەمەکانیدا سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەگەری، تێڕوانینێکی قووڵیان پێشکەش کردووە سەبارەت بە وەرگێڕان وەک پرۆسەیەکی داهێنەرانە و کێشەدار . بنیامین پێی وایە وەرگێڕان ئامانجی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی دەقی ڕەسەن نییە بە شێوەیەکی یەکسان، بەڵکو زیاتر دروستکردنی “ژیانێکی نوێ” یە بۆ دەقەکە بە زمانێکی دیکە. لە کاتێکدا ژاک دریدا سەرنج دەخاتە سەر مەحاڵبوونی وەرگێڕانی تەواو بەهۆی فرەیی سروشتیی ماناکان لە زماندا.

‏(ئاڵنگاری زانست و زمانەوانی لە وەرگێڕانی فەلسەفیدا)
‏(ئاڵانگاری زانستی)
‏ئاڵنگاری ئیپیستمۆلۆژی پەیوەستە بە سروشتی زانستی فەلسەفی و چۆنیەتی گواستنەوەی لە سەرانسەری زمانەکاندا. زۆرجار دەقە فەلسەفییەکان لەو چەمکانە تێر دەبن کە پشت بە چوارچێوەیەکی تایبەتی زانستی دیاریکراو دەبەستن بۆ نموونە: فرە مانا: زاراوەی وەک “Being” لە فەلسەفەی ڕۆژئاوادا یان “ Tao ” لە فەلسەفەی چینیدا چەندین مانای هەڵدەگرن کە ناتوانرێت لە زمانێکی تردا بۆ یەک وشە کورت بکرێتەوە.
‏ کۆنتێکستی ئیپیستمۆلۆژی: دەقی فەلسەفی لە چوارچێوەی زانستی تایبەتدا دەنووسرێت. (وەک ئایدیالیزمی ئەڵمانی یان بوونگەرایی.) وەرگێڕ پێویستی بە تێگەیشتن هەیە لەم کۆنتێکستە بۆ ئەوەی بە وردی ماناكەی بگەیەنێت.

‏(ئاڵنگاریەکانی زمانەوانی)
‏زمان ئامرازێکی فەلسەفەیە، بۆیە هەر گۆڕانکارییەک لە زماندا کاریگەری لەسەر مانا دەبێت. لە نێو تەحەدای زمانەوانیدا: “نایەکسانی زمانیی”هەمیشە وشەی هاوتای ورد لە نێوان زمانەکاندا نییە. بۆ نموونە وەرگێڕانی زاراوەی “ Geist ” (ڕۆح/عەقڵ) لە فەلسەفەی هیگڵدا بۆ زمانی عەرەبی پێویستی بە هەڵبژاردن هەیە لە نێوان “ڕۆح” یان “عەقڵ”دا، کە ڕەنگە هەردووکیان واتایەکی جیاوازیان هەبێت . ( بۆ زمانی کوردیش هەروایە ، و. ک) .
‏پێکهاتەی ڕێزمانی: جیاوازی لە ڕێزمانی زمان لە نێوان زمانی سەرچاوە و زمانی ئامانج ، ڕەنگە کاریگەری لەسەر دەربڕینی بیرۆکەکان هەبێت. بۆ نموونە زمانی عەرەبی مەیلی بەرەو پێکهاتەی مێتافۆریک هەیە، لە کاتێکدا ڕەنگە ئینگلیزی ڕاستەوخۆتر بێت.
‏مێژووگەرایی زمانەوانی: زۆرجار زاراوە فەلسەفییەکان مانای خۆیان لە مێژووی زمانەوە وەردەگرن. بۆ نموونە وەرگێڕانی دەقەکانی ئەفلاتون پێویستی بە تێگەیشتن لە زمانی یۆنانی کۆن وکۆنتێکستی ڕۆشنبیریەکەی هەیە.

‏(زەمینەی ڕۆشنبیری و مێژووییەکان لە وەرگێڕانی فەلسەفیدا)
‏(پانتای ڕۆشنبیری)
‏وەرگێڕانی فەلسەفی تەنیا گواستنەوەی وشەکان نییە، بەڵکو گواستنەوەی ئەو ڕۆشنبیرەشە کە دەقەکەی بەرهەمهێناوە. بۆ نموونە: وەرگێڕانی دەقەکانی ئیبن ڕوشد لە سەدەکانی ناوەڕاستدا بۆ زمانی لاتینی تەنها گواستنەوەی زمانەوانی نەبووە، بەڵکو پرۆسەی کارلێکی ڕۆشنبیری بووە لە نێوان فەلسەفەی ئیسلامی ومەسیحیدا. وەرگێڕانی فەلسەفەی چینی (وەک کۆنفۆشیزم) بۆ زمانە ڕۆژئاواییەکان زۆرجار ڕووبەڕووی کێشە دەبێتەوە بەهۆی جیاوازی بەها کولتوورییەکانەوە، وەک جەختکردنەوە لەسەر بەکۆمەڵگەرایی بەرامبەربە تاکگەرایی.

(چوارچێوەی مێژوویی)
‏‏‏زۆرجار دەقە فەلسەفییەکان پەیوەستن بە قۆناغی مێژووی دیاریکراوەەوە. بۆ نموونە: وەرگێڕانی دەقەکانی کانت لە سەدەی بیست و یەکەمدا پێویستی بە تێگەیشتن هەیە لە چوارچێوەی مێژوویی ئایدیالیزمی ئەڵمانیا لە سەدەی هەژدەهەمدا . گۆڕانکاری لە مانادا ، بە تێپەڕبوونی کات وەرگێڕانی وشەیی دەکرێت چەواشەکارانە بێت. بۆ نموونە وشەی “عیلم” لە زمانی عەرەبی کۆندا بە شێوەیەکی گشتی ئاماژەیە بۆ زانین ، لە کاتێکدا ئەمڕۆ هەڵگری واتاگەلێکە پەیوەستە بە زانستی مۆدێرنەوە .

‏(كاریگەری ئاڵوگۆڕ)
‏وەرگێڕانی فەلسەفی پرۆسەیەکی یەکلایەنە نییە، بەڵکو کاریگەری دەنوێنێت لەسەر هەردوو زمانی سەرچاوە و ئامانج . بۆ نموونە وەرگێڕانی فەلسەفەی یۆنانی بۆ زمانی عەرەبی لە سەردەمی عەباسیدا کاریگەری لەسەر پەرەسەندنی زمانی عەرەبی هەبوو، بەو پێیەی زاراوەی نوێی وەک “جەوهەر” و “ پانتایی” دەرکەوتن بۆ گەیاندنی چەمکەکانی ئەرستۆ .

‏(ستراتیژیەکانی وەرگێڕانی فەلسەفی)
‏بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو ئاڵنگاریانەی سەرەوە، وەرگێڕەکان دەتوانن ستراتیژی تایبەت بگرنەبەر بۆ دڵنیابوون لە وەرگێڕانی ورد و کاریگەرانەی دەقە فەلسەفیەکان. ئەم ستراتیژیانە بریتین لە:-

‏(ستراتیژی کۆنتێکست)
‏تێگەیشتن لە چوارچێوەی فەلسەفی: وەرگێڕ دەبێت چوارچێوەی فەلسەفی دەقەکە بخوێنێتەوە. بۆ نموونە وەرگێڕانی دەقەکانی نیتچە پێویستی بە تێگەیشتن لە چوارچێوەی بوونگەرایی و ڕەخنەیی مۆدێرنیتە هەیە.
‏تێبینی: زیادکردنی تێبینی ژێرەوە یان پێشەکی بۆ ئەوەی چەمک و چوارچێوەی ڕۆشنبیری دەقی ڕەسەن ڕوون بکاتەوە .

‏(ستراتیژی زمانەوانی)
‏هێشتنەوەی زاراوە ڕەسەنەکان: لە هەندێک حاڵەتدا ڕەنگە باشتر بێت کە زاراوە ڕەسەنەکان لەگەڵ ڕوونکردنەوەی ماناکانیاندا بهێڵرێتەوە. (وەک وەرگێڕانی ” logos” وەک خۆی لەگەڵ کۆمێنتێکی ڕوونکردنەوە.)
‏گونجاندنی زمان: گونجاندنی دەق لەگەڵ زمانی ئامانج و لە هەمان کاتدا پاراستنی مانا.

‏(ستراتیژی ڕۆشنبیری)
‏نێوەندگیری ڕۆشنبیری: وەرگێڕ وەک نێوەندگیریەکی ڕۆشنبیری کاردەکات، هەوڵدەدات بۆ گواستنەوەی بەها و گریمانە ڕۆشنبیریەکان کە پەیوەستن بە دەقەکەوە . بۆ نموونە وەرگێڕانی دەقەکانی بودا بۆ زمانی عەرەبی پێویستی بە ڕەچاوکردنی جیاوازیی نێوان بەهاکانی ڕۆژهەڵات و ئیسلامی هەیە. دیالۆک لەگەڵ خوێنەران: خستنەڕووی دەق بە شێوەیەک کە خوێنەری بە ئامانج گیراو هەست بەوە بکات بەشێکە لە دیالۆکی فەلسەفی،لە ڕێگەی بەکارهێنانی زمانی ئاشنا یان ئەو نموونانەی کە پەیوەندیدارن .

‏(ستراتیژی داهێنەرانە)

‏دووبارە دروستکردنەوە: وەک بنیامین پێشنیاری کردووە، وەرگێڕان دەتوانێت پرۆسەیەکی داهێنەرانە بێت کە ئامانجی هێنانەدی دەقێکە لە چوارچێوەیەکی نوێدا، نەک هەوڵدان بۆ یەکسانیی وشەیی. هەڵوەشادنەوە و لێکدانەوە: وەرگێڕ بە ئیلهام موەرگردن لە جاک دریدا، دەتوانێت ڕێبازێکی هەڵوەشاندنەوە بگرێتەبەر کە تیشک دەخاتە سەر فرەیی ماناکان و ڕێگە بە دەقەکە دەدات کە ناڕوونیی و تەمومژاوی فەلسەفی خۆی بپارێزێت .

‏(ستراتیژی تەکنەلۆژیا)
‏بەکارهێنانی ئامرازە دیجیتاڵییەکان ، سود وەرگردن لە پێگەی داتاکانی زمانەوانی و فەلسەفیەکان بۆ تێگەیشتن لە زاراوەکان و مێژووەکانیان . هاوکاری نێوان پسپۆرەکان : یانی کارکردن لەگەڵ فەیلەسوف و زمانزان و مێژوونووسان بۆ دڵنیابوون لە وردی وەرگێڕانەکان .

‏(ڕەخنە)
‏ڕێژەیی زمانەوانی: هەندێک دەڵێن وەرگێڕانی فەلسەفی ڕەنگە ببێتە هۆی ڕێژەگەرایی ئیپیستمۆلۆژی، کە ماناکان بە شێوەیەکی ڕیشەیی لە نێوان زمانەکاندا دەگۆڕدرێن.
‏لەدەستدانی ڕەسەنایەتی: هەندێک ڕەخنە لە وەرگێڕانی فەلسەفی دەگرن، دەڵێن ڕەنگە بەشێک لە قووڵایی دەقی ڕەسەن یان تایبەتمەندی ڕۆشنبیری لەدەست بدات. ئاڵنگاری ئەخلاقی: وەرگێڕ لەوانەیە ڕووبەڕووی تۆمەتی لایەنگری ببێتەوە ئەگەر هەندێک لێکدانەوە بەسەر ئەوانی تردا هەڵبژێرێت .

‏(کاریگەری)
‏وەرگێڕانی فەلسەفی بەشداری کرد لە دروستکردنی پردی نێوان ڕۆشنبیریەکان، وەک گواستنەوەی فەلسەفەی یۆنانی بۆ جیهانی عەرەبی- ئیسلامی، کە دواتر کاریگەری لەسەر بیری ئەوروپای ڕۆژئاوا هەبوو. ‏فەلسەفەی وەرگێڕان ئیلهامبەخش بووە بۆ وەرگێڕانی ڕەوتی نوێ و توێژینەوەی ڕۆشنبیری دوای کۆلۆنیالیزم ، هەروەها وەرگێڕان بووەتە ئامرازێک بۆ تێگەیشتن لە شوناس و جیاوازی .

‏(ئەنجام)
‏«وەرگێڕانەکان ئاسۆی مرۆڤ وجیهانی فرەوان کرد ، لە هەمان کاتدا یارمەتیدەر بوو بۆ تێگەیشتن لە گەلانی دوور .»
‏وەرگێڕانی فەلسەفی و فەلسەفەی وەرگێڕان نوێنەرایەتی دوو بواری سەریەککەوتوو دەکەن کە پێویستیان بە ڕێبازێکی ستراتیژی هەیە کە ئاستەنگە زانستی و زمانەوانی و ڕۆشنبیریەکان لەبەرچاو بگرێت. بە گرتنەبەری ستراتیژییەکانی کۆنتێکست و زمانەوانی و ڕۆشنبیری، هاوکات پشتبەستن بە ستراتیژییەکانی کۆنتێکست، زمانەوانی، ڕۆشنبیرری و داهێنان، وەرگێڕەکان دەتوانن بەسەر ئەم ئاڵنگاریانەدا زاڵ بن و وەرگێڕانێک دروست بکەن کە ڕۆحی دەقی ڕەسەن بپارێزێت ، لە گەڵ بە دەستڕاگەیشتن و مانادار لە چوارچێوەی نوێدا . وەرگێڕانی فەلسەفی لە هەمان کاتدا وەک پرۆسەیەکی داهێنەرانە و ڕەخنەگرانە دەمێنێتەوە، هاوکات بەشداری دەکات لە دەوڵەمەندکردنی گفتوگۆی فەلسەفی لە سەرانسەری زمانەکان و ڕۆشنبیریدا . ئەم توێژینەوەیە جەخت لەسەر گرنگی هۆشیاری لە ئاڵۆزییەکانی پەیوەست بە وەرگێڕانی فەلسەفی و پێویستی پەرەپێدانی ستراتیژی داهێنەرانە بۆ چارەسەرکردنی ئەم ئاڵۆزیانە دەکاتەوە. ئایا بەکارهێنانی فەلسەفە وایکردووە وەرگێڕان بتوانێت بەسەر دژواری و سەختییەکانیدا زاڵ بێت؟

‏(د . زهیر خویلدي)
‏سەرچاوە – انفاس نت – بەروار ١٩ ئوکتۆبەر ۲۰۲٥

 a



بانگەشەکردن بە چەتاڵ.. نەوزاد بەندی

چەتاڵکردن واتا به گواستنەوەی بارگە ی کارەبا یان ووزە له شوێنێکی پڕ ووزەوە بۆ شوێنێکی بێ ووزه، بە شێوەیەکی کاتیی.
ئەم حاڵەتە، هەوڵدانە بۆ بارگاویکردن و ژیانەوەی ئامێرێکی مردوو به شێوەیەک هەتا ئەگەیەنرێتە لای وەستا .. بۆ نمونە پاتری ئوتومبیلێک لەکار دەکەوێ، پیویستە به پاتری ئوتومبیلێکی تر چەتاڵ بکرێ، بۆ ئەوەی ئوتومبیلە لە کارکەوتووەکە بخرێتەوە گەڕ، هەتا دەگاتە لای پاتریسازێک و پاترییەکی نوێی بۆ دەکڕێت.
بەڵام وەک چۆن هەنگوین و ئاڵتون و دەنگی حەسەن زیرەک، بە لاڕێدا براون و کۆپی ساختەیان کەوتۆتە بازاڕەوە، بە هەمان شێوە چەتاڵیش تێکەڵاوی ساختە و گزی کراوە، بۆ نمونە خەڵکێک هەبوون و هەن و ئەبن کە کارەبای ماڵ و دوکان و پڕۆژەکانیان چەتاڵە..واتا هێڵێک به دزییەوە لە کارەبای گشتی ڕادەکێشن و کارەبای خۆڕایی بۆ ماڵ و دوکانەکانیان دەستەبەر دەکەن، لێرەدا ئیتر پێناسەی چەتاڵکردن ئەشێوێ، چونکە چەتاڵکردن بە شێوەیەکی کاتییه، بەڵام ئەم جۆره چەتاڵەیان به شێوەیەکی هەمیشەیی یان درێژ خایەنە.
لەبەر ئەوە وەک هەموو دیاردەکان، چەتاڵکردن لایەنی خێر و شەڕیشی هەیه، وەک چۆن چەقۆیەک ئەتوانیت کەرەستەی خواردنێکی بەتامی پێ بجنیت و ئامادەی بکەیت، لە کاتێکدا خەڵکێکی شەڕەنگێز هەن به چەقۆ کەسانێکی بێ تاوان ئەکوژن یان بریندار ئەکەن، بەو جۆرە چەتاڵی خێر و چەتاڵی شەڕیش هەیە.
لە ڕاستیدا مرۆڤ لە عەرەبیدا پێی ئەوترێ ئینسان ، واتا دوو مرۆڤ ..خێر و شەڕ ..زانستی نوێیش سەلماندوویەتی کە مێشکی مرۆڤ دوو بەشی لای ڕاست و چەپی تەواو جیاوازن، لایەکیان تایبەتە به یاسا و باوەڕ و وەفاداریی و خۆنەویستیی ، کەچی لاکەی تریان تایبەتە به یاخیبوون و بێ باوەڕیی و زوڵم و خۆپەرستیی ..هەر بۆیە کەسانی ئاینیی و شۆڕشگێڕ بەردەوام ویرد و دۆعا و سروود ئەڵێنەوە بۆ ئەوەیە بەشە باوەڕدارەکەی مێشکیان پتەو بکەن و بەشە بێ باوەڕەکەی بپوکێننەوە و پەڕاوێزی بخەن ..هەمان کات کەسه بێ باوەڕ و خۆپەرستەکان، بەردەوام یاساشکێنیی و زوڵم و تاوانەکان ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی بەشە بێباوەڕ و خودپەرستەکەی مێشکیان گەشه پێ بدەن و ..بەشە باوەڕدارەکەیش پشت گوێ و لەناو ببەن .
ئەمە پاکانە کردن کردن نییه بۆ ئەوانەی کارەبا و ئاو بە چەتاڵکردنی هەمیشەیی دابین دەکەن، چونکە ئەوە دزییە لە سامانی گشتیی شایانی سزای تونده، بەڵام ئەمانەوێ ئەوە بخەینە ڕوو کە له ڕاستیدا هەموو دیاردە و هەڵس و کەوتێکی مرۆڤ، له ژێر ڕەحمەتی دوو کۆنتڕۆڵی پۆزەتیف و نێگەتیڤدایه، واتا خۆی بڕیار ئەدات خزمەت بکات یان زوڵم .. بنیات بنێ یان بڕوخێنێ ..وەفادار بێ یان ناکەس بەچە ..نیشتمان پەروەر بێ یان نیشتمان فرۆش، ئەوەیش هەوڵ و لێبڕانی پێویستە، واتا مرۆڤ له خۆیەوە نابێتە خێرخواز، له خۆیشیەوە نابێتە شەڕەنگێز، هەردوو حاڵەتەکە کار و هەوڵ و ماندوو بوونی ئەوێ.
با بگەڕێینەوە بۆ بابەتی چەتاڵ، لە سیاسەتی نێو دەوڵەتیشدا چەتاڵکردن به ئاشکرا دیاره یان ڕاستتر کوڵۆنیالیستە زەبەلاحەکانی جیهان بە سیاسەتی چەتاڵ دەسەڵاتەکانی خۆیان ئەسەپێنن و وڵاتان بۆ خۆیان حەپەلوش دەکەن، بۆ نمونە فەیسەڵی باوکی سعودی شای سعوڕیە، به کردار چەتاڵکردنی ئەمەریکای ڕەت کردەوە و نەوتی لێ بڕین، کاتێکیش وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەردانی کرد و بە تەنزەوە ووتی تۆزێ نەوتمان بۆ بەربدەرەوە فڕۆکەکەم بەنزینی تیا نیە، شا فەیسەڵ ووتی منیش پێویستم بە قودسه نوێژێکی تیا بکەم، ئەمە بوو بە هۆی تیرۆرکردنی شا فەیسەڵ، بەڵام که سعودی کوڕی هاتە جێگای، بۆری نەوتی بۆ کردنەوە، ئەوانیش چەتاڵێکی چاکیان بۆ کرد و تا هەنوکەیش سعودیە چەتاڵکراوە و هیچ عەیبی نییە .. بەهاری عەرەبیی، لێکردنەوەی چەتاڵی لیبیا و میسر و تونس بوو لەلایەن ئەمەریکاوە ، بەو جۆرە دەسەڵاتی ئەو وڵاتانە نوزەیان تیا نەما و به خێرایی ڕوخان، بەڵام سوریا نەڕوخا، چونکە دوای پچڕانی چەتاڵی ئەمەریکا، ڕوسیا بە خێرایی چەتاڵی کردنەوە. بەو جۆرە هەرچی دەسەڵاتی دنیایه، بە جۆرێ لە جۆرەکان چەتاڵێک یان زیاتریان پێوەیه لە هەمان کاتدا چەند چەتاڵێکیشین لێ دەرچووە بۆ ئەو دەسەڵاتانەی کە لە خۆیان لاوازترن، بۆ نمونە دەسەڵاتەکانی هەرێمی خۆمان نیوەی چەتاڵی ئێران ئەیسوڕێنێ و نیوەکەی تری چەتاڵی تورکیا بارگاویی دەکات، ئەوە لە کاتێکدا تورکیا و ئێرانیش گیانێکیان به چەتاڵی چین و ڕوس و ئیسڕائیلە، ئەمانە چەتاڵکردنی سیاسیین، بۆ نمونە کەسێکی وەک دۆناڵد تڕەمپ، لایەکی کۆشکی سپی ئەڕوخێنێ بۆ ئەوەی هۆڵی سەماکردنی تایبەت بەخۆی دروست بکا.. هەروەها هەوڵ ئەدات یاسای سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لە هەشت ساڵەوە درێژ بکاتەوە بۆ دوانزه یان شانزه ساڵ، ئەم بڕیارانە ڕیکلامن چونە سەر تەختی چەتاڵکەری باڵا، یاخود چەتاڵی سوپەر پاوەر له هەموو دونیادا کە بێ ڕکابەرە،.واتا چاکسازیی و ڕیفۆرم نین، بەڵکو چەتاڵکردنن، چونکە جیاوازی نێوان چەتاڵکردن و چاکسازیی ئەوەیه چەتاڵکردن خواستی یەک شت یان یەک کەس و یەک خێزانو یەک بنەماڵە بەدی دەهێنیت، بەڵام چاکسازیی خواستی گشتیی بە دیدەهێنێ .. هەمیشە چەتاڵچییەکان و چاکسازخوازەکان له شەڕێکی دەستە و یەخەی درێژ خایەن و ئەزەلیدان ..کاتێ تۆماس مۆری چاکساز بە پاشای چەتاڵچی فلۆڕەنسا دەڵێت : تۆ زاڵمیت .. لە داخی ئەو یۆتۆپیا ئەنوسێ کە سەر لە بەری کۆمەڵگا و بەها باوەکانی تێدا ئەگۆڕێ، بۆ نمونە ئاڵتون کە خەونی چەتاڵچییەکانە، له یۆتۆپیادا تەنها دروستکردنی کەلەپچە و قەعادەی پاشەڕۆی منداڵان بەکارئەهێنرێ ، لێرەدا ئیتر پاشای چەتاڵچی فلۆڕەنسا لە تۆماس مۆری ڕیفۆرمخواز ئەچێ بە قیندا و سەری ئەپەڕێنێ ..
بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتیی ئەم چەتاڵچییە قاچاخ و دژه یاسا و دژە داب و نەریتانە، لە هەوڵی مانەوەی خۆیان و خێزان و بنەماڵەکانیاندا، ملیۆنەها مرۆڤیان کوشتووە و برسی و ئاوارەیان کردوون..و تا هەنوکەیش بەردەوامن .
ڕەنگە لێرەدا پرسیارێک سەرهەڵبدات، بۆچی هەمیشه چەتاڵچییەکان ، یاخود بەشە شەڕەنگێزەکەی مێشکی مرۆڤایەتیی بەسەر چاکساز و ڕیفۆرمخواز و بەشە ئاشتیخوازەکەی مێشکی مرۆڤدا زاڵ ئەبێ و ئەیباتەوە ؟ بۆچی شارستانییەتەکان و ئەدەب وهونەر و زانستی چەندەها سەدە، دەسەڵاتگەلێکی ناداد و دڕندە و گەمژەیان لێ پەیدا ئەبێ ؟
بە کورتیی هۆکارەکەی ئەوەیە چەتاڵچی و شەڕەنگێزەکان لەو جەنگەدا هەموو چەکێکی نائەخلاقیی بەکاردێنن و بە ڕاست و چەپدا، تەڕ و وشک ئەسوتێنن، بەڵام چاکساز و ڕیفۆرمخواز لەو شەڕەدا سنوورەکانی ئەخلاق و داب و نەریت ناشکێنن، ئەمەیش وەک شەڕی مامۆستایەکی بەڕێز و چەقۆکێشێکی مافیا وایه، پێش ئەوەی مامۆستاکە بیر لەوە بکاتەوە چۆن لەم شەڕەدا قوتابخانەکە و خەڵکەکە زیان نەکەن، کابرای مافیای چەقۆکێش حەوت زەمانە مامۆستاکەی شەڵاڵی خوێن کردووە و قوتابخانەکەی بەسەر قوتابیەکاندا ڕوخاندووە.
برسی کردنی میللەتان و مافی خەڵک خواردن و دزی و مافیاگەریی سیستماتیک و هەڵگیرساندنی شەڕی هیچ و پوچ و بێ مەعنا، بەشێکن لەو چەکە نائەخلاقییانەی کە چەتاڵچییە نائەخلاقییەکان سەروەریی خۆیانی پێ دەپارێزن، ئەوەی هەمیشە وایکردووە کە دەسەڵاتی دادپەروەر تەمەنێکی کورتی هەبێت و ..دەسەڵاتی مافیا و نادادپەروەر تەمەنێکی درێژی هەبێ.
بەڵام ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام وتا ڕادەیەکیش هێنامیه پێکەنین، بەکارهێنانی چەتاڵکردن بوو لە بانگەشەی ئەمجارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا .. تەماشا دەکەیت چەندەها کاندید کە هیچ کەسێک نایانناسێت و هیچ شوێنپەنجەیەکی زانستی و ئەدەبی و هونەریی وکۆمەڵایەتیی و سیاسیی دیاریان له کۆمەڵگادا نەبووە، لە بانگەشەی هەڵبژاردنیاندا، لەگەڵ وێنەکەی خۆیاندا وێنەی سەرۆک حیزبەکانیان یان هاوسەرەکانیان کە ناسراو بوون یان هەر کەسێک کە خزمایەتیی و ئاشنایەتیی و ناسراوییان لەگەڵیاندا هەیە، لەسەر فلێکس چاپکراون و بە شەقامەکاندا هەڵواسراون ..واتا ڕێک وەک ئەو دوو ئوتومبیلەی کە له تەنیشت یەکترەوە دادەنرێن بۆ ئەوەی پاتری مردووی یەکێکیان لە ڕێی چەتاڵکردنی پاتری زیندووی ئەوەی تریانەوە، بخرێتە کار ..
دانانی وێنەی کاندیدێکی نەناسراو لە تەنیشت وێنەی کەسێکی ناسراو، هەتا کەسە ناسراوەکە کە سەرۆک حیزبێتی یان خزم و هاوسەرێتی، هەڵسێت بە چەتاڵکردن و گواستنەوەی بارگەی ناوبانگ و ناسراویی لە خۆیەوە بۆ ئەو ..بەو جۆره بەڵکو ئەوە خوایه لە بەر گوڵە گەنمێک ئەو گوڵە جۆیانەیش دۆلار بخۆنەوە و ببنە خاوەنی کورسی ئەنجومەنی نوێنەران و بچنە ژیانی پادشا و چەتاڵچییەکانەوە .
ئەم جۆره چەتاڵکردنە، تازەترین جۆری چەتاڵە و ..ڕەنگە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هێشتا لە ڕێی چەتاڵکردنەوە، دەنگی خەڵک و ناوبانگی خزم و هاو ئاواز، بۆ کاندیدی نەناسراو نەگواسترابێتەوە ..هەر بۆیه پێویستە کتێبی گینز بۆ ژماره پێوانەییەکان لەم داهێنانە ئاگادار بکرێتەوە بۆ ئەوەی لە دوو توێی خۆیدا تۆماریان بکات.

نەوزاد بەندی




ئاڵۆزی پەیوەندی هەسەدە و حکومەتی سوریا.. عوسمانی حاجی مارف

شاری حەلەب شایەتی گرژیە ئەمنیەکانی نێوان سوپای سوریا و هەسەدە بوو، دوای پێکدادانی توندوتیژی کە لەنێوان هێزەکانی حکومەتی سوریا و هەسەدە لە گەڕەکەکانی شاری حەلەب بەتایبەت شێخ مەقسود و ئەشرەفیە ڕویدا، حکومەتی سوریا و فەرماندەی هەسەدە، بە ڕێکەوتنی هەردوولا ڕۆژی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥، ئاگربەستێکی هەمەلایەنەیان ڕاگەیاند، ئەمەش پرسیاری لەسەر چارەنوسی ئەو ڕێکەوتنە دروستکرد کە لە ١٠ی ئازاری ٢٠٢٥ بۆ تێکەڵکردنی هەسەدە لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا پێشنیارکرابوو.
ئەوەی شایانی وەبیرهێنانەوەیە، لە ١٠ی ئازاری ٢٠٢٥دا، ئەحمەد شەرع و مەزلوم عەبدی، ڕێکەوتنێکی هەشت خاڵییان واژۆکرد کە ئامانج لێی تێکەڵکردنی پێکهاتە ئەمنی و سەربازیی و مەدەنیەکانی سەر بە هەسەدەیە لەگەڵ دەوڵەتی سوریا، لە ڕێکەوتنەکەدا گەرەنتیکردنی مافە سیاسی و مەدەنیەکان بۆ هەموو سووریەکان بەبێ جیاوازی ئاینی و نەتەوەیی دیاریکرابوو، هەروەها دووپات کرایەوە کە کورد پێکهاتەیەکی دانەبڕاوی دەوڵەتی سوریایە و بەهرەمەندە لە هاوڵاتیبونی تەواو و مافە دەستووریەکان! هەروەها ئاگربەستێکی هەمەلایەنە لە سەرانسەری هەموو خاکەکانی سوریا و دەستپێکردنی یەکخستنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازیەکانی باکووری ڕۆژهەڵات بۆ ئیدارەی دەوڵەتی ناوەندی لەخۆگرتبوو، لەوانە دەروازە سنووریەکان و فڕۆکەخانەکان و کێڵگە نەوتی و گازیەکان.
لە ڕێکەوتنەکەدا جەخت لەسەر مافی ئاوارەکان کراوەتەوە بۆ گەڕانەوەیان بە سەلامەتی بۆ ناوچەکانی خۆیان، بە گەرەنتی پاراستنیان لەلایەن دەوڵەتەوە، هاوکات داوای پاڵپشتیکردنی حکومەت لە شەڕەکانیدا کراوە لەدژی پاشماوەکانی ڕژێمی ئەسەد و هەموو ئەوانەی هەڕەشە لە ئاسایش و یەکڕیزی سوریا دەکەن. هەروەها بڕگەیەکی ڕوونی لەخۆگرتبوو کە قسەی ڕق و تایفەگەری و بانگەوازی دابەشبوون ڕەتدەکاتەوە و جەخت لەسەر چەسپاندنی بنەماکانی پێکەوەژیان لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سوریادا کراوە!
بەمشێوەیە ڕێکەوتنی مانگی ئازار چوارچێوەیەکی سیاسی و ئەمنی بۆ بنیاتنانەوەی دەوڵەتی سوریا لەسەر بناغەکانی بەناو هاوبەشی ‘نیشتمانی” نیشاندا، کە لەسەرەتاوە هەسەدە بەشداری دانوستانەکانی بۆ بەهێزکردنی کۆنترۆڵی حکومەتی سوریا بەسەر ئەو وڵاتەدا کردبوو، بەڵام لەوکاتەوەی ڕێکەوتنەکە واژۆ کرا، جێبەجێکردنی ئەم ڕێکەوتنە بەردەوام لە دۆخێکی خراپدا دەرکەوتووە، وردەکاریەکانی “یەکگرتن”ی سەربازی و ئیداری تا ئێستا بەناڕونی ماونەتەوە و میکانیزمەکانی گواستنەوەی دامەزراوەیی بەڕوونی دیارینەکراون، ئەم ناڕوونیە، وایکردووە ڕێکەوتنەکە ئامادەبێت بۆ لێکدانەوە ناکۆکەکانی نێوان دیمەشق و هەسەدە، ئەمەش کەلێنی دروستکردووە کە بەکاردەهێنرێت بۆ پاساوهێنانەوە بۆ دواکەوتن یان خاوکردنەوەی جێبەجێکردنی، هەروەها وایکردووە پەیوەندی نێوان ئەو دوو لایەنە، هەسەدەو حکومەتی سوریا لە دۆخێکی ناسکی ئاگربەستدا بمێنێتەوە، نەک یەکلایکردنەوەیەکی سەقامگیری بۆ سوریا.
گەر وا پێشبینی بکرێت کە ئەم ڕێکەوتنەی ١٠ ی ئازار، تەنها چوارچێوەیەکی فۆرمی وگشتیە بۆ باسکردن لەسەر چارەسەر، کە وردەکاری تێدا نیە و هیچیشی لێدەرناکێشرێت، لەهەمانکاتدا هێندە ناڕۆشنە کە لە کۆبوونەوەکانی دواتر لە نێوان حکومەتی دیمەشق و هەسەدە بەهۆی نەبوونی فۆرمولەی کۆتاییەوە کۆسپیان بۆ دروست بوو.
کاتێک هەسەدە ڕێکەوتنەکەی واژۆکرد، پێدەچێت ئەو ساتەوەختە مێژوویەیان لەبەرچاو گرتبێت و وەک مانۆڕێکی هەلومەرجی مامەڵەیان لەگەڵدا کردبێت، نەک پابەندبونێکی یەکلاییکەرەوەو کۆتایی. ئاماژەیان بەوەشکردووە، کە لەئێستادا هەسەدە هەوڵدەدات تا دەتوانێت مانۆڕ و وەستانی زیاتر لەگەڵ حکومەتی ئێستای دیمەشقدا بەڕێ بکات. چونکە ڕێکەوتنێک لەسەر بنەمای یەکگرتنی تەواو، لە دۆخی پێکهاتەی ئێستای حکومەتی شەرع و پاوانخوازی ئیسلامی سیاسیدا، بە مانای کۆتایی هەسەدە دەبێت.
لەدوای واژۆکردنی ڕێکەوتنەکەی مانگی ئازار، چوار خولی دانوستان لەنێوان نوێنەرانی حکومەتی سوریا و هەسەدە ئەنجامدراوە، کە دوو کۆبوونەوە لە حەسەکە و دوو دیدار لە دیمەشق ئەنجامدراوە. دوایین کۆبونەوە کە لە سەرەتای مانگی تەمموزدا بەڕێوەچووە، هیچ ئەنجامێک تیا بەدەست نەهاتووە.
کێشەکە ئەوەیە ئەحمەد شەرع و حکومەتەکەی پێیانوایە یەکگرتنەوە بە واتای هەڵوەشاندنەوەی هەسەدەیە، واتە چەکدارەکان تاکەکەسی تێکەڵی سوپای سوریا ببن، هەڵبەتە لە لایەن هەسەدەوە جەخت لەسەر ئەوەهەیە کە پێکهاتە ڕێکخراوەییەکەی وەک بناغەیەکی یەکگرتوو بمێنێتەوە و پارێزراوبێت، نەک بە تەواوی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا هەڵبوەشێتەوە، ئەمەش لەلایەن حکومەتی سوریا قەبوڵ ناکرێت و ڕەتدەکرێتەوە، کە بە هەڕەشە بۆ سەر ناوەند بونەوەو یەکگرتوویی سوریا دەزانێت.
خاڵێکی دیکەی بنەڕەتی مشتومڕ، پرسی لامەرکەزییە، دیمەشق تارادەیەک مامەڵە لەگەڵ لامەرکەزیەت دەکات وەک ڕێکخستنی کارگێڕی لەناو دەوڵەتێکی یەکگرتوودا، لەکاتێکدا هەسەدە هەوڵدەدات بیگۆڕێت بۆ فۆرمۆلەیەکی سیاسی فراوانکراو کە دەسەڵاتی سەربەخۆی پێبدات لە بوارەکانی ئاسایش و ئابووری و پەیوەندیەکانی دەرەوەدا، ئەو لامەرکەزییەی کە لەلایەن هەسەدەوە دانوستانی لەسەر دەکرێت، فیدراڵی یان دەوڵەتێکی فیدراڵی نییە، بەڵکو کۆنفیدڕاڵیە، واتە دانوستانی نێوان دوو دەوڵەت کە هەریەکەیان سەروەری سەربەخۆیان هەیە و ڕێککەوتن لەسەر پەیوەندی هاوبەش لە ژێر یەک چەتردا، حکومەتی سوریا ئەمە بە پێشێلکردنی سەروەری دەوڵەت و یەکگرتوویی دامودەزگاکانی دەزانێت، گومانی تیا نیە کە تورکیاش قەبوڵ ناکات.
هاوکات ناکۆکی لەسەر پرسی ئابووری و کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکان بەتایبەتی نەوت و گاز و دەروازە سنووریەکان قووڵتر دەبێتەوە، لەکاتێکدا کە ڕێکەوتنی مانگی ئازار گەڕانەوەی ئەم سەرچاوانەی بۆ ئیدارەی ناوەندی دەوڵەت دیاری کردبوو، هەسەدەش پێشنیاری هێشتنەوەی پشکەکانی ناوخۆیی لە بواری کارکردن و دارایدا دەکات.
هەسەدە و حکومەتی سوریا لەدوای واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی ١٠ ی ئازاری ٢٠٢٥ ەوە سەرقاڵی دانوستانێکی قورس بوون، بە ئامانجی یەکلاکردنەوەی چارەنووسی پرۆژەی “بەڕێوەبردنی خۆیەتی” لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. سەرەڕای پێکهێنانی لیژنە هاوبەشەکانی نێوان هەردوولا لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا، بەڵام دواتر دانوستانەکان وەستان بەهۆی پەرەسەندنی ناکۆکیەکانیان لەسەر شوێن و سروشتی دانوستانەکان.
هەسەدە پێداگری کرد لەسەر گواستنەوەیان بۆ پاریس لەژێر چاودێری فەرەنسا، دیمەشق ڕەتیکردەوە ئەو پرسە بەنێودەوڵەتی بکات و پێداگری لەسەر ڕاگرتنی ئەوان لە چوارچێوەی خاکی سوریادا کرد. جگە لەوەش، ناوبەناو پێکدادانێکی سنووردار بەهۆی پێشێلکاری مەیدانی و تۆمەتی یەکتر بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکە سەریهەڵداوە، واتە ئاگربەستەکە بەشێوەیەکی ناسەقامگیری ماوەتەوە و هەرواش دەمێنێتەوە، ئەم پێکدادانانە درێژەپێدەری شێوازێکە کە ماوەیەکە بەردەوامە، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب و دێرحەفەر، ئەم ناوچانە لەدوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لەلایەن هەسەدەوە کۆنترۆڵ کران و لەوکاتەدا هەسەدە بەرەو حەلەب پێشڕەویان کرد، ئەوان کۆبونەوە و بووە هۆی پێکدادانی پچڕپچڕ لە نێوان هەردوولادا.
ئەوەی شایانی باسە پێکدادانەکانی ئەم دواییە ئاماژە بەو رەهەندە سیاسیە ئەدات کە حکومەتی سوریا جۆرێک لە گەمارۆدانی بەسەر گەڕەکەکاندا سەپاندووە، لەبەرامبەر ڕۆڵی هەسەدە لە حەڵەبدا، واتە دەرکردنی نفوزی هەسەدە لە حەڵەب، ئەمەش بەشێکە لەو سیاسەتەی کەشەرع دەیەوێت تەواوی سوریا کۆنترۆڵ کات.
پێکدادان و تۆپبارانەکانی ئەم دواییە بونەتە هۆی ئاوارەبونی خەڵکی مەدەنی لەو گەڕەکانەی زیانیان لێکەوەتووە، هەربۆیە ئاماژەن بۆ مەبەستی حکومەت بۆ زیادکردنی فشاری سەربازی لەو ناوچانەدا، لەگەڵ ئەوەشدا هەسەدە، هەڕەشەی ئەوە دەکەن کە هەر کۆنتڕۆڵکردنێک بەسەر ئەو گەڕەکانەدا بێت، واتە مانای کۆتایی بە ڕێکەوتنەکەی ١٠ی ئازار دەهێنێت!.
دەستێوەردانی ئەم دواییەی ئەمریکا لەڕێگەی نێردەی تایبەت تۆم باراک و فەرماندە “براد کوپەر” لە فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا هەوڵێکە بۆ گەڕاندنەوەی پرۆسەی سیاسی و رێکەوتنی حکومەتی سوریا و هەسەدە، ئەمەش ئاشکرایە گەر پێشبێت لە بەرژەوەندی واشنتۆندایە.
ئاشکرایە کە تورکیا ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە تەواوی هاوکێشەکەدا، هەوڵ و خواستێکی بەهێزی هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە هەسەدە، بۆیە پاڵپشتی هەر هەنگاوێکی حکومەتی سوریا دەکات کە ئاماجی کۆتایی هەسەدە لە نەخشەکانیاندا بێت.
دیداری نێوان مەزلوم عەبدی و ئەحمەد شەرع، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شاهیدی بوین، وەزیری بەرگری و بەشێک لە ئەندامانی حکومەتەکەی، بە نێوەندگیری ئەمریکا، بۆ کەمکردنەوەی بارگرژی دۆخەکە دوای تێکهەڵچونی چەکداری نێوان هەسەدە و سوپای سوریا لە حەلەب، دۆخەکە لەسەر زەوی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، بەردەوامە لە هەنگاونان بەرەو ئامادەکاریەکان بۆ ململانێیەکی نوێ لەگەڵ دیمەشقدا، ئەمەش ئاماژەیە بۆئەوەی کە سەرکردایەتی هەسەدە خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئەگەری ڕوبەڕوبونەوەی تر لەگەڵ سوپای سوریا یان کوتلەکانی سەر بە تورکیا لە باکووری ئەو وڵاتە.
پێدەچێت هەسەدە زیاتر لە چوارچێوەی کایەی نفوزی ئەمریکادا خۆی ڕادەگرێت بەبێ ئەوەی ئاسۆیەکی سیاسی ڕوونی هەبێت، ئەمەش پێداگری مەزلوم عەبدیە لەسەر پاراستنی هاوسەنگی و هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی ململانێ لەگەڵ دیمەشق و ئامادەکاری بۆ هەر سیناریۆیەک بەرەوڕویان بێتەوە.
ئارامی ئێستای شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە و دێرەزور ئاگربەستێکی کاتیە، کە واشنتۆن لەڕێگەی فشاری دارایی و سیاسیەوە سەپاندویەتی، هۆکارە بنەڕەتیەکانی ئەو ململانێیە وەک خۆیان ماون، سەرەڕای سەرکەوتنی کاتی واشنتۆن لە ڕاگرتنی گرژیەکان، بەڵام تا ئێستا چارەسەری ڕەگ و ڕیشەی قەیرانەکانی نەکردووە.
چانسی گەیشتنی هەسەدە بە ڕێکەوتنێکی سیاسی لەگەڵ دیمەشق ئاڵۆزە، ئاشکرایە کە ڕژێمی سوریا ئامادە نییە دەستبەرداری “ناوەندگەرایی ڕەها”ی خۆی بێت یان دان بە هەر ئیدارەیەکی سەربەخۆدا بنێت کە ڕەنگە ببێتە هۆی دابەشبوونی سوریا لە داهاتوودا.
ئەتوانین بڵێین ناوچەکە بەڕووی چەند ئەگەرێکدا بەکراوەیی دەمێنێتەوە، ئارامی پچڕپچڕ یان هەڵکشانێکی نوێ کە لەوانەیە لە دێرەزور یان گەڕەکە کوردیەکانی حەلەب سەرهەڵبداتەوە، ڕێکەوتنەکانی ئێستا بەرگەی فشارەکانی بارودۆخی ئاڵۆزی سیاسی سوریا و ناوچەکە ناگرن و دۆخێ سوریا لەم گێژاو و ناجێگیریە سیاسیە لە سایەی دەسەڵاتی ئیسلامیدا نایەتە دەرەوە.




ناڕەزایەتی ملیۆنی دژی ترەمپ و هاوپەیمانەکانی!.. نوری بەشیر

رۆژی ١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی سەرانسەری ئەمریکای گرتەوە، بەپێی میدیا ئەمریکی و جیهانیەکان لە ٥٠ ولایەتەکەی ئەمریکا ئەنجامدرا، کە لە ٢٧٠٠ شوێنی جیاجیاو بە بەشداری ٧ ملیۆن کەس بەڕێوەچوو، بە دروشمەکانی “نەخێر بۆ پاشا” و “دیموکراسی نەک دیکتاتۆریەت” و “بەدژی دیکاتۆری و فاشیەتی ترامپ” و چەندین دروشمی دیکەی پشتگیری لە کۆچبەران و دژی سیاسەتی ئابوری ترەمپ، فەزای هەموو ئەمریکای داگیرکردبوو.
ئەمە دووەم ناڕەزایەتی گەورەی ئەمریکایە لە دوای خۆپیشاندانی مانگی حوزەیرانی ڕابردوو، کە بە بەشداری ٥ ملیۆن کەس بە دژی دۆناڵد ترەمپ و سیاسەت و حکومەتەکەی ئەنجامدرا. ئەم دوو خۆپیشاندانە چەندین ملیۆنیە لەلایەن بزووتنەوەی “نەخێر بۆ پاشا لە ئەمریکا” ڕێکخرابوو، کەدەیان رێکخراوی جۆراوجۆری مرۆڤدۆست و ئازادیخواز و چەپ تێیدا بەشدارە. ئەم خۆپیشاندانەی ئەمجارە، بۆ ترەمپ و حکومەتەکەی شۆک هێنەربوو، لەلایەک لەڕووی دروشمەکانی خۆپیشاندانەکەوەو لەلایەکی دیکەوە رێژەی زۆری بەشداربوان کە سەرجەم ئەمریکای گرتەوە لە شارە گەورەکانی: واشنتۆن، لۆس ئەنجلس، شیکاگۆ، بۆستن، ئەتلەنتا، میامی، ساراسۆتا کاونتی لە فلۆریدا، پیتسبورگ لە ویلایەتی پێنسیلڤانیاو هەروەها لە نزیک شوێنی مانەوەی ترەمپ لە مارالاگۆی فلۆریدا، کە تێیدا پشووی کۆتایی هەفتە بەسەر دەبات. هەروەها ئەم ناڕەزایەتیانە سنووری ئەمریکا تێدەپەڕێنێت، واتە جگە لە ئەمریکا، بزووتنەوەی ناڕەزایەتی “نەخێر بۆ پاشا” چالاکییان لە کەنەداش ئەنجامدا، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە هەریەک لە شاری مالاگای ئیسپانیا و مالمۆی سوید بەڕێوەچوو.
ناوەرۆکی ناڕەزایەتی ئەمجارەی هێزی ناڕازی مرۆڤدۆست و ئازادیخوازی ئەمریکا، لەبەرامبەر سیاسەتی ترەمپ و حکومەتەکەی لە ئاستی ناوخۆو جیهاندا، بەتایبەت بەدژی باڵی توندڕەو و راسیستی، راستی بۆروژازیی ئەمریکایە، کە کەلێنی چینایەتی بەشێوەیەک فراوانکردۆتەوە و ژیانی بۆ چینی کرێکارو هەژاران نەهێشتۆتەوە. نەک دەیەوێت ئەم ئاراستە سیاسی و ئابوریە کۆنەپەرست و دژی ئینسانی و هێرشانە بۆسەر خەڵكی کرێکارو کەمدەرامەتی ئەمریکادا فراوانبکاتەوە، بەڵکو دەیەوێت وەک بزوتنەوەیەکی بۆرژوایی ڕاستڕەو دنیا بگرێتەوەو کاری بۆدەکات، کە نموونەکانی لەبەریتانیا و ئیتالیاو فەرەنساو هەندێ وڵاتی تری ئەوروپا خەریکی ئەنجامدانی جوڵەن دژی زۆربەی زۆری کۆمەڵگەو مەدەنیەتی کۆمەڵگە بەشێوەی جۆراوجۆر.
لە یەکەمین رۆژەکانی دەورەی هەڵبژاردن و پلاتفۆرمی سیاسی و ئابوری کە ترامپ و لایەنگرانی و حزبەکەی خستیانە بەردەم کۆمەڵگەی ئەمریکی، بەدژی ئازادی سیاسی و هەڵسوڕان، بەدژی کۆچبەران، هەروەها سیاسەتی ئابوری بەدژی کرێکاران و لەبەرژوەندی سەرمایەداران، زیادکردنی باج، بەهێزکردنی مەیلی دینی لەبەرامبەر بە مەدەنیەتی کۆمەڵگەو… ریزی دەیان ملیۆن لەخەڵكی ئەمریکای جوڵاند کە ئەم سیاسەتانەی دۆناڵد ترەمپ کۆمەڵگەی ئەمریکا نوقمی گێژاوی بێکاری، دژی خاریجیان، بەهێزکردنی مەیلی راسیستی و فاشیستی، گرانی و دژایەتی مەفەکانی ژنان دەکات، هەربۆیە خەڵكی کرێکارو کەمدەرامەت لە دژی سیاسەتی ترەمپ هاتنەمەیدان.
لەم دەورەیەی دەسەڵاتی دیکتاتۆر و کۆنەپەرستیەی ترەمپدا، دەست براوە بۆ گۆڕینی سەرجەم یاسا؛ سیاسی و ئابوریەکان لەوانە: ٣٠٠ هەزار لە کارمەندی حکومی دەرکراوە، ٤٠٠ هەزار کۆچبەر بە زۆر لە ئەمریکا دەکراون، کەمکردنەوەی میزانیەی خزمەتگوزاریە تەندروستیەکان، ئیستغلالکردن و زیادکردنی باج لەسەر هاوڵاتیانی ئاسایی و کەمکردنەوەی لەسەر دەوڵەمەندان، قەرزەکانی حکومەت زیادی کردوە ئەمەش وادەکات بیشکێننەوە بەسەر خەڵكداو خەڵك باجەکەی بدات.
ئەگەرچی سەرانی حکومەتەکەی ترەمپ تۆمەت و ناوو ناتۆرە لەم خۆپیشاندانە دەدەن، مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا گاڵتەی بە خۆپێشاندەران کرد و بە بڵاوکردنەوەی “رق لە ئەمریکا” تۆمەتباری کردن، هەروەها بە رۆژنامەوانانی راگەیاندو بۆ لێدان لە خۆپیشاندەران وتی: “ئێوەی دیموکراتە چەپڕەوەکان، کەسانی مارکسیست، سۆسیالیست، توندڕەوەکان و باڵی لایەنگری حەماس لەنێو پارتەکەتان کۆدەکەنەوە.”
لەبەرامبەردا خۆپیشاندەران گاڵتەیان بەو قسانە دەهات و دروشمەکانیان دەوتەوە لەوانە: دەبێت دۆناڵد ترەمپ بڕوات، داویان دەکرد جێبەجێکردنی رێکارە تووندەکان دژی کۆچبەران و سیستمی نوێی پێناسی گومرگی هەڵبوەشێتەوە، خۆپێشاندەران لافیتە و دروشمی جیاوازیان بەرزکردبوویەوە، هەندێکیان داوایان دەکرد دیموکراسیی ئەمریکا بپارێزن، و …تاد. ئەو دروشمەی کە زۆرتر ترەمپ و سەرانی حکومەتەکەی نیگەران کرد دروشمی “نەخێر بۆ پاشا و نا بۆ دیکاتۆرو فاشیست” بوو.
هەروەها خۆپێشاندەران رەخنەیان لەسەرجەم ئەو سیاسەتانەی حکومەتەکەی ترەمپ گرت، بەوەی ملیاردێرە کۆمارییەکان هێرش دەکەنە سەر میدیا و نەیارە سیاسییەکان و کۆچبەرە نایاساییەکان، هەر لەم رووەوە سیناتۆر بێرنی ساندەرز لە ویلایەتی ڤێرمۆنت، کە کەسایەتیەکی دیارە لە ئەمریکا، لە لێدوانێکدا قسەی بۆ خۆپیشاندەران کرد و ڕەخنەی لە ملیاردێرە تەکنەلۆژییەکان گرت و ڕایگەیاند لەوەتەی ترەمپ بووەتە سەرۆک ئەوان دەوڵەمەندتر بوون، لەوانە: ئیلۆن ماسک، جێف بیزۆس، مارک زوکەربێرگ “و ئەو فرە ملیاردێرانەی دیکەی کە لەکاتی دەستبەکاربوونیدا ڕاست لە پشت ترەمپەوە دانیشتبوون.
هەروەها لەژێر گوشاری خۆپیشاندانەکەدا ترەمپ لە یەکێک لە قسەکانیدا دەڵێ ئەوان وەک پاشا ئاماژەم پێدەکەن، من پاشا نیم وە وتی کارەکانی بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتێکی قەیراناوی پێویستن و ئەو تۆمەتانەی کە گوایە وەک دیکتاتۆرێک یان فاشیستێک ڕەفتار دەکات، بە هیستریا ڕەتیکردنەوە.
ئەم ناڕەزایەتیە گەورەیە ئەگەرچی لە ئەمریکابوو، ئەگەرچی دژی ترەمپ و حکومەتەکەی و دژی سیاسەت و بەرنامە ئابوریەکەی بوو، بەڵام لە ناوەرۆکدا بەدژی دەسەڵاتی پاشایەتی واتە دەسەڵاتی بێڕکابەری و سەرکوتی ئەوبوو، بەدژی سیاسەتی راسیستی دژی پەنابەری ئەوبوو، بەدژی سیاسەتی ئابوری دژی کرێکاران و کەمدەرامەتی ئەو بوو، هەروەها ئەم ناڕەزایەتیە بەرفراوانە پەیامی دژی هەموو ئەو حکومەت و سەرانی ئەو حکومەتانەی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە کە لەدەوری سیاسەتی ترەمپ، لەدەوری بەرنامەو بەژەوەندیەکانیان لەگەڵ بەرژەوەندی ترەمپ و حکومەتەکەیدایە، ئەوا ناوەرۆکی ئەم ناڕەزایەتیانە بەدژی هەموو سیستەمی سەرمایەداری و حکومەت و سەرانی ئەو وڵاتانەیەو لەبەرژوەندی خەڵكی کرێکارو برسی و هەژارو کەمدەرامەتی کۆمەڵگەدایە لە ئاستی جیهانیدا، بۆیە پەیامی ناڕەزایەتیەکی جیهانی هەڵگرتووە لەگەڵ خۆیدا.




ئەو نۆكەرە خۆفرۆشانەی صەدام حوسێن كە كوردیان ئەنفال كرد- ئەنفالی یەك.. عەلی مەحمود محەمەد

پرۆسەی ئەنفالی یەكەم شەوی سێشەممە كاتژمێری 2:25 بەرەبەیانی رێكەوتی 23-2-1988 دەستی پێكرد تاكو شەممە رێكەوتی 19-3-1988 بەردەوام بوو, كۆی گشتی 26 رۆژی خایاند, بە سەركردایەتی سوڵتان هاشم سەركرەی ئۆپەراسیۆنی ئەنفال, لیوا روكن كەماڵ ساجت فەرماندەی فەیلەقی یەك، لیوا روكن نیعمە فارس حوسین محیاوی فەرماندەی لەشكری پێنجی ئەوكات، وە بە سەرپەرشتی عەلی حەسەن مەجید بەرپرسی بیرۆی باكوری حیزبی بەعس، سەرۆكی ئەركانی سوپا فەریقی روكن نزارعەبدولكریم خەزرجی ئەنجامدرا.
لە ئۆپەراسیۆنەكە هێزی ئاسمانی بە فڕۆكەی شەڕكەر و كۆپتەر, یەكەكانی تۆپخانە, تانك, زرێپۆش, هێزی پیادەو تایبەت بەشدار بوون.
20 لیوای سوپای عێراق و 30 فەوجی سەر بە گاردی كۆماری و هەموو فەوجە جاشەكانی سەركردایەتی جەحافلی بەرگری نیشتمانی یەك” لە ئاستی فرقەدا بووە” و مەفرەزە تایبەتەكانی 29,68,87,119 تەواری سلێمانی و مەفرەزەكانی ئەمن ناسراو بە مەزفرەزە خاسەكان بەشداربوون لە ئۆپەراسیۆنەكە, كۆی هێزەكەی سوپای ئەنفال مەزەندە دەكران بە زیاتر لە 120 هەزار كەس, واتا هەر دە مەتر چوار گۆشە جاش یان سەربازێكی بەركەوتووە.
لە نۆ قۆڵەوە هێرشكرایە سەر گوندەكانی دۆڵی جافایەتی تا مەرگە بە درێژایی 70 كیلۆمەتر، كە بریتین لە گوندەكانی سنووری قەزا و ناحیەكانی (دوكان، بنگرد، چوارتا، قەڵا چوالان، ماوەت, كارێزە, سەرچنار و سورداش), پانتایی روپێوەكەی نزیك بە 1154 كیلۆمەتر چوارگۆشە دیاریكراوە.
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە رێكەوتی 23-2-1988, هێزە پەلاماردەرەكەی سوپای عێراقی بە چەكی كیمیاوی لە گوندەكانی چۆخماخ, یاخسەمەر, هەڵەدن, چاڵاوە, سەرگەڵو و بەرگەڵویان دا, رۆژانی 25 و 26ی شوبات گوندەكانی سەرگەڵو, هەڵەدن, یاخسەمەر و گوێزەڵە كیمیاباران كرانەوە. لە كیمیابارانەكەی 26 مانگ 8 شەهید و 201 بریندار هەبوون, دوای كۆتایی قۆناغی ئەنفالی یەك بە چوار رۆژ لە رێكەوتی 23-3-1988 جارێكی دیكە بە چەكی كیمیاوی لە گوندی شاناخسێی ناوچەی ماوەتی دا, 22 كەس شەهید بوون و زیاتر لە 720 سڤیل و پێشمەرگە بریندار بوون, هەمان گوند هەردوو رۆژانی پێشتریش كیمیاباران كراوە, لە پرۆسەی ئەنفالی 1 بە گشتی 7 جار دەڤەرەكە كیمیابارانكرا.
زیاتر لە 51 گوند لەم قۆناغەدا بەر شاڵاوەكە كەوتن و تەختكران، هەموو خانوو و مزگەوت و قوتابخانەو نەخۆشخانەكانی رۆخێنران و بەشێك لە خەڵكەكەشی ئەنفالكران, یەكێك لە ئامانجە سەرەكیەكانی ئەم قۆناغەی ئەنفال، لاوازكردنی هێزی پێشمەرگە بەتایبەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوو, كە دوواتر ئەنفال كرایە مۆدێلی ئۆپەراسیۆنی قڕ كردنی كورد.
لە ئەنفالی یەكدا دەیان كەس دوای بەجێهێشتنی ماڵەكانیان لە رێگا لە ناو بەفر رەقبونەوە, لە كاتی هەڵاتن بۆ ئەو دیو سنوورەكان, زیاتر لە 160 هاووڵاتی سڤیلی تریش لەو شەڕو گەمارۆیەدا كوژراون.
تەنها بە پێی نووسراوی بێ ژمارەی بەڕێوەبەرایەتی حەرەكاتی سەربازی 43 پیاو و 39 منداڵ, 17 ژن لە سنووری مەرگە دەستگیركراون, وەك خێزانی تێكدەران ناسێنراون, وە 43 تێكدەر كوژراوە, 283 ش بریندار كراون.
پرۆسەی ئەنفالی یەك بە بەیانی فەرمی ژمارە 3087ی فەرماندەیی هێزە چەكدارەكان لە رۆژی شەممە رێكەوتی 19-3-1988 كۆتایی هات, تیایدا وێڕای رۆڵی سوپا, ستایشی رۆڵی جاشە كوردەكانیش كراوە لە سرخستنی ئۆپەراسیۆنەكە, لەو رۆژەدا بۆ یەكەمجار دەستەواژەی ئەنفال بەكار هات, كە داهێنانی گۆڕ بە گۆڕ لیوا روكن ساجت جەنابی بووە.
لە ژمارە 960 ی رۆژی 24-3-1988ی رۆژنامەی هاوكاریدا بەو پەڕی شانازییەوە چاوپێكەوتنێكیان لە گەڵ عەمیدی تایبەت عەلی حسێن خەزعەل فەرماندەی هێزی بەدری كوبرا كردووە, كە بەم شێوەیە باسی شەڕەكان و بەشداری جاشەكان دەكات” هاریكاریكردن لە نێوان ئێمەو فەوجەكانی بەرگری نیشتمانی زۆر دیارو رێك و پێك بوو, تێیدا فەوجەكان لە رۆڵەكانی گەلی كوردی خۆشەویستمان قوربانیەكی مەزنیان بەخشی). هەروەها سابیر دوری كە ئەو كاتە بەڕێوەبەری ئیستخباراتی عەسكەری بووە لە پرۆسەی دادگایی ئەنفال دەڵێت” لە ئەنفالی یەك قورسایی پەلامارەكە جاشی خەفیفە بوو”. هەرچەندە نزار خەزرەجی ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی یەكەم بە ئۆپەراسیۆنی سوپا دەداتە قەڵەم. لە ئۆپەراسیۆنەكە 5 مەفرەزە خاسەو 105 فەوجی جاش بەشداری دەكەن, جگە لە قوربانییەكانی چەكی كیمیاوی و تۆپباران و رەقەوە بوو و هەڵدێران, ئەوانەی ناویان زانراوە 404 كەس ئەنفالكراوی نەگەڕاوەن.
ئەو پیاوە خۆفرۆشە ئازایانەی جەلاد سەدام حوسێن بەشداری لە كاولكردن و كوشتنی رۆڵەكانمانیان كرد, لە زەوی و ئاسمانەوە پەلاماری خەڵك و خاكی نیشتمانەكەمانیان دا, ئەم پیاوە ئازایانەن كە ئەوێ رۆژێ رێزیان لێگیراوە لە بەرامبەر كۆمەڵكوژكردنی گەلەكەمان, جگە لە بەشی سەربازی كە كوردی تێدایە, نزیك 70%یان جاش و چەكداری كوردن:
بە فەرمانی كۆماری ژمارە 346 لە رێكەوتی 11-4-1988 , بڕیاری بەخشینی نیشانەی ئازایەتی درا بە لیوا روكنی پیادە سوڵتان هاشم ئەحمەد . هەروەها بە فەرمانی كۆماری ژمارە 773 لە رێكەوتی 23-7-1988 بڕیاری بەخشینی نیشانەی رافدەینی پلە دوو درا بە لیوا روكنی پیادە سوڵتان هاشم ئەحمەد فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی یەك, هەروەها بە فەرمانی كۆماری ژمارە 773-ا چوار نیشانەی ئازایەتی بەخشرایەوە بە لیوا روكن پیادە سوڵتان هاشم.
هەروەها لە رێكەوتی 10-11-1988 بە پێی نووسراوی ژمار ە 1-18- 5812 بە فەرمانی صەدام حوسێن نیشانەی ئازایەتی بەخشرا بە فەریق روكن فارس نیعمە حوسێن محیاوی جێگیری سەرۆكی ئەركانی سوپا بۆ راهێنان بە هۆكاری سەركردایەتی كردنی فەیلەقی پێنج لە ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی یەك.
بە پێی مەرسومی كۆماری ژمارە 675 لە رێكەوتی 26-6-1988 بەهۆی نواندی ئازایەتی لە پرۆسەی ئەنفالی یەك لە سنووری فەیلەقی یەك دژ بە ئێرانی دوژمن, نیشانەی ئازایەتی بەخشرا بەمانەی لە خوارەوە ناو پلەو پۆستیان هاتووە:
یەكەم:بە یەكەكانی بارەگای فەیلەقی یەك و یەكەكانی پەیوەست پێوەی.
1-لیوا عامر شیت حوسێن امر مدم انفال
2-عەمید ركن درع عەلی عەزیز الغدعم چ ر اقدم ش ا د فل 1
3-عەمید رافع حەمدون زەنون مقر فل 1
4-عەمید نیزامەدین مەحمود مقر فل 1
5-نقیب فەواز هاشم ئەحمەد امر س ح قائد فل 1
6-نائب زابت غانم خدر شاهین س ح قائد فل 1
7-نائب زابت محەمەد ئیبراهیم حامد س ح قائد فل 1
8- نائب زابت یوسف اعكوب وكاع س ح قائد فل 1
9-نائب زابت نعیم داود مرقص س ح قائد فل 1
10- جاش نەوزاد عەبدالڕەحمان رۆستەم فوج 115
11- جاش هادی عەبدالقادر ئەحمەد فەوج 61
12-جاش محەمەد ئیبراهیم محەمەد فەوج 171
13- جاش سەعید عەزیز رەشید فەوج 213
دووەم: بەخشینی نیشانەی ئازایەتی بە ئەندامانی یەكەی فرقەی مشاتی 4
1-لوا ركن عسمەت سابر عومەر قائد فق مش -4
2-عەمید حەبیب خدر ئیبراهیم امر مدم فق مش -4
3-عەقید شهاب ئەحمەد عەلی امر لمغ 2 فل 4
4-عەقید كاكل حەمەد امر فوج دفاع وگنی-51
5-مقدم ركن عامر یوسف حسێن چ ر 2 ح فق مش-4
6-مقدم قوات خاسە حەمید عەباس عەبدالرەسوڵ امر ف 2 لمش -19
7-مقەدم سەلاحەدین محەمەد عەبدالكەریم امر ك م م -662
8-رائید عەبدالستار محەمەد شانی ف1 لمغ 2 فل 4
9-رائید محسن كرجی رجا امر ك د ب -51
10-رائید صەباح نازم رەقیب سورچی امر فوج دفاع وگنی-2
11- نەقیب حسام حەمید حەسەن ف1 لمش -19
12- رائید مزاحم عەبدالغەنی زەنون ف 3 لمغ 2 فل 4
13- نقیب قوات خاسە عەبداڵلە حەسەن ساڵەح مستشار فوج دفاع وگنی 151
14-ملازم اول شهاب احمد حوسێن ف 1 لمغ 2 فل 4
15-ملازم اول حویش مەحمود رەجەب ف 3 لمغ 2 فل 4
16-ملازم اول جمعە حەمید رەحیم ف 1 لمغ 2 فل 4
17- ملازم فرهاد مامند حەمید فوج دفاع وگنی-51
18- مستەشار مامەند حەمەد مولود فوج دفاع وگنی-51
19-مستەشار صابیر رەقیب محەمەد سورچی فوج دفاع وگنی-2
20-مستەشار فەخری ئیسماعیل عەبدالقادر فوج دفاع وگنی-133
21- مستەشار محەمەد تاهیر زیكاوی فوج دفاع وگنی-107
22-مستەشار خەلیل عەبدوڵا ئیبراهیم الشرفانی فوج دفاع وگنی-109
23-مستەشار سوارە فەرەج فەتاح الجاف فوج دفاع وگنی -239
24-مستەشار حیدر رەشید حمد امین فوج دفاع وگنی -78
25-مستەشار شەعبان محەمەد تەها فوج دفاع وگنی -20
26-مستەشار قادر شەفیق نەعمان فوج دفاع وگنی -63
27-مستەشار شێخ مەجید بایز حەسەن فوج دفاع وگنی -61
28-مستەشار قاسم فارس تاهیر ئاغا فوج دفاع وگنی -85
29-مستەشار جەماڵ فەقێ حوسێن فوج دفاع وگنی -97
30-مستەشار شەریف مەحمود مەعروف فوج دفاع وگنی -126
31-مستەشار عوسمان عەبدالڕەحمان فەتح اللە فەوج 165
32-مستەشار عومەر ئەحمەد عەلی فەوج 171
33-مستەشار خدر رەشید بەحری فەوج 173
34- جاش رەشید رەحمان مەجید فەوج 51
35- جاش موحسین عەبدوڵا ئاغا مەجید ئاغا فەوج 51
36- جاش صەباح قادر محەمەد فەوج 51
37- جاش نازم رەقیب محەمەد فەوج 2
38- جاش بشار خەلیل تۆفیق فەوج 2
39- جاش برزۆ مەزهەر تقی الدین فەوج 2
40- جاش مەهدی سامی كزۆ فەوج 2
41- جاش فاروق محەمەد رەحیم فەوج 151
42- جاش حوسێن ساڵەح رەشید فەوج 151
43- جاش عەزیز كەریم حسەن فەوج133
44- جاش برهان ئەحمەد یونس فەوج107
45- جاش حەجی رەشید محەمەد فەوج107
46- جاش زیاد حوسێن عەبدوڵا فەوج 109
47- جاش كماڵ ئیسماعیل عومەر فەوج109
48- جاش عەلی حوسێن عومەر فەوج109
49- جاش تاریق سدیق حمە سو فەوج 239
50- جاش عەلی قادر مەجید فەوج 239
51- جاش جەمیل مستەفا محەمەد فەوج 51
52- جاش محەمەد حامد عەبداللە فەوج 2
53- جاش عەبدوڵا كەریم مەولود فەوج 61
54- جاش عەبدالڕەحمان حەسەن محەمەد فەوج 61
55- جاش سلێمان عارف حەمەد مستەفا فەوج 85
56- جاش بەكر عەبدولا رەشد كەریم فەوج 85
57- جاش ساڵەح محەمەد حەمەدەمین فەوج 97
58- جاش محەمەد عەبدالكەریم قادر فەوج 97
59- جاش حەسەن مەحمود هورمانی فەوج 115
60- جاش سدیق ئەحمەد عەلی فەوج 171
61- جاش محسن حسامەدین عەلی فەوج 126
62- جاش رەشید مەعروف محەمەد فەوج 126
63- جاش محەمەد ئەمین قادر محەمەد ئەمین فەوج 126
64- جاش یوسف بابا رەسوڵ عەلی فەوج126
65- جاش كەریم مەعروف فەیزوڵا فەوج 126
66- جاش فەتاح عومەر نەریمان فەوج 165
67- جاش سەعید عەبدوڵا عەزیز فەوج 165
68- جاش عەبدوڵا رەسوڵ ئیسماعیل فەوج 171
69- جاش مەحمود عەبدوڵا ئەحمەد فەوج 171
70- جاش بایز عەزیز رەشید فەوج 213
71- جاش محەمەد قادر بابۆ فەوج 1
72- جاش ئەحمەد ئەحمەد حوسێن فەوج 2
73- جاش سەلیم سوڵتان زێباری فەوج 23
74- جاش رسركوت حەسەن رەسوڵ فەوج 51
75- جاش عومەر بایز حەسەن فەوج 61
76- جاش جاسم فارس تاهیر فەوج 85
77- جاش كەماڵ فەقێ حوسێن فەوج 97
78- جاش ئیبراهیم مەحمود مەعروف فەوج 126
79- جاش كاكا دین محەمەد خورشید فەوج 165
سێیەم: بەخشینی نیشانەی ئازایەتی بە یەكەی فرقەی پیادەی 33
1-لوا‌و ركن مشاە رەمزی مەحمود عەبدوڵا قائید فرقە مش-33
2-عەمیدی قوات خاسە عەلی حوسێن مزعەل امر لمش 72
3-عەمید مەتەر محەمەد ساڵەح امر مدم فق-33
4-عەقیدی روكنی قوات خاسە خالید بەهلول العیبی امر لمغ-1 فل 1 خ
5-مقەدەمی روكن قوات خاسە ئەحمەد شاكر مەحمود مقدم لمغ -1فل 1 خ
6-رائید نوری حامید ئەحمەد امر ك مدم-956
7-رائید خزەیر عەبدوڵا سواد لمغ-1 فل 1 خ
8-رائید عامر ساڵەح محەمەد امر ف 1 لمش-72
9-رائید رەعد سوادی مراح امر ف 2 لمش-72
10-رائید رەعەد حەمید شەبیب امر ف 3 لمش-72
11- رائید عەلی كرمش حەسەن امر ك مدم-79
12-نەقیب قوات خاسە مەحمود سلێمان رەشید امر ف 3 لمخ – 1 فل 1 خ
13-نەقیب قوات خاسە سلاحەدین فلیح كاتع امر ف 2 لمخ – 1 فل 1 خ
14-نەقیب سەعدی عەبدالحەمید خەلیل امر ف 1 لمخ – 1 فل 1 خ
15-ملازم اول عەدنان ئەحمەد محەمەد ك د ب -41
16- جاش تەیب تاهیر ئەحمەد فەوج 2
17- جاش بەشیر عەزیز خدر فەوجی 2
18- جاش قادر فەرحان قادر فەوجی 51
19- جاش كاكە رەش مەولود خدر فەوج 51
20- جاش كامەران عارف عومەر فەوج 239
21- جاش عەلی سەعید محمد فەوج 239
22- جاش رەمەزان رەشید حەسەن فەوج 109
23- جاش حوسێن ئاشوور میكائیل فەوج 109
24- جاش ئەحمەد عوسمان عەزۆ فەوج 107
25- جاش سلیم یونس بوكان فەوج 107
26- جاش فەیسەل رەسوڵ مستەفا فەوج 133
27- جاش خالید محەمەد خالید فەوج 133
28- جاش عەبدوڵا حەمەد ئەمین فەوج 151
29- جاش صابیر قادر عەزیز فەوج 151
چوارەم: بەخشینی نیشانەی ئازایەتی بە یەكەكانی سەر بە قیادەی قوات جەحفەل 1
1- لیوا روكن ایاد خلیل زكی قائد قوات جح د و -1
2- عەمید قوات خاسە نسەیف جاسم حەمادی امر لمغ-2 فل 6
3- عەمید زەنون یونس عەبدوڵا امر المقر المسیگر لمدم ق ق جح د و -1
4- عەقید نزار ئەحمەد شەهاب امر لمش -39
5- مقەدەم روكن قاسم ئیبراهیم عەلوان چ ر 3 ق ق جح د و -1
6- مقەدەم ئەحمەد محەمەد فەرەج مقر ق ق جح د و -1
7- مقەدەم عەدنان خەلیفە جاسم امر ف 1 لمغ -2 فل 6
8- مقەدەم عەبدالقادر سەلمان عومەر امر لمر ف 3 لمش -36
9- مقەدەم حوسێن فەزڵەدین عەبدالقادر امر ك م م -22
10- مقەدەم عەلوان محەمەد عەلوان امر ف 1 لمش -39
11- مقەدەم سەعد عەبد الغنی عوسمان امر ف 2 لمش -39
12- مقەدەم روكن حوسێن عەلی حەمید امر لمش-36
13- رائید عەزاب ئەحمەد عەبد امر ف 2 لمغ 2-فل 6
14- رائید عەبدالسەلام عفریب كزار امر ف 3 لمغ 2-فل 6
15- رائید خالید محەمەد عەبدالەتیف امر ف 1 لمش-36
16- رائید جاسم محەمەد جاسم امر ف 3 لمش-36
17- رائید ناسر رەحیم یوسف ك م م -103
18- رائید عوسمان عەبدوڵا محەمەد عەلی امر ف 2 لمش – 438
19- نەقیب فازڵ حنەیتر جەوهەر ف 1 لمش -438
20- نەقیب عەلی حوسێن سریر ف 3 لمش -438
21- رائید حەقی ئیسماعیل حەسەن و-امر ف 2 لمش -438
22- ملازم اول عەبدالقادر معتەسەم شهاب ف 1 لمش-39
23- ملازم اول سالم تایە وەیس ف 2 لمش-36
24- ملازم اول حوسێن رەحیم سامر ف 3 لمش-39
25- ملازم اول محەمەد عرێبی شەمران ف 3 لمغ – 2 فل 6
26- ملازم اول سەمیر ئیبراهیم عەبدوڵا ك د ب-41
27- ملازم محەمەد ئیبراهیم تاڵب ك م م -662 ق خ
28- جاش ئیبراهیم شێخ نەسرەدین فەوج 102
29- جاش نامق عەزیز ئەحمەد فەوج 102
30- جاش محەمەد سەعید ئەحمەد حەمەد فەوج 197
31- جاش عەلی ئەحمەد محەمەد فەوج 197
32- جاش خدر فەتاح حوسێن فەوج 170
33- جاش مەحمود فەتاح حوسێن فەوج 170
34- جاش تەحسین شاوەیس سەعید فەوج 172
35- جاش هادی شاوەیس سەعید فەوج 172
36- جاش ئەنوەر رەسوڵ ئیسماعیل فەوج 171
37- جاش ئیسماعیل مەحمود رەسوڵ فەوج 21
38- جاش نەجمەدین ساڵەح ئەحمەد فەوج 174
39- جاش ئەكرەم جەعفەر ئەمین فەوج 174
40- جاش لەتیف ئەحمەد زێباری فەوج 1
41- جاش قەدری ئەحمەد زێباری فەوج 1
42- جاش مەلا محەمەد تاهیر خالید فەوج 1
43- جاش عاسف ئەحمەد زێباری فەوج 23
44- جاش عەلی تەمەر خالید عومەر فەوج 23
45- جاش خالید عەبدالڕەحمان فەوج 23
46- جاش سلیم مەمەند رەسول فەوج 98
47- جاش حوسێن محەمەد عوسمان فەوج فەوج 75
48-جاش سەعید زێراری فەوج 25
49- جاش محەمەد سەعید مەحمود فەوج 118
50- جاش ئەنوەر محەمەد رەزا مەحمود فەوج 131
51- جاش صەباح سەعید كەریم هاواری فەوج 106
52- جاش خالید مەحمود ئەحمەد فەوج 96
53- جاش محەمەد عومەر ئەمین فەوج 81
54- جاش حەسەن ئەمین فەرەج فەوج 201
55- جاش محەمەد سەلیم قادر عوسمان فەوج 17
56- جاش عەلی خدر دەروێش فەوج 17
57 -جاش شكور عەبدالڕەحیم ئەحمەد فەوج 172
58- جاش حەسیب دەروێش عوسمان فەوج 172
59- جاش كەریم ساڵەح مارف فەوج 237
60- جاش محەمەد مەمەند رەسوڵ ئاغا فەوج 98
61- جاش زەكی حاجی بابۆ فەوج 1
62- جاش ماهر حاجی فەوج 1
63- جاش ئەحمەد رەشید ئەسعەد فەوج 23
64- جاش شاكر كەریم زێباری فەوج 23
65- جاش عەزیز نەسرەدین عەزیز فەوج 102
66- جاش حەمەدەمین رەحمان حەمە فەوج 102
67- جاش جەماڵ مەحمود مارف فەوج 102
68¬ – جاش عومەر محەمەد رەزا فەوج 131
69- جاش رەحمان ئەحمەد ئەحمەد فەوج 171
70- جاش رەزا عەلی رەحیم فەوج 174
71- جاش خەلیل كەریم حەمە فەوج 51
72- جاش مستەفا تەها سەلام فەوج 1
73- جاش محەمەد ساڵەح محەمەد فەوج 23
74- جاش ئیسماعیل رەشید ئیسماعیل فەوج 239
75- جاش سەلام بایز حەسەن فەوج 61
76- جاش عەلی مەحمود محەمەد فەوج 173
77- جاش عومەر دەروێش نادر فەوج 174
78- جاش محەمەد حوسێن عەلی فەوج 118
79- جاش حەسەن سەعید ساڵەح فەوج 106
80- جاش محەمەد شەمسەدین فەوج 81
81- جاش كەریم خزەیر مشیر فەوج 201
82- جاش عەبدوڵا عەلی حەمە فەوج 96
83- جاش خەلیل میران قادر فەوج 71
پێنجەم: بەخشینی نیشانەی ئازایەتی بە كەرتی فڕۆكەوانی سوپای عێراقی
1- عەقید روكن تەیار ئیسماعیل سەعید فارس امر جناح گیران الجیش -1
2- مقەدەمی تەیار ئەحمەد رەشید فتنە امر سرب -2
3- مقەدەمی تەیار عەبدالڕەزاق ئیبراهیم عەبدالڕەزاق امر سرب -530
4- مقەدەمی فڕۆكەوان خزەیر عیسا جەواد امر سرب -4
5- رائیدی فرۆكەوان ئەنوەر حەمەدەمین سرب-4
6- رائیدی فرۆكەوان عەمران كازم هندی سرب-2
7- رائیدی فرۆكەوان عەبدالباست ئیبراهیم یاسین سرب-2
8- ملازم اول تیار خلف حسێن عەلاوی سرب-41
9- ملازم اول تیار الهام عون الرفیق یونس سرب-4
10- ملازم اول تیار خالید عەبدالعەزیز عەبدوڵا سرب 4
هەروەها بە پێی نوسراوی سەرۆكایەتی كۆمار ژمارە 1-18-2874 لە رێكەوتی 25-5-1988 بە واژۆی فریق ركن عەلائەدین كازم حەماد راستگری نهێنی سەركردایەتی گشتی هێزە چەكدارەكان ئەم 12 كەسە رێز لێنان بە نیشانەی ئازایەتیان بۆ كراوە كە بریتین لە:
1-مستەشار نەوزاد ئەنوەر بێتواتە فەوجی بەرگری نیشتمانی 4
2- مستەشار لەتیف ئەحمەد محەمەد زێباری فەوجی بەرگری نیشتمانی1
3- مستەشار مەحمود حەمە رەسوڵ فەوجی بەرگری نیشتمانی 26
4- مستەشار عەباس حاجی ئاغا سەرسیان فەوجی بەرگری نیشتمانی66
5- مستەشار سەلیم مامەند رەسوڵ ئاغا فەوجی بەرگری نیشتمانی 98
6- مستەشار جەماڵ خدر خالید دوبردانی فەوج بەرگری نیشتمانی 110
7- مستەشار عەباس بایز بالو ئاغا فەوجی بەرگری نیشتمانی 91
8- مستەشار عومەر بابەكر سەلیم فەوجی بەرگری نیشتمانی 114
9- مستەشار محەمەد عەلی رەسوڵ فەوجی بەرگری نیشتمانی 148
10- مستەشار حوسێن محەمەد عوسمان فەوجی بەرگری نیشتمانی 175
11- مستەشار بابەكر وسو محەمەد فەوجی بەرگری نیشتمانی 112
12- مستەشار محەمەد كانبی بالو ئاغا فەوج بەرگری نیشتمانی 147
ئەگەر ئەمانە نیشانەی ئازایەتییان پێ درابێت لە پرۆسەی ئەنفال, جگە لە كورد كوژەكان چ ناوێكی دیكەیان لێ بنێین؟.




قانع ڕەشیدو ئاوێتەبوون.. ستار ئەحمەد

متوربەکردن

ئەمە ،ماچە ؟
یان متوربەکردنمە..
بە ، خۆت ؟
کە گشت،
وردەکاری و
تامەزرۆیی و،
جوانیەکانتم تیا ،
خاڵی ئەکەیت؟
ئەمە لەباوەش گرتنە ؟
یان ، هەوڵدانە :
بۆ گێڕانەوەی،
پەراسووە چەوتەکە.
بۆ جەستەم ، و…
دووبارە بوونەوەمان ،
بەیەک..؟؟

ئەم شیعرە کورتە، بە شێوەیەکی قووڵ و هونەری، هەست و سۆز و پرسیارگەلێکی فەلسەفی سەبارەت بە سروشتی پەیوەندییەکی نزیک و خۆشەویستی دەوروژێنێت. لێرەدا هەڵسەنگاندنێک بۆ شیعرەکە دەخەمەڕوو :

: وشەی “متوربەکردن” وەک نازناو و لە ناوەڕۆکی شیعرەکەدا، بە تایبەتی لەگەڵ وشەی “ماچ” بەراورد دەکرێت، پێدەچێت ئاماژە بێت بۆ شێوەیەک لە تێکەڵبوون، هەڵمژین، یان داگیرکردنێکی ڕۆحی و سۆزی. لەوانەیە بە واتای چوونە ژوورەوە یان تێکەڵکردنی قووڵ بێت، کە سنوورەکانی خودی کەسەکە دەشکێنێت. ئەم وشەیە تەوژمێکی تایبەتی و نهێنی بە شیعرەکە دەبەخشێت.

پرسیاری یەکەم :

(ماچ یان متوربەکردن بە خۆت؟):
شیعرەکە بە پرسیارێک دەست پێدەکات: ئایا ئەمە تەنها “ماچ”ێکی سادەیە یان “متوربەکردن”ێکی قووڵە “بە خۆت”؟
متوربەکردن بە خۆت: ئەمە واتای ئەوەیە کە کەسی خۆشەویست هەموو وردەکارییەکان، ئارەزووەکان ، جوانییەکانی شاعیر لە خۆیدا کۆدەکاتەوە و دەیانکێشێت. وەک ئەوە وایە خۆشەویستەکە ببێتە گۆزەیەک کە شاعیر تێیدا خاڵی دەبێتەوە. لێرەدا، تێکەڵبوونەکە گەیشتووەتە ئاستێک کە شاعیر هەست دەکات بوون و ناسنامەی خۆی لەدەست دەدات یان تێکەڵ بە بوونی ئەوی تر دەبێت.
پرسیاری دووەم (لەباوەش گرتن یان گێڕانەوەی پەراسووە چەوتەکە؟):
: ئایا ئەمە تەنها “لەباوەش گرتن”ێکی جەستەییە، یان هەوڵدانێکە بۆ چاککردنەوەی کەمییەک یان کەلێنێکی ڕۆحی؟
پەراسووە چەوتەکە: ئەم دەستەواژەیە ئاماژەیەکی ئایینی و ئەفسانەی هەیە (بە تایبەت لە چیرۆکی دروستبوونی حەوا لە پەراسووی ئادەم)، کە لە کولتووری کوردیشدا بەرهەمی زۆری شیعری لێ کەوتووەتەوە. مەبەست لێی ئەوەیە کە دوو خۆشەویست لە بنەڕەتدا بەشێکن لە یەک بوون (یەکێکیان “پەراسووی چەوتەکە”یە کە دەبێت بگەڕێتەوە شوێنی خۆی) و تەنها بە یەکگرتنەوەی ئەم دوو بەشەیە کە “دووبارە بوونەوە بە یەک” تەواو دەبێت.
واتە، لەباوەش گرتنەکە تەنها کارێکی جەستەیی نییە، بەڵکوو پرۆسەیەکی ڕۆحییە بۆ تەواوکردن و گەڕانەوە بۆ حاڵەتی ڕەسەنی یەکبوونی.
زمان و دەربڕین: شیعرەکە زمانی سادە و لە هەمان کاتدا قووڵ بەکاردەهێنێت. بەکارهێنانی وشەگەلی وەک “متوربەکردن” و “تامەزرۆیی” کاریگەرییەکی تایبەتی هەیە.
بەکارهێنانی پرسیار: تەکنیکی پرسیارکردن ـ شیعرەکە زیندوو دەکاتەوە و خوێنەر ناچار دەکات بە شێوەیەکی قووڵ بیر لە پەیوەندییەکە بکاتەوە.
لە چەند دێڕێکی کورتدا، شیعرەکە کۆمەڵێک بیری گەورە (ناسنامەی تاک، تێکەڵبوون لە خۆشەویستیدا، تەواوکاری ڕۆحی) دەخاتە ڕوو.
: ئاماژەدان بە چیرۆکی “پەراسووی چەوت” قووڵاییەکی فەلسەفی ، بە شیعرەکە دەدات.
ڕیتم : شێوازی دابەشکردنی دێڕەکان و بەکارهێنانی کەمکردنەوەی دێڕەکان ، ئاماژە بە پچڕان و قووڵبوونەوەی بیرەکان دەکات.
بەکورتی :
ئەم شیعرە نموونەی شیعرێکی نوێی کوردییە کە توانای تێپەڕاندنی سنوورەکانی هەستی سادەی خۆشەویستی هەیە. بە گێڕانەوە لە پەیوەندییەکی نزیکەوە، پرسیار لەسەر ناسنامە و یەکبوونی مرۆڤ دەکات. پرسیاری شاعیر ئەوەیە:
ئایا ئەم تێکەڵبوونە بوونم هەڵدەمژێت یان تەواوم دەکات؟
لە کۆتاییدا، شیعرەکە ڕوونی دەکاتەوە کە لە خۆشەویستی ڕاستەقینەدا، ماچ و لەباوەش گرتن تەنها کرداری جەستەیی نین، بەڵکوو گەڕانەوەیەکی پیرۆزن بۆ یەکێتییەکی لەمێژینەی ڕۆحی.

ستار ئەحمەد




لەچلەی كۆچی دواییكردنی نووسەر و فۆلكلۆپەروەر (هاشم شەناغەیی) دا.. كامەران حاجی ئەلیاس

هەرچەندە دانیشتووی یەك گەرەك بووین، بەڵام من كاك ( هاشم حاجی عەلی شەناغەیی)م زیاتر لە رێگەی هامووشۆ كردن بۆ مزگەوت وە لە رێگەی ئامادەبوونی لە كۆڕە هونەرەی و ئەدەبییەكانم ناسی . ئەو جگەلەوەی نووسەرێكی بواری حەیران و فۆلكلۆر بوو یەكێك بوو لە ئامادەبووانی سەرجەم كۆڕە هونەری وئەدەبیەكان دا كە لە شاری هەولێر ئەنجام دەدرێن.. بەڵێ كاك هاشم زۆری حەزی لە خوێندنەوەی كتێب و گۆڤارەكان بوو لەهەر شوێنێك كۆڕێك هەبواییە ئەو لەوێ بوو هەموو جارێ پێشوەختە منیشی لەشوێن و كاتی كۆڕەكان ئاگادار دەكردەوە خۆئەگەر من لەبەر هەرهۆكارێك بۆم نەكرابایە ئامادەی كۆڕێك بم بەتایبەتی لەو كۆڕانەی كتێب و گۆڤاركان رێورەسمی ناسین و بڵاوكردنەوەی بۆ دەكرا ئەوا لەكاتی دابەشكردنی كتێبەكان یان گۆڤارەكان بەهەرشێوەیەك بووایە دانەیەكی بۆمنیش دەهێنا ئەنجا زۆرجار هەربەدەستی خۆی راستەوخۆ كتێبەكە یان گۆڤارەكەی دەگەیاندە دەستم یان لە رێگەی كاك محەمەدی كوڕی دەگیشتە دەستم ..
كاك هاشم خوولیاو حەزێكی زۆری بۆ خوێندنەوە هەبوو لە ماڵەكەی خۆیدا كتێبخانەیەكی خنجیلانەی هەیە كە چەندین كتێب و گۆڤاری بەسوود لە خۆ دەگرێت.. خاڵێكی تری كاك هاشم نووسین بوو لە بواری حەیران بەتایبەتی لەسەر ژیانی حەیران بێژان لەم رێگەیەوە ماندووبوونێكی زۆری ئەكێشا بەدوادا چوونی زۆری دەكرد تاوەكو ژیانامەی ئەو حەیەران بێژانەی كۆدەكردەوە بۆ ئەو مەبەستەسەردانی چەندین شوێن و كەس وكاری حەیران بێژان دەكرد بۆئەوەی بەدورستی ژیانی حەیران بێژان كۆبكاتەوە، جگەلەوەش زۆرجار بەخۆی تێكستی حەیرانی دەنووسی زۆربەی بابەتەكانیشی لە رۆژنامەی هەولێر و گۆڤاری دیوان بڵاودەكردەوە، چەندین جار ئەوەی لەلای من دەركاندبوو كە هیوای وایە لە داهاتوو ئارەوزووی ئەوە دەكات كە بەرهەمەكانی لە چوار چێوەی كتێبێكدا چاپ و بڵاوبكاتەوە.. سەدحەیف و مخابن ئەو خۆزگەی تا لە ژیان دابوو نەهاتەدی بەو هیواییەی لە داهاتوو بەهەموو لایەك بتوانیین سەرجەم نووسینەكانی بەتایبەتی ژیانامەی حەیران بێژان لە چوارچێوەی كتبێك دا چاپ و بڵاوبكینەوە بۆ ئەوەی ئەو خەونەی بێتە دی.
لە لاپەری تۆڕی كۆمەڵایەتی فیسبووكی خۆی دا كاك هاشم گۆشەیەكی (36) ئەڵقەیی بە ناوی (ئەوێ رۆژێ) بڵاوكردەوە ،كەباس لە قۆناغەكانی ژیانی خۆی دەكات هەروەها باس لە گوندی (شەناغە) و شاری هەولێر دەكات بەشێوەیەكی گشتی كۆمەڵی یادەوەری و بەسەرهاتی خۆی بە زمانە سادەیی خۆی دەگێرێتەوە، تارادەیەك بۆ مێژوو دەكرێت وەكو سەرچاوە سوودی لێوەربگیرێت.
من دڵنیام كۆمەڵی نووسەرو فۆلكلۆرپەرەوەر هاشم دەست نووسینی تری بەڵاونەكراوەی هەیە بەوهیوایەی لە داهاتوو سەرجەم دەست نووسینەكانی چاپ و بڵاوبكرێتەوە
كاك هاشم لە رووی كۆمەڵایەتیش كەسێكی كراوە بووە، خۆشەویستی هەمووكەسێك بوو بەتایبەتی لەگەڵ دانیشتوانی گەڕەك ئەو بەردەوام هامووهۆشی مزگەوتی دەكرد هەردەم فاكتەری خێر بوو ساڵانێك بوو بەدەست نەخۆشی دڵ دەیناڵاند هەرگیز بیرم لەوە نەكردبوو كە رۆژێك دێت ئەم چەند دێرە بۆ تۆ بنووسم ،سەدحەیف و مخابن چل رۆژ لەمەوبەر لە رۆژی سێشممە 16\9\2025 لەگەڵ وەرینی گەڵای پایز كاك هاشم ،ماڵئاوایی لێكردین.. دوورد بۆگیانی پاكی جێگای فیردۆسی ئەعلا بێت.




سـیـمبـولـیزم لە چـیرۆکی منـداڵانـدا.. رەزا شـوان

هـێـماسازی”سـیمـبولـیزم” شـتـێکە گوزارشـت لە شـتـێکی تر دەکـات. شـتەکان، وێنـە، نـووسـراو، دەنگ یان هـێما و نیـشانەی تایبەتـن کە نـوێنـەرایەتی شـتـێکی تـر دەکـەن. وشەی سـیمبول، لە وشەی”سیـمبـۆلـۆن”ی یۆنانی کـۆنەوە وەرگیراوە ە. لە لە زمانی فەرەنـسیش “سیـمـبول” بەکـارهـێـنراوە. لە ساڵی (١٦٥٠) دا، بـە پـراکـتـیکی پـێـدانی شێوازی هـێمایی شتەکان سەریهـەڵدا. سیمبول واتای”هـێمـا، نـیـشانە، وشەی نهـێـنی، مـۆڵەت” دەگرێتەوە. هـێـما شتـێکە لە دەرەوەی واتـای خۆی واتایەکی تر دەگەیەنێـت.
لە ساڵی ” ١٨٩٢” دا، سـیمـبـولـیزم، وەک بـزووتـنەوەیـەکی وێـژەیی، لـە فـەرەنـسادا بڵاوبووەوە. لەو ساڵەوە “سیمبول، سیمبولیزم” بوون بە دوو وشەی وێـژەیی جیهانی.

لەوانەیە هەسـتی پـێنەکەیـن، کە لە ژیـانی رۆژانەمانـدا، نەک تەنها لە وێـژەدا، رۆژانە تـووشی سـەدان هــێمای جـۆراوجـۆر دەبـین. کە واتـەیـەکی تـریـان هـەیە. بـۆ نمـوونە وێنەی پیتی (پی) شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێلە، پیتی (ڤی) واتای سەرکەوتـن دەگەیەنێـت. وێنەی (فـرۆکە) ی سەر تابـلـۆی شەقـامەکان، واتـای رێـگای فـڕۆکەخـانە دەگـەیەنێـت.
پـێناسەی سـیـمبـولـیزم لە وێـژەدا:

سـیمبـولـیزم وەک بەرزترین شێوەی خەیـاڵ، یەکێکە لەو میکانیـزمە هـونەرییانەی کە زۆرتـرین جـار، لە دەقـە وێـژەیـیە جـۆراوجـۆرەکـانـدا بەکـاردەهـێنـرێـت. سـیـمبـولـیزم
بـریـتییە لە ئـامـراز و لە شـێوازێکی وێـژەیی بەهـێز، کە تێـیدا هـێماکان بۆ نـیشانـدانی بیـرۆکەی قـووڵ و ستایـشە جیاوازەکان لە مانـای وشـەکانی خۆیـان بەکـاردەهـێنرێـن. لـەوانەیە مانـایەکی شـاراوە، لەنـاو ئـەم هـێـمایانەدا بـدۆزینـەوە.
هـێماکان رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن، لە داڕشتنی بابەتەکان و گەشەپێدانی کارەکتەرەکان و شـوێـن و ئاشکـراکـردنی پـاڵـنەر و پەیـامە بنـەڕەتـیـیەکـان.

نووسـەران دەتـوانـن لە رێـگەی بەکـارهـێـنانی هـێـماکانەوە، بە پـوخـتی گـوزارشـت لە بیـرۆکەیەکی قـووڵتر و لە هـەست و لە تەوەرە ئاڵـۆزەکان و لە چەمکە ئەبـستراکتەکان بکەن. لە دەرەوەی مانای وشەکانی خۆیان. لە بـری ئەوەی، کە بە روونکـردنەوەیەکی درێـژ روونیـان بکەنـەوە. هـێما لـە کـولـتوورە نەریـتە وێـژەیـیە جـۆراجـۆرەکـانـدا، بـۆ دەربـڕیـنی بـیـرۆکەی ئاڵـۆزەکـان بەکـارهـێنراون. سـتراتـیژی هـێـماکـان دەتـوانێـت بـە چاوخـشانێک زۆر شت بگەیەنێـت و بەربەستەکانی زمـان تـێـپەڕێنێـت. تێگەیـشتن لە هـێـماسازی لـە وێـژەی منـداڵانـدا، زۆر گـرنـگە. پێـویـستی بـە قـووڵـبوونـەوە هـەیە.
گرنگـییەکانی هـێماسازی لە وێـژەی منـداڵانـدا:
سیمبولیزم لە وێـژەی منداڵانـدا، تەنیا بۆ کات بەسەربـردن نییە. سیمبولـیزم لە وێـژەی منـداڵان، سەرەڕای رووکەشبوونی بیـرکردنەوەی منـداڵان و ئاگادارنەبـوونیان لە واتا نیـشانەییەکان کە لە دەقەکانـدا هـەن. بەڵام خەیاڵیان سەرقـاڵ دەکەن بۆ بیرکـردنەوە و تێگەیشتن لە واتا شاراوەکانیان. ئەو منداڵانەی کە لە ژینگەیەکی خوێندنەوەدا پێبگەن و لەلایـەن دایـکان و بـاوکـانیانـەوە هـانبـدرێـن، دەتـوانـن لـە هـێـماکان و لـە پەیـام و مەبەستەکانی چـیرۆکەکان یان هـۆنـراوەکانی بـۆ منـداڵان تـێبگەن و لێکـیان بـدەنەوە.

هـێما زۆر زیـاترە لـەوەی کە تەنهـا شـێـوزاێک بێـت بـۆ گـێڕانەوەی چـیرۆک. بەڵکـو دەروازەیـەکە، یارمەتیـدانی منـداڵان دەدات، بـۆ تـێگەیـشتـنـێکی قـووڵـتر، لە بیـرۆکە قووڵە ئاڵـۆزەکانی ژیـان و لە چەمکە ئەبستراکتەکان. منداڵان لە رێگەی هـێماکانەوە، بە رێگەی نوێ و قـووڵتر لە جیهانی دەوروبەریان دەڕوان و پێی ئاشنادەبن. هـێماکان رۆڵـێکی گرنگـییان لە گەشەکـردنی زانستی و لە سـۆزداریی منـداڵان هـەیە. هـێـماکان چیرۆکەکانی منداڵان، جوانتر و شیرینتر و سەرنجڕاکێشتر دەکەن. هـانی بیرکردنەوەی رەخـنەییـان دەدەن.
بەکارهـێنانی سیمبـولـیزم، لە چـیرۆکی منـداڵانـدا، یارمەتیان دەدات بۆ هەستکردنێکی زیاتر و بۆ فـراوانکـردنی ئاسۆی خەیاڵـیان و بۆ زاخـاودانی بیـر و هـۆش و هـزریان. هەر چـیرۆکێکیش لە وێـژەی منداڵانـدا، پەیامێکی: رەوشتی، کۆمەڵایەتی، نـیشتمانی، مـرۆڤـایەتی لەخۆگرتـووە. بە زۆری چـیرۆکی فـۆلکلۆریی کوردی بۆ منداڵان، لەسەر هـێما داڕێـژراون. هـێماکانیش، ئاژەڵ و باڵـندە و دارودرەخت و گوڵ و مێروو و شتی گـیانـدار و بێ گـیانی دیـکەن، کـە لـە ســروشـتی جـوانی کـوردسـتانـدا هـەن، وەک:
(شاخ، کانی، کەو، ئاسکە، گورگ، رێـوی، چەقـەڵ، مەڕ، داربەڕوو، نـێرگز،… هـتد)

هـێماکان بیرکردنەوەی رەخـنەیی بـەرەو پێـشەوە دەبەن. هـانی منـداڵان دەدەن، کە بە قووڵییەوە لە دەقەکان بڕوانن و فێری شیکردنەوە و لێکدانەوەی بیرۆکە ئاڵۆزەکان و مـانـا بنـەڕەتـیـیەکـانیـان بـبن. فـێـریـان دەکـەن بە تـێـڕوانـیـنێـكی وردتـر، لـە پەیـامـە قـووڵـەکانی چـیروکەکان بـڕوانـن. بۆ نمـوونە: لە چـیرۆکی “دارە بەخـشـندەکـە”، دار هـێمایە بۆ خۆشەویستی و قوربانیدانی بێ بەرامبەر. یان چیرۆکەهـۆنراوەی (رێوی و کەڵەشـێر) ی بیـرمەنـدی کوردمـان پیـرەمـێـردی نەمـر. رێـوی، هـێـمایە: بـۆ مـرۆڤی زمـان لـووس و فـێـڵـباز و خـەڵـەتـێـنەر. کـە دەیـەوێـت لـەژێـر پـەردەی ئـایـین و بـە روواڵەت پیاوچاک و تۆبەکار، کەسانی دڵپاک و خۆشباوەڕ بخەڵەتێنێت و تەفریان بدات. بەڵام ئەم کەسانە، ناسراون و ناوزڕاون، خەڵکی دەیـانناسن و شارەزان لە فـێڵ و نیاز ناپاکیان و باۆەڕیـان پێیان نییە. کەڵەشـێریـش وەک هـێـمایەکە، بـۆ کەسـانی وریـا و ژیـر و پەنـدوەرگـرتـوو.
نمـوونەیەکی مـۆدێـرنی چـیرۆکەهـۆنـراوەی هـێـمایی کوردیتـان بۆ باس دەکەیـن، کە کورتە چیرۆکەهـۆنـراوەیەکی، هـۆنـراوەنووس و چـیرۆکنووسی گەورەی گەلەکەمان، کاک (لـەتیـف هـەڵـمەت)ە، لەژێـر نـاوی (پـیرەمـێردێـک)، ئەمـە دەقـەکەیـەتی:
پـیـرەمـــــێـردێ
چـووە قـوتـابخـانـەی گـونـدێ
لـە حـەوشـــــــەدا راوەســـتـا
دەوریـــان لـێــدا مـامـۆســـتـا
هـا خـاڵـە گـیـان
چـیـت گـەرەکـە خــاڵـە گــیـان
پــیـرەمـێـردی بـەســتـەزمـان
کـە لاواز بــوو وەک گـۆچـان
وتی تـوخـوا مامـۆسـتا گــیان
فــێـرم نـاکـەی چـۆن بـنـووسـم کـوردسـتـان
هـەڵـمەت لەم کورتە چـیرۆکەهـۆنـراوەیەیـدا بـۆ منـداڵانی کورد، پیـرەمـێردی کـردووە بە هێما. نەخوێندەوارێکی تامەزرۆ و شەیدایەکی فێربوون و نووسینی “کوردستان”ە. لە رێگای ئەم پیرەمێردەوە، دەیەوێـت، پەیـامی کوردستان پەروەری و خۆشەویستی و هـاوبەستەبـوون بۆ کوردستان، لە دڵی منـداڵانی کوردمان بـڕوێنێـت. کە نەوەی ئەمڕۆ و داهـاتووی کوردستانن. مامۆستاش هـێمای فـێرکرن و پەروەردەکردنە. قـوتابخانەش هێمای شوێنێ پەروەردە و فێربوون و زانینە. بۆیە پیرەمیردەکەی بردووەتە قوتابخانە.
هـانـدانی منـداڵان بۆ دەستنیشانکـردن و تێگەیشتن و لێکـدانەوەی هـێماکان، دەتوانێت، ئەزمـوونی خوێنـدنەوەیـان زۆر بـەرزبکاتەوە.
لە چـیرۆکی منـداڵان، هـێماکان چەنـدین شێوەی جیاوازیان هـەیە. هـەریەکەیان چـێژ و تامـێکی نـاوازە بە چـیرۆکەکە دەبەخـشـن.
چەنـدیـن هـێـمای گـەردوونی هـەن، کە هـەمـان مـانا لە سەرانـسەری کولـتوورەکانـدا هەڵـدەگـرن. وەک لە هەمـوو جیهانـدا “دڵ” هـێـمای خـۆشەویـستییە. سێ رەنگەکانی چـرای هـاتـووچـۆ “تـرافـیک لایـت”، “سـوور” بۆ وەستان، “زەرد” بۆ ئامادەبـوون، “سـەوز” بـۆ رۆیـشـتن.
بۆ نموونە ئەمانە، کۆمەڵێک رەنگ و گوڵ و ئاژەڵ و باڵـندە و شتەکانی دیکەن، وەک هـێما بەکاردەهـێنرێـن و گوزارشت لە شتێکی تر دەکەن یان واتایەی شاراوەیان هەیە:
رەنـگەکـان:
سـپی: هـێمای دڵـپـاکی، بـێـتاوانی، ئاشـتی. خـۆبەدەسـتەوەدان
رەش: هـێمای ماتـەمـیـنی، مـردن، خـراپە، نهـێـنی. خـەمبـاری
سـوور: هـێمای سـۆزداری، خۆشـەویستی، مەتـرسی. تـووڕەیی، ورووژانـدن
سەوز: هـێمای سـروشت، گەشـبینی، هـیوا، گەشەکردن، بەپـیتی، سامان، ئیرەیی
زەرد: هـێـمای خـۆر، هـیوا، گەشبینی، سامان، شادی، ئاگاداری، نەخـۆشی، ترس.
شـین: هـێمای ئـارامی، دڵـتەنـگی، سـەقـامگـیری
پەمـەیی: هـێـمای خـۆشـەویـستی، جـوانی
ئاژەڵەکـان: پانتایەکی زۆریـان وەک هـێما، لە چیرۆکەکانی منـداڵان گـرتـوونەتەوە.
شـێر: هـێمای ئازایـەتی، هـێـز، شاهـانە، سەرکـردایەتی
سـەگ: هـێـمای بەئـەمـەکی
رێـوی: هـێـمای فـێـڵبـازی، زۆرزانی، هـەڵخـەڵـەتـانـدن
گـورگ: هـێمـای دڕنـدەیی، چـاوچـنـۆکی
چـەقـەڵ: هـێـمای نـەوسـنی، چـڵـێـسی
مـەڕ: هـێـمای بێـدەسەڵاتی، بێ زیـانی، نـەرم و نیـانی، خـۆڕاگـری، ئـارامی
ئەسـپ: هـێمای هـێـز، راپـەڕیـن، شکـۆمـەنـدی
باڵـندەکـان: بەشێکی زۆری چـیرۆکی منـداڵان، وەک هـێـما باڵـندەیان بەکارهـێناون:
کـۆتـری سـپی: هـێـمـای ئـاشـتی، رۆحی پیـرۆز
هـەڵـۆ: هـێمـای ئـازایی، ئـازادی
هـێماکان لە سروشـتدا: سـروشت دەوڵەمەنـدە بە هـێماکان کە شتەکان و چەمکەکان و ئەزمـوونەکانی مـرۆڤ بەرجەسـتە دەکـەن:
خـۆر: هـێـمای ژیـان، هـیـوا
خـۆر هـەڵهـاتـن: هـێـمای سـەرەتـایـەکی نـوێ
مـانـگ: هـێـمای نـهـێـنی، گـۆڕانـکاری.
شـاخ: هـێـمای بەربـەسـت، دەسـتکەوت
بـا: هـێمـای ئـازادی، ونـبـوونە
ئەستێرەکان: هـێـمای خـەون، چـارەنـووس
گـوڵ: هـێمای سروشت، جوانی، مێینەیی، گەشەکردن، لەدایکبوون، خۆشەویستی پەپـوولە: هـێـمای جـوانی، بێ زیـانی، لە دایکـبوونێکی نـوێ، گـۆڕانـکاری
رووبـار: هـێـمای گەشـتی ژیـان، گـۆرانی
ئـاگـر: هـێـمای روونـاکی، ژیـان، ژیـانەوە، زانـیـن. لەنـاوچـون
گـڵـۆپی کارەبـایی: هـێمای بیـرکـردنەوەی نـوێ
منـداڵان، هـێـمای دڵـپـاکی، بـێـتـاوانی، راستگـۆیی، بـەردەوامی ژیـان
بەرزکـردنەوەی دوو پەنجـەی وەک حەوت (٧): هـێـمـای سـەرکـەوتـن.
لە چـیرۆکی هـێمایی بۆ منـداڵان، زۆر ئاساییە، هەروەکو مـرۆڤەکان، ئـاژەڵ، باڵـندە، گـوڵ، چـیا، هـەڵـۆ، کەو، پەپـوولە،… هـتد، بە کوردی قـسەبکەن، پـێکەنـن، بـڕۆن. بچـن بۆ قوتابخانە، ئاهەنگ بگـێڕن، گۆرانی بچـڕن، چێشت لـێبنێن،…هـتد. منداڵانی قـۆناخی خەیـاڵی، باوەڕ بەم شتە هـێماییانە دەکەن، چـێژ لە گـێڕانەوەیان وەردەگرن.
چیرۆکەکەکانی (کـلیلە و دیـمەنە)ی نووسەر و بیرمەنـدی هـیندی بەیـدەبا، چـیرۆکە ئەفسانەییەکانی، چیرۆکنووسی یۆنانی (ئـیـزۆپ)، چیرۆکەهـۆنراوەکانی (لاڤـۆنتـین) چیرۆکنووسی فەرەنسی بۆ منداڵان. چـیرۆکەهـۆنراوەکانی میری شاعیرانی عـەرەب (ئەحمەد شەوقی ـ بە رەچەڵەک کورد) بۆ منـداڵان. هەموویان وەک هـێـما: ئاژەڵ و باڵـندە و رووەک و دار و رووبـار و،…هـتـد، شتی هـێـمایی تریان بەکارهـێناون، کە هـێـمان و مەبـەسـتی بـەر و دوایـان مـرۆڤـەکـانـن. لە وێـژەی منـداڵانی کورد دا، بە دەیـان چـیرۆکی فـۆلکـلۆری و مـۆدێـرنی هــێمایـیمان هـەیـە، بـۆ نمـوونە چـیرۆکی: تـیـتـلە و بـیـبـلە، مـریـشکە خـان دەچـێـت بـۆ شـاری شـووکـرد،… هـتـد.
هـەنـدێک لـە چـیرۆکە هـێـماییـەکـان بـۆ منـداڵان، رەخـنە و تـوانـج و پـلاری سـیاسیی شاراوەیان لەخۆگرتوون. دژایەتی دەسەڵاتی زۆرداری، ستەمکاری دەکەن. بۆ نموونە، چـیرۆکی “گـورگ و بەرخـۆلە” گـورگ هـێـمـایە بـۆ دەسەڵاتێکی زۆردار و سـتەمکار. بەرخـۆلـەش هـێـمایە بـۆ گـەلـێکی بێـتـاوان و بێ دەسـەڵات. منـداڵانی بچـووک مانـای شاراوەی ئەم چـیرۆکانە نازانـن. بەڵام لە قـۆناغـی هەراشـبووندا، قـۆناغی ریالـیزمی، تێـدەگەن کە نە گـورگ و نە بەرخـۆلە قـسە نـاکـەن. تێـدەگەن کە گـورگ و بەرخـۆلە، هـێمان بۆ ستەمکار و ستەملێکراو. ئەم چیرۆکە ئەم پەنـدە کوردییەشی لەخۆگرتووە: “کە زۆر هـات قەواڵە بەتاڵە” دڵنیام چیرۆکی گورگ و بەرخۆلەتان خوێندووەتەوە.
ئەمانە و بەهـازاران هـێمای تر هـەن، نەک تەنیا لە وێـژە بەکاردەهـێنرێن، بەڵکو لە هەموو بوارەکانی دیکەشدا، وەک هـێما بەکاردەهـێنرێـن. کە مانایەکی تر دەبەخـشن.

(*) تا رادەیەک، سـوودم لە چەنـد ماڵپەڕێـکی ئینگـلـیزی وەرگـرتـووە
نەرویــج: ٢٠٢٥




‏چەپگەرایی  ژێل دۆڵۆز لە نێوان مایکرۆکۆمۆنیزم و فەلسەفەی جیهانی سێیەمدا.. ‏و. لە عەڕەبیەوە: یاسین لەتیف

نووسینی: ‏د . زهیر الخویلدي..

‏پێشەکی

‏”چەپ” لە ڕوانگەی جێل دۆلۆزەوە بە پلەی یەکەم ئاماژە نیە بۆ پارتێکی سیاسی یان ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو، بەڵکو مەبەستێکە بۆ هەڵوێستێک کە  لەسەر بنەمای  دروستکردن و دووپاتکردنەوەی جیاوازی و بەرەنگاربوونەوەی نۆرم و پێکهاتەکانی دەسەڵات دامەزراوە  . هاوکات  پەیوەستە بە کارلێکی کارێگەری چالاکانە لەگەڵ جیهاندا لە ڕێگەی پرۆسەی خوێندنەوە و لێکدانەوەی “ڕادیکاڵانە”. کە ئاڵنگاری گێڕانەوەی باڵادەست و خوڵقاندنی توانا نوێکان دەکات ، نەک گونجان لە گەڵ گوتراوەکانو سیستەمی دیاریکراوی پێشوەخت، ڕەتکردنەوەی پۆلە پێشوەختەدیاریکراوەکان:

‏چەمکی “چەپ” لای دؤلۆز  گوزارشت نییە لەخۆگونجاندن  لەگەڵ سپێکتریمی (الطیف) سیاسی تەقلیدی  ، بەڵکو ڕەخنە گردنە لە مەیلی پۆڵێنکردن و پێناسەکردنی شتەکان . بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەم پۆڵێنکردنە زۆرجار خزمەت بە بەهێزکردنی پێکهاتەکانی دەسەڵاتی ئێستا دەکات.

‏له ئامێزگرتنی جیاوازی و گۆڕانکاری . 

‏”چەپ” لای دۆلۆز لە ئامێز گردتنی جیاوازی و گۆڕانکارییە-  هەروەها پرۆسەیەکی بەردەوامی گۆاستنەوەو و گۆڕانکارییە کە بەرەنگاری چەقبەستن و یەکسانیی دەبێتەوە.

‏خوێندنەوەو شیکردنەوەی  دڕندەیی، 

‏ئەمەش بریتییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ دەق و بیرۆکەکان بە شێوەیەکی “دڕندانە” و  هەڵوەشاندنەوەیان و دوبارە کۆکردنەوەیان و دروستکردنی مانا و پەیوەندی نوێ کە ڕەنگە نووسەرە ڕەسەنەکان مەبەستیان نەبووبێت.

‏بە سیاسیکردن وەک نۆرم . 

‏دۆلۆز پێشنیاری ئەوە دەکات کە پراکتیکی سیاسیکردنی چەپ- کە بەردەوام  گومان و  ئاڵنگاریی نۆرمە دامەزراوەکان دەکات، دەتوانێت ببێتە پێوەرێک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ناکۆکییە فەلسەفییەکان و دروستکردنی ئەگەری نوێ.

‏لە دەرەوەی مۆدێرنێتە . 

‏میتۆدی دۆڵۆز  تێگەیشتنی مۆدێرنێتی چەپ تێدەپەڕێنێت ، کە زۆرجار پشت بە بیرۆکەی جێگیر و پێشکەوتنی هێڵی دەبەستێت. دیدێکی زۆر نەرمتر و دینامیکیتر بۆ واقیع بونیاد دەنێت . هاوکات گۆڕانکاری و جیاوازی بەردەوام لە جەوهەریدا ئامادەن.  بەو مانایەی ئاراستەی چەپگەرایی لای دۆلۆز بە واتای بەشداری چالاکانە لە دروستکردنی جیهانێکی کراوەتر و دینامیکیتر و هەمەچەشنتر. جیهانێک کە بەردەوام لە پەرەسەندندایە و بەرەنگاری هێزەکانی یەکسانی و کۆنترۆڵ دەبێتەوە.

‏دەقی دیالۆک ..  “چەپ” واتای چییە؟

‏وەک لە وتارەکەی پێشوودا ئاماژەم پێدا، “ئەبیسێدەر” هەرگیز وەرنەگێڕدراوەتە سەر زمانی ئینگلیزی (لانی کەم، بەپێی ئاگاداری من).لێرەدا بەشداری بچووک و نامۆی من لە کارێکی وەها گەورەدا. ئەمە کۆتایی ئەو “بابەتە”یە (جیلی  چەپگەرایی) کە تیایدا ژێل دۆلۆز لە دوو بەشدا پێناسەی “چەپبوون” دەکات کە مانای چییە. 

‏بەشی دووەم ڕوونکردنەوەیەکە بە زاراوەیەکی زۆر سادە بۆ چەمکی “بوون” کە لەگەڵ فێلیکس گواتاری لە پەرتوکی “هەزار ڕوو تەخت”  بەرهەمان هانیوە . 

‏کلێر بارنیەر: مانای “چەپ” بوون بۆ تۆ چی دەگەیەنێت؟

‏ژێل دۆلۆز:  باشە ئێستا پێت دەڵێم کە ناتوانرێت حکومەتێکی چەپ هەبێت. ئەمە بەو مانایە نییە کە جیاوازی لە نێوان حکومەتەکاندا نییە. باشترین شت کە دەتوانین هیوای بۆ بخوازین حکومەتێکە کە پاڵپشتی بەشێک لە داواکارییەکانی چەپەکان بکات، لەکاتێکدا حکومەتێکی چەپ بوونی نییە. چۆن پێناسەی “چەپ” بکەین؟ من ئەمە بە دوو شێوە دەڵێم یەکەم: کێشەی تێگەیشتنە. کێشەی تێگەیشتن واتای ئەوەیە “چەپ نییە” ئەمەش لە ناونیشانی پۆستەوە دیارە ، چەپ نەبوون واتە لە خۆم و شەقامەکەم و لە شارەکەم و لە وڵاتەکەمەوە دەست پێبکەم و دواتر لە وڵاتانی ترەوە. ئێمە لە خۆمانەوە دەست پێدەکەین و لەبەر ئەوەی ئێمە ئیمتیازمان هەیە و لە وڵاتێکی دەوڵەمەنددا دەژین، پرسیار دەکەین کە چۆن دەتوانین بە تێپەڕبوونی کات ئەم دۆخە بپارێزین. ئێمە هەست بە هەندێک مەترسی دەکەین،  ئەم دۆخە ناتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بێت، ئێمە دەڵێین “بەڵام چینییەکان زۆر دوورن، چۆن دەتوانین ئەوروپا بە تێپەڕبوونی کات بپارێزین؟” چەپ بوون بە پێچەوانەوەیە. ئەوە  درک کردنە وەک دەوترێت ژاپۆنییەکان  درکی پێ دەکەن . ئەوان وەک ئێمە هەست ناکەن، بەڵکو پێش هەموو شتێک هەست بە دەوروبەرەکەیان دەکەن دەڵێن: جیهان، کیشوەر، ئەوروپا، فەرەنسا و هتد …. ، شەقامی بیزەرتێ من. ئەمە دیاردەی  درک کردنە ، بەم شێوەیە  یەکەم جار  هەست بە ئاسۆ دەکەین. 

‏کلێر بارنیەر:  لە ڕاستیدا ژاپۆنییەکان چەپ نین! ؟ 

‏ژێل دۆلۆز: ئەمە هۆکارەکە نییە. لەم  درککردنەدا ئەوان چەپن بە واتایەکی تر چەپن.  یەکەمجار ئاسۆ دەبینیت دەزانیت زۆر ناخایەنێت مەحاڵە ملیۆنان کەس کە بە برسێتی دەمرن، هێشتا بتوانن خۆڕاگر بن بۆ ماوەی سەد ساڵ . بەڵام لە کۆتاییدا بەرگەی ئەو ستەمکاریە ڕەهایە ناگرین ئەمە کێشەیەکی ئەخلاقی نییە، بەڵکو کێشەی تێگەیشتنە. ئەگەر  بە هەموان دەست پێ بکەین ئەوا ئێمە چەپین. ئەمەش بەو مانایەیە کە دەتوانین ئەم پرسانەش چارەسەر بکرێن ، ئەمە بە هیچ شێوەیەک بەو مانایە نییە کە بڵێین دەبێت ڕێژەی لەدایک بوون کەم بکەینەوە و ….هتد. چونکە وتنی وا تەنها ئامرازێکی ترە بۆ پاراستنی ئیمتیازاتی ئەوروپا مەبەست ئەوە نییە.  لە ڕاستیدا بڕیارەکە پەیوەندی بە دۆزینەوەی ڕێکخستنە جیهانییەکانەوە هەیە کە ئەم کێشانە چارەسەر بکات. چەپ بوون واتە بزانین کە پرسەکانی جیهانی سێیەم لە ئێمە نزیکترن لە دراوسێکانمان بەڕاستی کێشەی تێگەیشتنە نەک کێشەی ڕۆحێکی جوان ئەوە جەوهەری چەپ بوونە بۆ من.

‏دووەم: چەپ بوون  بۆ من پرسی گۆڕانکارییە هەرگیز گۆڕاکاری بۆ کەمینەبوون نەوەستێت. لە ڕاستیدا چەپ هەرگیز زۆرینە نییە و بە هۆکارێکی زۆر سادەش.چونکە زۆرینە وا گریمانە دەکات تەنانەت کاتێک ئێمە دەنگ دەدەین کە زۆرترین ژمارەی خەڵک تەنها دەنگ بە شتێک نادەن… زۆرینەگریمانەی ستاندارێک دەکات .لە جیهانی ڕۆژئاوادا ئەو نۆرمەی کە هەموو زۆرینەیەک گریمانە دەکات بریتییە لە نێر، گەورەساڵ،‏هێترۆسێکسوال ئەمانە لە شاردا دەژێین . ئێزرا پاوەند و جویس شتگەلێکی لەو چەشنەیان گوت  ، بڕیارەکە ئایدیاڵە ئەمە ئەوەیە ستاندارد . بۆیە سروشتییە کە زۆرینە لە کاتی دیاریکراودا ئەم ستانداردە  بە دەست بێنێت . هەر وێنەی پیاوێک، گەورەساڵ،  هێتۆسێکسواڵ، لە شاردا دەژین  تا ئەو ڕادەیەی کە دەتوانم بڵێم زۆرینە کەس نییە ، ئەمە کەس نییە، ستانداردێکی بەتاڵە بە سادەیی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک هەن، زۆرترین ژمارەی خەڵک خۆیان درک بەوە دەکەن کە لەم ستانداردە بەتاڵەدان، بەڵام ستانداردەکە لە خودی خۆیدا بەتاڵە. کاتێک ژنان ئەژمار دەکرێن  و دەچنە نێو زۆرایەتیەوە یان كەمایەتیکی دووەمەوە بە پێوەری کۆمەڵەکەیان  سەبارەت بەم ستانداردە  ، بەڵام چیتر ؟ 

‏هەموو  بوونەکان هەن کە بە  بوونی کەمینە دادەنرێت. ‏ئەوەی مەبەستمە ژنەکان ژنگەلێکی سروشتی نیین  بەڵکو بوونیان هەیە ، ئەگەر ژنان بونیان هەبێت کەواتە پیاوانیش بوونیان هەیە ، پێشتر باسی بوونمان دەکرد وەک ئاژەڵ منداڵان بوونێکیان هەیە ئەوان بە سروشت منداڵ نین. هەموو ئەم بوونانە بوون بە کەمینە. 

‏کلێر بارنیە: کەواتە تەنها بەشەر بوونی ئینسانیان نییە، ئەمە سەختە!  

‏  ژێل دۆلۆز: ناتوانن، ئەوە نۆرمێکی زۆرینەیە. مرۆڤی پێگەیشتوو بوونێک نییە دەکرێت مرۆڤ  توانای  بوونی هەبێت ، بەم شێوەیە دەبێت بەشداری پرۆسەکانی بوون بە کەمینە بکەن ، چەپ کۆی پرۆسەکانی بوون بە کەمینەیە . بۆیە دەتوانم بە شێوەیەکی ڕستەیی بڵێم: زۆرینە کەس نییە کەمینەش هەموو کەسێکە ئەمە واتای چەپ بوونە. بزانین کە کەمینە هەموو کەسێکە و دیاردەی بوونیش لێرەدا ڕوودەدات.

‏  ” ئەبسیدەر ” لە ٢١ی حوزەیرانی ٢٠١١ بڵاوکراوەتەوە‏ چاوپێکەوتنێکە لەگەڵ ژێل دۆلۆز، کەماوەی حەوت کاتژمێر و نیو دەخایەنێت. لە ساڵی ١٩٨٨ لەلایەن کلێر بارنی خوێندکاری پێشووی و هاوڕێ نزیکەکەیەوە تەواو بووە و لە بەرهەمهێنان و دەرهێنانی پیێر ئەندرێ بوتانگ . پێموایە نایابترین پێشەکییە کە مرۆڤ خەونی پێوە ببینێت بۆ  تێگەیشتن لە فەلسەفەی ژێل دۆلۆز، چونکە  لەم ڤیدۆیەدا زمانەکەی زۆر سادەیە لەوەی لە کتێبەکانیدا بەکارهاتووە (لانی کەم لە زۆربەیاندا).  ئەم بەڵگەنامەیە بە ناوی Abécédaire ـە، کە تیایدا کلێر بارنێت و ژێل دۆلۆز کۆمەڵێک بابەت و کێشە ئاڵوگۆڕ دەکەن کە وەک یەک تەوەر  پێشنیار کراون بۆ هەر پیتێک لە پیتە  ئەبجەدیەکان . 

‏شرۆڤە

‏دۆڵۆز و مایکرۆ کۆمۆنیزم ..

‏ ئامانجی بابەتەکەم : دۆلۆز کەمێک سوورە ڕەنگە سەیر بێت فەلسەفەی دۆلۆز بە ڕەنگی کۆمۆنیزمەوە گرێ بدەین. بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا باسی من لەسەر ئەو ڕاستییەیە کە دۆلۆز یەکێک بووە لەو فەیلەسوفە ئەوروپیانەی کە  فەلسەفەی بیرۆکەی کۆمۆنیزمی داڕشتووە بە لەبەرچاوگرتنی بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکان لە جیهانی سێهەمدا، پڕۆژەکەی دۆلۆز ناونرا “مایکرۆکۆمۆنیزم”  کە هەوڵیدا لە ڕێگەی ئەزموونی سیاسی شۆڕشگێڕانی غەیرە ئەوروپییەوە فەلسەفەی سیاسی لە چوارچێوەیەکدا دابڕێژێتەوە. ‏ئەم لێکۆڵینەوەیە بەو مانایە نییە کە من باس لە پەیوەندی ڕاستەوخۆی دۆلۆز لەگەڵ جیهانی سێیەم بکەم یان باس لە پێشهاتە مێژووییەکانی بکەم. جیهانی سێیەم بۆ دۆلۆز و گواتاری تەنیا زاراوەیەکی جوگرافی نییە، بەڵکو زاراوەیەکە کە ئاماژەیە بۆ ناوچەی سێیەم “کە زمان دەتوانێت لێی دەرباز بێت، ئاژەڵ دەچێتە ناو شتەکانەوە و گرداکۆ بوون تێدا  ڕۆڵ دەبینێت.

 جیهانی سێیەم لای دۆلۆز بابەتێکی جیۆپۆلەتیکی نییە بەڵکو “گەردوونێکی ئاژاوەگێڕە ” گەمەیەکە لە نێوان “مانا و بێ مانا دا” . کۆی  دونیای سەرمایەداری لە ڕێی ئیمپریالیزم و کۆڵۆنیالیزمەوە دروست بووە ، بەم مانایە جیهانی سێیەم ملکەچ نییەبەڵکو کار بۆ هەڵوەشاندنەوە و تێکدانی زمان و یاسای ڕۆژئاوایی دەکات. ناوچەکانی جیهانی سێیەم  دامەزراوە بۆ “بەکارهێنانی سنووردار یان چڕ” بۆ زمانی ئۆپزسیۆن  . “سیفاتی  چەوساوەیەی ئەم زمانە وەک سیفاتی ستەمکاریە” ئەم چەمکە لە ئەدەبیاتی سنووردار واتە “بەکارهێنانی سنووردار”ی زمان. بەو مانایە نییە “ئەدەب” بە تایبەتی کەمینە بێت ، وەک دانیال سمیس ئاماژەی پێدەکات  کەواتە “سنووردار” ئاماژەیە بۆ “مەرجی شۆڕشگێڕانەی هەموو ئەدەب”.  من دەڵێم ئەم چەمکە سنووردارە پێوەندی  بە جیهانی سێیەمەوە هەیە دەبێ وەک کلیلێک بۆ تێگەیشتن لە ڕێبازی دۆلۆز بۆ کۆمۆنیزم سەیر بکرێت.‏کۆمۆنیزم وەک دروستکردنی هەلومەرجی شۆڕشگێڕانە هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە مایکرۆکۆمۆنیزم چەندین پراکتیکی کۆمۆنیستی بەدوای خۆیدا دەهێنێت بۆ دروستکردنی هەلومەرجی شۆڕش. کەواتە دەکرێت وا تەماشای چەمکی دۆڵۆزو گواتاری بۆ جیهانی سێیەم بکەین  کە پەیوەستە بە مایکرۆ کۆمۆنیزمەوە ، بە خوێندنەوەی من شانبەشان کار دەکات لە گەڵ چەمکی ئەدەبیاتی بچوکدا کە بەکارهێنانی زمانێکی تەواو جیاواز دەگرێتەوە لە بەرامبەر نیشاندەری باڵادەستی دەوڵەتی سەرمایەداریدا . ئەم چەمکانە لەگەڵ بیرۆکەی سەرەتایی دۆلۆزدا یەکدەگرنەوە کە ‘پراکتیکی بەرز’ی تواناکانە کە لە ڕێگەیەوە ڕەخنە لە کۆکردنەوەی نوێنەرایەتی کانت دەگرێت.
دۆڵۆز وای ڕچاو کردووە کانت بەڕادەی پێویست ڕەخنەگر نەبووەو بە ڕادەی پێویستیش ئەزموونگەر نەبووە ، زۆر دوگماتیزم بووە. بەڵام  لە گەڵ ئەوەشدا دۆلۆز هەندێک  ڕەگەزی بەنرخ لە دیدگا ڕەسەنەکانی کانتدا بۆ کات و بیرۆکەکان وەک کێشە و توانا ناتەباکان دەدۆزێتەوە. ئامانجی دۆلۆز ڕەتکردنەوەی فەلسەفەی خودی کانت  نییە، بەڵکو شۆڕشکردنە لە فەلسەفەی ڕەخنەی کانتدا . بەم مانایە چەمکی جیهانی سێیەم لە فەلسەفەی دواتری دۆلۆزدا بە هاوکاری گواتاری بە پڕۆژەی فەلسەفی ڕەخنەیی بەردەوامی ئەو دادەنرێت . کە ڕەخنەیەکی بنەڕەتی پێشکەش دەکات لە سەردەمی سەرمایەداری جیهانیدا.

 ‏ئەمڕۆ چەپی ڕادیکاڵ لە پاشە کشەو بچووکبوونەوەدایە، لە کاتێکدا پۆپۆلیزمی فاشیستی سەرهەڵدەدات و خێراتر دەبێت. ‏‏لە ژێر ڕۆشنایی ئەم دیدە ڕەشبینانەیە بۆ دۆخی سیاسی ئێستا ڕادیکالیزمی دۆلۆز و گواتاری لە فەلسەفەدا لە  مانگی ئایاری ١٩٦٨ تا ئێستاش کارێگەرەکانی پەیوەستە بە ئێمەوە. جگە لەوەش هەوڵەکانیان بۆ بەستنەوەی فەلسەفەی سیاسی بە چەمکی جیهانی سێیەمەوە ئەوەندە بەهێزە  پێداویستی داهاتووی سیاسەتی چەپگەرایی  دادەڕێژێت . بۆ هەندێک زاراوەی “جیهانی سێیەم” بەسەرچووە، ئێستاش زاراوەی “باشووری جیهانی” جێگەی گرتووەتەوە. جگە لەوەش بزووتنەوەی سیاسی جیهانی سێیەم بزووتنەوەی بێلایەنەکان شکستێکی  گەورەیان بە نسیب بووە ، کۆتاییان بووە بە کێبڕکێیەکی وەسوەسەو  دڵەڕاوکێی نێوان دەوڵەتە نەتەوەییەکان بۆ “بردنەوە” لە لوتکەی سەرمایەداری جیهانیدا.   دەبێت چاوخشاندنەوەیەک بە فەلسەفەی دۆلۆز سەبارەت بە جیهانی سێیەم بە بێزاری سیاسی بەرەوڕوو بێتەوە. بە پێچەوانەی ڕەوتەکەوە، من دەڵێم  چەمکی جیهانی سێیەمیان ئامانجی ئەوەیە ئاڵنگاری ئەو نیشاندەرە بکات کە بە “کۆمۆنیزمی گەورە” دراوە، واتە پارتی کۆمۆنستی فەرەنسی و مارکسیزمە “فەرمییەکان”ی دیکە زۆرێک باسیان لەوە کردووە کە پڕۆژەی فەلسەفی دۆلۆز و گواتاری ڕاستەوخۆ لە ڕووداوەکانی مانگی ئایاری ١٩٦٨ سەریهەڵداوە، لەڕاستیدا دەتوانرێت بڵێین فەلسەفەی سیاسی ئەوان ڕۆحی بزووتنەوەی ڕادیکاڵی پاراستووە. بەڵام ئەم پێناسەیە بۆ ڕادیکالیزمەکەیان ناڕوون و دووفاقییە. پێدەچێت پڕۆژە فەلسەفیەکەیان  پەک بخات. لە کاتێکدا پێشبینی دووبارە سەیرکردنەوەی سیاسەتەکانیان دەکرێت لە ڕوانگەیەکی نانۆرماتیڤەوە، پێویستە ڕەچاوی جۆری ئەو دیدگایە بکرێت کە هەوڵیانداوە لە فەلسەفەی سیاسی خۆیاندا بیپارێزن . زاراوەی “فەلسەفەی سیاسی” بە گشتی بە مانای تیۆری حکومڕانی  دەگەیەنێت  . بەڵام زاراوەی دۆلۆز و گواتاری لە بنەڕەتدا جیاوازە لەم بەکارهێنانە باوەدا. 

هەروەها سمیس ئاماژە بەوە دەکات کە “دۆلۆز لە ڕێگەی بەکارهێنانی ناوازەی ئەم چەمکە بە ڕوونی خۆی لە ڕێبازەکانی دیکە بۆ تیۆری کۆمەڵایەتی دوور دەخاتەوە.” بۆ نموونە پشت دەبەستێت  بە تیۆری دەوڵەت (ئەفلاتون)،  یان گرێبەستی کۆمەڵایەتی (هۆبز)، یان ڕۆحی یاساکانی (مۆنتێسکیۆ)، یان لەسەر کێشەکانی “ئاشتی هەمیشەیی” (کانت) یان شەرعیەت (دورکهایم، هابەرماس) و هتد . وەک چۆن لە چەمکی “ئەدەبیاتی لاوەکی”دا، دۆلۆز لێرەدا “پراکتیکی زاڵ”ی فەلسەفەی سیاسی بۆ دروستکردنی سیاسەتی نوێ دەناسێنێت،  بەو مانایەی ئەزموونێکی فرەیی سیاسی لە بەرامبەر تیۆری سیاسی نۆرماتیڤدا. لەم ڕوانگەیەوە ئێدواردۆ ڤیڤێرۆس دی کاسترۆ،  زانای ئەنترۆپۆلۆژی بەڕازیلی بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ نەوەی ئێمە  ئاماژە بەوە دەکات:  ناوی  ژێل دوڵۆز یەکسەر ئەو گۆڕانکارییە فیکرییە دەهێنێتە بەرچاو کە ئەو قۆناغەی دەوروبەری ساڵی ١٩٦٨ی دیاری کرد . کاتێک هەندێک لە ڕەگەزە بنەڕەتییەکانی تێگەیشتنی کولتووری هاوچەرخمان دامەزراند ،  مانا و دەرئەنجام و واقیعی ئەم گۆڕانکارییە مشتومڕێکی توڕەیی لێکەوتەوە کە تا ئێستاش بەردەوامە. وەک ڤیڤێرۆس دی کاسترۆ دان بەوەدا دەنێت میراتی فەلسەفەی سیاسی دۆلۆز هێشتا جێگەی مشتومڕە. ڤیڤێرۆس دی کاسترۆ لێرەدا ئاماژە بەوە دەکات کە ناوی دۆلۆز  ئەو “گۆڕانکارییە فیکرییە”ی بیری  نەوەی خۆی دەخاتەوە کە لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٦٨دا سەریهەڵدا .
خەمی من لەگەڵ ساتەوەختی دۆلۆز و(گواتاری)ی دیدگای سیاسیدایە و ئارگیومێنتەکانم وا گریمانە دەکەن کە ئەو گۆڕانکارییەی دۆڵۆز و گواتاری هەوڵیان دەدا لە قۆناغی شۆڕشدا بیهێننە ئاراوە “کودەتا” بووە بۆ دەستێوەردانەکانیان لە فەلسەفەی ئەوروپی لە ڕوانگەی جیهانی سێیەمەوە – بەشداریکردنی تیۆری لەگەڵ نیشاندەری باڵادەستی کۆمۆنیزم . مایکرۆ کۆمۆنیزم بە واتای کۆمۆنیزمی فرەیی بە بێ حزبی ناوەندی ، گومانی تێدا نییە کە دۆلۆز و گواتاری ئیلهامیان بۆ بیرۆکەی کۆمۆنیزمی لامەرکەزی لە بزووتنەوە شۆڕشگێڕەکانی جیهانی سێهەمەوە  وەرگرتووە  . 

‏ فەلسەفەی جیهانی سێهەم

‏لە ڕاستیدا فەلسەفەی سیاسی ئەوان بەبێ بوونی جیهانی سێیەم  مانایەکی نەدەبوو کە نوێنەرایەتی  ناکرێت .  چەمکی دۆلۆز و گواتاری بۆ چەمکەکان تاکە ڕێگایە بۆ تێگەیشتن لە فەلسەفەی سیاسییان. بەم مانایە جیهانی سێیەم نوێنەرایەتی ئامادەبوونێکی ڕاستەقینە لە سیاسەتەکەیاندا ناکات، بەڵکو نوێنەرایەتی ئامادەبوونێکی مەجازییە . بۆیە فەلسەفەی جیهانی سێهەمیان لە چەمکی کەمینەیەک وەک “گەلێکی غەیاب”دایە، ئەو کەسانەی کە بە زمانی حوکمڕان یان ئایدۆلۆژیا نوێنەرایەتی ناکرێن . جگە لەوەش چەمکی جیهانی سێیەم ئاماژەیە بۆ پراکتیکی زاڵانەی زمان، واتە ڕەخنە گردن لە جەوهەری نوێنەرایەتی . ڕەنگە لێرەدا بوەستین و پرسیار لەبارەی ئەو زەمینە ئایدیۆلۆژیەوە بکەین کە دۆلۆز و گواتاری چەمکی جیهانی سێیەمیان لە گوتاری فەلسەفی خۆیاندا جێگیر کردووە  . ئیمانوێل والێرشتاین ئیدیعا دەکات کە “ناڕەزایەتی سەرەکی لە ساڵی ١٩٦٨ دژی زاڵبوونی ئەمریکا بووە بەسەر  سیستەمی جیهانیدا” . بۆیە سەیر نییە کە دۆلۆز و گواتاری گریمانەی هەژووونی ئەمریکی بکەن لە ئارکۆمێنتە سیاسی – فەلسەفییەکانیاندا، لە بابەتگەلێکی جۆراو جۆردا ڕاستەوخۆ پرۆژە سیاسییەکەیان بە دژە ئیمپریالیستی یان پۆست کۆلۆنیالیزم وەسف دەکەن . 

 ئەم ئاراستە سیاسییە لەو ڕۆژانەدا نە بەڕێکەوت بوو ، نە ناوازەش بوو  ، بەڵکو دەتوانرێت بڵێین مانگی ئایاری ساڵی ١٩٦٨ لوتکەی دۆزینەوەی چەپی ئەوروپی بوو بۆ گەلانی جیهانی سێیەم. لە سایەی ئەم دۆخەدا فەلسەفەی سیاسی دۆلۆز و گواتاری ئامانجی فەلسەفەکردنی واقیعی گەلانی جیهانی سێهەم بوو . بەڵگەیەک کە پەیوەندی نێوان دۆلۆز و وشەی سێیەم ئاشکرا دەکات ئەوەیە کە دۆلۆز (لەگەڵ گواتاری) چەمکی “گەلانی ونبوو”یان بونیادنا  بۆ ڕوونکردنەوەی پانتایی جیهانی سیاسەت . کەواتە ئەم کەسانە کێن؟ بیرۆکەی ئەو سەبارەت بە خەڵکی نەبینراوی ڕۆژئاوا، مێتافۆر نییە، بەڵکو ئەگەرێکە بۆ سیاسەتی دژە نوێنەرایەتی- داهێنانی پرۆلیتاریای جیهانی.‏‏لە ئێستادا ناتوانرێت چینێکی شۆڕشگێڕی یەکگرتوو لەناو ئەو دابەشکارییە کۆمەڵایەتییەی کە هەیە دەستنیشان بکرێت. ڕەنگە ڕووداوەکانی داهاتوو ببنە هۆی سەرهەڵدانی ئەو جۆرە کەسانە  .  من دەڵێم چەمکی کەسانی ونبوو بە تەواوی لەگەڵ ڕووداوی مێژوویی بزووتنەوەی بێ لایەنەکان لە جیهانی سێیەمدا دەنگ دەداتەوە . بەم پێیە پڕۆژەی سیاسی دۆلۆز و گواتاری لە چوارچێوەی سێ گرووپی مێژوویی چەپی فەرەنسیدا جێی نابێتەوە:
چەپی کۆماری، چەپی سۆسیالیستی و چەپی کۆمۆنیستی ، میشێل وینۆک گروپی چوارەمی  چەپ بە “چەپی  پەڕگیر ” ناودەبات ، ‏لویس ئۆگست بلانکی و ژان پۆڵ سارتەر نموونەی ئەم گروپە چوارەمەن، کە ڕەخنەیان لە دامەزراندنی ئەم جۆرە چەپەدا هەبوو و دیموکراسی نوێنەرایەتیان ڕەتکردۆتەوە . بۆ ئەوان سیستەمی هەڵبژاردن ئامرازێکی حوکمڕانی بوو بۆ گەمارۆدانی شۆڕشی گەل. بە پێچەوانەی مۆدێلی چەپی توندڕەوی وینۆک، کریستۆف کاڵتەر ئاماژە بەوە دەکات کە چەپی نوێی ڕادیکاڵ لە دوای ساڵی ١٩٥٦  بەرەو شۆڕشی چوارەم دەڕۆیشتن.ئەو دەڵێت: کۆتایی هاتنی ئیمپراتۆریەتەکانی کۆلۆنیالیزم کاریگەری لەسەر دوو بوارە بنەڕەتییەکانی خۆتێگەیشتنی چەپ هەبوو کە پۆتانسێلی گەورەی خەباتیان هەبوو: ‘شۆڕش’ و ‘ ئەنتەرناسیۆنالیزم’. گفتوگۆکان سەبارەت بە پابەندبوون بە شۆڕش و ئامرازە گونجاوەکانی گەیشتن بەو شۆڕشە بووە هۆی ناکۆکی بەردەوام لەناو چەپدا. هەروەها تیۆرو پراکتیکی ئینتەرناسیۆنالیزم بووە هۆی ناکۆکی .  چونکە داواکاری سروشتی بۆ نیشاندانی “هاودەنگی” لەگەڵ کۆلۆنیالیزمەکان زۆرجار لەگەڵ سیاسەتی چەپی فەرەنسی  بەریەککەوتنی هەبوو کە ناسیۆنالیست و لایەنگری کۆلۆنیالیزم، یان لایەنگری مۆسکۆ بوون.‏مشتومڕەکان لە دەوری خەبات و سیاسەتی چەپەکان لە چەمکی جیهانی سێیەمدا کۆدەبوونەوە.

چەمکی جیهانی سێیەم پرسیاری لەبارەی ڕۆڵی چەپی فەرەنسی لە جیهاندا وروژاند ، جگە لە پرسیارەکان سەبارەت بە “کارەکتەری شۆڕشی کۆمەڵایەتی-سیاسی و ئەکتەرەکانی و شوێن و پاڵنەرەکانی” . فرەچەشنی و لێکنزیک بوونەوەی چەپ لە دەوری هەمان چەمکی جیهانی سێیەم دەسوڕایەوە و جەختی لەوە دەکردەوە کە هاودەنگی لەگەڵ گەلانی کۆلۆنیالیزمدا بۆ شۆڕشێکی ڕیشەیی شتێکی بنەڕەتییە. گومانی تێدا نییە کە فەلسەفە سیاسییەکانی دۆلۆز و گواتاری لەگەڵ داواکارییەکانی چەپی توندڕەوی نوێدا هاوتەریب بوون.‏لەم ڕوانگەیەوە دەبێت لە پڕۆژە سیاسییەکەیان تێبگەین کە تیشک دەخاتە سەر ئارەزوو نەک دەسەڵات، وەک هەوڵێک بۆ ڕەخنەگرتن لە گوتاری کۆنی چەپ و نوێکردنەوەی گریمانەی شۆڕش . دۆلۆز و گواتاری لەسەر بنەما سیاسییەکانیان  بانگەشەکردنی مەجازی جیهانی سێیەمیان بونیادنا لە ڕێگەی  دیالۆکو باسەکانیانەوە سەبارەت بە “کەسانی ونبوو”. بیرۆکەی دۆلۆز و گواتاری بۆ سیاسەتی مەجازی، واتە سیاسەتی خەڵکی ونبوو، 

‏لەگەڵ جوانیناسی دژە نوێنەرایەتیی ئەواندا دەنگ دەداتەوە  . تێگەیشتنی دۆلۆز لە سینەما چەند بەڵگەیەک بۆ ئارگیومێنتەکەم دەخاتە ڕوو. ئەو ئەم ئارگیومێنتە پشتگیرییەی خوارەوە سەبارەت بە “خەڵکی ونبوو” لە سینەما ٢دا دەخاتە ڕوو . لە سینەمای ئەمریکی و سۆڤیەتدا خەڵک بەڕاستی بوونیان هەیە،  ڕاستەقینەن پێش ئەوەی واقیعی بن، ئایدیاڵن بەبێ ئەوەی ئەبستراکت بن . لێرەوە ئەو بیرۆکەیە هاتە ئاراوە کە سینەما وەک هونەرێکی جەماوەری دەتوانێت باڵاترین هونەری شۆڕشگێڕانە یان دیموکراسی بێت و جەماوەر بکاتە بابەتێکی ڕاستەقینە .  بەڵام زۆر فاکتەر ئەم باوەڕەیان لاواز کرد ، سەرهەڵدانی هیتلەر کە ئامانجی ئەوە بوو  لە ڕێی سینەماوە جەماوەر ملکەچکات ، نەک جەماوەر بکاتە بابەت و هەست بە بوونی خۆیان بکەن ، ستالینیزم کە کۆدەنگی گەلی گۆڕی بۆ یەکگرتوویی حزبی پاوانخوازانە ،  هەڵوەشاندنەوەی گەلی ئەمریکا، کە چیتر باوەڕیان بە خۆیان نەدەکرد کە ئەو گەلە تواوەیەی ڕابردوون ، یان تۆوی گەلێکی داهاتوون . (  ڕۆژئاوای نوێ یەکەم بوون کە ئەم هەڵوەشاندنەوەیان پیشاندا ) . بەکورتی ئەگەر سینەمایەکی سیاسی مۆدێرن هەبوایە، لەسەر ئەم بنەمایە دەبوو:  جەماوەر بوونی نەماوە، یان هێشتا نەبووە…  گەل ون بووە . زەحمەت نییە لێرەدا ببینین کە دۆلۆز بە ڕوونی باس لە سێ جەمسەری ئایدۆلۆژیای سیاسی دەکات – ستالینیزم، نازیزم و ئەمریکیزم – کە سینەما بە “هونەری جەماوەر” دەزانن،  ئامرازی شۆڕش و دیموکراسی کە خودی جەماوەری “ڕاستەقینە” بەرهەم دەهێنێت . ئەم واقیعەی جەماوەر لە ڕیالیزمی سیاسی ڕۆژئاوادا بە شێتی دادەنرێت، وەک لیبرالیزم یان ئابووری سیاسی . دۆلۆز لەگەڵ گواتاری ئاماژە بەوە دەکەن کە “سینەما توانای گرتنی جووڵەی شێتی هەیە لەبەر ئەوەی شیکاری کۆنەپەرەستانە نییە، بەڵکو بەدواداچوون بۆ بوارێکی جیهانی پێکەوەژیان دەکات”. بەم مانایە سینەما دەتوانێت چەکێکی سیاسی کاریگەر بێت بۆ بنیاتنانی ئامێری جەنگ  ، هاوکات خۆی ڕاپسکێنێت و هەڵبێت لە دەوڵەتی ناسیۆنالیزم وەک ئامرازێکی دیلکردن  . چەمکی دۆلوز بۆ جیهانی سێیەم پەیوەستە بەم “جیهانگەریەوە”کە لە دەرەوەی بازنەی دەوڵەتە نەتەوەیەکان دەستی بە دەرکەوتنی خۆی کردووە . ئەم پێکهاتەیە خاڵی لێکنزیکبوونەوەی واقیعی سینەما و مرۆڤە غیابەکانە .

 ئەوەی جێگای سەرنجە دۆلۆز ئاماژە بە “هەڵوەشاندنەوەی گەلی ئەمریکا” دەکات کە لە سەردەمی جەنگی ساردا مێژووی کۆچی فرەنەتەوەیی خۆیان لەبیر کردووە . ئەمریکا سەردەمانێک خاکی بەڵێندراوی گەلانێک بوون کە سەر بە هەرێمەکان نەبوون . ئێستا وەک لە فیلمە تازە ڕۆژئاواییەکاندا دیارە ئەمریکییەکان  دڵەڕاوکەیانە بۆ پاراستنی ناسنامەکەیان  . هەروەک دۆلۆز ڕاستەوخۆ ئاماژەی پێدەکات: گومانی تێدا نییە ئەم ڕاستییە ڕۆژئاوایش دەگرێتەوە، بەڵام زۆر کەم لە نووسەران ئاشکرایان کردووە، چونکە بە میکانیزمەکانی دەسەڵات و سیستەمی زۆرینە شاردراونەتەوە . لە لایەکی دیکەوە لە جیهانی سێیەمدا تەواو دیار بوو کە گەلانی ستەملێکراو و ئیستغلالکراو لە دۆخی کەمینە هەمیشەییەکان و  قەیرانی ناسنامەی بەکۆمەڵدا ماونەتەوە .‏‏جیهانی سێیەم و کەمینەکان  فرسەتیان بۆ نووسەرە بە تواناکان دابین کردووە  بۆ پێگەی تایبەتی خۆیان و  لە پەیوەندییان لەگەڵ نەتەوەکەیان  تاکو بڵێن: گەل ئەوەیە کە نەماوە ، ئەوەی دۆلۆز بەم ئارگیومێنتە ئاماژەی پێدەکات، پاڵنەرە شاراوەکەیەتی بۆ زیندووکردنەوەی سینەمای سیاسی. بنەمای سینەمای سیاسی ئەوەیە کە “ گەل بوونی نەماوە، یان هێشتا بوونی نییە”. چۆن بتوانرێت ڕێگا خۆش بکرێت بۆ هاتنی گەلێک کە بوونی نەماوە (یان هەرگیز بوونی نەبووە)؟ لە چەمکی دۆلۆزدا سینەمای سیاسی نوێنەرایەتی هەڵوێستە شۆڕشگێڕییەکان ناکات، بەڵکو نوێنەرایەتی دروستکردنی زۆنی سێیەم دەکات کە لە وەسف و گێڕانەوەی چیرۆک تێدەپەڕێت . چیرۆکێک کە کراوە دەبێت بەڕووی گۆڕانکارییە بێشومارەکاندا، دەربڕینی خۆی لە “هارمۆنی” خود و بابەتدا دەدۆزێتەوە . ئەم پەیوەندییە یەکسانە لەگەڵ دیاریکردنی ئەوەی کە کامێرا بە شێوەیەکی بابەتیانە چی دەبینێت و کارەکتەرەکە بە شێوەیەکی  خودی چی دەبینێت. چیرۆکەکە پێویستی بە بینەرێکی خوێندەوار نییە لە کاتێکدا نووسین بە زمانی باڵادەست مەحاڵە . کۆتا زمان، نەک زمانی ئەویتر لە بنەمایەک کەمتر نییە ،  دەبێت  هونەر  تێدا بەشدار بێت  (بەتایبەت هونەری سینەما) بۆ داهێنانی گەلێک . دۆلۆز پێداگری دەکات کە “ئەو ساتەی  ئاغا یان کۆلۆنیالیست، ڕایدەگەیەنێت، ‘هەرگیز لێرە گەلێک نەبووە گەلی ونبوو دەبێتە بوونێک و سەر لە نوێ خۆی دادەهێنێتەوە، لە شارۆچکە و کەمپەکان یان لە گەڕەکە هەژارەکاندا، لە هەلومەرجی نوێی خەباتدا کە بەپێویستی دەزانێت هونەری سیاسی بەشداری تێدا بکات”. وەک نموونەی سینەمای سیاسی نووسەرانی وەک ژان ڕۆش، پیێر پێرۆڵ و عوسمان سمبین دەهێنێتەوە ،  بە بڕوای دۆلۆز ئەم دەرهێنەرانە دۆخێکی نوێیان خوڵقاند ، کردەی قسەکردنیان گۆڕی بۆ کردەیەکی ڕۆڵی چیرۆک گێڕانەوە .  ئەم شێوازە ناڕاستەوخۆیەی گۆڕینی کردەی قسەکردن (واتە چیرۆکگێڕان) ڕەهەندی سیاسی پێکهاتنی  گەلە.

 لە ڕێگەی ئەم پرۆسەیەوە دەرهێنەر و کارەکتەرەکانیان دەبنە “کۆمەڵێک کە وردە وردە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر، لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر، لە شەفاعەتحوازێکەوە بۆ  شەفاعەتخوازێکی تر سەردەکەون.” . دۆلۆز بە ئاماژەدان بە لێدوانەکانی سێرج دانی سەبارەت بە فیلمی سیدۆی سێمبێنی، جەخت لەوە دەکاتەوە کە سینەمای ئەفریقا “سینەمایەکە کە قسە دەکات، سینەمایەکی کردەی قسەکردنە”.

 گوتاری سینەمایی بریتییە لە کردەی  گێڕانەوەی چیرۆک  هاو کات بنەمای قسەی زیندوو  دەبێتە هۆی “بەهای قسەکردنی بەکۆمەڵ”. ئەم کردارە هاوبەشە قسەکردنە دژایەتی ئەفسانەی زۆرینە دەکات و ئێستای ژیاو لە ژێر ڕووی ئەفسانەدا گۆشەگیر دەکات، “کە ڕەنگە بەرگە نەگیراو و باوەڕپێنەکراو و مەحاڵ بێت ، ئێستا لە کۆمەڵگەی ‘ئەم’دا تێیدا بژیت.”پێدەچێت دۆلۆز لە باسکردنی سینەمای سیاسیدا دەسەڵاتی شاراوەی سیاسەت نەک لە ڕۆژئاوا، بەڵکو لە جیهانی سێیەمدا بدۆزێتەوە.  ئەو کات کۆلۆنیالیزم و شەڕی سارد دوو جەمسەری چەپی فەرەنسی بوون. بیرۆکەی دۆلۆز لە چوارچێوەی مێژووییدا ناوازە نەبوو . لەو ڕۆژانەدا زۆرێک لە گروپە چەپەکان لە فەرەنسا خەباتیان دەکرد بۆ ئەوەی چەمکی کەمینەکان وەک بەدیلێک بۆ زۆرینەی چەپی فەرەنسی بخەنە ڕوو. ئەم گروپە جیاوازانە بەشدار بوون لە ڕەتکردنەوەی دیموکراسی نوێنەرایەتی و ئامێری سیاسی حزبە گەورەکانیان  . بەم شێوەیە خۆیان بە ئینتەرناسیۆنالیستی “ڕاستەقینە” و دژە فاشیزم دەزانی. چەمکی جیهانی سێیەم خۆی لە خۆیدا لە سەکۆیەکی سیاسی زیاتر نەبوو بۆ ئینتەرناسیۆنالیزمێکی نوێ و دژە فاشیزم لە بەرامبەر گەشەسەندن و کۆدەنگی ناسیۆنالیزمی باڵادەست لە هەردوو فەرەنسا و بلۆکی سۆڤیەتدا .  ئەم چەمکە ململانێکانی  هاندا لەناو چەپی فەرەنسیدا ، لە هەمان کاتدا هاوپەیمانییەکی لەگەڵ گروپەکانی “چەپی توندڕەو” فراوانتر کرد . تەرکیزکردنی دۆلۆز لە سەر جیهانی سێیەم وەک بنەمای سینەمای سیاسی لەم چوارچێوەیەدا هاتە ئاراوە . . لە بەرواری ئازاری ٢٠٢٥ ئەمە بەشێکە لە کتێبی “کۆمۆنیزم دوای دۆلۆز”ی ئەلێکس تایک-گوانگ لی، کە بەم دواییە لەلایەن بلومسبێریەوە بڵاوکراوەتەوە.

‏د . زهیر الخویلدي  – حوارالمتمن  ۱ –  ۷  – ۲۰۲٥

‏الادب والفن




کافکا له‌ نێوان نووسین و نووسه‌راندا!.. برایم فه‌رشی

I
فرانتس کافکای چل ساله‌، سوارەی ئیلخانی زادەی ٣٩ ساڵه‌، قادر دیلانی ٧١ ساڵه‌، گرێدراوی یەکترن و هەر سێ دوور له‌ زێد، دڵیان له‌ لێدان وه‌ستا. کافکای زێد نه‌دیتووی جوو، سواره‌ و دیلانی زێد به‌جێهێشتووی کورد، نوێخوازی ئه‌ده‌بیات (کافکا و سواره‌) و موسیقا (دیلان) بوون. ‌کافکا چل ساڵ و دیلان سی وحه‌وت ساڵ له شاری‌ پڕاگ ژیانیان تێپەڕی. هه‌ر سێ به‌ مردنی ئاسایی نه‌چوون. نەخۆشی و بێوازی، ناکۆکی لە تەک باوک، ژیانی کافکای داگرتبوو. ئازارەکانی ژیانی لە بەرهەمەکانیدا ڕەنگی داوەتەو، وەک سوارە که‌ لە منداڵییەوە لە گەڵ ئازاری نەخۆشی هەتا دواساتەکانی ژیان دەستەویەخە بوو.
سۆرین کیرکەگارد فەیلەسووفی ٤٢ ساڵه‌ی دانمارکی سەدەی نۆزدە، که‌ قسەی نوێی هێنایە مه‌یدان، له‌ سواره‌ و کافکا ده‌چێت و هه‌ر چوار ژیانیان دوور لە ژیانی ئاسایی بوو! کافکا ترسی توانەوە (ئاسمیلە بوونی) لێ نیشتبوو، بۆیە بە گەورەیی خۆی فێری زمانی عیبری کرد، ئه‌و دەیویست بگەڕێتەوە فەلستین. سواره‌ و کافکا له‌ سه‌رده‌می پڕ له‌ ئازاری منداڵی خۆیان دوور نه‌که‌وتنه‌وه‌. ‌ دیلان زۆرجار له‌ بیری ده‌چوو، که‌ ته‌مه‌نی له‌ شه‌ست لای داوه‌. کاتێک زستانی ساڵی ١٩٨٨ لە زانستگای کۆڵن مۆسیقای منداڵانی بەگوێی بینەران دادا، هەرچی منداڵ لە هۆڵەکە بوون لە دەوری هاڵان. دیلان چاوەکانی دەدروشایە و ڕوخساری منداڵانە دەینواند.
ئەم ساتەوەختە هەستی نامۆیی و غەریبی دیلانی دەرخست، وەک وتەی کارێکتێری چیرۆک و ڕۆمانه‌کانی کافکا، وەک ئەو هەستەی سوارە :” دڵم پڕه‌ له‌ ده‌رد و کوڵ، دەڵێم بڕۆم لە شارەکەت”. وەک هێمن، هەژار، قزڵجی، زیرەک، تۆماس مان، بڕێشت، ئارنت، وەک پشیلەکەی هێڕمان هێسە سەرگەردان لە ناو کۆڵانە نامۆکان.

II
گرفتی کافکا لە گەڵ باوکی، وێنه‌یه‌کی به‌رچاو له‌ ناو ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ ده‌رده‌خات، که‌ باوکسالار و داسەپێنەری ئاتۆڕیتەن. کافکا لە تەمەنی ٣٦ ساڵی چەند ساڵ پێش مردنی ساڵی ١٩١٩ نامەیەکی ١٠٣ لاپەڕە بۆ باوکی دەنووسێ و بۆی نانێرێ. باوکی دەبوو بڕیار لە سەر هەموو شتێکی منداڵەکانی بدات، ئەوە بە درێژایی ژیان، کافکای ئازار دا و بوو بە‌ هەوینی نووسینەکانی و خوڵقاندنی کارێکتێرەکان. کافکای پراگی و جۆرج تابووری بوداپیستی جوو، هەرکیان باس لە ئاتۆریتە دەکەن کە ڕەنگە لە ناو جووی پەرەوازی جیهان، مێتۆدێک بۆ پاراستنی خۆیان و ناسنامەیان بووبێ، ئەم باسە لە لای زیگمۆند فرۆیدی جوو، لە ویەن و بیرمه‌ند و هونه‌رمه‌ندی جوو له‌ ئورووپا بەرباس کەوتووە.

کافکا لەم نامە سەدوسێ لاپەڕەدا، ئاتۆریتە و دیکتاتۆری نیشان دەدا کە هەموو لایەنەکانی هەست و دەروون و بیرکردنەوە دەگرێتە خۆی و ئەوە دەردەخات کە چۆن لە منداڵییەوە مرۆڤ لە خۆی و خۆیبوون دوور دەخرێتەوە و دەکرێتە مرۆڤێکی دەستکرد. ئەم پرۆسەیە لە درێژایی ژیان ڕوو دەدات و ئاسایی دەبیندرێت و ئاسایی دەکرێت و کۆمەڵگایەکی تەواو تۆتالیتێر پێکدەهێنێ، بە چەشنێک ئاسایی و ڕۆژانە دەنوێنی . ژیانی ناو ئەم کۆمەڵگایانە گرێده‌درێ به‌ داب و نەریت، فەرهەنگ و ڕێوڕەسم و دین و بازنەیەکی پڕ لە ئاڵۆزی پێکدەهێنێ، کە دەربازبوون لێی هاسان نابێ.
کافکا لەم نامەیە و سەرجەم کارەکانیدا ئەم سیستەمه‌ و کارەکتەرەکانی دەناسێنێ. هەر بۆیە دەبێتە سەرچاوەی بیر وهزر و تێگەیشتنی گەلێک لە فەیلەسووفانی وەک والتێر بنیامین، تێۆدۆر ئادۆرنۆ ، هانا ئارێنت، ئاڵبێرت کامۆ و که‌سانیتر.

III
رودریگەر زانفرانسکی فیلسووفی هاوچەرخی ئاڵمان کە زیاتر لە شەست ساڵ گرێدراوی بەرهەمەکانی کافکا بووە و کتێبی لەبارەوە نووسیوە، دەبێژی: ،، نووسین بۆ کافکا گرنگتر لە ژیان و کاری ڕۆژانەی بوو.” کێشەی سەرەکی ئه‌و له‌وه‌دا بوو، خۆی ئازاد نه‌بینیوه‌، جگه‌ له‌و کاته‌ی خه‌ریکی نووسین بووه‌ . نووسین ئازادی پێبەخشیوە.

ئەو کارمەند و شاره‌زا له‌ پیشه‌که‌ی خۆی بوو، به‌ڵام خۆی ئازاد نه‌بینیوه‌. سه‌ره‌ڕای کار و نووسین، باوکی پێشنیاری سەرپەرشتی کردنی کارخانەیەکی تازە سازکراوی خۆی پێدەکات و کافکا دەگاتە ئه‌و ئاستەی بیر لە خۆکوشتن بکاتەوە. ئه‌و سه‌ره‌ڕای ئه‌وین و ئه‌وینداری، نەیتوانی خێزان پێک بێنێ. زانفرانسکی لە گفتوگۆ لە تەک گۆڤاری فەلسەفە دەبێژێ: ،، نووسین بۆ ئەو تاقیکردنەوەیەکی موتڵەق بوو‌، کاتێ ده‌که‌وته‌ نووسین لە ماوەی چەند هەفتە کۆتایی به‌ کاره‌که‌ی ده‌هێنا،،.

زانفرانسکی لە زمانی کافکاه‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ که‌ ئه‌و له‌ کاتی گفتوگۆ له‌ گه‌ڵ “ماکس برۆد”، ده‌بێ، گوتبێتی:،، پاش تەواوبوون لە نووسین چەشنێک لە حاڵەتی«ئۆرگاسمووس» لەودا پێک دیت”. زانفرانسکی گەرەکی نییە ئەمە وەک حاڵەتی سێکسکردن لێکبداتەوە. بەڵام ئەوە، جێی تێڕامان و بیرکردنەوەیە ، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی مرۆڤ ته‌نیا له‌ کاتی سێکسکردن، کۆنسێنتراسیۆنی “موتڵه‌قی” هه‌یه‌. گەر مرۆڤ لە کاتی نووسین و خوڵقاندنی هونەر بە حاڵەتی «ئۆرگاسمووس» بگات، مانای ئەوەیە” خووردبوونەوە” گەیشتتووە به‌رزترین پله‌، حاڵەتێک کە تەنیا لە کاتی جووتبوونی نێر و مێ سەر دەگرێ و نۆیڕۆلۆگی ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه‌. ئەم تێگەیشتنەی کافکا لە نووسین، دەوری بیروهزر و هونەر وشە و کارتێکەریی لە سەر مرۆڤ دەردەخات، گەر کافکائاسا بڕوانیننە نووسین و هونەر.

بۆ ئەوەی لەم حاڵەتەی کافکا تێبگەین، دەبێ ژیانی ئه‌و بناسین. نووسەر و هونەرمەند به‌رده‌وام ڕووبه‌رووی ئەم پرسیارە بوونه‌ته‌وه،‌ که‌ چۆن ژیانی هاوبه‌ش و پیشه‌ی ڕۆژانه‌ی دوور له‌ نووسین و هونه‌ر، لە یەک گرێ بده‌ن. کافکا ڕشتەی حقووقی خوێندبوو، کارمەندی ئیدارەی بیمە بوو. هەرچەند ئەو مافناسێکی لێهاتوو بوو، بەڵام کارەکەی تەنیا بەهانە بوو بۆ پارە پەیداکردن. هەتا نیوەڕۆ کاری دەکرد و خۆی دەگەیاندەوە ژووره‌که‌ی و نووسین له‌ گه‌ڵ خۆی ده‌یبرد. گەلێک لە نووسەرانی بەناوبانگی جیهان، پیشەی ڕۆژانه‌یان فڕی به‌ سه‌ر نووسینه‌وه‌ نه‌بووه‌ و ژیانی هاوبه‌شیان پڕ له‌ کێشه ماوه‌ته‌وه‌ و هێندێک پیشەی ڕۆژانە و ژیانی هاوبەشیان بۆ نووسین وەلا ناوە. کە ئەمە پرسیاری قووڵی لێدەکەوێتەوە.

کافکا ئەو کاتەی “نامە بۆ باوک،، دەنووسێ لە ڕستەیەکدا ئێژێ ،، ئەم نامەیە دەبا نووسرابا، بەڵام مەرج نییە بخوێندرێتەوە,,. ئەم وتەیە لایەنێکی گرنگی نووسه‌ر و نووسین دەردەخات. نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند و بیرمه‌ند له‌ خۆ و بۆ خۆ ده‌نووسن و به‌رهه‌م ده‌هێنن، که‌ چەشنێک ڕووبەڕوو بوونەوە لە گەڵ خۆ، واتە نووسەر خۆیەتی. که‌سێکی وه‌ک موتزارت گوێی له‌ ده‌روونی خۆی بوو، دوای مه‌رگی زانرا، چی هه‌بووه‌. خاڵە نادیار و نەگوتراوی نووسەر و هونەرمەند، له‌ رێگای نووسین و بەرهەم، ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ ئاشکرا ده‌کرێ‌، که‌ دەبێتە هۆی ناسینی لایه‌نه‌ نه‌زانراوه‌کانی نووسەر به‌ خۆی، واته‌ نووسه‌ر له‌م ڕیگایه‌وه‌ زۆرتر خۆی ده‌ناسێ.

نووسه‌ری ئه‌م دێڕانه لە تەمەنی مێرمنداڵییەوە، دەبوو بەرەو نووسین و شانۆ و مۆسیقا بخزێ و ساڵانی دواتر لە دەرەوەی وڵات، بکەوێتە گفتوگۆ لە تەک خۆی.‌ ،، گفتوگۆی بارام و برایم،، بووه‌ هۆی گۆڕانی ژیانی برایم. ئه‌م گفتوگۆیه‌ نه‌ بڵاو کرایه‌وه‌، نه‌ که‌س جگه‌ له‌ نووسەر خوێندوویه‌ته‌وه‌! وەک کافکا ئێژێ، ده‌با نووسرابا. موتزارت نیازی بە خوڵقاندنی مۆسیقا بوو، جا چ بڵاوکرێته‌وه‌ یان بڵاونه‌کرێته‌وه‌، زیرەک پاش هه‌تیوکه‌وتنه‌وه‌، نیازی بە چریکاندن بوو، قالەمەڕەی منداڵ، دوای ڕاچڵه‌کین له‌ خه‌و، دەبوو لە شمشاڵ بتووڕێنێ، کافکا ده‌بوو بنووسێ، سوارە دەبوو بنووسێ، دیلان دەبوو بچریکێنێ، کیرکەگارد، نیچە، شۆپێنهاوەر، دەبوو پرسیار بکەن و بنووسن، ئەوان کە سەرسەری سەیری خۆیان و ژیان و گەردوونیان نەدەکرد.

کافکا ساڵی ١٩١٧ و ١٩١٨ لە نووسینەکانی شۆپێنهاوەر نزیک بووه‌، ئایینی مووسایی و عیسایی و باسگەلی مێتافیزیک، ژیان، مردن باسی کافکاش بوو. شوپێنهاوەر (١٧٨٨-١٨٦٠) لە باسی (Wille- ویست) مرۆڤ بەرەو بیرکردنەوە و گەڕانەوە بۆ لای (من)ی مرۆڤ دەکێشێ و پرسیار دەخوڵقێنێ. من کێم و چی من بەرەو بوون، بەرەو ژیان ڕادەکێشێ؟ ویست چ دەورێک لە ڕاکێشانی من بۆ ژیان و ئەو کارانەی من دەیکەم، ده‌گێڕێ.

کافکا کە بیری لە خۆکوشتن کردبووە، درێژە بە ژیان ده‌دا و زۆربەی وزەی خۆی بۆ نووسین تەرخان دەکا. ئەوە چ ویستێک بووه‌ کە ئەوی لە حەڤدە ساڵانەوە هەتا کۆتایی ژیان بەرەو نووسین کێشا؟ لێرەوە شۆپێنهاوەر دەگاتە کافکا و کافکا دەگاتە شۆپێنهاوەر کە لە زۆر لایەنەوە نزیکیان لە گەل یەک هەیە. ئەگەر بۆ کافکا باوک دەبێتە بابەت و سوژە، بۆ شۆپێنهاوەر دایک دەوری کەسی خاوەن ئاتۆڕیتە دەگێڕێ و سەرئەنجام دوای مردنی باوکی لە دەستی ڕادەکات و هەرچەند پڕۆفیسۆری ئەو کاتی زانستگا بوو، لە بەڕلینەوە بۆ فڕانکفۆرت دەگوازێتەوە و تا کۆتایی ژیان، دوور لە ژن و دایک دەمێنێ. ژیانی شۆپێنهاوەر گەلێک لایەنی دیکەی هەیە کە ناکرێ لێرە بە وردی باس بکرێ، بەڵام ئەویش وەک کافکا گرفتی لە تەک فەیلەسووفانی ناو بازنەی زانستگاکان هەبوو، کە چەشنێک ئاتۆریتەخواز بوون.

ئاتۆڕیتەخوازی هەر لە سەرەتای پەیدابوونی فەلسەفەوه‌ هەبوو، فەیلەسووفانی وەک پلاتۆن تەنانەت دژی فێربوونی نووسین و خوێندن بۆ گەشت کەس بوون و ئەوان باوەڕیان ئەوە بوو کە فەیلەسووف دەبێ ڕاستەوخۆ، وانە بە خوێندکارانی بڵێتەوە و خوێندکار دەبێ لە ژێر ئاتۆڕیتەی ئوستاد و وانەبێژدا بمێنێتەوە بۆ ئەوەی تێبگات. ئەمە کەسانی وەک شۆپێنهاوەری ئازار دەدا و دوای ماوەیەکی کورت وازی لە پرۆفیسۆری زانستگای بەڕلین هێنا، هەرچەند هۆی وازهێنانی تەنیا ئەمە نەبوو.
IV
مارتین بووبەر Martin Buber(١٨٧٨-١٩٦٥) فەیلەسووفی ئوتریشی- ئیسرائیلی، به‌ پێچه‌وانه‌ی کافکا باوه‌ڕی سه‌هیۆنییستی به‌رانه‌به‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌که‌ی په‌یدا کردبوو. ئینتلئه‌کتوئێلی جوو لە ڕێگای بیر و هزر، فەلسەفە، ئەدەبیات، دین تێگەیشتنیان لە خۆیان و زێدیان پەیدا کرد و ئەوجا بەرەو دامەزراندنی دەسەڵاتی سیاسی و وەرگرتنەوەی زێدیان چوون. پێشڕەوانی جوو، ڕێنسانسیان لە ناو خۆیان له‌ لایەنی ئایینی، نەتەوەیی، زمانی، ئیتنیکی پێکهێنا و لە قاوغی تێگەیشتن و ژیانی کۆنی خۆیان کە زۆرتر لە ئاوارەیی تێدەپەڕی، هاتنە دەر و ڕێگای ڕزگاری خۆیان خۆش کرد.
کافکا بە زمانی ئەدەبیات و لە ڕێگای ڕۆمان و بیرەوەری و نامەکانییەوە بە قووڵی ڕه‌خنه‌گرانه‌، چووه‌ ناو سیستەمی تێگەیشتن و دەسەڵات له‌ ناو بنەماڵەی جووه‌کان. ئه‌و لایەنەکانی ئەم ژیان و سیستەمی، تاوتۆ کرد و چەشنێک لە ئازادی تاکی نه‌خشاند. ژیانی خۆی وێنا و نموونەیەکی بەرچاو لە چێکردنی کەسایەتی و ئازادبوون و لە هەمانکات وێنەی نووسەر و بیرمەندێکی ڕەخنەگر بوو، کە ڕەخنەکان لە ماڵ و هوندری خۆیەوە دەستی پێکرد. ئەو بیری لە هەموو لایەنەکانی ژیان دەکردەوە و هەر بۆیە ساڵی ١٩١٢ تەنانەت پەڕتووکێکی لە سەر زمانەکەی خۆی نووسی، کە فێریان نەکردبوو.
جووەکان تەنیا خەونیان بە گەڕانەوە بۆ فەلستین نەدەبینی، بەڵکو بیریان لێدەکردەوە. ساڵی ١٨٩٦ ئەو کاتەی کافکا دوازدە ساڵان بوو، تئۆدۆر هەرتسل Theodor Herzl (١٨٦٠- ١٩٠٤) کتێبێکی بە ناوی(حکومەتی جوو) بڵاو کردەوە و لەو کاتەوە ئیلیت و خەڵکی جوو دەیانزانی چیان دەوێ و ٥٢ ساڵ دواتر ئەو پلانەی ئەوان جێبەجێ کرا و حکومەتێک پێکهات کە لە هەموو بوارێکدا لە ناوچە و جیهان دەور دەگێڕێ.

تئۆدۆر هرتسل ، مارتین بووبەر و ئەوانیتر، لەو ڕێگایەوە بە دژی پرۆسەی توانەوەی جوو لە وڵاتان جوڵانەوە و سەرەتا سەدەی هەژدە و نۆزدە و بیست توانیان جووەکان لە هەموو ئورووپا و ڕۆژئاوا و باقی جیهان لێک نزیک بکەنەوە. جووەکان بە شێوەی جیاواز لە هەر وڵات و شار و گوند ڕێکخران و کۆڵۆنی خۆیان لە وڵاتان پێکهێنا و خۆیان پاراست و خۆیان لە تواندنەوە و ئاسیمیلاسیۆن ڕزگار کرد.
V
کافکا هەرچەند ڕستەی وای هەیە کە ئایینی لە گوێدا دەزرینگزینەوە، بەڵام لە لایەکیتر نووسراوەکانی تەژی لە تێگەیشتنی نەئایینییە، هەر بۆیە ویستی گەڕانەوە بۆ فلەستین ،گەڕانەوە بۆ وڵاتی ئایینەکان نەبوو، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ زێد بوو. کاری ڕۆژانەی کافکا و نووسینی شەوانە، ئەوی هان دا بە ژیانێکی ساکار ڕازی بێت و بە نووسین و جێبەجێکردنی ئیدەکانییەوە، خۆی خەریک بکات. گەڕانەوە بۆ فلەستین بۆ ئه‌و خه‌ون نه‌بوو، ویست بوو، هه‌رچه‌ند مه‌رگ پێشی که‌وت.

فریدریش نیچە Friedrich Nietzsche (١٨٤٤-١٩٠٠) بە گەیشتن بەوەی ،،خودا مردووە،، ئەوەی دەرخست کە ئینسان لە‌ نەبوونی خودا، خۆی ده‌بینێته‌وه‌. ئه‌و دەتوانێ بڕیار بدات و بوونی خۆی بچەسپێنێ. نزیکی کافکا لە نیچە و فەلسەفەی ئەو، کافکای لە خۆی نزیکتر کرده‌وە.
کافکا ڕه‌خنه‌کانی ده‌گاته‌ تەوڕات و ئینجیل و ئیبراهیم، کە بە باوکی ئایینەکانی ئیبراهیمی (مووسایی، عیسایی، محەممەدی) ناسراوه‌. قوربانیکردنی ئیسحاق کوڕی ئیبراهیم بە ئەمری خودا، بۆ خودا بۆته‌ بابه‌تی‌ فه‌یله‌سووفان، له‌وانه‌، فەیلەسووفی دانمارکی سۆرین کیرکەگارد. ئه‌و ئەم کارەی ئیبراهیم وەک ،، رزگارکەری باوەڕ،، سەیر دەکات و ئاماژەیە بەوەی که‌ ئیبراهیم هێندە لە سەر باوەڕی خۆی سوور بووه‌، گه‌ره‌کی بووه‌،‌ کوڕەکەی بکاتە قوربانی خوداکەی. ئەم تێگەیشتنە لە ناو باوەڕمەندانی عیسایی و مووسایی و ئیسلام چەسپاوە. کافکا بە پێچەوانە، قوربانی نەکردنی ئیسحاق بە دەستی ئیبراهیم لە نامەیەکی ساڵی ١٨٤٣ به‌ ،،سەرپێچکردن لە ئەمری خودا، سەرپێچیکردن لە سەردانەواندن بۆ ملهوڕیی.،، به‌ حیساب ده‌هێنێ. ئیبراهیم لە نێوان،، مەرگی کوڕەکەی بۆ خودا،، ژین و ژیانی کوڕەکەی هەڵدەبژێرێ. بۆچی دەبێ ئیبراهیم بۆ خودا کە دەیپەرەستێ، کوڕەکەی فیدا بکات؟ بۆچی دەبێ خودا بە مەرگی ئینسان کە دەگوترێ، خوڵقێندراوی خۆیەتی، ڕازی بکرێ؟ ئەم ڕازیکردنە بەم شێوەیە چ پەیامێکی ئینسانی و عەقڵی و مەنتقی و ئەخلاقی بۆ ئینسان پێیە؟

کافکا کە لە ئاتۆریتە و ملهوڕی و ملکەچی دەدوێ، لێرە وێنەیەکی تەواو لە ئاتۆریتە و ملهوڕی دەداتە دەست، کە هەرچەند مەیلی ئیبراهیم دەگەیێنێ، بەڵام ملکەچی ئیبراهیم ناگەیێنێ، ئەو ملکەچییەی هەموو ئایینەکان و هەموو دەسەڵات و ملهوڕەکان، لە ئینسانیان دەوێ. ئەم تێگەیشتنەی کافکا لە ئیبراهیم ئینسانییە. ئەو لە نێوان مەرگ و ژیان، لە نێوان ملکەچی و ئازادبوون، ژیان و ئازادبوون، هەڵدە ژێرێ. ئەمە سەرپێچکردنی ،،ئادەم و حەوا،،ی خەیاڵی و سەرپێچیکردنی،، شەیتان،،ی خەیاڵیش ده‌گرێته‌وه‌!

بۆ کافکا ،،بوون،، و،،دابوون،، لە جێدا و لەکات و زەماندا سەرەکییە. هەموو شت لە بووندا مانا دەدا. گەر ،،بوون،، نەبێ چی دەمێنێتەوە؟ خوداش بە ،،بوون،،ی مرۆڤەوە، هاتۆتە ئاراوە. ئیبراهیمی (بوو و نەبوو) درێژەی ،،بوون،، مسۆگەر دەکات و کەسانی وەک کیرکەگارد کە ،،ڕزگارکردنی باوەڕ،، لەم چیرۆکەدا لایان لە ،،بوون،، گرنگتر بێ، لە ڕاستیدا تووشی خەتا دەبن، لە بەر ئەوەی باوەڕ بە بوونی “مرۆڤەوە” هەیە، نەک بە پێچەوانە.

کیرکەگارد لێرە لە تێگەیشتنی پلاتۆن و پلاتۆنیسم نزیک دەبێتەوە، کە پێیانوابوو، بوون لە ،،ئیدە،،وە دێت و لێرەوە دەگەن بە خودا کە ،،بوون،،ی مسۆگەر کردووە. کیرکەگارد، پاسکال و کەسانی دی ڕەوتی ئیکسیستنسیالیسمی عیسایی پێکدەهێنن، کە بوونی ئینسان بە بێ مانا دەزانن و مانای بوونی ئینسان لە بوونی خودادا، دەبینن، دەنا ژیان دەبێتە ،،پووچی،،. ئەم ڕەوتە لایەنی ئاتێیستیشی هەیە کە کەسانی وەک هایدیگەر، سارتر، سیمۆن دوبوار دەگرێتەوە. ئەمان تێگەیشتنیان ئەوەیە کە مرۆڤ دەبێ خۆی ،،مانا،، بە ژیانی ببخشێ. خۆی بەرپرسە لە مانابەخشین بە خۆی و بە ژیان. کافکا لە گەڕاندا مایەوە، نە بەم بار و نە بەو باردا نەکەوت.
VI
بەکارهێنانی ناوی کەسانی ناودار بۆ مەبەستی سیاسی و ناسیاسی هه‌بووه‌ و هه‌یه‌. کافکا لە ماوەی سەد ساڵی دوای مه‌رگی وای پێکراوە. کافکا کە بە زمانی ئاڵمانی دەینووسی، له‌ پراگ لە دایک بوو، ژیا و مرد. کافکای جوو کە بە گەورەیی خۆی فێری زمانی دایک کرد و بە زمانی چک و عبری نەینووسی و وەک هاووڵاتی ئوتریشی-مەجاری دەزاندرا و هاووڵاتی ئاڵمانی و ئیسرائیلی پێنەبەخشرا و بەرهەمەکانی هەتا ساڵی ٢٠٠٧ نەکرانە زمانی چەکی و ڕەنگە تا ئێستا هەموو بەرهەمەکانی نەکرابێتنە عبری، ناوێکە کە هەموو لایه‌ک بەکاری دەهێنن.

ئاڵمانی نووسینی کافکا بابەت بۆ باسی ئەم و ئەو بووە، کافکا ئاڵمانی نەبوو. هانا ئاڕینت کە ئەویش جوو و بە ڕەچەڵک ئاڵمانی نه‌بوو، دەبێژێ،، زمانی نووسینی کافکا بێگرد و ڕەوان و شیعرئاساترین زمانی ئاڵمانی سەدەیە،،. جۆرج شتاینەر دەنووسێ،، زمانێکی ڕوون و بێ گرێ وگۆڵی تاقانەیه‌،،. ئەم پرسیارە لەم پێوەندییەدا دێتە پێش کە ئایا کافکا ئاسیمیلە بووە؟

ئەو نه‌ک لە ئاڵمان، لە ناو کۆڵۆنی جوو لە پڕاگ ژیا و بە ئاڵمانی قسه‌ی ده‌کرد و ده‌ینووسی‌، بە بێ ئەوەی وەک ئاڵمانی عیسایی بووبێت، بە بێ ئەوەی تێکەڵ ئاڵمان و ئاڵمانی و فەرهەنگ و داب و نەریتی ئەوان بووبێت. ئەم بەسەرهاتە جوولەکەی وڵاتانی تری ڕۆژهەڵاتی ئورووپاش دەگرێتەوە. ئەوەی کافکا ئاسیمیلە بووە، پرسیار دەمێنێ، بەڵام ژیانی ئەو ئەوە دەردەخات کە مێشکی کافکا خه‌ریکی ئەم پرسیارە بووە و هەر بۆیە خۆی فێری زمانی عیبری کردووه‌ و ویستی گەڕانەوەی بۆ زێدی هەبووە. کافکا ئەو مەسەلەی له‌ ناو خۆیدا یەک لا نه‌کرده‌وه‌ و بووه‌ هه‌وێنی نووسینەکانی. سەرەڕای ئەمە، کام کافکا خۆی لە زمانی ئاڵمانیدا دیته‌وه‌؟ تڕاژێدی ژیان ئه‌وه‌یه،‌ که‌ بەشێ له‌ بنەماڵەی کافکا له‌ سه‌رده‌می هیتلێر لە ئوردوگای ،، ئاوسشویتس،، لە لایەن ئاڵمانی زمانەکانەوە، له‌ ناو چوون.

کاتێک لە زمانی ڕەوان و بێ گرێ و گۆڵی کافکا دەگوترێ، مەبەست زمانێکی دوور له‌ ئیستعارە و سەبول و مانای ئینتزاعی و نآڕوونە. مەبەست زمانێکە دوور لە پێچ وپەنا. زمانی کافکا خوێنەر بەرەو بیرکردنەوە و تێگەیشتن ده‌بات، نه‌ک بەرەو خەیاڵ و خولانەوە لە ناو بازنه‌ی تەسکبینی. زمانی ئاڵمانی که‌ره‌سه‌ێکی تر بوو، بۆ به‌ جیهانیبوونی به‌رهه‌م و تێگه‌یشتنی کافکا. زمانی کافکا جیا لە جوانی ئەدەبی و شاعیرانە بوون، ڕێگای وەرگەڕاندن بۆ سەر زمانیتری خۆش کرد، لە بەر ئه‌وه‌ی زمانی کافکا، زمانێکی ڕێئاڵ و سروشتی بوو.

برایم فه‌رشی
٣٠/٦/٢٠٢٤
• ئەم بابەتە دەبوو زووتر بڵاوکرێتەوە، هۆی بڵاونەکردنەوەی لە ئەستۆی نووسەر نییە!




چیرۆک\ قیبلەنمای تراویلکە .. عومەر سەید

          

ژوورەکە پڕ دوکەڵ و بۆنی کحولە، هێشتا هەر باشە. دەستەکانم لەسەر چاوەکانم لابەرم، پڕ دەبێت لە سوێراوی فرمێسکم و دەخنکێم. قوڵپ دەدەم و نایەڵم فرمێسک بڕژێ. جگەرە بە جگەرە پێدەکەم و مەست و نیوە ئاگا لەسەر سیسەمەکە ڕاکشاوم. سیسەمێک بۆن عەزابی سەدان موسافیری بەر لە منی لێ دێت. چڵک وچڵمیان، مەراق و عەزابیان، پەڵە پەڵە بە هەموو شوێنێکی سەرین و دۆشەک و دیوارەکەوەیە! من وەک ئەوان، پاشماوەی چڵکی خۆم جێناهێڵم. ئەوان شەوێک یا دوو شەو، لێرە وەک مار کاژێکیان لە پیسی فڕێداوە و پاشان بە ئازارەکانیانەوە بۆی دەرچوون. نا، من لێرە دەرناچم، تا لە هەموویان زیاتر پیسترینی خۆم جێنەهێڵم. لێرە کۆتایی بە هەناسەکانم دێنم و ڕۆح و جەستەی کەنەفت و نەخۆشم هەر لێرە بە کۆتایی دەگەیەنم. پیسترینی خۆم جەستە و ڕۆحم، لێرە بە بۆگەنی جێدێڵم. دەگەڕێمەوە بۆ بەر لە دایک بونم. ئەو کاتانەی جەنگیزخان، هەڵمەتی دەبرد و کەللەسەری هەڵدەچنی. دەگەڕێمەوە ئەو سەردەمەی پێغەمبەرەکان، مردوویان زیندو دەکردەوە و ژنانیان وەک کەنیزەک دەبەخشییەوە. ئەو کاتی خودا، بۆ هەموو ڕووداوێک، کرداری هەبوو. بۆ سەردەمی تەیروئەبابیلە کە بێشوومار بەردیان بۆ گەڕانەوەی شکۆی خودا دادەباراند.
لەم دوا ساتانەی ژیانیشم، پیرۆت وازم لێناهێنێت و هەر دەڵێ. کوا… کوا…
دایە مەنیج وازناهێنێت و دەقیژێنێ بەسەرما: کوا… کوا… کواااا…
من هاتووم لەم ژوورە تەنیایەدا خۆم بکوژم. کەچی سەدان کەس لە ژوورەکەدا، هاوارم لێ دەکەن کوژراوەکانمان بۆ بگێڕەوە!
کوڕەکەم کوا… کچەکەم لە کوێیە… باوکم بدۆزەرەوە… مێردەکەم، ماوە یان نا… کچەکانم لە کوێن، ماون یان نەماون؟
من دەمەوێ خۆم بکوژم، ئەوان هێشتا دەیانەوێ شوێنی کەسوکارە کوژراوەکانیان بۆ بدۆزمەوە.
بیست پایزم بینیوە و بارتەقای درەختە پیرەکەی نێو حەوشەکەمان چەند گەڵای لێ وەریوە، هێندە و زیاتر خەم بۆ نێو ڕۆحم داباریوە. بۆیە بیست شووشە بیرم هێناوە. لە ساڵیادی لەدایکبوونم، لە بری مۆم، جگەرە دوای جگەرە دەکێشم و بیرە دوای بیرە دەخۆمەوە تا دوا سنوری مەستی. ئەمشەو دوا شەومە لە ژیاندا و خۆم دەکوژم. سبەی کە خۆر هەڵدێت. بۆ من نییە، من لە تاریکییەکی ئەبەدی و سارد و سڕدام.
لەم ژووری ئوتێلە لاچەپک و پیسەدا. دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ ئەو شوێنەی بەر لەدایک بوونم. نا بەر لە منداڵدانی دایکیشم. بیست هاوین، بەر بیست سەدە کەوتم! تەمەنم بیست دۆزەخە! بەردەوام هاودەمی مردووەکان بارێکی قورس بوو. هەرگیز وەک مرۆڤ نەژیام. هێندەی هەموو برینپێچەکانی جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم، تەرمم بینیوە. من لە قیبلەنمایەک زیاتر نەبووم. قیبلەنمای دۆزینەوەی بزرە مردووەکان. دەگمەنترین کەسی ڕۆژگاری خۆم بووم. هەتا بڵێی تایبەت و دەگەمەن بووم. منداڵی جووکییەک دەبێ چۆن ژیانی کردبێت؟ ئەمشەو بارگەوبنەوە دەپێچمەوە، بەڵام هەرگیز ئەو پیرە پیاوەم بیر ناچێت. وەک ئەوەی هەمیشە هاودەمم بووبێت. ئەوەتا لە یەکێک لە ئاوێنە بازنەییەکاندا، بە خیشم و قینەوە لێم دەڕوانێ. ئێستاش واهەست دەکەم لە بەردەممدایە. خەم و ئازاری ئەم پیرەپیاوە، کە هەرگیز لێمنابێتەوە، هۆکارێکی سەرەکی خۆکوشتنمە. حەوت کچ و ژنەکەی ئەنفال بوون. هەموو ڕۆژێک دەهاتە لای باوکم. هەفتەی جارێکیش باوکم لەڕێی خودا، دەیکردە ئەو ژوورە تاریکەی تەنها منی بەردەم ئاوێنەیەکی گەورەی تیادابوو، منی قەتیسکراو. هەموو هەفتەیەک جارێک، من دەبوایە بۆ کچەکانی خواڕەحم بگەڕێم.
کچەکانت ئەوەتان، دەبینی؟ لە نێو لمدا، کراسی بووکینی خۆیان دەدوورن. دەبینی، لە بیاباندا، بە دوای زاوادا دەگەڕێن! دەبینی، وەک سەحرا، کراسەکانی بەریان پڕ پوولەکەی تراویلکەیە. لەم ئاوێنەیەوە تەماشایان بکە، ئیدی بۆ ئەبەد نایانبینیتەو. بیابان یەک جار هەڵیلووشیت، ئیدی هەرگیز ناتگێڕێتەوە. ئەوەی شوو بە لم بکات، گەڕانەوەی نییە! نەمدەزانێ چۆن تێیبگەیەنم کە بیابان زاوایەکی دڵ پیس و بەدفەڕە، هەر کە کچی خۆت پێبەخشی، لە یەکەم شەوەوە و پاش زاوا بوون، ئیدی نایبینیتەوە.
ئەو پیر و کەنەفت بوو. چاوەکانی تەڵخ و نا ڕوون دەیانبینی. خێرا خێرا و پچڕ پچڕ دەیوت. “کوا هیچ نابینم؟!” بە گریانەوە دەیوت “کەمێک ئاوێنەکە پاک بکەرەوە.”
هەموو جارێک بە خاولێکەی دەستم ئاوێنەکەم بۆ پاکتر دەکردەوە. ئەو هەر نەیئەبینی. تەڵخی و لم بارینەکە لە ناو بیابانەکەدا بوو، ئەگەر نا ئاوێنەکە ساف و ڕوون بوو. دەمزانی ئەوەی من دەیبینم لە حوکمی چاوی ئەودا نەبوو. بۆ دڵدانەوەی و کەمێک هێورکردنەوەی ڕۆحە بە ئازارەکەی، بە لێهاتوترین شێوە درۆم بۆ دەکرد و وێنای زاواکانیم وەک کوڕە شوانە چوارشانەکانی گوندەکەی خۆی، وەک ئەو گەنجانەی بەدەم بلوێرەوە هارترین بەرانەکانیان ڕام دەکرد. وەک ئەو پیاوە پاکیزانەی، پێنج فەرزە، نوێژیان دەکرد. ئاوا بە درۆ وێنای شانوشەوکەتی زاوای بیابانم بۆ دەکرد.
کیژەکانیم وەک حۆرییەکانی نێو بەهەشت بۆ باسدەکرد. ئەها سەرنج بدە، چ بەژن زراف و چ جوان هەڵدەپەڕن…
کاتێکیش بە دەروونی ئارامەوە ژوورە تاریکەکەی جێدەهێشت. کەفوکوڵی گریانی من دەستی پێدەکرد. ئەوەی من دەمبینی لە ئاوێنەکەدا، جگە لە خۆم کەس بەرگەی نەدەگرت و ڕووی باسکردنی نەبوو. خواڕەحم چاوەکانی کز بوون. گەر نا یەک لەسەر هەزاری دیمەنی کیژۆڵەکانی، بەس بوو بۆ ئەوەی دەستبەجێ ڕۆحی دەربچێت.
لە تەمەنی شەش بەهاریمدا، لە بری ئەوەی بخرێمە بەر مەکتەب. باوکم، خستمێ بەر ئاوێنە! من منداڵی بەر ئاوێنەیەکی ئەفسوناوی بووم! لە نێو ژوورێکی تاریک و کەمێک تەڵخ و لێڵ بە ڕەنگی خوێن، ژوورێکی پڕ هەناسەی مەرگ و بخوڕی سوتاو، یان باشتر وایە بڵێم پڕ تەرمی بۆن کردوو. ئەو تەرمانەی گۆڕیان نەبوو، لە کون و پەسێوێکی ئەم سەرزەمینەدا، لە بیابانێکدا، لە نێو چڕە قامیشێکدا، لە کەندڕێکی قووڵی دوورە شاخێکدا، هەر بە جلوبەرگی خوێناوی خۆیانەوە حەشاردرابوون. یان لە بنی قووڵی بیرێکدا، لەگەڵ کەلاکی سەگ و پشیلە و مار و مێروودا بۆ ئەبەد فڕێدرابوون. لە ئاوێنەکەدا، ئێسکوپروسک و کەللەسەری دەم داچەقاوی ئەوانم دەبینی و لە ژوورەکەشدا، کەسوکاری چاو بە فرمێسک و دەم بە ئاه و نزای ئەوانم دەبینی. هەمیشە چاوێکم لەسەر تەرمە بزرەکانی نێو ئاوێنەکە و چاوێکیشم لەسەر دەموپلی پاڕانەوە و هاواری کەسانی نێو ژوورە تەڵخەکە بوو. باوکم بە ڕیشێکی پان و فرێودەرانەوە، بە زمانی لووس و لێزانانەوە دەژیا و پارەی کەڵەکە دەکرد. ئەو گیرفانیانی دەتەکان و منیش ڕۆحیان. ئێستاشی لەگەڵ بێت، نازانم ئەو چۆن ئەوانی فرێودەدا و بە چ ئەفسونێک لە خشتەی دەبردن! خۆیشم تا ئێستا نازانم چۆن ئەو هەموو تەرم و وێنە و شوێنە لاتەریک و چەپکانە دەهاتە نێو ئاوێنەکەی بەردەمم و من لە ژێر کاریگەری چ سیحرێکدا، ئەو هەموو دیمەنە قێزەونانەم دەبینی و بۆ قوربانییەکانی نێو ژوورەکەم دەگێڕایەوە!
زۆر جار لە بێزاری و ئازاری جەستە شەکەتەکەمدا، بۆ بینینی حەشاماتی نێو دیوەخانە هەمیشە سیخناخ لە خەڵکەکەدا، کە وەک ڕانە مەڕ لە بەردەم ویقاری باوکمدا گڕمۆڵە دەبوون. دەچووم و لە سووچێکدا گرمۆڵە دەبووم و مت و مات دەمڕوانی و گوێم لە داخوازی و ڕاز و نیازی خەڵکەکە دەگرت. هەمیشە دیوەخانەکە جمەی دەهات لە خەڵک، لە ژن و لە پیاو. دیوەخانێک، دیواری بە جاجم و بە تابلۆی ئایەت و بە زەخرەفەی ئیسلامی داپۆشرابوو. دوو دەڕۆیشت و سێی تر خۆیان دەکرد بە ژووردا. لە ناوڕاستی لای سەرەوەی دیوەخانەکەدا، باوکم بە ویقاری پاشایەک، چوارمشقی شانی دادابووە سەر سەرینی ئاوریشمی پڕ نەقش و نیگار. بەسەر فەرشی حەوت سەد شانەی حەوت سەد ڕەنگەوە، بە پەنجەی ئەستوری پڕ ئونگوستیلەی یاقوت و زومرودەوە، بە دوو چاوی زەقی نێو بازنەی قژە سەر و ڕیشی درێژەوە، بە دەوریدا، کەشێکی جادوویی پڕ تەلیسم دەباری.
پەیتا پەیتا، مرۆڤ لە بەردەمیدا کڕنۆشی دەبرد و پاشان ڕاز و نیازی خۆیان هەڵدەڕشت. خێرا خێراش باوکم هاواری دەکرد. “کاری تۆ بە جێیەو و خەمت نەبێت بە دڵی خۆت دەبێت. ” بە یەکی دەوت. “بچۆ ئێسکی باڵی پەپولەسلێمانم بۆ بێنە.”
بە یەکێکی تری دەوت. “بچۆ پێی ڕاستی پشیلەیەکم بۆ بێنە، لە ئەنیشک بە دواوە باشترە و کاری خۆی دەکات.”
ئونگوستیلەی مس و فافۆنی بە سەد قاتی پارەی خۆی پێ دەفرۆشتن. پەیتا پەیتا دەیناردنە دوکانی سەر کۆڵانەکە، ڕەشکە و هەنگوێنی بە نرخی خەیاڵی پێدەدان. ڕۆژانە قۆڵی سەدانی لە بنەوە دەبڕی…
ئەوەی هەرگیز بیرم ناچێتەوە، ئەو کوڕە گەنجە بوو کە بە پرتاو هات و لە بەردەم باوکمدا، کۆمەڵە ڕۆژنامەیەکی کۆنی هەڵڕشت و قورت قورت کەوتە گریان. هەر بە دەم گریانەوە هاواری دەکرد. “بڕوانە بورجەکەم یا شێخ، ببینە کە چی دەڵێت…”
یەک یەک ڕۆژنامەکانی هەڵدەگرت و دەگەڕا پیایدا و شتێکی دەخوێندەوە. “ئەم هەفتەیە قازانجێکی زۆر دەکەیت. ئاستی سەرمایەت بێ حەد زیاد دەکات و دەوڵەمەند دەبیت.”
لە ڕۆژنامەیەکی تردا گەڕا و چووە سەر بورجەکان، پەنجەی خستە سەر بورجی کاوڕ و بە دەم بەرنسک دانەوە کەوتە خوێندنەوەی. “لەم هەفتەیەدا، بە دڵخوازی خۆی دەگات و لە چەند ڕۆژێکدا زەماوەند دەکات.” بڕوانە لێرە بورجەکەم چی دەڵێت. “بەختت ڕوو لە بەرزییە، ژیانت بەرەو کامەرانییە، ئەو هەواڵانەی ئەم هەفتەیە پێت دەگات. هەمووی ڕوو لە خۆشییە…
یا شێخ، من کە بورجەکانم، پڕ لە خۆشییە، بڕوانە گیرفانم خاڵیە. بێ ژن و بێ حاڵ و ماڵم. بێ پارە و بێ کار و سەرگەردام…
تکایە بە خودا بڵێ، بەسە ئیتر هێندە بەختم کوێرنەکاتەوە. هاتووم پێی بڵێی، واز لە بورجی بەختم بێنێ، خۆ من کافر نییم! “
کوڕە پڕ بە دیوەخانەکە دەگریاو و هاواری لە باوکم دەکرد. “یا شێخ بە خودا بڵێ، پێی بڵێ ئیتر بەس ڕێ لە بەختم بگرێت…”
باوکم هەرچی کاری قۆڕ بوو دەیکرد. گرنگ لای ئەو کەڵەکەکردنی پارە بوو. هەزار سەر و سەودای هەبوو. کەللەسەری پڕ بوو لە فڕوفێڵ و تەڵەک، لە ئەتواری سەیر و قێزەون.
هێندە بەدفەڕ و زۆڵ بوو، لە سنوقێکدا، چەند دانە بە ناو کوزی کەمتیاری دانابوو و بە گەنج و جەحێلانی دەفرۆشت، یان بە سووڕ بۆ چەند ڕۆژێک، بە پارەیەکی زۆر پێی دەدان. وەک بزانم و ئاگاداربم، هەر بەو شتانە، سێ چوار خانوی کڕیوە! دەڵێم ئەو شتانە، چونکە ئەوانی زۆر جار بە بەرچاومەوە لە چەرمی پۆستاڵی سوری سەربازی کۆنە دروست دەکرد. پاکەفی پۆستاڵەکانی دەخستە ئاوێکی گەرمەوە، پاش قەدەرێک بە چەکوش تێیدەکەوتو بە پلایس گێڕوگەواڵی دەکردن. لێزانانە چەند پێچێکی لێ دروست دەکرد. ئەوجا بە کەتەر درزێکی دەخستە ناوڕاستی چەرمەکەوە، سیکۆتینی لێ دەسویی و تووکی نەرمی پشیلەی بەسەردا دەڕشت. چرچولۆچ و لوولپێچێکی سەیر کە لە ناوڕاستدا، قڵیشێک هەبوو.
جارێکیان لەسەر ئەو چەرمە پۆستاڵە، گەنجێک حەیا و حورمەتی بە باوکمەوە نەهێشت.
ئەو ئێوارەیە دیوخانەکە پڕ بوو لە خەڵک. گەنجێک بە پرتاو خۆی کرد بە ژووردا و لە دوورەوە هەتا هێزی تێدا بوو، چەرمە چرچەکەی هاویشتە نێوچاوی باوکم و بە خیشم و قینەوە، بە دەنگی بەرز هاواری کرد.” داوەشێی بۆ خۆت و کوزە کەمتیارت، بێنە پارەکەم بدەرەوە…”
باوکم بەرزە پێ بۆی هەستایەوە و بە توڕەییەوە پێی وت. “بێ ئەدەب، چۆن ئاوا لە حزوری ئەم مەجلیسەدا و لە ئاوها شوێنێکی پیرۆزدا، ئاوا بێ ئەدەبانە قسە دەکەیت؟! “
دیوەخانەکە چەند پاسەوانێکی هەبوو، هەمیشە لە خزمەتی باوکمدا بوون و خێرا پەلاماری گەنجەکەیان دا و پڕ شەق و بۆکسیان کرد. دیوەخان شێوا، بوو بە غەڵبەغەڵب. من هەروا تەماشام دەکرد. کوڕە بە دەم و پلی خوێناوییەوە هەڕەشەی دەکرد و هاواری دەکرد. “پارەکەم بدەرەوە، ئەم دەعبایەیە کار ناکات و درۆیە. یەک ئافرەتم بۆ ڕاوناکرێت و هەمووان لە بەرم هەڵدێن…”
باوکم توڕەتر هاواری کرد. “بە شەق بیکەنە دەرەوە. خۆی ناقۆڵاو بێ دەمودووە، خەتای من چییە…”
ڕۆژێک، کە هەر نزیکەی دوانزە زستانێکم بینیبوو. وڕکم گرت و وتم، ناچمە ژوورەوە تا پێم نەڵێت ئەو دیمەنانە چۆن دێنە نێو ئاوێنەکەوە؟! تۆ چۆن دەزانیت ئەم هەموو تەرمە، ئەم هەموو دزییە، ئەم هەموو نهێنیانە ئاشکرا بکەیت! تا پێمنەڵێت دوو پێم ناخەمە ژوورەوە…
باوکم کە هەمیشە جۆرێک لە سام و ترسی لێ دەباری و چاوەکانی قووڵ و پڕ نهێنی دەردەکەوتن. لە تەنیشت خۆیەوە داینیشاندم و زۆر ئارام و هێدی پێی وتم. “کوڕی خۆم، من بە قەد ئەستێرەکانی ئاسمان جنۆکەم هەیە. هیچ شتێک لە من پەنهان نییە. هەر شتێک، لە هەر کوێی ئەم دنیایەدا ڕووی دابێت، یان هێشتا ڕووی نەدابێت، لای من زانراوە. من خاوەنی بێ شوومار جنۆکەم لە هەموو کونجێکی ئەم دنیایەدا. من کەراماتم هەیە، کە تەنها خودا بە پێغەمبەرانی داوە. هەر ئێستا لێرەوە دەزانم کێ ڕۆحی دەکێشرێت و کێ و لە کوێی ئەم سەرزەمینەدا دێتە ژیانەوە…”
ڕۆژێک پیرەژنێک هات. خێرا خێرا، بێ وەچان دەیڕێسی. لە حەوت ژووردا، لە نێو حەوت بوخچەی پڕ گرێکوێرەدا، لە نێو سنوقێکی حەوت قفڵدا، کڵۆم دراو بە حەوت کلیلی بەر سوخمەمدا، تەنیشت مەمکی سیسەڵەی سەر دڵە نەخۆشەکەمدا، کلیلیان دزیوە و خشڵ و لیرەی عوسمانی ڕۆژی زەماوەندیان دزیوم. یا شێخ فریام بکەوە…
باوکم بە بەرچاوی منەوە، لە نێو ژاوەژاوی دەنگی نەشازی پیرێژندا، کەمێک لۆکەی سووتاند و لە ژێر لێوەوە چەند وێردێکی خوێند. پاشان لە جامە ئاوەکەی تەنیشتییەوە کە بە ڕەنگی حیبری پاندانەکەی تەڵخی کردبوو. هەندێک شڵەقاند، دواتر دوو تفی خەستی خستە ئاوە شینباوەکەوە. بۆ پیرێژنی ڕاگرت و وتی “کەمێک لەم شلەتێنە بخۆرەوە.” پیرێژن لە تاو ئازاری گەنجینە دزراوەکەی، بینی بە جامەکەوە نا. پاشان باوکم پێی وت. “دەستی ئەم تفڵە بگرە و بیبە ژوورەوە بۆ بەر ئاوێنەی جنۆکەکان. لەوێ بە چاوی خۆت دزەکە ببینە…”
لە ئاوێنەکەدا، سیمای تەڵخی پیاوێکی سمیڵ فشی کڵاوجامانە لەسەر بە ئاستەم دەرکەوت. پیرەژن، لە پڕ، پڕ بە ژوورەکە قیژاندی و بەدەم دەرپەڕینەوە هاوری دەکرد. “مەحمودی برام!”
من منداڵێکی هەمیشە نەخۆش و لەڕ و لاوازێ بەر ئاوێنە بووم، ئاوێنەی ئەفسوناوی. منداڵانی خەڵک لەبەردەم ئاوێنەی تەلەفیزۆندا، تەماشایی ئەفلامکارتۆنیان دەکرد. من تەماشای لاشەی بۆگەن و سەری بە بلۆک پانکراوەم دەکرد. نازانم ئەو هەموو خوێنەی لە ژوورە تاریکەکەی منەوە دەڕژا، چۆن دنیایی دەرەوەی نغرۆ نەدەکرد!
ئەی ئەو پیرێژنە چۆن لە بیربکەم. لە بەردەم ئاوێنەکەدا پێی وتم. “کەمێک پارەم بۆ عەمرە کۆکردۆتەوە. لە ئاوێنەکەدا تەماشاکە، منداڵەکانم لە کوێن؟ بە پارەکەم دەچمە ئەوێ. “
هیچ چارێکم نەبوو، جگە لەوەی بڵێم بچۆرە بیابانی عەرەبان، ئەو شوێنەی پارەکەت بۆ کۆکردۆتەوە.
لەگەڵ خۆمدا ئەمشەو، دە ئاوێنەی بازنەییم هێناوە، ئەوی پیرەکان لە بەردەمیدا ڕیش دەتاشن. ئەمشەو لەو ئاوێنانەوە، دەچمەوە نێو ئاوێنەی ژیانم.
یەکەم جار کە باوکم بردمییە دەرەوەی ژیانی ئاوێنە، تەمەنم سیانزە بەهار بوو. ئەو بۆ کارێک هاتبووە شار. ئەوە یەکەم جاری ژیانم بوو کە وتی، بڕۆ بگەڕێ من زۆرم پێ دەچێ…
وەک منداڵێکی گێل و نەفام، دنیا نەدیدە، وەک بێ ئاگایەک، ئەوە یەکەم جارم بوو بەر دنیا بکەوم. دنیایەکی ڕاستی، دەرەوەی دنیایی ئاوێنە. بە هەموو لایەکدا دەمڕوانی! هەموو دیمەنەکان بۆ من نوێی و سەرسامەکەر بوون. لە ناخەوە بە خۆمم دەوت. ژیان لە دەرەوەی ئاوێنەش هەیە؟!. ئۆو ژیان چ جەنجاڵە وەک خۆی! چ قەرەباڵغە وەک خۆی! کەڕ و کاس، حەپەساو و واقورماو لەو خەڵک زۆرەم دەڕوانی کە دەهاتن و دچوون! لە زەینی خۆمدا، هەر وەک مرۆڤەکانی نێو ئاوێنەکە دەهاتنە بەر چاوم. وام هەست دەکرد هەر یەکەیان بە شوێن خۆیدا دەگەڕێت. لە ئاوێنەکەمدا، ڕۆحەکان بۆ جەستەکانیان دەگەڕان. لەم بازاڕە جەنجاڵەشدا، جەستەکان بە دوای ڕۆحی خۆیاندا وێڵن!
وەک نەدیوبدییەک، لە بەردەم جامخانەی دوکانەکاندا دەوەستام و تەماشای ناو چاوی کوێرەوەبووی ئەو بوکەڵانەم دەکرد کە بە جلی کەشخەوە نمایشکرابوون. باشە ئەم جەستە باریک و بەرزانە، دەبێ ڕۆحیان لە کوێ بێت؟! دەگەڕام و وەک هەتیوچەیەک، لامدەدایە هەموو شیرینی فرۆشێک و تێر نەدەبووم لە شەربەت و چلورە و ئەزبەری، لە پاقلە و دەڵەمە و شێلمی سەر عارەبانەکان…
دڵخۆش و واقورماو بە نێو حەشاماتدا تێدەپەڕێم و گوێیەکانم پڕ پڕ بوون لە ژاوەژاو و دەنگگەلی بەقاڵەکان. یەکم جارم بوو هێندە بە کەیف و پڕ سەرسامی بم. پێشتر هەرگیز هێندە مرۆڤم ئاوا پێکەوە نەبینیبوو! واااای چ قەرەباڵغییەکی خۆشە بە گیانم! بە گوێیەکانم، بە چاوەکانم…
ئەو ڕۆژە تێگەیشتم باوکم، درۆی لەگەڵ کردووم! ئەو هەمیشە وا وێنای دەرەوەی ژوورەکەی بۆ دەکردم. هیچ ئاوەدانێەک بوونی نییە، دنیا دەشتێکی قاقڕی پڕ تەرمی بێ ناسنامەیە، دنیایەک، هەمووان هەموان دەکوژن و وەک کوپە ئاڵتوون تەرمی کوژراوەکان دەشاڕنەوە. چەندین ساڵە من پێموایە، لە دەرەوەی ژوورەکەمەدا، مڕۆڤ یا بکوژە یان کوژراو!
ئەو ڕۆژە تێگەیشتم کە دنیای زۆر لە دنیای ناو ئاوێنەکەی من گەوەرەتر هەیە. تێگەیشتم کە باوکم بۆ مەرامی گەندەڵی خۆی، نەیئەویست لە ژیان وەک خۆی، وەک ئەوەی هەیە تێبگەم.
دواجار کەوتمە بەر وێنەیەکی گەورە، سەرنجی ڕاکێشام و پەلکێشی خۆی کردم. چوومە ژورەوە. لە دەلاقەیەکەوە سەروسەکوتی پیاوێک وتی”گەر دەتەوێ فیلمەکە ببینی، دەبێ بلیت ببڕی. “
من کە کوڕی بەردەم ئاوێنە بووم و دەمویست بەر دنیای ڕاستی بکەوم. دیسانەوە کەوتمەوە بەردەم ئاوێنەیەکی گەورەتر، کە بێشوومار ڕەنگ و مرۆڤ پێکهەڵدەپژان. سینەما چ سیحرێکە! بۆ یەکەم جار لە ژیانمدا، من وەک نابینایەک، وەک نەزانێک، پیاوێک دەستی گرتم و لە تاریکییەکی پڕ دەنگدا. بە لایتەکەی دەستییەوە و لە ناو تاریکییەکی چڕدا، دەگەڕا تا شوێنێکم بۆ بدۆزێتەوە. کاری من کە هەمیشە گەڕان و دۆزینەوەی شوێنی قوربانییەکان بووە. وا خۆم وێڵم و کەسێک دەگەڕێ بە دوای شوێنمدا!
یەکەم جارە، خۆم لە بەردەم ئاوێنەیەکدام کە ئاوێنەی ژوورەکەم نییە و بە دوای وەڵامدا دەگەڕێم! ژنێک منداڵەکەی فڕێنراوە، دەگری و لە پۆلیسەکان دەپاڕێتەوە بۆی بدۆزنەوە. لە نیوەی فیلمەکەدا، زانیم کێ منداڵەکەی فڕاندووە. زانیم کە لە کوێی شاردا شاردویانەتەوە. هەستامە سەر پێی و پڕ بە هۆڵە تاریکەکە هاوارم کرد. ئەو منداڵە هەمان ئەفسەری پۆلیس لەگەڵ گروپێکدا شاردویانەتەوە. من ئەو شوێنە پێ دەزانم. پڕ بە هۆڵەکە دەمقیژاند و دەستم ڕادەوەشاند. ڕامکردە بەردەم ئاوێنە زەبەلاحەکەو و بە دەم هاوارەوە دەموت. من دەزانم، شوێنی منداڵەکە دەزانم. وەرن لە گەڵم. کۆتایی فیلمەکە لای من وەک ڕۆژی ڕووناک دیار بوو.
گۆڵمەزێکی وام لە سینەماکەداخوڵقاند، پیاوێک بە شەق و زلە فڕێیدامە دەرەوە.
دە ئاوێنەی بازنەیی، ئەوەی پیاوە پیرەکان بۆ ڕیشتاشین بەکاری دەهێنن. لەگەڵ خۆم هێناوە. لە یەک کاتدا لە دە ئاوێنەوە خۆم و خەڵک دەبینم. لە هەڵپچڕاندنی قووتووی حەوتەمی بیرەکانما. خۆم لە هەر دە ئاوێنەکەوە دەبینم. لە هەر بازنەیەکیشدا، جۆرێک دەردەکەوتم! بەڵام بە تەنها نا، هەمیشە سێبەری ڕۆحێکی وێڵ، لە تەنیشتمەوە بە سیمایەکی توڕەوە، دەرئەکەوت.
لە بیرم چوو بڵێم، لەگەڵ بیرەکان و ئاوێنەکاندا، پاکەتێک لەو موسەشم کڕی کە بەسەر بەرگەکەیەوە، جەستەی ڕەقی تیمساح، شەقار شەقار بووە.
بە دەم هەڵقوڕانی بیرەوە، خوێن لە نەرمایی مەچەکمەوە دەچۆڕێ. لە هەر دە ئاوێنەکەوە، خۆم دەبینم کە وەک وەرزەکانی ساڵ دەگۆڕێم. تاوێک زەرد وەک لیمۆ، تاوێک تەڵخ وەک دارستان لە تەمومژدا. وردە وردە هەڵدەگەڕێم بۆ سپێتی زستان. وەک تۆپەڵە بەفرێکی ژێر دەستی منداڵان خلۆردەبمەوە کە دەیانەوێت بیکەنە سەری شێرەبەفرینەیەک. هەموو تەمەنم لەسەر دڵم بووەتە گرێ. هەموو زەمەنی ئەو ماوەیی ژیانم کە دەمرم و هەرگیز نازانم بە ڕۆژ و مانگ و ساڵ چەند دەکات. چونکە من قەت ساڵنامەیەکم نەبووە و نەبینیوە! لە ژوورێکی تاریکدا، ڕوحلەبەرێکی سیسەڵەی بێ دەمودوو، لە دەرەوەی زەمەندا دەژیام. بەڵام دەزانم لە ژوورە تاریکەکەمدا، بیست جار گەرمای گەرم و سەرمای ساردم چشتووە.
لەگەڵ قومی بیرەدا کە دەڕژێتە ئاگاییمەوە! لە هەر دە ئاوێنە بازنەییەکەوە، بێشوومار مرۆڤی بێ گۆڕ و بێ ناونیشان دێنە دەرەوە.
حەڤدە پایز، حەڤدە گەڵا ڕێزانم بینیبوو کە بۆ جاری دووەم، بردمیانەوە بەردەم دکتۆر.
ڕۆژ دوای ڕۆژ بیمارتر دەبووم. ئیتر قاچم لە دووم نەئەهات. پێستی لەشم هەڵدەوەری. دوومەڵ بە ئارەزووی خۆی هەر شوێنێکی جەستەمی پێباش بوایە سەری لێدەهێنایە دەرەوە، دوومەڵی پڕ کیم و میکرۆب. خوێنبەرێکی دڵم تەسک ببووە و یەکێکی تریان فروان ببووەوە. باش هەناسەم بۆ نەئەدرا و کۆکەی وشک بەرۆکی بەرنەئەدام…
پاش پشکنین، دکتۆرەکە پێی وتم.” تۆ تاقە کەسی لەم دنیایەدا کە خڕۆکە سپییەکانی جەستەت، لەبری بەرگری پەلامارت دەدەن! ئەوان لەبری ئەوەی بتپارێزن لە تەنی نامۆ و ڤایرۆسی کوشندە و نەخۆشی، خۆیان هۆکاری نەخۆشێکانتن. لە وڵاتێک دەچیت هیچ هێزی سەربازی و بەرگری نەبێت. یان وڵاتێک، هێزە بەرگرییەکەی دەستی لەگەڵ دۆژمناندا تێکەڵ کردبێت. ئەوان لە بری ئەوەی بتپارێزن، دەرگا بە ڕووی هێرشی لەشکری دوژمندا دەکەنەوە! کوڕم دەردی تۆ بێ دەرمانە. لە ملیۆنان کەس ، کەسێک وەک تۆ موبتەلای ئەم نەخۆشییەیە. دواجار هیچ چارەسەرێک بۆ تۆ نییە و تا ئێستا دەرمانی نەدۆزراوەتەوە. تۆ بە نەخۆشی و ڕەزیلی دەمریت. ڕۆژ دوای ڕۆژ وەک تۆزی سەر باڵی پەپوولە هەڵدەوریت…”
لە تەمەنی هەژدە پاییزیدا، قاچ و قوولم ئیتر خۆیان بۆ ڕانەدگیرا و بە گاگوڵکێ دەڕۆیشتم. وەک کرم، بە ژوورەکەدا، دەخشام و بە ئاستەم دەجووڵام. بە ناچاری باوکم، کورسی عارەبانەیەکی پزیشکی بۆ کڕیم و ئیتر من ببوومە مرۆڤێکی ئیفلیجی سەر عارەبانەیەکی نێو ژووریکی تاریک و پڕ بۆنی بخورد. کەسێکی بەردەم ئاوێنەیەکی گەورەی پڕ مردووی بێ گۆڕ و بێ سۆراغ. لە ژوورێکدا، تەنها دوو جۆر خەڵکم دەبینی. ئەوانی دەهاتن تا شوێنی مردووەکانیان بۆ بدۆزمەوە. یان ئەوانی لە ڕۆژگاری دوور یان نزیک، کوژرابوون و دەهاتنە ناو ئاوێنە ئەفسونگەراکەی بەردەمم، دیانبردم بۆ شوێنی زۆر دوور و زۆر نزیک، بۆ سەر تەرمە هەڵئاوساو و تەرمە بە ئێسکبووەکانیان. لە نێوان ئەو دوو جۆر مرۆڤەدا، خۆشم نیوە مردوویەک زیاتر نەبووم. هەر بەڕاستیش وابووم. نیوەی لەشم مردبوو و تەنها نیوەیەکی کەنفت دەژیا، کە ڕۆژ دوای ڕۆژ تەرازووی لایە مردووەکەم قورس و قورستر دەبوو. تاقە ئەندام لە مندا، نەک نەدەمرد، بەڵکو ڕۆژ دوای ڕۆژ بەهێزتر دەبوو. چاوەکانم بوو، کە وەک چاوانی گورگ، یان هەڵۆ، قووڵتر و تیژتر دەیانبینی. لە نێو بیرێکی قووڵدا، لە نێو بیابانێکی فراواندا، لە نێو دەریایەکی بە شەپۆلدا، بە خێرایی تەرمی قوربانییەکانم دەدۆزییەوە و شوێنیانم ئاشکرا دەکرد.
شەوان، کاتێ ئەو حەپانەم قووتدەدا کە دکتۆرەکە بۆ هێورکردنەوەی ئازارەکانم و نووستن بۆی نوسیبووم. دەکەوتمە بارودۆخێکی بێ ئاگایی سەیرەوە! بێ ویستی خۆم، گۆڕغەریبانی نێو ئاوێنەکە، دەهاتنە دەرەوە و دەستیان دەخستە ژێر باڵمەوە و سوک و ئاسان بەرزیان دەکردمەوە و لەگەڵ خۆیاندا، دەیانبردمە نێو ئاوێنەکە و دوور دوور، قوڵ قووڵ، لەگەڵ خۆیاندا دەیانبردم. بۆ شوێنانێک کە هەرگیز بە خەونیش نەمبینیبوون! ئەوان سپی سپی، بە باڵی گەورەی پڕ شاباڵی شمشێرییەوە، بە دەنووک چوارپەلیان دەگرتم. بەرز بەرز دەیانفڕاندم و لە ژێرمەوە زەوی هەر هێندەی تۆپێکی پێ دەردەکەوت. نزم بەسەر ئۆقیانوسەکاندا دەیانفڕاندم و لە شەپۆلدا تەڕ و هەناسە سارد دەبووم. بەسەر بیابانی بێ سنور و بێ کۆتاییدا دەیانفڕاندم و لە نێو گەرداوی چڕ و لولپێچدا، وەک فڕفڕۆکە دەخولامەوە.
شەوێک یەکێک لە ڕۆحەکان، بەسەر بیابانەکەوە لە پڕمەی گریانیدا و هاوار و ناڵەی ئاوێتەی لرفە و هاژەی گەرداوی بیابانەکە بوو. بە دەم بەرهەنسکدانەوە پێی دەوتم.
“لە ژێرەوەی ئەم بیابانەدا، هێندە ئێسکوپروسکی قوربانییەکان زۆرن. گەر هەزار ساڵیش تەمەن بکەی، لە ناو ئاوێنەکەتدا و بەردەوام بۆیانبگەڕێت و یەک یەکیش بیاندۆزیتەوە، هێشتا هەموویانت بۆ نادۆزرێتەوە و ئاوێنەکەت لە بێزاری و توڕەییدا هاوار دەکات ” هل من المزید”
ئیتر لە توانامدا نەما، ئەو هەموو گۆڕ بزرە. شەوان یان ئەوان لە ئاوێنەکەوە دەهاتنە دەرەوە. یان من دەچوومە نێو ئاوێنەکەوە. هەزاران ڕۆحی نێو دەریای ئیجە، هەزاران ڕۆحی نێو بیابانەکان، هەزاران ڕۆح کە سەری بڕاوی خۆیان، لە باوشدا بوو و عەوداڵی جەستەیان بوون. دەهاتن و دەیانویست من شوێنی جەستەکانیان بۆ بدۆزمەوە.
دەهاتن و دەچوون. ژوورەکەم هەموو شەوێ، پڕ دەبوو لە ڕۆحی گۆر غەریب. هەندێ شەو لە نێو شەپۆلی باڵا و سەرسەختی دەریای ئیجەدا و لەگەڵ بێ شوومار مرۆڤی سەرگەرداندا بووم. هەندێ شەویش لەگەڵ سەدان ڕۆحی بێ ئۆقرەی نێو بیابانەکاندا بووم.
زۆر شەویش ئەوان لە ئاوێنەکەوە دەهاتنە دەرەوە و میوانی من دەبوون. ئەوان بەزەییان بەمندا دەهاتەوە. لە خۆم باشتر منیان دەناسی و دەیانپرسی. “ئەی ڕۆحی خۆت کوا؟! تۆ جەستەیەکی کەنەفت و ڕزیوی وەک جەستەی ئێمە، ئەی کوا ڕۆحت کوا؟! “
دەستی دڵنیایی و حورمەتیان بە شانمدا دەهێنا و دڵنەواییان دەکردم. ئەوان تێکڕا دەیانوت. “چۆن لە ئاوا ژورێکدا دەژێیت؟! فراوانی بیابان و قۆڵای دەریا، زۆر لێرە خۆشترە. “
ئاخۆ من ڕۆحم هەیە، یان بوومەتە قیبلەنمای تراویلکە؟ ڕۆحم کوا کە بیابان هەمیشە وەک قەشمەرێک، گاڵتەی پێکردووم. وردە ئێسکی پەنجەی منداڵانی پیشاندەدام و دەیوت؛ “ئەگەر زیرەکی، ئەم ناوکە خورمایانە، هی چ جۆرە خورمایەکە، بەڵحییە، یان برێمە، یا عەجوەیە…
کەللەسەری دەم داچەقاوی پیشاندەدام و بە لاقرتێوە دەیپرسی؛ بەر لەوەی ئەم مرۆڤە ببێتە خۆراکی من، چەند ددانی کەوتبوو؟ لە جلوبەرگی ڕزیوی ئەم کۆمەڵە زۆرە وردببەوە، بووک و زاوای یەک هەفتە کامیانە؟ گەر زانیت خەڵاتت دەکەم…”
جگە لە خۆکوشتن چ ڕێگاچارەیەک بۆ منی گاڵتەجاری بیابان ماوەتەوە؟! تەنانەت خۆکوشتنیش بۆ من گوزارشتێکی پڕ بە مانا نییە. من کوا ژیاوم، تا بمرم.
لە یارییەکی قورمیشکراوی بەر دەستی منداڵێکی چەتوون، دوای ئەوەی پاترێکەی لاواز دەبێت و تێکی دەشکێنێ، هیچی تر نیم. هەر لە بنەڕەتەوە، لە منداڵیمەوە، یارییەکی دەستی باوکم و بیابان بووم. قورمیشی دەکردم و وەک مەیمونێکی ناقۆڵا و بە پێی ویستی خۆی هەڵیدەپەڕاندم و بە کاریدەهێنام. یاری بەردەم ئاوێنەیەک کە هێندە دەستی ڕاستم هەڵبڕیبوو، تا بە پەنجەم شوێنی ئێسکوپروسکی قوربانییەکان لە ناو تراویلکەی ئاوێنەکەدا، پیشانی کەسوکاریان بدەم، وەک سکی مەڕێکی بە دان کەوتوو ئاوسابوو. وەک قۆڵی بوکەڵەی دەستی کچۆڵەیەکی لاسار، شانم ترازابوو و خەریک بوو لێدەبووەوە. بە ناچاری بۆ ڕاگرتنی دەستی چەپم دەکردە کۆڵەکەی ژێری.
کەواتە مردن، لێرە لەم تاریکییە، زۆر خۆشترە! بڕیاڕمدا و پەشیمان نیم. لەو ژوورە هەڵهاتم و وا لێرە لەم ژووری میوانخانەیەدا، کۆتایی بەم گاڵتەجاڕی وەرزانە دێنم و ئیتر نە سەوزی بەهار و نە زەردی هاوین و نە بارانی زستانم بۆ گرنگ نییە. بیست جار لە ژیانمدا، هەموو ئەو گاڵتەجاڕییە دووبارەیەم بینیوە. ئیتر دەمەوێ بچمە وەرزی پێنجەمەوە. ئەو وەرزەی تەنها لە ناو ئاوێنەکەمدا هەیە. وەرزی بێ ڕەنگی و بێ بۆنی، بێ ئازار و بێ جەستە، جێیەک لە هیچ جێیەک، بێ ئاگاییەکی چەشنی خەوی قووڵی هاوین.

عومەر سەید




فریودانی دیجیتاڵی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان: کاتێک واقیع دەبێتە درۆ لە دونیای ئۆنلاین – مەترسی و چارەسەر.. دیار سعدی

پێشەکی
مرۆڤەکان هەمیشە چەندین ڕێگا و میتۆدیی جیاوازیان تاقیکردۆتەوە لەمەڕ گەیشتن بە ئامانجەکانیان هەروەک فریودان یاخوود فێڵکردن بە نمونە. لە ڕاستیدا گەر پێناسەیی فریودان بکەین بریتیە لە شاردنەوەی ڕاستیەک و لادان لە واقع لەبەرانبەر بەدەستهێنانی ئامانجێکی دیاریکراو و هەروەها مێژوویی فریودان لە تاکتیکە سەربازییە کۆنەکانەوە دەستپێدەکات هەتاوەکوو دەگاتە توێژینەوە دەروونیە مۆدێرنەکان.

فریودانی دیجیتاڵی لە سەردەمی ئێستادا
لەم سەردەمەیی ئێستاشدا کە سەردەمی تێکنۆلۆجیایی زانیاری و زیرەکی دەستکردە و میتۆدە لاوەکیەکان چیدیکە بەشێوەیەکی ڕەهایی پشتیان پێنابەسرێت بەهۆکاریی لەکارکەوتنی میکانزمەکانی لەنێو دونیایی پێشکەوتوویی ئەمڕۆدا. هێرشبەران و وڵاتان و ڕێکخراوەکان فۆڕمێکی نوێ لە فریودانیان بەرهەمهێناوە بەناویی فریودانی دیجیتاڵی کە تێیدا هێرشبەر لەژێر هەر هاندان و هۆکارێک بۆ ئەمجاندانی تاوانێک یان کارێک هەڵدەستێت بە فریودانی کەسی قوربانی.
لێرەدا بەتەنها باس لە فریودانە دیجیتاڵیەکان (ئۆنڵاین) دەکەین سادەتر ئەو فریودانانەیی نێو دونیایی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان چونکوم لەڕاستیدا هەموو جۆرە فریودانەکان کە لەنێو دونیایی واقعدا بەرجەستەن و بەردەستن دەتوانرێ لەنێو دونیایی دیجیتاڵیدا بەکاربهێنرێت.
نمونە: کۆکردنەوە و خواردنی پارە هەتا چەند ساڵێک لەمەوبەریش لەنێو هەرێمی کوردستان و عێڕاق بووبوو بەباو. بەڵام لەدوایی پێشکەوتنی میتۆدەکان و ڕێگاکان هێرشبەران و فریودەران ڕیفۆرمێکیان لەنێو کارەکانیاندا ئەنجامدا ئەویش بەهاتنە نێو دونیایی دیجیتاڵی و ئینتەرنێت.

هۆکارەکانی ئاڵوگۆڕ بۆ دونیای دیجیتاڵی

١. شاراوەیی
هێرشبەران و فریودەران دەتوانن تا ڕادەیەک و ماوەیەکی سنوردار یاخوود ماوەیەکی درێژخایەن بە شاراوەیی بمێننەوە لەنێو دونیایی ئینتەرنێتدا لە ڕێگەیی بەکارهێنانی ئامرازیی تایبەتەوە.

٢. کەسایەتی ساختە
هێرشبەران و فریودەران لەنێو دونیایی ڕاستەقینەدا ناتوانن ناسنامەیەک و فۆڕمێکی نوێ لەخۆیان دروستبکەن چونکوم پێویستی بە پڕۆسەیەکی درێژخایەنە و هەندەکجار ئەستەمیشە. بەڵام لەنێو دونیایی دیجیتاڵیدا وەک کورد دەڵێت “زەڵاتەیە”.

٣. ئامرازیی پێویست
هێرشبەران و فریودەران بۆ گەیشتنیان بە ئامانجەکانیان و ویستەکانیان پێویستیان بە ئامرازە هەڵبەت ئامراز هەموو ئەو ئامێرانە دەگرێتەوە کە کارئاسانی دەکات بۆ بەکارهێنەرەکەیی بۆ هەر مەبەستێک. بە نمونە کلیکێک بۆ کردنەوەی دەرگایەک. لەنێو دونیایی دیجیتاڵیدا هێرشبەران و فریودەران خاوەنی ئامرازی پەیوەستن بۆ دروستکردن و بەرهەمهێنانی کەسایەتیەکی ساختە. وە ئامرازەکان ئیمەیڵ یاخوود ژمارەیەکی پەیوەندی یانیش بەرنامەیەک بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان.

ئامانجەکانی هێرشبەران و فریودەران
لێرەدا پرسیارێکی گرنگ دێتە گۆڕێ، ئایا بۆچی هێرشبەران و فریودەران ئەم کارانە ئەنجام دەدەن و دەکرێت زیانی کەسایەتی و ماددیش بەکەسی ئامانجگیراو بگەیەنن؟ وەڵامەکەیی دابەش دەبێت بۆ چەند هۆکارێکی دیاریکراو و هەندێکجار وەڵامی پرسیارەکە دابەش دەبێت بۆ سەر ئەو جۆری میکانیزم و میتۆدانەیی هێرشبەر و فریودەران لەنێو پڕۆسەیی کارکردنەکەیان بەکاریانهێناوە.

نمونەیەک:
دوو کەس هەڵدەستن بە دروستکردنی پەیجێک لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و بانگەشەیی دەوڵەمەند بوون دەکەن لە ماوەیەکی کورتدا و شێوازی پارەکەش دراوە ئەلیکترۆنیەکانن (کریپتۆ کێرسنی) و بانگەشەدەکەن بۆ بەشدارییکردن لە پڕۆگرامەکە پێویستە پێش وەختە بە بڕیی ١٠٠ دۆلار بەشداری بکرێت و پاشان ١٠٠ بەنزیکەیی بەشداریی لەم پڕۆگرام و بانگەشەیە دەکەن. دوایی چەند ڕۆژێک ئەم دووکەسە هەڵدەستن بە ڕەشکردنەوەی پەیج و هەژمارەکانیان. ئیدی لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت ئامانج و ویستی هێرشبەر و فریودەران دەستکەوتنی پارە بووە.

هۆکارەکانی گشتی:
١. تۆڵەکردنەوە
٢. ئابووریی
٣. زیان گەیاندن بە کەسایەتی
٤. بوونی کێشەیەکی دەروونی

دیاریکردنی ئەگەری سەرکەوتن
هێرشبەران و فریودەران لەنێو دونیایی دیجیتاڵیدا ژینگەیەکی لەبارتر و فراوانتریان هەیە وەک لەنێو دونیایی واقعدا چونکوم مەرج نییە هەموو تەکنیک و میتۆدەکانی فێڵکردن و فریودان کاربکەن. بەڵام لەنێو دیجیتاڵیدا ئەگەرەکانیان کەمتر نیە لە ٪٨٥ بۆ ٪٩٠.

نمونە لە دونیای واقع:
با خەیاڵ بکەین کەسێک دەیەوێت لە دونیایی واقعدا گفتوگۆ دەگەڵ ئافرەتێک بکات و پاشان بۆ مەرامێکی قێزەونی خۆیی بەکاریبهێنێت. بەڵام ئایا ئەم پڕۆسەیە ئەگەریی سەرکەوتنی هەیە لەنێو دونیایی واقعدا؟ بێگومان ئەگەر باسی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەشێک لە وڵاتانی ئاسیایی بکەین ڕێژەیەکی کەم دەبێت و لە وڵاتانی ئەوروپا ڕێژەیەکی بەرزتری دەبێت.
با ئێمە هەرێمی کوردستان و عێڕاق هەڵبژێرین بێگومان بەشێکن لەنێو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێشتان ئاین و کلتور و خێزان ڕۆڵی سەرەکی دەبینن لە کۆمەڵگادا. ئەم پڕۆسەیی هێرشبەر و فریوەدەران لەنێو دونیایی واقعی هەرێمی کوردستان و عێڕاقدا ئەگەرێکی کەمی هەیە چونکوم بەهۆیی ژینگەیەکیی ئاینی و کلتوری و خێزانی و بوونی سنورێک بۆ قسەکردنی نێوان کچان و کوڕان لەدەرەوەی ماڵەوە و خێزان کارێکی ئەستەمە.

لە دونیای دیجیتاڵیدا:
بەڵام هێرشبەران لەنێو دونیایی دیجیتاڵیدا هیچ سنورێکیان نییە. وەک دەڵێن هەموومان میوانێکی نادیار و شارەوەمان هەیە لە ماڵەوەماندا ئەوانیش مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانن، هێرشبەران لەنێو دونیایی دیجیتاڵیدا دەتوانن بەبێ لەدەرگادانی کەسی قوربانی و ڕەگەزی بەرانبەر بچنە ژوورەوە و پەیام و ویستی خۆیان بگەیەنن چونکوم ئەم مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتیانە لەلایەن دایک و باوکان و کەس و کارەوە چاودێری و چاوی لەسەر نییە. وەک جاران چۆن کەسێک لە ماڵێکدا بۆکس و دۆڵابی خۆیی هەبووە ئیدی ئێستا بەهەمان شێوازە تەنها بە فۆڕم و جۆرێکی نوێوە.

حاڵەتەکان لە هەرێمی کوردستان و عێڕاق
وە ئێستاش لە هەرێمی کوردستان و عێڕاقدا دەبینین و دەبیستین زۆربەیی هەڕەشە و گێچەڵە ئەلیکترۆنیەکان لە فۆڕم و جۆریی هەڵخەڵەتاندنی ڕەگەزیی بەرانبەرن لەپێناو مەبەستێکی دیاریکراوی خۆیان و ئەم مەبەستەش دەکرێت دەست گەیشتن بێت بە وێنەیی نەشیاو یاخوود ڤیدیۆیی نەشیاو یانیش ئەوەتا بواریی ماددی.
وە هەروەها لەنێو مەملەکەتی ئێمەدا هەردوو جۆرە لەئەرزیی واقعدا دیارن کەسێک دوایی دروستکردنی پڕۆفایل و هەژمارێکی ساختە و خۆ نزیککردنەوە لەگەڵ ڕەگەزیی بەرانبەر لەژێر دروشم و پڕوپاگەندەیی هاوسەرگیری و خۆشەویستی و پاشان دەستکەوتنی وێنە و ڤیدیۆیی نەشیاو دووبارە لەژێر دروشمی ئەوەیی خۆ تۆ هەردەبیت بەهاوسەرم ئیدی بۆچی ئارەزوویی یەکتری بەتاڵ نەکەینەوە.! ئیدی دوایی ئەوەیی هێرشبەران و فریودەران گەیشتن بە ئامانجەکانیان دەست دەکەن بە هەڕەشەکردن داواکردنی بڕێک پارە یانیش ئەوەتا دەستکەوتنی مەرامە قێزەونەکانیان بەشێوەیەکی فیزیکی.

پڕۆفایلی ساختە (کاتفیشینگ)
لێرەدا ئامانجم دوایی ئەم نوسینانەیی پێشوو تەنها بریتیبوو لەگەیشتن بە خاڵی مەبەست ئەویش “پڕۆفایلی ساختە” بوو. گەرەکم بوو پێشوەختە تێگەیشتن و هۆشیاریەک ببەخشم بەخوێنەر تاوەکوو پێشخانێکی چڕیی هەبێت لەم بابەتە بەرفراوانە کە تەنانەت چەندین توێژینەوە و وتار و کتێب هەڵدەگرێت.

پێناسە:
“کاتفیشینگ” یاخوود پڕۆفایلی ساختە بریتیە لە تەکنیکێک کەسی هێرشبەر هەڵدەستێت بە دروستکردنی پڕۆفایلێکی و ناسنامەیەکی دیجیتاڵی ساختە لەبەرانبەر گەیشتن بە مەرام و ویستەکانی. وە ئامانجەکانیش لە نوسینەکانی پێشوودا باسمان لێوەکردووە.
لە سەردەمی ئەمڕۆدا لەنێو وڵاتانی ئەوروپایی و ئاسیایی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کوردستان و عێڕاقەوە ئەم میتۆد و تەکنیکە زۆر پشتی پێ دەبەسترێت. ئەوەیی گرنگە بزانین ئەم تەکنیکە تەنها لەنێوان گەنجەکاندا بەکارنایەت بەڵکو هەندێکجار کەسانی تەمەن گەورە و پێگەیشتوو بە زوبانە سادەکە “پیر” هەڵدەستن بە ئەنجامدانی ئەم تەکنیکە بۆ گەیشتن بەمەرامێکی جەستەیی و کەسی قوربانیش بێگومان هەندێکجار تەمەنێکی هەرزەکار و گەنجی هەیە.
وەک ئاماژەمان پێداوە دونیایی دیجیتاڵی بەتەواوەتیی ژینگەیەکیی فراوانتر و ئاسانتری بۆ هێرشبەران و فریودەران ڕەخساندنەوە تاوەکوو بە ئاسانی بگەن بەوەی دەیانەوێت وەک چۆن هێشتان لەنێو کۆمەڵگەیی خۆمان دەڵێن: ئەم ئینتەرنێتە زۆر کارئاسانیی کردووە ئەوەتا ئەمریکایی بۆ هێناویتە نێو ماڵەکەت. بەڵام لێرەدا و لەم حاڵەتەدا بەکارهێنەر بە دەروون دروستی و مەبەستی وەرگرتنی سوود و زانیاریی بەکاریدەهێنیت. وە دەشبێت ئاماژە بەوە بدەین هەمان ئەم ئینتەرنێتەیی ئەمریکایی بۆ هێناویتە ماڵەکەت. چەندین تاوان و ژێرزەمینی تاوانی هێناوەتە نێو ماڵەکانمانەوە.

چالاکیەکانی دیاریکردنی هێرشبەر
بەداخەوە لەنێو ئاسایشی ئەلیکترۆنیدا هونەریی دیاریکردنی هێرشبەر پڕۆسەیەکی تەواو ئاڵۆزە بۆیە لەم سەردەمەدا وازیان لەوە هێناوە کێیە هێرشەکە یاخوود فریودانەکەیی ئەنجامداوە بەڵکو زیاتر جەخت لەسەر وەڵامدانەوەی ٤ پرسیاریی تایبەت کراوەتەوە ئەوانیش بریتین لە:
پرسیارە سەرەکیەکان:
١. بۆچی؟
٢. چۆن؟
٣. کەیی؟
٤. کێ؟
بێگومان وەڵامدانەوەیی پرسیاریی بۆچی و چۆن و کەیی تا ڕادەیەک ئاسانن بەڵام کێ؟ کە مەبەستی کەسی هێرشبەرە تا ڕادەیەک قورسە بەهۆیی زۆربوونی ئەو ئامرازانەیی هێرشبەران بەکاریدەهێنن بۆ خۆشاردنەوە و شاردنەوەیی ناسنامەکانیان. چونکوم لە ڕاستیدا مەرج نییە هێرشبەر هێڵێکی پەیوەندی بەکاربهێنێت کە لەنێو عێڕاق و هەرێمی کوردستاندا کاردەکەن بەڵکو لەوانەیە ژمارەیەکی کاتی یان ژمارەیەکی دیجیتاڵی کڕی بێت و ژمارەکە بەناوێکی ساختە و ناونیشانێکی ساختە تۆمارکرابێت.
لێرەدا وەک پسپۆڕ و توێژەرێکی ئەم بوارە ناڵێم نادۆزرێتەوە چونکوم شاراوەیی ناسنامەیی هەر کەسێک تەنها هەتا ئەوکاتەیە کە پەیوەست دەبێت بە ئینتەرنێتەوە بەڵام پێویستی بە پڕۆسە و کاتێکی زیاتر هەیە لەبەرانبەر دیاریکردن و دەستنیشانکردنی کەسی هێرشبەر و فریودەران.

چارەسەرەکان
هەتا ئێرە باسمان لە قۆناغەکان و مەترسیەکان کرد، بەڵام بێگومان خودا کاتێک دەرەدێک دەنێرێت چارەسەریشی لەگەڵ دەنێرێت. وەک کوردەواریی دەڵێت دەرد بێ دەرمان نایەت، یانیش هەموو کێشەیەک چارەسەرێکی هەیە مادام پێی دەگوترێت کێشە و بێگومان چارەسەرکردنی کێشەکانیش بەپێی ژینگەیی وڵات و خێزان و کلتور و ئاستی مەعریفی و ڕۆشنبیری کەسی قوربانی دەوردەبینێت.
لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بە چەندین خاڵ بدەم دەتوانرێت لەدوایی قەدەریی پەروەردگار ببێتە هۆکارێک بۆ سەلامەتیتان لەنێو دونیایی دیجیتاڵیدا لەنێو ئەو دونیاییەیی واقیع دەبێتە درۆ. ئەم خاڵانەش بریتین لە:

١. متمانەنەکردن بە ئاسانی
وتەیەک هەیە دەڵێت کاتێک متمانەت کرد زانیاریەکان وەکو کانیاو لێی دەڕژێن، هەر بۆیە بە ئاسانی متمانە بە هیچ کەسێک مەکە چونکوم لە ئێستادا بە ئاسانی دەنگ و وێنە و ڤیدیۆکان ساختە دەکرێن و پێویستە بشزانین قسە ئەوەندە فەقیرە هەموو کەس پێی دەوێرێت.

٢. هەموو زانیاریەکان بەشمەکە
پێویست ناکات ئەو زانیاریی و بابەتانەیی کەسین و پەیوەستن بە ژیانی خۆتەوە لەگەڵ هەموو کەسێکدا بەشی بکەیت.

٣. پڕۆفایلەکەت با قفڵ بێت
لە ئێستادا تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی وەکو فەیسبووک و انستاگرام یاخوود تیکتۆک زیادکراویی “هەژماریی تایبەت” پڕایڤت ئەکاونتی هەیە کە تێیدا تەنها ئەو کەسانەیی لایی تۆ هەن و هاوڕێتن وێنە و ڤیدیۆکانت دەبینن و ئەگەر بەڕێزت کەسێکی ناسراو یان تەمەنێکت نییە و هۆشیاریت کەمە لەنێو دونیایی دیجیتاڵیدا ئەوا با هەژمارەکەت قفڵ ببێت و پڕایڤت بێت چونکوم لە ئێستادا چەندان حاڵەت هەن کەسێک تەنها وێنەیەکی خۆی لەنێو سناپچاتدا یانیش لەنێو انستاگرامدا داناوە و وێنەکە بردراوە و نوسراویی نەشیاویی لەسەر نوسراوە و ئەمەش بۆتە دروستکردنی کێشەیی کەسی و خێزانیی و دەروونی.

٤. وەڵامی هەموو پرسیارێک مەدەرەوە
کاتێک هەر کەسێک پرسیارێکت لێ دەکات سەبارەت بەکەسێکی دیکە ئەوا وەڵامیی ئەم پرسیارانە مەدەرە چونکوم دەکرێت کەسی هێرشبەر لەڕێگەیی تۆوە کەسێکی دیکە بە ئامانج بگرێت وە ئەگەر پرسیارەکەش سەبارەت بەخۆت بوو پێویست ناکات هەموو زانیاری و هەموو وەڵامێک بدەیتەوە وەک شوێنی نیشتەجێبوون هەندەکجار تەمەن یان پێدانی ئیمەیڵەکەت (پۆستی ئەلیکترۆنی).

٥. فێڵی خۆشەویستی
ئاگاداربە هێرشبەران هەندێکجار بۆ ئەوەیی زانیاری زیاتر لەسەر تۆ یان کەسێکی دیکە بەدەست بهێنن هەندێکجار زۆر بە لێزانانە پەیوەندیەکی سۆزداریت لەگەڵ دروست دەکەن و ئەم پڕۆسەیە بەماوەیەکی درێژدا تێدەپەڕێت لە یەکتر ناسین و تا دروستکردنی متمانە هەر بەم بۆنەیەوە ئەگەر هەر کەسێک دوو قسەیی ناسک و جوانی بۆ کردیی وامەزانە ئەوە شاسواریی خەونەکانتە…
چۆنیەتیی ناسینەوەی کەسانی هێرشبەر و فریودەر و پڕۆفایلی ساختە
ئایا چۆن بتوانین کەسانی هێرشبەر و فریودەر و پڕۆفایلی ساختە بناسینەوە؟ ئەم وەڵامە دابەش دەبێت بۆسەر چەند خاڵێکی دیاریکراو، لە ڕاستیدا نیشانەکان و میتۆدەکان زۆرن بەڵام لێرەدا گرنگی و جەخت دەکەینەوە سەر چەند بابەتێکی دیاریکراو لەوانە:
١. ڕێگەنەدان بە پەیامی تەلەفۆنی و ڤیدیۆ
کەسی هێرشبەر و فریودەر ڕێگەنادات بە پەیامی تەلەفۆنی و ڤیدیۆ قسە بکەن، هەندێکجار دەکرێت بۆ دروستکردنی متمانەیەک بە پەیوەندی تەلەفۆنی لەڕێگەیی ماسنجەرەوە یان سناپچات یان انستاگرام قسەبکات بەڵام بە هیچ شێوەیەک لەڕێگەیی ڤیدیۆییەوە قسە ناکات.
٢. ئۆنڵاین نەبوون و کەمی وێنە
کەسی هێرشبەر و فریودەر هەمووکات ئۆنڵاین نییە واتا لەسەر هێڵ (خەت) نییە و ئەمەش دەکرێت ئامانجی دروستکردنی هۆگربوون بێت. وە هەروەها زۆربەیی جارەکان وێنەیی پڕۆفایلی خۆیی نییە و وێنە لەسەر پڕۆفایلەکەیی نییە. وە چەند هەژمارەیەکی (ئەکاونت) کەم بەکاردەهێنێت یان یەک دانە.
٣. کەمی هاوڕێ و فۆڵۆوەرز
کەسی هێرشبەر و فریودەر هەمیشە لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا هاوڕێ و فۆڵۆوەرزێکی (شوێنکەوتوو) کەمیان هەیە وە زیاتر کەسانی نەناسراون یان کەسانی بیانین.
٤. تازەیی هەژمار
کەسی هێرشبەر و فریودەر هەژمارەکانیان ماوەیەکی تازەیە دروستکراوە هەندەکجار دەکرێت هەفتەیەک یان دوو هەفتە یان نزیک مانگێک ببێت. ئاگاداربە هەندێک لە کەسانی هێرشبەر و فریودەران مێژوویی دروستکردنی پڕۆفایل و هەژمارەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ چەند مانگێک یان ساڵێک تاوەکوو متمانەیەکی زیاتر ببەخشن بەکەسانی دیکە و بە ئاسانی دواتر ئامانجەکانیان بەدەست بهێنن.
٥. بەکارنەهێنانی وێنە و ڤیدیۆی خۆیان
کەسی هێرشبەر و فریودەر هەرگیز وێنەیی خۆی یان ڤیدیۆیی خۆی بڵاوناکەتەوە بەڵکو زۆربەیی جارەکان وێنەکانیان یان ڤیدیۆکانیان هی کەسانی دیکەن یانیش لە ڕێگەیی زیرەکی دەستکردەوە دروستکراون یانیش لە گوگڵ و پلاتفۆڕمەکانی دیکەوە هێنراون.
٦. داواکردنی وێنە و ڤیدیۆی نەشیاو
کەسی هێرشبەر و فریودەر دوایی ماوەیەک لەیەکتر ناسین و دروستکردنی پەیوەندی داوایی وێنە و ڤیدیۆیی نەشیاو دەکەن و پاشان دەست دەکەن بەهەڕەشەکردن بۆ پەیوەندیەکی قێزەونی جەستەیی و یاخوود بڕێک پارە لەبەرانبەر ڕەشکردنەوە و بڵاونەکردنەوەی ئەم ڤیدیۆ و وێنانە.

داواکردنی هاوکاری
لێرەشدا دەمەوێت ئاماژەبدەم بەوەیی ئەگەر لەنێو خێزانێکیت تا ڕادەیەک ژینگە و دەرفەتێک هەیە بۆ قسەکردن لەگەڵ ماڵەوە سەبارەت بەم ڕووداوەیی هاتووە دەتوانیت داوایی هاوکاریی بکەیت لەلایەن کەسێکی متمانەپێکراو لەنێو خێزانەکەتدا یانیش پەیوەندی بەلایەنی یاساییەوە بکەیت تاوەکوو هاوکارتت ببن لەچارەسەرکردنی کێشەکانت.

کۆتایی
بە هیوای ئەوەی ئەم وتارە بووبێتە هۆکارێک بۆ زیادکردنی هۆشیاری و ئاگاداریی خوێنەرانی بەڕێز لە مەترسیەکانی فریودانی دیجیتاڵی و چۆنیەتیی پارێزگاری لە خۆمان و خێزانەکانمان لەنێو دونیایی ئۆنلاینەدا کە تێیدا واقیع دەبێتە درۆ.




سووراوی ژنەكان مەشكێنن!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

هیچ شتێك هێندەی ژنێتی، چێژ و جوانی و هەستی ژنانە بە ژن نادات. ئەمە بەو مانایە نا، كە ژن ئەو ژنبوونەی خۆی لە سێبەری گەورەی پیاوێكدا ببینێتەوە و پێی وابێت بۆ ئەوەی گوزارشت لەو ژنێتیەی خۆی بكات، دەبێ پیاوێك لە ژیانی هەبێت، بەڵكو بەو مانایەی ژن هەست بكات خۆیەتی و ناسنامەی خۆی وەك مرۆڤێكی سەربەخۆ، بێ پاشكۆ ببینێت، كە تەنێ ڕەنگدانەوەی بوونی خۆیەتی ئیدی نێرێك هەبێت یان نا، چونكە دواجار ئەو بەرلەوەی ژن بێت، مرۆڤە و پیاوێك هەبێت یان نا، ئەو هەر ژنە.
لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، پیاوی كورد بە گشتی زۆرینەیان نازانێت پەی بەو ژنێتییە بەرێت كە لە كەسایەتی و دنیابینی و ڕوحی ژن هەیە، بۆیە هەر لە سەرەتاوە ئەو بەركەوتنە خێزانییە دروست دەبێت، تا سەر دەكێشێت بە جیابوونەوە، لەوەشدا بەشێكی زۆری ئەو كێشانە، پەیوەندییان بە هەوڵدان بۆ بە (ئەوكردن) هەیە لە ژیانی هاوژینیدا، كە ژن دەیەوێت، پیاوەكە وەك خۆی لێ بكات و بە پێچەوانەوەش! بۆیە لە كێشەی بچووكەوە ئاریشەی خێزانی گەورە سەر هەڵئەدەن و ماڵەكە دەبێتە دۆزەخ و منداڵیش باجەكەی دەدات. ژن بە سرووشت، ڕۆمانسی و جوانە، چێژ لە هەموو ئەو شتە جوانانە وەردەگرێت، كە ڕەهەندێكی ئستاتیكیان هەیە. ژن حەزی لە ڕێكخستن و خاوێنی و ئەتەكێت و كاركردنە بە ڕێكی و زۆربەی هەرە زۆری پیاوانیش پێچەوانەی ئەو خەسڵەتە سایكۆلۆژیانەی ژنان دەجووڵێنەوە، لەكاتێكدا دەزانن ئەمە ئەوان نیگەران دەكات. پەی بردن بەو هەستی ژنێتییە لە ژیانی هاوژینیدا، زۆر گرنگە و دەتوانێت ببێتە بنەمای بەردەوامی خێزانێكی سەركەوتوو، پەروەردەیی و تەندروست، ئەمیش لە رێگەی زمانی گفتوگۆ، لە یەك گەیشتن و چوونە نێو ئەو دنیایەی ژن، كە پیاو دەتوانێت لەو پەڕی تووڕەییەوە، بە لە ئامێزگرتن و ماچێك، هێوری بكاتەوەو نیگەرانییەكەی بڕەوێنێتەوە، بەڵام پیاوان پێچەوانەی ئەو خەسڵەتانە دەجووڵێنەوە. بۆ نموونە:
ژن كاتێ بازاڕ دەكات، وەك پیاو نییە، ڕاگوزەرانە سەیری شتێك بكات و دواجار بیكڕێت، بەڵكو ژنان، قووڵتر، نیگایانەتر، دەڕواننە كەرستە و كەلوپەلەكان و هەوڵدەدەن، لە ڕووی هونەریی و جوانكارییەوە شتێك بكڕن، كە لەگەڵ ژینگەی خێزانی و ماڵ و ڕێكخستنی ئەندازەیی و هونەرییانەی ماڵەكە یەك بگرێتەوە، ئەمە وێرای ئەوەی ڕوژدیشن لە مامەڵە كردن، چونكە كەمتر دەست بڵاون، كەچی هیچ پیاوێكی كورد نییە، ڕقی لە بازاركڕدن لەگەڵ هاوسەرەكەی نەبێت، بێ ئەوەی ئەوەی بە خەیاڵی دابێت، كە چ چێژ و هەستێكی جوان و خۆشە بۆهاوسەرەكەی، قۆڵی لە قۆڵی هەڵكێشی و بە یەكەوە بژاردەی هاوبەشیان هەبێت.
بە دەگمەن پیاوێكم بینیوە ڕقی لە بازاڕكردن لەگەڵ ژنان نەبێت، كەچی هەمان ئەو پیاوانە بەلایانەوە ئاساییە دەیان كاتژمێر لەگەڵ هاوڕێكانیان لە سەر گەعدە، تاوڵە، كۆنكان، تەڵقە و دۆمینە دابنیشن، كە ئەمەش نیگەرانی لای ژنان دروست دەكات و مافی خۆشیانە ! كاتێ پیاوێك، بێ هیچ بیركردنەوە و هەڵوەستەیەك، سووراوی ژنەكەی بە هۆی لێك تێنەگەیشتنێكی بچووكەوە دەشكێنێت، دەبێ بزانێت ئەو لە ناخی ژنەكەی داوەو ڕوحی بریندار كردووە، چونكە لە ڕاستیدا ژنێتی بریندار كردووە. كەرستەكانی جوانكاری، كە بەشێكن لە سرووشتی ژنێتی و ژن چێژی لێ وەردەگرێت، پیاوان نەك دەبێ قووڵ هەستی پێ بكەن، بەڵكو بە بڕوای من دەبێ ببنە هاوبەشی ژنەكانیان و ئەوان ڕەنگی سوورا و مەكیاژ و جوانكاریەكانیان بۆ هەڵبژێرن، تا هەست بكەن ئەوان تەنها شازادەی هاوسەرەكانیانن، نەك بیانشكێنێت كە مایەی ئازار و خەم و نیگەرانییە بۆ ژن، كە لە وشەیەك زۆر زیاتر برینداری دەكات ! لە نێو خێزان و لە ژیانی هاوسەریشدا، گەرچی ژیانێكی دوانەیی و هاوبەشە، بەڵام ئەم ژیانە بەو مانایە نایەت كە ئیدی كاتێ ژنێك شوو دەكات و پیاوێك دێتە نێو ژیانی، ئیدی ژنێتی كۆتایی هاتووە، بە پێچەوانەوە ژن و گوزارشتكردن لە هەستی ژنێتی كە بەشێكە لە سرووشتی بایۆلۆژییانەی ژن، هەر دەمێنن. من زۆرجار گوێبیستی ئەوە دەبم كە بۆچی ژنێك كە منداڵ و هاوسەری هەیە، كاتێ دەچێتە بازاڕ، خۆی جوان دەكات؟ بۆ نەخۆشی دەچێت میكیاژ و سووراو دەكات؟ لە ڕاستیدا ئەو پرسیارانەی پیاوان، زۆر دوورن لە دنیای ژن، ناشتوانن وەڵامێكی لۆژیكیان بۆ هەبێت چونكە خۆیان ژن نین، ژن ئەگەر لە تەمەنی هەشتا ساڵیش بێت، هەر خۆی وەك ژن دەبینێت و چێژ لەو ژنێتییەی وەردەگرێت و ئارەزووی لە خۆڕازاندنەوە و جوانكردن و نماییشی ژنێتی هەیە، چونكە ئەمە دواجار سرووشتی ژنە و بەشێكە لە سایكۆلۆژیا و جیهانی ژنانەی ئەو، كە وەك تاكێك ئازاد و سەربەستە، لە بایەخدان بە جەستە و ڕووخساری خۆی، چونكە لە تایبەتمەندی مرۆڤەكانە. گرنگە پیاوان، قووڵ درك بە ژیانی هاوژینی و ژنێتی لە ژندا بكەن، نەك پەنا ببەنە بەركردەوەیەكی منداڵانەی وەك سووراو شكاندن، كە ڕەفتارێكی هەرزەكارانەیە. سووراوی ژنەكان هی ژنەكانە و بەشێكە لە دنیای ئەوان، بۆیە نابێ پیاو بڕوای وابێت، گەر ژنێك بووە هاوژینی، ئیدی ئەو دەبێ تا هەتایە ماڵئاوایی لە ژنێتی بكات و هەموو ژیانی لە نێو ناندین بباتە سەرو سووراو نەكات، وەك ئەوەی ئەمە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا باوە، كە ژن یەكسان دەكەن و بەناندین و ئەركەكەی تەنها لەخزمەت پیاو و خێزان دەبینن، وەك ئەوەی ژن كارەكەر بێت. كە ئەمە تێگەیشتنێكی یەكجار هەڵەیە لە ژیانی هاوژینیدا.

*سەرنج/ چەند ڕۆژێك لە مەوبەر، پیاوێك لەكەركوك، سووراوی ژنەكەی بە هۆی دەمەقاڵێیەكەوە شكاندو هاوژینەكەشی، سكاڵای لە سەر تۆمار كرد.




ئاوێزان و پەیام و ویژدان.. ستار ئەحمەد

هێندە ڕەنجاوم،
نە دڵێکم ماوە بۆ خۆشویستن و
نە خەونێک بۆ تەفسیرکردن
تەنها جانتایەکی سەفەرو جوتێک پێڵاو
تەواوی ئەم وەرزە ساردەی پێ تەی دەکەم
لێرەوە
ئاوازێکی شکاوی دەم گیتارێکی بێ خەوش و
گۆرانیەکی خەمناکی گەرووی تیترواسکەیەکم
دووایین ماڵئاواییدەکەم
وشەکانم دەسپێرم بە قەڵەمیکی نوک تیژو
با لەدوای خۆم
بە حونجەوە بۆشاییەکانم بۆ پڕکاتەوەو
خاڵێک لە کۆتایی حەزە بێ نازەکانم دابنێ و
هەنگاوە لەبارچووەکانم خەتبدا
ئیدی لێرەوە
دەفرێکم لە جودایی و
تروسکایی هیچ ئومێدێکم نەماوە
چم داوا نەکرد
جگە لەوەی
هێندەی زەردەپەڕێک تێڕامان
هێندەی تابلۆیەک ڕەنگ و
هێندەی گوڵێک خەندەو
هێندەی پەپولەیەک فڕینم پێببەخشی
ئێستا کە ڕۆیشتم
هەموو هەورەکانی ئاسمانم بۆ بگریێنی
بەشی ئاوڕدانەوەیەکم ناکەن
هەموو دونیام بۆ بژەنی
ئاوازێک نامهێنێتەوە سەما
ــــ
ئەم قەسیدەیەی “ئاوێزان نووری” دەقێکی شیعرییە، پڕە لە هەستی خەم و بێزاری، کە بە شێوازێکی نوێ و هەست بزوێن دەريبرِيوە. شیعرەکە زیاتر سەرنج دەخاتە سەر کۆتاییهاتنی ئارەزووەکان و تەواوبوونی توانای خۆڕاگری لەبەردەم ژیانێکی پڕ لە ڕەنج.
لێرەدا هەڵسەنگاندنێک بۆ قەسیدەکە دەخەمەڕوو :

: ناوەڕۆکی سەرەکی و پەیام:

پەیامی سەرەکی شیعرەکە بریتییە لە تەواوبوونی توانای دڵ بۆ خۆشویستن و پچڕانی خەونی ئایندە (“نە دڵێکم ماوە بۆ خۆشویستن و نە خەونێک بۆ تەفسیرکردن”).
“هێندە ڕەنجاوم” خاڵی دەستپێکە، کە هەموو شیعرەکە ڕووناک دەکاتەوە. شاعیر خۆی بۆ گەشتێکی بێگەڕانەوە ئامادە دەکات (“جانتایەکی سەفەرو جوتێک پێڵاو”)، کە گەشتێکە لەناو ئەم وەرزە ساردەدا (ساردیی ژیان و هەست).
شاعیر خۆی بە ئاوازێکی شکاوی دەمی گیتار و گۆرانییەکی خەمناکی تیترواسکە دەچوێنێت، کە نیشانەی ئەوەیە مۆسیقای ڕۆح و ژیانی تێکشکاوە و ئیتر ناتوانێت چێژی لێ ببینێت.
: دێڕەکانی کۆتایی پڕن لە بێئومێدی و تەواوبوونی چاوەڕوانی. تەنانەت فرمێسکی هەموو هەورەکانی ئاسمان و مۆسیقای هەموو دنیاش ناتوانێت وەک جاران ژیان و شادی بۆ شاعیر بگەڕێنێتەوە.
: شێواز و وێنەی شیعری (تەکنیکی دەربڕین):
سادەیی و ڕاستگۆیی: شیعرەکە بە زمانێکی سادە و ڕاستەوخۆ نووسراوە، بەڵام هەستێکی قووڵی تێدایە. شاعیر بێپەردە باس لە تێکشکانی دەروونیی خۆی دەکات.
وێنەی سەرنجڕاکێش: چەند وێنەیەکی جوانی تێدایە کە هەست دەورووژێنێت:
ئاوازی شکاو و گۆرانی تیترواسکەی خەمناک: بەکارهێنانی ئامرازەکانی مۆسیقا بۆ دەربڕینی هەست، نیشانەی تێکەڵبوونی ژان و هونەرە.
“هێندەی زەردەپەڕێک تێڕامان، هێندەی تابلۆیەک ڕەنگ و هێندەی گوڵێک خەندەو هێندەی پەپولەیەک فڕینم پێببەخشی” داواکارییەکی بچووک و پڕ واتایە بۆ شادییە سادەکانی ژیان، کە نەهاتە دی.
ئەو وێنەیەی کە تەنانەت فرمێسکی هەور و مۆسیقای دنیاش ناتوانن کۆتایی بە بێهیواییەکەی بهێنن، وێنەیەکی بەهێزە بۆ قووڵیی نائومێدی.
بەکارهێنانی قەڵەم و خاڵ: سپاردنی وشە بە قەڵەمێک و داواکردن لەو قەڵەمە کە بۆشاییەکان پڕبکاتەوە، نیشانەی ئەوەیە شاعیر دەیەوێت بەشێک لە ئازارەکانی لە ڕێگەی نووسین و هونەرەوە بۆ ڕابردووی بگەڕێنێتەوە یان مێژووی ژیانی دوای خۆی بنووسێتەوە.
: ڕیتم
ڕیتمی خەمناک: ڕیتم و ئاوازی شیعرەکە لەگەڵ ناوەڕۆکەکەدا دەگونجێت، کە بریتییە لە ڕیتمێکی خاو و پڕ لە هەناسەی سارد و بێئومێدی.
دووبارەبوونەوەی خاڵی کۆتایی: دێڕی “لێرەوە” دووبارە دەبێتەوە و شیعرەکە دەکاتە دوو بەشی سەرەکی: یەکەم، باس لە تێکشان و کۆچکردن دەکات. دووەم، باس لەو چاوەڕوانییە سادانە دەکات کە نەهاتنە دی، و کۆتایی بە گەڕانەوە دێنێت.
بەکورتی:
قەسیدەی “ئاوێزان نووری” دەقێکی تایبەتە لە دەربڕینی تێکشکانی ناوەکی و بێزاری لە ڕەنجی بەردەوام. شاعیر بە شێوازێکی پڕ لە سۆز و وێنەی ناسکی شیعری، گەشتێکی کۆتایی دەستپێدەکات کە تەنانەت گەورەترین هێزەکانی سروشت و هونەریش (هەور و مۆسیقا) ناتوانن ڕایبگرن یان چاکبکەنەوە. شیعرەکە بریتییە لە ماڵئاواییەکی نائومێدانە لە ژیان و حەزەکان.

ستار ئەحمەد




شۆڕشی پڕۆلیتاریا یان کارەساتێکی مەزن!.. ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ

لە چەند ساڵی ڕابووردوودا ئاڵوگۆڕی گەورەی ئابوری و سیاسی ڕوویداوە، گەیشتۆتە ئاستێک کە تەرکیزی -چڕبوونەوەی سەرمایە- بارستەیەکی هێجگار گەورەی گرتۆتەخۆ و هەژاران و پڕۆلیتاریای جیهانیش هێجگار ژمارەیان زیاتر بووە و قەیرانی ئابووریش گەیشتۆتە قووڵترین ئاستەکانی خۆی. لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا، ئایا بزووتنەوە و ئاڕاستەی ڕوولەپێشی سەرمایە لەئاستی جیهانی بەرەو کوێ دەڕوات؟! بەیەکدادانی سەربازی لەنێوان زلهێزەکانی سەرمایەدا -چین و ئەمریکا- واتە جەنگی سێهەمی جیهانی لە فراوانترین و بەرزترین ئاستی خۆکوژیدا، یان ئاستێک لە لەنگەرگرتنی سەرمایە و هەلومەرجێک کە تیایدا ئاگربەستێکی چەند ساڵە درێژەی دەبێت؟! لە هەردوو بارەکەدا جیهان دەرگیرە و دەرگیر دەبێت لە گەڵ چەندین جەنگی بە وەکالەت لەنێوان وڵاتانی “لاوازتر” یا وڵاتێکی زلهێز دژ بە وڵاتێکی لاوازتر. لەڕاستیدا جیهانی ئەمڕۆی سەرمایە و هەلومەرجی گەشەی سەرمایە بێ جەنگەکان مەیسەر نابێت. ئێستا جەنگی جیهانی سێهەم لەئاستی وڵاتە لاوازەکاندا لە ئارادایە، لە ئاسیاوە بگرە تا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریکا و …چڕبوونەوە و کەڵەکەی زیاتری سەرمایە کە گەیشتۆتە بینە قاقا، پێویستی بە لافاوی خوێنە، دروست وەک سەرهەڵدانی سیستەمەکەی پێش زیاتر لە ٢٥٠ ساڵ، بەڵام ئەمڕۆ خوێنڕشتن و جینۆساید بە تەکنەلۆژیای زیرەک و درۆن و ڕۆبۆتەکان و سێتەلایتەکان پیادە دەکرێت، کە ‌هێزی لەناوبردنیان بەراورد ناکرێت لەگەڵ سەردەمی سەرهەڵدانی سیستەمی سەرمایەدا.
کۆمەڵگای بەشەری لەسایەی سەرمایەدا، بەناچار دەرگیر دەبێت لەگەڵ جەنگی سێهەمی جیهانیدا. بزووتنەوەی سەرمایە پێویستی بە جەنگی جیهانی سێهەمە لە فراوانترین ئاستیدا لەنێوان زلهێزەکانی سەرمایەدا. ئەم ئاڕاستەیە: سەرمایە و هێزەکانی ناتوانن بەریپێبگرن، بەڵام دەتوانن دوایبخەن. لەم ڕوانگەیەوە سەرمایەی چینی و ئەمریکی ناتوانن ڕێکەوتن واژوو بکەن -کاتی و چەند کەرتێکی سەرمایە یان لەسەر گومرگەکان مەبەست نییە- و سیستەمێکی جیهانی پێکبهێنن کە ئاسایش دەستەبەربکات.
ئەوە چارەنووسی جیهانە بە دەست بزووتنەوەی سەرمایە و سیستمەکەیەوە. کرۆکی باسەکە ئەوەیە ئایا پڕۆلیتاریا بە هێزێکی نزیک چوار ملیارییەوە، خۆی دەداتە دەست ئەم چارەنووسە مەترسیدار و وێرانکەرە؟! زەنگی ئەم بزووتنەوە جیهانییە لە ئاستێکی لاوازدا لێدراوە و بەردەوامە، هیچ سەردەمێک وەک ئەمڕۆ بزووتنەوەکە لە پێناو ژیان و دژ بە بێکاری و لە پێناو کرێیەکی باشترو دژ بەگرانی بەردەوام نەبووە… بەڵام ئەم هەوڵانە نیشتمانی و ڕێفۆرمخوازن، لەکاتێکدا هیچ نیشتمان و سنورێک نەماوە و سەرمایەداری توانای ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتی لە دەستداوە -لە جووڵانەوەی سەرمایە و بازاڕدا- و جیهان یەک پارچە “نیشمانێکی جیهانییە- جیهان نیشتمانە و ڕووبەڕووی هێرشی سەرمایەی گەورەی جیهانییە”. ئەگەر بورژوازی دەتوانێت پشوو بدات و بواری ئاگربەستێکی کاتی هەیە، پڕۆلیتاریا ئەو شانسەی نییە، بەڵکو یان شۆڕش یان فەوتان، یان شۆرش یان جەنگی جیهانی، یان شۆرش یان مردن لەبرسا و ئاڵوودە بوون بە دەیان پەتای وەک کرۆنا و سارس و ئەنفلۆنزای باڵندە…. وەڵامی پڕۆلیتاریا بە بورژوازی و سیستەمەکەی، شۆڕشە: شۆڕشی چینایەتی پڕۆلیتاریا.
کۆمەڵگای بەشەری لە ئاستانەی نابووتی و جینۆسایدی جیهانی یان شۆڕشدا وەستاوە. بەڵام ماتیریالیزمەکانی مێژووی ئەم سەردەمە هێندە فراوان و پێشکەوتووە، کە هێزی زانست و تەکنۆلۆژیا، شۆڕشێکی هێجگار فراوان و گەورەی خوڵقاندووە، شۆڕشی هێزە بەرهەمهێنەرەکان. ئەم شۆڕشە لەم سەردەمەدا، دەتوانین لە گەشە و پێشکەوتنی چیپەکاندا -الرقائق/ CHIPS- کورتبکەینەوە. گەشەی تەکنۆلۆژیا لە مڕۆدا واتە بچووکردنەوەی زیاتری نانۆمیتەری چیپەکان (پێوانەی ١/ملیارێک کە بەکۆدیNM ئاماژەی پێدەکرێت). لەم بوارەدا ئەمریکا و چین لە کێبەرکێیەکی گەورە و فراواندان. گەشە و پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیای چیپەکان ڕاستەوخۆ مانای گەشەی زیرەکی دەستکرد و ڕۆبۆتەکانە کەکۆی ئابووری ئایندە و تاڕادەیەکی زۆر ئەم قۆناغەشی لەسەر بەندە. پێشکەوتنی چیپەکانیش بەندە بەگەشە و پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیای بچووکبوونەوەی نانۆمیتەرەکانیانەوە.
بێگومان کۆی سێکتەرەکانی پیشەسازی و لۆجیستیکا و خزمەتگوزاری و بازرگانی… بەندە بە پێشکەوتن و گەشەی چیپەکانەوە، بەڵام ئەم مەسەلەیە بەتەنها جیهانی ئەمڕۆ یەکلاناکاتەوە لەنێوان زلهێزەکانی سەرمایەدا، بەڵکو ژمارەیەک لەفاکتۆر -هۆکار- و بواری تر هەیە کە کاریگەری گەورەیان هەیە، وەک: زاڵبوون بەسەر گەرووە ئاوویەکاندا، واتە ڕێگاکانی بازرگانی، هێزی سەربازی و توانایی بڵاوبوونەوەی دەستبەجێ لەئاستی جیهانی، هەروەها دابینکردنی وزە بە بەردەوامی…..
بورژوازی جیهانی وەک چینی چەوسێنەر و بەجیا لە ڕێچکە و ئاڕاستە جیاوازە فکری و سیاسیەکانیان، لە لایەک لەبەردەم جەنگی جیهانی سێهەمدایە و لە لایەکی دیکەوە لەبەرانبەر خۆکۆژی خۆیدا وەستاوە. ئەم سیستەمە چارێکی نییە یان کۆمەڵگای بەشەری لەگەڵ خۆیدا نابووت دەکات، یان خۆی ڕادەستی چارەنووسی مێژوویی خۆی دەکات. لە هەردوو بارەکەدا سیستەمەکە بەرەو نابووتی دەڕوات. بەڵام سەرمایە و سیستەمەکەی چۆن دەگاتە خۆکۆژی و کۆتایی بە خۆی و چەوسانەوە دەهێنێت؟! بەپێی گەشەی ئاڕاستەی سەرمایە لەم قۆناغەدا، واتە گەشە و فراوانبوونەوە و زیاتر بەکاربردنی ژیری دەستکرد و ڕۆبۆتەکان لە کۆی سێکتەرە ئابوورییەکاندا، تا دەگات بەوەی کۆی بەکارهێنانی تەواوی کەرتە ئابوورییە جیاوازەکان دادەپۆشێت لە ئاستی جیهاندا، ئەوکات شەپۆلەکە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی جیهانی لە چوارچێوەیەکی نوێدا تازەدەکاتەوە. چوارچێوەیەک کە سیستەمی سەرمایەداری تاڕادەیەکی هێجگار زۆر پێویستی بە هێزی کار نامێنێت. ئەم ئاڕاستە مادی و مێژووییە نەک بە قازانجی سەرمایە و سیستەمەکەی نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە تێکڕایی گشتی قازانج لە ئاستی جیهاندا بەڕادەیەکی بەرز دەهێنێتە خوارەوە و بەم پێیە سیستەمەکە بەرە و خۆکوژی دەبات. قازانجی بورژوازی لە هێزی کاردایە نەک لە ڕۆبۆت و ئامێرەکاندا. سیستەمی سەرمایەداری وەک بەربەست و ڕێگری سەرەکی بەردەم گەشەی هێزە بەرهەمهێنەرەکان، دەبێتە عەقڵیەتی کۆمەڵایەتی و ڕەئی گشتی کۆمەڵگا، واتە لێدانی زەنگی شۆڕشی پڕۆلیتاریایە.

ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ
١٨.١٠.٢٠٢٥




خۆ پیشاندان.. شیعری سەلام عومەر

خۆم و هەزاران هاوڵاتی
دەچینە بەرامبەر پەرلەمان
یاداشتێكی توند دەنووسم
نایخوێنمەوە،
بەردێك بەدەستەوە دەگرم و…
نایهاوێم
درووشمەكانیش قوتدەدەم
چونكە ئەوان
هێشتا لەسووڕی متبوونان.
———

بۆ مانگرتن
یان خەبات و خۆپیشاندان
ئیدی ناچمەوە پەرلەمان
دەچمە سەر سندوقەكانی دەنگدان
پێش ئەوەی پەنجەكەم مۆر بێ‌
هەر رێك لەوێ‌
پاشەكەوت و….
موچە دزراوەكان و
لێبڕین و
جیاوازیە چیانایەتیەكان
بەبیر خەڵك دەهێنمەوە.

سەلام عومەر




زانست و پێڵاو.. نەوزاد بەندی

کۆمەڵگا لەلایەن زانست و زاناکانیەوە گەشە دەکات نەک له ڕێی سیاسی و ڕیش سپی و بازرگانەکانەوە .. وڵاتانی ئەمریکا و یابان و چین ساڵانە سەدان ملیار دۆلار له پڕۆسەی زانست و توێژینەوەی زانستیدا خەرج دەکەن، تەنانەت دیکتاتۆرێکی وەک جۆزێف ستالین دەرگای خەزێنەکانی ووڵاتی له بەردەم زاناکانی ڕوسدا ئاوەڵا کردبوو به مەبەستی داهێنان و پێشکەوتنی زانستیی زیاتر. ئەوروپا سەدان سەرۆک و بازرگانی تێدا هات و چوون و له بیرچوونەوە، بەڵام ناوی زاناگەلێکی وەک تێسلا و ئەدیسۆن و تۆماس مۆرگان و نیوتن بە زیندوێتیی ماونەتەوە. لە سەردەمی سەدام حسێندا ( کە ئەمڕۆ دەیان و سەدان میراتگری هەیه ) دەرگای خەزێنەکانی ووڵات لە بەردەم وەزیری ڕاگەیاندن و بانگەشەی حیزبیی و سروود و پەیکەری سەرۆکی فەرماندەدا ئاوەڵا بوون، بۆ ئەوەی بێ سنوور پاره ڕاکێشن، لە کاتێکدا زانکۆکانی ئەو سەردەمە، به کەل و پەل و ئامێری سەردەمی پێش بەعس بەڕێوە دەبران و گەلێک لە تاقیگە زانستییەکان داخرا بوون و تەنها به تیۆریی وانەکان باس دەکران، چونکە کەل و پەل و ئامێری زانستی هاوردە نەدەکران و دروست نەدەکران، کەچی کۆمپانیای پەیکەرسازیی زەبەلاح لە ئیتاڵیا پەیکەر و جیداریی مۆزائیکیی تایبەتیان بۆ سەرۆکی فەرماندە دروست دەکرد، له ناوخۆیشدا فیشەک و ساروخی حوسەین دروست دەکرا، بەشی ناوخۆیی زانکۆ و پەیمانگاکان دادەخران و ..سەدان سەربازگای نوێ دادەمەزرێنران، ئاخر دیکتاتۆر بۆ بێجگە له خۆی هیچ ئیشێکی بە زانست و هونەر و ئەدەب نییە، ئەدەب و هونەر بریتیی بوون لە پیاهەڵدان و دروستکردنی پەیکەر و سکێچ و پۆرترێتی سەرۆک، جێی پێکەنین و گاڵتەجاڕییە کاتێ وەزیرێکی ڕاگەیاندن لەکار لا دەبرێت چونکە لە پاکتاوی دراویی ساڵانەی وڵاتدا، پارەیەکی زۆر دەگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی وڵات، به تاوانی ئەوەی کە ڕەزیلیی کردووە لە ڕاگەیاندنەکانی جوانکردنی سەرۆکی فەرماندە و حیزبی قائیددا و هەموو بودجەی وەزارەتەکەی لەو پێناوەدا خەرج نەکردووە.
کاتێ سەرۆک پێویستی بە بڕوانامە و زاناکانی خۆی نابێ و حیسابی پوشێکیان بۆ ناکا، ئیتر بڕوانامە و زانست و زانا سوک و ڕیسوا ئەبن، ڕێک وەک ئەو جوتیارانەی ساڵانە تەماتە و گەنم و بەرهەمەکانیان فڕێ دەدەن، چونکە دەزگایەکی میریی نییە ئاوڕیان لێ بداتەوە و دەستخۆشیی و ماندوو نەبوونیان لێ بکا به مەبەستی زیادکردن و پێشخستنی ڕەوتی کشت و کاڵ و بەرهەمهێنان.. ئێ دەسەڵاتی تۆتالیتار پێویستی بە بەرهەمی ناوخۆ نییه، ئەو هەموو پێویستییە کشت و کاڵییەکانی خۆی و خێزان و بنەماڵەکەی لە دەرەوەی ووڵات بۆ دابین دەکرێت، تەنانەت ئەو جگەرەیەی ئەیکێشن، به تایبەتی لە کوبا و وڵاتە پڕۆفیشناڵەکانی توتن هاوردە ئەکرێن، ئیتر بەرهەمی ناوخۆ و جوتیاری ناوخۆ کیلۆیان بە چەند ؟
کاتێ دەسەڵات و خێزان و خزم و کەسە نزیکەکانیان بۆ بچوکترین نەخۆشیی بڕۆنە دەرەوەی وڵات و.. پارەیەکی بێ شومار بخەنە گیرفانی پزیشک و خەستەخانە ئەوروپییەکانەوە، ئیتر چ پێویستییەکیان بە پزیشک و خەستەخانەی ناوخۆ هەیه؟ ئەوانیش با وەک تەماتە و گەنمەکان بترشێن و سەگ له ناویاندا بخەوێت.. منەتیان نەبێ، نە موچەیان پێویستە و نە گوزەران و نە هیچ مافێ.. ئێ لە ڕاستیدا هەر وایشە، تۆ پێویستت بە شتێک نەبێ، پشت گوێی دەخەیت، وەک چۆن موسوڵمانان حیسابی پوشێک بۆ مەی و قومار ناکەن و ئامادە نین هەر ئاوڕیشی لێ بدەنەوە چ جای گرنگی پێ بدەن و پارەی تێدا خەرج بکەن، بە هەمان شێوە دەسەڵاتی تاکڕەو پێویستی بە پزیشک و کارمەندانی تەندروستی و بڕوانامەکانیان نییە، چونکە هیچ شتێ بۆ ئەو و عێل و عەشرەتەکەی ناکەن و .. ئەوان بۆ هەڵامەتێک ئەچنە کن پڕۆفیسۆرێکی ئەوروپیی و لە خەستەخانەیەکی مۆدێرندا، هەم چارەسەر و هەم گەشت و هەم تۆپەڵێک لەو چیای ملیارەها دۆلارەی هەیانە، دەتوێننەوە ..لەبەر ئەوە ئامادە نین گوزەران و خۆشگوزەرانیی و مافیان بۆ خاوەن بڕوانامەکانی خۆیان دابین بکەن. دەوام ئەکەن بە خۆڕایی، ئەهلەن وە سەهلەن، دەوامیش ناکەن، هەر ئەهلەن وە سەهلەن، هیچ لە ژیانی عائیلاتی مالیکە ناگۆڕێ.. هەر بۆیه دەوامکردن له فەرمانگە دەوڵەتییەکاندا ئەبێ بە پاشاگەردانیی، حەز ئەکەی هەفتەی ڕۆژێک دەوام بکە، یان هەر دەوام مەکە، ئارەزوو مەندانەیه، چونکە پێوەری وڵات بریتیه له سوود گەیاندن بە دەسەڵات و عێل و عەشرەتەکەی، کاتێ ئەو دەسەڵات و عێل و عەشرەتە عاشقی نەخۆشخانە و پزیشک و کارمەندە ئەوروپییەکان ئەبن، ئیتر نەخۆشخانە و پزیشک و کارمەندەکانی ناوخۆ، بەرەڵاکردنێکی ئارەزوومەندانە بەرەڵا دەکرێن، وەک بڵێی ئەگەر خۆتان بە خۆڕایی خۆتان چارەسەر ئەکەن، نیعمەڵڵا.. ئەگەریش نا، ئەوە هەر نیعمەڵڵا، ئەوانی باڵا و دەسەڵاتدار هیچ زیانێک ناکەن، چونکە بە ڕاستی هیچ سودێک به ئەوان و عێل و عەشرەتیان ناگەیەنن ،جا ئەم حاڵەتە تەشبیهات نەبێ، لەو فەرموودە قودسییە دەچێت کە خوای گەوره ئەفەرمۆێت : ئەی ئادەمیزاد گەر هەموویشتان کفر بکەن و گومڕا بن، گەردێک لە دەسەڵاتی من کەم ناکات، خۆ ئەگەر هەموویشتان بمپەرستن و گوێ ڕایەڵم بن، دیسان گەردێک له دەسەڵاتی من زیاد ناکا ..
واتا بێ منەتبوونێکی تەواوە بەرامبەر پیشەکان و پیشەوەرەکانی، کە ئارەزووی خۆیانە چی دەکەن یان چی ناکەن، چونکە چی بکەن و چی نەکەن، ناتوانن نە قازانج نە زیان بە دەسەڵات بگەیەنن، هەر بۆیه کوڕی سەرۆکێک وتـبووی : ( خوێندن و بڕوانامە پێوەر نین بۆ زیرەکیی و سەرکەوتنی مرۆڤەکان ) ڕاستیش ئەکات، چونکە خۆی هەر لە ڕێی باوکییەوە بوو بوو بە سەرکەوتووترین گەنجی ووڵاتەکە و ملیارەها دۆلار لە ژێر پێیدا بوو، هەر بۆ کەیف و خۆشیی کرابوو بە سەرۆکی زانکۆیەکی گەوره نێودەوڵەتیی، ئیتر خوێندن و بڕوانامە کیلۆیان بە چەند ؟ بیرکردنەوە و داهێنان و نوسینی شانۆ و ڕۆمان و شیعر، بۆچی لە کاتێکدا ئەو بە بێ بڕوانامە و بەهرە و داهێنان، هەموو شتێکە یاخود هەموو شتێ هی ئەون؟
لە بەرامبەردا ئەو دەسەڵاتە مەجبور نیە حەقدەست و مافە مرۆییەکان بۆ خەڵکێکی خاوەن بڕونامە و بەهره و داهێنان دابین بکات، چونکە بە دەستی خۆیان خۆیان تەفرەداوە و بوون به خاوەنی کاڵایەکی بێ سوود، لەو حاڵەتەدا عەقڵ و توانا و بەهرەکانی کۆمەڵگا به نیسبەت دەسەڵاتەوە هیچ نین، ئێ چۆن ئەبێ پارە و حەقدەست بدرێ بە هیچ؟
بە هەمان شێوە ئەندازیار و مامۆستا و هەموو پیشەکانی تر ناتوانن بچوکترین سوود بگەیەنن بە دەسەڵات و خێزان و عێل و عەشرەتەکانیان ..چونکە دەسەڵات و خێزان و عێل و عەشرەتەکانیان، لە ڕێی ئەندازیاری دەرەوەی وڵاتەوە نەخشەی کۆشکەکانیان دەکێشرێت و له ڕێی کۆمپانیای بێگانەوە تەواوی پڕۆژەکانیان ڕادەپەڕێنرێت .. لە ڕێی خوێندنگا و زانکۆکانی ئەوروپاوە مناڵەکانیان پەروەردە و زانست وەردەگرن..بەرگدرووی تایبەتی ئەوروپیی، ئەسپ و مەیتەری پسپۆڕی ئەوروپیی، پۆشاکەکانیان لە باشترین بڕاندی جیهانیی بۆ دەدورن ..ئیتر توخوا چی لە ئەندازیار و مامۆستا و زانکۆ و ئەسپ ومەیتەر و بەرگدرووی ناوخۆ بکەن؟ مەعقول نییە ماف و حەقدەست بدەن بەو حەشاماتە کە بچووکترین سودیان نییە بۆ دەسەڵاتداران و خێزان و عێل و عەشرەتەکانیان.. تەنانەت نەبوونی ئەوان لە بوونیان باشترە، لەو حاڵەتەدا پێویست ناکا هێزێکی زۆری پاراستن و پاسەوانیی لە چواردەوری خۆیان ڕابگرن، چونکە ئەوان تەنها دوژمنێکیان هەیه کە میللەتەکەی خۆیانە، ئەگینا دۆست و ئەحبابی و هاوبەشی هەموو بێگانەیەکی گۆی زەمینن.
ئیتر بە شێوەیەکی فەرمیی گڵۆپی سەوز بۆ بڕوانامە و پیشەکان هەڵدەکرێت، ئارەزووی خۆتانە، ئەگەر لە فەرمانگەکانتاندا بە خۆڕایی دەوام دەکەن، لوتکەی مرۆڤایەتییە، چونکە خزمەت بە خۆتان دەکەن نەک بە دەسەڵاتی VIP، با مامۆستا بە خۆڕایی مناڵی ئەندازیار پەروەردە بکات، ئەندازیاریش به خۆڕایی خانوو بۆ مامۆستا دروست بکا، هەردووکیشیان بە خۆڕایی لە خزمەتی بەرگدروودا بن، چونکە بەرگدروویش پێویستە به خۆڕایی پۆشاک بۆ مامۆستا و ئەندازیار بدورێت، ئەمەیش گەڕانەوەیه بۆ کۆنترین سیستمی بازاڕ، تیایدا پاره ڕۆڵ ناگێڕێ، ئەبێ شتێکت پێ بێ بۆ ئەوەی بیگۆڕیتەوە بە شتێکی تر، بۆ نمونە کابرای جوتیار قەل و قازی ئەهێنا بۆ شار ئەیگۆڕینەوە بە شەکر و چا و فانۆس.
دواجار دەسەڵاتە تاکڕەوە بەگلەرەکان، ئەم دۆخەیش وەبەردەهێنن، بە هەموو دەستە و چینە بێ ماف و بێ گوزەران و بێ داهاتووەکانی کۆمەڵگا دەڵێن: ئەتوانن یەکتری بچەوسێننەوە و ئەو خزمەتگوزارییانەی من لێم حەرام کردوون، خۆتان بنیاتیان بنێن و بە یەکتریی بفرۆشنەوە، بەڵام ئەبێ نیوەی یان زیاتری قازانجەکانتان بۆ من بێ. کۆمەڵگای مێگەلیش هەم لەبەر حەزی چاو لێکەریی دەسەڵاتداران و بەدیهێنانی خەونی هاوبەشیی لەگەڵ لەسەڵاتدا و هەم لە ناچاریدا، سەردەکەنە بازرگانیکردنێکی بێ ڕەحمانە بە هەموو شتێکەوە، سەرەتا لە کەرتی ووزەوە دەست پێدەکات و ..بە کەرتی بازرگانیکردن و هاوردە کردنی کەل و پەلی خراپ و ماوەبەسەرچووی بێ کوالێتی و خوێندن بە پارەی خەیاڵیی و تەندروستیی به پارەی خەیاڵیی کۆتاییان دێت.. پارەی خەیاڵیی چییە؟ بۆ نمونە داهاتی کەمئەندامێک لە مانگێکدا 150 هەزار بێ کەچی کرێی مانەوەی یەک شەو لە ژووری چاودێری چڕدا لە نەخۆشخانەیەکی حەپەلەشکەری پارەدا، کە چاولێکەرانی دەسەڵات خاوەندارێتیی دەکەن، یەک ملیۆن دیناربێ بێجگە لە پارەی دەرمان و خواردن.. ئیتر ئەوەیشی ئەو پاره خەیاڵییەی پێ نییە، با بۆخۆی لە ماڵەوە بمرێت.
لەوێدا ئیتر زانست و پیرۆزیی زانست و بەها مرۆڤایەتییەکان هەرەس دێنن، وای لێ دێت بازرگانی نەخوێندەوار باڵەخانەی پزیشکیی دروست دەکات و هەر بە کرێ ڕازی نابێ، بەڵکو داوای هاوبەشیی لەگەڵ پزیشک و خاوەن بڕوانامەکاندا دەکات لە داهاتەکانیاندا لەبەرامبەر نیشتەجێبوونیاندا لە باڵەخانەکەیدا، چونکە ئەو له چەندین پڕۆژەدا هاوبەشی دەسەڵاتێکی زەبەلاحە، ئیتر بۆچی ئەبێ هاوبەشیی لەگەڵ پزیشکێکدا یان پارێزەرێکدا، پڕۆسەیەکی ئاسایی و نۆرماڵ نەبێ؟ .. یان کابرایەک کە پەنجا ساڵە بازرگانیی مریشک و ڕۆن و دانەوێڵە دەکات، لە ناکاو پیشەکەی ئەگۆڕێت و ئەبێتە خاوەنی گەورەترین نەخۆشخانە و دکتۆری دنیا بە پارەی خەیاڵیی لە خۆی کۆدەکاتەوە.. ئیتر مزگەوتەکان پڕ دەبن لەو سواڵکەرانەی کە نەخۆشن و لە خەڵک و خوا ئەپاڕێنەوە پارەی نەشتەرگەرییەکەیان بۆ کۆ بکەنەوە، یان دەزگاکانی ڕاگەیاندن پڕ دەبن لە کورتە ڤیدیۆی ئەو نەخۆشانەی کە داوای خێر و سەدەقە لە خەڵک دەکەن هەتا پارەی خەیاڵیی نەشتەرگەرییەکانیان بۆ کۆبکەنەوە ئەگینا لەماوەیەکی کەمدا ئەمرن. تەنانەت لە دەزگا ڕاگەیاندنە زەبەلاحەکانی دەسەڵاتە تاکڕەوە خێڵەکییەکاندا، ڕیکلام بۆ ئەو سواڵانە دەکرێت، چونکە گرنگ کۆکردنەوەی پارەی خەیاڵییە بۆ ئەنجامگەیاندنی نەشتەرگەرییەکان و حەڵاڵکردنی سەدا پەنجا و بەرەو ژووری ئەو پاره زەبەلاحانە به ناوی باج و خەراجەوە، بۆ دەسەڵاتی تێر و پڕ و هەڵئاوساو.
هەروەها لە هەموو کەرتەکانی تردا، تێکڕای کۆمەڵگا دەکرێنە بەچکە گورگ بۆ ڕاوکردن و تێکشاندنی یەکتریی، دواجار نیوەی یان زیاتری ئەو ڕاو و شکارانە ئەگەڕێنەوە بۆ گیرفانی بێ بنی گورگە گەورەکانی دەسەڵات..
لێرەدا ئیتر کتێب و زانست و توێژینەوەی زانستی و شانۆ و ئەدەب و هونەر ئەوەندە بچووک و ڕیسوا دەبن ئەتوانیت هەر هەموویان وەک جگەرەیەک بخەیتە پشت گوێچکەیەکتەوە .. ئیدی ئەو یاسایەی کە دەڵێت دەسەڵات کەروێشک بە عەرەبانە دەگرێ، گۆڕانکاریی تێ دەکەوێت و .. دەبێت بە دەسەڵات کەروێشک بە کەروێشک ئەگرێت..




كاریگه‌ری ڕاگه‌یاندن له‌سه‌رتاك وكۆمه‌ڵگە به‌گشتی.. کارزان عزیز عەبدولرەحمان

ڕاگه‌یاندن چیه‌ :ڕاگه‌یاندن بریتیه‌ له بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵ و زانیاری ڕست و دروست به‌ئامانجی هۆشیاركردنی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ و ئاگاداركردنه‌وه‌یان له‌ ڕووداوه‌كانه‌ ده‌وروبه‌ریان . ڕگه‌یاندن به‌گشتی دوو ڕۆڵ وئامانجی سه‌ره‌كی هه‌یه‌ له‌نێوان هه‌ركۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ، یه‌كه‌م ڕۆڵی هۆشیاركردنه‌وه‌ و ڕۆشنبیركردنی تاك ئامانج لێی بنیاتنانی تاك و دروستبوونی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی هۆشیار و ته‌ندروسته‌ ، دووهه‌مین ڕۆڵی هه‌ڵخه‌ڵتاندنی تاك و چه‌واشه‌كاری ڕاگشتی وه‌ ئامانج لێی له‌ناوچوونی تاك و داڕمانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ناته‌ندروست ، لێره‌وه‌ تیشك ده‌خه‌مه‌ سه‌ر ئه‌و دوو جیاوازیه‌ی ته‌ندرست و ناته‌ندروستیه‌ی ڕگه‌یاندن.
ڕاگه‌یاندنی ته‌ندروست بریتیه‌ له‌و ڕاگه‌یاندنه‌ی كه‌په‌نجه‌ده‌خاته‌سه‌ر تێكڕایی گیروگرفته‌كانی كۆمه‌ڵگا ، وه‌ به‌دواداچوون بۆگیرگرفته‌كان ده‌كات كه‌ به‌رۆكی تاك به‌تاكی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌گرێت له‌نێویشیانه‌وه‌ سێكته‌ره‌كانی حكومڕانی و كۆی گشتی سیسته‌مه‌كانی كارگێڕی وڵات ، هۆكاره‌كانی سه‌رهه‌ڵدان و زۆربوونی كێشه‌و گیرو گرفت و تاوانه‌كان ده‌خاته‌ڕوو بۆلایه‌نی په‌یوه‌ندیدار ، دواتر هه‌رله‌ ڕێگای ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ چاره‌سه‌ریه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی زانستی پێشكه‌ش ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ست و په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ په‌له‌ به‌ده‌م كێشه‌كان بچن و چاره‌سه‌ری گونجاو بۆ تێكڕای كێشه‌كان بدۆزنه‌وه‌ و دۆخه‌كه‌ تاڕاده‌یه‌ك كۆنتڕۆڵ بكه‌ن ، بۆ نه‌هێشتنی كێشه‌و گرفت و تاوانه‌كان به‌ كورتی ڕاگه‌یاندنی ته‌ندروست ده‌بێت ده‌رمان بێت بۆ نه‌خۆشییه‌كانی كۆمه‌ڵگا ، ڕاگه‌یاندنی ته‌ندروست وڵات به‌ره‌و پێشكه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندن ده‌بات له‌هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ ، وه‌هه‌روه‌ها ڕاگه‌یاندنی ته‌ندروست هه‌وڵێكه‌ بۆ تێگه‌یشتن به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست .
ڕاگه‌یاندنی ناته‌ندروست ڕێك پێچه‌وانه‌ی ڕاگه‌یاندنی ته‌ندروست ، هه‌میشه‌ده‌یه‌وێت كێشه‌ بۆ كۆمه‌ڵگا و سیسه‌می گشتی حكومڕانی دروست بكات ، بگره‌ له‌ دروستكردنی پڕوپاگه‌نده‌ و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن و سه‌ر گه‌رمكردنی تاك به‌ شتی لاوه‌كی و بێ سوود بۆ مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی وه‌ چه‌واشه‌كردنی ڕایگشتی ، ڕاگه‌یاندنی ناته‌ندروست هه‌میشه‌ ده‌گه‌ڕێت بۆ كه‌م و كورتییه‌كان و خاڵه‌ لاوازه‌كان، دواتر زه‌قكردنه‌وه‌ و گه‌وره‌كردن زیاتر له‌ قه‌باره‌ی خۆی نیشانده‌دات ، بۆ ئه‌وه‌ی تاك و ڕایگشتی به‌لاڕێداببات ، به‌كورتیه‌كه‌ی ڕاگه‌یاندنی ناته‌ندروست نه‌خۆشییه‌ بۆ كۆمه‌ڵگا ، ڕێگره‌ له‌ به‌ره‌و پێشچوون و گه‌شه‌سه‌ندنی وڵات له‌گشت سێكته‌ره‌كان . هه‌روه‌كو جۆزیف گۆبلز به‌رپرسی پڕوپاگه‌نده‌ی نازیه‌كان كه‌ده‌ڵێ ڕاگه‌یاندنێكی بێ وژدانم پێ بده‌ ، میله‌تێكی ناوشیاریت پێ ده‌ده‌م . وه‌ له‌كۆتاییدا ده‌ڵێم ڕاگه‌یاندنی ته‌ندروست و ده‌وڵه‌مه‌ند ، وه‌ ڕاگه‌یاندنی ته‌ندروست یه‌كسانه‌ به‌كۆمه‌ڵگایه‌كی ناته‌ندروست و هه‌ژار .
كاتێك میدیا وه‌كو زانستێكی نوێ له‌كۆتای سه‌ده‌ی 18 و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی 19 سه‌ری هه‌ڵدا، تێۆره‌ میدیاییه‌كان وایان له‌قه‌ڵه‌مده‌دا كه‌هۆیه‌كانی ڕاگه‌یاندن ده‌وری كاریگه‌ریان له‌سه‌ر ڕاگشتی هه‌یه‌ و ڕاو بۆچوونه‌ زانستییه‌كانیش باسی ئه‌م تیۆره‌ و ئاڕاسته‌میدیاییانه‌یان ده‌كرد ، یه‌كه‌م تیۆری ڕۆژنامه‌گه‌ری زانای كۆمه‌ڵناسی ئه‌مه‌ریكایی هارۆڵد دویت لاسویل ئه‌نجامیدا ، ئه‌ویش توێژینه‌وه‌ له‌سه‌رجه‌ماوه‌رو كاریگه‌ری ڕاگه‌یاندن له‌میانه‌ی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی ساڵی 1914 ز بوو ، پاساو بۆ هێزی كاریگه‌ری هۆیه‌كانی ڕاگه‌یاندنیان بۆ ئه‌وه‌ ده‌گێڕایه‌وه‌ كه‌كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مه‌ریكایی له‌و ژینگه‌ گوندنیشینیه‌ی كه‌تیایدا ده‌ژیاهاته‌ ده‌رێ و كاتێك باهۆزی گۆڕانكاری هه‌ڵكردگه‌لی ئه‌مه‌ریكا ڕووی له‌ شاره‌كان كرد و ده‌ستكرد به‌كاركردن و له‌ گونده‌نیشینان وپه‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دابڕاوخۆی و عه‌قڵی خۆی ڕاده‌ستی هۆیه‌كانی ڕاگه‌یاندن كرد، چونكه‌ میدیا هۆیه‌ك بوو بۆ په‌خشكردنی هه‌واڵ به‌ڵام كاری ڕاگه‌یاندن نه‌ك ته‌نها په‌خشكردنی هه‌واڵ بوو ، به‌ڵكو كاریگه‌ری له‌سه‌ر گه‌لی ئه‌مه‌ریكا بڕیاره‌كانیشیان هه‌بوو .. مه‌زنترین بڕیار كه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر بووبێت، ئه‌وه‌ بوو كه‌جه‌ماوه‌ری ئه‌مریكی ڕازینه‌‌بوو به‌وه‌ی كه‌سوپای ئه‌مریكا به‌شداری جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی بكات و بخرێته‌ نێو جه‌نگێكی ماڵ وێرانكه‌ره‌وه‌ ،به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاندنه‌كان په‌رده‌یان له‌سه‌ر پڕوپاگه‌نده‌ ودرۆ و هه‌ڵبه‌ستراوه‌كان لادا و ڕووداوه‌كانیان بۆ جه‌ماوه‌ر ڕوونكرده‌وه‌ ! ئه‌وا نه‌ك هه‌رته‌نها جه‌نگیان قبووڵكرد، به‌ڵكوبه‌ سه‌دان هه‌زار ئه‌مریكایی خۆبه‌خشانه‌ چوونه‌ ڕیزی سوپاوه‌ و بوون به‌ سه‌رباز .
له‌ ئێستادا میدیای ئه‌مریكا له‌ گرنگیدا به‌ دیمه‌نه‌كان و كایگه‌ریان له‌سه‌رجه‌ماوه‌ر ، ڕكابه‌ری ڕاگه‌یاندنه‌كانی دیكه‌جیهانی ده‌كات ، بۆنموونه‌ ڕووداوه‌كه‌ی 11 سپته‌مبه‌رو جه‌نگی ئه‌ڤغانستان و ئێراق. تاچه‌ند میدیا بۆته‌ پرد له‌نێوان ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵكدا ؟ پێش هه‌موو شتێك ده‌بێ ئه‌م داكه‌وته‌ واقعه‌ بزانین كه‌ ڕاگه‌یاندن له‌ هه‌رێمی كوردستان دابه‌شبووه‌ بۆ ڕاگه‌یاندنی فره‌یی ، ئه‌گه‌ر بپرسین ئایا هیچ كامێكیان توانیویانه‌ هه‌ڵگری ئه‌م په‌یامه‌ دروسته‌ بن كه‌میدیاوه‌كو ئه‌مانه‌ت له‌ خۆی بگرێت و ڕه‌چاوی بكات ؟ یان ئایا میدیا ئازادمان هه‌یه‌ ؟ هه‌موویان یه‌ك ئامانجیان هه‌یه‌ ، ئه‌ویش چه‌واشه‌كاری جه‌ماوه‌ره‌ ، هه‌ریه‌كه‌یان به‌و ئامانجه‌ی كه‌ خۆی ده‌یه‌وێت و به‌رژه‌وه‌ندی خۆی تیادا ده‌بینێته‌وه‌ ، چاك بۆ خۆی ده‌بیژێت و خراپیش بۆ به‌رامبه‌ره‌كه‌ی ده‌بێژێت.
میدیای ئازادیش بێجگه‌ له‌ناوه‌كه‌ی ئه‌وا هیچی دیكه‌ ئازاد نیه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ بوونه‌ته‌ هۆی دروستكردنی بێ متمانه‌یی و جه‌ماوه‌ریان تووشی سه‌رسوڕمانكردووه‌، نازانێ بڕوابه‌كێ و به‌كامیان بكات، بۆیه‌ میدیا نه‌ك نه‌بۆته‌ پرد له‌ نێوان ده‌سوڵات و خه‌ڵك ، به‌ڵكو هه‌وڵیداوه‌ درزه‌كان فراوانتربكات و برینه‌كان قووڵتر بكات و له‌چاره‌سه‌ر دووریان بخاته‌وه‌ . بێگومان دوا ڕاپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كه‌ی 1991 به‌دواوه‌ كه‌شێكی ئازاد بۆگشت لایه‌ك هاتۆته‌ ئاراوه‌، به‌تایبه‌ت بۆ میدیا ، به‌ڵام میدیا نه‌یتوانیوه‌ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ بقۆزێته‌وه‌ و له‌ نێوان ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵكدا ببێته‌ ناوبژیوانێكی دادپه‌روه‌ر . میدیای كوردی نه‌یتوانیوه‌ له‌ئاڕسته‌كردنی جه‌ماوه‌ردا ئه‌و میدیایه‌ی ئه‌مریكا بێت كه‌له‌ جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی و 11 سپته‌مبه‌ردا كاریگه‌رییان هه‌بووه‌.
میدیای كوردی نه‌یتوانیوه‌ به‌ مشێوه‌یه‌ هانی جه‌ماوه‌ر و تاكی كورد بدات تا ببێته‌ خۆبه‌خش بۆ ڕزگاركردنی ناوچه‌ دابڕاوه‌كان و هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و نشتمانی لای تاكی كوردی بورووژێنێت و ده‌سه‌ڵات ملكه‌چی دادپه‌روه‌ری بكات، نه‌هاتووه‌ ئیش له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌بكات كه‌به‌رپرسن و له‌ ده‌سه‌ڵاتدان ، تاوه‌كو ڕامیانبكات و زه‌نگی هۆشیاركردنه‌وه‌ یان به‌گوێدا بزرنگێنێته‌وه‌ ، به‌چاك بڵێ چاك و به‌ بڤه‌بڵێ بڤه‌ . نه‌هاتووه‌ ئه‌رك و مافی هه‌ریه‌ك له‌تاكی ده‌سه‌ڵات و تاكی كۆمه‌ڵ ڕوونبكاته‌وه‌ وئاڕاسته‌یان بكات، ڕاگه‌یاندن ته‌نهاكاری نیشاندانی شته‌ناشرینه‌كان و خاڵیكردنه‌وه‌ی شته‌باشه‌كان نیه‌، به‌ڵكوئه‌ركی ڕاگه‌یاندن زۆر له‌وه‌ قورستره‌ كه‌تێیگه‌یشتوون ! چونكه‌ به‌رپرسه‌له‌ئاڕاسته‌كردنی كۆمه‌ڵگه‌ .‌




یەکیەتی ئەوروپا بەرەو هەڵدێرێکی نادیار.. شوڕش عەزیز سورمێ

وڵاتانی ئەورووپی لە جەنگی جیهانی دووەمەوە بە ماندووییەوە سەریان هەڵدا و تووشی پارچەپارچەبوون و نایەکسانی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکی وێران بوون. هەوڵیاندا هاوکاری لە ڕێگەی دامەزراوە تەکنیکی و ئابوورییە دەوڵەتییەکانەوە پێکبهێنن بۆ گەیشتن بە ئاشتییەک کە سەقامگیری سرووشتی خۆیان بگه‌ڕێننه‌وه‌. ئەمەش بووە هۆی پێکهێنانی کۆمەڵگەی خەڵوز و پۆڵا ئەورووپی وەک ئامرازێک بۆ ڕێگریکردن لە شەڕی زیاتری نێوان فەرەنسا و ئەڵمانیا. دروشمی “شەڕ نەک هەر بیرنەکردنەوە، مانای نامێنێ”. پەیماننامەی دامەزراندنی کۆمەڵگەی خەڵوز و پۆڵای ئەورووپی کە بە پەیمانی پاریس ناسراوە، لە ١٨ی نیسانی ١٩٥١ واژۆ کرا، ئه‌مه‌ش سەرەتای ڕێگای یەکێتی ئەورووپا بوو..
یەکێتی ئەورووپا و وڵاتانی ئەورووپا لە کۆنەوە چەندان کێشەیان ڕووبه‌ڕوو بووه‌ته‌وه‌، لەوانە پەتاکانی وەک تاعونی ساڵی ١٣٤٧ کە نزیکەی یەک لەسەر سێی دانیشتوانی ئەورووپای سڕییەوە، ئەنفلۆنزای ئیسپانی کە لە ئەنجامی جەنگی جیهانی یەکەمەوە لە ساڵی ١٩١٨دا هات، ئایدز کە لە ئەفه‌ریقاوە هاتبوو.
له‌باره‌ی یەکێتی ئەورووپاوه‌ لە فۆڕمی یەکگرتووی خۆیدا، وڵاتانی ئەندام ساڵی ٢٠٠٢ بەرکەوتەی نەخۆشی توندی هەناسەدان (سارس) و لە ساڵی ٢٠١٩دا ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بوون، هەروەها ڕووبەڕووی کێشە و قەیرانی ئابووری و پێکهاتەییش بوونەوە، وەک قەیرانی ئابووریی یۆنان ساڵی ٢٠١٣ و دواتریش برێـگزیت ساڵی ٢٠٢٠، کە بناغەو ژێرخانی زیاتر لاواز کرد. هەڕەشەی بەزاندنی کۆچبەرانی نایاسایی لە سنووری تورکیا، جگە لە شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا و کاردانەوەکانی لەسەر ئاستی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی و سەربازی، دۆخەکەی زیاتر خراپتر کرد.
دیاره‌ یەکێتی ئەورووپا بلۆکێکی سیاسی و ئابوورییە ساڵی ١٩٥١ دەستی پێکردووە و چەند قۆناغێکی تێپەڕاندووە و فراوانتر بووە و ٢٧ وڵاتی ئەورووپایی دەگرێتەوە به‌ پێی بنەمای پەیماننامەی ماستریخت په‌یماننامه‌ی دامەزراندن کە لە ساڵی ١٩٩٢ بۆ پێشخستنی یەکگرتنی سیاسی و ئابووری واژۆ کراوە.
پڕۆژەی ئەورووپی لەسەر بنەمای سێ ئامانج بوو: نەهێشتنی کێبڕکێی ئابووری و پیشەسازی و هەستی ناسیۆنالیستی بە بنیاتنانی دامەزراوە سەروو نەتەوەییەکان؛ دامەزراندنی ئامانج و هەڵوێستی یەکگرتوو؛ وەستاندنی پێشبڕکێی چەک و بنیاتنانی ناسنامەیەکی هاوبەش. ئەمینداریەتی گشتی و کۆمیسیۆنی ئەورووپا كه‌ بارەگا سەرەکییەکەی لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکایە و بارەگای سەرەکیی پەرلەمانەکەی لە شاری ستراسبۆرگی فەڕەنسا.
لە ساڵی ١٩٩٠ قۆناغی یەکێتی ئابووری و دراوی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، هاوکات لەگەڵ یەکێتی سیاسی، کە بە واژۆکردنی پەیمانی ماستریخت لە ساڵی ١٩٩٢ و دامەزراندنی یەکێتی ئەورووپا کۆتایی هات.
بەم شێوەیە قۆناغێکی نوێ لە پرۆسەی دامەزراندنی یەکگرتوویی نزیکتر لە نێوان گەلانی ئەورووپا دەستی پێکرد. ئەورووپییەکان ڕوویان کردە پاراستنی ژینگە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی هاوبەش لە هه‌ر دوو بواری ئاسایش و بەرگریدا. بنەماڵەی ئەورووپی دەستی کرد بە فراوانبوون و دواتر پەیماننامەکانی ئەمستردام کە تیشکیان خستە سەر دیموکراسی و ئاسایش و گەشەپێدان و پەیماننامەی نیس سەبارەت بە ڕێکخستنی دامەزراوەکان و ڕێککەوتنی شنگن بۆ سنوورە کراوەکان و پەیمانی لیسبۆن کە دەستووری یەکێتییەکەی لە ساڵی ٢٠٠٧دا پێکهێنا،. دوای ئەوە وڵاتان یەک لەدوای یەک یەکیان گرتەوە، تا کۆی گشتی ژمارەکە گەیشتە ٢٨ وڵات لەگەڵ پەیوەستبوونی کرواتیا ساڵی ٢٠١٣ (ژمارەی ئێستای ٢٧ وڵاته‌)
کێشەی توێژینەوەکە لە پشکنینی کاریگەرییەکانی هەندێک قەیران لەسەر یەکێتی ئەوروپا، بەتایبەتی پەتای کۆڤید-١٩ و شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا، لەسەر بەڕێوەبردنی قەیرانی تەندروستی، ئاڵۆزییەکانی سیاسەتی ناوخۆ، کاریگەرییە ئابوورییەکان و توانای یەکێتییەکە بۆ بڕیاردانی کاریگەر و یەکگرتوو، تیشک دەخرێتە سەر کێشەی توێژینەوەکە. هەروەها تیشک دەخاتە سەر ئاستەنگە دەرەکییەکانی بەردەم یەکێتی و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی، جا چ لە بوارەکانی سیاسەتی دەرەوە، بازرگانی، یان کۆچ، جگە لە گۆڕانکارییە جیۆپۆلیتیکییەکان لە ناوچەکەدا. ئەمەش پێویستی بە ستراتیژی یەکگرتوو هەیە بۆ بەڕێوەبردنی هەموو ئەم ئاستەنگە دارایی و ئابووری و سەربازیانەی کە سەرهەڵدەدەن.
مه‌سه‌له‌ بنچینه‌ییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یه‌كیێتی ئه‌ورووپا نوێنەرایەتی تەحەدایەک دەکات بۆ هەموو جیهان و بۆ ئەورووپا کە لە هەموو ئاستەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیدا تووشی کێشەی گەورە بووە، هەروەها لە کاریگەریی ئەو كێشه‌ و ئاڵنگارییانه‌ی سەر داهاتووی خۆی.
بە لەبەرچاوگرتنی گرنگییەکەی، بابەتەکە لەلایەن چەندین بیرمەند و نووسەرەوە، هەرچەندە بە شێواز و ناونیشان و ڕێباز و دیدگای جیاوازیشه‌وه‌ بێ، قسەی لەسەر کراوە، ئەمەش وایکردووە وەک ئاماژەیەکی زیادە گرینگ بێت کە ڕۆشنایی دەخاتە سەر ئەو قەیرانانەی هەڕەشەیان لە قەوارە نێودەوڵەتییەکان کردووە، لەوانەش وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا.
زۆر له‌و باس و خواسانه‌ی لە کاردانەوەی ئەو قەیرانانەی ڕووبەڕووی یەکێتیی ئەورووپا بوونەتەوە، لە سەرەتای دامەزراندنیەوە له‌ ڕووی یاساکانی بەڕێوەبردن و ئەو پەتایانەی کە هەڕەشەیان لێ کردووە، قەیرانی یۆنان و کشانەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەورووپا و دواجاریش ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەروەها بەدواداچوون بۆ ئەو ئاستەنگە گەورە ئابووری و سیاسی و تەندروستی و سەربازییانەی کە ڕووبەڕووی بووەتەوە، لە هەمان کاتدا زۆر له‌و توێژینه‌وانه‌ی كراون تیشکیان خستووه‌ته‌ سەر کاریگەرییە ئابووری و سیاسییە گەورەکان لەسەر یەکێتی ئه‌ورووپا. هەروەها تیشک دەخه‌نه‌ سەر ئەو چارەسەرانەی جێبەجێکراون، هه‌موو ئه‌مانه‌ نەیانتوانیوه‌ ئەنجامە خوازراوەکان بەدەستبهێنن بۆ وەستاندنی ئه‌و تێکچوونە، ئەمەش له‌ ڕووی ده‌ركه‌وتنی مەترسی جیددی لەسەر یەکگرتوویی یەکێتی ئه‌ورووپا دروستکردووە.




پشتیوانی ئەمریکا لە ئیسرائیل.. عوسمانی حاجی مارف

گومانی تیا نیە کە ئەمریکا هەوڵدەدات لەڕووی سەربازی و ئابووریەوە پشتیوانی ئیسرائیل بکات، ئەمەش لە کۆنگرێسی ئەمریکادا وەک یاسایەک مامەڵەی دەکرێت، بەتایبەتی لەگەڵ قوڵبونەوەی گۆشەگیری نێودەوڵەتی ئیسرائیل بەهۆی بەردەوامی شەڕی دژی غەززە و بەردەوامی پلانەکانی بۆ داگیرکاری و وێرانکردن و کوشتاری زیاتر لە کەرتی غەززە، ترامب پشتیوانی و هاوکاری چڕتر کردۆتەوە.
لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دوای هێرشەکەی حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، پشتیوانی ئەمریکا بۆ تەلئەبیب شێوەی جۆراوجۆری بەخۆیەوە بینیوە، ئەمریکا لە پلەی یەکەمدایە لەنێوان وڵاتانی ڕۆژئاوا کە فڕۆکە و بۆمبی ڕێنمایکراو و مووشەک بۆ ئیسرائیل دابین دەکەن، کە بۆ سوپای ئیسرائیل زۆر گرنگن، ئەو چەکانە لەڕێگەی ئیمکاناتی سەربازی دەرەکی ئەمریکاوە دابین دەکرێن، ئیسرائیل زۆرینەی چەکەکانی کە دروستکراوی ئەمریکایە بە پارەی باجدەرانی ئەمریکا دەکڕێت، کە ساڵانە بە ملیارەها دۆلار مەزەندە دەکرێت.
لەوکاتەی چەند وڵاتێک خۆیان بۆ داننان بە دەوڵەتی فەلەستین لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئامادە دەکرد، ڕاپۆرتە ئەمریکیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیدارەی ترەمپ بڕیاریدا بە بڕی شەش ملیار دۆلار چەکی نوێ بە ئیسرائیل بفرۆشێت.
ئەم پاڵپشتیە تەنها ڕێکەوتن لەسەر چەك ناگرێتەوە، بەڵکو سەردانێکی ٢٥٠ پەرلەمانتاری ئەمریکی بۆ تەلئەبیب و دوو پڕۆژە یاساش دەگرێتەوە، کە یەکێکیان ئامانجی خێراکردنی گەیاندنی چەکە بۆ سوپای ئیسرائیل، لەکاتێکدا ئەوی دیکەیان ئامانجی سزادانی ئەو کۆمپانیایانە کە پاڵپشتی هەوڵەکانی بایکۆتکردنی نێودەوڵەتی دژی ئیسرائیل دەکەن.
ئەمریکا تەنها لەماوەی یەک ساڵدا کە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ تا مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، بری ١٧ ملیار دۆلار زیاتری هاوکاری سەربازی بۆ ئیسرائیل خەرجکردووە، جگە لە ڕێکەوتنی چەکداری، ئەمریکا بەنیازە بەکارهێنانی میکانیزمێکی نهێنی بۆ گواستنەوەی چەک بۆ ئیسرائیل فراوانتر بکات. شایانی باسە کە ٥٠٪ ی خەرجیەکانی گرێبەستی حکومەتی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٤دا، لەڕێگەی پنتاگۆنەوە ڕۆیشتووە.
پڕۆژە یاسای بودجەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڕگەیەک لەخۆدەگرێت، کە لە داهاتی ساڵی داهاتوودا ڕێگە بە گواستنەوەی بێسنوری چەکی ئەمریکی بۆ کۆگایەکی تایبەت لە ئیسرائیل دەدات، ئەمەش ڕێڕەوێکە دابینکردنی چەکی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل بەهێزتر دەکات و لەهەمانکاتدا چاودێری گشتی سووک دەکات.
کاتێک ئەمریکا داوای چەک لە کۆگای یەدەگی جەنگ بۆ هاوپەیمانەکانی ئیسرائیل دەکات، وەزیری بەرگری دەتوانێت پێشوەختە ئەو داواکاریە پەسەند بکات بەبێ ئەوەی پێویست بکات هەنگاوە ئاساییەکان پەیڕەو بکات، وەک ئاگادارکردنەوەی کۆنگرێس یان تەنانەت کۆشکی سپی.
لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە ئیسرائیل بەنهێنی بڕێکی زۆر چەکی ئەمریکی کڕیوە، ئەمەش ئاسانکاری کردووە بۆ شەپۆلی هێرشی ئاسمانی سوپای ئیسرائیل لە غەززە، کە بە چڕترین هەڵمەتی بۆردومانی سەدەی بیستویەکەم دەناسێنرێت.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، گیدۆن سەعر، فشاری خستووەتە سەر یاسادانەرانی ئەمەریکا بۆ دەرکردنی یاسایەک دژی ئەو بزووتنەوەی بایکۆتەی بەرامبەر ئیسرائیل دەکرێت، لەکاتێکدا سەرکردەکانی ئیسرائیل زیاتر هۆشداری دەدەن بەوەی، وڵاتەکەیان گۆشەگیر دەبێت لەسەر شانۆی جیهانیدا، سەعر بە یاسادانەرانی ڕاگەیاندوە، ئیسرائیل دەخرێتە ژێر “هەوڵێکی جیهانی هاوئاهەنگ، بۆ نەهێشتنی دەوڵەتی ئیسرائیل”، هەروەها ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی دەبێت لە دەرەوەی وڵات بەرپەرچی ئەم هەوڵە بدەنەوە.
ئەوەی شایانی باسە لە درێژەدان بە دۆخی شەڕەنگێزی ئیسرائیل بۆ پاکتاوکردنی غەززە و باڵادەستی لە ناوچەکەدا، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل هێرشێکی لەناکاوی بە ئامانجی تیرۆرکردنی شاندی دانوستانی بزووتنەوەی حەماس دەستپێکرد، لە کاتێکدا کە لە کۆشکێک لە دۆحە کۆدەبونەوە، ناتانیاهۆ ڕایگەیاند، ئەم هێرشە بەتەواوی ڕەوایە، چونکە سەرکردە باڵاکانی حەماسی کردۆتە ئامانج کە هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەریان ڕێکخستبوو!.
هەرچەندە ئەگەری گرتنەبەری ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل بەدوور نەدەزانرا، بەڵام ئەم هێرشە بە خاڵی وەرچەرخانێک دەبینرێت کە نابێت کاریگەریە ئەمنیەکانی لە درێژماوەدا بەکەم سەیربکرێت، ئەم هێرشە نیشاندەری هەڵسوکەوتی حکومەتی ئیسرائیلە، کە پەیامێکی هۆشداری بۆ هەموو وڵاتانی ناوچەکە دەنێرێت، بەوەی دەبێت باڵادەستی لە ناوچەکەدا بۆ ئیسرائیل بێت، لەهەمانکاتدا تیشک دەخاتە سەر ئەو توانایەی کە ئامێری ئەمنی ئیسرائیل لە دەرەوەی هاوسەنگی هێزی ئەمریکا بەکاری دەهێنێت، پێدەچێت هێرشەکە لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە پشتیوانی نەکرابێت، چونکە ترەمپ مەیلی ئەوەی هەیە هێز و بوێری خۆی نیشان بدات، نەک دەرچون لە نەخشە داڕێژراوەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
ئەم هێرشە عەقڵیەتی باڵادەستی و کاریگەری گۆڕانکاری ستراتیژیە لە بەرژەوەندی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا، بەبێ گوێدانە ئایندەی پەیوەندیەکانی ئیسرائیل لەگەڵ دراوسێکانی یان کاریگەریەکانی لەسەر وێنەی نێودەوڵەتی ئیسرائیل، لەکاتێکدا ئەولەویەت هەر دەمێنێتەوە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە ستراتیژیانەی کە پەیوەندیان بە سەپاندنی هاوکێشەیەکی نوێی ئەمنی ناوچەییەوە هەیە کە تێیدا ئیسرائیل پێگەی باڵادەستی سەربازی خۆی دەپارێزێت، کە ئەمەش ڕوبەڕوبونەوەی ئاستەنگیەکانە؛ وەک بارگرانی دیمۆگرافیای غەززە، سەروەری لە کەرتی ڕۆژئاوا، ئاسایش لە باشووری سوریا و باشووری لوبنان و هەڕەشەی ئێران و هەڕەشەی پەیوەست بە هێزەکانی حەشدی شەعبی و حوسییەکان دەگرێتەوە.
هەڵسوکەوتی شەڕانگێزی گشتیی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا، پێدەچێت وردە وردە لانیکەم هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە هەوڵی بەهێزکردنی هاوکاری بەرگری لە دژی ئیسرائیل بدەن، نەک هاوبەشی لەگەڵدا بکەن، لە چەند مانگی ڕابردوودا دۆحە دووجار بۆردومان کرا، جارێک بەشێوەیەکی ڕەمزی کاتێک ئێران بنکەی ئاسمانی ئەلعودەیدی کردە ئامانج، دووەم جاریش لەلایەن فڕۆکە جەنگیەکانی ئیسرائیلەوە.
واپێشبینی دەکرێت دۆحە هەوڵی یاسایی نێودەوڵەتی بە ئامانجی ئیدانەکردنی دەستدرێژی ئیسرائیل دەدات، لەوانەش سەپاندنی سزا بەسەر تەلئەبیبدا، بەتایبەتی کە هێرشەکە بووە هۆی کوژرانی هاووڵاتیەکی قەتەری، دۆحە کاریگەری دارایی خۆی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و پەیوەندیە دامەزراوەکانی لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکان بۆ سزادانی ئیسرائیل لەڕووی ئابوریەوە بەکاردەهێنێت.
پێدەچێت دۆحە هەوڵی دیپلۆماسی دەستپێبکات بە ئامانجی دابڕانی سیاسی ئیسرائیل و ئیدانەکردنی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، بەتایبەتی کە هێرشکردنە سەر خاکی ناوبژیوانێک ئیسرائیل دەخاتە دۆخێکی لاوازەوە. هێرشەکەی ئیسرائیل لە ساتێکی هەستیاردا بوو لە هەوڵەکانی ئاگربەستدا، ئەمەش کاریگەری بە قەتەر بەخشی بۆ کشانەوە لە ڕۆڵی خۆی وەک نێوەندگیریەکی سەرەکی، بەمەش کاریگەری لەسەر چانسی گەیشتن بە ڕێکەوتن سەبارەت بە ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیلەکان هەبوو، ئێستا ترامپ ئەم دەورە بۆ ئاگربەست دەگێرێت کە زیاتر پشتگیریە لە پاراستنی ئیسرائیل.
هێرشەکە کاردانەوەی بووە لەسەر متمانەی قەتەر بە پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئەمریکا، بەجیا لەوەی کە قەتەر و ئەمریکا رێکەوتنامەی ئەمنیان واژۆکردوەو بەپێی ئەوە هەر هێرشێك بۆسەر قەتەر هێرشە بۆسەر ئەمریکا، پێشبینیش دەکرێت ئەمە هەوڵەکانی دۆحە بەهێزتر بکات بۆ بەهێزکردنی هاوبەشی سیاسی لەگەڵ زلهێزە جیهانیە ناوەندەکان، وەک وڵاتانی جی ٢٠*، هەروەها هاوسەنگی پەیوەندیەکانی لەگەڵ زلهێزەکان بەتایبەت ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش.
ترەمپ، پلانێکی نوێی ٢٠ خاڵی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی کەرتی غەززە خستۆتەڕوو، کە زۆرێک لە وردەکاری و خاڵەکانی بە ناڕونی ماونەتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە نیگەرانی هەیە بەرامبەر ئەوەی هاوتەریبە لەگەڵ مەرجەکانی ناتانیاهۆ، دەربارەی کۆتایهێنان بە شەڕەکە.
هەرچەندە حەماس بە چەند مەرجێکەوە پێشنیازەکەی ترامپی قەبوڵ کردووە!، بەڵام پلانەکەی ترەمپ بڕگەیەکی مەترسیدار لەخۆدەگرێت لە ئەگەری ئەوەی حەماس پێشنیازەکە ڕەتکاتەوە دەڵێت: ئەگەر حەماس ئەم پێشنیازە دوابخات یان ڕەتیبکاتەوە، فراوانکاری هاوکاریەکان بەردەوام دەبن کە ئیسرائیل وەک هێزێکی ئەمنی پتەو دەپارێزێت.
مادەکانی ٢ و ١٦ باس لە پرسی کشانەوەی ئیسرائیل دەکەن، بەڵام جێبەجێکردنی پەیوەستە بە تەواوبونی داماڵینی سەربازی کەرتی غەززە، جگە لەوەش، لە پلانەکەدا هاتووە کە ئیسرائیل لە دەورەیەکی ئەمنیدا دەمێنێتەوە تا غەززە بەتەواوی لە هەر هەڕەشەیەکی تیرۆریستی نوێ پارێزراو دەبێت. ئەم بڕگەیە بیانو دەداتە ئیسرائیل لەسەر پابەندنەبونی بە جێبەجێکردنی بڕیاری کشانەوەی گشتی، واتە هێزەکانی ئیسرائیل لە دەورەیەکی ئەمنیدا لەناو غەززەدا دەمێننەوە، تا غەززە بەتەواوی لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەکی “تیرۆریستی” پاک دەبێتەوە، ئەمەش دەتوانێت مانای مانەوەی ئیسرائیل لە غەززە بە نادیار بهێڵێتەوە. ئەو پێشنیازەش کە کشانەوەی ئیسرائیل بە پێشکەوتن لە چەکداماڵینی حەماس دەبەستێتەوە، ئەوە ئاشکرایە کە دەسەڵاتی ڤیتۆی بە ئیسرائیل داوە بۆ مانەوەی بەردەوامی لە غەززەدا.
بەرپرسانی وڵاتانی سعودیە و میسر و تورکیا لەو گۆڕانکاریانە توڕەبون و تەنانەت قەتەریەکان هەوڵیانداوە ئیدارەی ترەمپ ڕازی بکەن کە بەهۆی ئەو ناڕەزایەتیانەوە وردەکاری پلانەکە بڵاونەکاتەوە، بەڵام کۆشکی سپی بەهەر شێوەیەک بێت بڵاوی کردەوە و فشاری خستۆتە سەر وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی کە پشتیوانی لێ بکەن!.
پشتیوانی ئەمریکا لە ئیسرائیل بەهەر شێوەیەک و بە خولقاندنی هەر کارەساتێک لە هەر دۆخ و هەر ئاڵوگۆڕێکی سیاسی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، مەسەلەیەکی چارەنوسسازە بۆ دەور و پێگەی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا، ئیسرائیل ئەو قەڵایەیە کە جێگای متمانەی تەواوی ئەمریکایە کە بەرژەوەندیەکان و پلانەکانی بۆ پاراستنی باڵادەستی لە ناوچەکەدا کاری لەسەر بکات.

——————

گرووپی (جی )٢٠ لە ئێستادا کۆمەڵێکە لە وڵاتانی خاوەن بەهێزترین ئابووری جیهانن، هەروەها یەکێتی ئەورووپا لەخۆدەگرێت. ئەو وڵاتانە بریتین لە: ئەرجەنتین, ئوسترالیا, بەرازیل, چین, ئەڵمانیا, فەرەنسا, شانشینی یەکگرتوو, هیندستان, ئەندۆنوسیا, ئیتاڵیا, ژاپۆن, کەنەدا, مەکسیک, ڕووسیا, عەرەبستانی سعودی, ئەفریقای باشوور, کۆریای باشوور, تورکیا, ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.




میزەڕێ.. نووسینی: ئامانج شێروانی

لە هەولێرێ، لە پایتەختی کوردستانێ، مرۆڤەکان ناتوانن بەسەر زەویدا بڕۆن. هەرچی شەقامە ئەوا بێگومان بۆ تڕومبێلەکانە، شۆستەش شوێنی پشوودانی تڕێلە و بارهەڵگرە ماندووەکانە. کۆڵانەکانیشمان شوێنی پێشبڕكێیە و شۆڵانەکانیش شوێنی پانکردنەوەی مرۆڤەکانە. هەرچی مرۆڤیشە، مەگەر بە پردە پڕ میز و گووەکانەوە لەمبەری شۆڵانەکەوە خۆی بگەیەنێتە ئەوبەر، یان سەربان و سەربانان خۆی بگەیەنێتە نانەواخانەی گەڕەک.

خۆ ئەگەر بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ نیازی بێت کە تڕومبێلەکان هێدی بکاتەوە، ئاسانە. شەقامەکانی نێو بازنەی شار تەسک دەکاتەوە، لە هەردوو کەناریشی داری بەرز دەچێنێت و ماوە ماوەش بەربەست و تاسە . دادەنێت. کە شوفێرێک ئەم دارە بەرزانە دەبینێت و تەسکی شەقامەکە دەبینێت، بێ ئەوەی هەستیش بکات خێراییەکەی کەمتر دەکاتەوە. ئەمە یەکێکە لە گرنگترین شێوازەکانی ئەندازەی ڕێگاوبانی شارە ئەوڕووپییەکان.

ڕەنگە بپرسیت، بەڵام ئەگەر شەقامەکان تەسکتر بن، جەنجاڵی زیاتر دەبێت و هەموو کەسێک هەردەم درەنگ دەبێت و ناچار تیژتر لێدەخوڕن. ئەمە بۆچوونەکی دروست نییە، لێکۆڵینەوەکان دەریان خستووە کە کاتێک شەقامێک پانتر دەکرێت، ئەمە وا دەکات کە شەقامەکە تەنها بۆ ماوەکی کەم چۆڵتر بێت، ئەمەش سەرنجی شوفێرەکانی تر ڕادەکێشێت و هەموو شوفێرەکانی ئەم ناوە ئەم شەقامە فراوانە نوێیە بەکار دەهێنن، ئەمەش جەنجاڵیی تازە دروست دەکات. بەڵام کە شەقامەکانی شار تەسکتر بوون، خەڵکی کەمتر حەز دەکات بە تڕومبێل بێتە نێو بازنەی شار و جەنجاڵی کەمتر دەبێتەوە.

بێگومان بەبێ باشترکردنی هۆیەکانی گواستنەوەی گشتی، ئەو شتانە هەرگیز ناکرێت. ئاشکرایە کە لێدانی تونێلی نوێ بۆ میتڕۆ یان تڕام تێچووی گەلێک زۆر دەبێت، بەڵام خۆ هەبوونی تۆڕێکی تۆکمەی پاس بە نرخێکی کەم هەموو کێشەی هاتوچۆ چارەسەر دەکات. خۆ ئەگەر ئەوەش نەبێت دووچەرخە (پاسکیل) هەیە! هەولێر شارێکە کە چڕییەکی زۆری هەیە و ڕووبەرەکەی ئەوەندە گەورە نییە. لە ساڵدا جگە لە سێ مانگی هاوینێ، ئەوانیتری هەمووی دوو شەشە بۆ لێخوڕینی دووچەرخەی! ئەگەر لە سەرما و سۆڵەی مۆنتڕیاڵ و ستۆکهۆڵم، کاتێک کە پلەی گەرمی ٢٧ی ژێر سفرە و هەموو زەوی بە بەفر داپۆشراوە، پاسکیل بەکار بێت، لە سەرمای هەولێریش بەکار دەهێنرێت.

نووسینی: ئامانج شێروانی




ماستەر و دکتۆرانامەکانى بوارى ئەدەبى کوردى لە تیلەچاوێکى ڕەخنەییدا-2-.. هەڵمەت بایز

(نموونەى بوارى زانستە مرۆییەکان بەگشتى)
بەشى دووەم

هەڵپەى تەواوکردنى ماستەر و دکتۆرا لە دیوى دیکەى دڵپێخۆشبوون و سەرمایەى مرۆیی، لە چوارچێوە بنگرتووەى ئێستادا جێى پرسیارە، بەتایبەتى هەموو هەوڵەکان بەئاقارى گرتنەبەرى کورتترین ڕێگا و ئاسانترین ڕێگاى دەستەبەرکردنى بڕوانامەن، بۆیە هیچ دەلاتێکى دیکەى پشتى خوێندن نابنە ئامانج، واتە زۆربەسادەیی ئامانجەکە نابێتە پڕۆژەیەکى خولیایى و ڕایەڵەیەکى مەعریفى و گۆڕانکاری. زەمینەسازیی وەرگرتنى بڕوانەمە لە هەلومەرجى ئێستادا پڕکردنەوەى پێویستییەکى ماددى و وەرگرتنى پلەوپایەى ئیدارى و پەیداکردنى ستاتۆیەکى دیکەى ناو کایەى کۆمەڵایەتیی و سیاسی و ئابوورى و کارگێڕییە، بۆیە خولیاى بڕوانامە زیاتر دەبەسترێتەوە بە دۆخە هەڵڕەخساوییەکەى، وەک خوێندنى پاڕالێل و بەبازڕکردنى بڕوانامە و کبڕکێى زانکۆ تایبەتەکان، بەتایبەتى لەم دواییانەدا لەباربوونى بارى دارایی خەڵک و بەخشنەوەى بڕوانامە لە زۆربەى پسۆرییەکاندا لە هەندێک زانکۆى دیاریکراودا لە وڵاتانى دەورووبەداردا وەک دەرفەتى قازانجخوازى و بازرگانى وەک بەشێک لە کۆڵۆنیالیزمى وەخۆگر و بە ئامانج، هەموو کار ئاسانییەک دوور لە هەموو پێوەرە چۆنایەتییەکان لە دەرەوە بۆ فێرخوازانى بیانى دەکرێن، دواى هەستکردن بۆ ڕێگرى لەو مەترسییە و دەرفەتى زیاتر بۆ قوتابییان بەشێک لە دابەزاندنى نمرەى شایستە و زیادکردنى ڕێژەى وەرگرتن بە زۆر کارئاسانییەوە خوێندنى باڵاى کوردستان دەبێتە شوێنگرەوەى ئەو تێگەیشتنەى بە لۆژیکتر لە خوێندن لەو وڵاتانى دەورووبەردا دانرا، بەڵام ئەمەشیان دیسان بووە کێشەیەکى دیکە و لە ئێستادا زۆر جێى پرسیارە و لێکەوتە نەرێنییەکانى وردە وردە زیاتر دەبن.
ئامانجى خوێندن بەو تێگەیشتنە لە تەوەرەى فێرخوازدا ڕوون و بەرچاوە، لەناو ئامانجە مەبەستدار و دیاریکراوەکەیدا ئیدى ئەو ڕەنجکێشانە نایبەستێتەوە بە ڕایەڵە مەعریفییەکان و خۆخەریکردن بە خوێندنەوەیەک کە بتوانێت خوێندنى ماستەر و دکتۆرا بە هەلێک بزانێت سەرلەبەرى تێگەیشتنەکانى پەرەپێبدات و ئاستێکى دیکەى مەعریفى تێبپەڕێت، ببێتە بەشێک لە کایەکانى پەرەپێدان و پڕکردنەوەى ئەو پێویستییانەى کە پسپۆرییەکان بە پێى واقیعى کۆمەڵایەتى دەیخوازێت. بۆ ئەمەش پاساو نییە قوتابی هەموو چاوەڕوانییەکان لە زەمینەسازیی ئاستى پڕۆگرام و مامۆستایاندا بەدی بکات، لەو لێکەوتانە بێبەرى بێت. هەروەک چۆن ئاستجیاوازى پێشترى قوتابییان لە پێش خوێندنى باڵا و لەناو پرۆسەى خوێندنى باڵا زیاتر وەستاوەتە سەرخۆى، تەنانەت ئەوانەى وەک یەکەمینەکانیش نەبوون، ئاستى پسۆرى مەعریفییەکەیان زۆرجار بەرزرتربووە، ئەم تێگەیشتنە تەنها پەیوەندى بە زەمینەسازى ناو زانکۆ و بارهێنان نییە، بەڵکوو ئەو زەمینەسازییە بەشێکە لە ئاگایی کەسی و کەلتوورى و ئامادەیی پێش وەختە.
خوێندکارى زانکۆ دواى وەرگیران لە خوێندنى باڵا، قورسترین چاوەڕوانى لاى ئەو ڕاگوزەرى کاتە. زۆر بەسادەیی پابەندییەکى چڕى کاتەکى هەیە، واتە بەهۆى ئەو زەمینەسازییەى وەرگیران لە خوێندنى باڵا، بەئاستێکى زۆر کەم لە تێدابوون و ئامادەیی مەعریفى لەناو کۆرسەکانى خوێندن، زۆر بە پەلەپەل و خۆئامادەکردنێکى نائاساییانە و پڕماندووبوون و دەردەسەرى هەوڵی تێپەڕینى ماوەى خوێندنەکەى دەدات، تا دەگاتە پرۆسەى نووسین، لەسەروبەندەشدا سیاقى وانەوتنەوە و ئاستى مامۆستایانیش، هاودۆخییەکى لەگەڵ ئەو زەمینەسازییەدا هەیە، ئەمەش کارئاسانى و تێپەڕاندن و هاوئاستکردنى کۆرسەکە دەرفەتى تێپەڕاندنەکە زیاتر دەکەن، وەک ڕاستى هەلومەرجەکەش کەمجار بەربەستى کەوتن و نەبڕینى ئەو قۆناغەش پەیڕەو دەکرێت.
ئیتر کێشەکان لێرەوە دەست پێدەکەن، قوتابییەک کێشەى ڕاهانەتنى خوێندنەوەى هەیە، یەکەمجارە دواى چەند ساڵێک لە دابڕان، ڕەنگە هاوکاتى خوێندنەوەکەى دەستى بۆ کردەى خوێندنەوە بردبێت، وەک بۆشاییەکى مەعریفى و ئاستلاواز واقیعى خۆى دەبینێت، هەروەها ئەوەش دەزانێت بەدیوێک ئامانجى وەرگرتنى بڕوانامەیە و لەخۆڕادیتنەکەشى بای ئەوەى تێدا نییە بتوانێت پشت بەخۆى ببەستێت و دیدگایەکى مەعریفى تایبەتى هەبێت بەرەو نووسین و تێزێکى پێوستى کۆمەڵگا بیبات و ئەزموونێکى نووسین و بابەتێکى تیۆرى گرنگ تاقی بکاتەوە، یان خوێندنەوەیەک بخاتە سەر کۆى ئەو تێگەیشتنانەى دیکە یان هەڵگڕانەوەیەکى دیکە پێشکەش بکات.
لە قۆناغى دواى کۆڕسات بەخۆدانەدەست مامۆستایەک دەست دەکات بە دەستنیشانکردنى ناونیشانێک، پرسیارە زۆر سادەکانى وەک بابەتێکى ئاسان و سەرچاوەى زۆر لە چوارچێوەى زمانى دایک گەورەترین کێشەیەتى، هەندێک ئاگایی لە نووسینەکانى پێشتر هەیە خودى پاشخانى پێشتر کە ڕەنگە درێژکراوە بێت، زۆرجار جێى پرسیارن و تەنانەت بەپێى کات و سەردەم جێى پشت پێبەستنى ئەوتۆش نین، کارێکى پێشترى دووبارە دەکاتەوە یان لەسەر پلانى پێشتر جۆرێکى ئەدەبی تاقی دەکاتەوە، لەناو ئەو پەلەپروزەى تەواوکردن لە غیابى میتۆدۆلۆژى ون ەبوونى ئاستى پێویستى مەعریفى و پسپۆرییەکەى، هەروەها نەشارەزایی زمان و زمانى نووسین تووشى سەدان بەربەست و کێشە و سەرێشە دەبێت. کۆى ئەو کایانەش دواجار بە نووسینێکى نەزۆک و زۆر کاڵوکرچ تێەپەڕێت (لە بەشەکانى داهاتوودا بۆ هەر یەکێک لەو ڕەهەندانە وردەکانى دەخەینەڕوو) بە هۆى ئامانجە بەراییەکەى ڕەنگە فێرخوازیش ئەو پرسیار و تێگەیشتانەى بۆ گرنگ نەبێت، کە وەک بەرپرسیارییەکى ئیتیکى و مەعریفى و زانستییەوە نەیتوانیووە مشتێک لە خەرمانى زانستى و پسپۆرییەکەى وەک پێویست پێشکەش بکات.
سیاقێکى دیکەى ئەو تێگەیشتنە تەوەرەى مامۆستایە، کە تەوەرەیەکى ئاڵۆز و فرەتێگەیشتنە بەوەى مامۆستایانى زانکۆش بەشێکن لە دۆخى باسکراو. ڕەنگە هەمان دۆخى ڕاگوزەریش وەک فێرخوازان ئەوانیش بگرێتەوە، لەلایەکى دیکەش مامۆستایان لەناو پۆلێنێکى دیکەدا بکەونە ژێر ئەو پۆلێنە بارهاتووەى پەیوەستە بە میراتى کەلتوورى و تێگەیشتنى میراتى دەستى دەستى پێشترى ناو زانکۆوە، ئەم تێگەیشتنە سنوورى نێوان قوتابی و مامۆستا یەک دەخاتەوە، بەڵگە بۆ پێچەوانەى ئەمە بەشێک لە مامۆستایانى زانکۆ کاتێک دەبنە سەرمەشقى قوتابییەکانیان دوو ویست ئامادەیی هەیە ویستى ئاستبەرزى مامۆستاکە خۆى بەشێکە لە داینەمۆى کاریگەرى و بارهێنانى قوتابییان بەپێچەوانەى ڕەوتى عەوامەکەیە، هەندێجاریش میراتەکەشى گوێزاروەیە، بەشێکى دیکە بەهۆى ویستى بەردەوامى خەونى قوتابییەکە خۆیەتى، بۆیە کاتێک دەبێتەوە بە مامۆستا لەو تێگەیشتنەوە جارێکى دیکە ئەو میراتە درێژە پێدەدات، کە خۆى لەناودا دەبینێتەوە.
ئەوەى زیاتر پەیوەستە بەبەرپرسیارییەتى مامۆستا ئێستا لە زانکۆکانى کوردستان نەخوێندنەوە و خۆئابدەیت نەکردنەوە هەستپێکراوە و ئامانجى بەزکردنەوەى پلەى زانستى زیاتر دنەى دەدات، بەشێکیان ڕەنگە بەهۆى فەزاى بێ بەهابوون و دۆخى نائومێدکردنى خوێندن و ئەرزشەکەى بێت، ئاستى ئەو تێگەیشتنە کەم تازۆر وەک هەر کایەى دیکەى ناوخۆ و جیهانیش ئامادەیە، لە لایەکى دیکەش زانکۆ ئێستا وەک پیشەیەکى وەزیفى ماددى دامڵدراو لە بەهاکانى دیکە سەیر دەکرێت، واتە لەپاڵ مافە داراییەکان ئەرکە ئیتیکى و مەعریفى و زاستىییەکان وەک ئەرزش لاوازە، لە لایەکى دیکەشەوە زانکۆ وەک مامەڵەى پرسێکى نیشتمانى و مرۆیی لەچوارچێوەى دامەزراوەیەکى ئایدیۆلۆژیی شاراوەوە ڕۆڵى نیشتمانى و مرۆیی بەهۆکارى جۆراوجۆر لاوازکردووە. ئەم تێگەیشتە ڕۆڵى ڕاستەقینەى مامۆستا و بوون بە مامۆستاى لاوازکردووە، میاکانیزمەکانى ئەرک و مافەکانى مامۆستا تەراتێن دەکات و زۆر لێکەوتەى جۆراوجۆر دێنێتەوە کایەوە.
بەشێکى بەرچاو لە مامۆستایان سەرگەرمى کارى بازرگانین و یان وەک دەرفەت لە ڕێى بڕوانامەوە خەریکى دەستەبەرکردنى پێگە و پلەوپۆستى ناوە و دەرەوەى زانکۆن، ئەرکە وەزیفییە ڕاستەقینەکە پلەى دووەم وەردەگرێت، هەموو ئەو تێگەیشتنانە دەبنە بەشێک لەو هاوکێشە ڕەخنەییەکە، بۆیە مامۆستاش هاوکاتى تێگیەیشتنى قوتابی ئەرکێکى تێپڕاندنى ناونیشان و ڕاییکردنى دەکەوێتەسەر، تا پێویستى ئەوە نەکات لەگەڵ قوتابییەکە پرس و بابەتێکى تاقی نەکراو بخوێنێتەوە، لەگەڵ ڕەوتى ڕۆژگارەکە ڕێ دەکات و ئاسانترین ڕێگا بۆ تەواوکردنى پرۆسەکە دەگرنەبەر، بۆیە زۆرجار مامۆستایان و قوتابییان لە بەڕێکردنى پرۆسەى نووسنى ماستەر و دکتۆرا لێکوەشاوەن. بەو هۆکارانەوە ئەو شێوازە مەعریفییە وەک پۆپۆلیستى زانکۆیی و مەعریفى خۆى فەرز دەکات، واقیع چى دەخوازێت ئەوە دەبێتە ئامانج. پرۆسەى مەعریفى و زانستى پرۆسەیەکى درێژمەودایە، مامۆستا لەناو ئەو پرۆسەیەدا دەبێت بە بزاوت بێت، ئاگادارى هەموو پەیوەندییە گوزاراوە و ڕاگوازەر و پێشهاتەکان بێت، زۆرجار مامۆستا چەقبەستووە لەناو حەزێکى خۆی یان بوارێکى دیاریکراو بەرتەسکى خۆى، لە کاتێکدا زانستە مرۆییەکان شتێکى دیکەمان لێدەخوازن، ناکرێت پسۆرى بوارێک خۆى لە بوارەکانى دیکە یان بەشە زانستیییەکانى دیکە بەگشتى داببڕێت، لە میتا پسپۆرییەکاندا ئەو توانستانە بەدی دێن، ئەوە دەخوازێت هاوڕەوتى زانستەکانى دیکە پێویستییەکى یەکانگیر وەک پەیوەندى لەگەڵ ئەویدیکەدا درێژە پێبدات، مامۆستا یان قوتابی چوارچێوەى بۆ پسپۆرییەکەى خۆى داناوە یان وای لێ تێگەیستووە، بۆیە ناتوانێت ئەو تیۆرییانەى کە فرەپسپۆریی و نێوانپسپۆرین و لە بوارەکەى خۆیدا سەدمەند بێت و جێبەجێ بکات.
فەزای زانستى و زانکۆیی لە ئاستبەرزى و ئاستنزمیدا بەندە بە درێژکراوەى ئەو کەلتوورە پێشنەییەى جوگرافیاى مەعریفى و کەلتوورى کە لە ناوچەکەدا میراتە و باڵادەستە. ئەو فەلسەفە و پەروەردەکردنەى لەپێش قۆناغى زانکۆدا و سیاسەتى کارگێڕیى دەوڵەت هەیەتى بەشێکە لە ئایدیۆلۆژیا و هەژموونى گوێزراوە، هەمان ئەو سیستەمە بیرکردنەوەیە ڕایکردنە دەبێتە بەشێک لە کایە و گوتارى لە خۆى خوارتر. سیاسەتى بەش و لێژنەى زانستى لە ناو ئەو هەلومەمەرجەدا گەشە دەکات و ئاڕاستەى خۆى وەردەگرێت، بۆیە تواناى گۆڕانکارى نییە. بەشێکیان بەهۆى پێکهاتەى دەستەى لێژنەکە و بەشێکیان ئەو پچڕانەى نێوان تەواوى بەشە زانستییەکان و ناسەربەخۆییان ڕۆڵیان لە ئاڕاستەکردن و نەبوونى هیچ بەدواداچوون و وەلانانى ئەزموونى تاقیکراوى ناپەسەنددا هەیە. ئەو پاردایمەى زمەنێک لە جوگرافیاى پێکهاتەى کۆلێژ و بەشدا هەیە یەک ئاقاری بیرکردنەوە بەرهەم دەهێنێت، هەموو ئەوانە پەیوەندى و هاوتاى ئەو پرسەن. زۆر هۆکارى دیکەش هەن و بەشێکن لە بەرهەمى کاڵوکرچى ناو نامەکانى ماستەر و دکتۆرا و توێژینەوەى زانکۆیی بەگشتى، بەتایبەتى دەنگى جیاواز و بەبرشت یان مەیلى ئەزموونێکى تازەى دەرەوەى ئەو فۆرمە باوە، ناتوانێت بەرهەڵستى واقیعى فۆرمگرتووى کەڵەکەبووى پێشتر بکات. دەنگە نەشاز و فرمگرتووە بێ ئەبدەیتەکان لە بارى ڕێژەیی و دەسەڵاتەوە لەسەرەوەن یان ئەزموونێکى بەرهەمهاتووى درێژکراوەى پێشترە و هەر ئەوەندەى لەبارە، کە هەیە.

هەڵمەت بایز
مامۆستا لە بەشى کوردى/ فاکەڵتیی ئاداب/ زانکۆى سۆران




‏(ڕیمۆند ئارۆن) لە نێوان قێزەوەنی شەڕەکان و مەحاڵبوونی ئاشتی لە نێوان دەوڵەتاندا.. ‏و. لە عەرەبیەوە ( یاسین لەتیف )

د . زهیر الخویلدي

‏پێشەکی
‏”ڕەنگە گەورەترین فەزیلەتی سەدەی ئێمە ئەوە بێت کە ڕووبەڕووی نامرۆڤایەتی ببینەوە بەبێ ئەوەی باوەڕ بە مرۆڤەکان لەدەست بدەین.”
‏ڕیمۆند ئارۆن (١٩٠٥-١٩٨٣) بە یەکێک لە ناڕوونترین بیرمەندانی فەرەنسی لە سەدەی بیستەم دادەنرێت. بە بەشدارییە فیکرییە قووڵەکانی لە کۆمەڵناسی و فەلسەفەی سیاسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان جیا دەکرێتەوە . جێوازی کارەکانی ئارۆن بە هەوڵی تێگەیشتن لە دینامیکی کۆمەڵایەتی و سیاسی کۆمەڵگا پیشەسازییە مۆدێرنەکان دەناسرێتەوە، لەگەڵ جەختکردنەوەی لەسەر ململانێی نێوان سیستەمە سیاسیەکان وەک بزوێنەرێکی بنەڕەتی مێژوو . ئەوەش لە بری ململانی چینایەتی کە فەلسەفەی مارکسیزم تەرکیزی دەخستە سەری . هەروەها ئارۆن لە نووسینەکانیدا باسی لە پرسەکانی هۆشیاری مێژوویی کردووە، هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی ئەو وەهمانەی پێشکەوتنی داوە کە لە سەردەمی ئەودا زاڵ بوون و بە توندی ڕەخنەی لە ئایدۆلۆژییە تۆتالیتارییەکانی وەک نازیزم و ستالینیزم گردووە . ئەو ئایدۆلۆژیانەی بەو شێوەیە دەبینی جیهانیان خستۆتە ناو شەڕە وێرانکەرەکانەوە. هاو کات ئارۆن ئەو پرسیارەی وروژاند لەبارەی ئەگەری گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام لە نێوان وڵاتان ، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە کێبڕکێی سیاسی و ئایدیۆلۆژی ئەم ئامانجە نیمچە مەحاڵە . ئامانجی ئەم نووسینە ئاشکرا کردنی بیرۆکەکانی ئارۆنە سەبارەت بە قۆناغەکانی بیری کۆمەڵایەتی و ڕەهەندەکانی هۆشیاری مێژوویی و هەڵوێستی خۆی بەرامبەر شەڕەکان و مەحاڵبوونی ئاشتی ، لەسەر بنەمای گرنگترین بەرهەمەکانی و تیشک خستنە سەر بەشدارییە فیکرییەکانی .
‏(قۆناغەکانی بیری کۆمەڵایەتی لای ڕیمۆند ئارۆن)‏لانی کەم ناکرێت هیچ عەقیدەیەکی ئەخلاقی و ئایینی لە ناوەڕۆکی بیرۆکەکانیدا قبوڵ بکرێت ، ئەگەر لە بەڕامبەر ڕەخنەی زانستیدا نەوەستێتەوە . ڕیمۆند ئارۆن لە پەرتوکی (قۆناغەکانی بیری کۆمەڵناسی)دا، تیشکی خستە سەر شوێنپێهەڵگرتنی گەشەسەندنی بیری کۆمەڵایەتی لە مۆنتسکیۆوە تا ماکس ڤێبەر، بەناو کارل مارکس و ئەلێکسیس دی تۆکڤیلدا تێپەڕی . ئارۆن پێی وایە کۆمەڵناسی هەوڵدەدات بە شێوەیەکی هەمەلایەنە لە واقیعی کۆمەڵایەتی تێبگات، بەبێ ئەوەی هیچ لایەنێک لە لایەنەکانی ئابووری، سیاسی، یان ئایینی پشتگوێ بخات . لەم چوارچێوەیەدا ئارۆن جەخت لەوە دەکاتەوە کە بزووتنەوەی کۆمەڵگاکان تەنیا لە ململانێی چینایەتیدا قەدیس نابێت وەکو ئەوەی کارل مارکس بانگەشەی بۆ کردووە، بەڵکو ململانێی نێوان سیستەمە سیاسیەکان زیاتر بە دیهێنری هێزی بوزوێنەرو کارێگەرن . ئارۆن لە پەرتوکی هەژدە وانە لە کۆمەڵگەی پیشەسازیدا باسی لە لایەنە ئابوورییەکانی کۆمەڵگە پیشەسازییەکان کردووە. بەڵام لە ململانێی چینایەتیدا تەرکیز دەخاتە سەر لایەنە کۆمەڵایەتیەکان ، له دیمۆکراسی و پاوەنخوازیدا تیشک دەخاتە سەر لایەنی سیاسی . ئەم سێگۆشەیە ڕەنگدانەوەی میتۆدی ئارۆنە بۆ لێکۆڵینەوەی تەواوی کۆمەڵگا بەگشتی . وەک چۆن ناتوانرێت هیچ دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی تێبگەین بەبێ لەبەرچاوگرتنی کارلێکەکانی نێوان ڕەهەندە جیاوازەکان.‏هەروەها ئارۆن لە ژێر کاریگەری ماکس ڤێبەردا بوو، بەتایبەتی لە چەمکی “جۆرە ئایدیاڵەکان”دا، کە بەکاری دەهێنا بۆ شیکردنەوەی مێژوو و کۆمەڵگا لە دەرەوەی لێکدانەوە ڕەقەکانی پۆزەتیڤیستی. ئارۆن لە ڕێبازی خۆیدا بۆ هزری کۆمەڵایەتی، داوای داماڵینی ئایدۆلۆژی لە زانست کردووە ، بەو پێیەی ئایدۆلۆژیاکانی وەکو مارکسیزم تێگەیشتنی دۆخی کۆمەڵایەتیان شێواندووە لە ڕێی سەپاندنی لێکۆڵینەوەی پێشوەختەوە . ئەم هەڵوێستە وای لێکرد کە ڕەخنە لەو ڕۆشنبیرانە بگرێت کە مارکسیزمیان وەک “تلیاک” وەرگرتووە ، کە نابینایانی کردووە لە بینینی ڕاستییەکان، وەک لە پەرتوکە بەناوبانگەکەیدا لەساڵی ١٩٥٥ بڵاوی کردەوە بە ناوی “تلیاکی ڕۆشنبیران” .

ڕەهەندەکانی هۆشیاریی مێژوویی
‏” مرۆڤ مێژوو دروست دەکات، بەڵام ئەو مێژووە نازانێت کە دروستی دەکات”.
‏ئارۆن لە ڕوانگەی ڕەخنەییەوە هۆشیاری مێژوویی وەردەگرێت ، بیرۆکەی پێشکەوتنی هێڵی ڕەتکردەوە کە لە ماوەی سەدەی هەژدە و نۆزدە زاڵ بوو بە سەر بیری ئەوروپادا . ئارۆن لە کتێبەکەیدا، ڕزگاربوون لە وەهمی پێشکەوتن، باس لەوە دەکات کە باوەڕبوون بە پێشکەوتنی بەردەوام و ئۆتۆماتیکی وەهمی مرۆڤە ، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی کارەساتەکانی سەدەی بیستەم، وەک نازیزم و ستالینیزم. ئارۆن جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم ڕژێمە تۆتالیتاریانە نیشانیان داوە کە سەرکردەیەکی دیماگۆژیک دەتوانێت بە درۆ و دروشمی شۆڤێنی ملیۆنان کەس کۆبکاتەوە و شەڕی وێرانکەری بەرپا بکات . لە چوارچێوەی هۆشیاری مێژووییدا ئارۆن پێیوایە مێژوو بە تەنها گۆڕانکاری نییە ، بەڵکو بریتیە لە “هێشتنەوەی” ڕابردوو و کەڵەکەبوونی مەعریفە و ئەزموونەکان . ئارۆن لە دەقەکەیدا لەسەر چەمکی مێژوو و پێشکەوتن ئاماژە بەوە دەکات کە پێشکەوتن کاتێک بەدی دێت کە نەوەیەک وەڵامی کارەکانی نەوەی پێشوو بداتەوە، لە گەڵ زیاد کردنی ڕەگەزە نوێیەکان ، ڕێگە بە کەڵەکەبوونی ئەرێنی زانست و دەستکەوتەکان دەدات . لەگەڵ ئەوەشدا ئارۆن هۆشداری دەدات لەوەی باوەڕی بەوە هەبێت کە پێشکەوتنی زانستی یان تەکنەلۆژی بە مانای پێویستی پێشکەوتنی ئەخلاقی یان سیاسی دێت ، وەک چۆن مرۆڤایەتی تاکو ئێستا بەهۆی ململانێی ئایدیۆلۆژی و سیاسییەوە بەرەوڕووی پاشەکشەو شکست دەبێتەوە .

پیسی و قێزەوەنی شەڕەکان و مەحاڵبوونی ئاشتی
‏”هەڵبژاردن لە سیاسەتدا لە نێوان چاکە و خراپەدا نییە، بەڵکو لە نێوان باشتر و خراپتردایە” ‏ئارۆن ڕەخنەگرێکی توندی شەڕ و ڕژێمە تۆتالیتارییەکان بوو کە بوونە هۆی لەناوچوونی جیهان لە سەدەی بیستەمدا. لە کتێبەکەیدا بیرکردنەوە لە جەنگ ئارۆن شیکاری بۆ سروشتی تێکدەرانەی شەڕەکان دەکات و تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە چۆن ئایدۆلۆژیا توندڕەوەکانی وەکو نازیزم و ستالینیزم، ‏ڕیمۆن ‏دروشمی توندوتیژ دەقۆزنەوە بۆ پاساوهێنانەوە بۆ ململانێکان. هەروەها ئارۆن ئەو بیرۆکەیەی کە دەڵێت شەڕەکان دەتوانن ببێتە هۆی چارەسەری یەکلاکەرەوە بۆ ململانێکان، موناقەشەی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە زۆرجار توندوتیژی و ڕق و کینەیەکی زیاتر دروست دەکەن نەک ئاشتی . سەبارەت بە ئاشتی ئارۆن بە لەبەرچاوگرتنی کێبڕکێی بەردەوامی نێوان سیستەمی سیاسی و ئایدۆلۆژیاکان، گومانی هەبوو لە ئەگەری بەدەستهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام لە نێوان گەلاندا.‏لە کتێبەکەیدا باس لەوە دەکات ڕزگاربوون لە وەهمەکانی پێشکەوتن لە ململانێی ئایدیۆلۆژییەکان، وەک ئەوەی لە نێوان سەرمایەداری و سۆسیالیزمدا هەیە ئەستەمە ئامانجی ئاشتی بە دەست بهێنرێت . بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا ئارۆن داوای بەهێزکردنی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد وەک میکانیزمێک بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان سەرەڕای سنووردارکردنی کاریگەرییەکانیان. هەڵوێستی ئارۆن سەبارەت بە سەربەخۆیی جەزائیر، کە پشتگیری لە ئاشتیخوازی دەکرد و ڕەخنەی لە کۆلۆنیالیزمی فەرەنسی گرت،ڕەنگدانەوەی ئەو باوەڕەیە کە توندوتیژی کۆلۆنیالیزم ناتوانێت ببێتە هۆی چارەسەری بەردەوام.ئێمە هەست دەکەین هەموو شتێک کە لە دەرەوەی خۆمانچ وەک کۆیلەیە، مەحکومین بە بەدەستهێنانی تەنها بەشێک لەوەی کە دەتوانین بین، مەحکومین کە تەواوی بوونی خۆمان لە پیشەیەکی سنوورداردا بژین و هیچ هیوایەکی گەورەییمان نییە جگە لە قبوڵکردنی ئەم سنووردارکردنە.‏دەسەڵات لە سیستەمی نێوان دەوڵەتەکاندا ئەوەندەی بەندە بە ئیرادە، ئەوەندەش بەندە بە سەرچاوەکانەوە؛ ئەگەر سەیری ئەوروپای ڕۆژئاوا بکەین وەک یەک یەکە ، سەرچاوەی هەیە نەک ئیرادە.
‏ئەنجام
‏”یەکسانی عەقیدەیی بێهودە بەدوای سنووردارکردنی سروشت و بایۆلۆژی و کۆمەڵایەتیدا دەگەڕێت ، نەک یەکسانی بەڵکو ستەمکاری دەستەبەر دەکات .”
‏ڕیمۆند ئارۆن نوێنەرایەتی مۆدێلی بیرمەندێکی پابەند دەکات کە شیکاری زانستی لەگەڵ ڕەخنەی فەلسەفی تێکەڵ دەکات. لە ڕێگەی بەرهەمەکانییەوە لەسەر قۆناغەکانی بیری کۆمەڵایەتی ، ئارۆن دیدێکی گشتگیری پێشکەش کرد بۆ تێگەیشتن لە کۆمەڵگا پیشەسازییەکان، کە تیایدا سەرنجی لەسەر ململانێ سیاسییەکان بوو وەک بزوێنەری سەرەکی مێژوو.هەروەها بەشداری کردووە لە هەڵوەشاندنەوەی وەهمەکانی پێشکەوتن لە ڕێگەی شیکارییەکانی بۆ هۆشیاری مێژوویی، هۆشداریدا لە مەترسییە ئایدیۆلۆژییەکان کە هەڕەشە لە مرۆڤایەتی دەکەن. سەبارەت بە شەڕەکان ئارۆن “قێزەوەنی” ئەوانی ئاشکرا کرد، جەختی لەوە کردەوە کە کێبڕکێی ئایدیۆلۆژی و سیاسی نێوان دەوڵەتان ئامانجی بە دیهێنانی ئاشتی قورس دەکات. بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا بانگەوازەکەی بۆ بەهێزکردنی دیالۆگ و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان هیوای پێ دەبەخشێت بۆ کەمکردنەوەی ململانێکان ، تەنانەت ئەگەر ئاشتییەکی ڕەهاش نەتوانرێت بهێنرێتە دی . میراتی ئارۆن لە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی بیرۆکەی هەڵەدایە، وەک کلۆد لیڤی شتراوس ناوی لێنابوو “پاک و خاوێنی کولتووری”‏توانی لە نەیارە فکریەکانی تێبگات پێش ئەوەی وڵامیان بداتەوە ، هەر ئەوەش وایکرد دەنگێکی عەقڵانی بێت لە سەردەمێکدا کە ئایدۆلۆژی توندڕەوی زاڵ بوو . بەڵام بۆ چی ڕیمۆن ئارۆن وێنەیەکی شاراوە بوو لە مەشهەدی سۆسۆلۆژی سەرباری ئەو بەشداریە ڕەخنە کارێگەرو گەورانەی کە پێشکەشی کردن ؟

سەرچاوە:
د . زهیر الخویلدي — انفاس نت – ٤ – اكتوبر ۲۰۲٥




حەمە سەعید زەنگنەی چیرۆكنووس و جیهانی فەنتازیا.. ستار ئەحمەد

نوقلە چیرۆك
” سێڵفی”
ئەو شەوە بە هەلی زانیی، كەسیان لە ماڵ نەبوون! مێزی ڕازانەوە.. كەوتە خواردنەوە. ناگەهان لە یەكێ لەقووتییە بیرەكانەوە.. جنۆكەیەك دەرچوو و، دە هەمبەری ڕۆنیشت! تەزوویەك بە لەشیدا گەڕا.
كوتی:
“تۆ كێی؟”
جنۆكەكە وەڵامی دایەوە:
“ئارام بەو مەشەمزێ و خۆت تێكمەدە.. منیش ئافەریدەی خوام و. نێوم مەحموودە! هاتووم دا یارمەتیت بدەم و، لەم ژیانە چەرمەرسەریی و كولەمەرگییەت ڕزگار كەم.”
لەچاو ترووكانێكدا لە ئاسمانەوە! مێدەك و سفرەیەكی لۆ هاتە خوارەوە، دەگەڵ یەك كەوتنە خواردنەوە. ڤێجا جگەرەیەكی چروودی پێ كردو كوتی:
“نورەدین چیت گەرەكە دا بۆتی وەكەم؟”

خاوەن ماڵ سەری سوڕما! چۆن نێوی دەزانێ! قیچێ تر هێور بووەوەو، كوتی:
“وەكو چی؟”
مەحموود كوتی:
“پـــــــــــارە، ژنی جــــوان، دەسەڵات.”
نورەدین بیری دەكردەوە كامیان هەڵبژێری!
مەحموود كوتی:
“من دەكارم یەك شتت لۆ بكەم. بۆیە دوو بژارەت دەخەمە بەردەست!
دراو یان دەسەڵات؟”
نورەدین لە دڵی خۆیدا كوتی:
“من گەر پارەم بێت دەسەڵات بۆ خۆی دێت بابڵێم پارە” كوتی:
“پـــــــارە! بەڵام چۆن دەمدەیتێ؟”
مەحموود كوتی:
“ئەمن بۆخۆم بەڕێوەبەری بانكی ڤەژەنم! بانكی ڤەژەن شارەزای؟!”
نورەدین سەرێكی بۆ لەقان.
“سبەی ڕۆژ بووەوە، گونییە بێنەو وەرە.. تا لە دۆلاری سەرڕێژكەم، ئۆتۆمبێلت هەن!”

نورەدین كاوێكی دی سەرێكی لەقاند.
مەحموود چاوی لە دووڕ چاوی نابوون! نورەدین حەپەسا بوو!
مەحموود كوتی:
“بیر لە چی دەكەیتەوە بۆ قسان ناكەیت؟ ئەوەتا منیش مرۆیەكم وەكی تۆ”
نورەدین بڕیك زێتر ئارامیی دایپۆشی! كوتی:
“ئاخر كە هاتم بڵێم چی؟”
مەحموود كوتی:
“بێژە بۆ لای بەڕێوەبەر دەچم! منیش پاسەوانەكانم ڕادەسپێرم پارەكەت لۆ لە گونییەكە كەن و، هەنگینێ لەنێو ئۆتۆمبیلەكەتی نێن.”
نورەدین كوتی:
“زۆر سوپاس! لە پیاوەتیت دەرناچم.”
مەحموود كوتی:
“زۆر ئاسایی وەریگرە!من ئێستێ بزردەبم! بیرت نەچێت، سبەی دوای دەمژمَیری نۆ چاوەڕوانتم؟”
نورەدین كوتی:
“بۆ ئەوەی بەیانی بە جوانیی بتناسمەوە، ئاساییە سێڵفییەك پێكڤە بگرین”
مەحموود كوتی:
“بە خۆشحاڵییەوە.”
هاتە تەنیشتی و دەستی دەسەر شانی دانا. سێڵفییەكەیان گرت و، مەحموود ون بوو.
ئەو شەوە هەر بیری لەوە دەكردەوە، كە گونییە دۆلارەكەی هێنایەوە، لە ماڵێ چۆنی تاقەتكا!
سپێدە لە خەو ڕابوو! ئاوێكی بە خۆیدا كردو، لە خۆشیاندا، قاوەڵتی نەكرد. سواری ئۆتۆمبێلەكەی بوو، بەرەو بانكی ڤەژەن تێی تەقان. هێشتان هەر بەڕێوە بوو خەیاڵ بردی…….
كە گەیشتە بەردەم بانكی ڤەژەن. نەیانهێشت مۆبایلەكەی بەرێتە ژوورەوە. كوتی:
“با تماشایەكی سێڵفییەكە بكەم!” تا بەجوانیی كاك مەحموود بناسمەوە!”
كە سەیری وێنەكەی كرد، سێڵفییەكەی لەگەڵ پشیلەكەی ماڵ خۆیان گرتووە.
پشیلەكە دەستی لە سەر شانیەتی.
………………………………….
لێکدانەوەی چیرۆکی “سێڵفی”

  1. بابەتی سەرەکی و پەیام
    چیرۆکەکە بە شێوەیەکی گاڵتەجاڕانە و خەیاڵاوی باس لە ئارەزووی مرۆڤ بۆ دەوڵەمەندییەکی خێرا و بێ ماندووبوون دەکات، و هەروەها باس لە ئاسان باوەڕی و گرنگیی جیاکردنەوەی خەیاڵ لە ڕاستی دەکات. پەیامی سەرەکی ئەوەیە کە دەبێت هۆشیار بین لە ئارەزووەکانمان و ئەو “دەرفەتانەی” لەناکاو دێنە پێشمان، چونکە زۆرجار ئەوەی بە چارەسەرێکی جادوویی وەسف دەکرێت، تەنیا وەهمێکە.
  2. کارەکتەرەکان
    نورەدین (پاڵەوانی چیرۆک): کەسێکی ئاساییە و بە “ژیانی چەرمەرسەریی و کولەمەرگیی” ناوزەد کراوە، کە بەدوای دەربازبوون و دەوڵەمەندیدا دەگەڕێت. خواردنەوەی بیرە لە ماڵەوە بە تەنیا ئاماژەیە بۆ ناڕەحەتی و هەوڵدان بۆ بیرچوونەوە لە ڕێگەی سەرخۆشییەوە. نائارامییەکەی بەهۆی پرسیاری پارە یان دەسەڵاتەوە دەردەکەوێت، و ئاسان باوەڕی و شڵەژاوییەکەی لە کۆتاییدا ئاشکرا دەبێت.
    مەحموود (جنۆکە/پشیلە): نوێنەرایەتی هێزێکی ناڕاستەقینە دەکات کە وادەزانێت دەتوانێت ژیانی نورەدین بگۆڕێت. ناونانی خۆی بە “ئافەریدەی خوا” و “بەڕێوەبەری بانکی ڤەژەن” دژایەتییەکی گاڵتەجاڕانەیە. لە ڕاستیدا، ئەو تەنیا وەهم و فێڵبازی نیشان دەدات. لە کۆتاییدا دەردەکەوێت کە ئەو جنۆکە ترسناک و پڕدەسەڵاتە تەنیا پشیلەی ماڵەوە بووە.
  3. ڕووداوەکان و گرێچن
    سەرەتا (هەلی گونجاو): چیرۆکەکە بە دۆخی نالەباری نورەدین و دەستپێکردنی بە خواردنەوە دەستپێدەکات، کە زەمینە بۆ ڕووداوە ناخەیاڵییەکە دەڕەخسێنێت.
    گرێ کوێرە (چاوپێکەوتن): دەرچوونی جنۆکەکە لە قووتییەی بیرە و پێدانی بەڵێنی یارمەتی، گرێ کوێرەی چیرۆکەکەیە. لێرەدا دانوستانەکە لەسەر پارە یان دەسەڵات ڕوودەدات، کە ئارەزووی نورەدین بۆ پارە دەردەخات.
    خولگەی چیرۆک (سێڵفی): داواکردنی سێڵفییەکە لەلایەن نورەدینەوە خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگە. نورەدین وا دەزانێت ئەمە بەڵگەیەکە بۆ ڕاستی قسەکانی مەحموود و یارمەتیدەریەتی بۆ ناسینەوەی.
    کۆتایی (ئاشکرابوون): کاتێک نورەدین دەگاتە بانکەکە، سەیری وێنە سێڵفییەکە دەکات و دەردەکەوێت کە لەگەڵ پشیلەکەی ماڵەوەی خۆیان وێنەی گرتووە. ئەمە گرێ کوێرەکە دەکاتەوە و سەرجەم ڕووداوەکانی پێشوو دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
  4. تەکنیکی “سێڵفی” و ڕۆڵی
    ناونیشانی “سێڵفی” ڕۆڵێکی محوەر (تەوەرەیی) دەبینێت. سێڵفی شتێکی مۆدێرنە و ئامرازێکی نوێیە بۆ “بەڵگە” و “ناساندنەوە”. بەڵام لێرەدا، ئەم بەڵگە مۆدێرنە دەبێتە هۆی دۆزینەوەی هەڵەیەکی کارەکتەرەکە. سێڵفییەکە، لە جیاتی ئەوەی جنۆکەیەکی ڕاستەقینە و بەڕێوەبەرێکی بانکی بە مرۆڤ (نورەدین) بناسێنێت، تەنیا ڕوونی دەکاتەوە کە هەموو ئەو شەوە تەنیا خەیاڵ بووە، یان لەژێر کاریگەریی سەرخۆشییەکەدا بووە، و مەحموودی جنۆکە هیچ نییە جگە لە پشیلەیەکی ئاسایی.
  5. شێوازی گێڕانەوە
    چیرۆکەکە بە شێوەی گێڕانەوەی ڕاستەوخۆ و بە زمانی کوردییەکی پاراو و ڕەسەن نووسراوە. بەکارهێنانی وشەی وەک: “ڤەژەن”، “كاوێكی دی”، “هەنگینێ”، و “تێی تەقان” ڕەنگێکی فۆلکلۆری و ناوخۆیی بە چیرۆکەکە بەخشیوە، بەڵام تێکەڵکردنی لەگەڵ چەمکی مۆدێرنی “سێڵفی” دژایەتییەکی خۆشی دروست کردووە.
  6. دەرئەنجام
    چیرۆکی “سێڵفی” بە شێوازێکی زیرەکانە دەستکاریکردنی مێشکی نورەدین دەخاتە ڕوو، کە لە ئەنجامی بیرەخواردنەوەدا تێکەڵاوی خەیاڵ بووە و چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ “جنۆکەکە” ڕاستی نەبووە. سێڵفییەکە بووە بە ئاوێنەیەک کە ڕاستیی نێوان وەهم و واقیع نیشانی دەدات. لێرەدا، پشیلە/جنۆکەکە تەنیا ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە زۆرجار چارەسەری ئاسان و دەوڵەمەندیی خێرا تەنیا شتیكی پڕوپوچ و بێ بنەمایە، و لە کۆتاییدا دەگەڕێینەوە سەر ڕاستییە سادەکەی خۆمان.

a




ریالـیزمی لە وێـژەی منـداڵانـدا.. رەزا شـوان

وێـژەی منـداڵان، بە پـلەی یەکەم پـشـت بە خەیـاڵ دەبەستـێـت. خەیـاڵ وەک توخـمێکی سەرەکی وێـژە، زیـاتر سـەرنجی منـداڵان رادەکـێـشـێـت و کـاریگەریـیـەکی زیـاتـریـشی لەسەریـان هـەیە. بۆیـە ئاراستەی ریالـیزمی لە وێـژەی منداڵان، لە بەهـا و لە گـرنگی خەیـاڵ کـەم ناکـاتەوە، چونـکە خەیـاڵ مـەرجی داهـێـنانە. پێویـسـتە نووسـەری بابـەتی ریالـیزمی بۆ منـداڵان، هـاوسەنگـیـیەک لەنـێوان ریالـیزم و خەیاڵـدا بەدەستـبهـێـنێـت و بە باشـتریـن شـێوە سـوودیـان لـێـوەربگـرێـت.

وێـژەی ریالیزمی رەوتـێکی وێـژەییە. گوزارشت لە راستییەکان دەکات، وێنای ئەزموون و رووداوەکانی ژیـانی رۆژانـەی مـرۆڤـەکان دەکـات. وەک ئەوەی کە لە ژیـانی راستیـدا هـەن. وێـژەی ریالیزمی بەشێکە لە بـزووتنەوەی هـونەری ریالیزمی، کە لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەم لە فەرەنسادا سەری هەڵـدا، دوایـش لە هەموو جیهـاندا بڵاوبـووەوە.

هـۆکـاری سـەرهـەڵـدانی ریـالـیزمی، وەک کـاردانەوەیـەک بەرانـبەر بە رۆمـانـسـیـزم و ئایـدیالـیزم، کە لە سەدەی هـەژدەمـدا دەسـتیان پـێکـرد. بـۆ نمـوونە لە رۆمانـسیـزمـدا، ئەفـسانە و چـیرۆکە ئەفـسانەییـەکان گـرنگ بـوون، لە کاتـێکـدا کە وێـژەی ریالـیزمیدا، جیهـانی راستەقـینە لەپێش هـەموو شـتێکەوەیە، هەوڵـدەدات کە کۆمەڵگا و مـرۆڤەکان وەک خۆیـان، بـە شـێوەیـەکی باوەڕپـێکـراو نـیـشان بـدات. ریـالـیزم شـێوازێـکی نـوێی نــووسـینە. نەوەیـەکی نـوێی نـووسـەرانی ناسانـد، کە کاریـگەریـیان لە وێـژەدا هـەیە. ریالـیزم بـریتییە لە هـەوڵی گـشتی بۆ وێناکـردنی بابەتـەکان، بە شـێوەیەکی راسـتی لە فـۆرمی هـونەریی جیاوازدا. ریـالـیزمی مـۆدێـرن، لـەو خـاڵەوە دەسـت پـێـدەکـات، کـە مـرۆڤ لە رێـگەی هەسـتەکـانـییەوە، راسـتی دەدۆزێـتـەوە.

رەنـگە سەرهـەڵـدانی ریـالـیزم لە وێـژەی منـداڵانـدا، بە پـلەی یەکـەم، وەرچـەرخـان و شـۆڕشێک بـووبێـت، لە دژی لافـاوی چـیرۆکە ئەفـسانەیـیەکان و چـیرۆکەکانی پاشا و شـازادە و جـنۆکە و شـەوە و ئـەژدیهـای حەوت سەر و ئەسپی باڵـدار و جادووگەران.
ریالـیزم بانگەوازێـک بـوو، بۆ گـۆڕینی ئـەم چـیرۆکانە، بە چـیرۆکی خەڵکی ئاسایی و چـیـنە باوەکـانی کۆمـەڵـگا. کە باس لە بابـەتـەکانی وەرگـیراو لە ژیـانی راسـتەقـیـنەی رۆژانـەی منـداڵان و مـێردمنـداڵان و گەورەسـاڵان و لە رووداوەکـانی ئـێـستا دەکـەن.
ریالـیزم لە بیرۆکەیەک یان لە رووداوێکەوە سەرچاوە دەگرێـت، کە نووسەری داهـێنەر ئەزمـوونی کـردووە یان بە چاوی بینیوێتی. هـەوڵـدەدات بە فـۆرمێکی گـێڕانەوەی نوێ پێشکەشی بکات. هەندێک توخمی خەیاڵی تێدایە، بەڵام لە بنەڕەتـدا لەسەر رووداوێکی راسـتەقـینەوە دامـەزراوە.

ئەوەی کە کە زیاتر رەوتی ریالیزمی لە وێـژەی منـداڵان بەهـێزکرد. بـوونی رەخـنە بـوو لە چیرۆک ئەفسانەییەکان و لە ئەفـسانە فـۆلکلۆرییەکان، کە لەسەر بنەمای ئەو باوەڕە بوو، کە بەشێکی زۆری ئەم ژانرە وێـژەییانە، بە ناوەڕۆک و بەها و رووداوەکانیانەوە، رەنـگە کاریگەریی نەرێـنیـیان لەســەر دەروون و کەسـایەتی منـداڵان هـەبـێـت.

لە سەرەتای وێـژەی منـداڵانـدا، چـیرۆکی فـۆلکلۆری و مـیللی و ئەفـسانە و داستانەکان کە پـڕن، لە کاری لە توانابەدەری و سەرکـێشی و جادوویی و نامـۆیی، زاڵـبوون بەسەر وێـژەی منداڵاندا. دوایش حیکایەت و چيرۆکی جەڤەنگی بە زمانی ئاژەڵان و باڵندەکان و رووەکەکان و شتە بێگـیانەکان، کە وەکو چـیرۆکی هـێمایی و ئەنـدێشەیی و خۆشنوودی دەرکەوتـن. وردە وردەش چیرۆکی ریالـیزمی کە بە ئـینگـلیزی (ریالیستس فـیکشون)ە، بۆ منـداڵان دەرکـەوت و بـڵاوبـۆوە. کە بـابـەت و رووداو و کارەکـتەرەکـانی لە راسـتی و لە ژیـانی بـاوی رۆژانـەیـانـدا وەردەگـیرێـن و منـداڵان زیـاتر بـاوەڕیـان پـێـدەکەن.

چـیرۆکی ریالـیزمی منـداڵان (چـیرۆکی رووداوی راستی) ئەو چـیرۆکانەن، کە روودا و بەسەرهـاتەکانی منـداڵان، دەبـن بە ئیـلهـام بۆ چـیروکنووسانی منـداڵان. دەبنە هەوێنی بابەتـەکـانی چـیرۆکەکانیان. بیـرۆکـەکـانی چـیرۆکەکـانیان لـە ژیـان و ژیـنگەی راسـتی منـداڵانەوە وەردەگرن. ئەو بابەتانە لەخـۆدەگرن، کە پەیـوەنـدییان بە ژیانی منـداڵانەوە هـەیە، منـداڵان لە ژیانی رۆژانەیاندا لەگەڵـیانـدا دەژین. چـیرۆکنووسان تەنیا هەنـدێک رووداوی سادەیـان بـۆ زیـاد دەکـەن، لـە فـۆرمێکی وێـژەیی هـونەریـدا دایان دەڕێـژن.

ریـالـیزمی لـێرەدا، ریالـیزمیـیەکی فـۆتـۆگـرافـیـیە. نـەک تەنیا ریـالـیزمی رووداوەکـان. کـە تـێیـدا نووسەر رواڵـەتێک لە رواڵـەتەکـان لە سنووری تـوانا ئاساییەکـانی منـداڵان وێنەدەکات. یا لە ژینگەی منـداڵانەوە رووداوەکان سەرچـاوە دەگرن. دەشێـش هەنـدێ لە چیرۆکە ریالیزمییەکان بۆ منداڵان، زادەی ئەندێشە و بیرۆکەکانی چیرۆکنووسان بن و بە خـەیـاڵ چـیرۆکـە ریالـیزمییەکانیان بۆ منداڵان داڕشتووبـن، بە شـێوەیەکی ئەوتـۆ کە منداڵانی خوێنەر وا هـەست دەکەن کە رووداوەکان و پاڵەوانەکان و کارەکتەرەکانی چـیرۆکـەکان راستـین. ئەمـەش دەکـەوێـتـە سـەر تـوانـا و لـێهـاتـوویی و ئەزمـوون و داهـێنانی چـیرۆکـنووسان. کەواتە ئەوە ناگەیـەنێـت کە ئەنـدێشە و خەیـاڵ لە چـیرۆکە ریالـیزمییەکانـدا شوێنیان نەبێت. بەڵکو خەیـاڵ هـەوێنی هەمـوو بابـەتە وێـژەییەکانە.
بزووتنەوەی ریالیزم لە وێـژەی منداڵاندا، لە ماوەی شەستەکان و حەفـتاکانی سەدەی رابردوودا، گۆڕانکاریخواز بوو، بۆ رووبەڕووبـوونەوە نەریتە باوەکان. نووسەرانی ریـالـیزمی بابـەتـەکـانی منـداڵان، زەمـینەیـان بـۆ سـەردەمـێکی نـوێی وێـژەی منـداڵان خـۆش کـرد. کە رەنگـدانەوەی ئـاڵـۆزیـیـەکانی جیهـان بـوون.
جگە لـەوەش ناوەڕۆکی پەرتـووکی منـداڵان، سەبـارەت بە رەگـەز و فـرە چەشـنەیی و کـۆمـەڵایەتی، گـۆڕانکاری بەسـەردا هـاتـووە.
ریالـیزم بـووەتە جێگەی خواسـت و پێـویـست بۆ منـداڵان. بۆ ئەوەی بـزانن سەرکەوتن لە ژیـانـدا، پێـویـستی بە کـۆشـش و بە کـۆڵـنەدان و بە مانـدووبـوون هـەیە. لە رێـگای پـەری و فـریشـتە و جـنۆکە و دێـو و جادووگەر و سـیمرخ و هـاوشـێوەکانی، ئەم شـتە ئەفـسانەییـانەدا، نایـەتـەدی.
لەو فـاکـتەرانەی کە رەوتی ریالـیزمی لە وێـژەی منـداڵاندا، بەهـێز و شـیرین کـردووە، بـریـتـیـیە لـە فـراوانبـوونی پـراکـتـیکی دیـمـوکـراسی لـە ژیـانی کـۆمـەڵـگا و گـەلانـدا. گەیـشـتن بە یەکـسانی و بەشـداریی زیـاتر، بـۆ هەمـوو چـین و تـوێـژەکانی کـۆمەڵـگا.
بابـەتە ریالـیزمییەکانی وێـژەی منـداڵان، تەنیا لە بابەتـگەلـێک نیـن، کە پەیـوەنـدیـیان بە ژیـانی راسـتەقـینەی مـرۆڤ و کـارەکـتەرە مـرۆڤـیـیەکـانەوە سـنوورداربـن. بەڵکـو هـەنـدێک جار وا روودەدات، کە نووسـەری وێـژەی ریالـیزمی منـداڵان، پەنا بۆ فـێـڵە وێـژەیـیەکان و بـۆ شـێوازە هـونەرییـە رێککەوتـووەکان بەرێـت. وەک بەکـارهـێنانی: ئـاژەڵ، بـاڵـندە، دار و درەخـت، یا شتی بێ گیان، وەک هـێمایەک بۆ دەربـڕینی مرۆڤ، وەک پرسەکانی ژیانی راستەقـینەیان. خەیاڵ لە بەرهـەمە وێـژەییەکاندا، بۆ دەربڕینی بەها جـوراوجـۆرە مـرۆیی و کـۆمـەڵایـەتییەکان بەکـاردەهـێنرێـت.
چـیرۆکی ریالـیزمی، بـۆ هـەمـوو گـروپە تەمەنییەکانی منـداڵان گونجاوە. بە مەرجێک تـوانـا و ئارەزووەکانیـان لـەم قـۆنـاغـەدا لەبـەرچـاوبگـرن.
پـێـشـتر لە (تەمـوزی/ ٢٠٢٣) دا، بابـەتـێکـم بە نـاونـیـشانی (چـیرۆکی ریـالـیزمی لە وێـژەی منـداڵان) دا، لە سایتـەکـانـدا بڵاوکـردەوە.

نەرویـج: ٢٠٢٥




مێرات لە نێوان باشی و خراپیدا!.. نووسینی: رەهێن یاسین حەمەدئەمین

مێرات واتا گواستنەوەی سامان، پارە، ماڵ، زەوی و مافە دارایییەكانی كەسی مردوو بە یاسا بۆ ئەو كەسانی كە مافی وەرگرتنی میراتیان هەیە، ئەم گواستنەوەیە لە سەر بنەمای یاساكانی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی جێبەجێ دەكرێت و مەبەستی سەرەكی تێدا پاراستنی داد و یەكسانی و مافی ئەندامانی خێزانە.
مێرات یەكێكە لەو سیستەمە دادپەروەرانەیە كە دەبێت تیدا داهاتووی خێزان و ژیانی ئەندامانی و داهاتووی كەس و كاری مردوو پارێزراو بێت. بەڵام زۆر جار لەو وڵاتانەی كە تێیدا سیستەمی یاسایی بە شێوەیەكی تەواو جێبەجێ ناكرێت، نموونەی وڵاتانی جیهانی سێیەم كە كوردستانیش بە یەكێك لەو وڵاتانە پۆلینكراوە، بابەتی میرات و دابەشكردنی میراتە لەبری ئەوەی ببێتە باشە و هاوكاری بۆ كەسوكاری مردوو، بەپێچەوانەوە دەبێتە هۆی شەڕ و ناكۆكی لە نێوان ئەندامانی خێزانەكەدا.

هەروەها لە كاتی دابەشكردنی مێراتدا فروفێڵ و گزی تێ دەكەوێت. ئەوەی دەبێت بە دادوەری و یەكسانی جێبەجێ بكرێت، دەگۆڕێت بۆ ستەم و نادادپەروەری، هەموو ئەمانەش بەهۆی نەبوونی سیستەم و چاودێری یاساییەوە روودەدەن، كێشەی میرات دەبێتە هوی تێكچوونی پەیوەندی نێوان خوشك و برا و مام و خاڵ و تەواوی ئەندامانی خێزان، بە هووی میراتەوە ململانی و فروفێل و خەڵەتاندن و تەنانەت جاری واش هەیە لەوە زیاتر دەڕوات و دەگات بە تاوان، خوێنرێشتن .
بە گشتی لە كاتی دابەشكردنی میراتدا دوو توێژ بە زۆری ستەمیان بە ئاسانی لێدەكرێت ئەو دوو توێژەش ژنان و منداڵانن، بە تایبەت ئەو منداڵانەی كە بێ‌دایك و باوكن.
بە پێی یاساكان، منداڵ تا نەگات بە تەمەنی ١٨ ساڵ بە شێوەیەكی فەرمی خاوەندارێتی مێرات ناكات، ئەمە وا دەكات پشكی منداڵ لە میرات بكەوێتە لای كەسانی گەورە نموونەی باپیر، داپیر، مام و خال و پوور.
كاتێك بەشە میراتی منداڵ دەكەوێتە بەر دەستی كەسانی گەورە لەبری ئەوەی پارێزگاری لێ بكەن و بۆی هەڵگرن تا كاتی گەورەبوونی منداڵەكە، كەچی بەهۆی چاوتێبڕین و بێ‌چاودێری یاساییەوە، سامانی بەشە میراتی منداڵ دەخۆن یان دەفرۆشن بۆ خۆیان. لە كوردستانی عێراق سەدان نموونەی راستەقینە هەیە كە چۆن مام یان خاڵ یان باپیرەكان ستەم لە منداڵانی بێ دایك و باوك دەكەن و هەموو رێگایەك دەگرنەبەر بۆ ئەوەی بەشە میراتی منداڵەكان دەست بەسەردا بگرن و بۆ خۆیان بیخۆن، زۆر جار مام و خاڵەكان بەبیانووی ئەوەی چاودیری ئەو منداڵانە دەكەن بە مافی خۆیانی دەزانن كە بەشە میرانی منداڵەكان بۆ خۆیان ببەن، هەندێك جار لە رێگای فێڵ و خەڵەتاندنەوە دەست بەسەر بەشە میراتی منداڵاندا دەگرن، یان تەنانەت ئەگەر خەڵەتاندن بێ سوود بێت پەنادەبرێتە بەر هەڕەشە لە منداڵەكان و ناچاریان دەكەن كە دەست لەبەشە میراتی خۆیان هەڵگرن ئەگەر نە رووبەڕووی لێدان و دەركردن لە ماڵ و تەنانەت هەڕەشەی كوشتنیش دەبنەوە، لە دادگاكانی كوردستاندا سەدان دۆسیەی لەم جۆرە كارانە هەیە، بە سەردانكردنێكی پۆلیسی نەوجەوانانی كوردستان سەدان دۆسیەی هەڕشە و راوودوونانی منداڵانی بێ دایك و باووك دەبینیت.
بەراستی ئەم جۆرە لە ستەمەی كە لە منداڵان دەكرێت لە لایەن كەسە نزیكەكانیەوە بە هووی چاوتێبڕین لە بەشە میراتەكانیان نەك تەنها ستەمێكی دارایییە، بەڵكو ستەمێكی دەروونی و ئەخلاقییە، چونكە زۆر جار منداڵەكان بەتایبەتی منداڵی گەورە هەست دەكات ستەمی لێ دەكرێت بەڵام لەبەر بێ دەسەڵاتی هیچی پێناكرێت. تووشی دەیان گرفتی دەروونی دەبێت، بەهۆی نەبوونی سزای گونجاو و نەگەیشتن بە چاودێری فەرمی، ئەم جۆرە ستەمە بە ئاسایی تێپەڕ دەبێت.

چارەسەر و ڕێگاكانی پێشگرتن لەم دیاردەیە.

بۆ پێشگرتن لە خوادنی میراتی ئەوانی تر بەتایبەتی منداڵان، پێویستە هەموو كەسێك تا لە ژیانداماوە سامانی خۆی بە نووسرا و بە فەرمی دابەش بكات و لای پارێزەر و دەستەی یاسایی بە نووسراوو هەڵكیرێت. ئەمە دەبێتە هووی پاراستنی مافی ئەندامانی خێزان و بە تایبەتتر مافی منداڵان و ئافرەتان.
هەروەها گرنگە حكومەت و دادگاكان بە ئەركی خۆیان هەستن و یاسای پاراستنی مێرات بە شێوەیەكی كارا جێبەجێ بكەن. چاودێری فەرمی لە دابەشكردنی مێرات بكەن، رێگری بكرێت لە ستەم و فروفێڵ لە كاتی دابەشكردنی میراتدا بە تایبەت مافی ژنان و منداڵان پارێزراو بێت.

نووسینی: رەهێن یاسین حەمەدئەمین
19/10/2024




کۆتا وانە: نیچەناسی و چۆنیەتی گوتنەوەی نیچە.. کۆڕێک بۆ د. ئازاد حەمە

وانەی پانزەهەمی زنجیرەکۆری((پێویستمان بە فێربوونی نیچەیە))، کە بەهاوبەشی لەگەڵ (گەلەری ئارام) سازدەکرێت، کۆتا وانەی خولە فەلسەفییەکەیە و ئەم دوو تەوەرەیەش لەخۆدەگرێت:
/1 نیچەناسی /2 چۆنیەتی گوتنەوەی نیچە
کات : پێنج شەممە 23/10/2025 ، 6 ی ئێوارە
شوێن: گەلەری ئارام: عەقاری، دوو کۆڵان خوار ئەمنە سوورەکە.




لە بن تنۆکی ڤیانی ماڵۆچکەیەکی درەوشاوەدا.. هۆمەر نۆریاوی

(لە پەراوێزی پەردەلادان لە کتێبی لەدایکبوونێکی تر)

زێد،نیشتمانە گچکەی ئادەمزادە کە مرۆ لەوێوە پێی بەم جیهانە بەرفرەوانە دەکرێتەوە و دواتر دەیگوێزێتەوە بۆ ڕووبەرێکی هەراوتر.لێ لە ناخی مندا نیشتمانە گەورەکە هەمان کوردستانی دایکە کە بەدرێژایی ئەم تەمەنەم هەمیشە وەک لاولاوێک لە دەوری گیانم ئاڵاوە و لە کوێندەر بووبم،هەر خۆشەویستیی زێدە گەورەکە،پاڵنەری سەرەکی بووە بۆ بڕینی ئەم ڕێگا پڕ هەوراز و نشێوە.
57ساڵ پێش نها،هەر لێرەوە(زێدی بچووک)میهر و سۆزی نیشتمانێک لە قووڵایی گیاندا چەکەرەی کرد و تا ئێستایش بۆ چرکەساتێک نەمتوانیوە دەستبەرداری ببم. سەرەتا زمان بوو بە پەرۆشێکی هەرەقەتیم و هەر زوو بە زوویش وێژە و ئەدەب پەلکێشیان کردم و دواتر ڕووبەرێکی دیکەم تاقی کردەوە کە ناودێرە بە دنیای ڕۆژنامەگەریی و ڕاگەیاندن. کەچی ئەم سەرە سەودایییە بەرەو ژووری دیکەی بردم و بە دنیای وەرگێڕانی ئاشنا کردم. ڕۆژێکی ژیانم پێ شک نایە توانیبێتم خۆ لە خەم و پەرۆشی زمان و چاندی کوردی بدزمەوە یان بە واتایەکی ڕاستتر،بەرانبەری خەمسارد و کەمتەرخەم بووبم.
پاش گەشتێکی درێژی ئەم تەمەنە و سووڕانەوە لە بن ئەم گەزە ئاسمانەی ڕاسەردا،هاوینی ئەمساڵ(2725)یەک لە بەرهەمەکانم(لەدایکبوونێکی تر)کەوتە بەردیدەی خوێنەری زمانەکەم. هەر دوابەدوای بڵاوبوونەوەی کتێبەکە،جارێکی تر و دوای ڕۆژگارێکی درێژ درێژ گەڕامەوە یەکەم وێستگە و کۆنە هەڤاڵانی گوند کە سەردەمێک پێکەوە خەباتی چاندییمان هەر لێرەوە دەست پێکرد و تا هەنووکەیش هەر درێژەی هەیە،گەورەییان پێ بەخشیم و لە ماڵۆچکە پڕ میهرەکەی کتێبخانەی نۆریاودا مەزنایەتییان بە خۆ و چاند و زمانی کوردی بەخشییەوە. پۆلە مەلێکی شەیدا و سەوداسەری فەرهەنگ و زمانیان لە دەوری یەکدی گلێر کردەوە و هەر کەسە و بەگوێرەی دەرفەت و کاتی بەردەم،چەند گوڵوشەیەکیان بە کۆڕە نازەنینەکە بەخشی. لە ڕووناکبیر و دڵسۆزانی فەرهەنگ و زمانی کوردی لە نۆریاویش هەر چاوەڕوانی ئەوە دەکرا نەک تەنێ بۆ گوندەکەی خۆ بگرە بۆ هەر هەموو ناوچەکە و واوەتریش،گوڵاوی زمان و تۆرەی کوردی بگوێزنەوە و هەلەکە بە شیاوترین شێواز بۆ گەیاندن و گوێزتنەوەی پەیامێکی گەورەتر بقۆزنەوە.
ڕۆژی 23ی ڕەزبەری2725 (15ی ئۆکتوبەری 2025)کتێبخانەی نۆریاو بوو بە مەکۆ بۆ گلێربوونەوەی کۆمەڵە مرۆیەکی زانستوەر،نووسەر،شاعیر و تۆرەوان و داژداری کولتوور و زمانی کوردی لە دوور و نزیکەوە.
کتێبخانەکەی نۆریاو ئەمجارە بە شێوازێکی دی دەیان سیمای زانستیی و ڕووناکبیری کوردی لە نێو خۆدا بینییەوە کە ئەم پرسە مژدەبەخشی ڕووداوی گەورەتر بۆ سبەی دەبێت. ڕاستە پەردەلادان لە کتێبێک و ڕێزنان لە ڕۆڵەیەکی هەر ئەم خاکە بوو بە هۆکار بۆ ئەم جڤینە خنجیلانەیە بەڵام ڕووبەرێکی فرەوانتری لە خۆدا جێ کردەوە کە هەر هەموو زمان و چاندی کوردی دەگرێتەوە.
ئامادەبوون و ئاخاوتنی دەیان سیما و کەسایەتی ناسراوی کورد هەر وەک حەمەڕەشید ئەمینی،دوکتۆر شابەختی ڕۆستەمی،ئارام مستەوفی،دوکتۆر محەممەدباقر پیری،دوکتۆر ئارام وڵەدبەگی،کەیهان عەزیزی،داوود غەففاری،دوکتۆر سەعدی حاجی،مۆئمین نووری،دوکتۆر فەرەیدوون نووری،ئەسعەد زوهرابی،ڕێبین نووری،دوکتۆر شەهریار مەولوودی،بەکر حسێنی،نەزیر مەنووچەری،عەبدوڵڵا کاکەبرایی،دوکتۆر حەمەمین وڵەدبەگی،دوکتۆر جەهانبەخش وڵەدبەگی،مەعسووم سەفیعی،فریشتە یۆسفی،ئەنوەر وڵەدبەگی،موحسین وڵەدبەگی،نەجمەدین لوتفی و … لەسەر ئەم ڕێبوارە ئاشقەی زمان و تۆرەی کوردی،نۆریاوی وەک چەقی ڕێگا بە سنوورێکی بەرفرەوانترەوە گرێ دا.
لە ڕۆژگارێکی ئەنگوستەچاودا کە مرۆ لە پێناو دەستخستنی پارووەنانێک ژیانی بۆ مەزات دادەنێت،لێرەوە کۆمەڵە مرۆیەکی نیشتمانپەروەر،ژینیان بە کولتوور و زمانی کوردی بەخشیوە و بە بێ مز و مووچە لە دووی ڕێبوار دەگەڕێن و لە گیرفان و ژینی خۆ بە ئاشقانی ئەم بەستێنە دەبەخشن.
بەخشینی کۆڕێک بە زمان و فەرهەنگی کوردی لە هەندێک سنووردا خەمخۆری تایبەتی گەرەکە و پڕ ڕوونە لە هەموو کەسێک ناوەشێتەوە. کۆسپ و لەمپەر و گیر و گرفت و تیر و شیر،ورە و هیممەتی واڵای پێویستە کە هیچ سڵ لەو بەربەستانە نەکاتەوە و پێشەوائاسا شان وەبەر ئەو بارە گرانە بدات و لەسەر بڕینی ڕێی ئامانج مکوڕ بێت. بۆ گەلێک ساڵ دەچێت هەر لێرەوە،لە گوندی نۆریاوەوە،کۆمەڵە مرۆیەکی ورەبەرزی پەرۆشی زمان و کولتووری کوردی لە بن چەتری کتێبخانەیەکی نەخشیلانەدا لەسەر فێرکردن،بارهێنان و پەروەردەی زارۆکی کورد کار دەکەن و سەرباری هەموو کەند و لەندەکانی سەرڕێ،هەر جارە و کۆڕێکی نازەنینیش بە کورد و فەرهەنگەکەی دەبەخشن. ئەم مرۆ نازەنینانە تەمەنێکە خۆبەخشانە ژیانیان بەم بوارە هەستیارە بەخشیوە و دەرەنجامەکەیشی پێگەیاندنی نەوەیەکی بەرچاوڕوون و وشیارە کە دەیەوێت پەتە دەستکردەکان لە پێناو ئامانجێکی بەرزتردا بپسێنێت. لێرەوە ئەرگە گرانەکەی ئەم هەڤاڵانە سەد هێندە زێتر خۆ دەنوێنێت. بۆیە هەر هەموومان قەرزباری خەباتەکەیانین و ئارەقەی سارد و گەرمی نێوچاوانیان بە گوڵوشەی زمانی کوردی دەسڕینەوە.
دەوری دڵسۆزانی وەک سەنا وڵەدبەگی،پژمان وڵەدبەگی،موزەفەر وڵەدبەگی،وریا وڵەدبەگی،ناسیح مەحموودی،نەوید مەولوودی،جەمشید وڵەدبەگی و هەر هەموو ئەندامانی کتێبخانەی نۆریاو خاسما بەڕێزان باران،سەمانە،چنوور،مریەم،هەتاو،مەدینە لەم پێوەندییەدا لە کەس شاراوە نییە کە ڕۆژانێکی فرەی خۆیان بەم کۆڕەوە سەرقاڵ کرد و خۆبەخشانە کاروبارەکانیان ڕاپەڕاند.
هەمیشە وتوومە و دیسان ژی پاتەی دەکەمەوە کە تا ئەو ڕۆژەی دەستم پێنووس بگرێت،لەسەر ڕاژە و خزمەتکردنی زمان و چاندی کوردی بەردەوام دەبم چونکە وشەی کوردی،هەناسەمە.
جێی ئاماژەپێدانە کە گوندی”نۆریاو”له‌ 2کیلۆمەتری باکووری ڕۆژاوای شاری پاوه(ڕۆژهەڵاتی کوردستان)‌و بناری چیای سه‌رکه‌شی شاهۆدا هه‌ڵکه‌وتووه‌. نۆریاو،مه‌کۆیه‌کی تایبه‌ت بۆ توێژی خوێنده‌وار له‌ ئاستی ناوچه‌ی هه‌ورامان دێتە ئەژمار و ئەم گوندە ئێستا چه‌ندان ڕه‌وتی ڕۆشنبیریی تێدا به‌رچاو ده‌که‌وێت که‌ هه‌ر کامه‌ هه‌ڵگری دنیابینی تایبه‌ت به‌ خۆن. خاوەنی کتێبخانەیەکی خشپیلانەیشە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی 60ساڵ لەمەوپێش.

هۆمەر نۆریاوی




نەخوێندەواریی جاران و نەخوێندەواریی ئێستا.. نەوزاد بەندی

نەخوێندەواریی بە نەتوانینی خوێندنەوەی پیت و ووشە و ڕستەکان پێناسه کراوە.
ئەم پێناسەیه هەمووان لەسەری کۆکن و .. نەخوێندەوار بەو کەسانە دەڵێن کە ناتوانن کتێب و ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بخوێننەوە.
لە راستیدا ئەم پێناسەیه بۆ نەخوێندەواریی، پێناسێکی کلاسیکە، یاخود زوڵملێکردنێکی ئاشکرای تێدایە بەرامبەر کەسانێک ڕۆژگار و بار و دۆخی خێزانی و ئابووریی و جوگرافیا هەلی ئەوەی بۆ نەڕەخساندوون بڕۆنە فێرگەکان و لە دار و داراوە هەتا لۆگاریتم و یاساکانی نیوتن و ئانیشتاین بخوێنن.
بەڵام ئەو نەخوێندەوارەی جاران کە توانای خوێندن و نوسینی پیتەکانی نەبوو، توانای خوێندنەوەی گەلێک شتی تری هەبوو، بۆ نمونە توانای خوێندنەوەی باری دەروونیی و دڵتەنگیی هاوسێکانی هەبوو کاتێ توشی پرسەیەک دەبوون، ئەمیش تەلەفزیۆنەکەی ئەکوژاندەوە، مناڵەکانی لە ماڵەوە دادەنا و نەیدەهێشت بچنە کۆڵان و قاو قیژ و یاری و پێکەنین بڵاوبکەنەوە، تەنانەت ڕادیۆکەی ئەکوژاندەوە، چونکە توانای خوێندنەوەی دڵ و دەروونی هاوسێ کۆستکەوتووەکەی هەبوو.
هەر هەمان نەخوێندەوار، کاتێک کەسێکی بەدڕەوشت و بەدکردکار و مافیا ئەهاتە کۆڵانەکەیان، خوێندنەوەیان بۆ داهاتووی ڕەوشت و ئاکاری ماڵ و مناڵ و سومعەی کۆڵانەکەی هەبوو، هەڵدەستان بە دەرکردنی ئەو بەدڕەوشتە لە کۆڵانەکەیان، ئەمە پێی دەووترا مەزبەتە.. واتا هەموو کۆڵان کۆدەبوونەوە و بڕیاری مەزبەتە و دەرکردنی ئەو خێزانە بەدڕەوشتەیان دەدا و جێبەجێیشیان دەکرد، چونکە خوێندنەوەیان بۆ ڕەوشت و ئاکاری گشتی کۆڵانەکەیان هەبوو، بە کردار جێبەجێ و داکۆکییان لێدەکرد… خەرمانی ئاغای زاڵمیان ئەسوتاند وەک ئاگادارکردنەوەیەک بۆ دزینی سامانی گشتی و کۆیلەکردنی جوتیارەکان.
هەمان خەڵکی نەخوێندەوار کە بار و دۆخی ئابوریی و کۆمەڵایەتیی هەلی چونە فێرگە و فێربوونی دار و لۆگاریتمی پێ نەدابوون، لەگەڵ بینینی ستەمکارێک، خوێندەوارییەکی تەواویان هەبوو بۆ بارودۆخی سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی میللەتەکەیان و .. لەگەڵ سەرهەڵدانی داگیرکەرێک، ئاغایەک، هەلپەرستێکدا، شۆڕشیان هەڵدەگیرساند و چەکیان دەکردە شانیان و گیانی خۆیان بەخت دەکرد. شۆڕشی 1920 ی عێراق لە دژی ئینگڵیزەکان، زۆرینەیان ئەلف و بائیان نەخوێندبوو، بەڵام خوێندنەوەیان بۆ دزینی ماڵ وسامانی ووڵات هەبوو لەلایەن داگیرکەرانەوە، هەر بۆیه چەکیان کردە شان و نیشتمانەکەیان ئازاد کرد.
هەر هەمان مرۆگەلی نەخوێندەواری جاران، کاتێ هەژارێکیان دەبینی لە کۆڵانەکەیاندا، بارودۆخی سەختی ئەو هەژارەیان ئەخوێندەوە و .. دەستگرۆییان ئەکرد و،کاریان بۆ دابین دەکرد و لە هەژاریی ڕزگاریان دەکرد .. کاتێ کەسێکی لاواز و کەمعەقڵیان دەبینی، خوێندنەوەیان بۆی هەبوو، ماڵ و حاڵ و خێزانیان بۆ دروست ئەکرد و کاریان بۆ دابین دەکرد و ئەیانهێنایە ڕیزی خۆیان.. کاتێ دوژمنایەتییەک لە نێوان دوو بنەماڵەدا هەبوو، خوێندنەوەیان بۆ ئاسایش و ئارامیی هەردوو لا هەبوو، پێکیان دەهێنانەوە و ئاوێکیان ئەکرد بەو ئاگرەدا .. کاتێ دوو کەس شەڕی دەستەویەخەیان دەکرد، دەیان نەخوێندەوار خوێندنەوەیان بۆ ئەو بارگرژییە هەبوو، ئەکەوتنە نێوانیان و ناوبژییان دەکردن و نەیاندەهێشت زیان بە یەکتری بگەیەنن.
ئەو نەخوێندەوارانەی جاران، کاتێ مامۆستایەک یان فەرمانبەرێک ڕەوانەی گوند یان شارۆچکەکەیان ئەکرا، خوێندنەوەیان بۆ ئەو ساڵانەی خوێندنی هەبوو، خوێندنەوەیان بۆ غەریبیی و دووریی لە خێزان و بنەماڵەکەی هەبوو، ڕێزێکی زۆریان لێدەگرت و داوەت و دیاریی و هەموو شتێکیان بۆ دابین دەکرد و ..ئەگەر کچێکی ئاواییەکەیشیانی بە دڵ بووایه لێیان مارە دەکرد.

تا ئێرە، ڕوون و ئاشکرامان کرد کە مەرج نییە کەسێک نەتوانێ دار ودارا بخوێنێتەوە، ئیتر توانای خوێندنەوەی هیچ شتێکی نەبێ، به پێچەوانەوە ئەو کەسانەی کە قوربانییان بە خۆیان داوە و فێری دارا و ساین و کۆساین نەبوون، کەسانێکی خوبەختکەر و خۆنەویستن و ..تەواوی شتەکانی تر ئەخوێننەوە.
بە دیوەکەی تردا، ئەو خوێندەوار و خاوەن بڕوانامە بەرزانەی ئەمڕۆ، توانای خوێندنەوەی بار و دۆخی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابووریی گشتییان نییە.. لەبەر ئەوەی بڕوانامەیان هەیە، هیچ شتێکیان پێ عەیب نییە، پێشێلکردنی داب و نەریت و کولتوور و ئاینیان پێ ئاساییە، توانای خۆنەویستییان تێدا نییە، قوربانیدان لە فەرهەنگەکانیاندا نییە، ئەڵێن شۆڕش کردەیەکی کۆنە و بە هیچ جۆرێ بۆ ڕۆژگاری ئەمڕۆ ناگونجێ..نیشتمان و بیر و باوەڕ و ئایین و هەموو بەها کۆمەڵایەتیی و ڕەوشتییەکان ئەخەنە خزمەتی خۆیان و گیرفانی تایبەتیی خۆیان و خێزان و بنەماڵەکانیان ..
دوو بنەماڵە شەڕ بکەن، کێشەی ئەمانی خوێندەوار نییە، یان لە باشترین حاڵەتدا کەسانێکی ڕیس سپی وا پەیدا بوون بە پارە سوڵحی عەشایەریی بۆ دوو بنەماڵە یان دوو خێزان دەکەن.
کەتێ دوو کەس شەڕێکی لەناکاو ڕوو دەدا لە نێوانیانیادا، سەدان خوێندەوار و خاوەن بڕوانامە تەماشایان دەکەن و چێژ لە شکاندنی دەم و لوتەکان ئەبینن، شتێک نییە لە لایان بە ناوی ناوبژیی و پێکهێنان، چونکە لەو ڕووەوە نەخوێندەوارن.
نەخوێندەواریی ئەم خاوەن بڕوانامانە، ترسناکترین نەخوێندەوارییە، چونکە وەک کۆمەڵێ خانەی شێرپەنجەیی تەنها خانەکانی خۆیان زیاد ئەکەن و بەهێز ئەبن و ..زیانیان بۆ چواردەوریان هەیە، بە حوکمی بڕوانامە، وەک پێشەنگی کۆمەڵگا ناسراون، کاتێ پێشەنگیش ببێتە پارچەیەک لە خۆپەرستی و ترسنۆکیی و بێ وەفایی، ئیتر هەم زانست و خوێندن بێ بەها ئەبن و .. هەم خەڵکەکە نازانن گوێ لە کێ بگرن و کێ بکەن بە سەرکردە و پێشەوا..
شایانی باسه ئێستا کۆمەڵگا پڕپڕە لە خوێندەوار و پڕۆفیسۆر لە هەموو بوارەکاندا، بە بێ ئەوەی خوێندنەوەیان بۆ کۆستکەوتنی دراوسێکەیان هەبێ. . به بێ ئەوەی خوێندنەوەیان بۆ هەژاریی خزمەکانیان هەبێ.. بە بێ ئەوەی بتوانن ئەو کەمتوانایە بخوێننەوە کە لەسەر شەقام به برسێتیی، ئەنوێ ..ناتوانن گڵاسێ ئاو بکەنە ژێر درەختێک کە درەختی خۆیان نییە،چونکە بەرامبەر تینوێتی درەختی ئەوانی تر، خوێندنەوەیان نییە، نەخوێندەوارن بەرامبەر ئازاری ئەوانی تر. ناتوانن بار و دۆخی ئابووریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بخوێننەوە، ناتوانن خوێندنەوە بۆ داگیرکردنی وڵات و سامان و داهاتی نیشتمانیی و کولتووریی و ئاینیی بکەن.. لەوەیش خراپتر پۆل پۆل ئەبنە دەمڕاست و قەڵەم بە دەست و زمانحاڵی حیزبه داگیرکارە تاکڕەوە نیشتمانفرۆشەکان، بە بڕوانامەیەکی دکتۆراوە، بۆ چنگێ پارەی حەرام، داکۆکیی له دز و جەرده و مافیا دەکەن..
یان لە باشترین حاڵەتدا، ووتارێک دەنوسن پڕ پڕە له پاڕانەوە و گریان و کڕوزانەوە کە میللەت مردووە له برسا و خوا هەڵناگرێ بەو دەردەی ئەبەن.. ئەوەی فکری شۆڕش و دژایەتییە لە ناخ و زمان و قەڵەمیاندا نییە، بەو جۆرە کۆمەڵگا ئەسوتێنن، وەک چۆن دائیرەیەکی کارەبایی ئەگەر خاڵی بەرگریی تێدا نەبێ، ئەسوتێت.
کەواتە ئەتوانین بڵێین ئەو نەخوێندەوارییەی خوێندەوارەکانی ئەمڕۆ بە دەستیەوە گیرۆده بوون، سەد قاتی ئەو نەخوێندەوارییەیە کە نەخوێندەوارانی جاران گیرۆدەی بوون بوون، کە بریتی بووە لە نەتوانینی خوێندنەوەی دارا کە دوو داری دووری بینیوە.




تەنها بۆ ئەوەی بەدکتۆر بانگم بکەن.. گۆران هەڵەبجەیی

لەباشووری کوردستان لەو دەمەی یەکێتی و پارتی قۆرخی دەسەڵاتیان کردوە،هیچ کایەو بوارێک نەماوە کەدەستیان بۆ نەبردبێت و وێرانیان نەکردبێت. گەر ئەم دەستێوەردان و موداخەلەیە بە ڕووە پۆزەتیڤەکەیدا بوایە واتە بەمەبەستی خزمەت و گەشەکردن بوایە ئەوە جێگەی دەستخۆشی و پێزانین دەبوو.

گەر هەرنەتەوەیەک نەیتوانی سەکتەری خوێندن بەباشی بەرێت بەڕێوە و سەرکەوتوونەبوو تێیدا ئەوە بەدڵنیاییەوە ئایندەیەکی تاریک چاوەڕێی هەم بوارەکەو هەم وڵاتیش دەکات.
لەباشووری کوردستان بواری خوێندن لە قۆناغی بنەڕەتیەوە تا دوای زانکۆش کە ماستەرو دکتۆرایە ،لەلایەن هەردوو حیزبی دەسەڵاتدارەوە بێ بەها کراوە.
وەک پێشتر ئاماژەم پێدا خراپبوونی دۆخی سەکتەری خوێندن دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتدارانی هەردوو حیزب کە بەمەبەست کراوەو دەکرێت، ئەویش لەپێناوی ئاسانکاری بۆخۆیان بۆ وەرگرتنی شەهادەی ساختە.واتە هەموو پرۆسەکەیان کردە قوربانی چەند دکتۆرایەکی ساختە.
مەبەستیش لەوەرگرتنی شەهادەی ساختە کە بە تەکلیفێک و بڕێک پارە کەسێک وەری دەگرێت، بۆ ئەوەنیە کە پاشان خزمەتی پێ بکات ،چونکە ناتوانێت وناشخوازێت ،بەڵکو تەنها یەک مەبەستی هەیە و زۆرش گرنگە ،ئەویش تا پێی بڵێن {دکتۆر} کە لەپەنای ئەم ناوەوە خۆی لەئاستێکی باڵادا دەبینێت کەلەواقیعدا ئاستێکی ساختەیە.
ئەوەی سەیرە بوونی ئەو گشت خاوەن دکتۆرایەی نێو هەردوو حیزبە، کەس نازانێت لە چ بوارێکدا وەریان گرتوە و خۆیشیان هەرگیز باسی ناکەن ،چونکە شەرم لە باسکردنی دەکەن.
ئەم دووحیزبە جگە لە کاری باشە لەهەموو کارێکی خراپدا مونافەسەی یەکتر دەکەن ،لەم بوارەشدا هەمان شتە بەوەی گەر ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێک لەودووحیزبە دکتۆرایەکی ساختەی وەرگرتبێت، ئەوە ڕویداوە کە یەکێکی ئەولاش وەری گرتبێت.
هەر بەم هۆیەوە لەدوای ڕاپەڕینەوە تا ئێستا بواری خوێندن لەئاستێکی زۆر زۆر داتەپیو و خراپدایە،بۆنمونە دەرچوانی زانکۆ شارەزاییەکی ئەوتۆیان لەبوارەکەی خۆیاندا نیە.
یەکێک لەو لایەنانەی لە ناشیرین کردن و خراپکردنی ئاستی خوێندن بەشدارە ،هەندێک زانکۆی ئەهلین،ئەمانە بەمەبەستی چنگ کەوتنی بڕێک پارە بێ ڕەچاوکردنی پرەنسیپ ومەرج و ئسوڵیاتی بەخشینی دکتۆرا ،هەڕەمەکی دەیبەخشن.ئەوەی جێی داخە ئەو کەسانەی کە ئەوشەهادە ساختانە دەبەخشن بزانن یا نا خیانەت لە پیشەکەیان دەکەن و بێڕێزیش بە زانست.
بێ گوێدانە ئاکامە خراپەکانی کارەکانیان ئەوکەسانە ئامادەن لە پێناو بڕێک پارەو سوپاسگوزاریدا لەسەر تێکدانی ئاستی خوێندن بەردەوامبن. ئەوانە زۆر باش دەزانن کە ئەو کەسەی ماستەر یا دکتۆراکەی پێدەبەخشن لەو ئاستەدا نیەو شایستەش نیە.
ئەوەی زانراوە هەندێک لەو زانکۆ ئەهلیانەی ئەوجۆرە شەهادانە دەبەخشن سەر بە دەسەڵات و دووبنەماڵەکەن.ئەو زانکۆیانە ماستەر بە[٣ ] هەزاردۆلار و دکتۆرا بە[٥ ] هەزاردۆلار دەفرۆشن.
دەمێک بەخشینی زانست و گەشەکردنی لە وڵاتە دواکەوتوەکاندا بووە پارە ئەوە دەستی لێ بشۆ ،چونکە لەم حاڵەدا پارە دەبێتە ئامرازی سەرەکی و زانستیش دەبێتە پاشکۆ.
ئەم گەندەڵیە تەنها هەندێک لە زانکۆ ئەهلیەکانی هەرێمی نەگرتوەتەوە ،بەڵکو بڕێک زانکۆی ئەهلی گرتوەتەوە کە بارەگاکانیان لە ئەوروپایە و خاوەنەکانیان عەرەبن،ئەمانەش هەڵپەیانە تا بەشێک لەو کێکەیان بەر بکەوێت.
ئەم زانکۆیانە بەمەبەستی بەدەستهێنانی پارە چەند کەسێکی بێویژدانیان خستوەتەکار کە پێیان دەڵێن دکتۆر یا پرۆفیسۆر ، تا ئەوجۆرە شەهادانە لە هەندێک لەشارەکانی عێراق وە بەتایبەتی لەهەرێمی کوردستان ببەخشن.
یەکێک لەو زانکۆیانەی هەندەران کە لەم کارە قێزەوەنەوە تێوەگلاوە ناوی [ئەکادیمیای ئەلبۆرگ بۆزانست] ه کە خاوەنەکەی کەسێکی عێراقیە بەنێوی طلال ئەکرەم.{ ئەلبۆرگ باژێڕێکە دەکەوێتە باکووری وڵاتی دانمارکەوە}. چەند مانگێک لەمەوبەر بەناوی ئەم ئەکادمیەوە دکتۆرایان بەخشیە کەسێک کە نە بەهەقی خۆی ئامادەیی تەواو کردوە نە دەوامی زانکۆی کردوە نە ماستەری هەیە ، کەچی لەماوەی چەندکاتژمێرێکدا بەزەبری پارە کردیانە دکتۆر.
دووشتی سەیر سەرنجمیان ڕاکێشا، یەکەمیان ناوی تێزی دکتۆراکەیەتی کە جێگەی پێکەنینە [پەیوەندی سیاسی نێو دەوڵەتی و کاریگەری لەسەر بەشداری وەرزشی ] .{العلاقات السیاسیە الدولیە وە انعکاساتها علی المشارکات الریاضیە} . کەسێک دەبوو ببێتە خاوەنی ئەم تێزە کە بەلای کەمەوە[ کۆلیژی پەروەردەی وەرزشی] تەواو کردبێت یاخود شارەزایی لە چالاکیە وەرزشیەکانی جیهانیدا هەبێت ،بەتایبەتی {ئۆلۆمپیاد} ،دڵنیام ئەو شارەزایی لە هیچیاندا نیە . خاڵی دووەم ئەو کەسانەی کەسەرپەرشتی تێزەکەیان کردوە ،بڕواناکەم هیچیان شارەزاییان لە وەزش یاخود لە خولەکانی ئۆلۆمپیاتدا هەبێت کە گەورەترین و گرنگترین ڕووداوی وەرزشیە لەسەر ئاستی جیهان. کەواتە ئەمەش کەماسیەکی تری ئەو بەخشینەیە.
ئەم کارەی ئەکادیمیای تەکنەلۆجی ئەلبۆرگ بێڕێزیە بە پیرۆزترین بوار کە خوێندنە، بەم کارەی هیچ جیاوازیەکی نیە لەگەڵ ئەو زانکۆیانەی عێراق کە دکتۆرای ساختە دەبەخشن.
بۆئەم مەبەستە پەیوەندیم بە سەرۆکی ئەم ئەکادیمیایەوە کرد[دکتۆر طلال] تا لەوبارەوە ڕوونکردنەوە بدات، بەڵام نەچوەژێرباری و ئامادەنەبوو هیچ ڕوونکردنەوەیەک بدات.
سەرەتا نکولی لەوەە کرد کە بەناوی ئەکادیمیەکەیانەوە ئەو دکتۆرایە بەخشرابێت ،بەڵام دەمێک وێنەکانم نارد بۆی هیچ وەڵامێکی نەبوو،پاشان بەبەهانەی نەخۆشی و بێکاتی کۆتایی بەگفتوگۆکە هێنا ،لەڕۆژانی ئایندەدا چەندین جار هەوڵمدا پەیوەندی پێوەبکەم لێ بێسوود بوو.تەنانەت وەڵامی ئەو پرسیارانەشی نەدایەوە کە لەسەر پێشنیاری خۆی ناردمن بۆی.
هۆکاری وەڵامنەدانەوەش ئەوەیە کە ناتوانێت نکولی لەوکارەبکات کەلە سلیمانی کراوە،خۆ گەر نکولی لێ نەکات ئەودەمە لەڕووی یاساییەوە لەسەری دەکەوێت چونکە دەزانێت کە کارێکی نایاسایی و نازانستی کردوە.




بۆ 31 ـه‌مین ساڵیادی كۆچكردنی پاشای حه‌یران ره‌سوڵ بێزار گه‌ردی.. هه‌ندرێن خۆشناو

له‌م رۆژانه‌ و به‌تایبه‌تی له‌ رۆژی 17 / 10 شنه‌ بای یادی سی ساڵه‌ی ماڵئاوایی مامۆستای هونه‌رمه‌ند ره‌سوڵ بێزار گه‌ردی به‌سه‌ر كوردستان و هه‌ولێری لاوك و حه‌یران و هونه‌ر و موزیك و هۆنراوه‌ گوزه‌رده‌كات، و كه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌ندی ره‌سه‌ن مامۆستا بێزار گه‌ردیمان دێنێته‌وه‌ یاد، و ده‌نگه‌ به‌ سۆز و ئاوازه‌ دڵرفێنه‌كانی به‌ گوێمان ده‌چرپێنێت، و هه‌ستی پڕ عه‌شق و خۆشه‌ویستیمان ده‌وڕوژێنێت، و پێمان ده‌ڵێ مامۆستا (ره‌سوڵ) تان بێته‌وه‌ یاد، كه‌ سیمبول و نیشانه‌یه‌كی دیاری شاری هه‌ولێره‌، رۆحی پاكی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ مه‌زنه‌ قبوڵناكات كوچه‌ و كۆڵانه‌كانی هه‌ولێری دێرین جێبێڵێت، و وه‌ك كزه‌ بایه‌كی فێنك رۆژانه‌ به‌سه‌ریاندا تێپه‌ڕده‌بێت، هه‌ر كه‌ لاوكێك یان حه‌یرانێك یان گۆرانیه‌كی ره‌سه‌نی كوردی دێته‌ به‌ر گوێچكه‌ی رۆڵه‌ به‌وه‌فاكانی ئه‌م شاره‌.

ئه‌وڕۆ ئێوارێ له‌دوم هه‌ناردی لۆچی نه‌هاتی ..
حه‌یران ئه‌وڕۆكه‌ سێ رۆژه‌ زانیتم بازن و خڵخاڵت له‌كن وه‌ستا شه‌ریفی زێڕینگره‌، جلكی بوكێنیت له‌سه‌ر خه‌یاتی..
خزم و براده‌ر هه‌موو ده‌زانن ئه‌توو سه‌ری چه‌ند ساڵانه‌ دۆست و گراوی من بووی.. حه‌یف و سه‌د مخابنی دنیایێم
ده‌مینی شه‌و ساڵه‌كه‌ هاوینێ به‌ قسه‌ی دوژمنان و ناكه‌سان له‌گه‌ڵ من خایه‌ن ده‌رهاتی..

ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ توانی به‌ درێژایی نیو سه‌ده‌ له‌ داهێنان و خزمه‌تكردنی هونه‌ر و ئه‌ده‌ب و فۆلكلۆری كوردی بچێته‌ دڵی هه‌موو هونه‌ردۆستێك، و بچێته‌ كاروانی نه‌مران و مامۆستایان له‌م بواره‌دا، و سه‌رمه‌دیانه‌ له‌ دڵ و سۆزی خه‌ڵك بمێنێته‌وه‌. هه‌ر له‌ منداڵیه‌وه‌ خولیای هونه‌ر و كولتور و فۆلكلۆری نه‌ته‌وه‌كه‌ی بووه‌، و هه‌ر له‌ زووه‌كه‌وه‌ ده‌وروبه‌ری هه‌ستیان به‌ به‌هره‌مه‌ندی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ كردووه‌، و له‌ ده‌نگخۆشی و شاره‌زایی له‌ مه‌قام و لاوك و حه‌یران، هه‌روه‌ها له‌ شیعر هۆنینه‌وه‌ و ئاوازداناندا، كه‌ ئاوازی بۆ هه‌موو به‌رهه‌مه‌كانی خۆی داناوه‌.

به‌ تۆ یار په‌یدا نابێ
په‌یداش بێ فایده‌ی نابێ
سه‌د ساڵ خونچه‌ بشكوێ
بێ بولبول به‌هار قه‌ت نابێ
بریندارم بریندارم

⃰ ئه‌م گۆرانیه‌ دوای چه‌ند ساڵێك له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ند (عومه‌ر دزه‌یی) به‌ ناوی (گه‌ڕان) دووباره‌ تۆماركراوه‌ته‌وه‌، به‌ ده‌ستكاری هۆنراوه‌كه‌ی، به‌ڵام ئاوازه‌كه‌ی هه‌ر وه‌ك خۆی، كه‌ هی هونه‌رمه‌ند ره‌سوڵ بێزار گه‌ردییه‌.

ره‌سوڵ بێزار گه‌ردی له‌ چله‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو روویكردۆته‌ رادیۆ و ئێزگه‌ی كوردی، به‌ هه‌گبه‌یه‌كی پڕ له‌ داهێنان و هونه‌ری ره‌سه‌ن و شیعر و ئاواز و لاوك و حه‌یران، یه‌كه‌م كه‌س بووه‌ كه‌ حه‌یرانی كوردی له‌ رادیۆ گووتوه‌ و به‌ راسته‌خۆیی په‌خشكراوه‌، و هه‌روه‌ها یه‌كه‌م كه‌س بووه‌ كه‌ حه‌یرانی نووسیوه‌ته‌وه‌، و به‌تایبه‌تی ئه‌و حه‌یرانانه‌ی كه‌ گووتویه‌تیه‌وه‌ و بۆخۆی دایناوه‌ و دایڕشتووه‌ و له‌ دوو توێی چه‌ند كتێبێكدا تۆماریكردوون، یه‌كه‌م كه‌س بووه‌ كه‌ حه‌یرانی له‌گه‌لأ موزیكدا چڕیوه‌، بۆخۆشی شیعری بۆ زۆربه‌ی گۆرانیه‌كانی داناوه‌ و ئاوازی بۆ هه‌موو به‌رهه‌مه‌كانی خۆی داناوه‌، بووه‌ یه‌كه‌م كه‌س كه‌ ئاواز بۆ سه‌رجه‌م به‌رهه‌مه‌كانی خۆی دابنێت، بۆیه‌ به‌ ئاسانی جێگه‌ی خۆی كردۆته‌وه‌ له‌ نێو مامۆستا و پێشه‌نگانی هونه‌ری كوردی. مامۆستا ره‌سوڵ سیمبولی هونه‌ری ره‌سه‌نی كوردی بوو، چونكه‌ لاوك و حه‌یران هونه‌رێكی تایبه‌ت به‌ گه‌لی كوردن، و گه‌له‌كانی تر خاوه‌نی ئه‌م هونه‌ره‌ ره‌سه‌نه‌ نین، و ئه‌م هونه‌ره‌ به‌ یه‌كێك له‌ بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی ناسنامه‌ی گه‌لی كورد داده‌نرێت.
مامۆستا ره‌سوڵ بێزار گه‌ردی پێشمه‌رگه‌یه‌كی ئازا و نیشتمان په‌روه‌ر بووه‌، نه‌ك هه‌ر به‌ هونه‌ر و نووسین به‌ڵكو به‌ گیانیش خزمه‌تی كوردستانی كردووه‌، به‌شدارییه‌كی به‌رچاوی هه‌بووه‌ له‌ شۆرشی ئه‌یلولدا، و یه‌كێك بووه‌ له‌و كه‌ڵه‌ پیاوانه‌ی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاكانی دامه‌زراندنی ئێزگه‌ی ده‌نگی كوردستان به‌شداری تێداكردووه‌ به‌ گوتنی چه‌ندین سروودی له‌ یادنه‌كراو و هه‌روه‌ها دانانی چه‌ندین سروودی نیشتمانی، بۆته‌ یه‌كه‌م كه‌س كه‌ سروودی نیشتمانی و به‌رگری به‌ شێوازی حه‌یران و مه‌قام بچڕێت.

كاروانی ئێمه‌ كه‌وتۆته‌ رێگا
به‌ ئامانجی كورد هه‌ر ئه‌بێ بگا
ئه‌گه‌رچی شه‌وی خه‌باتی ژیان
گیانی زۆر لاوی وه‌ك گوڵ هه‌ڵوه‌ران
به‌ڵام هه‌ر ئه‌بێ شه‌فه‌ق ده‌ركه‌وێ
كورد له‌و هه‌ورازه‌ سه‌خته‌ سه‌ركه‌وێ

ماڵئاوایی كردنی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ مه‌زنه‌، كه‌لێنێكی گه‌وره‌ی كرده‌وه‌ له‌ هونه‌ری كوردی، به‌ تایبه‌تی له‌ بواری لاوك و حه‌یراندا، كه‌ زۆر ئاشكرا هه‌ست به‌و كه‌لێنه‌ ده‌كرێت، و كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی كرده‌ سه‌ر هونه‌ری گۆرانی و موزیكی كوردی، چونكه‌ ره‌سوڵ بێزار گه‌ردی به‌مانای وشه‌ پاشای حه‌یران و حه‌یرانبێژان بوو، و رێباز و رێچكه‌یه‌كی تایبه‌تی خۆی هه‌بوو، و جێپه‌نجه‌ی له‌ هونه‌ری كوردیدا دیار و به‌رچاوه‌. ئه‌و بلیمه‌ته‌ به‌ ده‌نگه‌ خۆش و به‌سۆزه‌كه‌ی سه‌دان گۆرانی و لاوك و حه‌یران و مه‌قام و سروودی چریوه‌ و مه‌حاڵه‌ له‌ یادبكرێن، كه‌ وه‌ك گه‌نجینه‌یه‌ك بۆی به‌جێهێشتین.
مامۆستا ره‌سوڵ بێزار گه‌ردی دوایی چه‌ندین ساڵ له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی دڵ، بێنازانه‌ دڵه‌ ماندووبوه‌كه‌ی له‌ 17 / 10 / 1994 توانای ترپه‌كردنی نه‌ما و كز و بێده‌نگ بوو، له‌ رۆژێكی وه‌ك ئه‌مڕۆدا و سی ساڵ له‌مه‌وبه‌ر رۆڵه‌ به‌وه‌فاكانی هه‌ولێری دێرین له‌ ئه‌دیبان و نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان و خزم و براده‌ران، ته‌رمی پاكی ئه‌و زاته‌ مه‌زنه‌یان به‌ خاكی كوردستان سپارد، دوای ئه‌وه‌ی به‌ گشت كۆڵان و شه‌قامه‌كانی هه‌ولێردا دوایین گه‌شت و گه‌ڕانی كرد، و ماڵئاوایی و خواحافیزی له‌ هه‌موو خه‌ڵكی هه‌ولێر و كوردستان كرد. یاخوا له‌ باوه‌شی خاكدا هه‌ر شاد و سه‌ربه‌رز بیت.




چڕنووکی با.. سمکۆ ئەحمەد ڕەشید

1
دەچم دڵی درەختێک دەدەمەوە
لەو نزیکانە
ڕۆژێک هەیە سپی نییە

2
شێرپەنجەیەک
لە خوێنمایە
ئەوینی تۆ

3
لە پەنجەرەکەیەوە
گوێ لە سەمای بەفرە ڕەشەکە دەگرێت
پیاوێکی نابینا

4
دەستێکم لەرزی
سێبەریان کەوتە کۆشی تاریکی
هاوڕێکانم

5
شۆستە تەزیوەکانم خۆشدەوێن
کە دەکەوم
ئەوان هەڵمدەگرنەوە

6
گوزەرێک بە دڵما بکە
تا نەفخی سوور هەڵیاندەگرم
شوێنپێکانت
7
لە بری دڕک
خۆزگە‌ پڕ دەبوون لە چڵە نێرگز
درزی نێوان پەنجەکانم

8
لە بەرانبەر سوپای پاییز
پۆل پۆل خۆیان بە دەستەوە دەدەن
گەڵاکان.

9
ڕۆحم سەرڕێژە
تا دوا وێستگەی گەشتەکەم بەشم دەکات
توێشووی ئازار .

10
لەسەرەمەرگیا ،
فریا نەکەوتم گەرووی تەڕکەم
گیانی سپارد چۆلەکەکە

11
پەنجەرەیەکی یاخی
بە پەنجەی دڵ ناکرێتەوە
گرێ کوێرەی بەختەوەری.

12
نمایشی مەرگ
هۆڵی تەنگیی ئینفرادی ـ
هاتن بۆ هەمووانە.

13
پەنجەرەیەکی نابینا،
بێ ئاگایە لە تامی هەتاو
شەمشەمەکوێرە.

14
گۆشت و خوێن نییە،
تۆپەڵێک قوڕی دەستکردە
کۆیلە.

15
قەفەسەکەم شکاند
لێ دەریام بۆ ماڵیی نەکرا
دانپێدانانی چڵێک

16
سەری مەنهۆڵەکان هەڵمەدەنەوە
بە بۆنی مرۆڤ دەبوورێنەوە _
سیسرکەکان.

17
پەڵەیەک هەور
بەسەر پانتایی مرۆڤبوونەوە
؟؟؟؟؟؟

18
لە ڕۆژگاری کۆرۆناوە.
وازی لە نوێژەکانی هێناوە ـ
دایکم!

19
تابلۆیەکی سوریالی،
لەسەر پشتی ڕۆژەکانم بۆتە تاتۆ
چڕنووکی با
20

لەنێو دەستە قڵیشاوەکانی باوکم
سەما دەکات
پەرداخی ئاو.

21
ڕۆژگارێکی سپی،
تۆخترین دێڕی یادەوەریمە ـ
سیمای منداڵیی.
22

سوپاسگوزارم
قەرزداری هیچ درەختێک نییە
‌پشتم.




هەڵبژاردن دەبێ چی بگۆڕێ؟.. ريبوار ياسين فتاح

هەڵبژاردن هیچ واقعێکی کوردستان ناگۆڕێ، خراپتری دەکات.
هەڵبژاردن لە کوردستان چی ناگۆڕێ؟

هەمان چینی سیاسی، کە لە ١٩٩١ەوە، دەسەڵاتی لە دەستدایە دەمێنێتەوە، بەبێ بەشداریکردن، ئەم چینە هەمیشە لە هەڵبژاردندا دەیبەنەوە، پارێزراون و لەسەروو دەنگ و خواستی خەڵکەوەن. هەڵبژاردن تەنیا بۆ گۆڕینی ئەندامانی پەڕلەمانە نەك بۆ دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات. دەنگ بە هەرچ کەسێك بدەن، تەنیا دوو بنەماڵە دەردەچێ. بۆ پەڕلەمانیش کۆمەڵێك بودەڵەی حزبی دادەنرێ.

پارتی و یەکێتی هەڵبژاردن ببەنەوە و نەیبەنەوە پەڕلەمان، دەسەڵاتی دادوەری و حکومەت داگیر دەکەن. خۆ گەر لە ئاستی قانونی کەمتر دەنگیان هێنا، لەگەڵ گروپێکی دیکەی نێو پەڕلەمان، ڕێكدەکەون.

یەکێتی پابەند نابێ بە دەوڵەتۆکەی بەرزانی هەولێرەوە و خۆیان لە سلێمانی دەوڵەتۆکەی تاڵەبانی بەردەوام دەکەن.

پەڕلەمان شوشەیەکی تەماوەیە تا حوکمی داپڵۆسەر و گەندەڵی پارتی و یەکێتی جوان بکات. پارتی هەمیشە کۆنترۆڵی پەڕلەمانی کردووە، بە پووڵ، پۆست و تۆقاندن. گەر پەڕلەمان بە پلانی ئەمان نەڕۆیشت، دەرکی خڕ دادەخەن.

گریمانە: گەر یەکێك لە پارتی یان یەکێتی بە تەنیا هەموو دەنگی پەڕلەمان بهێنن، دەسەڵاتی ئەم لایەنە سنووری پۆڵاینی دێگەڵەی بۆ نابەزێ.

دەسەڵاتی دادوەری لەژێر پێی حزبدا دەبێ و دەستگای تۆقێنەری وەك دژەتیرۆر، پاراستن، زانیاری، ئاسایش، پاسەوانی ئەم و ئەو سەرکردە و هەموو هێزی چەکدار لە جێی دەسەڵاتی دادوەری کارا دەبن. دادوەر لە باشترین حاڵەتدا، فرمانبەری گچکەی حزبە، دەست لەسەر سنگ ڕاوەستاوە بۆ فەرمان، بێشکۆیە و بودەڵە. ڕفاندنی کوڕ و کچی کورد بۆ جێی نادیار و بەبێ پێڕەوەی هیچ قانونێك بەردەوام دەبێ، بەبێ ئەوەی مافی گشت یان دادوەر بێتەجواب.

پارتی و یەکێتی بەردەوام دەبن لە کۆنترۆڵی خەڵکدا بە میلیشای حزب، کە هەموو هێزی چەکداری کوردستانە؛ هەروەك بەردەوام دەبن لە تێکشکان و سوککردنی دەستگا و پۆستی دەوڵەت؛ ئامانج ئەوەیە خۆیان بە سەروەر و پیرۆز بهێڵنەوە، نەك دەوڵەت. چارەسەری هەموو کێشەیەكی خەڵك لەلای دەستڕۆشتووی حزب دەبێ، دەستگای دەوڵەت بە بێکەڵك و داڕماو درێژەی دەبێ.

وەزارەت ئازاد نابێ لە بڕیاردان و پلانداڕشتندا؛ وەزیر فرمانبەری سەرۆکی حکومەتە. مەرجەعی بڕیاری ئەمیش بنەماڵەیە، کە ڕژێمی دەرەکی کۆنتڕۆڵی دەکات. تەنانەت فەرمانی وەزارەتیش دەبێ سەرۆك ئیمزای بکات، نەك وەزیر؛ ئەم دەبێ لە تایبەتمەندی خۆیدا بەشداری داڕشتنی سیاسەتی دەوڵەت بێ، نەك لە ئۆفیسدا دابنیشێ خزمەتخوازی ببینێ. ئەمە کاری فرمانبەرێکی خوارەوەیە و سوککردنی پۆستی وەزیرە.

خەزێنەی هەرێمی کوردستان بە بەتاڵی دەمێنێتەوە و وەزیری دارایی ئاگاداری داهات و خەرجی حکومەتی هەرێم نابێ. هەرچی داهاتی هەرێمە دەچێتە لای حزب و تاریکی لە کۆکردنەوەی داهات و خەرجکردندا بەردەوام دەبێ. زنجیرە درامای “موچەی عێراق” لەگەڵ زنجیرە درامای “درۆنی تورك” درێژەیان دەبێ. هیچیان چارەسەر ناکرێن.

سەرۆکی حزبەکان لەگەڵ ئەوەی هەڵنەبژێراون و بەشداری هەڵبژاردن ناکەن، هەموو دەسەڵاتێکیان بەدەست دەبێ. جگە لە گەمەی سیاسی، هەرگیز گوێت لە سەرکردەیەك نابێ باسی خەمی خەڵك و چارەسەری کێشەیان بکات. ئەمان خەڵك بە مرۆ و موریدی خۆیان دەزانن.

هەولێر بە داگیرکراوی دەمێنێتەوە و پارتی هەر کەس و لایەنێك بە نەیار بزانێ، نایەڵی بچێتە هەولێرەوە جا با سەرۆکی پەڕلەمان، وەزیر یان ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیش بێ. پارتیش هەرگیز لە سەفارەت زیاتری لە سلێمانی نابێ، باشترین سیاسەت بۆ دابەشکردنی کوردستان و دوورخستنەوەی هەموو دەرفەتێكی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان.

هەرێمی کوردستان بە دابەشکراوی دەمینێتەوە و ئاسۆی دامەزراندنی دەسەڵاتی نێوەند و یەکێتی دانیشتوان نابینرێ. بە پێچەوانەوە، پارتی و یەکێتی کار بۆ ڕیشاڵکردنی دانیشتوانی هەرێم دەکەن، کە تەنیا ڕێی حکومڕانیانە. ئەمە سیاسەتی ڕژێمی ناوچەکە، پارتی و یەکێتی جێبەجێی دەکەن.

پارتی و یەکیتی لەژێر کۆنترۆڵی ڕژێمی تورك و فارسدا دەمێننەوە. بگرە بڕیاری سەرەکی لە هەرێمدا لە تاران و ئەنکەرەوە دەدرێ، دوو حزب تەنیا جێبەجێکارن.

هەرچ کاتێك پارتی و یەکێتی بوون بە دوو حزبی هاوچەرخ و سەرکردەیان گۆڕی و کوڕ جێی بابی نەگرتەوە و پوور و مام نەبوون بە سەرکردە، ئەوا باوەڕ بە دەستاودەستی دەسەڵات دەکەم. گەر ئەو حزبانەی دەسەڵات پێکدێنن، خاوەن میلیشیا بن و سەرکردایەتی حزب هەرگیزای هەرگیز نەگۆڕێ، بۆچی دەتوانن، هەرێمێکی سیڤڵ و دیمکرات دابمەزرێنن.

بە کورتی، هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێك گەندەڵ دەخاتە پەڕلەمانەوە، ڕووی قانونی دەدات بە دەسەڵاتی داپڵۆسەری پارتی و یەکێتی. دوای چوار ساڵ بە موچەیەکی خەیاڵی خانەنشین دەکرێن. پەڕلەمان گرفتێکی گەورەی کوردستانە، لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، هەرێم بە دیمکرات دەردەخات. هەڵبژاردن تەنیا پڕۆسەیەکە، دیمکراتیەت دەستگایە، کولتوورە، پرۆسە و پرۆسیجەرە و زۆر شتی دیکە بنەماین.

دوای هەڵبژاردن داگیرکرنی موڵکی گشت و کاولکردنی کوردستان بۆ بەرژەوەندی حزب و بنەماڵە بەردەوام دەبێ.

لەگەڵ ڕێزى
ريبوار ياسين فتاح




دانا عەسکەرو هێما هزریەکان.. ستار ئەحمەد

سەیتەرە

کەهاتمە کۆیە حەزم دەکرد لەسەیتەرەلەبری ئەوەی پێم بڵێن کاکە هەویەکەت ،
پێمبڵێن حەز بەکیهان گۆرانی خارە تایر دەکەی ؟
پلمبڵێن دەزانی حاجی قادری کۆیی لەداخی چی نیشتمانی بەجێهێشت ؟
لەهەولێر پێمبڵێن کێ عەبدولخالق مەعروفی تیرۆرکرد ؟
ئەدی لۆ لەبیرکرا ؟
کە هاتمە زاخۆ لەسەیتەرە پێمبڵێن
چایخانەی تەحسین تەها دەکەوێتە ئاوازی کام گەڕەکەوە ؟
لەسلێمانی پێمبڵێن کێ دڵی مەولانا خالیدی شکاند؟
کێ کامەران موکری و گۆرانی بەگژیەکدا کرد ؟
کە هاتمە هەڵەبجە پێمبڵێن
بۆچی لێرە خەڵک لەفڕینی کۆتریش دەترسن ؟
لەدهۆک پمبڵێن چەند ساڵە عەبدولڕەقیب یوسف نەگەڕاوەتەوە بۆ ئێره ؟
لەسنە پێمبڵێن
دەتوانی لەئاوێرەوە هادی زیائولدینی ببینی ؟
دەتوانی مەستوورەی ئەردەڵانی بخەیتە رستەیەکی مێژووییەوە بەمەرجێک دڵی کەس نەڕەنجێت ؟
ئەی بۆ لەئەدەبیاتی کوردیدا
کەس سوارەی ئێلیخانی زادە ناخەتە نێو جوملەی عاشقانەوە ؟
کە هاتمە مهاباد لەسەیتەرە پێمبڵێن
دەزانی سولەیمانی موعینی دەکەوێتە کوێی ماجەراکانی شۆڕشەوە ؟
ئەو نامەیەی ناردی بۆ پشتگوێ خرا ؟
کە گەڕامەوە بۆ کەرکوک
لەسەیتەرە دەڵێم سەبرێک بکەن
هەویەکەی ئازاد سوبحیم لەبیرچوو ..
دەچم لەدارپرتەقاڵی باخچەکەیان بۆن و بەرامەی عیشقتان بۆ دەکەمەوە،
حیکایەتی کەوتنی ئینتیماتان بۆ دەگێڕمەوە ،
تەنیایی نێو ژوورێکی ساردوسڕتانم بۆ دەهێنم .
چەند غەمگین لەژوور سەری سوبحی راکشاوە ،
تکایە ئیتر لەبری ئەوەی داوای هەویەمان لێبکەن ،
پرسیاری قودسیەتی تەختەی شانۆ و ..
رێچکە فەنتازیاکانی هەونەر و رۆشنبیریی گشتیمان لێبکەن ،
پێمانبلێن لەناو پاس بەبێ کتێب هاتووچۆ قەدەغەیە ،
لەبری گیرفانمان عەقڵمان بپشکنن ،
بەمەرجێک ئەوانەی لەسەیتەرە دەبن ،
عاقڵتر لەگەڵ کتێب و رۆشنبریی گشتیدا دۆستایەتی بکەن .
مامۆستا دانا عەسکەر لەم قەسیدە ناوازەیەدا کە ناوی “سەیتەرە”یە، بە شێوەیەکی هونەری و قووڵ، ڕەخنە لە واقیعی ڕۆژانە و تەسکبینیی بیرکردنەوە دەگرێت، بەتایبەتی لەو وێنانەی پەیوەندی بە سەیتەرەکانەوە هەیە.

تایتڵی “سەیتەرە”: گەلێک کاریگەر و گوزارشتکارە. “سەیتەرە” واتا (خاڵی پشکنین و کۆنترۆڵ)، کە لە زۆربەی شارەکانی کوردستاندا بوونی هەیە و هێمایە بۆ ڕێگریکردن، پشکنینی ڕووکەش و زۆرجار بێزاری. نووسەر بە گۆڕینی فەرمانی “پێناسەکەت” بۆ “پرسیارە کولتوورییەکان”، دەیەوێت سەرنجی خوێنەر و کۆمەڵگا بۆ گرنگیی کولتوور و ناسنامە ڕەسەنەکە ڕابکێشێت.

قەسیدەکە بە گەشتکردنێک لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر (کۆیە، هەولێر، زاخۆ، سلێمانی، هەڵەبجە، دهۆک، سنە، مهاباد، کەرکوک) داڕێژراوە. ئەم داڕشتنە جوگرافییە، هێما دەدات بە یەکێتیی خاکی کوردستان و دەوڵەمەندیی کولتووریی هەر پارچەیەکی.
تەکنیکی سەرەکیی قەسیدەکە بەکارهێنانی پرسیاری ڕەخنەگرانە و ئینتیماوییە. ئەم پرسیارانە لەبری ناسنامەی فەرمی، داوای ناسنامەی کولتووری، مێژوویی و هونەری دەکەن.
هێماکانی ناو پرسیارەکان: نووسەر بە زیرەکییەوە گەورەترین و گرنگترین ناوی هەر شارێک دەکاتە کلیل و باسی چوونەژوورەوە:
کۆیە: گۆرانی “خارە تایر” (کەی هان)، حاجی قادری کۆیی (مێژووی نیشتمانپەروەری).
هەولێر: عەبدولخالق مەعروف (پرسیار لەسەر مێژووی سیاسیی فەرامۆشکراو).
زاخۆ: تەحسین تەها (هونەر و گۆرانی).
سلێمانی: مەولانا خالیدی نەقشبەندی، کامەران موکری و گۆران (پرسیار لەسەر ناکۆکی و ئازارە ئەدەبییەکان).
هەڵەبجە: ترسی کۆتر (کیمیاباران و برینی نیشتمانی).
سنە و مهاباد: هادی زیائولدینی، مەستوورەی ئەردەڵان، سوارەی ئێلیخانی زادە، سولەیمانی موعینی (گرێدانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە جەستەی کولتووریی نەتەوەکەوە).
فەرامۆشکردن و پرسە سەرەکییەکەی تێکسەکە “ئەدی لۆ لەبیرکرا؟” و “بۆ پشتگوێ خرا؟”یە، کە گوزارشت لە خەمی فەرامۆشکردنی سیمبولەکان و بێبایەخکردنی ڕۆڵی ڕۆشنبیران دەکات لەلایەن دەسەڵات و کۆمەڵگاوە.
پەیامی کۆتایی شیعرەکە : گەڕانەوە بۆ کەرکوک و ئازاد سوبحی: کۆتایی قەسیدەکە پڕە لە سۆز و تراژیدیا. ئازاد سوبحی (کە هێمایە بۆ ڕۆشنبیر و هونەرمەندی فەرامۆشکراو و خەمگین) دەبێتە دوا وێستگە. نووسەر لێرەدا دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتا، بەڵام ئەمجارە بە بێبەشکردنی هەوییەی فەرمی، و ئینتیمای خۆی بۆ ڕووداوە کولتوورییەکان دەردەبڕێت.
خاڵی داواکاری: نووسەر بە ئاشکرا داوا دەکات کە “قودسیەتی تەختەی شانۆ”، “ڕێچکە فەنتازیاکانی هونەر و ڕۆشنبیریی گشتی” بخرێنە شوێنی “هەویە”، و دەڵێت: “لەبری گیرفانمان عەقڵمان بپشکنن”. ئەمە مانای گۆڕینی پێوەرەکانی بەهای مرۆڤە.
پوختە:
“سەیتەرە” تەنیا قەسیدەیەک نییە، بەڵکو بانگەوازێکی قووڵی ڕۆشنبیرییە بۆ ئەوەی کولتوور و مێژوو و هونەر ببنە بناغەی ناسنامە و هەستی نیشتمانی، نەک تەنیا پارچە کارتێکی فەرمی. دانا عەسکەر بە شێوازێکی جوان، شیعر دەکاتە چەکێکی ڕەخنەیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بێ ڕۆحی و ڕووکەشێتیی ژیانی فەرمی.

ستار ئەحمەد




چەپی عێراق و کوردستان پێش هەڵبژاردنەکانی 2025 : لەنێوان یەکڕیزی و نوێبوونەوەدا.. ڕزگار ئاکرێیی

پشتیوانی ته واوی حزبی شیوعی عێراق و کوردستاني له هه ڵبژاردنه کانی داهاتوودا

لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکارییانەی لە نێو چەپی عێراقی و نێودەوڵەتیدا ڕوودەدەن، گرنگە فۆرمە تەقلیدییەکانی خەباتی چەپ لەگەڵ گۆڕەپانی نوێ لە فەزای دیجیتاڵ و دامەزراوە فەرمییەکاندا تێکەڵ بکرێت. بەشداری سیاسی بە هەموو شێوەکانییەوە یەکێکە لە ئامرازە سەرەکییەکانی خەبات. خەبات تەنها بە شەقامەکان، کارخانەکان، کێڵگەکان، فەرمانگەکان و ڕەخنەی تیۆری سنووردار نییە. بەڵکو پێویستە لە هەموو بوارەکاندا بەشداری بکەین لەوانە کارکردن لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەت و پەرلەمان و ئەنجومەنە خۆجێییەکاندا چونکە گۆڕەپانێکی گرنگن کە لەڕێگەی ئەوەوە دەنگی چەپ و دەنگی کرێکارانی دەستی و ڕۆشنبیر دەتوانێت بگاتە ڕای گشتی و کاریگەری کۆمەلایەتی فراوانتر بکات.
باش ئاگادارین کە تائێستا یاسای هەڵبژاردنی عێراق ناتەواوە و پێویستی بەچاکسازیی ڕیشەیی هەیە و ژینگەی سیاسیش پڕە لەکێشەی پێکهاتەیی و پارەی سیاسی و کاریگەری تایەفەگەری و ناسیۆنالیستی و دەسەڵاتی میلیشیاکان هەرچەندە عێراق سەرەڕای هەموو ئەمانە وەک وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەمێنێتەوە کە ناکرێت بەراورد بکرێت بە دیموکراسی سەقامگیر و پێشکەوتوو. لەگەڵ ئەوەشدا، هەر بۆشاییەکی سنوورداری ئازادی یان دەرفەتی بەشداری دەبێت لەلایەن هێزە چەپ و پێشکەوتووەکانەوە بەکار بهێنرێت بۆ بنیاتنانی ئامادەیی خۆیان و کاریگەری لەسەر بڕیاردانی سیاسی و یاسادانان و فراوانکردنی مەودای خەباتیان لە ڕێگەی ئامرازەکانی دەوڵەتەوە خۆی. بەشداریکردن لە هەڵبژاردن ملکەچبوون نییە بۆ واقیع، بەڵکو هەوڵێکە بۆ گۆڕینی لە ناوەوە و یەکێکە لەو گۆڕەپانە هەمەجۆرانەی خەبات کە دەبێت کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی و کۆمەڵایەتی و میدیایی و دیجیتاڵی تێیدا تێکەڵ بکرێن.

ڕیفراندۆم و عەقڵی کۆمەلایەتی و ڕای زۆرینە لە ڕێکخراوە چەپەکاندا

حیزبی شیوعی عێراق لەڕێی ڕیفراندۆمێکی ناوخۆییەوە بڕیاری بەشداریکردنی لەهەڵبژاردنەکاندا دەرکرد کە هەڤاڵانی ناو حیزبەکە تێیدا بەشداربوون ئەمە بڕیارێکە کە لە ئیرادەی زۆرینەی پارتەکە ڕەنگ دەداتەوە و نوێنەرایەتی پراکتیکێکی دیموکراتی ناوخۆیی دەکات کە شایەنی ستایشکردنە . میکانیزمی ڕیفراندۆم لە نێو حزبدا لەسەر مەسەلەی یەکلاکەرەوە و گرنگ هەنگاوێکی بەرەوپێشچوونە بۆ دامەزراندنی پرەنسیپی بڕیاردانی بە کۆمەڵ و فراوانکردنی بەشداری ئەندامەکان لە دروستکردنی هەڵوێستی سیاسی و ڕێکخراوەیی. ئەمە دەبێت ببێتە یاسایەکی هەمیشەیی لە هەموو ڕێکخراوە چەپەکاندا نەک هەڵاواردنێکی کاتی.
پێویستە میکانیزمی ڕیفراندۆم ببێتە پراکتیزەکردنێکی دامەزراوەیی و هەمیشەیی لەناو ڕێکخراوە چەپەکاندا و هەم لەڕووی تەکنیکی و هەم لەڕووی ڕێکخراوەییەوە پەرەی سەندووە بۆ سوود وەرگرتن لە توانای دیجیتاڵیزەکردن و تەکنەلۆژیای مۆدێرن لە دەستەبەرکردنی شەفافیەت، پەیوەندی خێراتر و بەشداری فراوانتر کە ئەندامان و کادرەکان و لایەنگران، تەنانەت دەنگە دۆستانەکانی دەرەوەی ڕێکخراوەکە وەک ڕاوێژکاری لەخۆ بگرێت. بەکارهێنانی دیجیتاڵیزەکردن هەروەها دەبێت پەرەپێدانی پلاتفۆرمی دیجیتاڵی بۆ دیالۆگ و گفتوگۆی کراوە لەسەر ئەو بابەتانەی پێش هەر ڕیفراندۆم یان بڕیارێک پێشنیار دەکرێن لەخۆ بگرێت. چەپی هاوچەرخ ناتوانێت دیلی پێکهاتەی ڕێکخراوەیی داخراو یان چوارچێوەی بیرۆکراتی کۆن بمێنێتەوە. پێویستە ئامرازی نوێ بۆ دیالۆگ و کارلێکردنی دیموکراتی دابهێنێت کە ڕێگە بە جیاوازی بیروڕا و گفتوگۆی کراوە و شەفاف بدات.
پەرەپێدانی میکانیزمی ڕیفراندۆمی ناوخۆیی دەربڕینێکی کرداری ڕێزگرتنە بۆ ڕای گشتی و داننان بە ڕۆڵی بنکەی ڕێکخراوەیی نەک تەنها سەرکردایەتی لە داڕشتنی بڕیارەکاندا. هەروەها بناغەی کەلتوورێکی دیموکراتی چەپی مۆدێرن پێکدەهێنێت کە بەشداری ڕێکخراوەیی بە هاووڵاتیبوونی سیاسیەوە دەبەستێتەوە و حیزب لە دەزگایەکی مەرکەزی بڕیاردان دەگۆڕێت بۆ بزووتنەوەیەکی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی زیندوو کە لەگەڵ ژینگەی خۆیدا کارلێک دەکات و ڕاستگۆیانە دەری دەبڕێت. لە هەمان کاتدا، ئەمە وێنەیەکی دیموکراسی پۆزەتیڤ دەبەخشێت بە کۆمەڵگا کە چۆن چەپ بڕیارە گرنگەکانی دەدات و ئەوە دووپات دەکاتەوە کە چەپ دیموکراسی تەنها وەک دروشمێک پێشکەش ناکات بەڵکو لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیدا پراکتیزەی دەکات.
لەبەر ئەوەی حیزبی شیوعی عێراق گەورەترین و ڕێکخراوترین پارتی چەپە دەتوانین بڵێین ئەم بڕیارە بەکۆمەڵە لەڕێگەی ڕیفراندۆمەوە تا ڕادەیەکی زۆر ڕەنگدانەوەی پێگەی زۆرینەی چەپی عێراقە بۆیە بەپێویستی دەزانم پشتگیری ئەم هەڵوێستە بکەم سەرەڕای هەموو ناڕەزایەتییەکی ڕەوا لەسەر خودی پرۆسەی هەڵبژاردن یان جیاوازی لەهەندێک وردەکاریی سیاسی لەگەڵ حزبی شیوعی عێراق و کوردستان کە شتێکی سروشتییە لە هەلومەرجە ئاڵۆزەکانی عێراقدا ئاساییە لێکدانەوەی چەپی جیاواز هەبێت و پێویستە دیالۆگی کراوە و هاوڕێیانە لەبارەیانەوە بە ڕۆحێکی دێموکراسی شارستانی و بەرپرسیارانە بهێڵرێتەوە کە جیاوازی بەهێز بکات نەک دابەشبوون و پەرتەوازەیی

پەرەسەندنێک لە هەڵوێستی هێزە چەپەکانی تردا

هەڵوێستی نوێ و گرنگی هەڤاڵانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان و ڕاگەیاندنی قەناعەتیان بەپێویستی بەشداریکردن لەهەڵبژاردندا گوزارشت لە پەرەسەندنێکی چۆنایەتی و پۆزەتیڤ دەکات لەڕێڕەوی بزووتنەوەی چەپی عێراقدا، ئەم گۆڕانە ڕەنگدانەوەی هۆشیارییەکی واقیعی و پێشکەوتووانە سەبارەت بە پێویستی هەمەجۆرکردنی میتۆدەکانی خەبات و سنووردارکردنیان بۆ بایکۆت کردن یان هەڵوێستی ناڕەزایی تەنها نەبێت، بەڵکو بۆ کردنەوەی هەموو گۆڕەپانەکان بۆ کاریگەری لەسەر هۆشیاری گشتی و پەیوەندییە سیاسییەکانی دەسەڵات. هەروەها ئاستێکی بەرزی نەرمی لەمامەڵەکردن لەگەڵ پەرەسەندنی سیاسی و کۆمەلایەتی و سوودوەرگرتن لەئەزموونەکانی پێشوو لەژێر ڕۆشنایی واقیعی نوێدا دەردەخات بەجۆرێک کە خزمەت بەسەرتاسەری بزووتنەوەی چەپ و مەسەلەی کرێکارانی دەستی و ڕۆشنبیری لەعیراق و هەرێمی کوردستان دەکات.
لەقۆناغەکانی ڕابردوودا هەڵوێستی ئەو دوو پارتە لەئاست بایکۆتکردنی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای شیکردنەوەیەکی ورد بۆ هەلومەرجی داگیرکاری و دەستێوەردانی دەرەکی و گەندەڵی و ستەم و کەموکوڕییەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن بوو بەڵام ئەمڕۆ، پێگەیان بەرەو واقیعی سیاسی زیاتر و متمانەی بەهێزتر بە توانای چەپ دەڕوات بۆ کردار و کاریگەری ڕاستەوخۆ. ئەم گۆڕانکارییە کەمتر نییە لە خودی بەشداریکردن، چونکە ڕەنگدانەوەی ئامادەیی بۆ پێداچوونەوە و نوێبوونەوەیەکی فیکری و پراکتیکی لە ژێر ڕۆشنایی ئەزموون و واقیعدا دەکات. هەرچەندە هۆکاری یاسایی ڕێگری لە بەشداری ڕاستەقینەی ئەو دوو حیزبە کردووە لەم هەڵبژاردنانەدا بەڵام ڕاگەیاندنی هەڵوێستی پشتیوانییان لەبەشداریکردن و بەشداریکردنیان لەهەڵمەتی ڕاگەیاندنی هەڵبژاردنەکان هەنگاوێکی بەرپرسیارانەیە کە گوزارشت لەهۆشیاری سیاسی پێشکەوتوو دەکات و خەمی ئەوە دەکات کە گۆڕەپانی سیاسی و پەرلەمانی و ناوخۆیی بەتاڵ نەهێڵێتەوە بۆ ئایینی و ناسیۆنالیستەکان وە هێزە کۆنەپەرستەکان.

گەیشتن بە پەرلەمان گرنگە، بەڵام ئەوەی زۆرتر گرنگە ئەوەیە کە چۆن لەوێ تێدەکۆشین

گەیشتن بە پەرلەمان بۆ هێزە چەپەکان هەنگاوێکی گرنگ و پێویستە بەڵام خۆی لە خۆیدا ئامانج نییە. پۆستی پەرلەمانی یان سیاسی بەهای خۆی لە ژمارە وەرناگرێت بەڵکو لە چۆنیەتی بەکارهێنانی وەک ئامرازی خەبات لە خزمەتی کرێکارانی دەستی و ڕۆشنبیر و ژنان و گەنجان و هەموو گروپە پەراوێزخراوەکاندا وەردەگرێت. دەبێت بەشداری لەپەرلەمان بەکاربهێنرێت بۆ ئەوەی بیکاتە سەکۆیەک بۆ پێشکەشکردنی بیروبۆچوون و ئەلتەرناتیڤی چەپ و پێشکەوتووخواز و دەربڕینی بەرژەوەندییەکانی چینە چەوسێنراوەکان و ئاشکراکردنی دژایەتیەکانی سیستەمی سەرمایەداری و ئاشکراکردنی سیاسەتەکانی پارتە ناسیونالیست و ئایینییەکانی حوکمڕانی بەغدا و هەرێمی کوردستان.
بەشداری پەرلەمانی بەم شێوەیە دەبێتە یەکێک لە گۆڕەپانەکانی خەبات کە دەبێت بچێتە ناوەوە و سوودی لێ وەربگیرێت. ئامانج تەنیا گەیشتن بە پەرلەمان نییە، بەڵکو چۆنیەتی کارکردنمانە لەناویدا و چۆن دەیکەین بە فەزای ڕووبەڕووبوونەوە و لێپرسینەوە و چۆن نوێنەرانی چەپ دەبنە دەنگی کرێکارانی لەسەر کار و بێکارو ڕۆشنبیران و بیرۆکەی مەدەنی و ئازادیخواز. بوونی نوێنەرانی چەپ لە پەرلەمان دەبێت بە مانای بەرگری بەردەوام لە مافە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییەکانی جەماوەر بێت و پێشکەشکردنی پێشنیاری یاسایی بێت کە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و کەمترین ئاستی ژیان و یەکسانی تەواو بۆ ژنان و دەستەبەرکردنی ئازادییە گشتی، یەکێتی و سیاسییەکان بە دامەزراوەییزە بکات.
لە هیچ وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پەرلەمان ناتوانێت لە ژێر ئەو پێکهاتە چینایەتییەدا خۆی لە خۆیدا ئامرازێک بێت بۆ گۆڕانکاری ڕادیکاڵ، بەڵکو دەتوانێت وەک ئامرازێکی کاتی و کاریگەر بێت بۆ ئاشکراکردنی میکانیزمەکانی دەسەڵات و گەندەڵی و قسەکردنی ڕاستەوخۆ بۆ جەماوەر لە نێو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا. هەرچەندە بوونی چەپ لە پەرلەماندا بەهێزتربێت ئەوەندە دەتوانێت بواری خەباتی سیاسی و کۆمەلایەتی و ئابووری و میدیایی فراوانتر بکات و پەرلەمان بکاتە گۆڕەپانێکی کراوەی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە بۆرژوازی و مەزهەبی و ناسیونالیستەکان، وە زەمینە خۆش دەکات بۆ ئاستێکی بەرزتر لە هۆشیاری و خەبات لەپێناو بنیاتنانی دامەزراوەیەکی جەماوەری ڕاستەقینە کە دێموکراسیتر و نوێنەرایەتیتربن هاوتایە لەگەڵ هاوسەنگی هێزە چینایەتییەکان و پلەی گەشەسەندنی دێموکراسی و دامەزراوەیی.

لیستێکی یەکگرتوو بۆ هەموو چەپەکانی عێراق : ئاواتێکی ڕەوای داهاتوو
ئەم لێکنزیکبوونەوەیە لە هەڵوێستەکانی نێوان هێزە چەپەکانی عێراقدا، تەنانەت ئەگەر بەشێکیشیبێت، نیشانەیەکی هاندەرە بۆ ئەگەری یەکخستنی تيڕوانین و گوتار و پراکتیک لە داهاتوودا. ئەوەی ئەم هێزانە یەکدەخات لەوە گەورەترە کە دابەشیان دەکات، چونکە هەموویان لە بایەخێکی هاوبەشەوە سەرچاوە دەگرن: بنیاتنانی دەوڵەتێکی دیموکراتی و مەدەنی بە ئاسۆیەکی سۆسیالیستی ئێستا، کۆتایی هێنان بە هەژموونی سیاسەتی تایەفەگەری و سیستەمی پشکی و بەدەستهێنانی دادپەروەری و یەکسانی کۆمەڵایەتی، تەنانەت ئەگەر لە میتۆد و کاتی بەدەستهێنانی ئەو ئامانجەدا جیاواز بن.
ئەگەر هەموو لایەنە چەپەکانی عێراق و کوردستان بتوانن لە یەک لیستدا بەشداری بکەن کە هەموو عێراق بگرێتەوە و هەموو هێزە چەپ و پێشکەوتووەکان لە بەغداوە تا هەولێر و سلێمانی و بەسرە کۆبکاتەوە، ئەوا هەنگاوێکی مێژوویی دەبێت بۆ یەکخستنی چەپ لە هاوپەیمانێتییەکی فراوان و فرە پلاتفۆرمدا و دووپاتکردنەوەی بوونی وەک هێزێکی جەماوەری یەکگرتوو. لیستی چەپی هاوبەش مانای نەهێشتنی جیاوازییە ڕێکخراوەیی و فیکری نییە بەڵکو پرەنسیپی کاری بەکۆمەڵ لە دەوری چەندین خاڵی هاوبەش بەرجەستە دەکات و گوزارشت لە هۆشیارییەکی سیاسی نوێ دەکات کە تێدەگات شەڕە گەورەکانی چەپ تەنیا لەڕێگەی یەکڕیزی و هەماهەنگی و کاری هاوبەشی بەردەوامی نێوان هێزە جۆراوجۆرەکانی چەپ و پێشکەوتووخواز و کرێکارەوە دەتوانرێت سەربکەوێتەوە
جیاوازی بیروڕا لەنێو بەرەی چەپدا لاوازی ناکات بەڵکو بەهێزی دەکات بەمەرجێک هەمووان لەسەر ئامانجی هاوبەشی بەرگریکردن لەبەرژەوەندییەکانی کرێکارانی دەستی و ڕۆشنبیر و پرەنسیپەکانی یەکسانی و ئازادی مرۆڤ یەکبگرن یەکڕیزی چەپی عێراقی و کوردستانی لە هەموو فراکسیۆنەکانیدا لە چوارچێوەیەکی سیاسی هاوبەشدا پەیامێکی بەهێز دەنێرێت بۆ کۆمەڵگا کە چەپ توانای زاڵبوون بەسەر پەرتەوازەیی و پێشکەشکردنی ئەڵتەرناتیڤێکی پێشکەوتووخوازی ڕاستەقینە بۆ سیستەمی تائیفی و ناسیونالیستی و نیولیبرال و یەکخستنی خەباتی ڕۆشنبیری و یەکێتی و سیاسی و ئابووری و کۆمەلایەتی لە چوارچێوەی یەک پڕۆژەی ئازادیخواز و پێشکەوتووخوازدا هەیە.

پشتیوانی و ده نگدان بۆ حزبی شیوعی عێراق و کوردستان
تێگەیشتن لە چەپ لە جەوهەری خۆیدا دەبێت وەک بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی فراوان و جەماوەری بێت لەگەڵ چەندین پلاتفۆرم کە چوارچێوەی ڕێکخراوەیی و حزبی تەسک تێدەپەڕێنێت. لەم ڕوانگەیەوە پێویستیی پشتیوانیکردن و دەنگدان بۆ حیزبی شیوعی عێراق و حیزبی شیوعی کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا دێتە ئاراوە ئەمەش مانای پشتگوێخستنی ڕەخنە و نەهێشتنی جیاوازییەکان و ڕێککەوتنی تەواو لەگەڵ سیاسەتی هەردوولا نییە، بەڵکو مانای ئەوە نییە کە تاکە لیستەکانی هەڵبژاردنی چەپ و پێشکەوتووخواز لەبەردەستدا بن کە لە ڕووی ئایدۆلۆژی و سیاسییەوە نزیکترن لە لایەنە جیاوازەکانی چەپ لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
لەم ڕوانگەیەوە و بە پێزانینی تەواو بۆ خەباتی درێژخایەن و پێگە بەنرخەکانی حزبە کۆمۆنیستەکانی عێراق و کوردستان و حزبە کۆمۆنیستە کرێکارییەکانی عێراق و کوردستان و ڕێکخراوی ئەلتەرناتیڤی شیوعی و حیزبی کۆمۆنیستی چەپ و سەرجەم حیزب و ڕێکخراوە چەپەکانی تر سەرەڕای جیاوازی فیکری و سیاسی لەنێوانیاندا، بە شایستەی دەزانم هەموو ئەوانەی بایەخ بە بەهێزکردنی ڕۆڵی چەپ دەدەن لە پەرلەماندا پێویستە ئەنجومەنە خۆجێییەکان و دامودەزگا فراوانەکانی دەوڵەت لەم هەڵبژاردنانەدا پشتیوانی و دەنگ بۆ کاندیدەکانی حزبی شیوعیی عێراق و کوردستاني بدەن وەک هەڵوێستێکی واقیعی و پێشکەوتووخواز کە بتوانێت خزمەت بەپرۆسەی بنیاتنانی چەپێکی یەکگرتوو و چالاکتر و کاریگەرتر لەژیانی سیاسیی عێراقدا بکات.
هیوادارم ئەم هەڵوێستە ببێتە خاڵی دەستپێکی جددی و پراکتیکی بۆ بەهێزکردنی دیالۆگ و هەماهەنگی و کاری هاوبەش لەنێوان فراکسیۆنەکانی چەپی عێراقدا وەک هەنگاوێکی سەرەتایی بەرەو یەکخستنی وزەکان و بنیاتنانی ڕێکخراوێکی چەپی فراوان و فرە پلاتفۆرم کە سەرجەم ئاراستە و ڕێکخراوە چەپەکانی عێراق کۆبکاتەوە و توانا ڕۆشنبیری و چالاکوانەکانیان لەبەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و کۆنەپەرستی لە یەکریزدا کۆبکاتەوە.
لەئەمڕۆدا بوونی بەرەیەکی چەپ لەهەموو گرووپ و ڕێکخراوەکان پێویستییەکی بەپەلەیە لەبەرامبەر هەژموونی تاریکی هێزە ناسیونالیست و ئایینی و ڕاستڕەوەکان کە کۆمەڵگەی عێراقیان بەرەو دواوە ڕاکێشاوە و هەژاری و کۆنەپەرستی و گەندەڵی و ستەمکاری بڵاوکردۆتەوە و دابەشبوونی مەزهەبی و ئیتنیکی و چینایەتی و ڕەگەزی قوڵتر کردۆتەوە. نەبوونی یان پەرتەوازەیی چەپ، واتە بەجێهێشتنی گۆڕەپانەکە بۆ ئەو هێزانەی کە پووکانەوەی دەوڵەت و کۆمەڵگەیان چەسپاندووە. چەپ بە هەمەچەشنی فیکری و ڕێکخراوەییەوە هیوای ڕاستەقینەیە بۆ بنیاتنانەوەی عێراق لەسەر بنەماکانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی و دەوڵەتێکی دێموکراتی خاوەن ئاسۆیەکی سۆسیالیستی.

ڕزگار ئاکرێیی چەپی سەربەخۆ




ڕوداوەکانی ئەم دواییانەی نیپاڵ و ئاسۆی خەباتی چینایەتی و سیاسی لەو ناوچانەدا-2-.. سابیر .م

بەشی دووەم:

پارادایمی دابەشکردنی شۆڕش بە دوو قۆناغ : وەک ئەفسانەیەکی ناسیۆنالیستی و پایەی سەرەکی فکری پارتە ماویەکانی نیپاڵ !

بنەمای مێژوویی ئەم پارادیمە ئەگەڕێتەوە بۆ چەپی ناسیۆنالیستی و ڕەوتە ناسیۆنالیستەکانی ڕوسیای قەیسەری لە کاتی خۆیدا وە لەسەردەمی خەباتی بەڵشەفیکەکاندا.
ئەم مەیلە فکری و سیاسیە وەک بەرەیەکی ( دژە شۆڕش ) دژایەتیەکی سەرسەختیان بۆ باسەکانی لێنین و بەڵشەفیکە هاوڕێکانی نیشاندا ، ئەوان پێیان وابوو کە قۆناغی گەشەی سەرمایەداری لە ڕوسیا هێشتا گونجاو نیە بۆ شۆڕشی سۆسیالیستی ، بەڵکە قۆناغەکە شۆڕشی بۆرژوا – دیمۆکراسیانە ئەخوازێت .

هەر لە درێژەی ئەم سیاسەتەدا ، بۆچوونەکانیان سەبارەت بە مەسەلەی (مافی چارەی خۆنووسینی میللەتان)بەو جۆرە بوو، وە پێیان وابوو، کە ئەم مەسەلەی نەتەوایەتیە پەیوەندی بە خەباتی چینایەتیەوە نییە و، پێویستە بۆرژوازی نیشتمانی ڕابەرایەتی بکات ، وە نابێت ببەسترێتەوە بە ڕابەڕایەتی کۆمۆنیستی کرێکاران و جوتیارانی چەوساوەو شۆڕشی سۆسیالیستیەوە .

لێنین وپارتی بەڵشەفیکی کە ئەو ڕابەڕایەتی ئەکرد بە پێچەوانەی ئەم بۆچوونە خەباتیان ئەکرد ، وە پێیان وابوو کە بەدەستهێنانی ئەو مافە دیمۆکراتیکانە وە لەوانە (مافی چارەی خۆنووسینی میللەتان ) لە ژێر ڕابەرایەتی کرێکاران و جوتیارانی هەژار توانای بەدەستهێنان و بەئەنجام گەیاندنیان هەیە، وە ئەم خەباتەش وابەستەیە بە مافی چارەنووسی پڕۆلیتاریا و چەوساوەکانەوە، نەک بۆرژوازی میللیەوە، هەربۆیە ئامانجی سەرەکی لێنین و پارتی بەڵشەفیکی ، پێکهێنانی بزووتنەوەیەکی ڕزگاری سۆسیالیستی بووە دژ بە چەوساندنەوەی سەرمایەداری و بۆرژوا لۆکاڵی و دەرەکیەکان ، نەک پێکهێنانی بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیستی تەنها بۆ بەرژەوەندی بۆرژوا خۆماڵیەکان و بەناو بزووتنەوە “ڕزگاری نیشتمانیەکان ” .
قۆناغی گەشەی ئەم مەیلە ناسیۆنال – ڕیفۆرمیستیە لەناو بەڵشەفیکەکاندا ، بەوە گەیشت کە ستالین لە کتێبی (بنەماکانی لێنینزمدا) (١) ، تەواوی تێزەکانی کۆنگرەی دووەمی ئەنتەرناسیۆناڵ و باسەکانی لێنینی شێواند و بەلاڕێدا برد ، کە لە ” تێزەکانی کۆنگرەی دووەمی ئەنتەرناسیۆناڵی کۆمۆنیست” لە 5ی حوزەیرانی ساڵی 1920 بڕیاڕیان لەسەر درابوو، بەتایبەت ڕەشنووسی سەرەتایی تێزەکان سەبارەت بە پرسی نەتەوەیی وپرسە کۆڵۆنیالیەکان(٢) وە بەو جۆرە هەوڵی ئەوەیدا کە بگەڕێتەوە سەر بنەمای پارادایمی دابەشکردنی شۆڕش بە دوو قۆناغ و لەو کتێبەدا پێداگری لەسەر پێشکەوتخوازی و ڕابەرایەتی بۆرژوازی نیشتمانی ئەکات ، پشتیوانی لە سیاسەتی ناسیۆنالیستانەو کۆنەپەرستانەی ئاغا و شێخ و سەرۆک عەشیرەتەکان و ئەفسەرە سەربازیە بەکرێگیراوەکانی کردو کۆمەکی هەمەلایەنەی کردن .

سەرەتاکانی جموجۆڵی سیاسی خۆیان وەک چەپێکی ناسیۆنالیست، کە باوەڕیان بە خەباتی چەکدارانەی جوتیارانی لادێکان هەبووە، وە ڕۆڵی سەربەخۆییانەی پڕۆلیتاریای شارەکانیان بەهەند وەرنەگرتوەو ڕەتکردۆتەوە، دوابەدوای سەرهەڵدانی قۆناغێکی تازەی ڕاگوزەری چوونە ناو خەباتی چینایەتی پڕۆلیتاریا لە هندستان و ناوچەکە لە دوای ساڵەکانی ١٩٣٠ بەدواوە دەستپێکردووە، وە بزووتنەوەی چەکداری (خەباتی ڕزگاری نیشتمانی) گەلانیان، بە بنەمایەکی فکری بنەڕەتی خۆیان زانیوه .

بێگومان کارکردی تێزەکان و بۆچوونەکانی کۆنگرەی باکۆی گەلانی ڕۆژهەڵات لە ساڵی 1921 بەسەرۆکایەتی گریگۆف زینۆفیف، کاریگەریەکی گەورەیان هەبووە لەسەر سەرهەڵدانی ماویزم و بزووتنەوە سیاسیەکانی تریش لەو ناوچانەدا وە پشتیوانی بزووتنەوەی( تورکیای لاو – ترکیا الفتاة ) و صن یات صن و پارتی میللی لە چین بکەن، بەتایبەت دوای ئەوەی کە خودی گریگۆڤ زینۆفیف( ٣) شعاری (کرێکارانی جیهان یەکبگرن )، گۆڕی بە شعاری ( کرێکارانی جیهان و گەلانی چەوساوە یەکبگرن) (٤)، وە بەم شێویە بناغە چیانیەتیەکەی شێواند.

بەم جۆرە ڕەوتی پشتیوانی لە بۆرژوا – کۆمبرادۆرەکان و سەرۆک خێڵ و پیاوانی ئاینی و ئەفسەرە بەکرێگیراوەکان هەرچی زیاتر بەهێزتر بوو، لە ژێر ناوی ( بەڵشەفیزم ) وە سوود وەرگرتن لە هەژموونی شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە جیهاندا .

دواتر بیروبۆچوونەکانی ماوتسی تۆنگ لە دوای ساڵەکانی 1948 بەدواوە گوژمێکی بەهێزیاندا بەم ڕەوتە ناسیۆناڵ چەپەی شۆڕشی ( بۆرژوا – دیمۆکراسیە )دا، گوایە شۆڕشی نیپاڵ شۆڕشێکی لۆکاڵی نەتەوایەتیە و بۆرژوازی نیشتمانی نیپاڵ پێشکەتوخوازەو شۆڕشگێڕە، ئەویش خۆی لە خۆیدا درێژەی هەمان سیاسەتی ناسیۆناڵ- ڕیفۆرمیستانەی کۆنگرەی باکۆوو جهان بینی سیاسەتی ستالین بوو لەبارەی
( سۆسیالیزم لە یەک وڵات) دا ، کە بوون بە پێشینەیەکی فکری و سیاسی بۆ پارتی میللی کۆمێنتانگ (٥) لە ساڵی 1923- تا ساڵی 1927

لەدوای شەڕی جیهانی یەکەمەوە سەرمایەی جیهانی چۆتە قۆناغێکی مێژوویی نوێوە ، ئەویش قۆناغی ئیمپریالیزمەو وە تەواوی پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانی لە جیهاندا بەشێوەیەک گۆڕیوە کە لەگەڵ خودی کەڵەکەی سەرمایەی جیهاندا یەکبگرنەوەو بگونجێن.
ئەم قۆناغە نوێە و هەژموونی سەرمایەی جیهانی ، بوو بە تەوەرەی بنەڕەتی دابەشبوونی کۆمەڵگا بەسەر دوو چینی پڕۆلیتاریا و چەوساوەکان لەلایەکەوەو سەرمایەداران و نۆکەرانی بۆرژوا خۆماڵیەکانیش لەلاکەی ترەوە، ئەمە وێڕای مانەوەی هەر جۆرە دواکەوتویی و پاشماوەی کۆنی فیوداڵی و خێڵەکی لە وڵاتانی وەک ئاسیاو ئەفریقاو ئەمریکای لاتینی.
لە سەر بنەمای ئەم گۆڕانکاریە ڕیشەییەی کۆمەڵگا و پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان، ناتوانرێت ئەو قۆناغە لەو وڵاتاندا ، بە قۆناغی شۆڕشی ( بۆرژوا – دیمۆکراسی ) و پێشکەوتوخوازی بۆرژوازی میللی لە قەڵەم بدرێت، بەڵکە زۆر بە ڕۆشنی و ڕاشکاوانە قۆناغەکە پێداویستی شۆڕشێکی سۆسیالیستی ئەخوازێت، و هەرچی زیاتر بەرژەوەندی سەرۆک خێڵ و عەشیرەت و بۆرژوا- کۆمبرادۆرەکان وەک پاشکۆو بەکرێگیراوێک بە سەرمایەی جیهانیەوە بەستۆتەوە، وە لە ناو کۆمپانیا مۆنۆپۆڵیە فرە نەتەوەییەکاندا پشکی تایبەتی خۆیان هەیە .
ئەم گۆڕانکاریانە بوونەتە ڕاستیەکی بەرچاو وزیندو، کە هیچ کەسێکی بۆرژوا – کۆمبرادۆرو وردەبۆرژوا پاشکۆکانیان لەم وڵاتانە توانای ئەویان نەماوە حاشایان لێبکەن و بەدرۆیان بخاتەوە .

لە درێژەی ئەو هەلومەرجە سیاسی و چینایەتیەی کە لە نیپاڵ درێژەیان هەیە، ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی چینە چەوساوەکان و قوتابیان و تێکۆشەرانێک خەباتی خۆیان دژ بە ڕژێمی پاشایەتی بنەماڵەی Dynasty Rana درێژە پێداو، لە ساڵی 1949 بە دواوە قۆناغێکی تازەی خەباتی پارتە ماویەکان لە نیپاڵ دەستی پێکردوە .

درێژەی هەیە ….

سابیر. م
13.10.2025

—————————————————————————————————

پەڕاوێزەکان :

(١ ) أسس اللينيية ، ستالين .ل.٧٤ چەند وانەیەک لە زانکۆی سفردلۆڤ لە مۆسکۆ 1924 بە زمانی عەرەبی

(٢ ) تێزەکانی کۆنگرەی دووەمی ئەنتەرناسیۆناڵی کۆمۆنیست ، ڕەشنووسی سەرەتایی تێزەکان سەبارەت بە پرسی نەتەوەیی وپرسە کۆڵۆنیالیەکان( 5 حوزەیرانی 1920)

المؤتمرات العالمية الأربعة الأولى للأممية الشيوعية – الكتاب كاملاً:

https://revsoc.me/marxism/30606/31728/ (٣)

(٤) سایتی الأخبار ، www.al-akhbar.com

https://www.al-akhbar.com/Opinion/350548/-%D9%8A%D8%A7-%D8%B9%D9%85%D8%A7%D9%84-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%A7%D9%84%D9%85-%D9%88%D8%B4%D8%B9%D9%88%D8%A8%D9%87-%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%B6%D8%B7%D9%87%D8%AF%D8%A9–%D8%A7%D8%AA%D8%AD%D8%AF%D9%88%D8%A7

( ٥ ) کۆمینتانگ https://ar.m.wikipedia.org/wiki/%D8%A7%D9%84%D9%83%D9%88%D9%85%D9%8A%D9%86%D8%AA%D8%A7%D9%86%D8%BA%AA%D8%A7%D9%86%D8%BA




زمان و ڕۆڵی لە پرۆسەی هەڵبژاردندا.. ئارام ئیسماعیل کەریم

(شیکردنەوەی گوتاری بانگەشەی پارتە سیاسییە کوردییەکان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقدا)

زمان تەنیا ئامرازێکی گەیاندن نییە، بەڵکو گۆڕەپانێکی سەرەکیی ململانێی سیاسی و ئایدۆلۆژییە. لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا، زمان دەبێتە چەکێکی ستراتیژی، کە پارت و لایەنە سیاسییەکان بەکاریدەهێنن بۆ شێوەپێدانی بیروڕای گشتی و دروستکردنی وێنەیەکی دیاریکراو بۆ خۆیان و ڕکابەرەکانیان بەمەبەستی بەدەستهێنانی دەنگی دەنگدەران. زمان لە بانگەشەی هەڵبژاردندا تەنیا ئامرازی گەیاندن نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ دروستکردنی واقیعێکی سیاسیی دیاریکراو و بەدەستهێنانی شەرعییەت. لەم چوارچێوەیەدا، شیکردنەوەی زمانەوانی بۆ گوتاری بانگەشەی لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، ستراتیژی جیاوازی هەر لایەنێک ئاشکرا دەکات. سەرنجبدرێت پارتی دیموکراتی کوردستان (PDK) لە گوتاری سەرەکیدا جەختدەکاتەوە لەسەر “پاراستنی قەوارەی هەرێم و مافە دەستوورییەکان” و “کوردستانێکی بەهێز”.
لە ڕووی زمانەوانییەوە، پارتی پەنا بۆ بەکارهێنانی وشە و دەستەواژەی فەرمی و نەتەوەیی دەبات وەک (قەوارەی هەرێم، مافی دەستووری، شکۆ، کوردستانی بەهێز)، ئەم زاراوانە وێنەی پارتێک دەکێشن، کە خۆی وەک پارێزەری سەرەکیی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان نمایشدەکات. هاوکات بەکارهێنانی مێژوو، وەک ئاماژەدان بە دروشمی “دیموکراسی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان”، هەوڵێکە بۆ بەدەستهێنانی شەرعییەت. ئەم ئۆتۆنۆمییەش لە بنەڕەتدا بۆ پاراستنی تایبەتمەندیی نەتەوەیی کورد بووە، کە زمانی کوردی تێیدا هێمایەکی سەرەکیی ناسنامە و خەباتی سیاسی بووە. لە ئاستی پراگماتیکیشدا، گوتاری پارتی کرداری بەڵێندان جێبەجێدەکات، کاتێک باس لە پاراستنی قەوارەی هەرێم دەکات، ئەمە بەڵێنێکە بە دەنگدەران، کە لە بەغداد نوێنەرایەتیی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانیان دەکات. لەلایەکی ترەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (PUK) جەختدەکاتەوە لەسەر “خزمەتگوزاری”، “چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و بودجە”، و “پەیوەندیی بەهێز لە بەغدا”. یەکێتی وشەی سادە و کرداری بەکاردەهێنێت وەک (خزمەت، مووچە، بودجە، چارەسەر)، کە ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە ژیانی ڕۆژانە و نیگەرانییە هەنووکەییەکانی خەڵکەوە. گوتاری “کاتێک کێشەیەک هەیە…
خەڵک لە دەرگای یەکێتی دەدات” وێنەیەکی خزمەتکار و پشتیوان بۆ حزبەکە دروستدەکات. هاوکات پرسیارە ڕەوانبێژییەکانیی وەک “کێ لە بەغدا قسەی دەخوات؟” کردەیەکی قسەیی جەختکەرەوەیە، کە ئامانج لێی نیشاندانی توانای حزبەکەیە. بەپێچەوانەی ئەم دوو هێزەوە، بزووتنەوەی نەوەی نوێ گوتارێکی ڕادیکاڵ و دژە سیستمی باوی هەیە، وەک “درۆ دەکەن”، “ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز”، و “کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی بنەماڵە”. نەوەی نوێ بە شێوەیەکی بەرفرەوان وشەی وروژێنەر و نەرێنی وەک (درۆ، گەندەڵی، دزی، بنەماڵە) بەکاردەهێنێت.
ئەم وشانە هەستی تووڕەیی و بێزاری لای دەنگدەر دەوروژێنن و ئامانجیان لەکەدارکردنی شەرعییەتی ڕکابەرەکانە. گوتاری نەوەی نوێ نموونەیەکی ڕوونی ستراتیژی (ئێمە و ئەوان)ـە، کە لە ڕێگەی زمانەوە هێڵێکی جیاکەرەوە لەنێوان خۆیان وەک (ڕزگارکەر) و دەسەڵات وەک (گەندەڵکار) دەکێشن. لایەنە ئیسلامییەکانیش (یەکگرتوو و کۆمەڵ)، جەختدەکەنەوە لەسەر “چاکسازی”، “دادپەروەری”، “سیاسەتی خاوێن”، و “ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی”. هەروەها دروشمەکانی وەک “بەرەو سیاسەتێکی خاوێن” و “دادپەروەری بۆ هەمووان”، چەمکی ئەخلاقی و ئایینی تێدابەکارهێنراوە، سەرنجبدرێت وشەی (خاوێن) ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆیە بۆ (پیسی) و (گەندەڵی) لە سیاسەتی ئێستادا و خۆیان وەک بەدیلی پاک و ئەخلاقی نمایشدەکەن.
(دادپەروەری)ـش چەمکێکی سەرەکییە لە گوتاری ئیسلامی سیاسیدا و بانگەشەیە بۆ سیستمێکی بێ جیاوازی. ئەم دروشمانە کرداری بەڵێندان و بانگەوازکردن لەخۆدەگرن بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەیەکی (چاکسازی) و (خاوێنکردنەوە)ی سیاسەتدا. لە کۆی گشتیدا، زمان لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا ئاوێنەی ستراتیژی سیاسیی لایەنە کوردییەکانە. پارتی زمانی نەتەوەیی و دەستووری بەکاردەهێنێت، یەکێتی جەختلەسەر زمانی پراگماتیکی دەکاتەوە، نەوەی نوێ زمانی ڕادیکاڵ و پۆپۆلیستی بەکاردەهێنێت و لایەنە ئیسلامییەکانیش لە ڕێگەی چەمکی ئەخلاقی و ئایینییەوە هەوڵدەدەن خۆیان وەک بەدیلێکی خاوێن و دادپەروەر نمایشبکەن. بەم شێوەیە، زمان دەبێتە کەرەستەیەک بۆ کێشانی نەخشەی سیاسی و دیاریکردنی ناسنامەی هەر لایەنێک لە چاوی دەنگدەراندا.




حکومەتی دوای هەڵبژاردن لە عێراق.. عوسمانی حاجی مارف

سندوقەکانی دەنگدان لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ دەکرێنەوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێ، بەڵام ئایا ئەمە کاتێکی گونجاوە و دەتوانرێت جێبەجێ بکرێت؟ بەتایبەتی کە عێراق لە دۆخێکی پر ئاڵۆزی و بارگرانیدایە، بەهۆی کێشەکانی ناوچەکە و ململانێی ئەمریکا و ئیسرائیل لە بەرامبەر ئێران و کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر عێراق، لەهەمانکاتدا قەیرانی ئابوری و سیاسی و کورتهێنانی دارایی و هەژمونی گەندەڵی لەتەواوی جومگە و دامودەزگاکانی دەوڵەتدا سایەی کردووە، لەلایەکی ترەوە بەرزبونەوەی ئاستی کێشە و ململانێی لایەنە سیاسیەکان، لە هێزە میلیشیا تائفی و ئیسلامی و قەومیەکان کە قەیرانی دەسەڵاتی سیاسیان قوڵتر کردۆتەوە، هەروەها فشاری شەقام و توڕەیی و بێزاری ناڕەزایەتی دانیشتوان کاریگەری جدیی لەسەر ئەم هەڵبژاردنە هەیە.
داتاکانی دارایی گشتی کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵی عێراقەوە بڵاوکراونەتەوە دەریدەخەن کە حکومەتی ئێستا هاوشێوەی حکومەتەکانی پێشخۆی پێشکەوتنێکی کەمی لە گەیشتن بە هەریەک لە ئامانجەکان بەدەستهێناوە. لەئەنجامدا عێراق ڕوبەڕوی کورتهێنانێکی دارایی نوێ دەبێتەوە کە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوەیە، واتە بەمانەوەی نرخی نەوت لە دەوروبەری ٦٧ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، داهاتی نەوت کە زیاتر لە ٩٣٪ ی کۆی داهاتی حکومەت لە ساڵی ٢٠٢٥ پێکدەهێنێت، چیتر بەس نییە بۆ دابینکردنی خەرجییە گشتیە پلان بۆ داڕێژراوەکان.
ئەم فشارە داراییە ئاماژەیە بۆئەوەی کە حکومەتی سودانی هێشتا لە میراتی وابەستەیی بە نەوت ڕزگاری نەبووە، هێشتا خەرجکردنی موچە لە داهاتی نەوت دابین دەکات و نەیتوانیوە چاکسازی پێویست بۆ بنیاتنانی ئابووریەکی گەشەسەندو بەدەست بهێنێت. لەهەمانکاتدا چاوەڕوان ناکرێ هیچ حکومەتێک لەماوەی یەک خولی چوار ساڵی داهاتودا دوای ئەم هەڵبژاردنە چارەسەری ناهاوسەنگی باری ئابوری عێراق و پرسە داراییەکانی بکات، بەڵام گەر هەر حکومەتێک پێکهات، دەبێت بتوانێت دەرفەت بقۆزێتەوە و بەرپرسیارێتی دەستپێکردنی چاکسازی ئابوری لە ئەستۆ بگرێت، ئەمەش لەم دۆخە نالەبارەی ئێستاو دەسەڵاتێکی پەرشوبڵاوی چەند جەمسەری پێکهاتو لە هێزی میلیشیا، نەخشەیەکی سەخت دەبێت.
لە دوای ڕووخانی سەدام لە ساڵی ٢٠٠٣وە، بە حساب دەبوایە عێراق دوو ئامانجی گەشەپێدان بەیەکەوە گرێبدات، یەکەمیان دوورکەوتنەوە لە مۆدێلی ئابوری ڕەیعی بە بوژاندنەوەی کەرتەکانی وەبەرهێنانی غەیرە نەوت و کەمکردنەوەی پشتبەستنی زۆر بە هەناردەی نەوتی خاو. دووەمیان دابینکردن و پەرەپێدانی ژێرخانێک کە پێویستە بۆ بەدیهێنانی ئەم گۆڕانکاریە.
هەڵبەتە چارەسەرە پێویستەکان ناسراون، گەر بەمجۆرە حوکمرانیەی لایەنە سیاسیەکانی ئێستا عێراق قەتیس نەبوایە، بۆیە ئاڵوگۆڕەکان سەختی لەخۆیان دەگرن بەهۆی سروشتی ئابووری و سیاسی کە لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ سەریهەڵدا، کە داگیرکاری ئەمریکاو وێرانکاری عێراق و دواتر دەخالەت و باڵادەستی کۆماری ئیسلامی ئێران، دۆخێکی تەواو جیاوازی لە ململانێی هێزی میلیشیای تائفی خستە سەر شانۆی سیاسی عێراق، کە جگە لە تاڵانچێتی و بازرگانی بە نەوت ڕێگایەکی تریان نەگرتەبەر، لەپێناو بەدەستهێنانی داهاتێکی زۆر لە کورترین ماوەدا، ئەمەش گەورەترین بەربەست بووە بۆئەوەی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان نەتوانن و نەیانەوێت چاکسازی ئابوری و گەشەپێدانی جددی جێبەجێ بکەن.
جگە لەوەش سیستەمی پارچەپارچەکراوی پشکی سیاسی کە دامەزراوەکان بە درێژایی هێڵە تائیفی و نەتەوەییەکان دابەش دەکات، بەردەوامە لە بەهێزکردنی تۆڕی تایبەتی بەرپرسانی لایەنەکان کەوەک بەشی دەرەبەگەکان خۆی دەنوێنێ، لەهەمانکاتدا وەزارەتەکان وەکو وەزارەتێکی حزبی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، کە زیاتر خزمەت بە بەرژەوەندیە حزبیەکان دەکەن، نەک بەرژەوەندی گشتی.
ئەم پارچەپارچەبونە دامەزراوەییە ڕێگری دەکات لە بڕیاردانی یەکگرتوو و تا ڕادەیەکی زۆر بەرپرسیارە لە تەحەدای بنەڕەتی گەندەڵیەکی بەربڵاو، زۆرجار گرێبەستی دابینکردن بریتیە لە هەڵاوسانی بودجە و دەستکاریکردن و بەرتیلدانی سیاسی بۆ دابینکردنی بودجە بۆ پارتە سیاسیەکان و گروپە چەکدارەکان. هەروەها دەزگاکانی چاودێری وەک کۆمسیۆنی دەستپاکی و دەستەی باڵای وردبینی دەسەڵاتی جێبەجێکردنیان نییە، پەرلەمان لێرەدا ناتوانێت ڕۆڵێکی چارەنوسساز بگێڕێت و دەوری هەبێت، جگە لە پاشکۆبون بۆ بەرپرسە میلیشیاکانی حزبە دەسەڵاتدارەکان.
داڕشتنی یاسای دارایی نیشتمانی و دیاریکردنی چۆنیەتی دابەشکردنی سامانی گشتی، تادێت نرخێکی بەرزتر لەسەر بودجەی دەوڵەت دەکەوێت و قەیران زیاتر دەهێنێت، ئەمەش حکومەتی فیدراڵی دەکاتە بارمتەی ناجێگیری بازاڕەکانی وزەی جیهانی، کە لە ئێستاوە بووەتە هۆی دووبارەبوونەوەی قەیرانی دارایی ساڵی ٢٠١٥.
نەمانی متمانە بە دامەزراوە گشتیەکان بەهۆی کڕین و فرۆشتنی پۆستە وەزاریەکان لەکاتی دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتدا خراپتر و گەندەڵتر بون، کە بەجۆرێک ئەم پرۆسەیە ڕۆشتووە هیچ حکومەتێکی ئایندە ناتوانێت بەرەنگاری بکات یان دەستبەرداری بێت، بەڵکو تەنها رێگا ئەوەیە کە دەبێت تەواوی پێکهاتەی حکومەتی ئێستا ڕاماڵرێت.
ئەوەی جێگای سەرنجە، ئابوری سیاسی عێراق ڕەگ و ڕیشەی لاوازی ئیدارە داراییەکەی وەها ڕون دەکاتەوە، کە داینامیکی رەیعی خەرجێکی زیاد لە پێویستی بۆ دەوڵەت دروست کردووە، هەروەها زیاتر لە٤٠٪ هێزی کاری عێراق لە کەرتی گشتی یان کارگە دەوڵەتیەکان دامەزراون و ئەم دووەمەیان ٥٩٪ی کۆی خەرجیەکانی حکومەتی فیدراڵی لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥دا پێکهێناوە، ئەمەش بوارێکی کەم بۆ وەبەرهێنانی درێژخایەن دەهێڵێتەوە، لەکاتێکدا هەر هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی یارمەتیەکان یان داڕشتنەوەی مووچە دەتوانێت کاردانەوەی نەرێنی گشتی لێبکەوێتەوە.
هەرچەندە حکومەت چەند ڕێوشوێنێکی کورتبینانەی گرتۆتەبەر، بەڵام ناتوانێت کە ڕەگ و ڕیشەی دووبارەبوونەوەی قەیرانە داراییەکان چارەسەر بکات، لەوانە کەمکردنەوەی خەرجیەکانی وەبەرهێنانی گشتی، ئەولەویەتدان بە کەمکردنەوی خەرجیە بنەڕەتیەکانی ئێستای وەک مووچە و خانەنشینی، کە زیاتر لە ٦٠٪ ی کۆی خەرجیەکانی بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ی پێکهێنابوو، لەهەمانکاتدا کەمکردنەوە یان دواخستنی بودجە بۆ پڕۆژەکانی گەشەپێدان کە گرنگن بۆ بنیاتنانی ئابوریەکی هەمەچەشن.!
ئەم نەخشانە ڕەنگدانەوەی ئابوریەکی سیاسیە کە بەرژەوەندی تەسک و کورتبینانە و ڕەفتاری رەیعی و دیسیپلینێکی دارایی ناسک بەڕێوەی دەبات، کە هەموو ئەمانە ڕێگرن لە بەردەم گەشەی ئابوری و لەهەمانکاتدا ڕێگرن لە چارەسەرکردنی ناهاوسەنگیە ئابووریەکان.
حزبە دەسەڵاتدارەکان و هێزە میلیشیاکان کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر وەزارەتەکاندا قۆستۆتەوە بەدامەزراندنی کەسانی سەربەخۆیان لە پۆستە باڵاکانی خزمەتگوزاری شارستانی کە بە “پلەی تایبەت” ناسراون، ئەم پۆستانە وەک ڕێڕەوێک بۆ دەستڕاگەیشتن و دابەشکردنی سەرچاوە گشتیەکان، بۆ چەسپاندنی تۆڕی تایبەت و توندکردنەوەی دامەزراوە گەندەڵیەکان کاردەکەن.
بەجیا لەم دۆخە ئابوری و داراییەی بیست ساڵە لەژێرسایەی ڕەحمی کۆنترۆڵی بەڕیوەبەرایەتی حزبە دەسەڵاتدارەکان و هێزە میلیشیاکاندایە، کە ئێستا گەیشتووە بەوپەڕی قەیران و نائارامی و کاریگەری لەسەر ململانێی لایەنەکان دەبێت لەم هەڵبژاردنەدا، لەهەمانکاتدا گۆڕانی هاوکێشەی سیاسی و هاوسەنگی هێزەکان، دۆخێکی تازە لەدۆخی سیاسی ئێستای عێراق و ناوچەکە هێناوەتە پێشەوە، کە ململانێی لایەنەکان لەم دەورەی هەڵبژاردنەدا، تەواو جیاواز دەبێت لەچاو دەورەکانی ساڵانی پێشودا، واتە بەجیا لەم ئاڵۆزی دۆخە ئابوریە، لەهەمانکاتدا گروپەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کە ئێستا پێکهێنەری حکومەتی عێراقن، هەروەها هێزەکانی حەشدی شەعبی، دەرگیری چەندین کێشەی جدین، لەلایەک زەحمەتە ئەو هێزانە دوای ئەو ئاڵوگۆڕانەی لە ئاکامی شەڕی ئیسرائیل و ئێراندا پێشهاتووە، بتوانن یەکگرتوبن و یەک لیست بن لەم هەڵبژاردنەدا، هێزەکانی حەشدی شەعبیش لە ژێر کاریگەری مەترسی هەڕەشەی ئەگەری هەڵوەشاندنەوەن لە ڕێگەی لێدانی ئەمریکاو ئیسرائیلەوە.
جگە لەوانەش لایەنە کوردیەکان هەرچەندە تائێستا نەیانتوانیوە، لە هەرێمدا حکومەت پێکبهێننەوە، لەهەمانکاتدا دۆخی ئابوری و سیاسیان لە دۆخی ئابوری و سیاسی لایەنەکانی عێراق باشتر نیە، بۆیە ناتوانن ڕۆڵێکی ئەرێنی و بەشداریەکی سەرکەوتویان هەبێت لەم هەڵبژاردنەدا.
هەرچەندە لەسەرەتادا پێشبینی ئەوە دەکرا کە موقتەدا سەدر بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا بکات، بەڵام پاش هیرشکردنێکی توند بۆ سەر تەواوی لایەنەکان بەوەی دزو گەندەڵن و بە هۆکاری شێواوی دۆخی عێراق وەسفیان دەکات، جارێکی تر ڕایگەیاند کە بەشداری ناکات.
لە رۆژی ٣ی ئۆکتۆبەر لە سەرانسەری عێراق و هەرێم، بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دەستی پێكرد، تاوەكو ٨ـی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت، بەجیا لەوەی پێشبینی ئەرێنی ناکرێت کە ئەم بانگەشەیە بە دۆخێکی ئارامدا تێپەڕێت، لەهەمانکاتدا بەگشتی مەترسی ئەوە هەیە، گەر هەڵبژاردن تێپەرێنرێت، یان دوای هەڵبژاردن گەر حکومەتیش پێکبێت، دۆخی سیاسی ناوچەکە و عێراق سەختی دەخاتە بەردەم چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەتێک کە بتوانێت عێراق لە پێکدادن و شەڕو گێژاو نا سەقامگیری سیاسی بپارێزێت.




چەتەکانی دەریای کاریبی!.. تاهیر عیسا

ئەمە نە داستانی مەم وزینەو نەلاس وخەزاڵ و نە دوانزەسوارەی مەریوان و نەداستانی قەڵای دمدم، بەڵکو داستانی دزی وگەندەڵی پێنج لە قارەمانەکەی بنەماڵەی بارزانین!
پڕۆژەی ڕاپۆرتکردنی تاوان و گەندەڵی ڕێکخراو (OCCRP) ڕێکخراوێکی ناحکومی ئەمریکایە کە ڕۆژنامەگەری لێکۆڵینەوە پەروەردە دەکات. ساڵی ٢٠٠٦ دامەزراوە و تایبەتمەندە بە تاوانی ڕێکخراو و گەندەڵی.
OCCRP,
Abbreviation of:-
Organized Crime and Corruption Reporting Project
Barzani family corruption in Iraqi Kurdistan:
لە هەشتی ئەم مانگەدا، ڕاپۆرتێکی دورودرێژی لەسەر گەندەڵیە زۆرو زەبەلاحەکانی بنەماڵەی بارزانی، بەناوی پێنج براکە، بڵاو کرۆتەوە، ئەگەرویستت خۆت ڕاستەوخۆ بچیتە ناو سایدی:- پڕۆژەی ڕاپۆرتکردنی تاوان وگەندەڵی ڕێکخراو،

Organized Crime and Corruption Reporting Project :- دواتر بنوسە
گەندەڵیەکانی بنەماڵەی بارزانی لەکوردستانی عێڕاق:-
Barzani family corruption in Iraqi Kurdistan:
بەدورودرێژی ڕاپۆرتێکی وردو سەلمێندراوت دەداتێ لەسەر گەندەڵیەکانی پێنج براکە،(مەسرور، مەنصور، مستەفاو وەیسی و موسخی).
ئەمڕۆ لەسایەی تەکنۆلۆجیای زیرەکدا، زۆرپێویستیت بەوەنییە باش لەزمانە بیانیەکان حاڵی ببیت، بەڵکو خۆت دەتوانیت لەڕێگای تڕانس لێیت و گۆگلێ وە، بۆهەر زمانێک مەبەستت بوو بابەتەکان تەرجومە بکەیت و لە جەوهەری ڕاپۆرتەکان تێبگەیت. دەتوانیت داستانی دزی وفزیی و گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارەی بەتاڵانبردراوی خەڵکی کوردستان، لەلایەن پێنج برای شارەزاو پسپۆڕ لە گەندەڵی، ڕاستەوخۆ لەسایدی دەزگاکەوە بخوێنیتەوە.
ناسۆنالیزمی کورد، ئەمڕۆ ئەگەر بەشێک لەشانازیە مێژووییەکانی داستانە جۆراوجۆرەکانی مێژووی کۆنی بەر لەدنیای مۆدێرن بێت، ئەوا دەبێت لەم سەردەمەی دنیای مۆدێرن وتەکنۆلۆجیای زیرەکدا، هەڵوێستی لەبەرامبەر پاڵاوانەکانی داستانی دزی و تاڵانی ژێر پەرچەمی ئاڵای کوردستانی ئەمڕۆیدا چیبێت؟
ئەم ناسیۆنالیزمە ڕیسوایەی ئەمڕۆ، کە پاڵەوانەکانی تەواوی میدیاو سایدە جۆراوجۆرەکانی لەهەواڵی گەندەڵیی و دزی و پارەسپیکردنەوەدا، تەنیوە، باوکیان لە مانگی پێنجی ڕابردوودا، لەکۆنگرەی یەکگرتنەوەی یەکیەتی قوتابیان ولاوانی پارتیدا، فەرمووی، ئەگەر کەڕامەت و ئیرادەت هەبوو، هەموو کاتێک پارەت دەبێت، کەڕامەت وئیرادەشت نەما پارە چقیمەتی هەیە!؟
دەبێت لەمەسعود بارزانی بپرسین، ئایا کەڕامەت وئیرادە، ئەوەیە کە لەم ڕاپۆرتانەدا کەشفی ئەسڕاڕی دزی و تاڵانی و پارەسپیکردنەوەکان لەلایەن پێنج لەکوڕەکانتەوە کراوە؟ ئایا بەمجۆرە لەدزینی سامان و داهاتی خەڵک وتەخشان وپەخشانکردنی لەوڵاتانی جۆراوجۆری دنیادا، دەوترێت کەڕامەت وئیرادە!؟
خەڵکی کرێکارو کارمەندو مامۆستاو مووچەخۆرانی کوردستان، بەگشتی دادو بێدادیانە لەدەست ئێوەو حکومەتی بەغداددا، هەر جارەی بە بیانوویەک و بەپاساوێک ڕێگری دەکرێت لەوەی مووچەکانیان لەکاتی خۆیاندا پێبدەن، کەچی ڕاپۆرتی پڕۆژەی ڕاپۆرتکردنی تاوان وگەندەڵی لەئەمریکا پێمان دەڵێت، کە ئەوە دەسەڵاتدارانی کوردستانن دەستیان ناوەتە بیناقاقای خەڵکی کرێکارو هەژاری کوردستان و بەهەرچی ڕێگاو شێوازێکی نه شیاو ناپەسەند هەیە، خەریکی دزی و تاڵانین!

ڕاپۆرتەکان وزانیاریەکان تازەن و لەهەشتی ئەم مانگەدا دزەیان کردۆتە ناو ڕۆژنامەکانەوە.
کۆشک و ئەسپ و جانتای دیزاینەر: چۆن بنەماڵەی دەسەڵاتداری کوردستانی عێراق لە ئەمریکادا خەریکی تەخشان و پەخشانی پارە بوون.
ئەمە عینوانی مانشێتی هەواڵە سکانداڵئاساکەیە،
کەڕێکخراوەکە بەمجۆرە پێشەکیەکەی نوسیوە:-
پێنج کوڕەکەی سەرۆکی دامەزرێنەری کوردستانی عێراق لە سەرانسەری ئەمریکادا خانووبەرەیان بەدەستهێنا و چوونە بازاڕی لوکس(فاخر، گرانبەها). لانیکەم بڕێک لەو پارەیە لە کۆنگلۆمێراتە (شەریکاتە)گەورە کوردییەکانەوە هاتووە کە پێدەچێت دوو لەو برایانە بە نهێنی کۆنتڕۆڵیان کردبێت، بەپێی بەڵگەنامە دزەپێکراوەکان.
دۆزینەوە سەرەکییەکان؛- دەستکەوتی برایانی بارزانی بریتی بوون لە کۆشکێکی شەش ژووری نوستن و چەندین شوقە لە نزیک واشنتۆن دی سی، هەروەها بیناکانی میوانداری قاوەخانە و چێشتخانەکان لە فلۆریدا و تەکساس و کالیفۆرنیا.
ئەو موڵکانە لە ڕێگەی کۆمپانیا دەرەکیەکانەوە کڕدراون کە ناوی کارەکتەرەکانی فیلمەکانی “چەتەی دەریایی کاریبی”یان لێنراوە.
زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلار کە بۆ ئەم کڕینانە بەکارهاتووە لە کۆمپانیای گۆڵدن ئیگل گڵۆباڵەوە (هەڵۆی زێڕین)سەرچاوەی گرتووە، کە کۆمپانیایەکی کوردی عێراقییە و بەڵگەنامەکانی دزەپێکراویش باس لەوە دەکەن کە لەلایەن مستەفا (بابۆ)بارزانییەوە کۆنترۆڵکراوە کە برا بچوکەکەیانە.
لە کوردستان، بەڵگەنامەکان دەریدەخەن، هەڵۆی زێڕین خۆی وەک ئاسانکارییەک بۆ کۆمپانیا بیانییەکان کە داوای دەستڕاگەیشتنیان لە حکومەتی خۆجێیی دەکرد، پێگەیشتووە. هەروەها گرێبەستی لەگەڵ سوپای ئەمریکا واژۆ کردووە.
18 ملیۆن دۆلاری دیکەش لە کۆمپانیای ستێر گروپەوە هاتووە، کە کۆنگڵۆمێراتێکی (کۆمپانیا)دیکەیە کە بەڵگەنامە دزەپێکراوەکان باسی لەوە دەکەن کە لەژێر دەستی مەسرور بارزانیدایە کە ئێستا سەرۆکی حکومەتە.
هەروەها ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکە، باس لە ژنێک دەکات بەناوی کاتیا ڤرێکار، کە هاوسەری مستەفا بارزانییە،
باس لەوەدەکرێت، کە ئەم ژنە ئەسپی گرانبەهای عەڕەبی ڕەگەزبەرزی لەڕێگای کۆمپانیای هەڵۆی زێڕین کڕیوەو وەهەر لەو ڕێگایەشەوە پارێزەرێکی بەناوی “جۆناسۆن مۆر” کە نوسینگەکەی لەویلایەتی دێلاوەرە هاوکاری کردووە، بۆ ڕاییکردنی کاغەزی بیمەو کاروباری بیمەی ئەسپەکانی.
ئەوان بۆ دزی و فزی و پارەسپیکردنەوە”سیاسەتێکی توندی نهێنییان جێبەجێکردووە ،بە بەکارهێنانی، کۆمپانیاکان، LLC، کە کۆمەڵێک کۆمپانیای وەهمی لە ناو کۆمپانیایەکی واقیعیدا پڕۆسەی گەندەڵیەکەیان جێبەجێکردووە.
ناوی ئەو کۆمپانیایە کە ڤریکار بۆ بەدەستهێنان و هەڵگرتنی ئەسپەکان بەکاری هێنابوو، گۆڵدن ئیگل گڵۆباڵ، دەستبەجێ لە وڵاتی هاوسەرەکەیدا زەنگێکی لێدەدا. کۆمپانیاکانی “GEG” کە زیاتر لە بواری بیناسازی و ڕیکلامدا کاردەکەن، هەروەها ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و کڵاو و پێڵاوی ئەمریکییان بۆ هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆیی دابینکردووە و ژمارەیەک گرێبەستیان بۆ سوپای ئەمریکا جێبەجێکردووە.
کۆمپانیا کوردییەکانی GEG هیچ پەیوەندییەکی ئاشکرایان لەگەڵ بارزانییەکان نییە. بەڵام کۆمەڵێک ئیمەیڵ و بەڵگەنامەی دزەپێکراو کە لەلایەن پەیامنێرانی OCCRP و پڕۆژەی لێپرسینەوەی حکومەتەوە پێداچوونەوەیان بۆ کراوە، ئەوە پیشان دەدات کە ئەوان لەلایەن مستەفا بارزانییەوە کۆنترۆڵکراون — و دەریدەخەن کە ئەوان ملیۆنان دۆلاریان لە خەرجییە کەسییەکان لەلایەن پێنج برا بارزانییەوە بانکیڵ(سپۆنسەر) کردووە، ئەمەش پرسیارەکان دەوروژێنێت سەبارەت بەوەی ئایا یاسایەکیان پێشێلکردووە کە داوای ئاشکراکردنی ناکۆکی بەرژەوەندییەکان دەکات.
تەنها ئەسپەکان نەبوون. لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠١٩ کۆمپانیاکانی هەڵگرتن کە لە کۆتاییدا خاوەندارێتی براکان بوون ٣١ موڵکیان لە سەرانسەری ئەمریکا بەدەستهێناوە، لەنێویاندا کۆشک و خانووبەرەی بازرگانی، کە بەهایان زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن دۆلارە. بەیاننامەکانی کارتی بانکیی دەریدەخەن کە ئەو برایانە لە فرۆشگا دیزاینەرەکانی ئەمریکا و پاریس و زیوریخ و دوبەی کڕینی ئاست بەرزیان کردووە و ئۆتۆمبێلێکی جۆری فێراری سپایدەریان کڕیوە و ٥٠ هەزار دۆلاریان لە فرۆشگای کاتژمێر خەرجکردووە.
OCCRP زۆربەی ئەم زانیاریانەی لەگەڵ کۆمەڵێک بەڵگەنامەی دیکەی دزەپێکراو و تۆمارە بەردەستەکانی گشتی لە تۆماری موڵک و ماڵی کۆمپانیاکان لە ئەمریکا، دوورگەکانی ڤێرجینیای بەریتانیا و شوێنەکانی دیکە پشتڕاستکردەوە. بەشێک لەو بەڵگەنامە دزەپێکراوانە وەک بەڵگە لە ناکۆکییە یاساییەکانی پەیوەست بە بارزانییەکان و کوردستانی عێراقدا بەکارهێنراون، هەرچەندە تا ئێستا لە میدیاکان ڕووماڵیان نەکراوە
بەدەستهێنانی خانووبەرە بۆ بەکارهێنانی کەسی لە ڕێگەی کۆمپانیاکانەوە، نایاسایی یان نائاسایی نییە، هەرچەندە ئەم کارە سەرچاوەی ئەو پارانەی کە بۆ کڕینی بەکارهێنراون تەمومژاوی دەکات.
لەم حاڵەتەدا پەیامنێران تێڕوانینێکی ناوخۆیییان هەبوو: تۆمارە داراییەکان کە لە دزەپێکردنەکەدا دۆزراونەتەوە دەریدەخەن کە لانیکەم ٢٩ ملیۆن دۆلار لە خەرجییەکانی بارزانییەکان لە کۆمپانیای GEG و لە کۆمپانیای ستێر گروپەوە سەرچاوەی گرتووە.
لەلایەکی دیکەوە، بەڵگەنامەکانی ناو دزەپێکردنەکە GEG وەک ئاسانکارێک بۆ کۆمپانیا بیانییەکان نیشان دەدەن کە دەیانەوێت گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا ناوخۆییەکان بکەن یان ڕەزامەندی حکومەت بەدەستبهێنن.
بە لەبەرچاوگرتنی پێگەی بنەماڵەی بارزانی لە لوتکەی سیاسەتی کوردستاندا، ئەم دۆزینەوانە پرسیار لەبارەی ئەگەری ناکۆکی بەرژەوەندییەکان دەوروژێنن. یاسای عێراقی داوا لە بەرپرسانی گشتی دەکات سەروەت و سامانەکانیان ئاشکرا بکەن، هەرچەندە ڕاپۆرتێکی ئەم دواییەی هاوپەیمانی گروپە داکۆکیکارە نەزاهیەکان، تیشکی دەخستە سەر لاوازییەکانی ئەم یاسایانە، ئاماژەی بەوەدا کە، لە پراکتیکدا، پێشێلکارییەکان “تەنها تا ڕادەیەکی سنووردار” بەرەوڕووی تەحەدا دەبنەوە. تا ئێستا نازانرێت ئایا بارزانییەکان هیچ سەروەت و سامانێکیان ئاشکرا کردووە یان پەیوەندییەکانیان بە کۆمپانیای جی ئێگ و ستێر گروپەوە ئاشکرا کردووە.
پسپۆڕانی گەندەڵی و دارایی نایاسایی کە پێداچوونەوەیان بە ئەنجامەکانی پەیامنێران کردووە، ڕایانگەیاندووە کە کۆمەڵێک نیگەرانییان وروژاندووە.
جۆدی ڤیتۆری، پرۆفیسۆر و هاوسەرۆکی سیاسەت و ئاسایشی جیهانی لە زانکۆی جۆرج تاون دەڵێت، ئەو مامەڵە داراییانەی بارزانییەکان لە کوردستانەوە دەستیان کەوتووە “پێدەچێت سەرلێشێواوی نێوان ڕۆڵەکانیان وەک فەرمانبەری گشتی و سەروەت و سامانی تایبەتی خۆیان دەربخەن.
ئۆ سی سی ئاڕ پی چەندین جار داوای سەرنجی لە چوار برا بارزانییەکەی دیکە کرد، چ ڕاستەوخۆ و چ لە ڕێگەی پارێزەرە جۆراوجۆرەکانەوە کە نوێنەرایەتیان کردووە، هەروەها لە کۆمپانیای جی ئێجی و “هەڵۆی زێڕین” و ستێر گروپ و حکومەتی کوردی و کاتجا ڤریکار. هیچیان وەڵامی نەدایەوە.
لە کۆی ٣١ موڵک کە بارزانییەکان لە ئەمریکا دەستیان کەوتووە، لانیکەم ١٣ موڵک فرۆشراون؛ 18 ی دیکەش هێشتا لە دەستی ئەو کۆمپانیایانەدان کە دەستیان کەوتووە. تۆمارە کۆمپانیاکان کە بە ئاشکرا لە ویلایەتی دێلاوێر و ڤێرجینیا بەردەستن، ئەوە ئاشکرا ناکەن کە ئایا بارزانییەکان هێشتا کۆنترۆڵی ئەو کۆمپانیایانە دەکەن یان نا.

وەرگیراوە لە: کیڤن هۆڵ occrp
.
https://www.occrp.org/en/investigation/mansions-horses-and-designer-bags-how-the-ruling-family-of-
iraqi-kurdistan-splurged-in-the-us

تاهیر عیسا /16.10.2025




نۆبڵی ئادابی ئه‌م ساڵ به‌ كراسناهۆركای به‌خشرا.. ئاكۆ عه‌بدوڵڵا

هاوشێوه‌ی ساڵانی پێشوو، ئێواره‌ی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 9ی ئه‌م مانگه‌، له‌ناو كۆمه‌ڵێك ئه‌دیبی كاندید و میوانی دیار، لێژنه‌ی به‌خشینی خه‌ڵاتی نۆبڵی بواری ئه‌ده‌ب رایگه‌یاند خه‌ڵاتی ئه‌م ساڵی بواره‌كه‌ به‌کراسناهۆرکای ڕۆماننووس و سیناریۆنووسی هەنگاری ده‌به‌خشێ، به‌وه‌ش ناوبراو له‌دوای (ئیمری كیرتیس) بووه‌ دووم ئه‌دیبی هه‌نگاری ئه‌و خه‌ڵاته‌ گه‌وره‌یه‌ی به‌ركه‌وێت. لێژنه‌ی به‌خشینی خه‌ڵاته‌كه‌ هۆكاری به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی ناوبراویان بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕانده‌وه‌ (نوسه‌رێكی مه‌زنه‌ ناوه‌رۆكی نووسینه‌كانی له‌نه‌ریته‌ ئه‌ده‌بییه‌كانی سه‌نته‌ری ئه‌‌وروپا هه‌ڵده‌هێنجێ كه‌ له‌كافكاوه‌ درێژ ده‌بێته‌وه‌ به‌ره‌و تۆماس برنهارد. ئه‌مه‌و ستایلی نووسینیشی به‌بێهوده‌یی و زیاده‌ڕۆییانه‌ی گروتسكییه‌ جیاده‌كرێته‌وه. هاوكات توانستی هونه‌ریشی فراوانه).‌ ماتس مالمی سكرتێری هه‌میشه‌یی ئه‌كادیمیه‌ی سویدیش وتی: ” له‌به‌ر به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بییه‌ به‌پێزه‌كانی كه‌ كێشنده‌یی و دیدگای قوڵی فه‌لسه‌فیانه‌یان گرتۆته‌ خۆ و له‌به‌رامبه‌ر دۆخی ترسناكیشدا جه‌خت له‌ هزی هونه‌ر ده‌كه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ خه‌لاتی نۆبڵی ئه‌ده‌بی ئه‌م ساڵمان به‌ كراسناهۆركای هه‌نگاری به‌خشی”.
كراسناهۆركای كه‌ بەئه‌دیبی پۆستمۆدێرن ناوزەد دەکرێت یه‌كێكه‌ له‌ پێشه‌نگه‌كانی ئه‌ده‌بی ئێستای هه‌نگاری. له‌رێگه‌ی دیدگه‌ فه‌لسه‌فییه‌ قوڵه‌كه‌ی بۆ ژیان و بوون، به‌شداری كارای كردووه‌ له‌نوێكردنه‌وه‌ی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌وروپی نوێ. كاره‌كانیشی كه‌ جۆرێك له‌ڕه‌شبینیانه‌ و بێهوده‌ییانه‌ و دیدی‌ فه‌لسه‌فی‌ ئاڵۆزه‌یان یان به‌رامبه‌ر به‌كێشه‌كانی ژیان پێوه‌دیاره‌ و له‌جیهانی كافكا و دیستۆیڤسكی و گۆگۆل و هێرمان میلڤیلی، ده‌سوڕێنه‌وه‌، به‌ئاشكرا سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌ن ئه‌ده‌ب توانستی رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی ئاڵنگارییه‌كانی ژیانی هه‌ڵگرتووه‌. ئه‌وه‌ش وه‌های لێكردووه‌ ببێته‌ سیمبولێك بۆ ئه‌ده‌بی نوێ. ئه‌و رسته‌ی درێژ و ئاڵۆز و چڕی زمانه‌وانی و چه‌شه‌ی رامانی و حه‌زكردن له‌جیهانی تاریك و شێواوی ناوه‌وه‌ و رامانی فه‌لسه‌فی و كۆمیدی ته‌نزاویانه‌ی كردۆته‌ تایبه‌تمه‌ندی نووسین
لاسلۆ كراسناهۆركای László Krasznahorkai رۆژی 5 ی كانوونی دووه‌می ساڵی 1954 لەخێزانێکی جولەکەی ‌شارۆچكه‌ی گیولای باشووری ڕۆژهەڵاتی هەنگاریای سه‌ر سنووری رۆمانییه‌ هاته‌ دنیا. گیۆرگی کراسناهۆرکای باوکی پارێزەر بوو. جولیا پالینکاسی دایکیشی بەڕێوەبەری ئاسایشی کۆمەڵایەتی بوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی شوێنه‌كه‌یان دووره‌ده‌ست بوو كه‌چی ماڵه‌كه‌یان ژینگه‌یه‌كی گونجاوی رۆرشنبیری بوو. ساڵی 1973 لەزانکۆی یۆزسێف ئاتیلا (سێگێدی ئێستا) چووه‌ به‌ر خوێندنی یاسا، ساڵی 1976 بۆ زانکۆی ئیۆتڤۆس لۆراند (ELTE) لە بوداپێست گواستراوه‌ و تا ساڵی 1978 لەخوێندنی یاسا بەردەوام بوو. دواتر تا ساڵی 1983 زمان و ئەدەبی هەنگاری خوێند. تێزی بڕوانامەکەی ده‌رباره‌ی کار و ئەزموونەکانی (ساندۆر مارا)ی نووسەر بوو. دوای خوێندن بۆ ماوه‌یه‌ك وه‌ك رۆژنامه‌نووس و ره‌خنه‌گر كاریكرد. شایانی باسه‌ هاوشێوه‌ی زۆر له‌دانیشتوانی ئه‌وروپا رۆژهه‌ڵات، رۆژه‌ سه‌خته‌كانی سه‌رده‌می كۆمونیستی و ده‌سه‌ڵاتی سۆڤییه‌تی به‌سه‌ر وڵاته‌كه‌ی، به‌ئازار و نه‌هامه‌تی به‌سه‌ربرد. ته‌نانه‌ت پۆلیس ماوه‌یه‌ك رێگه‌ی نه‌دا گه‌شت بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بكات. دواتر هه‌موو ئه‌وانه‌ له‌به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بییه‌كانی ره‌نگیانداوه‌‌.
ساڵی 1985 رۆمانی (ساتانتانگۆ Sátántangó) ی بڵاوكرده‌وه‌. ئه‌و به‌رهه‌مه‌ شاكارێكی ره‌شبینییانه‌یه‌، تایبه‌ته‌ به‌ژیان و گوزه‌رانی كۆمه‌ڵێك جوتیار و لادێنشین و ئازاره‌كانیان له‌سایه‌ی رژێمی هه‌ره‌وه‌زی سۆشیالیستی كه‌ ئه‌وسا پێش داڕمانی كۆمونیستی له‌و شێوه‌یه‌ بوو. رووداوه‌كانی له‌گوندێكی دابڕاوه‌ له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكی باراناوی، تادێت خه‌ڵكه‌كه‌ شوێنه‌كه‌ چۆل ده‌كه‌ن. پلانه‌كانیان سه‌رناگرێت و له‌گه‌ڵ یه‌كتریش ناپاكی ده‌كه‌ن و خه‌ونه‌كانیان به‌با ده‌چێت. ئه‌وسا ده‌بینرێ چۆن خه‌ڵكه‌ بێهیوایه‌كه‌ بۆ رزگاربوونیان له‌ئازار و مه‌ینه‌تییه‌كان، چاوه‌ڕوانی روودانی په‌رچوو ده‌كه‌ن، تا كه‌سێك ده‌چێته‌ ناویان و پێیان ده‌ڵێت دڵسۆزتانم. له‌و رۆمانه‌ وه‌سفی ورده‌كاری و ده‌رخستنی بۆچوونه‌كان و كاره‌كانی كاره‌كته‌ره‌كان زۆر جوان و كێشنده‌ییانه‌یه‌. به‌و كاره‌شی ناوه‌نده‌ ئه‌ده‌بییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی هه‌ژاند و به‌هۆیه‌وه‌ وەک کەسایەتییەکی پێشەنگی ئەدەبی ده‌ركه‌وت. ساڵی 1994 بیلا تاری ده‌رهێنه‌ری ناودار ناوه‌رۆكی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی بۆ سینه‌ما گواسته‌وه‌ و فیلمێكی سه‌ركه‌وتووانه‌ی لێ ده‌رهێنا كه‌ خودی كراسناهۆركای سیناریۆكه‌ی داڕێژت بوو. ئه‌مه‌و دوای وه‌رگێڕانی رۆمانه‌كه‌ بۆ زمانی ئینگلیزی، ساڵی 2013 خەڵاتی باشترین کتێبی وەرگێڕدراوی پێبه‌خشرا.
ساڵی 1989 رۆمانی (خەمۆکی بەرخۆدان Az ellenállás melankóliája) ی بڵاوكرده‌وه‌. ناوه‌رۆكی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ هاوشێوه‌ی گیانه‌ مردووه‌كانی گۆگۆلی گه‌وره‌ نووسه‌ری رووسییه‌.‌ تایبه‌ته‌ به‌كۆمه‌ڵێك رووداوی نامۆی شارۆچكه‌یه‌كی هه‌نگاریا. كاتێك گروپێكی سێرك ده‌چنه‌ ئه‌و شاره‌ و نه‌هه‌نگێكی مۆمیا كراو نمایش ده‌كه‌ن كه‌ گوایه‌ گه‌وره‌ترین نه‌هه‌نگی جیهانه‌. ئه‌وسا ده‌نگۆی سه‌یر سه‌یر و هەڕەشەئامێز بڵاوده‌بێته‌وه‌ و به‌و قسانه‌ش خه‌ڵكی شاره‌كه‌ ده‌ترسێن. هاتنی ئه‌و گروپه‌ كه‌شێكی ترسناك ده‌خولقێنێ. لێره‌دا نووسه‌ر بە بەکارهێنانی دیمەنی خەوناوی و کارەکتەری گرۆتێسک، لێزانانه‌ ململانێی دڕندانەی نێوان ڕێکی و پشێوی نیشان داوه‌. به‌هۆی ئه‌و رۆمانه‌ خەڵاتی بێستنلیستی ئەڵمانی بۆ باشترین بەرهەمی ئەدەبی پێبه‌خشرا. (سوزان سونتاگ) ی خانمه‌ ره‌خنه‌گری ئه‌مه‌ریكی كه‌ ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی خوێنده‌وه‌، نووسه‌ره‌كه‌ی به‌ (مسته‌ری ئه‌ده‌بی هاوچه‌رخ له‌وه‌سفكردنی كۆتایی جیهان) وه‌سف كرد. ساڵی 2000 ناوه‌رۆكی ئه‌و رۆمانه‌ش لەلایەن بیلا تار له‌فیلمێكی سینه‌مایی به‌ناوی (وێرکمایستەر هارمۆنی (Werckmeister harmoniákده‌رهێنرا كه‌ كراسناهۆركای سیناریۆكه‌ی داڕێژت. شایانی باسه‌ ساڵی 2015 دوای وه‌رگێڕانی ناوه‌رۆكی رۆمانه‌كه‌ بۆ زمانی ئینگلیزی، خەڵاتی مان بوکەری نێودەوڵەتی به‌کراسناهۆرکای به‌‌خشرا. به‌وه‌ش بووه‌ یه‌كه‌م نووسه‌ری وڵاته‌كه‌ی ئه‌و خه‌ڵاته ‌به‌رزه‌ی پێببه‌خشرێت.
دوای ڕووخانی بلۆکی ڕۆژهەڵات کراسناهۆرکای زیاتر گرنگی به‌گه‌شت و گه‌ڕان دا. هه‌رچه‌نده‌ ساڵی 1987 بەزەمالەی DAAD بۆ یەکەمجار بۆ دەرەوەی هەنگاریای کۆمونیستی به‌ره‌و ‌بەرلینی ڕۆژئاوا چووبوو. ساڵی 1990 لەگەڵ ئەنیکۆ پێلیه هاوسەرگیری کرد. هاوكات یەکەم گەشتی درێژخایەنی بۆ ڕۆژهەڵاتی ئاسیا كرد. له‌و ماوه‌یه‌ سه‌ردانی مەنگۆلیا و چین و ژاپۆنی كرد و زۆریش سه‌رسام بوو به‌ئه‌ده‌ب و جوانی رۆژهه‌ڵات. ئه‌و گه‌شته‌ی کاریگەری قووڵی بەسەر به‌رهه‌مه ‌ئه‌ده‌بییه‌كانیدا هێنا. ساڵی 1992 كورته‌ رۆمانی (زیندانی ئورگا Az urgai fogoly) ی بڵاوكرده‌وه‌. ساڵی 1997 دوای جیابوونه‌وه‌ی له‌هاوسه‌ری پێشووی، لەگەڵ دۆرا کۆپچسانی، زانای سینۆلۆجی و دیزاینەری گرافیک، هاوسەرگیری کرد. هاوكات له‌گه‌شته‌ درێژه‌كانی به‌ناو ئەوروپا و ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌وام بوو. ماوه‌یه‌ك لەشوقەکەی (ئالن گینسبێرگ Allen Ginsberg) ی شاعیری ئەمه‌ریکی لەنیویۆرک نیشته‌جێ بوو. زۆر دڵخۆشیش بوو به‌ئامۆژگارییه‌كانی ناوبرا. ساڵی 1999 رۆمانی (جەنگ و جەنگ Háború és háború) ی بڵاوكرده‌وه‌. ئه‌وسا وتی پشتگیری ئالن و ژینگه‌ی ماڵه‌كه‌ی‌ رۆڵی سه‌ره‌كییان هه‌بوو له‌ته‌واوكردنی ئه‌و رۆمانه‌م.
ساڵی 2003 كورته‌ رۆمانی (لەباکوورەوە، لەباشوورەوە، لەڕۆژئاوا، لەڕۆژهەڵاتەوە، لەڕۆژهەڵاتەوە Északról hegy, Délről tó, Nyugatról utak, Keletről folyó) و ساڵی دواتریش رۆمانی (وێرانكاری و خەم لەژێر ئاسمان Rombolás és bánat az Ég alatt) ی بڵاوكرده‌وه‌. ئه‌وه‌ی دوایی له‌شێوه‌ی دیكۆمێنتارییه. ساڵی 2008 كۆ كورته‌چیرۆكی (سێیۆبۆ چووە خوارەوە Seiobo járt odalent) ی بڵاوكرده‌وه‌. تێیدا زۆر لێهاتووانه‌ بۆ ناو فه‌لسه‌فه‌ و هونه‌ری ئاسیا رۆچووه‌، به‌تایبه‌تیش بۆ ئایینی بوزیی. دوای وه‌رگێڕانی ئه‌و به‌رهه‌مه‌شی بۆ زمانی ئینگلیزی، خەڵاتی باشترین کتێبی وەرگێڕدراوی پێبه‌خشرا. ساڵی دواتر كورته‌ چیرۆكی (دوا گورگ Az utolsó farkas) و ساڵی 2010 كورته‌ رۆمانی (ئەنیمالینساید Állatvanbent) و ساڵی 2016 رۆمانی (گەڕانەوەی بارۆن وێنکهایم بۆ ماڵەوە Báró Wenckheim hazatér) ی بڵاوكرده‌وه‌. له‌وه‌شیاندا به‌شێوه‌یه‌كی كۆمیدییانه‌ ‌گه‌ڕانه‌وه‌ی بارۆنێكی له‌تاڕاوگه تاوتوێ كردووه‌‌. لێره‌دا گه‌ڕانه‌وه‌ جۆرێكه‌ له‌خه‌یاڵ و مه‌به‌ستی نووسه‌ر بۆ زێدی خۆی و ولاته‌كه‌یه‌تی. به‌شێك له‌شاره‌زایان بارۆنی ناو ئه‌و به‌رهه‌مه‌ به‌و گه‌مژه‌یه‌ی دیستۆیڤسكی به‌راورد ده‌كه‌ن كه‌ ئالوودەی قوماره‌، چونكه‌ ئه‌ویش چاره‌نوسی خۆی خستۆته‌ ده‌ست قه‌ده‌رێكی ناڕوون. دوای وه‌رگێڕانی ئه‌و به‌رهه‌مه‌شی بۆ زمانی ئینگلیزی، له‌ئه‌مه‌ریكا خەڵاتی نیشتمانی کتێب بۆ ئەدەبی وەرگێڕدراوی پێبه‌خشرا
ساڵی 2018 كورته‌ رۆمانی (Aprómunka egytaért) و ساڵی دواتر كورته‌ رۆمانی (ڕاوەدوونانی هۆمەرMindig Homérosznak ) ی بڵاوكرده‌وه‌. ئه‌وه‌ی دوایی له‌باره‌ی پیاوێكی نه‌ناسراوه‌ كه‌ به‌درێژایی كه‌ناره‌كانی ده‌ریای ئه‌دریاتێك له‌ده‌ست دوو كه‌س راده‌كات. ساڵی 2021 كورته‌ رۆمانی (Herscht 07769) ی بڵاوكرده‌وه‌. ئه‌وه‌یان كه‌‌ له‌به‌ر لێهاتوویی له‌خستنه‌ڕووی وردی بارگرژییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئیسێتای ئه‌ڵمانیا، به‌ڕۆمانێكی مه‌زنی هاوچه‌رخی ئه‌و وڵاته‌ داده‌نرێت. له‌وه‌شیاندا خوێنه‌ر بۆ كه‌شی تاریك و ئاڵۆزاوی كێش ده‌كات. به‌ره‌و شارۆچکەیەکی بچووکی سه‌ر به‌شاری تورینگن لەئەڵمانیا كه‌ تاریكبینیانه‌ سبستیان باخی گه‌وره‌ میوزیككار رووبه‌ڕووی نازییه‌ نوێیه‌كان ده‌بێته‌وه‌. ساڵی 2024 رۆمانی (زسۆملێ عاشقی بووە Zsömle odavan) ی بڵاوكرده‌وه‌. له‌وه‌شیاندا له‌ڕێگه‌ی كه‌سایه‌تی مامه‌ جوزی كارا كه‌ رازێكی پادشایی شاردۆته‌وه‌، گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ هه‌نگاریا.
دوای گه‌ڕانی زۆر و نیشته‌جێبوونی چه‌ندان ساڵ لەبەرلین، به‌و دواییه‌ کراسناهۆرکای گەڕایەوە هەنگاریا. ئه‌مه‌و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی رۆمانه‌كانی ناوه‌رۆكی هزری و مرۆڤانه‌ی هه‌مه‌ ئاستییان گرتۆته‌خۆ بۆیه‌ له‌زۆر زانكۆی ئه‌وروپی و جیهانی له‌چوارچیوه‌ی ئه‌ده‌بی به‌راوردكاری ده‌خوێنرێن. جه‌یمس وودی ره‌خنه‌گری ئه‌ده‌بیش له‌ئاستیدا وتویه‌تی :”كتێبه‌كانی کراسناهۆرکای وه‌ك دراوی ده‌گمه‌ن ئاڵوێریان پێده‌كرێت”. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئه‌و وه‌ك سیناریۆنووس و هاریكاریكردن له‌گه‌ڵ بیلا تاری ده‌رهێنه‌ر له‌زۆر شوێنی جیهانی، هه‌وادارانی سینه‌ما ئاشنای به‌رهه‌م و كاره‌كانی دیكه‌ی ئه‌و بواره‌ی ئه‌ون.
جگه‌ له‌و به‌رهه‌مانه‌ی ئاماژه‌مان پێدان کراسناهۆرکای كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌می دیكه‌ی له‌شێوه‌ی وتار و كورته‌ چیڕۆك و سیناریۆی فیلم داڕێژتووه‌. ئه‌مه‌و جگه‌ له‌و خه‌ڵاتانه‌ی ناومان هێنان كۆمه‌ڵێك خه‌ڵاتی دیكه‌ی به‌ده‌ستهێناوه‌ له‌وانه‌: ئاتیلا یۆزسێف، مایکس کێلێمەن کۆر، دێری تیبۆر، کرودی گیولا، مارای ساندۆر، کۆماری هەنگاریا، دامەزراوەی سۆرۆس، کۆسۆت، کۆمەڵەی نووسەران، بروک-بەرلین، سپایچەر، پریما پریمیسیما، خەڵاتی ئەمریکا بۆ بەشداریکردنی تەمەنی لە نووسینی نێودەوڵەتی، ڤیلینیکا، خەڵاتی دەوڵەتی نەمسا بۆ ئەدەبیاتی ئەوروپی، فۆرمێنتۆر…




کورتەچیرۆک: سەما.. نووسینی:‌ ئامانج شێروانی

لەبەردەم ئاوێنەکەدا دانیشتبوو. بە نیگا تیژەکەی ئاکاری خۆی لەنێو ئاوێنەکە کونبەدەر کردبوو. ئۆخەی ئەمە ئەوە وا ئازادانە لێرە دانیشتووە؟ ئەمە ئەوە دەتوانێت چیرۆکی خۆی، دوور لە کۆت و بەندی، ورد و درشتی بگێڕێتەوە؟ ساڵێک، تەنێ ساڵێک بەر لە ئێستا، لەبەردەم هەمان ئاوێنەدا دانیشتبوو و سەیری برینەکانی دەموچاوی دەکرد و ترس سەرتاپای گرتبوو! خۆ ئەگەر ئەوکات لێت بپرسیبوایە، هەرگیز پێشبینی ڕۆژێکی وەکوو ئەمڕۆی نەدەکرد!
دە خولەک، تەنها دە خولەکی تر، هەمان ئەو کیژەی کە ساڵانێک بەندەی دەستی تاریکی بوو، لەبەردەمی سەدان هەزار کەس ڕادەوەستێت و چیرۆکی خۆی بەتێروتەسەلی دەگێڕێتەوە! ئای ئەوە خەونە یان ڕاستی؟ ئەم ژیانەش سەیرە ها! هەندێک جاران دەتوانێت گەلێک بەخشندە بێت!
هەشت خولەک، تەنێ هەشت خولەکە و ئەم شۆڕەکچە پڕ بە دەنگی هاوار دەکات، پڕ بە لەشی سەما دەکات، چیرۆکی ئاوارەیی کچێکی چواردە ساڵان، چیرۆکی ڕفاندنی پاکیزەیەکی یەزیدی، چیرۆکی کوشتن و بڕینی هەزاران گوندی کوردان، لەبەر چاوی هەموو جیهان دەگێڕێتەوە! قامچی قامچی، شەق شەق، هەموو ئەو جارانەی کە شێخە ڕیش پانەکەیان، کە ئەمیرە سمێڵ کورتەکەیان، کە خەلیفە بۆگەنەکەیان، کە مەلا داوێنپیسەکەیان خۆی دەخستە نێوگەڵی کچێکی هەرزە، کچێکی بێگەرد، کچێکی تازەپشکووتوو! یەکە بە یەکە، بێ ئەوەی هیچ‌کامێکیان لەبیر بکات.
لەشوێنی خۆی هەڵساوە، باڵەکانی لێک کردنەوە، دوو سێ جاران خولی خواردەوە. ڕێک وەکوو چۆن شەش خولەکی تر، هەمان نمایشت لە بەرامبەر هەزاران کوردی تامەزرۆی ئازادیی دەکات. بە هەردوو دەستەکانی چاوەکانی خۆی داپۆشت، ئەو ڕۆژەی بیر کەوتەوە کە لەسەر چیای شنگالێ، شێخە عەگگال لەسەرەکە، جشداشە سپییە لیخنەکەی خۆی هەڵکرد و کەوتە گیانی پاکی. چەندی هاواری بۆ خوایەکان کرد، چ سوودی نەبوو. هەر هەموویان متەقیان لە خۆیان بڕیبوو، پێدەچێت خوایەکانیش وەک مرۆڤەکان هەمیشە بە دیمەنی توندوتیژی بۆ سەر ئافرەتان دڵخۆش بن و پێبکەنن.
هەر چوار خولەکی ترە و پیشانی ئەم جیهانە دەدات، کە چۆن ئەوێ ڕۆژێ لە کۆبانێ دوایین چەکداری داعشی کەوتە بەر دەست و بە چەقۆیەکەی دەستی فززەی لێ بڕی، کە چۆن سێ ئافرەتە گیراوە پەژمووردەکانی لەژێر دەستیان ڕزگار کرد، کە چۆن پەچە و ڕووبەندەکانیانی فڕێ‌ دا و بۆ هەتایە ئازادی کردن! کە چۆن جلە ڕەشەکانیانی تووڕ هەڵدا و جلە کوردییەکانی پێشکەش کردن!
دوو خولەکە و ئیتر جیهان بەم هەموو نەهامەتییەی کوردان ئاشنا دەکات. ئاشنایان دەکات بە یەکەبەیەکەی کۆمەڵکوژییەکانی کوردان، لە ئەنفال و هەڵەبجە و ڕەشبکوژیی دەرسیمەوە بگرە هەتا دەگاتە کوشتن و بڕینی چیای شنگالێ! ناهێڵێت تەنانەت یەک چیرۆکیش بە نەبیستراوی بمێنێتەوە!
هەنگاو بە هەنگاو بەرەو تەختی شانۆ دەڕۆیشت، وەک پڕشنگی ڕۆژی ئازادیی کوردان، مینا شێرەکچانی کۆبانێ. دەتگوت نیازیەتی هەر بیست و یەک تیشکی ئاڵایێ ڕەنگین دەست بکاتێ و بیگرێتە سینگی چەکدارانی تاریکی! هیچی نەمایە و هەموو دیرۆکی خۆی بۆ جیهان دەگێڕێتەوە! هەر هەمووی، یەک گەردیشی لێ بەجێ ناهێڵێت!
هێشتا هەر لە سەمای یەکەمی بوو، لەم سەرەوە حاجییەکی ڕیشنی بۆگەن، کاروانێک بێچووە داعشیش لەدوایەوە! ڕەنگە هەر ئەو حاجییە بووبێت کە لە شنگالێ دەستخۆشی لە چەتەکانی داعشان دەکرد، یان هەر هەمان ئەمیر بێت کە لە کۆبانێ، بە شەو و ڕۆژ لە خوداکەی خۆی دەپاڕایەوە و نوێژی بۆ یەکگرتوویی کۆمەڵی داعشان دەکرد. لەدوورەوە، بەقیڕەوە، دەیزەڕاند و بەرەو تەختە پیرۆزەکەی شانۆ دەهات، دەیشیڕاند و مێز و کورسییانی دەشکاند. هاواری دەکرد: «ئەی بێئابڕوو! شەرم لە خۆت ناکەیتەوە؟ چۆن دەوێریت سووکایەتی بە هێماکانمان بکەیت؟ چما نازانیت دەستدرێژی و دڕندەیی فەرهەنگمانە؟ چما نازانیت ئێوەی ئافرەت یاری دەستی ناوگەڵمانن؟ چما نازانن کوشتن و بڕین ئایینمانە؟!»




سیستەمی ئەمریکی بە شێوەیەکی خراپ تێشکاوە*.. بێرنی ساندەرز.. و: زاهیر باهیر

با بۆ چرکەییەك هەناسەیەکی قووڵ هەڵمژین و دۆناڵد ترەمپ، جیمی کیمێل، نەتەوە یەکگرتووەکان، چارلی کیرک، غەززە، داخستنی دەرگای دامەزاراوە حکومییەکان و ئەو قەیرانانەی دیکە لەبیر بکەین کە ڕووبەڕوومان دەبنەوە. با لەبری ئەوە باسی ئەو واقیعە بکەین کە میدیای کۆنترۆڵکراوی کۆمپانیاکان و سیستەمی سیاسی کۆنترۆڵکراوی کۆمپانیاکان زۆر باسی ناکەن.
ئەوەی ئێمە لە ئێستادا شاهیدین گەشەکردنی دوو ئەمریکایە. یەکێک بۆ چینی ملیاردێردو ئەوی تریان بۆ هەموو کەسێکی تر. لە ئەمریکایەکدا دەوڵەمەندترین خەڵک بە شێوەیەکی قێزەون دەوڵەمەندتر دەبن و هەرگیزا و هەرگیز ئاوا باش نەلواوە بۆیان. لە ئەمریکایەکیاندا کەسانی ساماندار زەنگینتر دەبن و پرە لە سامان و تەماح و دەوڵەمەندییەکی خەیاڵاوی کە وا دەکات بڵێیت کە سەردەمی زێڕین و زۆر بێگەرد دەرکەوتووە. هاوکاتیش ئەمریکای دووەم هەیە – ئەمریکایەک کە زۆرینەی خەڵک بۆ ژیانیان ئەم مووچە دەیانداتە دەست ئەو مووچە و هەوڵدەدەن بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییە زۆر سەرەتاییەکانی ژیان، وەك خۆراک، چاودێری تەندروستی، خانووبەرە و پەروەردە لە دەستەویەخەدابن.
ڕاستییە سادەکە ئەوەیە کە پێشتر لە مێژووی ئێمەدا ئەوەندە کەس خاوەنی ئەوەندە سامان و دەسەڵات نەبووە کە لە کاتێکدا زۆرێک لە بێ هیوایی ئابووریدا دەژین. لە ئەمریکای یەکەمدا، پیاوێک – ئیلۆن ماسک، دەوڵەمەندترین پیاوی جیهانە، کە خاوەنی زیاتر لە 480 ملیار دۆلارە، خاوەنی سامانی زیاترە لە 52%ی خێزانەکانی ئەمریکایە. دواتریش ماسك 290 ملیۆن دۆلاری بۆ هێنانی ترەمپ بۆ ناو کۆشکی سپی خەرج کرد، کە لە ڕۆژی هەڵبژاردنەوە زیاتر لە 180 ملیار دۆلار دەوڵەمەندتر بوو. ئەوەش بەدەستهێنانێکی زۆر باشە لەسەر وەبەرهێنانەکەی. بەڵام وادیارە هەر ئەوە بەس نییە بۆ ماسک. بۆ ئەوەی مۆتیڤێکی وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکار هەبێت، دەستەی کارگێڕی تێسلا پێشنیاری کرد کە پاکێجی مووچەی یەک تریلۆن دۆلاری پێبدرێت، تریلۆنێك دۆلار ئەگەر هەندێک ئامانجی بەدیهێنا.

جێف بیزۆس چوارەم دەوڵەمەندترین کەسی جیهانە و سامانەکەی 232 ملیار دۆلارە. دەتوانێت بە کەشتی بەرەو ڤێنس بە یەختەکەی کە 500 ملیۆن دۆلارە سەوڵ لێدات بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەی کە 50 ملیۆن دۆلار تێچوویەتی. لەوێ ئەڵقەیەکی 3-5 ملیۆن دۆلاری بە هاوسەرەکەی بەخشی – چونکە لەنێو ئەم شتانەی تردا ، ڕێژەی باجی فیعلی کە لەسەر ئەوە تەنها 1.1% .

مارک زوکێربێرگ، سێیەم دەوڵەمەندترین کەسی جیهانە، سامانەکەی 258 ملیار دۆلارە. ئەو 110 ملیۆن دۆلاری خەرجکردووە بۆ کڕینی 11 خانوو لە شاری پالۆ ئاڵتۆ لە ویلایەتی کالیفۆرنیا بۆ دروستکردنی یەکەیەکی تایبەتی خۆی، هەروەها 270 ملیۆن دۆلاری دیکە بۆ زیاتر لە 2300 ئەکر زەوی لە هاوایی لەگەڵ بنکەرێکی ژێرزەمینیی 5000 پێی چوارگۆشە و سێ یەخت کە بەپێی زانیارییەکان بەهای زیاتر لە 530 ملیۆن دۆلارە.
لاری ئێلیسۆن، دووەم دەوڵەمەندترین کەسی جیهان – کە سەرمایەکەی 377 ملیار دۆلارە – لەم دواییانەدا لە یەک ڕۆژدا نزیکەی 100 ملیار دۆلار دەوڵەمەندتر بوو. خاوەنی دوورگەیەکی تایبەتە لە هاوایی لەگەڵ بەلەمێکی فڕۆکەی جێت، ئێستاش دەوترێت هەوڵی کڕینی کۆمپانیا گەورەکانی میدیای وەک وارنەر برۆس و سی ئێن ئێن دەدات.
تەنها ئەم چوار پیاوە بەیەکەوە سامانیان زیاترە لە 1.3 تریلۆن دۆلارە. بەڵام ئەوە بە تەنها هەر ئەوان نین. ئێستا 1%ی ئەوانەی کە لەسەرەوەی کۆمەڵەوەن خاوەنی سامانی زیاترن لە 93%ی خەڵکەکەی کە لە خوارەوەی کۆمەڵن. ئەو 1%یە لە جیهانێکدا دەژین کە بە تەواوی لە ئەمریکییە ئاساییەکان دوورخراوەتەوە. ئەوان سواری میترۆی قەرەباڵغ نابن بۆ ئەوەی بچنە سەر کارەکانیان، یان لەناو قەرەباڵغی هاتوچۆ ناکەونە ناو ترافیکەوە بۆ ئەوەی بگەنە ماڵەوە. ئەوان بە فڕۆکەی تایبەت و هێلیکۆپتەر کە خاوەنیانن دێن و دەچن. لە سەرانسەری جیهان لە کۆشکەکاندا دەژین، منداڵەکانیان دەنێرن بۆ نوخبەترین قوتابخانە ئەهلیەکان و لە دوورگەکانی خۆیان پشوو دەدەن. ئەوان بۆ خۆشی خۆیان ، چەند ملیۆنێك دۆلار خەرج دەکەن بۆ ئەوەی بە کەشتییە موشەکییەکانی خۆیانەوە بفڕن بۆ بۆشایی ئاسمان.

هەر ئەوە نییە پاشان ئەمریکای تریش ، دووهەمیش، هەیە، کە زۆرینەی ڕەهای گەلەکەمان تێیدا دەژین. بۆ ئەوان ئابووری تەنیا تێشکاو نییە، بەڵکو لە داڕماندایە. لەم ئەمریکایەدا سەرەڕای زیادبوونی بەرفراوانی بەرهەمهێنانی کرێکاران، کرێی هەفتانەی ڕاستەقینە بۆ کرێکاری ئاسایی ئەمریکی ئەمڕۆ کەمترە لە چاو زیاتر لە 52 ساڵ لەمەوبەر. لەم ئەمریکایەدا، خەڵک توانای سەردانی پزیشکیان نییە (ئەگەر ئەوەندە بەختەوەر بن پزیشێکێك بدۆزنەوە) . لەمانەش زیاتر لە نیوەی داهاتە سنووردارەکانیان بە کرێ یان سلفەی عەقاری خانووەکانیان دەدەن و ناتوانن تێچووی گرانبەهای چاودێری منداڵان بدەن یان منداڵەکانیان بنێرن بۆ کۆلێژ.
لەم ئەمریکایە نرخی سەوزە و میوە و خواردنە تەندروستەکانی تر بۆ زۆر کەس لە دەرەوەی بودجەیانە . بۆ زۆربەی ئەمریکییەکان سیستەمەکە تەنها تێنەشکاوە، بەڵکو لە ڕووخاندایە و تادێت لە ژیانی جیهانی سێیەم دەچێت. هەموو کەسێک پێویستی بە چاودێری تەندروستی هەیە. بەڵام ئەمڕۆ زیاتر لە 85 ملیۆن ئەمریکی تەئمینی تەندروستییان نییە یان تەئمینەکەیان زۆر کەمە و لە سای حوکمداریی ترامپدا بە بڕی 15 ملیۆینی دیکە ئەم ژمارەیە زیادی کردووە ئەمەش ئەو پرۆژەیەی ترامپە کە پێی دەڵێن پرۆژەی، یا لائیحەی گەورە و جوان.

هەموو کەسێک پێویستی بە خانووبەرەیە ، بەڵام ئەمڕۆ نزیکەی 800 هەزار ئەمریکی بێ ماڵ و حاڵن و زیاتر لە 20 ملیۆن ماڵ زیاتر لە 50%ی داهاتە سنووردارەکانیان بە کرێ یان سلفەی عەقاری خانووکانیان دەدەن. لە ساڵی 2000 وە تێکڕای کرێی خانوو زیاتر لە دوو هێندە زیادی کردووە و نرخی خانویەکی مامناوەندی بۆ زیاتر لە 435 هەزار دۆلار بەرزبووەتەوە.
هەموو کەسێک پێویستی بە پەروەردەیەکی شایستە هەیە. بەڵام ئەمڕۆ سیستەمی چاودێری منداڵانمان تێشکاوە و بە شێوەیەکی باوەڕ پێنەکراو گرانە. زۆرێک لە قوتابخانە حکومییەکانمان وێرانن و مامۆستایان کەم مووچە و کەم بەهان و خوێندکارانی ئەمریکی لە بیرکاری و زانست و خوێندنەوە بە بەراورد لەگەڵ هاوتەمەنە نێودەوڵەتییەکانیان لە دواوەن. خوێندنی کۆلێژ بۆ ملیۆنان کەس ناتوانرێت و قوتابخانە پیشەییەکان شکست دەهێنن لە ڕاهێنانی ئەو کارمەند وکرێکارانەی کە زۆر پێویستمانە. هەموو کەسێک پێویستی بە خانەنشینییەکی مسۆگەر و پارێزراو هەیە. بەڵام نزیکەی نیوەی کرێکارە بەتەمەنەکان هیچ پاشەکەوتێکی خانەنشینییان نییە و هیچ بیرۆکەیەکیان نییە کە چۆن هەرگیز بە هیچ پارچەیەکی کەرامەت و ڕێزەوە خانەنشین دەبن. هاوکات 22%ی کەسانی بەساڵاچوو هەوڵدەدەن بە داهاتێکی کەمتر لە 15 هەزار دۆلار لە ساڵێکدا بژین.

بەسە بەس
وەک دادوەری دادگای باڵا لویس براندیس لە ساڵی 1933 دا وتی: دەتوانین دیموکراسی لەم وڵاتەدا هەبێت یان دەتوانین سامانێکی گەورەمان لە دەستی کەم کەسەکاندا چڕبێتەوە، بەڵام ناتوانین هەردووکیانمان هەبێت. ئەو هۆشدارییە لەمڕۆدا پەیوەندیدارترە. لەم ساتەوەختە سەرەکییەی مێژووی ئەمریکادا، دەبێت حکومەتێک و ئابوورییەک دروست بکەین کە بۆ هەمووان کار بکات، یان بەردەوام دەبین لە خلیسکان بۆ ئۆلیگارشی – کە چینی ملیاردێر حکومەتەکەمان و ئابووریمان و داهاتوومان کۆنترۆڵ دەکات. با بە هاوئەمریکییەکانم بڵێم: دەزانم ژیانی ڕۆژانە دەتوانێت کاریگەری هەبێت، بەڵام نابێت ڕێگە بە خۆمان بدەین کە بکەوینە نائومێدی. ئەگەر ڕێگە نەدەین لە لایەن ترەمپ و هاوپەیمانەکانی ئۆلیگارشیەوە دابەش بین، دەتوانین ئەو ڕێگایە بگۆڕین کە لەسەری دەڕۆین. هەڵبژاردنەکە ڕوونە. با پێکەوە بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بوەستین.

Bernie Sanders
و: زاهیر باهیر
…………….
*بۆ زانینی بارودۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵکی لە ئەمەریکا بە پێویستیم زانی کە ئەم وتارە وەرگێرمە سەر زمانی کوردی کە لە 24ی سێبتەمبەردا لە لایەن بێرنی سێندەر، سێنەتای ئەمەریکی ، لە ڕۆژنامەی گاردیانی بریتانی دا بڵاوی کردۆتەوە. دیارە من لەگەڵ ئایدیای ئەودا نیم کە بە گۆڕینی حکومەت دەکرێت خەڵکی لەو بارودۆخە ڕزگاری ببێت.




ئایە ئەخلاق تا چەند گرنگە لە کاری رۆڕنامەوانی؟!.. هەڵمەت عوسمان

ئەخلاق لە کاری ڕۆژنامەوانیدا زۆر گرنگە و بە بناغەی ئەم پیشەیە دادەنرێت، چونکە ڕۆژنامەوانی کاریگەرییەکی زۆری لەسەر کۆمەڵگە هەیە و ڕاستگۆیی و متمانە فاکتەری سەرەکین بۆ سەرکەوتنی. ئەخلاق بریتییە لە کۆمەڵێک بنەما و هەڵسوکەوت کە ژیانی مرۆڤەکان لەناو کۆمەڵگەدا ڕێکدەخات[1]. لە ڕۆژنامەوانیدا، ئەم بنەمایانە یارمەتی پاراستنی شکۆ و سەربەخۆیی پیشەکە دەدەن.
لێرەدا چەند خاڵێکی گرنگی ئەخلاق لە کاری ڕۆژنامەوانیدا خراونەتەڕوو:
• پاراستنی متمانەی گشتی: ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن سەرچاوەی زانیاریین بۆ خەڵک. ئەگەر خەڵک متمانەیان بە ڕاستگۆیی و بێلایەنی ڕۆژنامەنووسان نەبێت، ئەوا بەهای کارەکەیان نامێنێت. پابەندبوون بە ئەخلاقەوە وادەکات کە خەڵک متمانەیان بەو زانیارییانە هەبێت کە پێشکەشیان دەکرێت.
• ڕاستگۆیی و وردبینی: یەکێک لە بنەما هەرە گرنگەکانی ئەخلاق لە ڕۆژنامەوانیدا، گواستنەوەی زانیارییەکانە بە شێوەیەکی ڕاست و دروست. ڕۆژنامەنووسێکی ئەخلاقی دڵنیادەبێتەوە لە وردبینی زانیارییەکانی پێش بڵاوکردنەوەیان و دوور دەکەوێتەوە لە بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە یان چەواشەکارانە.

• بێلایەنی و بابەتیبوون: ڕۆژنامەنووسی ئەخلاقی هەوڵدەدات بێلایەن بێت لە گواستنەوەی هەواڵەکاندا و بۆچوونی خۆی تێکەڵ بە ڕووداوەکان نەکات. ئەمەش وادەکات خوێنەر یان بینەر بتوانێت خۆی بۆچوونی دروست لەسەر بابەتەکە دروست بکات.

• ڕێزگرتن لە تایبەتمەندی و مافەکانی مرۆڤ: ڕۆژنامەنووس دەبێت ڕێز لە ژیانی تایبەتی کەسەکان و مافەکانی مرۆڤ بگرێت. بڵاوکردنەوەی زانیاری هەستیار یان تایبەت دەبێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گشتی بێت و دوور بێت لە پێشێلکردنی مافە کەسییەکان.

• لێپرسینەوە و شەفافیەت: ڕۆژنامەنووسی ئەخلاقی بەرپرسیارە لە کارەکانی و ئامادەیە ڕوونکردنەوە بدات لەسەر بڵاوکراوەکانی. هەروەها دەبێت شەفاف بێت لە سەرچاوەی زانیارییەکانیدا، بە مەرجێک مەترسی لەسەر سەرچاوەکە دروست نەکات.

• دوورکەوتنەوە لە قۆرخکاری و بەرژەوەندی تاکەکەسی: ڕۆژنامەنووس نابێت بەرژەوەندی کەسی یان بازرگانی خۆی بخاتە پێش بەرژەوەندی گشتییەوە. وەرگرتنی دیاری یان پارە لە لایەنەکان بۆ گۆڕینی هەواڵ یان شاردنەوەی ڕاستییەکان، دژی بنەما ئەخلاقییەکانی ڕۆژنامەوانییە.

کەواتا ڕونە کە (ئەخلاق) وەک چوارچێوەیەک وایە بۆ کاری ڕۆژنامەوانی، کە دڵنیایی دەدات لەوەی پیشەکە بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە و خزمەتکار بە گشتی خەڵک ئەنجام دەدرێت.
لێرەدر پرسیارە جەوهەرییەکە خۆی قوت دەکاتەوە: ئاخۆ پەیامنێرێک کاتێ لە حزبی ئۆپۆزسیۆنە و هەڵە و کەمکوڕییەکانی دەسەڵات دەخاتەڕوو، بەڵام دوای چوونی بۆ کەناڵی دەسەڵات و ئەمجارە بە پێچەوانەوە گاڵتەی بە دروشمی ئۆپۆزسیۆن کرد، ئەخلاقی ڕۆژنامەوانی(پەیامنێریی) پاراستووە؟
ئەم جۆرە هەڵسوکەوتەی پەیامنێرێک، بە گۆڕینی لایەن و پاشان گۆڕینی هەڵوێست بەرامبەر لایەنەکان، بە پێشێلکردنێکی گەورەی بنەما ئەخلاقییەکانی ڕۆژنامەوانی دادەنرێت و متمانەی گشتی بە کارەکەی و بە پیشەکەش کەم دەکاتەوە.
لێرەدا چەند خاڵێک خراونەتەڕوو کە چۆن ئەم هەڵسوکەوتە پێچەوانەی ئەخلاقی ڕۆژنامەوانییە:

  1. لەدەستدانی بێلایەنی و بابەتیبوون: یەکێک لە گرنگترین بنەماکانی ڕۆژنامەوانی بێلایەنییە. پەیامنێر دەبێت هەوڵ بدات هەواڵ و ڕاپۆرتەکان بە شێوەیەکی بابەتیانە و دوور لە لایەنگری بگوازێتەوە. گۆڕینی هەڵوێست لە خستنەڕووی کەم و کوڕییەکانی دەسەڵاتەوە بۆ گاڵتەکردن بە دروشمی ئۆپۆزسیۆن (دوای ئەوەی خۆی پێشتر پاڵپشتی ئۆپۆزسیۆن بووە)، بە ڕوونی نیشانەی لەدەستدانی بێلایەنی و لایەنگرییەکی ئاشکرایە.
  2. لەدەستدانی متمانە و باوەڕپێکراوی: متمانە بناغەی کاری ڕۆژنامەوانییە. کاتێک پەیامنێرێک ئەم جۆرە گۆڕانکارییە لە هەڵوێستیدا دەکات، خوێنەران و بینەران متمانەیان پێی نامێنێت. پرسیار دروست دەبێت کە ئاخۆ لە ڕابردوودا بە ڕاستگۆیی قسەی کردووە یان ئێستا ڕاستگۆیە، یان هەڵوێستەکانی تەنها پەیوەندی بەو شوێنەوە هەیە کە کاری تێدا دەکات. ئەمەش وادەکات خەڵک بە گشتی بە گومانەوە سەیری هەواڵ و ڕاپۆرتەکانی بکەن.
  3. ناکۆکی بەرژەوەندی (Conflict of Interest): گۆڕینی کەناڵی کاری و پاشان گۆڕینی هەڵوێست بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتی نوێ، پرسیاری جدی لەسەر بەرژەوەندییەکانی پەیامنێرەکە دروست دەکات. ئایا گۆڕانکارییەکە لەسەر بنەمای گۆڕانی بیروباوەڕ بووە یان لەپێناو بەدەستهێنانی پۆست و بەرژەوەندی کەسی؟
  4. کەمکردنەوەی نرخی ڕاستی و لێکۆڵینەوە: کاتێک پەیامنێرێک دەبێتە دەمڕاستی لایەنێکی دیاریکراو و بەردەوام دژی لایەنەکەی تر دەوەستێتەوە، نرخی ڕاستی و لێکۆڵینەوەی قووڵ کەم دەکاتەوە. لەبری گەڕان بەدوای ڕاستی و خستنەڕووی هەموو ڕووەکانی بابەتێک، دەبێتە پڕوپاگەندەکارێک بۆ لایەنێکی دیاریکراو.
  5. پێشێلکردنی پرەنسیپی خزمەتکردنی گشتی: ئەرکی سەرەکی ڕۆژنامەوانی خزمەتکردنی گشتییە، نەک خزمەتکردنی بەرژەوەندی لایەنێک یان گروپێکی سیاسی. پەیامنێرێکی ئەخلاقی دەبێت هەوڵ بدات زانیاری دروست و بێلایەنانە بە خەڵک بگەیەنێت بۆ ئەوەی بتوانن بڕیاری ژیرانە بدەن، نەک ئەوەی بیروڕاکانیان بە ئاراستەیەکی دیاریکراودا ببات.

    کەواتا بە گشتی، ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە دەبێتە هۆی لەکەدارکردنی ناوبانگی پەیامنێرەکە و پرسیار لەسەر سەربەخۆیی و بێلایەنی پیشەی ڕۆژنامەوانی دروست دەکات. ڕۆژنامەنووسی پیشەیی دەبێت هەموو کاتێک پابەند بێت بە بنەما ئەخلاقییەکانەوە، تەنانەت ئەگەر شوێنی کارەکەشی بگۆڕێت، چونکە پەیامی ڕاستگۆیی و بێلایەنی بنچینەی کارەکەیەتی.

هەڵمەت عوسمان_ کۆیە




ئەیوب کوردی و ئاوەژووبوونەوەی تەمەن.. ستار ئەحمەد

لێنا گەڕێم قوربانی بم
پەردە پۆشی نوقسانی بم
هەروا بۆ دنیا بسووتێم
بۆ چەند ساڵێ‌ میوانی بم
بە خێرایی تەمەن گوزەشت
هیچم نەبینی لە ژیانم
هێزلە ئەژنۆمدا نەماوە
بۆیە مایل بە گۆچانم
لێمگەڕێن با ببمە باڵدار
ئاسمان تەیكەم هەموو ساتێ‌
بگەڕێم بۆ ئاوی حەیات
كە هیچ مەخلوقێ‌ نایگاتێ‌

ئەم شیعرە هەڵگری کۆمەڵێک واتای قووڵ و سۆزدارە، بەتایبەتی لەبارەی تێپەڕبوونی تەمەن و گەڕان بەدوای مانایەکی باڵاتر لە ژیاندا:
شیکردنەوەی واتای شیعری “ئاوی حەیات”
شیعرەکە تابلۆیەکە لە هەستی نائومێدی و پەشیمانی لە ژیانی ڕابردوودا، لەگەڵ خواستێکی بەهێز بۆ ئازادی و گەیشتن بە نەمرییەت یان مانایەکی ڕۆحی قووڵتر.

١. ڕەتکردنەوەی ژیانێکی بێ ئامانج (پەشیمانی)

“لێناگەڕێم قوربانی بم / پەردە پۆشی نوقسانی بم”:

ئەم دەستپێکە ڕەتکردنەوەیەکی بەهێزە بۆ ژیانێک کە تەنیا بریتی بووە لە قوربانیدان و شاردنەوەی کەم و کورتییەکان. شاعیر نایەوێت چیتر ڕێگە بدات بەوەی کە تەمەنی بەفیڕۆ بڕوات.

“هەروا بۆ دنیا بسووتێم .
بۆ چەند ساڵێ‌ میوانی بم.

ئەمە نیشانەی تێگەیشتنە لە کاتییەتی و کورتخایەنیی ژیانی دونیا. شاعیر هەست دەکات کە تەمەنی بە سووتان (واتە ماندووبوون و ناڕەحەتی) بەسەر بردووە بۆ شتێک کە شایانی ئەوە نەبووە، چونکە لە کۆتاییدا تەنیا “میوان”ێکە و ڕۆیشتووە.

“بە خێرایی تەمەن گوزەشت
هیچم نەبینی لە ژیانم

ئەم دێڕە هەستی پەشیمانی و خێرا تێپەڕینی ژیان دەردەبڕێت، بە بێ ئەوەی شاعیر بەختەوەری یان مانای ڕاستەقینەی دۆزیبێتەوە.
٢. لاوازیی جەستەیی و ماندووبوون (پیربوون)

“هێزلە ئەژنۆمدا نەماوە
بۆیە مایل بە گۆچانم”:

ئەم دێڕانە بە ڕوونی ئاماژە بە لاوازیی جەستەیی و نزیکبوونەوە لە پیری دەکەن. گۆچان هێمایە بۆ کۆتایی قۆناغی توانایی و دەستپێکی وابەستەیی و ماندووبوون. ئەمەش پاڵنەرێکی سەرەکییە بۆ گەڕان بەدوای مانایەکی نەمری.

٣. گەڕان بەدوای نەمرییەت و ئازادی (ئاوی حەیات)

“لێمگەڕێن با ببمە باڵدار
ئاسمان تەیكەم

هەموو ساتێ‌”: ئەمە خەون و خواستێکی بەهێزە بۆ ئازادی و ڕزگاربوون لە سنووردارکردنەکانی جەستە و ژیانی دونیا. باڵندە بوون هێمایە بۆ سووکایەتی، توانای گەیشتن بە شوێنی بەرز، دوورکەوتنەوە لە قورسایییەکانی زەوی.

“بگەڕێم بۆ ئاوی حەیات
كە هیچ مەخلوقێ‌ نایگاتێ‌”

ئەمە لوتکەی خواستەکەی شاعیرە. “ئاوی حەیات” (کە لە ئەفسانە و کولتووری ڕۆژهەڵاتدا هێمای نەمری و ژیانی هەمیشەییە) ئاماژەیە بۆ مانایەکی ڕۆحی، حەقیقەتێکی باڵا، یان نەمرییەت. ئەو لەو ئاوە دەگەڕێت کە مرۆڤی ئاسایی ناتوانێت بەدەستی بهێنێ .

کۆی گشتیی پەیامی
شیعرەکە گوزارشت لە تێگەیشتنێکی درەنگوەخت دەکات کە تەمەن زۆر بە خێرایی تێپەڕی و تەنیا بە کاری بێهودە بەسەر براوە. شاعیر لە کۆتایی ژیانیدا، دەستبەرداری هیواکانی دونیا دەبێت و بەدوای ڕزگاریی و شتێکی نەمریدا دەگەڕێت کە ژیانی بکاتە شتێکی واتادارتر لە ماندووبوونێکی کورتخایەن.




ڕێی قافێ.. نووسینی: ئامانج شێروانی

لەلای نیو ستیی کۆن، یان باشتر بڵێم سوپەرمارکێتی هەورێ، ویستم شۆڕ ببمەوە بۆ چوارڕیانی ڕۆناکی. وەکوو هەر کەسێکی شارستان لەسەر شۆستەکە، لە کەناری شۆڵانی شێستی ملی ڕێگەم گرت و هێدی هێدی شۆڕ بوومەوە. پەنجا مەترێک لە شوێنی خۆم دوور نەکەوتبوومەوە شینە تڕومبێلێکم لەپێش خۆم بینی، تڕومبێل چ تڕومبێل، دەتگوت فیلە فیل! سەرباری ئەوەش بەپانی وەستابوو و شۆستەکەی لەت کردبوو. ویستم خۆمی لێ لابدەم، بەڵام خەونم خەونی حوشتری بوو، نە لەملای شوێنم هەبوو ڕەت ببم، نە لەولا. بیرەکم لێی کردەوە و ویستم بچمە سەر شۆڵانە بەجممەکەی شێستی! هەیهوو، هەیهوو، مەگەر ڕێی قافێ ئاوا بوایە. تڕومبێل لەدوای تڕومبێل، وەک ئەوەی لەگەڵ‌ مایکڵ شوماخەر لە پێشکبڕکێدا بن ئەم شۆڵانەیان وەکوو مووس دەبڕی! هەر شتێکیان بهاتایە پێشی جیپڕقاویان لێ دەردەهێنا.

کەسێک، ئەگەر بشیەوێت، لەنێو جەرگەی شاری هەولێرێ ناتوانێت لە گەڕەکەکەی خۆی بەئاسانی کیلۆمەترێک بەپێ بڕوات. شۆڵانە پانەکە پڕیەتی لە تڕومبێلی زەحف تیژڕەو، شۆستەکانیش شوێنی وەستانی ئەو تڕومبێلانەن کە ماندوو بوونە و چاوەڕێ دەکەن پشییەکیان بێتەوە بەری، تاوەکوو دیسان بڕۆنەوە سەر شۆڵانەکە و پێشبڕکێیەکەیان تەواو بکەن!

ئەگەر ئەم شۆستەشۆڵانە بۆ کەسێکی وەکوو من ئاوا مەترسیدار و ئەستەم بێت، دەبێت بۆ کەسێکی کەمئەندام، بە کورسیی چەرخەدارەوە چۆن بێت؟ ئەو کەسەی کە تڕومبێلەکەی لەسەر شۆستە ڕادەگرێت بیر لە هیچ کەسێک ناکاتەوە؟ ئەو ئەندازیارەی کە ڕێگاوبانەکان دەسازێنێت، جگە لە وەنەوشە و ئۆبامایەکان چاوی هیچ کەسی تر نابینێت؟ ئاخۆ دەبێت هەتا کەی شارەکەمان بۆ ئاسنی بێگیان دروست بکەین؟ تاکەی دەبێت مرۆڤە ساخ و کەمئەندامەکانمان ڕۆژانە بنێرینە ڕێی قافێ و جارجارەش چەندێکیان بە تڕومبێلەکانمان پان بکەینەوە!




دیکارت ڕووبه‌ڕووی تاریکی و تاریکیخوازەکان دەبێته‌وه‌.. نووسینی/ هاشم صالح.. وه‌رگێڕانی/ ئاكۆ عه‌بدوڵڵا

بلیمه‌تی گەلان، هی هەموو گەلێك، بەزۆری لەنووسەر و شاعیر و فەیلەسوفە گەورەکاندا بەرجەستە دەبێت. هەر بۆیە دەڵێین دیکارت فەرەنسایە، شکسپیر ئینگلتەرایە، سێرڤانتێس ئیسپانیایە، دانتی ئیتاڵیایە، موته‌نه‌بی نەتەوەی عەرەبە…هتد. ئه‌مه‌ش هەرگیز ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێ جگه‌ له‌وانه‌ بلیمه‌تی دیكه‌ نه‌بن، به‌لكو ته‌نیا بۆ نموونه‌ ده‌هێنرێنه‌وه‌. سەبارەت بەدیکارت، بەناوبانگترین فەیلەسوفە لەمێژووی فەرەنسادا. کەس ناتوانێت بۆ لوتکەی ناوبانگ و شکۆمەندی، كێبڕكێی لەگەڵدا بکات. كه‌واته‌ ئەو کەسە کێیە کە ناوبانگی گەیشتووەتە هەموو گۆشەکانی زەوی؟ هیچ زانکۆیەکیش لەدونیادا نییە فەلسەفەی دیكارتی تێدا نه‌خوێندرێت. کەواتە ئەو (پاڵەوانە بوێره‌ی بیرکردنەوە)، وەک ئه‌وه‌ی هیگڵ جارێک وه‌سفیكردووه،‌ کێیە؟
ڕەنگە خوێنەر سەری بسوڕمێت ئەگەر پێی بڵێین دیکارت بەردەوام لەژیانیدا هەڕەشەی لەسەر بووه‌. هەر لەبەر ئەو هۆکارەشه‌‌ دوای ئه‌وه‌ی نیشانەکانی بلیمه‌تییان تێدا بینی، هاوڕێكانی ئامۆژگارییان کرد دەستبەجێ فەرەنسا جێبهێڵێت. پێیان گوت: “تۆ تەنیا كه‌سی بتوانی ڕاستی و ڕێڕه‌وی گه‌یشتن به‌ڕۆشنگەری و ڕزگاربوونمان بگریته‌ ئه‌ستۆ، بۆیە تۆ چیتر هی خۆت نیت، بەڵکو موڵكی هەموو فەرەنسا و سه‌رجه‌م مرۆڤایەتیت. ئێمە دڵخۆش نابین چونكه‌ بەجێمان دەهێڵێ. داواشت لێ ناکەین بەئارەزووی خۆت ئەو کارە بکەێ. بەڵام ئەگەر لەوڵاتدا بمێنیتەوە سەرت لەبازنەی سووری مەترسیدار دەبێت. ئه‌وسا ڕەنگە پێش ئەوەی ڕاستییەکان بخه‌یته‌ڕوو و بەرهەمە گەورەکانت بنووسیت، له‌ناوتبه‌رن. ئەمەش زیانێكه‌ قەرەبوو ناکرێته‌وه”‌.
جا له‌به‌رچی وایان پێ وت؟ چونکە ئه‌وسا فەرەنسا هاوشێوه‌ی هەندێک بەشی جیهانی عەرەبی و ئیسلامی ئێمە، ئسولی(1) تاریكخوازی كۆنه‌په‌رستانه بوو. کاسۆلیکی پاپایی زۆرینە بوو. مەزهەبەکانی تری ده‌چه‌وسانده‌وه‌ و بەکافری داده‌نان و نەشیده‌هێشت هەناسە بدەن، تەنانەت هەناسەدان. لەوێدا بەپێچەوانەی ئینگلتەرا و سویسرا و هۆڵەندا، ئازادی فیکری نەبوو. هه‌رچه‌نده‌ ئەوان وڵاتانی پرۆتستانتی بوون، لەناو دەریای فراوانی مەسیحی کاسۆلیکی پاپاییدا کەمینە بوون. جا بەو پێیەی حه‌ق هه‌رده‌م له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ دایه‌ هه‌تا ئەگەر هەڵەش بێت، بۆیه‌ لەبەرژەوەندی دیکارتی کاسۆلیکیدا بوو له‌لای پرۆتستانته‌ زه‌نده‌قییه‌ لێبوردەتر و عه‌قڵانیتر له‌چه‌مكی ئایینی مه‌سیحی، بژیه‌ت. ئەمە دەڵێن هەرچەندە ئەوان لەلایەن زۆرینەی کاسۆلیکەکان بەکافر دادەنران، کە خوێنیان بەحه‌ڵاڵ دەزانرا و بەسەربڕینیشیان هەوڵیان دەدا لەخودای گەورە نزیک ببنەوە. ئەو کاتە شتەکان بەو شێوەیە بوو. ئەوروپا چەنده‌ گۆڕاوە. لەپێشان چۆن بوو و ئێستاش چۆنه‌؟!
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت دیکارت لە سەردەمی کاردیناڵی بەناوبانگ ڕیشێلیۆ و شا لویسی سێزدەدا ژیاوە. کاردیناڵه‌ پیره‌كه‌ ناچار بوو لەگەڵ ئسولییه‌ مەسیحییەکان په‌یمان ببه‌ستێ کە ئه‌وسا ئه‌وان به‌سه‌ر تێكڕای گه‌ل زاڵببوون. پێویستە ئه‌وه‌ش له‌به‌رچاو بگرین مرۆڤی سادە و نەزان هەمیشە لەگەڵ ئسولییه‌كان و پیاوە ئایینیەکانن. سەیری لای ئێمه‌ بکەن، بۆ نموونە ئەوانه‌ی لەئێران و تورکیا و سه‌رتاسه‌ری جیهانی ئیسلامی ڕوودەدات… خۆ دیکارت لەسەدەی حەڤدەمدا ژیا و ئێمەش لەناوەڕاستی سەدەی بیست و یەکداین، واتە 400 ساڵ دوای دیکارته‌وه‌. كه‌چی هێشتا ئێمە لەهەمان تەمومژاوی ئایینیدا نغرۆ بووین. ئێمە هێشتا هاوشێوه‌ی ئه‌و و ڕەنگە زیاتریش لەو، له‌ئسولییه‌كان دەترسین…
ئسولییه‌ مەسیحییەکانی ئه‌وسا نوێنەرایەتی توندڕەوه‌ کاسۆلیکییه‌كانیان دەکرد، له‌ناویشیاندا ڕێکخراوێکی مەترسیدار بەناوی (کۆمەڵەی ئیکاریستی)(2) هه‌بوو. ئەو ڕێکخراوە پەیوەست بوو بەهەواڵگری گشتی و ئەرکه‌كه‌شی ڕاوه‌دوونانی ئەو کەسانە بوو کە بەدوژمنی ئایین یان به‌لادەر لەڕێگای ڕاستیان داده‌نا. واتا ڕاوه‌دوونانی ئه‌و کەسانەی کە بە (دوژمنی خودا) ناویان دەبرد. واتا سه‌رجه‌م ئەو زانا و ڕۆشنبیره‌ رووناكخوازانه‌ی کە دەیانویست لەدەرەوەی چوارچێوەی ئسولی مەسیحی چه‌قداكوتراو یان پابه‌ندوونی خنكاوی كۆمه‌ڵایه‌تی، بیر بكه‌نه‌وه‌.
دیکارت هەرگیز بێدین نەبووه‌، بەڵکو باوەڕی قووڵی بەخودا هەبووە. بەڵام لەئەنجامدانی ڕێوڕەسمه‌ مەسیحییه‌كان، خۆی به‌دوور ده‌گرت. نه‌یده‌توانی هەموو ڕۆژەکەی بە بەشداریكردن قوداس و نوێژ و عیبادەته‌كان بەسەر به‌رێت. ئه‌مه‌و وەک هەر بلیمه‌تێكی دیكه‌ش شه‌یدای گەڕان بەدوای حەقیقەتدا بوو، لەکاتێکدا به‌لای ئسولییه‌كان حەقیقەت لەوێ دایه‌ و پێویست بەگەڕان بەدوایدا ناکات. لەکتێبە کۆنە كه‌له‌پووریه‌كاندایه. واتا ئەو کتێبە زەرده‌ تۆز لێنیشتووانه‌ی کە بناغەی ئایدیۆلۆژی و فیدباكی ڕۆحی گەلی مەسیحی و کۆمەڵگایان بەگشتی پێکهێناوە. ئه‌وسا قەشەکان دەیانگوت: ئەی فەیلەسوفی لووتبه‌رز! بۆچی بەدوای حەقیقەتدا ده‌گەڕێی لەکاتێکدا حەقیقەت لەکتێبە ئاینییە پیرۆزەکانماندایە؟ دواتر دیکارتی به‌ڕێز تۆ کێیت تاكو تەحەدای دەسەڵاتی ئیلاهی بکەیت؟ ئسولییه‌كان له‌و سەردەمه‌ بەو شێوەیە فەیلەسوف و زانایانان ترساند.
جگە لەوەش کاسۆلیکەکان خۆیان بەتاکە ڕێڕه‌وی ڕاستەقینە لەئایینی مەسیحیدا داده‌نا. هەر بۆیە ئەوانی دیکەی وەک پرۆتستانته‌كان و ڕێڕه‌وه‌كانی دیکەیان به‌كافر ده‌زانی و بەزه‌نده‌قییان ده‌ناساندن. (کۆمەڵەی ئیکاریستی) کاسۆلیکی مەترسیدارترین دەزگای هەواڵگری و نهێنیترینان بوو. لەناو هەموو چین و توێژەکانی خەڵکدا بەربڵاو بوو، بەڵام نەده‌بینرا. ئامانجی ئەوە بوو هەر کەسێک کە هەر ئارەزوویەکی بۆ ئازادی نیشان بدات، تەنانەت ئەگەر زۆر سنوورداریش بێت جاڕی لێبدات. فەقێیەکانی سۆربۆن، یاخود زانایانی لاهوتی مەسیحی، چاودێری هەموو کتێبە چاپکراوەکانیان دەکرد و هەر شتێکیش له‌ناویاندا پێیان وابووایه‌ پێچەوانەی ئایینه‌، لایان دەبرد.
لەوەش خراپتر، كه‌سانی سه‌ر به‌ڕیشێلیۆ (هەواڵگر لەسەر هەواڵگری) بوون. ئەوان سیخوڕییان بەسەر هەموو کەسێکدا دەکرد، بە پۆلیس و خودی کۆمەڵەی ئیکاریستیشەوە! كه‌واته‌ لەکەشێکی ئاوا خنكێنه‌ردا دیکارت چۆن ده‌یتوانی بژی؟ چۆن دەیتوانی هەناسە بدات، یاخود ئەو فەلسەفە نوێیە دابهێنێت کە لەناخیدا دەله‌ریه‌وه‌؟ لەبەر ئەو هۆیه‌ بوو وڵاته‌ کاسۆلیکیه‌كه‌ی خۆی بەجێهێشت و بەرەو هۆڵەندای پرۆتستانتی ڕۆیشت كه‌ زۆربەی ژیانی لەوێ به‌سه‌ربرد و هەموو کتێبەکانیشی تێدا چاپ کرد. لەڕاستیدا ئه‌و لەژێر پەردەی تاریکیدا جێیهێشت، دوای ئەوەی بیستی کاردیناڵ ڕیشێلیۆ پلانی داڕێژتووه‌ لەڕێگەی یەکێک لەپیاوەکانی کۆمەڵەی ئیکاریستی، تیرۆری بکات… لەسەرەتادا کەس نه‌یزانێ بۆ كوێ چووه‌، دواتر جگه‌ له‌چەند هاوڕێیەکی دڵسۆزی، كه‌ پێی وتبوون نهێنی ته‌واوی ئه‌و بپارێزن، ناونیشانی خۆی به‌كه‌سی دیكه‌ نه‌دا. ئەوانیش زیاتر لەخەمی ئەودا بوون وه‌ك ئه‌وەی لەخه‌می خۆیاندا بن، وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، چونکە دەیانزانی کە ئەو تاکە بیرمەندە بتوانێ ببێته‌ جێگرتنەوەی فرانسیس بیکۆنی ئینگلیزی، و ڕاستییە تەمومژاوییەكانیش کە تەنیا خۆیان دەده‌نه‌ دەست بلیمه‌تان یان بلیمه‌تی بلیمه‌تان، بدۆزێته‌وه‌.
به‌و شێوه‌یه‌ له‌به‌رده‌م دۆسته دڵسۆزه‌کانیدا سوێندی خوارد که له‌ئێستا به‌دواوه زۆر وریا ده‌بێت و تا بشتوانێت ژیانی خۆی ده‌پارێزێت. هه‌موو هه‌وڵه‌کانیشی بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕاستی زانستی- فه‌لسه‌فی و خزمه‌تکردنی تۆخمی مرۆیی ته‌رخان بكات. بەڵێنیشی پێدان بەزووترین کات بگاته‌ میتۆدی عەقڵانی و کلیلی فەلسەفه‌ی دروست. ئه‌وه‌ بوو لەتەمەنی چل و یەک ساڵیدا گەیشتە ئەو ئەنجامە کاتێک کتێبه‌ بەناوبانگه‌كه‌ی بەناوی (وتارێک لەسەر میتۆد) نووسی. بەڵام دوای ئەوەی لەبارەی دادگاییکردنی گالیلۆی بیست، لەترسی تووڕەیی کڵێسە، بەبێ واژۆ بڵاویکردەوە. بەو شێوەیە رۆژی 8 ی حوزەیرانی ساڵی 1637 یەکێک لەگەورەترین دەقە فەلسەفییەکانی مێژوو چاپ و بڵاوکرایەوە. دواتر دەقێکی دیکەی به‌دواداهێنا کە گرنگیەکی له‌وه‌ی پێشوو كه‌متر نەبوو، ئەگەر زیاتریش نەبێت. ئه‌ویش: (تێڕامانه‌ میتافیزیکییەکان)ی ناوه(3).‌
ڕاستە دواجار گەیشتنە دیکارت، ئه‌و كاته‌ی فرانسوا ڤیۆجی ئسولی کاسۆلیکی لەزەویه‌ دووره‌ ده‌سته‌كانی سوید، له‌ڕیگه‌ی بەژەهراویکردنی خیانەتکارانە لەناو کەنیسەدا تیرۆری کرد. بەڵام بەرهەمە سەرەکییەکانی نووسیبوو و گەورەترین دۆزینەوەکانیشی به‌جێگه‌یاندبوو. لەڕاستیدا ئەوان لەفەلسەفە ڕۆشنگەر و عەقڵانییەکەی ئەو به‌سه‌ر چه‌مكه‌‌ تائیفی و تەکفیری و تاریکی ئایینی مەسیحی، ده‌ترسان. هەر بۆیە تیرۆریان کرد، پاشان هزره‌كه‌شیان تیرۆر کرد، ئه‌و كاته‌ی ڤاتیکان بەرهەمەکانی خستە ناو لیستی کتێبە قەدەغەکراوەکان. بەڵام بێسوود بوو چونكه هزره‌كه‌ی وەک ئاگری ده‌م پووش و په‌ڵاش به‌هەموو ئەوروپادا بڵاوببۆوە.
لەکۆتاییدا با ئەو پرسیارە بکەین: ئەمڕۆ ڕۆشنبیری عەرەب لەچ سەردەمێکدا دەژی؟ لەسەدەی بیست و یەکدا دەژی یان سەدەکانی ناوەڕاست؟ وەڵامەکە ئەوەیە ئەو لەسەردەمی ئسولی و ئسولییه‌كاندا دەژی، هاوشێوه‌ی دیکارت لەڕۆژگاری خۆیدا. بەڵێ ئه‌و لەسەردەمی (ابو مصعب السوری) دەژی، کە جارێک وتی: “توندوتیژی فه‌ریزه‌یه‌ و تیرۆركردنیش سوننەتە”. ئەو هەمان ئەو (ابو مصعب الزرقاوی)یه‌ قێزەون‌ و بەدناوه‌ نییە، کە سەردەمانێک عێراقی خه‌ڵتانی خوێن كرد و لەکۆتایشدا داعشی هه‌ڵهێنا. دواتر ابو مصعب السوری وتی: “تیرۆرکردنی ڕۆشنبیران زۆر گرنگترە لەتیرۆرکردنی سەرۆک و زه‌عیم و سەرکردە سیاسییەکان”. له‌به‌رچی؟ چونکە ئەوان سەرکردەی هزرن له‌جیهانی عەرەبی و كه‌واته‌ بۆ ئێمە لەسەرکردە سیاسییەکان مەترسیدارترن. ئەوان لەگەڵ ئێمە کێبڕکێ دەکەن بۆ دڵ و مێشکی نەوەكانی دواتر. ئەوان دەیانەوێت جەماوەرمان لەدەست دەربهێنن. هەرگیزیش ڕێگە بەوه‌ نادەین. ئەمە بۆ ئێمە هێڵی سوورە. بۆیە تیرۆرکردنیان بەئەرکێکی ڕەهای ئایینی دادەنرێت. بەو شێوەیە تێبینی دەکەین بەو زووانە له‌جیهانی عەرەبیدا جه‌نگێكی گەورەی هزری لەنێوان ڕۆشنبیرانی ئسولی و ڕۆشنبیرانی رۆشنگه‌ری هەڵبگیرسێت. كه‌ تێیدا هەموو چەکێکی یاسایی و نایاسایی بەکاردەهێنرێت. زۆر توند و دڕندانه‌ش دەبێت. کۆتایشی نایەت تەنیا بەسەرکەوتوو و دۆڕاو نەبێت.

نووسینی/ هاشم صالح
وه‌رگێڕانی/ ئاكۆ عه‌بدوڵڵا

سه‌رچاوه‌ : https://aawsat.com/ 7/ 7/ 2025
(1) ئسولییه‌تFundamentalism فاندامێنتالیزم، بنەماخواز، بەواتای گرژی لەباوەڕی ئایینی دێت. (وه‌رگێڕ)
(2) رابطة القربان المقدس
(3) مه‌به‌ستی كتێبی (تێڕامانه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی یه‌كه‌م Meditationes de Prima Philosophia) ـه‌ كه‌ ساڵی 1641 بڵاویكرده‌وه‌. (وه‌رگێڕ)




رەگەزپەرستی و دڵپیسیی و ئیرەیی لە شانۆگەری ئۆتێلۆ-دا.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

یەکێک لە کارە جوانەکانی شکسپیر شانۆگەری (ئۆتێلۆ)یە، کە لە زمانی عەرەبیدا بە (عطیل) ناسراوە. ئەم شانۆگەرییە لە کارەکانی تری جیاوازە، چونکە باسی کۆمەڵێک بابەتی فکریی و فەرهەنگی و ئەدەبی جیاوازی کردووە لەپێش هەموویانەوە مەسەلەی (رەگەزپەرستی، دڵپیسی، ئیرەیی، خۆشەویستی)، ئەمانە بوونەتە بابەتی سەرەکی ئەم شانۆگەرییە، کە هەتاوەکو ئەمڕۆش بە زیندووێتی ماوەتەوە.
شکسپیر ئەم شانۆگەرییەی ساڵی 1605 بڵاوکردۆتەوە، کە لە پێنچ بەش پێکهاتووە. بە یەکێک لە کارە جوانەکانی دادەنرێت، دەتوانم بڵێم (ئۆتێلۆ) لەچاو بەرهەمەکانی تریدا زیاتر قسەی لەبارەوە کراوە، لێرەشدا ناوەڕۆکی شانۆگەرییەکە زۆر گرنگە، چونکە کاتێک سەیری ئەو پرسە گرنگانە دەکەیت، کە شکسپیر باسیکردوون بۆ ئەو سەردەمە زۆر گرنگ بووە، بەتایبەتی مەسەلەی (رەگەزپەرستی) بەرامبەر کەسانی رەشپێست، زۆر کەم بووە.

ناوەڕۆکی شانۆگەرییەکە
ئۆتێلۆ یان (عطیل) سەرکردەیەکی سەربازییە بە بنەچە خەڵکی (مەراکیشە)ە، بەڵام خزمەتی حکومەتی ڤێنیسیا دەکات، ناوەکەی (عطیل) لە وشەیەکی عەرەبییەوە هاتووە چەند مانایەک دەبەخشێت، یەکێک لەو مانایانە لە (عطل یان عاطل)ەوە هاتووە، مانای کەسێکی بێکار دەگەیەنێت، بەپێی وتەی خەلیل مەتران، کە شانۆگەرییەکەی لە ئینگلیزییەوە کردووە بە عەرەبی، پێی وایە پێشتر ئەو ناوە لەناو عەرەبدا بۆ کۆیلە رەشپێستەکان بەکاردەهێنرا، بەڵام ئەم شانۆگەرییە لە جیهاندا زیاتر بە (ئۆتێلۆ) ناسراوە.
عطیل ماوەیەک خزمەتی کۆشکی دەسەڵاتی ڤێنیسیا دەکات، دواتر بە حوکمی ئەوەی کەسێکی زیرەک و ئازایە، دەتوانێت متمانەی دەسەڵاتدارانی ڤێنیسیا بەدەستبهێنێت و دەبێتە سەرکردەیەکی سەربازی. عطیل حەز لە (دێزدەمونە) کچی (برابنسیو) دەکات، کە نەجیبزادەیەکی ڤێنیسیایە، پاش ئەوەی باوکی بەم چیرۆکی خۆشەویستییە دەزانێت، دەیەوێت عطیل بکوژێت و سزای بدات، دەچێت لە لای دەسەڵاتدارانی ڤێنیسیا سکاڵای لێدەکات، بەڵام دواتر رێکدەکەون و دێزدەمونە دەخوازێت. پاشان حاکمی ڤێنیسیا عطیل دەنێرێت بۆ قوبرس، چونکە ئەم مەملەکەتە رووبەڕووی هێرشی سەربازیی تورکەکان بۆتەوە و دەیانەوێت داگیریبکەن، ئەویش بە سوپایەکەوە دەچێت بە هانای گەلی قوبرسەوە، بەڵام لێرە خۆی رووبەڕووی کارەساتێکی گەورە دەبێت، لەمەشدا کەسانی خراپ رۆڵی سەرەکی دەگێڕن بەتایبەتی (یاگۆ)، کە ئەفسەرێکی نزیک خۆیەتی، رۆڵی خراپ دەگێڕێت و دەستدەکات بە فیتنەگێڕیی و هانی عطیل دەدات، کە دژی ژنەکەی بوەستێتەوە و تووشی دڵپیسی دەکات و پێی دەڵێت، (دێزدەمونە)ی ژنی پەیوەندی نهێنی لەگەڵ (کاسیۆ) هەیە، کە ئەویش ئەفسەرێکی نزیک خۆیەتی. دواجار ئێرەیی و دڵپیسی زاڵ دەبێت بەسەر عطیل-دا، دەچێت کاسیۆ و ژنەکەی بکوژێت، لە کۆتاییدا ژنەکەی دەکوژێت بەمەش کارەساتێکی گەورە دەخوڵقێت، چونکە پاش کوشتنی دێزدەمونە، عطیل بۆی دەردەکەوێت، کە ژنەکەی، ژنێکی دڵپاک و میهرەبان بووە و هیچ پەیوەندییەکی خۆشەویستی لەگەڵ کاسیۆ نەبووە، ئەمەش لە کۆتایی شانۆگەرییەکەدا (ئیمیلیا)ی ژنی (یاگۆ) هەموو راستییەکانی بۆ ئاشكرا دەکات و پێیدەڵێت، کە مێردەکەی درۆی بۆ هەڵبەستووە و سەرچاوەی هەموو ئاژاوەکەش بووە.

سەرچاوەی حیکایەتەکە
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، شکسپیر بابەتی سەرەکی ئەم شانۆگەرییەی لە کۆمەڵە چیرۆکەکانی نووسەری ئیتالی گیامباتیستا گیرالدی (ساڵی 1504 لەدایکبووە و ساڵی 1574 کۆچی دواییکردووە) وەرگرتووە، کە ساڵی 1565 بڵاویکردوونەوە و پاشان بۆ زمانی فەرەنسیی و ئینگلیزی وەرگێڕدراون، بەڵام شکسپیر توانیوویەتی دەستکاری چیرۆکەکە بکات بەتایبەتی کۆتایی حیکایەتەکە، چونکە لە دەقە ئەسڵییەکەدا، عطیل هەوڵدەدات رابکات لە سزادان، بەڵام لە شانۆگەرییەکەدا وانییە. جێگەی ئاماژەیە شکسپیر بەشێک لە شانۆگەرییەکانی، سوودی زۆری لە ئەدەبیاتی ئیتالی وەرگرتووە بەتایبەتی هی سەدەکانی ناوەڕاست، کە بە ئەدەبی کلاسیکی ئیتالی ناسراوە.

چاکە و خراپە
یەکێک لە ئامانجە گرنگەکانی ئەم شانۆگەرییە، دەرخستنی (چاکە و خراپە)یە، لەم شانۆگەرییەدا لە رێگەی دروستکردنی چەند پاڵەوانێکەوە، هەستی چاکەخوازیی کە زیاتر لە (ئیمیلیا) ژنی (یاگۆ)دا دەردەکەوێت، بە پێچەوانەی مێردەکەیەوە، کە کەسێکی خراپەکار، درۆزن، فیتنە و ئاژاوەگێڕ و رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە کارەساتی ئۆتێلۆدا. لەمەشدا شکسپیر دوو دیوی مرۆڤی دەرخستووە.

دڵپیسیی و ئیرەیی
بابەتێکی تری سەرەکی ئەم شانۆگەرییە، مەسەلەی (دڵپیسی و ئیرەیی)یە. دڵپیسی یەکێکە لە سیفەتەکانی مرۆڤ کاتێک تووشی ئەم حاڵەتە دەبێت چ ژن، یان پیاو، کارەساتی گەورە دەخوڵقێنێت، ئەم دڵپیسییە هەموو جوانییەکانی خۆشەویستیی و ژیان لەناودەبات، عطیل چەندە عاشقی (دێزدەمونە) بوو، بەڵام نەیتوانی پارێزگاری لە خۆشەویستییەکەی بکات و خۆی رادەستی (دڵپیسی) کرد، کە ئەمەش تەواوی ژیانی خۆی و خۆشەویستەکەی دەگۆڕێت و لەناویدەبات. لەلایەکی ترەوە پرسی (ئیرەیی) بابەتێکی تری سەرەکی ئەم شانۆگەریەیە، چۆن عطیل دەبێتە جێگەی چاوچنۆکی دەوروبەری، کەسە نزیکەکانی لە پێش هەموو کەسێکەوە، ئیرەیی پێدەبەن و پیلان لە دژی دەگێڕن.

رەگەزپەرستی
گرنگترین خاڵ بەلای منەوە دەرخستنی فکری (راسیزم و رەگەزپەرستییە)، چونکە ئەم شانۆگەرییە پێش 400 ساڵ نووسراوە، لەو زەمەنەشدا کەم کەس درکی بە مەسەلەی رەگەزپەرستی کردووە، ئەمەش بلیمەتیی و زیرەکی شکسپیر دەردەخات، کە چۆن ئەوکاتە درکی بە گرنگی ئەم بابەتە کردووە، چۆن رەگەزپەرستی دەبێتە هۆی تێکدانی جوانترین حیکایەتی خۆشەویستی، چۆن کەسانێک کە رەنگ و کەلتوریان جیاوازە، دەبنە نێچیر بۆ خەڵکانی ناحەز و دڵپیس.

خۆشەویستی
خۆشەویستی بابەتێکی گرنگی تری ئەم شانۆگەرییەیە، شکسپیر لەرێگەی خۆشەویستی( عطیل و دێزدەمونە) پێماندەڵێت، کە خۆشەویستی هیچ سنوورێکی جوگرافی، فەرهەنگی، رەنگی پێست و رەگەزێک نازانێت. چیرۆکی خۆشەویستی نێوان عطیل و دێزدەمونە، هیچی لە چیرۆکە خۆشەویستییەکانی تر کەمتر نییە، چۆن دێزدەمونە ئامادەیە واز لە بنەماڵە و وڵات بهێنێت لەبەر خاتری خۆشەویستەکەی، بەڵام بەداخەوە خۆشەویستەکەی دواجار تووشی دڵپیسی دەبێت و دەیکوژێت.

داگیرکاری تورک
لەم شانۆگەرییەدا لایەکی لە مێژووی قوبرس کردۆتەوە، کە چۆن هەمیشە رووبەڕووی داگیرکاریی تورکەکان بۆتەوە، ئەمەش لە رووی مێژووییەوە گرنگە و لاپەڕەیەکی پرشنگداری گەلی قوبرس دەردەخات.
جێگەی ئاماژەیە ئەم شانۆگەرییەی شکسپیر، کاریگەری گەورەی لەسەر ئەدەب بەگشتی و شانۆ بەتایبەتی هەبووە و هەتاوەکو ئێستاش لە جیهاندا لەسەر تەختەی شانۆ نمایشدەکرێت.

ئەردەڵان عەبدوڵڵا
———————–
سەرچاوە:
عطیل. ولیم شکسبیر. ترجمة: خلیل مطران. مٶسسة الهنداوي. 2017




كردارە خۆنەویستەكانی دوور لەدیدی خۆمان.. كارزان عەزیز عەبدالرەحمان

هەروەك ئاشكرایە بۆچوون لە زۆر ناوچە لە چینی دوواكەوتووەكانە لەگەڵ ڕێزمدا كە ئەمەدەڵێم بەڵام ئەوە راستی یەكەیە لەبەر ئەوەیە ناتوان شتەكانی دەورووبەرمان هەرچەنە راست بێت بەڵام كەسەكانی چواردەورمان ئەوە بەهەڵەمان ئەزانن لەبەر ئەوەی خۆیان هەمووكات لە وەلامەكەی ئەترسن لە كردارەكانی ئەوە ئەترسن كە دان بەهەڵەكانی خۆیاندا بنێن، بۆیەبۆوون لەی كەسە گەورەكانمان بۆتە شتێكی بە كۆیلە كردنی ئازادیی ئەو ئازادیەیی كە تەنها خۆی پێ راستە بۆیە هەمووكات ئەیانەوێ ئەو شتە بسەپێنن كەخۆیان پێ یان راستە بۆیە راو بۆ چوونی تۆ هیچ سوودێكی نیە هەرچەنە راستیش بێت: بۆنموونە باوك و دایكی كەسیك جیایە لەگەڵ دایك و باوكی كەسێك كە ئازادیی داوەتە مندالەكانی ئەویش ئازادی یەكی سنوور دار بەڵام ئەوە راستی یەكەیە هەرگیز ناتاوانین ئەوە بگۆرین كە هەیە، كەچیش هەموو كاتێ كەسەكانی چوار دەورمان پێمان رادەگەیەن بۆچی لەفلانەكەس ناچن لەكاتێكا خۆشیان ئەزانن هۆكارەكەی چییە دەشیانەوێ شتانێك بكرێ كە خۆیان هۆكارن بۆنەمانی [ ڕادیكاڵ] ئینجا كە شتانێك چارەسەر نەكەن دەڵێن تۆفاشلیت تۆ نەزانیت ئەمەش هۆكارێكە بۆ نەمانی ئازادی بۆیە دیموكراسی لە نێوان خێزانێكی من و خێزانێكی كە دا ئەمە جیاوازیەكەیە بۆیە بە كۆیلەكردنی ئازادیی لێدەكەوێتەوە هەر وەكو لە سەردەمی سۆفیستایەكانیش كە خەڵكیان فریو ئەدا بە ناوی فرۆشتنی زانست و لۆژیك هەمووكات واخۆیان دەرەخست كە هەموو خەڵكی بە قسیە ئەوان بكات ئەمەش چینێك بوو لە هەبوونی بۆچوونی زۆریی نەبوونی رایكاڵی ئاپۆرایی بۆیە هەمووكات پاردۆكسێكی زۆریان بەكاردەهێنە لەگەڵ چواردەورەكەیان دا، هەتاسەردەمی سوكرات كە هات بروایی واوو كە ئاپۆرایی یۆنان زۆر لە پێشەوەیە بۆیە هەمیشە هانی خەڵی ئەدا بۆ زانین زانست هەروەكو لە هەموو كتێبە مێژوویەكانی نووسی وێتی كە زانین كاتێك سەرەكەوێت گەر لە بۆچوونی كەسەكان دووربین گەر هەلە بوون . ئەو نموونەیی مامانیی هێنایە ئاراوە كاتێك منداڵێك لە دایك دەبێت هیچ نازانێت كەسێكیش گەر زانستی نەبوو هیچ نەزانە بۆیە زانین بەو جۆرە لیك دابووەوە هەر لەبەر ئەوەشە كە بووە هۆی مردنی كاتێك زانین شتە راستە كە ئەكات دژیی ئەوانە خۆشیان ئەیان زانی راستە بەڵام دانیان پێ نەنا كە سوكرات راستە ئەوان هەڵان لەبیركردنەوە بۆیەهەستان بەژەهر خواردنی . لە سەرەتایی مرۆڤایەتیەوە لەگەڵ پەسەند كردنی مرۆڤایەتی فەلسەفە بیری نوێ لە ناو مێشكی مرۆڤـ گەشەی كردووە قۆناغ بە قۆناخ وردە وردە فكر خەریكە گەشە دەكات كۆمەڵگا وەك مەنگ وایە ئەگەر ئەو گۆمەی ئاوی لەبەر نەروات بۆگەن دەكات هیچ سودێكی بۆ دەورووبەری خۆی نیە كۆمەڵگاش بە هەمان شێوە ئەگەر فكری مرۆڤ بەستی هیچ تووخمێكی فەلسەفی و فكری نوێ وەرنەگرت دەبێتە مرۆڤێكی بەكار بە ئاسانی لەلایەن سەردارانەوە كۆنترۆڵ دەكرێ و كۆدی فكری لای خۆت نابێ لای سەرووی خۆت و دەسەڵات دەبێ بەم شێوەیە كۆمەڵگا لەم جۆرە تاكانە پێك دێت و دەبێتە كۆمەڵگایەكی مێگەلی. واتا فكر دەبێت لەسەر فۆرمی روبار بێت هەم بێتە سەری و هەم لێی بروات مرۆڤ دەبێت مەسافویوك لە نێوان خوی و فكرە گشتیەكان دابنێت بۆ ئەوەی خرت و خاڵ و فكرە بۆگەن و دوواكەوتووەكان كاریگەری لەسەر عەقل و نەست نەكەن، هەمیشە وەك مرۆڤێكی ئازاد بمێنێتەوە هەم لە خەڵك فێربیت و هەم خەڵكیش فێربكات واتا مرۆڤی عەقڵ ڕاگۆزەر و عەقڵ تێپەرینەر مواكەبەی فەلسەفییە تازەكان بكات وە لەگەڵ نەزمی نوێ بە جیهانی بوون بگونجێ …


كارزان عزیز عبدالراحمن




په‌راوێـزی حه‌ڤده‌یه‌میـنی تێـكست.. نه‌ژاد عزیز سورمێ

هه‌ستێكی‮ ‬جوامێرانه‌ و ڕوانینێـكی‮ ‬ئامانجداره‌،‮ ‬هه‌بن بیر له‌ ده‌رچوون له‌بازنه‌ قه‌دگرتووه‌كان بكه‌نه‌وه‌،‮ ‬به‌تایبه‌تی‮ ‬له‌بوارێـكی‮ ‬به‌هه‌ستی‮ ‬وه‌ك میدیا… ‬ ‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
دیاره‌ ئه‌و ئازادییه‌ی‮ ‬دوای‮ ‬ڕاپه‌ڕیـن به‌رپابوو،شتێك بوو بۆ نووسه‌ر و‮ ‬ڕۆژنامه‌نووسان له‌ خه‌ون ده‌چوو تا واقیع،‮ ‬به‌ڕاده‌یه‌ك تێكـكردنه‌وه‌ی‮ ‬ئاسان نه‌بوو‮…‬ له‌و هه‌لومه‌رجه‌ نوێیه‌دا،‮ ‬كه ‌له‌نێوان هه‌ر باره‌گای‮ ‬حزبێـك و باره‌گای‮ ‬حزبێـكی‮ ‬دی‮ ‬باره‌گای‮ ‬حزبێـك بوو‮! ‬نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسان چی‮ ‬بكه‌ن و كام ڕێگا بگرنه‌به‌ر‮…‬ تۆ له‌وه‌گه‌ڕێ هه‌ریه‌ك له‌و حزبانه‌ ڕۆژنامه‌‮ ‬یا بڵاوكراوه‌ی‮ ‬تایبه‌ت به‌خۆی‮ ‬هه‌بوو،‮ ‬یاهه‌وڵی‮ ‬ده‌دا هه‌یبـێ،‮ ‬گرووپ و كۆمه‌ڵی‮ ‬جیاجیایش هه‌وڵیان ده‌دا له‌كاودانێكی‮ ‬ئاوه‌هادا به‌هه‌ر شێوه‌ێك بێت ده‌نگیان هه‌بێت‮.‬ به‌م جۆره‌ ورده‌ ورده‌ هات،‮ ‬تا گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی‮ ‬پرۆسه‌ی‮ ‬هه‌ڵبژاردن هاته‌ پێش و له‌دوایشدا دامه‌زراندنی‮ ‬په‌رله‌مان و حكوومه‌تی‮ ‬لێكه‌وته‌وه‌،‮ ‬وێـڕای‮ ‬كتێبخانه‌كان،‮ ‬شه‌قام و شۆسته‌كانیش پڕ‮ ‬بوون له‌ ڕۆژنامه ‌و گۆڤار و بڵاوكراوه‌ی‮ ‬هه‌مه‌جۆر و هه‌مه‌لایه‌ن و هه‌مه‌بابه‌ت‮…‬ به‌ڵام هه‌موو ئه‌و ڕۆژنامه‌ و گۆڤار و بڵاوكراوانه‌( لایه‌نگیربوون‮) ‬یاخود زمانحاڵی‮ ‬ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ بوون،‮ ‬به‌واتا به‌ئاشكرا لایه‌نێك باروبووی ده‌كرد و بڵاوی‮ ‬ده‌كرده‌‌وه‌‮..‬ بێگومان ئه‌وئاشه‌یش كه‌به‌و تاوه‌ كه‌وتبووه‌گه‌ڕ،‮ ‬به‌هێز و توانای‮ ‬نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسان ده‌گه‌ڕا‮..‬ ڕابردنی‮ ‬ماوه‌یه‌ك به‌سه‌ر ئه‌زموونی‮ ‬په‌رله‌مان وحكوومه‌ت و ده‌سپێكردنی‮ ‬شه‌ڕی‮ ‬بێهووده‌ی ‮ ‬ناوخۆ به‌ویست بێ‮ ‬یانه‌ویستن،‮ ‬ئاسته‌نگی‮ ‬زۆری‮ ‬خسته ‌پێش ئه‌و ڕۆژنامه‌ و بڵاوكراوانه‌،‮ ‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬به ‌ڕاده‌یه‌ك كار به‌وه‌ گه‌یشت كتێبخانه‌ تاڵان كران و ڕۆژنامه‌ سووتێنران، ئیتر شته‌كان به‌ وه‌همی‮ ‬خۆنه‌بان كردن بێ‮ ‬یا ڕاستی،‮ ‬لێك هه‌ڵاوێردران‮ ..‬ له‌و ناوه‌دا حه‌قیقه‌تی‮ ڕووداوه‌كان،‮ ‬وه‌كو جارانی‮ ‬زه‌مانی‮ ‬ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌تی به‌غدا كه‌ ده‌یگرت و نه‌یده‌پاراست گه‌ڕایه‌وه‌ ناو هۆیه‌كانی‮ ڕاگه‌یاندنی‮ ‬ده‌ره‌وه‌،‮ ‬له‌وێنه‌ی‮ CBB , NNCو ‬و ده‌نگی‮ ‬ئه‌مریكا و هی‮ ‬تر‮…‬جارێكی‮ ‬تر (جه‌ماوه‌ر)‬ی‮ ‬بێ حه‌ول و قووه‌ت ده‌بووایه‌ ڕاستیی ڕووداوه‌كانی‮ ‬خۆی‮ ‬له‌ده‌ره‌وه‌ بزانێته‌وه‌‮…‬ له‌‮ ‬BBC ‮ ‬یه‌وه‌ بزانێت چ له‌هه‌ولێر و سلێمانی‮ ‬ڕووده‌دا‮…‬ ئه‌مه‌ وا چووه‌سه‌ر تا چه‌ند لایه‌نێـك بیریان له‌ ئه‌ڵته‌رناتیڤ كرده‌وه‌‮ ‬،‮ ‬ئاوه‌ها له ‌وێنه‌ و باڵای‮ ‬ڕۆژنامه‌ی(الراصد)‬ی‮ ‬سه‌رده‌مانێك،‮ (له‌گه‌ڵ به‌هه‌ندگرتنی‮ ‬جیاوازی‮ )‬،‮ ‬ئه‌گه‌ر ڕۆژنامه‌ی‮ (الثورة‌) ‬نه‌یویستبایه‌ هه‌واڵێك‮ ‬یا بۆچوونێكی‮ ‬دیاریكراو بڵاوبكاته‌وه‌، له‌سه‌ر حكوومه‌ت یا ده‌سه‌ڵات بكه‌وێ یا لانی كه‌م دووچاری ئیحراجیان نه‌كا‮ ‬له‌وێی‮ ‬بڵاو ده‌كرده‌وه‌‮..‬ پاشان ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ش به‌داخه‌وه‌ بێ ودم و ئیجازه‌ هاته‌ ناوململانێی‮ ‬سیاسی‮… ‬به‌و ڕه‌نگه ‌و به‌و ڕووكار و ئاراسته‌یه‌ ڕۆژنامه‌ی‮ ‬دیكه‌ له‌ سلێمانی‮ ‬و هه‌ولێر هاتنه‌ بڵاوكردنه‌وه‌ به‌ شێوازی‮ ‬ئه‌و ڕۆژنامانه‌،‮ ‬به‌رگ و پۆشاكی‮ ‬وایان پۆشی‌،‮ ‬خوێنه‌ری‮ ‬به‌دیقه‌ت نه‌بێ،‮ ‬ڕه‌نگه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی‮ ‬سیمایان جیا بوو به‌‮ ‬ڕۆژنامه‌ی‮ ‬بێلایه‌نی‮ ‬بزانن‮..‬ له‌حاڵێكدا‮ (هه‌ربۆ ئاگاداری) ‬له‌ هه‌موو دونیا ڕۆژنامه‌یه‌ك نییه‌ بێلایه‌ن و سه‌ربه‌خۆ‮ .. ڕوونبێژی‮ ‬و شه‌فافیه‌تیش كه‌ له‌هه‌ندێ ڕۆژنامه‌ی‮ ‬به‌ناوبانگی‮ ‬دونیادا ده‌بینرێ ئه‌وه‌ ناگه‌یێنێ ئه‌و ڕۆژنامانه‌ لانی‮ ‬كه‌م به‌لایه‌نی‮ ‬وه‌به‌رهێنه‌ر وابه‌سته‌نین‮ ‬ئه‌گه‌ر نموونه‌یشت ویست دوور مه‌ڕۆ،‮ له‌ پاڵه‌وه‌‬ڕۆژنامه‌ی‮ ‬له‌ چه‌شنی (الحیاة‌)ی ئه‌وسا و‮ (الشرق الاوسط) ئه‌وسا و ئێستا ‬بكه‌ به‌نموونه‌‮.
‬ به‌ڵێ ڕاسته‌ ئه‌وه‌ی‮ ‬له‌و ڕۆژنامانه‌دا بڵاوده‌بێته‌وه‌ زۆرجار ناكرێت له‌ ڕۆژنامه ‌و بڵاوكراوه‌ی‮ ‬سه‌ر به‌حزبه‌كان بڵاوبێته‌وه‌،‮ ‬ئه‌وه‌ش نه‌له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‮ ڕۆژنامه‌ی‮ ‬حزبه‌كان‮ ‬یاخود ئه‌وانه‌ی‮ ‬زمانحاڵیان له‌ سه‌ر نووسراوه‌ بیروڕای‮ ‬ئازاد هه‌ر به‌دوایی‮ بڵاوناكه‌نه‌وه‌،‮ ‬یا ڕۆڵیان له‌ چالاكی‮ ‬ڕۆژنامه‌گه‌ریی‮ و میدیای‬كوردستاندا نه‌بووه‌ و نیه‌،‮ ‬به‌پێچه‌وانه‌وه‌ مێژووی‮ ‬ڕۆژنامه‌گه‌ریی‮ ‬كوردی‮ ‬هه‌ر له ‌ئه‌ساسدا به‌هۆی‮ ‬زۆر ئه‌گه‌ر ده‌ور و كۆششی‮ ‬نووسه‌ران و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‮ ‬به‌ئاشكرا و نكۆڵی‮ ‬لێنه‌كراوه‌وه‌‮ ‬پێوه ‌دیاره‌‮..‬ به‌ڵكو مه‌به‌ست له‌و گۆشه‌نیگایه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی‮ ‬حزبی‮ ‬به‌كۆمه‌ڵێك ڕه‌هه‌ند و ئیلتزامه‌وه‌ پابه‌نده‌ له‌وانه‌یه‌ له ‌بڵاوكردنه‌وه‌ی‮ ‬هه‌ندێ بابه‌ت تێبگیرێ و دووچاری‮ ‬هه‌ندێ ئیحراج بوون ببێ له‌به‌رامبه‌ر حاڵه‌تێكی‮ ‬دیاریكراو‮..‬ به‌ڵام هه‌ردیسان ئه‌گه‌ر لێی‮ ‬وردبینه‌وه‌،‮ ‬تاك و ته‌رای‮ ‬هه‌واڵ و ده‌رهاورده‌كانی‮ ‬نه‌بێت،‮ ‬ئه‌وانی‮ ‬تر كه‌ له‌و ڕۆژنامانه‌دا بڵاوده‌بنه‌وه‌ زیاتر ده‌چنه‌وه‌ پاڵ بابه‌تی‮ ‬وروژێنه‌ر‮..‬ لێره‌دا ئێمه‌ ڕوومان له‌ ڕۆژنامه‌یه‌كی‮ ‬دیاریكراو نیه‌،‮ ‬به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شمانه‌ له‌و وێنه‌یه‌دا ده‌رده‌كه‌ون‮..‬ ‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا،‮ ‬ئه‌و بڵاوكراوانه‌ی‮ ‬به‌ناوی‮ (ئه‌هلی) ‬ده‌رده‌چوون،‮ ‬با به‌هه‌ر مه‌به‌ستێكیش ده‌رچووبن،‮ ‬دیسان له‌خۆیاندا هه‌موو هه‌وڵه‌كان هه‌نگاوێكن به‌ره‌و سه‌رهه‌ڵدانی‮ ‬میدیای ‬له‌وچه‌شنه‌ كه‌ده‌چێته‌وه‌ ناو پرۆژه‌ی‮ ‬وه‌به‌رهێنانی‮ ‬ئابووری‮ له‌و ‌بواره‌دا‮ ‬ ‬سه‌ره‌ڕای‮ ‬به‌پیشه‌ییكردنی‮ ‬كاری‮ ‬ڕۆژنامه‌نووسیی،‮ ‬دیارده‌یه‌كی‮ ‬مژده‌به‌خشه‌ به‌ئاراسته‌ی‮ ‬پێكهاتنی‮ ‬كۆمه‌ڵگه‌ی‮ ‬مه‌ده‌نی‮ ‬كه ‌میدیا‮ ‬ستوونێكی‮ ‬به‌هێزیه‌تی،‮ ‬له‌ ڕێی‮ ‬خزمه‌تگوزاری‮ ‬كۆمه‌ڵایه‌تی‮ ‬و ئاراسته‌كردنی‮ ‬ڕای‮ ‬گشتی‮ ‬و پێكهێنانی‮ ده‌سه‌ڵاتی‮ ‬چواره‌م.. به‌ڵام…‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
ئه‌و به‌ڵامه‌یش هه‌ویرێـكه‌ ئاوێكی زۆری ده‌وێ به‌وه‌ی بتوانرێ ئه‌و ڕاستییانه‌‌ ڕوون ببنه‌وه‌
داخۆ ئه‌وه‌ی به‌و لێشاوه‌ پێشتر نه‌دیتراوه‌دا له‌ مێژووی ڕۆژنامه‌نووسیی كوردی و پاشان دیارده‌ی به‌ پاشوه‌چوونه‌وه‌یان به‌ هه‌مان گوڕ و تاوی سه‌رهه‌ڵدانییان زۆربه‌یان سیما بوو یا تارمایی ؟!
ئه‌م پرسیاره‌ وه‌چه‌ی نوێ ، وه‌چه‌ی سۆشیالمیدیا و سه‌رده‌می (جیهانایه‌تی)
ڕه‌نگه‌ بتوانن وه‌ڵامی بده‌نه‌وه‌ .
‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬




خەون و خەیاڵ.. امیر هوشنگ ابتهاج (سایە).. وەرگێڕانی لە فارسییەوە شەهلا نوری

نازەنین هات و لە دەرگای دڵی دام و، چوو
پەردەی خەڵوەتی خەمخانەمی هەڵدایەوە و، چوو

کونجی تەنیایی مە، بە خەیاڵی شاد کرد
خەوی خورشیدی خستە چاوی یەڵدا و، چوو

دەردی بێ عیشقیمانی دی و نیگەران بوو
ئاگری ئارەزووی لە گیانی بە ئارام بەردا و، چوو

خەرمەنی سووتاوی من، کوا بە کاری ئەو دەهات
کە وەک برووسکە هات و لە باغی وشک و سەوزمانی دا و، چوو

چوو و، بیری لە تۆفانی دیدەم نەکرد
چ دڵێکی هەبوو خودایە کە لە دەریای دا و، چوو

ئاخۆ بیرێ لە دێوانەیی خۆی دەکاتەوە؟
ئەو کە زنجیری لە پای دڵی شەیدا بەست و، چوو

(سایە) ئەو چاوە ڕەشە چی دەگوت بە تۆ کە دوێ
ئەقڵ هاواری کرد و، بەرە و سارا چوو.

غەزەلی خەون و خەیاڵ
امیر هوشنگ ابتهاج (سایە)
وەرگێڕانی لە فارسییەوە شەهلا نوری




پەتییبوون هەنگاوی یەكەمی بە ستانداربوونی زمان.. سەدیق سەعید ڕواندزی

           
                                                                   

لە ڕاستیدا، هەر بەراوردكردنێكی كولتووری و فەرهەنگی لە نێوان نەتەوەی سەردەست و نەتەوەیەكی ژێردەستە كە بەردەوام لە ژێر هەڕەشەی سڕینەوە و نەماندایە، بەراوردێكی زۆر هەڵە و نالۆژیكییە، چونكە ئەوەی لێرەدا دەبێ لە بەرچاو بگیرێت، دۆخی ژێر دەستەیی و داگیركاریی نەتەوەی ژێر دەستەیە، بەو مانایەی هەموو كاتێك ئەگەری لە نێوبردنی لە ڕووی سیاسی و نەتەوەیی هەیە. بێگومان بە نەمانی شوناسی سیاسیش، ئیدی كولتوور و فەرهەنگی نەتەوەش بوونیان نامێنێت.
واقیعی كولتووری نەتەوەیەك كە ژێر دەستەیە، بە هەموو پێوەرێك زۆرجیایەیە لەگەڵ نەتەوەیەك كە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆیە و دەبێ ڕەچاوی ئەو شوناسە سیاسییە بكرێت. زمان یەكێكە لە دیارترین ئەو شوناسە فەرهەنگییەی نەتەوەیەك لە نەتەوەیەكی دیكە جیا دەكاتەوە، كولتوور و نەریتە كۆمەڵایەتی و میللییەكانی نەتەوەیەك چەند بە ئەندازەیەكی زۆریش لە یەك نزیك بن و بە نێو یەكتری دا بچن، هەڕەشە نییە بۆ سەر نەمانی شوناسی نەتەوە، تەنێ زمان نەبێت كە بە نەمانی بوونی نەتەوەش نامێنێت. لەم ڕووەوە نموونەی دیار و بەرجەستە لە كەمە نەتەوەكانی دنیا، لە شێوەی ئەمازیغەكان، كورد، ئەرمەنەكان، هەن كە وێرای ئەو داگیركاریی و ستەمە مێژووییەی بەردەوام لێیان كراوە، وەلێ نەسڕاونەتەوە چونكە یەكێك لەو بنەما نەتەوەییانەی زامنی مانەوەی ئەوانە، زمانەكەیانە. لەو سۆنگەیەوە، باسكردن لەوەی كە زۆر ئاساییە هەزارەها وشەی عەرەبی، فارسی و توركی، ئەرمەنی لە زمانی كوردیدا با بوونی هەبێت و پەتیبوونی زمانی كوردی بایەخێكی ئەو تۆی نییە، بێگومان نیشانەی تێ نەگەیشتنە لە زمان بە دیوە سیاسی و نەتەوەیەكەی نەك فەرهەنگییەكەی، چونكە كاتێ زمانێك بە لێشاو وشەی بیانی دێتە ناو و ئەم وشانەش دەبنە بەشێك لە فەرهەنگی نەتەوە و هاوكات خودی ئەو نەتەوەش بێ قەوارەیەكی سیاسی سەربەخۆیە، دۆخێًكە لە خزمەت نەتەوەی سەردەست دایە، كە یەكێك لە ئامانج و خەونە سیاسییەكانی لە نێوبردنی كوردە وەك نەتەوە، دڵنیاشە كە هەنگاوی یەكەمی ئەو سڕینەوەیە لە زمانی نەتەوە دەست پێ دەكات. بۆیە زمانی كوردی نەك هەر پێویستی بەوەیە لە ڕووی هاوواتاییەوە پەتی و كورداندن بكرێت، بەڵكو نابێ بوار بدرێت وشەی بیانی، بخرێتە نێو زمانەكەمانەوە ئەگەر هاوواتای هەبێت. ستانداربوونی زمان، یەكخستن و بە نەتەوەییبوونی زمان، هیچ نییە جگە لە هەبوونی زمانێك كە ئاماژەكانی نەتەوەییبوونی نەتەوە بگەیەنن. كورد بۆ ئەوەی دەریبخات، هەڵگری زمانی نەتەوەیی خۆیەتی، دەبێ زمانەكەی لە ئەلفەوە تا یا، هەڵگری وشە و دەربڕین و دەستەواژەی كوردی ڕەسەن و پەتی بێت، بە تایبەتیش ئەمە لە زمانی كورد گرفتێك نییە، چونكە زمانێكی دەوڵەمەندە لە ڕووی هاوواتاییەوە، بە بەراورد لەگەڵ زمانەكانی دیكەی ئینگلیزی و عەرەبی. هاتنەوە ناوەوەی وشەی بیانی بۆ نێو زمانی نەتەوەیەك كە هێشتا ژێر دەستەیە و دەوڵەتێكی نەتەوەیی نییە، لە ڕاستیدا مەترسییەكەی گەورەیە، بە ئاراستەی جێ لەقكردنی پەتیبوون و ڕەسەنیەتیبوون و نەتەوەییبونی زمان، بگرە لە زۆركاتدا، دەبێتە سەرچاوەی شێواندن و ئالۆَزی خودی زمانەكەش، بەوەی كە نەتوانرێت لە ڕووی ماناو زاراوەییەوە بەركار بكرێت. لێرەدا نموونە بە وشەی (كۆرنا) دێنینەوە.
لە سەروبەندی سەرهەڵدانی ئەم نەخۆشییە لە جیهاندا، وشەكە بووە بەشێك لە فەرهەنگی بەركاری زمان لە كوردستاندا، بەڵام ئەم وشەیە بە جۆرەها ڕێنووس دەنووسرا، وەك :(كۆڕۆنا، كورۆنا، كۆرۆنا، كۆرونا ،كۆڕونا) یاخود ( كەرەنتین، كرنتین، كۆرەنتین) ئەم وشەیە، كە ئاماژە بوو بۆ نەخۆشی (كۆڤید 19) لە ڕووی واتاوە، دیارە مەبەست نەخۆشییەكەیە، بەڵام لە ڕووی نووسین و هاتنە نێو فەرهەنگی كوردی، سەرنج بدەن چ ئاڵۆزییەكی لە زمان دروست كرد، كە ڕەنگدانەوەی بوونی وشەی بیانییە لە نێو زماندا. دەكرێ بە هەمان شێوە نموونە بە هەردوو وشەی (كولتور) و (فەرهەنگ) یش بێنینەوە، گەرچی زۆرجار هاوواتا دەكرێن، بەڵام فەرهەنگ بەرفراوانترە و كۆی كولتوور، بەها كۆمەڵایەتییەكان، زمان، نەریت، كەلەپوور و فۆلكلۆریش دەگرێتەوە. وشەی كولتوور، لە نێو زمانی كوردیدا بە چەندین شێوە دەنووسرێت چونكە ڕیشەی وشەكە لە كەڵچەری ئینگلیزی وەرگیراوە. ئەم وشەیە وشەیەكی كوردی نییە، هاتۆتە نێو زمانی كوردی بە چەندین شێوە دەنووسرێت وەك :(كەلتور، كەلەتور، كولتوور، كولتور، كوولتور، كوولتوور) چونكە لە بنەڕەتدا، وشەكە كوردی نییە و بە هاوواتای ناكرێت بە دیاری كراوی، بەڵام وشەی فەرهەنگ، یەك شێوازی نووسینی لەڕووی ڕێنووسەوە هەیە و گرفتێكی نییە. لێرەوەش هەنگاوی یەكەمی هەر بە ستانداركردنێكی زمان، لە بژاركردنی لە وشەی بیانی، ساغكردنەوە و پەتیبوونی زمانەكە و گێڕانەوەی ڕیشە مێژووییەكانی بۆ سەر زمانی نەتەوەیی، دەست پێ دەكات. ئەوانەی بڕوایان وایە زۆر ئاسایە وەك چۆن زمانی فارسی و توركی و عەرەبی، تەژییە لە وشەی بیانی، بەو شێوەیەش ئاساییە زمانی كوردی هەزارەها وشەی بیانی تێدا بێت و خەوشێك نییە، كەسانێكن هێشتا لە مانای زمانی ستاندار نەگەیشتوون، بە مانا سیاسی و نەتەوەیەكەی، چونكە زمانی ستاندار، زمانێكە ڕەنگدانەوەی ڕەهەندی نەتەوەییانەی نەتەوەیە، زمانێكە لە ڕووی فەرهەنگ و زاراوەسازیی و هاوواتاییەوە، گوزارشت لە بوونی نەتەوە دەكات، كە دواجار هەر خودی ئەو زمانەشە، نەتەوەكان لەیەكتری جیا دەكاتەوە. بە پێچەوانەوە بوونی وشەی بیانی لە زمانی ئێمەدا، ئاسایی نییە و مەترسییە بۆ سەر مانەوەی زمانەكەمان، چونكە ئێمە قەوارەیەكی سەربەخۆمان نییە، تا بتوانین پارێزگاری لە زمان، وەك شوناسێكی دیكەی نەتەوە بكەین و هاوكات زمانی كوردیش، خۆی زمانێكی دەوڵەمەندە لە ڕووی زاراوەیی و هاوواتاییەوە، ئیدی بۆ دەبێ وشەی بیانی لە زمانەكەمان هەبێت؟
دواجار دەڵێم، جێگەی سەرنجە، لەو سەردەمەدا كەسانێك هەبن، بڕوایان وابێ پەتیبوونی زمان بایەخێكی نییە، بەڵام سەدو پێنچ ساڵ لەمەوبەر، ئینگلیزێك لە خەمی پەتیكردنی زمانی كوردی دابووە و خەڵاتی ئەوانەی كردووە، كە تێكستیان بە زمانێكی پەتی نووسیوە.

*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی كوردستانی نوێ ژمارە (9462 ) لە 27/7/2025 بڵاوكراوەتەوە.
.




فەلسەفەی پوچگەرایی ئەلبێرت کامۆ.. ‏و. لە عەرەبیەوە: یاسین لەتیف

‏نووسەر و فەیلەسوفی فەرەنسی ئەلبێرت کامۆ (1913-1960) خاوەن خەڵاتی نۆبڵ بۆ ساڵی ١٩٥٧ بە دووەم گەنجترین براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات دادەنرێت لە دوای نووسەری بەریتانی کیپلینگ، هەروەها گەنجترین کەسە کە لە نێو هەموو براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبدا بە گەنجی کۆچی دوایی کردبێت.بەرهەمەکانی کامۆ بەسەر دوو گروپدا دابەشبوون، کە ناوی ناوە: بازنەی یاخیبوون و بازنەی پوچگەڕایی. یەکەم کەس بوو کە دەستەواژەی “پوچگەریی” بەکارهێنا، کە بووە بزووتنەوەیەکی ئەدەبی و فەلسەفی کە لە پەنجاکانی سەدەی بیستەمدا ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێنا. پوچێتی بە پێی ڕوانگەی کامۆ، هەستکردنە بە دڵەڕاوکێ کە بەهۆی هەستکردن بە قورسایی مێژووەوە دروست دەبێت.
ئەم هەست کردنە بە پوچێتیەی ژیان یاخیبوون دروست دەکات، کە دەکرێت سەرەتا تاکەکەسی بێت، دواتر بگۆڕێت بۆ یاخیبوونێکی بەکۆمەڵ. کامۆ لە میکانیزمی میکانیکی ژیان یاخی بوو. مرۆڤ بە یەک خێرایی دەژی تا ڕۆژێک لە خەو هەڵدەستێت و هەست دەکات کە کەسێکی نامۆ و تەنیایە لەم دونیایەدا. هەروەها کات ئەو دوژمنەیە کە هەوڵەکانی بەفیڕۆ دەدات ، دواجار فڕێی دەداتە باوەشی مەرگەوە . ئەمە ئەو ڕاستییەیە کە ئەم کەسە ناچار دەکات ڕووبەڕووی ببێتەوە. نە ئەخلاقی و، نە هەوڵەکانی و ، نە زیرەکییەکەی ، لە بەرامبەر ئەم جیهانە پوچ و بێمانایە هیچ سوودێکی نییە کە پڕە لە مرۆڤی ناعەقڵانییەت . ئەو ئازادییەی کە پێی وایە چێژی لێ وەردەگرێت وەهمە، وەک چۆن کۆیلەی حوکمی پێشوەختەی داب و نەریتەکانە. پەیوەندییە مرۆییەکان بە درۆ دەمێننەوە، پەیوەندیكردن ونە و لێک تێنەگەیشتن زاڵ و براوەیە . کەلێنی نێوان مرۆڤەکان زیاتر دەبێت. ‏کەسی بێدەنگ قوربانی و تاوانباری سزادراوە. کامۆ یاخی بوو لەو نۆرم و ئایدۆلۆژیانەی کە لەسەر بنەمای کۆیلەکردن و تۆقاندن دامەزراون .
هەروەها ئەو ئەفسانەی گەشەپێدان و پێشکەوتنی ئیدانە کرد ، کە بە وەعدی پێشوەختە خەڵک فریو دەدەن ، بە پاساو هێنانەوە بۆ داپۆشینی ستەمکاری ئێستا ، هاوکات لەبری دۆزینەوەو بە دیهێنانی دۆخی باشتر ، شەرعیەتدانە بە ملکەچبوون و تەسلیمبوون . کامۆ ڕقی لە هەڵهاتن یان خۆکوشتن بوو، بوێری نواند و یاخی بوو لە بەها کۆمەڵایەتییەکان و بیروباوەڕە ئاینییەکان. هەروەها لە بەرامبەر مردندیشدا . بارودۆخی مرۆڤایەتی قبوڵکرد بەبێ ئەوەی هیواکان بە سبەی یان ژیانێکی ترەوە ببەسترێتەوە . ئەو پرسیارە بنەڕەتییەی کە بەرهەمەکانی کامۆ دەوروژێنێت ئەوەیە: ئایا ژیان شایەنی ئەوەیە لە بێدەنگی جیهاندا بژی؟ هەرچەندە ئامادە نەبوو وڵامێکی تەواو بۆ ئەوە بداتەوە ، بەڵام پێشنیاری کرد مرۆڤ دەتوانێت لە ڕێگەی هۆشیاری و یاخیبوونی نائومێدانەی خۆیەوە تێپەڕێت بە سەر پوچێتی و بێمانایی ژیاندا . فەلسەفەی پوچگەرایی کامۆ کە پەیوەستە بە چەمکی نەبوونی بێمانای جەوهەری ژیان ، بنامای تێگەیشتنی بەرهەمەکانیەتی . ئەو پێی وایە قبوڵکردنی پوچێتی و بێمانایی دەبێتە هۆی یاخیبوون و ئازادی کەسێتی. تێبینییە بەناوبانگەکەی کە ئاماژە بەوە دەکات (خۆر بێ سێبەر نییە و پێویستە شەو بناسین) بۆ تێگەیشتنی تەواو لە ژیان پێویستی بە ناسینی هەم خۆشی و هەم ئازار هەیە .کامۆ پێی وابوو پوچێتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی حەسرەتو شۆڕو شەوقی مرۆڤ و بێدەنگی جیهان سەرچاوە دەگرێت. ئەو پێی وابوو مرۆڤ بە سروشت پوچگەرا نییە، بەڵکو هەستکردن بە پوچێتی لە پەیوەندییەکەی لەگەڵ جیهانەوە سەرچاوە دەگرێت. کاتێک ڕوودەدات کە دژایەتییەک هەبێت لە نێوان ئەوەی ئەوان دەیانەوێت یان چاوەڕێی دەکەن لە ژیان، لەگەڵ ئەوەی جیهان بە کردار پێشکەشیان دەکات.
مرۆڤەکان خەبات دەکەن بۆ دۆزینەوەی مانا لەم جیهانەدا، لە کاتێکدا لە بەرامبەردا جگە لە پشتگوێخستن و بێدەنگی هیچی تر لە دونیا نادۆزنەوە . لە فەلسەفەی کامۆدا چەمکی (پاڵەوانی پوچگرا) دروست دەبێت و بەرجەستەی ئەو گرژییە قووڵەی نێوان ئارەزووەکانی مرۆڤ و بێباکی جیهانە. پاڵەوانی پوچگرا بە تەواوی ئاگاداری ئەم ململانێ جەوهەرەیە ، ئەو تێدەگات کە لە کاتێکدا مرۆڤ بە سروشتی بەدوای مانا و ئامانجدا دەگەڕێت، بەڵام جیهان هیچ لەمانەی پێشکەش ناکات ، لە گەڵ ئەوەشدا لە جیاتی تەسلیم بوون بە نائومێدی یان دەست گردن بە هیوای درۆوە ، ژیانێک هەڵدەبژێرێت کە بە تەواوی درک بەو پارۆدۆکسە دەکات . کامۆ پێی وابوو ژیان لەسەر بنەمای بێهودەیی دامەزراوە و ئەمەش سەرەتای دەستپێکی نوێیە بۆ ژیان نەک کۆتاییەکەی. کامۆ پشتی بە بیرۆکەی قوتابحانە فەلسەفیەکانی هاوچەرخ بەستووە بۆ شیکردنەوەی ناوەڕۆکی پوچگەرایی . گەیشتە چەمکی “هەستی پوچگەرایی” کە بۆی دەرکەوت لە سەر بنەمای دژایەتی نێوان مرۆڤ و ژینگەی دەرەکی ڕودەدات . لە دۆخێکدا مرۆڤ توانی بە شێوەیەکی قەناعەت پێکەر دونیا لێکبداتەوە، ئەو کات ئەم جیهانە لە ڕوانگەی ئەوەوە دەبێتە شتێکی تێگەیشتوو و قبوڵکراو. بەڵام کاتێک مرۆڤ درکی کرد ئەم لێکدانەوەیە وەهمە ، یەکسەر هەست دەکات کە کەسێکی نامۆیە لەم جیهانەدا . ئەوجا گومان لە مانای ژیان و بێ سودی ژیان دەکات و لێرەدا هەستی بێمانایی و پوچگەرایی لەدایک دەبێت. کامۆ ئەو هۆکارە تایبەتانەی ڕونکردۆتەە کە پەیوەندییان بەم هەستەوە هەیە ، ئەو پێیوایە پوچگەرایی لەناکاو دەچێتە ناو هۆشی مرۆڤەوە لەو ساتەدا کە مرۆڤ هەست بە بەتاڵی دەکات .
هاوکات هەست بە ماندووبوون دەکات لە بوونی ڕۆژانە یان ژیانی ڕۆژانە ، چوکە لەم ساتەدا هۆشیاری دەوەستێت لە بە دەستهێنانی ئامانجی ژیانی ڕۆژانە . دواجار زنجیرەی ڕەفتاری ئاسایی و ڕۆتینیەکان دەپچڕێت . لێرەدا بێمانایی و پوچگەرایی لە ڕووی مادیو مەعنەویەوە ئاشکرا دەبێت. کامۆ پێی وابوو کە پوچگەرایی نە لە مرۆڤداو ، نە لە جیهاندا، ناشاردرێتەوە بەڵکو لە تێکەڵ بوونیاندایە. کەواتە، بێمانایی و پوچگەرایی دەبێتە تاکە پەتێکی هاوبەش لە نێوانیاندا. پاشان ئەم بیرۆکەیەی پەرەپێداو ، گەیشتە جۆرێک لە یەکێتی سێ لایەنە ، پوچگەراییی، هۆشیاری مرۆڤ و جیهان. کامۆ لە تەمەنی ٤٦ ساڵیدا بەهۆی ڕووداوێکی ئۆتۆمبێلەوە گیانی لەدەستدا. سەیر لەوەدایە کە لە سەرەتای ژیانی ئەدەبیدا لە خەیاڵیدا کۆمێنتێکی نوسیبوو گوتبووی بێماناترین مردن مردنە لە ڕووداوی ئۆتۆمبێلدا !! .

‏د . ابراهیم ابو عواد – سەرچاوە – (انفاس نت من اجل الثقافة والانسان ) ٤ اکتوبر ٢٠٢٥




ترامپ وخولیای خەڵاتی نۆبڵ.. عەبدوڵڵا ساڵح

مەبەست لە نووسینی ئەم بابەتە هەڵسەنگاندنی (خەڵاتی نۆبڵ بۆئاشتی) نییە. بەڵام وەسوەسە وئارەزوی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەدەستهێنانی، ناچارمان دەکا هەڵوێستەیەکی لەسەر بکەین وبزانین تا چ ئەندازەیەک ڕەوایە ئەو خەڵاتەی پێ ببەخشرێ بەر لەوەی بۆ دواجار جیهان بەجێبهێڵێت، کە بێ گومان جیهانێکی بێ ئەو ئاسودەتردەبێ.
ئەم وەسوەسەیەی ترامپ ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لەهەڵکشاندایە و دوا زنجیرەی” هەوڵە ئاشتیخوازەکانی” دەرکەوتنی بوو لەگەڵ تاوانباری جەنگ (ناتانیاهۆ) لە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 29ی ئەیلولی 2025، بەمەبەستی ڕاگەیاندنی “پلانی ترامپ” بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی پاکتاوکردن لە غەززە. ئەم پلانە بە تەسلیمبوونی حەماس و ڕێکخراوە تیرۆریستیە ئیسلامییەکانی تر وەسف دەکرێ نەک بەڵگەنامە و ڕێکەوتنی ئاشتی. گومانی تێدا نییە کۆتاییهێنان بەم شەڕە، کە خەڵکی غەززە تووشی بوون لەسەر دەستی ناتانیاهۆ و حکومەتە ڕاستڕەوە فاشیستەکەیەوە دوای پەلامارە تیرۆرستیەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ئۆکتۆبەری 2023، وە کۆتایی هێنان بە کارەسات و ئازاری ڕفێندراوە ئیسرائیلییەکان کە نزیکەی دوو ساڵە لەلایەن حەماس و جیهادی ئیسلامییەوە دەسبەسەرکراون، داواکارییەکی بەپەلەی جەماوەری ئازادیخوازە لە سەرتاسەری جیهان و پێشوازی لێدەکرێ.

وەک هەر مرۆڤێکی سەر ئەم گۆی زەویە، سروشتیە کاتێک مرۆڤ خەیاڵی بەدیهێنانی خەونێک دێتە کەلەیەوە، بەردەوام خولیای بێت، لەم ڕوەوە ترامپیش مافی خۆیەتی خەون بەو ئاواتەوە ببینێ. هەر لەم ڕاستایەدا، با بیخەینە بەرچاومان کە ترامپ کاتێک بەیانیان لە خەو هەڵدەستێت بیشک ئەو ئاواتە یەکێک دەبێ لە بابەتەکانی ناو مێشکی. لەم چوارچێوەیەدا، ڕەنگە، ئەم پرسیارەی خوارەوە لەخۆی بکا:
“چۆن دەبێ کۆمیتەی نۆبڵ گەورەترین ئاشتیخواز لە مێژوودا پشتگوێ بخات، ئەو کەسەی هەر کە دەمی دەکاتەوە لێشاوێک لە ئارامی ودیبلۆماسیەتی لێ هەڵدەوەرێ؟ چۆن دەکرێت چاوپۆشی لە گەورەترین پیاوی ئاشتی بکرێت کە تا ئێستا مرۆڤایەتی ناسیبێتی!؟ ئایا ڕەوایە ساڵێکی تریش تێپەڕێ وسوارچاکی سیاسەت لەوخەڵاتە پشتگوێ بخرێ!؟ یاخود جیهان بەگشتی دژی دەوەستنەوە و پیلانگێری لێدەکەن تا لەو خەڵاتە بێبەشی کەن ؟”
لەوکاتوساتەداکە ترەمپ نوقمی ئەوخەیاڵاتە یە، لەناکاو دەنگێک لە نادیارەوە بانگ دەکاودەڵێ:
با بۆ ساتێک بوەستین و دەستکەوتە ئاشتەوایەکانتان لەبەرچاو بگرین، “جەنابی سەرۆک” ئەو دەستکەوتانە کەم وێنەن، سەرەتا با لەشەڕەکانی ناو تویتەرەوە دەستی پێبکەین، بە ملیۆنان تویت و هەزاران شەڕ، داوتر پاشەکشەتان کرد، ئەوپاشەکشەی وەک جەنگاوەرێکی پاڵەوانئاسا ناوتانبرد!، وەک سوپایەکی گەورە کە لە بەرەکانی شەڕ بکشێتەوە! مەگەر ئەوە کردەوەیەکی ئاشتیانە نەبوو؟! پاشان نۆرەی ئەو ئاشتیە دێ کەلەدروستکردنی دیواری نێوان ئەمریکا و مەکسێک بانگەشەتان بۆکرد و ناوتان لێنا بانگەوازێک بۆ ئاشتی لەسەر بنەمای ئەو ڕاستیەی خۆت باوەڕت پێیەتی کە دەڵێی ” خۆت دوور بگرە و بە ئاشتی بژی!”، ئەی ئەو ئاشتیەی لە کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکاندا بەسەرزارت دا دێ؟ یەک لە کۆڕەکانتان تێنەپەڕیوە بێ ئەوەی باسی ئاشتی نەکەیت و ئەو کۆنفرانسانە نەکەیتە بەرنامەیەکی کۆمیدی تەنزئامێز وەک هونەرێک پێناسەی بکەیتەوە بۆ ئەوەی نەیارەکانت پێبکەنن!!
دەنگە نادیارەکە بەردەوامە و دەڵێ: ئینجا با دروشمی ” یەکەم ئەمریکا”تان بخەینەوە یاد، کە بە شەڕی سەپاندنی باج بەسەر زۆربەی وڵاتانی جیهان دەستت پێکرد، تەنانەت هاوپەیمانە ئەوروپیەکانیشت لەو شەڕە بێبەش نەکرد، ئەمجا بڕۆ بۆ بانگەوازی داگیرکردنی دورگەی گرینلاندی دانیمارک لە ئالاسکا، پاشان نۆرەی کەنەدا دێت کە ویستت بیکەیتە ولایەتی( 51 )هەمینی ئەمریکا. دواتر پێشنیارتان کرد پتر لە دوو ملیۆن خەڵکی غەززە ئاوارە بکرێن و ڕیڤێرایەک لەوێ دابمەزرێنن. با بڕۆین بەرەو بانگەشەتان کە گوایە دەتوانن لە ماوەی 24 کاتژمێردا شەڕی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا ڕابگرن!. پاشان بە بۆردومان بە مۆدێرنترین و کوشندەترین بۆمب توانیت ئاشتی بە زەبری هێز بەسەر ئێراندا بسەپێنی!. مەگەر ئەمانە کردەوەو دەستکەوتی ئاشتی نین؟ ئایا مافی ئەوەت نییە بە “خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی” لاشانت بڕازێتەوە و ڕێزت لێبگیرێ ؟، وەک ئەوەی پێشتر درابوو بەسەرۆکەکانی تری ئەمریکا، کە دواهەمینیان (باراک ئۆباما) بوو لە ساڵی 2009؟
دەنگە نادیارەکە هەر بەردەوامە: با بچینە سەر دەستکەوتەکانتان لەناو ئەمریکادا، دوژمنایەتی ئاشکرا و بێپەردەتان بۆ چینی کرێکار و چەوساوەکانی ئەمریکا وسەرانسەری جیهان، کە ئەمەش خۆی دەخرێتە چوارچێوەی بەرنامەی بەرفراوانترتان، بەرنامەیەک کە زۆر بە توندوتیژی هێرش دەکاتە سەر کەمینەکان و مافەکانی ژنان بە گشتی و مافەکانی زاوزێ و لەباربردن بەتایبەتی. ئەی دوژمنایەتی کۆچبەران!، ڕەتکردنەوەی ئەو پرۆتۆکۆلە جیهانیانەی مەبەستیان ژینگە پارێزیە ، کشانەوەتان لە ڕێکخراوی یۆنسکۆ و سوکایەتیتان بەنەتەوە یەکگرتوەکان لەناو هۆڵی ئەو سازمانەدا ولەبەردەم زوربەی سەرۆک وڵاتانی جیهان، دژایەتیتان بۆ سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ. ئەی درێغی نەکردنتان لە پەنابردن بۆ توندوتیژی و سووکایەتی بە پرۆسەی “دیموکراسی” و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان! هەوڵو تەقەلاتان بۆ داسەپاندنی دەسەڵاتێکی ڕەها. هەروەها هێرشەکانتان بۆ سەر کۆمەڵگەی (میم)، بە تایبەتی کەسانی ڕەگەزگۆڕاو، کە یەکێکە لە بەرە سەرەکییەکانی جەنگەکانتان، بابەتێک کە هاوڕات دەکاتەوە لە گەڵ سەرۆکە ڕاستڕەوەکانی جیهان و لەوانە پوتین. بەڵێ ” جەنابی سەرۆک” ئەمانە مشتێکن لە خەروارێک لە ڕاستی کارە ئاشتیخوازەکانتان!.
دووبارە دەنگە نادیارەکە بەردەوام دەبێت و دەڵێت “با بیخەینە بەرچاومان، سەرباری هەموو ئەوڕاستیانەی لەبارەی تۆوە وترا، گریمان خەڵاتەکەت پێبەخشرا. لە کاتی وەرگرتنیدا چی دەڵێی؟ دڵنیام دەڵێی:
“سەرەتا دەمەوێت سوپاسی خۆم بکەم… من گەورەترین سەرۆکم لە مێژووی ئاشتیدا. سوپاسی لیژنەی نۆبڵ دەکەم ، هەرچەندە کەمێک دواکەوتن لەم بەخشینەدا، بەڵام دەرئەنجام دەستیان گەیشت بەم ڕاستیە کە ئەم خەڵاتە شایستەی منە. وە هیوادارم خەڵاتەکە لە زێڕی ساغ دروست بکرێت، لە شێوەی پەیکەرێکی بچووکی من، چونکە کەس لە من زیاتر ئاشتی بەرجەستە نەکردوە”.
لێرەدا با گشت ئەم ڕاستیانە بخەینە بەردەم سەرپەرشتیارانی ئەم خەڵاتە و لێیان بپرسین: ئایا شەرمەزاری نییە لیژنەی نۆبڵ ناوی ترامپ بخاتە لیستی کاندیدەکانی خەڵاتەکە!؟، یان تەنانەت هەر بیریشی لێبکاتەوە ؟! ئایا لوتکەی نادادپەروەری نییە کە ناوی ئەم سەرۆکە شانبەشانی نیلسۆن ماندێلا بێت کە لە ساڵی 1993 خەڵاتەکەی بەدەستهێنا؟ ئەو ئازادیخوازەی 27 ساڵ لە زینداندا بوو بۆ بەرگریکردن لە یەکسانی مرۆڤ و دژی سیاسەتی ئاپارتاید؟ لە کاتێکدا ئەم ” جەنابە ” تەنیا27 خولەکی لەکاتی خۆی تەرخانکرد بۆ هاتوهاوار بەسەر تویتەردا ئەویش لە پێناو ئارامی خۆی ! ئەگەر لیژنەکە ئەو کارەبکات ئەوا بیگومان شەرمەزاری زیاتربەسەر خۆیدا دێنێ و تەنانەت زۆر لەو بەها کەمەشی کە هەیەتی، مەبەست خەڵاتی نۆبڵە بۆ ئاشتی، لەدەستی دەدا.
ئەمجا با فانتازیا و خەیاڵ فەرامۆش کەین و بگەڕێینەوە بۆ دونیای واقیع و ترامپ و ئەو دەنگە نادیارە جێبهێڵین و بڵێین:
هەڵبژاردنی ترەمپ لە 19ی کانونی دووەمی ساڵی 2025، بە مانای سەرهەڵدانی سەرکردایەتییەکی نیوفاشیست بۆ دەسەڵات لە وڵاتێک کە پێشەنگی وڵاتانی ئیمپریالیستی جیهانە و نوێنەرایەتی گۆڕانکارییەکی قووڵە لە هاوسەنگی هێزی نێودەوڵەتی بەرەو ڕاسیزم فاشیزم، ئەمەش خۆی بەهێزکردنێکی مەعنەوی ( نایجل فاراج، مۆدی، مێلۆنی، بۆلسۆنارۆ) ئەوانی ترە لە هاوبیرەکانیان هەروەها پشتگیریکردنی ئەو ڕابەڕە ڕاستڕەوانەی تری جیهانە. ئەو دەیەوێت هەرچی بە گونجاو بزانێت بیکات بۆ بەردەوامی سیستەمی دڕندانەی سەرمایەداری لەسەر حیسابی بەهەژارکردن و کوشتن و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهاندا. بەشداریکردنیشی لە جینۆسایدی گەلی فەلەستین تەنیا یەک نموونەی ئەم واقیعەیە. بەڕاستی بەڵتەجیەتی ئاشکرا و بێپەردەیە، بەڵام ئەمجارە لە شێوازی بەڵتەجیەتی سەرۆکایەتیدا. ئەگەر ئەم خەڵاتی نۆبڵە بۆ ئاشتی ببەخشرێتە ترامپ، بەڕای من، خودی خەڵاتەکەش دەبێتە شەریک لەو هەموو تاوانانەی باسکران.

8ی تشرینی یەکەمی 2025




ڕاگەیاندنی بڵاو بوونەوەی کتێبی “دوور لە رووی خوێنەران”ی سەلام قادری

“دوور لە رووی خوێنەران”

نووسەر: سەلام قادری
لە چاپخانەی کارۆ-سلێمانی بڵاوکراوە

سەلام قادری، نووسەری بوێر و بەهەڵوێستی کورد، دوای سێ بەرهەمی پێشووی بە ناوەکانی “من برادەر خانە گومانم”، “دەسەوپارە” و “ئینسان، ناوی نەخۆشینێکی تازە” بە چوارەمین کتێبی خۆی گەڕاوەتەوە:
کۆمەڵە کورتە چیرۆکێک بە ناوی “دوور لە رووی خوێنەران”، بەرهەمێک کە بە نیگایەکی تیژ و بێباکانە سنوورەکانی نێوان ئەخلاق، ئایین، سیاسەت و سێکسوالتی کاڵ دەکاتەوە.

قادری لەم کتێبەدا دنیای مرۆڤی ڕۆژهەڵات بە ڕووتترین شێوەی خۆیەوە وێنا دەکات؛ پیاوێک کە لە نێوان ئیمان و ئارەزوو، لە نێوان ڕاستی و وەهم و لە نێوان ڕاستگۆیی و خۆسانسۆریدا سەرسامە.

بە زمانێکی شیعریی، لە هەمان کاتدا بوێر و بێ شەرم، باس لەو تابۆیانە دەکات کە کەم نووسەر لە ئەدەبی کوردی یان فارسیدا بوێری ئەوەیان هەبووە لێی نزیک ببنەوە.
چیرۆکەکانی وەک “ئەلفوبێی پاکی”، “دەنگێک لە دنیای مردووەکانەوە”، “کوون”، “بیرچوونەوەی ناوەکان”، “مەڵگەی تازە کەران” و “مەسخەرە موقەددەسەکان” وەک ئاوێنەیەکی شکاو وایە کە هەر پارچەیەکی بەشێک لە واقیعی جیهانی ئێمە ڕەنگدەداتەوە تیایدا؛ لە دۆزەخی تاڵیبانەوە تا جنێوسایدی بێدەنگی پەنابەران، لە زیندانەکانی ستەمکارییەوە تا دوورگەی لەبیرکردنی مرۆڤ.

لەم بەرهەمەدا،ئیمان تێکەڵ بە وەسوەسە و ڕزگاربوون لەگەڵ شێتی و ڕاستی تێکەڵ بە کۆمێدیای تاریک کراوە.

قادری بە لێهاتوویییەکی بێهاوتایەوە پردێک لە نێوان فەلسەفەی فۆکۆ و شیکاری دەروونی فرۆید و ئەفسانە کوردیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست دەکات و ئەدەبێک دروست دەکات کە هەم جیهانییە و هەم ڕەسەنە.

“دوور لە رووی خوێنەران” تەنیا کتێبێک نییە، بەڵکو ئەزموونێکی وجودییە؛ گەشتێکە بۆ ناو عەقڵ و نائاگایی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی لە سەدەی بیست و یەکەمدا.

بەرهەمێک کە خوێنەر ناچار دەکات بپرسێت: لە چی دەترسین؟ لە وتنی ڕاستی یان بیستنی؟

  • ناونیشان: دوور لە رووی خوێنەران
  • نووسەر: سەلام قادری
  • بڵاوکەرەوە: چاپخانەی کارۆ – سلێمانی
  • ساڵی بڵاوکردنەوە: ٢٠٢٥
  • زمان: کوردی / فارسی

لە زۆربەی کتێبفرۆشییەکانی شارەکانی کوردستانی باشوور و بەم زووانە لە سەرتاسەری کوردستان و دەرەوەی وڵات دەست دەکەوێت.




رووزار ئەحمەدی شاعیر..لوتکەیەک لەڕاستگۆیی.. ستار ئەحمەد

دەستی کوێرێک لە”زاخۆ” بگریت
هەر دەتباتەوە سەر پردی “دەلال”و
لەدوورەوە قیشڵە
بەکڵاوە بریق و باقەکەیەوە
بانگت لێوە دەکات و
دەڵێ ؛من پیرترین گۆرانی شالیارەکانی ئەم دەرەم،
کاروان سەرای
گشت پێکدادانێکی
جەنگ و
ئاشتی جامانەیەکی کوردەواری بوو
بۆیە تاوەکو نەکەوێت
گاهێک بەسەر دەیانبەست و
جارێک بەپشتەوە
وەک نیشانەی مەردایەتی،
بڕوانە لەبەرزی دەلال ەوە
چەند کەس بۆخۆشی خۆیان هەڵدەدەن و
خاک لێرە وەک دایک وایە
ئاویش خۆت لەقوڵاییەکانی نەدەی
قەت ناتخنکێنێت!
دەستی هەر کیژێکی فێرەزانین بگریت
دەتباتەوە سەر “کۆڕنیش”
دەڵێ؛ من لەبەر کۆترەکانێ ئێرە
دەنگم بۆئاشتیە،
چەند خۆشە تۆ خەونی شاخ بگۆڕیت
لەتفەنگەوە بۆ گوڵگرتن
لەگیرفانەوە بۆعەقڵداری،
باهیچ نەبێت لەبەر خاتر “دادە”
گشتمان دۆکەی بۆ کۆ کەینەوەو
نەهێڵین ئازادی بەڕەڵابێت!
تۆ بتەوێ ژیان بەجوانی بنوێ
دەبێ فێری هەڵپەڕکێی بکەیت و
چاوساغەکانی بەخشندەبن
تا سنوری چاو بەخشین،
ئەگینا دڵ بەتەنیا بەس نی یە
بۆمانەوەی دوو عاشق
بەلێواری پیرییەوە
بەرەو ژووان ببنەوە،
من بەگمەی کۆترەکان دڵخۆشم
چۆن بەڵێن بۆ هێلانەو
نیشتمان کەوتە قۆناغی گانگۆڵەوە
تۆدەبێ دڵی بۆبکەی بەجوڵانێ..!!

ئەم قەسیدەیە تێکەڵێکە لە وێنەی شیعریی قووڵ، نیشتمانپەروەری، و پەیامی مرۆیی، کە بە زمانێکی سادە و لە هەمان کاتدا پڕ لە سۆز نووسراوە. شاعیر بە بەکارهێنانی شوێنە دیارەکانی زاخۆ، وەک “پردی دەلال”، “قیشڵە”، و “کۆڕنیش”، قەسیدەکەی بە ڕەگ و ڕیشەی ناوچەکەدا شۆڕ دەکاتەوە و تایبەتمەندییەکی جوگرافی و مێژوویی پێ دەبەخشێت.
لایەنە سەرەکییەکان:

  1. ڕەمز و شوێنە جێگیرەکان :

پردی دەلال: پردەکە وەک مێژوو و کەسایەتی پیرۆزی شارەکە دەردەکەوێت. شاعیر پێی وایە هەر کەسێک، تەنانەت کوێرێکیش، بگریت دەتباتەوە سەر ئەو پردە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە پردەکە لە ناخی هەموواندا جێگیر بووە و بووەتە ناسنامەی زاخۆ.
قیشڵە: قیشڵەکە وەک “پیرترین گۆرانی شالیارەکان” و “کاروان سەرای گشت پێکدادانێکی جەنگ و ئاشتی” وێنا کراوە. ئەمە نیشانەی بەرگری، دێرینایەتی، و شایەتحاڵی مێژووی سەخت و شیرینی گەلەکەمانە.

جامانەی کوردەواری: ڕەمزی مەردایەتی، کوردایەتی، و شانازییە، کە شایانی ئەوەیە بەسەر و پشتەوە ببەسترێت.
کۆڕنیش: پاش جێگای مێژوویی، شاعیر دەچێتە سەر جێگای گەنجان و ئاشتی (کۆڕنیش)، کە لەوێ “کیژێکی فێرەزانین” دەنگ بۆ ئاشتی بەرز دەکاتەوە.

  1. پەیامی قووڵی مرۆیی و نیشتمانی :

قەسیدەکە پڕە لە داواکاری بۆ گۆڕانکاری و نوێبوونەوە:
گۆڕینی خەونی شاخ: داوا دەکات خەونەکە لە “تفەنگەوە بۆ گوڵگرتن” و لە “گیرفانەوە بۆ عەقڵداری” بگۆڕێت. ئەمە بانگەوازێکی ڕوونە بۆ دوورکەوتنەوە لە جەنگ و ماددیگەری، و نزیکبوونەوە لە زانست، ئاشتی، و ڕۆشنبیری.
خاک و ئاو: وەک دایک وێنا کراون، ئەمەش سۆز و دڵسۆزی نیشتمان دەگەیەنێت.

ئازادی و لێپرسراوێتی: داوای ئەوە دەکات کە “ئازادی بەڕەڵا نەبێت” و گشت دۆکەی بۆ کۆ بکەینەوە، ئەمەش واتای لێپرسراوێتی هاوبەش بۆ پاراستنی ئازادی و بەهاکان دەگەیەنێت.

جوانی و ژیان: شاعیر بڕوای وایە بۆ ئەوەی ژیان بە جوانی بنوێ، دەبێ فێری هەڵپەڕکێی بکەین، ئەمەش ڕەمزی بەردەوامی، خۆشی، و چالاکی ژیانە.

  1. شێوازی دەربڕین و زمانی شیعری :

زمانێکی ڕاستەوخۆ و کاریگەر: شاعیر بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ قسە دەکات و پرسیار لە خوێنەر دەکات (وەک “تۆ بتەوێ ژیان بەجوانی بنوێ…”).

وێنەی جوڵاو و زیندوو: وەک وێنەی “دەستی کوێرێک بگریت”، “قیشڵە بانگت لێوە دەکات”، “خاک وەک دایک وایە”، و “پردەکە بەرەو ژوان بباتەوە”.

کۆتایی بەهێز: قەسیدەکە بە داوایەکی بەهێز کۆتایی دێت: “نیشتمان کەوتە

قۆناغی گانگۆڵەوە
تۆ دەبێ دڵی بۆبکەی بەجوڵانێ”

.. ئەمە ئاماژەیە بۆ قۆناغی گەشەکردن و سەرەتایەکی نوێ، کە پێویستی بە گرنگی و سۆز و پاراستنی گەنجان هەیە .

پوختە:
قەسیدەی “زاخۆ”ی روزار ئەحمەدی شاعیرــ شیعرێکە کە بەشێوەیەکی سەرکەوتوو مێژوو، جوگرافیا، و خەونەکانی ئێستا و داهاتووی کوردستانی تێدا ڕەنگی داوەتەوە. پەیامە سەرەکییەکەی بریتییە لە: مانەوە لەسەر ڕەسەنایەتی (وەک پردی دەلال)، گۆڕینی خەونەکان لە جەنگەوە بۆ ئاشتی و زانین، و هەڵگرتنی لێپرسراوێتی بۆ پاراستنی نیشتمان و ئازادی. ئەم شیعرە، جگە لە جوانی زمان و وێنەکانی، وەک نەخشەڕێگایەک بۆ نەوەی نوێ دەردەکەوێت.




تکایە، خاسی مەکەن، با خراپتر نەبێت! /٦.. ئاکۆ مارانی

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن..




یەکدەستکردنی زاراوەکانی زانستی زمان لە زمانی کوردیدا.. ن.بێستون ئەبوبەکر عەلی

(کی وۆردس (key words) بە نموونە)

لە ئەم دنیادا، بوونێکمان بە بێزمان و زمانێکمان بە بێبوون نییە، لێرەوەیە دەگوترێت: زمان نییە، یان دەگمەنە، هەموو وشەکانی خۆماڵی و هی خۆیبێت. وشەکانی زمان، بیرۆکەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵەکەی خۆیان لە خۆیان دەئاڵێنن و پێکەوە چەپکە واتای کۆمەڵایەتی لە ئامێز دەگرن، کاتێك بتەوێت وەرگێڕان لە زمانێکەوە بۆ زمانێكی تر بکەیت، هەموو بیرۆکەکانی ناو وشەکانی زمانە سەرەکیەکە، مەرج نییە لە گەڵ وشەکەدا بۆ ئەو زمانەی کە وەردەگێڕێرێت – وەربگێڕێت، بەڵکو کەم زیادی واتای هەر هەیە. وشە پێودانگ و یاسای خۆی هەیە، تا لە زمانێکەوە بچێتە ناو زمانێکی تر و وەربگیرێت/ بخوازرێت، هەر زمانێکیش وشە وەربگرێت، یان وشە ببەخشێت، زیندووی زمانەکە دەردەخات، بەڵام پاشاگەردانیش لە زماندا و لە ژیاندا هەموو کات، ڕێگە پێدراو نییە.
بە ئەو پێیەی هەموو زاراوەیەک وشەیە، هەموو وشەیەکیش نابێتە زاراوە، کەواتە هەمیشە زاراوە لە وشە سنوردارترە. زاراوە لە هەر زماندا زۆر بوو، ئەوە نیشانەی ئەوەیە، کە ئاخێوەرانی زمانەکە، خزمەتی زانستی زمانەکەی خۆیان لە بواری زانست و داهێناندا بە باشی کردووە. ئەو وڵاتانەی کە زانست لایان زۆر گرنگەو کاریان بە زانست هەیە، کۆمەڵی زانستی تایبەتی جیا جیایان – هەیە، بۆ زاراوەدانان و وەرگێڕانی زاراوە بیانییەکانیش بە وردی چاودێردەکەن، بۆ ئەوەی یەکدەستیەکی زانستی لە بواری زانستدا تا ڕادەیەکی باش هەبێت، ئەگەرچی لەسەدا سەد (100٪) نەتوانن لە کارەکانیاندا سەربکەون، بەڵام بە ڕێژەیەکی بەرچاو سەرکەتوو دەبن، نموونەی نزیکیشمان وڵاتی ئێرانە، کە کۆمەڵێکی تایبەتیان بە ناوی (موئەسەسە موتالەعات و تەحقیقات فەرهەنگی)یان هەیە، کە ئەم دەستگایە، زاراوەی زانستی زمان بە جیا و بە شیکردنەوەوە بڵاودەکاتەوەو تا ڕادەییەکی باش چاودێری زاراوەکان دەکات. دیارە باسی وڵاتانی ئەوروپی و ئینگلیزی ناکەین، چونکە ئەوان پێشەنگیان لە ئەم کارەدا هەیە، بەڵام زمانی کوردی هەنگاوی ناوە و هێشتا دامەزراوەیەکی تایبەتیمان نییە، وێڕای ئەوە هەوڵی تاکەسی و دامەزراوەی کەم لە مێژووی کۆن و نوێدا بەرچاودەکەوێت، بەڵام هێشتا وەک کوردانی ڕؤژهەڵات دەڵێن: زاراوەکان لە زمانی کوردیدا “تەڕو تەمیز نییە” کاری دامەزراوەی زانستی و دانانی ناوەندی زاراوەدانانمان نییە، کە زۆر بە سودە بۆ زمان و زانست لە کوردستاندا هەبێت و درەنگیشە بۆ ئەم کارە، هۆکارەکە ئابوری و ڕامیاریەکەیشی ئەوەیە، وڵاتێك خاوەنی نەوت و غاز بوو، کەم کاری بە زانست هەیە! لێرەوە نموونەی زمان و زاراوەی بیانی شیدەکرێتەوە.
لە زمانی کوردیدا بۆ ئەوەی گرێیەک/ فرێزێك بۆ ڕستە دروستبکەیت، زۆربەی کات ئەوەی گرنگە لە سەرەتاوە دێت و ئاوەڵناوەکەیشی کە وەسفی دەکات (وەک: کوڕی باش) لە دوای ناوەکەوە دێت. هاوشانی ئەمە، لە زمانی ئینگلیزیدا بە پێچەوانەیە، ئەم پێواژۆیە پێوستە لە وەرگێرانی زاراوەکاندا بە وردی لە بەرچابگیرێت، کە ئەم دوو زمانە وێڕای هاوبەشی و نزیکی زۆریان هەیە، لە هەمان ساتدا، جیاوازی بەرچاویشیان هەیە.
ماوەی چەند ساڵێکە، زاراوەی (کی وۆردس) لە لێکۆڵینەوەی زانستی زمانی کوردیدا بەکاردێت و دەنوسرێت و وەک مەرجێک لە گۆڤارە زانستیەکاندا داوا دەکرێت، لە زمانی ئینگلیزیدا، (کی: key ئاوەڵناوە، وۆردس:words : ناوێکی کۆیە)، مەبەست لە ئەم زاراوە زمانییە بریتییە لە: ئەو وشانەی/ ئەو چەمکانەی کە گرنگییەکی زۆریان لە لێکۆڵینەوەدا هەیە و ئەو چەمکانە دەگرێتەوە، یان وشەکان وەک کلیلێك وایە، یان وەک ژمارەیەکی نهێنی کاردەکات، بۆ کردنەوەی دەرگایەکی زانستی و پڕ لە زانیاری تێدایە، کە واڵا بوو، زانیاری و زانستی زیاتر پێشچاو دەخرێت، واتە لە زمانی ئینگلیزیدا، [کی وۆردس]ئەم واتایانە هەیە.
کتێك ئەم زاراوەیە، لەلایەن توێژەرانی کوردەوە وەرگێڕانی بۆ کراوە، بە دوو شێوە وەرگێڕاوە، یەکەمیان بریتییە لە:[کلیل+ە+ وشەکان] و دووەمیان بریتییە لە: [وشە کلیلیەکان]، بە ئەم شێوەیش ڕێنووسکراون. لە ڕووی پێکهاتە وشەوە، تەماشای ئەم دوو شێوە بکەین جیاوازیان هەیە، یەکەمیان بە { – ە} پێکەوە بەستراوە، دووەمیان [وشە کلیلیەکان]ە، بە بێبزوێن لێکدراوەو لە ڕووی واتاو پێکهاتەوە – بەهێزترە.
لە ڕووی پێکهاتەوە، [کلیلە وشەکان] لەسەر هەمان شێوەی یاسای زمانی ئینگلیزی وەرگێڕاوە، کاریگەری یاسای ڕێزمانی ئینگلیزی لەسەرە. دووەمیان (وشە کلیلیەکان)، لەسەر ڕێزمانی باوی زمانی کوردی داڕێژراوە، واتاکەیشی ئەو وشانەیە، کە زۆر گرنگن و وەک کلیل وایە – بۆ ئەوەی دەرگای زانست و زانیارمان بۆ بخاتەسەرپشت، لە هەموو ڕوویەکەوە [وشە کلیلیەکان] جوانترو وتاکەیشی بە هێزترە.
لە ڕووی ژمارەوە تەماشایی وشە کلیلەیەکان بکەیت، زۆربەی کات ژمارەی وشەژان دیاریکراون، لە سێ بۆ پێنج (کەم یان زیادتر) وشە پێکهاتوون. واتە هەمیشە کۆیە، نیشانەی کۆییش لە [کلیلیەکان)دا، بۆ وشەکانیش دەگەڕێتەوە، هەردوو مەبەستی واتا ئینگلیزیەکەیشی دەگەیەنێت، بۆیە وا باشترە، لە بری (کلیلە وشەکان) لە گۆڤارو توێژینەوە زانستیەکاندا (وشە کلیلیەکان) بنوسرێت، جوانترو زانستیترە.

ن.بێستون ئەبوبەکر عەلی




سوكرات و پرسیارەكانی.. ئامادەكردنی: كارزان عزیز عبدالراحمن

سوكرات زۆرێك ئاشنان بەو ناوە، بەڵام ئایە ئێمە ئەو پیاوە دەناسین؟ ئەو باوكی دیموكراسی و كارەكتەری سەرەكی شارستانێتی ڕۆژئاوا دادەنرێت، بەڵام ڕەنگە بە هەمان شێوە ئەوە بێت كە تاڕادەیەكی زۆر داهێنانێكی ئەفلاتوون بووە. بە كردەوە هەموو ئەو شتانەی كە ئێمە كردمان بۆ سوكرات دەدەین، لە ڕێگەی ئەفلاتوونەوە دێتەلای ئێمە. ئەدەبیاتی یۆنانی بە زۆری دیالۆگ [دانیشتنی پرسیار و وەڵام ] ی تێدا بووە كە ئامێرێكی ئەدەبی بووە، بۆ یارمەتیدانی تێگەیشتن لە گەڵ خوێنەر. ئەفلاتوون دیالۆگی دەنووسی، كە زۆر جار سوكراتی دەخستە ڕۆڵی ئەو پیاوە دانایەی كە بینەری راستەو خۆی و خوێنەر لە هەر بابەتێكدا مە مامەڵەی لەگەڵدا بكات، دەستپێشخەری دەكرد . ئایە ئەم دیالۆگانەڕەنگدانەوەی گفتوگۆڕاستەقینەكانی پرسیارەكانی سوكرات بوو. یان ئەفلاتوون تەنیا سوكراتی وەك ئامێرێكی ئەدەبی بەكارهێناوە بۆ ئەوەی بیركردنەوەكانی خۆی بخاتە سەر ؟ ئەگەر بەڕاستی ئەفلاتوون هەر ئەوكارەی كردبێت، ئەوا سوكرات یەكێكە لە گەورەترین ئەفسانەی جیهانی یۆنانی- و پێویستە رێزێكی زیار لە نابغەی ئوفلاتوون بگرین..

سوكراتی مێژوویی كێ بوو؟
زۆربەی ئەو شتانەی ئێستا دەربارەی سوكرات دەزانرێن لە زانیاریەكانەوە وەرگیراون كە لە سەرانسەری سەرچاوە جۆراوجۆرەكانی هاوچەرخدا دووبارە دەنەوە، بەتایبەتی ئەو دیالۆگانەی كە ئەفلاتوون نووسیویەتی، كەوەك یەكێك لە خوێنكارەكانی سوكرات سەیر دەكرێت، هەرچەندە ناسراوە كە لە شوێنێكی دیكەش لەوانەش میصر خوێندوویەتی. جگە لە ئەفلاتوون بەرهەمەكانی زینۆفۆن كە یەكێكە لە هاوچەرخەكانی و نووسینەكانی ئەرستۆڤان و ئەرستۆش هەن. هەر شتێك سوكرات خۆی نووسیبێتی- ئەگەر هەرگیز نووسیبیتی – تائێستا نەماوە . ماددەی سەرچاوەی زۆر كەمە، زیاتر ئالۆزتر دەبێت لەوەی كە باسەكەی ئەرستۆڤانیس سەبارەت بە سوكرات، هەرچەندە هاوچەرجە، بەڵام لە ڕاستیدا هێرشێكی تەنزئامێزەوە بۆ سەر فەیلەسوفەكان و بە مەبەستی باسكردنی راستی رووداوەكانی ژیانی سوكرات نییە. سەبارەت بە ژیانی تایبەتی خۆی: پێدەچێت باوكی سوكرات پەیكەرتاش سۆفرۆنیسكۆس و دایكی مامان بووە. سوكرات خۆی هاوسەرگیری لەگەڵ زانتیپ كرد كەسێ كوری هەبوو: لامپرۆكلیس، سۆفرۆنیسكۆس، مێنێكسێنۆ. بەشێوەیەكی نەریتی، وابیر دەكەنەوە كە زانتیپ قسەی ناشرین بووبێت، ناوبانگێك كە بەشێوەیەكی سەرەكی بەهۆی تایبەتمەندیەكانی لەلایەن زینۆفۆنەوە بەدەستی هێناوە .
ڕوون نییە سوكرات چۆن بژێوی ژیانی پەیدا كردووە.بەبۆ ماوەیەكی زۆر بمێنێتەوە. بەتەواوی سەرقاڵی باسكردنی فەلسەفەبووە. هەرچەندە دوای مردنی باوكی پارەی میرات گرتووە، بەڵام پێناچێت ئەو پارەیە بەس بووبێت بۆ ئەوەی خۆی و خێزانەی بۆ ماوەیەكی زۆر بمێنێتەوە. هەرردوو زینۆفۆن و ئەرتۆڤانیس سوكرات وەك ئەوەی پارەدان بۆ وانەوتنەوە و بەڕێوەبردنی قوتابخانەیەكی سۆفیست لە گەڵ چارێفۆن وەرئەگرن، نیشان دەدەن. هێشتا لە سیمپۆزیۆمی ئەفلاتوندا، سوكرات بەڕوونی ڕەتی دەكاتەوە پارەی وانەوتنەوە وەربگرێت. ئەگەرێكی ئەڵتەرناتیڤ ئەوەی كە سوكرات پشتی بە بەخشندەیی هاوڕیێ دەوڵەمەند و بە هێزەكان بەستووە، وەك كریتۆ.
سوكرات تەنها فەیلەسوفێكی ئاسایی نەبوو، لە شوێنێك لە كۆربەندی یۆنانی یان لە نزیكەوە دانیشتبوو، قسەی دەكرد. بەگشتی قبوڵكراوە كە سوكرات لە سوپای ئەسینای پایتەختدا لە كاتی جەنگی پێڵۆپۆنێسیا [431-404 پێش زایین]دا خزمەتێكی زۆری كردووە لە شەری بەناوبانگی نێوان ئەسینای پایتەخت و كۆمەڵەی پێلۆپۆنێزی بوو، كەلەلایەن سپارتەوە سەركردایەتی دەكرا. بەپێی كتێبی [APOLOGE]ی ئەفلاتوون ژیانی سوكرات وەك “گەدفلی” ئەسینای ئەمریكا كاتێك دەستی پێكرد كە هاوڕێكەی شایرفۆن لە ئۆراكلەكەی دێلفی پرسی ئایا كەسێك لە سوكرات ژیرتر بێت: وەلەمەكە نەرێنی بوو. سوكرات نەیویستووە ئەمە بەهای رووكەش وەربگرێت ئەمە وەك مەتەڵێك وابوو لەڕاستیدا دەستی كرد بی دۆزینەوەی چیاوان كە لە خۆی ژیرتربن. پرسیاری لە پیاوانی ئەسینای كرد سەبارەت بە زانینی چاكەو جوانی و فەیلەت، بەڵام بۆی دەركەوت كەهیچ نازانن. هێشتا خۆی هەستی بەوە دەكرد كە زۆر كەم دەزانێت، بەو شێوەیە گەیشتە ئەو ئەنجامەی كە تەنها تا ئەو رادەیەی كە هیچ نازانێت ژیرە .وتنی هەمووان گەمژەن و خۆی ئیگۆیەكی پووچەڵكراویان هەبووە و بوون بە شتێك لە بریكارێكی كۆنترۆڵنەكراو دیارە رێچكەیەكی كارەسات بوو . هەندێك لە ئەسیناییە دیارەكان دژی هاتنەوە و تۆمەتباریان كرد بەوپێییەی دەسەلاتیان هەبوو، دادگا ناچاربوو گۆێ لە تۆمەتەكان بگرێت. سوكرات بەتاوانبار زانرا و بە خواردنەوەەی كوپێك هێملۆك سزای لە سێداەدانی بەسەردا سەپێندرا. ئەو داوایەی شاگردەكانی رەتیكردەوە بۆ هەوڵدان بۆهەڵهاتن لە زیندان، كە دیارە پلانی بۆ دانرابوو تەنها پێویستی بە ئامادەیی سوكرات هەبوو بۆ هەڵهاتن. ئەو نەیدەویست . سوكرات رایگەیان كە دەبێت لە ئەسینای پایتەخت هەڵبێت .دوای ئەوەی بە ئاگاداری خۆی رازی بوو بەپیێ یاساكانی شارەكە بژی، خۆی خستە ژێر ئەگەری تۆمەتباركردنی بەتاوان لەلایەن هاولاتیانی شارەكە و لەلایەن دەستەی سوێندخواردنەوە بەتاوانبار ناسێنرا. سوكرات لە كۆمەڵگەی هاوڕێكانیدا مردووە و مردنێكی ئارامی هەبووە، بەخۆراگرییەوە بەرگەی سزاكەی گرتووە. بەم سوكرات بووە باوكی فەلسەفە. بەڵام ڕەنگە باوكب شیكاری دەروونیش سەیر بكرێت. لە راستیدا زۆر جار سوكرات ڕێبازەكەی بەراورد دەكرد بە ڕێبازی مامان رۆَڵی نێوەنگیری، رۆڵێكی زۆر هاوشێوەی رۆڵێ شیكاری دەروونی .لەوانەیە ئیلهامبەخش بووبێت بۆ هەڵبژاردنی ئەم لێكچوونە چوونكە دایكی مامان بووە خۆشی مامانی راستەقینەی زانین بووە چۆن منداڵ لە ایك ئەبێت هیچ نازانێت مامانی سوكراتیش هانی گەنجەكان ئەدات بەشوێن زانیدا بگەرێن تاكو دەرگەی زانین هەمیشە كراوە بێت لەی هەموو كەسێك .
میتۆدی سوكراتی بەشێوازێكی نەریتی نەهێشتنی گریمانەكانە، بەو پیێەی گریمانە باشترەكان بە دەستنیشانكردن و نەهێشتنی بەردەوام ئەوانەی كە دەبنەهۆی دژایەتیكرد دەدۆزێتەوە. بۆ لێكۆڵنەوەی لە بیروباوەری مرۆڤ خۆی و رەوایەتی ئەو جۆرە بیروباوەرانە داڕێژراوبوو. سوكرات جارێكیان وتبووی ” دەزانم باوەڕم پێناكەیت” بەڵام بەرزترین شێوەی نایابی مرۆڤ بریتییە لە پرسیاركردن لە خۆت و ئەوانی دیكە . بەداخەوە شتێكە كە ئەو كاتە بە باشی نەچووە خوارەوە. و لە راستیدا لە هیچ سەردەمێكی مێژووی مرۆڤایەتیدا نەبووە بەڵام مشتوو مڕێكی زۆر هەیە لەسەر ئەوەی كە ئەمانە ڕەنگە چی بوون . بەو بەم شێوەیە بۆ پیاوێك كەحەوزی لە پرسیاركردن بوو ئەوە نیشانەیەكی گەورە لەسەر كارەكانی خۆی هەیە . سوكرات تێروانینێكی تازەگەرای پێشكەس كرد سەبارەت بە سرووشتی چاكەو خراپە . سوكرات هەستی بەوەكرد كە خراپە زیاتر دەرەنجامی نەفافییە، ئەوانەی هەڵە دەكەن باشتر نازانن ..سوكرات پێ وابوو كە باشترین ڕێگا بۆ ژیانی مرۆڤەكان ئەوەیە كەسەرنجیان لەسەر گەشەپێدانی خۆی بێت، نەك بەدواداچوون بۆ سامانی ماددی. لەو شوێنەی كە دابەشبوون هەبوو، هەستی دەكرد خەڵك دەبێ هەوڵبدەن سەرجیان لەسەر هاوڕێیەتی و هەستكردن بە كۆمەڵگەی ڕاستەقینە[ززەمینەی هاوبەش ] بێت چونكە سورات هەستی بەوەدەكرد ئەمە باشترین ڕێگەیە بۆ ئوەی مرۆڤەكان وەك دانیشتوانێك پێكەوە گەشە بكەن . بۆ سوكرات خراپە لە ئەنجامی نەزانی و ئامادەنەبوون بۆ فێربوون لە لایەنی بەرامبەر زیاتر هیچی تر نەبوو . بێگومان ئەوە لەگەڵ ئەو باوەڕی خۆیدا دەگونجێت كە تەنیا ژیر بووە، چونكە دەیزانی هیچ نازانێت، لە كاتێدا زۆر بەی خەڵك پێیان وابوو كە لە ڕاستیدا دەتوانن چاكە لە خراپە جیا بكەنەوە .. سوكرات زیاتر لە ئەفلاتوون وەك مرۆڤێكی مۆدێرن سەیر دەكرێت كە لە جیهانێكدا دانراوە كەلێ تێنەگەشتووە، ئەو بە نزیكتر لەسەر دەمی ئیچمە دادونرێت لە سەردەمی یۆنانییە كۆنەكاندا. میتۆدی سوكراتی یەكێكە لەو ڕێبازە لۆژیكانەی كە ناسراوە و بەم پێییەش لە “سەردەمی عەقڵانی” ئێمە بەناوبانگە. بەڵام سوكرات ئەو ئەگنۆستیكە نەبوو كە هەندێك كردوویانە . لە راستیدا پێدەچێت سوكرات زۆر پیاوێكی ئاینب بووبێت، كە پێی وابو ژیانی لەلایەن جنۆكەی ئەوەوە رێنمایی دەكرێت، كە ئەمرۆ پێی دەڵێین فریشتەی پارێزەر. سوكرات رایگەیاند كەتەنها كاتێگ گویێ لەم دەنگە بووە كە خەریك بوو هەڵەیەك بكات. تەنها دەیگوت”نا” و هەر ئەو دەنگەبوو كە نەیهێشت سوكرات بچێتەناو سیاسەتەوە. ئەمرۆ ئێمە ئەمەمان بەدەنگی ناوەوەی خۆمان و جۆرێك لە دەركردنی نائاگایی خۆمان یان پرۆسەی بیركردنەوەی خۆمان ناودەبرد. بەڵام سوكرات ئەوە نەبوو وەسفكردنی ئەو دیاردەیە بە” شەیتان ” نیشان دەدات كە سەرچاوەی ئەو دەنگەی بەسەربەخۆ لە بیركردنەوەكانی خۆی زانیوە. هەوڵدان بۆ ئەوەی سوكرات بكرێتە باوكی هەموولۆژیكەكان بەداخەوە شتێكە كە زۆرێك لە مێژوونووسان و فەیلەسووفەن بە نائومێدیەوە ویستوویانە بیكەن. بە پرسیاركردن دەتوانن ڕۆح بهێنرێتە یادەوەری بیرۆكەی لە فۆرمی قاكی خۆیاندا، بەم شێوەیە حیكمەت بهێنرێت. سوكرات بە راستی باوەری بەم فەلسەفەی ڕۆح هەیە . ئاوێنە، ئاوێنە، لەسەر دیوارەكە..

كارزان عزیز عبدالراحمن \قوتابی زانكۆ

“سەرچاوە”
 https:\web.archive.org\web\20120826152807
 http://www.philipcoppens.com\socrates. Html Coppens، Philip، “Socrates، that’s the question،” Feature Articles – Biographies، PhilipCoppens.com.




بالێک، بەڵام بە زمانی تڕومبێلان.. نووسینی: ئامانج شێروانی

لە کۆڵانی ئیسکان بۆ خۆم پیاسەم دەکرد، لەم دوکان ڕادەوەستام شتێکم سەیر دەکرد، لەوەی تر چایەکم دەخواردەوە. لەوەی تەنیشتی تەسبێحەکی بە ئاڵای کوردستانم دەکڕی. لەپڕ شتێکی زەبەلاح لەپشتم قووت بووەوە و بە دەنگێکی تیژی ناخۆش ڕێک وەک نەفخی سووڕ گوێیەکانمی کاس کرد. بەترسەوە ئاوڕێکی دواوەم داوە، چی ببینم!‌ جێبەکی ئێسکگرانی جامڕەش، هەرای لێم دەکرد تا لەپێشی ون بم، بەڵکوو جەنابی لەم سەری کۆڵانەکەوە بچێتە ئەوسەری!

من و هەزارانی وەکوو من ڕۆژانە بەم کۆڵانەدا دەڕۆین، بەڵکوو شتێک بکڕین، شتێک بخۆین یان بخۆینەوە. هەر بابایە و خۆی بەم کۆڵانەدا دەکات و بڕێک پارە دەخاتە بازاڕەوە. کۆڵانی لەم جۆرە بڕبڕەی پشتی ئابووریی شارەکانە. هەندێک جاریش، هەندێکی چی گەلێک جاران، تڕومبێلێک بە وێدا تێپەڕ دەبێت، نە شتێک دەکڕێت، نە بڕێک پارە دەچوێنێت، نە سوودێک دەگەیەنێت. بە هۆڕن و قیڕەقیڕیشی زەندەقی ئەم خەڵکە پیادەیە دەبات. لە کۆڵانێکی وەکوو ئیسکان، تڕومبێلەکان جێیان نابێتەوە، ئەمە بۆ پیادەکانە، بۆ مرۆڤەکانە، نەک تانک و تڕومبێلەکان.

خۆ ئەگەر ئەم ئیسکانە لە شارێکی وەکوو پاریس یان ڕۆما بوایە، ئەوا دەمێک بوو ڕێی تڕومبێلانیان لێ گرتبوو. چەندی زۆرتر مرۆڤ بهێنیتە ئەم کۆڵانە، ئەوەندە زیاتر پارە دەخەیتە نێو بازاڕاوە. ئەوە مرۆڤەکانن کە جموجۆڵی ئابووریی لەگەڵ خۆیان دەهێنن، نەوەک تڕومبێلەکان. ئەم نێو کۆڵانە لەبری ئەوەی قیڕتاوکراو بێت، دەکرێت چەند کۆشک و دوکانێکی چکۆڵەی تری لێ قیت بکرێتەوە، تا هێشتا زیاتریش جممەی بێت!

ئای ئەگەر من شارەوانی پیرە هەولێرێ بوومایە، ئیسکان و بن قەڵاتم دەکردە بەهەشتی پیادان و تڕومبێلەکانیشم لێ پاس دەکردن.




چنوور نامیقی شاعیرو تراژیدیای خەم.. ستار ئەحمەد

بۆ دڵی دایکم. .

لە گولَاندا
بەخەیاڵێكی سەوزەوە
بە كراسێكی گەاڵیی و
بە كتێبێكی شینەوە
من و پاییز بە شانوملی ڕووتەوە
تێر تێر شینی شینمان گێڕا


دۆناودۆن بوو
نیشتمانەكەی من تۆرا
فینجانە سپییەكەی دەستم
لە تەماشایدا درزی برد
ئاوێنەكەم بە تیلەی چاوانی شكا و
ملوانكەكەم بە هەناسەی ساردی پچڕا..


هۆ دایك گیان
دۆناودۆنە و
سەرقاڵی گۆرانیی شینم
ئاوازی كەوەیی ڕوحت بەبا ئەكەم
دەستەكانم ڕاناوەستن
هەر ئالوودەی دەفژەنین و دەفژەنینن
دەفژەنە شینپۆشەكەی من
لێوڕێژ بووە
لە ڕەنگی تاڵ
لەتامی تاڵ
لە دەنگی تاڵ


دۆناودۆن بوو و تا هەتایە دۆناودۆنە
ئەو ئەیویست ڕوحی ببەخشێ
4
بە كچۆڵەیەكی چاو نامۆی
تۆزێ یاخی
لەو ساتەوە
ئێوارە پەیامی نەما و لە چەمێكی ئەو الی ژیان
دەستی ئەشووشت!
هۆ دایك گیان
من خەریكی گوڵچنین بووم
تۆش هەر گۆرانی خۆت ئەچڕی
)بچڕ بچڕە وەختی چڕینە
ماڵ دۆست باری كرد یەخەدڕینە(


كۆچی سووری دوا مەنزڵ بوو
بۆ ساتێك ئاسمان نەباری
دارەكان پێكڕا داگیرسان
هەورەكان كۆڕەویان كرد و
زەوی وەكوو تۆ ڕاكشا..
بە بەرزی سەگرمە قورعان
دڵی منیش
وەك ناخی خاك کڵپەی ئەكرد!


دەمەو ئۆغر
تكام لێ كرد نەكەی ئۆغر
چاوەكانی بەڕوومەوە هەڵواسیبوو
تێر هەناسەكانیم ژمارد
وەلێ چی بكەم
بێباكانە
هەر خەریكی خەتمی دەفتەری ژیان بوو..


دۆناودۆن بوو
گۆرانی دیار حەوشەكانی عەشقی ئەچڕی
)بەهار مانگی نیسانە گیانە
چونكێ وەعدەی گواڵنە
نەخۆش كەوتم نەهاتی گیانە
وادەی گیان كێشان وەرە(


دۆناودۆن بوو و
تا هەتایە دۆناودۆنە
كۆنە شەرابی شەربەی دڵ
شەرارەی دڵمەستكەرە گیان
خەیاڵ بێوەر و ڕەنج بێوەر
من دەفی ژیان ئەژەنم
ئەو خەریكی خەتمی دوا پەڕی ژیانە!

قەسیدەکە تێكه‌ڵه‌یه‌كی قووڵه‌ له‌ سۆز، خه‌م، یادگاری، و سروشت. وێنەیەكی شیعریی جوانی لەسەر پەیوەندیی نێوان کچێک و دایکی دروست کردووە، بەتایبەتی لە ساتی ماڵئاوایی دایکەکەدا.

  1. بیرۆکەی سه‌ره‌كی و كه‌شی شیعر
    بیرۆکەی سه‌ره‌كی قه‌سیده‌كه‌ بریتییه‌ له‌ ماڵئاوایی، خه‌م، په‌یوه‌ندیی نێوان دایك و كچ، و هه‌ستكردن به‌ ته‌نیایی و نامۆیی له‌ دوای له‌ده‌ستدان.
    وشه‌ی كلیلی: “دۆناودۆن” و “شین”:
    “دۆناودۆن”: واتا گۆڕان، سه‌روبنی، یان دۆخێكی ناجێگیر. ئه‌م وشه‌یه‌ به‌رده‌وام دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ و ئاماژه‌یه‌ به‌ گۆڕانی ژیان و بارودۆخی شاعیر و ژیانی دایكه‌كه‌. هه‌روه‌ها ڕه‌نگه‌ ئاماژه‌ بێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕۆح (دۆناودۆن بوون) یان خولانه‌وه‌ی خه‌م.
    “شین”: ئه‌م ڕه‌نگه‌ زۆر به‌هێزه‌ له‌ شیعرەکەدا. ڕه‌نگی خه‌م و ناخۆشییه‌ (تێر تێر شینی شینمان گێڕا، گۆرانیی شین، ده‌فژه‌نه‌ شینپۆشه‌كه‌ی من)، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا ڕه‌نگی ئاسمان، هیوا، و ڕۆحی دایكه‌كه‌ (كتێبێكی شین، ئاوازی كەوەیی ڕوحت)یشه‌.
  2. سروشت و وێنه‌ شیعرییه‌كان
    شاعیر زۆر پشت به‌ وێنه‌ی سروشتی ده‌به‌ستێت بۆ ده‌ربڕینی هه‌سته‌كانی:
    پاییز و گوڵان: دژیه‌كیی نێوان وه‌رزی گوڵان (به‌هار و ژیان) و پاییز (وه‌رزی وه‌رین و خه‌م). شاعیر له‌ گوڵاندا خه‌یاڵی سه‌وز و ژیانی هه‌یه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ پاییزی خه‌مدا شینی دایكه‌كه‌ ده‌گێڕێت.
    سروشتی ماته‌مبار: له‌ كۆتایی شیعرەکەدا سروشت ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ خه‌می شاعیر: ئاسمان نه‌باری، داره‌كان داگیرسان، هه‌وره‌كان كۆڕه‌ویان كرد، زه‌وی ڕاكشا. ئه‌مه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ گه‌وره‌یی ئه‌و خه‌مه‌ی كه‌ گه‌یشتووەتە ئاستێك كه‌ ته‌واوی بوون له‌گه‌ڵیدا ماته‌م ده‌گێڕێت.
    ئاوێنه‌ و فینجان: شكانی ئه‌مانه‌ (فینجانه‌ سپییه‌كه‌ی ده‌ستم درزی برد، ئاوێنه‌كه‌م به‌ تیلەی چاوانی شكا) نیشانه‌یه‌ بۆ تێكشكانی خودی شاعیر و وێرانبوونی ژیانی له‌ دوای نه‌مانی دایك.
  3. ئاوێته‌بوونی كچ و دایك
    كچی یاخی و گوڵچنین: شاعیر خۆی وه‌ك كچۆڵه‌یه‌كی “چاو نامۆ” و “تۆزێ یاخی” وێنا ده‌كات، كه‌ خه‌ریكی “گوڵچنین” (ژیان و ئیشی خۆی) بووه‌، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا دایكه‌كه‌شی به‌رده‌وام گۆرانی (حیكمه‌تی ژیان) ده‌چڕی. ئه‌مه‌ نیشانه‌ی جیاوازیی گه‌نجێتی و ئه‌زموونی ژیانه‌، به‌ڵام له‌ كۆتاییدا هه‌ردوو لا له‌ خه‌مدا یه‌كده‌گرنه‌وه‌.
    ده‌فژه‌نین و گۆرانی: شاعیر به‌ “ده‌فژه‌نه‌ شینپۆشه‌كه‌ی” خه‌ریكی ژه‌نین و گۆرانی شینه‌، كه‌ ده‌ربڕینی خه‌م و تاسه‌یه‌تی بۆ ڕۆحی دایكی (ئاوازی كەوەیی ڕۆحی به‌با ئه‌كات). ئه‌مه‌ پیشانده‌ری به‌رده‌وامبوونی كچه‌كه‌یه‌ له‌سه‌ر ڕێچكه‌ی سۆز و نه‌غمەی دایك، به‌ڵام به‌ ڕه‌نگێكی خه‌ماویی .
  4. به‌كارهێنانی گۆرانی میللی
    به‌كارهێنانی دوو پارچه‌ له‌ گۆرانیی ڕه‌سه‌نی كوردی/فۆلكلۆری جوانییه‌كی تایبه‌تی داوه‌ به‌ شیعرەکە:
    بچڕ بچڕە وەختی چڕینە .
    ماڵ دۆست باری کرد یەخەدڕینە.
    ئه‌مه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ جێهێشتن و ماڵئاوایی، كه‌ ده‌بێته‌ هۆی خه‌مێكی زۆر (یه‌خه‌دڕین).
    بەهار مانگی نیسانە گیانە
    چونكێ وەعدەی گوڵانە
    نەخۆش كەوتم نەهاتی گیانە
    وادەی گیان كێشان وەرە
    ئه‌م بڕگه‌یه‌ له‌ كۆتاییدا سۆزی خۆشه‌ویستی و چاوه‌ڕوانییه‌كی تاڵ ده‌گوازێته‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ كۆتاییهاتنی ژیاندا تێكه‌ڵ ده‌بێت.

پوخته‌

قه‌سیده‌كه‌ گەشتێكی سۆزدارانه‌یه‌ به‌ناو خه‌م و بیره‌وه‌رییه‌كاندا. شاعیر به‌ شێوه‌یه‌كی هونه‌ریی وێنه‌ی شیعریی، ڕه‌نگ، و موزیكای ناوه‌كی به‌كار ده‌هێنێت بۆ ده‌ربڕینی ئازاری له‌ده‌ستدانی دایك. دوا په‌ڕه‌ی ژیانی دایك و ژه‌نینی “ده‌فی ژیان”ی كچه‌كه‌ تراژیدیایه‌كی جوان و قووڵ پیشان ده‌دات كه‌ ژیان به‌رده‌وامه‌، به‌ڵام به‌بێ ئه‌و كه‌سه‌ ئازیزه‌ی كه‌ “هەر خەریكی خەتمی دەفتەری ژیان بوو.”




کاتێک دەڕۆم.. شیعری سەردار جاف

کاتێ دەڕۆم
برينی قەتماغەکراو جێ دەهێڵم
هەر لە ڕێگا
توێشوی نانم خوێنی هيشکە
مردوويەکی بە ترپەم و
چی جێبێڵم
خەونم بينی
لە سارايەکی چۆڵ و حۆڵ
سێوم دەچنی
ڕووبارێ بەرۆکی گرتم
خووڕەی چەمێ زنجيری لە پێ دەکردم
دەستەکانم بوونە تابلۆ
بە بن چەکمەی جەللادەوە
چاوەکانم هەر چاوەنواڕ
ئاوڕی دوا دەدەنەوە
ميداڵی سۆز و بەزەیی
تيشکی خۆری پێ دەگات و
خەڵاتێ بێت بمدەنەوە

کاتێ دەڕۆم
بولێڵی چاو حەرفی دوێنێم لێ ون دەکا
چاويلکەکەم دەچێتەوە بۆ ڕۆژی بەر لە فڕێدان
دەفتەری ئاکاری غوربەت سەرەڕۆيە
قەڵەم ڕستەی پەرش و بڵاو دەگرێتەوە
واق وڕما و حەپەساو نيم
وڕێنەی کۆن بلێمەوە
ژانەکانم شلوێ شلوێ
بۆنی ڕێگای کانی دەگرن
بيری خەمێ لووشم دەدا
دايک دەبێتە کانييەک
ئەشک و قوڵپ هەردوو ميلۆدی شيعرێکن
دەيڵێمەوە
کراسی عوسمانە بەختم
تيشکی ڕۆژێ پەرش و کەرت کەرت
سەفەر سەفەری ژێوانی
بە کام توولە ڕێی ڕۆيشتن بتلێمەوە
گەر پەنجەرە دەروازەم بێ
وەلێ سبەی لە دەرگاوە
بەرەو دەرێ و تەنيایی خۆ هەر دێمەوە

کاتێ دەڕۆم
گۆرانی کۆن و نوێم ناوێ
يادەکانم دەسوتێنم
با پەند و وانە ئەتک بێ
بە سەر ريتمی پشکۆ دەڕۆم
سەما لە سەر گەڵای زەرد و
باخچەی بوکێنيتا دەکەم
خۆرئاوابوونێکی جوانە
ناهێڵێ شەو داگەڕێت و
ڕاز و نهێنی و پرياسکە
بە کەناری خەو بسپێرم
لەم سەفەرە، گەر بێمەوە
ئيتر ئەبەد ڕێی دوور نابڕم
شەوچەرە کوێر ناکەمەوە
گەرمەتەنوور نامەيەکە بە کۆترا بۆی دەنێرم

کاتێ دەڕۆم شانەی هەنگوينی دەدزم
لە درزی دەرگای هەڵاتن
لێت دەڕوانم
گوڵی مێخەکی بەرۆکێ
بە وێنای دييە دەلکێنم
شەرابێکی ڤۆلتاريسيش
بە سەر مێزی ئەم قومارە دەپرژێنم
بير هەڵەشەیی گرتووە و
بۆ هاتنەوەت چاوەنواڕم

سەردار جاف
شاعير و ڕەخنەگر، ئەڵمانيا




Gen Z 212 وخۆپیشاندانەکانی گەنجان لە مەغریب: لە بواری دیجیتاڵەوە بۆ شەقام.. ڕزگار ئاکرێی

لە ئێستادا کە پاییزی 2025 مەغریب شەپۆلێکی ناڕەزایی جەماوەری بەخۆوە دەبینێت کە پرسیارە بنەڕەتییەکانی سەبارەت بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی، مافە سەرەتاییەکان، خراپبوونی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و شەرعییەتی سیاسی رژێم، هێناوەتەوە سەر گۆڕەپانی سیاسی. ئەم بزووتنەوەیە، کە ناوی “Gen Z 212″*ی وەرگرت، بە ناوی کۆدی پەیوەندی نێودەوڵەتی وڵاتەکە، لە بۆشاییدا سەریهەڵنەدا. لە کەڵەکەبوونی درێژخایەنی پەراوێزخستن، هەژاری، نەبوونی خزمەتگوزارییە بنچینەییەکان لە بواری تەندروستی و پەروەردە و بڵاوبوونەوەی بێکاری و گەندەڵی سەریهەڵدا. ئەم بزووتنەوەیە لەخۆوە دوای ڕووداوێکی دڵتەزێن لە نەخۆشخانەی حەسەنی دووەم لە شاری ئەگادیر دەستی پێکرد کە تیایدا ژنان لەکاتی منداڵبوون بەهۆی نەبوونی چاودێرییەوە گیانیان لەدەستدەدەن. ئەو پریشکە بوو بە ڕاپەڕینێکی کۆمەڵایەتی کە بە خێرایی بڵاوبووەوە بۆ شارە گەورەکانی وەک ڕەبات، کازابلانکا، فاس، مەراکش، تارودان، سالا و ئوجدە و بەخێرایی بوو بە هۆکاری دەربڕینێکی گشتگیر کە نەوەیەکی تەواو لە گەنجانی مەغریبی بە تایبەتی چینی کرێکار و هەژار بە دەستیەوە دەناڵێنن.
ئەوەی گرنگە لەم بزووتنەوەیەدا تەنها فراوانی و بڵاوبوونەوەی جوگرافیی نەبوو، بەڵکو پشتبەستنی بە میکانیزمی نوێی ڕێکخستن و جوڵە بوو کە لە بواری دیجیتاڵەوە دەستی پێکرد و لەسەر زەوی دەنگدانەوەی هەبوو. لێرەدا پەیوەندی نێوان ئەزموونی مەغریب و چەمکی “چەپی ئەلیکترۆنی و خەباتی ئەلیکترۆنی” ئاشکرا دەبێت، کە تێیدا ڕەهەندێکی کۆمەڵایەتی بەرجەستە لەگەڵ ڕەهەندێکی تەکنەلۆژیایی-ڕێکخراوەیی کۆدەبێتەوە و شێوازێکی نوێی کرداری سیاسی بەرهەم دەهێنێت. هێزی سەرەکی ئەم مۆدێلە ئەوەیە کە سیاسەت لە نوخبە کۆنەکان وەردەگرێتەوە و دەیگەڕێنێتەوە سەر شەقام و گەنجان. بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە کە تەکنەلۆژیا بێلایەن نییە. ئامرازی زاڵبوونە لە دەستی سەرمایەداری و ڕژێمە دیکتاتۆرەکاندا، بەڵام لە هەمان کاتدا دەتوانێت ببێتە ئامرازی ئازادی ئەگەر بە شێوازێکی پێشکەوتووخواز و چەپ و ڕێکخراو بەکار بهێنرێت. ئەوەی لە مەغریب ڕوویدا ڕەنگدانەوەی ئەم ئەگەرەیەیە: گەنجان بە ئامرازێکی سادە، بوارێکی گشتی دیجیتاڵی ئازاد و جێگرەوەیان دامەزراند کە تیایدا ڕەتکردنەوەی خۆیان بۆ دیکتاتۆرییەت و گەندەڵی و نادادپەروەری و پەراوێزخستنی ژیانی ڕۆژانەیان دەربڕی. ڤیدیۆ کورتەکان، میمەکان و مشتومڕی ئۆنلاین بوون بە ئامرازێکی ڕاستەقینە بۆ جوڵەی سیاسی، رێکخستن و بەرهەمهێنانی هۆشیارییەکی جەماوەری ڕەخنەگر—دوور لە میدیای فەرمی کە هەوڵی لەکەدارکردنی بزووتنەوەکە دەدا و سنوورداری دەکات بۆ توندوتیژی و تێکدان.

  1. ڕێکخراوی دیجیتاڵی تۆڕی گەنجان میکانیزمی تەقلیدی تێدەپەڕێنێت و گۆڕەپانێکی نوێی خەباتی چەپ دروست دەکات.

ئەوەی ئەم بزووتنەوەیە جیا دەکاتەوە لەوانەی پێشخۆی تەنها داواکاری نییە، بەڵکو جەختکردنە لەسەر باشترکردنی تەندروستی و پەروەردە، دابینکردنی هەلی کار، لێپرسینەوە لە گەندەڵی و بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتیە، لەوەش گرنگتر، شێوەی ڕێکخراوەیی ئەلیکترۆنی دیجیتاڵی و ئامرازەکانی کە بە وردی بیرۆکەی چەپی ئەلیکترۆنی بەرجەستە دەکات. تا ڕادەیەکی زۆر خۆی لە دەرەوەی چوارچێوەی تەقلیدی پارت و سەندیکاکان ڕێکخست کە لەبەر زۆر هۆکار پەیوەندییەکی لاوازیان لەگەڵ نەوەی نوێدا هەبوو و لەبەرچاوی زۆرێک لە ژنان و پیاوانی گەنج ببوونە پێکهاتەیەکی بیرۆکراتی وشک کە چیتر نەیاندەتوانی نوێنەرایەتی نیگەرانییەکانی خەڵکبن. بە پێچەوانەوە، بواری دیجیتاڵ ئاسۆیەکی کردەوە بۆ شێوازێکی تەواو جیاواز لە ڕێکخستن—لەسەر بنەمای نەرمی، خێرایی و کراوەیی. پلاتفۆرمەکانی وەک TikTok و Instagram و Facebook بوون بە ئامرازی بانگەشەو و کۆبوونەوە، لە کاتێکدا سێرڤەرەکانی Discord بوون بە “سەنتەری دیجیتاڵی خەڵک” بۆ گفتوگۆ، پلاندانان و بڕیاردانی بەکۆمەڵ و ئاسۆیی.
ئەم شێوازە ڕێکخراوەییە نوێیە گوزارشت لە جوڵەیەکی بنەڕەتی دەکات لە سەرووی چەمکی سەرکردایەتی تاکەکەسی یان مەرکەزییەتی پلەبەندی. چیتر یەک سەرکردە یان هەڕەمی کۆمیتەی سەرکردایەتی نییە کە کۆنتڕۆڵی ڕووداوەکان بکات. بەڵکو گروپی تۆڕی ئاسۆیی هەن کە هەریەکەیان بڕیاری مەیدانی خۆیان دەدەن لە چوارچێوەی ئامانجە گشتییە هاوبەشەکاندا. ئەم لامەرکەزییەتە نیشانەی لاوازی نەبوو، بەڵکو سەرچاوەی هێز بوو، چونکە قورس بوو بۆ دەسەڵات و دەزگا ئەمنییەکان بۆ چوونە ناو بزووتنەوەکە یان لەباربردنی و بە ئامانجگرتنی سەرکردایەتێکەی. تەنانەت کاتێک هەژمارەکان داخرابوون یان چالاکوانان، ژن و پیاو، دەستگیرکران، بزووتنەوەکە توانی خۆی بەرهەم بهێنێت و بۆشایی ڕێکخراوەیی خۆی فراوان بکات. ئەم توانایە بۆ مانەوە و نوێبوونەوە ڕەنگدانەوەی ڕۆحی ڕاستەقینەی رێکخستن و ململانێی ئەلیکترۆنی دیجیتاڵی دەکات، کە تیایدا رێکخستن ئامێرێکی ڕەق نییە بەڵکو تۆڕێکی زیندووە کە توانای فراوانکردن و گۆڕینی بەپێی بارودۆخ هەیە.
بنەمای تۆڕی ڕێگە بە بزووتنەوەکە دەدات بە خێرایی و بە ئاسانی لە جوگرافیایەکی فراواندا بڵاو ببێتەوە لە شارە گەورەکانەوە بۆ ناوچە پەراوێزخراوەکان ئەو توانایەی نیشاندا کە بتوانێت خۆی لە سەرکوتکردنی مەیدانی و چاودێری دیجیتاڵی بپارێزێت. بەرپرسان بەردەوام هەوڵیان دا هەژمارەکان دابخەن، ناوەڕۆک بلۆک بکەن، یان ڕێکخەرەکان بکەنە ئامانج، بەڵام سروشتی لامەرکەزی بزووتنەوەکە کاریگەری ئەو هەوڵانەی سنووردار کرد. لەو ساتەدا ئەکاونتێک دادەخرێت، ئەکاونتێکی تر دەکرێتەوە. ئەو کاتەی کە پەیوەندییەکی ڕێکخراوەیی دەپچڕێت، کەناڵە جێگرەوەکان دەردەکەون. ئەم دینامیکە دەسەڵاتداران تووشی کێشەیەکی ڕاستەقینە دەکات: ئەوان ڕووبەڕووی “پرۆسەی رێکخراوی جەماوەری” دەبنەوە بە شێوازێکی نوێ کە کۆنتڕۆڵکردنی زەحمەتە نەک رێکخراوێکی تەقلیدی کە بتوانرێت بە دەستگیرکردنی سەرکردەکانی هەڵبوەشێنێتەوە.
ڕێکخراوی دیجیتاڵی تۆڕی شێوازێکی نوێی کلتوری سیاسی و ڕێکخستنە کە لە نێو کچان و کوڕانی گەنجی ئەمڕۆدا هاوبەشە. مشتومڕ لەسەر سێرڤەرەکانی دیسکۆرد تەنها بە دروشم و پلانی مەیدانی نەبوو. ئەوان بوون بە بۆشاییەکی پەروەردەیی هاوبەش کە گەنجان ئەزموونیان ئاڵوگۆڕ کرد، ستراتیجیەکانیان تاوتوێ کرد و زمانێکی هاوبەشی تێکۆشانیان چنی. لەم ڕوانگەیەوە، بواری دیجیتاڵ ئامرازێکی پەیوەندی بوو کە گۆڕا بۆ “قوتابخانەی چەپی کۆمەڵی فرە پلاتفۆرم” کە هۆشیارییەکی سیاسی نوێی بەرهەم هێنا کە لە سەرووی سەرپەرشتی پارتە تەقلیدییەکان و گوتاری ڕۆشنبیری نوخبە. ئەوەی لێرەدا دەیبینین لەدایکبوونی ڕاستەقینەی بۆشاییەکی چەپی نوێیە کە لە خوارەوە سەرهەڵدەدات، بە دەستپێشخەری خودی، بە کاری بەکۆمەڵ—لەسەر بنەمای تەکنەلۆژیا وەک ئامرازێکی ئازادیخواز نەک وەک ئامرازێکی زاڵبوون لە ژێر کۆنتڕۆڵی کۆمپانیاکانی سەرمایەداری دیجیتاڵی و دەوڵەتە دیکتاتۆرەکان.
دەتوانین بڵێین ئەو تۆڕە لەڕێکخراوەی دیجیتاڵی کە گەنجانی مەغریبی دروستیان کردووە، دەربڕینی پراکتیکی پێشنیاری چەپی ئەلیکترۆنی کە دەڵێت ئەمڕۆ بواری دیجیتاڵی بۆتە گۆڕەپانێکی گرنگی خەباتی چینایەتی. هەروەک چۆن کارگە، کێڵگە و فەرمانگەکان گۆڕەپانی سەرەکی ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان سەرمایە و کرێکارن، ئینتەرنێت بووە بە “کارگە” تەواوکەری نوێ بۆ بەرهەمهێنانی هۆشیاری و ڕێکخستنی بەرگری. جیاوازییەکە ئەوەیە کە ئەم کارگە نوێیە شوێنێکی ماددی نییە کە بە دیوار دەورە درابێت. ئەمە بۆشاییەکی کراوەیە و جوڵاوە کە بازنەی گفتوگۆ فراوان دەبێت و دەستپێشخەرییەکان بە ئاسانی دەردەکەون—کەسایەتیەکی جیهانی و نێودەوڵەتی پێدەبەخشێت، چونکە سنوورە نەتەوەییەکان دەشکێنێت و دەرفەتی پەیوەندی و هەماهەنگی لەنێوان بزووتنەوەکانی دوور لە ڕووی جوگرافییەوە بەڵام لە جەوهەری هاوشێوەدا دەڕەخسێنێت.
ئەگەر بزووتنەوەی مەغریب بەراورد بکەین لەگەڵ ئەزموونەکانی تری ناوچەکە بۆمان دەردەکەوێت کە تایبەتمەندییەکی تایبەتی هەیە. بۆ نموونە لە تونس لە ساڵی 2011 ەوە پلاتفۆرمی دیجیتاڵی بۆ جموجۆڵ بەکارهێنرا. لە لوبنان لە ساڵی 2019، واتساپ و تێلێگرام بوونە ئامرازی سەرەکی بۆ ڕێکخستنی خۆپیشاندانەکان. بەڵام لە مەغریب لە ساڵی 2025 دا شاهیدی هاتنە ناوەوەی نەوەیەکی تەواو بووین کە سیاسەت تەنها لە ڕێگەی دیجیتاڵیزەکردن دەناسێت و بواری دیجیتاڵی وەک درێژکراوەیەکی سروشتی ژیانی خۆی دەبینێت. هەر ئەمەشە کە بزووتنەوەی “Gen Z 212” دەکاتە یەکەم ڕاپەڕینی دیجیتاڵی لە جیهانی عەرەبیدا، و ئەوە دووپات دەکاتەوە کە داهاتووی خەباتی چەپ بەبێ هەڵمژینی ئەم گۆڕانکارییانە و بەکارهێنانیان بە شێوەیەکی کاریگەر نابێت—لەڕێگەی بنیاتنانی نێودەوڵەتی چەپی دیجیتاڵی و بەدیلی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووخواز کە سنوورە نەتەوەییەکان تێدەپەڕێنێت و ئەزموونەکان لە سەرانسەری جیهاندا هەماهەنگی و بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

  1. داواکارییە بەرزکراوەکان ڕەنگدانەوەی ناوەڕۆکی زیندووی چەپە سەبارەت بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و پێداویستیە جەماوەرێکان.
    ئەوەی لە ئەزموونی گەنجانی مەغریبدا سەرنج ڕادەکێشێت ئەوەیە کە ئەو داواکاریانەی لەسەر شەقام و ئینتەرنێت بەرزیان کردووەتەوە، سەرەڕای سادەیی ڕاستەوخۆیان، ناوەڕۆکێکی چەپی قووڵیان هەڵگرتووە هەرچەندە زۆربەیان سەر بە هیچ ڕێکخراوێکی سیاسی نین. ئەم گەنجانە بە ئاگایی یان لە ڕێگەی هەستێکی سیاسی بەکۆمەڵەوە درکیان بەوە کرد کە هێزی هەر بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخواز لە بنیاتنانی زەمینەی هاوبەشدایە. ئەوان نوقمی شەڕ و ناکۆکی ئایدۆلۆژیای نوخبەیان نەبوو. هەرچەندە ئەم جۆرە مشتومڕە بۆ گەشەی ڕۆشنبیری چەپ گرنگن، بەڵام دەیان ساڵە هێزەکانی چەپیان لە نێوان قوتابخانە ڕکابەرەکان و وردەکارییەکانی تیۆری بەتاڵ پەرت و بڵاو کردووەتەوە. ئەم گەنجانە لە ماندووبوونی ڕۆشنبیری تێپەڕاند و قیبلەنما بەرەو ئەو شتانە ڕێک خستەوە کە پەیوەندی بە جەماوەری هەژاری کرێکارەوە هەیە—لە واقیعی سەر زەوییەوە بەرەو تیۆری دەست پێدەکات، نەک بە پێچەوانەوە. لێرەدا چەپ بەوە ناپێورێت کە کێ دروشمی مارکسیستی بەرز دەکاتەوە یان تەنها سیاسەتی سۆسیالیستی لە تیۆری دەنووسێت یان دووبارەی دەکاتەوە، بەڵکو بەوە دەپێورێت کە کێ لە ڕووی پراکتیکی و تیۆرییەوە بەشداری دەکات لە باشترکردنی ژیانی کرێکارانی هەژار لە بوارەکانی تەندروستی، پەروەردە، کار، کەرامەت، ماف و دادپەروەری و کاریگەری لەسەر ڕێڕەوی خەباتی ڕۆژانەیان—تەنانەت ئەگەر سنووردار بێت. هەنگاوی وردە وردە ئەو داواکاریانەی داڕشتووە بریتییە لە باشترکردنی پەروەردەی گشتی، دەستەبەرکردنی چاودێری تەندروستی بەخۆڕایی و کاریگەر، دابینکردنی هەلی کار بۆ دەستەبەرکردنی کەرامەتی مرۆڤ، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە دابەشکردنی سەرچاوەکاندا. ئەم داواکاریانە نوێنەرایەتی کرۆکی زیندووی بیری چەپ دەکەن چونکە نادادپەروەری، خەباتی چینایەتی و پێداویستی ڕۆژانەی خەڵک لە ناوەڕاستدا دادەنێن کە کرداریان لێوە سەرچاوە دەگرێت.
  2. سەرکوتکردنی مەیدانی و دیجیتاڵی میکانیزمی کۆنتڕۆڵی مۆدێرن ئاشکرا دەکات، هەروەها هۆشیاری بەرگری دیجیتاڵی بەهێز دەکات

بزووتنەوەی گەنجان لە مەغریب تەنها شەپۆلێکی ناڕەزایی ئاشتیخوازانە نەبوو کە بە گوتاری سیاسی یان بەڵێنی چاکسازی ڕووبەڕوو بووەوە. هەر لە یەکەم ساتەوە وەک هەڕەشەیەکی وجودی بۆ سەر ڕژێم مامەڵەی لەگەڵدا کرا، کە لە سەرکوتکردنی سەختی مەیدانی گەنجاندا ڕەنگی دایەوە. هێزە ئەمنییەکان لە هەندێک ناوچە گوللەی زیندوویان بەکارهێناوە، بەتایبەتی لە لقلیای نزیک ئەگادیر کە شەهیدان بەر گوللەی ژاندارمری کەوتوون، لەگەڵ گازی فرمێسک ڕێژ و لێدانی گۆچان و ڕاونانی شەوانە و دەستگیرکردنی سەدان کەس کە ڕێژەیەکی زۆریان مێردمنداڵ بوون. ئەم سەرکوتکردنە کاردانەوەیەکی کۆنتڕۆڵ نەکراو نەبوو بەڵکو سیاسەتێکی حسابکراو بوو بۆ تۆقاندنی نەوەیەکی تەواو و شکاندنی ئیرادەی پێش ئەوەی هۆشیاری ڕێکخراوەیی ڕەگ داکوتێنێت. سەرکوتکردنی مەیدانی لەگەڵ شێوازێکی سیستماتیک بوو بۆ جیاکردنەوەی ناوچە گڕبووەکان لە ڕێگەی خاڵەکانی پشکنینی ئەمنی، گەمارۆدانی گەڕەکە جەماوەریەکان و داخستنی ڕێگاکان بۆ ڕێگریکردن لە هاتوچۆی خۆپیشاندەران لە نێوان شارەکاندا. دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ بۆ چۆڵکردنی شەقامەکان بەکارهێنرا. لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە دەسەڵاتداران جەختیان لەسەر ئامانجکردنی گەنجان و مێردمنداڵان کردووە، چونکە ئەوان بڕبڕەی پشتی بزووتنەوەکە بوون.
ئەم ڕوخسارە خاوی سەرکوتکردنی مەیدانی هاوکات بوو لەگەڵ ڕوخسارێکی دیجیتاڵی نەرم. دەستبەسەرکردنی دیجیتاڵی و کوشتنی دیجیتاڵی میکانیزمێکی هاوتەریبن بۆ ئامانجی بواری ئۆنلاین. ئەکاونتەکان سڕانەوە، ناوەڕۆک بلۆک کران و دەستگەیشتن بە گفتوگۆی گرووپ سنووردار کرا. بەم شێوەیە بینیمان دەسەڵاتداران “سەرکوتکردنی دووانە” ئەنجام دەدەن، لە شەقامەکان بە گۆچان و گوللە و لەسەر تۆڕ لە ڕێگەی ئەلگۆریتمەکان و خنکاندنی پلاتفۆرمەکان.
بەڵام ئەوەی دەسەڵاتداران پێشبینییان نەدەکرد ئەوەیە کە ئەم سەرکوتکردنە لەبری وەستاندنی بزووتنەوەکە، هۆشیاری دیجیتاڵی و مەیدانی بەهێز کرد. لەسەر شەقام، گەنجان شێوازی نوێی کۆبوونەوەیان داهێنا: خۆپیشاندانی شەوانەی گەڕۆک، پشت بەستن بە گروپی بچووک لە جیاتی ڕێپێوانی گەورە و بەکارهێنانی گەڕەکەکان وەک شوێنێک بۆ ناڕەزایی ناوخۆیی ئەم تاکتیکە وایکرد پۆلیس بتوانێت بزووتنەوەکە بشکێنێت و دەرفەتی بۆ ڕێکخستنی ناوخۆیی ڕەخساند. لە بواری دیجیتاڵدا، مشتومڕ بە خێرایی گۆڕا لە هەژماری قەدەغەکراوەوە بۆ ئەکاونتی جێگرەوە و بۆ پلاتفۆرمی پارێزراوتر، لەگەڵ بەکارهێنانی بەربڵاوی VPN و رەمزاندن.
سەرکوتکردنی مەیدانی سنوورەکانی سیستەمی دیکتاتۆری ئاشکرا کرد چونکە چیتر ڕووبەڕووی جەماوەرێکی تووڕە نەبووەوە بەڵکو ڕووبەڕووی نەوەیەکی دیجیتاڵی بووەوە کە توانای خۆگونجاندنی هەیە. لەگەڵ هەر هەوڵێک بۆ سەرکوتکردن، گەنجان ڕێکخراوەکەیان بە نەرمی پێکهێناوەتەوە و هۆشیارییان گەشەی کردووە کە ململانێ لەگەڵ دەوڵەت یەک لایەنەنییە، بەڵکو گشتگیرە و جەستەی شەقام و هۆشیاری لە تۆڕەکەدا دەکاتە ئامانج. لێرەدا جەوهەری ئەوەی چەپی ئەلیکترۆنی پێی دەڵێت “شەڕی چینیایەتی دیجیتاڵ” دەردەکەوێت، کە ئامرازە مۆدێرنەکانی سەرکوتکردن لەگەڵ ئامرازە کلاسیکییەکان یەکدەگرن.
ئەوە ڕوون بۆتەوە کە کۆنترۆڵی شەقام لە کۆنتڕۆڵی دیجیتاڵی جیا ناکرێتەوە، کاتێک دەوڵەت گوللە دەنێت بە لاشەکانەوە، لە هەمان کاتدا بلۆک دەخاتە سەر هەژمارەکان. بەڵام بەرگری بەدرێژایی هەردوو ئاڕاستەکەش گەشە دەکات: لەسەر شەقام بە فراوانکردنی تاکتیکی مەیدانی جەماوەری و لەسەر تۆڕ بە داهێنانی ئامرازەکانی پاراستن و ڕێکخستنی جێگرەوە. ئەم کارلێکردنە لە نێوان کێڵگە و دیجیتاڵدا ئاسۆیەکی ڕاستەقینە بۆ چەپی ئەلیکترۆنی دەکاتەوە بۆ پەرەپێدانی پرۆژەیەکی نێونەتەوەیی بۆ ئازادکردنی مرۆڤایەتی و تەکنەلۆژیا. توانای تێپەڕاندنی سەرکوتی دیجیتاڵی ڕەنگدانەوەی گەشەسەندنی هۆشیاری سیاسییە سەبارەت بە پێویستی کۆنتڕۆڵکردنی ئامرازەکان و بنیاتنانی تەکنەلۆژیای چەپی پێشکەوتووخواز، نەک بەجێهێشتنیان بە تەواوی لە دەستی کۆمپانیا سەرمایەدارەکان و دەوڵەتە دیکتاتۆرەکان.

  1. گۆڕینی وزەی خۆڕسکی گەنجان بۆ پڕۆژەیەکی ئازادیخوازی ڕادیکاڵ و ڕێکخراو

سەرەڕای بەهێزی ئەم مۆدێلە، ئاستەنگەکان هێشتا گرنگن. نەبوونی هەماهەنگی ناوەند لەوانەیە ببێتە خاڵی لاوازی ئەگەر دیدێکی ستراتیجی درێژخایەن بلووری نەبێت. لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە داواکارییە نیمچەییەکان پێویستە بە ئاسۆیەکی ئازادیخوازی گشتگیرەوە ببەسترێتەوە بۆ ئەوەی بزووتنەوەکە لە بواری چاکسازیدا نەمێنێتەوە. لێرەدا پێویستیی چەپی ئەلیکترۆنی بنچینەیی وەک تەوژمێکی ڕۆشنبیری و ڕێکخراوەیی ڕێک بخرێت کە کار دەکات بۆ گۆڕینی وزەی خۆڕسک بۆ پرۆژەیەکی ئازادی سیاسی کە خەباتی دیجیتاڵی و لەسەر زەوی یەکدەخات، داواکارییە دەستبەجێکان بە دیدێکی سۆسیالیستی ڕادیکاڵەوە دەبەستێتەوە، و لەسەر بنەمای هاوبەشی فراوان و گشتگیر دامەزراوە کە هاوپەیمانییەکی فراوان بۆ بەدەستهێنانی گۆڕانکاری گۆڕین بنیات دەنێت.
ئەم بزووتنەوەی گەنجان و جەماوەریە بە ڕوونی ڕۆحی چەپێکی کراوە دەردەخات کە گۆشەگیری لە نێو بازنەی نوخبەدا ڕەتدەکاتەوە و کار بۆ کردنەوەی چەندین سەکۆ دەکات بۆ گفتوگۆ و کاری هاوبەش. لە بۆشاییەکانی گفتوگۆی دیجیتاڵدا نە پاسەوانی ئایدۆلۆژی هەبوو و نە هەرەمی زیادەڕەوی، بەڵکو گفتوگۆی ئازاد، فرە دەنگ و ئازادی پێشنیارکردنی بیرۆکەکان هەبوو. ئەوەی چەسپێنرا و بەردەوام بوو و وەرگێڕدرا بۆ کرداری سیاسی ئەو خاڵانە بوون کە کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵک هەبوو. لێرەدا مانای ڕاستەقینەی دیموکراسی جەماوەری بەشداربووانە بەدی دێت: ڕێکخراوی کۆمەڵ دەبێتە ئامرازێک بۆ یەکخستنی هەوڵەکان لە دەوری خزمەتی جەماوەر نەک ئەوەی کە ڕۆشنبیرانی نوخبەی دڵخۆش دەکات. ئەم ئاراستەکردنە دەرفەتێکی مێژوویی بۆ چەپ دەکاتەوە بۆ نوێکردنەوەی خۆی، بەو مەرجەی واز لە مەیلی قۆرخکردنی بیر و کەلتووری دابەشبوون بهێنێت کە ماوەیەکی زۆرە ئیفلیج کردووە.

ژنان و پیاوانی گەنج پەیامێکی ڕوونیان نارد: ئێمە چاوەڕێی چارەسەری سەرەوە بۆ خوارەوە ناکەین و خۆمان بە ناکۆکی نەزۆکەوە سەرقاڵ ناکەین. ئێمە کارەکانمان لەسەر ئەو بابەتانە بنیات دەنێین کە بۆ ژیانی ڕۆژانەی خەڵک گرنگن. ئەم هۆشیارییە دیالێکتیکییەی پراکتیکی هێز بە بزووتنەوەکە دەبەخشێت و توانای بڵاوبوونەوە و فراوانبوونی دەدات. کرێکاران و دەستفرۆشان و رۆشنبیران گرنگی بەوە نادەن کە ئایا دەقی یاسایی لەلایەن مارکس، لینین، ترۆتسکی، ماو یان ئەوانی ترەوەیە—سەرەڕای ڕۆڵی مێژوویی گەورەیان لە بیری مرۆڤایەتیدا—بەڵکو گرنگی بە دۆزینەوەی نەخۆشخانەیەکی گونجاو، قوتابخانەیەکی بەڕێز، دەرفەتی کار، یەکسانی و شکۆمەندی لە ژیانی ڕۆژانەدا دەدەن، دوور لە گەندەڵی و دەسەڵاتخوازی. ئەمانە خاڵە هاوبەشەکانن کە گۆڕەپانی کۆبوونەوەکەیان پێکهێناوە و دەتوانن ببنە بنەمایەک بۆ چەپ بۆ بنیاتنانی پڕۆژەیەکی ئازادیخوازی ڕادیکاڵ کە بارودۆخی ئێستا تێدەپەڕێنێت و ڕۆڵی خۆی وەک ئامرازێکی گۆڕانکاری بەرەو ئازادی سۆسیالیستی دەگێڕێتەوە.

  1. لە تۆڕەکەوە بۆ شەقام ئاسۆی چەپێکی نوێ

گرنگە جەخت لەوە بکەینەوە کە چەپی ئەلیکترۆنی خۆی وەک جێگرەوەیەک بۆ هێزە مێژووییەکانی چەپ یان ئەزموونی ڕێکخراوەیی نیشان نادات کە بە درێژایی دەیان ساڵ خەباتی گەورەیان لە هەموو بوارەکاندا کەڵەکەکردووە. بەڵکو بەردەوام دەبێت و پەرەی پێدەدات و تەواویان دەکات و ڕەهەندێکی نوێ دەخاتە سەر ئامرازە سیاسی و ڕێکخراوەیی و فیکری کە چەپ لە شەڕە درێژ و ئاڵۆزەکەی دژ بە سەرمایەداری و دیکتاتۆریدا بەکاری دەهێنێت. ئەوەی جیای دەکاتەوە ئەوەیە کە وەڵامی واقیعێکی نوێ دەداتەوە کە لەلایەن شۆڕشی دیجیتاڵییەوە پێکهاتووە، کە ئامرازەکانی تێکۆشان فراوان بوون و بواری دیجیتاڵی و پلاتفۆرم و تۆڕەکان دەگرێتەوە کە کۆنتڕۆڵی هۆشیاری جەماوەر دەکەن و ئاراستەی گفتوگۆی گشتی دەکەن.

کەواتە ڕۆڵی پارتە چەپەکان، سەندیکاکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ئێستا ڕەتناکاتەوە، بەڵکو داوایان لێدەکات داهێنان و نوێبوونەوە بکەن، ڕەهەندی دیجیتاڵی تێکەڵ بە ستراتیجی ڕێکخراوەیی و سیاسییان بکەن و بەسەر بیرۆکراتی و ئایدیۆلۆژیای داخراودا زاڵ بن. ئەو تەحەدایەی ئەمڕۆ ڕووبەڕووی چەپ دەبێتەوە تەنها ڕووبەڕووبوونەوەی سەرمایەداری تەقلیدی و ڕژێمە دیکتاتۆرەکان نییە، بەڵکو ڕووبەڕووبوونەوەی سەرمایەداری دیجیتاڵی کە کۆنترۆڵی چینایەتی بە شێوەیەکی نەرمتر و شاراوەیەتر بەرهەمهێناوەتەوە—لە ڕێگەی داتا، ئەلگۆریتمەکان، و چاودێری دیجیتاڵی بەربڵاو.

ئەوەی گەنجان لە مەغریب دروستیان کرد بانگەوازێکی ئاشکرا و بەپەلەیە بۆ هەموو هێزەکانی چەپ. ڕێکخستنی سیاسی چیتر بژاردەی یەک ڕێڕەو نییە. دەبێت فرە پلاتفۆرم، کراوە، نەرم و شەفاف بێت و زیرەکانە مامەڵە لەگەڵ ئامرازەکانی سەردەمی دیجیتاڵ بکات. ئەم تێڕوانینە تەواوکەرە مانای وازهێنان لە پێکهاتە کلاسیکییەکان نییە کە مێژووی خەباتی چینایەتییان کەڵەکەکردووە. پێویستی بە بنیاتنانەوەی ئاسۆیی و نەرمی هەیە بۆ ئەوەی لە جەماوەر نزیکتر بن و توانای وەڵامدانەوەی خێرایان هەبێت، بەتایبەتی لەگەڵ نەوەی گەنج. ئەزموونی گەنجانی مەغریب نموونەیەکی زیندووە لە ڕێگەی داهێنانی پێکهاتەی دیجیتاڵی تۆڕی کاریگەر، بەڵام ئەمە پێویستی بەپەلە بۆ چوارچێوەی سیاسی و ڕێکخراوەیی و سەندیکای کرێکاران ناهێڵێت کە بتوانێت ئەم وزانە بپارێزێت و خۆپیشاندانەکان بەڕێوە ببات و بیانگۆڕێت بۆ دەستکەوتی هەمیشەیی.

ئەمەش پێویستی بە بەدەستهێنانی یەکگرتنێکی دیالێکتیکی لەنێوان کۆن و نوێیە: لەنێوان خەباتی مەیدانی و تەوژمی دیجیتاڵی؛ لەنێوان ئەزموونی مێژوویی چەپ و بوێری و نەرمی نەوەی دیجیتاڵ. ئەم دیالێکتیکە لە نێوان بەردەوامی و نوێبوونەوە لەوانەیە دەرفەتی سەرهەڵدانی ئەمڕۆی چەپ ببەخشێت، لەسەر ئاستی ناوخۆیی لە باشووری جیهان و لەسەر ئاستی جیهان بە گشتی. کەواتە چەپی ئەلیکترۆنی بانگەوازێکە بۆ نوێکردنەوەی تەواوی پڕۆژەی چەپ لە ڕێگەی پەرەپێدان و نوێکردنەوەی ئامرازە ڕێکخراوەیی و سیاسییەکان و ڕۆشنبیرییەکانی و دیجیتاڵی و تەکنیکی و شتی تریش شانبەشانی کاری هاوبەش و هاوپەیمانی لەسەر بنەمای خاڵەکانی کۆبوونەوە بنچینەی سەرەکی. هەروەها جەخت لەسەر پێویستی بەهێزکردنی ڕۆڵی سەرکردایەتی گەنجان لە نێو ڕێکخراوە چەپەکاندا دەکاتەوە، دەستەبەرکردنی نوێبوونەوەی ڕۆشنبیری و ڕێکخراوەیی و کردنەوەی بۆشایی بۆ داهێنان و نوێکردنەوەی وزە داهێنەرەکانیان بۆ ئەوەی لە جەرگەی بڕیاردان و کاری خەباتگێریدابێت. وە پەیوەندی چەپ لەگەڵ ژیانی کرێکاران و هەژاران و نەوەی گەنج بەهێز دەکات لە سەردەمی هەژموونی سەرمایەداری و دیکتاتۆری. داهاتوو هی چەپە کە تێدەگات گۆڕەپانی خەباتی چینایەتی ئەمڕۆ لە قوڵایی شەقامەوە تا دوورترین خاڵی بواری دیجیتاڵی درێژ دەبێتەوە. بزووتنەوەی Gen Z 212 سەلماندی کە پەیوەندی نێوان هێزە چەپەکان و نەوەی گەنج تەنها بە تێکەڵکردنی خەباتی سەر زەوی لەگەڵ ئامرازەکانی ڕێکخستنی دیجیتاڵی و شێوەی نوێی ڕێکخستن و گوتاری سیاسی گەشە دەکات و ڕەگ دەگرێت. ئەمە دەرسێکە نەک تەنها بۆ هاوڕێ ئازیزەکانی چەپ و هێزە پێشکەوتووەکان لە مەغریب، بەڵکو بۆ هەموو چەپی جیهانی.

هەموو هاوسۆزییەک لەگەڵ کچان و گەنجان و جەماوەری زەحمەتکێش لە مەغریب کە بە هۆشیاری و بوێرییەوە ڕووبەڕووی سەرکوت و پەراوێزخستن دەبنەوە و لە پێناو ژیانێکی شکۆمەند و دادپەروەری کۆمەڵایەتی ڕاستەقینەدا تێدەکۆشن. هەموو هاوسۆزییەک لەگەڵ هێزە چەپ و پێشکەوتووەکان و سەندیکاییەکان و مافەکانی مرۆڤی مەغریبی کە لەگەڵ گەلدا دەوەستن و بەرگری لە مافەکانیان و ئازادی ڕێکخستن و ڕادەربڕین و بەهاکانی دادپەروەری و یەکسانی دەکەن.

Rezgar Akrawi


تێبینیەکان:
*Gen Z: ئەو نەوەیەی لە ناوەڕاستی 1990 تاوەکو دەیەی دووەمی سەدەی بیست و یەک لەدایک بووە. لە ژینگەیەکی دیجیتاڵیدا گەورە بووە، تەکنەلۆژیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک بەشێکی گرنگی ژیانی ڕۆژانە بەکاردەهێنێت، و جیهانی فیزیکی و مەجازی تێکەڵ دەکات.

** “چەپی ئەلیکترۆنی” تەوژمێکی چەپی مۆدێرنە کە بەدوای پەرەپێدانی ئامرازەکان، گوتارەکان و میکانیزمی ڕێکخراوەیی چەپی تەقلیدی دەگەڕێت بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی و بواری تۆڕی لە رێکخستن، گفتوگۆ و جموجۆڵدا. خۆی وەک جێگرەوەیەک بۆ هێزە مێژووییەکانی چەپ نیشان نادات. بەڵکو تەواوکەریان و پەرەیان پێدەدات و داوای تێکەڵکردنی پلاتفۆرمی دیجیتاڵی و دیموکراسی بەشداربووی لەگەڵ خەباتی مەیدانی دەکات بۆ بەستنەوەی پرسیارە تیۆرییەکان بە پێداویستییەکانی ڕۆژانەی جەماوەری هەژاری کرێکار.

سەرچاوەکان:

1. Le Monde Afrique – “Moroccan protesters call for prime minister’s resignation” (October 2, 2025)
https://www.lemonde.fr/en/le-monde-africa/article/2025/10/02/moroccan-protesters-call-for-prime-minister-s-resignation_6746020_124.html
2. AP News – “Moroccan youth protests erupt after deaths in Agadir hospital” (October 1, 2025)
https://apnews.com/article/912ca1a9dbc42e6d3d2f8a1067eb12f9
3. Reuters – “Morocco’s youth, police clash for fifth night of protests demanding education, health care” (October 1, 2025)
https://www.reuters.com/world/africa/moroccos-youth-police-clash-fifth-night-protests-demanding-education-health-care-2025-10-01
4. The Guardian – “First deaths in Morocco’s youth-led anti-government protests as police open fire” (October 2, 2025)
https://www.theguardian.com/world/2025/oct/02/first-deaths-in-moroccos-youth-led-anti-government-protests-as-police-open-fire
5. Al Jazeera – “7 questions that explain what is happening in Morocco’s Gen Z protests” (October 2, 2025)
https://www.aljazeera.net/news/2025/10/2/7-%D8%A3%D8%B3%D8%A6%D9%84%D8%A9-%D8%AA%D8%B4%D8%B1%D8%AD-%D9%85%D8%A7-%D9%8A%D8%AC%D8%B1%D9%8A-%D9%81%D9%8A-%D8%A7%D8%AD%D8%AA%D8%AC%D8%A7%D8%AC%D8%A7%D8%AA-%D8%AC%D9%8A%D9%84-%D8%B2%D8%AF
6. BBC – “First killings in Morocco since Gen Z protests erupted”
https://www.bbc.com/news/articles/cgrqpekyxpvo
7. “The most prominent intellectual and organizational foundations of the electronic left”
https://libcom.org/article/most-prominent-intellectual-and-organizational-foundations-electronic-left-e-left
8. Gen Z 212 and Youth Protests in Morocco: From the Digital Sphere to the Street
https://znetwork.org/znetarticle/gen-z-212-and-youth-protests-in-morocco-from-the-digital-sphere-to-the-street/




ئەنتۆنیۆ گرامشی: لە نێوان شۆڕشگێڕی ترانس کولتووری و گۆڕینی میحوەرەکان بەرەو ئەندامێتی.. و . لەعەرەبیەوە(یاسین لەتیف)

ئەنتۆنیۆ گرامشی: لە نێوان شۆڕشگێڕی ترانس کولتووری و گۆڕینی میحوەرەکان بەرەو ئەندامێتی نا وابەستەیی – ڕێبازێکی پۆست کۆلۆنیالیزم)..

‏“هەرچەندە مێژووی هەر وڵاتێک کۆنتر بێت، ئەو چینە کەڵەکەبووانەی تەمەڵ و مشەخۆرن لەسەر ‘میراتی کۆن’ دەژین، هاوکات خانەنشینەکانی مێژووی ئابووری ژمارەیان زیاتر و قورستر دەبن.” ئەنتۆنیۆ گرامشی (١٨٩١-١٩٣٧)، بیرمەندی مارکسیزمی ئیتاڵی، بە یەکێک لە دیارترین کەسایەتیە ڕۆشنبیرەکانی سەدەی بیستەم دادەنرێت. بەشداریەکی قووڵی تیۆری لە بیری سیاسی و کولتووری و کۆمەڵایەتیدا کردووە ، بیرۆکەکانی چوارچێوەی سنوری ئیتالیایان تێپەڕاندووە و بوون بە ئامرازی شیکاری جیهانی بە تایبەتی لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی پۆست کۆلۆنیالیزم ، لێکۆڵینەوەکانی گرامشی لە دەوری خوێندنەوەی شۆڕشگێڕێکی ترانس کولتوری دەسوڕێتەوە لە گەڵ تەرکیز کردنە سەر چەمکی هەژموون . بیرۆکەی ئۆرگانیک و گۆڕانکاریە کولتووری-سیاسیەکان کە دەتوانن بەشداربن لە بنیاتنانی ئۆرگانیکی ناوابەستە لە ڕێگەی ڕێبازی پۆست کۆلۆنیالیزمەوە . ئامانجی توێژینەوەکە ئاشکرا کردنی ئەوەیە کە چۆن بیرۆکەکانی گرامشی بەکاربهێنرێت بۆ تێگەیشتن لە داینامیکی هێز لە چوارچێوەی پۆست کۆلۆنیالیزم و جەختکردنەوە لەسەر تواناکانی بۆ دووبارە داڕشتنەوەی پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان لە جیهانی غەیرە ڕۆژئاوایدا . گرامشی چۆن چۆنی دیاردەی هەژمونی کولتوری ئیمپریالیستی بەسەر کولتورە وابەستەکاندا پێناسە دەکات؟ ، ئایا ستراتیژێتێکی پێویست هەیە پەیڕەو بکرێت بۆ بەرەنگاری ڕۆشنبیری و بە دەست هێنانی ڕزگاریەکی تەواو سیاسی ؟ .

‏( گرامشی و پۆست کۆڵۆنیالیزم )
‏گرامشی لە شاری سەردینیا لەدایک بووە کە یەکێکە لە ناوچە پەراوێزخراوەکانی ئیتاڵیا ئەمەش هەستیاریەکی تایبەتی پێبەخشی بە پرسەکانی پەراوێز و ناوەند ، ئەو کات چالاکوانێکی سیاسی بوو لە حیزبی شیوعی ئیتالیا، ساڵانێکی زۆر لە زیندان لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی فاشیستی بە سەر بردووە لە (١٩٢٦-١٩٣٧) ، لە نووسینی “دەفتەرەکانی زیندان”دا، کۆمەڵێک تێبینی فەلسەفی و سیاسی کە بنەمای بەشداریە تیۆریەکانی گرامشی پێکهێنا ، وەک بیرۆکەکانی سەبارەت بە هەژموون، ڕۆشنبیری ئۆرگانی ،جەنگی مانۆڕی و بابەتی کە کەرەستەکانی شیکردنەوەی تێدا خستە ڕوو بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندیەکانی چینایەتی و ڕۆشنبیری لە کۆمەڵگاکانی سەرمایەداریدا . بەم پێیە لێکۆڵینەوەکانی پۆست کۆڵۆنیالیزم هەوڵدەدەن بۆ تێگەیشتن و هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی ئیمپریالیزم کە کارێگەریەکانی بەردەوام بوون لە مەڕ پەیوەندیەکانی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری پاش کۆتایهێنان بە ئیمپریالیزمی فەرمی . بیرمەندانی وەک ئێدوار سەعید و هۆمی بابا و گایاتری سپیڤاک بیرۆکەکانی گرامشیان بەکارهێناوە بۆ شیکردنەوەی هەژمونی کولتوری و سیاسی لە چوارچێوەی پۆست کۆلۆنیالیزمدا . چەمکی هەژمون لای گرامشی ئاماژەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی چینی دەسەڵاتدار لە ڕێگەی قبوڵکردنی کولتوریەوە نەک هێزی زۆرەملێ ، بەو مانایەی گونجاندن لەگەڵ بیرۆکەی کۆلۆنیالیزمی کولتوری و کۆنترۆڵکردنی “لۆژیکی گشتی” لە کۆمەڵگا کۆڵۆنیالیزمەکاندا .

‏ ( گرامشی وەک شۆڕشگێڕێکی ترانس کولتوری
‏چەمکی هەژموون و بەکارهێنانەکانی پۆست کۆلۆنیالیزم)

‏چەمکی هەژموون یەکێکە لە بەشداریە هەرە دیارەکانی گرامشی ، گرامشی پێیوایە هەژمون کاتێک بەرجەستە دەبێت کە چینی دەسەڵاتدار بتوانێت جیهانبینی خۆی وەک بەشێک لە “لۆژیکی گشتی” کۆمەڵگا بسەپێنێت.بۆ ئەوەی خەڵک وەک شتێکی ئاسایی قبوڵی بکات لە چوارچێوەی پۆست کۆلۆنیالیزمدا ، دەکرێت هەژموون وەک میکانیزمێک بخوێنرێتەوە بۆ درێژەدان بە
‏کۆنترۆڵی ڕۆژئاوا لە ڕێگەی کولتوور و پەروەردە و میدیاوە ، بۆ نمونە دەکرێت کارێگەری هەژموونی ڕۆژئاوا وا ببینرێت بۆ بەردەوام بوونی مۆدێلی ڕۆشنبیری و ئابووری ڕۆژئاوا وەک ستاندارێکی جیهانی تەنانەت لەو کۆمەڵگایانەش کە سەربەخۆییان بەدەستهێناوە .
‏( پێناسەی هەژمون لای گرامشی )
‏گرامشی هەژمون وەکو پرۆسەیەک پێناسە دەکات کە بەهۆیەوە جیهانبینی چینی دەسەڵاتدار دەسەپێنرێت بەسەر هەموو کۆمەڵگادا بە چەشنێک ئەم دیدە دەبێتە بەشێک لە ” لۆژیکی گشتی ” کە تاکەکان بە ئارەزووی خۆیان وەریدەگرن نەک بە هێزی زۆرەملێ بە پێچەوانەی کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆوە کە پشت بە سەرکوت دەبەستێت . هەژموون پشت بە قبوڵکردنی کولتوری و ئایدیۆلۆژی دەبەستێت ، ئەمەش وا دەکات زیاتر بەردەوام بێت . هەژموون لە ڕێگەی دامودەزگاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی وەک پەروەردە، ڕاگەیاندن، ئایین و کولتوورەوە ، بە دیدێت، کە هۆشیاری بەکۆمەڵ لە قاڵب دەدەن و بەهاکانی چینی دەسەڵاتدار دەچەسپێنن .

‏(پێکهاتەکانی هەژموون) .
‏قبوڵکردنی خۆبەخشانە: – هەژموون تەنها پشت بە هێز نابەستێت بەڵکو بەندە بە توانای چینی دەسەڵاتداروە تا ئەو ڕادەیەی چینەکانی دیکە قەناعەت پێبکات کە بەرژەوەندیەکانی گونجاوە لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی تەواوی کۆمەڵگا . هاوکات دەرکەوتن و قبوڵکردنی خۆبەخشانە لە وەرگرتنی مۆدێلی کولتوری و ئابووری ڕۆژئاوا لەلایەن نوخبە ناوخۆیەکانەوە وەک ستاندارێکی “جیهانی” لە چوارچێوەی پۆست کۆڵۆنیالیزمدا .
‏دامەزراوە ڕۆشنبیریەکان : – دامەزراوەکانی وەک قوتابخانەکان، زانکۆکان، کەرەستەکانی میدیا و دامەزراوە ئاینیەکان ئامرازگەلێکی سەرەکین بۆ بڵاوکردنەوەی باڵادەستی و هەژموون کە شێوازی لە قاڵبدانی تاکەکانە بۆ بینینی جیهان ، بۆ نمونە لە وڵاتانی دوای ئیمپریالیزم زمانە کۆلۆنیالیزمەکانی (وەک ئینگلیزی) لە پەروەردەدا بەکاردەهێنرێن بۆ بەردەوام بوونی هەژمونی مۆدێلی ڕۆژئاوایی .
‏لۆژیکی گشتی : – ئاماژەیە بۆ ئەو بیروباوەڕ و بەهایانە کە لە کۆمەڵگادا دەبنە ” سروشتی “. گرامشی پێیوایە لۆژیکی گشتی بێلایەن نییە، بەڵکو بە شێوەیەک لە قاڵب دراوە کە بەرژەوەندی چینی دەسەڵاتدار تێدا ڕەنگ بداتەوە . دەرکەوتنی لۆژیکی گشتی لە قبوڵکردنی مۆدێلی مۆدێرنەو گەشەکردنی ڕۆژئاوا وەکو تاکە ڕێگای پێشکەوتن لە چوارچێوەی پۆست کۆڵۆنیالیزم .
‏‏‏هاوسەنگی نێوان هێز و قبوڵکردن : -هەژموون بە تەواوی دەسەڵاتی زۆرەملێ ڕەدناکاتەوە بەڵکو قبوڵکردنی کولتوری لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی و سەربازی تێکەڵ دەکات . لە کاتێکدا قبوڵکردن شکستی هێنا چینی دەسەڵاتدار پەنا بۆ سەرکوتکردن دەبات.

‏(ئامرازەکانی هەژموون لە چوار چێوەی پۆست کۆڵۆنیالیزم) .

‏لە کۆمەڵگاکانی دوای کۆلۆنیالیزمدا، هەژموونی ڕۆژئاوا لە ڕێگەی چەند میکانیزمێکەوە بەردەوامە: –
‏زمان: زمان ئامرازێکی سەرەکی هەژموونی کولتووریە بە کار هێنانی زمانە کۆلۆنیالیزمەکانی(وەک ئینگلیزی یان فەرەنسی) لە پەروەردە و ئیدارەدا باڵادەستی کولتووری ڕۆژئاوا بەردەوام دەکات و زمانە ناوخۆییەکان پەراوێز دەخات. بۆ نمونە لە هیندستان زمانی ئینگلیزی بووە بە زمانی نوخبەی پەروەردەیی و کارگێڕی و زمانەکانی وەک هیندی یان تامیل لە هەندێک چوارچێوەدا پەراوێز خراون . پەروەردە: سیستەمی پەروەردە لە وڵاتانی دوای ئیمپریالیزم زۆرجار میتۆدی ڕۆژئاوایی بەکار دێنن کە تەرکیز دەخەنە سەر گێڕانەوەی مێژوویی کۆلۆنیالیزم بەمەش کولتوورە ناوخۆیەکان بێ بەها دەکەن . بۆ نمونە لە ئەفریقا مەنهەجەکان سەرنج دەخەنە سەر مێژووی ئەوروپا لەسەر حیسابی مێژووی ناوخۆیی ئەفریقا. ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری گەلی: ئامرازەکانی ڕاگەیاندنی جیهانی تەرویج دەدات بە نۆرم و بەهاکانی ڕۆژئاوا وەکو تاکگەرایی و بەرخۆری ، ئەمەش کاریگەری دەنوێنێت لە سەر ناسنامەی ڕۆشنبیری گەنجانی کۆمەڵگاکانی پاش ئیمپریالیزم . بۆ نمونە باڵادەستی هۆلیوود و میدیای ڕۆژئاوایی لە داڕشتنی پێوەرەکانی جوانی و سەرکەوتن لە ئاسیا و ئەفریقا . نوخبە ناوخۆیەکان: نوخبە ناوخۆیەکان ڕۆڵ دەگێڕن لە بەهێزکردنی هەژموون بە وەرگرتنی مۆدێلی ڕۆژئاوایی لە سیاسەت و ئابووری و کولتوور. گرامشی ئاماژە بەو نوخبەیانە دەکات پێیان دەڵێت “ڕۆشنبیری نەریتی” کە خزمەت بە بەرژەوەندی چینی دەسەڵاتدار دەکەن .

‏(ڕۆشنبیری ئۆرگانیک و ڕزگار بوونی ڕۆشنبیری)
‏چەمکی ڕۆشنبیری ئۆرگانیک یەکێکە لە پایە بنەڕەتیەکانی بیرکردنەوەی ئەنتۆنیۆ گرامشی بەو پێیەی نوێنەرایەتی ئامرازێکی ناوەندی دەکات بۆ بەرەنگاربونەوەی هەژموونی کولتووری و سیاسی ، بە پێچەوانەی ڕۆشنبیری تەقلیدی کە خزمەت بە بەرژەوەندی چینی دەسەڵاتدار دەکات . ڕۆشنبیری ئۆرکانیک بە توندی پەیوەستن بەو چین و کۆمەڵانەی کە پەراوێز خراون و کار دەکات بۆ بەرز کردنەوەی ئاستی هۆشیاری ڕۆشنبیری و سیاسیان و بونیادنانی دژە هەژموون لە چوارچێوەی دوای ئیمپریالیزم . ڕۆڵی ڕۆشنبیری ئۆرگانیک سنورە چینایەتیەکان تێدەپەڕێنێت و شوناسە کولتوری و نەتەوەیە پەراوێزخراوەکان لەخۆدەگرێت، ئەمەش وایکردووە کە لە بەرەنگاربونەوەی هەژموونی ڕۆژئاوادا ڕۆڵی سەرەکی هەبێت . ئەم توێژینەوەیە ئامانجی وردەکاری ڕۆڵی ڕۆشنبیری ئۆرگانیکە، تیشک دەخاتە سەر ئەرکەکانی، ستراتیژیەکانی، بەکارهێنانی پراکتیکی و ئەو ئاڵنگاریانەی کە لە چوارچێوەی دوای ئیمپریالیزمدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە . لەم ڕوانگەیەوە گرامشی لە “دەفتەرەکانی زینداندا” جیاوازی دەکات لە نێوان دوو جۆر ڕۆشنبیردا:
‏ڕۆشنبیری نەریتی: سەر بە نوخبە ڕۆشنبیرە نەریتیەکانە (وەک ئەکادیمی و قەشە و کاهنەکان)زۆرجار سەربەخۆ لە ململانی چینایەتی کار دەکات بۆ بەردەوامکردنی هەژموونی کولتووری چینی دەسەڵاتدار .
‏ڕۆشنبیری ئۆرگانیک: لە ناو چین یان گروپێکی کۆمەڵایەتی دیاریکراوەوە سەرهەڵدەدات و بەرژەوەندیەکانی خۆی دەردەبڕێت و وەک ڕێکخەر و کۆکەرەوەیەک مامەڵە دەکات . ڕۆشنبیری ئۆرگانیک مەرج نییە ئەکادیمیک بێت، دەکرێت نووسەر، هونەرمەند، چالاکوان، یان مامۆستایەک بێت کە پەیوەندیەکی تۆکمەو نزیکی بە کۆمەڵگاکەیەوە هەبێت لە چوار چێوەی دوای ئیمپریالیزم . ڕۆڵی ڕۆشنبیری ئۆرگانیک فراوانتر دەبێت و نوێنەرایەتی گروپە پەراوێزخراوەکانی کولتووری و نەتەوەیی دەکات وەک گەلانی ڕەسەن، جووتیاران، یان کەمینە زمانیەکان لە بەرامبەر هەژموونی ڕۆشنبیری ڕۆژئاوا .

‏(ئەرکەکانی ڕۆشنبیری ئۆرگانیک)
‏ڕێکخستنی هۆشیاری بەکۆمەڵ: ڕۆشنبیری ئۆرگانیک کار بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری کولتوری و سیاسی گروپە پەراوێزخراوەکان دەکات ، کە یارمەتی دەدات لە ڕەگ و ڕیشەی پەراوێزخستنی خۆی تێبگات و دیدی ڕەخنەگرانەی پەرەپێدەدات بۆ هەژموون . بۆ نمونە لە چوارچێوەی پۆست کۆلۆنیالیزمدا، ڕۆشنبیری ئۆرگانیک گێڕانەوەی کۆلۆنیالیزم هەڵدەوەشێنێت کە ڕۆشنبیری ڕۆژئاوا وەک ستانداردی مۆدێرنیتە دەخەنە ڕوو . بەرهەمهێنانی زانیاری ناوخۆیی: بەشداری دەکات لە بەرهەمهێنانی ئەو زانیاریانەی کە ڕەنگدانەوەی ئەزمون و بەها ناوخۆیەکانە، وەک ئەدەب، هونەر، یان لێکۆڵینەوەی مێژوویی بۆ بەرەنگاربونەوەی هەژمونی کولتووری . بۆ نمونە بەرهەمهێنانی بەرهەمی ئەدەبی بە زمانە ناوخۆیەکان بۆ پێشخستنی ناسنامەی ڕۆشنبیری .
‏ ڕێکخستن و کۆکردنەوە: کار دەکات وەک ناوبژیوانێک لە نێوان گروپە پەراوێزخراوەکان و دامەزراوە سیاسی و کولتووریەکان ، هاوکات یارمەتیدەرە بۆ بنیاتنانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی بەرەنگاری . بۆ نمونە ڕێکخستنی بزوتنەوە کولتووریەکان یان سیاسیەکان بۆ داوای مافی زمانی ناوخۆیی یان چاکسازی لە پەروەردەدا .
‏بنیادنانی دژە هەژمونیک : ڕۆشنبیری ئۆرگانیک هەوڵدەدات بۆ بنیادنانی دژە هەژمونیک لە ڕێگەی پێشخستنی نۆرم و بەهاو گێڕانەوەی ڕۆشنبیری ناوخۆیی ، ئاڵانگاری “لۆژیکی گشتی ” دەکات کە لە لایەن هەژموونی ڕۆژئاواوە سەپێنراوە .

‏(ستراتیژیەکانی ڕۆشنبیری ئۆرگانیک لە چوارچێوەی پۆست کۆلۆنیالیزمدا )
‏زیندووکردنەوەی ناسنامەی کولتووری: ڕۆشنبیری ئۆرگانیک تەرکیز دەخاتە سەر زیندوکردنەوەی ڕەگەزە کولتووریە پەراوێزخراوەکان، وەک زمان، هونەر و نەریتە ناوخۆیەکان . بەکارهێنانی پراکتیکی: نگوگی وا تیۆنگۆ لە کینیا داوای کرد ئەدەبیات بە زمانە ئەفریقیەکانی وەک کیکویو بنوسرێت، بەو پێیەی ئینگلیزی باڵادەستی کولتوری کۆلۆنیالیزم بەردەوام دەکات. پەرتوکی سڕینەوەی ئیمپریالیزم لە عەقڵدا (١٩٨٦) بەیاننامەیەکە ڕۆڵی ڕۆشنبیری ئۆرگانیک پیشان دەدات لە وەرگردنەوەی ناسنامەی ئەفریقیدا .
‏‏دوبارە نوسینەوەی مێژوو: کاردەکات بۆ گەڕاندنەوەی گێڕانەوە مێژوویە ناوخۆیەکان کە لە سەردەمی کۆلۆنیالیزمدا سڕاونەتەوە، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی شانازی کولتووری و نەتەوەیی .
‏ بەکارهێنانی پراکتیکی: لە هیندستان گروپی لێکۆڵینەوەکانی سەر بە سەرۆکایەتی ڕاناجیت گوها هەوڵەکانی خستە گەڕ بۆ دوبارە نوسینەوەی مێژووی جوتیاران و چینە پەراوێزخراوەکان ، ئەمەش ئاڵانگاری چیرۆکەکانی کۆلۆنیالیزمی بەریتانیای بوو کە تەرکیزی لەسەر نوخبەکان بوو .
‏ هۆشیاری و ڕۆشنبیرکردن: ڕێکخستنی ۆۆرک شۆپ و وتار و بەرنامەی پەروەردەیی بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری سەبارەت بە ناسنامەی کولتووری و مێژوویی.
‏پراکتیکی کردەیی: لە باشووری ئەفریقا، ستیڤ بیکۆ، سەرۆکی بزووتنەوەی “هۆشیاری ڕەشپێستەکان” ڕۆڵی ڕۆشنبیری ئۆرگانیکی بینی لە ڕێکخستنی بەرنامەی هۆشیاری بۆ بەرەوپێش بردنی شانازیکردن بە ناسنامەی ئەفریقی لە بەرامبەر ئاپارتایددا .
‏بەرهەمهێنانی بەرهەمی ڕۆشنبیری: بەشداریکردن لە بەرهەمهێنانی بەرهەمی ئەدەبی و هونەری و سینەمایی کە ئەزموونی گروپە پەراوێزخراوەکانی تێیدا ڕەنگ دەداتەوە .
‏بەکارهێنانی کردەیی: لە ڕۆژئاوای ئەفریقا، ئایمێ سیزەر و لیۆپۆڵد سێنگۆر بەشداریان کرد لە بزووتنەوەی “نێگریتوددا” بە نووسینی شیعر و شانۆگەری کە شوناسی ئەفریقای شکۆمەند کرد و ئاڵانگاری هەژموونی فەرەنساشی کرد .
‏ڕێکخستنی سیاسی و ڕۆشنبیری: کاردەکات بۆ بنیاتنانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان کە داوای مافی گروپە پەراوێزخراوەکان دەکەن، وەک مافی خوێندن بە زمانە ناوخۆیەکان یان پاراستنی میراتی ڕۆشنبیری .
‏بەکارهێنانی کردەیی: لە بۆلیڤیا، ڕۆشنبیرانی ئۆرگانیکی دانیشتوانی ڕەسەن، وەک ئەندامانی بزووتنەوەی “پاچاکوتی “ڕۆڵیان هەبوو لە ڕێکخستنی داواکاریە سیاسیەکان بۆ بەرەوپێشبردنی مافی دانیشتوانە ڕەسەنەکان و زمانی کیچوا .

‏(شەڕی مانۆڕی و شەڕی پێگەیی)
‏گرامشی جیاوازی دەکات لە نێوان “جەنگی مانۆڕ” کە شۆڕشێکی ڕاستەوخۆیە لە دژی سیستەمی دەسەڵاتدار و “جەنگی پێگەیی” کە ستراتیژیەکی درێژخایەنە بۆ بنیاتنانی دژە هەژموون لە ڕێگەی ڕۆشنبیری و پەروەردەوە لە چوارچێوەی دوای ئیمپریالیزم ، شەڕی پێگەیی زیاتر گونجاوە بۆ بەرەنگاربونەوەی هەژموونی ڕۆشنبیری ڕۆژئاوا ، ئەوەش پێویستی بە بنیاتنانی دامەزراوەی ڕۆشنبیری و پەروەردەیی ناوخۆیی هەیە کە ناسنامەی خۆ بەرز بکاتەوە و ئاڵانگاری مۆدێلەکانی ڕۆژئاوا بکەن .

‏(بەرەو ئۆرگانیکی ناوابەستەیی)
‏ئۆرگانیکی گرامشی ئاماژەیە بۆ پەیوەندی قوڵی نێوان ڕۆشنبیر و ئەو چینە کۆمەڵایەتیەی کە نوێنەرایەتی دەکات ، بە پێچەوانەی ڕۆشنبیری نەریتی کە لە چوارچێوەی کۆمەڵایەتی دابڕاوە ، ڕۆشنبیری ئۆرگانیک کار بۆ پێشخستنی هۆشیاری چینایەتی و بەهێزکردنی چینە پەراوێزخراوەکان دەکات لە چوارچێوەی پۆست کۆلۆنیالیزمدا . دەکرێت چەمکی ئۆرگانیک بەرفرەوانتر بکرێتەوە بە چەشنێک کە بونیادی ناسنامەی ڕۆشنبیری و سیاسی سەربەخۆ لە هەژمونی ڕۆژئاوا بگرێتەوە . ئەندامێتی ناوابەستەیی پێویستی بە دوبارە داڕشتنەوەی پەیوەندی نێوان ناوەند و پەراوێز هەیە، بەجۆرێک کە کولتوورە غەیرە ڕۆژئاوایەکان تەنیا وابەستەی مۆدێلی ڕۆژئاوایی نەبن ئەمەش دەتوانرێت لە ڕێگەی دوبارە نووسینەوەی مێژوو و وەرگرتنەوەی چیرۆکە مێژوویەکانی ناوخۆ کە لە سەردەمی ئیمپریالیزمدا پەراوێز خراون یان سڕاونەتەوە بە دیزهێنرێت .
‏پێشخستنی زمانە ناوخۆیەکان: بەرەنگاربوونەوەی باڵادەستی زمانەوانی ڕۆژئاوا بە زیندوکردنەوەی زمانە ناوخۆیەکان و بەکارهێنانیان لە پەروەردە و ڕاگەیاندندا.
‏ بنیادنانی دامەزراوەی ڕۆشنبیری سەربەخۆ : دروست کردنی ژینگەی ڕۆشنبیری بە مەبەستی ڕەنگدانەوەی ناسنامەی ناوخۆو پێشخستنی خود هۆشیاری .

‏(پەرەپێدانی هۆشیاری بەکۆمەڵ)
‏گرنگی: گرامشی پێیوایە بنیاتنانی هۆشیاری بەکۆمەڵ بنەمای بەرەنگاربونەوەی هەژموونە لە چوارچێوەی پۆست کۆلۆنیالیزمدا، ئەمەش پێویستی بە بەهێزکردنی گروپە پەراوێزخراوەکانە بۆ تێگەیشتن لە مێژوو و ناسنامەی خۆیان.
‏ستراتیژی: ڕێکخستنی ۆۆرک شۆپ و بەرنامەی هۆشیاری لەسەر شوناسی ڕۆشنبیری و مێژوو ، هاوکات بەکارهێنانی میدیای ناوخۆیی بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری کولتووری و بەشداریکردنی پێکهاتە ناوخۆیەکان لە بزووتنەوە سیاسی و کولتووریەکان .
‏بەکارهێنانی پراکتیکی: لە ئەفریقای باشوور بزووتنەوەی هۆشیاری ڕەشپێستەکان بە سەرۆکایەتی ستیڤ بیکۆ سەرنجی خستە سەر پێشخستنی شانازیکردن بە ناسنامەی ئەفریقیەوە لە ڕێگەی پەروەردەی گەلیەوە .
‏فەلەستین : ناوەندەکانی ڕۆشنبیری بەرخوردان ئەدەب و هونەر بەرهەم دێنن بە مەبەستی پێشخستنی ئاستی هۆشیاری ناسنامەی فەڵەستین بۆ ڕووبەڕووبونەوەی هەژمونی ئیسرائیل . لە چوارچێوەی ئەفریقای دوای کۆلۆنیالیزمدا، هەوڵەکان بۆ بنیاتنانی ئەندامێتیەکی ناوابەستە لە بەرهەمەکانی نووسەرانی وەک نگوگی وا تیۆنگۆدا دەبینرێت کە داوای بەکارهێنانی زمانە ئەفریقیەکانیان دەکەن لە ئەدەب و پەروەردەدا ، یان لە بزووتنەوە ڕزگاریخوازە کولتووریەکانی وەک بزوتنەوەی نەگریتود لە ڕۆژئاوای ئەفریقا ، هەروەها دەکرێت بیرۆکەکانی گرامشی بۆ بزوتنەوەکانی بەرخۆدانی کولتووری لە ئەمریکای لاتینیش بەکاربهێنرێت، وەک بزوتنەوە ڕەسەنەکانی بۆلیڤیا و ئیکوادۆر کە هەوڵدەدات ناسنامەی کولتووری و سیاسی ناوخۆیی بگەڕێنێتەوە.
‏(ئاڵانگاریەکانی جێبەجێ کردنی بیرۆکەکانی گرامشی لە چوارچێوەی دوای کۆلۆنیالیزمدا)
‏فرە ڕۆشنبیری: کۆمەڵگاکانی دوای کۆلۆنیالیزم بە فرەچەشنیەکی گەورەی کولتووری تایبەتمەندن، ئەمەش دروستکردنی دژە هەژمونێکی یەکگرتوو قورس دەکات.
‏جیهانگیری: جیهانگیری ئاڵانگاری نوێ بۆ ئەندامێتی ناوابەستە دروست دەکات، بەو پێیەی هەژموونی کولتووری ڕۆژئاوایی لە ڕێگەی میدیا و ئابووریەوە بەردەوامە .
‏دەسەڵاتی ناوخۆیی: لە هەندێک بەستێندا ڕەنگە نوخبە ناوخۆیەکانی دسەڵاتدار بیرۆکەکانی گرامشی بەکاربهێنن بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆیان نەک بەهێزکردنی پەراوێزخراوەکان.
‏‏‏(ئەنجام)
‏”دەبێت بە تەواوی ئاگاداری سنوورەکانی خۆت بیت، بەتایبەتی ئەگەر بتەوێت فراوانیان بکەیت”. ئەنتۆنیۆ گرامشی لە ڕێگەی چەمکەکانی هەژموون، ڕۆشنبیری ئۆرگانی و شەڕی پێگەیی ، توانایەکی فیکری ناوازە بۆ تێپەڕاندنی کۆنتێکستە ناوخۆیی و مێژوویەکان نیشان دەدات لە چوار چێوەی دوای ئیمپریالیزم ، بیرۆکەکانی ئامرازێکی بەهێزن بۆ تێگەیشتن لە داینامیکی دەسەڵاتی کولتووری و سیاسی، هەروەها بۆ بنیاتنانی ئەندامێتی ناوابەستەیی کە تەحەدای هەژموونی ڕۆژئاوا دەکات ،لە ڕێگەی بەرەوپێش بردنی هۆشیاری فەرهەنگی و سیاسی. ڕۆشنبیرانی ئۆرگانیک لە کۆمەڵگاکانی دوای کۆلۆنیالیزمدا دەتوانن ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕن لە دووبارە داڕشتنەوەی ناسنامەی خود و گەیشتن بە ڕزگاری کولتووری و سیاسی . لە گەڵ ئەوەشداجێبەجێکردنی ئەم بیرۆکانە پێویستی بە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی جیهانگیری و فرە کولتووریە کە داوای داهێنان دەکات بۆ گونجاندنی بیرۆکەکانی گرامشی لەگەڵ چوارچێوە ناوخۆیەکاندا . چەمکی هەژموونی گرامشی ئامرازێکی شیکاری بەهێز دابین دەکات بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی بەردەوامبوونی باڵادەستی کولتووری و سیاسی ڕۆژئاوا لە کۆمەڵگاکانی دوای کۆلۆنیالیزم . لە ڕێگەی زمان و پەروەردە و میدیاوە مۆدێلەکانی ڕۆژئاوا وەک ستانداردی گشتگیر هەژموون دەچەسپێنێت و ناسنامە ناوخۆییەکان پەراوێز دەخات ، لە گەڵ ئەوەشدا بوونی ستراتیژی شەڕی پێگەیی کە چوارچێوەیەکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەژموون، لە ڕێگەی بنیاتنانی دژە هەژموونێکەوە کە لەسەر بنەمای زیندووکردنەوەی زمانەکان و گەڕاندنەوەی مێژوو و دامەزراندنی دامەزراوە کولتوورییە سەربەخۆکان ، سەرەڕای ئاڵنگاری وەک فرە کولتوری و جیهانگیری . چەمکی هەژموون هەر بە نەرمونیانی دەمێنێتەوەو دەتوانێت ئیلهام بەخش بێت بۆ بزووتنەوەی ڕزگاری ڕۆشنبیری و سیاسیی لە چوارچێوەی پۆست ئیمپریالیزم ، هەروەها بیرۆکەکانی گرامشی، بەتایبەتی هەژموون، فیکری ئۆرگانیک و شەڕی پێگەیی، ئامرازی شیکاری بەهێز دابین دەکات بۆ تێگەیشتن و بەرەنگاربوونەوەی هەژموونی کولتووری لە چوارچێوەی دوای کۆلۆنیالیزم . لە ڕێگەی ئەندامێتی ناوابەستە دەکرێت ڕۆشنبیرانی ئۆرگانیک ناسنامەی ناوخۆیی گەشەپێبدات و ئاڵنکاری مۆدێلی ڕۆژئاوا بکەن لە ڕێگەی ئستراتییژیەکانی وەک زیندووکردنەوەی زمانە ناوخۆییەکان و دووبارە نووسینەوەی مێژوو. سەرەڕای ئاڵنگاری وەک فرە کولتوری و جیهانگیری . بیرۆکەکانی گرامشی بە نەرم و نیان و گونجاوی دەمێنێتەوە، ئەمەش وایکردووە کە ئامرازێکی گرنگ بێت بۆ ڕزگاری کولتووری و سیاسی لە جیهانی دوای ئیمپریالیزمدا . ستراتیژییەکانی بەرەنگاربوونەوەی هەژموون لە چوارچێوەی دوای کۆلۆنیالیزمدا، کە لە بیرۆکەکانی گرامشیەوە وەرگیراون ، تیشک دەخاتە سەر بنیاتنانی دژە هەژموون لە ڕێگەی ڕۆڵی ڕۆشنبیری ئۆرگانیک و زیندووکردنەوەی زمانە ناوخۆیەکان و گەڕاندنەوەی چیرۆکەکانی مێژوویی و بنیاتنانی دامەزراوەی کولتووری سەربەخۆ و پەرەپێدانی هۆشیاری بەکۆمەڵ. دەرکەوتننی نموونەی فەڵەستین و ئەفریقا و هندستان و ئەمریکای لاتین و (کوردستانی ڕۆژئاوا . و.ک) کارێگەری ئەم ستراتیژیانە لە ئاڵنگاری ڕۆشنبیری ڕۆژئاوا ، سەرەڕای تەحەدیاتی وەک فرە کولتووری و جیهانگیری، ئەم ستراتیژانە بە نەرم و نیان و گونجاوی دەمێننەوە، ئەمەش وایکردووە ببنە ئامرازێکی گرنگ بۆ ڕزگاری کولتووری و سیاسی لە کۆمەڵگاکانی دوای کۆلۆنیالیزمدا.
پرسیارەکە ئەوەیە ‏چۆن چۆنی جەنکی بەرەنگاری و شۆڕشگێڕی لەو ڕوبەرانە پێدەگات دژبە کۆڵۆنیالیزمی ئیستەیتانی بۆ ئەوەی ڕزگارییەکی ڕیشەیی لە وابەستەیی بەدەست بهێنین؟

و . لەعەرەبیەوە(یاسین لەتیف)

‏د . زهیر الخویلدی – حوارالمتمدن – ٢١ – ٨ – ٢٠٢٥

‏مواضیع و ابحاث سیاسیة




بێدەنگیم هەڵبژارد.. سەلام عومەر

ویستم باس لەو قڵیشە گەورەیەی چینایەتی بکەم کە حکومەت درووستی کردوەو خزیوەتە نێو ناخی کۆمەڵگاوە و تادێ فراوانتر دەبێ ، تادێ زەقتر دەبێتەوەو بۆتە دیاردە و هەژارەکان دەهاڕێ، بەڵام بێدەنگیم پێباشتر بوو.
ئەوجا خەریكبوو چیرۆکی هەبوو نەبوو پەرلەمانێک هەبوو بگێڕمەوە و بشیدەمە بڵندگۆکان و لە زەغەتەکان بڵاوی کەمەوە، بەڵام گوتم نەکو بەو هەبوو نەبووە، بەرئاگردانیان بیربێتەوە و هێندەی دی بچنە خەوێکی قوڵەوەو هەر هەڵنەستنەوە، بۆیە بێدەنگیم هەڵبژارد.
بەتەویا بووم باس لە مووچە پاشەکەوتکراوەکان و لێبڕاوەکان و وەستانی تەڕ،،،فیعەکان و تێبڕینی لە سەدا حەوتەکەی بەغدا و نەدراوەکان بکەم، دژەتیرۆر و قەڵغان بەدەست و ریزە کۆستەرو تۆمەتە زۆرەکانم بیرکەوتەوە، بێدانگیم پێباشتربوو.
وێجا حەزم لێبوو حیکایەتی حکومەتێکی ئێکسپایەر و پێشنیاری هەڵبژاردنەوەیەکی پێشوەختە بۆ ڕای گشتی بنووسمەوەو پێیان بڵێم دەنگی ئەوخەڵکەتان بۆ خستە گۆمی ناکۆکیەکانتانەوە و خنکانتان، کەچی دەمی خۆم گرت و قەراقوپم لێکرد.
دواتر نیەتم بوو هاوار بکەم و باسی بێدەنگی شەقام و بەحزبی كردنی پەروەردەو دادگاو قوتی خەڵك و بەکۆمپانیا کردنی نەخۆشخانە حکومیەکان بكەم ، بەڵام بێمنەتی دەسەڵاتم بیرهاتەوە کە بەرامبەر هاوڵاتیانی هەیەتی گوتم نا…نەبا درۆنێکم بۆ بنێرن و هەلا هەلامکەن، ئیدی بێدەنگیم پێباشتر بوو.
هەروابێتەوە تەمام وابوو بەتایبەتکردنی کەرتی کارەبا باس کەم، وەک ئاو و تەندروستی و کامیراکانی هاتوچۆ و ئەوانی دی و بڵێم هەموو سێکتەرەکانی ژیان دراونەتە بازرگانەکان، ئیدی حکومەتمان بۆ چییە؟ تەنیا ژمێریارێک بەسە، کەچی ئەو جەلەشیان بێدەنگیم هەڵبژارد.
خۆ زۆری نەمابوو چیلكەیەك بە گوی وشكی ۳۳ ساڵ حکوڕانیدا بکەم و بڵێم دوای دەیان کۆبوونەوەو هاتوچوون، دوای دابەشکردنی داهاتی سەرزەوی و بنزەوی، دوای تۆخکردنەوەی زۆنە سەوز و زەردەکان، هێشتا ناتوانن وەزارەتەکانی حکومەت بەناوی حزبەوە دابەشکەن؟ هێشتا پشکەکانتان پێکەمە و هەموویتان بۆ خۆتان دەوێ و بەتەمان وەک برا دوای دەیان ساڵ فیفتی فیفتی بەفیتی دەرودراوسێ بژیەننەوە، بەڵام گوتم نەبا بۆنی ناخۆش خوێنەران هێڕکات ئەویشم نەكرد، ئەرێ‌ گەلۆ بێدەنگی باشتر نییە؟؟؟؟؟؟




سروە.. برایم فەڕشی

خەڵکی گەڕەکێک بووین، هاوسا، هاوتەمەن، خڕیلانە. ئەو تەنیا چاو سەوزی گەڕەک بوو. ژیانمان، گەمە، بازەڵێن، شەشخان، باڵەکەم باڵی چییە، مێشێن و پێکەنین بوو. هەرکمان قەرێ قەرێ لە یەک فێربووین و بە شوێن یەکدا دەگەڕاین و بە هەموو چەشنێک خۆمان دەگۆڕی، بۆ ئەوەی یەکتر نەناسینەوە. تەلیسمان بەسەر خۆمان دا دەکێشا، ئەو بە پەلە ڕایدەکردەوە ماڵێ و لە ژێر تەنەکە حەڵەبی خۆی دەشاردەوە و دەیتۆقاندم و جار من هەڵدەهاتمەوە ماڵ و جلی کچانەم لە بەر دەکرد و لە پشت تاقە داری گەڕەک دادەنیشتم و ئەوم دەتۆقاند. قەرێ قەرێی ئێمە، دنیایەکی پڕ لە گەمە و نواندن، جیاواز لە ژیانی گەورە گەورەکان بوو.
فێرگە لە یەکی جیاکردینەوە، ژیانی ڕۆژانەی ئێمە و گەمە و نواندن و قاقا و پێکەنین کەمتر بۆوە، ئەو دەچووە فێرگەی کچان و من فێرگەی کوڕان لەو سەری شار. هەرکمان بە قەڵافەت گەورە دەبووین و بە بوونی خۆمان، منداڵ مابووینەوە. من بۆخوێندن شارم بەجێ هێشت و ئەو لە شار مایەوە. لە پشووی نەورۆز یەکترمان دەگرتەوە و لە حەوش و حەسارو لە سەر سەربان و لە ژێر داری ناو شەقام بازەڵێنمان دەکرد و ئەوانەی ئێمەیان دەدی و دەنگی قاقا و پێکەنینی ئێمە دووانەیان دەبیست، سەریان ڕادەوەشاند.
بەسەرهاتێکی دڵتەزین منی گەڕاندەوە و وای لێهات لە بەر نەبوونی فێرگەی کچان بۆ هەموو بوارێک، هەر کمان بووینە هاوپۆل. کە لە خوێندن تەواو بووین، بەڵێنمان دا بۆ درێژەدان بە خوێندن بەرەو ئورووپا بچین. هەر کام لە لای خۆیەوە خەریکی جێبەجێکردنی کارەکانی بوو، بڕیارمان دابوو لە ڕێگای قەتارەوە بڕۆین، هەر واشمان کرد و قەتار ئێمەی لە تاران و تەورێزەوە گەیاندە باکووری وڵات و سەر زێی وان و ئەوجا ئەستانبوڵ. لەوێ سروە گوتی، من ئەچم بۆ ئیتالیا و دواتر بە یەک دەگەینەوە.
زۆرجار لە ژوورەکەی من هەرکمان چاومان دەقوچاند و بە سەعات گوێمان لە مۆتزارت و باخ و لیست و بەیت و حەیران و هۆرە و چەمەری دەگرت. ئەو حەزی لە چەمەریی بوو، دەیگوت هەست و جولە و دەنگی تێدایە. من کەوتبوومە شوێن تڕاژێدی و دڕامای ناو بەیتەکان. ئەو دەنگی خۆش بوو ، دەیگوت گەرەکمە لە ئیتالیا مۆسیقا فێربم و دەنگ هەڵبڕم، من خولیای شانۆ و دڕاما بووم و دەمویست لەم گۆمەدا مەلە بکەم. سروە پڕ لە پرسیار بوو، ڕۆژێک پرسی خودا بۆ پیاوە، بۆ ژنی نەهێناوە، بۆ خۆی شاردۆتەوە، من بۆ کچم، تۆ بۆ پیاوی؟ دوایە خۆی دای لە قاقای پێکەنین!
سروە بە منی نەگوتبوو لە ئەستانبوڵ ڕێگامان جیا دەبێتەوە. بە دوو هێڵدا پاش ئەو شەوەی هیچمان لە هوتێل چاومان نەچووە خەو، لە یەک جیابووینەوە. دیسان بە هۆی ڕووداوێک، هەڵداشترامەوە شارەکەی خۆم و هەموو شت گۆڕا و ئیسلام لەم وڵاتە زاڵ کرا. من دیسان هەڵگەڕامەوە ئاڵمان و ئەمجارە بەیادی سروە، دوو هەفتە لە ئەستانبووڵ و شەقام و کۆڵان و قەراخ دەریا و ناوبازاڕ خولامەوە و ئەوجا فڕیم بۆ فڕانکفۆرت.
دوازدە ساڵ پاش دوا دیدار، نامەیەک ڕۆژێک لە ڕۆژان لە ناو سەندووقی نامەکان دووچاری ناباوەڕی کردم. لە ناو پاکەت نامە و سێ وێنە خۆیان دەنواند. یەکیان هی سەردەمی فێرگە کە بە کامێرای خۆم گرتبووم، ئەوی تر وێنەی ئەستانبول کە بە هەمان کامێرا لە سەر پردەکە گیرابوو. وێنەی سێهەم وێنەی خۆی بوو لە فیلارمۆنی شاری میلان. ئەو نامەیە کاتێک گەیشتە دەستم کە خەریکی خۆ ئامادەکردن بووم بچم بۆ فڕانکفۆرت و لەوێوە بۆ بلگڕاد و ئەوجا ئەستانبول. ئەمجارە بە قەتار نەچووم و سواری بووس بووم. کە گەیشتینە سنووری تورکیا کابرای پۆلیس لێمی پرسی بۆچی دەچی بۆ ئەستانبول؟ یەکەمجار بوو پۆلیسی وڵاتێک پرسیارێکی دروست و بەجێم لێ بکات. بەیادی ئەو ساڵە، شوێنە کۆنەکان بەسەر کرانەوە، بەڵام شوێن تەواو گۆڕابوون و بۆم تازە نەبوونەوە.
نامەکەی سروەم دەیان جار خوێندەوە، لە هەر وشە و ڕستەیەکدا ئاهەنگ و هەست و خۆشەویستی و ژیان هەبوو، وشەکان وەک ئەوەی لە سەر سەکۆی فیلارمۆنی میلان و کۆڵن بن، هاواریان دەکرد و من نەمدەتوانی وڵامی ئەم دەنگ و ئاهەنگ و هاوارە بدەمەوە. تەنیا کارێک کە کردم ئەو وێنەیەم بۆ نارد کە هەرکمان لە کاتی قەرێ قەرێ، تەلیسمان بە سەر خۆماندا کێشابوو، لە گەڵ دەستخەتێکی کۆنی خۆی.
نیوەشەو، تەلەفوون دەنگی لێ بەرز بۆوە، ساڵێک بوو بە تەنیا دەژیام، لە خەو ڕاچەنیم و منداڵێک گوتی سڵاو بابە گیان، لاڵ بووم و عەبەسراو پرسیم. تۆکێی، گوتی من کوڕی تۆم بابەگیان . ئەوە دایکم لێرە دانیشتووە، پرسیم دەتوانم قسەی لە گەڵ بکەم؟ گوتی نا. نەمدەزانی چ بکەم، لە پڕ گوتی ها قسە بکە.
شەو باش شانۆگێڕ! دڵم داتەپی. تەنیا کەس کە ئەو ناوەی لە من نابوو، ئەو بوو. نیوە شەو باش خانمی ئۆپێڕا!
هەر ئەوەندەم بۆ گوترا و بێدەنگ بووم. ئەو پاش بێدەنگبوونێکی کورت، دەنگی لێ هەڵبڕی و هاوڕێ لە گەڵ مۆسیقای موتزارت، ئۆپێڕا ئاسا چریکاندی، کراس زەردێ، کراس زەردێ…! حەپەساندمی، هەست هەموو لەشی داگرتم و خۆم لە ناو دەروون و هەستی سروەدا دیتەوە، کە لە سەر سەکۆ دەنگی دەڕوا و دەڕوا و کراسی زەردی هاوریشم لە بەر ، لە سەر ئەنگوستانی پێ نەرم نەرم دێت و دەچێ. ئەو شەوە تابەیانی سروە منی پڕ کردەوە لە منداڵی، لە خۆشی و خۆشەویستی.
جار بە جار تەلەفوونی دەکرد و دەریدەخست کە ژیانی سەر سەکۆ و ژیانی دەرەوەی سەکۆ، یەک ناگرنەوە. ئەو لە سەر سەکۆ دەیتوانی بفڕێ، دەنگی هەتا بێ سنوور هەڵکێشێ و هەستی بۆ نادیاری نادیار بەڕێ بکا. بەڵام ئەو بەری سەکۆ بۆ ئەو، پڕ لە فۆڕم و ڕەنگ و دەنگ و ماکێتی زیندووی بێ هەست بوو! سەر سەکۆ بۆ ئەو ڕێئاڵ و ڕەنگدانەوەی سروشت و ژیان و مرۆڤی پڕ لە هیوا و هەست و خۆشەویستی بوو، ئەو دەیتوانی لەو هەست وخۆشەویستییەدا بژی و بژێنێ. دەیگوت، نیچە ڕاستی گوتووە، ڕاستییەکانی ژیان و تاقیکردنەوەی مرۆڤ دەبێ بخرێتە ڕوو و دەستنیشان بکرێن. مەبەستی سروە سەر سەکۆ بوو. دیسان دەیگوت هایدیگەریش ڕاست دەکا کە دەبێژێ،،مرۆڤ دەبێ تاوتۆی بوون و هەبوونی خۆی بکات،،. سروە هەبوونی خۆی تاوتۆ کردبوو. خۆی دەیگوت،، ئەو بەری سەکۆ سڕ و سڕ و پڕ لە نامۆیی مرۆڤ لە خۆی و تەژی لە نمایش کراوە.،،
سروە خۆی لە دەنگ و مۆسیقا و کەلام و ساکارییدا دیتبۆوە، ژیانی ناو ئاسن و بینای حۆلی هەڵکشاو، دار و گوڵی پلاستیکی و سیمای دەستکرد و گەمە و نمایشی ڕۆژانە، وەڕەزی کردبوو. ئاسمان، ئاو، چەم، کێو و شاخ لە ناو شار نادیار و گووم بوون و سروشتی سەردەمی منداڵی ئەوی نادیار کردبوو. دەیگوت ،،کۆتایی هەموو هەفتان بە تەنیا ڕوو دەکەمە دەرەوەی شار و لە ناو سروشت دەنگ هەڵدەبڕم و زۆر جار لە سەر ئەو شاخانەوە هاوار دەکەم، دەچڕکێنم و سەما دەکەم.” لێرە دەنگی کپ دەبێت و بێدەنگ دەمێنێ. زۆرجار کوڕەکەی دەگاتێ و دەڵێ ببوورە بابە، حاڵی سروە باش نییە.
هەمیسان نیوە شەوێک دەنگی تەلەفوون ڕایچڵەکاندم. بابە ببوورە بەم نیوەشەوە تەلەفوون دەکەم، سروە لە دوێنێوە کە چۆتە دەرەوەی شار نەگەڕاوەتەوە، دەتوانی بێی، منیش لێرە بەتەنیام. خۆم کۆ دەکەمەوە و بەرەو فرۆکەخانە دەچم، بەرەبەیان دەگەمێ، ئاژوان بە هەڵەداوان دێت و خۆی لە باوەشمدا جێ دەکاتەوە. لەو کاتەدا دەنگی تەلەفوونەکەی بەرز بۆوە. بابۆ پۆلیس بوو، بچین.
سوار تاکسی بووین و لە دەرەوی شار لە دوورەوە قەرەباڵغی بەرچاو دەکەوت و دەیان کامێرا و تەلەفوون بەدەست دەبیندران، کە نزیک بووینەوە چەند پۆلیس و جلوبەرگ چەرمگی نەخۆشخانە، دەوری کەسێکیان دابوو کە پەتویەکی بە سەردا کێشرابوو، ئاژوان نەڕاندنی سروە، سروە! سروە وەک ئەوەی تەلیس لە سەرخۆی لابدا، پەتووی لادا و سەری هەڵێنا، سەیری ئاژوانی کرد وکە ڕووی وەرگێڕا، گەشایەوە و خۆی هاویشتە ناو باوەشم، هەستێکی ونبوو، دایگرتمەوە، لا ناکاو لێم دوور کەوتەوە و دەنگی هەڵبڕی و سەمائاسا بە کوردی لە ناو ئەو دەرو ودەشتە، چڕیکاندی و ئەو گۆرانییەی چڕی کە دەیان جار بە گوێیدا چرپاندبووم.
چەندەم پێگوتی کچێ سروە، مەچۆ بتوێنێ دووری یار و دیار ، دەتفەوتێنێ بەهارێ نامرم کچێ سروە، شادی و سەیرانە هاوینێ نامرم کچێ سروە، خەلە و خەرمانە پاییزێ نامرم کچێ سروە، گەڵا ڕێزانە زستانێ نامرم کچێ سروە، بەفر و بارانە ئەو کاتە دەمرم گوڵێ سروە، دەست لێک بەر…دانە…
لە ناکاو بەلادا دێت و بەرگ چەرمگ دەگەنە سەری و ناهێڵن بکەوێ. سروە هاوڕێ لە گەڵ سەما ئەم گۆرانییەی چڕی و دەیان کامێرا بەدەست، فلیمیان لێ هەڵدەگرتەوە و ئاژوان خەریکی وەرگێرانی گۆرانییەکەی دایکی بوو بۆ ژۆڕنالیستەکان.
هەفتەیەک کۆڵان بە کۆڵانی شار گەڕاین و لە سەر بەرزترین شوێنەکانی شار، کە شوێنی مێژوویی و پڕ لە هونەر بوون، سەیری دوور دوورەکانمان دەکرد، ئەو دەیگوت هۆوە دەبینی! ئەوجا بە چوار دەوری خۆیدا دەسووڕاو دەیگوت هۆوە دەبینی، هۆوە دەبینی؟ هەرکمان دەگەڕاینەوە بۆ جیهانی منداڵی خۆمان و ئەو کاتەی لە سەر سەربان بەیەکترمان دەگوت، هۆوە دەبینی، هۆوە دەبینی؟
لە شوێنێک لە قەراخ جۆگەیەک لە ناو شار دانیشتبووین، وتی بەیادی قاوەی کوردی، داوای قاوە دەکەم، وابزانە لە سەر حەوزێ چاومان بڕیوەتە جووتە ماسی کە سەر و خوار دەکەن. لە ناکاو بێدەنگ بوو.کە سەری هەڵهێنا فرمێسک بە لا چاویدا شۆڕ ببووە. پرسی، دەزانی چەندە دوورم، چەندە تەنیام؟ هەر دوو دەستی گرتە بەر چاوی.
ڕەنگە کەس ئەوی لەبیر نەمابێ، ئەو کەنیشکە زیت و دەنگ خۆش و ڕووگەشی چاو سەوزە، کە لە کەس نەدەچوو، لەخۆی نەبێ. کەنیشکێکی بیرمەند، باوەڕبەخۆ ، کراوە و پڕ لە پڕێنسیپی ئینسانی. ئەوەندەی لە میلان و ئیتالیا و ئورووپا ناودەنگی هەبوو، هەر ئەوەندەش لە وڵاتەکەی خۆی، بێناو مابۆوە!
چاوی لە جۆگەکەبڕیوە و لە ژێر لێو دەڵێ،
دڵم پڕە لە دەرد و کوڵ ئەڵێم بڕۆم لە شارەکەت لە شاری چاو لەبەر چرای نیئۆن شەوارەکەت بڕۆمە دێ کە مانگەشەو بزێتە ناو بزەم
لە پڕ بێدەنگ مایەوە، دەستی نا ناو دەستم و گوتی بڕۆین. ئەو بێدەنگ و من بێدەنگ بە قەراخ جۆگەدا ڕێگەمان دەبڕی، لە ناکاو خۆی هاویشتە باوەشم و سەری کەوتە سەر سینگم و چاوی لە چاوم بڕی و دیسان لە بەر لێوەوە دەڵێ:
چلۆن بژیم لە شارەکەت کە پڕبەدڵ دژی گزەم؟! لە شارەکەت، کە ڕەمزی ئاسن و منارەیە مەلی ئەوین غەوارەیە غەوارەیە غەوارەیە!
من بێدەنگم و خەڵک کە بەلاماندا دێن لە ئێمە بێدەنگتر سەیرمان دەکەن و تێدەپەڕن، کەسانێک دەیناسنەوە و سەر دادەنوێن و بێدەنگ تێدەپەڕن. سەری هەڵهێنا، چاوی لە چاوەکانم بڕی، خۆی هەڵکێشا، دەمی نایە ناو چاوم و ئارام گوتی،، ئەم ڕۆژانە دوا ڕۆژەکانی ژیانی منە، تۆ تەنیا کەسی کە بەم ڕازە دەزانی. سەرەتان هەموو گیانی داگرتووم، ئاگات لە ئاژوان بێ. ئاگات لە ئاژاون بێ، ڕاستە کوڕی تۆ نییە، کوڕی منە و من و تۆمان نییە.،، دیسان بێدەنگ دەبێ، بزەیەک دەکەوێتە سەر لێوی و دەڵێ،، جلە کوردییەکانم بە کراسە زەردەکەوە بۆ تۆ بەجێ دێڵم، ئیتر پێویست ناکا بچی جلی خوشکت لەبەر کەی. ،، پێکەنی، پێکەنینێکی پڕ لە جوانی، ئەوە دوا وێنەی سروە بوو.

برایم فەڕشی
ڕۆژێک لە ڕۆژان




كردارە خۆ نەویستەكانی دیگایی خۆنەویستی خۆمان.. كارزان عزیز عبدالرحمان

دیدیگشتی لە كۆنەوە واباوبووە كە هۆكارەكانی دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی سەدەی 18 ی زایین بەتایبەتی شۆرشی فەرەنگەكان ..
چونكە دیدیگشتی بەرپرسیارێتی زربەی شتەكانە چونكە هەموو كاتێك دید هۆكارێكە بۆ دەرخستنی تەواوی شتەكان چونكە لە سەردەمی یۆنانیەكاندا دیدیگشتی زۆر بایەخی پی ئەدرا چونكە ئەو كاتە لەناو [ئاپۆرا]دا بلاو دەكرانەوە چونكە لەوسوردەمەدا هەر ئەوە هەبوو تاكاتی ئەوەی خەڵكی لەسەر دیوارەكان بۆچوونەكانی خۆی دەرە بری دەیی گەیاند بە كەسانی تر بەو جۆرە دیدی گشتی وردە وردە دەچووە قۆناخی پەرەسندنەوە، لەسەردەمی رۆمانەكاندا دیدیگشتی كەوتە ناو قۆناخی تازەوە بۆیە. لەسەردەمی رێنیسانسیشدا تەواویی دیدەكان گەشەیان كرد خەڵكی تا حەدێك ئازادی بەخۆیەوە بینی بۆیە سەردەمی بووژانەوە بە سەردەمێكی تەواو ئازادی دێت بۆیە سەردەمی ڕێنسانس ئەتوانین ناوی بنێن سەردەمیی دووبارە لەدایك بوونەوەی ژیان هەر لەم سەردەمەیابوو كە مارتن لۆسەر هات كە [صكولار غوفران ]، كلیلی دەرگایی بەهەشت بۆیە چینی دەسەلاتی كڵیسە ئەوكاتە وایان لەخەڵكی دەكرد كە زەوی و زارو كۆیلە كانیان لە گەڵ كچ و ژن و ماڵی خۆیان بدەنە دەسەڵاتی كڵسە تەنها بۆ ئەوەی صكولار غوفرانیان دەست كەوێ كاتێ دەچنەوە بۆ دوونیاكەتر، بۆیە مارتن لۆسەر هات وتی من هەموو دۆزەخ ئەكرم با بەهەشت بێتە خۆرایی ئەم هەڵسو كەوتە پیاوانی كڵسەی تورەكرد لەبەر ئەوە بوو كە كەس تێنەگەشتوو لەم قسانە ئەوەش بۆ ئەوە ئەگەرێتەوە كە دەسەلاتی پیاوانی كڵسە رێگەیان بەكەس نە ئەدا ئینجیل بخوێنەوە یان شەرعی كەن هەموویان خۆیان ئەیان كر بۆیە دەسەلاتی مارتن لۆسەر لەسەردەمی ڕێنسانس دا هات ئەم بۆچوونەی لە [رادیكاڵەوە ] گۆڕی بۆیە بەسەردەمی بەسەردەمی بووژانەوە ناسرا.

  1. داوەریی: بریتیە لەو بیركردنەوەوانەی كە لەشێوەی رستەیەكی ناچاریدا گۆزارشت لە خۆی دەكات پشت بە زۆربەی شتەكان دەبەستێ بابەتێكی دیاری كراو دیاری دەكات ئە دووبات كردنەوەیا بابەتی بێت یان نا.
    مەبەستمان لە داوەریی ئەوەیە كە هەموو كات ئەو بابەت دیاریی ئەكەین كە خۆمان بریاریی لەسەر ئەدەین بنموونە سوكرات یان ماركس كە داوەریی بوون یەكیان بر چینی پرۆلیتاریان و چینی كرێكار ئەوی تریان بۆ چینی بیركرنەوەو بیرو را بەلام هەردووكیان بەداوەریی مەزندە ئەكرێن چونكە داوەری وشەیەكە هەمیشە هەمیشە پشت بە بابەتی یان چەسپاندنی بابەتێكی دیاری كراو دیاریی دەكات كەچۆن بی یەوێ داوەرریی تێدا بكات ..

3.بەرجەستە بوونی تێگەیشتن و ناسینی دیاردەو رووداوەكان و رەهەندەكانیان واتە كارلیك كردنی دەروونیانەی تاك لە تاوتوێكردنی ئەو دیاردەو رووداوەنەدا
لایونگری ئەم رەوتە [فلورد، اولبورت، ف،ا،كی، تشارلز كولی ]
نموونەی ئەم رەوتە: چارلز كۆلی پێوایە دیدیگشتی بریتی نیە لە كەڵەكە كردنی یەكە یەكەی رای تاكەكان، بەڵكو كردەی ڕێخستنی بەرهەمەكانی هاوكاری وهاوبەشیكردنیانە لە كردەی گەیاندن و ئاڵوگۆركردنی كاریگەرێتی دوولایەنەیاندا..
بەلام لەو سەردەمە دادیدیگشتی زۆربەی جار رای ئاپۆرایی لەسەر نیە بەڵكو رایی تاك رۆل دەبینێت لێرەدا بۆیە هەموو كات ئە لە جێ گشت بریار ئەدات بَی ئەوەی رازی بێ یان نا مو هیم ئەوەیە كە لە ئێستادا دیدیگشتی رۆلی نیە چونكە خەڵكی چاوی بەستراوە بە بۆچوونی ئەم و ئەوە كە هەمیشە ئەوەی ئەو دەیلیت راستە بۆیە لە تەواویی دیدیگشتیدا هەمیشە [ئاپۆرایی] گرینگە نەك رایی تاك رایی تاك كاتێك گرینگە ئەوەش ئەوەیە كە رایی گشت وەرگرێ تاكیش رای گشت بگەیەنێتە شوێنی مەبەست، بەڵام ئەمە لەئێستا من وەك خۆم بە دیدی خۆم بەدی ناكەم ..
1.جەماوەر دیاردەیەكی كۆمەڵایەتییە،
2.ئەوە پڕۆسەی جۆشدانە دەتوانێت راڤەی ئاوێتەبوونی تاكە كان بكات لەناو جەماوەرداو توانەوەیان تێدا

  1. سەركردەی جۆشدەر مومارەسەی پرۆسەی خەولێخستنی موگناتیسی دەكات لەسەر جەماوەر بەهەمان ئەو شێوەیە پزیشك لەسەر نە خۆش دەیكات.

نووسینی و ئامادەكردنی: كارزان عزیز عبداراحمن \ قوتابی زانكۆ




ئایا جەماوەر بیر دەکاتەوە؟.. وەرگێڕان و ئامادەکردنی لە عەرەبییەوە: گۆران عەبدوڵڵا

جەماوەر لەڕێی عەقڵەوە ناژێت، بەڵکو لە ڕێی ئەفسانەکانەوە دەژی و بە بەکارهێنانی بەڵگە هەڵناسووڕێت، بەڵکو بە هەست و سۆز دەجوڵێتەوە. بەم وشانە، گۆستاڤ لەبۆن – Gustave Le Bon- مەشخەڵێکی لە ناو تاریکیدا هەڵکرد بۆ ئاشکراکردنی بوونەوەرێکی ترسناک کە ناوی جەماوەرە.
ئەوانە مرۆڤی سەربەخۆ نین، بەڵکو کۆمەڵێکی تووڕەن کە عەقڵیان لەژێر هەژمونی غەریزە سادەکاندایە و لەڕێی هەست و سۆزەوە حەماس دەیانگرێت. ئەوان گوێ بە بەڵگە نادەن، بەڵکو زۆر زوو بڕوا بە درۆکان دێنن. هەر ئەفسانەیەک دەکەوێتە سەر زمانیان، دەبێتە حەقیقەتێکی خوێناوی کە عەقڵ زەحمەتە سحری ئەو ئەفسانەیە لایان خاڵیبکاتەوە. ئەمە زامێکی کراوەی مرۆڤایەتییە. عەقڵ لە تاکەکەسدا سەرچاوە دەگرێت، بەڵام لە کۆمەڵدا دەمرێت. بۆیە ئەوە فەیلەسووف نییە، بەڵکو ساحیرە کە رابەرایەتی جەماوەرەکە دەکات. دەنگی عەقڵ نا، بەڵکو دەنگی دەهۆڵەکان دەبیستن.

بەم شێوەیە لۆبۆن تێگەیشت کە مێژوو بە بەڵگە نەنووسراوە، بەڵکو بە سروودەکان و ئاڵاکان نووسراوە. جەماوەرەکان بەرەو روناکی نا، بەڵکو بەرەو سووتاندن بەرێدەکرێن، کەچی وا دەزانن ئەو هەراو هۆریاو شاتە شاتە ئەستێرەی رزگاریکەریانە.
کاتێک لە قوڵایی ئەوەی گۆستاڤ لەبۆن ئاشکرای کردووە تێدەگەین، کە چۆن جەماوەرەکان گوێ بە عەقڵ نادەن، جگە لەوەی وەک کەسێکی برسی چۆن گوێ بە وانەیەک دەدات کە سەبارەت بە خواردنە، بە دیدێکی لێڵ و دڵێک کە بۆ شتێکی تر هاوار دەکات. ئەوانە پێویستیان بە سەرخۆشییە، نەک بە بەڵگە، بە نیشانەیەکی درەوشاوە، نەک بە حەقیقەتێکی کاڵ. بەم شێوەیە ئەفسانەکان دروست دەبن، وەک ئەفیونێکی کۆمەڵایەتی بە ژەمەکانی جۆش و خرۆشەوە دەدرێتە ئەوان و ئەوانیش وەک کەسێکی تینوو کە ئاوی پیس دەخواتەوە، بەبێ گوێدانە پیسییەکەی کە لە خوێنەکانیاندا دەگەڕێت، دەیخۆنەوە.

لۆژیک لە دەستی جەماوەردا وەک کاغەزێک وایە لە بەرامبەر ئاگرێک دەسووتێت و دەبێتە خۆڵەمێش. بۆیە جەماوەرەکان هەرگیز بە وتارێکی عەقڵانی نەبراونەتە مەیدانەکان، بەڵکو بە وتارێکی سەرگەردان کە سروشتی سادەکان دەهەژێنێت. حەقیقەت لە لای ئەوان بە پێوەری بەڵگە ناپێورێت، بەڵکو بە تواناییەتی ئەو کەسەی کە دەتوانێت ئەوان لە هەست و سۆزدا نقووم بکات.
جەماوەرەکان بەدوای بەڵگەوە نین، بەڵکو بەدوای ئەفسانەیەکەوەن کە مانایەکی کوێرانەیان پێدەبەخشێت. هەرچی ئەوان دەیانەوێت، چیرۆکێکە کە خوێنیان دەهەژێنێت، دروشمێک کە وەک بتێکی نوێ بەرز دەکرێتەوە، درۆیەک کە دووبارە دەبێتەوە تا دەبێتە دینێک. عەقڵ لە لای ئەوان غەریبێکی دەرکراوەو بەردباران دەکرێت ئەگەر واز لە رووتکردنەوەیان نەهێنێت.
بۆیە گۆستاڤ لەبۆن وتی: جەماوەرەکان هەر بۆخۆیان بتەکانیان دروست دەکەن و دەیپەرستن، بەڵام پەرستنێک تا مردن.
ئەوەی تراژیدیای مرۆڤە لە کۆمەڵدا. حەقیقەتە کەهیچ مانایەکی نییە ئەگەر بە خوێنی هەست و سۆز نەخوڵقێنرابێت. فەیلەسووف بەڵگەکانی لە زەوییەکی وشک و بێبەر دەچێنێت، بەڵام دەستەمۆکار ئەفسانەکەی بەرەو ئاسمان هەڵدەدات، کە دەبێتە ئاگرێک و لە سینەیاندا دەگەڕێت. بەم شێوەیە مرۆڤەکان بەرەو سەربڕین بەرێدەکرێن، لەوکاتەی پێیانوایە بەرەو بەهەشت دەڕۆن.
ئەوە ئارگیومەنتەکانین کە ئاراستەکان دەستنیشان دەکەن، بەڵکو زەبری لێدانی دەهۆڵەکانە، ئاڵاکانە کە بە خوێنی ئەوان دەشەکێتەوە. جەماوەرەکان وەک منداڵی تووڕەوان کە حەقیقەتیان ناوێت، بەڵکو چیرۆکێک کە سەرسامیان بکات، تەنانەت ئەگەر ژەهراویشبێت. ئەوان بەدوای جادووگەر دەکەون نەوەک فەیلەسووف، چونکە جادوگەر سەرخۆشییان پێدەبەخشێت، بەڵام فەیلەسووف ئاوێنەیەکیان پێدەدات کە حەقیقەتی خۆیانی تێیدا دەبینن.

بۆیە لەبۆن جەختی لەسەر ئەوەکردەوە کە جەماوەرەکان بە لۆژیک رێکناخرێن، بەڵکو بە خەیاڵە رەنگاوەرەنگەکان سەركردایەتی دەکرێن، چونکە عەقڵ لە لای ئەوان هیچ نییە لە بەرامبەر وێنەیەک کە دەگریێت یان دروشمێک کە هاوار دەکات.
ئەگەر ویستت ئەوان کۆنترۆڵ بکەیت، حەقیقەتیان پێشکەش مەکە، بەڵکو ئەفسانەیەک پێشکەش بکە کە خوێنیان دەجمێنێ، وا بکە باوەڕ بکەن کە رزگاری لە پشت ئاڵاکەیە و مردن رێگەیەکە بۆ نەمریی کۆمەڵایەتی. ئەوسا دەبینی چۆن لەدەورت دەئاڵێن و قوربانی دەدەن. ئەمە قەساوەتی حەقیقەتە، کە عەقڵ چەکی تاکەکانە، بەڵام هەست و سۆز سوپای جەماوەرەکانە و هیچ سوپایەک بە عەقڵ شکستی پێناهێنێت.

جەماوەرەکان، نایانەوێت کەسێک بۆیان بیر بکاتەوە، بەڵکو کەسێکیان دەوێت خەون ببینێت بۆیان. بۆیە کاتێک سۆقرات لە مەیدانی ئەسینا وەستا و بەڵگەکانی وەک جوتیارێک چۆن تۆدەچێنێت ئاوای چاند کەچی جەماوەرەکان تەنها رقیان دورییەوە. بەڵگە لە لای ئەوان تاڵ بوو وەک دەرمانێک کە منداڵەکان رەتیان کردووە بیخۆن، بۆیە ئەفسانەیان هەڵبژارد بەرامبەر عەقڵ، هەست و سۆزیان هەڵبژارد بەرامبەر گفتوگۆ. هەر بۆیە پاڵیان پێوەنا بەرەو مەرگ وەک چۆن قوربانییەک بەرەو سەربڕین دەبرێت. کاتێک سۆقرات ژەهرەکەی خواردەوە ئەوان چەپڵەیان لێدا. بەم شێوەیە عەقڵ هەمیشە قابیلی کوشتنە لەلایەن جەماوەرە خەیاڵپەرستەکانەوە. دیمەنی مەرگی سۆقرات رووداوێکی جیا نەبوو لەو یاسایەی کە هەمیشە دووبارەدەبێتەوە، هەر کاتێک دەنگی عەقڵ دەردەکەوێت و بە پێچەوانەی عەقڵی باوی جەماوەر هەنگاو دەنێت هەر زوو بەردباران دەکرێت تا مردن.

جەماوەرەکان ناتوانن ئاوێنەیەک هەڵبگرن کە نەفامیان پێ نیشان بدات، بۆیە بە پێکەنینێکی شێتانەو هاوارێکی کوێرانەوە ئەو ئاوێنەیە دەشکێنن. ئەمە ئەو دڵڕەقییەیە کاتێک لەبۆن دەیدرکێنێت:
بەڵگە دەبرێتە پای سێدارە بەڵام ئەفسانە لەسەر تەختی شاهانە دادەنرێت. ئەنجامەکە ئەوەیە کە مێژوو بە پێنووسی فەیلەسووفەکان نانووسرێتەوە، بەڵکو بە خوێنی ئەوانەی بە ناوی حەقیقەتەوە لە خاچ دەدرێن دەنووسرێتەوە. لە هەر مەلحەمەیەکی گەورەدا، رووی جەماوەرەکان وەک بوونەوەرێکی تووڕە دەردەکەوێت کە قارەمانەکانی لە خوێن دروست دەکات، نەک لە بیرکردنەوە. کاتێک ئەسینا سۆقراتی لەخاچدا، لە هەمان کاتدا ئەفسانەکانی سەبارەت بە شکۆ و خوداکان سەرسامی کردبوو. فەیلەسووفەکەیان نەکوشت چونکە کەسێکی لاوازە، بەڵکو بەهۆکاری ئەوەی بە حەقیقەتەوە رووبەڕووی نەفامیان بووەوە. حەقیقەت هەر لە سەرەتاوە دوژمنی جەماوەرەکان بووە، ئەوان ناتوانن روناکی هەڵبگرن، بەڵکو بەدوای ئاگر دەکەون، تەنانەت ئەگەر بڵێسەی ئاگرەکە ئەوان بکاتە خۆڵەمێش. بەم شێوەیە سەرنوشتی مرۆڤایەتی هەمیشە بە سروودەکان رێگەیان پێدراوە، نە بە بەڵگەکان، بە دەهۆڵەکان، نەوەک بە عەقڵ.
هەموو داستانەکان شایەتن کە چۆن خەڵکەکە شکۆیان داوە بە قارەمانکانی، لە کاتێکدا هیچ بەڵگەیەکیشیان بەدەستەوەنەبووە. جەماوەرەکان پێویستیان بە وێنەیەکی حەماسییە، بە خوێنێک کە دەرژێت، بە نیشانەیەک کە وەک بتێک بەرز دەکرێتەوە بۆ پەرستن وەک ئەوەی مێژوو هەمووی لەلایەن عەقڵی بیرمەندانەوە نەبێت، بەڵکو لەلایەن زامەکانی جەماوەرەکانەوە کە بە ئەفسانەکان دەسووتێن، بەڕێوە دەبرێت.

لە سەدەی بیستەمدا، جەماوەرەکان سەلماندیان کە ئەوەی لەبۆن وتی تەنها تیۆرییەک نەبوو، بەڵکو نەفرەتێکی مێژوویی بوو. ملیۆنان کەس نەکەوتنە دوای عەقڵ، بەڵکو دوای ئەفسانەیەک کەوتن کە جلوبەرگی رزگارییان لەبەرکرابوو. لە چین، کتێبی سووری ماو تسێ تونگ بەڵگەیەکی عەقڵانی نەبوو، بەڵام کرابووە ئینجیلێکی کۆمەڵایەتی نوێ بۆجەماوەرەکان. وەک ئیماندارێک چۆن دوعاکانیان دووبارەو دەبارەدەکەنەوە ئەوسەندەیان دووبارەکردەوە تا لە شۆڕشێکدا غەرق بوون کە منداڵەکانی خۆیانی خوارد.
لە کامبۆدیا، پۆڵ پۆت جەماوەرەکانی بەرەو دۆزەخێکی سەر زەمینی برد بە ناوی ئەفسانەی گەڕانەوە بۆ پاکیزەیی کە تێیدا رۆشنبیران و خوێندکارانی کوشت، چونکە جەماوەرەکان بەڵگەیەکیان بۆ داهاتوویان نەدەویست، بەڵکو هاوارێکیان ویست کە لە بیرکردنەوە ئازادیان بکات. ستەمکارەکان دەسەڵاتیان لەسەر بنەمای تاکڕەوی دروستکرد و جەماوەرەکانیان کردە کائینێک کە وێنەی سەرکردەکەی وەک خودایەکی نوێ بپەرستێت. بەم شێوەیە جەماوەرەکان کڕنۆش بۆ وەهمێک دەبات و لە پێناو ئەفسانەیەکدا بە کوشتدەدرێت، لە کاتێکدا عەقڵ لە ژێر پێیدا دەپلیشێتەوە.

جەماوەرەکانی رۆژهەڵات کەمتر لە هاوتاکانیان لە رۆژئاوا دڕندەتر نەبوون. ئەوان ئاڵا دینی و سیاسییەکانیان وەک بتەکان پەرستووە و هۆشمەندییان وەلاناوە. کاتێک بانگەوازدەکرێن بۆ ناسینەوەی خۆیان و ژیان بە تۆمەتی کفر تەکفیر دەکرێی، بەڵام کاتێک دروشمێک کە سروشتی سادەییان دەهەژێنێت، بەرزی دەکەنەوە بۆ پلەی خودایی.
بەم شێوەیە تراژیدیای سۆقرات بە جلوبەرگێکی نوێ و لەزەمەنێکی تردا دووبارە دەبێتەوە، ئەمجارە دادوەرەکان جیاواز لە دادوەرەکانی ئەسینا مێزەریان لەسەرناوە یان بەجل و بەرگی سەربازییەوە. جەماوەرەکانی رۆژهەڵات بە وتارە حەماسێکان و فەتوا رێکدەخرێن، نەوەک بە بەڵگە. بە هاواری اللە اکبر یان بژی سەرۆک بێسڵکردنەوە بەرەو مەرگ پێشبڕکێدەکەن، چونکە ئەفسانە یەقینێکیان پێدەبەخشێت کە لە بیرکردنەوە ئاسانترە. ئەوان عەقڵ بە دەستی خۆیان دەکوژن و چەپڵە بۆ مەرگی خۆیان لێدەدەن.
ئەمە ئەوەیە کە وشەکانی گۆستاڤ لەبۆن دەکاتە نەفرەتێکی هەتاهەتایی: بەڵگەکان کۆمەڵگە درووستناکەن، بەڵام هەست و سۆز نەتەوەیەکی تەواو لە کوێرەکان دروست دەکات.
دوای ئەوەی بینیمان چۆن تراژیدیای جەماوەرەکان لە رۆژهەڵات و رۆژئاوا دووبارە دەبێتەوە، دەتوانین وشەکانی گۆستاڤ لەبۆن لە رێگەی ئەوەی تیۆریەکانی زانستی کۆمەڵایەتی نیشانیاندا، تێبگەین. جەماوەرەکان کاتێک دروست دەبن، عەقڵی تاکەکەسی خۆیان لەدەست دەدەن و دەبنە بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی کە ئیتر بیرناکەنەوە و هەر مل دەنێن بەرەوپێش. ئەمیڵ دورکهایم – Émile Durkheim- ئەمەی ناو نا “ویژدانی بەکۆمەڵ”، بەڵام ویژدانێکە زیاتر لە تەنێکی نابینا دەچێت کە تاکەکەس لەژێر چەرخەکانی دەکاتە خۆڵەمێش. لێرەدا عەقڵ هەڵدەوەشێتەوە و ئەوەی دەمێنێتەوە رۆحێکی کۆمەڵایەتی سووتێنەرە کە بەڵگە ناناسێت، بەڵکو تەنها هەست و سۆز دەناسێت. ئەمە ئەوەیە کە جەماوەرەکان لە چاوی زانایانی کۆمەڵایەتیدا وەک کۆمەڵێک کە بە وزەیەکی سەرەتایی بارگاوی کراوە دەبینرێت. ئەوان شتەکان هەڵناسەنگێنن بەڵکو پەلاماری دەدەن، حەقیقەت دروست ناکەن، بەڵکو ئەفسانەکان دروست دەکەن کە کۆنترۆڵیان دەکات. فەیلەسووفەکان دەکوژرێن، پێغەمبەرەکان بەدرۆ دەخرێنەوە، کەچی ستەمکارێک دەکرێتە خودا، چونکە جەماوەرەکان هەمیشە ئەفسانە هەڵدەبژێرن و بەڵگە دەخەنە ژێر پێیانەوە.
ئەو ویژدانە کۆمەڵایەتییەی کە دورکهایم وەسفی کرد، هەرگیز رۆحێکی پاک نەبوو، بەڵکو جانەوەرێکی تووڕەیەو لە خوێنی قوربانییەکانی خۆی دەخواتەوە.
لە شۆڕشی فەرەنسیدا، مەقسەڵە ئەنجامی عەقڵ و خەونی فەلسەفە نەبوو کە خەونی بە ئازادیەوە دەبینی، بەڵکو ئەنجامی جەماوەرەکان بوو کە بوونە کۆمەڵێکی تووڕە کە بۆ ئازادی هاوار دەکەن و لە هەمان کاتدا مەیدانەکان لە خوێندا غەرق دەکەن. دروشمەکە لە کتێبەکاندا عەقڵانی بوو، بەڵام لە شەقامەکاندا بووە رێوڕەسمێکی خوێناوی، کە ئەفسانە بەهێزتر بوو لە بەڵگە وە هەست و سۆز دڕندەتر بوو لە هەر عەقڵێک. بەم شێوەیە دیمەنەکان بە درێژایی مێژوو دووبارە دەبنەوە: جەماوەرەکان شتەکان بە پێوەری عەقڵ ناپێون، بەڵکو بە پێوەری سروشتی سادە و خوێن.

پاشاکان نەبراونەتە پای مردن چونکە گەل گفتوگۆی بەڵگەکانیان دەکات، بەڵکو لەبەر ئەوەی جەماوەرەکان پێویستیان بە ئەفسانەیەکی نوێ بووە، قوربانییەکی کۆمەڵایەتی کە خۆیانی پێ پاک بکەنەوە. وەک گۆستاڤ لەبۆن دەڵێ: (حەقیقەت دەسەڵاتی نییە، بەڵکو تەنها ئەفسانە دەسەڵاتی هەیە) بۆیە سەربڕینەکان دەبنە رێوڕەسم و خوێن دەبێتە تەنها وانەیەک کە جەماوەرەکان تێیدەگەن.

زانستی دەروونناسی ئاشکرای دەکات کە جەماوەرەکان بەشێکنین لە هۆشمەندێکان، بەڵکو بەشێکن لە فەناکردنی. کاتێک تاکەکەس لە ناویاندا دەتوێتەوە، ئیرادەی خۆی لەدەستدەدات، وەک ئەسیرێک وایە کە چەکەکەی دەداتە دەست نەیارەکانی.
فرۆید لە زانستی دەروونناسی جەماوەرەکاندا دەڵێ: (کاتێک تاکەکەس دەچێتە ناو کۆمەڵ، لە ئاستی هۆشمەندی خۆی دادەبەزێنێت بۆ پلەیەکی سەرەتایی، کە زیاتر ئامادەیە بۆ گوێڕایەڵی و زیاتر خۆدەداتە دەست خەیاڵ.) بەم شێوەیە جەماوەرەکان دەبنە بوونەوەرێکی یەکگرتوو کە هیچ هۆشمەندییەکی نییە جگە لە سروشتی سادە و هیچ ئاسۆیەکی نییە جگە لە بەیەکداهاتن. ئەوەی هاوکێشە دەروونییەکان بە خوێنێکی ساردەوە دەیخەنە روو، لە راستیدا تراژیدیایەکی خوێناویە: جەماوەرەکان هۆشمەندێکی چەند لایەنە نییە، بەڵکو عەقڵێکی یەک لایەنەیە، عەقڵێک کە لە بیرکردنەوەیەکی ئازاد بێبەش کراوە، بۆ ئەوەی ببێتە هاوار بۆ خوداکان.
لەم چوارچێوەیەدا، بەڵگە شوێنێک نادۆزێتەوە بۆ خۆی، چونکە پێویستی بە عەقڵە جیاوازەکانە، بەڵام جەماوەرەکان هەموو عەقڵە تاکەکەسییەکان لە مەنجەڵێکدا دەکوڵێنێت. ئەمە ئەوەیە کە گۆستاڤ لەبۆن جەختی لەسەر کردەوە کە حەقیقەت لای جەماوەرەکان هیچ دەسەڵاتێکی نییە، بەڵکو تەنها ئەفسانە دەسەڵاتی هەیە، چونکە ئەوە غەریزە سروشتیە سادەکەیەتی.
ئەگەر بە چاوی زانستی دەروونناسی سەیر کەین، دەبینین کاتێک تاکەکەس لە ناو کۆمەڵدا ون دەبێت و ئاگادارە لە ونبوونەکەی خۆی، لە ناو جەماوەرەکەدا دەتوێتەوە، عەقڵی خۆی لەدەست دەدات، دەڵێی کەسایەتییەکەی خۆی کوشتووە تاکو داگیرکەرێکی تری سەیر و نامۆتر، سەرەتاییتر و توندوتیژتر لە ناخیدا لەدایک ببێت. بۆ ئەوەی بوونەوەرێکی تر لە ناویدا لەدایک ببێت، بوونەوەرێک کە سەیرترە، سەرەتاییترە و توندوتیژترە. مێگەل وەک نەخۆشێک دەبینێت، قسە دەکات و دەجوڵێت، بەڵام بەبێ هۆشی تاکەکەسی، بەبێ ویژدان، بەبێ بەرپرسیارێتی. لێرەدا مەیدانەکان دەبنە نەخۆشخانەیەکی کراوە بۆ شێتی، بەڵام بەبێ دکتۆر و بەبێ چارەسەر.

ژان جاک ڕۆسۆ لە کتێبی (گرێبەستی کۆمەڵایەتی)دا نووسیویەتی: “مرۆڤ بە ئازادی لەدایک دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا لە هەموو شوێنێک بە زنجیر بەستراوەتەوە”. ئەو زنجیرانە تەنیا هی ستەمکاران نییە، بەڵکو هی جەماوەر خۆیەتی. کاتێک تاک تەسلیمی ئەوان دەبێت، خۆبەخشانە ئازادی خۆی لەدەست دەدات و دەبێتە کۆیلەی دەنگی قەرەباڵغی.. ئازادی لە لای روسۆ لەژێرپێی هەڵچون و سۆزدا دەنێژرێت، چونکە جەماوەرەکە تاکەکەس دەکاتە سێبەرێکی بەبێ روخسار.

سۆرن کیرکگارد- Søren Kierkegaard- لە کتێبەکەیدا “نەخۆشی تا مردن” بە پێداگرییەوە نووسیتی: “قەرەباڵغی فشەیە.” لێرەدا ئاشکرا دەبێت کە جەماوەرەکان تەنها مەترسییەکی سیاسی نین، بەڵکو کەمئەندامییەکی بوونییە. درۆ کاتێک لە هەزاران دەمەوە بەرز دەبێتەوە و دووبارە دەبێتەوە، کۆمەڵ کاتێک ئەفسانەکان دووبارەدەکاتەوە، بەم شێوەیە درۆ زیاتر لە خودی حەقیقەت دەبێتە واقیعی و عەقڵ دەبێتە دەنگێکی تەنیا لە ناو هاواری کۆمەڵێک کە تەنها خەیاڵ دەناسێت. ئەمە لۆژیکی لۆبۆنە: قەرەباڵغێکە خۆی بە هۆشمەندی راست ناکاتەوە، بەڵکو بە هەر هاوارێکی نوێ گیرۆدەی نەخۆشی زیاتر دەبێت.

ئەفڵاتون لە کتێبەکەیدا “کۆمار” یەکێک بوو لە یەکەم کەسەکان کە لە مەترسی جەماوەرەکان تێگەیشت، کاتێک وتی: “دیموکراسی بە ستەمی جەماوەرەکان کۆتایی دێت.” بە لای ئەوەوە، کاتێک دەسەڵات بدرێتە خەڵکی گشتی، کەشتییەکە نە بە دەستی عەقڵانییەکان، بەڵکو بە دەستی کەشتیوانە سەرخۆشەکان بەڕێوە دەبرێت کە بەرزتر لە دەنگی کاپتنەکە هاوار دەکەن. جەماوەرەکان لە چاوی ئەفڵاتوندا شەپۆلێکی شێواوە کە بە ئازادی خۆی داپۆشیوە و لە زگی ئەوەوە ستەمکار لەدایک دەبێت، چونکە ئاژاوەگێڕ تەنها ئەو کەسە دەناسێت کە وەڵام بە ئارەزووەکانی دەداتەوە.

ئەلێکسی دوتۆکڤیل – Alexis de Tocqueville- لە کتێبەکەیدا “دیموکراسی لە ئەمریکا” ئاماژەی بە ستەمێکی نوێ کرد کە نە بە دار، بەڵکو لە رێی فشاری زۆرینەوە بەکار دەهێنرێت. نووسیتی: جەماوەرەکان بە دەنگی بێدەنگکردن و رایەکی یەکگرتوو دەسەپێنن کە لە هەر ستەمێکی تاکەکەسی دڕندانەترە. بەم شێوەیە تێدەگەین کە ئەوەی گۆستاڤ لەبۆن نووسیتی دوای چەند سەدەیەک سەلمێنراوە: جەماوەرەکان عەقڵێک نین حەقیقەت دروست بکەن، بەڵکو زریانێکن حەقیقەت هەڵدەلووشن. عەقڵ لە لای ئەوان دەنگێکی تەنیایە کە زریانی هەست و سۆز غەرقی دەکات تا دەمرێت.

تاسیتوس – Tacitus- نووسیتی: “جەماوەرەکان بە خێرایی دەسەڵات دەدەن و بە خێراتر وەریدەگرنەوە، بەبێ هۆکار خۆشتیان دەوێیت و رقیان لێتدەبێتەوە.” ئەو دەیزانی کە جەماوەرەکان نە بە دادپەروەری و نە بە عەقڵ بەڕێوە دەبرێن، بەڵکو بە هەوەسە گۆڕاوەکان کە وەک بایەکی ژەهراویە. ئەمشەو سەرکردەیەک بەرز دەکەنەوە بۆ پلەی خوداکان و سبەی دەیدەنە بەر شەلاق. ئەم گۆڕانە نیشانەی ئازادی نییە، بەڵکو نیشانەی شێتییە. ئەوە بەڵگەیە کە کۆمەڵەکە پەندی لە ئەزمونەکانی تری وەرنەگرتووەو وەک زریانێکی کوێر هەر شتێک لەبەردەمیدا بێت هەڵیدەلوشێت.

حوکمیش لە رۆژهەڵاتدا جیاواز نەبوو. کینکو یوشیدا – Yoshida Kenkō- لە کتێبەکەیدا “تێڕامانەکان لە تەنیاییدا”، نووسیتی: “کەسێک کە لە بەهای ناجێگیری کات تێبگات، دەبێتە سەرۆکی کاتەکە.” ئەگەر لەم حیکمەتەوە خوێندنەوە بۆ جەماوەرەکان بکەین، دەبینین کە ئەوان دوژمنی لە ناوچوونن، بەدوای بتەکاندا دەگەڕێن کە پێیان وایە هەتاهەتاییە، بەڵام کاتێک ئەفسانەیەک دەپەرستن، دەبێتە نەفرەت، کاتێک سوجدەی بۆدەبەن، لێی بێزار دەبن و دەیشکێنن. ئەوان حیکمەتی کاتی رەت دەکەنەوە، بۆیە خۆیان بە خەیاڵەوە دەبەستن، پاشان بە دەستەکانی خۆیان دەیشکێنن وەک منداڵێک کە یارییەکەی دەشکێنێت. بەم شێوەیە پێشبینی گۆستاڤ لەبۆن دەردەکەوێت: جەماوەرەکان لەسەر بەڵگە بڕیار نادەن، بەڵکو لەسەر هەست و سۆز. مێژوو بە دەستی جەماوەرەکان دەنووسرێت کە زیاتر خەیاڵەکانیان دەپەرستن وەک ئەوەی بەدوای حەقیقەتەکانیاندا بگەڕێن. تەواوی مێژوو شانۆیەکە بۆ شێتی جەماوەرەکان، پەڕەکانی نەک بە حبر، بەڵکو بە خوێن نووسراون، نەخشەکانی نەک بە عەقڵ، بەڵکو بە هاوارەکان کێشراون.

سەیری سەدەکان بکە کە بە جەنگەکانی خاچپەرستی سووتان. ملیۆنان کەس نەک بە بەبونی بەڵگە، بەڵکو بە هەڵگرتنی خەیاڵێکی پیرۆز دەرچوون. نە بە عەقڵەکانیان، بەڵکو بە هەست و سۆزێکی کوێرانە جوڵاون و لەدوای خۆیان شارە وێرانەکان و لاشە کوژراوەکانیان جێهێشتووە، لە کاتێکدا وایان دەزانی کە دەرگای بەهەشتیان بۆ دەکرێتەوە.
ئەوەی لە ئەزمونی دوێنێدا ژیا، پارێزراو نییە لە شێتی سبەینێ، بەڵکو دیسانەوە دەگەڕێتەوە بۆ هەمان بازنە. بۆیە توکفیل لە “دیموکراسی لە ئەمریکا”دا نووسیتی: “ستەمی زۆرینە مەترسیدارترە لە ستەمی پاشاکان.” پاشا لەش دەکوژێت، بەڵام جەماوەرەکان روح دەکوژن، چونکە تاکەکەس ناچار دەکەن کە لە ناویاندا بتوێتەوە و عەقڵ دەکەنە تاوانێک کە بە دەرکردن و مردنی سمبۆلی سزا دەدرێت. چونکە جەماوەرەکان بێ یادەوەرین، نا هۆشیارن، هەر وانەیەک کە بە خوێن نووسرابێت، بە هاواری دواتری سڕدەبێتەوە. ئەفسانەیەک کە ئەمشەو دەکوژرێت، سبەینێ بە جلوبەرگێکی نوێ دەگەڕێتەوە. مادام تاکەکەس لە کۆمەڵدا دەتوێتەوە، نەخۆشییەکە دووبارە دەبێتەوە و دەنگی لە زریانی هەست و سۆزەکاندا ون دەبێت. عەقڵ پێویستی بە بێدەنگی هەیە تا مرۆڤ گوێی لێ بگرێت، بەڵام جەماوەرەکان زریانێکن تەنها رێ بە هاوار دەدەن. بەم شێوەیە دەردەکەوێت کە مێژوو هێڵێکی راست نییە بەرەو پێشکەوتن، بەڵکو کەوانەیەکی شکاوەو هەمیشە بەرەو وێرانی دەچەمێتەوە. بەڵگەکان لە ژێر هەژمونی جەماوەردا دەڕووخێن و ئەفسانە لە هەموو گۆڕەپانێکدا وەک شاژنی تاجدار دەمێنێتەوە. ئەمە دڕندەیی ئەو شتەیە کە گوستاڤ لۆ بۆن بینیویەتی: جەماوەر بە عەقڵ داهاتوو نانووسێت، بەڵکو بە هەمان ئەو چەقۆیەی کە ئێستای خۆی دەبڕێت و ڕابردوو دادەتاشێتەوە.

وەرگێڕان و ئامادەکردنی لە عەرەبییەوە: گۆران عەبدوڵڵا

—————–

سەرچاوە: چەناڵی یوتوبی تراجیدیا




تارمایی شۆڕشی کۆمەڵایەتی بەسەر ئەجینداکانی بۆرژوازیدا.. موئەیەد ئەحمەد


تێبینیی لەسەر کۆنگرەی سلێمانی (هاوپەیمانی دیموکراتی کۆمەڵایەتی لە جیهانی عەرەبی)دا!

لە شاری سلێمانی – هەرێمی کوردستان لە عێراق، لە نێوان ڕۆژانی (٢٧-٣٠)ی ئابی (٢٠٢٥)، کۆنگرەیەکی حیزب و ڕێکخراوەکانی [هاوپەیمانی دیموکراتی کۆمەڵایەتی لە جیهانی عەرەبی]دا (SDA-AW) بەڕێوەچوو. ئەم کۆنگریە ئەو سەرنجەی ڕانەکێشا کە شایەنی باس بێت، چونکە لە ڕووی شێوەوە جیاواز نەبوو لەو کۆنگرانەی کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان (یەکێتی) لە دوو دەیەی ڕابردووەوە ڕێکیان دەخات بۆ دامەزراوە بۆرژوازیـیە جیهانیـیەکان و حزبەکانیان و سەنتەرە فکریـیە نیولیبراڵیـیەکانیان لەم شارەدا. کۆنگرەکە بە سپۆنسەری (یەکێتی) ڕێکخرا، و (بافڵ جەلال تاڵەبانی)، سەرۆکی (یەکێتی)، بە سەرۆکی ئەم هاوپەیمانیـیە هەڵبژێردرا.
بەڕێوەچوونی ئەم کۆنگریە لە سلێمانی، لە کاتێکدایە کە چەپۆکی فەرمانڕەوایەتی میلیشیاییـیانە و دیکتاتۆریـیانەی هەر دوو حیزبی دەسەڵاتدار، پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) و (یەکێتی)، بە خێرایـیـیەکی زیاتر و بەردەوام، توندتر دەبێتەوە بەسەر جەماوەردا لە هەرێمی کوردستان، و ئەم کۆنگریە لە کاتێکدایە کەشوهەوای میلیتاریزم و شوێنەوارەکانی یەکلاییکردنەوەی خوێناوی حساباتی نێوان هێزە چەکدارە میلیشیاییەکانی (یەکێتی) و نەیارە سیاسییەکانی، لەناو خودی سیستەمی حوکمڕانیدا، هێشتاش سێبەری خۆی بەسەر ئەم شارەدا کێشاوە، هەروەها لە کاتێکیشدایە کە کرێکاران و فەرمانبەران و مامۆستایان بەهۆی پێنەدانی مووچەکانیان لە سێ مانگی هاویندا، لە دۆخێکی ئابووری خراپدا دەژین، نەک هەر ئەمە بەڵکو لە کەشوهەوای سەرکوتکردنی زیاتری خۆپێشاندانی مووچەخۆران و ئەو خۆپێشاندانانەشدایە کە خەڵکـی پێی هەڵدەستن بۆ مافە ڕەواکانیان. هەموو ئەمانە بە شێوەیەکی گشتی بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرن لەسەر ئەوەی کە ئەم کۆنگریە چەندە چەواشەکارانەیە کاتێک بەشداربووانی باس لە ئازادیـیە سیاسیـیەکان و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و گوتاری لەم چەشنە دەکەن.
ئەو حزبانەی لەو کۆنگرەیەدا بەشدار بوون، خۆیان بە خاوەنی ڕێباز و کارنامەی “دیموکراتی کۆمەڵایەتی” دەزانن و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەمە وای لێکردوون هاوپەیمانی دیموکراتی کۆمەڵایەتی لە جیهانی عەرەبیدا(SDA-AW) پێکبهێنن و بەم شێوەیە ناوی لێبنێن. دیارە ئەم ناوە لە ناوی (سۆشیال دیموکراتی)ـیەوە وەرگیراوە دوای سڕینەوەی وشەی سۆشیال و گۆڕینی بە وشەی “کۆمەڵایەتی”، تا بگونجێ هەم لەگەڵ کارنامە سیاسیـیەکەیان، و هەم لەگەڵ ئەوەی کە لە کەشوهەوای ئێستای بۆرژوازی جیهانیدا باوە؛ واتە ئەو ڕێگا و ناوە نوێـیانەی کە بەکاریان دەهێنێت لە هەوڵ و کۆششەکانیدا بۆ پەکخستنی (احتواء) بزووتنەوە سۆشیالیستی و شۆڕشگێڕیـیەکان.
ئەم کۆنگرەیەی (SDA-AW) لە سلێمانی، شت گەلێکی زۆر لە خۆدەگرێت لە مێژوو و ئەوەی کە لە جیهانی سەرمایەداری دەوروبەرماندا ڕوویداوە و ڕوودەدات، هەر لە سەرکوتکردنی خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و جەماوەری ژنانی چەوساوە و لاوانی شۆڕشگێڕ بە دژی سەرمایەداری جیهانی بگرە، تا ڕۆڵی حیزبە سۆشیال دیموکراتە ڕێفۆرمخوازەکان لە مێژوودا، لە پەکخستنی خەباتی شۆڕشگێرانەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، تا خیانەتکردن لە شۆڕشی سۆشیالیستی جیهانی و هاوپەیمانی لەگەڵ بۆرژوازی نەتەوەیی لە وڵاتەکانیاندا، لە دەیەی دووەمی سەدەی ڕابردوو، بەتایبەتی لە کاتی جەنگی جیهانی یەکەمدا. هەروەها، تارمایی ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕییەکانی ساڵی (٢٠١١) لە میسر و تونس و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەسەر ئەم کۆنگرەیەوەیە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئەوەمان بیرمان دەهێنێتەوە کە بەسەر (جەمال عیرفان) و هاوڕێیانی هات کاتێک لە (١٢)ی کانوونی یەکەمی (١٩٢٢) لە شاری سلێمانی لەلایەن دەسەڵاتدارانی عەشایەری کوردیـیەوە تیرۆر کران بەهۆی بیرۆکە سۆشیالیستیـیەکانیانەوە و وەک هەندێک دەڵێن بەهۆی پەرەپێدانی بیرۆکەکانی بەلشەڤیکەوە.
بۆ روونکردنەوەی زیاتر لەم بارەیەوە، پێویستە ئاماژە بە هەندێک زانیاری مێژوویی بدەین سەبارەت بە ئەسڵی ئەم هاوپەیمانییە و پەیوەندیـشی بە ئاسۆ و کارنامە و پڕاکتیکی حیزبە سۆشیال دیموکراتە جیهانیـیەکان و حیزبەکانی ترەوە.
(هاوپەیمانی دیموکراتی کۆمەڵایەتی لە جیهانی عەرەبیدا) (SDA-AW) بەشێکە لە (هاوپەیمانی پێشکەوتنخواز) [Progressive Alliance (PA)]، کە ئێستا زیاتر لە (١٥٠) حیزب و ڕێکخراوی تێدایە، لەوانەش حیزبە سۆشیال دیموکراتەکانی ئەوروپا و حیزب و ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکانی تری وڵاتانی جیهان، کە (یەکێتی)ش ئەندامە تێیدا، وەک لەم لینکەی خوارەوەدا دیارە.(١)
(PA) لە شاری لایپزیگی ئەڵمانیا لە (٢٢)ی ئایاری (٢٠١٣) بە بەشداری (٧٠) حیزب و رێکخراو و بە دەستپێشخەری حیزبی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانیا (SPD) دامەزرا، ئەمەش پاش کشانەوەی ئەم حیزبە لە سۆشیالیست ئینتەرناسیۆناڵ (SI)، دوای ڕوودانی ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕیـیەکانی میسر و تونس لە ساڵی (٢٠١١) کە کۆتایی بە حوکمی دوو حیزبی دەسەڵاتدار لە تونس و میسر هێنا کە ئەندام بوون لە (SI)دا.(٢)
بەمجۆرە هاوپەیمانی پێشکەوتنخواز (PA) وەک جێگرەوەیەک بۆ سۆشیالیست ئینتەرناسیۆناڵ (SI) دامەزرا کە لە ئەندامێتی خۆیدا حیزبی دەسەڵاتداری تونس؛ (کۆمەڵی دەستووری دیموکراتی) بە سەرۆکایەتی زەین العابدین بن عەلی، و لە میسر؛ (حیزبی نیشتمانی دیموکراتی) بە سەرۆکایەتی (حوسنی موبارەک)ی لەخۆگرتبوو.
سۆشیالیست ئینتەرناسیۆناڵ (SI) تا ئێستاش بە هاوتەریب لەگەڵ هاوپەیمانی پێشکەوتنخواز (PA) بوونی هەیە و بەپێی وێبسایتی فەرمی خۆی، ژمارەیەکی زۆر کە زیاتر لە (٨٠) حیزب دەبێت، لەوانەش (یەکێتی)، ئەندامی تەواون لەنێویدا.(٣)
هەرچی هاوپەیمانی دیموکراتی کۆمەڵایەتی لە جیهانی عەرەبی (SDA-AW)یشـە، درێژکراوەی (فۆڕۆمی دیموکراتی کۆمەڵایەتی) یە کە لە ساڵی (٢٠١٥) لە تونس دامەزرا و پاشان ناوی گۆڕدرا بۆ (SDA-AW) کاتێک لە ئەیلولی (٢٠٢٤) پەیوەست بوو بە هاوپەیمانی پێشکەوتنخواز (PA)وە.
لەم ڕووەوە، پەیوەندییەکی پتەو هەیە لە نێوان ڕووداوەکانی شۆڕشەکانی میسر و تونس و ئەم فۆڕومە کە لە ساڵی (٢٠١٥) لە تونس بەم ناوەوە پێکهات. هەروەها، دەرکەوتنی (PA)، وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە شۆڕشەکانی میسر و تونسەوە هەیە، چونکە ئیتر ئەوە بابەتێکی ڕیسواکارانە و سەرچاوەی مەترسی دەبوو بۆ حیزبی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانیا و حیزبە هاوشێوەکان و بۆ ئەرکەکانیان لە پەکخستنی بزووتنەوە شۆڕشگێڕییە سۆشیالیستییەکان لە ئەوروپا، ئەگەر بمانایەتەوە لە چوارچێوەی “ئینتەرناسیۆناڵ”ێکـدا کە تا دوێنێ حیزبگەلێکی دەسەڵاتداری لەخۆگرتبوو کە لەلایەن شۆڕشەکانی میسر و تونسەوە لە سەرەتای ساڵی (٢٠١١)دا، ڕووخێنران.

کورتەیەک لەبارەی پێشهاتەکانی دوای هەرەسهێنانی “ئینتەرناسیۆناڵی دووەم”
ڕەنگە ئەمە سەیر بێت، بەڵام ڕاستیـیەکە کە ئەم کۆنگریە لە سلێمانی پەیوەندییەکی ناڕاستەوخۆی هەیە بە مێژوویەکەوە کە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە (١١٠) ساڵ لەمەوبەر، و بەتایبەتی بۆ هەرەسهێنانی “کۆنگرەی سۆشیالیستی ئینتەرناسیۆناڵ”، کە بە “ئینتەرناسیۆناڵی دووەم” ناسراوە، وە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دابەشبوونە گەورەیەی (الانشقاق الكبير) کە لەناو ڕیزەکانی بزووتنەوەی سۆشیالیستی ئەوروپادا ڕوویدا لەسەر بنەمای هەڵوێست بەرامبەر بە جەنگی جیهانی یەکەم (١٩١٤-١٩١٨)، و بەم پێیەش پەیوەندی بەو دابەشبوونە و بەو هەوڵانەی ئەو حزبانەوە هەیە کە ناسراون بە سۆشیال دیموکراتی ڕیفۆرمخواز لەناو بزووتنەوەی کرێکاری و سۆشیالیستیدا لەسەر ئاستی چالاکیـیە جیهانیـیەکەیان.
هەرەسهێنانی ئینتەرناسیۆناڵی دووەم، یان وەک لینین دەڵێت “مایەپووچی ئینتەرناسیۆناڵی دووەم” لە کاتی ئەو جەنگەدا، بەهۆی هەڵوێستی نەتەوەپەرستی شۆڤێنی زۆربەی حیزبە سەرەکییە ڕێفۆرمخوازەکانی پێکهێنەریـەوە بوو، بە پێچەوانەی هەڵوێستی ئینتەرناسیۆناڵانەی سۆشیالیستی شۆڕشگێڕەوە، بەرامبەر بە جەنگ. واتە بەهۆی هاوڕیزیان بوو لەگەڵ بۆرژوازی دەسەڵاتدار لە وڵاتەکانیان و گرتنەبەری سیاسەتی بەردەوامیدان بوو بە جەنگ بە هەموو ئەو کارەساتانەی کە لێی کەوتەوە، بە بەردەوامبوونی تاوانەکانی کوشتار دژی کرێکاران و زەحمەتکێشان و جەماوەر بەگشتی لە وڵاتانی شەڕکەردا. لە ئەنجامدا، گرتنەبەری سیاسەتی “بەرگری لە نیشتمان” لە جەنگێکی ئیمپریالیستی تاوانکارانەی سەرمایەدا کە هەڵگیرسا و بەردەوام بوو لەپێناو دابەشکردنەوەی تاڵانی سەرمایەداری ئیمپریالیستی لەسەر ئاستی جیهانیدا.
لە بەرامبەر ئەم گۆڕانکارییانە لەناو بزووتنەوەی سۆشیالیستی ئەوروپای ئەو کاتەدا، سۆشیالیزمی شۆڕشگێڕی ئینتەرناسیۆناڵ بێدەنگ نەبوو، بەڵکو ڕووبەڕووی سیاسەتی ئەم حیزبە ڕیفۆرمخوازانە و هەڵوێست و پراکتیکەکانیان بووەوە کە شۆڤێنیزم و هەلپەرستی و “خیانەت” زاڵ بوو بەسەریاندا لە دۆزی سۆشیالیزم و شۆڕشی سۆشیالیستی.
حیزبە سۆشیالیستە شۆڕشگێڕە ئینتەرناسیۆناڵییەکان و سەرکردەکانیان وەک لێنین و ڕۆزا لوکسەمبۆرگ و ترۆتسکی بەردەوام بوون لەسەر ڕێبازی سیاسی شۆڕشگێڕی مارکسی بەرامبەر بە جەنگ، و ئەو قەیرانە شۆڕشگێڕانەیەی کە لێکەوتبووەوە لە ئەوروپا، ڕێبازێک کە پێشتر هەر لەلایەن ئەم بلۆکەی حیزبە سۆشیالیستە شۆڕشگێڕانەوە پەسەند کرابوو لە کۆنگرەکانی حیزبە سۆشیال دیموکراتەکانی ئەوروپادا؛ کە بریتی بوو لە دژایەتیکردنی جەنگ و خەبات بۆ ڕێگریکردن لە هەڵگیرسانی، و خەبات بۆ گۆڕینی بۆ جەنگێکی شۆڕشگێڕانە، واتە بۆ شۆڕشێکی پرۆلیتاری سۆشیالیستی دژی چینی بۆرژوازی دەسەڵاتدار لە حاڵەتی ڕوودان و بەردەوامبوونی جەنگدا و هەر حزبەش لە وڵاتی خۆیدا. بەلشەڤیکەکان و پرۆلیتاریا لە ڕووسیا سەرکەوتوو بوون لە بەدیهێنانی ئەم شۆڕشە پرۆلیتارییە و دەسەڵاتی سیاسییان گرتە دەست، بەڵام بزووتنەوەی پرۆلیتاری سۆشیالیستی لە وڵاتانی تری ئەوروپا بە چەندین هۆکار نەیانتوانی ئەمە بەدیبهێنن.
ژمارەی حزبە سۆشیالیستە شۆڕشگێڕ و ئینتەرناسیۆناڵییەکان زۆر زیادی کرد، ئەویش بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانە و ئەو دابەشبوونانەی کە لەناو ڕیزەکانی حیزبە سۆشیال دیموکراتییەکانی ئەوروپادا ڕوویدا، کە بووە هۆی دروستبوونی حیزبە سۆشیالیستە شۆڕشگێڕەکان کە ڕێبازێکی شۆڕشگێڕی ئینتەرناسیۆناڵیان گرتبووەبەر و ناوی خۆیان نا حزبی کۆمۆنیست، ئەمەش دوای ئەوەی حزبی کرێکارانی سۆشیال دیموکراتی ڕووسی (باڵی بەلشەڤیک) ناوی خۆی گۆڕی بۆ حیزبی کۆمۆنیستی ڕووسی لە ساڵی (١٩١٨)دا.
سەردەمی قەیرانێکی شۆڕشگێڕی گەورە لە ئەوروپا دوای ئەم گۆڕانکارییانە دەستی پێکردبوو، و ئەگەری هەڵگیرسانی شۆڕشێکی سۆشیالیستی جیهانی لە کارنامەی مێژوودا بوو و لە ئاسۆدا دیار بوو. لەناو ئەم بارودۆخانەدا، ئینتەرناسیۆناڵی سێـیەم کە بە ئینتەرناسیۆناڵی کۆمۆنیستی ناسراوە، لە مۆسکۆ لە ساڵی (١٩١٩) دامەزرا.
بە مەرگی لینین لە ساڵی (١٩٢٤) و هاتنە سەرکاری ستالینیزم و پاشەکشەی شەپۆلی شۆڕشگێڕی لە ئەوروپا، ئەم ئینتەرناسیۆناڵە ڕۆڵ و ناوبانگی پێشووی لەدەستدا، و سەرەڕای ئەوەی کە گۆڕابوو بۆ ئامرازێک بە دەستی ستالین و تاقمە دەسەڵاتدارەکەی یەکێتی سۆڤیەت بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییە سیاسییە نەتەوەییەکانیان، بەڵام هەر بەردەوام بوو تا ساڵی (١٩٤٣) کاتێک ستالین هەڵوەشاندنەوەکەی ڕاگەیاند لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکەیدا لەگەڵ هێزەکانی وڵاتانی ئیمپریالیستی ڕۆژئاوا لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا.
هاوکات لەگەڵ دەرکەوتنی حیزبە کۆمۆنیستەکان و دامەزراندنی ئینتەرناسیۆناڵی سێیەم، حیزبە سۆشیال دیموکراتە رێفۆرمخوازەکانیش لەناو ئەم گۆڕانکارییانەدا دەستیاندایە هەوڵەکانیان بۆ ژیاندەوەی ئینتەرناسیۆناڵی دووەم بەپێی هەمان ڕێباز و هێڵی سیاسی کۆن کە بووە هۆی هەرەس هێنانی بە تەواوی لە ساڵی (١٩١٦)دا. بەمجۆرە بەشێک لە حیزبەکانیان لە شوباتی (١٩١٩) لە بێرنی سویسرا کۆبوونەوە بۆ پێکهێنانی ئینتەرناسیۆناڵی دووەمی دووبارە دامەزرێنراوە، یان ئەوەی کە بە “ئینتەرناسیۆناڵی سۆشیالیستی کرێکاری” ناسراوە.
دوای ماوەیەک، نوێنەرانی ئەوەی کە ناسراوە بە ڕەوتی میانەڕەو لە بزووتنەوەی سۆشیال دیموکراتی ئەوروپا، لە شاری ڤییەنا لە نەمسا کۆبوونەوە بۆ پێکهێنانی (یەکێتی حزبە سۆشیالیستە کرێکارییە نێونەتەوەییەکان) واتا “ئینتەرناسیۆناڵی ڤییەنا” لە شوباتی (١٩٢١) کە حیزبە کۆمۆنیستەکان بە گاڵتەجاڕی ناویان لێنابوو “ئینتەرناسیۆناڵی دووەم و نیو”. دواتر و لە کۆتاییدا، ئینتەرناسیۆناڵی دووەمی دامەزرێنراوە و “ئینتەرناسیۆناڵی ڤییەنا” لە کۆبوونەوەی هامبۆرگ لە ئەڵمانیا لە ساڵی (١٩٢٣) یەکیان گرت بۆ پێکهێنانی ئەوەی کە دواتر بە سۆشیالیست ئینتەرناسیۆناڵ (Socialist International) ناسرا و تا ساڵی (١٩٤٧) بەردەوام بوو لە کارکردن و هەر لەو ساڵەشدا هەڵوەشاندنەوەی ڕاگەیەندرا.
دوای ئەوە ڕێکخراوێکی نوێ بە هەمان ناو، واتە سۆشیالیست ئینتەرناسیۆناڵ (SI)، لە کۆنگرەی لەندەن دامەزرا، وەک میراتگری ڕێکخراوەیی و فکری ئینتەرناسیۆناڵی سۆشیالیستی پێشوو. (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) لە ساڵی (٢٠٠٣)ەوە تا ئێستا ئەندامە لەم ڕێکخراوەدا هاوکات لەگەڵ ئەندامێتییەکەیدا لە هاوپەیمانی پێشکەوتنخوازدا (PA).(٤)
هەرچی ئینتەرناسیۆناڵی چوارەمـە، بە دەستپێشخەری لیۆن ترۆتسکی، لە سێپتێمبەری (١٩٣٨) دامەزرا لەلایەن ڕێکخراوە چالاکەکانەوە لە چەندین وڵات، داکە هێڵی تیۆری و سیاسی و ڕێکخراوەیی و تێزەکانی ترۆتسکیان گرتبووەبەر سەبارەت بە کۆمەڵێک پرسی سەرەکی لە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاریدا، لەوانە پێناسەیەکی تایبەت بۆ دەوڵەت لە یەکێتی سۆڤیەت وەک “دەوڵەتێکی کرێکاری شێواو” لەژێر سەرکردایەتی ستالین، و چەندین تێز و بیرۆکەی بنەڕەتی تر.
ئینتەرناسیۆناڵی چوارەم لە دۆخێکی جیهانی نوێدا سەریهەڵدا کە ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی ڕێکخراوەیی و سیاسی و فکری، و ڕاوەدونانی بەردەوام بووەوە لەلایەن دەزگا سەرکوتکەرەکانی ستالینەوە لە زۆرێک لە وڵاتان. دوای تیرۆرکردنی ترۆتسکیـش لە مەکسیک لە (٢١)ی ئابی (١٩٤٠)، لەلایەن سیخورێکی ستالینەوە، یەکەم دابەشبوون لە ڕیزەکانیاندا لە هەمان ساڵدا ڕوویدا، بەڵام گەورەترین دابەشبوون لەناو ڕیزەکانی ئینتەرناسیۆناڵی چوارەم لە ساڵی (١٩٥٣) ڕوویدا سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی ستالینیزم، و کارکردن لەناو حیزبە جەماوەرییەکان و چەند پرسێکی تر.(٥)
ئەمە، جگە لە دەرکەوتنی چەند ڕەوت و ڕێکخراوی لایەنگر لە هێڵی ترۆتسکی، بەڵام لە چوارچێوەی ئینتەرناسیۆناڵی چوارەمدا رێکنەخرابوون، و گەشەیان کرد بەتایبەت لە ساڵی (١٩٤٨) بەدواوە، وەک حیزبی کرێکارانی سۆشیالیست (SWP) بە سەرکردایەتی تۆنی کلیف، و ڕەوتی میلیتانت (Militant Tendency) بە سەرکردایەتی تێد گرانت.
لە ئێستادا هەوڵەکان لەئارادان بۆ بنیاتنانی ئینتەرناسیۆناڵێکی سۆشیالیستی شۆڕشگێڕ لەسەر ئاستی جیهانی، و هەر ئیستا حیزبە کۆمۆنیستە شۆڕشگێڕەکان لە چەندین وڵاتی جیهان دامەزراون کە لە بنەڕەتدا لەو ڕێکخراوانە پێکهاتوون کە سەر بە (ڕەوتی مارکسی ئینتەرناسیۆناڵ) [International Marxist Tendency (IMT)] بوون، و لەم ڕاستایەشدا کۆنگرەی دامەزراندنی (ئینتەرناسیۆناڵی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕ)یان لە حوزەیرانی (٢٠٢٤)دا بەست و یەکەمین کۆنگرەی جیهانی ئینتەرناسیۆناڵی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕیش لە ئابی (٢٠٢٥) بەڕێوەچوو.(٦)
پێویستی بنیاتنانی ئینتەرناسیۆناڵێکی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕ لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیهانی، لە ئێستادا بە یەکێک لە ئەرکە لەپێشینەکانی کۆمۆنیستەکان دادەنرێت، سەرەڕای هەر ئاستەنگیـیەکی تیۆری و سیاسی و ڕێکخراوەیی جۆراوجۆر کە ڕووبەڕووی ئەنجامدانی ئەم ئەرکە دەبنەوە. بەمپێیەش لێکۆڵینەوە و گفتوگۆکردن لەم بارەیەوە مەسەلەیەکی زۆر گرنگە بۆ بزووتنەوەی کۆمۆنیستی.

(PA ) و (SDA-AW) لە کوێی نەخشەی ململانی چینایەتی جیهانی و هەرێمیدا وەستاون؟
ئەو بابەتەی کە لێرەدا دەمەوێت باسی بکەم، هەڵسەنگاندنی بزووتنەوەی سۆشیالیستی جیهانی و وردەکاریی دابەشبوونەکانی ناو ڕیزەکانی نییە، یان وردەکارییەکانی چارەنووسی ئەو کۆبوونەوە جیهانییانەی بزووتنەوەی کرێکاری و سۆشیالیستی و ململانیی هێڵە سیاسی و فکرییە جیاوازەکانیان نییە، هەروەها هەڵسەنگاندنی ئەزموونی ئینتەرناسیۆناڵی سێیەمـیش نییە دوای مەرگی لێنین و ئەو تاوانانەی کە حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤیەت، لەسەر دەستی ستالین و شوێنکەوتووانی، ئەنجامیان دا، و ئەو گورزانەش کە سرەواندیانە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و ڕەوندی شۆڕشی سۆشیالیستی جیهانی.
ئەوەی دەمەوێت لەم بەشەی وتارەکەمدا ڕوونی بکەمەوە، ئەوەیە کە چ شتێک ڕۆڵی ئەو حزبانەی (هاوپەیمانی پێشکەوتنخواز) [Progressive Alliance (PA)] ، و دیارە ڕۆڵی ئەو حیزبانەش لە (هاوپەیمانی دیموکراتی کۆمەڵایەتی لە جیهانی عەرەبی SDA-AW)دا دەبەستێتەوە بە نەخشەی ململانی چینایەتی نێوان بۆرژوازی و پرۆلیتاریای هاوچەرخی جیهانی، لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و هەروەها لە هەرێمی کوردستانـیش کە ئەم کۆنگریە تێیدا بەڕێوەچوو.
هەر وەک بینیمان، مێژووی هەریەک لە سۆشیالیست ئینتەرناسیۆناڵ (SI) و هاوپەیمانی پێشکەوتنخواز (PA) دەگەڕێتەوە بۆ ڕەوتی هەلپەرست و نەتەوەپەرستی شۆڤێنی لەناو بزووتنەوەی کرێکاری و سۆشیالیستی جیهانی و هەڵوێستی دژ بە بەرژەوەندییەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و دژ بە گەشەکردنی شۆڕشی سۆشیالیستی جیهانی لە کاتی جەنگی جیهانی یەکەمدا. بەڵام، سەرەڕای ئەم پەیوەندییە مێژووییە هاوبەشە، هەردوو (PA) و (SDA-AW) پەیوەندییەکی تریان هەیە بە مێژوویەکی نزیکتر لە ململانێی چینایەتی، کە ململانێی چینایەتی هاوچەرخ و هەوڵەکانی سۆشیال دیموکراتی ئەوروپایە کە ئامانجی بێهێزکردن و پەکخستنی شۆڕشە هاوچەرخەکانە، ئەمەش دوای ئەزموون وەرگرتنیان لە ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕییەکانی تونس و میسر و ڕووخاندنی دوو حیزبی دیکتاتۆر کە ئەندام بوون لە هەمان کۆمەڵەی (SI) کە ئەم حزبە سۆشیال دیموکراتانەی لەخۆگرتبوو.
بۆ بەدیهێنانی ئەو کارنامە هاوچەرخە، هاوپەیمانی پێشکەوتنخواز (PA) پێکهێنرا، ئەمەش لە ڕێگەی ڕووخسارجوانکردن و دوورکەوتنەوە لە هەندێک دەسەڵاتداری دیکتاتۆری ئاشکرا و گۆڕینی ناوەکە بە شێوەیەک کە وشەی سۆشیالیزمی تێدا نەبێت بە مەبەستی بەدیهێنانی ئەو ئەرکە سەرکییەی خۆی کە بریتیـیە لەوەی شەپۆلی شۆڕشگێڕی بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و لەباری بەرێت. هەروەها حزب و ڕێکخراوەکانی (هاوپەیمانی دیموکراتی کۆمەڵایەتی لە جیهانی عەرەبی SDA-AW)دا بەپێی هەمان ئاڕاستە و کارنامەی سیاسی بۆرژوازی ڕێفۆرمخواز و لە ڕێڕەوی گۆڕانکارییە شۆڕشگێڕییەکانی تونس و میسردا پێکهێنران و ناوی خۆیان نا “دیموکراتی کۆمەڵایەتی”، و بەشێوەیەکی سروشتی لەگەڵ توندبوونەوەی ململانێی چینایەتیدا، هەوڵی ئیفلیجکردن و پەکخستنی شۆڕشەکان دەدەن.
مێژووی سۆشیال ئینتەرناسیوناڵەکان (SI) پەیوەندە بە ئاڕاستەیەکی دژ بە ئاڕاستەی مێژووی گەشەکردنی شۆڕشی سۆشیالیستی جیهانی لە ئەوروپا و پەیوەندیشە بە ئاڕاستەیەکی دژ بە ئەگەری یەکگرتن و لێکهەڵپێکان بە کاروانی ئەم شۆڕشە جیهانییە و خەبات بۆ ڕزگاربوون لە چنگی دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان لە لایەن خەباتە جەماوەریـیەکانـی وڵاتانێک کە ئەو کاتە بە وڵاتانی ڕۆژهەڵات ناسرابوون.
هەریەک لە (PA) و (SDA-AW) بەدەر لە تایبەتمەندیی هەر یەکێک لە حزبەکانیان، لە ڕاستیدا بۆ سنووردارکردنی کاریگەریی ڕاپەڕینە جەماوەرییە شۆڕشگێڕییەکان لە جیهانی عەرەبیدا سەریان هەڵداوە، وگوزارش لە هەوڵەکانی بۆرژوازی دەکەن بۆ ڕاگرتنی ناکۆکیـیەکانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری هاوچەرخ لە چوارچێوەیەکدا کە بنەماکانی سیستەمەکە نەڕووخێنێت. واتە، هەریەک لە (SI)، و (PA) و ڕێکخراوە ناوچەێێکەشیان (SDA-AW)، جگە لە ناوەڕۆکی چینایەتی بۆرژوازی هاوبەشیان، سیمای سیاسی هاوبەشیشیان هەیە لە پەیوەند بە ئەرکەکانیانـەوە کە پەکخستنی شۆڕشە؛ واتە شۆڕشی سۆشیالیستی لە ئەوروپا و ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕییەکانی میسر و تونس. و بەم پێیەش، ئەوان ئامرازگەلێکی سیاسی و ڕێکخراوەیی بۆرژوازی ڕێفۆرمخوازن بۆ کەمکردنەوەی گورزەکانی شۆڕشەکان و بۆ پاراستنی سیستەمی بۆرژوازی.

ململانێی چینایەتی و شۆڕشی کۆمەڵایەتی لە جیهانی ئێستادا
ئەمڕۆ لە جیهانێکی سەرمایەداریدا دەژین کە بێ ئەندازە لە ڕووی ئابوورییەوە بەیەکەوە بەستراوەتەوە، بە شێوەیەک نەک تەنها سەرمایە ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە هەموو شوینیکی زەویدا کۆنترۆڵ کردووە، بەڵکو ململانێی چینایەتی نێوان دوو جەمسەری ئەم پەیوەندییەش، واتە ململانێی نێوان کار و سەرمایە، نێوان بۆرژوازی و پرۆلیتاریا لە هەر وڵاتێکی جیهاندا، زیاتر لە جاران بووەتە جیهانی، و بەم پێیەش سیاسەت، کە شتێک نییە جگە لە پەیوەندی نێوان چینە کۆمەڵایەتییەکان، بە شێوەیەکی بەرچاو جیهانی بووەتەوە. هەروەها، ململانێی چینایەتی وەک بزوێنەری مێژووی کۆمەڵگەکان، پێکهێنانی ئینتەرناسیۆناڵێکی پرۆلیتاری سۆشیالیستی شۆڕشگێڕی کردۆتە ئەرکێکی گرنگ کە ناکرێ دوابخرێ، ئەمەش سەرەڕای زاڵبوون و کاریگەری هێزە بۆرژوازییەکان لەسەر ڕەوەندی بارودۆخی سیاسی لە وڵاتانی جۆراوجۆردا و لەسەر ئاستی جیهانی و ناوچەیی.
بە پێچەوانەی ئەوەی کە دیاردەکان پێمان دەڵێن، ململانێی نێوان ئەم دوو چینە بەردەوام کاریگەری خۆی جێدەهێڵێت بەسەر هەموو کردەیەکی سیاسی و پلانێکی سیاسی و ململانێ‌ سیاسی و فکرییەکانی ڕەوتە بۆرژوازییەکاندا، وە سروشتی حزبەکان و بەرنامە و پراکتیکە سیاسییەکانیان و کۆبوونەوە و هاوپەیمانییە جیهانی و ناوچەییەکانیان و سروشتی چەندان شتگەلی تریش، دیاری دەکات بە شێوەیەک کە ناتوانرێت بە هیچ جۆرێک باس لە جیابوونەوەیان لەم ململانێ چینایەتییە بکرێت.
ئەمە و، جەنگەکان و ململانێـیە جیۆسیاسی و ستراتیژی و جیۆئابوورییەکان لە نێوان دەوڵەتەکاندا، وەک قەوارەی سیاسی نەتەوەیی سەرمایە و لەناو سیستەمی سیاسی بۆرژوازی جیهانی هاوچەرخدا، و لە نێوان دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان و جەمسەرە ناوچەییەکان و دەوڵەتەکانی تردا، جەنگ و ململانێی نوێنەرانی سەرمایە و دەوڵەتەکانیانن بۆ دابەشکردنی بازاڕی جیهانی لە نێوانیاندا. ئەو جەنگانە، جەنگی بۆرژوازی دەسەڵاتدارن لە هەر دەوڵەتێکدا کە سیاسەتە دەرەکیـیەکان و جەنگەکانیان ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی کۆنترۆڵ و سەروەری چینایەتییانەوە هەیە لەناو کۆمەڵگادا، و بەم پێیەش پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە ململانێی چینایەتی نێوان پرۆلیتاریا و بۆرژوازیـیەوە هەیە لەناو وڵاتەکانیشیاندا.
لەم (٤٥) ساڵەی ڕابردوودا، جیهانی سەرمایەداری بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕاوە بەهۆی جیهانگیریی زیاتری جووڵە و کەڵەکەبوونی سەرمایە و کردنەوەی بازاڕە جیهانییەکان لەبەردەمیدا، تا کاتێک لە ساڵی (٢٠٠٨)دا تووشی قەیرانی سەرمایەداری بوو، هاوکاتیش، بەهۆی سیاسەتە ئابوورییە نیۆلیبراڵییەکانی سەرمایەوە بەدرێژایی ئەم چەند دەیەیە کە تا ئێستاش بەردەوامە. بەڵام ئەم جیهانگیرییە ئابوورییە و ئەم سیاسەتە نیۆلیبراڵییانە، بە گشتی لە پێکهاتەی خۆیاندا، هەڵگری شوێنپەنجەی ئەم شەڕە چینایەتییە بوون لە نێوان کار و سەرمایەدا، و سەرمایە جیهانێکی نەخوڵقاندووە جگە لەوەی کە خۆی تێدا بەدیبهێنێت، کە ئەمەش بە واتای توندوتیژکردنەوەی هەرچی زیاتری ئەو دژایەتییە چینایەتییە دێت کە سەرمایە لە دووتوێی خۆیدا و لە جووڵە و کەڵەکەی بەردەوامیدا فەراهەمی دەهێنێت.
وەڕێخستنی نیۆلیبرالیزمی ئابووری وەڵامێک بوو لەلایەن بۆرژوا ئیمپریالیستی ڕۆژئاواوە بۆ قەیرانی سەرمایەداری، بەڵام ئەم وەڵامە شتیک نەبوو جگە لە شەڕێکی چینایەتی و سیاسەتێکی ئابووری و هێرشێکی فکری و کلتووری بۆ کردنەوەی مەودا و لابردنی هەموو ئەو بەربەستانەی کە ڕێگر بوون لە بەردەم جووڵە و کەڵەکەبوونی سەرمایە، و زاڵبوون بەسەر قەیرانی کەڵەکەبوونیدا. ئەمەش پێویستی بەلابردنی بەربەستاکان و زیادبوونی قازانجەکانی سەرمایە بوو بە شێوازی جۆراوجۆر و لە هەمووشی گرنگتر، پیویستی بە بەرپاکردنی شەڕێکی چینایەتی بوو دژ بە چینی کرێکاری جیهانی و دژ بە یەکێتیـیە کرێکاریـیەکان و سەندیکا و ئۆڕگانەکانی خەباتکاری بەکۆمەڵی ئەم چینە جیهانییە، شەڕێک کە ئامانجی ئەوە بوو قورسایی قەیرانەکەی بخاتە سەر شانی ئەم چینە جیهانییە، بە ئاکامەکەشیەوە لە هەژارکردنی زیاتری و چەوسانەوەی چڕتری، هەروەها بە کەمکردنەوەی بەردەوامی ڕۆڵی دەوڵەت لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتی و تەندروستی و پەروەردەییە گشتییەکان بۆیان.
پلاتفۆرمی بۆرژوازی جیهانی، هێرشێکی چڕوپڕە بۆ سەر هەر قەڵایەکی بەرخۆدان و داسەپاندنی دەسەڵاتدارەتییەکەیەتی بەسەر گشت ئەوانەدا کە بە هێزی کاریان دەژین، لەگەڵ وەلانانی هەموو ئەو شتانەی کە پەیوەندییان بە خۆشگوزەرانییانەوە هەیە. کەڵەکەبوونی هەرچی زیاتری سەرمایە بە شێوەیەکی ئەفسانەیی لە دەستی کەمایەتیـیەکدا لە یەک جەمسەردا، و نەهامەتی هەرچی زیاتر لە جەمسەرەکەی تردا بۆ زۆربەی دانیشتوانی گۆی زەوی بووەتە فاکتی ئەمڕۆی جیهان و هەر لەم ڕاستایەشدا دەوڵەتە بۆرژوازییەکان لە هەموو جیهاندا بە شێوەیەکی ئاشکرا بوونەتە ئامرازی ستەمی سەرمایە بەرامبەر پرۆلیتاریا.
هیچ سیاسەت و کارێکی سیاسی گرنگی ئەوتۆ نیـیە کە بە شێوەیەک لە شێوەکان پەیوەندی بەم واقیعە ئابووری و کۆمەڵایەتییە جیهانییە و ناکۆکییەکانی و ململانێی چینایەتیی بەردەوام لە پێکهاتەکەیدا نەبێت، یان ڕەنگدانەوەی کاریگەریی یەکێک لەو دوو بژاردەیە نەبێت کە بە شێوەیەکی کردەیی هاتوونەتە بەردەم مرۆڤایەتی لە جەنگی جیهانی یەکەمی ئمپریالیـیەوە، کە ئەوانیش بریتین لە: یان سەرکەوتنی شۆڕشی سۆشیالیستی جیهانی و ئینتەرناسیۆنالی سۆشیالیستی شۆڕشگێڕ و ڕووخاندنی سەرمایە و بنیاتنانی کۆمەڵگا لەسەر بنەمای خۆشگوزەرانی مرۆڤ و ڕزگاربوونی لە ستەمی چینایەتی و سەرکوتی سیاسی و جەنگەکان و پاشەکشەی مەعنەوی، یان بەردەوامیدان بە باڵادەستی سەرمایە و تاوان و جەنگەکانی، و بە یەک وشە، وەک ڕۆزا لوکسەمبۆرگ دەڵێت: (سۆشیالیزم یان بەربەریەت).
قوڵبوونەوەی ململانێی جیۆپۆلیتیکی و ئابووری و جیۆستراتیجی لە نێوان دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان و دەوڵەتە بۆرژوازییە ناوچەییەکاندا لەسەر بنەمای قەیرانی سیستەمی سەرمایەداری هاوچەرخ و زیادبوونی میلیتاریزم و پێشبڕکێی چەکداربوون، و جەنگەکانی ئێستا، لە ئۆکرانیا و کۆمەڵکوژی لە غەززە و جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەنگ لە نێوان ئیسرائیل و ڕژێمی سیاسی ئیسلامی لە ئێران و بەرزبوونەوەی بەردەوامی نیۆفاشیزم لە وڵاتانی ئیمپریالیستی ڕۆژئاوا، هەموویان شایەتحاڵی بەرزبوونەوەی ئەم کۆنەپەرستییە سیاسیـیە و ئەم میلیتاریزمەی هێزە بۆرژوازییە جیهانییەکان و دەوڵەت و ڕەوت و حزب و هێزە چەکدارەکانیانن. قورسایی وێرانکەری هەموو ئەمانەش شکاوەتەوە بەسەر خەباتی پرۆلیتاریای جیهانی لە هەموو وڵاتێکدا و بەربەستی گەورەی لەبەردەم خەباتی ئینتەرناسیۆنالی شۆڕشگێڕی و کۆمۆنیستی دادەنێن و ڕیزی خەباتیان پەرش و بڵاو دەکەن، نەک تەنها لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیهانی، بەڵکو لە ناوخۆی وڵاتەکانیشدا.
بەڵام ئەم ململانێی چینایەتییە لە نێوان جەماوەری زەحمەتکێش و سەرمایەدا یەک ساتیش لە هیچ شوێنێکی جیهاندا نەوەستاوە، و سەرکوتکردن و جەنگەکان و ململانێ جیۆپۆلیتیکییەکان بەربەستی گەورە لەبەردەمی دادەنێن، بەڵام ناتوانن کۆتایی پێبهێنن، چونکە ململانێی چینایەتی بە سادەیی بەشێکە لە ژیانی خودی سەرمایە و ناکۆکییە ناوخۆییەکانی و ململانێی جەمسەرە دژبەیەکەکانی.
هەوڵوتەقەلای هێزە کۆمەڵایەتی و سیاسییە جۆراوجۆرەکان بۆ بەدەستهێنانی چاکسازی لەم بوار یان ئەو بوارەی ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و کلتووریدا، لەوانەش خەباتی ڕەوتە چاکسازخوازەکان لەناو بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوەی ژنان و بزووتنەوەی لاواندا، بەشێکن لە داینامیکیی ململانێ لەناو سیستەمی سەرمایەداری هاوچەرخدا و جێگەوڕێگەی خۆیان هەیە، بەڵام خودی بەدەستهێنانی ئەو چاکسازییانە پەیوەندییەکی توندوتۆڵی بە ململانێـیەکی چینایەتیـیەوە هەیە کە لە ئارادایە لە نێوان پرۆلیتاریا و بۆرژوازیدا و دەتوانن، لە ڕووی ئاسۆ و ئاراستەی سیاسی و پراکتیکییەوە، ببنە بەشێک لە خەباتی پرۆلیتاریا بەرەو بەدەستهێنانی ئامانجی کۆتایی بۆ کۆتاییهێنان بە سیستەمی چینایەتی، واتە بەدیهاتنی شۆڕشی سۆشیالیستی ئینتەرناسیۆنالی، یان پشتگیری لە جەمسەرەکەی تر، واتا پشتگیری لە سەرمایە و لە مانەوەی دەسەڵاتی بکەن بەسەر مرۆڤایەتیدا، و لەم پیگەیەوە هەوڵبدەن بۆ بەدەستهێنانی هەندێک چاکسازی لە چوارچێوەی سیستەمی زاڵی سەرمایەدا، کە لەو حاڵەتەشدا وەک ئەزموونی ئینتەرناسیۆنالی دووەم نیشانیدا، دەگۆڕێن بۆ ئامرازێکی بۆرژوازی بۆ خنکاندنی شۆڕشی پرۆلیتاری.
هەردوو هاوپەیمانی پێشکەوتنخواز (PA) و هاوپەیمانی دیموکراتی کۆمەڵایەتی لە جیهانی عەرەبی (SDA-AW)دا، هەر وەک لە پێکهاتەی حزبەکان و بەرنامەکانیاندا دەردەکەوێت، کۆبەندێکی (مَجَمع) بۆرژوازیی هێزە نەتەوەیی و نیمچە چاکسازخوازەکانن لە وڵاتە جیاوازەکاندا، کە دروستبوون بۆ ڕێکخستنی کاروباری سیستەمی سیاسی بۆرژوازی، و ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کە بەرژەوەندیـیە حزبی و نەتەوەیـیەکانی هەر لایەنێک دابین بکرێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە، ئەرکێکی تری جددیـیان هەیە کە بریتییە لە هەوڵدان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و شۆڕشەکانی پرۆلیتاریا لەسەر ئاستی جیهانی و هەرێمی، لەوانەش لە جیهانی عەرەبی و هەرێمی کوردستان، کە ئەمەش دەبێت ئێمە لە بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستیدا هەردەم پەردەی لەسەر هەڵبماڵین .

موئەیەد ئەحمەد
٢ی ئەیلول/سێپتێمبەری ٢٠٢٥

(1) Parties & Organisations – Progressive Alliance
(2) The Socialist International, 1951–, and the Progressive Alliance, 2013– (Chapter 15) – The Cambridge History of Socialism
(3) Progressive politics For a fairer world – Socialist International
(4) جدالات وكتابات الاشتراكيين الثوريين في فترة الحرب العالمية الأولى وما بعدها تتناول التطورات التي ذكرتها أعلاه.
(5) الأممية الرابعة – ويكيبيديا
انعقاد المؤتمر العالمي الأول للأممية الشيوعية الثورية في خضم اضطرابات عالمية – ماركسي(6)




فەلسەفەی مردن لە دەمی هاملێت دا.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

من نامەوێ‌ باس لەگرنگی تراژیدیاكانی شكسپیر بكەم لەئەدەبی جیهانیدا، چونكە دیارە ئەو شانۆگەریانەی شكسپیر لە پێشەوەی ئەو نمایشە دیارانەی جیهانن، كە لەلایەن هەموو گەلانی جیهان بە بایەخەوە پێشوازی كراون، لەوانەش تراژیدیای (هاملێت) كە ناودارتریت نمایشی شانۆیی شكسپیرە لەمێژووی مرۆڤایەتی دا، بەتایبەت لە رێزی هەر چوار شانۆگەرییە تراژیدیاكانی تری شكسپیر ( ئۆتیللۆ، لیر پاشا، ماكبێس)
هاملێت بوو بەگەورەترین و ناودارترین كاراكتەر لەسەراپای جیهاندا، كاراكتەرێك بوو بە هێمایەكی جیهانی و كەسێكی پارچە پارچەكراو لەجیانێكی لێواو لێو لە گومان و دو دڵی،لەنێوان راستی و وەهم .
من مەبەستمە بپرژێمە سەر بەهێزترین دیمەنێكی ئەو شانۆگەریە كە بە دیمەنی ( گۆڕستان ـ یان دیمەنی كەللە سەر ) ناسراوە لەدەقی شانۆگەریەكەو كەوتۆتە بەشی پێنجەم ـ دیمەنی یەكەم لەكۆتاییەكانی ئەو شانۆگەرییە.
لەو دیمەنەدا شكسپیر لەسەر زمانی (هاملێت) و دایەلۆگەكانی، دەیەوێ‌ فەلسەفەو ئایدیای ڕوونی خۆی دەربارەی مردن و ژیان و چارەنووسی كۆتایی بوونەوەرەكان دەر بڕێ‌ و بەڕوونی پێمان بڵێ‌ سەرجەم مرۆڤایەتی بەگشتی و بێ‌ جودایی تێكڕا لەئەنجامدا یەك چارەنووسیان هەیە، ئەویش ئەوەیە هەر هەموو دەبن بەهێسكو پریسكێكی ڕزیو لەژێر خاكدا.
لە دیمەنی (كەللە سەر) دا هاملێت كاتێ‌ كەللە سەرەكە بەدەستەوە دەگرێ‌ و مۆنۆلۆژێكی لە
گەڵدا ساز دەكات :
ئەها ئەوە كەللەسەری (لیۆرك)ی قۆشمەبازە..كە لە گەڵ خۆیدا با یاریەكانی هەمووانی دەهێنایە پێكەنین ..
بە مناڵی ئاشنای یەكتر بووین و زۆر گەمەم لە گەڵدا دەكرد، چەندین جار منی دەخستە سەر شانی خۆی…
تۆی كەللە سەر ( یوریك ) ی ؟
ئەها بە بیرتە چۆن پێكەنینەكانت لە سەراپای كۆشكی پاشایەتی دەنگی دەدایەوە؟
چۆن پاشات دەخستە پێكەنین و خەمەكانیت ڕادەماڵی؟
پێم بڵێ‌ ئێستا تۆ لەبۆ كوێ‌ چوویت؟ چۆن ئاوا بوویت بەئێسكو پروسكێكی ڕزیو؟
هاملێت گاڵتە بە خۆ بەزل زانینی مرۆڤەكان دەكات و پێیان دەڵێ‌:
ئێوە هەر هەمووتان لەمردندا یەكسانن، پاشا، وەزیر, قۆشمەباز…هەتا ئەسكەندەرو یۆلیۆس قەیسەرو ئەوانی تر، هەر هەمووتان دەبنە تۆپەڵە خۆڵێك و ڕەنگە كونە دیوارێكتان پێ‌ پڕ بكرێتەوە، یان بكرێنە تۆپی مناڵان و یاریتان پێ‌ بكەن …
ئا ئاوا لەئەنجامدا نازناوو ناوداریەتی و جوانی و پێكەنین و هێزو دەسەڵاداریەتی، دەبێت تۆزو خۆڵ.
شكسپیر لەو دیمەنەدا فەلسەفەیەكی وجودی دەخاتە ڕوو، هەمان فەلسەفەی كتێبە ئاسمانیەكان دەدركێنێ‌ دەربارەی بوون و كۆتاییەكانی بوون .
بە كورتی پێت دەڵێ‌ : ژیان كۆتایی دێت، مردن چارەنوسێكی حەتمیە، ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها و تەنها شوێنەوارە نەك جەستە.

حەیدەر عەبدولڕەحمان




ئیسرائیل و ئێران لە شەڕێکی بەردەوامدا!.. عوسمانی حاجی مارف

ئەو هێرشەی شاندی دانوستانکاری بزوتنەوەی حەماسی لە دەوحە کردە ئامانج، پێشینەیەکی مەترسیدار و سەرپێچیەکی مەترسیداری خستە بەرچاو، ناتانیاهو دەڵێت هیچ کەسێک ناتوانێت ڕێگربێت لەوەی ئیسرائیل لە دوژمنەکانی بدات. ئەمەش هەموو ئەو هەوڵانە دەبەزێنێت کە دراون بۆ ڕاگرتنی دەستدرێژی و هەڵگرتنی گەمارۆی سەر غەززە و ڕێگەدان بە چونەژورەوەی یارمەتیەکان بۆ ڕزگارکردنی منداڵان و ژنان لە شەڕی برسیکردن، کە دیمەنەکانی خەڵکی ئازادیخوازی جیهانی لە تەواوی کیشوەرەکاندا تووشی شۆک کردووە.
ئیسرائیل تائێستا نەیتوانیوە بارمتەکان لە ژێردەستی حەماس دەربهێنێت، بۆ ئەم مەبەستەش نەک نایەوێت و ناتوانێت وێنەی خۆی بگۆڕێت، بەڵکو تادێت نامرۆڤانەتر و ناشرینتر و دوژمنکارانەتر مامەڵەی خەڵکی بێتاوان و مناڵانی غەززە دەکات، لە هەموو گۆشەیەکی جیهاندا وێنایەکی تەواو قێزەوەنی خۆی ناساندووە و نیشانداوە.
ئەوەی شایانی باسە و ئاشکرایە پێناچێت ئیسرائیل لە ئەنجامی شەڕی ئەم دواییەی بەرامبەر ئێران ڕازی بێت، تا ئێستا جەخت لەسەر ئەوە دەکات کە ئێران وەک هەڕەشە و مەترسیەک بەرامبەر بەخۆی پێناسە دەکاتەوە، بۆیە بە هەموو ئاراستەکان و لە هەموو ئاستەکاندا هەوڵئەدات و هەنگاو بنێت بۆ نەهێشتنی ئەم هەڕەشەیە و ڕێگریکردن لە پەیوەندیکردنی ئێران بە یانەی دەوڵەتە ئەتۆمیەکانەوە. ئیسرائیل هەوڵئەدات شوێنی ئێران لە باڵادەستی بەسەر ناوچەکەدا بگرێتەوە و قسەی کۆتایی لە ناوچەکەدا تەنها قسەی خۆێ بێت! کۆتایی بە هەر دەورێکی ئێران و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا بهێنێت.
بەڵام ئایا ئیسرائیل توانای ئەوەی هەیە شەڕێکی نوێ لە دژی ئێران ئەنجام بدات؟ ئایا ئیدارەی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ترەمپ شوێن تەواوی ئامانجەکانی نەتانیاهۆ دەکەوێت؟ ئایا ڕۆژئاوا بە سەرۆکایەتی ئەمریکا ئاگاداری مەترسیەکانی گۆڕانکاریە بەردەوامەکانی هاوسەنگی هێزی جەمسەرە جیهانیەکان نییە؟ لەکاتێکدا دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە وێرانکاری و تێکدان و شەڕی قڕکردن، نەتانیاهۆ نەیتوانیوە بگات بەو ئامانجەی ئاڵای سپی بە حەماس هەڵبکات.
ئێستا لەکاتێکدا کە ئیسرائیل لەنێو هێرشە پەرشوبڵاوەکانی بۆ سەر غەززەدا نوقم بووە، ئایا دەتوانێت هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دەستپێبکاتەوە؟، سەرەڕای ئەوەی درێژترین شەڕی لە مێژووی خۆیدا دژی غەززە ئەنجامداوە و دەستە تاوانکاریەکەی بۆ سەر دانیشتوانی لوبنان، سوریا، ئێران و یەمەن درێژ بووەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەیارمەتی و پشتیوانی ئەمریکاش نەیتوانیوە بەرهەمی شەڕەنگێزیەکەی بچنێتەوە و لە باری عەمەلیەوە کۆتاییەک بۆ ئەم هێرشانە دیاری بکات و ئارامی بۆ ئیسرائیل بەدەست بهێنێت، جگە لەوەی بۆ پێداگری لەسەر کۆتایی بە حەماس هەرچی لەدەست بێت دەیکات، گەر تەواوی دانیشتوانی فەلەستینیش ببنە قوربانی.
ئەمریکا و ئیسرائیل هەموو ڕێگایەکی مومکینیان گرتۆتەبەر بۆ زیانگەیاندن بە ئێران و لاوازکردنی، لەم دواییانەدا تێبینیمان کرد کە چۆن باکۆی پایتەختی ئازەربایجان بووەتە شوێنی مەبەست و شوێنێکی پەسەندکراو بۆ دانوستانەکان کە هەموویان خزمەت بە ئیسرائیل دەکەن و دژایەتی ئێران و هاوپەیمانەکانین. ئازەربایجان بووەتە شوێنێکی پەسەندکراو بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل لەسەر ئاستی ستراتیژی و هەواڵگری و دیپلۆماسی، پڕۆژە نوێیەکانی کۆریدۆر و ڕێگاوبان کە ئیدارەی ئەمریکا سەرپەرشتی دەکات، ئامانجی دوور مەودایان هەیە، نەک هەر هەوڵی لاوازکردنی ئێرانن بەڵکو کار دەکەن لەسەر پوچەڵکردنەوەی سەرهەڵدانی ئەو بلۆکانەی ئێرانیان خستۆتە ناو بازنەی خۆیانەوە، کە مەبەست لە روسیا و چینە.
کاری ئەمریکا لەسەر ڕێڕەوی زەنگێزور* لە خاکی ئەرمەنستان بەردەوامە، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە پەیوەندیکردنی ئێرانە لەگەڵ ڕووسیادا لەڕێگەی ئەرمینیاوە. کارێکی چڕوپڕ بۆ چالاککردنی ڕێڕەوی ٥٠ کیلۆمەتری لە پارێزگای سونیانی ئەرمەنستان بەردەوامە. ئەوەی جێگای سەرنجە، نێردەی ئەمریکا لە سوریا و باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە، باس لە بەکرێدانی کۆریدۆرەکە دەکەن کە بۆ ماوەی ٩٩ ساڵە. ڕێڕەوی زەنگێزور بەدیلێکە بۆ ڕێڕەوی ئاراس کە پێشبینی دەکرێت خاکی ئازەربایجان لەڕێگەی خاکی ئێرانەوە بە ناوچەی نەخچیڤانەوە ببەستێتەوە، ترەمپ سەرکەوتوو بوو لە پەکخستنی ڕێڕەوی ئاراس بە سەرپەرشتیکردنی ڕێکەوتنێکی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا، ئەمریکا بەم کارە هەوڵدەدات خۆی لە باشووری قەفقازدا جێگیر بکاتەوە. هەروەها ڕێڕەوەکە کۆنترۆڵی هەمەلایەنەی ئەمریکا بەسەر ناوچەکە و دەستڕاگەیشتنی بە ئاسیای ناوەند دەستەبەر دەکات، لەلایەکیترەوە هێز و تواناکانی روسیا لەو ناوچەیە سنووردار و لاواز دەکات.
هەموو ئەم هەنگاوانە ئامانجیان گەمارۆدانی ئێران و قووڵکردنەوەی ئازارە جیۆپۆلەتیکیەکەیە، ئەمریکا بە دووبارە کێشانەوە و داڕشتنەوەی نەخشەکان بەپێی دیدگای ئەمریکا و ئیسرائیل هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵات و نفوزی ئێران دەدەن بە تەواوی لە ناوچەکەدا. بەڵام ئەو مانۆڕەی نمایشکرا لە لوتکەی ئەم دواییەی شەنگەهایدا، کرانەوە و دەرکەوتنێک بوو، سەرەتای لەدایکبوونی جەمسەرێکی نوێ لە دووبارە داڕشتنەوەی ئەو هاوسەنگیە جیهانیە ڕادەگەیەنێ، کە لەدوای هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت و بلۆکی ڕۆژهەڵات داڕما، کە وەها نیشان ئەدەن بەشێوەیەکی بەردەوام بەرەوپێش دەچێت و کایەیەکی نوێ و بەدیل بۆ بازرگانی و چالاکی دراوی دادەمەزرێنن، دوور لە کۆنترۆڵی ڕۆژئاوا بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، کە جیهانی پڕکردووە لە سزا و گومرگ، تەنانەت هاوپەیمانەکانیشی لە کاریگەریەکانیان ڕزگاریان نەبووە.
لوتکەی شەنگەهای کە هەوڵی ڕکابەری گروپی هەشت* دەدات، هاوسۆزی خۆی لەگەڵ ئێران ڕاگەیاند و بووەتە بازاڕێکی گەشەسەندوو بۆ بەرهەمە نەوتیەکانی ئێران، کە بەهۆی سزا توندەکانی ئیدارەی ئەمریکاوە بارگرانیان لەسەر بووە. ترۆیکای ئەوروپی خۆی ئامادە دەکات بۆ چالاککردنەوەی سزاکانی “سناپباک”. ئێران باش دەزانێت کە لە ڕوبەڕوبوونەوەیەکی ئاشکرادایە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل و ئەوروپیەکاندا، لەسەر بەرنامە ئەتۆمیەکەی، ترۆیکای ئەوروپی بە هەڕەشەی چالاککردنی میکانیزمی سناپباک لەسەر ئێران، نەوتی بەسەر ئاگرەکەدا ڕشتووە.
جگە لەو هەلومەرجە مەترسیدارەی کە هەرسێ وڵاتی ئەورووپایی فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا، پەنایان بۆ پەرەسەندنی دۆخەکە بردووە، بەتایبەتی دوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمیەکانی ئێران، ئێران ڕێبازی وڵاتانی ئەورووپایی بە شیاوی یاسایی و ئەخلاقی نازانێت بۆ پەنابردنەبەر بڕیاری گەڕانەوە بۆ سەر گەمارۆکان.
ئێران وهاوپەیمانەکانی، کە لە شەڕی پاڵپشتیکردنی غەززە دەرگیربون، درک بەوە دەکەن کە لە بارودۆخی ئێستادا زیاتر پێویستیان بە دیپلۆماسی هەیە، بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ئەو توانایانەی کە لەناوچون. لەڕاستیدا وڵاتانی ئەوروپا بە هەڕەشەکردن لە ئێران بە سەپاندنەوەی سزاکان، لایەنگری ئیدارەی ئەمریکا و ئیسرائیلیان هەڵبژاردووە و بونەتە بەشێک لە کێشەکە. بەو مانایەی دوای شەڕی داونزە ڕۆژەی ئیسرائیل و ئێران، بە هەر ئاڵوگۆڕێک لە ناوچەکە پێشهاتبێت و کاریگەری دانابێت، دوای وەستانی شەڕەکە ململانێکان و کێشەکان بە زیادەوە وەک خۆی ماون و مەترسی دوبارە بونەوەی شەڕ ئەگەرێکە گەر ئیسرائیل لە هێرشەکانی بۆ سەر غەززە نەتوانێ بە قازانجی ئیسرائیل کۆتایی پێ بهێنێت!.
ئێران و هەروەها ئەمەریکا و ئیسرائیل، درک بەوە دەکەن کە شەڕەکە بە هەموو فۆرم و شێوازەکانی خۆی بەکراوەیی ماوەتەوە، بەڵام ئەوە ئایندەی شەڕی غەززەیە ڕۆشنایی دەخاتە سەر چارەنوسی هەڵگیرسانەوەی شەڕ بەدژی ئێران. سەرکەوتن لە پاکتاوکردنی غەززە دەیانگەڕێنێتەوە بۆ کاری دیبلۆماسی، شکست لە هێرش بۆ سەرغەززە، ئیسرائیل کێش دەکاتەوە بۆ لێدان لە ئێران.
لە هەمانکاتدا ئەمریکا و ئیسرائیل دەرگیرن لە بەرامبەر کۆبونەوەی نەتەوە یەکگرتوەکاندا، کە لەم مانگەدا زۆربەی رەهای ووڵاتەکانی ئەندام دەنگیان دا بە بڕیارنامەیەك بۆ جێبەجێکردنی بەکردەوەی چارەسەری دوو دەوڵەت. بەوجۆرە دەردەکەوێ کە ئاراستەیەکی بەهێزی جیهانی هەیە بۆ بەرگیرکردن لە پێکهێنانی دەوڵەتی فەلەستین. بەمانایەک هەنگاوەکانی پاکتاوکردنی غەززەو و وەستانەوەی ڕاستەوخۆی ئەمریکاو ئیسرائیل بەرامبەر بە دەوڵەتی فەلەستین، ناجێگیری سیاسی و گرژیەکان لە ناوچەکە ئاڵۆزتر دەکات، ئاستی ململانێکان مەترسیدارتر دەبێت، بۆیە ئاراستەی هێرشکردنە سەر ئێران بە ئاسانی پێک نایەت و بە ئاسانیش کۆتایی نایەت.
نیگەرانی هەرە جددی ناتانیاهۆ و هاوپەیمانەکانی ئەوەیە کە ئەم هەموو کوشتار و تاوانکاریەی ئەنجام دراوە، ئاراستەکەی چۆتە سەر گۆشەگیری و ئیدانەکردنی بەربڵاوی دەسەڵاتەکەی لە ناو ئیسرائیل و لە ئاستی جیهاندا. لەوەش مەترسیدارتر بۆ ئیسرائیل ئەوەیە کە وڵاتانی ئەوروپا دەستیان کردووە بە گۆڕینی هەڵوێستی خۆیان و ئێستا دژایەتی بەها و پرەنسیپەکانیان دەکەن لە بەرگریکردن لە یاسا نێودەوڵەتیەکان و مافەکانی مرۆڤ. ئیسپانیا لە پەیوەند بەم شەڕانەوە، هەموو جۆرە پەیوەندیەکی بازرگانی ڕاگرتووە، دیارترینیان تێپەڕبوونی کەشتیە پڕ لە چەک و تەقەمەنیەکانە لە ڕێگەی بەندەرەکانیەوە.
ئیسرائیل لە دۆخێکی تەواو ناتەباو ئاڵۆزدایە و ناتوانێت دیاری بکات ئایندەی ناوچەکە چۆن یەکلایی دەکاتەوە و چۆن دەتوانێت ببێتە باڵادەستی یەکەم لە ناوچەکەدا و کۆتایی بەدەوری ئێران بهێنێت!.
—————————-

*زەنگێزور- کۆریدۆری زەنگێزور ڕێگایەکی گواستنەوەی بەپڕۆژەکراوی ناوچەی سیونیکی ئەرمینیایە، کە زەوی وڵاتی ئازەربایجان بەشێکی سەرەکیی ڕێڕەوەکەی پێدا تێپەڕ دەبێت و بە ناوچەی نەخچیڤانەوەی دەبەستێتەوە کە بەشێکی ڕێڕەوەکە بە خاکی ئەرمینیادا تێپەڕ دەبێت.
*گروپی هەشت (G8)، کۆڕێکی سیاسی نێوان حکومەتەکان بوو کە لە ساڵی 1997 تا 2014 بوونی هەبوو، کە لە وڵاتانی پیشەسازی جیهانی گەورە پێکهاتبوو: ئەمریکا، ژاپۆن، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، بەریتانیا، فەرەنسا، کەنەدا، ڕووسیا کە(هەڵپەسێردرا).
*سناپباک – میکانیزمی سناپباک شەش بڕیارە لە ئەنجومەنی ئاسایشەوە دژی تاران لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٠، بەڵام دوای ڕێککەوتنی ئەتۆمی و بەپێی بڕیاری ٢٢٣١ هەڵپەسێردرا. ئیدارەی ترەمپ پەنای بۆ ئەم میکانیزمە بردوە، ئەمەش بۆ گەڕانەوەی سەرجەم سزاکان بۆ سەر تاران، لەنێویشیدا سەپاندنی کۆت و بەند لەسەر بەرنامەی موشەکی بالستی ئێران، کڕین و فرۆشتنی چەک و هەڵپەساردنی پیتاندنی یۆرانیۆم.
*واتە ئەگەر ئێران ئامادە نەبێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دیپلۆماسی لە بەرامبەریدا، گوایە میکانیزمی سناپباک دەستپێدەکاتەوە.




لە مانیفێستی کۆمۆنیستەوە بۆ چینی “کۆمۆنیستی”.(١).. حەمید تەقوایی

لە ڕەخنە لە مارکسیزمی مەکتەبیدا

وەرگێڕانی:کاوە عومەر
ئەم بابەتە لەسەر بنەمای باسێکە لە سیمینارێکی ناوخۆیی حزبدائامادەکراوە

لەم سیمینارەدا دەمانەوێت بەکورتی لەوە بکۆڵینەوە کە بۆچی ئەو حزبانەی بانگەشەی کۆمۆنیزم و سۆسیالیزمیان دەکرد دوای هاتنە سەر دەسەڵات بەرەو دیکتاتۆرییەت چوون. بۆچی لە هەموو ئەم وڵاتانەدا لە ڕووسیای سۆڤیەت تا چین و کوبا و کۆریای باکور و ڤێتنام و هتد ڕووبەڕووی دیکتاتۆرییەکی تاک حزبی دەبینەوە؟ وە لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە پێویستە چی بکرێت بۆ ڕیگری لە دووبارە نەبوونەوەی لەم دۆخە: چ وەک حزبێکی ئۆپۆزسیۆن و چ لە دەسەڵات. زۆر گرنگە بۆ مارکسیستەکان کە لە هەردوو ڕوانگەیەکەوە توێژینەوە لەبارەی ئەم پرسە بکەن.
ئەم باسە باس لە بزووتنەوە و بناغە کۆمەڵایەتییەکان و بنەمای چینایەتی حیزبەکان ناکات. لە کتێبی ڕەخنە لە ئەزموونی سۆڤیەتدا کە لە بولتینەکانی مارکسیزم و پرسی سۆڤیەتدا لە ساڵی ١٣٦٤-٦٥، نزیکەی شەش ساڵ پێش ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت و بلۆکی ڕۆژهەڵات بڵاوکرایەوە، ئارگومێنتەکەمان ئەوە بوو کە هۆکاری بنەڕەتیی باڵادەستی سەرمایەداریی دەوڵەتی و دیکتاتۆریەتی تاک حزبی هاوتا لە یەکێتی سۆڤیەتدا ئەوە بوو کە بزووتنەوە چینایەتییە جیاوازەکان لە شۆڕشەکانی شوبات و ئۆکتۆبەردا ئامادەییان هەبوو و چالاک بوون. بە تایبەتی بزووتنەوەیەک کە ئامانجی زاڵبوون بوو بەسەر دواکەوتوویی کۆمەڵگەی ڕووسیا و بەپیشەسازیکردنی ڕووسیا بوو، کە کادێت و مەنشفیکەکان (لە بەرگی چەپدا) نوێنەرایەتی ئەوەیان دەکرد، بزووتنەوەکەی دیکەش ئامانجی سۆسیالیزمی بەدوای خۆیدا هێنا، کە بەلشەفیکەکان نوێنەرایەتیان دەکرد. هەردوو ئەم بزووتنەوەیە، بزووتنەوەی سۆسیالیستی و بزووتنەوەی گەورەی ڕووسیا و ئەو حزبانەی لێیانەوە سەریان هەڵدا، دژی تزاریزم شەڕیان کرد و لە شۆڕشی شوبات و ئۆکتۆبەردا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان بینی. لە شۆڕشی ئۆکتۆبەردا هەژموون لای بەلشەفییەکان بوو، بەڵام لە دوای لینین، هێڵی پیشەسازیکردنی ڕووسیا بەسەر حزبی بەلشەفیک و حکومەتی سۆڤیەتدا زاڵ بوو و ئەو سیاسەتەی پەیڕەو کرد کە گەشەی پیشەسازی ڕووسیای کردە ئامانج لە ڕێگەی پلانی سەرمایەداری دەوڵەتییەوە، ئێمەش دەرئەنجامەکانیمان بینی.
لەم سیمینارەدا نامەوێت ئەم لایەنە بزوتنەوەیی-چینایەتییە بخەمە ڕوو. لە بولیتینەکانی مارکسیزم و پرسی سۆڤیەتدا، ئەم بابەتە ڕەخنەی زۆری لێ گیراوە و بە وردی لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە، بەتایبەتی لەلایەن مەنسوور حیکمەتەوە و ئەوانەی ئارەزوومەندن دەتوانن بگەڕێنەوە بۆیان.
باسی ئەم سیمینارە لەسەر لایەنی تیۆری-سیاسی ئەزموونی دیکتاتۆریەتی تاک حزبیە لە یەکێتی سۆڤیەت و لەو وڵاتانەی کە بە گشتی بانگەشەی سۆسیالیزم دەکەن. ئەو حیزبانە، کە سەرەڕای بانگەشەکانیان، هیچ پەیوەندییەکیان بە بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوەی سۆسیالیستییەوە نەبوو، لە بارەی مارکسیزمەوە بیریان لە چی دەکردەوە و دەیانخوێندەوە؟ چۆن مارکسیزمیان لێک داوەتەوە و ڕوونیان کردەوە؟ چۆن بە پەنابردن بۆ مارکسیزم پاساویان بۆ سیستەمی دیکتاتۆری خۆیان دەهێنایەوە؟
بە بڕوای من لە ئەزموونی “سۆسیالیزمە” هەبووەکاندا، لە یەکێتی سۆڤیەتی ڕووخاوەوە تا چین، ڤێتنام، کەمبۆدیا، کۆریای باکوور وهتد، ڕووبەڕووی جۆرێک لە مارکسیزم دەبینەوە کە دەبێ پێی بڵێین مارکسیزمی ئایدیۆلۆژی یان مەکتەبێک. “مارکسیزم”ێک کە هیچ پەیوەندییەکی بە مارکسەوە نییە! باسی من لەم ئاستەدایە و ناچمە ناو بزووتنەوەکان و بناغە کۆمەڵایەتی و بنچینەییەکانی ڕیوایەتکردنێکی لەو شێوە لە مارکسیزم. بنەمای چینایەتی کۆمەڵایەتی ئەو حیزبانەی حوکمڕان لەو وڵاتانەی بانگەشەی سۆسیالیزم دەکەن، هەرچییەک بێت، هەموو ئەم هێزانە خۆیان بە مارکسی دەزانن و هەوڵ دەدەن لەسەر ئەو بنەمایە سیاسەتەکانیان ڕوون بکەنەوە. هەوڵی من لەم باسەدا ڕەخنەگرتن و لێکۆڵینەوەیە لەم جۆرە “مارکسیزمە”.
هیوادارم ئەم سیمینارە وەڵامی ئەو پرسیارە بنەڕەتییە بداتەوە: چ لێکدانەوەیەک بۆ مارکسیزم بووەتە هۆی سەرهەڵدانی دیکتاتۆریەتێک کە لە زۆربەی دیکتاتۆرییە بۆرژوازییەکان خراپترن؟ بە واتایەکی تر ئەم ئەزمونە نەرێنییە، کە بەداخەوە لەسەر حسابی هەموو کۆمۆنیستەکان نووسراوە، لەسەر چ خوێندنەوە و شرۆڤەکردنەوەیەک بۆ مارکسیزم دامەزراوە؟

ئایا مارکسیزم ئایدۆلۆژیایە؟

خاڵی یەکەم ئەوەیە کە هێزە چەپە غەیرە کرێکاریەکان مەکتەبێکی ئایدۆلۆژیان لەمارکسیزم دروست کردووەئەمڕۆ زۆرێک لە ڕەخنەگرانی مارکسیزم و بە گشتی هەڵسوڕاوانی سیاسی و ڕای گشتی مارکسیزم وەک ئایدۆلۆژیایەک دەبینن؛ ئەوان حکومەت و سیستەمی سۆسیالیستی بە ئایدیۆلۆژی ناودەبەن و پێیان وایە هۆکار یان یەکێک لە هۆکارەکانی دیکتاتۆریەتی ئەو سیستەمانەی کە بانگەشەی سۆسیالیزم دەکەن سروشتی ئایدیۆلۆژی حکومەتە. گومانی تێدا نییە کە سیستەم و حزبە حکومییەکان لەو وڵاتانەی کە بانگەشەی سۆسیالیزم دەکەن، ئایدیۆلۆژی بوون؛ بەڵام ئەمە پەیوەندی بە مارکسیزمەوە نییە.
مارکس ئایدۆلۆژیا بە دژە زانست و جۆرێک لە هۆشیاری درۆ دەزانێت. ئەو پێی وایە ئایدۆلۆژیا ڕاستیەکانی کۆمەڵگەی چینایەتی دەشێوێنێت. لە ڕوانگەی ئەوەوە ئایدۆلۆژیا کۆمەڵێک بیروباوەڕ و بەهایە کە لەبری ئەوەی ڕەنگدانەوەی واقیع بێت، کار بۆ خزمەتکردن وپاساودان و پاراستنی نەزمی هەبوو دەکات. واتە ڕێک هەمان ئەو کارەی کە حزبە دەسەڵاتدارەکان لەو سیستەمانەی کە ئیدیعای سۆسیالیزمیان دەکرد بە “مارکسیزمیان” کردووە. ئەو حیزبانەی کە مارکسیزمیان وەک کەتەبیکی هزری کە حەقیقەت تەنها لای ئەوە. سەپاندیان بەسەر حکومەت و هونەر و ئەدەب و سیستەمی پەروەردەیی و هەموو کۆمەڵگەدا.تایبەتمەندییەکی ئایدۆلۆژی کە لە خاڵی دژ بە مارکسیزمدا وەستاوە، نەگۆڕی و دوگماتیک. هەموو ئایدۆلۆژیایەک وەک ئایین سیستەمێکی بیرکردنەوەی بنیات نراو و وردە کە بەرگەی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی ناگرێت. لە کاتێکدا کە جەوهەری مارکسیزم ڕەخنە و گۆڕانکاری و زرت وزیندویی و سەروژێرکردنە؛ لەڕیشەدان و هەڵوەشاندنەوە و تێکشکاندنی هەموو دۆگما و بیروباوەڕە چەقبەستوو نەگۆڕەکانە.
مارکسیزم تیۆرێکی زانستییە و وەک هەر تیۆرێک دینامیکییە و لەسەر بنەمای گۆڕانکاری و پێشکەوتن لە هەلومەرجی بابەتیی و کۆمەڵایەتیدا پەرەدەسێنێت. ئەنگڵس باس لە سۆسیالیزمی زانستی دەکات، سۆسیالیزم وەک تیۆرێکی زانستی. ئەمە بۆ مارکسیزمیش ڕاستە. مارکسیزم بریتییە لە زانستی خەباتی چینایەتی یان زانستێک کە پێشهاتە مێژووییەکان لەسەر بنەمای بوونی چینەکان و ململانێی بەرژەوەندییە چینایەتییەکان ڕوون دەکاتەوە. ئەو پەرەسەندنە مێژووییەی کە مارکسیزم لێی دەکۆڵێتەوە، لە ڕاستیدا تیۆر و تیۆرێکی زانستییە؛ وەک داروینیزم. ئەوەی داروینیزم لە بواری بایۆلۆجیدا پێشنیاری دەکات، گەشەکردنی فیزیکی ژیان، لە ڕووەک و گیاندارەوە بۆ مرۆڤ، کە ئێستا تیۆرێکی زانستی سەلمێنراوە، مارکسیزم تیۆرێکی لەو جۆرەیە لە بواری کۆمەڵایەتی و پێشکەوتنە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکان. جیاوازی ئەوەیە کە مارکسیزم تیۆرێکە بۆ پراکتیک، تیۆرێکە بۆ گۆڕینی جیهان و تەنها ڕوونکردنەوە و شرۆڤەکردنی جیهان نییە؛ تیۆرێک بۆ گۆڕانکاری شۆڕشگێڕانە.

پایەداری مارکسیزم
دونیای ، سیاسەت و زانست و کولتوور و هونەر و بابەتەکانی ململانێی چینایەتی بەردەوام لە گۆڕان و پەرەسەندندان و هەروەها مارکسیزمیش دەبێت پەلبهاوێژێت و هاوتەریب لەگەڵ واقیعدا گەشە بکات. سروشتییە لە کلاسیکی مارکسیزمدا هیچ باسێک لەو پرس و پێشهاتانەی لە دوای مارکسەوە ڕوویانداوە، وەک شۆڕشی پیشەسازی چوارەم و بە کۆمپیوتەرکردنی زۆر بوارەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری، زیرەکی دەستکرد، یان پۆستمۆدێرنیزم، فرە کولتوری، گەرمبوونی جیهان و هاوشێوەکانی، نابینیتەوە؛ بەڵام ئەمانە پرسە بنەڕەتییەکانی خەباتی چینایەتین لە سەردەمی ئێمەدا کە دەبێت بخرێنە ژێر ڕەخنە و شیکاری مارکسیستەکانەوە. لە ئاستێکی دیاریکراوتردا، لە ئێراندا پرسی حوکمڕانی ئایینی، پرسی ژن و باڵاپۆشی، هەڵاواردنی ڕەگەزی، تۆڵەسەندنەوە و سزاکانی سەدەی ناوەڕاست بوونەتە پرسێکی گرنگی خەباتی چینایەتی. مارکسیستی سەردەمی ئێمە ناتوانێت تەنیا بە ئاماژەدان بە کلاسیکەکانی مارکسیستی و تیۆرییەکانی ڕابردوو چارەسەری ئەم پرسانە بکات.
ئەم نموونانە نیشانی ئەدەن کە مارکسیزم وەک هەر دیاردەیەکی تر دەبێت لەگەڵ پێشکەوتنە کۆمەڵایەتییەکان بگۆڕێت و پەرە بسێنێت. هەروەک چۆن هیچ تیۆرێکی زانستی تربێ جوڵە و بەستوو نییە. ئەگەر بۆچوونەکانی گالیلۆ و نیوتن وەک سکۆلاستیکی مامەڵەیان لەگەڵ بکرایە، ئەوا تیۆری ڕێژەیی و میکانیکی کوانتەمی ئەنیشتاین لەمڕۆدا بوونی نەدەبوو. دەبوو میکانیکی نیوتنی دوا وشە بووایە. دەمەوێت بڵێم زانست هەرگیز دۆگما نەبووە. پایەداری و گەشەکردن بەشێکە لە دیدگای زانستی. بۆ مارکسیزمیش بەتەواوی هەمان شتە.
لە چەپی ئایدیۆلۆژییەوە، مارکسیزم سیستەمێکی تیۆری ئامادەکراو و نەگۆڕە، کۆمەڵێک هەڵوێستی پێشوەختە دیاریکراو و بەستوو کە بۆ ئەوەی هەڵوێستگیری و هەڵسەنگاندنی هەر بارودۆخێک ئەبێت بگەڕییتەوە بۆیان. لەم ڕوونکردنەوە نیمچە ئایینییەی مارکسیزمدا، هەر داهێنانێک بە ڕیڤیزیۆنیزم(پێداچوونەوە) دادەنرێت و هەر بۆیە ڕێگەپێدراو نییە. بەم شێوەیە مارکسیزمی ئایدیۆلۆژی لە ڕاستیدا بەم شێوەیە خۆی دەپارێزێت. بەڵام داهێنان لە وەڵامی بارودۆخی ڕۆژدا پێویستییەکی مارکسیزم و هەر تیۆرێکی زیندوو و زانستییە. هەر پێداچوونەوەیەک خۆی لە خۆیدا هەڵە و لادان نییە؛ بەڵکو دەبێت ڕاستی و نادروستییەکەی نەک لەسەر بنەمای بۆچوونەکانی ڕابردوو بەڵکو لە پێوەندی لەگەڵ ڕاستیەکانی خەباتی چینایەتی لە هەر قۆناغێکدا هەڵسەنگێندرێت. کەس ئەنیشتاین تاوانبار ناکات بەوەی کە “پێداچوونەوەی” لەکێشکردنی نیوتندا کردووە. گۆڕینی مارکسیزم بۆ پرەنسیپی نەگۆڕ کە دەبێت حەقیقەتی پێ بپێورێت، پێش هەموو شتێک پێشێلکردنی خودی مارکسیزمە. تیۆرێک کە باوەڕی بە گۆڕانی هەموو دیاردەکان هەبێت چۆن دەبێت خۆی جێگیر و نەگۆڕ بێت؟!

بە گشتی ڕوانگەیەکی دۆگماتیکی بۆ مارکسیزم دوو دەرئەنجامی جیاوازی لێکەوتووەتەوە.
هەندێک لە مارکسیستە مەکتەبیەکان چارەسەر لە نادیدەگرتنی پرسە نوێیەکان یان لە ناپەیوەندییان بە خەباتی چینایەتی و بزووتنەوەی کرێکاریدا دەبینن. گروپێکی تر بە بینینی بابەتگەلێکی نوێ کە لە کلاسیکەکانی مارکسیزمدا قسەیان لەسەر نەکراوە، بە تەواوی دەستبەرداری مارکسیزم دەبن. وەک ئەوە وایە پێشهاتە نوێیەکان پەیوەندییان بە خەباتی چینایەتییەوە نییە و دەبێت وەڵامەکەی بگەڕێن، بۆ نموونە لە مەکتەبی شیکاگۆ، پۆستمۆدێرنیزم، لیبراڵ دیموکراسی و هتد، هەردوو ئەم بۆچوونانە لێکدانەوەیەکی دۆگماتیک و مەکتەبییان هەیە بۆ مارکسیزم؛ یەکێکیان بۆ پاراستنی قوتابخانەکەی، بابەتی نوێ پشتگوێ دەخات، ئەوی دیکەیان لە پێناو بابەتی نوێدا قوتابخانەکەی جێدەهێڵێت! وەڵامەکە لە گونجاندنی مارکسیزمدایە لەگەڵ پێشهاتە نوێیەکان. وەک چۆن داروینیزم و میکانیکی نیوتنی و ئەندازەیی ئەقلیدەسی بە هۆی هاتنی زانستی جینات و فیزیا و بیرکاری بۆ ناو گۆڕەپانی نوێ ڕەت نەکراونەتەوە یان نکۆڵی نەکراون، مارکسیزمیش بەهۆی پێشکەوتنە نوێیەکانی ململانێی چینایەتییەوە ڕەت نەکراوەتەوە یان نکۆڵی لێناکرێت؛ بەڵکو فراوان دەبێت و پەرەدەستێنێت. مارکسیزم وەک تیۆرە زانستییەکانی دیکە زیندووە و گەشە دەکات و بەرەو پێشەوە دەڕوات.

ژێرپێنانی لۆژیکی دیالکتیکی
لە ڕوانگەی فەلسەفیەوە لۆژیکی مارکسیزمی مەکتەبی و دیالێکتیکی نییە، بەڵکو ئەرستۆیی و دوو بەهاییە و ڕەش و سپی و بێ جوڵەیە
مەنتیقی دوو بەها بە پلەی یەکەم لە بیرکاری، زانستی کۆمپیوتەر و فیزیا و میکانیکدا (بە کەمکردنەوەی میکانیکی کوانتەم)دا بەکاردەهێنرێت؛ بەڵام لە لێکۆڵینەوە لە مێژوو، لەزانستە کۆمەڵایەتییەکان، دەروونناسی، پەرەسەندنی سروشت و کۆمەڵگە و بە گشتی دیاردە وئاڵوگۆڕە سەقامگیر و لەحاڵی گۆڕاندا، بەتایبەتی کاروباری کۆمەڵایەتی-ئینسانیدا بێ توانایە. ئەمانە هەندێک لە بوارەکانی لۆژیکی دیالێکتیکین. مارکسیزمی مەکتەبی بە لۆژیکێکی دووانەییەوە دەچێتە ناو ئەم کایە و بە تەواوی هەڵەیە. بە پێی مارکسیزمی مەکتەبی، هەموو دیاردەیەک یان بە تەواوی ئەرێنییە یان نەرێنی؛ یان چاکەی ڕەها یان خراپەی ڕەها. کاتێک ئەم تێڕوانینە ڕەش و سپییە دەچێتە ناو دونیای سیاسەتەوە، دەبێتە حوکم و بۆچوونی جێگیر و نەگۆڕ، سەبارەت بە دیاردە کۆمەڵایەتی-سیاسیەکان کە لە بنەڕەتدا گۆڕاو و پەرەسەندون! لەم ڕوانگەیەوە،.یان دیاردە و گۆڕان، حیزب و حکومەت و سیاسەت و هەڵوێست بۆرژوازین، کە ڕەتدەکرێنەوە و ڕەتدەکرێنەوە، یان پرۆلیتاریین، کە دەتوانرێت پشتیوانی لێبکرێت. هەموو شتێک یان باشە یان خراپە. نە حاڵەتی مامناوەندهەیە، نە ڕێژەیی، نە گۆڕانکاری و بزاڤی.
ئەم تێڕوانینە ڕەش و سپییە لە کوێوە پەیدا بووە؟ سەرچاوەی ئەم تێڕوانینە بەستوو و بێ جوڵەیە هەرچییەک بێت، مارکسیزم نییە.
مارکسیزم باوەڕی بە دیالێکتیک هەیە. بە پێچەوانەی لۆژیکی ئەرستۆ،ئەو پشت بەستووە بە لۆژیکی دیالێکتیکی لەسەر کۆی دژبەرەکان، لەسەر تێز و دژە تێز لە هەموو دیاردەیەکدا. مارکسیزم بە پشت بەستن بەم لۆژیکە لایەنی ئەرێنی و نەرێنی، گەشەکردن و دابەزین، لە هەموو دیاردە و گەشەکردنێکدا دەبینێت و گۆڕانی دیاردەکان لەسەر بنەمای دژایەتی نێوان ئەم دوو لایەنە ڕوون دەکاتەوە. مارکسیزم نیشانی دەدات کە چۆن گەشەی هێزە بەرهەمهێنەرەکان پەیوەندییە کۆنەکانی بەرهەمهێنان تێکدەشکێنێت؛ بەڵام پەیوەندییە نوێیەکان لەناو خۆیاندا فاکتەری نکۆڵیکردنی خۆیان پەرەپێدەدەن. ئەوەی پەیوەندییە کۆنەکانی بەرهەمهێنانی لەناوبردبوو، خۆی دەبێتە بەربەستێکی نوێ لەبەردەم گەشەی هێزە بەرهەمهێنەرەکاندا. سەرمایەداری لە بەرامبەر فیۆدالیزمدا پێشکەوتنخوازە؛ بەڵام هەر لە سەرەتاوە پەرە بە گۆڕهەڵکەنی خۆی و پرۆلیتاریا و هتد و هتد دەدات، لەم تیۆرییە بنەڕەتیانەی مارکسیزمدا هیچ لۆژیکێکی ڕەش و سپی یان حەتمی نییە.
ڕەنگدانەوەی ئەم تێڕوانینە دیالکتیکییە تەنانەت لە هەڵوێستە سیاسی و تاکتیکییەکانی مارکسیشدا دەبینیت.
بۆ نموونە مارکس پێی وایە زاڵبوونی ئیمپریالیزمی بەریتانیا بەسەر هیندستاندا هەم لایەنی ئەرێنی و هەم لایەنی نەرێنی هەیە. مارکس دەنووسێت:
“ئینگلیزەکان دوو ئەرکیان لە هیندستان هەیە: یەکێکیان وێرانکەر، ئەوی دیکەیان بنیاتنەر. وێرانکەر چونکە کۆمەڵگەی ئاسیا دەشکێنن، و بنیاتنەر چونکە بنەمای ماددی کۆمەڵگەیەکی نوێ دروست دەکەن”.
کاولکاری و وێرانکردنی هیندستان لەلایەن کۆلۆنیالیستە ئینگلیزەکانەوە و تاوانەکانی کۆلۆنیالیستەکان بەرامبەر بە خەڵکی ڕەسەنی هیندستان بۆ هەمووان ئاشکرایە و مارکس بەو تێڕوانینە قوڵ و هەمەلایەنەی کە تایبەتمەندی خۆیەتی، ئەم نەهامەتیانە ڕوون دەکاتەوە. به ڵام له هه مان کاتدا داڕمانی سیسته می کاستی و بنیاتنانی هێڵی ئاسن و ته لگراف و چاپخانه یه کی ئازاد و زمانی باوی ئینگلیزی به ئاکامی پێشکه وتوو باشی دەسەڵاتی ئینگیز دەزانێت
نموونەیەکی دیکە مامەڵەی هیندییەکانە لە ئەمریکا. مارکسیزمی مەکتەبی لە سەداسەد ئیدانەی هەژموونی ئەوروپی لە ئەمریکا دەکات بەهۆی ئەو تاوانانەی کە بەرامبەر بە خەڵکی ڕەسەنی ئەم کیشوەرە ئەنجام دەدرێن و ئەگەر باوەڕی بە ڕێژەگەرایی کولتووری هەبێت (ئەمەش ئەوەی ئەمڕۆ زۆربەی چەپەکان دەیکەن)، دەڵێت شارستانیەتی هیندییەکان لە شارستانیەتی ڕۆژئاوا باشتر بووە، هەروەها “شارستانیەتی خۆیان” بە گشتی بۆ هەموو وڵات و کۆمەڵگایەک باشترە. هەمان ئەو بۆچوونەی کە پێی وایە “شارستانیەتی ئیسلامی” شایستەی وڵاتانی وەک ئێران و هتد.. ئەمە کاردانەوەی کۆتاییە؛ بەڵام تەنانەت چەپەکانیش کە باوەڕیان بە فرە کولتوری نییە و پۆستمۆدێرنیزم قبوڵ ناکات، لایەنی مۆدێرن و پێشکەوتنخوازانەی گۆڕینی ژیانی ڕەسەنەکانی ئەمریکا نابینن.
ئەندامێکی پارتەکەمان کە لە کەنەدا دەژی، وتی لە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیدا بۆ بەرگریکردن لە مافی خەڵکی ڕەسەن (کە لە کەنەدا پێیان دەوترێت نەتەوەی یەکەم)، لەگەڵ یەکێک لە سەرکردە ڕەسەنەکان چووەتە ناو کۆبوونەوەکە و ئەو دڕندەییانەی کە لەلایەن هێزەکانی بەریتانیا و ئیسپانیا و فەرەنساوە ئەنجامدراون، خستۆتە لیست و شەرمەزارییەوە. ئەو کەسەی قسەی لەگەڵ دەکرد وتی کە ئەوان ئەو تاوانانەیان ئەنجامداوە؛ بەڵام لە هەمان کاتدا، ژیانمانیان هەنگاوێک بەرەو پێشەوە برد. ئەوان لە ژیانێکی سەرەتایی لە قووڵایی مێژوودا هێنایان بۆ جیهانی هاوچەرخ. ئێمە لە زانست و پیشەسازی و کولتوور و شارستانیەتی مرۆڤایەتی مۆدێرن بێبەش بووین و هاتنی ئەوروپییەکان بۆ کیشوەرەکەمان ئەم جادووەی شکاند. هاوڕێکەمان ئەم یادەوەرییەی بۆ من بە شتێکی نامۆ و چاوەڕوان نەکراو وەسف کرد. بەڵام لە ڕاستیدا ئەم هەڵوێستەی سەرکردەی ڕەسەنی ئەمریکی لە هەڵوێستی زۆرێک لە چەپەکانی ئەمڕۆدا واقیعبینانەتر و مارکسیستترە. ئەمە هەمان میتۆد و ڕێبازە کە مارکس لە شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی پێشهاتەکاندا بەکاری دەهێنێت.
دیاردە و پێشهاتەکان یان لە سەدا سەد ئەرێنی نین یان سەد لە سەد نەرێنی. پڕۆسەی گۆڕانکاری ڕاستەقینە لە هەر کۆمەڵگەیەکدا ئەم وێنەیە ڕەش و سپییە دەشکێنێت و ڕێگە بۆ مارکسیزمێکی دەستێوەردانخواز و چالاک دەکاتەوە کە بە شێوەیەکی دیالکتیکی لە دیاردە گۆڕاوەکان نزیک بێتەوە و کاریگەری لەسەر ئەم پرۆسەیە هەبێت. نەبینینی دیالێکتیکی گۆڕان و بزووتنەوە، لە بنەڕەتترین ئاستدا، جۆرێک لە نابەرپرسیارێتی و چاودێری لەبری دەستێوەردان لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت کە تایبەتمەندی چەپی مەکتەبیە.
مارکسیستەکان و حزبە کرێکاریەکانی تر
دەبێت هەڵوێستمان چی بێت بەرامبەر بە حزبەکانی تر، بەرامبەر بەو هێزانەی کە خۆیان بە مارکسیست نازانن؛ بەڵام ڕۆڵ دەگێڕن لە گۆڕەپانی سیاسیدا؟
لە بەشی دووەمی مانیفێستی کۆمۆنیستدا باس لە پەیوەندی کۆمۆنیستەکان لەگەڵ حزبە پرۆلیتاریەکانی تر کراوە و لە بەشی چوارەمیشدا پەیوەندی کۆمۆنیستەکان لەگەڵ هەموو حزبەکانی تردا باس کراوە.
لەبەشی دووەمی مانیفێستدا بەناونیشانی پرۆلیتاریا و کۆمۆنیستەکان بەم ڕستانە دەست پێدەکات: “کۆمۆنیستەکان و پرۆلیتاریا بەگشتی چ پەیوەندییەکیان لەگەڵ یەکتردا هەیە؟ کۆمۆنیستەکان حزبێکی تایبەت نین کەدژ بە حزبە کرێکارییەکانی دیکە وەستابن”.
هەر لەم ڕستەیەی یەکەمەوە ئەوە ڕوون دەبێتەوە، یەکەم: کە جگە لە کۆمۆنیستەکان، حیزبی تری کرێکاری هەن یان دەتوانن هەبن، دووەمیش کە کۆمۆنیستەکان خۆیان بە دژی حیزبە کرێکارییە غەیرە کۆمۆنیستەکان نازانن. ئەم ڕستانە لە ڕێساکانی مارکسیستە مەکتەبیەکاندا کوفرن. زۆرینەی ڕەهای مارکسیستە هاوچەرخەکان پێیان وایە حزبە غەیرە کۆمۆنیستەکان ناتوانن هی کرێکار بن و لەم ڕوانگەیەوە ڕەخنەگرن و دژایەتی هەر حیزبێکی ناکۆمۆنیستی دەکەن کە خۆی بە کرێکاری ناو ببات. ئەوانەی لە مارکسیزمەوە مەکتەبێکیان دروست کردووە بەتەنها حزبی خۆیان بە کرێکاری دەزانن و ئەوانی تریش بە بۆرژوازی و وردە بۆرژوازی! ئەمەش دەرکەوتێکی دیکەی ئەو لۆژیکی ڕەش و سپی و میتافیزیکییە کە لە سەرەوە ڕوونم کردەوە.
مانیفێست لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت “ئەوان [کۆمۆنیستەکان] هیچ بەرژەوەندییەکیان نیە کە جیاواز بێت لە بەرژەوەندییە گشتیەکانی پرۆلیتاریاکان. ئەوان پرەنسیپی تایبەت ناخەنە ڕوو بۆ ئەوەی بزووتنەوەی پرۆلیتاری لە چوارچێوەی ئەو پرەنسیپە تایبەتانەدا بگونجێنن”. دیسانەوە، بەتەواوی پێچەوانەی بیرۆکەکانی مارکسیزمی مەکتەبیدا کە نەک هەر بنەمای تیۆری تایبەتی هەیە، بەڵکو هەرکەسێک باوەڕی بەوە نەبێت، نە کۆمۆنیست و نە کرێکارە!
مانیڤێست لە درێژەی جیاوازی نێوان کۆمۆنیستەکان وحزبە پرۆلیتاریاکانی دیکە بەم شێوەیە ڕوون دەکاتەوە: “جیاوازی نێوان کۆمۆنیستەکان و حزبە پرۆلیتاریەکانی دیکە تەنیا ئەمەیە: کۆمۆنیستەکان لە لایەکەوە، لە خەباتی پرۆلیتاریاکانی نەتەوە جیاوازەکاندا، بەرژەوەندی هاوبەشی هەموو پرۆلیتاریاکان لەبەرچاو دەگرن و بەرگری لێ دەکەن، بەبێ گوێدانە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانیان، لە لایەکی تریشەوە، لە قۆناغە جۆراوجۆرەکاندا کە خەباتی “. پرۆلیتاریا و بۆرژوازی پێیدا تێدەپەڕێت، هەمیشە نوێنەرانی بەرژەوەندی و قازانجی تەواوی بزووتنەوەکەن”. بە واتایەکی تر ئەم جیاوازییانە تیۆری نین، بەڵکو لە دەوری ئامانج و پراکتیکی سیاسی پێناسە دەکرێن. لە دەوری نوێنەرایەتیکردن و بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە سەرو مییللی و سەروبەشییەکانی چینی کرێکار لە هەموو قۆناغەکاندا. ئایا مارکسیستە مەکتەبیەکان بە هەمان شێوە حیزبەکان لەمەحەک دەدەن؟نەخێر بە هیچ شێوەیەک! ئەوان ڕێک پێچەوانەکەی ڕەفتار دەکەن. بە بۆچوونی ئەوان، یان لەگەڵ ئەو لێکدانەوە و گێڕانەوە تایبەتەی کە حزبەکەیان هەیەتی بۆ مارکسیزم، یان لە ئۆردوگای بۆرژوازی و بورژوازی بچووکدا کۆتایی دێت!
لەدیدی زۆرینەی حزبە کۆمۆنیستەکانی سەردەمی ئێمەوە، سیاسەت و پراکتیکی کردەیی حیزبەکان نییە، بەڵکو ئەو بیرۆکانەن کە بە پێی گێڕانەوەی ئەوان دژ بە مارکسیزمن، کە بنەمای هەڵسەنگاندن و مامەڵەکردنن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە. لە ڕوانگەی ئەوانەوە سۆسیال دیموکراسی و ئۆرۆکۆمۆنیزم و پارتە سۆسیالیستییەکانی ئەوروپا ڕەت دەکرێنەوە؛ چونکە پێداچوونەوەیان بە مارکسیزمدا کردووە. لە نێو کۆمۆنیستەکاندا، ئەگەر تۆ ماویست بیت، کۆمۆنیستەکانی بلۆکی ڕووسیا بە مارکسیست نازانیت و بە پێچەوانەشەوە؛ و لە ڕوانگەی هەردووکیانەوە ترۆتسکیستەکان بە خیانەتکار لە چینی کرێکار و هتد و هتد دادەنرێت.
مەکتەبی جۆراوجۆر لە ژێر ناوی کۆمۆنیزم و مارکسیزمدا پێکهێنراون و تایبەتمەندی هاوبەشیان ئەوەیە کە ئەم لێدوانە سادەیەی مانیفێست سەبارەت بە جیاوازی نێوان کۆمۆنیستەکان و حزبە کرێکارییەکانی دیکە و پەیوەندییان لەگەڵیاندا پێشێل دەکەن. ئەم قوتابخانە جیاوازانە ئەمڕۆ نەک هەر هەریەکەیان بنەمای تایبەتی خۆیان هەیە؛ بەڵکو باوەڕبوون بەم بنەمایانە بووەتە پێوەری کرێکاربوون و جیاکردنەوەی شۆڕشگێڕی لە کۆنەپەرستی.
ئەمەش ١٨٠ پلە پێچەوانەیە لەگەڵ پێناسەی مانیفێست بۆ حزبە کۆمۆنیست و پرۆلیتاریەکان و پەیوەندییان بە یەکەوە.
کۆمۆنیستەکان و حزبە ئۆپۆزۆسیۆنەکان
دەروازەی چوارهەمی مانیڤێست دەچێتە ناو باسی پەیوەندی کۆمۆنیستەکان لەگەڵ حزبە ئۆپۆزۆسیۆنەکان
لەسەربنەمای ئەوەی کە لەبەشی دووهەم: گوترا پەیوەندی کۆمۆنیستەکان لەگەڵ ئەو پارتە کرێکارییانەی کە ئێستا هەن؛ واتە چارتیستەکان لە ئینگلتەرا و لایەنگرانی چاکسازی زەوی لە ئەمریکای باکوور، ڕوونن.
هیچ یەکێک لەو حیزبانە کۆمۆنیست نین و تەنانەت خۆیان بە دژە سەرمایەداریش نازانن. چارتیستەکان لە بنەڕەتدا مافی دەنگدان بە کرێکارانیان دەوێت و لایەنگرانی چاکسازی زەوی بە تایبەتی دژی خاوەن زەوی و بە تایبەتی خاوەن کۆیلەکان لە ئەمریکای باکوور دەجەنگن. مارکس وردە وردە لەبەر بەرگریکردنیان لە مافی کرێکاران لە کۆمەڵگا سەرمایەدارییەکانی ئەو سەردەمەدا بە کرێکاری دەزانێت و دەڵێت پەیوەندیمان لەگەڵ ئەواندا ڕوونە؛ واتە ئێمە لایەنێک نین دژی ئەوان و جیاوازیمان تەنها لە بەرگریکردنە لە بەرژەوەندی هەموو کرێکاران لە هەموو قۆناغێکدا. پاشان درێژە بە پەیوەندییەکەی لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی ئەوروپا دەدات:
“کۆمۆنیستەکان بۆ گەیشتن بە ئامانج و بەرژەوەندییە دەستبەجێیەکانی چینی کرێکار دەجەنگن؛ بەڵام لە هەمان کاتدا، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ئێستاشدا، بەرگری لە داهاتووی بزووتنەوەکەش دەکەن. لە فەڕەنسا، کۆمۆنیستەکان، لە خەباتیاندا دژی کۆنەپەرستان و بۆرژوازی ڕادیکاڵ، ڕوویان لە حزبی سۆسیال دیموکرات کردووە، بەبێ ئەوەی دەستبەرداری مافی ڕەخنەگرتن لەو دەستەواژانە و وەهمانە بن کە لە دوای شۆڕشەوە بوونەتە تەقلیدی”.
لە سویسرا کۆمۆنیستەکان پشتگیری لە ڕادیکاڵەکان دەکەن؛ بەڵام ئەو ڕاستییە لەبەرچاو ناگرن کە ئەم حیزبە لە توخمە دژبەیەکەکان پێکهاتووە، بەشێکی لە سۆسیالیستە دیموکراتییەکانی شێوازی فەرەنسی و بەشێکی لە بۆرژوازییە ڕادیکاڵەکان.
لە نێو پۆلەندییەکاندا کۆمۆنیستەکان پاڵپشتی ئەو حیزبە دەکەن کە شۆڕشی کشتوکاڵی بە مەرجی ڕزگاری میللەت دەزانێت، هەمان ئەو حزبەی لە ساڵی ١٨٤٦ ڕاپەڕینی کراکۆڤی ڕێکخستووە.
لە ئەڵمانیا حیزبی کۆمۆنیست، هەتا بۆرژوازی میتۆدێکی شۆڕشگێڕانەی هەبێت، لەگەڵ بۆرژوازی لە دژی دەسەڵاتی پاشایەتی سەرکوتگەر و خاوەن زەوییە فیۆداڵیەکان و وردەبۆرژوازی کۆنەپەرست هەنگاو هەڵدەگرێت.
بەڵام حیزبی کۆمۆنیست بۆ ساتێکیش کەمتەرخەمی ناکات، تا ئەو جێگایەی کە بتوانێ، ئاگایی و هۆشیارییەکی ڕوونتر لە نێو کرێکاراندا لە دژایەتیی دوژمنکارانەی نێوان بۆرژوازی و پرۆلیتاریا دروست بکات، بۆ ئەوەی کرێکارانی ئاڵمان یەکسەر لەو هەلومەرجە کۆمەڵایەتی و سیاسییە تێبگەن کە دەسەڵاتی بۆرژوازی دەبێ بیهێنێتە ئاراوە؛ “.بۆ ئەوەی وەک چەکێک لە دژی خۆی بەکاری بهێنێت و ڕاستەوخۆ دوای ڕووخانی چینە کۆنەپەرستەکان لە ئەڵمانیا، بۆ دەستپێکردنی خەبات دژی خودی بۆرژوازی.” بە واتایەکی تر کۆمۆنیستەکان لە هەموو قۆناغێکدا و تا ئەو جێگایەی کە پێگە و چالاکیەکی پێشکەوتنخوازانەیان هەیە، پشتیوانی لە دیموکراتەکان، سۆسیال دیموکراتەکان، حزبە بۆرژوازییەکان و هتد دەکەن. لەگەڵ ئەم هێزانەدا لەدژی خاوەن زەوییە فیۆداڵیەکان و کۆنەپەرستان و هێزە کۆنەپەرستەکان هەنگاو هەڵدەگرن و لە هەمان کاتدا سیاسەتی سەربەخۆی خۆیان لە دژی تەواوی سیستەمی سەرمایەداری پەیڕەو دەکەن. خەباتی چینایەتی، وەک هەر دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی-سیاسی دیکە، کارێکی ڕەش و سپی، هەموو یان هیچ نییە؛ پرۆسەیەکی وردە وردە و هەنگاو بە هەنگاوە. هەر بەم هەڵوێستە مارکس لە نامەیەکدا بۆ ئەبراهام لینکۆڵن پیرۆزبایی هەڵوەشاندنەوەی کۆیلایەتی لە ئەمریکا دەکات و بە “هەنگاوێکی مەزن لەسەر ڕێگای ئازادی کار” ناوی دەبات.
ئایا ئەمڕۆ هەتا یەک حزبی کۆمۆنیستی دەناسیت کە میتۆدێکی لەو شێوەیە هەبێت؟ چ لە ئێران یان لە هەر وڵاتێکی تر؟ ئەگەر حیزبێک هەڵوێستی لەو جۆرەی هەبێت، مارکسیستە مەکتەبیەکان تۆمەتی پێداچوونەوە و لادان لە مارکسیزم و هتد دەدەنە پاڵی.لەوانە بڵێن لە سەردەمی مارکسدا ئەحزابی ناکرێکاری پێشکەوتوو خواز بوونیان نەبوو بێت. بەڵام ئەمڕۆ ئەمە وا نەماوە. بەڕای من پێچەوانەکەیەتی. ئه مڕۆ ژماره و پانتایی چالاکییه کانی بزوتنه وه و حیزب و ڕێکخراوه پێشکه وتوو و پێشڕەوەکان زۆر به رفراوانتره له سه رده می مارکس و ئه مه بۆ خۆی ده رئەنجامی ئه و کولتووره چه پی ئیلهام وەرگرتووە لە مارکسیزم .
ئەمڕۆ بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان لە مەیدانەکان و بزووتنەوە جۆراوجۆرەکاندا مەیل و ئەحزابێکیان دروست کردووە کە زۆرجار خۆیان بە مارکسیست و کۆمۆنیست نازانن؛ بەڵام هەڵوێستی چەپ و پێشکەوتنخوازانەیان هەیە. وەک بزووتنەوە دژی گەرمبوونی جیهان و لەناوبردنی گۆی زەووی، کە هۆکارەکەی قازانجی بێ سنووری سەرمایەیە؛ وەک بزووتنەوەی دژی کەلێنی قوڵ و بەروو قووڵتربوونەوەی نێوان هەژاری و سامان، کە ساڵانە چ لە کۆنفرانسە ساڵانەیەکانی داڤۆس و چ لە ڕاپۆرتەکانی ئۆکسفامدا ناڕەزایەتی لەدژیان ئەنجام ئەدرێت. وە بزووتنەوەی ٩٩٪یش لە بنەڕەتدا لە دژی ئەم جیاوازییە چینایەتییە ئاشکرایە پێکهات؛ وەک بزووتنەوەی مافی پەلکەزێڕینەکان؛ وەک بزووتنەوەی من چارلیم؛ وەک بزووتنەوەی منیش(می توو) و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی خۆڕوتکردنەووە؛ وەک بزووتنەوەی من ناتوانم هەناسە بدەم؛ وەک بزووتنەوەی دژی ترەمپیزم و دژی ئۆلیگارشی دارایی و زۆر بوارەکانی تر. لەم بزووتنەوەیانەدا هێز و ڕێکخراو و مەیلی پێشکەوتنخوازانە چالاک و دەخالەتگەر کە دەبوو کۆمۆنیستەکان پاڵپشتییان بکردایە. بەڵام ئێمە شاهیدی دیاردەیەکی وا نین. کۆمۆنیزمێک کە مەکتەبێکی لە مارکسیزم دروستکردووە، ئەم بزووتنەوانە بە ناکرێکار، ڕیفۆرمخواز، وردەبۆرژوازی، ناپەیوەندیدار بە چینی کرێکار و هتد هەڵدەسەنگێنێت و هەر بۆیە نە بەشداریان تێدا دەکات و نە هێزە بەشدارەکان بە شایستەی پشتیوانی دەزانێت.
ئەمڕۆ لە ئەمریکا بێرنی ساندەرز ئاڵای بەرەنگاربوونەوەی ئۆلیگارشی دارایی بەرزکردۆتەوە. ئەگەر مارکس ئەمڕۆ لە ژیاندا بوایە، ئایا پشتگیری لەو بزووتنەوەیە نەدەکرد کە دژی ئۆلیگارشی دارایی وەستاوە؟ ئایا پشتگیری لەبزووتنەوەی من چارلیمی نەدەکرد؟ ئایا نەی دەگووت پشتگیری لە چالاکوانی ژینگە گریتا تونبێرگ دەکەم؟ ئایا نابێت کۆمۆنیزمی دەخالەتگەر، کۆمۆنیزمێک کە دەیەوێت جیهان بگۆڕێت ونەک پارێزگاری بەتەنها مەکتەبە عەقیدەتیەکەی خۆی، نەدەبوو چالاکانە لەو بزووتنەوەیانە بەشداری بکات و ببێتە هێز و ڕابەرو پێشەنگیان؟ وەڵامی مارکس ڕوونە؛ بەڵام شوێنکەوتوانی مەکتەبیی مارکس وەڵامێکی جیاوازیان هەیە. نەک هەر زۆرینەی ڕەهای حزبە چەپەکان پشتیوانی ئەو بزووتنەوانە ناکەن؛ لەقاودانی ئەم بزووتنەوە و ئەو هێزە چالاکانەیان کردووە بە کاری خۆیان.
ماوەیەک لەمەوبەر نامەیەکی کراوەم بۆ بێرنی ساندەرز نووسی سەبارەت بە گرنگی ڕووبەڕووبوونەوەی ئۆلیگارشی دارایی، و لەلایەن مارکسییە مەکتەبیەکانەوە هێرش کرایە سەرم کە نامەیەکم بۆ سیناتۆرێک لە حکومەتی ئیمپریالیستی ئەمریکاوە نووسیوە! تۆمەتباریان کردم بەوەی کە وەهمێکم لەبارەی بێرنی ساندەرزەوە هەیە! ئه گەر له سه رده می مارکسدا چالاک بوونایه ، تۆمه تباریان ده کرد بهوەی کە خۆشباوەڕی هەیە بەو حزبە بەرگریکارەکان لەڕیفۆرمی زەووی و دیموکراته کانی ئه ڵمانیا. ئیدانەی پیرۆزبایی نامەی مارکسیان بۆ ئەبراهام لینکۆڵن دەکرد کە کۆیلایەتی هەڵوەشاندەوە!ئەم جۆرە مامەڵەیەی مارکس و مانیفێستی کۆمۆنیست بەرامبەر بە کەسایەتی و حیزبە غەیرە کۆمۆنیستەکان بە تەواوی لەقامووسی زۆرێک لە هێزە چەپەکاندا نییە.
تا ئەو جێگەی کە پەیوەندی بە حیزبی ئێمەوە هەیە، لە پێوەندی لەگەڵ حیزبەکاندا، ئێمە میتۆدی مارکس پەیڕەو دەکەین. لێرەدا مشتومڕەکە ڕوونە: کام لایەن، لە مامەڵەکردن لەگەڵ کام پرس، لەگەڵ کام هەڵوێست و سیاسەتدا، لە کام دیوی مێژوودا وەستاوە؟ لە دیوی پێشکەوتنخوازانە، واتە لە پرۆسەی گۆڕانکارییەکان بەرەو هەلومەرجی باشتر و لەبارتر بۆ ژیان و خەباتی کرێکاران و جەماوەر، یان بە پێچەوانەوە بەرەو خراپترکردنی ئەو بارودۆخانە؟ لە حاڵەتی یەکەمدا پێگە و ئەدای لایەنی پەیوەندیدار بە پێشکەوتنخوازانە و پێشڕەوانە دەزانین و لە حاڵەتی دووەمیشدا بە کۆنەپەرستانە و بەرەودواگەڕانەوە دەزانین و بەو پێیە مامەڵەی لەگەڵ دەکەین. لە هەمان کاتدا ڕەخنەگرتن لە ستراتیژی و هێڵ و ئامانجی حزبە ڕاستڕەوەکان چالاکیەکی ڕۆتینی ئێمەیە. تاکتیکەکانمان لە مامەڵەکردن لەگەڵ لایەنەکانی تردا لەسەر بنەمای ئەو هەلومەرجە تایبەتانە دیاری دەکرێت کە باسم کرد؛ بەڵام لە ڕووی ستراتیژییەوە، وەک مارکس وتی، ئێمە هەمیشە و لە هەر بارودۆخێکدا بەرژەوەندی و ئامانجە درێژخایەنەکانی چینی کرێکار لەبەرچاو دەگرین و نوێنەرایەتی دەکەین.

پەیوەندی کۆمۆنیستەکان لەگەڵ دەوڵەتەکان و حزبە حکومییەکان
بێ کرداری و پاکی چەپی زانستی بە تایبەتی لە مامەڵەکردن لەگەڵ حیزب و حکومەتە حکومییەکاندا دیارە. لە ڕوانگەی ئەوانەوە کۆمۆنیستەکان ڕێگەیان پێنادرێت بچنە گفتوگۆ لەگەڵ هیچ حکومەت و لایەنێکی حکومی. تەنانەت ناتوانن داواکاری چینی کرێکار بخەنە سەر مێز و کاری لۆبیکردن بکەن. ئەگەر وابکەن، هاواری مارکسیزم و کۆمۆنیزم لە دۆستانە سکۆلاستیەکانمانەوە دەگاتە ئاسمان! لە ڕوانگەی چەپی زانستییەوە، گرنگ نییە بۆ چ مەبەستێک یان لەسەر چ بابەتێک دەچیتە ناو پەیوەندییەکان و دانوستان لەگەڵ حکومەتەکان. ئەم کارە خۆی ئیدانە دەکرێت؛ چونکە پێشێلی بنەما ئایدۆلۆژییەکانی خۆی دەکات، بنەماگەلێک کە تەنانەت دژایەتی مانیفێستی کۆمۆنیستەکانیش دەکەن!
لە سەردەمی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا، کە بێگومان بەشێک لە مارکسیستە مەکتەبیەکان بە شۆڕش یان تەنانەت پەیوەندیدار بە چینی کرێکارەوە نازانن، ئێمە شاهیدی چەندین حاڵەتی ” ئاشکراکردنی” ئەو سکۆلاستیکانە بووین کە حکومەت و لایەنە ئورووپاییەکان کە بە جۆرێک لە جۆرەکان پشتیوانیان لە شۆڕشی ژنان لە ئێران و خەباتی ژنان و خەڵکی ئێران کرد. بۆ نموونە هەندێک لەم جۆرە چەپانە جوڵانەوەی سیمبۆلیکی ژنە نوێنەرێک،کە لە دانیشتنێکی گشتیی و ئاشکرای پەرلەمانی ئەورووپادا بەشێوەیەکی سمبوڵی بەمەقەست قژی خۆی بڕی، لە چوارچێوەی پیلانی ئیمپریالیستەکان بۆ شێواندنی خەباتی خەڵک لە ئێران لەقاویانداو مەحکومیان دەکرد؛ لە بەرامبەر پاڵپشتی جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی کەنەدا بۆ شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و دادخوازی ئەنجومەنی خێزانی قوربانیانی فڕۆکەی(PS 752)، بەنیازی هاوکاری نێوان حکومەتی کەنەدا و ئیمپریالیزمی ئەمریکایان لەبەردەم خەڵکدا دادەنا؛ هەروەها خستنەڕووی بڕیاری حکومەتی کەنەدایان بۆ خستنی سوپای پاسدارن( IRGC) بۆ ناو لیستی تیرۆریان
بە هەوڵێک بۆ دروستکردنی بەدیل و گۆڕینی ڕژێم زانی؛ دژی ئەو خەڵاتە بوون کە بە شێرڤین حاجیپوور، گۆرانیبێژی گۆرانی “بەرای” بەخشرا لەلایەن هاوسەرەکەی جۆ بایدنەوە ؛ دژی دەرکردنی کۆماری ئیسلامی لە کۆمیتەی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لەلایەن هیلاری کلینتۆنەوە دەستپێشخەری بوو، هەڵوێستیان گرت و هتد.
لێرەدا ئێمە شاهیدی هەمان شێوازی مامەڵەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەمریکا و دەوڵەتانی ڕۆژئاوا دەبینین: مەحکوومکردنی ڕەهای شەیتانی گەورە و هەموو هەنگاو و کارێکیان. ئیمپریالیزم لە شوێنی شەیتانی گەورە دابنێ و لە کۆتاییدا لە کۆماری ئیسلامیەوە دەگەیت بە هێزە چەپە مەکتەبیەکان. جیاوازییەکە ئەوەیە کە لە کاتێکدا بۆ ڕژێم دوژمنایەتی شەیتانی گەورە بابەتێکی سیاسییە و خزمەت بە پاراستنی کاریگەری و هەژموونی خۆی و سەرکوتکردنی خەڵک دەکات، بۆ بزووتنەوەی چەپ مەسەلەیەکی تەواو ئایدیۆلۆژییە. هەرئەوەندە بەسە کە لە پرسێک یان پێشهاتێکدا تەنانەت پرسێکی وەک ئیدانەکردنی کۆماری ئیسلامی و پشتیوانیکردن لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و پێی شەیتانی گەورە لەمەیدانەکەدا بێت بۆ ئەوەی تەواوی ڕوداوەکە مەحکوم بکرێت.
لە ڕوانگەی چەپی ئایدیۆلۆژییەوە، ئەم هەڵوێست و کردەوانەی حکومەت و لایەنە ڕۆژئاواییەکان ڕەنگدانەوەی شۆڕش ژن ئازادی نین، بەڵکو پیلانگێڕیی ئەوانن لە دژی شۆڕش. لە ڕوانگەی ئەم خاڵۆ ناپلیۆنیانەوە، ئەوە جەماوەری خەڵک و بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکان نین کە ڕوداوەکان لە شکڵ پێدەدەن؛ بەڵکو ئەوە حکومەتەکانن کە سەرچاوەی ڕوداوە کۆمەڵایەتییەکانن.
مامەڵەی مارکسیزمی سیاسی لە حکومەتەکان، پێش هەموو شتێک لەسەر بنەمای پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی وڵاتەکەی خۆیان بنیاتنراوە، واتە ئەو حکومەتەی کە دەیەوێت بیڕووخێنێت، هەر بۆیە پێشوازی لە بچووکترین پشتیوانی حکومەت و حیزب و خەڵکی جیهان بۆ خەڵکی ئێران و لە مەحکوومکردنی کۆماری ئیسلامی دەکات و هەوڵدەدات ئەم بابەتە تا ئەو جێگایەی کە بتوانێت فراوان بکاتەوە. ئەمە نەک هەر دژایەتی نییە لەگەڵ ڕەخنەگرتن ولەقاودانی هەڵوێست و سیاسەتی کۆنەپەرستانەی حکومەتەکان؛ بەڵکو بەشێکە لێی. تا ئەو جێگایەی پەیوەندی بە کۆماری ئیسلامیەوە هەیە، سازانی حکومەتەکانی ڕۆژئاوا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و پشتیوانی و نزیکایەتی حکومەتەکانی وەک ڕوسیا و چین لەم ڕژیمە بەشێکی گرینگە لە سیاسەتی کۆنەپەرستانەیان و دەبێ بەردەوام ڕەخنەیان لێ بگیرێت و ڕسواو شەرمەزار بکرێن. گۆشەگیریی جیهانیی کۆماری ئیسلامی پایەیەکی خەباتی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییە و مارکسیستەکان و هەموو هێزە شۆڕشگێڕەکان ئەرکی سە شانیانە کە چالاکانە ئەو سیاسەتە پەیڕەو بکەن.
بەڵام مارکسیزمی مەکتەبی، بەپێچەوانەوە، لەقاودانی هەڵوێستی حکومەتەکان لەدژی نیزامی “دژە ئیمپریالیست”ەوە، ڕووبەڕووبوونەوەی حکومەتەکەی خۆی کارکردی سنووردارکردنی ئەو حکومەتەیە لەگەڵ ئیمپریالیزمی جیهانی. سیاسەتێکی لەم چەشنە بە تەواوی لەگەڵ ستراتیجی دژە ڕۆژئاوایی کۆماری ئیسلامیدا دەگونجێت و لە ڕاستیدا ڕوونە کە لە ڕووی سیاسییەوە بە قازانجی کۆماری ئیسلامی کۆتایی دێت.
ئەو حوکمەی مانیفێست کە دەڵێت “خەباتی پرۆلیتاریا دژ بە بۆرژوازی، لە سەرەتاوە، میللیە، ئەگەر لە مانا و ناوەڕۆکدا نەبێت، ئەوا لە فۆرم و ڕواڵەتدامیللیە. پرۆلیتاریای هەر وڵاتێک بە شێوەیەکی سروشتی دەبێت، لە سەرەتاوە، کاری خۆی لەگەڵ بۆرژوازی وڵاتەکەی خۆیدا یەکلای بکاتەوە”، هەروە وەک زۆرێکی دی لە حوکمەکانی مانیفێست لەم بارەیەوە لە سنووربەندی ” لەگەڵ “. ئیمپریالیزمی جیهان”.ییدا دەستی لێشۆراوە.

مارکسیزمی مەکتەبی و دەسەڵاتی سیاسی
ئەوەی کە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لە دڵی چ ئاڵوگۆڕو ڕەوەندێکدا ڕوودەدەن و کۆمۆنیستەکان دەبێ چی بکەن بۆ لەم ڕەوەندەدا پرۆلیتاریا لە دەسەڵاتی سیاسی نزیکتر ببێتەوە، بابەتی مارکسیزمی ئایدیۆلۆژی نییە. ئەمەش پێویستی بە دەورگێڕان هەیە، نەک تەنها هەڵوێست وەرگرتن، لە بەرامبەر پێشهاتەکان و ململانێی چینایەتیدا،کە مارکسیزمی مەکتەبیش ئەهلی ئەو کارە نیە.
لە ڕوانگەی چەپی مەکتەبییەوە ململانێی چینایەتی ململانێی نێوان کۆمۆنیست و غەیرە کۆمۆنیستەکانە و ڕێگاکەشی بریتیە لە هەڵوێست وەرگرتن و سنور کێشان لەگەڵ هەموو هێزە غەیرە مارکسییەکان؛ و ئەوەش بە پێی گێڕانەوەی ئەو حیزب و ڕێکخستنەی کە خۆیان پەیڕەوی لێدەکەن “نامارکسیستی”! ئەم بۆچوونە بە کردەوە هەر جۆرە بەشدارییەک لە گۆڕەپانە جۆراوجۆرەکانی خەباتی چینایەتیدا، بەکردەوە لە بەرنامەی کاری خۆیدا دەخاتەلاوە،خۆ دورخستنەوە لە هەر جۆرە بەشدار بوونێکی کردەیی و ڕازی بوون بە هەڵوێستگیری و سنوردانان،ئاکامی لۆژیکی دیدگایەکی لەم شێوەیە.
ئەم هەڵوێستە پاسیڤیستییە بە تایبەتی لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی دەسەڵاتی سیاسیدا زیاتر لە هەر بوارێکی دیکەدا دیارە. لە ڕوانگەی مارکسیستییەوە، وەک لە مانیفێستی کۆمۆنیستیدا بە ڕوونی ئاماژەی پێکراوە، ئامانجی ستراتیژی هەموو حزبێکی کۆمۆنیستی، لێسەندنی دەسەڵاتی سیاسی و ئابوورییە لە بۆرژوازی لەو وڵاتەی کە تێیدا کاردەکات و وردە وردە ئەم پرس و ئەرکە ستراتیژییە بە کردەوە لە ئەجێندای چەپی مەکتەبیدا خراونەتە لاوە.
لە ڕوانگەی چەپی مەکتەبیەوە خەبات بۆ وەرگرتنی دەسەڵات لە بۆرژوازی لە هەموو وڵاتێکدا کورت دەبێتەوە لە گرتنەبەری هەڵوێستی گشتی و سنووردارکردنی هەموو دەوڵەتەکان و دژی “ئیمپریالیزمی جیهانی”. دوایین نموونەی ڕوونی ئەم ئاراستەیە، نزیکبوونەوەی چەپی مەکتەبی لە گرژییە شەڕانگێزیەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٣ و بە تایبەتی شەڕی ١٢ ڕۆژە. لەو هەلومەرجەدا زۆرینەی هێزە چەپەکان خەباتی دژ بە کۆماری ئیسلامی و ڕووخاندنی حکوومەتیان خستە ژێر ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ حکوومەتی ئیسرائیل و ئیمپریالیزمی ئەمریکا و بە شێوەیەکی کاریگەر بوونە باڵی چەپیبەرەت بەرگری “میحوەری مقاومە” ی خامنەیی. ڕوونە کە ئەم لاکردنەوەیە، یەکەم، نەک هەر هیچ جۆرە بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی لە ئێراندا بەدوادا نایەت، بەڵکو تەنانەت لە ڕێگای ناڕەزایەتی شەقامەکانی خەڵکی ئێران لە دژی ڕێژیم و شەڕخوازیەکانی (بەتایبەت بە دروشمەکانی وەک “واز لە شەڕخوازین، بیر لە ئێمە بکەرەوە” و “دوژمنمان لێرەیە، درۆ دەکەن، کە ئەمەریکایە”) و دووهەم، لە ئاستی جیهانیدا، لە گرتنەبەری هەڵوێست و لەقاودان دژ بەئەمریکا و ئیسرائیل تێناپەڕێت. ململانێی ڕاستەقینە دژ بە حکومەتی نەتانیاهۆ و حکومەتی ترامپ لە ئیسرائیل و ئەمریکا بەردەوامە نەک لە ئێران! ئێمە دەبێ پشتیوانی لە خەباتی خەڵکی ئەو وڵاتانە بکەین، بەڵام ئەرکی کۆمۆنیستەکانی ئێران ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییە، هەروەک چۆن خۆ یەکلاییکردنەوە لەگەڵ حکومەتەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا ئەرکی خەڵکی ئەو وڵاتانە خۆیانە.
مارکسیزمێک کە ئەرکی خەباتی کردەیی دژ بە سەرمایەدارییە، بڕیاری مانیڤێست ،بۆ یەکلایکردنەوەی چارەنوسیانە لەگەڵ دەسەڵاتی وڵاتەکەیاندا.هەڵوێستی بەلشەفیکەکانلولەی هەموو تفەنگەکان بەرەو دەوڵەتی خۆیی لە کاتی شەڕی جیهانی یەکەمدا.دەکاتە بنەما.ناتوانیت نەتەوەیەکگرتووەکان بڕوخێنیت! خەباتی چینایەتی بابەتێکی وڵاتییە و تەنانەت خەبات دژی ئیمپریالیزمی جیهانیش بەبێ خەباتێکی دیاریکراو لە هەر وڵاتێکدا دژ بە حکومەتە سەرمایەداریەکان مومکین نییە و وەک سنووردارکردن و هەڵوێست وەرگرتنێکی بێ ناوەرۆک دەمێنێتەوە. ئەمە شتێکە کە چەپی مەکتەبی وەستای ئەمەیە.
لە ئاستێکی بنەڕەتیتردا پێویستە جەخت لەوە بکرێتەوە کە جەوهەری مارکسیزم خەباتی کردەیی بۆ گۆڕینی جیهان و ئەم پرەنسیپە بە هیچ جگە لە لەپێشتردانان و بەسەرەکی کردنی ڕووخاندنی دەوڵەتی سەرمایەداری لە هەر وڵاتێکدا مانایەکی نیە. مارکسیستێک کە بە سادەیی خەریکی چاودێریکردنی جیهان و ڕوونکردنەوە و شیکردنەوە و هەڵوێست وەرگرتن و سنووردانان بێت، ڕەنگە ئەکادیمیستێکی باش بێت، بەڵام بەکەڵکی گۆڕینی جیهاندا نایەت.
تا ئەو جێگایەی کە پەیوەندی بە حزب و حزبایەتی کۆمۆنیستیەوە هەیە، لە ڕوانگەی حزبی ئێمەوە، خەبات بۆ ڕزگاری سیاسی و ئابووری لە بۆرژوازی، بنەما و جەوهەری حزبایەتییە، هەروەها بنەمای خەباتی چینایەتی و سیاسەتی کۆمۆنیستیە لەم خەباتەدا. بزووتنەوەیە کە خۆی بە مارکسیست بزانێت، بەڵام مەیدانی سەرەکی خەباتەکەی ڕزگارکردنی دەوڵەتی وڵاتەکەی خۆی نەبێت، دەتوانێت هەر ناوێکی هەبێت جگە لە حزبی کۆمۆنیست.
خاڵێکی گرنگ تر ئەوەیە کە پرسی وەرگرتنی دەسەڵاتی سیاسی لە دەوڵەتی بۆرژوازی، بابەتێکی ڕەش و سپی، هەموو یان هیچ نییە. بۆ نموونه له هه لومەرجی ئەمڕۆی ئێراندا هەرچه ند به ده ستهێنانی ده سه ڵاتی سیاسی ئامانجی ستراتژیکی حیزبی ئێمەیە و به هه موو توانامانه وه هه وڵ ده ده ین بۆ گه یشتن به و ئامانجه ؛ بەڵام دوور نییە کە سەرەڕای ئەم هەوڵانە، هێزێکی دیکە جێگەی کۆماری ئیسلامی بگرێتەوە. پێوەری ڕاستەقینە لەم خەباتەدا تەنیا ئەوە نییە کە ئایا دەگاتە دەسەڵات یان نا؛ بەڵکو بوونی چینی کرێکار و بەدەستهێنانی زۆرترین ئامادەیی و هێزە لەلایەن ئەم چینە و تەواوی خەڵکی ئازادیخواز لەم خەباتەدا. پێوەرمان ئەوەیە کە پرۆسەی گۆڕانکارییەکان و خەبات دژی دەوڵەت تا چ ڕادەیەک چینی کرێکار لە کۆمەڵگادا ڕێکخراوتر و بەهێزتر دەکات و تا چ ڕادەیەک بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و کۆمۆنیستەکان بەهێزتر دەکات و تا چەند هاوسەنگی هێز لە بەرژەوەندی چەپی حزبی و چەپی کۆمەڵایەتی دەگۆڕێت. لەوانەیە حیزب لەو حکومەتەی کە لەئەنجامی شۆڕش دێتەدەرەوە ئامادە بێت یان نەبێت. بەڵام ئەمە تاکە پێوەر نییە. ئەم لۆژیکە دوو بەهایە دەبێت وازی لێبهێنرێت. بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەوڵەتە لەحاڵەتە مامناوەندەکاندا لە نێوان دوو ئەڵتەرناتیڤی دەسەڵاتی تەواو لە دەستی حیزبدا (لە دەستی ئەو شورایانەی خەڵک کە سیاسەتەکانی حیزب پەیڕەو دەکەن) یان نەبوونی تەواوەتی حیزب لە دەسەڵاتی سیاسیدا ڕوودەدەن. لەم حاڵەت مامناوەندانەدا چی بکەین؟ ڕووناکی ڕێنماییکەرمان چییە؟ بەڕای من پرەنسیپی ڕێنمایی ئێمە ئەوەیە کە چینی کرێکار و جەماوەری خەڵکی هاوچارەنووس لەگەڵ چینی کرێکاردا، تا دەتوانرێت هەچی زیاتر لە گۆڕەپانی خەبات بۆ دەسەڵاتی سیاسیدا نوێنەرایەتی و ئامادەبوونیان هەبێت، و ڕێگە نەدەن چین و توێژەکانی تر و لایەنە بۆرژوازییەکان پرسی دەسەڵاتی سیاسی لە سەرووی خەڵکەوە یەکلایی بکەنەوە.
شۆڕش گۆڕانێکە کە لەدەرەوەی ئیرادەی هەموو کەسێک و هەموو هێزێکی سیاسی ڕوودەدات. ئێستا لە هەلومەرجی شۆڕشگێڕانەدا، یان حیزبی کۆمۆنیستی دەرفەتی هاتنە سەر دەسەڵاتی هەیە (کە بێگومان دەبێ زۆر پێش ئەوەی شۆڕش ڕووبدات، بۆ ئەم کارە هەڵسوڕان وچالاکیان کردبێت) یان پێگەیەکی لەو شێوەیەی نییە و ئەرکی ئەویش بەهێزکردنی پێگەی چینی کرێکار و تەواوی جەماوەری شۆڕشگێڕی هاوچارەنووسی چینی کرێکارە لەدڵی ئاڵوگۆڕە شۆڕشگێڕانەکاندا. لەم بارودۆخەدا کۆمۆنیستەکان دەبێ هەڵسەنگاندنێکی دروست بۆ سیناریۆ ئەگەرییەکان بکەن و سیاسەتێک بگرنەبەر کە زۆرترین کاریگەری لەسەر چینی کرێکار و حیزبەکەی لە نزیکبوونەوەی بەدەسەڵاتی سیاسیدا هەبێت. ڕووخانی بۆرژوازی پرۆسەیەکە. شەپۆلێک(تەیفێک)ە لە گۆڕانکارییەکانە. پەیڕەوی لە لۆژیکێکی دیالکتیکی دەکات و نەک ئەم دۆگما دوو بەهایە کە یان من دەگەمە دەسەڵات، کە گۆڕانکارییەکی ئەرێنییە، یان هێزێکی تر، کە گۆڕانکارییەکی نەرێنییە. ئەم جۆرە ڕێبازە بۆ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان میتافیزیکییە.

گرنگی ئازادییە بێ کۆت ومەرجەکان
ئەو حکومەتانەی کە هەتا ئێستا لەژێر ناوی کۆمۆنیزم و مارکسیزمدا هاتوونەتە سەر دەسەڵات، نەیارانی حکومەتیان سەرکوت کردووە، تەنانەت نەیارانی خەتی ڕەسمی لە حزبەکەی خۆیاندا سەرکوت کردووە. ڕیشەی ئەم کارەش لە لایەنی تیۆریەوە ڕازی بوونە بە دوو جەمسەری ڕەوایی بوونی خۆیان لە بەرامبەر ناڕەوایی ئەوانی تردایە. ڕوانگەیەک کە هەموو شتێک بە چاکەی ڕەها یان خراپی ڕەها دەبینێت، کاتێک باس لە حزب و حکومەتی خۆی، دەبێتە ڕەوایی ڕەهای خۆیان لەبەرامبەر بە باقی جیهان. ئەبێتە، تەنانەت ڕەوایەتی هەموو مارکسیستەکان، بەڵکو دەبێتە ڕەوایی لێکدانەوەی حزبەکەی خۆیان بۆ مارکسیزم! دەرئەنجامی ئەم هەڵوێستە لە ئۆپۆزسیۆندا ئەوەیە کە هەموو کەسێک، تەنانەت حزبە مارکسیستەکانیش، جگە لە حزبەکەی خۆی، بە بۆرژوازی دادەنێت و لە حکومەتدا هەموو نەیارانی حکومەت و حزب و هێڵی فەرمی حزبی دەسەڵاتدار بە بۆرژوازی دادەنرێت. کاتێک ئەم بۆچوونە هاتە سەر دەسەڵات، هیچ ئەنجامێکی تری نابێت جگە لەوەی لە یەکێتی سۆڤیەت بینیمان و ئەوەی ئەمڕۆ لە چین و کۆریای باکوور شایەتحاڵین.
لە دژایەتی ڕاستەوخۆی چەپی مەکتەبیدا، مارکسیستەکان کە پەیڕەوی لە مانیفێستی کۆمۆنیستی دەکەن، چ لە ئۆپۆزسیۆن و چ لە دەسەڵاتدا، بەرگریکاری ئازادییە بێ کۆت و مەرجەکانن، واتە ئازادی بێ مەرجی حزبایەتی، ڕێکخستن،دەربڕینی بیروباوەڕ، ڕاگەیاندن، ناڕەزایەتی و مانگرتن و هتد، و خۆیان بە پابەندی ئەوان دەزانن.
یەکێک لەدەرئەنجام و مانا کردەییەکانی ئەم بەفەرمیکردنی ئازادیانە ئەوەیە کە لە سیستمی سۆسیالیستیدا نەیارانی حکومەتیش دەتوانن چالاکی بکەن. هەروەها نەیارانی سۆسیالیزم مافی ئەوەیان هەیە کە حزبیان هەبێت، لە شوراکاندا ئامادەبن، کتێب و فیلم و مۆسیقا و چالاکیی ئەدەبی و هونەرییان هەبێت بۆ بەرگریکردن لە سەرمایەداری و هتد.
لە دیموکراسی لیبراڵەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوادا، ڕەخنە لە سیستەمی سەرمایەداری، بەرهەمەکانی مارکس و لینین و هتد، ئازادانە بڵاودەکرێنەوە، و دەتوانیت لە دژی سیستەم و حکومەتی هەبوو، خەریکی چالاکیی سیاسی و ئەدەبی و هونەری بیت. ئەگەر لە کۆمارێکی سۆسیالیستیدا ئەم جۆرە هەلومەرجە نەبن، وەک ئەوەی لە ئەزموونی بلۆکی ڕۆژهەڵاتدا بینیمان، حکومەت شەرعیەت و ڕەوایەتی خۆی لەناو جەماوەردا لەدەست دەدات.
لە کۆماری سۆسیالیستیدا، دەبێت هەموو تاک و حزب و میدیاکان نەک هەر بتوانن بە ئازادی قسە بکەن، بەڵکو بتوانن ئازادییەکانیان مومارەسە بکەن. سیستەمی سۆسیالیستی لە گەرەنتیکردنی ئازادییەکاندا لە پێشکەوتووترین لیبراڵ دیموکراسیەکان تێدەپەڕێت. ئێمە هەم ئازادییە بێ کۆت و مەرجەکان و هەم ئەگەری مومارەسەکردنی ئەو ئازادییانە گەرەنتی دەکەین. ئەم تواناسازییە دوو ڕەهەندی هەیە، کە هەردووکیان لە سیستەمی سەرمایەداریدا غایبن.
لایەنی یەکەم ئەوەیە کە دەوڵەت ئەبێت ئەو توانایە فەراهەم بکات کە هەموو لقەکانی هونەر و ئەدەب و ڕاگەیاندن دابین بکات و هەموو حیزب و ڕێکخراوەکان پلاتفۆرمێکیان هەبێت. دەبێت هەموو لایەنەکان بتوانن دیبەیتی تەلەفزیۆنییان هەبێت، هەموو هونەرمەندان و نووسەران بتوانن کار بکەن. دەبێت ئاستەنگە ئابوورییەکانی بەردەم ئەم چالاکییانە لاببرێن.
بۆرژوازی لە کۆمەڵگاکانی وەک ئێران و دیکتاتۆرییە ڕووتەکانی ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریکای لاتین هەموو جۆرە ئازادییەک سەرکوت دەکات، بەڵام لە دیموکراسییە لیبراڵەکانی ڕۆژئاوادا بە شێوەیەکی گشتی هێڵی ئابووریش بەکاردەهێنێت بۆ ڕێگریکردن لە چالاکییەکانی دژایەتی حکومەت. ترەمپ نموونەیەکی ڕوونی ئەمەیە. لە بانگەشەی هەڵبژاردن و بە تایبەتی لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی ئەمریکادا بینیمان تەنانەت حزبە دەسەڵاتدارەکانیش ئەگەر ملیارەها دۆلار خەرج نەکەن، دۆڕاون. ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییە بە پارە سەرکەوتنی بەدەستهێنا. دوای هاتنە سەر دەسەڵات هەوڵی بێدەنگکردنی میدیای ئۆپۆزسیۆنیش دەدات بە دەستپێکردنی داوای یاسایی و دەمیان داخات.
لە سۆسیالیزمدا دەبێت ئەو ئاستەنگانە لاببەیت، نەک ئازادیەکانی حزب و میدیا. حیزب دەبێ بتوانێت دژایەتی سۆسیالیزم بکات، جا نەتەوەپەرست بێت، مەسیحی دیموکرات بێت، تەنانەت ئیسلامی بێت، یان هەر تیۆر و سیاسەتێکی تر. پێویستە هەموو کەسێک ئازاد بێت و ئەگەری قسەکردنی بیروڕای خۆی هەبێت. دەبێت ئازاد بن کە میدیا و سۆشیال میدیای تایبەت بە خۆیان هەبێت. لێرەشدا ململانێی چینایەتی ئەرکەکە ڕوون دەکاتەوە. تا نەگەینە قۆناغی دووەمی کۆمۆنیزم و نەهێشتنی چینەکان، ئەم شەڕە چینایەتییە بەردەوام دەبێت. ڕوونە کە چینی کرێکار کە لە دەسەڵاتدایە، یاساکان بۆ خزمەتی ئامانجە سۆسیالیستییەکانی بەکاردەهێنێت و لە پێگەیەکی زۆر بەهێزتر لەوەی کە ئۆپۆزسیۆن بووە، ڕووبەڕووی سیستەم و سیاسەتی بۆرژوازی و ئایینی-نەتەوەیی- ناسیۆنالیستی دەبێتەوە. بەڵام ناتوانین و نابێ بە شمشێری سەرکوت و زیندانەوە بچینە ناو ئەم خەباتە؛ چونکە بۆ خۆی هەم نامرۆڤانە و هەم کۆنەپەرستانە و ئەنجامە پێچەوانەکەی بەدوای خۆیدا دەهێنێت و هیچ قبوڵکردن و ڕەوایەتیەک بۆ ئەو حکومەتە بەجێناهێڵێت کە بانگەشەی سۆسیالیزم دەکات. ئەمەش وەک ڕۆژ ڕوونە. مێژوو ئەمەی بەخۆیەوە بینیوە و نابێت ڕێگەی پێبدرێت خۆی دووبارە بکاتەوە.


(بەشی دووەم)
لایەنی دووەم ئەوەیە کە لە کۆماری سۆسیالیستیدا هاووڵاتیان دەبێ بتوانن و لەتوانایاندا بێت کە بەکردەوە سود لە ئازادیەکان وەربگرن.

لە سیستمە کاپیتالیستیەکاندا، تەنانەت لە لیبڕاڵترینەکانیشدا، بارودۆخی ئابووری کۆمەڵایەتی زۆرینەی خەڵک لە کۆمەڵگادا ڕێگەیان پێنادات کە ئازادیەکان بەکاربهێنن. تۆ ئازادیت هەر خانوویەک بکڕیت، گەشت بۆ هەر شوێنێک بکەیت، هەر کتێبێک بڵاوبکەیتەوە، لە هەر هەڵبژاردنێکدا خۆت بەربژێر بکەیت و هتد. کرێکارێک کە ڕۆژانە هەشت سەعات کار بکات نە کاتی سوود وەرگرتنی هەیە لەو ئازادیانە و نە پارەی هەیە بۆ ئەوە. ئەوەی ڕێگری لەو ئازادییانە دەکات کە لەسەر کاغەز دانیانپێدانراوە، ئابووری زۆرەملی لە ژیانی ڕاستەقینەدا. زۆرەملێی فرۆشتنی هێزی کار بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان. بەبێ شکاندنی ئەم زۆرەملییە، ئازادییە مەدەنی و سیاسییەکان مانای پراکتیکی ئەوتۆیان نابێت سیستەمێک کە لە یاساکانیدا دان بەو ئازادیانەدا بنێت، بە دڵنیاییەوە لە سیستەمی دیکتاتۆری باشترە؛ بەڵام لێرەدا باس لە بەراوردکردنی خراپ و خراپتر نییە، بەڵکو لەسەر جیاوازیی نێوان دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا و دیکتاتۆری بۆرژوازییە. باسەکە لەسەر لەناوبردنی جەبری ئابوورییە و هەر ئەم بازنەیە کە پەیوەندی نێوان لەناوبردنی چەوسانەوە و کۆیلایەتی کرێ و لەگەڵ ئیمکانی ڕاستەقینەی چێژوەرگرتن لە بەهرەمەند بوونی ئازادییەکان بەڕوونی نیشان دەدات.
بۆیە دەبێ بگوترێ کە بە پێچەوانەی ئەزموونی ئەو سیستەمانەی کە بانگەشەی کۆمۆنیزمیان دەکرد، کۆمۆنیستەکان تەنیا پابەند نین بە ئازادییە بێ مەرجەکانەوە؛ بەڵکو دەیانەوێت هەر جۆرە سنووردارکردنێکی کۆمەڵایەتی-ئابووری کە سیستەمی سەرمایەداری لە ڕێگای ئازادییەکاندا دروستی دەکات، لاببەن.

دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا و ئازادییە سیاسییەکان
دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا بەجۆرێک زانراوە کە هەرکەسێک دژایەتی سیاسەتی فەرمی حکومەتی سۆسیالیستی بکات، دەبێت دەمی دابخرێت؛ چونکە بەپێی پێناسە کۆنەپەرستانەیە. تەنانەت دەبێت هونەر، مۆسیقا، فیلم، ئەدەب و هتد لە فلتەری تەبایی یان ناتەبایی لەگەڵ سیاسەتە سۆسیالیستییەکانی حکومەت ڕەت بکرێتەوە.
لە ئەزموونی سۆڤیەت لە سەردەمی ستالیندا و بەبڕیاری ئەو بوخارین، کەیەکێک لە ڕابەرە دیارەکانی حزبی بەلشەفی بوو، وەک خائین و سیخوڕ لە سێدارە دراوە. تەنها لەبەر ئەوەی لەگەڵ ستالین ناکۆک بوو سەبارەت بە پرۆسەی پیشەسازیکردنی ڕووسیا. بوخارین پرۆسەیەکی وردە وردەی پیشەسازیکردنی ڕووسیای دەویست و ستالینیش دەیویست کێشەکە چارەسەر بکات بە ناردنی کۆلاکەکان، وردەبۆرژوازی بۆ سیبیریا و ئەویش هەمان سیاسەتی پەیڕەو کرد. لە ساڵانی ١٩٣٠-٣١ نزیکەی دوو ملیۆن کولاک (بورژوازی بچووکی گوندەکان) وەک دوژمنی چینایەتی یەکێتی سۆڤیەت دەربەدەر کران و زیاتر لە نیو ملیۆن کەس بەهۆی نەخۆشی و برسێتی و لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ گیانیان لەدەستدا. هەروەها زینۆڤیڤ و کامێنێڤ بە هۆکاری هاوشێوە لە سێدارە دران. بەشێکی زۆری کۆمیتەی ناوەندی حیزبی بەلشەفیک لە سەردەمی لینین لە لایەن ستالینەوە لە سێدارەدران و دەربەدەر کران تەنیا لەبەر ئەوەی بۆچوونە جیاوازەکانیا پێچەوانەی هێڵی فەرمی بوو سەبارەت بە جێبەجێکردنی سۆسیالیزم. دیکتاتۆری پرۆلیتاریا بڕیار بوو پشت بە شوراکان ببەستێت و شوراکان بەرپرسەکانی لاببات و دایانبنێت؛ بەڵام لە پراکتیکدا دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا لە دیکتاتۆریەتی حزبێک و تەنانەت تاکێکیشدا کورتکرایەوە. ئەمەش نەک تەنها لە ڕووسیا بەڵکو لە چین و کوبا و ڤێتنام و وڵاتانی دیکەش کە ئیدیعای سۆسیالیزم دەکەن هەمان شت ڕویدا. کاتێک مارکسیزم بوو بە مەکتەب، دەوڵەتی مارکسیستیش دەبێتە دیکتاتۆرییەکی ئایدیۆلۆژی وەک ئاماژە و سەرچاوەو بنەمای هەموو ڕاستییەکان.
نازانین سیاسەتەکانی بوخارین یان زینۆڤیڤ دەیتوانی چ ئەنجامێکی هەبێت؛ بەڵام لە کۆمەڵگایەکی بۆرژوازی-لیبراڵدا دەیانتوانی کوتلە یان حزبی خۆیان هەبێت. دیکتاتۆری بۆرژوازی دەتوانێت ئەم نەرمی و سازانەی هەبێت؛ بەڵام دیارە لە ڕوانگەی چەپی مەکتەبییەوە، دیکتاتۆری پرۆلیتاریا تەنانەت لە نێوان ڕابەرەکانی کۆمیتەی ناوەندی حزبی دەسەڵاتداریشدا ناتوانێت بەرگەی ئەو جۆرە جیاوازییانە بگرێت.
هیچ کەس کلیلیداری بەتایبەتی دانراوی مارکسیزم و سۆسیالیزمی نییە. دەیان جۆری جیاواز لە مارکسیزم و سۆسیالیزمدا هەیە، بەتایبەتی سەبارەت گرتنە بەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ جێبەجێکردنی سۆسیالیزم، کە بەرهەمەکانی مارکس و ئەدەبیاتی مارکسی کلاسیک زۆریان باس نەکردووە. ئەوانە ئەبێت ئازاد بن و لە کۆمارێکی سۆسیالیستیدا کار بکەن. با بوخارینەکان و زینۆڤیڤەکان چارەسەری خۆیان پێشنیار بکەن. ئەگەر لە شوراکاندا دەنگ بەدەست هێنا، ئەوا سیاسەتەکانیان جێبەجێ دەکرێت. ئەگەر میکانیزمێکی لەو شێوەیە نەبێت، سۆسیالیزم شکست دەهێنێت. دەکرێت وڵاتێک بە پیشەسازی بکرێت؛ بەڵام لە کۆتاییدا تووشی چارەنووسی یەکێتی سۆڤیەت دەبێت و لە باشترین حاڵەتدا ئەزموونی چین دووبارە دەبێتەوە، کە لە ڕووی ئابوورییەوە سیاسەتی فریدمانیستی “کرێکاری هەرزان، کرێکاری بێدەنگ”ی جێبەجێ کرد و لە ڕووی سیاسییەوە کۆمەڵگای زیاترکپ و سەرکوت کرد. ڤێتنامیش بەم شێوەیە دەستی پێکردووە؛ هەمان خەت کە ڕەفسەنجانی ویستی لە ئێرانیش جێبەجێی بکات. هەموو شتێک لەم سیاسەتە دەردەچێت جگە لە بەرهەمهێنان لە خزمەت خۆشگوزەرانی گشتی و جگە لە ئازادی و ئینسانیەت و گەڕاندنەوەی ئیرادە بۆ ئینسان. لایەنێکی تر ئەگەری دروستبوون و چالاکی چەند حزبی کۆمۆنیستییە. ئەو پرسیارەی ئەمڕۆ دەبێت وەڵام بدرێتەوە ئەوەیە: ئایا دەکرێت لە کۆمارێکی سۆسیالیستیدا چەند لایەنێک بانگەشەی کۆمۆنیزم بکەن؟ لە سیستەمی سەرمایەداریدا چەند حزبێکی بۆرژوازی هەن. چینی کرێکار دەتوانێت یان دەبێت تەنها یەک حزبی هەبێت؟ ئایا ناکرێ لێکدانەوەی جیاواز بۆ سۆسیالیزم و ئەو سیاسەت و ڕێکارانەی کە پێویستن بۆ جێبەجێکردنی، و ئەحزابی جیاواز لە دەوری هەر بۆچوونێک پێک بێت؟
بەڕای من ئەمە تەنیا لەتوانادایە؛ بەڵکو بەئەگەری زۆرەوە بەو شێوەیە دەبێت. لە ئەزمونی تا ئێستا، لە “سۆسیالیزمە” هەبووەکاندا، تەنیا حزبی دەسەڵاتدار خۆی بە بەرگریکاری سۆسیالیزم زانیوە و حزبەکانی دیکەی سەرکوت کردووە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە بە گوێرەی مارکسیزمی مەکتەبی هیچ لێکدانەوەیەکی تری سۆسیالیزم و میتۆدی بەدیهێنانی ناتوانێت هیچ ڕەوایی و شەرعیەتێکی هەبێت و هەر بۆیە لێکدانەوە و بۆچوونە جیاوازەکان لە هێڵی فەرمی حزبی دەسەڵاتدار بۆرژوازی و دژە سۆسیالیستین و نابێ قبوڵ بکرێن.
ئەم لێکدانەوەیە بۆ حکوومەتی کرێکاری، شێواندن و هەڵگەڕانەوەی ڕوونی ناوەڕۆک و مانای ڕاستەقینەی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریایە و تەنیا دەتوانێت ببێتە هۆی شکستی سۆسیالیزم.

دەربارەی ئازادی هونەر و ئەدەب
هونەر و ئەدەب بابەتی حزبی نین و دەبێ لە دەوڵەت جیا بن. نەک هەر هونەری، وەک مۆسیقا، نیگارکێشی، ئەدەب، فیلم، شانۆ و هاوشێوەکانی، بەڵکو هەموو چالاکییە دەروونییەکانی مرۆڤ بە زانست و فەلسەفەشەوە، نابێت بخرێنە ژێرهیچ جۆرە سنووردارکردنێکی حزبی و دەوڵەتی هەبێت. ئەم چالاکییە فیکرییانە ناتوانن و نابێت ملکەچی دەسەڵاتی سیاسی بن. ئەمانە ئۆتۆریتەی ئەدەبی و هونەری و زانستی تایبەت بە خۆیان هەیە و دەبێت بە تەواوی ئازاد بن لە بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانیان. ڕەخنە و تەنز و دژایەتیکردنی دەسەڵاتە سیاسییەکان مافێکی بێ چەندو چونی خۆیانە. لەوانە مافی ئەوەیان هەیە کە ڕەخنە لە حکومەت و سیاسەتەکانی بگرن و لە کارە هونەری و فیکرییەکانیاندا ئەمە دەرببڕن. نابێت هیچ سنوورێک و مەرجێک بۆ چالاکییە فیکرییەکانی هاووڵاتیان هەبێت. بەڵام بەداخەوە حکومەتە تاک حزبییەکان کە بانگەشەی سۆسیالیزم دەکەن، تەواو بە پێچەوانەوە کاریان کردووە. لە ڕوانگەی ئەوانەوە، هونەر و ئەدەب دەبێ خزمەت بە حیزبی دەسەڵاتدار و حکوومەتی سۆسیالیستی بکات.
مامەڵەی سیاسی- ئایدیۆلۆژی بۆ هونەر و بەرهەمی ئەدەبی و هونەری، تایبەتمەندییەکی چەپی مەکتەبیە جا چ لەدەسەڵاتدابن یا لە ئۆپۆزسیۆندا. لە ڕوانگەی ئەوانەوە هونەرێک کە لەگەڵ سیستەم و بەها ئایدیۆلۆژییەکانیاندا نەگونجێت، بۆرژوازیانە و کۆنەپەرستانە و ڕەتکراوەیە و پێوەرەکانیان بۆ هەڵسەنگاندنی هونەر و هونەرمەندان بەزۆری کڵێشەی و ڕووکەشن.
ڕەخنەی هونەری و ئەدەبی ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە بەرەوپێشبردنی بەرهەمە هونەریەکان لە هەر کۆمەڵگایەکی دیموکراسیدا؛ به ڵام یه که م، ئه مه پرسێکی سیاسی و حکومی نییه و دووهه م، ئازادی هونەر وەک ئازادییه سیاسی و مەدەنییه کانی تر، باێت به ناوه رۆکیان و پێشکه وتوویی یان دواکەوتووییە وه ، مەرجدار و سنووردار بکرێت. مارکسیزمی مەکتەبی باوەڕی بە ئازادی هونەر و دەربڕینی هونەری و ئەدەبی نییە، هەروەها لە ڕەخنەی هونەریشدا پێوەرێکی پێشکەوتنخوازانەی هەیە.
با لێرەدا ئەزموونێک بگێڕمەوە. هەمووساڵێک لە نەورۆز خێزانەکەمان سفرەی حەوتسین ڕادەخەن. بەزۆری کتێبەکەی حافز لە تەنیشت سەبزە وسونبڵ و هتد دادەنێین، دوو ساڵ لەمەوبەر میترای هاوسەرم وێنەی مێزی حەوتسینی لە سۆشیال میدیا بڵاوکردەوە. کۆمێنتی ڕەخنەگرانەی هاوڕێ چەپەکان دەستی پێکرد کە حەوتسین لەگەڵ حافز بوو؟! کەسێک نووسیبووی “ئەم ئازارە لەکوێ دڵم دابنێم؟”
دواتر لە سۆشیال میدیا قسەیەکی ئەنگڵزم دۆزیەوە کە ستایشی حافزی دەکرد. ئەنگڵس لە یاداشتێکدا بۆ مارکس لە سەردەمێکدا کە فێری زمانی فارسی بوو، نووسیویەتی “خوێندنەوەی حافزی پیری خەرابات بە زمانی ئەسڵی خۆی چێژێکی وەهای هەیە هەر مەپرسە”.
ویستم ئەمە لە وەڵامی هاوڕێکانمدا لە ژێر کۆمێنتەکانیاندا دابنێم؛ بەڵام وازم لێهێنا. لە دڵی خۆمدا گوتم، کەوتووینەتە چ ڕۆژێکەوە کە دەبێ بۆ بەرگریکردن لە حافز قسەی گووتەی ئۆتۆریتەکانی مارکسیستی بهێنینەوە؛ دەبێت بۆ کەسانێک کە زمانی دایکیان فارسییە،جوانی و قووڵایی شیعرەکانی حافز بە هێنانەوەی گووتەی ئەنگڵس بسەلمێنین!
هەروەها لە مامەڵەکردنمان لەگەڵ فێردۆسیشدا ئەم هەڵوێستە مەکتەبیە دەبینین. چەپی مەکتەبی شانامە بە تەواوی بەناسیۆنالیستی و کۆنەپەرستانە دەزانێت. شاهنامەش وه ک هەر شێعرێکی داستانی- ئه فسانه یی، چوارچێوەیەکی ناسیۆنالیستی هه یه ، به ڵام له ڕووی ده ڕبڕینی دژایه تیی نێوان چاکه و خراپه ، داستان و سۆز و کاره ساتی مرۆڤه کاندا بەرهەمێکی ده وڵه مه ند و به نرخه . بەرهەمێکی لەم جۆرە، کە هاوشێوەی ئیلیاد و ئۆدیسەی هۆمیرۆس، لەلایەن یونسکۆ و لەسەر ئاستی جیهانیدا وەک بەرهەمێکی بەنرخ لە میراتی کولتووری مرۆڤایەتیدا ناسێنراوە، بەرهەمێک کە لەلایەن زۆرێک لە زانا و ڕەخنەگرانی ئەدەبی بەناوبانگی جیهان، نووسەران و شاعیرانی وەک گۆتە و ڤیکتۆر هوگۆ، هاینریش هاینەی، شاعیری ڕۆمانتیکی ئەڵمانی کە مارکس لایەنگر وهاوڕێی ئەو بوو، شیعرێکی سۆزداری نووسیوە بۆ ستایشی ئەو، هەروەها شارەزایانی هونەری سەر شەقام (پۆپ کلتوری) بە بنەما و ئیلهامبەخشی چیرۆک و زنجیرە تەلەفزیۆنیەکانی وەک game of thrones و Lord of the rings ، ناتوانرێت و نابێت لە ژێر ناونیشانی ڕووبەڕووبوونەوەی ناسیۆنالیزم ڕەت بکرێتەوە! ئەمە ڕووبەڕووبوونەوەی ناسیۆنالیزم نییە، بەڵکو بەهەردوو دەست پێشکەشکردنی بەرهەمە ئەدەبییە بەنرخەکانی فارسییە بە ناسیۆنالیستەکان.
نموونەی ئەم بەرهەمە بەردەوامانەی لە ئەدەبیاتی جیهانیدا زۆرن کە لە ڕووی فۆرم و شێوازی دەربڕینەوە مامەڵە لەگەڵ ژیانی ئاغا و پاشاکان دەکەن؛ بەڵام ناوەڕۆکیان پرسگەلێکی بنەڕەتی و قووڵن کە لە شێوەی چیرۆکی داستانی-ئەفسانەییدا، لە ڕاستیدا گوزارشت لە هەست و سۆز و هەست و دەروونناسی مرۆڤ، چاکە و ناشیرینی، چاکە و خراپە، سەربەرزی و ئیرەیی، خۆشەویستی و ڕق، بوێری و خۆنەویستی، بەها کۆمەڵایەتییەکان، یاسا و ڕێساکان و هتد.
نموونەیەکی دیار شکسپیرە. چیرۆکی هەموو شانۆنامەکانی شکسپیر باس لە پاشا و ئاغاکان دەکات و لە کۆشک و دەرباردا ڕوودەدات. لە ئۆتێلۆ و مەلیک لیرەوە تا ڕیچاردی سێیەم و ماکبێس و هاملێت (کە مارکس تەقریبەن ئەوانەی لەبەر بوو) و هتد. لێرەشدا بابەت و شێوەی دەربڕین دەربار و پاشاکانن؛ بەڵام نابێت ناوەڕۆک و ناواخن لەگەڵ فۆرمەکەدا تێکەڵ بکرێت.
مارکس سەرسامە بە شکسپیر و چەندین جار لە نووسینەکانیدا بە ستایش و سەرسامییەوە باسی شکسپیری کردووە وەک گەورەترین شاعیری گواستنەوە بۆ جیهانی بۆرژوازی. هەروەها داستانە ئەفسانەییەکانی وەک ئیلیادە و ئۆدیسە بە ئەدەبیاتێکی بەنرخ دەزانێت و لە نووسینەکانیدا ئاماژە بەو بەرهەمانە و کارەکتەرەکانیان دەکات. هەرچەندە ئەم بەرهەمانە دەربڕین و ڕەنگدانەوەی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و مێژوویی سەردەمی خۆیانن؛ گرنگییان لە سەردەمی خۆیان زیاترە. مارکس لەبارەی بەهای ئەدەبیاتی کلاسیکی یۆنانی لە نامەیەکدا بۆ لاسال دەنووسێت: “سەختی شاراوە لە تێگەیشتن لە هونەری یۆنانی لەوەدایە کە بۆچی سەرەڕای نزمی ئاستی گەشەسەندنی کۆمەڵگا، هونەر هێشتا چێژێکی جوانناسی لە ئێمەدا دروست دەکات و وەک نموونەیەکی بەرزی هونەر دەمێنێتەوە”. بە بڕوای من ئەم قسەیە بۆ ئەدەبیاتی کلاسیکی فارسیش وەک شانامە و بەرهەمەکانی حافز و مەولەوی و سەعدی و خەیامیش بەتەواوی ڕاستە.
لێم ببورن کە جارێکی تر چوومە لای ئۆتۆریتەکانی مارکسیزم بۆ ڕوونکردنەوەی ئاشکراکان. بۆ پەیڕەوانی مەکتەبە ئایدۆلۆژییەکان، تەنانەت بۆنی خۆشی گوڵی سوریش دەبێ بگەڕێیتەوە بۆ ئەو ڕابەرو سەرچاوەی کەباوەڕیان پێیەتی تا بۆیان بسەلمێنیت!
لە مامەڵەکردنی چەپی مەکتەبی لەگەڵ چەمکی هونەر و ئەدەبدا، دەتوانرێت شوێنەواری ئەخلاقی ئایینی و نەریتییش ببینریت. لە زیندانی سەردەمی شادا، بەشێک لە چەپەکان گۆرانی ماچم بکە (مرا ببوس)یان وەک ئەوەی ئەو گۆرانیبێژە ئەم گۆرانییەی بۆ خوشکەکەی خۆی گوتبێتەوە، ڕوون دەکردەوە! بەخەیاڵی خۆیان دەیانویست ڕێگری لە لادانی ئەخلاقی گەنجەکان بکەن! لە ڕوانگەی هەمان ئەم چەپەوە، هیپیزم کە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی پێشکەوتنخوازی دژایەتی جەنگی ڤێتنام بوو، هەروەها ئەو مۆسیقا ناڕەزایەتییەی کە لەم بزووتنەوەیە سەریهەڵدابوو، وەک مۆسیقای بیتڵز، جۆن لێنۆن، بۆب دیلان و جۆن بایز، مۆسیقا و بزوتنەوەی لاوانی بێخەم و “بەرەڵا” دادەنران و بە بۆرژوازی و وردە بۆرژوازی و کۆنەپەرست دادەنران. لەم ساڵانەی دواییدا، ئێمە شاهیدی هەمان هەڵوێستی دواکەوتوانە بووین بەرامبەر بەو ناڕەزایەتی خۆڕوتکردنەوەی کە لەلایەن گروپێکی پێشکەوتنخوازی فێمێن ئەنجام دەدرا، و یان سەماکردن و خۆشی پەلکەزێڕینەکان لە ڕێپێوانەکانی پراید لە وڵاتانی ڕۆژئاوا. ئەم حوکمە دواکەوتووانە دەرئەنجامی ڕوانگەیەکی ئایدیۆلۆژیی کۆنەپەرستانەیە،ئاکامی جۆرێک مامەڵەی ئایدۆلۆژی کڵێشەیی، ڕووکەش، نیمچە ئایینی، نیمچە تەقلیدییە بۆ چەمکی هونەر و دەربڕینی هونەری لە ناڕەزایەتیەکاندا.
هەر ئەم بۆچوونە بوو کە بووە هۆی قەدەغەکردنی کتێبەکانی دۆستۆیڤسکی لە سەردەمی ستالیندا. تا سەردەمی خرۆشۆف، دۆستۆیڤسکی، یەکێک لە زەبەلاحەکانی ئەدەبی جیهانی کە بەرهەمەکانی وەک تاوان و سزا، کە بەشێک بوون لە دەقەکانی سەرچاوەی بەش لە بواری دەروونناسیە، لە ڕووسیا قەدەغە کرا! شۆڕشی ڕۆشنبیری لە چین نموونەیەکی دیکەی بەمەکتەبی کردنی هونەر و ئەدەب لەلایەن حزبێکەوە کە بانگەشەی مارکسیزم دەکات.
به داخه وه ئه م جۆره داوەریکردنە مەکتەبیانەی بەرهەمه هونەری و ئەدەبییه کان به شێوه یه کی سەره کی به هۆی ئه زموونی چین و ئه زموونی شکستخواردووی ڕووسیا و بلۆکی ڕۆژهه ڵاتەوە،لەبیروڕای گشتی جیهانیدا دەگه ڕێننەوه بۆ مارکسیزم ئەم وێنەیە دەبێت بشکێنرێت. دەبێت بۆ دونیا نیشان بدرێت، یەکەم، مارکسیستەکان چ لە ئۆپۆزسیۆن و چ بە تایبەتی لە حکومەتدا، پابەندن بە ئازادی بێ کۆت و مەرجی هونەر و ئەدەبەوە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی پێشکەوتنخوازن یان کۆنەپەرستانە، دووهەم: بە گونجانی خۆیان لەگەڵ بیروباوەڕ و مەکتەبەکانی خۆیاندا، بڕیار لەسەر کارە هونەری و ئەدەبییەکان نادەن. هونەر، وەک زانست و فەلسەفە، دەبێ لەسەر شایستەیی خۆی و سەربەخۆ لە بیروباوەڕی ڕەخنەگران هەڵسەنگێندرێت و داوەری و بڕیاری لەسەربدرێت.

ئەگەرەکانی پاش ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و لە ئەستۆگرتنی سەرکەوتنی سۆسیالیزم
با بە دیاریکراوی باس لە مانای کردەیی ئەو خاڵانەی سەرەوە بکەین لە هەلومەرجی دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، جائەگەر حزبی ئێمە لە دەسەڵاتی نوێدا ئامادەیی هەبێت یان نا نەی بێت.
پێش هەموو شتێک، شتی سەرەکی کە دەبێت هەمیشە لەبەرچاو بگیرێت ئەوەیە کە دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، تەنانەت ئەگەر هەموو دەسەڵات لە دەستی کۆمۆنیستەکاندا بێت (بە هەمان شێوەی شورایی)، ململانێی چینایەتی کۆتایی نایەت. لە کۆتاییدا ئەم خەباتە هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ، یەکەم، حکومەتی سۆسیالیستی تا چەند سەرکەوتوو بووە لە جێبەجێکردنی ئامانجە ئینسانیەکانیدا وەک ئەوەی کە لە بەرنامەی دنیایەکی باشتردا هاتووە، دووەم، تا چەند لەباس و مشتومڕو گفتووگۆو و بۆچونەکانیدا لە ناو شوراکاندا توانیویەتی ڕەوایەتی خۆی بسەلمێنێت و شوراکان وجەماوەری خەڵک لەگەڵ خۆیدا هاوڕا بکات.
ئەگەر ئێمە لە دەسەڵاتدا نەبین، بەردەوام دەبین لە تێکۆشان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی شۆڕش. ڕووخانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ شۆڕشدا ڕووی داوە و هەر حکومەتێک بێتە سەر دەسەڵات ناتوانێت بە ئاسانی دیکتاتۆریەت و سەرکوت ڕێکبخات. هاوسەنگی هێز لە دوای شۆڕش ڕێگە بەم شتە نادات. لەم جۆرە هەلومەرجەدا هەوڵ دەدەین سەرەتا بە درێژەدان بە خەباتی خەڵک و بە کۆکردنەوەی کۆمەڵگا لە دەوری داخوازی و سیاسەتەکانی خۆمان، حکومەتی نوێ ناچار بکەین ملکەچی داخوازییەکانی شۆڕش بێت و دووهەمیش بۆ ئەوەی جارێکی دیکە مەودای دیکتاتۆرییەت و سەرکوت فراوان نەکاتەوە. هەوڵ دەدەین زۆرترین شورا و ڕێکخراوی هاوشێوەی شورا لە کۆمەڵگادا دروست بکەین و داوای بەشداری لە حکومەت و ئیدارەی کۆمەڵگادا دەکەین. بە بۆچوونی ئێمە تا دەسەڵات لە دەستی ئەو کەسانەدا نەبێت کە لە ڕێکخراوەکانی هاوشێوەی شوراکاندا ڕێکخراون، هەر حکومەتێک بێتە سەر دەسەڵات کاتی دەبێت و دەبێت بخرێتەلاوە. ئەمە دەبێتە پرسی سەرەکی خەباتی چینایەتی لە دۆخێکدا کە کۆماری ئیسلامی کەوتبێتە خوارەوە؛ بەڵام حکومەتێک کە نوێنەری ڕاستەقینەی شۆڕش و ئامانجە شۆڕشگێڕییەکانی جەماوەر بکات هێشتا دروست نەبووە.
ئەگەرێکی تر ئەوەیە کە پارتی ئێمە لە دەسەڵاتدا بێت (واتە حیزب دەستی باڵای لە شوراکاندا هەیە) یان پشکی لە دەسەڵاتدا هەیە. لەم حاڵەتەدا خەباتی چینایەتی هەر بەردەوام دەبێت و بۆرژوازی هەوڵ دەدات وەک ئۆپۆزۆسیۆن لەبەرانبەر سیاسەت و هەنگاوەکردەییە سۆسیالیستیەکاندا بوەستێت. دەوڵەتی سۆسیالیستی دەبێت بەباس و پلمیک و مشتومڕی سیاسی و تیۆری ڕووبەڕوویان ببێتەوە، نەک لەگەڵ سەرکوتکردن و قەدەغەکردن و بەرتەسککردنەوەی مافی ڕادەربڕین و حزبایەتی. ڕوونە کە ئێمە وەک دەوڵەت ئیمکانات و سەکۆی زۆرمان دەبێت بۆ مشتومڕ و گفتوگۆ و هاندان و بەرەوپێشبردنی بۆچوون و بەرنامەی ئامانجەکانمان لە کۆمەڵگادا. هەروەها ئێمە لە وەسیلەی دەوڵەت بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجەکانی چینی کرێکار لە خەباتی چینایەتیدا کەڵک وەردەگرین، واتە بە دەرکردنی یاسای پێشکەوتنخوازانە و مرۆڤدۆستانە، بە کردنی بڕگەکانی بەرنامەی دنیایەکی باشتر بە یاسا، و بە جێبەجێکردنی بەردەوامی ئەو یاسایانە، دژی ئەو هێزانەی دژایەتی سیستەمی سۆسیالیستی دەکەن، دەوەستینەوە. بۆرژوازی لە دەسەڵاتدا بە یاسا و دەسەڵاتی دادوەری و جێبەجێکردن و تەواوی ئامێرە دەوڵەتییەکەی بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکات و پرۆلیتاریاش لەهەمان وەسیلە بە ئاراستەی بەرژەوەندی و ئامانجە چینایەتییەکانیدا کەڵک وەردەگرێت، کە لە ڕاستیدا خزمەت بە بەرژەوەندی زۆرینەی ڕەهای کۆمەڵگا دەکات، بەو جیاوازییەی کە بە پێچەوانەی بۆرژوازییەوە هیچ سنووردارکردنێک بەسەر نەیارەکانیدا ناسەپێنێت.
گەرەنتیکردن و دابینکردنی ئازادییە بێ کۆت و مەرجەکان، ڕێگەدان بە نەیارەکانمان بۆ ئەوەی ئازادانە کاربکەن و قسەی خۆیان بکەن، نەک هەر ڕێگری لە پرۆسەی بەدیهێنانی ئامانجە سۆسیالیستیەکانمان ناکات؛ بە پێچەوانەوە ئاسانکاری و خێراتری دەکات. ئەمە تاکە ڕێگایە. گرنگترین گەرەنتی ئەوەی کە لەدوای دامەزراندنی کۆماری سۆسیالیستی هێرشمان نەکرێتە سەر ئەوەیە کە ئێمە دەرگای کۆمەڵگا بکەینەوە، میدیا جیهانیەکان دەتوانن بێنە ئێران و هەر کەسیان بووێت چاوپێکەوتن لەگەڵ سازبکەن، کۆماری سۆسیالیستی کۆمەڵگەیەکی کراوە و شەفافە. سیستەمێک کە هەر لە سەرەتاوە سزای لەسێدارەدانی قەدەغە کردووە، پێشکەوتنخوازترین و ئینسانیترین پێوەرەکانی کردۆتە یاسا، سیکۆلارترین کۆمەڵگای جیهانە، چاودێری تەندروستی و پەروەردە و گواستنەوەی شارەکانی کردۆتە بێبەرامبەر و هتد و هتد، هێرشکردنە سەر کۆمەڵگەیەکی لەو جۆرە، چ لە دەرەوە بێت یان لە ناوەوە، کارێکی ئاسان نییە. ئێمەخەڵکی شەریف و ئازادیخواز و هەموو هێزە پێشکەوتنخوازەکانی جیهان لەگەڵمان دەبێت.
ئێمە کۆمەڵگایەکی کراوە و شەفافمان دەوێت و تا زیاتر ئەمە بێت، ئەگەری بەدیهێنانی سیاسەتی سۆسیالیستی زیاتر دەبێت. ڕێک بەپێچەوانەی ئەو وێنەیەی کە چەپی مەکتەبی هەیەتی لە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا.
پێویستە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان بتوانن گاڵتە بە حکومەت و بەرپرسانی حکومەتی سۆسیالیستی بکەن و نمایش بکەن و لە سۆشیال میدیا گاڵتەیان پێ بکەن و هتد.. لە ئینگلتەرا و فەرەنسا و ئەمریکا بەم شێوەیەیە. لە کۆمارێکی سۆسیالیستیدا دەبێ بە پلەی یەکەم بەم شێوەیە بێت. هیچ چەپێکی مەکتەبی بەرگەی ئەمە ناگرێت. بەڵام ئەمە تاکە ڕێگایە بۆ سەرکەوتنی کۆتایی و دامەزراندنی سۆسیالیزم.
بۆیە ئەگەر کەسێک پرسیاری ئەوە بکات کە ئینسان چۆن بە دامەزراندنی ئازادییە بێ کۆت و مەرجەکان دەتوانێت بەرگری لە سیاسەتە سۆسیالیستییەکان بکات، وەڵامەکەی ئەوەیە کە بە بەکارهێنانی ئازادییە بێ کۆت و مەرجەکان! بە سازکردنی کەشێکی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا و مشتومڕ و مشتومڕی ئازاد. ئازادی سوودی بۆ ئەو کەسە هەیە کە گوزارشت لە ڕاستییەکان دەکات. با هەمووان قسەی خۆیان هەبێت. ئێمە لە حکومەتداین وئیمکاناتی زۆرمان هەیە و ئەو ئیمکاناتە لە خزمەت بڵاوکردنەوەی تێڕوانینی ئازادیخوازانە و مرۆڤدۆستانە و لە ڕەخنەگرتن لە بۆچوونە کۆنەپەرستانەکاندا بەکاردەهێنین. ئێمە هەمیشە گوتوومانە هەڵوێستی ئێمە لە سەر ئازادییەکان بێدەنگکردنی ئەوانی دیکە نییە. بەڵکو تەنها دەمانەوێت ئێمەی کۆمۆنیست بتوانین قسەی خۆمان بکەین. ئەوانی تر کە بە درێژایی مێژوو قسەی خۆیان کردووە. ئایین و ناسیۆنالیزم و تابۆ و داکۆکیکارانی پیرۆزی قەومی و نەژادی و جێندەری قەت سنووریان نەبووە. هەمیشە سۆسیالیست و کۆمۆنیست و ئاتەئیست و ڕەخنەگری پیرۆزی و تابۆی ئایینی-نەتەوەیی-میللی بووە کە زمانیان بڕیوون. بەڵام ئێمە نامانەوێت بە هەمان شێوە مامەڵە لەگەڵ نەیارەکانمان بکەین، بەڵکو دەمانەوێت کۆمۆنیست و هێزە پێشکەوتنخوازەکان بتوانن قسەی خۆیان بکەن. دیکتاتۆری پرۆلیتاریا ئازادی کەس سنووردار ناکات؛ بەڵکو گەرەنتی ئازادی کۆمۆنیست و بێدینەکان و تابۆ شکێنەکان و ڕەخنەگرانی پیرۆزییە ڕەگەزی و نەتەوەیی و ئایینییەکان دەکات کە بە درێژایی مێژوو هەمیشە زمانیان بڕاوە. بە واتایەکی تر بەرگریکردنمان لە ئازادییەکان ئیجابییە نەک نەرێنی. وەک چۆن خەڵکی ئایینی ئەمڕۆ لە مزگەوت و کڵێسا و کەنیسە و… خورافاتەکانیان لە کۆمەڵگادا بڵاودەکەنەوە، ئێمەش لە سیستەمی سۆسیالیستیدا ڕاستییەکان دەبەینە ناو کۆمەڵگا. وەک چۆن ئەمڕۆ ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و میدیا و ڕۆژنامە سەرەکییەکان باس لە سوودەکانی سەرمایەداری دەکەن، ئێمەش باسی سوودەکانی سۆسیالیزمیش دەکەین. ئێمە دەمانەوێت دەمی خۆمان بکەینەوە، نامانەوێت دەمی ئەوانی تر دابخەین. ئەگەر هەمووان بتوانن قسە بکەن، قسەکانمان باشتر دەڕوات. تەنیا بەم شێوەیە دەتوانین هەژموون بەدەست بهێنین. بەم شێوەیە دەتوانین دیوارێکی بەرگری دروست بکەین کە هیچ کۆنەپەرستێک نەتوانێت هێرش بکاتە سەرتان. بە بەرگریکردن لە ئینسان و ئینسانیەت لە فیکر و کرداردا، جیهان لە بەرگریکردنماندا کۆدەکەینەوە. ئەمە باشترین ڕێگایە بۆ بەرگریکردن لە سۆسیالیزم.

سەبارەت بە ڕێکخستنی ئابووری سۆسیالیستیش پێویستە ئاورێکیش لەم خاڵانە بدرێتەوە: ١.
خاڵی یەکەم ئەوەیە کە وەرگرتنی دەسەڵاتی سیاسی لە بۆرژوازی بە شۆڕش و ڕاپەڕین ڕوودەدات؛ بەڵام لێسەندنەوەی ئابووری لە چینی سەرمایەدار بە یەکجار ڕوونادات؛ بەڵکو پرۆسەیەکە. سەقامگیری ئابووری سۆسیالیستی پرۆسەیەکی هەنگاو بە هەنگاوە. پێویستە وردە وردە کەرتەکانی بەرهەمهێنان لە ژێر کۆنترۆڵی سەرمایە دوور بخرێنەوە. کەرتەکانی وەک چاودێری تەندروستی، پەروەردە، گواستنەوەی شارەکان، تەنانەت خانووبەرە و هتد.. کۆنتڕۆڵکردن و بەڕێوەبردنی ئەو کەرتانە لەلایەن شوراکانەوە دەستیان بەسەردا دەگیرێت.
خاڵێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە کە پڕۆسەی دەستکۆتاکردنی تەواوی چینی سەرمایەداری لە ئێراندا دوای کۆماری ئیسلامی خێراتر دەبێت. ڕۆڵی باڵادەستی حکومەت و باندە مافیایە دەسەڵاتدارەکان وا دەکات کە دەستکۆتاکردنی ئابووری چینی سەرمایەداری ڕووبەڕووی ڕەزامەندی گشتی جەماوەر ببێتەوە و زۆر ئاسان تری دەکات.
هەر ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بە مانای بڕینی دەستی سەرمایەدارە گەورەکانی حکوومەت (لە خانەی ڕێبەری ئینقلابی ئیسلامیی ئێرانەوە تا فەرماندەکانی سپای پاسداران و بەسیج و تا یەکێتی بەرەی ماڵی بێگەردی قودس(کارتل آستان رضوی)ە و بارەگای جێبەجێکاری فەرمانی ئیمام و دامەزراوەی ستەملێکراوان و هتد) بەسەر زۆرینەی ئابووریدا دەبێت. ئەرکێکی سەرەکی کۆمۆنیستەکان لە سبەینێی دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامیدا بریتییە لە ڕێگریکردن لە سپاردنی خاوەندارێتی ئەم بەشە کە زیاتر لە سەدا ٨٠ی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری و سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی سامانی وەک کانزا و دارستان و ئاو و زەوی لەخۆدەگرێت بۆ کەرتی تایبەت و گشتی. نابێت ڕێگە بدەین سەرمایەدارە بۆینباخ لەمل و سکۆلارەکان جێگەی ئایەتوڵڵا ملیاردێرەکان بگرنەوە. لەگەڵ ڕووخانی کۆماری ئیسلامیدا، هەوڵەکان بۆ پێکهێنان و فراوانکردنی شورا و ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی چەشنی شورا و بەڕێوەبردنی ئابووری لە ڕێگەی ئەم دامەزراوانەوە دەبێتە بوارێکی سەرەکی و گرنگ بۆ درێژەدان بە خەباتی ئێمە وەک کۆمۆنیستەکان، لە ناو دەوڵەتدا یان لە دەرەوەی دەوڵەت، بۆ کۆتاییهێنان بە کۆیلایەتی کرێ.
ئەم شەڕە چارەنوس سازە تەنیا کاتێک دەتوانرێت سەربکەوێت کە کۆمەڵگا لە گەورەترین ئازادییە سیاسی و مەدەنییەکانی بەهرمەند بێت.

پەیوەندی نێوخۆییە حزبەکان
کۆتا خاڵیش ڕەنگدانەوەی ئەم ڕوتێکردن و تێگەیشتنە لە مارکسیزمە لە ڕێکخستن و بناغە تەشکیلاتیەکانی حیزبدا. بەزۆری، ناوەندگەرایی دیموکراسی بە بنەمای ڕێکخستنی حزبەکۆمۆنیستەکان دەزانن. واتە هەرەمێک لە گوێڕایەڵی لە سەرەوە بۆ خوارەوە کاتێک سەرەوە بە شێوەیەکی دیموکراسی هەڵدەبژێردرێت. هەڵبژاردنی ڕابەری و ئۆرگانەکانی حزب پرەنسیپی دروستە؛ بەڵام لەبری گوێڕایەڵی، پێویستە ڕازیکردن دابنرێت. لە حیزبی کۆمۆنیستیدا بنەمای شوێنکەوتنی ڕابەرایەتی حیزب، ڕازیکردنی ئەندام و کادرەکانە. حیزب ڕێکخستنی ئەو کەسانەیە کە خۆبەخشانە کار دەکەن و چەسپی ناوخۆیی حیزبیش هاوڕایی و هاو باوەڕێیە.
هەروەها بنەمای قبوڵکردنی ئەرکێک لە حزبێکی کۆمۆنیستیدا، ڕازیکردن و قەناعەت پێکردنە.هەرئەوەندە بەسە کە هەر ئەندامێک هێڵی حزبی قبوڵ بکات و بە ئیرادە و دەستپێشخەری خۆی و لەو مەیدانەدا کار بکات کە خۆی دەیەوێت. ئەو ئەندامانەی کە لەگەڵ هەندێک لایەنی سیاسەتی حیزبدا ناکۆکن، مافی ئەوەیان هەیە بەشداری چالاکییەکانی بەرەوپێشبردنی ئەو سیاسەتانە نەکەن.
ڕوونە کە لە ڕووی تیۆری و جیهانبینییەوە بنەمای حیزبی کۆمۆنیست مارکسیزمە. ئەو مارکسیزمە زیندوو و دینامیکییەی کە لە سەرەوە ڕوونم کردەوە. بەڵام باوەڕبوون بە مارکسیزم نابێت پیش مەرجی بێت بۆ ئەندامبوون لە حزبێکی کۆمۆنیستیدا. وەک یاسایەک، زۆربەی ئەوانەی دەچنە ناو حزبە کۆمۆنیستەکانەوە، خۆیان بە مارکسیست دەزانن (جا بە هەر ڕوونکردنەوەیەک کە هەیانەبۆی)؛ بەڵام ئەندامێتی دەبێت لەسەر بنەمای قبوڵکردن و خواستی بەرەنگاربوونەوەی هەریەکێک لەونەهامەتی و هەڵاواردنانە بێت کە سیستەمی سەرمایەداری دروستی کردووە. بۆ نموونه له حیزبی ئێمه دا هەر کەسێک له گه ڵ هه موو گۆشه یه کی بەرنامه ی حیزب و دنیایەکی باشتر و خه باتی هەر یه ک له بڕگه کانی هاوڕا بێت دەتوانێ ئه ندامی حیزبی ئێمە بێت. بۆ ئێمە پراکتیک و خەباتی تاکەکان یەکلاکەرەوەیە نەک بیروباوەڕەکانیان. بەتایبەت ئەوانەی لە ئێستادا لە مەیدانێکدا کار دەکەن و خەبات دەکەن لە دژی ئەو هەڵاواردن و نەهامەتیانەی بە هۆی سیستەمی سەرمایەدارییەوە دروست بووە، کاندیدی باشترن بۆ ئەندامبوون لە ناو حیزبدا. پێوەری سەرەکی ئێمە پراکتیکی شۆڕشگێڕانەیە بەرامبەر بە نەهامەتیەکانی سیستەمی سەرمایەداری، جا بۆ نزیکایەتی و ئەندامێتی لە حیزبدا بێت، یان لە خودی حیزب و لە خەباتی ڕێکخراوی حیزبیدا.
لایەنە زانستییەکان بە پێچەوانەوە ڕێککەوتنی ئایدیۆلۆژی دەکەنە پرەنسیپ. تەنانەت ناوی ئەم حزبانە، وەک ترۆتسکیست، ماوییست، مارکسیستی-لینینیست و هاوشێوەکانی، باوەڕی تیۆری دەکاتە مەرجی پێشوەختە بۆ ئەندامێتی. ئەگەر کەسێک نەک تەنها دژایەتی مارکسیزم بە گشتی، بەڵکو تەنانەت لەگەڵ لێکدانەوەی تایبەتی مارکسیزم لەلایەن ئەم جۆرە حیزبانەوە دژایەتی بکات، ئەوا هیچ جێگایەکیان لەو حیزبانەدا نییە. بە پێناسە تەنیا ترۆتسکییەکان دەتوانن ببنە ئەندامی حزبە ترۆتسکیستەکان و ماوییەکان دەتوانن ببنە ئەندامی حزبە ماوییەکان و هتد.
خاڵێکی تر ئەوەیە کە لە پەیوەندی نێوان حیزبە مەکتەبیەکاندا، ئەو بیرۆکەیە هەیە کە ڕابەرایەتی حیزب هەموو شتێکزانە؛ لە هەموو کەسێک باشتر هەموو شتێک دەزانێت و لە هەموو کەسێک باشتر دەزانێت چۆن لە هەموو بوار و دۆخێکدا مامەڵە بکات. ئەم بیرۆکەیە ڕاست نییە. هەموو کەسێک هەموو شتێک دەکات. وەک نموونەیەکی دیاریکراو، لە حیزبەکەماندا ئەندام و کادیر هەن کە دەتوانن زۆر باشتر لە ڕابەرایەتی حزب کاری ڕێکخستن ئەنجام بدەن، کە دەتوانن پارە کۆبکەنەوە، کە دەتوانن کەمپین بەڕێبخەن، هەروەها دەبێت ڕابەرایەتی کاری خەتدان بە حزب و پاراستنی یەکگرتوویی تیۆری و سیاسی حزب باشتر لەوانی دیکە ئەنجام بدات کە بۆ ڕابەرایەتی هەڵبژێردراون.
لەم لایەنەوە پرەنسیپێکی گرنگی ڕابەرایەتی حیزب ئەوەیە کە خۆت لە هەموو بوارەکاندا بە باڵاتر و بەتواناتر لە هەمووان نەزانێت، بەڵکو داننان بە تواناکانی ئەندامان و ڕەچاوکردنیان لە ڕێکخستنی چالاکیی و پراکتیکەکانی حیزب لە بوارە جیاجیاکاندا.
حیزب واتە کۆمەڵە تواناکانمان و چالاکییە هاوبەشەکانمان بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکتر. ئەوەی ئەندامان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، سیاسەت و کۆدەنگی سیاسییە. لەوانەیە ئەندامەکان لێرە و لەوێ بومەلێڵییەکیان لەگەڵ یەکدا هەبێت. پێویستە هەوڵبدەین تا ئەو جێگایەی کە دەتوانین هەماهەنگیەکە هەرچی زیاترو زیاتر لێک نزیکتر بکەینەوە؛ بەڵام هەموویان ئەندامی یەک ئۆرکێستران. بۆ نمونە حیزبی ئێمە کۆمەڵێک پڕۆژە و هەڵمەت و چالاکی بەرفراوانە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات و دەتوانین بڵێین کە پێکهاتەکەی زیاتر هەماهەنگی و شەبەکەییە نەک هەرەمی و زنجیرەی پلەبەندکراو. ئێمە بە کردەوە بەم شێوەیە کار دەکەین؛ بەڵام هێشتا وەک تیۆری ڕێکخستنی حزبی وردبینی و کۆ نەکردووەتەوە. بە بۆچوونی من تیۆری ڕێکخستنی حیزب لەگەڵ پێشهاتە کۆمەڵایەتی و تەکنۆلۆژییەکانی چەند دەیەی ڕابردوودا بگونجێندرێت. ئەمڕۆ شاهیدی ئەم جۆرە ڕێکخستنی تۆڕەکانی-هاوئاهەنگی لە کۆمەڵگادا لە ڕێکخراوەکانی چالاکانی کرێکاری، خوێندکار، ژنان، چالاکوانان و هتد.. بەتایبەت لە سەردەمی شۆڕش و بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیدا، زۆرێک لە ڕێکخراو و شورا و ئەنجومەن و دەزگا و گروپی خەباتکاری ناڕەزایەتی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات دروست بوون کە لە بنەڕەتدا وەک تۆڕێک کاردەکەن. لە ڕووی بابەتیانە و تەکنیکییەوە ئینتەرنێت و سۆشیال میدیا وایکردووە کە ڕێکخستنی تۆڕەکان بتوانرێت و ڕێکخستنی حزبی کۆمۆنیستیش دەتوانێت و پێویستە لەسەر ئەم بناغەیە بنیات بنرێت.
خاڵی دواتر، کرانەوە و شەفافیەتی پەیوەندی و گفتوگۆی نێو حزبەکانە. پێویستە کۆمەڵگا ئاگادار بکرێتەوە لە چۆنیەتی هەڵبژاردنی کۆمیتە و بەرپرسانی حزبی و گفتوگۆ و پرۆتۆکۆڵی کۆبوونەوەکانیان و چۆنیەتی بڕیاردان و کارکردنیان. پێویستە خەڵک بتوانن لە کۆنگرە و پلینۆم و سیمینارەکانی حزبدا بەشداری بکەن و ڤیدیۆی ئەو کۆبوونەوانەش لەبەردەستی کۆمەڵگادا بێت. کۆمۆنیستەکان گفتوگۆی سیاسی “ناوخۆیی”یان نییە. هەروەها پێویستە ئەندامانی حیزب لە کۆمەڵگادا بە دیدگا و بۆچوون و هەڵوێستەکانیان لەسەر ئەو پرسانەی کە لە حیزبدا باس دەکرێن بناسرێن و بناسرێن. ئەم کراوەیی و شەفافیەتەش باشترین نیشاندەری کراوەیی و ئازادی سیستەمی سۆسیالیستییە کە کۆمۆنیستەکان دەیانەوێت. حیزبێک کە خەبات بۆ کۆمەڵگایەکی کراوە و ئازاد و ئینسانی بکات، حیزبێک کە خوازیاری بەشداری هەموو خەڵکە لە کاروباری حکومەتدا و دژایەتی دیپلۆماسی نهێنی و ڕێککەوتنی پشت پەردە بکات، ناتوانێت لە ئۆپۆزسیۆندا حزبێکی نهێنی و دەرگاداخراو و هەرلەخۆیدا بێت. هەروەها سۆشیال میدیا لە جێبەجێکردنی سیاسەتی دەرگای کراوەدا چەندین ئاسانکاری و دەرفەتی ڕەخساندووە. پێویستە بە پشت بەستن بەم تەکنەلۆجیایە هەرچی زیاتر حزب بخەینە بەردەستی کۆمەڵگەوە.
خاڵێکی تر شێوازی مامەڵەکردنە لەگەڵ چالاکوانان و هەڵسوڕاوەکانە لە ناو حیزب و لە کۆمەڵگادا. لە مامەڵەکردن لەگەڵ چالاکوانانی ناحیزبی لە بوارە جیاجیاکانی خەباتدا،ئەبێت پراکتیک و کردارە خەباتکارانەکانیان بکەینە پێوەر. لە ڕووی بابەتییەوە ڕۆڵی تاکەکان لە خەباتی چینایەتیدا بە ئەدای ئەوان دیاری دەکرێت نەک بۆچوون و بیروباوەڕەکانیان؛ بۆیە لە هەڵسەنگاندنی چالاکوانان و دامەزراندنی پەیوەندی لەگەڵیان و هاوکاریکردن و یاوەریکردنیان لە خەباتەکاندا، پرەنسیپەکە پراکتیکی تاکەکان بێت.
لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەندامانی حیزبیشدا هەمان پرەنسیپ پەیڕەو بکرێت. پێوەرەکە دەبێت پراکتیکی ئەندامان بێت. حیزبێکی کۆمەڵایەتی بە پشتبەستن بە پێگەی خۆیان لە خەباتی کۆمەڵایەتیدا، ئەندامانی خۆی وەک چالاکوان لە مەیدانێکی خەباتی کۆمەڵایەتیدا دەبینێت و حوکمیان لەسەر دەدات. جا لە پێش گۆڕەپانەکەوە بن یان لە پشت گۆڕەپانەکەوەبن.
و لە کۆتاییدا لە ئاستێکی بنەڕەتیدا پێویستە جەخت لەوە بکرێتەوە کە کۆمۆنیزم بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتییە، بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی چینی کرێکارە بۆ دەستکۆتاکردنی سیاسی و ئابووری چینی سەرمایەداری و حزبی کۆمۆنیستی ڕاستەقینە پشت بەم بزووتنەوەیە دەبەستێت نەک بە سیستەمێکی تیۆری و عەقیدەیی. کەواتە شوناس و پرەنسیپی وجودی حیزبی کۆمۆنیستی و لە ئاکامدا پێوەرەکەی بۆ ئەندامێتی، پراکتیکی خەبات دژی سەرمایەداری و ئەو هەڵاواردن و ئازارانەیە کە لە ئاکامدا دێتە ئاراوە. مارکسیزم تیۆری و تیۆری ڕێنماییکاری ئەم پراکتیزەیە. ئەوانەی دەچنە ناو حزبێکی کۆمۆنیستەوە، ئەگەر ئاشنای مارکسیزمیش نەبن، لە پڕۆسەی خەباتی حزبییاندا ئاشنای دەبن و یەکێک لە ئەرکەکانی حیزب پەروەردەکردنی ئەندامەکانیەتی لەسەر مارکسیزم و بەرزکردنەوەی هۆشیاری مارکسیزم. تەیاربوون بە مارکسیزم و هەبوونی تێگەیشتنێکی قووڵ لەو بارەیەوە، دەرئەنجامی چالاکیی حیزبییە، نەک پێشمەرجەکەی.

ئەنجام
بەکورتی باسەکەی من ئەوە بوو کە مارکسیزم تیۆرێکی زانستییە و کەواتە لە گۆڕان و پەرەسەندندایە. مامەڵەکردن لەگەڵ مارکسیزم وەکمەکتەبێکی هزری-ئایدۆلۆژی پێشوەختە دیاریکراو و نەگۆڕ ، پێش هەموو شتێک دژایەتییە لەگەڵ مارکسیزمی ڕاستەقینەدا، لەگەڵ مارکسیزمی مارکسدا، لەگەڵ مارکسیزمی مانیفێستی کۆمۆنیستدا. تیۆرێک کە هەموو شتێک بە گۆڕان و پەرەسەندن دەبینێت، خۆی ناتوانێت جێگیر و چەق بەستوو بێت. تیۆرێک کە پراکتیکی شۆڕشگێڕانە، واتە خەبات بۆ گۆڕینی دونیا، وەک بنچینە دادەنێت، ناتوانرێت لە قەفەزی مەکتەب و باوەڕێکدا زیندانی بکرێت. ئەو هێزانەی مەکتەبێکی هزری لەو شێوەیان لە مارکسیزم دروست کردووە، بە بیانەوێت یان نەیانەوێت، لە پراکتیکدا بەدوای کار و ئامانجێکی چینایەتی دیکەدا دەگەڕێن.
ڕەخنەگرتن لەم مەکتەبە بە تایبەتی لەو لایەنەوە گرنگە، کە وێنەیەکی خۆڵەمێشی و داخراو و بەستوو و ئایدیۆلۆژی لەسۆسیالیزم دەدات بەدەستەوە. ئەو دیکتاتۆریە تاک حزبیانەی کە بە ناوی سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمەوە دامەزراون، لە بنەڕەتدا لەسەر ئەم جۆرە “مارکسیزمە” دامەزراون. پێویستە ئەم وێنەیە بشکێنرێت و جەوهەری ئازادیخوازانە، مرۆڤدۆستانە، زیندوو و دینامیکی مارکسیزم بگەڕێتەوە. حیزبی ئێمە بە دروشمی “بنەمای سۆسیالیزم ئینسانە” هەنگاو بەم ئاراستەیە دەنێت. ڕوونە کە جۆرەکانی مارکسیزمی چینی و سۆڤیەت، دەست بەسەراگرتنی مانیفێستی کۆمۆنیستن لەلایەن بزووتنەوە غەیرە کرێکارییەکانەوە. بەڵام ڕوونکردنەوە و کردنەوەی ئەم لایەنە چینایەتییە کۆمەڵایەتییە پێویستی بە سیمینارێکی دیکە هەیە. لەم سیمینارەدا ئامانجم تەنیا نیشاندانی ئەوە بوو کە دژایەتیی تیۆری ئەم بەلاڕێدا بردنە چینایەتییە لەگەڵ مارکسیزمدا بوو کە ڕایدەگەیەنێت “ڕادیکاڵ واتە ڕۆشتن بۆ ڕەگ و بۆ ئینسانیش ڕەگەکە خودی ئینسانە”.
هیوادارم توانیبێتم لەم لایەنەوە هەندێک خاڵ ڕوون بکەمەوە.

١١ی شەهریوەری ١٤٠٤ ٢ی سێپتەمبەری ٢٠٢٥




کتێب\ ئاوەزنامە.. نووسینی ئارون گاندی.. وەرگێڕانی: شەفیقی حاجی خدر

بۆخوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




ژیان هەر بۆ ئەوە باشە لەناو لانکێک بیت و لەشوێنی خۆت بجولێی!.. رۆژگار خالید

بەیادی سەردەمی منداڵی و گەنجی و ئەزموونی ئێستای سەدان مرۆڤی خێرلەخۆ نەدیووی ئەم نیشتمانە .
خوێندنەوەیەک بۆ دیوانی شیعری ” پایزی زەعیم “
نووسینی ” تەلعەت تاهیر “
پایزی زەعیمێکی خەیاڵاوی و نیشتمانێکی لە کارتۆن دروستکراو و سەدان مرۆڤی شێتکراو .
لەسەرەتادا دەمەوێت بڵێم
ئەو ژیانەی تێدا دەژین بەم شێوەیە بووە !
_ دیوێکی جوانە و دیوێکی ناشیرینە .
_ دیوێکی ڕووناک و دیوێکی تاریکە .
_ دیوێکی برسی و دیوێکی تێرە .
_ دیوێکی زانا و دیوێکی نەزانە .
_ دیوێکی بەپێکەنینە و دیوی دووەمی هەمیشە گریاوە .
_ دیوێکی لەڕابردوو دەڕوانێ و دیوێکی لەداهاتوویەکی نادیار .
_ دیوێکی کۆنەپەرست و ترساو لەداهاتووی ، وە دیوێکی سەرلێشێواوە .
_ دیوێکی کڕدراوە و دیوێکی فرۆشراوە .
لە سێوێکی سپی دەچێت دیوی ناوەوەی ڕەشهەڵگەراوە .
ئەگەر ژیان کۆد و ڕەمز و شتی نەبینراوی تێدا نەبوایە شتێکی ئەوتۆ نەدەما لەبارەیەوە چیرۆکی بۆ بگێڕینەوە یانیش شیعری بەباڵای بڵێن .
هەر بۆیە پێش ئەوەی قسە لەسەر دەقە شیعرەکانی ئەم دیوانە بکەم .
بەپێویستی دەزانم وورد ببمەوە و بزانم نهێنی تێڕامانی شاعیر لەکوێی دەقی ئەدەبیاتی کوردییە تاوەکو هەڵوەستەی لەسەر بکرێت !
چونکە دەقەکان بۆ لاواندنەوەی دڵی گەنجێک نییە یانیش ستایشی کچە شۆخێکی جوان نییە ، گریان و ڕۆڕۆش نییە بۆ ساتێک یاخود ڕوودانی شتێک ، ووشەکان و نیشانەی پرسیار و سەرسوڕمانەکان و ماناکانی نێو هەر ڕستەیەک وادەکا تێڕامان و گێڕانەوەکان تووشی شۆکمان بکات ، بۆیە پێویستە دووجار وێنەکان ببینین جارێکیان سادە و جارێکیتر بەئاڵۆزی ، جارێک ڕقمان لێی بێت و جارێک بەتوندی لەباوەشی بگرین .
هەموو ئەو شتانەی لەبارەیەوە نووسیم :.
دەتوانم بڵێم نیوەی ڕاستیەکانی ژیانن و شتی لەبارەیەوە دەزانین کەچی ژیانی هەر یەکێکمان دیوێکی شاراوە هەیە پێویست دەکا هەستی پێبکەین ئەگەر هیچ شتێکی لەبارەیەوە نەڵێن .
کەواتە لەسەردەمێک دەژین هیلاکین و برسین و یانیش هەژارین و پیربووین و یادەوەرییەکان و هەموو ئەو شتانەی هەن و نابینرێن لەڕێی ئەم دەقەوە لێی تێدەگەین بۆچ شتێک لەم ژیانە ژیاوین !!
کەچی ئەو شتانەی لەپێش چاون و ئەو شتانەی ئیهمالکراون لەلای خەڵکی پرسیاری جددیان لەسەر ناکرێت شاعیر دەیکاتە پرسیار و دەیکات بەشیعر و یادەوەری !
ئاوڕدانەوە لە ژیانی منداڵی و گەنجی و بیرەوەرییەکان لەگەڵ دایک و باوک و گێڕانەوەی خەمەکان و هیلاکی ئێستای گەورەکان وادەکا لەیەککاتدا هەم ڕابردووی خۆشبووێت هەمیش ئیهمالی بکات .
شاعیر چەندە بەدوای ووشەی جوان دەگەڕێت هێندەش بەدوای ئەو شتانە دەگەڕێت مرۆڤی ئێمەی تێکشاندووە .
بۆیە هەندەکجار بەزمانی حەقیقەت دەدوێت ئەو حەقیقەتی وەک تونێلێکی تاریکە هەتا گوزەری تێدا نەکەی و لێوەی فێرنابی ، کەچی کاتەک فێردەبی ڕقت لەو ڕابردووە دەبێتەوە !
چونکە هەست دەکەی تەنیایی و ڕۆشتنی ئازیزان نیوەی خۆشیەکانی لێوەرگرتیەوە ، دڵڕەقی و بێدەنگی و توڕەیت وادەکات هەست بکەی ئەم ژیانە زوڵمی لەهەموو کەسێک کردووە .
بۆیە ناچارانە پێویستت بەڕوانینێکی جوانتر هەیە ، پەیامێکی جوانت هەبێت بۆ هەموو شتێک ، ئەم دیوانە دەتوانێت جوانییەکانی ژیان ببینی ، تێبینی و ووردبوونەوی جوانم بینی بەم شێوەی خوارەوە : .
” لەڕووی تەکنیکیەوە “
وەڵامی هەندێک پرسیاری دەداتەوە هیچ کاتێک بەخەیاڵمان نایەت شیعر بتوانێت وەڵاممان بداتەوە هەندێک شت هەیە لە ژیانمان دەیکاتە پرسیار و وادەکات خوێنەر خۆی لەژیانی ڕۆژانەیدا بەدوای وەڵامەکان بگەڕێت.
بۆ نموونە :.
زەعیم دروستکەری وەرزەکانە
بەقسەکانی بەهار دێنێ
بە کردەوەکانیشی پایز ! ” لاپەڕە 39 ” ” لەڕووی جوانبینی ” شتێکمان نیشان دەدات نابینرێت بەڵام هەستی پێدەکرێت ، لای ئەو نیشاندانی ساتێک یاخود هەڵوەستەیەک یانیش گریانێک جوانییەکی نەبڕاوی هەیە . بۆ نموونە :. دوعای پارچە پارچە دەکرد و تۆزێکی دەخستە قاپەکانمانەوە ! ” لاپەڕە 82 “
” لەڕووی مرۆڤناسی “
خەمێک هەیە یاخود هەژارییەک هەیە مرۆڤایەتی گرتۆتەوە ئەو هەژارییە تەنها شاعیران دەتوانن هەستی پێبکەن و لەبارەی بدوێن و بینووسنەوە .
بۆ نموونە :.
کەس بیری نایە لەکەیەوە بۆتە زەعیم ؟
ئەوەی زانراوە کەسێکی ئاسایی نییە
دەتوانێ کانزاکانی ژێر زەوی بخوات
پێدەشت بەدارستانەوە بجوێت و
ڕووبار هەڵقورێنی و ئاسمان بخاتە باخەڵییەوە ،
نەوت دەخاتە گیرفانییەوە و ناڕژێ ! لاپەڕە ” 17 _ 18 “
” لەڕووی هەستەوە “
بەدەگمەن ئەو شتانە دەبینین ژنان دەیکەنە قوربانی وەکو تەمەن و جوانی و لەشساغی و ئەو هێزە فیزیکیەی هەیانە لەپێناو ئەوەی ئەو دونیایە بەجوانی بمێنێتەوە لەکاتێکدا پیاوان هەموو شتێک دەشێوێنن.
بۆ نموونە :.
ئای لەباشی ژنەکان
مرۆڤ دروست دەکەن
چێشت و دوورمان و چاکردنەوەی دڵ دەزانن
ئێمەی نێرینەش چیمان کرد ؟
قامچیمان بەپشت ناساند و
هەندێک کلتورمان لەناوبرد و
ئەمەریکاشمان دۆزییەوە …. ! ” لاپەڕە _ 115 “
” گێڕانەوەی سەردەمێک “
شیعر سەردەمێک دەگێڕێتەوە ئەو سەردەمی بووە بە مێژوویەکی تاڵ و ناخۆش ، سەرباری برسیەتی و هەژاری و شەڕی براکوژیمان دیت .
لەم سروشتە جوانەی ئێمەدا
تاکەدار کەنەک مێژوو
کەنەک ئەدەب پایزیش دەرەقەتی نەیەت براکوژییە ! ” لاپەڕە _ 99 “
” کاتێک مردن نایەت “
لەچاوەڕوانی مردنێکی ڕەشدا کەچی مرۆڤەکان سەدان خەونی ڕەنگا و ڕەنگیان هەیە و کەچی مردن خاڵی ڕەشی هەموو شتێکە و چارەی هیچ ڕەنگێکی ناوێت .
لە ژیان ڕاهاتووین
خەمی ئەوەمانە بمرین
لێرە گۆڕستانیش دیواری هەیە ! ” لاپەڕە _ 103 “
” گێڕانەوەی ژیانی پادشاکان “
لەڕاستیدا شیعر ئەو دیوەی شتانەمان نیشان دەدا سەرکردە و پادشا و کوڕەکانیان ڕوانینێکی خەیاڵییانە و سەیر و سەمەرەیان هەیە بۆ ژیانی خەڵکی ئاسایی بۆیە بەگشتی ئەو شتانە دەنووسنەوە خۆیان دەیانەوێت ، گرنگ نییە تۆ کێی و چۆن دەژی ، پێویستە گرنگی بەهەموو شتێک بدەیت پادشاکان دەیانەوێت .
زەعیم بێ ئەوەی نووسەر بێت
دەمانخوێندەوە
زەعیم بێ ئەوەی خوێنەر بێ
دەمانووسییەوە . ” لاپەڕە _ 133 “
” مرۆڤی بێجوولە “
ژیانێکی مۆمیاکراو ئەو شێوە ژیانەیە هیچ جوولەیەکی جەستەیی و فکر و خەیاڵی تێدا نییە ، هەموو شتێک ڕەقبۆتەوە مۆمیا ناتوانێت بجوولێت چ بگاتە ئەوەی بیەوێت بژیت .
قاچی لەشوێن گیربووە
چاوەکانی لەزەمەن بێشومار مردنی دیت
لەپێخەفی یەک تەمەن . ” لاپەڕە _ 104 “
” زاڵمێکی شێت و خەلەفاو “
دڵی خۆشە مێژوویەکی ناشیرین دەنووسێتەوە و پێی وایە دەتوانێت هەموو شتێک بە جادووێک یانیش سحرێک بەتاڵ بکاتەوە و پێی وایە پاڵەوانە خەڵک دەبێت خۆشیان بوێت .
ئەم پشتە
بەرگەی چەند زاڵم بگرێ ؟
لەچاڵی گەروودا چەند گۆرانی بنێژین ؟
بۆچی مردن تەنها ماوە ؟!
لەجەستەی شوێندا تەنها قەبر و زیندان باوە ؟
پێمان بڵێ :
لە پۆشاکی زەمەندا چەند پینە ڕێگەپێدراوە ؟ ” لاپەڕە _ 105 “
کورسییەکی جێگیر و چاوێکی جووڵاو
موعجیزەیە
بەهۆی بیرکردنەوەی وەستاوەوە خەون غلۆر بێتەوە ! ” لاپەڕە _ 88 “
ئەوەی وایکرد بەم ڕۆژە بگەین
بەس تۆ نەبوویت … ئێمەش بووین
ئێمەش خاک و نەتەوەمان لە حوکمڕانی جوودا نەکردەوە .
” لاپەڕە _ 77 “
ئیتر بەسەرچوو ڕۆژگاری ئەو دڵانەی بەدروشمێک چاک دەبوونەوە !
بەسروودێک پاک دەبوونەوە !! ” لاپەڕە 76 ” کەچی ئێستا دەیانزانی باشترین چاکە کە شۆڕشگێڕ بیکات ئەوەیە پێش وەرگرتنی دەسەڵات شەهید ببێ ! ” لاپەڕە _71 ” زەعیم گەورەترین گرفتی ئەوەیە ئەم وڵاتەی بەسەریەکەوە بۆ نافرۆشێت !! ” لاپەڕە 53 “
هەرکەسە و کۆیلەی ئاراستەی خۆیتی
ئەو کۆیلەی ئەو بیرۆکەیە بوو کە ئێمە بمێننەوە
ئێمەش کۆیلەی ئەو ئازادییە بووین کەڕۆژی دوای نەمانی ئەو چیمان بەسەر دێ ؟ ! ” لاپەڕە _ 131 “
چەند ووشەیەک بۆ کۆتایی ” کاریگەری ووشە “
دونیای شیعر و فکری شاعیر زۆر جیاوازە لەم ژیانەی تێدا دەژین !
بۆیە هەموو کاتێک خەیاڵ بەهێزترە لە حەقیقەت ، خەیاڵ جوانترە لە ڕاستییەکانی ژیان .
ئەگەر کاریگەری ووشە ئەوەندە بەهێز نەبوایە و مرۆڤی لەچاوەڕوانی ژیانێکی باشتر و جوانتر و دادپەروەرانەتر شێت دەبوو .
مرۆڤ ناتوانێت رووبەڕووی ئەم هەموو ستەم و زۆرداری و ناخۆشی ژیان و برسیەتی ژیان ببێتەوە ئەگەر بەخەیاڵ نەڕوانێت .
هەر ئەوەشە وادەکا مرۆڤ بەرگەی ئەو ژیانە نەگرێت ئەگەر شیعری لێوەربگرینەوە !
بۆیە دەگەڕێمەوە بۆ نووسینی دەستپێکی کتێبەکە بەم شێوەیە نووسراوە :.
لەپەراوێزی ڕۆمانی ” پایزی پاتریکی _ گابرێل گارسیا مارکێزەوە ” .
تێبینی /
هەر کەسێک هەستی کرد ئەم دەقە ڕەفتارەکانی دەگرێتە خۆی ئەوا هەڵەی ئەم نووسینە و ڕۆمانی گابرێل گارسیا مارکێز نییە، بەڵکو هەڵەی کار و کردەوەکانی خۆیتی ، خۆ ئەگەر خۆیشی تێدا دۆزییەوە ئەوا پێش هەموو شتێک پێشکەشە بە ئەو .




کتێب\ جیاوازێکان.. گەنگەشەی فکری فرۆید

کتێبەکە بە قەبارەی ٢٤٥ لاپەرەیە و موناقەشەیەکی فکری فرۆیدە ماوەی سال و نیوێک هەفتانە موناقەشەی من و دکتۆر محمد تەها حوسێن بووە و دواتر لەلایەن دەزگای فێربونەوە چاپ کرا و لەبەردەستی خوێنەران دەبێ موناقەشەکە لەسەر فکری فرۆید و چەپی فرۆیدییە و زانیاتی بەسودی فکری تێدایە بەتایبەت بۆ خوێنەر و قوتابیانی بەشی سایکۆلۆژی زانکۆکسن باشە.




نۆستالژیا لە شیعرەکانی ( ڕەفیق سابیر) دا.. ئامادەکردنی: ئەڤین خدر قادر – هێرۆ نوری وهاب

پێشەکی

نۆستالژیا یان گەڕانەوە بۆ ڕابردوو هەستێکە کە لای زۆربەی تاکەکانی کۆمەڵگا هەیە، ئەم هەستە مرۆڤ بۆ شتێک یان سەردەمێک دەبات کە ئیتر نەماوە، یاخود بیرکردنەوە و ئاوات خواستنە بۆ داهاتوویەکی ڕووناک، بەڵام کاریگەری و دەرکەوتنەکەی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆرێت، نۆستالژیا زیاتر کاریگەری لەسەر نووسەران بە جێی دەهێڵێ، هەستکردن بە نۆستالژیا لە لای شاعیران بە هۆی چەند هۆکارێکەوەیە وەک دابڕان و دوورکەوتنەوە لە خاک و کەسوکار و مەعشوق.

زاراوە و چەمکی نۆستالژیا

لە ڕووی زاراوەوە زاراوەی نۆستالژیا (( لە بنەڕەتدا لە دوو وشەی یۆنانی پێکهاتووە، (nostos) بە واتای گەڕانەوە، ( algos) بە مانای ئازار یان حەسرەت هاتووە.)). [عەبدوڵا: ٢٠١٦:١٥]. کەواتە نۆستالژیا وشەیەکی لێکدراوە لە دوو وشەی یۆنانییەوە هاتووە، بەسەریەکەوە بە مانای گەڕانەوە و حەزکردن بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵەوە و خەم و غوربەتی گەڕانەوە، هاتووە. ئەگەر سەیری فەرهەنگی زمانە جیاجیاکان بکەین دەبینین، واتای ئەم زاراوەیە ئەگەر لای هەمووانیش، وەکو یەك نەبێت، بەڵام واتاکە لای هەموان لە یەك نزیکە. بۆ نموونە لە فەرهەنگی (معاصر) هاتووە، کە ((نۆستالژی: فەرەنسیە، دڵتەنگی، بەهۆی دووری لە وڵات، ژانی دووری لە وڵات بەکارهاتووە)). [عەبدوڵا: ١٦:٢٠١٦]. لە زمانی عەرەبی و فەرهەنگە عەرەبییەکاندا “نۆستالژیا” بە واتاکانی “گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، یان گەڕانەوە بۆ نیشتمان هاتووە، بۆ نموونە لە فەرهەنگی فەرەنسی–_ عەرەبی (المنهل الوسیط) لە بارەی زاراوەی نۆستالژیا هاتووە کە نۆستالژیا (( حەزی گەڕانەوە بۆ نیشتمان و حەسرەتی گەڕانەوەیە بۆ ڕابردوو)). [عەبدوڵا: ١٦:٢٠١٦]. لە فەرهەنگە کوردییەکاندا ئەم زاراوەیە نەهاتووە، بەڵکو بە دەستەواژەی تر هاتووە، کە هەمان واتا و دەلالەتی زاراوەی ( نۆستالژیا) دەدەن بە دەستەوە، وەکو غەمی وڵات، سۆزی غەریبی، گەڕانەوە بۆ سەردەمی باوک و باپیران، تاراوگە، سەردەمی منداڵی، نامۆیی و نامۆبوون، حەسرەتی دووری…هتد. بۆ نموونە (( ئەگەر سەیری فەرهەنگی ( هەنبانە بۆرینە) ی “هەژار موکریانی” بکەین، لە چەند شوێنی جیاجیادا، چەند وشەیەکی بەکارهێناوە کەوا زۆر نزیکن لە بابەتی نۆستالژیا، ئەوەی لە فەرهەنگی هەنبانە بۆرینە هاتووە، بریتییە لە وشەکانی (نامۆیی، بیانی، غەریبی، غەوارە، یان نامۆیی، بێگانەیی)). [میرە و عومەر، ٥٥:٢٠٢٠]، هەروەها لەناو کوردەواریشدا، لە کۆندا لەلایەن باوک و باپیرانمانەوە کە بە زۆری وشەکانی غەریبی و غەریبایەتی و دوورە وڵاتی و غوربەت بەکارهاتوون.
لە ڕووی چەمکیشەوە ئەگەر سەیری نۆستالژیا بکەین، دەبینین چەندین پێناسەی بۆ کراوە. لە خوارەوە چەند پێناسەیەك دەخەینە ڕوو، بۆ ئەوەی چەمکی نۆستالژیامان زیاتر لا ڕوونبێتەوە. لە فەرهەنگی (لاڕۆسی) سەدەی بیستەم لە ساڵی (١٩٣٢)، چاپکراوە و لە چاپی شەشەمدا بۆ پێناسەی نۆستالژیا دەڵێت: (( نۆستالژیا وەڵامێکە بۆ کەسێك، کە ناتوانێت خۆی بگونجێنێت لەو شوێنە نوێییەی تێیدا نیشتەجێ بووە، یان لە باروودۆخێکی نوێدایە، چ لە ڕووی ماددی و چ لە ڕووی عەقڵیدا، دەکرێت نۆستالژیا تووشی ئەو گوند نشینانە ببێت، کە هەرگیز گوندەکانی خۆیان، یان شارۆچکەی خۆیان جێ نەهێشتووە)). [عەبدوڵا:٢٨:٢٠١٦], لەم پێناسەیە دەردەکەوێت، کەوا نۆستالژیا پەیوەندیەکی بەهێز و دانەبڕاوی بە شوێن و زێدی لەدایکبوونەوە هەیە، بۆیە دوورکەوتنەوە لێی، دەبێتە هۆی خەم و حەسرەت و دڵتەنگی و بیرکردنی، بەمەش کەسەکە توشی نۆستالژیا و هەروەها غوربەتی شوێن دەبێتەوە. کە ئەوان شار یان شارۆچکەی خۆیان جێ نەهێشتووە.
لە پێناسەیەکی تر دا هاتووە، کە (( نۆستالژیا هەستێکی ناوەکییە، کە دەبێتە مایەی خەم و ئازار، مرۆڤ بە دەستیەوە دەناڵێت، لە ئەنجامی ئەو شتانەی لە دەستیداون)) [محمد:١٢:٢٠٢٤[
مرۆڤ کاتێک خۆشەویستانی یان ئازیزانی لەدەست دەدا، ئەوا کە ڕۆیشتون، بۆیە تەنها یادەوەریەکەی دەمێنێتەوە، مرۆڤیش بە یادکردنەوەی تووشی خەم و حەسرەتی دووری و ئازار دەبێت. هەروەها لە پێناسەیەکی دیکەی نۆستالژیا هاتووە: (( نۆستالژیا جۆرێکە لە هەستی دووری تێکەڵ بە حەسرەت بۆ ڕابردوو، کاتی بەسەرچوو، کە بووەتە هۆی ئەوەی مرۆڤ لە شتە خۆشەویستەکانی دووربکەوێتەوە، بە تێپەڕبوونی کات بەهای ئەو شتانەی لە ڕابردوو هەیبووە و قەدری نەزانییوە، ئێستاش بە لەدەستدانیان خەم و حەسرەتیان بۆ دەخوات)). [عەبدوڵا:٣٠:٢٠١٦]. لەم پێناسەیەدا بۆمان دەردەکەوێت کە، نۆستالژیا هەستێکی ئاڵۆزە کە تێکەڵێکە لە حەسرەت و خۆشەویستی بۆ ئەو شتانەی لە ڕابردوو هەبوون بەڵام ئێستا نەماون. کاتێک کەسێک نۆستالژیا هەست پێدەکات، جۆرێک لە خەمێکی تاڵی هەیە، خەم بۆ لەدەستدانی ئەو شتانەی کە جارێکی تر ناگەڕێنەوە، بەڵام هەر ئەو هەستە بە شێوەیەکی سەیر دەبێتە هۆی خۆشحاڵی و هەستکردن بە پەیوەندی قوڵ بە ڕابردوومان، زۆرجار مرۆڤ کاتێک لە ژیانی خۆیدایە، بەهای هەندێک شت نازانێت، بەڵام دواتر کە لە دەستی دەدات، تازە تێدەگات چەند گرنگ و بە نرخ بوون. ئەمەیە نۆستالژیا هەستکردن بە خەم و حەسرەت بۆ ئەو شتانەی کە جارێک هەبوون بەڵام ئێستا تەنیا لە یادەوەریدا ماون. بە سەرنجدان لە کۆی ئەو پێناسانە دەبینین، کە نزیکایەتی و هەروەها لێکچوونێکی زۆر لە نێوان پێناسەکان هەیە، کە هەموویان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە نۆستالژیا گەڕانەوەیە بۆ ڕابردوو هەروەها هەستی دووری، یان ئەو خەم و ئازارەی کە مرۆڤ بە دەستیەوە دەناڵێنێت.

کورتەیەکی مێژوویی دەربارەی نۆستالژیا

لە ڕووی مێژوویەوە نۆستالژیا مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە پەیوەستە بەو کاتەی کە مرۆڤ بۆ یەکمجار هاتە سەر زەوی و ژیانی مرۆڤ لەسەر زەوی دەستی پێکرد، ((دیاردەی نۆستالژیا بۆ ئەو کاتە دەگەرێتەوە کە حەزرەتی ئادەم و حەوا لە بەهەشت دەرکران، ئەمەش تووشی خەم ئازارێکی زۆری کردن بۆیە مرۆڤەکان هەمیشە هەستی نامۆ بوون لە دەروونیاندا هەیە هەمیشە ئارەزووی گەڕانەوەی شوێنی مەبەست کە شوێنی ڕەسەنە دەکەنەوە، حەزرەتی ئادەم لەگەڵ لەگەڵ دەرکردنی لە بەهەشت ئەو هەستەی بۆ دروست دەبێت کە نامۆ بوونە بە زەوی)) [بینابی: ١٣٩٨ : ٢١١]، چیرۆکی (( دایکە حەوا و باوکە ئادەم و قەدەغەکردنیان لە نەخواردنی ئەو بەری دارەی کە بە هۆیەوە لە بەهەشت دەرکران رەنگە سەرەتای لە دایکبوونی نۆستالژیا بێت، چونکە دوای فریودانیان لە لایەن شەیتانەوە، ئیدی حەز و حەسرەتی ئادەم بۆ حەوا بۆ ئەوە بووە کە لە بەری ئەو دارە بخۆن بەڵام ئازاد نەبوون لەو هەڵبژاردنە بۆیە حەزی خواردنی ئەو بەرە لە دڵ و دەرونیدا چەکەرە دەکات تا ئەو کاتەی لە بەهەشت دەردەکرێن ئیدی بە گەیشتنیان بە زەوی خەم دایاندەگرێت بە هۆی ئەنجامدانی ئەو هەڵەیەوە)) [محمد:٢٠٢٤: 1٧], بە سەرنجدان لەوەی کە باسکرا ئەوا دەردەکەوێت کە نۆستالژیا دیاردەیەکی دەروونیەوە و لە ژیانی مرۆڤی سەرەتایشدا بوونی هەبووە. نۆستالژیا وەکو بارێکی دەروونی وەک پێشتر خستمانەڕوو مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە بەڵام دەرکەوتنی زاراوەی نۆستالژیا لە بوارەکانی پزیشکی و دەروونی مێژوویەکی ئەوەندە کۆنی نیە (( ڕەگ و ڕیشەی نۆستالژیا وەک دیاردەیەکی پزیشکی و دەروونی دەگەرێتەوە بۆ سەدەی حەڤدەم، لەم کاتەدا نۆستالۆژیا ببووە جێگای مشت و مرێکی زۆری پزیشکان چونکە لەو کاتەدا نۆستالۆژیا وەکو نەخۆشیەکی جەستەیی هەژمار دەکرا )). [اسماعیل : ٢٠١4:١٦] ئەگەر بۆ مێژووی مرۆڤایەتیش بگەرێنەوە (( لە دوای ئەو ڕووداوانە ئیدی ئادەمیزاد زۆر بوون ئەوانیش هەموویان ئەو بارەیان بەسەر هات کە لە وڵات دووربکەونەوە یان تووشی خەمی لە دەست چوونی رابردوو بن، ئێستایان پێ خۆشتر بێت لە رابردوو )). [عەبدوڵا : ٢٠١٦ : ٤٨]، دەتوانین بڵێن نۆستالژیا هەر لەگەڵ لە دایکبوونی مرۆڤ و لە هەموو سەردەمەکاندا بوونی هەیە. لە پاش بوارەکانی دەروونی و پزیشکی نۆستالۆژیا وەک پێویستیەک هاتە نێو بواری ئەدەب و لێکۆڵینەوە ئەدەبیەکان.

تایبەتمەندیەکانی نۆستالژیا

هەریەك لە ڕەخنەگران و توێژەران، چەندین خاسیەت و تایبەتمەندیان بۆ نۆستالژیا دیاری کردووە, کە بریتین لە:
1.-یەکێك لە تایبەتمەندیەکانی نۆستالژیا (( گەڕانەوەیە بۆ ڕابردوو، ئەمەش لە ڕێگای گەڕانەوە بۆ حیکایەتە میللی و فۆلکلۆریەکان و یادەوەرییەکانی تاکەکەسی لە دیارەوە بۆ نادیار لە خەیاڵەوە بۆ واقیع، لە ڕابردووەوە بۆ ئێستا)). [ بینابی٢١٣:١٣٩٨], نۆستالژیا بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەندی بە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا پردێکە لە نێوان ڕابردوو و ئێستادا. کاتێک مرۆڤ لە ڕێگەی حیکایەتە میللی و فۆلکلۆرییەکان و یادەوەرییە تاکەکەسییەکانەوە بەرەو ڕابردوو دەگەڕێتەوە، لە ڕاستیدا هەوڵدەدات نادیارەکان بکاتە دیا، خەیاڵەکان بگوازێتەوە بۆ واقیع، و ڕابردووی لەدەستچوو بهێنێتەوە ناو ئێستای ژیان.

  1. تایبەتمەندیەکی تر, (( گەڕانەوە بۆ سەردەمی منداڵی و یادکردنەوەی ڕۆژە خۆشەکانی بە داخ و حەسرەتەوە)).[ عەبدولڵا:٦١:٢٠١٦], گەڕانەوە بۆ بیرەوەریەکانی منداڵی هەمیشە هەستێکی تایبەتی لە خۆ دەگرێت. ئەو ڕۆژە خۆشانەی کە ئێستا بە داخ و حەسرەتەوە یادیان دەکەینەوە.
  2. سۆز و لاواندنەوە بۆ لەدەستدانی یار و دوورکەوتنەوە، یەکێکە لە خاسیەت و نیشانەکانی نۆستالژی، (( شیعری لاواندنەوە لە کاتی مردنی مرۆڤێک یان لە کاتی ڕووداوێکی جەرگبڕ و ناخۆشی یان مەرگەساتێکدا دەهۆنرێتەوە)). [اسماعیل: ٣٩:٢٠١٤], لە دەستدانی کەسانی ئازیز و خۆشەویست بێت، یان ڕووداوێکی نەخوازراو بێت، بەمەش دەبێتە هۆکارێکی دەروونی و کاردانەوە بەدوای خۆی دەهێنێ.

جۆرەکانی نۆستالژیا
نۆستالژیا وەک چەمک و زاراوەکانی تری بواری ئەدەب دابەش دەبێتە سەر چەند جۆرێک، کە لێکۆڵەران بە شێوەیەکی گشتی دوو جۆریان دەستنیشانکردووە، کە هەر یەک لەو جۆرانەش بۆ چەند جۆرێکی دیکە ورد دەبنەوە.
یەکەم / نۆستالۆژیای تاکە کەسی ( تاک، فەردی ) : ئەم جۆرە هەر لە ناوەکەی دیارە کە تاکە کەسیە، شاعیر تەنها باس لە خۆی دەکات، واتا نۆستالۆژیای تاکە کەسی (( پەیوەستە بە خودی شاعیر و یادەوەریەکانی خۆی لە ڕابردوودا، شاعیر هەموو هەست و هۆشی چڕ دەکاتەوە بۆ جەخت کردن لەسەر ڕووداوەکانی ژیانی تایبەتی خۆی )). [ اسماعیل: ٢٠١٤: ٥٤]، ئەو یادگاریانەی کە لە رابردوو روویان داوە و پەیوەستە بە خودی شاعیرەکە، جا ئەو یادگاریانە خۆش بن یان ناخۆش کە شاعیر باسی دەکات، (( شاعیر بە جۆرێک گوزارشتی لێ دەکات کە هەندێجار لە ناو دەقەکەدا بە خێرایی یان سەرپێی دەگەرێتەوە بۆ رووداوەکانی ژیانی رابردووی خۆی چەند دیمەنێکی ئەو یادگاریانە بە وشە دەنەخشێنێت لە دێریک یان چەن دێرێکدا، پاشان دەچێتەوە سەر بابەتەکەی خۆی هەندێ جاریش تەواوی ڕووداو و وێنەکانی نێو دەقەکەی، تایبەت دەکات بە رابردووی خۆی)).[محمد: ٢٠٢٤: ٢١]، لێرە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە شاعیر ئەگەر وێناکردنی شیعرەکەی لە رابردوو و یادەوەریەکانی خۆی بوو ئەوا نۆستالژیای تاک بەرهەم دەهێنێت.
نۆستالژیای گشتی ( جمعی، کۆ ) : لەم جۆرەدا گەڕانەوەیە بۆ کۆمەڵێک شتی گشتی، واتا تایبەت نیە بە بابەتێک لەم جۆرەی نۆستالژیادا، (( دەروون و هەستەکانی مرۆڤ لە بڕی ئەوەی ڕوو لە ڕووداو بەسەرهاتەکانی تاک بکات، لە بازنەی ڕووداو یادگاریی و بابەتە نەتەوەیی وکۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگا دەسوورێتەوە )) [محمد: ٢٠٢٤: ٢٩]، ئەم جۆرە تایبەت نیە یادەوەری شاعیر یان بابەتێک بەڵکو کۆمەڵێک بابەت و ڕووداو دەگرێتەوە، (( نۆستالژیای گشتی کە خاسڵەت و مۆرێکی گشتی هەڵگرتووە، واتا شاعیر تەواوی مرۆڤەکان لە هەموو شوێن و کات و سەردەمە جیاوازەکاندا لە شعیرەکەدا بەژداری پێدەکات)) [اسماعیل :٢٠١٤: ١٢٧], لێرەدا شاعیر باس لەو رووداو بە سەرهاتانە دەکات کە گشتین، (( ئەم جۆرە نۆستالۆژیایەی شاعیران گەرانەوەیە بۆ مێژووی نەتەوەیی و ئەفسانە کۆنەکان و کلتوری و کەلەپوری کۆنی نەتەوەیی، شوێنەوار و کەسایەتیە ئاینیی و سیاسی و مێژوەیەکان و شاعیرانی نەتەوەیی و ڕووداو و بەسەرهاتە سیاسیەکانی نەتەوەیی لە خۆ دەگرێت )) [عەبدوڵا: ٢٠١٦: ٣٤٤]، بۆ نموونە کاتێک شاعیر ئاگاداری ئەو ڕووداوانەیە دێت لە شيعرەکەی بە شێوەی هونەری و ئەدەبی باس لە (نۆستالژیا) دەکات.

جۆرەکانی نۆستالژیا لە شیعرەکانی “ڕەفیق سابیر:

لەم بەشەدا هەوڵ دەدەین نۆستالژیا و جۆرەکانی بە پێی دەرکەوتنیان لە شیعرەکانی ڕەفیق سابیر بخەینە ڕوو.

نۆستالژیای تاک:
نۆستالژیای گەڕانەوە بۆ سەردەمی منداڵی: هەستی نۆستالژیای گەڕانەوە بۆ سەردەمی منداڵی، هەستێکی زۆر جوان و گرنگە لە ژیانی هەموو مرۆڤێکدا. ئەم جۆرەی نۆستالژیا پەیوەندی بە ژیانی تایبەتی و ئەزموونی سەردەمی منداڵی شاعیرەوە هەیە، وەکو گەڕانەوە بۆ یادەوەرییەکانی سەردەمی منداڵی، (( لەم قۆناغەدا وێنە جۆربەجۆرەکانی ژیان لە مێشک و دەرووندا دەچەسپێت و هەرگیز ناسڕێتەوە، بۆیە مرۆڤ هەرچەندە گەورە بێت هێشتا وابەستەی ئەم قۆناغەیە، لە ڕووی مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتی و فێربوون و خوێندنەوە)). [محمد: ٢٠٢٤: ٧١]، لێرەدا بنەمای مێشک و زمان لەلای شاعیران بە تایبەتی و خەڵك بە گشتی، لە قۆناغی منداڵی و هەرزەکاریدا دروست دەبێت.

لە شیعرەکانی ” ڕەفیق سابیریشدا” هەستی نۆستالژی و گەڕانەوە بۆ سەردەمی منداڵی ڕەنگیداوەتەوە، بۆ نموونە لە شیعری ( گەڕانەوە) دا دەڵێ:
ئەو بۆ پرسین گەڕایەوە
لە کەناری خۆکوشتنڕا گەڕایەوە
پرسی: بە بیرت دێت ژیانمان لە ئامێز دەگرت
لە کۆڵانە باریکەکانی تەمەندا
چاوشارکێمان لەگەڵ ئایندەدا دەکرد [دیوانی ڕەفیق سابیر: ٣٠٠:٢٠١٣]
لەم شیعرەدا نۆستالژیای گەڕانەوە بۆ سەردەمی منداڵی بەدی دەکرێت، کە شاعیر باس لە خۆی و کەسێک دەکات، لە سەردەمی منداڵیدا کە دەڵێی ژیانمان لە باوەش کردووە، ئەم شیعرە باس لە کەسێک دەکات کە لە کەناری خۆکوشتندایە و گەڕاوەتەوە یادگاریە خۆشەکانی ڕابردووی.
نۆستالژیای گەڕانەوە بۆ سروشت: لە سەرەتای دروستبوونی مرۆڤایەتییەوە، مرۆڤ لە سروشتی ڕوانییوە، ((نۆستالژیا و گەڕانەوە بۆ سروشت و ژیانی کۆنی گوند و چیا و دەشت و کانی و ڕوبار و شوانکاری و..تاد. باسێکی باش و کاریگەرە، خۆ بەتاڵکردنەوە لەو خەم و ژانی دڵ و دەروون و ناخی مرۆڤدا)). [ عەبدوڵا: ٣٣٤:٢٠١٦]، گەڕانەوە بۆ سروشتیش، لایەنێکی بەرچاوی شیعری شاعیرانی ڕۆمانسیزمە، لە هەمان کاتیشدا ڕۆمانسیزمەکان، سروشتیان کردبووە سەرچاوەی ئیلهامیان. لە شیعرەکانی ” ڕەفیق سابیر”دا هەستی نۆستالژی و گەڕانەوە بۆ سروشت ڕەنگیداوەتەوە، بۆ نموونە لەم شیعرە دەڵێ:
بە بیرت دێت پاسیارییەکان بە جریوەی پڕ خرۆشیان؟
بەیانیان دێنایە نێو ژوورەکەمان
لە سروشتدا بۆ سیمای منداڵی دەگەڕاین
ڕازەکانی بوون و
داهاتوومان دەخوێندنەوە [دیوانی ڕەفیق سابیر: ١٣٠:٢٠١٤]
شاعیر گوزارشت لە نۆستالژیا دەکات بۆ ساتەکانی منداڵی پەیوەست بە سروشت، بەو پێیەی شاعیر یادەوەریەکانی پڕ لە بێتاوانی و پەیوەندییەکی زگماکی لەگەڵ جیهانی سروشتیدا بەبیر دەهێنێتەوە. هەروەها ڕەنگدانەوەی حەسرەتێکە بۆ ژیانێکی سادە لە سروشتدا، دوور لە جەنجاڵی ژیانی مۆدێرن و گەڕان بە دوای نهێنیەکانی بوندا، شاعیر باس لە گەڕان بەدوای لایەنی منداڵانەی ناو سروشت و ئەو نهێنیانەی داهاتوو دەکات کە ڕەنگە لەو ساتە زگماکیانەدا بن.
نۆستالژیای خەم و حەسرەتی دووری یار: دابڕان و دوورکەوتنەوە، کە بابەتی زۆربەی زۆری شاعیرانە. (( خۆشەویستی و دڵداریش بەشێکی گرنگ و فراوانی شیعری شاعیرانن بە گشتی، عەشق و خۆشەویستیش پێویستی بە سەرکێشی و قوربانیدانە، گەیشتن بە عەشق خۆڕاگری دەوێ، یۆنانییە کۆنەکان سەبارەت بە خۆشەویستی، خاوەن تێڕوانینی تایبەتی خۆیانن، پێیان وایە خۆشەویستی ئافرەت دوو جۆرە یەکەمیان خۆشەویستی لەشە (جەستەیە) کە لە وشەی (eros) خوای خۆشەویستی وەرگیراوە، بۆ وەسفکردن بەکاردێت، دووەمیان خۆشەویستی عوزری (agape)، ئەم جۆرە خۆشەویستییە، زۆرجاریش بە خۆشەویستی ئەفڵاتوونی بەناوبانگە، چونکە ئەفلاتون هەوڵی داوە، خۆشەویستی لەش ( ئیرۆسی) بخاتە ژێر کاریگەری فەلسەفە میسالییەکەیەوە و ڕەگێکی ڕۆحی پێ بدات)). [ محمد: ١١٩:٢٠٢٤], لە نۆستالژیای خەم و حەسرەتی دووری، کە تیایدا باس لە پەیمان شکێنی و هەروەها باس لە بێ وەفایی و هیوای بوونی ڕۆژانێک لەگەڵ یار و قسەی خۆش دەکرێت.
” ڕەفیق سابیر” یەکێکە لەو شاعیرانەی، کەوا شیعرەکانی باس لە عەشق و دووری و بێ وەفایی و لەدەستدانی یار و غوربەت و غەریبی و دووری وڵات و هەروەها دووری یار دەکات. ئەم جۆرە نۆستالژیایە لەم شیعرەی ڕەفیق سابیردا ڕەنگی داوەتەوە، دەڵێت:
ئەگەر ئێستا
شاجوانەکەی شەوی یەڵدا لێرە بوایە
من دەمتوانی بەرگە بگرم
بەرگەی تەنیایی و نامۆبوون
تەنانەت بەرگەی مردنیش بگرم
هەتا ماوم
دڵ پڕ هیوا گۆرانیی ئاشقانە بچڕم. [ دیوانی ڕەفیق سابیر:٦٠:٢٠١4]
ئەم شیعرە هەست و سۆزی قوڵی نۆستالژیا و خەمۆکی لەخۆ دەگرێت، شاعیر کەسێکی خۆشەویستی لەدەست داوە یان لێی دوورە، باس لە شاجوانەکەی شەوی یەڵدا دەکات کە ئاماژەیە بۆ شەوی یەڵدا، کە درێژترین شەوی ساڵە، لێرەدا شاعیر دەڵێت بوونی ئەو کەسە خۆشەویستە دەیتوانی بەرگەی هەموو سەختییەکان بگرێت، تەنانەت مردنیش. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە چەندە ئەو کەسە گرنگ بووە، ئێستاش نەبوونی چەندە کاریگەری لەسەر خراپی ژیانی شاعیر داناوە.
نۆستالژیای خەم و غوربەتی نیشتمان: گرنگترین شت، کە ژیان قورس و ناخۆش دەکات، ئەویش غوربەت و تەنیاییە. بە پێی بیروبۆچوونی دەروونناسان، (( خەمی غوربەت حاڵ و خەم و ژانێکە، کە بە هۆی جیابوونەوەیەکی دوور لە چاوەڕوانی، یان چاوەڕوانکراو لە ماڵ و ژیان و وڵات دروست دەبێت. بە واتایەکی دیکە، هەستی غوربەت حاڵەتێکی هەڵپڕمان و بزوێنەری و ناسراوی هەیە، پیشاندەری غەمگینییە، حەزکردن بە گەڕانەوە بۆ ماڵ و ماندووبوون بە بیرکردنەوە و خەون و خەیاڵی ماڵەوە و زێد و گوند و شار و وڵاتەکەی، دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوە لە خۆشەویستان و شوێنە ئاشناکان)). [عەبدوڵا:٢٥٩:٢٠١٦], ژیان لە دەرەوەی وڵات و هەروەها پەیوەست بوون بە شار و وڵات و گوند و گەڕەک و هەموو کوچە و کۆڵانەکانی وڵات، هەروەها خەیاڵی شاعیر لە تاراوگە و خاکی غەریبدا.
ئەم جۆرە نۆسۆلۆژیایە لەم شیعرەی ڕەیفیق سابیردا ڕەنگی داوتەوە, کاتێک دەڵیت:
لە کەرنەڤاڵی سووتاندا
رێژنە هەڵمدەکاتەوە
مەنفام لەبیر دەباتەوە
بەرەو بەردەقارەمان و
سلێمانی و
مهاباد و
گۆمی وان و
کەلاوەکانی قەڵادزێم دەباتەوە [ دیوانی ڕەفیق سابیر: ٩٧:٢٠١٣]
شاعیر باس لە کەرنەڤاڵی سووتان دەکات، کە دەکرێت ئەمەش هێمایەک بێت بۆ رووداوە ناخۆش و تاڵەکانی ڕابردوو، کە دەڵێت مەنفام لەبیر دەباتەوە بەمەش شاعیر غوربەت و دووری لە نیشتمانی خۆی لەبیر بچێتەوە، وە شاعیر ناوی چەند شوێنێک دەهێنێت، چونکە باسی حەسرەت و بیرەوەری بۆ شوێنە جیاوازەکانی کوردستان دەکات. لێرەدا شاعیر باسی خەم و حەسرەتی دووری لە نیشتمان و گرنگترین شوێنەکانی کوردستان دەکات.
نۆستالژیای داهاتوو / ئایندەسازیی: بیرکردنەوە لە داهاتوو دەتوانێت ئیلهامبەخش بێت بۆ تاکەکان کە بیر لە داهاتوو و ژیانی خۆیان بکەنەوە ئامانج و پلانی بۆ دابنێن بۆ چارەنووسی خۆیان، کە ئەمەش لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆرێت، لەوانەیە لای هەندێک کەس هەستێکی نائارام و ئازار بەخش بێت بیرکردنەوە لە داهاتوویان و ترسیان هەبێت لەو ڕووداو و پيشهاتانەی کە دێتە پێشیان لە ژیان، (( هەمیشە مرۆڤەکان حەڵەتەکانی ترس و دڵەڕاوکێ سەبارەت بە داهاتووی خۆی و کارەکانی بووە بە بەشێک لە ژیانی)). [اسماعیل: ١٠٠:٢٠١٤], ئەم جۆرە نۆستالۆژیایە لە لە شیعرەکانی ( رەفیق سابیر )دا دەردەکەوێت لە شیعری ( بەرەو کوێمان دەبات زەمان) دا دەڵێت:
پەیڤەکان خۆیان دەنووسنەوە
ئێمەش خۆمان
بەرەو کوێمان دەبات زەمان ؟
ئێمە دەتوانین بپرسین
کەچی هیچ ناڵێن
وەکو بێمانا بێت پەیڤین
بەڕێگاوە شوێن هەڵدەبڕین
تا راستی ببینین چڕبوونەوەی بۆشایی
ئەبەدییەت ببینین کە وێنەیەکی خۆمانە
بەرەو کوێمان دەبات زەمان ؟
نە بۆ مردن کاتمان هەیە
نە بۆ ژیان. [ دیوانی ڕەفیق سابیر: ١٠٣:٢٠١٣]
لەم شیعرەی ( رەفیق سابیر )دا هەستێکی نۆستالۆژیای نادڵنیایی داهاتووی تیا بەدیدەکرێت، کە ئەم شیعرە ڕەنگە حەسرەتێکی خەمناک بێت لای شاعیر کە دەڵێت ( بەرەو کوێمان دەبات زەمان ) لە هەمان کاتدا شاعیر پرسیاری ئەوە دەکات کە کات بە چ ئاراستەیەکدا دەیانبات بە دوای وەڵامی پرسیارەکانی داهاتوودا دەگەرێت، بەڵام بێ وەڵامدانەوەکەی ئەوەمان بۆ دەردەخات کە داهاتوو بە نادیاری و پێشبینی نەکراو دەمێنێتەوە.

نۆستالژیای گشتی:
نۆستالژیای گەڕانەوە بۆ ڕووداوە سیاسی و مێژوویەکان: چەندین ڕووداوی سیاسی و مێژوویی لە مێژووی نەتەوەکەماندا تۆمارکراوە، ڕووداوەکانیش ڕووداوی زوڵم و زۆرداری خوێناوی دژ بە گەلەکەمانن، بۆیە شاعیران لەناو دەقەکانیاندا، ڕووداوە سیاسی و مێژوویەکان بەکاردەهێنن، چونکە ( شاعیران مێژوو تەوزیف دەکەن بە لەدایکبوونێك، لە بیرەوەریەکانی مێژوویان لە گێڕانەوەی ڕووداوەکان، یان بەبیرهێنانەوەی کاتە ڕابردووەکان و لە وێنەی شیعری خۆیاندا بڵاوی دەکەنەوە، بە زۆری ئەم بیرهێنانەوەی ڕابردوو پێکچوونە و نزیک بوونەوەی وێنەی شیعرییە لە میانەی ئێستا و ڕابردوودا)). [عیسا:291:2009]، ئەم جۆرەی نۆستالژیای گشتی، ڕووداو گەلێکی وەکو شەڕ و جەنگ و ڕووداوە سیاسی و مێژوویەکان دەگرێتەوە. ئەم جۆرە نۆستالژیایە لەم شیعرەی “ڕەفیق سابیر”دا ڕەنگی داوتەوە, دەڵیت:
کێ دەزانێت
چۆن دەست بەسەری بێکەسی و
ئاوارەیی
ژانی نەوەیەکدا دێنیت
لەنیو گۆڕستانی گیاندا
چراکان دادەگیرسێنیتا
ئێمە نەبێت کێ دەزانێت
ئۆ چۆن مێژووی دەهەژێنیت [ دیوانی ڕەفیق سابیر: ٦٨:٢٠١٤]
ئەم شیعرە گوزارشت لە نۆستالژیا دەکات بۆ ڕابردووی سیاسی و مێژوویی، بەو پێیەی شاعیر یادەوەرییەکانی ئەو ڕووداو و ململانێ و گۆڕانکارییە گەورەکان بەبیر دەهێنێتەوە, کە وڵاتەکەی یان گەلەکەی ئەزموونی کردووە و هەست بە ئازار و لەدەستدان و تەنیایی دەکات بەهۆی دەرئەنجام و کاریگەرییەکانیان لەسەر نەوەکان.
نۆستالژیای گەڕانەوە بۆ ئەفسانە کۆنەکان: ئەفسانە ئەنجام و هەوڵدانی مرۆڤن، هەڵگری ئەندێشە و ئاواتی مرۆڤن، ئەفسانە (( ئەو دونیا تایبەتەیە، کە مرۆڤ بوونی خۆی و دەورووبەرەکەی پێ لێکدەداتەوە، بۆیە دەبێتە کەرەستەیەکی باش بۆ لێکۆڵینەوەی بوارە جۆربەجۆرەکانی ژیانی کۆمەڵگا)). [ کریم: ١٣٩٩:١٤٢]، دەتوانین بڵێین ئەفسانە، بە شێوەی حیکایەت و چیڕۆک و سەرگوزەشتە دەگێڕدرێتەوە. هەروەها د. “مەولود ئیبراهیم حەسەن” دەڵێت: (( ئەفسانە بەرزترین و گرینگترین و کۆنترین ئاستی بیرکردنەوەی مرۆڤە و مرۆڤ بەردەوامە لەم جۆرە بیرکردنەوەیە بە شێوازی جیاجیا)). [ عەبدوڵا: ٣٤٥:٢٠١٦]، بە سەرنجدان لەوەی کە باسمان لە ئەفسانە کرد، بەکارهێنانی ئەفسانە و ڕەمزە ئەفسانەیەکانیش لە شیعری نوێدا گرنگی زۆری پێدراوە. ئەم جۆرە نۆستالژیایە لەم شیعرەی “ڕەفیق سابیر” دا ڕەنگی داوتەوە, دەڵیت:
نە ئەفسانەبوو، نە سیحر
کەنار پەرەستگای شەونم و وەنەوشە بوو
دەریایش پرسیاری ئەزەل و ئەبەدییەت
تۆ سیحراوی بوویت وەک دەریا
منیش پەشۆکاو بە وێنەی خۆرئاوابوون. [ دیوانی ڕەفیق سابیر: ٤٣:٢٠١٤]
شاعیر باس لە پەیوەندیەکی ڕۆمانسی دەکات، کە دەڵێت نە ئەفسانەبوو، نە سیحر شاعیر دەیەوێت بڵێت ئەم پەیوەندییە شتێکی خەیاڵی یان جادوویی نەبوو، بەڵکو ڕاستەقینە بوو. ئەم شیعرە پەیوەندی بە ئەفسانەوە شاعیر باس لە پەرستگای شەونم و وەنەوشە دەکات.
نۆستالۆژیای گەڕانەوە بۆ کەساییەتیە جیاوازەکان: کەسایەتی ڕەگەزێکی گرنگی دەقە ئەدەبیەکانە هاوشێوەی ڕەگەزەکانی تری وەک کات و شوێن ڕووداو، (( لە لێکۆڵینەوە ئەدەبیەکاندا کەسایەتی بۆ چەندین شێوە و جۆر پۆلێن کراون و هەریەکایان بە پێی ئەو ئەرکەی پێی دەسپێردرێت پلە و بەهای بۆ دیاریکراوە )). (اسماعیل: ٢٠١٤: ١٦٠), لەم جۆرە نۆسۆلۆژیایە شاعیر لە نێو شیعرەکەیدا باس لە کاسایەتی دیار و بەناو بانگ، کە لە ئەنجامی کردەوەیەک یان هەر کارێک بێت کە ئەم ناوبانگەی پەیدا کردووە، ئەم جۆرە نۆستالۆژیایە لە شیعرەکانی رەفیق سابیردا رەنگیداوەتەوە، بۆ نموونە لە شیعری ( شەوانی ئاخاوتن )دا دەڵێت:
چۆن بتوانین شوێنێک پەیدا بکەین
کە پابەندی زەمان و مردنمان نەکات
لەکوێ کەسێک بدۆزینەوە
کە قوڵای پشکنێت
وەک ( لازارۆس ) بە چاوی خۆی هەموو شتێکی بینیبێت
لەم شیعرەدا کەسایەتی (( لازارۆس بەکارهاتووە کە کەسایەتیکی زۆر بە واتایە، لازارۆس ئەو کەسە بوو کە مەسیح چووە سەر گۆرەکەی و بە دەنگێکی بڵند هاواری کرد، لازارۆس وەرە دەرێ، لازارۆس کە چوار رۆژ بوو مرد بوو دەست و پێی بە کفن بە و روخساری بە دەسەسرێک پێچرابوون، لە ناو گۆرەکەی هاتەدەرێ مەسیح بە خەڵکەکەی وت بیکەنەوە با بڕوات)). (دیوانی رەفیق سابیر: ٢٠١٤ :١١٧(

ئەنجامەكان:
لە کۆتایی توێژینەوەکە گەیشتینە ئەو ئەنجامانەی خوارەوە:

1/ رەفیق سابیر، هەردوو جۆرەکەی نۆستالۆژیا ( نۆستالۆژیای تاک، نۆستالۆژیای گشتی ) لە شیعرەکانیدا بەکارهێناوە، نۆستالۆژیای تاک لە جۆرەکانی ( نۆستالۆژیای گەڕانەوە بۆ سەردەمی منداڵی، نۆستالۆژیای خەم و حەسرەتی دووری یار، نۆستالۆژیای گەڕانەوە بۆ سرووشت، نۆستالۆژیای خەم و غوربەتی نیشتیمان، نۆستالۆژیای شاری نموونەیی، نۆستالۆژیای حەسرەت و خەمی پیری، نۆستالۆژیای داهاتوو )ی بەکارهێناوە، نۆستالۆژیای گشتی لە جۆرەکانی ( نۆستالۆژیای گەڕانەوە بۆ ڕووداوە سیاسی و مێژوویەکان، نۆستالۆژیای ئەفسانە کۆنەکان، نۆستالۆژیای گەڕانەوە بۆ کەسایەتیە جیاوازەکان )ی بەکارهێناوە.
2/ سۆزی نۆستالۆژیا لەلای ( رەفیق سابیر ) تەنها بۆ ڕابردوو نەبووە، بەڵکو بۆ ئایندەش دەڕوانێت، هەرووەک لە شيعرەکانی رەنگیداوەتەوە .
3/ نۆستالۆژیا یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکیەکانی داهێنانی دەقی ئەدەبی لای ( رەفیق سابیر) .

ئامادەکردنی: ئەڤین خدر قادر – هێرۆ نوری وهاب

——————————————–

سەرچاوەکان:
عیسا، هاوژین سلیوە، (٢٠٠٩)، بنیاتی وێنەی هونەری لە شیعری شێرکۆ بێکەس دا، چاپی یەکەم، سلێمانی.
عەبدوڵا، سۆران مامەند، (٢٠١٦)، نۆستالژیا لە شیعری هاوچەرخی کوردیدا، چاپی یەکەم، ناوەندی ئاوێر بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە, هەولێر.
اسماعیل، ڤیان عباس، (٢٠١٤)، نۆستالژیا لە شیعری کلاسیکی کوردیدا بە نموونەی (نالی- سالم- کوردی)، نامەی ماستەر، زانکۆی سەلاحەدین، کۆلێژی پەروەردە، بەشی کوردی.
محمد، عزالدین صابر، (٢٠٢٤)، نۆستالژیا لە شیعرەکانی (پیرەمێرد و دیلان و هێمن) دا، نامەی دکتۆرا، زانکۆی سلێمانی، کۆلێژی زمان، بەشی کوردی.
سەرباز و بینابی، حەسەن سەیوان محمد تاهیر، (١٣٩٨)، شێوەکانی نۆستالژیا لە شیعرەکانی پیرەمێرد و بەدر شاکر سەیابدا، ژمارە (٧).
.میرە، عومەر: احمد محمد و مهدی فاتح: (٢٠٢٠)، نۆستالژیا لە دیوانە شیعری ملوانکەی هەزار دەنکەی شارباژێڕی، جەمال شارباژێڕی، گ.ز. هەڵەبجە.
محمد، عزالدین یابر، (٢٠٢١)، نۆستالژیا لە شیعرەکانی (شێخ نووری شێخ صالح) دا, گۆڤاری زانکۆ بۆ زانستە مرۆڤایەتییەکان, ژمارە (5).
کەریم، فەرهاد، قادر(١٣٩٩)، کەلەپوور لە شیعری کوردیدا، خوێندنەوەی بەرهەمەکانی کاکەی فەلاح بە نموونە، پژوهشنامەی ادبیات کردی، ساڵ 6، شمارە۱.




ئەخلاقی میدیای دیجیتاڵی.. كارزان عزيز

ئەخلاقی میدیای دیجیتاڵی مامەڵە لەگەڵ کێشە ئەخلاقییە جیاوازەکان، پراکتیک و نۆرمەکانی میدیای هەواڵی دیجیتاڵی دەکات. میدیای هەواڵی دیجیتاڵی بریتییە لە ڕۆژنامەگەری ئۆنلاین، بلۆگ، فۆتۆ ڕۆژنامەگەری دیجیتاڵی، ڕۆژنامەگەری هاووڵاتی و سۆشیال میدیا. پرسیارەکان لەخۆدەگرێت کە چۆن ڕۆژنامەگەری پیشەیی دەبێت ئەم ‘میدیا نوێیە’ بەکاربهێنێت بۆ لێکۆڵینەوە و بڵاوکردنەوەی چیرۆک، هەروەها چۆنیەتی بەکارهێنانی دەق یان وێنە کە لەلایەن هاوڵاتیانەوە دابینکراوە.

شۆڕشێک لە ئەخلاقدا
شۆڕشێکی میدیایی، لە بنەڕەتدا و بە شێوەیەکی نەگەڕاوە، سروشتی ڕۆژنامەگەری و ئەخلاقەکەی دەگۆڕێت. ئامرازەکانی بڵاوکردنەوە ئێستا لە دەستی هاوڵاتیاندایە، لە کاتێکدا ئینتەرنێت هانی فۆڕمی نوێی ڕۆژنامەگەری دەدات کە کارلێککارانە و دەستبەجێیە.
ئیکۆلۆژیای میدیایی ئێمە دیمەنێکی ئاژاوەگێڕانەیە کە بە خێراییەکی تووڕەیی پەرەدەستێنێت. ڕۆژنامەنووسانی پیشەیی کایەی ڕۆژنامەگەری لەگەڵ تویتەرەکان، بلۆگەرەکان، ڕۆژنامەنووسانی هاوڵاتی و بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیادا هاوبەش دەکەن.
لەناو هەموو شۆڕشێکدا ئەگەری نوێ سەرهەڵدەدەن لە کاتێکدا پراکتیزە کۆنەکان مەترسییان لەسەرە. ئەمڕۆش لەوە بێبەری نییە. ئابووری ڕۆژنامەگەری پیشەیی لە خەباتدایە لەگەڵ کۆچی بینەران بە شێوەی ئۆنلاین. بچووکبوونەوەی ژوورەکانی هەواڵ نیگەرانی بۆ داهاتووی ڕۆژنامەگەری دروست دەکات. بەڵام ئەم ترسانە دەبێتە هۆی تاقیکردنەوەکانی ڕۆژنامەگەری، وەک ناوەندە قازانج نەویستەکانی ڕۆژنامەگەری لێکۆڵینەوە.
پرسیارێکی سەرەکی ئەوەیە کە ئەخلاقی میدیایی هەبوو تا چەند گونجاوە بۆ میدیای هەواڵی ئەمڕۆ و سبەی کە دەستبەجێ و کارلێککارانە و “هەمیشە چالاکە” – ڕۆژنامەگەرییەکی ئاماتۆر و پیشەگەرە. زۆربەی بنەماکان لە سەدەی ڕابردوودا پەرەیان پێدراوە، سەرچاوەیان لە بنیاتنانی ئەخلاقی پیشەیی و بابەتیانە بۆ ڕۆژنامە بازرگانییە بەکۆمەڵەکان لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا سەرچاوەیان گرتووە.
ئێمە بەرەو میدیای هەواڵی تێکەڵاو دەڕۆین – هاووڵاتییەکی میدیای هەواڵ و ڕۆژنامەگەری پیشەیی لە زۆرێک لە پلاتفۆرمە میدیاییەکان. ئەم میدیایە نوێیە هەواڵییە تێکەڵە پێویستی بە ئەخلاقێکی نوێی میدیای تێکەڵاو هەیە – ڕێنماییەکان کە بۆ ئاماتۆر و پیشەگەرەکان دەگونجێت جا بلۆگ بکەن، تویت بکەن، پەخش بکەن یان بۆ ڕۆژنامەکان بنووسن. ئەخلاقی میدیا پێویستی بە بیرکردنەوە و داهێنانەوە هەیە بۆ میدیای ئەمڕۆ نەک دوێنێ.

گرژییەکان لە دوو ئاستدا
گۆڕانکارییەکان تەحەدای بناغەکانی ئەخلاقی میدیا دەکەن. تەحەداکە قووڵترە لە مشتومڕەکان لەسەر بنەمایەک یان بنەمایەکی تر، وەکو بابەتییەت. تەحەداکە لە کێشە تایبەتەکان زیاترە، وەک چۆن ژوورەکانی هەواڵ دەتوانن ناوەڕۆک لە هاوڵاتیانەوە پشتڕاست بکەنەوە. شۆڕش داوامان لێدەکات بیر لە گریمانەکان بکەینەوە. ئەخلاق دەتوانێت مانای چی بێت بۆ پیشەیەک کە دەبێت هەواڵ و شیکاری خێرا پێشکەش بکات؛ کە هەموو کەسێک مۆدێمی هەبێت بڵاوکەرەوەیە؟
شۆڕشی میدیایی لە دوو ئاستدا گرژیی ئەخلاقی دروست کردووە.
لە ئاستی یەکەمدا گرژی لە نێوان ڕۆژنامەگەری تەقلیدی و ڕۆژنامەگەری ئۆنلاین هەیە. کولتوری ڕۆژنامەگەری نەریتی بە بەهاکانی وردبینی و پشتڕاستکردنەوەی پێش بڵاوکردنەوە و هاوسەنگی و بێلایەنی و دەروازەپارێزی، بەرامبەر کولتوری ڕۆژنامەگەری ئۆنلاین دەشوات کە جەخت لەسەر دەستبەجێیی و شەفافیەت و لایەنگری و ڕۆژنامەنووسانی ناپیشەیی و دوای بڵاوکردنەوە دەکاتەوە ڕاست کردنەوە.
لە ئاستی دووەمدا گرژی لە نێوان ڕۆژنامەگەری پەرستگا و جیهانیدا هەیە. ئەگەر ڕۆژنامەگەری کاریگەری جیهانی هەبێت، بەرپرسیارێتی جیهانی چین؟ ئایا پێویستە ئەخلاقی میدیا ئامانج و نۆرمەکانی خۆی دابڕێژێتەوە بەجۆرێک ڕێنمایی ڕۆژنامەگەرییەک بکات کە ئێستا لە ڕووی دەستڕاگەیشتن و کاریگەرییەوە جیهانییە؟ ئەوە چۆن دەبێت؟
تەحەدای ئەخلاقی میدیایی ئەمڕۆ دەتوانرێت بەم پرسیارە کورت بکرێتەوە: ئەخلاق لە جیهانێکی ڕۆژنامەگەری فرە میدیایی، جیهانیدا لە کوێیە؟ ئەخلاقی میدیایی دەبێت زیاتر لەوە بکات کە ئاماژە بەم گرژییانە بکات. لە ڕووی تیۆریەوە دەبێت ناکۆکییەکانی نێوان بەهاکان هەڵبکاتەوە. دەبێت بڕیار بدات کە کام بنەما دەبێ بپارێزرێت یان دابهێنرێت. بە کردەوە پێویستە ستانداردی نوێ دابین بکات بۆ ڕێنماییکردنی ڕۆژنامەگەری ئۆنلاین یان ئۆفلاین.

ڕۆژنامەگەری چیندار
ئەخلاقی یەکگرتوو چۆن دەبێت؟

دەبێتە ئەخلاقی ژووری هەواڵی یەکگرتوو، ژوورێکی هەواڵ کە ڕۆژنامەگەری چیندار پراکتیزە دەکات. ڕۆژنامەگەری چیندار فۆڕمە جیاوازەکانی ڕۆژنامەگەری و جۆرە جیاوازەکانی ڕۆژنامەنووس کۆدەکاتەوە بۆ بەرهەمهێنانی پێشکەشکردنێکی فرە میدیایی لە هەواڵ و شیکارییەکانی شێوازی پیشەیی کە لەگەڵ ڕۆژنامەگەری هاووڵاتی و چاتی کارلێککارانە تێکەڵکراوە.
ژووری هەواڵەکە بە شێوەی ڕاست و ئاسۆیی چین چین دەکرێت.
بە شێوەیەکی ڕاست چین چین لە پۆستی سەرنوسەری زۆر دەبێت. لە ژووری هەواڵدا ڕۆژنامەنووس و بلۆگەری هاوڵاتی دەبن، یان پەیوەندییەکی نزیکیان بە ژووری هەواڵەوە هەیە. زۆرێک لە بەشداربووان لە وڵاتانی جیهانەوە کاردەکەن. هەندێکیان بەخۆڕایی دەنووسن، هەندێکیان هاوتای فریلانسەری مووچەخۆر دەبن، هەندێکی تریش شرۆڤەکاری ئاسایی دەبن.
جگە لەوەش جۆری جیاوازی سەرنوسەر دەبێت. هەندێک لە سەرنوسەرەکان لەگەڵ ئەم ڕۆژنامەنووسە نوێیانە کاردەکەن، سەرنوسەرەکانی دیکەش مامەڵە لەگەڵ وێنە و دەقی نەخوازراودا دەکەن کە لەلایەن هاوڵاتیانەوە لە ڕێگەی ئیمەیڵ و وێب سایت و تویتەرەوە دەنێردرێت. سەرنوسەر یان “بەرهەمهێنەرانی کۆمەڵگا” دەبن کە ئەرکیان چوونە دەرەوە بۆ گەڕەکەکانە بۆ یارمەتیدانی هاوڵاتیان بۆ بەکارهێنانی میدیا بۆ بەرهەمهێنانی چیرۆکی خۆیان.
بە شێوەیەکی ئاسۆیی، ژووری هەواڵەکانی داهاتوو لە ڕووی جۆرەکانی ڕۆژنامەگەرییەوە چین چین دەبێت کە بەرهەمی دەهێنێت، لە بەشی چاپ و پەخشەوە تا ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی ئۆنلاین.
ژووری هەواڵەکان لە ڕابردوودا چینە ڕاست و ئاسۆییەکانیان هەبووە. ژوورەکانی هەواڵی ڕۆژنامەکان بە شێوەیەکی ڕاست لە سەرنووسەری سەرەوە تا پەیامنێری بەچکە لە خوارەوە دەستیان پێکردووە. لە ڕووی ئاسۆییەوە، ژوورە گەورەکانی هەواڵی سەرەکی چەندین جۆری ڕۆژنامەگەرییان بەرهەم هێناوە، چ چاپ و چ پەخش. بەڵام ژوورە هەواڵییەکانی داهاتوو چینە زیاد و جیاوازەکانیان دەبێت. هەندێک لە سایتە هەواڵییەکان بەردەوام دەبن لە بەڕێوەبردنی چەند کەسێک کە تەنها بۆ یەک فۆرمات تایبەتن، وەک بلۆگکردن. بەڵام بەشێکی بەرچاو لە ڕەوتی سەرەکی نوێ لەم ڕێکخراوە ئاڵۆز و چیندارانە پێکدێت.

پرسیاری قورس بۆ ئەخلاقی میدیای دیجیتاڵی \ ڕۆژنامەنووس کێیە؟

‘دیموکراتیزەکردنی’ میدیا – تەکنەلۆجیا کە ڕێگە بە هاووڵاتیان دەدات خەریکی ڕۆژنامەگەری و بڵاوکردنەوەی چەندین جۆر بن – ناسنامەی ڕۆژنامەنووسان و بیرۆکەی ئەوەی کە ڕۆژنامەگەری چی پێکدەهێنێت، کاڵ دەکاتەوە.
لە سەدەی پێشوودا ڕۆژنامەنووسەکان گرووپێکی ڕوون و دیاریکراو بوون. لە زۆربەی کاتەکاندا کەسانی پیشەیی بوون کە بۆ ڕۆژنامە و پەخشە سەرەکییە سەرەکییەکان دەیاننووسی. جەماوەر هیچ کێشەیەکی گەورەیان نەبوو لە ناسینەوەی ئەندامانی “پرێس”دا.
ئه مڕۆ هاووڵاتیانی بێ ڕاهێنانی ڕۆژنامه وانی و کار بۆ میدیای سه ڕه کی ناکه ن، خۆیان به ڕۆژنامه نووس ناوده به ن، یان به شێوه یه ک ده نووسن که ده که وێته ژێر وێناکردنی گشتیی ڕۆژنامه نووسێک وه ک که سێک که به ڕده وام له سه ڕ پرسه گشتییه کان بۆ ڕای گشتی یان بینه ڕێک ده نووسێت.
هەمیشە ڕوون نییە کە ئایا دەستەواژەی “ڕۆژنامەنووس” دەست پێدەکات یان کۆتایی دێت. ئەگەر کەسێک کارێک بکات کە وا دیارە ڕۆژنامەگەری بێت، بەڵام ڕەتی بکاتەوە بە ناوی ‘ڕۆژنامەنووس’ ئایا ئەو ڕۆژنامەنووسە؟ ئەگەر جۆن ستیوارت ئەکتەری کۆمیدی ڕەتی بکاتەوە خۆی بە ڕۆژنامەنووس ناو ببات، بەڵام گۆڤارەکان وەک ڕۆژنامەنووسێکی کاریگەر ئاماژەی پێدەکەن (یان وەک کەسێک کە بەشداری ڕۆژنامەگەری دەکات) ئایا ستیوارت ڕۆژنامەنووسە؟
ئایا کەسێک لە سایتی فەیسبووکی خۆی ڕای خۆی دەرببڕێت ڕۆژنامەنووسە؟

ڕۆژنامەگەری چییە؟

نەبوونی ڕوونی لەسەر ئەوەی کێ ڕۆژنامەنووسە، دەبێتە هۆی ناکۆکی پێناسەیی لەسەر ئەوەی کێ ڕۆژنامەگەری دەکات. ئەوەش دەبێتە هۆی ئەو پرسیارە: ڕۆژنامەگەری چییە؟ زۆر کەس باوەڕیان وایە “ڕۆژنامەگەری چییە؟” یان “ئایا کاری ڕۆژنامەگەری دەکات؟” پرسیارێکی گرنگترە لەوەی کە ئایا کێ دەتوانێت خۆی بە ڕۆژنامەنووس ناو ببات.
بەلایەنی کەمەوە سێ ڕێباز بۆ ئەم پرسیارە ئەگەری هەیە – گوماناوی، ئەزموونی و نۆرماتیڤ. مرۆڤ بە گومانەوە خودی پرسیارەکە بە ناگرنگ دەزانێت. بۆ نموونە ڕەنگە مرۆڤ بڵێت هەر کەسێک دەتوانێت ڕۆژنامەنووس بێت و شایەنی ئەوە نییە مشتومڕ لەسەر ئەوە بکرێت کە کێ دەتوانێت خۆی بە ڕۆژنامەنووس ناو ببات. مرۆڤ گومانی هەیە لە هەوڵەکانی پێناسەکردنی ڕۆژنامەگەری.
لە ڕووی ئەزموونییەوە، ڕوانگەیەکی سیستماتیکتر و وردتر لە پرسیارەکەدا هەیە. دەتوانین سەیری نموونەی ڕوونی ڕۆژنامەگەری بکەین بەسەر مێژوودا و تێبینی ئەو جۆرە چالاکییانە بکەین کە ڕۆژنامەنووسان تێیدا سەرقاڵ بوون، بۆ نموونە کۆکردنەوەی زانیاری، دەستکاریکردنی چیرۆک، بڵاوکردنەوەی هەواڵ و بۆچوون. پاشان ئەم تایبەتمەندیانە بەکاردەهێنین بۆ ئەوەی پێناسەیەک بۆ ڕۆژنامەگەری دابین بکەین کە جیای بکاتەوە لە نووسینی ڕۆمان، چیرۆکگێڕان، یان دەستکاریکردنی زانیاری بۆ داتابەیسێکی حکومی.
ڕێبازی نۆرماتیڤ پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە نابێت بە نووسەران ناوببرێت ڕۆژنامەنووس مەگەر کارامەیییەکی بەرزی گەشەسەندوویان هەبێت، بەزۆری لە ڕێگەی ڕاهێنان یان پەروەردەی فەرمیەوە بەدەستیان هێنابێت و مەگەر ڕێز لە هەندێک نۆرمێکی ئەخلاقی بگرن.
کارامەییەکان بریتین لە توانای لێکۆڵینەوە، کارامەیی توێژینەوە، ئاسانکاری لەگەڵ تەکنەلۆژیای میدیایی میدیا، زانیاری لەسەر چۆنیەتی کارکردنی دامەزراوەکان، و کارامەیی پەیوەندیکردن کە زۆر گەشەسەندووە. نۆرمەکانی ئەخلاقی بریتین لە پابەندبوون بە وردبینی، پشتڕاستکردنەوە، ڕاستی و هتد.
ڕێبازی نۆرماتیڤ لەسەر بنەمای تێڕوانینێکی ئایدیاڵ بۆ ڕۆژنامەگەری وەک ئاگادارکردنەوەی ورد و بەرپرسیارانە خەڵک دامەزراوە. مرۆڤ بە ڕەچاوکردنی باشترین نموونەکانی ڕۆژنامەگەری و پراکتیکەکانی باشترین ڕۆژنامەنووسان پێناسەی ڕۆژنامەگەری دەکات.
نووسەرێک کە ئەم لێهاتووییانە و ئەم پابەندبوونە ئەخلاقیانەی هەبێت، توانای بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەگەرییەکی باش (بە باشی داڕێژراو، لێکۆڵینەوەی باش) و بەرپرسیارانەی ئەخلاقی هەیە. ئەو کەسانەی کە ئەم مەرجە نۆرماتیڤانەیان تێدا نییە، لەوانەیە خۆیان بە ڕۆژنامەنووس ناو ببەن بەڵام لەم ڕوانگەی نۆرماتیڤەوە بە ڕۆژنامەنووس نازانرێن. ئەوان لە نووسەرانی نابەرپرسیار، پلە دوو، یان ناکارامەدان کە بەدوای ڕۆژنامەنووس بووندا دەگەڕێن، یان خۆیان وەک ڕۆژنامەنووس نیشان دەدەن.

بێناونیشان

بێناونیشان بە ئاسانی لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە وەرگیراوە وەک لە میدیای هەواڵی سەرەکی. ڕۆژنامەکان بەزۆری داوا لە نووسەرانی نامە بۆ سەرنوسەر دەکەن کە خۆیان بناسێنن. کۆدەکانی ئەخلاقی میدیای سەرەکی ڕۆژنامەنووسان ئاگادار دەکەنەوە کە سەرچاوەی بێناو بە کەمی و تەنها لە حاڵەتێکدا بەکاربهێنن کە هەندێک یاسا پەیڕەو بکرێن. کۆدەکان ڕۆژنامەنووسان ئاگادار دەکەنەوە کە ڕەنگە خەڵک بێناونیشان بەکاربهێنن بۆ ئەوەی “پۆتشۆت”ی نادادپەروەرانە یان ناڕاستی بەسەر کەسانی دیکەدا بگرن، بە هۆکاری بەرژەوەندی خۆیان.
ئۆنلاین، زۆرێک لە ناوچەی شرۆڤە و “چات” ڕێگە بە نادیاربوون نادەن. بەکارهێنەرانی ئۆنلاین بەرەنگاری داواکارییەکانی وێب سایت و بلۆگەکان دەبنەوە بۆ ناو تۆمارکردن و ناساندنی خۆیان. بێناونیشان ستایشی ئەوە دەکرێت کە ڕێگە بە ئازادی قسەکردن دەدات و هەندێکجار یارمەتیدەرە بۆ ئاشکراکردنی کارە هەڵەکان. ڕەخنەگران دەڵێن هاندەری کۆمێنتی نابەرپرسانە و زیانبەخشە. میدیای سەرەکی دژایەتی خۆیان دەکەن کاتێک ڕێگە بە نادیاربوون دەدەن لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە بەڵام لە ڕۆژنامەکانیان و بەرنامە پەخشەکانیاندا نادیاربوون ڕەتدەکەنەوە.
پرسیاری ئەخلاقی ئەوەیە: کەی لە ڕووی ئەخلاقییەوە نادیاربوون ڕێگەپێدراوە و ئایا ناتەبایی میدیاکان یاسای جیاواز لەسەر نادیاربوون بۆ پلاتفۆرمە جیاوازەکانی میدیا جێبەجێ بکەن؟ ڕێنماییە ئەخلاقییەکان بۆ بێناونیشان لە ئۆفلاین و ئۆنلاین دەبێت چی بن؟

خێرایی و دەنگۆ و ڕاستکردنەوە

ڕاپۆرت و وێنەکان بە خێرایی سەرسوڕهێنەر لە ڕێگەی تویتەر، یوتیوب، فەیسبووک، بلۆگ، مۆبایل و ئیمەیڵەوە بەسەر جیهاندا دەسوڕێنەوە. سپید فشار دەخاتە سەر ژوورەکانی هەواڵ بۆ بڵاوکردنەوەی چیرۆکەکان پێش ئەوەی بە شێوەیەکی گونجاو پشکنینیان بۆ بکرێت و پشتڕاستبکرێنەوە سەبارەت بە سەرچاوەی چیرۆکەکە و متمانەپێکراوی ئەو ڕاستیانەی کە گوایە باسکراون. ڕێکخراوە هەواڵییە گەورەکان زۆرجار دەنگۆکان بە شێوەی ئۆنلاین هەڵدەگرن. هەندێک جار، کاریگەری بڵاوکردنەوەی دەنگۆیەکی ئۆنلاین جیهان لەرزۆک نییە – ڕاپۆرتێکی درۆینە کە ڕاهێنەرێکی هۆکی لە کارەکەی دوورخراوەتەوە. بەڵام میدیایەک کە لەسەر خێرایی و “بەشکردن” گەشە بکات، ئەگەری زیانێکی گەورە دروست دەکات. بۆ نموونە، ڕەنگە ڕێکخراوە هەواڵییەکان وەسوەسەیان بۆ دروست بێت کە دەنگۆیەکی درۆ دووبارە بکەنەوە کە تیرۆریستان کۆنترۆڵی ژێرزەمینییەکانی لەندەنیان کردووە، یان وێستگەیەکی کارەبای ئەتۆمی تازە تووشی ‘توانەوە’ بووە و گازە مەترسیدارەکان بەرەو شیکاگۆ دەفڕن. ئەم ڕاپۆرتە درۆیانە دەتوانن ترس و دڵەڕاوکێ دروست بکەن، ڕووداوەکان دروست بکەن، هەنگاوی سەربازی خێراتر بکەن و هتد.
کێشەیەکی پەیوەندیدار، کە لەلایەن میدیای نوێوە دروستکراوە، ئەوەیە کە چۆن مامەڵە لەگەڵ هەڵە و ڕاستکردنەوەکان بکەین کاتێک ڕاپۆرت و شرۆڤەکان بەردەوام نوێ دەکرێنەوە. تادێت ڕۆژنامەنووسان ‘لایڤ’ بلۆگ دەکەن سەبارەت بە یارییە وەرزشییەکان و ڕووداوە هەواڵییەکان و چیرۆکە سەرەکییەکان. بە ناچاری کاتێک مرۆڤ بەم خێراییە کاردەکات، هەڵە دروست دەبێت، لە هەڵە نووسینی وشەکانەوە تا هەڵەی ڕاستی. ئایا پێویستە ڕێکخراوە هەواڵییەکان بگەڕێنەوە و هەموو ئەم هەڵانە ڕاست بکەنەوە کە شاخەکانی ماددی پڕکردووە؟ یان دواتر هەڵەکان ڕاست بکەنەوە و شوێنەواری هەڵە ڕەسەنەکە بەجێ نەهێڵن –ئەوەی پێی دەوترێت “بڵاونەکردنەوە؟”
تەحەدای ئەخلاقی بریتییە لە خستنەڕووی ڕێنماییەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دەنگۆ و ڕاستکردنەوەکان لە جیهانێکی ئۆنلایندا کە لەگەڵ بنەماکانی وردبینی و پشتڕاستکردنەوە و شەفافیەتدا بگونجێت.

بێلایەنی و ململانێی بەرژەوەندی و ڕۆژنامەگەری حزبی

میدیای نوێ هانی خەڵک دەدات بۆچوونی خۆیان دەرببڕن و ڕاشکاوانە بیروڕاکانیان بەیەکەوە باس بکەن.
زۆرێک لە بلۆگەرەکان شانازی بە قسەی خۆیان دەکەن، بە بەراورد بە هەر پەیامنێرێکی سەرەکی کە دەبێت بێلایەنانە ڕووماڵی ڕووداوەکان بکەن. زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسانی ئۆنلاین خۆیان وەک حزبی یان چالاکوان بۆ دۆزی یان بزووتنەوەی سیاسی دەبینن و بیرۆکەی شیکاری بابەتیانە یان بێلایەن ڕەتدەکەنەوە.
ڕۆژنامەگەری بەشەکی یان حزبی لانیکەم لە دوو جۆردا دێت: جۆرێک ڕۆژنامەگەرییەکی بۆچوونە کە چێژ لە سەرنجدان لەسەر ڕووداو و پرسەکان وەردەگرێت، بە پشتڕاستکردنەوە یان بەبێ پشتڕاستکردنەوە. فۆرمێکی دیکەی ڕۆژنامەگەری حزبییە کە میدیا وەک دەمبڕێک بۆ پارت و بزووتنەوە سیاسییەکان بەکاردەهێنێت. تا ڕادەیەک، ئێمە بوژانەوەیەک (یان گەڕانەوە) دەبینین بۆ ڕۆژنامەگەرییەکی بۆچوون/حزبی کە پێش سەرهەڵدانی ڕاپۆرتکردنی بابەتیی لە سەرەتای ساڵانی ١٩٠٠دا باو بوو.
هەم ڕۆژنامەگەری بۆچوون و هەم ڕۆژنامەگەری حزبی ڕەگ و ڕیشەی دوور و درێژیان لە مێژووی ڕۆژنامەگەریدا هەیە. بەڵام بوژانەوەیان لە جیهانێکی ئۆنلایندا، مەسەلەی ئەخلاقی جددی بۆ ئەخلاقی میدیایی ئێستا دەوروژێنێت. ئایا پێویستە بابەتییەت لەلایەن هەموو ڕۆژنامەنووسانەوە واز لێبهێنرێت؟ کامیان باشترینە بۆ دیموکراسییەکی بەهێز و تەندروست – ڕۆژنامەگەری بێلایەن یان ڕۆژنامەگەری حزبی؟
بۆ ئەوەی بابەتەکان مشتومڕتر بن، هەندێک لە ڕیزبەندە نوێیەکانی بۆچوون و ڕۆژنامەگەری بێلایەن نەک تەنها بابەتییەت دەخەنە ژێر پرسیارەوە، بەڵکو ئەو بنەما لەمێژینەیە دەخەنە ژێر پرسیارەوە کە ڕۆژنامەنووسان دەبێ سەربەخۆ بن لەو گروپانەی کە لەسەریان دەنووسن. بۆ نموونە هەندێک لە ڕۆژنامەنووسانی حزبی تۆمەتی “ململانێی بەرژەوەندی” ڕۆژنامەوانی ڕەتدەکەنەوە کاتێک پارە لە گروپەکان وەردەگرن، یان هاوکاری دەکەن بۆ لایەنە سیاسییەکان.
لە ڕووی ئابوورییەوە، ژوورە هەواڵییە سەرەکییەکان کە بنەما نەریتییەکانی وەک بێلایەنی دەپارێزن، زیاتر هەست بە ناچاری دەکەن کە بەرەو ڕوانگەیەکی بیروڕا یان حزبیتر لە هەواڵ و شرۆڤەدا هەنگاو بنێن. دەوترێت بێلایەن بوون بۆ بینەران بێزارکەر دەبێت. دەوترێت بینەران بەلای بۆچوونی بەهێز و ناکۆکی بیروڕا سەرنجیان ڕادەکێشن.
تەنانەت لەو شوێنانەی کە ژوورەکانی هەواڵ یاساکانی بێلایەنی جێبەجێ دەکەن – بڵێین بە ڕاگرتنی ڕۆژنامەنووسێک بەهۆی ناکۆکی بەرژەوەندی یان لێدوانێکی بەشەکی – ئەوان شکست دەهێنن لە بەدەستهێنانی پشتگیری تەواوی گشتی. بەشێک لە هاوڵاتیان و گروپەکان گلەیی ئەوە دەکەن کە خۆگرتن لە ژووری هەواڵەکان لەوەی کە شیکاران و پەیامنێران دەتوانن چی بڵێن سەبارەت بەو گروپانەی کە ڕووماڵیان دەکەن، سانسۆرە.
ئایا باشە، کە زیاتر و زیاتر، ڕۆژنامەنووسان چیتر لە نێو گروپە دژبەرەکانی کۆمەڵگادا ڕاوەستن و هەوڵی ئەوە دەدەن کە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە خەڵک لە دیدگاکانیان ئاگادار بکەنەوە بەڵکو ببنە بەشێک لەو گروپانەی کە هەوڵی کاریگەری لەسەر بیروڕای گشتی دەدەن؟
تەحەدای ئەخلاقی بریتییە لە پێناسەکردنەوەی ئەوەی کە ڕۆژنامەگەری سەربەخۆ لە بەرژەوەندی گشتیدا مانای چییە بۆ میدیایەک کە چەندین جۆری نوێی ڕۆژنامەگەری تێیدا دەردەکەون و بنەما سەرەتاییەکانیش تەحەدا دەکرێن.

ڕۆژنامەگەری قازانج نەویست و کارگێڕی

کەمبوونەوەی خوێنەران و قازانجی میدیای سەرەکی، لەگەڵ کۆچکردنی هاووڵاتییان بە شێوەی ئۆنلاین، بووەتە هۆی ئەوەی ژوورەکانی هەواڵ ستافەکانیان بچووک ببنەوە. هەندێک لە ڕۆژنامەنووسان گومانیان لە بەردەوامبوونی مۆدێلی ئابووری کۆنی میدیای گشتی هەیە کە لەسەر بنەمای ڕیکلام و فرۆشتنی تیراژی دامەزراوە.
لە بەرامبەردا زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان بە پشتبەستن بە پارەی دامەزراوەکان و بەخشینەکانی هاوڵاتیان دەستیان بە ژووری هەواڵ و وێب سایتەکانی هەواڵ و سەنتەری ڕۆژنامەگەریی لێکۆڵینەوەی قازانج نەویست کردووە. بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان دەچنە سەر ئینتەرنێت و داوا لە هاوڵاتیان دەکەن پارەیان بۆ بنێرن بۆ ئەوەی چیرۆک بکەن. دەتوانرێت ئەم ڕەوتە ناوببرێت “ڕۆژنامەگەری کارگێڕی” چونکە ڕۆژنامەنووس چیتر بە سادەیی ڕاپۆرت نادات لە کاتێکدا کەسانی دیکە (بۆ نموونە ستافی ڕیکلام) پارە بۆ ژووری هەواڵەکەیان کۆدەکەنەوە. ئەم ڕۆژنامەنووسانە خاوەنکارن کە هەوڵدەدەن پارە بۆ کارە نوێیەکانیان کۆبکەنەوە.
ئەو وەبەرهێنانە نوێیانە پرسیاری ئەخلاقی دەوروژێنن.
ئەم جۆرە ژوورە هەواڵانە تا چەند دەتوانن سەربەخۆ بن لە کاتێکدا ئەوەندە پشت بە پارەی ژمارەیەکی سنووردار لە بەخشەرەکان دەبەستن؟ چی ڕوودەدات ئەگەر ژووری هەواڵ بەنیازی ئەوە بێت چیرۆکێکی نەرێنی سەبارەت بە یەکێک لە دابینکەرانی سەرەکی دارایی خۆی ڕاپۆرت بکات؟ ئەم ژوورە هەواڵانە پارە لە کێ وەردەگرن؟ تا چەند شەفاف دەبن لەوەی کێ پارەیان پێدەدات و بە چ مەرجێک؟
تەحەداکە بریتییە لە بنیاتنانی ئەخلاقێک بۆ ئەم بوارە نوێیەی ڕۆژنامەگەری .

پەیامنێران بە بەکارهێنانی سۆشیال میدیا

زۆرێک لە ڕێکخراوە هەواڵییەکان هانی پەیامنێرەکانیان دەدەن کە سۆشیال میدیا بەکاربهێنن بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و دروستکردنی “مارکە”یەک بۆ خۆیان بە دەستپێکردنی بلۆگ، پەیجی فەیسبووک، یان ئەکاونتی تویتەر بۆ خۆیان. بەڵام کۆمێنت کردنی ئۆنلاین دەتوانێت پەیامنێران بە تایبەت پەیامنێرانی لێدان بخاتە کێشەوە لەگەڵ سەرنوسەرەکانیان یان ئەو کەسانەی کە کۆمێنتیان لەسەر دەکەن، بەتایبەتی ئەگەر دەزگای هەواڵەکە بڵێت ڕاپۆرتی بێلایەنانە پێشکەش دەکات. بۆ نموونە، پەیامنێرێک کە ڕووماڵی هۆڵی شار دەکات، ڕەنگە لە ڕۆژنامەکەیدا بە بێ سۆزەوە باسی کاندیدێک بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی بکات. بەڵام لە بلۆگەکەیدا ڕەنگە بۆچوونی بەهێز دەرببڕێت و بڵێت کاندیدەکە سیاسەتمەدارێکی بەدڵ نییە و ناکارامەیە. ئەم جۆرە لێدوانانە دەبێتە هۆی ئەوەی کاندیدەکە گلەیی لە بێلایەنی پەیامنێرەکە بکات.
تەحەدای ئەخلاقی بریتییە لە پەرەپێدانی ڕێنماییەکانی سۆشیال میدیا کە ڕێگە بە پەیامنێران دەدات بە جیهانی میدیای نوێدا بگەڕێن بەڵام سنوورێکی گونجاو بۆ شرۆڤەی کەسیش دابنێن.

ڕۆژنامەنووسی هاوڵاتی و بەکارهێنانی ناوەڕۆکی هاوڵاتی

یەکێک لە پرسە سەختەکانی “ئاسۆیی” کە لە سەرەوە ئاماژەی پێکرا، ئەوەیە کە ئایا ژوورەکانی هەواڵ دەبێ هەموو جۆرە ڕۆژنامەنووسێک بە هەمان ستانداردی سەرنوسەری بهێڵنەوە؟ بۆ نمونە پێویستە داوا لە ڕۆژنامەنووسانی هاوڵاتی بکرێت کە هاوسەنگ و بێلایەن بن؟ ئایا ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە وێب سایتێکی ژووری هەواڵ بەڕێوەدەبەن دەتوانن پێش هاوکارەکانیان، پەیامنێرە چاپکراوەکان، لەسەر چیرۆکێک ڕاپۆرت بکەن؟ بە واتایەکی تر، ئایا دەبێ پەیامنێرانی چاپکراو بە ستانداردێکی بەرزتر لە پشتڕاستکردنەوەی پێش بڵاوکردنەوە ڕابگیرێن؟
جگە لەوەش، لەگەڵ بچووکبوونەوەی ستافی ژووری هەواڵ، و گەشەکردنی جەماوەریی هەواڵە ئۆنلاینەکان، ڕێکخراوەکان زیاتر توانایان هەیە، و ئامادەن هاوکاری هاوڵاتیان بکەن لە ڕووماڵکردنی کارەسات و ڕووداو و هەواڵە سەرەکییەکانی تر. ئەو هاووڵاتیانەی کە ڕووداوەکان لە مۆبایلەکانیانەوە دەگرن دەتوانن دەق و وێنە بگوازنەوە بۆ ژوورەکانی هەواڵ.
ژوورەکانی هەواڵ پێویستە پرۆسەیەک بۆ ئەو ماددانە دابنێن کە هاووڵاتیان دابینی دەکەن، کە لەوانەیە ساختە یان لایەنگری بن. چۆن سەرچاوەکان دەستنیشان بکرێن؟ تا چەند پشکنینی پێویست بۆ جۆرە جیاوازەکانی چیرۆکە؟ ئایا پێویستە بەشداربووانی هاوڵاتی لە ستانداردەکانی سەرنوسەری ژووری هەواڵ ئاگادار بکرێتەوە؟
پرسیاری ئەخلاقی ئەوەیە کە ئایا دەتوانرێت ئەخلاقی میدیایی بنیات بنرێت کە نۆرمەکانی بە شێوەیەکی بەردەوام لە سەرانسەری هەموو پلاتفۆرمە میدیاییەکاندا جێبەجێ بکرێن. یان ڕووبەڕووی ئاسۆی هەبوونی کۆمەڵە نۆرمێکی جیاواز بۆ پلاتفۆرمە میدیاییە جیاوازەکان دەبینەوە؟

ئەخلاقی وێنەکان

لە کۆتاییدا ئەو پرسە ئەخلاقییە نوێیانە هەن کە بەهۆی سەرهەڵدانی تەکنەلۆژیای وێنەی نوێیەوە وروژێنراون. ئەم وێنانە هەم وێنە و هەم ڤیدیۆ لەخۆدەگرن. هاووڵاتیان و ڕۆژنامەنووسانی پیشەیی ڕێگەی نوێ و ئاسانیان هەیە بۆ گرتن و گواستنەوەی وێنە، وەک مۆبایلەکان کە لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای بێ وایەرەوە بەستراوەتەوە بە ئینتەرنێتەوە. تەکنەلۆژیای نوێیان هەیە بۆ گۆڕین و دەستکاریکردنی ئەم وێنانە.
ئەم یەکگرتنە لە ئاسانکاری گرتن و ئاسانکاری گواستنەوە و ئاسانکاری دەستکاریکردن بنەما تەقلیدییەکانی فۆتۆ ڕۆژنامەگەری دەخاتە ژێر پرسیارەوە کە بۆ گرتن و گواستنەوەی نادیجیتاڵی وێنە و ڤیدیۆ پەرەی پێدراوە.
وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، مەسەلێک ئەوەیە کە ئایا ژووری هەواڵەکان دەتوانن متمانە بە وێنە بە ئاسانی دەستکەوتووەکانی هاووڵاتیان و ڕۆژنامەنووسانی هاووڵاتییان بکەن؟ نێرەر کێیە و چۆن بزانین کە ئەم وێنەیە بەڕاستی ئەو ڕووداوەیە کە باسی لێوە دەکرێت؟
بابەتێکی تر ئەوەیە کە ئایا ڕۆژنامەنووسێک یان هاووڵاتییەک تەکنەلۆژیای بەکارهێناوە بۆ دەستکاریکردنی وێنەکە، بۆ نموونە بۆ زیادکردنی شتێک بۆ وێنەکە یان بۆ دەرهێنانی شتێک. دەستکاریکردنی وێنەکان ئەوەندە وەسوەسەئامێزە کە ژوورە هەواڵییە سەرەکییەکان لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا زنجیرەیەک فۆتۆ ڕۆژنامەنووسیان لە کارەکانیان دوورخستەوە بۆ ئەوەی کارە ساختەکان بێهیوا بکەن.
تەنانەت بە دەستکاریکردنیشەوە، هەموو پرسەکان ڕوون نین.
زۆرجار ڕۆژنامەنووسانی فۆتۆ باس لەوە دەکەن کە چۆن ڕێگەپێدراوە لایەنە ‘تەکنیکییەکانی’ وێنەیەک بگۆڕدرێت وەک گۆڕینی کەمێک لە تۆن یان ڕەنگی وێنەیەک. بەڵام لە هەر گۆڕانکارییەکی زیاتردا هێڵەکە دەکێشن. گۆڕینی مانا یان ناوەڕۆکی وێنەکە بۆ ئەوەی بینەران بەلاڕێدا ببات بە نائەخلاقی دادەنرێت.
بەڵام هێڵی نێوان گۆڕانی تەکنیکی و گۆڕانکاری مانا هەمیشە ڕوون نییە. دروستکەری وێنە دەتوانێت ڕەنگەکانی وێنەیەک بەرز بکاتەوە تاوەکو تەواو جیاواز بێت لە وێنەی ئەسڵی شتەکە یان ڕووداوەکە.
هەروەها ڕەنگە سەرنوسەران بڵێن کە گۆڕینی وێنە بۆ بەرگی گۆڤارەکانی مۆدە (و جۆرەکانی تری گۆڤار) دروستە بەو پێیەی بەرگەکە کارێکی ‘هونەرییە’ بۆ ئەوەی کڕیاران ڕابکێشێت لەکاتێکدا بە ستاندی گۆڤارەکاندا دەگەڕێن.
جارێکی تریش زۆر شت هەیە کە ئەخلاق بیکات بۆ ڕوونکردنەوەی بنەماکانی دروستکردنی وێنەی بەرپرسیارانە و چۆن ئەو بنەمایانە بۆ حاڵەتە سەختەکان دەگونجێن.

سه‌رچاوه‌كانی ئه‌م بابه‌ته‌
خوێندنەوەکان لەسەر ئەخلاقی میدیای دیجیتاڵی:
ئێس، چارڵز. ئەخلاقی میدیای دیجیتاڵی . کامبریج: چاپخانەی پۆلیتی، ٢٠٠٩.
هاوڕێ، سیسیلیا و جین سینگەر. ئەخلاقی ڕۆژنامەگەری ئۆنلاین: نەریت و گواستنەوەکان . ئارمونک، نیویۆرک: ئێم ئی شارپ، ٢٠٠٧.
وارد، ستیڤن جەی ئەی “ئەخلاق بۆ ڕەوتی سەرەکی نوێ.” لە ڕۆژنامەنووسی نوێ: ڕۆڵ، لێهاتوویی و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی، وەرگێڕان. پاوڵ بێنێدێتی، تیم کۆری و کیم کیرانس، ل313-326. تۆرۆنتۆ: بڵاوکراوەکانی ئیمۆند مۆنتگۆمێری، ٢٠١٠.
وارد، ستیڤن جەی ئەی “ئەخلاق بۆ ژووری هەواڵی لێکۆڵینەوەی نوێ.




بەکورتی35: بێ(بیرمەند)ین….. بیرمەندبوون(هزرەڤانبوون) لە قەیراندایە.. ئازاد حەمە

بیرمەندبوون(بیریاربوون)be a thinker نەک هەر لەناو ئێمە، بگرە ئێستا لە جیهانیشدا گەیشتووەتە چڵەپۆپەی قەیران. ئەوە کێشە گەورەکەی ئێمە نییە،ئەوەی ئێمە ئەوەیە،کە زۆر بێ بیرمەندین(بێ بیریارین)؛ دەمێكیشە ئاوا دەمەکانمان بێ بیرمەند(بێ هزرەڤانی گەورە) بەسەردەبەین و ئەوەش کاردانەوەی خراپی لەسەر سەرلەبەری گوتاری هزریی و ڕوناکبیرییمان داناوە.
ڕاستە دەرکەوتنی بیرمەند(ئەندێشەمەند)/ The Thinker Le penseurڕووداوە، لێ بیرمەنددروستبوونیش کارێکی ئاسان نییە. چونکە بیرمەندبوون(هزرەڤانبوون)لە ئێستادا لە گشت شوێنێکدا لەناو نادیارییدایە. بۆیە لەم نووسینە کورتەدا دەلاقەیەک بە ڕووی گفتوگۆی بوونی بیرمەنددا دەکەینەوە و هەر لەم سەرەتایەشەوە بە دڵێکی کەیلەوە ئاماژە بەوەدەکەین، کە ئێمەی کورد زۆر بێ بیرمەندین. بێ بیرمەندیش کارەساتە، پڕ لە خەمناکییە، بەزۆری بۆ ئەوانەی لە گرنگیی (بوونی بیرمەند) حاڵیین. نەتەوەیەک کە، بیرمەندی نەبوو، یان قەیرانی بیرمەندبوونی هەبوو کێشەی بووناویشی دەبێت.
کەواتە لەو سۆنگەیەوە دەکرێت بپرسین: کێ بیرمەندە؟یان چی بیرمەند دەکاتە بیرمەند؟کاری بنەڕەتی بیرمەند چییە؟چۆن بیرمەند دروستدەبێت؟بۆدەبێت بیرمەندبیین؟بۆ دەبێت نەتەوەکان خاوەنی بیرمەندی خۆیانبن؟کێ جورئەتی ئەوەدەکات مێژووی بیرمەندیی ئێمە بنوسێتەوە؟دروستبوونی بیرمەند ساتەوەختی خۆی نییە؟باشە بیرمەندبوون دیاردەیەکی هزریی ئاڵۆزە یان جۆرێکیترە لە دیاردە؟حیزب(سیاسەت) بیرمەند دروستدەکات؟ یان چاترە بپرسین دەسەڵات بیرمەند دروستدەکات؟
کێ بیرمەندە؟بیرکردنەوە کردەی سەرەکی بیرمەندە. بیرمەند ئەو جۆرە تاکانەی کۆمەڵگەن،کە تێفکرین، تێڕامان، لە بیرۆکە گرنگ و مانادارەکان دەکەن. گشت دەم و چاخێکیش بیرمەندی خۆی هەیە، چونکە هەموو دەم و چاخێک بیرکردنەوەی خۆی بەرهەمدێنێت. هاوکات کاری بیرمەند بەرهەمهێانی بیرە؛ ئەم بیرەش بۆ کردنەوەی گرێکانە، چارەسەریشە بۆ کێشەکان و دادوەریکردن بەسەر تێڕامانەکانی ئەوی دیکەوە.
بیرمەند لەبەرئەوەی خاوەنی دەسەڵاتێکیی هزرییە قوڵبیردەکاتەوە.وەکیتر، عەقڵ خستنەگەڕ کاری سەرەکی بیرمەندە، بەوە دەگاتە بیرۆکە و بۆچوونگەلێک،کە بوونیان بۆ دادوەرییکردن بەسەر کێشە و بڕیارەکاندا گرنگ و پێویستە. بەمجۆرە، بیرمەند مرۆڤێکی بیرکەرەوەیە، بیرکردنەوە و تێڕامان لە دیاردەکانی ناو بوون و ژیانی تاکەکان ئیشی ڕاستەقینەی بیرمەندە. بیرمەند خودێکی بیرکەرەوەی بەردەوامە،توانای بیرکردنەوەی جیا و جۆراوجۆری هەیە. کەواتە،ئەوە بیرمەندە پەرەدەدات بە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و داهێنانیی.
وێڕایئەوە، بیرمەند کار لەسەر لایەنی تێیۆریی بیریش دەکات. واتە بیرمەند بیری پەتیش بەرهەمدێنێت. چونکە بیری بیرمەند بیرێکی داڕێژراوە، دەکرێت پوخت و وشک بێت، هاوکات شایانی پەرەپێدان و بەرەوپێشەوەبردنیشە. بیری بیرمەندان،کە ئاگایی مرۆڤ پێشدەخەن وێناش لەسەر جیهان و بوون دروستدەکەن. ئەوەی بیرمەندەکان بەرهەمیدێنن بەرهەمی عەقڵە، عەقڵێکی پەتی.
کەواتە لەو دیدەوە دەشێت بگوترێت، فراژوتنی(گەشەکردنی) بیر(هزر) لە گشت کۆمەڵگەیەکدا کاری بیرمەندانە. بیرمەندیش لەمیانەی هۆنینەوەی بیرییدا سەرسەختانە ئاڵنگارییە مرۆیی/کەسییەکان دەخاتەڕوو و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی دەمی خۆشی بێوچان ڕاڤەدەکات/ قسەیتیادەکات.
بۆ تیشک خستنە سەر ئەوەی گوترا، ئەوەش دەڵیین، کە بیرمەندبوون واتە تێڕامانی قوڵ؛ ئەڵبەتە دابڕانیش لە زۆرینە و ژیانی بێسەروبەر. ئەمەش بۆئەوەی تاکی بیرکەرەوە لەگەڵ خۆبوونی خۆیدا پەیوەستبێت، بۆئەوەی بیرمەند بتوانێت بیری ئازاد و نادوبارە بەرهەمبهێنێت. ئەمە بەو مانایەش دێت،کە بیرمەند لەناو قەرەباڵغی و خەڵکی ئاساییدا ناکارێت بهزرێنێت. ئەگەرچی لەمبارەوە تێگەیشتنی پێچەوانەش بوونی هەیە.
سەرباریئەوە، بیرمەند ناوێکی گەورە و هەمەلایەنە. ئەم کەسە ژیریی خۆی هەیە و ئەم ژیریەش بەردەوام بەکاردەبات، لەو ڕێگایەشەوە بیرکردنەوەی نوێ بەرهەمدێنێت.لەبەرئەوە بیرمەند تێفکرینی(تێهزرینی)لە هی ئەوانیتر ناچێت؛ جگەلەوەی کاری تێڕامانە، توانای خەمڵاندن و مەزەندەکردنیشی هەیە.
لای بیرمەند مەرام لە قاڵبوونەوە لە کێشە و دژوارییەکان مانای خۆی هەیە. بەدواداچوون و پەیگیری بیرمەندیش تێگەیشتنە قووڵەکان بەرهەمدێنێت؛ ئەوە بیری بیرمەندانە ڕامان دەچڵەکێنن و دەبنە هۆکاری خوڵقانی دید و تێڕوانین. بۆیە بیرمەندبوون پرۆسەیەکی مێژوویی هزرییە، هزر لەناو ئەو مێژووە بەچڕی بەشدارە. واتە بیریاریی پێڤاژۆیەکی(پرۆسەیەکی)سەختە، دەرکەوتنی خودی بیرمەندیش ڕووداوە، کە نوێکاری لەتەکخۆیدا بۆ مرۆڤایەتی دێنێت!
گرنگە لێرەدا هێمابۆئەوەشبکەین،کە بیرمەند جیایە لە رۆشنفکر(ڕوناکبیر) Intellectuals.بیرمەند بەرهەمهێنەری بیرە هەرچی رۆشنبیرە رۆشنبیریی(زانینی) لەسەر شتەکان هەیە و کاریشیان لەسەر دەکات. رۆشنبیر بەرهەمی بیریی بیرمەند بەکاردەبات تا قسەلەسەر دیاردەکانی کۆمەڵگە بکات. بیرمەند لەناو جیهانیی عەقڵی خۆیدا دەژیت، لەوێشەوە تێیۆریزە بەسەر جیهانی دەرەکییەوە دەکات. بیرمەندەکان بابەتیین، چونکە تێگەیشتنێکی عەقڵییان بۆ دیاردەکان هەیە و بەرپرسیارئامێزن و ئامانجیشیان لە ژیانا ڕوونە و کاریشی بۆدەکەن. بیرمەندەکان لەچاو رۆشنفکرەکان بە وردی بیر لە شتەکان دەکەنەوە، جیا لە خەڵکی ئاسایی قوڵتر دەڕوانە دیاردەکان و لەسەریشی دەوەستن و کراوەتر بڕیاردەدەن.
چۆن بیرمەند جیایە لە ڕۆشنبیر، ئاواش فەیلەسوف جیایە لە بیرمەند. فەیلەسوف سەروی بیرمەندە. ڕاستە خەسڵەتی هاوبەشیان هەیە، لێ فەیلەسوف بەرهەمهێنەرترە و پێکاتەییترە لە دروستکردنی بابەتی هزریی و تێفکرین. دێکارت گوتەنی،”ئەو نەتەوانە بەختەوەرن، کە فەیلەسوفییان هەیە”.
لەکۆتاییدا سەبارەت بە قەیرانی (بێ بیرمەندیی) ئێمەی کورد، ئەوەش دەڵێێن، کە لە هەرێم (بیرمەندبوون) پێکەنیناوییە.تۆ دەکرێت وەک (بیرمەند) ببینرێت کاتێک زۆر دەنوسیت؛ زۆر دەردەکەویت یان چەنەلێدەدەیت. بەدڵنیاییەوە، وەزیرمان زۆرە، ئەندامپەرلەمانمان زۆرترە، سیاسییمان هەر زۆر زۆرترە، هێندەی گشت وڵاتانی سکەندەنافیا ئەمانەمان هەیە، لێ بیریارمان نییە.
زۆربەمان لەوە حاڵینیین، کە هەڤبەندی(پەیوەندی) بیرمەند بە بیریارییەوە تاکە شتە، کە دەبێتە شاهۆکاری بیربەرهەمهێنان. کوا بیر بەرهەمهێنان لەناو ئێمە؟ ئاسان نییە کەسانێک بە بیرمەند ناوزەدکرێن تەنها لەبەرئەوەی دەنووسن یان بڕوانەمەیەکی زانکۆییان هەیە. زانکۆییبوون بووەتە ئامرازێک بۆ خۆشاردنەوە و وتاربێژتن بەو ناوەوە. تەنانەت شاعیربوون و رۆماننوسبوونیش؛ تادەگاتە سیاسییبوون بەشێکن لە کردەی نمایش. ئێمە پێویستمان بە شاعیرە بیرمەندە؛ سیاسییە بیریارە؛ رۆماننوسە هزرەڤانە.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی
————————————–

سەرنج:
هاوواتاکانی بیرمەند: هزرمەند، ئەندێشەمەند، هزرەڤان، بیریار.
هاوواتاکانی بیرمەندبوون: هزرەڤانبوون، بیریاربوون، ئەندێشەمەندبوون، هزرمەندبوون.




تەڵعەتی جوانیی (تەڵعەت)ێــــک.. ڕەنگین مەلا سەمەد

پێمخۆشبوو وەک خانمێک تەنیا خوێندنەوە بۆ جیهانبینی و تێڕوانینی شیعری خانمان نەکەم بەڵکو قەڵەمەکەم بۆ شیکاریی و وردبوونەوە بەنێو دەقە شیعرییەکانی پیاوانیش بخەمە کار.
جیاوازییەکان، ڕووئیاو بۆچوون و ئیلهامەکانی هزرو ڕۆح وەدەردەخەن، کەسایەتییەکان پێناسە دەکەن، ئاراستەو ئامانجەکان دیاریدەکەن، بۆ ئەمجارەیان قەڵەمەکەم ڕوو لە بەحری نووسین و ئیلهامی پیاوێکی جواننووس و هەست دانسقە دەکات و بە پۆشینی بەرگێکی ئەدەبییەوە مەلەی تێدا دەکات، ئەویش (تەڵعەت تاهیر)ی پڕ میهرە لە دونیای ئەندێشەو واقعدا.

تەڵعەت تاهیری جواننووس کاتێک دەقێک دێنێتە بوون، لەبەر شەوقی جوانی و ناواخنی وشەکانی خۆت پێ ناگیرێ بۆ نەخوێندنەوەی، لێناگەڕێی تا نەگەی بە هەقیقەتی مانای شیعریی
هێندە بەسەلیقە دەست بە وشەکانەوە دەگرێت تا ئاستی فەنابوون دەیانبات،
بە دێڕەکان ئەوین دەبەخشێتەوە،
پیتەکانی سەکۆن بۆ تێگەیشتن لە پەیامی عیشق و پیرۆز ڕاگرتنی، دەقەکانی واتلێدەکەن ژیرانە وێڵی گەڕان بەدوای ئەوینی ڕاستەقینەبی.
دەقەکانی هەمیشە زیدوو و نەمرن، بەجۆرێکن ئاوانابن هەردەم هەڵدێن، ئەو لێچوون و دووبارەکردنەوە هەمووکات ڕەتدەکاتەوە، حەزێکی عینادی بۆ نوێوتن و نوێ دەربڕین هەیەو هەرگیز ئامادە نییە دەستبەرداری ئەو خووە ئەرێنییەی خۆیبێ، لەمەشیاندا هەمیشە براوە بووە نەک دۆڕاو.

لە بەشی یەکەمی تێکستەکەی تەڵعەت تاهیردا خەمی لەدەستدانی کات و زەمەن و دەرفەت هەیە، دوورکەوتنەوەو دابڕان و یادو یادەوەریی، تێماو ڕوانینی وێنەی شیعرییەتی لەخۆگرتووە، زەمەنە پەراوێزخراوەکان هیچکات دەرفەتی پێکەوەبوون و ئاسوودەیی و خۆشبەختیی و لێکگەیشتن و پێکگەیشتنیان پێ نادرێت، جوانییەکان، یادەوەرییەکان، سەوداو ئاوێزانبوونەکان، خۆشبەختییەکان، ئومێدیان لەسەر هەڵناهێنجرێت، لەنێو ئاسوودەییەکی لەدەستچوودا نغرۆی ئەوینێکی بەسەرچوو دەبن، ئەوکاتەی ژیان سەرگەرمی تێکەڵبوونە لەگەڵ مرۆڤ، ڕۆحەکان تینوو و پەلەقاژێیانە بۆ گەشەکردن لەنێو ژیانێکی تەنراو لە ململانێ و سەخت و غەددار، باشییەکان بەهایان بۆ دانانرێت و تەنانەت هەڵگرتنیشیان لە یادو یادەوەرییدا بەر زریان و تۆفانی زەمەنی بێوەفا دەکەوێت و ڕاپێچیان دەکات بەرەو ونبوون و ناشتنیان بۆ ئەبەدییەت هاوشێوەی ڕەگی ناوی (نسیان) کە مانای ئینسانی لێوەهاتووەو ئەسڵییەکەی خۆی فەرامۆشکراوە.

رۆیشت و عەسرێک بەیەکەوە چایەکمان نەخواردەوە..
لە وێنەیەکی کۆنی ھەولێردا بینیم
ئەو گەڕەکەی ئێستا تیایدا دەژیت، کێڵگەی گەنم بوو، تا چاوبڕکا گیا لەوێنەیەکی وەستاودا دەلەریەوە، لەوانەیە شوێنی خانووەکەتان لەوێ ساباتی چا خواردنەوەی عەسرانی خێزانێکی جوتیار بووبێت.
کات تێپەڕی و جوتیار و سابات و گەنم، زەمەن ھاڕی و لەیادەوەریشدا بەربوونەوە.

خەمی داهاتوو هەمووکات بە تەوێڵی بڵندی تەڵعەت تاهیرەوه دیارکەوتووە، خەمی دۆزینەوەو پەیبردن بە جوانییەکان و دۆزینەوەی خۆشبەختیی ئەوکاتی ڕابردووی شۆخەکەی کە ئێستا بەدویدا وێڵەو عەوداڵی گەڕاندنەوەو سۆراخکردنییەتی، هەموو کۆڵان و گەڕەکەکان، لەبری ئەوەی ئێستا ئەوی لێبێت، یادگارییەکانی لێن، کەسێکی لە ڕووخسار جوان و لە ناخ شەکەت و خەمباری بەئازاری هاوشێوەی ئەوی لێیە وەک تاقە گوڵەی کە دەبێتە دەرفەتی کۆتایی تەمەنی و بژێویی بۆ ژیانی کەسێکی ترو قوربانییدان.

خەمی ئەوەمە، دەزانم لە وێنەیەکی داھاتوودا، پاش سەد ساڵێک، کەس نازانێت کەسێک لەم خانووەتان دەژیا بەناوی تۆوە، کەسێکی جوان و خەمبار، خەمبار وەک ئەو تاقە گوڵەی بەتەنیا ماوەتەوە لەناو سەبەتەی گەنجێک لە ترافیکدا دەیفرۆشێت.
ئەو هەسارەیەی تۆی لێیت
پاش چەند جارێک سووڕانەوەی ئەم ھەسارەیە: قەڵات ناوی ئێمەش دەخاتە تۆمارە ونەکەی سەنحاریبەوە.. زیندوێتی قۆڵی سڕبووی بەھێواشی لەژێر سەرماندا دەرھێناوە..
کۆڵان ماوە و من نەماوم بێم، سەعات لەبازاڕ دەمێنێ و مەچەکت نا، ملپێچ لەدوکانەکاندا ھەیەو گەردنت نا.

ئەو گازندەیەی تەڵعەت تاهیر لە خەڵکیی بێ مەڵامەت نییە لە ئازارو ژان، لە دەربەست و بێدەربەست، لە باشیی و خراپیی، خۆشبەختیی و بەدبەختیی، بیرکردنەوەو بەراوردکردن لەنێوان هەبوون و نەبوون، چاک و خراپ، باشییەکان و خراپییەکان، ئەو هاوکێشانەیە کە هەردەم بۆ دۆزینەوەی شیکارییەکەیان سەرقاڵدەبێ تا بیکاتە قەسیدەیەک بۆ ناسینەوەی جوانیی ئینسان و بەها ئینسانییەکان لەڕێی پەیبردن بە نیعمەتە پێدراوەکانەوە
ئەو! خەڵکانێک مەبەستییەتی کە تەنراون لە نیعمەت و بەرەکەت و چێژی ژیان گەیشتووەتە سەراپای باڵایان و لەوپەڕی نازو نەوان، کەچی لە بنەڕەتتدا ڕۆحیان تینووی قومێک ئەوینەو بێخەمبوونە لە چەشتنی ئەو ئاسوودەییە، هیچکات لە بیری هەڵمژینی هەوای خۆشبەختی و چێژوەرگرتن لە ڕۆژە تایبەت و دووبارەنەبووەکان نەبوونە، بێ شک هیچ خۆشبەختییەکیش بەرامبەر ـەوە نییەو نابێ کە لە گەڕانەوە بۆ خەونەکانی منداڵیی وەدەستتدەکەوێت،
ئەمەش لای هەندێک لەگەڵ گەورەبووندا دەبێ و لای هەندێکیش بێ نرخ و وەک نەبوو هەژمار دەکرێت.
خەڵکی بێ ئاگا لە ژان و ژیان هیچکات گوێی بە نیعمەتەکان نەداوە، شەیدای زەڕڕەیەک لە پەیداکردنی ئەوین نەبووە، تامی خۆشبەختی و ڕۆژە تایبەتەکانی نەچەشتووە، چاوەڕێی ئەوەی لێ ناکرێ مەیلی بۆ خەونێکی مناڵیی بگەڕێتەوە

خەڵک کولیچەو شەربەتی مێووژ دەکڕن و منیش لە گۆڕێکدا بۆ بیستنی ئایەتێک چاوەڕێی بەرەبەیانی جەژنانم..
کە بیردەکەمەوە شانە لە پرچت بەتەمەنترە.
چەرخی ھەڵواسراوی تەنیشت تەباخەکەت لە پەنجەت زۆرتر دەژی.

پێشبڕکێی زەمەن خۆشبەختی و ئاسوودەیی ئەتۆرێنێ، چونکە چینەکان لە ژیاندا دیاریکراون و هەریەکەو بەشی خۆی پێدراوە، بێهێزت دەکات و ماندووی دەستی ڕۆژگارت دەکات، ڕۆژگار خەم و ئازارەکان کەمناکاتەوە، کاتێک باسی پارچە تەنەکەیەکی بەر ماڵی ئەوینە ونبووەکەی دەکات کە ئێستا هەموو خەمی دۆزینەوەو سۆراخکردنییەتی، کە زەنگێکی ئاگادارکردنەوەی ماڵان دەپارێزێت، ئەو زەنگەی کە دەنگی هەرگیز کپناکات و ون نابێت، هاوشان لەگەڵ ئەو پێکەوە گرێدانە نەبوونی دەنگی شۆخەکەی کە بۆ هەمیشە ونە گازندەیەکی واقعییانەو شیاو دەکات، توڕەیی خۆی لەو ونبوون و نادیارییە دەنوێنێت و ناڕەزاییەکی دروست و شیاوی باس دەردەبڕێت و، شەکەتیی خۆی لە گەڕان بەدوایداو نەدۆزینەوەی بۆ ئەبەد دەردەخات و بە نائومێدییەوە بەو جۆرە دوا قسەی خۆی بە پەیام بۆ دەنگێکی ونبووی ئەبەدیی دەنێرێت کاتێ دەڵێت، ئازیزم تا دەرفەت بوو پێکەوە وەک دوو ئەویندار عەسرانێکمان نەکرد بە ژوان و (چــا)یەکی تێدا بخۆینەوە.

لەپێشبڕکێی زەمەندا گوارە لە گوێت دەباتەوە.
جانتا لەپێستت و عەینەک لەچاوت و پێڵاو لە قاچت نەمرترن، کە دڵنیام ئەو پارچە تەنەکەیەی جەرەسی بەر دەرگاتان لەباران دەپارێزێت دەمێنێتەوە و دەنگت ونبووە:
لەخۆم و دنیا توڕە دەبم، تا دەرفەت ھەبوو ئازیزم..
عەسرێک بەیەکەوە چایەکمان نەخواردەوە.
ــــــــــــــــــــ
تەڵعەت تاهیر
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ڕەنگین مەلا سەمەد
نووسەر و ڕۆژنامەنووس




ڕوداوەکانی ئەم دواییانەی نیپاڵ و ئاسۆی خەباتی چینایەتی و سیاسی لەو ناوچانەدا.. سابیر .م

لە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی 8 ی مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا نیپاڵ گەورەترین خۆپیشاندانی توندوتیژانەی جەماوەری بەتایبەت لە پایتەختی ئەو وڵاتە کاتماندۆ بەخۆوە بینیوە.

ڕق و بێزاری کەڵەکە بووی جەماوەری چەوساوەی نیپاڵ ، بەڕووی حاکمانی وڵات وئەو پارتە چەپە ناسیۆنالیستیانە وەک پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی لەو وڵاتەدا تەقیەوە ، کە بە درێژایی ساڵانێکی زۆرە لە سەر حوکمن ، بەتایبەت دوای داخستن و قەدەغەکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و بەرنامە دیگیتاڵە تایبەتیەکانی پەیوەندیگرتن لەو وڵاتەدا .

سەرەتا لەبەر گرنگی شوێن و هەڵکەوتەی جوگرافیایی وڵاتی نیپاڵ کە کەوتۆتە دامێنی چیاکانی هێمالایا ، وە نزیکایەتی ئەم وڵاتە لەگەڵ هیندستان و چین وبەنگالادش و سریلانکاو ، وە دواتر کارکردی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی هەر بزووتنەوەیەکی سیاسی ڕادیکاڵ یان شۆڕشگێڕانە کە لەم وڵاتانەدا دێنە ئاراوەو سەر هەڵدەدەن ، ڕەنگدانەوەی خۆی ئەبێت لەسەر ئاسۆی خەباتی چینایەتی و سیاسی لە نیپاڵ و ە بە پێچەوانەشەوە ، هەر بەم هۆیەوە ڕەنگە نیپاڵ ئەگەری ئەوەی لە خۆدا هەڵگرتبێت ، کە ببێتە میحوەری گۆڕانکاریەکان لە وڵاتانی ئەو ناوچەیەو ، تەواوی ئاسیاو بگرە پێشبینی کۆپیکردنی ئەم ئەزموونەی (نەوەی Z ) لە وڵاتانی تری جیهانیش ئەکرێت .

هەربۆیە هەلومەرجی خۆیی و ئۆبژەکتیڤی ئەو ناوچەیەو نیپاڵ، ئەوە ئەخوازێت کە ئاوڕێک لە مێژووی سیاسی ئاڵۆزو پێچیدەی ئەو وڵاتە بدرێتەوە وە کارکردی ئابوری و سیاسی وە فەرهەنگی خەباتکارانەی ئەو پارتە سیاسیانەی کە لەو وڵاتانەدا هەبووە چیە و چۆن بووە ؟

وە چۆن توانیویانە خەباتی خودی چینی کرێکارو چەوساوەکانی ئەو وڵاتە بەلاڕێدا بەرن و چەواشە بکەن ؟

بەدرێژایی ئەو چەند ساڵەی کە بەدوای کۆتایی هاتنی حوکومەتی مەلیکیدا هاتوە لە دوای ساڵی 2008 وە ، نیپاڵی بەرەو قۆناغێکی تازەی چەندایەتی و چۆنایەتی خەباتی چینایەتی گواستۆتەوە ، وە چینی کرێکار و چەوساوەکانی تر وەک جوتیارانی هەژار وگەنجان و لاوانی خستۆتە بەردەم دووڕیانێکی نوێی خەباتی چینایەتی و سیاسی لەو وڵاتەدا ، دوو ڕیانێک کە هەرچی زیاتر ڕۆڵی پارتە ( کۆمۆنیستی و چەپەکانی ) لەوڵاتەدا خستۆتە بنبەست و قەیرانێکی سیاسی گەورەوە ،وە جیهانبینی ڕیفۆرمیستانەی مائۆیستانەیان ،هەرچی زیاتر بۆ جەماوەری ستەمدیدەی ئەو وڵاتە ڕۆشنتربۆتەوە ، وە زەمینەیەکی فیکری و سیاسی لەبارتری دروستکردووە ، بۆ سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەی مارکسیستی .

لە ئاکامی ئەم خرۆشانە جەماوەریانەی 8ی مانگی ئەیلولدا ، کە لاوان و گەنجانی( نەوەی Z) لە نیپاڵ پێی هەڵسان وە بەسوود وەرگرتنیان لە بەرنامە دیگیتاڵیەکان لە پێناوی ڕێکخستنی ئەم ڕاپەڕینە جەماوەریە ، وە توانیان سەرو سیما بە جوڵانەوەیەکی ناڕەزایەتی نوێی تایبەتمەند بدەن ، وە بگەن بە ئاستێک لە هێزو توانایی خۆیان ، کە سەرۆک کۆماری نیپاڵ ناچاربکەن ، کە بڕیار بدات دانیشتنەکانی پەرلەمان هەڵپەسێرێت و تاهەڵبژاردنێکی تر ڕایانبگرێت ، شانبەشانی ئەم بڕیاڕەی سەرۆک کۆمار کە پەرلەمانی لە کارخست ، سوپای فەرمی نیپاڵ پەیوەندی کردوە بە گروپێکی دیاریکراو لە هەڵسوڕاوانی لاوانی ڕاپەڕیوی نیپاڵ کرد ، بەناوی ( Hami Nepal) ، بەڵام ئەوەی لێرەدا شایانی باسکردنە ، ئەوەیە کە شوناسنامەی سیاسی ئەم گروپە نادیارەو ، خۆیان بە گروپێکی (سەربەخۆ !) لە قەڵەم ئەدەن.

بەگوێرەی ئەو پەیوەندیەی کە سوپا لەگەڵ ئەواندا کردویەتی ،سوپا ئەوانی ڕاسپاردووە ، کە سەرۆک وەزیرانێکی کاتی لەناو خۆیاندا هەڵبژێرن ، تا بتوانێت ئەم ماوەی شەش مانگەی کەلە بەردەمیاندایە بگوزەرێنێت ، تا هەڵبژاردنێکی داهاتوی تر ، کە بڕیاڕە لە مانگی ئازاری ساڵی 2026 دا ئەنجام بدرێت.
ئەوەبوو ئەو ڕاسپاردەیەی کە سوپای میللی پێی سپارد بوون بەئەنجام گەیاندو ، توانیان بەو بڕیاڕە بدەن کە ( سۆشیلا کارکی – Sushila Karki ) تەمەن 73 ساڵ وەک سەرۆک وەزیرانێکی کاتی هەڵبژارد. دەستنیشانکردن و بڕیاڕدانی ئەم گروپە کە ( سۆشێلا کارکی – ) ببێتە سەرۆک وەزیرانێکی کاتی ، ڕەزامەندی سەرۆک کۆمارو سوپای فەرمی میللی نیپاڵیشی بەدوای خۆیدا هێنا .

ئەم هەڵچوون و خرۆشانە جەماوەریانە کە لە پایتەختی ( کاتماندۆ) وە شارەکانی تر ڕوویان دا، بوونە هۆی کوژرانی لانی کەم 75 کەس، وە بریندار بوونی زیاترلە 2100 کەس ، وە هەڵاتنی نزیکەی ١٣ هەزار زیندانی .

بێگومان ئەمە یەکەمین ڕووداو و ڕاپەڕین و گۆڕانکاری سیاسی نییە لەم وڵاتە ، وە دوایەمینیش نابێت ، وە ڕەگ وڕیشەی قوڵی ئابووری و سیاسیان هەیە ، هەروەها بەهۆی کارکردی خراپی حوکمڕانی بۆرژوا نیشتمانیەکانی نیپاڵ و پارتە ڕیفۆرمیستە مائۆیستەکانی هەمیشە کۆمەڵگای نیپاڵ لە قەیرانێکەوە بۆ قەیرانێکی تر درێژەیان بە حوکومەتەکانی خۆیانداوە .

هەربۆیە واپێویست دەکات کە بە وردی ئاوڕێک لە بنەمای بەرنامە و پایەی فیکری و سیاسی پارتە سیاسیەکانی ئەو وڵاتە لە ڕابوردودا بدرێتەوەو، وە ئاسۆی خەباتی سیاسی و چینایەتی ئەو ناوچەیەو لانی کەم نیپاڵ هەڵبسەنگێندرێت .

درێژەی هەیە …..

سابیر .م
29.9.2025




چۆن هەڵەوین “چەمکی ماڵ”ی کرد بە مەترسیدارترین شوێن.. (وتاری سێیەم).. باکۆ رێبوار

)سپۆیڵی تێدایە) لە ئاگایی( (consciousness مرۆڤایەتیدا، چەمکی “ماڵ” وەک ئارکیتاپێکی نەگۆڕ و بنەڕەتی بوونی هەیە؛ ئەو شوێنە جوگرافی و دەروونییەیە تێیدا مرۆڤ لە گەردووندا هەست بە جێگیری دەکات و ناسنامەی خۆی بنیات دەنێت، فەیلەسوفی فەڕەنسی گاستۆن باشالر، لە “پۆیتیکای شوێن” )Space of Poetics The)، ماڵ وەک “یەکەم گەردوونی ئێمە” و “گۆشەی ئێمە لە جیهاندا” وەسف دەکات، بە بڕوای باشالر، ماڵ تەنها کۆمەڵێک دیوار و سەقف نییە؛ بەڵکو ئامرازێکە بۆ شیکردنەوەی ڕۆحی مرۆڤ و پانتاییەکە بۆ خەونبینین )reverie)، ماڵ شوێنێکە خەون و یادەوەرییەکانمان تێیدا لەدایک دەبن، گەشە دەکەن و لەبیری دەکەین، باشالر جیاوازی دەکات لەنێوان شوێنە جیاوازەکانی ماڵدا: ژێرزەمین هێمای نائاگا و ترسە شاراوەکانە، لە کاتێکدا سەربان نوێنەری عەقاڵنییەت و خەیاڵە ئاسمانییەکانە، ماڵ ئەو شوێنە پیرۆزەیە تێیدا “بوون”ی مرۆڤ لە بەرامبەر “نەبوون”ی گەردوونی دەرەوەدا، هەست بە ئۆقرەیی دەکات، ماڵ پەناگەیەکە لە زریانەکان، نەک تەنها زریانی کەشوهەوا، بەڵکو زریانی ژیانیش، لێرەوە، ژانری ترس، لە بەرزترین ئاستی کاریگەرییدا، ئەرکی سەرەکیی خۆی لە هەڵوەشاندنەوەی ئەم گەردوونە ئارامەدا دەبینێتەوە، سینەمای ترسناک بە شێوەیەکی سیستماتیک کار لەسەر لەقکردنی بناغەکانی ئەم پەناگە دەروونییە دەکات و دەیکاتە شانۆی ترس، ئەگەر ماڵ دواین قەاڵی ئاسایش بێت، ئەوا ترسناکترین سیناریۆ ئەوەیە ئەم قەاڵیە لە ناوەوە داگیر بکرێت یان هەر لە بنەڕەتدا قەاڵیەکی پووچ و ناسەقامگیر بووبێت، ئەم پرۆسەیە بە وردی لە چەمکی دەروونشیکاریی فرۆیدیدا، واتە “ناهەمواری” (Unheimliche Das یان Uncanny The)، ڕەنگ دەداتەوە، فرۆید “ناهەمواری” وەک “ئەو جۆرە ترسەیە دەگەڕێتەوە بۆ شتێکی لەمێژینە ئاشنا و ناسراو” پێناسە دەکات، وشەی ئەڵمانی Heimlich بە واتای “ماڵی ئاشنا، نهێنی و شاراوە” دێت، بەاڵم کاتێک ئەم وشەیە دەگاتە سنوورەکانی خۆی، دەگۆڕدرێت بۆ دژەکەی، Unheimlich، واتە “نامۆ و نائاشنا”، ترس کاتێک کاریگەرە لە شتێکی ئاشناوە سەرچاوە بگرێت لەناکاو نامۆ دەبێتەوە؛ وەک بووکەڵەیەک زیندوو دەبێتەوە، یان وەک ماڵێک دەبێتە تەڵە، فیلمی ناوازەی “هاڵۆوین” )١٩٧٨) لە دەرهێنانی جۆن کارپێنتەر، بە شێوەیەکی بێوێنە ئەم پرۆسەی دیکۆنستراکتکردنە ئەنجام دەدات، ئەم فیلمە تەنها چیرۆکی بکوژێک ناگێڕێتەوە هێرش دەکاتە سەر ماڵێک، بەڵکو شیکارییەکی ورد و فرەڕەهەندە بۆ چۆنیەتیی گۆڕینی خودی ماڵ لە چەمکێکی heimlich ەوە بۆ چەمکێکی unheimlich، فیلمەکە لە سەردەمێکدا بەرهەم هات )کۆتایی حەفتاکان( کۆمەڵگەی ئەمریکی بە قۆناغێکی پڕ لە گومان و نائارامیدا تێدەپەڕی، دوای جەنگی ڤێتنام و ئابڕووچوونی واتەرگەیت، متمانە بە دامەزراوەکانی وەک حکومەت و پۆلیس لە نزمترین ئاستیدا بوو، “هاڵۆوین” ئەم بێمتمانەییە کۆمەاڵیەتییە وەردەگێڕێت بۆ ترسێکی بوونگەرایی )existential)، ئەو ڕاستییە تاڵە ئاشکرا دەکات، ترسناکترین دێوەزمەکان ئەوانە نین لە دەرەوەی دەرگاکانمانن، بەڵکو ئەوانەن لەخودی ناوەوە، لەناو دیوارەکانی ماڵەکانماندا، چاوەڕێ دەکەن، فیلمەکە بە یەکێک لە کاریگەرترین و تەکنیکیترین دیمەنە دەستپێکییەکانی مێژووی سینەما دەست پێدەکات، گرتەیەکی درێژی چوار خولەکیی بێ پچڕان )take long )لە ڕوانگەی کەسی یەکەمەوە )shot POV )وێنە گیراوە، بینەر ڕاستەوخۆ دەخاتە ناو چاوی بکوژێکی نەناسراوەوە، ئەم تەکنیکە تەنها نمایشێکی هونەری نییە، بەڵکو ئامرازێکی دەروونییە، بینەر لەجیاتی ئەوەی لە دوورەوە چاودێری ڕووداوەکان بکات، دەبێتە بەشداربوویەکی چاالک و بێدەنگ لە تاوانەکەدا؛ ئێمە ناچار دەبین جیهان لە چاوی دڕندەیەکەوە ببینین و هەست بە کۆنترۆڵی ئەو بەسەر بارودۆخەکەدا بکەین، ئەمە یەکەم هەنگاوی تێکشکاندنی ئاسایشی دەروونیی بینەرە، کامێراکە/بکوژەکە بە دزییەوە لە پەنجەرەی چێشتخانەی ماڵێکی ئاساییەوە سەیری ژوورەوە دەکات، ئەم نیگا دزێوە،دەتوانرێت وەک نموونەیەکی سینەمایی “نیگای نێرانە” )gaze male)ی لۆرا مۆلڤی ببینرێت، یەکەم پێشێلکاریی پیرۆزیی شوێنی تایبەتە، پاشان، بەبێ هیچ بەربەستێک دەچێتە ناو ماڵەکەوە، گەشتەکە بەناو چینە جیاوازەکانی ماڵدا تێدەپەڕێت:
یەکەمجار چێشتخانە، دڵی ماڵ و شوێنی ئامادەکاری و ژیانی ڕۆژانە، لێرەدا، چەقۆیەکی گەورە هەڵدەگیرێت، یەکەم کردەی شێواندنە: ئامرازێکی ناوماڵ بۆ ژیان )بڕینی خۆراک) بەکاردێت، لە کارکردی ئاسایی خۆی دادەماڵرێت و دەگۆڕدرێت بۆ ئامرازی مەرگ، پاشان گەشتەکە بەناو هۆڵەکەدا بەردەوام دەبێت و بەرەو پلیکانەکان دەڕوات، لەڕووی سیمبۆلییەوە بەرزبوونەوەیە بەرەو نهۆمی سەرەوە، شوێنی ژوورە تایبەتەکان، لەکۆتاییدا دەگاتە ژووری خوشکەکەی، کاتێک لە کۆتاییدا دەمامکەکە )دەمامکێکی گاڵتەجاڕییە و تێکەڵەیەکی ترە لە نێوان بێگەردی و شەڕ( الدەبرێت و ڕوخساری مایکڵ مایەرزی شەش سااڵن دەردەکەوێت، شۆکەکە تەواو دەبێت، چەمکی “ناهەمواری” لێرەدا دەتەقێتەوە، هیچ شتێک لە منداڵ و ماڵ ئاشناتر و “ماڵیانەتر” )heimlich )نییە، کارپێنتەر ئەم دوو هێما سەرەکییەی ئارامی تێکەڵ دەکات و دێوەزمەیەک دروست دەکات، شەڕ لە دەرەوە نەهاتووە، بەڵکو لە خودی ناوکی یەکەی بنەڕەتیی کۆمەڵگەوە، لەناو ماڵ و لەالیەن ئەندامێکی خێزانەوە، سەری هەڵداوە، ماڵی مایەرزەکان لەو ساتەوە چیتر ماڵ نییە، بەڵکو دەبێتە شوێنی تاوانی سەرەتایی )original sin)، شوێنێکی نەفرەتلێکراو بۆ هەمیشە وەک برینێکی ساڕێژنەبوو بەسەر جەستەی شارۆچکەکەوە دەمێنێتەوە، دانانی ڕووداوەکە لە شەوی هاڵۆویندا گرنگییەکی تایبەتی هەیە؛ ئەو شەوەی سنووری نێوان ئاسایی و نائاسایی، ڕاستی و ترس، تەنک دەبێتەوە و خەڵکی دەمامک دەپۆشن، مایکڵ دەمامک بەکاردەهێنێت بۆ شاردنەوەی شەڕی ڕاستەقینەی ناوەوەی، دوای پازدە ساڵ، کاتێک مایکڵ دەگەڕێتەوە، فیلمەکە دەچێتە قۆناغێکی نوێی شیکردنەوەی چەمکی ماڵەوە، هادۆنفیڵد، وەک نموونەی شارۆچکەیەکی ئارامی ئەمریکی، وەک ماڵێکی گەورەتر، وەک مایکڕۆکۆزمێک لە خەونی ئەمریکیی سەردەم نیشان دەدرێت، کارپێنتەر بە ئەنقەست ئەم وێنە ئایدیالیستییە دروست دەکات تا دواتر بە شێوەیەکی کاریگەرتر تێکی بشکێنێت، بەاڵم ئەم شارۆچکەیە وەک کارەکتەرێکی زیندوو مامەڵە دەکات لە دۆخی ئینکارکردندایە، هەوڵیان داوە ڕابردووە ترسناکەکەیان )تاوانەکەی مایکڵ) لەبیر بکەن، بەاڵم ئەم لەبیرکردنە وایان لێدەکات ئامادە نەبن بۆ گەڕانەوەی، لەنێو ئەم دیمەنە جوانەدا، ماڵە چۆڵ و وێرانەکەی مایەرزەکان وەک مۆتەکەیەک، وەک یادەوەرییەکی سەرکوتکراوی شارۆچکەکە، ڕاوەستاوە، ئەم ماڵە دەبێتە “دژە-ماڵ” (home-anti)، هێمایەک بۆ ئەو ڕاستییەی لە پشت ڕواڵەتە جوانەکانەوە، مێژوویەکی تاریک و توندوتیژ بوونی هەیە، ئەو ماڵە برینێکی ساڕێژنەبووە لەسەر جەستەی شارۆچکەکە؛ هەمووان دەزانن لەوێیە، بەاڵم هەوڵ دەدەن نایبینن، بوونی ئەم ماڵە وێرانەیە بە بەردەوامی هەڕەشە لە ئارامیی ماڵەکانی تر دەکات و وەک ئەوە وایە نەخۆشییەکەی ناو یەک ماڵ، پەتایەک بێت و بتوانێت بەناو هەموو شارۆچکەکەدا باڵوببێتەوە، لۆری سترۆد کاتێک سەردانی ئەم ماڵە دەکات و کلیلی تێدا دادەنێت، بێئاگا لەوەی چارەنووسی ئەویش بەم میراتە ترسناکەوە گرێ دەدرێت، هەست بە نائارامییەک دەکات، مایکڵ خۆی وەک تارماییەک بە شارۆچکەکەدا دەسوڕێتەوە، دەردەکەوێت و دیار نامێنێت، ئۆتۆمبێل لێدەخوڕێت بێ ئەوەی کەس بزانێت چۆن فێر بووە، ئەو چیتر مرۆڤ نییە، بەڵکو هێزێکی سروشتیی تۆڵەسێنەرە گەڕاوەتەوە بۆ ئەو شوێنەی هەموو شتێک لێیەوە دەستی پێکرد، کارپێنتەر و سینەماکارەکەی، دین کەندی، زمانێکی سینەمایی ورد و بێهاوتا بەکاردەهێنن بۆ گۆڕینی فەزا ئاشناکان بۆ سەرچاوەی دڵەڕاوکێ: لە ڕووی بینراوەوە: دەرگا و پەنجەرەکان کارکردی خۆیان لەدەست دەدەن و دەبنە چوارچێوەیەک بۆ دەرکەوتنی “شێوە” )The Shape), کارپێنتەر بە بەکارهێنانی فۆرماتی پاناسکۆپ )widescreen )مایکڵ لە گۆشە دوورەکان و لێوارەکانی کادرەکەدا دادەنێت، وەک سێبەرێک یان ڕەنگدانەوەیەک، ئەمە وا دەکات بینەر بە شێوەیەکی پارانۆیدی چاوبگێڕێت، نیگای مایکڵ نیگایەکی نێرانەی چاودێرە )gaze male voyeuristic )بەردەوام شوێنە ژنانەکان دەپشکنێت، ماڵ لە ژێر ئەم نیگا بەردەوامەدا دەگۆڕدرێت بۆ ئەکواریۆمێک، تێیدا کارەکتەرەکان وەک ماسیی ناو شووشە، بێئاگا لە چاوی دڕندەکەی دەرەوە، دەجووڵێن، بەکارهێنانی ڕووناکی و سێبەر )chiaroscuro )ناسنامەی مایکڵ زیاتر دەشارێتەوە و دەیکاتە هێزێکی ئەبستراکت، لە ڕووی بیستراوەوە: مۆسیقا ناسراوەکەی فیلمەکە، بە ڕیتمە نائاساییەکەیەوە )5/4(، هەستێکی نائارامیی بەردەوام دروست دەکات، بەاڵم لەوەش گرنگتر، بەکارهێنانی بێدەنگی و دەنگە ئاساییەکانی ناوماڵە، هەر دەنگێکی بچوک – قرچەی تەختەیەک، خشپەی گەاڵیەک، تیکەی کاتژمێرێک – دەبێتە سەرچاوەی دڵەڕاوکێی زۆر، دەنگی هەناسەدانی قورس و میکانیکیی مایکڵ لەژێر ماسکەکەیەوە، وەک ئەوە وایە خودی ماڵەکە هەناسە بدات، ڕیتم و مۆنتاژ:
کارپێنتەر بە شێوەیەکی بلیمەتانە یاری بە ڕیتمی فیلمەکە دەکات، نیوەی یەکەمی فیلمەکە خاو و پڕ لە چاوەڕوانییە )burn-slow)، کات دەدات بە ناساندنی کارەکتەرەکان و بنیاتنانی هەستی نائارامی، ئەم ڕیتمە خاوە وا دەکات بینەر هەست بە ئاساییبوونی ژیانی شارۆچکەکە بکات، بەاڵم لە هەمان کاتدا هەست بەوە دەکات شتێک لەژێر ئەم ئارامییەوە خەریکە دەتەقێتەوە، ئەمە لەگەڵ نیوەی دووەمی فیلمەکەدا، پڕە لە ڕووبەڕووبوونەوە و هەاڵتن، جیاوازییەکی گەورە دروست دەکات و کاریگەریی ترسەکە زیاتر دەکات، فیلمەکە بە شێوەیەکی سیستماتیک کارکردی شتومەک و ڕێوڕەسمەکانی ناوماڵ دەشێوێنێت، هەموو شتێکی ئاسایی و ڕۆژانە دەکاتە سەرچاوەی سام، چەقۆی چێشتخانە و وایەری تەلەفۆن: وەک ئاماژەی پێکرا، ئەم ئامرازانەی ژیانی ڕۆژانە دەبنە ئامرازی مەرگ، کردەی “بەخێوکردنی منداڵ” )babysitting): ئەمە لە کولتووری ئەمریکیدا ڕێوڕەسمێکی گرنگی گواستنەوەیە بۆ کچانی هەرزەکار، مایکڵ هێرش دەکاتە سەر ئەم ڕێوڕەسمە و دەیکاتە شەوێکی خوێناوی، ماڵەکانی وااڵس و دۆیڵ، سپێردراون بە لۆری و هاوڕێکانی، دەبنە گۆڕستانیان، ڕەهەندی ڕەگەزی )Gender): فیلمەکە بە شێوەیەکی بەرچاو ئاراستەی کچانی هەرزەکار دەبێت، دواتر بووە یەکێک لە بناغەکانی ژانری سالشەر، مایکڵ وەک هێزێکی سزادەری توندڕەو دەردەکەوێت، سزای ئەو کچانە دەدات سەرنجیان لەسەر کوڕان و خۆشییەکانی ژیانە )وەک ئەنی و لیندا(. لۆری، زیرەکتر و بەڕەوشتتر نیشان دەدرێت، دەتوانێت بژی، ئەمە ڕەخنەی لێکەوتەوە گوایە فیلمەکە سزای سێکسواڵیتەی ژنان دەدات، بەاڵم لە هەمان کاتدا کارەکتەری لۆری وەک “کچی کۆتایی” بەهێز دەکات، شەڕی کۆتایی لۆری و مایکڵ لوتکەی هەڵوەشاندنەوەی چەمکی ماڵە، لۆری، دوای دۆزینەوەی تەرمی هاوڕێکانی، ماڵەکە دەکاتە قەاڵی خۆی، لێرەدا، لۆری وەک یەکێک لە یەکەمین و کاریگەرترین نموونەکانی “کچی کۆتایی” )Girl Final )دەردەکەوێت، کچی کۆتایی زیرەک، وریا و بەڕەوشتترە لە هاوڕێکانی و لە کۆتاییدا توانای بەرەنگاربوونەوەی دێوەزمەکەی هەیە، گۆڕانی لۆری لە کچێکی شەرمنەوە بۆ جەنگاوەرێک بۆ ژیانی خۆی دەجەنگێت، گەشتێکی دەروونیی قووڵە، ئەو لە بەرگرییەکەیدا، ماڵەکە دەکاتە چەکی خۆی، ئەو ئامرازی ناوماڵ بەکاردەهێنێت: سیخی چنین، شانی جل هەڵواسین، چەقۆی چێشتخانە، ئەمە هەوڵێکی ئۆقرەگرانەیە بۆ دووبارە بەدەستهێنانەوەی کۆنترۆڵ بەسەر ماڵەکەدا و بەکارهێنانی ئامرازەکانی دژی ئەو هێزەی پیرۆزییەکەی پێشێل کردووە، دۆاڵبەکە )closet)، لەڕوانگەی باشالرەوە دەتوانێت “گۆشەیەکی ئارام” بێت، لێرەدا دەبێتە ترسناکترین تەڵە و دواین پەناگە، ڕۆڵی دکتۆر لوومیس لێرەدا گرنگە، ئەو وەک نوێنەری عەقڵ و زانست دێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شەڕێکی ناعەقاڵنی، ئەو تاکە کەسە لەسروشتی ڕاستەقینەی مایکڵ تێدەگات، بەاڵم کەس باوەڕی پێناکات، تەنانەت پۆلیسیش، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەو بێمتمانەییەیە لە حەفتاکاندا بەرامبەر بە دەسەاڵت هەبوو، لوومیس وەک شێت وایە هۆشداری دەدات، بەڵام گوێی لێ ناگیرێت تا کار لە کار دەترازێت، گەیشتنی ئەو لە کۆتاییدا بۆ ڕزگارکردنی لۆری، وەک گەیشتنێکی فریادڕەسی کالسیکی وایە، بەاڵم تەنانەت ئەویش ناتوانێت شەڕەکە بە تەواوی لەناو ببات، کۆتایی فیلمەکە بە شێوەیەکی بلیمەتانە ڕێگە نادات ئارامی بگەڕێتەوە، دوای ئەوەی دکتۆر لوومیس چەند گوەللیەک لە مایکڵ دەدات و لە باڵکۆنی ماڵەکەوە فڕێی دەداتە خوارەوە، تەرمەکەی دیار نامێنێت، کارپێنتەر کامێراکە دەگێڕێتەوە و زنجیرەیەک گرتەی جێگیر )shot static )لە شوێنە جیاوازەکان نیشان دەدات: هۆڵی ماڵەکە، پلیکانەکان، و پاشان ماڵەکانی تری گەڕەکەکە، هەموو ئەم شوێنانە ئێستا چۆڵن، بەاڵم چۆڵبوونیان ئارامبەخش نییە، بەڵکو پڕە لە دڵەڕاوکێ، لەسەر ئەم وێنە چۆاڵنە، دەنگی هەناسەدانی بەردەوامی مایکڵ دەبیسترێت، پەیامەکە ڕوون و ترسناکە: مایکڵ، یان ئەو شەڕەی ئەو نوێنەرایەتیی دەکات، لەناو نەچووە، ئەو نەکوژراوە و نەگیراوە؛ بەڵکو بە سادەیی دیار نەماوە، وەک ئەوەی بتوێتەوە و تێکەڵ بە سێبەرەکانی خودی شارۆچکەکە ببێتەوە، دکتۆر لوومیس لە کۆتاییدا دەڵێت: “ئەوە بووگیمان بوو” ئەمە داننانە بەوەی مایکڵ چیتر مرۆڤ نییە، بەڵکو بووەتە هێزێکی سەرووسروشتی، بەرجەستەبوونی خودی ترس، ئەو ترسناکە چونکە هیچ پاڵنەرێکی ڕوونی نییە؛ وەک لوومیس دەڵێت، “تەنها و بە سادەیی شەڕە” ئەم بێ-پاڵنەرییە وای لێدەکات ببێتە ڕوویەکی سپی، بینەر دەتوانێت قووڵترین ترسەکانی خۆی تێدا ببینێتەوە، “هاڵۆوین” زۆر لەوە قووڵترە تەنها فیلمێکی ترسناک بێت، ئەو بەشێوەیەکی ورد و سیستماتیک، ئارکیتاپی “ماڵ” وەک دواین پەناگەی مرۆڤ هەڵدەوەشێنێتەوە، فیلمەکە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ژانری سالشەر دانا و بووە نموونەیەک بۆ فیلمەکانی دوای خۆی وەک “th13 the Friday”، بەڵام “هاڵۆوین” لە زۆربەیان قووڵترە چونکە کەمتر پشتی بە خوێنڕشتن بەستووە و زیاتر پشتی بە بنیاتنانی کەشوهەوای ترس و دڵەڕاوکێی دەروونی بەستووە، ئەو وەهمە تێکدەشکێنێت ئێمە لە پشت دەرگا داخراوەکانمانەوە سەالمەتین، فیلمەکە پرسیارێکی بنەڕەتی و بێزارکەر بەجێدەهێڵێت: ئەگەر ماڵ، یەکەم گەردوونی ئێمە و دواین قەاڵمان، چیتر پارێزراو نەبێت، ئەوا مرۆڤ بۆ کوێ هەڵبێت؟ ئەم پرسیارە، زیاتر لە چوار دەیە دوای بەرهەمهێنانی فیلمەکە، هێشتا وەک دەنگی هەناسەکانی مایکڵ مایەرز لە تاریکیدا دەزرنگێتەوە.




گۆڤاری ئەنفالناسی- ژمارە ٨

بۆ خوێندنەوەی ژمارە ٨ی گۆڤاری ئەنفالناسی کلیکی ئێرەبکەن..




تیرۆری ڕۆژنامەنوسێک قەیرانێکی سیاسی گشتی دروست دەکات!.. جەمال کۆشش 

سەرەک وەزیزانی سلۆڤاکیا و بەشێک لە کابینەکەی دەستدەکێشنەوە لە حکومەت! ئەی لە کوردستان چی؟

ژنە ژورنالیستی ماڵتایی

Daphne Carune Galizia   ( jan Kuciak und Matina Kusnirova )ژورنالیستی سلۆڤاکای ودەزگیرانەکەی

ئێوارەیەکی درەنگی سارد، سەعات هەشت و بیست دەقەی ڕۆژی (٢١)ی مانگی دوو (شوبات)ی ساڵی (٢٠١٨)، لە گوندێکی ڕۆژئاوای (براستیڤیلا)ی پایتەختی سلۆڤاکیا، لە ماڵەکەی خۆیاندا، (یان کوچیاک)ی ڕۆژنامەنوس و دەزگیرانەکەی بە دەمانچەیەکی (٩) ملیمەتر سارد دەکەنەوە. لەپێشدا کچە دەزگیرانەکەی لەچێشتخانەکەدا یەک گولـلە لە سەری دەدەن، دواتر لە ژێرزەمینی ماڵەکەیدا دوو گولـلە دەنێن بەسەر دڵی (یان کوچیاک)ەوە.

ئەم کردەوە تیرۆریستیـیە، گەورەترین  و پڕخرۆشترین خۆپیشاندانی جەماوەری بەرپاکرد، شەپۆلی گوشارەکانـی ئەم بزووتنەوەیە لەپێشدا چەندین بەرپرس؛ لە سیاسیـیە باڵاکان، لە وەزیران و بەڕێوەبەری پۆلیس و دادوەرانی باڵای ڕاماڵی، تا بە دەستکێشانەوەی سەرۆک وەزیرانی ئەوکات . لە ئەنجامیشدا (ماریان کۆچنەر) ئەو سەرمایەدارەی کە لەپشتی ئەو تاوانەوە بوو، لەگەڵ ئەو دوو کەسەی تیرۆرەکەیان ئەنجامدا، ڕاکێشرانە زیندان. (یان کوچیاک) بنکۆڵییە ڕۆژنامەوانیەکانی لەسەر گەندەڵیەکانی ساختەچێتیەکانی ئەڵقەی یەکەمی سەرمایەدارە دەسەڵاتدارەکان بوو.

(داڤینە کارونا گالیزا)، ژنە ژورنالیستی وڵاتی ماڵتا و دایکی (٣) مناڵ، بەیانیـیەکی زووی ڕۆژی (١٦)ی ئۆکتۆبەری (٢٠١٧)، بەئۆتۆمبیلەکەی کە ماوەیەک لە ماڵ دووردەکەوێتەوە، بۆمبێکی چێنراوی لە ڕێگای تەلەفۆنەوە پێدا دەتەقێنەوە و هەلا بەهەلای  دەکات، هەر لەوێدا گیان لەدەست دەدات، ئەو ژنە (٥٣) ساڵیـیە، یەکێک لە ڕەخنەگرە سەرسەختەکانی دژی گەندەڵی و پارەسپیکردنەوە و بەهەدەردانی سامانی گشتی بوو. لە شیکارییە ڕۆژنامەوانیەکانیدا، دەربارەی(( پەڕەکانی پەنەما))، گەندەڵیەکی گەورەی دەسەڵاتدارانی ماڵتای ئاشکرا کرد، بەرتیلەکانی ژنی سەرۆک وەزیرانی خستەڕوو، کڕینی مافی هاوڵاتیبوونی ماڵتای ئاشکراکرد.

ماڵتا ئەو دورگە خنجیلانەیەی کە دانیشتوانەکەی نیو ملیۆنە و تازە وەک ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا وەرگیرابوو، ئەم تیرۆرە بارودۆخی سیاسی ئەو وڵاتەی قڵپ ی کردەوە و قەیرانێکی سیاسی گەورەی دروست کرد، لە نۆڤەمبەری (٢٠١٩)، وەزیری گەشتوگوزار، کارگێڕی سەرۆکوەزیزان و سەرۆک وەزیران و وەزیری ئابووری دەستیان لەکار کێشاوە، پاش ئەوەی کە دەرکەوت یەکێک لە گەورە بەپرسانی سەرەوەی دەسەڵات، لە پشتی ئەم تیرۆرەوەیە. مکوڕی لەسەر سزادانی تاوانباران لەلایەنە نێوخویی و نێونەتەوەییەکان لە سەندیکا کرێکارییەکان و یەکیتی ئەوروپا و نوسەرانەوە گەیشت بەزیندانیکردنی دووبرا بە چل ساڵ و دوو کەسی تر ١٥ ساڵ.

بەڵێ : پێویستە ئێمەش لە هەرێمی کوردستان ماندوو نەبین، تا  قەیرانێکی سیاسی لە ئاستی هەرێمدا دەخوڵقێنین!

 بەڵێ :پێویستە تاوانبارانی  تێروریستانی ڕۆژنامەنوسان، تێروریستەکانی ئازادیخوازان و کۆمۆنیستەکان، بدۆزرێنەوە، دادگایی بکرێن و  سزا بدرێن!

“ڕێکخراوی ئازادی دەربڕین”  سەرەتای مانگی نۆ (سێپتێمبەری ٢٠٢٥)، ئاگاداریـیەکی لەمەڕ مەترسیدار بوونی ئاستی ئازادی ڕادەربڕین بڵاوکردەوە؛ (شیروان شێروانی) چوارساڵ و نیو زیندانی بەسەردا سەپێنرایەوە، (هێمن مامەند)ی ڕۆژنامەنوس لەهەوڵێکی تیرۆرکردنیدا، بەئاستەم لە مەرگ ڕزگاری بوو، هێرشێکی تۆقێنەرانە بۆ سەر (دیاری محمەد)ی بەڕێوەبەری (سەنتەری میترۆ) هەیە. ناوەندی (ئۆفیسی درەو) دەربارەی  مژاری ئازادی ڕۆژنامەنوسی کۆڕێک ڕێکدەخات..

لەم زەنگی ئاگادارکردنەوانە جددی تر، نوسینێکی هاوڕێ (بەکر عوسمان) بوو (برای سەردەشت عوسمانی جوانەمەرگ)، کە لە یادی ١٧ ساڵەی تیرۆری ڕۆژنامەنووس (سۆرانی مامە حەمە) کە لە کۆتایی مانگی حەوتی ئەمساڵدا بڵاویکردەوە.  لە تیرۆری ڕۆژنامەنوسان و ئازادیخوازان و کۆمۆنیستەکانـی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا یەک کەسی تاوانباری سەرەکی

 دەستگیرنەکراوە، تا ئێستا یەک کەس دادگایی  نەکراوە. نەک هەر ئەوە بەڵکو هەندێک سیناریۆی قێزەونـيش بۆ داپۆشینی تاوانەکە و شاردنەوەی تاوانباران داڕێژراون

وەک لە ڕاپۆرتی (ڕۆژنامەنوسانی بێسنور)یشدا ئاماژەی پێکراوە، لە سەدا هەشتا و پێنج (٨٥٪)ی ئەو تاوانانە ی بکەرەکان و پلاندانەرانی نادۆزرێنەوە، ئەوانەن کە لە هەرەمی دەسەڵات و لەبازنەی سەرەوەی حوکمڕانیدان.

ئازادی ڕۆژنامەگەری لە کوردستان پاشەکشەی پێکراوە و ڕۆژنامەنوسان ئازادیـیان لێزەوتکراوە. گەندەڵی و ڕاوڕووت، بەکارهێنانی پێگەی سیاسی بۆ بزنس و سپیکردنەوەی پارە، ناڕوونی لە داهات و لە کەرتەکانی بەرهەمهێناندا، هەژاری و لێکەوتەکانی لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی … ئەمانە و گەلێک باڵەخانەی تر هەیە هێشتا ڕووناکی بنکۆڵکاری ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان پەی پێنەبردوون و ناوچەی قەدەغەیە.

(یان کوچیاک)، لەلایەن سەرمایەدارە تاوانبارەکەوە کە نیمچە ئیمارەتێکی لە میدیا و دەسەڵات و دادەور و سیاسی پێکهێنابوو، پێشترهەڕەشەی پاکتاوکردنی لێکراوە، بەتەلەفۆن جوێن بەدایک و خوشکی دراوە، وە داوای دەستبەردان لەو بەدواداچوونە ڕۆژنامەوانیانەیان لێکردووە تا گەندەڵییەکانیان نەخاتەڕوو..

ئەم چیرۆکە لەگەڵ چیرۆکی ژنە ژورنالیستە ماڵتاییەکەش (داڤینە کارونا گالیزا) هەروابووە و ماوەیەک بەر  لە تیرۆرکردنەکەی زیندانی کراوە. دووبارەبونەوەی بەجۆرێک هەمان فیلمە بۆ هەموو ئەو ژورنالیستانەی بنکۆڵکارییان کردووە لەسەر بازاڕە نهێنییەکانی کۆکردنەوەی سەرمایەوفێڵ وتەڵەکەبازییەکان وقۆرخکارییەکان وچاوچنۆکیەکان. ئەم تیرۆرانە بە بەرنامە و بەتاکتیک و بەشێوازێکی  پلان-بۆداڕێژراو ئەنجامدەدرێن و سڕینەوەی شوێنەواریشیان هەروا.

بەرگریکردن لە ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیـیە سیاسیەکان، خاوەنداریکردنە لە گیانبەختکردوانت. هەروەک (یان کۆجیاک) و (داڤینا)، ژورنالیستەکانی ئێمەش؛ بۆ بەرگریکردن لە مافی گشتی، نوسین و ڕاپۆرتەکانیان لەسەر گەندەڵی و دزی دەسەڵاتداران  ئامادەکردبوو، بۆیە تیرۆرکران.

لیستی تیرۆرەکانی لای ئێمەش یەکجار دورودرێژە و ئەم خوێنە هەر لەبەری دەڕوات. ئەو توانا و بەهرە ئینسانیانەی کە لە هەرەتی لاویدا ڕوناکیان دەبەخشیەوە، ژیان و سیاسەت و فەرهەنگیان، پڕ ماریفەت و هۆشیاری دەکرد. لە (نەزیر عومەر) و (ڕەئوف ئاکرەیی) و (سەلاح هەورامی) و (فەرهاد فەرەج) و (سەردەشت عوسمان) و (کاوە گەرمیانی) و (وەدات حسێن) و دەیانی تر هەمویان لەمانگە جیاوازەکانی ساڵەکانی دەسەڵاتدارەتی حکومەتی هەرێمدا، خوێنساردانە گولـلەباران  کران و فڕێندران و تەرمەکانیان لە قەراخ جادەکان  فڕێدران. ئەم دۆسیانە، پێویستە و زۆر پێویستە بەکردەوە و بەزیندوویی و لە دڵە نەسرەوەتەی عەتدالەتخوازیدا هەمیشە کڵپە بکات.

ئەم  دۆسیەیە، دۆسیـیەیەکی یەکجار گرنگ و هەستیارە و پەیوەندیـیەکی بنەڕەتی هەیە بەو گۆڕانکارییانەی کە لە کۆمەڵگای  کوردستاندا ڕوودەدەن. نابێت ببێتە سەرمایەی سیاسی، و هەلپەرستانە بەکاربهێنرێت بۆ بەشداری لە سیستەمی حوکمڕانی و بەدەستهێنانی کورسی پەرلەمانی و خۆکردن بە شەریکە دز.

گوشارەکان بۆیە لە وڵاتان سەرکەوتوبوون بەتایبەت لە حاڵەتی (یان کوچیاک)دا، بزوتنەوەی ئازادیخوازی ماندوو نەبوون و سەرسەختانە و بەبێ هیچ بێنەوبەردەیەک داوای ڕاستی ڕوداوەکەیان دەکرد. بزوتنەوەی ئازادیخوازی هەموو دانوستان و ناوبژیوانێکی لەسەر ئەم دۆسیەیە ڕەد دەکردەوە. لەلایەکی ترەوە میدیاکار و دەزگا میدیا گەورە جیهانیەکانی وەک گاردیان و نێۆرک تایمزوئەڵمانی زمانەکان ببونە تیمی بەرگریکار و ڕووهەڵماڵراوی دەسەڵاتداران.

لێرەوە بەڕای من پێویستە کەسوکار و هاوڕێـیانی گیانبەختکردوانی کردەوە تیرۆریستیـیەکان، ژورنالیستەکان و ئازادیخوازان و کۆمۆنیستەکان و زوڵملێکراوانی دەستی تیرۆر، سەرسەختانە و بە پلان و ئاگاهانە بۆ دۆزینەوە و لێپرسینەوە و دادگایی و سزای تاوانباران،کۆڵنەدەن وسوربن لەسەری.




لە زیندانەوە بۆ زیندان.. زاهیر عەبەڕەش

پاژی یەکەم

وێنەی کۆچبەر لە شانۆی کۆچبەران ـ ی سلاڤۆمیر مرۆژێک:
پێشەکی: هەڵبەت ئەم نووسینە لێکۆڵینەوەیەکی درێژە سەبارەت بە نوسەری پۆلۆنی سڵاڤۆمیر مرۆژک، شانۆی کۆچبەران و سەرهەڵدانی شانۆی ژوور. پاژی یەکەم هەم نوسینێکی سەربەخۆیە و هەم پێشەکیە بۆ لێکۆڵینەوەکەم.

شانۆی کۆچبەرانم لە ستۆکهۆلم و فێستیڤاڵی شانۆیی خوریبکە لە وڵاتی مەغریب بە زمانی سویدی نمایش کرد، کە بووە جێی ڕەزامەندی بینەران، وەک دەرهێنەر و دراماتۆرگی شانۆیی کۆچبەران خەریکی خوێندنەوە، کنە پشکنین و قۆڵبوونەوە بووم لە سەر ژیانی مۆرژک و هۆکاری نووسینی تێکستەکەی. پرسیار گەلێک هاتنەپێش وەک ئەو هەل و مەرجانە چین کە ئەم تێکسستەکەی تێدا نووسراوە؟ کیشەی کۆچبەران؟ بارو دۆخی ئەو دەمەی وڵاتی پۆلۆنیا چۆن بووە؟ گیروگرفتەکانیان، هۆکاری پاڵنەر بۆ کۆچ کردن چیە؟
بەگوێرەی زانستە کۆمەڵایەتیەکان کۆچکردن دوو هۆی هەیە
یەکەمیان: هۆکارە پاڵنەرەرکانی، لەو وڵاتەی لێیەوە هەڵدێیت
دووەمیان هۆکارە ڕاکێشەرەکانی ، ئەو وڵاتەی بۆی هەڵدێیت
کە لە بەردەوامی نووسینەکەمدا تیشک دەخەمە سەر ئەو دوو هۆکارە.
وڵاتی پۆڵۆنیا کە ئێستا یەکێکە لە ئەندامانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا وناتۆ جێ و پایەی خۆی هەیە و هەروەها مەقامی خۆی هەیە لە پەرلەمانی ئەوروپادا . بۆچی خەڵکانێکی زۆر کۆچیان لەووڵاتەدا کرد بوو؟ مرۆژک دەیەوێت بڵێ چی لە پشت ئەم تێکستەوە؟ تێکستی کۆچبەران چ دەنگدانەوەیەک و کاریگەریەکی هەبوو لەوکاتەی وڵاتی پۆلۆنیادا؟ تا چەند پرسی کۆچبەران تازەکورەیە (ئەکتوێلە)؟ شتێکی ڕوونە لەهەرشوێنێک ناعەدالەتی هەبوو نەخۆشیە دەرونیەکان، خەمۆکی، سترێس، تراوما هەیە، جا چۆن بە چ شێوەیەک خەڵک گوزاشت لەو نیگەرانی و گرفتانە و دردۆنگیانە دەکات، هەندێک جار بەجێهێشتنی وڵات وەڵامدانەوەیەک و گوزارشتێکە لە دردۆنگی و گرفت، لەو توندوو تیژیی و نادادپەروەرییەی لە وڵاتی کۆچبەردا هەیە. کۆچ ئەو ساتەیە، کە قسە کۆتایی هاتووە. شۆڕشێکی سپیە خەڵک چەک هەڵناگرێت بەڵکو جانتاکەی هەڵدەگر‌یت و کۆچ دەکات. کالیفادی نوسەری یۆنانی، دەیگوت مرۆڤ هەمیشە تاسە دەکات، یان بۆ ئەوەی لە شتێک ڕزگاری بێت یان بەدووی شتێکدا وێڵە. ئەم دووانەش بارتەقای یەکترن.
لێرەوە دەتوانین بڵێین کۆچبەران جەوهەری ئەزموونی مرۆڤە و مێژووی مرۆڤەیەتی لە مێژووی کۆچ جیا نابێتەوە. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکانی ساڵی 2024 ی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی (IOM) ئاماژە بەوە دەکەن 304 میلیۆن کۆچبەرهەیە لە جیهاندا. ئەم ژمارەیەش کۆی (3.7٪ی) دانیشتوانی جیهانن. هۆکارەی پاڵنەری یەکەم: ئەم کۆچکردنە لە هۆکاری سیاسی، ئابووری، ناسەقامگیریەوە هتد سەرچاوە دەگرێت، لەوانە نادادپەروەی، نەبوونی ئازادی، شەڕ و ململانێی ناوچەیی و شەڕی ناوخۆی جۆراوجۆر، ئەو کۆچبەرانەی لە وڵاتانەوە هەڵهاتوون کە وڵاتەکانیان گۆشەگیر و دیکتاتۆرن و یان بە هۆکاری ئابووری و کۆمەڵایەتی و ژینگەییەوە کۆچیان کردووە. شانۆیی کۆچبەران لە سروشتیە هەمالایانەوە سەرچاوە دەگرێت.
جێی سەرنجە زۆر لە کۆچبەرانی پۆڵۆنیا ئامادەی نمایشە بوون وجێی ڕەزامەندیان بوو، چونکە مرۆژک سیمبۆپلێکی گەورەی وڵاتی پۆلۆنیایە، پێیان خۆش بوو کە دەرهێنەرێکی ڕۆژهەڵاتی چۆن مرۆژک دەخوێنێتەوە. بێگومان من لە پێشکەشکردنی نمایشەکەدا گۆڕانێکی بنەڕەتیم لە دیدی ئەودا کردبوو.

کۆچ و سیاسەت

دیاردەی کۆچکردن بۆ ماوەی چەند سەدەیەک بەشێک بووە لە دیمەنی کۆمەڵایەتی و کولتووری سیاسی پۆڵەندا. لە سەدەی بیستەمدا شارەزایانی ئەدەب تەنها بە پلەی یەکەم لە ڕوانگەیەکی سیاسییەوە ئەم دەقانەیان دەخوێندنەوە و شرۆڤەکرد، ئەمەش زۆرجار دەبووە هۆی ئەوەی کە بەهای هونەری نووسراوەکان کەم بێتەوە. دیاردەی کۆچکردن لە بەرهەمە ئەدەبیەکانی نووسەرە پۆڵۆنیەکانی تاراوگە نشین پانتایەکی زۆری لە ئەدەب و فەرهەنگدا داگیر کردووە. شانۆی کۆچبەران نموونەیەکی زیندووە، کە تەنها لە کات و شوێن و کەسانی دیاریکراودا سنووردار نییە. ڕوداوەکانی ئەم شانۆییە لە دەرەوەی زێدی مرۆڤە و لە هەموو شوێنێکە، فراوانگیرە بەردەوامیشی هەیە، بەشێکە لە کۆچی جیهانی و ژیانی دەربەدەری و ئاوەرەیی.
کازم حەبیب نوسەری ناوداری عێراق هەمان وتە دەبێژێت (نیشتمان دایکە، وڵاتی دەربەدەریش باوەژنە). بەڵام دەبێت دان بەوەدا بنێین کە لە زۆرجاران، نیشتمانی ڕاستەقینە دەبێتە باوەژنە دڵرەقەکە وتاراوگەش دەبێت دایکی میهرەبان، هەروەک ئەو عێراقی و کوردانەی سەردەمی دەسەڵاتی ملهوڕی و دیکتاتۆری دەسەڵاتی سەدام هەڵهاتن، یان ئەو کوردانەی کە لە دەستی ڕێژەمە توتالیتاری و زۆردارەکانی تورکیا و ئێران و سوریا هەڵهاتوون، وەک دایکێکی میهرەبان تاراوگە لە هەمبێزیان دەگرێت.
لە خوێندنەوەی ڕەخنەگراندا، ئەدەبیاتی کۆچبەران بە گشتی، وەک بەشێکی جیانەکراوە لە مێژووی ئەدەبیاتی پۆڵەندی لە سەدەی بیستەمدا سەیر دەکرێت، زۆرترین جار تێکەڵ بە گرێکوێرەی (paradigm) سیاسی دەکرێت و بەستراوەتەوە بە سیاسەتەوە، بە ڕاستییە سیاسییەکانەوە ڕوون دەکرێتەوە و لە ڕێگەی بەستێنە سیاسییەکانەوە دەخوێندرێتەوە لە ڕوانگەی هەڵوێستی سیاسیەوە نوسەرەکان هەڵدەسەنگێندرێت.( جۆزێف گارلینسکی لە ساڵی ١٩٨٦دا نووسیویەتی بێ سێ و دوو دەتوانم بڵێم:” ئەو کێشە بنەڕەتیانەی کە زۆرترین جار لەلایەن شارەزایانی ئەدەبیاتی پۆڵەندییەوە لەسەریان دەنووسرێت..ئەدەبیاتی کۆچکردنە و دەرئەنجامی ڕەچاوکردنی ئەم پارادایمەی کۆچکردنە بۆیە دەتوانرێت دیاری بکەین” ڕەچاوکردنی قۆناغبەندی، بیرۆکە و بابەت و دیاردەی کۆچبەری ناو ئەدەبیاتی کۆچبەریدا بدۆزرێتەوە. لە ڕوانگەیەکی وەهاوە، کە کۆچ و ئەدەبیاتی سیاسی، دوو دیوی یەک دراون، کە لە یەک کات و بە یەک دەستنووس نووسراون.

کۆچبەرانێک یان چاررەنووسی دردۆنگ.
کۆچبەران یان چارەنووسی لەدەستچوو.ڤلادیمێر بۆلێسکی دەڵێت ( پۆڵەندییەکان لە دەرەوەی وڵات هێشتا خۆیان بە کۆچبەر دەزانن و ڕەنگە حەزیان لەوە بیت هەربە کۆچبەر هەژمار بکرێن، بۆچی؟ یەکەم: هەمیشە و لە هەموو شوێنێک هەست بە خۆی باشتر بە ژیرتر لە خەڵکی ڕەسەن ئەو ڵاتەی تێدانیشتەجێیە دەزانێت.
دووەم – دەکەوێتە خەمۆکییەکی قووڵەوە، چونکە ئاگاداری بەکەم سەیرکردنی فەزیلەتە شەخسی و لایەنە باشیو پۆزەتیڤە نەتەوەییەکانی خۆیەتی لە سۆنگەی خەڵکانی وڵاتە نوێکەیەوە، لەبەر ئەوە ئەو وڵاتەی تێدا دەژی بە باوەژن دەچوێنێت. ئەم دیدە تەواو لە کارەکتەری xx ی کۆچبەراندا مرۆژکدا بەرجەستە دەبێت و لایەنی دەروونی کارەکتەرەکەیە، هەرچەندە کارەکتەرەکە، کەسێکی نەخوێندەوار و مشەخۆرە هەڵهاتووە بۆ وڵاتێکی ئەوروپی بەڵام هێشتا ئەو لوتبەرزییەی تێدایەوە ئەوانی تر بەکەم سەیر دەکات و نایەوێت تێکەڵ بە ژیان و ژیاری ئەو وڵاتە بێت کە هانای بۆ هێناوە.

پۆڵەندا و داگیرکاری
ئەگەر سەیری مێژووی داگیر کاری وڵاتی پۆلەندا بکەین ، دەبینین چەندین جار داگیر کراوە و لە نێوان ئیمپراتۆریەت و وڵاتە زلهێزەکاندا دابەشکراوە، ( مەغۆلەکان لە سەدەی سیانزەهەمدا، ١٧٥٠ کاندا، لە نێوان ڕوسیا و پروسیا، ئیمراتۆریەتی هاپسبۆرگ ـ نەساوی / هەنگاری فەرمان ڕەوایەتی ناپلیۆن ) لێرەدا دەمەوێت بەخێرایی ئەو دابەشکرایییەی بەسەر پۆلۆنیادا هاتووە بگێڕمەوە.() کرۆنۆلۆگی وڵاتی پۆڵۆنیایە کە چەند جار داگیر کراوە، بەڵام ئەوەی بۆ باسەکەی من گرنگە، داگیرکاریەکانی ئەڵمانیاو یەکێتی سۆڤێتە. دوای ئەوەی ناپلیۆن شکستی ھێنا دەوڵەتە سەرکەوتووەکانی جەنگ، لە ساڵی ١٨١٥ لە کۆنگرەی ڤێنا ڕێکەوتن لەسەر دابەشکردنی پۆڵەندا، پۆلۆنیایان وەک دەوڵەت سڕییەوە. پێش ساڵی ١٩١٤، زلهێزە گەورەکانی ئەورووپا لە نێوان دوو بەرەدا دابەش ببوون بەرەی یەکەم ( فەرەنسا و ڕووسیا و بەریتانیا ) بەرەی دووهەمیش لە هاوپەیمانی ( ئەڵمانیا و نەمسا-مەجارستان و ئیتالیا ) پێکهاتبوو. کاتیکیش شەڕی یەکەمی جیهانی لە ساڵی ١٩١٤هەڵدەگیرسێت، لە نێو ئەو دووبەرەیەدا، بەرەی ئیمپراتۆریەتی ئەڵمانیا پۆڵەندا داگیر دەکات. دوای وەستانی شەر ساڵی ١٩١٨، لە ٢٨ی حوزەیرانی ساڵی ١٩١٩ لە کۆشکی ڤێرسای لە پاریس لایەنە شەڕکەرەکان پەیمانی ڤێرسای مۆردەکەن. هەر لە بەندەکانی ئەم پەیمانەدا دان بەسەربەخۆیی کۆماری پۆڵەندا دەنرێت کە لە ساڵی ١٩١٨دا لە نێوان ساڵانی جەنگی جیھانیی یەکەم کۆماری پۆڵەندا ڕاگەیەندرا.. لەم پەیماننامەیەدا ئەڵمانیا بەرپرسیارێتی یەکەمی جەنگی گرتە ئەستۆو چەند ئیمپراتۆریەتێک هەڵوەشانەوە. ئەمەش نارەزایەتیەکی زۆری ھاوڵاتیانی ئەو وڵاتانەی لێکەوتەوە ، یەکێک لە دەرهاویشتەکانی دواتر بووە ھۆی سەرھەڵدانی نازیەکان لە ئەڵمانیا. ئەو ماوەیەی کە کەوتە نێوان دوو جەنگی جیھانی یەکەم و دووەم، واتە لە نێوان ساڵانی ١٩١٩–١٩٣٩ وڵاتی پۆڵەندا تووشی بارودۆخی ناسەقامگیری سیاسی و ئابووری بووە، لاوازی و بێھێزی پۆڵەندا وای کرد کە نەتوانێت ڕووبەڕووی مەترسی بەردەوامی ھەر دوو دەوڵەتی ئەڵمانی و سۆڤیەتی ببێتەوە. ١ی سێپتەمبەر ١٩٣٩ ئەڵمانیا لەبەری باکور و باشورەوە ھێرشی کردە سەر پۆڵەندا، لە ئەنجامدا شەڕی دووەمی جیهان هەڵدەگیرسێت و یەکێتی سۆڤێتیش لەبەری خۆرهەڵاتی پؤلۆنیاوە هێرشی بۆ ئەڵمانیا کرد، فەرەنساش شەڕی لەگەڵ ئەڵمانیا ڕادەگەیاند. ئەڵمانایش بۆ ئەوەی لە دوو بەرەوە لێی نەدرێت، لە هەمان مانگی ئۆکتۆبەردا، لە کۆتایی هەمان مانگدا بەپێی پەیمانی مۆلۆتۆڤ – ریبینترۆپ پۆڵەندا لە نێوان ئەڵمانیا و یەکێتیی سۆڤیەت دابەشکرا. ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩٤١ جەنگی بەرامبەر یەکێتی سۆڤیەت ڕاگەیاندەوە و توانی دەست بەسەر خۆرھەڵاتی پۆڵەندا دابگرێت کە ھێزەکانی سۆڤیەت پێشتر داگیریان کردبوو. لە ژێر دەسەڵاتی نازییەکان ژیانی ڕۆژانەی پۆڵەندییەکان بەشێوەیەکی دراماتیکی گۆڕا لە ژێر دەسەڵاتی نازییەکان. سیاسەتی توانەوەی میللی ” بە ئەڵمانی کردن و تواننەوە ” جێبەجێ کرا، کە تیایدا زمان و کولتووری پۆڵەندی قەدەغە کرا. سیستەمی پەروەردە داخرا، زانکۆکان و ناوەندە کولتوورییەکان وێران کران. لە کۆتایی 1944 و سەرەتای 1945دا، سوپای سوور پۆڵەندای لە دەست نازییەکان ڕزگار کرد. بەڵام ئەم “ڕزگارکردنە” بووە هۆی داگیرکارییەکی نوێ. بەپێی ڕێککەوتنی یاڵتا، پۆڵەندا کەوتە ژێر داگیرکاری سۆڤیەت و حکومەتێکی کۆمۆنیستی بەسەریدا سەپێنرا. پۆڵەندا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە زۆرترین وێرانکرای لە جەنگی جیهانی دووەم. لە ساڵی 1939 تا 1945، ئەم وڵاتە بووە گۆڕەپانی شەڕ و داگیرکاری، کوشتار و وێرانکاری. پۆلۆنیا یەکێک لەو وڵاتانە بوو کە زۆرترین زیانی لە جەنگی جیهانی دووەم پێگەیشت، نزیکەی شەش میلیۆن پۆڵۆنی تێدا کوژران کە دەکاتە (نزیکەی ١٦-١٧%ی کۆی دانیشتوانی پۆڵۆنیا). پاش جەنگیش دەستگیرکردن و ڕاوەدوونان بەردەوام بوو تا ساڵی ١٩٨٩. ئامانجی ئەو داگیرکاریانەش نەھێشتنی کلتووری پۆڵەندا و ملکەچکردنی گەلەکەی بوو. فەرهەنگی خەڵک و کولتوری پۆلۆنیا بەردەوام لەگەڵ دوو ئاراستەی دژ بەیەک بوون ئاڕاستەکردنی ناسیۆنالیستی وسۆسیالیستی. یەکێتی سۆڤیەت بۆ درێژکردنەوەی دەسەڵات و نفوز و ئاسایشیی نەتەوەتی خۆی کەوتە دروستکردنی رێکخستن و پارت وحکومەتی کۆمۆنیستی، ئامانجی ستراتیژی یەکێتی سۆڤیەت سیاسەتی کۆنترۆڵکرکردنی کۆمەڵایەتی و ئابووری نیشتمانی ناوچەکە بوو ئەوەش کارێکی زۆر خراپی دەکردە سەر فەرنگی کۆمەڵاتیەتی پۆڵۆنیەکان، ئەمە بووە هۆی بەرپەرچدانەوە، یەکەم گروپیش کە بەرهەڵستی کاری سۆڤیەت بوو، ڕۆشنبیران و ئەدیبان بوون، لەبەر ئەوە ئەوان یەکەم گروپ بوون کە بەر شاڵاوی قڕکردن کەوتن لایەن کۆمۆنیستەکانەوە، زۆربەی ئەو کەسایەتییانە کە لەلایەن سوڤیەتەکانەوە کوژان ئەوانە بوون کە لە ناوەندە زانستی و کولتوریەکان بەرچاو کاریگەر بوون بەشێکـیان ئینتەلیکتیول، ڕۆشبیر، مامۆستا، پزیشک، هونەرمەند، موسیکزان وشانۆکارو چالاکوانان بوون. بەشێکیشیان بۆ سیبریا دوورخرانەوە ، ئەوانەش کە توانیان خۆیان دەرباز بکەن هەڵهاتن بۆ وڵاتانی دیکەی ئەوروپا ومەکسیک وئەمریکا. ڕۆشبیرە سیاسیەکانی پۆڵەنداش لە وڵاتی بەریتانیا بانگجاڕی حکومەتێکیان لە تاراوگە کرد. هەندێک چالاکی سیاسی و فەرهەنگیان بە نهێنی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی سۆڤیەتدا ئەنجام دەدا. لە مانگی ئابی ٢٠٠٩ توێژەرانی پەیمانگای یادکردنەوەی نیشتمانیی پۆڵەندا، ژمارەی قوربانیانیەکانی ئۆپراسسیۆنەکانی ئەڵمانیا (بە جوولەکەکانی پۆڵەنیایشەوە) لە نێوان ٥٫٤٧ بۆ ٥٫٦٧ ملیۆن (بەھۆی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەڵمانیا) وە قوربانیانی ١٥٠ ھەزار (بەھۆی سۆڤیەت)ەوە خەمڵاند، سەرجەم قوربانیەکان کە دەکاتە نزیکەی ٥٫٦٢ و ٥٫٨٢ ملیۆن بەکۆی بە گشتی. گەورەترین کۆمەڵکوژی لە کاتین بوو لە بەهاری ١٩٤٠ کە “کۆمیساریای گەل بۆ کاروباری ناوخۆ” ” NKVD “نزیکەی ٢٢ هەزار پۆلۆنی لە ئەفسەرو ڕۆشنبیران و هونەرمەندانی پۆلەندای لە (کۆمەڵکوژی کاتین) کۆمەڵکوژ کران، لە نێوانیاندا نزیکەی لە ٢٠٠ کەسیان یان شانۆکار بوون. هەڵبەتە ژمارەیان زۆر زۆرە ناکرێت ناوی هەموویان بنووسین، دەستەی قوربانیەکانی لاتین لاپەڕەیەکیان هەیە من لێرەدا حەز دەکام. ئاماژە بە چەند کەسێکیان بکەم (*)
ــ ڤلادیسلاڤ سێبیلا (١٩٠٢-١٩٤٠) – شاعیر، ڕەخنەگر، ئەندامی بازنەی ئاڤانگاردی ئەدەبی پۆڵەندی.
ــ زیگمۆنت ماریان لۆتۆکی (١٩٠٤-١٩٤٠) – نووسەر و شاعیر، چالاک لە بازنەکانی ئەدەبی نێوان جەنگەکاندا؛ لە کاتین کوژرا.
ــ ماریان ڕێنتگن (ماریان ئەنتۆنی گونتنەر) (١٨٨٨-١٩٤٠) – ئەکتەری بەناوبانگی شانۆ و سینەما؛ ئەفسەرێک لە یەدەگەکەدا، لەلایەن سۆڤیەتەکانەوە زیندانیکرا و لە کاتین لەسێدارەدرا.
ــ ولادیسلاڤ سێبیلا (1902-1940) — شاعیر و ڕەخنەگری ئەدەبی؛بەهاری ساڵی ١٩٤٠ لەسێدارەدراوە.
ــ زیگمۆنت ماریان لۆتۆکی (1904-1940) — نووسەر(و کەسایەتی وەرزشی
ماریان ڕێنتگن / ماریان ڕێنتگن-گونتنەر (1888-1940) ئەکتەر.
ــ برۆنۆ شوڵزبە (١٢ی تەمموزی ١٨٩٢ – ١٩ی تشرینی دووەمی ١٩٤٢) نووسەروهونەرمەند و ڕەخنەگری ئەدەبی و مامۆستای هونەری پۆڵەندی بووە.
ــ تادێوس بۆی-زێلێنسکی (1874-1941) نووسەر، شانۆنامەنووس و وەرگێڕ.
ــ ستیفان جاراکز (١٨٨٣-١٩٤٥) بەناوبانگترین ئەکتەر و دەرهێنەری شانۆ، ئەوکاتە.
ــ یوجینیۆس شڤیرچیڤسکی (١٩٠٩-١٩٤٤) – دەرهێنەر و ئەکتەری شانۆ، چالاکوان، لەلایەن ئەڵمانییەکانەوە لەسێدارەدرا.
زۆر نووسەری تر دووچاری هەڵهاتن هاتن لەوانە
ــ نوسەری بەناوبانگ خاوەنی براوەی نۆبڵ، چێسلاڤ میلۆسز. ( ٣٠ی حوزەیرانی ١٩١١ ــ ١٤ی ئابی ٢٠٠٤ لە شاری کراکۆڤ کۆچی دوایی کرد)
ــ ١٩٧٨ کەسایەتی بەنێوبانگ کارۆڵ ڤۆیتیلا کراکۆڤ، پاشان لە ساڵی ١٩٧٨ وەک پاپای فاتیکان هەڵبژێردرا، نازناوی جۆن پاوڵس دووەمی هەڵبژارد
ــ سلاڤومێر مرۆژێک ١٩٦٣ پۆڵۆنیای بەجێ هێشت لە پێشدا بەرەو مەکسیک هەڵهات و لە پاشاندا لە فەرنسا گیراسایەوە
ــ چیسلاڤ میلۆس (لە ساڵی ١٩٥١ داوای مافی پەنابەری لە فەرەنسا)،
ــ مارێک هلاسکۆ (لە ساڵی ١٩٦٦ کۆچی کرد بۆ لۆس ئەنجلۆس)
ــ لێسزێک کۆلاکۆڤسکی (لە ساڵی ١٩٦٨ ناچار بووە کۆچ بکات).

ژمارەکەیان زۆر زۆرە و ناکرێت ناوی هەموویان بنووین.
ڕۆشبیری لەسەردەمی داگیرکاریدا

کۆمەڵناس تادێوس پیۆترۆڤسکی دەڵێت ھەردوو دەسەڵاتی داگیرکەری نازی و سۆڤێتی دوژمنی سەروەری پۆڵەندا و گەلەکەی و کولتوورەکەی بوون و ئامانجیان دروست کردنی نەوەیەکی بێ فەرهەنگ و لەناوبردنی گەلەی بوون، کتێبخانەو زانکۆکان و سینەما و شانۆکانیان داخست، تەنها بۆ بانگەشەی سیاسەتی خۆیان جاروبار دەیانکردەوە.
کتێب و ژورنال و بڵاوکراوەکان بە فیلتەرێکی زۆردا تێدەپەڕین، هەر نوسینێک و نمایشێک ناوەرۆکێکی سیاسی یان نەتەوایەتی هەبوایە، ئەوا وەک تاوان سەیر دەکرا، سزای بەدواوە بوو، ئەو نووسەرو ڕۆشنبیرانەی کە لەگەڵ سیاسەتی داگیرکەراندا نەبوون خۆیان نەدەدا بەدەستەوە، دەگیران و حکوم دەدران یان ناچار دەبوون بەرەو تاراوگە هەڵبێن. لە ژێر داگیر کاری سۆڤیەتدا دەزگایەکی کولتوری بەنێوی سۆسیالیست ریالیزم بۆ پشتیوانی لە ئایدیۆلۆجیای کۆمۆنیستی دامەزرا، ئەمەش وای کرد هزر و خەیاڵ و فەنتازیای هونەرمەندان لە قاڵب بدرێت

فەرهەنگی ژێرزەمینی
پۆڵۆنیەکان بۆ بەرانگاربوونەوەی ئەو داگیرکاریە کولتوریە ژینگەیەکی تریان بۆ فەرهەنگی خۆیان دروست کرد پێیان دەگوت ” فەرهەنگی ژێرزمین” (underground culture) چونکێ سەرجەم زانکۆ و کۆلیژەکان زۆرێک لە قوتابخانەکان داخران، تەنانەت خوێندنی باڵاشیان لێ قەدەغەکرا، بەشێکی زۆر لە مامۆستایان دەستگیرکران لەسێدارا دران، ئامانج ئەوەبوو پۆڵۆنیەکان لە ئاستێکی نزمدا بمێننەوە، بەهۆی نەبوونی ئازادییەوە “کلتووری ژێرزەمین” مانایەکی زۆر گرنگ و تایبەت وەردەگرێت. ئەویش مەبەست چالاکییە ڕۆشنبیری و فیکرییە نهێنییەکان بوو وەک بەرەنگاربوونەوەیەک بەرامبەر بە چەوساندنەوەی نازی و دواتر یەکێتی سۆڤیەت، وەڵامدانەوەیەک بوو بۆداگیرکەران. جەوهەری کولتوری ژێرزەمینی لە سەردەمی داگیرکاریدا پرۆسەیەک بوو ناویان لێنابوو” تاژنە کۆمپلێتی” (Tajne komplety) ، تاژنە کۆملێتی، زاراوەیەکی پۆڵەندی بوو بۆ ئەو چالاکییە پەروەردەییە نهێنیایەکان کە لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا لەلایەن مامۆستایان و خوێندکارانی پۆڵەندییەکانەوە ڕێکخرابوو واتای پۆلی نهێنیەکان، فێرگەی نهێنی، یان کلاسی نهێنی، یان تەواوکردنی خوێندنی نهێنی، سیستەمێک بوو بۆ پەروەردە. بەهۆی کلاسی نهێنیەوە دەیان هەزار گەنج توانیان درێژە بە خوێندن بدەن سەرەڕای هەوڵی نازییەکان بۆ بنبڕکردنی کولتوور و ڕۆشنبیری پۆڵەندا.ئەمە بوو بە هێمای بەرخۆدان و ناسنامەی نەتەوەیی. ئەم پۆلە نهێنیانە بە گروپی بچووک لە ماڵە تایبەتەکاندا بەڕێوە دەچوو، مامۆستایان وانە نهێنیەکانیان لە ماڵە تایبەت،کلێسادا، یان لە شوێنە شاراوەکانی تردا ڕێکدەخست، خوێندنیان لە هەموو ئاستەکاندا پێشکەش بە خوێندکارە پۆڵۆنیەکان دەکرد، لە قوتابخانەی سەرەتاییەوە تا زانکۆ، بە مەبەستی پاراستنی کولتوری پۆڵەندی و دابینکردنی زانست و زانیاری بوو. بەو پێیەی ئەڵمانییەکان و سۆڤێتیتیەکان خوێندنی باڵایان بۆ پۆلەندییەکان قەدەغە کردبوو، پەروەردە هەموو شتێکی گرتەوە لە قوتابخانەی بنەڕەتی تا ئاستی زانکۆ. تەنانەت پزیشکی و یاسا و زانستە مرۆییەکانیش.
دەیان هەزار خوێندکار بەشداریان لەم فیرگانەدا کرد و زۆرێک لە ئەکادیمیستە بەناوبانگەکانی پۆڵەندا بە نهێنی وانەیان لەم فێرگانەدا دەگوتەوە. خوێندکار بڕوانامەی ڕاستەقینەی وەردەگرت، دوای جەنگ زۆربەیان لەلایەن زانکۆکانی پۆڵەندا بەشێوەیەکی فەرمی بەڵگەنامەکانین ناسێنران دانیان پێدا نرا.

چاپەمەنی و ئەدەبی ژێرزەمین
لەم بارو دۆخەدابوو چاپەمەنی ژێرزەمین سەری هەڵدەدات، ڕۆژنامە یاساغکراو، نامیلکە و کتێبی قەدەغەکراو چاپ دەکرا و لە وارشۆ و شارەکانی دیکە دابەش دەکران، پێشانگا دەکرایەوە، شانۆ نمایش دەکرا کۆڕو کۆبونەوەی ئەدەبی سازدەدرا، بەڵام ئەمانە هەمووی بە نهێنی دەکران، شانۆکاران وازیان لە پێشکەشکردنی بەرهەمە کلاسیکیەکان دێنن و بەرهەمی تازەی نووسراو پێشکەش دەکەن، مۆسیقاژەنەکان نمایشی نهێنیان ڕێکدەخست، ئەم چالاکیانە لە شوێنی تایبەت و شاراوەدا سازدەکران ، بۆ ئەوەی کولتوری پۆڵەندی زیندوو بهێڵنەوە. بەرخۆدانی ئەدەبی بوو بەرهەمەکانیان گوزارشت لە بەرهەڵستی و هیوا و ناسنامەی نەتەوەیی دەکرد. واتا، کولتووری ژێرزەمینیی لە پۆڵەندا لە سەردەمی داگیربوونیدا بوو بە خەباتێک بۆ پاراستنی شوناس و زمان و کولتووری نەتەوەیی، لە ژێرزەمینەکاندا و لە سەرزەمینەکانیش داگیرکەران هەوڵی سڕینەوەی دەدا. ئەمە بارتەقای شەڕی گەریلا بەشێک بوو لە بەرخۆدانی چەکداری، بەڵام لە بەرەی فیکری و ڕۆشنبیریدا. کولتوری ژێرزەمین و چالاکیە ڕۆشنبیرو هونەرییەکان دەبێتە ڕێگایەک بۆ پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ.
ئەو جموجۆڵە فۆرم و شێوەیەکی وایگرتبوو کە پییان دەوت، دەوڵەتی ژێرزەمینیی پۆڵەندا. ساڵی١٩٤٥ دوای کۆتایی هاتنی جەنگ، زۆرێک لەوانەی بەشدارییان لە کولتوری ژێرزەمیندا کردووە، دەبنە پێشەنگ لە بنیاتنانەوەی ژیانی کولتووری پۆڵەندادا. لەم کاتەدا کە ڕژێمی سوڤیەت بەردەوام دەبێت نەریتی خەباتی ژێرزەمینی گەشە دەسەنێت و فۆرمێکی نوێ دەردەکەوێت.
“کلتووری ژێرزەمین” مانایەکی زۆر تایبەت و گرنگی وەرگرت. فەرهەنگی ژێرزەمینی بەمانا کولتوور مۆدێرنەکە نەبوو، بەڵکو باسی چالاکییە ڕۆشنبیری و فیکرییە نهێنییەکان بوو وەک بەرەنگاربوونەوەیەک بەرامبەر بە چەوساندنەوەی نازی و دواتر سۆڤیەت.
لێرەدا تێڕوانینێکی گشتی ڕوون بۆ کولتوری ژێرزەمین لە پۆڵەندا لە سەردەمی داگیرکاریدا دەخەینە ڕووبەشە گرنگەکانی کولتوری ژێرزەمین

  1. زانکۆ نهێنییەکان (“Tajne komplety”) فێرگەیەکی تەواو بوو، هەم زانستە مرۆییەکان و هەم زانستە سروشتییەکان و هەم پزیشکی دەوترێتەوە. هەزاران خوێندکار و چەندین پرۆفیسۆر بەشداریان تێداکردبوو.
  2. چاپەمەنی و ئەدەبی ژێرزەمین ڕۆژنامە و نامیلکەی نایاسایی چاپ دەکران و بە نهێنی دابەش دەکران. دانیشتووانی پؤلۆنیا لە هەواڵەکان ئاگادار دەکرایەوە، هیوای پێبەخشی. ئەدەب (شیعر، کورتە چیرۆک، وتار) زمان و ناسنامەی نەتەوەیی پاراست.
  3. ئاهەنگی مۆسیقا و نمایشی شانۆیی بەنهێنی لە ماڵە تایبەتەکان و شوێنی شاراوەکان پێشکەش دەکرا، ئەکتەرەکان بەرهەمی قەدەغەکراو و شیعریان دەخوێندەوە. مۆسیقای شۆپین مانای تایبەتی و ڕەمزی وەرگرت.
  4. بەرهەمهێنانی هونەری نهێنی و هونەری بینراو و هێماسازی، کە سەرتاپا شەقامەکانی پۆلۆنیایی گرتەوە وەک هێمای (وەک کۆتویکا – “لەنگەری”) وەک نیشانەی بەرخۆدان لەسەر دیوارەکان نەخشێنران.
  5. پەروەردە و ڕۆڵی منداڵان قوتابخانەی نهێنی بۆ خوێندکارە بچووکەکان زۆر گرنگ بوو چونکێ منداڵان فێری زمانی پۆڵەندی و مێژوو و کولتوور بوون، سەرەڕای قەدەغەکردنەکە.
    6- گەشەپێدانی ناسنامەی نەتەوەیی و چالاکییە فەرهەنگیەکان وەک بەشێک لە شەڕی داگیرکاری سەیر دەکران. قسەکردن بە زمانی پۆڵەندی و خوێندنەوەی کتێبی پۆڵەندی و وتنی گۆرانی پۆڵەندی بوون بە کردەی سیاسی، ئەمە پێکەوە بەرخۆدانێکی فیکری و کولتووری پێکدەهێنا کە بەقەد خەباتی چەکداری گرنگ بوو، ڕۆحی میللەتی دەپاراست کاتێک دەوڵەت خۆی ژێردەستە بوو.
    لە دەوڵەتی ژێرزەمیندا هونەرمەندانی ئەودەمە پیشبڕکێیەکان ساز کرد بۆ دروستکردنی سیمبوڵێک کە هێمابێت بۆ بەرخۆدانی گەلی پۆلۆنیا،بۆ ئەمە لۆگۆ و سیمبۆلێکیان هەڵبژارد بەناوی کۆتیک، ئەم سیمبوڵە لە شێوەی لەنگەرێکدایە ئەو پەیامە دەگەیەنێت کە پۆڵەندا ڕاوەستاوە و شکستی نەهێناوە، کۆتیکا بەمانای پۆڵۆنیا بەرەنگارە و شەڕ دەکات، کە یەکێک بوو لە هێما هەرە گرنگەکانی بزووتنەوەی بەرخۆدان لە پۆلۆنیا، پێکهاتووە لە تێکەڵەیەک لە پیتەکانی P و W کە کورتکراوەی ” Polska Walcząca”” بە زمانی ئنگلیزی Fighting Poland.
    دەرکەوتنی ئەو هێمایە لەسەر باڵەخانەکانی وارشۆ و شارەکانی دیکە، بوو بە نیشانەیەکی بەهێزی بەرخۆدان و هۆکارێک بۆ ئەوەی مۆڕاڵی دانیشتووان بە بەرزی بمێنێتەوە. دواتر کۆتیکا بوو بە هێمایەکی نەتەوەیی بۆ ئازایەتی و نیشتمانپەروەری و بەرەنگاربوونەوەی ستەم. ئێستاش سیمبوڵێکی گەورەی بەرەنگاربوونەوە و چالاکوانانە.
    دەرەنجام
    جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر پۆڵەندا بەجێهێشت. نزیکەی 6 ملیۆن هاوڵاتی پۆڵەندی (بە جوولەکەکانیشەوە) گیانیان لەدەستدا، 3 میلیۆن خەڵکی ئەو وڵاتە دەربەدەربوون، زۆربەی شارەکان وێران بوون و ئابووری وڵات تێکشکا. سەرەڕای ئەمانە، پۆڵەندا توانی لە دوای جەنگ خۆی بنیات بنێتەوە و ئەمڕۆ یەکێکە لە وڵاتە گرنگەکانی یەکێتی ئەوروپا. کە بزووتنەوەیەکی شانۆو فەرهەنگی بەهێزی تێدایە. ئەو ڕۆژەی کە لە کوردستان ڕاپەڕین دەبێت، هەر ئەو ڕۆژە ساڵی ١٩٩١ هەر ئەو ڕۆژە دوای هەڵبژاردنی یەکەم پەرلەمانی دوای ڕووخانی کۆمۆنیزم. سەربازانی سۆڤیەت دەست دەکەن بە جێهێشتنی پۆڵەندا.کۆمەڵگەی کولتوری دیاسپۆرای پۆلۆنی تا سەدەی بیستەم بەهێزترین دیاسپۆرا بوو لە تاراوگەدا. ئەوان هەوڵێکی زۆریان دا بۆ ئەو کەسانەی کە لە زێدی خۆیان بۆ ئەوروپاو ئەمریکا و کەنەدا هتد هەڵدەهاتن لە دام و دەزگا فەرمیاکانی هاوکاریان دەکردن ، هەتا ئێستاش چالاکترین رێکخراو و ئینستیوتی فەرهەنگیان لە ئەوروپادا هەیە. هەروەها ١٠ ساڵ دوای بەجێهێشتنی سۆڤیەت لەساڵی ٢٠٠١ پۆڵەندا ڕێگەی بە هاوڵاتیان دا کە داواکاری پێشکەش بکەن بۆ بینینی ئەو فایلانەی کە لە سەردەمی کۆمۆنیستەکاندا لەلایەن پۆلیسی نهێنیەوە بۆیان کرابووە.

پەراوێز
() کرۆنۆلۆجیەک لەسەر داگیرکردنی پۆڵەند https://www.bbc.com/news/world-europe-17754512 (*) دەستەی قوربانییەکانی پۆلۆنیا، لاپەڕەیەکی تایبەت بە خۆیان هەیە کە لەلیستەکەدا ناویان تۆمار کراوە بە ناوی کۆمەڵکۆژی کاتین. ئەمەی خوارەوە ناوی قوربانیەکانی کۆمەڵکوژی کاتینە.(katyn.ipn.gov.pl)
https://katyn.ipn.gov.pl/kat/form/229,Lista-katynska.html




سەردەمەكانی مێژووی فەلسەفە.. ئامادەكردنی كارزان عزیز

دەكرێت مێژووی فەلسەفە بۆئەم سەردەمانەدەست نیشان بكەین.
یەكەم \ سەردەمی گریكی: لەسەرەتای فەلسەفەی گریكەوە تاكۆچیی دوایی ئەرستۆ درێژدەبێتەوە، ئەرستۆ لە ساڵی [384 پ.ز] لە دایك بووە لە سالێ [322 پ.ز] ماڵئاوایی بەیەكجاری لەژیان كردووە.
دووەم \ سەردەمی هێلینی: لە كۆچی دوایی ئەرستۆ وە بەردەوام دەبێت تاوەكو ئەفلاتۆنیزمی نۆێ، واتا لە نێوان سالێ [322پ.ز. – 500 زاینی ] دەگرێتەوە. لەم سەردەمەدا فەلسەفەی سكۆلائیزم [قوتابخانە گەرایی] ڕابردوو خوازی و فەلسەفەی بیرۆ و ئەبیقۆر و زەینون و ئەفیلیۆنین دەركەوتن. فەلسەفەی ئەم چەخە زیادەتر بایەخی بەپرسە مۆڕاڵیەكان و پڕۆسەی میتافیزیكا دەدات ….
سێیەم \ سەردەمی ناوەند: ئەم سەردەمە لەچەرخی قەشە ئۆگستینەوە دەست پێدەكات و تاوەكو سەدەی [11] درێژدەبێتەوە. فەلسەفە لەم سەردەمەدا زۆرتر بایەخی بەپرسەكانی ئایین دەدا، ئەوەش بەهۆی كۆنتڕۆڵكردنی ڕەهای كەنیسەوە بوو لەم قۆناغە… دوواتر، رۆجر بیكۆن [1220- 1292] ڕووبەڕووی ئەو جۆرە فەلسەفەیە وەستایەوە و هێرشی تووندی كردەسەر لاهوتیەتی سەردەمی خۆی، هوڵیدا ئاین و زانست و كار پێكەوە گرێبدات، بەسەر مەشقی زانستی ئەزموونگەرایی هاوچەرخ دادەنرێت.. پاشان بەرپەچدانەوە لاهوتیەت لەسەر دەستی [مارتن لۆسەر] [1483-1546]كۆپرنیكس و[1463- 1534]گالیلۆ [1564-1642] و میكاڤیلی [1469-1527]و جودان برۆنۆ [1548-1600] بەردەوام بوو ….
فەیلەسوفەكانی ئیسلام كە لە كیندی [800-1527] دەست پێدەكات و هەریەك لە فارابی [870-950] ئیبن سینا [980-1037] ئیبن ڕەشید [1126-1198] لەو سەردەمە ژیاون…
چوارەم \ سەردەمی ڕینسانس: لەم سەردەمە فەلسەفەی ڕۆشنگەری لە ئەورووپا پێشكەوت، تاوەكو سەردەمی [18]بەردەوام بوو، لەدایك بوونی ئەم سەردەمە پرۆسەیەكی ئاسان نەبوو، ئەم سەردەمەدەرەنجامی چەندین سەدە لە گۆڕانكاری شۆڕشگێڕانە لە ئابووریی و بازرگانی و كشتوكاڵ و شارەكان هاتە كایەوە …. فەلسەفەی ئەم سەردەمە بەرجەستەكاری ڕێنسانس و بووژانەوەو ڕیفۆرمی ئاینی و ڕۆشنگەری بوو . لەدیارترین فەیلەسوفەكانی ئەم سەردەمە: فرانسیس بیكۆن [1561- 1626]و رینیە دیكارت [1596- 1650]و تۆماس هوبز [1588-1679] لاینتیز [1646-1716]و سپێنۆزا[1632-1677]و جۆن لۆك [1632-1074] كەدوواتر فەیلەسوفەكانی ڕۆشنگەری لە فەرەنسا دەركەوتن… دیارترینیان، شاڕل مۆنتیسكیۆ [1689-1755]و فراسكۆ بیكۆن و ڤۆڵتێر [1694-1778 ]و جۆرج ویڵیم ….
‌لەگەڵ ئەوەشدا لە سەدەی [19] چەندین فەیلەسوفی تر لە ئەڵمانیا و ئەوروپا و ئەمریكا جەركەوتن ئەم سەدەیە بەسەدەی نزیك بوونونەوە لە واقعی بەركەوتووە و هەستپێكراو دادەنرێت، ئەویش لەژێر كاریگەری زانستی سرووشتی . لەم سەردەمەدا بوو فەلسەفەی ماركسیزم [ماركس 1818-1883] دەركەوتوو گەیشتە دەرەنجامی حەتمەیەتی شۆرشی كۆمەڵایەتی و زەرورەتی خۆڕێخستن و یەگرتووی چینی كارگەران و دیارترین فەیلەسوفەكانی سەدەی [19] شۆپینهاوەر [1788-1860] كە جیهان بەلایەوەئیرادەی هێزە. دواتر ئۆگست كۆنت [1798-1857] ئەویش دامەزرێنەری فەلسەفەی پۆزەتیڤزمە. پاشان هێربت سبربت [1820-1903] ئەویش دیسانەوە لەدامەزرێنەرانی پێزەتیڤیزمە، . [1900-1824] هەروەها ڕۆشنبیرترین فەیلەسوف فریدریك نیتچە.
بەپێ زۆرێك لە فەیلەسوف و بیرمەندەكانی زیاتر سەدەی شرۆڤەی لۆژیكی زمانی فەلسەفە و زانست بوو. هەروەها سەدەی بڵاوبوونەوەی فەلسەفەی پراگماتیزم بوو…
گرینگترین فەیلەسوف و بیرمەندەكانی ئەم سەدەیە بریتیە: لە وڵیام جێمس [1842-1910]پاشان جورج سنتیانا [1863-1952]پاشان جۆن دیوی [1859-1952] دامەزرێنەری قوتابخانەی شیكاگۆیە، بەگرینگترین داكۆكیكارەكانی لیبرالیزمی بورجواییەت و تاك گەرایی و ئازادی هەژماردەكرێت .. لەم سەدەیە فەلسەفەی پۆزەتیڤیزمی لۆژیكی چەسپاو بڵاو بوویەوە، ئەویش لەم سەردەیەدا فەلسەفەیی ماركسزم و بوونگەرا..
فەلسەفەی ماركیسزم ملانێی نێوان سۆسیالیزم و سەرماداریی كردووتە تەوەریی سەرەكی خۆی .
ئەوەش ئاشكرایە فەلسەفەی بونگەرا دابەش بووتە سەر دوو جۆر بوون گەرا :
1 \بوونگەرایی باوەڕدار ’ باوەڕیی ئاینی\ ئەو فەیلەسوفەیە زیاتر فەیلەسوفی دانیماركی سۆربۆن كیكە گۆرد [1883-1965 ] گوزارشتیان لێدەكات ..
2 \بوونگەرایی باوەردار كە زیاتر فەیلەسوفی ئەڵمانی مارتن هایدگەر[1889-1976] گوزارشتی لێدەكات. هەندێك پێ وایە هایدگەر كاریگەرترین فەیلەسوفی سەدەی بیستەمە..
هایدگەر لە كتێبی [بوون وكات ] دا هەولێداوە پەیوەندیی بوونی مرۆڤ تەنها بەخۆیەوە گرێبدات . ئەو دانی بەهیچ شتێكدا نەدەنا جگەلە بوون و وەك تاك و هەموو سەرچاوە مرۆییەكانی ئینسان . لەسەردەی (20) جان پۆل ساتەریش (1905-1980) بەشداریی فەلسەفەیی بوونگەرایی دا كرد لەگەڵ هابدگەردا…
لەسەدەیی (20) ژمارەیەكی بەرچاو لە فەیلەسوف و بیرمەندانی ماتریالی دەركەوتن كە بەشداری یەكی پر بایەخیان لە گەشەی پێدان و نوێكردنەوە و رەخنەكردنی فەلسەفەی ماركسیزم و ئەزموونی سۆڤیەت گرت، لە دیارترینیان فەیلەسوفان و بیرمەندانی قوتابخانەی فرانكفۆرت بوو كە خاوەن دێدێكی ڕەخنەگرانە بوون لەبارەیی ماركسیزمەوە، لەوانەش: ماركس هۆركهایمەر [1895- 1973]و ئەدرنۆ [1903-1969]و هێربێرت ماركۆز [1898-1978]و ئەریك فرۆم [1900-1980]… هتد هەروەها جۆرج لۆكاش [1885-1971] ئەنتوان گرامیشی [1891- 1937]و ئەلستۆری و یۆرگن [1929] هابەر ماس.
هەر لەم سەدەیەدا چەندین فەلسەفەی وەك بونیەت و شتڵگەرا و فەلسەفانەی كە بە فەلسەفەی پۆست مۆدێرنیتە و لیبرالیزمی نۆێ دادەنرێت، تاوەكو دەگاتە سەردمی جیهانگیری ..

تاڵیس
تاڵیس لە راستیدا شتێكی ورد لەبارەیی ژیانی نازانین كە ئەرستۆ بە یەكەم فەیلەسوفی داناوە .. (تاڵیس ) بەرایی زۆرینەی مێژوو نووسانی فەلسەفە لە’’ ماڵتیایە ’’ لەكەناریی ئەیونی دەووربەری سالێ [640]پ.ز . لە دایك بووە تالیس بەناوبانگ بووە ئەو پێشیبینی بۆ مانگ گیران كرد ’ لە نزیك سالێ 585 پ. ز.
تاڵیس ئاو بەە ماددەیی یەكەم و تاكە جەوهەر دادەنرێت كە شتەكانی لێ پێك دێت. هەر چەندە ئەم قسەیە لەلای پێشبینیەكانیش باو بووە، وەك (هۆمیڕۆس ) وتویەتی ئۆقیانوس سەرچاوەی یەكەمی شتەكانە . < تاڵیس> وتویەتی ڕووەك و ئاژەڵ لەسەر تەریی یاخود شێ دەژین شتیش لەسەر هەرچی بژی بەزەرورەت لەوە پێكد ێت . ڕووەك و ئاژەڵ لەژینگەیی شێداردا لە دایك دەبن ئەوەمیكرۆبە زیندووەكان شێدارن هەرشتێكیش لەهەرچی لەدایك بێت ئەوا لەوە پێكد ێت ..
هەروەها مێژوو نوسان ئاماژەیان بەوە داوە .< تاڵیس > وتویەتی: خاك لە ئاو پێكد ێت و وردە وردە بەسەریدا زاڵ دەبێت، وەك لە داڵتایی نیلی میصر و ڕووبارە ئەیونییەكان دەبینرنێت، قوڕ ساڵ كەلەَكە دەبێت، ئەوەی لەم دۆخە بەشەكییانەدا دەبینریچت بەسەر زەویشدا بەگشتی پیادە دەبێت، كەلە ئاو دەر چووە بۆتەتەنێكی سەر ئاو كەوتوو، وەك دوورگەیەكی گەورە لە ناو دەریایەكی مەزندا و لەم ئۆقیانووسە بێكۆتایە ئەو توخمە گازیانە وەردەگرێت كە پێویستی پێیانە . كەواتە ئاو ئەصڵی سەرچاوەیی شتەكانە [موصتەفا نەشار ] دەڵێت دەربرینێك لە تاڵیسەوە دەگوازینەوە وەك ” جیهان پڕە لە خواوەند” لەناو بەردیی موگناتیسیدا، ” ڕۆح یان نەفسێی هەیە ئاسن كێش دەكات گوزارەی یەكەم <ئەرستۆ > لەپەرتووكی (نەفس ) دا وێتیە پاڵ تالێس وەك ئەفلاتوون پێش ئەو لە دیالۆگی یاساكاندا هێناوێتی.. دیارە ئەوانەی لەبابەتی مەیلی زانستیانەی تاڵیسدا سەختگیرن وەك – بێرنت – گومان دەخاتەسەر ڕاستی دانەپاڵەكە..هەرچی ئەوانی ترن كە ئێمەش یەكێكیانین لەسەر ئەوەی تاڵیس لەتەفسیركردنی سرووشتی زیاتر لە لاهووتی و میتافیزیكیەكانەوە نزیك بووە، تا لە سرووشتی ڕووت بەهەر حاڵ ئێمە باوەڕمان وایە ئەو گوزرەیەو ئەوانی تریش كە دەڵێت بەردیی موگناتیس ” ڕۆحی هەیە ” لەو روو وەوە بەرد كێش دەكات و ئەرستۆ لە كتێبی (نەفس) داوێتیە پاڵی چەند گوتیەكن دراونەتەپاڵ” تاڵیس” وەك یەكێك لە حەوت حیكمەتەكە . ڕەنگە وەك یەكێك لە سروشتگەرابەراییەكان درابنە پاڵی.. لەو ڕووەوە هەموویان وەك لە هەڵسەنگاندنی كۆتاییمان بۆیان ڕوون دەبێتەوە هێزێكی زیندووی پاڵنەریان لە ماددەدادەبینی. بەم پێیە ناتوانین بەوردی بڕیار بدەین كە ئاخۆ (تاڵیس) توانیوێتی سنوورێكی پەتی لە نێوان ماددە و هێزی خوڵقێنەر لە شێوەی ئولو هییەت یان نەفسی جیهاندا درووست بكات؟ بەو قسەو بۆچونەنەی دراونەتەپاڵی وادەردەكەوێت ماددەیی یەكەمی لەگەڵ نەفسدا تێكەڵ كردووە، هەروەها ڕەنگە ئەوەی لەگەڵ ئولوهییەتیشدا تێكەڵ كردبێت..
مێژووی فەلسەفەیی بۆنان فەیلەسوفانی پێش سوكرات ،
مێژووی فەلسەفەی یۆنان بەسێ قۆناغدا تێپەڕیوە، هەرقۆناخێكیش پەیوەستە بەو كۆسێپتە مێژوویەكی ئەندێشەو شێوازی ژیاری و كۆمەڵایەتی یۆنانیەكان . فەلسەفەی یۆنانی بەقۆناغێ پەیدا بوون دەست پێ دەكات كە قۆناخی یەكەمی فەلسەفەیە، دوواتریش هەنگاو دەنێت بەرەو قۆناخی كامڵبوون كە بە قۆناخی دووەمی فەلسەفەی یۆنانی ناسراوە، كۆتا قۆناغیش قۆناغی پوكانەوەیە كاتیچك ئیمپراتۆریی ڕۆمانیەكان كۆنیاڵیزی شارستانیەتی یۆنان دەكەن، ئەم قۆناغەش هەڵگریی سیماو تایبەتدمەندی جیاوازە، كەبەم شێوەیە ناونراون. قۆناخی قەیدابوون، بەقۆناخی پێش سوكرات ناسراوە،بەوەجیادەكرێتەوە یەكەمین قۆناخە كەمرۆڤـ هەوڵی داوە بەشێوازێكی تیۆریی تەفسیریی جیهان و دیاردەكانی بكات . قۆناغی دووەم فەلسەفەی سوكرات و سۆفستاییەكانە، بەوە دەناسرێتەوە كە فەلسەفە لە تێرییا داڕشتن وتەفسیركردنی جیهانەوە، ڕوویكردە مشتوومڕو (گفتوو گۆ) دیارێكت دەربارەیی بنەماكانی مۆراڵ و چاندنی تۆویی بنەمایی پڕكتیكی ” كرداری لە فەلسەفەدا . دوتریش قوتابیەكانی سوكرات پلاتۆ و ئەرسۆ درێژە بەم ڕێچكەیە دەدەن وداهێنانی درەوشانەوەیان لەفەلسەفەی یۆناندا كردووە، وەكو لێكۆڵینەوەیەكی ئەقلێ پەتی بۆ سرووشت و دیاردەكان و لەتەتەڵە دان و فۆرمۆڵكردنی قۆناغەكانی پێش خۆیان .
قۆناخی سێیەم هیچ داهێنانێكی گەورە لە كۆنسێپیتەدا بەدی ناكرێت، جگە لە سوود وەرگرتن و دووبارە كردنەوەی قۆناغەكانی پێش خۆیان و ئاوێتەكردنی فەلسەفە لەگەڵ ئایین ..

ئەنكسمیندریس
یەكێكە لە خوێنكارەكانی تاڵیس ساڵانی (610-547) پ.ز، لەماڵتایە ژیاوە. شوێن دەستی لەپێشكەوتنی زانستدا زۆر باس دەكرێت، بۆ نموونە، درووستكردنی كاتژمێری هەتاوی (الشمسیی المزولە) هەرچەندە رای زاڵ لە مێژوودا ئەوەیە، ئەو فێركارییە لە بابلیەكانەوە فێلربووە.. فەلسەفەی ئەنكسمیندریس بەڕەغنەگرتنی بیروڕاكانی ” تاڵیس” دەستی پێكرد
ئەو هەمان نەریت و تێڕوانینی مامۆستاكەی درێژە پێدا، بەڵكو ڕەخنەی گرد و بەڵگەی بۆ تێڕوانینیەكانی خۆی دەهێنایەوە. بەڵام ئەو فۆرمەی پاراست كە هەموو شتێك لە شتێك درووست بووە، لێرەدا بۆمان دەرەكەوێت، (هەرچی داهێنانی فەلسەفەیە، لە ڕەخنەگرتنەوە بەرهەم دێنیچت) .. ئەنكسمیندریس ڕەخنەی تێۆری تاڵیسی كرد و بەشێك لە بۆچوونەكانی قبوڵكرد . ئەنكسمیندریس گوتی هەمووشتێك لە ئاپێڕۆن درووست بووە ” واتا بۆشایی یان بێسنوور . ئەو بۆ پشت راستكردنەوەی بیرورایی خۆی بەڵگەی زانستی دەهێنێتەوە دەڵێت:
[ئاو نابێت سەرەتایی یەكەم بێت، چونكە گۆرانی بەستوو ڕووئەدات بە گەرماو سەرما. كەواتە گەرم و سارد پێش ئەو هەبوون ]
ئەنكسمیندریس بۆیە ئاپایڕۆن ( بێ سنوور) بەكاردەهێنێت، بەبڕوایی ئەو هەرشتێكی تایبەتی سنووردار شتێكی تریی تایبەتی سنوردار، لە ململانێدایە وەك: ( گەرم و سارد ) ( ئاو ئاگر ) . واتا جبهان تێكەلەیەكە لەهەموو دژەكان . ئەنكسمیندریس تەفسیرێكی میكانیكی بۆ درووستكربوونی شتەكان داڕشتووە. واتا تەنیا بەكۆبوونە یان جیابوونەوەی هەندێك توخم بەكاریگەری جوڵایەكی هۆیەكی بكەرانەی جیاواز بوونی هیچ ئامانجێك . ئەو دەڵێت: ئەپایڕۆن بەبێ جولە لە گیژاوێكی گەردوونیدا لە خولدا بووە، بەهۆی ڕوودانی كارەساتێك ئەو خولانەوە ئەزەلییە ڕاوەستاوە و لەئەنجامدا، ماددەكان لێك جیاوازن بوونەتەوە. [ئەمەش یاسایەكی هۆ و ئەنجامە پشتی پێ بەستووە، بۆتەڵەڵە كردنی ]. هەروەها دەڵێت درووستبوونی جیهان دەرەنجامێكی هەلەَیەكی گەردوونیە.

ئەناكسیمانس
یەكێك بوو لە قوتابیەكانی ئەنكسمێندریس” لە دەوروبەری ساڵانی [ 588-524]ژیاوە. ئەناكسیمانس، خەیالێ بەرتەسكتر بوو، لە مامۆستاكەی و گەرایە و سەر بیروراكانی ” تاڵیس دەڵێت: ماكی سەرەتا، شتێكی بەرهەستی لێكچووە، ئەوشتە هەوایە، هەوایش ناكۆتایەو دەوریی جیهانی داوە زەوی هەڵدە گرێت … ئەو پێ وایە، هەوا خست دەبێت و دەبێت و دەبێتەباران، دەبێت بەخۆڵ و دەبێتە بەرد . ئەگەر شلیش بێتەوە دەبێتە ئاگر. بە بڕوایی ئەو تاكۆتا ئاوێتەیە كە شتەكان، كە بەیەك شت دەگۆڕێت ئەویش هەوایە . ئەو پێ وایە ەوا چڕبێتەوە یان شل بێتەوە ماددەیی نوێ بەرهەم دێنیت . ئێمە نازانین ئەم تێروانینەی ل كوێ وە هێناوە بەڵام رایی نزیك ئەوەیە، كەئەمەی لە تێرمی (psyche) یۆنانی وەرگرتبێ، كە زمانی یۆنانی (نەمس و نەس ) دێت . هەواش نەفسی جیهان و یەك بوونیەتی . هەواش لە زاراوەی عەرەبیدا [ڕۆح، ریاح ] وەرگیراوە بۆیە دەڵێن ڕۆحی ڕەوان بێت، یان دەڵێن: ڕۆح دەڕوات . ئێمەمە لەڕێگای هەڵمژینی هەواوە زیندووین .

هێركلیتس
لە خێزانێكی خانەدان لە دایك بووە لە دەوورووبەریی سالێ [540-475] پ.ز، لە مەڵیتە ژیاوە . ئەو سەرەرایی ئەوەی لە خێزانێكی خانەدان لەدایك بووە، هەر بەئەرستۆكراتی مایەوە . شانازی بەخۆیەوە كردووە بەچاوی نزم تەماشایی خەڵكی رەشۆك و خاوەن بیروباوەرەكان كلاسكیەكان كردووە. لە هۆمیریۆس و هیزیود نیگەران بووە، بەبڕوایی ئەو، گومرایی خەڵك لە حوكمرانی سیاسی بەڵگەی خوڕافات و گورایی بڵاو كردەوە بۆچوونەكانی هۆمیریۆسە .
پوختەی فەلسەفەكەی لە دوو وێنەدا خستەڕوو::
یەكەم \ شتەكان لە گۆڕنێكی سەرەمردان .. ئەمە پوختەی ڕێبازەكەیەتی كە دوو وێنەیی نموونەیی دەهێنێتەوە ..
ا \ رۆشتنی ئاو هێركلیتس دەڵێت دووجار پێ ناكات ناو ئاوێكەوە چونكە هەمیشە ئاوی نویچ لە دەووریی دەڕوان.
ب \ هەڵگیرساندنی ئاگر: ئەوپێ وایە ئاگر جولەیی خێراترەو باشتر ئاماژە بە گۆڕان دەكات، هەر بۆیە ئاگر بەسەرەتایی ماددەیی یەكەم دەستنیشان دەكات، كە هەموو شتەكان لەوەوە پەیدا ئەبن بۆی ئەگەڕێتەوە.. لەدیدی ئەوەوە گۆڕان پەیوەستە بە بوونەوە، ئەگەر گۆران نەبووایە، بوون نەدەببو، بەشێوازێكی تر، راوەستان واتا نەمان و نەمردن .. گۆڕان میدۆمێكە لە نێوان كێشمە كێشمی شتەكاندا، بۆ نموونە، ئەگەر لەشمان بەسەردا نەیات و نەخۆش نەكەوین، هەرگیز حەزمان لە لەش ساغی نەدەبوون. هێركلیتس” بڕوای بە یەكەیەكی و جودی هەیە، كە بە گۆران جیا دەكرێتەوە .
1\ فەلسەفەی ئەیۆنیەكان
فەیلەسوفە سرووشتیەكان لێكۆلینەویەكی بووە، ماكی سەرەتایی (بنەرەتی ماددە) پیان وابووە هەمووشتێك لە شتێكی تر درووست بووە. لە جیهانی دەورروبەرمان چوار مادەیی سەرەتایی هەیە، لە مێژوویی فكریی مرۆڤدا گوتراوە جیهان بەگشتی لە چوار ماددە درووست بووە. تالیس یەكەمین فەیلەسوفەو بە بەڵگە پشتراستی كردووە جیهان لە ماددەیەكی بنەرەتی درووست بووە كە ئاو .هەروەه تاڵیس پێ وایە [زەویی لەسەر ئاو ڕاوەستاوە]
2 \ ئەنكسمێندریس شوێنی بیروراكانی تاڵیس نەكەوتووە بەڵكو بەهۆی ڕەخنەكردنی تاڵیس تیۆرێكی میكانێكی داڕشتوتەوە بۆ تەفسیر كلردنی جیهان، ئەو پیچ وایە خاك سەرەتایی ئاو نیە بەڵكو ئەپایرۆنە” واتا بێ سنوورە. هەروەها بەپێچەوانەی تاڵیسەوە، پێ وایە زەوی بەشێوەیەكی (معلق ) هەڵواسراوە، زەوی چەقی گەردوونە.
3\ ئەناكسیمانس گەڕاوەتەوە سەر میتۆدەكەی تاڵیس و لەبنەرەتی ماددەی سەرەتایی دەكۆڵێتەوە ئەو نەچۆیەوە سەر بیروڕایی تاڵیس، بەڵكو لە دیدی ئەوەوە، ماددەی سەرەتایی بریتیە لە [ هەوا ] .
4 \ هێركلیتس ئەو پێ وایە هەموو شتەكان لە ناو سوڕێكدا پەیدا بوون، ئەویش گۆڕانە. بنەڕەتی ماددەیە سەرەتایی ئاگرەو دەگۆڕێت بۆ ماددەی تر، بەڵام هەمووان پێ وایە بۆی دەگەڕێتەوە . ئەو پێ وایە زەویی لە تۆپەڵێك ئاگر درووست بووە وردە وردە ئەم گەرمییە دەبێتە شێ و هەوا، دواتریش دەبێتە ئاو . هەموو شتێك لە بنەرەتا لە ئاگر درووست بووە و لە ئەنجامی دیالەكتێك و گۆڕاندا لە ناو سوڕیكدا دەسووڕێتەوە .

سەرچاوە ئەلیكترۆنیەكان
د. ڕاهبەری محمود زادە: كۆرسی مێژووی فەلسەفەی رۆژئاوا بەشی دووەم
ڕێبوار سیوەیلی: فەلسەفەی پێش سوكرات چاپی یەكەم، چاپخانەی هاوسەر
د. جعفر ال یاسین: فلاسفە یۆنانیون من گالیس الی سوكرات . دار ومكتبە الیصائر بیروت- لبنان گبعە الاولی 2012
سەرچاوە: حوار المتمدن
نووسینی \ غازی الصورانی
وەرگێران لە عربیەوە \ شوان جەلال

ئامادەكردنی كارزان عزیز \ خوێنكاری زانكۆ




ماستەر و دکتۆرانامەکانى بوارى ئەدەبى کوردى لە تیلە چاوێکى ڕەخنەییدا-1-.. هەڵمەت بایز

بەشى یەکەم

بەپێى ئەوەى ئەدەبییاتى کوردى لە ڕووى چەندایەتى و چۆنایەتییەوە لەناو ئەرک و کایە و دۆخە جیاوازەکاندا ڕێڕەوێکى ئاگاییانە و هۆشیارانەى ناو بزاوتە مرۆیی و کۆمەڵایەتى و ئێستاتیکییەکانى هەیە. ئەو دەرفەتەى لە ئێستاشدا وەک توێژینەوەى ئەدەبی ئامادەیی هەیە، زۆر گرنگە. پویستە ئەو پڕۆژەیە وەک هەلێک لەناو کایە ئەدەبیاتناسیدا ڕۆڵەکەى بەرپرسیارانە و سەردەمییانە بێت. جوڵەى توێژینەوەکانى ئێستاى ئەدەبی کوردی لە یەک کاتدا دڵخۆش و دڵتەنگمان دەکات. لەلایەک دڵخۆشین کە ئەدەبیاتى کوردى لە ناو کایەى توێژینەوەى ئەدەبیدا وەک بزاوتێک سەرگەرمى ئەدەبیاتێکە کە بەشێکى گرنگى میراتى مێژوویی و هۆشیارى و کەلتوورى و نەتەویی مشتوماڵ دەکات. بەو تێگەیشتنە ئەدەبى کوردى ئامادەیی و چاوەڕوانى خوێندنەوەیی هەیە. لە ئێستاشدا گرنگە لەسەروبەندى دۆخى ئێستاى بێ بەهاکردن و وەلانانى بەها هونەرییەکان و قەیرانى شوناسە کەلتوورییەکان ڕۆڵى خۆى بگێڕێت. خۆشبەختانە کۆمەڵێک لاوى فێرخواز و ئارەزمەندانى دامەزراوەکانى دیکەى مەدەنى و حکوومى شانیان داتەوە خوێندن و تاسی خوێندن لە ئامانجەکانیاندا بووە بە ئەرک، دواجار یەکێک لەو ئەرکانەش دەبێتەوە ئامانج و مامەڵەیەکى کەلتوورناسانە و مەعریفەناسانەى لێ دێتەبەرهەم. ڕەنگە زۆرپرسیار لە ئەرک و ئامانجانەکانیشدا شیاوى باسکردن و شرۆڤەکردن بن، کە هەموو ئامانجەکانى ئێستاى خوێندنى باڵا وەک ئاستى چاوەڕوانییەکان نەبن، وەلێ ئەوەى گرنگە بەمۆدەبوونى خوێندنی باڵاش دەکرێت وەک یەکێک لە دیاردە ئەرێنییانەکان سەیربکرێت، ڕەنگە بەدیوە ئەرێنییەکە وەک بوارێکى کەلتوورى زۆر پێشهات و چاوەڕوانى بگرێتەخۆى.
دیوێکى دیکەى نیگەرانى ئێمە بۆ دۆخى خوێندنى باڵا لە بوارى ئەدەبیاتناسیدا ئەو پرسیارە وەڵامهەڵگرانەیە، کە بەردەوام لەو چەند ساڵەى ڕابردوو لە دیدێکى ڕەخنەییەوە لە دانیشتنە فەرمى و نافەمییەکان بەپێى پێویست باسمان کردووە، وەلێ لە ئێستادا لەگەڵ هاتنەپێشى تاوتوێکردنى دوا وەجبەى خوێندنى باڵا (ئێستا و چەند مانگى داهاتوو)، کە زۆرتر جێى هەڵوەستەیە و پێویستە بمانتاسێت. لەوهەلومەرجەدا بەو سەرنج و تێبینییانەى کە هەمانە، تێگەیشتنەکەى ئێمەى زیاتر دنەدا، بۆیە پێویستە هەڵوەستەیەکى جیدى هەمەلایەنتر و گشتگیرترى بۆ بکرێت، تا ئەو هەوڵانەى دەخرێنەگەڕ لە هەرسێ گۆشەى قوتابیی و مامۆستا و کارگێڕیی لێژنەى زانستى، شرۆڤە بکرێن و بخرێنە چوارچێوەیەکى بەرپرسیارانە و مامەڵەیەکى ڕەتدانەوەیی و بەرهەڵستییانە لەهەمبەر تێگەیشتنى ڕووکەشى و کلاسیکییانە بۆ بژاردەى ناونیشان و شێواز و مێتۆدەکانى ئیشکردنى نامەى ماستەر و دکتۆراى ئەدەبیاتناسی بکرێت.
سەرەتا سەرنج و دیدە ڕەخنەییەکە دەبەستینەوە بە هەرسێ گۆشەى قوتابی و مامۆستا و لێژنەى زانستى. لە تەوەرەى قوتابیدا، کاتێک خوێندکار ڕوودەکاتە خوێندنى باڵا، ئاستلاوازى و بێ ئەزموونى قوتابی زانکۆ لە بارێکى زۆرسادەدا وەک نەخوێندنەوە لە زانکۆ و بەپیشەنەبوونى خوێندنەوە دواى قۆناغى زانکۆ، دوور لە تێگەیشتن لە کایەى کەلتوورناسی و بژاردەى ئامانجى بڕوانامەیی و دووربوون لەو حەز و ویستى خەسڵەتى ئەدەبی وەک بوارێکى ئێستاتیکى، هۆکارى سەرەکین لە گۆشەى قوتایبی، کە بەهۆیەوە ناتوانێت بژاردەى ناونیشانێک بکات، تەنانەت ئەو مێتۆد و ڕێگا و شێواز و پاردایمانەش ناناسێت، کە پێویستن لە توێژنەوەى زانستیدا هەبن، بۆیە بەو تێگەیشتنە ئەو پێشهاتانەى کە ڕوودەدان، ناونیشانێکى بێ ئامانج و ئاسانکراو و نووسینێکى هەرەمەییانەى دوور لە مێتودۆ تیۆر و پارادایمێکى ڕەخنەیی و تەفسیرى و گوتاریی دێتە کایەوە دواجاریش ئەو کەلێنە پڕناکاتەوە، کە لە دۆخى ئێستاى توێژینەوەى ئەدەبی و ڕەخنەیی پێویستییەتى.
بژاردەى پڕۆژە نووسینى ماستەر و دکتۆرا لە گۆشەى مامۆستاوە، ئاراستەیەکى فرەجەمسەرە. بەپرسیارییەتییەکى زیاتر بە پێى پێگەى مامۆستا، دەبێتە بەشێک لە کێشەى باسکراو. مامۆستاى سەرپەرشت یان ورتر بڵێن زۆر جار لە قۆناغى پێش سەرپەرشتى گەڵاکردنى نووسینى ماستەر و دکتۆرا دێتەکایەوە. زۆر بە سادەیی دانانى ناونیشان لە زۆربەى جاردا لە ڕوانگەى مامۆستاوە دادەنرێت، زیاتر بەهۆى ئەو گرفتانەى وەک پێشتر لە بارى قوتابی باسمان کرد. بژاردەى ناونیشان لاى مامۆستا کەمجار لە ئاستى قوتابییان وەک تێپەڕاندانى ئاستى زانستى ڕوودەدات، چونکە پاشخانى لەباردانەبوو بە ئاسانى ناگۆڕێت. بەدیوێکى دیکەش بژاردەى ئەو ناونیشانە پەیوەندى بەتێگەیشتن و پاشخانى مامۆستاکەشەوە هەیە، کە چۆن دەڕوانێتە نووسین و ئامانجى نووسین و مێتۆدى نووسین و پێویستییە هەنووکەیی و کردارییەکانى ئێستاى ئەدەبیاتناسی کوردی، بۆیە بەشێک لەو ناونیشانانەى لە ئێستادا دەخرێنەڕوو و ڕۆژانە تاوتوێ دەکرێن، بەپرسیارییەتى یەکەم مامۆستاى سەرپەرشتە، بەدیوێکى دیکە مامۆستاى سەرپەرشیتی دەکەوێتە دۆخى هەمان پرسیارى قوتابی: بۆچى ئەو ناونیشانە؟
بۆ تێپەڕاندنێک و بازدانێک لە بژاردەى ناونیشاندا ناکرێت؟ بۆ بەردەوام ئەو ناونیشانە لێکچوو و مۆدانە دووبارە دەبنەوە کە زنجیرەیەک ماستەرنامە و دکتۆرانامە لەیەک بوارى تەکنیکى زۆر ساکار دەنووسرێن؟ واتە دەکرێت بڵێین ئەو جیهانبینییەى لە ئارادایە وەک نەبوونى گوتارى رەخنەیی و فرە تیۆرى خوێندنەوەى ئەدەبیاتناسی کوردى بەپرسیارییەتى مامۆستایە. دیوێکى ئاگاییانەى بۆ دەرچووون لەو چوارچێوەیە نییە، کە پێویستە لە ئێستادا توێژینەوەى ئەدەبی کوردى لێى دەربچێت. ئەگەر واقیع حاڵى قوتابیش لاى مامۆستا هەر ئەوەیە کە هەیە، ئەمەش دیسان بەپرسیارانەترە ئێمە لەو دۆخە بمێنیینەوە، کە پێى دەوترێت پۆپۆلیستى ئەکادیمى، بۆیە لە هەر دووباردا مامۆستا بەپرسیاری یەکەمە لە بڕیاردان و مانەوە خراپى باشى نووسین، لەو کەلێن و پێویستییانەى پڕى دەکاتەوە یان پڕى ناکاتەوە.
تەوەرەى لێژنەى زانستى تەوەرەیەکى زۆر بەپرسیارانەیە، چونکە لایەک لەدەستەیەک یان کۆمەڵێک مامۆستا ڕەزامەندن و بڕیار لەسە ئەوەدەدەن کەچى پەسەندە و چى پەسەند نییە، بەلایەکى دیکە بەداخەوە لێژنەى زانستى بەشە کوردییەکان بەو لێکەوتانەى کە هەن و دەیان بینین، پلان و نەخشەڕێگایەکى ئەوتۆ بەدی ناکرێت، تا ئاستى پێویستى کردارى و زانستى بۆ ڕووماڵى پڕۆژەى نووسینى ماستەر و دکتۆرا، قوتابییە وەرگیراوەکانى زانکۆ هان بدرێن، بەتایبەتى لە ئێستادا لە هەموو لە ڕووى چەنداییەتییەوە ژمارەیەکى زۆرى فێرخواز هەن، دەکرێت سوودێکى کردارییانەى پلان بۆدانراو لەو کەلێنە زانستییانەیان بۆ پێشنیاز بکرێت کە توانستەکانى قوتابییانى تێدا تاقیبکرێنەوە و پڕبەرهەم بەرهەم بێت. بە پێى پێویستى ئێستاى ئەدەبی کوردى و بەپێى مێتۆدە نوێیەکانى ئێستاى ڕەخنەى ئەدەبی و چەمکە نوێیەکانى دیکەى تیۆرى و مێژوویى ئەدەبی و تیۆرەکانى پاشمۆدێڕن و بۆ کایەکانى ژانر و جۆرە ئەدەبییەکان بخەنەڕوو، کە بۆشاییەکى یەکجار زۆرى دابڕان هەیە، هاوڕەوتى ئاگاییانەى تیۆرى حاڵى حازرى دنیاى ئەکادیمى نییە. هەڵبەتە ئەمەش بە ئەزموونێکى هەمەلایەنەى زانستى لەباردابوو دەکرێت، نەک بەتەنها هاندان، بەڵکوو پڕژەیەکى تەواوکارییە لە پێش خوێندنى باڵاو و جۆرى بابەتى خوێندراوى کۆرسەکانى خوێندنى باڵا و توانستى مامۆستایانەوە هەیە. ئەمەش هەمان ئەو پاشخانەى دەوێت کە پێویستە ئەزموونى نوێکارى بەردەوامى خوێندنەوە و ئاگایی تیۆرى و نێوان پسۆرى مامۆستایان و سیاسەتى بەشەکە هەیبێت.
ئەوەى ئێستا دەگوزرێت، پێویستى بە هەڵوەستەکردن هەیە و لە ئاستى دەستەجەمعیدا پێویستى بە پێداچوونەوەیەکى قوڵتر هەیە، تا لەو تیلەچاوەوە فراوانتر وەک پرسێکى سەرهەڵدراوە سەیر بکرێت. تا ئەم تێپەڕاندنە مۆدە ئەکادییمییە نەبێت گاڵتەجاڕى و بەشینەوەى بڕوانامە.
خوێندنى ئەدەبیاتناسی بەشێکە لە کەلتوورناسى و شوناسى نەتەوە، پێویستە لە ئاستێکى باڵاى بەرپرسیارییەتى مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت. دەبێت بەشە کوردییەکان بەشێک بن لە ڕەنگدانەوەى ئەو گوتار ناسنامەییەى ئێستا پێویستە بۆ نەوەى بانگەشەى بۆ بکرێت. بەتایبەتى لە دۆخى ئێستادا قەیرانى شوناس ئێمەى تەنیوە. ئەو خەرمانە دەوڵەمەنەى ئەدەبی کوردى کە لەگەڵ زۆربەى قۆناغەکاندا وەک پێویستى سیاسی و کۆمەڵایەتى و ڕۆشنبیرى هاوڕەوت بووە و زۆر ئەرکى پێوستى جێبەجێکردووە، لە ئێستاشدا بەردەوامە ڕەهەندە ئێستاتیکى و داهێنانەکانى هاوڕەوتى دنیایە. ئەرکى هەنووکەیمانە دەستبەردارى ئەو ڕەوتە کلاسیکى و چەقبەستووە بین، بەرەوپیررى ئەو خوێندنەوەتازانە بین، ئەدەبیاتى ئێمەش چاوەڕانییەتى، تا لە ئاستى دنیاى ئێستاى کەلتووناسی دابێت، ئێمە لەو ڕایەڵەدا پچڕوا و تێ چەقیونەبین.
پێویستە مامۆستا و میکانیزمى نوێ و قوتابیی شیاو دڵخوازکەین، کە دەتوانن ئەو دنیایەمان بۆکەشف بکەن، کەهێشتا دیوەکانى ئەدەبیاتناسی بەهەموو لقەکانییەوە وەک مێژووی ئەدەب و ئەدەبی بەراورد و ئێستاتیکاى ئەدەبی و تیۆرى ئەدەبی و ڕەخنەی ئەدەبی زۆر بۆشایی و کەلێن لە چاوەڕوانى ئێمەدان. ڕێڕەوی ئەو یەکئاڕاستەیە بگۆڕین. لە زۆربەى باردا پاردایمى توێژینەوەى ئێمە وەک یەکمێتۆدى و یەکشێوازى و مەعریفەیەکى سنووردار و تەکنیکى ناسراو و دووبارەیە ئەمەش خوێندنەوە و پرۆسەیەکى فرە هزرى درێژ و بەردەوامى دەوێت. خۆخەریککردن بە چەمکى سواو و گێڕانەوەى سادە و دوبارەکردنەوەى شێوازەکانى پێشتر و نەبوونى چوارچێوەى مێتۆدى و بەکارنەهێنانى ئەو پارادایمەى کە کەڵکى توێژینەوە باشتر دەکات، دوور لە هەموو گوتارێکى ڕەخنەیی و توێژینەوەیی وایان کردووە، چیتر ئومێدکى ئەوتۆمان بە ئەرکى خوێندنى ئەدەبیتاناسی نەبێت، کە ئەرکێکى ئێستاتیکى و نەتەوەیی و ناسنامەیی و مێژوویى و دەلالی و مەعریفى و هزرى بۆ ئێمە بەرهەم دەهێنێت. پاڵپشت بەشێک لەو گرفتانەى خرانەڕوو بەشێوەیەکى گشتى وەک ئەو پرسیارە سادانەى تێدامان و تێچەقینى ئەو دۆخەن، زۆرجار لە باتى دڵخۆشبوون نیگەرانمان دەکەن.

هەڵمەت بایز
مامۆستا لە بەشى کوردى/ فاکەڵتیی ئاداب/ زانکۆى سۆران
٢٩/٩/٢٠٢٥

هەڵمەت بایز

مامۆستا لە بەشى کوردى/ فاکەڵتیی ئاداب/ زانکۆى سۆران

٢٩/٩/٢٠٢٥




په‌راوێزی شازده‌مینی تێكست.. ‌نه‌ژاد عزیز سورمێ

سه‌ربرده‌ی ئه‌وده‌سه‌ڵاته‌ دزێو و ناشیرن و نا هه‌موو شته‌ی به‌ )دیكتاتۆریه‌ت) ناسراوه‌، پێم وانییه‌ پێویست به‌ گێڕانه‌وه‌ بكا، به‌تایبه‌تیش بۆ ئێمه‌ به‌ تاك و به‌ كـۆ…
به‌ڵام هه‌ر بۆ وه‌بیرهێنانه‌وه‌: مێژوو له‌ باسی )ترۆخیلۆ)ی دیكتاتۆری كۆماری دۆمه‌نیكان، كه‌ ته‌نها سی و یه‌ك ساڵی حوكم كردووه‌ و ته‌واوی شه‌قام و ئوتێل و كارگه‌ و كارخانه‌كانی وڵاته‌كه‌ی به‌ناوی خۆی كردبوو، به‌ پایته‌خـتیشه‌وه‌.. به‌ (ڕه‌سه‌نترین) سیسته‌می دیكتاتۆریی دونیا داناوه‌‌‌.
ئه‌و ترۆخیلۆیه‌ )ڕوفائیل لۆندراس)، هه‌ر وه‌زیرێك یا فه‌رمانبه‌رێكی به‌رزی بۆ دامه‌زراندن ده‌ستنیشان كردبا، پێشه‌كی ده‌سله‌كاركێشانه‌وه‌)یه‌كی به‌ خه‌تی خۆی پێ ده‌نووسی، ئه‌وسا دایده‌مه‌زراند، تا وه‌ختێ كه‌یفی هێنا كاركه‌ناری بكا!!
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، كابرا له‌ ماوه‌ی ئه‌و سی و یه‌ك ساڵۆكه‌ی حوكمیشی بیری له‌وه‌ نه‌كرده‌وه‌ به‌ چه‌كێكی ڕه‌شه‌كوژی قڕانكه‌ری وه‌ك كیمیاوی له‌ خه‌ڵكی وڵاتێك بدا خۆی حوكمی تێدا ده‌كا…
بێگومان ئه‌مه‌ خاڵێكی بچووك و نادیاره‌ له‌چاو ئه‌و په‌ڵه‌ڕه‌شه‌ گه‌ورانه‌ی وان به‌ ته‌وێڵی مێژووی ئینسانیه‌ته‌وه‌..
ئه‌وه‌ی مه‌به‌سته‌، ئه‌مڕۆ گرینگ بۆ ئێمه‌ ‌ هه‌نگاومان بخرێته‌ سه‌ر ڕێی ئومێد و هه‌لومه‌رجی ده‌ره‌كیمان )هه‌لومه‌رجی نێوده‌وڵه‌تیی) ڕه‌نگه‌ تا ڕاده‌یه‌ك بۆ ڕه‌خسا بێ‌ یا بۆ بڕه‌خسێ، هه‌وڵ بده‌ین له‌ناوه‌خۆشدا هه‌لومه‌رجی له‌بار بخوڵقێنین، تا ئه‌و ئامانجه‌ی تایه‌كه‌ی تری هاوكێشه‌كه‌ پێك دێنێ به‌لاسه‌نگی نه‌مینێته‌وه‌…

دیكتاتۆرییه‌ت له‌ ساڵانی ڕابردوودا، ساڵانی (ئازار بكێشه‌ و شه‌ڕ بكه‌ و ده‌نگ مه‌كه..)‌ كه‌ ببوو به‌ ئایكۆنی‌ هه‌شتاكانی سه‌ته‌ی ڕابردوو، وێڕای ئه‌وه‌ی وڵاتی هێنایه‌وه‌ سه‌ر ساغه‌ و ڕووبه‌ڕووی ئه‌و هه‌موو ماڵوێرانییه‌ی كرده‌‌وه‌، هه‌ستێكی وایشی له‌ ناوماندا په‌روه‌رده‌ كرد، ئێستاش شوێنه‌واری له‌ زیهنماندا ڕه‌ش نه‌بووه‌ته‌وه‌..
ئه‌و هه‌سته‌ تا به‌وه‌زاره‌ت و ده‌زگا و دایه‌ره‌كان ڕاده‌گا، وه‌به‌رماڵانیش نرابوو، وای لێ هاتبوو وه‌زیر ببوو به‌ دیكتاتۆری وه‌زاره‌ته‌كه‌ی و سه‌رۆكی ده‌زگا و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دایه‌ره‌كان و سه‌رنووسه‌ری ڕۆژنامه‌كانیش هه‌ر به‌و جۆره‌، ته‌نانه‌ت به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ و خوێندنگاكانیش..
له‌وسه‌ریشه‌وه‌، له‌كه‌شكه‌ڵان، دیكتاتۆر خۆی ببوو به‌ دیكتاتۆری هه‌موو
ئه‌و ورده‌ دیكتاتۆرانه‌!!

له‌م ڕاسته‌دا: گرینگه‌ به‌ڕاستی بڕوای پته‌و و ته‌واومان به‌ سیسته‌می دیموكراسی وه‌ك ڕێگایه‌ك بۆ ژیان هه‌بێ، به‌تایبه‌تیش له‌م هه‌له‌دا ..
ئێمه‌ هه‌ر به‌ دیموكراسییه‌ت ده‌توانین وابكه‌ین تۆوی دیكتاتۆرییه‌ت ڕه‌ش بێته‌وه‌ و جارێكی تر ڕووبه‌ڕووی هیچ بنبه‌ستێـكی تر نه‌بینه‌وه‌..
قسه‌ و مه‌به‌ستیش له‌ دیموكراسی نه‌ به‌ڕه‌ڵڵاییه‌ نه‌ حوكم كردنیشه‌ به‌پێی‌ ئاراسته‌ كردنی سۆشیالمیدیای سه‌قه‌ت كه‌ پێ ده‌چێ تا به‌ وڵاتانی دواكه‌وتوو ڕاده‌گا سه‌ری هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی بخوا هه‌ر كۆمه‌ڵێك به‌ناوێك له‌ ژێر ئه‌م په‌رده‌یه‌دا مه‌یدان بگرێ و داد و بێدادی له‌ هه‌ر دوو تای ته‌رازوودا هه‌میشه‌ به‌ لای دووه‌مدا دابكه‌وێ.




کـورد و مـافی چـارەی خۆنـووسـین.. رەزا شـوان

مافی چـارەی خـۆنـووسین چـییە؟
زاراوەی ” مافی چـارەی خۆنـووسین ” کە لە بـواری سیاسەتی نێـودەوڵەتی و زانیاری سیاسیدا هـاتـۆتە ئاراوە، بـووە بە زاراوەیەکی یاسایی و سیاسی جیهـانی. ئامـاژە بـەوە دەکات، کە هـەر نەتەوە و گەلـێکی خـاوەن ناسنامـەی جیـاواز، مـافی ئـەوەی هـەیە کە خواسـتە سیاسییەکانی خـۆی دیـاری بکات و شێوازێکی سیاسی دروستـیش بگـرێتەبەر بۆ هـێنانەدی ماف و داوا رەواکانی و بەڕێوەبـردنی ژیانی گەلەکەی، لە چوارچێوەیەکی یاسایی و دەستـووریـدا. بەبـێ دەسـت تێـوەردانی دەرەکی، یا سـەرکـوتـکـردنی بـە هـێز لەلایەن دەوڵەتـانی بـێگانـەوە.
تا ئەمڕۆ کۆمەڵێک بڕیارنامە و راگەیاندن، لەلایەن کۆمـەڵەی نەتەوە یەکگـرتـووەکان و چەندین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی، دەربارەی یاسایی و رەوایی مافی چارەی خۆنووسین راگەیانـدراون. هەمـوویان پشتگـیری لەم مافـە دەکەن و جەخـت لەسەر جـێبەجێکـردنی دەکـەنەوە. بە کورتی مـافی بـڕیـاری چارەی خۆنـووسین، مافـێکی رەوای هـەر گەلـێکی مـاف زەوتکـراو و نیـشـتـمان دەگـیرکـراوە. وەک گـەلی کوردمـان.
هـەر لەم بارەیـەوە، لە بـڕیـارەکـانی نەتـەوە یەکگـرتـووەکانـدا، جەخـت لەسەر ئـەوەش کراوە، کە نەگونجانی ئاستی سیاسی و ئابووری وکۆمەڵایەتی و رۆشنبیری، نابێـت ببێت بە هـۆکارێک، بۆ پەڵـپگـرتـن و بیـانوو پـێگـرتـن، بـۆ دواخـستـنی سەربـەخـۆیی گەلانی هـەرێمەکـان، کە دەسـەڵاتی خـۆبـەڕێـوەبـردنیـان نیـیە.
لە کۆنگـرەی ئاسایـش و هـاوکاری وڵاتانی ئەوروپـادا، کە لە (١ـ ٨ ـ ١٩٧٥) لە شاری (هەلسەنگی ) لە فـنلەنـدا بەسترا، (٣٣) وڵاتی ئەوروپی و ئەمـریکاش بەشـداریان تێیدا کرد، تێکـڕا جەخـتیان لە مافی چارەی خۆنـووسیـنی گەلان کـردەوە. کە هـەر گەلـێک بە یەکسانی وبەبێ جیاوازی، مافی ئـەوەی هـەیە، کە بـڕیار لە چارەنـووسی خـۆی بـدات و سـیاسەتی نـاوخـۆ و دەرەوەی بکـێـشـێـت، بەبـێ دەسـت تێـوەردان و فـشاری دەرەکی.
لە کـۆنگـرەی جیهـانیش بـۆ مافـەکـانی مـرۆڤ، کە لە (١٤ـ ٥ـ ١٩٩٣) لە ( ڤـێـنا) ی پایتەخـتی نەمسا، بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسترا، لە راگەیاندنی کۆتایی بەشداربـووانی ئەم کۆنگرەیەدا، تێکـڕا دووبـارە جەخـتیان لەسەر یاسایی مافی چـارەی خۆنـووسینی گـەلان کـردەوە. پـشتگـیریشیان بـۆ دەقـی ئـەو بڕیـارە راگەیـانـدراوانە دەربـڕی کە پـێـشتر دەربـارەی مافی چـارەی خـۆنـووسین دەرکـراون.
کۆمەڵـەی گـشتی نەتـەوە یەکـگـرتـووەکـان، لە ساڵی (١٩٧٣) دا، لە بڕیـاری ژمارە (٣٩٧٠) دا، داوای لە هەموو وڵاتانی ئەنـدام کرد. دان بە مافی چارەی خۆنـووسین و سەربەخۆیی گەلانـدا بنێن و هـاوکاری مـادی و لـۆجستی و هەموو جۆرە یارمەتییەکی پێـویـستی تـری ئـەو گـەلانە بـکەن، کە لە پـێـناوی ئـەم ئامـانجـانەدا خەبـات دەکـەن.
چـۆن نەتەوەکان بە مافی چـارەی خۆنووسین دەگـەن:
ئەم مافەش بەخشین نییە، بەڵکو مافێکی رەوا و یاساییە. رووبەڕووی هـیچ کێشەیەکی یاساییـش نابێـتە. چونکە هەمـوو بـڕیـارەکانی نەتـەوە یەکگـرتـووەکان و رێکەوتـننامە نێـودەوڵەتیـیەکـان، دانیـان بـەم مافـەدا نـاوە و کـۆکـن لەسەری و جەخـتی لـێدەکـەنەوە.
ئەزموونە مێژووییەکان ئەوەیان سەلماندووە، کە رێزگرتن لە مافی چارەی خۆنووسینی گـەلان و جـێبەجێکـردنی. هـۆکـارێکی گرنگە بۆ بەهـێزکردنی پەیـوەنـدیی دۆسـتایەتی و هـاوکاری و رێـز و خۆشەویستی لەنێوان وڵاتان و گەلانی جیهاندا. هـۆکار و پاڵپشتێکی بەهـێزیـشە بـۆ بەرقـەراربـوونی ئاشـتی و خـۆشـەویستی و سەقـامگـیری لە جیهـانـدا.
شارەزای بێـلایەنی نەتەوە یەکگـرتـووەکان (ئەلـفـرێـد دی زایاس) دەڵێت:” ئاشتییەکی هەمیشەیی، بریتییە لە جێبەجێکردنی مافی چارەی خۆنووسین بۆ هەموو گەلان، بەبێ جیاوازی. ” ئاماژەی بەوەش کردووە کە:” حاشاکردن لە جـێبەجێ کردنی مافی چارەی خۆنـووسـینە، کە بەربـەرەکانی دروسـت دەکـات).
هەر ئاسایش و سەقامگـیرییەک، بە هـێز و تونـدوتیژی و سەرکوتکـردن و دەمگرتن و ستەملێکـردن و کوشتن و بڕین و زۆرەملێ بسەپێنرێت و نکووڵی و حاشا لە ناسنامە و لە مافە رەوا نەتەوەیی نەتەوەکانی تر بکرێن و مافی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆیی بە ناپاکی و بە تاوان و بە جوداخوازی بزانن، ئەوە ئاسایش و سەقامگیری نییە، بەڵکو ئەمـانە تاوانـن بەرانبـەر بە گـەلانی ئـازادیخـواز و رزگـاریخـواز، کە دەیـانەوێـت مـافی چـارەی خۆنووسینی خۆیـان دیـاری بکەن. داگـیرکـەرانی کوردسـتان، زۆر زیـاتـر لـەم سیاسەتە سەقـەت و رەفـتارە نامـرۆییانە، دەرهـەق بە گەلی کوردمان پەیڕەوی دەکەن.
لە دوای کۆتایی جەنگی جیهـانی دووەمەوە، مافی چـارەی خۆنووسین و جیابوونەوە و سەربەەخـۆیی، بوون بە چەمکێکی جـێگـیر و چەسپا و جـێبەجێ کراو. چەنـدین گەل و وڵات مافی چارەنووسی خۆیان دیاری کرد و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان راگەیانـد. کە لە ئەمڕۆدا ئەندامن لە کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاڵاکانیان لەسەر بارەگاکەیدا دەشـەکـێـنەوە. ئـەم مـافـە تەنهـا پەیـوەنـدی بـە وڵاتـانەوە نـیـیە، بەڵکـو لـە بنـەڕەتـدا پەیـوەندی بە گـەلانەوە هـەیە، گەلـێکی گەورەبـن یا بچـووک بـن.

شێواز و رێگای مافی چارەی خۆنووسـین:
١ـ بە رێگای ریفـرانـدۆم (راپرسیی گـشتی): ئەم شێوازەش باشتریـن رێیە، بۆ ئەەوەی گەلانی ئازادیخـواز بە ئازادی دەنگ بـدەن و بڕیـار لە مافی چارەنـووس و سەربەخۆیی و ئایندەی خۆیان بدەن. ئەم راپرسییەش یاساییە، دژ بە هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی نییە. پێـویـستە راپـرسـییەکـەش، بە سـەرپەرشـتی نەتـەوە یەکگـرتـووەکـان ئەنجـام بـدرێـت. نمـووونەی ئـەم شـێوازەش: جیـابـوونـەوە و سـەربەخـۆیی (تەیـمـوری رۆژهـەڵات) لە ئەندەنۆسیا لە رۆژی (٢٠ / مای/ ٢٠٠٢) دا. هەروەها جیـابـوونەوەی ( ئەریتـریا ) لە (ئەسیوپیـا) لە رۆژی (٢٣/ مای/١٩٩٣) دا. سەربەخـۆیی (کۆماری باشووری سودان) لە سودان لە رۆژی (٩/ یولیۆ/ ٢٠١١) دا. جیابوونەوەی ( کـۆسۆڤـۆ) لە (سـربـیا ) لە رۆژی ( ١٧/ فـبرایەر/ ٢٠٠٨) دا.
٢ـ بە رێگای خەباتی چەکدارییەوە: گەر داگیرکەر و دەسەڵاتی خۆسەپێن رازی نەبوون کە بە شێوازێ گـڤـتوگـۆ و ئاشـتی و بە ریفـرانـدۆم، گەلی ژێـردەستەکـراو و نیشـتمانی داگیرکرراویان، نەتوانن مافی چارەنووس و سەربەخۆیی دەستەبـەر بکەن. ئەو نەتەوە و نیـشـتمانە داگـیرکـراوە، مـافـێکی رەوای خۆیـانە، کە لە پێـناوی مـانـەوەی خـۆیـان و بەرگریکردن لە نیشتمانەکەیان و رزگاربوونیان لە داگیرکەران، ناچاربن پەنا بۆ شۆڕش و راپەڕین و خەباتی چەکـداری بەرن. ئەم رێبـازەش تا ئەمـڕۆش باوتـرین و بڵاوتـریـن خەباتە، بۆ ملکەچکـردنی داگیرکەران و دەستەبەرکردنی مافـە رەواکانیان و هـێـنانەدیی مافی چارەی خۆنووسین و بڕیـاردان لە جیابوونەوە و راگەیاندنی سەربەەخۆیی خۆیان. نەتەوە یەکگـرتـووەکانیش، بەرگـری و پەنابـردن بۆ راپەڕیـن و شـۆڕشی چەکـداری بە مافـێکی رەوای گەلانی ستەمـلێکـراو دەزانێـت. بۆ نمـوونە (کۆمـاری جەزائـیر) لە ڕێی شۆڕشێکی چەکـدارییەوە، تـوانی لە فەرەنسا رزگاری بێت و لە (٥/ یـۆلیـو/ ١٩٦٢) دا سەربەخۆیی خۆی رابگەیەنێت. نموونەی تـر زۆرن، کە کە لە رێی بەرگری و خەبـاتی چەکـدارییەوە، نیـشـتمانەکەیان لە داگـیرکەر رزگارکـرد.
کورد و مافی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆیی کوردستان:
بە پێی چەندین لێکۆڵینەوە و توێژینەوە، کە لەلایەن مـێژووناسان و رۆژهـەڵاتناسان و گەڕیدەکانەوە ئەنجام دراون، وەکو گەواهی مێژوویش، بە سەدان بەڵگەی مـێژوویی و کەرەستەی بەردین و قوڕین و کانزایی کە لە ئەشکەوت و شوێنەوارەکانی کوردستاندا دۆزراونەتـەوە. بەشێکـیان لە مـۆزەخـانەکـانی عـێراق و ئێـران و تورکـیا و سوریـا و وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکایان پێ رازاندوونەتەوە. شوێنەوارێکی زۆری کوردستانیش تا ئەمرۆش کوێـرەوە نەبوون و مـۆرک و رەسەنایەتی گەلی کوردیان پـێوە دیارە، لەو باوەڕەشدام، چەندین شوێنەواری و دێرینگای ترمان هەیە، تا ئەمڕۆ نەدۆزراونەتەوە. مەبـستم لـەو پێـشەکـییە، رەسەنـایەتی گـەلی کوردمـانە لە رۆژهـەڵاتی ناوڕاسـت و لە جیهاندا، وەڵامێکیشە بۆ نەیارانی کورد، کە نکووڵی لە رەسەنایەتی و لە شارستانیی کـورد و لـە مـێـژووی دوور و درێـژی پـڕ لـە سـەروەەری و شکـۆداریـمـان دەکـەن. بێگومان کوردستان لانکەی یەکەمین و رەسـەنتریـن شارستانییە لە هەمـوو جئهاندا.
ئەگەر بە پێوەر و بنەما سەرەکییەکانی ئەمڕۆ، گەل پێناسە بکرێت و بەگەل بناسرێت. بێگـومان هـەمـوو مەرج و بنەمـاکـانی گـەل، لە گەلی کوردمانـدا هـەن کە ئەمـانـەن:
١ـ ئێمەی کورد خاوەنی جوگرافیایەکی هاوبەشین کە کوردستان نیشتمانی هەموومانە. گەرچی بە زۆرداری و ناڕەوایی دابەش کراوە. بـەڵام ئـێـمەی کورد هەرگـیز دان بـەو دابەشکردنەدا نانێین و هیچ سنوورێک لە بەردەم هەستی نەتەوایەتیماندا بوونی نییە.

٢ـ زمانێکی یەکگرتووی هاوبەشمان هـەیە کە زمانی کوردییە، رەسەن و دەوڵەمەندە.

٣ـ مێـژوویەکی دێـرین و درێـژی پـڕ لە سەروەری و شکـۆداریی هـاوبەشـمان هـەیە.

٤ـ بەرژەوەنـدیـیەکی ئابـووری هـاوبەشـمان هـەیە.

٥ ـ خاوەنی تایبەتمەنـدی نەتەوەیی خۆمانین و کولتوور و داب و نەریتی خۆمان هەیە.

٦ـ هاوبەستەبوونمان بۆ کورد و کوردستان هەیە و شانازی بە نەتەوەکەمانەوە دەکەین.

٧ ـ خاوەنی هـیوا و ئامانجـێکی هـاوبەشـین و، چـارەنـووسمان پـێکەوە گـرێ دراوە.

٨ـ لە رووی سـیاسی و کـۆمـەڵایەتی و رۆشنبـیریـشەوە، لە ئاستێکی پێـویـست دایـن.

٩ـ چەنـدیـن پارتی سیاسی کوردیـمان هـەیە.. هـێزی بەرگـریـمان هـەیە، کە هـێزی پـێـشـمەرگـەی کوردسـتانە.
١٠ـ ئـاڵای تایبـەتی خۆمـان هـەیە.. کە ئـاڵای چـوار رەنگی کوردسـتانە.

واتە ئێمەی کورد، هەموو خەسڵەت و مەرج و تایبەتمەندی و بنەماکانی گەلمان تێـدایە. ئەمانەش پێویستن بۆ هـەر کۆمەڵێک کە بە گەل بزانرێت و مافی چـارەی خۆنـووسین و دەوڵەتی سەربەخـۆی هـەبێـت. ئەو تەنگەژانەی کە لە بەردەم دامەزرانـدنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردستان دان، تەنگەژەی یاسایی نین، بەڵکو تەنگەژەی سیاسین. لەلایەن تورکیا و ئێران و عـێراق و سوریاوە دروست کـراون، کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کردوون، بەردەوامیش گەلەکـۆمە لە گەلی کوردمان دەکەن و، پیلان لە دژی هـێنانەدیی خواسەکانی گەلەکەمان دەگـێڕن. ئەوان دان بە ناسـنامەی کوردا نانـێن و، بێ شەرمـانە دەڵێن ئێمە ناهـێڵین دەوڵەتێکی سەبەخـۆی کوردی دابمەزرێـت. ئەوان خـاکی کوردستان بە مـوڵكی خۆیان دەزانن. بە دڵنییاوە سەرکەوتن بۆ ئێمەی کورد دەبێت و ملکەچیش بۆ ئەوان دەبێـت. ئێـمەی کورد خـاوەنی خـاک و زمـان و کولـتوور و شـونـاسێ نەتـەوەیی جیـاوازیـن و تایبەتمەنـدیی خۆمـان هـەیە. هـیچمان لە تـورک و لە عـەرەب و لە فـارس کەمتر نییە. ئێمەی کورد دژی هـیچ گەلکێک نین. زیادەڕۆیی و دەمارگیری نییە، بەڵکو راستییە و دەبێـت بیـزانـن، کە دەڵـێم: تا کورد سەربەخۆیی بەدەست نەهـێنت و دەوڵەتی کوردستان دانەمەزرێـت. نە تـورک و نە فـارس و نە عـەرەب، ناتوانن بە ئاسوودەیی و بە ئاشـتی بـژیـن و پـاڵی لـێـبدەنەوە. تا رۆژێـک زووتـر کوردسـتان ببێـت بە دەوڵـەت، لە بەرژەوەنـدیی هەمـوو گـەلانی ناوچـەکە دایـەوە. زۆوتـریش ئاشـتی و سەقـامگـیری بـاڵ بەسەر ناوچـەکەدا دەکـێـشن.
لە ئەنجامی کۆتایی شەڕی جیهانی یەکەم لە ساڵی (١٩١٨) دا، چەند ئیمپـراتـۆریەت و دەوڵەتی گەورە هەڵوەشێنرانەوە، لەوانەش دەوڵەتی عـوسمانی و روسیای قـیسەری و ئەڵمانیـا بـوون. بـزووتنەوەی رزگاریخـوازی گـەلانی چەوسـاوەش دەستی پـێکـرد. کە داوای ئـازادی و مافی چـارەی خـۆنـووسین و سەربـەخـۆیی نیـشـتـمانەکـانیان دەکـرد، دوور لە خۆسەپانـدن ئیمـپریالـیزم.
نهـێنییەکانی رێکەوتننامەی (سایکس بیکو :١٦/ مای/ ١٩١٦) ش بۆ گـەلان ئاشکـرا بـوون، کە لە نێـوان بەریتـانیا و فەرەنـسا و بەسترا و رووسیای قەیسەری و ئیتالیاش پاڵپشتیان لێکـرد. واژۆیان لەسەر بەندەکانی کرد. بەپـێی ئەم رێکەوتـننامەیە، میـراتی دەوڵـەتی عـوسمانیـان بەسەر خۆیانـدا دابەش کرد. ئەمەش دژی بەرژەوەنـدیی گەلان بـوو، بە تایبەتیش دژی بەرژەوەنـدی و هـیوا و خواستەکانی گەلی کوردمان بـوو. کە بەپـێی ئـەم رێکەوتـنـنامە ناڕەوایـە، کوردستان بەسـەر تـورکیا و ئێـران و عـێراق و سـووریادا داـبەش کـرا. ئـێـمەی کورد بـویـنە قـوربـانی ئـەم تـاوان و سـتەمە. کە تا ئەمـڕۆش باجی ئـەو رێکەوتـنـنامەیە و ئەو سـتەمە مێـژووییـە دەدەیـنەوە.
تا رادەیەک هـیوامـان بە پەیـماننامەی (سـيـڤـەر :١٠/ ئاب/١٩٢٠) بـوو، لە پاریـس واژۆیـان لەسـەر کـرد، لە بەنـدەکـانی (٦٢، ٦٣، ٦٤) ی بـڕگـەی سـێـیەمـدا، بنـەمـا یاساییەکانی مافی چارەی خـۆنووسینی گەلی کوردیان دیاری کردووە، جەخـتیشیان لە مافی سەروەریی کورد لەسەر خاکی کوردستانـدا کردووە. هەر بەپێی بەنـدی (٦٢)ی ئەم رێکەوتننامەیە، رێ بە ولایەتی ( موسـڵ) یش دەدرێت کە بچـێـتە پاڵ کوردستان. بەڵام بە داخەوە کە لە پەیماننامەی (لۆزان:٢٤/ تەموز/ ١٩٢٣) لە کە لەسەر داوای تورکیای کەمالی واژۆکرا، هەموو ئەو بەڵـێنانەی کە لە (سیڤەر) بە کوردیان دابـوون، لێیان پاشگەزبوونەوە و بە جارێ ئێمەی کوردیان بێ هـیوا کرد و پەراوێزیان کردین. پەیمـانی لـۆزان بە تایبەتی لە دژی خواستەکانی گەلی کوردمـان بەسترا. ئەم تاوانەش پەڵەیەکی قێـزەوەن و شەرمـەزارییە. بە نێوچـەوانی دەوڵـەتە هـاوپەیمانەکان، چونکە ئەوانن بەرپرسی سەرەکین لە هەموو ئەو تاوانانەی کە دەرهەق بە گەلی کورد کران و دەکـرێن. بە تایبەتیش بەریتـانیا. کە تا ئەمـڕۆش لە ئەنجـامی ئەو ستەم و ناهـەقـییانە، خوێن لە جەستەی گەلەمان دەچـۆڕێتەوە و بە هەزاران قـوربانیمان داوە. تا ئەمـڕۆش ئێمەی کورد کە (٧٥) ملێـۆن کوردیـن، گەورەتـرین گەلـین لە جیهانـدا، کە دەوڵەتـێکی سەربەخـۆمـان نییە. کەچـی لە ئاسیا و ئەورۆپـادا، دەوڵـەتی وا هـەن کە ژمـارەیـان لە ملێونێکـیش کەمترن. خاوەنی دەوڵەتی خۆیانن و دانیان پێیان ناون. ئەمەیە ناڕەوایی و نایەکـسانی و نادادپەروەری و دووفـاقی نێـودەوڵـەتی.
بەڵام کـورد مـلکەچی داگـیرکەرانی کوردسـتان نەبـووە و نابێـت. زیـاتـر سەدەیـەکە لە خەبات و تێکۆشانێکی بەردەوام داین و بەردەوام دەبین، چەندین ڕاپەڕین و شۆڕشمان هەڵگـیرسان. کـۆڵنادەیـن و ناسرەویـن.. تا سەردەکەویـن.
لە ئەمـڕۆدا، گـەلی کوردمان، سەنـگ و پێگەیەکی نێـودەوڵەتی هـەیە. خەریکە پـرسی کورد ببێـت بە پـرسێکی جیهـانی. دەوڵەتـانیش گەیـشتوونەتە ئەو بـڕوایە، کە بەراورد لەگەڵ گەمەکـارانی دیکەی سیاسی لە ناوچەکـەدا، کـورد دەتـوانێـت رۆڵـێکی سەرەکی هـەبێـت لە بە سیکـولارکـردنی رۆژهـەڵاتی ناوەڕاسـت.
شایەنی باسیشە، کە کوردستان پێگەیەکی جیوسیاسی و ستراتیجـیی و ئابـووری گرنگی لە ناوچەکە و لە جیهانـدا هەیە. زۆریش دەوڵەمەندە لە کانزا و سامانی سروشتی و وزە و لە ئـاوی شـیرین و لە نـەوت و لە گـاز. دەرهـێنانی نەوت و بـوونی یەدەکـێکی زۆری نـەوت لە خاکەکەمـانـدا، هـێنـدەی تـر گـرنگی شـوێـن و پـێگەی کوردستانـیان شـیرینـتر کـردوون. ئەمانەش فاکتەرێکی بەهـێزی تـرن، بۆ راگەیانـدنی سەربەخـۆیی کوردسـتان. گەشـبـینم و بـڕوام وایە کە لە داهـاتـوویەکی نـزیکـدا، گۆڕانکاری لە نەخـشەی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبینین، سەیریش نییە کە لەسەر ئەو نەخشەیەدا (کوردستان)ی سەربەخـۆ ببیـنین.
(چارلز تانـۆک) ئەنـدامی پەرلەمانی ئەوروپا، دەڵـێت:”مـێژوو پێمان دەڵێت، کاتی ئەوە هـاتووە بەریتانیا، لە ریـفـراندۆمی داهاتوودا، پشتیوانی سەربەخۆئ کوردستان بکات”.
دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان ئەستەم و خەون و خەیاڵ و وڕینە نییە. هەر خەون و خەیاڵە، لە سایەی بـڕوا و خەبات و تێکۆشان و خۆڕاگری و کۆڵنەدانـدا، دەبـنە راستی و دێنـەدی. زۆر گـەشـبیـنم و لـەو بـاوەڕەدام، کە خـۆری دەوڵـەتی کوردسـتان گـزنـگی داوە و رۆژ بە ڕۆژ بەرزتـر دەبـێـتەوە. لە هـەڵهـاتنـەوە نـزیک دەبـێـتـەوە.

بەڵام پێویـستـیمان بە یەکـێتی و یەکهەڵـوێـستی و یەک وتاری نەتەوەیی کوردی هـەیە. پێویستیمان بە ئاشـتەوایی و بە رێکخستنی ناوماڵی کورد و بە کۆتاییهـێنان بە ململانێ و بە ناکـۆکی و بە مشتومـڕ و لەیەکـتری دابـڕان هـەیە. پێـویستیمان بە ئەوەیە هـەیە، کە بەرژەوەنـدییەکـانی گەلـەکەمان، لە سەرووی هـەمـوو بەرژەوەنـدییەکـمانەوە بێـت.

پێویـستـیـمان بە بەستنی کـۆنگـرەی نیـشـتـمانی نەتـەوەیی کـوردی هـەیە، کە هـەمـوو بەشـەکانی کوردستان بەشـداربـن تێـيدا. بە کـۆدەنگی و بەبـێ تـرس و چەکەرە، بـڕیار لە پرسە چارەنووسسازەکانی، ئەمـڕۆ و داهاتووی کورد و کوردستان بـدەن. بێگومان چارەنـووسی هـەمـوو کـورد، یـەک چـارەنـووسـە.

رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٥




وەحشێتی و نەهامەتیەکانی نیولیبرالیزم و مەترسییەکانی لەسەر گەلانی لاواز و کۆمەڵگا وابەستەکراوەکان.. ‏و . لە عەرەبیەوە(یاسین لەتیف)

وەحشێتی و نەهامەتیەکانی نیولیبرالیزم و مەترسییەکانی لەسەر گەلانی لاواز و کۆمەڵگا وابەستەکراوەکان و
ڕێگاکانی بەرەنگاری لە ڕوانگەی پۆستکۆلۆنیالیزمەوە.

‏‏پێشەکی
‏” سەرهەڵدانی بزوتنەوەی دژە نیولیبرالیزم وەک بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتی ئامانجی ئیدانەکردنی زیادەڕەوی و شکستە هەستپێکراوەکانی جیهانگیری ئابووری بوو”. لە جیهانێکدا کە دونیا بەرەو جیهانگیری خێراتر دەڕوات ، نیولیبرالیزم وەک ئایدۆلۆژیای باڵادەست سەریهەڵدا ، هاوکات بانگەشەی کرد بۆ بازاڕی ئازاد و ، بە تایبەتیکردن و کەمکردنەوەی ڕۆڵی دەوڵەت ، لە کەڵ ئەوانەش بەڵێنیدا لە بە دیهێنانی خۆشگوزەرانی و ئازادی بۆ تاک . بەڵام لە پشت ئەم بەڵێنەیەوە واقعێکی تاریکترو نەهامەتی هێنایە کایەوە کە بریتی بوو لە خراپتربوونی نایەکسانی و پەراوێزخستنی گەلانی لاواز و درێژەدان بە هەژموونی کۆلۆنیالیزم بە شێوازی نوێ . لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوەوە، لەگەڵ سەرهەڵدانی سیاسەتەکانی مارگرێت تاچەر و ڕۆناڵد ڕیگان، دامەزراوە جیهانییەکانی وەک سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی جیهانی ئەم مۆدێلەیان گرتۆتەبەر . هاوکات سەپاندنی سیاسەتی سکهەڵگوشین و بەرنامەی ڕێکخستنەوەی پێکهاتە بەسەر کۆمەڵگە وابەستەکراوەکاندا . ئەمانە بوون بە هۆی تێکچوونی باری ئابووری و کۆمەڵایەتی لە زۆربەی وڵاتانی باشووری جیهان . بۆیە ئەم لێکۆڵینەوەیە هەوڵدەدات بۆ شیکردنەوەی “دڕندەیی و وەحشێتی” نیولیبرالیزم ، کە لە ئیستغلالکردنی سەرچاوە مرۆیی و سروشتیەکانیدا دەردەکەوێت و “نەهامەتیەکانیش” کە لە توندبوونەوەی هەژاری و پەراوێزخستندا ڕەنگ دەداتەوە . توێژینەوەکە لە ڕێگەی ڕێبازێکی پۆستکۆلۆنیالیزمەوە دەکۆڵێتەوە کە چۆن نیولیبرالیزم پەیوەندییە کۆلۆنیالیزمەکانی بەرهەمهێنایەوە ، هاوکات گرنگیدان بە کاریگەریەکانی لەسەر گەلانی لاواز و کۆمەڵگاکانی وابەستە . پرسیاری توێژینەوەکەم لە دەوری ئەمانەدەسوڕێتەوە: نیولیبرالیزم چۆن بەشداری کردووە لە قوڵکردنەوەی بۆشایی نێوان مەرکەزو پەراوێز ؟ . چۆن تیۆریەکانی دوای کۆلۆنیالیزم دەتوانن ئەم داینامیکیانە هەڵبوەشێننەوە ؟ . توێژینەوەکە لەسەر بنەمای میتۆدێکی شیکاری ڕەخنەگرانە دامەزراوە ، سوود لە چەمکەکانی ئێدوار سەعید (ڕۆژهەڵاتبون)، گایاتری سپیڤاک (دەنگی پەراوێزخراو) و هۆمی بابا هیبریدیەت (تێکەڵاو بوون) وەردەگرێت ، لەگەڵ توێژینەوە لە کەیسی (پۆلۆڤیا) لە ئەمریکای لاتین . هەروەها ئامانجی توێژینەوەکە بریتیە لە :
١- شیکردنەوەی میکانیزمەکانی نیولیبرالیزم .
٢ – هەڵسەنگاندنی کاریگەریەکانی لەسەر کۆمەڵگا پەراوێزخراوەکان .
٣ – پێشکەشکردنی ڕەخنەی دوای کۆلۆنیالیزم کە بەردەوامی هەژمونی کۆلۆنیالیزم ئاشکرا دەکات .
٤ – چارەسەرکردنی ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوەی ئەم دڕندەییەی لیبرالیزمی نوێ .

نیولیبرالیزم: پێناسە و تایبەتمەندی
‏نیولیبرالیزم، وەک دەیڤید هارڤی پێناسەی دەکات، “پڕۆژەیەکی سیاسیە بۆ داڕشتنەوەی پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و ئابووریەکان بۆ بەرژەوەندی سەرمایەداری جیهانی “لە چوارچێوەی قەیرانە ئابووریەکانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردودا سەریهەڵدا . لیبرالیزمی نوێ هەوڵیدا بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی کۆمەڵایەتی و بەرەوپێشبردنی بازاڕی ئازاد . هەروەها تایبەتمەندیە سەرەکیەکانی بریتین لە بە تایبەتکردن و ، ئازادکردنی بازرگانی و ، کەمکردنەوەی خەرجیە گشتیەکان . بەڵام، وەک (نائۆمی کلاین) لە پەرتوکەکەیدا (عەقیدەی شۆک)ئاماژەی پێدەکات ئەم سیاسەتانە زۆرجار لە ڕێگەی “شۆک”ەوە دەسەپێنرێن ، وەک قەیرانی ئابووری یان کارەساتی سروشتی، بۆ ئاسانکاری بە مەبەستی ئیستغلالکردنی کۆمەڵگالاوازەکان .

پۆست کۆلۆنیالیزم: ئامرازی شیکاری
‏ڕێبازی دوای کۆلۆنیالیزم چوارچێوەیەک دابین دەکات بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی بەردەوامبونی هەژمونی کۆلۆنیالیزم لە فۆرمە ئابووری و کولتوریە مۆدێرنەکاندا . ئێدوار سەعید چەمکی “ڕۆژهەڵاتبوون” پێشکەشدەکات کە باس لەوە دەکات کە چۆن گەلانی غەیرە ڕۆژئاوایی وەک دواکەوتوو وێنا دەکرێن بۆ ئەوەی پاساو بۆ دەستێوەردانەکانی بیانی بهێننەوە. لە بەرامبەردا گایاتری سپیڤاک سەرنجی لەسەر “دەنگی پەراوێزخراو”ە، ئاماژە بە مەحاڵبوونی نوێنەرایەتیکردنی گەلانی ژێردەستە دەکات لە گوتارە
باڵادەستەکاندا.هۆمی بابا چەمکی هیبریدیتی ” تێکەڵاو بوون” دەناسێنێت بۆ شیکردنەوەی کارلێکە کولتوریەکانی نێوان ناوەند و پەراوێز لە چوارچێوەی جیهانگیریدا .

تیۆری سیستەمی جیهانی
‏ئیمانوێل والێرشتاین چوارچێوەیەک بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندیە نایەکسانەکانی نێوان ناوەند (وڵاتانی پێشکەوتوو) و پەراوێز (وڵاتانی وابەستە) دابین دەکات . والرشتاین پێیوایە سەرمایەداری جیهانی پشت بە ئیستغلالکردنی پەراوێز دەبەستێت بۆ بەرژەوەندی ناوەند ، ئەمەش ئەوەیە کە نیولیبرالیزم لە ڕێگەی سیاسەتەکانی جیهانگیریەوە بەهێزی دەکات. ‏ئامرازە نوێکانی لیبرالیزم
‏((سیاسەتەکانی خۆپارێزی و ڕێکخستنی پێکهاتەی دەوڵەت)) . دامەزراوەکانی وەک سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی نێودەوڵەتی پشتیان بە بەرنامەکانی دەستکاریکردنی پێکهاتەیی دەوڵەت بەستووە بۆ سەپاندنی چاکسازی ئابووری بەسەر وڵاتانی تازەپێگەیشتودا. ئەم بەرنامانە کە بریتی بوون لە کەمکردنەوەی خەرجیە گشتیەکان و هەڵگرتنی یارمەتیەکان لەسەر کاڵا سەرەتایەکان ،کە ئەوەش هەژاری و بێکاریان زیاتر کرد . بۆ نمونە لە میسر لە ماوەی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، مەرجەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بووە هۆی بە تایبەتکردنی کەرتی گشتی، ئەمەش وای کرد هەلی کار کەم بێتەوەو هەژاریش زیاد بکات . (ئەگەر کوردستانیش وەکو نمونەی میسر وەرگرین کە سیاسەتی ئابووری دڕندانەو وەحشی نیولیبرازیم تێیدا پیادە دەکرێت و ، هێدی هێدی هەموو دامەزراوە خزمەتگوزاریە گشتیەکانی دەوڵەت دەکرێنە کەرتی تایبەتی و ، هەژاریەکی کوشندەو بێکاریەکی لە ڕادەبەر و نەبونی هەلیکار بەرۆکی خەڵکی گردوەو گەنجانێکی یەکجەر زۆر بێکارو نائومێد بە تایبەتی دەرچوانی زاکۆکان و پەیمانگاکان کەوتونەتە سەر شەقامەکان ، کە ڕێک شوێنی پڕولیتاریاکەی مارکسیان گردۆتەوە ، لە عانوساتی تەقینەوەی کۆمەڵایەتیدایەو ئەگەر رووبدات تەڕوو وشک پێکەوە دەسوتێت . و.ک)

جیهانگیری کولتووری
‏نیولیبرالیزم بەشداری کردنی نیولیبرالیزم لە بڵاوکردنەوەی مۆدێلێکی کولتووری ڕۆژئاوایی کە شوناسە ناوخۆیەکان پەراوێز دەخات ، لە ڕێگەی میدیا و کۆمپانیا فرەناسنامەکانەوە . تەرویجدان بەشێوازێکی بەکاربەر کە لەگەڵ بەها نەریتیەکان ناکۆکە ، ئەوەش بووەتە هۆی پەراوێزخستنی کولتورە ناوخۆیەکان لە کۆمەڵگا وابەستەکراوەکاندا . ‏( ئستغلال کردنی سەرچاوەکان) .
‏کومپانیا فرەڕەگەزەکان کار دەکەن بۆ پشتیوانی و هاوکاری سیاسەتی لیبرالیزم لە ڕێگەی ئیستغلال کردنی سەرچاوە سروشیەکانی وڵاتە لاوازەکان . بۆ نموونە لە ئەفریقا گرێبەستی دەرهێنانی کانزاکان بوو بە هۆی نابوت بوونی ژینگە و ئاوارەبوونی کۆمەڵگا ناوخۆیەکان بەبێ ئەوەی گەشەسەندنی ڕاستەقینە بەدیبهێنرێت . (کاریگەری نیولیبرالیزم لەسەر گەلانی لاواز زیاد بوونی هەژاری و بێکاری) .
‏سیاسەتی بە تایبەتیکردن و خۆپارێزی بووەتە هۆی تێکچونی بارودۆخی ژیان لە زۆرێک لە وڵاتانی وابەستە و جیهانی تازەپێگەیشتو ، بۆ نموونە چاکسازیەکانی بازاڕی ئازاد بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری لە نێو گەنجاندا، کە ئەوەش سەریکێشاوە بۆ چەندین شۆڕش و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی ،

تێکچونی خزمەتگوزاریە گشتیەکان
‏نیولیبرالیزم خەرجیەکانی پەروەردە و تەندروستی کەم کردۆتەوە، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر گروپە لاوازەکان دروستکردووە ، لە میسر بە تایبەتیکردنی کەرتی تەندروستی، جیاوازیی لە نێوان دەوڵەمەند و هەژار دروست کردووە بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریەکان . ‏(ڕێک ئەو ئەزموونە لە هەرێمی کوردستان پیادە کراوە لە لایەن نیولیبرالیزم و کومپانیا حزبیەکان کە هی کۆمەڵێک سیاسی چاوچنۆکو چەتەو دز بە ڕێوە دەبرێن، بە تەواوی دەستیان گردووە بە نابود کردنی کەرتی تەندروستی و پەروەردە و ، دروست کردنی نەخۆشخانە و قوتابخانە تایبەتیەکان کە نرخەکانیان لە توانای چینی هەژارو تەنانەت ناوەندیشدا نییە نەشتەرگەریبکەن لەو نەخۆشخانانە لە دۆخی نەخۆشکەوتن ، تەنانەت خەریکی شێواندنی زمانی کوردیشن لە قوتابخانە ئەهلیەکان ، هەروەها خەریکی بە تایبەتیکردنی کەرتی ئاوو کارەباشن و نرخێکی خەیاڵیان بۆ داناوە ڕەنگە فەرمانبەرێکی حکومەت مووچەی مانگێکی بەشی نرخی بەکار هێنانی یەک مانگی کارەبا نەکات ، لێرەدا پرسارەکە ئەوەیە ئەی فەرمانبەرێک یان مرۆڤێکی ئاسایی و بێکار بۆ ئەو پێداویستەکانی تری ژیان چیبکات چۆن بتوانێت ئەو نرخە دابین بکات ؟! . و. ک ) .

پەراوێز خستنی ناسنامە ناوخۆیەکان
‏نیولیبرالیزم بە سەپاندنی مۆدێلێکی کولتوری جیهانی، بەشداری کردووە لە سڕینەوەی ناسنامە ناوخۆیەکان. بۆ نمونە گەلانی ڕەسەن لە ئەمریکای لاتین لە ڕووی کولتووری و ئابووریەوە لە ئەنجامی سیاسەتەکانی بازاڕی ئازاد پەراوێزخراون .

‏ڕەخنە لە پۆستکۆلۆنیالیزم, بەردەوامبونی هەژمونی ئیمپریالیزم

‏لە ڕوانگەی پۆستکۆلۆنیالیزمەوە دەتوانرێت نیولیبرالیزم وەک درێژکراوەی کۆلۆنیالیزمی نەریتی سەیر بکرێت. هەروەک چۆن ڕۆژهەڵاتناسی بۆ پاساوهێنانەوە و دەستێوەردانەکانی کۆلۆنیالیزم بەکارهات، هاوکات نیولیبرالیزمیش لە ڕیتۆریکی “گەشەپێدان” و “پێشکەوتن” بۆ سەپاندنی سیاسەتی ئابووری کە خزمەت بە ناوەند دەکات بەکاردەهێنێت ، ئیدوار سەعید ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم گوتارە وا گەلانی لاواز پیشان دەدات وەک ئەوەی بێ توانا بن لە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانیان ، بەمەش ڕەوایەتی دەدات بەدەستێوەردانی دەرەکی .

‏پەراوێز خستنی دەنگی پەراوێزخراو
‏سپیڤاک جەخت لەوە دەکاتەوە کە گەلانی ژێردەستە زۆرجار بێبەش دەکرێن لە توانای دەربڕینی بەرژەوەندیەکانیان ، لە چوارچێوەی نیولیبرالیزم پشتگوێخستنی پێداویستەکانی کۆمەڵگا ناوخۆیەکان بۆ بەرژەوەندی ئەجێندای دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان ، ئەمەش وابەستە بوون و تەبەعیەت بە هێز دەکات .
‏(بەرەنگاری کۆمەڵگا پراوێزخراوەکان) .
‏سەرەڕای هەژمونەکان بەرەنگاری بزووتنەوەکانی دژی نیولیبرالیزم سەریان هەڵداوە ، لە بۆلیڤیا ساڵی ٢٠٠٠ “جەنگی ئاو” بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی بە تایبەتیکردنی ئاو دوای ناڕەزایەتی جەماوەری، کاردانەوەی توانای کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکان بوو بە هۆی بەرەنگار بوونەوەی هەژموون.

‏توێژینەوەی کەیس 1. بۆلیڤیا: شەڕی ئاو

‏ساڵی ٢٠٠٠ لە شاری کوتشابامبا نەڕەزایەتیەکی بەرفرەوان دروست بوو دژ بە بە تایبەتیکردنی ئاو و بەرز بوونەوەی نرخەکان ، هاوکات بزووتنەوە جەماوەریەکان سەرکەوتوو بوون لە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکان لەگەڵ کۆمپانیا فرەڕەگەزیەکان، ئەمەش توانای بەرخۆدانی ناوخۆیی پیشاندا .

‏بەرەنگاری گەلانی لاواز و کۆمەڵگە ژێردەستەکان لە دژی نیولیبرالیزم: شیکارکردنی پۆستکۆلۆنیالیزم

‏سەرەڕای ئەو باڵادەستیە ئابووری و کولتووریەی کە نیولیبرالیزم بەسەر گەلانی لاواز و کۆمەڵگا وابەستەکراوەکاندا سەپاندویە ، بزووتنەوەی بەرەنگاری جۆراوجۆر سەریان هەڵداوە، کە ڕەنگدانەوەی توانای ئەم کۆمەڵگایانەن بۆ ئاڵانگاری سیاسەتە نیولیبراڵییەکان و دووبارە داڕشتنی گوتارەکانیان . ئەم بزووتنەوانە کە لە نێوان ناڕەزایەتی جەماوەری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان ڕێکخراوە دەست پێدەکات تا دەگاتە پراکتیزە کردنی کولتوریە بەدیلەکان ، هاوکات ڕەتکردنەوەی ئەو هەژمونە ئابووری و کولتوریە دەردەبڕێت کە جیهانگیری لیبڕاڵیزم لە ڕوانگەی پۆستکۆلۆنیالیزمەوە سەپاندویەتی . ئەم بەرەنگاریە هەوڵێکە بۆ گەڕانەوەی ئەو “دەنگە پەراوێزخراوە” کە گایاتری سپیڤاک باسی دەکرد ، هەروەها دووبارە بنیاتنانەوەی ناسنامەی ناوخۆیی لە بەرامبەر ئەو تێکەڵاویە زۆرەملێیەی کە سیستەمی جیهانی سەپاندویەتی ، ئەم بەشەی بریتیە لە دینامیکی بەرەنگاری دژ بە نیولیبرالیزم لە ڕێگەی توێژینەوەی جۆرەکانی و پاڵنەرەکانیو کارێگەریەکانی . شیکردنەوەکە تەرکیز دەکاتە سەر سێ تەوەر : ١ – فۆرمەکانی بەرەنگاری باو . ٢- بەرخۆدانی کولتوری و فیکری . ٣ – ئاڵانگاریەکانی بەردەم ئەم بزوتنەوەیانە بە هاوکاریکردنی شیکردنەوەی توێژینەوەکان دەکرێت لە کەیسی زیادە لە ئەمریکای لاتین و ئەفریقال لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر چوارچێوەی تیۆری پۆست کۆلۆنیالیزم .

فۆرمەکانی بەرخۆدانی باو
‏بەرخۆدانی جەماوەری لە بەرامبەر نیولیبرالیزمدا چەندین شێوەی هەیە، لە ناڕەزایەتیە خۆبەخۆکانەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە بزووتنەوە کۆمەڵایەتیە ڕێکخراوەکان . زۆرجار ئەم بزووتنەوانە لە کاردانەوەی سیاسەتەکانی خۆپارێزی و بە تایبەتیکردن و ئیستغلالکردنی سەرچاوەکان لە ڕوانگەی پۆستکۆڵۆنیالیزمەوە سەرهەڵدەدەن . ئەم ناڕەزایەتیانە ڕەنگدانەوەی هەوڵێکە بۆ گەڕاندنەوەی سەروەری جەماوەری لە بەرامبەر ئەو گوتارەی “گەشەپێدان” کە لەلایەن دامەزراوە نێودەوڵەتیەکانەوە تەرویجی پێدەدرێت .

‏”ناڕەزایەتەکانی شەڕی ئاو لە بۆلیڤیا لە ساڵی (٢٠٠٠)”

‏لە شاری کوتشامبا ناڕەزایەتیەکی بەرفرەوان بەرپا بوو دژ بە تایبەتیکردنی ئاو کە نرخەکەی بەرز کردەوەو بە شێوەیەک ژیانی توێژی هەژارانی خستە مەترسیەوە ، ئەم بزووتنەوەیە لەلایەن هاوپەیمانیە هەمەچەشنەکانی جووتیاران و کرێکاران و گەلانی ڕەسەنەوەسەرکردایەتی دەکرا ، کە بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی بە تایبەتیکردن لەگەڵ کۆمپانیای “باختێل”ی ئەمریکی . ئەم نموونەیە تیشک دەخاتە سەر توانای کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکان بۆ ئاڵانگاری باڵادەستی ئابووری ، ئەمەش ڕەنگدانەوەی چەمکی ‘تێکەڵاوبوون’ی هۆمی بابایە . ‏
‏کە شوناسە ناوخۆیەکان لەگەڵ ستراتیژیەکانی بەرخۆدانی جیهانی تێکەڵ بوون بۆ پێکهێنانی گوتارێکی نوێی بەرەنگاری .
‏(بزووتنەوەی جوتیاران لە هندستان) .
‏لە ساڵانی ڕابردوودا لە هیندستان شایەتحاڵی ناڕەزایەتیەکی بەرفراوانی جووتیاران بووین دژ بە یاسا کشتوکاڵیەکان کە ئامانجیان ئازادکردنی بازاڕی کشتوکاڵی بوو ، جووتیارەکان دەیانبینی ئەمە خزمەت بە کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان دەکات لەسەر حیسابی جوتیارانی بچووک . ئەم بزاڤانە بە سەرکردایەتی سەندیکاکانی جوتیاران لە ساڵانی ٢٠٢٠-٢٠٢١ سەرکەوتوو بوون لە ناچارکردنی حکومەت بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاساکان . لە ڕوانگەی پۆستکۆلۆنیالیزمەوە، ڕەنکدانەوەی ئەم بەرخۆدانە ڕەفزکردنی ئەو وێنایەیە بوو کە گوایە جوتیاران “دواکەوتون” (وەک لە گوتاری ڕۆژهەڵاتناسی ئیدوار سەعیددا) هاتووە ، هاوکات جەختکردنەوەیە لەسەر گرنگی شوناسە ناوخۆییەکان لە بەرامبەر جیهانگیری ئابووریدا .

بەرخۆدانی کولتووری و فیکری
‏شانبەشانی ناڕەزایەتیە جەماوەرییەکان فۆرمەکانی بەرخۆدانی کولتووری و فیکری سەریان هەڵداوە کە هەوڵدەدەن شوناسی ناوخۆیی لە بەرامبەر جیهانگیری کولتوریدا کە لەلایەن نیولیبرالیزمەوە تەرویجی پێدەدرێت دووبارە دابڕێژنەوە . ئەم بەرەنگاریە تێدەکۆشێت بۆ زیندوکردنەوەی نەریتە ناوخۆیەکان و، بەرهەمهێنانی دژە دیسکۆرسی و ، گەڕاندنەوەی متمانە بۆ معاریفی ڕەسەنایەتی .

بوژاندنەوەی زانیاری ڕەسەن لە ئەمریکای لاتین
‏لە ئەمریکای لاتین بزووتنەوە ڕەسەنەکانی وەک زاپاتیستەکان لە مەکسیک، بەشداریان کردووە لە بەرەنگاربوونەوەی مۆدێلی ئابووری لیبڕاڵ لە ڕێگەی بوژاندنەوەی زانستی نەریتی ، ئەم بزووتنەوەیانە ڕێککەوتنی بازرگانی ئازادی ئەمریکای باکووریان ڕەتکردەوە، چونکە هەڕەشە لە کشتوکاڵی نەریتی دەکات ، مۆدێلێکی بەدیلیان خستەڕوو کە لەسەر بنەمای ئابووریی هاودەنگی و خۆبەڕێوەبردن دامەزراوە لە ڕوانگەی دوای کۆڵۆنیالیزم . ئەم میتۆدە ڕەنگدانەوەی هەوڵێکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەژموونی کولتووری ڕۆژئاوا و وەرگرتنەوەی دەنگی ڕەسەن.. .

‏دژە گوتار لە جیهانی عەرەبیدا
‏لە جیهانی عەرەبیدا بزووتنەوە فیکریەکان سەریان هەڵداوە و هەستاون بە ڕەخنە گردن لە نیولیبرالیزم لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی گوتاری ئەڵتەرناتیڤ ، بۆ نموونە بیرمەندانی وەک سەمیر ئەمین(سەمیر ئەمین لە لە ساڵی٢٠١٨ کۆچی دوایی کردووە و. ک) ڕەخنەیان لە سەرمایەداری جیهانی گردووە و دەڵێن نیولیبرالیزم فۆرمێکی نوێی کۆلۆنیالیزمە . ئەم گوتارانە هەوڵدەدەن چەمکی گەشەپێدان دووبارە دابڕێژنەوە و لە جیاتی بازاڕی ئازاد سەرنجیان دەخەنە سەر دادپەروەری کۆمەڵایەتی .

‏هونەر وەکو ئامرازی بەرەنگاری
‏کۆمەڵگا پەراوێزخراوەکان هونەریان وەک ئامرازێک بۆ بەرخۆدانی کولتووری بەکارهێناوە ، بۆ نموونە لە دورگەی باشوری ئەفریقا هونەرمەندەکانی وەک فێلا کوتی مۆسیقاری نەیجیریایان بە کار هێناوە بۆ ڕەخنەگرتن لە سیاسەتی نیولیبرالیزم و کاریگەریەکانیان لەسەر کۆمەڵگا ناوخۆیەکان . ئەم فۆرمە هونەریانە ڕێگە بە کەسانی پەراوێزخراو دەدەن گوزارشت لە ئەزمونەکانی خۆیان بکەن ، کە ئەمەش بونیان بە هێزتر دەکات لە بەرامبەر گوتاری باڵادەستدا .

‏ئەو ئاڵانکاریانەی ڕووبەڕووی بەرەنکاری دەبنەوە
‏سەرەڕای بەهێزی بزووتنەوەکانی بەرخۆدان ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو دەبنەوە لەوانە:سەرکوتی حکومی و نێودەوڵەتی ، زۆرجار بزووتنەوە جەماوەریەکان ڕووبەڕووی سەرکوت دەبنەوە لەلایەن ئەو حکومەتانەی کە لەلایەن دامەزراوە نێودەوڵەتیەکانەوە پشتیوانی دەکرێن ، بۆ نموونە لە ساڵانی ٢٠٠٠ لە میسر ناڕەزایەتیەکان دژی بە تایبەتیکردن بە توندوتیژیی حکومەت سەرکوت کران ئەمە ڕەنگدانەوەی هاوپەیمانی نوخبە ناوخۆیەکانە لەگەڵ سەرمایەداری جیهانی .

‏پارچە پارجە بوون و دابەش بوونی ناوخۆی
‏هەندێک لە بزووتنەوەکان بەهۆی جیاوازی ئەولەویەت و ئایدۆلۆژیایانەوە بەدەست دابەشبوونی ناوخۆوە دەناڵێنن ، بۆ نمونە لە تونس دوبەرەکی لە نێوان بزووتنەوە کرێکاریەکان و ڕەوتە ئیسلامیەکان بەرەی بەرەنگاری لە بەرامبەر سیاسەتەکانی خۆپارێزی لاواز کردووە .

‏ڕاگردنی بەرەنگاری
‏نیولیبرالیزم ستراتیژییەکان بەکار دێنێت بۆ ڕاکردنی بەرخۆدان وەک تێکەڵکردنی هەندێک بزووتنەوە بە سیستەمی ئابووری جیهانی لە ڕێگەی بەرنامەکانی “گەشەپێدانی بەردەوام”ەوە . ئەم ستراتیژانە ئامانجیان داماڵینی دیمەنی شۆڕشە لە بزووتنەوەکان، بەمەش کاریگەریەکانیان سنووردار دەکرێن .

شیکاریەکی دوای کۆلۆنیالیزم بۆ بەرخۆدان
‏لە ڕوانگەی پۆستکۆلۆنیالیزمەوە دەتوانرێت بەرخۆدان وەک هەوڵێک بۆهەڵوەشاندنەوەی گوتاری “ڕۆژهەڵاتگەرایی” تێبگەین و وێنایەک نیشان دەدەن کە گەلانی لاواز وەک بێتوانا بن لە بەڕێوەبردنی کاروباری خۆیاندا . ئەم بزووتنەوەیانە تیشک دەخەنە سەر توانای کۆمەڵگا پەراوێزخراوەکان بۆ بەرهەمهێنانی دژە گوتار . ‏وەک ئیدوار
سەعید لە شیکاریەکانی دژە گوتاردا ئاماژە بەوە دەکات کە تەحەدای هەژموونی کولتووری دەکەن ، هەروەها گایاتری سپیڤاک جەخت لەسەر گرنگی ڕێگەدان بە دەنگە پەراوێزخراوەکان دەکاتەوە بۆ گوزارشت کردن لە خۆیان ، ئەمەش لە بزووتنەوەکانی وەک زاپاتیستەکاندا دیارە کە هەوڵدەدەن گەشەپێدان دوور لە مۆدێلە ڕۆژئاوایەکان پێناسە بکەنەوە . لە کۆتایدا چەمکی ‘هیبریدیتی’ هۆمی بابا دەبێژێت ئەم بزووتنەوەیانە لە توانیاندا هەیە توخمە ناوخۆیی و جیهانییەکان تێکەڵ بکەن بۆ دروستکردنی فۆڕمی نوێی بەرخۆدان .

ئەنجام
‏ئەم لێکۆڵینەوەیە وەحشێتی و “دڕندەیی” نیولیبرالیزم ئاشکرا دەکات لە نەهامەتی و ئیستغلالکردنی گەلانی لاوازو قووڵکردنەوەی هەژاری و پەراوێزخستنیان لە ڕێگەی ڕێبازی پۆستکۆلۆنیالیزمەوە ، ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە نیولیبرالیزم تەنها ئایدۆلۆژیایەکی ئابووری نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی هەژمونی کۆلۆنیالیزم . بەڵام وەک لە توێژینەوەی کەیسەکاندا دەرکەوتووە کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکان توانای بەرەنگاربوونەوەیان هەیە ، بەڵام توێژینەوەکە پێشنیاری بەهێزکردنی سیاسەتە ناوخۆیەکان دەکات کە گرنگی بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و پشتیوانی بکەن لە بزوتنەوە جەماوەریەکان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی هەژمونی جیهانی . بەرەنگاری بزووتنەوەکانی دژە نیولیبرالیزم نیشان دەدەن کە گەلانی لاواز و پێکهاتە ژێردەستەکان تەنها قوربانی نین، بەڵکو کارەکتەرێکی چالاکن کە توانای ئاڵانگاری هەژمونی ئابووری و کولتوریان هەیە لە ڕێگەی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان و بوژاندنەوەی زانستی ناوخۆیی و گوتاری دژە فیکریەوە ، ئەم بزووتنەوەیانە چەمکی سەروەری و دادپەروەری دادەڕێژنەوە ، بەڵام لە ئەوەشدا ئەم بزووتنەوەیانە ڕووبەڕووی ئاڵانگاری بەرچاو دەبنەوە کە پێویستیان بە ستراتیژی نوێ هەیە بۆ پەرەپێدانی هاودەنگی لە نێوان کۆمەڵگا پەراوێزخراوەکان . لە ڕوانگەی پۆستکۆلۆنیالیزمەوە، ئەم بەرەنگاریە هەنگاوێکە بەرەو هەڵوەشاندنەوەی هەژموون و وەرگرتنەوەی دەنگی پەراوێزخراوەکان کە ڕێگا بۆ خەیاڵکردنی بەدیلەکانی گەشەپێدان دەکاتەوە کە سەرنجیان دەخاتە سەر سەروەری ناوخۆیی و دادپەروەری . ئایا ئەم بەرەنگاریە دەتوانێت لەم وەحشی و دڕندەیە جیهانیە ڕزگاری ببێت و مافە دزراوەکان بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێنێتەوە؟ .

‏د . زهیرالخویلدی – حوارالمتمدن
‏ ١٥ – ٨ – ٢٠٢٥ المجتمع المدنی
‏و . لە عەرەبیەوە(یاسین لەتیف)




ڕاپەڕین و شۆڕش و گۆڕینی کۆمەڵگە.. ئەکرەم سەعید

سەرنجێک لەسەر ڕاپەڕینەکانی سەردەمی ئێمە

بۆ لاوان و چینی کرێکاران گرنگە بزانن ناوەڕۆکی ڕاپەڕین و شۆڕش چییە و جیاوازیان چییە؟. شۆڕش گۆڕانی ڕیشەییە لە پایەکانی سیاسی و ئابووری کۆمەڵگە؛ یانی گۆڕینی دەسەڵاتی چینی بۆرژوازییە بۆ دەسەڵاتی چینی کرێکاران – گۆڕینی شێوازی بەرهەم هێنان و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییە بۆ سۆسیالیستی، ئەما ڕاپەڕین لە باشترین حاڵەتیدا گۆڕینی سیستەمی سیاسییە(گۆڕینی حکومەت و ستافی دەسەڵات و هەندێ دەستکەوتی مافی مەدەنی و ئابوورییە)، بەم پێیە ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان دژی گەندەڵی و سەرکوت ناتوانێ پایەکانی ئابووری سەرمایەداری کۆمەڵگە بگۆڕێ. ڕاپەڕین بە تەنها دژی گەندەڵی و سەرکوت هێشتا دیموکراسی و لیبڕالیسمە، بۆیە لە سنووری گۆڕینی ستافێک بۆ ستافێکی دی دەوڵەتی بۆرژوازی زیاتر ناڕوات، و ناتوانێ دەست بۆ گۆڕینی پایەی ئابووری کۆمەڵگەی سەرمایەداری بەرێ، بە دەربڕینێکی دی ڕاپەڕین دەسەڵات لە ئیستبدادییەوە دەگۆڕێ بۆ دیموکراسی، ستافی دەوڵەتێکی گەندەڵی بێ پەردە دەگۆڕێ بۆ دەوڵەتی خاوەن یاسا و دەزگای خاوەن بودجەی شەفاف،، هتد.
دەشێ ڕاپەڕین و شۆڕش لە کرداری تندوتیژی خێرادا هاوشێوە بن، چونکە ئەگەری هەیە زیاتر تەقینەوەێکی مەزنی کتوپڕی بەهێز بن، پێداکێشانی دوو هێز یان زیاتری دژ بەیەک بن: هێزی دەسەڵاتی کۆن کە بەرگری لە بۆ مانەوە خۆی دەکات، وە هێزی جەماوەری ناڕازی کە دەیەوێت دەسەڵات و سیستەم بڕوخێنێ. بەم مانایە ڕاپەڕین و شۆڕش ململانێی سیاسی دوو ئیرادەیە کە جەنگیانە لەسەر دەسەڵات.
تا ئێرە ئێمە پێناسەی ڕاپەڕین و شۆڕش دەکەین وەک هێز و ئامانجێکی دیار و بینراو، وەک گۆڕینی بواری سیاسی و تەنها لە ڕەهەندی سیاسییەوە چاویان لێ دەکەین. ئەما شۆڕش جگە لەم دیمەنە بینراوە، جگە لە بوار و ڕەهەندی سیاسی، دیمەنی شاراوەو هێزێکی مێژووی نادیار لە پشتەوە ماتۆڕی ئیرادە و گۆڕانیەتی؛ یانی شۆڕش بە دیوە شاراوەکەیدا بواری کۆمەڵایەتی و بەرژەوەندی چینایەتی و ئامانج و ڕەهەندی ئابووری گەورەتر و گۆڕانی ڕیشەیی شێوازی ئابووری کۆمەڵگەی هەیە.
بۆ سۆسیالیستەکان شۆڕش یانی ئالۆگۆڕی سیاسی و ئابوورییە، ئامانج لە شۆڕش گۆڕینی دەسەڵاتی چینی بۆرژوازییە بۆ دەسەڵاتی چینی کرێکاران، گۆڕینی شێوازی بەرهەمهێنان و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییە، کۆتایی هێنانە بە دابەشبوونی چینایەتی کۆمەڵگە، کۆتایی هێنانە بە جیاوازی نێوان شار و لادێ، کۆتایی هێنانە بە جیاوازی نێوان کاری جەستەیی و کاری فکری، ئەما بۆ لیبڕالیسمەکان شۆڕش تەنها مانای گۆڕانی بواری سیاسی و بە دەستهێنانی ئازادی تاکەکەس و بە دیموکراسی کردنی دەوڵەتە.

شۆڕش بە ڕای ئەلێکسیس دی تۆکڤیل و مارکس
شۆڕش دیاردەێکی ئاڵۆزە، کێشەی سەرەکی لە توێژینەوەی ئەم دیاردەیە، ناسینی پەیوەندی نێوان ڕۆڵی هێزی هۆشیار و ئیرادەی ئینسانەکانە لەتەک ڕۆڵی هێزی ڕەوتی مێژووییە کە بابەتییە لە پشتی ئینسانەکانەوە کاری خۆی دەکات، و لە دوا ئەنجامدا وەک بڵێی شۆڕش کارێکە ئینسانەکان کردوویانە یان شتەهاێکیان گۆڕیوە کە جێبەجێکردنی زەرورەتی ڕەوتی مێژوو بووە. ئەم کێشەیە(پەیوەندی نێوان ئیرادەی ئینسانەکان و ستروکتور/ ڕەوتی مێژوو)، کێشەی سەرەکی چەندجار دووبارە بووەی نێو دەقەکانی”ئەلێکسیس دی تۆکڤیل و مارکس”ە.
گرنگتر لەم کێشەیە لە ڕاڤەی شۆڕش، دیاریکردنی مەیدانەکانی گۆڕانە لە شۆڕشدا. هەر دوو دی تۆکڤیل و مارکس بڕوایان بەوە بووە کە شۆڕش گۆڕانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە. شۆڕش تەنها دەوڵەتی کۆن ناڕوخێنێ و بەس، بەڵکە پایەی ئابووری و پەیوەندی چینایەتی کۆمەڵگەش دەگۆڕێ. بۆ نموونە: شۆڕشی فەرەنسی تەنها دەسەڵاتی پاشایەتی و کەنیسەی کۆتایی پێ نەهێناوە، بەڵکە ئابووری دەرەبەگایەتی گۆڕی بۆ ئابووری سەرمایەداری. کەواتە شۆڕش لە دوو بوار و مەیداندا کاری گۆڕین دەکات: گۆڕینی سیاسی دەوڵەت و گۆڕینی پایەی ئابووری کۆمەڵگە، ئەمەی دوایی بە ڕای مارکس یانی گۆڕینی پەیوەندی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و کۆتایی هێنان بە دابەشبوونی چینایەتی کۆمەڵگە، یانی گۆڕینی پێکهاتی ئابووری و سیاسی سەرمایەداری بەرەو پێکهاتی ئابووری سیاسی سۆسیالیسم.

جیاوازی نێوان ڕیفۆرم و شۆڕش
(هەر هەوڵێک بدرێ بۆ گۆڕینی پێکهاتی سەرخانی یاسایی و سیاسی دەوڵەت، گەرچی هەلومەرجی ئابووریش لەتەکیدا بگۆڕێ، هێشتا بە کارێکی ئیسڵاحی پێناسە دەکرێ، مادام لە چینی خاوەن فەرمانڕەوای سیاسی و ئابووری کۆمەڵگەوە سەرچاوەی وەرگرتووە. بە پێچەوانەوەی ئەوە، ئەو کردەوانە بۆ گۆڕانکاری بە شۆڕش پێناسە دەکرێ، کاتێ لە چینێکەوە کە لە ڕووی ئابووری و سیاسیەوە چەوساوەتەوە، و ئەمڕۆکە دەسەڵاتی سیاسی دەگرێتە دەست، و لە بەرژەوەندیایەتی بە خێرایی ئاڵۆگۆڕی سیاسی و ئابووری بکات ،،.)- شۆڕشی کۆمەڵایەتی/ کارڵ کاوتسکی.
کەواتە: بە پێی ڕای کاوتسکی”شۆڕشی سیاسی نابێ بە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی هەتا چینی ژێردەستە پێی هەڵنەستێ بۆ بەرژەوەندی چینایەتی خۆی”. لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا چینی کرێکاران چینی چەوساوەن، بێگومان کاتێ ئەو چینە شۆڕش دەکات تەنها بە گۆڕانی دەسەڵات ڕاناوەستێ، بەڵکە پەیوەندی بەرهەمێنان و بوونی چینایەتی سەرمایەداری دەگۆڕێت(یانی پێکهاتی ئابووری سەرمایەداری دەگۆڕێت بۆ سۆسیالیسم)، ئەوکات دەتوانین بڵێن شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی ڕویداوەو سەرکوتوو بووە. کاتێ لە ئەنجامی شەڕو پێکدادانی زبری باڵەکانی چینی بۆرژوازی، تەنها ئاڵوگۆڕ لە سەرخانی سیاسی(ئازادی زیاتر بوو، یان مافی مەدەنی باشتر بوو، مافی ژنان ڕێزی لێ گیرا، گەندەڵکاران سزادران،، هتد)، ئیدی ئەوە ڕاپەڕینی(دیموکراسی)سیاسی بۆرژوازییە.
بە کورتی: ڕاپەڕین گۆڕینی سەرخانی کۆمەڵگەیە، گۆڕینی سەرپۆشە نەک بنەما، ئەما شۆڕش گۆڕینی سەرخان و ژێرخانی کۆمەڵگەیە؛ بەم مانایە ڕاپەڕین گۆڕانێکی سنووردار و ناتەواوە، واتە گۆڕانی بەشێکی یان مەیدانێکی پێکهاتی کۆمەڵگەیە بەتایبەتی دامەزراوە سەر بە پێکهاتەکانی(سیاسی، یاسایی، ئایینی). لەسەر ئەو بنەمایە ڕاپەڕین”بچوکترە”لە شۆڕش لە ڕووی پانتایی و جۆری گۆڕان لە کۆمەڵگەدا. شۆڕش گۆڕینی بارودۆخی بوونی ئینسانەکانە لە ڕووی(ئابووری و سیاسی و فکری)یەوە. شۆڕش کردەوەیەکی سیاسی تندوتیژە بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی چینێکی کۆمەڵایەتی، بۆ گۆڕینی قۆناغێکی مێژوویی کۆمەڵگە.
لێرەوە کەمێ تێفکرین و لە خۆمان بپرسین: ئایا بەناو شۆڕشەکانی سەردەمی ئێمە؛ لە بەناو شۆڕشی مەجەری ساڵی ۱۹٥۹، لە شۆڕشی بەناو پۆرتوقاڵی لە ئۆکراینا، و شۆڕشی بەهاری عەرەبی،، هتد، بە چ بیروباوەڕێک و بەرژەوەندێک بەو دیاردەو ڕووداوانە دەگوترێ شۆڕش؟ ئایا سۆسیالیستەکان بڕوایان وایە ئەوانە شۆڕش بوون؟!.

خەونەکانی جەماوەری ناڕازی
بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە وڵاتانی باشووری ئاسیا، بووە هۆکاری گۆڕینی هەندێ حکومەت، بۆ نموونە: لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٢، سەرۆکی سریلانکا “گۆتابایا ڕاجاپاکسا”دەستی لەکارکێشایەوە، پاشان لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوودا”شێخ حەسینە”سەرۆکوەزیرانی بەنگلادیش لە دەسەڵات دوورخرایەوە، و لەم هەفتەیەدا لە نیپاڵ سەرۆکوەزیران”پی شارما ئۆلی”دەستی لەکارکێشایەوە. داواکاری ڕەوای ئەو جەماوەرە ناڕازییە(ئازادی و نان)ە، لێرەوە ئەمەریکا بۆ لاوازکردنی پێگەی وڵاتی چین، هەوڵدەدات ناڕازایەتییەکانی جەماوەری باشووری ئاسیا بە(خەونی ئەمەریکا)وە ببەستێتەوە.
نەک تەنها لەو چەند وڵاتەی باشووری ئاسیا، بەڵکو لە(چین، ڤێتنام، ئێران،، هتد، لەو وڵاتانەی بە حیساب دەوڵەتەکەیان دژی مۆدێلی فکر و سیاسی غەربە)، کەچی مۆدێلی ژیانی ئەمەریکی ئاواتی زۆربەی خەڵکە؛ یانی مەیلی پڕۆئەمەریکی/پڕۆغەربی لە نێو جەماوەردا بەهێزە.
لەڕاستیدا(خەونی ئەمریکی)بەڵێنی بەختەوەری و دەوڵەمەندبوون لە ڕێگەی کارکردنەوە، هەرگیز ئەو خەونە جگە لە بڕێک لە تاکەکەس، دەنا بۆ هەمووان بەدەست نەهاتووە. کاتێک”جەیمس ترونسلۆ ئادەمز”لە ساڵی ١٩٣١دا ئەم زاراوەیەی داهێنا، بەم جۆرە وەسفی کرد:”بۆ هەموو هاوڵاتییەک بەبێ گوێدانە بارودۆخی لە دایکبوونی یان پێگەی کۆمەڵایەتی”، بەڵام بۆ چینی کرێکاران و هەژارانی خەڵکی ئەمەریکا ئەو خەونە ئەفسانەێک بوو، و ئەمڕۆکە ژمارەێکی زۆری لاوان و کرێکارانی ئەمەریکا بەهۆی بێکاری و قەرزەوە ژیانیان دۆزەخە، و خەون بە مۆدێلێک لە دەوڵەت و کۆمەڵگە دەبینن کە(ئازادی و خۆشگوزەرانی و ئاسایشیان)بۆ دابین بکات، خەون بە دەوڵەتی خۆشگوزەرانی دەبینن، و ئاواتیان دەوڵەتێکە(خزمەتگوزاری خەستەخانە بۆ هەمووان، بیمەی بێکاری، خزمەتی پیران و بێ ماڵ و حاڵەکان)پێشکەش بکات. بۆیە خەونەکانی زۆربەی جەماوەر لە ئاسیا پێچەوانەی خەونەکانی زۆربەی جەماوەرە لە غەرب.
بۆ خەڵکی هۆشیار کاتێ دەبینێ دۆزەخی مۆدێلی ژیان و سیستەمی ئەمەریکا بۆتە ئاوات و خەونی جەماوەری ئاسیا، دەگەنە ئەو قەناعەتەی کە ئەو جەماوەرە ناهۆشیارە، چونکە دۆزەخی لێ بۆەتە بەهەشت، ئەوەش ئاکامی ئەوەیە کە ئەو خەڵکە لە هەلومەرجێکی خراپدا دەژین، و خەون بە مۆدێلێکەوە دەبینن کە دیوی دووەمی هەمان شێوازی بەرهەم هێنانی سەرمایەدارییە.

کازاخستان؛ ڕاپەرینی جەماوەر دژی گرانی و هەژاری –
ڕۆڵی فاکتەری دەرەکی لەسەر ململانێی چینایەتی و بزووتنەوە جەماوەریەکان لە سەردەمی ئێمەدا:
لە ٢ی بانەمەڕ ساڵی ٢٠٢٢ دوابەدوای بەرزبوونەوەی کتوپڕی نرخی غاز، کە حکومەتی کازاخستان بە وتەی خۆی بەهۆی زیادبوونی خواست و جێگیرکردنی نرخەوە بووە، خۆپیشاندان لە کازاخستان سەریهەڵدا. کازاخستان نموونەێکی نوێ و زیندووە کە چۆن ململانێی بلۆکەکانی سەرمایەداری پاڵ بە ململانێی چینایەتی نێوخۆی وڵاتێکەوە دەنێ بۆ دواوەو دایدەپۆشێ – ١.
ئەمڕۆکە کەم چەپ و سۆسیالیست هەیە لە دونیادا بەوەی دەگوزەرێ لە کازاخستاندا ناو بنێ شۆڕش، لەتەک ئەوەی کە جەماوەر دژی گرانی و هەژاری توانی حکومەت برۆخێنێ و پەلاماری دەسەڵاتی دەوڵەت بدات. هۆکاری ناو نەنانی شۆڕش بۆ ڕاپەڕینی جەماوەری کازاخستان کۆبوونەی چەندەها ئەزموونی لەوەوپێشە لە ڕوداوەکانی هاوشێوە لە(ئۆکراینا، تونس، میسر، سوریا، سودان و،، هتد.).
سۆسیالیستەکان ناچارن بۆ تێگەیشتنی زانستی لە دیاردەکانی جیهانی ئەمڕۆ، دراسەی ئەو بزووتنەوە جەماوەریانە دژی گرانی و هەژاری بکەن، کە چۆن فاکتەری دەرەکی و دەستێوەردانی بلۆکەکانی سەرمایەداری، دەبێتە هۆکاری گۆڕینی ئاقار و ئامانجی بزووتنەوە جەماوەرییەکان و بە ناکام گەیشتنیان.
بە تەنها باسکردن لە ململانێی چینایەتی نێوخۆی وڵاتێک، وە بە تەنها بەژماردنی ململانێی چینایەتی نێوخۆی وڵاتێک وەک فاکتەری سەرەکی لە گۆڕانی دەسەڵات، وەک تیۆری مارکسیسمی کلاسیکی مەزەندەی دەکات، دەکەوینە هەڵەی تیۆری و تێگەیشتنێکی نادروست لە بزووتنەوە جەماوەریەکانی سەردەمی ئێمە. گرنگی ڕۆڵی فاکتەری دەرەکی، گرنگی فاکتەری ململانێی دەوڵەتە سەرمایەدارەکان لەسەر بزووتنەوە جەماوەریەکانی سەردەمی ئێمە چارەنووسازە، و گەر لە ململانێی چینایەتی نێوخۆیی کاریگەرتر نەبێ ئەوا لەو کەمتر نییە. بە تایبەتی لە نەبوونی حیزبێکی سۆسیالیستی بە توانا لە نێو بزووتنەوە جەماوەریەکاندا، هێندەی دی جەماوەر گەرچی داواکاری ڕەوای هەیە دژی دەسەڵاتی سەرمایەداری، بەڵام بەلاڕێدا دەبرێ و دەکەوێتە پاشکۆی ململانێی باڵەکان و لایەنەکانی ناوخۆو دەرەکی سەرمایەدارانەوە.
هه‌موو ڕاپەڕینێک پێمان دەڵێ جه‌ماوه‌ر خه‌ون به‌ چییه‌وه‌ ده‌بینێ و جه‌ماوه‌ر چی ده‌وێت، چه‌ندایه‌تی و چۆنایه‌تی هاتنه‌دی خه‌و‌نه‌کانی جه‌ماوه‌ر به‌نده‌ به‌ ئاستی هۆشیاری چینایه‌تی جه‌ماوه‌ری شۆڕشگێره‌وه‌. بۆیە کاتێ جەماوەری ناڕازی بێ هۆشیاری سۆسیالیستی ڕاپەڕین دەکات، ئەنجامەکەی لە گۆڕینی دەسەڵات لە نێوان مۆدێلەکانی دەوڵەتی بۆرژوازی زیاتر، دەنا هیچی دی بەرهەمی نابێ، لێرەوە دەتوانین ئەو جۆرە ڕاپەڕینانە بە(قسەکردن و ڕۆشتن لە کاتی خەو)ی ئینسانێک بشوبهێنین کە لە ڕاستیدا هیچ بەهای نییە چی دەڵێ یان بۆ کوێ دەچێت. بۆیە بەشێکی ڕاپەڕینەکانی جەماوەر لە سەردەمی ئێمەدا(بەهاری عەرەبی بە نموونە)، بەهۆی زاڵ بوونی کۆنەپەرستەکان بەسەر ڕاپەڕینەکاندا ئاکامی کۆنەپەرستی و بەدژی داواکاری و خواستی(نان و دادپەروەری و ئازادی)خەڵکی بووە(نموونە: تونس و میسر ). بە ماناێکی دی کرێکاران و خەڵکی ناڕازی چەندەها ڕاپەڕینیان دژی سیستەمی سەرمایەداری کردووە، بەڵام ئەنجامەکەی لەو دیمەنە دەچێ کە خەڵکی بەردیان هاویشتبێتە کۆشکی دەسەڵاتداران، کەچی بەردەکان گەڕابێتنەوەو بەر سەری خۆیان کەوتووە.
جیهانی ئێمه‌ سیریالیه؛ چونکه‌ له‌یه‌ک کاتدا به ‌چه‌نده‌ها شێوه ‌و دیمەنی جیاواز خۆی ده‌رده‌خات، واقعیه‌تی خۆی له‌ چه‌نده‌ها فۆڕمدا به ‌مرونه‌تێکی گه‌وره‌وه‌ به‌رهه‌م و دوو‌باره‌ به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه‌، و به‌هۆی ژماره‌ێکی زۆری مۆدێلی جیاواز جه‌وهه‌ری گه‌لێ ته‌موومژاوییه‌، بۆیه‌ به‌بێ تیۆریکی زانستی و پراکتیکی شۆڕشگێڕانه‌ کە ئامانجی دامەزراندنی کۆمەڵگەێکی(ئازاد و دادپەروەر و خۆشگوزەران)بێ، مه‌حاڵه‌ هیچ ڕاپەڕین و شۆڕشێک ڕێگای ده‌ربازبوون بێت له‌م دۆزه‌خه‌.

………………………………………………..

١- ڕوسیا هێزی سەربازی نارد بۆ هاوکاری دەوڵەتی کازاخستان بۆ سەرکوتی جەماوەر بە ناوی دژە تیرۆر و فەوزا، ئەمەش جۆرێکە لە فاکتەری دەرەکی کە ململانێی بەرژەوەندیەکانی دەوڵەتە سەرمایەداریەکان فەرزی کردووە.




نمایشی سەربازی چین*.. عوسمانی حاجی مارف

شی جین پینگ، سەرۆکی چین لە بەردەم زیاتر لە پەنجا هەزار بینەر لە گۆڕەپانی تیانامین، وتی ئەمڕۆ مرۆڤایەتی لەبەردەم هەڵبژاردندایە لەنێوان ئاشتی و شەڕدا! کە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٣ ی ئابی ٢٠٢٥، سێ لە سەرکردە دیارەکانی جیهان- شی جین پینگ، ڤلادیمێر پوتین و کیم جۆنگ ئون- لە گۆڕەپانی تیانامین لە پەکین هەنگاویان نایە سەر شانۆ و زیاتر لە ٢٠ سەرکردەی دیکەی جیهانیان بردە سەر شانۆ بۆ بینینی نمایشی ڕۆژی سەرکەوتن، بۆ یادی ٨٠ ساڵەی کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەم.
شی جین پینگ پێش نمایشەکە بە چاکەتێکی ستایلی ماو تسیتۆنگەوە لەسەر فەرشی سور سڵاوی لە زیاتر لە بیست و پێنج سەرکردەی ووڵاتەکان کرد، شی جین پینگ لەسەر شانۆی سەرەکی لەنێوان ڤلادیمێر پوتین و کیم جۆنگ ئون دانیشتبوو، کە هەزاران سەرباز و سەدان ئامێر بەلای ئەواندا تێدەپەڕین، یەکەکانی سوپا نمایشی نوێترین ئامێرەکانی سەربازیان کرد، لە مووشەکی هایپەرسۆنیک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ژێر ئاوەوە تا چەکێکی نوێ کە ناوی لێنراوە ئۆتۆمبێلی شەڕکەری “گورگی ڕۆبۆتیک”. بۆ ماوەی ٧٠ خولەک کۆپتەرەکان لافیتە زەبەلاحەکانیان ڕاکێشا و فڕۆکە جەنگیەکانیش بە پێکهاتەی ورد ڕیز بوون، دواتر نمایشەکە بە ئازادکردنی هەشتا هەزار کۆتری ئاشتی کۆتایی پێهات. لەکاتێکدا کۆترە سپیەکان ئازاد دەکران بۆ ئاسمان، لە هەمانکاتدا پەیامی ڕاستەقینە بە پێکهاتەکانی مووشەک و تانک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش ڕادەگەیەنرا کە بە گۆڕەپانەکەدا تێپەڕدەبون.
هەڵبەتە ڕۆژئاوا ئەم دیمەنی مانۆڕەی چین وەها لێکدەدەنەوە کە زیاتر وەک ڕاگەیاندنی ناسینی ڕوونی پێگەی نوێی چینە، کە وەک زلهێزێک نایەوێت تەنها وەک وڵاتێکی سەرمایەداری گەشەسەندوی ئابوری باڵای پێشکەوتو بناسرێت، بەڵکو هەوڵدەدات وەک یاریزانێکی تەکنەلۆژی و سەربازیش خۆی جێگیر بکات، کە توانای دووبارە داڕشتنەوەی هاوسەنگی هێزی جەمسەرە جیهانیەکانی هەیە.
چین ئێستا “داهێنەر و پێشەنگی تەکنەلۆژیایە لە بواری ڕۆبۆتیک، ئۆتۆمبێلی کارەبایی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، وزەی خۆر و زیرەکی دەستکرد”، تەکنەلۆژیای سەربازیشی بۆ ئەم لیستە زیادکردووە، هاوکاتی پەردەلادانەکە فڕۆکەی جەنگی کە لەسەر بنەمای فڕۆکە هەڵگرەکان بوون، چوار مۆدێلی نوێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سیستەمی مووشەکی پێشتر نەبینراو و ژێردەریایی بێ سەرنشین و تۆرپیدۆی پێشکەوتووی لەخۆگرتبوو.
هەروەها ڕۆژئاوا پێیانوایە نمایشکردنی چەکی پێشکەوتوو لە پەکین، ناسینی چینە وەک داهێنەرێکی پێشەنگ لە بوارەکانی ڕۆبۆتیک، ئۆتۆمبێلی کارەبایی، وزەی ئەتۆمی و خۆر، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، شەمەندەفەری خێرا و تەنانەت زیرەکی دەستکردیشی ئاشکرا کرد. لەوەش گرنگتر، پەکین پەردەی لەسەر تەکنەلۆژیای سەربازی پێشکەوتوو لادا، پەیامێک کە لەلایەن هەندێک لە شرۆڤەکارانی ڕۆژئاواییەوە لێکدراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە هاوسەنگی هێزی ناوچەیی کە دەیان ساڵە مەیل بەرەو ئەمریکا و هاوبەشەکانی بووە، ئیتر ئەگەری ئەوە هەیە چین بتوانێت ئەو مەیل و سەقامگیریەی ئەمریکا بشێوێنێت.!
کەواتە، ئایا ڕوداوەکانی پەکین نیشانەی ڕاستەقینەی لەدایکبونی دەورەیەکی نوێیە کە چین سەرکردایەتی دەکات، یان تەنها زیادەڕەویەکی لێکدانەوەی ڕۆژئاوایەکانە، کە هەموو ڕیزبەندیەک لە دەرەوەی ئۆردوگای خۆیان وەک هەڕەشەیەکی وجودی لێکدەدەنەوە تا بتوانن ڕوبەڕوی ببنەوە؟
تیشک خستنە سەر وێنەی شی جینپینگ و ڤلادیمێر پوتین و کیم جۆنگ ئون لە گۆڕەپانی تیانامین، کە ئەم وێنەیە تەنها چەند ساڵێک لەمەوبەر بیری لێنەدەکرایەوە، ئێستا ئەتوانین بڵێین ئەم کۆبونەوەیە ڕەنگدانەوەی گۆڕانکاریە بنەڕەتیەکانی هاوسەنگی هێزی جەمسەرە جیهانیەکانی ئەم دەورەیەی ململانێ و پەیوەندیەکانی وڵاتانی سەرمایەداریە.
هەرچەندە پەکین ئاواتەخوازی خۆی بۆ بنیاتنانی سەربازیەکی ئاست بەرزی جیهانی تا ناوەڕاستی ئەم سەدەیە ڕادەگەیەنێت، بەڵام زۆربەی پێوەرەکان ئەوە نیشان ئەدەن کە گرنگیە سەرەکیەکەی هێشتا ناوچەیی دەمێنێتەوە.
سوپای چین لە زۆر بواردا بازدانی چۆنایەتی بەخۆیەوە بینیوە، هەرچەندە ئەدای شەڕکردنی زیاتر لە چوار دەیەیە بەبێ تاقیکردنەوە ماوەتەوە، لە هەمانکاتدا خەرجیە فەرمیەکانی بەرگری تا ساڵی ٢٠٢٥ بۆ نزیکەی ٢٤٧ ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە، ئەمەش ڕێگە بە فراوانکردنی وەبەرهێنان لە ئامێر و ڕاهێنان و کارمەندان دەدات، تاڕادەیەک جیاوازی لەگەڵ ئەمریکادا کەمکردووەتەوە، بەڵام هێشتا ئەمریکا وەک هێزی باڵادەست دەمێنێتەوە لە ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمندا، هەورەها پەکین چەند هێندە لە هەردوو ژاپۆن و کۆریای باشوور زیاتر خەرج دەکات، ئەمەش تاڕادەیەک هاوسەنگی هێز لە بەرژەوەندی چین نیشان ئەدات.
ئەم فراوانبونەی چین بە ڕونی لە توانا دەریاییەکانیدا ڕەنگدانەوەی هەبووە، بەوپێیەی چین گۆڕاوە بۆ “هێزێکی ئاوی شین” کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە هاوتا ئەمریکیەکەی تێپەڕاندووە، بەتایبەتی لە گەروی تایوان ئەم پێشهاتانە بەشێوەیەکی ڕیشەیی هاوسەنگی هێزیان گۆڕیوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی شی جین پینگ فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کرد کە خۆیان بۆ ئەگەری داگیرکردنی دوورگەکە تا ساڵی ٢٠٢٧ ئامادە بکەن.
جگە لەوەش، کۆگای ئەتۆمی چین بۆ ٦٠٠ سەری ئەتۆمی گەشەی کردووە، پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٣٥ بگاتە ١٥٠٠ سەری ئەتۆمی، بەمەش لە ئاستی ئەمریکا و ڕووسیا نزیکتر دەبێتەوە. هاوکات هێزی مووشەکی چین ئێستا خاوەنی گەورەترین جبەخانەی مووشەکی ئاسایی و دووەم بەکارهێنە لە جیهاندا. لە بەرەی بۆشایی ئاسمانیش، پەکین هەڵدانی مانگە دەستکردە سەربازیەکان و دوو بەکارهێنانەکانی چڕتر کردووەتەوە بۆ پاڵپشتیکردنی سیستەمی پەیوەندیەکان، هەواڵگری و کەشتیوانی. لەهەمانکاتدا قەبارەی هێزی زەمینی کەمکراوەتەوە لە بەرژەوەندی بەهێزکردنی توانای ئاسمانی و دەریایی، لەکاتێکدا گەندەڵی وەک تەحەدای پێکهاتەیی لەناو سەربازیدا دەمێنێتەوە سەرەڕای هەڵمەتە چڕەکانی شی جین پینگ بۆ بەرەنگاربوونەوەی.
جگە لە کۆبوونەوەی نێوان شی و پوتین و کیم، کۆبوونەوەی سەرکردەکانی زیاتر لە بیست وڵات لە پەکین بەڕێوەچوو، مانای دەرکەوتنی واقیعێکی نوێی جیۆپۆلەتیکی بوو کە دەیەوێت شێوەی خۆی بگرێت و دامەزرێنێت، لە ململانێ و بەرامبەرکێی نێوان زلهێزەکانی دنیادا.
لە هەمانکاتدا پەکین ئەم مانۆر و کۆبونەوەیە وەک بەڵگەیەک تەماشا دەکات و بەیانی دەکات کە چین بووەتە “هێزێکی جیهانی و سەرچاوەی سەقامگیری”، لەکاتێکدا سەرچاوەی ئەو گێژاوەی ئەمڕۆ وەک ئەمریکا وێنا دەکرێت، کە شەڕی بازرگانی لەگەڵ هەمووان ئەنجام دەدات و تۆڕەکانی هاوپەیمانیە ئەمنیەکانی لاواز دەکات. ڕەنگە ئامادەبوونی کەسایەتیەکانی وەک ڤلادیمێر پوتین، مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران و ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ، سەرۆکی بیلاڕوسیا، جگە لە کیم جۆنگ ئون، شتێکی سەرسوڕهێنەر نەبێت، بەڵام لە هەمووی ورووژێنەرتر ئامادەبوونی سەرکردەکانی ئەو وڵاتانەن کە بەشێوەیەکی نەریتی لایەنگری ڕۆژئاوان، وەک تورکیا و میسر و ڤێتنام و لە هەمووی سەرنجراکێشتر بەشداری سەرۆکی هیندستان بوو، ئەستەمە بتوانرێت کۆبوونەوەیەکی ‌هندستان و چین بەم شێوەیە لە خەیاڵدا بێت، بەدوای چەندین ساڵ لە پێکدادانی خوێناوی سنوری و گرژیە سەربازییەکانیان بەدرێژایی هیمالایا.
شی جین پینگ، ڕۆڵی ئەمریکا بە سەرچاوەیەکی سەرەکی ناسەقامگیری جیهانی وەسف دەکات، گوایە شەڕی بازرگانی لەگەڵ لایەنە جیاجیاکاندا دەوروژێنێت و هاوپەیمانیە ئەمنیەکان تێکدەدات، بەتایبەتی دۆناڵد ترەمپ دیارترین بەرجەستەی ئەم ڕێبازەیە. قسەکردنی ترامپ دەربارەی سەپاندنی باجی پێوانەیی بەسەر تەنانەت نزیکترین هاوپەیمانەکانیدا، لەهەمانکاتدا پەیوەندی بە نەیارەکانیانەوە دەکات، وایکردووە زۆرێک لە سەرکردەکان بە ڕێبازەکەیاندا بچنەوە و ڕوو لە ڕۆژهەڵات بکەن بەرەو پەکین.!
بۆ نموونە ترەمپ باجی سزای بەسەر هیندستاندا سەپاند لەکاتێکدا ستایشی ڕکابەرە تەقلیدیەکەی پاکستانی کرد، ئەمەش وایکرد سەرۆکوەزیرانی هیندستان خۆی بەرەو چین جێگیر بکاتەوە. ئەتوانین بڵێین ئەم کۆبوونەوەیە بەشێکی وەڵامێک بوو بۆ توڕەیی گومرگی ترەمپ. هیندستان دان بەوەدا دەنێت کە توانای سەربازیی نییە بۆ ئەوەی بەمتمانەوە ڕووبەڕووی چین ببێتەوە، لە جیهانێکی سیاسەت و نەخشەکانی ترامپدا ڕەنگە نیودەلهی هاوپەیمانێکی دەرەکی متمانەپێکراو پەیدا نەکات، بۆیە هەوڵدەدات پەیوەندیەکی ئارامتر لەگەڵ پەکین دابین بکات.
هندستان بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ چیندا دەستکەوتێکی زیاتری هەیە، زۆربەی پلانەکانی نارێندرا مودی سەرۆکی هندستان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی هندستان پشت بە کەرەستەی خاو و توخمە زەوییە دەگمەنەکان دەبەستێت کە لە چینەوە سەرچاوەیان گرتووە، لەکاتێکدا پەکین دەتوانێت لەڕوی ئابورییەوە سوودمەند بێت بە دەستڕاگەیشتن بە بازاڕی هیندستان.
ئەوەی شایانی باسە بەرەی” جیهانی غەیرە ڕۆژئاوایی تائێستا نەیتوانوە بەرەیەکی یەکگرتوو بێت لە پشت چین یا ڕوسیاوە، بەڵکو بەپلەی یەکەم ئامانجیان کەمکردنەوەی پشتبەستنە بە ڕۆژئاوا، بەبێ ئەوەی بگۆڕێت بۆ هاوپەیمانیەکی یەکگرتوو هاوشێوەی ناتۆ. تەنانەت دوو هاوبەشی نزیکی وەک ڕووسیا و چین، پەیمانی بەرگری فەرمیان نییە و پەیوەندی نێوانیان زیاتر هاوبەشی بەرژەوەندیەکانە نەک هاوپەیمانیەکی سەربازی تۆکمە، بۆ نموونە پەکین سەرەڕای پاڵپشتی سیاسی و ئابووری بۆ مۆسکۆ، وریا بووە کە ڕاستەوخۆ بەشداری شەڕی ئۆکرانیا نەکات.
کۆریای باکوور سەرەڕای پشتبەستنی ئابوریی نزیکەی تەواو بە چین، هەمیشە لە ڕێگەی تاقیکردنەوە ئەتۆمی و موشەکیەکانی پەراوێزی و سەربەخۆیی خۆی راگرتووە، ئەم پەیوەندیەی کۆریا و روسیا وچین نەک وەک هاوپەیمانیەکی یەکگرتو و یەکلایەنە، بەڵکو وەک هاوبەشییەکی دینامیکی و پەرەسەندو کە بەهۆی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان دەجوڵێنەوە.
لەکاتێکدا هەر سێ وڵاتی چین و ڕوسیا و کۆریا خواستێکی هاوبەشیان هەیە بۆ بەڕەنگاربوونەوەی کاریگەریەکانی ئەمریکا و دووبارە داڕشتنی نەزمی نێودەوڵەتی، بەڵام ڕەنگە پاڵنەر و ئەولەویەتەکانی هەر لایەنێکیان جیاواز بێت، کە مەرج نییە ئەو بلۆکە نوێیانەی لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا دروست دەبن، یەکسان بن، چونکە ئاڵۆزی ناوخۆیی و ململانێی جیهانی و پاڵنەرە جیاوازەکان چۆنیەتی ئەو پەیوەندیانە دەجوڵێنن. تەنانەت وڵاتە گەورەکانیش کە بەشداری نمایشە سەربازیەکەی پەکینیان کرد، وەک هیندستان و تورکیا، پەیوەندیەکی نزیکیان لەگەڵ ڕۆژئاوا هەیە کە بە ئاسانی بەدەر ناکرێن، هیندستان ئەندامی دیالۆگی ئاسایشی “Quad”* لەگەڵ ئەمریکا و ژاپۆن و ئوسترالیا بۆ بەرپەرچدانەوەی نفوزی چین لە ئاسیا، تورکیاش ئەندامی ناتۆیە سەرەڕای هەوڵەکانی بۆ مانۆڕکردنی نێوان مۆسکۆ و واشنتۆن.
چیتر بەس نییە بڵێین سوپای چین، خەریکە دەچێتە پێشەوە یان دیزاینی ئامێرە سەربازیە بیانیەکان کۆپی دەکات. چین ئێستا داهێنان دەکات، و پێشەنگایەتی دەکات. لە پرۆسەکەدا، ئەو هاوسەنگیە سەربازیە ناوچەییەی کە بۆ دەیان ساڵە لە بەرژەوەندی ئەمریکا و هاوبەشەکانیدایە، بە شێوەیەکی بەردەوام دەگۆڕدرێت. گەورەترین نمایشی سەربازی لە مێژووی چیندا بە هێزێکی پیادەی ڕێپێوان دەستیپێکرد و زیاتر لە ١٠ هەزار کارمەند بەشدارییان تێدا کرد، پەکین خاوەنی گەورەترین سوپای جێگیر و فەرمیە کە بە نزیکەی دوو ملیۆن سەرباز مەزەندە دەکرێت، هەرچەندە هێشتا تواناکانی سەنگەرەکانی تاقی نەکراونەتەوە. پێکهاتە بەشداربووەکان بریتی بون لە هێزی فەزای ئەلیکترۆنی و هێزی ئاسمانی کە دوو لقی نوێی سوپای چینن کە لە ساڵی ٢٠٢٤ دامەزراون.
چین وەك وڵاتێکی زلهێزی دنیای سەرمایەداری بە ڕوونی خواستی خۆی بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی سەربازی – پیشەسازی تەواو ناوخۆیی نیشان ئەدات. سەرکردایەتی چین بە ئاشکرا ئاواتەکانی خۆی بۆ بنیاتنانی سەربازیەکی ئاستبەرزی جیهانی تا ناوەڕاستی سەدە ڕاگەیاندووە. بێگومان ئەمەش پێویستی زیاتر لە تەکنەلۆژیا بۆ سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان و کۆنترۆڵی بازاڕی کاڵاکان هەیە، پاکتاوکردنی ئەم دواییەی ئەفسەرە باڵاکان ئاماژەیە بۆ گەندەڵی و کێشەی ئەدای جددی لەناو سوپاکەیدا، لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانەوە دەستی بە مۆدێرنکردنی خۆی کردووە و لەو کاتەوە خێراترین گۆڕانکاری تەکنەلۆژی لە هەموو هێزێکی سەربازی لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە ئەزموون کردووە، دۆزینەوە نوێیەکان لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ەوە ئەم ڕەوتە بەهێز دەکەن.
چین خەریکە هێزێک دروست دەکات کە ڕاستەوخۆ تەحەددای ئەمریکا بەتایبەتی و ڕۆژئاوا بەگشتی دەکات، تاهاوسەنگیەکی سەربازی جیهانی بە قازانجی خۆی بگۆڕێت، ئایا ئەمە پێشبینی دەکرێت، یاجەنگێکی جیهانی وێرانکاری بەدوای خۆیدا دەهێنێت!؟

—————————

*بۆ ئەم وتارە بۆ هەندێ زانیاری سود لە راپۆرتێکی “عربي بوست” وەرگیراوە بە ناونیشانی (بكين تتحدى واشنطن.. دليل الأسلحة الصينية الجديدة التي كشف النقاب عنها في أضخم عرض عسكري بتاريخ البلاد).
*Quad پێکهاتەی کۆڕێکی ستراتیژیە کە لە چوار وڵات پێکهاتووە: ئەمریکا، ژاپۆن، هیندستان و ئوسترالیا. ئامانجی QUAD کە هاوبەشیەکی پشتگیریکردنە لە هیند- ئاسیای هێمن و سەقامگیر و ئاوەدان، کە گشتگیر و خۆڕاگر بێت لە بەرەوپێشبردنی ئاسایشی ناوچەکە و هاوکاری ئابووری.




(دیارخەر /Determiner و دیاریکەر/Specefier).. عومەر ئەحمەد

زاراوەی دیارخەر، لە کۆنەوە لە کایەی زمانەوانیی کوردیدا بەکارهاتووە، ئەم زاراوەیە بەرانبەر بە /Determiner ی ئینگلیزییە، کە واتای دەستنیشانکردن، خستنەڕوو و دیاریکردنی لایەنی شتێک دەگەیەنێت و زاراوە کوردییەکە زۆر گونجاوە بەرانبەری، لە زمانی عەرەبیدا، (الصفة و الموصوف) هەیە، کە مەوسوف دەبێتە دیارخەری سیفە، بەرانبەر بە دیارخەری کوردیی دەوەستێت، دیارخەر ئەو وشانەن لە فرێزدا، کە لایەنێکی وشەکەی پێش خۆیان دیاردەخەن، وەکو باوکی من، من دەبێتە دیارخەری باوک، باوک دەبێتە دیارخراو، لە فارسیشدا بەهەمان شێوەیە، ئەمەی وترا زیاتر لەسەر بنەمای ڕێزمانی دیرین، یان کلاسیکە، بەڵام دواتر دیارخەر/Derterminer بوو بە زاراوەیەک و بەرانبەر بەو کەرەستە زمانییانە بەکارهات، کە لەگەڵ فرێزە ناوییەکاندا دێن، وەکو نیشانەی (ناسراویی، نەناسراویی، ئامرازی نیشانە، ئامرازی خستنەسەر، ڕادە، هەندێک وشەی تری وەکو هەر، تەنها…تاد) ئەمە لە هەموو زمانەکاندا تاڕادەیەک وەکو یەکە، لە ڕێزمانی بەرهەمهێناندا هەر پێیان دەوترێت دیارخەر، ئینجا دواتر دیارخەری پێشەوەی سەری فرێز/pre head و پاشەوە/post head جیاکرانەوە، هەندێک لەو کەرەستانەی خستمانەڕوو لە پێشەوە و پاشاوەش دێن، بەڵام زاراوەکانیان جیاوازە لە زمانی ئینگلیزیدا، بەوانەی پێشەوە دەوترێت Specefier و بەوانەی پاشەوەەوترێت/Modefier چونکە ئەوانەی پێشەوە تەنها لایەنێکی ناوەکە دیاریدەکەن، بەڵام ئەوانەی پاشەوە کاریگەرییان لەسەر ناوەکەش دەبێت و دەستکاریی لایەنێکی دەکەن، بۆ نمونە لە فرێزی خستنەپاڵیی/ئیزافە دا، ناوی دووەم ، تەنها ئەرکی دیارخەر نابینێت، بەڵکو دەبێتە خاوەنی ناوی یەکەم و لەگەڵ ئامرازەکەدا دۆخی خاوەنداریی دەدەن بە ناوی یەکەم.
ئەمەی خستمانەڕوو بۆ ئەوە بوو بڵێین، ئێمە بەرانەر بە/ Determiner زاراوەی دیارخەرمان هەیە، بەرانبەر بە /specefier یش زاراوەی دیاریکەرمان هەیە، کە زۆر گونجاوە بەرانبەر بە زاراوە ئینگلیزییەکە، چونکە واتای دیاریکردن، دانی زانیاریی زیاتر و تایبەتمەندی شتێک دەگەیەنێت، هەندێکجار ئەم دوو زاراوەیە بە تێکەڵی بەکاردەهێنرێن، یان هەندێک نازانێت ئەم زاراوانە هەن، دەچێت ئینگلیزییەکە بەکاردەهێنێتەوە، یان دیارخەر بەرانبەر هەر دووکیان بەکاردەهێنێت، چونکە ئەم دوو زاراوەیە دوو شتی جیاوازن و ئەرکیان جیایە لە سینتاکسدا، بۆیە ئەم ڕونکردنەوەمان بە گرنگ زانی، هەندێک جار زاراوەی دیارخەر تەنها بەرانبەر/ەکە، ێک/ بەکاردەهێنرێت، ئەمانە ئاڕتیکڵیشیان پێ دەوترێت، دیارە /Article ئاڕتیکڵەکان بەشێکن لە دیارخەرەکان، واتە جۆرێکی دیارخەرن هاوکات لەگەڵ ئامرازی نیشانە و ڕادە و …تاد.
لە ڕێزمانی بەرهەمهێناندا ئەم دوو زاراوەیە زۆر بەکاردێن بۆ ڕێکخستنی دروستەی هەرەمیی فرێز و ڕستەکان، لە ئێستا بە تەواویی ئەو کەرەستانەی دەکەونە پێش سەری فرێزێکەوە، پێیان دەوترێت دیاریکەر/Specefier ئیتر پێویست ناکات بەوانە بڵێین دیارخەر.
لە قۆناغەکانی دواتری ڕێزمانی بەرهەمهێناندا، کە بڵاوترین ڕێزمانە لە بواری سینتاکسدا، زاراوەی دیاریکەر ڕۆڵی زیاتر دەبێت و دیارخەر بەکارناهێنرێت، چونکە هەر یەک لە (دیاریکەر، سەر، تەواوکەر)، دەبنە تاکە پێشنیاز بۆ دروستەی هەموو فرێزێک، لە هەموو زمانەکاندا، S-H-C، کە کورتکراوەی Specefier-Head-Complemnet ە، تەنانەت دروستەی فرێزە ئەرکییەکانیش هەر هەمان ڕۆنانیان هەیە، لێرە بە دواوە لەم ڕێزمانەدا هەر وشەیەک لە پێشەوە هات دیاریکەرە، ئەوانەی لە دواوە دێن دەبن بە تەواوکەر، واتە تا ڕادەیەکی زۆر زاراوەی تەواوکەر، جێگەی دیارخەری گرتەوە، ئەمە وەکو وتمان لە ڕێزمانی بەرهەمهێنان و بەتایبەتیش لە قۆناغەکانی کۆتاییدا، ئەگینا لە ڕێزماندا زاراوەی دیارخەر هەر دەمێنێتەوە لە شیکردنەوەی ڕستە و فرێزەکاندا بەکاردەهێنرێت.




شۆڵان.. نووسینی: ئامانج شێروانی

لە زۆرینەی شارەکانی جیهان، بەتایبەتی ئەم شارانەی کە بۆ مرۆڤەکان دروست کراون، شەقام هەیە. شەقامەکان بەردی بناغەی شارەکانن. ڕێگە دوورەکان نزیک دەکەنەوە، شارەکان بە یەکتری دەبەستنەوە. شەقامەکان خوێنبەر و خوێنهێنەری شارەکانن. تڕێڵە و بارهەڵگرەکان خۆراک و شتومەکەکان لە ڕێگەی شەقامەکانەوە دەگەینن بە شارەکان. شەقامەکان لە دەرەوەی شارن، شەقامەکان بشیان کوژیت نایەنە نێوجەرگەی شارەکان.

شارەکان، جگە لە شەقام، کۆڵانیشیان هەیە، کۆڵانەکان لەنێو گەڕەکەکانن، لەنێو جەرگەی شارن، لەنێو بازاڕ و باخچە و پاڕکەکانن. کۆڵانەکان گەڕەکەکان بە یەکتر دەبەستنەوە، ماڵی ئێمە بە نانەواخانەی گەڕەکەکەمان دەبەستێتەوە، ماڵی باپیریشم بە نەخۆشخانەی گەڕەک. پیادەکان خاوەنی کۆڵانەکانن. کۆڵانەکان بۆ مرۆڤەکان دروستکراون، نەوەک بۆ تڕومبێل و بارهەڵگرەکان.

لە کۆڵانەکان تڕافیکلایت و پۆلیسی هاتوچۆ نابیندرێن. لە کۆڵانەکان تڕومبێلەکان لەسەرخۆنە، سی کیلۆمەترێک لە کاژێرێک دەبڕن. لە کۆڵانەکان، کاتێک مرۆڤێک دەپەڕێتەوە، تڕومبێلەکان لەسەری ڕادەوەستن و هیچ هەڕەشەی لێ ناکەن. شەقامەکان ئاوا نین، تڕافیکلایتیان تێدایە، پۆلیسی هاتوچۆیان تێدایە، تڕومبێلەکانیش تیژڕەون.

بەداخەوە، هەولێرەکەی خۆمان، جگە لەم دووانە، شتێکی تری هەیە، کە نە کۆڵانە و نە شەقام، بەڵکوو دەتوانین پێی بڵێین شۆڵان، نە کۆڵانییەتی خۆی بەتەواوی دەکات، نە شەقامیەتی خۆی. نموونەیەکی زەقی ئەم شۆڵانانە بریتییە لە شۆڵانی شێست مەتری. ئەم شۆڵانە پان و بەرینە، لەنێو جەرگەی شارە، لەنێو گەڕەکەکانە، گەڕەکی ئیسکان لە کۆڵانی ئیسکان جیا دەکاتەوە، گەڕەکی ئازادی لە زانیاری جیا دەکاتەوە، تەیراوەش لە مستەوفی. بەڵام، بە پانوپۆڕییەکەی ڕێک وەک شەقامێک وایە، تڕومبێلەکان تێیدا تیژڕەون.

بیهێنە پێش چاوی خۆت، منداڵەکەت ئەگەر بییەوێت لە مزگەوتی حەیدەراغا لە گەڕەکی مستەوفی بپەڕێتەوە ئەوبەری شۆڵانی شێستی تا دەسکە توورێک بکڕێت، دەبێت ئەم شۆڵانە ببڕێت! ڕێگەی مەرگیش ئاوا ترسناک نییە. دایک ناچارە، بۆ ئەم بستە ڕێیە سواری تڕومبێلەکەی ببێت و لەم شۆڵانە بپەڕێتەوە!

جارێکیان لە ئیسکانی نوێوە دەمویست لە شۆڵانی شێستی بپەڕمەوە تا دوو لەتە سەموونی بکڕم. سەموونخانە سەد مەتر لە من دوور نەبوو. بەڵام، چ سەد مەترێک، دەتگوت ڕێی مەرگە. تڕومبێل لە دوای تڕومبێل، بە خێرایی بروسک ئەم شۆڵانەیان لەت لەت دەکرد. دوای ئەوەی دە خولەک لەسەر شوێنی پەڕینەوە ڕاوەستام و بستێک چییە لە شوێنی خۆم نەموێرا بچمە پێشەوە، ناچار کیلۆمەترێک بەرەو ئەولاتر چووم هەتا بگەمە چوارڕیانی ڕووناکی، تاوەکوو بپەڕمەوە ئەوبەری و دیسان کیلۆمەترێک بڕۆم تا بگەمە سەموونخانەکە، لەگەڕانەوەش کیلۆمەترێک ئەمسەر و کیلۆمەترێکیتریش ئەوسەر. واتە لەباتیی دوو سەد مەتران، چوار کیلۆمەتر و دوو سەد مەترم بڕی. لەباتیی پێنج خولەکان نیو کاژێرم پێچوو!.

نووسینی: ئامانج شێروانی




منداڵ و ئینتەرنێت.. محەمەد بەرزی

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ئینتەرنێت لایەنی زۆر باش و بە سوود و کارای هەیە وەک : بەردەوامبوونی پەیوەندی لەگەڵ هاوڕیی و ئە ندامانی خێزان . ئامرازێکی زۆر بێ هاوتایە بۆ پەروردە و کات بەسەربردن ، پڕە لە یاری و بابەتی هەمەچەشنە و زانیاری بێ ئەندازەی جیاواز ، بەڵام هەرگیز بۆ منداڵان جێگایەکی باش و سەلامەت و ئەرێنی نییە ، چونکە ڕێگا بۆ توندوتیژی خۆش دەکات ، لێوان لێوە لە دیاردەی دزێو و بابەتی ڕووت و سێکسی . ڕێگا لە خەوتن دەگرێت و کات بە فیڕۆ دەدات . پڕیشە لە کەسانی نیازخراپی درۆزن و دەم لووس و فێڵباز ، کە بۆ منداڵان جێگای مەترسین و دەتوانن بە ئاسانی لە خشتەیان بەرن و مێشکیان پڕکەن لە ژەنگ و ژار . هەر بۆیە پێویستە منداڵان لە زیانەکانی دووربخرێنەوە و بپارێزرێن و یارمەتیان بدرێن بە چ شێوازێک بەکاری بهێنن ، تا تووشی ئاستەنگ و مەترسی نەبن و گەورەترین سود لە لایەنە باشەکانی وەربگرن ، کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ئەو تەکنەلۆژیا ئەلکتۆنییە پێشکەوتووە پیشکەشی جیهانی دەکات .
ئەوەی شایانی باسە دایکان و باوکان دەبێ چاک ئەو ڕاستییە بزانن ، منداڵانی ئەمڕۆ لە جیهانی ئینتەرنێتدا دەژین و گەورە دەبن ، زۆر جار لە دایک و باوک و گەورەکان زیاتر ئاشنای بەرنامە و بابەتە نویێ کانن ، لە وانیش زیاتر بەکاری دەهێنن ، هەر بۆیە مەحاڵە لە ئینتەرنێت دووربخرێنەوە . بەڵام دەکرێت سەلامەتییان بپارێزن و لە مەترسییەکانیش دووربخرێنەوە . بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە پەیوەندی باشیان لەگەڵ منداڵدا هەبێ و بە جوانی باسی مەترسییەکانییان بۆ بکەن ، چونکە سەلامەتی بەکارهێنانی کۆمپیتەر ، پەیوەندی بە زمانی شیرین و هێمنی و دانانی یاسا و ڕێنماییەکانەوە هەیە ، هەر بۆیە لێرەدا بە کورتی ئاماژە بۆ چەند ئامۆژگارییەک دەکەین ، کە بۆ دایکان و باوکان و گەورەکان گرنگن :
١ – دڵنیابن تەمەنی منداڵەکەتان گەیشتۆتە ئاستێک کە دەتوانێ بچێتە سەر ئینتەرنێت . ئاشکرایە منداڵانی ئەمڕۆ بە بەراورد بە ڕابوردوو زیاتر دەستییان بە تەکنەلۆژیا و ئینتەرنێت دەگات ، خۆ بڵاوبوونەوەی مۆبایلە زیرەکەکان ، کە ئینتەرنیتییان لەگەڵدایە پڕن لە یاری و بابەتی سەرنج ڕاکێش ، کارێک دەکەن منداڵان بتوانن لەگەڵ کەسانی سەرتاسەری جیهاندا چەند کاتێک بەسەربەرن . هەر بۆیە زۆر پێویستە دایکان و باوکان تەمەنی ڕێگاپێدراوی بەکارهێنانی ئینتەرنێت بزانن و لە هەندێک ماڵپەڕی وەک ئێنستگرام و تیکتۆک دووریان بخەنەوە . بێگومان ئەمڕۆ لە وڵاتێکی وەک ئەمریکادا ، کەمترین تەمەنی منداڵ بۆ بەکارهێنانی ئینتەرنێت بریتییە لە ( ١٣ ) ساڵ . زۆرجار منداڵ و خێزانەکان ئەو تەمەنە یاساییە پشتگویێ دەخەن . بۆیە گرنگە دایکان و باوکان و مامۆستاکان پابەندی تەمەن بن و ئەو بەرنامانە بەکارنەهێنن ، کە مەرجی تەمەن ناگرنە خۆیان .
٢ – ئینتەرنێت لایەنی زۆر چاکی بۆ منداڵان هەیە ، دەتوانن بەکاری بهێنن بۆ ڕاپۆرتەکانی قوتابخانە و پەیوەندی کردن لەگەڵ مامۆستا و هاوڕێ و خێزانەکانیان . بەڵام بەکارهێنانیشی مەترسیی لەگەڵدایە . وەک بابەتی نەگونجاو و کەسانی خراپ ، کە خۆیان وەک منداڵ ، یان هەرزەکارێک نیشاندەدەن و بە فیڵ و درۆ بە دوای هاوڕێی نوێدا دەگەڕێن . لەوانەیە داوای زانیاری کەسیی لە منداڵەکە بکەن ، وەک ناونیشان و ژمارەی تەلەفون . هانییان بدەن پەیوەندییان پێوە بکەن و سواری ئەقڵیان بن . هەر بۆیە پێویستە دایک و باوک ئاگاداری ئەوەبن منداڵەکانیان لە ڕێگای ئۆن لاینەوە چی دەبینن و چی دەبیستن ، کێ دەناسن و چیش لە بارەی خۆیانەوە باس دەکەن . لەم حاڵەتانەدا پێویستە ئامرازەکانی پاراستنیان بۆ بەکاربهێنرێن ، چاکتریش وایە بەردەوام چاوکراوە و چاودێری چالاکییەکانیان بن .
٣ – بەرنامەی بۆ دابنێن سەبارەت بە کات و چۆنییەتی بەکارهێنانی ئامێرەکان . پاشان بە دەم و لەبزی شیرینەوە ڕاستەوخۆ گفتوگۆی لەگەڵدا بکەن و بزانن لەگەڵ کێدا پەیوەندی دەکات و باسی چی دەکەن و چ جۆرە بابەتێک بڵاودەکەنەوە .
٤ – هاوکاری بکەن چۆن زانیارییە تایبەتییەکانی خۆی بە چاکی بپارێزێت ، چونکە ئەگەر نەتوانێ بیپارێزێت ، لە لایەن کەسانی ترەوە دەبینرێن و لەوانەیە خراپ بەکاربهێنرێن و بە گران لەسەریان بکەوێتەوە .
٥ – کات و کەشێکی لەبار بۆ منداڵەکەتان دروست بکەن ، تا تەنها پەیوەندی لەگەڵ هاوڕیێ و ئەندامانی خێزان و خۆتاندا هەبێت . یارمەتی بدەن زانیارییە خراپەکان بناسێتەوە و لێیان دووربکەوێتەوە . ئاشنای یارییەکان و سایت و زانیارییە متمانەپێکراوەکانی بن ، پاشان کاتی خۆتانی بۆ تەرخان بکەن بۆ دەستنیشانکردنی ئەو ماڵپەڕە خراپ و زیانبەخشانەی منداڵ بە لاڕێدا دەبەن .
٦ – ئەرکی دایکان و باوکانە ڕێگای گونجاو بۆ پاراستنی منداڵ بگرنەبەر ، وەک سڕ ( بلۆک ) کردنی ئەو بەرنامانەی بۆ منداڵ ناگونجێن و هیچ بەرهەمێکی باشیان لێ هەڵناوەرێ ، پاشان دانانی وشەی نهێنێ بۆ کڵومکردن و نەکردنەوەیان . بەمەش خێزان و ئامێرەکان پارێزراودەبن و بە دووریش دەبن لە ڤایرۆس و بەرنامەی زیانبەخشی نەگونجاو .
٧ – کاتێک منداڵەکەتان دەستدەکات بە بەکارهێنانی ئینتەرنێت ، قسەی لەگەڵدا بکەن دەربارەی ئەو بابەتانەی دەیخوێنێتەوە و تەماشایان دەکات . بزانن بە پێی تەمەنی و لە ڕێگای ئینتەرنێتەوە لەگەڵ کێدا بە بەردەوامی پەیوەندی هەیە و لەگەڵ کیشدا گفتوگۆ دەکات . لێی بپرسن سەردانی چ ماڵپەڕێک دەکات . پاشان لیستێکی بۆ دروست بکەن و پێکەوە سەیری بکەن . گویێ لە منداڵكەکەتان بگرن و بگەنە ڕێککەوتن لەسەرئەوەی چ بەرنامە و بابەتێک بۆ خێزانەکەتان گونجاوە . ئاگاداریشی بکەنەوە وریا بێت لە چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵکیدا و شوێنی خۆی بە نهێنی بهێڵێتەوە . پێویستیشە بەردەوام ئەوەشی بۆ دووبارەبکرێتەوە ، کە ئینتەرنێت گشتییە و تایبەت نییە تەنها بۆ خێزانەکەیان .
٨ – پێویستە شاشەی ئامێرەکان لەبەرچاو بێت ، تا بتوانن چاودێری بەکارهێنانی ئینتەرنێتی منداڵەکەتان بن ، بە تایبەتیش منداڵی بچووک . پاشان زۆر پێویستە کۆمپیتەرەکەی لە ناوەندێکی کراوەی ماڵەکەدابێت ، وەک هۆڵی دانیشتن ، تا بە ئاسانی چاودێری منداڵەکەتان بکەن سەیری چ شتێک دەکات . پاشان بۆ ئەوەی نەشتوانێ موبایلەکەی بە ئینتەرنێتەوە ببەستێتەوە ، کارێک بکەن ژمارەی نهێنی تۆڕی ئینتەرنێتەکە نەزانێت . تا نەتوانێ بێ ئاگاداریتان پەیوەندی بە ئینتەرنێتەوە بکات . سەرباری ئەمانەش ڕێگا مەدەن ئامێرەکان لە ژووری نووستنی منداڵدا دابنرێت .
٩ – لە ماڵپەڕەکانی یاری و سۆشیال میدیادا ، هەندێک کەس تەنها بۆ هەراسانکردن و گاڵتەپێکردنی کەسانی تر دەچنە سەرئینتەرنێت . پێویستە ڕێگری لەو کەسانە بکرێن کە بێزاریان دەکەن و ئەو هێرشبەرانەش سڕبکرێن . منداڵەکەشتان فێربکەن لەو جۆرە کەسانە ئاگادارتان بکەنەوە و هەموو پەیوەندییەکی نەخوازراویش کڵۆم بکات ، تا تووشی زیان نەبێ .
١٠– ئینتەرنێت ڕێگا دەدا منداڵان ئاشنای بابەتەکانی گەورە ساڵان بن . پێویستە ڕێگریی لەمە بکرێت . دەکرێت هەندێک بەرنامە بەکاربێت بۆ ڕێگرتن لە چوونە ژوورەوەی منداڵ بۆ ئەو جۆرە ماڵپەڕانە .
١١ – فێڵبازەکان وەک ماری سڕ خۆیان مەڵاس داوە ، دەزانن منداڵان بە دوای یاری و گۆرانی و مۆسیقای بێ بەرامبەدا دەگەڕێن . جا ئەگەر منداڵەکەت کلیک لەسەر یەکێک لەو بەستەرانە بکات ، لەوانەیە ڤایرۆسێک دابەزنێت و توانای کۆمپیتەرەکە ڕووبەڕووی مەترسی بکاتەوە . باشترین چارەسەریش بۆ ئەم دۆخانە بەکارهێنانی دژە ڤایرۆسە ، کە ڕێگا لە بەرنامە زیانبەخشەکان دەگرێت .
١٢ – لەگەڵ ئەوەشدا ئینتەرنێت هۆکارێکی زۆر باشە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و پەروردە و کات بەسەربردن ، بەڵام سایتە مەترسیدارەکان ، مەترسی لەسەر منداڵ دروستدەکەن . بۆیە پێویستە ڕێگاکانی سەلامەتی بگرنەبەر وەک : ڕێگانەدان بە بەکارهێنانی ئەو ماڵپەڕانەی دایک و باوک و گەورەکان بەکاریان دەهێنن . چاودێریکردنی ئەو ماڵپەڕانەشی منداڵەکە بەکاریان دەهێنێ . پاشان بە پێی تەمەنی منداڵەکە ماوەی بەکارهێنانی ئینتەرنێتی بۆ دیاری بکەن . ئەمڕۆ شارەزایان پێشنیاری ئەوە دەکەن منداڵانی تەمەنی ( ٥ بۆ ١٧ ) ساڵ ، نابێت لە ڕۆژێکدا دوو کاژمێر زیاتر لەسەر شاشەکان بن . هەربۆیە زۆر گرنگە چاودێریان بکرێن تا خوویان خراپ نەبێ ، بە تایبەتی منداڵانی پچکۆلە . گرنگیشە منداڵەکەتان ڕازی بکەن پابەندی کاتی بەکارهێنانی ئینتەرنێت بێ . بۆ نموونە هەرجارێک تەنها نیوکاژمێر لەسەر شاشەکان بێ و کاتی کوژاندنەوەشییان بـۆ دیاری بـکەن . پاشان زۆر پێویستە لە کاتی دیاریکراودا و پێش نووستن ( وای فای ) ماڵەکەتان بکوژێننەوە ، تا هەمووان پشووبدەن و کەسیش نەتوانێ ئینتەرنێت بەکاربهێنێ . سەرباری ئەمانەش دەکرێت هەندێک ڕۆژ بۆ پشوو دیاری بکرێت و ئینتەرنێتی تێدا بەکارنەهێنرێت ، هەمووان کاتەکانی خۆیان بە شتی ترەوە خەریک بکەن . ئاگاداریش بن دەهری و تووڕە نەبن و نیگەرانی و ترس و دڵەڕاوکێ نەخەنە دڵیانەوە و ڕێگریی لە بەها زۆرەکان و لایەنە باشەکانی ئینتەرنێت نەکەن ، کە ئەمڕۆ پێشکەشی منداڵانی دەکات .
١٣– ئاگاداری منداڵەکەتان بکەنەوە لە مەترسی و زیانەکانی بڵاوکردنەوەی وێنە و زانیارییە کەسییەکانی وەک : ( ناو ، ژمارەی تەلەفون ، ناونیشانی ماڵ ، ئیمێڵ و ناوی قوتابخانەکەی ) . خۆ ئەگەر منداڵەکە ویستی وێنەیەک ، یان زانیارییەک بڵاوبکاتەوە ، وا باشترە پیش بڵاوکردنەوەی ئێوەی لێ ئاگاداربکاتەوە . فێری بکەن تەنها پەیوەندی لەگەڵ ئەو کەسانەشدا بکات ، کە ناسیاون و متمانەتان پێیانە . ئاگاداری بکەرەوە ئەوەی لە ئینتەرنێتدا بڵاودەکرێتەوە هەمیشە دەمێنێتەوە ( هەندێکجار دەکرێت پیش ئەوەی کەسانێک بیبینن بسڕێتەوە ، بەڵام زۆرجار پیش سڕینەوەیان بینراون ) . هەر بۆیە پێویستە منداڵ بۆ پاراستنی وێنەو زانیارییەکانیان بەردەوام وریابکرێنەوە . پاشان بۆ ئەوەی بزانن منداڵەکەتان لەلایەن کەسانی فێڵبازەوە کراوە بە ئامانج ، ئەوا پێویستە ئاگاداری ئەم خاڵانە بن :
١ – بەسەربردنی کاتی زۆری منداڵەکە لەسەر ئینتەرنێت ، بە تایبەتی لە شەودا .
٢ – تەلەفوونکردنی کەسانی نەناسراو بۆی .
٣ – دیاری نەخوازراو لە ڕێگای پۆستەوە .
لە دواجاردا ئەوەماوە بڵێم : زۆر پێویستە دایکان و باوکان بە باشی گویێ لە منداڵەکانیان بگرن و نیشانیان بدەن دڵسۆزن بۆیان و گرنگی بە هەموولایەکی ژیانیان دەدەن . کارێک بکەن لەهەموو کێشە و گرفتێکدا بگەڕێنەوە بۆ لاتان . تا بزانن هەرچییەک ڕووبدات پەناوپشتن بۆیان . ئەوەی زۆریش گرنگە : پێویستە خۆشتان نموونەیەکی جوان و پاک و بێگەردبن و بەباشی ئینتەرنێت بەکاربهێنن ، لا لە وێنە و ڤیدیۆی ڕووت و ماڵپەڕە سێکسییەکان و زمانی پیس و کوشتن و توندوتیژی و ماددەی هۆشبەر و کحولییەکان نەکەنەوە ، تا منداڵەکانتان چاوتان لێ نەکەن .


تێبینی : بۆ ئەم بابەتە سوود لە چەند سایتێکی ئینگلیزیی وەرگیراوە .




تێڕوانینی سەرمایەداری بۆ ژیریی دەستکرد: قازانج، هێز و کۆنترۆڵ.. ڕزگار ئاکرێی

پێشەکی
ژیریی دەستکرد یەکێکە لە دیارترین داهێنانەکانی شۆڕشی دیجیتاڵی مۆدێرن. دەرفەتی گەورەی بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنان، پێشخستنی زانست و خزمەتگوزاری گشتی و بەشداریکردن لە چارەسەرکردنی زۆرێک لەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕووی مرۆڤایەتی دەبێتەوە دابین کردووە. گۆڕانکاری بنەڕەتی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا هێناوە و دەیکات بە بەردی بناغەی گەشەسەندنی کۆمەڵگا مۆدێرنەکان.

ژیریی دەستکرد لقێکی پێشکەوتووی زانستی تەکنەلۆژیای زانیارییە کە ئامانجی پەرەپێدانی سیستەمێکە کە توانای لاساییکردنەوەی زیرەکی مرۆڤ لە ڕێگەی هەژمارکردنی بەرز و پرۆگرامی زیرەکەوە هەیە. پشت بە ئەلگۆریتمی پێشکەوتوو و فێربوونی ئامێر و تەکنیکەکانی فێربوونی قووڵ دەبەستێت بۆ شیکردنەوەی داتا، ناسینەوەی شێوازەکان، و بڕیاردانی سەربەخۆ یان نیمچە سەربەخۆ لەسەر بنەمای داتا و پارامیتەرەکانی تێکردن.

ژیریی دەستکرد هەروەها بڕێکی زۆر داتای بەرهەمهاتوو لەلایەن بەکارهێنەرانەوە پرۆسەی دەکات و دووبارە بەکاردەهێنێتەوە، ئەمەش توانایەکی زیاتری بۆ خۆگونجاندن و گەشەپێدانی خۆی پێدەبەخشێت. ئەم تەکنەلۆژیایە لە ئێستادا لە بوارێکی فراوانی وەک پزیشکی و چاودێری تەندروستی بەکاردەهێنرێت، کە یارمەتیدەرە لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان و شیکردنەوەی داتا پزیشکییەکان، پەروەردە لە ڕێگەی پەرەپێدانی سیستەمەکانی فێربوونی کارلێک، هەروەها پیشەسازی، ئابووری، میدیا، گواستنەوە، لۆجستیک و تەنانەت کەرتی ئاسایش و سەربازی، لەوانە چاودێری، کۆنتڕۆڵی ئایدۆلۆژی و سیاسی و پەرەپێدانی چەک.
کاتێک باسی جۆرەکانی ژیریی دەستکرد دەکەین، دەتوانین جیاوازی بکەین لە نێوان ئاستی جیاوازی گەشەسەندن بە گوێرەی سروشتی بەراوردکردن.
باوترین جۆری ئەمڕۆ، بە بەراورد لەگەڵ زیرەکی مرۆڤ، ژیریی دەستکردی تەسکە، کە بۆ ئەرکی دیاریکراو بەکاردێت وەک وەرگێڕانی راستەقینەی کات، ناسینەوەی وێنە، کارپێکردنی یاریدەدەری دەنگی، ڕاستکردنەوەی ڕێزمان، دروستکردنی دەق و شتی تریش. ئەم جۆرە پشت بە داتای دیاریکراو دەبەستێت و لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا کار دەکات بەبێ ئەوەی توانای تێپەڕاندنی هەبێت

لەلایەکی ترەوە، ژیریی دەستکردی گشتی چەمکێکی پێشکەوتووترە بە ئامانجی دروستکردنی سیستەمێک کە توانای بیرکردنەوە و چارەسەرکردنی کێشەکان لە چەندین بواردا هەبێت بە هەمان شێوەی کاری مێشکی مرۆڤ. لەگەڵ ئەوەشدا، AI زیرەکی سەرووی ئاستێکی تیۆری داهاتووە کە پێشبینی دەکرێت تواناکانی مرۆڤ لە شیکردنەوە، داهێنان و بڕیاردان تێپەڕێنێت. بەڵام لە ئێستادا لە بواری خەیاڵی زانستی و توێژینەوەی تیۆریدا دەمێنێتەوە یان هێشتا ئاشکرا نەکراوە، وەک زۆربەی پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆژیا کە بەزۆری پەرەیان پێدەدرێت و بە نهێنی بۆ مەبەستی سەربازی و ئەمنی بەکاردەهێنرێن پێش ئەوەی بخرێنە بەردەستی خەڵک.
مێژوو دەریدەخات کە ئینتەرنێت و زۆر تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی تر بۆ ڕای گشتی ئاشکرا نەکراون تاوەکو چەند ساڵێک دوای بەکارهێنانیان لە ژینگەی سەربازی و هەواڵگری و پیشەسازیدا داخراون.

ئەم تەکنەلۆژیایە لە بۆشاییدا کار ناکات، بەڵکو کاریگەری لەسەر ئاراستەی کۆمپانیا و حکومەتەکان هەیە کە پەرەی پێدەدەن، پرسیاری بنەڕەتی دەربارەی سروشتی ڕاستەقینەی و کێ سوودی لێوەردەگرێت.
بەم پێیە، ئەم تەکنەلۆژیایە بە شێوەیەکی بێلایەن گەشە ناکات، بەڵکو ڕەنگدانەوەی پێکهاتەی چینایەتی ئەو سیستەمەیە کە بەرهەمی هێناوە. ژیریی دەستکرد، وەک ئەمڕۆ پەرەی سەندووە، قەوارەیەکی سەربەخۆ و بێلایەن نییە، بەڵکو ڕاستەوخۆ دەکەوێتە ژێر هەژموونی هێزە سەرمایەدارییەکانەوە، کە بە شێوەیەک ئاراستەی دەکەن کە خزمەت بە بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆژیەکانیان بکات.
وەک کارل مارکس و فریدریش ئەنگلس لە مانیفێستی کۆمۆنیستیدا ئاماژەیان پێکردووە:

بۆرژوازی هیچ شتێکی هاوبەشی لە نێوان مرۆڤ و مرۆڤدا نەهێشتووەتەوە جگە لە بەرژەوەندی شەخسی ڕووت، ‘پارەدانی نەقدی’ دڵڕەقانە … شکۆمەندی کەسی گۆڕیوە بۆ بەهای ئاڵوگۆڕ و هەموو شتێکی گۆڕیوە، بە زانینیشەوە، بۆ ئامرازێکی تەنها بۆ قازانج.”

ئەمە بەتەواوی بەسەر ژیریی دەستکرددا دەچەسپێت. سەرەڕای ڕۆڵ و گرنگی زۆر، ئێستا کاڵا کراوە بۆ ئەوەی ببێتە ئامرازێک بۆ زیادکردنی قازانج و بەهێزکردنی کۆنتڕۆڵی چینایەتی. پەرەسەندنی ئێستای ژیریی دەستکرد ناتوانێ تەنها وەک پێشکەوتنی تەکنیکی تێبگەین، بەڵکو بەشێکە لە سیستەمی زاڵبوونی چینایەتی کە لە ڕێگەی ئەوەوە کۆمپانیا گەورەکان و دەوڵەتە سەرمایەدارەکان هەوڵ دەدەن قازانج زیاد بکەن، سامان چڕبکەنەوە و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان بەرهەم بهێنن.

ئەلگۆریتمەکان کە ئەم سیستەمانە بەهێز دەکەن ئایدیۆلۆژیایانە ئاراستە دەکرێن بۆ خزمەتکردنی دیزاینەرەکەیان. ئەوان بەکاردەهێنرێن بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان، بەهێزکردنی هەژموونی مۆنۆپۆلی کۆمپانیاکان و چەسپاندنی بەهاکانی سەرمایەداری. بەم شێوەیە، ئەم تەکنەلۆژیایانە دەبنە ئامرازێکی نوێ بۆ چەوساندنەوەی کار و بەردەوامی نایەکسانی کۆمەڵایەتی و ئابووری، نەک ئامرازێک بۆ ئازادکردنی مرۆڤایەتی لە هەلومەرجی چەوساندنەوە.

ژیریی دەستکرد بۆتە چەکێکی سەرەکی لە دەستی سەرمایە. بەکاردێت بۆ کەمکردنەوەی پێویستی بە کاری مرۆڤ و خراپترکردنی بێکاری یان پاڵپێوەنانی کرێکارانی دەستی و ڕۆشنبیری بۆ کەرتەکانی تر و قوڵکردنەوەی جیاوازی ئابووری و کۆمەڵایەتی.

قۆرخکردنی ئەم تەکنەلۆژیایە دەسەڵاتێکی بێ وێنە بە کۆمپانیا گەورەکان دەدات بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕەکان، گۆڕینی ڕای گشتی و هۆشیاری، و سەپاندنی چاودێری دیجیتاڵی گشتگیر بەسەر تاک و کۆمەڵگادا. ئەمە سیستەمێک دەچەسپێنێت کە تیایدا جەماوەر بە زۆری وەک داتا و کرێکاری هەرزان بەکاردەهێنرێن یان بە ئۆتۆماتیکی پەراوێز دەخرێن.

ئەگەر سیستەمی سەرمایەداری بەردەوام بێت لە زاڵبوون بەسەر ژیریی دەستکرددا، دەرەنجامەکەی کۆمەڵگایەکی قووڵ جەمسەرگیر و نایەکسان دەبێت، کە تێیدا نوخبەی تەکنەلۆژیای سەرمایەداری دەسەڵاتێکی نزیک ڕەهایان هەیە، لە کاتێکدا کرێکارانی دەستی و ڕۆشنبیری زیاتر بەرەو پەراوێزخستن و پەراوێزخستن پاڵ دەنرێن.

لە بەشەکانی داهاتوودا، بە وردی باسی ئەوە دەکەین کە چۆن ژیریی دەستکرد لە ئێستادا لە ژێر سیستەمی سەرمایەداریدا بەکار دەهێنرێت. هەروەها باسی ئەو ئەلتەرناتیڤەی چەپی دیجیتاڵی دەکەین کە هەوڵ دەدات مۆدێلی پێشکەوتووخواز لەسەر بنەمای خاوەندارێتی کۆمەڵایەتی ئەم ئامرازانە پەرە پێبدات و تەکنەلۆژیا وەک هێزێکی ئازادیخواز بەکار بهێنێت کە خزمەت بە چینی کرێکار و مرۆڤایەتی دەکات بە گشتی.

ئەمەش پێویستی بە هەوڵی هەماهەنگی و بنیاتنانی چەپی دیجیتاڵی نێودەوڵەتی هەیە، لەگەڵ پەرەپێدانی تواناکانی چەپ لە بوارە تەکنیکییە جۆراوجۆرەکاندا، لەگەڵ تیشک خستنە سەر ڕۆڵی گەنجان وەک هێزێکی سەرەکی لەم گۆڕانکارییەدا.

هەروەها باسی ئەوە دەکەین کە چۆن ڕەخنەگرانە و بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەپڵیکەیشنەکانی ژیریی دەستکرد بکەین و بتوانین بەکاریان بێنین، لە چوارچێوەیەکدا کە خزمەت بە خەباتی چەپ و پێشکەوتنخواز لە دژی سەرمایەداری بکات و پشتگیری ڕێکخراوە چەپەکان، پێشکەوتنخوازان و کرێکاران بکات.

تێڕوانینی سەرمایەداری بۆ ژیریی دەستکرد

  1. ئامرازێک بۆ زیادکردنی قازانج و سوودوەرگرتن لە داتا و زانیاری لە ژێر سەرمایەداریدا

زیادکردنی قازانج لەسەر حسابی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و مافەکانی مرۆڤ

لە سیستەمی ئێستای سەرمایەداریدا، بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا، بە ژیریی دەستکردیشەوە، ئاراستەی زیادکردنی قازانج دەکرێت. ئەم تەکنەلۆژیایانە وەک ئامرازێکی سەرەکی بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان و کەمکردنەوەی تێچوون بەکاردەهێنرێن. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمە زۆرجار لەسەر حسابی کرێکارانی دەستی و ڕۆشنبیری دێت کە ئەلگۆریتمی و سیستەمی ئۆتۆماتیکی جێگەی دەگرنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی دەرکردنی بەکۆمەڵ و بەرزبوونەوەی بێکاری، یان پاڵ پێوەنانیان بۆ کەرتەکانی تر لە بارودۆخێکی ناسەقامگیردا.

خەمڵاندنەکانی ئەم دواییانە ئاماژە بەوە دەکەن کە ژیریی دەستکرد لەوانەیە ببێتە هۆی لەدەستدانی کارێکی بەربڵاو لە ساڵانی داهاتوودا، بەتایبەتی لەو کەرتانەی کە پشت بە ئەرکی ئاسایی و ئۆتۆماتیکی دەبەستن. بۆ نموونە، لە ساڵی 2023، IBM کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا لە جیهاندا، ڕایگەیاند کە دامەزراندن بۆ نزیکەی ٪30ی کارگێڕی (وەک سەرچاوە مرۆییەکان) ڕادەگرێت، وەک ئامادەکاری بۆ جێگرتنەوەیان بە ئەپڵیکەیشنەکانی ژیریی دەستکرد لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا. ئەمە مانای ئەوەیە کە هەزاران کار بۆ هەمیشە لەناودەچن، چونکە کۆمپانیاکە بڕوای وایە ئەرکەکانی ڕۆتینی پێشتر لەلایەن مرۆڤەوە ئەنجامدراون ئێستا دەتوانرێت بە شێوەیەکی کاریگەرتر و قازانجبەخشتر لەلایەن ئامێرەکانەوە بەڕێوە ببرێت.

لە سەرەتای ساڵی 2024، Dropbox، کۆمپانیایەکی پسپۆڕی خزمەتگوزاری هەوری هەور، نزیکەی 16٪ کارمەندەکانی دەرکرد، ئەم هەنگاوەی وەک بەشێک لە پلانی “دووبارە ڕێکخستنەوە” ڕاگەیاند کە جەخت دەکاتە سەر ژیریی دەستکرد وەک بوارێکی سەرەکی وەبەرهێنان. بەڕێوبەرایەتی ڕوونی کردەوە کە زۆربەی ئەو کارانەی پێشتر مرۆڤ ئەنجامیان دەدا ئێستا ئۆتۆماتیکی دەکرێن و هێشتنەوەی ئەو کارمەندانە پێویست ناکات.

ئەم دوو نموونەیە بە ڕوونی کاریگەری ژیریی دەستکرد لەسەر بازاڕی کار و زیادبوونی مەترسییەکانی بێکاری لە نێو کرێکارانی دەستی و ڕۆشنبیردا دەردەخەن، بەتایبەتی لە نەبوونی یان لاوازی سیاسەتی پارێزگاریکردن کە مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانیان دەپارێزێت. ڕادەی ئەم لاوازییە بە گوێرەی دینامیکی دەسەڵاتی چینایەتی لە هەر وڵاتێکدا، ئاستی گەشەسەندنی مافەکانی کرێکاران و ڕۆڵ و هێزی سەندیکاکان و چەپەکان دەگۆڕێت.

لە هەمان کاتدا، دەستکەوتەکانی بەرهەمهێنان لە ئۆتۆماتیک بەرەو زیادکردنی قازانجی کۆمپانیا گەورەکان دەڕوات، نەک باشترکردنی مووچە یان کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کارکردن. ئەوانەی کارەکانیان دەپارێزن زۆرجار خۆیان لە ژینگەیەکی ناجێگیردا دەبیننەوە کە زۆربەی کۆمپانیاکان سیاسەتی توند دەسەپێنن بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنان و تەکنەلۆژیا بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی فشاری زیاتر بخەنە سەر هێزی کار. ئەم جەختکردنە لەسەر قازانج نایەکسانی چینایەتی و ئابووری خراپتر دەکات و زۆرینەی کۆمەڵگا دەبێتە هۆی هەڵگرتنی باری گۆڕانی تەکنەلۆژیا، لە کاتێکدا نوخبەی سەرمایەداری قازانج و قازانجەکان قۆرخ دەکەن.

سوودوەرگرتن لە داتا لە ژێر سەرمایەداری دیجیتاڵی

سەرەڕای چەوساندنەوەی کرێکارانی دەستی و ڕۆشنبیری لە شوێنی کارە تەقلیدییەکاندا، سەرمایەداری دیجیتاڵی لە ڕێگەی تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکردەوە مەودای چەوساندنەوەی فراوانتر کردووە بۆ ئەوەی داتای کەسیی، هەڵسوکەوتی بەکارهێنەر و پەسەندییەکان بگرێتەوە.
ئەم داتایە بۆتە کاڵایەک کە نوخبەی سەرمایەداری قازانجی تێدا کۆدەکاتەوە، بەبێ هیچ قەرەبوویەکی راستەوخۆ بۆ بەکارهێنەرانی بەرهەمهێنان. ئەم داتایانە بۆ داڕشتنی سیاسەتی سیاسی و ئابووری، ڕێنمایی بەکارهێنان و دڵنیابوون لە بەرهەمهێنانەوەی هەژموونی سەرمایەداری بەکاردەهێنرێن.

بۆ نموونە، ئابڕووچوونی کامبریج ئەنالیتیکا لە ساڵی 2018 ئاشکرای کرد کە چۆن داتای دەیان ملیۆن بەکارهێنەری فەیسبووک بەبێ ئاگاداری ئەوان بەکارهێنراون و دەفرۆشرێن بۆ کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بە ئامانجیان بە ڕیکلامی سیاسی لەسەر بنەمای پرۆفایلکردنی ڕەفتار.

کۆمپانیاکانی وەک گووگڵ و ئەمازۆن ساڵانە دەیان ملیار دۆلار لە ڕیکلامەکانی ئامانجدار بەرهەم دەهێنن کە پشت بە شیکردنەوەی داتا دەبەستێت کە بەکارهێنەران ئازادانە بەرهەم دەهێنن. تەنها لە ساڵی 2021، داهاتی فەیسبووک لە ڕیکلامی دیجیتاڵی گەیشتە 117 ملیار دۆلار، بەبێ هیچ بەشدارییەکی گرنگی بەکارهێنەران لەو قازانجانە.

ئەم مۆدێلە لە چەوساندنەوە نوێنەرایەتی شێوازێکی ناڕاستەوخۆی کاری بێ کرێ دەکات، کە تێیدا تاکەکان بەبێ ئاگایی بەهای ئابووری گەورە بەرهەم دەهێنن کە لەلایەن کۆمپانیا قۆرخکارەکانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت. ئەم کۆمپانیایانە نەک تەنها داتا دەقۆزنەوە، بەڵکو ژێرخانی دیجیتاڵیش بو خۆیان داگیر دەکەن و جۆرێکی نوێ لە دەرەبەگایەتی دیجیتاڵی دروست دەکەن. هەروەک چۆن دەرەبەگەکان لە سەدەکانی ناوەڕاستدا زەوییان قۆرخ کرد، زەبەلاحەکانی تەکنەلۆژیا ئەمڕۆ سیستەمی دیجیتاڵیان قۆرخ کرد، مەرجەکانیان بەسەر بەکارهێنەراندا سەپاند و هیچ کۆنتڕۆڵێکی ڕاستەقینەیان بەسەر ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی دیجیتاڵدا قەدەغە نه کرد.

لە ئابووری پیشەسازیدا، چەوساندنەوە لە ڕێگەی کرێیەکەوە ڕوویدا کە نەیتوانی بەهای ڕاستەقینەی کار ڕەنگ بداتەوە. لە ئابووری دیجیتاڵدا، هەڵسوکەوت و داتای مرۆڤ بوونەتە سەرچاوەی نوێی بەها. هەر کلیکێک و گەڕان و کارلێک دەبێتە ماددەی خاو کە سەرمایەداری دیجیتاڵی کۆی دەکاتەوە، بەبێ هیچ دانپێدانانێکی یاسایی یان گرێبەستی.
چەوساندنەوەی دیجیتاڵی چیتر تەنها بە کاری دەستی و ڕۆشنبیری کەم مووچە سنووردار نییە، بەڵکو ئێستا بەکارهێنەران خۆیان دەگرێتەوە، کە بوونەتە کرێکاری دیجیتاڵی نادیار.

سەرمایەداری دیجیتاڵی ئەم چەوساندنەوەیە لە پشت ڕەوانبێژی “دەستگەیشتنی ئازاد” دەشارێتەوە و ئەو خەیاڵە دروست دەکات کە بەکارهێنەران خزمەتگوزاری بەسوود بەبێ هیچ تێچوونێک وەردەگرن، لە کاتێکدا لە ڕاستیدا، داتاکانیان دەردەهێنرێن و بۆ قازانجێکی گەورە پارە وەردەگرن.
ئەپڵیکەیشنەکانی وەک TikTok و Instagram هانی بەکارهێنەران دەدەن کاتی زیاتر بەسەر ببەن لە کارلێککردن لەگەڵ ناوەڕۆک و کۆکردنەوە و فرۆشتنیان بە ڕیکلامکەران بەبێ ئەوەی هیچ بەشێک لە قازانج پێشکەش بە بەکارهێنەران بکەن. هەمان شت بۆ پرۆگرامەکانی پاراستنی بەخۆڕایی وەک AVG جێبەجێ دەکرێت کە زانیاری هەستیار کۆدەکەنەوە لە ژێر ناوی “باشترکردنی خزمەتگوزاری و پاراستن لە ڤایرۆس” و دواتر بە کۆمپانیاکانی بازاڕکردن و ڕیکلامکردن دەفرۆشن.

شیکردنەوەی داتا تەنها لە ڕیکلامدا بەکار ناهێنرێت، بەڵکو بۆ ڕاهێنانی سیستەمەکانی AI بەکاردەهێنرێت، پەرەپێدانی ئەپڵیکەیشنی نوێ کە هەژموونی کۆمپانیاکان بەسەر زانیاریدا زیاتر بەهێز دەکات، و کاریگەری لەسەر ئابووری و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و شتی تریش، بەبێ ئەوەی بەکارهێنەران هیچ کۆنتڕۆڵێکیان بەسەر داتاکانیان هەبێت یان بانگەشەی بەها و قازانجەکانیان بکەن.

لەوەش نیگەرانتر ئەوەیە کە ئەم مۆدێلە سنووری نێوان کاتی کار و کاتی بەتاڵ دەسڕێتەوە. هەر ساتێک کە لەسەر هێڵ بەسەردەبرێت دەبێتە کردارێکی بەردەوامی بەرهەمهێنانی داتا، تەنانەت لەکاتی خۆشی، کارلێکردنی کۆمەڵایەتی و تێکەڵبوونی کەلتووری. ئینتەرنێت خۆی بۆتە کارگەیەکی دیجیتاڵی 24/7 کە لەژێر لۆژیکی سەرمایەداری و دەرەبەگایەتی دیجیتاڵیدا کار دەکات، کە کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا چیتر تەنها خزمەتگوزاری پێشکەش ناکەن، بەڵکو یاساکانی بەڕێوەبردنی بۆشایی دیجیتاڵی دادەنێن و بەکارهێنەران ناچار دەکەن لە چوارچێوەی سیستەمی مۆنۆپۆلی خۆیاندا کار بکەن، بەبێ هیچ کۆنتڕۆڵێک بەسەر ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی دیجیتاڵی و هۆشیاریدا لەو چەوساندنەوەیەی ڕووبەڕووی دەبنەوە.

بەهای زیادەی دیجیتاڵی و بەهای زیادەی تەقلیدی

بەهای زیادە کرۆکی چەوساندنەوەی سەرمایەدارییە، جیاوازی نێوان بەهای بەرهەمهاتووی کرێکار و ئەو کرێیەی وەریدەگرێت. بەڵام ئەم چەمکە جێگیر نییە. بەپێی شێوازی بەرهەمهێنان دەگۆڕێت. ئەمڕۆ، دەتوانین دوو جۆری سەرەکی جیابکەینەوە: بەهای زیادەی تەقلیدی و بەهای زیادەی دیجیتاڵ، کە لە پەیوەندیی بەرهەمهێنان و چەوساندنەوەدا جیاوازن.

یەکەم: بەهای زیادەی تەقلیدی

لە مۆدێلی پیشەسازی تەقلیدیدا، بەهای زیادە لە کاری کرێکارانی دەستی و ڕۆشنبیری لە شوێنەکانی بەرهەمهێنان وەک کارگە، کێڵگە، فەرمانگە و زنجیرەی خزمەتگوزاری دەردەهێنرێت. ئەم کرێکارانە بە گرێبەستی راستەوخۆ کار دەکەن و مووچەیان زۆر کەمترە لەو نرخەی کە بەرهەمی دەهێنن. سەرمایە خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانە و هێزی کار بەکاردەهێنێت بۆ بەدەستهێنانی قازانج لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵکردنی کاتی کارکردن.

بۆ نموونە، لە کارگەکانی ئامێرە زیرەکەکان کە لەلایەن کۆمپانیا گەورەکانی جیهان وەک ئەپڵ و سامسۆنگ بەڕێوەدەبرێن، سەدان هەزار کرێکار لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بۆ ماوەیەکی درێژ کار دەکەن بە مووچەی کەم کە بە زەحمەت تێچووی سەرەتایی ژیان دابین دەکات. لە ساڵی 2023، قازانجی ئەپڵ 100 ملیار دۆلاری تێپەڕاند، کە زۆربەیان لە فرۆشتنی ئەو بەرهەمانەی لە هەلومەرجی سەختی کار و ژینگەی کاری چەوساندنەوە بەرهەم دەهێنرێن.

دووەم: بەهای زیادەی دیجیتاڵی

لە مۆدێلی دیجیتاڵدا، بەهای زیادە بە شێوەیەکی شاراوە و ئاڵۆزتر دەردەهێنرێت. ئەم مۆدێلە تەنها پشت بە کاری مووچە نابەستێت، بەڵکو پشت بە چالاکی ڕۆژانەی بەکارهێنەران لەناو بۆشایی دیجیتاڵدا دەبەستێت.
هەر کلیکێک، گەڕان، لایک، هاوبەشیکردن، فرمانی دەنگی، یان بەکارهێنانی کاربەرنامە داتایەک بەرهەم دەهێنێت کە بەکاردێت بۆ بەدەستهێنانی قازانجی گەورە لە ڕێگەی ڕیکلام، ڕاهێنانی ئەلگۆریتم، پەرەپێدانی بەرهەم و شیکردنەوەی ڕەفتار. ئەم داتایانە هەروەها لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری و تەنانەت سەربازی و ئەمنی بەکاردەهێنرێن.

لێرەدا هیچ گرێبەستێکی کار و مووچە و تەنانەت داننان بە ڕۆڵی بەرهەمهێنەری بەکارهێنەر نییە. سەرمایەداری دیجیتاڵی کاتی کار ناکڕێت، بەڵکو بەها لە ژیانی ڕۆژانە خۆی دەردەهێنێت و ئەم چەوساندنەوەیە دەشارێتەوە لە پشت ڕووکەشی “خزمەتگوزاری خۆڕایی”. تەنانەت کاتێک هەندێک خزمەتگوزاری بە خۆڕایی یان بە نرخی ڕەمزی پێشکەش دەکرێن، زۆرجار ئەرکەکانیان سنووردارە و بەشێوەیەکی سەرەکی وەک ئامرازێک بۆ کۆکردنەوەی داتای بەکارهێنەری زیاتر خزمەت دەکەن بۆ زیادکردنی قازانج و بەهێزکردنی کۆنتڕۆڵ.

نمونەی ڕاستەقینەی ئەم شێوازە لە دەرهێنانی بەهای زیادەی دیجیتاڵی بریتین لە پلاتفۆرمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، کە بەکارهێنەران ناوەڕۆکی بەخۆڕایی بەرهەم دەهێنن کە سەرنجی ڕاکێشا، دواتر بە ڕیکلامکەران دەفرۆشرێت و قازانجێکی گەورە بۆ پلاتفۆرمەکان بەدەست دەهێنێت. ئەمە بۆ خزمەتگوزارییەکانی وەک نەخشەی گووگڵ دەچەسپێت، کە پشت بە داتای شوێن دەبەستێت کە لەلایەن بەکارهێنەرانەوە دروستکراوە بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکە و فرۆشتنی بە کڕیارە بازرگانییەکان، دیسان بەبێ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی کە داتاکانیان دابین کردووە.
یاریدەدەرە دەنگییەکانی وەک ئەمازۆن ئەلێکسا و ئەپڵ سیری فەرمانە دەنگییەکان تۆمار دەکەن و شیدەکەنەوە بۆ باشترکردنی سیستەمەکانی AI یان فرۆشتنی داتاکان بە ڕیکلامکەران و بازاڕکەران، بەبێ ئەوەی بەکارهێنەران کەمترین هۆشیارییان هەبێت کە ڕاستەوخۆ بەشداری لە بەرهەمهێنانی بەهای زیادەی دیجیتاڵی دەکەن.
سێیەم: بەراوردکردنی شیکاریی نێوان هەردوو مۆدێلەکە

چوارەم: دەرئەنجام
سەرمایەداری دیجیتاڵی بەهای زیادەی تەقلیدی لەناونابات. بەڵکو شێوازێکی نوێی شاراوەتر زیاد دەکات، کە تێیدا زیادە لە کارلێکردنە دیجیتاڵییەکانی ڕۆژانەی بەکارهێنەران دەردەهێنرێت، نەک لە کاری جەستەیی یان ڕۆشنبیری ناسراو. کاتی ژیان و شوێنی پشوودان دەگۆڕدرێن بۆ کاری نەبینراو، کە بەها بەبێ مووچە، گرێبەست یان کۆنتڕۆڵی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی دیجیتاڵی لێ دەردەهێنرێت.
کەواتە، بەرهەمهێنانی بەهای زیادەی دیجیتاڵی هەمووان دەگرێتەوە، نەک تەنها پۆلێکی دیاریکراو لە کرێکارانی دەستی و ڕۆشنبیر، بەڵکو تەنانەت “بەکارهێنەرانی ئاسایی” کە بەبێ ئاگایی بەشداری دەکەن لە پێدانی سیستەمێکی بەرهەمهێنەری گەورە کە قازانج بۆ کۆمپانیا مۆنۆپۆلەکان کۆدەکاتەوە.
بەم شێوەیە، ژیانی ڕۆژانە و هەڵسوکەوتی مرۆڤ خۆیان نەک تەنها کاری کرێ، دەبنە سەرچاوەی سەرەکی کەڵەکەبوونی سەرمایە لە پێشکەوتووترین شێوەی چەوساندنەوە.

ئابووری زانیاری
لە ژێر سیستەمی سەرمایەداریدا، بەرهەمهێنانی پیشەسازی، کشتوکاڵی و بازرگانی چیتر تاکە سەرچاوەی بەهای ئابووری نین، بەڵکو زانین بووە بە سووتەمەنی نوێی سەرمایەداری.
ئابووری مەعریفه، کە دەبوایە ئامرازێک بێت بۆ ئازادکردنی مرۆڤایەتی و باشترکردنی ژیان، دووبارە داڕێژرایەوە بۆ میکانیزمێکی مۆنۆپۆلی نوێ کە بۆ قوڵکردنەوەی نایەکسانی چینایەتی و دیجیتاڵی و بەهێزکردنی کۆنتڕۆڵی کۆمپانیا گەورەکان و دەوڵەتەکان بەسەر ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی دیجیتاڵیدا بەکاردەهێنرێت.
نوخبەی سەرمایەداری زۆربەی ئامرازەکانی زانیاری قۆرخ دەکەن، لە داهێنان، توێژینەوەی پێشکەوتوو، ئەلگۆریتم، پرۆگرام و سیستەمی کارپێکردن تا پلاتفۆرمە دیجیتاڵییە گەورەکان، پشت بەستن بە بەرهەمە دیجیتاڵییەکانیان دەسەپێنن لەجیاتی ئەوەی ئەم تەکنەلۆژیایانە بگۆڕن بۆ سەرچاوەی خاوەندارێتی بەکۆمەڵ کە خزمەت بە هەمووان بکات.
تەنانەت دامەزراوە ئەکادیمی و زانستییەکانیش کە دەبوو ببنە بۆشایی بەرهەمهێنانی زانیاری ئازاد، کەوتوونەتە ژێر باری لۆژیکی بازاڕ، کە تێیدا توێژینەوەی زانستی بە دامەزراوە گەورەکان دەفرۆشرێت و خەڵک ناتوانن دەستیان پێبگات مەگەر پارە بدەن، ئەمەش زانست و زانیاری بهێز دەکات لە جیاتی ئەوەی وەک مافێکی هاوبەشی مرۆڤ مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.
سەرمایەداری تەنها هەوڵی قۆرخکردنی زانیاری نادات، بەڵکو کار دەکات بۆ بەرهەمهێنانی نەزانی بە شێوەیەکی سیستماتیک لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵکردنی مەنهەجی پەروەردەیی و ناوەرۆکی دیجیتاڵی، ئاراستەکردنی جەماوەر بەرەو تەختکردنی ڕۆشنبیری دەکات.
ئینتەرنێت کە دەکرا ئامرازێکی شۆڕشگێڕانە بێت بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری ڕەخنەگرانە بووەتە فەزایەک کە بە تەواوی موڵکی دەوڵەتە گەورەکان و کۆمپانیا قۆرخکارەکان کە بەپێی بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسی و ئایدیۆلۆژیەکانیان کۆنترۆڵی لێشاوی زانیاری و زانیاری بە هەموو شێوەکانیەوە دەکەن.

  1. ژیریی دەستکرد وەک ئامرازێک بۆ زاڵبوون و کۆنتڕۆڵکردنی کرێکاران

    سیستەمی سەرمایەداری تەنها ژیریی دەستکرد بەکارناهێنێت بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنان و قازانج، بەڵکو وەک ئامرازێک بەکاری دەهێنێت بۆ چەسپاندنی کۆنتڕۆڵی چینایەتی و خستنە ژێر باری میکانیزمی توندتری چاودێری و ڕێکخستن. بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە شوێنی کاردا تەنها ئامانجی باشترکردنی کارایی نییە، بەڵکو بۆ چڕکردنەوەی چەوساندنەوە و کەڵەکەکردنی قازانج لەسەر حسابی ئازادی و مافەکانی کرێکاران.
    لەگەڵ پەرەسەندنی ئەلگۆریتمی زیرەک، کۆمپانیاکان ئێستا دەتوانن بەدواداچوونی هەموو جوڵەیەکی کرێکاران بکەن، لە ڕێگەی سیستەمەکانی بەدواداچوونی بەرهەمداری، شیکردنەوەی داتا، یان پێوانەی خێرایی و کارایی کارکردن. ئەم ئامرازانە زۆرجار بۆ فشار خستنە سەر کرێکاران، کەمکردنەوەی کاتی پشوو، و سەپاندنی ڕیتمی کاری ماندووکەر بەکاردەهێنرێن و دەیانکەن بە چەقۆ لە ئامێرێکی سەرمایەداری ماندوونەناس.
    ئەم شێوازە نوێیەی چاودێری لەوانەیە ژینگەیەکی کاری سەختتر دروست بکات، کە تێیدا کرێکاران دەبنە گۆڕاوێک لە هاوکێشەی ژیریی دەستکرددا، لەگەڵ کۆنتڕۆڵێکی کەم بەسەر هەلومەرجی کارکردنیاندا.
    سەرەڕای ئەوەش، ئەلگۆریتمەکان لە پرۆسەی دامەزراندن و دەرکردندا بەکاردەهێنرێن. داتای گەورە شیدەکرێتەوە بۆ دیاریکردنی ئەوەی کێ شایەنی دامەزراندن یان هێشتنەوەیە و کێ دەتوانرێت جێگەی بگرێتەوە. ئەمە دەبێتە هۆی ناجێگیری کارکردن، کە زۆرێک لە کرێکاران پەراوێز دەخرێن و بە ئاسانی پشتگوێ دەخرێن لەسەر بنەمای ستانداردی چەندایەتی توند، بەبێ گوێدانە لایەنە مرۆیی و کۆمەڵایەتیەکان.
    بۆ نموونە، پرۆگرامی AI لەلایەن کۆمپانیا گەورەکانی دامەزراندنی وەک لینکدئین بەکاردەهێنرێت بۆ شیکردنەوەی سیڤی و پشکنینی ئۆتۆماتیکی کاندیدەکان، کە دەبێتە هۆی جیاکاری ناڕاستەوخۆ دژی ئەوانەی کە لە باکگراوندێکی کەمدەرامەتن. ئەلگۆریتمەکان ئەو کاندیدانە پەسەند دەکەن کە لەگەڵ شێوازەکانی بازاڕی کاری سەرمایەداریدا ڕێک دەکەون، لە کاتێکدا ئەوانەی شارەزایی یان شارەزاییان لە دەرەوەی نۆرمە سەرەکیەکان هەیە پشتگوێ دەخەن.
    ئەم گۆڕانکارییە نەک تەنها رێژەی بێکاری و نائاسایشی کار بەرز دەکاتەوە بە پاڵپێوەنانی کرێکاران بۆ کەرتەکانی تر، بەڵکو مۆدێلی “کرێکاری جێگرەوە” بەهێز دەکات، کە کرێکاران بە ئاسانی فڕێ دەدرێن کاتێک بە کاریگەری کەمتر لە دیجیتاڵ یان ئۆتۆماتیک، بەم شێوەیە بازاڕی کار لاوازتر و چەوساندنەوەیەکی قووڵتر دەکات.
    بۆ نموونە، لە کۆگاکانی ئەمازۆن، سیستەمەکانی AI بەکاردەهێنرێن بۆ چاودێریکردنی جوڵەی کرێکاران، بەدواداچوونی رێژەی بەرهەمهێنان و دیاریکردنی ئەوەی کێ ئامانجەکان بەدەست دەهێنێت و کێ دواکەوتووە. زۆربەیان لەسەر بنەمای پێوەری نامرۆڤانە دەردەکرێن کە تەندروستی و بارودۆخی کۆمەڵایەتییان پشتگوێ دەخات.
    ئەمە هەروەها بەسەر کۆمپانیاکانی پلاتفۆرمی وەک Uber، Deliveroo و Uber Eats جێبەجێ دەکرێت، کە تەواوی ژیانی کاری شۆفێران لەلایەن ئەلگۆریتمی AI بەڕێوە دەبرێت کە داواکاری دیاری دەکات، کاتژمێرەکان خشتە دەکات، بینین لەسەر کاربەرنامەکە دیاری دەکات، و تەنانەت بڕیار دەدات کێ دەچێتە سەر کار، ئەکاونتی کێ بەستراوە، یان داهاتی کێ دەبڕدرێت لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی کڕیار، ژمارەی گەشت، یان دواکەوتن. بەبێ چاودێری مرۆڤ یان ڕەچاوکردنی بارودۆخی کەسیی.
    لەم مۆدێلەدا، ئەلگۆریتمەکان و ژیریی دەستکرد دەبنە بەڕێوەبەر و دادوەر و جێبەجێکاری ڕاستەقینە، لە کاتێکدا کرێکاران بەبێ پارێزگاری یاسایی یان مافی سەندیکایی لە بازاڕی کاری دیجیتاڵی زۆر ناسک و چەوسێنەردا دەمێننەوە. ئەمەش بووە هۆی مانگرتن و ناڕەزایی لە چەندین وڵات کە داوای ناساندنی کرێکارانی پلاتفۆرمەکە وەک “کارمەند” دەکەن نەک “بەڵێندەری سەربەخۆ” و دەستەبەرکردنی مافە سەرەتاییەکانی وەک کەمترین مووچە، بیمەی تەندروستی و مافی رێکخستن.

  2. شێوەپێدانی هۆشیاری بۆ برەودان بە کەلتووری سەرمایەداری نیولیبرال

    سەرەڕای بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد بۆ زیادکردنی قازانج و بەهێزکردنی کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی، ئەم تەکنەلۆژیایە بەشێوەیەکی سیستماتیک بەکاردەهێنرێت بۆ شێوە پێدان و ڕێنمایی وردە وردە هۆشیاری تاکەکەسی، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی کەلتوور و بەهاکانی سەرمایەداری، بەتایبەتی شکۆمەندی شارستانیەتی ڕۆژئاوا، و بەتایبەتی بەهاکانی سەرمایەداری ئەمریکی.
    بە شیکردنەوەی داتا و هەڵسوکەوتی بەکارهێنەر، ئەلگۆریتمەکان بەکاردەهێنرێن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ناوەرۆکە کە بە بەکارهێنەران نیشان دەدرێت لە پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانی وەک تۆڕەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، بزوێنەرەکانی گەڕان و ئەوانی تر. ئەم سیستەمانە بۆ پێدانی ناوەڕۆکی تاکەکان داڕێژراون کە پشتگیری جیهانبینی، سیاسەت و ئایدیۆلۆژیای سەرمایەداری دەکەن.
    بۆ نموونە، لە زۆربەی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکاندا، ڕیکلام و ناوەڕۆکی ڕیکلامکردن هانی بەکارهێنەران دەدات بەرهەمی زیاتر بکڕن، تەنانەت ئەگەر پێویستییان پێی نەبێت. بەهاکانی سەرمایەداری بەرز دەکرێنەوە، وەک پیرۆزی هەمیشەیی خاوەندارێتی تایبەتی، جیاوازی چینایەتی، سەرکەوتنی تاکەکەس، دەوڵەمەندی، بەکاربەری، و شێوازی ژیانی خۆشگوزەرانی وەک پێوەر بۆ ژیانێکی “سەرکەوتوو”. نمونەیەکی تر ئەلگۆریتمی گەڕانی گووگڵە، کە ئەنجامەکان لەسەر بنەمای لۆژیکی بازاڕ و ڕیکلامی پارەدراو پۆلێن دەکات نەک لەسەر بنەمای پەیوەندیی کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری یان زانستی.
    لەکاتی گەڕان بەدوای دەستەواژەی وەک سەرکەوتن، گەشەپێدانی خود، یان تەنانەت بەختەوەری، باشترین ئەنجامەکان پەیوەستە بە کۆمپانیاکانی یارمەتی خودی، کۆرسی پارە پێدراو، و ئامۆژگاری بەکاربەر کە جەخت لەسەر تاکگەرایی و قازانج دەکات، لە کاتێکدا شیکردنەوەی زانستی جدی و بیرۆکەی چەپی پێشکەوتووخواز لە زۆر حاڵەتدا لە ڕێگەی سانسۆری راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆوە کەم دەخرێنە روو.
    ئەمە وردە وردە و وردی هۆشیاری کۆمەڵ بەرەو قبووڵکردنی ئەم بەهایانە وەک سروشتی و حەتمی ئاراستە دەکات. پرۆسەکە بۆ ماوەیەکی درێژ و بە شێوازێکی نەرم و نادیار بەڕێوە دەچێت کە زۆربەی بەکارهێنەران، بە بیرمەندانی چەپ و پێشکەوتووخوازیشەوە، گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە ئەم ئامرازانە بەتەواوی بێلایەنن. ئەم سیاسەتە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ نەوەکانی داهاتوو دروست دەکات کە ژیریی دەستکرد بۆتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی ڕۆژانە. ئەم شێواز و سیاسەتە پوختەکراوانە یارمەتیدەرن بۆ زیاتر چەسپاندنی هەژموونی سەرمایەداری و زیادکردنی دڵسۆزی و ملکەچی جەماوەر بۆ سیستەمی ئێستا.

  3. کاریگەری زۆر پشت بەستن بە ژیریی دەستکرد

تێکشکانی تواناکانی مرۆڤ و قوڵبوونەوەی نامۆیی و دوورکەوتنەوەی دیجیتاڵی

سەرەڕای ئەو ڕۆڵەی کە ژیریی دەستکرد دەیگێڕێت لە دووبارە داڕشتنەوەی هۆشیاری جەماوەری، ڕەهەندێکی تر هەیە کە بە زۆری نەخوێندراوە و نایاسایی لە ژێر یاسای نێودەوڵەتیدا دەمێنێتەوە بەتایبەتی لە نێو پێشبڕکێی شێتانەی نێوان زلهێزەکان و کۆمپانیا سەرمایەدارە قۆرخکارەکان بۆ زاڵبوون بەسەر بازاڕەکانی AI. ئەم ڕەهەندە پەیوەندی بە کاریگەری نەرێنی زۆر پشت بەستن بە AI لەسەر توانای ڕۆشنبیری و داهێنەری مرۆڤ هەیە. پەرەسەندنی تەکنەلۆژیا ئێستا بەزۆری بەرەو زاڵبوون و قازانج بەدەستهێنان و پێشبڕکێی سەروەری تەکنیکی ئاراستە کراوە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی کاریگەرییە قووڵەکانی ئەم گۆڕانکارییانە لەسەر مرۆڤایەتی.
ژیریی دەستکرد وەک ئامرازێک بۆ ئاسانکردنی ژیان و بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنان بەرز دەکرێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، واقیع نیشانی دەدات کە پشتبەستن بە ئەم تەکنەلۆژیایانە لەوانەیە ببێتە هۆی لاوازبوونی هۆشیاری و لاوازبوونی توانا بنچینەییەکانی مرۆڤ. بە تێپەڕبوونی کات، مرۆڤ، بەتایبەتی نەوەی گەنج، لەوانەیە توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و ئەنجامدانی ژمێریاری، نووسین و تەنانەت پەیوەندی سەرەتایی کەمتر بێت، بەهۆی زۆر پشت بەستن بە سیستەمە زیرەکەکان کە ئەم ئەرکانە لە جیاتی ئەوان جێبەجێ دەکەن.
لەم چوارچێوەیەدا، نامۆبوونی مرۆڤ لە فۆرمێکی دیجیتاڵی نوێدا بەرهەم دەهێنرێتەوە، کە تیایدا تاکەکان لە توانای ڕۆشنبیری و داهێنەرانەی خۆیان جیا دەبنەوە، لەناو سیستەمێکی تەکنەلۆژیادا گیریان خواردووە کە لە بریکاری ئۆتۆنۆمی بێبەشیان دەکات، وەک چۆن کرێکارانی پیشەسازی لە ژێر سەرمایەداری تەقلیدی لە بەرهەمەکانیان دوور دەکەونەوە.
مرۆڤ لەوانەیە وردە وردە ملکەچی ئەلگۆریتمەکان بێت کە ڕێنمایی کارلێکەکانی ڕۆژانەیان دەکەن، ئەوەی دەیخوێننەوە و سەیری دەکەن دەسەپێنن و تەنانەت شێوەی بیرکردنەوەیان دەکێشن. ئەمە لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی نەوەکان توانای تێکەڵبوون لەگەڵ واقیعدا بە سەربەخۆیی نەبن، لەگەڵ ژیریی دەستکرد ببێتە پەیوەندی سەرەکی نێوان تاک و جیهان، پشتبەستنیان بە سیستەم و کۆمپانیا و دەوڵەتەکان بەهێز دەکات.
ئەم نامۆبوونە دیجیتاڵییە لە ئاستی بەرهەمهێناندا ناوەستێت. درێژ دەبێتەوە بۆ ڕەهەندێکی زۆر قووڵتر، نامۆبوون لە خود، لە هۆشیاری، و لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان. ناسنامەی کەسی و کەلتووری دەبێتە ڕەنگدانەوەی ئەلگۆریتمەکان کە بۆ خزمەتکردنی بازاڕ دیزاین کراون.
مەترسیەکە لێرەدا تەنها بە لەدەستدانی توانای تاک سنووردار نییە، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ دووبارە شێوەکردنەوەی هۆشیاری کۆمەڵ بە شێوەیەک کە لەگەڵ داواکارییەکانی بازاڕی سەرمایەداریدا بگونجێت. ئەمە توانای خەڵک بۆ ڕێکخستن، بەرگری و داواکردنی گۆڕانکاری بنەڕەتی لاواز دەکات بە پاڵپێوەنانی وردە وردە بۆ بڵقی دیجیتاڵی دابڕاو کە تێیدا کارلێکردنی مرۆڤ کورت دەکرێتەوە بۆ پلاتفۆرمێک کە کۆنترۆڵی لێشاوی زانیاری دەکات و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە خزمەتی زاڵبووندا دەگۆڕێت.
ئالوودەبوونی دیجیتاڵ

لەم چوارچێوەیەدا، ئالوودەبوونی دیجیتاڵ وەک یەکێک لە مەترسیدارترین دەرئەنجامەکانی فراوانبوونی ژیریی دەستکرد دەردەکەوێت. توێژینەوەیەکی زانستی کە لەلایەن توێژەرانی زانکۆی کالیفۆرنیا لە ساڵی 2020 ئەنجامدراوە دەریخستووە کە زۆر بەکارهێنانی پلاتفۆرمی دیجیتاڵی و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەهۆی ئەلگۆریتمی AI دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە مێشکدا هاوشێوەی ئەو گۆڕانکاریانەی کە بەهۆی ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان دروست دەبن، بەتایبەتی لەو ناوچانەی بەرپرسن لە بڕیاردان و کۆنتڕۆڵکردنی ڕەفتار. ئەم ئەلگۆریتمانە بە ئەنقەست دیزاین کراون بۆ ڕاکێشانی سەرنجی بەکارهێنەران و هێشتنەوەیان بە پەیوەندیەوە بۆ ماوەیەکی درێژ.
تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، کاربەرنامەکانی خۆشگوزەرانی، و سیستەمە دیجیتاڵییەکانی تر تەنها پلاتفۆرمی خزمەتگوزاری نین، بەڵکو ئامرازێکن کە بە ئاگایی بەکاردەهێنرێن بۆ بەهێزکردنی پشت بەستن بە ڕەفتار و مەعریفی. کۆمەڵە داتای گەورە بەکاردەهێنرێت بۆ تێگەیشتن و دەستکاریکردنی هاندانی بەکارهێنەران بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی کۆمپانیاکان و دەوڵەتە گەورەکان بکات.
ئەم ئالوودەبوونە بە دیجیتاڵ تەنها کات بەفیڕۆ نادات یان کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنان دروست دەکات، بەڵکو شێوازێکی نوێی دوورکەوتنەوە لە ڕێگەی ئالوودەبوونەوە دروست دەکات، چونکە تاکەکان وردە وردە توانای ژیان لە دەرەوەی چوارچێوەی دیجیتاڵی لەدەست دەدەن. دەشێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی تەرکیز، کەمبوونەوەی توانای چارەسەرکردنی کێشەکان، لاوازبوونی یادەوەری، و خراپبوونی پەیوەندی ڕاستەوخۆی مرۆڤ.
سەرمایەداری ئەم ئالوودەبوونە بە چەندین شێوە دەقۆزێتەوە و وەبەرهێنان لە تەکنەلۆژیاکان دەکات کە هانی هەڵسوکەوتی ئالوودەبوون دەدات بۆ دڵنیابوون لەوەی بەکارهێنەران لە کارلێکێکی بەردەوامدا لەگەڵ پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکاندا دەمێننەوە. ئەمە دەگۆڕێت بۆ بازنەیەکی خراپ کە قازانج بە هێشتنەوەی تاکەکان لە دۆخێکی بەردەوامی بەکاربردنی ناچالاک و زیادکردنی داهاتی کۆمپانیاکان لەسەر حسابی تەندروستی دەروونی و دەروونی، بەتایبەتی لە نێو نەوەی گەنجدا. بە تێپەڕبوونی کات، ئەمە لەوانەیە توانایان بۆ بیرکردنەوەی سەربەخۆ و کاری بەکۆمەڵ کەم بکاتەوە.

جۆرێک لە کۆیلایەتی دیجیتاڵی خۆبەخشانە

زاڵبوونی چینایەتی قوڵتر دەبێتەوە کاتێک ژیریی دەستکرد لە ئامرازێکی تەکنەلۆژیاوە دەگۆڕێت بۆ میکانیزمێک بۆ بەرهەمهێنانەوەی شێوازەکانی کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری. ئەگەر ئەم مۆدێلە بەردەوام بێت، لەوانەیە ببێتە هۆی کارەساتی مرۆیی، چونکە مرۆڤ وردە وردە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدایەکی ئاڵۆز لەدەست دەدات و دەبێتە دیلی تەکنەلۆژیای ژێر کۆنتڕۆڵی نوخبەی سەرمایەداری و زلهێزەکان.
ئەوەی ئەم کۆنتڕۆڵکردنە مەترسیدارتر دەکات سروشتی خۆبەخشانە. تاکەکان، هاندەری دەستکاریکردنی ئەلگوریتمی و ئارەزووی ئاسوودەیی دەبن، بەبێ زۆرەملێ ڕاستەوخۆ دەخرێنە ناو ئەم کۆیلایەتییە دیجیتاڵییەوە. وەهمی کۆنتڕۆڵ و هەڵبژاردنیان پێدەدرێت، لە کاتێکدا بڕیارەکانیان بە وردی ئاراستەی ڕێگایەکی پێشوەخت کراوە کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی سەرمایەداری دەکات.
ئەم پێشکەشکردنە لە ڕێکەوتنی هۆشیارانەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو لە زیادبوونی پشت بەستن بە تەکنەلۆژیاکان سەرچاوە دەگرێت کە دەبنە جێگرەوەیەکی دەستکرد بۆ پەیوەندییە مرۆڤایەتییەکان و پرۆسەی مەعریفی سەربەخۆ. ئەمە دەبێتە هۆی دۆخێکی نامۆبوونی دیجیتاڵی کە تیایدا خەڵک بە ئامرازەکانی زاڵبوون دەناسنەوە، نەک بەرگری لێکردن.
ئەگەر ئەم دینامیکە بەبێ کۆنتڕۆڵ بەردەوام بێت، بەبێ بەرگری کۆمەلایەتی کە ڕەگی لە هۆشیاری چەپی پێشکەوتوودا هەیە، ئەوا ژیریی دەستکردی ئێستا لەوانەیە وردە وردە لە ئامرازێکی سەرمایەدارییەوە بگۆڕێت بۆ جێگرەوەی ناسینی مرۆڤ، بەڕێوەبردنی ژیانی ڕۆژانە و سەپاندنی شێوازێکی نوێی کۆیلایەتی دیجیتاڵی خۆبەخشانە.
لەم سیناریۆیەدا، تاکەکان دەکەونە ناو سیستەمی تەکنەلۆژیاوە کە ڕۆڵ و ڕەفتاریان پێناسە دەکات، توانایان بۆ بڕیاردانی سەربەخۆ سنووردار دەکات، و پاڵیان پێوە دەنێت بۆ قبووڵکردنی ئەم زاڵبوونە وەک واقیعێکی حەتمی.

یاخیبوونی ئامێر و کۆنترۆڵی AI بەسەر مرۆڤایەتیدا

سیناریۆی داهاتوو لەمێژە وێنای جیهانێک دەکەن کە ئامێرەکان بەڕێوەی دەبەن، کە مرۆڤ کۆنتڕۆڵی ئەو تەکنەلۆژیایە لەدەست دەدات کە دروستی کردووە و دەبێتە چەقۆ لە سیستەمێکدا کە خزمەتی هێزە باڵادەستەکان دەکات. ئەم دیدگایە پێشتر بواری فەلسەفە یان فیلمی خەیاڵی زانستی بوو، بەڵام بەهۆی پێشکەوتنی خێرای ژیریی دەستکرد و نەبوونی چوارچێوەی یاسایی نێودەوڵەتی کاریگەر بۆ ڕێکخستن و کۆنتڕۆڵکردنی، زیاتر واقیعی بووە.
یەکێک لە مەترسیدارترین و ئاڵۆزترین کێشەکانی پەرەسەندنی AI ئەگەری گەشەسەندنی زیرەکیی مرۆڤە و ببێتە قەوارەیەکی سەربەخۆ لە دەرەوەی کۆنترۆڵی مرۆڤ و تەنانەت زاڵ بەسەر مرۆڤایەتیدا. کاتێک AI سنووری پرۆگرامی بنەڕەتی خۆی تێپەڕاند، لەوانەیە ببێتە سیستەمێک کە سەربەخۆ بڕیاری چارەنووسساز دەدات لە بوارەکانی وەک ئابووری، سیاسەت و ژیانی ڕۆژانە، بەبێ چاودێری مرۆڤ.
لە ژێر سایەی سەرمایەداریدا، AI پەرەی پێدراوە بۆ خزمەتکردن بە کەڵەکەبوونی سەرمایە و بەهێزکردنی هەژموونی چینایەتی، لە ژێر کێبڕکێی دڕندانەی بازاڕدا، لەدەستدانی کۆنتڕۆڵ نەک تەنها ئەگەری هەیە بەڵکو ئەگەری زۆر و مەترسیدارە بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی خێرایی گەشەسەندنەکەی کە زۆر زیاترە لە هەر هەوڵێک بۆ ڕێکخستن یان کۆنتڕۆڵکردنی لە چوارچێوەی یاسایی یان کۆمەڵایەتیدا. وەک ئامرازێک دیزاین کراوە کە توانای زۆریان هەیە، بەڵام بەبێ هیچ قەفەزێک بۆ سنووردارکردنی خراپ بەکارهێنان یان گەشەی ڕاکردوو، کە دەتوانێت بیکاتە هێزێکی سەربەخۆ کە دژی بەرژەوەندییە کۆمەڵایەتییەکان کار دەکات لەجیاتی خزمەتکردنیان.
ئەم سیناریۆیە بۆ سینەما نامۆ نییە. زۆرێک لە فیلمەکان باسی ئەو بیرۆکەیەیان کردووە، بۆ نمونە تێرمیناتۆر، کە تیایدا ئامێرەکان جەنگ لە دژی مرۆڤ ڕادەگەیەنن دوای بەدەستهێنانی هۆشیاری خودی. ماتریکس، کە جیهانێک نیشان دەدات کە مرۆڤایەتی کۆیلە کراوە لەلایەن AI و وەک سەرچاوەی وزە بەکار دەهێنرێت. و من، ڕۆبۆت، کە بەدوای یاخیبوونی ڕۆبۆتەکان لە دژی مرۆڤ دەگەڕێت دوای بەدەستهێنانی عەقڵییەتی سەربەخۆ. “یاخیبوون” ژیریی دەستکرد لەوانەیە خەیاڵ نەمێنێتەوە بەڵکو لەوانەیە لە سیاسەتەکانی سەپاندنی سیستەمە دیجیتاڵییەکاندا دەربکەوێت بەبێ گوێدانە پێداویستییەکانی مرۆڤ. ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین زاڵبوونی کلاسیکی ڕۆبۆت بەسەر مرۆڤدا نییە، بەڵام دەتوانرێت ببێتە مۆدێلێکی نوێی کۆنتڕۆڵی دیجیتاڵی، لەسەر بنەمای ئۆتۆماتیکی تەواو و بەڕێوەبردنی ئەلگوریتمی ژیانی ڕۆژانە، کۆمەڵگاکان بگۆڕێت بۆ قەوارەیەک کە لەلایەن سیستەم و ئامێرە زیرەکەکانەوە بەڕێوەدەبرێن.

  1. ژیریی دەستکرد و جیهانی سێیەم
    کاریگەرییەکانی ژیریی دەستکرد تەنها بە وڵاتانی پێشکەوتوو سنووردار نییە، بەڵکو بۆ باشووری جیهانیش درێژ دەبێتەوە کە لەوێ وەک بنچینەیەکی سەرچاوە خاوەکان و بازاڕی بەکاربەری گەورە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت کە بۆ خزمەتکردنی سەرمایەداری جیهانی بەکاردەهێنرێت. لەجیاتی بەشداریکردن لە گەشەسەندنی سەربەخۆی ئەم وڵاتانە، ئەم تەکنەلۆژیایانە بە شێوەیەک ئاراستە دەکرێن کە پشتبەستن بە ئابووری، سیاسی، ڕۆشنبیری و تەکنەلۆژیا بەهێز دەکەن، چەوساندنەوەی ئەم کۆمەڵگایانە قووڵتر دەکاتەوە لە بەرژەوەندی دەوڵەت و کۆمپانیا باڵادەستەکان کە پەرەپێدانی AI بەڕێوە دەبەن.
    کۆمپانیا قۆرخکارەکان هەوڵ دەدەن داتا و سەرچاوە مرۆییەکان لە باشووری جیهان بەکار بهێنن بەبێ ئەوەی نرخی دادپەروەرانە پێشکەش بکەن. لە کاتێکدا ژیریی دەستکرد بە ئاشکرا وەک ئامرازێک بۆ گەشەپێدان بڵاودەکرێتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا بۆ دەرهێنانی داتا و گۆڕینی دانیشتوان بۆ سەرچاوەی ئازادی زانیاری بەکاردەهێنرێت.
    بڕێکی زۆر داتا لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی دیجیتاڵی و سیستەمەکانی بەدواداچوون و پلاتفۆرمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە هەڵدەمژرێت، هەر کارلێکێک دەبێتە ماددەی خاو بۆ سوود وەرگرتن لە نەتەوە بەهێزەکان و کۆمپانیا قۆرخکارەکان.
    دەستپێشخەری خێرخوازی و مرۆڤدۆستی لەلایەن هەندێک دەوڵەت و کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆژیا بەکاردەهێنرێن بۆ قوڵکردنەوەی کۆنتڕۆڵی سەرمایەداری بەسەر باشووری جیهاندا. ئەم کۆمپانیایانە زۆر کار دەکەن بۆ ئەوەی ئینتەرنێت بگەیەننە هەموو گۆشەیەکی جیهان، بەتایبەتی بۆ وڵاتانی گەشەسەندوو، تەنانەت پێش دابینکردنی کارەبا، ئاوی پاک یان خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان.
    نمونەیەکیش پڕۆژەی Internet.org بوو کە مێتا (پێشتر فەیسبووک) بە هاوبەشی لەگەڵ شەش کۆمپانیای تری تەکنەلۆژیا لەژێر دروشمی “بەستنەوەی نەبەستراوەکان” دەستی پێکرد. لە هەندێک وڵاتدا ئینتەرنێتی سنووردار و رێکخراوی پێشکەش کرد، کە سنووردار بوو بۆ پلاتفۆرم و خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیای سپۆنسەر و هاوبەشەکانی، نەک دابینکردنی ئینتەرنێتێکی ئازاد و کراوە. لەجیاتی بەهێزکردنی بەکارهێنەران، ئەوان بوون بە بەکاربەرێکی دیلی لە ژینگەیەکی دیجیتاڵی داخراو کە کارلێکەکانیان بەردەوام چاودێری دەکرێت و بۆ قازانج بەکاردەهێنرێت.
    ئەمە ئەوە دەردەخات کە ئامانجی ڕاستەقینەی ئەم جۆرە پرۆژانە باشترکردنی ئاستی ژیان یان پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری نییە، بەڵکو پەرەپێدانی بەرژەوەندییە بازرگانییەکان، فراوانکردنی کۆنتڕۆڵی ئایدۆلۆژیا، و گۆڕینی هەموو تاکێک بۆ بەکاربەرێکی هەمیشەیی و سەرچاوەی داتا.
    ئەم سیاسەتانە جیاوازی دیجیتاڵی پڕ ناکەنەوە. بەڵکو کۆلۆنیالیزم بەرهەم دەهێننەوە، ئێستا بە شێوەی دیجیتاڵی. ئەم وڵاتانە بە تەواوی پشت بە دەوڵەت و کۆمپانیا بیانییەکان دەبەستن بۆ تەکنەلۆژیا و خزمەتگوزاری دیجیتاڵی، لەجیاتی دروستکردنی توانای ناوخۆیی بۆ دابینکردنی پێداویستییە ڕاستەقینەکانیان.
    ئەمە پشت بەستن بە پرۆگرامی خاوەندارێتی و ژێرخانی هەوری بیانی بەهێز دەکات، بەتایبەتی ئەوانەی سەر بە هێزەکانی ڕۆژئاوان و مێژوویەکی دوورودرێژیان هەیە لە چەوساندنەوەی داگیرکاری.
    لە پێشبڕکێی جیهانی بۆ زاڵبوونی تەکنەلۆژیا، ڕژێمە دیکتاتۆرەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شوێنەکانی تری باشووری جیهان لە پەراوێز نەماون، بەتایبەتی پاشایەتییە دەوڵەمەندەکانی کەنداو ئەم ویلایەتانە ملیارەها دۆلاریان لە دەستپێشخەرییەکانی AI خۆیان وەبەرهێناوە و پشتگیری راستەوخۆ لە زلهێزەکان و کۆمپانیا قۆرخکارەکان وەردەگرن کە ماوەیەکی زۆرە بە هاوپەیمانی ستراتیجی دادەنێن بۆ بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییە ئابووری و جیۆپۆلەتیکییەکان.
    هەرچەندە ئەم وەبەرهێنانانە وەک بەشێک لە “گۆڕانی دیجیتاڵی” و “مۆدێرنکردنی تەکنەلۆژیا” لە کۆمەڵگاکانیان بانگەشەی بۆ دەکەن، بەڵام ئەم وەبەرهێنانانە خزمەت بە بەهێزکردنی حوکمی دیکتاتۆری و فراوانکردنی تواناکانی چاودێری و توندکردنی کۆنتڕۆڵی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئایدۆلۆژی بەسەر دانیشتوانیاندا دەکەن.
    ئەم ڕژێمانە AI بەکاردەهێنن بۆ پەرەپێدانی سیستەمی چاودێری بەکۆمەڵ، شیکردنەوەی داتای گەورە و سەرکوتکردنی هەر ناڕەزاییەک. تەکنەلۆژیای ناسینەوەی دەموچاو، شیکردنەوەی دەنگ و پێشبینی هەڵسوکەوت بەکاردەهێنرێن بۆ ناسینەوەو بێلایەنکردنی ئۆپۆزسیۆن پێش ئەوەی بتوانێت کار بکات. لە ڕێگەی ئەم سیستەمانەوە حکومەتە دیکتاتۆرەکان دەتوانن چاودێری هاوڵاتیان بکەن و سیخوڕی لەسەر بکەن لە ڕێگەی هەردوو کەناڵە دیجیتاڵییەکان و شوێنە گشتییەکانەوە.
    سەرەڕای قسەی ڕووکەشانە سەبارەت بە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ، دەوڵەتانی ڕۆژئاوا و کۆمپانیا گەورەکان بەردەوامن لە پشتیوانیکردن لەو جۆرە ڕژێمانە چونکە خزمەت بە هەژموونی ئابووری و سیاسی خۆیان دەکەن. کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیای قۆرخکارانە ڕۆڵی ڕاستەوخۆ لەم سەرکوتکردنەدا دەگێڕن، یان بە فرۆشتنی تەکنەلۆژیاکە (هاوشێوەی چەک و ئامێرەکانی ئەشکەنجەدان)، یان بە دابینکردنی راوێژکاری، پاڵپشتی تەکنیکی و ژێرخانی سیستەمەکانی AI کە ئەم ڕژێمانە پشتی پێ دەبەستن. ئەم سیستەمانە بە ئازادی گەشەیان پێداوە و لە دەوڵەتە دیکتاتۆرەکانی هاوپەیمانی سەرمایەداری جیهانی بڵاو دەکرێنەوە و دەبنە ئامرازێکی ڕاستەوخۆ بۆ بەرهەمهێنان و بەهێزکردنی دەسەڵاتی دیکتاتۆر.
  2. لایەنگری جێندەر و نەبوونی یەکسانی تەواو لە ژیریی دەستکرد

    سەرەڕای تێگەیشتنی گشتی AI وەک بێلایەنی جێندەر، سەیرکردنێکی وردتر ئەوە دەردەخات کە لایەنگری جێندەر لە ئەلگۆریتمەکان و سیستەمە زیرەکەکاندا بە ڕوونی نیشانی دەدەن کە چۆن زۆربەی کاربەرنامەکانی AI جیاوازی و نایەکسانی ڕەگەزی بەرهەم دەهێنن.
    زمانی پیاو ناوەند و سروشتی نایەکسانی ئەم تەکنەلۆژیایانە ڕەنگدانەوەی لایەنگری کەلتووری و کۆمەڵایەتی کۆمپانیاکانی سەرمایەداری و حکومەتە پیاوسالارەکانە کە پەرەیان پێداوە، لە ئاستێکی جیاوازدا بەپێی زمان و پلەی مافەکانی ژنان و یەکسانی جێندەر لە هەر وڵاتێکدا.
    ژیریی دەستکرد لە بنەڕەتدا نێرینە نییە، بەڵام لە داتای کۆمەڵگایەکی سەرمایەداری پیاوسالاری تغذیه دەکات. ئەلگۆریتمەکان لەسەر کۆمەڵە داتایەک ڕادەهێنرێن کە زۆرجار ڕەنگدانەوەی بیرکردنەوەی کڵێشەیی و نایەکسانی ڕەگەزی بەهێز دەکات، وەک بەکارهێنانی زمانی پیاوسالار و تێگەیشتنی تەقلیدی بۆ ڕۆڵی جێندەر لە کار و کۆمەڵگادا.
    بۆ نموونە، توێژینەوەیەکی ساڵی 2019 لەلایەن زانکۆی کارنیگی مێلۆن دەریخستووە کە ڕیکلامەکانی کار لە فەیسبووک و گووگڵ زیاتر کاری تەکنیکی و ئەندازیاری مووچەی بەرزتر بۆ پیاوان نیشان دەدەن وەک لە ژنان.
    بەهەمان شێوە، لە ساڵی 2018، ڕۆیتەرز ئاشکرای کرد کە سیستەمی دامەزراندنی ئەمازۆن بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کاندیدی پیاو لە ئافرەت پەسەند دەکات لە هەڵسەنگاندنی داواکاری کار بۆ ڕۆڵە تەکنەلۆژیاکان. ئەلگۆریتمەکە لەسەر داتای مێژوویی دامەزراندن ڕاهێنرا کە ڕەنگدانەوەی لایەنگری پێکهاتەیی لەناو کۆمپانیاکەدا بوو، کە پیاوان لە مێژوودا زۆرینەی پۆستە تەکنیکییەکانیان هەبووە. لە ئەنجامدا، سیستەمەکە ژمارەی سیڤیەکانی دابەزاند کە وشەی “ژن” یان ئاماژەی بە چالاکی فێمینیستی کرد.
    لەگەڵ ئەوەشدا، سیستەمەکانی دەنگ وەک یاریدەدەری زیرەک بە دەنگی ئافرەت و ڕۆڵی خزمەتگوزاری پرۆگرام دەکرێن، کە کڵێشەی ژنان وەک “ملکەچ” یان “یارمەتیدەر” بەهێز دەکات نەک هاوبەشی یەکسان. بۆ نموونە، یاریدەدەرە مەجازییەکانی وەک Siri ی ئەپڵ، ئەلێکسای ئەمازۆن و یاریدەدەری گووگڵ بە شێوەی بنەڕەتی وەڵامی ڕەخنەکان دەدەنەوە و بە تۆنێکی بەڕێز و ملکەچ وەڵامی ڕەخنە دەدەنەوە.
    لە ئێستادا، هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ملیارەها دۆلار وەبەرهێنان دەکەن لە پەرەپێدانی پرۆژەکانی AI بە گوێرەی بەهای ئایینی پیاوسالاری کۆنەپارێز. بۆ نموونە، هەندێک یاریدەدەری دەنگی عەرەبی پەرەیان پێدراوە بە بەکارهێنانی دەنگی پیاو لە جیاتی دەنگی ئافرەت بۆ دوورکەوتنەوە لە کڵێشەی ژنان وەک ملکەچ.
    زۆرێک لە سیستەمە دیجیتاڵییەکان لەم وڵاتانەدا ئامادەبوونی ژنان لە ناوەرۆکی دیجیتاڵی سنووردار دەکەن یان ڕەنگدانەوەی بۆچوونە تەقلیدییەکان دەکەن کە ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگادا کەم دەکاتەوە. بۆ نموونە، هەندێک لە حکومەتە دیکتاتۆرەکان سیستەمی AI بەکاردەهێنن بۆ چاودێریکردنی هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتی و سەپاندنی پێوانەی ئەخلاقی ئیلهام وەرگرتن لە بەها ئایینییە پیاوسالارەکان، وەک سنووردارکردنی وێنەی ژنانی بێ سەرپۆش یان سنووردارکردنی دەرکەوتنیان لە ئەنجامەکانی گەڕان و ڕیکلامەکان. یەکێک لە توندترین نمونەی ئەم چەوساندنەوەیە پەرەسەندنی سیستەمی AI بۆ چاودێریکردنی جلوبەرگی ژنان، شیکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆکان بۆ دیاریکردنی ئەوەی ئایا لەگەڵ یاساکانی جلوبەرگی ئایینی سەپێنراو دەگونجێت یان نا. بۆ نموونە لە ئێران، سیستەمی دیجیتاڵی پەیڕەو کراوە بۆ چاودێری پابەندبوونی ژنان بە یاساکانی حیجاب.
    نوێنەرایەتی نەبوونی ژنان لە دیزاین و پەرەپێدانی AI و نەبوونی بەشداری کاریگەری فێمینیستی و پێشکەوتووخواز لە بوارەکەدا و سروشتی پیاوسالاری تیمەکانی گەشەپێدان کێشەکە خراپتر دەکەن. بەگوێرەی راپۆرتێکی پەیمانگای AI Now، ژنان تەنها ٪15 ی توێژەرانی AI لە فەیسبووک و تەنها ٪10 لە گووگڵ پێکدەهێنن، واتە زۆربەی تەکنەلۆژیاکانی AI لەلایەن تیمەکانی پیاوانەوە پەرەیان پێدراوە.
    تەکنەلۆژیا لەم چوارچێوەیەدا نەک تەنها ڕەنگدانەوەی لایەنگری جێندەر دەکات، بەڵکو بەرهەمیان دەهێنێت و گەورەیان دەکات، ڕێگرە لە بەرەوپێشچوون بەرەو یەکسانی و قوڵکردنەوەی جیاوازی ڕەگەزی لە جیاتی داخستنی ئەوان. ئەم سیستەمانە کڵێشە بەهێز دەکەن و جیاکاری دژی ژنان دەهێڵنەوە. ئەمە تەنها کێشەیەکی تەکنیکی نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی قەیرانێکی کۆمەڵایەتی قوڵترە کە شێوازەکانی نایەکسانی و جیاکاری لە بواری دیجیتاڵدا دووپات دەکاتەوە.

  3. ژیریی دەستکرد وەک ئامرازێک بۆ کۆنتڕۆڵی سیاسی و سەرکوتکردن و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ

چاودێری و کۆنتڕۆڵی دیجیتاڵی

کۆمپانیا دیجیتاڵییەکان بە هاوکاری زلهێزەکان چاودێری جموجۆڵی تاکەکان دەکەن لە ڕێگەی ئامێرە زیرەکەکان و کەناڵە جۆراوجۆرەکانی پەیوەندی. لەڕاستیدا هەموو چالاکییە دیجیتاڵییەکان، لەوانە کۆبوونەوە تایبەتەکان، بەدواداچوون و شیکردنەوەی بەردەوامیان هەیە. لە ڕاستیدا، هیچ بۆشاییەکی دیجیتاڵی بەتەواوی پارێزراو نییە. داتاکان بە شێوەیەکی سیستماتیک کۆدەکرێنەوە و بەکاردەهێنرێن بۆ هەڵسەنگاندن و پۆلێنکردنی تاک و گرووپەکان لەسەر بنەمای هەڵسوکەوت، مەیلی ڕۆشنبیری و ئاراستەی سیاسییان.
هەروەها چاودێری دیجیتاڵی بۆتە ئامرازێکی سەرەکی بۆ بەدواداچوونی ئایدۆلۆژی و سیاسی بەکارهێنەران، کە کۆمپانیا و حکومەتەکان دەتوانن لە ڕێگەی هەڵمەتی چەواشەکاری رێکخراو یان سزای دیجیتاڵی کە کاریگەرییان لەسەر ڕای گشتی سنووردار و کەم دەکاتەوە، شوێنیان بکەون و بکەنە ئامانج.
ئەم ستراتیژانە بەشێوەیەکی سیستماتیک و شاراوە لە دژی سەندیکاکانی کرێکاران و ڕێکخراوە چەپەکان و دامەزراوە سەربەخۆکانی مافەکانی مرۆڤ و میدیا جێبەجێ دەکرێن.
ئەم گروپانە ڕووبەڕووی کۆتوبەندی زیاتر دەبنەوە کە بڵاوبوونەوەی بیرۆکەکانیان لە بواری دیجیتاڵی گشتی سنووردار دەکات لە ڕێگەی شێوازێکی ورد و قورس بۆ دۆزینەوە.
ئەلگۆریتمەکان بە وردی بەکاردەهێنرێن بۆ سنووردارکردنی گەیشتن بە ناوەڕۆکی سیاسی چەپ و پێشکەوتووخواز، نەک بە سڕینەوەی بەتەواوی بەڵکو بە کەمکردنەوەی دەرکەوتنی. ئەمە سەرکوتی دیجیتاڵی ئاڵۆزتر و مەترسیدارتر و نادیارتر دەکات.
ئەلگۆریتمەکان بە وردی بەکاردەهێنرێن بۆ سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە پۆستە سیاسییە چەپ و پێشکەوتنخوازەکان بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆ بیانسڕنەوە، ئەمەش سەرکوتکردنی دیجیتاڵی ئاڵۆزتر و مەترسیدارتر و نەبینراوتر دەکات. پێدەچێت بەشداریکردنی کەم لەگەڵ ناوەڕۆکی پێشکەوتوودا وەڵامێکی سروشتی بینەر بێت، لە کاتێکدا لە ڕاستیدا دەرئەنجامی ئەلگۆریتمەکانی پێشوەختە ڕێکخراوە کە بۆ کەمکردنەوەی دەستڕاگەیشتنەکەی داڕێژراون. ئه مه ش له نێو چالاکواناندا تێڕوانینێکی درۆ دروست ده کات که بیرۆکه کانیان ناپه ڵه نگ و سه ڕنجڕاکێش نین و وایان لێده کات بگه نه ئه و ئه نجامه ی که پێویستیان به پێداچوونەوە هه يه!!.

شکستی دیجیتاڵی

شکستی دیجیتاڵی ئامرازێکی نوێ و ئاڵۆزە بۆ زاڵبوونی چینایەتی. ئەلگۆریتمەکان و AI بە شێوەیەکی میتۆدی، هەست پێنەکراو و وردە وردە بە تێپەڕبوونی کات بەکاردەهێنرێن بۆ بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکێک کە هەستی بێ یارمەتی و خۆبەدەستەوەدان بەهێز دەکات، بەتایبەتی لە نێو بەکارهێنەرانی چەپ و پێشکەوتوو.
ئەم میکانیزمە شکستە هەستپێکراوەکانی ئەزموونی سۆسیالیستی و ڕێکخراوە چەپەکان گەورەتر دەکات، سەرمایەداری وەک سیستەمێکی هەمیشەیی و نەبەزێنراو وێنا دەکات و ئەو بیرۆکەیەی کە گۆڕان مەحاڵە بەهێز دەکات. هەروەها تاکگەرایی و چارەسەرەکانی بازاڕ وەک بەکارهێنان و گەشەپێدانی خودی بەرز دەکاتەوە، تاکەکان لە هەر شێوەیەک لە چالاکی سیاسی کۆمەڵی ڕێکخراو جیا دەکاتەوە.
سەرەڕای ئەوەش، گفتوگۆکانی ناو ڕێکخراوە چەپەکان بەرەو ململانێی ناوخۆیی پەراوێز دەچن، کە هەوڵەکان پارچە پارچە دەکات و توانای بەرگریکردنیان لاواز دەکات. کۆمپانیا گەورەکان پشت بە شیکردنەوەی ڕەفتاری دەبەستن بۆ ئامانجکردنی تاک و گروپەکان بە ناوەڕۆکێک کە نائومێدی گەشە پێدەدات و قەناعەتیان پێ دەهێنێت کە گۆڕانی سۆسیالیستی مەحاڵە یان بێهودە.
ئەم سیاسەتانە ڕێکەوت نین، بەڵکو میتۆدی زانستی بە ئەنقەست و بۆ سەرکوتکردن یان لاوازکردنی ڕۆحی گۆڕان و دڵنیابوون لەوەی کە سیستەمی سەرمایەداری بێ بەرەنگاری و ساغی دەمێنێتەوە

دەستگیرکردن و کوشتنی دیجیتاڵی

دەستگیرکردنی دیجیتاڵی قۆناغێکی مەترسیدارترە لە چاودێری و کۆنتڕۆڵکردن. ئەمە لە سنووردارکردنی بینراوی ناوەڕۆک تێدەپەڕێت و هەڵپەساردنی هەڕەمەکی هەژماری تاک و گرووپ دەگرێتەوە، بەشێوەیەکی کاتی یان هەمیشەیی، کە دەتوانرێت بە جۆرێک لە کوشتنی دیجیتاڵی دابنرێت. ئەمە بەبێ شەفافیەت، ستانداردی ڕوون یان یاسای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ئەنجام دەدرێت کە مافەکانی بەکارهێنەران بپارێزێت. پاساوەکانی وەک “پێشێلکردنی ستانداردەکانی کۆمەڵگە” یان “هاندانی توندوتیژی” زۆرجار بۆ بێدەنگکردنی دەنگەکان بەکاردەهێنرێن، تەنانەت کاتێک ناوەڕۆکەکە تاوانی سەرمایەداری لەلایەن دەوڵەت و کۆمپانیاکانەوە یان پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ تۆمار دەکرێت.
نمونەی بەرچاو سەرکوتکردنی دیجیتاڵییە کە ناوەڕۆکی فەلەستینیەکان دەکاتە ئامانج کە تاوانەکانی ئیسرائیل دژ بە خەڵکی مەدەنی تۆمار دەکات. لە کاتی هێرشەکەی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، پلاتفۆرمەکانی وەک فەیسبووک و ئینستاگرام و تویتەر و چەند پلاتفۆرمێکی تر بە بیانووی “پێشێلکردنی ڕێنماییەکانی کۆمەڵگە” یان “هاندانی تیرۆر” سەدان هەژمار و پۆستیان سڕیەوە یان قەدەغە کرد. هەروەها دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەربەخۆ کراونەتە ئامانج بە سنوردارکردنی هەژمارەکانیان یان سڕینەوەی هەژمارەکانیان بە تەواوی لە هەوڵێکی ئاشکرادا بۆ بێدەنگکردنی ئەو دەنگانەی پێشێلکارییەکانی دژی هاووڵاتیانی فەلەستینی ئاشکرا دەکەن.

خۆسانسۆری خۆبەخشانە

سەرکوتکردنی دیجیتاڵی و سەرکوتکردنی ناوەرۆک لەگەڵ دیاردەی “خۆسانسۆری خۆبەخشانە” کە تیایدا تاکەکان و تەنانەت گروپەکانیش دەست دەکەن بە سانسۆرکردنی خۆیان، گوتاری سیاسییان ڕێک دەخەن یان کەمتر دەکەنەوە، دەچنە سەر بابەتی تیۆری گشتی، و خۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرمایەداری یان ڕژێمە دیکتاتۆرەکان بەدوور دەگرن.
ئەمە لە ترسی ئەوەی پۆستەکانیان سنووردار بکرێن یان ڕووبەڕووی دەستگیرکردنی دیجیتاڵی یان کوشتن ببنەوە لە ڕێگەی هەڵپەساردنی ئەکاونتی AI لەسەر پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان.
ئەم ترسە ئازادی ڕادەربڕین لاواز دەکات و دەبێتە فاکتەرێکی بەهێز بۆ دووبارە ڕێکخستنەوە و چاودێریکردنی گفتووگۆی گشتی تەنانەت پێش ئەوەی هەر سنووردارکردنێکی ڕاستەقینە بسەپێنرێت. زاڵبوونی ئایدۆلۆژیای سەرمایەداری بەهێز دەکات، بۆشایی بەرگری دیجیتاڵی کەم دەکاتەوە، و ئینتەرنێت دەگۆڕێت بۆ بۆشاییەکی خۆڕێکخستن کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتداراندا ڕێک بخرێت.
بۆ نموونە، لە کاتی خۆپیشاندانەکانی جەماوەری لە وڵاتانی جۆراوجۆر دژ بە سیاسەتی سەرمایەداری و ڕژێمە دیکتاتۆرەکان، و بە شێوەیەکی گشتی بە پلەی جیاواز، زۆرێک لە بەکارهێنەران تێبینی ئەوەیان کرد کە پۆستەکانیان دەستەواژەی “مانگرتنی گشتی”، “نافەرمانی مەدەنی”، “شۆڕش” یان بەڵگەنامەی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ زۆر کەمتر لە جاران بەدەست دەهێنن. لە هەمان کاتدا، بابەتە شیکارییە گشتییەکان دەربارەی ئابووری و سیاسەت کاریگەری بەهەمان شێوە نەبوون.
لە ئەنجامدا، زۆرێک لە چالاکوانان خۆیان بەدوور گرت لەو دەستەواژەیانەی کە لەلایەن پلاتفۆرمەکانەوە بە “ئاژاوەگێڕ” پۆلێن دەکرێن، ئەمەش بووە هۆی نەرمبوونەوەی گوتاری گشتی و کەمکردنەوەی لێواری شۆڕشگێڕی و لاوازکردنی ڕۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک ئامرازێک بۆ بزووتنەوەی سیاسی و ڕێکخستنی جەماوەری.

  1. داڕمانی دیموکراسی لە ڕێگەی ژیریی دەستکردەوە
    پاش بەدەستهێنانی کۆنتڕۆڵی عەقڵ و هۆشیاری مرۆڤ لە ڕێگەی دیجیتاڵیزەکردندا، ژیریی دەستکرد لە ئامرازێکی سەرمایەداری بۆ زیادکردنی قازانج پەرەی سەندووە بۆ ئامرازێکی سەرەکی بۆ لاوازکردن و تەنانەت لاوازکردنی ئەوەی لە دیموکراسی بۆرژوازی ماوە، لەبری پشتگیری کردن یان بەرەوپێشبردنی.
    ئەمە ڕاستە سەرەڕای ئەوەی کە سیستەمە دیموکراسییەکان لە زۆربەی وڵاتاندا سنووردارن، کە دیموکراسی بە پارەی سیاسی – المال السياسي – ، یاسای هەڵبژاردنی لایەنگری خزمەت بە بەرژەوەندییە تایبەتەکان و چەند هۆکارێکی تر دەکات.
    لەجیاتی هاندانی بەشداری گشتی لە ژیانی سیاسیدا، دیجیتاڵیزەکردن و AI بەکاردەهێنرێن بۆ دووبارە شێوەدان و دەستکاریکردنی ڕای گشتی لە بەرژەوەندی چینی فەرمانڕەوا، کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکان، تەسککردنەوەی بۆشایی گفتوگۆی ئازاد، و ئاراستەکردنی گوتاری سیاسی و میدیایی بۆ خزمەتکردنی دەسەڵاتدارانی سەرمایەداری.
    کۆنتڕۆڵی چینایەتی بەسەر AI مانای ئەوەیە کە ئەم تەکنەلۆژیایە، کە لە سەرەتادا بۆ پشتگیری شەفافییەت و دیموکراسی دادەنرێت، لە ڕاستیدا بۆ بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی چیرۆکێک بەکاردەهێنرێت کە سیستەمی سەرمایەداری ئێستا دەپارێزێت.
    شیکردنەوەی داتای گەورە و ئەلگۆریتمی زیرەک بەکاردەهێنرێن بۆ ئاراستەکردنی زانیاری سیاسی بە شێوەیەک کە سوود بە دامەزراوە سەرمایەدارەکان، پارتە ڕاستڕەوەکان و نیۆفاشیستەکان و ڕژێمە دیکتاتۆرەکان بگەیەنێت. ئەمە توانای خەڵک بۆ بڕیاردانی سیاسی لەسەر بنەمای هۆشیاری ڕەخنەیی ڕاستەقینە لاواز دەکات.
    لە ژێر سايه سەرمایەداریدا، AI بۆ بەهێزکردنی خەڵک یان بەهێزکردنی بڕیاردانی هۆشیار و شەفاف بەکار ناهێنرێت. بەڵکو وەک ئامرازێک بۆ شێواندنی ڕاستی، بەرهەمهێنانەوەی پڕوپاگەندە و بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست کە بناغەی دیموکراسی دادەخورێنێت، لەسەر بنەمای شەفافیەت، دەستگەیشتن بە زانیاری، و فرەیی فکری و سیاسی. ناوەڕۆکی ئامانجدار لەسەر بنەمای شیکردنەوەی ڕەفتاری پێشکەش دەکرێت و ڕای گشتی دەستکرد بەرهەم دەهێنێت کە هەژموونی چینایەتی بەهێز دەکات و جەمسەرگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی قووڵتر دەکات.
    ئەمە تەنها دەنگدەران چەواشە ناکات، بەڵکو گفتوگۆی سیاسی خۆی دەگۆڕێت، ناوەڕۆکی لێ دادەماڵێت و پڕی دەکات لە پڕوپاگەندەی پشتگیری سەرمایەداری و بیرۆکە ڕاستڕەوەکانی.
    کاریگەری AI لە دەستکاریکردنی زانیاری تێدەپەڕێت، دەبێتە میکانیزمێکی سەرەکی لە بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵاتی سیاسی لە ژێر سایەی سەرمایەداریدا. لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی هەڵمەتی ئەلگۆریتم، دیزاین کردنی گوتاری سیاسی بۆ گونجاندن لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی سەرمایە، و کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنی دەنگدەران لە ڕێگەی ئامانجی بچووک، دەنگی ئۆپۆزسیۆن بێلایەن دەبن و بەدیلی دیموکراتی چەپ و پێشکەوتووخواز لاواز دەبن.
    نمونەی ئەم دواییانە، دەستێوەردانی ملیاردێری ڕاستڕەوی ئێلۆن مەسک لە هەڵبژاردنەکانی 2025 ی ئەڵمانیایە لە ڕێگەی پلاتفۆرمی “X” (پێشتر تویتەر)، کە تیایدا ڕاستەوخۆ پشتگیری پارتی راستڕەوی توندڕەوی “ئەلتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا” کرد. ئەمەش بە بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی دروستکراوی AI ئەنجامدرا کە ڕای گشتی دەگۆڕێت و جەمسەرگیری سیاسی لە بەرژەوەندی هێزەکانی ڕاستڕەو و نیۆنازییەکان بەرهەم دەهێنێتەوە.
    لەم دۆخەدا، هەڵبژاردن چیتر ڕەنگدانەوەی خواستی خەڵک نییە، تەنانەت ڕێژەی. لە جیاتی ئەوە، دەبنە گۆڕەپانی ململانێ لە نێوان هێزە گەورەکان، هێزە قۆرخکارەکان و نوخبەی دارایی، کە ئینتەرنێت و AI وەک ئامرازێک بۆ زاڵبوونی سیاسی و ئایدۆلۆژی بەکاردەهێنن. ئەمە میکانیزمی دیموکراسی و پلۆرالیزمی سیاسی گەندەڵ دەکات، یان دەنگە پێشکەوتووخوازەکان لاواز دەکات یان خەڵک بەرەو بەدیلی هەڵە پاڵ دەنێت کە لە کۆتاییدا هەمان سیستەمی سەرمایەداری بەرهەم دەهێنێتەوە، لەگەڵ گۆڕانکاری ڕووکەش.
  2. کاریگەری ژینگەیی ژیریی دەستکرد لە ژێر سايه سەرمایەداری

    گۆڕانی کەش و هەوا و وێرانکردنی ژینگە لە دیارترین دەرئەنجامەکانی سەرمایەدارین. ئەمڕۆ، ژیریی دەستکرد بووە بە ئامرازێکی تر بۆ وشککردنی سەرچاوەکانی هەسارەکە و خێراکردنی تێکچوونی ژینگە. هەرچەندە ئەم تەکنەلۆژیایە وەک هێمای پێشکەوتن دەفرۆشرێت، بەڵام بە شێوەیەک بەڕێوە دەبرێت کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی سەرمایەداری بکات، بەبێ پابەندبوونی ڕاستەقینە بە پاراستنی ژینگە یان دادپەروەری کەشوهەوا.
    بۆ نموونە، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سەنتەری داتای گووگڵ لە ئایۆوا ساڵانە نزیکەی 3.3 ملیار لیتر ئاو بەکاردەهێنێت بۆ ساردکردنەوەی سێرڤەرەکانی.
    سیستەمەکانی AI پشت بە سەنتەری داتای گەورە دەبەستن کە لە نێو گەورەترین بەکارهێنەرانی وزە لە جیهاندا دادەنرێن. ئەم سەنتەرانە بە دەوری کاتژمێر کار دەکەن بۆ چارەسەرکردنی داتای زۆر گەورە و ئەلگۆریتمی مەشق پێکردن، بڕێکی زۆر کارەبا بەکاردەهێنن کە هێشتا زۆربەیان لە سووتەمەنی ژێر زەوی سەرچاوە دەگرن.
    بەگوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، سەنتەرەکانی داتای جیهانی لە ساڵی 2022 دا نزیکەی 240-340 تێراوات کاتژمێر کارەبایان بەکارهێناوە، کە دەکاتە 1-1.3٪ ی کۆی خواستی کارەبای جیهانی، یان بەکارهێنانی وزەی ساڵانەی وڵاتێکی وەک ئەرجەنتین. هەرچەندە هەندێک لە گەورەکانی تەکنەلۆژیا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە وەبەرهێنان لە وزەی نوێدا دەکەن، بەڵام فراوانبوونی سیستەمەکانی AI دەبێتە هۆی دەردانی کاربۆن بە ئاستێکی زۆر زیاتر.
    بەرهەمهێنانی هاردوێری AI هەروەها بەستراوەتەوە بە بەکارهێنانی سەرمایەداری لە سەرچاوە سروشتییەکان. چیپس و پرۆسێسەرە پێشکەوتووەکان پێویستیان بە دەرهێنانی بڕێکی زۆر لە کانزای دەگمەن هەیە کە زۆربەیان لە باشووری جیهانەوە دێن لە هەلومەرجێکی سەخت و نامرۆڤانەدا.
    بۆ نموونە لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ دەیان هەزار کرێکار بە منداڵیشەوە کۆبالت بۆ پاتری لیتیۆم بەبێ ئامێری سەلامەتی دەردەهێنن و کەوتوونەتە بەر کانزای قورسی ژەهراوی کە دەبێتە هۆی نەخۆشی سەخت و درێژخایەن. بەهەمان شێوە، دەرهێنانی لیتیۆم لە چیلی ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە ناوچە وشکەکان بە رێژەی ٪65 دابەزاندووە و بووە هۆی وشکبوونی زەوییە کشتوکاڵییەکان و دوورخستنەوەی کۆمەڵگە لە بژێوی نەریتی خۆیان.
    ئەم کردارانە نەک تەنها سیستەمی ژینگەیی ناوخۆیی وێران دەکەن، بەڵکو خەڵکە ڕەسەنەکانیش ئاوارە دەکەن، ئاو و خۆراک پیس دەکەن، و کۆمەڵگە هەژارەکان تووشی ماددەی کیمیایی ژەهراوی و نەخۆشی دەکەن.
    وەک بەشێک لە سووڕی بەرهەمهێنان و بەکاربردنی سەرمایەداری، ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بەردەوام بەرز دەکرێنەوە و بڕێکی زۆر پاشماوە ئەلیکترۆنییەکان بەرهەم دەهێنن. زۆربەی ئەم پاشەڕۆیانە بە سەلامەتی بەکارناهێنرێن بەڵکو هەناردە دەکرێن بۆ وڵاتانی گەشەسەندوو و لەوێ کەڵەکە دەبن و کارەساتی ژینگەیی دروست دەکەن. بۆ نموونە، غانا بووە بە یەکێک لە گەورەترین شوێنەکانی زبڵدانی پاشماوە ئەلیکترۆنییەکان لە جیهاندا، کە بڕێکی زۆر لە ئەلیکترۆنی فڕێدراو دەسووتێنرێت بۆ دەرهێنانی کانزای بەنرخ، گازی ژەهراوی دەردەدات کە هەوا، ئاو و خاک پیس دەکات و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی شێرپەنجە و کێشەی تەندروستی لە نێو کرێکاران و دانیشتووانی ناوچەکەدا.
    فراوانکردنی ژێرخانی AI پێویستی بە دروستکردنی سەنتەری داتا و تاوەری پەیوەندی، خێراکردنی لەناوبردنی دارستانەکان، لەناوبردنی سیستەمی ژینگەپارێزی و لەدەستدانی جۆراوجۆری هەیە. هەزاران دۆنم دارستان لە چەند وڵاتێکی باشووری جیهان پاککراونەتەوە بۆ دروستکردنی دامەزراوەکانی تەکنەلۆژیا.
    لە کاتێکدا AI وەک ئامرازێک بۆ بنیاتنانی ژینگەی کەشوهەوای پیشەسازی بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنان لە کشتوکاڵ و پیشەسازیدا بەرز دەکرێتەوە، گۆڕینی زۆرەملێ سیستەمی سروشتی بە بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایە لەوانەیە مەترسی ژینگەیی کارەساتبار دروست بکات. دەستکاریکردنی دەستکردی کەش و هەوا و زەویناسی، بەبێ ڕێزگرتن لە هاوسەنگی سروشتی لەوانەیە ببێتە هۆی کارەساتی پێشبینی نەکراو، لەوانە بوومەلەرزە و داڕمانی زەوی.
    سەرمایەداری مۆدێرن، کە بە درو بانگەشەی گرنگی دان بە ژینگە دەکات، هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ شێوەکانی پێشووی چەوساندنەوە. زۆربەی فراوانبوونی تەکنەلۆژیا، بەتایبەتی لە AI، لەسەر حسابی سروشت دێت و سیستەمی ژینگەیی بە شێوازی جۆراوجۆر وێران دەکات بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتە بەهێزەکان و کۆمپانیا قۆرخکارەکان.

  3. بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە جەنگدا و پەرەپێدانی چەکی کوشندە

    تەکنەلۆژیای AI مۆدێرن ئەوە دەردەخات کە چۆن ئەم بوارە بەرەو بەهێزکردنی سەروەری سەربازی دەڕوات نەک پەرەپێدانی ئاشتی و گەشەسەندن. ئەمڕۆ، AI بەشێکی سەرەکی پێشبڕکێی چەک و تەکنەلۆژیای زیرەک بەکاردێت کە توانای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەبێ دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی مرۆڤ هەیە.
    ئەم گۆڕانە مەترسی ڕوودانی ململانێی وێرانکەر و نامرۆڤانە زیاد دەکات و پێویستی بە بڕیاری مرۆڤ لە بەکارهێنانی هێزی کوشندە کەم دەکاتەوە و شەڕەکان خێراتر و ئاڵۆزتر و کەمتر پێشبینی دەکرێت.
    هەرچەندە بڕیاردانی مرۆڤ لە سیناریۆی شەڕدا کەمتر دەبێت، ئەگەری زیادبوونی ململانێ و پێشێلکردنی یاسای مرۆڤایەتی نێودەوڵەتی و قوربانیانی زیاتری خەڵکی مەدەنی زیاد دەکات. کوشتن و وێرانکردن دەبنە بڕیاری ئەلگوریتمی کە بەبێ پێداچوونەوەیەکی مرۆڤانە، ئەخلاقی یان سیاسی، بەبێ لێپرسینەوە جێبەجێ دەکرێن.
    ئەمەریکا، چین، رووسیا و ئەوانی تر فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بەرهەمهێناوە کە توانای بڕیاردانی شەڕی سەربەخۆیان هەیە. ئەم سیستەمانە دەتوانرێت پرۆگرام بکرێن بۆ لێدانی ئامانجەکان لەسەر بنەمای شیکردنەوەی داتا، نیگەرانی جدی دروست دەکات سەبارەت بە هەڵەی کارەساتبار بەهۆی لایەنگری ئەلگۆریتمی یان هەڵەی پرۆگرامکردن. زۆرێک لە کۆمپانیاکانی چەک ئێستا وەبەرهێنان لە سیستەمە سەربازییەکانی AI دەکەن کە بە “چەکی داهاتوو” دەفرۆشرێن.
    ئەم تەکنەلۆژیایانە تەنها بە مەیدانی جەنگی ئاسایی سنووردار نابن، بەڵکو بۆ شەڕی ئەلیکترۆنی درێژ دەبنەوە، کە تێیدا AI بەکاردێت بۆ هێرشکردنە سەر ژێرخانی نیشتمانی گرنگ وەک سیستەمە داراییەکان، تۆڕی وزە و سەرچاوەکانی ئاو و خزمەتگوزارییە بنچینەییەکان. ئەمە وێرانکاری گەورەتر دەکات، قەیرانی جیهانی قوڵتر دەکاتەوە و ئازاری هاووڵاتیانی مەدەنی خراپتر دەکات. هەندێک وڵات و ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان پێشتر AI بەکاردەهێنن لە هێرشی ئەلیکترۆنیدا، وەک لە بێکارەبایی بەربڵاودا دەبینرێت کە بەهۆی هێرشەکانی AI بۆ سەر تۆڕەکانی کارەبا و ئاو دروست بووە.
    یەکێک لە ترسناکترین نمونەی جەنگی AI هێرشی ئیسرائیلە بۆ سەر غەززە. سوپای ئیسرائیل سیستەمی زیرەکی پێشکەوتووی بەکارهێناوە بۆ دیاریکردنی ئامانجەکان و هێرشی ئاسمانی بۆ سەر فەلەستینیەکان. ڕاپۆرتە لێکۆڵینەوەییەکان ئاشکرای دەکەن کە سیستەمێک بەکارهاتووە بەناوی “لاڤێندەر”، ئامرازێکی پێشکەوتووی AI کە داتای هەواڵگری بە خێرایی شیدەکاتەوە و ئەولەویەتی بۆمبارانکردنی ئامانجەکان لە ڕێگەی ئەلگۆریتمەوە دەدات، بەبێ ڕەچاوکردنی ڕەچاوکردنی مرۆیی.
    لە ماوەی ئەم هێرشە دڕندانەدا، بۆمبارانکردنی باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون و ژێرخانی مەدەنی دەیان هەزار فەلەستینی کوژران کە زۆربەیان ژن و منداڵن، بە بیانووی لێدانی “ئامانجی سەربازی”. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەم هێرشانە بەشێکن لە سیاسەتی سیستماتیکی لەناوبردنی بەکۆمەڵ و پاکتاوی نەژادی لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو.

ڕزگار ئاکرێی
Rezgar Akrawi
ڕزگار ئاکرێی چەپێکی سەربەخۆیە، بایەخ بە چەپ و شۆڕشی تەکنەلۆژیا دەدات، و وەک شارەزا لە پەرەپێدانی سیستەم و حوکمڕانی ئەلیکترۆنی کار دەکات.
———————————–

  • بەشێک لە کتێبە بڵاوکراوەکەم ” ژیریی دەستکردی سەرمایەداری، بەرەنگاری چەپ و بەدیلی گونجاو ، تەکنەلۆژیا لە خزمەتی سەرمایە یان ئامرازێک بۆ ئازادی؟”، کە پێشتر بۆ چەند زمانێک وەرگێڕدراوە.

    بەستەری بەخۆڕایی بۆ پەرتووکەکە:
    كوردي:
    https://rezgar.com/books/i.asp?bid=5
    https://leanpub.com/ai-socialism
    زمانەکانی تر:
    https://leanpub.com/u/rezgarakrawi
    https://www.amazon.com/stores/Rezgar-Akrawi/author/B0DY1BMMXW

سەرچاوەکان

• مانیفێستی کۆمۆنیستی : کارل مارکس و فریدریش ئەنگلس
• چاکسازی کۆمەڵایەتی یان شۆڕش: ڕۆزا لوکسەمبورگ
• کرێی کار و سەرمایە: کارل مارکس
• بنەماکانی کۆمۆنیزم: فریدریش ئەنگلس
• ڕەزامەندی پیشەسازی: نوام چۆمسکی
• جۆرج لوکاچ – چاکسازی و هۆشیاری چینایەتی
• بنەما سەرەکییەکانی ڕۆشنبیری و ڕێکخراوەیی چەپی ئەلیکترۆنی / بەرەو چەپێکی زانستی دێموکراسی هاوچەرخ : ڕەزکار ئاکرێی
https://www.ahewar.org/debat/s.asp?aid=730446
• سەرمایەداری دیجیتاڵی لە ڕوانگەیەکی مارکسیستییەوە : ئیبراهیم یونس
https://al-akhbar.com/Capital/364495?utm_source=tw&utm_medium=social&utm_campaign=papr
• ژیریی دەستکرد: ئایا هەڕەشەیە بۆ مرۆڤایەتی یان سەرمایەداری؟
https://marxy.com/?p=8218
• عەلی عەبدولوەحید محەمەد: خاوەن پشکەکانی سەرمایەداری
https://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=845862
• یونس ئەلغەفاری: تۆڕەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی و بەهای
زیادکراو https://revsoc.me/technology/46891/
• ئوسامە عەبدولکەریم – کارل مارکس و ژیریی دەستکرد
https://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=818312
• “مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد لەسەر ئاسایش و داهاتووی کار” – RAND Corporation
https://www.rand.org/content/dam/rand/pubs/perspectives/PE200/PE237/RAND_PE237z1.arabic.pdf
• “ژیریی دەستکرد و کاربەرنامە هاوچەرخەکان” – Journal of Information and Communication Technology
https://aijtid.journals.ekb.eg/article_294487.html
• “ژیریی دەستکرد و داهاتووی مرۆڤایەتی” – گۆڤاری ئەلرەفید
https://arrafid.ae/Article-Preview?I=4spRz9xZ9J8%3D&m=5U3QQE93T%2F0%3D
• “مرۆڤ ناوەند AI: هێزی دانانی خەڵک لە پێشەوە” – McKinsey
https://www.mckinsey.com/featured-insights/highlights-in-arabic/human-centered-ai-the-power-of-putting-people-first-arabic/ar
• “ڕۆڵی تەکنەلۆژیای AI لە بەرزکردنەوەی تواناکانی بیرکردنەوەی داهێنەرانە لە قوتابیان” – Journal of Financial and Commercial Research
https://afbj.journals.ekb.eg/article_343618_0d53c017d2ecd406844e999d3baeb20a.pdf
• “ژیریی دەستکرد: خزمەتکردنی مرۆڤایەتی یان تێپەڕاندن؟” – Stratigics Center for Studies
https://strategiecs.com/ar/analyses/artificial-intelligence-serving-humans-or-surpassing-them
• سەردەمی ڕۆبۆتەکان: ئایا کار نامێنێت؟
https://www.aljazeera.net/midan/reality/economy/2017/6/28/%D8%B9%D8%B5%D8%B1-%D8%A7%D9%84%D8%B1%D9%88%D8%A8%D9%88%D8%AA%D8%A7%D8%AA-%D9%87%D9%84-%D8%B3%D8%AA%D8%AE%D8%AA%D9%81%D9%8A-%D9%81%D8%B1%D8%B5-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D9%85%D9%84
• داهاتووی کار: چۆن AI و ئۆتۆماتیک ڕۆڵی کار دەگۆڕن تا ساڵی 2025؟https://london-data-consulting.com/ar/The Future of Work-How-Change-Intelligence-Intelligence
• لەگەڵ بەروار و پێشبینیەکان: چۆن ئامێرەکان Jobshttps://www.alaraby.co.uk/ وەردەگرن بە بەروار و پێشبینیەکان بۆیە ئامێرەکانی ڕفاندن و کردارەکانی مرۆڤ
• ئایا ژیریی دەستکرد بووە بە ئامێری کوشتن؟https://www.aljazeera.net/tech/2024/7/21/ئایا دەبێتە ئامێرێکی ژیریی دەستکرد بۆ کوشتن
• شەڕی غەززە: ئیسرائیل چۆن AI بەکارهێنا بۆ دیاریکردنی ئامانجەکان؟
https://asharq.com/politics/111686/
• تەکنەلۆژیای کوێر: ئیسرائیل چۆن AI لە شەڕەکانی غەززە و لوبنان بەکارهێنا؟
• گاردیان : مایکرۆسۆفت پشتیوانی خۆی بۆ سوپای ئیسرائیل زیاد کرد لە کاتی هێرشەکەی سەر غەززە
https://futureuae.com/ar/Mainpage/Item/9708
• هاوبەشەکان لە جینۆساید: چۆن کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیای ڕۆژئاوا پشتگیری سوپای ئیسرائیلیان کرد لە غەززە؟
https://www.aljazeera.net/news/2025/1/23




خۆشەویستیی خاك و  ترسی خنکان و هەستەکانی عەشق لە ڕۆمانی (خاك لە نێو دەریا).. سەلما تۆما کاکۆ

خوێندنەوە..

داکم پێیگوتم:

(تۆ بە مەلۆتکەیی لەنێو ئاوێکی بێ ئاماندا ڕزگارت بوو،دەشێ هیچ ئاوێك تۆی پێ قوت نەدرێ(

گوتی:(لەسەر خاك دارەدارەت کردو هەر لەسەر خاکیش مەلۆتکە کرای و دواتریش هەر بە مەلۆتکەییەکی گەورەوە دەچیە ژێر خاك، بۆیە هەرگیز خاك جێنەهێڵی)

نووسـەر: سەلام عومەر

بـابــەت: ڕۆمان

چاپ:  یەکەم

ساڵ : ٢٠٢١

ناوەڕۆك

ــــــــــــــ

ئاوێتە بوونی ڕووداوە ڕاستەقینەکانی ژیانی نووسەر و  هەست و خەیاڵەکانی ئەم ڕۆمانەیان لێ هاتۆتە بەرهەم، هەر وەك خۆی ئاماژەی پێکردووە:

(ئەوە بیرەوەرییە کۆمەکی ڕۆمان دەکا)

نووسەر لەسەر زاری دایکی هەر لە ڕۆژی لەدایکبوونییەوە و دواتریش لەسەر زاری خۆی هەموو ئەو دەردەسەری و ناخۆشییانەی ڕووبەڕووی بوونەتەوە، تێکەڵ بە ئازار و مەترسییەکانی کۆچکردنێکی نایاسایی بۆ دەرەوەی وڵات، لە ئەنجامی ڕۆیشتن بە پیادە و  بە سواری کەشتی دەربازکردنی کۆچبەران و ئاوێتە بوونییان لەگەڵ  هەستەکانی بۆ خوڵقانی عیشقێك لەناو ئاو، دەگێڕێتەوە و له دووتوێی کتێبێکی (‌٢٨٠)  لاپەڕەیی بە دابەشکردنی بۆ ( ٤١) بەش نووسیوەتەوە.

نووسەر هیچ لایەنێکی ژیانی لەو ڕۆمانە فەرامۆش نەکردووە، پیرۆزیی خاك، خەبات و شۆڕشگێڕیی، دەربەدەریی و ئاوارەیی و ژیانی نێو چادر، دڵسۆزیی مامۆستا و قوتابی و خوێن گەرمیی گەنجەکان لە ڕێکخراوە نهێنییەکانی ناوشار، خیانەت کردن و ناپاکی لە پێشمەرگە، بۆردوومان و قوربانییەکانی قەڵادزێ و چیرۆکە تراژیدییەکان، ترس لە خنکان،بەڵێن و وەفا، عەشق و خۆشەویستی، ڕۆڵی کەسە ناتەواو و شێتەکان…..ئەمانە و زۆری تریش.

زمانی نووسین

ــــــــــــــــــــــــ

شێوازێکی تایبەت و نوێ لە نووسینی ئەو ڕۆمانە بەدی دەکرێت کە بریتییە لە تەرخانکردنی چەند بەشێك بۆ ڕووداوەکانی سەر خاك کە وەك دەنکی تەزبیح یەکتری تەواو دەکەن و ناوبڕی هەربەشێكیان لەگەڵ ئەویتر پەڕینەوەیە بۆ ڕووداوەکانی نێو دەریا کە بەهەمان شێوە و بەوردەکاریەکی زۆرەوە نووسراون، بەردەوام هەر بەم شێوازە تا کۆتایی ڕۆمانەکە. نووسەر بە تێهەڵکێشکردنی ڕاستی و خەیاڵ و هەست بە زمانێکی ڕەوان و شاعیرانە و هونەرێکی بەرزی نووسین ڕۆمانەکەی نووسیوەتەوە کە پڕە لە بەکارهێنانی وشەی هەڵبژاردە و دەستەواژەی جوان جوان کە چێژی خوێندنەوە بە خوێنەر دەبەخشن، ئەوەی زیاتر سەرنجڕاکێشە نووسەر دوای هەر بەشێك ئاماژەی بە دەستەواژەیەك یان دێڕێکی لەوانە کردووە،وەك:

١ـ لەسەر خاك ئاو و ئاوەدانی، لەسەر ئاو خۆشەویستی خاك.

٢ـ هێڵنجی دەریا تۆفانی سەر زەوییە.

٣ـ ئاو خەریکە هەموو خاکێکم بۆ دەکاتە نیشتمان.

٤ـ ئای خاك لە کوێی ئاو سوتاندمی.

٥ـ شێت ژیرەکان ژیر دەکاتەوە.

٦ـ مردن ڕابردوومان بە ڕستەی تەمەنەوە هەڵدەواسێ.

پەرەگرافە سەرنجڕاکێشەکان

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

وەك خوێنەرێك هەر لەسەرەتای ڕۆمانەکە تا کۆتابەشی پڕیەتی لە پەرەگرافی جوان و سەرنجڕاکێش وەك:

١ـ هەر وەك ڕۆمانەکە لەناوەکەی ڕا دیارە نووسەر زیاتر جەختی لەسەر خۆشەویستی و پیرۆزیی خاك کردووە و لە نیگەرانبوونی بۆ ئەو دۆخە ئاڵۆز و نەخوازراوەی نیشتمان نووسیویەتی:

ٲـ(نیشتمان کاتێک پێویستی بە خوێن بوو زۆر بەخشرا، دواتر بووە نیشتمانی ڕەنگەکان و بەش بەشێنەی حزبی تەواوی ئەو داستان وخوێنانەی هەڕاج کرد، کە بەسەر خاکدا ڕژا،هەمووی خستە پەڕاوێزەوەو کاری بۆ ناشیرین کردنی  شۆڕش کرد). لا١٤٢

ب ـ ئەو خاکەی بە دەریایەك خوێن ئاودرا ئێستا….

مەتر مەتر پێماندەفرۆشن، دۆنم دۆنم دەیبەخشینەوە. لا٤

ج ـ ئیدی دڵنیا بووم کەسانێك خاك بەخوێن دەپارێزن و کەسانێکیش هەرزان فرۆشی دەکەن.

٢ـ لەوەسفی ڕۆژێکی باراناوی ئەنجامدانی چالاکییەك بەم شێوازە ئەدەبییە جوانە

نووسیویەتی:

ــ هەورێکی ڕەش گوێی لە عەرزی دەخشاند، جیهان بەرەو تاریکبوون دەچوو، ئەگەر بروسکەکان یەك لەدوای یەك لەچەخماخەیان نەدابا بستێك پێش خۆت نەدەدی،گرمەکان وەك ناپاڵم زایەڵەیان دەهات….لا ١٧

٣ـ لە تامەزرۆیی بۆ جارێکیتر دیتنی خاك  و ترسی مانەوەی لەناو دەریا نووسیویەتی:

)شەو لەنێو خەرمانەی مانگدا خاکی پیشانداین(

٤ـ  زۆر جار نووسەر وەفایەك دەردەخات کە خوێنەر خۆزگە بە بوونی دەخوازێ، وەك چۆن لە لاپەڕە ( ٩٥)دا هاتووە:

ـ ترست نەبێ یا هەردووکمان دەخنکێین یان بە یەکەوە ڕزگار دەبین،دڵنیابە بەتەنێ ناچمەوە سەر خاك.

پەیامی ڕۆمانەکە

ـــــــــــــــــــــــــــــ

سەرەڕای هەموو نادادی و نەهامەتیەکانی سەر خاك، خاك ناسنامەیە و مرۆڤ بەبێ خاك وێڵ و سەرگەردانە، تا لەدەستی نەدات لە پیرۆزییەکەی ناگات.

تێبینی و کەموکوڕی

ـــــــــــــــــــــــــــــــ

١ـ نووسەر لە زۆر  لاپەڕە وشەی گەشتیاری بۆ سەرنشینانی کەشتییەکە بەکارهێناوە، کە لە ڕاستیدا دەبوایە کۆچبەری نایاسایی یاخود پەنابەر بەکاربێنێ بۆ کەشتییەك  کە بە شێوەیەکی نایاسایی و قاچاغ مرۆڤەکان بگوازێتەوە، گەشتیار ئەو سەرکێشییە ناکەن.

٢ـ وەك هەموو چاپکراوێکی تر بەدەر نییە لە هەڵەی تایپ و نووسین،بەڵام هەڵەکان لەوانە نین کاریگەرییان لەسەر گۆڕینی واتای وشەکە هەبێ،بەڵام گەر نەبن ئەوا جوانییەکی زیاتر دەبەخشنە ڕۆمانەکە.

٣ـ هیوادارم بە هێنانەوەی ئەو دەستەواژە و پەرەگرافە سەرنجڕاکێشانە وەك نموونە، لەچێژی خوێندنەوەی ڕۆمانەکەم کەم نەکردبێتەوە بەڵکو وەك خوێنەرێك بە مەبەستی ئاشناکردنی خوێنەرانە بە ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە و تامەزرۆکردنیانە بۆ خوێندنەوەی.

دەستی نووسەر خۆشبێ بۆ نووسینەوەی ئەو ڕۆمانە جوانە و هەمیشە سەرکەوتووبێ لە دەوڵەمەندتر کردنی کتێبخانەی کوردی بە بەرهەمە نایابەکانی.




بەکورتی34: فەلسەفە دایکی دەروونناسییە.. ئازاد حەمە 

درێغا و حەیف داهاتووی دەروونناسی تاریکە ئەگەر تەنها لە داڵانەکانی کلینیکێکدا(عیادە)خۆیمەڵاسدات. دەروونناسی ناتوانێت پتر لەوە ئەنجامدات، ناتوانێت کلینیک جێبێڵێت ئەگەر هاوکاری فەلسەفە لەئارادانەبێت؛ بۆمانەوەشی لەناو کلینیک هەر پێویستی بە فەلسەفەیە. گومانیشیناوێت، کە دەروونناسی لەچاو فەلسەفە مێژوویەکی کورتی هەیە، هەرچی فەلسەفەیە پێشەنگبوونێکی مێژوویی پێوەدیارە. کاتێکیش دەگوترێت فەلسەفە دایکی زانست و داناییە هۆکاری واتایی لەو بارەوە زۆرن بۆ گوتن. مەبەست پێڤاژۆی(پرۆسەی) فەلسەفە دیرۆکێکی قوڵی خۆی هەیە، کە مرۆڤایەتی دروستکەریەتی و بەرپرسیاریشە لە ئافراندنی زانستەکان.  

فەلسەفە لە زمانەکاندا مێیە، هەربۆیە پێیدەگوترێت دایک و دایکایەتیەکەشی بەردەوامیی خۆی هەیە و بگرە کاریگەری زۆریشی لەناو زانستەکاندا بەجێهێشتووە. ئەمەش وایکردووە دیسیپلینە زانستییەکانی تر بەرهەمی ئەو بن؛ ئەوە فەلسەفە بوو، کە لە ڕووی مێژووییەوە دەستاوێژ و ئامڕازێکی زۆری بۆ دەروونناسی دابینکرد. بۆیە ئەو ئاستە لە خوڵقاندن،کە دواتر دەروونناسی پێیگەیشت دەرهاویشتەی شرۆڤە بەردەوامەکانی فەلسەفەیە.

لێرەوە دەکارین بپرسین:فەلسەفە لە چی دەکۆڵێتەوە؟ئەی دەروونناسی؟ڕەچەڵەکی دەروونناسی چییە؟ ڕەنگدانەوەی فەلسەفە لەسەر سروشتی زانین سودیخۆی بۆ دەروونناسی هەبووە؟ فەلسەفە بناغەی تێیۆری بۆ دەروونناسی دانەناوە؟ بەواتایەکیتر، فەلسەفە چەمکە سەرەتاییەکانی بۆ دەروونناسی دابیننەکردووە؟ جیابوونەوەی فەلسەفە لە دەروونناسی پێویستییەکی مرۆیی نەبووە؟

بۆچی فەلسەفە بوو بە دایک؟ بەپێێ ئەوەی فەلسەفە کاری ڕوناکردنەوەی ژیانی مرۆڤە و بەرهەمی پرسیارسازییەکانە، ئەمە وایکردووە هەر لەسەرەتای دەرکەوتنیەوە لێکۆڵینەوە لە سروشتی بوونی مرۆیی مرۆڤ بکات و سەرچاوەی تێڕامانیش بێت سەبارەت بە چییەتی ڕۆح و ئاگایی، جەوهەری کردار و سۆزی مرۆڤ.

بۆ فەلسەفە دایکی دەروونناسییە؟ فەلسەفە (کە دیاردەیەکی رۆژئاواییە) بە دایکی دەروونناسی دادەنرێت( کە ئەویش هەر ڕۆژئاواییە) چونکە فەلسەفە خودی داناییە، ئەو جۆرەیە لە زانین، کە زانین بەرهەمدێنێت، یان زانینی زانینەکانە. دەروونناسیش وەک زانستێکی ئەزموونی و دیسیپلینێکی سەربەخۆ لە سەدەی نۆزدەدا سەریهەڵداوە. ئەڵبەتە،دەروونناسی دوای جیابوونەوەیەکی دیسیپلینانە لە فەلسەفە ئەم سەربەخۆییەی  بۆ ئامادەبوونی خۆی وەک زانست بەکاربردووە.

لێرەدا بۆمان هەیە بڵێین: ئەوەی،کە پێشتر بەشێکبووە لە گوتاری فەلسەفیی(ڕۆح، سروشتی عەقڵ، هۆشیاری و ڕەفتاری مرۆڤ) دواتر کەوتە ناو بواری دەروونناسییەوە. بەمجۆرە، کۆڵینەوە بۆ فەلسەفە لە چۆنیەتی گەیشتنی مرۆڤ بە زانین و تێگەیشتنیشی لە بوونی خۆی هەردەم گرنگیی بۆ فەلسەفە هەبووە، هەرچی دەروونناسییە دەبینین پاش هاتنەدەرەوەی لە ژێرڕکێفی فەلسەفە بابەتی وەک دەروون، زەین mind و رەفتاری مرۆڤی کردووەتە جێێباسی.

لێرەدا دەپرسین: ڕەچەڵەکی دەروونناسی چییە؟ بۆ هەمووان ڕوونە، کە فەلسەفە لەدایکبوونێکی یۆنانی(تاڵیس) هەیە، کە مێژووەکەی بۆ 27 سەدەیەک دەگەڕێتەوە،بەڵام دەروونناسیی ڕەچەڵەکێکی ئەڵمانی (W. Wundt) هەیە، لە 1878دا دروستبووە.  یۆنانییەکان هەر زوو لە کۆنتێکستی فەلسەفییدا زەمینەیان رەخساند بۆ دەروونناسی و گفتوگۆی بابەتی ڕۆح و جەوهەری دەروون و ئەرکی جەستە. بەڵام دواتر،کە دەروونناسی لە ڕۆژئاوا دەرکەوت واتای دەروونی کردە دڵخوازی خۆی.

بیرماننەچێت، پشتبەستنی دەروونناسی بە ڕێبازی ئەزموونیی هۆکاری جیابوونەوەیبوو لە فەلسەفە، لەو شتەی منداڵدانی مشومڕ و گفتوگۆیە. لێرەوە دەروونناسی دیاردە ڕەفتاریەکانی کردە بواری خۆی، لێ پەیتا پەیتاش لە فەلسەفەوە پاڵپشتیی و هاوکاری هەر وەردەگرت. جیابوونەوەی دەروونناسی لە فەلسەفە وەک جیابوونەوەی مناڵە لە دایک؛ مناڵ دوای گەورەبوون دایک جێدێڵێت و دوای چارەنووسی خۆی دەکەوێت.

ئەم جیابوونەوەیەی دەروونناسی لە فەلسەفە کاریگەریی گەشەی زیندەوەرناسی و کارئەندامناسیشی بەسەرەوەیە. لە ئێستاشدا دەروونناسەکان لەگەڵ ئەو گەشە زانستییە خۆیان دەگونجێنن،کە هاتۆتەسەر بایۆلۆجی و فسیۆلۆجی، بەهۆی ئەو خۆگونجاندنەشەوە دەروونناسەکان سەبارەت بە رەفتار و دەروونی مرۆڤ گەیشتن بە زۆرێک دەرئەنجامی نوێ.

کۆتا قسەمان سەبارەت بە فەلسەفە وەک دایکی دەروونناسیی هێما بۆ ئەوە دەکەین، کە گشت ئەو چەمكانەی فەلسەفە كاری لەسەر كردوون، وەك: ئازادیی، تەنهایی، بەختەوەریی، خۆشەویستیی، گەندەڵیی، ڕاستیی و… هەرچییش بە دڵەڕاوكێ و خەمۆكیی و لایەنی تری ژیانی مرۆڤی نوێوە تایبەتن، وەك: بێزاریی، هەستی تەنهایی، ناحەزییە تازەكانی سەردەمی كۆمەڵگەی ئێلیكترۆنیی؛ فەلسەفە لە ئێستادا جیاواز لە دەروونناسیی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكات.

هەر تایبەت بەم لایەنە دەكرێت ئاماژە بۆ ئەوەش بكرێت، كە فەلسەفە لە ئێستادا لە زۆربەی كۆمەڵگە هاوچەرخەكاندا وەك چارەسەرTherapyی دەروونیی بەكاردەبرێت و بەشێكیش لە بیریارە نوێكانی ئێستای پاریس(سپۆنڤیلSponville، ئۆنفرێ Onfray و تەنانەت لوك فێری Luc  Ferry  یش) پێیانوایە، کە “لەو شوێنە فەلسەفە ئیشی چارەسەر  دەبینێت، كە دەروونناسیی كۆتاییدێت، یان دەروونناسیی ناتوانێت بەكاری خۆی هەڵبستێت””.واتە، کاتێک دەروونناسی لە ڕووی مێتۆدییەوە کەنەفت و لاواز بوو فەلسەفە فریادرەسیەتی.

بۆ دەروونناسیی درووستیی دەروونیی گرنگە، بەڵام هەرچی فەلسەفەیە بەختەوەریی_هێنەرە؛ فەلسەفە ئەوەیش ڕووندەكاتەوە، كە دەروونناسیی پەیوەندیی بە بەختەوەرییەوە نییە. شایانی گوتنە، دەروونناسیی بەبەراورد بە فەلسەفە و سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشەی بۆنموونە؛ خەمۆكیی لە پاشەكشەدایە.

لە كۆمەڵگەی تازەی جیهانیشدا دەروونناسیی خەریكە شوێن بۆ فەلسەفە چۆڵدەكات و ئەوەی دەروونناسییش پێینەكرا، وا فەلسەفە تەواویدەكات. بەپێی پێناسە كۆنەكەی فەلسەفە بێت؛ پێناسەکەی ئێپیكۆرEpicurus بۆ فەلسەفە لەم بارەیەوە یارمەتیی ئەوەمان دەدات،کە بڵێین:فەلسەفە پزیشكی گیانە. هاوكات بۆ بەشێك لە فەیلەسوفە كۆنەكان پراكتیزەكردنی (مومارەسەكردنی) فەزیلە Virtue (پاكڕەوشتیی،باشەخوازیی)ڕێگایەك بووە بۆ گەیشتن بە دانایی، یان فەلسەفە، هەر لێرەیشەوە پەیوەندیی نێوان فەلسەفە و ژیان (چاکترە بگوترێت ژیاندۆستیی) دروستبووە.

ئازاد حەمە 

پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




گۆڤاری زمان و زار ژمارە ١٩

بۆ خوێندنەوەی ژمارە ١٩ بە رێنووسی کوردی کلیکی ئێرەبکەن..

بۆ خوێندنەوەی ژمارە ١٩ بە رێنووسی لاتینی کلیکی ئێرەبکەن..




ڕۆژگار لە ئاوێنەی چوارینەكانی بابەتاهیری هەمەدانیدا.. سەدیق سەعیدڕواندزی

                                                        

مێژووی ڕۆشنبیریی كوردی لە شیعرەوە دەست پێ دەكات، لەو سۆنگەیەوە، گەر بابە تاهیری هەمەدانی لە ڕێگەی شیعرەوە هەوڵی بەرجەستەكردن و ناساندنی شوناسی فەرهەنگی كوردی لە ڕێگەی شیعرەوە دابێت، ئەوا شەش سەدە دوای ئەو، خانێ ئەو شوناسە، لە فەرهەنگییەوە دێنێتە نێو چەمكی ناسیۆنالیزم و لە ڕێگەی مەم و زینەوە، شوناسێكی نەتەوەییانەی بەرفراونتر، بە بوونی كورد لە ئاستی ناسنامەدا دەدات. لە دوای خانی، حاجی قادری كۆیی وەك دیارترین و ڕەخنەگرترین و هوشیارترین شاعیری كلاسیكی لە ئەدەبی كوردیدا دەردەكەوێت و ئەو گوتارە فەرهەنگییەی بابەتاهیر و ناسیۆنالە سادەیەی خانی، دەباتە ئاستێكی بەرزتری نەتەوەییانە و حاجی كار لە سەر هوشیارییەكی دەستە جەمعی و كۆمەڵایەتی دەكات. بابەتاهیر، لە مێژووی كرنۆلۆژییانەی شیعری كوریددا، بە وێستگەی یەكەمی دەركەوتنی شیعر لە ئەدەبی كوردی و بگرە فەرهەنگی كوردیش دادەنرێت، چونكە بەر لەو شاعیرە، مێژووێكی دیكەی شیعری كوردیمان بە شێوەی نووسراو نییە، بۆیە هەمیشە ڕیشە مێژییەكانی شیعری كوردی دەبردرێتەوە سەر بابەتاهیری هەمەدانی كە لە ( سەر و بەندی فەرمانڕەوایی دەیلەمییەكان لە نێوان ساڵانی 938 _ 1010 ز) (1) ژیاوە. (شاعیرێكە بە فەلسەفەی سۆفیگەرییەوە پەیوەستە، دان بە هەڵەی خۆی دا ئەنێت، تكا دەكاو دەپارێتەوە و داوای لێبوردن دەكا) (2). وشەی باباش( پێش ناوێكە، بۆ ڕێبەرانی ئایینی یارسان بەكارهاتووە، لە كوردەواریدا هاوواتای وشەی پیرە)(3) بێگومان لە زۆربەی چوارینەكانیدا، بابەتاهیر، بۆ سكاڵای ژیان و دڵی، ڕوو لە خوا دەكات و نزاو پارانەوە دەكات، هاوكات ڕەخنەش لە نادادی كۆمەڵایەتییانەی ژیان دەگرێت، كە دەرهاوێشتەی جیاوازی چینایەتییە، بەوەی كە مرۆڤانێك هەن، تەنانەت نانی جۆشیان نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، گەر بە وردی بڕوانینە دنیابینی شیعرییانەی بابەتاهیر، ئەوا دەبینین ڕەگەزە هونەرییەكانی ڕێبازی ڕۆمانسیزم، كە بایەخ بە سرووشت، جوانی ئافرەت، خەم و تەنهایی مرۆڤەكان دەدات بوونی هەیە. ئەمە وێرای ئەوەی لە بەشێك لە چوارینەكانی دیكەی، بە دیدگایەكی ڕیالیزمی ڕەخنەگرانە، ڕەخنە لە ڕەهەندی كۆمەڵایەتییانەی تاك و كۆمەڵگە دەگرێت. وێرای ئەمەش، لە پەراوێزی وەسفی ژیانی خۆیدا، كە لە چوارینەكانیدا دەبینرێت، هەست بە ریالیزمی سۆسیالستانەش دەكەین، كە ئامانج لێی، دادپەروەریی و یەكسانی چینایەتی و هاوبەشییە لە بوون و ژیاندا. بێگومان بابەتاهیر، شاعیرێكی هەژار و نەدار بووە، بەڵام شكۆمەندانە ژیاوە. چوارینەكانی، ئاوێنەیەكن بۆ خوێندنەوەی واقیعی كۆمەڵایەتییانەی ژیانی ئەو، بگرە كۆمەڵگەش، كە لە پەراوێزی تێمای چوارینەكانی دەیبینین، لە نێویشیاندا هەژاری، نەبوونی، بێ لانەیی و خۆی وەك مرۆڤێك باس دەكات، كە لێیەوە ئاوێنەی ڕۆژگاری سەردەمی ژیانی ئەو، بە ڕوونی دەبینین چونكە( شیعر هەر شایەدی لە سەر شاعیر نادات، بەڵكو شاهیدێكی نهێنی و ڕاز پارێزی ناوەوەی كۆمەڵگەشە) (4) بێگومان دیارە بابەتاهیر، بە زمانی لوڕی چوارینەكانی نووسیوە لوڕیش ( یەكێكە لە بنزارەكانی شێوەزاری كوردی باشوور)(5) كە زمانی ئەو كاتی ناوچەی لوڕستان بووەو تاكو ئێستاش ئەو شێوەزارە، بە زیندووی ماوەتەوە. بابەتاهیر، چوارینەكانی دەكاتە ئاوێنەیەك بۆ نیشاندانەوەی ڕۆژگاری خۆی و لە ڕێگەی وێناكردنی واقیعی كۆمەڵایەتییانەی ئەوكات، لایەك لە ژیانی كۆمەڵگەی سەردەمی خۆی، سەختی و نەبوونی، نادادپەروەری ژیان دەكاتەوە و وەسفی ژیانی خۆی دەكات و دەڵێت:_
خەمی گێتیت هەموو كردۆتە بارم
مەگەر من (لۆك)ی مەستی سەر قەتارم
منت هەوسار كر و دا دەستی ناكەس
هەموو دەم بار دەكەی بارێ لە بارم ( 6 ل 51) شاعیر، خەمی هەموو دنیا، بە بارێكی قورس لە سەر شانی دەبینێت و وەك ئەوەی حوشتری سەر قافلەی كاروانچییەكانی نێو بیابان بێت وەهایە و سكاڵای ئەوە دەكات، خۆ ئەو لۆك نییە ! كەچی وێرای ئەو هەموو بارە قورسەش، لەوە پڕ ئازارتر بۆ بابەتاهیر ئەوەیە، كە هەوساری ئەو حوشترە لە دەست ناكەسێكە، كە لە بری ئەوەی بەزەیی بە گیاندارەكە دابێتەوە و هەستی مرۆییانەی بۆی هەبێت و وەك گیاندارێك ئازاری نەدات، بە پێچەوانەوە بارەكەی قورستر دەكات ! پێ دەچێت نادادپەروەری ژیان، ناكەس بەچەیی، لە ڕۆژگاری بابەتاهیردا، هاو شێوەی هەر سەردەمێكی دیكە، وەك لێكەوتەی ژیانێكی نادادپەروەرانە بوونی هەبووبێت، بۆیە سكاڵای ئەوە لە ڕۆژگار دەكات كە هەوسارەكەی ملی داوەتە دەست نا كەسێك، كە تا بتوانێت باری قورستر دەكات، كە ئەمەش نیشانەیە بۆ نەبوونی هەستی مرۆییانە، هاوسۆزیی، بە تەنگەوە هاتن و تیۆری كەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو، وەك ئەوەی شاعیر وێنای دەكات. لەو خەم و ناسۆرییانەی ژیانیشدا، بابەتاهیر فریادرەسێك شك نابات پەنای وەبەر بەرێت، تەنها پەروەردیگار نەبێت، بۆیە پەنا دەباتە بەر خوداو دەڵێت:

خودایە ڕووبكەمە كوێ ڕوو بكەمە كوێ
منی بێ دەست و پێمە ڕوو بكەمە كوێ
هەموو دەچنە دەرێ من دێمە لای تۆ
ئەتۆ ئەگەر بچییە دەر من ڕووبكەمە كوێ ( ل 43)
بابەتاهیر، خودا وەك تاكە پەناگە و فریادرەسی ژیانی خۆی دەبینێت و گەرچی هەموو سووچ و كونجەكانی ژیانی بە ڕوودا داخراون، بەڵام ئەو خودای هەیە لەلایەكی دیكەوە گەر ورد بڕوانینە ئەم چوارینەی بابەتاهیر، ئەوا دیسانەوە خەسڵەتێكی كۆمەڵایەتی ڕۆژگاری خۆی، دەردەخات، ئەویش، نەبوونی ئایینداری ڕاستەقینە و خوداپەرستی ڕاستەقینەیە، چونكە مرۆڤەكان لە بەر ژیانی دنیا، كەسیان خودایان بیر نەماوە وە هەمووان لە خودا پەرستی دەچنە دەرەوە بۆ ژیان، بەڵام ئەم وێرای ئەوەی ژیانێكی یەكجار سەخت و نەداریشی هەبووە، كەچی هەر دێتەوە لای خودا و نزا دەكات لە كاتێكدا كە كەس لە خۆی ناگرێت، خودا بەزەیی پێدا بێتەوە. بابەتاهیر، لە چوارینەیەكی دیكەدا، وەسفی ژیانی قەلەندەرانەی خۆی دەكات و دەڵێت:_
من ئەو ڕەندەم كە پێم بێژن قەلەندەر
نە خانووم هەس نە كەلپەل هەس نە لەنگەر
بەدەوری كوچەتا ڕۆژگار ئەسووڕێم
كە شەودادێ بەخشتاندا دەنێم سەر ( ل 35)
بابەتاهیر، قەلەندەرێكە نەخانووی هەیەو نەشوێنێك تاكو تێیدا، لەنگەر بگرێ، تەنانەت سەرینێكیشی نییەو خشت دەكاتە سەرین، كەچی زۆر شكۆمەندانە ژیاوەوە ڕازی بووە بەو ژیانەی كە هەیبووە، چونكە تێڕوانینێكی دنیایی نەبووە، بەڵكو مرۆڤێك بووە ڕوانگەیەكی زوهدییانەی هەبووە و بۆ ئاخیرەت ژیاوە. لە چوارینەكانی بابەتاهیردا، ڕۆژگاری ژیانی ئەو سەردەم، لە ڕووی چینایەتی و كۆمەڵایەتی بە ڕوونی دەبینرێت و شاعیر باس لە هەژاریی و نەبوونی و زەنگینی و ئایینداری و جیاوازی چینایەتی و ژیانی دنیا و دوایی دەكات. واتا لە ڕێی ئەو چوارینانەوە بابەتاهیر ژیانی ئەوسای مرۆڤەكانمان پیشان دەدات چونكە ( هەندێك بەرووبوومی ئەدەبی هەن، نرخیان هەر لەوە دانییە كە ئایا لە ڕووی ڕۆشنبیری و هونەرەوە بای چەندن، بەڵكو نرخی ڕاستیان لەوە دایە، كە بەڵگەی زەمان و چەرخی خۆیانن و بە وردی چرای ڕەخنە ئاراستەی كەلێن و قوژبنی تاریكی كۆمەڵەكەیان لەو قۆناغە دەكەن و وەك ئاوێنە ڕووداو دەخەنەڕوو)(6).

سەرچاوەوە پەراوێزەكان:_
1_بابەتاهیری هەمەدانی ژیان و بەرهەمەكانی، ئەحمەد تاقانە، بڵاوكراوەی دەزگای ئاراس، زنجیرە 567، ساڵی چاپ 2007.
2_بابەتاهیری هەمەدانی ژیان و بەرهەمەكانی، ئەحمەد تاقانە، بڵاوكراوەی دەزگای ئاراس، زنجیرە 567، ساڵی چاپ 2007.
3_ بابەتاهیری هەمەدانی ،ماڵپەڕی وشە، ڕێكەوتی 14 /11/ 2017
4_سایكۆلۆژیای شیعری كوردی، پێشڕەو عەبدوڵا، بڵاوكراوەی دەزگای سەردەم زنجیرە 1010، ساڵی چاپ 2020، ل 178. 5 ویكپیدیا.
6_ زنجیرەی شاكارنووسانی كورد، ئازاد حەمە شەریف، بڵاوكراوەی دەزگای موكریانی، ساڵی چاپ _ 2012، ل 69.

سەدیق سەعیدڕواندزی

*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی كوردستانی نوێ بڵاوكراوەتەوە.




هێرشی ئیسرائیل و بێئەنجامی لوتکەی دۆحە!.. نوری بەشیر

ئێوارەی ڕۆژی ٩ی ئەیلولی ٢٠٢٥ نزیکەی ١٥ فڕۆکەی شەڕکەری ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر باڵەخانەکەیەک لە دۆحەی پایتەختی قەتەر، کە بڕیاربوو ژمارەیەك سەرکردەی بزوتنەوەی حەماس لەوێ کۆببونەوە بۆ تاوتوێکردنی پێشنیارێکی ئەمریکا سەبارەت بە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس و ئازادکردنی بارمتەکانی لای حەماس. بەڵام وەک دواتر ڕاگەیەنرا، سەرکردەکانی حەماس بەرێکەوت لەو هێرشە رزگاریان بوە، بەڵام چەند ئەندامێکی حەماس و چەند پاسەوانێکی ئەمنی قەتەری کوژراون. بێگومان سەرەڕای جۆرێك لە ڕاگەیاندنی نیگەرانی ترامپ بەرامبەر بەو هێرشە، بەڵام گومان لەوەدا نیە کە بەبێ ئاگاداری ئەمریکا ئیسرائیل ئەو هێرشەی ئەنجام نەداوە، چونکە ئاسمانی قەتەر لەژێر پاراستنی ئەمریکادایە.
ئەم هێرشەی ئیسرائیل لەچوارچێوەی ئەو سیاسەتەدایە کە ئەمریکا و ئیسرائیل دەیانەوێ لەژێرناوی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەدا جێبەجێی بکەن. نەخشەیەكە کە لەناوچەکەدا هەر هێزو دەوڵەتێك لەبازنەی بەرژەوەندی و سیاسەتی ئەمریکادا دەرچێت، ئەوا ئیسرئیل وەکو نوێنەرو داردەستی ئەمریکا، ئەو دەورە دەگێڕێ کە ئەمریکا پێویستیەتی ئەویش هێرشی سەربازیە بۆسەر ئەو لایەن و دەوڵەتانە بەئامانجی ملکەچکردنیان. هەڵبەتە ئەم هێرشەی ئیسرائیل تەنیا هێرشێک نەبوو بۆسەر حەماس، تەنانەت تەنیا بەزاندنی سەروەری دەوڵەتێکیش نیە بەناوی قەتەر و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتیەکان وەکو خۆیان بانگەشەی بۆدەکەن، بەڵکو پەیامێکە لەرێگای هێرش بۆسەر وڵاتی قەتەرو لێدان لە حەماس، هەم بۆ خودی قەتەرو هەم بۆ سەرجەم وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە، کە ئەگەر دژی بەرژەوەندیەکانی ئیسرائیل یان سیاسەتەکانی ئیسرائیل لەناوچەکەدا بوەستنەوەو ملکەچ نەبن، ئەوا رووبەڕووی ملهوڕی و هەوسارپچڕانی ئیسرائیل دەبنەوە و هیچ رێگریەک لەبەردەم خۆیدا نابێنی بۆ هێرشکردنەسەریان. بوونی سەرکردەکانی حەماس لە قەتەر تەنها پاساوو بیانوە بۆ شەرعیەتدان بە هیرش و ملهوڕیەکانی ئیسرائیل، دەنا ئەمریکا دەیانجار لە قەتەر لەرێگای ناوەنجگیری قەتەرەوە لەگەڵ حەماسدا گفتوگۆی کردوە و بڕیاریش بووە ئەو سەرکردانەی حەماس لەوکاتەدا تاووتوێی پێشنیاریكی ئەمریکا بکەن!
ئەگەرچی ئیسرائیل نەیتوانی ئەو سەرکردانەی حەماس کە جێگای مەبەستی بوو بکوژێت، بەڵام توانی پەیامەکەی کە مەبەستی بوو بگەیەنێتە قەتەر و ئەو وڵاتانەی کە مەبەستی بوو پەیامەکەی بگات پێیان. ئیسرائیل بەبیانووی لەنێوبردنی حەماس و پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل، سەرەتا غەززەی کاولکردن و دەیان هەزار هاوڵاتی مەدەنی کردە ژێر خانوە روخاوەکانەوە، دواتریش هەر بەناوی پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل و پوچەڵکردنەوەی مەترسی لەناوچوون لەسەر ئیسرائیل هێرشی کردەسەر لوبنان و سوریا و ئێران و … ئێستاش هەڕەشەی لە هەموو وڵاتەکانی ناوچەکە دەکات. وەکو یەکێک لەسەرانی حکومەتی ئیسرائیل وتویەتی؛ هیچ شوێنێک بۆ هێرشی ئێمە هێڵی سور نیە کەبزانین ترسی هەیە بۆسەرمان، ئەمریکاش لەونێوەدا نەک کەمکاری کردووە بۆ رێگرتن لەو کارانەی ئێسرائیل، بەڵکو یارمەتیشی داوە لەڕووی چەك و لۆجیستی و دانی زانیاری و بگرە بەشداری عەمەلی لەشەڕەکانیدا بەتایبەتی لەگەڵ ئێراندا! هەر لەم کاتەدا گرێبەستێکی بازرگانی ٦ ملیار دۆلاری چەک و تەقەمەنی و فڕۆکەی لەگەڵ ئیسرائیلدا بەستووە. زۆرجار پاساوی بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل هێناوەتەوە وەک ئینکارکردنی کۆمەڵکوژی خەڵكی غەززە بەبیانوی ئەوەی کە سوپای ئیسرائیل دژی حەماس شەڕ دەکات و بەرگری لەخۆی دەکات.
ئەم هێرشەی سەر دۆحە، هاتوهاوارو نیگەرانیەکی زۆری لە ئاستی وڵاتانی ناوچەکەو جیهانیشدا دروستکرد. حکومەتە بۆرژوازیە بەرژەوەندخوازەکان، کە نان بە نرخی رۆژ دەخۆن، باسیان لەوە کرد کە ئیسرائیل هێڵی سوری بەزاندوەو یاسای نێودەوڵەتی شکاندووە بەوەی هێرشی کردۆتە سەر وڵاتی قەتەر. با لەوەگەڕێین کە ئەم یاسا نێودەوڵەتیانەی وڵاتانی سەرمایەداری خۆیان دایانڕشتووە ریسوا بووەو بازڕێکی نەماوە، بەڵام هێرشەکە بووە هۆی ئەوەی وڵاتانی عەرەبی و بەتایبەت قەتەر داوای بەستنی لوتکەی دەمودەستی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بکات دژی ئەم دەستدرێژیەی ئیسرائیل بۆسەر قەتەر.
لوتکەی دۆحە پێش ئەوەی ببەسترێت دەزانرا هیچی پێناکرێت:
رۆژی ١٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٥ لوتکەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە دۆحەی پایتەختی قەتەر بەسترا. سەرانی وڵاتانی رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی کە ٥٧ وڵاتن و وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی کەبەشێكن لە وڵاتانی ناو رێکخراوەکەو ژمارەیان زیاتر لە٢٠ وڵاتە، کۆبوونەوە. هاوکاتی ئەم لوتکەیە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مارکۆ روبیۆ گەیشتە ئیسرئیل و لەگەڵ ناتانیاهۆ کۆبووەوە و کۆنگرەی رۆژنامەوانیان سازدا.
قسەکانی هەریەکە لە ئەمیری قەتەر، تەمیم بن حەمەد و مەسعود پزیکشیان، سەرۆکی ئێران، ئۆردوگانی سەرۆک کۆماری تورکیاو محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و ژمارەیەک لە سەرۆکی وڵاتانی تر لەوانە محەمەد جولانی سەرۆکی سوریا، شتێکی وای تێدانەبوو تەنها ئەوەنەبێ کە هەموو ترسیان لەخۆیان و هێرش بۆسەر وڵاتەکانیان هەیەو ئەم هەنگاوەیان بۆیە ناوە تا ترسی هێرشی ئیسرائیل بۆسەریان دوربخەنەوە، لەکاتێکدا خۆیان ئەگەر پەیوەندی ناڕاستەوخۆو ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئیسرائیلدا نەبێ ئەوا بێگومان لەگەڵ ئەمریکادا خەریکی ساتوسەدان.
لەلایەکی دیکەوە قسەوباسەکان و بڕیارەکانی لوتکەی دۆحەو ئەو هەونگاوانەی بەدوایاندا هاتن، زیاتر وێستگەیەك بوو بۆ نزیک کەوتنەوەی ئەو وڵاتانەو وەلاخستنی هەندێ لە کێشەکانی رابردووی نێوانیان و دەستبردن بۆ دامەزراندنی پەیوەندی سیاسی و ئابوری نوێ، بەتایبەت پەیوەندیە بازرگانیەکان. لەئاکامی ئەو نزیکبونەوە سیاسیەوە پەیوەندی بازرگانی و سەربازی نێوان سعودیەو پاکستان و مانۆڕی سەربازی میسر و تورکیای لێکەوتەوە، لەگەڵ بوژاندنەوەی ویستنی زیندوکردنەوەی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو کە لەلایەن ژمارەیەک وڵاتانی عەرەبی کەنداوە پێکهێنراوە. لەوە زیاتر ئەم لوتکەیە شتێکی نەکرد بەرامبەر بە ئیسرائیل و بەرپەرچدانەوەی هێرشەکەی بۆسەر قەتەر.
ئەوەی رۆشنە زۆربەی ئەم وڵاتانەی بەشداری لوتکەی دۆحەیان کرد، لەناو چوارچێوەی نفوزو بەرژەوەندیەکانی ئەمریکادان و لەئێستادا هیچ بەرژەوەندیەکیان نیە بەتەواوی ئەو چوارچێوەیە جێبهێڵن و بکەونە ناو یاری جەمسەر جیهانیەکانی تری وەک روسیاو چین بەتایبەتی لەبواری سیاسی و سەربازیەوە، ئەوەی کە زیاتر بایەخی هەیە بۆیان لەئێستادا توندکردنەوەی پەیوەندیەکی بازرگانی نێوانیانە لەگەڵ چیندا بەپلەی سەرەکی و جۆرە مانۆرێكی شەرمنۆکانە بۆ فشارخستنە سەر ئەمریکا تا حسابێکیان بۆ بکات بەرامبەر بە ئیسرائیل! زۆربەی ئەو دەوڵەتانەی لوتکەی دۆحە جێگاوڕێگایەکی لاوازو قەیرانگرتوویان هەیە، چ لەئاستی ناوخۆی وڵاتەکەیان و لەئاستی ناوچەو جیهانیشدا، لەناو دۆخی ناجێگیرو قەیرانگرتووی جیهانی و ناوچەیی و کێشمەکێشی نێوان جەمسەرە جیهانیەکاندا. ئاسۆیان روون نیەو ترسی ئایندەیان هەیە. ترسی سەرەکیان ئەوەیە کە لەنەخشەی تازەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە ئەمریکا دەیەوێ لەڕێگای ئیسرائیلەوە ئارایشی بداتەوە، هاوشانی ئیسرائیل جێگایەکیان پێببڕێت!
راگەیاندنی کۆتایی لوتکە، کە هیچ پەیامێکی کردەیی دژی ئیسرائیل تێدانەبوو، تەنها ئەوەنەبێ کە ئاماژەی بەوەدا دەستدرێژییەکە بەتەنها پێشێلکردنی سەروەری قەتەر نییە، بەڵکو دژی نێوەندگیریە بۆ ئاشتی نێودەوڵەتی و داواکرا لە وڵاتان، ناردنی چەک و پێداویستی و کەلوپەلی سەربازی بۆ ئیسرائیل هەڵپەسێرن” تا قسەکانی جاسم محەمەد بەدیوی، سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو، کە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “چاوەڕێ دەکەین هاوبەشەکانمان وەک ئەمریکا کاریگەرییەکانی لەسەر ئیسرائیل هەبێت و دەست لەمکارانە هەڵبگرێت” ئاستی نزم و زەلیلی ئەم لوتکەیەو هەڵوێستەکانی دەوڵەتانی بەشداری نمایش کرد. وەکو یەکەم کاردانەوەی ئەمریکاش بەرامبەر بە لوتکەی دۆحە، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە دووبارەی کردەوە کە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر قەتەر هیچ کاریگەریەك ناکاتە سەر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیلدا!

نوری بەشیر




کۆگنەتیڤ، یان درکپێکردن.. پ.ی.د. عومەر ئەحمەد عەزیز

لە زمانی کوردیدا چەند زاراوەیەک هەیە، کە تا ئێستا بەرانبەر بە کۆگنەتیڤ دانراون، هەموویان هەوڵی باشن، بگرە، ڕێککەوتن لەسەر یەکێکیان زۆر باشترە لە فرەزاراوەیی، لەوانە( درکپێکردن، زانین، مەعریفیی) لە ئێستا هەوڵ هەیە کە زاراوەی ( ناسین) بەکاربهێنرێت، مەرج نییە زاراوەی بواری زانستەکان لۆجیکیی بن، واتە لەڕووی لۆجیکەوە ناوەڕۆکی زانستەکە بگەیەنن، گرنگ ئەوەیە ئێمەی توێژەر ئەو زاراوەیە، بەرانبەر بە زانستەکە بەکاربهێنین و هەمووشمان تێ ئەگەین، کە مەبەستمان چییە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ زاراوە ئینگلیزییەکە، ئەوا لە لاتینیدا/cognitus بەواتای گەشتن بەزانین هاتووە، ئەمانیش لە یۆنانەوە وەریانگرتووە، کە gignōskein بەواتای( بۆئەوەی بزانیت)دەگەیەنێت، لە سەدەی( ١٤)ی زاینییەوە لە زمانی ئینگلیزیدا هەر بەهەمان واتا بەکارهاتووەتەوە، کە زاتای ( هێزی زانیین) گەیاندووە، لە سەدەی (٢٠) دا لە دەرووناسیدا هەموو پرۆسەکانی وەکو:( یادگە، بیرکردنەوە، فێربوون و پەیبردن/درککردن) ی گرتووەتەوە، واتە کۆگنەتیڤ وەکو ئاوەڵناوێک هەموو ئەو پرۆسانە دەگرێتەوە، کە وەکو توانایەکی ئاوەزیی، مرۆڤ بۆ تێگەشتن لە جیهان هەیەتی، لەوانە:

درککردن( پەیبردن)/perception
بەچەمککردن/conceptualisation
یادگە/memory
بەڵگاندن، پاساوهێنانەوە /Reasoning
کۆگنەتیڤی کلتوریی و کۆمەڵایەتیی/Cultural cognative
هۆشیاریی و سەرنجدان /Attention
زانیین و ناسین/knowing
مەعریفە/knowledge
ئەوەمان هەمووی بۆئەوە خستەڕوو، کە بڵێین، هیچ یەکێک لەو زاراوانە بە تەواویی کۆگنەتیڤ ناگەیەنن، چونکە ئەگەر بڵێین، درکپێکردن، ئەوا تەنها یەکێک لە پرۆسە ئاوەزییەکانی نێو کۆگنەتیڤمان بەرانبەر بە زاراوەکە بەکارهێناوە، ئەمە بۆ( زانین و ناسین)یش ڕاستە، هەرچەندە دانانی زاراوە ئەرکی لیژنەی زانستییە، کە پسپۆڕی زمانی کوردیی و زمانەکانی تری تێدا بێت ، بۆ ئەوەی ڕێکبکەون بۆ دانانی زاراوەیەک بەرانبەر بە زاراوە جیهانییەکان و بەتایبەت ئینگلیزییەکان، چونکە لە ئێستادا بووە بە زمانی زانست، بەڵام وادەردەکەوێت لە ئێستای زمانی کوردیدا، هەر زاراوەی کۆگنەتیڤ بەکاربهێنرێت، پەسەندتر بێت، چونکە هەر خودی زاراوەکەش زۆر وشەی تری لێ هەڵنەگوێزراوە(دانەڕێژراوە) ئەو وشانەی هەڵگوێزراون لەم زاراوەیە، واتایان جیاوازە و وشەی تر هەن بەرانبەریان بەپێی دەوروبەری زمانیی واتاکە دەپێکن بۆ نمونە وشەی Recognize
واتای ناسینەوە دەگەیەنێت، بۆ نمونە Recognition ناساندن، بۆ نمونە دەوترێت، زانکۆی گەرمیان بە فەرمیی فڵان کەسی وەکو ڕەمزی هونەر ناساند، کەواتە، بۆ زانستەکە وشەی کۆگنەتیڤ بەکاربهێنرێت، پەسەندترە، ئەگەرچی زاراوەی مەعریفەی عەرەبیی و شناختی فارسیش هەر بەهەمان شێوەی درکپێکردنەکەی زمانی کوردیی، کۆگنەتیڤ ناگەیەنن، بەڵکو المعريفة/Knowledge و شناختیش هەر /knowingدەگەیەنێت، کە یەکێکن لە پرۆسەکانی نێو سیستەمی کۆگنەتیڤی مرۆڤ.

پ.ی.د. عومەر ئەحمەد عەزیز

زانکۆی گەرمیان، بەشی کوردیی




جوانى مێژوو لە (وەرزەکانى بەرنگاری)دا.. یوسف محەمەد بەرزنجى

تێچاندن
ئەمڕۆ سۆشیال میدیا بەهەموو جۆرو ڕەنگێک بەشێکى زۆرى بەرفراوانى بۆتە خاشاکى ڕۆژگارو جوانییەکانى ژیان و مێژوویان شێواندووە، کۆمەڵێک خەڵکى نێو میدیا بەگشتيى زۆرێک کاریگەرى بەرچاویان هەیە لەشێواندنەکانداو تێکدانى هزرى بەشێکى کەسانى نێو کۆمەڵگەو کاریگەرى بەرچاویان وەک تارمایى بەسەر گەنجان وخۆشباوەڕانى نێو کایە ڕۆشنبیرى وکۆمەڵایەتى و سیاسییەکانەوە هەیە،زۆرێک لەو کەسانەهەر ڕۆژێک لەسەر فاک وفیکێک و بالۆریەکن و مەبەستیان تەنیا تێکدانى ئارامى و ئاسودەیی خەڵک و دەستکەوتنى بڕێک ماددەیەو هیچ بەهاو سودێک لە مەبەستەکانیاندا نیەو هیچ بیروباوەڕو هزرێک لە بەهاى مرۆڤایەتیاندا نییە!! ئەوان لە ناو میدیادا بە ئاراستەو شێوەیەک کاردەکەن و نێوەندەکە قۆرخدەکەن کە بەلایانەوە گرنگ نییە کۆمەڵگەو نەوەکان بەکام ئاقارو ئاراستەدا دەڕۆن و بەرئەنجامم بەچیدا دەکەوێتەوەو خەڵک توشى چ دۆزەخ و کارەسات و سەرگەردانیەک دەچێت و بەمەش دەیانەوێت ڕەوتى مێژوو ڕووداوەکان سەرەو بن بکەن و بەهۆکارى مەبەستدار لە بەر چاوى نەوەو گەنجانى بخەن و خەڵک وخۆشیانى پێوە ناشیرین بکەن.

(وەرزەکانى بەرەنگارى)
ئەم کتێبە بیرەوەرى بەڕێز(شۆڕش ئیسماعیل) پێشمەرگەو تێکۆشەرێکى دێرینە، خاوەنى ئەزمۆن و شارەزاى چیاو لوتکەو دۆڵو گوندودەشتەکانى گەرمیان وکوێستانە،بیرەوەرییەکانى(٧٦٣)لاپەڕەى قەبارە گەورەى وەزیریییە،(مێژووى ڕووداوبەسەرهاتەکانى تەمەنى خەبات وپێشمەرگایەتیم تاساڵى ١٩٨٥ـــ بەرگى یەکەم) کتێبەکە لە چاپخانەى کارۆى سلێمانى ساڵى ٢٠٢٥ بەشێوەیەکى جوان چاپکراوە، شایانیی ئەوەیە خوێنەران ئەوانەى حەزیان بەمێژووى زارەکى و گێرانەوەیە بیخوێنەوە، کتێبەکە پشتى بەیادگەو خەیاڵى گێڕانەوە لە تۆمارکردنى ڕوداو قەوماوەکان وەک مێژووى دەڤەرو ناوچەکە بەستووە، ئەم مێژووەش دەتوانین لە ساڵى ١٩٥٠ــ ١٩٨٥وەک بەرگى یەکەم سەیرو دیارى بکەین.

ژیان لە شاردا
بەڕێزشۆڕش ئیسماعیل، دەسپێکى مناڵى وگەنجى لە شارى سلێمانى وگەڕەگى مەڵکەندى و گۆیژەو پیرمەنسور حاجى حان وشێخ محێددین، بەڕێکردووە یان گوزەراندووە، ساڵى ١٩٧٤ بۆتە پێشمەرگە،پلەکانى پێشمەرگایەتى تا سەرتیپ و ئەندامى مەکتەبى عەسکەرى و لیێپرسراوى مەڵبەندو مەکتەب وتا وەزیرى پێشمەرگە بڕیووە،برایەک و باوکى بەدەستى بەعسییەکان شەهیدکراون، ئەوان خێزانێکى مام ناوەندو خوێنەوار بوون، زۆرێک لەخەڵکى سلێمانى دەیان ناسێت،زۆرێکمان ئەوانەى حەزیان لەمێژوو خوندنەوەیە،زۆرێک لە ياداشتيى هونەرمەندان و شاعیران ونووسەران و کەساتییە سیاسیى و ڕۆشنبیرو کۆمەڵایەتییەکانمان بینیوەو خوێندۆتەوە جا ناوخۆیى یان جیهانى بێت.هەر لە بیرەوەرییەکانى وەفایى،ڕەفیق حلمى،ئەحمەدتەقى،ئەحمەد خواجە، … تابیرەوەرییەکانى زۆرێک لەپێشمەرگەو کەسەیەتییە جۆربەجۆرەکانى دیکەش، زۆرێک خۆیان بەقارەمانى ناو ڕووداو کارەساتەکان دەنرخێنن، زۆرێکى تر لە پەرواز و دورەپەرێزی و بێلایەندا خۆیان خستۆتە ناو مێژووى کارەسات وقەوماوەکانەوە، لەبیرەوەرییەکاندا هەندێکیش خاوەن بڕیاو سەرکردەو کاربەدەست بوون، دەبنە فریشتەو وەک پەڵە هەورێکى خەیاڵ ئامێزى ناو چیرۆک و ڕوداوەکان دەردەکەون، وەک نەبایان دیبێت نەباران، بیرەوەرى و مێژووى زارەکى بەلاى گەلان و میللەتانەوە زۆر گرنگ وپڕبایەخن، دەبێت کارەسات و ڕووداو قەوماوەکان بێ ڕوتوش و پێدا گوتن و قەبەکردن و وشە فڕێدان، وەک خۆیان بە تێڕوانینى واقیعبینانە بگێڕدرێتەوەو تۆمار بکرێت، نابێت مافى کارەکتەرو بەشداربوانى نێو ڕووداوەکان و قەوماوەکان فەرامۆش بکرێت، یاخود لەپەراوێزدا لێیان بدوێین، تۆمارکرکردنى بیرەوەرى و یاداشت گەر لەهەلومەرج وکاتى خۆیدا هەنێ سەرە قەڵەمى لێتۆمار،یان یاداشت بکرێت، وەک مێژوو زۆر پێویست و گرنگ وبەسوودە، گەر پشت بەیادگەوبەڵگەنامەو کاتى دواتر ببەسترێت دەبێت بەویژدانەوە بابەتەکان تۆمار بکرێت ومافى گشتى وتاک فەرامۆش و خۆلە گێل کردنى تێیدا کەمبێت، دیارە پاشان مێژوو لەلێکۆڵینەوەو بەدواداچوونەکانى رەحم بەخاوەنى یاداشت وبیرەوەرییەکان ناکات و بە کۆرەبابایدا دەچێتە خوارەوەو دەیخاتە ناو دادگاو ترازووى مێژووى ئایندەوەوتوێژینەوەو لێکۆڵینەوەو هەڵسەنگاندنى وردى بۆ دەکات.

ئەم بیرەوەرییانە
ئەم بیرەوەریانەى بەڕێز شۆڕش ئیسماعیل، وەزیرى پێشمەرگەو، هاوڕێکانى ئەو وەک مێژووى زارەکى ویاداشت و بیرەوەرى کە چاپکراون و دیتومانن، زۆر پێویست و گرنگ وبەکەڵکن، چونکە ئەم بیرەوەریانەو ئەوانى دیکەش قۆناغ و هەلومەرجى سیاسیى و کۆمەڵایەتى و ئابوورى ئەوێ ڕۆژانى ساڵ و وەرزە جیاوەزەکانى گەلەکەمان دەخەنە ڕوو وێنە ئەو ڕۆژە سەختانەى گەل و نیشتمانەکەمان پێدا گوزەرى کردووە، وەک مێژوو بەرچاو ڕونی وڕێنمایمان دەکات، نەوەکانى ئێستاو ئایندەش کە بەو دۆخ ومێژووەدا گوزەریان نەکردووە، دەتوانرێت بەهۆى بیرەوەرییەکانەوە ئاشنابن، تێبگەن ئازارو نەهامەتى و ڕۆژە سەخت ودژوارەکان چین، برسێتى و کاولکردنى گوندو شارۆچکەو دروستکردنى ئۆردوگا زۆرەملێکان و سوتماککردن نیشتمان لەکام مێژوو سەدەدایە، ئەنفال و کیمیاباران و گواستنەوەو وێرانکردن لەکام مێژوو قۆناغدا دەکەونە نێوەندى مێژووى گەلەکەمانەوە.

وەرزکانى بەرەنگارى
ئەم کتێبە زمانێکى سادەو جوانى گێڕانەوەى هەیە، نووسەر پێشمەرگەى ناو ڕوداو قەوماوەکانە، لە شارو گوندەکاندا،تا ئەم تەمەنەى خۆى قوربانى گەورەى بۆ نیشتمان داوە، بەزمانى شارو گوند، دۆخى ئەوێ ڕۆژێمان بۆ دەگێڕتەوە،لە ساڵى ١٩٧٤ــ ١٩٧٥ کەوتۆتە ناو ڕوداوەکانەوە خۆى شایەتى مێژوو قۆناغەکانە تا ساڵى ١٩٨٥، خۆى فەرماندەو هاوڕێى سەرکردەکانە، بەزمانى سادەو ساکار دەدوێت و پلار و ناشیرین کردن ناگرێتە بەرو، بەرانبەر بەهاوڕێ و سەرکردەکانى بەجوانى شیتەڵى ژیان وگوزەران لەگوندەکان و شارەکان دەکات، مافى داوە بەخەڵکى گوندو ژیان وگوزەران و موعانات وخەم و ئازارو شەونخونیانى بەهەندو بەڕێزەوە باس دەکات، هاوکارییەکانیان بۆپێشمەرگە بەوەفاوە دەنرخێنێت، بەوردى باسى ئەو خێزان وکەسایەتیانەى گوندەکان دەکات کە لە چایەکەوە لەدەمى خۆیان گرتۆتەوە تا جل وبەرگ و جۆرها یارمەتى ماددى ومەعنەوى تر کەپێشکەشى ڕۆڵەکانیان کردووە، هەمیشە پێشمەرگەو خەڵک لەئامێزى میهرەبانى یەکترا بوون بێ یەکترى نەبوون و نەژیاون، ئەو جوانى ومیهرەبانى خەڵک وگوندو چیاو ڕووبارەکان وەک تابلۆیەکى ڕەنگین باس دەکات و بەقەڵەمەکەى وێنەى کێشاوە، ئەو وهاوڕێکانى خۆیان بەقەرزاربارو میهرەبانى خەڵکى گوندەکان دەزانن، مێژووى ئەڕۆژگارەمان بەجوانى بۆ دەگێڕێتەوەو باسدەکات و پێی وایە ئەو مێژووە بەڕەنگاو ڕەنگى وجوانى دەمێنێتەوەو کەس بە ناشیرنکردن وشێواندنى قازانج ناکات.

سەردەمێکى دژوارو سەخت
لەم بیرەوەریانەدا زۆر بەجوانى وسەنگینى وەک فۆتۆگرافەرێک وێنەى ڕوداو کارەسات و سەختییەکانى ئەو ڕۆژگارەى چرکاندووەو بۆى تۆمارکردووین، هەر لەدڵڕەقى بەعس و هاو ئاوازەکانى کە جاش و جاسوسەکانن وهاوکارەکانیان چ ئازارێکیان هەر لەماڵ وێرانکردنەوە تا قەڵاچۆکردنى خەڵک و بێپاساوهێنانەوە وێنە گرتووەو خستونیەتە بەردەم مێژوو خوێنەرو لە پەرەگراف ودەستە واژەکاندا ڕەنگى داوەتەوەو بەڕاستگۆیانە لێی دواو ڕوداو کارەسات و قەوماو فرمێسک وخوێنى لە یاد نەکردووە کە بە سەر ڕۆڵەکانى گەلەکەیدا هاتووە، کەواتە خۆى نەکردۆتە پاڵەوان و خەڵک بەسەربازى بەردەمى، بەڵکو بەڕاستگۆییەوە ڕوداوەکان و شەڕەکان وخیانەت و تەسلیمبوونەوەو ملکەچى زۆرێکى وەک مێژوو خستۆتە بەردیدەو وەک گوێزى پاکراو لەمێژووەکە وەک خۆى لێی دواوە. بابەتەکانیشى قەبە نەکردووە، بەڵکو گێڕانەوەکان واقیعین.

مێژووى هاوڕێکانى
چۆن لەبیرەوەرییەکانیدا باسى گوند و خەڵکى شارى گێڕاوەتەوەو لەژیان و گوزەران و هەلومەرجى ئەوێ ڕۆژان دواوە، ئاواش زۆر بە بایەخ وڕێزو نەوازشەوە لەپێشمەرگەو فە رماندەو هاوڕێکانى تواناو ژیان و گوزەرانیان بەشداریان لەدۆخ و شەڕو ئازارو نەبوونى و کەمیین وهەڵوێستیان لەبەرانبەر دوژمن و سەربازو پیاوخراپ وجاشەکاندا وەک هەستکردن بە لیپرسراوێتى وئەرکى مرۆڤ دوستانەى خستۆتەڕو تەنانەت لەبەرانبەر خیانەت وتەسلیم بونەوەوزمانێکى جاش وسەربازەکاندا،بە زمانێکى سادەو ساکارو نەرم ڕووداو بەسەرهات و شەڕەکان دەگێڕێتەوە، تەنانەت وشەى ناشیرین وبێزراو لەکاتى ناخۆشى وشەڕو وێرانکردن وسوتانى گوندەکاندا لە دۆخى شەڕەکاندا بەکار ناهێنێت، ئەمەش سۆزو خۆشەویستى وسادەییى نوسەرو پێشمەرگە و فەرماندەى ڕاستەقینە پیشاندەدات و دەیخاتە ڕوو، هەندێ شەڕو ڕوداو چۆن باسکراوە ئاواش گێڕانەوەى بەسەرهات وقسەى پێکەنین ئامێزو کەسانى قسەخۆشى تێهەڵکێشى بابەتەکان کردووەو تەشویق و خۆشى بۆ خوێنەر فەرامۆش نەکردووە و لەبێزارى ڕووداوەکان دوریان ئەخاتەوە.

سەرنج وتێبینى بۆ ئەم بیرەوەرییانە
سەرنج وتێبینى نەک لە سەر کتێب بەڵکو لە سەر بابەتێکى ئاسای گرنگە و بۆ دەوڵەمەندکردن وڕاستکردنەوەو گرنگى پێدانە، بەڵام تەشەرلێدان و بچوکردنەوەى نوسەرو بابەتەکەو بەهەند وەرنەگرتنى و دەرچوون لە ڕەخنەى واقیعى بێپرنسیب وتەندروست و لە سنور تێپەڕین کارێکى خراپەو لە گرنگى نوسەرو ڕەخنەگر کەم دەکاتەوە، من لە خوێندنەوەى کتێبەکەدا هەندى بارى سەرنجم لادروست بوو بەهیوام، لە خزمەتى کتێبەکەو نوسەردابێت وسودى گشتى تێدابێت.
یەکەم: ڕێزبەندى بۆ گێڕانەوەى مێژووى زارەکى پێویستە، بۆیە ڕێزبەندى و قۆناغە مێژووییەکان لەم بیرەوەریانەدا کەمەو تێکەڵاوە یان زۆر کەم ئاماژەى پێدراوە.
دووەم:زۆرترین بیرەوەرییەکان ساڵانى ١٩٧٦،١٩٧٧،١٩٧٨…ى لەخۆ گرتووە، کە کەمترین ڕوداو هێزو تواناى پێشمەرگە لە وساڵانەدا دەردەکەون، بەڵام ساڵانى هەشتاکان تا هەشتاوپێنج کە زۆرترین ڕوداوى تێدایە ڕووى داوە کەمتر باسکراوە.
سێیەم:باسى ڕوداوێک کارەساتێک دەکات،یان کەسایەتییەک پێشمەرگەیەک،فەرماندەیەک ناوى شاردۆتەوە یان خۆى لێبواردووەو فەرامۆشى کردووە، جگەلەوەى ڕوداوەکە زیاتر لەچل ساڵ بەسەریدا گوزەراوە.
چوارەمین:باسى ڕێکخستنی شارەکانى زۆر بەکەمى کردووە زۆر گرنگى پێنەداوە، لەکاتێکدا ئەرکى ڕێکخستنى شارەکان و تێکۆشەرەکانى هیچى کەمتر نییە لەخەبات وتێکۆشانى پێشمەرگە، جگەلەوە خەباتى نهێنى زۆر سەخترە لەخەباتى پێشمەرگەو ئاشکرا، پێشمەرگە لە ناوچەى ئازادو شاخدا بوون.
پێنجەمین:کەرتى ژنان لەڕێکخستنەکاندا بەتایبەتى دواى ساڵى هەشتاکان برەوى پێدراوەو دامەزراوە،بەنمونە کەرتى شەهید(لەیلا) بەڵام ئەو لەلاپەڕەى سەرەتادا لێى دواوەو گرنگى پێداوە.
شەشەمین:هیچ نامە،بەڵگەنامە وبروسکەو بەیاننامەو نوسراوێک،پشت پێبەستن بۆتۆکمەیی بیرەوەرییەکان بەکار نەهاتووە ئەمەش لاوازى لەگێڕانەوەدا دەخاتە ڕوو،کەواتە پشتبەستن بەبەڵگەنامەى نوسراو زۆر گرنگە بۆ هەموو مێژووە نووسراوەکان.
حەوتەمین:وردەکارى کۆبوونەوە، هێرش وپەلاماردان، بۆسەنانەوە، هاتنە ناوشار، گەلێک ڕووداو پێویستى بەکەشفکردنى وردەکارى و پشتەوەى بابەتەکەو نهێنییەکانى هەیە تا خوێنەر مێژوو نهێنییەکانى بزانێ، چونکە بۆخوێنەر گرنگە، نەک ڕووکەشى بابەتەکە.
هەشتەمین،گێڕەرەوە هەر پشت بەمەدح وسەناوپێدا گوتن وپێداهەڵدان دەبەستێت،ڕەخنە دەستنیشانکردنى کە موکورتییەکان وکێشەکان لەگوندو ناوپێشمەرگەدا ناخاتە ڕوو،تەنانەت کێشە سیاسییەکان، کۆمەڵاتییەکان وەک کەلتوورو دابوونەریتیش….


١٤ى ئەیلول _٩_٢٠٢٥