Skip to Content

ئێرانییە توندڕەوەکان لەسەر “بەهمەن قوبادی” هێرش دەکەنە سەر “ڕاجێر واتێرز”

ئێرانییە توندڕەوەکان لەسەر “بەهمەن قوبادی” هێرش دەکەنە سەر “ڕاجێر واتێرز”

Closed
by تشرینی دووه‌م 7, 2021 Cinema, General

مەنسور جیهانی

“ڕاجێر واتێرز” موزیکزانی ناوداری جیهان لە لاپەڕەی تایبەتی تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی خۆیدا “بەهمەن قوبادی” بە هەڤاڵی خۆی وەکوو فیلمسازی گەورەی کورد ناودەبات و ئێرانییە توندڕەوەکانیش بە نووسینی کۆمێنتەکانیان هێرش دەکەنە سەر ئەم گۆرانیبێژ و ژەنیاره بەتوانایه و بە توندی ڕه‌خنەی لێدەگرن.
“ڕاجێر واتێرز” Roger Waters موزیکزانی بەناوبانگی جیهان، هەڵبەستوان، گۆرانیبێژ و ژەنیار بەتوانای بەریتانی و دامەزرێنەری گرووپی موزیکی هەرمانی “پینک فلۆید” Pink Floyd، دوای ئەوە کە ترەیلەری فیلمی سینەمایی “چوار دیوار” لە دەرهێنانی سینه‌ماکاری کورد “بەهمەن قوبادی” لە لاپەڕەی تایبەتی تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی خۆیدا بڵاوکردەوە و لە وتارێکی کورتدا نووسی: هەڤاڵی من “بەهمەن قوبادی” فیلمسازی گەورەی کورد، فیلمە نوێیەکەی بە ناوی “چوار دیوار” The Four Walls لە فێستیڤاڵی فیلمی “تۆکیۆ” نمایش کرد. من لە کاتی بڵاوبوونەوەی “ساتێک بۆ مەستی ئەسپەکان” لایەنگری بەگوڕوتینی بەهمەن بووم. شانازی دەکەم کە لەگەڵ “چوار دیوار” هاوکاریم کردووە.
دوای بڵاوبوونەوەی پۆستی “ڕاجێر واتێرز” لە لاپەڕە تایبەتییه‌کانی خۆیدا، ئێرانییە توندڕەوەکان بە نووسینی کۆمێنتەکانیان هێرشیان کردە سەر و بە توندی ڕه‌خنەیان لێگرت. ئەوە دەریدەخات لە دوایین سەردانیدا کە “بەهمەن قوبادی” موزیکزانی ناوداری جیهان “ڕاجێر واتێرز”ی بانگهێشت کرد بۆ هەرێمی کوردستان و شاری هەولێر، دیارە کە ئەم سینەماکارە کوردە لە دەرەوەی وڵات خۆی بە کورد دەناسێنێت و لە دوایین پۆستی “ڕاجێر واتێرز”یش دەبینین کە لە لاپەڕەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەیەتییەکانی ئینستاگڕام، فەیسبووک و توویتێر، لە “بەهمەن قوبادی” وەکوو فیلمسازی گەورەی کورد ناودەبات و لە تەنیشتیدا هیچ وشەیەکی ئێرانی نانووسێت و ئەوە دەریدەخات کە قوبادی لەسەر کوردبوونی خۆی چەندە هەستیارە و پێداگریی لەسەر دەکات.
فیلمی سینەمایی “چوار دیوار” لە دەرهێنانی سینەماکاری ناوداری کورد “بەهمەن قوبادی” و لە بەرهەمهێنانی “ڕاجێر واتێرز” موزیکزانی ناوداری جیهان بەرهەمی وڵاتی بەریتانیا لە یەکەمین نمایشی خۆیدا لە ڕۆژی سێشەمە 2ی نۆڤەمبەری 2021 لە بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی” سی و چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “تۆکیۆ” Tokyo لە وڵاتی ژاپۆن چووە سەر پەردەی سینەما و لە لایەن بینەران، ڕه‌خنه‌گران و نووسه‌رانی سینه‌ماییه‌‌وە پێشوازییه‌کی بێوێنەی لێکرا.
بۆ زانیاری زیاتر:


https://rockcelebrities.net/roger-waters-shares-the-trailer-of-the-new-film-he-produced

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish