Skip to Content

کەنار بە کەنار بەدواتا وێڵم … شیعر:کاوە عوسمان عومەر

کەنار بە کەنار بەدواتا وێڵم … شیعر:کاوە عوسمان عومەر

Closed
by ته‌مموز 9, 2020 General, Poems


تەنها فریای کڕنۆشێک….
بۆ دڵۆپە شەونمێک کەوتین،،،
کە ڕێژنە بارانێک هەموو ڕێگاکانی سڕیەوە،،
تۆ وتت چی ئەبێت گەر لە ئەستێرەکان…
ملوانکەیەکم بۆ بهۆنیتەوە،،
تۆزێک چاوەڕێ کەی، بەڵکو مەرگێک …
بە جوانترین پۆشاکی بگاتە جێ،،،
هەردوکمان لەم ویستگە سارد و…
تەزیوەدا بباتەوە،،
بەڵام پێم ووتی….
من هەرگیز ئەم کەنارە جێ ناهێڵم،،،،
ئەزانم، وێنای تەمی تۆش خەیاڵە،،،
مەلەکانیش، ڕەنگی بزربووی تابلۆیەکە…
هاکا کڕێوەی کات…
بە پەنجەی تەزیوو شەختەی سڕیەوە.
…………….
خۆزگە لەم کەنار بۆ ئەو کەنار،،
لەم ویستگە بۆ ئەو ویستگە،،،
تەرزە چرپەیەکی ترت ئەهاتەوە،،
لێرە کەنارە، شەپۆلی گڕگرتوە،،
ووێڵیە، وونیە….
بەلەمی یاخیبونە،،،
بە دوای زەردەی زەردەخەنەیەکتا ….
کڕێوەی بینینتی هەڵکردوە ،،
لێرە کەنارە….
وەرینی هەورە، ،
شەکەت وماندوویی خۆرە….
بۆ چۆڕێ نمەی گەڕانەوەت…
کڵپەی گرتوە،،
لە بێ ئامادەییتا، لە وونیتا….
مەشخەڵی نووری چرای ….
سەرکەنارمە، گوڵێکی قەشەنگی…
بە پشکۆی لێوی مانگتەوە جێهێشتوە،،
ئەوەتا لە ویستگەی شەمەندەفەرەکانا،،،
لە لەنگەری کەشتیە نوقم لە تەمەکانا…
لە ژوورە چۆڵ و تەزیوی هۆتێلەکانا،،،
لە شارە پڕ تارماییە…
بێ لانەو بێ دەوارەکانا،،،
هەموو شوێنێک شەپۆلتە،،
هەموو دارێک ڕوخسارتە،،
هەر فارگۆنێک پڕ لە ڕووتە،،
هەر کەشتیەک پڕ لە تارماییتە،،
بەڵام لە م وونیە،،
لەم نەفرەتی نامۆییە،،
تەنها رێژنە عە شقێک بڕێژە،،
ئەی پەیکەرێک لە زام و باران ،،
تا ببمەوە سیمفۆنیای جەستەی وەریوی…
زەرد و پرتەقالی پایزەت،،
وەک ڕێژنە شیعرێک لە گەڵا ڕێزان.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish