Skip to Content

نابێ سیاسەتی کەرەنتینەکردنی خەڵك ببێتە بیانو بۆ سەرکوت و بێدەنگکردن!

نابێ سیاسەتی کەرەنتینەکردنی خەڵك ببێتە بیانو بۆ سەرکوت و بێدەنگکردن!

Closed
by ئازار 26, 2020 General

بەرپرسانی هەرێم لە هەردوو زۆنی زەردو سەوز، لەسەر ڕەخنەگرتن لە شێوازی مامەڵەی دەسەڵاتدارانی هەریم لەگەڵ پرسی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەریەکە لە مامۆستا (سەنگەر جەوهەر) لە شارۆچکەی تەق تەق و رۆژنامەنوس (هێمن مامەند) لە هەولێر، دەستگیر و زیندانی دەکەن.

ڕەخنەی هێمن مامەند لە دەسەڵاتدارانی هەولێر ئەوەبووە کە بەرامبەر بە ژیانی هاوڵاتیانی کەمدەرامەت بێباکن و تائێستا مووچەی مانگی ١٢ی مووچەخۆرانیان نەداوە و ئاماژەی بەوە کردوە کە ئەگەر بارودۆخەکە بەو جۆرە بڕوات خەڵکی برسی و هەژار ناتوانن هەتا هەتایە پابەندی مانەوە بن لە ماڵەکانیان و دەڕژێنە سەر شەقامەکان. مامۆستا سەنگەر جەوهەریش لەسەر ڕەخنەی لە ئیدارەی شارۆچکەی تەق تەق دەستگیراکراوە.

گومان لەوەدا نیە کە حکومەتی هەرێم لەهەردوو زۆنی زەرد و سەوزدا، بێجگە لە سیاسەتی کەرەنتینەکردن و زیندانیکردنی خەڵك لە ماڵەکانیاندا، هیچ رێوشوێنێکی دیکەی نەگرتوە بۆ ڕوبەڕووبونەوەی کارەساتێك کە ڕەنگە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ڕووبەڕووی خەڵکی کوردستان بێتەوە. بێجگە لە هەندێ هەنگاوی کەموکورتی تەندروستی کە بەهیچ جۆرێك وەڵامدەرەوەی بارودۆخەکە نیەو هەروەها دابەشکردنی برێك کۆمەكی خۆراکی بەسەر هەندێ هاوڵاتی کەمدەرامەتدا لەرێگای خێرو سەدەقەی هەندێ لە دەوڵەمەندانەوە، کە ئەوەشیان کردوە بە منەت و موزایەدە بەسەر خەڵکەوە. لە کاتێکدا حکومەتی هەرێم و دوو حزبە دەسەڵاتدارەکەی ناوچەی سەوزو زەرد، ئەرکیانە لەو سامانەی کە ساڵانێکی زۆرە لە داهات و قووتی خەڵکی کوردستان تاڵانیان کردوە، کۆمەکی دارایی بە بێکارکراوەکان بکات و هاوکاری پزیشکی و خۆپاراستن و خۆراک بەسەر هاوڵاتیانی کەمدەرامەتدا دابەش بکات و مووچەی مووچەخۆران بە بێ دواکەوتن دابەش بکات، بەڵام لە بەرامبەر هەموو ئەوانەدا بێدەنگ و کەمتەرخەمە. بە هەزاران خێزان پێویستیان بە مووچەکانیانە و هەزارانی دیکە کە بەکاری رۆژانەیان ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان دابین دەکەن، ئێستا ڕوبەڕووی برسێتی دەبنەوە. ئەوە لە کاتێکدا کە نزیکەی دوو هەفتەیە خەڵك لە ماڵەکانیاندا کەرەنتینەکراون و تا کۆتایی مانگی ئازار قەدەغەی هاتوچۆ بەردەوام دەبێت و ئەگەری ئەوەش هەیە کە درێژتر بکرێتەوە!

ئێمە لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سەرکۆنەی ئەو سیاسەتە ملهوڕانەیەی دەسەڵاتدارانی هەرێم دەکەین کە بەناوی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەیانەوێ فەزای سەرکوت و تۆقاندن بەسەر خەڵکدا بسەپێنن. داوا دەکەین دەستبەجێ هەردوو دەستگیرکراوەکان ئازاد بکرێن و هاوکات بەرپرسیارێتی خۆیان بۆ دابینکردنی سەلامەتی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان جێبەجێ بکەن. بێگومان خەڵکی کوردستان ناتوانێ بەناوی سیاسەتی کەرەنتینەکردنەوە سیاسەتی برسیکردن  قبوڵ بکات و بەناچاری بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان، وەکو چۆن ئێستا پەیڕەوی لە رێنماییە تەندروستی و خۆپارێزیەکان دەکەن، بەرگری لە قوتی ژیانیان دەکەن!

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٢٥/٣/٢٠٢٠ 

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish